وڕێنەکانی پیاوێکی غوربەتنشین.. شیعری ستیڤان شەمزینی

1
دەرگای جوانی داناخرێت
ھەمیشە ژیان
لێوەی دێتە ژوورەوە
تا ئەو کاتەی ژن
لە بۆتەی شیعردا بدرەوشێتەوە
-٢-
پیاوە دەموچاو لۆچەکە
بە ھەناسەبڕکێ
خۆی کرد بەنێو قەرەباڵغیدا
لە دوورەوە تەنھایی ناسییەوە
دەستی گرت و بردییەوە بۆ ماڵەوە
-٣-
شاعیرەکان لە یەکتر ناچن
ئەو شاعیرەی
بە دوای ئەویندا نەگەڕێ
وەک ئەو زارۆیە وایە
لە سکی خەیاڵ نەھاتبێتە دەرەوە
-٤-
بڕیارمداوە خۆم بکوژم
لە شیعرێکدا
فیشەکێک بنێم بەخۆمەوە
لە رۆمانێکدا
خۆم لە ئاپارتمانی چاوەڕوانییەوە
ھەڵبدەمە خوارەوە
-٥-
سۆزانییەکان
لەپەنا ھەستی منەوە
چادریان ھەڵداوە
بۆ حەسانەوە
منیش جار و بار
شیعریان بەسەردا
دابەش دەکەم
-٦-
ھەیبەتی شیعر لەوەدایە
دڵی سۆزانییەکان بداتەوە
کاتێک چەند دۆلارێک وەردەگرن
پاکیزەیی خۆیان دەدەن
-٧-
زەمەنێکی سپڵەیە
شەمشەمەکوێرە
ھەتاو ئیغتساب دەکات
دواتر ھۆزی ناوگەڵپەرست
کازیوە سەنگەسار دەکەن
-٨-
نیچە گووتی خودا مرد
ھیچ لەم چەمکە تێناگەم
تەنێ ئەوەندە دەزانم
ھەر چەشنی مرۆڤ
خودایەک نەبووە تا بمرێت
-٩-
کێ ئەم فێڵەی داھێناوە؟
ئاو لە ئاگر میھرەبانترە
مانگ لە زەوی جوانترە
شیعر لە وڕێنە دانسقەترە
مەرگ لە ژیان تاڵترە
تا ئەو ھاوکێشانە
ھاوسەنگ نەکرێنەوە
دنیا بە خواروخێچی دەمێنێتەوە
-١٠-
کوردستان پڕ پڕە لە کوردزمان
بەدەگمەن کوردی تێدا دەبینرێت
ھەندەران پڕ پڕە لە بیانی
سەراوڕێژیشە لە کورد
کوردبوونم لە سلێمانی لێ ون بوو
لە کەناری “راین” دۆزیمەوە
-١١-
ئەی ژن
گوێ بە گۆرانی ئەو پشیلانە مەدە
ستایشی بەزی جەستەت دەکەن
مێینەیی تۆ
پێویستە بۆ رزگارکردنی جیھان
-١٢-
وریابە ئەی ژن
تریاکی ئەو شیعرە نەشەت نەکات
جلت لەبەردا ناھێڵێت
دەتئاخنێتە ئەلبومی پۆرنۆوە
ئەوە پەمووی عاتیفە نییە
نا، ھەمان تاوێری سەنگەسارە
-١٣-
ئەی ژن
تۆ جێگرەوەی جەنگ نیت
بۆ پیاوەکان
تۆ
لە پەراسووە گێڕەکەی ئادەمەوە دەرنەھاتووی
تا پیاوەکان گرەوی راستکردنەوەت بکەن
تۆ ئاگردان نیت
پیاوەکان خۆیان لەبەرت گەرم بکەنەوە و
میز بە خۆڵەمێشەکەشتدا بکەن
مێینەیت ھەموو شتی لە خۆگرتووە
-١٤-
ئەی ژن بمبورە
ئەگەر لە شیعرێکی سەرسەریدا
بە گوریسی حەزی پیاوانەی خۆمەوە
تۆم بەستبێتەوە
لە ئەمڕۆ بە دواوە لەگەڵت دەفڕم
لەگەڵم بفڕە
-١٥-
ئەی ژن
من بێبەریم لەو شیعرانەی
دەمێک وەک فریشتەیەکی سۆزانی
دەمێک مینا ئەھریمەنێکی سۆزبەخش
لە ناو خۆیاندا سکێچت دەکەن
دەمەوێت لەو تابلۆیەی رەنگی دەکەم
وێنەی ئینسانبوونت تیشک بداتەوە
-١٦-
ئەی ژن بیرت نەچێت
ئەگەر لە چامەیەکدا
باسی مەمکی تۆم کردبێت
باسی لێوی خۆیشم کردووە
ئەگەر باسی ناشرینی تۆم کردبێت
سەرە مەنھۆڵی
بیرکردنەوەی خۆشم لابردووە
من ھەموو شتەکانم بە یەکسانی
لەگەڵ تۆدا بەشکردووە
-١٧-
ئەی ژن لە یادی مەکە
لە پەنجەرەی پەپوولەوە
ژاری دووپشک ناخەمە مێشکت
لە ماڵی کوکوختییەوە
فڕینت لە خۆمدا کەلەپچە ناکەم
نا، ئەو مافەم بەخۆم نادەم
بتکەمە بووکی نێو پەردەی
ھەوەسی ھەڵچووی نێرینەییم
-١٨-
ئەی ژن
یەکێک لەو پیاوە شەڕانیانەم
لەسەر تۆ
جەنگی جیھانی سێھەمم ھەڵگیرساند
لەگەڵ ئەو پیاوانەی
وەک چەند گرامێک عەورەت
چەند دڵۆپێک شەھوەت
باسیان دەکردی
-١٩-
دایکم ژن بوو
شیری میھرەبانییم
لە مەمکەکانییەوە مژی
خوشکەکانم ژن بوون
لە ئەوانەوە فێربووم
دەست بخەمە پرچی شیعرەوە
باوکم پیاو بوو
چەکی بە میرات بۆ جێھێشتم
براکانم ھەموو پیاو بوون
فێری شکاندنی ئینجانەیان کردم
-٢٠-
ئەی ژن
من مەحکومم بەم دانپیانانە
ئەگەر دنیا بە ویستی تۆ بوایە
گۆڕەپانی جیھان
لە بری ئۆڵۆمپیادی جەنگ
دەبووە چیمەنی لێبوردەیی
لە بری ئاوسبوونمان بە بێھودەیی
رۆژی ھەزاران خەونی ئومێدەوارمان
دەھێنایە سەر دنیا
-٢١-
سەیری رەچەڵەکی گەلان بکەن
لە پەڕەیەکی رزیوی مێژوودا
بە فۆنتێکی ئەستوور نوسراوە
کورد کوڕی تێکشکانە
تێکشکان کوڕی خیانەتە
خیانەت باپیرە گەورەی کوردە
-٢٢-
خەیاڵ شووی بە تەنھایی کردووە
تەنھایی مێردێکی خراپە
ھەر کە بێزار دەبێت
لە ماڵەکەی دەیکاتە دەرەوە
ناچار روومەتی خۆی
بە چنگ دەڕنێت
کراسی بەری دائەدڕێت
خۆشەویستی
تەماع لە مەمکی دەکات
-٢٣-
ھەمیشە قسە گەورەکان
باسی شتی زۆر وردیلە دەکەن
وتە بچووکەکانیش
بابەتی قەبە دەوروژێنن
لەوان گرنگتر بێدەنگییە
کە حکایەتی مەزن دەگێڕێتەوە
-٢٤-
کتێبە مێژووییەکان
درۆزنترین حکایەتخوانن
باسی شانازیی تەور دەکەن
بێ ناساندنی درەختی سەربڕدراو
باسی تەختی پاشاکان دەکەن
بە خۆ بواردن
لە باسی تۆفانی خوێن
ئیستاتیکیانە
باسی جەنگەکان دەکەن
بێ ئاماژەدان
بە ئاوەدانبوونەوەی گۆڕستانەکان
-٢٥-
پیاوەکان
مشتێ گەنم لە دڵیاندا نییە
دەیانەوێت ھەزاران کۆتر
لە ھەستی برینگیاندا بنیشنەوە
پیاوەکان قەترەیەک سۆز
لە تۆنی دەنگیاندا نییە
دەیانەوێت ھەزاران نەورەس
گۆرانییە خنکاوەکانیان بسەننەوە
پیاوەکان
ھەموو پڵینگێک لە مێشکیان و
ئەژدیھایەکی دەستدرێژیکار
لە خەیاڵیاندایە
-٢٦-
نووسەرەکان کۆمەڵێک فریشتەن
لە ناو جەنگەڵستانی دەقدا
لە دەرەوەی تێکستەکان
دەروونیان پڕ چاڵ و چۆڵییە
ئەوان دەبێت
لەبری بیرکردنەوە بۆ خەڵک
فیکرێک لە حاڵی خۆیان بکەنەوە
ئەگەر ئاوێنەیەک دابنێنن
بەرامبەر خۆیان
رەنگە لەوە تێبگەن
دەستەیەک بوونەوەری سەیرن
بە زمانی ھەسارەیەکی تر دەدوێن
-٢٧-
شۆڕش بنێشتێکە
کاتێک برسی دەبین
دەکرێتە دەممان
بە قەوچە قەوچ
دنیا ھەراسان دەکەین
تەنانەت گوێمان
لە قۆڕەی زگیشمان نامێنێت
زیرەکەکان ئەوانەن
ئەو بنێشتە ناجون
-٢٨-
گوومانم ھەیە
بەرامبەر ھەموو شت
دەتوانم بە متمانەوە بێژم
یەقینم ھەیە
بەرامبەر دوو کەس
ئەو ژنەی
ریسک بۆ خۆشەویستی دەکات
ئەو پیاوەشی
ئەو خۆشەویستییە قبوڵ دەکات
-٢٩-
مرۆڤایەتی
رەشەبای تەکنولۆژیا بردی
ئێمەش دڵەکوتێی گەڕانەوە
نە مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە
نە قەزا و قەدەری ئێمە
ئەوەی لێ نووسراوە
لە حەسرەتدا نەمرین
ئەمەیە ھەموو
سوڕی ژیانی مرۆڤی ھاوچەرخ
-٣٠-
ئەو ھۆکارە جوانانەی ناھێڵن
مرۆڤایەتی وەک دەیناسۆرەکان
قڕی تێبکەوێت
ھۆکارگەلێکی زۆر نین
ئەوەی بە بیری من بێتەوە
لە ھەنووکەدا
سێ ھۆکاری سەرەکین
خۆشەویستی و
خۆشەویستی و
خۆشەویستی





سوژەی فرۆیدیی برینێکی قوڵی لە نەرگسییەتی مرۆڤدا دروستکرد.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی پازدە لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: نامەوێت وەک “ھۆسرەل” بچمە ھەوڵی بەراوردکاریی نێوان لەش و جەستەوە، ئەوەی جێگەی بایەخمە لێرەدا، ئەوەیە: جەستە تەنھا پێدراوێکی بایۆلۆژیی و فیزیکیی نییە، بەڵکو رەھەندێکی وجودیشی ھەیە، تاکە رایەڵە مرۆڤ و بوون پێکەوە گرێبداتەوە، بەدیوێکی تردا مرۆ ناتوانێت ھەست بە ھەبوونی خۆی بکات لە رێگەی جەستەوە نەبێت، ھەر کات جەستە فیزیکییەکە لەناوچوو، چیتر ناتوانین ھەست بە بوون بکەین، کەواتە مێژووی مرۆڤ بریتییە لە مێژووی جەستە. لەگەڵ ئەمەشدا تاکو راددەیەکی زۆر باوەڕم بەو تێزە “دیکارت”ییە ھەیە کە لە ئەرەستۆوە درێژەی پێدراوە و جەخت لەسەر پەیوەندیی تۆکمەی نێوان جەستە و دەروون دەکاتەوە، بەڵام لەدیتنی مندا جەستە پێش ھەموو شتێکی تر کەوتووە، تاکو جەستەیەکی بایۆلۆژیی لە ئارادا نەبێت دەروونێکیش لە ئارادا نییە. ئەمەش ژەنینەوەی ھەمان ئەو ئاوازەیە “سپینۆزا” بەر لە چوار سەدەیەک لە بارەی جەستە و نەفسەوە دەیژەند.
من: ئەمە وروژاندنێکی فەلسەفیی بابەتەکەیە، لە راستیدا فەلسەفە جیابوونەوەی تێڕامانی زانستییە لە تێڕامانی ئەفسانەیی، ئەگەر سەیری یەکەمین قوتابخانەی فەلسەفە بکەین “فەلسەفەی ئایۆنی” لە پێشەوەیاندا “تالیس” پێداگریی لەوە دەکات ھەموو شتەکان لە “ئاو”ەوە سەرچاوەیان گرتووە، تەنانەت خودی زەویش دەفرێکە لەسەر ئاو راوەستاوە، گرنگێتی ئەم تێزە لەوەدا نییە سەرکەوتنێکی زانستی بەدەستھێناوە، بەڵکو ئەمە یەکەمین ھەوڵێکە بۆ شرۆڤەی بوون و گەردوون لە دەرەوەی جیھانبینییە میتۆلۆژییەکان، یەکەمین ھەوڵە سروشت بە سروشت راڤە بکات، بەھای بیرۆکەکە لێرەدایە نەک چەندێک زانستی نوێ پەسەندی دەکات. دەمەوێت ئەوە بڵێم فەلسەفە وەگەڕخستنی فەنتازیا نییە، ئەوەشی پەیوەندیی بە ناوەڕۆکی باسەکەوە ھەبێت، بە دیدی خۆم گەردوون و خودی مرۆڤ بوونێکی ماتەرییان ھەیە، ئەمە ھەمان روانگەی “ھۆبز”ە کە من لێرەدا جەختی لەسەر دەکەمەوە، ھەروەک د.ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام لە روونکردنەوەی ئەم کۆنسێپتە “ھۆبز”ییەدا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات: شتێک بە ناوی دەروون یان رۆح، واتە شتێک لە خۆیدا ماددە نەبێت یان گەوھەرێکی ماددیی نەبێت، ھیچ ئاسەوارێکی نییە. بۆ جەستە و دەروونیش ھەمان شتە ھەر راستە، دەروون و گیان شتێک نین لە دەرەوەی ماددە، جەستەی مرۆڤیش پێدراوێکی ماتەرییە.
خۆم: ئەمە لە کەمکردنەوەی شکۆی مرۆڤ نییە کاتێک تۆ مرۆڤ بە پێدراوێکی ماددیی پێناسە دەکەیت؟. بەم پێیە بێت ھەمان ئەو تێزە کلاسیکییە ماتەرییە راستە کە دەیانووت مرۆڤ چییە جگە لە دوو تەڵ بزمار و سێ سەلک سابوون!!. بە راستی ئێمە تەنیا رووداوێکی بایۆلۆژیین یان شتێکی تر.؟.
من: نەخێر بابەتەکە لێدان نییە لە شکۆی مرۆڤ، بەڵکو خۆناسینە، گەڕانە بەدوای بەرسڤی ئەو پرسیارە ھەمەکی و ھەمیشەییەی مرۆڤ لە خودی خۆی دەکات: من چیم؟. کرۆنۆلۆژیای مرۆڤ لەسەر زەوی و لە ژیاندا گەڕان بووە بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا. مرۆڤی پێشین نەیویستوە بڕوا بەوە بھێنێت لەناوچوونی فیزیکیی خۆی کۆتاییە، نەیتوانیوە ئەوەش قبوڵ بکات ئافرێندراوێکی پیرۆز و تایبەت نییە، بەڵام فەلسەفە و زانست ئەو نەرگسییەتەی مرۆڤیان بەتاڵ کردەوە، یەکەمین جار شۆڕشی کۆپەرنیکۆسیی ئەم خودئەڤینییەی مرۆی تێکشکاند بە سەلماندنی ئەوەی زەوی نەک چەقی گەردوون نییە، بەڵکو ھەسارەیەکی بچووکی شێوە ھێلکەییە. دووەم لێدان تیۆری پەرەسەندن بوو کە لە لوتکەدا داروین وەستاوە، ئەم بیرۆکەیە ئەوەی سەلماند مرۆڤ بەرئەنجامی پەرەسەندنی بایۆلۆژییە نەک ئەو ئافرێندراوە پیرۆز و ئایدیاڵییە بێت ئاین و ئەفسانەکان لە مرۆڤیان گەیاندبوو. سێھەم زام زامی فرۆیدییە، سوژەی فرۆیدیی برینێکی قوڵی لە نەرگسییەتی مرۆڤدا دروستکرد، بەوەی لە رووی دەروونییەوە مرۆڤی دابەشکرد بەسەر سێ کارەکتەردا “من Ego، ئەو id، منی باڵا super Ego”. بۆ ئەوەشی بەسەرماندا تێنەپەڕێت ناڵێین مادام مرۆڤ بوونێکی ماتەریی ھەیە، شیاوی ژیان نییە، نا مرۆڤ لە ھەموو بوونەوەرانی تر زیاتر ژیانە، چوونکە تاکە بوونەوەرە لە ژیان تێدەگات.
خۆم: ئەوەی ھەمیشە ئیستم پێ دەگرێت ئەوەیە ھێشتاش زانست و فەلسەفە نەیتوانیوە، مرۆڤێکی نوێ بەرھەم بھێنێت، ئەو باوەڕە ئاینییە میتۆلۆژییە تێپەڕێنێت پێیوایە جەستەی ژن پاشکۆی جەستەی پیاوە، بەو پێیەی لە کتێبی پیرۆزدا “پەیمانی کۆن” لە “سفری تەکوین”دا باس لەوە کراوە، دایکە حەوا “یەکەم ژن” لە پەراسووە گێڕەکەی بابە ئادەم “یەکەم مرۆڤ” ئافرێندراوە. ھێشتا ئەم دیدە ئەفسانییە بەشێوەیەکی تر و لە قاڵبێکی نوێتردا مێشکی مرۆڤ سەبارەت بە بوونی ژن و جەستەی مێینە ئاڕاستە دەکات. کەواتە سوودی فەلسەفە و زانست چییە کە نەتوانێت ئەو باوەڕە ئەفسانەییە تێپەڕێنێت لە کاتێکدا مرۆڤایەتی ھاوچەرخ جاڕی پیادەکردنی سوپەر عەقڵانییەت دەدات؟.
من: کێیە دەڵێت لە ناو عەقڵی ئامێریی و مۆدێرنێتەدا جێگەی خورافات نابێتەوە؟. ھەندێک لە ئەنترۆپۆلۆژیستەکان مێژووی مرۆڤایەتی بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەکەن “قۆناغی جادوو، قۆناغی ئاین، قۆناغی زانست”. ھەردوو قۆناغەکەی سەرەتا لەسەر بنەمای خورافات و میتۆلۆژیا وەستاون، بەڵام ئایا ئێمە ئێستا کە لەناو قۆناغی زانستداین جێگەیەک نەماوە بۆ ئەفسانە؟ ئایا مودێرنە جیا لە ئەفسانە نوێیەکان، توانیویەتی ئەو رۆحە خورافییەی مرۆڤ بکوژێت؟ باوەڕم وایە توخمی ھەرە سەرەکی لە پێکھاتنی نەتەوەکاندا ئەفسانەیە، کەواتە ھێشتا ئامادەگیی ئەو ئەندێشەیە لە ژیانی ئەمڕۆماندا زیندووە، ئەم تێزەش بە روونی لای “یۆنگ” بەرجەستە بووە، کە بۆ ناسینەوەی تاک پەنا دەباتە بەر ئەم میتۆلۆژییانەی نەست و نائاگاییەکەی پێکدەھێنن. ئەگەر سەیر بکەین “دایە رێزبار” لە ئاینی یارساندا خواوەندە، ئەمەش دیسان ناکاتە ئەوەی ئێمەی کورد ژن وەک رەگەزێکی یەکسان دەبینین، بە پێچەوانەوە ئەمە بەرزکردنەوەی ژنە بۆ سوپەر ژن یان بۆ ژنێکی ئایدیاڵی وەھا کە خاوەنی جەستەی خۆی نییە، بۆیە لە ھەر پەیوەندییەکی جەستەییدا ئاستی لە خواوەندەوە دادەبەزێت بۆ ئاستە “ئاژەڵییەکە”،!! لە دابەزینی ئەم لیڤڵەشدا ژن کە لە دیدی ئێمە بوونێکی بەرجەستەی نییە، دەگاتە راددەی قێزلێبوونەوە، نھێنی توندوتیژیی و کوشتنی ژنی کورد بەشێکی زۆری لێرەدا خۆی حەشارداوە. بە زمانێکی سادەتر ئێمە دایکی خۆمان وەک نموونەیەکی ئایدیاڵی و سوپەر دێتە بەرچاو، کە نموونەی پاکیزەییە، بەڵام ئەگەر ھەست بکەین ئەم دایکە جگە لە باوکمان پەیوەندیی سێکسیی بە پیاوێکی ترەوە ھەبووە، وێنا ئایدیاڵییەکەی وەک ئاوێنەیەک دەشکێت، لەم کاتەدا بەرگەی بوونە بەرجەستەکەی ناگرین و لە نزمترین ئاستی کاردانەوەدا بە نەفرەتی دەکەین.
خۆم: بابەتێکی ھەستیارە، بیروباوەڕی ئاینیی و میتافیزیکیی جەستەی مرۆڤ وەک سروشتێکی ئاژەڵی چاو لێدەکات، ئەم روانگەیە لە بواری فەلسەفیشدا رەنگدانەوەی زۆری ھەبووە، بەتایبەت لای “ئەفلاتۆن” کە ئەو پێیوایە بەختەوەریی شتێکی رۆحییە و لەسەر ئەشکەنجەدانی جەستە رۆنراوە، ھەمان شت لای سۆفیزمی ئیسلامی و تەوژمە جیھادییەکان بەرجەستە بووە، تەنانەت لە قورئاندا ئایەتێک ھەیە لە وەسفی بێباوەڕاندا دەڵێت “ئەوان وەکو ئاژەڵ وان، بەڵکو خراپتریش”! تاوانی ئەو بێباوەڕانەش ممارەسەی ئازادییەکانی جەستە بووە. لەم سیاقەشەوە باوەڕی ئاینی پرۆسەی سێکس وەک کردەیەکی ئاژەڵی دەبینێت، ھەربۆیە دوای تەواوبوونی ئەو کردەیە پێویستمان بە کرداری خۆپاککردنەوە ھەیە. ئەوەشی پێویستە ئاماژەی پێ بدەم، داروین و زانستەکان سەلماندیان مرۆڤ ھەر رەگەزێکی تری ئاژەڵە، پێموابێ ئەرەستۆ بوو دەیووت “مرۆڤ ئاژەڵێکی قسەکەرە”، بەڵام لەوە زیاتریش مرۆڤ ئاژەڵێکی بیرکەرەوەیە. لە کاتی سێکسدا مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی راستەقینەی خۆی و ئەو ھیومانیزمەی لەسەر سروشتە ئاژەڵییەکەی رۆنراوە.
من: مرۆڤ چۆن لە رێگەی جەستەوە ھەست بە بوونی خۆی دەکات، ھەر لە رێگەی جەستەشەوە خۆشەویستی ممارەسە دەکات، ئەوەی پێی دەوترێت پەیوەندیی رۆحی ئەبستراکت شتێکی پێکەنیناوییە، ئاخر تەنھا خێوەکان کۆمەڵێک رۆحی نابەرجەستەن، دەکرێت بڵێین پەیوەندیی رۆحی دیاردە و پەیوەندیی نێوان خێوەکانە نەک مرۆڤەکان.
خۆم: جەستە زۆر گرنگە، بە تایبەت بۆ توخمی مێینە، ئەو جەستەیە نا بووەتە شتومەک و بزنسی پێوە دەکرێت، بەڵکو ئەو جەستە ئازادەی ماناکانی ژیانی لێوە ھەڵدەقوڵێت. نووسەری فێمینیست “ژولیا کریستڤیا” پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات ئەگەر ژن جگە لە جەستەی خۆی ھیچی تریش بەدەستەوە نەبێت، دەتوانێت ئەو جەستەیە بکاتە میکانیزمی بەرەنگاریی و ئازادیی خودی خۆی، چوونکە ئەگەر پیاوان بتوانن ھەموو شتێکی ئەویتری ژن مۆنۆپۆل بکەن، ناتوانن جەستەی ئازادی ژنان داگیر بکەن، لەم کاتانەدا ئەوەی بەدەست ژنەوە ماوەتەوە جەستەی ئازادی خۆیەتی کە وەک باسمان کرد دەلالەتی بوونی خۆیشیەتی لە ژیاندا. ھەر لەژێر کڵاورۆژنەی ئەم دیدگایەوە سەرلەبەر دژی پرۆسەی بە کاڵاکردنی جەستەی مێیەنم کە بەرھەمی سیستمی مەسرەفگەرایی کاپیتالیزمە، بە تایبەت لەناو ژنانیشدا وێنەی ژنێکی روخسار جوان و شیک پۆش و خاوەن جەستەی سەرنجڕاکێش وەک ژنێکی ئیدیاڵ زەق دەکرێتەوە، ھەم لە بواری ریکلام و رشتەکانی تری بازرگانیدا، ئەمەش لە کتێبەکەی “نەوامی وۆڵف” بە ناوی “ئەفسانەکانی جوانی” بە روونی و چڕیی ورد کراوتەوە.
من: ھەموو کۆکین شارستانێتی سەرمایەداریی ئەمڕۆ خۆشەویستی تێدا نییە”خۆشەویستی بە رەھەندە فراوانەکەی خۆیەوە”، رەنگە داکۆکیکردن لە خۆشەویستی، وەک داکۆکی لەو شەمەندەفەرانە بێتە بەرچاو بە خەڵوز دەبزوان، یان وەک مرۆڤێکی دابڕاو لە ژیانی ھاوچەرخ تەماشا بکرێین، لە باشترین حاڵەتدا بەوە رازی دەبین وەک لایەنگری کەلەپورێکی دێرین ناوزەدمان بکەن. کێشەکە ئەوەیە مرۆڤی نوێ سەرقاڵی چێژی کاتییە، ھەر بۆیە ژن وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی چێژ سەیر دەکات، لە راستیدا ھەموو پەیوەندییەکی خۆشەویستیی پەیوەندیی جەستەییە، بەڵام مەرج نییە ھەموو پەیوەندییەکی جەستەیی خۆشەویستی بێت,. سەبارەت بەم پرسە من گومانم لە خودی زمانیشە “چ زارەکی، چ نوسراو” کە ئامێرێکی نێرسالارانەیە، تەنانەت رەخنەی من لە شیعری ئیرۆتیکی کوردیی ئەوەیە داوا لە ژنی کورد دەکات بە فۆرمێک ئارایشت و مامەڵە لەگەڵ روخساری خۆی بکات وەک لە کەناڵەکانی پۆرنۆدا دەبینرێت، بە پێی حەز و ھەوەسی منی پیاو مامەڵە لەگەڵ لەشولاری خۆی بکات، داواکردنی فۆرمی فۆتۆ مۆدێل لە مێینەی کورد لە رێگەی تێکستی شیعرییەوە ئەنگیزەیەکی نێرسالاریی دەیجوڵێنێت، شیعر نابێت نێرسالارانە بێت، بەڵکو دەبێت مرۆڤسالارانە بێت. ئیلیەت وتەنی “شیعر دەتوانێت شۆڕشێک لە ھەستیاریماندا بەرپا بکات”. کەچی شیعری کوردیی یان توخنی ژن ناکەوێت یان بەشێوەی نێرسالارانە باسی جەستەی ژن دەکات، مێژووی ئەدەبی کوردیی ھەر لە “نالی”یەوە تاکو ئێستا شەڕی جەستەی لەگەڵ ژن کردووە، ئەوەتا “نالی” لە رێی شیعرەوە “مەستوورەی ئەردەڵانی” رووت دەکاتەوە، لە رێی باسی جەستە و سێکسوالێتییەوە رووبەڕووی مەستورە دەبێتەوە، ئەم نەزعە نێرسالارییەش لە ناو چەندان پەرەگرافی رۆمانەکانی “بەختیار عەلی”دا بە زەقی رەنگیداوەتەوە.
خۆم: شیعری ئیرۆتیکی کوردیی داوا لە ژنی کورد دەکات وەک قەحپەیەک خۆی نمایش بکات، ئەمە کارەساتێکی ئەدەبی گەورەیە، لە کاتێکدا “پۆل ریکۆر” باوەڕی وابوو “ئەوەی شیعر دەیکات یارمەتی فەیلەسووف دەدات”!!. بەو پێیەی “رزگارکردنی وشەکانی ناو زمان و فراوانکردنی سنووری دەلالەتەکانی لە ئەستۆی شاعیردایە”. بەڵام پرسیارە سەختەکە ئەوەیە لەم شەوەزەنگەدا کێ مۆمەکەی باشلار ھەڵدەکات تا تۆزێک ژووری تاریکی شیعرمان رووناک بێتەوە؟.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

١٠-١-٢٠١٩
کاتژمێر: بیست و دوو و پەنجا خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
ئەڵمانیا- بیلەفێڵد




بیست و پێنج ھەناسەی ماندوو.. ستیڤان شەمزینی

1
دەتشارمەوە
لەناو شیعرێکی ھیلاکی دەربەدەر
لەناو دڵێکی کێویلەی رەشپۆش
لەناو عەشقێکی سەرھەڵگرتوو
-٢-
سەرم لەناو کتێبدا جێما
نیشتمانم لەسەر سنوور
چاوەکانیشم لە نیگای ژنێکدا
-٣-
لە دوای تۆ سێ دیمەن دەبینم:
رووبارێکی خنکاو
تەرمی ھەلاھەلابووی خەونێک
شاعیرێکی کوژراو
کە ھێشتا
خوێنی شیعری لەبەر دەڕوا
-٤-
کاتێک سمێڵ بابڕێک دەبینم
بە دارلاستیکی نامووسپەرستی
چۆلەیەکی عاشق دەخاتە خوارەوە
دەخوازم شڕوشیتاڵم کۆبکەمەوە و
بگەڕێمەوە سکی دایکم
-٥-
نازانم نووسەرەکان
کتێبە قەبەکان بۆچی دەنووسن
لە کاتێکدا دەزانن
سەرۆکەکان خوێندەوارییان نییە؟
-٦-
شیعر قورگی نووساوە
لەو ھەرا و ھۆریایەی دنیادا
کەس گوێی لە دەنگی شاعیر نییە
شیعر مرد
لە کتێبخانەیەکی چۆڵدا ناشتیان
-٧-
تەنھایی کۆنترین دەردە
مرۆڤی تازە تووشی بووە
دراو کۆنترین ئاینە
مرۆڤی نوێ شوێنی کەوتووە
-٨-
مرۆڤی نوێ
خولیایەکی سەیری ھەیە
بۆ گەڕانەوە
بۆ ئەشکەوتی نیاندەرتاڵ
مرۆڤی تازە
درۆیەکی گەورەیە
بەدەم ھۆمۆ ھابیلیسەوە دەکرێت
-٩-
دەریایان توند گوشی
پیاڵەی عەشقێکی پڕ نەکرد
دڵی منیان گوشی
ھیمالایا غەرق بوو لە ناویدا
-١٠-
شاعیرەکە خۆی بە پشتی
پیکابی سەفەرەوە ھەڵواسیوە
لە شوێنێک دەگیرسێتەوە
نە کەس دەیناسێتەوە
نە خۆی دەناسێتەوە
-١١-
دنیا ھێندە بۆگەن بووە
مەسیح نایەوێت
لە خاچەکەی دابەزێتە خوارەوە
ھەر لەوێ بمێنێتەوە باشترە
نەک ببێتە
دەرگاوانی کۆشکی قەیسەر
-١٢-
ھاوڕێکەم پێی وتم
باشترین شوێن
بۆ شاردنەوەی پارە
ناو باوەشی کتێبەکانە
کەس رێی ناکەوێتە ئەوێ
-١٣-
بێھودەیی
دەنگی ھێندە بەرزە
بە ئاستەم گوێت
لە گۆرانییەک دەبێت
شەجەرەی بچێتەوە سەر ھیوا
ئاە ژاوەژاوی نیگەرانی
جیھانی وەک تۆفانی نوح داپۆشیوە
-١٤-
پێڵاوی عەشق پڕ بووە لە لم
چاوی شیعر پڕ بووە لە لم
ئەلبومی وێنەکان پڕ بوون لە لم
مێژوو پڕ بووە لە لم
ئەمەیە حکایەتی ئەنفال
-١٥-
سەر زەوی بۆتە گوندێکی بچووک
سەیرە لەم گووندە گچکەیەدا
کەس لە کەس تێناگات!!
ھەر کەسەو بە زمانی ئازارێک
قسە دەکات
-١٦-
جەنگە مەزنەکانی دیرۆک
کارەساتە سروشتییەکان
درمی تاعون و شێرپەنجە
رەگەزی مرۆڤیان قڕ کرد
سەیرە ھیچکامیان نەیانتوانی
ھێندەی تەکنۆلۆژیا
مرۆڤایەتی لەناو ببەن!
-١٧-
مرۆڤایەتی لە پاپۆڕێکدایە
بە ئۆقیانووسی دڵەڕاوکێدا تێدەپەڕێت
سەرنشینەکان چاویان بڕیوەتە
کەناری ئاسوودەگی
نیو لیبرالیزم لە ژێرەوەڕا
سەرقاڵی کونکردنی پاپۆڕەکەیە
-١٨-
خەونیش ھیچی پێ نەماوە
جار جار لەناکاو دێت
گەرای بێھودەیی
لە شەواندا دادەنێ
لە رۆژدا دەبنە
سەرەمێکوتەی مەراق
-١٩-
چەقۆش ھێندە خراپ نییە
بۆ نموونە ئەو چەقۆیەی ژنێک
سەری بیرکردنەوەیەکی
رەشی پێ دەبڕێ و
ھەزاران پەپوولەی سپی
لەو باستیلەدا ئازاد دەبن
-٢٠-
جەنگ
گۆمی شڵەقاوی خوێنە
سیاسەتمەدار مەلەی تێدا دەکات
مێژوونووس تەرمەکان دەژمێرێت
شاعیر لە ماڵەکەی دانیشتووە
دێڕ دێڕ خەیاڵەکانی دەسڕێتەوە
-٢١-
جوانی ملیۆنان ساڵە لە دایکبووە
سەیرە ھێشتا
بە ھەمووان نەگەیشتووە
رەنگە عاشقێک
ھەمووی کردبێت بە شیعر
ژنێکیش لە دڵیدا
زیندانی کردبێت
جوانی لەو بەندیخانەیە
رزگار بکەن
-٢٢-
شاعیری دۆڕاو ئەو شاعیرەیە
قەسیدەی درێژ دەنووسێت
بۆ رێگەیەکی زۆر کورت
یان قەسیدەی پۆشتە و پەرداخ
بۆ لاواندنەوەی ژنێک بنووسێت
لەوسەرەوە، خۆی
بە پێخاوسی بگەڕێتەوە
-٢٣-
پەناھەندە کەروێشکێکی گەڕۆکە
بەوری کۆچ راوی دەکات
تا تێربوون گۆشتی دەخوا
دواتر کەمتیاری غوربەت
پاشماوەکەی دەجوێ
-٢٤-
جاران دەیانووت دڵی سپی
بۆ زەمەنی رەش
ئێستا دنیا ئاوەژوو بۆتەوە
دڵی رەشی لە خوم ھەڵکێشراو
رۆژانی سپی قانگ دەدات
-٢٥-
سەرکێشی ھەر ئەوە نییە
شمشێری سپارتاکۆس و
چەکەکەی گیڤارات بەدەستەوە بێت و
عەرشی خودا زەمینییەکان بھەژێنیت
زۆرجار سەرچڵی ئەوەیە
بەسەر چیای عەشقی مەحاڵی
ژنێکدا سەربکەویت





ھەموو شتەکان ملکەچی ئەقڵی ئامێریی بوون.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی چواردە لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: ئەوەی من بڕوام پێیەتی ئەمەیە، مرۆڤ بوونەوەرێکی ئاڵۆزە و تێگەیشتن لێی ئاسان نییە، ھەرچی داھێناوە و ھەرچی دەکات بۆ زیاتر ناسینی خۆیەتی، زانست و ئەدەب و فەلسەفە بۆ لێکدانەوەی ئەو ئاڵۆزییە تێدەکۆشن، ملیارەھا ساڵە مرۆڤ بە فۆرمی جیا جیا لە خۆدۆزینەوەدایە، ھەر جارەش شتێکی نوێ و جیاوازتر لە خۆیدا کەشف دەکات، باوەڕ دەکەم ھێشتاش نەگەیشتۆتە نیوەی رێ. تێگەیشتنی مرۆڤەکان کە ھەریەکەیان جیھانێکی تایبەتی پڕ گرێوگۆڵ و نیمچە رووناکن، لە رێگەی زمانەوە نییە، زمان ئامڕازی مامەڵەکردنە، بەڵام خۆشەویستی کلیلی دەرگاکەیە تا تۆ بچیتە ناو جیھانی مرۆڤێکی ترەوە، ئەگەرچی خۆشەویستیش دەستەپاچەیە لە دەستڕاگەیشتن و بینینی ھەندێک جوگرافیای تاریک و ئاڵۆزکاوی جیھانی تایبەتی مرۆڤ، بەڵام لە خۆشەویستی بەولاوە شتێکی ترمان نییە بۆ ئەو کارە.
خۆم: جارێک وتتان مرۆڤەکان لە رێگەی شیعرەوە لە یەکتر تێدەگەن، شیعریش دواجار گوتنە، ھەروەک چۆن ئەدۆنیس جیاوازیی زۆر لە نێوان زمان و گوتندا دەبینێت. شیعر جیھانێک دادەھێنێت مرۆڤەکان تێیدا لە یەکتر تێدەگەن، بەڵام خۆشەویستی شتێکی ترە و کاتییە، ئەمە شتێکە چوار سەدە پێش ئێستا “پاسکاڵ” بیری لێ دەکردەوە، کە “ئێمە ھەرگیز کەسمان خۆشناوێت، بەڵکو تەنھا ھەندێک سیفەتمان خۆش دەوێت و ھیچی تر”. لای پاسکاڵ ئەو سیفاتانە ھەرگیز “من” دروست ناکەن، بەو پێیەی سیفاتە مرۆییەکان ئەزەلی نین، ھەروەک چۆن ئاوڵە جوانی رووخسار لەناودەبات بێ ئەوەی خودی مرۆڤەکە لە بەین بچێت، ئەو رووخسارە جوانە کە فاکتۆرێکی خۆشەویستییە بینیمان جاویدانی نییە، ھەروەھا بۆ سیفەتەکانی تریش بە ھەمان شێوە. لێرەدا باوەڕم وایە خۆشەویستی داھێنراوە، تەنیا بۆ ئەوەی ئەو ھەقیقەتە لە بیر بکەین ئێمەی مرۆڤ نە لەگەڵ یەکتر ھەڵدەکەین و نە بێ یەکتر ھەڵدەکەین.
من: پەندێکی دێرین ھەیە دەڵێت “کە ئەسپ نەبوو، زین لە کەر دەنرێت”. دەبێت مرۆڤ بەدوای ئەوەدا وێڵ نەبێت نییە، بەڵکو دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بکات ھەیە، خۆشەویستی تاکە شتە ئێمە کۆبکاتەوە بە یەکەوە، لەوە بەولاوە چیتر ھەیە؟. تۆ وتەزاکەی “پاسکاڵ”ت ھێنایەوە وەک ئارگۆمێنتێک، بەڵام لە بیرت کردووە ھەر ئەو لە جێگەیەکی تردا دەڵێت “جوانی ژیان لەوەدایە بە خۆشەویستی دەست پێبکات و بە خواست و ئارەزوو کۆتایی پێ بێت”. ئەگەرچی چەمکی خۆشەویستی لەکۆنتێکست و دیدی میتافیزیکی “پاسکاڵ”دا روانگەیەکی لاھوتی و مەسیحییانەی ھەیە، بەڵام خودی خۆشەویستی وەک ناوەڕۆک لە دەرەوەی سیاقە مێژووییەکانە، دەشێ پێناسەکان بە پێی شوێنکات بگۆڕدرێن، بەڵام ناوەڕۆکی خۆشەویستی ھیچ کات ناگۆڕێت. سەبارەت بە شیعر رایەکم ھەیە ئەگەرچی دەزانم لێم قبوڵ ناکرێت، شیعر یان گوتن شتێکە خۆشەویستی دایھێناوە، نەک بە پێچەوانەوە، شیعر گەمەیەکی ئەبستراکتی زمانەوانیی نییە، بەڵکو بەرھەمھێنانەوەی خۆشەویستییە لە فۆرمێکی تازەتردا.
خۆم: لە ئەفسانەی “گلگامێش”دا، کاتێک خۆشەویستی خواوەند “عەشتار” رەت دەکاتەوە، رستەیەکی سەرەتانیی ھەیە، چرکەساتێک گلگامێش بەرەو رووی عەشتار دەڵێت “تۆ کامە عاشقی خۆت بە بەردەوامی خۆشویستووە؟”. ئەمە تەنیا رەخنەگرتن نییە لە سروشتی سۆزانیانەی عەشتار، بەڵکو ئەوەیە خۆشەویستی دەکەوێتە ژێر حوکمی زەمەنەوە، خۆشەویستییەک لە ئارادا نییە بەپێی رێسای ماتماتیکی ژمارەکان کە ھیچ کۆتاییەکی نەبێت، خۆشەویستی مرۆڤ ھەروەک ژیانی خۆی نەمر نییە، بگرە کورتترە لە ژیانی خۆی، “لێرەدا باس لە خۆشەویستی ژن و پیاوە”. جیا لەمەش خۆشەویستی مرۆڤی ترانسێندێنتاڵ دروست ناکات، بەڵکو ھەمیشە مرۆڤەکان لە باری سترێس و نادڵنیاییدا رادەگرێت، جەنگێکە بە بێ گرمەی تۆپ و تانک. بەدەر لە ھەموو ئەم فاکتانەش ئێمەی مرۆڤ مەحکومین بە کردەی خۆشەویستی.
من: باوەڕم وایە مرۆڤی عاشق کەسێتییەکی “گالیڤەر”یی ھەیە، ھەندێک جار ھەست بە ترانسێندێنتاڵی خۆی دەکات، بە پێچەوانەشەوە. خۆشەویستی تەنیا کردەیەکە دەروون و جەستە و تەواوی ھەبوونی خود بەشداریی تێدا دەکات، تاکو ئێستا ئاناتۆمییەکی پزیشکیی بۆ عاشقێک نەکراوە، لەو کاتەی دڵی دەکەوێتە خورپە یان ھەست بە خۆشی و شوھدێک دەکات، چی بەسەردا دێت لە رووی بایۆلۆجییەوە، ئێمە تەنیا لەناو تەئەمولاتدا لە خۆشەویستی دەڕوانین، بەڵام پێموایە خۆشەویستی پەیوەندیی ئۆرگانیکی و پتەوی ھەیە بە مێشکەوە، لە سۆنگەی ئەوەی زانستی نوێ بوونە ماتەرییەکەی مرۆڤ تەنھا بە قەباغ و یەکگرتنی ئەتۆمەکان ناناسێنێت، بەڵکو ئێنرژی بەشێکە لە وجودی، من خۆشەویستی بە ئەو وزەیە دەبینم، کە دەتوانێت کاربکاتە سەر ھۆش و ئاگامەندیی و تەنانەت بۆدی ھەر مرۆڤێک. تۆ پێویستە ئەم میناتۆرییە ببینیت لە ناو تابلۆ گشتییەکەدا.
خۆم: ئەوە راست و تەواوە مێشکی مرۆڤ دەزگایەکی گەورەی بەرھەمھێنانی بیر و ئینرژییەکانە، تەنانەت مێشکی مرۆڤ قابیلیەتی ئەوەی ھەیە لە یەک وانەدا سەد ھەزار وشە فێر بێت، یان ئەو توانایەی ھەیە لە ماوەی یەک ھەفتەدا زمانێک فێر ببێت، توانای ناسینەوەی دە ھەزار کەسیشی ھەیە لە تەنھا ساڵێکدا، کەچی ئەوەی سەیرە ئەم مێشکە ھەمیشە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەویتر، رق و دەستبەراگرتن بەکارھاتووە، ئەو مێشکانەی خۆشەویستی بەرھەم دەھێنن یەک لە ملیۆنی ئەو مێشکانە نین کینە دروست دەکەن، رق و کینەش ئەو مانا کلاسیکییە ناگرێتەوە لە حکایەتە فۆلکۆرییەکاندا باسی لێوە کراوە، بەڵکو ئەو تەکنۆلۆژیایە دەگرێتەوە، مارتین ھایدگەر بە نەریتێکی میتافیزیکیی پێناسەی دەکات، کە لە دواجاردا شارستانێتییەکی ھیچگەرا و ئەنتی خۆشەویستی وەک جیھانی ئەمڕۆی لێکەوتەوە.
من: بادیۆ ئەگەرچی چەپێکی رادیکاڵ و فەیلەسوفێکی شۆڕشگێڕە، دەشزانین شۆڕشگێڕیی بە سروشتی خۆی دژە عەشقە، بەڵام ئەو بە چاوکردن لە ئەفلاتۆن دەڵێت “بەبێ خۆشەویستی فەلسەفەش لە ئارادا نییە”. لێرەدا تانوپۆی خۆشەویستی ئێجگار لەوە گەورەترە بۆ پەیوەندیی خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو کورت بکرێتەوە، بەڵام سەرئەنجام خۆشەویستی ژن و پیاو دیوە ھەر ریالیتی و ئیستاتیکییەی کردەی خۆشەویستییە. تەنانەت دیکتاتۆرەکانیش بچووک بوونەتەوە لە بەردەم خۆشەویستی ژنێکدا “ھەڵبەتە زۆرینەی دیکتاتۆرەکانی ناو مێژوو پیاوانن”. خۆشەویستی ھۆرمۆنێکە بەبێ ویستی ئەوەی کێیت و لە چ پێگەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیدایت، مێشکت دەریدات. بیر لە شانۆنووسی سوێدیی “ستریندبێرگ” دەکەمەوە کاتێک عاشقی ژنێکی مێرددار دەبێت، لە نامەیەکدا بۆی دەنووسێت “ئاگرەکەی من، مەزنترین ئاگرە لە سوێددا”. دەبێت ئەم خۆشەویستییە جیاوازتر بووبێت لە خۆشەویستی “ھیتلەر” بۆ “ئیڤا براون”؟ بە دڵنیاییەوە دەڵێم نەخێر، ھەر عاشقێک ئاگرەکەی خۆی پێ گەورەترە، ئەو ئاگرەی خۆشەویستی لە ژیانی ھەر مرۆڤێک بەربێت، دەیکاتە مرۆڤێکی راستەقینە.
خۆم: خۆشەویستی تەنیا ھەر ئاگر نییە، بەڵکو ئاویشە، ھەروەک “نالی” لە شیعرێکدا دەڵێت: “ناری سینەم گەر نەبێ غەرقم ئەمن.. ئاوی چاوم گەر نەبێ سووتاوم ئەز”. ئەگەر ئەو ئاوەی چاو نەبێت ھەموو دەسووتێین، ئەگەرچی ئەو ئاگرەش نەبێت تێکڕا نقومی دەریای فرمێسک دەبین. ھەروەک چۆن “سالۆمی” لە شیعرێکدا بۆ “فرۆید” باسی ھەمان ئاگر دەکات و بە چێژی سووتان وەسفی دەکات. کەچی وەک ئەوەی خۆشەویستی سەر بە ئەمڕۆ نەبێت، رەنگی کاڵتر بۆتەوە، بەڵکو لەم چاخی سەھۆڵبەندانە جێی ئاگری خۆشەویستی نابێتەوە، ئینسانەکان سەرقاڵی شتی لابەلا کراون، تا بیر لە خۆشەویستی نەکەنەوە، چون ئەم دنیا نادادپەروەرە بە چەکی خۆشەویستی نەبێت لەناو ناچێت، پێموایە شۆڕشی راستەقینە گەڕاندنەوەی خۆشەویستییە بۆ ئەو ئەو مرۆڤەی، نیتچەی گەیاندە ئەوەی بڵێت لە مەیموون مەیموونترە.
من: دروست ھاوڕای ئەم دیدەم، من لە دەلاقەکەی ترەوە دەچمەوە ناو ئەم باسەوە، مرۆڤبوون لەژێر پرسیاردایە، وەک جارێک فەیلەسووفی ئەڵمانی “پیتەر سلۆتەردایک” نووسیبووی “ئەگەر مرۆڤ نەبوایە، ئەنترۆپۆلۆجیا زانستیکی راستەقینە دەبوو”!، کەواتە لە کوێدا مرۆڤایەتی لە ژێر پرسیاردایە؟. لێرەدا لەو فەیلەسووفە جودا دەبمەوە و دەڵێم بە ھۆی موڵکایەتی تایبەتەوە!!، کە بە بڕوای “پرۆدۆن” موڵکایەتی تایبەت “دزییە” و “لە رێگەی دەست بەسەراگرتن و داگیرکارییەوە دروست دەبێت”. کەواتە ئەمە چ پەیوەندییەکی بە خۆشەویستییەوە ھەیە؟. من لێرەدا تاڵە مووەکەی معاویە ئاشکرا دەکەم، بەو پێیەی تا مرۆڤ ھەوڵی دەستبەراگرتنی مرۆڤ بدا، خۆشەویستی تەنیا لە درۆیەک زیاتر نییە. تاکو ژن موڵکی پیاو بێت، خۆشەویستی درۆیە!! مرۆڤایەتی کاتێک ھەیە ھەردوو رەگەز بەشێوەیەکی ھاوسەنگ ژیان و مافەکانیان پیادە بکەن. یەکێکیش لە دەرھاویشتە ھەرە پۆخڵەکانی مۆدێرنێتە دیاردەی لەشفرۆشییە، ئەمەش بە خۆشەویستی دەرمان دەکرێت، چوونکە خۆشەویستی دژی موڵکایەتی و بە کاڵاکردنە. بە پشت بەستن بەم راستییە ساکارانە دەتوانین ئەوە بڵێین خۆشەویستی لەم چەرخەدا زەلیلە، ھەروەک ھەموو شتەکان ملکەچی ئەقڵی ئامێریی بوون، وەک ھەموو پێدراوەکانی تر لاقە کراوە و کراوەتە دیاردەیەکی دیجیتاڵی فەزای دنیا مەجازییەکەی تەکنۆلۆژیا.
خۆم: ئەمە راستییەکی زۆر خنکێنەرە، بەڵام دڵخۆشم بەوەی بە ئاوابوونی ئەم سیستمە پیرەی سەرمایەداریی جارێکی تر، بەھارێک دێتەوە خۆشەویستی تێدا بڕوێت، ھەروەک ئەوەی مارکس وتی “گوڵ لێرەیە، لێرە سەما بکە”.
من: ھەرچەند زۆر گەشبین نیم وەک تۆ، بەڵام با ھەمیشە خەیاڵی جوان بکەین، وەک ئەوەی “کیتس” لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێت “با ھەمیشە خەیاڵ گەشت بکات”. خەیاڵی من ھەمیشە لە گەشتی ئەو دنیایەدایە خۆشەویستی بینای کردووە، دەمەوێت ھاووڵاتییەکی ئەو شارە یۆتۆپییەی ناو خەیاڵەکانی خۆم بم.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
٢٥-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: شانزە و بیست و حەوت خولەک
رۆژی کریسمسە، شار خامۆش و سەرمایەداران گیرفانیان پڕتر کرد بەم رۆژە
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




خۆشەویستەکەم.. شیعری ستیڤان شەمزینی

خۆشەویستەکەم
تۆ بەوەت زانیوە
ھەر کات بیرت بکەم
شیعرێک بە درێژیی
تۆم وەیاد دەھێنێتەوە؟
ھەر کات ویستم ماچت بکەم
پێنووسم سینگی کاغەز
ماچ دەکات و
لیکی شیعری بەسەردا دەڕژێت
ھەر کات تاسەت بکەم
پشکۆی دڵم گەرم گەرم دایێ
شیعرێکیش لە دایک دەبێت


خۆشەویستەکەم
تۆ ھەستت پێ کردووە
ئەو ئانەی سەرمام بێت
لێفەی قرمزیی
ئەو شیعرانە بەخۆمدا دەدەم
بەرەو لای تۆ باڵ دەگرن؟
لەو چرکەساتەی پیاڵەی تووڕەییم
لێی دەڕژێ
لەگەڵ ئەو شیعرانە دەنووم
بۆنی سینگ و مەمکی تۆیان لێدێت


خۆشەویستەکەم
بە بیرت دێتەوە
چۆن سواری
کەشتی ئەڤینداریی بووین
ئاوریشمی سۆزمان بەخۆماندا دەدا؟
یان وەک دوو منداڵی بزێو
دارتووی ئاسمانمان تەکاند
باوەشمان پڕبوو
لە چەپکێک ئەستێرە
تۆ قەت بیرت لەم رۆژانە کردۆتەوە و
فرمێسکی شادیت داباریبێت؟


خۆشەویستەکەم
ئەو رۆژەت لە یادە
شێتە”با”ی شیعرێکم ھەڵیکرد
کراسی شەرمی ھەڵدایتەوە
دوگمەی ستیانی ترازاند
دەستی درێژکرد
ھەنارێک لە سینگت بکاتەوە؟
لەو رۆژەوە شیعرم ئارام بۆتەوە
وەک شەونمێک
لەسەر گەڵای لەشت نیشتووە


خۆشەویستەکەم
دەزانم غەمباریت
دووریی
چاوی ھەزاران
حەزی کوێر کردووە
برینی دەیان شیعری کولاندۆتەوە
دوودڵ مەبە ئازیزم
دەنک دەنک حەزەکانم
بە دەزووی شیعر ھۆنیوەتەوە
لە دیدارێکی چاوەڕوانکراودا
چەشنی ملوانکە دەیکەمە ملتەوە


خۆشەویستەکەم
خەونێکم ھەیە
لەنێو گۆرانییەکی بەھاریدا بژیم
لە مەمکی نەمریی
شیری ژیان بخۆمەوە
لە تەک ھەورەکاندا رێ بکەم
لەگەڵ ئاڵترین بارانەکان ببارێم
لەناو باخی خۆشنوودیدا
ھەناسە بدەم و
لەگەڵ دارسنەوبەر
لەیەک جۆگە ئاو بخۆمەوە
لە پەنا خۆشەویستیی نەکوژاوەتدا بمرم
گۆڕەکەشم نێو چاوی فرمێسک تێزاوی
تۆ بێت


خۆشەویستەکەم
فەرامۆشی مەکە
ئەو خۆزگە بەھەشتییانەی
بە سواری ئەسپی شیعرەوە دێن
ئەو خولیا ئیرۆسییانەی
لە شەرمنیی پیاوێکدا
شکۆفەیان کردووە
ئەو رستە گەرم و گوڕانەشی
بە دار تێلی بێدەنگییەوە
بەستراونەتەوە


خۆشەویستەکەم
ھەبوون ھەر ئەوەندەیە
لە شەوێکی تامەزرۆی ساماڵدا
ژن و پیاوێک لە ماڵێکی نھێنیدا
ئاواتی لە مێژینەیان
لە ماچدا تام بکەن
ھەزاران چیرۆکی لەبارچوویان
بکەنە یەک چیرۆکی خوساوە
لە سەر ھەرێزی تەختەخەوەکەیان


خۆشەویستەکەم
زۆر ماندووم
بۆ خۆت دەزانی سەرم کردووە
بەھەموو کونێکدا
بە دوای خۆما گەڕاوم و
دڵی ژنێکم ورد پشکنیوە
جارێک “جولێت”م بینی
من نەمتوانی
رۆڵی “رۆمیۆ” بگێڕم
جارێکی دی “مەجنون” بووم
“لەیلا”ی جادووگەر
لە ھەستمدا ھەڵفڕی
ئێستا
دێوانەیی “وەلی”م کردۆتە بەر
تۆی “شەم” دەملاوێنیتەوە


خۆشەویستەکەم
وتت پێناسەی شیعرم بۆ بکە
دەربارەکان بە دەغیلە تێیگەیشتوون
لە گوێی سەربازەکاندا
شەیپۆری جەنگە
لای سیاسەتمەدار
کاڵایەکی ئێکسپایەرە
لای سۆفی
تەجەلا و سوورەتێکی نورانییە
لای شاعیرەکان
گەمەیەکی زمانەوانییە
لای منی ئەوینداریش
حەسرەتێکی وێڵە
بە دوای دلبەردا دەگەڕێت


خۆشەویستەکەم
خۆم دەنووسمەوە
کاتێک
شەڕەنگێزییەکانم دەنووسمەوە
تۆ لەوێ نێت
کاتێک جوانییەکانم دەنووسمەوە
لەبەر تۆ، چاوم لە خۆم نییە
کاتێک
بەسەر تەرمی رابردوودا دەگریم
تۆ لەوێ نابینم
کاتێک قافیەی ئێستا
دەگەیەنمە ماڵی شیعری ئایندە
لە ھەموو لایەکەوە
شوێن پێی
ھاتنی ھەمیشەییت دەبینم


خۆشەویستەکەم
دانی پێدا دەنێم
ئافرەتی زۆرم ناسیوە
ھەندێک وەک ئەوەی
رێبواری ناو شەمەندەفەرێک بین
لە وێستگەیەکی نزیک دابەزیون
ھەندێکی تر
وەک ئەوەی لەشکری ھەنگ بن
نوقڵی شیعریان تا تێربوون کرۆژتم
دانی پێدا دەنێم
لە خەیاڵپڵاویی ئەوان بێ ئاگابووم
گوڵێکی پەژموردە بووم
لە باخی سووتاوی ئەواندا
دان بەوەشدا دەنێم
ئەوەی بە دواتدا دەگەڕا
تەنھا خۆم بووم
ئەوەی ئەبەد لە مندا دەمێنێتەوە
تەنھا تۆیت


خۆشەویستەکەم
تۆ مێژووت نییە
لە تەقویمی مندا رۆژێک نییە
ناوی بنێم رۆژی یەکتر ناسین
لە تەقویمی مندا رۆژێک نییە
ناوی بنێم رۆژی خۆشویستنمان
تۆ نوورێکی ئەزەلی بوویت
رژاویتە عاتیفەی تاریکترین پیاوەوە
خودا ملیۆنان ساڵ
بەر لە دایکبوونمان
ئێمەی بۆ یەکتر ھەڵبژارد
لەبەرئەمە لە تەقویمی مندا
تەنھا یەک رۆژ بوونی ھەیە
ناوی دەنێم
جەژنی یەکتر دۆزینەوە


خۆشەویستەکەم
حەزم لە بەردەوامییە
شیعرێک، بەردەوام
بەناو لەشی مێژوودا بگەڕێ
لە ھیچ وەرزێکی شوومدا نەمرێت
رووبارێک، لە زاکیرەی زەویدا
بە تەڕیی بمێنێتەوە
ھیچ کات دڵی وشک نەبێت
خەونێک
میوانی ھەمیشەیی شەوان بێت
ھیچ کابووسێک زەفەری پێ نەبات
عەشقێک
لە دوای چەندین سەدەی تریش
ھەر بۆکڕوزی سەرەتای لێ ھەڵسێ


خۆشەویستەکەم
باسی نەمریی دەکەم
ئەمە خەونی بێ بەری “گلگامێش” نییە
خولیای ئەفسانەیەکی گریکی نییە
ھەقایەتێکی کۆنی داپیرەم نییە
سەرگوزەشتەی خدری زیندە نییە
داستانێکی خەیاڵکردی نووسەرێک نییە
وڕێنەی سەرجێگای نەخۆشێک نییە
نزای سۆزانییەکی تازە تۆبەکار نییە
مەراقی بێھودەی پەروانەیەک نییە بۆ تەمەن
ویستی دڵۆپە شەونمی ماچێکمە
دەیەوێت لەنێوان مەمکەکانت
ھەتا ھەتایە بە شێداریی بمێنێتەوە


خۆشەویستەکەم
رەنگی ستیانەکانت
لە فەرھەنگی مندا مانای ھەیە
سوورەکەیان
نیشانەی ھەڵچوونی ئارەزووە
شینەکەیان
ھێمای ئاشتبوونەوەی
پەنجەکانی من و مەمکەکانی تۆیە
مۆرەکەیان
مۆری منە لەناو مەمکەکانت
سەوزەکەیان
بریسکانەوەی چاومە لە سینگتدا
پەمەییەکەیان
پەرژینێکی ترساوی شەرمنە
رەشەکەیان
سیمبولی غەمگینی مەمکەکانتە
لە چاوەڕوانی لێوی مندا


خۆشەویستەکەم
ئیتر دەرگا دادەخەم
نامەوێت جگە
لە ھەناسەی شیرینی تۆ
گڕاوی ھیچ ھەناسەیەکی تاڵ
بێتە ژوورەوە
نامەوێت جگە
لە سیمای سەرسامکەری تۆ
ھیچ شەوکوتێک
دەرگای بیرکردنەوەم پێ بگرێت
نامەوێت جگە
لە خەونە سەرکێشەکانی تۆ
دەرگای ئەوینم
بە ڕووی ھیچ خەونێکی تردا بکەمەوە
ھەر ئەوەندە دەرگای کراوەم پێویستە
تا میھرەبانی تۆ دێتە ژوورەوە
دوای ھاتنی تۆ
ھەر کێ لە دەرگا بدات
روو قایمانە پێی دەڵێم
ببوورە کەس لە ماڵ نییە

ستیڤان شەمزینی





مرۆڤی نوێ یان ھاوچەرخ فۆرمێکی تازەترە لە کالیگۆلا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی سێزدە لە کتێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: بڕوا دەکەم ئێمە زمانمان تەنانەت بیرکردنەوەمان لە چاوماندایە، چاوێک تەنیا توێکڵی شتەکان دەبینێت، دەستی ناگات بە جەوھەریان. ھەر بۆیە جیھانبینی ئێمە بۆ خۆشەویستی، سێکس، مردن، کەینونە، تەنیا فۆرمالیستانەیە. لە بارەی ھەموو شتێکەوە دەدوێین بێ ئەوەی ھیچمان وتبێت، ھەموو شتێک دەبینین بێ ئەوەی ھیچمان بینیبێت!. یەقینمان بە ئایدیاکانمان ھەیە، بێ ئەوەی ھیچ ئایدیایەکمان ھەبێت. خۆشەویستی دەکەین بێ ئەوەی خۆشەویستی بکەین، دەژین و ھەناسە دەدەین بێ ئەوەی ژیان بکەین. ئێمە کێشەیەکی گەورەی ئەپستمۆلۆژیمان ھەیە.
من: مرۆڤی ئێمە “کورد” بوونەوەرێکی ئاکتوێل نییە، لە رووی بیر و تێڕامانەوە، لەنێوان ھەردوو قۆناغی “لاھوت” و “میتافیزیکیا”دا چەقیوە، بەو پێیەی “ئۆگەست کۆنت” گەشەی بیری مرۆڤ بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەکات، ئەوانیش قۆناغی “لاھوت و میتافیزیک و پۆزەتیڤ”ن، لە ھەردوو قۆناغی لاھوت و میتافیزیکیادا، عەقڵ یان با بڵێین زانست بڕیار نادات، بەڵکو ئەفسانە و غەیبانییەت و باوەڕە ئەودیو سروشتییەکان ئاڕاستەی بیر دیاری دەکەن، بەڵام لە قۆناغی پۆزەتیڤیزمدا فاکت و سەلماندنی زانستی دوا قسە دەکەن. ئەم قۆناغەش رۆحی “مۆدێرنێتە”یە، کە تیایدا عەقڵ لە بەرزترین ئاست رۆڵ دەگێڕێت، لێ ھەندێک پێیانوایە مۆدێرنێتە لە ئاوابوون نزیک بۆتەوە یان لە سەرەمەرگدایە کەچی “یۆرگن ھابرماس”ی دوا فەیلەسووفی قوتابخانەی فرانکفۆرت ھێشتا بەرگریی لە مودێرنە دەکات وەک قۆناغێکی ئاکتۆیل. بەھەر حاڵ ئێمە بەر دیاردەکانی مۆدێرنێتە کەوتووین، بەڵام گەوھەرەکەی کە بریتییە لە سیستمێکی عەقڵانی ھێشتا بە ئێمە نەگەیشتووە، بەو پێیەی مۆدێرنێتە تەنیا ئەو ماتریاڵە تەکنۆلۆژییانە نییە بە ئێمە گەیشتوون.
خۆم: ئەفسانە تەنیا ئەو واتایەی نییە رووداو یان زنجیرە رووداوێک بێت، لە دەرەوەی سیستمی عەقڵ یان لەناو عەقڵی ئامێریدا جێی نەبێتەوە، ئەمە ئیشکالیەتێکە “میرسیا ئیلیاد” پێداگریی لەسەر دەکات و وا بیر لە بابەتەکە دەکاتەوە ئەو پێناسەیەی پێیوایە ئەفسانە ھەموو شتێکی دەرەوەی واقیع دەگرێتەوە، زمانێکە لەلایەن پۆزەتیڤیزمەوە لە سەدەی نۆزدەھەمدا داھێنراوە, کەچی ئێمە ھیچ کات ناتوانین رەھایانە ئەفسانە رەت بکەینەوە، چوونکە بنیادی رۆشنبیریی و کولتووری مرۆڤایەتی لەسەر دامەزراوە. ئێمە دەبێت لەم جیھانە شێواوەدا لە ئەفسانە بگەین، ھەروەک چۆن فرۆید توانی لە رێی ئەفسانەی “ئۆدیب پاشا”ەوە کەشفی نەخۆشییەکی دەروونی گەورەی مرۆڤ بکات. لەلایەکی ترەوە ھیچ نەتەوەیەک دروست نابێت، بەبێ ئامادەگیی ئەفسانە وەک توخمێکی بەھێز لە پرۆسەی نەتەوەسازییدا.
من: ھەرچەند ئەفسانە وەک بناغەیەکی کولتووریی رەت ناکەمەوە، بەڵام باسم لە شتێکی تر دەکرد، دەمەوێت سەرنجت بۆ ئەوە رابکێشم لایەنگری مودێرنە نیم، بەو ھۆکارەی پێشکەوتنە رۆمانسییەکانی لەکەدارە، لەناو مودێرنەدا، مارکس لە دایکبوو کە بێ بەزەییانە رەخنەی توند و رادیکاڵانەی ئاڕاستە کردووە. “ئالان تۆرین”ی فەیلەسووفی ھاوچەرخی فەڕەنسیش دیدێکی وەھا دەخاتە روو: کە ئەو جیھانە ئازاد و لیبرال و بەختەوەرەی مودێرنەی پێ دەناسرایەوە، وێنە گشتگیرەکەی تێکشکاوە، بەو پێیەی لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمەوە ژمارەیەک بیریار و فەیلەسووف قەیرانە سترۆکتۆرییەکانی مودێرنەیان ئاشکرا کردووە. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە باسم لە پێشکەوتنی بیر کرد بەپێی ئەو قۆناغانەی “ئۆگەست کۆنت” دیاری کردوون، لەگەڵ ئەمەشدا ئەفسانە وەک بەشێک لە قۆناغی لاھوتی لە فۆرمە سەرەتاییەکەیدا زمانی عەقڵی مرۆڤ دێرین بووە، وەلێ وەک “میرسیا ئیلیاد” ھێمای بۆ کردووە جیھانی مودێرنیش کۆمەڵێک ئەفسانەی نوێی تایبەت بە خۆی بەرھەم ھێناوە.
خۆم: کەواتە خۆشەویستی لە سەردەمی مۆدێرنێتە، ئەدگاری چۆنە؟. دەمەوێت بەم پرسیارە بخزێمە ناو پرسێکی ئاڵۆزەوە، رەنگە ئەمە ئەو پرسیارە زۆر گرانە بێت، وەڵامێکی دڵنیا و ئاسانی نەبێت، یان وەڵامێک نەبێت بتوانێت ھەموو رەھەندەکان ئەنالیز بکات.
من: مودێرنە لە راستیدا ناوێکی تری عەقڵی ئامێرییە، لە رووی ئابوورییەوە مودێرنە سەرمایەداریی بەرھەمھێنا، لە رووی سیاسییەوە دەوڵەت نەتەوەی دروستکرد، کە بریتییە لە سیستمی دیسپلینسازیی و چاودێریکردنی ھاوچەرخ. خۆشەویستی لەم چوارچێوەیەدا لە ژێر ھەڕەشەدایە، لە سۆنگەی ئەوەی لە بری خۆشەویستی، مودێرنە ھەڕمێن بە چێژگەراییەکی ئەبستراکت دەدات، ھەروەک فوکۆ باسی دەکات مۆدێرنێتە بریتییە لە رەوشی ئاساییکردنەوەی شتە نائاساییەکان، بە ھەمان شێوەش نائاساییکردنەوەی بابەتە ئاساییەکانە!. ئەمە جیا لەوەی مودێرنە ھەمیشە بەشێکە لەو خەیاڵدانەی جیھانی خۆرئاوا بە ناوەند پێناسە دەکات و ھەڵگری ئەو نەزعە سێنترالیزمەیە لە ھیگلەوە بگرە پێش ئەویشەوە درێژ بۆتەوە تاکوو رۆژگاری ئەمڕۆمان، لەناو ئەم نەزعەیەدا منێکی رۆژھەڵاتی بۆ ئەوەی بێمە ناو دنیای مودێرنەوە دەبێت پۆشاکی رۆژھەڵاتییانەی خۆم دانێم، ئەمە شتێکە فوکۆ لە کتێبی “وتەکان و شتەکان”دا بە روونی باسی لێوە دەکات کە مودێرنە ناتوانێت خۆشەویستی دروست بکات و رۆژھەڵات و رۆژئاوا پێکەوە کۆبکاتەوە.
خۆم: لەو باوەڕەدام ژیاری ئێستای مرۆڤایەتی تەنیا لەسەر عەقڵی پەتی وەستاوە “وشەی عەقڵی پەتیم لە کانت خواستووە”. لەم شارستانێتییەی رژێمی سەرمایەداریی و دەسەڵاتی بۆرسە و کۆمپانیاکاندا، ھەستی مرۆڤ بەھایەکی ئەوتۆی نییە، مرۆڤی نوێ یان ھاوچەرخ فۆرمێکی تازەترە لە کالیگۆلا، دڕەندەیە بێ ئەوەی ھەست بکات ھەموو شتێک لەسەر دەستی بەرەو پایان دەچێت. لە کاتێکدا ژاک لاکان و کۆی ئیمپریستەکانی تر تەنانەت خودی زانستیش وەک دەرھاویشتەی ھەست دەبینن، ھەرچەند بە تەواوەتی لەگەڵ ئەوەم زانست بەرئەنجامی وەگەڕخستنی عەقڵە، بەڵام بۆ من ھەستیش گرنگییەکی لە راددە بەدەری ھەیە. لێ باش لەوە تێدەگەم مرۆڤە ھەستیارەکان لەم شارستانییە نوێیەدا پێناسەکانی شێتیان بەسەردا پراکتیس دەکرێت.
من: ئەندرێ ژید رایەکی زۆر سەیری ھەیە کاتێک دەڵێت “بە ھەست و سۆزی جوان، مرۆڤ ئەدەبی خراپ دادەھێنێت”!. لێرەدا روونە ھەست پێچەوانەی عەقڵە، ئەگەر زانست تەنانەت ئەدەبیش پێویستیان بە ھەست و سۆز نەبێت، ئەوا پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ژیانی کۆلەکتیڤی مرۆڤ دەیخوازێت، ئەو راددە بەرزەی وەگەڕخستنی عەقڵ کە شۆڕشێکی تەکنۆلۆژیی گەورەی ھێناوەتە ئارا، سەرباری ھەر ئاسانکارییەک بۆ ژیان بە ئەندازەیەکی زۆرتر تەنگەبەری بۆ دروست دەکات، بەو پێیەی مرۆڤ لە ھەست دادەڕنێت و وەک کۆمپیوتەرێک تەنیا بە ژیرانە کار دەکات. ئەگەرچی ماتریالیستم، بەڵام مرۆڤ تەنھا وەکوو ماتەرێک نابینم، زانست خۆی ئەوەی سەلماندووە تەنیا پێنج دەر سەدی پێکھاتەی جیھان لە ئەتۆم پێکھاتووە. لەم روانگەوە بە قەد عەقڵ، مرۆڤایەتی پێویستی بە ھەستی مرۆڤانە ھەیە، ئەگەرنا سەرباری ھەر پەرەسەندنێکی عەقڵی و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، مرۆ لە دۆخی دڕندایەتی رزگار نابێت. ھەروەک ئەمەی ئێستا.
خۆم: مودێرنە ھەر زوو وەرچەرخا بۆ دیسپۆتیزمێکی نوێ لەسەر دەستی رژێمی کاپیتالیزم، ئەگەر لە ناو مودێرنەدا، وەک تۆ ئاماژەت پێدا ئەگەر مارکس ھەبێت، بە دیوەکەی تردا “ھیتلەر و فرانکۆ و مۆسۆلینی”ش ھەن، بە مانایەکی تر فاشیزم و نازیزم دوو دەرھاویشتەی ئێجگار وەحشەتناکی مۆدێرنێتەن، لە راستیدا ھەوڵەکانی یۆرگن ھابرماس بۆ ھاوسەنگگرنەوەی مۆدێرنێتە و گونجاندنی بە فۆرمێکی ھارمۆنی لەگەڵ ژیانی راستەقینەی مرۆڤ، زۆر تراژیدیی کەوتۆتەوە، بەو پێیەی مۆدێرنێتە لەمە زیاتری پێ نییە بۆ مرۆڤایەتی.
من: خەیاڵێکی تۆقێنەرم ھەیە. ھەنووکە زەوی زۆر ماندووە، کەشوھەوا تێکچووە، باڵادەستی تەکنۆلۆژیاش لەسەر وێرانکردنی زیاتری ئەم ھەسارەیە راوەستاوە، مرۆڤ گەیشتۆتە راددەیەکی پێشکەوتنی وەھا گەڕانەوەی بۆ نییە، لەم ئانوساتەدا درامییەدا، کە توێژینەوە میتۆرۆلۆژییەکان ھەموو زەنگەکانی مەترسییان لێداوە، پەی بەوە دەبەم ژمارەیەک مرۆڤ ھەن دەیانەوێت بە یارمەتی تەکنۆلۆژیا ھەواری خۆیان بەرەو ھەسارە یان ئەستێرەیەکی تر بگوازنەوە، لەوێوە شانشینی خۆیان لە ئاسمان دابمەزرێنن و فەرمانڕەوایی بکەن بەسەر زەوینشیناندا، تۆ ھیچ کات بیرت لەم ئەگەرە تۆقێنەرە نەکردۆتەوە؟، ئەمە تەنیا خەیاڵێک نییە، بەڵکو ئەگەرێکی بەھێزیشە. ئەگەر ئەوە ببێتە دیفاکتۆ، کەواتە رەوشی ژیان لێرە چۆن دەبێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە منی سەرقاڵ کردووە بەخۆیەوە.
خۆم: بێگومان ئەوە ئەگەرچی خەیاڵیش بێت، بەڵام خەیاڵ سەرچاوەی ھۆشمەندیی و زانستە، بە وردبوونەوە لە سینەمای “ھۆلیۆد” ئەم خەیاڵە زانستییە ئەگەرێکە و لە مێژە کاری بۆ دەکرێت، لەو سینەمایەدا نموونەی ئەمەریکی وێنایەکی سوپەرە، تەنانەت لە شەڕی مرۆڤ و بوونەوەرە ئاسمانییەکاندا ئەمەریکا سەرکردایەتی زەوی دەکات، لە ئەگەرێکی لەو چەشنەی تۆ باسی دەکەیت، ئەو شانشینە ئاسمانییە ئاڵای ئەمەریکای لەسەر چەقێنراوە، لەوانەیە کۆشکی سپی بگوازنەوە بۆ ئاسمان، دیمەنێکی سوریالییە، بەڵام مومکینە، چوونکە وەک ئاماژەمان پێدا عەقڵی ئامێریی ھەر جۆرە ھەست و خۆشەویستییەکی کردووە بە چێشتێکی فۆلکلۆریی کە ھارمۆنی نییە لەگەڵ ئەوەی مرۆڤی نوێ دەیخوازێت.
من: بابەتەکە بەرەو شوێنێکی تر، رۆیشت، ئەمە وتەزایەکی گرنگی “محەمەد شوکری”م، وەبیر دێنێتەوە کە دەڵێت “ئاسیا سەرەتای مێژووە، ئەوروپاش بەشێوەیەکی رەھا کۆتایی مێژووە”. بێزاریی لەوەی “ئەوروپا بۆتە کۆگایەکی مێژوویی چەک و تەقەمەنی” مرۆڤی ئەوروپایی تووشی شۆک کردووە و بە دوای جوگرافیای خەونەکانیدا دەگەڕێت، ئەگەر ئەوروپییەکان لە مێژوودا بە دوای سەرچاوەکانی زێڕدا گەرابن لە دۆزینەوەی ئەمەریکادا، ئێستا بە دوای ئایندەی خۆیانەوەن لەو کیشوەرەدا، ئەمە دیاردەیەکە لە “ناپلیۆن”ەوە درێژ بۆتەوە تاکو ئەم چرکەساتەش. ئێستا کە باسی خۆرئاوا یان باکوور دەکرێت، رووی دەممان لە ئەمەریکایە، سیاسەتی ئەمەریکیش بزوێنەری سیستمی چینایەتییە، بەو ئەندازەیە بەرەو ھەڵکشان دەڕوات کە بیر لە شانشینێکی ئاسمانی دەکاتەوە.
خۆم: لەوە دەچێت بانگەشەی لایەنگرییکردن پۆست مۆدێرنێتە بکەیت، بەو پێیەی روانگەکانت ھەم دژی زانستە، کە ئەمەش بەشێوەیەک لە شێوەکان لای مارتین ھایدگەر دەردەکەوێت، ھەم لە دژی ئەو راپەڕینە عەقڵانییەی لە رۆشنگەرییەوە دەستی پێکردووە، وەک لە ناوەکەشیدا دەردەکەوێت پۆست مودێرنە، درێژەپێدەری مودێرنە نییە، بەڵکو لە بەرزترین ئاستدا رەتکەرەوەیەتی.
من: پۆست مودێرنە، یەک فۆرمی کۆنکرێتی نییە، بەڵکو چەمکێکی ئاڵۆزە، بە دیدی لایەنگرانی ئەم بزاڤە ھەموو شتێک بەرھەمی زەمەن و رێکەوتە، بۆیەکا ھەر شتێک لە دەوروبەرماندا بەشێوەی رەھا لە ئارادا نییە، بەڵکو ھەبوونێکی نیسبیان ھەیە، ئەمە بە خودی زانست و راستیی و ئاینەکانیشەوە، تەنانەت جیاوازیی نابینن لە نێوان زانست و جادوودا، جیا لەمەش پۆست مۆدێرنێتە تەواوی جیھان وەک گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەبینێت، ئەمەش لە روانگەی “بۆردیار”ەوە دەردەکەوێت کە نکۆڵی لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق دەکرد و وەک ئەکشنێکی سینەمایی دەیبینی، ئەمە جیا لەو بێماناییە خنکێنەرەی ئەوان تێی کەوتوون، بۆیە ئۆکتاڤیۆ پاز ھەمیشە لە بارەی لاتین ئەمەریکاوە دەیووت پۆست مودێرنە بە کاری ئێمە نایەت، منیش رایەکی نزیک لەوم ھەیە. جیھان لە بۆشاییدایە، دەبێت مرۆڤ بیر لە پاشەڕۆژی خۆی بکاتەوە، ئەوەی ھەیە ھەموو بەرەو داڕمان دەڕوات.
خۆم: ھیچم نەماوەتەوە بۆ وتن. بۆ ئەم پایزی مرۆڤایەتییە، تەنیا دوو دڵۆپ فرمێسکی روونم ھەیە.
١٦-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: شەش و سی و پێنج خولەکی بەیانی
“وردە وردە بەفر دەبارێت”
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس – شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی




چرکە ئیرۆسییەکان.. ستیڤان شەمزینی

ئەمە یاسایەکی ماتماتیکیی کۆنە
ماچێکی من لەگەڵ ماچێکی تۆ
یەکسان نییە بە دوو ماچ
نا، دەکاتە یەک ژوانی ئیرۆسی
ھەر لێدەرکردنێکی تۆ لە من
ناکاتە خودی خۆم بە تەنھا
نا، یەکسانە بە ھیچ


ئەمشەو پێکەوە دەخۆینەوە
من ئارەقی ئۆزۆی گریکی نۆش دەکەم
خۆم دەبینم لە یەکەم پێکدا مەست دەبم
بە تیلەی چاو سەرنجی تۆ دەدەم
ماچەکانم دەخەیتە پەرداخی ھەوەسەوە
تاکو مەستبوون لێی دەخۆیتەوە


ئەمڕۆ وەڕس بووم لە خۆم
سیگارەکەم کوژاندەوە
خەمە جاویدەکانم یەک یەک داگیرسان
لەناکاو زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدا
ژنێک وتی ئەمشەو بە دوو شیلانەوە
لەناو پێخەفەکەتدا رۆژ دەکەمەوە
چەند سەیر لێوەکانم داچڵەکین
غەمەکانم کلو کلو توانەوە!!


دەتەوێت کراسم لەبەر داکەنیت
نامەوێت خۆم رووت بکەمەوە
نامەوێت لەژێر کراسە سپییەکەمەوە
برینێکی گەورەی رەش ببینیت
تۆ ئینکاری دەکەیت
منیش خۆم رادەست دەکەم
دەست دەھێنیت
بە مووی سەر سینگما
شوێنەواری ھیچ برینێک
دیار نامێنێت


لە قەرەقولێکی تورکان دەستبەسەرکرام
ھیچ ناسنامەیەکم لە باخەڵدا نەبوو
پێیان گووتم ناوت چییە؟
بە رەوانی وەڵامم دانەوە: عیشق
گووتیان بەرزیی باڵات چەندە؟
کەمێک راوەستام و گووتم
مەترێک و حەفتا و سێ ماچ
ئەوسا وەک شێتێک ئازادیان کردم


پۆلیسەکانی دەوڵەت
بەدوامدا دەگەڕان
بە تۆمەتی کۆمۆنیستبوون
لە کۆڵانێکی تەنگی شاردا
دەستگیریان کردم
لەبەردەم دادوەردا ھاوارم کرد
بە پرچی شۆخە ژنێکەوە ھەڵمواسن
بە ماچی ژنێک
حوکمی خنکانم بدەن


لەژێر داروپەردووی حوزنێکی ئاڵەوە
تا چاوم روون دەبێتەوە
تەماشات دەکەم
لە ورشەی گەڵای پێکەنینت دەڕوانم
سەرنجی درزی نێوان
ھەردوو مەمکت دەدەم
لە خۆم ورد دەبمەوە
لە دەمی رژانت
بەسەر لەشی رووتمدا


دواجار بڕوات بەوە ھێنا
مانگ لە دەریا دەپاڕێتەوە
سەبەتەیەک تریفەی
بە دیاری لێوەربگرێت
چرا تکا لە شەوەکان دەکات
تۆزێ کلی رووناکی بکاتە چاویان
شیعرەکانم بە شەرمەوە
تکات لێ دەکەن
لە باوەشمدا رووت بیتەوە


ئەگەر ئێمە یەکتر ماچ بکەین
بارانی بۆندار
زەوی دەکاتە شوشەیەک عەتر
رووباری حەسرەت
سەرەوڕێژ دەبێ
لە ماسی خۆزگە
بێزاریی لە چەمی خەندەدا
خۆی دەشوات
ژیان بە توندیی دەرگا
لەسەر مەرگ دادەخا و
تابووتەکان لە داخدا
خۆیان دەکوژن


ئێستا لە نەخۆشخانەم
بۆنی مردن
لە راڕەوی سەرەکییەوە دێت
چەندان رۆژە مەرگ
لە نزیکەوە خۆیم نیشان دەدا
ئەوەی داڵغەی منی داگیرکردووە
مەرگێکی تەنھا نییە
لە بەیانییەکی پڕ ژاوەژاودا
خەریکم
بیر لە دیمەنی
رووتبوونەوەی تۆ دەکەمەوە
لە بەردەم شەوقی شیعرێکمدا


رەنگە ئەوە وابێت
رۆژێک تۆ
لە شیعرەکانمدا نقووم بیت
یان لەژێر ماچبارانی
مندا بخوسێیت
رەنگە بەو جۆرەش بێت
شەوێک من
لە باوەشی تۆدا نغرۆ بم
لە ھەژانی ئارەزووتدا
سەر ئاو بکەم
لە ھەنووکەوە دەڵێم
ھەردووکیانم قبوڵە


ھەمیشە جلوبەرگم پێ گرنگە
من کراسی گوڵگوڵی شیعر و
کورتەک و شەرواڵی
موسافیرێکی ونبووم لەبەردایە
کڵاوی غەمێکی قووڵیش لە سەرمدا
پێم خۆشە تۆش
بە تەنورەیەکی کورت چەشنی ھایکۆ
ستیانێکی پەمەیی لە رەنگی سۆزم
بێیتە سەر سیسەمی ژوانم


شمشاڵی ماچە تەڕەکانت
بە لێوەکانی من نەبێت ناژەنرێن
گیتاری مەمکە بەپێوە راوەستاوەکانت
بە پەنجەکانی من نەبێت لێ نادرێن
تۆوی گوڵی لەززەتی شەوانت
لە ئینجانەکانی مندا نەبێت ناڕوێن
رەنگە پێت سەیر بێت
گشت شادمانییەکانت
لەلای من کۆبوونەتەوە!


جەنگەکان
کوڕە گەنجەکانیان برد و نەگەڕانەوە
رووبارەکان
داڵغەی بەلەمەکانیان برد و
پێیان نەدانەوە
پیریی، ھەرمێی لاویی رفاند
ئاوی ئاموون قووتی دا
چەکەکان
رەنگە تۆخەکانی ژیانیان برد و
نەھاتنەوە
لەشی رووت و
مەمکی پڕ جریوەی تۆ
ھەست و ھۆشیان منیان برد و
ھەرگیز نەمبینینەوە


لەناو کاسە سەری مندا
ژنێک سەما دەکات
لە بری شیعر
دڵی شاعیرێک دەدزێت
لە بری زەردەخەنە
فرمێسکەکانی ھەڵدەگرێت
ئەو ژنە
ھەموو کاتێک گۆرانی دەڵێت
لە ھەموو بەستەکانیدا
شاعیرێک بانگ دەکات
تا درەختی لەشی
تێر تێر ئاو بدات
ئای چەند حەز دەکەم
ئەو شاعیرە من بم


شەوانە خەونی زۆر دەبینم
ژنێک دانە دانە
خەونەکانی تەفسیر کردم
وتی، راکردنت بە دوای ھەوردا
لێزمەی ماچەکانی منە
باوەشکردنت بە تریفەی مانگدا
بریسکانەوەی مەمکەکانی منە لە دەستتدا
توانەوەت لە دەمی فریشتەی خەیاڵدا
نیشتنەوەی روانینتە
لەسەر لەشی رووتی من





سەرمایەداریی ناوێکی تری پیاوسالارییە.. مۆنۆلۆگی دوازدە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی دوازدە لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: جارێک پرسیاریان لێکردم لە بارەی مێژووی خۆشەویستی، بەلامەوە پرسیارێکی گەورە و تا راددەیەکیش بێ مانا بوو، نامەوێت خۆشەویستی بخەمە ناو مێژووەوە بەڵکو لە دەرەوەی مێژوو دەیھێڵمەوە، ئەو شتەی بکەوێتە ناو بازنەی کاتەوە، کۆتایی ھەیە وەک چۆن سەرەتای ھەیە. پێناسە میتافیزیکییەکان بۆ خودا ئەوەیە زاتێکە لە دەرەوەی شوێن و کات، ھەر توخمێک لە دەرەوەی کات بێت بە واتای ئەوەشە خودێکی نەمرە، ھەر بۆیە ھەوڵمداوە خودا بە خۆشەویستی یان خۆشەویستی بە خودا پێناسە بکەم، ئەمە روانگەی “ئۆشۆ”شە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت سروشتێکی خودایی ببەخشمە خۆشەویستی، بۆ ئەوەیە بیسەلمێنم خۆشەویستی نەمرە و قابیلی ئەوە نییە بخرێتە ناو چێوەی کاتەوە.
خۆم: مرۆڤی عاشق بەدەستی خۆی مێژوو دەنووسێتەوە، نەک مێژوو بینوسێتەوە، لە “گیرفانی پاڵتۆی” ھیچ کەسەوە نەھاتۆتە دەرەوە، بەڵکو کەسانی تر لە کۆشکی ئەمەوە سەر دەردەھێنن، مرۆڤی عاشق کوێرە و سەرسام نییە بە ھیچ کەسێک جگە لە مەعشوق، کە دەیەوێت لە پرۆسەیەکدا لەگەڵیدا بچێتە دۆخی یەکبوونەوە. دەکرێت بڵێین عاشقەکان ئەوانەن تا چڵەپۆپە ئازادییان بەدەستھێناوە، ھەڵەش نییە ئەگەر بشڵێین رۆحێکی کۆیلە و کۆنترۆڵکراویان ھەیە! چون ھەموو ھەوڵێکیان بۆ راگرتنی دڵی مەعشووقەکانە. مرۆڤ لە کردەی خۆشەویستیدا لە یەک کاتدا ھەم جوانی دادەھێنێت ھەم جوانیش دەیترسێنێت، ئاخر عاشقبوون رەوشێکی دەروونی ترسناکە، بەو پێیەی لەو پرۆسەیەدا مرۆڤبوونی خۆی بەرەو بوونەوەرێکی سەرتر جێدەھێڵێت، بەرەو شتێکی بەرزتر لە ئینسان ھەنگاو ھەڵدەگرێت، دەبێتە خودا!. بەدیتنی خۆم سوپەر مرۆڤەکەی نیتچە “ئەوەی گەیشتۆتە دوای پلەی ئازادیی و رەھابوون” بەجۆرێک لە جۆرەکان عاشقەکانن، ئەمە بێ نکۆڵیکردن لەو دیمەنەی ھەردەم عاشقەکان بەرامبەر واقیع، پاسیڤ و دەستەمۆن، بەڵام ئازادیی یان با بڵێین بەختەوەرییەکی دەروونیان بەدەستھێناوە.
من: ئەوەی بۆ من لە ھەر بابەتێکی زیاتر جێی بایەخە، خۆشەویستییە بە مانا ئەبستراکتەکەی. ھەمیشە تێکۆشاوم لە پێناو دۆزینەوەی نوێترین میتافۆر بۆ باسکردن لەم چەمکە، ویستوومە بە دیالێکتیکێک قسە بکەم ھەرگیز بەو فۆرمە گوزارشت لە ناوەڕۆکی خۆشەویستی نەکرابێت، زمانی من بۆ پەسندانی خۆشەویستی جیاوازە لەو رستە کلاسیکی و سواوانەی ھەمیشە ساکارانە لە ستایشی خۆشەویستیدا دەردەبڕدرێن، خۆشەویستی وەک سزا یان بەختەوەریی نابینم، خۆشەویستی وەک فاکتۆر بۆ نەمریی و گوزارشتکردن لە مرۆڤبوون چاو لێدەکەم، لە ھەموو شتێکدا و لە ھەموو شوێنێکدا، لە سەرەتا و کۆتاییدا خۆشەویستی دەبینم، وەک وتم خۆشەویستی ئەبستراکت ستراتیجی ژیانمە.
خۆم: کەواتە تۆ دەتەوێت بڵێیت، خۆشەویستی کردەیەکە لە چەشنی مۆمیاکردن، ھەڵماندەگرێت و دەمانپارێزێت بۆ مێژوویەکی ئێجگار دوور و درێژ. لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستی ھەمیشە رەھەندێکی رۆحیی و ھەستەکی قووڵی ھەیە، کەچی ئەوەی جێگەی تێبینییە تۆ ھەوڵت بۆ ئەوەیە خۆشەویستی رەھەندی جەستەیش بگرێتەوە. زۆربەی جار غەریزە بکوژی خۆشەویستییە، نەک زۆر جار بەڵکو ھەموو کات.
من: قسەکانی خۆمم بیرە، پوکانەوەی مێشکم رووداوێکی بایۆلۆجییە، بەڵام گەشەکردنی بیر و گۆڕانکاریی ئەندێشە و پەرەسەندنەکانی ناو مێشکم دیاردەیەکی فیکریی. ھیچ کات خۆشەویستی لەسەر رەتکردنەوەی لەمس و ئاوێتەبوونی جەستەکان رانەوەستاوە، ئەمە دیدێکە بارگاوییە بە سۆفیزمێکی کوێرانە و بەرتەسک، خۆشەویستی لە رێی جەستەوە مانا پەیدا دەکات، وەک چۆن نیشانەکانی لەسەر رووخسار و بە جەستەوە دەردەکەون، ھەروەک شیعرەکەی “ژاک پریڤێر” ئاماژەی بۆ دەکات “تەنانەت ئەگەر تۆش بە چاوێکی جوانەوە نەیبینی.. دیمەنەکە ناشرین نییە.. ئەمە چاوی تۆیە لەوانەیە خراپ ببینێت”.
خۆم: پێداگریی لەسەر خستنە ناوەوەی پەیوەندیی جەستەیی بۆ ناو بازنە رۆحییەکەی خۆشەویستی، ھەمیشە ویستێکی نێرانەی لە پشتە ئەگەر نەڵێم ویستێکی غەریزیی پیاوانە. زۆرجار نێرینە دوای مەست و حەیرانبوونی لە پەیوەندیی جەستەیی دنیای خۆشەویستی ژن جێدەھێڵێت، لە راستیدا جیھانێکی شێواو و رووخاو وەک شوێنەواری جەنگێکی ناڕەوا جێدەمێنێت، ئەمە تراوما راستەقینەکەی ژنە لە تێکەڵاوکردنی جەستە لەگەڵ خۆشەویستی.
من: ئێمە ناتوانین دوو دەستەواژە بە جیا بەکاربھێنین “جەستە و خۆشەویستی” لە سۆنگەی ئەوەی خۆشەویستی پەیوەندیی جەستەیش لە خۆ دەگرێت. ئەو کێشەی تۆ باسی دەکەیت، تەنیا دیوە فۆرمالیستییەکەی بابەتەکەیە، چون بەم پێوەرە سێکس دەبێتە دیاردەیەکی بایۆلۆژیی ناچاریی نەک سەرچاوەی شادیی، ئەم دیدە دەکرێت فاشیزمیشی لەسەر بینا بکرێت، فاشیزم لە دوا رەھەندیدا بریتییە لە مەرگپەروەریی و قێز لە ئیرۆسییەت. جیا لەمە لە خەیاڵدانی پاتریارکی یان ئەو دیدە خێڵەکییەی بیرکردنەوەی ئێمە ئاڕاستە دەکات، ھەموو کات لە سێکسدا نێرینە وەک سوبێکت وێنا دەکات، لە بەرامبەردا وەک ئۆبێکت لەویتری مێینە دەڕوانێت، ئەم تێڕوانینە ژەھراوییە وای لە ژنی ئێمە کردووە نەک لە سێکس بترسێت، بەڵکو لە ھەر پێکگەیشتنێکی غەریزیدا ھەست بە دۆڕان و گوناھباریی بکات. خۆشەویستی ئەم ھاوکێشە لاسەنگە ھاوسەنگ دەکاتەوە، کە دواجار سێکس کردەیەکی ھاوبەشی نێوان ھەردوو رەگەزە و ھەردوولا وەک یەک سوبێکتن. “ئێمە لێرەدا گریمانە لەسەر پەیوەندیی سێکسی نێوان ھەردوو رەگەزی مرۆڤایەتی دەکەین”.
خۆم: مادام وایە با زیاتر خاڵ بخەینە سەر پیتەکان. پیاو “نێر”ی ئێمە ھەمیشە بۆ پەیوەندیی جەستەیی بیانووی خۆشەویستی پێیە، تەنانەت شیعری عاشقانەی نوخبەکەش بۆ دروستکردنی ژنێکە بە دڵی پیاو، ئەمەش بە ناوی ئازادییەوە بەسەر بیرکردنەوەی ژناندا دەسەپێنرێت، بە واتایەکی تر تێڕوانینی نوخبەش بۆ بەرھەمھێنانی ژنێکە تەنھا جەستەی ئازاد بێت و شێوەی جلەکانی وەک کچانی فۆتۆ مۆدێل بێت، ئەمەش تەنیا ئارایشتێکی عەقڵی پیاوسالارییە.
من: دەستت خستە سەر برینە مەترسیدارەکە. دیدی زاڵ ئەوەیە ئازادیی مێینە لە بە کاڵاکردندا دەبینێتەوە، ئەمە تەنیا بەرھەمی عەقڵی کۆنسەرڤاتیزمی رۆژھەڵاتی نییە، ئەمە نۆرمێکە سیستمی کاپیتالیزم برەوی پێدەدات، کۆمپانیا و فابریکەکان لە پشتی ئەم دیاردەیەوەن، جەستەی ژن وەک ماتریاڵێک بۆ بزنس و ریکلام بەکاردەھێنن. ئەوەش راستە ھۆشی دەستەبژێری رووناکبیریی ئێمە “کورد” لە ناو ھەمان گووتاری نێرسالاریی سەرمایەدارییدا دەخولێتەوە، تەنانەت شیعر کە زمانی ھەستێکی رووتە بۆتە بەشێک لەو پرۆسەی بە کاڵاکردنە. ئەمە قسەیەکی “ئەدۆنیس”م لە بارەی “نزار قەبانی” وەبیر دەھێنێتەوە وەختێک وتی “لەو بڕوایەدام قەبانی شاعیرێکی گەورەیە، بەڵام سەیرکردنی بۆ ئافرەت بە پەسەند دانانێم، چوونکە رواڵەتیانە یارمەتی ئافرەت دەدات بۆ ئەوەی لە کۆت و بەندەکان خۆی رزگار بکات، وای لێکردووە بە پێی ئارەزووەکانی ئەو بایەخ بە جەستەی خۆی بدات، بەڵام خۆی لە قەرەی رەگوریشە قووڵەکانی مەسەلەی ئازادبوون نەداوە”.
خۆم: دیدی پیاوسالاریی سادیزمە و بەرخوردەکانیشی بۆ ژن دۆزەخە، مارکیز دی ساد “ئەوەی نەخۆشی سادیزم بە ناوی ئەوەوە ناونراوە” لە نامەیەکدا بۆ ھاوسەرەکەی دەنووسێت “ئۆرگازمی راستەقینە لە مەرگدایە”. دروست ئەمە دیدی پیاوسالارییە بۆ ژن، ھەموو ئۆرگازمی پیاوانەی خۆی لە مەرگی رۆح و دەروونی مێینەدا دەبینێتەوە. من ھەمان بۆچوونی “کالیکس”م ھەیە کە ئالان بادیۆ بیرمان دەخاتەوە و بەپێی روانگەی ئەو مرۆڤی شاد “happy man” کەسێکی ستەمکارە و بە میکانیزمی توندوتیژیی زاڵ دەبێت بەسەر ئەویتردا. لە راستیدا پیاوی شاد “لە زمانە ئەوروپییەکاندا دەستەواژەی پیاو بۆ مرۆڤ بە کاردێت” ئەوەیە بە ھۆکاری توندوتیژیی مێینە رام و کەوی بکات. بۆیە ئەم مرۆڤە شادە نەک نازانێ خۆشەویستی چییە، بەڵکو پەیوەندییە جەستەییەکانیشی لەگەڵ ژن جۆرێکە لە لاقەکردن.
من: سەرمایەداریی ناوێکی تری پیاوسالارییە. ئەگەرچی بە رواڵەت وا دەردەکەوێت ئەم سیستمە تەکانێکی بە ئازادیی و دەستەبەری مافی مرۆڤ داوە، کەچی لە راستیدا ئەم تەنیا دیوی دەرەوەی ئەم باوەڕە ھەڵەیەیە، فوکۆ لە کتێبی “دیسپلین و سزادان”دا بە روونیی تیشک دەخاتە سەر ئەم پرسە، ئەو بەوردی ئەو ھێڵە درامییەی ستەمکاریی دەدۆزێتەوە کە لەسەردەمی دێرینەوە درێژ بۆتەوە بۆ سەردەمی سەرمایەداریی “مودێرنە”. ئەو لەوێدا پێیوایە ئەوەی گۆڕاوە تەنیا شێوازە ئاشکراکەی سزادان و کۆنترۆڵکردنە، ئەگەرنا لە سەردەمی مودێرندا ئەم داپڵۆسین و جڵەوکردنە بە شێوەی شاراوە و بێ ویژدانانەتر بوونی ھەیە، ئەویش پێش ھەر شتێک دەست بەسەرداگرتنی بیر و ھۆشە لە رێی کارگە و قوتابخانە و دامەزراوە سەربازییەکان و دەسەڵاتی ماسمیدیاوە، بە دیتنی فوکۆ ئەمانە جێگەی زیندانە نەریتییەکانی “چاخی کلاسیکی”یان گرتۆتەوە. کەواتە خودی سەرمایەداریی سروشتێکی دڕندەی ھەیە، لەسەر باڵادەستیی چین و توێژەکان بینا کراوە، لەم نێوەندەدا مێینە چەندان جار چەوساوەترە، ئەمە دووپاتکردنەوەی قسەکەی “ئەنگلس” نییە بەڵکو فاکتێکی روونە، ئەو مافەی سەرمایەداریی بە مێینە داوە تەنھا مافی بە کاڵابوونە.
خۆم: کرۆکی قسەکردنمان لە بارەی خۆشەویستییەوە بوو، بەڵام خۆشەویستی لەنێوان مرۆڤەکاندا دەکرێت، مرۆڤیش مەحکومە بە جۆری بیرکردنەوە و ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی. جارێک ئەریستۆ وتی “لە ناو ھەموو زیندەوەران تەنیا مرۆڤ دەتوانێت پێبکەنێت”، بیر لەوە دەکەمەوە تەنیا مرۆڤیشە دەتوانێت خۆشەویستی بکات، تەنیا مرۆڤیشە دەتوانێت بگریێ و ببێتە ھۆکاری گریاندنی مرۆڤی تر. بۆ ئەوەی خۆشەویستی بگەڕێتەوە ناو دڵی ئینسان، دەبێت جارێکی تر دەستکاریی دنیا بکەین، ھیچ نەبێت لانیکەم وەک “ئۆرھان پامۆک” بوێر بین و بڵێین “بیر لەوە دەکەمەوە، لە چاوی ژنانەوە باسی دنیا بکەم”. سەیرکردنی دنیا لە چاوی ژنەوە لانیکەم کۆمەکمان دەکات بۆ راستکردنەوەی ئەم جیھانە لنگەوقوچەی ھەنووکە کە ھیچ خۆشەویستییەکی تێدا نەماوە.
من: منیش پێموایە بۆ ئەوەی خۆشەویستی بگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانمان، پێویستە ماڵی ئەندێشەمان لە نێرسالاریی پاک بکەینەوە، ئەوەی من دەتوانم بە دڵنیاییەوە پێت بڵێم ئەمەیە: ھیچ پیاوسالارێک ناتوانێت خۆشەویستی بکات.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

٩-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: یانزە و دە خولەکی پێش نیوەڕۆ
نەخۆشخانەی بیلەفێلد میتە




غەزەلە نەوتراوەکان.. غەزەلی دووەم و کۆتایی.. ستیڤان شەمزینی

بۆ ناسینی خۆشەویستی من
رابردووی لێڵم مەپشکنە
فاڵ بۆ داھاتووی تاریکم مەگرەوە
سەیری ئەو گڕکانەی ئێستام بکە
لە شیعرەکانمەوە ھەڵدەچێت
لەو بومەلەرزەیەی ھەنووکە ورد بەرەوە
پێنووسی سەرکزم دەھەژێنێت


زۆر جار ئارەزوو دەکەم
کراسی قەترانیی بێھودەیی
لەبەرم داکەنم
بەرگی شاھانەی ئومێد بپۆشم
ھەواڵی مەرگی چرۆیەک
پەشیمانم دەکاتەوە
زۆر جاری تر
ئارەزووم کردووە
یەخەی کتێبەکانی
خۆشەویستی دادڕم
نامەیەکی خۆکوژانە
بۆ شیعر بنێرم
خۆشەویستی
ژنێکی دڵ پڕ لە ھەتاو
رسم دەکاتەوە بە خوری


نیگایەکت
چاوەکانم بێ سەروشوێن دەکەن
بزەیەکت
بە رووبارێکی شەرابدا
رەتم دەکات
بە ئەسرینێکت
شەکری بیرکردنەوەم
تاڵ تاڵ دەبێت
بە یەک ماچت
لەسەر چیای خۆکوشتن
دێمە خوارەوە
ئازیزم
لەنێوان من و خۆکوشتندا
تەنیا و تەنیا
چیرۆکی خۆشەویستی تۆ ھەیە


لە رووخسارتدا
غەمێکی ئەزەلی دەبینم
لە دەستەکانتدا
ماندووێتی کار سەیرم دەکا
لە قاچەکانتدا
ھەنگاوەکانی غەریبی دەبینم
لە وشەکانتدا
سەرەتاتکێی نھێنییەکی مەزن
چاو دەکەم
لە دڵتدا
سێبەری پیاوێکی شەرمن دیارە
بێ ناونیشانترین پیاوی دنیا


ئازیزم دەمەوێت
تا دوا دڵۆپی دەریا
بکەمە مرەکەب
سینگی چی گەڵا ھەیە
بیکەمە لاپەڕە
شیعری ورشەداری
خۆشەویستی تۆی
لەسەر بنووسم


دەستەکانم توند توند بگرە
پێش ئەوەی دەست بخەیتە
نێو ریشی سپی شیعرم
بەرلەوەی پەنجەکانت
بە خوێنی خەونی سەربڕدراوم
سوور سوور ببن
بەرلەوەی دەستی خەم
بخەیتە ژێر تابووتی
ئەو نۆ پیتەی
لە گەروومدا دەخنکێن
خ ۆ ش م د ە و ێ ی


ئازیزم
ھۆن ھۆن ئەشک دەبارێنم
من کە غەریبترین
پەڵە ھەوری نیشتمان بووم
لە کوێ دەتوانم
بەسەر چاوی غەریبیتدا ببارم؟
کەی لەو گۆرانییە
سەرھەڵگرتووە تێدەگەم
بەلێوی ئەم مەنفایەوە
وشک بۆتەوە؟


تاکو زیندوو بم
بیرت لێ دەکەمەوە
دەمەوێت وەک ماچێکی تینوو
لەنێو دوو رووباری سینگت بنووم
دەزانم بە شەپۆلێکی تووڕەدا
وەک بەلەمێکی تێکشکاو
فڕێمدەدەیتەوە کەنار و
لە گۆڕی ھیوایەکی ھەڵوەریودا
دەمنێژیت


من کەوتوومەتە بۆسەی مردنەوە
سەیرە ھێشتا چاو بۆ ژیان دەگێڕم
مۆمی عەشق
لە شەوەزەنگی بێ تۆیدا ھەڵدەکەم!
ئاگری شیعر دەنێم
بە بەرۆکی مەرگەوە
وەک فیشەکێکی وێڵ
بە تەوێڵی تۆوە دەنوسێم
چەند جوانە ئەم چارەنووسە!!


لە ژێر ساباتی رەشپۆشی گریاندا
فرمێسکێکی کۆچەریی دەمناسێتەوە
سەری دەسوڕمێ
چۆن چڵی پێکەنینم شکا!؟
چۆن خەنجەری تەنھایی
جەرگی خەیاڵی پێکەوەبوونی
خەڵتانی خوێن کردووە!؟
ھێندە کەمدووە
ھیچ ناڵێت و بە ئەسپایی
بەروومەتی شیعرمدا دێتە خوار


عەشقی ھوروژمداری من
لە گیرفانی بیابانی ساردوسڕتدا
کاڵ دەبێتەوە
ماچەکانیشم
بەدەم چاوەڕوانییەکی تولانییەوە
دەبنە مشتێک تۆزی بەردەم رەشەبا
ئازارە چرۆکردووەکانم بەر دەگرن
دەبنە ھەڵوژەیەکی تاڵی
نێو شەوە شادەکانم
دەبنە ھەناسەیەکی ساردی
نێو رۆژە گەرمەکانم





ژیان رەوشێکی دیالێکتیکییە لە جێگەیەک ناوەستێت.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی یازدە لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: پێشتر وا تێدەگەیشتم تەنھا مرۆڤە ناسکەکان دەتوانن خۆشەویستی بکەن!، پێش ئەوەی درەنگ بێت بیرم کردەوە دەشێ دڕندەکانیش بە کردەی خۆشەویستی ھەڵستن، کاتێک مێژووی ژیانی دیکتاتۆرەکانم خوێندەوە، جیاواز لە کرۆنۆلۆژیای خوێن و کابووس و کوشتن و دڵڕەقی، ئەوەی جێی راوەستان بوو بۆم خۆشەویستییە. تەنانەت زۆرێک لە دیکتاتۆرەکان لە بەرامبەر خۆشەویستیدا ھەستیان بە لاوازیی کردووە. زۆرجار ژنێک دڵی دیکتاتۆرترین پیاوی ھێناوەتە لەرزین. لەم سۆنگەوە دەڵێم خۆشەویستی جادوویەکە دڵڕەقترین مرۆڤەکانیش ناتوانن خۆیانی لێ بپارێزن.
من: خۆشەویستی ھێزێکە توانای زاڵبوونی ھەیە بەسەر ھەر دۆخێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئینساندا، بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆشەویستی لە مردن دەچێت، شا و گەدا ناناسێت، پلەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی ناناسێت، رەچاوی دۆخی سایکۆلۆژیی کەسیش ناکات، من دەتوانم لەوپەڕی نیھلیزمدا خۆشەویستی بکەم، دەتوانم لە رەوشێکی ھیپیستیدا بکەومە داوی خۆشەویستییەوە، یان تۆ دەتوانیت لە سەرەتای تەمەنەوە خۆشەویستی بکەیت، یان لە کۆتایی تەمەندا بۆی بگەڕێیتەوە، ھەر چۆنێک بیگریت مرۆڤ مەحکومە بە خۆشەویستی، دیکتاتۆرەکانیش دواجار ھەندێک ھەست و خەسڵەتی مرۆییانەیان تێدا دەمێنێتەوە تاکو بتوانن کەسێکیان خۆش بوێت.
خۆم: زۆرێک لە دیکتاتۆرەکان لە ئەنجامی تێکشکان لە پەیوەندییەکی سۆزدارییدا، دووچاری گرێی دەروونی بوون، ھیچ دیکتاتۆرێک نییە لە دنیادا ژنێک دڵی نەشکاندبێت یان ئەزموونێکی خراپی لەگەڵ خۆشەویستی نەبووبێت. دەکرێت ئێمە ھاوکێشەکە پێچەوانە بکەینەوە و بڵێین ئەگەر تێکشکانی عاتیفی نەبوایە ژمارەی دیکتاتۆر و ستەمکاران بەو ئەندازەیەی ئێستا نەدەبوو. مۆسۆلینی، ھیتلەر دوو نموونەی سوپەر دیکتاتۆرن، ئەگەر رۆبچینە نێو وردەکاریی بایۆگرافیایانەوە ئەزموونی تێکشکانیان لە رووی سۆزدارییەوە دەبینین. لەو باوەڕەدام تا خۆشەویستی لە ژیانماندا ھەبێت، ھەلومەرجی بابەتی بۆ دڵڕەقی و خەونی ستەمکاریی کەمتر دەبێتەوە.
من: ئەمەی تۆ دەیڵێت ھەر ئەو ئەنجامەیە “فرۆید” تیۆریزەی کردووە، کاتێک دەڵێت “خۆشەویستی وەکوو رەمەکی ژیان، ھەر لە سەرەتای ژیانەوە کاری خۆی کردووە، پاشان لە بەرامبەر ئەم غەریزەیەدا رەمەکی مردن دەرکەوتووە، لێرەشەوە مەتەڵەکانی ژیانمان بۆ روون دەبێتەوە”. مادام خۆشەویستی غەریزەی ژیانە، کەواتە دیکتاتۆرەکان دەکەونە دەرەوەی ژیان، ئەگەر لە دروشمی فاشیستەکانی ئیتالیا ورد بینەوە “بژی مەرگ”، ئەو فاکتەمان زۆرتر لەلا روون دەبێتەوە، بۆ ئەوەی دیکتاتۆر بەرھەم بھێنیت، دەبێت سەرەتا مەرگپەروەر بیت نەک ژیاندۆست، ژیاندۆستییش بە دیدە فرۆیدییەکە واتە خۆشەویستی.
خۆم: کەواتە ئێمە چۆن دەتوانین نیشانەکانی خۆشەویستی لە ژیانی دیکتاتۆرەکاندا بناسینەوە؟. راستە سیستمی دیکتاتۆریی لەسەر دڵڕەقی و رەتکردنەوەی ژیان و خۆشەویستی راگیراوە، بەڵام ئایا ئەمە لەسەر ئاستی تاکەکەسیش ھەروایە؟. ئایا مافمان ھەیە بانگەوازی ئەوە بکەین دیکتاتۆرەکان وەک تاکەکەسیش لە مانای خۆشەویستی تێناگەن؟.
من: ناکرێت دیکتاتۆرەکان تەجرید بکەین لە توخمی مرۆڤ، تەنیا ئەوەیە دیکتاتۆرەکان خۆیان بە نموونەی سوپەر و بوونەوەری خەیاڵئامێز و فریادڕەس نیشان دەدەن، ئەمە دیوی فەرمی و ئاشکرای ژیانی ھەر دیکتاتۆرێکە، دەشێ ئێمە دیوی ناوەوە و ئاسایی ژیانی ئەوانیش ببینین، کە وەک ھەر مرۆڤێکی تر شاد دەبن، پێدەکەن و دەگرین، تووشی تراوما دەبن، لەحزەی ناجیددیان ھەیە، سۆزیان دەجوڵێت. ھەر بۆ وێنە کۆچی یەکەمین ھاوسەری ستالین، “ئاکاترینا سڤاندێزی” لە ساڵی ١٩٠٧، نموونەیەکی باشە بۆ روونکردنەوەی ئەم پرسە، کاتێک لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیدا، ستالین دەڵێت “تەنھا ئەم بوونەوەرە نازدارە دەیتوانی دڵە رەقەکەم ئارام بکاتەوە، ئەویش مرد، بە مردنی ئەو ھەموو ھەست و نەستم بەرامبەر بە مرۆڤ نامێنێت”. پاشان دەستی راستی لەسەر دڵی دادەنێت و دەڵێت “ناتوانم چیتر ھەستم دەرببڕم”. ئەمە ھەمان ئەو ستالینەیە بیست ملیۆن مرۆڤی کوشت و توانی سەربکەوێت بەسەر نازیزمیشدا.
خۆم: کەواتە خۆشەویستی و مردن دوو رووداوی ھاوبەشن لە ژیانی ھەر مرۆڤێکدا. خۆشەویستی ھەروەک مردن ھیچ کات نافەوتێت. جارێک “پاولۆ کۆیلۆ” وتی “خۆشەویستی تاکو سەر دەمێنێتەوە، ئەوەی دەگۆڕێت خودی مرۆڤەکانن” بە تێگەیشتن لە خۆشەویستی و کاریگەریی ژن لە ژیانی دیکتاتۆرەکاندا گەیشتمە ئەو بڕوایەی خۆشەویستی لە مردن بەھێزترە، چوونکە وامان لێدەکات ژیانمان پووچ نەبێت، یان ھۆکارێکمان دەداتێ بۆ بەردەوامبوون لەسەر ژیان.
من: وەک خۆم لە ژێر کاریگەریی ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی ئەوسادا، لە سەرەتای لاویدا دەمووت بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە ژیان پێویستە جیھانێکی باشتر دروست بکەین بە میکانیزمی شۆڕشگێڕانە، ئەو قۆناغە شۆڕشگێڕێکی رادیکاڵ بووم، دوای پووکانەوەی ئەو خەونە گەورەیەم، بەرەو رێگە “نیتچە”ییەکە خزام کە “ئەگەر نەتتوانی ژیانێکی شایستە بژیت ئەوە مەرگ ھەڵبژێرە”. زوو لەمەش ژیوان بوومەوە، ھەنووکە دەڵێم کوالێتی ژیانت ھەر چۆنێکە تەنھا خۆشەویستی ھەڵبژێرە، ئەوەی واتایەک بە ژیانمان دەبەخشێت خۆشەویستییە ھەر ئەویش لەمەرگ دەمانپارێزێت.
خۆم: ئامۆنز، لە شیعرێکیدا دەڵێت “پەیوەندیم بەدنیاوە خۆش نەبوو.. سەرەتا شتێکم نەبوو لەوەی دنیا دەیەوێت.. دواتر دنیا ئەو شتەی نەبوو کە من دەمەوێت”. ئەو کاتانەی خۆشەویستی ھەبوو من سەرقاڵی کارێکی تر بووم، با بڵێم ئەو کاتەی خۆشەویستی لە بەردەم دەرگامدا بوو، من لە پەنجەرەوە بۆ نیگارێکی ترم دەڕوانی، ئەمێستاش دنیاکەی من ئەو خۆشەویستییەی تێدا نەماوە من دەیخوازم. خۆشەویستی ھاتۆتە خوار حەزیشەوە، بووە بە درۆ و پاساوێک بۆ بەڕێکردنی چەند شەوێکی سوور.
من: تۆ دەبێت تێبگەیت ژیان رەوشێکی دیالێکتیکییە، لە جێگەیەک ناوەستێت، خۆشەویستی ھەروەک جوانی وایە، بە پێی سەردەمەکان پێناسەکانی دەگۆڕێت، بەڵام ناوەڕۆکەکەی بە جێگیریی دەمێنێتەوە.
خۆم: خۆشەویستی شتێکە قابیلی دەستکارییکردن نییە، یەک سیمای ھەیە بە درێژایی مێژوو، ئەوەی دەگۆڕێت تێڕوانینی ئێمەیە بۆ ئەو چەمکە. ئێستاش خۆشەویستی بچووک کراوەتەوە بۆ بەریککەوتنی دوو جەستە. ئەمە دیاردەیەکی نامۆی ھاوچەرخە.
من: ھەمیشە دەمگەڕێنیتەوە چوارگۆشەی یەکەم و باسی بابەتی رۆح و جەستە. فیساگۆرسییەکان پێیانوایە رۆح لە جەستەدا بەندە، تەنھا لە کاتی مردنی جەستەدا ئازاد دەبێت!!, ئەوان جیا لەوەی بڕوایان بە دۆنادۆنی رۆحە، لە ھەمان کاتدا جەستە بە شتێکی پووچ دەبینن، لەبەرامبەردا “میرۆلۆپۆنتی” پێداگریی دەکات بوونی مرۆڤ بەستراوەتە بە بوونی جەستەوە، لە دەرەوەی جەستە ئینسان لە ئارادا نییە. ئەگەر گریمان رۆح ھەیە، خۆشەویستی تەنھا دیاردەیەکی رۆحی نییە، بەڵکو جەستەیشە، بەریەککەوتنی جەستەکان بە تەنیا لە خۆشەویستیدا مانای ھەیە، تۆ خۆشەویستی لەگەڵ من بکەیت، ناتوانیت جەستەی خۆتم لێ دوور بخەیتەوە، ئەگەر واتکرد ھێشتا لەنگییەک ھەیە و پەیوەندییەکە ماوێتی ببێتە خۆشەویستی.
خۆم: ھەمیشە ئەوەی لە پێکگەیشتنی جەستە دەسڵەمێتەوە ژنە، چوونکە دڵنیا نییە ئەو پیاوەی لە ژێر ناوی خۆشەویستی پەیوەندیی لەگەڵ دەگرێت، تەنیا خوازیاری پەیوەندیی جەستەییە، نایەوێت ببێتە بەشێک لە دنیای ئەو ژنە.
من: ئەوە راستە پیاوی ئێمە تەنھا بە چاوی لەش ژن دەبینێت، ھەمیشە سەرنجی دەچێتە سەر جەستەی ژن و وەک نێچیرێکی سێکسیی سەیری دەکات، ناتوانێت خۆشی بوێت بەڵکو حەزی لێ دەکات!، حەز شتێکە زۆر لە خوار خۆشەویستییەوە، بە حاستەم پیاوێک ھەیە لە جیھانی ژن تێبگات، لە خەسڵەتەکانی ژن حاڵی ببێت، تاکو پیاو لە ژن تێنەگات ناتوانێت خۆشی بوێت، ھەر کات توانی لێی تێبگات پاشان خۆشی بوێت، ئەوسا پەیوەندیی جەستەیی بە ئۆتۆماتیکی روودەدات!، بۆیە ھەمیشە ویستوومە لە پێشدا لە ژن تێبگەم ئینجا خۆشم بوێت.
خۆم: کێشەکە ئەوەیە فەلسەفەی چێژگەرایی بووە بە بەشێک لە تێڕوانینی پاتریارکی، ھەمیشە پیاو وەک سەرچاوەی لەزەت لە ژن و ژیان دەڕوانێت. ئەمە ھەر ئەوەیە “لینین” رکی لێی دەبووە و بە ئاکاری بۆرژوازیانەی لە قەڵەم دەدا.
من: سەرەتا خودی لینین وەک دیکتاتۆرێک تێڕوانینەکەی لە ژێر پرسیار و گوماندایە، لە باری کرداریشەوە ئەزموونی پێچەوانەی قسەکانی خۆی پیادە کردووە. سەبارەت بە چێژگەرایی ئەوە بناوانێکی فەلسەفی دێرینی ھەیە، فەلسەفەی “ئەبیکۆریزم”ی چاخی ھێلیسنتی وەھا سەیری ژیان دەکات، تەقەلا و کۆششی مرۆڤە بۆ مسۆگەرکردنی ئەندازەیەکی زۆری چێژ. چێژگەرایی ھەر رەھەندی سێکسوالێتی ناگرێتەوە، ئەگەرچی سێکسیش یەکێکە لە سەرچاوەکانی چێژ و ژیاندۆستی، بەڵام ھەموو چێژەکانی ژیان لە خۆ ناگرێت، سەلمێنراوە ئەوانەی قێز لە سێکس دەکەنەوە جیا لەوەی لە رووی دەروونییەوە ساغڵەم نین و کەسایەتییەکی سیکۆپاتیان ھەیە، لە ھەمان کاتدا تا راددەیەکی بەرز مەترسیدارن، چون ئەوان ھەمیشە تابووری نوستووی ھەموو ھێزە مەرگدۆست و دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکانن.
خۆم: لە دوای شۆڕشی پیشەسازیی و باڵابوونی سیستمی کاپیتالیزم، جەستەی ژن بووە بە کاڵا و ماتریاڵێکی ھەرزانی بزنس. سەیری ئەو ھەموو مافیا جۆراوجۆرانە بکە چۆن سەرمایەگوزاریی بە جەستەی مێینەوە دەکەن.
من: قسەی ئێمە لەسەر تێگەیشتنە لە جەستە، پێشتر جەستە بابەتی توێژینەوەی پزیشکی بوو، بەڵام ئێستا ماتریاڵی توێژینەوەی دەروونی و فەلسەفیشە، راستە ئێمە خۆمان لە رووی بایۆلۆجییەوە خاوەندارێتی لە جەستەی خۆمان دەکەین، بەڵام بە مانای ئەوەش نییە جەستەمان لە رووی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەوە لە بن دەستی خۆماندا مابێتەوە، بەو پێیەی جەستە ھەمیشە پەروەردە و سیستم کڵێشەی جەستەمان بەو جۆرە رەنگ دەکەن خۆیان دەیانەوێت.
خۆم: ژنانی ئێمە لە جەستەی خۆیان دەترسن، بۆیە ھەمیشە خۆشەویستی وەک پێدراوێکی رۆحی وەردەگرن، رەنگە ئەو ترسە زۆر لە جێی خوێدا نەبێت، بەڵام لەو دەرئەنجامانە دەسڵەمێنەوە کە لە کاتی ئازادکردنی جەستەدا دێنە ئارا.
من: ژنی ئێمە لە بواری بایەخدان بە جەستە و ماکیاژ و نەشتەرگەریی جوانکاریی، تووشی درمی مەسرەفگەرایی بووە، بەڵام نازانێت فەلسەفەی ئەو بایەخدانە بە لەشولاری لە کوێدایە. کاتێک گوێی بۆ دەگریت، باسی بۆشایی رۆحی خۆی دەکات، ئەو رۆحەی من زۆر بە گومانم لێی، تێناگات بەڵاکە بۆشایی رۆحی نییە، بەڵکو ئەوەیە فێر نەبووە چۆن جەستەی ئازاد بکات، یان ئازادانە مامەڵە بە جەستەی خۆیەوە بکات، ناچار بە دوای بەھانایەکی تردا دەگەڕێت لە دەرەوەی جەستەی.
خۆم: کەواتە چارەسەری ھەموو شتێک خۆشەویستییە. تەنانەت ھەموو ترسێک بە خۆشەویستی لەناودەچێت. ئەمە ھەمان ئەو گەوھەرەیە ھەمیشە “ئۆشۆ” پێداگریی لەسەر دەکات.
٥-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: سیانزە و پێنج خولەکی نیوەڕۆ
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




غەزەلە نەوتراوەکان.. ستیڤان شەمزینی

غەزەلی یەکەم

ترسم لە ھیچ کۆتاییەک نییە
بەپێوە دەوەستم
بۆ مردن نەک لەسەر چۆک
ھەمیشە لە سەرەتاکان ترساوم
وەک دەستپێکی عەشقێکی ناکام


لەوانەیە مێشکم تاڤگەیەک بێت
بە ھاژەوە دوا ھەناسەی بدات
لەوانەیە ھەستم برینێک بێت
لە بری خوێن
شیعر لێوەی فیچقە بکات
بە بێدەنگی
بە دەمارەکانی ئەویندا بگەڕێت


ھەتا ماوم لە زیندەگیدا
گۆرانی بۆ ژیان دەڵێم
ھەرچەند کەسێک نییە
گۆرانییەکەم بسەنێتەوە
یان لە بەستەکانم وردبێتەوە
ھێشتا ئەمە
حەزی منی پێ نەکوژراوە
لە گۆرانی وتن
بۆ خۆشەویستی ژن


راستیی ھەموو کات باش نییە
ھەقیقەت وەک چەکی کۆکوژ وایە
زۆرجار درۆیەک ھۆکارە بۆ مانەوەت
یان بوختانێک
بە دەم ئایندەی خۆتەوە ھەڵیبەستیت


شاعیرێکی عاشقم
پێش شیعر
عەشق لە چاومدا ھێلانەی کرد
ئەمێستاش
کە دەفتەری شیعرم دەکەمەوە
پەپولەی خۆشەویستی
تۆی تێدا ھەڵدەفڕێت


خەونێکی زۆر گەورەم ھەبوو
ھەمیشە لە چاوەکانم یاخی دەبوو
خەونم دەبینی
توند توند لە ئامێزت بگرم
ئای چەند تاڵە
ئەم خەونە گورگی مەرگ خواردی


شیعرەکانم ھیچ ناڵێن
بزە نین
بۆ سەر لێوی ھیچ فریشتەیەکی زیز
چاوەڕوانی شەماڵی جێژوان ناکەن
نا، ئازیزم ئەم شیعرانە
تەنھا نرکە نرکی گیانێکن
لە دەمی ئاوابووندا


ھەموو رێگاکانم ون کردووە
ئەو رێگایانەی لە باوەشی میھرەبانیی
شۆخە ژنێکدا
دەمگەیەننەوە بە خۆم
چەند ساویلکانە
ھەموو رێگاکانم ون کرد
ئێستا دۆزەخ
بیر لە من دەکاتەوە
ژنێک لەنێو خۆمدا
بە کوڵ بۆم دەگریێ


ئەو دڵەت لە یاد ناکەم
بە سۆزی گڕگرتوو
بە بۆنی بەھار داپۆشرابوو
پێشکەشی منت کرد
ئەو رۆحەشم لە یاد ناچێت
گۆرانی لێ دەڕژا و
منی کردە کۆپلەیەکییەوە


من مرۆڤێکی دوو دڵم
دڵێکم
لەناو خۆپیشانداندا جێماوە
دڵەکەی ترم
لە تەمتومانی پووچگەراییدا
دڵێکم
لە کۆڵانێکی عەقاری جێھێشت
دڵەکەی تریشم
لەم سەحرای سەھۆڵەدا بەستوویەتی
تەنیا لە بەرامبەر تۆ
یەک دڵم ھەیە
ئەی ئەو ژنەی ماچەکانت
بۆنی کانیاوێکی نیشتمانی لێدێت


نێوانم لەگەڵ خۆم ناخۆشە
ئاگر بە ناخی نەرمم فێر بووە
“با” گاڵتە بە دەواری شڕی
تەمەنم دەکا
زەردەواڵە
بە خەونە ناسکەکانمەوە دەدا
لەگەڵ ھەموو ئەم موعاناتەدا
لە ئاوێنەی دڵمدا
تەنھا ژنێک دەبینم
لەناو زیندانی نوتەکی نێرێکی تردا





ئەوەی لە کۆتاییدا لەم جیھانەدا دەمێنێتەوە تەنیا خۆشەویستییە-10-.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی دەیەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: مرۆڤ وازی لە خۆشەویستی ھێناوە، چ خۆشەویستی بۆ سروشت، چ خۆشەویستی بۆ خۆی وەک مرۆڤ. ھێندە دەستی وێرانکاریی بۆ ھەموو لایەک درێژ کردووە نەک ھەر زەوی، بەڵکو خەریکە بۆشایی ئاسمان دەکەوێتە بن ھەڕەشەی دەستدرێژیی و چاوچنۆکییەکەی. تێزێک ھەیە دەڵێت جگە لە مرۆڤ ھەرچی گیانەوەرانی ترن دۆستی سروشت و ژینگەن، مرۆڤ وەھا زەوی شێواندووە، زانایان لەو باوەڕەدان دوو ملیۆن ساڵ دوای نەمانی مرۆڤ، ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی پێش شۆڕشی پیشەسازیی. ئەمە ھەمووی ھۆکارێکی ھەیە ئەویش نەمانی خۆشەویستییە.
خۆم: دوو ملیۆن ساڵ کاتێکی زۆر نییە سەبارەت بە گەردوون، بەڵام بە بەراوورد بە تەمەنی مرۆڤ ژمارەیەکی خەیاڵییە، سەیرە مرۆڤ ھەموو پێشکەوتنەکانی خۆی لەسەر حیسابی تێکدانی رەوشی سروشت و ژیانی گیاندارانی دیکە پەرە پێداوە! نوخبەیەکی زۆر کەم نەبێت، حەوت ملیارد مرۆڤ بەشێوەیەکی دڕندانە رەفتار لەگەڵ ئەو رووبەرە ماندووەی ژیانکردن دەکەن کە ناوی زەوییە.
من: خودی گەردوون بەو پان و بەرینییە لە سەرەتادا قەبارەیەکی بچووکی ھەبووە و دواتر بەشێوەی ھەڵئاوسان زیادی کردووە، ئەوەی پێی دەوترێت تەقینەوەی گەورە “بیک بانگ” لە قەبارەیەکی بچووکدا روویداوە و پاشتر گەردوون بەم شێوەیە کشاوە کە نە سەری ھەیە و نە بن. زەوی وەک بەشێکی زۆر بچووکی گەردوون، تاکە شوێنی کەشفکراوی ژیانی زیندەوەرانە، ئەمیش ئێستا لە ژێر ھەڕەشەی لەناوچوونە. “ستیڤن ھاوکینگ” پێش مردنی وتی “رۆژەکانمان لەسەر زەوی دیاریکراون”، بۆیە پێشنیاری کۆچی مرۆڤی کرد بۆ سەر ھەسارەیەکی تر بە مەبەستی بەردەوامیدان بە ژیان. پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ لەوێش ژیان ھەمان ژیانی ئێرە دەبێت؟!. من ئێستا لە بری مەرگ، بیر لە چارەنووسی ژیان دەکەمەوە، دەمەوێت لە مێژووی ژیان و حیکمەتی بوون تێبگەم، ئەوە وەڵامی ھەموو شتێکی لە ھەگبەدا ھەڵگرتووە، ئەگەر سەرکەوتوو بم دەتوانم بە دڵنیایی بژیم، رەنگە خوێندنەوەی کتێبەکەی ھاوکینگ “کورتە مێژووی زەمەن” کتێبێک بێت لەم قۆناغەدا زیاد لە ھەر کتێبێکی تری فەلسەفیی بۆ من بایەخدارتر بێت.
خۆم: دیدە سپینۆزاییەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ژیر بیر لە ژیان دەکاتەوە نەک مردن. تەنانەت ترس لە مەرگ شتێکە زیاد لە خۆی گەورەتر کراوە. وەک خۆم لە مردن ناترسم، لە روانگەی ئەوەی ئەزموونم نەکردووە، کەسێکیش نەھاتۆتە باسی وەحشەتناکییەکەی بکات!. تەنیا ئەوەیە مردنم خۆش ناوێت، خۆشنەویستن جیایە لە ترسان. بە دیدی ئەپیکۆرس تۆقین لە مەرگ رێگەی شادبوونمان لێ دەگرێت، “ھیگل” زۆر زیاتر لەمە دەڕوات و پێیوایە ترسان لە مردن فاکتۆرە بنەڕەتییەکەی چەوساندنەوە و کۆیلایەتییە.
من: ئەگەر بە دەستی خۆم بوایە ھەرگیز رێم بە لە دایکبوونم نەدەدا، بەڵام کە بەبێ ویستی خۆم مەحکوم کراوم بە ژیان، پێ بە پێ لەگەڵیدا دەڕۆم. لە واقیعیشدا سەر زەوی خۆی گۆڕەپانێکی گەورەی ئۆپێرایە، ھەر کەسەو جۆرە گۆرانییەکی تێدا دەچڕێت، یەکێک گۆرانییەکی غەمگین، یەکێکی تر گۆرانییەکی شاد، بەڵام من تەنھا سترانی خۆشەویستی تێدا دەڵێم تاکوو ئەو چرکەساتەی مردن دێت.
خۆم: ژیان و مەرگ دوو رووداوی ناوازەن و لەگەڵ یەکتر زۆر جیاواز نین، ھیچ مەرگێک بە بێ ھەبوونی ژیان لە ئارادا نییە، بە دیوێکی تردا مەرگ دەرئەنجامی ژیانە. جارێک “ئەدۆنیس” لە پۆستەرە شیعرێکدا نوسیبووی “ژیان پۆشاک دەکاتە بەری مەرگ، مەرگ رووتی دەکاتەوە”. بەدەر لەمە ھەستکردن بە پووچێتی ژیان یان رەشبینی لە بەرامبەر ھەبووندا، مانای ئەوە نییە دەست لە ژیان بشۆین و بەدیار ھاتنی مەرگەوە ئێشک بگرین یان خۆمان بڕیار بدەین لەسەر مەرگمان. ئاخر ھەر خودی ژیان کەشتییەکە بە خۆی و سەرنشینەکانییەوە نقومی زەریای مەرگ دەبێت.
من: مرۆڤێکی رەشبینم، تاکو ئەندازەیەکی زۆریش ژیان بە شتێکی پووچ دەزانم، لەگەڵ ئەوەشدا دژی خۆ لەبەین بردنم، ئاخر خۆکوشتن ھەڵھاتنە لە باری قورسی ژیان، ھەرگیز پشتیوانی لە ھیچ ھەڵھاتنێک ناکەم، زۆرجار ئەو بیرۆکە و ختورەیە ھاتووە بە مێشکمدا، بەڵام بە خۆشەویستی ژنێک لە خۆمم دوور خستۆتەوە. لە روانگەی “ئەلبێر کامۆ”دا ھۆکارەکانی بەردەوامیدان بە ژیان چەند ھێندەی فاکتۆرەکانی خودکوژیی ماقووڵ و رەواترن، ھەرچەند ژیان زەحمەتە و تاکو لوتکەش بێمانایە، بەڵام لە ژیان بێماناتر خۆکوشتنە، بگرە خۆکوژیی لوتکەی بێماناییە.
خۆم: داتا و ئامارەکان پێماندەڵێن رێژەی خۆکوشتن لەسەرتاپای جیھاندا لە ساڵێکدا لە ٨٠٠ ھەزار حاڵەت تێپەڕیوە، دەکرێت ئەم دیاردەیە فراوانتر قسەی لەسەر بکرێت و لەو چوارچێوە تەسکەی جیھانبینی “دۆرکھایم” بھێنرێتە دەرەوە کە باز بەسەر باری دەروونی تاکی خۆکوژدا دەدات، کە ھەر ئەوەندەی لە دەستدێت بە “داڕمانی ئەخلاقی” پێناسەی بکات. پێموایە خۆکوشتن ھەمیشە ھەڵھاتن نییە لە ژیان، بەڵکو ھەڵھاتنە لەو کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتیانەی ژیان بۆ مرۆڤی دروست دەکات. تەنانەت زۆرجار فەلسەفەش پشتیوانی ئەو کردەیەی کردووە.
من: قوتابخانەی فەلسەفەی رەشبینی ھەمیشە پشتیوانی خۆکوژیی ناکەن، وجودییەکان ژیان وەک ئازارێک دەبینن بەڵام ھانی مرۆڤ دەدەن بۆ چێژوەرگرتن لەو ماوە کورتەی لەژیاندا بەدەستییەوەتی. ھەر خۆم لە سەرەتای خوێندنەوەی فەلسەفەی ئەڵمانیدا، تووشی کەسێکی وەک “شۆپنھاوەر” بووم، ئەو فەیلەسووفێکی سەرسامکەرە، زۆر بە خێرایی سەرنجی راکێشام و کەوتمە ژێر کاریگەریی تێزەکانییەوە، ھەموو ئەو فۆرمۆڵەبەندییانەم قبوڵ کرد کە باس لە بێھودەیی ژیان و پووچی بوون دەکەن، بەڵام ھیچ کات نەمتوانی ئەو بەشە لە تێفکرینی گەوار بکەم کە ھانی کردەی خۆکوشتن دەدات. زۆر جار وا باشە مرۆڤ دەستکاریی یاسا سروشتییەکان نەکات، چ پێویست بەوە دەکات ئەو مەرگە حەتمییەی چاوەڕوانمانە لە رووی کاتەوە پێشبخەین؟.
خۆم: شۆپنھاوەر لەگەڵ ئەوەی رەشبین بوو، بەڵام کاریگەریی بەرچاوی ھەبووە لەسەر ئەدگاری فەلسەفە لە دوای خۆی، ئەو ئاتەئیست و راسیۆنال بوو، وتەزا بە ناوبانگەکەی “کێشە فەیلەسووفەکان لەوەدایە، بۆ دۆزینەوەی راستییەکانی بەردەمیان، سەیری ئاسمان و ناو ھەورەکان دەکەن”. ئەمەش داگرتنی ئیشی فەلسەفەیە لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی. جیاواز لەمە ھەستدەکەم ھەمیشە رەشبینی کردار نییە، بەڵکو پەرچەکردارە، دیاردەیەکە ھەمیشە لەناو ناھەمواریی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونیدا لەدایک دەبێت. بەڵام ئاخۆ نەوەی ئێمە ئەو رەشبینییەیان لە چییەوە بۆ ماوەتەوە؟. بۆچی ئێمە نەوەیەک بووین نەماندەتوانی پێبکەنین، تەنیا فێری فرمێسک رشتن و گریان ببووین؟.
من: ئێمە نەوەیەک بووین بەر نەفرەتی مێژوو کەوتین، چوونکە ژیانمان کەوتە بەرداشی شەڕی براکانی کورد لە شاخ و شار. حکایەتەکانمان پڕن لە گریان و کابووس، زمانمان بە خەم پژا، لەناو رەوڕەوەی نائومێدییدا پێمان گرت، داری تەمەنی گەنجیمان بەری غوربەت و سەر ھەڵگرتن لە نیشتمانی گرت، جوانترین وشەکانمان بوونە پەتی سێدارەی گەردنی ئارەزووەکانمان، بێگەردترین خەونەکانمان دەیان جار مۆتەکەی قاتوقڕی لاقەی کردن، ھەگبەی ژیانمان لێوانلێوە لە زامی قووڵ قووڵ و خاڵی خاڵییە لە رەنگە پەلکەزێڕینەییەکانی ژیان، ئێمە بە مردوویی لە دایکبووین و لە باوەشی نیشتمانی دایکدا چەند جار کوژراین، لە رەگەوە ھەڵکێشراین، تازە لەم بەردەڵانەی مەنفا چرۆ دەرناکەینەوە، ئێمە لە بەھاری رۆژھەڵاتدا وەرین، لەم خەزانە ھەمیشەییەی خۆرئاوادا سەوز نابینەوە، ئێمە نەوەیەک بووین لە ژێر دووکەڵی باروت و لە سایەی ئەژدەھاکاندا چاوەکانمان پڕ کران لە رەنگی تاریکی رەشبینی، گوێیەکانمان تەژی کران لە قریشکە و ھاوار، ئێمە نەوەیەک بووین قڕمان تێکەوت و ژیان بەھەموو شێوەیەک پشتی تێکردین. ئیدی بیانوومان ھەبوو بۆ رەشبینی کە من بۆ ئەم نەوەیە کەمترین بیانوو دەبینمەوە تاکو ژیان بە لێڵی ببینن.
خۆم: نەوەی ئێمە ھەرچەند رەشبین بوو، نەوەیەکیش بوو ھەموو پەنجەرەکانی ئازادیی بەڕوویدا داخرابوون، کەچی ھەمیشە چاومان لە ژیان بڕیبوو، تەنانەت لە ژێر دیسپۆتیزمی ئاین و ترادیسیۆندا، رەنگی خۆشەویستیمان تۆخ دەکردەوەـ، ئەوەی سەیرە ئەم نەوەیە بە رەشبینییەکی دەستکردەوە، پۆرترێتی خۆشەویستی دەشێوێنێت.
من: خۆشەویستی ھەروەک خۆی دەمێنێتەوە، ھیچ کات ناشێوێت، خۆشەویستی تاکە شتە کە قابیلی شێواندن نییە، رەنگە لەبەر چاوان ون ببێت، بەڵام ھەمیشە کۆمەڵێک ڤیگەر ھەن لە رۆحیاندا دەیپارێزن. ئەوەی لە کۆتاییدا لەم جیھانەدا دەمێنێتەوە تەنیا خۆشەویستییە، بۆیە ئازیزم ھاوشێوەی نامەکەی “شاملۆ” بۆ “ئایدا” پێنج جار پێتدەڵێم “زەردەخەنە لە بیر مەکە”. خۆشەویستی ھەرچەند تاڵیش بێت، بەڵام جگە لە زەردەخەنە ھیچ شوێنەوارێکی تر بەسەر رووخسارمانەوە جێناھێڵێت.
١-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: ھەژدە و سی خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




سترانە کپەکان.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ھەرچەند بیر دەکەمەوە
من ھیچی تر نیم
جگە لە ئاگرێکی رەش
تۆش دوکەڵێکی سپی


ھەست ئەکەم
شتێک لە بارەی داھاتوو دەزانم:
ئێوارەیەک قەڵەمەکەم
خۆی دەکوژێت
تۆش
داوای شیعرێکی ژیاندۆستم
لێ دەکەیت


ھەرگیز لەم کۆدە تێناگەم
من دێمە ھەر شوێنێک
تۆی لێی
تۆ دێیتە ھەر شوێنێک
منی لێ نیم


پەندێکی دێرین ھەیە دەڵێت
عاشق کاتێک دەمرێت
لە خاکدا نانێژرێ
لە رۆحی مەعشووقدا
ھەناسە دەدات


سترانێکی قەرەجیم
گوێ لێ بووە:
شاعیر
وشە لە قامووسی عیشق
قەرد دەکات
عەشق خۆیشی
فەرھەنگێکە لە ئازار


گوێم لە موناجاتی دێوانەیەک بوو:
عەشقم وەک پەرداخێک ژەھر فەڕ کرد
سەرلەبەر ھەناوم بوو بە نوور


پرسیارم لە لاپەڕەیەکی سپی کرد
چاوەڕوانی چیت دەکەیت
لە شاعیر؟
وتی:
ھەناوم بە ستایشی یار
رەش بکاتەوە!


پێم سەیرە
دیوار ھێندە بە پێوە وەستاوە!
چۆن ماندوو نابێت
لە دابڕینی جوانی
لە چاوی سروشت؟


عاشقەکان ھەمیشە ماندوون
کێوێک ھەست و
شاخێک عاتیفە بە کۆڵیانەوەیە
ناتوانن لەسەر ھیچ دڵێک داینێن


چیا چەند سەخت و رەق بێت
جۆگەلەیەک دڵی کون کون دەکات
ئیدی من بەم ھەموو نەرمییەوە
چۆن بەرگەی تۆفانی ماچی تۆ بگرم؟


ھەر لە خۆڕا پێموایە
عاشقەکان
ژیان لە نەبوونەوە دەھێننە ئارا
شاعیرەکان
مێژووی ئەوان دەنووسنەوە


شاعیرەکان زۆر سەیرن
ھەوڵدەدەن عەشق بخزێننە
بۆتەی دەقەوە
ئەوە نابینن
گەردوون بەو بەرینییە
جێی ئەوی تێدا نابێتەوە


دان بەوەدا دەنێم بێ ھیوام
ساڵانێک لە دڵێکی مەلولدا
بە دوای ئومێددا دەگەڕام
ساڵانێک
چاوەڕوانی ئاوی گەشبینی بووم
لە گۆزەیەکی درز بردوودا


راستییەک ھەیە
دەمەوێت بیخەمە رستەوە
لەوەتی ھەم وەک ھەڵۆیەک دەفڕم
ھەتا دێ لە خۆم دوور دەکەومەوە
ئیدی تەمەنا دەکەم
بەربمەوە بۆ نێو خۆم


زۆر دەمێکە
دڵێکم لە سینەی گریاندا
ھێندە رووقایمانە
خۆم لە گێلی دەدەم
چاوەڕوانی کلویەک پێکەنین دەکەم
ئەم بەفری زەردەخەنەیە
لەو ئاسمانە روو گرژەی ژیانما
کەنگێ دەبارێت؟


چاوی من
لە دڵی دایکم دەچێت
دەقەکانیشم لە رۆحی باوکم
خەونەکانم
لە نازی خوشکەکانم دەچن
روانینەکانیشم
لە سەرنجی براکانم
تەنھا ئازارەکانم لە خۆم دەچن


خۆشەویستێکم دەوێت
دەست بھێنێت
بەسەر ئاوریشمی ھەستمدا
پەرتبوونم
لە چاوەکانیدا کۆ بکاتەوە
دڕکی حەسرەت
لە خەیاڵەکانم دەربھێنێت
کە گریام بە دەستڕی ماچ
جۆگەلەی فرمێسکم بسڕێت


شەوێکیان بیرم دەکردەوە
ئەگەر ئەمشەو ژنێکی سپی
بێتە ناو پێخەفی رەشمەوە
بە ماچ لێوی شیعرم سوور بکات
لەنێو لەشی گەرمیدا نقوم بم
ئایا ھێشتا گلەییم لە ژیان دەبێت؟


وتم نابێت بڕۆم بۆ جەنگ
سەنگەرەکان پڕ ناکەم
لە ھەنگوینی شیعر
فیشەکەکان تەژی ناکەم
لە مرەبای عیشق
ئەگەر جەنراڵەکان بەم کارە بزانن
لە دۆڵی کینەدا
سەر بەرەو خوار ھەڵمدەواسن


ئەو دەمەی
لە منداڵدانی دایکم
ھاتمە دەرەوە
شێری غەم و غوربەت
دایکمی خوارد
ھەموو ھەوڵی باوکم بۆ ئەوەبوو
من لە دەمی چەقەڵی
بێ دایکی رزگار بکات


من دەمەوێ
فەرھەنگی زمان پاک بکەمەوە
تا عەشق
چیتر بە زەجرکێشان
راڤە نەکرێت
شیعر و ئازار
ھیچی دی
ئامۆزای یەکتر نەبن
وشەی خیانەت
لە زەینی ھەر ژنێکی عاشقدا
بە مرەکەبی ماچ بسڕدرێتەوە


ئەوەندەی من
بە بیرم دێتەوە
ئەو رێبوارە گەڕۆکەی
عەوداڵی وشە بوو
پێیان دەگووت شاعیری سەرشێت
ئەو دێوانەیەی سەوداسەری
ژنێک ببوو
پێیان دەگووت خەڵوەتکێشی نەگبەت
ئەمێستا من شاعیرێکی نەگبەتم


شەقامی دڵم ئێجگار چۆڵە
خانمێک بە چەپکێک گوڵەوە
پیاسەی تێدا ناکات
فوارەیەک لە شادمانی
لە قەراغییەوە بوونی نییە
سەنتورژەنێک وەک میوانێکی ناوەخت
بەسەریدا گوزەر ناکات
کەچی ھەرچی ئازارە
پێیدا ھەڵدەگەڕێت
ھەر کاروانی دوای تەرمی گوڵە
فڕکان فڕکانێتی


دەست ئەخەمە گەردنی شەوگار
بە تاوانی کوشتنی تاریکی
دادگایی دەکرێم
دەست دەخەمە
ناو پرشنگی زێڕین
بە تۆمەتی دڵداریی
لەگەڵ رووناکی زیندان دەکرێم
باوەش دەگرمەوە بۆ باران
بە پاساوی ھەستانی لافاو
گوللە دەنێن بە بەختمەوە
لە ژێر لێزمەی ماچمدا
ژنێک سەما دەکات
بە بیانووی نامووس
چاوی شیعرم ھەڵدەکۆڵن


ھێندە سەرمامە
لەناو ئاگریشدا
ھەست بە تەزینی سەرم دەکەم
بەرگەی ھەوای سارد و
نیگای سارد ناگرم
خانمەکەم
ئەگەر ھاتیت بۆ ئێرە
تکایە بەفری چیای شەرم
لە شانت بتەکێنە


رەنگە سەفەر بکەم
بەرەو کوچەیەک
تەنیا شیعر
رێی تێبکەوێت
بەرەو کەنارێک
تەنیا کەشتی عەشق
لەنگەری لێ بگرێت
بەرەو ئاسمانێک
بە باڵی یاخبوون نەبێت
نەتوانیت تێیدا بفڕیت
بەرەو خۆم
بۆ دۆزینەوەی
ئەو ئاوریشمە ژنەی
بێشکەی ھەستم
بە ئارامی رادەژەنێت





تا شارستانییەت پێشبکەوێت، خۆشەویستی کەمتر دەبێتەوە!.. مۆنۆلۆگی نۆیەم.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی نۆیەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین چەرخی باڵادەستیی تەکنۆلۆژیایە، شێوەی خۆشەویستی لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا زۆر جیاوازە ھەتا بە بەراوورد بە ساتەوەختی باڵابوونی شۆڕشی پیشەسازیی. سەیرە تا شارستانییەت پێشبکەوێت، خۆشەویستی کەمتر دەبێتەوە!! وەک ئەوەی ئەو دووانە لەسەر نەفیکردنی یەکتر وەستابن.
من: خۆی شارستانی دیاردەیەکی رۆمانسی نییە، بەڵکو لەسەر سترۆکتۆری دڵڕەقی رۆنراوە. تۆ سەیرێک بکە ئەوەی ئەوروپای ھێنایە ئەمڕۆ شۆڕشی پیشەسازیی بوو، ئەو شۆڕشە فینۆمینێکی ئیستاتیکی نەبوو، بەڵکو لەسەر رەنجکێشانی چینی کرێکار دروستبوو، ھەر ئەو رەنج و زەحمەتکێشانە بوو سەرنجی “مارکس”ی بەلای خۆیدا راکێشا. بڕوانە بۆ زەمەنێکی دێرینتر و لە ھەڕەمەکانی میسر رابمێنە، کێ زیاتر کۆیلەی ھەبووبێت و زەحمەتی زۆری خستبێتە ئەستۆیان، ھەڕەمی ئەو فیرعەونە گەورەتر و راقیتر بووە، تەنانەت باشتریش بەرگەی تێپەڕینی مێژووی گرتووە.
خۆم: ئەوەی لە بیرت کرد، کرۆکی مەبەستەکە بوو، ئەویش باسی پووکانەوەی خۆشەویستی بوو لە چاخی زانست و تەکنۆلۆژیا، وەک ئەوەی خۆشەویستیش بەشێک بووبێت لە پەرەسەندنی قۆناغێکی مێژوویی ژیار، یان لەوانەیە لەژێر کاریگەریی بارودۆخێکدا وەک دایناسۆرەکان قڕی تێکەوتبێت.
من: تەکنۆلۆژیا بە قەدەر رەھەندە پۆزەتیڤەکانی، ھەڕەشەیە و دڕندەشە.!، لە سایەی تەکنۆلۆژیادا مرۆڤ بەرەو ئامێر و رۆبۆتبوون ھەنگاو دەنێت. ژیانی کۆلێکتیڤی مرۆڤەکان کەوتۆتە ناو دڵڕەقیی سندووقە بچووکە سیحرییەکەوە “ئایپاد و مۆبایل”. رۆبۆت دەتوانێت رۆڵی میکانیکیانەی مرۆڤ ببینێت، بەڵام ناتوانێت چالاکییەکی مرۆڤانەی چەشنی خۆشەویستی ھەبێت، ئەی ئەو کاتەی مرۆڤ بووبێتە رۆبۆت چۆن داوای خۆشەویستی لێ دەکەیت؟. خۆشەویستی لە سەردەمی تەکنۆلۆژیادا بووەتە ترادیسیۆنی ھۆزە پریمیتیڤەکان، مەگەر لەناو خێڵەکانی ئەمازۆندا بیدۆزینەوە.
خۆم: تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشمان کەوتوونەتە ژێر ھەڕەشەی تەکنۆلۆژیا. دیقەت بدە لەو ئامێری پلەی ستەیشنە نوێیەی منداڵان کە ھەر کام لە منداڵەکان دەتوانن لە ماڵی خۆیانەوە بەشێوەی بلوتوس لەگەڵ یەکتر یاری بکەن، ئەمە کارئاسانییە، بەڵام ھەڕەشەشە، تەنانەت پێشبینی دەکەم دوای سەدەیەکی تر مرۆڤەکان نەتوانن لەمسی یەکتر بکەن، بە زمانی موبایلی زیرەک و ئامێرە تەکنۆلۆژییەکان نەبێت لە یەکتریش تێنەگەن!. لەم قۆناغەدا ئەوەی وەک کەلەپوورێکیش نەماوەتەوە بێگومان خۆشەویستییە.
من: دێڕێک لە یەکێک لەو فیلمانەم بیر دێتەوە کە پاڵەوانی فیلمەکە دەڵێت “خودا لە دۆزەخەوە جوانتر دەبینرێت”. ئێمە بۆ ئەوەی خۆشەویستی ببینین یان ممارەسەی بکەین، دەبێت بێینە دەرەوەی ئەو بەھەشتە دروستکراوەی زانست و تەکنۆلۆژیا، بۆ ماوەکیش بێت خۆمان لە شەپۆلە کارۆ موگناتیسییەکان بشارینەوە، ھەرچەند ئەمە ئەستەمە تۆ وەک پێکھاتە فیزیکییەکەت لە سەردەمی نانۆ تەکنۆلۆژییدا بیت، وەک بیر و دەروون لە قۆناغی پێش شۆڕشی پیشەسازیی.
خۆم: لەگەڵ ئەوەشدا تەکنۆلۆژیا و فیزیای کوانتۆم و نانۆ تەکنۆلۆژیی خزمەتێکی گەورە پێشکەشی مرۆڤ دەکەن، تۆ دەتوانیت لە رێی ماڵپەڕی “گوگڵ”ەوە ھێندەی پەنجا ساڵ کتێب خوێندنەوەی باپیرت لە مانگێکدا زانیاریی بەدەست بخەیت، یان ئەو نەخۆشییانەی ھێندەی جەنگی جیھانی یەکەم مرۆڤیان لەناوبرد، ئێستا بە ھۆی تەکنۆلۆژیای نانۆوە چارەسەریان بۆتە ئاسانترین رێگا. ئەمە رووکارە پۆزەتیڤەکەی تەکنۆلۆژیایە کە نابێت بێ ویژدان بین لە باسکردنی.
من: بابەتەکە قێزکردنەوە و بوغز نییە بەرامبەر بە تەکنۆلۆژیا، قسە لەسەر کاریگەرییە نێگەتیڤەکانێتی کە دەتوانم بێ دوودڵیی بڵێم پترن لە رەھەندە پۆزەتیڤەکانی. ئێمە لە بارەی چەمکی خۆشەویستییەوە قسەمان دەکرد، ھەر چۆنێک بێت تەکنۆلۆژیا بێ ئەوەی مەبەستی بێت، خۆشەویستی لەناو دەبات، ئەو شارستانێتییەی خۆشەویستی تێدا نەبێت، دەست بەسەر ھەموو گەردوونیشدا بگرێت شارستانییەکی مردووە، تەنانەت ئەگەر مردن خۆیشی لەناو ببات!.
خۆم: باس ھاتە سەر مردن. خولیای نەمریی و گەڕان بە دوای نەمریدا، ھەمیشە خولیایەکی دێرینی مرۆڤ بووە، نەمربوون مێشکی مرۆڤی سەرەتایی سەرقاڵ کردبوو، ھەروەک چۆن مێشکی مرۆڤی مودێرنیش بەدەر نییە لەم ویستە. کەچی شتێک مرۆڤی نوێ لە میتۆلۆجییە بابلییەکە جیا دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە لەو ئەفسانەیەدا “گلگامێش” دوای مردنی “ئەنکیدۆ”ی ھاوڕێی خۆشەویستی، بە دوای نەمرییدا دەگەڕێت!، کەچی ئەو ھەموو مەرگە لە چوار دەورماندا وامان لێناکات بە جیددی و بە پاڵپشتی تەکنۆلۆژیا بیرێک لە نەمریی بکەینەوە.
من: مرۆڤی ھاوچەرخ بیر لە ژیان دەکاتەوە، چوونکە کاتی نییە بۆ بیرکردنەوە لە نەمریی، تەنانەت ھێندە خەریک کراوە بە چەرمەسەرییەکانی ژیانەوە، بەسەر ئەوەدا باز دەدات کە ژیان لەناو خۆیدا تۆوی مردنی ھەڵگرتووە. جیاواز لەمەش ھیچ کەسێک ناتوانێت مەرگ لە خۆیدا کەشف بکات.
خۆم: پێموایە مرۆڤی ھاوچەرخ چارەسەرێکی تری دۆزیوەتەوە، ئەویش ھەوڵدانە بۆ نەمرییەکی رەمزیی، نووسەرێک لە کاتی نووسینی کتێبێکدا دەیەوێت لەو رێگەیەوە خۆی بۆ کاتێکی درێژ بە زیندوویی بھێڵێتەوە، ئەمەش بە روونی لە چاوپێکەوتنێکی “ژاک دریدا” لە کاتێکی نزیکی مەرگیدا رەنگیداوەتەوە کە ئەو ھەستەی تێدا بەدی دەکرێت خوازیارە بەو فۆرمە رەمزییە نەمر بێت. جیا لەمەش ئەوەی جێی سەرنجمە نقومبوونی مرۆڤە لە ژیاندا!.
من: ئێمە تاکو لە مەرگ تێنەگەین توانامان نییە تەفسیری ژیان بکەین، ئەمە ھەمان وەزیفەی فەلسەفەشە لەکن پلاتۆ، بەو پێیەی لە دیدی ئەودا فەلسەفە واتە توانای تێگەیشتن لە مەرگ، بەڵام درێدا خۆی وەھا دەبینێت مادام لە مەرگ تێنەگەیشتووە ھێشتا فێری ھونەری ژیانکردن نەبووە!. دەکرێت وەک شاعیرە ژاپۆنییەکە بڵێم خودی “ژیان بە پێی نزیکبوونەوەمان لە مردن، دەدرەوشێتەوە”.
خۆم: ئەو ھەستەم ھەیە سەبارەت بە تۆ، کە خۆی لە دوو فۆرمی جودا دەبینێتەوە، فۆرمی یەکەم، مەشقکردنە لەسەر ئەوەی مردن وەک دیاردەیەکی ترسناک بەڵام حەتمی قبوڵ بکەیت. فۆرمی دووەم، کارکردنتە لە بواری نووسین بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە خۆت لە نێو زیندووەکاندا بھێڵیتەوە بۆ ھەمیشە.
من: نەخێر بەو جۆرە نییە. من پێویستم بە پەلەکردنە، شتێکی سەیر سەرنجی راکێشاوم، تا ئەو کاتەی گەنجیت و وزەت زۆرە بۆ نووسین، دەبێت بە خوێندنەوەوە سەرقاڵ بیت و ھەوڵبدەیت ھیچ نەنووسیت کە تەمەنیشت ھەڵکشا ئەو سەرمایەیەی بە ئەزموون و خوێندنەوە پاشەکەوتت کردووە وزەت نییە بۆ نووسینەوەی!. بەڵام من وا ناکەم چی فێر بووم بە زوویی دەینووسم، ئەمە راستیی منە. دەمەوێت شتێک ھەیە بیگەیەنم، نازانم بە کێ؟ بەڵام دەزانم دەبێت ئەو پەیامەم بگات!.
خۆم: کەواتە تۆ بۆ خەڵک دەنووسیت، وا نییە؟ بەڵام خەڵک ھەمیشە گوێ بۆ زۆربێژیی دەسەڵاتداران دەگرێت.
من: بۆ ئەو بەشە لە خەڵک دەنووسم بیر دەکاتەوە، ئەگەرنا خەڵکم بۆ گرنگ نییە، چون خەڵک ھێندە باش نین، تاکو ترسم لە رقیان بێت، خۆم بە باڵندەیەکی ئازاد دەبینم نەک وەک زۆرینەی خەڵک بە مێگەلبوونی خۆم رازی بم. ھەر لە ریشەوە رقم لە کۆنسێپتی خەڵکە، لەبەرئەوەی بڕوام بە تاک ھەیە. کاری راستەقینەم دژایەتی ئەو خووەی خەڵکە بە کۆمەڵ چەپڵە بۆ ستەمکارانیان لێ دەدەن، لە کاتێکدا من دەمەوێت پەیکەری ئەو دیسپۆتیزمە بڕوخێنم.
خۆم: پارادۆکسێک دەبینم، تۆ بۆ خەڵک دەنووسیت، بەڵام ئەوەی دەیبینم ھیچ کات خەڵکت خۆشناوێت، تەنانەت چێژ لە نەیارێتی خەڵک وەردەگریت!.
من: لە ژیانمدا خەباتم کردووە دژی خەڵک و لە پێناوی پێگەیاندنی تاک دا. ھەمیشە زۆرینە لەسەر رێگا ھەڵەکەن!، ھەمیشە خەڵک ناڕاستن و نامەوێت رەزامەندییان بەدەستبھێنم. کاتێک ھەست بکەم زۆرینە لەگەڵم تەبان، شتێک دەکەم جیاواز و نامۆ بۆ ئەوەی یەکانگیر نەبم لەگەڵ سروشتی سۆزانیانەی خەڵک. ھەمیشە حەزم لەوەیە ئەنتی بم لە بەرامبەر زۆرینەدا، لەو سۆنگەیەی ئەوەی رای گشتیی لەسەری تەبان، وێنایەکی ساختەی ھەقیقەتە، تۆ وێناکە پێچەوانە بکەوە ھەقیقەت لای تۆ دەبێت بە تەنیا. شتێکیش کە نابێت بیرم بچێت، ناو و ناونیشانی قەبە و زل لەسەر خۆم دانانێم و دڵداریی لەگەڵ سۆزی خەڵک ناکەم، بەڵکو تێزاب رۆ دەکەمە سەر برینەکانیان، ئەو منداڵە لاسارەی شانۆگەرییەکەی “ئەپسن”م کە بە پێچەوانەوەی ھەموو خەڵکەوە سەرکێشی وتنی راستییەکەی کرد و ھاواری کرد “پادشا رووتە”.
خۆم: لەوە بگەڕێ ئێستا، دووبارە با بگەڕێینەوە سەر باسی خۆشەویستی، پێتوایە خۆشەویستی بەختەوەریی لە خۆ گرتبێت یان جۆرێک لە شێتی لە ئامێزیدا ھەڵگرتووە؟.
من: بەختەوەریی لە ھیچ شتێکدا بوونی نییە. بۆکۆڤسکی دەیووت “زۆربەی مرۆڤی سەر رووی جیھان شێت بوون”. رەنگە گەڕان بە دوای ھۆکارەکانی شێتیدا سەرئەنجام شێتمان بکات. بۆ نا، وەختێک سەیری ئەو دنیا لنگەوقووچە دەکەین شێت دەبین، ئەگەریش شێت نەبین بە گووتەی بوکۆڤسکی گەمژەین. ئەم جیھانە ھۆکارێکت ناداتێ بۆ خۆشبەختی!, بەڵکو لە بناغەوە بەختەوەریی درۆیەکە لە چەشنی ئازادیی!. مرۆڤی ئەم چاخە مەحکومە بە گەمە “گلگامێش”ییەکە، ئەو تا مردن بە دوای وەھمی نەمریدا دەگەڕا، ئێمەش تاکوو شێتبوون بە دوای بەختەوەرییدا.
خۆم: کەواتە بۆچی خۆشەویستی دەکەین؟.
من: لەبەرئەوەی ھیچ چارەیەکی ترمان نییە.

٢٧-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: چواردە و پانزە خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

نووسینی: ستیڤان شەمزینی




گۆرانی ئارەزووەکان.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

سەرم دۆڵابێکی ھەڵکورماوە
ھەزارەھا نھێنی
خۆی تێیدا حەشارداوە
ھەزاران وشەی شەرمنی
تێدا قەتیس بووە
دەمەوێت تۆزێک ئازایەتی
قەرز بکەم
تا ھاوارم بگاتە کەشکەڵان
لێرەوە لە دڵی شیعرێکەوە
جاڕ بدەم
ژنێکم خۆشدەوێت
دڵێکی سپی و
رۆحێکی سەوزی ھەیە و
خەونەکانی پەمەیین
ئای چەند ئارەزوو دەکەم
دڵی خومکراو و
رۆحی زەردھەڵگەڕاو و
خەونە خۆڵەمێشییەکانم
لە پەرستگەی عەشقیدا
رەنگ بکەم
چەند بە تاسەوەم
تەکیلای ماچی
بڕژێتە ناو پەرداخی دەمم
مەمکەکانی بەرببنەوە
ناو دەستم
چاوە خومارەکانیشی
ببڕێتە چاوم
ئەو دەمە بەرووتی
خۆمان پێکەوە
گرێ دەدەین


چاوەکانم ماندوون
رەنگە نەتوانن ببینن
پێتان سەیر نەبێت
بڵێم دەبیستن
وەختێک ئەو ژنە دەڵێت
وەرە بمگرە خۆت
با فۆتۆیەک بۆ مێژوو بگرین
تۆ لە باوەشی مندا
منیش
لە شەوێکی ئیرۆتیکی تۆدا
گوێیەکانم کاس بوون
رەنگە نەتوانن ببیستن
پێتان سەیر نەبێت
بڵێم دەبینن
ساتێک ئەو ژنە
بە چرپەوە دەڵێت
وەرە لە ئامێزما بنوو
تەماشام بکە
لەمدیو پەنجەرەیەکی روونەوە
ئەوەتا لە ئاو رووتترم
ئەی ئاگرترین پیاو
کەرەمکە لەناوما دامرکێوە
زمانم زۆر لە مێژە شکاوە
رەنگە نەتوانم بپەیڤم
پێتان سەیر نەبێت
بڵێم فام دەکات
کاتێک ئەو ژنە بە سرتە دەڵێت
وەرە با پێکەوە بنووین
لەسەر سیسەمی نارنجی ئارەزوو
پێکەوە لەسەر بەردی رەقی وجود
وێنەی رووتیمان ھەڵکۆڵین


شتێک لەناو مندا
ھەمیشە کپە
شیعر نەبوایە
کەڕولاڵ دەبووم
زمانێکی ترم دەوێت بۆ وتن
گوێیەکی ترم گەرەکە بۆ بیستن
قەڵەمێکی ترم پێویستە بۆ نووسین
ئەو رێگایانەی پێشوو کۆن بوون
ئەو شیعرانەی تر گشتیان وتران
ئەو گرێیانەی زووتر ھەموو کرانەوە
رێگەیەکی نوێ دەدۆزمەوە بۆ وتن
شێوازێکی نوێ دادەھێنم
بۆ دەربڕینی ئەم ژاوەژاوە کپە
لە ھەوڵدام لەسەر نەریتی رەشەبا
لەگەڵ خۆمدا ئەو ژنە ببەم
بەپێی ئامۆژگاریی حەزرەتی پایز
گەڵا گەڵا
وەک درەخت رووتی بکەمەوە
بە چاوکردن لە لاولاو
بە دیواری غروریدا ھەڵگەڕێم
بە گۆرانییەکی نەشئەئامێز
مەمکەکانی لە زیندانی ستیان
رزگار بکەم
بە دەم چڕینی مارشی ئارەزووەوە
دەمم بخەمە ناو دەمییەوە
من دەمەوێ بە شێوازێکی نوێتر
بلکێم بە قەدەری ئەو ژنەوە





زۆرجار زمان یان وتن وەڵامیان پێ نییە تەنیا بێدەنگی وەڵامە پڕاوپڕەکەیە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی ھەشتەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: بەبڕوای خۆم گرنگ بیرکردنەوەی پۆزەتیڤ و جوانە، نەک رووخساری جوان، ئاخر بیرکردنەوەی جوان ئەزەلییە، ھەرچی رووخساری جوانیشە کاتی و ناجێگیر. وەک خۆم لە بیرکردنەوەدا تۆ دەبینم، رووخسارتم زۆر بۆ گرنگ نییە، ھەمیشە جوانی رێژەییە، بەڵام جوانی بیرکردنەوە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو تیۆرە. مرۆڤ بەمێشکی دەتوانێ بگاتە جوانی و رەھەندی ون و ئیستاتیکی بیرکردنەوەی کەسێکی دیاریکراو، چاو لەم بوارەدا رۆڵی نییە یان کەمترین رۆڵی ھەیە.
خۆم: کێشەکە مرۆڤی ئێمەیە، پیاوی کورد ژن وەک جەستە دەبینێت، لە بەرامبەریشدا مێینە وێنای پیاو وەک گورگێک دەکێشێت. ئەمەش سوچی ژن یان پیاو نییە وەک تاکەکەس، بەڵکو تاوانەکە لە ئەستۆی سیستمی پاتریارکییە.
من: پیاوی ئێمە “واتە پیاوی رۆژھەڵاتی- الشرقی” ھەمان سەگەکەی پاڤلۆلە، کاتێک گوێی لە سەدای ژن یان دەنگی ھەستی دەبێت خێرا لیکێکی سێکسیی بە شەویلگەیدا دێتە خوارەوە. ژنی ئێمەش پیاوان لە شێوەی مافیاکانی فرانک کۆستێلۆ دەبینن کە بێ ویژدانانە جوانیان دەکرۆژن و جەستەیان تاڵان دەکەن و چێژیان لێ دەدزن.
خۆم: کەواتە ژن و پیاو مەحکومن بە خۆشەویستی یەکتر. پێویستە ئامادە بن لەگەڵ یەک وەک توخمی جودا بەرەو یەک چارەنووس بڕۆن. ئارتەر رامبۆ لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێت: پێویستە سەرلەنوێ خۆشەویستی دابھێنینەوە. لەو دنیای بێ رەنگەی خۆشەویستی تێدا نەماوە، وەرە با ئێمە پێکەوە مەشخەڵی خۆشەویستی ھەڵبگرین.
من: ئالان بادیۆ وای دەبینێت خۆشەویستی دووبارە داھێنانەوەی ژیانە. ھەموو رۆژێک لەگەڵ تۆ بە فۆرمی جیا جیا سەرقاڵی داھێنانەوەی ژیانم، مانای نوێ لەسەر جەستەی بە بەردبووی ژیان ھەڵدەکۆڵم. ماندوو نابم، پیر نابم، تەنانەت نامرم تاکو بە خۆشەویستییەوە خەریک بم، ئاخر مرۆڤ تاکو خۆشەویستی بکات نە پیر دەبێت، نە دەمرێت. ئەمێستا ھەموو بوونی خۆمم گرێداوەتەوە بە خۆشەویستییەوە، ھەروەک دێڕێک لە گۆرانییەکەی “جۆ داسین” دەڵێم “ئەگەر تۆ نەبووبایت، پێم بڵێ بۆچی من ھەبم؟”. ئێمە دەبێت پێکەوە ژیان دابھێنینەوە.
خۆم: لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ شتێک لەسەروو خۆشەویستییەوە نابینم، بەڵام ھێشتا لە گرێدانی خۆشەویستی و سێکس پێکەوە دەسڵەمێمەوە!!، پێموایە سێکس خۆشەویستی ناپارێزێت و نایگرێتە خۆی بەڵکو خاڵی کۆتایی بۆ دادەنێت.
من: ئەمە ھەمان ئەو روانگەیەیە “ژاک لاکان” پێداگریی لەسەر دەکات، ئەویش پێیوایە خۆشەویستی و سێکس دوو پێدراوی دژ بە یەکترن، بەڵام دروست پێچەوانەکەی راستە، ئەگەرنا لەم کاتەدا خودی خۆشەویستی دەبێتە رەوشێکی سۆفیگەرانەی رووت!. خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو، سێکس واتاداری دەکات، چون سێکس تەنیا پرۆسەی منداڵ خستنەوە نییە، یان ھەمان ئەو کردەیە نییە ئاژەڵەکان ممارەسەی دەکەن.
خۆم: خۆشەویستی زۆر جار سەرچاوەی گریانە، جەنگێکە لە ناوخودی خۆماندا، ھیچ کات ئاسایش و جێگیریی لە خۆ ناگرێت، بەڵکو لە ئاکامدا بەختەوەرییەکی سەیری تێدایە کە تەنیا ئەوانەی خۆشەویستی دەکەن چێژ لەو بەختیارییە تاڵە وەردەگرن!!. دەشێت بڵێم بەختەوەریی خۆشەویستی لەوەدایە کەسێتییەکی مازۆخیمان بۆ دروست دەکات. ھەموو عەزابەکانی نێو خۆشەویستی لە دواجاردا دەبنە یادەوەریی شیرینی تەمەن.
من: خۆشەویستی ئەو یاقووتەیە ھەموو کەس دەینێتە ژێر پێی، بەڵام من ھەمیشە لەسەر تەوقە سەرم دامناوە!. خۆشەویستی ئەو جوانییەشە زۆرینەی خەڵک لە توێی داستان و کتێبەکاندا پێشوازیی لێدەکەن، یان پێیان خۆشە وەک دیاردەیەکی سینەمایی بیبینن و نایانەوێت خۆیان بچنە ناو ئەو یارییە ئاگرینەوە، بەڵام من خۆم پاڵەوانی ئەو داستانەم و رووداوەکانی بە دەستی خۆم تۆمار دەکەم، بە خوێنی خۆیشم کتێبی ئەو گەمە ئاگرینە دەنووسمەوە.
خۆم: مرۆڤی ھاوچەرخ ھێندە سەرقاڵە بە رووکاری دەرەوەی ژیان، ھیچ کاتی نەماوە گوێ لە دەنگی ناوەوەی خۆی بگرێت. ھێندەش سەرقاڵە بە ژیانێکی میکانیکییەوە، کاتی نییە لەو خەونانە تێبگات ھەموو شەوێک دەیانبینێت.
من: بێگومان مرۆڤی زیندوو ھەمیشە ھۆکارێک بە ژیانەوە دەیبەستێتەوە، ئەویش توانای خەون بینینە! کارەسات ئەوەیە مرۆڤ خەونی نەمێنێت یان توانای خەونبینین لە دەستبدات، لەم چرکەساتەدا ژیان پووچترین کردەیە.
خۆم: بە پێی ئەفسانەکان خەون پڕۆژەیەکە بۆ ئایندە، بە مانایەکی تر ئەوە خەونە پێتدەڵێت ژیان چی لە ھەگبەدا بۆ ھەڵگرتوویت و دەبێت بە دوایدا بڕۆیت!!. تەنانەت ھەموو ئیپۆسەکانی خۆشەویستیش سەرەتا ھەر خەونێک بوون.
من: رەنگە پێت سەیر بێت بڵێم لە خەونی سەرەتای مندا ژنێک ھەبووە، تازە ناسیوومەتەوە!. خەون زمانێکی جیھانیی ھەیە و ھاوبەشە لەنێوان تێکڕای مرۆڤەکاندا. وەک ئەریک فرۆم باسی دەکات: زمانی خەونی مرۆڤی سەرەتایی، یان زمانی خەونەکەی فیرعەون کە لە کتێبی پیرۆزدا ھاتووە، یاخۆ زمانی خەونی کەسێکیش لە شتوتگارت یا نیۆیۆرک بێت ھەر یەک زمانن. زمانی خەونەکانی من شیعرن، لە دەرەوەی خەونیش ئەوەی بە خۆشەویستی ئەو ژنەوە دەمبەستێتەوە شیعرییەتی ئەو خەونانەیە ھەموو شەوێک دەیانبینم. فرۆم جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە ھیچ نوستنێک بێ خەون تێناپەڕێت. زیادەگۆیی نییە بڵێم ھەموو شەوێک خەونی پێوە دەبینم و بە زمانی شیعر دەیدوێنم.
خۆم: رەنگە ئەو ژنە لە دۆخێکی دۆشداماوییدا بڵێت بۆچی دەبێت ئەو کەسە بم لە خەونەکانی تۆدام؟ ئەم رێکەوتە زۆر سەیرە. ناڵێم جێگەی بڕوا نییە، بەڵکو جێگەی سەرسوڕمانە!!.
من: بۆ خۆشم حاڵەتێکی ناوازەیە. بڕوام نەدەکرد کەسێک لە دووری دوورەوە ھەموو شەوێک میوانی ناو خەونەکانم بێت، لەوە زیاتریش بەو خێراییە ببێتە بورکانی گڕگرتووی ناو مێشکم، ھەرچی بنووسم باسی ئەو بکات، بۆ ھەر کوێ بڕۆم لەگەڵمدا بێت، بیر لە ھەرچی بکەمەوە بەو دەستپێبکات و ھەر بە ئەویش کۆتایی بێت!!.
خۆم: زۆرجار زمان یان وتن وەڵامیان پێ نییە، تەنیا بێدەنگی وەڵامە پڕاوپڕەکەیە، نووکە ھەم شۆک و ھەم بێدەنگم لەبەرئەوەی نازانم چی بڵێم. کاتێک بەر ھەندێک راستی لەیادکراو و نەبینراو دەکەوین دەکەوینە دۆخی لاڵبوونەوە.
من: ھەموو کات بیستنی ھەقیقەت تووشی شۆکمان دەکات، لە سۆنگەی ئەوەی راستیی ئەوە نییە بە چاو دەیبینین، بەڵکو مێشک دەیناسێتەوە. تێدەگەم بە چیدا تێدەپەڕیت، لەگەڵ ئەمەشدا دووبارەی دەکەمەوە خەونی سەرەتام دواندنی ژنێک بوو بە زمانی شیعر، ھەنووکە ئەو ژنە لە بەردەممدا وەستاوە و پڕ بە چاوەکانم نیگای دەکەم!.
خۆم: سەیرە! زۆر سەیرە!!. ئەمە رووداوێکی سەیری ژیانمە، لە شێوەی سەرسوڕمان و ھەستم تێبگە.
من: خۆم پێشبینی ئەوەم دەکرد خۆم و خەونەکانم و قسەکانمی پێ سەیر بێت، ئەوەش جێی پرسیار بێت چۆن وا بە خێرایی بەرەو رووی چووم، بەڵام ئەمە بۆ من خەونێکی دێرینە و بۆ ئەویش رووداوێکی زۆر تازە!. ئەگەر لە دواکەوتنم بپرسێت، لە سەرەتاوە بەھۆی سیاسەتەوە خۆشەویستیم لە خۆمدا کوشت، ئێستا “سێبەری یۆنگ” بەسەرمدا زاڵ بووە و پێمدەڵێت ئەو دەمامک و خۆ بەھێزنیشاندانەت فڕێ بدە، خۆت بدە بە دەمی شەپۆلی خەونەکانتەوە کە رووەو یار دەتبات!. لە ئێستادا دڵخۆشم بەوەی خەونێکی مەزن و پێنووسێکم ھەیە، لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵک ھیچی تریان نییە جگە لە گەدەیەکی گەورە و گیرفانێکی قووڵ.
خۆم: تۆ دەزانیت من ترسنۆکم بەرامبەر خۆشەویستی؟، تووشی نەخۆشی فیلۆفۆبیا بووم.
من: خۆشەویستی چالاکییەکی مرۆڤانەیە بەو پێیەی خۆشەویستی بەو تانوپۆوە تایبەتە بە مرۆڤ، بۆیە ئاساییە ترس و راڕایش لە ئارادا ھەبێت. منیش تاکو ئەمڕۆ بەشێوەیەکی نارسیستیانە خۆشەویستیم کردووە!. ھەموو دەزانین لە میتۆلۆجی یۆنانیدا نارسیسۆس ئەو گەنجەیە لە ئاوێکدا وێنەی خۆی دەبینێت و ئاشقی خۆی دەبێت. میلان کلاین پێیوایە نارسیسۆس کاتێک سەیری ئاوەکەی کردووە پێیوابووە سەیری جیھانی دەرەوە دەکات، لە راستیشدا خەیاڵی لای ئەو خۆشەویستە بووە ناسنامەکەی لە خۆیدا دۆزیوەتەوە. بۆیە ھەمیشە وێنای ئەوم لە خودی خۆدا دۆزیوەتەوە.
خۆم: ناسینەوەی بۆ وا دواکەوت؟ چۆن و بە چیدا دەزانیت ئەو ژنەی ناو خەونەکانت ئەوە و یەکێکی تر نییە؟.
من: کات مەسەلەیەک نییە، گرنگ ئەوەیە ناسیمەوە و لەناو حەشاماتێک ژندا جیام کردەوە، لە مێژە دەستم بە گەڕان کردووە بە دوایدا، لە زۆر شوێن ھاوشێوەی ژنی ناو خەونەکەم بەرچاو کەوتووە، لەسەر رێگام زۆر ژنی تر ویستویانە خۆیان بەو ژنە بناسێنن، بەڵام وەک رووبارێک لە رۆشتن بە دوایدا نەوەستاوم، ئەمێستا ئەو رووبارەی چەندان ساڵە بەرەو باوەشی دەریای ئەو بەڕێوە بوو، ھێمن ھێمن رژاوەتە ناوییەوە، خۆی لەناویدا ون کردووە، تەنانەت وازی لە سروشت و ناوی خۆی ھێناوە. دەستی لە ھەموو شتێک ھەڵگرتووە، تەنیا شوێن دۆزینەوەی ئەو خەونەی کەوتووە.
خۆم: ھیچم نییە بۆ وتن، جگە لە واق وڕمان بە دیار وشەکانتەوە. ئاخر دەکرێت لەم حاڵەدا چیم ھەبێت بۆ وتن؟.
من: منیش وا ھەست دەکەم خەون لەناو خەوندا دەبینم. تۆ دیقەت بدە ھەموو توێژینەوە زانستییەکانی فرۆید لە بارەی سێکسەوەیە، کەچی خۆی کەسایەتییەکی شەرمنی ھەبووە، بە راددەیەک نەیتوانیوە ھەستی تایبەتی خۆی بۆ ئەو ژنە دەرببڕێت جێگەی سەرسامی بووە. منیش لێ تێمای سەرەکی نووسینەکانم ژنە، بەڵام ھەمیشە شەرمێکم ھەیە لە ژن، وا خەریکم لەگەڵ ئەودا بەسەر ئەو شەرمەدا زاڵ ببم، ھەوڵدەدەم جڵەوی خۆم شل بکەم، تا دڵم بە دەنگی بەرز قسەی بۆ بکات. دەمەوێت سەرنجی لەسەر زارم لاببەم کاتێک بۆی دەدوێم، بەڵکو خوازیارم ھەست بە ترپەکانی دڵم بکات، چەندە خێرا لێدەدەن، چەند دەنگی لێدانیشیان بەرزە.
خۆم: شتێک ھەیە لە تۆدا ھەرچەند دەکەم بۆم راڤە ناکرێت، تەنیا ئەوەندە دەزانم ھێزی کێشکردنت زۆر ھەراشە. ئەوەتا سێوی دڵی ئەو ژنە کاتێک لە داری بێزاریی بووەوە، لە بری بەرزبوونەوە بەرەو ئاسمانی غەمگینی، بەربووەوە ناو کۆشکی ئارامیی تۆوە. ھەروەک جارێک ئەو ژنە پێی وتبوویت: بەدەر لەم فاکتە کە لەسەر خۆم دەیزانم، دەمەوێت گوێم لە دەنگی ھەستت بێت سەبارەت بە من!.
من: سەرەتا ژن وەک پارچەیەک لە جوانی دەبینم، کەچی ئەو لەسەرو ئەو جوانییەوەیە، ئەم ھەستەی خۆمم پێ ئەنالیز ناکرێت. پێشتر بە ھەندێک شتم وتووە جوان کە زۆر لە خوار جوانی ئەوەوە بوون، ھەنووکە ناکرێت بە ئەم و ئەو شتانە وەک یەک و بە یەک ریتم بڵێم جوان، ئەو میتا جوانییە. ھەندێک شتی بچووک ھەبوون خۆشمویستوون، ئێستا ئەو بەو ھەموو خۆشەویستییەوە لە وجودمدا ھەیە، ناکرێت بە ھەمان ئەندازەی ئەو شتە بچووکانە خۆشم بوێ، پێویستی بە میتا خۆشەویستییە. دەبێت شێوازێکی باڵا لە خۆشەویستی دابھێنم تاکو بتوانم پێی بڵێم بەو فۆرمە تایبەت و بێ وێنەیە خۆشم دەوێیت. ئەو لەسەروو جوانییەوەیە، منیش دەبێت لەسەروو خۆشەویستییەوە خۆشم بوێت.
خۆم: کەواتە بۆ ئەو ھەستە بژی بەرامبەر بەئەو ھەتە، بۆ بەردەوامی ئەم خۆشەویستییە مەمرە. لەبەرئەوەی لە چەندین وێستگەدا دەتبینم بەرامبەر مەرگ لاوازیت، دەبێت نەمریت تاکو حکایەتێکی گەورەی خۆشەویستی دەنووسیتەوە.
من: ئەوە ئارەزووی منیشە. جیا لەمەش ژیان کەی ھێندە خۆشە بۆی بپاڕێمەوە و مەرگیش کوا ھێندە سامناکە لێی بتۆقم؟، لەگەڵ ئەمەشدا بۆ خۆشەویستی و بە خۆشەویستی دەژیم. بیرت نەچێت زۆر ناخۆشی تر ماوە بیبینم کە لە مردن تاڵترن، بۆیە مەرگ ئەوەندە میھرەبان نییە وەھا زوو ببێتە میوانم، لەگەڵ ئەوەشدا ژیان بەو تفتییەی خۆیەوە بە قەندی خۆشەویستی شیرین دەکەم.

٢٢-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: دە و چارەکی بەیانی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
ئەڵمانیا – بیلەفێڵد




نرکە نرکی نیوەشەو.. بەشی دووەم و کۆتایی.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

لە نیوەشەودا فێ دەمگرێت
بەرد دەگرمە ئاوێنەکانی دوێنێ
چون نەیانتوانی ئەمڕۆم ببینن
بەسەر پشتی ئەسپی عەشقەوە دەگلێم
نرکەم دەگاتە کەشکەڵان
کوندەپەپوو لەسەر ئایندەم دەخوێنێ
ھەموو ئەو ھیوایانە سەردەبڕم
وەک وەھمێک لە بۆشایی خەیاڵدا
دروستم کردبوون و
ھەموو تەمەنمیان ھەڵلووشی
پەلاماری ئەو خەونە دووبارانە دەدەم
وەک چەقۆیەک لە قەبرەغەم دەدرێن و
بۆنی خوێنی بەزینیان لێدێ
لە چیای بەرزی غرورەوە
خۆم ھەڵدەدەمە دۆڵی لەناوچوونەوە
تەنیا بۆ ئەوەی پەریە ژنێک
تەرمی ھەلاھەلام ھەڵبگرێتەوە


لە نیوەشەودا
دەنگێکی غەریب بانگم دەکا
ھێی ئەی موسافیری رێی شکست
خەیاڵە تەڕەکانت لە شیعردا بھۆنەوە
ئەم بەختەوەرییەت زۆر نابات،
دابڕانێکی ئەزەلی چاوەڕێتە
مەرگێکی ئاگراویی لەبەردەم دەرگاتە
ئەمێستا نازانم
خەونەکانم بنووسمەوە
یان بەسەر باڵای رۆژگارمدا بگریم؟!
نازانم سەفەر بکەم بۆ ناو خۆم
یان لە پێش چاوی تۆدا بتوێمەوە؟!
نازانم قەڵەمەکەم لە سێدارە بدەم
یان بیچەقێنمە
چاوی نوقاوی ھەقیقەت؟
نازانم لەم پایزەی عومردا
بە بۆنی گوڵێکی رۆژھەڵات
بە ئامێزی بەھار دەگەمەوە؟!!


لە نیوەشەودا
ھیچم لەسەر خۆم بیر نایەتەوە
جگە لەو چاڵە رەشەی ناو مێشکم
کە ناوی غەمە
ھیچم لە رابردووی خۆم
بیر نەماوە
تەنیا ئەوە نەبێت
چرایەکم ھەبوو شکا
ھیچ لە بارەی ئێستای خۆمەوە نازانم
تەنیا ئەوە نەبێت بە پێی پەتی
بەسەر شووشەی شکاوی
تەمەندا رێ دەکەم
نازانم لە ئایندەدا
چ بەڵایەکی ترم بەسەردێ
تەنیا ئەوەندە نەبێ
لە دڵی یاردا ھەڵدەکوڕزێم
بین دەنێم
بە گۆزەی بەتاڵی ماچەکانییەوە
دەرگایەک بەرووی خۆمدا دەکەمەوە
خاڵی لە ئەو و
تەژی لە نەزعەی خۆکوشتن
ئەو ھەورە رەشەی
سایەی بەسەرمدا کردووە
چەقۆ دەبارێنێت
بۆ لەشی گۆرانییەکانم
ئەو رەشەبایەش کە لرفە لرفێتی
پەیامی ھەڵوەرینی منی پێیە
لە دڵی شۆخە ژنێکدا


لە نیوەشەودا
دەبمە تارماییەک
لە کوچە تاریکەکانی ژیاندا
دەزریکێنم
لە بەردەم درەختی سوورباوی
دڵی ژنێکدا دەوەستم
ھاوار دەکەم
ئەی شەپۆلاویترین خۆرەتاو
ئەو دڵەی من
ھێندە ناسک بۆتەوە
بە باڵەفڕکێی پەروانەیەکیش
درزی تێ دەبێت
رۆحی ئاوریشمیم
بە جۆرێک نەرمە
دەتوانیت بە لۆکەش
سەری ببڕیت
ئەو چاوانەم
ھێندە خەردەلی درۆیان تێزاوە
بە یەک وشەی سارد وەک کانییەک
لە سەردەمی وشکەساڵیدا
کوێر دەبنەوە
ئەو گوێیانەی من ئاخنراون
بە دەنگی ھەرەس
بە چرپە
باسی ئەو شەھیدانەم بۆ مەکە
دڵیان بە ئەستێرەی کاروانکوژە
خۆش کردبوو
ئەو ھەنگاوانەم ھێندە سست بوون
بە ھەزار ساڵیش
ھەورازەکانی ئەوینی تۆ و
نشێوەکانی غەریبیی خۆمم
پێ نابڕدرێ
سەرم ھێندە
لە ئانی کڕنووش ماوەتەوە
لە ئاستی جوانی تۆدا
بە ھەزاران فریشتە بەرز نابێتەوە
دە تۆش وەرە لەم نیوەشەوەدا
مەھێڵە وەنەوزی نائومێدیی بمباتەوە
ئاڵای خۆشەویستییەکی ئەبەدیی
لە ناوەڕاستی جەرگم بچەقێنە

شیعری: ستیڤان شەمزینی





نابێت عاشق ھەست بە تەنگەبەریی بکات لە جیھانی مەعشوقدا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی حەوتەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: عاشقەکان ھەمیشە شاعیرن، بەڵام مەرج نییە ھەموو کات شاعیرەکان عاشق بن. پەیوەندیی نێوان شیعر و خۆشەویستی، وەک پەیوەندیی نێوان ئۆکسژین و ھەناسەدان وایە.
من: نەک ھەر شیعر بەڵکو لێکۆڵینەوە ژاپۆنییەکان ئەوەیان دەرخستووە موزیکیش ھۆکارێکە بۆ کەوتنە ناو پرۆسەی خۆشەویستییەوە، من شیعر وەک بەشێک لە موزیک دەبینم، شیعر زمانی ھەستەکانمانە، لەبەرئەمە ھەمیشە عاشقەکان وشەکانیان ھێندە ناسکە شیعرییەتی لێ دەچۆڕێت.
خۆم: شیعرەکانت جیھانێک لە خۆشەویستی رۆدەنێن، زۆربەی جار ئەم جیھانە وەک یۆتۆپیایەک دەبینرێت، ھەمیشە ریتمی شیعرەکانت جۆرێکە وەک ئەوەی حکایەتێک بۆ ئێمە بگێڕیتەوە، زۆر خودی و سایکۆلۆژییانە شیعر دەنووسیت، ناتەوێت پێناسەی ھیچ شتێک بکەیت لە دەرەوەی عەشق، عەشقیشت لە ئەزموونی خۆتدا کورت کردۆتەوە، پێموایە ھەموو جیھانی شیعری تۆ، جیھان و ئەزموونی سۆزداریی خۆتە.
من: ئەو شیعرانەی بۆ خۆشەویستی نوسیوومن ھەموو خەونی بەدینەھاتوون، زۆر جار ئەمە لە شێرپەنجە زیاتر ئازارم دەدات!، چون جیھانێکم لە شیعردا بەتایبەت لەگەڵ مەعشوق دروستکردووە کە تەنیا لە ئەندێشەی خۆم و جوگرافیای خەونە تاکەکەسییەکانمدا ھەیە. ھێشتا نازانم مەعشوق ئەو جیھانە بە ھەموو تانوپۆکەیەوە قبوڵ دەکات؟.
خۆم: ئەو جیھانە بێگەردە ھەرگیز رەت ناکرێتەوە، ھۆکارێک نییە بۆ گەوارنەکردنی ئەو خەونە رەنگاڵییانە.
من: گرفتەکەم ئەوەیە زۆر قووڵم لە خەون بینیندا، پێموایە جیھانی ناو خەونەکانم سبەی دەبێتە واقیع و کەسێک دەتوانێت ئەو جیھانە قبوڵ بکات!. لەگەڵ ئەوەشدا نایشارمەوە تا ئێستا شیعر فریام نەکەوتووە، بەڵکو تیغی زیاتری تێکردووم!، ئیدی ھەموو کات دەڵێم چیدی شیعر نانووسم، بەڵام بێ ئەوەی ھەست بە خۆم بکەم دەبینم دیسانەوە خەریکی نووسینی شیعرم. جیھانی من لەناو خەون و دنیای مەجازیی شیعردایە.
خۆم: کەواتە مافی ئەوەمان ھەیە بڵێین تۆ دنیایەکی راستەقینەی خۆت نییە، یان ئەگەریش ھەبێت تاکو ئێستا کەس نەیتوانیوە راڤەی بکات؟.
من: دروست وایە، کەس ئازایەتی ئەوەی نەبووە، سەرکێشی بکات و بێتە ناو جیھانە ئاڵۆز و جەنجاڵەکەمەوە. سەیرتر لەوە خەڵکانێک ھەن گرەو لەسەر کڕینی خۆم و دنیا یۆتۆپییەکەم دەکەن، ئەوان زۆر گوناھن چوونکە تێناگەن ھیچ کات ناخرێمەوە مەزادەوە و نرخم لەسەر دانانرێت. تا ئێستا کەس جورئەتی نەبووە بمخاتە گیروگازی کڕین و فرۆشتنەوە. ترسناکییەکەش ئەوەیە ھەنووکە دەخوازم ئەو جیھانە، بەسەر خۆمدا وێران و خاپوور بکەم و ئەم گەمە سەخیف و پووچەی ژیان لێرەدا کۆتایی بێت.
خۆم: جیھانی تۆ، جیھانێکی دوالیزمییە، لەسەر چێژ و ئارەزوو لەلایەک و سەرکێشی و یاخیبوون لەلاکەی تر، بونیاد نراوە!!، کۆکردنەوەی ئەو دووانە ھەم نامۆ خۆی دەنوێنێت، ھەم زۆرینەی کەس تەنیا دەتوانن بەشێکی قبوڵ بکەن!.
من: من بەش بەش ناکرێم، کەس ناتوانێت من لە خەون و ئارەزووەکانم جودا بکاتەوە، ھەر کەس بەو نیەتە بێتە ناو جیھانەکەمەوە، نەک فەزیڵەت نییە بۆی، بەڵکو ھەوڵیداوە بۆ تیرۆرکردنیشم.
خۆم: دەگەڕێمەوە سەر باسی شیعر، وتت شیعر فریام نەکەوتووە، ئەوە بە پێچەوانەوە دەبینم، لەبەرئەوەی تەنیا شیعر فریات کەوتووە! ئەو کاتانەی نەتتوانیوە راز و ئازاری ناخت بۆ کەسێک باس بکەیت، شیعر وەک فریادڕەسێک ھاتووە بۆ لات، ئەگەر نا ئەو ھەموو ژانەی نێو ژیانت دەمێک بوو لە ناویان بردبوویت.
من: شیعر وەک دەرمان نابینم، لە شیعردا داستانی خۆم دەگێڕمەوە، کاتێک باسی خۆم دەکەم، مانای ئەوە نییە لە بارەی خودی خۆمەوە دەدوێم، نا، باسی ئەزموونی خۆم لەتەک عەشق دەکەم، ھەمیشە بەڵێنی ئەوە بە مەعشوق دەدەم، پرچی تەڕترین شیعری بۆ دابھێنم، ھەر ئەو شیعرانە دەبنە یادگارییە شیریینە پڕ ئازارەکانی ژیانی، ھەرچەند ئەوەی لە مندا ھەڵدەقوڵێت بە چارەگێکی نەھاتۆتە دەرێ.
خۆم: وتت باسی ئەزموونی خۆت دەکەیت لەگەڵ خۆشەویستی، لەگەڵ ژنێک لەنێوان وەھم و ھەقیقەتدا، ئەمانە ھەوێنی شیعری تۆن، بەڵام ئیدی کە شیعرەکانت دەگەنە خوێنەر، تۆ دەمریت، ھەموو خوێنەرێک مافی ھەیە وا تێبگات باسی جیھانی ئەو دەکات، یان خەونەکانی ئەو راڤە دەکەیت.
من: لە بڵاوکردنەوەی ھەندێک لە نووسینەکانم پەشیمانم، وەھا تێدەگەم منێکی تر ئەو دەقانەی نوسیوە، باوەڕم بە رەوشی دیالێکتیکیی سروشت و زیندەوەران ھەیە، کە ھەمیشە فۆرمیان دەگۆڕێت و بەرەو پێشەوە دەڕوات و نوێ دەبێتەوە، منیش وەک زیندەوەرێک بەدەر نیم لەم رێسا دیالێکتیکییە. لەگەڵ ئەوەشدا نامەوێ خوێنەر بمکاتە موڵکی خۆی، ئاخر خۆ ناتوانم دابەش بم بەسەر مەعشوق و چەند کەسێکی تردا، من خۆشەویستی ئەوم ھەڵبژاردووە، ئەویش ژیانی بێ بەھای من.
خۆم: ئەمە چیرۆکی “پۆسیدۆن”ی برای “زیۆس”م بیر دەھێنێتەوە، کە خودای دەریاکان بوو، ئەو لە قووڵایی دەریاکاندا دەژیا نەک لە ئۆڵۆمپیاد، ھەموو دەسەڵاتێکیشی ھەبوو بۆ زریان ھەستاندن و ھێورکردنەوەشی، ھەندێک جار بە سێ ئەسپ بەسەر شەپۆلەکانەوە پیاسەی دەکرد!. دەبێت عاشق وەک پۆسیدۆن تەنیا “ئەمفیتریتی”ی کچی خودای دەریاکان بکاتە شازادەی کۆشکە ئەفسووناوییەکانی نێو قووڵایی دەریای ئەوین. عاشق دەبێت لە خۆشویستندا بگاتە قووڵایی ئۆقیانووسی ھەست، باوەڕم بە لوتکە نییە لە عەشقدا، بەڵکو بڕوام بە نغرۆبوونە لە یەکێکی تردا، دەبێت وەک پۆسیدۆن یان کەشتییەکی نقومبوو، لە قووڵایی دەریای دڵی مەعشوقدا بژیت، نەک بەسەر پشتی شەپۆلەکانەوە بێیت و بچیت.
من: داستانێکی سەرسوڕھێنەر ھەیە لە بارەی لەیلا و مەجنون!، وا دەگێڕننەوە رۆژێک “لەیلای عامری” شۆربا دابەش دەکات بەسەر پیاوانی ھۆزدا، کاتێک نۆرە دەگاتە سەر قەیسی کوڕی ملەوەح “مەجنون”، لەیلا بەشە شۆربای پێنادات!!. پیاوانی ھۆزیش بە تەوسەوە بە مەجنون دەڵێن تۆ ئاوھا سەوداسەری لەیلا بوویت، کەچی ئەو ئامادە نییە کەوچکە شۆربایەکیشت پێبدا!، ئەمە چ جۆرە عەشقێکە؟. قەیس “مەجنون” لە وەڵامدا دەڵێت: لەیلا بەو کارەی منی لە ھەمووتان جیاکردەوە. دروست عەشق ئەو جیاکردنەوەیەیە، تۆ کەسێک لەنێو ملیارەھا مرۆڤی تردا جیا دەکەیتەوە!. رەنگە لەم بابەتەدا بۆچوونێکی سۆفیستانەشم ھەبێت، پێموایە مرۆڤەکان ناتوانن عاشق بن، تاوەکو ھەزاران ساڵ رۆحیان ئاشنای یەکتر نەبووبێت!، لێرەدا قسە لەسەر تەمەن نییە، بەڵکو باوەڕم بە دۆنادۆنی گیانەکانە بەدەر لە بوعدە ئاینییەکەی ئەم پرسە، لەگەڵ ئەمەشدا عەشق ئەو نەریتە مازۆخییە نییە لە رۆژھەڵاتی دنیادا باوە، ئەو لیبرالیزمە سێکسییەش نییە لە جیھانی خۆرئاوادا دەبینرێت., ئەو عەشقەی من لە بارەیەوە دەدوێم کەوتۆتە نێوان ھەردوو دیاردەکەوە.
خۆم: نابێت عاشق ھەست بە تەنگەبەریی بکات لە جیھانی مەعشوقدا، دەبێت ئەو ھەستە ھێندەی گەردوون بەرین بێت بۆ ژیانکردنی، ھەروەک لە ئەفسانە “گورجستانی”یەکەدا ھەیە: زاوای خۆر لە پاش گەڕانەوەی لەلای دایکی فەرمانڕەوا لە دنیاکەی تر، لە کاتی تێپەڕین بەلای ژن و پیاوێک کە لەسەر دەمی تیژی تەورێک درێژ ببوون، پرسیاریان لێ دەکات و ئەوانیش دەڵێن زۆرمان دیون بە ئێرەدا رەت بوون بێ ئەوەی بگەڕێنەوە، ئەگەر گەڕایتەوە پێتدەڵێین بۆچی لەسەر دەمی ئەم تەورە درێژ بووین، کاتێک زاوای خۆر دەگەڕێتەوە، ژن و پیاوەکە پێی دەڵێن “ئێمە لەو دنیا ئەوینداری یەکتر بووین، لێرەش وەک ئەولا بە دڵی یەکتر گونجاوین، تەنانەت لەسەر دەمی تیژی تەورێکیش جێمان دەبێتەوە بە مەرجێک لێک دانەبڕێین و ھەرگیز یەکدی لە دەست نەدەین”. کەچی ئەمڕۆ خۆشەویستەکان لە کیشوەری دڵی یەکتردا جێگەیان نابێتەوە، دنیای عەشق ئاوەژوو بۆتەوە!، وەختە بڵێم جاران زەوی بەدەوری خۆردا دەورانی دەکرد، ئێستاش خۆر بە مەمنونییەوە بە چوار دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە.
من: من و تۆ وەک ئەوەی پاشماوەی خەڵکی بناری “ئارکادیا” بین، زۆر پاکیزانە لە خۆشەویستی دەڕوانین., لێ ئەم چاخە، چەرخی ھەرەسھێنانی خۆشەویستییە، کەچی ئێمە وەک ئەو سەربازە ژاپۆنییانەی کاتی جەنگی جیھانی دووەم، پاش کۆتایی جەنگیش لە دارستانەکاندا مانەوە و خۆیان رادەست نەکرد، دەستمان گرتووە بە چەمکی عەشقەوە. ھەر ئەمە ئێمە جیا دەکاتەوە لەو حەشاماتەی دەژین و دەمرن بێ ئەوەی بە قووڵی نەفەسێک خۆشەویستیان ھەڵمژیبێت.
خۆم: مرۆڤی ھاوچەرخ، عەشق وەک بەشێک لە فۆلکلۆر دەبینێت، پێیوایە زەمەنی خۆشەویستی لە سەردەمی دیجیتاڵدا بووەتە بەشێک لە کەلەپوور کە دەبێت لە مۆزەکاندا ھەڵبگیرێت. مرۆڤایەتی فێری ئاکاری دەستبازیی بووە، لەناو ئەو رەوشتەشدا جێگەیەک بۆ خۆشەویستی بوونی نییە، بەڵکو ئەم ئاکارە بەھەموو شێوەیەک دەستدرێژیی دەکاتە سەر عەشق، لە سایەی فرەیی سێکسیی و پەیوەندیی میکانیکیی بێ رۆحی نێوان ھەردوو رەگەز، خۆشەویستی ئەتک بووە.

١٨-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: نۆ و چل و پێنج خولەکی بەیانی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

نووسینی: ستیڤان شەمزینی




نرکە نرکی نیوەشەو..1.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

بەشی یەکەم

نیوەشەوە
ئەم شارە بەرگی تاریکیی پۆشیوە
تەنیا خۆم و قەڵەمەکەم بێدارین
خۆم و چرا چاوکزەکانی سەرشەقامەکان
خۆم و ئەو کتێبانەی لە وەرین نزیکن
خۆم و پشیلەی ماڵە دراوسێکەمان
خۆم و ئەو دەستە حەبە
تەواونەبووەی سەر مێزەکەم
خۆم و ئەو دارستانەی
چاوبازی لەگەڵ کشوماتی دەکا
خۆم و وەسوەسەی
ئەو تابلۆ ھەڵواسراوەی
دەیەوێت لە قەدی دیوارەکە
خۆی بخاتە خوارەوە
خۆم و فنجانێک قاوەی چاوەڕوان
خۆم و باڵندەی خەیاڵم
کە لە ئاسمانی
ئەوینی تۆدا باڵەفڕکێمانە


لە نیوەشەودا
گوێ بۆ ئەو دەنگانە دەگرم
لە ئازارەکانمەوە ھاژەیان دێت
بێشکەی ئەو سروودانە رادەژەنم
لە سەنگەری عەشقێکی ناکامدا
چاویان پشکوت
چاوی پڕ رۆندکی
ئەو موسافیرانە دەسڕم
بەدەم گۆرانی نیشتمانەوە
رۆشتن و نەگەڕانەوە
شوێنەواری ئەو پێ چەپەڵانە دەسڕمەوە
بە باخی ھەستمدا تێپەڕین و
ئاوڕیان نەداوە
ئەو فەلسەفەیە تەریق دەکەمەوە
خۆشەویستی پێ تەفسیر نەکرا
گوێ لە چرکە چرکی
کاتژمێرەکەی تەنیشتم دەگرم
دەمەوێت پێم بڵێت چەند چرکە
لە عومرم لە بێ تۆیدا
بەفیڕۆ دەڕوات!؟


لە نیوەشەودا
زۆر بیر دەکەمەوە
بیر لە نوح دەکەمەوە
بۆچی خۆی
کەشتییەکەی کون نەکرد
مرۆڤی تووشی ئەم رۆژە رەشە کرد؟
بیر لە ئاسمان دەکەمەوە
چۆن توانیویەتی
دڵی گەلە ئەستێرە بەدەست بھێنێت
بە کۆمەڵ زەماوەندی لەگەڵ کردوون؟
بیر لە ئادەم دەکەمەوە
کە فڕێدرایە سەر زەوی
چۆن خۆی نەکوشت؟
بیر لە دیستۆیفیسکی دەکەمەوە
تێناگەم قوماری خۆشدەویست
یان نووسین؟
بیر لە بیابان دەکەمەوە
ئەو ھەموو لمەی
بۆ چاوی کام زەریا کۆکردۆتەوە؟
بیر لە قەسابێک دەکەمەوە
چۆن خوێن نەیگرتووە و
دەتوانێت پێبکەنێت؟
بیر لە خودا دەکەمەوە
سەر لە حیکمەتی
ئەو تەنھاییە تولانییەی دەرناکەم!
بیر لە خۆم دەکەمەوە، ئا، خۆم
چۆن ئەو ھەموو تەمەنە ژیاوم
بێ ناسینی تۆ؟
چۆنیش ئەو ھەموو ساڵە بژیم
لە دووریی پاش ناسینی تۆ؟؟


لە نیوەشەودا
سەفەر دەکەم
بەرەو مەیخانەیەک
لە بناری خەیاڵدا
بەدەم سەمای زۆرباوە
شەراب دەخۆمەوە
کاتێ دەزووی خەیاڵم دەپچڕێت
دەستەکانم بۆنی دارمێویان لێ دێت
لە نیوە شەودا
سەفەر دەکەم
بەرەو پەرستگەیەکی دێرینی میترایی
لەوێ زەردەشت و میترا دەبینم
پێکەوە دەست لەناو دەست
نەخشەی رەنگکردنی ژیان دەکێشن
ئەھریمەن لەولاوە لێیان تێکدەدا
لێرەوە ھاوار دەکەم
دەنگم پێیان ناگات
لە نیوەشەودا
سەفەر دەکەم
رووە ئەو شارەی دڵم دەیخوازێت
پاسارییەکی غەریب چاوساغمە
جار جار پرسێک
بە رێبوارانی سەر جادە دەکات
بە کۆڵانە پێچاوپێچەکانی ترسدا دەڕۆین
دەمباتە بەردەم ماڵێکی بەشەونم داپۆشراو
دەڵێت ئەمە ماڵی راستەقینەی تۆیە
دەچم رادەکێشم و لە ھەستانەوەدا
سەرم لە بەردی ئەلحەد دەدا


لە نیوەشەودا
بەناو خۆمدا پیاسە دەکەم
بەنێو ئەو غەمانەدا تێدەپەڕم
لەناو پێکەنینەکانمدا
خۆیان حەشارداوە
گۆچانێک لە بیرەوەریی
دەدەمە دەستی ئەم شەوە پانوپۆڕانە
تا بەناو داھاتوودا پێی بڕۆن
قوم قوم ڤۆدگا دەرخواردی
ئەو پەروانەیە دەدەم
لە مۆم نائومێد بوو
خۆی بە دەزوویەک تیشکەوە ھەڵواسی
پەنجەرەکانی نیگەرانی
لەسەر خۆم دادەخەم
ناھێڵم دووپشکەی گومان
بێتە ژوورەوە
دەرگا لە خەونێک دەکەمەوە
تێیدا دڵی پەشمەکیم
لەسەر سینگی پەریە ژنێک بتوێتەوە


لە نیوەشەودا گڕوو دەگرم
شەڕ بە ئاسمانی ساماڵ دەفرۆشم
کاتێک ئەستێرەیەکی بزر
ماڵی خۆی پێ نادۆزرێتەوە و
بیر لە ئینتیحار دەکاتەوە
شەڕ بە باخی ماڵەکەمان دەفرۆشم
کاتێک خونچە گوڵێک
لەسەر سینگی دەنووێت
لەبەر سەرما رەق دەبێتەوە
شەڕ بە پێنووسەکەم دەفرۆشم
ساتێک شەنگە ژنێک
وەک دەریا
بەرەو لام شەپۆل دەدات و
ناتوانێت
وێنەی کەنارێک بنەخشێنێت
شەڕ بە خۆم دەفرۆشم
کاتێک پەریە ژنێک
بە وێنەی بروسکەیەک
بێدارم دەکاتەوە
منیش لەژێر
پەتۆی گووماندا نووستووم





رۆح تەنھا زاراوەیەکی ناو فەرھەنگی زمانەوانییە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی شەشەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: لەگەڵ “ئالان بادیۆ” ھاوڕام لەوەی پێویستە خۆشەویستی سەرکێشانە بێت، پڕ بێت لە ریسک، لەوەشدا ھاوڕام پێچەوانەی بەشێکی بەرفرەی فێمینستەکان بیر دەکاتەوە کە فەلسەفەی کاریان بریتییە لە دوورخستنەوەی ھەر دوو رەگەز!. ئەی کەواتە لە چیدا ناتەبام؟. لەوێدا ناتەبام خۆشەویستی لە کردە و چێژی سێکسیی جیا دەکاتەوە و پێیوایە خۆشەویستی لە ژێر “ھەڕەشەی” ھیدۆنیزم و لیبرالیزمدایە، ئەو ھەڕەشەیەی ئەو دەیبینێت سەد لە سەد راستە، بەڵام ئەو روانگەیەی پێیوایە دوانەی خۆشەویستی و سێکس ناتەبان لەگەڵ یەکتر تەنھا وەھمە.
خۆم: ئەوەی ھەمیشە جێگەی تێبینیمە دوانەی “خۆشەویستی و سێکس” لە لای تۆ پێکەوە بەستراون، یان ھەوڵ بۆ ئەوە دەدەیت، ئارگۆمێنت بھێنێتەوە تاکو بیسەلمێنیت ھیچکامیان بێ ئەویتر بوونی نییە!. ئەوەی لە بیرت کردووە، رەھەندە رۆحییەکەی خۆشەویستییە.
من: رۆح لەلای من تەنھا زاراوەیەکی ناو فەرھەنگی زمانەوانییە و لە ھەر کوێدا باسی بکەم جیاواز نییە لە جەستە. پێچەوانەی ئەو دیدە ئەفلاتۆنییەم مرۆڤ بە کائینێکی دوالیزمی پێناسە دەکات و دابەشی دەکات بەسەر جەستە و رۆحدا، رۆحیش تەوزیف دەکات بەسەر بیر و ویست و حەزدا.
خۆم: جەستە تەنھا قەباغێکە کە رۆح ھەڵیدەسوڕێنێت، رۆح نەمرە، کەچی جەستە بۆ ماوەیەکی کورت دەژی!!. نادیدە گرتنی رۆح ئەو بە شتبوونەوەی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە سیستمی سەرمایەداریی ھەڕمێنی پێداوە.
من: ھیچ کات نامەوێت داکۆکی لە سەرمایەداریی بکەم، بەڵام بابەتی رۆح و جەستە، کێشەی فەلسەفەوە بووە لە ھەر سێ قۆناغەکەی مێژووی فەلسەفەدا “فەلسەفەی کۆن، فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست، فەلسەفی نوێ”. مارکس پێیوایە مرۆڤی پریمتیڤ کە توانای ئەنالیزەی خەونەکانی خۆی نەبووە، گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی ژێدەری ئەندێشە و ھەستی، خودی جەستەی نییە، بەڵکو بەستوویەتی بەو رۆحەی لە ناو لەشیدا جێگیر بووە و پاش مردن بەجێی دەھێڵێت!. وەک خۆی دەڵێت: بەم جۆرە بیردۆزی نەمریی رۆح سەری دەرھێناوە.
خۆم: مەبەستم ئەو جۆرە ئایدیالیزمە ئەفلاتۆنییە نییە، رۆح و جەستە، وەک دوو شتی جیاواز پێناسە دەکات، بەڵکو مەبەستم ئەو ھەستەیە کە دەتوانێت خۆشەویستی لە خۆ بگرێت، بەبێ بەریەککەوتنی جەستەکان.
من: ئەو ھەستە ھەر لەناو خودی جەستەدایە، لای ئەریستۆ مردنە فیزیکییەکە مردنی رۆحیشە، کە بۆدییەکەی مرۆڤ لەناو چوو، شتێک نامێنێت بە ناوی رۆح یان دەروون، چوونکە ھەموو گرێدراوی جەستەن، بەڵام بیرۆکەی نەمریی رۆح پرسێکی ئاینییە بەتایبەت تێمای فەلسەفەی لاھوتیی سەدەکانی ناوەڕاست بووە، کە لەسەر سترۆکتۆری کریستیانیزم دامەزراوە، بۆ نموونە “تۆماس ئەکوینی” جەختی لەسەر نەمریی رۆح دەکردەوە، ھەڵبەتە ئەمە ھەمان ئەو قسەیە بوو “کتێبی پیرۆز” پێشتر پێداگریی لەسەر کردبوو.
خۆم: ئارەزوویەکی سەیرت تێدا دەبینمەوە بۆ تۆمەتبارکردنی ھەر چەمکێک لەگەڵ ئایدیای خۆتدا نەیەتەوە.
من: من کاتیگۆرییەکان نیشان دەدەم، راستی شتەکان ئەنالیزە دەکەم بێ ھیچ تۆمەت و بڕیارێکی پێشوەخت.
خۆم: ھەندێک پارادۆکس لە بیرکردنەوەتدا بە روونی و زەقیی دیارە، ھاوسەرگیریی رەد دەکەیتەوە، بانگەشەش بۆ خۆشەویستی دەکەیت!!، خۆشەویستی دەبەستیتەوە بە سێکس و چێژ، کەچی ژیان بە شتێکی پووچ لێکدەدەیتەوە!!.
من: راستە لە ژیانی کۆلێکتیڤ دەسڵەمێمەوە، ھەمیشە جەنگێکی نێوخۆیی لە مێشکمدا بوونی ھەیە، جەنگێک بێ دووکەڵ و بارووت کە ھیچ کەسێک نایبینێت جگە لە خودی خۆم، پڕم لە راڕایی و پەشیمانبوونەوەی فیکریی، من بە پێی کۆنتێکستێکی مێژوویی دیاریکراو بڕیارم لەسەر نادرێت. بۆ بڕیاردان لەسەرم، دەبێت لە ھەموو ئەو جەنگانە تێبگەیت لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا دژی خۆم کردوومن. ھێندەش سەیرە ئەوەی لەسەری راڕا نیم و بێ گومان و پرسیارکردن خۆم داوە بەدەستییەوە خۆشەویستییە، بێ ئەوەی بزانم ئەم کەشتییە وێڵە دەمگەیەنێتە چ کەنارێک، من ئامانج و خەونم کەنار نییە، گرنگ ئەوەیە تاکە سەرنشینی کەشتی خۆشەویستی ژنێک بم. خەونەکە زۆر گەورەیە، وا نییە؟.
خۆم: زۆربەی جار، بێ ئومێدیی و رەشبینیت لە پلەیەکدایە، ناتوانم بڕوا بەخۆم بکەم خەونێک یان ئامانجێکت ھەبێت. تۆ خۆشەویستی بەکاردەھێنیت بۆ ئەوەی بە ئاسوودەگی بمریت. شتێک بە شەفافی بیبینم ئەوەیە لەپێناوی خۆدزینەوە لە مردن خۆت داوە بە دەم شەپۆلی خۆشەویستییەوە. رەنگە ئەم رێسایەکی نەگۆڕی خۆشەویستیش بێت.
من: زۆربەی منداڵانی ماڵە دەوڵەمەندەکان لە خەونبینین و ئامانجدا ھەژارن، ئەمە تێزێک بوو منی نەگرتەوە!، ئێستاش کە ھەژاریی وەک قرشێک لاشەم دەخوات، خەونەکانم بە گەورەیی ماونەتەوە. لەوەتی ھەم خەونی گەورە گەورە دەبینم، بەڵام بە ھەنگاوی بچووک بەرەو ھێنانە دی ئەو خەونانە دەچم. ئەگەر پێم بڵێیت کامە خەونت لە ھەموویان گەورەترە؟ بێ دوو دڵی دەڵێم خۆشەویستی. زاناکانیش دەڵێن مێشک دەزگایەکە بۆ دەستنیشانکردنی ئامانج، لە مێشکی مندا پێشنۆرەترین ئامانج تەنھا خۆشەویستییە.
خۆم: ئەو خەون و ئامانجانە بەڵا گەورەکەی مرۆڤن، ئێستا تێدەگەم ھەموو مرۆڤێکی رەشبین، خەونێکی تێکشکاوی ھەیە، لە پشتی ھەر مرۆڤێکی نائومێدەوە چیرۆکێکی حەزین ھەیە.
من: رەنگە پیر بووبین بە دیار خەونەکانمانەوە، بۆیە ھەمیشە بە نوستالیژیاکانمان دەژین. قسە باوەکە دەڵێت “پیر لەسەر رابردووی دەژی و گەنجیش بە چاو بڕینە داھاتوو”. وەک خۆم لە سەرەتاوە بە گڕ و تینەوە کارم بۆ ئایندە دەکرد، ئایندەیەک دنیایەکی جوان و پڕ خۆشەویستی لە رەحمیدا ھەڵگرتبێت و لە دایک بێت. ئێستاکە لەو ئایندەیەدا دەژین و دەبینین دنیا ھەر ھەمان دنیا ناشرینەکەی پێشووە کە ئەو ھەموو رەنجەمان دا لەپێناوی گۆڕینی. وەلێ لەبری گۆڕانی دنیا، رووخساری خۆمان گۆڕاوە، چرچی تەمەن لەسەر پێستمان دەرکەوتووە.
خۆم: گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی ئەم ژیانە زۆر پووچە، چوونکە گەمژەکان بڕیاری لەسەر دەدەن و جەلادەکان ھەڵیدەسوڕێنن.
من: زۆر جار دەگەمە ئەو حەزەی “راینمارک” کە وای دەبینی جیھان پێویستی بە شەڕێکی گەورەیە لە نێوان خواکان و ئەھریمەکاندا کە تیایدا خوداوەندەکان بگلێن و جیھان تاریک دابێت لە پێناوی لە دایکبوونەوەی جیھانێکی نوێدا. ئەمە بیرۆکەیە ھێندە سامناک بوو، نازیزم وەک میتۆلۆژییەکی نوێی ژێرمەنی بۆی دەگەڕایەوە، بەڵام خەریکە دەبێتە ئارەزووی منیش.
خۆم: بیرۆکەکەت ترسناکە، سەیرە مرۆڤ ھەمیشە بە داھێنانی نوێ ژیان تاڵتر دەکات!، رەنگە مرۆڤ تەنیا توانای مەشقکردنی لەسەر وێرانکاریی ھەبێت نەک دامەزراندنی ژیان و ھەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە مەرگ.
من: کێشەکە ئەوەیە ھێشتا مرۆڤ پێناسەی بۆ ژیان نییە و دەیەوێت لە مردن تێبگات!!. راستە تێنەگەیشتن لە مەرگ تۆقێنەرە، ھەروەک “پاسکاڵ” دەیووت “ئەوەی لە ھەموو شت زیاتر بێ ئاگام لێی و نەشارەزاترم لەسەری ئەو مەرگەیە لە چنگی رزگارم نابێت”. ئێستاکە دەمەوێت ژیان بەو ھەنگاوە پێناسە بکەم لاقم بەرەو خۆشەویستی دەینێ، ئیدی کاتم نییە بۆ بیرکردنەوە لە مەرگ، مادام ھێشتا لە نێو دڵی ژنێکدا بوونم ھەیە.
خۆم: ھەروەک زەوی ھێزی کێشکردنت ھەیە، ئەوەی بە سوپایەک نەدەکرا تۆ کردت، کلیلی ئەو قوفڵەت دۆزییەوە، چەندان ساڵ بوو ژەنگی دڵی مردووم گرتبووی!!.
من: ھێزێکی سەیر لە خۆمدا بەدی دەکەم، دەتوانم کاریگەریی لەسەر بەرامبەرەکەم دابنێم، وەک تسۆنامییەک وام ھیچ ھێزێک ناتوانێ رامبگرێت، ھەرچی ناخۆشی سەر رێگای ژیانمە لەگەڵ خۆمدا رایدەماڵم، کەچی ژنێک لەھەستی خۆیدا رایوەستاندم!! بەھێزی خۆشەویستی رایگرتم، ئێستا وەک پەیکەرێک لە بەردەمیدا ئیستم گرتووە و چەقیوم. سەیرە!!.

١٤-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: چواردە و دە خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




من و تۆ.. بەشی دووەم و کۆتایی.. شیعری ستیڤان شەمزینی

لەوەتی لە دایکبووین
بە ژێر ئەو بارانەی عەشقەدا
رێ دەکەین
لە ناو لەپی دەستماندا
خۆش دەکاتەوە
زۆر جاریش
لە لێوی حەزەکانمەوە
بە لێزمە دادەکات


من و تۆ
دوو قەرەجی ماندووین
من بەناو گۆرانییەکاندا دەگەڕێم
تۆش بەنێو ئەسرینەکاندا
پێکەوە سترانێکی فرمێسکاوییمان
بۆ زەمەنی پێش
یەکترناسینمان وت


من و تۆ کە یەکتر ماچ دەکەین
ئەسرینەکانمان قاقا پێدەکەن
خەمە تەڕەکانمان وشک دەبنەوە
مەراقە رەشەکانمان مۆر ھەڵدەگەڕێن
کانیاوێکی سەرخۆش
لە لێوی تامەزرۆمان دەچۆڕێت


من و تۆ
بەسەرھاتی ناو رۆمانێکین
ژیان
بە پەڕەمووچی تریفە دەماننووسێتەوە
خوێنەر
بە واق وڕماویی دەمانخوێنێتەوە
ھیچ خوێنەرێک بۆی جیا ناکرێتەوە
کام منە، منم و کام تۆیە، تۆیت
وای لە من، ئای لە تۆ


من و تۆ
چاو ھەڵدەبڕین
رۆژ دەبێتەوە
چاو دادەخەین
شەو بە بەرگی تاریکییەوە دێت
یەکتر لە ئامێز دەگرین
گوڵ دەپشکوێ
لێک دوور دەکەوینەوە
زەمین فێ دەیگرێت
ھەناسە دەدەین
شیعر سەما دەکات
لەژێر لێفەیەکی پەمەیی دەنووین
ئاسمان کۆبوونەوە
بە ئەستێران دەکات
چەند سەیرە یاساکانی سروشت
لە دەستی من و تۆدایە!!


من و تۆ
لە قۆزاخەی تیشکدا دەژین
رووناکیمان
بە ئەستێرەدا ھەڵدەواسین
ھێندە رووناکین
خۆر
داوای مشتێک پرشنگمان
لێ دەکات بە قەرز
ھێندە روونین
تاڤگە
داوای خوازبێنیمان
لێ دەکات بۆ چەم
ھێندە مەستین
عەشق، تامەزرۆیە
بە رۆژی رووناک بمانخواتەوە


من و تۆ
پاشماوەیەکی سۆمەریین
کەس نەیتوانی شرۆڤەمان بکات
پادشا ھات
وایزانی وەسێتی پادشایەکی کۆنین
شاعیر ھات
وایزانی چامەیەکی غەمگینین
بازرگان ھات
بیری لە نرخمان دەکردەوە
شوێنەوارناس ھات
بەدووی تەمەنماندا گەڕا
عاشق ھات بەسەر باڵاماندا گریا


من و تۆ
ھەمیشە لە سەفەرداین
من بە چەپکێک خۆزگەوە
بەرەو لای تۆ
تۆ لە گوڵشەنی سۆزەوە
بەرەو لای من
من بە دیوانێک شیعرەوە
بەرەو لای تۆ
تۆ بە خەونێکی شەرابییەوە
بۆ لای من
من بە بەرچنەیەک ئارەزووی سەوزە
بۆ لای تۆ
تۆ بە رووبارێک ھەنگوینی ماچەوە
بۆ لای من
من و تۆ ھەمیشە لەم سەفەرەداین





مۆنۆلۆگی پێنجەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ستوونی ھەرە گرنگی فەلسەفە لە دوای رۆشنگەرییەوە ئەوەیە چۆن بژین

خۆم: جارێک وتت مردن ھێندە ناخۆش نییە، گەر وا بوایە کەسێک دەگەڕایەوە!، لە راستیشدا دیمەنی ئاوابوون جوانتر خۆی دەنوێنێت وەک لە ھەڵاتن.
من: مرۆڤ ھەرچی داھێنا بۆ لە بیربردنەوەی مردن یان فەرامۆشکردنی بوو، بەڵام ناکام مایەوە!، بۆیە بڕوا دەکەم مرۆڤ بۆ ژیان لە دایک نابێت، بەڵکو بەناو ژیاندا تێدەپەڕێت بەرەو مەرگ.
خۆم: ھێندە شیرین باسی مەرگ دەکەیت، وەک ئەوەی پەسنی عاشق بۆ مەعشوقەکەی بێت!. تێزە بەناوبانگەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ھەرچی وتی “بژی مەرگ” بێ راڕایی فاشیستە.
من: باسەکەی ئێمە لە دەرەوەی سیاسەتە، قسەکردنە لەسەر “مەرگی رووت”، بەو مانایەی مردن وەک رەھایەکی سروشتی سەیر بکەین. خۆ دروشمی من تەواو پێچەوانەی دروشمە فاشیستییەکەیە، چوونکە بە دروشمی “بژی ژیان، بمرێ مەرگ، نەفرەت لە سەرەتان”, رووبەڕووی نەخۆشییەکەم دەبمەوە، زۆر جار ئەو مرۆڤانەی باسی مەرگ دەکەن، عاشقی ژیانن.
خۆم: ھەر چۆنێک پێناسەی مەرگ بکەین، لەنگ و ناتەواوە، چوونکە تاکە شتە ناکەوێتە ناو ژیانەوە، مرۆڤ دەتوانێت تەنھا پێناسەی ئەو چەمکانە بکات لە ژیانیدا دەیانبینێت.
من: مردن ئاگرێکی تاریکە، دەتوانین بۆنی دوکەڵەکەی بکەین، من چەندان جار مردووم، ھەموو حاڵەتێکی کۆما جۆرێکە لە مردن، لەوە تێگەیشتووم مردن ھێندە وەحشەتناک نییە، بەڵکو ھەمان خەو و سکونی پێش لە دایکبوونە. بۆ ئەوەی بژین پێویستمان بە ھەناسەدانە، بۆ مردنیش چاونوقاندن، ھەرچەندە ئێستا نامەوێت چاوم دابخەم.
خۆم: بۆچوونەکانی تۆ لەگەڵ روانگەی قوتابخانەی وجودییەکان یەکدەگرێتەوە، ئەوان وتیان ژیان ھەموو چیرۆکەکە نییە!!، بەڵکو مەرگ وەک رەھایەک دەخەنە پێش چاوی مرۆڤ، ئەمە بێ ئەوەی ژیانیش ببوغزێنن.
من: ھەروەک مارکس زیاتر سەرسامم بە “ھیگل” بە تایبەت بە کتێبە ھەرە بەناوبانگەکەی “فینۆمینۆلۆژیای رۆح”، کە ھەر وەک چۆن “کۆژۆ” پێیوایە “لەدوا شیکردنەوەدا دیالێکتیکی ھیگل بە فەلسەفەی مەرگ ناوزەد دەکرێت”. لە دیتنی مندا مەرگ ئەنجامی ژیانە. زیندەوەرێک تاکو نەژی ناشمرێت، ئەمە ھەر ئەو فاکتە بوو لە سوکراتەوە درێژ بۆتەوە تاکو فرۆید و شۆپنھاوەر. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ دەبێت ئەو ماوە کورتەی لەبەردەستییەتی “ژیان” چێژی لێ وەربگرێت.
خۆم: فەلسەفە بۆچوونێکی کۆنکرێتی نییە سەبارەت بە مەرگ، سیسرۆن دەیووت “فەلسەفاندن فێربوونە کە چۆن بمریت!”. بەڵام ستوونی ھەرە گرنگی فەلسەفە لە دوای رۆشنگەرییەوە ئەوەیە فەلسەفاندن فێربوونە کە چۆن بژیت. مارکس ھەموو ژیانی فەلسەفیی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کرد بڵێت کاری فەلسەفە بە تەنھا شرۆڤەی جیھان نییە، بەڵکو گۆڕینییەتی بە جیھانێک مرۆڤ تێیدا ھەست بە چێژی ژیان بکات.
من: مارکس فەیلەسوفێکی ماتریالیستە، ئەگەرچی وەک فەیلەسووفێک دەست پێدەکات، بەڵام بە کتێبی “کاپیتال” وەک ئابووریناسێکی سەرمایەداریی کۆتایی دێت، لە ھیچ شوێنێکدا مارکس ئاوڕ لە چەمکی مەرگ ناداتەوە، بەڵکو چاوی بڕیوەتە ژیان، مارکس فەیلەسووفی ژیان و ھیومانیزم بوو.
خۆم: مارکس، لە رووی ماتریالیستییەوە درێژکراوەی “دیموکریتس”ە، بە بۆچوونی ئەو فەیلەسوفە یۆنانییە دێرینە جیھان لە ئەتۆم پێکھاتووە، ھیچ بوونێک لە دەرەوەی ئەتۆم نییە، ئەم روانگە ئەتۆمیستییە بە پوختەکراوی دەگاتە سەردەمی مارکس، بۆیە مارکس بیر لە مردن ناکاتەوە، بەڵکو بە چڕی باسی ژیان دەکات، وەک چۆن ئەبیکۆریستەکان پێیانوایە مەرگ پەیوەندیی بە ژیانەوە نییە و ناکەوێتە نێو بازنەی ژیانەوە.
من: تا ئەو شوێنە لایەنگری “مارکس”م بیر لە کوالێتی ژیان دەکاتەوە، بیرکردنەوە لە ژیان کاری مرۆڤی مودێرنە.
خۆم: بەدەر لەم باسە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە نێوان سۆفیست و ماتریالیستدا، لە نێوان موریدی ئیشراق و مرۆڤی نوێی خۆرئاواییدا، لە نێوان حیکمەتی بودا و تێزەکانی مارکسدا، رووخساری تۆم بۆ نادۆزرێتەوە. کۆکردنەوەی ئەو ھەموو شتە ناکۆکە لە خۆتدا کارێکی ئاسان نییە.
من: پرۆتاگۆراس لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین وتی “مرۆڤ پێوەری گشت شتێکە”، ھیچ فەلسەفە و ئایدۆلۆژییەک بە پێی پێویست تەواو نییە، مرۆڤبوون پێوەری ھەموو شتێکە، خۆم بە موریدی ھیچ شتێک نازانم، جگە لە بیرکردنەوە و روانگەیەکی ئینسانیانە، ئەمەش بە تەنیا لە یەک شوێن دەست ناکەوێت، دەبێت ھەر بەشەی لە جێگەیەکەوە بھێنیت. ئەمە رێک پەشیمانبوونەوەی منە لە رەھاگەرایی بیری مارکسیزم، بێگومان مارکس لە سەدەی بیست و یەکدا بژیابایە، مانیفێستی کۆمۆنیستی نەدەنووسی!، یان لانیکەم بەو جۆرە نەیدەنووسی وەک لە ساڵی ١٨٤٨دا نوسیوویەتی.
خۆم: تا ئێرە ھەموو شتێک روونە، بەڵام ھەمیشە فۆرمی بیرکردنەوەت لێڵە، چەند دیقەت دەدەم تێناگەم.
من: من زۆر قووڵم، دەریام، تۆ ناتوانیت لەسەر رووی دەریا جگە لە کەف ھیچی تر ببینیت، بۆ ئەوەی مرواری لە ئەندێشەمدا بدۆزیتەوە، دەبێت بگەیتە قووڵایی دەریای بیر و ھەستم، لەوێ تێدەگەیت ئەم دەریا مات و مەلوولە چەندین گەنجینەی گرانبەھای لە ھەناوی خۆیدا شاردۆتەوە، وەرە، وەرە، بەرەو قوڵاییەکەم، ئەی ئەو کەسەی ژیانی خۆمت لەگەڵ بەش دەکەم.
خۆم: کەواتە بۆچی ھێندە لە ژیان دەترسیت؟ یان بۆچی گلەیی لە شانست دەکەیت لە ژیاندا؟.
من: سواڵکەری بەر دەرگای ژیان نیم، ھەمیشە بانگی مەرگ دەکەم، تاکو ژیان بەناچاریی خۆی بێتەوە بەر دەرگام. سەبارەت بە شانسی خۆم لە ژیاندا، پێموایە مرۆڤ پەیوەندییەکی بەتینی بە سروشتەوە ھەیە، ئەستێرەی من لە درەوشانەوەدا نییە، چەند خۆم ماندوو بکەم لە ژیاندا، بە نووسین یان ھەر کارێکی دیکەوە سەرەنجام ھەر تەریک دەبم. ئەستێرەی من رەنگە دوو سەد ساڵی تر بدرەوشێتەوە!، یان ھەرگیز نەدرەوشێتەوە، پێموایە ئەستێرەکان کاریگەریی بەرچاویان ھەیە لە ھەڵکشانی بەختی ھەر کەسێکدا، بۆیە ھەمیشە یارم بە ئەستێرە پێناسە دەکەم لە شیعرەکانمدا.
خۆم: تۆ رەشبینی و پێکەنینت پێکەوە کۆکردۆتەوە، لەو کاتەی دەبێت دڵتەنگ بیت تۆ پێدەکەنیت!.
من: بیرم نایەت کەی بوو گریام، ئەوانەی زۆر دەگرین یان گرفتارن بە خەمێکی زیاد لە پێویست گەورەکراوەوە یان کێشەی عەقڵییان ھەیە، من ھەر کاتێک پێدەکەنم مانای وایە ئازارێکم ھەیە و بە پێکەنین بەرەو رووی دەبمەوە، کە گریانیشم ھات یان تێکستێک لە دایک دەبێت یاخۆ کارەساتێکی گەورە دەقەومێت.
خۆم: ھەمیشە ناڕازیت، ناڕەزایەتییەکەت لە شێوەی “پاسترناک”ە لەسەردەمی ستالیندا. ئەو رۆمانەکەی ناوی “دکتۆر زیڤاگۆ”یە، بەڵام ئەو رۆمانەی تۆ بەنیازیت بینووسیت ناوی “مۆتەکە”یە!. بەڵام ئەو لە سیاسەت، تۆ لە چی ناڕازیت؟.
من: لەگەڵ ئەوەی ھیچ شتێک رازیم ناکات، شتێک نییە ببێتە مایەی دڵخۆشیم، جگە لەتاریکی ھیچی ترم لێ دیار نییە، بەڵام تاکە وشەیەک ھەیە رازیم دەکات، بەڵکو دڵشادیم پێ دەبەخشێت، رووناکم دەکاتەوە، ئەو وشەیەش “خۆشم ئەوێی”یە. بێ ھیوا نیم، بەڵام مەستی ئومێد نیم، ئومێدەواریی نابێت ببێتە تریاک، بەشە باشەکەی ئەم جیھانە رەشبینەکان دروستیان کردووە، چوونکە خۆشبینەکان بە ھەموو شتێک رازین، لەگەڵ ھەموو بارودۆخەکاندا خۆیان دەگونجێنن. لە ریشەوە حەزم بە چارەی ئەو مرۆڤانە نییە بێ ئەوەی چرا دیار بێت، گۆرانی بۆ رووناکی دەڵێن.
خۆم: تۆ چیرۆکت زۆرە بۆ گێڕانەوە، وەک ئەو پیاوەی “ترۆتسکی” کوشت، بەڵام پێش مردنی، ترۆتسکی وتی، ئەو پیاوە نەکوژن چوونکە چیرۆکێکی ھەیە بۆ گێڕانەوە، ئێمە داوا لە کانسەر دەکەین نەتکوژێت تاکو چیرۆکە بێ بنەکەت بگێڕیتەوە.
١١-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: دوانزە و بیست خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




من و تۆ.. 1.. شیعری ستیڤان شەمزینی

بەشی یەکەم

من و تۆ وەک تۆپەڵێک رووناکی
بەناو تاریکیدا تێدەپەڕین
سەیر بکە
چۆن ژیان بۆتە چراخان


من و تۆ
لە ھەر زەمانێکدا
ناوێکمان ھەبووە
زەمانێک لەیل و مەجنون
زەمانێکی تریش مەم و زین
ئەمێستا گوڵاڵەسوورە و باخ


من و تۆ لە نیشتمان لە دایک بووین
لە غەریبیدا یەکترمان دۆزییەوە
لە بانیژەی خەیاڵدا ماچمان گۆڕییەوە
لە ئاسمانی یەکتردا بۆ ئەبەد دەفڕین


من و تۆ لە یەک جامدا
ئاوی خۆشەویستی دەخۆینەوە
لە یەک چرکەدا پێکەوە دەمرین
لە باوەشی یەکتردا زیندوو دەبینەوە


من و تۆ بۆ یەکەمین جار
پەنجەرە داخراوەکانی ھەستمان کردەوە
تا تیشکی ھەتاوی ئەوین بێتە ژوورەوە
لەو رۆژەوە رەشەبا شەڕ بە من و تۆ و
پەنجەرەی کراوە دەفرۆشێت


من و تۆ پێکەوە خەونمان بینی
ئیبن سیرین خۆی پێی وتین
لە شەقامێکی نارنجیدا پێکدەگەن
لە بن سێبەری دارگێلاسی عیشقدا دەمرن
لە بەھەشتدا سەردەردەھێننەوە


من و تۆ لە مەزرادا گوڵمان رواند
لە ئاسماندا برووسکەمان چاند
لە دڵدا خۆشەویستیمان داکوتا
ھەر خۆشمان گوڵ و برووسکە و
خۆشەویستی بووین


من و تۆ بە قەڵەمێکی سوور
مێژووی بارانمان نووسییەوە
ئەوەمان بۆ نەوەکانی داھاتوو
یاداشت کرد
دەکرێت لە ھەناوی رەشی ھەورێکدا
دڵۆپە بارانی سپی لە دایک بێت


من و تۆ
ئەو تابلۆیەمان رەنگ کرد
کە خۆشەویستی
خودا و شەیتان ئاشت دەکاتەوە!
بۆ کۆتایھێنان بە وەرزی مردن و
رازاندنەوەی بووکی ژیان
با دەست بە ئەوینەوە بگرین


من و تۆ
لە تێپەڕین بە دەریای سۆزدا
ملوانکەی مرواریی ئەوینمان ھۆنییەوە
کردمانە گەردنی رۆژە خەمۆکەکانمەوە


من و تۆ
لە ھەموو شوێنێک دەناسرێینەوە
بەلەمەکان
بە ھەڵاتن لە تەنھایی
رووبارەکان
بە مەلەی پێچەوانەی شەپۆل
ئاگرەکان
بە سووتان لە کورەی غەریبی
“با”کان
بەراکردن بەدوای تەمەنی بابردوو
باخەکان بە ماچی ژوانەکانمان
یەک یەک دەمانناسنەوە


من و تۆ لەوەتی ھەین
بە لەززەتی رامووسانەوە دوو گیانین
بە دزی تەنھاییەوە پێکەوەین
ناوی یەکتر لەسەر پێستی
بێستوونی توانەوە ھەڵدەکۆڵین


من و تۆ پەیمانمان بە یەکتردا داوە
ھەر کات مەرگ پەلی منی گرت
تۆ لە ژیاندا زیندوو بمھێڵیتەوە
ئەو پەیمانەمان لە دامێنی شیعرێکدا
واژۆ کرد


من و تۆ لەسەر ئەوە رێکەوتین
ھەر کاممان مردین
ئەویتر ھاوسەرگیری بکات
من لەگەڵ فرمێسک و
تۆش لەگەڵ یادگارییەکانی من


من و تۆ
لەسەر شتێکی تریش رێکەوتین
چیتر من، من نیم
تۆش، تۆ نیت
ئێمە ھەر یەک بەلەمی عاشقین
لە دەریاچەی سەرکێشیدا
سەوڵ لێ دەدەین





مرۆڤ تاکو جەستەی نەبێت ھیچی تری نییە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی چوارەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: با بگەڕێینەوە سەر جەستە. بێ بایەخکردنی جەستە لە بواری فەلسەفیدا، ئەفلاتۆن تیۆریزەی کردووە، بەدیتنی ئەو جەستە لە خاکەوە پەیدابووە و رۆح لە ئاسمانەوە دابەزیوە، ئەم تەرزە بیرکردنەوەیە لە بواری فەلسەفیدا وەک ھێڵێکی درامی لە ئەفلاتۆنەوە درێژ بووەتەوە تاکو بە ئێستاش دەگات. ئەمە ھەر ئەو شتەیە “نیچە” تێبینی کرد کە مێژووی مرڤایەتی چیتر نییە جگە لە مێژووی نابووت و سەرکوتکردنی جەستە.
خۆم: ئەمە ھەمان روانگەیە کە ئاینەکان پێداگریی لەسەر دەکەن، ھەر لەو رێگەیەشەوە بووە بە بەشێک لە کولتووری ئێمە. مرۆڤی کورد لە ھەر ئاستێکی رۆشنبیریدا بێت تا ئێستا نامۆیە بە جەستەی خۆی!.
من: تۆ سەیری شانۆی کوردیی بکە، ھەموو ڤۆکۆسێکی لەسەر حیوارە نەک جوڵەی جەستە، ئەوەندەی من تێگەیشتبم، خراپترین جۆری نواندنی شانۆیی ئەو نواندنەیە تەنھا پشتی بە ھێزی وشە بەستووە و جوڵەی جەستەی وەلا ناوە. تەنانەت ئێمە سەماشمان نییە،! ھەڵپەڕکێیەکمان ھەیە تاک لە بۆتەی گشتدا پێوەند بووە، بەو پێیەی ئەو سەمایە پرۆسەیەکی دەستەجەمعییە، تاک تێیدا ونە، ئەمەش زادەی ئەو ترسەیە لە دروستبوونی تاکێک خاوەندارێتی جەستەی خۆی بکات، ھەروەک چۆن دیسپۆتیزمە کولتوورییەکە بە گشت نەبێت بواری بیرکردنەوەشمان نادات.
خۆم: کەواتە ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە تۆ بۆ جەستەی ژن دەنووسیت یان بۆ رۆحی ژن؟.
من: مرۆڤ تاکو جەستەی نەبێت ھیچی تری نییە، لای من مرۆڤ جەستە و ئیحساس و بیرە، ژنیش وەک مرۆڤ دەبینم، بۆ ھەموو ئەو جوانیانەی ژن دەنووسم.
خۆم: سەیرە سەرباری ئەوەی لە بوارێکی دیاریکراودا نانووسیت، بەڵام ھەموو شیعرەکانت بۆ ژنن، خۆت بە کۆمۆنیست دەزانیت بەڵام ھیچ شیعرێکت نییە رەھەندی چینایەتی ھەبێت!!.
من: پەیوەندیی من بە کۆمۆنیزمەوە لە قۆناغێکدایە، خەڵک وا دەزانن دەستبەرداری ئەو بیرۆکەیە بووم، یان وا تێدەگەن کۆمۆنیستبوون بەشێک بێت لە مێژووی تێپەڕێنراوم، نا، نەخێر، بەم جۆرە نییە، ھیچ نەبێت شیعر بە کۆمۆنیزمەوە دەمبەستێتەوە، ئەمە ھەمان ئەو کۆنسێپتەیە “ئالان بادیۆ” لە بارەیەوە دەدەوێ و دەڵێت “شاعیرەکان لەبەر ھۆکارێکی جەوھەری کۆمۆنیستن”!. بادیۆ ئەو ھۆکارە بە زمان دەستنیشان دەکات، بەو پێیەی شاعیرەکان ناوی نوێ بۆ شتەکان دەدۆزنەوە کە پێشتر ناویان نەبووە، ئەمیش پێشکەشی ھەمووان دەکرێت!. رەنگە لە ئێستادا تەنھا و تەنھا شیعر من بە کۆمۆنیزمەوە ببەستێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆم بە شاعیری پڕۆلیتاریا نازانم، لای من بازنەکە فراوانترە، لە دیدی مندا شیعر بۆ ھەمووانە.
خۆم: وتت شیعر بۆ ژن دەنووسم، ئەمە خۆی لە خۆیدا تەسککردنەوەی بازنەکەیە نەک فراوانکردنی!.
من: بەڵێ بۆ ژن دەنووسم، چوونکە ژنم خۆشدەوێت!، ژنم خۆش دەوێت، لێ ھیچ کات ئاسودەگیم لەگەڵیاندا نەبووە!، رەنگە بێ ئەوەی بەخۆم بزانم مازۆخی بم و چێژ لە ئازاردانەکانم وەربگرم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەمەش ھەمیشە بۆ ژن دەنووسم.
خۆم: شەڕی کامۆ و سارتەر لەسەر بەدەستھێنانی دڵی ژنان بوو، ئاخر سارتەر ئیرەیی بە کامۆ دەبرد کە ئەو ھەموو ژنە پێی سەرسام ببوون، بەڵام ھەوڵیدەدا ئەم ئیرەییە بخاتە فۆرمی شەڕێکی فیکرییەوە، تۆش ھەمان شەڕت لەگەڵ دەکرێت لەلایەن ھەندێ ھاوڕێتەوە و دەیانەوێت ئەم ئیرەییە بخەنە چێوەی جیاوازیی و سەرەڕۆیی بیروڕاوە، کەچی ئەوەی من دەیبینم تۆ ھەمیشە دۆڕاویت لە دۆزینەوە و بەدەستھێنانی ئەو ژنەی دڵی خۆت دەیخوازێت!.
من: ئەو شەڕە نەگریسەم دژی خۆم پێ راناگیرێت، بەڵام ھەر دەنووسم و تێمای سەرەکی نووسینەکانیشم ستایشی ژنە. زۆر جار دەگەمە ئەو دۆخە دەروونییەی نازانم بۆچی دەنووسم!، بەڵام دەزانم دەبێت شتێک بە ژن بڵێم لە رێگای تێکستەوە. زۆر لە پیاوەکانی ھاوڕێم ئیرەییم پێ دەبەن کە ھەمیشە بۆ ژنان سەرنجڕاکێشترین پیاو بووم، بەڵام من وەک راوە ماسی لەگەڵ ژنان بەرخود ناکەم و نامەوێت بە کۆمەڵ بیانخەمە تۆڕی ئارەزووەکانمەوە. نا، نەخێر دەمەوێت وەک باڵندەیەک تەنھا لەگەڵ ئەو مەلەدا بفڕم ھێشتا لە قەفەزی پیاوێکی تردا زیندانە، بۆیە ھەمیشە بۆی دەنووسم!.
خۆم: جارێک وتت باوەڕم بە دۆنادۆن ھەیە، پێتوایە ژنێک ھەبێت لە کۆنەوە رۆحی ئاوێتەی رۆحت بووبێت!؟.
من: مرۆڤێکی ئایندار نیم، کەچی بڕوام بە دۆنادۆنی گیانەکان ھەیە و پێموایە گیانی من و ژنێک بەر لە ھەزاران ساڵ لە یەکتر نزیک بوون، رەنگە دوو پەروانە بووبن لەسەر پەڕەی گوڵێک یەکتریان ناسیبێت، من بۆ ناسینەوەی ئەو پەروانەیە دەنووسم!.
خۆم: کەواتە تۆ عاشقیت بە مانا سۆفیگەرییەکەی، پێموایە عەشق درۆیەکە دژی تەنھایی، تەنھاییش راستییەکە دژی عەشق.
من: وایە عەشق جنونە، حاڵەتێکی دەروێشانەیە، خۆشەویستی ئەو پەیوەندییە دڵخوازەیە زۆرینەی مرۆڤەکان ئارەزووی دەکەن، کەچی من ناتوانم خۆشەویستی بکەم ئەگەر نەگاتە عەشق، ئەگەر نەبێتە ئەو شێتییەی لە کرۆکی عەشقدا ھەیە، ھەر ئەمە پێم دەڵێت یان کوڕی زەمەنێکی زۆر دێرینم، یاخۆ ھێشتا سەردەمی من نەھاتووە.
خۆم: شێتەکان جوانترین مرۆڤەکانن، زۆرجار بەھەڵەدا دەچین کە شێتی و ئەحمەقی لە یەکتر جودا ناکەینەوە!.
من: شێتی درۆیەک بوو لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپا داھات، فوکۆ لە کتێبەکەیدا “شێتی و نائاوەز، مێژووی شێتی لە چاخی کلاسیکیدا”. ئەم بابەتە دەباتە ناو فەلسەفەوە، ئەو نموونەی “کەشتی دەبەنگەکان” دەخاتە بەر باس کە لەو سەردەمەدا کۆمۆنەکان شێتەکانیان پێ دەبردە ناوەڕاستی دەریاکان و بەدەم شەپۆلەکانیانەوە دەدان، ئەمێستا ھەر مرۆڤێکی دژە سیستم بەو شێتە لە قەڵەم دەدرێت لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کە سێبستیان برانت رۆمان لەبارەیەوە دەنووسێت، ئەوەی گۆڕاوە لە بری لەناوبردنی فیزیکی لەناوبردنی دەروونی و مەعنەویی پەیڕەو دەکرێت.
خۆم: مردنی مەعنەویی زۆر ترسناکترە لە مردنی فیزیکی!، ئەوەی منی تۆقاندووە ھەردوو مردنەکە بەیەکەوە روو بکەنە کەسێک.
من: ناتوانم وەھا بیر بکەمەوە، ژیان وەک ئاوی کانی دەڕوات ھەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەکەی، مردن ھەروەک ژیان دیاردەیەکی جەستەییە، ژیان لەناو مێژوودا درۆیەکی دڵخۆشکەرە و مرۆڤ بۆ نەمریی خۆی داھێناوە، بەداخەوە ژیان یەک جارە، وەلێ من ھەموو رۆژێک بەدەم ئازارەوە دەمرم.
خۆم: کەواتە بژی بەو جۆرە دەتوانیت بژیت. ئێستا حەزدەکەم بزانم مێشکت چی تێدایە؟.
من: بە دیار خۆمەوە دانیشتووم، دەمەوێت تەنھابم تەنیاتر لەم تەنھاییەی ئێستام. بیر لەوە دەکەمەوە چۆن نەیانھێشت خەونەکەم تەواو بکەم، فڕێیاندامەوە ناو ئەم واقیعە پڕ ئازارە. دەمەوێت دوو دێڕ بۆ یارم بنووسم “سوپاست دەکەم کە پێتوتم تۆ مەلێکی تەنھایت، یاوەرت نییە لە فڕیندا”.
خۆم: شتی سەیر و سەمەر لە مێشکتدا ھەیە، لە ھەمووشی گرنگتر ھەموو شتەکان وەک ئەڵماس گرانبەھان.
من: پێتوایە کەسێکی دیکە ھەبێت دیقەت لەو شتە وردانە بدات جگە لە من؟. بۆ من وتنی شتی قورس و گران گرنگ نییە، گرنگ دۆزینەوەی مانای گەورەیە لە شتی زۆر وردیلەدا.
خۆم: بەڵام زۆرجار دۆزینەوەکانت ھێندەی چەکی ئەتۆمی بۆ کۆمەڵگە ترسناکن! چوونکە ناتوانێت ھەرسیان بکات.
من: بە قەد رقی ھەندێک خەڵک لە خۆم و روانگەکانم دڵخۆشم بەمە، ئاسوودەشم بەوەی بۆچوونەکانم ھەندێک کەس وەک گای ئیسپانی شێت دەکات، کەواتە زوو زوو بەو پەڕۆ سوورە سەرچۆپی دەگرم.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
٨-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: یانزە و چل خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




برووسکەکان.. برووسکەی سێیەم و کۆتایی.. ستیڤان شەمزینی

تۆ نازانیت من چەند تینووم
بۆ خواردنەوەی قومێک لە کانیلەی لێوت
بۆ ھەڵقوڕاندنی کۆنیاکی بزەی تەڕت
تۆ نازانیت من چەند تامەزرۆم
بۆ کێشانی حەشیشی باوەشت
بۆ ھەڵمژینی بۆنی رەیحانەی ھەناسەت
تۆ نازانیت من چەند سەوداسەرم
بۆ راکشان لەژێر بریسکەی چاوت
بۆ بەربوونەوە بۆ نێو زەریای ماچت
تۆ نازانیت من چەندە شێتم
بۆ رنینی بەروبوومی کێڵگەی لەززەت
بۆ نووسینەوەی مێژووی
شەوێکی رۆمانسی
لەناو پەڕە گوڵی جەستەت
سەیرە تۆ ھێشتا نازانیت!!


من و ئینجانە لە یەکتر دەچین
ئەو دڵێکی نەرمە
بۆ رسکانی گوڵ
من خاکێکی بە پیتم
بۆ گوڵەگەنمی شیعر
ئەو بێزار نابێت
لە مەکری گوڵەکان
من تووڕەنابم لەو شیعرانەی
وەک شمشێر تیغم دەکەن و
شەتاوی خوێن
لە دڵمدا جۆش دەدەن
ئەو کاتێ دەمرێت، نازی گوڵ
لە نێو چاوەکانیدا دەربکێشرێت
من کاتێ، فەنا ئەبم
قەڵەمم مان بگرێت
لە نووسینی ئەو شیعرانەی
دێڕ بە دێڕ من لە یار و
یار لە مندا دەلاوێننەوە


خودا یەکەم رۆژ
تۆی دروست کرد
دووەم رۆژیش
لە پەراسووی چەپی تۆ
منی خوڵقاند
خودا رۆژی یەکەم
وشەی ناردە سەر زەوی
دووەم رۆژ
منی کردە گەڕیدەی وشە
خودا یەکەم رۆژ جوانی تۆی
بە قەڵەمی پرشنگ کێشا
دووەم رۆژ
منی خستە سەر کەڵکەڵەی
کڕنووش بردن بۆ ئەو جوانییە
من وەک ئیبلیس لاسار نەبووم
بە تامەزرۆییەوە لەبەرت نوشتامەوە
خودا یەکەم رۆژ
لەناو شیلەی ژیاندا
خۆشەویستی ھەڵھێنجا
دووەم رۆژ
منی ھەڵبژارد
ببمە پەیامبەری ئەوینی تۆ
خودا یەکەم رۆژ
ملیاران ئەستێرەی لە ئاسمان و
یەک ئەستێرەی لەسەر زەوی ئافراند
دووەم رۆژ
ئیبلیس لە خشتەی بردم
لە بری ئەوەی لەسەر ئەم زەمینە
بۆ تۆ بگەڕێم
چاوم بڕیوە
پۆلێک ئەستێرە لە ئاسمان
خودا خۆی نیگای بۆ ناردم
تۆ لە نزیکی دوور و
دووری نزیکەوە
لە ناو کۆڵانە رەنگاورەنگاکانی
عەشقدا بدۆزمەوە
ئیتر خودا وەستا
لە ئافراندنی شتەکان

ستیڤان شەمزینی





بە بێ سێکس ھیچ مانایەک بۆ خۆشەویستی نامێنێتەوە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی سێیەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

خۆم: رۆمانسیزمی کۆتایی سەدەی حەڤدە دوالیزمی خۆشەویستی و مردنیان پێکەوە گرێدەدا، بەڵام پێناسەی تازە ئەوەیە خۆشەویستی و ژیان پێکەوە بەستراون.
من: ھەتا فێر نەبین خۆشەویستی بکەین، فێر نابین چۆن بژین. ئەوەی گەردوون ھەڵدەسوڕێنێت خۆشەویستییە. لاھوتییەکان دەڵێن خودایە، بەڵام خوداش ھەر پارچەیەکە لە خۆشەویستی.
خۆم: مرۆڤ کە فێری خۆشەویستی بوو، تامی ژیان دەکات، ئیتر ترسی لە مەرگ نامێنێت، چوونکە ھەست دەکات ئەوەی پێویستە بیکات ئەنجامی داوە.
من: ژیان خۆی سپەیسێکە لەنێوان ھەردوو خاڵی لە دایکبوون و مردندا، ئەوەی ئەم بۆشاییە بە خۆشەویستی پڕ نەکاتەوە، نە لە دایکبووە و نە ژیاوە و نە دەمرێت، بەو پێیەی بوون بە خۆشەویستیدا دەناسرێتەوە.
خۆم: وتەکانت پڕن لە حیکمەت، لە بارەی خۆشەویستییەوە بدوێ، بێدەنگبوونی تۆ خیانەتە لە خۆشەویستی!.
من: مەرج نییە، ھەمیشە وتن شتەکان روون بکاتەوە، ھەردەم شێواندنەکان لە وتەکانەوە دەستپێدەکەن، ھەروەک شیعرەکەی “نیکۆلاس کاتانۆ” دەڵێت “من زۆر جار، لە وشەکان پەشیمان دەبمەوە، بەڵام ھەرگیز لە بێدەنگییەکانم نا”.
خۆم: ژیان خۆشەویستییە، ئەمە ئەو فاکتەیە تاراددەیەک ھەمووان لەسەری کۆکین، بەڵام ئەی مردن چییە؟.
من: مردن تاکە ھەقیقەتێکە ناتوانین تەفسیری بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت لێی بترسین، چوونکە لەو باوەڕەدا نیم ھێندەی ژیان تاڵ بێت.
خۆم: ئەگەر ژیان خۆشەویستییە بۆچی بە تاڵ پێناسەی بکەین؟، خۆشەویستی و شادیی دوانەیەکن پێکەوە!!.
من: ئەگەر ژیان تاڵ نەبوایە، مرۆڤ پێویستی بە داھێنانی خۆشەویستی نەبوو، مرۆڤ خۆشەویستی داھێناوە نەک دیاردەیەکی خۆڕسکی دەروونی خۆی بێت، سروشتە خۆڕسکەکەی مرۆڤ دڕندەییە، کاتێک زانیمان ئەو دڕندەییە سروشتییە وێرانترمان دەکات، ژیانمان تفتتر دەکات پەنامان بۆ خۆشەویستی برد، یان بابڵێم خۆشەویستیمان داھێنا.
خۆم: باوەڕت بە ژیانێکی تر لە دوای مردن ھەیە؟, واتە زیندوبوونەوەی پاش مەرگە فیزیکییەکەمان.
من: ئەم پرسیارە ھێندە کۆنە بە قەد تەمەنی ھەبوونی مرۆڤ، لەوەتی مرۆڤ ھۆشی کردۆتەوە ئەم پرسیارە ئامادەیەی ھەبووە، ئەو وەڵامانەی تاوەکو ئێستا لە ئارادان، لە روانگەی لاھوت یان فەلسەفەوەن، ئەوانەش ھەموو شێمانە و گریمانەیین نەک کۆنکرێت، لێ لاھوت و فەلسەفە دوور نین لە زانست، بەڵکو لەسەر زانست رۆنراون، بگرە تاکو سەردەمی “رۆشنگەری”ش فەیلەسووفەکان ھەم دانا بوون، ھەم زانا، بۆیە گریمانە فەلسەفییەکان بە تێپەڕینی کات بوونەتە فاکتی زانستیی، بەڵام کەی زانست توانی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە جا بە ھەر بارێکدا بێت ئەوەیان زۆر گرنگ نییە، وەک خۆم چاوەڕێی زانست دەکەم و دڵنیاشم لەوەی رۆژێک دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە ھەرە دێرینەی مرۆڤ بداتەوە.
خۆم: کەواتە ناتوانین پێناسەی مردن بکەین!، دەبێت جێی بھێڵین بۆ زەمەن.
من: جارێ با ئێمە پێناسەی خودی ژیان بکەین کە ئەزموونی دەکەین، دواتر رەنگە ئاسان بگەینە پێناسەی مردن، ھەروەک شاعیری یابانی “مۆریتاکە” لە یەکێک لە ھایکۆکانیدا دەڵێت “وەک گوڵە نیلۆفەڕ، ژیانی من، سەراپا وەک رۆژێک دێتە بەرچاو”. ھەر بە راستی ژیانمان ھەر یەک تاکە رۆژە.
خۆم: مەرگ کۆدێکی سەیرە، رەنگە بتوانین لە کۆتاییەکانی ژیاندا لێی تێبگەین، ھەروەک چۆن “ڤیکتۆر ھۆگۆ” لە سەرەمەرگدا وتی “رووناکییەی رەش دەبینم”. ئەو چرکەساتە رەنگە تێبگەین، بەڵام چیتر توانامان نییە لە بارەیەوە بدوێین.
من: مردن تەنھا مردنی جەستەیە، ونبوونە لە بەرچاوی خەڵک، بڕوام بەوە نییە ماددە بمرێت، تەنیا دۆخی دەگۆڕێت!. تکایە کە من ون بووم لەبەرچاوانت وا مەکە نەتناسیوم، ھەوڵمەدە بۆ لە بیرکردنم، باشترین کار بیکەیت داگیرساندنی مۆمێکە لەگەڵ خوێندنەوەی تێکستەکانمدا، بەڵام نەکەیت بە دڵێکی تەنگەوە ئەم کارە بکەیت.
خۆم: کێ ناڵێت بەو ھەموو برینەوە پێش تۆ ون نابم، ئاخر گۆمێکم چەندان جار لیخن کرام، بەردی زۆرم تێگیراوە، دڵیان شکاندووم لە ژیان، چاوەڕێی تەڕایی روونی تۆ بووم تاکو بمژێنیتەوە، سەیرە بەو ھەموو ھەستەوە، چۆن دەبێت وەک مردوو بژیم؟!.
من: تۆم خۆش دەوێت!. ئەوەندە ئاسان بە کەسێک ناڵێم خۆشم دەوێیت!, دڵنیام ئەفسوونێک لە تۆدا ھەیە، راستە من جادووگەری وشەم، بەڵام تۆ ساحیری دڵ بردنی، ئەوە نییە بە ئاسانترین شێوە دڵت بردم.
خۆم: زۆرجار وا ھەست دەکەم زۆر تەڵخیت، بۆم جیا ناکرێتەوە چۆن بیر دەکەیتەوە و چی لە مێشکتدا ھەیە!.
من: مرۆڤی جوان، ھێندەی روونییەکەی لێڵە، تۆ ناتوانیت کەشفی بیر و خەیاڵاتی بکەیت، کەچی تۆ ھێشتا نابینیت ڤیزام پێداویت ئەو جوگرافیا تاریکانە بەسەر بکەیتەوە لە ئەندێشەی مندا ھەن، وریابە چرای خۆشەویستییەکەت توند بگرە، نەک خوانەکردە لە بەرزاییەکانی بیرمەوە ھەڵدێرێیت.
خۆم: خۆشەویستیتم قبوڵ کردووە، بەڵام لە بەیەک گەیشتنی جەستەکان زۆر دەسڵەمێمەوە، بە جۆرێک بە بیرکردنەوە لێی تووشی جۆرە شڵەژانێک دەبم تێیدا ون دەبم، تۆ دەرکی ئەوەت کردووە خەریکە خۆم ناناسمەوە؟.
من: ئەو خۆشەویستییەی رێگریی لە بەیەک گەیشتنی جەستە بکات، نەک نابێت پێی دڵخۆش بین، بەڵکو دەبێت نەفرەتی لێ بکەین. کێشەی تۆ لەوەدایە تەنھا خورمات دەوێت، کەچی من خورما و مێوژیشم دەوێت.
خۆم: لە دیدی مندا خۆشەویستی مەحکوم ناکرێت بە پەیوەندیی سەرجێیی، رۆح زیاتر رۆڵ دەگێڕێت وەک لە جەستە.
من: خۆشەویستی ھێزی کێشکردنی ھەیە، ھەمیشە دوو جەستە بەرەو یەک رادەکێشێت، کاتێک جەستەکان ئاوێزانی یەکتر دەبن، رژێنی خۆشەویستی ھۆرمۆنی توانەوە دەردەدات، خۆشەویستییەک نەتوانێت دوو لەش ئاوێتەی یەکتر بکات، جێی گومانە و دەبێت باوەڕ بەوە بکەیت ئەم پەیوەندییە ھێشتا نەبووەتە خۆشەویستی.
خۆم: ھێشتا سەر لەوە دەرناکەم، بۆچی لە پێناسەی نوێدا خۆشەویستی و سێکس پێکەوە دەبەسترێنەوە؟. بۆ دەبێت ئەو دووانە تەواوکەری یەکتر بن؟. کێ ئەم رێسایەی سەپاندووە؟.
من: ئەوە رێسایەکی سروشتیی و خۆڕسکە بێ سێکس ھیچ مانایەک بۆ خۆشەویستی نامێنێتەوە، بە پێچەوانەشەوە بێ خۆشەویستی ھیچ ھۆکارێک نییە بۆ ئەنجامدانی سێکس، چوونکە لەو دەمەدا سێکس دەبێتە پووچترین پرۆسە.
خۆم: ھێشتا بۆم ھەرس ناکرێت، سێکس و خۆشەویستی دوالیزمێک بن یەکتر تەواو بکەن، تا ئێستا وەھا تێبینیم کردووە ئەو دووانە پێچەوانەی یەکترن!.
من: لە روانگەیەکی فەلسەفیانەوە بۆچوونی خۆمم بۆ شی کردیتەوە، چوونکە تۆ سۆفیستانە سەیری خۆشەویستی دەکەیت و پێتوایە نابێت جەستە رۆڵی ھەبێت، منیش دەڵێم مرۆڤ بە ھۆی جەستەیەوە ھەست بە بوونی خۆی دەکات.

٤-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: چواردە و سی خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




برووسکەکان-2-.. ستیڤان شەمزینی

برووسکەی دووەم

پێم سەیرە ھێشتا دەژیم
لە جەنگی ھەقیقەتدا
چەندان جار زامدار بووم
ھەر زۆر دەمێکە
بە ئەسپی عەشقەوە گلاوم
چەندان جار
لە کێوی خۆشنوودییەوە ھەڵدێراوم
دەیان جار
لە ئانی کڕنووش بۆ ئاو
ئاگر لە خەندەکانی گەنجیم بەر بووە
زۆر جار
لە تەماشای پەلکەزێڕینەدا
چاوەکانم پڕ بوون
لە تۆزی بیابانی غەریبی
زۆر سەیرە ھێشتا زیندووم
خۆ من ھەموو شەوێک
لەگەڵ مۆمێکدا دەمرم و
لە گۆڕستانی تاریکیدا دەنێژرێم!!


ژیان ھەورازێکە
تاکو زیاتر پێیدا سەرکەویت
روونتر دیمەنی مردن دەبینیت
نامەوێت بگەمە کۆتایی رێگە
ھێشتا کاری زۆرم ماوە لێرە
ژیان رووداوێکی خۆش نییە
ناچارین خۆمان
تۆوی خۆشی تێدا بچێنین
ھەرکەس ژیانی بە ھۆیەکەوە
خۆش دەوێ
من ژیانم لەبەر تۆ و
تۆشم لەبەر ژیان
خۆش دەوێت


لە ھەرزەکاریدا پێنج خشتەکیم
بۆ ئەو کۆترانە دەنووسی
لەژێر بنمیچی ماڵەکەماندا
ھێلانەیان کردبوو
دواتر چوارخشتەکیم
بۆ نیشتمانێک دەنووسی
چارەی نەدەویستم
پاشتر سێ خشتەکیم
بۆ کرێکارێک دەنووسی
حاشای لە خوێنی رژاوم کرد
ئێستاش
شیعر بۆ پەروانە ژنێک دەنووسم
ھاوسەفەرمە
لە بۆنکردنی گوڵەکاندا
ھاوچارەنووسمە لە سووتان
لە ژێر تاڵێک تیشکی ئەویندا


چارەی بەھارم ناوێت
درەختەکان بە گەڵا دادەپۆشێت
ناھێڵێ خۆر لەشی رووتیان ببینێت
پایزم خۆش دەوێت
وەک خۆم عاشقێکی لاسارە
جلی سەوزی درەخت دادەکەنێت
بە کزەبایەک دەیھێنێتە سەما
منیش ھەروەک پایز سەرشێتم
جل لەبەری شیعرەکانمدا ناھێڵم
بە “با”یەک دەیانخەمە گۆرانی وتن
بۆ ئەو ژنەی وەک لاولاو
بە دڵی ئاگراوییمدا ھەڵگەڕاوە





بۆ ئەوەی لە مردن تێبگەین دەبێت سەرەتا لە ژیان تێبگەین.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی دووەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: لوتەر یامون، لە یەکێک لە سروودەکانیدا دەڵێت “جەستە تەنیا تەرمێک نییە ھەناسە بدات”. مرۆڤ بۆ ئەوەی نەبێت تەرمێکی ھەناسەدەر، دەبێت فیکر بکاتەوە، بخوێنێتەوە، بەڵام “گۆتێ” وتەنی “کتێبە ھەرە مەزنەکە، کتێبی خۆشەویستییە”.
خۆم: تێگەیشتن لە ژیان یان مردن، پێویستی بە عەقڵە، عەقڵیش لە کەللەی ھەموو مرۆڤێکدا نییە!، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە زۆر جار ئاوەزمەندیش سەرێکی لە شێتیی دەردەچێت!، من ھیچ کات توانای جیاکردنەوەی ئاوەزمەندان و شێتەکانم نییە، لە نێوان عەقڵ و شێتییدا تاڵە مویەک ھەیە، دەترسم شێتی ھەموو عەقڵانییەتێکی لە خۆ گرتبێت.
من: کەواتە با باسی مردن بکەین.
خۆم: قسەکردن لەسەر مردن، ھەمیشە ترسێکی تێدایە، چون مرۆڤ نەمریی پێ خۆشە، بەڵام ئامادەم.
من: خۆ مردن ھەموو کاتێک خراپ نییە “بۆ نموونە مردنی گیڤارا”. جاری وا ھەیە مەرگ چاکەکارە، پێش ئەوەی وێنا جوانەکەمان قێزەون بێت فریامان دەکەوێت.
خۆم: مردن بۆ خەڵک، زەلکاوێکی عاتیفییە، ئاگامان لە ھەندێک مردن نەبێت بە تەوتەمپەرست کۆتاییمان دێت، گرنگە ئازا بین، لە ھیچ مەرگێکدا نەکەوینە ژێر داروپەردووی سۆز، بەڵکو دەبێت وەک راستییە تاڵەکە قبوڵی بکەین. جگە لەمە خەڵک ناتوانن بیر لەو دیمەنە بکەنەوە کاتێک خۆیان لەناو گۆڕدان، ئەمە تۆقێنەرە و بەرگەی ناگرن.
من: ئێمە کاتێک دەخرێینە گۆڕەوە، ئامادەمان دەکەن بۆ خەونێکی ھەتاھەتایی یان بۆ سەرەتایەکی تر. لە زمانی کوردییدا بەم پرۆسەیە دەوترێت “مردوو ناشتن”! ئەمە مانای وایە وەک تۆوێک لە زەویدا دەمانچێنن، بۆی ھەیە جارێکی تر وەک گوڵێک سەردەربھێنینەوە، ئەگەر مەرگ بەرزبوونەوە بوایە بۆ ئاسمان دەبوو گۆڕستانەکانمان لە بۆشایی ئاسماندا رۆنایە.
خۆم: بۆ ئەوەی لە مردن تێبگەین، دەبێت سەرەتا لە ژیان تێبگەین، ژیانیش وەک سەمای “بەھاراتا ناتیای” ھیندیی ھەمووی ئاماژە و کۆدە، زۆر دەگمەنن ئەو مرۆڤانەی دەمرن و لە ژیان تێگەیشتبن.
من: ژیان بۆ خۆی شانۆیەکی سینینزمییە “گاڵتەجاڕیی” بۆ ئەوە نییە تێی بگەیت، بەڵکو دەبێت چێژی لێ وەربگریت، بۆ ئەوەشی بتوانیت چێژی تێدا وەربگریت، پێویستە وەک ئەکتەرێکی گاڵتەجاڕ خۆتی بۆ ئامادە بکەیت!. ژیان شتێکی زۆر جیددی نییە، پێویستە بە یارمەتی پێکەنین بەڕێی بکەین، چوونکە ھەموومان بە روو گرژیی و گریانەوە دەمرین.
خۆم: کەواتە دەبێت بە دوای وەھم نەکەوین، بەڵکو بۆ ئەو ھەقیقەتە بژین کە ژیان کاتییە، ئەمە ھەموو راستییەکەیە.
من: من ئەو دیدە “نیتچە”ییەم ھەیە ھەقیقەت شتێک نییە بیدۆزینەوە، بەڵکو راستی شتێکە دەبێت دروستی بکەین.
خۆم: دروستکردنی ھەقیقەت رەنگە شتێک بێت بتوانێت رازیمان بکات تا بەردەوام بین لەم گەمەیەی ژیاندا!.
من: ئەوەش ناتوانێت من رازی بکات، مرۆڤی رازی تەرمە ھەناسەدەرەکەیە، دەبینم ھەمیشە رەخنەم لێدەگیرێت لەسەر ئەوەی ھیچ شتێک نییە رازیم بکات!، ئاخر بۆچی شتێک بوونی ھەیە ھێندە بێ خەوش بێت بواری ناڕەزایی بۆ کەس نەھێڵێتەوە؟.
خۆم: مرۆڤ بۆ ئەوەی رازی و دڵنیا بێت ئاین و خودای داھێناوە، لەوە دەچێت چیتر خودا و ئاین ئەو دەسەڵاتەیان نەبێت، دڵنیایی و قنیات بە مرۆڤ ببەخشن.
من: من کارم بە کەسی تر نییە، خودایەکم بۆ خۆم داتاشیوە، ئەو خودایە ئەنێرژییەکی پۆزەتیڤە لەناو خودی خۆمدا، لەو کاتەی ھەموو تابلۆکان تەڵخ دەبن، دیمەنێکی روونم لەناو جوگرافیاکانی ھەستمدا نیشان دەدات و پێمدەڵێت دڵت بەمە خۆش بکە. بە قسەی “ڤۆڵتێر”م کرد کە وتی “ئەگەر خودا نەشبێت، دەبێت خۆمان ببینە ئافرێنەری”.
خۆم: سارتەر جارێک وتی “مرۆڤ مەحکومە بە ئازادیی” ئەو قسەیە ئەو کاتە راست دەبوو ئەگەر بیوتبا “مرۆڤ مەحکومە بە کوێرەوەریی ژیان” یان “مرۆڤ مەحکومە بە مردن”. شتێک تاوەکو ئێستاش گرێکوێرەی منە ئەوەیە ھێشتا نازانم، مرۆڤ لە ژیاندا چی دەوێت؟.
من: ئاسانە، مرۆڤ ژیانی دەوێت، ئەوەش بەڵا ھەرە گەورەکەیەتی، لە وەھمێکدا نغرۆ بووە پێیوایە ژیان بەختەوەریی تێدایە!، ژیان بەختیاریی تێدا نییە، بەختیاریی وەک ھەقیقەت دەبێت خۆمان دروستی بکەین.
خۆم: بیرۆکەکەت جوانە، بەم پێیە مرۆڤ دەژی و ھەوڵدەدات بۆ دروستکردنی بەختیاریی نەک بۆ دۆزینەوەی، بەڵام کێ لەم ئەندێشەیەی تۆ تێدەگات؟. ئەمە ئەو پرسیارە بێ وەڵامەی ناوی مێشکی منە.
من: شتێک لە مرۆڤەوە فێری بووبم ئەمەیە، کەس لە کەسی تر تێناگات، بە تایبەت لە کۆمەڵگەی ئێمە کە رۆشنبیریی دیاردەیەکی دەنگییە و رۆشنبیرانیش تەنھا غەڵبەغەڵبیان دروست کردووە.
خۆم: ئێستا خەریکە لەوە تێدەگەم، ئەو ھەموو خەنجەر وەشاندنەت لە خوئەڤینی مرۆڤ، سەرچاوەی ئەو ھەموو کینەیە لە بەرامبەرت لە ئارادایە!.
من: بۆم گرنگ نییە قبوڵکراو یان نا، دەزانم لەوەتی ھۆشم کردووەتەوە لە دۆخێکی “کافکا”ییدام، باسی دۆخ دەکەم، نەک بیرکردنەوە. ھەر ئەوەی بوومەتە دەعبایەکی وەک “سامسا”ی پاڵەوانی “مەسخ” سەلمێنەری ئەوەیە لە دۆخێکی تەواو کافکاییدام، ھەر بۆیە زۆر جار وەک دەعبایەکی بۆھیمیی دەبینرێم.

٣٠-١٠-٢٠١٨
کاتژمێر: چواری بەرەبەیان
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




برووسکەکان.. شیعری ستیڤان شەمزینی

برووسکەی یەکەم

بە تەنیایی لە دایکبووم
عومرێک بە تەنیایی ژیام
لەناو حەشاماتیشدا
بە تەنیایی مردم
وای لە من
زامێکی چەند تەنیا بووم!


دەریایەکی خامۆشم
ئەگەر وەک پاپۆڕێک
بەسەرمدا تێپەڕیت
رەنگە دۆزەخێکی ئاویی بم
ئەگەر وەک نەھەنگێک
لەناومدا بژیت
بەھەشتێکی مەنگم


ئەم گەردوونە زۆر چۆڵە
پرسیارم لە خۆم کرد
کوانێ مرۆڤ؟
دەنگێکی نادیار وتی
مرۆڤایەتی دەمێکە قڕی تێکەوتووە
لە جێگەیدا ژمارەیەکی بێشوومار
لە رۆبۆتی پارەپەرست
نیشتەجێی زەوین


شۆڕشگێڕێکی کۆنەپەرستم
لە ئاوابوونی مرۆڤدا
خەون
بەھەڵاتنی مرۆڤایەتییەوە دەبینم
لە زەمەنی ئافاتی خۆشەویستیدا
خەون
بە شۆڕشی ئەوینەوە دەبینم
لە سەدەی قاتوقڕیی شکۆمەندییدا
خەون
بە ژیانێکی باڵابەرزترەوە دەبینم
ئەگەر تۆیش وەک منیت
بێ دوو دڵی بڵێ: کۆنەپەرستم


نازانم روو لە کوێ بکەم؟
بۆ ھەر لایەک ئاوڕ دەدەمەوە
ژیان لە پشتی مەرگەوە
خۆی دەشارێتەوە
کانی خنکاو سڵاوم لێ دەکات
ھەوای سیلاوی ھەڵمدەمژێت
نیشتمانم
لاشەیەکی ساردەوە بووە
تاراوگەش دڕکەڵان
کێ گۆڕێکی ھەیە بۆ فرۆشتن؟
بە نرخێکی گونجاو لێی دەکڕم


بەختەوەریی پۆشاکێکی تەسکە
بە بەری مندا ناچێت
غەریبی بەر لووتی گرتووم
ناھێڵێت بۆنی عەتری
خاکی نیشتمان بکەم
تاریکیی تاراوگە لیخنی کردووم
بوار نادات، ژنێک
بمکاتە رووبارێکی ئیرۆس
لێم بگەڕێن
با مەرگ بە ئەسپەکەیەوە بێت
بە زنجیر بەدوای خۆیدا رامکێشێت
کێ ئەم پیاوە گەدایەی لە بیرە؟
لەوانەیە تەنیا یەک ژن ھەبێت
بە نھێنی فرمێسکم بۆ بڕژێ





خۆشەویستی زۆرانبازیی نییە، لە خۆشەویستیدا براوە و دۆڕاو نییە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مۆنۆلۆگی یەکەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

پێشەکی
ئەم کتێبە بریتییە لە خۆدواندنێک “مۆنۆلۆگ” لە بارەی زۆر پرسی لێک جیاواز، ھەر لە خۆشەویستی و سێکس و جەستەوە بیگرە تاکو مەرگ و نامۆبوون و رەخنەگرتن لە مۆدێرنێتە و سیستمی کاپیتالیزم، ناوەڕۆکی ھەر ھەموویان لە دواجاردا بەستراوەتەوە بە چەمکی خۆشەویستییەوە، ھەر بۆیە ناوی کتێبەکەشمان نا “خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجەدا” ھەرچەندە ئەم ناونیشانە، خواستنە لە ناوی رۆمانی “خۆشەویستی لە زەمەنی کولێرا”ی گابریل گارسیا مارکیز، ئەمەش کارێکی رێپێدراوە، تەنانەت کەسێکی وەک “لینین” ناوی یەکێک لە کتێبە سیاسییەکانی خۆی “چی بکرێت؟” لە ناوی رۆمانێکی ناسراوی رووسییەوە وەرگرتبوو، بەڵام ئێمە دەقاودەق ناوەکەمان وەرنەگرتووە، بەڵکو “شێرپەنجە”مان خستۆتە بری “کولێرا”، ئەگەرچی ھەردوو ناوەکە ناوی نەخۆشین، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە ناوەڕۆکێکی لێکچوویان نییە، ھەڵبەتە وشەی “شێرپەنجە” لای من دوو دەلالەتی بنەڕەتی ھەیە، یەکەمیان ئەوەیە ئەم کتێبە کە لە بنەماوە چەند پەرەگرافێکی پەرش و بڵاوبووە، لە سەروەختی ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە نوسراوە و پاکنووسکراوە، دووەمیان، پێموایە زەمەنەکە چەرخی شێرپەنجەیە بۆ خۆشەویستی و ئەو ھیومانیزمەی من داکۆکی لێ دەکەم و کردوومە بە درێژایی تەمەن، دەتوانم بڵێم دۆزی ژیانم دۆزی ھیومانیزم و بەرگرییکردن بووە لە مرۆڤی رووت. ئەوەی لەسەروو ھەموو شتێکەوە بۆم گرنگە مرۆڤە، ھەر شتێکی تر لە خواروو ئەمەوە دەبینم.
رەنگبێ شێوازی مۆنۆلۆگەکان بۆ خوێنەران سەیر بن، یان رەنگە بڵێن باشتر بوو لە فۆرمی توێژینەوەدا بیرۆکەکان تەرح بکرابان، ئەمانە ھەموو راستن، بەڵام لەوانە راستتر لەوەدایە، ئەم مۆنۆلۆگانە شەڕێکە لەناو ئەندێشەمدا بەرپابووە و تا کۆتایش ئەم جەنگە بەردەوامیی دەبێت. لانیکەم مرۆڤێک سەروکاری لەگەڵ خوێندنەوە و نووسیندا ھەبێت، لە باری سایکۆلۆژییەوە جێگیر نییە، بەو پێیەی ھەمیشە لە شەڕێکی بێ پسانەوەدایە لەگەڵ بیر و پارادۆکسەکانی ناو ھزرینی، ئەمە حاڵەتێکی سروشتییە، لە سۆنگەی ئەوەی دڵەڕاوکێ ھەمیشە مامانی داھێنانە و ھەوێنی پێشکەوتنی ژیاریشە، تەنانەت ئەدگارێکی ھەمیشەیی مرۆڤی شارستانییە. ئەو دیالۆگەی نێوان “من” و “خۆم” تەنیا ئاوازسەندنەوە نییە بۆ یەکتر، نەریتی بەندبێژەکانیش پەیڕەو ناکەن تاکوو بەندی یەکتر تەواو بکەن، بەڵکو لە بارێکی مۆلەق و ناجێگیردا قسە دەکەن، تەبا نین لەگەڵ یەکتر لەسەر زۆر شت، بەڵام دواجار ئەمە ئەندێشەی مرۆڤە، پێموایە ئەندێشەی ھەر مرۆڤێکی تریش پڕیەتی لە ھاودژیی، لەوانەیە جیاوازییەکەم لەوەدا بێت توانای گوزارشتکردنم ھەیە لەو پارادۆکسە. بۆی ھەیە “خۆم” لێرەدا ھەر “من”ە فرۆیدییەکە بێت، ھەمیشە بکەوێتە بەرداشی شەڕی دەستەویەخەی “ئەو” و “منی باڵا”وە. “من”یش لەم تێکستەدا ھەمیشە “ئەو”ی سەرکێشە، ھیچ کات رۆڵی “منی باڵا” ناگێڕێت، بگرە لەم تێکستەدا “منی باڵا” بوونی نییە، ئەوەی ھەیە دیالۆگی “من” و “ئەو”ە، ئەمەش وەک وتم بە پێی تیۆری دەرونشیکاریی فرۆید.
حەزیش ناکەم باس لە ناوەڕۆکی کتێبە بکەم، یان کورتی بکەمەوە لەم پێشەکییەدا بۆ خوێنەر، ئەگەر وا بکەم پێویست ناکات خوێنەر خۆی ماندوو بکات و تەواوی کتێبەکە بخوێنێتەوە. ئەوەی گرنگە لام ئاماژەی بۆ بکەم، روونکردنەوەی ھەندێک تەمومژە لە دەوروبەری مۆنۆلۆگەکان. ھەندێک جار “من و خۆم” ھێندە دوور لە یەکتر دەئاخڤن، وەک ئەوەیە دوو کەسی جیاواز قسە بکەن، بەڵام لە راستییدا قسەکەری یەکەم و کۆتایی ھەر نووسەری ئەم کتێبە خۆیەتی، لەوە زیاتر روانینی ھیچ کەسێکی تر بەشدار نەبووە لە گەڵاڵەکردنی ئەم مۆنۆلۆگانەدا، ھەر بۆیە چارم نەبوو، دەبوایە ئەم جەلەحانێیە ھەر لە نێوان “من و خۆم”دا رووبدات، زۆرجار بیرۆکەی ئەوە بە خەیاڵمدا گوزەری دەکرد، ناوێک “ناوی کەسێک” لە بەرامبەر “من”دا دابنێم، بەڵام ھەر زوو ژیوان بوومەوە، بەوەی نەکا سەر لە خوێنەر بشێوێنێت و پێیوابێت نووسەر لەگەڵ کەسێکی تردا دیالۆگی کردووە و ئەم بەرھەمە لە دایک بووە.
کۆتا جار، ئەم پرسیارەش لە خۆم دەکەم، ئایا کتێبێکی وەھا پێویست بوو بۆ خوێنەری کورد؟. وەڵامێکی کۆنکرێتم لا نییە، دەمێک لەبەرخۆمەوە دەڵێم ئەم کتێبە وەک ھەموو دەنگەکانی بۆشایی ئاسمان تەنھا وەک دەنگێک لەناو ئەو ھەموو ھەراوھوریایەدا دەمێنێتەوە و کەس گوێی لێی نابێت، دەمێکی تر دەڵێم خوێنەرێک ھەیە بیدۆزێتەوە و بە بایەخەوە بیخوێنێتەوە، لەناو ھەموو ئەو راڕاییانەشدا بڕیاری چاپکردنیم داوە، ئیدی ھەر لە چاپ ھاتە دەرەوە، پەیوەندییم لەگەڵ ئەم کتێبە دەپچڕێت و تاکە شتێک بمبەستێتەوە پێوەی ناوی خۆمە لەسەر بەرگی کتێبەکە، ھەروەک ئەلبێر کامۆ لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا وتبووی “کتێبەکانی خۆم ناخوێنمەوە، دەمەوێت کارێکی تر، ئەنجام بدەم، یان روونتر بڵێم دەمەوێت بەرھەمێکی تر بنووسم”. ئەم پرەنسیپەش لە سەرەتاوە باوەڕم پێی ھێناوە و جێبەجێم کردووە، ھەر بۆیە لە ئێستادا وەک بێگارییەک پێشەکی ئەم کتێبە دەنووسم، بەھۆی ئەوەی خۆم تەرخان کردووە بۆ نووسینی کۆمەڵێک بەرھەمی تر. لەیەک کاتدا کار لەسەر سێ کتێب دەکەم، بۆیە کاتم بەدەستەوە نابێت تا جارێکی تر کتێبەکانم بخوێنمەوە. نایشارمەوە ھۆکارێکی تریش ھەیە، ترسم ھەیە لە کاتی دووبارە خوێندنەوەیدا ئەو ھەستەم بۆ دروست بێت، پەلەم کردووە و زۆر شتیشم نەوتووە کە دەبوو بیڵێم. بەھەرحاڵ ھیوادارم ئەم کتێبە سوودێکی بچووک بە خوێنەری کورد بگەیەنێت، ئومێدەواریشم بگاتە دەستی خوێنەرێک توانای داوەریکردنی ھەبێت لەسەر تێماکانی ناو کتێبەکەمان.

کۆتایی فێبریوەی ٢٠١٩

ئەڵمانیا – شتاینھاگن

-١-
خۆم: بە قووڵی سەیری ئەو دەریایە بکە، دێڕێک، شیعرێکی لەسەر بنووسە!! من دەریام خۆش دەوێت و ھەمیشە لە تەنیشتییەوە ھەست بە ئارامی دەکەم.
من: بۆ شەپۆلە دوورەکان دەڕوانم، کە چەند نامرادانە دەمرن بێ ئەوەی بگەنە کەنار، ئەگەر ئامانجت کەنار بێت، دەبێت ھێزی شەپۆلدانت بەھێز بێت و ھەنگاوەکانت گەورە بن.
خۆم: ئەوە گەیشتنە کەناریش چی دەبێت؟. ھەموو شەپۆلێک لە کەناردا ون دەبێت راستتر وایە بڵێم دەمرێت.
من: گرنگ نییە لە کوێدا دەمرن، ئەوەی جێی بایەخە لە ھەنگاو و گوڕدان تا کاتی مردن.
خۆم: لە دوورەوە ئاوەدانییەک دیارە، ئەوبەرەوە وڵاتێکی ترە، کولتوورێکی ترە.
من: نا، من نامەوێ جگە لە دەریاکە چاوم بۆ ھیچ کوێی تر بڕوانێت، بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوانم، تەنیا شینایی دەریام لێ دیارە. دەریا شمشاڵێکە، شەپۆلەکان ئاوازە جادووییەکین و زمانی شاعیر دەپژێنن. لەکن شاعیر دەریا و شیعر یەکێکن.
خۆم: با تۆزێک بێدەنگ بین، رێ بدەین شەپۆل بدوێت و لە باوەشی یەکتردا ھەست بە دڵنەوایی بکەین.
من: زۆر باشە، وا دەکەین، پێم خۆشە گوێ لەم شیعرە بگرین کە باسی دەریا دەکات.
خۆم: ئەو فرمێسکە چی بوو. لە چاوانتەوە باری و کوڵمی منی تەڕ کرد.
من: بە بێدەنگی و لە مێشکی خۆمدا دەمووت “تۆ ھەست بەوە ناکەیت، چ ئازارێک دەمخوات، رۆژەکانم تێدەپەڕن و مەرگ زیاتر لێم نزیک دەبێتەوە، چەند ئەکتەرێکی باشم کە دەتوانم بۆ دڵخۆشیت خۆم بە باش نیشان بدەم”.
خۆم: خەیاڵت بۆ کوێ رۆشتووە، بۆچی بێدەنگیت؟.
من: نا، بێدەنگ نیم، بەڵام وەک سەرۆکی ھیندە سوورەکانی سیاتل لە وتارێکدا وتی “وشەکانم ئەستێرەکانن ئاوا نابن”. دەمەوێت شتێک بڵێم ھەمیشە بمێنێتەوە، وشەکانم دەبێت ھێزی مانەوەیان ھەبێت بۆ زۆر دوور، دەمەوێت لە رێی وشەکانمەوە زۆر بژیم، چوونکە کاتم زۆر کەم ماوە بە فیزیکیی.
خۆم: تۆ زۆر باش دیاریت، تۆنی دەنگت وا ناڵێت کە کەمت مابێت لە ژیاندا، تۆم لە رۆمانێکدا خوێندۆتەوە، نموونەی ھێز و ئیرادەیت!!.
من: ئەوەی چاوت پێتدەڵێت ھەمیشە جێی گوومانە، چاومان کەمترین جار راستییەکان دەبینێت، پێم خۆشە راستییە تۆقێنەرەکە نابینیت، تا بتوانین چێژ لە ئێستا وەربگرین.
خۆم: واز لە باسی مردن بھێنە، بۆچی ھەموو کات بە مردن دەمترسێنیت؟.
من: مردن خۆی لە باسکردنی دەترسێت، تۆ کاتێک باسی مردن نەکەیت واتە ھێندە تۆقیویت لێی ناوێریت ناویشی بھێنیت. تەنھا ئەوانەی نزیکن لە مردنەوە ھەست بە خۆیان دەکەن، ھیچ کەسی تر ناتوانێت لێیان تێبگات.
خۆم: واز لە بابەتی مردن بھێنە، دەمەوێت بپرسم چەندە منت خۆش دەوێت؟.
من: بڕینی رێگا کەندەڵانەکانی عەشق، ریسک و سەرکێشیم، ھەموو نیشانەکانی عەشقێکی گڕگرتوو نیشان نادەن؟.
خۆم: من شێوازی خۆمم ھەیە لە خۆشەویستیدا، ئەویش راوەستانە لەنێوان “من” و “منی باڵا”دا.
من: “منی باڵا” ھەمیشە سەرکوتکارە، دیکتاتۆرێکی رووتە، خۆشەویستی بە “من” دەکرێت، “منی باڵا” دوژمنی باوەکوژی خۆشەویستییە.
خۆم: “منی باڵا” رێگە نادات ھەموو کارێک بکەم لە خۆشەویستیدا، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر زۆر خۆشم دەوێی.!
من: دنیای خۆتت لە قاڵبداوە و زیندان کردووە لەسەر داخوازیی “منی باڵا”!، ئەو بەڵایە لە کۆڵ خۆت بکەوە، جارێک لە قسەی دەربچۆ و بە قسەی “من” بکە، بزانە چی جوانییەکی لێ قەدەغە کردوویت؟.
خۆم: پێوەرەکانی من بۆ خۆشەویستی جیاوازن، بڕوام بە خۆشەویستی ئەفلاتۆنی ھەیە، جەستە ھیچ رۆڵێکی وەھای نییە لەو فۆرمە خۆشەویستییەی من دەیخوازم؟.
من: زۆر جار وەک پیاوێکی بۆھیمی دەردەکەم، بەڵام کۆمەڵە پرنسیپێکی خۆم ھەن، رەنگە لە ھی کەسی تر نەچن، وەلێ ئەوەی سەبارەت بە خۆشەویستی دەیزانم، نابێت بەردی خۆشەویستی بەرز بکەیتەوە، بێ ئەوەی ھەموو جمکەکانی بگریت، دەبێت خۆشەویستی بە ھەموو تانوپۆی خۆیەوە قبوڵ بکەیت، ئەگەرنا قبوڵت نەکردووە.
خۆم: مەرجی جەستەت ھەیە بەسەرمەوە وانییە؟ تۆ نابینیت رۆحم لە تۆدا دەتوێتەوە! ئەمەت پێ کەمە؟.
من: کێشەکە شتێکی ترە، پێکگەیشتنی بایۆلۆژیی نەک ئارەزوو بەڵکو پێویستیشە، تۆ جەستەی خۆت ئاوێزانی کەسێک نەکەیت خۆشت دەوێت، ئەو مافە دەدەیت بە کێ ئاوێزانت بێت؟. خۆشەویستی عیرفانی، شێوازە ھەرە کۆن و مازۆخییەکەی خۆشەویستییە، تۆش ئەو مەرجەت لەسەرم ھەڵبگرە!!.
خۆم: تۆ زۆر بەھێزیت، من ناتوانم خۆم بگرم لەبەردەم ھێزت، تۆ یەکەم کەسیت لاواز بنوێنم لە بەردەمیدا.
من: خۆشەویستی زۆرانبازیی پاڵەوانەکان نییە، تا ھێز براوە و دۆڕاو دەستنیشان بکات، لە خۆشەویستیدا براوە و دۆڕاو نییە، ئەوەی ھەست بەلاوازیی دەکەیت، لە بەرامبەر مندا نییە وەک قەبارە بایۆلۆجییەکە، بەڵکو بەرامبەر بە وزەی خۆشەویستی منە.
خۆم: ھەر چۆنێک بێت تۆ گەمەکەت بردەوە و کۆتاییەکەت بە ویستی خۆت دیاری کرد.
من: ئەمە گەمە نییە، بەڵکو کردەیەکی ئیستاتیکی ھاوبەشە، ئێمە ھەردووکمان پێکەوە ئەو تابلۆیەمان رەنگ کرد.
٢١-١٠-٢٠١٨
کاتژمێر: نۆ و پێنج خولەکی بەیانی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس




دوو چەپک لەو شیعرانەی باسی تۆ دەکەن.. ستیڤان شەمزینی

چەپکی دووەم

شیعری منە
لە خوێنتدا دێت و دەچێت
خوێنی تۆیە
لە شیعری مندا ھەڵدەقوڵێت
دڵی منە
لە سینگتدا ترپە ترپێتی
سینگی تۆیە
دڵی من تێیدا لێدەدا
نیگای منە
چاوەکانتی رووناک کردۆتەوە
چاوەکانی تۆیە
نیگای کردووم بە مەشخەڵی نوور
ماچەکانی منە
موچڕکەکانی لەززەتی تۆ
لەززەتی تۆیە
لەناو ماچە ئاورینگییەکانی مندا
خەیاڵەکانی منە
لە باوەشی گەرمتدا
باوەشی تۆیە
لە خەیاڵی ھەمیشەیی مندا


کاتێک ماچی یەکتر دەکەین
با گەواڵە ھەوری چێژ
بەسەر سەرمانەوە ببێتە باران
کاتێک لە ئامێزی یەکتردا
رووت دەبینەوە
با بە گەڵای شیعر
خۆمان داپۆشین
ھەتاوی توانەوە
بدەینە بە خۆماندا
کاتێک پەنجەکانمان
ئاوێتە دەبن
با بە خەنەی عەشق
رەنگیان بکەین
کێوی کارەسات
لەنێوانیاندا بلەرزێت
کاتێک یەکتر لە باوەش دەگرین
با پەیکەری دووریی بسووتێ
کۆرپەی ژوانێکی تر
لە دایک ببێ
کاتێک بە یەکتر دەڵێین
خۆشم دەوێی
با زمانی قەمبووری دابڕان ببڕین
سێتاری رامووسان ئازادانە بدوێت


وشەی دنیام
لە خۆم کۆکردبووەوە
نەمدەزانی
چی لەو ھەموو وشەیە بکەم
کۆمەڵێک رستەی بێ خاوەنم
لێ دروست کردبوون
سوپاس بۆ تۆ
ھەموویت پێکردم بە شیعر
وەک گەردانەیەک کردتە ملی خۆتەوە
خەمی دنیا
لە چارەنووسمەوە ئاڵابوو
نەمدەزانی کامیان
لە پێشتردا ساڕێژ بکەم
سوپاس بۆ تۆ
ھەموویت بۆ کردم بە شادیی
وەک ملوانکەیەکی زیو کردتە ملمەوە
عەشقێکی گەورە
سەراپا دایپۆشیبووم
نەمدەزانی چی لەو
زەریای عەشقە بکەم
سوپاس بۆ تۆ
لە رۆژێکی بێدەنگدا ھاتیت
بوویتە تاکە مەلەوانی ئەو زەریایە





دوو چەپک لەو شیعرانەی باسی تۆ دەکەن.. ستیڤان شەمزینی

چەپکی یەکەم

بی تۆیی شمشاڵێکی غەمگینە
بە من ناژەنرێت
بێ تۆیی پەیژەیەکی پۆڵاینە
پێیدا دەچمە خوارەوە بۆ ناو گۆڕ
بێ تۆیی کابووسێکە
سوار سەری خەونە شیرینەکانم دەبێ
بێ تۆیی تابووتێکی زەردھەڵگەڕاوە
لاوکە سەوزەکانمی تێدا رادەکشێ
بێ تۆیی زریانێکی شێتەڵۆکەیە
لەگەڵ یەئس کۆمدەکاتەوە
بێ تۆیی منداڵێکی چەتوونە
بەرد دەگرێتە پەنجەرەی شیعرم
ئای لە بێ تۆیی


شاعیرەکانی ھاوڕێم
ھەریەکەیان
گۆرانی بۆ شتێک دەچڕن
یەکێکیان
فرمێسکی روومەتی نیشتمان دەسڕێت
یەکێکی تر سروشت دەلاوێنێتەوە
یەکێکی تریش
لایلایە بۆ ئازارەکانی دەکات
ھاوڕێیەکی تر
دیوانەکەی کردۆتە دەغیلەیەکی گەورە
ھاوڕێیەکی تریشم
لە کۆڵانەکانی نوستالیژیا نایەتە دەرەوە
ھاوڕێیەکی دووریشم
شیعری گرینۆک بۆ تەنیایی دەنووسێت
یەکێکی زۆر نزیکیش
شیعری کردۆتە تۆڕی ماسی گرتن
راوەژنی پێدەکات
ئەوەی لەم گەڕەولاژەدا
لە کەسیان ناچێت، منم
چون تەنھا سەرقاڵی
نووسینەوەی تۆم و ھیچی تر
نازانم شاعیرم یان نا؟


چاوی عەشقت
ھەنگوینی پێدا دێتە خوار
دڵۆپێک بەسە
بۆ ئەوەی شیرینم بکات
لێوی عەشقت
جۆگەی شەرابی لێ ھەڵدەقوڵێ
دڵۆپێک بەسە
بۆ سەرخۆش بوونم
ھەیوانی عەشقت جەنجاڵ و قەرەباڵغە
پڕ پڕە لە تابلۆی رۆندکەکانی من
لەشی عەشقت
تەزووی شادیی پێدا تێدەپەڕێ
یەک ماچ بەسە
بۆ ھەڵوەرینی برینەکانم
دەستەکانی عەشقی تۆ باخچەیەکن
زەردەخەنەیەک بەسە
بۆ رسکانی ھەستی یاسەمینیم
ھەنووکە تێدەگەیت عەشقی تۆ
ئاگرێکی جاویدانییە
پریشکێک بەسە
بۆ داگیرسانی ئەبەدیی من؟





سروودی تەنھایی.. شیعری ستیڤان شەمزینی

من و تۆ
زۆر لە یەکتر دەچین
وەک یەک، پەژارە
لە باخە خۆڵەمێشییەکەیدا دەمانێژێ
وەک یەک
دڵپڕیی بە گۆرانی دەمانچڕێت
وەک یەک
بەلای ئاوێنەکاندا تێدەپەڕین
خۆمان دەبینین
لە باوەشی سەفەردا
وەک یەک ھەنگاو دەنێین
لە دۆزەخی ئاوارەییدا
یەکتر دەبینینەوە


من و تەنھایی
بە یەک سک لە دایکبووین
دوو برای جمکین شەوان پێکەوە
پەتۆ دەدەین
بەسەر ئەستێرە خەوتووەکاندا
ھەر پێکەوە وشەکان کۆدەکەینەوە
رۆمانێکی جەرگسووتاوی
پێ دەنووسینەوە
دەستی یەکتریشمان گرتبوو
کاتێک عەشقێک
سەری شیعری سپی کردین


سەرم بووە
بە گۆڕستانێکی قەرەباڵغ
پڕ پڕە لە پێنووسی دڵڕەنجاو
پڕ پڕە لە خەندەی تۆراو لە لێو
پڕ پڕە لە نیگای مەلۆتکە
پڕ پڕە لە بارانی خۆکوژ
پڕ پڕە لە ئومێد بە ئایندە
پڕ پڕیشە لە ئێستای خۆم


شیعرەکانم
بۆنی تۆیان لێدێ
دووریم
بۆنی نزیکبوونەوەتی لێدێ
ماچەکانم
بۆنی لێوی تۆیان لێدێ
موچڕکەکانم
بۆنی لەشی تۆیان لێدێ
دەستەکانم
بۆنی پرچی تۆیان لێدێ
نیگاکانم
بۆنی چاوی تۆیان لێدێ
جانتاکەم
بۆنی بیرەوەرییەکانی تۆی لێدێ
لە ھەموو ئەمانە گرنگتر
خەیاڵەکانی تۆن
بۆنی عەتری ئەوینی منیان لێدێ


عاشقەکان نامرن بەڵکو تەنھان
شاعیرە مردووەکان لەناو گۆڕدا نین
بەڵکو لەناو دیوانەکاندا دەژین
مەستەکان لەناو پووچیدا نین
لە ناو جیھانی راستەقینەدان
قەشەکان نوێنەری خودا نین
ئیبلیس بە شەوارەی خستوون
من لەناو ئەم دنیا پووچەدا بوونم نییە
لە دڵی ژنێکدا نیشتەجێم





خەیاڵە سەربڕدراوەکان.. شیعری ستیڤان شەمزینی

لەم چاخە سۆزانییەدا
بڕۆن خۆشەویستی لەلای شێتەکان
لە ناو شێتخانەکاندا بدۆزنەوە
ئەگەر لەوێش دەستتان نەکەوت
وەرن بەلوعەی دڵی من بکەنەوە


پەنجەرەی ھەستمان
تەمی نیگەرانی گرتوویەتی
کەسێک نییە
بە ئاوریشمی خۆشەویستی بیسڕێتەوە
ئەوەی من دەیبینیم
لایلایە بۆ عەشق دەکات شیعرە
کە چەشنی باخ
دڵی خۆی بۆ گوڵێک دەکاتەوە
بڕۆن لە شیعرەکاندا
بە دوای خۆشەویستیدا وێڵ بن


زەمەن، زەمەنی ونبوونە
پیاوەکان لەناو ھەوری تووڕەییدا
ون دەبن
ژنەکان لە تونێلە تاریکەکانی کولتووردا
ون دەبن
منداڵەکان لەناو یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا
ون دەبن
کچەکان لە چاوی دەزگیرانەکانیاندا
ون دەبن
کوڕەکان بە دەم زریانی سەفەرەوە
ون دەبن
ئەوەی دەمێنێتەوە تەنھا خۆمم
لەنێو کتێبە قەبەکاندا بزر بووم


زەمەن، زەمەنی تەواو نەبوونە
شاعیرێک دەبینم
گریانی بۆ نانووسرێتەوە
نازانێت چۆن
قەسیدە گرینۆکەکەی تەواو بکات
ھەورێک دەبینم بە بارانەوە ئاوس بووە
ناتوانێ خەونی بارین تەواو بکات
خۆم دەبینم بە پەڕەمووچێکی سپییەوە
رۆژە رەشەکانی خۆم دەنووسمەوە
ھیچ کاتیش تەواو نابم لە نووسینەوە


خۆمم بۆ نادۆزرێتەوە
نازانم ئێستاکە لە کوێم!!
ئاوڕ بۆ ھەر لایەک دەدەمەوە
ھەر چیمەنی دڵتەنگییە
سەر بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە
ھەوری چڵکن ناھێڵێت خۆر نیگام بکا
تا گوڵە ھێرۆکان لە مندا بگەشێنەوە
چارم نییە بۆ دۆزینەوەی خۆم
دەبێت لە تۆدا
بە دووی خۆمدا بگەڕێم


چەند بێزارم لەم سەردەمە
پیاوەکان رووخساریان وەک دەریایە
دڵیان پارچەیەک کۆنکرێت
ژنەکان سیمایان وەک خۆرە
رۆحیان شووشەی شکاو
ئەوە بە تەنیا خۆمم
بە رووخسارێکی شێواوە
رۆحم، لەسەر مەرقەدی
خۆشەویستی دەگەڕێتەوە


ستیڤان شەمزینی




خەونە بێ ئەدرەسەکان.. ستیڤان شەمزینی

دنیای من بێ تۆ ھێندە ئاڵۆزە
ژیان خۆی تێدا ناناسێتەوە
مردن خەریکی تەفسیرکردنێتی


من دڵۆپێک خەندەی تەڕم
بۆ سەر لێوی وشکھەڵاتووت
من پشکۆی داگیرساوی پێکەنینم
بۆ دیلانێی دڵی تەنگت


ژیانم لاشەیەکە لە کفنی مەرگدا
مەرگم بەرگی ژیانی کردۆتە بەر
سەیرە لە مردن و ژیاندا
چاوم بەرەو لای تۆ دەفڕێت!!


لە ژێر زەمینی ژیانەوە ھەناسە دەدەم
لە بەرزایی مردنەوە دەڕوانم
بەدەم ژیانەوە مردم
لە باوەشی عەشقدا زیندوو بوومەوە


ھەمیشە نوێژم بۆ ژیان کردووە
بە کۆڵانەکانی عەشقدا
لە دەست مردن رامکردووە
لە کاتی نوێژ و راکردندا
کڕنووشم بۆ ھەتاوە ژنێک بردووە


خەونی ئاڵی خۆشەویستیم
بە کێردی مەرگ سەر بڕدرا
بە سەری بڕاوەوە
خەونێکی تر بە تۆوە دەبینم


چاوم
لە تۆزی مەنفا پاک دەکەمەوە
نیشتمان لەبەر ھەتاو ھەڵدەخەم
خۆیشم بەسەر تەنافی تۆوە
وەک کۆترێکی غەریب ھەڵدەنیشم


چوونکە ھەژارم خەونیش نابینم
دراو چەند ساڵە
تەوقەی لەگەڵ نەکردووم
بەو ھەموو گەداییەوە
دڵم بۆتە باخ و
ژنێک
ھەر رۆژەی گوڵێکی تێدا دەڕوێنێ


رووباری “راین” لە من دەچێت
پێچەوانەی ھەموو کەس رێ دەکەم
خەڵکیش پێچەوانەی من بیردەکەنەوە
من و خەڵک
لە ھیچ کوێ ناگەینە یەکتر
ئەوان
لە گازینۆکانی ھەوەسبازیی کەوتوون
منیش لە خانەقاکانی عەشق


بە ھاتنی سەری ساڵەکان
خۆشحاڵ نیم
ساڵێک لە تەمەنی عەشقمان
کەم دەبێتەوە
ساڵێکیش دەخەینە
ناو عەلاگەی خاشاکەوە
ھەموو سەری ساڵێک
کزە لە دڵمەوە دێت
بۆ ئەوانەی بەناو ساڵێکدا تێپەڕیون
بێ ئەوەی دەستنوێژی
خۆشەویستیان ھەڵگرتبێت

ستیڤان شەمزینی





ئایدیای پێشکەوتن وەک دواکەتن.. ستیڤان شەمزینی

خاڵی ھەرە بەھێزی سرووشتی مرۆیی کە لە کۆی ئاژەڵەکانی تر جودای کردووەتەوە توانای تێپەڕاندنی دۆخی خۆیەتی، تێپەڕاندنی ھەر دۆخێکیش کۆمەڵێک لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرھەنگیی بە دوای خۆیدا ھێناوە، بۆ وێنە لەگەڵ سەرھەڵدان و دەستپێکی شۆڕشی کشتوکاڵیدا مرۆڤ لە باری کۆچەرییەوە بەرە نیشتەجێبوون رۆشت، ئەمەش ژیانی گوندنشینی لێکەوتەوە، لەگەڵیدا مرۆڤ لە رووی ژیار و ژیانەوە تەکانێکی گەورەی بەرەوپێشەوە دا و خۆی لە زۆر جەبری سرووشتکرد راپسکاند، وردە وردەش شارستانی و نووسین و نۆرمێک لە پەرستگا و ئاینی پێشکەووتر لە تەومپەرستی و دەوڵەت شاری دامەزراند کە زۆرێک لەوانە لە دوماھیدا بوون بە ئیمپراتۆریا مەزنەکانی نێو دیرۆک لە چەشنی ئەو ئیمپراتۆریا پانوپۆڕ و ھەژموونخوازانەی بە رۆخەکانی میزۆپۆتامیا و دۆڵی نیل لە ھەزاران ساڵ پێش زایینەوە ھاتنە ئارا. لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیشدا مرۆڤ توانی تەکانێکی زۆر گەورەتر بدات بۆ پێشەوە ئەویش بە پێشخستنی ئامێر و داھێنانە زانستییە یەک لە دوای یەکەکانی لە ماوەیەکی پێوانەیی و زۆر کورتدا، مارکس لە کتێبی “ھەژاریی فەلسەفە”دا نووسیوویەتی: (ئاشی ھەوایی کۆمەڵگەی فیوداڵی بەرھەمھێنا، ئاشی ھەڵمیش کۆمەڵگەی سەرمایەداریی پیشەسازیی بەرھەم دەھێنێت). ئەم جارە لێکەوتەکانی ئەم پێڤاژۆ دیرۆکییە بە ئەندازەی پێشکەوتنەکان فراوانتر بوون، مرۆی لە دەستە و گروپی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر تاک کەسدا دابەشکرد لە فۆرمی پڕۆلیتاریادا، ھاوکات سەردەمی ژیان لە میترۆپۆڵەکاندا بوو بە دیاردەیەکی ھەمەکی.
ھەموو ئەو پێشکەوتنانەش لە سایەی ئاوەزی مرۆییەوە بەرھەم ھاتن. ئەمەش وایکرد بە تایبەت لە دیکارت بە دواوە ئاوەزسەنتەریی ببێتە جێگرەوەی ھەر شتێک. لەم نێوەندەدا لەگەڵ سەردەمی رۆشنگەرییدا (بەناولێنانی کانت) ئایدیای پێشکەوتن کە بەرھەمی (بوێریی بەکارھێنانی عەقڵ)ە، بوو بە تێڕوانینی زاڵ بەسەر کۆی ھزری مرۆییدا لانیکەم لە ژیاری خۆرئاوادا. ئیدی بە پێی روانگەی ئەم ئایدیایە تاکو زانست و زانیاریی بەرەو پێشەوە بڕۆن مەوداکانی ئازادیی و خۆشگوزەرانی بەرفرەتر دەبن، فەیلەسووفە رۆشنگەرەکان زۆرترین جەختیان لەوە دەکردەوە بە پێشکەوتنی زانست مرۆڤایەتی دەگاتە ئاستێکی بەرز لە ئازادیی و خۆشبەختی!. بە شێوەیەک لە شێوەکان رزگاربوون لە ھەر بەربەست و نادادییەک بەسترایەوە بە راددەی پێشکەوتنی زانست و زانیارییەوە، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان بەزین و کورتھێنانی ئەم ئایدیا زاڵە دەبینین. تەنانەت ئەو ئازادییە فەراھەمکراوەی ئەمڕۆکە ھەیە و لە ئارادایە جێگەی رەخنەی توندە، چوونکە دژی رۆح و بەھا مرۆییەکان وەستاوەتەوە، ژان بۆدریاری فەیلەسووفی فەڕەنسی باس لەوە دەکات سەردەمی مودێرنی ھەنووکە سەردەمی پۆست ئازادییە و مرۆڤ تا دوا توانستی خۆی بەشێوەیەکی زێدەڕۆییانە دەستی بە ئازادیی گەشتووە، وەک بڵێی ئەم ئیمکانە بەرزەی ئازادیی ئاوس بێت بە نائازادیی.
رەنگە ھەڵە نەبێت ئێمەش ئەم قۆناغە کە پۆست مرۆڤایەتییە بە نامرۆڤایەتی ناوەزەد بکەین. سەرنج بدەن پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بە جێگەیەک گەشتووە کۆتایی بە مرۆڤ ھێناوە، ئێستا من ناتوانم بڵێم ئەمە باش یان خراپ، تەنێ ئەوە دەزانم ئەم توانستە زانستیی و تەکنۆلۆژییە بەرفراوانەی مرۆڤ تەنانەت لە رەھەندی بیۆلۆژییەوە پەرەی پێداوە، خودی مرۆڤ دەپەڕێنێتەوە بۆ بوونەوەرێکی تر، جا نازانم ئەو بوونەوەرە مەیمونی برۆبۆسیسە یان دەبێتە ئەو خودایەی HOMO DEUS لە ھەنووکەوە یوڤاڵ نوح ھەراری مزگێنی پێداوین. من دژی پێشەوەچوونی زانست و تەکنۆلۆژیا نیم، بەڵام ناکرێت پرسیار نەکەین سەرئەنجامی ئەو ھەموو پێشکەوتنە ئامێرییە کە مرۆڤ بەرەو بوونەوەرێکی سایبۆرگی دەبات (تێکەڵاوکردن و ئاوێتەکردنی مرۆڤ وەک ئۆرگانیکێک لەگەڵ ئامێر وەک دروستکراوێکی بێ گیان) بەرەو کوێمان دەبات؟. ئاخر مرۆڤی لەم تیپە نوێیەدا Homosapien ئەوەندە تەماعکارە ھێشتا دەیەوێت ژیرتر بێت وەک لەوەی ئێستا ھەیە، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە خەریکە جیھان بەسەر خۆیدا دەڕوخێنێت لە رێگەی بەکارھێنانی ئەو ئاستە بەرزەی ئاوەزەوە بەدەستی ھێناوە و ھەر بەردەوامیشە لە بەدەستھێنانی ژیریی زێدەتر. فەیلەسووفی ئەڵمانی (مارتین ھایدگەر): جەختی لەوە دەکردەوە زانست بیر ناکاتەوە، ئەمە ئەگەر فاکتێک بووبێت بۆ سەرەتای سەدەی بیست، ھەڵە نییە ئەگەر ئێمە لە چارەگی یەکەمی ئەم سەدەیەدا بڵێین چیتر زانست بیر دەکاتەوە و دەزانێت چۆن چۆنیش خۆی پەرە پێبدات. زانست چیتر کوێر نییە، چاوساغی جیھانێکی خاڵی کراوەیە لە مرۆڤ و بەھاکانی، سەرکردایەتی شۆڕشی ئامێرەکان دەکات دژ بە مرۆڤایەتی. ئەگەر لە سەدەی رابردوودا ئەنجامی پێشکەوتنی تەکنیک و بۆمبی ئەتۆمی چیتر بوو نەووبێت جگە لە ھۆلۆکۆست و ھێرۆشیما و ھەڵەبجە؟ بێ دوودڵی لەم سەدەیەدا بەرئەنجامی تەکنۆلۆژیا و شۆڕشی ھۆشمەندیی دەستکرد لە مرۆڤخستنی مرۆڤە، ئەو پێشکەوتنە مەزنەی مرۆڤ لە ژیاندا پێی گەیشتووە، ھێشتا ھیچ نییە، تەکنۆلۆژیا نەخشەی پێیە بۆ گەیشتن بۆ سەر ئەستێرانی دیکە، بەڵام ھێشتا کلیلی خۆشبەختی دانەھێناوە کە لای من خۆشبەختی بنچینەیە نەک پێشکەوتن، خۆشبەختی ئامانجە و داھێنانەکان ئامڕاز.
ئایدیای پێشکەوتن و نوێکاریی کە لانیکەم لە فەلسەفەی گریکییەوە ئامانج بووە و مرۆڤی بۆ ھاندراوە، پاشتر دروشمی بۆ پێشەوە، بێ ئاوڕدانەوە ھەر بۆ پێشەوە، ھەمیشە بۆ پێشەوە. بوو بە ستوونی فەلسەفەی رۆشنگەریی لە دیکارتەوە تا ئێستا. لە دۆخی کوردیشدا لەگەڵ دەسپێکی سەدەی بیستەم وەک ئایدیایەکی رۆمانسیی بە بێ ھیچ خستنە ژێر پرسیار و گومانکردنێکەوە دەبێتە ئایدیایەکی زاڵی جڤاتی کوردیی، ئەمە ئەو کۆنتێکستەیە گووتاری رۆشنبیریی (شیعر) و رۆژنامەوانی کوردیی لە دەوری ئامانجێکی سەرەکی دەخولێتەوە کە بریتیین لە پێشکەوتن و تازەگەریی (دیارە لە فۆرمە کوردییەکەیدا)، لە ناو ئەم دیسکۆرسەدا، کەسانی وەک شێخ نوری شێخ ساڵح پەیدابوون، وەک دیاریشە شێخ لە پەنا (گۆران)دا بە نوێکەرەوەکانی شیعری کوردیی دادەندرێن، چاوی ھیوای بڕیوەتە نەوەی نوێ، ئەو نەوەیەی بەر تیشکی پێشکەوتن کەوتووە و ژیان دادەمەزرێنن، لێرەدا بە قووڵی دیقەت لە ناواخنی ئەم دێڕە شیعرە بدەن: (سوبحەینێ ئەم تەجەددودە بۆ تۆیە ئەی شەباب.. بۆ تۆیە ئەی ئومێدی وەتەن خادیمی حەیات), خۆ ئەگەر دیقەت بدەین زۆرینەی بڵاوکراوە و رۆژنامە و کۆوارەکانی ئەو سەردەمە دوو وشەی لێکدراون و دووەمیان نوێ یان تازەیە. لە نموونەی بڵاوکراوەکانی دەنگی گێتی تازە، گۆڤاری رۆژی نوێ و رۆشنبیری نوێ و نووسەری نوێ، رۆژنامەی کوردستانی نوێ و پێشکەوتن و بۆپێشەوە ھتد.. تا ئەوەی مێجەرسۆن کاتێک لە ساڵی ١٩١٩دا یەکەمین چاپخانە لە سلێمانیدا دادەمەزرێنێت، ئەم رووداوە ناکرێت وەک پێشکەوتنێک بیری لێ نەکرێتەوە، ھەر لەم سۆنگەوە ھەمان ساڵ لە ھەمان چاپخانە رۆژنامەیەک بە ناوی (پێشکەوتن) دەردەکات.
جیا لەمەش ھەندێک ناوی میتافیزیکی چەشنی رۆژنامەی تێگەیشتنی راستی کە ئینگلیز دەریکردووە (مودێرنە عەقڵانییەت و راستیی بە یەک چەمک سەیر دەکات) یان بڵاوکراوەی رۆژ (خۆر) یاخۆ گۆڤاری رووناھی کە پێچەوانەی تاریکییە، بەڵام ئایا بە رەھایی تاریکیی خراپە؟ کاتی وەڵامەکەیە: بێگوومان نەخێر. ئەم ئایدیایە لە رۆشنگەرییەوە ھاتبوو،ھەر شتێک نوێ بوو یان ھەر جۆرە پێشکەوتنێک لە خۆیدا ئەرێنییە، ئەم دیدگایە زیانێکی گەورەی بە کورد گەیاند چوونکە پشتی کردە شتە کۆنەکانی خۆی کە نیوەیان بە کەڵکی ئێستاش دێن، ھاوکات بە سینگێکی کراوەوە پێشوازیی لە ھەر دیاردە و تەکنیک و ستایلێکی تازە کرد بە ھەموو لایەنە نەرێنییەکانەوە. دەبێت بەم روانگە کاڵەی خۆماندا بچینەوە، مەرج نییە ئەوەی نوێ بوو بە پێداویست سەر بە باشە بێت، یان ئەوەی کۆن بوو چیتر سوودی نەمێنێت، ئەمە مامەڵەیەکی مەسرەفگەرایی و کاڵاپەرستییە دەرھەق بە کولتوور. تەنانەت نەوەی نوێ ھیچ مانایەکی پۆزەتیڤی نییە، لەوانەیە ئەم نەوە نوێیە پەیامھێنی ستەمکارییەکی نوێ و دڵڕەقانەتر بێت، وەک لە نموونەی حزبی بەعس و ئەزموونی کوردستانی باشووردا بینیمان. ئەدۆنیس لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی بۆ لینین پۆشکین بەھای زیاتر بوو لە شاعیری شۆڕش مایاکۆیفسکی؟ دەڵێت: لینین لە ھونەردا لایەنگری کۆنەکان بوو، بەڵام لە دیدگا و تیۆرییدا لایەنگری تازەکان. من نامەوێت باز بدەم لەسەر بناغەیەکی بۆش، زۆرتر لەسەر بابەتێک دەوەستم، نامەوێت پێ بە پێ لەگەڵ بیر و فەلسەفەی رۆژئاواییدا بڕۆم، ھاوچەرخێتی کۆپیکردن نییە، ئەوەیە تێبگەیت پێویستییەکانی کۆمەڵگەکەت چییە کە ھێشتا مودێرنێتە بە تەواویی نەھاتووەتە ناوییەوە، تا مشتومڕی پۆست مودێرنە بکەین، بە کورتی بیبرمەوە ئەگەر پۆست مودێرنە رەخنەی ریشەی مودێرنە بێت، پۆست مودێرنە کەوتووەتە کوێی کۆمەڵگەی ئێمەوە؟. لایەنگری نەریت نیم، چوونکە بۆ تێپەڕاندنی نەریت دەبێت سەرەتا مودێرنە قەبوڵ بکەین.
تەنانەت خودی خۆم چەپێک کە سەرەتای بیرکردنەوەی سیاسیی و ئایدۆلۆژیم لە کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە دەستم پێکرد، ئەوسا و ئێستاش دژی ئەو تێز و بیرکردنەوەیە بووم کە کۆمۆنیزمی کارگەریی زیاتر خۆی وەک نوێنەری شارستانی خۆرئاوا لە خۆرھەڵاتدا پێناسە دەکرد. دیقەت بدەن مەنسور حیکمەت وا بیری لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی دەکردەوە پارتێکی رۆژئاواییە و کۆمۆنیزمە کۆنەکە نییە، تەنانەت لە وتارێکی زارەکیدا کە دواتر بەناونیشانی (ئایا دەکرێت کۆمۆنیزم لە ئێران سەربکەوێت؟)، لە لاپەڕە ٥٠٧-٥٤٠ پاشکۆی یەکەمی (بەرھەمە ھەڵبژێردراوەکانی مەنسور حیکمەت)دا بڵاوکراوەتەوە و کاوە عومەر وەریگێڕاوە بۆ کوردیی، بە روونی باس لەوە دەکات حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە ناو ریشە ھزریی و فەرھەنگییەکانی رۆژئاواوە ھەڵقووڵاوە و دەڵێت: (لە ئێراندا بە سەرکەوتنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی شارستانێتی رۆژئاوا سەردەکەوێت). منیش لە کتێبی شارستانی کۆلاپسدا بەشێکی سەرەکیم تەرخانکردووە بۆ کەوتن و کۆتایی شارستانێتی خۆرئاوایی، ئەگەرچی دیسکۆرسی نازیزم و فاشیزم لەسەر بنچینەی رەتکردنەوە و شکستی شارستانی خۆرئاوا خۆی رۆنابوو، بەڵام لە خۆیدا پەیدابوونی نازیزم و فاشیزم بەڵگەیەک بوو بۆ ئەو کەوتنە نەک بە پێچەوانەوە، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا فەیلەسووفانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لە پێش ھەموویانەوە ڤاڵتێر بنیامین باسیان لە شکستی پڕۆژەی رۆشنگەریی و مودێرنێتەی خۆرئاوایی کرد، ئەوان تێبینییان کردبوو شارستانێتی رۆژئاوایی پێچی کردووەتەوە بە لای فاشیزم و نازیزمدا، چەند ساڵ پێشتر و بەدیاریکراویی لە ساڵی ١٩١٨دا لەگەڵ کۆتایی جەنگی یەکەمی جیھانی، فەیلەسووفی ئەڵمانی ئۆسڤالد شپێنگلەر لە کتێبێکی دوو بەرگیدا بە ناوی (داڕمانی رۆژئاوا- Der Untergang des Abendlandes) جەختی لەسەر ئاوابوونی ژیاریی و کولتووری رۆژئاوا دەکردەوە.
ھەروەک چۆن فەیلەسووفی ھاوچەرخ میشێڵ ئۆنڤرێ لە کتێبی (داڕووخان- Decadence) بەشێوەیەکی کۆنکرێتی ھەرەسی شارستانێتی خۆرئاوایی بونیادنراو لەسەر میراتی بایبڵ و یۆنانییەکان دەخاتە ڕوو، ئەو لە کتێبەکەیدا تیۆریزەی نەزۆکی ئەو ژیارە و پیربوونی رادەگەیەنێت کە لە ھیچتر ناچێت جگە لە پڵنگێکی کاغەزیی. جیا لەوەش کێشەی ئێران ھێنانی شارستانێتی رۆژئاوایی نییە و سەرکەوتنی ژیاری رۆژئاوایش بە ھیچ کلۆجێک ھاومانای سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا نییە بەشێوە فرەڕەھەندەکەی. ئێمە تا دەمێکی نزیک پڕۆژەمان زۆرتر بە رۆژئاواییکردنی کۆمەڵگە بوو بۆیە نەمانتوانی ھەنگاوی سەرکەوتووانە بنێین چوونکە ھیچ خوێندنەوەیەکمان بۆ کۆنتێکستی کوردیی نەبوو. کێشەکە ئەوەیە دیموکراسی لیبراڵیزمی خۆرئاوا بکەینە قەرەوێڵەکەی پرۆکرەست و قاڵبێکی ئایدۆلۆژیی و ھەموو شتێک لەو روانگەوە ھەڵبسەنگێنین، بە پوختەکراویی پڕۆژەی پێشکەوتنی فەرھەنگی و زانیاریی بریتیبوو لە ئەوروپایزەکردن کە ئەمەش ناکۆکی جەوھەریی لەگەڵ خواستی کۆڵۆنیالیزمدا نەبوو، گریمان سیستمێکی فەرمانڕەوایی زۆر باش و ھارمۆنی لە رۆژھەڵاتی ئاسیا یان لە ناوەڕاستی ئەفەریکا دروستکرا، بەڵام لە رووی فۆرمەوە لە دیموکراسی رۆژئاوایی نەچوو، ناکرێت بڵێین ئەزموونێکی خراپە، با ھاووڵاتیانیش لێی رازی بن. دیموکراسی و بەھا رۆژئاواییەکان ئەزەلی نین و بە پێچەوانەی تێڕوانینی فۆکۆیاماوە مێژوو قوفڵ ناکەن، ئەوەی روونە دیموکراسی و لیبرالیزم لەناو پرۆسەیەکی مێژووییدا ھاتوونەتە ئارا، مێژووکردن نەک خۆڕسک، ھەر کەسی تر دەتوانێت بەھای باشتر دابھێنێت بە تایبەت لەو کاتەی بەھاکانی رۆژئاوا نوزەیەکی کەمیان تێدا ماوە بۆ مرۆڤایەتی، خۆ ئەگەر تا کۆتایی سەدەی بیستەم سیستمی خۆرئاوایی باشترین بووبێت ئێستاکە وا نییە، ناڵێم ئەڵتەرناتیڤ ھەیە، بەڵام ئەگەر دروست نەکرێت سەردەمی دیستۆپیاکان دێن، من ئیسلامگەرام ناوێت تەنانەت کۆمۆنیزمی باو و ئەزموونکراویش رەتدەکەمەوە، پێویستمان بە تێپەڕاندنی ئەم سیستمەیە نەک بە خراپتر یان کەمێک باشتر بەڵکو بۆ باشترین.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر تەوەری سەرەکیی باسەکەمان، ئەوا ئایدیای پێشکەوتن، ئامانجگەراییانە لە بزاڤی مێژووی دەڕوانی، بەوەی ھەر پێشکەوتنێک خراپەیەک لە ناودەبات، (قوتابخانەیەک بکەنەوە، زیندانێک دادەخرێت!)، لەم ناوکۆییەشدا بیرۆکەی ئەوەی تاوانکاریی لە نەزانییەوە دێت، ناوەڕۆکێکی گرنگ بوو لە فەلسەفەدا بە تایبەت لە سەردەمی رۆشنگەرییدا، بەڵام فەلسەفی ھاوچەرخ سەرنجی داوە تاوانکارییە نوێیەکان لەوپەڕی زانینەوە دێن، بۆ نموونە نازیزم و کەمپەکانی خنکاندنی ھۆلۆکۆست کە دوا توانستی زانین و زانستیان تێدا بەکاردەھات، ئاوشڤێتس بە روونترین شێوەی نیشانداین زانست چیتر نییە جگە لە چەکێکی ئایدۆلۆژیی بۆ سەرکووت و خەساندن و حۆلاندان و دیسپۆتیزم. ئەوەی تۆ پێتوابێت فیسار سەرۆک لە نەزانییەوە کارەکانی باش راناپەڕێنێت، ئەم ئایدیایە دەچێتە راژەی ستەمکارییەوە، وەک بڵێی ئەگەر بیزانیبا ئەوەی نەدەکرد، بەڵام ئاشکرایە ئەو بە ھۆشیارییەوە تۆ سەرکووت دەکات. لە دیمەنی ئۆپۆزیسیۆنی کوردییدا ئەم دیسکۆرسە زۆر بەھێزە و بە نەیارەکانیان دەڵێن نەزان و نەخوێندەوار، بەپێی ئەم لۆژیکە بێت ئەگەر زانا و خوێندەوار بوونایە سیستمەکەیان بە باشی بەڕێوە دەبرد، وا دەکەن فرمێسک بڕژین و بڵێن زۆر گوناھن نازانن چی دەکەن، ھەمان ئەو دیمەنەی عیسای مەسیح کە وتی خودایە لێیان خۆشبە نازانن. بە پێی میتافیزیکیای زانین، رەوتی بەرەو پێشەوەچوونی مێژوو لە یەک کاتدا رەوتی پێشکەوتن و بەختەوەرییە بەیەکەوە، ھەر ئەم روانینە میتافیزیکییە ئەو ئایدیایەی پێ بەخشین، جیھانی پێشوو لە ھەموو بارێکەوە لە ئێستا خراپتر بووە وەک چۆن ئەو جیھانەی لەسەر رێی داھاتوو وەستاوە لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت وەک بڵێی پارادیسێک یان ناشوێنێک ھەبێت جیھان بەرەو ئەوێ پاڵ پێوەبنێین کە ئەوە ھەردەم وا نەبووە، بەڵکو ئەم ئایدیالیزمە لە دامێنی مودێرنێتە و رۆشنگەرییەوە بەربووەتەوە. ئەوەشی لەسەر سەکۆی جیھانی تازەدا دەیبنێن نەزانیی وەک سێگۆشەی بەرمۆدا زانین ھەڵدەلووشێت. لێرەدا بە روونی رۆڵی ئاین لە پشت ئایدیاکەوە دیارە کە وا سەرنج دەدرا ھەموو شتێک بە گوێرەی رێسا دیالەکتیکییەکان و لەسەر باڵی مینێرڤا (خودای زانینی رۆمانی) بەرەو باشتر دەڕوات.
لە ھیگڵەوە تا مارکس و پاشتریش وا دادەنرا تا مێژوو و زانین بچنە پێشەوە ئەوەندەش خۆشبەختی و ئازادیی مرۆڤ دەڕواتە پێشەوە، بەو مانایەی پێشکەوتن و مێژوو یەک ئامانجی ھاوبەشییان ھەیە، ئەویش رزگارکردنی تەواوەتی مرۆڤە، بەڵام پێشکەوتن بەو شێوە ئامانجگەراییە نەچووە پێشەوە، بەڵکو کورت بووەوە بۆ پێشکەوتنی زانستیی پەتی و پۆژەتیڤیزم و بە ئامێرکردنی پانتایی ژیان، ئەمەیان لە بەرامبەر ئایندا دەوەستێتەوە. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، فەیلەسووفانی خۆرئاوایی ھەستیان بە مەترسییەکانی کوێخایەتی زانست کرد، لە پێش ھەمووانەوە ماتریالیستەکان لە کوشتنی خودا لەلایەن زانستەوە نیگەران بوون، سارتەر ترسی ئەوەی لێ نیشتبوو، ئەم جیھانە خاڵی کراوەتە لە روحانییەت و خۆی داوەتە دەست زانستی ئەبستراکت تا ژیانی وەک ماشینەیەکی بێ ھەست و گیان بەڕێوە ببات. بە درێژایی سەدەی بیستەمیش کەس لە بێرتراند رەسڵ زۆرتر بە گژ ئایندا نەچووەوە، کەسیش ھێندەی وی سزای ئەم بەگژاچوونەوەی وەرنەگرتەوە و لێ نەگەڕان تۆڵەلێکردنەوەی بکەوێتە پاش مردنی، سەرباری بڕوای پتەوی بەوەی زانست یارمەتیمان دەدات بۆ رزگاربوونی مرۆڤ لە دەست ئاریشە و تەنگژەکان، ھێشتا رەسڵ بە سەرکەوتنەکانی زانست و پێشکەوتنی تەکنیکی دڵخۆش نەبوو، پێیوابوو زانست بەرەو بێ ئامانجی لە ژیاندا ئاڕاستەمان دەکات، پێشنیاری ئەوەشی کرد لەو کاتەی زانست جلوبەرگی مانا لەبەری ژیان دادەکەنێت، (دەبێت بۆ لەمەودوا ئایدیاڵ و بەھاکانمان نیشتمانێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە).
ئەگەرچی زانست تا راددەیەک سەرکەوتووبوو لە داماڵینی ھزری خورافی و میتۆلۆژیی لە ئەندێشەی مرۆڤ، بەڵام بە رەھایی نەیتوانی مێشکەکان لە ئەفسانەگەرایی پاک بکاتەوە، بەڵکو لەگەڵ خۆیدا جیا لە میتۆسە دێرین و باوەکان، رستێک ئەفسانەی مودێرنی ھێنایە سەر سەکۆی جیھان، کە ھەریەک لەو میتۆلۆژیا سەردەمییانە خوێنێکی زۆریان لە پێناوی ھیچدا بۆ رێژرا. ئێوە تەماشای ئەو دەرئەنجامە بکەن لە تیۆری ئیڤولەیشنی داروین کەوتەوە، بە دەرکێشانی تەرزێکی نوێ لە داروینیزمی کۆمەڵایەتی لە ھەناوی داروینیزمی بایۆلۆژیی کە لە خۆیدا زانستێکی سەربەخۆ و پەتی بوو. زێدەڕۆیی ناکەین ئەگەر بڵێین ئامانجی زانست بێ ئامانجییە، چوونکە زانست بە دوای ئامانجی ھیچ شتێکدا ناگەڕێت، ھێندەی لە ھۆکار و چییەتی شتەکان دەکۆڵێتەوە، ئامانجی عەقڵانییەت لە دیکارتەوە بۆ کانت و لەویشەوە بۆ ئێمە، بریتییە لە ناعەقڵانییەت!، ئەو ئیمکانە بەرزەی ئاوەزگەرایی، ئاوسە بە شێتیی، ئەو شێتییەی جیھانی ئەمڕۆ ھەڵدەسووڕێنێت. ئەم لە ئامانج و مانا داماڵینەی جیھان بووەتە فاکتۆری ئەو نێھیلیزمەی ئەمڕۆ دنیای داپۆشیوە کە تێیدا بەرگەگرتنی ژیانێکی رووتکراوە لە مانا زۆر لە ئەستەم ئەستەمترە، پێموایە ئەو بزاوتە ئاینییانەی بە روحی (ئامانجگەرایی)یەوە دەگەڕێنەوە، دەتوانن لە ماوەیەکی پێوانەییدا باڵابن و زۆر زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا بەھێز ببن، چوونکە مرۆڤ ھەرچەند مودێرن و زانستگەراش بێت، نایەوێت بەوە قایل بێت ژیانی ھیچ مانا و ئامانجێکی تێدا نەبێت. لە کۆتاییدا ھەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم جەخت لەسەر روانگە ناباوەکە دەکەمەوە، نەک مەرج نییە ئایدیای پێشکەوتن بە ھەموو تانوپۆی خۆیەوە مانای بەرەوپێشەوە چوون بەدەستەوە بدات، بەڵکو نمایشی چارەکی یەکەمی ئەم سەدەیە بە روونی پێی گوتین ئەم پێشکەوتنە لە خۆیدا جۆرێک بوو لە پاشکەوتن، دەبێت جارێکی تر بە روانگەکانماندا لە ھەمبەر چەمکی پێشکەوتندا بچینەوە.

٢٣-٣-٢٠٢٣
ستۆکھۆڵم- تێبی

تێبینی: ئەم وتارە لەگەڵ دوو وتاری تردا لە مانگی مارت و ئاپریلی ٢٠٢٣دا نووسراون، بەڵام بەھۆکاری پەرەسەندنی نەخۆشی شێرپەنجەی نووسەر بڵاوکردنەوەیان بۆ ئێستا دواکەوت، ئەم وتارەش ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لە ماڵپەڕی (دەنگەکان) بڵاودەکرێتەوە.




سۆناتایەکی بێ ناونیشان.. ستیڤان شەمزینی

مێشکم بووەتە قوتوویەکی ژەنگاویی
لێوانلێوە لە جەستەی ئەو گوڵە وەریوانەی
ھەناسەی ژەھراویی ژیانیان ھەڵمژی
ھێی، ئەی رێبواری شەکەت
چیتر بە دوای ھەقیقەتدا مەگەڕێ
ھەقیقەت جوجەڵەیەک بوو
چەقەڵی درۆ خواردی
ھێندە بەخت بۆ زەوی مەگرەوە
بەرچاوی تۆڕی جاڵجاڵۆکە گرتوویەتی
ئەو ئاسمانە بەرینە بە تۆ چی
گەر ئەستێرەیەک گۆرانیت بۆ نەڵێت؟
چی لە کتێبەکانی حیکمەت دەکەیت
گەر شێتخانە لە چارەی تۆ نووسرابێت؟
تازە ژیان چیتری ماوە پێتبەخشێ
کە منداڵی لێ زەوت کردیت و
بە ریشێکی ماش و برنجییەوە
خزاندیتیە لیتاوی مەنفاوە؟؟


تۆ بە سوراوەکەت
ژیان تۆخ دەکەیتەوە
من بە فرمێسکەکانم
مردن کاڵ دەکەمەوە
تۆ شوێنەواری ئازارەکانت دەسڕیتەوە
من زەمەنی گریان دەنووسمەوە
تۆ بەرچنەیەک لە تیشک کۆدەکەیتەوە
من دارستانێک لە برووسکە دەڕوێنم
تۆ سەرنجی ئەو دڵۆپە بارانانە دەدەیت
خۆیان دەدەن بە پەنجەرەی دڵتدا
من سەرقاڵم بە بۆمبابارانکردنی
قەڵا تاریکەکانی تەنھاییەوە
تۆ خەریکی نامەنووسینیت
من سەرقاڵی خوێندنەوەی نامەکانت
تۆ نووسیووتە
چەند پڕ کابووسە
ئەو جیھانەی بەتاڵە
لە خۆشەویستی
من ئیتر دەستەوەستانم
خۆم بھۆنمەوە


ئازارەکانم ھێندە روون و جوانن
رەنگە خودا
کۆڵانەکانی بەھەشتیان پێ بڕازێنێتەوە
ناوێرم زەردەخەنە حەزینەکانم
ئاشکرا بکەم
نەکا خودا
پێغەمبەرێکی دڵشکاوی
پێ بخاتە پێکەنین
شێوەی برینەکانم ھێندە قەشەنگن
خوداش نازانێ
شوێن پەنجەی کام شێوەکارە
ھەستەکانم ھێندە داگیرساو و گەرمن
ترسم ھەیە لێم بدزم
بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکەکان
جنونەکانم ئەوەندە نوێباو و جاحێڵن
دڵی پیری عەقڵ
سەرلەنوێ گەنج دەکەنەوە
لەگەڵ ئەوەشدا پێی لێ دەنێم
چەندان غەمم
لە ھەناوی شیعردا حەشارداوە
ھەزاران فرمێسکم
لە باخچەی پشتەوەی چاو ناشتووە
عەشقێکی گەورەشم
لە دڵێکی بچووک پەستاوە

تێبینی: کۆی ئەم سۆناتایانە لە نێوان مانگەکانی دیسامبەری ٢٠١٨ تاکو مارتی ٢٠١٩دا نووسراون، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠یش بە لە کۆ شیعری (سۆناتای خۆشەویستی) لەلاپەڕە ١٧٨-٢٢٨ بەشێوەی کتێبی کاغەز چاپکراون و لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان پێش ھاتنی کۆرۆنا ڤیرۆس مەراسیمی بڵاوکردنەوەی بۆ ئەنجام درابوو.




سۆناتای گۆرانی.. ستیڤان شەمزینی

ئەو ئاگرە چی بوو کردتەوە؟
خەریکە گڕ بمخوات
ئەو برینە چی بوو
لە جەستەی غرورت کرد؟
وەختە لە خوێندا بخنکێین
دەزانم نیازت وایە
لە دڵی خۆتدا
جێگەی ئەو پیاوە بکەیتەوە
نیشتمان جێی ھێشت و
مەنفا
ئامێزی سارد و سڕی بۆ کردەوە
دەزانم ئەو ئاگرەت بۆ ئەوە کردەوە
تاکو شاعیرێکی سەرگەردان
یەکە یەکە
شیعرە نائومێدەکانی
بدا بە دەمەوە و
دەست بکات
بە ھۆنینەوەی ئەو قەسیدانەی
ھەموو وەرزەکان
لە بەھاردا کۆدەکەنەوە
دەزانم بۆیە بە چەقۆی میھرەبانی
جەستەی بزنە کێوی
غروری پیاوێکت
توێ توێ کرد
تاکو ماتەم بگرێ
بۆ ئەو نێرگزە ژنانەی
بە قۆچی نێرسالاریی پلیشانەوە


بورکانێک لە ھەستما ھەڵچووە
چیایەک شیعر
لە مێشکما باڵای کردووە
دەشتی عاتیفەم نەزیفی بەربووە
بەلەمی یاخیبوون
بە رووباری خەیاڵمدا ھاتوچۆیەتی
راڕەوی خەونەکانم
شەنگە ژنێکی پێدا تێدەپەڕێ
لەوەتی لە دایکبووم
ژێی دەنگی
لە گوێیەکانمدا دەزرنگێتەوە
شنەبایەک پرچی رۆژەکانم
شانە دەکات
پەروانەیەک قردێلەی سوور دەدا
لە سەرچڵیم
باران
بەسەر تەنھاییە قەرەباڵغەکەمدا دەبارێت
پەردە لەسەر چاوی پەنجەرەکەم لادەبەم
ژنێک لە بەر باران راوەستاوە
خەونی سەردەمی چاوەڕوانیم
بیر دێتەوە و
بەو سێوەدا ناسیمەوە
لە باخی شیعرمدا ڕنیبووی


گۆرانیت بۆ دەڵێم
وەک خوڕەی ئەو بارانەی
بە دڵخۆشییەوە دەبارێت
وەک ئەو نزایەی
لە دڵی عارفێکەوە دێتە دەر
وەک راچڵەکانی
مۆمێک لە تاریکی شەودا
وەک زڕەی پیاڵەی مەی
سەرخۆشترین پیاوی دنیا
تۆ تەنھا گوێ لە گۆرانییەکەم بگرە و
بە ئەسپایی ماچم بکە
گۆرانیت بۆ دەڵێم
وەک ھاژەی ئەو خوێنەی
لە چاوی زەمەندا قوڵپ دەدا
وەک ھۆرەی ئەو بولبولانەی بەسەر
تەرمی شەقامێکی بێکەسدا دەخوێنن
وەک قرچەی ئەو بارانە گڕگرتووانەی
تووڕەیی دەخەنە جۆلانەی خۆیانەوە
وەک ئاوازی ئەو گیا کلێتە سەوزانەی
سروشت دەلاوێننەوە
تۆ تەنھا گوێ لە گۆرانییەکەم بگرە و
بە ئارامی ماچم بکە





سۆناتای نوستالژیا.. ستیڤان شەمزینی

دەیان جار سوپاسی ئەو “با”یە دەکەم
بۆنی تۆم لەگەڵ خۆیدا بۆ دەھێنێ
دەیان جار ئەو حەیرانە دەڵێمەوە
لە بەر ئاگردانی ستایشدا دەیچڕیت
ئەم دێڕەت لەناو ئەشکەوتی دڵما
دەنگ دەداتەوە:
تۆ بە شیعرەوە جوانیت
بە عەشقەوە جوانتر
دەیان جار بیر لە رابردوو دەکەمەوە
دەمێک لە نێوان دیجلە و فوراتدا
تینووی دڵۆپێک ئازادیی بووم
دەمێکی تر لە نێوان ئەزمەڕ و بەراناندا
تەرمی ھیوام بەسەر شانەوە بوو
ھەنووکەش لە شارێکدا دەژیم
ھەتاو سەری پێدا ناکات
گڕی سووری تۆ دامدەگیرسێنێت
دەیان جار خۆمم بیر دەکەوێتەوە
چۆن دەستمکرد
بە نووسینی چیرۆکی ئەم خۆشەویستییە
بێ ئەوەی ھیچ کۆتاییەکی بۆ دابنێم


سەرم لە رابردوودا گیر بووە
نامەوێت بگەڕێمەوە
بۆ ئەم ئێستا تاریکە
من جەنگاوەری رووناکیم
شمشێری دەستم پەلکەزێڕینەیە
مارشم شیعرەکانی بابا تاھیر و
چاوەکانم دوو گۆمی فرمێسک
کتێبی خەیاڵم ھەمیشە سەرخۆش
ئەندێشەم ماڵی پەپولەی عەشق
پەنجەکانم
بۆنی پرچی شیعریان لێدێ
قورگیشم پڕە لە تۆنی گریان
زمانم مۆسیقای سەردەمێکی کۆنە
رۆحیشم پشکۆی داگیرساوی ئەوین
لێمبگەڕێ
با ھەر لە رابردوودا بم
من لە زمانی
شەمشەمەکوێرەی ئەم چەرخە تێناگەم
ناتوانم لە کەوتنی چراکاندا
تەماشاڤان بم
با ھەر نەوەی ئەو زەمەنە بم
ژیان لە بری خوێن
گوڵاوی لێ دەچۆڕا


لەوانەیە پێتوابێت
رەشەبایەکی ناوەختم
رەنگە تۆ لەسەر ھەق بیت
لە وەرزی وەرینی رووناکیدا
کێ مۆمی عەشق
لە جەنگەڵی دڵدا ھەڵدەکا؟
لە زەمەنی دوگمە و رۆبۆتدا
کاروانی خۆشەویستی
بە ھەستی کێدا رەت دەبێ؟
لەوانەیە پێتوابێت
شاعیرێکی شێتم
رەنگە تۆ لەسەر ھەق بیت
لەم غروبەدا
کێ ھێلانە
بۆ باڵندەی ئەوین چێ دەکا؟
کێ لەسەر پێستی ئەم سەدەیە
وێنەی عاتیفە دەکێشێ؟
بەڵێ، ئەوە بە تەنھا خۆمم
لە کێڵگەی دیوانەکاندا
ناسکترین وشە
بۆ پەسنی ژن ئەڕوێنم
بە ژێر بارانە مەستەکانی خۆشەویستیدا
بە بێ چەتر و بێ پاڵتۆ رێ دەکەم
بەڵێ ئەوە بە تەنھا خۆمم
لە پەڕاوێزی ژیان و
باوەشی تەنھاییەوە
تاکو قیامەت
بەسەر جەنازەی گوڵدانێکدا
سینگ دەکوتم





سۆناتای بێدەنگی.. ستیڤان شەمزینی

بێدەنگی جوانترین جۆری وتنە
دنیام نقومی بێدەنگییە
وشەکانم ورتەیان لێوە نایێ
ئاوازەکانم زاریان بەستراوە
گۆرانییەکانم ھەر ھەموو کپن
شیعرەکانم بێدەنگی دایگرتوون
رەشەباکانم بێ لرفە ھەڵدەکەن
تۆفانەکانم زمانیان گۆ ناکات
ئەوەی لەم کاتەدا
بە دەنگی بەرز ھاوار ئەکات
کتێبی ھەستمە و
خۆشەویستی تۆی تێدا نوسراوە
ھەموو شتێکم بێدەنگە
خۆم پارچەیەکم لە خامۆشی
دڵیشم جانتایەکی شەڵاڵی سکونە
کاتێک تۆ دەیکەیتەوە
ھەموو کەشکەڵان پڕ دەکات
لە بۆنی عەتری خۆشەویستی


کە نەتوانم بە باڵی خەندەیەک
بە ئاسمانی پێکەنینەکانتدا بفڕم
توانام نەبێت بە مۆمێکەوە
بەناو تخوبی پرچەکانتدا رەت بم
دەسەڵاتم نەبێت بە دوو چاوی سەوزەوە
لە مێرگی بەھاریی رۆحت بڕوانم
بە حەپەساویی لە ئاسمان رابمێنم و
ئەستێرەی خۆشەویستیم بۆ نەدۆزرێتەوە
بێدەنگی قەشەنگترین دەربڕینە
تا تۆ دەرگای خەونەکانم
بەڕوودا واڵا نەکەیت
باڵی شیعرەکانم ناکرێنەوە
تاکوو دڵم
بە رۆحتەوە ھەڵنەواسرێت
شیلەی ماچەکانم
بە لێوتەوە وشک نەبێتەوە
“تا”ی ئەم بێدەنگییە بەرم نادا
بەو خاچی بێدەنگییەوە دامبگرە
وا دنیام کردە
ئۆقیانووسێک لە فرمێسک


وانەی بێدەنگیم
لە قوتابخانەی خۆشەویستیدا خوێند
چیرۆکی بێدەنگیم
لە چاوە شەرمنەکانی تۆدا نوسییەوە
شەوە بێدەنگەکانم
لە نێو دڵی پڕ گەردەلوولتدا خەواند
نەمامی بێدەنگیم
لە ناو زاری خۆمدا رواند
تا لە حیکمەتی بێدەنگیم تێنەگەیت
عەشقی منت پێ نادۆزرێتەوە
لە پەنجەرەی بێدەنگییەوە
سەمای شێتانەت چاو دەکەم
تۆش بە بێدەنگیی
لە توانەوەی من دەڕوانیت
چاوەڕێی ئەوە ناکەیت
بە وتنی خۆشم ئەوێی
رۆژووی بێدەنگیم بشکێنم





سۆناتای ئازار.. ستیڤان شەمزینی

ھەمیشە بیرم کردۆتەوە
چنینەوەی ماچی لێوەکانت
چارەنووسی منە
خواردنەوەی پێکی پەژارەکانت
بەشی منە
ھەڵمژینی ئۆکسژینی دووریت
ھەناسەی منە
نقومبوون
لە زەریای لەشی ناسکتدا
داستانی منە
بە چارەنووس و بەش و
داستانی خۆم رازیم


من و تۆ ھەردەم پێمانوایە
ئایەتەکانی عەشق
تەرجەمە دەکەین
بۆ سەر زمانی ئەم چەرخە دڵڕەقە
سروودە کۆنەکانی خۆشەویستی
بۆ لاواندنەوەی گوڵ
نۆژەن دەکەینەوە
ئەو دەمەی دنیا
غەرقی کابووس دەبێت
بە کەشتی ئەوین دەپەڕینەوە
چەند بەختەوەرین لەگەڵ یەکتر
من و تۆ


جیھانی مێشکم ھێندە ئاڵۆزە
بە ئاستەم خۆمم پێ دەناسرێتەوە
دنیای خەونەکانم پڕە لە ھاڵاو
خۆم ئەبینم شەپۆلی گڕ ئەمبات
لە ئاسمانی خەیاڵەکانمدا کڕێوەیە
بەفر ئەبارێت
رەش وەک چارەنووسم
لەژێر ساباتی دڵمەوە “با” ھەڵدەکات
ھەڵمدەگرێت بۆ بەر دەرگای تۆ
ئەی ئەو ژنەی
خۆر لە چاوەکانتەوە ھەڵدێت
مانگ لە ناو لەپی دەستتدا
ئەدرەوشێتەوە
جیھانی مێشکم ھێندە قەرەباڵغە
وەھا پڕت کردووە
جێگەی خۆم نابێتەوە
دنیای خەونەکانم پڕە لە لافاو
کوخی بیرکردنەوەم ئاو ئەیبات
لەسەر پەڕەی دڵم نیگار ئەکێشم
چ نیگارێک؟
نیگاری تۆ
کە باراناوی فرمێسک
توانای شۆردنەوەی نەبێت
ئەی ئەو ژنەی لەو میتاڵە پیسە
منت بەو پاکژییە خوڵقاند


چەند قورسە
ئەو ئازارەی من
کێوی تەمەنم
لە بنیدا وردوخاش بوو
بیرم نایەت کەی ئازارم ناسی
لە ھەموو شوێنێک
لەگەڵمدا رێ دەکات
لە ھەموو کاتێکدا
پێمەوە نوساوە
میوانێکە
لە رێی دوورەوە ھاتووە
لە ناو چیمەنی رۆحمدا دەحەسێتەوە
“نای”یەکی گرینۆکی دەنگ ناخۆشە
لەناو سەرمدا گوێم لە زرنگانەوەیەتی
ئای ئازار
ھاوڕێیەکی چەند ھاروھاجی
بەرد ئەگریتە
ئاوێنەی روونی وجودم
چەند سەختە ئەو ئازارەی من
پرتەقاڵی گەنجیم
لە ژێر پێیدا فلیقایەوە
نازانم کەنگێ بوو
خۆی کرد بە ماڵی ژیانمدا
لە ھەموو جێگەیەک
تارمایی ئاسا بە دوامەوەیە
لە ھەموو وەختێک
لەسەر رێی شادیم وەستاوە
بۆنێکی گەنیوی دۆزەخە
ھەموو رۆژێک
لەگەڵ ھەوادا ھەڵدەیمژم
تاوە تەرزەیەکی رەشی قەترانییە
خۆی بە لچکی کراسی
رۆژگارمەوە دەگرێتەوە
ئای ئازار
بیرێکی چەند قووڵیت
وەک یوسفێک
بێ چارە کەوتوومەتە ناوتەوە

ستیڤان شەمزینی





سۆناتای دیدار.. ستیڤان شەمزینی

ئای لەو نیگا بکوژانەت
چەند ھێمنانە سەرنجیان ئەدزیم
وامدەزانی ئەم یەکتر بینینە کورتە
تا کۆتایی تەمەن بەردەوام دەبێت
کاتێک لە تۆ دابڕام
بەفری سەر شۆستەکان وەک دڵی خۆم
لە ژێر پێی ھەنگاوەکانمدا ورد ئەبوون
کزەبای ئەم شارە سەھۆڵییەم بانگ کرد
توانەوەی من لە تۆدا بنووسێتەوە
ھەروەک توانەوەی بەفری
ئەم بیابانە بەستووەی باکووری زەوی
لە ژێر تیشکی زێڕینی ھەتاودا


تۆ ھێشتا لەوە تێناگەیت
ئەو چاوانەی نیگای تۆی دەکرد
پڕ پڕە لە ھاژەی بە خوڕی فرمێسک
ئەو دەستە تەزیوانەی
شیعر لە ستایشی جوانیدا دەھۆنێتەوە
ھێندە گوڕی ھەیە
دەتوانێت بەبێ رەزامەندیی خۆر
سوڕانەوەی زەوی رابگرێت
ئەو کاسە سەرەی
گوڵاوی عەشق
لە قووڵاییەکەوە ھەڵدەقووڵێت و
تۆی وەک چڵێک نێرگز
بۆندار کردووە
پڕ پڕیشە لە حەزی سەفەر
سەفەر بۆ کوێ؟ نا، بۆ ھیچ کوێ
تەنیا رووەو مەملەکەتی دڵی تۆ


ئەمێستا بیرکردنەوە لە تۆ ئاگرە
گڕ لە دەشتی عاتیفەم بەر ئەدا
زمانی قەڵەمی شیعرم دەچزێنێ
دارستانی بیرەوەرییم ئەسووتێنێت
چاریشم نییە
ھەر بیرت لێ ئەکەمەوە
ئەمێستا بیرکردنەوە لە تۆ بارانە
لەناو گلێنەی چاوەکانمەوە ئەبارێت
بەسەر وشک و برینگی شەوانمدا دادەکات
خاکی وشکی رۆحم تەڕ تەڕ دەکات
چاریشم نییە
ناتوانم بیرت لێ نەکەمەوە
ئەمێستا من و تۆ
لەژێر تارای سپی زستاندا
پەیمانی سەمای توانەوە
بە یەک دەدەین





سۆناتای زەمەن.. ستیڤان شەمزینی

دەزانم چۆن ئێستا بە ھاوارەوە ئەژیم
رۆژێک بە بێدەنگی ئەمرم
نامەوێت زاری قەڵەم ببەستم
با زریکەی بگاتە ئۆرانۆس
خوێنی لەشی بگاتە
بەردەم دەرگای ماڵی یار
تەنیا یەک وشە ئەھێڵمەوە
بۆ سەرەمەرگ:
خۆشم ئەوێی
دەزانم چۆن ئاوی ژیانم
لە سەرچاوەوە لێڵە
مەرگێکی تەڵخ
لەسەر رێی چارەنووسمە
رێ لە لافاوی فرمێسک ناگرم
با جۆگەلە ببەستێت بۆ بەردەم زیۆس
با بە ھاژەوە بەلای یاردا تێپەڕێت
تەنیا یەک دڵۆپ دەھێڵمەوە
بۆ سەرەمەرگ:
دڵۆپی دوا دێڕە شیعر


گوێ نادەم بەوەی
گروپێک شەمشەکوێرە
نیازی کوشتنی خۆریان ھەیە
ئاوڕ لەو گوڵە گەنمە سەوزە نادەمەوە
لە دەمی سن و کوللەی غەمێکی ئەزەلیدایە
بە لای تەرمی مەسیحدا تێدەپەڕم
لە خاچی بێھودەیی دایناگرمە خوارێ
رەنگە پێتان سەیر بێت ئەوەندە دڵڕەقم!
خۆم خۆر و گوڵە گەنم و مەسیحم
بەسەر تەرمی خۆمدا
بە تەنھا شیوەن ئەکەم
تۆش بەلامدا تێدەپەڕیت
وا دەزانی شۆخی ئەکەم


بایەقوشی بێزاریی
لەسەر رۆحی رۆشنایی دەخوێنێ
دەستم لەژێر چەنەم داناوە
تەنھا تەماشا دەکەم
پاسەوانانی ئەھریمەن
بە شمشێری رق
جەرگی شەوقی
ئاتەشتگایەکی دێرین ھەڵدەدڕن
بە بێدەنگی
کتێبی ھەڵھاتن ئەخوێنمەوە
راوچییە تووڕەکان
نیشانە لە سوێسکەی شیعر ئەگرنەوە
دەستم تێی نەچوو
لە دیوانێکدا بینژێم
رەنگە پێتان سەیر بێت
ھێندە دڵڕەقم!
خۆم رۆشنایی و شەوقی ئاتەشتگا و
سوێسکەی شیعرم
لە کەنارێکدا خەریکم
گۆڕ بۆ خۆم ھەڵدەکەنم
تۆش بەلامدا تێدەپەڕیت
وا دەزانی گەمە دەکەم


ئای چەند سەختە ئەم زەمەنە
بۆ دۆزینەوەی خۆشەویستی
دەبێت سەر بکەیت بە مۆزەکاندا
لە مۆزەی لۆڤەر
بەردێکی رەقم بینی
لەسەری نوسرابوو
پەیکەری خۆشەویستی
مێژووەکەی
بۆ چاخی بەردین ئەگەڕایەوە
بیرم کردەوە
لە چەرخی بەردینی دڵەکاندا
پەیکەرێک بۆ خۆشەویستی دابتاشم
رەنگە رەنج بەخەساریش دەربچم
ئای چەند زەحمەتە ئەم زەمەنە
بۆ دۆزینەوەی کتێب
دەبێت روو بکەیتە ئەرشیفخانەکان
لە ئەرشیفخانەیەکی بەرلین
کتێبێکم دۆزییەوە
لەسەری نوسراو بوو
کتێبی خۆشەویستی
تۆز و خۆڵی مێژوو
بە رووخسارییەوە بوو
لە پشتەوەیدا
دێڕێکی سەرنجڕاکێش ھەبوو:
ئەم کتێبە بۆ مرۆڤی دێرین نوسراوە
بیرم کردەوە
لە چاخی مەرگی کاغەزدا
کتێبێک لەسەر خۆشەویستی بنووسم
کێ ناڵێت دوای ئەوە
نامبەن بۆ شێتخانە؟

ستیڤان شەمزینی





سۆناتای تەمەن.. شیعری ستیڤان شەمزینی

چیم لە دوا جێدەمێنێ؟
جگە لە گەرمی دوو ماچ و
گۆڕێکی بێ ئادرێس
خەونێکی تەژی لە کابووس و
چەند شیعرێکی خۆکوژ
چیم لە دوا جێدەمێنێ؟
جگە لە ھێشووە بەرسیلەیەک
پێش ئەوەی ببێتە ترێی عەشق
بە دەندوکی چۆلەکەی دووریی
دڵی ھەپرون ھەپرون دەبێت
من ھیچم لە دوا جێنامێنی
جگە لە تەرمی خۆم
لە قەبرستانی بیرچوونەوەدا


تەمەنم سێوێکە
خەریکە بە داری ژیانەوە بەربێتەوە
پێش ئەوەی ئاگری پێکەنین
لە چاوی فرمێسکاویمدا بکوژێتەوە
لە رووباری پشکۆدا مەلە دەکەم
پێش ئەوەی خەیاڵم
بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە
شیعرێکی تر
بۆ خۆشەویستی ئەنووسم
بەرلەوەی مردن
بمکاتە گۆرانییەکی حەزین
قەسیدەیەک بۆ ژیان ئەخوێنمەوە
تەمەنم وەک بروسکە تێپەڕی
فریا نەکەوتم شەوێک
لەناو جیھانی تۆدا رۆژ بکەمەوە
کات ئەوەندە نەماوەیە
لە عەقڵ یاخی بم و
ببمە نۆکەری دڵ
ئەرێ بۆ وا خێرا تێپەڕی
ئەو ئەسپە شێیەی تەمەن!؟


ئەو رۆژانەی لە دەستمان رۆشتن
جوانترین رۆژەکانمان بوون
ئەو گۆرانییانەی دلێرانە وتمان
خۆشترین ئاوازەکانمان بوون
ئێستا رۆژە جوانەکان بەسەرچوون
قورگی ستران وتنمان سووتاوە
ژیان دوا دەرفەتی زێڕینی خۆی پێداین
رۆژانێکی جوان پێکەوە بەسەر بەرین
ئێمە بە جووتە
سەرقاڵی شکاندنی دڵی یەکتر بووین
نەماندەزانی ئەم رۆژە پەمەییانە
وەک بروسکە بەناو تەمەنماندا تێدەپەڕن
ھەنووکە لێرەوە بەچاوی پڕ ئەسرینەوە
شینی ئەو رۆژانە دەگێڕین کە نایەنەوە


ئەو عەشقەی من
کڵۆیەک شەکرە
لە دەمی یاردا دەتوێتەوە
ئەستێرەیەکە
ھیچ ئاسمانێک جێی ناکاتەوە
شەرابێکی کۆنە
نەڕژاوەتە پیاڵەی ھیچ مەستێکەوە
بەھارێکە
خەزان ناتوانێت بیکاتە چامە
خولیایەکە
بە دوای خۆمدا ئەگەڕێ
لە رێگا ھەورازەکانی دڵی تۆدا
ئەو عەشقەی من
تەکاندنی تاریکییە
لە شانی رۆژە ھەوراوییەکان
نورێکە
لەو کاتەی گەردوون کوێر دەبێت
کۆڕاڵێکە
لەو دەمەی ژیان کەڕ دەبێت
شیعرێکە
لە چەرخی بڕینی زماندا
باخێکە
لە زەمەنی قەدەغەکردنی گوڵدا
ئەو عەشقەی من، میتا عەشقە

ستیڤان شەمزینی





سۆناتای ژن.. ستیڤان شەمزینی

چەند سەرسامم بەو ژنە
بە تاڵێک لە پرچی نیگاکانی
منی بە عەشقی خۆیەوە بەستەوە
چەند سەرسامم بەو ژنە
بە سوراوی لێوی غەمباری
دێڕ بە دێڕ شیعری تۆخ کردمەوە
نەکا رۆژێک لە دڵیدا کاڵ ببمەوە
چەند سەرسامم بەو ژنە
زۆر بە ئەسپایی ھات
چی ویست کردی
خەونەکانی بەتاڵ کردمەوە
لە ھەموو شت
تەنیا خۆی نەبێت
جیھانی پاک کردمەوە
لە ھەموو کەس
تەنیا خۆی نەبێت
چەند سەرسامم بەو ژنە


چەند مەزنە ئەو ژنە
کاتێک پەرداخی کامەرانیم رژا
تنۆک تنۆک کۆیکردمەوە
چەند مەزنە ئەو ژنە
سەرم لە مەنفا بەستبووی
دڵم لە نیشتمان جێمابوو
ئەو زۆر بە ئەسپایی ھات
لە پێکێک عەشقدا ھەڵیقوڕاندم
چەند مەزنە ئەو ژنە
لە ژووری مەراقەکاندا بەند بووم
بیرکردنەوەم کەڕوی کردبوو
لە ناکاو
وەک باوگژێکی سەرشێت ھات
دەرگای ئەوینی لێ کردمەوە
چەند مەزنە ئەو ژنە


چەند جوانە ئەو ژنە
بەیانیان بە بەرچنەیەک ترێی رەشەوە
خۆی دەکات بە کوخەکەمدا
تا بیکەمە شەرابی شەوانی تەنھاییم
چەند جوانە ئەو ژنە
لە شەوانی ئەنگوستەچاودا
بە چرایەکی رووخۆشەوە پەیدا دەبێت
تاریکی ناو رۆحم راو دەنێت
چەند جوانە ئەو ژنە
ھەر دەمێک بیری بکەم
وەک لاولاوێکی دڵخۆش
بە پەنجەرەی ھەستمدا ھەڵدەگەڕێت
چەند جوانە ئەو ژنە





قەیرانی ناسنامە و تەنگژەی ناسیۆنالیزم لە کوردستان.. ستیڤان شەمزینی

ئەگەر خۆمان رووبەڕووی پرسیارێکی لەم جۆرە بکەینەوە: داخۆ لە مپەرەکانی بەردەم ناسیۆنالیزمی کوردیی چین؟. خۆی لە خۆیدا ئەم پرسیارە کێشە ئامێزە، راستتر وایە بڵێین فاکتۆرەکانی دروستنەبوون و نەخەمڵینی ناسیۆنالیزمی کوردیی چین؟، بۆچی بزووتنەوەی (نەتەوەیی) کورد یان بزووتنەوەی کوردایەتی نەیتوانیوە کڵێشەیەکی ناسیۆنالیستی بە خۆی ببەخشێت؟ بەڵام پرسیارەکە لە فۆرمی یەکەمدا بەو جۆرە داڕێژراوە وەک بڵێی کورد ناسیۆنالیزمێکی ھەبووبێت و ئێستا ئاستەنگ و قەیرانی تووش بووبێت، سرووشتی قەیران وایە دەکەوێتە دوای شتەکانەوە نەک پێشیان، ئەگەریش قسە لەسەر لەمپەرەکانە، پێموایە کاتەکە درەنگترە لەوەی ئێمە گفتوگۆی بێزەنتی لەبارەوە بکەین، بەو پێیەی لەناو جیھانێکی گۆڕاوداین، ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریی گەورەداین لە ئاستی دنیادا، لە نموونەی گەڕانەوەی مۆتەکەی جەنگ و قەیرانی خۆراک و کێشەی ئاوی شیرین و ھەڕەشە ئیکۆلۆژییەکان (ژینگە)، لە سەرو ھەموو ئەمانەشەوە براوینەتە نێو جیھانێکەوە بەم زووانە دەکەوێتە ژێر رکێفی ژیریی دەستکردەوە، داھاتوو بەرەو ئەو وێستگەیە دەڕوات ئەم زیرەکییە پاشگری (دەستکرد یان پیشەسازیی) لە خۆی بکاتەوە، ببێتە تاکە ھۆشی رەسەن و ھەڵسوڕێنەری جیھان. لەو چەند مانگەی پێشوودا مژۆڵی ئەوە بووم چەند برووسکە شیعرێک بنووسم لە شێوەی ئەفۆریزمدا لە یەکێکیاندا نووسیم (ئایندە ئەوەندەی بۆ رۆبۆتە بۆ مرۆڤ نییە). ھێشتا رۆبۆتەکان توانای بۆنکردنیان نییە و دەکرێت لەلایەن مرۆڤەوە بەرزەفت بکرێن، بەڵام ئایا ئەمە تا سەر بەم شێوەیە دەبێت؟ بێگوومان نەخێر. رۆژێک دێت مرۆڤایەتی دەکەوێتە بەردەم مێردەزمە راستەقینەکەوە، رۆبۆت دەبێتە سەرداری و لە بری خۆی ھەموو چشتێکی بۆ ھەڵدەبژێرێت و ئەوەی پێی دەڵێن (ویستی ئازاد) دەبێتە سەراب، ھەنووکە زیرەکی دەستکرد لە ئافراندنی بوونەوەرێکی تری جیا لە مرۆڤە کە ھۆشی بەخۆی بێت و دروستتر بیر بکاتەوە، ئێمە چیمان پێ دەکرێت لەگەڵ ئەو عەقڵە ئەبستراکتەی کە دەبێتە فەرمانڕەوا؟، ئەوسا بەزەییمان بەخۆماندا دێتەوە کە سەردەمی دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا ناوبنێنین (رۆژگاری زێڕین) مادام ئەم عەقڵە ھەر لە ئێستاوە توانای ئەوەی ھەیە بڕگەی دەیەمی سەمفۆنیای بیتھۆڤن بەوپەڕی کوالێتییەوە تەواو بکات. تا ئەو راددەی مستەفا سلێمان خاوەنی کۆمپانیای (Deep Mind) بۆ پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد پار ساڵ لە کاتی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەیدا (شەپۆلی داھاتوو- the coming wave ) کە یەکێک بوو لە پڕ فرۆشترین کتێبی ساڵی ٢٠٢٣ بەر پێشەکییەکی زۆر جیاواز و تایبەت دەکەوین لە ئامادەکردنی کرۆنۆلۆژییەکی تایبەت بە گەشەسەندنی شارستانی و تەکنۆلۆژیی، لەوێدا بلیمەتی نووسەرەکەی بە تەواوەتی دەردەکەوێت پێش ئەوەی ئاشکرای بکات تەنانەت خودی ئەم پێشەکییەش لەلایەن ژیری دەستکردەوە ھاتووەتە نووسین. ئەمەش وای لە نووسەری کتێبی شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم- ٢٠١٤ (کلاس شواب) کرد لە پاش نۆ ساڵ بڵێت ئەوەی من وەک ئەگەرێکی دوورتر و خەیاڵی زانستی پێشبینیم دەکرد ئەمڕۆ ھاتووەتە دی و فاکتێکی راستەقینەیە.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر کرۆکی تەوەری سەرەکی، کورد بەدرێژایی مێژوویەکی بەرین و دوور و درێژ بەھۆکارگەلێکی زۆر کە لەم پانتاییەدا بواری ژماردنیمان نییە، گەلێکی دابەشبوو بووە بەسەر ھۆز و عێڵەکاندا، ئەگەر بە باندۆری یوڤاڵ نوح ھەراری قسە بکەین و دەقاودەق تێزەکەی لە ھەمبەر جیاوازیی نەتەوە و خێڵ پیادە بکەین بەسەر دۆخی کوردییدا، ئەوەی پێی دەوترێت نەتەوەی کورد زۆر تازەیە، بەو پێیەی کۆبوونەوەی خەڵک لە چواردەوری یەکتری تەنانەت لەو شوێنە بە ھەڵەناونراوانەشدا بە شار، لەسەر بناغەی یەکتر ناسین و پەیوەندیی خوێن بووە، خێڵ بە تەنیا پەیوەندییە خوێنییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ھێمایەکە بۆ ئەو گروپە کۆمەڵایەتییە چەند سەد کەسییانە لە پێش شۆڕشی کشتوکاڵیی لە دەوری یەکتر جەم دەبوونەوە، ئەم قۆناغەش پێڤاژۆی ژیانی سرووشتییە، کە مەدەنیەت بە مانای ئەرستۆییەکەی یان پەیمانی کۆمەڵایەتی بە مانا رۆسۆییەکەی لە ئارادا نەبووە. بەم ھۆکارە کوردبوون بریتی نەبووە لە پەیوەستبوون (ئینتما) بۆ نەتەوە ھێندەی پەیوەستبوون بووە بۆ خێڵ، لە چوارچێوە ھەرە گەورەکەشیدا بۆ ھۆز یان ناوچە و میرنشینێکی دیاریکراو، کوردبوون دیاردەیەکی تازەیە، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە دەستپێدەکات کە بە (لە دایکبوونی نەتەوەیەک) ناوزەد دەکرێت، بەڵام لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە وردە وردە لەنێو نوخبەدا گەشە دەکات، لەگەڵ سەرھەڵدان و شۆڕشەکانی کورددا، بە تایبەت لە بزووتنەوەی ئەیلوول و شۆڕشی نوێ لە باشوور، لە رۆژھەڵات و باکووریش لە ھەشتاکانەوە، کوردبوون دەچێتە قۆناغێکی باڵاترەوە، بەو ھۆکارەی بۆ یەکەمین جار کۆی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی ئەو شۆڕشانەدا (سەرباری ھەر رەخنەیەک) جۆرێک لە ئاوێتەبوون لەنێویاندا دروست دەبێت، چیتر ناسنامەی ناوچەیی و خێڵەکی ناتوانێت بەسەر ناسنامەی کوردبووندا زاڵ بێت، لێ بەداخەوە لەم سی ساڵەی رابردوودا مەوداکە تەسکتر بووەتەوە بە بنەماڵەییکردن و ھۆزگەرایی و بە ناوچەییکردن جێگەی کوردبوونی گرتووەتەوە بە تایبەت لە باشووری کوردستان. لەگەڵ ئەمەشدا ھێشتا کورد بە مانا مودێرنەکەی خاوەنی ناسیۆنالیزم نییە، ئەوەی بە ناسیۆنالیزمی کوردیی ناو دەبرێت تا ئەمڕۆش بیرێکی ھەمەکی نەبووە ئەوەندەی ئایدیایەکی نوخبەوییە و وەرنەگەڕاوەتەوە سەر بەستێنە کۆمەڵایەتییەکە، لێرەدا ناچارین کەوانەیەک بکەینەوە ئاماژە بەو ئایدیا کاڵ و کزە بکەین لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا بکەین کە ئەگەر پێش رسکانی ناسیۆنالیزمی ئەوروپی نەکەوێت، بێگومان ھاوکاتی بووە، بەڵام ئایا ئەم ئایدیا پەرەی پێدرا یان نا؟ کاری من و تۆ ئەوەیە بپرسین بیرۆکەکەی ئەحمەدی خانی بۆچی ناسیۆنالیزمی بەرھەم نەھێنا؟. خۆ ئەگەر دیقەت لە پاشگری (سازیی) پاش چەمکەکانی نیشتمانسازیی، نەتەوەسازیی یان دەوڵەت نەتەوە بدەین ھاوواتای شێلان و سازکردنی شتێکە لە مەتریاڵێکی خاو کە خۆی پێشتر بە شێوە سرووشتییەکەی لە ئارادایە، بەڵام ھیچ کڵێشەسازییەکی نییە. لێرەوە دەلاقەیەک بە ڕووی پرسێکی گەلەک گرنگدا دەکرێتەوە، نەتەوە لە رێگەی ھۆشیاریی ناوەکیی گەلێکەوە دێتە ئارا، ناسیۆنالیزم دروست دەکرێت نەک بۆت دروست بکەن، وەک چۆن زیاد لە بیست دەوڵەت بۆ عەرەب دروستکرا و پاشان وا ھێدی ھێدی و یەک یەک ھەڵیاندەوەشێننەوە. جارێکی دیکەش بیرتان دەخەمە پڕۆژەکەی خانی لە سەدەی حەڤدەدا (مەم و زین) دەکرا پێشبخرێت و بکرێتە ھەوێنی ناسیۆنالیزمێک بۆ کورد، بیھێننە بەرچاو گۆتە مەموزینی بینووسیبا و ئەحمەدی خانیش فاوست یان ژانەکانی ڤارتە!!. لە کاتێکدا ئەحمەدی خانی (١٦٥١-١٧٠٦) مەم و زینی لە ساڵی ١٦٩٢ نووسیووە، بەڵام یۆھان گۆتە (١٧٤٩-١٨٣٢) بەرگی یەکەمی (فاوست)ی لە ساڵی ١٨٠٨ و بەرگی دووەمی لە ساڵی ١٨٣١ بڵاوکردووەتەوە، ئەگەر بەراووردێکی مێژوویی بکەین مەم و زین ١١٦ ساڵ پێش بەرگی یەکەمی فاوست کەوتووە. ئۆربیلی لە ساڵی ١٩٣٨دا مەم و زین لە ئاستی (جەنگاوەر لە پێستی پڵنگدا) رووستاولی بۆ گورجییەکان و (شانامە)ی فیردەوسی بۆ فارسەکان دەنرخێنێت.
ناسیۆنالیزم دەرھاویشتەی سەردەمی دوای رێنسانس (ھەستانەوە)ی ئەوروپییە، کۆرپەی شۆڕشی پیشەسازییە، دروست ئەو کاتەی جۆن لۆک و ھۆبز و ئەو بیریارانەی پاش ئەوان کەوتن، جەخت لەسەر گرنگی دەوڵەت دەکەنەوە، ئەمەش ھێڵێکە لە (سینیکا) لە سەدەی یەکەمی زاینییەوە درێژ دەبێتەوە. کرۆکی ئایدیای ئەوان لە بارەی دەوڵەتەوە بریتییە لە راگرتنی باڵانسی نێوان خەڵک و فەرمانڕەوایی، ئەویش لە رێگەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتییەوە، ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی بابەتی فەیلەسووفانی دوای رێنسانس بووە، بە تایبەتتر دەتوانین چاوێک بە کتێبی (لیڤیاسان))ی ھۆبزدا بخشینێنەوە. ئەمەش لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە بووە بە ئایدیایەکی نوێتر و خۆی لە پڕۆژەی ناسیۆنالیزم (دەوڵەت نەتەوە)دا فۆرمۆڵە کرد. لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت باز بدەین، ئەوە ئەم بیرەی پێشخست بریتی بوو لە ژورنالیزم (رۆژنامەوانی)، کەچی رۆژنامەوانی کوردیی بە نزیکەیی سێ سەدەیەک لە مێژووی رۆژنامەوانی جیھانی دواکەوت!، ئەمە دۆزێکە بۆ خۆی شایانی لێ وردبوونەوەی زیاترە، چوونکە ئەو ھۆشیارییە فیکرییە لە رۆژنامەکانەوە پەرەی پێدرا. ئیدی دەوڵەت نەتەوەکان لە وڵاتانی خۆرئاوایی لە دامێنی ئەم ھۆشیارییەوە بوونە فاکت. لێ خودی دەوڵەت لە مانا دێرین و مودێرنەکەیدا زادەی پێڤاژۆیەکی پێشکەوتنی شارستانییە و لە پێچێکی مێژووی پەیدا بووە و رۆڵی وەرگرتووە، دەشێ سەردەمی پووکانەوەشی ھەبێت کە زۆر دوور نییە لە ئێستادا بە تایبەت بەھۆی گەشەکردنی تەکنۆلۆژییەوە. نابێت ئەوەش لە بیر بکەین ناسیۆنالیزم ھەمیشە دەوڵەتی دروست نەکردووە، بۆ نموونە لە کۆمەڵگە فرە نەتەوە و کولتوورەکاندا لە نموونەی ئەمەریکا یان تورکیا سەرکردەیەک دەوڵەتێکی بەھێزیان بنیات ناوە، تەنانەت وڵاتانی عەرەبی ھێندەی ناسیۆنالیزم دەگەی لێدان نیو ئەوەندە خزمەتی نەکردن، چوونکە داستانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دیاردەیەک بوو لە زانکۆکانی بەیرووت و سۆربۆن دروستکرا، زۆرینەی ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگووترێت دەوڵەتانی عەرەبی بە بڕیار یان پێش دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی رۆنران بە پێی ئەو دیزاینە سیاسیی و ئابوورییانەی ئیمپریالیزم و وڵاتانی زلھێزی دەیانخواست.
وەک خۆم لەبری ناسیۆنالیزم زیاتر بڕوام بە (کوردبوون)ە کە لە جەبرێکی سرووشتییەوە بیگوازینەوە بۆ کڵێشەیەکی فیکریی و فەلسەفیی، ئەوەش بە پاڵپشت و لەسەر بنچینەی شارستانی بونیاد دەنرێت، بۆ نموونە شارستانێتی سۆمەری بناغەیەکی پتەوە و دەتوانین بۆی بگەڕێینەوە و لەوێوە دەستپێبکەین لە سۆنگەی ئەوەی ئێمە تاکە میراتگری راستەقینەیانین. پێویستە پێش ھەر کارێک بە ئەفسانە و داستان و کەلەپوور و مێژووماندا بچینەوە، لەوێوە دەتوانین لەجیاتی ناسیۆنالیزمێکی بەربەریی خۆرئاوایی، بیرێکی کوردیی پوختەکراوی مرۆڤدۆستانە ھەڵھێنجین. ئەوەی مەبەستی ئەزە جیایە لە تیۆریزەکانی ئۆجەلان کە بە گەڕانەوە بۆ شارستانییە دیرۆکییەکانی میزۆپۆتامیا ھەمووان لە خوانێکدا کۆ دەکاتەوە، بەڵام لەم خوانەدا کورد لەلای خوارەوە و لەسەر پاپووچە شڕی تورک و فارس و عەرەب دانیشتووە. باس لەوە دەکەم کورد یان باپیرانمان لە مێژوودا رۆڵێکی بەرجەستە و کارایان ھەبووە لە خستنە سەر پێ و شێوەپێدانی شارستانێتیدا ھەبووە، ئەمە سەرمایەیەکی ڤێرجواڵ و پۆتنسیاڵێکی ھەرە گەورەیە لە پشتمانەوە وەک وتم بۆ تێپەڕاندنی (کوردبوون) لە بابەتێکی دیتێرمینیستییەوە بۆ بیرێکی پوختی کوردیی کە تێیدا مرۆی کورد ھەست بە ترانسێندێنتاڵێتی (شکۆمەندیی) خۆی بکات. پرسیارەکە ئەوەیە کورد ئەمە بۆ ناکات؟. ھەرچەند سەردەھێنم و دەبەم بەرسڤێکم نییە. ئاخر بۆچی دیموکراسی لە دەوڵەت شارێکی وەک ئەسیناوە کە ھێندەی گەڕەکێکی سنە یان سلێمانی ئێستا نەدەبوو کە نە کۆیلە نە ژن مافی بەشدارییان تێیدا نەبوو، تەنیا بۆ پیاوە ئازاد و خانەدانەکان دروستکرابوو، دەبێتە ئیدیاڵ و سیستمێکی یونیڤرساڵ؟ ئەی بۆچی ئێمە کە بەڵگە مێژووییەکان نیشانیداوین ھەزاران ساڵ بەر لە ئەسینییەکان سیستمی کارگێڕیی و یاسایی تۆکمەتر و باشترمان ھەبووە بۆی نەگەڕێینەوە و نەیبووژێنینەوە؟.جیا لەوە سەدەی نۆزدە لەبەرچاو بگرن ھۆلیۆد گوندێکی بچووکی نەناسراو بوو، ئەی ئێستا چی؟ بۆچی ھیچمان ھەیە و بۆ ماوەتەوە لە دەرەوەی شێوازی پەسەندی ھۆلیۆدیی؟. ھۆکاری ئەمە ھەرچییەک بێت پێموایە سووچی خۆمانە کە خەریکە ئەسیمیلە بووین. بە جۆرێک تووشی ئەلیناسیۆن (بەخۆنامۆبوون) کراوین پێمانوایە تا کاروانەکەی ئێمە لە عەجەم نەگەڕێتەوە ئێمە داڕنراوەکانی شارستانین. ئەحمەد موختار جاف لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە دێڕە شیعرێکدا دەنووسێت: (لە خەو ھەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە). دوای نەوەد ساڵێک ھێشتا پێناچێت میللەتی کورد لە خەو ھەستابێت، بەتایبەت دەسەڵات بە دەسەڵاتی رۆشنبیرییەوە خوازیارە (میللەت) ھەر لەو خەوە قووڵەدا بمێنێتەوە، لە بری ھۆشیاریی راستەقینە خراوەتە دەریای زڕە ھۆشیارییەوە. لە زنجیرە درامای (یاریی تەختە پادشاییەکان)دا کاتێک، رۆب پرسیار لە کاتلین دەکات: (بۆچی کەسێک ھەیە دەیەوێت بران بکوژێت؟) لە کاتێکدا ئەو منداڵێکی لاوازی خەوتووە!. کاتلین لە وەڵامدا پێی دەڵێت دەتوانین لە پرسیارەکە وەڵامەکە وەربگریتەوە، ئەوسا رۆب بە تۆنێکی لەسەرخۆتر دەڵێت: (کەسێک ھەیە لەوە دەترسێت بران لە خەو ھەستێت), کورد (بران)ێکی ھەزاران ساڵەی خەو لێ کەوتووە و وەک بڵێی تووشی ئەلزەھایمەر بووبێت، رابردووی خۆی بیر نایەتەوە.
نەگبەتییەکە ئەوەیە ھێشتا خەڵکانێکمان لە ئاستی دەستەبژێردا پێیانوایە ئێمە بە ھۆی سەلاحەدینی ئەیوبییەوە (لێرەدا وەک فیگۆرێکی دیرۆکیی سەیری دەکەین) سزا و نەفرەتی رۆژئاواییەکانمان بەسەردا سەپێنراوە، وەک بڵێی ناسیۆنالیزمیش کاڵایەکی تری ناو سیستمی بەرخۆریی بێت و بایکۆتیان کردبین، نەخێر وا دەھزرێم ناسیۆنالیزم لە تێڕوانینی میللەتێکەوە سەرچاوە دەگرێت لە بەرامبەر خۆیدا، ئایدیایەکە لە ئاوەزی دەستەبژێرێکەوە دەپەڕێتەوە بۆ ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤ، ئەو ئارگۆمێنتەی ھەردەم سەلاحەدین دەکاتە بیانووی بێبەشکردنی کورد لە دەوڵەت نەتەوە ھیچ نیازێکی ئیمپریالیستی و کۆلۆنیالیستیانەی مرۆڤی (سپی) رۆژئاوایی خۆ بەسەردارزان نابینێت، خۆ ئەگەر وابوایە داگیرکردنی ھیندستان بە تایبەت لە سەردەمی ڤیکتۆرییدا چۆن پاساو دەدرێتەوە؟ ئەی قڕکردن و لە ریشە دەرھێنانی دانیشتوانی رەسەنی پێست رەشی ئوسترالی بۆچی؟، ئەی دەستبەسەراگرتن و ئاپارتاید و تاڵانکردنی ئەفەریکا لە پێناوی ئەوروپای پاش ھەردوو جەنگە جیھانییەکە چۆن پاساو دەدرێتەوە؟. ئێمە خۆمان کارمان نەکردووە لە بواری مرۆڤسازییدا، دەنا لە بری ناسیۆنالیزمێکی لەبەرگیراوەی خۆرئاوایی کۆلۆنیالیستی، لەسەر شارستانێتی دێرینی میزۆپۆتامیا دەمانتوانی نموونەیەکی پێشکەوتووتر و ئیستاتیکیتری پێشکەش بکەین، بە تایبەت ئێمەی کورد میراتێکی دەوڵەمەندیی مێژوویی ھاوکارمان بوو،ئەوەی لە شارستانی سۆمەریی بەجێماوە بە پێی ھەموو بەڵگە دیرۆکییەکان تەنیا کوردە، تەنانەت بنەچەی زمانی کوردیی بۆ پانزە ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بە نزیکەیش پێنج ھەزار و چەند ساڵێک نووسینی مێخی لەلایەن باوانی کوردەوە (سۆمەرییەکان) داھێنراوە کە زمانی کوردە دەشتەکییەکان بووە، شۆڕشی یەکەم (شۆڕشی کشتوکاڵی بە ناولێنانی ئالڤین تۆفلەر) لە وڵاتی دوو زێوە دەستیپێکردووە کە بناغەی پێشکەوتنی شارستانێتی مرۆڤایەتی بووە، ئەمەش ئەو کوردانەی لە چیاکانی زاگرۆسەوە دابەزینە دەشتاییەکان نەک رۆڵی سەرەکیان تێدا بینیوە، بەڵکو شۆڕشێک بوو لەسەر دەستی ئەوان دەستی پێکرد. کورد ئەم مێژووە لە پشتی خۆیەوە نابینێت، مرۆی کورد کراوەتە رۆبۆتێکی ئەبستراکتی بێ مێژوو و شارستانی و کولتوور بەدەر لە گرێی ستۆکھۆڵم، بێ ویست و ئیرادەش کراوە، شتێکی بۆ نەماوەتەوە بۆ شانازیی پێوەکردن، بەپێچەوانەوە ھار و سەرشێت کراوە بەرامبەر بە بوونی خۆی، وەھا تێگەیەندراوە ھەمیشە گرێی (گازلایتنیگ)ی ھەبووە کە ئەوەش لە شانۆنامەیەکە وەرگیراوە لە ساڵی ١٩٣٨دا نووسراوە، چۆن ھاوژینێک ئیرادە و ویستی ژنەکەی تێکدەشکێنێت تەنانەت وای لێدەکات بێ دوودڵی بڕوا بە بێ توانایی و دەستەوەستانی و تەنانەت شێتبوونی خۆی بھێنێت. کورد ناتوانێت بە ناسیۆنالیزمێکی ھاوردەکراوی رۆنراو لە ئاوەزی ھەژموونگەرانەی خۆرئاوایی یان لەبەرگرتنەوەی شۆڤێنیزمی دەوڵەتانی دەوروبەری خۆی پێناسە بکاتەوە، پێشنۆرەترین کارێک بیکات خۆ رزگارکردنێتی لە ھەژموونی کولتووریی و سیاسیی نەتەوەکانی تر، وەک ئاشکراشە کرۆکی تێزی ھەژموون یان ھەژموونی کولتووریی لای گرامشی لەوەدا چڕ دەبێتەوە پێشمەرجی بەرزەفتی ھەر تاک و کۆمەڵگەیەک دەستبەسەراگرتنی کولتوور و ئەندێشەیە لەم رێگەیەوە دەستبەراگرتنی ھەموو شتێک ئاسانترە لەوەی بیری لێ دەکرایەوە.
پێم خۆشە ئاماژەش بۆ ئەوە بکەم (کوردایەتی) کەلەپوورێکی کۆنە و وەڵامدەرەوەی ئەوسا و ئێستای کۆمەڵگەی کوردیی نەبووە!. پێموایە کوردایەتی کە لە پەنجاکانی سەدەی پێشوووە کەوتە ناو ئەدەبیاتی سیاسیی کوردییەوە و پتر چەمکێکی (کاژیک)ییانە بوو، بە تازەیی کۆن ببوو!، چوونکە ئەم کۆنسێپتە تیۆریزە نەکرابوو لەسەر کێشی عروبە و وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر شەپۆلی سۆشیالیستی ئەو سەردەمە گەڵاڵە کرابوو، ھەر بۆیە مانایەکی چەمکایەتی نەبوو، پتر وەک دەستەواژەیەکی میللی خۆی چەسپاند. تا ئێستاش بۆ کەس روون نییە کوردایەتی چییە؟ پێناسەی ئەم چەمکە چییە لە رووی تیۆرییەوە، تەنانەت بوڵتنی (کاژیکنامە) نەیتوانیوە وەڵامێکی پڕ بە پێستی ئەوە بداتەوە، ھەر کاژیکنامە بۆ خۆی ھێندەی ریاکسیۆن بوو لە بەرامبەر ھەژموونی فیکریی چەپی ئەو کاتدا، تیۆریزەیەکی نوێ نەبوو جگە لەو نیشتمانپەروەرییە کلاسیکییەی لە حاجی قادرەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات ھیچی تری نەخراوەتە سەر. لە کۆتایشدا کوردایەتی نەیتوانی ناسیۆنالیزمی کوردیی بونیاد بنێت، لێرەدا دەبێت کەوانەیەک بکەینەوە و بێژین ناسیۆنالیزم وەک ئەوەی ھەیە چ وەک چەمک چ وەک پراکتیس سرووشتکرد نییە بەڵکو بونیادنراوێکی دنیای مودێرنە کە بونیادگەرایی و بیرمەندە پۆست مودێرنیستەکان رەتی دەکەنەوە، بەڵام ئەمە مانای وانییە ھەر بونیادنراوێک لە خۆیدا باش یان خراپە، بەڵکو دەکەوێتەوە سەر ناوەڕۆکی ئۆبژەکە خۆی. ئەگەر بڕیارە ھەموو بونیادنراوێک یان ناسرووشتییەک خراپ بێت ھێشتاش دەبوو مرۆڤ لە ئەشکەوتەکەی پلاتۆ نەھاتبایەتە دەرێ. ھەر خودی شارستانی لە شۆڕشی کشتوکاڵیی و داھێنانی نووسینەوە تا دەگاتە سەر ژیریی دەستکرد و کوانتۆم فیزیک لادانن لە رێسا سرووشتییەکانی ژیان. بۆیە مەرج نییە ھەرچی بونیادنراوێک ھەیە رەت بکەینەوە، بەڵام بە وردبوونەوە لە ئەنجامی ناسیۆنالیزم کە چەقەکەی ئەوروپا بوو جگە لە ئاوشڤیتز و ستەمکاریی چیتری لێکەوتەوە؟ با لەملاوە یوڤاڵ نوا ھەرارییەکی (جوو)ش ھەبێت جوانییەکانی ناسیۆنالیزممان پێ نیشان بدات!. لێرەدا مارکس ئاسا چۆن ھیگڵی ھەڵگێڕایەوە، منیش ژێستێکی لەو چەشنە لەگەڵ جەمال نەبەز دەکەم کە لە ھەوڵێکی بنبەست و ناکامدا ویستی تیۆریزەی ئەوە بکات کوردایەتی نە ناسیۆنالیزمە لە کڵێشە رۆژئاواییەکەیدا نە بیری نەتەوەچێتییە رۆژھەڵاتییەکەیە بەو فۆرمەی لە رۆژھەڵاتی نێویندا بوونی ھەیە، ئەو بێ ئەوەی بە ئارگۆمێنت بۆمان بسەلمێنێت بیری نەتەوەیی کوردیی چییە، کتێبە بچووکەکەی کۆتایی پێدێت، لە روانگەی ئەزەوە ئێمە دەبێت بچینەوە سەر ئەم کتێبە بۆ ئەوەی پارادایمێکی تر بە کوردبوون ببەخشین، واتە کوردبوون لە جەبرێکی سرووشتکردەوە بگۆڕین بە بۆ شتێکی سەرتر کە بارگاوییکردنێتی بە کولتوور و شارستانێتی، چوونکە کوردبوون لە خۆیدا پێدراوێکی ئەبستراکتە، توخمە سەرخانییەکانی وەک سیاسەت (لای ئەرستۆش مرۆڤ نابێتە مرۆڤ بێ سیاسەت) و رۆشنبیریی و شارستانێتی و کولتوور، مانا بە کوردبوون دەبەخشن.
بۆ من ئاشکرایە ھێشتاش لە شێوەی کلاسیکییەکەی خۆیدا تەماشای پرسی ناسیۆنالیزم دەکەین, وەک وتم جیھان لە بەردەم زنجیرەیەک ئاڵنگاریی مەزندایە یەکێک لەوانەش زیرەکیی دەستکرد و پێشکەوتنی خورافیانەی تەکنۆلۆژیایە کە رێی پێ ناگیرێت, لێکەوتەکانی ئەمە لەسەر ئاستی دنیا ھەموو کۆنسێپتێکی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بردووەتە پێڤاژۆی پۆست- پۆستەوە، ئێمە لە دەروازەی جیھانێکدا نین، بەڵکو لە ناو ئەو جیھانەداین چووەتە پۆست پۆست مودێرنەوە، لە بەستێنی پۆست ناسیۆنالیزمدایە، لە زەمەنی پۆست کۆلۆنیالیزم و نیولیبرالیزمیشدایە. لەگەڵمدا سەرنج بدەن بیسمارک کاتێک مژۆڵی یەکخستنەوە میرنشینە ناکۆکەکانی ئەڵمانیا بوو، چۆن ھاوکاتە لەگەڵ ھەڵوەشانەوە و داڕمانی یەک لە دوای یەکی میرنشینە کوردییەکاندا؟. ئەو سەردەمەی ناسیونالیزم لە ھەڕەتی گەنجی و گوڕی خۆیدا بوو جگە لە دەستەبژێک کۆی کورد سەرقاڵی شۆڕش بوو لە پێناوی ئایندا دەتوانین شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لەم رووەوە بکەینە نموونە، ھەنووکەش ناسیۆنالیزم کە لرخەلرخی سەرەمەرگێتی تازە بە تازە کورد دەیەوێت دروستی بکات!. ئەمە جیاوازییەکەیە و لێرەوە و لەسەر چەرپای ئەم نەخۆشخانەیە بەم بەرەبەیانە بە خۆیەوە سەرقاڵی کردووم و کڵافەی بیرکردنەوەی ئاڵۆزکاندووم. دوا جار جیھان ھیچی لێ نەماوەتەوە جگە لە بازاڕ، بە جۆرێک ئەگەر میلتۆن فریدمان ١٩١٢-٢٠٠٦ کە بە گەورەترین و کاریگەرترین ئابووریناسی دژەی کینزیی و تیۆریسیۆنی ھەرە کارای نیولیبرالیزم ناسرابوو بکەوێتە باری تراوماوە کە چۆن کاڵا و بازاڕگەرایی تاکە فەرمانڕەوای دنیایە!. بۆ نا ئەگەر لەم ھەلومەرجە نوێیەدا ناسیۆنالیزم ببێتە حکایەت؟ بۆچی نا ئەگەر لە بری ناسیۆنالیزم بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر بۆ کورد بکەینەوە؟!، بۆچی نا ئەگەر دەستەبژێری ئێمە لە بری رۆژئاوا بۆ شارستانێتی دێرینی کوردەواری بگەڕێتەوە؟. رەنگە ئەمە شێوازێکی سوکراتیانە بێت لە پرسیارکردن، بەڵام پرسیارگەلێکی لۆژیکیی و رەوان. خودی خۆم پێموایە ژیریی دەستکرد کۆتایی بە چاخی بیرکرنەوەی مرۆیی دەھێنێت, چیدی ئێمە نین ئایدیا و بیرۆکە بەرھەم دەھێنین، بەڵکو لە قۆناغی گواستنەوە و رادەستکردنی ئاوەزی مرۆییمانداین بەو ژیرییە دەستکردە. نەک ھەر ئێمەی کورد بگرە تەواوی جیھان فڕێدراوەتە کونێکی رەشی گەردوونەوە ئەوسەریمان لێ دیار نییە. تۆ ھەست بەوە ناکەیت ھەر ئەم چرکەساتە و بێ ئاگا لە خۆمان لەنێو جەنگی جیھانی سێیەمداین؟! بەڵام دیارە پارادایمی جەنگ لە ریشەوە گۆڕاوە. درۆنێک لەباتی لاپاڵم بھاوێت زیرەکانە ئامانجی خۆی دەپێکێت, ئەمە بێجگە لەوەی بەرەی شەڕ ھەر لە ئۆکرانیاوە تا غەززە درێژبووەتەوە، وڵاتانی تری وەک سوێد و ئەڵمانیاش لە خۆ ئامادەکردندان بۆ جەنگ، زۆرینەی دەوڵەتانی جیھان لە خۆ پڕچەککردندان، بەوەش بازاڕی چەکفرۆشیی گەرمتر بووە، ئەمەش ئارەزووی ئەو نیو لیبرالیزمە کێوییەیە لەوە دەرچووە پێی بگوترێت نیولیبرایزم، کە دروشمەکەی بریتی بوو بازاڕ پێش ھەر شتێک.
جارێکی تر پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەم ناسیۆنالیزم تەنیا ئەندێشەی بەشێک لە دەستەبژێری رووناکبیری کورد بووە، نەک بووبێتە بزافێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی. ئەمە لەلایەک و لەسەرێکی تریشەوە سەردەمێک ئیدیاڵی مودێرنیزاسیۆنی کۆمەڵی فیوداڵی کوردیی و بیرۆکەی (پێشکەوتن)، کە لە دوا دەرئەنجامدا دەبێتە مایەی ئازادیی و خۆشگوزەرانی. مێشکی نەوەی یەکەمی دەستەبژێری کوردی لە چارەگی یەکەمی سەدەی بیستەمدا گرتبوو، لە ژێر کاریگەریی تێڕوانینی دەستەبژێردا جەماوەر ھەموو تامەزرۆ و داواکاریی ژیانێکی رۆژئاواییانەیان ھەبوو، لانیکەم ئەوروپا ببووە نموونەی ئیدیاڵ، کەچی لە سایەی دەستەبژێری سیاسیی و رۆشنبیریی چارەگی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا مێشکی مرۆڤی کورد مۆبیلیزە کراوە و بە ئاڕاستەی سەرسامی و تامەزرۆیی بۆ نموونەکانی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و شانشینەکانی کەنداو ھاندراوە. رۆشنبیری ئێمە لە روانگەی خۆرئاواوە یان راستتر بڵێم وەک رۆژھەڵاتناسێک سەیری کۆمەڵگەی کوردیی دەکات، نەک بە میتۆدە زانستییەکانی رۆژئاوا ئەنالیزی کۆمەڵگەکەی بکات. کاتی خۆی فۆکۆ دووچاری گرفتی ئەوە ببوو چۆن رۆژئاوا بخوێنێتەوە؟ لەبەرئەوەی نارۆژئاواییەکان جگە لە سەرسامی و پیاھەڵدان یان رەتکردنەوە و کینەسازیی، ھیچی تریان بە شێوەیەکی زانستی و میتۆدیی لە بارەی رۆژئاوا نەوتبوو و نەنووسییوو. فۆکۆ ھاتە سەر ئەو قەناعەتی دەبێت بە پێی ھەڵگێڕانەوە کارەکە ئەنجام بدات، وەک چۆن دەست دەخەیتە ناو دەستکێشێک و دیوی ناوەوەی دەھێنیتە دەرەوە, ئێمەش بۆ دیاگنۆسی کۆمەڵگەی خۆمان دەتوانین کەڵک لە وەھا کارێک وەربگرین. ئەمە بە چی دەکرێت؟ پێموایە ھیچ رێگەیەک لە بەردەمدا نییە جگە لە ناسینی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی فرە رەھەند. رۆشنبیری کورد لە نێوان دوو جیھانبینی دژیەکی وەک رافیع تەھتاوی و سەیدقوتبدا، دنیابینی سێیەمی لێ بووەتە ئەستەم. رافیع رفاعە تەھتاوی ١٨٠١-١٨٧٣ لە ناو کولتووری رۆژئاواییدا ئەسیمیلە ببوو، زۆر رۆمانسیانە سەیری ئەوروپای دەکرد بە تایبەت لە کتێبە پاریسییەکەیدا (تخلیێ الإبریز فی تلخیێ باریز -١٨٣٤) تەنیا چاوی پێشکەوتن و تازەگەریی ئەوروپیی دەبینی کە ئایدیاڵەکە بۆ لاساییکردنەوە و کۆپیکردن و گواستنەوەی بۆ خۆرھەڵات و بەشەکانی تری جیھان، دوای زیاتر لە سەدەیەک سەیدقوتب (١٩٠٦-١٩٦٦) لە ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، لە زنجیرە کتێبێکدا دیسکۆرسێک دەھێنێتە گۆڕێ لە راستای رق و قێزلێھاتنەوە لە جیھانی رۆژئاوا، ئەگەرچی لە نێوان تەھتاوی و سەیدقوتبدا وەک دوو رۆڵەی میسریی، کەسانی چەشنی جەمالەدین ئەفغانی ١٨٣٨-١٨٩٧ شاگردەکەی (محەمەد عەبدە: ١٨٤٩-١٩٠٥) ھەبوون، وێڕای ئەوەی ئەوان دوو موسڵمانی پابەند بوون، ھێندە سەرسام و ھۆگری شارستانی خۆرئاوایی و مودێرنێتە ببوون، ھەوڵێکی شکستخواردوویان دەستپێکرد بۆ مودێرنیزاسیۆن و کرانەوە و ریفۆرمی ئاینی لە جیھانی ئیسلامیدا، ئەوان بوون بە سەرمەشقی رێنسانێکی ئیسلامی ھەرەسھێنراو بە تایبەت بە ھۆی ناپاکی محەمەد رەشید رەزاوە لە کەلەپووری ریفۆرمیستی عەبدەی مامۆستای، لە بەرامبەردا پەرەی بە تیۆرییەکی تری ئیسلامیی دا کە بوو بە ھەوێنی کۆمەڵەی برایان (ئیخوان)، تا بە ئەمڕۆش دەگات ئەگەرچی دەنگی کۆنەپارێزان زاڵترە، بەڵام دیسکۆرسی رۆشنبیریی لە جیھانی عەرەبی و ئیسلامیدا بەسەر ئەو دنیابینییەدا زاڵە لە سەرەتاوە باسمان کرد، رۆشنبیریی کوردیش لە تەڵزگەی ئەم دوو کاتیگۆرییەدا (لاسایی و قێز) گینگڵ دەخوات و ناتوانێت دیسکۆرسێکی کوردیی لە نێوان پەرستن و نەفرەت لە ژیاری خۆرئاوایی بکاتە رێڕەوی بیرکردنەوە و بیری کوردیی.
بۆ پرسی ناسیۆنالیزمیش کورد تاکو بە ئێستا دەگات خەریکی لەبەرگرتنەوەی پارادایمە خۆرئاواییەکەی ناسیۆنالیزمە، پێموایە لە بری بونیادنانی ناسیۆنالیزمێکی کوێر کاری ئێمە ئەوەیە دەوڵەتی ھاونیشتمانی دروست بکەین لەسەر بنەمای کوردبوون کە مەودا بکاتەوە بۆ پێکەوەژیانی خەڵکانی تری ناکورد لە چەشنی ئەو پێکھاتە نەتەوەییانەی زۆر لە مێژە لەگەڵماندا دەژین و ژیاون. ئەمەش جووینەوەی تێزەکەی یۆرگن ھابرماس نییە، چوونکە ئەو پێیوایە جیھانگەرایی ئەم رەوشە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی ھاونیشتمانی یان ھاووڵاتی جیھانی دەڕەخسێنێت، بە پێچەوانەوە وایدەبینم گلوبالیزەیشن (جیھانگەرایی) روویەکی ئابووری پەتی ھەبوو بۆ فەراھەمکردنی دەستی کاری ھەرزان و بردنی کۆمپانیا فرە ڕەگەز و مۆنۆپۆڵەکان بۆ ھەر لایەکی گێتی، ئەوەی لە ھزری یەکێکی وەکوو مندایە دروستکردنی مۆدێلێکی کوردیی نیشتمانە کە لە ھیچ کوێ نموونەی نەبێت، ئەمەشم لە نامیلکەی (دووبارە پێناسەکردنی کوردبوون)دا شیتەڵ و شرۆڤە کردووە لە ساڵی ٢٠٢٠دا. لەو نامیلەکەیدا جەختم لەوە کردووەتەوە دەبێت کوردبوون ببێتە شێوازی ژیان، دیقەت بدەن تەلارسازیی کوردیی چی بەسەرھاتووە؟ وەک لە وتاری (شاری شووشەیی و کولتووری خۆڵەمێشی)دا ئاماژەم پێکردووە چۆن دیزاینی وڵاتانی کەنداو بووە بە ئایکۆن و زاراوەی بە (دوبەی)یکردنی کوردستان بووە بە قسەی سەر زاران. پێموایە کورد نابێت لاسایی کەس بکاتەوە جگە لە خۆی.
رەنگە خەڵکانێک ھەبن بانگەشە بۆ گەڕانەوەی ناسیۆنالیزم بکەن لە ئەوروپاوە، ئەگەر ئەم بانگەشەیە کتومت وابێت، دیسانەوە ھەر جەخت لەسەر رۆنانی شارستانییەتێکی کوردیی دەکەمەوە لەسەر بنەمای (کوردبوون). وەلێ بە دیتنی خۆم ئەوەی نھۆ لە ئەوروپا لە گەشانەوە و بووژانەوەدایە تەنیا ناسیۆنالیزمێک نییە لە شێوە نەریتییەکەیدا کە پایەکانی خۆی لەسەر لەناوبردن و ئەسیمیلەی گەلانی تر راگرتبوو، تەنانەت فۆرمێک نییە لە فۆرمەکانی ئەنتی سیمتیزم (دژە جوو). بەریانی دژە بێگانە و پەنابەریی لێ دەربکەین، بە گشتیی ئەم رەوتە کە بەراستڕەوی توندڕۆ یان پۆپۆلیزمی رادیکاڵ ناوبانگی رۆشتووە، پەرچەرکردارە بەرامبەر چەندین شت لە نموونەی ئەو فراوانبوونەوە ھۆکیزمییەی لە پرسی جێندەریزمدا خەریکە ئەوروپا دادەپۆشێت، ھاوکات گەڕانەوەشە بۆ بەھا خۆرئاوایی و مەسیحییەکان و رۆڵ پێدانەوەی خێزان و پیاوبوون و ژن بوون و دایکایەتی و باوکایەتی کە ئێستا لە ژێر ھەڕەشەی (ئێل جی بی تی- لیسبەین، گەی، بیسێسکوال، ترانس جێندەر)دایە کە بووە بە ئایدۆلۆژیایەکی نوێی سەرشێتانەی سەردەم. سەیر بکەن جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئیتاڵیا بە چ دیسکۆرسێکەوە جڵەوی فەرمانڕەوایی گرتە دەست؟. کەواتە ئەم بادانەوەیە بە لای راستڕەوییدا تەنیا بادانەوە نییە بەلای ناسیۆنالیزمدا لە کڵێشە کلاسیکییەکەیدا، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ بنچینەی شارستانی خۆرئاوایی (یۆنانی- مەسیحی) و ئەو بەھایانەی لەو شارستانێتییەدا باڵادەست بوون، نکۆڵی لەوەش ناکرێت یەکێک لە ئامانجەکانیشی نیو ناسیۆنالیزمێکە لەگەڵ رۆحی سەدەی بیست و یەکدا تەبا بێتەوە، پرسی گەڕانەوەی سەروەریی ھەر دەوڵەتێکی ئەوروپاییە بە جیا، ئەو سەروەرییەی سەدەیەک پێش ئێستا بیرمەندێکی نازی وەکو کارڵ شمیت پێوەی سەرقاڵ ببوو.
قسەی کۆتاییم ئەوەیە بە روون و راشکاویی دژی ناسیۆنالیزمم (وەک دیاردەیەکی تایبەت بە ژیاری خۆرئاوا) چوونکە لە دیسپۆتیزم (ستەمکاریی) زیاتر چیتری بەرھەم نەھێنا، ھەروەک چۆن دژی سۆسیالیزمی بنیاتنراوم ھەر لە سۆڤێتەوە تا ئیمپریالیزمی نوێی چین، ھەر لە لە لینینەوە تا گورباتچۆڤ. من خۆم بە کوردێکی چەپ دەزانم نەک چەپێکی کورد (تکایە ورد دیقەت لەو دەربڕینە بدەن). ئەو چەپەی لە مێشکمدایە ماخۆلانێتی فۆرمێکی تەواو کوردییە و لە خزمەتی کوردستاندایە، ھەمان ئەو مۆدێلەیە چینی دوای ماوتسی تۆنگی کرد بەو زەبەلاحە ئابووری و سیاسییەی ئەمڕۆ، کەچی بە داخەوە بەھۆی نەخۆشییەکەمەوە تیۆریزەکردنی زۆر سست و خاو دەڕواتە پێشەوە (پێنج سەد لاپەڕەیەکم تیۆریزە کردووە وەک رەشنووسی یەکەم، بەڵام کارەکە ھێشتا نیوەیە). ئەو تیۆریزەیە دۆکترینێکە ئەگەر وەک خۆی پراکتیس بکرێت بە دەوڵەتی کوردستان دەستپێدەکات، بە بەھێزیی کوردستان لە پێگەی جەمسەرێکی نوێی جیھان کۆتایی پێدێت. پێشتریش بە درێژایی کتێبی (شارستانی کۆلاپس- ٢٠٢٢) لە دوو توێی ٦٦٠ لاپەڕەدا ئەو مۆدێلە چەپەی بە تاکی تەنیا بیرم لێ کردووەتەوە، بە خێرایی ئەنالیز کراوە، لەوێشدا وەک بەشدارییەکی سەرەتایی بەشێکی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ بەرگریی لە (کوردبوون). خوێنەر خۆی دەتوانێت بگەڕێتەوە سەری.

کۆتایی ٢٠٢٣

ستیڤان شەمزینی




سۆناتای نیگەرانی.. ستیڤان شەمزینی

نیگەرانم، نیگەران
پەپولەکانی ئەم بەھارە ناتوانن
دیلانێ بە رۆحی خەزاناوییم بکەن
ھێندەی سیزیف ماندووم
ئەم بەردە قورسەی ژیان
بە من ناڕواتە
سەر لوتکەی بەختەوەریی
من چی لە ئەستێرەیەکی پیانۆژەن بکەم؟
گەر شەوێکی ھێمنم نەبێت
چی لە کاسەی سەرم بکەم؟
گەر خەونێکم نەمابێت بیبینم
تازە لە دەست دەرچووم
چی قاوەگرەوەی دنیایە
چارەنووسی دڵمیان بۆ ناخوێنرێتەوە
ھەرچی شادومانی نێو گەردوونە
قۆپچەی پێکەنینی منی پێ ناکرێتەوە


دنیا زۆر بچووک بۆتەوە
شتی گەورە
لە باوەشیدا جێی نابێتەوە
دنیا زۆر تاریک بووە
رووناکی لە چاوی تۆراوە
دنیا زۆر تەسک بۆتەوە
کراسی خۆشەویستی
بە بەری ناکات
من چیم داوە لەم دنیا لێڵە؟
خۆ چاوی شیعرمی تێدا ھەڵنایێ
چیم داوە لەم سەحرای ژیانە؟
خۆ تۆوی عەشقی تێدا شین نابێت
تێناگەم
تاکەی دەست بەدنیاوە دەگرم؟
لە کاتێکدا
ئازار تارمایی ئاسا بەدوامەوەیە
ھێشتا تێناگەم!.


لە ژیاندا
بە نێو ژانەکاندا رەت بووم
لە ئازارەکاندا
بەناو ژیاندا تێپەڕیم
لە خۆشەویستیدا
بەنێو شیعردا رەت بووم
لە شیعردا
بەناو خۆشەویستیدا تێپەڕیم
لە خەوندا
بە نێو رابردوودا رەت بووم
لە رابردوودا
بەناو خەوندا تێپەڕیم
لە ئاگردا
بە نێو عەشقدا رەت بووم
لە عەشقدا
بەناو ئاگردا تێپەڕیم
لە دڵی مەعشوقدا
بەنێو خۆمدا رەت بووم
لە خۆمدا
بەناو دڵی مەعشوقدا تێپەڕیم


١١-١-٢٠١٩
ئەڵمانیا – بیلەفێلد




سۆناتای سەفەر.. ستیڤان شەمزینی

بەیانیان
سەیری ئاسمانی ھەوراویی دەکەم
ھەموو رۆژێک
دیمەنی ئەو کەشتییە بچووکانە دەبینم
بە رووباری “راین”دا ھاتوچۆیانە
خەڵک لەسەر شەقام و
مەکدۆناڵەکاندا چاو دەکەم
ھەموو شەوێک بە لای دیسکۆ و
سەرخۆشەکاندا تێدەپەڕم
ھیچ شتێک
بۆ من تازە نییە
ھیچ شتێک
ھیچ بۆ من ناگۆڕێت
من
لەناو جیھانە یۆتۆپییەکەی خۆمدا نیشتەجێم و
بە دوای عەشقێکی سەرابئاسادا رادەکەم


کتێبی عەشق
بە ئەسرین نوسراوەتەوە
کتێبی فرمێسک
بە دڵشکان نوسراوەتەوە
کتێبی دڵشکان
بە شیعر ئەنووسرێتەوە
ھێشتا سەر لەم مەتەڵە دەرناکەم
عەشق لە خەونێک زیاتر نییە
شیعر گەشتی بەردەوامی خەیاڵە
ژیان واقیعێکی رەق و تەق
ئەم سیانە لە کوێدا بە یەک دەگەن؟
دەترسم بڵێم لە ھیچ کوێ!.


لەسەفەردا بەرەو مەنفا
جانتای شانم
تەژی بوو لە ھەنسک
لە رۆژانی غوربەتدا
باوڵی یادگارییم
سەراوڕێژ بوو
لە نێڵە نێڵی
ئاگری نوستالیژیا
لە گەڕانەوە بۆ زێد
سۆمای چاوەکانم
لێوانلێو بوو
لە رەنگی نیشتمان
زۆر سەیرە!
لە سەفەردا
کاتی وەرینی
دوا گەڵای بیرەوەریی
لە مەنفا
ئانی رێکردن
بەسەر پشکۆی غەمدا
لە گەڕانەوە
ساتی تێپەڕین
بە ناو فرمێسکی شادییدا
خۆشەویستی تۆ
لە رۆحمدا قوڵپی دەدا
تا کۆتاییش
ھەر لە دڵمدا ئەنوێت


٦-١-٢٠١٩

ستیڤان شەمزینی




نوستالژیا\ بەشی کۆتایی\ جەلال تاڵەبانی و باوکم و بەشیر موشیر.. ستیڤان شەمزینی

بەشی کۆتایی

جەلال تاڵەبانی و باوکم و بەشیر موشیر

چەند جارێک وا رێکەوتووە لە نزیکەوە “جەلال تاڵەبانی” ببینم، بە حوکمی کارەکەم وەک رۆژنامەوانێک لە زۆرێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی مام جەلال ئامادە بووم، بەڵام جیا لەمەش دووجار شانسی ئەوەم ھەبووە لە نزیکەوە لەگەڵی دابنیشم دوو بە دوو، لە یەکێک لەو دانیشتنانەدا زیاتر لە کاتژمێرێک قسەوباسمان کرد. مام یەکێک بوو لەو پیاوە زرنگانەی خاوەنی زاکیرەکەی زۆر تیژ بوو، ھەر رووداوێک یان کەسایەتییەک بۆ ماوەیەکی کەمیش بەریەککەوتنی ھەبووبێ لەگەڵیدا مومکین نییە بیری بچێت، نەخاسمە باوکم (ئەحمەدی سەید عەلی) کە پێنج ساڵی رەبەق لە یەک بارەگادا پێکەوە ژیاون و ھەموو رۆژێک ھاتووەتە بەرچاوی. لە جیابوونەوەی باڵی “مەکتەبی سیاسیی” یان “جەلالی” لە ساڵی ١٩٦٤ لە باڵی مەلایی یان مەلا مستەفا، باوکم و براکانی و خاڵ و پورزا و خزمەکانی ھەموو پێکەوە بایاندا بە لای مام جەلال و باڵی جەلالیدا. ھەر لە ١٩٦٤ تاکو ھەڵوەشاندنەوەی ئەو باڵە لە ١٩٧٠، بەڵام باوکم ساڵی پێشتر ریزی جەلالی جێھێشت واتە باوکم لە نێوان ساڵانی ١٩٦٤-١٩٦٩ جەلالی بووە. جگە لەمەش خزمەکانی باوکم ئەرکی پاراستنی بارەگای سەرەکی مام جەلال و خودی مام جەلالیشیان پێ سپێردرابوو، ئەمانە بە لقی “کەریمی حاجی رەشید” ناسرابوون کە پەنجا پێشمەرگەیەکی ھەڵبژاردەی شەھید کەریم بوون و لە خزمە نزیکەکانی باوکم بوون “شەھید کەریم ساڵی ١٩٨٨ لە قەندیل شەھید بوو”.
یەکێک لەو بەسەرھاتانەی بیری “مام جەلال”م خستەوە ئەو چیرۆکە بوو لە باوکمم بیستبوو وەک باوکم بەم جۆرە دەیگێڕایەوە: ھاوینی ساڵی ١٩٦٨ بوو، بارەگای سەرەکیمان لە “ئەلبانەکە”ی گەڕەکی “بەکرەجۆ” بوو مام جەلال لە دەرەوەی بارەگا بوو، منیش برسیم بوو، زانیم مام جەلال لەوێ نییە، خێرا تاوم دایە یەخچاڵ “سەلاجە”کەی مام جەلال و چی چێشت و گۆشتی لێنراوی تیا بوو تا تێرم نەخوارد دەستم لێ ھەڵنەگرت. سکرتێرەکەی مام جەلال “ناوی عەبدوڵا رەسوڵ بوو ئێمە پێماندەوت عەوڵا مەسینە”، کردی بە قاوە قاو و ھاوار ھاوار چۆن وا دەکەی؟ نازانی ئەوە خواردنی تایبەتی مام جەلالە؟. منیش وتم مام جەلال کێیە ھەر نایناسم. وتیشی: دواتر چوومە دەرەوە لەناو حەوزێکی بچووک چەند دانە شووتییەک دانرابوو بۆ ئەوەی سارد ببن، دانەیەکم ھەڵبژارد و لەگەڵ “مام یاسین”ی ئاوەڵزاوام کەوتینە خواردنی. لەو کاتەدا مام جەلال ھاتەوە بە جێبێکی بچووک و جگەرەیەکی بە دەمەوە بوو “ئەوسا مام جەلال جگەرەی ئەکێشا”، خێرا عەوڵا مەسینە رایکرد بۆ لای مام و کارەکەی منی تێگەیاند و زیاتریش ترش و خوێی کرد. باوکم وتی ئەوە گوێم لە مام جەلالە ئەڵێ بە گۆچانان پشتی ئەشکێنم. منیش چوومە لای مام و وتم مامە گیان بوار بدە بۆت روون بکەمە؟ ئەویش وتی دەی. وتم زیاتر لە سەد پێشمەرگە لەوێ وەستابوون کە خواردنەکەم دەرھێنا، ئەویش بە دەنگی بەرز ھاواری ئەکرد ئەمە خواردنی مام جەلالە. منیش وتم نەخێر ئەمە خواردنی مام جەلال نییە بەڵکو خواردنی کەریمی حاجی رەشیدە، مام جەلال نانە رەق ئەخوات ئێستا تۆ ئەڵێی ئەم خواردنانە ھی ئەون، ھەر بۆ دڵنیایش ھەموویم خوارد لە پێش پێشمەرگەکان. مام جەلالیش تۆزێ بێدەنگ بوو وتی ئافەرین ئافەرین. ئێستا بڕۆ.
کاتێ من ئەمە چیرۆکەم بۆ مام جەلال گێڕایەوە و وتی زۆر راستە، بیرمە وتیشم خۆشم ئەوێی ئەگینا نەمدەھێشت قسە بکەی بەڵکو وەک شاخ بەسەرتا ئەڕووخام. ئینجا مام جەلال خۆی باسی شەھید ئەحە رەشی کرد “شەھید ئەحەرەش، دەکاتە خاڵی باوکم و شۆفێری تایبەتی مام جەلال بوو لە زەمەنی جەلالییەتدا، شەھید ئەحمەد ١٩٤٩-١٩٨٥ یەکێک بوو لە کادرە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵە لە شار و چەند جار ئەمبولانسی پڕ دەرمانی بە فێڵ رادەستی پێشمەرگە دەکرد و لە ساڵی ١٩٨٣ لە بەغداد دەستگیرکرا و لە ژێر ئەشکەنجەدا شەھید بوو. مەحمودی مەلا عیززەت لە کتێبەکەیدا شەھید ئەحە رەشی بە یەکێک لەو چل ئەستێرەیە داناوە کە خەباتی شاریان دەستپێکردەوە”. مام جەلال دەربارەی شەھید ئەحە رەشی خاڵی باوکم وتی: کۆتایی ساڵی ١٩٦٩ بوو، جێبێکی بچووکمان ھەبوو، ئەڕۆیشتین بەرەو سورداش، لە کەڵەوانان تایەی جێبەکە پەنچەر بوو؟ منیش پەلەم بوو، ئەحە ڕەشیش شۆفێریی دەکرد، بەڵام بۆ گۆڕینی تایەکە “جەگ”ی بیر چوو بوو، لە ترسی تووڕەبوونی من، بەردێکی گەورەی تل دا و بە ھەموو ھێزی جێبەکەی بەرز کردەوە و بە دوو پێشمەرگەش تاوێرە بەردیان خستە ژێر ئۆتۆمبیلەکە و لە چەند دەقیقەیەکدا تایەیەکی گۆڕی. شەھید عەلی عەسکەریش وتی بە راستی قارەمان بوویت؟ مام جەلال وتی منیش وتم ئەم مام پیاوە، کادرە، پێشمەرگەیە، شۆفێرە، تەنانەت جەگیشە.
ھەر لەو دیدارەدا بە مام جەلالم وت، لە مامۆستا کامیل ژیرم بیستووە تۆش یەکێک بوویت لە شوێنکەوتوانی ئوستاد “بەشیر موشیر” ئەگەرچی زۆرم لە “بەشیریات” بیستووە بە تایبەت لە رێی مامۆستا کامیل ژیرەوە بۆ نموونە بوونی شیعەی نھێنی لە شەش ھەزار ساڵ بەر لە زایینەوە. پێم خۆشە شتێکمان بۆ باس بکەیت کە بیرەوەریی خۆت بێ لەگەڵ بەشیر موشیر. مام جەلال دەستی کرد بە پێکەنین و وتی زۆرجار ئەچوومە دوکانی بەرگدرووەکەی ئوستاد لە بەغداد، وتی جارێک بەشیر موشیر وتی کورد ٢٢ ملیۆنە “ئەمە پەنجاکان” منیش وتم رێژەکە زۆرە رەنگە کەمتر بێ؟ وتی نەخێر ٢٢ ملیۆنین. منیش وتم ئەی کەواتە چۆن دابەشبووین؟ وتی: کوردی تورکیا ١١ ملیۆنە، کوردی سوریا یەک ملیۆن، کوردستانی سوور یەک ملیۆن، کوردی ئێران ٥ پێنج ملیۆن، کوردی عێراقیش ٣ ملیۆن. وتم ئوستاد ئەمە دەکاتە ٢١ ملیۆن، ھێشتا ملیۆنێک کورد ونە. بێ ئەوەی خۆی تێکبدا، وتی رەحمەتت لێبێت، یەک ملیۆن کوردیش لە چین ھەیە. مام جەلال وتی: وتمان کورد چی دەکات لە چین؟ ئوستاد وتی کەرەکەر مەکەن تورک ھەمووی چل ملیۆنن ١١ ملیۆن کوردیان بەرکەوتووە، تۆ بڵێی لەو یەک ملیارەی چین یەک ملیۆن کوردی تیا نەبێت. وتی ئێمەش سەری رەزامەندیمان نواند.

ستیڤان شەمزینی

٢٣-٢-٢٠١٧
*ئەم وتارە بیرەوەرییە لە ھەشت مانگ بەر لە کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی نووسراوە، لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لەلاپەڕە ٥٥٤-٥٥٦ چاپ بووە




سۆناتای خەون.. شیعری ستیڤان شەمزینی

قورگی شیعر پڕە لە ئاگر
ئاگرێک بۆ سووتان
ئاگرێک بۆ داگیرسان
چاوی عاشق پڕە لە فرمێسک
فرمێسکێک بۆ خامۆشی
ئەسرینێک بۆ نقووم بوون
ماڵی ژیان پڕە لە سەفەر
سەفەرێک بەرەو مەنفا
سەفەری گەڕانەوە بەرەو نیشتمان
حەوشەی خەون پڕە لە ئازار
ئازارێک بۆ شکانی شوشەی تەمەن
ژانێک بۆ ھەڵوەرینی باڵی پێکەنین
ھەستی من پڕە لە گریان
گریانێک بۆ تەنھایی شەوان
گریانێکی بەکوڵیش
بۆ جەنجاڵی رۆژانی تەنھایی


چیتر ستایشی پەپولە ناکەم
گوڵەکانی شیعر ئاو نادەم
سەری خۆم ھەڵدەگرم
بەرەو ھەسارەیەکی تر
خۆم نادەمە بەر شەپۆلی خۆزگە
کاتێک بزانم بەلەمی دڵم کونە
دوو باڵ بۆ فڕین نادۆزمەوە
کاتێ ئاسمان
تەژی بێ لە مەلی کوژراو
خەونی تینوو نابینم
ساتێ رووباری عەشق
وشکی کردبێ
رێگا بەرەو ئاوەدانییەکان نابڕم
کە ھەزاران ساڵە
لە کوخی تەنھاییدا گینگڵ ئەدەم
ئەمەوێ
بەسەر فەرشی سووری خەیاڵدا
ھەنگاو بنێم بەرەو
تەلاری ئەوینی جاویدانی تۆ


بیر لە رابردوو ناکەمەوە
دەست بە ئایندەوە ناگرم
ئەوەی ئەمەوێ ئەو ئێستایەیە
تۆی تێدا ئەدرەوشێتەوە
بیر لە خۆم ناکەمەوە
چارەنوسی شیعرم بۆ گرنگ نییە
ئەوەی دەیخوازم
مانەوەی تۆیە
لە ژوورە بەتاڵەکانی رۆحما
بەدیار یەقینەوە راناوەستم
گوومان ردێنم سپی ناکات
ئەو حەسرەتە دەبینم
لە تۆوە قوڵپ دەدات
دنیای من سەرەوژێر دەکات
کارێکم وەھام نییە بیکەم
بێکاریی زۆر ئازاربەخش نییە
مادام ھەموو ئیشم
گەڕانە بە دوای وشەدا
تا بیکەمە شیعر بۆ تۆ
زۆر بیر لە جێژوان ناکەمەوە
ھیچ کاتێک
بە درەنگ نازانم بۆ دیدار
ئەوە نییە تۆ ھەموو شەوێک
بە باڵی خەونێک دێیت و
لەناو پێخەفمدا رۆژ ئەکەیتەوە؟


٣١-١٢-٢٠١٨
ئەڵمانیا – بیلەفێلد




نوستالژیا/8/ کتێب بە عەرەق.. ستیڤان شەمزینی

بەشی ھەشتەم

ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، پڕبوو لە رووداو و کارەساتی سەیر. ئابڵووقەی ئابووری سەر عێراق، ژێرخانی کوردستانی بە تەواوەتی داتەپاند. ئەو چینە بۆرژوازییەی لە ھەشتا و ھەفتاکان وەک شا دەژیان، کەوتنە سەر ساجی عەلی. توێژە تەکنۆکراتەکانی وەک مامۆستا و فەرمانبەر و ھاوشێوەکانیان بوون بە ژێرەوە، تەنانەت لەگەڵ رێزمدا ئەوسا لە قەسابخانەکانی سلێمانی، بە خەتێکی درشت دەنوسرا، ئێسقان ھەیە بۆ مامۆستا، یان دەنوسرا روبعە کیلۆ گۆشت ھەیە بۆ مامۆستا. ئیتر ئەو دەیەیە دەیەیەک بوو گڵۆڵەی چینی ناوەند ھاتە لێژی و چینی خوارتریش ھەر بە تەواوەتی فلیقایەوە. ئەوسا بەشێکی زۆری چینی ناوەند، تەنانەت پێداویستییەکانی جوانکاریی ناو ماڵی خۆی دەفرۆشت، بەڵام قۆناغەکە درێژەی کێشا، وای لێھات ھەموو شت دەفرۆشرا، بۆ ئارد و شەکر و رۆن. دۆخەکە خراپ بوو، ئەمە وایکرد شەپۆلی راکردن بەرەو ھەندەران ھەموو سنوورێک ببەزێنێت. ئەوسا خەڵکی شار زۆربەی لە ماڵەوە کتێبی ھەبوو، کتێبخانە ببووە بەشێک لە پێداویستی ناو ماڵ، چونکە ئەوسا دۆنم و وەنەوشە و شتی وا ناوی لە کولەکەی تەڕیشدا نەبوو. لەو زەمەنە گرانییەدا ھەموو کتێبی دونیا نەیدەکردە لەواشەیەکی گەرم، بۆیە ھەڕاجکردنی کتێب ببووە دیاردەیەک لە نزیکەوە دەمانبینی. بڕوا دەکەن یان نا، من کتێبی “شەرەفنامە”م تەنیا بە سێ دیناری عێراقی کڕیوە.
ئەوسا من ئەوەندەی خوێنەرێکی جیددی بووم، خۆم پێ نووسەر و شتی وا نەبوو، ھەر بە راستیش نازناوی نووسەر و رۆژنامەنووس وا ئاسان نەبوو وەک ئێستا، کە دوکاندارەکەی دراوسێمان پێیوایە ئەویش نووسەر و رۆژنامەنووسە، چونکە بەردەوام لە بەرنامە راستەوخۆکانی تیڤیدا موداخەلە دەکات. ئەوێ رۆژێ زۆر عەوداڵی کتێب بووم، تا راددەیەک ئەو گرانییە بەر خانەوادەی ئێمە نەکەوتبوو، ئێمە پێشتر دەوڵەمەندێکی قورس بووین، ئاسان نەبوو ئەو گرانییە بە خێرایی ھەرەسمان پێبھێنێت. دەرفەتم لەو ھەڕاجکردنی کتێبە وەرگرت و ژمارەیەکی ئێجگار زۆر کتێبی دانسقەم بە نرخێکی ھەرزان کڕی، کە ھەموو تەفسیری تەبەری کە زیاتر لە ٢٢ جزمە، بە ١٨٠ دینارێک کڕیم، پێموایە ئەو تەفسیری “تەبەری”یەم لە کاک “سیروان” ناوێک کڕی، کە لە بەردەم نەخۆشخانەی ددانی سلێمانی کتێبفرۆش بوو.
زەمەن رۆیشت و ھات، منیش بێزاربووم لە کتێب کڕین، بڕیارمدا سەفەری دەرەوەی وڵات بکەم، بەشێک لە کتێبە دانسقەکانم فرۆشت و کردمە پارە بۆ سەفەرەکەم، ئەلبوومی وێنەکانی خۆم سووتاند لە نھۆمی سێیەمی ماڵەکەمان لە گەڕەکی سەھۆڵەکە. بڕیارم دابوو واز لە وڵات بھێنم، نیھلیزم باڵی بەسەردا کێشابووم، لە سیاسەت نائومێد ببووم، لە ھاوڕێکانم کە زۆربەیان راستگۆ دەرنەچوون نائومێد ببووم، لە عەشقی ناکام نائومێد ببووم، لە رووی دارایشەوە ھەرەسم ھێنابوو، رۆژانە ئەو پارەیەم خەرج دەکرد لە خوشکێکم وەرمدەگرت، لەم دەست پانکردنەوەیەش لە خوشکم نائومێد ببووم، نائومێدیی زیاتر لە ھەر شتێک منی خستبووە ژێر کاریگەریی خۆی. کاتێک سەفەرەکەشم، ھەرەسی ھێنا و خەریکبوو ببمە خۆراکی قرژەکانی دەریا، بە بێزاریی و پووچگەرایی زۆرەوە گەڕامەوە وڵات، ھیچ شتێک نەبوو بتوانێت ئارامیم پێ ببەخشێت، جگە لەو عەرەقە زۆرەی ھەموو رۆژ دوو سێ جار دەمخواردەوە. ھەموو رۆژێک کاتژمێر ١٠ سەر لەبەیانی دەچوومە باڕی “دەریا” لە تەنیشت ماسی فرۆشەکانی ئەسحابەسپی، دەستم دەکرد بە خواردنەوە تا بە تەواوەتی خەیاڵ دەبووم، تا ئەو ئەندازەی “سالار” یان “کاک ئەکرەم” یان “ئاوات” کە سێ گارسۆنی ئەو باڕە بوون، دەیانووت بەسە، لەوە زیاتر بوارت نادەین، دەستم لە خواردنەوە ھەڵنەدەگرت، بەڵام دەمەو ئێوارەش وردە وردە بۆ یانەی فەرمانبەران دەڕۆیشتم لەوێش دوا کەس بووم لەو یانەیە ھەستم. ئیتر ئەو زەمەنە لای ھەموو کەس من کھولیست بووم، لە راستیشدا ھەروابوو.
وردە وردە پارەم کەم دەبووەوە، ھیچ کارێکم نەبوو، ماڵەوەش گەمارۆیان دەخستە سەرم بۆ ئەوەی بە ئاگا بێمەوە. منیش بە دووی رێگەیەکی ئاساندا دەگەڕام، پارەی خواردنەوەی پێ مسۆگەر بکەم. لە ناکاو ئەھریمەن ھاتە بن کڵێشەم و بیرۆکەی ئەوە بە مێشکمدا ھات، دەستێک لە کتێبخانەی ماڵەوە بوەشێنم، لەسەر ھەمان پرنسیپی نەوت بەرامبەر بە خۆراک، منیش کتێب بەرانبەر بە عەرەق گەڵاڵە بوو لەلام. ئیتر ھەر کات پارەم پێ نەدەما، پڕ عەلاگەیەکی گەورەی نایلۆن کە پێیان دەوت عەلاگەی “ئەسپین” کتێبم دەبردە بەر دەرکی سەرا و بە “حسێن”م دەفرۆشت، کە ھەموو کەس “حسێن” دەناسن، یەکێکە لەوانەی کاتێک خراپترین کتێبت پێ بفرۆشێت قەناعەتت پێ دەکات باشترین کتێبە و بە نرخێکی گران پێت دەفرۆشێت، بە پێچەوانەشەوە ھەروابوو. من بۆ ئەو کتێبفرۆشە ببوومە نێچیر، ئیتر ھەر کات پارەم پێ نەدەما کتێبم دەفرۆشت بۆ کڕینی عەرەق. ھاوڕێکانم لە چەشنی “بەھەست حەمەساڵح”، “کەیوان سەعید”، “ئارێز سۆران”، “رێباز حەمەجەزا” لەو کەسانەن کە دەعوەتم کردوون بۆ ئێوارە خواردنەوە لەسەر حسابی کتێبەکانم، بەڵام ماڵیان ئاوا بێت ئەوەندە موناقەشەی فیکرییان دەکرد، ھەموو جار داخم دەخوارد بۆ بەھەدەردانی کتێبەکانم، لەبەر خۆمەوە بڕیارم دەدا ئەمە دواجار بێت کتێبەکانم بۆ خواردنەوە بفرۆشم، بەڵام ھەر وەخت پارەم لێ دەبڕایەوە عەینەن تاس و حەمام، حسێن خۆت بگرە و ھاتم.

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 514-516 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




سۆناتای شاعیر.. ستیڤان شەمزینی

لەسەر دیوارێکی کۆنی شاری بابل
بە خەتێکی بزماریی نوسرابوو:
خۆشەویستی خۆی بە شیعر دادەپۆشێ
چاو دەبڕێتە کەشتی عاتیفە
بەسەر کێوی ئارەزوودا سەردەکەوێ
دێوانەیەک لەولاوە پەیدا بوو
بە قوڵنگی دەستی
دێڕێکی تازەی ھەڵکۆڵی:
عەشق مۆمێکە
لەو کاتەی بەناو تونێلی نوتەکی ژیاندا
رەت دەبین


شاعیرەکە عاشق ببوو
مەرکانەی بەتاڵی ھەستی پڕ دەکرد
لە گوڵە ھێرۆی خۆشەویستی
ئاگری لە لەشی شیعر بەرئەدا
لەسەر شوشەی شکاوی دڵ
سەمای ئەکرد
بۆنی کەزی ژنێک لە رۆحی ئەھات
بەدزی عەقڵەوە خەونی ئەبینی
نوکی قەڵەمەکەی تۆفانێک بوو
لافاوی ماچی لەگەڵ خۆی ئەھێنا
ئەمەش حکایەتی خۆم نییە


پێدەچێت مردن سامناک نەبێت
ژیانیش ھێندە زەحمەت نییە
ھەموو شەوێک
مردن تاقی دەکەینەوە
ھەموو رۆژێکیش ئەژین
خۆشەویستی ترسناکە
ئەوە نییە بە کۆمەڵ لێی ھەڵدێین!
ئەم چەرخە سیخنانە بە دڵڕەقی
دڵڕەقی پێستێکی جادوویی ھەیە
فیشەکی خۆشەویستی نایبرێ
ئاگری شیعر نایسووتێنێ
چەقۆی فرمێسک نایدڕێت


ژنەکان ھەموو رووناکن
ژنەکان ھەموو سپین
چەند سەیرە چارەنووسیان رەشە!!
ژیان لەنێو رەحمیاندا ھەڵدەگرن
دەستیان نییە لە پەلاماردانی باخدا
فوو لە مۆمی خۆشەویستی ناکەن
ژنەکان ھەموو جوانن
شاعیر حەیران بۆ ئەو جوانییە ئەچڕێ
پیاوان بە بڵێسەی ئەو جوانییە سووتاون
لەناو مەحشەری ھەموو ژناندا
شۆخە ژنێکی زۆر بێ ئۆقرە
لە فارگۆنی ھەرە دواوەی
شەمەندەفەری تەمەندا
بە چاوە تاوسییەکانی
بە دوای مندا دەگەڕێ


٢٥-١٢-٢٠١٨
ئەڵمانیا – بیلەفێلد




سۆناتای خۆشەویستی.. ستیڤان شەمزینی

ھەروەک چۆن رابردوو
دەبێتە پۆشاکێکی کۆن
زەمەن بەرگی ئێستا دەکاتە بەر
جلی بۆ ئایندەشت دووریوە
من لە رابردوودا عەوداڵت بووم
لە ئێستا تۆم دۆزییەوە و
خۆشم ویستی
لە ئایندەشدا لە توێی دڵی تۆدا
گۆڕێک بۆ خۆم ھەڵدەکەنم
خەیاڵ بکە بەو جۆرە
خۆشم ئەوێی


رابردوویەکم نییە بۆی بگریم
داھاتووشم نییە چاوی تێ ببڕم
بە تەنیا ئێستام ھەیە
تۆم تێدا خۆش ئەوێ
ھەموو ئەوەی لە کتێبەکەمدا
نوسیوومە
بریتییە لە سێ دێڕ:
بە قەد قورسیی رابردوو
بە قەد گەورەیی داھاتوو
ھێندەی شیرینی ئێستا
خۆشم ئەوێی


لە پشتی کتێبەکانەوە
خۆم حەشاردا
لە ناو پێخەفی شیعردا ئەنوستم
لە شەوانی نوتەکدا
بیرم ئەکردەوە
چرایەک شەڵاڵ لە خۆشەویستی
منی لەنێو غوباردا دۆزییەوە
ئەمێستا دەستم لە ژێر چەناگەم
وەک دوو کۆڵەکەی رزیو راگرتووە
کۆژیتۆیەک ئەنووسمەوە:
تۆم خۆش ئەوێ کەواتە من ھەم
ھەر وەک ئەو فرمێسکە روونەی
بەسەر غەمەکانمدا ئەبارێت
خۆشم ئەوێی


زۆر گوناھی گەورەم ئەنجام داوە
شەوێک ژوانم لەگەڵ تریفە بەستووە
شەوێکی دی
مژم لە سیگاری خەونێک داوە
شەوێکی تر
گوڵم لە باخی گریان رنیوە
شەوێکی تریش
نزام بۆ شاعیرێک کردووە
لەبەردەم ئازاردا
روومەتی شیعرەکانی ئەڕنی
من گوناھباری گەورەی
ژێر پەردەی رەشی شەوەکانم
ھەر لە شەودا دڵی خۆمم
بە دارتێلی شەقامی ئەوینەوە ھەڵواسی
دە تۆ وەرە نزیکم
با بە گوێتا بچرپێنم
ھێندەی ھەموو گوناھە سپییەکانم
خۆشم ئەوێی
خۆشم ئەوێی


٢٠-١٢-٢٠١٨
ئەڵمانیا – کۆڵن




نوستالژیا/ 6 / سەھۆڵەکە.. ستیڤان شەمزینی

بەشی شەشەم

سەھۆڵەکە
سەھۆڵەکە، وەک بەشێکی بچووک لە شەقامی “سالم” لە شاری سلێمانی، تایبەتمەندیی خۆی ھەبوو. لای ئەو نەوەیەی ئێمە سەھۆڵەکە بە شەقامی “شانزێ ئەلیزێ”ی پاریس بەراوورد دەکرا. ھەموومان ئەو پانتاییە کەمەی ئەو شەقامەمان خۆشدەویست، بە ماڵی دووەم، بە مەکۆی کۆبوونەوەی ھاوڕێیان، بە ساڵۆنێکی ئەدەبی و رۆشنبیرییمان دەزانی، بۆیە ھەمیشە پارێزگارییمان لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شوێنە دەکرد. ئەو ساتەوەختە، مۆبایل لە کوردستاندا بوونی نەبوو، ئەو ھەموو کافێ و یانانەی ھەنووکە ھەن، ئەوسا بوونیان نەبوو، ئەو لێشاوە لە سەنتەر و رێکخراو کە ئێستا چالاکی دەکەن، ئەوسا بوونیان نەبوو. سەھۆڵەکە و ئەو دوو سێ چایخانەیە و گازینۆی “٢٠٠٠” و پێشتریش گازینۆی “سەروو” و “پشوو” و ھۆڵی بلیاردی “سۆلین”، مەکۆی کۆبوونەوەی گەنجان بوون، بە تایبەت ئەو گەنجانەی گرنگیان بە کایەی رۆشنبیریی و ئەدەبی دەدا. چونکە کایەی ئەدەبی بۆ ئەو نەوەیەی ئێمە دەروازەی یەکەمی ھاتنە ناوەوە بوو بۆ نێو جیھانی رۆشنبیریی.
لە سەرەتای نەوەدەکان، سەھۆڵەکە فۆرمێکی زۆر جیاوازی وەرگرت. جگە لەوەی لەو پانتاییەی خوار “سۆپەر مارکێتی میھراکۆ”ی ئێستا، کە رووبەرێک بوو بۆ کۆبوونەوەی گەنجان. لە ھەمان کاتدا بەھۆی ئەو بارودۆخە ئابوورییەی رووی لە کوردستان کردبوو، چینی ناوەند ھەرەسی ھێنابوو، ھاتوچۆکردن بە ئۆتۆمبیل کەم ببووەوە. نەک وەک ئێستا ھەموو ماڵێک دوو سێ ئۆتۆمبیلی ھەیە، بەڵکو ھاووڵاتیانی ئەو گەڕەکە نزیکانەی بازاڕ ھەمیشە بە پیادە ھاتوچۆی بازاڕیان دەکرد، بۆیە ئێواران کاروانی خەڵکت دەدی کە بەرەو ماڵەکانیان دەڕۆیشتنەوە، دەتووت رێپێوانێکی گەورەی جەماوەرییە، ئەمەش تاموچێژێکی دیکەی بەو شەقامە بەخشیبوو. ئەو دەمە، ئێمە کۆمەڵە گەنجێک بووین، ھەموو ئێوارەیەک، لە سەھۆڵەکە بووین، زۆرجار وەک عامودی سەر جادەکان دەچەقین، دەنگمان بەرز دەکردەوە، موناقەشەی فیکرییمان دەکرد، داکۆکیمان لە بۆچوونە فیکریی و سیاسییەکانی خۆمان دەکرد، ھەموومان ھەر ھاوڕێی گیانی بە گیانی بووین، لەسەر جیاوازیی فیکریی نەک جنێومان بە یەکتر نەدەدا، بەڵکو ئامادەبووین لە پێناوی یەکتر قوربانی بدەین، بڕوامان بەویتر ھەبوو. ھەموومان بە یەکەوە جوان بووین، بە یەکەوە ئەو شەقامەمان کردبوو بە بنکە و مەکۆیەکی گەورەی رۆشنبیریی.
لە یادمە، ئەو ھاوڕێیانەی ھەموو ئێوارەیەک میوانی سەھۆڵەکە بوون، زۆر خەڵکی جۆراو و جۆریان تێدا بوو. بۆ وێنە من گەنجێکی مارکسیی بووم، ھەوڵم دەدا خۆم لە دۆگمابوون بپارێزم لە رێگەی خۆ ماندووکردنی زیاتر و شەونخونی زیاتر بە دیار کتێبەوە. ھاوڕێیانی ترمان ھەبوون، لایەنگرییان لە ھیچ ئایدۆلۆجیایەک نەدەکرد، مناقەشەی گەرم لەنێوان ئێمە و ئەو گروپەدا ھەمیشە گەرم بوو، چونکە ئەوان ھەموو ئایدۆلۆجیا و فەلسەفەیەکیان رەت دەکردەوە، ئەوەش بۆ ئێمەی مارکسیی پاروویەکی ئاسان بوو، قووتی بدەین یان ھەرسی بکەین. لە سەھۆڵەکە، چەندان سەعات، دەماینەوە، قسەمان دەکرد، جیددی بووین، خەونێکمان ھەبوو، ھەوڵمان دەدا. لێ شەڕی ناوخۆ لە گەرمەی خۆیدا بوو، بەڵام ئێمە دەمانویست بگەینە ئاسۆیەکی رووناک. ھەرچەندە گیرفانی زۆربەمان خاڵی بوو لە پارە، کەچی رۆژ بە رۆژ مێشکان پڕ دەکرد لە مەعریفە. کتێبێک چەندان دەستی دەکرد. سەرەمان دەگرت، بۆ خوێندنەوەی کتێبێک. تووڕە دەبووین ئەگەر ھاوڕێیەک لە کاتی خۆیدا کتێبەکەی نەھێنایەتەوە، چونکە ھەقی ھاوڕێیەکی تری دەخوارد. جگە لە من زۆربەی جار بە دوو سێ ھاوڕێ کتێبێکیان دەکڕی و بە نۆرە دەیانخوێندەوە. ھەوڵمان دەدا خۆمان پێ بگەیەنین، ھەوڵمان دەدا لەوەی دەیخوێنینەوە بە تەواویی تێبگەین، بۆیە ھەمیشە ئەو دایەلۆگانەمان دروست دەکرد تا ئەگەر ھەڵە تێگەیشتنێک ھەبێت، راستی بکەینەوە، تا ئەگەر کێشەیەک ھەبێت لە تێگەیشتن، لە رێگەی ئەو دایەلۆگانەوە ئەو ئیشکالە چارەسەر بکرێت.
زۆربەی جار، بە دەم گفتوگۆوە، بە تیلەی چاو سەیری ئەو کچە شۆخ و شەنگانەشمان دەکرد بە شەقامەکەدا تێدەپەڕین. جار ھەبوو ھاوڕێمان ھەبووە، لە گەرمەی قسەکردندا بووە و دەمارەکانی ملی ھەڵدەستان، کە شۆخێکی جوان، بە ناز و لەنجە و لار، بەلاماندا تێدەپەڕی، لە ناکاو قسەکانی دەبڕی و دەیووت “پاش ئەم ناوبڕە دەگەڕێمەوە لاتان”. یان “سنعود بعد قلیل”. ئەمەش پیشەی ھەموومان بوو لەو کاتەی کچێکی جوان سەرنجی رادەکێشاین. ئەوەش ئەوەندەی تر مناقەشەکانی گەرم و خۆشتر دەکرد. لە سەھۆڵەکە، زۆر برادەرم ناسی، زۆر کرچە برادەرایەتیم کرد بە ھاوڕێتی گیانی بە گیانی. لە زۆر کەسەوە فێر بووم، زۆر کەس لە منەوە فێربوون. بۆ یەکەمجار لە سەھۆڵەکەوە فێری “عەرەق” خواردنەوە بووم. چەندان ساڵ بە پاکەت جگەرەم ھەڵگرت و بەتەواوەتی فێری جگەرەکێشان نەبووم، بۆ جگەرە ببوومە یەدەگی ھەموو برادەران، چونکە بە راستی ئەو مناقەشانە بە بەلاش نەبوون، چا و جگەرەی زۆریان دەویست، لەبەرئەوەی ئەو جۆرە مناقەشانە بە دەم چا خواردنەوە و جگەرەکێشانەوە نەبووایە، سەری نەدەگرت، قسەمان بۆ نەدەھات، فەزاکەمان بە وشک و بێزارکەر دەزانی، بۆیە زۆربەمان لای چایخانەکانی ئەو گوزەرە قەرزدار بووین، ھەر چایەکمان دەخوارد، کاکی چایچی خەتێکی لاری لە تەنیشت ناوەکەمان دەدا. من بۆ یەکەمجار لە سەھۆڵەکە ناوی “مارکیز”، “ژولیا کریستیڤا”، “سیمۆن دی بوڤوار”، “جاک درێدا”، “جاک لاکان”، “نیتشە” و زۆری تریشم بیست.
بۆ من سەھۆڵەکە، جیاواز بوو لە ھاوڕێکانی ترم، ماڵمان چەند سەد مەترێک لەو شوێنەوە دوور بوو لێی کۆ دەبووینەوە، کە سەرەتا تەنیشت و ژێر ئەو پردە بوو، کە دواتر بۆ خاتری تەلاری “کاروخ” رووخاندیان، پاشتریش تەنیشت، چایخانەکەی “مامۆستا” بوو کە ئێستاشی لەسەر بێت، نەمزانی مامۆستا ناوی چییە. چونکە تەنیا بە مامۆستا بانگمان دەکرد. پاشان باوکم پێش ئەوەی شەڕی ناوخۆ دروست بێت، ھەموو ئێوارانێک لە نووسینگەی ھاوڕێیەکی خۆی لە سەرەتای دوکانەکانی سەھۆڵەکە دادەنیشت، بۆیە ھەرگیز لە ماڵەوە رووبەڕووی رەخنە نەدەبوومەوە کە بۆچی ھێندە لەو شوێنە دەمێنمەوە. وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، زۆر ھاوڕێم ناسی لە سەھۆڵەکە بێ ئەوەی ھیچ ھاوڕێیەک لە دەست بدەم. زۆرێک لە ئێوارەکان، من و بورھان ئەحمەد “برای کەژاڵ ئەحمەد” و زۆر ھاوڕێی تر کۆڕی مناقەشەمان گەرم دەکرد. لە پاشان بووین بە گروپێکی گەورە کە ببووینە رەمزی سەھۆڵەکە.، وەک “ئاسۆ جەبار، ئەیوب رەزا، شازین ھێرش، تەھا ئەحمەد رەسوڵ، ئاسۆ عوسمان، گۆران عومەر، کەیوان سەعید، حەمەی ئەحمەدی رەسوڵ و ….ھتد” کە ناتوانم لەم دەرفەتە ناوی ھەموویان بنووسم و تەنانەت ناتوانم ھەموویانم بە بیر بێتەوە.
سەھۆڵەکە، لە دەیەی نەوەدەکاندا وەک ساڵۆنێکی رۆشنبیریی لە درەوشانەوەدا بوو. وردە وردە، ھاوڕێیان ئەو ھاوڕێ ئازیزەی خۆیان جێھێشت، سەرەتا دەیان ھاوڕێمان کۆچیان کرد بۆ ھەندەران، دواتریش چوونە ناو دەزگاکان و سەرقاڵی کارکردن بوون، ھەندێکی تریش بەدیلی تریان بۆ سەھۆڵەکە دۆزیوە. بۆیە ئەستێرەی بەختی سەھۆڵەکە رووی لە کزیی کرد. رووخاندنی پردی سەھۆڵەکەش لە ساڵی ٢٠٠١ گورزێکی تر بوو لەو شوێنە درا، چونکە سیمای سەھۆڵەکەی گۆڕی, من بە خۆم ھەستم کرد ئەوە سەرەتای کودەتایەکە دژ بەو جێگەیە. ئێستا سەھۆڵەکە، تەنیا ناوی ماوە، ئەگەرنا لە ھەموو ئەو مێژووەی خۆی داڕنراوە، لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکاندا، دەبێتە مەیدانی شەڕەچەقۆ و شەڕە پەڕۆ و شەڕە تفەنگ، لە رۆژانی ئاسایی لە گەراجی عەرەبانە دەچێت، ئەمە جگە لەوەی بووە بە جێگەی بە یەکگەیشتنی ھەموو ماتۆڕسکیلەکانی شار. لەم چەند رۆژەشدا سەردانێکی سەھۆڵەکەم کردەوە، ھەستمکرد، سەھۆڵەکە تەنیا لە بۆنەکاندا نەبێت، ھیچ مۆرکێکی جارانی پێوە نەماوە، تەنانەت کە سەیری دەوروبەر و نیەتی سەرمایەدارەکانیش، دەکەم، ھەست بەوە دەکەم، سەھۆڵەکە سەری لە لێواری قەبر دەلەرزێت.

ستیڤان شەمزینی

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 520=524 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




تۆ چی دەزانی لەبارەی پیاوێکەوە لەناو خۆیدا گرمۆڵە بووە؟.. قەسیدە: ستیڤان شەمزینی

تۆ چی لە بارەی پیاوێکەوە دەزانی
لە نێو مەراقەکانیدا دەگەوزێت؟
چەندان جار خۆی کوشتووە
وەک پشیلەی حەوت رۆح نەمردووە
چەندان جار لە وەجددا
نقوم بووە و نەخنکاویشە
دەیان جەنگی ھەڵگیرساندووە
لە شتاقیاندا سەرنەکەوتووە
ھەزاران سڵاوی بۆ کۆتر ناردووە
ئەو ھەر بێزیشی نەھاتووە
تاقە جارێک بۆی بگمێنێت
ھەزاران شیعری رۆمانسی نوسیوە
ھەزاران جار تەریق کراوەتەوە لەسەری
بە پۆزەوە دراونەتەوە بە چڕوچاویدا
سەدان جار لەناو خۆیدا ون بووە
دەیان جار لە دوورگەیەکی بزردا
خۆی دۆزیوەتەوە
دەیان جاری تریش
پێکی شەیدابوونی
بۆ ژمارەیەک سۆزانی تێکردووە
پاش خوماربوون
لەنێو حەرەمسەراکەیدا ھەڵفڕیون
زۆر جاریش وا روویداوە
کۆمەڵێک داڵەکەرخۆرەی مێ
نێرینەییان کرۆژتووە
دوا دەنووکیشیان لە دڵی داوە
تۆ چی دەزانیت
لە ھەمبەر ئەو پیاوە ماندووەی
دوای کڵاوی بابردووی خەیاڵ و
روئیای ھەڵوەریوی خۆی کەوتووە؟
لەوەتی خۆی دەناسێت
تۆوی پێکەنین دەچێنێت
ھێندە بەدشانسە
ھەر ھەنسک دەدورێتەوە
دەستی میھر بەسەر جوانیدا دەھێنێت
دەستەیەک چەتەی فیکریی
ئاوی روونی ناوبانگی لێڵ دەکەن
لەوەتی فامی کردۆتەوە
شیعر بە باڵای گوڵدا ھەڵدەدات
ھەموو کات و لە ھەموو وەرزەکاندا
دڕکی تۆمەت لە رۆحی دەچەقێت
دەیەوێت بەھەشت بگوازێتەوە
بیکاتە گەڕەکێکی بۆنخۆش لە نیشتمان
گروپێک تارمایی دەستوەشێن
بە باڵ راکێشان فڕێی دەدەنە
بەشی خوارەوەی دۆزەخ
لەوەتی بوونی ھەیە
بە ژوانی ژنێکەوە دوو گیانە
ئاە چ بەدبەختییەکە
ھەر زارۆی دابڕانی دەبێت
چاوەڕوانی شەماڵی موحیبەت و
توانەوەی ئانی ماچە
ھەر گەردەلولی رق راپێچی دەکات
بۆ مەملەکەتی تێکشکان
بۆ ژێر کەپری دڵشکان
تۆ چی دەزانیت
لە بارەی ئەو پیاوە تاساوەی
زمانی لە بەستەڵەکی قەدەرێکی بەددا
بەستوویەتی و
بە زوبانی دڵ قسەمان بۆ دەکات؟
ئەو ھیچ چیرۆکێکی خۆشی نییە
بۆ جۆشدانی شەوانی گوێ ئاگردان
بەشی پێنج دەقیقە
خۆشی نییە، بۆ گێڕانەوە
بە سەدان سەعات
باسی عەزابەکانی بکات
ھەر تەواو نابن و بێزار دەبین
لەو حکایەتی مێشە
ھێندە کەساسە
ھیچ زمانێک نازانێت
سەر بە ئێستا بێت
بە زمانی پەتی دڵ قسە دەکات
ھیچ لە مەکرونازی عەقڵ تێناگات
زوو زوو وەک دەریا ھەڵدەچێت
خێرا خێراش مینا ھەور دەتوێتەوە
بە بەرامەی ماچێک بە بۆن دەکەوێت
بە وشەیەکی ئاڵ سەبوری دێت
بە زەردەخەنەیەک دەکەوێتە سەما
بە پیاڵەیەک مەی رووت دەبێتەوە
بە داگیرسانی مۆمێک نەشە دەبێت
بە نیگای ژنێک دەکەوێتە باڵەفڕە
بە چاوداگرتنێک سەراسیمە دەبێت
ئەو تەنیا لە ھێماکان تێدەگات
بێزارە لە سواویی وشەکان
بێزارە لە درۆی ناو تێکستەکان
قەڵسە لە دەبڵ مۆراڵی زمان و
دەستەوەستانی مرەکەب
تۆ چی دەزانیت
لەبارەی ئەو پیاوە پەڕاگەندەی
لە نێو نیشتماندا
تفبارانی مێژوویان کرد
لە غوربەتیشدا
کردیانە خۆراکی دەستی کاری ھەرزان؟
ھەمیشە کۆڵبەری غەمەکانێتی
موفەڕکی یاخیبوون لە مەچەکیدایە
بەردەوام وێڵی کلیلێکە
دەرگای نەھامەتی پێ دابخات
خۆشەویستی پێ بکاتەوە
لە ھەر شوێنێک
درەخت ئازار بدرێ
لقێکی بریندارە
لە ھەر شوێنێک
سەری عەشق پان بکرێتەوە
شەھیدی ئەوینە
لە ھەر جێگەیەک
جوانی مەست بێت
پێکێکی خەستە
لە ھەر جێگەیەک
قورگی ستران بگیرێت
سۆلۆیەکی راپەڕیوە
لە نێو ھەر خەونێکی کورتەباڵادا
بەژنی بەرزی ئازادییە
لە نێو ھەر زەمەنێکی بەقوڕ گیراودا
مزگێنی ئاسۆیە
لە داڵغەی رەشی ھەر جەلادێکدا
تارمایی شۆڕشە
تۆ چی دەزانیت
لە ھەمبەر ئەو پیاوە غەریبەی
تەنھایی ھەڵیدەگڵۆفێت
لە ئێوارەیەکی نەرمدا
لەناکاو ھاڕە دەکات؟
ئەو نوێنەری غەمگینییە لەسەر زەوی
باڵیۆزی دەوڵەتی گۆشەگیرییە
لە خانەقای وێرانبووی شیعرەوە
موناجات بۆ خەوزڕانی خۆی دەکات
پێنووسێکی دڵخۆشی ھەبوو
ئازار زەفەری پێ برد
وەھمی عەشقێک فریوی دا
بەردەوام پوشی وشە کۆدەکاتەوە
دەیکات بە ھێلانەی قەسیدە
لە بەدبەختی ئەودا
ساڵەکەی دەبێتە وەیشوومە
ھێلانەی تێکوپێک دەدرێ
بەردەوام زەردەخەنەی کۆدەکردەوە
تەمای ئەوەبوو بیکاتە
سەمفۆنیایەکی تولانی پێکەنین
لەبەدبەختی ئەودا
وەرزەکەی نەھات بوو
فرمێسک بە لێزمە دەباری و
زریانی گریان
ماڵی پێکەنینی راماڵی
ئەو لە چاخی سەھۆڵبەنداندا
چاوی بۆ ھەتاو دەگێڕا
لە قرچە قرچی ھاوینی غوربەتدا
تینوێتی بە ماچی
کچێکی نیشتمانەکەی دەشکا
لە نێو گۆڕی یادگارییەوە
بە ھەناسەبڕکێ
تەماشای ئێستای خۆی دەکات
بەدەم ناڵینەوە چاوەکانی دادەخا

١٥-١١-٢٠١٨
ئەڵمانیا- گوتەرسلۆ




نوستالژیا/ فیلمی ھیندیی..5.. ستیڤان شەمزینی

بەشی پێنحەم

فیلمی ھیندیی
لە دەیەی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو، سەیرکردنی فیلمی ھیندیی لەلای ھەموو خەڵکی باشووری کوردستان ببووە نەریت. ھەموو کەس دەیزانی شەوانی سێشەممە لە تەلەفزیۆنی کوردیی کەرکوک لە دوای دەنگوباسی کاتژمێر “١٠”، دوا بابەتی شەو فیلمێکی ھیندییە. دوا بەدوای ئەوەش بەرنامەکانی تیڤی کۆتایی دەھات و خشەخشەکە دەستی پێدەکرد. ئێمە ئەوسا منداڵ بووین، ھەموو ھیوامان ئەوە بوو شەو خەومان لێ نەکەوێت، یان ماڵەوە ناچارمان نەکەن بە سەعیکردن، بۆ ئەوەی بتوانین پڕ بە دڵ تەماشای ئەو فیلمە ھیندییە ساکارانە بکەین، کە لەلای ئێمە زۆر قووڵ و کاریگەر بوون. ئێمە منداڵ بووین، واماندەزانی ھیندستان خۆشترین وڵاتی سەرزەمینە، وەھا تێدەگەیشتین ھەموو خەڵکی ئەو وڵاتە ھەر سەرقاڵی فیلم و گۆرانی گووتنن. بیرمان دەکردەوە رەنگە ھیندستان ھێندە دوور بێت، ھەرگیز نەتوانین بیگەینێ، نەک وەک ئێستا کە ھەندێک کەس بۆ چارەسەری ھەڵامەتیش سەردانی ھیندستان دەکەن. بیرم دێتەوە جارێکیان “رێبوار”ی برام، لە ماڵەوە تووڕەبوو، پڕ جانتایەک جل و پێداویستی خۆی ھەڵگرت، وتی دەڕۆم بۆ ھیندستان و قەت نامبیننەوە، مەگەر لە تەلەفزیۆندا بمبیننەوە. ئاخر ئەو برایەم ھیوایەتی پلە یەکی فیلمی ھیندیی بوو، ناوی ھەموو ئەکتەر و فیلمەکانی وەک ئاو و دۆ لەبەربوو، ئەوەندەی گۆرانی ھیندیی لەبەربوو، بە قەدەر ئەوە وانەکانی قوتابخانەی لەبەر بکردایە ئێستا دوو سێ دکتۆرای ھەبوو.
من یەکێک بووم لە تەماشاکارە ھەرە سەرسەختەکانی فیلمی ھیندیی، بڕوا ناکەم شەوبژێرم لە بینینی ھیچ فیلمێک کردبێت لە ھەشتاکاندا. ئەو شەوەی بڕیاربوو فیلمی ھیندیی بکات، سەر لە ئێوارەکەی زۆر باش بۆی دەخەوتم. بە خوشکە گەورەکەمم دەوت ٢٠ خولەک پێش فیلمەکە لە خەو ھەڵمبستێنە. ئەویش ھەروای دەکرد. کاتێک لە خەو ھەڵدەستام، دەمبینی دیسان چا لێنراوەتەوە، نان و ماست، یان گوێز و ھەنگوین، زۆر جاریش ھێلکە و رۆن ئامادە کرابووەوە، چونکە ئەوە ببووە ژەمی چوارەم. لەگەڵ سەیری فیلمەکە نانیشمان دەخوارد، پاشان چەرەس، ئەمەش وای لێدەکردیت گەدەت پڕ بێت و بە ئاسانی خەوت لێنەکەوێت، بۆیە تا کۆتایی بەدیار تەماشاکردنی فیلمەکانەوە دەماینەوە. تێکڕای گەنجان خولیای لاساییکردنەوەی ئەکتەرە ھیندەکانیان ھەبوو، بەڵام بارودۆخی کۆمەڵایەتی رێگربوو لەوەی بتوانن لە شێوەی خۆگۆڕین لاساییان بکەنەوە. “رێبوار”ی برام وەک وتم زۆر سەرسام بوو، بە ئەکتەرە ھیندەکان. ئێوارەیەک بە قاتێک چاکەت و پانتۆڵی سپی و قۆنەرەیەکی رەشی لەمەعەوە، عەینەکێکی رەشی گەورەشی لە چاودا بوو، خۆی کردەوە بە ماڵدا، بێ ھیچ قسەیەک رووی کردە داپیرەم و گووتی لە “ئەمیتاب” دەچم؟، خوشکێکم زۆر لێی تووڕە بوو وتی، نەخێر جەنابت لە شێرە دەچیت، سەروپۆتەڵاکت ھەروەک ئەوە. ئاخر شێرە “ئەمریش پوری”ی داماو لە ھەموو فیلمێکدا رۆڵی ستەمکار و مافیا و جەلادی دەبینی، لە کۆتایی ھەموو فیلمەکانیشدا دەکوژرا. ئەو شێرە داماوە زیاتر لە ھەزار جار بە دەستی میسۆن و ئەمیتاب کوژراوە، وەک پشیلەی حەوت رۆح وابوو، ھەر دەکوژرا و لە فیلمێکی نوێتردا زیندوو دەبووەوە.
ئەو ئەکتەرانەی لای من زۆر خۆشەویست بوون، بریتیبوون لە “ئەمیتاب، میسۆن، شاشی کاپور، دار مەندرا”، ئەو فیلمانەشی ھەمیشە پێیان سەرسام بووم، بریتیبوون لە فیلمەکانی “شوعلە، سەنگام، لوھا، دیکسۆ دانسا، شاھنشا، گرفتار، مەرد، تۆفان”. زۆرتر ئەو فیلمانە رەواجیان ھەبوو ئەمیتاب و میسۆن و ماڵباتی کاپور رۆڵیان تێدا دەبینی. ئەو ئەکتەرانە ھێندە خۆشەویست بوون، وێنەکانیان لە زۆرێک لە ماڵەکاندا ھەبوون، یان دەنران بە بەرگی دەفتەرەکانەوە. لە بەرامبەر قوتابخانەی خوشکە بچووکەکەم “بەرانان”، دوکانێک ھەبوو بە ناوی دوکانی “بۆتان” ئەم دوکانە تەنیا وێنەی ئەکتەرە ھیندەکانی دەفرۆشت، تەنانەت خاوەنەکەشی “بۆتان” یەکێک بوو لە سەرسامەکان بە فیلمی ھیندیی. دەیان جار رۆژانەکەی خۆم کە بۆ قوتابخانە وەرم دەگرت، دەمدا بە وێنەی ئەکتەرە ھیندەکان لە ژن و پیاو. وا بزانم جارێک وێنەکانم ژمارد زیاتر لە ٦٠ وێنە بوو، کە ھەر یەکێکیان ھێندەی لاپەڕەیەکی ئەی فۆڕ قەبارەیان گەورە بوو.
وەک وتم تەلەفزیۆنی کەرکوک لە ھەفتەیەکدا تەنیا یەک شەو، فیلمی ھیندیی پەخش دەکرد، بەڵام بڕوا ناکەم من شەوبژێرم لێکردبێت. ھەندێک جار بە رۆژ ھێندەی ھیلاک دەبووم بەھۆی فوتبۆڵ و قوتابخانە و سەعیکردنەوە، بە دیار سەیرکردنی فیلمەکەوە خەوم لێدەکەوت، بەڵام ھێندە فیلمەکانم خۆشدەویست و تامەزرۆیان بووم، ئەو بەشەی فیلمەکە کە من نەمبینیبوو بە خەون تەواوم دەکرد، رووداوەکان لە خەونەکانمدا بە ریتمی ئەو بەشە دەڕۆیشتن بەواقیعی بینیبووم. جاریش ھەبووە، خۆم چوومەتە ناو رووداوەکانی فیلمەکەوە، لە خەونمدا ھەستم بەوپەڕی شادیی دەکرد، بوومەتە ئەکتەر و لە پەنا ئەمیتاب و میسۆن بەشداریی فیلم دەکەم. ھەر کە سبەینێ لە خەو رادەبورام، زۆر خەفەتم دەخوارد، خوشکەکانم ناچار دەکرد، رووداوەکانی فیلمەکەم بۆ بگێڕننەوە، چونکە لە قوتابخانە باس ھەر باسی فیلمەکەی شەو بوو، نەدەکرا بڵێم نەمبینیوە، بە تایبەت “شەڕی ئەخیر” چونکە ئەوسا زاراوەی “شەڕی ئەخیر” لە ھەموو زاراوەیەکی تر زیاتر دەھاتە سەر زاران.
ئەوە نەبوو، بە بینینی یەک فیلمی ھیندیی لە ھەفتەیەکدا، تینووێتیمان لەو فیلمانە بشکێت. ئێمە لە ماڵەوە ڤیدیۆمان ھەبوو، دەچووین کاسێتی فیلمەکانمان دەھێنا و لێماندەدایەوە، بۆ ئەوانەشی لە رووی تەمەنەوە لە ئێمە گەورەتربوون دەچوونە سینەما بۆ بینینی فیلمە ھیندییەکان. ھەندێکجاریش بۆ فیلمەکانی “ترنتی”. ئێمە یەکێک بووین لە ماڵە شانسدارەکان بەوەی لە ماڵەوە ڤیدیۆمان ھەبوو، چونکە ئەو ئامێرە لە کەم ماڵدا ھەبوو، بۆیە ھەر کاتێک کاسێتێکمان بھێنابایەتەوە بۆ ماڵەوە، ماڵەکەمان جمەی دەھات لە گەنج و پیر بۆ بینینی فیلمە ھیندییەکان. چونکە ئەوسا خەڵک ھەموو بێزارببوون لە وتارە دوور و درێژ و بێزارەکەرەکانی سەدام کە ھەمووی قەوانێکی دووبارە بوو، ئەوەی کەمێک ئاسوودەیی دەدا بە خەڵک فیلمی ھیندیی و بڕگە کۆمیدییەکانی “دی دی” و “ماوەی بیانی” بوو.
ئەوێ رۆژێ ھێندە عاشقی فیلمی ھیندیی بووین، ھیچ دەرفەتێکمان بۆ بینینی فیلمە ھیندییەکان بەفیڕۆ نەدا. لە ھەشتاکان لە رۆژانی جەژندا لە ھەر گەڕەکێدا، یەک دوو ڤیدیۆخانە دەکەوتنە کار، ئەم ڤیدیۆخانانە ھەر یەک سەعات جارێک، فیلمێکیان پەخش دەکرد، بۆ نموونە فیلمی ھیندیی و فیلمەکانی بروسلی و جاکیشان. ھەر کاتێک دەگەیشتە سەر گرتەیەکی پۆرۆنۆ یان ئیغرا، بە پەلەپەل کاکی ڤیدیۆچی، گرتەکەی پێشدەخست. ئێمەش وەک منداڵە چەقاوەسووەکان ھاوارمان دەکرد “پەڕانی، پەڕانی”. جگە لەوەش کەم فیلم ھەبوو بە یەک کاتژمێر تەواو بێت، بۆیە ناچاربوون زۆرێک لە گرتەکان پێشبخەن، ئێمەش بەلامانەوە ئاسایی بوو، ھەر حەزمان لە کوشتنی “شێرە و جەبار” بوو. لە فیلمەکانی “بروسیلی”شدا، تەنیا چێژمان لە شەڕەدەستەکان دەبینی و شادومان دەبووین بە کوشتنی “حەکیمە درێژ”. جا ئەو حەکیمە ھەر خۆی ناوی حەکیم بوو یان ئێمە ئەو ناوەمان لێنابوو، ئەوەیان نازانم. ئێوارەیەک میوانمان ھەبوو، خزمەکانمان لە بەغدادەوە ھاتبوون. بڕیارماندا دوو کاسێتی فیلمی ھیندیی بھێنینەوە تاکو وەک شەوچەرە، میوان و خزمەکانی پێ دڵخۆش بکەین. چووینە یەکێک لە دوکانەکانی بەکرێدانی کاسێتی ڤیدیۆ، داوای دوو فیلمی ھیندیمان کرد، ئەویش دوو کاسێتی دا بە ئێمە و گووتی ئەوە ئەو دوو فیلمەیە کە داواتان کردووە. ئێمەش بردمانەوە بۆ ماڵەوە، ھەموو دڵخۆش بوون و پەلەپەلی دونیایان لێکردین. ئەوەبوو فیلمی یەکەممان خستە سەر ڤیدیۆکە، ھەر نەیخوێندەوە. ناچار کاسێتی دووەممان خستە سەری، ئەویش یەکێک بوو لە فیلمە ئیباحییەکانی ئەکتەری تورک “بانو ئەلکان”, بەمەش “رێبوار”ی برام زۆر تەریق بووەوە. بە تایبەت میوانەکانمان خەڵکی بەتەمەنیان تێدابوو.
براکەم تووڕە بوو، وتی مادام ئەو دوکاندارە بە منی رابواردووە، دەبێت پێی رابوێرمەوە. بۆیە بۆ رۆژی دوایی چووبووەوە بۆ لای دوکاندارەکە و پێی وتبوو، دەستخۆش فیلمەکانی ئەمشەوم زۆر بەدڵ بوو، بەڵام پێویستم بە فیلمێکی ھیندییە، گۆرانی و بارانبارینی تێدا نەبێت. کابرای دووکاندار دوو کاتژمێر گەڕابوو بە دوای فیلمێکی وەھادا بەڵام دەستی نەکەوتبوو. دوای ئەوە براکەم وتبووی تۆ دوێنێ بە منت رابوارد، منیش ئەمڕۆ پێم رابواردیتەوە، ئاخر ھەی مەغۆل فیلمی ھیندیت بینیوە باران و گۆرانی تێدا نەبێت؟. بەمەش کابرا دەمی ببوو بە تەڵەی تەقیو و ھیچی پێنەکرا. بەھەرحاڵ ئەمە حاڵی ئێمە بوو لە دەیەی ھەشتاکاندا، کاتێک دەیەی نەوەدەکان ھات، راپەڕین و ئازادیی کوردستان، بووە سەرەتایەکی نوێ و ھەموو ئەو شتانەی پێشووی لەگەڵ خۆیدا راپێچا. من لەوساوە تائێستا سەیری فیلمی ھیندیم نەکردووە، بەڵام لەم رۆژانەدا لە ماڵی ناسیاوێک بووم، بە ھەمان شەوق و تامەزرۆیی ھەشتاکانەوە، سەیری کەناڵی “زی ئەفلام”ی دەکرد کە چەناڵێکی عەرەبی- ھیندییە و رۆژانە چەندان فیلمی بۆلیۆد پەخش دەکات. منیش کەمێک لە خۆم رامام، ھەموو ئەو یادەوەرییانە بە خێرایی گەڕانەوە ناو مێشکم کە لێرەدا یادداشتم کردوون.

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 524-528بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




ئەم شیعرە ناونیشانی نییە.. ستیڤان شەمزینی

بووم بە ژێر فرمێسکی خۆمەوە
خوێن بە لاجانگی شاردا دێتە خوارەوە
رۆژژمێری وڵات خوێناویی بووە
جارێکی تر
خوێن مێژوومان دەنووسێتەوە
گوڵە بۆنخۆشەکانی شار
چقڵی خۆیان پێدا دەچەقێت
تەمومژی مەرگ
ئاسمانی شاری داپۆشیوە
من لە نێو تەمومژی دەقێکدا
بە دوای سەری قرتاوی ئازادیدا دەگەڕێم
ناتوانم لە نێرڤانەی خۆم بێمە دەر
دەمەوێت بڕۆم شەقام بھەژێنم
دەشترسم خوێنی ئاڵم بکرێتە
یەکەم پێکی ئاشتبوونەوەی ئەو بۆقانەی
لە زەلکاوی سیاسەتدا دەقیڕێنن
ئەمڕۆ شۆڕشێکم بینی
خەونی نیشتمانی لەبارچوو
باوەڕ بە گوێچکەکانی خۆم ناکەم
ئەو دەنگە نەسازە مەرگھێنە
فیشەکی نەفامی کوردایەتی بێت
ئازادیی و نان بکاتە نیشانە
باوەڕ بە چاوەکانی خۆم ناکەم
ئەو تابلۆ توێ توێ کراوە
تەرمی چرۆیەکی تازەی وڵاتە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەھاردا ھەڵدەوەرێت
باوەڕ بەو میھرەجانە خوێناوییە ناکەم
لەسەر شۆستەکانی ئەم شارە
ھەلھەلەی تەفروتوناکردنی جوانی لێدەدا
زۆر دەستەوەستانم
لە کتێبخانەی ماڵەکەمدا دێم و دەچم
وەک ئەوەی حەشیشم کێشا بێت
یان بە خەنجەر بیرکردنەوەم جنرابێت
حەوسەڵەی لادانی پەردەی ھۆدەکەمم نییە
لە ترسی بینینی ئەو بەچکە شەیتانانەی
مەیلی رازاندنەوەی مەرگیان ھەیە
لە ترسی بینینی ئەو دەمامکدارانەی
دەڵاڵی بە خوێنبەربوونی شارەوە دەکەن
لە ترسی بینینی ئەو گوللە ئێسک تاڵانەی
بە پەلەپڕوسکێ لە چەکی ژەنگاوی
ئەھلی شۆڕشی چەواشەوە دەردەچن و
لەشی خۆرەتاو قاژ قاژ دەکەن
لەترسی بینینی
ئەو قاچاخچییە فێڵاوییانەی
نیشتمانیان بە سنوورەکاندا پەڕاندەوە
لە ماڵە دراوسێکاندا ھەڕاجیان کرد
ھەنووکەش کون و قوژبنی شاریان
پڕ کردووە لە دوکەڵی شەرمەزار
دەیانەوێت شکۆمەندیی پێ بخنکێنن
سەرم وەک شاخێکی سەھۆڵ بەستوویەتی
شۆڕم کردۆتەوە بۆ ناو پشکۆی دڵم
ھێشتا ھەڵدەلەرزێت و قسە دەبڕزکێنێ
لەوە دەچێت ئاخاوتنی بیر چووبێتەوە
رەنگە لە جەلادەکانی شار تۆقیبێت
نەیەوێت لە ختوخۆڕایی بکەوێتە
بەر دەستڕێژی ئاگری دۆزەخی تووڕەییان
لە خۆم ناگەم، ھیچ لە خۆم ناگەم
وەک ئەوەی ماخۆلانم گرتبێت
بە کۆڵانەکانی بێ ئۆقرەییدا
ھاتۆچۆ دەکەم
دەمەوێت بڕۆم شەقام بھەژێنم
دەشترسم نەشوەی ئەم خەونە بزێوە
ببێتە مەرامی کۆبوونەوەی قالۆنچەکان
لەسەر مێزی کۆبوونەوەی ئاودەستەکان
دەترسم و دەمەوێت
دەمەوێت و دەترسم
ھیچ ھەڵپەیەکم بۆ ناکرێت
تەنھا ئەوەندە نەبێت
بە کوڵ دەگریم
فرمێسک دڵۆپ دڵۆپ
کوڵمەکانم دەکاتە جۆگەیەکی رەش
شاریش تا کەمەری
لە خوێندا نقوم بووە
خ
و
ێ
ن

١٨-٢-٢٠١١
رۆژی ھەینی – کاتژمێر یانزە و نیوی پێش نیوەڕۆ
سلێمانی – گەڕەکی فەرمانبەران

تێبینی: ئەم شیعرە رۆژی دوای خۆپیشاندانی گەنجانی شاری سلێمانی لە رۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ نووسراوە. ئەو دەم لە راڕاییەکی دەروونی گەورەدا بووم، ئایا ببمە بەشێک لە خۆپیشاندەران یان دوورەپەرێزی ھەڵبژێرم؟. رەوتی روودواوەکان بەو بڕوایەیان گەیاندم دوورەپەرێزیی ھەڵبژێرم، لێ بەو ھۆیەوە بە زۆری زۆردارەکی رایانکێشامە نێو بەرەی دژەوە، چوونکە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن ستالین ئاسا، ئەو تێزە سواوەیان گەرم دەکردەوە ئەوەی لە بەرەی ئێمە نەبێت لە بەرەی نەیارەکانمانە. ھەرچەند ئەم شیعرەم ھەمان رۆژ نارد بۆ سایتی کوردستان نێت و بڵاوکرایەوە، کەچی ئەوان دەیانویست من بچمە ریزی ئەو ئیخوانیانەی دەستیان بەسەر ناڕەزاییەتەکەدا گرت و بەردەرکی سەرایان کردە گۆڕەپانی تەحریری قاھیرە و نوێژی بە کۆمەڵیان تێدا دەکرد، دواجار وا شکایەوە بکەومە بەرەی بەرامبەرەوە، ھەرچەند ئەوە تاڵترین ماوەیە لە ژیانی تایبەتی مندا.




نوستالژیا/ محەمەد عەدنان و من-4-.. ستیڤان شەمزینی

بەشی چوارەم

محەمەد عەدنان و من
محەمەد عەدنان عوسمان، ھاوڕێیەکی منداڵی و گەنجی و تائێستای منە، ئەگەرچی ھەنووکە ئەو لە نیوزلەندا دەژی، بەڵام ئەو پەیوەندییە بەتینەی پێشووی نێوانمان ھێشتا وەک دوو ھاوڕێ بەیەکییەوە بەستووینەتەوە. لێ من و محەمەد عەدنان، کوڕی یەک گەڕەک بووین، بەڵام سەرەتای ھاوڕێیەتیمان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی یەکەمی ناوەندیی خوێندن. ھەردووکمان دوو مێردمنداڵ بووین، حەزمان لە خوێندنەوە بوو، جیددی بووین، تاکە دوو کەس لەو ماوەیەدا زۆرترین کتێبی لە کتێبخانەی “ناوەندی زانیاری کوڕان” خواستبێت، ئەم دووانەمان بووین. باوکی محەمەد “مامۆستا عەدنان” مامۆستای فیزیا و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان بوو، بەو ھۆیەوە دەمانتوانی زۆرترین کتێب لە کتێبخانەی قوتابخانە بخوازین. ئیتر ئەمە سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ قۆناغێکی نوێ کە پێکەوە وەک دوو ھاوڕێ کاری زۆرمان لە بواری سیاسیی و رۆشنبیرییدا کرد.
سەرەتای یەکترناسینمان بەو شێوەیە بوو: لە قۆناغی یەکەمی ناوەندیی بووین، لە گۆڕەپانی قوتابخانە ریز کرابووین، کاتێک قوتابییەکان بەسەر پۆلەکاندا دابەشکران، ئێمە ھەردووکمان کەوتینە پۆلی یەکەمی “جیم”. ئیدی لێرەوە یەکترمان بە تەواوەتی ناسی، تەنانەت ھەردووکمان لەسەر یەک مێز دانەیشتین. ئەوسا نەریتی قوتابخانەکان وابوو ھەموو ھەفتەیەک قوتابییەکان لە گۆڕەپانی قوتابخانە ریزدەکران، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، وتەیەکی پڕ ئامۆژگارییان دەخوێندەوە، دواتریش بە سروود و گۆرانی و شیعر مەراسیمەکە کۆتایی دەھات. من لە یەکەم ھەفتەی ریزکردندا بۆ یەکەم جار لە پێش چاوی زیاتر لە ٥٠٠ قوتابی و مامۆستا، “پەخشان”ێکی کورتی خۆم خوێندەوە، لەگەڵ ئەوەی زۆر دەترسام، بەڵام ھەنگاوم نا و لە نێو چەپڵەی قوتابییەکاندا شاگەشکە بووم.
کە چووینەوە پۆلەوە، حەمە زۆر دەستخۆشیی لێکردم و باسی لەوە کرد، ئەویش زۆر گرنگی بە خوێندنەوە دەدات و ھەوڵ دەدات چیرۆکی کورت بنووسێت، ئەوەش بۆ من خۆشحاڵییەکی گەورە بوو، چونکە ھەستم دەکرد مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دۆزیوەتەوە. ھەر ئەو رۆژە وانەی “کوردی”مان ھەبوو، مامۆستا “حەمەسەعید” پێش وانەکە زۆر ستایشی منی کرد، کە پەخشانێکی زۆر جوانم خوێندووەتەوە و ھانیدام کە بەردەوام بم لەسەر خولیاکەم، بۆیە ھەمیشە کە بیر لە مامۆستا “حەمەسەعید” دەکەمەوە، ھەردەم ھەست بە ئاسوودەیی دەکەم، چونکە ھاندانی ئەو وەھای لە من کرد، لەسەر رەوتی نووسین بەردەوام تا ئێستا. لەم رێکەوتە بەدواوە، من و حەمە زیاتر لە یەکدی نزیک بووینەوە، زۆربەی کاتەکانمان بەیەکەوە دەگوزەراند، باس و خواسی نێوانمان، تەنیا لە چێوەی ئەدەب و سیاسەت و فیکر و خوێندنەوەدا دەسووڕایەوە. وردە وردەش ھەردووکمان دەستمان کرد بە بڵاوکردنەوەی نووسین و بابەتە کورتەکانمان. ھەردووکمان زیاتر لە بواری ئەدەب چالاک بووین، حەمە زۆرتر چیرۆکی دەنووسی، ھەندێک جار وتاری کورت کورتی بڵاودەکردەوە، منیش زیاتر خوێندنەوەی ئەدەبیم ھەبوو، لە بواری رەخنەیی ئەدەبی بە تایبەت ریالیزمی سۆشیالیست زانیاریی باشم ھەبوو، بەم بۆنەوە نووسینەکانی من، پتر خوێندنەوەی ئەدەبی بوون وەک لەوەی تێکستی ئەدەبی بن.
من و حەمە، ھەر رۆژێک قوتابخانەمان نەبووایە یان لە پشووی ھاوینان، بەیانیان تا نیوەڕۆ، کاتمان لە کتێبخانەی گشتیی سلێمانی بەسەر دەبرد، پاشتریش “ھۆڵی میدیا” کرایەوە، بەشێکی تری کاتەکەنمان لە کتێبخانەی میدیا دەبردە سەر. زۆر بە قووڵی دەمانخوێندەوە، لەسەر زۆر شت ھەر لە مێژوو و سیاسەتەوە دەمانخوێندەوە تاکو ئەدەب و فەلسەفە و فیکری ھاوچەرخ. بڕیارمان دابوو ببینە رۆشنبیرێک رۆڵ لە کایەی رووناکبیریی کوردییدا بگێڕین. رەوتی ئێمەش بەرەو ئەوە دەچوو، لە پاشەڕۆژدا ببینە رۆشنبیرێکی باش، بەڵام بە قەناعەتی خۆم سیاسەت دووری خستینەوە لەو ئامانجە، تەنیا وەک خوێنەرێکی جیددی ماینەوە. لەو زەمەنەدا من بەرەو کۆمۆنیزم ھەنگاوم نا، حەمە نەیدەویست ببێتە کۆمۆنیست ئەگەرچی لەرووی ئایدۆلۆجییەوە تا ھەنووکە خۆی بە چەپ دەزانێت. ھەرچەند ھەوڵی زۆرم لەگەڵ دەدا لە رێگەی جەدەل و گفتوگۆوە، تا بڕوای پێبکەم بۆئەوەی ببێتە ئەندامی حزبی کۆمۆنیست، بەڵام ئەو رەتی دەکردەوە، سەرئەنجام کۆڵم لەوەدا ئەو پێشنیارە بخەمە بەردەمی، ئیدی زێدەتر وەک دوو ھاوڕێ ماینەوە. ھەمیشە بە یەکەوە دەبینراین، بە یەکەوە فێری جگەرەکێشان بووین، بە یەکەوە فێری نووسین بووین، بە یەکەوە عاشق بووین، چیرۆکی عەشقی ئەو زۆر رۆمانسییانەتر بوو لە چیرۆکی عەشقی من، بەیەکەوە زۆر کاری سەیر و جوانمان کرد، بە یەکەوە لە قوتابخانە خۆمان دەدزییەوە، بە یەکەوە بڕیارمان دا حزبێک دروست بکەین، بە یەکەوە بڕیارماندا واز لە ئەدەب بھێنین و وەکو رۆژنامەنووس کار بکەین، زۆرترین بڕیاری بەیەکەوەیمان ھەیە.
محەمەد، جگە لە نووسین، بەپێچەوانەی منەوە، سەلیقەیەکی باشی لە ئەلیکترۆنیات و کارەبا و ئیشی تەکنیکیدا ھەبوو. بیرم دێتەوە لە گەڕەکی رزگاری سلێمانی، دوکانێکی لەو شێوەیەی دانابوو. رۆژێک چوومە دوکانەکە بۆ لای، تا باسی سیاسەت و ئەدەب و رۆشنبیریی بکەین. پێش ھەر شتێک مەوزوعێکی جیاوازیی کردووەتەوە، بەوەی رادیۆیەکی دروست کردووە!!، رەنگە ئەگەر بەکاریبھێنیت ھەموو سلێمانی وەریبگرێت، ھەروەھا بەرنامەیەکی دروستکردبوو دەیتوانی بچێتە سەر پەخشیی تیڤییەکان، بەئاسانی دەتوانرا لەو رێگەیەوە لەسەر تەرەدودی زۆربەی کەناڵە ناوخۆییەکانی ئەوسای کوردستان، پەخش بکرێت و بەرنامەی خۆت پێشکەش بکەیت، بە داخەوە حەمە وازی لە پەرەدان بەم داھێنانە ھێنا، بەڵکو ھەمیشە سیاسەت و رۆشنبیریی پێش ھەر کارێک دەخست. لە قۆناغی ئامادەییدا، حەمە چووە ئامادەیی رۆشنبیری کوڕان، ئەو ساڵە، بەھۆی غیاباتی زۆرەوە، من لە سێی ناوەندیی راسب بووم، بە تایبەت تازە لە ئاوارەیی گەڕابوومەوە و باوکیشم لە زیندان بوو، بۆیە ھیچ مەزاجێکی خوێندنم نەمابوو. ئیتر ئەو ساڵێک کەوتە پێش منەوە. حەمە لە ئامادەیی رۆشنبیر بڵاوکراوەیەکی دەردەکرد بە ناوی “رۆشنبیریی” کە تایبەت بوو بە ئامادەیی رۆشنبیر، لە ھەموو ژمارەکانی ئەو بڵاوکرایەوەدا بەشدارییو ھەبوو بە نووسینی چەندین بابەتی جیاواز، ھەرچەند ھیچ ژمارەیەکم لەلا نەماوە لەو بڵاوکرایەوە، کەچی ھێشتا ناوی وتارەکانی خۆمم لەو بیرم ماوە، یەکێکیان دەربارەی چەوساندنەوەی ژنان و فێمینیزم بوو، ئەوێ رۆژێ بە دەگمەن خەڵک ھەبوو لە مانای فێمینیزم تێبگات.
من و حەمە، لە ناوەڕاستی نەوەدەکان، بیرمان لە دەرکردنی رۆژنامەیەکی ئەھلی دەکردەوە، بیرۆکەی زۆرمان داڕشت، ھەنگاوی باشمان دەنا، چونکە بارودۆخەکە پشتیوانمان نەبوو، شکستمان ھێنا. ئێمە تەرزێک نووسین و بیرکردنەوەمان ھەبوو، لەگەڵ ھیچ رۆژنامە و گۆڤارێکی کوردیدا نەدەگونجا, بەم بۆنەوە زیاتر ھەوڵماندەدا کۆڕ و سیمینار بگرین یان لە مێزگردەکاندا بەشدا ببین. کە دەڵێم پارادیمی ئیشکردنی ئێمە لەگەڵ بڵاوکراوەکانی کوردستان نەدەگونجا، بەو مانایە بوو ئێمە بە نۆرمێک کارمان دەکرد، کۆمەڵ و ماسمێدیای کوردیی، نەیدەتوانی بەرگەی بگرن. جارێکیان من لە سیمینارێکدا وتم، سێکس غەریزەیەکە وەک رەمەکی خواردن، جیاوازیی نابینم لەنێوان ئەو کەسەی نان دەخوات و ئەوی سێکس دەکات، ھەر خەریکبوو ھۆڵی کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانم بەسەردا بڕمێنن. ھەر لەم روانگەیەوە بوو ھەوڵماندەدا بڵاوکراوەیەک دەربکەین مێشکی مرۆڤی کورد بەتایبەت بەرامبەر تابووەکان بکاتەوە، ئێمە سەرنەکەوتین، بەداخەوە مۆدیلێکی تر لە میدیا بەناوی ئەھلییەوە سەرکەوت کە نەیتوانی بچووکترین ئیش لەم رووەوە بکات.
دواتر لەگەڵ حەمە، گەڵاڵەی بیرۆکەیەکمان کرد، بۆ دروستکردنی حزبێک، حزبەکە حزبێکی چەپ بێت، دژی ئەو واقیعە بوەستێت بەھۆی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەییەوە بەسەر کۆمەڵگەی کوردییدا سەپابوو. بۆ ئەو مەبەستە دەیان کەسمان کۆکردەوە، بەڵام نەدەتوانرا کۆبوونەوەیەکی گشتیی رێکبخرێت، لەبەر دوو ھۆ، یەکەم: ئەفکاراتی جیاواز جیاواز ھەبوو. دووەم: نەدەتوانرا لە ترسی چاوی دەزگا ئەمنییەکان ژمارەیەکی ئاوھا خەڵک کۆ بکرێتەوە لە جێگەیەک، چونکە ئەوسا ئاسان نەبوو بۆ مەبەستێکی وەک ئەوەی ئێمە بە ئاشکرا خەڵک کۆبکەیتەوە. ئەم دواکەوتنە زۆری کێشا، تا ئەوەی ئێمەش لە بیرۆکەکە ساردبووینەوە، تاکوو چەند مانگێک. لە ھاوینی ١٩٩٨ کەسێکمان ناسی بەناوی “کاڤار شوانی”، ئەویش وەک ئێمە بیری لە دروستکردنی حزبێک کردبووەوە، بەڵام کێشەی گەورەی نێوان ئێمە و ئەو، لەوەدا خۆی دەبینییەوە ئێمە چەپ و ئەو نەتەوەیی بوو. ھەر چۆنێک بوو، خاڵە ھاوبەشەکانمان کردە بنەمای کارکردن، بۆیە رێککەوتین لەسەر دروستکردنی حزبێک بەناوی “پارتی سۆسیالیزمی نیشتمان”. پەیڕەو و پرۆگراممان بۆ نووسییەوە، ژمارەیەک کادری ئەساسیمان لە دەوری خۆمان کۆکردەوە، ئامادەکارییمان دەکرد بۆ بەستنی کۆنگرەیەک، بەڵام پێش ئەوە چەندین چالاکیمان لە رووی راگەیاندن و تەبلیغاتەوە ئەنجامدا. بۆ نموونە پۆستەر و لافیتەی زۆرمان بە شوێن گشتییەکاندا ھەڵواسی، بە تایبەت دژی گەندەڵی و دوو ئیدارەیی و نەبوونی شەفافییەت کە ئەوێ رۆژێ ئەم دروشمانە تازە بوون و کەس نەیدەوێرا دروشمی وەھا زل ھەڵبگرێت و شەڕی دەسەڵاتی پێبکات.
پارتی سۆسیالیزمی نیشتمان. کێشەی ئەوەبوو، دەستی نەدەگەیشتە جەماوەر، ئەوسا نە مۆبایل ھەبوو، نە ئینتەرنیت، نە میدیای کراوە. خەڵکیش حەماسی زۆری ھەبوو بۆ پارتی و یەکێتی. ئەمانە بوونە بەربەستی ئەوەی پارتییەکە وەک مەحفەلێکی بچووک و نھێنی بمێنێتەوە. کێشەیەکی تری من و حەمە، لەگەڵ کاڤار شوانی، ئەوەبوو، ئەم پیاوە نەتەوەییەکی کلاسیکیی بوو، تەنانەت زۆربەی جار من و حەمە بە وتەکەی ئەومان رادەبوارد کە زۆرجار دەیووتەوە “پەرداخێک ئاوی بێگەرد نادەم بە دەریایەک لیتە”. منیش ھەموو جارێک دەمووت “پێکێک عەرەقی ئەبو نەخلە نادەم بە ھەزار قاپی فەلەکە”. ئێمە و کاڤار نەمانتوانی ماوەیەکی زۆر پێکەوە بین، ئەوەبوو کۆتایی ساڵی ١٩٩٨ وازمان لەو بیرۆکەیە ھێنا، دواتر کەس بە دەوری “کاڤار”ەوە نەما و ئەویش سەری خۆی بۆ کەنەدا ھەڵگرت.
من و حەمە، کۆڵمان نەدا، ئەمجارە بیرمان لە دروستکردنی پارتێکی شۆڕشگێڕ کردەوە، بە قووڵی کەوتینە خوێندنەوەی بەرھەمەکانی “لینین و ترۆتسکی و پلیخانۆڤ و گیڤارا” و بەرھەمەکانی تری شۆڕشگێڕیی چەپ. لە مانگی دیسامبەری ١٩٩٩ لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج لە ماڵی ئێمە دانیشتنێکمان کرد، کە حزبێکی نوێ بە ناوی “پارتی چەپی دیموکراتی کوردستان” دابمەزرێنین، منیش بڕیارمدا واز لە حزبی کۆمۆنیست بھێنم. لەگەڵ حەمە کەوتینە کۆکردنەوەی خەڵک. یەکەم کۆبوونەوەمان لەناو حامیەی سلێمانی کرد، “شوێنی پارکی ئازادیی ئێستا” چونکە رووبەرێکی فراوانی چۆڵ بوو، لە کاتی ھاتنی ئاسایشدا بواری ھەڵھاتن و خۆ ونکردنی زۆر ھەبوو. پاشان دەیان کەسمان وەک نەواتی سەرەتایی بۆ دامەزراندنی ئەو حزبە کۆکردەوە، بەڵام بەھۆی خەتمایلێکەوە زانیاریی ئیشەکەمان گەیشتەوە بە یەکێتی، بە تایبەت ئێمە دەمانویست بە ھاوکاریی ھەندێ کۆنە کادری پەکەکە بچینە شاخ، “پێشتریش ھەوڵێکی لەو جۆرەمان دابوو” چونکە چەند گەریلایەکی دابڕاو کەوتبوونە لای ئێمە، کە ھەموویان کوردی باکوور بوون و لە ماڵی “خالید ئەژی” حەشاردرابوون.
پاش گەیشتنەوەی زانیارییەکە بە یەکێتی، چەند کەسێک دەستگیر کران، ھەروەھا چەند کەسێک ھەڕەشەیان لێکرا. لە کۆتاییدا من و حەمە و خالید ئەژی و یوسف ئابڵاخی بە تەنیا ماینەوە، ئێمەش ناچار دەستبەرداری بیرۆکەکە بووین. من و یوسف کە ھەردووکمان کادری حزبی کۆمۆنیست بووین، ھەر بەردەوام بووین لە کاری خۆمان لە حزبی کۆمۆنیستدا، خالید کە مەترسیی زۆرتری لەسەربوو، چەند کەسێکی مەسیحیم پێ ناساند، لای کەنیسەی ئینجیلی سلێمانی پارێزرا بۆ ماوەیەک تا دۆخەکە ئاسایی بووەوە. “حەمە”ش زیاتر لەگەڵ ئێمە بوو، بۆیە ھەمیشە لە دەرەوە وا دەزانرا ئەویش کادری حزبی کۆمۆنیستە. من و حەمە عەدنان، بەیەکەوە ماینەوە، ھەروەک پێشوو. لێرە بەدواوە بیرمان لە گەیشتن بە ھەندەران دەکردەوە. من خۆمم پێ رازی نەدەکرا، “محەمەد”ش پارەی نەبوو. بۆیە بیرۆکەی چوون بە ھەندەرانیشمان ھەر وەک بیرۆکەکانی تر شکستی ھێنا. ئیدی ژیانی رۆژانەمان تەنیا بریتبوو لە خوێندنەوە و ھاتوچۆی سەنتەری گەنجان و ئێوارانیش بۆ سەھۆڵەکە. ھەر لە کۆتایی ١٩٩٩ لە سەنتەری گەنجان “گۆران عومەر”ی جوانەمەرگمان ناسی، ئەویش وەک ئێمە دەیویست بیرۆکەکانی جێبەجێ بکات، بۆیە گروپەکەمان فراوانتر بوو بۆ چوار کەس “حەمە، گۆران، ئاسۆ، ستیڤان” رۆژانێکی ناخۆشی خۆشمان بردە سەر تا دەوروبەری ھاوینی ساڵی ٢٠٠٠.
ھاوینی ساڵی ٢٠٠٠ یەکێتی پەلاماری حزبی کۆمۆنیستی دا، من وەک کادری ئەو حزبە کەوتمە خۆشاردنەوە. “محەمەد” بێکار دەسوڕایەوە، گۆران وردە وردە بەرەو تەلەفزیۆنی خاک و دوایش کوردسات رۆیشت. یەکێتی کون بە کون بە دوای کۆمۆنیستەکاندا دەگەڕا، منیش جارێک گیرام و ئازادکرام. بەھۆی ئەو ترسەوە بینینی من لەگەڵ حەمە و گۆران زیاتر بە شەوانە بوو، سەھۆڵەکەش کە پڕ ببوو لە سیخوڕی ئاسایش بۆ من شوێنێکی پارێزراو نەبوو، بۆیە زۆربەی جار لە کۆڵانەکانی پشتی ماڵی حەمە لە گەڕەکی شێخ محێدین، دادەنیشتین، جاروباریش “یوسف ئابڵاخی” سەری لێدەداین بەتایبەت کە کۆڕی موناقەشەی فیکریی و رۆشنبیرییمان گەرم دەکرد. ساڵی ٢٠٠٠، سەفەری دەرەوەی وڵاتم کرد، من و ئاسۆ ھاوسەفەر بووین، گۆران و حەمە عەدنان و ئەیوب رەزا و بابان حەمە و برادەرە ئازیزەکانم جێھێشت. کاتێک من لە سەفەر ھاتمەوە حەمە، زەواجی کردبوو، ئەیوب و گۆران لە کەناڵی کوردسات یەکیان گرتبووەوە، من وەک سەگی پێ سووتاو بە شاردا دەسوڕامەوە، ھیچ ئیشێکم نەبوو، فلس لە گیرفانمدا سەوزەڵە خانمی بوو. تەنیاش مابوومەوە، بەم حاڵەوە رامکێشا تا دووەم جار سەفەرم کردەوە. گۆران و ئەیوب و حەمە بەھۆی سەرقاڵییان کەمتر دەرفەتی بینینی منیان ھەبوو. ئیدی ئەم جارە “رێباز حەمەجەزا” کە ھێشتا پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی تەواو نەکردبوو، جێگەی ھەموویانی گرتەوە.
دوای پرۆسەی ئازادیی، من گەڕامەوە بۆ نووسین لە رۆژنامەکاندا، حەمە رووی کردە کاری تەلەفزیۆن، لە تەلەفزیۆنی پارێزگاران بەرنامەیەکی وەرگرت، لەو ماوەیەدا دوو چاوپێکەوتنی بۆ ئەو تەلەفزیۆنە لەگەڵ من ئەنجامدا. لەوێ خۆی نەگرت و رووی کردە تەلەفزیۆنی خاک. منیش لەو ساتانەدا رۆژنامەی “نێوەند”م دەردەکرد، دوای خاک، حەمە رووی کردە کوردسات وەک بێژەری ھەواڵەکان. لەوێ ئەیوب و گۆران و حەمە بە یەک گەیشتنەوە. پاشان لە کوردسات تووڕەبوو، بووە بێژەر لە کەناڵی عەشتار، ئەوەندەم نەزانی بە تەواویی سەری خۆی ھەڵگرت، زیاتر لە سێ ساڵ لێی بێ خەبەر بووم، تا زانیم گەیشتووەتە نیوزلەندا، بەڵام ھێشتاش ئەو ھاوڕێیەتییە کۆتایی نەھات، بەڵکو ماڵی فەیسبوک ئاوا بێت، جارێکی دیکە بە یەکتری شاد کردینەوە.
سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 533- 539 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




مارشی بێھودەیی.. ستیڤان شەمزینی

چەند رووگرژە چرکەکانی تەمەنم
شێوەی دەچێتەوە سەر ژەنەراڵێکی بەزیو
بە لەشکرێکی ھەڵاتووەوە
چەند تفتە پێکی ئەم شەربەتەی وجود
رووخساری لە چوالەیەکی تاڵ دەچێت
لە نێو زاری شیعرێکی منداڵکاردا
چەند ئازاربەخشە ئەم رۆژە چاوەڕوانەی
خۆر لە دەمی کەلەوە ئاوا دەبێت
بە عاجزیی و بەدزیی منەوە ھەڵدێتەوە
چەند سەختە ژانی ھەناسەدان
ھەر دەڵێی ھەوا ئاگرە و ھەڵیدەمژم
ھەر دەڵێی بای دۆزەخە
لە ھەناوما گڤەی دێت
چەند قورسە مرۆڤبوون
بۆ ئەوانەی
لە زمانی خۆشەویستی تێدەگەن
بۆ من کە میھر دەچێنم و
کینە دەمدورێتەوە
چەند بێمانایە گەمەی ژیان
وەک رێکردن وایە
بەسەر شەقامێکی چەقۆڕێژدا
کێ دەتوانێ
بەبێ برینی گەورە گەورە
بەسەریدا تێپەڕێ؟
چەند تەمومژە ئەم سەر زەوییە
لە شوێنێک دەچێت
بۆ کەرنەڤاڵی خوێنی رژاو و
فەزایەک بۆ لە خاچدانی تروسکەی خەیاڵ
چەند ناسازە ئەم دەنگە نوساوەی مێژوو
ناو سکی تەژیە لە زامی قووڵ قووڵ
لە سوێندی درۆی ھەزاران سیاسەتمەدار
چەند قورسە جانتای پڕی بیرەوەریی
لە ئانی پەڕینەوە بەرەو ئێستا
لە شانت دەکەوێتە خوارەوە و
خۆی دەخاتە باوەشی رەشەبا
ھەرچی نھێنی ئابڕووبەرە
دەکەوێتە سەرەتاتکێ
چەند ئاسانە سەربڕینی ئیسماعیلەکان
بە کێردی ژەنگاویی ئایدۆلۆژیا
بە شمشێری سندان لێداوی سیاسەت
چەند تاریک و نادیارە ئاسۆ
لەنێو دوکەڵی درۆدا چاو چاو نابینێ
ھەر ئیبلیسە دەستی ناوەتە بینی رۆشنایی
چەند چۆڵە ویژدانی دۆڕاوی مرۆڤایەتی
کەس نییە لەسەر کێلی گۆڕێک بنووسێت
ئەم مردووە ژیان بە دڵڕەقی خۆی کوشتی
چەند بێزارکەرە دەنگی واعیز و مەلاکان
لەوەتی ھەن
حەڵوای ژەھرمان دەرخوارد دەدەن
تەنافی سێدارە بۆ ئازادییمان دەچنن
چەند وێرانە ئەم شارە ئاوەدانە
چۆلەیەک نابینی
باسی خۆشەویستی بکا
باخەوانێک بەدی ناکەیت
گوڵێکی تەنھا ئاو بدا
کەناسێک نابینیت
خاشاکی رق گسک بدات
چەند بەستەزمانە
باڵندەی باڵکراوی پێکەنین
لە ھیچ شوێنێک خۆی بۆ نادۆزرێتەوە
کەسێکی راستگۆمان تێدا نییە
پێی بڵێ
گەورەم تۆ مردوویت
گۆڕستانەکان بۆ خۆت بگەڕێ
چەند دووبارەیە حکایەتەکانی شەھرەزاد
چیتر توانای راگرتنیان جەنگیان نییە
بە شەھرەزادەکان بڵێن
مەرکانەی خۆشەویستی
بەشی لێو تەڕکردنێک
ئاوی تێدا نەماوە
چەند کابووساوییە ئەو خەونانە
ناتوانن ماچێکی کاڵ
لە خۆیاندا جێ بکەنەوە
ناتوانن سینگی ھێشوویەک تیشک
بە خۆیانەوە بگوشن
ناتوانن پرسیارێکی غەریب
لە ھیچ موسافیرێک بکەن
ناتوانن چاویلکەیەک
بخەنە چاوی ھیچ رێبوارێکی چاوکزەوە
چەند دۆزەخە ئەم ژیانە
چەند خۆڵاوییە تەمەنم
عومرم دارێکی چەند زڕە
بەھێی ژوانێکی تر ناگرێ
چەند وەحشەتناکە داھاتوو
ئەو دەمەی دەبینم
ئایندەم دوو گیانە و
خەریکە کۆرپەیەکی دەبێت
چەند تاڵە ئەم سەرنەویشتە
کە مەحکومم بەوەی
ساواکەم ناوبنێم وەرین
و
ە
ر
ی

ن

٢٨-٨-٢٠١٤
سویسرا – لوزێڕن




نوستالیژیا/ ئەو شەوەی قومارمان کرد.. ستیڤان شەمزینی

بەشی سێیەم

تا ئێستا جگە لە وتارێک ھیچ شتێکی ترم لە بارەی قومارەوە نەخوێندووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا قومار یەکێک لەو خوو و دیاردانەی پێویستە ھەڵوەستەی پتری لەسەر بکرێت. چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمە قومار و جۆرەکانی ئەو گەمەیە لە زۆربووندایە. رەنگە زۆرێک لەوانەی لە تەمەنی ئێمەن، بەشێوەیەک لە شێوەکان قوماریان کردبێت، جا محەلەبی شکێنە بێت، زارزۆری و لگاو بێت، ھەڵماتین و مووشێن بێت، یان رەسمێن و کڵاوێن بێت، یان دومبەڵە و کۆنکەن بێت، ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت. کە منداڵ بووین، باوکم و مامەکانم و خزمە پلە یەکەکانمان، شەوان کۆنکەن یان ئەزنیف و دۆمینەیان دەکرد، یارییەکە ھەر شەوە لە ماڵی یەکێک لە خزمان بوو. دۆڕاویش دەبوو، میوەی ھەموو میوانەکان دابین بکات، ئەوە جگە لەوەی سینییە پاقلاوە و سندووقە ساردیی تێدەکەوت، بە تایبەت ئەو ساردییە خۆشانەی ئەو زەمەنەش کە ئەگەر ھێندەی نووکە دەرزییەک شووشەکەی بشکایە، دەبوو بیبژێریت بۆ خاوەن دوکان، نرخی یەک شووشە لانیکەم یەکسان بوو بە نرخی چوار تا پێنج بیبسی “ئەوێ رۆژێ دەوترا بییسی لە بری پیپسی”. ئیتر ئەوە بابەتی شەوچەرە بوو لەو زەمەنە.
دێتەوە یادم، باوکم یاریزانێکی باش بوو، جگە لەوەی نەنکم لە سەرەتای یارییەوە تا کۆتاییەکەی دەستی بۆ ئاسمان بەرز دەکردەوە باوکم براوە بێت. جار جاریش ھەر دۆڕانی تێدەکەوت، بەڵام وا بزانم دوعاکانی داپیرەم ھێندە کاریگەر بوون، ھەمیشە بردنەوەی بە باوکم دەبەخشی. ئەمەش خۆی جۆرێکی سووکتر بوو لە قومار. ھەرچی ئێمەی منداڵانیشە بە تایبەت لە جەژنان قومارێکی سووکمان دەکرد. بۆ نموونە تەختەیەک ھەبوو ١٠٠ میزەڵانی لەسەربوو، ھەر میزەڵانەی ژمارەیەکی لەسەر بوو، جا میزەڵانی گەورە و بچووکی تێدابوو. خاوەن میزەڵانەکان، توورەکەیەکی بچووکیان لابوو، تۆ ٢٠ فلست دەدا و دەستت دەکرد بە توورەکەکەدا و کارتێکی بچووکت دەردەھێنا، جاری وا ھەبوو کارتەکە دەسووتا و جاریش ھەبووە ژمارەیەکی لەسەربوو، مەرجیش نەبوو کە ژمارەیەکت بۆ دەرچوو، تۆ براوە بووبیت، چونکە جار ھەبوو میزەڵانێک دەردەچوو، چارەگی ئەو قیمەتەی ھەبوو تۆ دابووت.
وەختێک گەورەتر بووین، دەچووین بۆ سینەما. لە سلێمانی سێ سینەما ھەبوو “سیروان، رەشید، دڵشاد”. ئەو دووانەی یەکەمیان لە نزیک سەرا بوون و ئەویتریشیان لە کۆتایی شەقامی “کاوە” نزیک بازاڕی “دۆلارەکە”ی ئێستا. ئێمە گروپێک بووین، زیاتر دەچووین بۆ سینەما سیروان. لە خوار سینەماکەشەوە، کابرایەکی رەشتاڵەی باڵابەرز ھەبوو، مێزێکی گەورەی دانابوو. مێزەکە چەندەھا شتی گرانبەھا و ھەرزانی لەسەربوو. بۆ نموونە تۆپی زیگزاگ کە ئەوسا زۆر بە نرخ بوو، ئێمە بە تۆپی باغە بووین بە رۆناڵدۆ. یان دەمانچەی تەرەقە و عەینەکی رەش و شتی تریش، تۆ چارەگە دینارێکت دەدایە دەستی کابرا. ئەویش باڵندەیەکی ھەبوو لەناو قەفەزێکدا بوو، لەبەردەم قەفەزەکەش ژمارەیەک زەرفی نامە ھەبوو، ھەر زەرفێک لە ناوەوە لەسەر پارچە کاغەزێک ناوی یەکێک لەو شتانەی لەسەر نووسرابوو لەسەر مێزەکەدا دانرابوون، بۆیە کاتێک باڵندەکە بە دەنووکی زەرفێکی دەھێنایە دەرەوە، ئیدی خۆت و شانست، یان قورعەکەت سەرکەوتوو دەبوو، تامت لە فلیمی بەتەڵ غازی دەبینی، یان دەسووتایت و ھەنگوین لە دەمتدا دەبوو بە ژەھر. لە منداڵیی ھەرچەندە بێ شانس بووم، بەڵام ھەموو ئەو یارییانەم تاقی دەکردەوە، ئێستا و ئەوساش، شتێکم بۆ دەرنەچوو، دڵم پێی خۆش بێت. لەگەڵ ئەوەشدا ھەر بەردەوام دەبووم لەسەری. جارێک لەگەڵ کوڕی مەلایەکی بەناوبانگ، کە ھاوڕێی ئێستا و منداڵیشمە، چووینە کۆڵانەکانی پشتی پاسەکانی “تووی مەلیک” واتە کۆڵانی چەک فرۆشەکان. لەوێ دەستمان کرد، بە لگاو بە زار، ئەی خودا، ئەو زارە لە بەختی ئێمە لەسەر پێ دەوەستا. بیرم دێتەوە نزیکەی “٧٠” دینارمان بردەوە. وا بزانم ئەو ٧٠ دینارە بە یەک مانگ تەواو نەبوو. جارێکی تریش چووینەوە بۆ ھەمان شوێن، براوە بووین، زۆرتر لە جاری پێشوومان بردبووەوە. دەمانویست دەست لە یارییەکە بەر بدەین، بەڵام نەیاندەھێشت، لەو کاتە بیرۆکەیەکم بۆ ھات، بە ھاوڕێکەم وت تۆ بەردەوام بە، من دەچم لەفەیەک دەخۆم، دوای سێ خولەک بە شڵەژاویی و راکردنەوە ھاتمەوە شوێن یارییەکە و ھاوارم کرد رابکەن خولە کاراتی ھات “مەحموود کاراتی ئەوسا مفەوەزی پۆلیس بوو لە ناو شار”. ئیتر وەک چۆن بسمیلا لە جنۆکە دەکەیت، کەس دیار نەما، من و ھاوڕێکەشم بە ١٣٧ دینار براوەی یارییەکە بووین و بە کۆڵانەکانی عەقاریدا ھاتینەوە بەرەو ماڵ.
رۆژان ھات و رۆیشت، من زیاتر بەرەو سیاسەت و خوێندنەوە و کایەی رۆشنبیریی رۆیشتم، بەڵام زۆرێک لە ھاوڕێکانم وەکو خۆیان مانەوە. کوڕی مەلا ھیچ نەگۆڕا، بەڵکو بووە قومارچییەکی بە بەخت کە تا ئێستاش ئیفلاس نەبووە. ھاوڕێیەکی ترم ھەبوو ناوی “دیاری” بوو، “لەسەر ئیزنی خۆی ناوی بڵاو دەکەمەوە” ئەویش ھاوشانی کوڕی مەلا، بوونە یەکێک لە ناسراوترین قومارچییەکان. ئەوەی من و ئەوانی لەو قۆناغەدا بە یەکەوە دەبەستەوە، جگە لە ھاوڕێیەتییەکی ریشەدار، ئێوارە خواردنەوەکانی باڕەکانی شار بوو. زۆرتریش دەمەو عەسران، لە چایخانەی شەعب یەکترمان دەبینی، ئیتر یەکێک لەو ژمارە زۆرەی باڕەکانی نزیک ئەسحابەسپی و شەقامی “کاوە”مان ھەڵدەبژارد بۆ خواردنەوە، بەڵام زۆربەشیان قومار و دومبەڵەیان تێدا دەکرا، من دوای خواردنەوە بەرەو ماڵ، ئەوانیش بەرەو قومارکردن دەڕۆیشتن.
ئەوێ رۆژێ “نەوەدەکان” گرانییەکی بێوێنە رووی لە وڵات کردبوو، دەوڵەمەندەکانی شار توانایان سنووردار بوو، بەڵام کوڕی مەلا و “دیاری” بوونە دەوڵەمەندێکی قورس، ئۆتۆمبیل و خانووی خۆیان کڕی. ئیتر بۆ زەمەنێکی کورت وازیان لەو خووە ھێنا. ھەریەکەیان رێگەیەکیان بۆ بژێویی ژیان دۆزییەوە، بەڵام زۆری نەبرد، ھەردووکیان لەسەر مێزی قومار یەکیانگرتەوە. ئێوارەیەک سێ قۆڵی چووینە باڕێکی رۆژانە، دەستمان کرد بە خواردنەوە، کە ئەوسا خواردنەوە گیرفانی ھەڵتەدەکاند، بەڵام پاش چەند خولەکێک سێ کەسی پۆشتە و پەرداخ ھاتنە ناو باڕەکە و ھەواڵی ئێمەیان پرسی، کوڕی مەلا چوو بە دەنگیانەوە، دوایی بۆ من ئاشکرا بوو، ئەو سێ کەسە لە ھەولێرەوە ھاتوون، بۆ ئەوەی قومارێک بکەن!. ئەو ئێوارەیە ١٣ ھەزار دیناری سویسریان بردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی وەزعەکە ئەوەندە سەخت بوو، کەسێک بە ئێوارەیەکی درەنگ بەتایبەت ئەگەر سەرخۆش بووایە، ئەو پارەیەیان پێ شک ببردایە بە چەقۆ دەیانکوشت و پارەکەیان دەبرد.
ناچار ئەوان پارەکەیان کرد، بە سێ بەشەوە، سێ ھەزار دیناریان دا بە من، تا بەسەر گیرفانەکانمدا دابەشی بکەم، ئەوانیش ١٠ ھەزارەکەی تریان دابەشی گیرفانەکانی خۆیان کرد و رۆیشتین. من بە تەواویی خەیاڵ ببووم، ئەوانیش لە خۆشیی بردنەوەکە دووجار خەیاڵ ببوون، بۆیە بیریان چوو، ئەو سێ ھەزارە لە من وەربگرنەوە. ناچار بۆ رۆژی دوایی بۆم بردنەوە، ھەردووکیان سوێند و تەڵاقیان خوارد، ھیچ پارەیەکیان لای من نییە. چی بکەم، پارەکەم تا ماوەیەکی زۆریش دانا، چونکە وتم ھەر کە دۆڕان دێنەوە بۆی، بەڵام شانسی خۆم تا ئێستاش دەنگیان نەبووە، ئەگەر ئەم نووسینە قوڕ نەکات بەسەرمدا و بیریان بکەوێتەوە و لێمسەننەوە.
ئێوارەیەکی باراناویی نەوەدەکان بوو، لە باڕی “دەریا” لە شەقامی کاوە، سێ قۆڵی خەریکی خواردنەوە بووین، ھاوڕێیەکمان خۆی کرد بە باڕەکەدا. زۆر سەیر بوو، ئەو ھەرگیز نەیخواردۆتەوە، تەنانەت رقی لە خواردنەوەیە. وتمان “س” ئەوە چییە، ئاخر زەمانە تۆ ھاتوویت بۆ ئێرە؟. ئەویش بە دەنگێکی حەزینەوە وتی، باوکم کۆچی دوایی کردووە. منیش زۆر خەیاڵ بووم، وتم “کوڕی باش ناشێت ئێمە بە مردووشۆر بزانیت، ئێ خەڵک باوکی بمرێت چی دەکات لە باڕ؟”. ئەویش بێ تووڕەبوون، وتی “وایە بەڵام قوڕ بەسەری من، پارەمان نییە بۆ پرسەکەی”. ھەر ئەمەی وت، ھەرسێکمان لە یەک چرکەدا راچڵەکین. سەیری گیرفانی خۆمان کرد، نزیکەی یەک ھەزار دینارمان پێبوو، وتمان کاکە ئەوە ٥٠٠ دینار بۆ تۆ، ٥٠٠ دیناریش بۆ خۆمان، ئیشی ئەمڕۆ راپەڕێنە، خەمی سبەیت نەبێت، ئەویش وتی کاکە ئاخر پرسە ھیچ نەبێت ٥٠٠٠ دیناری دەوێت، وتمان تۆ بڕۆ خەمت نەبێ.
ئەو شەوە چووینە قومارخانەیەکی خۆش، جیاوازبوو لەو قومارخانانەی، پێش ٣-٤ ساڵ من بینیبووم. کوڕی مەلا و “دیاری” دەستیان کردە قومار، منیش ھاوکارێکی باش بووم لەگەڵیاندا، بەو ٥٠٠ دینارەی پێمانبوو، ١١ ھەزار دینارمان بردەوە، بۆ سبەی، چووینە پرسەکە، برادەرەکەمان کە باوکی مردبوو، ھەر سەیری دەکرد، بەڵام لە دەرفەتێکدا خستمانە ئەولاوە، ٦٠٠٠ ھەزار دینارمان پێدا، وتمان بڕۆ بە دڵی خۆت پرسەکە بەڕێوە ببە. وتی، ئاخر ئێوە لە کوێتان ھێنا؟. دیاری وتی “تۆ کاڵەک خۆری، یان بێستانڕن؟”، ھیچ قسەی نەکرد و پارەکەی وەرگرت. ئێستاش ئەو برادەرە نەیزانی پارەکە بە قومار پەیدا کرابوو، ئەوەتا من لێرە ئاشکرام کرد. بەڵام من ئەو قومارەم ناوناوە “قوماری پیرۆز”، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات، ئامادەم ئەو قومارە دووبارە بکەمەوە.

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 528-532 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




دڕکی ئەو خەونانەی لە چاوەکانم دەچەقن.. ستیڤان شەمزینی

من لەژێر ھەوری ئازارەکانمدا
پیاسە لەگەڵ سێبەرەکەم دەکەم
گوێقوڵاخی لرخە لرخی
سەعاتەکەی دەستم و
خشەی پێی شیعرێکم
خۆم دەبینم بە تەڕیی
بە دوو جلگرەی چوارشانە
بە تەنافی یەئسەوە ھەڵواسراوم
دەنگم وەک زیقەی
ئەو قوتووە ژەنگاوییە وایە
مناڵێکی لاسار
لە کەلاوەیەکدا شەقی تێھەڵدەدا
مژ لە بێھودەیی دەدەم
ناسۆر ھەڵدەقوڕێنم
یەکەمین رێبوار بەلامدا تێدەپەڕێت
بە تەوسێکەوە پێم دەڵێت
تۆ شیکترین شێتی شار و
ئاوەزمەندترین ئاژەڵی دنیایت
دووەمین رێبوار دێت
دەیەوێت وەک خواردنێکی ئێکسپایەر
فڕێمداتە تەنەکە خۆڵی ژیانەوە
یان وەک جگەرەیەکی تەواوبوو
بمخاتە تەپڵەکی گریانەوە
سێھەمین رێبوار ھات
تفێکی رۆ کردە بەردەمی
رەشەبایەکی ناوەخت
بۆ سەروچاوی منی ھێنا
ئەو ھەر منی نەبینی و
منیش گوێم لە دەنگی نەبوو
چوارەمین رێبوار
بە سەرخۆشی گەشتە لام
دەستی لە ناو مەمکی شیعردا بوو
ھەر ئەوەندەی توانی، بڵێت
عەشق بەفرێکی سووتاوە
ئاگرێکی سەرمابردەڵەیە
ئیدی بەدەم رێوە بورایەوە
پێنجەمین رێبوار
وەک ئەوەی لە بەلەمی بروسکەدا بێ
بەخێرایی بەلامدا تێپەڕی
بە دەنگێکی نوساوەوە
ھاواری دەکرد
ژیان تەڵەی مشکە
لە مێژە قاچمان کەوتۆتە ناوی
تاکو پشیلەی مەرگ دێت
شەشەمین رێبوار
بە رۆبێکی خۆشتنەوە
بە قژێکی لولی ماش و برنجییەوە
لەبەردەممدا قووت بووە
وا پێدەچوو بیەوێت پشوویەک بدا
ھاتبوو وەسیەتێکم لا بکات:
کوڕم سیاسەت کۆترێکی مەکرباز بوو
تەنھا ریقنەی بەسەردا باراندم
حەوتەمین رێبوار
ژنێکی سەرتاپا سپی پۆش بوو
چاوەکانی وەک ئەڵماس دەدرەوشانەوە
پەنجەکانی بۆنی مێخەکی ئەوینیان لێ دەھات
لە تەنیشتم دانیشت
ماوەیەکی درێژ بە بێدەنگی مایەوە
یەکەم و دوا قسەی خۆی کرد:
من نەھاتووم بۆ رۆیشتن
من ناوکی قۆخی دڵتم
من لمی کەناری رووباری عەشقتم
من شەماڵی ھاوینی تەمەنتم
من ئەو ژنە تریفەییەم
لە داڵانی یەکەمین خەونەوە
تاکو کۆتا خەون
چاوت بۆ دەگێڕا
لەم کاتەدا چاوەکانم کردەوە
بە کامی دڵ تەماشام کرد
ئاە چ ناخۆش بوو
ساتێ حەزحەزێکی خوێڕی
وەک ئەوەی نەقیزەیەک بکات
بە لا قەبرەغەی گوێدرێژێکدا
بە نوکی پێڵاوەکانی رایچڵەکاندم
ئەوسا زانیم
لە تەنیشت شەشەمین رێبوارەوە
لەسەر شۆستەی شارێکی خامۆش
خەوێکی قووڵ بردومییەوە

٢٤-٧-٢٠١٩
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی




دوکانەکەی تاڵب خەیات.. ستیڤان شەمزینی

نوستالیژیا
بەشی دووەم

دوکانەکەی تاڵب خەیات

من بە درێژایی نەوەدەکان، کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بووم. لە حزبدا ھەر کارێک پێم درابێت، بێ سێ و دوو، بە ئەنجامم گەیاندووە. ھەرچەندە دەروێش نەبووم و بەردەوام رەخنە و بۆچوونی جیاوازم ھەبووە، تەنانەت بە بۆڵە بۆڵکار ناوزەد دەکرام، بەڵام لەو بڕوایەدام زۆربەی ھاوڕێیان گەواھیی ئەوەم بۆ دەدەن، زۆر دڵسۆزانە، ئەوەی لە توانامدا بووبێت درێغیم لە بردنە پێشەوەی ئەرکە حزبییەکاندا نەدەکرد. بەم بۆنەوە توانیبووم پێگەیەک بۆ خۆم دروست بکەم. لە ئازاری ساڵی ٢٠٠٠ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە ژێر فشاری ئێران، زنجیرەیەک گووشاری بۆ سەر حزبی کۆمۆنیست دروستکرد. یەکێک لەوانە ھەوڵدان بوو بۆ دادگاییکردنی حزبی کۆمۆنیست، بە چەند پاساوێکی سەیر، لەوانە: داوای سەربەخۆیی کوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کوردستان. ھەر لەو سەوبەندەدا بزووتنەوەی ریفراندۆم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات چالاکیی زۆری ئەنجامدابوو، دەتوانم بڵێم بە پلەی یەکەم، “ئاسۆ کەمال” ببووە سیمای بزووتنەوەکە.
حزبی کۆمۆنیست توانی لە رێگەی ھاوپشتیوانی رێکخراوە چەپەکان و سەرنجڕاکێشانی رێکخراوە نێودەوڵەتی و لۆکاڵییەکان، دژە گووشارێک بۆ سەر یەکێتی دروست بکات. ئەمەش تاراددەیەک پاشەکشەی بە ویستی یەکێتی کرد بۆ دادگاییکردنی حزب و سەرەنجام ھەڵوەشاندنەوەی. لە کۆتایی مانگی حوزەیران گووشارەکانی یەکێتی فۆرمێکی تری بە خۆوە گرت، ئەویش لە ژێر بیانووی بردنە دەرەوەی بارەگای حزبەکاندا، گووشار خرایە سەر حزبی کۆمۆنیست، تەنانەت ئاو و کارەبای بارەگاکان بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا بڕدران. حزب زنجیرەیەک کاردانەوەی ھەبوو، چەند خۆپیشاندان و پرۆتێستێکمان لە شاری سلێمانی ئەنجامدا، بەڵام یەکێتی بە تەقەکردن و لێدان و توندوتیژیی وەڵامی خۆپیشاندانی ھێمنانەی ئێمەی دایەوە. من خۆم یەکێک بووم لە خۆپیشاندەران و شایەتم لەسەر کۆی رووداوەکان. لە چەند رۆژی یەکەمی مانگی تەمووزی ٢٠٠٠ بە روونی ئەوە دەبینرا، یەکێتی نیازێکی خراپی ھەیە و رەنگە پەلاماری بارەگاکان بدات بە ھێزی سەربازیی، ئەم بۆچوونە راست دەرچوو، چونکە رۆژی چواردەی تەمووز ھێزەکانی یەکێتی پەلاماری ئۆتۆمبیلێکی حزبی کۆمۆنیستیان دا و پێنج کادری تێکۆشەر لەو پەلامارەدا گیانیان بەختکرد. پاشان بە ھێزی ئاسایش و میلیشیاکانی تری یەکێتی گەمارۆی کۆی بارەگاکان درا، کە لەو کاتەدا لە ناو بینای رادیۆی حزب بووم لە گردەکەی نێوان گەڕەکی بەختیاری و زەرگەتە “سلێمانی”.
بەم شێوەیە و بە زەبری ھێز یەکێتی بارەگاکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری بەرگریی منداڵان و یەکێتی خوێندکار و لاوانی ئازادی لە شاری سلێمانی دەستبەسەردا گرت. ئیدی ئەو ماوەیە زیندانەکانی ئاسایش و بنکەکانی پۆلیس لە ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی جمەیان دەھات. ئێمەش کەوتینە خۆشاردنەوە. من لە شەوی ١٨ی تەمووز لە خواردنگەیەکی سەھۆڵەکە لەلایەن ئاسایشی رزگاری دەستگیرکرام بە فەرمانی ملازم “بەرزان”. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ھەر بەردەوام بووین لەسەر کار و چالاکیی خۆمان بەشێوەی نھێنی. لە سەرەتای مانگی ئاب، شەوێک بە بۆیاخ سەر دیواری شوێنە گشتییەکانی شارمان نووسی، زۆربەشیان دروشم بوون لە دژی تیرۆرکردنی ئەو پێنج کادرە و قەدەغەکردنی حزبی کۆمۆنیست. جگە لەمەش بەردەوام بە نھێنی بەیاننامە و بڵاوکراوە و رۆژنامەکانی حزبمان بڵاودەکردەوە بە تایبەت لەناو ئەو کەسانەی جێگەی متمانە بوون. لەو سەروەختەدا، دوکانەکەی ھاوڕێ “تاڵب” کە دوکانێکی بچووکی بەرگدروو بوو، لە پشتی بازاڕی گەورەی سلێمانی لەسەر شەقامی کاکە ئەحمەدی شێخ، ببووە مەکۆی سەرەکی بینینی ھاوڕێیان و ھەروەھا زۆربەی بەیاننامە و بڵاوکراوە و رۆژنامەکان لە دوکانەکەی ئەودا دەشاردرانەوە و لە بەرەوە لێیان دەبرا و دابەش دەکران.
ھاوڕێ تاڵب، مرۆڤێکی روح سووکە، لە رووی تەمەنەوە، لەم گرووپە گەنجەی وەک ئێمە بەتەمەنتر بوو، زۆر رێزی ھەبوو لە قەیسەرییەکەدا، زۆرێک دوکاندارەکانی گوزەرەکە بەوەیان زانیبوو دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب، بووەتە مەکۆی یەکتر بینین و گەنجینەی بڵاوکراوە و ئەدەبیاتی حزب، تەنانەت بڵاوکراوەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێرانیش، لە چەشنی “ئەنتەرناسیۆنال” لە دوکانەکەی ئەو دەستدەکەوتن، بەڵام ئەو دوکاندارانە ھێندە رێز و خۆشەویستیان بۆ تاڵب خەیات ھەبوو، نەک بێدەنگ ببوون، بەڵکو زۆربەی جار دەبوونە ھاوکارمان و ھەواڵیان دەداینێ لەسەر بوونی ئاسایش یان پۆلیس لە نزیک گوزەرەکە. من لەو بارودۆخەدا، ھەمیشە پێیەکم لە ماڵەوە و پێیەکی ترم لە دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب بوو. رۆژانە دەچوومە ئەوێ، ھەر بڵاوکراوەیەکی تازە ھەبوایە وەرمدەگرت، ھەروەھا دەیان نوسخەی ترم بۆ دۆست و ھاوڕێکانم وەردەگرت، کە دەیانویست ئاگایان لە سیاسەتی ئێمە بێت، چونکە ئاسایشی یەکێتی، رۆژنامەی بۆپێشەوە، دواتریش ئۆکتۆبەری لە ریزی تریاک و حەشیشە دانابوو، بەدەستی ھەر کەسەوە بگیرابایە، بێ سێ و دوو، بەرەو فەلاقاخانەکەی ئاسایش دەبرا. بۆیە کەم کەس ھەبوو ئازایەتی ئەوەی ھەبێت تەنانەت بە نھێنیش بڵاوکراوە و بەیاننامەکانمان وەربگرێت، مەگەر ئەو کەسانەی زۆر لێمانەوە نزیک بوون.
ئێستا بیرم دێتەوە، ھەمیشە ٥-٦ کەس لە ھاوڕێیان لە دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب ئامادەبوون، زۆرجار قسە و دیالۆگ ئەوەندە درێژەی دەکێشا، رۆژ ئاوا دەبوو. بەھۆی ئەو قەرەباڵغییەشەوە ھیچ کەس بە تایبەت ئافرەتان روویان نەدەکردە دوکانەکەی. بەکورتییەکەی لە کار و کاسبیمان کردبوو. ھەندێک جاریش تووڕە دەبووین و دەنگمان بەرز دەکردەوە و قسەمان بە دەسەڵات دەوت، کاک تاڵب بە لەسەرخۆییەکەوە دەیووت، ھاوڕێیانی ئازیز کەمێک دەنگتان نزم بکەنەوە، ھەر ئەم کونەمان ھەیە، با ئەویش لە دەست نەدەیت. قسەکەشی راستبوو، چونکە دوکانەکەی ئەو ببووە بارەگایەکی نافەرمی حزبی کۆمۆنیست لە چەقی بازاڕدا. بەدرێژایی ساڵی ٢٠٠٠ ئەوە حاڵی دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب بوو، من دوای ئەوە سەفەرم کرد، ئاگام لەو رەوشە نەما، بەڵام دەمزانی دواتریش رەوشی دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب بە بەراوورد بە ئەوکاتەی لە ناوەوەی وڵات بووم، عەینەن تاس و حەمام بوو. پێموایە ئەوە ماوەی دوو ساڵێک زیاتر درێژەی کێشا. پاشان من لە ٢٠٠٤ بە تەواوەتی وازم لە حزبی کۆمۆنیست ھێنا، ئیدی ئاگام لە چالاکی حزب و دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵبیش نەما، بەڵام دوای دوو ساڵ لە وازھێنانم لە حزب “٢٠٠٦” کاتێک ویستم گوزەرێک بەناو ئەو قەیسەرییەدا بکەم کە دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵبی تێدابوو، زۆر شت گۆڕابوو، ھەم قەیسەرییەکە گۆڕابوو، ھەم دوکانەکەی ھاوڕێ تاڵب نەمابوو، تەنانەت لەم ماوەیە جارێکی دیکە رێگەم کەوتەوە ئەو قەیسەرییە تەنانەت نەمتوانی دوکانەکەشی بدۆزمەوە، ئاخر ھەموو شتێک لە گۆڕاندایە.
ئێستاش بیر لەو قۆناغە دەکەمەوە، کە ١٢ ساڵێک پێش ھەنووکەیە، ھەستێکی سەیرم لا دروست دەبێت، جگە لەوەش درک بە ماندووبوونی خۆم دەکەم،. ھەم بێزارییەکی گەورە سەرتاپا دامدەپۆشێت کە ھەمیشە مەحکوم بووم بە یارییەکی سیزیفی و ھێشتاش لەو بڕوایەدام ھیچم نەبووە بە ھیچ. ھەم بیر لە مرۆڤێکی وەک ھاوڕێ تاڵب دەکەمەوە، ھەوایەکی فێنک بە دڵمدا گووزەر دەکات. ئەگەرچی ئەو زەمەنە بۆ ئێمە زۆر تاڵ بوو، کەچی وەختێک دێتەوە ناو یادەوەرییم، ھەست بە شادییەکی سەرسوڕھێنەر دەکەم.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا لی بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە ٥٤٠-٥٤٣ بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.




لە ناو ئەشکەوتی داڵغەدا مردم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

گوناھی من چییە
پەروانە رێی شەمعی ون کردووە
نەورەس
دڵی لە دەریا شکاوە
پەنجەرە
بەسەر شەقامی شکاندا دەڕوا؟
خۆ من دەمویست
گۆزەی بە تاڵی ژیان
پڕ بکەم لە گۆرانی
گوڵە شەکەتەکان
لە جۆلانەی باخدا راژەنم
ختوکەی ئاو بدەم
تا باران بکەوێتە پێکەنین
خۆ من دەمویست
خۆکوشتن
لە مێشکی ھەتاو دەربھێنم
خەیاڵی مانگ
لێوانلێو بکەم لە تریفە
بەفر قایل بکەم
بە سپێتی خۆیەوە ببارێتە
سەر پرچی چیایەکی ھەڵکڕوزاو
خۆ من دەمویست
عەرەبانەی ژیان
بەرەو خۆشەویستی پاڵ بنێم
دەفری یادەوەریی
سەرەورێژ بکەم لە مێوژی ئەمڕۆ
جۆگەلە باریکەلەکان
لەسەر میراتی رووبار نەبێتە شەڕیان
شەوە برینگەکان
لە ناو نوێنی دوو عاشقی سەرشێتدا
وەکو نانی تیری تەڕ بکەم
خۆ من دەمویست
زمانی درێژی
بایەقووشی تفەنگ ببەستم
سەنگەرەکان
بە گوڵە بەیبوون بڕازێنمەوە
شەڕگاکان
گولەی گوڵاویان تێدا بتەقێندرێ
زۆرترین گوڵ بکوژرێن
زۆرترین گوڵاو بڕژێت
من دەمویست
ھێڵی سنووری وڵاتان
لە بری خوێن
بە بەرائەتی مناڵان قیرتاو بکەم
شۆڕشێک چێ بکەم
دژی شۆڕش
دژی ئەو شۆڕشانەی لەسەر
کەللەسەر بینا دەکرێن
قوتابخانەیەک ئاوەدان بکەمەوە
دژی ھەموو قوتابخانە نەریتییەکانی تر
لەوێ فەلسەفە
ھونەری مەرگ و
پیشەسازیی چەوساندنەوە نەبێت
تێیدا ژیان بخەمە
سەرشانی لێبوردەیی
من دەمویست، جیھان
باڵەخانەیەکی دوو نھۆمی نەبێت
ھەندێک لەسەر بورجی عاجی خۆشگوزەرانی
قاچ لەسەر قاچ دابنێن
ھەندێک تر لەژێرەوەڕا
دنیا فەرامۆشیان بکات و
بە دەم حەسرەتەوە چاو لێک بنێن
من دەمویست
عودێک بدەمە دەست مۆسیقارێک
ئاوازێکی نوێی پێ بژەنێت
گوێیەکانمان نەیبیستبێت
قەڵەمێک بدەمە دەست شاعیرێک
شیعرێکی تەڕی پێ بنووسێت
بۆنی ژیانی لێ بێت
فڵچەیەک بدەمە دەستی شێوەکارێک
پۆرترێتێک بکێشێت
ھەموو رەنگەکانی نیشتمان
لەناویدا بدرەوشێنەوە
من دەمویست
ھیچ مۆمێک نەکەوێتە
بەر نەفرەتی فوو
گۆزەی ھیچ لێوێک
لە کانی ماچ بە بەتاڵی نەگەڕێتەوە
بەردی گومان
ئاوێنەی خۆشەویستی
ھەپرون ھەپرون نەکات
ئاسمانی دڵی ھیچ عاشقێک
برینداریی لێوە نەبارێت
غەمگینی لێوە نەبارێت
خۆکوشتنی لێوە نەبارێت
تەنھایی لێوە نەبارێت
ھەڵوەرینی لێوە نەبارێت
کاتێک ھیچ شتێک
بە ویستی من نییە
لەم بەستەڵەکی مەنفایەدا
یەک یەک
خەونەکانم دەسووتێنم
داڵغە تەزیوەکانمی
لەبەر گەرم دەکەمەوە




نوستالژیا\١\.. ھەوڵەکانمان بۆ دامەزراندنی حزبێکی چەپی شۆڕشگێڕ.. ستیڤان شەمزینی

بەشی یەکەم..

کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان ھەروەک دەستپێکەکەی، کوردستان لە بارودۆخێکی سیاسیی ھەڵواسراو و پڕ قەیراندا بوو، ئەگەرچی دوو ساڵی کۆتایی ئەو دەیەیە شەڕی ناوخۆ کۆتایی پێھاتبوو، بەڵام دوو پارتە فەرمانڕەواکەی کوردستان ھیچ پلاتفۆرمێکی رۆشنیان نەبوو بۆ پرسە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ھاووڵاتیان، لەلایەک گرانی و بێکاریی ھەبوو، لەلایەکی تر کۆچڕەوێکی بە کۆمەڵ دروست ببوو بۆ ھەندەران، لەولاشەوە دەسەڵات بێباکانە سەیری دیمەنە تراجیدییەکانی کۆمەڵگەی دەکرد، ھەموو کاریان ببووە دۆشینی داھاتی کوردستان و راکێشانی ھێزی وڵاتانی ھەرێمی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان، ھەر لەم نێوەندەدا چەندان جار سوپای پاسداران کەوتنە ناو پرۆسەی شەڕەکەوە، ساڵی ١٩٩٤ تۆپخانەکانی سوپای پاسداران لە ھەردوو میحوەری ھەڵەبجە و قەڵادزێ بۆ پاڵپشتی پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی بارەگا و سەنگەرەکانی یەکێتیان بۆردومان کرد کە یەکێتی ناچار کرد، رێکەوتن لەگەڵ پارتی و بزووتنەوە بکات تاکو بگەڕێنەوە سلێمانی و گەرمیان و ناوچەکانی ژێر ھەیمەنەی یەکێتی.
لە ساڵی ١٩٩٥ ھاوکێشەکە گۆڕانی بەسەردا ھات پاش ئەوەی یەکێتی توانی دەست بەسەر ھەولێردا بگرێت، ئەم جارە یەکێتی توانی دوو شتی گرنگ بکات، یەکەم توانی پاڵپشتی ئێران بەدەستبھێنێت لە دژی پارتی. دووەم: توانی رێکەوتنێک یان ھاوپەیمانییەکی فراوانی حزبە کوردییەکان دژی پارتی دروستبکات. بۆ نموونە لە رێکەوتننامەی تاران دەڤەری ھەڵەبجە و ھەورامان تاکو سەیدسادق بە واژۆی تاڵەبانی و مەلا عەلی عەبدولعەزیز خرایە ژێر قەڵەمڕەوی بزووتنەوەی ئیسلامی بەو مەرجەی ھاوپەیمانێتی سەربازیی لەگەڵ پارتی کۆتایی پێبھێنن، لە قۆڵێکی تریشەوە رێکەوتن لەگەڵ پەکەکە کرا کە ناوچەیەکی بەرفراوان لە قەندیلەوە تاکو حەوزی بیتوێن بخرێتە ژێر قەڵەمڕەوییان بە مەرجی بەردەوامیدان بە شەڕ دژی پارتی. پاشتریش ھاوپەیمانییەکی ئاشکرا بە ناوی ھاوپەیمانی دیموکراتی کوردستان راگەیەندرا کە یەکێتی و سۆسیالیست و زەحمەتکێشان و پارێزگاران و دیموکراسیخوازان و پەکەکەش لەودیو پەردەوە بوونە ھاوپەیمانی یەکتر بۆ شەڕ دژی پارتی.
ساڵی ١٩٩٦ یەکێتی ویستی پارتی بخاتە ئەودیو زێی بادینانەوە، ھێزێکی چەند سەد کەسی لە ئێرانەوە برد بۆ پشتگرتن لە پارتی کە یەکێک لەو فەرماندانە ھاوڕێیەکی باوکم بوو بە ناوی ملازم محەمەد قەرەچەتانی “ھەڵبەت ملازمی کۆنی سوپای عێراق بوو، ھەر لەو کارەساتەدا شوێن بزربوو”. لە سلێمانیشەوە سوپای پاسداران تا کۆیە و سەر بارەگاکانی حزبی دیموکرات لەشکرکێشی کرد، پارتی لەوە بێ تواناتر بوو بتوانێت شەڕی یەکێتی و ھاوپەیمانەکانی بکات، لە بەرانبەردا لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دەستی سوپای عێراقی گرت بۆ ناو ھەولێر و بە دەبابەی بەعس یەکێتی لە ھەولێر ھەڵقەند، پاشتر زۆرێک لە ئۆپۆزیسیۆنی شیعەی عێراق بە دیل گیران و برانەوە بەغداد و لەناو بران. دواتر پارتی سوودی لەو شکستەی یەکێتی وەرگرت تاکو مەرزی ئێران یەکێتی ھەڵقەند، بۆ ماوەیەکی کاتی سلێمانی کەوتە دەست پارتی، بەڵام پارتی ھەروەک ئەوەی ئێستا حەشد دەیکات لە کەرکوک کەوتە رەشبگیریی گەنجان و بڵاوەپێکردنی کۆبوونەوەی گەنجان لە گازینۆ و گەڕەکەکاندا بە زەبری ھێز.
دوای چل رۆژ یەکێتی بە پاڵشتی ئێران سلێمانی گرتەوە و پارتیش بە پاڵشتی تورکیا ھێرشەکانی یەکێتی بۆ گرتنەوەی ھەولێر تێکشکاند. تاکو ئەمجارە ھێزێکی تورکی “PMF” بە سەرکردایەتی جەنراڵ کاپڵان بوونە دیواری دێگەڵە بۆ جیاکردنەوەی قەڵەمڕەوی ھەر یەک لە پارتی و یەکێتی. ئەمە رووماڵێکی گشتیی بوو لە باری سیاسییەوە. لە باری ئابوورییەوە ھەژارییەکی زۆر، بێکارییەکی کوشندە، ھەرەسھێنانی چینی ناوەند و بۆرجوا زۆر بە خێرایی تاوی دەسەند، لە رووی کۆمەڵایەتییەوە بەشێوەیەکی گشتیی خەڵک روویان کردە مەزھەب و ئاینگەرایی بەمەش پێگەی حزبە ئیسلامییەکان بەھێزتر بوو، ھەر لەم دۆخەدا بوو یەکگرتووی ئیسلامی توانی لەماوەی چوار پێنج ساڵدا لەچەند سەد کەسێکەوە ببێتە چەند سەد ھەزارێک. جیا لەمەش ژنکوژیی و سەرکوتی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و مافە تاکەکەسی و سەرەتاییەکانی تاک،ـ دیمەنێکی ھەمەڕۆژی شانۆی کۆمەڵایەتی بوو. دەتوانم بڵێم ھەموو ئاوازەکان ببوونە ئاوازی شەڕ و ھاواری برسێتی، ھێزە بۆرژوازییەکان ھەروەک ئێستا ھەریەک بە ئەندازە و قەبارەی خۆی چاوی لە کێکی دەسەڵات و ئیمتیازاتی وڵاتەکە بوو. لەم نێوەندەدا ئەوەی ھەبوو جیاوازتر لەوان تەنیا چەپەکان بوون، حزبی شیوعی بێلایەن وەستابوو بەڵکو لە سلێمانی یەکێتی و لە ھەولێر پارتی بوون، ئەوەی دەمایەوە تەنیا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بە نزیکی ھەزار ئەندامێکەوە، بەڵام ئەم حزبە دووجار تا ئەو سەروەختە “١٩٩٩” دووچاری ئینشقاق ببوو، لەوە سامناکتر حزبی کۆمۆنیستیش ھێزێکی کاریگەر نەبوو بە زۆر ھۆ کە لە کتێبی “تێزەکان دەربارەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی” لە دوو سەد لاپەڕەدا ھەموو رەھەندەکانیم شی کردۆتەوە.
ئێمە لەو سەروەختەدا “شوباتی ساڵی ١٩٩٩” کۆمەڵێک گەنج بووین کە بیرمان لە پارادیمێکی تری کارکردن و حزبێکی شۆڕشگێڕی چەپ دەکردەوە، چونکە پێمانوابوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی حزبێکە لۆمپنیزمی سیاسیی دایپۆشیوە و دەست و پێ سپیترە لەوەی ئەرکی گەورە لە ئەستۆ بگرێت، زیاتر حزبی راگەیاندن بوو، نەک کار و کردەوەی مەیدانی، ھەروەک ئەمە سروشتی ھەمان ئەو ئۆپۆزیسیۆنە بۆرجوازییەیە ھەنووکە لافی بەرھەڵستکاریی دەسەڵات لێ دەدات. ئێمە وەک ئەو کۆمەڵە گەنجە بەشێوەی تاک تاک و کۆ کەوتینە گفتوگۆی ئەو پرسیارەی کاتی خۆی لینین کردی “چی بکرێت؟”. ئێمەیەک تەمەنی ھیچکاممان نەگەیشتبووە سی ساڵ لەو کاتەدا، ئەرکێکی قورسمان لەسەر شانی خۆمان دانا. ھەڵبەتە پێکھاتەی گروپەکە دوو فۆرمی جیاواز بووین، ھەندێک خوێنەوار و کەسی سیکۆلاستیکی “مەکتەبی” لەگەڵ ھەندێک کادری مەیدانی و تەنانەت سەربازییش.
کۆبوونەوەی یەکەممان لە شەوێکی بەھاردا لە مانگی ئازاری ١٩٩٩ لە ناو حامیە کرد “پارکی ئازادی ئێستا” ئەوانەی لەوێ ئامادەبووین یانزە کەس بووین، ھەموو ناوەکانم لە یادە کە بریتیبوو لە ھاوڕێیان “ئاراس عەلی، محەمەد عەدنان، یوسف ئابڵاخی، نەوشیروان محەمەد، خالید ئەژی، بەھادینە سوور، مامۆستا حەسەن، کوردۆ فایەق، دانای عێزەت، عەباس حەسەن، ستیڤان ئەحمەد”. زیاتر لە چوار کاتژمێر جەدەل و گفتوگۆمان کرد، دوو رای پێچەوانە ھاتنە ئارا، یەکەمیان کە زۆرینە بوون پێداگرییان دەکرد لە ماوەیەکی پێوانەییدا چەند سەد کەسێک چەکدار بکەین و بانگەوازی شۆڕش بکەین، بەوەش ھێزی ناڕازی بێ ئومێد دێنە پشتمان، رای دووەم کە بۆچوونی محەمەد عەدنان و من بوو، پێمانوابوو خەباتی چەکداریی مۆدیل گیڤارایی بۆ ئەم دۆخە ئەستەمە، بەڵکو پێویستیمان بە دروستکردنی کادری چەپ و کۆمۆنیستی بەرچاو رۆشنە کە بتوانێت وەک ئەکتیڤیستی کۆمەڵایەتی لە شارەکانەوە کار بۆ خرۆشانی جەماوەریی بکات نەک لە چیاکانەوە جاڕی شۆڕش بدات، بیرمە من وتەیەکی لینینم بیر ھێنایەوە “ھیچ پراکتیکێکی شۆڕشگێڕانە ھەبوونی نییە، بەبێ ھەبوونی تیۆرێکی شۆڕشگێڕانە”. ئەوانەشی زیاتر لەگەڵ میکانیزمی سەربازیی بوون زیاتر یوسف ئابڵاخی و بەھادین و خالید ئەژی و نەوشیروان بوون.
چەند رۆژێک پاشتر کە ھاتە سەرەتای مانگی چواری ١٩٩٩، لەگەڵ خالید و یوسف دانیشتین لەناو بارەگای کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیست “ئێمە ھەرسێکمان کادری حزب بووین” بۆچوونەکانمان لە یەکتر نزیکتر بووەوە، بڕیاری کۆبوونەوەیەکی ترمان دا، دوو شەو دواتر ھەر لە حامیە کۆبووینەوە و ئەمجارە ژمارەمان کەمتر بوو، بەڵام کاتێکی ئێجگار زۆر سەرقاڵی گفتوگۆ بووین کە گەیشتبووە نزیکی کاتژمێر یەکی نیوەشەو، بۆیە چاودێریی کرابووین و مەفرەزەیەکی ئاسایش ھاتنە سەرمان، ئێمەش ئەوانمان بینی خێرا خۆمان کۆکردەوە بەرەو خوار بە ئاڕاستەی ئەمنە سوورەکە ھاتین، چونکە ماڵی زۆرینەمان لەو ئاڕاستەیەوە نزیکتر بوو، ئاسایشەکان ھاواریان کرد بەسەرماندا نەوەستاین، چوون ئەگەر کاغەز و بەڵگەنامەکان بکەوتبایە دەستیان بێ شک ھەر لەوێدا گوللەبارانیان دەکردین، بۆیە دەستمان کرد بە راکردن بێ ئەوەی یەکتر بزر بکەین و ئەوانیش تەقەیان دەکرد، خالید ئەژی کە شارەزای شەڕ و تەقەکردن بوو، وتی بەردەوام رابکەن با نەگیرێین تەقەکانیان بۆ ئاسمانە، ئیدی بە ھەر شێوەیەک بوو، بێ ئەوەی کەسمان بگیرێت یان بناسرێتەوە خۆمان دەرباز کرد.
ئەوە بوو لە رۆژی ١٠-٤-١٩٩٩دا ئەمە محەمەد عەدنان و خالید ئەژی و بەھادینە سوور و من لە باخی گشتیی کۆبووینەوە، ناوێکمان ھەڵبژارد بۆ جوڵانەوە نوێیەکە “پارتی چەپی شۆڕشگێڕی کوردستان”. ھەر لەوێ کڵێشە سەرەتاییەکانی پەیڕەو و پرۆگراممان بەدەستوخەت نوسییەوە و کاتمان دیاری کرد بۆ مناقەشەکردنی فراوان لەسەری. پاش ھەفتەیەک بە ئامادەبوونی نزیکەی پەنجا کەس لە باخچەی پشتەوەی کتێبخانەی گشتیی سلێمانی کۆبووینەوە، لە سەرەتاوە ھەستمان دەکرد چاودێریی ورد دەکرێین، بەڵام ئێمە گوێمان پێنەدا چونکە ژمارەی تەشکیلاتمان گەیشتبووە چەند سەد کەسێک و سنووری سلێمانیشی تێپەڕاندبوو، بەڵام چەقی کارەکە لەناو سلێمانی بوو. کۆبوونەوەکە تێروتەسەل بوو، بڕیاردرا خەباتی چەکداریی دەستپێبکەین و تەنانەت شوێنیان ھەڵبژارد بۆ دەستپێکردن ئەویش لە چەمی رەزانەوە بوو، تاکو ئەوەی یوسف کردی بە جوک و گووتی ئێمەش لە چەمی رەزانەوە دەست دەکەین بە لەناوبردنیان چۆن ئەوانیش لە سەرەتاوە لەو چەمەوە دەستیان پێکرد “مەبەستی دروستبوونی پێشمەرگە بوو لە ساڵی ١٩٦١ لە چەمی رەزان کە زۆرجاریش دەوترێ چەمی رێزان”.
یەکێتی و دەزگای زانیاریی بەتەواوەتی کەوتنە کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەرمان، بەڵام ھیچ خەتمایلێکیان نەبوو لەناوماندا بۆیە نەیانتوانی ھیچ بکەن. ھەتا بیرمە جارێک پۆلیسێکی کەرتی رزگاری بەناوی “ئا” خۆی نزیک کردەوە لە من و دەیوت بکەمە بە کۆمۆنیست، لە ئەرکەکەی تێگەیشتبووم و چوومە ماڵەوە چەند کتێبێکی زۆر وشکی مارکس و ئەنگلزم بۆ ھێنا، وتم فەرموو لە رێی ئەم کتێبانەوە ببە بە کۆمۆنیست، یان بچۆ کارگەریەک کار بکە و زەحمەت بکێشە تاکو بزانیت ئەم تیۆرییانە باس لە چی واقیعێک دەکەن. کابراش چەند ھەوڵیدا ھیچی لێ سەوز نەکرد بەڵکو ھەڵەیان کردبوو کە منیان ھەڵبژاردبوو، چونکە ھەموو ھاوڕێیانی ترم لەو سیخوڕە ئاگادار کردبووەوە، لە راستیدا ئیسلامییەکان و یەکێتی بە خوێنی سەرم تینوو بوون، چونکە توانیم چەندان گەنجی سەلەفی و ئیخوانیی بکەمە کۆمۆنیستی رادیکاڵ، تەنانەت دواتر کە جارێک “فەلاح ئەحمەد” دەستگیرکرابوو لە ئاسایشی یەکێتی و وتبوویان کێ بەرپرسی سلێمانی خوێندکارانە “یەکێتی خوێندکاران و لاوانی ئازاد، رێکخراوی لاوان و خوێندکارانی حزبی کۆمۆنیست بوو” ئەویش لە وەڵامدا ناوی منی گوتبوو. ئەفسەرەکەش سەری بادابوو، وتبووی ستیڤان، ئای ستیڤان. دواتریش ئیسلامییەکان بە چەقۆ ھێرشیان کردە سەرم و یەکێتیش ئەشکەنجەی زۆری کردم لەم شوێنانە: ئاسایشی سلێمانی، بنکەی ئاسایشی رزگاری، بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
دواجاریش ئەوەبوو شەوێک لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران، دوو ئۆتۆمبیلی پڕ چەکداری ئاسایشی یەکێتی ھەڵیانکوتایە سەر ماڵی خالید ئەژی لە گەڕەکی کارەباکەی سلێمانی. لەو کاتەدا منیش لە ماڵیان بووم لەگەڵ شەش گەریلای دابڕاو لە پەکەکە کە سەرجەمیان کورد باکوور بوون جگە لە یەکێکیان کە ناوی “سەربەست” بوو کوردی رۆژئاوا بوو، بڕیاربوو ئەمانیش لەگەڵ ئێمە بن و مەشقی سەربازیی و شێوازی شەڕی پارتیزانی فێری ھەڤاڵانمان بکەن، بەھەرحاڵ دایکی خالید ھاواری کرد ئاسایش ھاتە سەرمان، ئێمەش لە نھۆمی دووەمی ماڵەکە بووین و خێرا ھەر کەسە پەلاماری چەکی خۆی دا، بەڵام کاک “خەلیل” برا گەورەی خالید پێش ھەموومان کڵاشینکۆفێکی ئاڕبیکەی چەقاند لەسەر ستارەی ماڵەکە و ھاواری کرد وەرن ئەگەر مەرد و ئازان، بە قەبری مارکس “کاک خەلیل کۆمۆنیست نەبوو،ـ بەڵام دۆستمان بوو” ناھێڵم کەس بە زیندوویی پێ بخاتە حەوشەکەوە، لە قاتی خوارەوەش کاک “جەمال”ی رەوانشادی باوکی خالید بە بیکەسی وەستابوو، ھێزەکەی ئاسایش کە زانییان چەکی باشمان لایە و ژمارەشمان زۆرە، وتیان تەنیا “خالید”مان ئەوێ، کاک جەمال وتی ئێوە بڕۆن بەڵێن بێت خۆم دەیھێنم بۆ لای ئێوە پاش یەک سەعات، ئاسایشەکان دەیانزانی کاک جەمال خاوەنی قسەی خۆیەتی و خۆیشی ھەر یەکێتی بوو، بۆیە گەڕانەوە، لەو کاتەدا ھەڤاڵە گەریلاکانم لەگەڵ خۆم برد بۆ گەڕەکی ئابڵاخ و بۆ ماڵی یوسف لەوێ خۆیان شاردەوە تاکو بزانین چی روودەدات؟، پاشتر چوومە ماڵەوە. ئەوسا خەڵک لەسەربان دەنوستن چوومە نھۆمی سێھەمی ماڵی خۆمان نوستم بەڵام چەکەکەم کە دەمانچەیەکی تارق بوو ھەر لە ناو دەستما بوو، تەنانەت فیشەکیشی لەبەر بوو، ھەر سەیر بوو لەکاتی خەودا نەمتەقاندبوو بە خۆمدا.
خالید و باوکی ھەر ئەو شەوە چووبوونە ئاسایش، لەوێ خالیدیان رەوانەی دەزگای زانیاریی کردبوو لە قەلاچوالان و ئەشکەنجەیان کردبوو، بەڵام کاک جەمال کە پیاوێکی کۆمەڵایەتی بوو، توانی بە پەیوەندیی خۆی لە زیندان دەریبھێنێت، کە ئازاد کرا من چوومە سەردانی، کاک جەمال وتی: کوڕم ئێوە بەردێکی گەورەتان ھەڵگرتووە، خۆ من تا دوا قەترە خوێنم دیفاعم لێ دەکردن، بەڵام ئەم کارەتان سەرئێشەی بەدواوەیە. دواتر ژوورێکی ماڵەکەی خۆیانی نیشاندام دەتووت جبەخانەیە، چیم بینی؟ ھاوەن و دەیان گووللە، ئاڕبیچی و دەیان گووللە، بیکەسی، چەندان کەپس فیشەکی بیکەسی، زیاتر لە پانزە کڵاشینکۆف، جگە لەو چەکانەی بە ھەڤاڵە گەریلاکان بوو. ئەمان بنەماڵەیەکی چەکدار و عەشائیر بوون، بۆیە بۆ دەسەڵاتیش ئاسایی بوو چەکی قورستریش لە ماڵیاندا بێت. دواتر یەکێک لە ھاوڕێکانی ترمان دەستگیرکرا و لە ژێر ئەشکەنجەدا ھەموو شتێکی درکاندبوو. بۆیە تاکو ماوەیەک چووینە قۆناغی خۆ شاردنەوە، بەڵام شێوازێکی رێکخستنمان دروستکردبوو، کە ھەر کەسێک لە پێنج کەس زیاتر نەناسێ بۆ کاتێکی لەو چەشنەی دەستگیرکردن دێتە پێشەوە، بەڵام ئێمە خاوەنانی بیرۆکەکە نزیکەی پانزە کەس بووین ھەموومان ئاگامان لە خوارەوە ھەبوو، بۆیە ئەگەر یەکێک لە ئێمە بگیرابایە و ئیعترافی بکردبا بێگومان بە ئاسانیی تێنەدەپەڕی.
دوای ئەمە ھەندێک لە ھاوڕێیان ساردبوونەوە لە شێوازی کاری شەڕی پارتیزانی، ئەمەش دڵخوازی ئێمە بوو، یەکێک لەو کەسانەی زۆر سوور بوو لەسەر شۆڕشی چەکداریی بەھادینە سوور بوو، ئەویش دڵسارد ببوو. بەھادین لە ئێمە بەتەمەنتر بوو، وا بزانم یەکێک لەو ھاوڕێ دەگمەنانەی ناو ئێمە بوو، ھاوسەری ھەبوو، بەڵام بیرمە لە پیاسەیەکی شەوان لە گەڕەکی رزگاری نزیک عیمارە عەتار، بەرەو لای مەڵبەندی یەکێتی سەردەکەوتین وتی کاکە من ھەر ئەمشەو چەک ھەڵدەگرم و دوانزە مەخزەن لە خۆم دەبەستم و پێنج رومانەشم ھەیە لەسەر چی وەستاون ئێوە؟ وتم ھاوڕێ قۆناغەکە ئەوە دەخوازێت لەناو شارەکاندا کار بکەین، ئەو شیعرێکی قانعی کرد بەسەر بابەتەکەدا و حەماسەتی فڕی بوو، بەو ھۆیەشی ھەموو دیوانی “قانع”ی لەبەربوو ناوە نھێنییەکەیمان کردبوو بە مامۆستا قانع. ھەر ئەم بەھادینە زۆر ساردبووەوە، بەڵام ساردبوونەوەکەی بەشێوەیەک بوو بڕوای بە کاری رۆشنگەریی و فیکریی نەبوو، بۆیەکا لە ھەنگاوەکانی دواتر لەگەڵمان نەبوو، دەستی کردەوە بە کرێکاریی خۆی.
بە حوکمی ئەوەی زۆربەمان گەنج و کەم ئەزموون بووین، بەشێکیش کەوتنە ژێر باری ترس و تۆقاندنی دەسەڵات شیرازی رێکخراوەکە تێکچوو، ھەندێک بە کەمتر لە شۆڕش رازی نەبوون، ھەندێکی تر وازیان ھێنا و سەری خۆیان ھەڵگرت بۆ ئەوروپا، بەڵام دەستەی یەکەمی کارەکە بە جیاوازیی بیروبۆچوونیشەوە لە دەوری یەکتر ماینەوە، تاکەکەسێکی زۆر ئەکتیڤ سڵی لە وشەی کۆمۆنیستبوون دەکردەوە “محەمەد عەدنان” بوو ئەو زیاتر چەپێکی نەتەوەیی و لە سەرەتاشەوە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی ئیشەکە بوو، ھەموو ئەمانە بوونە ھۆکارێک کە جارێکی تر بگەڕێینەوە سەر گفتوگۆ و جەدەلی زیاتر، بێ دەستبەرداربوون لەو بیرۆکەیەی دەبێت ئەو بۆشاییە ھێزێکی چەپ پڕی بکاتەوە، ھەوڵەکانمان چڕ کردەوە بۆ ھەندێک بابەتی تیۆریی و توێژینەوە، ئەوەی پێشنیار کرا ئەمجارە گۆڕینی ناوەکە بوو بۆ “پارتی چەپی دیموکرات” ئەمەش ئەو ھەڤاڵانەی پێشووی پەکەکەی نیگەران کرد بوو بەو پێیەی ناوی ھەمان پارتی فەرمانڕەوای ئەوسای تورکیا بوو، من یەکێک بووم دژی ئەو ناوە بووم. ھەریەک لە نەوشیروان و یوسف بڕیاریان دا بڕۆنە ئەوروپا و ھەرواشیان کرد لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٠دا، م.حەسەن گەڕایەوە لای ھاوڕێی گیانبەختکردوو فەرھاد فەرەج کە رێکخراوێکی کۆمۆنیستی بچووکیان ھەبوو لەگەڵ رۆژنامەیەک بەناوی “پەیڕەو”، لە ئاکامیشدا لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٩ ھاوڕێ فەرھاد لە ماڵەکەی خۆیدا تیرۆرکرا، دواتریش کەسێکی نێو تەشکیلاتی ئێمە بە ناوی “ئەردەڵان” بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆرکرا لە شارەزوور. منیش بە چەقۆ لێمدرا لەلایەن گروپێکی سەر بە مەلا کرێکار کە ئەوسا پێیاندەوترا “ئیسڵاح” بە سەرپەرشتی فەرھەنگ نامۆ.
من و کوردۆ و محەمەد عەدنان و چەند ھاوڕێیەکی تر بەردەوام بووین لەسەر پارتی چەپی دیموکرات تاکو خەتمایلێک ھەموو شتێکی ئاشکرا کردین، کوردۆ ھەڵات و لە رۆما بن ئۆتۆمبیل کەوت و گیانی سپارد. ئەمە بە تایبەت دوای دەرھێنانی شانۆگەریی “بازاڕی گوڵفرۆشی” کە لە رۆژی کۆتایی نمایشدا ئاسایش چوونە سەر ھۆڵەکە و شانۆگەرییەکەیان راگرت، کوردۆ و چەند ئەکتەرێکی تریشیان برد بۆ زیندان تاکو سێ رۆژ، بەدوای منیشدا گەڕابوون وەک نووسەری دەقی شانۆگەرییەکە. بەھەرحاڵ محەمەد عەدنان ھەر خۆی تاک مایەوە لە حزبەکەدا، ئەویش ناچاربوو دەست ھەڵبگرێت و کۆتایی حزبەکە بەمشێوەیە بوو کە نەیتوانی ھیچ بکات بەڵکو توشی نائومێدییەکی گەورەشی کردین، بەو ھۆیەی تەنانەت حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش دژایەتی دەکردین، کە من تا ئەو ساتەوەختە و چەند ساڵ دواتریش ھەر وەک کادری ئەو حزبە بەردەوام بووم، کەم ئەزموونی و نەخەمڵینی بارودۆخەکە وایانکرد پڕۆژەکە جێی خۆی نەکاتەوە لە واقیعی حاڵدا، ھەرچەند دواتر من و حەمە لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٠ لە ھەوڵێکی تردا یەکمانگرتەوە ئەویش ھەوڵی دامەزراندنی “پارتی چەپی نەتەوەیی” بوو، ھەرچەند ئەم پارتە تەنیا وەک بیرۆکە مایەوە، بەڵام ئەمیش چیرۆکێکی خۆشی خۆی ھەیە و لە داھاتوودا دەگەڕێمەوە سەری.
لێرەدا پێم خۆشە پێش ئەوەی ستراتیجی پارتی چەپی شۆڕشگێڕ روون بکەمەوە، ناوی ئەو ئەکتەرە سەرەکیانە بیر بھێنمەوە کە بوونە ھەوێنی ئیشەکە. ١-محەمەد عەدنان ناوی نھێنی حەمە بوو ئێستا لە نیوزلەندا دەژی. ٢-ئاراس عەلی ئێستا ھەر لە سلێمانی دەژی. ٣- بەھادین قادر ناوی نھێنی مامۆستا قانع بوو لە سلێمانی دەژی. ٤- نەوشیروان محەمەد ناوی نھێنی ھاوڕێ نەوە بوو.. ٥- یوسف رەزا ناوی نھێنی کوڕە ئابڵاخی بوو. ٦- کوردۆ فایەق ناوی نھێنی فەتاح بوو ساڵی ٢٠٠٠ لە رۆما گیانی سپارد. ٧-ئاسۆ کانێسکانی ناوی نھێنی جوتیار بوو. ٨-ستیڤان ئەحمەد ناوی نھێنی کاروان فوئاد بوو “خۆم”. ٩- خالید جەمال ناوی نھێنی ئەژی بوو لە سلێمانی دەژی ئێستا. ١٠-حەسەن شێخ کەریم ناوی نھێنی ھاوڕێ کاوە بوو.
ئامانجەکان یان ستراتیژی سەرەکیی پارتی چەپی شۆڕشگێڕ دەکرێت لەم خاڵانەدا کورت بکرێتەوە:
١- رووخاندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە رێگەی شورای گەڕەک و شوێنکارەوە.
٢- ھەوڵدان بۆ چەسپاندنی سەربەخۆیی کوردستان بەھەر میکانیزم و رێگەیەکی گونجاو بێت بەتایبەت لە رێی ریفراندۆمەوە.
٣- گۆڕینی سەرجەم یاساکانی وڵات کە یاساکانی زەمانی سەدام بوون بە یاسای نوێ و مرۆڤدۆستانە.
٤- ھەڵمەتێکی خێرا بۆ خوێندەوارکردن و بوژانەوەی ژیانی ئابووری و گۆڕینی سیستمی پەروەردە.
٥- ئامادەسازیی بۆ بیناکردنی دەوڵەتێکی محەلی سۆسیالیستی و پراکتیزەی ئابووری سۆسیالیستی تیایدا.
٦-بە گشتیکردنی کەرتەکانی خوێندن و کارگەگان و پڕۆژە گەورەکان لە ھەنگاوی یەکەمدا.
٧-جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت و پارێزبەندیی بۆ پەیڕەوانی ھەر ئاین و ئاینزایەک بێ جیاوازیی.
٨-چەسپاندنی یەکسانی ژن و پیاو بە پێی یاسایەکی روون و کۆنکرێت.
٩-ئامادەسازیی بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی سکۆلار و پێشکەوتوو بۆ ھەرێمی کوردستان.
١٠-ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو ئەو پڕۆژانەی حزبە ناسیۆنالیستەکان بۆ کۆتکردنی کۆمەڵانی خەڵک دروستیان کردبوو. لەوانە گۆڕینی ملیشیای حزبی بۆ ھێزێکی یاسایی پارێزەری قەوارەی کوردستان.
پاش دە ساڵ لەم حزبە دروست نەبووەی ئێمە، گۆڕان ھەستا بە جووینەوەی ئەم پلاتفۆرمە سیاسییەی کۆمۆنیستەکان کە پێشتریش شوراکان و رەوتی کۆمۆنیست و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش تەرحیان کردبوو بە شێوە و ئاستی جیا، بەڵام چەپەکان خرانە ئەودیوی گەمەکە، خەڵک گرەویان لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان دەکرد و ھێلکەکانی خۆیان خستە سەبەتەی نەوشیروانەوە بۆ بەدیھێنانی ئەو خواستانە، بەڵام دوای ھەشت ساڵ لە تەمەنی گۆڕان روونی بۆ ھەموو لایەک دەرکەوت گۆڕان ھەر ئەوەبوو ئێمەی کۆمۆنیستەکان لە سەرەتاوە پێمانوابوو ھێلکەیەکی پیسە و درێژەپێدەری ھەمان ئەو سیستمە باڵادەستە بۆرجوازییەیە کە حزبەکانی دەسەڵاتی لەسەر دامەزراوە.
ئێستا کۆمەڵگەی کوردستان گەڕاوەتەوە چوارگۆشەی یەکەم و ھەمان بارودۆخی سیاسیی و ئابووری ساڵانی نەوەدەکان، تاکە شانس بۆ چەپەکان و بۆ خەڵکیش ھاتنە ئارای ھێزێکی چەپی نوێی رادیکاڵە بێ ئەمە نە ھیچ گۆڕانێک روودەدات کە شیاوی باس بێت نە ئیتر چەپ دەتوانێت دەور و نەخشێکی ھەبێت لە کۆمەڵگەدا تا دەورانێکی دوورتر کە دیار نییە کەنگێیە. ئەمڕۆ رۆژی چەپێکی نوێیە “مەبەست تەنیا ئەو رەوتە نییە لە ژێر ناوی چەپی نوێ خۆیان مانیفێست کردووە”. ئەگەر چەپ و کۆمۆنیستەکان کەڵک لەم دەرفەتە وەرنەگرن دەبێت فاتیحا لەسەر گۆڕی خۆیان بخوێنن، ئەگەریش کۆمەڵگە لە کاتی ھەبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی بەھێزی چەپدا خۆشخەیاڵ بێت بە گۆڕان و ئیسلامییەکان، نەک لە دۆخی ناھەمواری ئێستادا دەمێنێتەوە بەڵکو بژاردەکە خۆی سەپاندوویەتی بەسەر خۆیدا. حیکمەتی گێڕانەوەی ئەم ھەقایەتە تەنیا بۆ ئەوەیە بڵێم کات بۆ چەپەکان ماوە، بەڵام چۆن و کێ؟ ھیچ نابینرێ لە ئاسۆدا.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالژیا لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە ٥٤٣-٥٥٣ بەشێوەی کاغەز بڵاوبووتەوە.




پەیژەیەکم دەوێت پێیدا بڕۆمە خوارەوە بۆ دوێنێ.. دەقی واڵا: ستیڤان شەمزینی

سەیر ونبووم
لە گێژاوی نوستالیژیادا
غەرقی شێی دوێنێم
ھەزاران جار ئەمڕۆ دەکەمە
قوربانی تەمی پێرێ
ھێشتا وەک مەیتێکی بۆنکردوو
لە کۆڵانەکانی شارێکی بێ ناز کەوتووم
ناتوانم بەسەر پردی ئێستادا
بپەڕمەوە رۆخی داھاتوو
بەسەر قادرمەیەکی پێچەوانەوە
ھەنگاو ھەنگاو
سەر بەرەو خوار رێ دەکەم
بۆ ناو ستیانی یادەوەریی و
ژێرزەمینی گەمەکانی منداڵی
جاڕسم لە دێوەزمەی ئەم ھەموو بەرقە
شەڕی من لەگەڵ ئەلکتریکە
دەمەوێ وەک جاران
لەبەر شەوقی چرا
وەزیفەی وانەکانی قوتابخانە بنووسمەوە
ئای ئەمڕۆ چەندێک سەرشۆڕە
بە بەراوورد بە ویقاری دوێنێ
ئای ئەمڕۆ چەند تیژتێپەڕە
بە بەراوورد خاوخلیچکی دوێنێ
کە بەسەر پشتی کیسەڵەوە رێی دەکرد
گوێیەکانم ئیلتھاب دەکەن
بە بیستنی گۆرانییە قۆڕەکانی ئەمڕۆ
لە نێو نوێنی قەتار و ھۆرەدا نوستووم
دەھری دەبم بە دەنگی دی جەی
فێرم بۆ چێژی سترانێک
گوێ بنێم
بە رادیۆیەکی قیسارەی کۆنەوە
کە خشەخش
دەبێتە بەشێک لە موزیکەکەی
کینەم بەرامبەر ھەر شتێکە
سەر بە رۆژگاری ئەمڕۆ بێت
عاشقی تاڵترین رۆژانی دوێنێم
ھیچ پڕۆژەیەکم نییە بۆ ئایندە
پلانم ھەیە بە سواری فڕۆکەیەکی کۆن
بگەڕێمە سەردەمی زێڕینی جاران
ئای چەند حەز دەکەم
بۆ چەند چرکەیەک کات بکەوێتە
ژێر رکێفی ویستەکانمەوە
ئەوسا ملی زەمەن بەرەو دوا بادەدەم
میلی کاتژمێرەکان
بە پێچەوانەوە دەبزوێنم
تا دەگاتە سەروەختی چاوشارکێم
لە گەڕەکێکی پەڕاوێزخراوی شاردا
تەمەنی ساڵەکان درێژ دەکەمەوە
رەنگە عومری ھەر ساڵێکی منداڵی
بگەیەنمە تەمەنی ساڵێکی رووناکی
ھەر ساڵێکی گەنجیش بکەمە
ھێندەی تەمەنی کورتی نوح
ئای چەند نیگەرانم
ماڵت بە قوڕ بگیرێ دیموکرتیس
چەند بێ ویژدانانە فێرت کردین
ناتوانین دوو جار لە ئاوی رووبارێکدا
تێر بە کامی دڵ مەلە بکەین
ھەنووکە ددان بە خودایەکدا دەنێم
دەسەڵاتی ھەبێت لە ٢٠٢٠ەوە
زەمەن بەرەو خوارەوە بگێڕێتەوە
ئاڕاستەی ساڵەکان پێچەوانە بکاتەوە
کۆتایی بەپێشڤەچوونی مێژوو بھێنێت
ئەمە کاری خوایەتییە لە ئەمڕۆدا
ئاخر من نامەوێت
لەمەوپاش ببینم
ناشخوازم بمرم
دەمەوێت بچمەوە
ناو قۆزاخەی رابردوو
لەوێ لە بری سمارت فۆن
دوو قاپی بەتاڵی ئایس کرێم
بکەمە تەلەفۆنێکی وەھمی
لە جیاتی تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی ئینتەرنێت و
بچووکبوونەوەی دنیا بۆ گوندێک
بە ھێزی خەیاڵ گەشت بکەم
ئەو باوەڕەم بۆ بگەڕێتەوە
ئەم دنیایە زۆر لەوە گەورەترە
ئەمڕۆ مرۆڤ بچووکی کردۆتەوە
ھیچ کات
تەڵیسمی جوگرافیا ناکەمەوە
بە نێو داھاتوودا گەشت ناکەم
بەڵێن دەدەم
ھەر لە شوێنی خۆم بمێنمەوە
ھەر لەوێ لە حەوشەی ماڵی دوێنێ
کەڕوو بکەم
خودایەکم دەوێت
دەسەڵاتی بەسەر زەمەندا بشکێت
دوو دڵ نەبێت لە پێچانەوەی ئەمڕۆ
بۆ نێو باوەشی گەرمی دوێنێ
من خودایەکی ئاوھام دەوێت

کۆتایی ئۆگەستی ٢٠١٩
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

ئەم تێکستە لەناو تەوالێتدا نووسراوە، ئەو دیمەنە درۆزنانەی بە فەزای شاعیریی ناسراوە بۆ من وا نەبووە، ھیچ کات لە نێوان مۆم و لە باڵکۆنی ماڵێکی ئارامەوە ھیچم نەنوسیوە، من زیاتر لە نەخۆشخانە و تەوالێتدا دەنووسم




گفتوگۆ لەگەڵ ستیڤان شەمزینی.. ئامادەکردن: لیزا محەمەد

(ئێمە ئەو نەوەیەی مەحکوم کراین بە رەشبینی..) ستیڤان شەمزینی

لیزا: وەک رۆژنامەنووسێک سەرەتا دەمەوێت بپرسم لە ھەنووکەدا کێشە و رەوشی رۆژنامەوانی کوردیی دوای سەد و بیست ساڵ تەمەن چۆن دەبینیت؟. قسەت لەسەر شێوازی کاری میدیایی چییە لەم بارودۆخەدا؟.

ستیڤان شەمزینی: جیھانی رۆژنامەوانی کوردیی جیھانێکی پڕ ئیشکالییەت و ئاڵۆزییە، بۆ ئەوەشی بتوانین قسەی لەسەر بکەین، ھەم پێویستمان بە رووبەرێکی فراوانترە لە دیمانەیەک، ھەم بابەتەکە پێویستی بە وردبوونەوە و داتا و شرۆڤەی تیۆرییە. ئەوەی لێرەدا دەکرێت ئێمە لەسەر ئەم تێمایە قسە بکەین، ئەوەیە: رەوشی رۆژنامەوانی کوردیی بە بەراوورد بە تەمەنی خۆی “١٢٠ ساڵ” رۆژنامەوانییەکی پاشکەوتوو و بەجێماوە، شایانی بەراوورد نییە تەنانەت بە رۆژنامەوانی عەرەبیی!! کە من پێموایە رۆژنامەوانی عەرەبیش رۆژنامەوانییەکی دواکەوتووخوازە و تاکو ئەندازەیەکی زۆریش بە جێماوە لەو گەشەکردنە خێرایەی فۆرمی رۆژنامەوانی خۆرئاوایی بە تایبەت لە قۆناغی دوای کۆتاییھاتنی جەنگی سارد و خێرا بەستنەوەی جیھان بە یەکترەوە و بچووکبوونەوەی دنیا بۆ ئاستی گوندێک. لەم گوندە بچووکە جیھانییەدا رۆژنامەوانی کوردیی “بە تایبەت باشوور” پاشکۆی رۆژنامەوانی عەرەبییە لە رووی جیھانبینی و فۆرمەوە، رۆژنامەوانی عەرەبیش ھەروەک وتم رۆژنامەوانییەکی ئیفلیج و لەنگە بە پێی ستاندارە ئەکادیمییەکانی کاری رۆژنامەوانی.
لە ستروکتۆرەوە کاری رۆژنامەوانی مامەڵەیە لەگەڵ رووداو یان ھەواڵ، ئەو شەش رەگەزە سەرەکییەی ھەواڵ “کێ و کەی و چۆن و بۆ و لە کوێ و چی” بنچینەی کاری رۆژنامەوانین، بەڵام رۆژنامەوانی کوردیی دوای سەد و بیست ساڵ کەمتر دەتوانێت ھەواڵێکمان پێشکەش بکات بەو زمان و فۆرمە رۆژنامەنووسییە ستاندارە، بە پێچەوانەوە پیشەییبوون و ئیتیک و موراڵی رۆژنامەوانی ھەمیشە لە راگەیاندنی کوردییدا ون بووە و ژێر پێ خراوە!!. رۆژنامەوانی کورد بە گوێرەی ئایدیای خۆی مامەڵە لەگەڵ رووداو و ھەواڵدا دەکات، نەک وەک ئەو وێنە مەلموسەی لە واقیعدا ھەیە یان روویداوە، بە دیوێکی تردا ھەمیشە ئەو ھەواڵ و ئەرتیکڵە رۆژنامەوانییانەی لەلایەن رۆژنامەوانی کوردەوە ئاڕاستەی وەرگر دەکرێت وێنایەکی ساختەی رووداو و ھەواڵەکانن. ئەمەش زادەی ناپرۆفیشناڵی و بێلایەن نەبوون و ھەمەلایەن نەبوونی تاکی رۆژنامەوان و دەزگاکانن!. من لێرەدا نامەوێت بڵێم رۆژنامەوان بۆی نییە لایەنگری ئایدۆلۆگییەکی دیاریکراو بکات، ھێندەی مەبەست لە مامەڵەکردنی بێلایەنانە و ھەمەلایەنانەیە لەگەڵ رووداو و ئامادەکردنی ھەواڵدا.
من ئەم قۆناغەی ئێستای رۆژنامەوانی کوردیی ناو دەنێم قۆناغی گەندەڵبوونی رۆژنامەوانیی لە کوردستان، بەو پێیەی رۆژنامەوان و دەزگا رۆژنامەوانییەکان دەسەڵاتی خۆیان وەک دەسەڵاتی چوارەم، خراپ بەکاردەھێنن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرێکی ترە لە گەندەڵی، لەو سۆنگەیەی دیاردەی گەندەڵی تەنھا رەھەندی ئابووری یان ئیداریی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی فرە رەھەندە. ئەوەی لە رەوشی رۆژنامەوانی کوردییدا پراکتیزە دەکرێت، نموونەیەکی ھێندە بێ کەڵک و مەسرەفگەرایە، مەگەر ھەر لە کورد ئەمە روویدا بێت، بەو پێیەی مەسرەفگەرایش ھەروەک گەندەڵی تەنھا لە رووە ئابوورییەکەدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو فۆرمی جۆراوجۆری ھەیە، لەم نێوەندەدا دەبینین، لە کوردستان تایپێک لە رۆژنامەوان دروستبوون مەسرەفگەرن، تەنانەت ھێندە وشەیان بە فیڕۆداوە ھیچ ئەرزشێک بۆ وشە نەماوەتەوە، بۆیە “راستکردنەوەی زمان” بە مانا “کۆنفۆشیۆس”ییەکەی کارێکی پێشنۆرە و بایەخداری ئەم قۆناغەی کاری میدیاییە لە کوردستاندا، وەک وتیشم ئەم قۆناغە ناو دەنێم زەمەنی گەندەڵبوونی رۆژنامەوانان. “ھەڵبەتە مەبەستم بەدکەڵکی دارایی نییە، ھێندەی مەبەستم بەدکەڵکی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتە رەمزییەکەی رۆژنامەوانییە”.

لیزا: لە ھەردوو کۆمەڵە شیعرەکەتدا کە بە چاپت گەیاندوون، بە روونی ئەوە دیارە پەیڕەوی ھیچ رێبازێکی ئەدەبی دیاریکراو ناکەیت.؟ ئەمە چۆن دەبینیت و ئایا کێشە نییە شاعیرێک سەر بە قوتابخانەیەکی ئەدەبی نەبێت یان لە روانگەی تۆوە پێناسەی شیعر چییە و چۆن دەڕوانیتە پاشەگەردانی شیعر نووسین؟.

ستیڤان شەمزینی: پرسیارێکی جیددییە، ھەڵبەتە خۆم بە مەلێکی ئازاد دەبینم، ناچمە ناو قەفەزی ھیچ رێڕەوێکی ئەدەبی دیاریکراوەوە، ئەمەش ھاوواتای ئەوە نییە سوودوەرگرتن لە کەلەپووری رۆشنبیریی و قوتابخانە ئەدەبییەکان بەھەند وەرناگرم. ھەرچەند زیاتر سەرسامم بە رۆمانسیزمی نوێ، بەڵام ھەوڵمداوە بە شێوازی خۆم شیعر بنووسم، ئاخر شیعر مامەڵەیە لەگەڵ ھەست و خەیاڵ، تۆ ناتوانیت ئەم ھەست و خەیاڵە بخەیتە چوارچێوەی جیھانبینی قوتابخانەیەکی دیاریکراوەوە، خۆیشم نازانم شیعرەکانم لە چ خانەیەکدا پۆلێن دەکرێن، تەنیا ئەوە دەزانم ھەستی خۆم دەنووسمەوە، ئەو بورکانەی لە خەیاڵمدا دەتەقێتەوە لە بۆتەی شیعردا دەیاننووسمەوە. بانگەشەی ئەوە ناکەم کێش و مۆسیقا و فۆرمی شیعرییم بۆ گرنگ نییە، بەڵام لەسەر ستایلی ھیچ کەس و قوتابخانەیەک شیعر نانووسم، کەسێکی بەرەڵام لە شیعردا، ئاوھاش ئازادترم وەک لەوەی خۆم لەناو بازنەی قوتابخانەیەکی دیاریکراودا گەمارۆ بدەم.
لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم شیعر پێناسە ناکرێت، تەنێ ئەوەندەیە شیعر جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ منداڵی، واتە گەڕانەوەیە بۆ ناو بەرائەت و جیھانی ساکاری منداڵی، لەم سۆنگەوە ھەندێک لە توێژەرانی سۆسیۆلۆجی پێیانوایە کۆمەڵگەی شیعریی کۆمەڵگەیەکی منداڵە. لێ شیعر مێژووی نییە، رەنگە ھێندەی ھەموو تەمەنی مرۆڤ بە تەمەن بێت، بەڵام زمانی شیعر زمانێکە لەگەڵ ئاوابوونی فیوداڵیزم، کاریگەریی خۆی لە دەستدا، لە بری ئەوە “رۆمان” وەک ژانرێکی زەمەنی مودێرنێتە جێگەی گرتەوە، بە مانایەکی تر شیعر بەرھەمی گوندە و “رۆمان”یش بەرھەمی شار. ھەر لەم روانگەوە رووداوی ناو رۆمانەکان ئەگەر لە گوندێکیشدا رووبدەن نکۆڵی لەوە ناکرێت رۆمان کوڕی منداڵدانی شارە. ئەگەر دوور نەکەوینەوە لە کرۆکی بابەت، کورد کۆمەڵگەیەکی مناڵە “بەپێی پێناسەی کۆمەڵناسی” چونکە زمانی باڵادەست تیایدا شیعر بووە، بۆیەکا ھیچ کار و فرمانێکی بێ ئامادەیی شیعر نەچووە بەڕێوە “نموونەی شیعرە کێش و سەروادارەکانی کاتی جووتکردن و تۆوکردن و دروێنە و شەتڵلێدان و قۆغڵی و ھتد..”. لەبەرئەمەش زۆرێک لەو رۆمان و وتارانەی بە زمانی شیعریی دەنووسرێن تا نووکەش پڕ خوێنەرترینن، چونکە تێگەیشتن لە زمانی ئەکادیمی و زانستی بۆ خوێنەری کورد گەلێ ئەستەمە.
لەگەڵ ئەوەی خەریکە ئەستێرەی بەختی شیعر ئاوا دەبێت، کۆمەڵێک شیعرنووس گۆڕەپانی شیعری کوردییان مۆنۆپۆل کردووە بە رۆژی رووناک شیعر ئەتک دەکەن. یەکێک بە ناوی ئیرۆسییەتەوە شیعر لە ئیستاتیکا دادەڕنێت و دەیکاتە بابەتی سەرجێیی. یەکێکی دی بە ناوی زمانی ساکارەوە شیعر دادەڕنێ لە ھەموو فەنتازیا و تەکنیکێکی ھونەریی. ھەر یەکەو بە جۆرێک خەریکی ئەتککردنی شیعری کوردییە، ئێمە سەرەتای شیعریمان لە خانی و مەلای جەزیری و باباتاھیرەوە تا دەگاتە حاجی قادر و مەحوی و مەولەوی و نالی و سالم و حەمدی، پڕیەتی لە داھێنان و شۆکی بیرکردنەوە و گەمەی زمانەوانی و فەنتازیا و ئافراندن، کەچی دوای چەندین سەدە لە رێگەی فەیسبووکەوە چەند ئەرزوحاڵچییەک سەرقاڵی ریسواکردنی شیعری کوردین. ئەمە تاوانێکە وەک تاوانی تاڵانکردنی شوێنەوارە مێژووییەکان، وەک تاڵانکردنی سەروەتە سروشتییەکانی وڵات، وەک گەندەڵی و بە ھەدەردانی سامانی گشتیی. زانیمان لە مێژوودا سیاسییەکان کاریان تەنیا بازرگانی بووە بە خوێن و ھەستی مرۆڤەوە، ئەدی ھەموو ئەو شیعرنووسانە ھەمان کار ناکەن؟. بۆیە پەندێکی فەڕەنسیتان بیر دێنمەوە کە دەڵێ (ئەوانەی کاری بەد جوان دەکەن باشترن لەوانەی کاری جوان بەد دەکەن). ھۆشمەند ئەوەیە لەم پەندە تێبگات.

لیزا: شیعرەکانت دوو ئاڕاستەی سەرەکییان ھەیە، یەکەم عەشق و دووەم رەشبینی و مردن. چۆن دەتوانیت ئەم دوو پێدراوە پێچەوانەیە لە یەک کاتدا لە بۆتەی شیعردا تەوزیف بکەیت؟.

ستیڤان شەمزینی: بێھێنە بەرچاوت ھەڕەتی لاوێتی من، یان دەسپێکی عەشقەکەم کەوتۆتە زەمەنێکەوە، کە ناوم ناوە زەمەنی “تێکشکان و کوژانەوە”! واتە ئەو قۆناغەی دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، کە ھیچ شتێک بەھای نەما لە شەڕی ناوخۆدا، ھیچ گۆرانییەکی دڵخۆشکەر نەما بۆ وتن، ھیچ ئاوازێکی رووناک نەما بۆ ژەنین، ئەوێ رۆژێ سەرباری جەنگ و گەمارۆی ئابووری و رووخانی تەلاری خەونی نەتەوەیەک، زەمینە و ژینگە کۆمەڵایەتییەکەش مرۆڤی توشی ھەناسەسواریی و نامۆیی دەکرد، ئێمە ئەو نەوەیە بووین لەو ھەلومەرجەدا مەحکوم کراین بە رەشبینی، ئاخر رەشبینی ئارەزوویەک نەبوو ھەوڵی بۆ بدەین، بەڵکو مۆتەکەیەک بوو بەرۆکی دەگرتین، ئێمە لەو زەمانەدا گەنجیمان دەگوزەراند ھەموو ئاسۆکان تاریک ببوون، لێ ئەم ھێڵە دراماتیکییەی تراژیدیای کورد تاکو ئێستاش درێژەی ھەیە، بەڵام بارە قورسەکەی لەسەر شانی ئەو نەوەیەی ئێمە بوو، نابێت ئەو سیاقە مێژووییە نادیدە بگریت نەوەیەکی سیخناخ کرد بە رەشبینی و نیھێلیزم، بۆ نەوەی ئێمە کە ژیان ھەموو رەنگە پەلکەزێڕینەییەکانی خۆی حەشار دەدا، نائومێدیی رەوایی ھەبوو!!، بەڵکو بۆ ھەندێکی وەک ئێمە کە ئەوسا خوێنەری جیددی بووین و بیرمان لە دنیای خۆمان دەکردەوە کارەساتەکە دوو ھێندە گەورەتر بوو.
لەوە بەولاوە وەک نزار قەبانی لە دێڕە شیعرێکیدا دەڵێت “لە زەمەنێکدا بە دوای عەشقدا وێڵ بووین، کە نازانێت عەشق چییە”. لەو زەمەنەی تەنیا بۆنی بارووتی لێدەھات و دیمەنی ھاتنەوەی تەرمی شەڕکەرەکانی جەنگی نێوخۆیی وەک تەمێک ئاسۆی روونی گرتبوو، ھاوزەمان لەو ژینگە داخراو و تۆقێنەرە کۆمەڵایەتییەدا عەشق و عاشقبوون بۆ خۆی شۆڕشێک بوو، شکاندنی سنوورە تابۆکراوەکانی کۆمەڵگە بوو، وەنەبێت لە کاتی شکاندنی ئەو سنوورانە کۆمەڵگە تەنھا فڕێی بدایتبایە دەرەوەی خۆی، بەڵکو لە رووی فیزیکیشەوە دەیسڕیتەوە. گەنجێکی وەک منیش ھەم رەشبین ھەم عاشق، ئاخۆ دەبێت شیعرەکانی چۆن دەربچن؟. ھەوڵم دەدا دوالیزمی رەشبینی و عەشق پێکەوە بخەمە ناو رستە شیعرییەکانمەوە، لە کۆتاییدا رەشبینی و عەشق بوونە بەشێکی گرنگی سایکۆلۆژیام، ئەمە ھەر وەک بۆ زۆرێک لەو نەوەیەی من ھەمان شتە.
لێ لە شانزە ساڵییەوە رووم لە بیرۆکەی کۆمۆنیزم کرد، “ھەرچەند تا ئێستاش چەپم، بەڵام بە دیدێکی جیاتر لە روانگەی چەند ساڵی پێشووترم”. کۆمۆنیزمیش بۆ خۆی بەشێکە لە فەلسەفەی گەشبینی، بەو پێیەی ھەمیشە ھیوادارت دەکات بە سۆسیالیزم و گۆڕانی ریشەیی دنیا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە ھێشتا لە ژێر کاریگەریی ژینگەیی ئاینی و سۆفیستی کۆمەڵگەی کوردیی دەربازمان نەببوو، جۆرێک لە خۆشەویستیمان بۆ مەرگ ھەبوو، بێ ئاگا کەوتبووینە ژێر ئەو دیدە “ھیگل”ییەی پێیوایە “مەرگ خودی عەشقە، عەشقی رەھا و پوخت لە مەرگدا خۆی ئاشکرا دەکات”. ھەموو دەمانویست “کلایست”ئاسا لەسەر گۆڕی خۆشەویستەکەمان یان بە یادی عەشقێکی ناکامەوە خۆمان بکوژین، تاکو بیسەلمێنین مەرگ خودی عەشقە. لەبەرئەوە ئێمە بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین ببووینە عارفی تەریقەتی مەولانای رۆمی و شاگردی مۆسۆلینی و بێئاگایانە دەمانووت “بژی مەرگ”، بەڵام ھەنووکە دوای ئەو ھەموو ساڵە وەک دێڕە شیعرەکەی “ژان ژینێ” لە زیندانەوە “داوای ئاشتی لە مردن دەکەم”.

لیزا: لە زۆرێک لە کتێبە سیاسییەکانتدا یەک ھێڵی روون بەدی دەکرێت، ئەویش دوانە بە زمانی رەخنەیی لە ئەدای سیاسیی و حکومداریی؟ پێتوایە ئەزموونی حکومداریی لە کوردستان ھەمیشە شایانی رەخنەگرتنە؟.

ستیڤان شەمزینی: لە راستیدا وەزیفەی ھەر تاکێکی بیرکەرەوە بریتییە لە رەخنە، بەو پێیەی رەخنە خۆی میتۆدێکە دژی داخران و چەقبەستن، لەگەڵیدا سترۆکتۆری ھەر بیناکردنەوەیەکی نوێشە. جیا لەوەش بە دەربڕینی ئەدۆنیس “رەخنە دژ و پێچەوانەی میتۆدی داخراوە”. ئیشی رەخنە ئەوەیە پرسیار جێبھێڵێت نەک وەڵام، رەخنە ھەوڵێکی مەعریفی و زانستییە بۆ ئاشکراکردنی دیوی حەشاردراوی ھەر شتێک، بۆیە ھەمیشە پشت بە زانست دەبەستێت، ھەر رەخنەیەک لەسەر زانست رۆ نەنرابێت بێ سێ و دوو ناچێتە چێوەی رەخنەوە، ئیدی رەنگە بەشێک بێت لە داشۆرین یان نابووتکردن. تۆ دیقەت بدە رەخنەکانی نیتچە لەسەر زانستی رەچەڵەکناسی “جینۆلۆجیا” تەبەنیکراون یان رەخنەکانی مارکس بنەمایەکی زانستیی ماددیی و دیالێکتیکیان ھەیە، ھەروەک ئەوەی ئەڵتۆسێر، مارکس بە دۆزەرەوەی مێژوو پێناسە دەکات. لەم سۆنگەوە دەتوانم بڵێم رەخنەی زانستی و سیاسیی پێویستییەکی گرنگە لە پرۆسەی سیاسیی و دەوڵەتداریدا، بێ رەخنە ماشێنی دەوڵەت و ئیدارە بەرەو ستەمکاریی و نادادپەروەریی گەورە دەڕوات.
رەخنەکانی من لەو چوارچێوەیەدان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی حکومداریی لە کوردستان، ھیچ کات وەک نەیارێک بۆ شکاندنی شکۆی کوردبوون رەخنەکانم ئاڕاستە نەکردووە، بەڵکو دروست بە پێچەوانەوە کاری من ئەوە بووە حکومدارییەکی دیموکراتیک و مودێرن لە کوردستان بێتە ئارا و پەیڕەو بکرێت، شکۆی ھاووڵاتیانی کوردستان بەرز رابگرێت، بەمەش شکۆی حکومدارییەکە خۆیشی بەرز رادەگیرێت. بۆ رەخنەی سیاسیی پێویستم بە زمان و میتۆدێکی سیاسیی رەخنەگرانە ھەبووە، ھەروەک “میلان کۆندێرا” لە “کافکالۆژیی”دا باس لەوە دەکات ھەڵسەنگاندنی دەروونشیکاریی یان فەلسەفییانە و مارکسییانە بۆ بەرھەمە ئەدەبییەکانی “فرانتس کافکا” سەرلەبەر ھەوڵگەلێکی شکستخواردوون، بەو پێیەی دەبێت ئەدەبیات بە ئەدەبیات ھەڵبسەنگێنرێت. ئاوھاش من پێموایە ھەڵسەنگاندنی سیاسیی پێویستە بە میتۆدی سیاسیی پراکتیزە بکرێت، ئەگەرنا کارەکە دەبێتە خولانەوەی ناو بازنە.

لیزا: لە کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”دا، رەخنەی توند لە خودی رۆشنبیری کورد دەگریت. پێتوایە کەموکوڕیی رۆشنبیران چییە؟ پێتوایە رۆڵی رۆشنبیر چییە لە کۆمەڵگەدا؟.

ستیڤان شەمزینی: خۆی لە کتێبەکەدا بە روونی رەخنەکانی خۆمم ئاڕاستەی ئەو تایپە لە رۆشنبیری کورد کردووە توانیوویانە کاریگەریی جێبھێڵن، ئارکۆلۆژیستانە بە دوای لەنگیی و ناتەواوییەکانی تێفکرینی ئەو تەرزە رووناکبیرە کوردەدا رۆشتووم کە ناخوازن لە رێگەی تێزەکانیانەوە مرۆڤ فێری بیرکردنەوە بکەن، بەڵکو دەیانخەنە دۆخێکی دەروێشانە تاکو ببنە کۆیلەی چەمکەکانیان، بۆ من ئەم جۆرە لە رووناکبیری کورد وەک لە کتێبەکەشدا بە عەوامگەر ناوزەدم کردوون، جێگەی رەخنە و تێبینی زۆر بوون، ئەو جیھانە ئیشکالاوییانەی ئەوانم داوەتە بەر نووکی رمی رەخنە تیژەکانم، لەوەدا رەچاوی قسەکەی “مارکس”م کردووە کە دەڵێت “دەبێت رەخنە بێ بەزەییانە بێت”. ھەر چەند لە نووسینی باسەکانی ئەو کتێبەدا بە قووڵی کەوتوومەتە ژێر کاریگەریی روانگەکانی “د.عەلی حەرب” بەڵام لەوەدا خۆم جیا کردۆتەوە، کە ئەو پێیوایە “رۆشنبیرانی عەرەب پشکدارییان لە دروستکردنی رای گشتیی و ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی نەکردووە”، لەو سۆنگەیەی پێموایە رۆشنبیری کورد کاریگەریی ھەبووە لەسەر رای گشتیی. کەواتە رەخنەکانی من لە کوێدان؟ رەخنەکانم لەوەدا چڕ دەبنەوە ئەم تایپە رۆشنبیرە کارتێکردنی نێگەتیڤیان ھەبووە لەسەر ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی و رای گشتیی، بەو ھۆیەی ویستوویانە جەماوەر لە مێگەلبوون بۆ سیاسییەکانەوە بکەنە مێگەلێک بۆ چەمکە سواوەکانیان.
لەوێدا بە روونی ھێمام بۆ گروپی “رەھەند” کردووە، بە پێچەوانەی بۆچوونی “لەتیف ھەڵمەت” لەسەر بزووتنەوەی ئەدەبیی “روانگە” کە وتی “روانگە ھێلکەیەکی پیس بوو ھیچی ھەڵنەھێنا”!، من پێموانییە “رەھەند” ھێلکەیەکی پیس بووبێت، چونکە رەشبینی و پووچگەرایی بەرھەم ھێنا، نەوەیەکی داڕووخاوی ھیپیستی ھەڵھێنا، نیھێلیزم و بێ ئینتمایی ھەڵھێنا، رۆشنبیریی کوردیی کردە مەزادخانەی فیکر، ھەر لەو مەزادخانەیەدا ھەر رۆژەی تێز و ئەنتی تێزێکی سواوی تێدا ھەڕاج دەکرێت. بەشێوەیەکی گشتیی رووناکبیرانی کورد، ھێشتا کۆمەڵە فەقێیەکی وشکھەڵاتووی چەمک و باوەڕە دۆگمەکانی خۆیانن، نەیانتوانیوە دەسەڵاتی رەمزیی خۆیان بۆ ژیاندنەوە و بیناکردنەوەی ژیان وەگەڕ بخەن، ئەوان ھەمیشە وێرانکارن، دەڕوخێنن و دەستیان خاڵییە لە ئەڵتەرناتیڤ، دەرگاکان دادەخەن بێ ئەوەی پەنجەرەیەکیش بکەنەوە بۆ ھەناسەدان، ئەوان نوێنەری مەرگدۆستین نەک ژیانویستیی، وەک گلگامێش بە نائومێدییەوە لە خۆیان دەڕوانن و دەڵێن “ئاە مەرگ بینەقاقای گرتووین”.

لیزا: خۆت وەک رۆشنبیرێکی چەپ پێناسە دەکەیت. پێتوانییە چەپ ئیتر لە پەڕاوێزی رووداوەکاندایە، یان پێتوانییە بە رووخانی دیواری بەرلین خەونی چەپەکانیش داڕوخا؟.

ستیڤان شەمزینی: قسەکردن لەسەر کۆتایی ھاتنی رۆڵی چەپ وەک قسەکردنە لەسەر کۆتایھاتنی ئۆکسژین لە گەردووندا!! چەپ ئەو ئۆکسژینەیە ھەموو کۆمەڵگەکان وەک ھێزیکی رەخنەگرانە نەک پێویستیان پێیەتی بەڵکو مومکین نییە بێ ئەو بتوانن بەردەوام بن. من وا بڕوا دەکەم ھێشتاش چراکە خامۆش نەبووە، پەندێکی چینی ھەیە دەڵێت “باشترین کار ئەوەیە مۆمێک داگیرسێنیت، نەک بانگەشەی تاریکی بکەیت”. ئەم پەندە زادەی ئەو عەیامە کۆنەیە، مرۆڤ ئاشقی رووناکی بوو، بۆ تیشکی خۆری دەڕوانی. لە زەمەنێکدا پارە فەرمانڕەوا و سەرمایەداریی کولتووری مرۆڤایەتییە، جیھان کەوتۆتە دەست شەمشەمە کوێرەکان. پەندەکەش بەم جۆرە ھەڵگێڕدراوەتەوە: چراکان خامۆش بکەن، نەکا شەمشەکوێرەی سەرمایەداریی بە شەوارە بکەوێت. جیھان لە سایەی بێ ویژدانی کاپیتالیزم و کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان و بازاڕی ئازاددا، غەرقی تاریکی و تراژیدیایە. ئەوەی لەم شەوەزەنگەدا چراکەی بەدەستەوەیە خودی پیرە پیاوە بیر رووناکەکەی سەدەی نۆزدەیە “کارل مارکس”.
لە راستیدا وەک لە وتاری “یۆتۆپیای مەرگی مارکس و رووخانی وۆڵ ستریت”یشدا ئاماژەم بۆ کردووە ئامادەگیی چەپ و خودی مارکس لە جیھانی نوێی تاک جەمسەرییدا ئامادەگییەکی سەرەکییە نەک کۆمبارسانە، لەوێدا وتوومە ھێشتا جیھان پێویستی بە بیری رەخنەگرانەی مارکس ھەیە, ئاخر کاتێک مارکس ھات، نەک ھەر ئەدگاری فەلسەفەی گۆڕی، بەڵکو کودەتای بەسەر تێرمی بیرکردنەوە و پرسیارە وجودییەکانیشدا کرد، بایەخی مارکس و چەپ زۆر لەوە زیاترە کورت بکرێتەوە بۆ ناو پەیڕەو و پرۆگرامی حزبێکی سیاسیی، چونکە چەپ و مارکس گومان لەم جیھانە دەکەن و ئەڵتەرناتیڤی رۆشنیشیان پێیە بۆ چێکردنی دنیایەکی تازە. پێموایە تا ئێستاش مارکس زیندووترین فەیلەسووفی جیھانە، ئەوەی لە دیواری بەرلیندا رووخا بەڵشەفیزم بوو، ئەوەی مرد لێنینیزم بوو، ئەوانەی پێیانوایە ھەرەسی سۆڤێت ھەرەسی مارکس و چەپە دەبێت جارێکی تر بە ئاستی ھۆشیاریی خۆیاندا بچنەوە. داستانی مارکس و چەپ لە رووخانی دیواری بەرلیندا تەواو نەبوو، بەڵکو دوای داڕووخانی وۆڵ ستریت دەست پێدەکات.
وا بیر دەکەمەوە کۆمۆنیزم رژێمێکی سیاسیی نییە، دەسەڵات و دامەزراوە دەوڵەتییەکان نییە، چوون خودی کۆمۆنیزم پێڤاژۆیەکە لە دەرەوەی دەوڵەت، لە ستروکتۆرە کۆمۆنیزم قۆناغێکە لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژیاریی مرۆڤایەتی، ھەروەک چۆن کۆیلەداریی و فیودالیزم و کاپیتالیزم سێ قۆناغی گەشەکردنی دوای کۆمۆنەی سەرەتایین، ئاواش کۆمۆنیزم زەمەنی ئەو یەکسانییەیە مرۆڤایەتی وەک قۆناغێکی پێگەیشتووتر پێی دەگات، بەو پێیەی لە کۆتاییدا ئامانجی مرۆڤ ژیانێکی باشتر و دنیایەکی جوانترە، چونکە ناتوانێت تا سەر بەرگەی ئەو ھەڵاواردنە چینایەتی و نایەکسانییە بگرێت لە ھەموو رەھەندەکانی ژیانەوە. رۆژێک دێت مرۆڤ ناچار بێت بیر لە ئەڵتەرناتیڤێکی ماقوڵ بکاتەوە و ھەنگاو ھەڵبگرێت بەرەو ھەڵبژاردنی باشترین بژاردە، ئەو ئەڵتەرناتیڤەش بێگومان رۆحی کۆمۆنیزمە، یان رەنگە قەیرانە ریشەییەکانی رژێمی سەرمایە و نابەرابەرییەکانی ئەو سیستمە وەھا لە خودی ئابووریناسانی سەرمایەداریی بکات بێ ئەوەی خۆیان بیانەوێت چارەسەر لە گەڕانەوە بۆ بیرۆکەی دێرینەکەی کارل مارکسدا بدۆزنەوە، ئەمە نە یۆتۆپیایە نە دۆگماتیزم و دیدی ئایدۆلۆگی رووت، بەڵکو ئەگەرێگە بۆ داھاتوو کە ئەگەرێکی زۆر بەھێزیشە.

لیزا: لە کتێبی “تێروانینی سێھەم”دا لە ٢٥٢ لاپەڕەدا باسی کێشە جڤاتییەکانی کۆمەڵی کوردەواری دەکەیت. ئایا دەکرێت بە پوختی پانۆرامایەکی کێشە جڤاتییەکانی ھەنووکە بخەیتە روو؟.

ستیڤان شەمزینی: کێشە جڤاتییەکانی ئێمە وەک کورد کۆمەڵێک کێشەی فرە رەھەندن، ھەمووشیان پێکەوە بەستراون، قووڵایی و ماکی مێژووییان ھەیە، جیا لەمە کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوە ھەیە، پێویستی بە کڵێشەی تازەتر ھەیە لە ھەموو کایە و سێکتەرە جۆر بەجۆرەکانی ژیاندا. بۆ ئەم کارەش ئێمە پێویستمان بە گۆڕینی سیستمی پەروەردەیی ھەیە، بەو پێیەی میتۆدی پەروەردەیی ئێمە چ لەناو خێزان، چ لە قوتابخانەکاندا، میتۆدێکە لەسەر ریشە و کولتووری ئاینیی و خێڵەگەرایی بینا کراوە، ئەمەش وای کردووە کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆ بەرھەم بھێنێت نەک تاکی ئەکتیڤ و ھۆشیار، ھەر لەناو ئەو رەگوریشاڵە پەروەردەییەدا گرێی خۆ بە کەمزانین و خۆ بە بچووک زانین ھەیە، بەو پێیەی مرۆڤگەلێکی بەرھەمھێناوە بە چاوی گومان و ھەستێکی نزمەوە لە خۆی و مێژووی خۆی دەڕوانێت، یەکێک لەو کێشە ھەرە سەرەکییانەی وایکردووە کورد لە مێژوودا نەبێتە خاوەنی دەوڵەت، فاکتۆرەکەی ھەر ئەم گرێ دەروونییەوە بووە، تەنانەت تۆ سەیر بکە لە پرۆسەی ریفراندۆمدا زۆربەی ئەوانەشی دەنگی “بەڵێ”یان دا، دواتر توشی گرێی ئۆدیب بوون، بەو پێیەی فەرمانڕەوایی داگیرکەران بە دەسەڵاتدارێتی باوکە فرۆیدییەکە تێدەگەن.
ئەوەی لەو کتێبەدا، بە درێژایی بیست ھەڤپەیڤین، ویستوومە بە دیدێکی رەخنەگرانە بیڵێم، ئەوەیە: سیاسەت و فەرمانڕەوایی و ئۆپۆزیسیۆن و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و عەشق و خۆشەویستی و ھاوسەرگیریی و روانینمان بۆ کۆی دیاردەکانی مودێرنێتە، سەرلەبەر پێچەوانەوەیە، راستکردنەوەی ئەمەش تەنیا لە رێگەی دەستکارییکردن و گۆڕینی میتۆدی پەروەردەییەوە زامن دەکرێت. بۆیە دەکرێت قسەکانم وەھا پوخت بکەمەوە و بڵێم ھەموو کایە جۆراوجۆرەکانی ژیانی جڤاتیی ئێمە پێویستیان بە دووبارە فۆرمۆلەکردنەوە ھەیە، لەم نێوەندەشدا رۆڵی رۆشنبیر رۆڵێکی کارا و ئێجگار گرنگە، لەو سۆنگەیەی رووناکبیر زانستی گۆڕین و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دنیا بەشێوەیەکی جیاوازتر لەوەی پێشتر بەرھەم دەھێنێت.

لیزا: یاخیبوون و پەشیمانبوونەوە دوو خەسڵەتی سەرەکی ژیانی خۆت و ھەندێ جاریش نووسینەکانتن!! دەکرێت بزانین بۆچی؟

ستیڤان شەمزینی: با لە پەشیمانبوونەوە دەست پێبکەین، تێزێکی سەرەکیی ھەیە لە زانستدا بریتییە لە تێزی بەدرۆخستنەوە یان پەشیمانبوونەوە. زاناکان ئەمڕۆ شتێک لە بارەی بەکتریایەکەوە دەڵێن، سبەی پێشکەوتنی زیاتری زانست ئەو زانیارییە ئاوەژوو دەکاتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت بەدرۆ خستنەوە یان پەشیمانبوونەوە لە زانیارییەکانی دوێنێ. ھەموو پەشیمانییەکی فیکریی بەرەو پێشەوەچوونی تاک دەگەیەنێت، مەرجیش نییە ئەو پێشکەوتنە ئەرێنی بێت. پەشیمانبوونەوە خەسڵەتێکی ئەو مرۆڤە بزۆز و داھێنەرانەیە، لە قۆناغێکدا و لەسەر یەک شێوە روانین چەق نابەستن، ئەوەی ئەوروپای پێشخست ھەموو ئەو گومان و پەشیمانبوونەوانە بوو لە زانستەوە تاکو فەلسەفە روویان دا و روودەدەن، دیاردەی پەشیمانبوونەوە فینۆمینێکە رەوڕەوەی مرۆڤایەتی بەرەو پێشەوە دەچەرخێنێت، قاڵب و چوارچێوە کۆنکرێتییەکان تێکدەشکێنێت، ئێمە پێویستە جارێکی تر بە تێفکرینی خۆماندا بچینەوە لە ھەمبەر چەمکی پەشیمانبوونەوە. ھەر لە نێو پەشیمانبووەشدا رەگی یاخیبوون دەدۆزینەوە، بەو پێیەی یاخیبوون ھەمیشە تێپەڕاندنی سنوورە مینڕێژکراو و قەدەغەکراوەکانە، گرنگترین فۆرمی یاخیبوونیش بەزاندنی ھێڵی سووری فیکری باو و رۆشنبیریی زاڵە، لەگەڵ ئەمەشدا لە کۆمەڵگەی ئێمە دیسانەوە میتۆدێکی پێچەوانە پەیڕەو دەکات لە روانین بۆ یاخیبوون و یاخیگەریی لە سۆنگەی ئەوەی خولانەوە لە چوارچێوەی دنیابینی کۆن “بە ماکیاژێکی نوێوە” مانای یاخیبوونی بەدەستەوە داوە، بۆ نموونە لە سیاسەتدا ئەوانەی ٥٤ ساڵە بەناوی باڵی مودێرنی بزووتنەوەی کوردییەوە یەک ئاوازی دێرین دەژەنن و لە ساڵی ١٩٦٤ەوە و نەیانتوانیوە یەک دێڕ ئیزافە بکەنە سەر گووتاری سیاسیی خۆیان، ھەمیشە وەک دەستەی یاخیگەر شوناس کراون.
جگە لەمەش دەمەوێت بڵێم ھەموو یاخیبوونێک پۆزەتیڤ نییە و مامانی جیھانێکی جوانتر نییە. ئەمە بەدەر لەوەی لە دۆخی کوردییدا یاخیبوون چەمکێکی ساختەیە، ئاخر تۆ بڕوانە ھەموو مێژوومان لە یەک دەچێت، ھەموومان لە بیرکردنەوە و رەفتاردا وەک یەکین، ئەگەر جار جار رۆشنبیرێکی یاخیگەر ھەڵکەوتبێت، دواجار بووەتەوە بە بەشێک لە فەزای باو و رۆشنبیریی سائید، تەنانەت کۆمەڵگەی ئێمە لە روانین بۆ رۆشنبیر ھێشتا توانای جیاکردنەوەی دوو شتیان نییە، یەکەم رۆشنبیر وەک مرۆڤ، دووەم رۆشنبیر وەک خاوەن مەعریفە. بۆیە تەنھا رۆشنبیرە تەقلیدییەکان بە مانای گرامیشییەکەی رۆڵیان ھەیە و ئەوانیش ھەمان گووتاری باو بەرھەم دەھێننەوە، تۆ بڕوانە نیتچە کۆتاییەکانی تەمەنی لە شێتخانە بردە سەر کەسیش نکۆلی لە بلیمەتییەکەی ناکات کە پڕ بوو لە شێتی، ژان ژینێ دز بوو زۆربەی بەرھەمە شانۆییەکانی لە زینداندا نوسیوون کە بەھۆی دزییەوە رێی کەوتبووە حەپسخانە، کەچی لە ریزی شانۆنامەنووسە جیھانییەکان ھەژمار دەکرێ. پاپلۆ نیرۆدا وەزیری گەندەڵترین دەوڵەت بوو! کەس نییە شیعرێکی ئەوی خوێندبێتەوە سەرسام نەبێت پێی. ھایدگەر فەیلەسووفێکی نازی بوو ئێستاش خودی خۆی و تێزە فەلسەفییەکانی ھەوێنی وانەی فەلسەفەن لە سەرتاسەری جیھاندا. میشێل فوکۆ ھاوڕەگەزباز بوو کەچی ھێشتا سەرنجڕاکێشترین فەیلەسووفە. جان جاک رۆسۆ باس لەوە دەکات بە منداڵی دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر کەچی فیکری ئەو ھەوێنی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەیە ھەنووکە ئەوروپا تۆزێکی لێ پیادە کردووە! ئەرێ تۆ بڵێی ئەمانە کوڕی کۆمەڵگەی کوردیی بوونایە چی نەفرەتێکیان بەسەردا بباریبایە؟!.

  • ئەم چاوپێکەوتنە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٨دا ئەنجام دراوە و لە مانگی مایۆی ٢٠١٨دا لە رۆژنامەی “رووداو” بڵاوکراوەتەوە، ھاوکات لە ماڵپەڕی رووداو نێت دووبارە بڵاوکراوەتەوە.



رێگا.. کورتە چیرۆک: ستیڤان شەمزینی

وێستگەی پاسەکە جمەی دێت، نیوەڕۆیەکی گەرم و شێدارە، ھێندەی نەماوە خۆر باوەش بە زەویدا بکات، شەقامە قیرتاوە پڕ چاڵەکەش قرچەقرچی دێت وەک ھەناوی دایکێکی جەرگسووتاو. سەرنشینە دابەزیوەکان سەر لە بڕیاری شۆفێری پاسەکە دەرناکەن، بۆچی ھەموویان دابەزاند و خۆی بەرەو دواوە گەڕایەوە؟!، ئەمە روون نەبوو بۆ ھیچ یەکێک لەوانەی لە پاسەکە دابەزیبوون. ھەموو سەرنشینەکان لە چاوەڕوانیی ھاتنی پاسێکی تردا بوون، زۆربەی سەرنشینەکان سکیان لە برسا قۆڕەی دەھات و گەرماکەش ھێندەی تر تینوو و شەکەتی کردبوون. زیاتر لە کاتژمێرێک تێپەڕی و ھەتاو ھەمووانی سوور کردەوە، ھیچ پاسێک دیار نەبوو، تەنانەت شەقامەکە ھیچ ئۆتۆمبیلێکی تری پێدا تێنەدەپەڕی!. کپییەکی سامناک باڵی بەسەر وێستگەکەدا کێشا بوو، جار جار یەکێک لە سەرنشینەکان بۆڵەیەکی لێوە دەھات و شوێنەکەی جێدەھێشت، ئیتر بە پێ دەکەوتە رۆشتن. یاغر یاغر وێستگەکە چۆڵ بوو، بە تەنیا ئەو سێ ھاوڕێ مێرمنداڵە مانەوە، بە دزیی کەسوکارەوە بڕیاریاندا بوو، سەفەر بکەن بۆ جوگرافیایەکی تر.
کاتێک لە نێو پاسەکەدا بوون، مێرمنداڵی یەکەم کە تۆزێک باڵای لەوانیتر بەرزتر بوو، بە دەم فیکەلێدان و ھەستێکی تێکەڵاو لە ترس و شادیی، دەتریقایەوە دەیگووت ھەر گەیشتینە ئەوێ، وا و وا دەکەین. مێرمنداڵی دووەم چاوەکانی وەک ئەستێرەی شەوێکی تاریک دەدرەوشانەوە، کەمێکیش گۆشتن و خەپەتۆڵە بوو، سەری رادەوەشاند و بە دەنگێکی بەرز دەیگووت بێگومان، ھەر دەبێت دوا ئاواتمان لەسەر ئەو جوگرافیایە بێتە دی. مێرمنداڵی سێیەم بە درێژایی رێگای ناو پاسەکە، سەری نابوو بە پەنجەرەکەی تەنیشتییەوە، وا دەبینرا دوودڵ و پەشیمان بێت، لە دنیای دەرەوەی دەڕوانی، وەک ئەوەی بڵێت نامەوێت ئێرە بە ھیچ جێگەیەکی گریمانەکراو بگۆڕمەوە. بە بێدەنگی و بە دەم ھەناسەی قووڵەوە لە ئەشکەوتی داڵغەدا نغرۆ ببوو، دوو مێرمنداڵەکەی تر بە لاچاو و گاڵتەپێکردنەوە لێیان دەڕوانی، مێرمنداڵی یەکەم پێی گووت ئەگەر بڕیاری تەواوەتیت نەداوە، ئێستا بگەڕێیتەوە لە سزای ماڵەوە قووتار دەبیت!. مێردمنداڵی دووەم قسەکە لە دەمی ئەویان وەردەگرێتەوە و لە مێشێک دەڕوانێت لەسەر کوشنەکە و دەڵێت: ئەگەر لە خۆت رانابینی پێویستی نەدەکرد تا ئێرەش بێیت، پێموایە زۆریش ھاتوویت. مێرمنداڵی سێیەم بێ ئەوەی متەق بکات، وەک ئەوەی گوێی لە ھیچ نەبووبێت، بەردەوامە لەسەر بێدەنگی و خەیاڵکردنی خۆی.
ئێستا بە تەنیا ئەوان لە وێستگەکەدا ماونەتەوە، مێرمنداڵی یەکەم و سێیەم بڕیار دەدەن، بگەڕێنەوە بۆ وێستگەی پێشوو، ھەرچی مێرمنداڵی دووەمە سوورە لەسەر مانەوە لە وێستگەکەدا، دوای مشتومڕێکی زۆری نێوانیان، دوو مێرمنداڵەکەی تر، مێرمنداڵی دووەم جێدەھێڵن، ئەویش بە دەم جوینی بنێشتی سەھمەوە چاوەڕوانی پاسێکی تر دەکات. مێرمنداڵی یەکەم و سێیەم پێکەوە دەکەونە رێ، ھەنگاوەکانیان خێراتر دەکەن پێش ئەوەی فێنکایی عەسر دابێت و جموجۆڵی خەڵکی شار دەستپێبکاتەوە، ئەویش نەکا کەسوکاریان بە ماڵ جێھشتنیان بزانن. گیانیان شەڵاڵی ئارەقاو دەبێت، گۆرەوییەکانیان لەناو پێڵاوەکانیاندا دەڵێی کەوتووەتە چۆمێکەوە. رێگەکە تا دێت خۆی درێژ دەکاتەوە، بە چەشنێک حەوسەڵەیان لەبەر دەبڕێت، بنی پێیان تلۆقە دەکات، بە حاڵەحاڵ دەتوانن بگەنەوە بە وێستگەی پێشتر، کاتێک دەگەن بیابانێکی کشومات دەبینن، سەریان سووڕ دەمێنێت چۆنە ھیچ گەشتیارێک لێرە چاوەڕێ نییە! مێرمنداڵی یەکەم ھاوار دەکات، ئای خودایە ئەوە چییە دەڵێی ئەمە شارە جنۆکەیە و بیسملایان لێ کراوە. ئەویتر بە ھەمان شێوازی خۆی کڕە، ورتەی لێوە نایەت، تەنیا چاو دەگێڕێت. مێرمنداڵی یەکەم دەچێتە بەردەمی و بە قۆشمەچێتییەکەی خۆی پێی دەڵێت: بڕۆ بۆ ماڵەوە میکانۆکانت بھێنە، ئێرە ھیچ دوکانێکی لێ نییە.
لە ناکاو ھەردووکیان چاویان دەچەقێت بە کاغەزێکی چرچی سەر دیوارێک کە بە خەتێکی ناخۆش و درشت، ئاگادارینامەیەکی لەسەر نووسراوە: (چیتر ھیچ پاس و ئۆتۆمبیلێک لێرەوە تێناپەڕێت). بۆ یەکەمجار مێرمنداڵی سێیەم قسە دەکات و دەڵێت: ئەمە مەحاڵە، بەڵام ھەر دەمەوێت بگەمە ئەو شوێنەی ئاواتەکانم پێوە گرێداوە. مێرمنداڵی دووەم بە واق وڕماویی و دەنگێکی کزۆڵەی لێ دەردەچێت (دەبوو پاسێک بھاتبایە و لە وێستگەی دواتر بە ھاوڕێکەمان بگەیشتیانەتەوە). چەند خولەکێک بێدەنگی باڵ بەسەریاندا دەکێشێت، پێشھاتە چاوەڕواننەکراوەکە ھەردووکیان یەکسان کرد لە بێ زمانیدا. (دەبێت بەردەوام بین لە رۆشتن، ئامانجەکەمان گرنگترە لە ھەر شتێکی تر). مێرمنداڵی سێیەم ئەمەی گووت و ھەستایە سەر پێ، مێرمنداڵی یەکەمی لە زمان کەوتوو ھیچی نەگووت. تەنیا فرمێسک بە چاویدا ھاتە خوارەوە!. (ئەم فرمێسکە چییە؟ ئەمە یەکەم وێستگەی گەشتەکەیە، ئەی چۆن بەرگەی وێستگەکانی تر دەگریت؟). مێرمنداڵی سێیەم بێ ئەوەی رووبکاتە ھاوڕێیەکی ئەمەی گووت. ئەویتریان دەستەکانی دەلەرزین و بەردەوام فرمێسکەکانی وەک ئاوی کانی ھەڵدەەقووڵان. (من دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە!). مێرمنداڵی دووەم وای گووت و لەگەڵیدا قەیتانی پێڵاوەکانی شل کردەوە و بە ئاڕاستەی ماڵەوە کەوتە ھەنگاونان. مێرمنداڵی سێیەم چووە بەردەمی و پێی گووت: (ھاوڕێی نیوەی رێگە مەبە). ھاوڕێکەی ھەستی بە شەرم و دڵشکان کرد، دەستی خستە سەر شانی و گووتی: (ئەوەی بە بێدەنگی رێگە دەبڕێت، لەوە باشتر دەگاتە جێ کە ھاتوھاوار دەکات), ئەم قسانە لە وتەی مێرمنداڵێک زیاتر بوون، وەک دەگووترێت رستە جوانەکان لە ھەلومەرجە جوانەکاندا لە دایک نابن، رەنگە ئەمەش بەشێک بێت لەو راستییە. مێرمنداڵی یەکەم و سێیەم بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانە یەکتریان جێھێشت.
کەس نازانێت مێرمنداڵی سێیەم بە چ رێگەیەکی دژوار یان ئاسان، بە تەنیا خۆی گەیاندە ئەو جێگەیەی بڕیار بوو بە سێقۆڵی پێی بگەن. ھەندێک دەڵێن بە دوو ساڵ و بە قوورسترین شێوە گەیشتووە، ھەندێک دەڵێن ھیچ کات نەگەیشتووە، بەشێکی تر دەڵێن بە چەقەنەیەک گەیشتووە. ئەمە ئەو حکایاتەن لە دوای مێرمنداڵی سێیەمەوە دەماودەم دەگێڕدرێنەوە. دوو دەیە و نیو ئەم ئەفسانە و مەتەڵە ھەڵنەھاتووە جێگەی باسی دۆست و ئاشنایان بوو، سروشتی خەڵکیش وایە حەزیان بە حکایەت دروستکردنە. دیارنەمانەکە زۆری خایاند و چیرۆکەکەش کۆن بوو، لەو دەمەی خەریکبوو ھەموو شتێک لە بیر دەچووەوە، پیاوێکی کەڵەگەتی چاوڕەشی ئەسمەر، لە شارەکەدا سەر دەردەھێنێت. کەس نازانێت کێیە و لە کوێ ھاتووە، بە چ مەبەستێک ھاتووە یان نێردراوە؟. (ئەم دووکەڵە ئاگرەکەی دیار نییە، نەک ئاگرێکی بێ دووکەڵ بێت). ئەمە تێڕوانینی ئەو رۆژنامەنووسە بوو لە بارەیەوە، سەروسەکوتی لە دەغیلە دەچوو. زۆرێک دەڵێن سیخوڕێکی مەترسیدارە، بەو ھۆیەی لەگەڵ گەیشتنی بە ئێرە بە لێکۆڵەرەوەی پۆلیسی نشینگەی گووتبوو: (ئێوە وشەکان دەخوێننەوە، من پشتی وشەکان). بەشێکی تر دەڵێن سەرمایەدارێکی نیمچە شێتە، چوونکە لەم رۆژانەدا لە بەردەم یەکێک لە قاوەخانەکەدا گووتبووی: (پێم دەڵێن تۆ بوونەوەرێکی سەیر و سەمەرەیت، راستییەکەش ئەوەیە دەبێت سەیر بم). زۆرێکی دیکەش دەڵێن کابرایەکی فشەکەری قەشمەرە.
مێژوویەک تێپەڕیوە، مێرمنداڵی سێیەم، ئێستا پیاوێکی تێکسمڕاوە و لاجەنگەکانیشی سپی بوون، ھیچ کات ئەو دوو ھاوڕێیەی تری لە بیر نەکردووە، بەڵام ھیچ کاتیش ئاگای لە ھەواڵیان نەبووە و خۆیشی نەیویستووە ھەیبێت. لە وەرزی پشکوتن و رۆژێکی فێنکدا کە دموزی تێیدا دەچێتە ژوانی ئینەننا، بڕیار دەدات ھاوڕێکانی بدۆزێتەوە. کەس نازانێت چۆن و بە کوێدا ھاتەوە و لە کوێش دەمێنێتەوە؟. نھۆ مێرمنداڵی سێیەم، نووسەرێکی بەناوبانگە، گەرەکیەتی ئەو بەسەرھاتەی خۆی بکاتە رۆمان. سەرەتا دەیەوێت بڕوات بۆ ئەو وێستگەیەی ھاوڕێی دووەمی تێدا جێھێشت، ھەرچی کۆشا نەیتوانی وێستگەکە بدۆزێتەوە، ھیچ شتێک لە پێشوو نەدەچوو، تەلاری بەرز، ھوتێلی چوار ئەستێرە، نێرگەلەخانە و قاوەخانە، چەند دوکانێکی لوکس و مۆڵێکی گەورە و پارکێکی بچووک لەو دەوروبەرە دروستکرابوون، ھیچ کات ناتوانێت شوێنەواری شەقامەکە بدۆزێتەوە، ناچارە پرسیار بکات، لە ھەرچ کەسێک دەپرسێت، بە گوومان و سەرسووڕمانەوە وەک شوێنەوارناسێکی تازە شێتبوو لێی دەڕوانن و وەڵامێکی چنگ ناکەوێت، چوونکە زۆربەیان تازە لاون. لە یەکێک لە کافتریاکاندا دادەنیشێت و بەدەم خواردنەوەی کافێ لاتەیەکەوە ماندووێتی دەحەسێتەوە، پێش ئەوەی بچێتە تەوالێتەکە، کتوپڕ چاوی دەچێتە سەر چەند تابلۆیەکی تێکەڵاوی کۆن و نوێ کە بە قەد دیوارەکەوە ھەڵواسراون، ھەر یەکەیان لە رێگەی وێنەیەکی کۆن و نوێوە چیرۆکی ئەم شوێنە دەگێڕننەوە، ئەمە تاکە دەرفەت بوو بتوانێت وێستگەکە بدۆزێتەوە، بە خێرایی بۆ لای تابلۆکان کشا و سێیەم تابلۆ وێستگەکەی بەدیکرد لە ژێرەوشیدا وێنە تازەکەی بینی کە کراوە بە پارکێکی مامناوەند. بە زوویی خۆی کۆکردەوە بەرەو دەرەوە چوو، تەنانەت بیری چوو پارەی قاوەکە بدات. بەدەم ھەنگاوەکانییەوە بیری لەوە دەکردەوە تۆ بڵێی چ گوڵێک ببینیت لە شوێن پێی خۆی و ھاوڕێکانیدا، سەرنجی زۆی ناو پارکەکەی دا، ھەموو شتێک ئاسایی بوو، جگە لە دیمەنی ئەو پیاوە ریش ھاتووە مەستەی رەنگی ریشی رەساسی بوو کە ھەر ھاتوچۆی دەکرد و ھەمیشە سەیری لای سەرەوەی پارکەکەی دەکرد، وەک ئەوەی چاوەڕێی کەسێک بێت، وردە وردە لێی نزیک کەوتەوە، لە سیمایدا نەدەکرا بە ھیچ کەسێک لەوانە بچێت بە درێژایی تەمەن ناسیبوونی، شتێک بەرەو دێوانەکە پاڵی پێوە دەنێت، بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت دەگاتە بەردەم دێوانەکە، کەمێک چاو دەبڕنە یەکتر و دێوانەکە بە دەنگێکی ناسکی منداڵانە داوای سیگارێکی لێ دەکات بە مەرجێک چەرخی پێ بێت، ئەمیش بە خۆشحاڵییەوە سیگارێکی پێشکەش دەکات و چەرخەکەی بۆ رادەگرێت دایبگرسینێت. موچڕکێکی سارد سەرتاپای لەشی دادەپۆشێت، وەختێک چاوی دەکەوێتە سەر پەنجە زیادەکەی، نایەوێت بڕوا بە چاوەکانی بکات و خێرا پارکەکە جێدەھێڵێت.
دەگاتەوە شوێنی حەوانەوەکەی، وەک بروسکە خۆی دەکات بە ژووری ھوتێلەکەیدا، خۆی دەخزێنێتە ژێر چەرچەف و دواتر لە پەنجەرەی ژووری سێ سەد و سێی نھۆمی سێیەمەوە سەیری دەرەوە دەکات، کێچ کەوتووەتە کەوڵی و دەچێتە باڵکۆنەکە و سیگار بە سیگار دادەگیرسێنێت، ئەم دڵگەرمیی و بێزارییە ھەمووی نیو رۆژ دەخایەنێت. پاش ئەوە دەستدەکات بە نووسینی لاپەڕەیەکی نوێی رۆمانەکە، یەکەم دێڕی ئەمڕۆ دەنووسێت: (لە کولتووری ئێمەدا سپی رەنگێکی پۆزەتیڤ بووە یەک جار نەبێت کە لە پەندێکی پێشیناناندا بەرجەستە بووە: دەست و پێ سپی). تێناگات باسی خۆی دەکات یان چی؟ ئەم دێڕە رەش دەکاتەوە. بیرەیەکی سارد لە ساردکەرەوە دەردەھێنێت و دوو قوومی لەسەر یەکی لێدەدات و ئەمجارە بیچمی ناشرینی، دادوەرێکی بیر دەکەوێتەوە، رۆژی پێشوو لە گەراجی ئۆتۆمبیلەکاندا دەستی لە ھاوسەرەکەی بەرز کردبووە و جنێوی پێ دابوو، ئەمیش پێی گوتبوو: (ئاژەڵەکان تۆیان بینیبوو بۆیە پاشگەزبوونەوە لەوەی ببنە خاوەن زمان). دەیەوێت پانتاییەک بۆ ئەم قسەیەی بکاتەوە لەو رۆمانەی مژۆڵی نووسینییەتی. زۆر ناخایەنێت خەیاڵی دەڕواتە بۆ لای دێوانە شەش پەنجەکە، (نا، نا، ناکرێت ئەو بێت) ئەمەی گووت و بینی نا بە شووشە بیرەکەوە چۆڕبڕی کرد. ھەوڵیدەدا بڕوا بە خۆی بھێنێت ھەرگیز نەیبینیوە، ھەرچی دەکرد، نەدەکرا نکۆڵی لە بینینی خۆی بکات، جارێکی تر ویستی رووبەڕووی ئەوە بێتەوە چاوەکانی بینیوویان، لاپەڕەیەکی تازەی ھێنایە بەردەستی و لەسەری نووسی: (چاوم ھیچ نابینێت، واتە زۆر بە زەقی راستییەکان دەبینم، بەڵام فەرامۆشیان دەکەم وەک ئەوەی نەیانبینم). بەدەم نووسینی ئەم دێڕە پرخەی بەرزبووەوە.
ساتێک بێدار دەبێتەوە، تاریکی و کپیی شەوەکەی لە ئامێز گرتووە، سەیری کاتژمێرەکەی دەستی دەکات یانزە و سی و سێ خولەکە، ھەست بە سەرئێشە و ئازارێک دەکات لە ئەژنۆکانیدا. دووبارە دەگەڕێتەوە لای نوستالژیاکانی و خولیای دۆزینەوەی ھاوڕێی یەکەم تەواو مێشکی دادەپۆشێت. وەک پێشتر لە دەفتەری تێبینییەکانیدا ھێمای بۆ کردبوو ئامانجی بینینەوەی دواین جێگەی بیرەوەرییەکانێتی نەک دۆزینەوەی ھاوڕێکانی، ھەر لە ناو ئەو دەفتەرە بچووکەدا نووسیبووی: (گەمژەکان زوو یەکتر دەدۆزنەوە، بەڵام ئاوەزمەندەکان نا). لە لاپەڕەیەکی پاشتردا ئەم دوو دێڕەی بە خەتێکی تۆخ یادداشت کردبوو (مەرج نییە پەشیمانی سەر بە رابردوو بێت، ھەندێک پەشیمانی ھەیە سەر بە داھاتووە، بیرۆکەیەکت ھەیە و دەتەوێت بیخەیتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام پێش ئەوەی پراکتیکی بکەیت بە ھەر ھۆکارێک بێت لێی پەشیمان دەبیتەوە). بەدەم بیرکردنەوە لە رابردوو وەنەوزی دێت و جارێکی تر خەو دەچێتەوە چاوەکانی. لەگەڵ یەکەم کارگوزاری ھوتێلەکەدا بە خەبەر ھات، دوای دوش و دەم و ددان شتن، رۆیشت بۆ بەرچایی خواردنی بەیانیان، کەرتێک سەموونی بۆر و پارچەیەک پەنیر و چەند بۆڵە ترێیەکی خستە سەر قاپەکەی، لە کەنارێکەوە دانیشت، لە ناکاو کۆمەڵێک پیاوی قات لەبەری ورگن خۆیان کرد بە ژووردا، سەری سوڕما لەوەی نانی بەیانی و قاتی فەرمی؟ وەک بڵێی لە پرێس کۆنفرانسدا بن!. ئەمە بیرۆکەیەکی تری پێ بەخشی و دێڕێکی تری دەستکەوت بۆ رۆمانەکەی: (ژیان وای لێھاتووە کەس بە ھیچ جوان نابێت، کەسیش بە ھیچ ناشرین نابێت، ئەوەی پێوەرە تەنیا سامانە).
دوای خواردنی نانی بەیانی، عەوداڵبوون بۆ دۆزینەوەی ھاوڕێی یەکەمی مەست و شەیدای کردبوو، ئارەزوویەکی سەیر پاڵی پێوە دەنا وەک ئەو ئارەزووەی ئارکۆلۆژیستەکان بۆ گەڕان بەدووی شوێنەوارە دێرینەکان ھەیە، بەرەو گەراجی ئۆتۆمبیل راگرتن کەوتە ڕێ، ئەم رێگەیە وەک چاوەڕوانیی پاسەکە درێژ بووەوە. یەکەم سلفی لە ماشێنەکەیدا، دۆزینەوەی ھاوڕێی یەکەمی بەھۆی ناوی گەڕەکەکەیانەوە قورس نەبوو، ئەرکە زەحمەتەکە بەرگەگرتنی بینینی بوو. بەدەم شۆفێرییەکردنەوە چەندان سیناریۆی بۆ ئێستای ھاوڕێکەی لە خەیاڵیدا داڕشت، لە خراپترین ئەگەرەوە بۆ باشترین ئەگەری لەبەرچاو گرت. بەدەم خەیاڵاتەوە گەیشتە گەڕەکەکە، بەڵام جگە لە ئاپارتمانی بەرز و ھەوربڕ ھیچی تری نەبینی، بە نائومێدیی بە ناو باڵەخانەکاندا پێچ و دەورانی دەکرد، لە پڕێکدا ماڵێکی کۆنی ئەو سەردەمەی خۆی ھاتە پێش چاوی، سەرەتا واتێگەیشت چاوی رەشکەوپێشکە دەکات، دواتر دڵنیابووەوە ئەوەی بینیوویەتی راستییە. لەبەردەم ماڵەکەدا دارتوویەکی زڕ ھەبوو، یەکڕاست خەریکبوو لە ھۆش خۆی بچێت، ئەو دیمەنەی بیر ھاتەوە وەک مەیمونێک چۆن بەم دارەدا ھەڵقوون و داقوونی بوو. ئۆتۆمبیلەکەی راگرت. کوڕێکی گەنج لەبەردەم ماڵەکەدا وەستابوو، لە بیستەکانی تەمەنیدا بوو، (ناکرێت ئەمە خۆی بێت)، وا دیار بوو کوڕەکە چاوەڕوانی شتێک بکات، بە خێرایی خۆی پێگەیاند و پرسیاری ماڵی ھاوڕێی یەکەمی کرد و گووتی: من بە دوای ماڵی فلان کەسدا دەگەڕێم، چاوەکانی ھەر یەک لە رەنگێک بوون، یەکێکیان کەسک و ئەویتریان شین و کاتی خۆی… کوڕەکە قسەکەی پێ دەبڕێت و دەڵێت: بەڵێ ئەوە ماڵی ئەوە و من کوڕە گەورەکەی ئەوم. ئەوە باوکمە لە ھەیوانەکەوە نەخشە بۆ سەفەرێکی دێرین دادەنێت کە تا ئێستا سەری نەگرتووە، مێرمنداڵی سێیەم لە شوێنی خۆی سڕ دەبێت، سەیرێکی ھەیوانەکە دەکات پیرەمێردێکی ردێن سپی دەبینێت، ئاوڕ بۆ کوڕەکە دەداتەوە، دەبینێت خۆی ھەڵداوەتە ناو پاسێکەوە!، کاتێک پاسەکە بە لایدا تێدەپەڕێت دەبینێت، سێ مێرمنداڵ لە کوشنی دواوە دانیشتوون، یەکێکیان سەری بە پەنجەرەکەوە نووساندووە.

سوێد- ڤێسترۆس
بەھاری ٢٠١٥

تێبینی: ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٣١٥)ی گۆڤاری (رامان) لە رۆژی ٥-١-٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە




دەقی واڵا.. ستیڤان شەمزینی

ئەی ژن
ھەر دەبوو ئەمەت پێ بڵێم

ئەی ژن
ھەرگیز ئەو ھەڵەیە نەکەیت
باوەڕ بە ئێمەی پیاو بکەیت
ئێمە تەنھا لە بۆتەی شیعردا
بەرگی خواوەند بە بەرتدا دەدورین
لە گۆرانییە درۆزنەکانماندا
خۆمان بە بێ دەسەڵات
لە بەردەمتدا نیشان دەدەین
تا شەوێکی سوور مسۆگەر دەکەین
دوای ئەمە گورگەکەی ناوەوەمان
لە دڵی نەرمت بەردەدەین
شانامە بە باڵاتدا دەھۆنینەوە
تاکو ئاوی روونی ژنێتیت لێڵ دەکەین
نەکەیت باوەڕمان پێ بکەیت
ئێمە کۆمەڵێک راوچین
تۆ دەکەینە نێچیری حەزەکانمان
ھەوڵی دەستەمۆکردنت دەدەین
چون ھیچ شەرەفێکمان نییە
دەتکەینە شەرەفی ناچاریی خۆمان
ھەر کات یاخیبوویت
بێ ویژدانانە سەنگەسارت دەکەین
گەر زۆر پێشکەوتووخوازیش بین
نامانەوێت تۆ بۆ خۆت سەما بکەیت
ناچارت دەکەین
بە زوڕنای دەنگ گڕی ئێمە ھەڵپەڕیت
نامانەوێت دنیای خۆتان ھەبێت
ھەموو بەدەنگێکی کۆراڵئاسا
ئەنەڕێنین و ئەقیژێنین
ئێوە جیھانی ئێمەن
وەک ئەو منداڵە گڕو دەگرین
بە میکانۆکانی جیھانێک دروست دەکات
نەکەن، بیرتان بچێت
ئێمەی پیاو
ئێوە بە میکانۆکانی گەورەییمان دەزانین
ئارەزوو دەکەین
جیھانێکی بێ رەنگ بخوڵقێنین
بە دڵی ئێمە و لەسەر ئێسکی ئێوە
نامانەوێت ھەست بە بوونتان بکەن
باشترینمان ئەوەیە
وا بیر دەکاتەوە لە پەراسووە گێڕەکەیەوە
ھاتوونەتە دەرێ و
ئەکتەری شانۆگەرییەکن
ھەر خۆی نووسەر و دەرھێنەریەتی
ئەی ژن ھەرگیز نەکەیت
باوەڕ بەم قسانەی منیش بکەیت
وا بزانی پیاوێکی جیاوازم
ھەرگیز بەم قسەی باق و بریقانە تێمەکەوە
ئێمە ھەموو یەک میتاڵین
جیاوازییەکە لەوەدایە
ھەندێکمان لە یاری شێوەگۆڕیندا
کارامە و لێھاتووترین
ئەگەر بۆمان بلوێ
دوا بە یەکتان دەخەینە
تۆڕی خولیا شەھوانییەکانمانەوە
گەر بۆشمان نەکرێت
وەک ماری سڕ دەچینە قاوغی متبوونەوە
ھەندێکی ترمان
مێشکیان لە خوار ناوکیانەوەیە
ھەزاران تۆپ قوماشت تێوە پێچرابێت
ھەر وەک لەشێکی رووت دەتبینن
ئەمانە لەو پیاوانە پێکنەھاتوون
بە ئەبجەدیات نەخوێندەوارن
ھەمانە کتێبی قەبە دەنووسێت
ھەمانە چارەنووسی ملیۆنانی بەدەستە
ھەمانە ئێوە زۆرتان خۆشدەوێت
ئاە کەمتان دەتوانن لە سۆنەرێکدا
ناوەوەی ببینن، تا بزانن
چ کەمتیارێکە لە پێستی کەروێشکدا
ئەی ژن
ئەمەت با بیرت نەچێت
ئەوانەی دەڵاڵی بە لەشتەوە دەکەن
ھەموو پیاون
ئەوانەی خوێنت حەڵاڵ دەکەن
ھەموو ھەر پیاون
گەر بە رێکەوت
مێینەیەکیشیان لەگەڵ بوو
خوێنی پیاوسالاریی
بەدەمارەکانیدا دەگەڕێت
دەبێت ئەویش حسابی نێری بۆ بکرێ
ئەوانەی دەتکەنە کاڵا
لە جەمخانەکانی بازاڕی ئازاددا
یەک بە یەکیان پیاون
ئەوانەی فوو بە شەیپوری جەنگدا دەکەن
کە تۆی تێدا لاقە دەکرێیت
ھەر ھەموو سمێڵ بابڕن
ئەوانەی تەنیا لە شیعردا
تۆیان خۆش ئەوێ
ھەموو ھەر نێرە زەلامن
ئەوانەی لە ژوانەکاندا
درۆتان لەگەڵ دەکەن
ژمارەیەکی بێشووماری کەر پیاون
رەنگە بڵێن
تۆ بۆ ئەم دێڕانە دەنووسیت؟
پرسیارێکی زۆر بەجێیە
لەوانەیە ھیچ وەڵامێکم نەبێت
تەنھا ئەوەندە نەبێت
ئەی ژن
باوەڕم بەوە ھێناوە
تۆ ھەر جەستە نیت
تۆ بۆ بێتاقەتی دەرکردنی من
نەئافرێندراویت
دەرچەیەک نیت بۆ خاڵیبوونەوە
لە ھەڵچوونی غەریزە ھەراشەکانم
نا، شتێکی گرنگتر ھەیە بیڵێم
تکایە گوێم بۆ بگرە
بە خاتری گەیاندنی ئەم مەسیجە
رەچاوی شیعرییەتی ئەم دەقە ناکەم
دەمەوێت پێت بڵێم
وەک مرۆڤێک قبوڵت دەکەم
تۆش وەک مرۆڤ نەک پیاو
تەماشای خۆم و شیعرم بکە

دیسامبەری ٢٠١٤
ناو شەمەندەفەر
لە کۆڵن – ئەڵمانیاوە
بۆ ئاڕنھێم – ھۆڵەندا




دڵۆپێک خوێنی خۆشەویستی.. چیرۆکە ھەواڵ: ستیڤان شەمزینی

کەسمان نازانین چۆن دێینە ئەم ژیانە جەنجاڵەوە و چۆنیش لێی دەردەچین، ھەروەک ناشزانین تووشی چی دەبین و چارەنووسمان بە کوێ دەگات. مرۆڤ ئەوەی بە بیریدا نەیەت ھەمیشە تووشی ئەوە دەبێت, ئەوەی خۆی دەیەوێ وەک خۆزگەیەکی بەدینەھاتوو دەمێنێتەوە، ھەر دەبێ ژیانی خۆی بۆ ھاتنەدی فیدا بکات, لەناو ئەم قەدەرانەشدا ترسناکترینیان قەدەری عیشقە کە ھێندە تیژ تێپەڕ و خێرایە ھەرگیز نازانین چۆن تێی دەکەوین ھەروەک دەرچوونی تیر وایە لە کەوان. ھەر یەکەم نیگا سەرتاپای ژیانت وێران دەکات, ھەر لەو لەحزەیەی دەبیتە عاشق ئیتر دنیا بە رەنگی مەعشوقەکەت دەبینی و ھیچی تر, دابڕان کە سەرئەنجامی ھەموو عیشقەکانە زامەکان قووڵ و خەستتر دەکاتەوە. دەبا بۆ ساتێک لە تراژیدیای دابڕانی دوو عاشق وردبینەوە و بزانین قەدەر و گەردەلولی عیشق چی لەو دوو عاشق دەکات؟!.

یەکەم نیگا

دڵشادی خوێنگەرم کە ھەرگیز رۆژێک بە بیردا نەھاتووە, دێتە ئەم شارە, ئێوارەیەک لەگەڵ (ھەڤاڵ)ی برایدا دەچێتە ئاھەنگی ھاوڕێیەکی, (دڵشاد) تەنیا خۆی بۆ ھەڵپەڕکێ ئامادە کردووە کەچی کاتێک ھەر چاوی بە (سۆز) دەکەوێت دڵی یەک پارچە دەبێتە کورەی ئاگر و ھێزی لە ئەژنۆیدا نامێنێت. ھەرچۆنێک بوو ئەو رۆژە دڵشاد خۆی لە (سۆز) نزیک خستەوە و یەکتریان ناسی و ھەر لە یەکەم نیگاوە ھەردووکیان خۆشەویستی لە دڵیاندا چرۆی کرد و ھیچیشیان توانای دەربڕینی ئەو عیشقەیان نەبوو. چەند رۆژێک دوای ئاھەنگەکە دڵشاد لە رێگەی (سیامەند)ی ھاوڕێیەوە, توانی لەگەڵ (سۆز) یەکەم ژوان رێک بخات, ئیتر ئەم ژوانە دەرگا کڵۆمدراوەکانی کردەوە و رێگەی بۆ دەیان ژوانی تر خۆش کرد کە دواجار عیشقێکی دێوانەیی سەر شێتانەی لێ کەوتەوە.

پیاسەی کەناری رووبار

دوای ئەو ھەموو ژوانە پڕ لە ھەست و پڕ لە بارانی بە خوڕی وشەی رەنگاڵەی عاشقانە, (دڵشاد) دەیەوێت لە رێَگەی ھاوسەرێتییەوە درێژە بەو عیشقە پیرۆزە بدات کە لای ھەردووکیان بۆتە پیشە و خولیا. ئێوارەیەک (دڵشاد) دەچێتە لای سۆز و پێکەوە دەچنە باخچەیەکی شار. سۆز رووی دەمی دەکاتە دڵشاد و پێی دەڵێت: لەنێوان دەوڵەمەندیی و ناوبانگ و لێپرسراوییدا حەزت لە کامیانە؟!, دڵشاد دەڵێت: حەزم لە ھیچکامیان نییە, ھیوای من تەنیا دوو شتە, یەکەمیان گەیشتن بە تۆی نازدار کە جارجار دوور لە تۆز و غوباری ئەم وڵاتی مەرگە پیاسەیەکی کەنار رووبار بکەین, دووەمیان کۆرپەیەک لە تۆ، تا ناوی بنێم (ئازاد) واتە ناوی ئەو برایەم کە بەعسییەکان پێش چواردە ساڵ بردیان و نەگەڕایەوە، ئێستاش دایکە کڵۆڵەکەم دەرگای ماڵەوە دەخاتە سەرپشت و لە چاوەڕوانیدایە ئازاد بە خۆی و (شنە)ی دەزگیرانییەوە بێتەوە. ئەو ئێوارەیە (دڵشاد) ژیانی (سۆز)ی مەعشوقی تەژی دەکات لە عیشق، بە جۆرێک قورسایی دەخاتە سەر دەروونی و مێشکی ناتوانێت بۆ ماوەی دوو رۆژ سەردانی خوێندنگە بکات.

کوڕی بێوەژن

دڵشاد ھێشتا زۆر لەوە منداڵتر بوو کە باوکی خۆی بناسێتەوە, باوکی لەسێدارە درا بوو, دایکی ببووە باوکیان لە ھەمان کاتیشدا ئەرکی دایکایەتیشی لەسەر شان بوو, دایکی ناچار بۆ پێگەیاندنی (ئازاد و دڵشاد و ھەڤاڵ و سروە) قۆڵی لێ ھەڵماڵی بوو، ناچار بوو بچێت خزمەتی ماڵان بکات و نانکەریی بۆ خێزانە خوا پێداوەکان بکا. دایە (نەسرین) بە سەری بەرزەوە منداڵەکانی گەورە کرد و خستنیە بەردەم خوێندن، ھەموویان زۆر سەرکەوتووانە لە خوێندن بەردەوام بوون. دڵشاد خوێندکارێکی ھێمن و ژیر و زیرەک بوو, لە ناو خەڵکدا گەلێک خۆشەویست بوو. (دایە نەسرین) ھەر بەردەوام بوو لەسەر کارکردن تا منداڵەکانی گەیشتنە قۆناغی خوێندنی زانکۆ. دڵشاد دووەم ساڵی بوو لە خوێندنی زانکۆ، لەگەڵ خوێندنەکەی ھاوکاریی دایکی دەکرد, بەم شێوەیە ئەو خێزانە بە ھەژاریی بەڵام شادومانانە دەژیان، ھەرچەند لە ساڵی ١٩٨٦دا رژێمی بەعس (ئازاد)ی تەمەن بیست و دوو ساڵیان شەھید کرد، بەڵام ھێشتاش بەختەوەر و کامەران بوون تا ئەو کاتەی قەدەرێکی رەش کامەرانی و خەندەکانیان دەتۆرێنێت.

رۆژی خوازبێنی

ئێوارەی سێ شەممە بوو, دڵشاد و سۆز لە پارکەکەدا پیاسەیان دەکرد، دڵشاد دەڵێ تەواو سبەینێ دێین بۆ خوازبێنی، ئیتر خەونەکانمان دێتە دی, بەڵام (سۆز) لە قووڵایی ھەستێکی شاراوەوە لەناو نیگەرانیدا بوو, ئەو دەیزانی رێگریی و ئاستەنگەکان چین، بەڵام دڵی نەدەھات بە دڵشادی بڵێ, ئەویش لە خەوی غەفڵەت و فەنتازیای عیشقدا نغرۆ ببوو، نەیدەتوانی لە ھیچ ھێما و رەمزێک تێبگات. ھەر ئێوارە کە دڵشاد بەدڵخۆشییەوە گەڕایەوە, دایکی ماتەم دایگرتبوو، چونکە دەیزانی ئەم عیشقە مەحاڵە، بەڵام ھەر دەبێ لە پێناوی کوڕەکەیدا بڕوات بەرەو ئەو کارەی داوای دەکات، ئەویش خوازبێنیکردنی (سۆز)ە. بەیانی چوار شەممە دایکی دڵشاد و سروەی خوشکی چوونە ماڵی سۆز تا لەگەڵ دایکی قسە بکەن, دایکی کە ھەڵوێستی بێلایەن بوو ئەو کارەی بە مەحاڵ دانا و وتی ئەم کچەمان بەناز و نیعمەت بەخێو کردووە، کوا ئێوە دەتوانن نیوەی ئەو ژیانەشی بۆ دابین بکەن ئێستا ھەیەتی؟, ھەر چۆنێک بوو دایکی سۆز مەسەلەکەی گەڕاندەوە بۆ راوبۆچوونی باوکی سۆز و ھەواڵەی ئەوی کردن.

یاریکردن لەگەڵ مەحاڵ

سێ رۆژ دوای چوونەکەی دایە نەسرین و سروە بۆ ماڵی سۆز, خاڵی دڵشاد و دوو ھاوڕێی تری و ھەڤاڵ چوونە ماڵی باوکی سۆز. سەرەتا وەستا (عومەر) خاڵی دڵشاد بەوە دەستی پێکرد: ژیان گۆڕاوە و پێویستە ئەزموونی خۆمان بەسەر گەنجی ئێستادا دووبارە نەکەینەوە بە تایبەت لە بواری خۆشەویستی و ژیانی ھاوسەرێتیدا. بەڵام باوکی سۆز لێوانلێو بوو لە رق و تووڕەیی، وتی: کاکە جارێ بزانن ئێوە لە ماڵی کێن!! من بە چ ھۆکارێک کچ بدەمە کوڕی ئێوە؟ کامەیە باوکی؟ کامەیە بنەماڵە و سەروەتەکەی؟ کامەیە پیشە و ناوبانگەکەی؟ ھەرچەند وەستا عومەر، زۆر ھەوڵیدا قەناعەتی پێ بکات، بەڵام باوکی سۆز وتی: ئەمە یاریکردنێکی بێ ئاکامە لەگەڵ مەحاڵ, پێویستە ئەو کوڕە کچێکی وەک خۆی بێنێت!. ئەو جارە و سێ جاری تریش بەم جۆرە، بنەماڵەی سۆز دڵی خاڵ و ھاوڕێکانی دڵشادیان شکاند، دواتر ئەوان چونکە لەناو ناخی دڵشاددا نەژیابوون ویستیان قەناعەتی پێ بکەن واز لەو کچە بێنێت, بەڵام ئەویش ئەمەی بە مەحاڵ دەزانی.

رۆژی زەماوەندەکە

پاش لە نزیکەی چوار مانگ (سەعدون)ی تەمەن سی و ھەشت ساڵ، دوای زیاتر لە چواردە ساڵ لە ژیانی تاراوگە, گەڕایەوە بۆ وڵات و لە رێگەی (سەمیرە)ی خوشکییەوە ھاتنە داوای (سۆز). دایکی و باوکی سۆز بە خۆشحاڵیییەوە رەزامەندییان بۆ ئەم ھاوسەرگیرییە دەربڕی! (سۆز) دەیزانی ئەم پیاوە نە خۆشیدەوێ نە ئەمیش دەتوانێ خۆشیبوێ، کەچی ھاشای لە خۆشەویستی خۆی کرد لەگەڵ (دڵشاد)!!. زەواجی لەگەڵ (سەعدون) کرد و نۆزدە رۆژ دوای ئەوەش زەماوەندیان گێڕا. رۆژی زەماوەند (دڵشاد) لەگەڵ (سۆران)ی ھاوڕێیدا چوونە ناو زەماوەندەکەوە!! ھەر کە باوک و براکانی سۆز بینیان دڵشاد لە ئاھەنگەکە حزوری ھەیە، بە وردیی کەوتنە چاودێرییکردنی. دوایی باوکی سۆز قۆڵی دەگرێت و پێی دەڵێت دەبێت یانەکە جێبھێڵیت ئەگەر نا رەفتاری خراپی لەگەڵ دەکات, ئەویش وتی: من ھیچی خراپم بە دەستەوە نییە، تەنیا دەچم پیرۆزباییان لێ دەکەم. کاتێک دڵشاد دەچێتە بەردەم (سۆز) زۆر بە نەترسانە دەڵێ بەداخەوە بۆ تۆ, لەبری پارەش نامەیەکی کۆنی سۆز دەخاتە زەمبیلەکەی بەردەمی وەک پۆیلانە, سۆز بە تەواویی دەشڵەژێت لە ترسی سەعدون. ھەرچۆنێک بوو ئەو رۆژانە رۆیشتن و رۆژانی داھاتوو ھاتن کە رووداوەکانی تێدا روودەدەن.

دوو سەفەر

چەند مانگێک دڵشاد بە ئازارەوە دەتلێتەوە, بە تایبەت دوای ئەوەی سۆز پێی وتبوو ئیتر من رۆیشتم بە رێی خۆمدا و تۆش بڕۆ بە رێی خۆتدا!. ھێشتا دڵشاد لە ئازاری خۆیدا دەتلایەوە کە (سەعدون) جارێکی تر گەڕایەوە کە تەنیا بۆ بۆ دوو ھەفتە مۆڵەتی سەفەری وڵاتی وەرگرتبوو، بەڵام ئەم جارە (سۆز)ی لەگەڵ خۆی برد. بەم جۆرە سۆز سەفەری کرد و چرای ئومێدی دڵشاد کوژایەوە, ھەر بۆیە دڵشاد بڕیاری دا ئەویش سەفەر بکات! ئەو ئێوارەیەی دڵشاد سەردانی ھاوڕێکانی خۆی کرد و داوای گەردن ئازادیی لێکردن، چونکە پێی وتن بڕیاری داوە سەفەر بکات، بەڵام روونی نەکردبووەوە, چۆن سەفەر دەکات و چ جۆرە سەفەرێک دەکات, تا ئەو بەیانییەی لە ماڵی دایە نەسرین قیژە و ھاوار ھەستا و خەڵک بە راکردن بۆ ماڵەکەیان دەڕۆیشتن و دەیانووت دڵشاد بە دەمانچە خۆی کوشت. من کە ئەم دێڕانە دەنووسم کاتێک گەیشتمە بەردەم ماڵی دڵشاد، جەستە خوێناوییەکەی گەیەنرابووە خەستەخانە, بەڵام ئەوەی من بینیم تەنیا یەک دڵۆپ خوێن بوو لەبەر دەرگای ماڵی دایە نەسرین.

دوا پەردەی تراژیدیاکە

چلەی دڵشاد چوو, ھێشتا سۆز لە تاراوگەکەیدا ئاگای لە ھیچ نەبوو, ماڵی سۆز کە ھەستیان بە تاوان کرد ئەم رووداوەیان باس نەکردبوو, تەنانەت ساڵێک بەسەر رووداوەکە تێپەڕ ببوو ھێستا (سۆز) ھەر لە غەفڵەتدا بوو تا ئەو کاتەی رۆژێک (سەعدون) بە ھاوسەرێکی لوبنانییەوە خۆی دەکاتەوە بە ماڵدا!، دوای مانگێک بەسەر ئەم رووداوەدا، سەعدون (سۆز)ی تەڵاق دا، باوکی سۆزیش کەسێکی محافزکار بوو، (سۆز)ی گەڕاندەوە بۆ وڵات, ئەوکات (سۆز) بە رووداوەکەی زانی و لە ناو ھەستکردن بە تاواندا تووشی حاڵەتێکی دەروونی ترسناک بووەوە, ئێستاش (سۆز) بە ھەستی خۆ بە تاوانبار زانینەوە بە رێگادا دەڕوات، ھەموو شەوێکیش روحیانەتی دڵشاد خەوی لێ دەزڕێنێت, ئەمیش تەنیا بە جەستە زیندووە. بەم جۆرە پەردەی شانۆی ئەم تراژیدیایە دادرایەوە.

سەرنج: ئەم رووداوە ھێندە کاریگەر بوو، ھەنووکە دوای بیست ساڵ ھێشتا دیمەنەکە وەک شریتی سینەمایی بە زەینمدا دێت و دەچێت. ھەر بۆیە ساڵێک دواتر و لە ئاداری ٢٠٠١دا بە گۆڕینی ناوی کارەکتەرەکان وەک چیرۆکێکی رۆژنامەوانی نووسیمەوە، بەڵام چەند ساڵ دواتر بڵاوم کردەوە.

تێبینی: ئەم چیرۆکە ھەواڵە لە ژمارە “٧٢٩”ی رۆژنامەی “کوردستان راپۆرت” لە رۆژی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧بڵاوکراوەتەوە. پاشتریش لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە ٤٨٠-٤٨٥ بە شێوەی کاغەز چاپ و بڵاوکراوەتەوە.




خۆشەویستی سەماکردنە لەسەر ئاگر.. چیرۆکە ھەواڵ: ستیڤان شەمزینی

ھەمیشە ھەروا بووە, کۆتایی عیشق تاریکی و تێکشکانێکی گەورە بووە, عیشق ھەرگیز کۆتایی نییە، واتە کۆتاییەکی پڕ شادیی و کەیف و خۆشی. بە پێچەوانەی ریتمی سینەماوە عیشق ماراسۆنە بەرەو مردنی ئەبەدیی, عیشق نغرۆبوونە لە دەریای وەھم و خەیاڵ و داڵغە بەدینەھاتووەکان. عیشق چیتر نییە جگە لە ئازار، بەڵام بەدەستی جەلادێکی بێڕوحم کە ھیچ بەزەییەک لە دڵیدا نییە, ئەگەر بتەوێت عاشق بیت پێش ھەرشتێک پێویستە شێت بیت، چونکە ئەقڵی ئاسایی توانای بەرگەگرتن و بڕینی ئەو ھەموو کۆسپ و کەندەڵانانەی نییە, ھەرگیز توانای ئەوەی نییە, دەبێت خۆت خاڵی بکەیتەوە لە ھۆش, دەبێ لە سەوداسەریدا بژیت, دەبێت بەو بڕیارە بەرەو رووی بچیت کە دەتەوێ بەرەنگاری لەشکرێ یان سوپایەک سەرباز ببیتەوە, ئەگەر ئەم بڕیارەت نەدابێ ھەروا ئاسان نییە لافی عاشقبوون لێ بدەیت. خۆشەویستی لە ژیاندا قورسترین بارە, ئاخر خۆشەویستی لێوانلێوە لە مازۆخیەت, لێوانلێوە لە بێھۆشی, لێوانلێوە لە سووتان لە مەعشووقدا, ونبوونە لە خۆشویستراودا, گەڕانە بە دوای خۆتدا لە ئەشکەوتە تاریکەکانی دڵی یاردا, گەڕانە بە دوای نەمریدا. بۆ ئەوەی عاشق بیت پێویستە ھەندێک لە شێتی, ھەندێک لە یاخیبوونت تێدا بێت، ئەگەرنا ھیچ ساتێک ناتوانی بەو پلەیە بگەیت, ئەمە رەھایە و رێژەی نەگۆڕە بۆ ھەتاھەتایە.

لە جەژنی کریسمسدا

لاوە گەنجێکی خۆشڕوو, دڵپاک, ھەست بەرز, ھەژار و کەمدەرامەت, لە بنەماڵەیەکی ئاینی ئیسلامی گەورە بووە, بەڵام لاوە ھەمیشە بە چاوێکی یەکسانەوە لە دین و باوەڕەکان دەڕوانێ و تا راددەیەکیش مەیلی چەپایەتی لە کەللەی داوە. بەڵام سەرسامبوونی بە مەسیحییەت و عیسا شتێکە بە ھیچ شێوەیەک نایشارێتەوە, ئەمە وای لێ کردووە لە بۆنە و یاددە ئاینییەکاندا سەردانی کەنیسە بکات، بێ ئەوەی ھیچ لە رێوڕەسمەکان بزانێت. لاوە بەیانییەکی زوو لە پێش زۆربەی دیانەکانەوە ھاتە کەنیسە, بەڵام وەک ئەوەی فریشتە بیخاتە دڵییەوە چاوی گێڕا تا لەسەر بەژن و باڵای (لیندا) ئیستی گرت, ئەو کەشە ئاینییەکەی لە خۆی و کچە گۆڕی بۆ کەشێکی عاشقانە, ھێدی ھێدیش خۆی نزیکی خستەوە تا چووە بەردەمی و بە کوردیی سڵاوی لێکرد و ئەویش بە سریانی وەڵامی دایەوە!. لاوە ھیچ نیگەران نەبوو, بەڵام دوای تەواوبوونی کەشە ئایینیەکە و بڵاوەکردنی دیانەکان, لاوە کەوتە شوێن لیندا تا توانی ماڵیان بدۆزێتەوە و دواتر بەھۆی دۆزینەوەی ماڵەکەیانەوە قوتابخانەکەشی دۆزییەوە و بەم ھۆیەشەوە توانی ھەموو نھێنییەکانی ئەو کچە بدۆزێتەوە و ئاشکرای بکات. لیندا بێئاگایە لەوەی کوڕێکی موسڵمان قومارێکی ئێجگار گەورە دەکات لەسەری, بەو جۆرە کەوتە دوای عەشقێکی تەواو فاشیلەوە.

بەڵێ خۆشەویستی

یەکەم جار لاوە توانی لە رێگەی قوتابخانە لیندا بگرێت و بە روونی پێی بڵێ خۆشمدەوێی!, بەڵام ئەمە لای ئەم کچە بڕیارێکی تەواو بێ عەقڵانە بوو, ھەرچەندە جێگەی ھەڵوەستەکردن بوو بەلایەوە, دەیزانی ھاتنی ئەم گەنجە بۆ ناو ژیانی شتێکی ئاسایی نییە و چارەنووسەکان شتی لەو جۆرە زۆر پێکەوە دەبەستنەوە, بێجگە لەم جارە لاوە زیاتر لە بیست جاری تر بە ھەمان شێوە، ھەروەک ئەوەی بۆ یەکەم جار بێ رێگەی لە کچە گرت و داوای خۆشەویستی لێ کرد. تا لیندا گەیشتە ئەو باوەڕەی لە قووڵایی دڵی ئەو کوڕەدا رستەیەک ھەیە ئەویش ئەمەیە: لیندا من تۆم خۆشدەوێت.

منیش تۆم خۆشدەوێ

سەرئەنجام دوای ئەوەی لیندا بۆی دەرکەوت ھەروا ئاسان نییە، بێ وەڵام بمێنێتەوە لە بەرامبەر کەفوکوڵی ئەم کوڕە گەنجەدا, تووشی دڵەڕاوکێ و شڵەژانێکی دەروونی بووەوە, نەیدەزانی بەشێوە ژیانە ئاساییەکەی خۆی ملی رێگە بگرێت یان یاخی بێت و لە پێناوی عەشقدا سەرچڵی بکات. ئەو خۆشەویستیی لاوە لە دڵیدا چرۆی کردبوو، بەڵام دەیزانی رێگەی بە یەکگەیشتن ھەروا سانا نییە و لەو جیاوازییە کولتوورییەی نێوانیان تەواوێ حاڵی ببوو, رۆژان رۆیشت و ھات، لاوە زیاتر سوور بوو لەسەر خۆشەویستی لیندا، ھیچ باکی نەبوو لە ھەر تەگەرە و گرفتێک کە دەھاتە پێشی, تا دواجار لە ئێوارەیەکی ساماڵی بەھاردا لە کاتێکدا زەردەپەڕ بەرەو تاریکیی ملی رێی گرتبووە بەر. جڵەوی شل کرد بۆ ئەو ھەستەی دەمێک بوو لە دڵی لینداشدا چەکەرەی کردبوو، بۆیە بە لاوەی وت: منیش تۆم خۆشدەوێت.

ویستی قەدەر

لە کتێبە پیرۆزەکاندا باسی ئەوە کراوە ھەموو مرۆڤێک قەدەری خۆی ھەیە و ژیانی لە چوارچێوەی ئەو قەدەرەدا دەخولێتەوە. لیندا و لاوە قەدەریان جیاوازە بەڵام دەیانەوێت بیکەنە یەک, خۆ شەڕکردنیش, لەگەڵ ئەو قەدەرەدا کارێکی دۆنکیشۆتانەیە, ھیچ ئەنجامێکی نابێ جگە لە سەرکێشییەکی دۆڕاو. ئەو دوو گەنجە گەیشتنیان بەیەک ئاسایترین کردە بوو، بەڵام ئەو بەربەستە بێ مانایەی بە ناوی جیاوازیی دینەوە قووت کرابووەوە ژیانی ئەو دوو عاشقەی بە دۆزەخ سپارد. ھێشتا لە وڵاتی قەدەرە رەشەکانی ئێمەدا شتێکی لەو جۆرە رووی نەداوە, بەڵام لاوە دەیگووت خۆ من لە شێخی سەنعان موسڵمانتر و زاھیدتر نیم ئامادەم لەپێناوی عەشقدا تەنانەت ببمە زەندیک. بەڵام ئەمانە ھەموو گوزارەی ناو ئەندێشەیەکی پڕ لە عیشق بوون، ئەگەرنا لەسەر زەمینی واقیعدا کارێکی ئەستەم و بڤە بوو. ھەموو قەدەرەکان دژی بەیەکگەیشتنی ئەم دوو لاوە بوون, ھەموو ھەوڵەکانیان بێ سەرەنجام بوو, دواتریش ویستی قەدەر بەسەر ویستی عەشقدا زاڵ بوو.

دابڕان

ھەروەک وتمان لیندا و لاوە سەر بە دوو نەتەوە و دینی جودا بوون، ئەمەش بووە خاڵی ھەرەسھێنانی عەشقەکەیان, بنەماڵەی ھیچکامیان ئامادە نەبوون کارێکی لەو جۆرە پەسەند بکەن، تەنانەت لیندا ھەر نەیدەوێرا لە ماڵەوە باسی خۆشەویستی کوڕێکی موسڵمان بکات، چونکە دەیزانی تووشی گەورەترین کۆسپ و ناڕەحەتی و ئازار دەبێتەوە. لاوە دەیزانی نەک ھەر ئەوەی ببێتە دیان بەڵکو ئەگەر ببێتە قەدیس ھیچ شتێکی بۆ ناکرێ، بۆیە ناچاربوو بە وەھمیی و لای خۆیەوە درێژە بە عیشقەکەی بدات. ئیدی کولتووری جیاواز کارێکی کرد سەرئەنجام عەشقەکەیانی کاڵ کردەوە, لیندا گەڕایەوە بۆ دۆخی ئاسایی, بەڵام لاوە بووە گەنجێگی تووڕەی ھەڵەشە و نائارام و تا راددەیەکیش بەرەڵا کە خووی بە خواردنەوەی ئەلکھولەوە گرتبوو، بە بەردەوامی درەنگانێکی شەو دەگەڕایەوە ماڵەوە و ھەندێ جاریش کوڕانی گەڕەکەکەی دەیانگووت موخەدەرات دەخوات و ئاگای لە دنیا نەماوە.

بەرەو سنوورەکانی شێتبوون

لاوە چونکە کەسێتی خۆی لە مەعشوقەکەیدا ون کردبوو نەیدەتوانی و ئاسان نەبوو بۆی، بتوانێت جارێکی تر خۆی بدۆزێتەوە, دایکە پرچ سپییەکەی ھەمیشە لەسەر بەرماڵ نزا و داوای ھیدایەت و ئاساییبوونەوەی بۆ لاوە دەکرد, بەڵام نەک ھەر ھیچ سوودی نەبوو, بەڵکو بارودۆخی لاوە رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەڕۆیشت، لەگەڵ زیادبوونی تووڕەییەکانیشی، زیاتر مودمین دەبوو لەسەر خواردنەوە و حەب و شروب و ھەندێ جۆری موخەدەرات. وردە وردە ھاوڕێکانی جێیان دەھێشت و ھەریەک بەلایەکدا, تەنیا ئەوە نەبێ چەند ھاوڕێیەکی مابوو ئەوانیش بە مەستیی ناسیبوونی، باوەڕ ناکەم لە دۆخی ئاساییدا بیناسینایەتەوە, بەم جۆر و شێوازە بەردەوام بوو ھەتا ئەو کاتەی بەشێوەیەک لەڕ و لاواز ببوو, جلەکانی دڕابوون, بە لای ھەر کەسدا دەڕۆیشت وەک شێت دەھاتە بەرچاویان, زۆرێکیش لە ھاوڕێ کۆنەکانی بە دەم قاقای پێکەنینەوە دەیانگووت دنیا ئەوە ناھێنێ وەک ئەو برادەرە خۆتی بۆ شێت بکەیت, لەولاشەوە کچی دیان شوی کرد، بێ ئەوەی لاوە ئاگای لەمە بێت، چونکە بە راددەیەک لە دەوروبەر بێ ئاگا ببوو کە نەیدەتوانی تەنانەت لینداش بناسێتەوە.

سەفەری نادیار

ئەو بەیانییە کەمێک لە بەیانییەکانی تر ئاساییتر بوو, لە بەردەم گازینۆکەدا لەگەڵ (شوانە) قسەی دەکرد و دەیووت منیش دێم, وەڵڵا دێم ئەگەر بشکوژرێم. ئیتر ئاشکرا بوو لاوە دەیەوێ سەفەر بکات، بەڵام تەنیا خۆی و شوانە دەزانن. کەسیش نازانێ لاوە پارەی ئەم سەفەرەی چۆن پەیدا کرد, بەڵام ھەرچۆنێک بوو دوای سێ رۆژ لاوە بە ڕێ کەوت بۆ سەفەری دەرەوەی وڵات, ھیچ کەس نەیدەزانی جگە لە (مام باپیر)ی چایچی چونکە لای ئەو باسی کردبوو, لاوە سەفەرەکەی سەرکەوتوو بوو, تا مانگی یەکەم ھەواڵی ھەبوو, بەڵام لەو کاتەوەی لاوە گەیشتە وڵاتی یۆنان و زەنگێکی بۆ (ئیدریس)ی برای لێدا، دوای ئەوە ئیتر دەنگی نەما. ئەوە شەش ساڵە کەس نازانێ لە کوێیە؟ کەس نازانێت ئایا لە ژیاندایە یان لە بەرزەخ؟!, سۆراخێک نییە بۆی, ھەروەک ئەوەی فڕی بێت. ئێستا ھەندێ کەس دەڵێن خۆی بێدەنگ کردووە و لە ئۆکرانیا دەژی. برادەرێکی تر دەڵێ: عەقڵم ھەبێت لەناو قەرەجەکانی ئیتالیایە، یەکێکی دەڵێ لەوانەیە مرد بێت، ھەشە دەڵێ خەریکی کاری نایاسایی بووە و گیراوە, بەڵام ئەوەی ئێمە دەیزانین ھیچییان نییە، چونکە لاوە ویستی خۆی رەش کاتەوە لە لیستی کولتووری دواکەوتوودا, ویستی لە دۆزەخی ئەم وڵاتە خۆی بشارێتەوە جا گرنگ نییە لە ژیاندا بێ یان لە مردندا.

——————————————-

سەرنج: ئەم چیرۆکە بنەمایەکی راستەقینەی ھەیە و بە کەمێک دەستکاریی و گۆڕینی ناوی کارەکتەرەکانەوە لە کۆتایی دیسامبەری ساڵی ٢٠٠٠دا نووسراوە. بەڵام پێنج ساڵ دواتر بڵاوم کردووە.

تێبینی: ئەم چیرۆکە ھەواڵە لە ژمارە “٢٠”ی رۆژنامەی “نێوەند” لە ساڵی ٢٠٠٥ بڵاوکراوەتەوە و پاشتر لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لاپەڕە ٤٧٥-٤٧٩ بەشێوەی کتێبی کاغەز چاپ و بڵاوبووەتەوە.




کۆتایی عەشق وەک کۆتایی پشکۆیە.. چیرۆکە ھەواڵ: ستیڤان شەمزینی

عەشق تەلارێک نییە بە گوڵ و گوڵزار پەرژین کرابێت تا بە ئاسانیی و بێ سڵەمینەوە بەرەو کەنارەکانی ھەنگاو بنێین، عەشق دەریایەکی لاسار و تووڕەیە و زاڵبوون بەسەر شەپۆلە ھەڵچووەکانیدا لە لە باوەشگرتنی ئەستێران زەحمەتترە. عەشق ماندووبوون و رەنجە، ئیرادەیەکی بێ کۆتاییە، ئەو ئیرادەیەی فەرھاد کێوی بێستونی بە دەرزی پێ بنکۆڵ کرد، ئەو ئیرادەیەی قاچی لەسەر زەوی چەقاندووە و سەری لەسەرو بڵندیی خۆر و ئەستێرانەوەیە. ھەنگاوەکانی چوون بۆ نێو مەملەکەی عەشق ئازاراوین، کۆڵانەکانی کۆشکی عەشق وەک کۆڵانەکانی دۆزەخ وان، ئەو رێبوارە لە خۆبردووەی بڕیار دەدات بەرەو ئەو تەلارە بڕوات دەبێت بزانێت فەرشی سوور لەبەر پێی رانەخراوە، بەڵکو بە دڕک و داڵ دەورە دراوە. عاشق نابێت بترسێت، عاشق نابێت بشڵەژێ، عاشق نابێ بلەرزێت، عاشق نابێ دوورەپەرێز بێت، چون عەشق ژان و ئازارە، عەشق جەنگێکی نەبڕاوەی سۆزە، عەشق تۆپەڵێک کۆدی نەبینراوە، لەمسکردن و رامکردنی وەک چنگیرکردنی رووناکی تیشک وایە. عاشق ھەموو کات مەحزونە، عاشق ھەموو کات سەرکەشە، عاشق ھەمیشە شریتی ژیانی لەنێوان ترسێکی تۆقێنەر و دڵنیاییەکی وەھمیدا دەڕوات. عەشق وەک شەراب تاڵە و تفتە، بەڵام تامی خەیاڵەکانی شیرینە، عەشق وەک ئاگر گەرمە، بەڵام وەک ئەو پرشنگدار و رووناکە، عەشق وەک بەفر ساردە، بەڵام ھەروەک وی سپی و بێگەردە، عەشق وەک شاخ سەخت و قایم و باڵابەرزە، بەڵام ھەروەک ئەویش سەرفراز و بڵندە.

عەشق خەونێکی قووڵە

تەلار و ھیوا دەمێک بوو بڕیاریاندا بوو بۆ ھەمیشە بۆ یەکتر بژین و بمرن، گفتوگۆکانی نێوانیان تەنیا و تەنیا باسی عەشق و دەربڕینی سۆز و پەیمان بوو، ئەم دووانە دوو فریشتەی عاشق بوون لە بەرگی دوو مرۆڤی ئەم زەمەنە بێ رەحمەدا. ھیوا وایدەزانی رۆمیۆیە و تەلاریش وایدەزانی ھەر بە تەنیا خۆی (جولێت)ە، بەجووتە دەیانویست موعجیزە بخوڵقێنن، ئەو راستییە رەھایە بە درۆ بخەنەوە کە زەمەنی ئێستا بە زەمەنی کۆتایی دێوانەکان لە قەڵەم دەدات. ھیوا و تەلار وایاندەزانی لە دوای غەرقبوونی تایتانیک و دابڕانی جاک و رۆز لە یەکتر، گەردوون جگە لە عەشقی ئەوان ھیچ عەشقێکی تری بەخۆوە نەدیوە. لە ھەموو بە یەکگەیشتنەکانیاندا وایاندەزانی خەون دەبینن، بەڵام کام خەون؟ خەونێکی قووڵ کە بوراقێکی شین بۆ نێو قووڵترین کەناری ئاسمانت دەیبردن. زۆربەی جار عەشقیان بە خەونێکی ئێجگار قووڵ لێکدەدایەوە، وا بیریان دەکردەوە خەون ھەمیشە و بۆ ھەتاھەتایە دژ و پێچەوانەی واقیعە، بەتایبەتی ئەم واقیعە گەنیوە. عەشقی نێوان ئەم کوڕ و کچە گەنجە کە ھێشتا بیست و پێنج ساڵی تەمەنیان تێنەپەڕیبوو، بەشێوەیەک سەرسوڕھێنەر بوو مەگەر لە توێی کتێب و ئەفسانەکاندا دەستت بکەون، تەنانەت ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگایان لەم پەیوەندییە بوو سەریان لەوە سوڕمابوو ھێشتا لەم دنیایەدا عەشقێک بەم رەنگ و شێوەیە ماوە و دەیەوێت تەحەدای ھەموو واقیعێکی داسەپاوی رووت بکات .

وەرزی دابڕان

ئەو ساڵانە وڵات ببووە (گەراجێکی گەورە) و ھەموو گەنجێک جانتاکەی لەبن دەستی بوو تا سەفەری دەرەوەی وڵات بکات، پاپۆڕەکان ببوونە نیشتمانی رەسەنی گەنجانی خێرنەدیوی کورد. ئەو ساتانە باس ھەر باسی سنووری مینڕێژکراو و رێگای بەلەم و شەمەندەفەری قاچاغ بوو، ئەم سەفەرەش ناوی لێنرابوو گەشت لە ناڕەحەتییەکانی دۆزەخەوە رووەو بەھەشتی دڵفڕێن و ئارام. ھیوا بە رەزامەندیی خێزان و مەعشوقەکەی بڕیاری دا وەک ھەموو ئەو گەنجانەی تر ئەم سەفەرە پڕ لە کارەسات و نادیارە دەست پێبکات. زۆربەی ھەرە زۆری ھاوڕێکانی پێیان سەیربوو ھیوا ئەم بڕیارە بە پەلەیەی داوە!، چونکە لەو بڕوایەدا نەبوون ھەفتەیەک دوور لە دڵدارەکەی بتوانێت بژی، بەڵام وەڵامی بۆ ھاوڕێکانی ئەوە بوو دەیگووت: من و تەلار دوو کەس نین، نا، نا بە ھەڵەدا مەچن ئێمە یەکێکین، ئیتر خۆ نەکراوم بە دوولەتەوە تا ھەست بە دابڕان بکەم، من لەگەڵ ئەو دەژیم ھەروەھا ئەویش لەگەڵ من، ئەوە عەشق نییە گەر تۆ ھەستت کرد دووریت لە مەعشووقەکەت، بەڵکو عەشق ئەوەیە بە جۆرێک تێکەڵاو ببن ھیچ سنوور و لەمپەرێک لەنێوان عاشق و مەعشوقدا نەمێنێ، سەرەنجام ببنە یەک گیان، ئەوەش ھەروەک ئاوێتەبوونی دوو کانزا یان دوو رەنگ وایە یان وەک تێکەڵاوکردن و کارلێکردنی ئاو و مەی وایە. ھیوا بەو قەناعەتەوە کە تەنیا نییە و تەلار وەک سێبەر لەگەڵیدایە و بەشێوەیەکی مەعنەویی ھەردەم لەگەڵ یاد و یادەوەریی تەلاردایە، بەرەو ھەندەران بە رێ کەوت. دوای چەند رۆژێک بە رێگەی قاچاغ خۆی گەیاندە وڵاتی تورکیا، پاش مانەوەی چەند رۆژێکی کەمیش، ھیوا ھەموو ئاوات و قەدەر و چارەنووسی خۆی خستە دەستی قاچاخچییەکەوە و بڕیاری دا بە رێی ئاو و بە یەخت بۆ بەری یۆنان بپەڕێتەوە.

کارەساتێکی تاڵ

شەوێکی باراناویی لە پڕ قاچاغچییەکە کە بەلای راستدا دەلەنگی ھاواری کرد، “خێرا بکەن سواری ئەو لۆرییە بن”.، ھیوا وەک ھەموو نەفەرەکانی تر سواری لۆری بوو تا گەیشتە سەر دەریا، لەوێشەوە سواری یەخت بوون بە ئیجەدا بەرەو یۆنان، ترس باڵی بەسەر ھەموویاندا کێشابوو، بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک ئەو پەنجا نەفەرە نوقمی بێدەنگی ببوون، ئەمەش یارمەتییەکی باشی خەیاڵەکانی ھیوای دەدا. لەپڕ یەکێکیان کە بە قۆشمەچی ناسرابوو، بە دەنگە بەسۆزەکەی گۆرانییەکی حەسەن زیرەکی چڕی و پەردەی ئەو بێدەنگییەی دڕاند، چەند کاتژمێرێک تێپەڕی ھەر بەناو دەریادا رێیان تەی دەکرد، دەریاش تووڕە ببوو ھەر لە منداڵێکی لاسار دەچوو، دەریا ئەو دەریایە نەبوو ھیوا بە رۆژ دیبووی، زۆر لاسار و رق ئەستوور دەھاتە پێش چاو، بەڵام ھەرچۆنێک بوو توانیان بەسەر ترسی خۆیان لە بەرامبەر ھەڵچوونی دەریادا زاڵ بن و بیبەزێنن. ئەوەبوو دواجار گەشتنە کەناری ئارام و لەوێشەوە خزێنرانە پشتی لۆرییەکی ترەوە “کە لەوێ پێیان دەگووت شاحینە” بەرەو ئەسینای پایتەختی دەبردن، ھەر لەگەڵ گەیشتنیان بە ئەسینا ھیوا ھەناسەیەکی ھەڵمژی و بیری کردەوە ئەوە کیشوەرێک لە یارە غەمبارەکەی دوورکەوتۆتەوە.
ھیواا خێرا خۆی ئامادە کرد بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگاتە ئیتاڵیا، لەگەڵ قاچاغچییەکی تر رێک کەوت، دوای چوار رۆژی تر بە شاحینە بیگەیەنێتە ئیتاڵیا، دوای ئەو چوار رۆژە لەگەڵ سیانزە کەسی تردا بە ڕێ کەوتن، لە رێگە یەکێک باسی دەفتەرە دۆلار و یەکێکی تر باسی دوکان و بازاڕی دەکرد، یەکێکی تر بە باڵای ئەوروپای پڕ ئافرەتی چاوشین و جواندا ھەڵیدەدا و شیعری دەھۆنییەوە، بەڵام ئەم بێدەنگ لە یادی دڵدارەکەیدا نغرۆ ببوو، وەک مقەبایەک لە تەنیشت نەفەرەکانی ترەوە لە خەیاڵات و خەونەکانی خۆیدا دەژیا، لە ھەرا و ھوریا و چیرۆکەکانی ئەوانی تر تەواو بێ ئاگا ببوو، نەفەرەکانی تر سەریان لەو بێدەنگی و چاو داخستنەی ھیوا سوڕمابوو، چاک دەیانزانی ھیوا چاوی بڕیوەتە شتێک، بەڵام بێ خەبەرن لەوەی ئەو شتە چییە؟. تا مامۆستا ئازاد کە وەک ئەو نەفەرێکی قاچاغ بوو، ھیوای دواند، ئەویش بوخچەی دڵی بۆ کردنەوە و بە دوور و درێژیی و بەلاغەتەکەی خۆیەوە باسی عیشقی بۆ کردن و متی کردن، وای لێکردن ھەموو ئیست بگرن و دەست بخەنە ژێر چەنەگەیان بۆ بیرکردنەوە. ئەم دەمەتەقێیە ھەر بەردەوام بوو تا ئەوەی شۆفێرەکە ھاواری لێکردن دابەزن ئێوە گەیشتنە رۆما، ئەوەبوو یەک یەک دابەزین، بەڵام لەم کاتەدا ئۆتۆمبێلێکی تیژڕۆ لە ھیوای دا و جەستەی لە خوێندا سوور کرد، بەدەم ناڵانەوە تا مردن ھەر ھاواری بوو تەلار، تەلار، بەڵام خوداش بەو ھەموو بەزەییەوە نەگەیشتە فریای! ھیوا لەوێ وەک ئەستێرەیەکی ئاسمانی عەشق کشا، ئەوساتە ساتی نامۆبوون بوو، لەوانەیە ھەر لەو کاتەدا بووبێ کە تەلار پیاڵە چایەکەی لە دەست کەوتە خوارەوە و نەیزانی بۆچی وا لە ناکاو راوەستا و ئیستی گرت. کارەساتە تاڵ و گەورەکە روویدا، ھیوا وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار کشا و تەلاریش وەک مۆمێکی گەش بێ خەبەرە.

مۆمی بەر رەشەبا

ساتێک ھیوا لە ئاسمانی تەلاردا ئاوابوو، تروسکاویی ھیوا و ئومێدی کوژایەوە، وەک مۆمێکی سەرکزی بەر رەشەبا و زریانێکی بەھێز خۆی دەنواند. سەری دنیای لێ ھاتبووەوە یەک، دەیزانی بوونی ئەو بە بوونی ھیواوە واتادارە. بەردەوام دەستە خوشک و ھاوڕێ نزیکەکانی ھەرچەندە دڵیان دەدایەوە، بەڵام ئەو بۆ ساتێک چییە ھێور نەدەبووەوە لە فرمێسک ھەڵڕشتن کە بەسەر روومەتی گەشیدا جۆگەلەی بەستبوو،. چاوە زۆر رەشەکانیشی ھەروەک ئەوەی نوقڵانەی تەعزێیەکیان پێدابێ خۆیان رەشتر دەنواندا بەسەر رووە سپی و نازدارەکەیەوە. تەلار تەواو بێ ئومێد بوو، ئەم دنیا گەورەیەش ئەوەندە بچووک ببووەوە لە پێش چاوانی، وا ھەستی دەکرد لە زیندانێکی تاکەکەسیدایە، تیایدا تەنگە نەفەس دەبوو، خواردنی ئەو ببووە ھەڵمژینی غەم و پەژارە، خەویش بە تەواوەتی ماڵئاوایی لێکردبوو. دەیزانی ئاوابوونی ھیوا ھیچ ھەڵھاتنێکی نوێی بە دواوە نییە، بۆیە ئومێدبڕاو ببوو لەوەی جارێکی تر ھەتاو و رووناکی عەشق روو لە ئاسمانی بکەنەوە. ئەو کەرتێکی تەنیا بوو، بەشەکەی تری خۆی لە دنیای ونی بەرزەخدا بوو، پەلەی بوو بۆ ئەوەی بگاتە لای ئەو، چونکە بۆی ئاسان نەبوو ساڵانێکی دوورودرێژ و بێ بڕانەوە بە تەنیایی و یەک لەتیی بەردەوام بێت و بژی.
پێشتر لە تەلەفۆندا بە ھاوڕێیەکی نزیکی وتبوو، دنیا یەک جار تامی ھەیە و بۆ ھەموو کەسیش یەک ھەل ھەیە، من ھەر زوو زۆر ھەلی خۆمم دەست کەوت لە دۆزینەوەی ھیوادا، بەڵام قەدەری شووم و رەش و ئۆتۆمبێلی دڕندە لێیان زەوت کردم. بۆیە من شانسی خۆمم لە دەستدا، بێگومان دونیا دوو ھەلی تێدا نییە تا من بە تەمای ئەوە بم ھەلی دووەم بێتەوە بەردەمم، منیش بڕیار دەدەم بە شتێک کە ناوی مردنە، رەنگە ئەو مردنە بە لای خۆمەوە ژیان بێت، بەڵام ئێوە لە ھەڵەدان بە مردن و فەنابوون لێی تێدەگەن. بە درێژایی زیاتر لە مانگێک، تەلار لە نێو فرمێسک و خۆخواردنەوەدا بوو، تاو ئەو کاتەی بە ھەموو متمانەیەکەوە بڕیاری دا بە شەش دەنک حەب کۆتایی بە خۆی بھێنێت و لە ژوانگەی بەرزەخدا دەست لەملانی دڵدارە دەم بە خەندە و جوانەمەرگەکەی پڕ بە کامی دڵ سەما بکات، تا دەست لەملان وانەیەکی نوێ و جوانی عەشق پێشکەش بکەن، بەڵکو بەسەر ھەموو قەدەر و چارەنووسە داسەپاوەکاندا زاڵ بن. بەرەبەیانییەکی زوو، لەگەڵ گزنگی خۆر و کازیوەی دەم بەیاندا لە ماڵی تەلار بوو بە شین و شەپۆڕ و واوەیلا، ھەر ھاوار بوو: کچە جوانەکەم رۆ، خوشکە نازدارەکەم رۆ، ئامۆزا بەدبەختەکەم رۆ، رۆ رۆ رۆ و ھەزاران رۆ رۆ.. تەلاریش وەک پەپوولەیەکی ناسک و رەنگین لە سەرەتای وەرزی تەمەن و ژیاندا ئاوابوو، بە ئاوابوونەکەشی وانەیەکی زۆر جوانی پێشکەش کرد، پەیمان و وەفا راستەقینەکەی خۆی بۆ ھیوا سەلماند کە تەنیا ھیوا بۆ تەلار، تەلاریش بۆ ھیوایە و تەواو، ئەمەش ھاوکێشەیەکە ھیچ ھێزێک نییە لە دنیادا بتوانێت بیگۆڕێت.

کۆتایی عەشق وەک کۆتایی پشکۆیە

کۆتایی عەشق سووتماکبوونە، دڵەکان پێش عەشق وەک خەڵوز رەشێکی قەترانین، لە کاتی عەشقیشدا وەک پشکۆیەکی سوور گەش و پرشنگدارن، بەڵام سەرەنجامەکەی چیتر نییە جگە لە بە خۆڵەمێشبوون و کوژانەوەی یەکجاریی. عەشق بە سەختی و دژواریی دەست پێدەکات و ھەرواش کۆتایی پێدێت، عەشق بە ئازار و دڕک لە دڵ چەقین دەست پێدەکات و دواجاریش بە ناکامی و دەستبەتاڵی کۆتایی پێدێت. عەشق مەشخەڵێکی ئاگرە، ئەوەی لێی نزیک بێتەوە جگە لە سووتان و فەوتبوون ھیچی تری بەنسیب نابێت. عەشق کەیف و شادیی نییە، بەڵکو حوزنێکی قووڵە، بە چارەنووسی ھەر کەسێکەوە لکا ئەوا یان دەیکاتە پاڵەوانێکی ئەفسانەیی یان شێتێکی سەرگەردان و پەتەڕی. عەشق وا دەکات مردن لە ئاو خواردنەوە ساناتر بێت، عەشق وا دەکات ژیان مەحاڵ بێت، عەشق وا دەکات فڕین بۆ دوورترین شوێن نزیکترین خاڵ بێت. عەشق وا دەکات زەوی لەسەر لەپی دەست رابگریت، عەشق وا دەکات جڵەو شل بکەیت بۆ سۆز و وەک کۆلارەیەک بەکرەی بۆ شل بکەیت ئیدی بۆ کوێت ببات، دەبێت لە دووی بچیت.
عەشق وا دەکات موعجیزە بخووڵقێنیت، ئاخر عەشق بە ھەموو جۆرێک دژی عەقڵە، ھەروەک چۆن عەقڵ دوژمنایەتی باوەکوژی لەگەڵ عەشقدا ھەیە، ھەر کاتێک عەقڵ تەحەکومی کرد بەسەر مرۆڤدا عەشق ماڵ دەگوازێتەوە و باردەکات بۆ دوورترین دوورگە، ھەرکاتیش عەشق جێی گرت ئەوا عەقڵ بە ھەڵەداوان را دەکات و خۆی لە سۆزی رووتی قورسی عاشق دەرباز دەکات. عەشق چیتر نییە جگە لە وەھمێکی رووت و ھەوایەکی خنکێنەر، ئەو وەک تریاک وایە بێ ئەوەی بزانین و پرسیار بکەین ئاخۆ خۆی چییە و چۆنە؟ مەستمان دەکات و راماندەکێشێتە نێو دنیای پڕ ھەڵبەز و دابەزی خۆیەوە، ھەروەک وتم عەشق گازێکی خنکێنەرە، بەڵام بۆنەکەی ئەوەندە خۆش و مەستکارە ھەرگیز ھەست بە کوشندەییەکەی ناکەین تا نەمرین. عەشق ترسناکترین داھێنراوی مرۆڤە، قورسترین کار و کردەوەیە، زەحمەتترین بیر و ھەوڵە. عەشقی نێوان ھیوا و تەلاریش بەڵگەیەکی زیندووە بۆ گەواھی ئەم رستانە.

سەرنج: ئەم چیرۆکە ھەواڵە لە رووداوێکی واقیعییەوە وەرگیراوە کە ساڵی ٢٠٠٠ روویداوە. تەنیا ناوەکان گۆڕدراون، ئەگەرنا جۆری عەشقەکە و کەساییەتییەکان بە ریالیزمی ھەبوون. ئەم چیرۆکەم لە ساڵی ٢٠٠١ نووسی، بەڵام دەرفەتی بڵاوکردنەوەیم بۆ نەڕەخسا تا چەند ساڵ دواتر.

تێبینی: ئەم چیرۆکە ھەواڵە لە ژمارە “٧٢٢”ی رۆژنامەی “کوردستان راپۆرت” لە رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی 2007 بڵاکراوەتەوە. پاشتریش لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لەلاپەڕە ٤٦٨-٤٧٤ بەشێوەی کاغەز لە کوردستان بڵاوکراوەتەوە




قەسیدەی رووتبوونەوەی پیاوێکی کێویی.. ستیڤان شەمزینی

تۆ ئەی ژنە نازدارەکە
ئەگەر کاتت ھەیە
چەند خولەکێک گوێم بۆ رابگرە
بێ حەپەسان لە وشەکانم ورد ببەوە
تۆ منت زۆر گۆڕیوە
پێش ناسینی تۆ
بەھەشتی داڵغە شەھوانییەکانم
جمەی دەھات لە حەشاماتی سۆزانی
ھێندە لاسار بووم
حەزم دەکرد چەقۆیەک بکەم
بە لاقەبرەغەی خۆردا
بێ شەرمکردن لە تریفە
بەردبارانی مانگەشەو بکەم
ھیچ سەرلەشکرێکی دێرین
ھیچ سیاسەتمەدارێکی ھاوچەرخ
ھێندەی من بەد ئەنگێزە نەبووە
حەزم لە خاپوورکردنی شارەکان و
کوشتنی کانیاوەکان و
ئەشکەنجەدانی ئازادیی بوو
ماڵی بیرکردنەوەم
شوێنی حەسانەوەی نیرۆن بوو
بیرم دێتەوە
زەلکاوی بۆقەکانم شێواند
بە قامچی بەربوومە گیانی پەروانە
ھێلانەی چۆلەکەکانم تێکدا
بەو دیمەنە شێواوە
قاقا دەکەوتمە پێکەنین
با ئەوەشم لە بیر نەچێت
ھێندە سادیست بووم
حەزم لەو فیلمە ترسناکانە دەکرد
خوێن تیایاندا جۆگەلەی دەبەست
رقم لە قوربانییەکان دەبووە
پێکی سەرکەوتنم
بۆ جەلادەکان تێدەکرد
رەنگە بڕوا بەوە نەکەیت
ئەگەر بڵێم
حەزم دەکرد لەشی گوڵ
لە بن پێڵاوی دڵڕەقیمدا بپلیشێتەوە
بە شمشێرێکی کۆن
سەری ھەزاران
خەونی نوێ لێ بکەمەوە
ببمە بایەقووشی جەنگ و
سەرژمێری کوژراوەکان بکەم
دەبێت باوەڕت بەم قسانەم بێت
ئەوەندە درۆزن بووم
ھێندە دڵگەرمانە فووم دەکردە
میزەڵدانی درۆکانمەوە
چەندان جار بە چڕوچاومدا دەتەقین
بێ تەریق بوونەوە، دووبارە
فووم لە درۆیەکی گەورەتر دەکردەوە
ھێندە بێ شەرم بووم
تەنوورەی مێژووم ھەڵدەدایە و
باسی جلی ژێرەوەیم
بۆ ئایندە دەکرد
ھێندە دۆڕاو بووم
قومارم لەسەر ھەرچی کردبا
بە ئیفلاسبوونم کۆتایی دەھات
تەنیا یەک جار نەبێت
جۆکەری کۆنکەنی پایز
کردمییە براوەی تێکڕای گەڵا وەریوەکان
ھێندە کێویی بووم
ئەنگوستیلەی ھیچ خەیاڵێکی شارستان
بە پەنجە دڕەندەکانی منی نەدەکرد
ھێندە تەڵخ و تۆزاویی بووم
رووم نەدەھات
لە بەردەم ھیچ ئاوێنەیەکی رووندا
تەماشای ناشرینی ناخم بکەم
ھێندە بەدفەڕ و زمانشڕ بووم
ھاوڕێتی رەشەبام دەکرد
ھەواڵی تواندنەوەی دوو مۆمی شەیدام
لە باوەشی یەکتردا
بەسەرتاپای خێوەتەکانی
عەشیرەتی خەنجەردا بڵاو دەکردەوە
نامەوێت بەم قسانە شۆک بیت
وا تێبگەیت سەرەم ھاتووە
بمبەن بۆ شێتخانە
نا، دەمەوێت خۆم رووت بکەمەوە
لەبەردەم تۆدا
جلەکانم ھەر لەبەردا دەبێت
دەخوازم ماسکەکانم دابنێم
لە تەنگەبەریی گۆڕ دەترسام
ھەمیشەش گوناھی مەزنم دەکرد
ئاگرم لە کولانەی سەگەکان بەردەدا
گڵۆپی سەرشەقامەکانم دەشکاند
لەگەڵ تاریکییدا سەرچۆپیم دەگرت
بە لای ھەر درەختێکی بەرداردا تێپەڕیبم
تا سنووی رشانەوە لێم خواردووە
پاشان ھەموو چڵەکانیم شکاندۆتەوە
لە ھەر کانیاوێک تینووێتیم شکاندبێت
پڕم کردووە لە بەردی سپڵەیی
لە ھەر پەناگەیەک پشووم دابێت
وەک پاشماوەی جەنگ جێمھێشتووە
لە ھەر شارێک داڵدە درابم
نزای کاولبوونیم کردووە
بە ھەر دەشتێکدا رۆشتبم
تەمەنام کردووە ببێتە قەبرستان
حەزم لە بوختانکردن بوو
چەندان جار بوختانم بۆ دەریا کردووە
لەگەڵ کەشتیوانەکان بە شەڕم داوە
زۆرجاری تریش
بوختانم بۆ مۆم ھەڵبەستووە
گێژەڵوکەم ناردووە بۆ گیانی
لەناکاو وەک ئیزرائیل
رۆحی دەرکێشاوە
ھیچ کاتێک پێنەکەنیووم
مەگەر ئینجانەم بە شکاویی بینیبێت
مەگەر چرچ و لۆچیی غەمگینی
بە رووخساری کۆترێکی گەنجەوە
بە تەواویی سەرنجی راکێشابم
یان ئەو کاتەی بینیوومە
جادووی رەش لە باخێک کراوە
گوڵ لە ھەناویدا
دەستی کردووە بە ھەڵوەرین
ھەر لەو کاتانە پێدەکەنیم
دەمبیست گەشبینی
سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە
یان باڵندەیەکی شیکی بەرزەفڕ
بڕیاری خۆکوشتنی داوە
ئەو کاتانەش کە ھەواڵم پێدەگەیشت
گۆرانی سەری خۆی لە قوڕ ناوە و
لەبەر قاپی نیگەرانی کەوتووە
ئەمە ھەموو داستانی منە
پێش ناسینی تۆ
پرسیار مەکە ھەنووکە چۆنم
بە چاوی خۆت دەبینیت
گریانم
لە چاوی ھەر کارێزێکی بێ نازدا
پێکەنینم بەسەر لێوی عەشقەوە
بارانم بۆ ھەر کێڵگەیەکی تینوو
زریانم بۆ راماڵینی تەپوڵکەی کینە
ھەورە بروسکەم بەھەموو پیاوێتیمەوە
بەسەر دێوی تەنھاییدا دەگرمێنم
کەمانچەیەکم بەدەستی چرچی خوداوە
ئایەتێکم لە سورەتی خۆشەویستی
پارچەیەکم لە ئەڵماسی مرۆڤدۆستی
ژیلەمۆیەکم بە شەماڵی عەشق دەگەشێمەوە
پەشمەکم لە نێو دەمی شیعردا دەتوێمەوە
شەونمم بە لاجانگی دابڕاندا دێمە خوارەوە
ھاواری ئەوینێکم سەدان ساڵ دەنگ دەداتەوە
کەشتییەکم پڕ لە سەرنشینی مەست
زەریای موحیبەت دەبڕن
پێکێک “مەی”م، ژنێک دەمخواتەوە
سەری پڕ دەبێت لە خەیاڵی جوتبوون
پەنجەی درەختێکم
تەسبیحاتی سەوزبوونەوە دەکات
قاچی خەونێکم
بەرەو واقیع ھەنگاو دەنێت
چریکەی تیژی مەقامبێژێکم
تەرمی ھەلاھەلابووی
جوانی دەلاوێنێتەوە
خۆ دەیبینیت، من زۆر گۆڕاوم
ئەو مرۆڤە مێشک چڵکنەی پێشوو نیم
ئەو پیاوە داڕووخاوەی جاران نیم
ئەو بوونەوەرە سامناکەی رابردوو نیم
رەنگە پێت سەیر بێت
ئەم دۆنادۆنە چۆن روویدا!
نھێنییەکەیت بۆ ئاشکرا دەکەم
تەنھا یەک جار
بەر دوو دڵۆپ
پرشنگی مێینەیەتی ژنێک کەوتم
تەنیا دوو دڵۆپ بوو نەک زیاتر
تەنیا دوو دڵۆپ




بۆ جاری دووەم کۆمەڵەی شیعرێکی ستیڤان شەمزینی بە زمانی ئەڵمانی و سربی بڵاو دەکرێنەوە

ئەنتۆلۆگیای شیعری (ئەستێرەیەک لە گەردووندا) کە ساڵی ٢٠٢٣ لە بەرگێکی قەشەنگ و بە تیراژێکی زۆر و بە لە توێی ٥١٨ لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە، بەشێکی زۆری بەرھەم و دەقە شیعرییەکانی شاعیر و نووسەری تاراوگەنشین (ستیڤان شەمزینی) بۆ سەر ھەردوو زمانی ئەڵمانی و سربی لە یەک کاتدا تێدا وەرگێڕدرابوو، لەگەڵ کورتەیەک لە ژیاننامەی نووسەری ناوبراو. دەقەکانیش لەلایەن رۆماننووس و چیرۆکنووس ئەنوەر محەمەد (ئەنوەر ئەڵمان)ەوە بۆ سەر زمانی ئەڵمانی وەرگێڕدرابوون، ھاوکات خانمە نووسەر (دراگیسا شرۆدەر) دەقەکانی بۆ سەر زمانی سربی وەرگێڕدرابوو. لە ئێستاشدا ھەردوو وەرگێڕ لە ئامادەکاریی و وەرگێڕانی چەپکێکی تری شیعر و ئەفۆریزمەکانی (ستیڤان شەمزینی)دان، بۆ پایزی ٢٠٢٤ تاوەکو لە توێی ئەنتۆلۆگییەکی نوێتردا لە سەرتاسەری ئەڵمانیادا چاپ و بڵاوبکرێتەوە.




ورتە ورتێک لەگەڵ تۆ.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

رەنگە نەتوانم
ھەمیشە بانگت بکەم
تۆ لە درزی خەونەوە
بە ئەسپایی وەرە ژوورەوە
پشتێنی گرێچنی ئازار
لە کەمەری گوشراوم بکەرەوە
لەگەڵ خۆتدا
ھەر کوێت پێخۆشە، بمبە
ھەرگیز مەمدەرەوە بە خۆم
چون نازانم چی لە خۆم بکەم
نازانم چۆن بە زامەکانی پێشووم
ئەمێستام نۆژەن بکەمەوە
نازانم چۆن رەگی دەردەسەری
لە چارەنووسمدا ھەڵکێشم
بە راشکاویی پێت دەڵێم
نازانم شیعرێک بنووسم
سەری نەخستبێتە کۆشی غەمەوە
نازانم بە پێی ئەو نەخشەیە بڕۆم
دەمگەیەنێتە ناوەوەی خۆم
نازانم تەحیاتی ئەو نوێژە بخوێنم
کڕنووشی بۆ تەنھایی تێدا نەبێت
رەنگە نەتوانم
ھەمیشە شیعرت بۆ بنووسم
تۆ لە دێڕی چامەیەکەوە وەرە دەرێ
لەگەڵ خۆتدا
ھەر کوێ ئارەزووی دەکەیت، بمبە
نەکەیت سوکانی ئۆتۆمبیلی خەیاڵ
بدەیتە دەستم
بیرت نەچێت شۆفێریی نازانم
ئەم ماشێنە خۆت بیئاژۆ
مافت ھەیە
بەناو ھەموو شەقامەکانی رۆحما بگەڕێی
دەتوانیت
لە ھاوینەھەواری چاوەکانمدا بوەستیت
دەتوانیت لەگەڵ خۆت بمبەیت
بۆ کۆڵانە کۆنەکانی یادەوەریی
بۆ شارە کەشخەکانی ئایندە
بۆ گوندە دوورە دەستەکانی رابردوو
بۆ ئاواییە کاولبووەکانی غوربەت
ئەگەر جادەیەکیش ھەیە بۆ ئاسمان
بمبە بۆ سەر ئەستێرەیەکی عاشق
باوەشی بۆ تەنھایی نەگرتبێتەوە
رەنگە نەتوانم
لەمە زیاتر خۆم بدەم
بەدەم شەپۆلی چاوەڕوانییەوە
لە قاوغی کولتووری دوێنێ وەرە دەرەوە
لەگەڵ ئەمڕۆدا وەرە
بۆ ھەر کوێ دەتەوێت
لەگەڵ خۆتدا بمبە
گرنگ نییە ئەو شوێنە کوێیە
بۆی دەچین
لەگەڵ تۆدا وزەم ھەیە
دۆزەخیش بکەمە باخێکی بەھەشت
مەنفا بگۆڕم بۆ کەلاوەیەکی وڵات
ختووکەی بن پێی ژان بدەم
تاکو دەکەوێتە قاقالێدان
شیعرەکانم وەربگێڕمە
سەر زمانی خۆشەویستی
دەستی گۆجی ژیان
بخەمەوە جوڵەجوڵ
وا لە گوومان بکەم
چیتر چەمەڵە لە ژوانەکانمان نەنێت
باڵی بەستراوی قەناریی وشە
پەڕە پەڕە بکەمەوە
تا بتوانێت لە ئاسمانی عەشقدا بفڕێ
لە بن سێڵاوی ماچدا بتوێتەوە
خۆزگە ھەتیوکەوتووەکانم
بە کێکی باوەش و
شەرابی دیدار گەورە بکەم
ئاە ئەگەر تۆ نەیەیت
ئاسمانی ھزرم رەش ھەڵدەگەڕێت
تەرزەی خۆکوشتن
بەسەر بێستانی وجودما دەبارێت
چەند زەحمەتە بیرکردنەوە لە بێ تۆیی!
ئاوێنەی دەروونم وردوخاش دەکات
دەبمە سیزیفێکی بەزیو
بەردی سەرکێشیم خلۆر دەبێتەوە
تەرمەکەم لە بنیدا دەپلیشێتەوە
کچە عازەبەکانی ناخم
دەبنە کۆمەڵێک پیرەژنی جەرگسووتاو
رەنگە تۆ تاقەتت نەمابێت
گوێ لە درۆ راستەکانم و
راستییە درۆینەکانم بگریت
ھەمیشە وا فێربوویت
ئازارەکانم بە گاڵتە وەربگریت
گاڵتەکانیشم ئازارت بدەن
رەنگە بڕوا بەم قسەیەم نەکەیت
کەچی ناچارم دووبارە بیڵێمەوە
ئاە، ئەگەر تۆ نەیەیت
وەسوەسە ناوکم دەبڕێت
لە رەحمی ئارامی دەرمدەکێشێتە دەرەوە
تۆ رەنگە نەیبینیت
چەند جوان دەشکێم
چەند ناشرین دەژیم
چەند ئیستاتیکییانە دەمرم
چەند ساردوسڕ ئەنێژرێم




دوو کتێبی نوێی ستیڤان شەمزینی چاپکران

کتێبی یەکەم لە ژێر ناونیشانی (شۆڕشەکەم دژی شێرپەنجە) لە چوار بەشی سەرەکیدا و لە توێی ٢٦٦ لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە و بەدەر لە ئەزموونی نەخۆشیی بەشە سەرەکییەکەی بریتییە لە رامانی فەلسەفی. کتێبی دووەم لە ژێر ناونیشانی (کەناری ئەمبەری راین) بریتییە لە کۆمەڵەی تێکست و ئەفۆریزم و شیعری ھاوچەرخ لە توێی ٣٣٢ لاپەڕەدا. بڕیاریشە لە سەرەتای مانگی داھاتوودا (شوباتی ٢٠٢٤) مەراسیمی بڵاوکردنەوەی بۆ بکرێت لە تێکڕای شارەکانی کوردستاندا، بەم دوو کتێبەش ژمارەی کتێبەکانی نووسەر گەیشتە ٢٥ کتێبی چاپکراو.




جو لە روئیای عەرەبی و کوردییدا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

لەم دواییانەدا و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی (سایمۆر ھێرش) لە (نیۆرکەر) لەمەڕ تەواجودی ئیسرائیلییەکان لە کوردستان، میدیا عەرەبییەکان ئەم ھەواڵەیان قۆستەوە و بووە ئەرتیکڵێکی گرنگ بۆیان تا دوژمنایەتی گەلی کوردستانی پێ بکەن و شەقامی عەرەبیی ھان بدەن بۆ دژایەتیکردنی کورد، سەرکردایەتی سیاسیی کورد و میدیا حزبیی و سەربەخۆکانیش بێدەنگیان لە بەرامبەر ئەم حەملەی راگەیاندنە ھەڵبژارد و ھیچ دەنگیان لێوە نەھات، جگە لەو دەنگە نوزەڵەیەی سەرکردایەتی کورد کە جاروبار بۆ پاکانەکردن بەرز دەبێتەوە. من کارم بەسەر ئەوەوە نییە ھەواڵەکەی ئەو رۆژنامەنووسە راستە یان نا، من دەپرسم بۆچی کورد ھێندە سڵ لە جولەکە دەکاتەوە؟ بۆچی ئەوەندە پاکانە بکەین لە بەرامبەر عەرەب؟ ئاخۆ ئێمە مافمان ھەیە چاودێریی عەرەب بکەین دۆستی کێن و دۆستی کێ نین یان دەتوانین فشاریان بخەینە سەر چۆن دیپلۆماسیەتی خۆیان دادەڕێژن؟ ئەی کەواتە ئەوان چۆن ئەو مافەیان ھەیە؟ لێرەوە ھەوڵ دەدەین رۆشنایی بخەینە سەر روئیای عەرەبی و کوردیی لە بەرامبەر جولەکە و کاریگەریی سیاسیی و فەرھەنگی عەرەب لەسەر کورد دەربارەی روانین لە جولەکە.

روانگەی پان ناسیۆنالیزمی عەرەبیی

لە دیدی ناسیۆنالیزمی پەڕگیرانەی عەرەبەوە جولەکە یەکەمین مەترسییە بۆ سەر قەوارەی عەرەب، چوونکە بە بڕوای ئەوان جولەکە لە کەمیندایە بۆیان و دەیەوێ کار لە دەسەڵاتەکانیان بکات و یەکێتی وەھمیانەی عەرەب بەرەو لاوازیی و لەناوبردن ببات. ھەرواش کێشەی فەلەستین کە لە راستیدا بووە بە کێشەی ھەموو عەرەب ئەو رقەی ئەستوورتر کردووە کە لە بەرامبەر جولەکە ھەیانە، بەڵام دەبێ بگوترێ ململانێ و شەڕی جولەکە- عەرەب شەڕێک نییە سەرەتاکانی بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و کاتی بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسرائیل، بەڵکو رەگ و ریشاڵێکی سەدان ساڵە و بگرە ھەزار و چوار سەد ساڵەی ھەیە، رەنگە لەو ساتەوەختەوە دەست پێ بکات پێغەمبەری عەرەب (محەمەد) جووەکانی (یەسریب) بە نەفرەت دەکات و بە تۆمەتی ناپاکی و پیلانگێڕیی ھەر سێ ھۆزە جووەکەی ئەو شارە لە زێدی دێرینی خۆیان وەدەر دەنێ، دیارە ئەمەش لە رێگەی توندوتیژییەوە بووە، ھەر بەپێی ژێدەرە مێژووییە ئیسلامییەکانی خۆیان لەو ھەڵمەتانەدا سەدان جولەکە”بەنی قورەیزە” زیندە بە چاڵ کراون و ژن و سامانیان بە غەنیمە گیراوە و تاڵان کراوە، دواتریش پێغەمبەر (محەمەد) وەک سەرلەشکری سوپایەکی بەدەوی دڵڕەق چۆتە سەر تاراوگەکەیان لە قەڵای خەیبەر، لەوێش کوشت و بڕی لێکردوون و بە ناچاریی ئەوە جێگایەشی پێ بەجێھێشتوون.
ئەمە دەریدەخات ئەو ململانێیە ریشە و باکگراوندێکی مێژوویی ھەزار و چوارسەد ساڵەی ھەیە و ھەنووکەش ھەمان شت بە ناوی کێشە و دۆزی فەلەستینەوە درێژەی پێدەدرێت، لێ بە تێگەیشتنی من دەوڵەتانی عەرەبی ھەر خۆیان رێگرن لە بەردەم چارەسەربوونی قەیرانی عەرەب- ئیسرائیل بە رێگەی ئاشتی، چوونکە مانەوە و رەوایی سیاسیی دەوڵەتەکانیان بەندە بە مانەوەی ئەو کێشەیەوە. ئەوان (واتە دەوڵەتە عەرەبییەکان) دەوڵەتگەلێکن بە ناوی پاراستنی خاکی عەرەب و بەرگرییکردن لە ناسنامەی عەرەبیی فەلەستین کۆنترۆڵی دەوڵەتیان کردووە بەشێوەیەکی دیکتاتۆریی و پادشایی رەھا، لەسەرێکی ترەوە لەگەڵ چارەسەربوونی کێشەی فەلەستیندا کە دەبێتە ھۆی کرانەوەی دەروازەی دیموکراتی لە ناوچەکەدا، فاکتۆرێکی بەھێز دروست دەبێ بۆ لە بەریەک ھەڵوەشان و پووچەڵبوونەوەی ئەو بنەما و پاساوانەی رەوایی داوە بە دەسەڵاتی درێژخایەن و دیکتاتۆرییانەی دەوڵەتانی عەرەب.
ئەوساش شەڕەکە دەچێتەوە نێو ماڵی عەرەب خۆی، واتە شەڕی دیموکراتیزەکردنی ناوخۆ و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە جیاجیاکانی کۆمەڵانی خەڵک و ھەوڵدان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵێکی مەدەنی و ئاسایی کە تیایدا ھاووڵاتیان ماف و ئازادییەکانیان دەستەبەر بکرێ و بە یاساش زامن بکرێ، ئەو کات تاکی عەرەبیی ئامادە نییە ئازادیی و مافە سەرەکییەکانی دوا بخات، چوونکێ ھیچ ھۆکارێکی ماقوڵ و بابەتی بەدیناکات بۆ ئەو دواخستنە. بە ھیچ پاساوێکیش ملکەچ نابێ تا دەوڵەت خەمساردانە بە دیار مافە خوراوەکانییەوە بوەستێ، لەم حاڵەتەدا تاکی عەرەبی خۆی رادەپسکێنێ لە ستەمکاریی دەسەڵات و داوای ماف و ئازادییە کەسییەکانی خۆی دەکات، دەوڵەتانی عەرەبیش بۆ خۆدزینەوە لەمە و خەفەکردنی دەنگە ناڕازییەکان ھەمیشە تاکەکانی گەل بە دوژمنێکی ھەمیشەیی و داتاشراو دەترسێنن و زوو زووش وەبیریان دەخەنەوە، لەم نێوەندەشدا چاکترین و نزیکترین دوژمنیشیان ھەڵبژاردووە بۆ ئەم کارە، ئەویش گەلی جولەکە و دەوڵەتی ئیسرائیلە.

روانگەی پان ئیسلامیزم

ئیسلامگەراکان کە توخمێکی بنەڕەتیی و بەھێزی جووڵانەوەی ناسیۆنالیستی عەرەبن، بە دید و شێوەی تر لە دیدی ناسیۆنالیزم کاریگەرییان ھەیە لە قووڵکردنەوە و وێناندنی شەیتانیانەی جولەکە، ئیسلامگەراکان کە نوێنەرایەتی جەمسەری کۆنسەرڤاتیزمی کۆمەڵ دەکەن و بەرگریی لە عادات و نەریتی کلاسیکی و باوی عەرەبی دەکەن و وەک نەریتی ئیسلام دەیبیننەوە، بەردەوام لەسەر ئەم وەتەرانە کار دەکەن و ئیحساساتی تاکی عەرەبی بۆ دوژمنایەتی جولەکە دەورووژێنن. روونتر بڵێین، بۆ نموونە ئیسلامگەراکان دەزانن کۆمەڵی عەرەبی بە توندیی پابەندە بە چەمکی ئەخلاقەوە، دیارە ئەخلاقیش لە روئیای تاکی عەرەبیدا بەستراوەتەوە بە جەستەی مرۆڤ و ممارەسەی سێکسەوە، ئیسلامگەراکان دێن پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو دەکەنەوە جولەکە و زایۆنیزم لە پیلانی بەردەوامدان بۆ دروستکردنی فەسادێکی ئەخلاقیی لە کۆمەڵگە ئیسلامیی و عەرەبییەکاندا.
جگە لەوەش ئیسلامگەراکان بەو پاساوەش رۆشنبیریی و شارستانی رۆژئاوا رەت دەکەنەوە کە سترۆکتۆری ئەو رۆشنبیرییە جولەکەی لە پشتەوە وەستاوە! ئەمەش مانای وایە رۆشنبیرییەکی لە خشتەبەرە، (د.فەرەج عەلی فۆدە) نموونەیەکی جوان لەم بارەیەوە دەھێنێتەوە کە چۆن ئیسلامگەراکان دەیانووت جولەکەکان دەڵێن مارکس و داروین و فرۆید ھەرسێکیان لە خۆمانن و بۆ بەلادارێبڕدنی خەڵکانی تر دروستمان کردوون!. ئیسلامگەراکان بەرگ و پۆشاکی ئاینیی دەکەن بە بەری کێشەی نەتەوەیی و جوگرافیی نێوان عەرەب- جولەکە، ئەوانەی لە ئۆرشەلیم خۆیان بە کاروانی سوپا و ھاووڵاتیانی سڤیلدا دەتەقێننەوە بە ھاواری (اللە اکبر) کارەکە ئەنجام دەدەن و بە ئەرکێکی ئەخلاقی و ئاینیی دەزانن و وەک شەھیدبوونیش چاو لەو وەحشیگەرییە دەکەن.
ئیسلامگەراکان تەگەرەی یەکەم و سەرەکی و دیاری شکستپێھێنانی ھەوڵ و ھەنگاوەکانی ئاشتین، ئەوان لە ھەر چوار لای دنیای عەرەب و ئیسلامییەوە بە ناوی فەلەستین و دوژمنایەتی جولەکەوە ھاریکاریی ماددیی و لۆجیستی دەکرێن. ھەر لە بەرئەوەشی ئیسلامگەراکان بە چەشنی دەوڵەتە عەرەبییەکان رەوایی و شەرعیەتیان لەو کێشەیەوە وەرگرتووە، مانەوە و بوونیان بەستراوەتەوە بە بوون و مانەوەی کێشەی عەرەب- ئیسرائیلەوە. راستییەکی حاشا ھەڵنەگریش ھەیە ئەگەر دوژمنایەتی جولەکە و رۆژئاوا (کە بە لای ئەوانەوە داینەمۆکەی جولەکەیە) نەمێنێ ئیسلامگەراکان ناتوانن بۆ تەنیا یەک خولەکیش لە ژیاندا ھەناسە بدەن، کەواتە ئیسلامگەراکان شەڕی مان و نەمانی خۆیان دەکەن.

بیردۆزی موئامەرە و عەقڵی کلاسیکی عەرەبیی

بەشێک لە رۆشنبیرانی عەرەب، ئەوانەی ناسیۆنالیزمی پەڕگیرانە بەرچاوی لێڵ نەکردوون دەرکیان بەوە کردووە یەکێک لە ئیشکالییەتە ناوەکی و سایکۆلۆژییەکانی گەلی عەرەب وێنەکێشانی دوژمنێکی یۆتۆپی و وەھمییە، ئەمە جۆرە ترسێکە و بۆتە بەشێک لە ئەقڵ و ئایدیا و بیرکردنەوەی گشتیی عەرەب، ھەر ئەم ئیکشالییەت و عەقڵییەتە کلاسیکییە وای لێکردوون بە چاوێکی دوژمنکارانەوە سەیری ھەموو ئەوانی تری غەیرە عەرەب بکەن و بە مەترسیی لەسەر خۆیان لە قەڵەمی بدەن، ئەم ئیشکالییەت و فۆبیایە زیاتر بەرامبەر بە ئیسرائیل و رۆژئاوا و لۆبی جولەکە لەوێ دورست کراوە، ھەر وەک بە بەرجەستەیی دەیبینین عەرەب لە خەیاڵدانی خۆیدا جگە لە وێنایەکی ئەھریمەنانە ناتوانێ تابلۆیەکی تری جولەکە و رۆژئاوا ببینێت، ئەم گرێ دەروونییە ئاڵۆزە لە ھەموو چێوەکانی ژیانی سەرجەم ئەندامانی گەلی عەرەب رەنگی داوەتەوە و رەگی داکوتیوە.
بە پێی تێگەیشتنی ھەندێک لە رۆشنبیرانی عەرەب بە تایبەتی ئیسلامییەکانی چەشنی (سەید قوتب و محەمەد قوتب و فەتحی یەکون و عەفیف عەبدولفەتاح تەبارە و تاد..) جولەکە لە ھەوڵی بەردەوامدایە و داوی بەردەوام دادەنێ بۆ لەناوبردنی عەرەب و ناشیرینکردنی رووی ئاینی ئیسلام. لە راستیشدا زۆر پێم سەیر بوو کاتێک ئەوەم خوێندمەوە عەرەبەکان نەسرانییەت (بەپێی وتەی ئەوان) بە بەشێک لەماسۆنییەت حسێب دەکەن و ماسۆنییەتیش بە لقێکی کارای زایۆنیزم لە قەڵەم دەدەن!!، چوونکێ ئەمە شتێکە ناچێ بە عەقڵی ھیچ کەسێکدا کە دوو ملیار مەسیحی لە جیھاندا داردەست و شاگردی ٨-٩ ملیۆن جولەکە بن، ئەمە ھەر وەک ئەوە وایە بڵێین فڵانە کوڕ حەوت ساڵ لە باوکی بە تەمەنترە.
ئەم بیردۆزی موئامەرەیە کە لەوانەیە کەمترین حەقیقەتی تێدا بێت لە واقیعدا دەوڵەتە عەرەبییەکان و ئیسلامگەراکان بە مەبەستی درێژکردنەوەی بوونیان لە بەرھەمھێنانەوەی بەردەوامیدان، ئەوان ناتوانن بەبێ داتاشینی دوژمن بژین، چوونکە دوژمن دروستی کردوون و شەرعییەتی بەبوونیان داوە. لەوانەیە ھەندێک رەوایی ھەبێت لەو رقە ئەستوورەی عەرەب بەرامبەر جولەکە ھەیەتی، بەڵام دیسان دەبێت ھێما بۆ ئەوە بکرێ ئەوە دەوڵەتانی عەرەبن نان بەم مەسەلەیەوە دەخۆن و خەڵکی بێ ماف و بێبەش لە سەرەتایترین ممارەسەی ئازادیی، سەرقاڵی ئازادیی فەلەستین دەکەن و بە تلیاکی ھەبوونی موئامەرەی دەرەکی نەشە و سەوداسەرییان دەکەن تاکو نەزانن چی دەگوزەرێت لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ملھوڕ و تۆتالیتاریی سەرانی عەرەبدا، تا ئاگادار نەبن چۆن سەروەت و سامانی وڵاتەکانیان لە خزمەتی سەرانی دەسەڵاتدا تەخشان و پەخشان دەکرێت.
سەدام حسێن یەکێک لەو سەرکردانە بوو دەیویست لە رێگەی بەکارھێنانی کێشەی فەلەستین و سەفسەتەی ھەبوونی پیلانی بەردەوامی جولەکە لە دژی عەرەب ببێتە سیمبولێکی نەتەوەیی و گشتگیری عەرەب، ھەر بە ناوی پاراستنی یەکێتی عەرەب و موئامەرەی ئیمپریالیزمی کوڕی شەرعی زایۆنیزم شەرعیەتی دابوو بە دەسەڵاتی سەرکوتکارانەی خۆی، ھەر ئەمەش وای لێکرد بەو ھەموو ستەمکارییەی خۆیەوە زۆرترین ھەوادار و لایەنگری ھەبێت لە ھەر چوار لای عەرەبییەوە و ئێستاش بەشێک لەوانە بە ناوی (موقاوەمە)وە لە عێراق دژ بە ھاوپەیمانان دەجەنگن. ئەرکی رۆشنبیرانی عەرەبە ھەوڵبدەن بۆ گۆڕینی ئەو خەیاڵدانە عەرەبییەی بە وەھمی دوژمن و بیرۆکەی موئامەرە ئاخنراوە، وەلێ ئەمە پێویستی بە زەمەن و شۆڕشێکی سەرتاپاگیر ھەیە، بەڵام کاری نەکردە نییە، رۆشنبیرانی عەرەب لەسەر شانیانە کۆمەڵی عەرەبیی بەو ئاقارەدا بەرن بە چاوی لۆژیک تەماشای دەوروبەری بکات نەک بە چاوی گومان و رق و گرێی دەروونییەوە.

جولەکە لە بەردەم چاویلکەی کوردییدا

ئەگەر بە چاویلکەی کوردیش لە جولەکە بڕوانین رەنگبێ لای ئێمەش ھەمان ئیشکالییەت ھەبێ لەلای عەرەبەکان ھەیە، چوونکێ باکگراوندی ئەقڵییەت و رۆشنبیریمان عەرەبییە “ھیچ نەبێت لە باشوور”، یان بە مانایەکی تر ھزر و رۆشنبیریی و خەیاڵدانمان گەمەکردنە لە بازنە و خولگەی عەقڵییەتی عەرەبی و درێژکراوەی ئەوە. لە دیدگای تاکی کوردیشەوە جولەکە ھەردەم وێنایەکی قێزەون و ناشیرینی ھەبووە و ھەرچی خوو و رەوشت و ئەدگاری ناشیرینی وەک ترسنۆکیی و بەدفەساڵیی و خۆپەرستیی و بێ ئابڕوویی ھەیە دراوەتە پاڵیان. ئەگەر سەیری ھەندێ رستە بکەین خەڵک لە ژیانی رۆژانەیدا بەکاریدەھێنێ ئەو راستییەمان لەلا ئاشکراتر دەکات، لە کوردەواریدا دەوترێت (خۆ من جولەکە نیم!!!) ئەم رستەیە لە کاتێکدا بەکار دەبرێت قسەکەر تاوانێک یان ناھەقییەکی بەرامبەر ئەنجام بدرێت، عەرەب وتەنیش (والعکس الصحيح) واتە ئەگەر جولەکە بوومایە شایستەی ئەوە بووم ئەو تاوانەم بەرامبەر بکرێت!!، ئەمەش رەواییدانە بۆ ئەنجامدانی ھەر کارێکی نێگەتیڤ بەرامبەر بە جولەکە، بێگوومانیش ئەمە زادە و ھەڵقووڵاوی عەقڵی کلاسیکیی و داخراوی کوردییە ھەروەک وتمان بارگاوییە بە پان ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبی. ئەمە ھەمان ئەو راسیزمەیە ھۆلۆکۆستی دروست کرد و ھیتلەری بەرھەم ھێنا لە ئەوروپادا.
نەزعەیەکی تری بێ مانای ئاریاییەکان و نەتەوە ھیندۆ ئەوروپییەکان ھەیە ناوی ئەنتی سامیزمە، بە شێوەیەکی ھەمەجی و عەفەویی لەلای تاکی کوردیش بوونی ھەیە. بەڵام کاتی پرسیارە دژە باوەکەیە، ئەویش ئەوەیە بۆچی ئێمە وەک کورد پابەندین بە راددەی پەیوەندیی عەرەب بە جولەکەوە؟ ئەوان ئەگەر شەڕێکی مێژوویی و خوێناویی لە نێوانیاندا ھەیە ئەی ئێمە چیمان ھەیە؟ ئەگەر جولەکە بەوە تاوانبار دەکەین بەوەی دەستی ھەبووە لە پیلانی نەگریسانەی ساڵی ١٩٧٥ی جەزائیر بۆ ھەرەس پێھێنانی جووڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستان، ئەی بە چی پاساوی ئەو تاوانە بدەینەوە، کورد و سەلاحودینی ئەیوبی سەرکردەی کورد لە میانەی جەنگی دژی “خاچپەرستەکان”دا، ژمارەیەکی زۆری جولەکەشیان لەناو بردووە و لە زادگەی رەسەنیان لە فەلەستین دەریانپەڕاندوون.؟. کاتی ئەوەش ھاتووە کورد لەلای خۆیەوە چاو بخشێنێتەوە بە روئیای کلاسیکی خۆیدا لە بەرامبەر جولەکە، چوونکێ ئیمڕۆکە چانسێکی باش لەبەردەم ھەردوولادا ھەیە زیاتر لێک نزیک ببنەوە و پەیوەندیی ھاوبەش دروست بکەن.

لێکچوون

زۆر کارەسات و رووداوی تراژیدیی ھاوبەش لە نێوان کورد و جولەکەدا ھەیە. ھەردوولا “دوو کەمینە” بوون لە ژێر دەسەڵاتی عەرەبدا ستەمیان لێکراوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگیی لێکردووە، ئەوانیش ھەروەک کورد تا سەرەتای سەدەی بیستەم بێ دۆست و پشت و پەنا بوون و تەنانەت بێ چیاش بوون، ھۆلۆکۆست پرۆسەیەکە ھەر لە ئەنفال دەچێت، ئەو دوو پرۆسەیە ھەر ناوەکانیان جیاوازە ئەگەرنا لە واقیعدا یەک شتن، ئەویش قڕکردن و جینۆسایدکردنە، جولەکە بە عەقڵ و بیر و توانای ئابوورییان توانییان سەرکەوتن بەدەست بھێنن لە کاتێکدا تا سەرەتای سەدەی بیستەم بێ پشت و پەنا بوون، تەنانەت خەونەکەی “ھێرتزل” وەک یۆتۆپیا دەبینرا. کوردیش تەنیا بە بازووی خۆی ھەوڵیداوە، بەڵام لە دۆستایەتی و پشتگیرییدا دەیان ساڵ دوای جولەکە ئاوڕی لێدرایەوە ھەرچەندە ئەو ئاوڕدانەوەیە بەو شێوەیەی جولەکەکان نەبوو. جولەکەکان قوربانیانی دەمارگیریی و راسیزم و ستەمی نەتەوە سەر دەستەکان بوون، کوردەکانیش قوربانی ھەمان شتن، جولەکەکان ھەموو رێگاکانی لە ناوبردنیان لەسەر تاقیکرایەوە، کوردیش ھەر بەو جۆرە ھەوڵی لەناوبردنی درا (ئەنفال و کیمیاباران شاھیدە) کەواتە بەبێ ویستی ھیچ لایەک کۆمەڵێک رووداوی مێژوویی وێکچوو ھەیە لەنێوان کورد و جولەکەدا.

بەرژەوەندیی ھاوبەش

کورد ئێستا لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی قەوارەی خۆیدایە و پێویستی زۆری بە دۆستایەتی و گرێبەندی ھاوبەشە لەگەڵ دەوڵەت و گەلانی تردا، بە حوکمی ئەوەی ھەڵکەوتەی جوگرافیای کوردستان کەوتۆتە نێوان چەندین دەوڵەتی نەیار و داگیرکەر کە ئامادە نین مافی کورد لە چوارچێوەی وڵاتەکەیدا بە رەسمی بناسن چجای ئەوەی لەسەر ئاستێکی باڵا گرێبەند و پڕۆژەی ھاوبەشیان ھەبێت، پێویستە کورد بە دوای دۆست و دەوڵەتی تردا بگەڕێت، یەکێکیش لە دەوڵەتە ھەرە نزیکەکان لە کوردستانەوە ئیسرائیلە. بە بەراوورد بە دەوڵەتانی تری رۆژھەڵاتی نێوین ئیسرائیل تاکە دەوڵەتی دیموکراتی و پێشکەوتووە لە ناوچەکەدا و دواڕۆژێکی رۆشن و ئاسۆیەکی گەشیش ھەیە لە بەردەمیدا.
ھەردوولا دەتوانن پێکەوە گرێبەندی بازرگانی و ئابووری ببەستن و پەیوەندیی نزیک و دۆستانەیان لەگەڵ یەکتر ھەبێت!، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆ دادەنێت لەسەر باری سیاسیی و ئابووری کوردستان بە تایبەتی کە جولەکەکان خاوەنی سێ لەسەر چواری سەرمایەی ھەموو جیھانن و خاوەنی بەھێزترین عەقڵییەتی بازرگانی و ئابووری بازاڕن. لە بواری زانست و تەکنۆلۆژیادا جولەکە یەکێکن لە نەتەوە پێشەنگەکان، لە بواری سیاسیشدا لۆبی جولەکە بە تایبەتی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خاوەنی دەسەڵاتێکی بەرفراوانە و کاریگەریی و قورسایی خۆیانیان ھەیە. دوای ئەوەش مەرج نییە کورد بە تەنێ لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندیی دۆستانەی ھەبێت و گرێبەندی لەگەڵ ببەستێت، بەڵکو پێویستە لەگەڵ چەندین وڵاتی تر پەیوەندیی دۆستایەتی و بازرگانی و کۆنتراکتی ئابووری و سیاسیی ھەبێت، نەک کورد پەیوەندیی لەگەڵ جولەکە بکاتە قوربانی ویستی عەرەب و ئاوەزی کۆنسەرڤاتیزمی کوردەواریی.

دۆسێی فەلەستین و ئەدەبی بەرگریی کوردیی

ئەو دیمەنە توندوتیژانەی لە رێی شاشەی (تی ڤی)یەکانەوە دەیبینین گەلێک راستن کە سەربازانی جولەکە بە چ جۆرێکی ھۆڤانە سەرکوتی خەڵکی فەلەستین دەکەن، وەلێ ئەم حاڵەتانە پەرچەکردارە نەک کردار، بەڵام ھێشتا ئەمە مانای شەرعیەتدان نییە بەو دڵڕەقییەی ئەرتەشی ئیسرائیل. ئەدەبی بەرگریی کوردیی پایە و رەگەزێکی ھەرە سەرەکی پێکھاتووە لە ئەدەبی دیفاعکردن لە فەلەستین جا لە شیعر و چیرۆکەوە بیگرە تاکو دەگات بە نۆڤلێت و رۆمان. ھەروەھا چەندان شۆڕشگێڕی کورد لە کوردستانەوە چوونەتە فەلەستین و دیفاعیان لەو وڵاتە کردووە، دروست بەپێچەوانەوە ھەر فەلەستینییەکان بە تایبەتی ئەوانەی لە عێراق بوون دوژمنی سەرسەختی کورد بوون،. بڕوانن کاتێک مامەڕیشە چۆتە فەلەستین، سلێمانی لە ژێر حوکمی “ملازم محسین”ی فەلەستینیدا تاریکترین و رەشترین رۆژانی چەوساندنەوەی تێدا گوزەراوە. یان ئەو کاتەی شێرکۆ بێکەس قەسیدەی بۆ ئەریحا و کەرتی غەززە دەنووسی چەشنی غەسان کەنفانی، شاعیرە فەلەستینییەکان بە شکۆی دیکاتۆرێکی وەک سەدامدا ھەڵیاندەدا.
لە ئاستی رۆشنبیرانیشیاندا ئەوەتا (ئیدوارد سەعید) وەک لیبرالترین رۆشنبیری فەلەستینی، نکۆڵی لەوە دەکرد عێراق بە چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو لە ھەڵەبجەی دا بێت. لەلایەکی ترەوە ئەو مەرگەساتانەی بەسەر کورد ھاتووە لە عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا چەند جار زیاترە لەوەی فەلەستین، کەسێک نەبوو دیمەنی تراژیدیاکانی کورد بخاتە بەردەم ویژدانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵی نێودەوڵەتی، لوتکە و یەکێتی عەرەب بێدەنگی دایگرت، سەرانی وڵاتانی ئیسلامی دەمی خۆیان دووری، بگرە نەک ھەر داکۆکییان لێنەکردین، بەڵکو وەک دوژمنی خوا و ئیسلام چەپڵەیان بۆ مەرگی ھەزارانمان لێدا و لەسەر ئێسک و پروسکی ئەنفال زەماندەویان سەدامی قەعقاع دەگێڕا.

کۆمەڵەی دۆستایەتی و ھاریکاریی

یەکێک لەو کەناڵە گرنگانەی پەیوەندیی نێوان گەلان و نەتەوە ژێر دەستەکان دامەزراندنی کۆمەڵە و یانەی دۆستایەتی و ھاریکاریی و یەکترناسینە، ئەمەش بۆ دروستکردنی فیدراسیۆنێکی فراوان لەنێوان ئەو گەلانەدا بۆ بەگژاچوونەوەی ستەم و توندوتیژیی لەسەر ھەریەکێکیان، ھەروەھا دەبێتە رایەڵێکی بەھێز بۆ تێگەیشتن لە دۆخ و باری سیاسیی و ئابووری و کولتووریی ھەر یەکێک لەو نەتەوە و کۆمەڵگانە، بۆ زیاتر سوود وەرگرتنیش لە ئەزموونی سیاسیی و فەرھەنگی یەکتر و لێک نزیکبوونەوەی زیاتر لە پێناوی ئامانجی ھەر لایەکدا. ئەمڕۆش لە کوردستان ھەلومەرجی دروستکردنی کۆمەڵە و یانەی لەم جۆرە ھاتۆتە پێشەوە یان بە مانایەکی زەرورەتی ئەو یانە و کۆمەڵانە ھاتۆتە پێشەوە.
یەکێکیش لەو گەلانەی دەبێت لە لیستی یەکەمدا بێت بۆ ھەڵبژاردنی لەلایەن کوردەوە گەلی جولەکەیە، جگە لە جولەکەش ھەقوایە ئەم ھەنگاوە پەل بھاوێت بۆ لای گەلانی تری وەک ئەرمەن و ئاسوری و ئازەر و بەلوج و ئەمازیغی تاد.. ھەموو ئەمانەش کارتێکردنیان ھەیە لە گۆڕینەوەی دید و بۆچوونەکان و سوودوەرگرتن لە شارستانێتی و کەلەپوور و مێژووی یەکتر، لەم چوارچێوەیەشدا کورد دەتوانێت سوودێکی زۆر وەربگرێت لە ئەزموونی جولەکە لە پێناو دروستکردنی دەوڵەت و پڕۆژەی نەتەوەسازییدا، دەتوانێت ھەموو ئەو ئالییەتانە بناسێ بوونە مایەی رابوونی گەلی یەھودیی و سەرھەڵدانی بیری نەتەوایەتی لەلایان.

دانپیانانێکی شەخسیی

لەم چاپتەرەدا دەمەوێ دانپیانانێکی شەخسی خۆم بخەمەڕوو ئەویش ئەوەیە: من وەک تاکێکی کورد جولەکەم خۆشدەوێت (ھەرچەندە ئەم وشەیە زۆر میللی و کلاسیکییە چوونکە لە سیاسەتی ھاوچەرخدا دوو شت بوونی نییە: خۆشەویستی و مۆراڵ)، بەڵام من جولەکەم خۆشدەوێ وەک ئەوەی ئەوان پێشەنگی زانست و فەلسەفە و مەعریفە بوون، ئەوان توانییان بە ژیریی و دانایی خۆیان ھاوڕەگەزەکانیان لە ھەر چوار لای گێتی لە ژێر چەتری نیشتمانێکی نەتەوەییدا کۆبکەنەوە، من (ھێرتزل)م خۆشدەوێت و حەزم دەکرد ئەو سەرکردەی من بوایە لە بری ئەو ھەموو سەرکردە زۆرانەی کە ھەر یەکەی چەند رۆژێکی ساڵ بۆ یادکردنەوەیان کراوەتە پشووی فەرمی و ھیچیشیان بۆ کورد نەکردووە، حەزم دەکرد (مەناحیم بێگن) سەرۆکی وڵاتەکەم بوایە نەک ئەوانەی دەستیان سوورە لە خوێنی یەکتردا. مرۆڤایەتی قەرزاری جولەکەیە و چاکەیان ھەیە بەسەر ھەر یەکێکمانەوە، لەوە زیاتریش رەنگبێ جولەکە و ھێزی جولەکە وای کردبێت ئێمە لەم بەشە نیشتمانەی خۆماندا وەھا بە ئارامی و سەربەستی بژین، نازانم وایە یان نا؟ بەڵام زۆر گومانم ھەیە جگە لە جولەکە بەرگریکارێکی ترمان ھەبێت.

———————————————————————-

*ئەم وتارە بە دووبەش لە ژمارەکانی (١-٢)ی رۆژنامەی (میدیای کورد) لە رۆژانی ١١و٢٧ی مانگی ئازاری ٢٠٠٥ بڵاوبووەتەوە. پاشتر لە بەرگی دووەمی کتێبی (قوتووی عەتار)دا بەشێوەی کاغەز دووبارە بڵاوکراوەتەوە لەلاپەڕە ١٦٧-١٧٧.

دوای نۆزدە ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم وتارە رۆژنامەوانییە ھێشتا رق بەرامبەر بە جوو (ئەنتی سیمیتیزم) لەوپەڕی قووڵپی خۆیدایە منیش بە پێویستمزانی دووبارە ھەمان دید و روانگە بخەمەوە بەرچاو.




خودایە گوێت لێم بێت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ئاە خودا
من بۆ ئەوە نەھاتمە دنیا
بەند بە باڵای تەنھاییدا ھەڵبدەم
شیعری دەمدرێژی عەبەس بنووسم
ھاوار بکەم جگە لە خۆکوشتن
کەس کەس وەڵامم نەداتەوە
ناوم لە لیستی قەرزی
ھەموو مەیخانەکاندا ھەبێت
پێیەکم لە نێو لیتاوی غوربەت
پێیەکی ترم لەنێو خەیاڵی زادگەدا بێت
خەیاڵدانم لە باخەڵی شێتیدا بێ
قاچم بووبێت بە تەڵەی شیزۆفرینیاوە
پاڵتۆیەکی کون کونم لەبەردا بێ
کزەبای دابڕان خۆی بکات بە جەرگمدا
بە تەنیشتی دەریادا رێ بکەم
شەپۆلەکان تێر تێر پێم پێبکەنن
بە کەنارەکان بڵێن
ئەم پاڵەوانە گاڵتەجاڕە لەخۆ مەگرن
بەدەم گریانەوە بیر لە کۆچ بکەمەوە
دەرگای گەردوونم لەسەر کڵۆم بدەن
ھەر لەنێو خۆمدا و
لە تەک ئەو خەونانەی نایانبینم
پیاسەیەکی کەساسانە بکەم
تەنانەت چراش لە ئەنگوستەچاوەکانمدا
بە ئەنقەست چاوی خۆی کوێر بکات
ھەتاو سەری خۆی ھەڵبگرێت
بە بەردەم باخەکانی رامووساندا تێپەڕم
لێوێکی کاڵ ناوچەوانی گرژ بکات
وەڵامی سڵاوەکەم نەداتەوە
بچمە دیدەنی کۆترێکی سپی
چارەنووسی رەش ھەڵبگەڕێ و
دەستی پاڕانەوە بەرز بکاتەوە
ئامون لە بەڵای ژوان دووری بخاتەوە
خۆزگە تازە باڵقبووەکانم
لەوپەڕی شۆخ و شەنگیدا
بەدەم چاوەڕوانییەوە پیر ببن
رۆژەکانم ببن بە تەمی ناو بیرەوەریی
شەوەکانیش پڕ لە بیرکردنەوەی گوناھبار
کە چۆڕێک بەزەیی لە دڵیاندا نەبێت
دەستەکانم ھێند سارد و بێ گیان بن
ھێز و توانای نەخشاندنی
تابلۆی ئاگردانێکیان نەبێت
تا بێ ئۆقرەیمی لەبەر گەرم بکەمەوە
زمانم بە زنجیری وەفا ببەسترێت
نەتوانم سکاڵای برینەکانم
بە دەستی گوڵێکی ناپاک
بگەیەنمە بارەگای حەزرەتی باخ
ھەمیشە ستایشی ئاسمان بکەم
ئەویش لەبەردەم ئەستێرەکاندا
تەریقم بکاتەوە
لە ھەموو کوچەیەکیشدا
ئابڕووم ببات لەسەر تاوانێک
ھەرگیز نەمکردووە
ناوم بزڕێنێت لەسەر تۆمەتێک
لە مێشکی خۆیدا دروستی کردووە
ئاە یەزدانی مەزن
ناشێ یادەوەریت نەمابێت و
لە بیرت چووبێتەوە
منت بۆ ئەوە نەئافراند
پەسنی درەوشانەوەی مانگ بکەم
تریفە گوێم لێنەگرێت
نزا بۆ ھاتنی شنەبا بکەم
گەردەلول لەگەڵ خۆی بمبات
ھەوڵی کەویکردنی نیشتمان
لە نسێی دڵمدا بدەم
تاراوگە دەستەمۆم بکات
لەگەڵ خۆرەتاودا جووت بم
ببمە باوکی تاریکترین شەوەکان
خۆم لەپشتی پێکەنینەوە بشارمەوە
لەسەر شاڕێی ھەموو شادمانییەکانم
گریانێکی بە کوڵ خۆیم پێ بناسێنێت
بیر لە باوەشی کچێک بکەمەوە
شەڕ بە توندی پەلم رابکێشێت
لەنێو سەنگەرێکی بەزیودا بکوژرێم
تەرمەکەم ببێتە ژەمێکی ئێجگار چەور
بۆ چەند سەگێکی برسی
بە چنگە کڕێ کۆشکێک
بە کتێبەکانی عەشق چێ بکەم
ئاگری فیراق لە لەشی بەربێت
ببمە سەربازی ئەو دەجالانەی
بەدەستێک دەمنێرنەوە بەرەی جەنگ
بەدەستێکی تر ئیمزای ئاشتبوونەوە
لەگەڵ بکوژەکانمدا دەکەن
ببمە سپارتاکۆسی نەوەیەک
پشتیان لەژێر پووچیدا چەمابێتەوە
ھەموو بە کۆمەڵ نەفرەتم لێ بکەن و
ئازادیی وەک جگەرەکانیان تەرک بکەن
دڵداری لەگەڵ بەھاردا بکەم
قەدەر ھەر پایزم بە گژدا بکات
زستان لەبەر ئاھی خۆمدا
گەرم بکەمەوە
ئەو ھێندە ناپاک بێت
ھاوین بکاتە دوژمنی باوەکوژم و
ھەڕەشەی تواندنەوەی
ئەو ئارەزووانەم لێ بکات
لە نێو چاڵە بەفرەکانی شەرمنیدا بەستوونی
دارسێوی راستگۆیی ئاو بدەم
لە کۆتاییدا بەدڵێکی شکاوەوە
کۆمەڵێک سێوی گەنیوی درۆزن بڕنمەوە
چاوەڕوانی پەروانەیەک بم
وەک میوانێکی رۆح سوک
سەر بە ماڵە شپرزەکەمدا بکات
ھەموو کات دەرزەنێک ئاژەڵی دڕندە
لەسەر فەرشی ھیواکانم ھەڵپەڕن
مەرکانەکانی ژیان پڕ بکەم
لە ئومێدی رەنگاورەنگ
لەوسەرەوە
بە دەستی بەتاڵ بگەڕێمەوە
مەیتی ئاواتە کوژراوەکانم
بەسەرشانەوە بێت
لەنێو دارمێوەکاندا بژیم
تینووی دڵۆپێک شەراب بم
لەنێو گۆڕستانەکاندا بمرم
عەوداڵی قەبرێک بم
نیشتمان لەنێو دڵمدا بێت
تووشی جەڵتەی دڵ بم
ئەوین لە نێو رۆحمدا بێت
لە دوورترین شوێن چاوی بۆ بگێڕم
بمەوێت رۆمانێکی دڵخۆش بنووسم
پێنووس مان بگرێت
بە سەرماندا بشیڕێنێت
ئەی کوڕی دڵتەنگی بەنیازی
لە کونی خۆت ھەڵگەڕێیتەوە و
حاشا لە ئەژدادی خۆت بکەیت!!؟
ئاە خودایە
دەترسم سەرت زۆر قاڵ بێت
بەو شانۆ تاڵەی سەر زەوییەوە
منیش ھەقی خۆمە
کە دەزانم پیر بوویت و
گوێیەکانت
تا سنووری کەڕیی گران بوون
بێھێنمەوە بیرت
منت لە رەحمی دایکمەوە
بۆ ئەوە دەرنەھێنا
گشت سەرکەوتنەکانم
پڕ پڕ ببن لە تامی شکست
خوێنی شەیدابوونم
لەبەر دەرگای ژنێکدا بڕژێت
سەبەتەی حەزەکانم
تەژی بن لە میوەی گەنیو
کڵاوە خورییەکەی سەرم
ببێتە ھاوپەیمانی گێژەڵوکە
لە نێوان من و مردندا
تەنھا لەشێکی نەخۆش ھەبێت
لە نێوان من و ژیاندا
ھەزاران دیوار قوت بووبێتەوە
مەحکوم بم بە پەڕاوێزخستن و جەفا
مافی گەڕانەوەشم نەبێت
بۆ تاریکایی پێش لە دایکبوون
شۆڕشی باخێکی پەرژینکراو بم
گوڵ بەو ناسکییەوە
خیانەتم لێ بکات
بمخاتە بۆسەی دڕکەوە
دەفتەرێکی شیعری بۆنخۆش بم
کەس بۆنم نەکات
کەس پەڕەی رۆحم ھەڵنەداتەوە
شوێنکەوتەی تەریقەتی دڵ بم
ھەموو رۆژێک عەقڵ
بەزمێکم بۆ بنێتەوە و
بە خەتاباریی تێیدا دەربچم
سەدەیەک لە چاوەڕوانی پەرییەکدا
وەک گڕکانێک لە ھەڵچووندا بم
گروپێک جنۆکە یەخسیرم بکەن
لە نائومێدییدا داممرکێننەوە
ھەمیشە لە راکردندا بم
بە دوای خۆشگوزەرانیدا
سەرئەنجام پۆلیسی ھەژاریی بمگرێت
ھەموو شەوێک تامەزرۆی روئیا بم
بە ئامێزی ژنێکی مەستەوە
مۆتەکە سواری سەری
تامەزرۆییم ببێت
پشتاوپشت بگەمەوە سەر ئاو
رووبارەکان نکۆڵی و
ئۆقیانووسەکان ھەڕەشەم لێ بکەن
کە ھێندە نەجیبزادە نیم
سولالەم بچێتەوە سەر باران
بەددان جڕیکردنەوەوە پێم بڵێن
ئەی دوکەڵزادە ھۆشت بێتەوە بەر
تۆ نەوەی رەسەنی ئاگریت
ناتوانین بۆ شەوێکیش جێت بکەینەوە
دەستی ماندووێتی بکەمە کەمەرم
بە دوای ناسنامەی خۆمدا بگەڕێم
لە رۆژھەڵاتی زەوی
بە گوومان بن لەوەی
شێوەی بیرکردنەوەم
سەر بەوێندەر نییە
لە رۆژئاوای زەمینیش
گا بە گوندا بناسنەوە و
بەھۆی قژی رەشمەوە
ھاشا لە بنەچەم بکەن
کاتێک کوخێکی ئارام بنیات دەنێم
خۆم و تەنھایی تێیدا بسرەوێین
دەنگێک لە دوورەوە ھاوار بکات
ھۆ رەنج بەخەسار ھەوارت بگوازەوە
ماڵت لەسەر ھێڵی بوومەلەرزەیە
زۆر گوێ نەگرم بۆ ئەم قسەیە
داڵغەم بچێتە سەر رێختەرەکەی
بڵێی مردنم چەند پلەی پێویست بێ؟
ئاە خودایە
ھێندە چەنەبازیم کرد
سەر دەرناکەم لەوەی وتوومە
ئێستا خۆیشم نازانم
حیکمەتی خەڵقکردنم چی بوو؟
لوتف بفەرموون
خۆتان وەڵام بدەنەوە
٣-٨-٢٠١٩
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی
لە رۆژی لە دایکبوونمدا، مۆمی ئەم شیعرەم ھەڵکرد. چەند ساڵێکە وا راھاتووم لەم رۆژەدا شیعرێک بنووسم.




رۆژژمێری دڵێکی ھەپروون.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

لە ھەرزەکارییدا بە نیگایەکی گەرم
بانگم کردیت بۆ بینینی
دنیای پەمەیی خۆشەویستیم
رووت وەرگێڕا و گووتت
خۆشەویستی درۆیەکی رەشە
بە رۆژە سپییەکانمەوە دەئاڵێت
لە گەنجیمدا بە مەستییەکی شێتانە
سووتاو بە گڕی عەشقێکی داگیرساو
بانگم کردیت بۆ گوێگرتن
لە قاسپەی کەوی عاتیفەم
بەدەم وەنەوزدانەوە گووتت
خۆشەویستی ھەورێکی رەشە
لە ئاسمانی شێتییەوە دەبارێت
لە زەمەنی باڵادەستیی ئاوەزدا
کێ حەز بەم گەمە ناعەقڵانییە دەکا؟
لە کامڵیدا، ئەو ئانەی بەفری زەمەن
کلو کلو
بەسەر قەترانی ریشما دەبارێت
لە مەیخانەیەکی بێدارەوە
مەستترین پیاوی دنیا سەمات بۆ دەکات
گۆرانییەکی بزێو لە قورگیدا سەرھەڵدەدا
قریشکەیەکی غەریبە
لە کشوماتییەکی سەیردا
گوێیەکانت
بە لۆکەی رەتکردنەوە دەئاخنیت
بە کەمێک غرورەوە دەڵێیت
ئەم گۆرانییە عاشقانە
بەرامەیان ھێندە ناخۆشە
بۆنی گۆرەوییەکانی باوکمیان لێدێت
لە نەخۆشیدا بەدەم دوا نرکەی
سوێرترین ژانی رۆژگارێکی ھەڵکورماوەوە
شەکراوی شیعرێکت پێشکەش دەکەم
بانگ دەکەم
بۆ سەر جۆگە ھەنگوینییەکانی
ئەو خەونانەی تۆ دەبینن
بە پێکەنینێکی دەستکردەوە دەڵێیت
ناتوانم ئەو خەونە پووچانە لێکبدەمەوە
بە مەکرێکەوە بەسەرما دەقیژێنیت
ناکرێ خەونی گوڵ خەزان بێت
ئاخر خۆشەویستی پایزی شادمانییە
لێکردنەوەی حەرامترین سێوی بەھەشتە
لە پیریدا
بەدەم کێشانی سیگاری بیرەوەرییەوە
لە چاوەڕوانی شیعرێکی ناوەختدا
پیرەمێردێک بە ھەمان گڕوتینی سەرەتاوە
ترێی وشە دەگوشێت
شەرابی شیعری لێ دروست دەکات
دوایین رازەکانی خۆیت بۆ دەدرکێنێت
لچێکی لێ ھەڵدەقرچێنیت و دەڵێیت
ئەی پیری ئاخیر شەڕ
ھەموو تەمەنت
راکردن بوو بە دوای وەھمدا
دوای کڵاوی بابردووی عەشق کەوتیت
خۆشەویستی وڕێنەیەکی دووڕووە
لە جیھانی مندا جێگەی نابێتەوە
کەوشەکانت دادەکەنیت تا ماندوو دەبیت
سەروپۆتەڵاکی شیعرەکانم دەکوتیتەوە
دەفتەری خەونەکانم
ھەنجن ھەنجن دەکەیت
ئاگر لە رەزی خەیاڵەکانم بەردەدەیت
منیش بەدیار تارماییەکەتەوە ئێشک دەگرم
بیر لە کۆتایی ئەم کۆتاییە دەکەمەوە
لە مردندا
ئەو دەمەی دەبمە نیشتەجێی گۆڕ
ھەست بە تەنیایی دەکەم
چیتر سەرچڵییەکانم لەگەڵم نین
چیتر راکردووی دوای شەبەنگی تۆ نیم
چیتر پەنجەرەیەکم نامێنێت بۆ روانین
چیتر کراسی مەراق لەبەر ناکەمەوە
چیتر مۆتەکە بەرۆکی خەونەکانم ناگرێت
چیتر غلۆر نابمەوە بۆ نێو دۆڵی ساویلکەیی
تۆ ئەوکات سەرتاپا رەش دەپۆشیت
بە چەپکێک گوڵی سپی سادەوە
شەقاو دەھاویت بۆ سەر گڵکۆکەم
بانگم دەکەیت، دەقیژێنیت و دەڵێیت
ئەی عاشقترین پیاو، شیعرت
راژەندنی بێشکەی شەوە تەنھاکانمە
خۆشەویستیت پاسپۆرتی سەفەرمە
بۆ نێو کەژاوەی گەنجی و
ئەو زەمانەی دنیا بەدەممەوە پێدەکەنی
دە ھەستە دەستی تەزیوت بێنە
لە نێو کورەی دڵمدا گەرمی بکەوە
چاوە بەھارییەکانت ھەڵبھێنە
تەژی دەکەم لە شۆخترین کلی نیگا
باوەشی بێ نازت ئاوەڵا بکە
بۆ ھەتاھەتایە لە ئامێزت دەمێنمەوە
من ھەر بێدەنگم، بێدەنگ، بێدەنگ
ئیدی ھۆشت دێتەوە بەرخۆ
وەک پیرەژنێکی دۆشداماو
سەیری کاتژمێرەکەی دەستت دەکەیت
دەزانی کات زۆر درەنگ بووە و
ئەوەی لە باوەشت گرتووە
تەنھا کێلی قەبرێکە

٢٢-٩-٢٠١٤
ئەڵمانیا – کۆڵن
ئونی کیلنیک – نھۆمی ھەشتەم
ئەمڕۆ دووەم رۆژی پایزە و شیعرەکەم رەنگی خەزانی گرتووە
یەکەمین قەسیدەشە پاش نەشتەرگەرییەکەم نووسیبێتم




سەرەتای دواین گۆرانییە غەمگینەکان.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

کێردی رەتکردنەوەت چەند تیژ بێت
دەلاقەی برینەکانم چەند فراوان بن
ھیچ ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لە ھەنگوینی ئەو خەونانەی
لە دەرگای شەوە تاڵەکانم دەدەن
ئەو وشانەت چەند سارد بن
وەک زەمین لەرزە ھێورییم بھەژنێنن
خەیاڵ لەسەرمدا وردوخاش بکەن
پێکەنینم لە قەفەزی گریاندا
بە بارمتە بگرن
مانگەشەوم بگوازنەوە
دەربەندی تاریکی
ھێشتا ھۆیەیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە لە خلیسکانم
بۆ نێو قەدەری ئەسمەری ژنێتی تۆ
چەند بتەوێ دەروازەی باوەشت
بە وەسوەسەیەکی شێت دابخەیت
ھەناسەکانم نەیەنە ناو مێینەییت
گۆرانییەکانم لە گوێیەکانتا نەزریکێنن
توخنی خولیا سەرەڕۆکانم نەکەویت
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لە ئاگری ئەو ئەوینەی لە خوێنمدایە
چەند ھەورەکانی ئارەزووم بتۆرێنیت
بۆ دڵڕاگرتنی ئەستێرەیەکی دوور
بارینم بکەوێتە وەرزێکی ناوەخت
کۆشێکی سپی نەمگرێتە خۆی
ترس بە قامچی بەربێتە لاسکی گیانم
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لە کۆرپەی ئەو عەشقەی
لە ئەزەلەوە بە زگی شیعر ھەڵمگرتووە
چەند دیواری ئەستوور
لە بەردەم سەربەستیی ھەڵچووم ھەڵبچنیت
تیری خەیاڵیشم نەتوانێت بگاتە دڵت
لەودیو دیوارەکانتەوە
خۆمم بیر بچێتەوە
درز بکەوێتە کریستاڵی چاوەڕوانیمەوە
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە لە نووری ئەو مۆمەی
لە ئەشکەوتی تەنھاییدا
خۆی پێناساندم
چەند بتەوێ کەعبەی خۆشەویستیم
بە وەھمی گوومانەکانت بڕوخێنێت
لە تاودا لەسەر بەرماڵی ئیبلیس
نوێژ بکەم
لەو خودایە بپاڕێمەوە
نەفرەتی لێکردووم
دەستی ئەو رۆژانە ماچ بکەم نەھاتوون
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە لەو گوریسە ئەستوورەی
خۆمم بە بە چارەنووسی تۆوە پێ بەستەوە
چەند بێباک و خوێنساردانە ویستەکانم
بدەیت بەدەم چەمی خەواڵووی فەرامۆشییەوە
ساوای ئاواتەکانم مەراق بیبات
زیخی یاخیبوونم ژێر ئاو بکەوێت
ملوانکەی شەوێکی رۆمانسی بپچڕێت
ھەزاران پرسیاری وەڵامنەدراوەی
تێدا گۆڕ بزر ببێت
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لە روانی ئەو نەمامە رووخۆشەی
لە حەوشەی مێشکمدا
رۆژ بە رۆژ باڵا دەکات
چەند بتەوێ
وەک کەلوپەلێکی کۆن کۆم بکەیتەوە
بۆ ئەوەی فڕێم بدەیتە کەلاوەی کارەساتەوە
خەفەت پرچی رەشی چارەنووسم دابھێنێت
یادەوەریی وەک گیتارێکی نامۆ بمژەنێت
مەینەتی، بوخچەی ماچەکانم
پەرش و بڵاو بکاتەوە
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لەو دەنگە دلێرەی لە ناوەوەمدا
جارێک بە گووڵ
جارێکی تر بە شاژن ناوت دەھێنێت




چیرۆک: زۆیا.. ستیڤان شەمزینی

١
دوای ئەوەی چەندین کاتژمێر کاری کردبوو، چەند تاقم میوانی بەڕێ کردبوو، ھاتە ژوورە بچووکەکەی خۆی کە وەک زیندانێکی کراوە بیری لێ دەکردەوە، لەسەر تەختە خەوەکەی پاڵکەوت، کەمێک پەردە مۆرە تۆخەکەی لادا و سەیرێکی دەرەوەی کرد، بینی ھێشتا بوولێڵ رۆشنایی دەرەوەی بە تەواوەتی قووت نەداوە، پێویستی بوو دەست بکات بە نووسینەوەی رۆژانە یادداشتەکانی کە ھەر ئەمڕۆ و سبەی پێ دەکرد. لەبەر خۆیەوە دەیگووت بۆچی بینووسم؟ مەگەر لە خۆم زیاتر خوێنەرێکی دەبێت؟. لێوی نا بەو قاوە عەرەبییەی تازە لەم شارە فێری خواردنەوەی ببوو، قومێکی لێدا و لەبەرخۆیەوە ورتەیەکی لێوەھات وەک ئەوەی بڵێت مەگەر ئەم قاوەیە ھێندەی ژیانم تاڵ بێت. پاش کەمێک سستی نواندن، پاندانێکی دەرھێنا کە دیاری باوکی بوو، چاوەکانی خوێنیان تێزا و سەری شۆڕ کردەوە بەسەر چەند پەڕەیەکی سپی ئەی فۆڕدا.
-دەی وا دەست پێدەکەم.. چۆن دەستپێبکەم؟ ھەموو دەسپێک لە کۆتایی دژوارترە. خودایە یارمەتیم بدە بۆ ئەم کارە. (باوێشکێکی دا و ئازارێک لە ئەژنۆکانیدا بوو، دەبوو دوای دوو کاتژمێری تریش بڕوات بۆ کارێکی تر).
پاندانەکەی خستبووە لا لێوییەوە، وەک ئەوەی نەفەس لە سیگار بدات ھەڵیدەمژی و فووی بە ئاسماندا دەکرد، لەبەر خۆیەوە دەدوا و دەیگووت: ئای لەوە خۆ پەژارە و ناسۆر وەک دووکەڵ لە لووت و دەمەوە نایەنە دەرەوە، ئەوان زۆر قورسن لە دڵدا دەنیشن. ھەستی دەکرد خەریکە دەخنکێت و لەرزیشی لێ ھاتبوو بۆ کارە بێزارکەرەکەی ھەموو شەوانێکی. (قومێکی تری لە قاوەکە دا، ھەوا کەمێک گەرمتر بوو لە رۆژانی پێشتر، ساردکەرەوەی ژوورەکەی پێکرد).
دیسان سەری گێژ دەخوات و رشانەوەی دێت، فشاری خوێنی زۆر ھاتووەتە خوار، رۆژی پێشتر بە خراپی رشابووەوە، دوو رۆژ پێشتریش بە ھەمان شێوە، دەست دەھێنێت بە سکیدا، لە یەک کاتدا دوو ھەستی ھەیە: بێزاریی و شادیی. ھەوڵدەدات ئازارەکە لە بیر بکات و دەستبکات بە نووسین، پاندانەکە دەخاتەوە سەر کاغەزەکە، کەمێک ئاوی سارد لە پەرداخە شووشەکە دەخواتەوە و ھەناوی فێنک دەبێتەوە، ھەرچی دەگەڕێت نازانێت چۆن دەستپێبکات!، ئارەقەی سارد دەکاتەوە، ئەوسا بیر لە رۆژانی منداڵی دەکاتەوە بەڵکو رووداوێکی خۆشی بیر بێتەوە و بیکاتە دەستپێکی نووسینەکەی، ھیچی لە بیر نەماوە چەشنی کەسێک تووشی ئەلزەھایمەر بووبێت. بە پاندانەکە خەتی لار و خوار دەکێشێ لەسەر لاپەڕەکان، خۆی دەبینێت لە دۆخێکی دەروونیی شپرزەدا، کەچی ناتوانێت لە دۆخی خۆیشی تووڕە بێت، ئەمە بیرۆکەی دەداتێ بە رستەی (لەو جێگەی پێویستە تووڕە بیت و نەتتوانی تووڕە بیت، کارت کەوتووەتە لای پزیشکی دەروونی.) دەستپێبکات. ناتوانێت ھیچی تر بنووسێت. لە دوو کاتژمێرەکە تەنیا بیست خولەک ماوە بۆ دەستپێکردنی کاری شەوانە. کاغەزەکانی بەردەمی لوول دەکات و فڕێی دەداتە سەتڵی خۆڵی ژوورەکەیەوە، بە تیلەچاو سەیری پەڕەکان دەکات و بە دەنگێکی تێکەڵاو لە گریان و پێکەنین دەڵێت: تۆش وەک من چارەنووست فڕێدانە.
٢
بە خێرایی دەڕوات بۆ لای کانتۆری جلوبەرگەکانی، بیری دەکەوێتە ھەفتەی پێشوو لە ھەمان شەودا پێی گووتبوو حەزی بە جل سوور و ستیانی سەوزی فستقییە، بە پەلە خۆی گۆڕی، گوارە گەورەکانی کردە گوێی، سووراوێکی پەمەیی بەسەر لێوە ئەستوورە قاوەییەکەیدا ھێنا، دوو پەمپ لە بۆنی (ھیپنۆتیک پۆیزن)ی لە ستیان و مەمکە قووتەکانی دا، جانتایەکی بچووکی رەشی گرت بە دەستییەوە، قۆنەرە بن بەرزەکانی کردە پێی کە ئەوەندەی تر باڵای بەرزتر دەکرد و سمتیشی باشتر دەردەپەڕاند. بە پەلەپڕوسکێ لە ژوورەکەی ھاتە دەرەوە.
-بۆچی وا دوا کەوتیت، دەبێت بڕۆین ھەر ئێستا؟.
+(بە بێدەنگی و وریاییەوە بە قادرمەکاندا دەھاتە خوارەوە).. پێویست بوو بە دڵی ئێوە خۆم بڕازێنمەوە.
-(سەری بەرز دەکاتەوە و دەحەپەسێت).. واوووو ئەوە چییە، زۆر شازیت، دڵنیام تۆ ھەموویان سەرسام دەکەیت,
(دەچێتە ناو ماشێنەکەوە و بە درێژایی رێگە خەیاڵ دەیباتەوە و بیر لەوە دەکاتەوە رازەکەی بۆ بدرکێنێت. بە خێراییش لە بیرۆکەکەی ژیوان دەبێتەوە و دەڵێت: نا، نا پێی ناڵێم. دواتر خۆیان ھەر دەزانن خۆ نابینا نین).
-من وا قسەت بۆ دەکەم، تۆ لە کوێی؟ ئەمڕۆ باش دیارنیت لەپێش چاوم، دەڵێی پاپۆڕەکەت نغرۆ بووە.
+ھیچ شتێکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە، تەنیا کەمێک بێ حەواسم. لەوانەیە سەرمام بووبێت.
(دەگەنە بەرزاییەکی ئەودیوی شار و دەچنە ڤێلاکەی پێشوو، سەرنج دەداتە سەر ئامادەبووان ھەمان پیاوانی جارانن، تەنیا یەکێکی نوێی تێدایە، پرسیار لە بارەیەوە دەکات):
+ئەو پیاوە کورتە باڵا ئەسمەرە کێیە؟ ئەوە یەکەمین جارە بیبینم.
-ئەوە (…) ھاوڕێمانە، ساڵانێکە لە ھەندەران دەژی، بڕیار وایە بەم زووانە ببێتە وەزیر.
+واووو، واووو چ وەزیرێکە؟ واتە من ئەمشەو لەگەڵ ئەو وەزیرە دەخەوم؟.
-بەڵێ.. ئا ئا.. ھەڵبەتە ئەو لەناو ھەمووتاندا یەکێک ھەڵدەبژێرێت، بەڵام دڵنیام تۆ ھەڵدەبژێرێت. ناتوانێت بەرگەی ئەو لەشولارە سێکسییەی تۆ بگرێت.
+بۆچی دەبێت ئەو ھەڵمانبژێرێت؟ خۆ بە دەست خۆم بێت قەت بەو بڵحە رازی نابم.
-ھێواش کچێ.. ھێواش. بەم کوردییە عەنتیکەیەت قوڕ مەکە بەسەر خۆتدا، ئەم ئاھەنگە بە خاتری ئەو رێکخراوە.
(ئێستا بەرەو سەکۆ چیمەنتۆییەکە دەڕوات کە چەند بلاژیکتۆرێک رووناکیان کردووەتەوە، بەمەوە چوار کچ چوونەتە سەر شانۆکە و سەما دەکەن. لەولاوە بۆنی کەباب و گۆشتی برژاو و دەنگی نۆش و زرینگەی پەرداخەکان دێت کە بە یەکیدا دەدەن، ئەمانیش سەما دەکەن، ھەر جارەی یەکێکیان بانگ دەکەن بۆ سەر مێزەکان لەگەڵیاندا ئەلکھول بخواتەوە، ئەم زۆرتر ئارەزووی عەرەقی ئۆزۆی بەلەم و ڤۆدگای گورباتچۆڤ دەکات. وەزیری داھاتوو بە لاچاو سەیری سمتی دەکات و خۆی بۆ ناگیرێت و بەسەر تەنورە کورتەکەوە دەستێکی پێدا دەھێنێت).
-ئەمشەو تۆ لای منیت، ھەرچی ئارەزووی دەکەیت لە پێناوتدا ئامادەیە.
+سوپاس بەڕێزم. بێگومان ئامادەم، ھەرچییەکم پێبدەیت جیاوازییەکی نییە، مووچەی من جێگیرە و ھەرچی بەخشیش و دیارییەکم پێبدەیت بۆ ئەوە (پەنجە بۆ یەکێک لە پیاوەکان رادەکێشێت).
لە ناکاو رادەچڵەکێت وەک چۆن تەشتێک ئاو بکەیت بەسەر خەوتوویەکدا، دەست لە نووسینی ئەو دێڕانەی پێشەوەش ھەڵدەگرێت، دووبارە کاغەزەکان ھەپرون ھەپرون دەکات. دەست دەخاتەوە سەر سکی و وەک ئەوە وایە مارێک لە ناویدا بجووڵێتەوە، لەگەڵیدا دەست دەکات بە ڕشانەوە، قاڵییەکە تەڕ دەبێت لە رشانەوەدا، بۆنی ناخۆشی عەرەقی دوێنێ شەو لەگەڵ ڕشانەوەکەدا ھاتووەتە دەرێ، ژوورەکە بۆگەنی کردووە. دەست دەکات بە تەپەتەپ تا ئەوانەی خوارەوە بێدار ببنەوە و بیگەننە نەخۆشخانە، بەڵام ھێشتا دوودڵە ئایا رشانەوە بەردەوامەکەی بە ھەند وەردەگرن یان نا؟.
٣
ئەمڕۆ دەی سێپتامبەر، سبەینێ شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر رووداوی یانزەی سێپتامبەری ئەمەریکادا. ژیانی ئەویش وەک ھەردوو تاوەری بازرگانی جیھانی داڕووخاوە. ھەوڵێکی تر دەدات بۆ نووسینەوەی یادداشتە رۆژانەکانی، ئەم جارە خەریکە سەرکەوتوو دەبێت و دەنووسێت: (دوێنێ شەو رووداوێکی گرنگ لە ژیانمدا روویدا، ھەم زۆر خۆش ھەم زۆر تاڵ!.) درێژەی دەداتێ: (زۆرجار ژیان دەمانبات بۆ جێگەیەک ئەگەرچی شتەکانیشی کۆن بن، بەڵام بۆ تۆ تازەن). ئەوە یەکەم جار بوو رێگەی بکەوێتە نەخۆشخانەیەکی ئەم وڵاتە، سەیر نییە ئەگەر دێڕێکی وای نووسیبێت. ھەوڵ دەدات بەردەوام بێت و نازانێت چۆ دێڕەکانی پاشتر بنووسێت، چیتر کێشەی دەستپێکی نەماوە، ئاریشەکەی بووە بە کۆتایی. ئێستا دەزانێت لە کوێوە دەستی پێکرد، بەڵام نازانێت لە کوێ دەوەستێت. بەم ھەوا گەرمە سێپتامبەرییە لەرزێکی زۆری لێ ھاتووە، خۆی خزاندووەتە ژێر بەتانییەکی ئەستووری رەنگ سەوزی کۆنی سەربازیی کە پێشتر خاوەن ماڵەکە لە گەرمای ھاویندا دەیدا بەسەر ماشێنەکەیدا. حەزی چووەتە سەر خواردنێکی میللی خۆیان، بەڵام ناچارە ئەو ساوەر و عەمبەیە بخوات، کە زیاتر ئازاری گەدەی دەدەن، فرمێسک بە گۆناییدا دێتە خوارەوە و دەنووسێت: (مرۆڤ تا بچووکتر بکرێتەوە، غەمەکانی گەورەتر دەبن.)
ھێڵنجدان بەردەوامە و بە رژدیی بیر لەوە دەکاتەوە بزانێت سێ مانگ پێش ئێستا لەگەڵ کێ بووە؟. رقی لە خاوەن ماڵەکەیە، ئەو رۆژانە جیا لە کاری ناوماڵ، ناچاری کردووە شەوان لە باوەشی زیاد لە کەسێکدا رۆژ بکاتەوە، ئاستەمە بیری بکەوێتەوە کامیان بوو، ھەر لە بنەڕەتەوە سێ مانگ پێش ئەمڕۆی نایەتەوە یاد، ئەو ھەموو رۆژ و شەوەکانی لە یەکتر دەچن، شتێکە بۆ ھەمیشە دووبارە دەبێتەوە. لە بێ چارەییدا بیری لە خۆکوشتن دەکردەوە، سەرەتا ویستی بڕوا بە خۆی بھێنێت خۆکوژیی بکات، دەیزانی ئەوەی دەینووسێت بۆ ئەوەیە قەناعەت بە خۆی بھێنێت، کەمێک لە تابلۆی سەر دیوارەکە راما کە ھیچ مانایەکی نەبوو، بە خێرایی و لە ترسی لە بیرچوونەوە نووسی: (ھەرچەند مەرگ بێ ئازارە، بەڵام پڕ ئازارترین شت ئەوەیە بمرم. ئەگەر خۆم بکوژم بوون و داھاتوو بە یەکەوە لە دەست دەدەم. لە مردندا نەک ئازار بوونی نییە ھیچ شتێکی تریش بوونی نییە، لە خەوێکی قووڵی بێ خەوندا دەبم، بەڵام ھێشتا ناتوانم بە رەھایی خاسێتیی و خراپیی مەرگ ھەڵبسەنگێنم). ئەو لە ژیانی خۆی تێنەدەگەیشت ھەوڵیدەدا لە مردن تێبگات و بۆی بڕوات. دەترسا لەوەی وەک ئێستا مل بنێت بۆ جێگەیەک ھیچی لەبارەوە نەزانێت.
جارێکی تر خەیاڵی گەڕایەوە بۆ سێ مانگ بەر لە ئێستا، دەیگووت: ئا ئەو باڵابەرزە سوور و سپییە بوو، نا، نا، ئەو نەبوو. ئەو دەوڵەمەندە ورگنە بوو کۆمپانیای ھەبوو، لەبەر خۆیەوە دەیگووت: تۆ چۆن دەزانی کۆمپانیای ھەبوو؟، بەرسڤی خۆی دەدایەوە: مەگەر خۆی وای نەگووت؟. سەد کەس زیاتر بە خەیاڵیدا ھات!ـ چۆن دەکرێت لە رۆژێکدا لەگەڵ سەد پیاودا سێکسم کردبێت؟. نا، نا نابێت، شتی وا نابێت. کەمێک خۆی ئاسایی کردەوە و دووبارە کەوتە پرسیار لە خۆکردن: چۆن دەبێت منداڵەکەی ناو سکم سەد باوکی ھەبێت؟ ئەی چۆن بگەڕێمەوە ناو کەسوکارم، لە کاتێکدا بە تەنیا ھاتم و بە دوو قۆڵی بڕۆمەوە؟. لەناو ئەم پرسیارانە نقووم ببوو، فریای وەڵامدانەوەی پرسیارێک نەدەکەوت، چەندان پرسیاری تر لە مێشکیدا دەتەقینەوە. دەستەوەستان و واق وڕماوە لە بەردەم پەنجەرەکە راوەستاوە و ھەردوو دەستی خستووەتە سەر کەمەری و ھیچی بۆ نەماوەتەوە تەنیا ئەوەندە نەبێت رقی لە کابرای خاوەن ماڵ و ژنەکەی دەبێتەوە و نەفرەتیان لێ دەکات. بیر لەوە دەکاتەوە ئەم سەرنەویشتە لە کوێوە بۆی ھەڵبژێردراوە: بە رۆژ ژنەکە بیخاتە ژێر باری ئیشی زۆر و قورسەوە و نەھێڵێت لە یەک کاتژمێر زیاتر مۆبایلەکەشی بەکاربھێنێت، شەوانیش مێردی ژنە کە پاسپۆرتەکەی ئەوی لای خۆی گل داوەتەوە، بیبات بۆ گردەکانی قەراغ شار و لەگەڵ ھاوڕێکانی شەوانی سوور لەسەر لەشی رەشی بنووسنەوە؟. ئینجا بە تووڕەییەوە لەسەر کاغەزەکەی بەردەمی دەنووسێت: (ئێوە ناتانەوێت لە جیاوازیی گورگ و ئاسک تێبگەن، سەرنج دەدەنە سەر ئەوەی لە کۆتاییدا ھەردووکیان ئاژەڵن.) لەم کاتەدا لە دەرگای ژوورەکەی دەدرێت، ھەر ئەوەندە فریا دەکەوێت کاغەزەکان بخاتە ناو سوراحییە ئاوەکەی سەر پەنجەرەکە.
٤
بیر لەوە دەکاتەوە چۆن پاسپۆرتەکەی لە خاوەن ماڵ و ئەو کۆمپانیایە وەربگرێتەوە ھێناوێتی بۆ ئێرە، تاکو لە شوێنێکی دوور لە مەترسی دایکایەتی بۆ منداڵەکەی ناو سکی بکات و لە ئێستاوە بیر لەناوێک دەکاتەوە بۆ نۆبەرەکەی. شەڕێکی ناوخۆیی لە دەروونیدا دەستیپێکردووە، بە خۆی دەڵێت: ئایا بەو دایکایەتییە قایل بم؟ ئایا بۆچی دەبێت رازی بم منداڵێکی باوک نادیار نۆ مانگ بە سک ھەڵبگرم و تەمەنێکیش پەروەردە و بەخێوی بکەم.؟ لە کۆتاییدا دڵی خۆی دەدایەوە و دەیگووت: گرنگ نییە ئەو منداڵە لە کێیە، ئەوەی بۆم گرنگە لەناو منەوە دەڕسکێت و دەبێتە گەواھیدەری کوێرەوەرییەکانی ژیانی ئێرەم.
دەنگە دەنگێک لەودیوی ژوورەکەوە دێت، گوێقووڵاخ دەبێت، گفتوگۆی نێوان ژن و پیاوەکەی خاوەن ماڵەکەیەتی.
-ئەگەر خەڵک بزانن دووگیانە ئابڕوومان دەتکێ. (پیاوەکە لەم کاتەدا لەبەردەم ژوورەکەدا ھاتوچۆیەتی و ئەم قسانە دەکات).
(پەردەکە لادەبات دەبینێت ژن و پیاوی خاوەن ماڵ بە دەموچاوێکی ترشاوەوە، لەبەردەم دەرگای ژوورەکەیدان، بێ لە دەرگادان وەک دوو مێشی گیزەگیزکەر خۆیان دەکەن بە ژووردا).
-(ژنەکە بە مۆڕەوە سەیری سکی ئەم دەکات).. دەبوو (حەبی مەنع)ت بخواردبا، نازانیت پیاوی ئێمە چەند رقیان لەوەیە خۆیان رێگریی بکەن لە کاتی سێکسدا؟.
-(پیاوەکە بە سەرسووڕمانەوە سەیری ژنەکەی دەکات و وەک بڵێی ئەزموونی زۆری ھەبێت).. ئێستا دەبێت بڕۆین، بۆ نەخۆشخانە کوڵتاج بکەین، خێرا ئەو سکەت لەبار ببەین و خۆمان لە شەرمەزاریی رزگار بکەین!. خێرا خۆت ئامادە بکە.
(نەیدەتوانی ھیچ بڵێت، زمانی لاڵ ببوو، نەیدەتوانی داکۆکی لە خۆی و منداڵەکەی بکات، ناچار بوو مل بدات بە داواکەیان و داوای کرد لە ژوورەکەی بچنە دەرەوە، تا خۆی بگۆڕێت، ئەوانیش بە ھێواشی بەرەو خوارەوە ملیان نا).
-دەبێت نەھێڵین بڕوات، پاسپۆرتەکەی دەگەڕێنمەوە بۆ کۆمپانیا، لای ئەوان بێت ناتوانێت ھیچ بکات مەگەر (وشتر بکات بە کونی دەرزی درووماندا).
+(دەکەوێتە پێکەنین، بەڵام تریقانەوەیەکی دەستکرد). نا، لێگەڕێ با ئەمە بڕوات، پێویستمان بە کارەکەرێکی گوێڕایەڵتر و جوانتر ھەیە، ئەوە باشترە بۆ ئێمە.
-بیرۆکەکەت زۆر تەواوە، کەواتە لێی دەگەڕێین. من کارم ھەیە لە دەرەوە، تۆش کەمێک بنوو، بەڵام سپلیت ھەڵمەکە، با سەرمات نەبێت گیانەکەم.
(گفتوگۆی نێوانیان کۆتایی ھات، پیاوەکە ژنەکەی لە ئامێز گرت و ماچێکی کرد، بە ماشێنەکەی بەرەو لای دۆستەکەی بەڕێ کەوت، ژنەکەش تەلەفۆنی بۆ کوڕێک کرد و پێی گووت ھەر ئێستا چووە دەرەوە بە زووترین کات وەرە).

٥
ماشێنەکەی ھێنایە حەوشەوە و بە دوو عەلاگەی پڕ میوە و کیسەیەک سەموونەوە بەرەو ناندێنەکە رۆیشت. سەیرێکی کرد ھێشتا ژنەکەی خەوتووە. بە ئارامی بانگی کرد و گووتی: ئەو ئەو قولە خزمەتکارە لە کوێیە؟, ژنەکەش بە خەواڵوویی وەڵامیدایەوە: چوار کاتژمێرە دەنگی نییە، لەسەرەوە نەھاتووەتە خوارەوە، ئێستا دەچم لە دەرگای دەدەم. پیاوەکە دەڵێت: ئۆوو لە تۆ، خۆت ئەوەندە ئەزیەت مەدە، چاکترە مۆبایلەکەی پێ بدەیتەوە و ھەر کات پێویست بوو تێلی بۆ بکەین. ژنەکە بە تووڕەیی دەڕواتە سەرەوە و بەدەنگێکی بەرز قسە دەکات: ئەی نەمانگووت دەبێت لێرە بڕوات؟. بەدەم بۆڵەبۆڵەوە دەچێتە بەردەم ژوورەکەی، چەند جارێک لە دەرگاکە دەدات، بەڵام نایکاتەوە. دەیەوێت خۆی بکات بە ژووردا و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات، بۆی دەردەکەوێت دەرگاکە لە ناوەوە کلیل دراوە، ھاوار دەکات بۆ مێردەکەی ئەو رەشە پیسە بووە بە شت لێمان، وای لێھاتووە دەرگامان لێ ناکاتەوە.
-پەلەمەکە وا ھاتم ھەر ئێستا پەلی دەگرم بۆ دەرەوە و سبەی تەلەفۆن بۆ کۆمپانیاکەش دەکەم بە توندیی سزای بدەن.
وردە وردە سەر دەکەوێت، بە ھەردووکیان لە دەرگا دەدەن بەڵام نایکاتەوە، چەند ھاوار و بانگی دەکەن، دەنگێک لە ژوورەوە نابیسترێت. ناچار پیاوەکە دێتە خوارەوە و کلیلە یەدەگەکان دەھێنێت دەرگای ژوورەکەی پێ دەکاتەوە. کاتێک دەرگا دەکەنەوە، ئەوەی دەبینرێت: خزمەتکارەکە کەوتووە بەسەر تەختە خەوەکەدا و چەقۆیەک لە سکی چەقیوە، لەولاترەوە کاغەزێکی فڕێدراو لە ناو تەنەکە خۆڵەکە بە لوولدراویی دەبینن، شاڵاو بۆ کاغەزەکە دەبەن و چرچ و لۆچییەکەی بە قۆڵ رێک دەکەنەوە کە چەند دێڕێکی بە زمانی ئینگلیزیی لەسەر نووسراوە:
من ناوم زۆیایە، کچێکی ئەسیوپیم لە ھەرێمی کوردستان، تەمەنم بیست و….

ئاوگۆستی ٢٠١٤
سویسرا- بێرن
ھوتێلی Ambassador

تێبینی: ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٣١١)ی گۆڤاری (رامان) لە رۆژی ٥-٩-٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.




یەکی ئایاری خوێناویی, قەتڵوعامی شیوعییەکان لە پشتئاشان.. بەدواداچوون: ستیڤان شەمزینی

پشتئاشان گوندێکی چەپەک و دوورەدەستی بنای قەندیلە، تا ئەو ساتەی لە یەکی ئایاری 1983 نەبووە جێگەی شەڕێکی خوێناویی کە بە کوژرانی 82 کەس لە ئەندامانی حزبی شیوعی کۆتایی هات هیچ ناوبانگێکی نەبووە بە تایبەت ناوبانگی سیاسیی. تەنانەت هەروەک قادر رەشید “ئەبو شوان” لە کتێبەکەیدا “پشتئاشان لەنێوان ئازار و بێدەنگیدا” باسی دەکات تا ساڵی 1982 کەس بیری لەوە نەکردبووە، ئەو گوندە بکاتە بنکەی سەربازیی یان سەرەکی خۆی، کاتێک حزبی شیوعی ئەم گوندەی هەڵبژارد، وەک پەناگەیەکی ئارام دڵی پێخوش کردبوو، بەڵام هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەدەهات، دوای کەمتر لە ساڵێک پشتئاشان بۆ شیوعییەکان دەبێتە گۆڕستانێکی گەورە.

یەکی ئایاری خوێناویی

تا ساڵی 1983، حزبی شیوعی کە ئەندامێکی بەرەی جووت بوو، لە شەڕی شاخی براکاندا بێلایەن وەستابوو، بەڵام لە کۆتاییەکانی نیسانی ساڵی 1983 گرژییەکی زۆر لە نێوان شیوعی و یەکێتی دروستببوو، یەکێتی تا دەهات لە نزیکی بارەگا سەرەکییەکانی حزبی شیوعی لە بناری قەندیل هێزی کۆدەکردەوە، بەڵام حزبی شیوعی بە بیریاندا نەدەهات هێرشە زەبروەشێنەکەی یەکێتی پشتئاشان بکاتە ئامانج، چوونکە پێیانوابوو ئەوانەی لە پشتئاشانن زیاتر ژن و منداڵن.
رۆژی یەکی ئایاری ساڵی 1983 کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی جیهانی کرێکاران، یەکێتی بە بەشداریی سەدان پێشمەرگە بە سەرکردایەتی “نەوشیروان مستەفا” پەلاماری بارەگانی شیوعی و پاسۆک و حسک لە پشتئاشان، قەڕناقا، بۆڵێ، ئاشقۆڵکە و رەزگە، دەدەن، پاش بەرگرییەکی کەم هێزەکانی یەکێتی دەتوانن پشتئاشان و تەواوی ئەو گوندانە بگرن کە هێزەکانی حزبی شیوعیان تێدابوو، تەنانەت توانیان بەشێک لە سەرکردەکانی حزبی شیوعی وەک “کەریم ئەحمەد، ئەبو سەرباز، قادر رەشید” بە دیلی بگرن.
بەیانی رۆژی یەکی ئایار، ئێستگەی دەنگی شۆڕشی عێراق، کە رادیۆی فەرمی یەکێتی بوو، بەمشێوەیە سەرکەوتنەکەیانی لە پشتئاشان و قەرناقا بڵاوکردەوە “ئاشبەتاڵە، ئاشبەتاڵە. تۆڵە بە سەبرە، ئەمما بەزەبرە، بەڵێ بە زەبر بوو. مارکس گۆڕ هەڵتەکێنە، بزانە چۆن تەحریفییەکانی ئاخر زەمان، بە قاعیدە و قیادەوە بەرەو دیوی ئێران هەڵهاتن. بیانکوژن، بیانبڕن ئەوانەی دەیانەوێ کێوەکانی کوردستان تەعریب بکەن. حسک و شیوعی و قیادە مەوقەتە رەنجی کورد بە با دەدەن. کوردستان لە قاعیدە و قیادەی تەحریفییەکان پاککرایەوە”.
قادر رەشید لە کتێبەکەیدا “پشتئاشان لەنێوان ئازار و بێدەنگیدا” نووسیویەتی “هێزەکانی یەکێتی بە سەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا لە بەهاری 1983 هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی حزبی شیوعی و پاسۆک و حسک لە گوندەکانی پشتئاشان، قەڕناقا، بۆڵێ، ئاشقۆڵکە و رەزگە. نزیکەی 90 کەس بە دڕندەترین شێوە دەکوژرێن و چەندین کەس بریندار دەکرێن. ئەوەی جێگای سەرنجە شێوەی هەڵسوکەووتی نەوشیروان و هێزەکەیەتی لە شەڕەکەدا. نەوشیروانییەکان پەنجەی کچێکیان بەناوی “ئەحلام” بڕیوە بۆ ئەوەی ئەڵقەکەی لێ ببەن، تەرمی پێشمەرگەیەک بە ناوی عەلی حوسێن لە ژێر خاک دەردێنن بۆ گەڕان بە دوای چەکەکەیدا و تەرمەکەشی لە رۆخی رووبارەکە بە جێدێڵن، کەسێک بە ناوی ئەبو مەکسیم کە خاوەنی 7 منداڵ دەبێت بە بێ ئەوەی دەست بکاتەوە دەدرێتە بەر رێژنەی گوللە و دەکوژرێت، ئەو دیلانەی پارەیان پێبووە رووتدەکرانەوە و دەکوژران”.

رۆڵی نەوشیروان مستەفا

قادر رەشید “ئەبو شوان” لە دیمانەیەکدا کە رۆژنامەنووس “ستیڤان شەمزینی” لە کۆتایی ساڵی 2009 لەگەڵیدا ئەنجامداوە دەربارەی رۆڵی نەوشیروان مستەفا دەڵێت “لەبەرئەوەی نەوشیروان مستەفا بڕیادەر و ئەندازیاری راستەوخۆی خوێنڕشتنەکەیە، لە رادیۆکەیانەوە هاواری دەکرد من دیلم ناوێت! پەرێزتان پاک بێت! تۆڵە بەسەبرە ئەمما بەزەبرە! نەوشیروان دەیتوانی ئەو دیلانە نەکوژێت! لەچیرۆکی (‌زەماوەن ئەگێڕین)دا، فازیل کەریم ئەحمەد (جەعفەر) کادری پێشکەوتووی راگەیاندنی یەکێتی، دەیگێڕێتەوە نەوشیروان بە‌ دەستی خۆی دیلەکانی کوشتووە! ‌هەربۆیە راستەوخۆ هەموو ئەر‌کێکی حزبی بەجێدەهێڵێت ‌و روو دەکاتە سوریا، قارەمانی چیرۆکەکە نەوشیروانە و ناوی لێناوە شێرۆ!”.
پێشمەرگەیەکی بەشداربووی حزبی شیوعی لە شەڕی پشتئاشان کە دواتر بە دیلی دەکەوێتە دەست یەکێتی لە دیمانەیەکدا کە رەحمان غەریب لە ساڵی 2008 ئەنجامیداوە، دەڵێت “ئێمە چەند دیلێک بووین، لە پڕ لەو دیوی زیندانەکەوە گوێمان لە هاوار بوو، کە سەرنجماندا دەبینین، نەوشیروان مستەفایە، لە مەفرەزەیەک پێشمەرگە تووڕە دەبوو کە بۆچی دیلیان بۆ هێناوە، ئێوە رێککەوتنەکان شکاند”.
ئەبو شوان سەرکردەی ئەوسای حزبی شیوعی پێیوایە سەرکردایەتی یەکێتی هەموویان بەرپرسن لەو تاوانە، بەڵام بەشی شێری بەر نەوشیروان مستەفا دەکەوێت. بۆیە دەڵێت “هەموو سەرکردەکانی یەکێتی بڕیاردەری رووداوەکەی پشتئاشانن، بەڵام پشکی شێر بەر نەوشیروان مستەفا و تەواوی ئەوانەی راستەوخۆ بەشداریی شەڕەکە بوون، دەکەوێت. حزبی بەعس تاوانبارە لە داڕشتنی نەخشەی لێدانی پشتئاشان. کۆمەڵەی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لەو خوێنڕشتنە”.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکانیش نەوشیروان مستەفا سەرکردەی مەیدانی هەموو هێرشە سەربازییەکانی یەکێتی بووە بۆ سەر تەواوی حزب و لایەنە کوردستانییەکان. تەنانەت پشکۆ نەجمەدین لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا “ئەزموون و یاد” ئەوە بە بیر دەهێنێتەوە کاتێک دیل بووە لای یەکێتی، نەوشیروان مستەفا پێی وتووە “حزب نەماوە لە کوردستان سەرکردەیان لێ نەکوشتبێت، بۆیە تۆش دەکوژین و لە تۆڵەکردنەوە ناترسین”.

رۆڵی حکوومەتی بەعس

ئەبو شوان، لە چاوپێکەوتنێک کە لە دیسەمبەری 2009 کە لەلایەن رۆژنامەنووس “رزگار چوچانی” لەگەڵیدا ئەنجامدراوە دەڵێت “خدر مەعسوم لە چاوپێکەوتنێکدا، بە ئاشکرا دەڵێت (پەلاماردانی پشتئاشان بە بڕیاری سەرکردەکانی یەکێتی بووە). ئەوە راستییەکی مێژووییە و چووە لاپەڕە رەشەکانی مێژووی یەکێتییەوە، بەڵام دەبووایە خدر ئەوەشی بووتایە ئەو هێرشە بۆ سەر پشتئاشان، بڕیار و هاوکاریی بەعسیشی تیادا بوو”.
سەید کاکە، کە ئەوسا سەرکردەیەکی دیاری سۆسیالیست بوو، هاوکات یەکێکە لە بەشدارانی شەڕی پشتئاشان پێیوایە کارەساتی پشتئاشان بە بڕیاری بەعس بووە و دەڵێت “یەکێتی لەگەڵ حکوومەت رێککەوتبوو، رۆژی پێشتر حکوومەت 500 تۆپی لێداین، کە یەکێـتی هجومیان کرد شکان، ئێوارە بوو، من لەبەردەمیان بووم، فیشەکمان نەما، ناردم فیشەک بێت، گوتیان فیشەک نییە، کە فیشەک نەبێت سبەی هجوم بکات چی دەکەی؟ گوتم سەحب بکەن، بە شیوعییەکانیشم گوت لێرە ئاوا دەبین دەچینە قەندیل، هەمووتان سەحب بکەن”.
قادر رەشید باس لەوە دەکات چەند رۆژێک بەر لە کارەساتە خوێناوییەکەی پشتئاشان کاتێک نوێنەری ئاشتی نێوان پارتی و یەکێتی بووە، چەند گەورە بەرپرسێکی عێراقی بینیوە لە بارەگای سەرکردایەتی یەکێتی بوونە، بەڵام یەکێتی وەک فەلەستینی پێیان ناساندوون. بەبڕوای قادر رەشید ئەم وەفدەی حکوومەت لەگەڵ یەکێتی تاوتوێی لێدانی شیوعییەکانیان کردووە.

تێبینی: ئەم بەدواداچوونە لە ژمارە “20”ی گۆڤاری “شەپۆل” لە رۆژی 1-5-2013 بەناوێکی خواستراوەوە بڵاوکرابووەوە. بە پێویستم زانی لە چل ساڵەی ئەو کارەساتەدا دووبارە بیخەمەوە بەر دیدی خوێنەران.

بە دواداچوون: ستیڤان شەمزینی




تۆش بە جێمان دەهێڵی.. ستیڤان شەمزینی

زۆر دەمێک بوو بە هادی ئاشنابووم، پێموایە لە کۆتایی نەوەدەکاندا بوو، ئەوسا من شانۆگەرییەکم نووسیبوو بە نێوی “بازاڕی گوڵفرۆشی” و لە هۆڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی تمایش کرا، لە رۆژی سێیەمی نمایشدا ئاسایش هەڵیکوتایە سەر هۆڵەکە و نمایشیان راگرت، ئەوسا هادیم ناسی کە ئاسایشەکانی بە قسەکردنەوە خافڵاند تا من خۆم دەرباز بکەم، پاشتر هەر لە ساڵی 1999 شانۆگەرییەکی تری سەر شەقاممان پێشکەش کرد بە ناوی “فائیزەکان” ئەم شانۆگەرییەش ناوەڕۆکێکی قووڵی چینایەتی هەبوو بەشێکیش بوو لە چالاکییەکانی حزبی کۆمۆنیست بە بۆنەی یەکی ئایارەوە، من وەک ئەکتەر بەشداربووم، شانۆگەرییەکە نووسینی سیامەند ئەحمەد و دەرهێنانی شوان ئەڵماس بوو. دوای تەواوبوونی شانۆگەرییەکە هادی لەبەردەمم قوت بووەوە و رەخنەبارانی رۆڵەکەی کردم، وتی تۆ هەر بۆ ئەوە کراویت رۆڵی عاشق بگێڕیت نەک رۆڵی کۆمیدیی، چونکە تۆ باشترین رۆڵت گێڕا لە شانۆگەری رۆمیۆ و جولێتدا. قسەکەشی راست بوو من لەو شانۆگەرییەدا رۆڵی رۆمیۆم دەگێڕا بە گەواهیدانی بینەرانی ئەو شانۆییە کە ساڵی 1997 نمایشمان کرد سەرکەوتووانە رۆڵەکەم گێڕابوو.
بە هاتنی ساڵی 2000 و پەلاماردانی حزبی کۆمۆنیست لەلایەن یەکێتییەوە منیش سەری خۆم هەڵگرت بۆ دەرەوەی وڵات، ئیدی هادیم نەبینییەوە تا درامای گەردەلولی بەشی یەکەم، بە نزیکەیی لە ساڵی 2007دا جارێکی تر یەکترمان بینییەوە، ئەوەی لەودا نەگۆڕابوو پاش ئەو دابڕانە زەمەنییە گەرموگوڕییەکەی بوو، ئەگەرچی لە رۆڵی عەریف حەمەتاڵدا بەناوبانگ ببوو، بەڵام سادەییەکەی هەروەک سەرەتای خۆی بوو، لە کاتێکدا پەیتا پەیتا گەنجانم دەبینی دەهاتن وێنەیان لەگەڵ دەگرت. لەوە بەدوا زۆربەی جار لەبەردەرکی سەرا یەکترمان دەبینییەوە، ئەم وێنەیەی دەیبینن دوا وێنەی من و هادیە رێک دوای یەکەم گەڕانەوەم بۆ کوردستان پاش نەشتەرگەرییەکەم لە ساڵی 2014دا، ئەو خۆی بانگی کردم وتی ستیڤان وەرە با وێنەیەک بۆ یادگاریی بگرین،، هەرچەند زۆر ماندوبووم بە دەست نەخۆشییەکەمەوە کە بە ڕووخساریشمەوە دیاربوو بەڵام نەمتوانی هیچ بلێم و ڕێک چوومە لایەوە و قیت وەستام لە تەنیشتی، دوایی وتی ئەگەر گەڕایتەوە بۆ ئەوروپا سەلامی من بگەیەنە بە توانا ئەمین “چیرۆکنووس”، من بۆم رێکنەکەوت توانا ببینم بەڵام هەواڵ پرسینە گەرموگوڕەکەی ئەوم پێ گەیاند لە رێگەی فەیسبوکەوە. نازانم توانا لەم سەردانانەی دواییدا چاوی پێی کەوتەوە یان نا؟ بەڵام ئەو هەموو مرۆڤێکی خۆشدەویست ئەوەی لەودا خوێندمەوە توانای لە هەموو کەس زۆرتر خۆشدەویست. من پاش ئەم دیدارە کورت و وێنەگرتنە بۆم نەلوا نە هادی ببینمەوە نە بە ئازادیی سلێمانی لە ئامێزم بگرێتەوە. من هادی مەحمودم وەک خۆی و وەک هاوڕێ خۆشدەوێت، ئەم ئۆغرکردنە لە ناکاوەی فرمێسکی پێ باراندم. بنوو هادی گیان، ژیان غەدری لێ کردیت بە ئومێدم مەرگ قەرەبووت بۆ بکاتەوە و ئاسوودە بۆ هەتاهەتایە بە ئارامی بنوویت.

ستیڤان شەمزینی
30/4/2023
کاتژمێر 4:17 بەرەبەیان




دووبارەبوونەوەی مێژوو.. ستیڤان شەمزینى

لە پەڕاوێزی دەستگیرکردنی عەلی سیاسی دا

مارکس لە پێشەکی کتێبی هەژدەی برۆمیری لویس پۆناپارت دەنووسێت “هیگڵ دەڵێت کەسایەتی و رووداوە مێژووییەکان دووجار خۆیان دووبارە دەکەنەوە” مارکس دەنووسێت “بەڵام هیگڵ بیری چووە بڵێت جاری یەکەم بە شێوەی تراژیدی و دووەم جار وەک کۆمیدیا” دەستگیرکردنی عەلی سیاسیی لەلایەن ئەمنە زەردەکەی هەولێرەوە چرکەساتە کۆمیدییەکەی مێژووی دەسەڵاتی کوردییە، هەر بۆ بیرخستنەوەش پێش 17ساڵ و چوار مانگ هەر لەم ماڵپەڕە “دەنگەکان” وتارێکم بەشێوەی ئایرۆنی لە بارەی عەلی سیاسی و رێکخراوی چاک بڵاوکردەوە (دووبارە بە بیرتان دەهێنمەوە و بڵاوی دەکەمەوە)، ئەم وتارەی ئەوێ رۆژێ دیکۆمێنتێکە ئەگەر پەڕاوێزەکانی ئازادیی لە کۆمەڵگەی باشوور بەرتەسکتر نەبووبێت، پاش حەڤدە ساڵ هێشتا هەروەک خۆی ماوەتەوە، ئەمڕۆش کە عەلی سیاسی لە زینداندایە هەمان وتاری پێشوو دەشێ کتومت وەک خۆی بنووسرێتەوە چونکە ئەوەی گۆڕاوە ژمارەی ساڵەکانە نەک شتێکی تر. فەرموون لێرە خوێنەری بن.

عەلى مەحمود و رێکخراوى چاک بۆ دادگا ببەن!
ماوەى دوو ساڵە رێکخستنە کۆڵنەدەرەکانى پارتى و یەکێتى لە هۆڵەندا و سەرجەم وڵاتانى ئەوروپا لە تێکۆشانى بەردەوامدان بۆ سزادانى یاسایى (ڤان ئانرات) ى تاوانبار. حکومەتى هەرێم بڕى (20) ملیۆن دۆلارى لە رێگاى نووسینگەکەیەوە لە هۆڵەندا تەرخان کرد بۆ بەڕێوەبردن و خستنەگەڕى کەمپینى دادگایکردنى تاوانبارى نێوبراو. ئەم هەوڵ و هەڵوێست و هەنگاوە دڵسۆزانەیەى پارتى و یەکێتى دواى ئەوە هات کە تاوانبارانى پرۆسەى شومى ئەنفال و ژینۆسایدى کورد لە دادگاکانى سلێمانى ء هەولێر دادگایى کران و بە رۆژى رووناک بە سزاى ڕەواى گەل گەیەنران.. لەو تاوابارانە: (شێخ جەعفەر بەرزنجى، عەزەى نەهێ، قاسم ئاغا، حەمەى شێخ عەبدولکەریم هتد…) هەنووکەش رۆڵە بەجەرگەکانى زانیاریى و پاراستن هەروەک گلگامێش دەگەڕێن بەدواى تاوانبارانى تر و کۆنە موستەشار و بەعسییە کوردەکاندا. سەرچاوەیەک لەو دوو دەزگایە پێى ڕاگەیاندین دەستیان لە کوشتن و ڕاونانى ئەندامانى یەکتر هەڵگرتووە و بەڵکو هەماهەنگییەکى پێویست و تەواو لە نێوانیاندا هەیە و سەرگەرمى ئەوەشن پرۆپۆزۆڵێک پێشکەش بە حکومەتى یەکگرتووى کوردستان بکەن داهات و نەسریە و موچەیان زیاد بکرێ تاوەکو بتوانن تۆڵەى خوێنى ئاڵى شەهیدان لە عارەبەکانى عۆجە و فەلوجە و حەویجە بکەنەوە، سەرچاوەکە ئەوەشى ڕاگەیاند چەند شوعبەیەکى نوێ لە دەزگاکانیان کراوەتەوە، دیارترینییان هۆبەى بەدواداچوونى جەلاد و تاوانبارانى کوشت و بڕى جەماوەرى ستەمدیدەى کوردستانە.
بەپێى دوا زانیارییەکانیش هەنووکە هەریەک لە تاوانبارانى خوێنمژ (وەفیق سامەرایى) و (نزار عەبدولکەریم خەزرەجى) یەکەمیان لە ئاکرێ و دووەمیان لە قەڵاچوالان لەزینداندان و وا بڕیارە رۆژى 16/3/2006 لە هەڵەبجە بێنە دادگاییکردن. دوابەدواى هەوڵى نەپساوە و بێ وچانى چەندین ساڵەى پارتى و یەکێتى لە دژى تاوانبارانى کۆمەڵکوژیى گەلەکەمان، سەرەنجام دارەکەیان بەرى گرت و سەدامى هۆڵەندا راکێشرایە بەردەم دادگای وڵاتەکەى، کادێران و ئەندامانى سەرکردایەتى یەکێتى و پارتى گەواهیدەرى تاوانەکان و هاوکارییەکانى (ئانرات) بوون بۆ ریژێمى عێراقیى لەناوبراو. دوا بڕیارى دادگا ئەوەبوو ئانرات 15 ساڵ حەپسکردنى بەسەردا درا، ئەمەش دەسکەوت و سەرکەوتنێکى گەورەترى گەلەکەمان بوو لە سایەى ژیریى سەرۆکە حەکیمەکانماندا. لەلایەکى تریشەوە لەم نێوەدا نابێ رۆڵى ماسمێدیاى حزبەکانمان بە تایبەتى راگەیاندنى پارتى و یەکێتى فەرامۆش بکەین چونکە هەرچى ناکۆکى و ململانێى حزبى و شەڕە جنێو و بەرنامە بێ لەزەتەکان بوو خستیانە ئەولاوە، سەرلەبەرى بەرنامە و پرۆگرامەکانیان تەرخان کرد بۆ بەدواداچوونى دۆسێى ئەم تاوانبارە و ئاشکراکردنى یارمەتییە بێ وێنەکانى بۆ سەدامى دیکتاتۆر.
سەرەڕاى ئەمەش کەناڵى کوردسات و کوردستان تیڤى تۆڕێک پەیامنێر و راگەیاندنکارى خۆیان ناردە هۆڵەندا و بە وردیى روماڵی دۆخەکەیان کرد، مەسرەفیان ئەوەندە گران و زۆر بوو بەلایەنى کەمەوە خۆى لە 25 دەفتەر دۆلارى کاش دەدا. بۆیە لەگەڵ سەرکەوتنى پرۆسەکە دەستیان کرد بەشایى و لۆغان و هەڵپەڕین. لە بوارى دیپلۆماتیشدا هەریەک لە سەرۆک کۆمارە کوردەکەى عێراق و سەرۆکى هەرێم بە فەرمى سەردانى هۆڵەندایان کرد و لەگەڵ جەنابى سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردن و دیالۆگ لەمەڕ فایلى ئانرات. بە کورتى و کوردیى ئەم سەرکەوتنەش درێژەى ئەو زنجیرە سەرکەوتنەى گەلەکەمان بوو لە چوارچێوەى عێراقى (دیموکراتى، فیدراڵى، فرەیى)دا بەدەستیهێناوە، وەلێ زۆر بەداخەوە کۆمەڵە کوردێکى ناکەس بەچە و خیانەتکار بە چەشنى جاشەکانى سەردەمى رژێم کەوتنە داکۆکیکردن لەم تاوانبارە و تادوا سنوورى توانایان بەرگرییان لێکرد، ئەو (زۆڵە کوردانەش) بریتیبوون لە (عەلی مەحمود محەمەد) ناوێک و رێکخراوی چاک، ئەمانە بەپیتاکى کۆنە بەعسییەکان و هاریکاریى ژێر بەژێریى حزبى بەعسى داڕووخاو و رژێمە دوژمنەکانى کورد هەموو هەوڵێکیان خستۆتەگەڕ بۆئەوەى تۆمەتبار لە قەفەسى تاوان دەربهێنن و لە سزاى یاسا قوتارى بکەن تا دوایى ئانرات لە کیسەى پڕى چەکفرۆشى خۆى مشتێک زەکاتیان بداتێ!.
سەرچاوەیەکى ئەمنى ئاگادار کە نەیویست ناوى خۆى ئاشکرابکات رایگەیاند ئەو (عەلی مەحمود)ە لە سەرەتاى حەفتاکانەوە لە حیزبى بەعسدا کاری کردووە و ماوەیەک لە رۆژنامەى (هاوکارى) و دواتر لە (ئاسۆ) و (پاشکۆی عێراق) لەبارەى قارەمانێتى سەرۆکى فەرماندە و جەنگى قادسیەى دووەمى پیرۆزەوە زۆر بابەتى بڵاوکردووەتەوە، دواى ڕاپەڕین لە ترسى گیانى خۆى چۆتە (بەغداد) و لەگەڵ هەندێ مشەخۆرى تردا لە گۆڤارى ڕەنگین و رۆژنامەى (بابل) کاریکردووە و لەگەڵ دەستپێکردنى پرۆسەى ئازادیدا، عێراقى لێ بووە کونە جرج و بەرەو هەندەران هەڵات و لە هۆڵەندا گیرسایەوە، وا باس دەکرێ چەندین ملیۆن دۆلارى بەعسى لەلاى خۆى حەشارداوە و قسەش هەیە پەیوەندیى ژیربەژێرى لەگەڵ سوریا و تورکیا هەیە چونکە چەندان جار لە قونسوڵخانە و ئۆفیسەکانى نوێنەرایەتى ئەو وڵاتانە بینراوە. رێکخراوەکەشیان لە ساڵى 1980 لەسایەى جەنگى جەنگەکان (ام المعارک– دایکى جەنگەکان) کەوتە گەڕ بۆ چەواشەکردن و خۆڵ خستنە چاوى خەڵکى کوردستانى خۆشەویست. بۆیە ئەرکى حکومەتى هەرێم و حیزبە باڵادەستەکانە ئەو تاوانبارانە ڕاپێچى دادگا بکات تا بە سزاى گەل بگەن، ئەگەر ئەمرۆش لە دەستى گەل قووتار بن (کە قوتار نابن) سبەینێ بەمیقسەڵەکەى شۆڕش سەریان لەلاشەیان جوێ دەکرێتەوە، یەکێتى وتەنى تۆڵە بە سەبرە ئەمما بە زەبرە. ئەوەشى مایەى ناڕەحەتییە بەردەوام ئەم جۆرە جاشانە لە کۆڵ کورد نابنەوە و بوونەتە ڕەگى گولیى ئەم میللەتە بێبەش و کڵۆڵە. دەزگای زانیاریى و پاراستن لە خۆسازداندان بۆ دەستپێکردنى هەڵمەتێکى واژۆ کۆکردنەوە لە ناوەوە و دەرەوەى وڵات لە دژى ئەم تاوانبارە خۆفرۆشانە و بەم زووانەش بە هەوڵى تۆڕى نهێنى لە ئۆفیسى هۆڵەنداى پاراستن و زانیاریى دەهێنرێنەوە بۆ کوردستان و دواى دادگاییکردنیان لە شارى هەڵەبجەى شەهید لە بەرچاوى حەشاماتى خەڵکدا لەسێدارە دەدرێن. هەر بۆیە ئەرکى هەموو کوردێکى دڵسۆزە بەشداریى لە پرۆسەى واژۆکردن بکات، بگرە ئەرکێکى نەتەوەیى و مێژووییە و پاککردنەوەى کوردستانە لە پیاوانى بەکرێگيراو و عەمیلى بێگانە، بە راستى ئەى گەلی کوردى لێقەوماو ئەمەیە سەرەتاى پاکسازیى و چاکسازیى و بەرنامەکانى حکومەتى هەرێم لەپێناو دروستکردنى کوردستانێکى هەمیشە ئاوەدان و گەشەسەندوو.

تێبینى: ئەم وتارە لە رووى داڕشتن و پەیام و راستگۆییەوە پشتى بەستووە بە تیۆر و پڕەنسیپەکانى (محەمەد سەعید سەحاف)ى وەزیرى پێشووى راگەیاندنى ئێراق کە خاوەنى بیردۆزى میسداقییەتى لە سەداسەد بوو لە کاری راگەیاندندا، بۆیە لازمە هەر کوردێک باوەڕى لەسەدا هەزارى پێ بکات.

*ئەم وتارە بۆ یەکەم جار لە رۆژی 2-1-2006 لە ماڵپەڕی “دەنگەکان”دا بڵاوکرایەوە و رۆژی دواتریش لە ماڵپەڕی بۆپێشەوەی ئەوکات www.bopeshawa.com دووبارە بڵاوکرایەوە.




یەکەمین پەیامی دوای سەرهەڵگرتن.. ستیڤان شەمزینی

پێشکەشە بە هاوڕێ خوێڕییەکانی دوێنێم

ئێوە دەتوانن
لە شارەکەم خانەبەدەرم بکەن
دەتوانن
رۆژنامە و گۆڤارەکانم لێ کڵۆم بدەن
مۆڵەت نەدەن
بە چاپی کتێبە یاخییەکانم
دەتوانن زۆر شت بکەن
لە نیشتمان وەدەرم بنێن
دەتوانن بەیاننامەی چاوشۆڕ
لە دژم دەربکەن
بێنە ناو سیمینارەکانمەوە
بە جڕت لێدان
رەوشتی خۆتان دەربخەن
دەتوانن تی ئێن تی
بخەنە ژێر پێی نووسینەکانم
گاڵتە بە ئەزموونی ئەدەبیم بکەن و
بەسەر لاپەڕەکاندا بڕشێنەوە
ئەوەی ناتوانن بیکەن
زۆر زۆرن
ناتوانن نیشتمان
لە مندا دەرکێشن
ناتوانن زمانم
لە دەمی شیعردا ببڕن
بێ منەتم
لە هەموو شا و سەرۆکەکان
لە نووسەرانی دەربار
لە قەڵەموەشێنەکانی زەلکاو
لە رەخنەگرە زومبییەکان
لەو دەزگا سیخوڕییانەی
ژەهر دەخەنە پیاڵەی شوهرەتمەوە
بێ منەتم
لە هەموو بارودۆخەکاندا
لەو کاتەی ئێوە لاقەی جوانی دەکەن
لەو کاتەی خۆتان هەڕاج دەکەن و
بەهاتان دەبێتە چەند درهەمێک
لەو کاتەی ئێوە
لە باوەشی سۆزانییەکاندا دەخەون
لەو کاتەی چەوریی پارە
بە شەویلگەتاندا دێتە خوارەوە
لەو کاتەی بە پاڵەپەستۆ
خۆتان دەکەن
بە کۆشکی میرەکانی نەوتدا
لەو کاتەی ئێوە نووستوون و
خەونی گەڕیی
بە ژیانی بۆرژوازانەوە دەبینن
شیعر دڵۆپ دڵۆپ
دەچۆڕێتە نێو پێنووسەکەمەوە

پایزی 2013
فەڕەنسا – پاریس

ئەم دەقە حکایەتێکی خۆی لە پشتە، بە خەیاڵکردنی واقیعێکی تفتە. ئەم تێکستە ریالیستە، هەردەبوو بەو فۆرمە ریالیتەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆرستە فیکرییە بکەم، خۆیان وەک ڤۆڵتێری کوردیی و پارێزەری ئازادیی بیروڕا مانیفێست دەکەن، کەچی ویستیان وشە بە وشەی بۆچوونەکانم لە سێدارە بدەن و لە رووی مەعنەوییەوە تیرۆریان کردم. ناچاربووم دوای هەشت ساڵ دووبارە جانتای سەفەری مەنفا بکەمەوە شان.




ونبوون لەناو یەکتردا.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ئازیز گیان
با بە دوای خۆماندا بگەڕێین
بۆی هەیە وەک دوو دێڕی نامۆ
چۆڕابینە ناو باوڵی بیرەوەرییەوە
بۆی هەیە وەک دوو ئەسرینی زەرد
لە چاوی هەتاوەوە رژا بین
رەنگە ئێستا بەهار
بەدەستوخەتی سەوزی خۆی
ناومان لە لیستی شکۆفەدا بسڕێتەوە
لەوانەشە پایز
بە گۆچانی زەردی دەستییەوە
بە پاندانێکی ئاڵتوونی
واژۆی وەرینمان بکات
ئێمە دەبێت خۆمان بناسێنین
خەڵکی ئەم مەملەکەتە
بێز لە غەوارە دەکەنەوە
دەبێت بە ریتمێکی لەسەرخۆ
پێیان بڵێین
ئێمە دوو ون بووین
شوێنەواری زامی برینێکی بێدەنگ و
دوو شەپۆلی دەست بەستراوین
دوو کاتژمێری لەکار کەوتووین
نازانین هەنووکە سەعات چەندە
بە کاتی خۆشەویستی
نازانین نهۆ مانگی چەندە
لە ساڵی قاتوقڕی زەردەخەنە؟!!
ئێمە دوو رێبواری تینووین
نازانین ملی رێمان بۆ کوێ گرتۆتەبەر
نازانین لەسەر چ ئەتڵەسێک
نیشتمانی ئاو بدۆزینەوە؟!
دوو ئاسکەکێوی هەڵاتووین
لە خێڵی ئافات
بەدوای کتێبێکی گەشبیندا دەگەڕێین
نازانین لە باستیلی کام کتێبخانەدا
کۆت و زنجیر لە ملی کراوە؟!
دوو چۆلەکەی نەخوێندەوارین
ناتوانین پەڕاوی خۆشبەختی و
رووخساری ئارامیی بخوێنینەوە
دوو پەڕەسێلکەین
تووشی ئەلزەهایمەر بووین
فڕینمان بیر چۆتەوە
بیرمان نایەتەوە ئەوە کێ بوو
یەکەم جار ژەهری کردە
شەربەتی گۆرانییە شادومانەکەمانەوە؟!
بەبیرمان نایەتەوە
لە خەونی کام ئاسماندا وێڵ بووین
لەکام شاری بێکەسدا گیرساوینەتەوە؟
دوو قەڵەمی سەرکزین
پێکەنینمان پێوە نایەت
لەوەتی فاممان کردۆتەوە
دەستی رەشی چارەنووس
تەنیاییمان پێ دەنووسێتەوە
دوو رووباری وڵاتێکی ونین
بەلەمی شکست پێماندا تێدەپەڕێت
ناو جەرگمان تەژیە
لەو ماسییە بێزارانەی
خەتمی کوێرەوەرییان کردووە
کاتێکیش
دەست لە ملی یەکتر دەکەین
نابینە دەریا، پێناکەنین
ئاه غەریبی قووتمان دەدا
دوو گەدای مەملەکەتی برینین
رۆژێک نەگبەتی مارەمان دەکات
رۆژێکی تر ژیان تەلاقمان دەدات
لە خۆمان تێناگەین
تێناگەین لە خۆمان
دڵی کام پەڵەهەورمان شکاندووە
وشکەساڵیی رۆحی گرتووین؟
چ مۆمێکمان زویر کردووە
پەلکەزێڕینە خۆیمان لێ دەشارێتەوە؟
دوو عاشقی دەرۆزەکەرین
لەوەتی دوو گوێمان رواوە
لەبەردەم مزگەوتی موحیبەت
دەسڕی عەشقمان راخستووە
وێنەگرێک بەلاماندا تێدەپەڕێت
دەست دەخاتە گیرفانی شەرواڵەکەی
بۆ ئەوەی
پارەیەکی ئاسن هەڵبداتە بەردەممان
گیرفانی ئەو وەک سکی ئێمە خاڵییە
ناچار وێنەیەکمان دەگرێت
هەموو ئازارەکانمانی تێدا دەردەکەوێت
خۆمان لە فۆتۆکەدا دەناسینەوە
ئای، ئەوە من و تۆین
لەسەر شۆستەی شارێکی نەناس
باوەشمان بەناو قەدی یەکتردا کردووە
سەرما کەسیرەی کردووین و
لەبەر دڵی یەکتردا
خۆمان گەرم دەکەینەوە




دانپیانانێکی درەنگوەخت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

پێی لێ دەنێم
ئەژدیهای کارەسات لوشی داوم
ژیان چەواشەی کردووم
گەرنا مردن هێندە خراپ نییە
دوای فیشکەی ماری غوربەت کەوتم
نەمزانی
لەملاوە ژار لە لەشی نیشتمان دەکرێ
حەزحەزەکانی ناخم
ناهێڵن لەسەر رانی وڵات وەنەوزێک بدەم
ناوبژیی لە نێوان خۆم و ژیاندا دەکەم
لەولاوە زەمەن خۆی بەتاڵ دەکاتەوە
لە لاوکە شیرینەکانی خۆشنودی
سەرم هەندێجار لە رەقیدا گاشەبەردێکە
زۆرجاریش باوڵێکی پڕ حیکمەت
هەمیشە گۆرانییەکی هیلاک لەناویدا
بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە
چاوم زینا لەگەڵ سەفەر دەکات
گوڵە شەوبۆی تێڕامانم
ملی لە چەقۆی دابڕان دەسوێت
یاساوڵەکان چاودێریی شیعرەکانم دەکەن
نەکا بێ رووخسەت وەرگرتن
کۆدەکانی عەدەم
لە باوەشی وجوددا بکەنەوە
زەمەنێکە زەینم کوێر بۆتەوە
تەنانەت ئەو شەوانەشی نایەتەوە یاد
ئاسمانم دەتەکاند و
ئەستێران بەردەبوونەوە نێو چاوەکانم
ماڵی چۆڵی خەونەکانم
سێڵاوی زەمەنێکی سۆزانی بردوویەتی
لەسەر خاکی ئایندەیەکی مات دەگیرسێتەوە
چاوی رۆژگارم سوور هەڵگەڕاوە
گوێم لە کزەی جەرگی پەروانەی رۆحمە
لەناو گڕی قەدەردا قرچە قرچی دێت
دەریای ئارەزووەکانم بێدەنگە
مرواری خۆزگەیەک تێیدا نادرەوشێتەوە
لە فارگۆنی دواوەی شەمەندەفەری ژیاندا
وەک بەردێک لە شوێنی خۆم رەق هەڵاتووم
بیرم لە هیچ شتێک پێ ناکرێتەوە
هیچ شتێک بیرم پێ ناکاتەوە
هەموو رێگاکانی لەززەت خۆڵاوین
بەهەر کامیاندا هەنگاوم نا
سییەکانم پڕ بوون لە تەپوتۆزی وەڕزیی
کاتێک نیشتمان ببوو بە ئاو
وازیم بە ئاگری سەرهەڵگرتن دەکرد
کاتێک نیشتمان ببوو بە ئاگر
ببوومە چەمێکی بێ ناز لە مەنفا
لەسەر قەرەوێڵەی کەنەفتی پاڵ کەوتووم
پزیشکەکان بەدوای نەخۆشییەکەمدا دەگەڕێن
بیریان چووە ژیان خۆی نەخۆشە
ئەگەر فریای نەکەوین جوانەمەرگ دەبێت
لەوەتەشی بیرم دێت
غەمێکی ئەزەلی بەخۆیەوە دەمگوشێت
پەراسووی حەزەکانم وردوخاش دەکات
لەناو ئارەقاوی خەونێکی نەبینراودا دەخنکێم
خۆ ئیدی خەونێک نەماوە بیبینم
من نەماوم خەونێک بمبینێت
مەرگ هەموو رۆژێک پەنجەی هەڕەشە
بۆ تەمەنم بەرز دەکاتەوە
من دەلەرزم و لێی دەپارێمەوە
پێش ئەوەی وەک دووپشکە پێمەوە بدات
بەرلەوەی رەشەبا ئاسا گسکم بدا
مۆڵەتم بدا سەر بنێمە سەر سینگی یار
خۆم دەستی بگرم و بڵێم دەی بابڕۆین
لەوەتەشی هەست بەبوونی خۆم دەکەم
لۆمە دەکرێم لەسەر شێتییەکانم
بەهۆی ئەوەی سەرخۆشم لە رۆژدا
هەمیشە بێدارم لە نیوەشەوەدا
ئەوان نازانن رۆژانە لەگەڵ خۆمم
شەوانیش لەگەڵ ئەو خەیاڵانەی
دەمگەیەننە باوەشی مەعشوق
نهۆ دان بە هەموو شتێکدا دەنێم
پەنجەی پەشیمانی دەگەزم
نەمتوانی وەک دڵۆپە شەونمێک
بڕژێمە نێو مەمکەکانی یارەوە
نەمتوانی وەک ئاوازێکی بۆنخۆش
بخزێمە قورگی ژنێکی چاوەڕوانەوە
نەمزانی چۆن سەرەتای یەکترناسینمان
بکەمە دوماهی رابردوویەکی خەواڵوو
نەمزانی چۆن کۆتایی ئەم شەرمنییە
بکەمە سەرەتای هەڵسانی زێی ماچ
پێی لێ دەنێم
رستەیەک هەیە لە دەمدا زیندانم کردووە
نەدەتوانم کەلەپچەکەی بکەمەوە
نەدەتوانم قووتی بدەمەوە
ئاه چ رستەیەکی ئاگراوی
ناو رێزمانی ئیرۆسە
خۆزگە دەمتوانی
لەبەردەم ئەو ژنە بوەستم
رووقایمانە پێی بڵێم
هەروەک رۆحت
وەک پێکەنینەکەکەت
وەک میهرەبانیت
لەشی رووتتم خۆش دەوێت




ئەرشیفی وتارە رۆژنامەوانییەکانم/ رۆڵی لاوان لە کایەى سیاسییدا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

بەر لەوەى بەشێوەیەکى راستەوخۆ بێمە سەر باسى بەشداریى لاوان لە کایەى سیاسەتدا، ئارەزوو دەکەم لە پێشەکیدا قسە لەبارەى لاو خۆیەوە بکەین و لە چەند گۆشەنیگایەکى جیاوازەوە لە خودى لاو بڕوانین. لە واقیعدا لاو تەنیا ئەو کائین و بوونەوەرە نییە جیاوازییە فسیۆلۆژییەکان لە پیرى جیا دەکەنەوە، بەڵکو لاو سەربارى جیاوازییە فیزیکییەکەى لەگەڵ پیردا هەڵگرى دنیابینى و عەقڵیەت و تێڕوانینێکى جیاواز و نوێخوازانەیە بۆ ژیان و شتەکانى دەوروبەرى. ئێمە کاتێک دەتوانین لافى ئەوە لێبدەین شەریحەى لاوانمان هەیە ئەو شەریحەیە بە واقیعى توانیبێتى دابڕانێکى ریشەیى و قووڵى مەعریفى و کولتووریى و فەرهەنگى تەنانەت ئایدۆلۆژیی و سیاسیش لەگەڵ نەوەى پێش خۆى دروست بکات. ئەو کاتە نەوەیەک بە نوێ و لاو دەزانرێت بتوانێ سەرچڵى گۆڕانێکى جەوهەریی و بنەڕەتى لە کۆمەڵگەدا بکات یان سەرمەشق و جۆشدەرى بێت. یەکێک لە سیفەتە سروشتى و تایبەتیەکانى لاو ئەوەیە هەمیشە بە تووڕەیى و گوڕێکى زۆرەوە دێتە ناو گۆڕەپان و ئەڵتەرناتیڤى خۆى پێشکەش دەکات و سەرکردایەتى شۆڕشێک یان راستتر بڵێم رێنسانسێک دەکات کە دەیەوێت سەرلەبەرى ئەو چەمک و پێکهاتە و پێدراوانە بگۆڕێت نەوەى پێش خۆى بیناى کردووە، جا زۆرجار گۆڕانکارییەکە بەشێوەى پۆزەتیڤە و گەلەک جاریش بە پێچەوانەوە. ئەگەر لە ژێر ئەم رۆشناییەوە بنواڕین بۆ واقیعى ئەو توێژاڵەى ئیمڕۆ لاى خۆمان ناومان ناون لاوان یاخۆ نەوەى نوێ دەگەینە ئەو راستییەى ئێمە لاو و نەوەى نوێمان نییە، بەڵکو ئەو بوونەوەرەى ناوینراوە لاو تەنیا لە رواڵەت و پێکهاتەى فیزیکییەوە لاوە، ئەگەرنا وێنەیەکى فۆتۆکۆپیکراوى واقیعى خۆیەتى و چۆتەوە سەر هەمان ئەساڵەتى باب و باپیرانى خۆى.
دیسان هەمان ئەزموون و مێژووى ژیانى باوک و نەوە دێرینەکان لە واقیعێکى نوێتردا دووبارە دەکاتەوە، ئێمەى کورد هەتا ئێستا نەوەیەکى نوێى تووڕە و یاخیمان نەبووە بتوانێت تایبەتمەندیى و سروشت و کەسێتى خۆى جیا بکاتەوە لە سروشت و کەسێتى باوک، یان زەمینە و کەشێک بخوڵقێنێت دروستکراو و داهێنراوى دەستى خۆى بێت. بە پێچەوانەوە ئەو نەوەیەى لە بەردەستدایە نەوەیەکى پاسیڤ و دەستەمۆ و خۆشباوەڕە، هەرگیز نەیتوانیوە تەعبیر لە لاوێتى خۆى و جیاوازییەکانى لەگەڵ نەوەى پێشان بکات، جا نەخاسمە خاوەتی رۆحێتى شۆڕشگێڕیی بێت و هەوڵبدات بۆ دروستکردنى گۆڕانکاریى سترۆکتۆریى لە کۆمەڵگەدا. کاتێک لە کوردستان شەڕى ناوخۆ وەک شەڕێکى نەگریس و خنکێنەر روودەدات زۆربەى هەرە زۆرى قوربانییەکانى لاوان بوون!!، کەچى لاو نەک هەر نابێتە لەمپەر و بەربەست لە بەردەم ئەم شەڕە و فشار دروست ناکات تا لایەنە بە شەڕهاتووەکان ناچار بکات بە وەستانى شەڕ (یان خۆ ئەگەر ملیش نەدەن بە دواکاریى وا خۆ کاریگەریى دادەنا لەسەر بارودۆخەکە، خۆ ئەگەر هیچ کاریگەریش نەبا، خۆ لاو لەم وڵاتەدا شتێکى لەم چەشنەى نەکردووە) بەڵکو بە پێچەوانەوە خۆیان دەبنە ژیلەمۆ و مەشخەڵ و هێزى ئەکتیڤى جەنگ، جەنگێک سەرتاپاى مێژوومانى ناشرین و قێزەون کرد و وێناى کوردى لاى ئەو هەموو ئەوانى تری دەرەوەی خۆمان گۆڕى.
گەنج لە وڵاتى ئێمەدا لە بەرامبەر ئەو هەموو پێشێلکاریی و چەپاندنە غەریزیی و سێکسییەیدا رۆژێک لە رۆژان نەڕژایە سەر شەقامەکان و داواى مافى خۆى بکات. تا ئەو ئاستەى نەیتوانیوە لە ئاستى پەرچەکردارى ژناندا بێت لەبەرامبەر کۆمەڵگەى تەقلیدیى، چوونکە رێکخراوەکانى ژنان و ژنانى چالاکى دەرەوەى رێکخراوەکان بە دەنگ هەڵبڕینیان توانیان بەشێوەیەکى بەربڵاو و کۆمەڵایەتی، کێشە و دۆسیەى خۆیان بە سەرجەم تاکەکانى کۆمەڵ بناسێنن، ئەگەرچى تا ئێستاش توندوتیژیى و چەوساندنەوەى ژنان بەردەوامە، بەڵام غەدرە تێکۆشان و هەڵسوڕان و تەنانەت رۆڵى تاکەکەسى ژنان نادیدە بگرین یان لە شوێنى خۆیدا ئاماژەى پێ نەدەین. رێکخراوەکانى لاوان هەموویان دەسکەلا و هەڵماتى دەستى حزب بوون و لە برى ئەوەى گەنج وەک مەحرومترین کائینى ئەم کۆمەڵگەیە لە گێژاو و وەهمەکانى حزب و خێڵ و دامەزراوە چەپێنەرەکانى دى رزگار بکەن و ساز و ئامادەیان بکەن تاببنە گروپى فشار و داخوازیى ویست و ئارەزووەکانیان بەرز بکەنەوە، گەنجیان کرد بە قۆشمە و نەگبەتتریان کردووە و تاکو ئەو سنوورەى بردویانەتە کەنارى شێتبوون و نیهلیزمێکى کوێرانە و سەرلێشێواوانە.
لە پەرچەکردارى هەموو ئەم سەرکوت و بێئومێدییانەدا گەنج نەیتوانى بەرەنگارى بکات یاخۆ با بڵێین رۆحى بەرەنگاربوونەوەى لێسەنرایەوە، ئیدى بە درێژایى نزیکەى 13 ساڵى دواى راپەڕین بە تایبەتى لە کاتى شەڕى ناوخۆدا هەزاران بگرە سەدان هەزار لاو چارەنووس و خودى خۆیدایە دەستى قەدەر و دەریا و مافیا و رێگەى مینڕێژی هات و نەهات، بە مەبەستى قووتاربوون لە دۆزەخى وڵات و شادبوون بە بەهەشتى تاراوگە، هەرچەند لە کاتى گەیشتنیان بە تاراوگە ئەو وەهمەشیان بەتاڵ بۆتەوە و هەستیان کردووە ریکڵام و سەتەلایت چەواشەى کردوون، بەڵکو لە ئەوروپاش نامۆبوون و ئاوارەیى و کێشەکانى تاراوگە و دواجار بوون بەئامێر و لێسەندنەوەى رۆح و بەها نەتەوەییەکان دیسان بۆتە خاڵى تێکشکان بۆیان، بە کورتى گەنجى ئەم وڵاتە بە تایبەتى لە دواى راپەڕینەوە گەنجێکى خۆشبەخت نەبووە، ئەگەر یەکێک لە هۆکارەکانى ئەم بەدبەختیى و بەرتەسککردنەوە و سەرکوتکردنە دەسەڵاتى باوک و زاڵبوونى هەژموونى سیستمى باوکایەتى (پاتریارکى) بێت بەسەر کۆى ژیاندا ئەوا بەدڵنیاییەوە هۆکارێکى ترى بۆ ناهۆشیاریى و تێنەگەیشتن و پاسیڤبوونى خودى گەنج دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەم هۆکارەى دواییان کاریگەرى لەوى یەکەمیان زیاتر نەبێت ئەوا بێگومان هیچى کەمتر نییە.
هەموو ئەمانەش بەشێوەیەکى سەرەکى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى گەنج بەشداریى نەبووە لە کایەى سیاسەتدا یان بەشێوەیەکى لاوەکى بەشداریى لە ژیانى سیاسیدا کردووە، هاوکات تێڕوانین و تێگەیشتنێکى هەڵەى دەربارەى چەمک و ممارەسەى سیاسەت هەبووە. لێرەدا دەمەوێ بڵێم من قسە لەسەر ئەو دەستەبژێرە گەنجە ناکەم لە گۆڕەپانەکەدا بوونیان هەیە و بەشێوەیەکى دیار و بەرچاو و ئەکتیڤ ممارەسەى کاری سیاسیی دەکەن. بەڵکو دەمەوێ بەشێوەیەکى راستەخۆ قسە لەسەر زۆرینەى گەنجان بکەم، چوونکە زۆرینە پێوەرە نەک دەستەبژێر، هەر ئەوەش کۆمەکمان دەکات لەوەى هەڵسەنگاندنەکانمان راست و دورست دەربچن. بەردەوام نەوەى دواى راپەڕین سیاسەتى بە بڤە زانیوە و خۆى لێ لاداوە، کەم نین ئەو گەنجانەى بە سیاسەت قەڵس و بێزار دەبن، تەنانەت لە گوێگرتنى هەواڵەکان و بەرنامەیەکى سیاسیى تەلەفزیۆن بێزان و ئامادەی گوێگرتن نین بۆى، تەنانەت بەشێکى زۆرى شەڕى نەوەکان و باوان لە نێو ماڵەکاندا شەڕى هەواڵەکانى تەلەفزیۆنە! هەروەک گوتم هەرگیز گەنج ئامادە نییە کاتى خۆى بۆ تەرخان بکات.
هەروەها هەمیشەش لە دیدگاى گەنجانى ئێمەوە سیاسەت سپێردراوە بە نەوەى رابردوو، لە دیدى ئەم نەوەیەدا ئەوان تەنیا کاریان ئەوەیە بە دواى پەیوەندیی رۆمانسى و خۆشەویستیدا بگەڕێن (بێ ئەوەى بزانن ئەو دنیا جوانەى ئەوان بیرى لێدەکەنەوە سیاسەت دروستى دەکات و هەر سیاسەتیش دەتوانێت وێرانى بکات)!!، ئیدى چارەنووسى نەتەوە و کۆمەڵگە و دواڕۆژى سیاسیى وڵات بە جەهەنم، بەداخیشەوە تەنانەت ئەم تێڕوانینە پەڕیوەتەوە بۆ ئاستى دەستەبژێرە چالاکەکە و وای لێکردوون دوورەپەرێزیى لە سیاسەت هەڵبژێرن، بگرە بە تۆپەڵ بوونەتە شاعیر و شیعرنووس، کۆى بیرکردنەوە و نووسینەکانیشیان لە مەوداى پەیوەندیى خۆشەویستى نێوان دوو رەگەزەکە تێپەڕ ناکات، هەر ئەمەش بووەتە هۆى کارەساتێکى گەورە و بەردەوامى تێکشکانە رۆحى و دەروونییەکانى گەنجى ئەم وڵاتە. من خۆم لە یەکێک لە رۆژنامەکاندا نووسینێکى لەو جۆرەم خوێندەوە، ئەوەى نیگەرانى کردم ئەوەبوو نووسینى گەنجێک بوو خاوەنى دوو کتێبە و نووسەرێکى ئەکادیمى و چالاکیشە، لە نووسینى ئەم هاوڕێیەدا تەرکیز کراوەتە سەریەک خاڵى ستراکتوریى: ئەویش ئەوەیە گەنج دەبێت وەک گەنج بژى و لە کەنارى رووبار پیاسە بکات و نامەى خۆشەویستى بگۆڕێتەوە.
ئیدى سیاسەت لە دەرەوەى بازنەى ئەوە و لاو هیچ پەیوەندییەکى بە سیاسەت و مەسەلە کارگێڕییەکانەوە نییە، ئەمەش دەرخەرى ئەوەیە لاو خۆى جڵەوى شل کردووە و نایەوێ بێتە نێو گۆڕەپانەکە و خۆى بسەلمێنێت و بەشداریى چالاکانە بکات لە گۆڕانکاریى و پێشهات و کێشمەکێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانى کۆمەڵگەدا، ئەوەشى هەیە و بەشداریى کردووە (محەمەد عومەر عوسمان) وتەنى بە بۆیاخى حزب خۆى بۆیاخ کردووە و بیرکردنەوە و ئایدۆلۆژیاى حزب هەموو سەرچڵى و یاخیبوون و توڕەییەکى لێ سەندۆتەوە کە لە واقیعدا ئەمانە خەسڵەت و سروشتى راستەقینەى گەنجن. بێ لە هەموو ئەمانەش تێکەڵاوییەکى زۆر بەدی دەکرێت لەلایەن گەنجەکانەوە دەربارەى چەمکى سیاسەت و حزب، هەر وترا سیاسەت هاوتەریب کراوەتە لەگەڵ حزبایەتی، بەڵام مەرج نییە هەموو کەسێکى سیاسیى حزبى بێت، یان بەو شێوەیە بێت سیاسەت و حزب دوالیزمێکى لێک دانەبڕاو بن، بە پێچەوانەوە هیچکامیان پێشمەرجى ئەوى دیکەیان نییە، سیاسەتیش پێش ئەوەى حزب دەربکەوێت لە مێژوودا و بێتە گۆڕەپانى چالاکییەوە لە ئاستى کۆمەڵگە بوونى هەبووە، بە کورتى سیاسەت لە پێش حزبدا لە دایکبووە و مەرجیش نییە هەردووکیان پێکەوە گرێدرا بن. هەروەها لێرەدا پێویستە وەک تێبینییەک ئەوەش بوترێت حزبایەتى شتێکى قێزەون نییە بەڵکو بەشێکە لە پێداویستى پرۆسەى سیاسەت لە کۆمەڵگەدا، بەڵام ئەو رەشبینیەى ئێمە دروستمان کردووە لە بەرامبەر حزبدا دەگەڕێتەوە بۆ واقیع و ئەزموونى حزبایەتى لە کوردستان، کە سەرەتا و کۆتایى بریتى بووە لە شەڕى براکوژیى و خۆکوژیی و یەکتر سڕینەوە، هەنووکەش بە شێوەیەک لە شێوەکان و بە جۆر و میکانیزمێکى جیاواتر شەڕى ناوخۆ وەک شەڕێکى سارد بەردەوامیى هەیە.
نموونەى حزبى کوردیش ئەوەندە نموونەیەکى سلبیی و بێ کەڵک بووە، حزبایەتی پرۆسەیەک بووە دوور کەوتۆتەوە لە ئارەزووی خەڵک. هەمیشەش خەڵک بە گشتیی و لاوان بە تایبەتى پەنایان بە خوا گرتووە لە شەیتان و حزب، بەڵام هێشتا ئەمە بەهانە نییە بۆ ئەوەى لاوان خۆیان بدزنەوە لە کێشەکانى خۆیان و بێ دەربەستانە و بەشێوەیەکى دەستە جەمعى بەرەو تاراوگە کۆچ بکەن، هیچ کاتێک ئەو بەهانە و عوزرە ناشەرعییە جێگەى قبوڵکردن نییە، چوونکە هەر چین و توێژێکى کۆمەڵایەتی خۆى خۆى رزگار دەکات و نابێت چاوەڕێى هێزێکى غەیبانی و میتافیزیکى بێت، بگرە ئەو چاوەڕوانییە چاوەڕوانى گۆدۆیە و لە کۆنیشەوە وتراوە هەق دەسێندرێت نابەخشرێت. ئەگەر ئێستا مایکى تیڤییەک بچێتە بەردەم لاوێک و پێى بڵێ ئاوات و خواستت چییە؟ بێگومان ژیانێکى ئاسایی و گەنجانە دەخوازێت، بەڵام لە بیرى کردووە ئەمانە هەمووى لە رێگەى سیاسەتەوە بەدیدەهێنرێت، چوونکە کاتێک دەتوانرێت ئەم خواستە بەدیبێ لاوان خۆیان بەشداریى بکەن و ببنە گروپى فشار، ئەمەش کارى دەستە جەمعى و پێکەوەیی و ئۆرگانیزەکراو دەخوازێت، هەر کۆبوونەوە و دروستکردنى فراکسیۆنێک لە دەورى ستراتیژێکى دیاریکراو خۆى لە خۆیدا سیاسەتە، بۆیە هەموو گۆڕان و وەرچەرخانەکان بەستراوەتەوە بە سیاسەتەوە و گەنجیش بۆئەوەى بتوانێت وەک گەنج بژى و ممارەسەى ژیان بکات پێویستە بەشداریى چالاکانە بکات لە کایەى سیاسییدا.

*ئەم وتارە لە ژمارە (107)ی رۆژنامەی (جەماوەر) لە رۆژی 6-12-2004 بڵاوبووەتەوە.




رەشنووسی شیعرێکی بزڕکاو.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

من بوونێکی راستەقینەم نەبوو
بوونەوەرێکی وەهمی بووم
ژنەکان لە رۆحیاندا خوڵقاندیانم
بە نازەوە گەورەیان کردم
من وەک کاسپەر
بەنێو هەموو کات و زەمەنێکدا
بەنێو ئەستووریی دیوارەکاندا
بە ئاسانیی تێدەپەڕیم
بوونێکی بەرجەستەم نەبوو
هەر لە توێی کتێبەکاندا
وەک دەقێکی خەیاڵی نووسرابوومەوە
چیرۆکێکی ئەفسوناویی بووم
لە پەنا و گوێ ئاگردانەوە داتاشرابووم
قالۆنچەیەکی زەبەلاح بووم
لە منداڵدانی کافکاوە هاتبوومە دەر
زۆر جار لە رێستۆرانتەکاندا
پیتزا یان ئەدەنە کەبابم دەخوارد
ئەوەی پارووی دەجوی
من نەبووم
منی راستەقینە بە گەدە بەتاڵیی
لە ژێرزەمینی دڵەڕاوکێدا یەخسیر بووم
بەردەوام لە دۆنادۆندا بووم
لە پێستی کوڕی ماڵە هەژارێکەوە
بۆ سەر سفرەی پڕی خانەدانێک
لەوێوە بۆ لێقەوماوێکی سەرجادە
هەمیشە گەشتم دەکرد
بەنێو خۆمدا
خۆم لە هیچ جێگەیەک نەدەبینییەوە
ژنە عاشقبووەکان
پیاوە ئیرەییبەرەکان
منیان لە قوڕێکی خورافی دروست کرد
هەر خۆیان بە نەفرەتیان کردم
وەک ئیبلیس لە خۆیان بێبەرییان کردم
لە ئاسمانی سەفاوە
بۆ خەرەندی شیوەن فڕێیاندامە خوارێ
لەم سەرزەمینە کارێکم نەبوو
کۆڵەپشتم کیلۆیەک چکلێتی شیعر و
چەند گرامێک یاقووتی هەست بوو
خۆم دەمزانی کائینێکی سەیرم
هەموو ژنانی دنیام خۆشدەویست
ژنی رەش ئەسمەر
ژنی چاو کەسک
ژنی باڵابەرز
ژنی قژ کاڵ
ژنی زوڵف لوول
ژنی سپی پێست
ئەوەی لە کۆتاییدا تێیگەیشتم
هەر ژنێکی شەرمنە
لە قووڵایی دڵیدا هەڵیگرتووم
بۆنی هەموویانم بەوەوە کرد
بە باشی دێتەوە بیرم
ژنەکان فریویان دام
منیان لە وڕێنەکارەوە کردە
شاعیرێکی گەورە
ئەو تێکستە قۆڕانەی
لە بێ تاقەتی خۆمدا دەمنووسین
بە شاکار وەسفیان دەکرد
بەسەریدا دەتوانەوە
هەندێک رۆحیان فیدا دەکردم
هەندێک بە شاسواری خەونەکانیان
لە قەڵەمیان دەدام
هەندێک بە میری شاعیران و
ژەنەراڵی عەشق
ناوزەدیان کردم
هەندێکی تر منەتیان دەکرد
لە چاوەڕوانی دەرکەوتنمدا
پرچی سپیان هۆنیوەتەوە
ئاه من هێندە رووشکێن نەبووم
لەسەر ئەم رووپاماییە سەخیفە
تەریقیان بکەمەوە
هێند رووگیر بووم نەمدەتوانی بڵێم
درۆکانتان
مێشکی شیعری بردم
نەمدەزانی بەچی فۆنەتیکێک
تێیانبگەیەنم
کۆمەڵێک کەلاوەی دڵتەنگن
لە پشت تەلاری سۆزی منەوە
خۆیان مەڵاس داوە
نەمدەزانی بە زمانی چ سەردەمێک
راستییەکە وەک دڕک
لە زمانی هەراشیان بچەقێنم
بە بێ رووشاندنی پێستی ناسکی شیعرم
لە رێی دەقێکەوە تێیانبگەیەنم
پێڕێک تەرمی نێو جەنگی پیاوەکانی ترن
دڵتان لە شوێنێکی ترەوە کوناودەر بووە
لەم گیانەڵایەدا
بە لاف و گەزافەوە
دەتانەوێ لە تیانووسە بەسامەکەمدا
وەک دوا پەناگە بسرەون و
بە دەقە تەڕەکانم
ئاورشێنی چیمەنە وشکەهەڵاتووەکانتان بکەن
نەمدەتوانی پێیان بڵێم
پیاوێکی سۆزانی نیم
راشکاوانە داوای شەوێکی سوور بکەن
پێویست بەوە ناکات
بە درۆی خۆشەویستی گێژ و وڕم بکەن
چاک وەبیرم دێتەوە
چۆن بە دەست خۆم و
ئەو ژنانەوە گیرم خواردبوو
وەک گروپە هەنگ
شیلەی هەڵاڵەی شیعریان دەکرۆژتم
مڕخیان لە گەنجیی و
بێ نەواییم خۆش کردبوو
هەردەبوو کەتنێک بکەم
یەک یەک لە بێژنگیان بدەم
ئا، کەتنێکم نایەوە
رەنگە ئەمێستا بیرتان بێت
پێش چەند ساڵێک
چ کەتنێکی گەورەم نایەوە
وەک ئەوەی پەردەی ئۆزۆنم دڕاندبێت
یان بۆمبی ئەتۆمیم تەقاندبێت
نەفرەت وەک بارانی بەهار بەسەرما باری
خۆم دەبینی
لە هەمان ئەکشن و حاڵی عیسادا
لەو دەمەی بە سوکایەتییەوە دەیانبرد
بۆ لە خاچدان
برادەرەکانی خۆیان شاردەوە و
حاشایان لە ناسینی کرد
ئاه عیسای هاوڕێم
من جگە لە تۆ
لە مریەمی مەجدەلیش دەچم
تۆ لە کوێی پێیان بڵێی
کێتان فریشتەیە
یەکەم بەرد ئەو تێی بگرێت؟
ئەو ئانەی کەوتمە بەر بەردبارانی
رێوییە خوێڕییەکانی سیاسەت
بە تەنیا دەگریام
هەموو پێدەکەنین
بە تەنیا مامەوە
هەموو رۆشتن
بە تەنیا ئازارم دەچەشت
هەموو روویان وەرگێڕا
ئەو دەمەی لەژێر ئەو شاخە بەردینەدا
وەک سەگێکی تۆپیو پلیشابوومەوە
کەس نەیدەوێرا
خۆی لە قەرەم بدات
تەنها ژنێک نەبێت
لە کونی کلیلی دڵەوە
تەماشای دەکردم و
هێندە بێ دەسەڵات بوو
تەنها فرمێسکی بەسەرما دەچۆڕا و
وەک بەورێکی زامدار
تینوویتیم پێی دەشکا
هەموو رۆشتن
هەموو بێدەنگ بوون
رێتان دا، تاژیەکانی حزب
وەک سیخوڕێکی بەدفەساڵ
بمخەنە قەفەزی تۆمەتەوە
بەڵێ، حاشا ناکەم
سیخوڕیم دەکرد
بەسەر دەریاوە بۆ مانگ
سیخوڕی بەهەشتنشینان بووم لە دۆزەخ
سیخوڕی ژیان بووم بەسەر مەرگەوە
ئێوە هەر تێنەگەیشتن
دڵخۆشم بەوەی لێم تێناگەن
کاری من لەوێدا تەواو دەبێت
لە من حاڵی ببن
ئێوە بۆ ئەوەی لێم تێبگەن
دەبێت فامی ئەوە بکەن
ئەو وەختەی نەفرەتتان لێکردم
هەموو قاقا و قریوەتان دەهات
من غەرقی ئەسرین بووم
تۆڵەی ئەو فرمێسکە تیمساحیەتان
لێکردمەوە لە ئانی کەتنەکەدا
وەک ریایی رشتان
هیچتان بیرتان لەو گریان هەقیقییە نەکردەوە
سەرئەنجامی کەتنەکەی کردە کۆمیدیا و
منی تێدا قەشمەر بووم
هەمووتان، بەڵێ یەک بە یەکتان
دەرزی لە زمانتاندا بوو
میزەڵانی دنیا خەیاڵییەکەمتان تەقاند
ماڵە وەهمییەکەمتان رووخاند
کە ئارەزووی دوا بەیەکتان بوو بێنە ناوی
ئێوە هیچ کات لە من تێناگەن
هەروەک ئەوەی کتێبەکانم
بە خەتی هێرۆگلیفی نوسرا بن و
بە زمانی خێڵەکانی ئەمازۆن بدوێن
کەس کەستان حاڵی نابن
هەمیشە وا خۆتان نیشان دەدەن
شێتەکانتان وەک مرۆڤی رۆح سوک
تا ئەوپەڕی خۆش دەوێن
ئەی چۆن شەرم ناکەن
لەسەر شێتییەکانم
کە لە حیکمەتەکانی ئێوە جوانترن
سزاتان دام و
لە مەڵبەندی خۆتاندا دەرتانکردم؟
ئێوە هێشتا نازانن
پێش ئەوەی ئێوە توڕم بدەن
وەک خواردنێکی پیسی ناو گەدەم
لە رشانەوەیەکدا فڕێمداون
ئێوە لە کتێب تێناگەن
خوێندەواریتان ئەوەندەیە
مێژووی میرە جەلادەکان بخوێننەوە
عەقڵتان هەر ئەوەندە بڕ دەکات
کتێبەکانم وەک زوخاوێک ببینن
پیاوێکی سیکۆپات
پیاوێک لە ئاگری قورەت
کردوویتە رێبەری نەزعە شەڕەنگێزەکانی
نا وانییە
ئێوە دەبێت
لە نێو دەقەکاندا بمدۆزنەوە
لە شەربەتی کتێبدا تامم بکەن
لە ژێر ساباتی شیعردا بمبینن
هەرگیز ناتوانن بگەنە من
ناتوانن تۆزی درۆ
لەسەر فۆتۆ راستەقینەکەم بسڕنەوە
ناتوانن ئەو گەردانە لاببەن
وەک تەمێکی رەش
ناوبانگی منیان داپۆشیوە
ئێوە هەرگیز لە من تێناگەن
منیش توانای تێگەیاندنی کەسم نییە
ئەو بۆشاییە بۆ هەمیشە
لە نێوان من و ئێوەدا دەمێنێتەوە
هەرگیز نە بە خۆم
نە بە هیچ کەسی تر پڕ ناکرێتەوە
ئای لە بۆشایی
ب
ۆ
ش
ا
ی
ی


*رەنگە ئەم تێکستە هیچ کاتێک نەبێتە شیعر، کەچی توانیوویەتی ئازارەکانی من لە خۆ بگرێت و مانیفێستیان بکات. ئەم دەقە حکایەتێک دەگێڕێتەوە بە ژیانی تاڵی منەوە نووساوە، شەڕە لەگەڵ ئەو مۆتەکە بێ حەیایەی سواری سەری خەونە ئاڵەکانم دەبێت. ژنەکان لێرەدا ئاماژەیە بۆ دەستەیەک ژن لە جیهانی ریالیتەدا کە بەریەککەوتن و ناسینم لەگەڵیاندا هەبووە، هەموو ئەوانە لە بوونەوەرێکی ناسکەوە بەهۆی هەڵەیەکی ساکاری منەوە بوون بە مێردزەمە و جەلادی رۆحی پەروانەییم.

17-7-2019
ئەڵمانیا- بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی
تێبینی: ئەم قەسیدەیە لە دیوانی “سۆناتای خۆشەویستی” لە ساڵی 2020 چاپکراوە.




گەشبینی و گومان لەمەڕ بەهاری عەرەبی.. ستیڤان شەمزینی

(بەبۆنەی دوانزە ساڵەی بەهاری عەرەبی)

لە سەرەتاوە تا ئێستا نزیکەی پێنج مانگ تێپەڕیوە بەسەر شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی کە لە ئەدەبیاتی سیاسییدا بە “بەهاری عەرەبی” ناوزەد دەکرێت، تا نهۆ بەهاری عەرەبی توانیوویەتی دوو رژێم لەسەر کار لاببات. لە سێ دەوڵەتی تردا “لیبیا، یەمەن، سوریا” شۆڕش لە کڵپەسەندنی بەردەوامدایە، بارودۆخی هەر یەک لەو سێ وڵاتە لە یەکتر جیاوازە، لیبیا دەرگیری شەڕێکی ناوخۆیی چەکداریی گەورە بووە، ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوایش لە رێگەی بۆردومانی رژێمەکەی “قەزافی”یەوە بوونەتە تەرەف لە جەنگەکەدا. لە یەمەن بارودۆخەکە جیاوازە، جەماوەر تەنیا لە رێگەی خۆپیشاندانەوە داوای گۆڕینی رژێم دەکات، بەڵام دوای بریندارکردنی عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی سەرۆکی ئەو وڵاتە و ژمارەیەک کاربەدەستی باڵای دەوڵەت لە رێگەی موشەکەوە، پێدەچێت ئاقاری رووبەڕووبوونەوەی دەوڵەت و جەماوەر بەشێوەیەکی تر بگۆڕدرێت، هەرچی سوریایە بە مامەڵەیەکی بەعسییانە وەڵامی داخوازیی خۆپیشاندەران دەداتەوە و تا هەنووکە زۆرترین کوژراو لە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە تۆمار کراون بە بەراوورد بە هەریەک لە یەمەن و تونس و میسر و بەحرەین و ..هتد. تا ئەم چرکەساتەشی ئێمە قسەی تێدا دەکەین شۆڕش بەهەردوو شێوەی چەکدارانە و ئاشتییانە لە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی درێژەی هەیە.
جیاواز لەوەی چی دەگوزەرێت و چۆن رژێمەکان لە دونیای عەرەبییدا دەگۆڕدرێن، پرسیارێکی سەخت هەمیشە ئامادەیی جیددی هەیە، ئایا ئەم شۆڕشانە دەتوانن سەرەتایەکی نوێی دیموکراسی لە نیشتمانی عەرەبییدا بهێننە دی؟. ئایا بە نەمانی رژێمە تۆتالیتاریی و دیکتاتۆرییەکانی وڵاتانی عەرەبیی، دەوڵەتی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لەسەر ئەو جەستە کۆنە لە دایکدەبێت؟. ئایا بەهەموو شۆڕشێکی دژی دیکتاتۆریی دەوترێت شۆڕشی دیموکراتی؟. ئەگەرچی وەڵامی ئەم پرسیارانە وەک یەک نین، بەڵام لە راستیدا هێشتا هیچ دیمەنێک نابینین پێمان بڵێت لە تونس و میسر کە رژێم تیایاندا گۆڕاوە، کاروانەکە بەرەو دیموکراسی کەوتۆتە رێ. بە پێچەوانەوە هەندێک ئاماژەی خەتەرتاک دەبینین تەفسیری یەک حاڵەتمان بۆ دەکەن، ئەویش ئەوەیە هێشتا زەمینەی کۆمەڵگە عەرەبییەکان بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونی دیموکراسی و سەرهەڵدانی دەوڵەتگەلی نوێی لیبراڵ نەخەمڵیوە، چوونکە ئەو زەمینەیە زادەی سەدان ساڵ لە کولتووری پریمیتیڤ و بەداوەت و دەیان ساڵ لە حوکمی پۆلیسی و دیکتاتۆرییە، ئەمە لە رووی سیاسییەوە، لە رووی کۆمەڵایەتییەوە فەرهەنگێکی ئاینیی وشکهەڵاتوو تا ئێستا کاریگەریی جیددی هەیە لەسەر هزری تاکی عەرەبیی، لە رووی ئابوورییەوە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی یان لە ریزی دەوڵەتە هەژارەکانن یان دەوڵەمەندن بە سەرمایەی نەوت و لەژێر کاریگەریی رۆشنبیریی نەوتن کە تاکی بەکاربەری دژە بەرهەمهێنی دروستکردووە، ئەمەش بەهیچ جۆرێک یارمەتی پرۆسەی دیموکراسییەت نادات، چوونکە دیموکراتییەت و پیشەسازیی پێکەوە بەستراون، یان بە مانا باوەکە دوو رووی یەک دراون.
بیرمەندی ناسراوی عەرەب “جۆرج تەرابیشی” پێیوایە، بەهاری عەرەبی یان شۆڕشەکانی عەرەب کە حاڵی حازر هەڕەشەی پلە یەکن بۆ سەر رژێمە تەقلیدییەکانی عەرەب، شەپۆلی سێیەمی دیموکراتی جیهانیین، بەو پێیەی شەپۆلی یەکەم لە خۆرئاوای ئەوروپا و ئەمەریکا لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە دەستیپێکردووە، شەپۆلی دووەمیش لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بە نەمانی بلۆکی رۆژهەڵات دەستیپێکرد لە ساڵی 1989، هەرچی شەپۆلی سێیەمی دیموکراتی جیهانیشە ئەم شەپۆلەیە کە لە ساڵی 2011 لە تونسەوە بەرەو کۆی وڵاتانی عەرەبی دەکشێت. وەلێ ئەم بۆچوونەی تەرابیشی جۆرێک لە گەشبینی و پاڵپشتی و سۆزی تاکەکەسی تێدایە بۆ شۆڕشە عەرەبییەکان، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدەین ئەم شۆڕشانە دەبنە سترۆکتۆری دیموکراتی لە جیهانی عەرەبییدا، هێشتا زۆر ئاماژەی ترسناک هەیە کە هەڕەشە لە ئایندەی شۆڕشەکان دەکەن، ئەگەر بۆ نموونەی میسر بگەڕێینەوە دەبینین رۆڵ پەیداکردنی هێزە ئیسلامییە ئسوڵییەکان کارتێکردنی نەرێنی هەبووە لەسەر پرۆسەی بینای دیموکراسی لەو وڵاتەدا، لەمەش ترسناکتر وا خەریکە کۆمەڵگەی میسریی بەرەو جەنگێکی ئاینیی لەنێوان موسڵمان و کریستیانەکاندا رادەکێشن. راستە قەبارەی مەترسییەکە بەو ئەندازەیە نییە هەموو هاوکێشەکە بگۆڕێت، بەڵام ناشێ لە حاڵی حازردا چاو لەو جۆرە مەترسییانە بنووقێنرێت.
“فەرید زەکەریا” سەرنووسەری گۆڤاری “نیوزیوک” لە وەڵامی پرسیاری خوێنەران لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لە هەمبەر شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی، ئەوە دەخاتە روو ئەم دۆخە، هەمان دۆخی ساڵی 1989یە، واتە دۆخی دوای رووخانی دیواربەندی بەرلین، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت تێبینی ئەوە بکرێت وڵاتانی عەرەبی، کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا نین، لەبەر ئەم فاکتۆرە پرۆسەی گۆڕان و وەرچەرخان بەرەو سیستمی دیموکراتی بە هێواشی و بە پێی پرۆسەیەکی زەمەنی دەبێت، ئەمە بێجگە لەوەی لە ئێستاوە بە روونی لە تابلۆکەدا ئەوە دەبینرێت، ئەم پرۆسەیە هەموو وڵاتانی عەرەبی پێکەوە ناگرێتەوە. زەکەریا ئەوەش دەخاتە روو پرۆسەی گۆڕانکاریی لەو وڵاتانەی خاوەنی شلەی نەوتن، خێراتر و کاریگەرترە وەک لەوانەی هیچ نەوتیان نییە، بەو پێیەی پتەویی ژێرخانی ئابووری و هەبوونی بژێوییەکی باش بۆ تاکەکەس هەرچی زیاتر پرۆسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گۆڕان رووەو دیموکراسی خێراتر دەکەن. ئەم بۆچوونەی زەکەریا دیسانەوە پاڵپشتی لە هەمان دیدگا دەکات کە پێیوایە دیموکراسی تەنیا بە ئیرادە و میکانیزمی شۆڕشگێڕانە ناهێنرێتە دی، چەسپاندنی دیموکراسی پێش هەر شتێک پەیوەستە بە هەبوونی کۆمەڵێک زەمینە و پێشمەرجی سیاسیی و فیکریی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. لەسەر راستیی ئەم پرنسیپە ناتوانین بە هەموو شۆڕشە عەرەبییەکان بڵێین شۆڕی دیموکراسی تەنیا لەبەرئەوەی دژی رژێمێکی دیکتاتۆریی بەرپاکراون، نەخێر ئەمە رێسایەکی ماتماتیکی نییە کە هەمیشە یەک کۆ یەک بکاتە دوو.
لەگەڵ خستنەرووی ئەم گومانانەشدا، هاشا لە دیوە ئیجابییەکانی شۆڕشە عەرەبییەکان ناکەین، بەپێچەوانەوە ئەمە سەرەتایەکی نوێیە لە جیهانی عەرەبدا و وەک فەیلەسووفی فەڕەنسی “ئێدگار مۆران” بۆی چووە ئەم شۆڕشانە وێنای عەرەبیان لە جیهاندا گۆڕیوە، کە هیچ دوور نییە ئەم گۆڕینەی رژێمەکان، سەرئەنجام ببێتە گۆڕانێکی سەرتاپاگیر لە کۆی کایە و بوارە جیاجیاکانی ژیانی تاکی عەرەبدا، بەوەش کولتووری دیموکراتی زیاتر گەشە بکات. بۆیە قسەی ئێمە لەسەر خودی شۆڕشەکان نییە، چوونکە هیچ لارییمان لەوە نییە، شۆڕشی گەلانی عەرەبی شۆڕشی رەوان و رژێمە عەرەبییەکانی ئێستا تەنیا شایستەی رووخاندنن، بەڵکو قسەی ئێمە لەسەر ئەوەیە ئاخۆ ئاکامی شۆڕشەکان بە کوێ دەگەن؟. ئایا شۆڕش دیموکراتی بەرهەم دەهێنێت یان توێژێکی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی زەمەنی دیارینەکراو دەکاتەوە بە حوکمڕان؟. یان ئیسلامی سیاسیی بەرهەمەکەی دەچنێتەوە؟. بەشێوەیەکی گشتیی هەموومان تەنیا سەیری رەوتی رووداوەکان دەکەین، هەم گەشبینین و هەم گومانمان هەیە، واتە بارودۆخەکە بەشێوەیەک لەنگەری گرتووە لە نێوان گەشبینی و گوماندا رابوەستین و چاوەڕوانی وەرچەرخان و پرۆسەکانی داهاتوو بکەین، ئاخۆ شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی دەبنە مامانی دیموکراسی یان نا؟.

ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە “5506”ی رۆژنامەی “کوردستانی نوێ” لە 15-6-2011 بڵاوبۆتەوە




سێ بۆچوون لەمەڕ شۆڕشە عەرەبییەکان.. ستیڤان شەمزینی

یەک
دونیای عەرەبیی بۆ ماوەی چەندین “دەیە” بێدەنگ بوو، راستتر وایە بڵێین بێدەنگ کرابوو، میکانیزمەکانی بێدەنگی و خەساندنی کۆمەڵگە عەرەبییەکان لە کەسمان شاراوە نەبووە، میکانیزمی دڵڕەقانە و زەبر و زەنگئامێز بووە. ئەگەرچی بە رووکەش کۆمەڵگەی عەرەبیی بە هێمن و بێدەنگ دەبینرا، بەڵام ئەوە تەنیا دیوی دەرەوەی تابلۆکە بوو، بەپێچەوانەوە لە ژێرەوەڕا کۆمەڵگەی عەرەب کۆمەڵگەیەکی تووڕە و پڕ لە قسە بووە، تەنیا چاوەڕوانی دەرفەتێک بووە بۆ ئەوەی تووڕەیی خۆی نیشان بدات، وەک ئەوەی لە دەرفەتی خۆ سووتاندنی “محەمەد بوعەزیزی”دا بەرجەستە دەبێت. بوعەزیزی تەنیا پاساوێک بوو یان راستتر وایە بڵێین دەرفەتێک بوو بۆ کۆمەڵگە عەرەبییەکان تا تووڕەیی خۆیان بڕێژن، چوونکە مرۆڤی عەرەب بە درێژایی دەیەکان سووکایەتی زۆر لەوە گەورەتری لەلایەن دەسەڵاتدارانی عەرەبەوە پێکراوە، بەڵام ئەمجارە هاوکێشەکە تەواو هەڵدەگەڕێتەوە و خۆ سووتاندنی عەرەبانچییەکی گەدا بڵێسەی راپەڕینێکی گەورەی عەرەبی دادەگیرسێنێت. هەروەک “ئەدۆنیس” بۆی چووە ئیتر تاکی عەرەب گەیشتە ئەو هۆشیارییەی بە رووخانی کۆی رژێمە عەرەبییەکان شتێک نەماوە لە دەستی بدات، بۆیە ئیدی تاکی عەرەب دەگاتە ئەوەی دەست ببات بۆ گۆڕینی رژێم و ئەو سیستمە سیاسیی و ئابوورییەشی ئەو رژێمانەی پایەدار کردووە.
سەبارەت بەوەی ئەم راپەڕینانە دەبنە فاکتۆری دروستبوونی سەقامگیریی و دیموکراسییەت؟. وەڵامدانەوە بەم پرسیارە بڕێک سەخت و ئاڵۆزە. چوونکە هێشتا پرۆسەی گۆڕینی رژێم و راپەڕین بۆ نموونە لە هەردوو وڵاتی میسر و تونس بەردەوامە. بۆیەکا ناکرێت ئێمە پێش بارودۆخەکە بکەوین و بڕیاری حاسمی لەسەر بدەین، ئەوەی هەیە راپەڕینی کۆمەڵگە عەرەبییەکان لایەنی گەش و لایەنی تاریکیشی هەیە. لایەنە گەشەکان بریتین لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و بە خاکسپاردنی رژێمەکانی پاشماوەی قۆناغی رزگاریی نیشتمانی و کۆلۆنیالیزم و دەستبردن بۆ ئەو کاریزمایانەی کە بڕیاریاندابوو کۆماری باوک و کوڕەکان بۆ چەندین دەیەی تر درێژە پێبدەن، لایەنی خراپی ئەو راپەڕینانەش لەوەدایە لە هەندێک جێگە و لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیی، خەریکە ئاگری شەڕی ئەهلی دەکاتە دیفاکتۆ، لەولاشەوە هێزە ئیسلامییە فێندەمینتالەکان دەیانەوێت گوڵەوەچنی دەستکەوتەکانی راپەڕین بکەن.
کێشەی سەرەکیی ئەوەیە، ئەو راپەڕین و خۆپیشاندانانەی وڵاتانی عەرەبییان گرتۆتەوە، هێشتا نەیانتوانیوە ببنە شۆڕش. چوونکە شۆڕش پرۆسەیەکی گۆڕانکاریی هەمەلایەنە و ریشەییخوازانەیە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەکرێت گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە عەرەبییەکان کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لاوەکی و پەڕاوێزی بن کە دەکرا لە هەناوی رژێمەکانی پێشووشدا بهێنرێنە دی، لێ ئەمە پاساو هێنانەوە نییە بۆ رژێمە سەرکوتگەرەکانی عەرەب، بەڵام راپەڕینەکان تا نهۆ شتێکیان پێشکەش نەکردووە بۆنی ئەوەی لێبێت کۆمەڵگەی عەرەبی دەباتە پێشەوە و لە وێستگەیەکی تر دایدەنێت کە دیموکراسیی و کۆمەڵگەی کراوەیە. من وەک خۆم دوودڵم و ناتوانم بەوە دڵخۆش بم ئەم راپەڕینانە مزگێنی دیموکراسین. بە قەد پیرۆزیی راپەڕینەکان گوومانم هەیە و پێموایە دەشێ ئەم راپەڕینانەش دەستبەتاڵ دەربچن. چوونکە کۆمەڵگەی عەرەب پێش گۆڕینی رژێمەکان پێویستی بە گۆڕینی خەیاڵدان و بیرکردنەوە هەبوو. رێنیسانسی فکریی و عەقڵانی پێش شۆڕشەکان گرەنتی دیموکراتی و ئازادیی دەکات. ئەمەش رێسایەکی سادە و ئاشکرایە، تاکێک خاوەنی فەرهەنگی دیموکراتی نەبێت، بە دژایەتیکردنی رژێمێکی سەرکوتکەر نابێتە دیموکراتی. تۆ سەیری “شۆڕشگێڕان”ی لیبیا بکە، ئەو کاتە بیر لەوە بکەرەوە ئایا بەم هێزە توندوتیژە دیموکراسی چێ دەبێت؟.

دوو
کارەساتەکە ئەمەیە. هێزەکانی ناتۆ دەیانەوێت بە موشەک دیموکراسی چێ بکەن. ئەمە لە بیرکردنی ئەزموونی عێراق و ئەفغانستانە. چوونکە یەکەمیان دوای هەشت ساڵ و نیو و دووەمیان دوای دە ساڵ، نەک نەبوونەتە نموونەی دیموکراسی، بەڵکو لە شوێنی خۆیان فەڕەتەناش لێدەدەن و هێشتا لە هەمان زەلکاوی پێشوودا مەلە دەکەن. لە راستیدا لە هیچ شوێنێکی دونیا دیموکراسی بە زەبر و هێرشی فڕۆکە نەهاتۆتە ئارا، مرۆڤ کوشتن مرۆڤ کوشتنی لێدەکەوێتەوە، نەک دیموکراسی. ئاخر ئەگەر گەوهەری دیموکراسی ئەوە بێت کە دەبێت بە پێشکەوتووترین چەکی دەستی ناتۆ خەڵکی بۆ بکوژرێت، ئیدی شتێک نییە مانایەکی باش و بوونێکی گرنگی هەبێت، بە پێچەوانەوە نەفرەت لەو دیموکراسییەی قەسابخانە بۆ مرۆڤ دەخاتە کار.
میدیاش لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت، پاشکۆی سیاسەتە و کار بۆ سیاسەتێکی دیاریکراو دەکات، ئێستا کۆدەنگییەکی گەورەی زلهێزەکانی دونیا هەیە، بۆ لەناوبردنی رژێمە عەرەبییەکان، بۆ ئەمەش رەچاوی رێسای پوولی دۆمینە دەکەن و پێیانوایە وردە وردە هەموویان بە دوای یەکدا دەکەون. تا ئێرە ئاساییە و تەنانەت جێی دەستخۆشییە وڵاتانی زلهێزی دونیا یارمەتی گەلانی وڵاتانی عەرەبی بدەن، لە پێناوی ئاڵوگۆڕ و لەناوبردنی رژێمە دیکتاتۆرییەکاندا. کاری میدیای جیهانیش لەو نێوەندەدا هیچ گلەییەکی لەسەر نییە، بەڵام چاو نووقاندن لە ئاست کوشتوبڕ و لە ناوبردنی هەزارەها مرۆڤ لەلایەن ناتۆوە، بە تایبەت لەلایەن کەناڵی راگەیاندنەوە تاوان و بێهەڵوێستییەکی زۆر گەورەیە کە هەرگیز مێژوو لە بیری ناکات.
من بڕوام وایە کە میدیای جیهانی بووە بە پاشکۆی سیاسەتەکانی ئەمەریکا، بۆیە هەموویان لەسەر یەک ئاواز و وەک قاز یەک شت دەڵێنەوە، لە کاتێکدا چۆن ئەو میدیایە تاوانەکانی موبارەک و قەزافی و بنعەلی دەبینێت، پێویستە بە هەمان شێوە تاوانەکانی ناتۆ و ئۆباما و ئەردۆگانیش ببینێت. ئەوەتا لەلایەک ئەو میدیایە چەکدار و بەرهەڵستکارانی قەزافی بە شۆڕشگێڕ ناوزەد دەکات و چەپڵە بۆ هێزەکانی ناتۆ لێدەدات، کەچی لەولاوە دەستخۆشی لە دەوڵەتی تورک دەکا و هێزێکی وەک پەکەکە و پژاکی پێ تیرۆریستە!. ئەمەیە ئەو ئیزدواجیەتەی لە کاری میدیای جیهانیدا خۆی بەرجەستە کردووە. ئیزدواجیەتێک مەگەر هەر “چۆمسکی” هەبێت پەردە لە رووی هەڵماڵێت و دەستەکەیان بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکات.

سێ
ئاشکرایە کۆمەڵگەی عەرەبی باجی شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ دەدات. موعەمەر قەزافی و حافز ئەسەد و موبارەک لە یەکێک لە ساتەوەختە مێژووییەکاندا وەک شۆڕشگێڕ و قارەمانی نەتەوەیی، تێکڕای گەلی عەرەب چەپڵەیان بۆ لێداون. کەچی ئەمڕۆ دەریایەک خوێن دەڕێژرێت لە پێناوی لە کارخستن و لابردنیان. من پێموایە نەوەی شۆڕش سەقەتترین نەوەن، بۆیە من ترسی زۆرم لەوانەش هەیە ئەمڕۆ بە شۆڕشگێڕ ناو دەبرێن، چوونکە ئەوەی رەوایی خۆی بە خوێن وەربگرێت، بێگوومان بە خوێن لێی دەسەنرێتەوە. لەم سۆنگەوە پێموایە شۆڕش جگە لە توندوتیژیی و لێکترازانی ریزەکانی کۆمەڵگە هیچی تر بەرهەم ناهێنێت. من وەک خۆم دژی شۆڕش نیم بەڵکو مارکس وتەنی هەموو گۆڕانکارییەکی جەزری لە رێگەی شۆڕشەوە دەبێت، بەڵام مەرج نییە هەمیشە شۆڕش خوێناویی بێت و بریتی بێت لە زنجیرەیەک رووبەڕووبوونەوەی فیزیکیی نێوان خەڵک، بە پێچەوانەوە یەکەم شۆڕش ئەو شۆڕشەیە کە خەیاڵدانی مرۆڤ و روانگەی مرۆڤ دەربارەی دونیا دەگۆڕێت، بە داخەوە کۆمەڵگەی عەرەب هێشتا خاڵییە لەم جۆرە شۆڕشانە، بۆیە ئومێدەکانیشمان بە دیموکراسیی لە دونیای عەرەبیدا هێشتا لاوازە و بە بەراوورد بە کاتی پێش راپەڕینەکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەر نەهاتووە.
دووپاتی ئەو بۆچوونەی پێشووم دەکەمەوە و پێموایە دیموکراسی بە چەک و زەبروزەنگ نایەتەدی، بۆیە من رەشبینم بەرامبەر ئەوەی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەی وڵاتانی عەرەبی بتوانێت دیموکراسی چێ بکات، خۆ ئەگەر سەیرێکی وردی ئەو پرۆسەی گۆڕانکارییانەش بدەین بۆ نموونە لە میسر و تونس روویانداوە کە دوو وڵاتن رژێم تیایاندا گۆڕاوە، هیچ ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر نابینین، بۆ نموونە پرۆسەی لێپرسینەوە و بنبڕکردنی گەندەڵی لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەبڕێت، بەرهەمی هەمان عەقڵی سیاسیی رژێمی پێشوون!، چوونکە زۆرینەیان لە بەرپرسانی پێشووی رژێمن، لە میسر ئەوەتا هێشتا سەرباز دوا قسە دەکات، پاشان لە پرۆسەی دەنگدان لەسەر دەستووری ئەو وڵاتە بینیمان، ئیرادەی ئیخوان سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا. لەبەرئەمە من گوومانم هەیە ئەم راپەڕینانە ببنە هەوێن و مامانی دیموکراسی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ئەم راپەڕینانە بە خاڵی دەستپێک دابنێین و ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێزی دیموکراتخوازانە جڵەوی سیاسەتی بکەوێتە دەست، ئەوا بێگوومان بە پێی پرۆسەیەکی مێژوویی کۆمەڵگەی عەرەبی دەبێتە کۆمەڵگەیەکی کراوە و دیموکرات.

تێبینی: ئەم وتارە بۆ یەکەم جار لە ژمارە “506”ی رۆژنامەی “میدیا” لە 1-11-2011 بڵاوکراوەتەوە. لە یادی دوانزەی ساڵەی بەهاری عەرەبیدا دووبارە بە پێویستم زانی بیخەمەوە بەر دیدی خوێنەر.




تاسەی عەشقێکی ناکام.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

لەودیو پەنجەرەوە لێم مەڕوانە
شوشەش گەرد دەخاتە سەر سپێتیی من
وەرە ئەم دیو پەنجەرەکەوە
سەیری پەردە ئەستوورە مۆرەکە مەکە
بڕوانە سپێتی هەست و
رەشێتی چارەنووسم
تۆ ئەی فریشتەی پەمەیی پۆش
خەیاڵت بۆ جێگەیەکی دوور نەفڕێت
چاو بۆ گوڵێکی بابردوو مەگێڕە
ئەوە دڵتە هێندەی خۆت لێم نزیکە
ئەوە رۆحمە لە چاوەکانتدا دەشنێتەوە
تۆ ئەی فریشتەی عەیار و بەناز
گوێم لە دەنگی سازەکەت نییە
تەڵەکانی یەک یەک وەک بزەکانم وەریون
تۆ دڵی خۆڵەمێشی ساردەوەبووت بۆچییە
گەر پێشتر نەفرەتت لە ئاگردان کردبێت؟
چیرۆکی چی دەخوێنیتەوە
گەر بەر لە دەستپێکردن کۆتایی هاتبێت؟
هێشتا هەر لەودیو پەنجەرەی عاتیفەوە
لەناو بێستانی سوتماکی هۆشەوە
هەر خەریکی لێکدانەوەی خەونەکانی خۆتیت
خەونگەلێک لە شێتخانەی عەقڵدا سەر دەنێنەوە
تۆ ئەی فریشتەی هاروهاج
بیرتە پێم گووتی هەر لە نیگامدا بمێنەوە
نەکەیت بفڕیتە ناو غوباری بیرەوەرییمەوە
بزێو بوویت بە سنگەخشکێ خۆتە گەیاندە
چینی هەرە ژێرەوەی یادەوەرییم
ئێستا بەدوای هەر نهێنییەکدا بگەڕێم
دەست بخەمە ناو مێشکم
بۆ بیرهاتنەوەی هەر شتێک
ئەوەی لەمسی دەکەم هەر تەنیا تۆیت
نە دەتوانم دەرتبکەم
نە دەتوانم راتبگرم
پێم بڵێ بۆ واتکرد گەر دەتزانی
تەنیا لەناو بیرکردنەوەمدا دەمێنیتەوە؟
ئەی فریشتەی بێ باڵی سەر زەوی
ناشێ لە بیرت کردبێت
بەدەم نەفەسی سیگارەکەمەوە پێمگووتی
قەڵایەکی زەمەنی بزربووی ماددەکانم
تەنیا دەرگای چوونە ژوورەم هەیە
هیچ دەروازەیەکم نییە بۆ راکردن
ئێستا دەبینم
ناکامانە لە دەرگاکان دەڕوانیت
نا، ئازیزم بەهەر دەرگایەکدا تێپەڕیت
دەتهێنێتەوە نێو هەناوی من
گووتم لە بیری مەکە
دەروازەیەکت نییە بۆ دەرچوون
تۆ ئەی فریشتەی هەناسەسواری رێ
باوەڕ ناکەم لە بیرت چوو بێت
لەپاڵ تارمایی پیاوێکی تردا بوویت
چرپاندم بە گوێتدا و پێمگووتیت
ئەو رێگایەی خۆت گرتووتە بزری مەکە
بەهەر رێگەیەکی تردا بڕۆیت وێڵ دەبیت
بەهەر رێگەیەکی تردا هەنگاو بنێیت
لە کۆڵ خۆیانت دەکەنەوە
کۆتایی هەموو رێگاکانیش دێنەوە
سەر رۆمای عەشقی من
چما وا زوو بیرت چوو؟
هەموو ئەو رێگایانەی پێیاندا تێدەپەڕیت
دەتهێننەوە سەر رێگا تەنهاکەی من
تۆ ئەی فریشتەی هەمیشە گریاو
ناکرێت لە بیرت چووبێتەوە
لەناو کەشتییەکە سوورەکەدا بوویت
بە دەنگێکی شەپۆلاویی پێم گووتیت
وریابە، ئەی کاپتنی کەشتی سەرەڕۆیی
هەر کات نقووم بیت دەکەویتە
نێو قووڵایی ئۆقیانووسی بێ بنی دڵم
ئەمێستا بەخۆت و
کەشتییەکەتەوە نقوم بوویت
تۆ کە مەلەوانی نازانیت
بۆچی بیر لە جێهێشتنی
ئەم زەریا ئارامە دەکەیتەوە؟
تۆ هیچ چارەیەکی ترت نییە
وەک سەدەفێک هەر لێرە دەمێنیتەوە
تۆ ئەی فریشتەی بێدەنگ و دڵشکێن
تێناگەم چۆن خێرا لە بیرت کرد
لە رۆژێکی گەرم لە ژێر بڵێسەی هەتاودا
بە سەدایەکی گڕگرتوو پێم گووتیت
ئەوە عەشقی منە
لە هەورێکدا چڕ دەبێتەوە
نم نم بەسەر عومری وشکتدا دەبارێت
نەکەیت چەتری دابڕان هەڵبکەیت
بارانی من لە خۆت دوور بخەیتەوە
ئێستا خۆ دەبینیت
بە چەتری شکاوی دەستتەوە
وەک چۆلەکەیەکی تەزیو هەڵدەلەرزیت
لەبەردەم رەهێڵەی مەرگی ناوادەی مندا
ئاخر نەدەکرا ئەمە لە بیر بکەیت
نەدەکرا ئەم کارەساتە رووبدا
نەدەکرا ئەم چارەنووسە
بۆ خۆت بنووسیتەوە
جۆگەلەی چاوەکانت
بێ پسانەوە
خوێنی منی لێ هەڵقوڵێ و
تا قیامەت خوڕەی بێت

کۆتایی هاوینی 2013
پاریس – شانزێ ئەلیزێ
*ئەم شیعرە لە مانگی 10ی 2013 لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکراوەتەوە و پاشتر لە دیوانی سۆناتای خۆشەویستی لە لاپەڕە 160-164 چاپکراوە.




رێم بدەن منداڵ ببمەوە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

چی دەبوو
خوا بیکردبایە منداڵ ببمەوە؟
جارێکی دیکە
بە قادرمەی تەمەندا بۆ دواوە شەقاوم بنابا
خۆم دەمزانی چی دەکەم لەناو منداڵیدا
هەرگیز خەونم بە گەورەبوونەوە نەدەبینی
میلی کاتژمێری زەمەنم دەوەستاند
پێویستی نەدەکرد گەورە بم
پێویستی نەدەکرد لە منداڵی بترازێم
ئێستاش تامی نوقڵی شەوی بەرات و
چکلێتی جەژنان هەر لە دەممدا ماون
چۆن هێندە خێرا گەورە بووم؟
دوێنی بوو
گۆڵچی تیپی فوتبۆڵی گەڕەک بووم
ئەمڕۆ ریش چەرمۆی بازاڕی ژیان
دوێنی بوو
بەدەم خواردنی لەفەیەک قاورمەوە
لە ژێر دارهەناری حەوشە خەوم لێ دەکەوت
چۆن ئەمڕۆ بووم بەم پیاوە کامڵەی
لەو گەڕەکەی تێیدا لەدایکبووم
کوڕ و کاڵ بە خاڵۆ خاڵۆ بانگم بکەن؟
دوێنی بوو لەسەربان دەنووستم
چاوم دەبڕییە ئەستێرە درەوشاوەکان
لە خەونیشمدا
دەمکردنە ملوانکە بۆ دایکم
چۆن ئەمڕۆ لاجانگم بەفری بەسەردا باری و
لە ناو دەفتەری بیرەوەرییدا بورامەوە؟
دوێنی بوو وا بیرم دەکردەوە
جیهان بەو پانوپۆڕییەوە
هەر نێوان شاخەکانی ئەزمەڕ و بەرانانە
چۆن ئەمڕۆ
تەڵیسمی ئەو هزرە رەوینەوە
بە فڕۆکەیەکی رزیوی هێڵی ژێرمانیا
سنووری وڵاتان دەبڕم؟
چی دەبوو ئەژدیهای ناو یاری
مار و پەیژەی گەورەیی قوتی دابام
لە خانەی یەکەمی لە دایکبوون فڕێی بدابام؟
من چیم لە هەڵکشانی تەمەن دەست کەوت
جگە لە گۆڕانی دەمانچە ئاوییەکان
بە چەکە ئێسک تاڵەکانی ئێستا؟
من چیم لە خەونەکانم هێنایە دی
جگە لە قەڵەوبوونی ژمارەکانی تەمەن و
لاوازبوونی ئاسکەکێوی جوانیی؟
من چیم لە تێپەڕین بەنێو ساڵەکاندا
دەست کەوت
جگە لە رەتبوون بەنێو چەرخێکی کوێر و
ئاوڕنەدانەوە لە خۆڵەمێشی خەونەکان
من چیم لەم گەورەبوونەی لەش دەست کەوت؟
جگە لە دابەزین لە وێستگەی مەراق و
گوڵەوەچنی پەرچنەیەک لە ئازار؟
چی دەبوو ئەگەر گەورە نەبووبام؟
چیم دەدۆڕاند لە گەورەییدا
جگە لە ددانە کلۆرەکان و چاویلکەیەک؟
چیم لە کیسە دەردەچوو
بێجگە لە مشتێ پارەی ئاسن و
تۆفانێکی شاراوە
لە ژێر پێڵووی چاوەکانمدا؟
چیم هەبوو لێم زەوت بکەن
بێجگە لە پایپێکی چڵکنی رزیو و
پەرستگەیەکی بێ ناونیشانی
ناو تەمی مێژوو؟
ئاه خودایە چۆن منداڵیم تێپەڕی؟
بۆ ناهێڵیت جارێکی دیکە
دایە گەورەم
بەرچایی بخاتەوە بەردەستم و
بە گۆرانی جادە و چۆڵ و سێبەر بوو
لە خەو رابم؟*
بۆ ناشێ ئەم زەمەنە
بۆ دواوە بگەڕێتەوە؟
هەروەک چۆن چیاکانمان
بۆنی بیابانیان گرتووە
منیش بگەڕێمەوە
گەڕەکی خەونە ئاڵەکان
لەوێ مامۆستا ولیەم**
فێری نۆتەی ژیان و موزیکم بکاتەوە
مامۆستا فرانسیس***
گوێ بۆ مەقامێکی حیجازم بگرێت دەستم بگرێت بۆ ناو کەنیسەی مریەم عەزرا****
ئاه خودایە
بۆچی نابێت ئەم ماشێنی ژیانە بەگێک دانێ
تێیدا من لە قوتابخانەی بەرانان*****
لە ریزبوونی قوتابخانەکەماندا
دەستەسڕەکەمم بیرچووبێت
مامۆستا محێدین******
بە لەسەرخۆیی بڵێ ئەمە دواجارت بێ
دواتر بەبەردەم ماڵی کەژاڵ ئەحمەددا*******
بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە و
بەرد بگرمە تووی ماڵە دراوسێیەک
ئاه خودایە بۆ رێگە نادەیت منداڵ ببمەوە؟
ئێستا ناتوانم
هۆکارەکانت یەک یەک بۆ بژمێرم
تۆ رێگەم بدە
ئەم جارە بگەڕێمەوە منداڵی
لەوێ لە ناو منداڵیی، بە میکانۆکانم
ماڵێک لە پاکیزەیی چێ دەکەم
ناهێڵم شاعیرەکان بێنە ژوورەوە
ئەوان تەنیا لە نێو دەقەکانیاندا جوانن
ناهێڵم نووسەرەکان سەری پێدا بکەن
ئەوان لە کتێبەکانیاندا دەدرەوشێنەوە
لە دەرەوەی تێکست کۆمەڵێ مەیمونن
ناهێڵم سیاسییەکان بێنە ژوورەوە
نەبادا دیوارەکان بۆنی ناخۆشیان بگرن
ناهێڵم قەشەکان پێ بنێنە ناوی
ئەوان لەهەر کوێ بن گڵاوی دەکەن
ناهێڵم بازرگانەکان
لەناو ژووری میوان پاڵ بدەنەوە
ئەوان ژمارەگەلێک دەستی چەپەڵن
رەگی گولی وجودن
تەنها رێ دەدەم
عاشقەکان تێیدا بحەوێنەوە
لەناو هەیوانەکەیدا ژوان ببەستن
لە باخچەکەیدا
چاو لە مەعشوقەکانیان نەتروکێنن
چی دەبوو خوا بیکردایە
منداڵ ببمەوە؟

3-8-2014
رۆژی لە دایکبوونم و لە چاوەڕوانی نەشتەرگەرییدا

ئەڵمانیا- دوسڵدورف

پەڕاوێز:
*ئاماژەیە بۆ یەکێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی هونەرمەندی شەهید “قادر کابان”.
**ئاماژەیە بۆ مامۆستا “ولیەم یوحەننا” هونەرمەندی ناوداری بواری موزیک، لە چالاکی قوتابخانەکان موزیکی فێر دەکردین. هونەرمەندی ناوبراو لەساڵی 1934 لە سلێمانی لەدایکبووە و ساڵی 2005 کۆچی دوایی کرد.
***مامۆستا فرانسیس داود، یەکێکی ترە لە مامۆستاکانی هونەری موزیک، یەکێکیشە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی موزیکی کوردیی. هیوای تەمەن درێژیی بۆ دەخوازم و فەزڵی زۆری هەیە لەسەرم.
****کەنیسەی مریەم عەزرا کۆنترین کەنیسەی شاری سلێمانییە و دەکەوێتە گەڕەکی سابونکەران. کەنیسەکە ساڵی 1862 دروستکراوە بەهاوکاریی “ئیلیا”ی بازرگان.
***** قوتابخانەی بەرانانی سەرەتایی تێکەڵاو دەکەوێتە گەڕەکی شێخ محێدین- شاری سلێمانی.
****** مامۆستا محێدین بەڕێوەبەری قوتابخانەی بەرانان و دراوسێی ماڵمان بوو لە گەڕەکی سەهۆڵەکە.
*ئاماژەیە بۆ خانمە شاعیر “کەژاڵ ئەحمەد” کە هەموو رۆژێک بەبەردەم ماڵی ئەواندا دەڕۆیشتم بۆ قوتابخانە و لەو کۆڵانەشدا ماڵێک هەبوون دارتوویەکی گەورەیان هەبوو هەمیشە تاکە نەعل یان بەردمان دەگرتە دارەکە تاکو تووەکان بوەرێنە خوارەوە و بە تۆز و خۆڵەوە دەمانخواردن.




ژن ژیانە.. ئازادیی واتە ئازادیی.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

*زۆرجار گوێم لەوە دەبێت کچان “مێینە”ی کۆمەڵگەی ئێمە، دەڵێن کوڕان ئازادن یان گەنجانی کوڕ ئازادترن بە بەراوورد بە کچانی گەنج. ئاخر ئازادیی کوڕان کوا و مانای چییە، ئەگەر کچان ئازاد نەبن؟. ئاخر هەرچی کوڕانی کۆمەڵگەی ئێمە لە دەرەوە و ناوەوەی خێزانەکانیان ممارەسەی دەکەن، بێ ئەوەی هاوشانە مێینەکەی لەگەڵ بێت نەک ئازادیی نییە بەڵکو ممارەسەیەکی بێ گیان و بێ لەززەتە. ژیان بە بێ ژن واتە دۆزەخی پیاوان.
*هەندێک ئافرەت پەیدابوون دەڵێن پیاوی کۆمەڵگەی ئێمە ئازادن، ئەوەی ئازاد نییە تەنیا ئافرەتانن. منیش دەڵێم، ئازادیی کوا لای ئەو نیوەیە ی کۆمەڵ هەیە کە سەجانی نیوەکەی تری بێت؟. وتەیەک هەیە دەڵێت چاودێری زیندانەکان لە خودی بەندکراوەکان زیاتر لە رارایی و دڵەڕاوکێدان. بێگوومان ئەو برا لاوەی، ئازادییەکان لە خوشکە گەنجەکەی قەدەغە دەکات، چیتر ناکات جگە لەوەی نیگا و خۆشەویستی ژن بەرانبەر بە خۆی تیرۆر دەکات. لەم سەروەختەشدا ژیانێکی بێ ئازادیی ژن، لەو دۆزەخە دەچێت “دانتی” بۆ قەشەکانی ئامادە کردووە.
*لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا ژن ئامێرێکە بۆ لەززەت بەخشین بە پیاو. خواوەند سەیری کرد، ئادەم بێ حەواس و بێزاربوو، لەبەر ئەو تەنیاییە ترسناکەی گەمارۆی دابوو. ناچاربوو بوونەوەرێکی تر بئافرێنێت، بۆیە لە پەراسوی چەپی ئادەم، “حەوا”ی هێنایە دەرەوە. ئەم دونیابینییە هەر بۆ ئەوە کراوە وێران بکرێت. ئەم ئاوەزە هەر ئەوە باشە لە مۆزە هەڵبگیرێت. چوونکە ژن و پیاو یەکتری تەواو دەکەن، نەک یەکێکیان بەهەشتی ئەویتریان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ژیان بەبێ ژن هەر لەو جەنگەڵە دەچێت “جۆن ستیوارت میل” باسی دەکات.
*ئازادیی بە کیلۆگرام و میسقاڵ ناپێورێت، ئازادیی هەیە یان نییە. من پێموایە مرۆڤی کورد بە ژن و پیاوەوە ئازاد نییە، بەڵام سەختتر لەوە ئەوەیە ئەو مرۆڤە نائازادەی ناوی پیاوە، دیسان هاوشانەکەی خۆی “مێینە” دەچەوسێنێتەوە و کۆیلەی دەکات. ئەمەش دیتنی “ئەنگلس” دەخاتەوە هزرمان کە پێیوایە لە سیستمی سەرمایەدارییدا ژنی کرێکار دووجار کۆیلەیە، جارێک کۆیلەی پیاو، جاری دووەم کۆیلەی سیستمی سەرمایەداریی. لەگەڵ ئەوەشدا ژیان بە بێ ژن و ئازادیی ژن لە رەنگی پەڕیووی مردوو دەچێت.
*ئەو گەنجە بێزار و دڵشکاوانەی رۆژ تا ئێوارە لە گازینۆکان دانیشتوون، ئازاد نین. ئەو چوونە دەرەوەیەیان کە خوشکەکانیان نیانە نیشانەیەک نییە بۆ ئازادیی و خۆشبەختی. ئازادیی چییە ئەگەر خۆشبەختی دابین نەکات و نەیهێنێتە دی؟. بەو گەنجە، ئازادیی یانی چی کە لە موسارەحەی کچێکدا یەک شەستە جنێو بەسەر ئەجداد و ئابائیدا دەبارێت؟. ئازادیی بەو گەنجە مانای چی لەسەر خواردنەوەیەکی پێکێک مەی دەکرێت بە پەند و سەرزەنشت دەکرێت؟. ئازادیی چی مانایەکی هەیە هەزاران دامودەزگای سەیر لە وڵاتدا دامەزراون عەقڵ و جموجۆڵ و رەفتاری مرۆڤی کورد کۆنترۆڵ دەکەن؟. لەگەڵ ئەمەشدا ئازادیی خەونێکە تەمەنی هێندەی تەمەنی مرۆڤایەتییە و زۆریش لەوە قووڵترە ئێمەی کورد بە عەقڵی سادە و سەرەتاییانەی خۆمان بیری لێدەکەینەوە.
*کچانی ئێمە دەڵێن کوڕە گەنجەکانمان، ئازادن و دەتوانن خۆشەویستی بکەن. بەڵام ئەگەر ئەویتری بەرامبەر “مێینە” نەبێت، ئەو خۆشەویستییە لەگەڵ کێ بکات؟. تەنانەت ئەگەر لە خەیاڵیشدا خۆشەویستی بکات، دەبێ ئەو کارێکتەرەی ناو خەیاڵی مێینە بێت،. ئازادیی کاتێک ئازادییە هەردوو رەگەز لێی بەهرەمەند بن، بۆیە ژیان بە سۆزی ژن و عەشق و یەکسانی هەردوو رەگەزەوە شیرینە، پێچەوانەکەشی هەر راستە.
*هەندێک کچانی ئێمە لە ژێر لێوەوە دەڵێن کوڕان دەتوانن سێکس بکەن، ئەوەش بە نیشانەی ئازادیی دادەنێن. بەڵام من پرسیار دەکەم لەگەڵ کێ سێکس دەکەن؟. ئەگەر لە خەیاڵیشدا بێت، هەر دەبێت سێکس لەگەڵ مێینە بکەن، ئەگەر خووی نهێنیش ئەنجام بدەن، دەبێت مێینەیەک لە خەیاڵیاندا میوان بێت و هاتوچۆ بکات. یان دەبێت تابلۆی رەگەزەکەی تر لە ئەندێشەیدا بکێشێت بۆ ئەوەی دەستپەڕەکەی بگاتە ئەنجام. کەواتە ئەویتری پیاو لە خەیاڵیشدا ناتوانێت دەستبەرداری ژن بێت. روونتر بڵێم بێ ئازادیی ژن، ئازادیی پیاو لە نوکتە دەچێت.
*ژیان بە ژنەوە ژیانە. ئەگەر ژن زیندان بوو پێش هەرشتێک و بێ هیچ گوومان و راراییەک، ژیانیش زیندانە. ژیانی پیاویش بێ ژیانی ئازادانەی ژن، شتێکە وەسف ناکرێت و من لای خۆمەوە دەڵێم سەد خۆزگە بە دۆزەخ.

18-4-1999
سلێمانی – گازینۆ 2000

تێبینی: ئەم نووسینە رەنگدانەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی 24 ساڵ پێش ئێستایە، بۆیە دەبێت حساب بۆ سیاقە مێژووییەکەی بکرێت. چوونکە نووسینەکە لە 18-4-1999 لەسەر لاپەڕەیەکی خورشیدی ئەم دیو و ئەودیو نووسراوە، منیش وەکوو خۆی و بێ دەستکاریی تایپم کرد و خستمە خزمەتی ئێوە. هیوادارم بە دڵتان بێت.

*ئەم وتارە بۆ یەکەم جار لە رۆژی 15-9-1999 لە رۆژنامەی “دەروازە” بڵاوکراوەتەوە. پاشان لە بەرگی یەکەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لە لاپەڕە 408-410 بڵاوکراوەتەوە.




قەسیدەی شمشاڵژەنی ژیان.. ستیڤان شەمزینی

دەنگێکی نوزەڵ لە ناوەوە پێم دەڵێت
ببینە کفنی رەشی پەژارەت لەبەردایە
تۆ نوێنەری یەئسێکی هەتاهەتاییت
گوومان لەو دەنگە زیقنە دەکەم
خۆم دەبینم کێڵگەی شینباوی گەشبینی
بە گاسنی ئومێدێکی سپی دەکێڵم
سەدایەکی تێکشکاو پێم دەڵێت
بیانوویەکت نەماوە
خەونی شێدار
بە رۆژە وشکهەڵاتووەکانی خۆتەوە ببینی
باوەڕ بەم سەدا نەفرەتییە ناکەم
لە ئاوێنەیەکی چاوبەنازدا خۆم دەبینم
لە ترسی پڵینگی واقیعێکی تاڵ
بە لقی بەرزی خەونێکەوە
خۆم هەڵواسیوە
پرسیارگەلێک چەشنی رەوە کولە
گوڵەگەنمی بیرکردنەوەم دەخۆن
مێشکم دەئاخنن بە رستێک وەسوەسە
لە نێو هەقیقەتێک ون بووم کە وەهمە
یان لە نێو وەهمێکدا دەژیم
خودی هەقیقەتە؟
بۆ چەند چرکەیەک لە ماڵی عەقڵ
دێمە دەرێ
لە درزی پەنجەرەی دڵەوە
لە دیمەنەکە دەڕوانم
ئاه خودایە
هەقیقەت پێنووسێکی زیوییە
بەدەستی دەیان فەیلەسووفەوە
رۆژێک لە مزگەوتێک هەواری خستووە
کەنیسەکان ماڵۆچکەیەکی تری ئەون
لە پەرستگەیەکی بودییەکانیش
نزا دەخوێنێت
هەموو ئەو نیگارانە
لە مندا جێگەیان بۆتەوە
هەقیقەت کۆترێکی ماڵیی
ناو هێلانەی دڵمە
شەیتانەکانی ناو خۆم
دەهۆڵ دەکوتن
لە وانەیەکی پڕوکاوی زیندەوەرزانیدا
نەژادم دەبەنەوە
سەر شامپازییەکی گرینۆک
بێ چەند و چون
بیرۆکەکەی داروین رەت دەکەمەوە
لەنێو کتێبە کۆنەکانی مێژوودا
بە دوای رەچەڵەکی خۆمدا دەگەڕێم
لە پەڕاوێکی رزیوی بابلییدا
تووشی خۆم دەبم
دوای ئەوەی لافاوی گەورە
دنیای داپۆشی
من بووم، زیندەوەرانم
فێری پێکەنین کردۆتەوە
گۆڕستانێکی قەراخ شاری روانینم
هەموو رۆژێک
نامەیەکی بۆرم بۆ دەنێرێت
باس لەوە دەکات ژیان لالوتە لێم
ئێوارە ئارامەکان چارەیان ناوێم
بەیانییە وەنەوشەییەکان دەمبوغزێنن
هەژاریی لە هەموو شوێنێک
بۆسەی ناوەتەوە بۆم
گوێ بۆ ئەم قسە پووچانە راناگرم
شمشاڵی لێو بە خەندەی خۆم دەژەنم
تاکو ماری ژیان دەخەمە سەما
کەمانچەی هاروهاجی فڕین دەژەنم
تاکو هێز دەگەڕێنمەوە
بۆ ئەژنۆی ئازادیی
چەکی وشەم پڕکردووە
لە فیشەکی خۆشەویستی
مشت لە باڵای سوێسکەی دابڕان دەگرم
هەموو حوزنە رەنگ پەڕیوەکانم دەفرۆشم
تیکتی سەفەرێکی پێ دەکڕم
بۆ دڵی ژنێک
جلی ژوانێکی خوساو بەدوورین دەدەم
نوێژی بێ بڕانەوەی ماچ دەست پێدەکەم
کە دوا رکاتی ئۆرگازمە
لە کۆتاییدا بە گوێی خۆمدا دەچرپێنم
تۆ ئەی مەستترین عاشقی ژیان
ئەی باڵیۆزی شانشینی ئەڤینداریی
فرمێسکەکانت بە زەردەخەنە بسڕەوە
دوودڵ مەبە ئەوین رووی لە تۆیە


کەنار رووباری راین




گەنجان و ئینتیمای حزبیی.. ستیڤان شەمزینی

پارتی وەک دەزگایەکی مودێرن کۆرپەى منداڵدانی قۆناغی مۆدێرنێتەیە، یان بە مانایەکی تر بەرهەمێکی راستەوخۆی قۆناغی سەرمایەدارییە، بە بۆچوونی مۆریس دوڕژە (لە رۆژئاوا دروستبوونی پارتەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەرەنجامی گەشەسەندنی دەنگدان و بە گشتیبوونی هەڵبژاردن). روون و ئاشکراشە چەمکی هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی رامیاریى پایەیەکی سەرەکی و سترۆکتۆرى دیموکراسییە، دیموکراسیەتیش لەگەڵ ئەوەى مێژووى بوون و سەرهەڵدانی وەک چەمک زۆر دێرینە، بەڵام لە بوارى کردارییدا بوونی هاوکاتە لەگەڵ قۆناغی کاپیتاڵیزم. دروستبوونی پارتەکان لە خۆرئاوا لە درێژەى پرۆسەیەک بووە کە تیایدا پێویستییەکانی ژیانی هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات هێناویەتییە پێش، بەڵام سەرهەڵدان و گەشەسەندنی پارتەکان لە کوردستان لەسەر ئەو بنەما ستاندارە نەبووە و کاردانەوەیەکی نا هۆشیارانە و نامونسەجیمی ستەمی نەتەوەیی سەر گەلی کورد بووە.
لەلایەکی ترەوە تاوەکو ئێستا (ئەم چەند ساڵەى دواى ڕاپەڕینی 1991ى لێدەرچێت) نیشتمانی کوردستان بەهۆی داگیرکاریى دەوڵەتانی ناوچەییەوە، بوارى ئەوەى نەبووە سەرەتاکانی دیموکراسیەت دەست پێبکات تا پێویستییەکانی دەنگدان و کێبڕکێی هەڵبژاردن پارتی سیاسیی بە جیاوازیى بیروڕا و بۆچوونەوە بەرهەم بهێنێت. لەگەڵ ئەوەى حزبەکانی کوردستان سەر لەبەریان کۆمەڵێک میلیشیا و یاخیبوو بوون لە دژی ئەو دەسەڵاتە داگیرکەرانەى کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەم ماوەیەى دواى راپەڕینیش وێنایان نەگۆڕاوە بۆ کۆمەڵێک دامودەزگاى مەدەنی و شارستانی کە ئەرکیان رێکخستنی خەڵکانێکی دیاریکراو بێت لە چوارچێوەى گووتارێکی سیاسیی و حزبی هاوبەشدا، بەڵکو کۆمەڵێک دیوەخان و تەکێی فراوانن بۆ بەندایەتیکردنی ئەندامان تیایاندا. مەبەستم لەوەیە پێتان بڵێم پارتی کوردیی، حزبێک نییە لە چەشنی ئەو پارتانەى لە ئەوروپا و ئەمەریکادا هەن، هەر ئەوەیە تەریقەتەکانن و پۆڵیش و ماکیاژێکی سەردەمانەیان بۆ کراوە، هەر بۆیە ئەم پارتە دەزگایەک نییە بتوانێت لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵوگۆڕە نوێیەدا شانبەشان بڕوات لە بەستێنی کۆمەڵگادا روو دەدەن، بگرە خۆى رێگرێکی جیددی ئەو شەپۆلە هاوچەرخەیە لە دنیابینی مۆدێرن بەهۆی شۆڕشی پەیوەندیی گرتن و گڵۆبالیزمەوە ئەگەر دەرگاکانیشی لێ دابخرێت لە پەنجەرەکانەوە دێتە ژوورەوە.
ئەم پارتە لەسەر هەمان قەوانی کۆن و بە هەناسەى سێ چوار دەیەی رابردوو و بەهەستی قۆناغی بەرەنگاریى و چەکدارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە نوێیەدا دەکات کە لەۆدێر زەمانەوە مرۆڤەکانی ناوی جێیانهێشتووە و باى باى یەکجاریان لێکردووە، گەنجانی ئەمڕۆمان گرنگترین ئەو توێژەن لە ریفراندۆمێکی نافەرمیدا ئەو مۆدێلە لە پارتەکانیان رەت کردۆتەوە و ئامادە نین لە ژێر چەترەکانیاندا خۆیان سازمان بدەن، بەڵکو لە رووى دەروونی و عەقڵییەوە لەگەڵیدا ناکۆکن و هەمیشە لێی دەسڵەمێنەوە. تاوانەکە (ئەگەر قەرارە تاوان بێت) هی نەوەى نوێ نییە کە خوێنی نوێ و جۆگەى بیری نوێ ناڕژێتە گۆمی لیخنی پارتی کوردییەوە، سوچەکە سوچی حزبەکان خۆیان و بیرکردنەوەی سیاسیی و پارادایمی دیسپلین و فۆرمی کاریانە، کە ناکۆکە لەگەڵ سروشت و خەسڵەتی نەوەى نوێ و بوارى کارکردنیان پێ نادات، مەگەر لە کاتێکدا نەبێت ئەو گەنجە خۆی لە خەسڵەتی راستەقینەى گەنجانە دابڕنێت و وەک پیر بیر بکاتەوە و بدوێت و رەفتار بکات، کاتێک دەڵێین پیر مەبەستمان لەو خەڵکانە نییە کە موەکانی سەر و ریشیان سپی بووە، بەڵکو مەخسەد لەو جۆرە کەسە نەریت پارێزانەیە بەشێوەیەکی دۆگما خویان بە نەریتەوە گرتووە و بوونەتە پاسەوانی کولتوورى کۆن و بەسەرچوو، هەموو کات بە فەرهەنگی سەلەفی و داڕزیو شاگەشکە دەبن.
پارتە کوردییەکان تا نوکە لەوە نەگەیشتوون بۆچی گەنج لە حزبەکانیان تووڕەیە و چارەیان ناوێن؟ بۆیەکا لە خۆڕا بەبێ هەڵوێست و ناهۆشیار و گەنجانی بێ ئەزموون تاوانباریان دەکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە گەنجی کورد کائینێکی زیندووە نەک دێوێکی نوستوو، تەنیا هێز و پارتێکی نوێی دەوێ وەک خۆی بیجوڵێنێت و بیهێنێتە سەر سکەى راستەقینەى کارى مۆدێرن و مەدەنی. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەشم ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی گەنجانی خوێندکار و خۆپیشاندانەکانی ساڵی پار و ئەو ناڕەزایەتیانەى لێرە و لەوێ دەیانبینین، وەک نموونە دەهێنمەوە، کە ئەم گەنجە ویستی بۆ کارکردن هەیە و ئامادەیە وزەى خەفەکراوى کارایانە بەکار بهێنێت، بەڵام بە رێگە سواو و تەقلیدییەکان نا، بەڵکو بە رێگەیەکی مەدەنی و شارستانی کە هارمۆنی بێت لەگەڵ جۆرى ژیان و واقیعی نوێی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی لە کوردستان.
پارتەکانی کوردستان مەکینەیەکی ژەنگاویی و لە کارکەوتووى کۆنن، هەر لەو شەمەندەفەرانە دەچن بە خەڵووز کاریان دەکرد کە لە سەردەمی داهێنراوە تەکنۆلۆژییەکانی ئەمڕۆماندا بە کەڵکی هیچ نایەن، مەگەر لە مۆزەخانەدا وەک کەلەپوور دابنرێن. کۆتا قسەم، قسەیەکی زۆر قورس و رەقە، لانیکەم ئازایەتیم بۆ دەربڕینی دەگەڕێتەوە بۆ بی َغەمیم لە ترسی نان بڕین، ئەویش ئەوەیە بە دیتنی من پارتەکانی کوردستان (راست و چەپ)یان لە پەراسووى چەپی بەعسەوە وەرگیراون و خوڵقێنراون، بۆیە کاتێک بەعس تەواو دەبێت هەڵبەتە پارتە هاوشێوەکانی (وەک پارتە کوردییەکان) دەبێت وەک شنەبایەک بڕۆن و واقیع خۆی دەرگا دەخاتە سەر پشت بۆ هێزى نوێ و مۆدێرن کە گەنج داینەمۆ و بزووێنەرى بێت.

ستیڤان شەمزینی
ستوكهولم – سولنا

*ئەم وتارە لە بنەڕەتدا گۆشەیەکی بەردەوام بووە بەناوی (ورتە ورت) لە ژمارە (16)ی رۆژنامەی (ئاڵا) لە رۆژی 2-4-2007 بڵاوبووەتەوە.




ئەی یار وا تێمەگە.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

وا تێمەگە ئەمە تەنیا خەیاڵێکە
نا، من چیتر گۆرانی مەرگ ناچڕم
تا ئەو کاتەی نقومی لەشی تۆ بم
هەموو ئەو شیعرە نائومێدانەشم
بەدوای هیوای رۆژێکەوەن
لێوەکانمان بۆنی یەکتر بگرن
ئەو ئاوازە زۆر جار غەمگینەی
لە توێی وشەکانمەوە دێت
مانای تەرکدانی ژیان نییە
واتای ماراسۆنیش نییە بەرەو مەرگ
نا، ئەمە حەسرەتی دوورییە
لە نیگاری خۆرەتاوی باڵات
ئەو وڕێنانەی لە شەودا دەیانکەم
ونبوون نییە لەناو قەرەباڵغی بەرلین
نا، گەڕانە بەدوای رۆژێکدا
لەسەر لەشی رووتت
نەخشەی نیشتمانی لەززەت بدۆزمەوە
وا تێمەگە ئەمە تەنیا دەردەدڵێکە
خۆشەویستیت ئاگرێکی پرتەقاڵییە
لە سەوزایی دەشتی خەونەکانم بەربووە
جوانیت جادووی هاروت و مارووتە
لە ژیانی عەوداڵ و گەڕۆکم کراوە
ماچە تامەزرۆ شەرمنەکانت
ئەستێرەن بەلێومەوە دەدرەوشێنەوە
هەڵکردنی شەماڵی سینگ و بەرۆکت
کوژانەوەی تووڕەییەکانمی بەدەمەوەیە
ئەو پەنجانەی گیتاری دڵتەنگی دەژەنن
حەزیان لە سیسبوونەوە نییە
لەناو باخە شەکەتەکانی بێهودەییدا
نا، ئەوانە ماندوون
دەیانەوێت گەشت بکەن
بەناو تاڵ بە تاڵی پرچی گوڵاوڕێژتدا
وا تێمەگە بیر لە خۆکوشتن دەکەمەوە
سەد ئەوەندەی تر
چارەگران بم لای ژیان
دەست ناخەمە گەردنی خۆمەوە
هەمیشە ئومێدم هەیە
ماچەکانی تۆ
پەلکەزێڕینە لە لاملم بنەخشێنێت
ئەگەر شیعرێکێشم خۆکوژیی ئەنجام بدا
دیارە دڵی لەوە رەنجاوە نەیتوانیوە
وەسفێکی تەڕی ماچێکی تۆ بهۆنێتەوە
یان زمانی دەبەسترێ و واقی وڕ دەمێنێ
لە دیمەنی ئەو تابلۆ ئیرۆسییەی
لەسەر سیسەمی لێکئاڵان دەینەخشێنین
ئەگەر بینینت زمانی شیعرم کورت بۆتەوە
مانای کورتهێنانی عەشقی من نییە
نا، دەستی حەزم زیاتر درێژ کردووە
بۆ ئەوەی پەنجەکانم بگەنە
هەموو سەرچاوە روونەکانی چێژ
وا تێمەگە لە باسی مردندا
سەرقاڵی گۆڕهەڵکەندنم بۆ جوانییەکانم
نا، ئازیزم بابەتەکە مردنی مەرگە
بەو خەنجەرە نوک تیژانەی
لەرێگەی رژانمان بەسەر یەکدا
لە ناو سکی مردنی وەردەدەین
هێندە لە هۆگربوونم بە پایز سڵ مەکە
گەڵاڕێزان لە قامووسی مندا
پێچەوانەی مانا باوەکانی باخە
نا، ئازیزم وەرینی ماچە گەرمەکانی منە
بەسەر لەشی هەڵلەرزیوی تۆدا
گەڵاڕێزانی ئەسرینەکانی تۆیە
لە نێو دەفتەری شیعرەکانی مندا
واتێمەگە هێندە مەستی دەریام
ئیدی کانیاوی مەمکەکانت لە بیر دەکەم
نا، ئازیزم پێش ناسینی دەریا
لە هەر دوو کانییەکەی سینگت
تینووێتی سەفەری عەشقم دەشکاند
وا تێمەگە ئەی یار
لەهەنگاوە تیژتێپەڕەکانمدا
بەرەو شوێنێکی تر
ملی رێگەم گرتۆتە بەر
نا، ئازیزم ئەم پەلەپەلەم بۆ ئەوەیە
چرکەیەک زووتر بگەمە

دوورترین مەودای لەشی ناسکت

5-5-2019
سوێد – مالمۆ
ئەمڕۆ پاش گەڕانێکی زۆر بەناو شاری مالمۆدا لەگەڵ “دکتۆر فەرمان”ی پورزام. بە ماندوێتیی ئەم شیعرەم نووسی کە بە درێژایی پێنج کاتژمێری ناو شەمەندەفەری نێوان ستۆکهۆڵم بۆ مالمۆ بیرم لێ دەکردەوە. وشەکان لەو ساتەوە وەک پۆلە چۆلەکەیەکی ماندووی تینوو لەسەر چەمی مێشکم نیشتنەوە کاتێک لە سێنترال ستاخۆنی ستۆکهۆڵمەوە شەمەندەفەر کەوتە جوڵە رووەو کۆتا شاری باشووری سوێد واتە مالمۆ.




قەسیدەی ژنێک خۆشی دەوێم.. ستیڤان شەمزینی

ئای چەند ئەو ژنەم خۆشدەوێت
چارەنووسم بە دڵیدا دێتە خوارەوە
دەستە نوقاوەکانی تەنهاییم
لە مێرگی سینگیدا دەکرێنەوە
لە شەوانی رەنگ پەڕیوی فیراقدا
لە درزی موحیبەتەوە لێم دەڕوانێت
منداڵە لاسارەکەی هەوەسم
بە سەرنجێکی بەناز ژیر دەکاتەوە
پێکەنینە گڕگرتووەکانی رۆحی
لەنێو جانتای پەژارەکانم جێدەهێڵێت
گریانە ئاڵۆزکاوەکانی ئۆغرکردنم
لەنێو رەشایی پرچەکانیدا دەشارێتەوە
چەخماخە سەوزەکانی نیگام
لە چاوە خومارەکانیدا دەخوێنێتەوە
توند بە باوەشی خۆیەوە دەمنووسێ
کاتێ لورەی گورگی مەرگ دێت
لە تێپەڕینم بەناو مەرزەکانی سەرهەڵگرتن
بەرەو ناوەوەی خۆم
سنوورداشم دەکاتەوە
لە بن سێبەری دارگێلاسی ماچدا
دڵۆپ دڵۆپ رۆندکەکانم دەخواتەوە
ئەو دەمەی ستایشی هەتاو دەکەم
وەک چیایەکی بەفرین دەتوێتەوە
ئەو دەمەی باسی وشکبوونەوە دەکەم
چەشنی رووبارێکی بزێو دێتە بەردەمم
ئەو دەمەی عەشق لەمندا کاڵ دەبێتەوە
عاتیفەم بە ئەوینی خۆی تۆخ دەکاتەوە
ئەو دەمەی سەرم لە مەیخانە بزر دەبێت
لەناو ئاونگی مەمکەکانیدا دەیدۆزێتەوە
ئەو دەمەی لەشکری ماتەم وجودم تاڵان دەکا
ئاڵای ژیان لەسەر تەمەنم بەرز دەکاتەوە
ئەو دەمەی دەریالووشی بێدەنگی قووتم دەدا
لە سەحرای هەنسکەکانمەوە هاوار دەکات
ئەو دەمەی پەنجەرەی غەریزە تەڵخ دەکەم
بە ئاوریشمی شەوێکی لێکئاڵان دەیسڕێتەوە
ئەو دەمەی رۆژەکانم دەبنە گرێکوێرەیەک
وەک پرچی هزرێکی شێواو
یەک یەک دەیانکاتەوە
ئەو دەمەی لەسەر جوگرافیای عەشق ون دەبم
کون و قوژبنی شیعر بە دوامدا دەگەڕێت
ئەو دەمەی بڕیاری کۆچ دەدەم و دەڕۆم
سۆراخم لەو پاپۆڕە شکستخواردووانە دەپرسێت
لە لیتاوی کەناری خەونێکی بەدینەهاتوودا چەقیون
ئەو دەمەی دەروازەکانی ئەندێشەم دادەخەم
هەوڵی فەتحی شارە مێژووییەکانی خەیاڵم دەدات
ئەو دەمەی ئاگر لە خەڵوزی لێوەکانم بەردەدەم
مینا شنەبایەکی میهرەبان بەرەو رووم هەڵدەکات
ئەو دەمەی گەدەی فکرم
پڕ دەبێت لە کێمی پووچیی
خەیاڵدانم دەئاخنێت
بە دەیان پرسیاری گەشبین
ئەو دەمەی لەسەر شانۆیەکی مەلوول
بەردەبمەوە نێو دۆزەخی حەسرەت
دەستم دەگرێت بۆ نێو بەهەشتێک
لە رەنگی نیشتمان و
لە چەشنی ژنێتی خۆی و
بە نازێکی تەواو ژنانەوە
دەچرپێنێتە گوێم
ژیان هەر ئەوەندەیە
لەگەڵ من بەسەری ببەیت
ئاه، خودایە
من ژنێکی ئاوهام خۆشدەوێت
ژنێکی ئاوها خۆشی دەوێم

بیلەفێلد – نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتایسۆنی نۆرۆلۆگی




کتێبێکی نوێی ستیڤان شەمزینی چاپکرا

کتێبی “شارستانی کۆلاپس- ژیان و خۆشەویستی لە سەردەمی سەرمایەدارییدا” ناونیشانی کتێبێکی نوێی ستیڤان شەمزینییە، لە دوو توێی 660 لاپەڕەی قەبارە گەورەدا، بەم کتێبەش ژمارەی کتێبە چاپکراوەکانی نووسەر گەیشتە 23 کتێب، ئەم کتێبە لە پێنج بەشی سەرەکی و پێشەکی و پاشەکییەک پێکهاتووە بەم شێوەیە:
بەشی یەکەم: لە خۆشەویستییەوە بۆ خۆشەویستی
ئەم بەشە چەند سەر باسێکی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە بەم ناونیشانانە
-چییەتی خۆشەویستی
-دوالیزمی خۆشەویستی و سێکس
-جەستەی بایۆلۆژیی و جەستەی کولتووریی
-ناشرینکردنی جوانی، سەردەمی ساف و لوسی
-ئیپۆسەکانی خۆشەویستی
-شیعری رۆمانسی یان شیعری پۆرنۆ؟
بەشی دووەم: شارستانیی کۆلاپس
ئەم بەشە چەند سەرباسێکی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە بەم ناونیشانانە
-بەرخۆریی، فریودانی ئارەزوو
-چەوساندنەوەی ژینگە
-شەپۆلی چوارەم، ژیان لە شانشینی دیجیتاڵیدا
-سیستمی هیچوپووچی و هەژموونی ئەوباشەکان
-سەرکەوتنی ساناتۆس، گەڕانەوەی تارمایی جەنگ
-داماڵینی رادیکاڵیزم، سەرمایەداریی و گەشەپێدانی مرۆیی
-کەوتنی خۆرئاوا، ژیانەوەی راسیزم و راستڕەویی
-رەخنەی رەخنەکان، رەخنە لە عەقڵی ناعەقڵانی
-ئایدیای شۆڕش لە سەردەمی دژە شۆڕشگێڕییدا
-هونەری ئاڤانگارد ترووسکەی شەوەزەنگ
بەشی سێیەم: مەرگ لە چاخی نەمرییدا
ئەم بەشە بریتییە لە توێژینەوەیەکی فرەلایەنی چەمکی میتافیزیکیی مردن و نەمریی لە 55 لاپەڕەدا.
بەشی چوارەم: راڤەی تیۆلۆژیی
ئەم بەشە دوو سەربای لە خۆگرتووە بەم ناونیشانانە
-خودا مەتەڵێک لەودیو بوون و نەبوونەوە
-ئاین وەک تلیاک، بێ ئاینیی وەک ئاین
بەشی پێنجەم: بیرکردنەوەی چەپ بە کوردیی
ئەم بەشەش دابەشبووە بەسەر سێ سەرباسدا بەم شێوەیە
-مارکس خێوێک بە ئاسمانی جیهانەوە
-داکۆکی لە سۆشیالیزم
-بەرگریی لە کوردبوون

کتێبەکە لەسەر ئەرکی دارایی نووسەر خۆی چاپ بووە، لە سەرەتای ساڵی نوێدا لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستاندا مەراسیمی بە دیاری بەخشینی بۆ ئەنجام دەدرێت.
ئەم کتێبە لەلایەن هەرێم عوسمانەوە دیزاین کراوە و لە چاپخانەی کارۆی شاری سلێمانی بە تیراژی 1000 دانە چاپکراوە.




جارێکی تریش ژن ژیان ئازادی.. ستیڤان شەمزینی

ژان بۆدریاری فەیلەسووفی فەڕەنسی، باسی لەوە دەکرد سەردەمی مودێرن سەردەمی پۆست ئازادییە و مرۆڤ تا دوا توانستی خۆی بەشێوەیەکی زێدەرۆیانە دەستی گەیشتووە بە ئازادیی، وەک بڵێی خودی ئەم ئیمکانە لە ئازادیی ئاوس بێت بە نائازادیی، رەنگە ئەم تێزە سەبارەت بە ژیاری خۆرئاوا فاکتێکی حاشاهەڵنەگر بێت، بەڵام بۆ بەشەکەی تری زەوی “خۆرهەڵات” هەمان ئەو ناوەڕۆکە سەر راستە نییە، بەو پێیەی هێشتا بەشێکی زۆری کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرگیرن لەگەڵ دەوڵەتە تیۆکرات و پلۆتۆکراسەکاندا کە بە توندترین فۆرم بەرزەفت و جڵەوگیر دەکرێن، لەم بەشەی رۆژهەڵاتی هەسارە شینەکە “زەوی” کۆنسیپتی ئازادیی خەونێکی کۆگەلییە بۆ قووتاربوون لە دیسپۆتیزمی ئەو دەوڵەتانە. بۆیە لەو سەردەمەی پێشگری ئازادییەکان بەتایبەت لە خۆرئاوا دەچنە پێش هەموو دەستەواژەکانەوە کە خودی ئازادییان بەرەو کۆیلەیەتییەکی ئارەزوومەندانە و نۆرمێکی تر لە فیتشیزم بردووە، بۆ خۆرهەڵاتی زەمین ئازادیی ئەو پانتاییە گریمانەکراو و بەستێنەیە خەونی پێوە دەبینرێت کە تێیدا تەوق و کەلەپچەکان بشکێندرێن. لەم رەهەندەوە دروشمی ژن ژیان ئازادیی کە تایتڵێکی دەرە ئایدۆلۆژییە تێکڕای هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی لە یەک جووڵانەوەی گۆمەڵایەتیدا کۆکردووەتەوە دەبێتە دروشمی شۆڕشگێڕانەی سەردەمێکی نوێ، ئەو تێزەش لەسەر ئەرزی واقیع بەزینی خۆی بینییەوە کە پێیوابوو تێزی شۆڕش چیتر تێزێک نییە بۆ گۆڕانی مێژوویی بەڵکو شۆڕش ڕۆڵەکانی خۆی دەخوات، ئەمە ئەگەر سەبارەت بە شۆڕشە کلاسیکییەکان ئەوانەی لەلایەن حزبێکی ئاڤانگارد و رێبەرێکی کاریزمییەوە سەرکردایەتیان دەکرا بەشێک بووبێت لە راستی، بەڵام لە بزووتنەوەی داگیرکردنی وۆڵ ستریت بەملاوە تا شۆڕشی ژینا شایەتین لەسەر پارادایمێکی تری ئەکتی رادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە کە بەشێوەیەکی ئاسۆیی و بێ هەبوونی نەخشەیەکی ئایدۆلۆژیی پێشوەخت خۆی بەڕێوە دەبات. ئەم شۆڕشە شۆڕشی ئومێدە، ئەگەر بتوانێت سەرکەوتوو بێت دەتوانێت دەرگا لەسەر زەمەنێکی تر بکاتەوە، وەک چۆن هاتنە سەر شەقامی خەڵکی ئێران لە ساڵی 57 “1979” میشێل فۆکۆی فەیلەسووفی فەڕەنسی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی ئەوەی لە تاران دەگوزەرێت بووژانەوەیەکی تری گیانی شۆڕشگێڕییە.




پەنجەرەیەک بە ڕووی ناسینی دید و تێڕوانینی فەقێکان و ئیسلامی سیاسیی.. ستیڤان شەمزینی

بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا:
پەنجەرەیەک بە ڕووی ناسینی دید و تێڕوانینی فەقێکان و ئیسلامی سیاسیی/ ستیڤان شەمزینی

بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا وەک تێما و مژار، شایەنی سەرنجدانێکی وردترە، دەشێ چاوێکی تێبینیکار، فرەڕەهەندتر لە خۆی سەیری ئەم بیرەوەرییانە بکات. گرنگی ئەم بیرەوەرییانە هەر ئەوەندە نییە، وردە مێژوو لە دەرەوەی حیکایەتە گەورەکانی سیاسەتمەداران دەوروژێنێت، بەڵکو نرخە مێژوویی و فیکرییەکەی لەوەدایە، ئاوڕ لەسەر جۆری ژیان و بیرکردنەوەی ئیسلامی سیاسیی دەداتەوە، کە تا ئێستا ئێمە کەمتر لە وردەکارییەکانی بە ئاگاین. پێمخۆش بوو، بەشێکی فراوان لەوانەی پێشتر کە ئەزموون و کاری ئیسلامی و باکگراوەندی ئاینییان هەبووە، ئێستاکە کەوتوونەتە مەتەرێزی دژە فێندەمێنتالیزم و سیکۆلاریزمەوە، لەبری چەمکسازیی و فرۆشتنەوەی قسەی گەورە و قەڵەو، پێشنۆرەی هەر کارێکی تر، ئیشێکی لەم جۆرەی کاک “شەماڵ”یان بە ئەنجام بگەیاندایە، پێموایە ئەمەیان سوودێکی زۆرتری دەبوو بۆ خوێنەر و کۆمەڵگە، بە تایبەت هەندێک لەو بەڕێزانە ئێستاکە پێگەیەکی ئەکادیمی بەرزیان هەیە و باشتریش بەهرەمەندبوون لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکانیان، لەلایەکی تریشەوە، زیاتر قاڵبووەوەی شەریعەت و پێگەی سیاسییان لە حزبەکانی ئیسلامی سیاسییدا لە شوێنێکی بڵندتر بووە، بەڵام کە ئەو ئەرکەیان رانەپەڕاندووە، بێگومان جێگەی گلەییەکی زۆرن.
کاتی خۆیشی کە ئەم زنجیرە بیرەوەرییەم لە ماڵپەڕی “دەنگەکان” خوێندەوە، هەڤاڵێتیم لەگەڵ نووسەردا نەبوو، لە رێگەی هاوڕێیەکی ترەوە پەیامێکم بۆ نارد، کە ئەم پێشەکییەش هەر لەو ناوەڕۆکە پێکهاتووە و داوام کرد کە نووسەر ئەم ئوتوبیۆگرافییە، درێژە پێبدات و هیچ کات دەستبەرداری نەبێت، تا دەبێتە کتێبێک. لەبەرئەوەی ناواخنی ئەم بیرەوەرییانە، کەرەستەی خاون بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسیی و کۆمەڵناسی، تەنانەت دەروونناسیش. چونکە ئەمە پەنجەرەیەکە بە ڕووی ناسینی دید و تێڕوانینی فەقێکان و ئیسلامی سیاسیی بەشێوەیەکی گشتگیر لە بەرامبەر دنیای دەوروبەر و کەتواری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی جڤاتی کوردیی. من، یان هەر کەسێکی تر، هەقیقەتی ئیسلامی سیاسیی لە رێگەی ئەم بیرەوەرییانەوە دەناسین، نەک لە زمانی میدیاکانیانەوە، کە هەمیشە شتێک لە تاریکیی دڵیاندا دەشارنەوە. گرنگی ئەم زنجیرە یادەوەرییانە، ئەوەیە چووەتە پشتی کەوالیس و پەردەی لەسەر زۆر لایەنی پەنهان و گەلێک وردەکاریی نەزانراو هەڵماڵیوە، کە تا هەنووکە کەم باسکراون یان بیستراون.
بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا، زۆر تێمای بەنرحی تێدایە، کە خوێنەر ڕادەکێشن. ئەوە ڕاستە ئوتوبیوگرافی شتێکی تەواو پریڤاتە و ڕووداوێکە لە رابردوودا ڕوویداوە، ئیدی بابەتەکە لەو جێگەیەدا لە پرسێکی تاکەکەسی دەردەچێت، کە دەیەوێت پێمان بڵێت، ئێمە چۆن و بە چ نیگایەک سەیری ژیان و کۆمەڵگەمان کردووە؟ تەرزێک لە بیرکردنەوەی گروپێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیمان پێدەناسێنێت، وەک گوتم، لەدەرەوەی ڕوانینە گشتگیرەکە، کەمترین زانیاریی لەو جۆرەمان دەستکەوتووە. کاتی خۆیشی پێشنیارم کرد ئەگەر هیچ کتێبێکی چاپ نەکردووە، پێویستە نووسەر ئەم زنجیرەیە بکاتە کتێب، ئەوەش پاش ئەوەی من لە خوێندنەوەیاندا بەر جیهانێکی تر کەوتم، هەر لە دوورەوە بینیبووم و بۆ زۆرینەی خەڵکیش هەروا. ئەو بەشی ژێرەوەی ئەو شاخە سەهۆڵینەی ناو ئۆقیانووسی نیشانداین، کە بەتەنیا لوتکەکەی دیاربوو. خۆ ئەگەر من دەزگایەکی چاپم هەبووایە، لە ڕیزبەندییەکەدا شانسی یەکەمم بەم زنجیرە بیرەوەرییانە دەدا، بۆئەوەی وەک کتێب بچێتە ژێر چاپەوە. هەڵبەتە من پێشنیارێکی تریشم کردبوو، کە ئەگەر توانای ئەدەبیی کاک شەماڵ ئەوەندەیە “شیعرەکانیم خوێندووەتەوە” بتوانێت ئەم بیرەوەرییانە لە فۆرمی ڕۆماندا بەرهەم بهێنێتەوە، ڕەنگبێ کارێکی نایاب بێت، چونکە ئەوەندە ماتریاڵی چیرۆکئاسای تێدایە، ئاگر لە خەیاڵی چیڕۆکخوێن بەردەدەن. وەک خۆم دڵخۆشم. ئەم کتێبە ئەگەرچی بە ژمارەیەکی کەمەوە چاپ دەبێت، بەڵام ئەو شتە هاتە بەرهەم، کە کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی پێبوو. لەوانەیە هێشتا هەبن بایەخی ئەم کارە تێنەگەن، بەڵام ئەستێرەکانیش دەمودەست درەوشانەوەیان نابینرێت.




چەخماخەی شۆڕش.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە رۆژهەڵات دەگەڕێم
لەو رۆژهەڵاتەی لە ناو رۆشنی خۆیدا و
لەگەڵ یەکەم تروسکەی ئازادییدا
دەیدۆزمەوە
هۆ رۆژهەڵاتی برینە دێرینەکان
ئەی بەلەمی نێو ئۆقیانووسی ئەسرین
هۆ رۆژهەڵاتی راپسکاوی
سەر نەخشەی ستەم
ئەی رۆژهەڵاتی یەکەمین کۆمار
هۆ رۆژهەڵاتی تینوو
بە قومێ ئاوی سەربەستی
ئەی رۆژهەڵاتی خنکێنراو
بە عەمامەی رەشی زەمەنی بەسەرچوو
هۆ رۆژهەڵاتی گۆرانییە تازەکان
گۆرانییەکی وەک خەنجەر تیژ
لە جەرگی مێژووی تاریک دەچەقێ
گۆرانییەکی تر وەک گۆزەی مانگەشەو
پڕ لە تیشک
کە تریفەی ئومێدی لێ دەڕژێ
دوا گۆرانیش بۆ ئەو رۆژەی
وا لە رۆژهەڵاتەوە هەڵدێتەوە
هۆ رۆژهەڵاتی شەڵاڵ لە خەون
هەرچی خەونەکانی گەیشتنەوەیە
بە نیشتمان
بە دڵی تۆدا تێدەپەڕن
هەرچی کەشتییەکانی ئازادییە
لە کەناری تۆدا لەنگەر دەگرن
هەرچی خەونەکانی رابردووە
لە ئایندەی تۆدا سەردەرهێننەوە
هۆ رۆژهەڵاتی رۆح داگیرساو
ئەی چرای میللەتێکی شەوارە کەوتوو
ئەوە تۆیت
لە زەمەنی بڕینی زمانی خۆرەتاودا
یەک یەک
کەلەپچەکانی دەستی تیشک دەکەیتەوە
بە پێچەوانەی رێساکانی سروشتەوە
لە وەرزی گەڵارێزاندا
چرۆی تازەی شۆڕش دەردەکەیت
ئەی رۆژهەڵاتی هەمیشە رووناک
چەند پێمخۆشبوو
ئێستا خۆم بە تاڵێک تیشکتا هەڵواسیبا
ئەی رۆژهەڵاتی چەخماخەی شۆڕش
ئای چەند تامەزرۆ بووم
خوێنی من چەشنی گۆلاوێک
خوڕ خوڕ بڕژێتە
دەمار بە دەماری خاکەکەتەوە
هەی رۆژهەڵاتی هەموو کات
خۆر لێ ئاوا نەبوو
ئەی تووڕەترین رەشەبا
حەزم دەکرد
بەسەر پشتی ئەسپی گەردەلوولەوە
بێمەوە ئامێزت و
جارێکی تر رۆژی تۆ
لەسەر باڵام ئاوا نەبووایە.

22-9-2022
فرانسیسکۆس هۆسپینەڵ




قەسیدەی جگە لە ئەوینی تۆ… ستیڤان شەمزینی

شاعیرێک بووم
هەموو شتێکم رەت کردەوە
ئەو جەنگانەی
دەبنە زەریایەکی شەپۆلاویی خوێن
ئەو کورسییانەی
لەش لەسەریان کرمەڕێز دەبێت
ئەو خەڵاتانەی پادشا
لە کیسەی نەداران دابینیان دەکا
ئەو ماڵە کریستاڵییەی
دڵ تێیدا دەبێتە پارچەیەک پۆڵا
ئەو گۆپاڵانەی
لە پشتی ئازادیی دەوەشێنرێن
ئەو چرایانەی
ناپاکییان لە رووناکی کرد
ئەو یادەوەرییانەی
دەستیان ناوەتە قورگی ئێستاوە
ئەو تارماییە رەشانەی
چۆلەکەی شەوق شەوارە دەخەن
ئەو چەقۆیانەی
لەشی بیرکردنەوە قاش دەکەن
ئەو سەربەستییەی
بیرکردنەوە لەناویدا زیندانی هەتاهەتاییە
هەموو ئەمانەم پێکەوە رەتکردەوە
تەنها ئەوەی نەمتوانی رەتی بکەمەوە
خانمەکەم
ئەوینی هەمیشە داگیرساوی تۆ بوو
شاعیرێک بووم
هەموو شتێکم رەت کردەوە
ئەو دەریایانەی
جگە لە سەراب هیچی تر نەبوون
ئەو بەلەمانەی
بەنێو چۆمی وەهمدا رێگایان دەبڕی
ئەو پشکۆیانەی
زمانی خەیاڵ دەچزێنن
ئەو غەڵبەغەڵبانەی
سەری بێدەنگی پان دەکەنەوە
ئەو شەوە دڵڕەقانەی
خەون دەکەنە دەرەوە
ئەو قەفەزانەی
بۆ بولبولی روانین ئامادەکراون
ئەو گوێیانەی
لەبەردەم هەقیقەتدا کاس بوون
ئەو لووتانەی
ناتوانن بۆن بە خۆشەویستییەوە بکەن
ئەو دەستانەی
نەیانتوانی باخی جوانی ئاو بدەن
ئەو قاچانەی
سڵ لە پیاسەی نێو ئاگر دەکەنەوە
هەموو ئەمانەم پێکەوە رەتکردەوە
تەنها ئەوەی نەمتوانی رەتی بکەمەوە
خانمەکەم،
زایەڵەی عەشقی ئەبەدیی تۆ بوو
شاعیرێک بووم
هەموو شتێکم رەت کردەوە
ئەو خودایانەی
لە کارگەی ئاینەکاندا دروستکراون
ئەو گۆڕە قووڵانەی
بۆ هەتاو هەڵکەنراون
ئەو بۆشاییانەی
دەبوو بە فرمێسک پڕ بکرێنەوە
ئەو قوڕانەی
لەشی باڵندەی غروریان سواغ دا
ئەو مەرکانە خەفەتبارانەی
ئومێدیان لێ ناچۆڕێت
ئەو کەنارانەی
پێشوازیی لە رێبواران ناکەن
ئەو نیشتمانەی
بووەتە سۆزانی پیاوانی سیاسەت
ئەو غوربەتەی
ختوکەی بن باڵی خۆکوشتن دەدات
ئەو تەنهاییانەی
ئاوس نین بە شێتێتی خۆم
ئەو کۆڵانانەی
ماڵێکیان تێدا نییە بۆ عەشق
هەموو ئەمانەم پێکەوە رەتکردەوە
تەنها ئەوەی نەمتوانی رەتی بکەمەوە
خانمەکەم،
قەدەری خۆشەویستی تۆ بوو
وا هێمن هێمن
بە ناو رۆحما رۆدەچێ
شاعیرێک بووم
هەموو شتێکم رەت کردەوە
ئەو شەقامە قەرەباڵغەی
ئەوسەری لە تەنهاییەوە دەردەچێ
ئەو دەرگایانەی
گێژەڵوکەی ماتەم لێیانەوە دێتە ژوورەوە
ئەو قومارانەی
ئەڵماسی گەنجیی تێدا ئەدۆڕێنرێت
ئەو غەزەلانەی
لەنیوەی رێدا بە هەنسکەوە هەڵدەوەرێن
ئەو پیاوانەی
بەختی سپی ژنان رەش رەش دەکەن
ئەو ژنانەی
نیگای پیاو پڕ دەکەن لە ژەهری دڵڕەقی
ئەو شێوەکارانەی
پۆرترێتی پەرتبوونی گەڵا دەکێشن
ئەو مۆسیقارانەی
نغرۆبوونی پێکەنین دەکەنە سەمفۆنیا
ئەو سەربازانەی
فیشەک دەنێن بە مێژووی مۆمەوە
ئەو بازرگانانەی
لە هەموو وەرزەکاندا مردن دەفرۆشن
ئەو شیعرانەی
ناتوانن برینی پەروانەیەک ساڕێژ بکەن
ئەو چیرۆکانەی
خوێنەر قایل ناکەن بە هەڵاتنی خۆر
هەموو ئەمانەم پێکەوە رەتکردەوە
تەنها ئەوەی نەمتوانی رەتی بکەمەوە
خانمەکەم
گەردەلولی هەڵکردووی دڵی تۆ بوو
شاعیرێک بووم
دوای رەتکردنەوەی هەموو شتێک
وەک زریانێکی شپرزە و
سەرلێشێواو هاتم
لە باوەشی میهرەبانی تۆدا
هێور بوومەوە
وەک کۆمەڵێک
وشەی پەرش و بڵاو هاتم
لە ئامێزی تۆدا
بوومە کتێبی خۆشەویستی

18-5-2019
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی




قەسیدەی چاوەڕوانی ژنێک بووم… ستیڤان شەمزینی

چەندان ساڵ
تەرمی خۆمم بەشانمدا دابوو
شار بە شار
وڵات بە وڵات
لەگەڵ خۆم دەمگێڕا
نەمتوانی لە هیچ پاسارێکی غەمگین
لە هیچ گۆڕستانێکی مەلول
ئەسپەردەی بکەم
چاوەڕێم دەکرد لەدڵی ژنێکدا بینێژم
چەندان ساڵ
کاروانچییەکی چاوەڕوان بووم
هەگبەم دیوانێک شیعر و
دڵێکی بەخورپە داپۆشراو بوو
نەمتوانی یەک دێڕ شیعر
بۆ هیچ ئێوارەیەکی لێو بەبزە بخوێنمەوە
دڵیشم
بۆ هیچ ئەستێرەیەکی خامۆش بکەمەوە
چاوەڕوانی دەرکەوتنی ژنێک بووم
لەوسەری ئەوسەری دنیای لێڵی منەوە
لە دەم کەلی بێهودەییەکانمەوە هەڵبێ
شیعرەکانم بگرێتە باوەش
پەڕە پەڕە خورپەکانم بخوێنێتەوە
چەندان ساڵ
بە گەشتە دوورەکانەوە خەریک بووم
جارێک لە ناو کتێبێکدا ون بووم
جارێکی تر
لە فڕۆکەی جوانی کەوتمە خوارەوە
جارێکی تریش
لەژێر دارچناری قەدەغەدا خەوم لێکەوت
هەموو جارێک
سەفەر رەنگی هەڵدەپڕوسکاندم
لە هەموو گەشتەکانمدا
هەر چاوەڕێی ژنێک بووم
هاوسەفەرم بێت لە شەمەندەفەری ئەویندا
رۆژووی تەنهاییم لەگەڵ بشکێنێ
گۆرانی بۆ بڵێم کاتێک پێدەکەنێت
لە گۆمی دڵخۆشیمی هەڵکێشم
ساتێ خەفەتبار دەبێت
بیخەمە بەر رێژنەی ماچ
کاتێک تینوو دەبێت
چەندان ساڵ
کتێبی گریانم دەخوێندەوە
لە ژێر هەر وشەیەکیدا
دەریایەک فرمێسکم رشت
لە پەنا هەر پیتێکیدا هەزاران هەنسکم دا
لە کۆتاییدا کتێبێکم نووسی
بە پەڕەمووچی پێکەنین
نەمهێشت هیچ کەس
ئەو کتێبە بخوێنێتەوە
نە “با”یەکی سەرکێش
توانی پەڕەیەکی لێ هەڵبداتەوە
نە باران توانی بە ئەسرین بیخوسێنێت
ژنێک
لە باکووری زەردەخەنەوە پەیدا بوو
لە نێوان دێڕەکاندا خۆی ون کرد
هێشتاش نەگەیشتە ئەو دێڕەی دەڵێت
خۆشم دەوێی بە هەموو حەسرەتەکانتەوە
چەندان ساڵ
موریدی تەریقەتی پایز بووم
چی گوڵی تازە شکۆفەکردبوو وەرین
چی مەتەڵەکانی ژیان بوو
رەنگی خۆڵەمێشیان گرت
چی میوەکانی هەستم هەبوو
یەک یەک گەنین
ئا لەم وەرزە خەزاناوییەی تەمەندا
چاوەڕێی ژنێک بووم
لە رەگەزی یاسەمین
لەسەر بەرماڵی زەردهەڵگەڕاوی پایزییم
نوێژی بەهاری عیشقێک داببەستێت
لەم وەرزی وەرینەدا
بمخاتەوە حاڵی چرۆکردن
لەم گەڵاڕێزانەی عومردا
گیرفانم پڕ بکات لە هەنجیری ژیان
بەستەڵەکی ئەم تەنهاییە قاقڕەم
بە هەتاوی ژوانێک
بکاتە خۆرهەڵاتی ئاوەدانی
چەندان ساڵ
لە مەیخانەیەکی زۆر دێرین
شیعری “خەیام”م دەخوێندەوە
فاتیحام بۆ هێشووە ترێ دەخوێند
لەگەڵ فڕکردنی هەر پێکێک شەرابدا
خۆزگەیەکم لە دایک دەبوو
لە هەر هەناسەیەکی ئانی مەستبووندا
خەیاڵ بە باوەشی ژنێکەوە دەیبردم
چاوەڕوانی ژنێک بووم
قوم قوم ماچم لەگەڵ بخواتەوە
تەنهایی لە چاوەکانم بتەکێنێت
لەسەر شانۆی ئارەزووەکانم
سەما بکات
لە دارستانی شیعرمدا
نەمامێکی ساوا بڕوێنێ
لە ناو نوێنی عاتیفەمدا
بە خەونێک دوو گیان بێت
خەونێک کۆرپەی شیعرم
تێیدا بکەوێتە سەرپێ و
هەتاوی نیگام
لە ماڵی چاوم بێتە دەرەوە
چەندان ساڵ
لە بن درەختی زڕی
غوربەتدا گەوزابووم
هەناسەکانم
بۆنی بەفری مەنفایان لێ دەهات
ئەندێشەکانم
ببوونە گوڵدانی مرۆڤێکی ئاوارە
گەڵای زەردەخەنەکانم
دەوەرینە حەوشەی بێکەسییەوە
لەشی عیشقم
دومەڵی پەرتەوازەیی دەرکردبوو
لێوی پڕ بزەی پێشووم
گریانی لێ دەباری
ئا لەم ساتەوەختە پڕ وەیشوومەیەدا
چاوەڕوانی ژنێک بووم بە شمشێرێکەوە
قڵشت بخاتە نێوان من و تەنهاییەوە
گریان لە چاوم جیا بکاتەوە
دەستی ئەو ئاگرە بێ دووکەڵە وەڕسە ببڕێت
بە هۆی بێ نیشتمانییەوە سزام دەدا و
بە زیندوویی دەمسووتێنێت
لەشی ئەو ئیبلیسە
هەپروون هەپروون بکات
بە هەنگوینێکی ژەهراویی
هاتە بن کڵێشەم و
جانتای سەر هەڵگرتنی
بەرەو هەندەران دایە دەستم.

سەرەتای بەهاری 2019
بیلەفێلد – نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتایسۆنی نۆرۆلۆگی




دڵم نایەت بمرم… شیعر: ستیڤان شەمزینی

چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک مەمکی ژیان دەگوشم
هەموو شەوێک لە سرووتێکی نەشئەئامێزدا
لەگەڵ ئەستێرەیەکی بریندار سەما دەکەم
هەموو بەیانییەک سڵاوی کازیوە
دەگەیەنمە
ئەو شارە خۆڵەمێشییەی تێیدا ون بووم
هەموو نیوەڕۆیەک لە شیعرێکدا
جۆگەی ماچی ژنێکی دوورەدەست هەڵدەقوڕێنم
هێشتاش هەست بە تینوێتی دەکەم
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک عەشق دەمنوسێنێت بەخۆیەوە
دنیا لە چاوی منەوە دەبینێت
هەموو شەوێک ماچ دەمخاتە بۆسەوە
هەموو بەیانییەک چەپکێک تیشک دەخەمە
گیرفانی تەنگ و بەتاڵی وجودەوە
هەموو نیوەڕۆیەک
لە شەقامی تەنهایی ژنێکدا
ئاوازێک بۆ ئاوێتەبوون دەژەنم
بۆ تەڵێکی بەجێماوی پرچی
ناو نوێنەکەم دەگەڕێم
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک بزەیەکی سەرخۆش
ختوکەی قوڵپی گریانم دەدات
هەموو شەوێک مانگ بە تریفەدا
نامەیەکی پرشنگاویم بۆ دەنێرێت
هەموو بەیانییەک
“با”یەکی هێمنی نیشتمان
تۆزی غوربەت لە شانم دەتەکێنێ
هەموو نیوەڕۆیەک
ژنێک میوانی خەیاڵمە
پێکەوە لەسەر سیسەمی فەنتازیا
دەست لەملانین
هەڵاوی خاکی وڵات
لە مەمکەکانییەوە هەڵدەستێ
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک
سەری تەزیو و بەستووم
بە یەک مژدەی بەهار دەتوێتەوە
هەموو شەوێک هەسارەیەکی دەنگخۆش
ئازارەکانم دەکاتە گۆرانییەکی شاد
هەموو بەیانییەک کانییەک لە جوانی
لە پەنجەی ئەوینمەوە هەڵدەقوڵێت
هەموو نیوەڕۆیەک
ژنێکی لە خاچدراو بە غەم
بە کەژاوەی گریانەوە
بەرەو رووم دێت و
لە نیشتمانی موحیبەتمدا
داوای پەناگەیەک دەکات
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک
بە پەیژەی خۆشەویستی
سەردەکەوم بۆ سەربانی ژوان
هەموو شەوێک پۆلێک فریشتە دێنە لام
تاکو رۆژ دەبێتەوە کەمانچە دەژەنن
بۆ ئەو رۆژە کڵۆڵانەی بە چاوەڕوانییەوە
بەسەرم بردن
هەموو بەیانییەک
دڵۆپێک فرمێسکم پێ دەبەخشرێت
تا بە چاوی تامەزرۆییمدا بێتە خوار
هەموو نیوەڕۆیەک ژنێک لە دوورەوە دێت
پۆشاکی زام لەبەرم دادەکەنێ
بە گەرمی لەشی خۆی دامدەپۆشێت
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک سیحرێکم لێ دەکرێت
ژیان لەبەرچاومدا
تارای گەشبینی دەکاتە سەر
هەموو شەوێک ئومێدێکی چەتە
جانتای سەفەری ئەبەدییم لێ ئەدزێت
هەموو بەیانییەک کەناریی شیعر
دەبێتە قورگی زوڵاڵی ئازارەکانم
هەموو نیوەرۆیەک
ژنێکی نەسیم ئاسا
گۆرانییەکم بۆ دەڵێ
هێشتا نەمبیستووە
بە لەشێکی رووتەوە هاتووە
دەیەوێت رۆحی من بپۆشێت
ئیتر چۆن دڵم بێت بمرم؟
کاتێک دەبینم مردن لەبەرم هەڵدێ
ژیانیش توند بەخۆیەوە دەمگوشێت
نا، جارێ دڵم نایەت بمرم
دڵم نایەت بمرم

5-12-2018
بیلەفێلد – نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی




هەوەسبازترین عاشقی دنیا… قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

کەوتوومە ژێر داروپەردووی تاریکی
رووناکییەک دەبینم، نوورێکی سپی
شەوقی ژنێکە
لە ژووری تەنهایی زوڵمەتدا
هەموو شەوێک بە خەونێک ئاوس دەبم
خەون بە ژنێکی سەرسامکەرەوە دەبینم
ئەمڕۆ بە قووڵی سەرنجی دەدەم
سبەی دەکەومە فیردەوسی باوەشییەوە
ئەمڕۆ لەسەر دیواری کەنیسەیەک دەنووسم
شەوقی ژنێک بەسە لە جیاتی تیشکی خۆر
رووناکی ژنێک بەسە لەبری تریفەی مانگ
سبەی ئەو فریشتانەی خوێنی جنۆکە
بە لەشیاندا دەگەڕێت
پەل بەستم دەکەن، رامدەکێشن بۆ دۆزەخ
لەوێ لەسەر دەرگای دۆزەخ
بە بەرچاوی دۆزەخنشینانەوە دەنووسم
گەرمی ژنێکە
ئەم ئاگرە بڵێسەدارەی خۆش کردووە
ئەمڕۆ هەست بە شێتبوونی خۆم دەکەم
بێ سڵەمینەوە داوای سێکس
لە ژنێک دەکەم
ئەو وەک نەیزەکێک دڵم چاڵ دەکات
سبەی رۆژنامەکانی دڵداریی
هەواڵی مەرگی من دەکەنە مانشێت
ئەمڕۆ بیر لە درکاندنی
رازێکی کۆن دەکەمەوە
هەست بە تەریقبوونەوە دەکەم
بە بیانووی شیعرێکەوە
داوای ماچ لە ژنێک دەکەم
ئەو جەنگ لە دژم رادەگەیەنێت
بە شمشێری نەریت
دەماری خوماربوونم دەبڕێت
بە گەڵای شەرم خۆی دادەپۆشێت
سبەی بە برینێکی ساڕێژنەبووەوە
رێگەی خۆم بەرەو عەدەم دەبڕم
زۆر نابات
لە ژێر دارتووی زڕی فەرامۆشیدا دەمرم
کۆمەڵێک داڵ لە لاشەکەم تێر دەخۆن
ئەمڕۆ خۆم دەدەمە دەست دڵ
عەقڵ دەخەمە
زیندانی حەزە هەڵچووەکانمەوە
بە سەرخۆشی
داوای رووتبوونەوە لە ژنێک دەکەم
وەک رووتبوونەوەی ناو فیلمەکانی پۆڕنۆ
ئەو هەزار بیانووی تاڵی هێناوە
وەک پیاوێک وێنای کردم
لە هەوەس زیاتر هیچ ترم نییە
لەوانەیە سبەی
بیر لە نووسینی شیعرێک بکەمەوە
تێیدا بە خۆم بڵێم
ئەی هەوەسبازترین عاشقی دنیا
شوێنێک نەماوە بۆ خۆ حەشاردانت
ئەم خەجاڵەتییەت ببە ناو گۆڕەوە
ئەمڕۆ خەونێکی درۆ هەڵدەبەستم
بە زمانێک لەنێوان مغازەلە و گوناهباریدا
بە ژنێکی گیرۆدەی عەشقی خۆمم دەڵێم
ئەمشەو لە خەونمدا
لە شارێکی قەرەباڵغ
بەڵام لە کوچەیەکی چەپەکدا
لە رۆژێکی رووناک
بەڵام لە شوێنێکی تاریکدا
لە وەرزێکی سارد
بەڵام لە ژوانێکی گەرمدا
تۆ لەگەڵ من بوویت
وەک دڵی خۆم
قۆپچەی کراسەکەتم کردەوە
مەمکەکانت ئەوەندە ناسک بوون
نەموێرا لێویان بخەمە سەر
نەکا وەک شەکر
بەسەر لێوی تاڵمدا بتوێنەوە
ئەو ترسی لێدەنیشێت و
دەکەوێتە لەرزین
وەسوەسەی ئەوە بە مێشکیدا دێت
دوا پەنجەرەی قسەکردنم لێ دابخات
سبەی من دەچمە بەر ئاوێنەی هەقیقەت
دەڵێم چەند قورسە بەدرۆشەوە راستی بڵێی
بڕیار دەدەم
پێش ئەوەی خەونێکی تر هەڵبەستم
چاوەکانم دەربهێنم تا خەون نەبینم
هەرچەند حاشا ناکەم لەو خەونانەی
تێیدا لە باوەشی ئەو ژنەدا پادشا بووم
ئەگەرچی ئێستا
لەسەر عەرشی تەنهایی دانیشتووم
هێشتاش بە دەستێکی لەرزۆکەوە دەنووسم
ئەی ژنەکە
تا مردن کوشتەی تۆم

26-11-2018
کۆڵن – بیلەفێلد




ئەی یار هەموو شتم لە دەستدا… قەسیدە: ستیڤان شەمزینی

لە پێناوی تۆدا هەموو شتم لە دەستدا
ئەو بەیانییە ئارامانەی گمەی کۆترێکی دڵشاد
لە خەوی ناو پێخەفی دڵنیایی خەبەری دەکردمەوە
ئەو شەوانەی بە مەستی
بەژێر دارتێلەکانی شاردا دەڕۆیشتم
لە ژێر هەنگاوەکانمدا
جۆگەلەیەکی بزێو سڵاوی لێ دەکردم
ئەو کتێبە نەخوێندراوانەی
لەسەر رەفەی کتێبخانەکەم
شۆڕشێک لەناویاندا کەوتۆتە لێواری هەڵوەرین
ئەو پیاسانەی لە باخەکانی عەقڵدا دەمکردن
ئەشکەنجەی هەوری هەوەسیان دەدا
بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ببنە بارانێکی مەغرور
ئەو ژاوەژاوە ئاژاوەچییانەی گیانیان پڕ کردبووم
لە بەڵێنی درۆی بەهەشتێک لە تەنهایی
ئەو پاڵتۆ چەرمە ئەستوورەی ببووە رووپۆشی
ژانی ئەو هەژارییەی هەمیشە دەمشاردەوە
ئەو دەستکێشە گەرم و گوڕە لە هەقیقەت چنراوەی
دەمکردە پەنجە تەزیوەکانی دەبەنگییەوە
ئەو ئینجانە شپرزە و درزتێبوانەی
گوڵی کاولبوونی دەروونی تێدا روابوو
ئەو ژوورە گەورە و نەخشەدارانەی ماڵەکەم
مێژووی پیاوێکی خەیاڵپڵاویان
لەسەر هەڵکۆڵدرابوو
ئەو جێگە نێرگزڕێژکراوانەی لە ئەزەلەوە
بۆ ژنێکی رۆیشتوو ئامادە کرابوون
ئاه هەموو شتێکم لە دەستدا
بە خودی خۆشمەوە
تەنها بۆ بەدەستهێنانی ئەو دڵە شەکەتەی تۆ
کە شوێنەواری چەندین زامی دێرینە
لە پێناوی تۆدا هەموو شتێکم لە دەستدا
ئەو گیرفانە پینەکراوانەی پڕبوون لە ئومێد
لە هەر ئومێدێکیشدا هەزاران چرۆ رسکابوون
ئەو شیعرانەی وەک سیگارەکەی دەستم
بەدیار خەیاڵە فێدارەکانمەوە دەبوونە سوتوو
ئەو پەنجەرە ناسک و هەمیشە دڵکراوانەی
پرشنگی خۆریان وەک هەوا هەڵدەمژی
ئەو نەخۆشییە مەترسیدار و تۆقێنەرانەی
بە دەنکێک حەبی پێکەنین
هەواریان دەگواستەوە
ئەو سفرە لێو بەبزە و چاوبازانەی فریویان دەدام
بانگیان دەکردم بۆ خوانێکی وشک و برینگ
ئەو نزا رەنگاورەنگانەی بە لێزمە دەبارین
بەسەر رۆژانی نغرۆبوو بە هەستی ئاوارەیی
ئەو باڵندە جوانانەی نێو کۆشکی ئەندێشە
هەمیشە رازەکانی فڕینیان بۆ دەکردمەوە
نهێنی ئاسمانیان لەلا باس دەکردم
ئەو ئاگرە بەتینانەی نێو پوش و پەڵاشی ئاوەز
کە هەمیشە دەبن بە ژێر تۆفانی عاتیفەوە
ئەو پێنووسە مانگر و خۆ بەگەورەزانەی
نەیدەویست دێڕێک موحیبەت یاداشت بکات
ئەو کەشتییە رزگارەکە خوێن تاڵانەی هۆش
نەیاندەهێشت لە وەهمی خۆمدا نقووم بم
ئەو درۆ ئێسک سووک و وەفادارانەی
رێیان لە هەقیقەت دەگرت
دەستی بچێتە خوێنم
ئەو پێڵاوە رەق و تەقە دڕاوانەی
پێیەکانیان لە دڕکی دڵشکان دەپاراستم
ئەو یادگارە کزۆڵانەی بە تەنهایی
لەسەر دەفتەری خەمێک یادداشتم کردبوون
ئاه هەموو شتێکم لە دەستدا
بە خودی خۆشمەوە
تەنها بۆ دزینی خەونی جاویدانیی تۆ
کە تێیدا پیاوێکی قەتیسماو راکشاوە
لە پێناوی تۆدا هەموو شتێکم لە دەستدا
ئەو پێغەمبەرە مژدەبەخشە نورانیانەی
مزگێنی راگرتنی نەزیفی گریان دەبەشنەوە
ئەو حەوزە بریقەدار و پڕ شپڵ و هوڕانەی
ماسی سۆز تێیاندا دەکەوێتە سەما
ئەو جیهانەی بە قوڵپ بەڕوومدا پێدەکەنی و
خۆی خستبووە نێو کەژاوەی زێڕینەوە
ئەو جلوبەرگە ئاوریشمیی و رووخۆشانەی
بە تەنافی چاوەڕوانییەوە
“با”ی نەگبەتی بردنی
ئەو جەنگە هەزار بارە و نەبڕاوانەی
لە دژی تەیری گولی نیگەرانی بەرپام کردبوون
ئەو نامە لاکێشەییانەی
دەمخستنە سندوقی سەرمەوە
هەتا ئێستاش
لە نۆبەتی خوێندنەوەدا وەستاون
ئەو ماچە هەڵچووە رەنگ بەهارییانەی
بەدیار لێوێکی ساردوسڕەوە دامرکانەوە
ئەو نەوڕەسە تاساو و خەفەتبارانەی
بەسەر دەریای غەمگینیدا سروودیان دەخوێند
ئەو خەیاڵە پەلکەزێڕینەییانەی منداڵی
لەگەڵ گەورەبووندا تووشی نەزۆکی بوون
ئەو چیرۆکە پڕ رووداو و هەیەجانانەی
لە بن پێی واقیعدا ئەنجن ئەنجن بوون
ئەو کاسێتە ریش چەرمۆ هەڵترووشکاوانەی
زەمەنیان لە ریخۆڵەکانیاندا هەڵگرتبوو
ئەو کامێرا رەنگاورەنگە کپ و بێزارانەی
وێنەی نیشتمانیان لە کاتی ژاکاندا دەگرت
کراسی رەشی ئەو دایکە بێوەژنانەی
میدالیای شەهیدەکانیان لە مل کردبوو
ئاه هەموو شتێکم لە دەستدا
بە خودی خۆشمەوە
تەنها بۆ ئەوەی لانکی پەژارەی تۆ رابژەنم
لە راڕەوی پێچاوپێچی ئەوینتدا ون ببم
لە پێناوی تۆدا هەموو شتێکم لە دەستدا
ئەو فریشتە نازدار و کەوا سپییانەی
لە لاپەڕەیەکی رەشدا ناویان سپی کردمەوە
ئەو رەشەبا غەزەبلێگرتووانەی
بەدەم هوتافکێشانەوە
راپێچیان دەکردم بۆ بەرەکانی شەڕ
پێش ئەوەی گوللەیەک بنێم بە دوژمنەوە
خۆم بە پەتی پەشیمانییەوە هەڵدەواسی
ئەو چەقۆ زمان درێژ و دەم زبر و تیژانەی
پیازی غوربەتم پێ قاش قاش دەکردن
ئەو شمشێرانەی ملی نیگاکانم دەپەڕێنن و
ناهێڵن سەری بڕدراوم
بۆ بینینی حەوایەک ئاوڕ بداتەوە
ئەو گەڵا لەش سەوزە تامەزۆرییانەی
لە شەڕی خەزاندا یەک یەک دۆڕاندمن
ئەو چەمە فێنک و پڕ عیشوە و مەکرانەی
بە چنگێک تۆزی حوزن بیناییان تار کرا
ئەو پرسیارە سەرکێش و ئۆقرە نەگرتووانەی
نەگەیشتنە وەڵام و بەگەنجی سەریان نایەوە
ئەو ئاسمانە شەفاف و شینباوانەی ژیان
هەوری مەرگێک بە ئەسپایی بەری گرتوون
ئەو وشانەی لە زاخاوی هەست هەڵدەکێشران
لە مێژە چەرخێکی ناماقوڵ شۆکی کردوون
ئەو خۆمەی وەک پەرداخێکی پڕ لە ویسکی
لە دەستی قەدەر کەوتمە خوارەوە
تک تک رژام
کەسێک نەبوو کۆم بکاتەوە
لە پێناوی تۆدا هەموو شتێکم لە دەستدا
تەنیا بۆ ئەوەی بەر لە مردن
بە عەشقی تۆوە
یەک دوو رۆژ بە ئاسودەگی بژیم
تەنیا یەک دوو رۆژ

زستانی 2018
بەهاری 2019
ستۆکهۆڵم – ڤێسبی




خێرا وەرە تا درەنگ نەبووە… قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

رۆژێک دێت لە ناکاو
رووباری ئەم هەستە وشک دەکا
بارانی ئەم شیعرە چیتر نابارێت
پەنجەرەی ئەم عەشقە ناکرێتەوە
دەنگی ئەم تەمبوورە لە تەمدا ون دەبێت
پەپوولەی ئەم گۆرانییە نابێتە میوان
شەمەندەفەری خەون بە بەتاڵی دەگەڕێتەوە
کەشتی ئارەزووەکان نغرۆ دەبێت
ئەم نوێژە لەسەر هیچ بەرماڵێک دانابەسترێت
ئەو نزا سپییانە
ئاسمان دەرگا بە ڕوویاندا دادەخا
ئەو کۆترانە لەسەر هیچ گومەزێ هێلانە ناکەن
ئەم چیرۆکە بە ساوایی خۆی دەکوژێت
ئەم داستانە لە ئەرشیفخانە تۆزی لێ دەنیشێ
بەرسیلەی ئەم ژوانە نابێتە هێشووە ماچ
ئەم حکایەتە وەک شوشەیەک هاڕە دەکات
ئەم کۆڵانە
چیتر رەشەبا بە نهێنی تێیدا گوزەر ناکا
ئەم زریانە لەنیوەی رێدا قورگی وشک دەبێ
دەڤەری ئەم وجودە
سەرخۆشێکی عاشقی تێدا نامێنێت
ئەم گۆزەیە ئیدی گوێی لە هاژەی شەراب نابێ
ئەم دڵە لە شەڕی ئەویندا بە ساغی نایەتەوە
خێراکە تاکو درەنگ نەبووە
پێش ئەوەی لە مەراسیمێکی بێدەنگدا
تەرمی ئومێدەکانم بە خاک بسپێرم
بەرلەوەی دوا مژ لە جگەرەی تەمەن بدەم
بەرلەوەی لە پەیژەی فەنتازیاوە
بەرببمەوە خوارەوە
بەرلەوەی پەرداخی پێکەنینم بڕژێت
بەرلەوەی دوا دێڕی کتێبی فیراق بنووسم
بەرلەوەی نێرگزی شیعرەکانم سیس ببنەوە
بەرلەوەی جانتای چاوەڕوانیم
پڕ ببێت لە خەفەت
بەرلەوەی رەزی بیرکردنەوەم ببێتە سوتماک
بەرلەوەی پرچی نیگا ئاگراوییەکانم بئاڵۆزکێ
بەرلەوەی سیمای سپی دڵنیاییم رەش دابگەڕێ
بەرلەوەی ژیان لە دەممدا تامی مردن بدا
وەرە وەک بازێکی بەختەوەر
لەسەر شانی چارەنووسم بنیشەرەوە
لە چاوەکانمدا بەختی خۆت بخوێنەرەوە
لە نێو لەپی دەستەکانمدا بنوو
لە پەنا لێوەکانمدا ماڵێک بۆ خۆت چێ بکە
رابردوو بە خەتێکی درشت رەش بکەرەوە
لە نێو سەوزیی رۆحمدا بمێنەرەوە
کە ساڵهایە لەسەر سەوزێتی
لەگەڵ بەهار شەڕیانە
رۆژێک دێت لە ناکاو
دەماری ئەم شێتییە
خوێنی ئازادیی پێدا ناگەڕێ
درەختی ئەم سەرچڵییە
چرۆی تازە دەرناکات
ئەم شاخەوانە غەریبە
ناگاتەوە دامێنی نیشتمان
ئەم تەیرە باڵشکاوە
بە دیداری ئاسمان شاد نابێتەوە
ئەم مەرکانە پڕ غەزەلە
لە ناوەڕاستدا شەق دەبات
ئەم کلیلانەی قەدەر
قفڵی زەردەخەنەیان پێ ناکرێتەوە
ئەم کێڵگەیە وشک دەکا
چیتر رووناکی تێدا دروێنە ناکرێ
ئەم شمشاڵە شێدارە
لە سەحرای غەمدا گەرووی دەگیرێ
ئەم سێڵاوە بە جۆشە
لە تینووێتیدا دەخنکێت
ئەم هۆنراوەیەی وەتەن
لە مەنفا گۆڕ غەریب دەبێت
ئەم شارە رووخۆشە
لە چاوترووکانێکدا دەبێتە زرێبار
کریستاڵی ئەم ژیانە
ژەنگی مەرگ بەردەبێتە گیانی
ئەم فەرشە هیوادارە
مۆرانەی گریان لەشی دەخوا
ئەم مەشخەڵە
چاوی رەشکەوپێشکە دەکا و دەکوژێتەوە
پردی ئەم خەونە
رێبوارێک پێیدا ناپەڕێتەوە
سنەوبەری ئەم برووسکەیە
هیچ بارانێک بۆنی ناکات
ئەم کەناری بەسەرهاتە
حکایەتخوانێ لەنگەری لێ ناگرێ
شوشەی ئەم رۆحە
بە بێدەنگی ورد و خاش ئەبێت
ئەم شیعرە عاشقانە
بە گەنجی ریشیان سپی دەبێ
ئەم تەلارە مەکربازەی منداڵی
دەبێتە کەلاوەیەکی پیر
ئەم دەربەندی فڕینە
دەبێتە زیندانی باڵ
ئەم گوڵستانە درەوشاوەیە
دەگۆڕێت بۆ زەلکاوی دڕک
ئاپۆرای ئەم خۆشەویستییە
چۆڵ چۆڵ دەبێت
ئەم شەقامە ئاوەدانە
دەبێتە تولەڕێی گۆڕستانێک
ئەم هەناسە پڕ شەماڵانە
تەژی دەبن لە گڕی دابڕان
خێراکە تاکو درەنگ نەبووە
پێش ئەوەی
وەک ماسییەک
لە دەریا یاخی بم
بەرلەوەی سڵاوێکی گەرم
لە مردن بکەم
بەرلەوەی پشکۆی عاتیفەم
ببێتە خۆڵەمێش
بەرلەوەی ئەژدیهای دەردەداریی
خوێنم بڕژێ
بەرلەوەی شوێن پێی عەشق
لە دڵما بسڕمەوە
بەرلەوەی سکاڵای گوڵ
بگەیەنمە باخ
بەرلەوەی کانییەک لە تریفە
بە مانگ بفرۆشم
بەرلەوەی بچمە پێشوازیی خۆکوشتن
بەرلەوەی بایەقووش
لەسەر پاشەڕۆژم بخوێنێ
بەرلەوەی توانەوە
لە دوورەوە بمناسێتەوە
بەرلەوەی لە زەریای مەراقدا
ببمە کەشتییەوان
بەرلەوەی لە پەڕاوی سووتاندا
ناوم بنووسرێتەوە
بەرلەوەی فەنابوون
گەنجینەی بەختیاریم تاڵان بکا
بەرلەوەی شەوە سەرخۆشەکانم هەڵوەرن
بەرلەوەی ببمە هاووڵاتییەکی مەلولی گۆڕستان
بەرلەوەی مردن بمگاتێ تۆ وەرە
هەروەک هەورێک بەسەر باڵای ئەوینما ببارێ
لە ئاوێنەکەتدا رووخساری دێوانەییم ببینە
بەرلەوەی مەرگ لەگەڵ خۆیدا بمپێچێتەوە
تۆ وەرە لەسەر رێی عومرم بوەستە
مەهێڵە چیای ئەم خۆشەویستییە
بە کەساسی هەرەس بهێنێت
تۆ توانات هەیە
لەو کاتەی بیر لە فڕین دەکەمەوە
باڵم ببەستیت
لەو دەمەی کەڵکەڵەی خۆکوژیی
تەنگم پێ هەڵدەچنێ
بمخەیتە سەر شاڕێی مانەوە
لە هەستی خۆتدا
دەستەمۆم بکەیت
لەو ئانەی لەشکری غەم
شاڵاوم بۆ دەهێنێت
شمشێری رامووسان بدەیتە دەستم
لەو شەوە هەراسانەی تاریک تاریک دادێم
مژدەی کازیوەی رۆژێکی نوێم پێ بدەیت
بەرلەوەی مردن بمگاتێ
تۆ وەرە




قەسیدەی ژنێک لەبەر دەرگای دڵدا… شیعری: ستیڤان شەمزینی

دڵم
دەرگایەکە هەمیشە ئاواڵە
بە رووی ئەو پەریە ژنەی
هەتاوم بۆ دەهێنێتە ژوورە نسرمەکەمەوە
تەنهاییم بە دوو ماچ لێ دەکڕێت
پەرێشانیم لە کانیاوی بزەدا دەشواتەوە
کتێبێک دەنووسێت
لە بارەی ئارەزووە تاساوەکانم
گوێ لە خوڕەی رژانی جوانیم دەگرێ
گریان لەسەر لاپەڕەکانی چاوم دەسڕێتەوە
ئەو هێڵە لۆچانە لەناوچەوانم دەکوژێنێتەوە
شوێنەواری زامی کۆچ بوون
زەمبیلەیەک خولیای ئاڵ
دەچۆڕێنێتەوە دەروونی بزر و بزڕکاوم
بەدەستێکی بەهاریی
پەنجەرە پایزییەکانم دادەخات
زنجیر و پێوەندەکانی مەنفا
لە قاچەکانم دەکاتەوە
رووناکیم بۆ دەچڕێ
کاتێ بەختم رەش دادەگەڕێ
ئەستێرەم بۆ دەژەنێ
لە شەوانی تەڵخبوومدا
خۆرەتاوم بۆ دەخاتە سەما
لە رۆژانی وشکبوومدا
خوێنی زەردی
ختورە خەزاناوییەکانم دەڕژێت
بۆ چنگێک شەوق
سەر دەکات بە ماڵی سەد فانۆسدا
وەک شۆڕەبی دەنوشتێتەوە بۆ لێوتەڕکردنێک
لە چەمە خەمبارەکانی روانینی ماندوومدا
وشکەساڵییەکانی خەیاڵم
تەژی دەکات لە باراناو
چاوەڕوانییەکانم پڕ دەکات
لە شەمەندەفەری هاتن
کاتژمێری دەستی گەردوون
پڕ دەکات لە پەلەپەل
مێژووی پەرتبوونم
لە خۆیدا کۆدەکاتەوە
جوگرافیای دابەشکراوی خەونەکانم
یەکدەخاتەوە
جوڵە دەخاتەوە هەنگاوە سڕبووەکانم
لەسەر شانۆیەکی نهێنی
سەمام لەگەڵ دەکات
گیان دەکاتەوە بەر رامانە کوژراوەکانم
گەرمی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاگرە کوژاوەکەم
دەستی هزرینە رەشتاڵەکانم دەگرێت بەرەو
باخچە سپییەکانی لەشی بریسکەداری خۆی
ئەو بۆشاییە زۆر گەورانە پڕ دەکاتەوە
بە ئەنقەست لەنێوان خۆم و ژیاندا
جێمهێشتوون
ئەو غەمە قورسانە لا دەبات
لەوەتی لەدایکبووم
ژیانم بە شانی هەڵیگرتووە
ناواخنی تازە
بە تێکستە تاڵەکانم دەدات
لەناو رووباری ماچەکانیدا
شیرین شیرینیان دەکات
موعجیزە دەخوڵقێنێت و
بە جادووی نیگاکانی
دنیای مردووی روانینم
سەرلەنوێ زیندوو دەکاتەوە
ئولفەت بە خۆشەویستیمەوە دەگرێت
تەنانەت لەو کاتە نەفرەتلێکراوەی
دەستی خواحافیزیی
بۆ ژیان بەرز دەکەمەوە
موچڕکە تەزیوەکان بە لەشیدا دێن
لە چاوەڕوانی هاتنەوەمدا
کزۆڵانە ئێشک دەگرێت
ئەو دەمەی لە پێچی شیعرێکما بزر دەبێت
لە رۆحی هەڵپڕوکاومدا
بەدوای خۆیدا دەگەڕێت
ئەو ئانەی ئاهێکی ساردم دەبیستێت
گوێیەکانی پڕ دەبن لە زریکەی خۆی و
دەبێتە گەرووی زوڵاڵی عاتیفەم
کاتێ خودی خۆمم
لە بیابانی قاقڕی وجوددا لێ ون دەبێت
لە ناو گوڵستانی سینگیدا دەمدۆزێتەوە
ساتێ هەست بە دەعجانیبوونی خۆم دەکەم
بە سەدایەکی لە لۆکە نەرمتر پێم دەڵێت
لێرە رووخساری بریقەدارت چاو لێبکە
دادەچڵەکێت
بەو ئەندێشە بێهوودانەی هانم دەدەن
لە چیای نیگەرانییەوە خۆم هەڵدەمە خوارەوە
بە شەپۆلێک ئەسرینی شنەداری شەرمن
دەمگەڕێنێتەوە گڕوگاڵی یەکەمین ژوان
کاتێک لە دەرەوە بەهەشتێک دەبینێت
لەناوەوەش کەلاوەیەکی داڕوخاو
لە حەوزی لەززەتم هەڵدەکێشێت و
دەمکاتەوە بە خۆمی راستەقینە
بەڵێ، من هەمیشە دەرگاکەم ئاواڵەیە
بۆ ئەو ژنە رەنگ نێرگزییەی
لە بەردەم دەرگای هەستمدا
لە مێژە راوەستاوە
زۆر دەمێکیشە لە دەرگا دەدات.

31-5-2019
بیلەفێلد – نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتایسۆنی نۆرۆلۆگی




دەریا ئەکەمە شایەت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

دەریا ئەکەمە شایەت
رۆژێک نایەت
من دوا کۆپلەی گۆرانی عەشقت بچڕم
رۆژێک نایەت
دێڕی شیعرم خاڵی بێت لە بۆنی هەستی تۆ
دەریا ئەکەمە شایەت
رۆژێک نایەت
ئەم “وەلی”یە دڵی “شەم”ی خۆی جێبهێڵێت
رۆژێک نایەت
پێنووسەکەم خاڵی کۆتایی دابنێ و
لە سەحرای شیعرێکی مردوودا جێتبهێڵم
دەریا ئەکەمە شایەت
رۆژێک نایەت
مورووی رەشی تەنهایی بدەم لە گەردنت
رۆژێک نایەت
بەرگی قەترانیی دڵڕەقیت بکەمە بەر و
قوفڵی بێدەنگی بدەم لە دەرگای هەمیشە کراوەت
بە رووی ئارەزووەکانمدا
دەریا ئەکەمە شایەت و
سوێند بە هەموو شەپۆلەکان دەخۆم
سوێند بە قووڵایی رۆحی دەریا دەخۆم
سوێند بەچاوی شینی دەریا دەخۆم
خۆم لا نادەم لەژێر خوڕەی
بارانی خۆشەویستی تۆ
هەتا ئەوکاتەی دەبمەوە بە تۆ

2018




برینی قەتماغە نەبوو.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

من باش ئەو کاتەم لە بیرە
لە لەشکری سپارتاکۆسدا “1”
تیروکەوانچی بووم
ئەو رۆحەم هەزاران جەنگی دیوە
کەچی ناوێرێ خۆی بخاتە
جەنگی عەشقی تۆوە!
جەنگێک خوێنی شیعری تێدا دەڕژێ و
کریستاڵی دڵی تێدا دەشکێ
من ئەو ساتانەم بیر دێتەوە
مەسیحیان دەبرد بۆ لە خاچدان
من لە نێوان مەسیح و
هەردوو دزەکەدا لە خاچ درام “2”
کەسێک نەبوو، نرکەی من ببیستێ
بە چوار مێخەی عەشقی تۆوە
کەسێک نەبوو تەرمەکەم دابگرێ
بە خاچی بێدەنگی یارەوە
من پاشماوەی برینێکی کۆنم
لە زەمەنی سۆمەرەوە “3”
تاکو چاڵدێران”4″
هەرچی نوکی شمشێری رقە
لە لەشی من دەچەقێنرێت
کەچی هێندە ترسنۆک بووم
لەبەر چەقۆی دڵشکان و
گوێزانی عەشقێکی ناکام
سەرم خستۆتە قۆزاخەی وەهمەوە و
لە بری تیشکی خۆری ئەوین
بە رووناکی فتیلەی تەنهایی رازی بووم
من مرۆڤێکی هێندە پیرم
کەوتنی تەختی نەینەوام لە بیرە”5″
لە کاتی تۆفانەکەی نوحدا
هەناری سینگی شۆخێکم ئەڕنی
لە کۆڕی دەروێشانەی مەولانادا
سازی عەشقێکی دێوانەیم لێدەدا
کەچی ئێستا هێندە منداڵ بوومەتەوە
گڕووم بۆ ماچێکی یار گرتووە و
لەناو بێشکەی دەریای دلبەردا نەبێ
کەشتی ئارەزووم ناسرەوێ
من زۆر دێرینم، زۆر زۆر
کەچی ئازارەکانم زۆر تازەن!!
ئازارەکانم هیچ کات کۆن نابن
من هەر زۆر دێرینم

هەرگیز برینەکانم قەتماغە ناگرن

مارسی 2018

پەڕاوێز:
1- سپارتاکۆس، رابەری شۆڕشی کۆیلەکان لە دژی ئیمپراتۆریای کۆنی رۆمان، لە ساڵی 71ی پێش زاین، کوژراوە.
2- هێمایە بۆ لە خاچدانی عیسای مەسیح لە نێَوان دوو دزدا.
3-شارستانێتی سۆمەرییەکان لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین لە میزۆپۆتامیا دەرکەوتووە.
4-شەڕی چاڵدێران لە 23-8-1514 روویدا لەنێوان سەفەوی و عوسمانییەکاندا، پاش ئەو شەڕەش کوردستان بە رێکەوتن لە نێوان ئەو دوو ئیمپراتۆریایە دابەشکرایەوە.
5-نەینەوا پایتەختی ئیمپراتۆریای ئاشووری بوو، لە ساڵی 612 پێش زایین لەلایەن مادەکانەوە ئەو ئیمپراتۆریایە رووخێنرا و نەینەوا وەک پایتەخت کەوت.




ئیدی خەون نابینم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

تۆ هێشتا نازانیت
شەقامەکانی هەستم چۆڵە و
دڵم رووبارێکی نیگەرانە
درەختی تەمەنم
هەر تەنیا یەک گەڵای پێوە ماوە
ئەویش بە یەک شێتە “با”ی
عەشقێک دەوەرێت
وێرانم، وەک ئەو شارانەی
دەبنە خۆڵەمێشی جەنگ و
غەریبم وەک ئەو رێبوارەی
لە چۆڵەوانیدا رێ دەکات
دەگریم، هەر دەگریم
چونکە خۆمم لێ ون بووە و
لە هیچ کۆڵانێکی رووناکدا نایدۆزمەوە
چاوەکانم هەمیشە کراوەن
ئیدی خەونێک نەماوە بیبینم
لێوەکانم وشک بوونەتەوە
لەم وشکەساڵیی ماچەدا
هەناسەکانم هێندەی مەریخ قورسن
کەوتوونەتە سەرشانی مەرگ
چەندین سەدەیە دەفڕم
لە ئاسمانە رەش داگیرساوەکانی مەراقدا
هەزاران هەزار ساڵە
بەسەر فەرشی گریاندا ئەڕۆم
لە پاپۆڕی تێکشکاوی زەمەندا
لە کەناری ژیلەمۆدا لەنگەر دەگرم و
سووتانی رۆحم ئەچنمەوە
ئەمێستا پڕم لە گۆرانی حەزین
کەچی چڕینم لە بیر چۆتەوە
پڕ پڕم لە مۆسیقای غەم
کەچی ژەنینم بیر چۆتەوە
ئاسمانم پڕە لە هەوری رەش
کەچی بارینم بیر چۆتەوە
تۆ هێشتا نازانیت، شەوان
تاریکی رائەخەم و
بێدەنگی ئەستێرەکان
ئەدەم بە خۆمدا
هەر تینووم بوو
پەرداخێک لە خەیاڵی
باوەشت ئەخۆمەوە
کە برسیشم بوو
لەتێک لە کێکی یادگارییەکانت ئەخۆم
کە بیرم کردیت
خوداش لەگەڵ خۆمدا دەخەمە گریان
تۆ نازانیت هەموو شەوێک
پرسیاری تۆ لە مانگ دەکەم و
تریفە وەڵامم ئەداتەوە
تۆ نازانیت، هەموو رۆژێک
سۆراغت لای پەلکە گیا دەکەم
ئاورینگ وەڵامم ئەداتەوە
تۆ نازانیت، هەر کات بێدەنگ بیت
زمانی شیعرم لە گۆ دەکەوێت
تۆ نازانیت، هەر کات تووڕە بیت
زریانی فرمێسکم هەڵدەچێ
تۆ نازانیت، هەر کات ون بیت
ژیان خۆیم لێ حەشار دەدا و
لە کۆڵانەکانی دڵتەنگیدا
بەدەم نەفەسدان
لە دوا سیگاری تەمەنەوە
دوا هەناسەم هەڵدەکێشم

2018
ستۆکهۆڵم




نامەکانت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

نامەکانت تەڕن و
بۆنی فرمێسکیان لێ دێت
ئەوەی بۆم دەخوێنرێتەوە
تەنیا سەربردەی خۆمەوە
لەو دەمەدا کە تەنیا عەشقم مابوو بۆ وتن و
گۆرانییەکی تەنیام پێ مابوو بۆ دنیا
نامەی یەکەمت
لە شەوێکی هێمندا
لەبەر چرای ئەوین نوسیبوو
بۆنی عەتری غەریبی لێ ئەهات و
لە ناو دەستی مەنفادا چرچ ببوو
ئەوجا گەیشتە ئەو پیاوەی
رێی نیشتمانی
لە کۆڵانە نوتەکەکانی تاراوگەدا
ون کردبوو
نامەی دووەمت
لە ئێوارەیەکی باراناویی
بە دزی مۆتەکەی دڵتەنگییەوە نوسیبوو
هەر ئەوەندەم بۆ خوێندرایەوە
بە خەتێکی شێدار نوسیبووت
کێ دێت لەسەر رووی ئەم کاغەزە
فرمێسکەکانم کۆ بکاتەوە؟
کێ دێت لە نێو دێڕەکانیدا
دڵێکی خۆڵەمێشی هەڵبگرێتەوە؟
نامەی سێهەمت
بە مرەکەبێکی سوور
لە رەنگی خوێن و
بە پەڕەمووچێکی گەرم
وەک ئاگر نوسیبوو
بە چاویلکەی خەمەوە
توانیم هەر ئەو چەند رستەیە حنجە بکەم:
ماڵئاوایی لە دڵتەنگیی بکە و
سڵاوێک لە هەتاوی چاوەکانم بکە
ببە بە جەنراڵێکی هیچ کات نەبەزیو و
جەنگی تەنهاییم ببەوە
نامەی چوارەمت
بە تیشکی نیگا و
دەست و پەنجەی تەماشا نوسیبوو
وشەکانی لە گەڕەکی بەرائەت و
لە شاری گوڵفرۆشانەوە خواسترابوون
بە قەڵەمێکی مۆر
تەنیا ئەم چەند دێڕەت یادداشت کردبوو:
پەپولەی دڵم
لە سینگی خۆمەوە فڕییە
ناو لای چەپی سینگی پیاوێک کە
پۆشاکی شیعری لەبەردابوو
پیاوێک کاتژمێرێکی رەشی لەدەستدا بوو
کە چرکە بە چرکە
پاشەڕۆژی تەماویی منی ئەژمارد
نامەی پێنجەمت
دوای سڵاوێکی هەناسە سارد
لەسەر پەڕەیەکی ڕەش نوسیبووت
ئەم نامەیەت
لە دوورگەی ئازارەوە بۆ ئەنوسم
پیت بە پیتی تۆفانێکە لە ماچ و
حەسرەتێکە بۆ تریفەی چاوەکانت
لە خوار واژۆکەشتەوە نوسرابوو
ئەی کۆترە غەریبەکە
بیرم کردوویت و خۆشم ئەوێی
نامەی شەشەمت
لە زەرفێکی زەردباودا ناردبوو
نوسیبووت قەڵەکەم خەریکە کوێر ئەبێت
گریان لە چاوەکانم نابڕێت
هەموو ساتێک میوانی تەنهاییم
ئەمەوێت تۆ بێی
لە قەبری ئەم دڵتەنگییە دەرمبهێنیت
خۆ تا ئێستا هیچ شیعرێک
پێی نەوتم بۆ هێندە تەنگە نەفەسیت؟
ئەمەوێت تۆ بێی
لەم بەرمۆدای گومانە دەرمبهێنیت
خۆ تا ئێستا پەپولەیەک
پێی نەوتووم گوڵم ئیزن هەیە
لەسەر پەڕەی دڵنیاییت بنیشمەوە؟
منیش تەنها
بە حەپەساویی بێدەنگ بووم
نامەی حەوتەمت
لەبەردەم ئاوێنەی چاوەڕوانیدا
بەدەم نەفەسدان لە پایپی تەمەنەوە نوسیبوو
ئەوەی سەرنجی منی راکێشا
ئەو هاوارە قورگ پڕ لە گریانە بوو
بانگی گۆدۆی عەشقی ئەکرد
ئەوەی سەرنجی منی راکێشا
ئەم دێڕە ئاڵۆز و گرێچنە بوو:
لەوەتی هەم
بە باڵای عەشقدا هەڵدەزنێم و
هەمیشە دەکەومە
شیوە دۆزەخییەکانی دابڕانەوە
لەوەتی هەم تۆوی موحیبەت
لە دڵی پیاوێکدا ئەڕوێنم
کە هەمیشە تەنهایی ئەگرێت!!
نامەکانت هەر دێن و
ماندوو نابن لە هاتن
من تەنها جارێک نامەم بۆ ناردیتەوە
بە خوێن ساردییەوە نوسیم
داوای لێبوردن دەکەم
هیچ تێناگەم




قەسیدەی ژیانێک بەشمان ناکات.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ژیانێک بەشمان ناکات
بۆ تامکردنی کۆنە شەرابی
ناو گۆزە پرشنگاوییەکانی عەشق
ژیانێک هەر زۆر کەمە
بۆ جێکردنەوەی ئەو هەموو
ئارەزوو بارانەی هەوری عاتیفە
ژیانێک بەشمان ناکات،
بۆ باڵای بەرزی داستانەکەمان و
مێژووی لێکئاڵانمان
یەک جار ژیان، هەر زۆر کورتە
ژیانێک زۆر هەژارە
بۆ ئەو کۆشکە جەواهیرییانەی
بە سەرکێشیی ئەوین
لەسەر سەحرای مەحاڵ رۆیدەنێین
ژیانێک زۆر خێرایە
بۆ ئەو هێمنییەی من
بۆ ئەو ئارامییەی تۆ
لە تێپەڕین بە کوچەکانی دڵەڕاوکێدا
ژیانێک زۆر دەڵەمەیە
لەبەردەم لەرینەوەی “با”ی هەست و
سەمای شێتانەی خەیاڵەکانی من
ئەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
هەر هیچ نەبێت دەبێت
دوو هێندەی نوح
تامی هەرمێی تەمەن بکەین
ئەوسا دەتوانین
تێر بە کامی دڵی خۆمان
وەک دوو شیعری نەنوسراو
شکۆفە بکەین
وەک دوو ئاسکەکێوی
بە لاپاڵی چیای غەریزەدا سەربکەوین
وەک دوو چرا
لە زەمەنی کوێرییدا دابگیرسێین
وەک دوو رێبواری شەکەت
دەستی عەشق بخەینە ژێر باڵی ژیان
وەک دوو دەریای شەپۆلاویی
لەناو یەکتردا چاو لێک بنێین
ئەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
یان وەک خدری زیندە
بۆ تا هەتایە بژین
ئەوسا دەتوانین
پەیکەری دڵڕەقی رابوەشێنین و
مۆمی عەشق
لە ئەشکەوتی عەقڵدا هەڵبکەین
ئەوسا دەتوانین
زمانێک بۆ خەون پەیدا بکەین و
قەڵەمێک بدەینە دەست خەیاڵ
دێڕ بە دێڕ خۆی بنووسێتەوە
ئەوسا دەتوانین
چاوێک بۆ بینینی جوانی بدۆزینەوە و
دەستێکی میهرەبانیش بۆ
هەڵگرتنەوەی تەرمی قەدەر
ئەوسا دەتوانین
بچینە سەر مەرقەدی داهاتوو و
نزای پاکبوونەوە بۆ ئەو گوناهانە بکەین
لە رابردوودا کردوومانن
دەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
یان هەر هیچ نەبێت
هێندەی مەسیح بژین
ئەو کاتەی بزماری مەنفا
لە خەونی شەوانمان دەچەقێت
یان ئەو ساتەی بە خاچی تەنهاییەوە
وەک کەلاکێکی کۆن هەڵدەواسرێین
خودا هەڵمانبکێشێت بەرەو ئاسمان
بۆ ئەو ئاسمانەی ناوی نیشتمانە
ئەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
یان خوێنی عەشتار
بچێتە ناو هەموو دەمارەکانی ژیانمان
ئەوسا دەتوانین
تفەنگی دڵڕەقی بێدەنگ بکەین و
ببینە ئاوازدانەری سروودی ماچ
ئەوسا دەتوانین
پێغەمبەرەکانی عەشق
لە گۆڕستانەکانی بێدەنگی
زیندوو بکەینەوە و
نەیزەکی کینە لە هەسارەی دڵ
دوور دوور بخەینەوە
دەبێت ئێمە زیاد لە جارێک بژین
یان لەم چەرخە سۆزانی و
زەمەنە نەزۆکەدا
هیچ کات لە دایک نەبووین.

ئەڵمانیا – بیلەفێڵد
1-10-2018




فلاشباک-39- ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

بەشی سی و نۆ

لەوانەیە رۆژێک بێت، دەست لە نووسین هەڵگرم، هەرچەند زیاتر بۆ خودی خۆم ئەنووسم، وەک فلوبێر ئەڵێ “نووسین بە ئەندازەی جگەرەکێشان زاتییە”. بەڵام هیچ کات ناتوانم دەست لە بەڵای خوێندنەوە هەڵگرم. خوێندنەوە کوشندەیە و جارێک لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێیەک نووسیبووم “هەرچی نووسینی دنیا هەیە گەمەکردنە لەگەڵ وەهم، کتێبەکان هەبن یان نا مرۆڤ لە دڕندایەتی خۆی ناکەوێ، ئیدی سوودی چییە نووسین؟”. کەڕەتێکی تریش بە “ئاسۆ”ی نزیکترین هاوڕێم وت “خراپترین خوو، کتێب خوێندنەوەیە چوونکە ئاشنامان دەکات بە جیهانێک کە هیچ پەیوەندییەکی بەو جیهانەوە نییە تێیدا دەژین، ئاشنامان دەکات بەجۆرە مرۆڤێک کە لەم سەرزەمینەدا بوونی نییە، ئەمەش رای منە و تۆش هەرچی دەڵێی بیڵێ”.

رۆژانە لاپەڕە رەش ئەکەمەوە، بە راراییەوە دوو سێ جار ئەیخوێنمەوە و پاشتر ئەیدڕێنم، ئەم بەیانییەش ئەلبومی وێنەکان و چەندان نووسینی خۆم پێش ئەوەی بڵاوبکرێنەوە سووتاند. جاری وا هەیە مرۆ نازانێ چ کارێکی شێتانە ئەکات، بەڵام کۆمەڵگەی ئێمە نووسین بە ساوایی ئەخنکێنێ، ئاخر ئەو کۆمەڵگەیەی نەفرەت لە کتێب بکا و نووسەرەکانیش بە ئاسانی تیایدا لە رووی مەعنەویی و بەرجەستەوە تیرۆر بکرێن ئەمیش بێدەنگ بێ، ئیدی کۆمەڵگەیەکە لەبارە بۆ ستەمکاریی و چەوساندنەوە، کۆمەڵگەیەکیشە خۆی زەمینە ئامادە ئەکا تاکو جەلاد فەرمانڕەوایی بکا. کۆمەڵگەیەکمان هەیە کە ناتوانیت خەونیشی تێدا ببینیت، چوونکە داری هەموو ئومێدێک زڕە، هەر فڕینێک یەکسانە بە مەرگ، هەزار بیرۆکەت هەبێ، هەزار داهێنانت هەبێ، کۆمەڵگە و سیاسەت زۆر دڵڕەقانە وشکت ئەکاتەوە، ناهەقم نییە لە ژوورەکەی خۆمدا ئەم دێڕەی خۆمم وەک پۆستەرێک هەڵواسیوە “کەس نییە ئازارەکانم حنجە بکات، کەس نییە لە خەمەکانم تێبگات”.

هەر ئەمڕۆش بیرم لە ئەشقێکی بابردوو ئەکردەوە، چەند سەختە دابڕان بۆ ئاشقێک لەو کاتەی مەست مەستە بە ئەوینێکی قووڵ؟! هەربۆیە ئەلبوومی وێنەکان و شیعرەکانم کرد بە خۆراکی ئاگر. رەنگە ئەوە من بم لە گۆڕانی زەمەن تێنەگەم، یان دانی پێدانەنێم، بەڵام زەمەن زۆر گۆڕاوە، ئەشێ هەرواش بووبێ من هەڵە تێگەیشتبم. ئای لەو رۆژەش کە دەستم لەناو دەستی یار بوو لە گەڕەکی رعایە، وتی شیعرێکی خۆتم بۆ بڵێ بەڵام بەرهەمی ئەم چرکەیە بێت کە پێکەوەین، منیش بۆ قسەکردن خراپم، وتم قەڵەمێکم بدەرێ و لەسەر بەرگی رۆمانەکەی “بەختیار عەلی” ئەمەم بۆ نووسی:

هەر کات بیرت کردم دڵ و شیعرەکانم لەلاتن

بۆنی هەناسە و گەرمی رۆحی منیان پێوە بکە

هەر کات بیرم کردی لە شیعرێکی نوێدا

هەست بە ئەوین و لوتکەی جوانی خۆت بکە

زۆر سەرسام بوو، ئێستا شیعرەکانم تەنها لای ئەون دڵیشم لە تراویلکە، بیری ئەکەم و لەم شیعرەدا بۆنی ئەکەم:

حەزم ئەکرد بمتوانتیبا زەمەن بگێڕمەوە دواوە

ئەوسا لە بری ئازاری دڵ

تۆوی ماچم لەسەر لێوت ئەڕواند

***

ئامێزت بکەرەوە

بە خەرمانێک وشەی گەرمەوە

بە باوەشێک ماچی تەڕەوە

بە دڵێکی پڕ ئازار و هەلا هەلاوە

بەرەو قووڵایی چارەنووست بەڕێوەم

***

وای لە من. چەند جار ئەقڵم ئامۆژگاریی دڵی کردم، ئەگەر بۆ یەکجاریش بە قسەی ئەقڵم بکردایە حاڵم بەم رۆژە نەدەگەیشت. دڵم هەمیشە رایکێشاوم بۆ ناو گەمە دۆڕاوەکانی عەشق و ئەقڵیشم هەمیشە هۆشداریی داوە پێم. تاکو ئێستاش بۆ یەکجار بە قسەی ئەقڵمم نەکردووە و دڵ هەمیشە دۆزەخی عەشقی بۆ داخستووم. ئێستا پێویستم بە پشووە، چەرخێکی سپڵە تێکەوتووین، سەدەی بیست و یەک سەدەی کوژانەوەی هەموو رووناکییەکە. ئەوەش ئەزانم کە خودا منی بۆ ئازارچەشتن ئافراندووە، بیۆگرافیای من تەنیا زنجیرەیەک ئازاری پێکەوە بەستراوە.

چ زەمانێکە

وا لە خونچە دەکەن دڕک دەربدات

وا لە بێدەنگی دەکەن هاوار بکات

وا لە خەندە دەکەن ئەسرین دەربدات

ئای لەم چەرخە!!!!

1-9-2001

—————–

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 134-138 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




قەسیدەی چیرۆکی خۆمتان بۆ ئەگێڕمەوە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

پێش ئەوەی ئەم هەموو ئەسەفەی غوربەت و
دڵ هەڵقرچانەی وڵاتی بەستەڵەک بمکوژێت
دەفتەرێکی تەزیو دەهێنم
بە قەڵەمی بەفر وەسێتنامەیەک ئەنووسم
لە توێی هەر لاپەڕەیەکدا
چیرۆکێکی سارد گەرم ئەکەمەوە
بێ ئەوەی بیرم بچێت
لەم دنیا پان و بەرینەدا
بێ ناونیشانترین پیاو و
ونبووترین شاعیرم
چیرۆکی خۆمتان بۆ ئەگێڕمەوە
خۆ من حکایەتێکی خۆش و
سەربردەیەکی بەختیارم نییە
نازانم چی بگێڕمەوە و
بۆچی ئەتانەوێت دڵی خۆم بکەمەوە؟
تەنیا ئەم وەسێتنامەیە
چیرۆکی پڕ ئێشی کۆترێکی غەریبی
وەک منی لە خۆ گرتووە
لە رۆژێکی تەنها و لێڵ
لەسەر زەوی تاریکیی لە دایک بووم
هەموو ژیانم سوڕانەوە بوو
لە بازنەی داخراوی خۆمدا
رۆژەکانم هەر هەموو هەتیو بوون و
شەوەکانم بێزار و بێ بزە
کوخێکم هەبوو بێ پەنجەرە
نەمدەتوانی تەماشای ئایندەی لێوە بکەم
دوو دەستم هەبوو لە هەڵم
نەمدەتوانی سەری غەمبارمی پێ هەڵگرم
دوو قاچم هەبوو چەقیو
نەمدەتوانی بەسەر پردی خۆشنودیدا
پێی بپەڕمەوە
دوو چاوم هەبوو بێ بینایی
نەمدەتوانی فڕینی نەورەسەکان ببینم
دڵێکم هەبوو هەمووی زام
نەمدەتوانی بەو هەموو پینەیەوە
بیکەمە کراسی بوکێنی ژیان
ئەوەی هەمبوو لە تەمەندا
سێ چوار قەڵەم بۆیەی رەش بوو
رەنگی هەر تابلۆیەکم دەکێشا
تۆپەڵێک رەشایی دەرئەچوو
رەنگی هەر ئارەزوویەکم دەکرد
شێوەی دەچووە سەر
لافیتەی رەشی پرسەکان
هەر شیعرێکم پێ ئەنووسین
کزەبایەکی بێکەس بوون و
ئادرەسیان نەبوو لە هیچ
دیوانێکی لێو تەڕدا
بەلەمێکم هەبوو کون کون
هەزاران شەڕی بینیبوو
نەمدەتوانی سەفەری پێ بکەم
بە ناوی دەریای زەمەندا
چرایەکم هەبوو سەرکز
پێکەنینی بە ئازارەکانم ئەهات و
نەیدەتوانی ئەو هەموو تاریکییە
دەرک بکات کە لە رۆحمدا هەبوو
تەیرێکم هەبوو ناوی پێکەنین بوو
هیچ کات لەسەر چڵی لێوم نەنیشتەوە و
نەهاتە ناو قەفەسی دڵمەوە
خەیاڵێکم هەبوو، ناوی مۆتەکە بوو
هەموو کات گوڵە گەنمی زەردەخەنە و
چۆلەکەی عەشقی ئەتۆقاند
خەمێکم هەبوو، هاوڕێی هەمیشەیی و
بەوەفاترین هاودەمی عومرم بوو
هەمیشە وەک راوچییەک
ساتە بەختیارەکانی راو دەکردم
کاتژمێریکی کۆنم هەبوو
لە باپیرمەوە بۆم بەجێمابوو
چرکە بە چرکە غەمەکانمی دەپێوا و
تا مردیش روویەکی خۆشم لێ نەبینی
خەنجەرێکی دەم تیژم هەبوو
پاشماوەی خێڵی برین بوو
لە بری ئەوەی جەرگی تەنهاییم بدڕێ
هەموو کات دەچەقییە نزاکانم
ئەو نزایانەی بۆ باران دەمکردن و
پڕ پڕ بوون لە ویستی زیندوو بوونەوە
ئاوێنەیەکم هەبوو
هەروەک رۆحی خۆم درزی بردبوو
هیچ کات بزەیەکی بەسەر لێومەوە نیشان نەدا
هیچ کات هەستی ئاوریشمی
پیاوێکی غەریبی وەک منی نەبینی
بەرلەوەی ئێوارەیەکیش بگەمەوە پێی
بەقەد دیواری غەمەوە بەربووەوە و
هەپروون بە هەپروون بوو
گۆرانییەکم هەبوو گرینۆک
هەموو تەمەنی لایلایە بوو
بۆ عەشقێکی تاکلایەنەی بابردوو
رۆژێک نەمبینی باسم بکات و
سوکنایی ببەخشێت بە دایکم
کە تا مردیش دوعای بینینەوەی منی ئەکرد
باخێکم هەبوو زۆر پیر ببوو
هەرچی تۆوێکم تێدا ئەچاند
هەر بەری نائومێدیی ئەگرت
هەر چی دارێکم بە درەختی
پێکەنینەوە موتوربە ئەکرد
لە کۆتاییدا ئەبووە شۆڕەبی گریان
هەرچی خەیاڵێکم تێدا ئەڕواند
تەنها ورد و خاشبوونم تێدا ئەدورییەوە
پاسکیلێکم هەبوو رەنگ سەوزی قەزوانی
ئەیبردەمە لای میکانۆکانی مناڵی و
مەرکانە شکاوەکانی حەوشەی
گەڕەکی تەنگەبەری بیرەوەریی
ئەسپێکم هەبوو سەرکێش لە غاردا
جارێک پێی ئەڕۆشتم
بەرەو کەرنەڤاڵی پەروانە مەستەکان
لەناکاو گلام و بەربوومەوە
ناو سەحرای زەمان و
هەرچی تووتڕکی دڵڕەقییە
بە خەونە ئاڵەکانمەوە نوسان
جارێکی تریش پێی ئەچووم
بۆ کەناراوەکانی شیعر
کە لەوێ خەڵک بەچاوی دڵ
سەیری دنیا ئەکەن
لە ناکاو لەسەر پشتی بەربوومەوە
بۆ ناو کێڵگە سەرابییەکان و
کۆماری موحیبەتە سەربڕدراوەکان
گیرفانێکم هەبوو، قووڵ قووڵ
زۆر جار پڕم دەکردن
لە مێوژی هەقایەتە خۆشەکانی داپیرەم
هەر کاتێک دەستم ئەکرد بەناویدا
هەقایەتێک دەربهێنم
داستانێکی تاعوناویی خۆی قووت دەکردەوە و
گیرفانی ئارامیی ئەدڕاندم
کۆترێکم هەبوو، نامەبەر
هەموو کاتێک نامەکانی دڵمی
ئەگەیاندە ئەو ژنانەی
لەسەر رێگای تەمەنم ئەوەستان و
چاوەڕوانی ئاوڕدانەوەیەکی جیاواز و
چاوداگرتنێکی عاشقانەم بوون
جارێک کۆترەکەم نامەی برد
بۆ ژنێک کە دەنگی سازی ئەوین
نەڕژابووە ناو هەستەکانی
ئەم ژنە دواجار بوو بە غوباری
ناو لاپەڕە بۆرەکانی زەمەن
جارێکی تر کۆترەکەم نامەی برد
بۆ ژنێک کە بەیانیان
مۆسیقای عەشقی ئەژەند و
ئێوارانیش گۆرانی بۆ دڵنیایی ئەچڕی
ئەم هەر زۆر زوو وتی
من لە کوێ تاقەتی پیاوێکی شێتم هەیە
کە دەفژەنی خانەقای سەرکێشییە
ئەمجارە کۆترەکەم نامەی برد
بۆ ژنێک رووخساری سیحر و
دەنگیشی قاسپەی کەو بوو
هەموو ژیانی لە نێو سەما و
فڕین لەگەڵ باڵندەی بەختەوەریدا
بەسەر بردوو
ئەمیش، هێندەی نەبرد
بە دەنگێک کە لە رەگەزی دڵڕەقی بوو
وتی، من بۆچی ئەبێت
مەراقەکانی ئەو لەناو جۆلانەی
خۆشبەختی خۆمدا راژەنم؟
وەک خۆری دەم کەلی ئێواران
خۆی لەناو تاریکیدا حەشاردا
کۆترەکەم ماندوو بوو
هەرچی نامەی منی گەیاند
یان بە دڕاویی ئەیهێنایەوە
یاخۆ لەناو زەرفی نامەکەدا
دڵی شکاوی منی ئەگەڕاندەوە
ئەو جارە، کۆترەکەم نامەی برد
بۆ ژنێک کە زامی غەریبی
هەموو گیانی کون کون کردبوو
هێشتا ئاسەواری فرمێسک
بە چاوەکانییەوە دیار بوون
ئەو ژنێک بوو لە قەبیلەی میهرەبانی و
تیرەی هەتاو
ئەو هەرگیز بەردی نەگرتبووە
شوشەی دڵی هیچ گوڵێکی شەیدا
هیچ کات نوێژی عەشقی
بە هیچ بارانێکی سەوداسەر نەبڕیبوو
لە چاوەکانییەوە تیشک و
لە رۆحییەوە کانییەک لە جوانی هەڵدەقوڵا
ئەو هەر زۆر بە خێرایی
نامەکەی دڵمی قبوڵ کرد
ئەو زۆر زوو لە ناخمدا
دەستیکرد بە تەقینەوە
ئەوەی هەمە لە ژیاندا، ئەو ژنەیە
کە بە چاو تروکاندنێک
ئاگر لە دەشتی عاتیفەم بەر ئەدا
بە یەک بزەی سەر لێوی
دەریای مەنگی شیعرم
ئەخاتە مەوجدان
ئەمێستا، ئەو پێکەنینەکانم
لەگەڵ بەش دەکات و
فرمێسکەکانم دەبات بۆ خۆی
ئەمێستا، ئەو لەزەتی ماچم
پێدەبەخشێت و
تاڵەییەکانی وجودم دەبات بۆ خۆی
ئەمێستا، شەرابی لەزەتم
پێ ئەنۆشێ و
غەمەکانم دەخاتە کۆڵی خۆی
ئەمێستا ئەو ژنە
منی لە کەلاوەی ژیاندا
هەڵگرتۆتەوە بۆ خۆی

شیعری: ستیڤان شەمزینی

ئۆکتۆبەری 2018
ئەڵمانیا – بیلەفێڵد
“نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس”




لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-38- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک

بەشی سی و هەشت

ئەمڕۆ چوارشەممە، کاتژمێر چواری و نیوی دوانیوەڕۆ، بە دیپۆرتکراوی گەڕاومەتەوە سلێمانی. ئێستا لە هۆڵی میدیای پێشووم کە ئێستا بووەتە ناوەندی چالاکی لاوان، لە ژوورەکەی “ئەرکان عەلی” دانیشتووم، ئەو پیانۆ ئەژەنێ، منیش ئەم دێڕانە یادداشت ئەکەم. “نیاز عومەر” گوێی گرتووە. باسی سنوورداشی خۆمم بۆ کردن، چۆن دەریا لە شەوێکی هێمندا لێمان شێت بوو، یەکەمجارم بوو بچمە ناو دەریا، کەچی شەپۆلەکان زۆر تووڕە بوون، ئاسمانیش لە شەپۆل تووڕەتر و تاوە تەرزەیەک خەریکبوو زەورەقەکەمان ژێراوژوور بکا. بەهەزارحاڵ گەیشتینە کەنارێک، بەڵام پۆلیس نیوەی وەجبەکەی ئێمەیان دەستگیر کرد، کە من و “ئاسۆ عوسمان” لەناو دەستگیرکراوەکاندا بووین، دوای چوار رۆژ لە زیندان پۆلیسی تورکی رادەستی زاخۆیان کردینەوە و ئێستاش لە سلێمانیم. ئەوەی بەسەرمان هات ماددەی خاوی رۆمانێکە یان فیلمێکی سینەمایی.
لەگەڵ گەیشتنم بە شار، ئاسایشی یەکێتی دەستگیرکردیان کردم بۆ ماوەی سێ رۆژ، پاشتر بەکەفالەت ئازادیان کردم، مەرجی ئەوەشیان بۆ داناوم کە هەموو رۆژانی “دووشەممە و پێنجشەمە” لە هۆبەی رامیاریی ئیمزا بکەم، سێ رۆژیشە هەموو رۆژێک کەرتی ئاسایشی رزگاری ئەنێرن بە شوێنما و لێکۆڵینەوەم لەگەڵ ئەکەن. ژیانم لە ژێر کۆنترۆڵە، کەس ناوێرێ نزیکم بێتەوە، رۆژانە کاتەکانم لەگەڵ “هاوژین مەلا ئەمین” و “ئاسۆ عوسمان” ئەبەمە سەر. هاوژین ئێستا ناوبانگێکی باشی هەیە بە تایبەت پاش ئەوەی لەلایەن ئیسلامییەکانەوە بریندار کرا لەسەر نووسینەکانی و یەکێتی پاسەوانی ئەکەن، ئەوەش بۆ ئەم دۆخەی من باشە. جیا لەوەش دوێنێ ئێوارە “محەمەد عەدنان”م بینی کزۆڵە ببوو لە سەهۆڵەکە، سەمون و چای ئەخوارد، بە دەنگێکی نووساوەوە وتی لەوانەیە رۆژێ ئەم سەموونە وشکەش نەمێنێ. “قسەکەی حەمە، ئاسۆی تووشی تاسان کردووە”.
نیوەڕۆش کاتێک “ئەرکان” لێی پرسیم سەعات چەندە؟ کاتژمێرەکەی دەستم داکەند و کێشام بە زەویدا و شکاندم. وتم کێ پێوەری بۆ کات داناوە؟ بۆ ئەبێ ئێستا سەعات دوو بێت بۆ سەعات شەش نییە؟. کات بۆ ئێمە هەر یەک شتە. ئەوە کات نییە ئەڕوا و تێدەپەڕێ، ئەوە ئێمەین ئەڕۆین و تێدەپەڕین!. زەمەن شتێکی وەستاوە، مرۆڤە وەهمیانە ساڵەکان و وەرزەکان ئەژمێرێ، ئەگەرنا هیچ تێناپەڕێ جگە لە تەمەنی خۆی. ئەرکان وتی: ئەمەی کردت شتێکی ناماقووڵە، بەڵام شێتییەکی جوانت تیایە. منیش بە تووڕەییەوە لەبەردەم دەرگای ناوەندی لاوان، هاوارم کرد: دژی هەر لۆژیکێکم. دژی عەقڵانییەتم. دژی رایگشتیی و ئەکادیمیام. دژی هەر شتێکم زۆرینە پێیان راست بێ، کێشەم لەگەڵ خودی خۆشم هەیە ئەو کاتەی ناکەومە پارادۆکسەوە.
هەوڵ ئەدەم جارێکی تر لەم وڵاتە دەربازم بێت، خەریکە تووشی پارۆنیا ئەبم! هەست ئەکەم لە هەموو لایەکەوە چوار دەورم بە سیخوڕەکان تەنراوە. هەروەک چۆن “رۆسۆ” هەستی ئەکرد تارماییەکان شوێنی کەوتوون، منیش هەمان هەستم هەیە. ژیانم کۆنترۆڵ کراوە، بچمە دەرەوەی شەستی ئەبێ ئاسایش ئاگادار بکەم و رەزامەند بن. پێرێ لەگەڵ گروپێک گەنج لە باخی گشتیی دانیشتبووین و باسی فەلسەفە و مودێرنێتە و رۆشنگەریمان ئەکرد، زوو زانیم چوار دەورمان پڕ بووە لە سیخوڕ، بۆیە دانیشتنەکەم جێهێشت، دواتر هاوڕێکانم دەستگیر کرابوون. ئێوارەکەشی لەگەڵ “رێباز حەمەجەزا” یەک لیتر “جنی ئەبوشەبقە”مان بردە چەقچەق، بەڵام سیخوڕەکان نەیانهێشت بە دڵمانەوە بنووسێ، چەند ئەلکهولمان خواردەوە سەرمان مێروولەشی نەکرد. ئاخ.
بەرنامەم هەیە، لە هەر کوێیەک بم، دەست بکەم بە نووسینی کتێبێک بە ناوی “گۆران و نوێکردنەی شیعری کوردیی”. ئەگەرچی “گۆران” شاعیری بەهار و سروشتە، فۆرمی کارکردنی لە شیعردا سەر بە قوتابخانەی ریالیزمە، بەڵام رۆڵی ئەو لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا قابیلی فەرامۆشکردن نییە. وەلێ ئێستا من رەشبینی باڵی بەسەر رۆح و دەروونما کێشاوە، کە هەر پێرێ بە “رێباز”م وت “گەشبینی تلیاکی گەلانە.. هیوا، وەهمی گەمژەکانە ژیان تەنیا بریتییە لە تاریکی ئەوەی پێشان وجودییەکان دەیانووت لە تاریکی زگی دایکمانەوە بۆ تاریکی ژیان پاشان بۆ تاریکی گۆڕ”. یان وتم “ئەڵێن ژیان بریتییە لە چرکەساتی خۆش و ناخۆش. بە زمانە میللییەکەی ئەڵێن ژیان خۆشی و ناخۆشییە. من ئەتوانم گەواهی بدەم لەسەر هەزار ناخۆشی ژیان، هەرچی خۆشییەکەشە من نەمبینیوە وەلێ زۆرم بیستووە”.
هەر ئێستاش بەم چەند دێڕە کۆتایی بەم درێژدادڕییە ئەهێنم، قفڵکردنی بابەتێک ئەبێ بەجۆرێک بێ دەرگا بۆ بیرکردنەوە بکاتەوە:
یەکەمجار کە من خۆم کوشت، هەموویان سەرقاڵی ژیان بوون
هەموو لە منەوە فێری خۆکوشتن بوون
بەڵام کەسیان وەک من نەیانزانی بۆچی خۆیان دەکوژن

29-8-2000

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 130-134 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




بەدەم سەفەری شارانەوە*.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

پاریس
بە شانزێ ئەلیزێ دا ئەڕۆیشتم
ژێر هەموو هەنگاوەکانم تەڕ بوون!
شیعرێکی رووخۆشی “ئاراگۆن”م بینی
وەک باران ئەباری

جنێف
لە سیمای هەر کاتژمێرێک ورد ئەبوومەوە
جان جاک رۆسۆ
بە رێزەوە سڵاوی لێ ئەکردم
وام ئەزانی دڵی ئەوە
لە جەستەی زەمەندا لێ ئەدات

دیمەشق
لەسەری هەر کوچەیەکدا
پۆلێک لە پیاوانی پۆلیس و
ژنانی لەشفرۆش وەستابوون
“ئەدۆنیس”م بینی
بە خۆی و دەفتەرێکی رەساسی شیعرەوە
سەر بەرەو ژوور هەڵدەهات

ئیستامبۆڵ
گۆرانییەکی ئەحمەد کایا و
شیعرێکی “نازم حیکمەت”م بینی
هەردووکیان ببوونە
دەستە خوشکی ناو زیندان
ئۆرهان پاموک
پرچی هەردووکیانی دائەهێنا

بەرلین
ئاگام لێ بوو نیوە شەوێک
برێخت لەسەر مێزێکی سوورباو
نامەیەکی بۆ مارکس ئەنووسی
لە نامەکەدا نوسیبووی
هاوڕێ ناکامەکەم
تارماییەکەت هێشتا
ئاسمانی ئەوروپای دانەپۆشیوە

تاران
بە بەرچاوی سوهرابەوە
ئاوەکان لێڵ لێڵ کران
شاملۆ شیعری بیر چوو بووەوە و
لەسەر خیابانەکان
دەرۆزەی ئەکرد بۆ لەتێک نان

بەغداد
لە ئەبونەواس، جەواهیری
بە گوێی “رەسافی”دا ئەچرپاند
ئیدی بۆ لەمەولا ئەبێت
شیعرەکانمان عەمامە لەسەر بکەن
هادی عەلەوی
لەولاوە دایە پڕمەی گریان

رۆما
مێژوویەکم بینی
پەیکەر ئەیگێڕایەوە
فڵچەکەی “داڤینشی”یش
سڵاوی لە موسافیرەکان ئەکرد
لە نازی هەر کچێکدا
خەندەیەکی مۆنالیزایی ئەدرەوشایەوە

ئەمستردام
سندووقێکی پرتەقاڵیم دۆزییەوە
گوێیە بڕاوەکانی ڤان کوخی تیا بوو
لەگەڵ نامەیەکی پڕ فرمێسک
بۆ تیۆی برای

کۆڵن
نیتچە لە کەنار رووباری راین
گوێی لە موزیکی ڤاگنەر ئەگرت
بەدەم جگەرەکێشانەوە ئەیووت
“تف بە ئاڕاستەی بادا مەکەن” -1-
ئینجا بردیان بۆ شێتخانە

کۆپنهاگن
“نیلس هاو”م بینی
بە بەلەم ئەپەڕییەوە بۆ مالمۆ
گوێم لێ بوو
شیعری بۆ دەریا ئەخوێندەوە و
بە ماسییەکانی ئەوت
“شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە” -2-

ستۆکهۆڵم
ستریندبێرگ خەریکی
نووسینی شانۆنامە بوو
جانتایەکی بەدەستەوە بوو
بەرەو پاریس خۆی کۆکردبووەوە
لەوێ کەوتە دۆزەخەوە -3-

قاهیرە
میقداد بەدرخان
لە مۆزەخانەکاندا بەدوای خۆیدا ئەگەڕا
تەنیا هەر ئەو بەشەی لە خۆی دەست کەوتەوە
کە ناوی رۆژنامەی کوردستان بوو

نیویۆرک
هێشتا رێم نەکەوتۆتە ئەوێ
ئەگەر کاتم هەبوو بچم
لە تەنیشت پەیکەری ئازادییەوە
پەڕۆیەکی سپی
بۆ ئابڕووی ئەمەریکا هەڵدەکەم

هەولێر
دێوانەیەکم بینی لای مەچکۆوە
پێموابوو سوکراتە و رێی بزر کردووە
وەختێک لێی چوومە پێشەوە
وتم ئەو شێتە جوانەم دیوە
وا بزانم ناوی فەرهاد پیرباڵە

ئەڵمانیا – بیلەفێڵد

17-9-2017

*باس لەو شارانەیە کە رۆژێک لە رۆژان رێم تێیان کەوتووە، جگە لە نیویۆرک کە هێشتا ئەو دەرفەتە نەڕەخساوە بۆی بچم.

پەڕاوێز:
1- ئەو دێرەی ناوی کەوانەکە وتەی نیتچە خۆیەتی.
2- ناونیشانی کتێبێکی شاعیری دانیمارکی نیلس هاوە.
3- ستریندبێرگ رۆژانی ژیانی لە پاریس بە دۆزەخ پێناسە کردووە، کە دواتر لە توێی رۆمانێکدا هەر بە ناوی “دۆزەخ” ئەو رۆژانەی یادداشت کرد.




فلاشباک-37- ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

بەشی سی و حەوت

رقم لێتە مارکس.. چوونکە رۆژە خۆشەکانت شێواندم، بە بیرۆکەیەکی نەفرەتی، واتلێکردم بۆ شکانەوەی لقی درەختێک بگریم. واتلێکردم باجی خۆشویستنی مرۆڤ بدەم، واتلێکردم لە پێناوی خوشویستنی مرۆڤدا، دوا کەس خۆمم بیر بکەوێتەوە. رقم لێتە مارکس نەتهێشت وەک ئەو خەڵکە بە گەمژەیی بەڵام خۆشبەختانە بژیم، تۆ خوێنی یاخیبوونت خستە رۆحمەوە. چەند شیرینە ئازاری ئەم یاخیبوونە تاڵە!!. ئەگەر هەڵە نەبم پێموایە فیساگۆرس وتوویەتی “ئەم جیهانە بریتییە لە ژمارە و ئاواز” منیش چەند بیر لە مرۆڤ ئەکەمەوە تەنیا ژمارەیەکە لە ژیاندا ئەگەر ئاوازێکی پێچەوانە نەژەنێ، ئەگەر پێچەوانەی شەپۆلەکان مەلە نەکات. بۆیە یاخی بە و گوومان بکە و هیچ پیرۆزییەک مەناسە، ئەوسا ئەبیتە ژمارەیەکی جاویدانی.
سێ بارە لە 12 رۆژی رابردوودا، دوو پارچەی تر نووسینم لەسەر شێوازی “زەردەشت وەهای گوت” نوسیوە، یەکەمیان بە ناوی “وشەی یەکتربڕ” کە لای خۆم زۆر دڵگیرە و بەم شێوەیە تەوزیفم کردووە:
*گەر رۆژێک لە ناکاو ون بووم، لە هیچ شوێنێک بۆم مەگەڕێ، لە کۆڵانەکانی قەسیدەیەکدا بمدۆزەرەوە.
*بۆ ئەوە دروستکراوم گوومان بکەم و یاخی بم،‌ هیچ پیرۆزییەکم نییە و هیچ دەسەڵاتێکیش ناناسم.
*لەپێناوی نەمریدا هەوڵ مەدە، هەموو ماندووبوونێکت لە پێناوی ژیاندا چڕ بکەرەوە.
*هیچ تێزێکی فەلسەفی، هێندەی گریانی منداڵێک کاریگەریی لەسەرم نییە.
*لە هیچ شتێک ناترسم، تەنانەت لە مەرگیش، تەنیا لە ململانێ لەگەڵ گێلەکان دەترسم.
*جاران دڵتەنگ بووم خەونەکانم نایەنەدی، ئێستا دڵتەنگی ئەوەم خەونیش نابینم.
*نازانم بۆچی هەمیشە لە سەرەتای رۆژێکی نوێدا، هەست بە کۆتاییەکی حەزین دەکەم؟.
*ئەگەر فەلسەفە سوودێکی هەبوایە، دەمێک بوو بەهەشت هاتبووە سەر گۆی زەوی.
*جارێک تووڕە بووم لە بەرانبەر ئاوێنەیەکدا، زانیم مرۆڤ لەکاتی تووڕەییدا زۆر ناشرینە.
*پێشووتر هەوڵمدا فێربم بخوێنمەوە، هەنووکە هەوڵدەدەم بۆ نووسەرەکان بگریم.
دووەمیشیان لە ژێرناوی “هاوڕێکانم” کە مامەڵەیەکی رەمزییە لەگەڵ دنیای نووسەر و فەیلەسووفەکان، بەڵام جێگەیەک نییە کە لە رۆحی ئەم نووسینانە تێبگات تا بڵاوی بکەمەوە، رۆژنامەکان هەمووی ئینشای سیاسین، کە ناردیشم بۆ رۆژنامەی “هاوڵاتی” وتیان لە چ زمانێکەوە وەرتگێڕاوە؟! لە کاتێکدا ئەمانە نووسینی خۆمن!! ئەم کورتە نووسینەم لە ژێر ناوی “هاوڕێکانم” نادەم بە هەموو ناوەندی رۆژنامەگەریی کوردیی، کە ئەمەیە:
*کارڵ مارکس: لە مرۆڤبوون حاڵی کردم و پێیوتم گرنگ چۆن ژیانە نەک بۆچی ژیان، بەڵام هاوکات کردمی بە هاوڕێی ستالین و پۆل پۆت و ئەنوەر خۆجە.
*نیتشە: گوومانی بەرانبەر بە مارکس خستە دڵمەوە، فێری لە خۆبایبوونێکی شاعیرانەی کردم.
*سارتەر: لە خەونی کۆیلایەتی رایچڵەکاندم، سەرکەشی فێر کردم و هەموو رێگاکانی یاخیبوونی نیشاندام.
*رۆسۆ: یەک وانەی فێر کردم، زوو دان بەراستییەکاندا بنێم، بۆیە منیش رۆژێک دانپیانانەکانی خۆم دژی خۆم دەنووسمەوە.
*هیگڵ: هیچی فێر نەکردم، بە زمانێک قسەی لەگەڵ دەکردم لێی تێنەدەگەیشتم، بەڵام تەعاروفی لەگەڵ مارکس پێکردم.
*مەکسیم گۆرکی: سەری زمانی و بنی زمانی باسی دایکێکی ئازا بوو، لەم سۆنگەوە دەڵێم ئەو پەیوەستی کردم بە دایکمەوە.
*نزار قەبانی: ئێوارەیەکی پایز بوو ناسیم، کەچی هەموو ژیانمی پڕ کرد لەبەهار و لە عەشقی ژندا تواندمییەوە.
*لوی ئاڵتوسێر: زۆر زوو سەرنجی بەلای خۆیدا راکێشام، کردوومی بە دوژمنى بیروباوەڕە دۆگمەکانی هاوڕێ نزیکەکانی ترم.
*ئاراگۆن: زوو زوو ئەو پەنجەرە تەڵخەم لێدادەخا کە سەیری ژیانی لێوە دەکەم، بەڵام تائێستا رەنج بەخەسار بووە.
*فۆکۆ: هەوڵدەدات بۆم بسەلمێنێت لەناو شێتییەکانی مندا جوانی هەیە، ئەرێ ئەو پیاوە بۆ وازم لێناهێنی؟ دیارە دەیەوێ منیش شێت بکات و بمکاتە بابەتی توێژینەوە؟.
جگە لەمەش شیعرێکی تازەم نووسیووە ئەم ئێوارە، ئەگەر بتوانین بەمە بڵێین شیعر، بەڵام تازە نووسیوومە و ناویشم لێناوە شیعر، ئەگەر شیعر هەستی تاکە کەسێک بێت، ئەمەش هەستی ئەمێستای منە:
ئەی رەشبینی تۆ لە کوێی؟
پێکەنین کوشتمی
ئەی بێهودەیی تۆ لە کوێی؟
ئومێدەواریی کوشتمی
سەرنجێک: هێندەی حەشاماتێک پێدەکەنم، چوونکە ژیان بە پووچ و مایەی پێکەنین دەبینم.

2-7-2001
ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 126-130 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




قەسیدەی بەدیار خۆمەوە پیر بووم .. ستیڤان شەمزینی

من چیم داوە
لە هەڵکورمان بە دیار خەونێکی نەمەییوو و
حنجەکردنی سەرهەڵگرتنی پەروانەیەکی بێزار؟
خۆ من هێشتا پەشمەکی عەشق
لە نێو دەممدا نەتواوەتەوە
هێشتا نەباریومەتە سەر دڵی ژنێک و
شیعرم بۆ گوڵێکی سەربڕاو نەنوسیوە
هێشتا بۆنی مەنفا لە هەناسەکانم دێ و
رەنگی نیشتمان لە چاوەکانمدا ون بووە
ئەبێت خۆم لە کۆشی گۆرانییەکدا بدۆزمەوە
ئینجا گیتار بۆ پەڕەسێلکەیەک بژەنم
ئەبێت فێری زمانی دەریا بم
ئینجا مغازەلەی مانگ بکەم
ئەبێت سەفەر بکەم بۆ دوورگەکانی بەهار
ئینجا سەوزیی دارستان بخوێنمەوە
من کە بە ژانی بیرەوەرییەوە مردووم
لە کوێ دەستم ئەگات بە هەنگوینی ئایندە و
لە باوەشی کام ئەستێرەدا
دوێنێ تاڵەکانم بنێژم؟!
لە کوێ ئێستای خۆم بدۆزمەوە؟
کە من لە کۆڵانەکانی بەرائەتی منداڵی و
پاکیزەیی زەمەنێکی بەسەرچوودا ون بووم
خۆ هێشتا لە ئاو تێنەگەیشتووم
چۆن خۆم بخەمە شەڕی بارانەوە؟
خۆ هێشتا بە ئاشکرا نامەم بۆ گوڵێک نەناردووە
چۆن دڵی باخێکی قاچاخ رازی بکەم؟
خۆ هێشتا خولیای سەفەر مێشکی نەگرتووم
چۆن بگەمە ئاسمانی سەرسامی ژنێک؟
بە چەند چەپکە شیعری قەرەجی
رێی سەفەری نەورەسێک بکەمە پەلکەزێڕینە؟
من کە هێشتا بە برینی رابردوو خۆم دەشۆم و
لە ئاوێنەی ئازاردا تەماشای خۆم دەکەم
چۆن ئەتوانم ئەستێرەکان راو بکەم و
بیکەمە گەردانەی تیشک بۆ ملی شەو؟
من کە هێشتا کچێکی نیمچە رووت
لەسەر کورسی حەزم دانەنیشتووە
چۆن ئەشکەوتی بیرکردنەوەم
پڕ پڕ دەبێت لە مۆمی گەشبینی؟
من کە هێشتا سڵاوم لە پایز نەکردووە و
خۆم لە قەرەی ئاگری سەرکێشی نەداوە
چۆن ئەتوانم داوای رووتبوونەوە لە درەخت و
سووتان لە پەپولەیەکی بەرزەفڕ بکەم؟
من کە هێشتا لە هەڵقرچانی دڵ ئەترسم و
شەڕم بە لەزەتی هیچ گزنگێک نەفرۆشتووە
چۆن ئەتوانم ببمە ئاگربازترین کۆتر و
قژی درەختێکی ترساو دابهێنم؟
من کە هێشتا مەلێکی بێ باڵ و
دەستەمۆی وەهمەکانی خۆمم
چۆن ئەتوانم بفڕم
بۆ حەوتەمین ئاسمانی عەشق و
سەبەتەی مێشکم پڕ بکەم
لە سێوی هەقیقەت؟
من کە هێشتا لە زمانی دەریا تێناگەم و
توانای نووسینی چامەیەکم نییە
چۆن ئەتوانم تریفە بلاوێنم و
تۆزی غەریبی لە شانی
کلوە بەفرێکی نامۆ بتەکێنم؟
من کە هێشتا زیکری عەشق نازانم و
گوێم پڕ نەبووە لە سەمفۆنی هاژە
چۆن ئەتوانم ببمە
دەروێشی تەریقەتی حەزرەتی یار و
دڵی تاڤگەیەکی هەناسەسارد بدەمەوە
لە کاتی رژان بەسەر خەمدا؟
هەر چۆنێک بێت
شەوێکی هێمن و رۆژێکی مەستم نییە
تا بورکانی سەفەری تێدا بحەسێتەوە
هەر چۆنێک بێت
ئیمپراتۆرێکی رووت و رەجاڵم
لەشکرێکم نییە دەست بگرێت بەسەر
قەڵاکانی غەمگینی دا و
قەلەڕەشی بێهودەییم بۆ دیل بکات
هەر چۆنێک بێت
ماڵێکم هەیە، بەڵام بێ پەنجەرە
کە ناتوانین لێوەی بڕوانین بۆ
بۆ باخەکانی داهاتوو
ماڵێکم هەیە، بەڵام بێ باڵکون
کە ناتوانین لێی دانیشین و
ترپەکانی دڵمان بژمێرین
ماڵێکم هەیە، بەڵام بێ باخچە
کە ناتوانین تێیدا
تۆوی زەردەخەنەی منداڵی بچێنین
یان جەستەی شەرمی تێدا بنێژین
هەر چۆنێک بێت
ئاوێنەیەکم نییە، نا ئاوێنەم نییە
وێنەی شێتییەکانی خۆم و
هەنگاوەکانی سەفەری تێدا ببینم
ئاوێنەیەکم نییە، نا ئاوێنەم نییە
سیسبوونی گوڵەکانی عەشق و
رژانی شەرابی پەشیمانی تێدا ببینم
ئاوێنەیەکم نییە، نا ئاوێنەم نییە
خنکانی ماسییە پەمەییەکانی ئومێد و
گیانەڵای شەپۆلەکانی حوزنی تێدا ببینم
هەر چۆنێک بێت
پاڵتۆیەکم نییە چەرمەکەی بیرچوونەوە بێت
تاکو چۆلەکەی تەزیوی بیرەوەریی و
لەشی سەرمابردەی چاوەڕوانی
تێدا گەرم گەرم بکەمەوە
هەر چۆنێک بێت
فانۆسێکم نییە، فانۆسێکی رووخۆش
تا بەر پێی گومانی پێ رووناک بکەمەوە و
لە ژێر پرتە پرتی چاویدا
چنگ لە عەرشی شەوی غەریبی گیر بکەم و
بیخەمە ژێر پێی سپێدەی نیشتمانەوە
هەر چۆنێک بێت
گۆچانێکم نییە، نا گۆچانم نییە
بیکەمە عەساکەی موسا و
“نیل”ی تەمومژی ژیانی پێ شەق بکەم
یان بۆ ئەوەی بەسەر پردی خەیاڵ
تا ئەوبەری دڵنیایی پێی بپەڕمەوە
هەر چۆنێک بێت
هیچ چاویلکەیەکم نییە، نا چاویلکەم نییە
تاکو رۆمانی هەوری پێ بخوێنمەوە و
لە لاپەڕە تەڕەکانیدا بارانێک بناسمەوە
کە بەر لە هەزاران ساڵ بەسەر
باڵای باڵندەی سەفەردا باریوە
هیچ چاویلکەیەکم نییە، نا چاویلکەم نییە
تاکو قەسیدەیەکی زامداری پێ بخوێنمەوە و
لە دێڕەکانیدا گریانێک بدۆزمەوە
منداڵی بلاوێنێتەوە و ماچی گۆنای ئێستا بکا
هەر چۆنێک بێت
کەنارێکی پڕ لە گۆرانیم نییە
تا کەشتییەکانی غوربەت قورگیان پڕ بکەن
لە میلۆدی گەڕانەوە بەرەو نیشتمان
یان ببێتە لاوکی ئەو موسافیرانەی
نیشتمانیان کردە جانتای سەفەرەوە
و بە دوای بەهەشتی مەنفادا رۆشتن
بەڵام پێیان خزایە دۆزەخی تەنهاییەوە
کە ئێستا سروودی دەربەدەریی
بە گوێی ئەو باڵندانەدا دەچرپێنن
سەفەریان رووەو گەرمەسێری وەتەنە
هەر چۆنێک بێت
پێنووسێکم نییە وەک باران تەڕ
سەربردەی پیاوێک بنووسێتەوە
لە مێژە لافاوی ئەوین بردوویەتی و
خۆی بە لکی شیعرەوە گرتۆتەوە
هەر چۆنێک بێت
پێنووسێکم نییە سەوز وەک بەهار
مێژووی زەردهەڵگەڕانی هەقیقەت و
وشکبوونی گەڵای خەیاڵ بنووسێتەوە
یان لەسەر دەفتەری مانگەشەو
وێنەی ئەو پرسیارە گوناهانە بکێشێ
ماسییەک لە کاتی سەرهەڵگرتندا
لە کەناراوەکانی دەکات
هەر چۆنێک بێت
پێنووسێکم نییە، سەوز وەک چاوم
لەسەر بەرگی ژیان پێی بنووسم
تۆ چەند دڵڕەق بوویت لەگەڵم
لەناو گریاندا نیشتەجێت کردم و
رێت لە فڕینی کوندەپەپووی ئازارکانم گرت
لێ نەگەڕایت
تۆزێک تامی مرەبای گەنجی بکەم
ئەوەتانێ بەدیار خۆمەوە پیر بووم
هەر چۆنێک بێت
ئەو دەمەی دەبوو ببمە باران
خودا کردمی بە بیابان
ئەو دەمەی دەبوو ببمە دەریا
لە حەوزی نەفرەتدا خنکام
ئەو دەمەی دەبوو بیر لە عەشق بکەمەوە
ئازار بیری لێ ئەکردمەوە
ئەو دەمەی دەبوو بە ئازادیی بفڕم
کاسەی سەرم لە ناکاو بوو بە زیندان
هەر چۆنێک بێت
تەمەنی خۆمم لە نێو شیعردا دۆزییەوە
فرمێسکەکانی خۆمم لە چاوی یاردا بینی
کە ببوونە ئۆقیانووسێک لە بیرەوەریی
تەرمی خۆمم لە گۆڕستانی عەشق ناسییەوە
ئەوسا تێگەیشتم عەشق یوسفێکە
هەزاران ساڵە گورگی درۆ خواردوویەتی
هەر چۆنێک بێت
عەشق نەیکووشتم
و بە دیار خۆمەوە پیر بووم

—————-

“نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس”
سێپتامبەری 2018




لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-36- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک

بەشی سی و شەش

هیچ کاتم بە فیڕۆ نەداوە، دوو مانگ و نۆ رۆژە، هەمووی شەش جار لە ماڵ چوومەتە دەرەوە. تەنیا ئەخوێنمەوە، هەر کتێبێکیش ئەخوێنمەوە تێبینی خۆمی لەسەر ئەنووسم، زۆر خۆشحاڵم لەم کەشە بێدەنگەدا کارم تەنها گەڕانە بەناو جیهانی پڕ فەنتازیای کتێبەکان، هەرچی بێتە بەردەستم ئەیخوێنمەوە، لەبەریشەوە شت ئەنووسم، بەڵام دوایی لێی پەشیمان ئەبمەوە، لە ماوەی دوو هەفتەدا، دوو نووسینی کورتم نووسی، دیسان لە ژێر کاریگەریی “زەردەشت وەهای گوت”ی نیتشە، یەکەمیان بە ناوی “مەنەلۆج” کە بەمشێوەیە نووسیوومە:
*زۆر دەمێکە دەزانم هەموو بەهاکان جگە لە وەهم شتێکی زیاتر نین، بەڵام تازە دانیپێدادەنێم.
*لە نێوان ئەو و مندا، خۆم ون کردووە، ئیدی دۆزینەوەی خۆم بووە بە ئەرکێکی زۆر مەحاڵ.
*رقم لە هیچ مرۆڤێک نییە، چوونکە هیچ شتێک ئەوەندە بە گرنگ نابینم بەهۆیەوە رقم لە مرۆڤ بێت.
*ئازاری من لەبەرئەوە نییە ناگەم بە خۆزگەکانم، ئازاری من لەبەرئەوەیە خۆزگەم نەماوە.
*شەو بە دۆستی خۆم دەزانم، چوونکە یارمەتیم دەدات تێر تێر بە بیرۆکە ساکارەکانم پێبکەنم.
*یەکەمجار کە خۆم بۆ هەمیشە بزر کرد، ئەو چرکەساتە بوو پێیانووتم ئیدی خۆت بناسە.
*لە نێوان نیتشە و مارکس دا، هیچ خاڵێکی هاوبەش بەدی ناکەم، جگە لە خودی خۆم.
*لە بەرزایی دەترسم، ئەمە گرێیەکی سایکۆلۆجی نییە، بەڵکو ترسێکە لە کوشندەیی هەقیقەت.
*وەختێک کتێب دەخوێنمەوە، دوو دیمەن بە چارەنووسم دەزانم، مەرگێکی لۆرکایی یان ژیانێکی دۆنکیشۆتی.
*یەکەمجار بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز ئەوم خۆشویست، پاشتر بە تراجیدیا دەستبەرداری بووم.
دووەم نووسینیش لە ژێر ناونیشانی “رازەکانی شێتی”یە کە ئەویشم بەمجۆرە لە چەند دێڕێکدا داڕشتۆتەوە:
*یاخیبوون لە ناو خوێنمدا هاتوچۆ دەکات، خوێنم لە ناو یاخیبووندا هاتوچۆ دەکات.
*ئەگەر منت بینی و فرمێسکت لەسەر رووخسارم نەبینی، گوومان لە چاوەکانت بکە.
*مردن قۆناغێکە لە قۆناغەکانی ژیان، ژیان قۆناغێکە لە قۆناغەکانی مردن.
*تاراوگە ئەو شوێنەیە تۆی لێ نیت، نیشتمان ئەو شوێنەیە کە منی لێم.
*کزەی با، جوانترین قەسیدەم بۆ دەخوێنێتەوە وەختێک گەمە بە تاڵە قژەکانت دەکا.
*فەلسەفە درۆیەکی جوان و قەشەنگە، منیش ئارەزووی درۆکردنم زۆرە.
*لە رەشایی چاوەکانتدا چارەنووسم دەبینم، لە سەوزایی چاومدا بەهاری خۆت ببینە.
*عەشق پاسپۆرتێکی جیهانییە، عاشقیش شێتێکی نێودەوڵەتی.
*بەوە پێدەکەنم گشت پێکەنینەکانم درۆ بوون، چوونکە من نەوەی فرمێسکم.
رۆژانە لەگەڵ خوێندنەوە، ئەلکهول و جگەرەشم زیاد کردووە، ژیان خۆی کورتە، من یارمەتی ئەدەم زیاتر کورت بێتەوە. خەریکە لە حزبایەتی و سیاسەت دێمە دەرەوە، ئەزانم راکردن لە سیاسەت باش نییە، بەڵام لەگەڵ سروشتی کەسێکی وەک من یەکناگرێتەوە. ئاخر من و سیاسەت زۆر بە یەکتر نامۆین، ئەگەرچی چەندان ساڵ لە تەمەنی خۆم لە سیاسەت بەفیڕۆ داوە، ژ بەرئەوەی لای من دوالیزمی ئەخلاق و سیاسەت دوو پێدراوی جیاواز نەبوون بەڵکو پێکەوە بەسترابوون، تەنیا ناکامبوونم بۆ ماوەتەوە!. نازانم من راستم کرد یان دوای نیکۆڵۆ مەکیاڤیللی و کتێبی میر، سیاسەت لەهەر جۆرە ئاکارێک داڕنراوە؟!. من هەنووکە سەرقاڵی ئەوەم وەڵامێکم بۆ ئەو پرسیارە چنگ بکەوێت.
ئەگەرچی هیچ کەسێک لە ژیانمدا نییە، کچگەلێکی زۆریش بە چواردەورمەوەن، بەڵام تێکشکانم لە عەشقی یەکەم رۆحی کردووم بە خەرابستان، هەست ئەکەم زەمەنی دێوانەکان گوزەشت، ئەوەی ئێستا تەحەکوم بە جیهانەوە ئەکات قەحپەیەکی وەک پارەیە. لەو رۆژانەش کچێکی هاوڕێم بە ئیمەیل بۆی نوسیبووم “خۆشم ئەوێی” بەداخەوە هەستیم ورد و خاش کرد، بەڵام نەمویست درۆی لەگەڵ بکەم، لەوەڵامدا دوو تراکت شیعری خۆم بۆ نوسیبوو:
هاوڕێ نازدارەکەم، رۆژگارێکە
عەشق بەرماوەی سۆزانیخانەکان و
عاشقیش دۆڕاوێکی گەدای بێ ناونیشانە


ئەمەیە قەدەری ئەشق:
هیچ کات و هیچ رێگەیەک
ئاشق و مەعشووق بە یەکتر ناگەیەنێ ***
15-6-2001

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 122-126 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا-8- تێکست: ستیڤان شەمزینی

رازی هەشتەم و کۆتایی

من زۆر گۆڕاوم
جاران چەمێکی روونی پێکەنین بووم
ئێستا رووبارێکی هەڵچووی گریان
جاران پایتەختی شیعر و شەراب بووم
ئێستا شاری نائومێدیی و خەونی زڕاو
جاران چاوی ژیانم پڕ بوو لە رەنگی هەتاو
ئێستا فتیلەیەکی دڵتەنگی بەر رەشەبام
من زۆر گۆڕاوم
جاران خەیاڵەکانم لێوانلێو بوون لە بۆنی خاک
ئێستا روحم پڕ بووە لە تەپوتۆزی مەنفا
جاران ماڵی دڵم هەوارگەی شۆخە ژنێک بوو
ئێستا هێلانەی کوندەپەپوی تەنهایی
جاران کاسەی سەرم پڕ بوو لە نوری خودا
ئێستاش هاوینەهەواری شەیتان
زۆر سەیر گۆڕاوم!!


زۆر ئەترسم
کاروانەکەت هەرگیز نەگاتە دڵم و
پێکەنینەکانت گوێچکەی ژیانم
پڕ نەکات لە نۆتەی موحیبەت
یان ئەو گۆرانییەی بۆ بەهار ئەیچڕیت
نەگاتە باخی وشکهەڵاتووی رۆحم
زۆر ئەترسم
لەو چیرۆکەی هەموو رۆژێک
بە خوێنی عەشقت ئەینووسیتەوە
فەرامۆش بکرێم و
لە دواهەمین دێڕیدا
فڕێ بدرێمە سەرنوێلک
یان ئەو تەوبە سپییەی
لە بەردەم قەشەیەک ئەیکەیت
جێی گوناهە رەشەکانی منی تێدا نەبێتەوە


هێندە تەڵخە ئاوێنەی ژیان
وا ئەزانم هەزاران ساڵە مردووم
وا تێدەگەم هیچ نابینم جگە لە مردن
هیچ شوێنێک شک نابەم جگە لە گۆڕستان
هیچ شتێک بۆ دڵخۆشی شک نابەم
جگە لە سەما لەسەر پشکۆی ئەوینت
هێندە تەڵخە ئاوێنەی ژیان
خۆم لە هیچ شوێنێک نابینم
جگە لە ژێر دەواری رەشی غەم
ناتوانم بۆ هیچ کوێیەک بڕۆم
جگە لە شمشێرستانی زەمەن
خۆم لە هیچ شوێنێک نادۆزمەوە
جگە لە باوەشی ژنێکی غەریب
کە هەموو رۆژێک حەرفی ناوی من
لەسەر بەردی رەقی وجود هەڵدەکۆڵێ


ئەی پەرییە ژن
ئەو هەموو خەونبینینە بە هەوری وشەوە
بۆ ئەوەیە بارانێک شیعرت بەسەردا بڕژم
ئەو هەموو مەستییە بە سۆزی شمشاڵ
بۆ ئەوەیە دڵی غەریبت رابژەنم
ئەو هەموو بانگهێشتەی پەلکەزێڕینە
بۆ ئەوەیە رەنگی ئەوینمان تۆختر بێتەوە
ئەی پەرییە ژن
چەندان زمانم خوڵقاند
هەر بۆ ئەوەی پێت بڵێم
ئەمەوێت هاوسەفەرت بم لە رێکردن
بە ناو سروودە بێ رەنگەکانی مەنفادا
چەندان کتێبم نووسی
هەر بۆ ئەوەی پێت بڵێم
زەمەنێکە چاوەڕێی کەسێک دەکەیت
کەسێک چاوەکانی پڕ بن لە شەپۆل و
رازەکانی دەریای ئەوین بخوێنێتەوە
ئەوەتا من هاتووم و
زەمەنی چاوەڕوانیت کۆتایی هات





لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-35- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک

بەشی سی و پێنج

ئەمڕۆ هەست بە شێتبوونی خۆم ئەکەم. رەنجەکەمان با بردی. کارمان کرد بۆ ئەم کۆتاییە تاڵە. سەرم خستۆتە ناو کۆشم و فرمێسک بۆ ئەو هەموو ماندووبوونە بێ ئەنجامە ئەڕژم، ئەوەی پێی دەوترا کارکردن بۆ شۆڕش گەمەیەکی دۆنکیشۆتانە بوو، پڕ بوو لە گاڵتەجاڕیی هەرزەکارانە، ئەو هەموو کار و هەڵسوڕانەی کردمان تەنیا یارییەکی سیزیفی بوو، چەند قێزەونە بە ناوی کۆمۆنیزمەوە، بە ناوی هیومانیستی و موبارەزەوە بێیتە مەیدان، کەچی هەموو ئامانج کورت بێتەوە، بۆ مافی پەنابەریی لە بەهەشتی سەرمایەداریی “ئەمەریکا و کەنەدا و ئەوروپا”!؟ هەر چەند لە روانگەی فەلسەفییەکەوە، کۆمۆنیزمم تەلاق نەداوە، بەڵام ئیتر هیچ کات ناتوانم لەگەڵ هیچ حزب و رەوت و دەستەیەک، کاری سیاسیی و رێکخستن بکەم، ئیدی خۆم بە تەنیام لە گۆڕەپانەکەدا. قەڵەمەکەم ئەخەمە کار و بە هێزی وشە مامەڵە لەگەڵ دنیا و واقیع ئەکەم. مارکس جارێک وتی “چەکی دەستم قەڵەمەکەمە”.
زیاتر لە دوو مانگە لەسەر فۆرمی “زەردەشت وەهای گوت”ی نیتشە، سەرقاڵی نووسینی چەند پرتە و بۆڵەیەکم، کە لە وڕێنەی شێتەکانی شار ئەچێ و چەند جار بۆ هاوڕێیەکم خوێندەوە هیچ لێی تێنەگەیشت. یان ئەوەتا ئاستی نووسینم چۆتە سەر یان شێت بووم و ئەبزڕکێنم، بەهەرحاڵ لەو دوو مانگەدا ئەمانەم نووسیوە:
*بێدەنگیم پڕە لە هاوار، هاوارەکانم پڕن لە بێدەنگی، من هەم هاوار و هەم بێدەنگیم.
*لە دەریا دەچم، ناتوانم تووڕەیی خۆم بشارمەوە، بەڵام تووڕەییەکەشم تابلۆیەکی جوانە.
*پێم خۆشبوو فێری بیرکردنەوە نەبم، چوونکە ئەوسا ئەم جیهانە بۆگەنەم نەدەناسی.
*هەموو رۆژهەڵاتییەکان تەنیا خەون دەبینن، ئیدی خەونیش هەرچی بێت واقیع نییە.
*زۆربەمان لاسایی فیزی جەلادەکان دەکەینەوە، لە ‌کاتێکدا ئێمە خۆمان قوربانین.
*ئێمە بە چەندان شێوە فێری مردن کراوین، تەنیا جارێک نەمانتوانیوە فێری ژیان بین.
*کاتێک سەرەو خوار هەڵمدەواسن، دڵنیام هاوڕێکەم دەستدەکاتە گیرفانم بۆ پارەیەکی ئاسن.
*ئەگەر پێتوایە مرۆڤێکی پاکژیت، بیر لەوە بکەرەوە پێت نەخستبێتە سەر شارە مێروویەک.
*لە کۆتاییدا ژیان دەڕوات و مەرگ دێت، کەواتە لە ئێستاوە لە دێوەزمەی مەرگ تێبگە.
*خەون بە دەوڵەمەندییەوە مەبینە، دەوڵەمەندەکانیش خەون بە بەختەوەرییەوە دەبینن.
*کەوتوومەتە دژاورییەکەوە، بۆم دەرکەوت هاوڕێ نزیکەکانم هەموویان کەمتیار بوون.
جیا لەمەش، رۆژانە لەگەڵ خۆم ئەدوێم، تەنیا پێک و جگەرەکەم هاوڕێمن، دوورم لە هەموو کەس، جار جار لە رێی ئیمەیلەوە هەواڵی هەندێ برادەر ئەپرسم، بەڵام دیمەنەکە ئەڵێی رۆژی حەشرە، کەس لەسەر کەس ناوەستێ و کەس ئاوڕ لە کەس ناداتەوە. دوێنێ من و خۆم گفتۆگۆمان بوو کە بەمشێوەیە دایەلۆگمان ئەکرد:
خۆم: تۆ چۆن خۆت خستە گێژاوی سیاسەت و حزبایەتی. کە لە ئەزەلەوە بۆ عەشق و شیعر دروست ببوویت؟.
من: هەڵەیەک لە ئارادایە، ئێمە سیاسەت هەڵنابژێرین، بەڵکو ئەو ئێمە هەڵدەبژێرێ. دوو رێگە هەبوو، یان ببمە بەشێک لەو مێگەلەی رۆژانە دەسەڵات ملهوڕانە ئەیچەوسێنێتەوە یان ببمە ئەنتی دەسەڵات. تەنیا ئەو شتە بە دەست خۆم بوو، کە کامیان هەڵدەبژێرم! بە ناچاریی دووەمم هەڵبژارد، بەڵام دانی پێدا ئەنێم فاشیل بووم.
خۆم: رێگەی سێهەم لەبەردەمتا بوو، لە نێوان کۆیلە و ئەنتی دەسەڵات، کە لایەنگرییکردن بوو لە دەسەڵات.
من: جا کێشەکە لێرەدا دروست بوو، کە میتاڵەکەم بە کەڵکی ئەو کارە نایەت کە وەک رێگەی سێهەم باست کرد،
ئەو مۆراڵەی تائێستا هەمە ئەوەیە دژی هەر چەشنە چەوساندنەوەیەکم، نەخاسمە خۆم ببمە پشکداری چەوسێنەرەکان.
خۆم: هەست ناکەیت تۆ زۆر کەسێکی میسالیت؟ بڕوا ئەکەم لە بیرکارییدا قوتابییەکی باش نەبووبی!!.
من: شەڕی زاراوەم لەگەڵ مەکە، ئەوە منم و بەو جۆرەم، ئیتر میسالیم یان نا، ئێوە بڕیاری لەسەر بدەن. ئەگەر مەبەستت لەوە بێ تا ئێستا بیرم لە سامان و پارە نەکردۆتەوە، زۆر راستە زۆر کۆڵم لە بیرکاری و ژمێرەدا، چوون لەززەت لە ژماردنی پارە نابینم، هەرچەند تا ئێستا بەهۆی خانەوادەکەمەوە گیرفانم خاڵی نییە لەو کاغەزە نەفرەتییە.
خۆم: ئەکرێ پێمان بڵێی پڕۆژەی ئایندەت چییە؟ وەک خۆت ئەتەوێ چی کارێک بکەیت و چۆنیش؟.
من: پڕۆژەی ئایندەم ئەوەیە هیچ پڕۆژەیەکم نییە. بێ پڕۆژەییش خۆی پڕۆژەیەکە. چۆن بێلایەنی لە سیاسەت بۆ خۆی جۆرێکە لە سیاسەت، بێ پڕۆژەیش خۆی پڕۆژەیەکە بۆ هیچ شتێک.
خۆم: سەرم گێژ ئەخوات، سندانت لێ بدات، جا کێ سەر لەم بەیت و بالۆرە و بێنە و بەردەیەت دەرئەکات؟.
من: ئەوە کارێکی باشە کە تێناگەی. تۆش بڕۆ بە لای ئیشتەوە. سەرقاڵی پڕۆژەکەمم واتە پڕۆژەی بێ پڕۆژەیی.

5-4-2001

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 118-122 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا-7-.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

رازی حەوتەم

ئازیزم ئازارێکم هەیە
لە ئازاری وەسێتنامەی پەپولەیەک ئەچێ
لە بێداربوونەوەی پاش داڵغە خۆشەکان ئەچێ
لە بەربوونەوەی ئەستێرەی دڵخۆشی ئەچێت
رەنگی رەشە، وەک مەراقە قەترانییەکان
تامی تاڵە، وەک ئەو پێکەی مەستت ناکات
لەگەڵ ئەو هەموو ئازارەشدا
وەک گۆرانییەکی نەوتراو خۆشم ئەوێی
ئازیزم خەونێکی زڕاوم هەیە
لە خەونی بولبولی لە قەفەسنراو ئەچێ
لە تەنگیی قەبری پەڕەسێلکەی هیوا ئەچێ
لە کوتانەوەی سەری شیعر ئەچێ
دوور و درێژە، وەک رێگای سەفەرێکی وێڵ
دژوارە، وەک راکردن لە دەستی ئیزرائیل
لەگەڵ ئەو هەموو خەونە زڕاوەشدا
وەک خۆشەویستی، خۆشم ئەوێی

نا، هیچ کات مەرگم خۆش ناوێ
چۆن ئاگر ناتوانێت دەستبەرداری
حەزی سووتان بێت
ئاوها منیش ئالودەی ژیان بووم و
فەرشی سوور بۆ پێشوازیی رائەخەم
بەڵام بە بەرچاوی بێدەنگی تۆوە
داڵی مەرگ، پارچە پارچە
گۆشتی ژیانم دائەکرمێنێت
نا، هیچ کات مەرگم خۆش ناوێت
چۆن ماسی چاوی بەرایی نادا
تەڕایی دەریا جێبهێڵێت
ئاوها منیش دەستم بە ژیانەوە گرتووە و
هەموو رۆژێک گۆرانییەکی نوێی بۆ ئەڵێم
بەڵام بە بەرچاوی بێدەنگی تۆوە
باهۆزی مەرگ، گەڵا گەڵا
درەختی تەمەنم ئەوەرێنێت

باوەڕم وایە تۆش وەک خۆمیت
سەدان ئێوارەی خەمناک
ویستووتە لەگەڵ رەوە پەپولەیەکی رەنجاو
گالیسکەی گریان
بەدوای خۆتدا کێش بکەیت
سەدان عەسری لێڵ
ویستووتە لەگەڵ پۆلە ریشۆڵەیەکی گەڕۆک
لە شەقامەکانی تەنهایی خۆت هەڵبێیت
سەدان شەوی خامۆش
ویستووتە لەگەڵ چرکە چرکی کاتژمێرێکدا
بەرەو دەرەوەی زەمەن سەفەر بکەیت
باوەڕم وایە تۆش وەک خۆمیت
ئەو دەمەی دنیا پڕ دەبێت لە ژاوەژاو
تۆ بە زمانی بێدەنگی باسی
لرفەی ئەو “با”یانە ئەکەیت
بینایی عەشق پڕ ئەکەن لە تۆزی کینە
ئەو دەمەی دەفری وجود
پڕ دەبێت لە ژەهر
تۆ بە فۆنتێکی هەنگوینی
لەسەر پێستی چرچی ژیان ئەنووسیت
عەشق، واتە توانەوەی من لە تۆدا

تۆ چی ئەبینیت لە مندا؟
جگە لە بورکانێک وشە و
دەفتەرێک شیعر
جگە لە نیگایەکی دوور و
دڵێکی ئێجگار نزیک
جگە لە رووخسارێکی پیر و
رۆحێکی لاو
جگە لە جەستەیەکی ماندوو و
دوو چاوی پڕ گڕ
جگە لە خۆم لە ئاوێنەی رۆحتدا
من چی ئەبینم لە تۆدا؟
جگە لە باڵندەیەکی شەرمن و
فڕینێکی بەرز
جگە لە بڵێسەی روانین و
بۆنی چڵێک نێرگز
جگە لە هەستێکی وەنەوشەیی و
دەریایەکی پڕ شەپۆل
جگە لە بەرامەی ژیان و تامی ماچ
جگە لە خۆت کە وەک جادوویەک
بە ئەسپایی رژایتە چاومەوە

ئەو هەموو شیعرە لە کوێ بێنم؟
زریکەی ئەو هەموو گوڵە ژاکاوە بنووسمەوە
ئەو هەموو هەستە ئاڵە تاساوە یاداشت بکەم
ئەو هەموو سەفەرەی بەردەم ماڵی مردن بهۆنمەوە
ئەو هەموو کەفەی دەمی دەریا
بکەمە چوارینە
ئەو هەموو خەونە دزراوەی
نێو دوعاکانی دایکم
بکەمە پێنج خشتەکی
ئەو هەموو خەونە چۆن ببینم؟
تەرزە دڵی پەلکە گیا زویر نەکات و
سەفەر نیشتمان نەکاتە تەرمیناڵ
کتێبی فڕین لە پاساری نەدزرێ و
چاوی کانییەکی عاشق پڕ نەکرێت
لە بەردی دابڕان
من ئیدی خەونێکم نەماوە بۆ بینین!

من چۆن بتوانم
بەم دەنگە نوساوەوە ببمە حەیرانبێژی
ئەو یاسەمینە بێزارانەی
تەرمی خۆیان بەرەو فەنابوون لە کۆڵ ناوە
یان ئەو ئینجانانەی بەر لەسەفەر
لە حەوشەی چاوەڕوانیدا جێمهێشتن؟
ئەفسوس بەم دەنگە نوساوەوە
ناتوانم ببمە حەیرانبێژی
کچێک کە هەموو شەوێک
خەونم پێوە ئەبینێ و
لە ئەشکەوتەکانی غوربەتدا
بەدوامدا ئەگەڕێ
یان ببمە شەکەتترین حەیرانبێژی
ئەو سەربازە کوژراوەی بەرەی جەنگ
کە لە گیرفانیدا تەنها وێنەی دایکی و
نامەیەکی چرچبووی
مەعشوقەکەی تێدا جێمابوو
ئەفسوس ناتوانم




فلاشباک/ لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-34.. ستیڤان شەمزینی

بەشی سی و چوار

ئەمڕۆ هەواڵی تیرۆرکردنی “فرانسۆ حەریری” پارێزگاری شاری هەولێر بڵاوبووەوە. ئەو تیرۆریزمەی ئێمە زووتر تارماییەکەیمان ئەبینی و لە نووسەر و چالاکە بەرهەڵستکارانەوە دەستیپێکرد، ئەمڕۆ گەیشتۆتە قوچەکی دەسەڵاتداران. هەندێ ئەیانەوێ پێشوەختە یەکێتی تاوانبار بکەن، هەندێکی تر تاوانەکە ئەدەنە پەنا دەزگای هەواڵگریی بەعس، بەڵام هەردوو ئەگەرەکە زۆر لاوازن، پێموایە ئیسلامییەکان لە پشتی ئەو کردەوەیەن چوونکە هەولێر بە ئیزنی پارتی بووە بە ئەفغانستانێکی تر. دیاردەی ریش و سیواک و شەرواڵی کورت لە هەموو شتێک زیاتر سیمای هەولێری ناشرین کردووە، لە بەرانبەردا چەند جار ئاگر بەردرا لە بازاڕی لەنگە کە پۆشاکی لەنگەی ئەوروپی تیا ئەفرۆشرێ؟ چەند ژن قاچ و دەستیان تێزابڕژێن کرا؟ چەند دوکانی مەی فرۆشی و ئارایشتگای ژنان تەقێنرانەوە؟ چەندانی وەک شاپور و قابیل لە ناو جەرگی شار و بە رۆژی رووناک تیرۆر کران؟.
سێ ساڵێک بەر لە ئەمڕۆ لە کاتی ئامادەکاریی مەراسیمی یەکی ئایار لە شاری هەولێر بووم، لەو ساتانەی لای شێخەڵا سەرقاڵی پۆستەر هەڵواسین بووین، لە هەموو لایەکەوە کەوتینە بەر پەلاماری ریشدارەکان بێ ئەوەی یەک پۆلیس دەنگ هەڵبڕێ، ئێمە چوار کەس بووین، من و هاوڕێ کوێستان، کە لە سلێمانییەوە هاتبووین بێدەنگ نەبووین و کەوتینە دیفاع، بەڵام ئەوان لەشکرێک بوون دەرەقەتیان نەهاتین، بۆیە داوامان کرد پۆلیس بە هانامانەوە بێ کەچی نەهاتن. هەرچی چۆن بوو بە شەڕەبۆکز و دوای فەلاقەکردنمان بە زیندوویی دەربازمان بوو. کەچی ئەبینم هاوڕێ “کاروخ” ئەڵێ خۆ من دەمانچەیەکی سمسم پێیە!! وتم دیارە تۆش وەک کابرا خەنجەرەکەت هەڵگرتووە بۆ رۆژی تەنگانە، ئیتر لەو ساتەوە نازناوی ئەو هاوڕێیە بووە بە “کاروخی سمس”.
دواتر بۆ وەرگرتنی مۆڵەت کە لە باخچەی گڵکەند مەراسیمی یەکی ئایار بکەین، چووین بۆ بینای پارێزگای هەولێر، منیش لەگەڵ وەفدەکە بووم، چوونکە باوکم و فرانسۆ حەریری لە هەفتاکانەوە ئاشنای یەکتر ببوون. سەرەتا گلەیی ئەوەمان کرد جڵەویان بۆ ئیسلامییەکان شل کردووە، هەڵبەتە ئەویش وەک مەسیحییەک نیگەران بوو، بەڵام زانیمان سیاسەتی حزبەکەیەتی. وتمان ئەمانەوێ مۆڵەت وەربگرین بۆ مەراسیمی یەکی ئایار، بە پێچەوانەی هەموو بەرپرسانی ترەوە، وتی بڕۆن ئازاد بن چی دەکەن و چی دەڵێن!!. یەک قسەی خۆشیشی کرد وتی “جەماعەتی رەوتی کۆمۆنیست، بە خودای بەو دەمە قەرەباڵغەتان ئەتوانن هەموو دنیا بکەنە کۆمۆنیست، بەڵام بە گۆڕی بارزانی ئەبێ ئەم هەولێرە بە تۆپ و ئاربیجی بگرن”. مەبەستی لەوە بوو کەلتووری مەزهەبی و ئاینی ریشەیەکی کۆمەڵایەتی و دێرینی هەیە لە هەست و ویژدانی خەڵکی هەولێردا.
بەهەرحاڵ هێشتا چەند سەعاتێکە فرانسۆ حەریری تیرۆر کراوە، بەڵام بە رای من ئەم کارە لەژێر سەری گروپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکاندایە، بۆ ئەوان ئاسان نییە شارەکەیان بە دەستی مەسیحییەکەوە بێ، کە وەک هەندێ لە مەلا توندڕەوەکانیان ئەڵێن “فرانسۆ حەریری ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و بنەماڵەی بارزانییە”.! ئیسلامی توندڕەو چەندانی وەک “دکتۆر فەرەج فۆدە”یان تیرۆر کرد، بەتایبەت کە ئەو بە ئاشکرا باوەڕی خۆی بە ئاینی ئیسلام رادەگەیاند، یان چەندانی وەک “نەسر حامید ئەبوزەید” دەربەدەرکران و ئەزهەریش وتی ئەگەر “دکتۆرە ئیبتهال یونس”ی هاوسەری ئەبوزەید جیابوونەوە رانەگەیەنێت ئەوە بە زیناکار حسابی بۆ ئەکرێ چوونکە بە پێی یاساکانی شەریعەت، دکتۆر ئەبوزەید تەلاقی کەوتووە. ئینجا نموونەکەشیان رژێمی تاڵیبانە لە ئەفغانستان.
وەنەبێ لە سلێمانی، یەکێتی نیشتمانی لە پارتی باشتر هەڵسوکەوت بکا، بەڵکو بەپێی رێکەوتنی تاران هەموو هەورامان و شارەزوور خراوەتە ژێر رکێفی ئیسلامییەکانەوە، هاوزەمان لە حکوومەتەکەی یەکێتی وەزیر و وەزارەتیان هەیە، هەر دوێنێ بوو کە یەکێ لەو توندڕەوانە بە تەکبیر و ئەڵاهوئەکبەرەوە لە فلکەی نالی سلێمانی دەستڕێژی کرد بە ناو خەڵکی سڤیلدا کە چەندان قوربانی لێکەوتەوە لە کوژراو و بریندار. لەولاشەوە بۆ شاباشێکی ئێران، یەکێتی کۆمۆنیستەکانی قەتڵوعام کرد بە رۆژی رووناک لە ناوەڕاستی شاری سلێمانیدا. کە رۆژنامەی “کەیهان”ی زمانحاڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ستایشەوە سوپاسی قەتڵوعامی کۆمۆنیستەکانی لە یەکێتی و ئاغای نەوشیروانی کرد.

18-2-2001
تورکیا

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 114-118 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا.. رازی شەشەم.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

ئەگەر ئەخوازیت عاشق بیت
وەرە زمانێکی تر
بۆ خۆشەویستی بدۆزینەوە
زیندانەکانی عەقڵ
پڕ بکەین لە حیکمەتی فڕین
بە رێنووسێکی تر
خەونی ئازادیی بنووسینەوە
بە رێزمانی عاتیفە،
روانین بخەینە رستەوە
ئەگەر ئەخوازیت عاشق بیت
وەرە هەوا لە هەناسەکانی فیراق پاک بکەینەوە
بەلەمەکانی حەز
بە دەریای لەشدا بئاژوین
بە نێو هەورە رەشەکانی کولتووردا رەت بین
بە سەوزیی بەهار،
پایزی خەواڵو بهێنینە سەما


من تەنها ئەوەم ئەوێت
ژەنگاوی تەنهاییم لە چەمی بزە بشۆمەوە
گۆزە بە تاڵەکانم پڕ بکەم لە شەرابی نیگا
چاوە تامەزرۆکانم پڕ بکەم لە کلی عەشق
داڵغە وێڵەکانم بمگەیەنن بە خەونی ئەوین
من تەنها ئەوەم ئەوێت
بە کەشتی ماچ، سەفەر بکەم بۆ
ئۆقیانووسی دڵنیایی شۆخەژنێک
بە باڵی فریشتەیەک بفڕم بەرەو
باوەشی قەسیدەیەکی بۆنخۆش
بە قاچی شیعرەوە هەنگاو بنێم بەرەو
ماڵی کۆترەکانی غوربەت
بە دەستی عەشقەوە، سڵاو
لە دارستانە زەردهەڵگەڕاوەکانی سەفەر بکەم


هەمیشە دێم
بە کەژاوەی شیعر
بەرەو زەماوەندی عەشقت دێم
بە کانییەک سەرابەوە
بەرەو دەریای رازەکانت دێم
بە جەستەی شەکەتەوە
بەرەو خاچی ئەوینت دێم
بەسەر پشتی ئەسپی خەیاڵەوە
رووەو واقیعت دێم
هەمیشە دەمێنمەوە
تا خانەقای چاوە شەپۆلاوییەکانت هەبن
وەک سۆفییەکی بێ چارە دەمێنمەوە
تا شاری دڵم پڕ بێت لە پەپولەی نازت
وەک ئەستێرەی چارەنووست دەمێنمەوە
تا سێرگی ئاگرینی ئەوینت هەبێت
بەسەر تەنافی ئەڵماسیی دڵتەوە دەمێنمەوە
تا تۆ ڤینۆس بیت، لە نوێژی عەشقدا
بە کڕنووشەوە لە بەردەمتدا دەمێنمەوە


باڵندەیەکی غەمبارم
چەقۆی غەم، زمانی شیعری بڕیم،
بەڵام فرمێسکەکانم هاواریان کرد
ئەی باڵندە باڵ رەنگاورەنگەکە
بە قەد زامی ئەم دوورییە و
هێندەی مۆمە رووخۆشەکانی غوربەت
خۆشم ئەوێی
باڵندەیەکی غەمبارم
هەرچی خوێن هەیە،
لە شیعرم دەچۆڕێ
خوێنی سوور وەک خوێنی
ئەو خەونانەی بە مەلۆتکەیی سەربڕان
خوێنی سەوز وەک خوێنی
ئەو باخچانەی بە هەرزەکاریی خنکێنران
خوێنی پەمەیی وەک خوێنی خۆم
کە بە وتنی “خۆشم ئەوێی”
کەوتە مەوجدان


بێدەنگیم لە دڵتا ئەزرینگێتەوە
من کاتێک بێدەنگم، هەر ئەو کاتە
شیعرێکی پڕ لە ناڵە ئەنووسم
کە وەک بۆمبێکی ئەتۆمی بە بێدەنگی
لە دڵتا ئەتەقێتەوە
منیش بە شیعرێکی تر
ئاسەواری ئەو تەقینەوە ئەنووسمەوە
ونبوونم لە رۆحتدا ئەدرەوشێتەوە
من کاتێک ون دەبم، هەر ئەو کاتە
لە سەفەردام بەرەو هێلانەی
ئەو پاسارییانەی لە خەیاڵمدا نیشتەجێن
کە شەوانی کشوماتت پڕ دەکەن
لە جریوە جریوی یاخیبوون
منیش بە ونبوونێکی تر
داستانی ئەو سەفەرە ئەنووسمەوە


دڵشکان چۆن ئەنوسرێتەوە؟
گۆزەی شکاو چۆن ئەبێتەوە
بەو گۆزە لێوڕێژە دڵخۆشەی
بەر لە شکان ئاوی لە باوەش ئەگرت و
چاوی لە کانیاوێکی شەرمن دائەگرت
دڵشکان چۆن ئەنوسرێتەوە؟
چرا شکاوەکان چۆن ئەبنەوە
بەو کانگا رووناکە نورپرژێنانەی
بەر لە شکان کۆڵانە نوتەکەکانی شەو و
تاریکی ئاسمانیان ئەدایە بەر تیشک و
لەگەڵ کازیوەدا چاویان ئەچووە خەو


وەک رەشەبا مەبە
کە بە خێرایی دێت و تێدەپەڕێت،
لە هیچ شوێنێکیش نیشتەجێ نابێت،
بەڵام دوای خۆی پریاسکەی خەون
هەڵدەڕژێت و شلۆقی جێدەهێڵێت
وەک خۆر بە، کە شەوان
لە پشتی تاریکییەوە
خۆی حەشار ئەدا و
سپێدان بە زەردەخەنەوە دێتەوە
وەک سەفەر مەبە
کە رسی هەموو ئارامییەک
ئەکاتەوە بە خوری و
نیشتمان لە خۆی زویر ئەکات
لە کۆتاییشدا
دڵی هەرچی خەیاڵە ئەیشکێنێت
وەک باخ بە، پڕ بە لە گوڵ و درەخت
سڵاوی باران بسەنەوە و
بین بنێ بە جۆگەوە
تا لەنێو سینگتدا
گوڵە یاس شین ببێت





فلاشباک- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-33.. ستیڤان شەمزینی

بەشی سی و سێ

چیرۆکەکانی “سۆمەرست مۆم” لای من دڵگیرن. ئێستاش کە غەریبی جەرگی کون کردووم، ھەست بەوە دەکەم پاڵەوانێکی “سۆمەرست مۆم”م. کەس نییە ھەواڵێک بپرسێت لێم، لە کونجی ئەم تەنیاییەدا نامەیەک نییە ئاھێک بە بەر رۆحی بریندارمدا بکاتەوە. ئەم دۆخە رۆمانی “کەس نییە نامە بۆ کۆلۆنێل”ی “گارسیا مارکیز” دەخاتەوە یادم. لەو کاتەوەی لە دایکبووم ھەر خەون دەبینم، بۆیە رێگە بدەن بڵێم یۆتۆپیترین پیاوم. دوێنێ شەو بە خەون لە کۆڵانەکانی عەقاری بووم، ئەو کۆڵانانەی زۆرترین بیرەوەرییەکانی منیان لە شانی خۆیان ناوە. بەدەم گاڵتە و شۆخییەوە بەرەو کۆلانەکانی “شێخ محێدین” دەڕۆیشتم. سەرەتاتکێی کچە ئەسمەرە جوانەکەم بینی کە ھەر کات بە کۆڵانەکەیاندا بڕۆیشتبام، سۆندە ئاوی دەھێنایە دەرەوە و بەر دەرگای ماڵی دەشۆرد.
“کازم”م بینی، ئەو گەنجە نەخوێندەوارە لادێیەی ھۆگری ئێمە ببوو، دەیویست لە ئێمەوە شتێک فێر بێت. چیرۆکی “کازم” یەکێکە لە داستانەکانی ناو “الف لیلە و لیلە”. نوکتەیەکی خۆشمان لەسەری ھەبوو. وەختێک داوای لە من کرد نامەیەکی بۆ بنووسم، بۆ کچێکی نازداری عەقاری. بەڵام ئەم نامەیە ھەر نەگەیشت. ئەو نامەیە ھەر لە گیرفانی یادەوەریی “کازم”دا مایەوە کە گۆڵچی تیپەکەشمان بوو. رۆژێک دوای دوو مانگ بە ھەڵەداوان کازم، ھانای بۆ ھێنام و وتی تکایە بەرواری نامەکەم بۆ بگۆڕە ھێشتا پێم نەداوە، منیش بە تەوسەوە پێمووت ئەزیزم من عەریزە و ئەرزوحاڵم بۆ نەنووسیووی، بەرواری چی بگۆڕم، بڕۆ نامەکەتی بدەرێ، ئەمە عەشقە ھیچ مێژوویەک ناناسێ، ئێستا چوار ساڵ و نیو تێپەڕیوە و ھێشتاش کازم نامەکەی نەداوە بە کچە نازداری عەقاری.
دوێنێ شەو لە خەونەکەمدا، بە بەردەم یاریگای “ھونەر”دا تێپەڕیم، ئای کە سەیر بوو، مامۆستا “سەلاح باڵابەرز” لە ھەواڵی دەپرسیم و وتی دوێنێ لەسەر گۆڕی باوکت بووم “گۆڕی باوکم”!، ھاوڕێی بەوەفام بۆی!، شتێکی نامۆ بوو، تەزوویەکی سەیر بە لەشمدا ھات. بە خەندەیەکەوە وتی ئیدی “شووت”ی وا بەرز لێمەدە، رۆژی سەد تۆپ دەکەوێتە حەوشەکەمانەوە. دواتر بەرەو کۆڵانەکانی خوارتر کشام، ھاوڕێم “یوسف ئابڵاخی” کۆمەڵێک کتێب و وەرەقەی شڕی پێبوو. بە تەوسەوە چرپاندی بە گوێمدا: زۆر زوو ھەڵھاتی، خۆ بڕیار بوو ئێمە شان بدەینە بەر ئەرکێکی قورس. ھەستم بە تەریقی و شەرمەزاریی دەکرد، وەک ئەو ژەنەراڵەی بە بەزیویی لە جەنگ دەگەڕێتەوە، تک تک ئارەقی شەرمەزاریم دەسڕی. لەم وەختە رسواییە بە ئاگا ھاتمەوە و سەیر دەکەم لە سەرمای ئەم زستانە سەختەدا لەشم وەک کوکوختییەکی لانە شێواو دەلەرزێ.
بڕوام وایە، ئەم رۆژانە لە سەختترین رۆژەکانی ناو ژیانی منن، تەنیایی گەمارۆی داوم، غەم وەک ئەختەبووت کۆتی کردووم، ئەژدیھای تووڕەیی ناخی خواردووم. ھیچ ھیچ لەخۆم تێناگەم، نازانم چی دەکەم و ئامانجم چییە و بەرەو کوێ مل دەنێم؟. ئەمە کارەساتەکەیە!! ھەروەک محەمەد عەبدلوەھاب لە گۆرانییەکەیدا وتبووی:
نازانین لەبەرچی ھاتووینەتە دونیاوە
نازانین بەرەو کوێ مل دەنێین
نازانین چ شتێکمان مەبەستە
لە دۆخێکی کافکایدام، ئەرێ خەڵکینە ئێوە مارکسییەکتان بینیوە، نیتشە و کافکا و نھێلیزم دەورەی دابێت؟.

١١-١-٢٠٠١
ئەستەمبۆڵ – ئاکسەرای

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە ١١١-١١٤ کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا.. رازی پێنجەم.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

زۆر لەوە ئەترسم رۆژێک بێت
چەشنی تابلۆی سەر دیوارەکانی شار
ئەم عەشقەمان کاڵ بێتەوە و
باراناوی گومان بیشواتەوە
یان وەک پێکێکی ساردی رژاو
پێش ئەوەی تێر مەستی یەکتر بین
بچۆڕێینە ناو ئەلبوومی بیرچوونەوەوە
زۆر لەوە ئەترسم رۆژێک بێت
چەشنی مۆمە تۆراوەکانی نیشتمان
ئەم ئەوینەمان بتوێتەوە و
تاریکی مێژوو قوتمان بدات
یان وەک ئەو نامە رۆح سەوزانەی
پێش ئەوەی بگەنە دەستی خودا
دەکەونە ژێر خەنجەری کولتوورەوە

پێش ئەوەی باڵندەی گیانمان
لە شەقەی باڵ بدا
شەوێکی ئیرۆسی خۆتم پێ ببەخشە
تاکو بتکەمە شاژنی سەر تەختی لەززەت
رۆژێکی پڕ رەنگی خۆتم پێ ببەخشە
تاکو لەسەر بەرماڵی پەلکەزێڕینە
سوجدەت بۆ ببەم
عەسرێکی نیلۆفەڕیی خۆتم پێ ببەخشە
تاکو خونچەی شیعرم
لە رۆحتدا سەردەربێنێت
پێش ئەوەی باڵندەی گیانمان
لە شەقەی باڵ بدا
فنجانێک قاوەی تاڵی عەشقتم پێ ببەخشە
تاکو لە زەریایەک هەنگوینی ماچت هەڵکێشم
تۆ هەڵاڵەی لێوی پڕ شیلەتم پێ ببەخشە
تاکو پەپولەی حەزم سەدان ساڵ تامی بکات
دڵۆپێک مرەکەبی ژنێتیتم پێ ببەخشە
تاکو دەیان کتێبی توانەوەی پێ بنووسم

نامە بێ نازەکەتم خوێندەوە
کە بە فرمێسکەوە نوسیبووت
ئەم نامەیە مەکەرەوە، بەڵام ئەگەر کردتەوە
وەرە مریەمێکی پاکیزە
لە چەکمەجەی شەرەفپەرستان دەربهێنە
لەگەڵیدا سەفەر بکە بەرەو شارێک
غوباری نامووسپەرستی لێڵی نەکردبێ
نامە نازدارەکەتم خوێندەوە
بە قەڵەمی تریفە نوسیبووت
ئەم نامەیە بکەرەوە، لەگەڵ کردنەوەیدا
وەرە ژوانی ژنێکی دەریایی
بەڵام بە بەلەمی عەشق وەرە و
ماڵێک لە ئاو چێ بکە

ژنێک لە ناو مندا ئەژی
هەمیشە مژ لە سیگاری خەونەکانم ئەدات
دوکەڵی رۆژگارە خەمۆکەکانم هەڵدەمژێت
بێ ئەوەی گلەیی لە بەختی خۆی بکات
وەک بەفری بەر هەتاو بە تیشکی شیعرم
هێمن هێمن، ئەتوێتەوە
ژنێک لەناو مندا ئەژی
هەمیشە شەکری خەیاڵەکانم ئەکرۆژێت
شەرابی بێزارییەکانم هەڵدەقوڕێنێت
بێ ئەوەی گلەیی لە بەختی خۆی بکات
وەک چۆلەکەی بەر چۆڕاوگەی عەشقم
رووت و قووت هەڵدەلەرزێت

سەیرە هێشتا تۆ ئەتەوێت
عەشق لە ماچ گۆڕینەوەوە دەربهێنێت و
بیخەیتە توێی کتێبێکی تۆز لێ نیشتووەوە
عەشق لە توانەوە لە ئامێزی یەکتردا بگۆڕیت
بۆ شیعرێکی لاڵ لە زەمەنی کەڕبووندا
عەشق لە لەززەتی تێکەڵبوونی رووباری هەست
لەگەڵ دەریای عاتیفە، بگۆڕیت بۆ
هەڵواسران بە خاچی نەریتەوە
سەیرە هێشتا تۆ ئەتەوێت
عەشق لە گۆرانییەکی ئازادەوە بگۆڕیت بۆ
مەقامێکی دێرینی کەلەپچەکراو
عەشق لە فڕین بەناو ئازادیدا بگۆڕیت بۆ
ئەو پێوەندانەی لە هەوری رەشی
کولتووری خواستراوی بیابانەوە ئەبارێن

لە هەموو جێیەک بە شوێنتدا ئەگەڕێم
لە ناو رێگە پێچاوپێچەکانی دڵم
لە ناو ئەو مەلە غەوارانەی
لە هیچ جێگەیەکی رۆحم نانیشنەوە
لە ناو ئەو پرسیارانەی هیچ کات
وەڵامێکی دڵخۆشکەر وەرناگرنەوە
من هەر بە شوێن تۆدا ئەگەڕێم
لە هەموو جێگەیەک بە شوێنتدا ئەگەڕێم
لەناو شەبەنگەکانی خەیاڵی خۆم
لە ناو رووباری هەڵچووی ئەسرینم
لە ناو ئەو شەبەقە گەورەیەی
چەقۆی دڵڕەقی کردیە خەونەکانم
من هەر بە شوێن تۆدا ئەگەڕێم

بۆ ناسینی من
پرسیار لەو ئەستێرانە بکە
لاوکی درەوشانەوە بۆ ئەو رۆژانە ئەڵێن
لە خومخانەی شەو هەڵکێشران
پرسیار لەو دارسنەوبەرانە بکە
لە وەیشومەی سەختترین زستانیشدا
بەرگی سەوزی ئەوینیان لەبەردایە
پرسیار لەو رێگا گوڵڕێژانە بکە
هەموو دەگەڕێنەوە رۆمای عەشق
بۆ ناسینی من
پرسیار لە قەدیسێکی نورانی بکە
کە خودای لە دڵی ژنێکدا دۆزیوەتەوە
پرسیار لەو رەشەبا سەرەڕۆیانە بکە
ژیلەمۆی مۆمیاکراوی جوانی دەگەشێننەوە
پرسیار لە بەختی رەشی خۆت بکە
کە لە شیعری مندا سپی سپی بۆتەوە

هەڵوەریم وەک خەیاڵێک
پەروانەیەک هەڵیگرتمەوە و
تابوتێکی بۆ دروستکردم لە گوڵ
هەڵوەریم وەک شاعیرێک
ژنێکی نامۆی شکۆفەدار
گۆڕێکی بۆ هەڵکەندم لە وشە
هەڵوەریم وەک خەونێک
رێبوارێکی دڵ پڕ لە سەفەر
لە ژێر دار ئەرخەوانێکدا ئەسپەردەی کردم
هەڵوەریم وەک ئەستێرەیەک
بەسەر شانی فریشتەیەکەوە بەڕێکرام
بەرەو گۆڕستانی تیشک




فلاشباک-٣٢- ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

بەشی سی و دوو

پێرێ گەیشتمە ئەنکەرا، لە داپڵۆسینی کوردستان رزگارم بوو، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی پێشوو، مانگ نەبووە بۆ زیندان رامنەکێشن، ئێستا چاوەڕوانی رەحمی یوئێن ئێچ سی ئاڕ دەکەین، بزانین چارەنووس بەرەو کوێ هەڵماندەگرێت؟. ئەگەرچی ئەوروپا ئەو بەهەشتە نییە لە خەیاڵدانی تاکی کورددا وێنای کراوە، بەڵام بۆ ئێمە پەناگەیەکی ئارامە، هیچ نەبێت کە ئێستا کار گەیشتۆتە سەر کوشتنمان رێگەچارەیەکی ناچارییە و باشترین بژاردەیە. ئێستا لە تورکیای “نازم حیکمەت”م، بیر لەوە دەکەمەوە ئەو پیاوە لەم وڵاتە گەورەیەدا جێگەی نەبووەوە، لە تورکیای “عەزیز نەسین”م کە هەوڵیاندا تیرۆری بکەن.
لە تورکیای خاوەن بزووتنەوەیەکی چەپی بەهێزم کە هەمیشە سەرکوتکراون. لێرە دیمەنەکانی سروشت دڵڕفێنن، وڵاتەکە جوانە، بەڵام ژیان تێیدا سەختە و بۆ ئێمەی پەنابەر رەنگە سەختتر بێت. بیر لە هەموو شتێک دەکەمەوە، مرۆڤی بێکار هیچی بۆ نامێنێتەوە جگە لە بیرکردنەوە، ئەوەندە کاتم هەیە بۆ بیرکردنەوە کە تامی تێدا نەماوە، هەرچەندە وڵات بە مانا نەتەوەپەرستییەکەی بۆ من مانایەکی نییە. کەچی هەست بە رۆحی “نالی” دەکەم، ئاخر کامەیە “سالم”ی من تا چامەیەکی بۆ بنێرم و هەواڵی ئەو وڵاتەی تێدا بپرسم کە تێیدا زۆر چارە گران بووم.؟.
بیر لە تێزەکانی کارڵ مارکس ئەکەمەوە، کاتێ گریمانەی خۆی بەستەوە بە پەیوەندییەکانی کار و بەرهەمهێنان. کتێبە ناوازەکەی “کاپیتاڵ” گەڕانێکە بەدووی ئەو هێزە دیالیکێتیکییەی مێژوو هەڵدەسوڕێنێ. ئەو بە سەرنجدان لە شارێکی پیشەسازیی وەک لەندەن، ئەو ململانێ چینایەتییە قووڵەی لەو قۆناغەدا هەستی پێ ئەکرا، کە زێدەبایی زیاتر لە هەر شتێک ئازاری هەستی “مارکس”ی ئەدا شێمانەی شۆڕشی کرد لە ئەوروپای دڵی سەرمایەدارییەوە. ئێستا لەو تێزەش باشتر تێدەگەم کە هەندێ بیرمەند ژیانی مارکس دابەشی دوو قۆناغ ئەکەن “مارکسی لاو” و “مارکسی پیر” کە ئەدگار و سیمای ئەو دوو قۆناغەشە پڕە لە دابڕان لە یەکتر.
واز لەو جەدەلە فەلسەفییە دێنم، قەڵەم و کاغەز بەشی ئەم درێژدادڕییەی من ناکا، بەڵام ئەوەندە کاتم هەیە کە بە خۆڕایی بە فیڕۆ ئەڕوات هیچ شتێکی ترم هێندە نییە، بەهەرحاڵ لە رێی ئەو شیعرانەی رۆژانە ئەیاننووسم و دواتریش لاپەڕەکان ئەدڕێنم، خۆم لە ئێش و ژانەکانی ناو سەرم رزگار ئەکەم. بیر لەوەش ئەکەمەوە، کێ دەیووت کوڕی ماڵێکی وردە بۆرجوا و ناسیۆنالیست لەسەر کۆمۆنیرم دەربەدەر ئەبێ؟. کە چاوەڕێی بەزەیی یوئێن ئێچ سی ئاڕین، بمانگەیەننە دۆزەخی راستەقینە کە وڵاتانی رۆژئاوایی کاپیتاڵییە!!!. سەیرە هیچم لە پێشووی خۆم ناچێ، تەنانەت رووخساریشم، لەوەتی لێرەم ناسکتر بوومەتەوە و رەنگە چەند مانگێکی تر نەبا ببمە شاعیر “چوونکە پێشتر شیعرنووس بووم نەک شاعیر”، ئیدی تێدەگەم شیعر کاتێک دێت کە مرۆڤ بگاتە لوتکەی دڵناسکی و خۆ خواردنەوە.
دڵم جوگرافیایەکی بێ ناونیشانە
تەنیا تۆی تاکە هاووڵاتی ئەو نیشتمانە


زمانی شیعرم لە گۆ کەوتووە
کەچی دڵم لە جاران عاشقترە

24-8-2000
ئەنکەرا

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 108-111 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا-4- تێکست: ستیڤان شەمزینی

رازی چوارەم

تۆ لەگەڵ من بڕوانە
لە نیشتنەوەی “باز”ی غوربەت لەسەر شانم
لە هەڵوەرینی تەمەنی پەپولەیەکی بێ نەوا
لە تێپەڕین بەناو سنوورەکانی قەدەغەدا
لە جەنگە بێ بارووتەکانی عەشق
تۆ لەگەڵ من بڕوانە
لە رۆیشتن بەسەر تەنافی چارەنووسدا
لە بەربوونەوەی ئەستێرەیەکی بریندار
لە دیمەنی جوانەمەرگ بوونی گوڵە حاجیلەکان
لە ترسناکیی دیمەنی ئەو خەونانەی نایبینین


لە هەر کوێ بیت
بە چاوی شیعرێکی دڵتەڕ ئەتبینم
جۆگەلەی ئەسرینەکانم ئەمهێننەوە بۆ لات
باڵندەی هەستم بۆ کوێ بفڕێت
سەرئەنجام دەگاتەوە بە ئاسمانی روونی تۆ
لە هەر کوێ بیت
لە دووری دوورەوە ئاگرەکەت ئەناسمەوە
ئەو شیعرانە ئەتدۆزنەوە بۆت ئەنووسم
بە باڵای هەر چەمێکدا بڕوانم
سەرئەنجام ئەمباتەوە بۆ کەنار دەریای تۆ


دڵم دەکەوێتە خورپە
کاتێک ئەبینم شیعرەکانم ناتوانن
ئاگرێک لەسەر رۆحت بکەنەوە
کاتێک ئەبینم نامە بێ ئۆقرەکانم
ناتوانن پەنجەرەی دڵت بکەنەوە
کاتێک ئەبینم شەپۆلەکانم ناتوانن
بەرەو رووی کەشتی روانینت ببنەوە
دڵم دەکەوێتە خورپە
کاتێک ئەبینم ئەو شەیتانەی ناو سەرم
ناتوانێت رازی ئەوینێک بخوێنێتەوە
کاتێک ئەبینم ئەو دەستە تەزیوانەم
ناتوانن خۆیان لەبەر ئاگردانی
دڵی پەرییە ژنێک گەرم بکەنەوە
کاتێک ئەبینم پەلکەزێڕینەی ئارەزووم
ناتوانێ ژووری تاریکی تەنهایی
دەریا ژنێک رووناک بکاتەوە


کتێبی دەریام خوێندەوە
لاپەڕەکانی ئاو بوون و
بەرگەکەشی شەپۆل
کە پڕ بوو لە چیرۆکی
پاپۆڕی تێکشکاوی چارەنووس
یان حکایەتی ماسییە یاخییەکانی عەشق
پڕیش بوو لەسەربردەی ئەو دەنکە مروارییانەی
دەریا لە چاوی هەمووانی شاردۆتەوە
کتێبی ئەوینم خوێندەوە
لاپەڕەکانی ئاوریشم بوون و
بەرگەکەشی باران
کە پڕ بوو لە داستانی نەخوێندراوەی فڕین
یان گێڕانەوەی درەوشانەوە سەرمەدییەکانی نیگا
پڕیش بوو لە وەسفی ئەو دڵە غەمبارانەی
وەک سمۆرە گوێزی عەشقیان شاردۆتەوە
ئەوین کتێبێکە فرمێسک ئەینووسێتەوە


گوێ لە گۆرانییەکانم بگرە
گۆرانییەکی حەزین بۆ لاواندنەوەی
ئاوێنە شکاوەکانی ئارەزوو
گۆرانییەکی شاد بۆ سەماکردنی
گوڵە قەرسیلەکانی غەریزە
گۆرانییەکی ئارام بۆ خەواندنی من
لەنێو بەهەشتی مەمکەکانی تۆ
شیعرەکانم بخوێنەوە
شیعرێک کە لە شەوانی غوربەتیدا
ئەتباتەوە کۆڵانێکی رووناکی نیشتمان
شیعرێک لە تەمتوومانی نائومێدیدا
دەستت ئەگرێت بۆ هەسارەی تریفە
شیعرێک لە کیشوەری مەراقەوە
وەک گەردەلوولێکی رووخۆش
ئەتهێنێت بۆ ژێر ساباتی رۆحی من


هەر کاتێک تۆ بێیت
ئاسمانم پڕ دەبێت لە ئەستێرە
شەوەکانم لێوانلێو ئەبن لە بریسکە
رۆژەکانم سەراوڕێژ ئەبن لە پێکەنین
هەناسەکانم تەژی ئەبن لە گوڵاو
رێگاکانم ئەبنە فەرشی نوور
هەر کاتێک تۆ بێیت
شەقامی روانینم رووناک ئەبێتەوە
درەختی خەیاڵم شیعری نوێ ئەگرێ
نسرمی چاوەکانم پڕ ئەبن لە خۆرەتاو
بولبولی نوستووی سۆزم
ئاوازێکی خوساوەی لێک ئاڵان ئەچڕێت
تۆ کەی دێیت ئەی کازیوەی بەیان
لەوەتی لە دایکبووم هەر چاوەڕێم؟


کاتێک لە تۆ نزیکم
خەونێک ئەمبینێت،
دەریایەک پێکەنین ئەمخواتەوە
“کەو”ێک رازەکانم ئەکاتە
سەمفۆنییەک لە قاسپە
سوپایەک لە رووناکی
قەڵا تاریکەکانم داگیر ئەکات
گەردەلوولێک لە شەرابی ماچ
تا “ئۆرگازم”م ئەمبات
کاتێک لە تۆ دوورم
ئەبمە پەیکەرێکی رەنگ زەردی
زەمەنی سۆمەر
بە شەمەندەفەری مەراق
تا وێستگەی ون بوون ئەڕۆم
ئەکەومە ژێر هەرەسی
چیاکانی نائومێدییەوە
فرمێسک دێت و
چی گەنجینەی زەردەخەنەمە
وەک دەستکەوتی غەزەوات تاڵانی ئەکات


ئەگەر ئەتەوێت بمناسیت
نەوەی عەشتارم،
دواین دڵۆپە خوێنی ئاشوورم
بە ئەسرینەوە ئەمرم و
بە پێکەنینەوە زیندوو ئەبمەوە
لە دڵی خۆمدا زیندانم،
لە باوەشی ژنێکیشدا ئازاد
شۆڕشگێڕێکی بەزیوم و
کۆیلەی شۆخێک
ئەگەر ئەتەوێت بمناسیت
چیرۆکێکم بە پەڕەمووچی جوانی نوسراوم
جامێ ئاوی بەهەشتم
بە هەڵە رێم کەوتۆتە سەر زەوی
دەنگم شمشاڵی عەشقە و
مێشکم شەکردانی شیعر
پێنووسەکەم تۆفانە و
روانینە ئاگراوییەکانم جادوو

تێکست: ستیڤان شەمزینی





فلاشباک-31- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

بەشی سی و یەک

ئەمڕۆ 21-7-2000 کە هاوکاتە لەگەڵ یادی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی، بەهۆی داواکاریی هاوڕێیەکی دێرینی باوکمەوە، لە زیندانی ئاسایش ئازادکرام. سێ شەو پێش ئێستا، کاتێک لەگەڵ هاوڕێم “ئاراس عەلی” بووم لە سەهۆڵەکە و لەفەیەکی “گەس”م بەدەستەوە بیخۆم، بەڵام ئاسایشەکانی شار چوار دەوریاندام، پەلکێشیان کردم بۆ بنکەی ئاسایشی رزگاری. هاوڕێم “ئاراس*” زۆر هەڵوێستێکی ئازایانەی نواند کە بەرگریی لێکردم و ویستی لە دەستی ئاسایشەکان رزگارم بکات، ئەوان هاواریانکرد “ئەمە کۆمۆنیستێکی بێ ئەخلاقە تۆ خۆت تێکەڵ مەکە”. ئاراس زۆر جەریئانە هاواری کرد “خۆ منیش کۆمۆنیستم، دەی بمبەن لەگەڵی”.
بەهەرحاڵ منیان بردە ئەودیو دەرگای بنکەکەوە و بە زۆر هاوڕێکەمیان ناردەوە ماڵەوە. بە حەوت ئاسایش بە کێبڵ و دار لێیان دام، تا کەوتمە سەر زەوی، دوایش لەناو “تەوالێت” زیندانیان کردم، ئەوە یەکێک لە ناخۆشترین شەوەکانی ژیانم بوو، تامی لە دەستدانی باوکی دەدا، دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەدا لە من نائومێد بوون و بە تەواویی ئازاریان دابووم، دوای سێ شەو و دوو رۆژ فەلاقەکردن، تەبریەیان کردم، دەستم لە جێ چووە و سەعاتێک پێش ئێستا لای “رزگاری جەراح” بووم، ماڵی ئاوابێت هەوڵی زۆری لەگەڵ دەستم دا. تاوانی من لەم سێ رۆژ زیندان و ئەشکەنجەیە ئەوەیە رێبازێکی سیاسیی جیاوازم هەیە و دەڵێم پێویستە کوردستان نەبێتە ئەفغانستان. دەڵێم بەڵێ بۆ یەکسانی ژن و پیاو. دەڵێم بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان. دەڵێم بەڵێ بۆ قانوونی ئازادیخوازانە و نا بۆ یاساکانی بەعس. ئەوە هەموو تاوانەکانی منە.. ئەمڕۆ زۆر ئازاری جەستەیی و دەروونیم هەیە و بە نیازم بڕۆم بۆ ماڵی ئاراس، سۆراخێکی ئەو بکەم و سوپاسی بکەم.

رۆژانێکی سەختە بۆ ئێمە، چەند دیمەنێکی پڕ ئازارە، کاتێک جەلادەکان بە ناوی یاساوە، تاوانبارت ئەکەن؟!. “چاپلن”م بیردێتەوە کە چۆن دەربەدەریان کرد لە ئەمەریکا بە تۆمەتی کۆمۆنیستی، تەنیا لەبەرئەوەی وتبووی “دایکە کۆمۆنیستەکانیش وەک هەموو دایکانی تر فرمێسک بۆ کوڕەکانیان ئەڕژن”. چەند شەرمە خێڵی یەکێتی نوێنەری باڵی بە حیساب مودێرنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی، “ماکارتی”ئاسا کون بە کون بە دوای کۆمۆنیستەکانەوەیە، لەولاشەوە رەوتە رادیکاڵ و فێندەمینتالیستە ئیسلامییەکان، وەک تەونی جاڵجاڵۆکەیی خەریکی ئیسلامیزەی کایەی کۆمەڵایەتین، چەند ساڵی تر بەهۆی ئەم مۆبیلیزەی ئیسلامییەکان لە بواری کۆمەڵایەتیدا، ئەو تەمەدونەی کەمەی بە رووخساری شارێکی وەک سلێمانییەوە هەیە، پاشەکشە ئەکات. ئەو کۆمەڵگەی بێدەنگە لە تیرۆری کۆمۆنیستەکان، باجی ئەو بێدەنگییەی پاش چەندان ساڵی تر ئەدات.
ئێستا شیعرەکەی “عەبدوڵڵا گۆران” زۆر بە گونجاو ئەبینم، بۆ ئەو بەناو رووناکبیرە تاریکبیرانەی لە رۆژنامەی “کوردستانی نوێ”ەوە هێرشی ناڕەوا ئەکەنە سەر ئەو پرنسیپانەی ئێمەی کۆمۆنیستەکان خەباتمان بۆ ئەکرد.

پیرە مشکی دێرینەیە ماکارتی
عەقڵی شڕ، پینە پینەیە ماکارتی
چەوری لێسی مەکینەیە ماکارتی
دەرگای کونی گەنجینەیە ماکارتی
لە بیری نوێ بە کینەیە ماکارتی
کتێب لای ئەو پەڵپینەیە ماکارتی

21-7-2000
*ئاراس عەلی باوڵ

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 105-109 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا-3-.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

رازی سێیەم

ئەی مەرگ لێگەڕێ
با رازەکانی ئەوین بۆ مانگەشەو باس بکەم
با هەناسەکانی دەریا لە شەپۆلەکاندا هەڵمژم
با لە مەیخانەی عەشقدا پێکی توانەوە بنۆشم
ئەی مەرگ لێگەڕێ
با گۆرانی بۆ ئەو گوڵە بڵێم
لە رۆحی یاردا چرۆی کردووە
با شیعر بۆ ئەو ئەستێرانە بنووسم
وەک پاساری لە شەوانی تەنهاییمدا دەجریوێنن
با ئەشک بۆ ئەو کۆترە سەرگەردانانە بڕژم
لە کاروانی عەشق جێمان و
بە دیار وەسوەسەی ئینتیحارەوە سەریان نایەوە


من دزیم لە گەنجینەی عەشق کرد
سۆزی شمشاڵێکم دزی
شەوانی مەنفای ئەهێنایە سەما
فرمێسکی ژنێکی رووتم دزی
خۆی لە نوری خودا هەڵدەکێشا
من دزیم لە گەنجینەی خودا کرد
بارانێکی قەشەنگم دزی
وەک جامێ شەراب لە چاوی
ژنێکی کۆچەریی ئەڕژا
ئەستێرەیەکی ئارامم دزی
لە ژێر تاڤگەی تیشکەکانیدا
شەهوەت و هەوەسی لێ ئەچۆڕا


لە مەملەکەتی رۆشناییەوە هاتووم
هاتووم بۆ ئەوەی
خەنجەری رووناکی لە جەستەی
ئیبلیسی تەنهایی بچەقێنم و
بە پەنجە گوڵگوڵییەکانی موحیبەت
سەمفۆنی عەشق بژەنم
لە کیشوەری تیشکەوە هاتووم
هاتووم بۆ ئەوەی
بە پێنووسێکی نورانی
مێژووی تاریکی فیراق بنووسمەوە و
بە ماچێکی ئێجگار تامەزرۆ
رووبارێک لە لەزەت بخۆمەوە


بەم رۆژگارە بە دواتەوەم، بەڵام تۆ
وەک نەورەسێکی تەلیسماویی
بە باڵێکی ئەفسووناوییەوە لە فڕیندایت
منیش لە سەرزەمینی روئیاوە
وێڵی باڵێکی قەقنەسیم بمگەیەنێت
بە هەرێمی ئاوەدانی ئایندەت
بەم رۆژگارە بەدواتەوەم، بەڵام تۆ
وەک دەریایەکی یاخیبوو
بە شەپۆلە تووڕەکانتەوە لە هەڵچووندایت
منیش بە سەدای بریسکاویی خەیاڵ
دڵی نووستوی تۆم بێدار ئەکردەوە


هەناسەکانی تۆ بۆنی دەریای لێ دێت
دەریایەک پڕ لە شەپۆلی گومان
دەریایەک پڕ لە پشکۆی دڵشکان
دەریایەک پڕ لە یادگاریی غەمبار
دەستەکانی تۆ بۆنی دەریای لێ دێت
دەریایەک ماندوو لە درۆی پیاوان
دەریایەک تووڕە لە ژانی سەفەر
دەریایەک پڕ لە بەلەمی چاوەڕوانی
تۆ خۆت دەریایەکی گەنجیت
ئالوودە بە خەونێکی پیرەوە


بیرم دەکردەوە تۆ کێی؟
هەر جارەی خەیاڵێک ئەیبردمەوە
جارێک ئەمووت تۆ لەگەڵ باران باریویت
جارێک ئەمووت لە تیشکی هەتاو جیا بوویتەوە
جارێکی تر گومانی ئەوەم دەکرد
تابلۆیەکی بە فڵچەی فەنتازیا رەنگ کراویت
بیرم دەکردەوە لە کوێوە هاتوویت؟
هەر جارەی خەیاڵێک ئەیبردمەوە
جارێک ئەمووت لە باوەشی جوانییەوە هاتوویت
جارێک ئەمووت لە دەربەندی خەیاڵەوە هاتوویت
جارێکی تر گومانی ئەوەم دەکرد
فریشتەیەکی لە نیشتمانی زامدارمەوە هاتوویت


نازانم چۆن پێت بڵێم، ئارەزوومە
وەک کلوە بەفر بەسەر ئاگری سینەتدا ببارێم
بە مقەستی شیعر کراسی شەرمنیت بدڕم و
وەک چەند دڵۆپە فرمێسکێکی قەتیسماو
بڕژێمە چاوە ئاگرییەکانتەوە
نازانم چۆن پێت بڵێم، ئارەزوومە
وەک موچڕکەیەک بە لەشتدا تێپەڕم
بە دەستی قەدەر دار گێلاسی عەشق
لە ناو هەناسەکانتدا بڕوێنم و
وەک نامەیەکی تازە گەیشتووی دڵداریی
بە تامەزرۆییەوە بمخوێنیتەوە


ئەوەی لە کۆتاییدا ئەمێنێتەوە
بارانی چاوەکانی منە
کە هەرگیز خۆش ناکاتەوە
راوەستانی ئەبەدیی منە
لە تەرمیناڵی چاوەڕوانیدا
مەیینی خوێنی منە لە بەستەڵەکی مەنفا
ئەوەی لە کۆتاییدا ئەمێنێتەوە
ئاوڕ نەدانەوەی تۆیە
لە گمەگمی شیعرەکانم
خەنجەری تۆیە
لەسەر ملی کۆتری ئاواتم
بێدەنگی وەحشەتناکی تۆیە
لە ئاست ناڵە ناڵی خەونە سەوزەکانم


لە چاوی تۆوە ئەڕوانمە
ئەو ئاوێنانەی درزی زەمەن لە دڵیاندایە
ئەو ماسییانەی لە بێدەنگی دەریا بێزارن
ئەو تیشکانەی لە باوەشی ئەستێرەوە ئەڕژێن
ئەو شیعرانەی چاویان فرمێسکی تێزاوە
لە چاوی تۆوە ئەڕوانمە
ئەو پەروانانەی بە پێکێک عەشق سەرخۆش ئەبن
ئەو زریانانەی بە نیگایەک هێور ئەبنەوە
ئەو باخانەی گوێ لە گۆرانی پاسارییەکان ئەگرن
ئەو تریفانەی، خۆشەویستی سەوداسەری کردن


هێشتا هەست بەوە ناکەیت
خەریکە لە رێگە پێچاوپێچەکانتدا ون ئەبم
خەریکە دەبمە رۆمانێکی نەنوسراو
خەریکە دەبمە قەسیدەیەکی کزۆڵە
خەریکە ئەبمە دەریاوانێکی یاخی و
مەرجان لە قووڵایی رۆحتدا ئەدۆزمەوە؟
هێشتا هەست بەوە ناکەیت
خەریکە دەبمە دەنگی گریانێکی دوور
خەریکە دەبمە ئیسماعیلێکی سەربڕدراو
خەریکە دەبمە حکایەتێکی خنکاو
خەریکە دەبمە گۆڕستانێکی لێڵ
پڕ لە خەون و رووناکی کوژراو؟


هێشتا هەست بەوە ناکەیت
خەریکە لە رێگە پێچاوپێچەکانتدا ون ئەبم
خەریکە دەبمە رۆمانێکی نەنوسراو
خەریکە دەبمە قەسیدەیەکی کزۆڵە
خەریکە ئەبمە دەریاوانێکی یاخی و
مەرجان لە قووڵایی رۆحتدا ئەدۆزمەوە؟
هێشتا هەست بەوە ناکەیت
خەریکە دەبمە دەنگی گریانێکی دوور
خەریکە دەبمە ئیسماعیلێکی سەربڕدراو
خەریکە دەبمە حکایەتێکی خنکاو
خەریکە دەبمە گۆڕستانێکی لێڵ
پڕ لە خەون و رووناکی کوژراو؟





فلاشباک-30- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

بەشی سی

ئەمڕۆ یەکێک بوو لەو رۆژانەی زۆر ماندووبووم. کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی زەنگی تەلەفۆن لە خەو رایچڵەکاندم، وتیان تەشریف بهێنە بۆ چێشتخانە. هەرچی چۆنێک بوو خۆم خستەوە ژێر بەتانی و دوای 10 خولەک، هاوڕێ موحسین کەریم، تەلەفۆنی بۆ کردم بگەمە بارەگای حزب. وتم باشە، بەڵام کاتم دیاری نەکرد. دوای چەند خولەکی دی، ئەمجارە یار تەلەفۆنی کرد، بۆ ئەوەی بمبینیت، هەموو جارێک تەلەفۆنەکان لەلایەن خوشکەکەمەوە وەڵام دەدرانەوە، دواتر بانگی دەکردم بۆ وەڵامدانەوە. بەڵام ئەمجارە خوشکم وتی دەنگی ئەو کچە نامۆ نەبوو بە من. دەی قسەکەشی راستە نامۆ نییە بەو، بەڵام منیش بە رۆڵ نواندنەوە وتم ئەمە چییە تۆ هەمیشە گوێت بە هەموو دەنگێک ئاشنا بووە.
کاتەکانم دابەشکرد کە سەعات 11 -1ی نیوەڕۆ لە چێشتخانە بم، لە 1-3 لەگەڵ یار بم، لە 3 بەدواوە بێمە بارەگا. ئێستا 7ی ئێوارەیە و من لە بارەگام. بۆنی خوێن دێت، هەست دەکەم یەکێتی خۆی بۆ پەلاماردانی ئێمە کۆ دەکاتەوە. هیوادارم بە هەڵەدا چووبم. لەوەش ناخۆشتر خۆم دەبینم چەکدارم، ئەوە شتێکی نامۆیە لەگەڵ سرووشتی راستەقینەم، خۆ من لە ئەزەلەوە بۆ سیاسەت دروست نەکراوم، کەچی ئەم کرمەی سیاسەت هەناوی خواردووم. بیرمە سەرەتا کە عاشق بووم کوڵمەکانم وەک چرایەک شەوقیان دەدایەوە، ئێستا فشاری عەشق قووپاندوومی، تەنانەت کێشی بۆ 62 کیلۆ دابەزاندووم کە بە قسەی دکتۆرەکان بێت پێویستم بە زیادکردنی دە کیلۆ گۆشتە لەسەر ئەم جەستەیەم.
ئەوەشم بیرە سەرەتا بە یارم وت ئەم عەشقەی من تێیدا رۆچووم لە کۆتاییدا لە گەنجێکی دەمڕووتەوە دەمکاتە پیر و شێخی عاشقان. دەزانم بە تەنیا دێمە ئەم مەیدانە سەختەی عەشقەوە وەلێ کاتێک دەزانم سەدان مورید بە یا شێخ یا شێخ بەدوامەوەن. دوێنێ میدیا، وتی لە شیعرێکی عەزرا پاوەند ئەچیت، منیش وتم تۆش وەک نۆتەیەکی عەزفنەکراو وایت. هەرچەند من ئەم وشەیەم بە هاکەزایی وت کەچی ئەو دوێنێ بیری لێکردبووە بە درێژایی ئەو شەوە لێکدانەوەی بۆ کردبوو. ئێستاش ئەڵێ ئەرێ ئەوە واتەی چی بوو؟. ئەو پێیوایە کە هیچ وشەیەک بە زیادە و بێ مەبەستێکی قووڵ ناڵێم، چوونکە هەمیشە بەو جۆرە ئەمناسێ کە نرخی وشەکانی خۆم ئەگرم، هیچ وشەیەک ناڵێم بێ بیرکردنەوەیەکی قووڵ، بەڵام ئەمە مەرج نییە بۆ هەموو کاتێک هەر راست بێت.
ئێستا رۆمانێکی “عەبدولڕەحمان مونیف” بەناوی “درەختەکان و تیرۆری مەرزوق” لە بەردەستمدایە هەرچەند دەکەم حەواسی خوێندنەوەیم نییە، بەڵام من لەم وشەی تیرۆرە زۆر دەترسم. ئێمەی کۆمۆنیستەکان هەمیشە قوربانی ئەو پرۆسێسە نەفرەتییە بووین. لە ئێستاشدا کە دۆخەکە گرژ و ئاڵۆزە ئەو کردەوەیە لە هەموو کات زیاتر ئەگەری هەیە دژی ئێمە پیادە بکرێ. بەهەرحاڵ هیوادارم شتی وا روو نەدات. با ئەوەشم لە بیر نەچێت ئەمڕۆ راپۆرتێکم بینی لە ژووری هاوڕێ “محسن” دژی من، کە هاوڕێ “ئا” بە قەڵەم و کاغەزی خۆم لێی دابووم، بۆ ئەمە و بۆ ئەم رەنگ زەردی و لاوازییەی خۆم دوو دێڕم لە رۆمانی “نینا” دێتەوە یاد کە بەمشێوەیەیە:
لادۆ: وانۆڤ ئەوە چییە وا لەڕ و لاواز بوویت؟ بێوەی بیت و لە دەرد و بەڵا بەدوور بیت.
وانۆڤ: مانەوەی شەو و رۆژ لە چاپخانە و کاری بەردەوامی ژێر فشاری پۆلیس و سیخوڕ، بڵێی ئەم لاوازییە نەخوازێ؟.

ستیڤان شەمزینی

11-7-2000

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 102-105 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

رازی دووەم

لە ئاسمانی دڵی ئەم شاعیرەدا کڕێوەیە
بەفر ئەبارێت سوور سوور
هەروەک خوێنی ئەو عاشقانەی
بە وشەی خۆشم ئەوێی
ئاگر لە جەرگیان هەڵایسا
لە بەیتەکانی ئەم شاعیرەدا رەهێڵەیە
باران ئەبارێت بە لێزمە
هەروەک فرمێسکی ئەو عاشقانەی
لە دووری یەکتر
دەریای ئەسرینیان شەپۆل ئەدا

بە چاوی دڵ ئەتوانم بتبینم
ئەو کاتەی لە پەنجەرەی خەمەوە
ئەڕوانیتە تابلۆی خۆرەتاو
ئەو ساتەشی دەرگای ئومێد
بە رووی زامە سەرمەدییەکاندا دائەخەیت
بە زمانی رۆح ئەتوانم بتدوێنم
ئەو کاتەی لەناو کەشتیی خەیاڵدا
گۆرانییەکی کۆچەریی ئەچڕیت
ئەو ساتەشی بەدەم بای شەماڵەوە
لانکی ئارەزووەکانم رائەژەنیت

ئەبێت بڕۆم
بە شەمەندەفەری دڵتەنگی و
لەگەڵ کاروانی خەمدا
چونکە باڵندەی دڵم هێندە تەزیوە
لە تەنوری ئەوینی تۆدا نەبێت
لە پەنا هیچ ئاگردانێکدا گەرم نابێتەوە
ئەبێت بڕۆم
بە ئەسپە شێکەی شیعر و
هەر خۆم و خەیاڵە سەرابییەکانم
چونکە کەشتی ئەو هەموو دوورییە
لە سۆمای چاوی تاوسیتدا نەبێت
لە هیچ کەنارێکی تردا لەنگەر ناگرێت

بۆ هەر کوێ بڕۆم
ئازارێک لە دابڕان بە سوێتر ئەمناسێتەوە
زریکەی پایزێک ئەمگرێتە باوەش
رووبارێکی سەرخۆش سڵاوم لێ ئەکات
رەشەبای مەراق سۆراخم ئەکات
بۆ هەر کوێ بڕۆم
تەشی خەمێکی قووڵ ئەمڕێسێت
لافاوی غوربەت پوشی رۆحم ئەبا
کێردی تاریکی لە رووناکییەکەم ئەچەقێ
ئەژدیهای تەنهایی قووتم ئەدات
ئیدی بۆ ئەهێڵیت بڕۆم؟

ئازیزم بیرتە سەردەمانێک
ئاوم ئەژەنی کاتێک دەریا بووم
ئەستێرەم لە باوەش ئەگرت
کاتێک ئاسمان بووم
شەڕم لەگەڵ مەحاڵ ئەکرد
کاتێک عاشقت بووم؟
ئازیزم بیرتە سەردەمانێک
بە قەڵەمی تریفە شیعرم ئەنووسی
کاتێک مانگ بووم
بە دەنگی کازیوە سترانم ئەوت
کاتێک خۆر بووم
بە گژ قولەی قافی نەریتدا ئەچووم
کە شمشێری عەشقی تۆم بەدەستەوە بوو

تەنها ئەوەندە دەرفەتم بدەرێ
رۆحم بە شەونمی ماچەکانت تەڕ بکەم
دەستم بخەمە هەوری سینگتەوە و
لەژێر بارانی چاوەکانتدا بخوسێمەوە
تەنها ئەوەندە دەرفەتم بدەرێ
گوێم پڕ بێت لە خوڕەی مۆسیقای دەنگت
هەناسەم تێکەڵ بە شەپۆلە پەمەییەکانی
ئۆقیانووسی ئارەزووت بکەم و
لە فیردەوسی لەشی رووتتدا
بە نەمریی بمرم!

نامەت بۆ ئەنووسم
نامەیەک بۆنی نێرگزی زوڵفتی لێ بێت
نامەیەک تامی هەنگوینی رامووسان بدا
نامەیەک لە نێو هەر حەرفێکیدا
حەزێکی شێتانە خۆی تیا مەڵاس دابێت
نامەم بۆ بنووسە
نامەیەک بۆنی سنەوبەری لەشتی لێ بێت
نامەیەک تامی شیلکی باوەشت بدا
نامەیەک لەنێو هەر حەرفێکیدا
خۆزگەی لێکئاڵان شاڵاوم بۆ بهێنێ

دەرگاکەت دامەخە
بە رووی ئەو شیعرانەی
لە دوورگەی پڕ برینی عەشقەوە دێن
بە رووی ئەو “با”یانەی
لە رۆژهەڵاتی سینگمەوە هەڵدەکەن و
کەشتییە چارۆگەدارەکانی تۆ
بە هێمنی بە دەریای شیعردا دەئاژون
دەرگاکەت دامەخە
بە رووی ئەو نەسیمە سپییانەی
ئەیانەوێت رەنگی رۆژە رەشەکانت بگۆڕن
بە رووی ئەو فانۆسە رووناکانەی
خوێنی من نەوتیانە و
لە نیگا سیحراوییەکانتدا دائەگیرسێن

پێم بڵێ ئێستا تۆ لە کوێی؟
ئەی خەونە ماڵییەکەی شەیدای سەفەر
ئەی پاسەوانی هەسارەی تیشک
ئەی گوڵە ئومێدی زەمەنی ئافات
پێم بڵێ ئێستا تۆ لە کوێی؟
ئەی تەزیوترین باڵداری نیشتمان
ئەی جادووگەری بەنازی دڵ پڕ لە پشکۆ
ئەی گۆڕهەڵکەنی تەرمی تەنهایی

لەسەر لاپەڕەکانی یادەوەریی بنووسە
من وەک باران دڵی شاعیرێکم خوساند
من بووم گوڵەکانی خۆم
لە ئینجانەی چاوی شاعیرێکدا رواند
منم تۆوی میوەی لەزەتم
لە مەزرای دیوانی شاعیرێکدا چاند
لەسەر لاپەڕەکانی یادەوەریی بنووسە
شاعیرێک هات لەسەر بەرماڵی ژوان
فێری نوێژی عەشقی کردم
شاعیرێک هات بە هاڵاوی نیگا
بەستەڵەکی غروری هەڵپڕوکاندم
شاعیرێکم ناسی بە لێوی شیعر
شیلەی خوماربوونی هەڵقوڕاندم




فلاشباک/ لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-29-.. ستیڤان شەمزینی

بەشی بیست و نۆ

ئێستا کاتژمێر یانزە و بیست خولەکی شەوە. ئەمڕۆ پاش چوار هەفتە زیندانی لە ئاسایشی گشتیی بە کەفالەت ئازادکرام. ئەمە لەو کاتەدا دەستگیرکرام کە بەیاننامەیەکی حزبی کۆمۆنیستم بە تیراژی 250 دانە کۆپی ئەکرد، لە دوکانەکەی کاک “فەهمی حاجی سدیق” بەرانبەر سینەما رەشید. هەر لە دوکانی چاپەمەنییەکە هاتمە دەرەوە دوو ئاسایشی جل مەدەنی قۆڵیان کرد بە قۆڵمدا و یەکێکیان لە ژێر چاکەتەکەیەوە دەمانچەی لە قەبرەغەم گیرکرد و وتی بە بێدەنگی لەگەڵمان وەرە بۆ “دائیرە”. منیش زانیم تەنیا ئەو دووانە نین بۆیە هەوڵی راکردنم نەدا، کاتێکم زانی خستمیانە ناو بەرازیلییەکی سپی مۆلید هەشتا و حەوت تا ئاسایشی گشتی دایاننەبەزاندم. ئەو رۆژەی گیرام دروست پێنج شەمە بوو، دوای چوار هەفتەی خشت، ئەمڕۆ پێنجشەمە ئازادیان کردم.

بەشێوەیەکی گشتیی کەشی ناو ئاسایش وایە، بۆ هەواڵپرسین و پیرۆزبایی بڕۆ، بە شەق و کێبڵ وەڵامت ئەدەنەوە. بەچاوی تاوانبارەوە سەیری هەموو خەڵک ئەکەن و بە فۆرمی توندوتیژیش مامەڵە لەگەڵ نەیارانیان ئەکەن. ئاسایش دەزگایەکە بۆ پاراستنی حزبێک نەک بۆ پاراستنی تێکڕای هاووڵاتیان بێ جیاوازیی سیاسیی. من هەرزان لەم زیندانە دەرچووم، چوونکە کۆمەڵێ لە هاوڕێیانم چەندێکە لە زیندانی “مەعەسکەر سەلام” حوکم دراون بە چوار مانگ بەندکردن. ئەمەش دوای ئەوەی “نەزەر عەلی ئەکبەر”ی جێگری وەزیری ناوخۆ داوای یاسایی لەسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لە دادگا تۆمار کردبوو، بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی حزب.

ناوەڕۆکی دەعوای یەکێتی لەسەر حزبی کۆمۆنیست کە ویستی “نەوشیروان مستەفا”یە لە رێگەی کاراکتەری “حاکم نەزەر”ەوە ئەجوڵێنرێ، کۆمەڵە بەهانەیەکی بەناو قانوونی تیایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزب کە هەم کۆمیدیایە و هەم تراجیدیا! ئەوان بە قانوونەکانی بەعس دادگایی حزبێکی سیاسیی ئەکەن! ئەمە عەریزەیەکی پڕ مجامەلەیە لە یەک کاتدا ئاڕاستەی رژێمی بەعس و کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئەکەن. لەوێدا چەند خاڵێک ڤۆکەسیان لەسەرکراوە وەکوو “حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی داوای سەربەخۆیی کوردستان ئەکات لە رێگەی گۆڤاری ریفراندۆم کە لەلایەن ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حزبەوە دەرئەچێ لە لەندەن، ئاکسیۆن و پانێڵ و کەمپینی جۆراوجۆر ئەکەن”. چەند تراجیدییە حزبی “رووباری خوێن” حزبێ لەسەر سەربەخۆیی بداتە دادگا.

جیا لەمەش چەند خاڵێکی تر وەک “داوای یەکسانی ژن و پیاو.. بوونی ئێرانی لە ریزەکانی حزبدا.. داوای جیاکردنەوەی ئاین و کاروباری دەوڵەت” کۆمەڵە پاساوێکی ترن کە ئەیانەوێ حزبی پێهەڵوەشێننەوە. سەیر بکەن حزبێک کە ئیدعای سوسیال دیموکرات ئەکات بە چ پاساوێک خەریکی ئاپارتایدی سیاسیی حزبێکە کە ئەو دروشمە مەدەنی و ئازادیخوازانەی هەڵگرتووە. بڕوا ئەکەم دوای گەڕانەوەی “نەوشیروان” کە مێژووی تاریکە بە کوشتنی کۆمۆنیستەکان، ئەو پەنجەرە بچووکەی ئازادیی لە یەکێتیدا دابخرێ. نەوشیروان ژانی خوێنڕێژیی گرتوویەتی. ئەمە مانای ئەوە نییە سەرکردەکانی یەکێتی هەمان خواستیان نییە، بەڵام نەوشیروان کاریزمای لە هەموویان زیاترە، جگە لەوەش لە هەموویان دڵڕەقتر و تۆماری رەشتترە.

بارودۆخەکە بەجۆرێکە بۆنی خوێنی لێدێ، هەموو شت رەنگی شەڕێکی نابەرابەر و پڕ قوربانی گرتووە. کاک “لیوا کەمال” سەرکردەی سەربازیی یەکێتی و هاوڕێی دێرینی باوکم، کە کەفیلیشمە، بە تەلەفۆن پێی وتم خۆت بپارێزە کوڕم. یەکێتی هێرشی عەسکەریی ئەکاتە سەرتان!. نازانم قسەکەی بۆ ئەوەیە بمترسێنێ یان بە راستی دۆخەکە ئەگاتە پەلاماردانی عەسکەریی؟. بەڵام من لە مەرگ ناترسم، هاوڕێکانم لەناو ئاگری بەتینا جێناهێڵم. من ئەو کەسە نیم بیروباوەڕ و هاوڕێکانم لەنیوەی رێگە جێبهێڵم، هەرچەند لام روونە کەس لەسەر من ناوەستێ.

29-6-2000

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 98-102 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

رازی یەکەم

سەرسامم بە تۆ
کە توانیت لە دڵی خۆتدا
یەخسیرم بکەیت
سەرسامم بە تۆ
وات لێکردم کتێبی عەشق
پەڕە پەڕە بخوێنمەوە
لە هەر لاپەڕەیەکیشدا
مەرجانی پێکەنین بدۆزمەوە


زۆر زوو زانیم دەریایت
لە بری شەپۆل، مات و بێدەنگ
لە بری پاپۆڕ، عەشقی منت
پێدا تێدەپەڕێت
زۆر زوو زانیم دەریایت و
بە شمشێری جوانی ئەمکوژیت
بە ئاگری نیگا ئەمسووتێنیت
بە چرای پڕ ناڵەی
شەوە کپەکانم ئەناسێنیت


هەمیشە ئەمەوێ
کۆدی رازەکانت بکەمەوە
لەوێ خۆم ئەبینم
دڵم پڕ بووە لە نوری عەشق
هەمیشە ئەمەوێ
تەڵیسمی رازەکانت بشکێنم
لەوێ خۆم ئەبینم
خەونەکانم پڕ بوون لە بریسکە و
ئاسمانم شاگەشگە بووە
بە سەمای پۆلێک ئەستێرە


خێرا وەرە نازەنینم
داری تەمەنم یەک گەڵای پێوە ماوە
بۆ سەوزبوونەوە لە مێرگی عەشقدا
خێرا وەرە فریشتە ژن
لە بەردەم پەنجەرەی چاوەڕوانیدا
تک تک خوێن لە چاوم دێ و
دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک لە دڵم


دەبوو ئێمە زووتر یەکتر بناسین
لە کۆڵانەکانی قەسیدەیەکی دڵ تەڕ
لە شەقامە بخوورییەکانی رۆح
دەبوو ئێمە زووتر ئەم رێگە ببڕین
بەرەو باخە پەلکەزێڕینەییەکانی زەردەخەنە
بەرەو ماڵە پڕ مۆمەکانی فەنتازیا
بەرەو کەناراوەکانی دەریای خەون


تۆ ئەتەوێت بەنهێنی خۆشم بوێی
کەچی من بە ئاشکرا ئەوەرێم و
بە پەنهایی و لە تاریکی شەودا ئەگریم
ئەتەوێت بە ئاشکرا شیعرت بۆ بنووسم
کەچی من بە نهێنی ئەتوێمەوە و
بە بەرچاوی خوداوە گۆنات ماچ ئەکەم


هەر چاوەڕوان بووم بازی عەشقی تۆ
لەسەر شانی راستم بنیشێتەوە
وا ئێستا لە دوا نیگای وەریوتدا
تەرمی خۆم لەسەر شان هەڵگرتووە
هەر چاوەڕوان بووم لە باوەشی پێکەنینتا
بە ئارامی سەرخەوێک بشکێنم
وا ئێستا بە دیار ئەلبوومی بیرەوەرییەوە
شەڵاڵی بێدەنگترین گریان بووم





فلاشباک/28/ ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

بەشی بیست و هەشت

دەمێکە سەیرکردنی “تی ڤی”م بیر چۆتەوە، سەیری خاک تی ڤی دەکەم، دڵخۆشم بەوەی گوێ بۆ پارچە موزیکێکی کوردیی دەگرم، موزیکێک بە ئامێری پان فلووت. کاک “دیاری” ژەنیاری پان فلووت زۆر بە چێژەوە ئەو پارچە موزیکە پێشکەش دەکات. ئەم موزیکە بردمییەوە بۆ دنیای “نیتشە” و ئەو وتەزایەی دەڵێ “تاکە شتێک وامان لێدەکات بەهۆی هەقیقەتەوە نەمرین، هونەرە” لەم رۆژانە هەمان ئەو وتەیەم بۆ “کامەران لەتیف” نووسی کە پێشانگایەکی “میتافۆر”ی لە هۆڵی میدیا کردبووەوە بە بۆنەی یەکی ئایارەوە. ئەمڕۆ بە بەراوورد بە رۆژانی دی، ئاستی رەشبینییەکەم کەمتر‌ و لاوازترە، رەنگە ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە بێت دوێنێ لەناو حەماسی یەکی ئایاردا بووم. لە هەوڵی ئەوەدام شاکارێکی ناوازەی وەک “فاوست”ی “گۆتێ” دەست بخەم و بیخوێنمەوە، زۆرم لە بارەی “فاوست”ەوە بیستووە و خوێندۆتەوە، هەست بە شەرم دەکەم هێشتا ئەو دەقەم نەخوێندۆتەوە. جیاواز لەمانە هۆگری دنیای “جاک لەندەن” و “فلوبێر” بووم، ماڵی مارکسییەت ئاوا بێ منێکی گوایە خوێندەوار تازە بە تازە بە “ئارسەر رامبۆ” ئاشنا دەبم.

ئێمە هەر لە دنیای چیخۆڤ و گۆرکی و مارکیز و برێخت و کێ و کێی تردا چەقیون، پێویستە شتی نوێ فێر بین و سەیری دونیا بە چاویلکەیەکی تازەوە بکەین. خەمی قووڵم ئەوەیە هەزارەها مارکسی دۆگما لەم وڵاتەدا بەرگریی کوێرانە لە ئایدۆلۆجیاکەیان دەکەن کەچی ناتوانن دیراسەی “لوی ئاڵتوسێر” بکەن، ئاخر خۆ کەس نییە هێندەی ئەو داکۆکیی لە مارکس بکات بە فاکتی زانستی و تێزی ئەکادیمی نوێ کە فەلسەفەی هاوچەرخی ناچار کردووە دانی پێدا بنێن!!!. ئێستا ئەم زۆربێژییە بەس دەکەم و نامەیەکی عاشقانە بۆ دلبەر دەنووسم، هیوادارم ئەویش ئەو قوفڵە گەورەیەی مێشکی بشکێنێت و دەرگای بیرکردنەوەی بکاتەوە.
نەفەسێکم لە جگەرەکەم داوە، هێندە تاڵە تامی ژیانمان ئەدا، خواردنەوە ئەلکهولییەکان نەبێ، هیچ خودایەک ناگاتە فریامان. شانۆگەریی “دەرگاکان”ی “یوسف سائیغ” ئەخوێنمەوە لەو پەرەگرافەدا چەقیوم، کە هۆڵی دادگایە و عاشقەکە لە قەفەزی تاواندا راگیراوە،! دادوەر پرسیاری لێ ئەکات بۆچی ئەو تاوانەت ئەنجامدا؟؟ عاشقەکە بە نەرمی و دەنگێکی نەوی وتی “جەنابی دادوەر، عەشق حاڵەتی سەراسیمەیی و سەوداسەرییەکی بەو چەشنەیە، کە نەدەزانی چی ئەکەی و نە بیرت دێتەوە چیت کردووە!”. هەستێکی سەیرم هەیە لەو کاتەوەی هەستم بەدڵی خۆم کردووە، ئاگری عەشق ئەیسووتێنێ، کەچی لە وڵاتێکدا بیر لە عەشق ئەکەمەوە، پڕیەتی لە گۆڕی بە کۆمەڵی کۆترە عاشقەکان، پڕیەتی لە چۆلەکەی کوژراو!!.
هەستم ئەڵێی بایەقووشە، ئەیەوێ شتێکی ناخۆشم پێبڵێ، رمڵ لێنادەم، جادووگەریش نیم، نە خڵەفاویشم، ناتوانم بڵێم بڕێ لە شێتیم تیا نییە، بەڵام بۆنی خوێن ئەکەم، پێموایە ئەم کێشمەکێشەی نێوان حزب و یەکێتی ئەگاتە رووداوی دڵتەزێن. بە دەست من بێ لوولەی چەکەکان فڕێ ئەدەمە زێرابەوە، خوێنی مرۆڤێک لە هەرچی ئایدۆلۆجیا و پۆلەتیکە پیرۆزترە. ئێستا لە ناو حزبدا ئەمە تەرح بکەم، نەک بە ئاژیتاتۆرێکی بۆرجوازی تاوانبار ئەکرێم، بەڵکو گومانی تابوری پێنجەم و سیخوریشم لێ ئەکرێ!!!. ئاخ چەند بێ چارەم. هەست بە دڵتەنگی زۆر ئەکەم، هەروەک ئەو رۆژە کە بە هاوڕێیەکم وت “ئاخ لەو قووڵپی گریانەی لە دەریای غەمگینی دڵمدا شەپۆل ئەدات”. یان لە نامەیەکدا بۆ یار نووسیبووم “زۆر سەیرە هەمیشە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێم کەچی هەر لە دوای دواوەم”. با دوا نەکەوم لە نووسینی نامەکە بۆ یار، بۆیە لێرەدا بەم دێڕە کۆتایی بەم نووسینە دەهێنم: “ئەم گەردوونە زۆر لەوە بچووکترە رەشبینی و خەمەکانی منی تێدا جێگە بێتەوە”.

2-5-2000

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 95-98 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




قەسیدەی خەمنووسێکی عاشق.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

لەسەر بانیژەی کات
بە قەڵەمی گرینۆکی تەنهایی
کتێبی بێدەنگیم ئەنووسی
ژاوەژاوم رەش دەکردەوە و
بە فۆنتێکی باریکتر
سەرگوزەشتەی شاعیرێکم
یادداشت کرد
کە بە پەلکە زێڕینە
شەقامەکانی ئاسمانی ئەڕازاندەوە
چۆڕاوی ئەو بارانەم ئەنووسی
لە چاوی بولبولێکی تۆراوەوە دەڕژان
پێناسەی ئەو شیعرانەم ئەکرد
لە هەزاران ساڵ پێش زایینەوە
بەڕێوەن و ناگەن بە هیچ کەس
خەونی ئەو ئاوێنانەم ئەخوێندەوە
هەزارەها رووی گوناهباریان دیوە و
شەڵاڵن لە هەزارەها سەرنجی تاوانبار
کراسی خوێناویی ئەو پەروانانەم
لە رەنگی زەردی هەتاو هەڵدەکێشا
لە یەکەم ژوانی شەمعدا کوژران
دڵنەوایی ئەو نیگا سپیانەم ئەکرد
پڕ ببوون لە دوکەڵی خواحافیزیی
گوێم بۆ چیرۆکی دەریا دەگرت
کاتێک باسی بێ ئەمەکی
پاپۆڕەکانی ئەگێڕایەوە
خۆم دابووە بەر شەپۆلی خەیاڵ
کە ئەیبردم بۆ گۆڕستانەکانی مێژوو
لەوێ سڵاوم لە سەدان شاعیر دەکرد
لە نێو دیوانەکانیاندا
لەوێ هەزارەها جۆگەی خۆکوژم ئەبینی
لە کاتی گریانی ئاودا
لەوێ دەیان عیسای عاشقم ئەبینی
بە خاچی پەیمانی شکاوەوە
لەوێ هەزاران خەونی شیرینم ئەبینی
بەدەم رەشەبای تاڵی کابووسەوە
لەوێ هەزارەها بەهەشتی خنکاوم ئەبینی
لە بیرە دۆزەخییەکانی جەنگدا
لەوێ هەزارەها کۆتری سەربڕدراوم ئەبینی
بە کێردی شەرەفی دۆڕاوەوە
لەوێ هەزارەها باخی سووتاوم ئەبینی
بە کڵپە و گڕی عەشقی ناکام
لەوێ هەزارەها ماچی وەریوم ئەبینی
بەسەر روومەتی چرچی ژیانەوە
لەوێ هەزارەها پیاوی خراپەکارم ئەبینی
لە کاتی گوشینی مەمکی تاواندا
خۆم دابوو بە دەم تۆفانەکانی فەنتازیاوە
کە ئەیبردم بۆ کوچەکانی گومان
لەوێ سەدان پرسیاری مناڵکارم بینی
بە دیار وەڵامەوە، ریشیان سپی ببوو
لەوێ سەدان فریشتەی خەمبارم بینی
بەدیار عەشقێکی شێتانەوە
پرچی سپییان هۆنیبووەوە
لەوێ سەدان باوەشی تەنیام بینی
لە حەسرەتدا ببوون بە پەیکەر
لەوێ سەدان دارستانی رووتەنم بینی
بۆ یەک تاکە خەندەی یار
قژی خۆیان رنیبووەوە
لەوێ سەدان مەلەوانی خنکاوم بینی
لە چۆمی شۆخە ژنێکدا نغرۆ ببوون
لەوێ سەدان دڵی شووشەیم بینی
بە بەردی دابڕان ورد و خاش ببوون
بە باڵی نەوڕەسەکانی ئەندێشە ئەفڕیم
بەرەو ئەو باخانەی
بە خوێنی عاشقان ئاو ئەدران
لەوێ هەزار پەپولەی لە سێدارەدراوم بینی
بە تاوانی تێپەڕین
بەناو تەلبەندەکانی حەرامدا
لەوێ سەدان چەمی وشکبووم بینی
کە لەناو دۆڵەکانی دابڕاندا خنکابوون
لەوێ هەزاران برینی تەڕ و قووڵم بینی
وەک تاڤگە هاژەیان ئەهات و
وەک کانیاو خوێنیان لێوە هەڵدەقوڵا
هەر برینێک حکایەتێکی هەبوو
یەکێکیان کریستاڵی چاوەڕوانی بڕیبووی
یەکێکی تر شوشەی مەراق تیغی کردبوو
یەکێکی تریش چەقۆی کولتوور
وەک دارکونکەرە لەشی کردبوو بە بێژنگ
لەوێ ملیۆنەها “قابیل”م بینی
کێردی بۆ کوشتنی “هابیل”
بە هەسانی ئیبلیس تیژ دەکردەوە
لەوێ چەندان شیعری هەڵوەریوم بینی
وەک فرمێسکێکی بێدەنگ
لە قەڵەمی شاعیرێکەوە دادەبارین
هەر شیعرێک داستانێکی حەزینی هەبوو
یەکێک ماچە وەریوەکانی دەگێڕایەوە
یەکێکی تر گۆرانی پەشیمانی ئەچڕی
یەکێکی تریش ئالودەبوونی
حەقیقەتی بە یەئس دەهۆنییەوە
ئەوانیتریش هەر هەموو
سەمفۆنیایەک بوون لە نائومێدیی و
پەنجەرەیەک بوون هەمیشە چاوەڕوان
ئاسۆیەک بوون هەردەم تاریک
خەونێک بوون هەمیشە بزڕکاو
پێکێک بوون لە شەرابی تێکشکان
پرسیارێک بوون بێ وەڵام
تێکست بوون، بێ هیچ خوێنەرێک
مەرگ بوون لە تابووتی ژیاندا
مەی بوون لە جامی زامدا
گریان بوون لە باوڵی پێکەنیندا
بەسەر پشتی گالیسکەی عەشقەوە
هێمن هێمن هەنگاوم ئەنا
رووەوە باخە رەنگاڵییەکانی تریفە
لەوێ تۆم بینی لە پیاڵەی خەمدا
پێک پێک شەرابی ئەوینت پێدام
لەوێ تۆم بینی ئاگرت ئەکردەوە
ئاگرێک بەربوو لە تەنهایی من و
لەو گیا وشکبووانەی رۆژانی غەریبیم
لەوێ تۆم بینی
کراسی کازیوەت لەبەردا بوو
پرشنگت ئەدا بەسەر برینەکانی مندا و
بە زەردەخەنەیەکی مۆنالیزاییەوە دەتووت
ئەی مەلولترین پیاو بەخێر بێیت
بۆ ناو ئێوارە رووخۆشەکانی من
لەوێ تۆم بینی، پەنجەرەکانی ژیانت
بە دەستەکانی ئومێد دەکردەوە و
پێت دەوتم ئەی نامۆترین پیاو
هەزاران ساڵە ئەم پەنجەرەیە
لە چاوەڕوانی تۆدا ئێشکی گرتووە
دڵی ژەنگی زەمەنی گرتووە
ئەوە منم بۆ یەکەمین جار
بە رووی تۆدا بۆ ئەبەد ئەیکەمەوە
لەوێ تۆم بینی کفنت ئەدوری
کفنێک بۆ مەراقە سەرمەدییەکانی من و
شەوە چاوەڕوانەکانی خۆت
کفنێک بۆ خەونە تاڵەکانی من و
رۆژە تفتە ناکۆتاکانی خۆت
کفنێک بۆ شیعرە وەڕسەکانی من و
خەیاڵە پەرێشانەکانی خۆت
لەوێ تۆم بینی مۆمێکت هەڵکردبوو
لە ناو شەوەزەنگی بیرکردنەوەی مندا
کاروانێکت لە خەندە بەڕێ ئەکرد
لەناو بیابانی کاکی بە کاکی رۆحمدا
نەمامی بەرائەتت ئەڕواند
لەناو باخە گوناهبارەکانی مندا
ئۆپێرایەکی دڵخۆشت بۆ ئەخوێندم
کە بەدیار تەرمی خۆمەوە پیر ببووم
هەناسەی ژیانت خستە گیانمەوە
کە لەسەر تەلاری خۆکوشتن هەڵنیشتبووم
لەوێ تۆم بینی ئەسپەکەمت زین کرد
کە بڕیارم دابوو تا مەملەکەتی تەم
غاری پێ بدەم
رێَگەی ئەو سەفەرە جاویدانییەت لێ گرتم
کە بڕیارم دابوو لە عەسرێکی تووڕەدا
لە نیشتمانی تەنهاییەوە
بۆ باوەشی گۆڕستان بیکەم
بەدەستی گوڵئاسات منت بردەوە
کوچەکانی عەشق و
کەناراوەکانی ئەوین
وتت ئەی کۆتری تینووی دڵداریی
لە ئۆقیانووسی عەشقی مندا
بەشی هەزاران ساڵ
ئاوی شیرینی عەشق بخۆرەوە
لەوێ تۆم بینی
وەک فریشتەیەک
لە چاوەڕوانیمدا بوویت
لەوێ تۆم بینی و
هەر تۆش ئەبینم




فلاشباک-27- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

ستیڤان شەمزینی
بەشی بیست و حەوت

هەناسەم سوار بووە، ناتوانم بە پێی پێویست لەم ژینگە پیسەدا هەناسەیەکی ئازاد هەڵمژم. ئەمە واتای ئەوە نییە تەندروستیم خراپە، نەخێر گیروگرفتی فەسڵەجیم نییە، تەنیا ئەوەندە نەبێ ئەو رۆحە یاخییەم لەهەر چوار لاوە لەلایەن سیخوڕەکانەوە گەمارۆ دراوە. هاوڕێیەکمان لە “یەکێتی خوێندکاران و لاوانی ئازاد” لە ئاسایش دەستگیر کرابوو. پرسیاریان لێکردبوو کێ بەرپرسی سلێمانییە لە رێکخراوەکەتان؟ ئەو هاوڕێیەش ناوی منی هێنا بوو، چوونکە من جێگری سکرتێر و بەرپرسی لقی سلێمانی یەکێتی خوێندکارانم. ئەفسەرەکەش سەرێکی بادابوو، وتبووی کە بە من بڵێ ئەو سەرەی سەری خۆی نییە، رۆژێ وەک تەماتە بۆی ئەفلیقێنینەوە بە فیشەک.
دەزگای ئاسایش کە دەزگایەکی “ئانکیزیسیۆن”ییە و کاری پشکنینی بیروباوەڕی خەڵکە کە ئەو زاراوەش لە سەدەکانی ناوەڕاست بۆ دادگاکانی پشکنینی بیروباوەڕ داتاشرا کە لقێکی سەرەکیی کەنیسەی کاسۆلیکی بوو. لەشکرێک سیخوڕیان خستۆتە کار بۆ چاودێریی بیروباوەڕی خەڵک. من هیچ کێشەم نییە، رای خۆم بە دەنگێکی دلێر بە هەموو کەس رادەگەیەنم، نەک بە شەرم و لەژێر لێوەوە قەناعەتەکانی خۆم بڵێم. ئەبێ ئەوان شەرم بکەن لە ئەجیندای رەشیان بۆ کۆمەڵگە نەک ئێمە کە خەونێکی جوانین و لە دەیجوری وڵاتدا وەک گوڵێک رسکاوین.
وەنەبێ زۆر خۆشەویست بم لە حزبەکەی خۆشمدا، چوونکە لەسەر هەموو شتێ قسەی خۆم هەیە، رای تایبەتی خۆم هەیە و تووتی نیم. بۆ وێنە پێرار لەسەر “فەرەیدون حسێن زادە” کردم بەو رۆژەی قەرەوەیسی تیا کوژرا، چوونکە “ئاسۆ کەمال”ی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی لەسەر ئەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەکرد کتێبی “ئەم بڵقە کەی دەتەقێ”ی کاک “عەبدوڵڵا مهتەدی” ئەخوێندەوە. ئەمە هەر لە رەوتاری فاشیستەکان ئەچێ!! چۆن دەکرێ کۆمۆنیست بیت لە کتێب بترسی؟ ستالینستەکان لە کتێب ئەترسان و چەندان شاعیری وەک “پاسترناک”یان لە رووسیا دەربەدەر کرد. فرانکۆ و فاشیستەکان لە کتێب ئەترسان کە شاعیرێکی وەک “لۆرکا”یان گولەباران کرد. نازی و هیتلەر لە کتێب ئەترسان. ترس لە کتێبی نەریتی دەسەڵات و گروپە فاشیست و تۆتالیتارەکانە.
هەر ئەمەش بوو لەکاتی کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی خوێندکاران و لاوان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و خودی “تاهیر حەسەن” بە ئەندامانیان وتبوو دەنگ نەدەن بە من، تەنانەت تۆمەتی ئەوەشیان دابووە پاڵم لەگەڵ “مەلا بەختیار” پەیوەندیی ژێراوژێرم هەیە. کەچی خۆشبەختانە بە خواستی ئەوان نەبوو، من دەنگی یەکەمم هێنا، هەرچەند بەزۆر “پشتیوان”ی برای “رێبوار ئەحمەد”ی سکرتێری حزبیان سەپاند وەک سکرتێری رێکخراو و منیش بە دیفاکتۆ بە جێگر و بەرپرسی لقی سلێمانی رازی بووم. لەگەڵ ئەوەش من دەیان گەنجم کۆکردۆتەوە بێ ئەوەی ئەندامی حزبی کۆمۆنیست بن، بەڵام چالاکانە بۆ یەکێتی خوێندکاران کار ئەکەن، ئەمڕۆش بۆ یەکی ئایار دوو سەد گەنجمان کۆکردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی ماراسۆنێک لە تاسڵوجەوە تا بەردەم بارەگای رێکخراو.
کاتێ هاوڕێیەکمان بەناوی “فەلاح” لەلایەن خودی “کاردۆ محەمەد”ی سکرتێری “رێکخراوی ئازادی لاوان”ی سەر بە کۆسرەت رەسوڵ بە مستە دەمانچە لێیدرابوو، کێ چووە سەر بارەگای کاردۆ و داوای لێبوردنی پێکرد؟ ئەوە منم خۆم لەناو ئەو گەنجانە ئەبینمەوە، نەک پشتیوان کە وەک فەرمانبەر دێتە بارەگا. ئەوە منم کە لەناو خۆڵ و خاشاکی گەڕەکە میللییەکانی شاردا لەگەڵ ئەو گەنجانە دائەنیشم و قسەیان بۆ ئەکەم. چیرۆکی زۆرم هەیە بۆ باسکردن، مارکیز وتەنی “من بەبێ کۆمەکی چیرۆک و حکایەتەکان ناتوانم باسی دونیا بکەم”. راستە ئەم حکایەتانە رەنگە جگە لە خۆم هیچ کەسی تر نەیبینێ، بەڵام بۆ بیست ساڵی تر ئەگەر نەمردین، جارێکی تر ئەمڕۆی خۆمی پێ هەڵدەسەنگێنم. دووریش نییە بە پێکەنینێکی گریاناوییەوە ئەم لاپەڕانە هەڵدەمەوە.

29-4-2000

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 91-95 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




یەک سەعات دوای عاشقبوون یەک سەعات پێش مردن.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

عەشقت

عەشقی تۆ بوو
دەستی لە من وەشاند
شێتانە و بێ ئامانج رێ دەکەم
ناگەمەوە بە هیچ
جگە لە خەمەکانی خۆم
ناگەمە هیچ کوێ
جگە لە جەهەنمی خۆم
من مانگەشەوی تۆ
وێڵ و شەیدای کردم
نەمزانی ئەو هەموو
لاواندنەوەی من
وەک وەڕینی سەگ لێکدەدرێتەوە
ئیتر من ئەڕۆم
مۆمی تەمەنم
بەدەستی خۆم ئەکوژێنمەوە
چاوی چرای بینایم
کوێر ئەکەم
عەقڵم رەوانەی
شێتخانەیەک ئەکەم
هەستەکانیشم
لە گۆڕێکی تەنگ و تاریکدا
بە خاک دەسپێرم


هەرەس

ئەو دەمەی
وەک شاخێکی بەفرین
هەرەسم هێنا
تۆ لە ماڵی خۆرەوە
لە پەنجەرەی خەمەوە
لێت ئەڕوانیم
ئەو ساتەی لە ئامێزی غروبدا
وەک تیشکی رۆژ
کەوتمە دەریای ئازارەوە
تۆ لەگەڵ کازیوەدا
وەک خانمی سوورپۆش
بێهودە لە چاوەڕوانیما بوویت
من ئیتر بە تۆ ناگەمەوە
بەڵام تۆیت
فریودراوی وەهمەکانی خۆت
لە کاتێکدا، من
وەک خەیاڵێکی کورت و خۆش
هاتمە نێو
شەوە کابووسییەکانتەوە
هەر تەنها جارێک هاتم و
هیچ کات دووبارە نابمەوە


ئەڕۆم

من ئەڕۆم دواجارە گوێتان
لە نرکەی شیعرەکانم بێت
دواجارە ئازارەکانم ببیستن
ئەیدەم بەدەم رەشەبای سەفەرەوە
دواجارە ژوانتان لەگەڵ ببەستم
یادگاریی هەموو ژوانەکانم
ئەچنە بیری بێ بنی بیرچوونەوەوە
دواجارە من لەسەر رێی
ئەم گۆمە تەڵخەی ژیان ببینن
سەفەر ئەکەم، سەفەری بێ گەڕانەوە
بەرەو دوورگەی تەم و ونبوون
بەرەو باخچەکانی عەدەم
بەرەو هیچ


لێم ببوورە

ئەی نیشتمان لێم ببوورە
قاچەکانم هێزیان تێدا نەماوە
پیاسەیەک بە باخەکانی
رۆحتدا بکەمەوە
لێم ببوورە ئەی نیشتمان
بینایی چاوەکانم
کوێر بوونەتەوە
ناتوانم نیگا گەرمەکانم
لە کانیاوەکانت بگرمەوە
لێم ببوورە ئەی نیشتمان
دەستم چیتر
قەڵەم ناگرێت، تاکو
شانامەی سەربڵندیت بنووسمەوە
لێم ببوورە ئەی نیشتمان
هەناوم پڕ بووە لە گڕی غوربەت
چیتر ناتوانم
لێوی وشکم لە چەمی لێوی
کچە چاو قەترانییەکانتدا
تەڕ تەڕ بکەمەوە


بۆ “تاڤێن”ی کوڕم

دوای من نەهێڵیت
ئەو مەشخەڵی شیعرە
خامۆش بێت
دوای من نەهێڵیت
ئەو کانییە روونەی عەشق
لێڵ و کوێر بێتەوە
دوای من نەهێڵیت
ئەو خەونە جوانانە
پڕ بکرێن لە کابووس
دوای من نەهێڵیت
ئەو کۆترە جوانەی ئەوین
لە ئانی فڕیندا بکەوێتە خوارەوە
دوای من نەهێڵیت
ئەو پەرستگا پیرۆزەی دڵداری
بە رەهێڵەی درۆ بڕوخێ
دوای من نەهێڵیت
ئەو رووبارەی رۆژهەڵات
بەرەو باشوور لە رۆشتن بکەوێ
دوای من نەهێڵیت
گەڵای هیچ درەختێکی
ئەو باخچە رووخۆشەم بوەرێ


خەون

دوێنی شەو
بە کراسێکی تەنکی پەمەییەوە
هاتیتە خەونم
مەمکە هەنارییەکانتم
توند توند گووشی
تک تک
هەناراوی چێژمان
بەسەر یەکدا ئەباران
لێوەکانت پشکۆی داگیرساو بوون
لە نێو چەمی دەمی منا
خۆیان فێنک کردەوە
لەشت هێندەی رنوە بەفر
ناسک و تەزیو بوو
بە خۆرەتاوی جەستەی من
ورد ورد توایەوە
ماچەکانت منیان
لە فێی تەنهایی
ئارام ئارام کردەوە
لێوی حەزیشم
لە سێوەکانی سینگت
گیر کردبوو
لەو خەونە خۆشە
هەرگیز بێدار نەبوومەوە


تریفەیەک لە عەشق

تۆ هەروەک ئەو شەرابەی سوورەی
لەگەڵ یەکەم پێکدا
مەستم ئەکەیت
مەستبوونێک تا ئەودیو
سنوورەکانی لەزەت
تا باخچەکانی نێو
پرچە رەشەکەت
تا مژینی قۆخی گۆنا و
تامی ماچی مرەباییت
تا سەرخەوشکاندنێک
لە بناری مەمکەکانتا
تا شۆڕبوونەوە
بە سنەوبەری ئارەزووەکانتا
تا سەماکردن لەبەر
باراناوی جەستەمان
کە دڵۆپ دڵۆپ ئەبارێت
تا گووشینی نەرمایی ران و
خواردنەوەی هەناسەیەکی گەرمت
بە دەمی پڕ لە ئاوبووی حەسرەتم
تا توانەوە لە ژێر
لێفەیەکی سوورباو و
لە دایکبوونەوەیەکی تر
لە رامووسانی یەکتردا
ئاه تۆ ئەو شەرابە سوورەی
خوێنم رەنگی گرتوویت و
لە ئامێزی نێرگزیتدا
کوڵ و کۆم دائەمرکێتەوە


شەوێکی ئیرۆسی

شەوێک دێم ئاونگی ژنێتیت ئەخۆمەوە
لە نێو خەیاڵی حەزە ئیرۆسییەکانما
تاجی شاژنت لەسەر ئەنێم
لەسەر عەرشی رامووسان و ئاوێزانبوون
وەک ئیمپراتۆرێک ناوت ئەهێنم
لە پەرستگەی هەمیشەی ئاوەدانی دڵمدا
وەک خودای جوانی سەرت بۆ دائەنەوێنم
لە ماچستانی مەمکە لیمۆییەکانتدا
بۆ ئەبەد خۆم لە بناریاندا ئەگەوزێنم
لە باوەشی پڕ لەززەتی هەردەم بەهارتدا
بە چەشنی بولبول بۆ دڵی نەرمت ئەخوێنم


عاشقی ژنێکم

ژنێکم خۆش ئەوێ
هەر کاتێک باسی کۆتایی دەکەم
ئەو سەرەتایەکی ترم نیشان ئەدا
سەرەتایەک لە چڕینی گۆرانی
بۆ خوێنی شەپۆلە کوژراوەکانم
سەرەتایەک لە هێورکردنەوەی بارانەکانم
لە نێو باوەشی بەهاریی خۆیدا
سەرەتایەک لە ژەنینی تەمبور
لەسەر تەرمی خەونە بزربووەکانم
سەرەتایەک لە سڕینی ئەسرینەکانم
بە ئاوریشمی ماچە تامەزرۆکانی
سەرەتایەک لە خوێندنەوەی
لاپەڕەکانی رۆژانی تەنهاییم
سەرەتایەک لە راگرتنی ئاوابوونم
لە نێو هەتاوی پرچی خۆیدا
من عاشقی ئەو ژنەم


مردن

ئەوکاتەی ئەمرم
مەلێکی گەڕۆک تەرمەکەم ئەناسێتەوە
ئەڵێت، ئاه خودایە
ئەمە کوڕی ئاسمانی ئێمە بوو
بەرەو ئاسمانێکی تر فڕی
وا بزانم ئاسمانی عەشق بوو
لەوێ پێش ئەوەی
بگاتە بەهەشتی باوەشی یار
راوچییەکی سەرشێت
کە ناوی دڵشکان بوو
گوللەیەکی لە دڵی دا و
بەر بووەوە سەحرای مەرگ
ئاه خودایە
چەند بەدبەخت بوو!





فلاشباک-26- ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

بەشی بیست و شەش

ئێستا کاتژمێر نۆی شەوە. ئەمڕۆ سیمینارێکم هەبوو لە ژێر ناونیشانی “ئایندەی سۆسیالیزم لە هەزارەی سێیەمدا” لە هۆڵی بازرگانی سلێمانی، کە نزیکەی سەد و پەنجا کەسێک ئامادەی بوون. لە سیمینارەکەدا زۆر بڕوای خۆم لە دەرەوەی قاڵب و چوارچێوە سواو و دۆگماکان لەمەڕ سۆسیالیزم و ئایندەی رەوتی چەپ بە گشتیی خستەڕوو، پێش هەر کەس ئەو چەند ئەندامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کە لەوێ ئامادەبوون، بێ رەچاوکردنی ئەوەی منیش کادری حزبم، بەشێوەیەکی هیستریکی هێرشیان کردە سەر روانگەکانم، بە کەسێکی مەکتەبی و بارگاوی بە رۆحی رۆشنبیریی بۆرجوازی تاوانباریان کردم، چوونکە لەوێدا جگە لە ستالین و ماو و کاسترۆ و تۆنی کلیف، گوومانم لەسەر خودی لینین ورووژاند، کە رۆڵی نەرێنی هەبووە لە شێواندنی کۆمۆنیزمی مارکس، زیاد لەوەش گرێ دەروونییەکانی خۆی تێکەڵ بە بابەتە سەرەکییەکانی شۆڕش کرد، چوونکە ئیبادەی بنەماڵەی قەیسەری رووس کە لە تۆڵەی لە سێدارەدانی “ئەلیسکەندەر”ی برای بوو. جێی گومانی زۆرە.
من بە شانازییەوە “کتێبی رەشی کۆمۆنیزم”م، هێنایە بەر باس. کە ئەو کتێبە لەلایەن بیرمەندی عەرەب “جۆرج تەرابیشی”یەوە وەرگێڕدراوە بۆ عەرەبی، هەمان ئەو تەرابیشییەی چەندان شاکاری وەک “نقد نقادنا”ی “پیلخانوڤ”ی وەرگێڕاوە. ناوەڕۆکی کتێبەکە باس لە کوشتاری سەد ملیۆن مرۆڤ ئەکات لەلایەن ئەو رژێمانەی ئیدعای کۆمۆنیزم ئەکەن، من هیچ مبالەغەیەکم نەبینی، چوونکە قەڵا زۆرەملێیەکانی ستالین و جینۆسایدی تبتییەکان لەلایەن “ماوتسی تۆنگ”ەوە نموونەی مشتێکن لە خەروارێ. بەڵام ئایا “مارکس” و “کۆمۆنیزم” بەرپرسن لەم تاوانانە؟. لە سیمینارەکەشدا وتم بەڵێ مۆدیلی کۆمۆنیزمی دەوڵەتی و سیاسیی تاوانبارە، بەڵام کۆمۆنیزمی فەلسەفی و خودی مارکس بەرپرسیار نین، وەک چۆن “فریدریک نیتشە” تاوانێکی نییە لە خراپ سوودوەرگرتنی نازیزم و هیتلەر لە تێزی “سوپەرمان”ەکەی.
لە بارەی ئایندەی سۆسیالیزم شتی تازەم وت، بە وتەی ئامادەبووان پرسی تازەم هێنایە ناو جەدەلی پاشەڕۆژی مارکسیزم. لەوێدا ئاماژەم کرد بۆ مانەوەی مارکس وەک بیر و فەلسەفە نەک وەک بزووتنەوەی سیاسیی. لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ لە زۆرینەی راپرسییەکاندا کە دەزگا رۆشنبیریی و فەلسەفییەکان پێی هەستاون، مارکس وەک کاریگەرترین فەیلەسووفی هەزارەی دووەم لە ریزبەندیی یەکەمدا بووە، بەڵام ئەو فەیلەسووفە زۆر لەو راپرسییانە گرنگترە، وەک ئەڵتۆسێر ئەڵێ ئەگەر یۆنانییەکان زانستی ماتماتیکیان دۆزیبێتەوە، ئەوە مارکس زانستی مێژووی دۆزیوەتەوە. مەبەستی ئەڵتۆسێر لەوەیە مارکس بزووێنەری مێژووی دۆزیوەتەوە و ئەو فاکتەرانەی کەشف کردووە کە داینەمۆی گەشەکردن و هەڵسوڕانی مێژوون. مانەوەی مارکس لێرەدایە، مانەوەی مارکس لەو رەخنە ریشەییانەدایە ئاڕاستەی سیستمی سەرمایەداریی کردووە. من مارکسیم بەو مانایەی رازی نیم بەو دنیا نادادەی بەسەر مرۆڤدا سەپاوە، نەک بەو هۆیەی ئەندامێکم لە حزبێکی سیاسییدا.
خۆ خودی “مارکس”یش مرۆڤە، مەحکوومە بە هەڵە و کەموکوڕیی، هیچ کاتیش نەیوتووە ئەم فەلسەفەیە قفڵی لێدراوە و بۆ کەسی تر نییە ئیزافەی بخاتە سەر، بە پێچەوانەوە بیری رەخنەیی مارکس دەرگای بیرکردنەوە و روانینی نوێ ئەخاتە سەرپشت. مارکس وایدانابوو لە شارێکی پیشەسازیی وەک “لەندەن”ەوە گڕکانی شۆڕش بتەقێتەوە و کەچی لە رووسیای کشتوکاڵییەوە تەقییەوە. مارکس لە یەکەم دێڕی مانیفێستدا ئەنووسێ “تارماییەک ئاسمانی ئەوروپای گرتووە، ئەو تارماییەش کۆمۆنیزمە”. بەڵام درێدا لە کتێبەکەی خۆی لە 1993 بەناوی “اطیاف مارکس” پێیوایە ئەو تارماییە مارکس و رەخنەکانێتی کە هێشتا ئاسمانی ئەوروپای بەرنەداوە.

25-4-2000
ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 88-91 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

سەرنج: بەهۆی سەرقاڵیم بە چارەسەری کیمیایی و تووشبوونم بە کۆرۆنا ڤیرۆس ماوەی پەنجا رۆژێک دابڕان دروستبوو لە بەشەکانی ئەم یادەوەرییە رۆژانەیە، لە ئەمڕۆ بەدواوە بەردەوام دەبم لە بڵاوکردنەوەی زنجیرەکانی تاکو کۆتایی.




بۆ ئیدریس کەریم لە دادگا چاومان بە یەکتر دەکەوێتەوە.. ستیڤان شەمزینی

پاش ئەوی وەڵامی ئیدریس کەریمم دابووەوە لەسەر دزینی ناونیشان و تاڵانکردنی خەیاڵ و رووتکردنەوەی ئەندێشەی شیعریم لەلایەن کاوە عوسمانەوە ئەو پرسە دەبەمە دادگا لەبەرئەوەی:
یەکەم: بە بەڵگەوە لە بەرسڤی پێشوودا سەلماندم، لانیکەم لە نێوان دەقەکانی من و کاوەدا سێ ساڵ ماوە هەیە، بەوەی دەقەکانی من بە سێ ساڵ پێشتر نووسراون و لە کتێبێکدا بەناوی “وەرزە سەوزەکانی ئەوین” لە ساڵی 2018دا چاپ بوون، ئەگەر دزییەک لە ئارادا بێت ئەوە کاوە لە منی کردووە نەک بە پێچەوانەوە.
دووەم: بۆ شاردنەوەی دزییەکەی کاوە و تاڵانکردنی بیرۆکە شیعرييەکانم ئیدریس ناوێک “کە تائێستا ناوی لە کولەکەی تەڕیشدا نەبووە” هەستاوە بە نووسینی وتارێکی پڕ کینە و شکاندن لە دژی من.
سێیەم: لە وتارەکەی ئیدریس دا “ئەگەر کاوە خۆی نەبێت بێ شک دەزانێت کێیە” ناوبانگی تایبەتی من زڕێنراوە کە چارەگە سەدەیەکە سەرقاڵی کاری نووسین و رۆژنامەوانی و ئەدەبیم، کە لەو ماوە درێژەشدا بەسەر زیاتر لە یەک رشتەی رۆشنبیرییدا کراومەتەوە، دە ساڵ سەرنووسەری گۆڤار و رۆژنامە بووم، هاوکات خاوەنی 21 کتێبی چاپکراوم لە بوارەکانی کولتوور و سیاسەت و فیکر و شیعردا.
چوارەم: دادگا “کە بێگومان لە ئەوروپا دەبێت” باشترین بژاردەیە، من بەدەر لە کاری نووسین، یاساناسیشم. دەمەوێت هەموو کارەکان بە شێوەیەکی یاسایی مەجرای خۆیان وەربگرن، ئەنجامی دادگاش هەرچۆنێک بێت جارێکی تر من لە سایت و رۆژنامەکاندا بڵاوی دەکەمەوە.
پێنجەم: نەریتێکی نوێ دادەهێنم تا لەم پاشەگەردانی و بازاڕی عوکازەدا، ئەدیبی ساختە و ئەدیبی راستەقینە روون ببێتەوە کێیە؟. هەروەها ئەمە دەبێتە فاکتۆرێکی ترسیش “هەڵبەتە ترسی یاسایی” کە هیچ کەسی تر بە تۆمەتی بێ بناغە و ناراست نووسەرێک یان هاووڵاتییەکی ئاسایی تاوانبار نەکات.
شەشەم: من سکرینی نووسینەکانی ئیدریس ناوەکەم کردووە، هەروەها ئەم نووسینەی خۆم و وەڵامەکەی پێشووشم، رادەستی پۆلیسی دەکەم تا ئەو بابایە “ئیدریس” فێر نەبێت لە خۆیەوە قەڵەم بخاتە سەر کاغەز و هێرشی نەیارانە و شکێنەرانە بکاتە سەر کەسێک یەک چارەگە سەدە مێژوو و باکگراوەندی کاری رۆشنبیریی و ئەدەبی و رۆژنامەوانی هەیە.
باقی وەلسەلام

ستیڤان شەمزینی
4-12-2021




وەڵامێک لە نەخۆشخانەوە بۆ ئیدریس کەریم ناوێک.. ستیڤان شەمزینی

تا ساحێب ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت

ئەمڕۆ کە هاوکات بە دەردی شێرپەنچە و کۆرۆناوە دەناڵێنم، هاوڕێیەکم ئاگاداری کردم کە بابایەک بەناوی ئیدریس کەریم، بابەتێکی هەڵپڕۆکاندووە گوایە من شیعرێکی بەرێز کاوە عوسمانم کۆپی کردووە و لە بۆتەی شیعرێکی تردا بەناوی خۆمەوە دامڕشتۆتەوە. بەڵام من لێرە سەرنجی خوێنەر و ئیدریس بۆ چەند خاڵێک رادەکێشم:
یەکەم: ئەو قەسیدەیەی من لە هاوینی ساڵی 2018دا لە نەخۆشخانە گلیاد ئاینس نووسراوە و واتە لانیکەم بۆ سێ ساڵ و سێ مانگ بەر لە دووبارە بڵاوکردنەوەی لە سایتی بەڕێزی دەنگەکان دەگەڕێتەوە.
دووەم: بۆ سەلماندنی راستی لای سەرەوە، ئەم قەسیدەیە لە دیوانی “وەرزە سەوزەکانی ئەوین” کە هەر ساڵی 2018 چاپ و بڵاوکراوەتەوە، چاپ بووە.
سێیەم: لەگەڵ ئەم بابەتە فایلی پی دی ئێفی دیوانەکە و چەند وێنەیەکی مەراسیمی بڵاوکردنەوە هاوپێچ دەکەین و داوا لە سایتی دەنگەکان دەکەین هەموو وێنەکان و فایلە پی دی ئێفەکە بڵاوبکاتەوە.
چوارەم: ئێمە نامانەوێت کاک کاوە بە دزی ئەدەبی تۆمەتبار بکەین، بەڵام بە هەقیقەت نە کاک کاوە لەو ئاستەیە من شتی لێ بدزم، نە تێکستەکەی ئەو پێشی ئەوەی منە تا بیسەلمێنێ من لەوم دزیوە، چۆن دەکرێت تێکستێک سێ ساڵ و سێ مانگ پێشتر بدزرێت؟ ئەی بۆ پێچەوانەکەی راست نەبێت؟.
پێنجەم: ئەگەر ئیدریس کەریم کە وای بۆ دەچم ناوێکی فەیک بێت بە نووسینێکی تر داوای لێبوردن نەکات ئەوا دادگای لێ دەگرم، ئەگەر ئەوەشی نەکرد پێویستە سایتی دەنگەکان بابەتەکەی بسڕێتەوە و هیچ جارێکی تر بابەتی بڵاونەکاتەوە.
شەشەم: ماوەی بیست و سێ رۆژە من نەشتەرگەریم کردبوو بۆ هەڵدانەوەی کاسەسەرم و هاوکات تووشی پەتای کۆرۆنا بووم، پێموایە ئەو بۆشاییە و نائامادەییەم بە هەڵ زانراوە بۆ ئەو تۆمەتە بێ بناغەیە، لەم هەلومەرجە سەختەی تەندروستیمدا ناچاربووم روونکردنەوە بدەم، کە هیچ کات لە نووسەری ئەو بابەتە خۆشنابم بە نووسینی بابەتێکی تر نەبێت بۆ داوای لێبوردن.
ستیڤان شەمزینی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
2-12-2021

—————————-

ناوی كتێب: وەرزە سەوزەكانی ئەوین
بابەت: شیعر
نووسینی: ستیڤان شەمزینی
تایپ: نووسەر
دیزاین: هەرێم عوسمان
چاپ: چاپخانەی كارۆ
تیراژ: 1000 دانە
نرخ: 5000 دینار
ساڵی چاپ:2018
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ژوانێک تەڕتر لە باران.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

لەو شارە جەنجاڵەوە
باهۆزی عەشقم هەڵیکرد
لە ئێوارەیەکی هێمندا
کەرنەڤاڵی ئاوێزانبوونمان دەستیپێکرد
من ئەمەویست هەرچی خۆشاوی ماچە
لەسەر لێوی تۆ بیتوێنمەوە
تۆش بە چاوێکی شەرمنانەوە
باوەشت کردبوو بە پیاوێکی شێتدا
ئەو پیاوە دێوانەیەی
لەو سەری ئەوسەری دنیاوە
هاتە نێو خەونەکانتەوە
من ئەمویست، بتخوێنمەوە
وەک چۆن تینوو ئاو ئەخوێنێتەوە
ریشۆڵە رێگای کوێستانان ئەخوێنێتەوە
دەریا کتێبی چارەنووسی شەپۆل ئەخوێنێتەوە
تۆش ئەتویست، نیگام بکەیت
ئەتویست شتێک بڵێیت و هەر نەتوت
خۆ من ئەمزانی
رازی دڵە پەمەییەکەت چییە
خۆ من ئەمزانی چاوەکانت چی ئەڵێن
هەموو شتێکم
لە نیگا گەرمەکانتا خوێندەوە
دەمزانی ئەتەوێت وەک بڵێسەیەک
خۆت بخەیتە زەریای شیعرمەوە
دەمزانی ئەتەوێت وەک باڵندەیەک
لە رۆحی داگیرساوی مندا بنیشیتەوە
دەمزانی ئەتەوێت
مەشخەڵی عەشقێکی ئەبەدی
لە نێو چاوەکانی مندا داگیرسێنیت
هەموو شتێکم خوێندەوە
لە توێی دوا باوەشی بەر لە ماڵئاوایی
دەنگی شمشاڵی خۆزگەکانتم خوێندەوە
لە چاوبڕینە ناو چاوەکانم
بەهەشتێکی سەوزم خوێندەوە
من هەموو شتێک تێگەیشتم
کاتێک بە زمانی پەلکەزێڕینە
باسی رنوە بەفری موحیبەتت ئەکرد
من خەیاڵم لەلای ئەو سروەی عەشقە بوو
لە جەمسەری باکووری دڵتەوە
بە ئەسپایی رووەو من ئەهات
کاتێک بە زمانی فریشتەیەک
حکایەتەکانی خۆت ئەگێڕایەوە
من لە ئەندێشەی تەمێکدا ون ببووم
کە تەنیا رووناکی تۆم لێ دیار بوو
کاتێک بە زمانی گوڵ
باسی ئینجانە شکاوەکانت ئەکرد
من بیرم لە لای ئەو سترانە بوو
بەناو رێگاکانی مەحاڵدا تێدەپەڕی
کاتێک بە زمانی بروسکە و تیشک
داستانی درێژی خۆت لەگەڵ
شەوە نوتەکەکان ئەگێڕایەوە
خەیاڵم پڕ ببوو لە سەرگوزشتەی
ئەو کۆترە زامدارانەی بەسەر تەرمی
دڵۆپە بارانەکاندا هۆن هۆن ئەگریان
کاتێک بە زمانی پاسارییەکان
هۆنراوەکانی مەستیت ئەخوێندەوە
من لە نێو دێڕ بە دێڕیاندا
خۆم ئەبینی، وەک ئیمپراتۆری
سەر عەرشی بەرینی ئومێد
خۆم ئەبینی، وەک گەدایەک
لەبەردەم پەیکەری ڤینۆسیی باڵات
کاتێک بە زمانی هەور
باسی ژوانێکت ئەکرد تەڕتر لە باران
من لەناو ئاونگی خەیاڵی خوسان و
توانەوەی پەشمەکی هەناسەکانتدا
وێڵ ببووم
کاتێک بە زمانی شەماڵ
باسی درەختی عاتیفەت ئەکرد
من لە نێو رووباری بەرائەتدا
وەک مەلەوانێکی بزێو نغرۆ ببووم
کاتێک بە زمانی رەیحانە
لە بارەی چنارەکانی عەشقەوە ئەدوایت
من رۆژووی مەراقە دێرینەکانم
بە جامێ شەرابی سۆزت ئەشکاند
من هەموو شتێک تێگەیشتم
لەو کاتەی بە بێدەنگی ئەدوایت و
بە هاوارەوە بێدەنگ بوویت
لەوە تێگەیشتم، ئەو قەدەرەی
من و تۆی لەم شارە نەناسە کۆکردۆتەوە
تەنها سەرکێشییەکی ئەویندارانەیە
ئەوەی من و تۆی بەیەک گەیاندووە
تەنها تەختەی شانۆی فرمێسکە
ئەوەی من و تۆی لێرە کۆکردۆتەوە
تەنها حەسرەتی درێژترین چاوەڕوانییە
ئەوەی من و تۆی پڕ کردووە لە متمانە
تەنها خەتمی کتێبە بریسکاوییەکەی
حەزرەتی جوانییە
من لە هەموو شتێک تێگەیشتم
لەو کاتەی لە باوەشمدا دەلەرزیت و
دەرزی عەشقی من لە دڵت دەچەقی
تێگەیشتم، لە عەشقێک
بۆنی کوچە گرینۆکەکانی
نیشتمانی لێدێت
تێگەیشتم، لەو پەنجەرە روونەی
لە دەلاقەکەیەوە سەیری
کۆترە یاخییەکانی گەڕەکت لێ ئەکرد
تێگەیشتم، لەو بزە بکوژەی
منی خستە ناو دارمەیتی ژیان و
لە باوەشی مانگەشەودا رواندمی
تێگەیشتم، لەو ئەسرینە روونەی
وەک جۆگە بە لای سنەوبەری
خەونەکانی مندا رەت ئەبوو
تێگەیشتم، لەو دڵە ئەڵماسییەی
سنووری غەریزە سەرشێتەکانی
منی ئەبڕی
من لە هەموو شتێک تێگەیشتم
لەو کاتەی وەک زریان هورژمم هێنا و
تۆش وەک کەفی دەریا
سپی هەڵگەڕابوویت
من تێگەیشتم، ئەو ئەستێرەیەی
لە ئاسمانی مندا دەرکەوتووە
نەوەی رەسەنی ئاهورامەزدایە
تێگەیشتم، ئەو پەرییە ژنەی
ئاسۆی تاریکمی رووناک کردۆتەوە
ژنێکە لە جنسی بەهار و
یەکەمین ژوانمان خوسان بوو
تەڕتریش بوو لە باران




فلاشباک لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-25- ستیڤان شەمزینی

بەشی بیست و پێنج

ئەمڕۆ هەروەک دوێنێ یان وەک کۆی رۆژەکانی تری ژیانم، قەوانەکە دووبارە بووەوە، پرۆسێسەکە بەمشێوەیەیە: نان خواردن، خوێندنەوە، خواردنەوە، موجامەلەی درۆ، خەوتن. ئەمە شریتی ژیانی ئێمەیە و هەمیشە بەم جۆرە دەخولێتەوە و لەناکاو دەپچڕێت. وای نابینم هیچ حیکمەتێک لەم سوڕەی ژیانی مرۆڤ هەبێت، چەند حیکمەت لە بوون و ژیانی قالۆنچەیەکدا هەیە، هەر ئەوەندەش لە ژیانی مرۆڤدا حیکمەت هەیە. ژیان بێ بەهایە و لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو بڕوایەی هیچە. رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر باوەڕم بەهێز ئەبێ بە هیچێتی بوون، بە هچێتی مرۆڤ. بە هیچێتی ژیان، هەموو شتێک لە هیچەوە هاتووە و ئەبێتەوە بە هیچ. سەرەتا هیچ هەبووە و کۆتایش هەر هیچە.
من بڕوام بەوە هێناوە، ژیان هیچە، لەگەڵ ئەوەش دەبینم، لەم ژیانە هیچەدا مرۆڤ کۆت و بەند دەکرێت و ناهێڵن لەززەت لە هیچێتی ژیان وەربگرێت. هەر لەم روانگەوە دژی چەوساندنەوەی چینایەتی و رۆحی قازانجخوازیی سەرمایە دەوەستمەوە، ئەگەرنا لەوە بەدەر ئەو گووتارە سواوەی چەپەکانی ئەم وڵاتە لە ژاوەژاوێک بەولاوە چیتر نییە لەلای من. ئێستا عاشقم، عاشقیش بوونەوەرێکی تایبەتە، سەری دنیای بە پووش لە خۆی گرتووە.
بڕوام وایە ئەو دێڕەی “ئۆریانا ڤالاچی” لە رۆمانی “نامە بۆ ئەو کۆرپەیەی هەرگیز لە دایک نەبوو” زۆر راستە کە دەڵێ “گەر هەقیقەتت دەوێ من تا ئێستا نازانم مەبەست لە خۆشەویستی چییە؟ لای من خۆشەویستی فێڵ و تەڵەکەیە بۆ ئارامکردنەوە و گەوچکردنی خەڵک داهێنراوە”. ئەو منی خۆش دەوێت، منیش ئەوم خۆش دەوێ، ئیدی هەردووکمان درۆ بۆ یەکتر دەکەین!! ناخی تووڕەی خۆمان لەبەرچاوی یەکتر هێمن نیشان دەدەین، ئاخر هەر کات لە یەک دادەبڕێین، دەگەڕێینەوە بۆ ناو دنیاکەی خۆمان، کەواتە عەشق پێشەنگایەتیمان ناکات، بەڵکو درۆ دەکەین بە مەبەستی ئەوەی یەکتری رازی بکەین.
پیاوی کورد هەمیشە بە چاوی داگیرکردنەوە سەیری ژن دەکات، هەموو هەستێکی پیسی زیۆسانەیان هەیە. ئاخر بەپێی میتۆلۆجی گریکی ئافرۆدیتی خواوەندی جوانی کە هەمیشە جێگەی تموحی زیۆس بوو، بەڵام بەو رازی نەدەبوو، زیۆسی دڵتەڕ تووشی کابرایەکی قووموور و ناشرینی کرد و ناچاری کرد شووی پێ بکات. ئەدی هەموو پیاوێکی کورد نایەوێت ئەو ژنەی بۆ خۆی نییە، تووشی ناهەمواریی ببێتەوە؟. بێگوومان بەڵێ و هەزار جار بەڵێ. ئەو پیاوەی ئەم بۆچوونە رەت بکاتەوە لە بری جارێ هەزار جار درۆ ئەکات.
بەهەرحاڵ من عاشقم و خۆم لەو پێناوەدا تواندۆتەوە، وەلێ چاوەڕوانی هیچ ئاکامێکی گەش ناکەم. ئەمڕۆش لە ناو نامەیەک ئەم شیعرەی “کەژاڵ”*ی ئازیزم بۆ دلبەر ناردبوو:
من لە یەک کاتدا خاوەنی سێ دڵدارم
یەک نین، دوو نین، سێ دانەن، سێ گرێکانم
نەرسیس و
تاناتۆس و
ئیرۆس
ئەو راستییەم لای شەماڵ وت
لێم بوو بە رەشەبا.

1-3-2000
سلێمانی – سەهۆڵەکە
ستیڤان شەمزینی

*مەبەست لە شیعرێکی هاوڕێی خۆشەویستم “کەژاڵ ئەحمەد”ە لە کۆمەڵە شیعری “بەندەری بەرمۆدا”.

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 85-88 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




ئەو ژنەی بوو بە ئەستێرە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

بۆ فەریبا قازی لە یەکەم ساڵیادی سەفەرە ئەبەدییەکەیدا*

ژیان چەند دڵڕەقانە
رووی لێ وەرگێڕایت و
مەرگ چەند روو قایمانە
هاتە سەر رێی تەمەنت
من لەوێدا بووم و
دەستم لەسەر دڵم دانابوو،
دەمزانی خۆت بۆ ئەوە ئامادە کردووە
ببیتە ئەستێرە و
لە شەوانی بێ ئۆقرەی تاریکا
نەرمە نیگامان تێبگری
تاکو بە چاوی تەڕەوە سەیری
سیمای سیحراویت بکەین
سەفەرت کەوتە ئەو پایزەی
بە فرمێسکەکانمان پەڵەی دا و
لە ناو گۆڕستانی ژیاندا
ئاگری خەمت بەربوو لە گیانمان
لە زەردەخەنەکەت دەگەڕێین و
لە هیچ جێگەیەک نایدۆزینەوە
لە میهرەبانیت دەگەڕێین و
لەهیچ سەر زەمینێک سۆراغی نییە
لە شۆخ و شەنگیت دەگەڕێین و
لە هیچ شوێنێک جێنەماوە
لە تۆ دەگەڕێین و
بێئاگا لەوەی ئەوەی ون بووە ئێمەین
ئای ئەستێرە ژن
تۆ بە زمانی پەتیی ژیان ئەدوایت
نازانم چۆن تەمومژی مەرگ
تەفسیری کردیت؟
ئای شەنگە ژن
تۆ خەونێکی سەوزی کریستاڵیی بوویت
نازانم چۆن مەرگ
دەستی چووە وردوخاشکردنت؟
ئای کۆترە ژن
خۆ تۆ کانییەکی یاخی نیشتمان بوویت
نازانم چۆن مەرگ
توانی دەست بخاتە بینەقاقاتەوە؟
ئای ئاوە ژن
خۆ تۆ سەرت خستبووە
سەر سەرینی ئومێد
نازانم چۆن مەرگ
گەڵای هیواکانی هەڵوەراندیت؟
ئەمێستا جگە لە زمانی گریان
زمانێکی تر شک نابەم
تاکو وەسفی پێکەنینی پڕ لە مۆسیقات
بۆ خودا بگێڕمەوە
ئەمێستا جگە لە فڵچەی هەنسک
هیچ فڵچەیەکی تر شک نابەم
تاکو پۆرترێتی مۆنالیزاییت بکێشم و
وەک میدالیا بیکەمە ملی گەردوونەوە
جگە لە سەیری ئاسمان،
هیچ سەیرکردنێکی تر شک نابەم
تاکو لەبەر رووناکی ئەستێرەیتا
شیعرێ بۆ هەڵوەرین بنووسمەوە
ئەمێستا جگە لە مارشی غەمگینی،
هیچ مارشێکی تر شک نابەم
تاکو بیکەمە گۆرانی
بۆ ئەو چۆلەکانەی
ئاسمان دڵیان دەشکێنێ
من و تۆ، لە پایزێکی هێمنا
لە هەیوانی غوربەتا پێک ئاشنا بووین
هەر ئەودەمە بوو باخچە
بە دواتدا دەگەڕا و
هەواڵی لە گوڵە رەنگ پەڕیوەکانی
ئەم غەریبستانە ئەپرسیت و
دەیەویست لە مەوسومی وەریندا،
سەوزایی تۆ بینایی رۆشن بکاتەوە
من و تۆ،
لەو تەماشاکردنەدا یەکترمان ناسی
کە رەنگەکانی ژیانم
لە چاوە خومارییەکانی تۆدا دۆزییەوە و
تۆش وەک شازادەیەکی غەمبار
لاوکت بۆ گوڵدانێکی شکاو دەچڕی
هەر ئەو ئێوارەیە بوو
دەریا بە دواتا وێڵ و شەکەت ببوو
چاوی بڕیبووە یەک بە یەکی
کەشتییەکانی خەیاڵ و
پێی خۆش بوو
لەبەردەم جوانیتا بنووشتێتەوە
من و تۆ،
لەژێر سێبەری دارمێوی چاوەڕوانیدا
یەکمان دۆزییەوە و
لێوی هەناریت بۆ قوومێ ئاوی
چەمی نیشتمان
بڵێسەی ئەدا
هەر ئەو عەسرە بوو،
بەفر بە گۆچانی دەستی و
ریشی سپییەوە لێت ئەپاڕایەوە،
دەستی بگریت
بۆ ناو گەرمیانی دڵی خۆت
پیرە درەختی پێکەنین
بۆ تاڵێک لە زەردەخەنەکەت
کڕنووشی دەبرد و
بارانیش تکای ئەکرد
بۆ هەمیشە لە چاوەکانتا خۆش بکاتەوە
من و تۆ،
لە ژێر کەپری چەند جار
رووخاوی دڵدا یەکترمان ناسی
هەر ئەو رۆژە بوو، باڵندەیەکی کۆتکراو
لەژێر عەبای رەشی شەرمەوە هانای هێنا
رۆحی بیماری بە پرشنگی عەشق تیمار بکەیت و
بە چرپەوە پێیوتی ژوانمان لە ئاسمانە
ئەو دەمەی تۆ ئەبیت بە ئەستێرە
ئاگرێکی یاخی خۆی کرد
بە چەمی هێمنی هەستەکانتا و
تاکو دامرکایەوە لەو چەمە
پڕ میهرەبانییەدا مەلەی کرد
ئای پەروانە ژن
تۆ بوویت ئێوارەکانت پڕ کردین
لە هەڵاتن کە لە ئاوابوون تۆقیبووین
بەیانییەکانت پڕ کردین لە گوڵ
کە تەمی جەنگ ئاسمانی گرتبووین
رۆژەکانت پڕ کردین لە گۆرانی
کە لە بەردەم ئەویندا کاس ببووین
شەوانت تەژی کردین
لە چرای دەم بەخەندە
کە تاریکی لووشی دابووین
ئای شۆخە ژن، سەفەرت نەکرد
بۆ ئەو وێستگەیەی چاوەڕوانمان دەکردی
بە تەنها رۆیشتیت
پێچەوانەی ئەو رێگایەی
گوڵچنمان کردبوو لە بەردەمتا
دوورکەوتیتەوە لەو سەر زەمینەی
ویژدانی تۆپیوی مرۆڤ بڕستی لێ بڕیوە
چوویتەوە بۆ باوەشی ئاسمان و
لەوێ بوویت بە گەشترین ئەستێرە

شیعری: ستیڤان شەمزینی
پایزی 2017
خۆرئاوای زەوی

*فەریبا قازی، نەوەی ماڵباتی قازی و خزم و دۆست و ژنە شۆڕشگێڕ و بەرەنگاری رۆژهەڵاتی کوردستان، لە رۆژی 13-11-2016 بە نەخۆشی سەرەتان لە شاری سیدنی- ئوسترالیا ژیانئاوایی کرد. ئەم شیعرەش لە یەکەمین ساڵڕۆژی ئۆغرکردنیدا لەسەر وەسێتی خۆی نوسراوە.




فلاشباک-24- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

بەشی بیست و چوار

دوێنێ شەو، لەگەڵ “محەمەد عومەر عوسمان” تووشی دۆخێکی ناخۆش بووینەوە. ئاسایشەکانی شار وەک گورگ پەلاماریان داین. دوێنێ کاتژمێر چواری عەسر لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا، لەگەڵ “حەمە عومەر” لە چایخانەی سەهۆڵەکە یەکمان بینی. من سەرخۆش و ئەویش تەواو مەست. بڕیارماندا بە مەی خواردنەوەی زیاتر، ژیلەمۆی خەمەکانمان بگەشێنینەوە. “حەمە عومەر” رەخنەی زۆری لە حکوومەت و حزبی فەرمانڕەوا گرت، بەڵام نەک کەس پشتگیریی قسەکانی نەکرد، تەنانەت هاوڕێکانمان لێمان دوور دەکەوتنەوە و جاسووسە چاو مۆنەکانیش بە مۆڕەوە سەیریان دەکردین.
بە دەم پیاسە و جگەرە خواردنەوە ملی رێگامان گرتە بەر، بەو نیەتەی بچین بۆ “نادی مۆزەفین”. لە تەنیشت بەنزینخانەی عەقاری، حەمە عومەر، تووڕەییەکەی گەیشتە ئاسمان، خۆی کرد بە کۆگای “ئاشوور” و سڵاوێکی لە “ئەدمۆن” کرد و چارەکێک ویسکی لێکڕی. هەر بەدەم رێگاوە ئەو چارەکە ویسکییەی خواردەوە. بەم شێوەیە گەیشتینە بەردەم باخی گشتیی. لەو کاتەدا کە حەمە عومەر شووشەی چارەکە ویسکییەکەی فڕێدایە تەنەکەیەکی خۆڵەوە و بە دەنگێکی بڵند دەستی کرد بە رەخنەگرتن لە بەرپرسانی سیاسیی، یەکێک لە ئاسایش و پاسەوانەکانی هۆتێل سلێمانی پاڵاس، جنێوێکی ناشرینی دا. ئێمەش چووینە بەردەمی و حەمە عومەر وتی بڕۆ جنێو بدە بەو کەسەی لە ژوورەوە کەیف و سەما دەکات و تۆی لێرە لەم بەر سەرمایە داناوە.
لەو کاتەدا پاسەوانەکە تووڕە بوو، کردی بە هاوار هاوار. پاسەوانەکانی دیکە بە میل راکێشان هاتنە پێشەوە و زیاتر لە 10 تفەنگی رزیو رووی تێکردین. حەمە عومەر هاواری کرد دەی ئازابن وەرن وەک بەکر عەلی شەهیدم بکەن. یەکێکیان لوولەی تفەنگەکەی لە ژێر گۆی مەمکم گیر کردبوو، وتی ئەمشەو من تۆ ئەتۆپێنم کۆمۆنیستی بێ رەوشت. منیش وتم خەڵک کوشتن لای ئەوەی هیچ رەوشتێکی نییە ئاو و دۆ خواردنەوەیە. لەناکاو دەنگێک لەو بەر شەقامەکەوە هاواری کرد، نەکەن، نەکەن، هیچ نەکەن، پاسەوانەکان ئاوڕیان دایەوە و کەمێک کشانەوە. کابرا هاتە ئەمبەرەوە و کۆی پاسەوانەکان سڵاوی سەربازیان بۆ کرد، بە هەستکردن بە شەرمەوە وتی من داوای لێبوردن دەکەم بۆ ئەو رەفتارە ناشرینەی پاسەوانەکان. بەزۆر پەلکێشی ناو هۆتێلەکەی کردین، ئێمەش نەماندەویست بچین، چوونکە پێمانوابوو پیلانێکە و لە ژوورەوە حەسیر مەیدانمان پێ دەکەن.
چووینە ژوورەوە، هەندێک لە بەرپرسەکانی شار و حکوومەت بە ڕوویەکی گەشەوە هاتنە پێشوازیمان، بەڵام ئێمە رەتمان کردەوە دەعوەتیان قبوڵ بکەین. تەنیا ئەوە نەبێ چووینە کافتریاکە و وا بزانم بە هەردووکمان لە ماوەی 2 سەعات کە لەوێ ماینەوە 12 قاوەمان خواردەوە، بە راستی شەوێکی سەیر بوو، چوونکە لە کۆتایدا بە ئۆتۆمبیلی ئاسایشەکان بردیانینەوە بۆ ماڵەوە، کاتێک گەیشتمە بەر دەرگای ماڵی خۆمان و یەکێک لە دراوسێ یەکێتییەکانم منی بینی لە پێشی ئۆتۆمبیلی ئاسایشەوە وەک ئەفسەرێک دێمە بەرچاو و دابەزیم، تووشی واق وڕمان بوو، ئەم بەیانییەش چووم بۆ نانەواخانە ئەو زۆر گۆڕابوو، سڵاوەکەی گەرم ببوو لەگەڵم، پێیوایە من ئاسایشی نهێنیم، ئای دنیا ئەمە چییە دەڵێی لەناو چیرۆکێکی عەزیز نەسین خۆم دەبینمەوە.
شاملۆ وتەنی دنیایەکی سەیرە گوڵم، ئێمە هاوڕێکانی خۆمان لە وتنی وشە توندەکان لێمان هەڵدێن و ناوێرن پارەی چایەکمان بۆ واسڵ بکەن. کەچی ئەو دەسەڵات و حزبە میلیتانتەی رەخنەی لێدەگرین رێزمان لێ دەگرێ و بانگی سفرە و خوانی شاهانەمان دەکات. ناڵێم بەو رەفتارەیان دەسەڵاتم لا جوان دەبێت، بەڵام خەریکە بگەمە ئاستێک بڵێم رەوشتی زۆرێک لەوانەی خۆیان بە هاوڕێمان دەزانن گەلێک نزمترە لە پاسەوانەکانی دەسەڵات.

2-1-2000
ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 82-85 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




منم عاشقی ئازادیی.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

لە گاگۆڵکێی ژانەوە
من لەناو دڵیدا ترپە ترپمە
لە هەر کۆڵانێک گوڵ بپلیشێتەوە
من پرسە دائەنێم
لە هەر ماڵێک نان نەبێت
من سفرەیەکی نیگەرانم
لە هەر شوێنێ ژنێک بکوژرێ
من فلوتی ماتەمینیم
من لە یەک کاتدا
برینێکی ساڕێژنەبووی دێرین و
رەشەبایەکی مەلوولی رەنگ پەڕیوم،
لە شەقامی رەهێڵە و گەردەلوول
لە دایکبووم و
لەناو بێشکەی مەراقی
گەلێکی پەژمووردەدا پێم گرت
گەنجیم بەخشی
بە ئازادیی نیشتمانێکی لاقەکراو و
ئێستا سەر و ریشی ماش و برنجیم
خستۆتە نێو کۆشی غوربەتێکی دڵڕەقەوە
من لە یەک کاتدا
لە سولالەی شێخی نەهری و
تفەنگە ماندووەکەی مەلیک مەحموودم،
پەتی گەردنی “قازی”یە
لە ملی ئازادیم ئاڵاوە و
خوێنی ئەنفالە
وەک کانی لە جەستەم هەڵدەقووڵێ و
تاکو عەرعەر و نوگرە سەلمان
رێچکە ئەبەستێ
عومەری خاوەر پاسپۆرتە جیهانییەکەمە و
پێنج هەزار پەپولەی هەڵەبجە میدالیای بەرۆکمە
گۆڕی بە کۆمەڵ و ئەبوغرێب ناسنامەمە و
پێشمەرگە شەرەفی نەتکاوە
گەریلا پاسەوانی خەونەکانمە
من لە یەک کاتدا میراتگری شێخی پیران و
بەیتێکی هیچ کات نەگوتراوی (ئەحمەد خانی)م
رەشەبای سلێمانیم و
گڕی چاوەکانی بابەگوڕگوڕ
تووڕەییەکانمە لەو قەمچییانەی
قەعقاع و حەجاجەکان
لە ئەسپی سەرکەشیمی ئەوەشێنن
قەڵای هەولێر
سەری بڵندی کوردبوونمە و
چوارچرای مهاباد
زنجیری پچڕاوی دەستەکانمە
قامیشلۆ و ئامەد
دوو بووکی تارا رەشی دیرۆکی منن و
لە زاوای نیشتمانەکەم زەوت کراون
من لە یەک کاتدا
چاویلکەکەی شەهید ئارام و
چڵە نێرگزێکی گوندی ئەڵمانە و
سەر گۆڕی کاک فوادم
رووسووریی ژنە ئێزدییەکی شەنگالم
کە چڵکی بیابانشینەکان و
شمشێری غەزەوات
نەیتوانی پەڵەیەک
لەسەر بێگەردییان دروست بکا
نەبەزینی “کوبانی”م
کە تەپڵی سەرکەوتنمی تێدا لێدرا و
بوو بە گۆڕستانی قالۆنچە رەشەکانی دنیا
نرکە نرکی خۆڕاگریی
زیندانی شوومی “ئەوین”م
کە عەمامە و مێزەری ئایەتوڵاکانی تێدا
ریسوا کرا و
بەدەم چڕینی سروودی ئەی رەقیب و
بژی کوردەوە
زەندەقی ریش رشکاوییەکانی تارانی تیا برا
من لە یەک کاتدا
خوێنی پەڕەمووچی شەرەفخان و
گوللەی بڕنەوەکەی “بارزانی”م
خوێنی بەناهەق رژاوی قاسملۆ و
شەوە درێژەکانی ئیمراڵی و
نێو زیندانەکەی ئاپۆم
بەرخۆدانی چیاکان و
خۆپیشاندانەکانی شارم
دەستێکی پۆڵاینم هەیە
بۆ شۆڕش و سەرهەڵدان
دەستەکەی تریشم
ئاوریشمە بۆ ئاشتەوایی
خاوەنی سەروەریی
خوێناویی “گوردانی شوان” و
داستانی ئەفسووناویی
هەندرێن و دابان – هەلاجم
من لەیەک کاتدا
هەڵبەستێکی پڕ ورەی مەلا عەلی و
تەڵێکی پڕ نەعرەتەی
سازەکەی شڤان پەروەرم
ژن پێشڕەوی شۆڕشمە
و گڕی لەشی زیلان و
پەتی رزیوی سێدارەکەی لەیلا قاسمم
هەشت هەزار جامانەی
لە خوێنا سووربووی بارزانم
رووناکیی هەردەم نەکوژاوەی ئاتەشگا و
بریسکە و مەشخەڵی
داگیرساوی مەزدا ئاهورام
گوندی لە خاچدراوم و
شاری خنکێنراوم
هاواری سەربەخۆیی و
نەسیمی ئازادیم
سەرەخۆرەی سەدام و
ئەتاتورک و شای گۆڕ بەگۆڕم
من کوڕی رەسەنی نیشتمانێکم
لەشیان پڕ برین کرد
کەچی ئەو هەر لە جێی خۆیەتی
دڵیان هەپروون هەپروون کرد
کەچی ئەو هەر نەمرد
خەردەلیان کردە چاوەکانی
کەچی هەر ئاسۆ ئەبینێ
من لەیەک کاتدا
فرمێسکی بەخوڕی
دایکێکی رەشپۆش و
زەردەخەنەی پەلکەزێڕینەیی
منداڵە شەهیدم
منم لە میدیاوە
تاکو ئێستا کۆت و زنجیر ئەکرێم
بەڵام لە کۆتاییدا
هەموو زنجیرێک ئەپچڕێنم
منم شاعیری کوردستان
منم عاشقی ئازادیی.




فلاشباک..23.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی


بەشی بیست و سێ

کاتژمێر 1:30 شەوە، لە سەهۆڵەکە ماوینەتەوە، ئەمشەو بۆنەی سەری ساڵی نوێ تاموبۆیەکی تری هەبوو، جیهان دەروازەی هەزارەی سێیەمی لە خۆی کردەوە. ئەمشەو شەقامی سالم شێوە کەرنەڤاڵێکی بەخۆوە گرتبوو، نمایشی ئەو کچە جوانانە بیری بردینەوە لە رەمەزانداین. من تام لەم خۆشییە دەستکردانە نابینم، هەرچەندە زۆر دڵخۆشم بە بیبینی ئەو کچ و کوڕە راقییانەی بەرەو رووی دنیای خورافی بوونەوە. نمایشی ئەمشەو رەنگێکی مەدەنیتری بە سلێمانی بەخشی، پێیووتین تەمەدونی خەڵکی ئەم شارە بە جەهلی تاریکبیرەکان پاشەکشە ناکات. دوا کات خەڵکی ئەم شارە قسەی خۆی دەکات. ئەوەی دڵی ئێمە بەو شارە جەنجاڵە ماندووە خۆش دەکات تەنیا ئەم یاخیبوونە جوانەیە لەگەڵ یەکەم بەردی بناغەی سلێمانیدا چرۆی کردووە. ئەمشەو شەوێکی سەیر بوو، خەڵک پێیانوابوو گەیشتوونەتە قۆناغێکی نوێ، یان کەوتوونەتە بەر شەبەنگەکانی “شەپۆلی سێیەم”ی ژیاری هاوچەرخی مرۆڤایەتی کە “تۆفلەر” باسی دەکات. ناتوانم چێژ لەو کەرنەڤاڵە وەربگرم، وەلێ دەزانم سبەی مەلاکانی شار ئاگری رقی ئیبلیسیان بە وتارە ئاگرینەکانیان خاڵی دەکەنەوە. تەنیا ئەمەیە دڵم دەکاتەوە کە سەرکەوتنی تەمەدون بەسەر کۆنسەرڤاتیزمدا دەبینم، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئەم وڵاتە، ئەوە کەم نییە هەرچەندە نابێت پێمان زۆریش بێت.
لەگەڵ ئەوەش نابێت ئەم رووداوە سەرمەستمان بکا، لەبەرئەوەی باکگراوەندی کۆمەڵی کوردیی ئاین و خێڵە. لەناو ئەو کەلتوورەشدا هەناسەیەک بۆ ژیان نییە، کۆمەڵگەی کوردیی بە بەراوورد بە دەیەی هەفتاکان پاشەکشەی بەرچاوی کردووە لە رووی دیاردەگەرایی مودێرنەوە، ئەگەرچی ئێمە بەر ماتریاڵەکانی مۆدێرنە کەوتووین، کەچی مودێرنە وەک رۆح و فکر و ئایدیا نەگەیشتووە پێمان. بە واتایەکی تر پێشکەوتنی ئێمە فۆرمالیستانەیە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی هاوتەریب نییە لەگەڵی. بڕۆ لەگەڵ ئەو کچە قسە بکە کە پۆشاکەکەی هەمان پۆشاکە لە پاریس و ستۆکهۆڵم لەبەر ئەکرێ، کەچی وەک نەنکی بیر ئەکاتەوە و وەک باپیریشی قسە ئەکات. مارکس کاتی خۆی وتی: لە کاپیتالیزمدا هەموو شتێک ئاوسە بە دژەکەی. لەوە دەچێت هێشتا کورد لە قۆناغی فیوداڵی و بەر لە سەرمایەدارییدا بێت چوونکە هەموو شتێک ئاوسە بەهاوشێوەکەی خۆی، زۆرجار هاوشێوەیەکی زۆر خراپیش.
ئەمشەو لەگەڵ ئاسۆ عوسمان، ئەیوب رەزا، ئارام قانیع، گۆران عومەر، حەمە عەدنان، عەلی ئازەرنیا. کاتێکی زۆرمان پێکەوە بەڕێ کرد. ئەوان بێ ئەوەی بخۆنەوە مەستی شادییەکانی ئەمشەوە ببوون، منیش دوای نۆشینی نیو قاپ ویسکی و دوو بیرە هیچ مەست نیم، تەنیا غەرقی بیرکردنەوەکانی خۆمم کە دڵنیام رۆژێک یان سەرم دەخوات یان وەک نیتشە دێوانە دەردەچم، بەڵام من بە شەقامەکانی شاردا دەسووڕێمەوە و هاوار دەکەم، کێ دڵێکی دەوێ بۆ کڕین بە شەرتی ئەوەی هەرگیز گەردی رقی نەگرتبێت؟. هاوار دەکەم کێ رۆحێکی دەوێ لە ئەوەڵ مەزاددا بە مەرجی ئەوەی ژەنگی کینە زەفەری پێ نەبردبێت؟. دڵنیام کەس نییە موشتەریی ئەم دڵ و رۆحەم بێت!، دڵێک دەبەمە ژێر خاک، رۆحێک دەبەمەوە بۆ ئاسمان کە بە ئاوی بێگەردی خۆشەویستی هەمیشە زاخاو کراوە.

31-12-1999
ستیڤان شەمزینی

بە حساب یەک کاتژمێر و نیوە سەرەتای ساڵ و سەدە و هەزارەی نوێیە.

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 79-82 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




سێ کتێبی نوێی ستیڤان شەمزینی بڵاوبوونەوە

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە سێ کتێبی نوێی ئەدەبی و فیکریی ستیڤان شەمزینی لە شاری سلێمانی بڵاوبوونەوە و وا بڕیاریشە لە نزیکترین دەرفەتیشدا لە تەواوی کوردستاندا کتێبەکان بڵاوببنەوە لە رێگەی چەند مەراسیمێکەوە لە شار و شارۆچکەکاندا. کتێبەکانیش بریتین لە:

1- خەندە گرینۆگان و مەراقنامەی پیاوێکی سوریالی.

ئەم کتێبە لە 222 لاپەڕەی قەبارە مام ناوەندیدا لە چاپ دراوە. کە پێکهاتووە لەکۆمەڵە تێکستێکی ئەدەبی و فیکری کە بە زمانی شیعریی و لە شێوەی ئەفۆریزمدا گەلاڵە کراون.

2-هستریای وشە و حونجەی بێدەنگی.

ئەم کتێبە لە 233 لاپەڕەی قەبارە مام ناوەندیدا چاپ کراوە کە پێکهاتووە لە چەند دەقێکی ئەدەبی

3- خۆشەویستی لەسەردەمی شێرپەنچەدا.

چاپی دووەم، ئەم کتێبەش لە توێی 158 لاپەڕەی نیو ئەی فۆڕدا چاپ کراوە. خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیی و فیکریی چەمکەکانی عەشق و خۆشەویستی، جەستە و سێکس، ژیان و مردن، مودێرنە و رەخنە لە کاپیتالیزم، هتد..

هەرسێ کتێبەکە لەلایەن دیزاینەر “هەرێم عوسمان”ەوە کاری مۆنتاژ و دیزاینیان بۆ کراوە، لە چاپخانەی “کارۆ” لە شاری سلێمانی لە چاپ دراون. شیاوی باسیشە تێچووی دارایی هەر سێ کتیبەکە لەسەر ئەرکی دارایی نووسەر خۆی چاپ کراون.




فلاشباک..22.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

بەشی بیست و دوو

سێ رۆژە لە ماڵەوە دەرنەچووم، کاتەکانم بەم جۆرە دابەشکردووە: کاتژمێر شەش بۆ شەش و نیو لە خەو هەستان و نان خواردن. شەش و نیو بۆ دوانزە و نیو خوێندنەوە. دوانزە و نیو بۆ دوو پشوودان و خۆشتن و خواردنی گوێز و میوە. دوو تاکو شەشی ئێوارە دووبارە خوێندنەوە. شەش بۆ هەشتی شەو پشوودان و نان خواردن. هەشت بۆ دەی شەو نووسینی تێبینی لەسەر ئەو کتێبانەی ئەیانخوێنمەوە. دە تاکو شەشی بەیانییەکی تر دیسانەوە خەوتن. لەماوەی ئەم سێ رۆژە تەنها لەسەر سوریالیزم و دادایزم خوێندمەتەوە، کە دوو رێبازی ئەدەبی و هونەریی سەروەختی جەنگی جیهانی یەکەم و دوو ساڵی یەکەمی دوای تەواوبوونی جەنگن. خاڵی لێکچوو زۆرە لە نێوان ئەو دوو قوتابخانەیە گرنگترینیان فەرامۆشکردنی لۆجیکە بەمەبەستی دروستکردنی واتای نوێ و تەرزێک لە هونەر و ئەدەب کە لەنێو فەوزا و پاشاگەردانیی کارکردندا مانا و رەهەندی تازە بەرجەستە بکا، لە نێو هەردوو رەوتەکەدا کەسێتی “تریستیان تزارا” لە رەوتی دادایزم و “سلڤادۆر دالی” لە رێبازی سوریالیزم زیاتر سەرنجیان بەلای خۆیاندا راکێشام.
وەک هەمیشە لە پەنا دەنگی مۆسیقا ئەخوێنمەوە، هەفتەی پێشووش تەسجیلێکی نوێی جۆری “جۆسۆنیک”ی دەبڵ کاسێتم کڕی لەگەڵ چەند کاسێتێکی مۆسیقای کلاسیک کە کەس بایەخی پێنادا. زۆرجاریش کە گوێ لە مۆسیقا ئەگرم، رامدەکێشێ بەرەو جیهانی “نیتشە” ئێستا ئەو وتەزایەی ئەو فەیلەسووفە لە مێشکما ئەزرنگێتەوە “رۆحە گچکەکانم خۆشناوێت، خۆشم ناوێن لەبەرئەوەی هیچ شتێکی باشیان تێدا دەستناکەوێ، دەشێ بڵێین هیچ شتێکی خراپیشیان تێدا بەدی ناکرێ”. واتە تێدەگەم کێشەی سترۆکتۆری نیتشە لەگەڵ ناخی مرۆڤە، ئەو ناخەی “ولیەم رایش” بە درێژایی کتێبی “گوێبگرە ئەی پیاوی بچووک” سەرقاڵی دواندیەتی.
هەندێ جار، کەسوکار ئەڵێن بخوێنەرەوە، دنیای خۆت تێکمەدە بۆ خەونی هەرزەکارانەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی!، زۆرجار منیش ئەڵێم ئەو هەموو کتێب و تیۆرییە تەنیا بۆ چێژی خوێندنەوە نەنوسراون، بەڵکو بۆ گۆڕینی جیهان نوسراون، ئەشێ رۆژێ ئینسان بێ کتێب بژی، بەڵام مومکین نییە بێ ئازادیی بژی، من ئەو ژیانەی لە ناو چوارچێوەکاندا بەند کراوە بە دیوێکی تری مردن تێدەگەم. ئەڵێن تۆ دانیشە، خەڵکی تر با بیکات.! بەدەست خۆم نییە لەم کاتانەدا دێڕێک لە گۆرانی “فریشتە”ی “کاروان عوسمان”م دێتەوە یاد کە ئەڵێت “من نەبم، تۆ نەبی، کێ گورگەکان راو بکات؟.”. ئەگەرچی شۆڕش بۆ ژیان ئەکەین، بەڵام چڕنوکی تیژی گورگەکان ژیانمان ئەبڕێ، من لە پێناوی ژیاندا پێم خۆشە، ئەشکەنجە ببینم، نەک جەستەیەکی بێ زام تەسلیم بە مردن بکەم.
دێڕێک لە شانۆیەکی “ژان ژینێ” ئەم لەحزەیە دێتە مێشکمەوە، ئەگەر هەڵە نەبم، بەمجۆرەیە “رەنگە لە رۆژێکی پڕ جوانیدا، دامێنی چاکەتەکەم بە فرمێسک بڕازێتەوە، بێگوومان تەنیا بە ئەسرینێکی زۆر گرانبەها”. ئێستا من لە نامەیەکدا بۆ یار ئەنووسم “لێم خۆشبە، ئەگەر سەرم دانا، لێم ببوورە ئەگەر لە ژوانێک دواکەوتم و چوومە پێشەوەی خۆپیشاندان یان خرۆشانێک و لەوێدا کوژرام. بمبورە ئەگەر رۆژێ پەیمانی گوڵێکی سوورم پێدای، بەڵام دیار نەبم و بۆ سبەینێ تۆ گوڵێکی رەش بخەیتە سەر تابووتەکەم”. مەبەستم ئازاردانی نییە، بەڵام ئەمە خراپترین لەوانەیە، ئەمەوێ رایبهێنم کە هەڵکردن لەگەڵ کەسێک کە خەونی گۆڕینی جیهان مێشکی داگیر کردووە، هەروا ئاسان نییە، رێگەکەمان سەختە و بڕواش ئەکەم قوربانی زیاتری بۆ بدەین. بیری “بەکر عەلی” ئەکەم، ئێستاش وتارەکەی ئەخوێنمەوە کە لە کتێبی “نمایشێکی چینایەتی مەزن” ئەرشیف کراوە. ئەو وتارە و چالاکییە سیاسییەکانی کردیانە خۆراکی گورگەکان. ئیدی بۆچی ئەم ئەگەرە بۆ خۆشمان لەبەر چاو نەگرین؟.

ستیڤان شەمزینی

15-11-1999

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 76-79 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




وەرزە سەوزەکانی ئەوین.. دوا وەرز.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

من تۆم هەڵبژارد
هیچ شتێکت دڵتەنگم ناکات
تەنیا راکردنت نەبێ
لەبەر شەپۆلی هەستەکانم
تەنیا ئاوڕنەدانەوەت نەبێ
لە تەرمی من
کە بۆ عەشقی تۆ
لە شەقامی تەنهاییدا دەکەوێت


وا تێمەگە
رۆژێک بێت و بتوانم
دەستبەردارت بم
تۆ نازانیت
من مەجنونم
بە لەیلای خۆم گەیشتوومەتەوە
وا تێمەگە
رۆژێک بێت و بتوانم
لێت دوور بم
من پەپولەیەکی سەرگەدانم
شەمعی خۆم دۆزیوەتەوە


لە کۆتاییدا
تۆ وەرزی سەوزی ئەوینی خۆمی
لە کۆتاییدا
تۆ مرواری دەریای هەستی خۆمی
لە کۆتاییدا
پرووشەی ئەوینی ئاسمانی رۆحمی
هەموو رەنجێک ئەدەم
ئەگەر ساتی گیانکێشانیشم بێ
دەم ئەنێم بە گوێتەوە و
بە چرپە پێت دەڵێم
خۆشم ئەوێی
ئەی کۆترە مەستەکەی
ناو هێلانەی دڵم


بەسەر پشتی “با”ی قەدەرەوە
بەڕێوەم بۆ کۆڵانی رەشی مەرگ
ئەوەی لە دوام جێدەمێنێت
تۆ و گوڵدانەکانی شیعرن
تۆ و ئەو ماسیەی عەشقن
کە عەیامێکە لە دەریای
هەستە نارنجییەکانمدا
مەلە ئەکەن


من بەستەیەک بووم
لە هۆزی گۆرانی جێمام
نەوڕەسێکی یاخی بووم
ئاسمان لە ژێر
خەونێکی برینداردا ئەمنێژێت
عاشقێک بووم
وەک خۆر گەرم و پڕ تیشک
کە بەفری دڵی تۆم
هێدی هێدی ئەتواندەوە


تۆ هاتیت گریانە نەبڕاوەکانم
کۆ بکەیتەوە
تۆ هاتیت ئینجانە تەنهاکانم
پڕ بکەیت لە گوڵی ماچ
تۆ هاتیت دەست بکەیت
بە رنینەوەی سێوەکانی هەستم
تۆ هاتیت ئاگرێک بکەیتەوە
تێدا ببمە خۆڵەمێش و
سووتووەکەم بدەیت
بە دەم رەشەبای غوربەتەوە


تۆ هەمیشە
لە نێو شەوە تارەکانمدا
مۆمێکی رووخۆشی
تۆ هەمیشە
لە باوەشی زەردهەڵگەڕاومدا
سنەوبەرێکی سەوزی
تۆ هەمیشە
لەسەر لێوی وشکەوەبوومدا
بارانی ماچیت
تۆ هەمیشە
لە پایز و خەزانی تەمەنمدا
بەنازترین بەهاریت


من، لمی بیابانێک بووم
گەردەلولی عەشق بردمی
من گەڵایەکی زەرد بووم
لە داری خۆشبەختی بوومەوە
من زێیەکی خەمبار بووم
لە رووباری دڵداریی جیا بوومەوە
من دڵۆپێک فرمێسک بووم
لە چاوی ئەوینەوە رژام


تۆ هەمیشە لە چاوەکانمدا ئەنوویت
بۆ ئەبەد لەناو دڵی مندا ئەمێنیتەوە
شایەتمانم بە عەشقت هێناوە
لەسەر دینی خۆشەویستیت ئەمرم
بە شیعرەکانم بۆ تۆ تەلقین ئەکرێم
بەناوی تۆوە زیندوو ئەبمەوە
لە دڵی تۆدا حەشر ئەکرێم
بەسەر پردی سیراتی رۆحتا ئەڕۆم
لە کۆتاییدا بەرئەبمەوە
باخچە فیردەوسییەکانی باوەشت




فلاشباک..21.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

بەشی بیست و یەک

دوێنێ دوا نیوەڕۆ کۆڕێکی هاوبەشمان لەگەڵ “محەمەد عەدنان” لە سەنتەری گەنجان پێشکەش کرد، کە سەدان گەنج تیایدا ئامادەبوون و باسەکەم لەژێر ناونیشانی “چەپاندنی سێکسی لەکۆمەڵگەی ساناتۆسدا”. بووە جێی مشتومڕێکی زۆر و هەرا و دەنگە دەنگیشی لێکەوتەوە. ئەوە یەکەمجارە کۆڕێک لە سەنتەری گەنجان ئەو قەرەباڵغییە دروست بکا، لە هەمووی گرنگتر مناقەشە و جەدەلی زۆریش بە دوای خۆیدا بهێنێ. چوونکە لەلایەن هەندێ گەنجی محافیزکار و کاریگەر بە ئاین، بۆچوونەکانی من بە دژە ئاین و پێشوەخت و ناواقیعی لێکدرایەوە. ئەمەش وایکرد سێ سەعات مناقەشەی توند و پڕ دەنگ بەرزکردنەوەی بێ ئەنجام رووبدا. ئەمە بەریەکەوتنی ئاڕاستە دژەکان بوو کە کارێکی زۆر پێویستە، چوونکە بە وتەی لینین “دیالێکتیک بەریەککەوتنی دژەکانە”. 

لەو 40 دەقیقەی تەرخانکرابوو بۆم کە قسەکانی خۆمی تیا بکەم. بە خێرایی هەوڵمدا بەراووردکارییەک بکەم لە نێوان دیدی “فرۆید” وەک دامەزرێنەری قوتابخانەی دەرونشیکاریی لەگەڵ دیدی “هربرت مارکۆزە” یەکێک لە فەیلەسووفەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت، چوونکە دیدی پێچەوانەیان لە هەمبەر چەپاندنی سێکسی هەیە. بە بڕوای فرۆید چەپاندنی سێکسی مامانی شارستانییەت و داهێنانە، هەرچی مارکۆزیشە پێیوایە چەپاندنی سێکسی هۆکارە بۆ تێکشاندنی دەروونی مرۆڤ و بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەی پاسیڤ، بۆیە لەپەنا شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە، شۆڕشی سێکسیش بە پێیویستییەکی پلە یەک ئەزانێ. پاشان بە چڕیی باسم لە کۆمەڵگەی کوردیی کرد وەک کۆمەڵگەیەکی مەرگدۆست “ساناتۆس” کە چۆن لە هەوڵی چەپاندنی سێکسیی تاکەکانی خۆیدایە.

لە کۆڕەکەدا هەوڵمدابوو، دیسکۆرسێکی رەخنەیی لە ژێر رۆشنایی دیدی فرۆید و مارکۆز، ئاڕاستەی کۆمەڵگەی کوردیی بکەم. زۆریش گەرەکم بوو کرۆکی روانینی “فرۆید” لەهەمبەر چەمکەکان لیبیدۆ و من و ئەو و منی باڵا بگەیەنمە ئامادەبووان. بەو پێیەی فرۆید دەروونی مرۆڤ دابەش ئەکات بۆ سێ حاڵەت. یەکەم: ئەو “Id” یان لیبیدۆ، ژێدەری سەرەکی رەمەک و ئارەزووەکانە. دووەم: من “ego” کە ناوەندگیرە لە نێوان ئەو و منی باڵادا. بە دیوێکی تردا منێکی بە ئاگایە و کاری باڵانس راگرتنە لەگەڵ داواکاریی ئید و رازیکردنی منی باڵادا. سێیەم: منی باڵا ” super ego” ئەمە لە دیدی فرۆیددا حاڵەتی پێگەیشتن و کەسایەتی دامەزراوە کە کاری پارێزگاریی بەها ئاکارییەکان و رەوشتە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەم سێ حاڵەتە دەروونی هەر مرۆڤێک پێکدێنن.

روونکردنەوەی ئەو چەمکانە بۆ ئەو گەنجانە کە توانای تێگەیشتنیان کەمتر بوو لەو دابەشکارییە فرۆیدییە کۆمەکی زۆری کردین بۆ روونکردنەوەی باسەکەمان و پێدانی زانیاریی لەسەر دیدگای دەروونشیکاریی فرۆید. جگە لەمەش باسەکەمان گەیشتەوە بە شۆڕشی خوێندکارانی پاریس “مایۆی 1968” کە هربرت مارکۆزە بە باوکی ئەو شۆڕشە دائەنرێ. مارکۆز پێیوایە ئازادکردنی کۆمەڵگە واتە رەهاکردنی لیبیدۆ کە ئەوەش لەبری لەناوبردنی شارستانییەتی مرۆڤ، هەوێنی دروستکردنی شارستانییەتێکی پێشکەوتووترە. بۆ ئەمەش گەنجانی بە پێشڕەوی ئەو شۆڕشە ئەزانی، چوونکە بە دیدی ئەو چینی کرێکار “پڕۆلیتاریا” هێزی شۆڕشگێڕانەی خۆی لە دەستداوە و تێکەڵ بووە بە رۆحی سەرمایەداریی. هەر بۆیە شۆڕشی 1968 قەرزاری هزری مارکۆزە.

ئەگەر چی سێ لایەنگری رەوتە ئیسلامییەکان، کردیانە هاوار هاوار، گوایە ئەو قسانەی من بانگەشەیە بۆ فەسادی سێکسی. یەکێک لەوانە وتی: ئەوانەی تەرحت کرد بۆ خوشکەکانت بە رەوای ئەبینی؟. منیش وتم ئاخر من کێم ببمە کوێخای ژیانی خۆشکەکانم؟. بۆچی ئەبێت ئازادیی ئەوان لە دەستی مندا بێ؟ کێ مافی داوە بە من هێڵ بۆ ئازادیی ئەو ژمارە مرۆڤە دابنێم پەیوەندیی خوێن بە منیانەوە ئەبەستێتەوە؟. زۆرێک لە رۆشنبیرانی ئێمە باسی ئازادیی سێکس ئەکەن، کاتێ ئەگاتە ئەو پرسیارەی ئەمە بۆ خوشک و کچ و هاوسەری خۆت بەرەوا ئەبینی؟ دەمیان ئەبێت بە تەڵەی تەقیوەوە، وایانزانی منیش هەر ئەو تایپەم. بۆیە بە چەپڵەرێزانی ئامادەبووان رسی پرسیارە قۆڕەکەیانم کردەوە بە خوری و دەرسێکم دادان تەشی رسراو چیتر با نەدەن. 

7-11-1999

—————————-

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 72-75 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




وەرزە سەوزەکانی ئەوین- وەرزی دەیەم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

بە چاوی کانی لێم مەڕوانە
من رووباری عەشقم
بە چاوی تریفە لێم مەڕوانە
من پەلکەزێڕینەی ئەوینم
بە چاوی باران لێم مەڕوانە
من زریانی ماچم
بە چاوی زەوی لێم مەڕوانە
من ئاسمانی ئەبەدیی تۆم


هەستەکانم گزنگیان لێ ئەڕژێ
تەنیا جارێک بە خەیاڵ
چاوم لە خۆر داگرتووە
پێکەنینەکانم فرمێسکیان لێ ئەچۆڕێ
تەنیا جارێک بە خەیاڵ
توند توند تۆم لە باوەش گرتووە


هەرچی هات
شمشێری پێ بوو
تەنها برینی لەسەر رۆحم هەڵکۆڵی
هەرچی رۆیشت
جانتایەکی پەمەیی لەگەڵ خۆی برد
کە پڕ پڕ بوو لە خەون و خەیاڵەکانم


گەشتی خەیاڵم ناوەستێ
تا تۆ لە ئاسمانی جەنجاڵی
ئەوینداریی نەدۆزمەوە
زمانی شیعرم ناپژێ
تا تۆ لە هەزاران بەیتدا
بە پەڕەمووچی جوانی
لەسەر دەفتەری فەنتازیا
نەنووسمەوە


کە هاتم وەک رەشەبایەک دێم
چۆن رەشەبا
درەخت رووت ئەکاتەوە
منیش هەر بەو جۆرە
رووتت ئەکەمەوە
چۆن رەشەبا، سەما
بە چڵ و پۆ ئەکات
منیش هەروا
مەمکت ئەخەمە سەما
چۆن رەشەبا، هەور
لەسەر دڵی ئاسمان رائەماڵێ
منیش سەرپۆشی شەرم
لەسەری تۆ لا ئەبەم


کە تۆم بینی
با ستیانەکەت لە رەنگی چاوم
کاڵتر بێ
دەستەکانت بۆنی مێخەکی
شیعری لێ بێ
ماچەکانت تاڤگە بن
وەک بارانی چێژ
بەسەر لێوەکانمدا هەڵڕژێ


تۆ کە ئەستێرەیەکی خۆشبەختی
نازانم بۆچی خۆت دەخەیتە
باوەشی ئاسمانێکی
پڕ غەمی وەک منەوە؟
تۆ کە فانۆسێکی دڵتەڕیت
نازانم بۆچی خۆت دەخەیتە
بەردەم گەردەلوولێکی
سەر شێتی وەک منەوە؟
تۆ کە باڵندەیەکی بەرزەفڕی
نازانم بۆچی خۆت دەخەیتە
نێو زیندان و قەفەزی
دڵی مەجنونێکی وەک منەوە؟؟


شتێک من و تۆ، کۆ دەکاتەوە
لەوانەیە سترانێکی قەرەجی بێت
لە ژێر رەشماڵی عەشقدا
لەوانەیە هێڵێک بێت
لە نیگای من بەرەو تۆ
لەوانەیە بزەیەکی وەریو بێ
لە لێوی تۆوە بەرەو من
لەوانەشە گوڵی تۆ بێت
لەسەر تابووتی مەرگی من


تۆ کە لە گۆرانی من تێناگەیت
ئاوازی چیم بۆ دەژەنی؟
تۆ کە توانای خوێندنەوەی
دڵۆپێک فرمێسکت نییە
چۆن تەفسیری گریانەکانم دەکەیت؟
تۆ کە لە لەنجە و لاری هەوری
حەزە نارنجییەکانم تێناگەیت
چۆن لە حیکمەتی بارین حاڵی دەبیت؟
تۆ کە نابینیت خەریکە دەمرم
لە شەوە قەترانییەکانی غەریبیدا
چۆن پێناسەی ژیانم بۆ دەکەیت؟


من هەموو کاتێک لێرە نیم
نامەت بۆ بنێرم
رەنگە رۆژێک بێت
زۆر چاوەڕوان و تامەزرۆی
یەک تاکە نامەیەکم بیت
تێیدا نووسیبێتم
خۆشم ئەوێی
بەڵام ئیدی رەنگە چاوی قەڵەمەکەم
کوێر بووبێت
هەستەکانم لە گۆڕێکی تەنگدا
زیندە بەچاڵ بووبن
ئەوسا ناچار دەبیت
لاپەڕەی یادەوەریی
ناو دڵ و سۆزت هەڵبدەیتەوە و
بە دوای هەر نۆ پیتی
“خ ۆ ش م ئ ە و ێ ی”دا
بگەڕێیت و نەیدۆزیتەوە

شیعری: ستیڤان شەمزینی





فلاشباک- 20.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

بەشی بیست

ئێستا کاتژمێر چواری عەسرە، دوێنێ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی دەرچووم، پاش ئەوەی سێ رۆژ لەوێ مابوومەوە، بەهۆی ئەوەی لەلایەن گروپێک لە ئیسلامییەکانەوە بە سەرپەرشتی “فەرهەنگ نامۆ” لە نزیک گۆڕستانی شێخ محێدین “پشت مۆزەخانەی سلێمانی” بە چەقۆ هێرشم کرایە سەر، لە دوو لاوە برینداریان کردم، ئەمە زنجیرەیەک رووداوی بەرنامە بۆ داڕێژراوە دژی کۆمۆنیستەکان. سێ رۆژ بەر لەو رووداوەی من، هاوڕێی کۆمۆنیستمان “فەرهاد فەرەج”ی نووسەر و سەرنووسەری رۆژنامەی “پەیڕەو” لە شەوی 17-10 ماڵەکەی خۆیدا بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆر کرا. تیرۆری کۆمۆنیستەکان لەهەشت ساڵی دوای راپەڕینەوە بۆتە دیاردەیە. چوونکە هەردوو لایەنی ئیسلامی و ناسیۆنالیزم، ئەجیندای چەپ بە هەڕەشە لەسەر ئایندەی سیاسیی خۆیان ئەبینن.
پێشتریش لەلایەن “فەرهەنگ نامۆ”ەوە هەڕەشەی کوشتنم لێکرابوو، کە چەندان گەنجم لە گەڕەکەکەی ئەو و ناو مزگەوتەکانەوە هێنایە دەرەوە و بە بیری چەپ و کۆمۆنیزم هزرم رۆشن کردنەوە. زیاتر لە پەنجا گەنجم تەنیا لە گەڕەکی سەهۆڵەکە و شێخ محێدین لە دەوری حەلقەکەی خۆمان کۆکردۆتەوە کە هەندێکیان زۆر چالاکن لە نموونەی هاوڕێیان “سۆزدار، خالید ئەژی، دۆستی کەمال، بەهادینە سوور، نەوشیروان، نەوزاد مام حەسەن”. ئەمانە بەشێکیان پێشتر هاتۆچۆی مزگەوتیان ئەکرد، بەڵام ئێستا لە چالاکترین کۆمۆنیستەکانن، چالاکترین خوێنەرەکانن، ئەوان سەرەتا بەهۆی منەوە بوون بە کۆمۆنیست، بەڵام هەنووکە لە خۆم چالاکتر فەعالیەتی سیاسیی و رۆشنگەریی ئەکەن. ئەوەش بووە هۆی تەقینەوەی تووڕەیی ئیسلامییەکان لە بەرامبەرم.
هۆکارێکی تریش ئەوەیە، سەرەتای ئەمساڵ کاتێ ئەندامێکی سەرکردایەتی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی کە وا بزانم جێگری وەزیری ئەوقافیشە لە بڵندگۆی مزگەوتی “عوسمانی کوڕی عەفان” لە گەڕەکی شێخ محێدین، وتاری ئاگرینی ئەخوێندەوە بۆ سەدان هەرزەکار و تێیدا فەتوای کوشتنی کۆمۆنیستەکانی ئەدا، سەدان گەنجی بەنجکراو بە تریاکی ئاین حەماس گرتبوونی،. تیمەکەی ئێمەش بڕیارماندا بچینە ناو مزگەوتەکە و دەمکوتی بکەین، تیمەکەش پێکهاتبووین لە”عەباس، خالید ئەژی، هەڵکەوت کۆنفۆ، سۆزدار، خۆم”. بەهۆی ئەوەی کارەبا نەبوو بە پاتری ئۆتۆمبیلیش بڵندگۆکەیان خستبووە کار، دوو لۆکز هۆڵی مزگەوتەکەی رووناک ئەکردەوە، عەباس چووە ژێر دانەیەکیان، سۆزداریش چووە ژێر ئەویتر. خالید و هەڵکەوت کۆنفۆ و من چووینە نزیکی مەلاکە، کە دە دوانزە چەکداریش پاسەوانیان ئەکرد. کۆدی ئێمە ئەوەبوو کە کەوتنە هاوار هاواری تەکبیر، سۆزدار و عەباس لۆکزەکان بکوژێننەوە و ئێمەش پەلاماری مەلا بدەین.
هەر بەو جۆرە بوو کاتی مەلا وتی “ئەبێ رەگی ئەو کۆمۆنیستە مەلعونانە لە ریشەوە دەربکەین، بۆ ئەوەی بزانن ئوممەتی ئیسلام و کوردی موسڵمان قبوڵیان ناکا”. عەباس و سۆزدار خێرا پڕیان دایە لۆکزەکان و کوژاندیانەوە ئێمەش بە مشتەکۆڵە و شەق کەوتینە سەر دەموچاوی مەلا، لە هەر چوار لاوە بووە بە تێکڕژان و میلی چەک راکێشان، بەڵام بە خێرایی کارەکەمان ئەنجامدا و بەرەو دەرگای سەرەکی مزگەوتەکە هەڵاتین. کە هاتینە دەرەوە “سمکۆی تەهای سەید عەلی” کە هاوڕێمان بوو بەڵام کۆمۆنیست نەبوو، ئێمەی بینی و بەهۆی ئەوەی باوکی ئەفسەرێکی باڵا بوو، هەمیشە چەکی پێبوو، کڵاشینکۆفێکی مزەلی پێبوو کە مەخزەنی هەفتا و پێنجی لەسەر بوو، میلی راکێشا رووەو مزگەوتەکە تا ئێمە دوور کەوتینەوە، ئیتر بەو جۆرە دەرباز بووین، دواتر هەواڵمان بۆ هات کە مەلاکەمان باش وێران کردووە.
لە تۆڵەی ئەمەدا ویستیان بە چەقۆ لەناوم ببەن، “فەرهەنگ نامۆ” کە ناسیاویشمان هەیە، باشترین تیرۆریست بوو ئەو کارەیان پێ سپاردبوو، چوونکە بیرمە پێش چەند ساڵ چەندین پەیکەر و کاری تەشکیلی “شیلان”ی خوشکی شکاندبوو بە بیانووی ئەوەی حەرامە، ئەو سڵ لە هیچ توندوتیژییەک ناکاتەوە. لای کەسێکیش وتبووی گوایە من زانیاریی لە دژی ئیسلامییەکان لە رۆژنامەی “رۆژنامەنووس” لەسەر شێوەی چالاکی و شانە و رێکخستنە ئیسلامییە چەکدار و بێ چەکەکان بڵاو ئەکەمەوە. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە دوور و نزیک پەیوەندییم بەو رۆژنامەوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێ سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیە هاوڕێیەکی ئاساییمە. سەیرە خانەوادەی ئێمە ئەزموونێکی تاڵمان هەیە لەگەڵ ماڵی “نامۆ”! چوونکە پێش چەند ساڵیش “حەمەسوور”ی برای کە مفەوەزی ئاسایشی یەکێتییە هاتە سەر ماڵمان لەگەڵ ئەو تیمەی ماڵەکەیان پشکنین کە نیازیان وابوو خانووەکەمان لێ داگیر بکەن.!.
بیر لە شتی ناخۆش ناکەمەوە، دڵنیام رۆژێک ئێمە سەرئەکەوین، ئەوانیش وەک تیرۆریست ناویان ئەچێتە ناو چیرۆکەکانی مێژووەوە. دڵنیام کە خۆری ئێمە هەڵهات، ئەوان شەمشەکوێرەئاسا ئەچنەوە ناو تاریکایی.
دێڕە شیعرێکم هەیە ئێستا:
خۆر وەک خەنجەرێکی زێڕ جەرگی تاریکی هەڵدەڕێ
ئاسمان دوای هەورە رەشەکان روون روون ئەبێتەوە
زەوی دوای لافاو دڵی وەک خامێکی سپی پاک ئەبێتەوە
مرۆڤیش پێویستی بە خەنجەری تیژی بیرێکی رووناک و
راماڵینی هەوری رەشی کینە و لافاوی شۆڕشێکە

24-10-1999

ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 67-72 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




وەرزە سەوزەکانی ئەوین/9.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

وەرزی نۆیەم

کزە با ساردەکەی ئەم باکوورە
یاری بە تاڵ تاڵی پرچت ئەکرد
رەشەبا بێ ئۆقرەکەی ناو من
جۆلانەی بە بورکانی هەستت ئەکرد
کە لە ئامێزم گرتیت
دڵم وەک تاڤگەیەک کەوتە هاژە
کە لە چاویشم ون بوویت
بە فرمێسکم وت خۆت بگرە و مەبارێ
سبەی دێتەوە ژوان دووبارە

من و تۆ هەر ئەوەندە جیاوازین
من شەرابی سوور دەنۆشم و
تۆ شەرابی سپی
من و تۆ هەر ئەوەندە جیاوازین
تۆ گوڵی سپی باخی سۆزم
بۆ دەکەیتە چەپک و
من گوڵی سووری شیعرت
لە باخچەی هەست بۆ ئەڕنم
من و تۆ هەر ئەوەندە لێک دوورین
هەڵاوی هەناسەت وەک ئۆکسجین
دەڕژێتە نێو سییەکانمەوە

زۆر جادووگەرانە لێت ئەڕوانیم
بۆیە ماچەکانم بوونە پەپولەی شیعر و
لەسەر گوڵەباخی لێوت نیشتنەوە
زۆر رۆمانسییانە لێم ئەڕوانیت
هەنسکەکانت بوون بە قاقای پێکەنین و
رژانە نێو بێ ئۆقرەیی دڵمەوە

لە وێستگەی شەمەندەفەر
هەر لەگەڵ نیگاکردنەکانی تۆدا
چاوی تامەزرۆم لە فرمێسکا نغرۆ ئەبێ
لە وڵاتی وەیشومە و بەفردا
رۆحی شەیدای چاوەڕوانم
لە لەشی ناسکی شیعر دەئاڵێت
وەرە ئەی ئاگری کڵپەسەندوو
سەری بەستووم لە مێژە
تینووی گڕی سووری تۆیە

بریا دەمتوانی میلی کاتژمێر رابگرم
زەمەن لەو بینینەدا بوەستێنم
تا بۆ هەمیشە لە ژوانی تۆدا بمێنمەوە
بریا دەمتوانی هەستی خۆمت پێبڵێم و
پڕ بە هەموو ئاسمان هاوارم بکردایە
خۆشم ئەوێی گوڵە ئەستێرە
بریا دەمتوانی ببمە هەورێک
دڵۆپ دڵۆپ، تنۆک تنۆک
بەسەر ژنێتیتدا بباریمایە

ئەمڕۆ رۆژێکی قەترانییە
لە ئاسمانەوە بێزاریی ئەبارێت
سەیرە من هەر عەشقی تۆم
بەسەردا ئەبارێ!
ئەمشەو شەوێکی شەختەیە
لە هەموو لایەکەوە گڤەی رەشەبایە
سەیرە من هەر شنەبای عەشقی تۆ
بەرەو رووم دێ!

لەودیو پایز و
گەڵاڕێزانی خەندەکانمەوە
بەهاری عەشقت، ئامێزی
بۆ منی شاعیری دڵشکاو کردۆتەوە
لەودیو زەمەنی چەقۆ و
زمانی بڕاوی هاوارە خەمۆکەکانمەوە
بزەیەکی عەشقی تۆ
هەزار شەوی تەنهایی
بۆ ئەبەد بیر بردمەوە

ئەو ساتە کابوساوییانەی
بە دیار تەماشای وێنەیەکی لاویمەوە
پیر پیر بووم
تۆ بوویتە شەرابێکی جادوویی و
لەگەڵ یەکەم پێکی عەشقت
سەرلەنوێ لە دایک بوومەوە
ئەو کاتە تەمومژاوییانەی
پرسەم بۆ مەرگی لاولاو دانابوو
شینم بۆ فڕینی چۆلەکەی
خۆشنوودیم دەگێڕا
تۆ وەک شاخێکی بەفرین
بەسەر عەشقی مندا
هەرەست هێنا

تۆ لە شەوی دەیجورمدا چرایت
لە وشکەساڵیمدا شەستە بارانیت
لە تەنهاییمدا هاوڕێی ئازارەکانیت
لە بێدەنگیمدا هاواریت
لە بێکەسیمدا هەموو کەسیت
لە ئاسمانمدا ئەستێرە گەشەیت
لە زەوی چاوەکانمدا رووباریت
لە خەونمدا واقیعت
لە واقیعمدا خەونێکی جوانیت
لە دڵیشمدا مەجنونترین لەیلایت




فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە/19.. ستیڤان شەمزینی

بەشی نۆزدە

هاوڕێ.. خۆکوشتن بڕیارێکی عەقڵانییە.. هاوڕێ.. ئەمڕۆ لە خوێندنەوەی رۆمانی “الاخوە کارامازوف”ی دیستۆیفسکی بوومەوە، ژیان ئەو فەوزایەیە کە برایانی کارامازۆڤ مومارەسەی دەکەن و ئەنجامەکەشی بە زیندان و شێتبوون و گرێی دەروونی و ئازاری ویژدان کۆتایی دێت، وەک ئەوەی بەسەر ئەو سێ برایەدا دێت لەم رۆمانەدا. لەم رۆمانەدا بە روونی هەست بە “گرێی ئۆدیب” دەکەین، رۆمانەکە دانسقەیە و توانا سنووردارەکەی من دەرەقەتی وەسفی نایەت. هاوڕێ.. خەون مەبینە چوونکە خەون بینین لەم وڵاتەدا تاوانە و دەکرێ رۆژێک لە قەنارە بدرێی لەسەری. بیر بکەرەوە “دیۆنسیۆس” چۆن “مارسیاس”ی نزیکی خۆی لە سێدارە دەدات بە پاساوی ئەوەی “مارسیاس” لە خەونیدا کوشتوویەتی. هاوڕێم بڕیاری عەقڵانی ئەوەیە پێش ئەوەی لەسەر خەونێک لۆرکائاسا بمانکوژن، چاکترە خۆکوژیی ئەنجام بدەین. خۆکوشتن ترسنۆکیی نییە، تۆ بڕوا دەکەیت ڤان کوخ و سادق هیدایەت ترسنۆک بووبن؟.
هاوڕێ، ژیان لەوە ناماقووڵترە خۆمان سەرقاڵی دۆزینەوەی پاساو بکەین تا ماقووڵیی ژیان بۆ خودی خۆمان بسەلمێنین. ئێمە چۆن ئەتوانین خۆمان فریو بدەین، کاتێ لە پەنجەرەی فەلسەفەوە دیمەنی تۆقێنەری چنینەوەی ژیان لەلایەن مەرگەوە ئەبینین؟. ئەڵێم ژیان پووچە، با لە پووچێتییەکی تێبگەین و لەززەتی لێ وەربگرین، هەر کات توانای لەززەت وەرگرتنمان نەدا، پێش ئەوەی مەرگ سەنگەرەکە بەسەرماندا بڕوخێنێ، با بە خۆکوژیی خۆمان بدەینە بەر رێژنەی مەرگ. خۆمان بدەینە دەست عەدەم و گەڕانەوە بۆ هیچ. هاوڕێ.. سەیری ئەو خەڵکە بکە، چەند دڵخۆشن بێ ئەوەی بزانن بۆچی؟. سەیری بکە چۆن مەرگیان بە ناوی ژیانەوە دەرخوارد دەدرێ و هێشتاش توند توند دەستیان بەو ژیانەوە گرتووە کە لە راستیدا مەرگە؟. سەیر بکە ئەو خەڵکە چۆن لە قەفەزدا زەماوەند و شایی بۆ ئازادیی ئەگێڕن؟! سەیر بکە چۆن کاغەزێکی وەک پارە جڵەو و رەشمەی کردوون؟ هیچ هەستیش بەوە ناکەن پارە بۆتە خودایان. سەیر بکە بزانە ئەژدیهای کەلتوور چۆن خەریکی چنینی پەتی سێدارەی گەردنی ئازادییەکانمانە؟ ئەو ئازادییانەی یارمەتیمان ئەدەن چێژ لە پووچی ژیان وەربگرین.
هاوڕێ.. تۆ ببینە خەڵک چۆن ئەسڵەمنەوە لە بیروڕاکانم. دەسەڵات و حزبەکان و ئایدۆلۆجییەکان بە خەتەرم ئەزانن! ئەزانی بۆچی؟ چوونکە لە هەقیقەتی ژیان تێگەیشتووم کە نهێلیزمە. لەبەرئەوەی ئازادیی مەعنەوییمان بەدەستهێناوە!. رەهابووم لە هەموو کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکان و لە تەڵزگەی ترادیسیۆنە باوەکان خۆم دەرباز کردووە. ئازادیی شتێکی خۆش نییە. ئازادیی هەمیشە راڕایی و شڵەژانی دەروونییە. بۆیە زۆربەی مرۆڤە ئازادەکان لە ئاوێنەی کۆمەڵگەوە بە شێت ئەبینرێن. خۆشبەختی لە کۆیلەیی و نەزانیندایە. ئەگەر ئەتەوێ چێژ وەربگری لەم ژیانە پووچە ئەبێت خۆیشت پووچ بیت و گاگەلی بڕۆیت لەگەڵ ژیان.
هاوڕێ.. ئێستا تێگەیشتی من بۆ هەمیشە تەنها و گۆشەگیر و پەڕاگەندەم لە ناوەوە؟ ئێستا تێدەگەیت نوکتە و گاڵتە و گەپەکانم هەوڵێکە بۆ دەربازبوون لەم هەستی تەنهاییە. کێ تێدەگات لێم؟ هاوڕێ بەس تۆ تێدەگەی. هاوڕێ کەسێکی ئیحساساتیم و هەموو بڕیارێکم لای دڵمە نەک لای ئاوەزم، زۆرجاریش داوام لێدەکەن دڵم زیندە بەچاڵ بکەم، چوونکە سادەیی ئەو منی فەوتاند “دیارە دڵ بە مانا مەجازییەکەی نەک ئەو ترومپایەی کاری پاڵاوتنی خوێنە”. هاوڕێ تۆ تاکە هاوڕێمی، ئەی ئازارە نەبڕاوەکانم. هەر بۆیە رازی دڵم بۆ تۆ باس ئەکەم. تۆ بە وەفاترین هاوڕێی و لەگەڵم ئەمێنیتەوە تا هەتایە. ئەی ئازارە شیرینەکانم تۆ تاکە هاوڕێی هەموو رۆژگارەکانی.

ستیڤان شەمزینی

9-9-199

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 64-67 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




وەرزە سەوزەکانی ئەوین.. وەرزی هەشتەم\ شیعری: ستیڤان شەمزینی

بمبەرەوە بۆ مێژووی پێش هەڵوەرینم
لە زستانی پڕ رەهێڵەی ئەوینی ساردتدا
بمبەرەوە بۆ چاخی پێش خنکام
لە سەرابی نێو سەحرای چاوەکانتدا
دەتبەخشمەوە بە رۆژانی تەنهایی
کە باخچەیەک دەرگای بەهاری لێ نەکردیەوە
دەتبەمەوە بۆ نێو رۆژانی پێش ناسینم
کە خۆر لە پشت هەورەوە خۆی لێ دەشاردیەوە

چاوەڕوانیم قەوزەی کرد
تۆ هێشتا بیرت لە سەفەرێک نەکردۆتەوە
بەرەو خاکی هەستم
سەبری ئەیووبم پچڕا
تۆ هێشتا بیرت لە هاتنێک نەکردۆتەوە
پێش وەستانی کاتژمێری تەمەنم

لە مەسیح بێ تاوانترم
دامگرە بەخاچی پرچەکانتەوە و
لەنێو پەلکەزێڕینە بمنێژە
لە ئاوی کانی روونترم
مەهێڵە دابڕان لێڵم بکا و
لە نێو چۆمی ژنێتیتدا بمهێڵەوە

وەرە ئەی لە مەریم پاکیزەتر
وەرە ئەی لە باران تەڕتر
وەرە ئەی لە مانگەشەو رووناکتر
وەرە ئەی لە پەروانە سووتاوتر
لێرە لە ناو دڵی من
لێرە لەناو موروە سەوزەکانی چاوم
لێرە لەناو شەوانی دوور و درێژم
ماچێکی تر دەنووسینەوە
لەسەر پەڕەی لێوەکانمان،
لە پەرستگای لێکئاڵانمان
نوێژێکی خۆشنود دائەبەستین

مەڕۆ
برینێک لە تەنهاییمدا جێمەهێڵە
مەڕۆ
دوا گەڵا بە درەختی ئومێدەوە مەوەرێنە
کتوپڕ مەڕۆ درزێک مەخەرە
پەنجەرەکانی پەلکەزێڕینەوە
مەڕۆ و دوای خۆت
دەرگای خەونم لەسەر دامەخە
مەڕۆ و دوای تۆ
ئیدی من لە خۆم ئەڕەنجێم
مەڕۆ و دوای رۆشتنی تۆ
ئیدی نەورەسێکی دڵخۆش نیم و
لە هیچ ئاسمانێکی تردا
لە شەقەی باڵ نادەم

پرسیار مەکە
ئەو دڵە بێگەردەم لە کوێ بوو
بەیانییەک دوو فریشتەی خودا
لە ناو چەمی عەشقدا دڵیان شۆردمەوە
پرسیار مەکە
ئەو دڵە غەمبارەم لە کوێ بوو
عەسرێک وەک ئاوی کانییەک
رێبوارێکی نامۆ لێڵی کرد
پرسیار مەکە
ئەو دڵە کوژراوەم لە کوێ بوو
ئێوارەیەک وەک ریشۆڵەیەکی پەڕاگەندە
لە سەفەرێکدا بەرەو باکوور
بە گوللەی عەشقێکی وێڵەوە بوو

ئاڵای ئەم عەشقەت
لەسەر کەلاوە کۆنەکانی دڵم
بەرز دەکەمەوە
دەستە تەزیوەکانم
بەتینی پەنجە گڕاوییەکانی تۆ
گەرم دەکەمەوە

خۆشم ئەوێی
هەر وەک ئەو باڵندەیەی جگە لە ئاسمان
شوێنێکی تری نییە بۆ فڕین
خۆشم ئەوێی
وەک ئەو شەپۆلەی جگە لە کەنار
جێگەی تری نییە بۆ سرەوتن

هەرچەند لە چاوەکانتم روانی
بە بێدەنگی هەموو شتێکیان پێ وتم
هەرچەند پەنجەکانتم گووشی
گەرمی هەستت گەیشتە بەفراوی رۆحم
سەیرە نە من توانیم دێڕێک بڵێم
نە تۆ توانیت دڵت بکەیتەوە!!

شیعری: ستیڤان شەمزینی




فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە/بەشی هەژدە.. ستیڤان شەمزینی

بەشی هەژدە

ئازارێکی زۆر ئەچێژم لەو دیمەنەی رۆشنبیرە “جیددی” و بە حیساب سکۆلارەکانمان مەستی تەوژمێک بوون بە ناوی “ئیسلامگەرای میانڕەو”.!. من وشەی جیددیم لە نێوان دوو کەوانەدا بۆ ئەو رۆشنبیرانە بەکار بردووە. هەر چەند لام ئاشکرایە، ئەوان هەڵەی میتۆدی ئەکەن و سەرئەنجام بە شەرمەوە ئەم روانگانەی خۆیان بیر دێتەوە. لەم رۆژانە لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی لە یەکێک لە سیمینارەکاندا کاک “رێبین هەردی” یەکێک لە سیما دیارەکانی پڕۆژەی “رەهەند” بە حەماسەوە و بە بێنەوبەردەی تێزە فەلسەفییەکانی هەندێ بیرمەندی خۆرئاوایی لە هەوڵی ئەوەدا بوو، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆی رەوتی ئیخوان لە توندڕەویی ئیسلامی جیا بکاتەوە. زیاد لەمەش بە “ریفۆرم”ی محەمەدی خاتەمی، سەرۆکی ئێران شاگەشگە ببوو، هەروەک چۆن “فۆکۆ” کاتی خۆی مەستی شۆڕشی ئێران و شاگەشگە ببوو بە “ئیمام خومەینی”.
لە هەقیقەتدا، ئەمە مەترسییەکە لەلایەن رۆشنبیرانەوە دەستیپێکردووە، چۆن ئەتوانن باز بدەن بەسەر مێژوو و راستییە تاڵەکاندا؟. ئەم نۆرمە رۆشنبیرە کوردە کە لە ژێر کاریگەریی تێزەکانی “ئەمیل زۆلا”دان و خۆیان بە نوێنەری داوا و خەونەکانی گەنج و کۆمەڵگە ئەزانن، هەموو پلاتفۆرمیان بووە بە ئیخوانیزەی کۆمەڵگە بە گشتیی و گەنج بە تایبەتی. ئەو تێفکرینەیان ئاوکردنە ناو ئاشی ئیخوان و ئیسلامیستە توندڕەوەکانە، کە ئەیانەوێ کۆمەڵگە بگەڕێننەوە بۆ زەلکاوەکانی مێژووی تاریکی خەلافەتی ئیسلامی.

مارکس لە تێزی چوارەمی تێزەکان دەربارەی فویەرباخ ئەنووسێ “فویەرباخ لە واقیعەوە دەست بەکارئەبێ، کە ئاین ئینسانی لە زاتی خۆی دوورخستۆتەوە، لەسەر ئەم بناغەیە دنیا دابەش ئەکات بۆ دوو جۆر: دنیایەکی خەیاڵکردی ئاینی و دنیایەکی واقیعی”. هێشتا رۆشنبیرە کوردەکان تەرویج بۆ جیهانی ئاینی ئەکەن، نایەنەوێ مرۆڤ لە تەڵزگەی ئاین و غەیبانییەت رزگاری ببێت، هێشتا چاوەڕێی ئەوە ئەکەن مورشیدی گشتی ئیخوان ببێتە “مارتن لۆسەر” و ریفۆرمی ئاینی لە ئیسلامدا بکا!! ئەو ریفۆرمەی پێش چەندان سەدە موعتەزیلە نەیانتوانی ئەنجامی بدەن و لە بەرانبەر رەوتی حەنبەلییەکاندا بەزین. بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە تێزانە باوەشێنکردنی خەونی قووڵی مرۆڤی کوردە تاکو هۆشیاریی ماتریالیستی بەرپێی رۆشن نەکاتەوە.

محەمەد عابد ئەلجابری، بیرمەندی عەرەب ئەنووسێ “ماتریالیزمی مێژوویی لە شیکردنەوەی مێژوودا لەو فۆرمە گشتییەدا وێنا ئەکرێت کە خەڵک خۆیان دروستکەری مێژووی خۆیانن”. ئەمە دروستترین پێناسەیە بۆ دیدی ماتریالیستی، بەڵام رۆشنبیرانی ئێمە هێشتا مجامەلەی ئەوانە ئەکەن پێیانوایە مرۆڤ کائینێکی بێدەسەڵاتی خودایە، لە کاتێکدا من لەو هەموو دەسەڵاتەی مرۆڤ ئەترسم، کە خەریکە جەرگی کەون هەڵدەکۆڵێ. بەهەرحاڵ پێموایە رۆشنبیرانی کورد ئەبێت بە خۆیاندا بچنەوە و چاو بگێڕننەوە بە تەرح و روانگەکانی خۆیاندا.
ئێستا ئەڕۆم بۆ بارەگای حزب بزانم تا چەند ئەو هەواڵە راستە کە لە بوومەلەرزەکەی پێرێی شاری ئەستەمبوڵ هەردوو هاوڕێ “ئیسماعیل – مهاباد” ژیانیان لە دەستداوە؟. هیوادارم هەواڵەکە راست نەبێ، چوونکە جیا لەوەی دوو هاوڕێی زۆر نزیکن، دوو کۆمۆنیستی چالاک و نموونەی دوو ئینسانی ئازادیخواز بوون. تەلەفزیۆنی پەکەکە باس لەوە ئەکات دەیان هەزار کەس بوونەتە قوربانی لەو رووداوەدا کە ژمارەیەک لەوانە کوردی عێراقن.
ئەڕۆم سۆراخێک ئەکەم….

18-8-1999

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 61-64 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




وەرزە سەوزەکانی ئەوین- وەرزی حەوتەم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

دوای تۆ بڕیار ئەدەم سەفەر بکەم
بەڵام نازانم بۆ کوێ!
پاش تۆ بڕیار ئەدەم بمێنمەوە
بەڵام نازانم لە کوێ!!
دوای تۆ هەموو مێژووم
پڕ دەبێت لە ئێشی نەبڕاوە
پاش تۆ ئەوەی لێرە ئەمرێت
شاعیرێکی روح سووتاوە

کە هەر ئەڕۆیت با یادگاریی
ناو جانتای سەفەرت من بم
کە هەر ئەڕۆیت با فرمێسکی
رێگای دوورت هەر من بم
کە هەر ئەڕۆیت با دواهەمین
دڵداری عومرت من بم
کە هەر ئەڕۆیت بهێڵە
ئەوەی هاوسەفەرتە هەر من بم

چیدی چاوەڕوانت ناکەم
سەرم هەڵدەگرم و دەڕۆم
بەڵام هەرچی یادگارییەکانتە
دەیبەم لەگەڵ خۆم
چیدی لە بۆتەی
شیعرێکی تەڕدا ناتنووسمەوە
چوون هەرچی گەڵای شیعرمە
دانە دانە لەبەردەمتا
بە زەلیلی هەڵوەران

بەو هەموو گڕەی من
نەتتوانی مۆمێک داگیرسێنی
بۆ رووناککردنەوەی
ئەو تاریکستانەی ناو رۆحت
پاش ئەو هەموو چاوەڕوانییە
نەتتوانی هەنگاوێک بنێی
بەرەو ئەو سەنگەرەی عەشق
کە بە خوێنی خۆم سوورم کردبوو

هیچ شتێکم نەوت بەر لەوەی فویەک
لە چرای تەمەن بکەم
چونکە لە کۆتایی هەر شەوێکدا
نەمووت عاشقتم
لەم ئێوارەی تەمەنەدا
هەموو شتێکم بە ناتەواویی جێهێشت
چون نە توانیم لە خۆم تێبگەم
نە فریا کەوتم تۆ بنووسمەوە

چ زەمەنێکی تاعوونییە ئەم چەرخە
مریەم لەشفرۆشی ئەکا
عیسا لە خاچەکەی هاتۆتە خوار و
نیشتمان هەڕاج ئەکا
منیش لە لیستی عاشقەکاندا
ناوی خۆم ئەسڕمەوە و
تۆش بەسەر پشتی ئەسپی ماڵئاواییەوە
خوێنساردانە لێم ئەڕوانی

لە حکایەتەکانی داپیرەم
لە شەوانی زستاندا ئەوەم بیر ماوە
دەیووت پێکەنینم پێوە نایێ
خودا ئەم پێکەنینە بەخێر بگێڕێ
لە چیرۆکی عەشقی مندا
تەنها ئەوەم لە یاد ماوە
تەنانەت خوداش نە پێکەنین
نە گریانی بەخێر نەگێڕا

لەگەڵ هەموو ئازارەکانما
خۆشەویستی تۆم هەیە
لە پەنا نیشتمانێکی زامدارەوە
چەند سەیرە
عەشقی تۆ تیمارە!!
لەگەڵ هەموو پووچییەکانی
ئەم تفتییەی ناوی ژیانە
چەند سەیرە
خۆشەویستیت تاکە ماقوڵە
خۆمی پێوە سەرقاڵ بکەم!!

من نازانم شیعرێک بنووسم
بۆ وەرینی گەڵاکانی پایزی عەشقت
من ناتوانم سەمایەک بکەم
لەسەر ئەو بەستەڵەکەی ناوی دڵی تۆیە
تۆ نازانیت حەیرانێک بڵێیت
لاس و غەزال لە شەقامی خەیاڵێکدا
دەستیان لەناو دەستی یەکتر بێ
تۆ ناتوانیت سەرچۆپی زەماوەندێک بگریت
تیایدا زین بووکی یەک شەوەی مەم بێ

شیعری: ستیڤان شەمزینی




فلاشباک..بەشی حەڤدە/ ستیڤان شەمزینی

فلاشباک..
لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی حەڤدە

پێرێ گروپی کامگاران لە هۆڵی رۆشنبیریی کۆنسێرتێکی گۆرانی وتنیان ئەنجامدا. گوێیان پڕکردین لە ئاواز و میلۆدی کوردیی خۆش. مامەڵەکردنی ئەوان لەگەڵ مۆسیقای کوردیی زۆر ناوازەیە، چریکەی بێ خەوش و تۆنی دەنگی “بێژەن کامکار” لە وەسفکردن نایەت. ئەو دەنگە ئەڵێی شمشاڵێکی غەریبە بە لێوی کچە قەرەجێکەوە. هەر ئەڵێی گریانی مۆسیقایە و بە پەنجەی خوا ئەژەنرێ. پێرێ ئەوەندە ئاواز و تۆنی خۆشی گۆرانی و مۆسیقا هاتە ناو مێشکمەوە، ئەمڕۆ هەروەک دوێنێ ئارامم، زۆر هێمنانە بیر لە نووسینی نامەیەک ئەکەمەوە بۆ یار. رەنگە لەو نامەیەدا پێناسەیەک بۆ مەعشووق دابتاشم، هیچ شاعیرێ لە شیعردا نەینووسیبێتەوە یان هیچ دێوانەیەک پەی پێ نەبردبێ، ئەمەیە کاریگەریی مۆسیقا و گۆرانی راستەقینە.
ئێستا من بە پێچەوانەی “سوارە ئەلیخانیزادە”وە ئەمەوێ لەم شاخ و کەژەوە، بگەڕێمەوە بۆ شارەکەم. چوونکە “سوارە” لە شیعرەکەیدا، ئەیەوێ بگەڕێتەوە گوندەکەی خۆی و شار “کە شاری گوڵەکەیەتی” جێبهێڵێت، وەلێ ئەمە گەڕانەوەیەکی نوستالیجییە بۆ رابردووی نزیک، بەڵام هەر چەشنە گەڕانەوەیەک بێ، دواجار هەر گەڕانەوەیە بۆ دوێنێ. وەک لە سەرەتای شیعرەکەیەوە بەم جۆرە دەستپێدەکات:
گوڵم.. دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ..
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
ئەڵێم بە جامێ ئاوی کانیاوی دێیەکەم..
عیلاجی کەم کولی دڵی پڕم..
لە دەردی ئینتیزارەکەت..
ئەز دەخوازم، بگەڕێمەوە شار، خەمی دڵم بە با بدەم، پاش ئینتیزارێَکی یەک رۆژی، نامەوێ لەم گوندە دڵگیرە بمێنمەوە. پەلەمە هەرچی زووترە بڕۆمە لای دلبەر. زۆریش حەز ئەکەم شتێک لە بارەی شیعری کاک “سوارە” بنووسم، چوونکە هێشتا شاعیرێکی گومناوە لە دیوی ئێمە، لە کاتێکدا سوارە یەکێک لەو شاعیرانەیە کە سیمای شیعری کوردیی گۆڕیوە بە تایبەت لە کوردستانی ئێران. وەک چۆن گۆران و شێخ نوری، لە کوردستانی عێراق بە تازەکردنەوەی شیعری کوردیی هەستان، “سوارە”ش یەکێک لەو شاعیرانەیە لە کوردستانی ئێران هەمان کاری بە ئەنجام گەیاندووە، بەڵام بە داخم ناوبانگی ئەدەبی نەگەیشتۆتە لای نەوەی نوێی شیعری کوردیی.
ئەبێ ئێستا لەبەر شەوقی چرایەک، بابەتێک بنووسمەوە، فەزایەکی عیرفانی هەیەـ، بیر لە سەد ساڵ بەر لە ئێستا ئەکەمەوە، ئەو ساتانەی هێندەی دڵسافی خەڵک ژیان خۆش و سادە بوو. پێموایە “نزار قەبانی”یە کە وتی “تەکنۆلۆجیا دڕندەیە”. ئەمە وتەیەکە مرۆڤ ئەگەر بڕواتە قووڵاییەکەی رەهەندی فەلسەفی جۆراوجۆری هەیە. ژیان لەلایەن کەمینەیەکی مشەخۆرەوە لە زۆرینەیەکی بێشوومار تاڵکراوە. زۆرجار رەشبین ئەبم بەرانبەر بەو زاراوەی پێی ئەوترێ خەبات و تێکۆشان. وەک چۆن “دی ساد” لە شانۆگەی “مارا -ساد”ی پیتەر ڤایس ئەڵێ “هیچ باوەڕێک بە ئایدیالیستەکان ناکەم. چوونکە بە تاریکە رێدا ئەڕۆن، باوەڕیشم بە هیچ قوربانییەک نییە با بۆ قەزیەیەکی پیرۆزیش بێ. تەنها باوەڕم بەخۆمە. خۆم و کەسی تر نا”. دەستم لە کاتی نووسینەوەی ئەم دێڕانە ئەلەرزێ، ئەترسم رۆژێک دابێ پەشیمان بینەوە لەوەی ژیانی خۆمان پێشکەش بە خەبات کرد!!. ترسم هەیە ئەو شۆڕشەی ئێمە بانگەشەی بۆ ئەکەین، تەنیا گۆڕینی مەلامیحەکان بێ. ئەگەر وابێ چۆن ئەم تەمەنە لە کیسچووە ئەگەڕێتەوە؟. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئێمە شۆڕشمان پێ ئەکرێ؟. نازانم.
27-3-1999..

گوندی سوسێ

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 58-61 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




وەرزە سەوزەکانی ئەوین/ وەرزی شەشەم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

قەدەری من و تۆ
هەروەک قەدەری ئاو و ئاگر وایە
من ئاگرێکم لە ئاوی بە خوڕی
چاوەکانتا ئەکوژێمەوە
قەدەری تۆ و من
وەک چارەنووسی کەشتی و دەریا وایە
تۆ کەشتییەکی بروسکە ئاسا
بە دەریای هەستما تێدەپەڕیت

زەمەنێک شک نابەم
لە دەرەوەی زەمەنی بێ ئۆقرەییەکانم
ئاگردانێک شک نابەم جگە
لە کڵپە و گڕی هەناسەکانم
کەسێک لەم دنیا گەورەیە
هاوڕێم نییە جگە لە وەهمەکانم
مەعشووقێکیشم نییە بەدەر
لە خەیاڵی نێو شیعرەکانم

ئازیزم، تۆ ناتوانیت
بەرگەی سەرکێشییەکانم بگریت
ناتوانیت خۆت بدەیتە
بەر شەپۆلی ئاگرەکانم
ئازیزم، تۆ ناتوانیت
لە شیعرەکانمدا خۆت رەسم بکەیت
ناتوانیت کورتە وچانێکیش بدەیت
لەنێو گەردەلوولەکانم

لێم تێناگەیت چۆن گەڵاجاڕی ئومێدم
بە نائومێدیی سووتاند
لێم حاڵی نیت چۆن
لە نیشتمانێکی بێ جوگرافیاوە هاتووم
دەرکی ئەوە ناکەیت
بینم نا بەهەر کانییەکەوە سوێراو بوو
ئەو دەریای عەشقەی بەدوایدا رامدەکرد
تەنها سەراب بوو

خەڵکی شەرابی هیوا ئەنۆشن
من بێهیوایی ئەمخواتەوە
خەڵکی کۆنیاکی رق هەڵدەقوڕێنن
من ئەوین هەڵمدەقوڕێنێ
خەڵکی گۆرانی بۆ مردوو ئەچڕن
من ژیان بە ستران ئەمچڕێ
خەڵکی گۆڕ بۆ عەشق هەڵدەکەنن
من عەشق گۆڕم بۆ هەڵدەکەنێ

نیگارکێشێکم بە پەڕەمووچی گریان
تابلۆ ئەنەخشێنم
سەیرە وێنەی هەرچی دەکێشم
شێوەی دێتەوە سەر تۆ!
مۆسیقاژەنێکی نامۆم
بە پەنجەی خەیاڵ پیانۆ ئەژەنم
سەیرە هەر ئاوازێ ئەژەنم
ناگاتە دامێنی دەنگی ناسکی تۆ!

کە تیری ئەوینت چەقییە دڵم
خوێنی شادمانیم بەربوو و
کێڵگەی وشکبووی چاوەڕوانیم
سەرلەبەر بوو بە باخ
کە هەنگاوی جێهێشتنم
رۆژی روونی کردمە شەوەزەنگ
وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار
لە چاوی ئاسماندا کوژامەوە

شەوان بە دیار گۆرانییەکی غەریبەوە
خەو دەمباتەوە و
بەیانیان بە هاواری
نێو خەونەکانی بێ تۆیی رادەچڵەکێم
بەهاران خوێنی عەشقم
ئەزێتە نێو دڵی بێروونی تۆوە
پایزان گەڵا گەڵای
پیرە درەختی تەمەنم
لەبەر پێتا ئەوەرێ

لەوەتی بیرم دێ هۆنراوە
بۆ خۆشەویستی ئەنووسم و
هیچ کاتێ شۆخە ژنێک
شیعرێکی تەڕی منی هەڵنەگرتەوە
لەوەتی فامم کردۆتەوە
لەبەردەم قاپی عەشقدا هەڵئەلەرزم
هیچ ساتێ کچێک بە ئاگردانی
جەستەی گەرمی نەکردمەوە




فلاشباک/ بەشی شانزە.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی شانزە

ئەمڕۆ وەک رۆژانی پێشوو ماندووم، زۆر کارم کردووە، وەک نووسینەوەی دوو کورتە راپۆرت لەگەڵ “ئاسۆی پەیامنێر” بۆ رادیۆ، شەویش تا درەنگانێ سەرقاڵی خوێندنەوە بووم. سروشتم وایە شتی دژ بە یەک ئەخوێنمەوە، جاری وایە نووسراوەکانی لینین ئەخوێنمەوە، جاری وایە مەکتوباتی کاک ئەحمەدی شێخ. پێرێ جاری دووەم “ئایدۆلۆجی ئەڵمانی”ی “مارکس”م خوێندەوە، بە دوایدا کتێبێکی سادەی “شێخ محەمەدی خاڵ”م بە ناوی “ناڵەی دەروون” خوێندەوە. قسەکەی “بردناشۆ” پراکتیزە ئەکەم کە ئەڵێ “رۆشنبیر کەسێکە لە رشتەیەک هەموو شت و لە رشتەکانی تریش شتێک بزانێ”. ئایا بڕیارە من ببمە رۆشنبیر؟. ئایا لە نێوان پێناسە دژ بەیەکەکانی “گرامشی” و “بیندا”دا ئەبمە چ جۆرە رۆشنبیرێک؟.
پێرێ شەو، هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەند “قادر دیلان” لە تەلەفزیۆنی میدیا، بڵاوکرایەوە. لای من دیلان موزیکزانێکی بە توانا و ئاوازدانەرێکی داهێنەر و سترانبێژێکی پێشکەوتووخواز بوو، تەنیا لەبەرئەوە نا کە چەپ بوو، لەبەرئەوەشی کە ئاواز و گۆرانی تەقلیدیی تێپەڕاند بەرەو گۆرانی کوردیی مودێرن، ئەگەرچی ئەویش نەیتوانی ئەو زمانە کشتوکاڵییە تێپەڕێنێ لە گۆرانییەکانیدا، کە زادەی قۆناغی فیودالیزمە وەک ئەوەی مەمکی ژن بە سێو و پرتەقاڵ، گۆنای بە هەڵوژە و مزرەسێو پێناسە ئەکات، لەگەڵ ئەوەشدا توانی لە پەنا چەند هونەرمەندێکی تری هاوشێوەی خۆی شۆڕشێک بکەن، کە گیان لەدەستدانی خەسارەتێکی گەورەیە.
ئەمڕۆ رۆژی نەورۆزە، هاوڕێکانم ئێستا لە شەقامی سالم “سەهۆڵەکە” چاوەڕوانم ئەکەن، بێگوومان ئێستا شەقامەکە جمەی دێت لە خەڵک، بەڵام ئێمە تەنیا بە لاشە لەنێو ئەو حەشاماتە مێگەلەین، کە وەک سەگەکەی پاڤلۆڤ کاتێ گوێیان لە زەنگی تی ڤی حزبەکانیان ئەبێ، لیکی بەدەمیاندا دێتە خوارەوە و دێنە سەر شەقام و نمایشێکی بێ ئەرزش ئەکەن!! من دڵنیام حزبە ناسیۆنالیستەکانی کورد زۆر شارەزان لە دەروونزانیدا، پێموایە تیۆری سەگەکەی پاڤلۆڤ پەیڕەو ئەکەن، چوونکە هەر کات بیانەوێ زەنگ لێ ئەدەن جا مەرج نییە هەموو کات پلە گۆشت بێ.
هێشتاش، دیمەنی ئەو گەنجە لە پێش چاوم لا ناچێ، کە دوو هەفتە بەر لە ئەمڕۆ، کاتێ لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی بینیم، ئەو برایەکی لەدەستدا بوو، خۆیشی قاچێکی، ئەمە نموونەی دوو کۆڵبەری زەحمەتکێشی شاری چەمچەماڵن کە لە رەبایەکانی ئەرتەشی بەعسەوە دەستڕێژیان لێکرابوو، کاتێ ویستبوویان بە قاچاخی بەنزین لە کەرکووکەوە بهێننە چەمچەماڵ! بە وتەی خۆی لە یەکەم دەستڕێژدا براکەی پێکرا و ئەمیش بەناو کێڵگەی میندا رایکردبوو، بەڵام شانس یاوەری نەبوو لوغمێک لە بن پێیدا تەقیبووەوە.. ئێستاش ئازار ئەچێژم بە بیرهاتنەوەی ئەو مەرگەساتە. لە خەیاڵدام نەورۆزی شادیی بە ئەمان چی؟ هیچ شتێک بۆ هەژاران نییە جگە لە کوێرەوەریی، ئەم دنیایە بێویژدانانە غەدار بووە لەسەر دەستی سیستمی سەرمایەداریی.
سەمەدی بێهرەنگی چەند جوان ئەڵێ “ئەگەر نانێک هەبوو با بۆ هەمووان بێت، ئەگەریش نەبوو کەس نان ناخوات” ئەمەیە گەوهەری سۆسیالیزم و خەونی کۆمۆنیستەکان، وەلێ ئەوانەشی بە ناوی کۆمۆنیزمەوە هاتن تا دەگاتە خودی لینین، خیانەتیان لەم پرنسیپە مەزن و هیومانیستییە کرد. بەداخەوە.

20-3-1999




وەرزە سەوزەکانی ئەوین.. وەرزی پێنجەم\ شیعری: ستیڤان شەمزینی

گوێم لە دوو پەڵە هەور بوو
بە چرپەوە ئەدوان
ئەیانووت ئێمە لە چاوی ئاسمان ئەتکێین
کە هەوا لە باوەش ئەگرێ
گوێم لە شاخێکی بەفرین بوو
بەدەم هەرەسەوە هاواری ئەکرد
ئەژنۆم شکا و وا عەشقی شێتانەی خۆر
دڵی سەهۆڵیم ئەبرژێنێ


وا مەزانە بە رێکەوت لە حەوشەی
حەزێکدا تۆم دۆزییەوە
نا، من بەر لەسەدان ساڵ
لە خەونی یەکەمدا تۆم ناسیوە
وا تێمەگە شنەبایەکم دێم و
بە پەلە رەت دەبم
نا، خودای عەشق هەزاران ساڵە
تۆی لە چارەی من نوسیوە


لەو هەموو بارانەی من
خۆت نەخستە بەر تەنها دڵۆپێکیش
تا لە سەحرای وشکی
پیاوێکی تردا لە تینووێتیدا خنکایت
لەو هەموو شیعرەی من
تەنها یەک دانەشت هەڵنەگرتەوە
تا لە رەقایی دڵی پیاوێکی تردا
هەر وەک شوشە شکایت


لە یادمە وتت ئەبمە
دەزگیرانی شاعیرێکی سەرشێت و یاخی
بۆ ئەوەی بە خوێنی خۆی ناوم
لەسەر دەفتەری شیعرەکانی هەڵکۆڵێ
لە بیرمە وتم، ئەبمە
دیلی ژنێکی رەنگ تریفەیی بەرزەفڕ
بۆ ئەوەی کۆتری عەشقم
لەنێو قەفەزی سینگیدا ئارام بنوێ


دوکەڵ و بۆگەنیوی جەنگ و
بارووت کاسی کردووم
ئەوە منم لە جەنگی ئەوینی تۆدا
یەکەم نیگا ئەمرم
شەڕی خێڵی جنۆکە
بەر دەرگای ماڵی نیشتمانی گرتووە
ئەوە منم لە شەڕی عەشقی تۆدا
لە یەکەم ماچدا دەکوژرێم


ون ببووم
لە فنجانی قاوەکەی تۆدا
خۆم دۆزییەوە و
لەگەڵ یەکەم پێکی عەشقتدا
تاکو قیامەت مەست بووم
ون ببووم
لە قووڵایی لاپەڕەیەکی مێژوودا
منت دۆزییەوە و
لەگەڵ یەکەم هەنگاودا
کەوتمە شاری ئاوەدانی هەنوکەتەوە


ئاوێنەیەکی وردوخاش بووم
بۆ هەپرونبوونی خۆم ناگریم
نا، غەمی ئەوەمە ئیدی یاری بریندارم
خۆیم تێدا نابینێتەوە
کانییەکی وشک بووم
بۆ تینووێتی خۆم شیوەن ناگێڕم
نا، شینی من بۆ ئەوەیە
چیدی لێوی یاری بێنازم تەڕ ناکەمەوە


پرسیارم لێ ئەکەیت
بۆچی بە زمانی فریشتە ئەدوێم و
تەنها ئاشنای فرمێسک و
رێگا بنبەستەکانی ئەوینداریم؟
پرسیارم لێ ئەکەیت
بۆچی وشەکانم زۆر غەریبن و
بە تەنهاش خاوەنی ماڵێکی
سارد و ژوورێکی چۆڵم؟
وەڵامەکەیم لا نییە
رەنگبێ لەبەرئەوە بێ شاعیرم!!


کە تەرمی منت بینی
وا تێمەگە ئەمە کۆتایی رێگایە
زۆرجار رێگە سەختەکە
لەوێوە دەست پێئەکات
کە وتم ماڵئاوا و ئیدی نایەمەوە
ناڵێم چاوەڕوان مەبە
زۆر جار گەڕانەوە
لەناو ماڵئاواییدا خۆی شاردۆتەوە

——————————





فلاشباک.. بەشی پانزە.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی پانزە

دوێنێ پاش پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی “ئیمێرجنسی” هاتمە دەرەوە و ئێستا لە ماڵەوەم. لە رۆژی 2-3-1999 لەو کاتەی لەگەڵ هاوڕێیان بووم لە گوندی “دێلێژە و چەپە چنارە”ی قەرەداغ، کە سەرقاڵی مەشقی پراکتیکی عەسکەریی بوون، نارنجۆکێک بە هەڵە لەلایەن هاوڕێ “کاوە نەسیب مقەدەم” هەڵدرایە نزیکم، بەو هۆیەوە دوو پارچەم بەرکەوت، یەکەمیان کەوتە سەر برۆی چەپ و دووەمیشیان دەستی چەپی گرتم. هەرچەند من بۆ مەشقەکە نەچووبووم بەڵکو بۆ کاری وێنەگرتن و ئامادەکاریی بەرنامەیەکی رادیۆیی لەگەڵ “ئاسۆی پەیامنێر” چووبووین، بەڵام تیایدا بریندار بووم، لە رێگەی هاوڕێ “نازەنین ساڵح” کە نامەیەکی تایبەتی نووسیبوو بۆ “د.عەدنان” رۆژی 3-3 داخڵی نەخۆشخانە بووم و هەمان رۆژ نەشتەرگەرییان بۆ دەستم ئەنجامدا، سەرەتا بڕیار بوو بە بەنجی مەوزوعی بیکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارچە رومانەکە بەرەو قووڵایی چوو بوو، ناچاربوون بەنجی گشتیی بەکاربێنن.
ئەمەوێ بڕۆمە دەرەوە، هیچ بەرنامەیەکم نییە، جگە لە بینینی یار، لەگەڵ ئەوەش ئەو هەمیشە لە بیرۆکەکانم تۆقیوە، لەبەرئەوەنا، بیری تۆقێنەرم هەیە، بەڵکو بەو هۆکارەی ترسی هەیە ئەو یاخیبوونەم لە کەلتوور، لە بنەماڵە، لە ئاین، لە خێڵ و دەسەڵات، لە کۆمەڵگە و حزبەکان، سەرئەنجام ببێتە مایەی دەردیسەرییەکی گەورە بۆم. مرۆڤ چەند بیەوێ خۆی بێت ناهێڵن! چەند بیەوێ لە قاڵبە داتاشراوەکانی نەتەوە و مەزهەب و سیاسەت بێتە دەرەوە ناهێڵن!. ئازادیی تەنیا درۆیەکی گەورەیە لە هەموو جیهاندا، وەلێ حاڵەتەکە رێژەییە، بەڵام لەسەر زەوی هیچ ئازادییەک نییە. ئازادیی لە زەمەنی سیستمی نوێی جیهاندا لەلایەن دەوڵەتانی زلهێز و بێهێزەوە ئەتک کراوە.
زۆرجار ئەڵێن قەمعی سیاسیی و سێکسی و کۆمەڵایەتی خەسڵەتێکی کۆمەڵگە پیریمتیڤەکانە، ئەوانەی بە جیهانی سێهەم ناسراون، کەچی داخی گرانم لە سایەی سەرمایەداریی و شەپۆلی سێیەمی شارستانی لە جیهانی رۆژئاوا مرۆڤ کائینێکی کۆنترۆڵکراوە و بە رۆبۆتکراوە! فەرموو چالاکییەکی گرنگی ئەنتی سیستم بکە، بزانە چۆن پۆلیسی نێودەوڵەتی وەک کارلۆس دەستبەسەرت ئەکا. مەبەستم داکۆکی نییە لە کارە مافیاییەکانی کارلۆس، بەڵام تۆ کارێکی ئینسانی بکە کە زیانی بۆ سیستمی سەرمایەداریی هەبێ، بەهەمان میزان ئەتکێشن و دزێوت ئەکەن. تیرۆرکردنی قەشەکانی لاهوت تەحریرە لەلایەن سی ئای ئەی “CIA” باشترین بەڵگەیە.
ناهێڵن مرۆڤ بێ دیسپلین بژی، ناهێڵن مرۆڤ لەگەڵ سروشت ئاشت بێتەوە، ناهێڵن مرۆڤ بێ ناچارکردن بە هەزار شت کە ئارەزووی ناکا بژی. مرۆڤ بە جۆرێ کۆیلەی سیستمی سەرمایە کراوە کە هیچ کات ئەو کۆیلەدارییە شێوەی نەبینراوە بەدرێژایی هەموو مێژوو. ئەنگلس وتەنی “لە کۆندا کۆیلە یەک جار بە یەک کەس دەفرۆشرا، بەڵام پڕۆلیتاریا ناچارە هەموو رۆژێک بگرە هەموو کاتژمێرێک خۆی بفرۆشێ”. خۆفرۆشتن بەو مانایەی کە هێزی میکانیکی و جەستەیی بە کۆی سیستمی کاپیتالیزم ئەفرۆشێ. ئەوە کەی ناوی ئازادییە لە جیهانی رۆژئاوا کە خەڵک هەموو وەک شارە مێروولە بەیانیان ئەڕژێنە وێستگەکانی شەمەندەفەر و پاس؟ بۆ ئەوەی زووتر بگەنە کارخانە و فابریکەکانیان، هەشت نۆ سەعات رۆبۆت ئاسا کاربکەن و دواتر بە شەکەتی دێنەوە ماڵ. ئەمە داڕنینی مرۆڤە لە هەموو بەها و ئارەزووە ئینسانییەکانی، ئەمە پرۆسەی خنکاندنە بە هەنگوین نەک ئەو فۆرمە کلاسیکییەی کوشتن کە لە دنیای رۆژهەڵاتیدا باوە. ئەمە وێرانکردنی هەست و رۆحی ئینسانەکانە.
مرۆڤ گەیشتۆتە ئەو راددەیەی کە “بیتهۆڤن” لەسەرە مەرگدا وتی “هاوڕێیان بیکەنە چەپڵەڕێزان، گاڵتەجاڕییەکە ئیدی تەواو”. نامۆبوونی ئینسان گەیشتۆتە ئەو ئەندازەی هەست ئەکات بە مردوویی ئەژی و مردنیش وەک پرۆسەیەکی فیزیکی بە جەژن و زەماوەند لێکبداتەوە! ئەزانن ژیان خۆی لە خۆیدا ناماقووڵە، هیچ و پووچە، لەوەش کارەساتبارتر دەستتێوەردان لەو هیچی و ناماقووڵییەدا بکەیت. تا زۆرتر و زۆرتر و زۆرتر، هیچیتر و ناماقووڵتری بکەیت!!. هەر لەبەرئەوەیە پێکێک لەم وێسکییە ئەخۆمەوە و نەفەسێکی خەمبارانە لە جگەرەکەم ئەدەم، پێش ئەوەی سەرم بکرێتە تەپڵەک.
ئەم بەیانییەش شیعرێکم نوسیوە کە بەمجۆرە دەست پێ ئەکات:
گەر بەدەستم ئەبوو لەئاسمانەوە نان و ئازادیم ئەباران
گەر خودایەک هەیە چەند شەرمە کە ئەم کارە ناکات؟
ئەگەر بەدەستم ئەبوو فرمێسکم ئەگۆڕی بۆ بزەی شیرین
گەر خودایەک هەیە بۆچی دڵخۆشە بە قووڵپی گریان؟.

8-3-1999

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 51-55 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




وەرزە سەوزەکانی ئەوین.. وەرزی چوارەم/ شیعری: ستیڤان شەمزینی

هێشتا تێناگەم لە کوێوە هاتی
هەروەک ئەو شنەبایەی
ژیلەمۆی دڵم ئەگەشێنیتەوە
هێشتا لەو بڕیارە تێناگەم
بۆ کوێ ئەڕۆیت
کە رۆحم وەک فەرشی سوور
راخستووە لەبەر پێتا!!

نێرگزەجاڕێکی سووتاو و
زەوییەکی سووتماک نیم
فەرهەنگێک لە شیعر و
نیشتمانێک لە ئەوینم
گوڵێکی کێویی و
دارستانێکی پرچ رووتاوە نیم
تەمبوورێکی گرینۆک و
بزەیەکی بابردووم

تارمایی مردن ئەبینم
لە کۆڵانی پشتەوەی ژیان
شەبەنگی عەشقتم لێ دیارە
لە شەقامی ئەوبەری رۆژگار
لەسەر دەفتەری باران
وێنەی رووتیتم رەسم ئەکرد
لەنێو ئامێزی خەونە سەوزەکانتا
گۆڕم بۆ کابووسەکانم هەڵئەکەند

بڕیارمداوە ئەگەر بڕۆیت و نەیەیتەوە
هەموو رۆژێک وێنە لەگەڵ ئازارەکانم بگرم
بڕیارمداوە ئەگەر بمێنیتەوە و نەڕۆیت
هەموو شەوێک پەیمانی ژیانت بۆ تازە بکەمەوە

ئاسنگەرێک سەری عەشقمان ئەکوتێتەوە
کولتوور چاو لە رۆمانسییەتمان سوور ئەکاتەوە
خودا نەفرەتی خۆی ئەڕژێتە سەر حەزەکانمان
کەچی من و تۆ
رێ دەکەین و یەکتری لە باوەش ئەگرین

ئەگەر مردم بە دڵۆپە فرمێسکەکانی یار بمشۆن و
گوڵاوی کتێب بڕژن بەسەر کفنە سوورباوەکەما
ئەگەر مردم بە ئایەتی شیعر تەلقینم بکەن و
لە زەردەپەڕێکدا لە گۆڕستانی تەنهاییدا بمنێژن

بەردم هێنایە قسە و بەچاوی پڕ گریانەوە وتی
من رەقتر نیم لەو دڵانەی دەست ئەنێن
بە رووی کەوە عاشقەکانەوە
دەریام هێنایە گۆ و بە چاوی فرمێسکاوییەوە
وتی من لەو عاشقانە شەپۆلاویتر نیم
چاویان بڕیوەتە رووی پڕ نازی یار

لە جێگەیەک لە دایکبووم
دڵنیام نیشتمان نەبوو
بەڵکو نێو رێگا پێچاوپێچەکانی
غوربەتستانی دڵی یار بوو
لە شوێنێک ئەمرم
ئەزانم زێدەکەم نییە
بەڵکو تاراوگەی ساردوسڕ و
بێ شەوقی رۆحی یارە

یارم خەون بە ئایندەوە ئەبینێت و
منیش مردوویەکی کۆنم و
لەسەر چیمەنی رابردوو کەوتووم
مەعشووقەکەم زیاد لە هەر شت
ئارەزووی فڕین ئەکات و
منیش لە مێژە حەزی فڕینم
بە تفەنگی رزیوی رەشبینی کوژراوە

دڵدارەکەم گومان ئەکات
هیچم پێ نەبەخشیوە
بێ ئاگایە لەوەی شاعیرێک
یاقووتی شیعری پێشکەش کردووە
دڵدارەکەم بێزارە لەوەی
هیچم بە دیاری بۆ نەبردووە
بێ ئاگایە لەوەی میری عاشقان
خودی خۆی خەڵات کردووە




فلاشباک.. بەشی چواردە/ ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی چواردە

ئێستا کاتژمێر 11ی سەر لەبەیانییە، لە گازینۆ 2000 لە سەهۆڵەکە دانیشتووم، برادەران بلیارد دەکەن، منیش بیر دەکەمەوە. لە ناکاو شتێک هات بە مێشکمدا بینووسم، ئەوەتا دەفتەری رۆژانەم دەرهێناوە و وا دەنووسم “لە ئەم پێکەنینەی مندا خەمێکی قووڵ هەیە، هەموو خەندەکانم تەنیا رووپۆشی ئازارەکانمە، چاپلن و عەزیز نەسین بە کۆمیدیا گوزارشت لە خەمە ئینسانییەکان دەکەن. لە ناو قووڵایی ئەو قاقا و تریقانەوەی مندا، ئازارێک هەیە، برینێک هەیە کە هەرگیز ساڕێژ نابێت”. بیرکردنەوەکەم پسا بە هاتوهاواری برادەران بۆ بلیارد و لە قووڵایی ئەم تێفکرینە هاتمە دەر.
ئێستا ئەمەوێ بێمە دەرەوە بۆ بارەگای حزب، هاوڕێیەکی کچ دوێنێ وەسفی زۆری کردم و هەمیشە بە “رێکی مارتن” بانگم دەکات، منیش حەزم لە گۆرانییەکەی “مارتن”ە بۆ مۆندیالی ئەمساڵ. هەرچەند بۆ بینینی ئەو هاوڕێیە ناچمە بارەگا، بەڵام دەخوازم ئەو هاوڕێیە ئەمڕۆ لەوێ بێت. بەهەرحاڵ ئەمڕۆ یەکێک لەو رۆژانەیە ئاستی رەشبینیم بۆ لوتکە بەرز بۆتەوە، لەوانەیە هیچ بارۆمەترێک توانای پێوانەی ئەم رەشبینییەی نەبێت. ئەم کتێبەم کڕیوە بە دوو دینار “رێنیسانس” نووسینی کەمال مەزهەر. ئەمڕۆ خۆم بۆ خوێندنەوەی ئەو کتێبە تەرخان ئەکەم ئەگەر ژاوەژاوی ناو بارەگا بهێڵێت، دواتر نازانم بەرنامەم چییە، بەڵام حەزم لە پیاسەیەکی لای سەرا هەیە بۆ بەردەم محاجەرەکان و موناقەشەی ئێوارانی هاوڕێیان. خۆشحاڵ دەبم لەوێ فەرهاد فەرەج و برادەرانی تریش ببینم. هەرچەندە حزب حەزی لەم رەفتارەی من نییە.
هەمیشە سەرم لەسەر کتێب، هۆشم لای ئازارەکانی خەڵکە، نازانم بۆچی ئەرکێکی ئەخلاقیم لەسەر خۆم داناوە، داکۆکی لە مافی بەشخوراوان بکەم. ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی رێکخستنی چەندان رێپێوان بووم بۆ خانەنشینان، ئەمەش بە هاوکاریی نوێنەری خانەنشینان کاک “خەلیل” و کاک “جەمال”. چوونکە چەندان مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و لە هەلومەرجێکی سەختی بژێوییدان. بەهەرحاڵ یەکەمجارمە بەو راستەوخۆییە لەناو دنیای بە ساڵاچوواندا رۆچم، دنیایەکە پڕ لە یادەوەریی و خۆشیی بابردوو. ئەمڕۆ تێگەیشتم پیر بەهێزی رابردووی خۆی ئەژی و گەنجیش بە ئایندەی. بەواتایەکی تر پیر لەناو یادەوەریی رابردوو وزە بۆ ژیان وەرئەگرێ،ـ گەنجیش بە چاوبڕینە داهاتوو گوڕ لە ژیان وەرئەگرێ.
شتێکی تر کە لە ناخەوە ئەمخوات، ئەو بێهیواییە بە خەڵک و حکوومەت و ئایندەی کوردستان بۆم دروست بووە، ناکرێ لە دۆزەخی وڵاتەوە هەڵبێین بۆ بەهەشتە وەهمییەکەی سەرمایەداریی لە ئەوروپا. ناکرێ ئەم وڵاتە رادەستی دز و تۆڕە مافیاییەکان بکرێ، چۆنیان بوێ ئاوها یاری بە مەشاعیری سێ ملیۆن کەس بکەن. ئێستا ئەو پرسیارەی لینین “چار چییە؟” لەهەموو کات زیاتر وەختێتی بوروژێنرێ. هیچ گەشبین نیم، لەسەر ئەو ئەقڵە دۆگمایە، لەسەر ئەو لۆمپنیزمە سیاسییە، لەسەر ئەو میکانیزمە نەشیاو و پڕ لە هەڵانە، لەسەر ئەو ستراتیجییە ئۆرسۆدۆکسییەی حزبی کۆمۆنیست، هیوا هەڵچنین، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە جیددییە!. چەمکی “ئەم دنیایە دەبێ بگۆڕدرێ” دروشمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقە، بەڵام چۆن، کێ، کەی دنیای خۆمان ئەگۆڕین؟ جارێ هیچ رووناکییەک لە ئاسۆوە دیار نییە. “هەڵگرتنی بەردی زل نیشانەی نەوەشاندیەتی”.
یار نامەیەکی بۆ ناردووم و لە کۆتایی نامەکەیدا نوسیویەتی تواومەتەوە بە نامەکەی پێشووت، بە تایبەت بەم دێڕە “وا تێمەگە لە ژیاندا هیچم نەکردووە چوونکە ئەگەر بۆ چەند چرکەیەکیش بووبێت عاشق بووم”. ئەو دێڕەشی نوسیبووەوە کە نووسیبووم “گەیشتوومە قۆناغێک لەسەرو عەشقەوە کەچى تۆ هێشتا هەر بێئاگایت”.

29-11-1998

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 48-51 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




وەرزە سەوزەکانی ئەوین- وەرزی سێیەم.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

پێش جەنگ “کەناریی”
لەسەر منارەی دڵم ئەیخوێند و
موناجاتی عەشقێکی سەرمەدیی ئەکرد
پاش جەنگ کوندەپەپوو
لەسەر کەلاوەی رۆحم ئەیخوێند و
خوێنی رژاوی گوڵە ئاشقەکانی ئەژمارد


لە سەمای یەکەم بە یەکگەیشتندا پێتوتم
ناوت ئەنێم ئینجانەی گوڵە مۆرە شەکەتەکان
لە دوا سەمای یەکتر جێهێشتنا پێتوتم
ناوت ئەنێم دوایین دڵۆپە خوێنی عەشقێکی ناکام


ئەمەوێت شیعرێکت بۆ بنووسم
تاکو ئێستا هیچ قەڵەمێک نەینووسیبێ و
هیچ زارێکیش دەرینەبڕیبێ
ئەمەوێت سووتانێک بۆت بسووتێم
تاکوو ئێستا هیچ دارستانێک ئاگری وەها
لە لەشی سەوزی بەرنەبووبێ


وێڵم بە دوای
ئەو ژنە یاقووتییەی پرچی پەلکەزێڕینە و
زەردەخەنەکەی پڕ لە شەپۆلی رەنگە
وێڵم بە دوای
ئەو ژنە تریفەییەی چاوەکانی دەریا و
هەستەکانی پڕ لە گوڵی نیلوفەرە


گوێیەکانم سەڕاوێژن لە سۆزی دەنگت و
چاوە دەریاییەکانم لێوانلێون
لە روانینە خەمۆکەکانت
دەستەکانم تەڕتەڕن بە تاڤگەی ئەسرینت
دڵ و رۆحیشم
لە مێژە چزاون بە پشکۆی ئەوینت


بمخوێنەوە وەک دارسنەوبەرێک
لە کاتی خۆکوشتندا و
بمچڕە، زۆر خێرا بمچڕە
وەک سترانێکی رەشبین
ئەتخوێنمەوە وەک پاڵەوانی
چیرۆکێکی غەمناک و
ئەتژەنم، توند ئەتژەنم
وەک “ساز”ێکی زۆر کەساس


لە حەزرەتی ئاو بپرسە
من کوڕی کام هەسارەم و
لە جەنراڵ زریان بپرسە
من لە کوێوە هاتووم؟
لە ئاسمانی موحیبەت پرسیار بکە
کەی دەبارێم و
لە بێستانی هەستت
بپرسە کەی لەتۆدا خۆش ئەکەمەوە؟


سروشتم وایە لە کۆتاییەوە
دەگەڕێمەوە بۆ سەرەتا و
لە سەرەتاکانیشەوە دێمەوە نێو کۆتایی
زۆر سەیرە لەسەر شاڕێی
هەموو سەرەتاکان و
کۆتایی گشت رێگاکان
هەر دەگەمەوە بە تۆ!!


بمبورە ئەگەر لە ناکاو
وەک ئەستێرەیەک ون بووم و
لە هیچ شوێنێکی گەردوون ئاسەوارم نەما
هیچ دڵتەنگ مەبە و چاوەڕێی بەهارێک بکە
وەک چڵە نێرگزێک بڕوێم لەسەر رێتا


لەوەتی من هەم
خەونی رەنگاورەنگت پێوە ئەبینم
چەشنی خەونی هەژارێک بۆ پارچەیەک نان
لەوەتی من هەم بە بێدەنگی خۆشم ویستی
هەر وەک عەشقی باڵندەیەک بۆ ئاسمان

————-







فلاشباک..13.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی سیانزە

ئەمڕۆ، رۆژی لە دایکبوونمە، بۆ من جەژنی لە دایکبوون هیچ مانایەکی نییە، بۆچی هاتنە ناو دنیایەکی پڕ ئازار و خەونی بەدینەهاتوو، جەژن بێت!؟ دەبێت لە بناغەوە بەم وشەیەدا بڕۆینەوە، ئەگەر جەژن واتای شادییە، ئەوە هاتنە دنیای مرۆڤ بۆ ناو ئەم جیهانە جەنجاڵ و ناشرین و پڕ چەرمەسەرییە، دەبێ شادییەکەی لە کوێدا بێت؟. شتێک ئێستا یارمەتیم یدات هەناسە بدەم، تەنیا موزیکە، خۆ لە خۆڕا نییە، “نیتشە” پایەی موزیک لە سەرووی فەلسەفەوە دادەنێت!!. هاوڕێیەک لە شام گەڕابووەوە گوایە چەند کاسێتێکی هێنابوو کە چەند پارچە موزیکی “سێبستیان باخ و مۆزارت”ی لەسەر بووە، بەڵام بەداخەوە هەواڵی ئەوەم پێگەیشت ئەو هاوڕێیە لە رێگای سلێمانی- دوکان، تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و بریندارە، رووم نییە لەم کاتە هەستەوەرەدا داوای خۆراکە رۆحییەکەم بکەم.
ماوەی یەک هەفتەیە لە ماڵەوە لە ژووری نووستنی خۆم نەهاتوومەتە دەرەوە، تەنیا دەخوێنمەوە، رقم لە دەرەوەیە کە پڕیەتی لە تابلۆی قێزەون، پڕیەتی لە ئەکشنی بریندارکەر. هیچ سیمایەکی ژیان بە چڕ و چاوی خەڵکی ئێمەوە نییە. هەموو تاکێک هەست بە گرێی “ئۆدیب”ی خۆی دەکات و ویژدانی بیمارە. ئێمە لە کۆمەڵگەیەک دەژین خاڵییە لە ئیرۆسییەت. وەک فۆکۆ دەڵێت “ژیارى ئێمە هونەرى ئیرۆتیکاى تێدا نییە”. ئیدی کوردی ژێر چەپۆکی دەستی نەتەوەی سەردەستی عەرەب، فارس، تورک و ناسیۆنالیزمی خێڵەکی ئەو نەتەوانە، چوزانێ ئێرۆتیکا چییە، ئەو لە مێژوودا تەنیا خەمی پارووە نانێکی هەبووە، یان ساباتێک نەکەوێتە ژێر جەوری ستەم و پۆستاڵی بێگانە. مەزنترین خەونی ئەوە بووە فڕۆکە و کۆپتەر لەسەر ئاسمانی گوندەکەی نەبینێ.
خەریکە منیش هەستە ناسیۆنالیستییەکەم دەبزوێ، بەڵام پێکەنینم بە خۆم دێت، پێموایە بە وڕێنەکانی من، لەکۆمەڵگەیەکدا کە بڕوایەکی کۆنکرێتی بە خورافە و ساناتۆس و خێڵایەتی هەیە، شتێک دەگۆڕێ، جاری وا هەیە مەست دەبم و بە سێبەرە گەورەکەی خۆم، باڵ فش دەکەمەوە، کەچی لە واقیعدا گەردێکی بچووکم، قسەی من و تەرحی من، نەک گوێی لێ ناگیرێ، بەڵکو هێشتا بڤەیە، خەڵکی دەڵێن تۆ شێت بوویت یان ئەوەندە سەرت بەسەر کتێبدا داگرتووە مێشکت شڵەقاوە، ئەگینا ئەم قسە هەلەق و بەلاقانە چییە؟. ئەرێ بە راست من شێت بووم یان مێشکم شڵەقاوە؟. ئەگەر شێتیش بم، ئەی پەندە کوردییەکە ناڵێت “قسە لە مناڵ یان لە شێت”؟.
لەبەر خۆمەوە ئەم چەند دێڕەم نووسی وەک مسۆدەی بابەتێک، ئیتر نازانم لە دایک ئەبێ یان هەر لاپەڕە رەشکردنەوەیە “لە نێو دنیای خەیاڵات نقووم بووم، زووتر بڕوام بە دۆنادۆنی گیانەکان هەبوو، ئێستا بیروڕا ماتریالیستییەکان ئەو باوەڕە کۆنکرێتییەیان هەڵوەشاندوومەتەوە، رەنگبێ جاروبار، بەشێوەی مەجازی بەکاری بهێنم، لە نموونەی ئەو هەستە پڕ نارسیزمەی لە بارەی خۆمەوە هەمە، وەک ئەوەی بمەوێ بڵێم بەر لە هەزاران ساڵ، من گوڵێکی سوور بووم کە بە دیاری بۆ مەعشوقێکیان بردووە، یان لە گیانی سوارچاکێکەوە هاتووم، کە سەفەری ژیانی تەنیا رێگایەک بووە بەرەو دڵی یار”. زۆر سەیرە لەنێوان مارکس و نیتشەدا راوەستاوم! ئاخر شێتێکی وەک من نەبێ، کێ ئەتوانێ ئەو دوو جەمسەرەی گەرمی و ساردیی لە خۆیدا کۆبکاتەوە؟، بە جەستە لاواز و بە باڵا بچووکم، بەڵام گەورەیی و بەرینی رۆحم هێندەی هەموو کەونە.
لەرۆژی لە دایکبوونما ئەم چەند دێڕە لەسەر کارتێک ئەکەمە دیاری بۆ یار “وەرە خۆمان بدەینە بەر شەپۆلەکانی دەریا تا خەمی قووڵی ناخمان بشواتەوە، وەرە ببینە شەپۆلێکی شێتی دەریا تا کەنارمان لە خاشاکی پێی مرۆڤ پاک بکەینەوە”. دڵنیاش نیم ئایا لە کرۆکی مەبەستم تێئەگات یان نا؟ بەڵام هەر بۆی ئەنووسم تا تێئەگات!.

3-8-1998

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 45-48 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




وەرزە سەوزەکانی ئەوین.. وەرزی دووەم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

بیرم دەکردەوە ماڵێکت بۆ چی بکەم

لە تەنیشت تیشکی خۆرەوە

بیرم دەکردەوە ژوانێکت لەگەڵ ببەستم

لەژێر لافاوی بە جۆشی ماچەوە

****

تەنیاییەکانم پڕن

لە تەمی رۆژانی سەرمەستیم

بە عەشقی بێ بنی تۆوە

تەنیاییەکانم خاڵین لە خۆم

وەختی بوومە پوشێ

بەدەم زریانی شێتی ئەوینتەوە

****

رۆژێک دێ لات نابم، بەڵام بانگم بکە

لە بری من شیعرەکانم وەڵامت ئەدەنەوە

شەوێک دێ بووبم بە غوبار، بەڵام بانگم بکە

لە بری من ئەستێرە ئاوڕ ئەداتەوە

****

ئازیزەکەم دوێنێ من دێوانانە هاتم

ئەوە تۆ بوویت دەرگاکەت داخستبوو

سبەی تۆش قەرەجانە بەرەو لام دێی

ئەوە منم

تەمی نێو دەفتەری بیرەوەرییەکانت

****

تۆ دەڕۆیت

ئەوە منم نیگا ئاگراوییەکانت

لە چاوەکانمدا بۆ ئەبەد هەڵئەگرم

تۆ دەڕۆیت، ئەوە منم بە چوارمێخەی

ژان و فرمێسکەوە لە خاچ ئەدرێم

****

بە رووبارم گووت، پێناسەت بکات

گەرووی وشک بووەوە و هیچی بۆ نەوترا

بە هەورم وت، پەسنی میهرەبانیتم بۆ بکا

زمانی لاڵ بوو بە هەناسەبڕکێوە گریا

****

کتێبی پیرۆزی عەشقم چەندان جار خەتم کرد و

لە هەموو دێڕێکدا خۆم بە کوژراویی بینییەوە

خونچەیەک بووم، ئەوینت وەک گەڵایەکی زەرد

دامی بەدەم هەڵمەتی شێتترین رەشەباوە

****

وا نەزانی کانگای شیعرم وشک ئەبێت و

دڵی دیوانەکانم ئەوەستێ

پەیمانم بە شیعر داوە، تاکو تۆ هەبیت

پرچی تەڕترین هۆنراوەت بۆ دابهێنم

****

من و تۆ، لە پەرستگای گەڵاڕێزاندا

نوێژمان بۆ پایز دەکرد

بەڵکو پێکەوە هەڵمانوەرێنێ

من و تۆ، لە پەرستگای باراندا

کڕنووشمان بۆ بەهار ئەبرد

بەڵکو لە ئامێزی یەکترا سەوزمان بکاتەوە

****

ئەو عەشقەی تۆ وای کرد

مەیخانەکانم خۆشبوێ و

سەرم بۆ هەمیشە بە ئەوینت مەست بێ

ئەو عەشقەی تۆ وایکرد شیعرم خۆشبوێ و

رۆحم بۆ تاهەتایە لە کۆڵانی بەیتێکا بزر بێ

****




فلاشباک..12.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی دوازدە

ئەمڕۆ، بیرم پێ ناکرێتەوە، ئەڵێی مۆتەکە دەستی خستۆتە بینەقاقای هزرم. ژیان لەوە بێهودەتر بووە کە پێشتر پێشبینی بۆ ئەکرا. کوردستان ئاسۆی تاریک و لێڵە. مەبەستم لەوەیە وێنای جەلاد لە کۆمەڵگەکەمان لە دشداشەلەبەر و عەگالبەسەرەوە گۆڕاوە بۆ کەتافیلەبەر و ئەدیداس لە پێ. وا ئەزانم دوێنێ بوو کاتێ تفەنگچییەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی لە راپەڕینی 1991دا، چی شۆفڵ و ئۆتۆمبیلەکانی دەوڵەت بوو، چی سیمی کارەبا بوو، چی عامودی سەرشەقامەکان بوو، گسکیان لێدا بۆ دیوی ئێران. خەڵکەکەش لەسەر کەلتوری فەرهود پەروەردە بووە، ئەوەشم بیرە چۆن کارگەری جگەرەیان تاڵانکرد! کەم کەسم بینی وەک باوکم، چوونکە تەنیا فەرماندەی پێشمەرگە بوو، دژی فەرهود راوەستا، بەڵام نەیتوانی پێش بە فەرهودچییەکان بگرێ لە کاتی تاڵانکردنی کارگەی جگەرەی سلێمانی. تەنانەت بە چاوی خۆم فرمێسکی باوکمم بینی کاتێ بەرمیلە هێلمی کارگەکەیان ئەڕشت بۆ بەرمیلە بەتاڵەکەی، لە کاتێکدا نرخی یەک بەرمیلی بۆش شەش دینار بوو، بەڵام ئەو هێلمەی گەمژەکان ئەیانڕشت بایی هەزاران دینار بوو!!!.
زاکیرەم ئەو دیمەنەی بۆ ئەبەد بیر ناچێتەوە. چۆن کوڕی سەرۆک عەشیرەتێک ویستی شۆڤڵێکی شارەوانی سلێمانی ئاودیوی ئێران بکا، باوکم بەخۆی و پێشمەرگەکانییەوە لە نزیک دوکان شۆڤڵەکەی لە دەست چەتەکان رزگار کرد، دوایی هێنایانە ئۆردوگای پیرەمەگرون، لەوێ چەتەکان ویستیان سوڵح لەگەڵ باوکم بکەن، بەرانبەر بە 40 هەزار دینار، بەڵام باوکم زۆر لە پارە بەرزتر و ویژدان پاکتر بوو، داواکەیانی رەتکردەوە و شۆڤڵەکەی تەسلیمی کاک “نەورۆز”ی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی کردەوە. لەو ماوەیەی شۆڤڵەکە لە بارەگای باوکم ئەپارێزرا، تایەیەکی تەقیبوو، کاک “شێخ سەلام”ی پێدارە لەسەر گیرفانی خۆی تایەیەکی بۆ کڕیبووە. ئەم ئەو زەمانە بوو ئەندازیار “حەمەسەعید” لەلایەن چەتەکانەوە شەهید کرا، کە هەوڵی دابوو، پێشگیریی لە دزینی کەلوپەلی دەوڵەت بکا.
وەنەبێ ئەمە تەنیا فەرهەنگی چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی بووبێ، بەڵکو فەرهەنگی کۆمەڵایەتی خەڵکیشە، جارێکی تر باوکم و تیمەکەی، ئامێری نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانیان لە ماڵێکدا دەست بەسەرا گرت، پاش ئەوەی رادەستی لیژنەی تەنسیقی بەرەی کوردستانیان کرد، کە بارەگاکەی لە بینای “نادی المهندسین” بوو، بەرپرسە باڵاکانی بەرە، بەدەستی خۆیان ئاودیوی ئێرانیان کرد. ئیتر چۆن و بە چی دڵخۆش بین تا بڵێین ئاسۆمان روونە؟. هەر ئەڵێن تۆ رەشبینی، ئاخر چۆن رەشبین نابم؟ کە ئەم ترادیسیۆنە ترسناکە بیرکردنەوەی خەڵک و حزبەکان بێ؟. چۆن رەشبین نابم حزبەکانی کوردایەتی پلاتفۆرمی سیاسییان شڕەخۆریی و برسیکردنی ئەو مێگەلە بێ هۆشکراوە بێ؟. چۆن رەشبین نابینم کاتێک دیمەنەکەمان بینی هەولێر چۆن کرایە گرۆزنی؟ لە رانیە دوو ساڵ بەر لە ئێستا سەرایڤۆیەکی تر دووبارە بووە؟.
ئێستا شیعرێک مێشکی وەک کرم خواردووم، کە ناوێرم بڵاوی بکەمەوە:
کاتێ مناڵێکی برسی ئەگری بۆ لەتێ نان
نە دیکتاتۆرەکان گوێیان لێیە نە ئاسمان
ئەوانەی ئەیانووت کوردستان یان نەمان
وەک جەردە هەموو وڵاتیان خستە گیرفان

1-8-1998

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 42-45 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




وەرزە سەوزەکانی ئەوین.. وەرزی یەکەم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ئەزانم رۆژێک لە رۆژان ماڵتان لە ئاسمان
لە کوچەی ئەستێرە و پرشنگ بووە
تۆش دڵنیایت ساڵێک لە ساڵان
تریفەی مانگێک بووم
لە بەردەم دەرگای ماڵتان


چۆن دەزانم تیشکی خۆر ناگات
بە دیدەنی مانگەشەو
منیش بە تۆ ناگەم
هەر لەبەر ئەمە
لە رۆحی زەردهەڵگەڕاوی شیعرەکانمدا
تارای سپی بووکێنیت ئەکەمە سەر


هەرکات چیا توانی
باوەشی گەرمی زەوی جێبێڵێت
منیش لە دڵتدا بار ئەکەم
هەرکات گوڵ دڵی پەپولەی پێ شکا
تۆش بەرد بگرە شووشەی هەستم


ملی رێگەم بەرەو خۆم گرتبوو
کەچی لە رووباری ئەوینتا خۆم دۆزییەوە
ملی رێگەت بەرەو خۆت گرتبوو
لە کۆتاییا گەیشتیتەوە بە کانی فرمێسکم


لەم سەهۆڵستانەی تەنهاییمدا،
چاوەڕوانی تینی ئاگردانی چاوەکانتم
لەم دووکەڵ و غوباری سەرەمەرگەدا،
ئێشکگری نەسیمی بۆنداری ژوانم


لە غەمەکانم پەیکەرێ
بۆ فرمێسک دابتاشە
لەسەر باڵەخانەی سۆزت داینێ
لە هەنسکەکانت تابلۆیەک
بۆ عەشق دەنەخشێنم و
لە دڵما هەڵیدەواسم


لە دارستانی چاوەڕوانیما
تۆ سەوزترین سنەوبەری تامەزرۆ بوویت
لە گەردەلوولی بێ ئۆقرەییما
تۆ ساماڵترین ئاسمانی سەرکێشیم بوویت


پایزێک بووم هیچ گوڵێکم هەڵنەوەراند
جگە لە خونچەی دڵی خۆم
بەهارێک بووم هیچم تێدا نەڕوا
جگە لە گوڵزاری عەشقێکی پڕ غەم


فرمێسکە روونەکانت خەنجەرێکی تیژن
جەرگی شادمانییەکانم ئەبڕن
پێکەنینەکانت چیایەکی باڵا بڵندن
بەر بە رەهێڵەی رۆندکەکانم ئەگرن


ویستم لە رۆژانی هەمیشە بێدەنگیا
نۆتەی عەشق بخەمە گەرووتەوە
ویستم بۆ زیندووبوونەوە
دوو ماچی شیرین بخەیتە کفنەکەمەوە.

شیعری: ستیڤان شەمزینی




فلاشباک..11.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

بەشی یانزە

من سەر لە دووفاقیی کورد دەرناکەم، عەلی وەردی هەر ئەوەندەی پێکرا چەند کتێبێک لە بارەی دەبڵ کەسێتی تاکی عێراقی و رۆژهەڵاتییەوە بنووسێ، وا بزانم ئەویش بەم داخەوە سەری نایەوە. ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار کتێبی “تەوتەم و تابۆ”ی “فرۆید”م خوێندەوە. لە داخی بیرکردنەوە لە درۆی خەڵک و دووفاقی تاکی کورد بە باشی تێنەگەیشتم، بۆیە سەرلەنوێ دەبێت بیخوێنمەوە. هەمیشە رەخنەم لێدەگرن، کە هیچ دیپلۆماسیەتێکم نییە، ئەتەکێت نازانم، دوایی بۆم روون بووەوە ئەو شتەی پێی دەوترێ دیپلۆماسییەت بریتییە لە ئیزدواجییەت و ماسک بەستن و گەمەکردن لەسەر هەموو پەتەکان. ئەوەش بە من ناکرێ، پێم خۆشە ئینسانێکی نادیپلۆماسی و بێ ئەتەکێت بم وەک لەوەی ئیزدواجی و درۆزن بم. کامۆ وتەنی خۆشترە بە پێوە بمرین، نەک لەسەر ئەژنۆ بژین. ژیانیش چەند لەحزەیەکی بێمانایە ئیدی ئەم هەرا و هۆریایەی بۆچییە؟. رقم لە ژیان نییە، تائێستاش هەوڵی خۆکوشتنم نەداوە، بەڵام ژیانیش بەو شێوەیەی ئێمە مومارەسەی ئەکەین دیوێکی تری مردن و بەرزەخە.

سەیری بکە، سیاسیی درۆزن، مەلا و قەشەی درۆزن، نووسەری درۆزن، ژنی درۆزن، پیاوی درۆزن، مامۆستای درۆزن، کاسبکاری درۆزن و هتد… چەندە رێز لێگیراون، کەچی هەر کەس هەقیقەت بڵێ وەک شێت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. راستە هەقیقەت شتێکی رێژەییە و ئێمەی نەوەی دوای ئەنشتاین شەرمە بڵێین هەقیقەت رەهایە، بەڵام کاتێک من بە جیددی فەرمانبەری دەوڵەتم یان پیاوی ئاینم یان نووسەرێکی لات و لەوێر، بۆچی ئەگەر سرکەی درۆ نەکەمە ئیش و قسەکانمەوە، خۆشەویست نیم، گوێم لێناگیرێ، قسەم ناڕوات؟؟؟ چوزانم ئەم خەڵکە بۆ وان، بەڵام ئەزانم زۆربەی خەڵک بێ پرنسیپ و بەهان و ئاینیان دۆلارێکە. لە خزمەتی بۆرژوایەکی چاوبرسی ئەبنە جووتێک جزمە، بەڵام لە بەرانبەر ئینسانێکی هەژار و بێ نەوادا، وەک شێر سنگ دەکوتن. ئەدی خۆ من لە چینی سەرەوە و بۆرجوازم، بەڵام رقم لە فەرهەنگی بۆرجوازییەتە. رقم لە ئاکار و لوتبەرزیی دەوڵەمەندەکانە.

پێشنیازیک لە مێشکما گینگڵ ئەخوا ئەویش ئەوەیە کاتی ئەوە هاتووە فەرهەنگی زمانەوانی لە دەستەواژەی مرۆڤایەتی پاک بکەینەوە، ئاخر بۆ مرۆڤ هەیە تاکو باسی مرۆڤایەتی بکەین؟. زۆریش شورەییە مرۆڤ باسی خۆشەویستی بکات چوون لە ناخی هەر مرۆڤێکدا ئەژدیهایەک بە پەنهانی هەناسە ئەدا. لەگەڵ ئەوەشدا تاکە شت دڵم پێی خۆش بێ، بوونی مەعشووقێکی میهرەبانە. لەو رۆژانە وتی ئەگەر من بڕۆم چی دەقەومێ، ئەوسا ئیستم گرت و بێدەنگ بووم، ئەمڕۆ لە نامەیەکدا، بۆی ئەنووسم “من خۆم ناکوژم ئەگەر تۆ بڕۆی چوونکە ئەوسا مەرگ من هەڵدەبژێرێ، نەک من مەرگ هەڵبژێرم” ئەوەش ئەنووسم “ئاشقەکان لەو سوپایە ئەچن پردەکان دوای خۆیان ئەڕوخێنن بۆ ئەوەی رێگەی گەڕانەوەیان بۆ دواوە نەمێنێت بەڵکو هەمیشە بۆپێشەوە ئەڕوانن. من خۆم ئەم ئەشقە ئەزموون ئەکەم”.
تووڕەم، زۆر زۆریش تووڕەم لەم وڵاتە، محەمەد ماغوت وتەنی تەنیا پێڵاوەکانم بەم نیشتمانە ئیغتسابکراوەوە ئەمبەستێتەوە، هیچ هەستێکم بۆ وڵاتێک نییە کەبووە بە بەهەشتی دز و مافیا و دووڕووان. وڵاتێک ئایندەی نییە لەبلەبان و ماستاوچییەکان وەک ئاشی نەزان بیگێڕن. من بەرگەی ئەم هەموو ناشرینە ناگرم، هەرچەندە دەبێ پرسیار بکەم، ئاخۆ منیش چەندە ناشرینم؟ چوونکە خۆم نایبینم. کۆمەڵگەیەکمان هەیە، تاکی نییە، مێگەلی ئەخۆین و ئەخۆینەوە و لێمان ئەخوڕن بۆ دۆڵ و چیا، هەر کەس لە مێگەل جیا بێتەوە، بەر گۆچانی کەلتوور ئەکەوێ. بەهەرحاڵ مەست و سەرخۆشم و بێهودە دەستی خۆم بە نووسینی ئەم دێڕانەوە ئازار ئەدەم. دەی ئیتر تەواو قسەم نەما.

ستیڤان شەمزینی

17-6-1998

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 39-42 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




چیتر لە خۆم ناچم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

گوێ رابگرە، ئەو هاڕەیە
شکانی روانینە شوشەییەکانی منە
لەم وەرزە بەردینەی گوماندا
گوێ رابگرە، ئەو ناڵەیە
کەوتنەوە خوارەوەی چاوی منە
بۆ ناو گلێنە ئاگراوییەکانی یار
گوێ رابگرە، ئەو نرکەیە
دوا هەناسە شیرینەکانی منە
لەم کۆڵانە تاڵەی وجوددا
گوێ رابگرە، ئەو هاوارە
سەدای خنکاوی گوڵەکانی منە
لە نێو ئینجانەکانی گوناهدا
گوێ رابگرە، ئەو چرپەیە
وەسێتنامەی نامرادی منە
لەم مەزادخانەیەی نیشتماندا
گوێ بگرە، دەنگی ئەو گەردەلولە
شەپۆلی ئەشکی داگیرساوی منە
لەم چاخە قەترانییەی پێکەنیندا
بیر بکەوە، پێشتر چۆن بووم؟
کاسە بەتاڵەکانی بیناییم
پڕ دەکردەوە لە شەرابی نیگا
دەمی شەوم دەکردەوە و
قەترە قەترە تیشکی سپێدەم پێدەدا
لێوی وشکی پیرەداری زەمەنم
بە ماچە حەرامەکانی ژیان تەڕ دەکرد
مەرکانە تینووەکانی مەراقم
پڕ دەکردەوە لە ئاوی سازگاری ئومێد
گیرفانە تەسکەکانی دوێنێم
پڕ پڕ دەکرد لە شیلکی ئەمڕۆ
مەزرا سوتماکەکانی دڵم
بە باراناوی عاتیفە دەژیاندەوە
زیندانە نوتەکەکانی فەنتازیام
پڕ دەکرد لە پەپولەی ئازاد
کەلاوە وێرانەکانی دابڕانم
بە ژوانێکی تر ئاوەدان دەکردەوە
تێکەڵی ئەو لافاوانە ئەبووم
رێیەکیان لە چاوەکانی تۆ و
رێیەکیان لە ئارەزووەکانی من بوو
کتێبەکانی چارەنووسم ئەخوێندەوە
پەڕەیەکیان دەچووەوە سەر زەردەخەنە و
پەڕەکانی تریش سەر حەسرەتی هەڵوەرین
پەنجەرە روونەکانی مێژووم ئەکردەوە
ماڵئاواییم لە دوێنێی خۆشنودی ئەکرد و
خۆم بۆ سەفەری ئەمڕۆ ئامادە ئەکرد
سەفەرێک بۆ مەملەکەتی خورپە و
بەرەو دوورگە سەرابییەکانی عەشق
بیر بکەوە پێشتر من چی بووم؟
لە دارستانی کپیدا، تەور بووم
لە دەریای ئەویندا، کەشتی بووم
لە جەنگەڵی گڕدا، ئاو بووم
لە زریانی تاریکیدا، مۆم بووم
لە بیابانی دڕکەزیدا، گوڵ بووم
لە قووڵایی ئاسماندا، ئەستێرە بووم
لە بەستەڵەکی هەستدا، ئاگر بووم
لە چاوەڕوانیدا، کورتترین رێ بووم
لە ماچدا، شیلەی سەر لێو بووم
لە باوەشدا، گەرمی لەش بووم
لە لێکئاڵاندا، حەزێکی شێت بووم
لە قەفەزی تاریکیدا، مانگەشەو بووم
لە چیای بێهودەییدا، هەڵۆی ئومێد بووم
لە کۆشکی شیعردا، ساقی بووم
ئێستا وەرە سەیرم بکە
وەک کارمامزێک هەموو رۆژێک
لە شاخەکانی تۆوە هەڵدەدێرێم
بەرەو دۆڵە خەزانییەکانی پەژارە
وەک پیرە بازێکی ناو غوبار
چاوی فڕینم کوێر بۆتەوە و
کەوتوومەتە نێو مێرگی مەمکەکانت
کە وەک خونچە گوڵ شکۆفەیان کردووە
وەک سەربازێکی مەیدانی جەنگ
هەموو ئازادیی خۆمم خستە
قەفەزی تیشکاویی دڵی تۆوە
وەک نێچیرێکی بێ چارە
قاچم کەوتە ناو داوی عەشقت و
رۆژژمێری درەوشانەوەم
لە ناو دەمارەکانی دیرۆکدا
بوونەتە سوتووی بەر رەشەبا
وەک باڵندەیەکی تەزیو
لە نێو بەفرستانی غوربەتدا هەڵدەلەرزم و
لە نێو کورەی چاوە بڵێسەدارەکانتدا
پەروانەئاسا هەڵدەکڕوزێم
وەک ئەو کچە دڵشکاوانەی
لە بەردەم ئاوێنەکانی ناپاکیدا
بۆ پاکیزەیی عەشق دەگرین
شیوەن ئەگێڕم
بەسەر تەرمی خۆمدا
لەو کاتەی وتم سەفەرێکم لەبەرە
سەفەرێک بۆ ئاسمانە باراناوییەکانی ئەوین
سەفەرێک بەرەو ونبوونی خۆم
لە رێگا پێچاوپێچەکانی دڵی تۆدا
من تێر تێر ئەگریم
بۆ ژینی تاڵی ئارامی پێشووم و
رۆژانی شیرینی بێ ئۆقرەی ئێستام
لەگەڵ تۆ
ئیدی من چیتر لە خۆم ناچم
نە ئەو نەورەسەی جارانم
ئاسمان پڕ بکەم لە بۆنی هێمنی و
نە ئەو کۆترە شینکەیەی پێشووم
بەسەر قوبە بەرزەکانەوە ستران بچڕم
من ئەمێستا کوڕی رەهێڵەم و
باوکی هەموو تۆفانەکانی سروشت
ئەمێستا برازای گەردەلوولم و
مامی هەموو رەشەباکانی کەون
ئەمێستا نەوەی باپیرە هەورم و
باوە گەورەی گشت بارانەکانی عەشق
ئەمێستا هیچ لە پێشووی خۆم ناچم
من زۆر گۆڕاوم، زۆر زۆر.




فلاشباک..10.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی دەیەم

ئێستا کاتژمێر 7ی ئێوارەیە “رۆژی 18-4-1998”. لە بارەگای کۆمیتەی رابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ وەستاوین، لەوانە “شاهۆ عێراقی، ئەحمەد حەمەفەرەج، ئاسۆ عوسمان، سروود خالید” و هەندێکی تریش. دڵمان تەنگە و خەفەتباری لە دەستدانی هەردوو هاوڕێی سەرکردە “شاپور عەبدولقادر” و “قابیل عادل”ین. چوار رۆژ پێش ئێستا من لە هەولێر بووم و ساتێکی زۆر لەگەڵ هاوڕێ “شاپور” دانیشتم.
ئەم عەسرە، نزیکەی کاتژمێر 5:30 بوو، کە هاوڕێ “وریا” هاتە لامان، هەواڵی تیرۆری ئەو هاوڕێیانەی پێ راگەیاندین. من و “رێگا رەئوف” لەم کاتەدا بەیەکەوە بووین لە نزیک “عیمارە‌ عەتار”. لەچالاکیدا بووین بۆ ئامادەکاریی مەراسیمی یەکی ئایار، چوونکە کۆمیتەی مەراسیم لە هەفتەیەک پێش ئێستاوە دەستی بەکار کردووە. “رێگا” وتی با دەست هەڵبگرین و خێرا بگەڕێینەوە بارەگای کۆمیتەی رابەری. ئیدی هاتینەوە و ئێستا بارەگا قەرەباڵغ و خرۆشاوە و پەیتا پەیتا هاوڕێیان دێنە بارەگا. هاوڕێ “جەمال محسن” بانگی کردم، کە تفەنگێک هەڵبگرم، ئێستا کڵاشینکوفێکی کوبی دوو دەسکم لە شاندایە، لەسەر باڵکۆنی قاتی دووەم وەستاوم و یادی ئەو هاوڕێیانە وەک شریتێکی سینەمایی بە مێشکمدا دەڕوات. سەیرە بە چاوتروکاندنێک کۆمەڵگەی ئێمە دوو ئینسانی مەزنی قەدر نەگیراوی لە دەستدا، شەمشەمەکوێرەکان بە ئاسانی فوویان لەم چرا رووناکانە کرد. لە دڵەوە ئەگریم و بەسەر زارەکی خۆم بە بەهێز نیشان ئەدەم. لە رۆحەوە بریندارم و لەرووکەشدا وا خۆ نیشان دەدەم، بەرگەی کۆستی زۆر لەمە گەورەترم گرتووە. ئێستا تەمسیل دەکەم، بوومەتە ئەکتەری شانۆیەکی پانتۆمایم.
هاوڕێیان ئەڵێن، ئەم رووداوە ناخۆشە، پێی وتین “ئیدی کاتی ئەوەیە حزب چەکداری هەبێ” یان “ئەبێ حزب مەکتەبی عەسکەریی خۆی و هێزی چەکداریی خۆی هەبێت بۆ پاراستنی بارەگا و کادرەکانی”. نازانم بۆچی ئەو بڕیارەم پێ عەقڵانی نییە؟ بەڵام تێدەگەم ئێمە حزبێکین لاسایی ستالینیزم ئەکەینەوە، ئەگەرچی ئێمە باسی گەڕانەوە بۆ “مارکس” ئەکەین. پێشتر ئێمە کە دژی هەندێ چەمکی سواوی حزبی بووین، ئێستا ئەم بابەتە ناکۆکییەکانمان قووڵتر ئەکاتەوە، بەتایبەت کە پێش چەند مانگ فراکسیۆن لە کاتی کۆنگرەی یەکەمدا لە حزب جیابوونەوە، هەڵبەت گومان لە من ئەکەن کە سەر بە “فراکسیۆن” بم، بەهۆی ئەوەی من بەهۆی مامۆستا “دڵشاد مەجید”ەوە پەیوەندییم بە حزبی کۆمۆنیستەوە کردووە.
ئەمڕۆ رۆژێکی ناخۆشە لە ناو بیرەوەریی مندا، هاوڕێ شاپور ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و هاوڕێ قابیل ئەندامی کۆمیتەی رابەری حزبی کۆمۆنیست، لە هەولێر بەدەستی تیرۆرستانی ئیسلامی گیانیان بەختکردووە، ئێمەش لێرە دەستەپاچەین، هەندێک لە هاوڕێیان لە گریان بەولاوە چیتریان لە دەست نایەت. ئێستا “حاجی معتەسەم” هاتە لام و وتی “ناسک” واتە هاوڕێ “ناسک ئەحمەد” بانگت دەکات. دەمەوێ بڕۆم بۆ لای ناسک و بزانم چ کارێکی هەیە، بۆیە ئەم دێڕانە تەواو لێرەدا. پێش ئەوەی بڕۆم ئەمەش ئەنووسم: باوکم قوربانییەکی دەستی سیاسەت، دایکم پاسارییەکی یاخی کە هێشتا لە فڕین بەردەوامە، خوشکەکانم چەند تابلۆیەکی زەیتی دەستەیەک پیرەژن، براکانم کۆمەڵێک حکایەتی بەر ئاگردان، خۆیشم تنۆکێکی نەرمی باران.
تێبینی: ئەمە شیعر نییە تەنیا قسەیەکی سادەیە و تەواو.

18-4-1998

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 36-39 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




خەیاڵێک لە دووریی یار.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

گالیسکەی خەیاڵ رامدەکێشێت
بۆ ئەو رۆژانەی من لەگەڵ یار
پێکەوە لە دەفتەری عەشقدا
وێنەی فرمێسکی شادیمان ئەکێشا
بە روخسەتی پەلکەزێڕینە
رێگە تاریکەکانمان ئەسڕییەوە
بە بەرچاوی رووی گرژی مەرگەوە
پێک پێک شەرابی ژیانمان ئەخواردەوە
لەگەڵ یەکتردا
بەناو تاریکترین شەوەکاندا تێپەڕین
بە تونێلی رۆژە سەختەکاندا رەت بووین
بە سواری ئەسپی شیعرەوە
بە داڵانەکانی غەریبیدا رۆشتین
تاکو گەیشتینە ئامێزی نیشتمان
نیشتمانیشمان لەم
سەهۆڵستانەی باکووری زەویدا
تەنها و تەنها باوەشی یەکتر بوو
بە شەمەندەفەری عەشق رۆشتین
تا گەیشتینە ئەو شارە ماندووەی
هەزار جار چەقۆی قینی
بەسەردا باریبوو
تا گەیشتینە ئەو کوخە بچووکەی
بۆنی عەتری رامووسانی لێ ئەهات
لەوێ پێکەوە
قاوەمان بۆ ئەستێرەیەک گرتەوە
دەستی شەوەکانمان خوێندەوە
تەفسیری خەونی پەلکە گیامان کرد
لە فنجانی قاوەی ئەستێرەکەدا
دوو مانگمان بینی کە خۆمان بووین
لە ناو لەپی دەستی شەودا
دوو رێبواری یەک رێگەمان بینی
کە هەر خۆمان بووین
لە خەونی پەلکە گیادا
دوو چڵە نێرگزی رووتمان بینی
ئەویش هەر خۆمان بووین
پێکەوە حیبرمان کردە
ناو لەشی قەڵەمی عەشقەوە
لەسەر پەڕەی دڵ نووسیمان
یەکترمان خۆش ئەوێت و
پەیمان ئەدەین وەک
شەپۆل و دەریا پێکەوە بین
وەک ئەستێرە و ئاسمان
لەناو رۆحی یەکتردا بین
وەک غەم و ئەسرین
لە یەکتری جیا نەبینەوە
وەک خوێن و زام
ئاگر و رووناکی
پێکەوە گۆرانی بڵێین
پێکەوە لە کانی عەشق
تینوێتیمان بشکێنین
پێکەوە وەک گوڵە گەنم
لەسەر خاکی نیشتمان بڕوێین و
لە بەشی خوارەوەی لاپەڕەکەدا
بە خوێنی چاوەکانمان
ئیمزامان لەسەر کرد
پێکەوە ئەفسوونمان
لە برینە دێرینەکان کرد و
بە گیای عەشقێکی جاویدانی
تیمارمان کردن
لە خێڵی دڵ مۆمیاکراوەکان هەڵهاتین
تا گەیشتینەوە بە یەک
لە مەملەکەتی تاریکی بارمان کرد
دەستمان کرد بە شرۆڤەی رووناکی
لە دەریا سەرابییەکان دەربازمان بوو
لە چەمێکی غەریبدا خۆمان دۆزییەوە
لە شارە خۆڵەمێشییەکە رامانکرد
لەم گوندە بێ ئادرێسەدا
سەرمان لەگەڵ رەنگەکاندا دەرهێنایەوە
گوێمان بۆ دەنگی پیانۆیەک گرتبوو
غەریبی بۆ شرۆڤە دەکردین و
بە دەسماڵێکی سوور
ئەسرینی بۆ ئەسڕین
بە لای گۆڕستانەکاندا تێدەپەڕین و
نووسراوی سەر کێلەکانمان ئەخوێندەوە
لەگەڵ مردووەکان قسەمان دەکرد
پرسیارمان لێ ئەکردن
جیاوازیی مەرگ و ژیان چییە؟
هەر خۆمان وەڵاممان ئەدایەوە و
ئەمانووت ئەوەی عاشق نەبێت مردووە
هەر چەند لە شاری زیندووانیش بێت
پەنجەرە ژەنگگرتووەکانی
مێژوومان یەک یەک ئەکردەوە
بە دوای داستانەکانی عەشقدا
وێڵ ببووین، بەڵام
هیچ داستانێکمان نەدۆزییەوە
لە عەشقی خۆمان تراجیدی تر
لە عەشقی خۆمان شێتانەتر
لە عەشقی خۆمان جوانتر
بە تیلەی چاو بۆ یەکمان ئەڕوانی
بە چرپەوە بە یەکمان ئەوت
خۆشم ئەوێی و
لە باوەشی یەکتردا ئەنوستین
پێکەوە هەموو جوگرافیاکان رۆشتین
کوچە و کۆڵانەکانی زۆر شار ئەمانناسن
رووبارەکان بەشێک لە بیرەوەریی
ئێمەیان لە دڵدایە
مانگەشەو شاهیدێکی نهێنی پارێزی
ماچەکانمە لە ژێر رۆشنایی خۆیدا
بەناو سنوورە مینڕێژکراوەکانی
رابردوودا تێدەپەڕین
بە ئامانجی دۆزینەوەی
کیشوەری ونبووی ئایندە
هەر ئەڕۆشتین و کاتمان نەبوو
ئاوڕێک لە مێژووی پەرتبوونمان بدەینەوە
هەر ئەڕۆشتین و نەماندەویست
بیر لە وەرینی نۆتەکانی ژیان بکەینەوە
هەر ئەڕۆشتین و نەماندەزانی
ئەم کەشتی عەشقە
لە کوێ لەنگەر ئەگرێ؟
هەر ئەرۆِشتین و چاومان بڕیبووە
ئەو نیگارانەی ئایندە
بە فڵچەی یاخیبوون رەنگ کرابوون
هەر ئەڕۆشتین، هەر ئەڕۆشتین
بێ ئەوەی بڕیارماندا بێ
لەم شەمەندەفەری دڵدارییە
لە هیچ وێستگەیەک دابەزین
ئەمانویست بڕۆین
بەرەو نێو باوەشی ئەو حکایەتانەی
ئەستێرەکان لەنێو خۆیاندا
دەماودەم ئەیانووتەوە و
ئەویش هەر باسی
لە دایکبوونی من بوو
لەنێو خەونە پەمەییەکانی یاردا
ئەڕۆیشتین و بەدزییەوە
گوێمان لە باران ئەگرت
باسی خوسانەوەی ئێمەی دەکرد
بۆ مەزرایەکی تینوو
ئامۆژگاریی باخچەکانی ئەکرد
لەگەڵ یەکەم پشکوتندا
فەرشێک لە گوڵە شەوبۆ
لەبەر پێی عەشقماندا راخەن
لە ئاسمان ئەپاڕایەوە
تۆزێک درەنگتر دەریبکات
تا بە دیمەنی ئاوێزانبوونی ئێمە
بکەوێتە گریان و
دڵی وشکەوەبووی
کێڵگەکان شین بکاتەوە
لە ناکاو خزانی بەردێک
لە چیای مێشکمەوە
بلوری خەیاڵەکانمی
هەپروون هەپروون کرد
کاتێک بە هۆش هاتمەوە
چرای ماڵەکەم
خەریکە کوێرم ئەکات
بۆنی گوڵی ناو ئینجانەکان
کاسیان کردووم
دەستەکانم تەڕ تەڕ بوون
وەک ئەوەی تازە
لە رەیحانەی پرچی تۆدا
شەونمیان بەسەردا باریبێ




فلاشباک.. 9.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی نۆیەم

زۆر تەنیام، تەنیاییەکی ترسناک، ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر چێژ لە تەنیایی خۆم وەردەگرم. ئەوەتا لەناو ئەم هەموو دۆست و هاوڕێیەدا هەست بە تەنیایی دەکەم، خۆم وا دەبینم وەک ئەوەی خەڵکی هەسارەیەکی تر بم، بیرکردنەوەم نامۆ و جودایە. ئەوەی پێیدەوترێ بیرکردنەوەی گشتیی، لە دژی منە، چوونکە هەرگیز نامەوێ خۆم بخەمە ناو ئەو فەزا و هەلومەرجەی دەمکاتە تاکێکی کلاسیکی و تەقلیدیی تاکو هەمان ئەو قەوانە بڵێمە کە کۆدەنگیی کۆمەڵایەتی لەسەرە، نەخێر رقم لەم مێگەلییە دەبێتەوە، خەبات دەکەم لە پێناوی دروستکردنی منێکی جیاواز و نامۆدا. نامەوێ لەسەر ئەم شێوازە نەریتییە خۆم بینا بکەمەوە کە کۆمەڵگە سەپاندوویەتی.
ئۆسکار وایڵد، وتەیەکی جوانی هەیە و دەڵێت “کاتێک هەموو کەس لەگەڵ مندا هاوڕا بوون، ئەوکاتە دەزانم هەڵەیەکم کردووە”. ئەوە هزرینی منیشە، چ کارم بەوەیە کێ لەگەڵم هاوڕایە؟، گرنگ ئەوەیە لەگەڵ کەس هاوڕا نیم. ئەنتیم، یاخیم، تووڕەم، بڕوام بە رای گشتیی نییە، لای من رای گشتیی قسەی قۆڕە، مەگەر “گۆستاڤ لۆبۆن” بتوانێ ئەو سایکۆلۆجیا گشتییەی جەماوەر شی بکاتەوە کە دواجار سایکۆلۆجیایەکی مێگەلییە. کاتێ لەو مێگەلە خۆت جیا دەکەیتەوە، ئەزانی پرۆسەی لە دایکبوونی تاکێکی ئازاد چەند سەخت و پڕ ئێش و ژانە.
ئەمڕۆ زۆر بە قووڵی کەوتمە خوێندنەوەی کۆمەڵە چیرۆکی “گەڕەکی داهۆڵەکان”ی شێرزاد حەسەن. ئەم بەرهەمە گەیشتۆتە لوتکەی جوانی و داهێنانی ئەدەبی. “گۆتە” وتەنی “ئەوەی بزانێ جوانی چییە، هەمیشە تەنیایە”. بۆیە ئەم بەرهەمە زۆر نامۆ و تەنیایە، هەروەک چۆن نووسەرەکەی نامۆ و تەنیایە. کۆمەڵگەی ئێمە ئاڵۆشی هەیە بە ئیرۆتیکا و جوانی، بەپێچەوانەوە کۆمەڵگەیەکە تا سەر ئێسک عوسابی و ساناتۆسیی، تا سەر مۆخ نەخۆش و بێمانا. لەم زڕە خاکەدا ئەگەر بەرهەمێکی جوانیش لە دایک بێت، ئەگەر بیرکردنەوەیەکی جوانیش چرۆ بکات، دڕک و داڵی ئاین و کەلتوور و دابونەریتی کۆن، گەمارۆی ئەدەن و گەرووی دەتاسێنن، بەهەر نرخێک بێت دەنگی کپ و خامۆش دەکەنەوە.
ئەمڕۆ لەگەڵ دلبەر دوای ماوەیەک لە دڕدۆنگی و یەکتر ئازاردانی رۆحی، پێکهاتینەوە و وا بڕیارە سبەی ئێوارە لە هۆڵی “میدیا” یەکتر ببینین. لێ من و ئەو، دوو کەسایەتی جیاوازین، بەڵام عەشق هەردووکمانی لە یەک دۆزەخدا سووتاندووە، دەستی قەدەر کۆیکردووینەوە. سارتەر لە زمانی “جۆبیتەر”ەوە دەڵێ “ئەو خەونە خوێناوییانەی تۆیان شڵەژاندووە، جۆرە پاکێتییەکیان تێدایە”. بێگوومان ئەمە ئەو رستەیەیە بە نیازم سبەی بە دلبەری بڵێم. خەونە ترسناکەکانی هەمیشە پاکێتییەکی سەیریان لە خۆگرتووە. دڵنیام ئەم ئاشتییە زۆر ناخایەنێ و دیسان قۆناغێکی تری شەڕ و دڕدۆنگی دەست پێدەکاتەوە.
خەونی ئەو پیاسەی ئێواران و ماڵێکی ئارام و کوخێکی پڕ بێدەنگی و سەیری دیمەنێکی رووبار و منداڵێکی روو گەشە، خەونی منیش فەوزا و ژێراوژوورکردنی کەلتووری کۆمەڵگەیە. بەهەموو هێزمەوە دژی ئەو نەریتە باوانە دەجەنگم کە قەناعەتی کۆنکرێتی دلبەرە. ئاخۆ ئەم دوو خەونە دژ بەیەکە چۆن دەکرێت بە یەک بگەن؟!!. تەنانەت لەوە زیاتریش ئەو ژیان وەک حەلاوەیەک دەبینێ، من وەک ئازارکێشان و تاڵی، نازانم بۆچی زۆر بڕوام بەو وتەیەی “هەمەنگوای” هێناوە کە لە کاتی خۆکوشتنەکەیدا نووسیبووی “ژیان بە ناکامی دەبینم”. نهۆ گەیشتوومەتە دوا پلەی عەبەسییەت و نیهیلیزم، تازە بە تازە دلبەر ئەیەوێ بە خەندەیەک لەگەڵ ژیان ئاشتم بکاتەوە.

1-2-1998

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 33-36 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




مەلەوانی رووبارێکی بە خوڕم.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

ئاشقەکان بە زمانی خۆرەتاو قسە دەکەن و
لە رووبارە تیژ تێپەڕەکاندا مەلە دەکەن
ئەمێستا من و عەشق
وەک دوو ئاسکە کێوی
بەسەر لوتکەکانی تەنهاییدا سەردەکەوین
سڵاو بۆ ئەو کانیاوە بۆنخۆشە دەنێرین
بەر لە خۆکوشتن خۆی خستە
ئامێزی مەزرایەکی وشکبووەوە
بە تەنیشت گۆڕستانەکانەوە رەت دەبین
ئەو هەموو مردووە دەبینین
بێ ئەوەی تەنها جارێکیش
مەلەیان لە رووباری عەشقدا کردبێ
رەشەبای مەرگ
فووی لە فتیلەی تەمەنیان کردووە
بە ئەسپایی سەیری وڵات دەکەین
جۆگەلەی خوێن و بۆنی تەرم
ئاسۆی ژیانی لێڵ کردووە
میقسەڵە ژەنگاوییەکەی شۆڕش
خەونی زەرد و سووری
هەزارەها پەپولەی عاشقی
لە دەمی ماچکردندا پەڕاند
بە چاویلکەی پەژارەوە
لە ئاوێنە شکاوەکان دەڕوانین
ئەو ئاوێنانەی درۆ و ناپاکی
درزێکی هەمیشەیی خستە دڵیان و
بۆ هەتا هەتایە ناتوانن
لەگەڵ رووخسارە گەشەکاندا
راستگۆ و بە ویژدان بن
رێگە چۆڵەکان تەی دەکەین
لەوێ چەقۆیەک دەمانناسێتەوە و
لەشی گۆرانییەکەمان قاش قاش دەکات
لەوێ جنۆکەیەک تارمایی ئاسا
بەدوامان دەکەوێت و
قورگی مۆسیقا پڕ دەکات لە تۆنی گریان
لەوێ خودا دەماندۆزێتەوە و
مشتێک لە ئاگری دۆزەخ دەکاتە
سەر خەیاڵە فیردەوسییەکانمان
بە بەردەم هەورێکی دڵشکاودا ئەڕۆین
وەڵامی سڵاوەکەمان ناداتەوە
تێناگەم کام دەریای سەرشێت
دڵی ناسکی بارانی شکاندووە؟
تا بە حەسرەتەوە بڵێت
ئیدی شیعر بۆ کێڵگە نانووسم و
دڵی هیچ باخێکیش
بە فرمێسکەکانم خۆش ناکەم
دەڕۆم لە یەکێک لە کۆڵانەکانی ئاسمان
نزیک ماڵی خودا خۆم دەسووتێنم و
نوێژە بە بارانەی هیچ عارفێکیش
نامهێنێتەوە جەستەی هیچ پەڵە هەورێک
بەدەم رۆشتنەوە گەیشتینە کۆترێک
ماڵی لە هەسارەیەکی تر بوو
بە زمانێکی جیاوازتر
لە هەموو کۆترەکان قسەی دەکرد
زۆر هەوڵمدا بیدوێنم و
لە چاوە غەمبارەکانی رازێک بدزم
تەنها ئەوەندە تێگەیشتم
لە ترسی سەنگەساری پیرە هەڵۆ و
رێساکانی قالۆنچە هەڵاتووە
تەنیا لەبەر ئەوەی غەزەلێکی
بۆ کۆترە شینکەیەکی هۆزێکی تر
لەسەر تەمی پەنجەرەیەک نوسیوە
لە هاوینەواری چرایەکی دڵشکاو
لە خانەوادەی رووناکی، بارگەمان خست
حکایەتی هەموو ئەو پەروانانەی
کردبوو بە رۆمان
بە گەرمی عەشقی ئەو سووتابوون
سەربردەی خۆی لەگەڵ رووناکی و
گێچەڵی هەمیشەیی “با” دەگێڕایەوە
چاوی پرتە پرتەی دەکرد
ئەو دەمەی باسی
پەروانەیەکی غەریبی دەگێڕاوە
پەروانەیەک لە نەژادی ناسکیی و
لە قەبیلەی ئەڤین
کە ئاشقی شەوقی ناو دڵی بووە
لەو کاتەی ئامێزیان بە یەکتردا کردووە
پەروانە دڵی هەڵکڕوزاوە و
وەک شەهیدێکی عاشق
دوا هەناسەی کێشاوە
ئەو رقی لە گەرمی و رووناکی بوو
دەیووت پەروانەکان لە دوورەوە دێن
ئاشقی ئەو گەرم و تیشکەن
لە مندا داگیرساوە
ساتێک دەگەن، ئەو تیشکە سووتێنەرەم
پەڕ و باڵی ئومێدیان دەسووتێنێ
خۆ من تاوانێکم نەکردووە و
ناکرێت واز لە سروشتی خۆم بێنم
لە کاتی ماڵئاواییماندا
بینیمان نەوت لە دڵیدا نەما و
پڵیتەی لەشی بوو بە پارچەیەک خەڵوز
بە بێدەنگی گیانی دا و کوژایەوە
بە پاپۆڕێکی کۆنی رزیو
چووینە ئامێزی دەریایەکی خەوتووەوە
کپ و بێدەنگ، مات و مەلوول
رووخساری رەش هەڵگەڕابوو
پرسیارمان لە خۆمان کرد
ئەم دەریایە بۆچی وا کزۆڵەیە و
دەبێت لە پرسەی کام نەهەنگدا بێ؟
کە گەشتینە کەنار
قاچمان لەناو لمدا چەقی و
کەنارەکە بە زەردەخەنەوە پێی وتین
وەڵامی ئەو پرسیارەتان لای منە
ئەم دەریایە پیاوێکی خانەدان بوو
نەوەی حەزرەتی باران و
شاژنە لافاو بوو
عاشقی دەریایەکی تر بوو
لەبەری رۆژهەڵات
هەرچەند شەپۆلی دا
هەرچەند زەحمەتی کێشا
نەیتوانی دەریای رۆژهەڵاتیی
بکاتە بووکی باشوور
نەیتوانی باوەشێک بکات
بە دەریای رۆژهەڵاتدا و
پێکەوە ببنە ئۆقیانووس
دەستی کرد بە پاڕانەوە لە هەتاو
ئەوەندە تیشکی تێبگرێ
ببێتە هەڵم و بچێتە ئاسمان
تاکو جارێکی تر وەک باران
دابکاتە ناو دڵی دەریای رۆژهەڵات
هەتاو داواکەی رەتکردەوە و
بە خەمساردییەوە هەموو ئێوارانێک
دەستی ماڵئاوایی بۆ
ئەم دەریایە بەرز دەکردەوە
لە داخاندا دەریای باشوور
کە پیاوێک بوو لە گەشبینی و شەپۆل
بە گوریسی نائومێدیی
خۆی بەکەنارەکەی ئەوبەرەوە هەڵواسی
لە دوا شەپۆلدا پێش هەزاران ساڵ
گیانی دەرچوو
ئێمەش بە دەستەسڕی غەمگینی
چاوی پڕ فرمێسکمان سڕی
لە دوای دەریا، گەشتینە رووبارێکی بە خوڕ
کەنارەکانی هەموو گیا و
رووخساریشی روون روون
لەبەر خۆرەتاو
وەک ئەڵماس ئەدرەوشایەوە
بە عەشقم وت
سوپاس کە منت تا ئێرە هێنا
من خۆم هەڵدەدەمە ناو ئەم رووبارەوە
دەبمە مەلەوانە تەنهاکەی ئەم رووبارە
ئێرە قیبلەی منە و
رۆژانە دەستنوێژ
بەو ئاوە روونە هەڵدەگرم و
هەزاران رکات نوێژی عەشق دەکەم
ئێستاش دەمەوێ بە زمانی ئاو
دوا ئایەتی عەشقی رووبار
بکەمە وێردی سەر زمان
هەنووکە دەمەوێ بە زمانی رووبار
دوا سروودی ئاو
بکەمە مارشێک بۆ عاشقان

سوێد – ستۆکهۆڵم | سۆلنا
یانیوەری 2018




فلاشباک..8.. ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی هەشتەم

دیسان ئەمڕۆش، بە رەشبینییەوە لە خەو رادەچڵەکم، دەستم خستۆتە ژێر چەناگەم و سەرم بەسەر کتێبێکدا شۆڕ کردۆتەوە، دەخوێنمەوە بێ ئەوەی بزانم ئەمە چ سوودێکی هەیە؟. ئیرەیی بەوانە دەبەم کە مردوون. چوون مەرگ بۆ رۆژگارێکی پڕ کوێرەوەریی وەک ئەمڕۆ کە تەمی شەڕ ئاسمانی گرتووە رزگارەکە. مەرگ رزگارەکە. هەر چەند بیر دەکەمەوە، هۆیەک نابینم، وەک ئەو خەڵکە گەشبین بم، ئامڕازێک بۆ گەشبینی شک نابەم، جگە لە درۆ. “کۆڵن وڵسن” باس لە داڕووخانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ دەکات و پێیوایە هەموو شتێک بەرەو خاڵی پایانی خۆی دەڕوات. ئیدی هەموو شتێک لە کۆتایدایە. دڵنیام رۆژێکی دوور نییە کە مرۆڤ لەسەر زەوی وەک دەیناسۆرەکان ئینقراز دەکات. بەڵام لە پاش چی؟. لە پاش ئەوەی گەردوون وێران دەکات، وەک درێغیشی نەکردووە.
تۆ سەیری ئەم دنیا پووچە بکە، سامانی 130 کەس لە ئەمەریکا، هەموو کیشوەری ئەفەریقای پێ دەکڕدرێت!. سەیر بکە ساڵانە رۆژئاوای لانکەی هیومانیزم و لیبرالییەت و بازاڕی ئازاد، سەدەها هەزار تۆن دانەوێڵە و گەنم، نغرۆی ئۆقیانووس دەکات، کەچی لە رواندا و تانزانیا و کیشوەری رەش، مرۆڤ لە بێ نانی دەمرێت لە برساندا. تۆ سەیری “شەپۆلی سێیەمی ژیاری مرۆڤایەتی”یەکەی تۆفلەر و “کۆتایی مێژوو”ەکەی فۆکۆیاما بکەن، چۆن دنیای لە ئاشوبێک هەڵکێشاوە لە ئەفسانەی “بابلی”شدا نموونەی نەبینراوە. ئەمە ئەو رۆژگارەیە “نزار قەبانی” باسی دەکات، کە برسییەکان ددانیان لە مانگی چواردە گیر کردووە، چوونکە شێوەی لە نان دەچێت.

بە بڕوای من، دەسەڵات لە پشتی گەشبینییەوەیە، گەشبینەکان بیانەوێ و نەیانەوێ خزمەتکاری سیستمی کۆن و داڕزیوی حکوومەتەکانن. ئێستا من لە حاڵێکدام کە “ئەدگار ئالان پۆ” هەمیشە دەیووتەوە “پڕاوپڕم لە ئازار و ترس و پووچی”. من لێوانلێوم لە نهێلیزم. خەڵک چۆن بیر ئەکاتەوە با بیکاتەوە، چوونکە رقم لەو شتانەیە کە زۆرینەی خەڵک بڕوایان پێیەتی و پیادەی دەکەن، من ئەنتی کەلتووری باڵادەستم، رقم لەو مێگەلییەیە کە بەرهەمی ناسیۆنالیزمی شوانکارەی کوردە. من رقم لەو ژیانەشە کە بەشایی و هەلهەلە دێیتە ناوی و بەشین و رۆ رۆ لێی دەردەچی، وەک “حەسار”ەکەی “شێرزاد حەسەن”، “من بە هەلهەلەی شایی هاتمە ناو حەسار، بەڵام دەبینن بە وەلوەلەی شین لێی دەچمە دەرێ”. ئای خودایە لە جوانی “حەسار و سەگەکانی باوکم”.

چەند سەختە ئێمە لە وڵاتێکدا مەحکوم کراوین بە ژیان خوێنی پەپوولەی تیا دەڕژێ و سەرچۆپی مەرگی ناسکیی تیا دەگیرێ، کەچی لەولاوە خێڵی جنۆکە فەرشی سوور لەبەرپێیان رادەخرێ!. ئەوەتا من بەو تەمەنە کورتەی هەمە هێندەی هەزار ساڵ ئازارم بینیوە و وام لێهاتووە لە رووی دەروونییەوە بوومەتە کەسێکی ماسۆشی، چێژ لە ئازار و خەمەکانم وەرئەگرم چوونکە خەم و ئازار پانتایی ژیانمی داگیر کردووە. خەمی من بۆ نان نییە، ئەگەرچی خەمی نان هێشتا خەمی زۆرینەی کۆمەڵگەیە، خەمی من کڵۆمدانی خەون بینینە. خەونی من، لوتکەی ئازادییە نەک قەفەزی ئاسنینی کەلتور و ئاین و سیاسەت و دەسەڵات. لەبەر خۆمەوە وڕێنە ئەکەم وەک چۆن خولە شێت وڕێنەکانی خۆی لەسەر کارتۆنە جگەرە ئەنووسێ و بڵاویان ئەکاتەوە، فرمێسک ئەڕژم و فرمێسکم بەم جۆرە تەوزیف کردووە لە وڕێنەیەکما:
پرسیاری ئەوە مەکە بۆچی فرمێسک دەڕێژیت؟
پرسیاری ئەوە بکە بۆچی فرمێسک ناڕێژیت؟.

15-1-1998

سلێمانی – سەهۆڵەکە

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 30-33 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




بۆ عەشقی تۆ ئەسوتێم.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

ئەی گەرمتر لە ئاگر
من سوێندت بۆ ئەخۆم
بە شەوقی مۆم و
ناسکیی رۆحی پەپولە
بە ئایەتەکانی رەشەبا و
پێکەنینی گوڵ
بە حەرفەکانی باران و
باخچە شەرابییەکان
بە موچڕکەکانی عاتیفە و
درەختە چاو سەوزەکان
بە رەنگی تریفەیی زەمەن و
غەزەلە خومارییەکان
بە سروودەکانی ئەوین و
بە دەریا شەپۆلاوییەکانی شیعر
بە چاوە ماندووەکانی مێژوو و
بە جوگرافیا پرشنگدارەکانی دڵ
ئەم سووتانەم
تاوی گەرمی عەشقی تۆیە
ئەم سووتانەم
گڕی هەناسە گەرمەکانی تۆیە
سوێندت بۆ ئەخۆم
بە دەنگی زوڵاڵی شەپۆل و
ئامێزی سەوزی گیا
بە گۆرانییەکی بێزار و
نیگای سپی بەفر
بەو شیعرانەی نەمنووسیون و
بەو خوێنەی لە روانینمەوە دێ
ئەوەی رووناکی لە چاوم ئەدزێ
عەشقی تۆیە
ئەو ئاورینگەی لە رۆحم ئەڕژێ
دڵۆپی ئەو ماچانەیە
لە ئێوارەیەکی تەزیودا
هەناوی من داخ ئەکات
سوێندت بۆ ئەخۆم
بە کریستاڵی هەست و
رەنگی پەمەیی سۆز
بە دارستانی غەمەکان و
چیمەنەکانی تەنهایی
بە پێکە تاڵەکانی هەقیقەت و
خوێنی مەییوی بێدەنگی
بە خاچی نیگا تیشکاوییەکان و
کوژرانی ئەستێرەیەک
بەدەستی تاریکی
ئەوەی لە مندا وەک کانی هەڵدەقوڵێت
عەشقی تۆیە
ئەوەی لە مندا بۆ ئەبەد دەژی
ئەو خەونە ئاڵانەیە
من لەگەڵ تۆدا،
لەبن دارسنەوبەرەکانی قەدەردا
بە یەکتر دەگەیەنێ
سوێندت بۆ ئەخۆم
بە تنۆکە شینباوەکانی ئاو و
رووبارە شەرمنەکانی وەسوەسە
بە باڵای دار بەڕووی ئازار و
موناجاتەکانی دڵێکی بریندار
بە لەشی رووتی گەڵا و
هاواری غەمگینی تەمبور
بە رژانی مەرکانەی ماچ و
ئەبڵەق بوونی لێوە تامەزرۆکان
بە ئاینەکانی جوانیپەرستی و
خەیاڵە ئاوریشمییەکانی هەتاو
بە جامە پڕەکانی لەزەت و
پرچە نوتەکەکانی شەو
ئەوەی وەک باراناو ئەمخواتەوە
مەزرا وشکەکانی عەشقی تۆیە
ئەوەی وەک هەوا هەڵمدەمژێ
هەناسە شێدارەکانی عەشقی تۆیە
سوێندت بۆ ئەخۆم
بە کتێبی پیرۆزی ئەڤینداریی و
خوێنی رژاوی شۆڕەبییەک
بە درزی رۆحی ئاوێنەکان و
خەیاڵەکانی شمشاڵی سەفەر
بە بەلەمەکانی کەناری خەون و
مرەکەبی پێنووسی یەئس
بە بۆنی عەتری هەناسەکانت و
گوڵاوی فرمێسکە روونەکانت
بە جریوەی چۆلەکەی فەنتازیا و
قاسپەی کەوی کوێستانەکانی گریان
بە سەری بڕاوی ئازادیی و
هێلانەی تێکدراوی روانین
بە دەفتەرە مۆرەکانی ئەفسوون و
لاپەڕە گرینۆکەکانی زەمەن
بەو تاوانانەی هێشتا نەمکردوون و
ئەو خەونانەشی تا ئێستا نەمبینیون
ئەوەی لە قەفەسی عەشقی تۆدایە
باڵندەی سرکی رۆحی منە
ئەوەی لە گۆرانییە عاشقانەکانی مندایە
دێڕ بە دێڕ خورپەکانی دڵی تۆیە
ئەوەشی لەم جەنگەی عەشقی تۆدا
ورد و خاش ئەبێت، منم
سوێندت بۆ ئەخۆم
بە نامە تۆز لێنشتووەکانی غوربەت و
ئەو گوڵانەی بە ماچ سکێجمان کردن
بە درەوشانەوەی تەنیایی
لەم زەمەنە پڕ ژاوەژاوە و
بزەیەکی هەناسە سارد
لەم سەحرا وشکەڵانەی ژیاندا
بە ئاسمانە مەلولەکەی نیشتمان و
یادگارییە خۆڵەمێشییەکانی بیرکردنەوە
بە مەرقەدی تیشکاویی هەور و
گۆڕە تەنگەبەرەکانی حوزن
بە بەیداخی کەشتییە رەشپۆشەکان و
هەڵچوونی پیانۆیەکی زامدار
بە عیشوەی گوڵە نازناز و
حیکمەتی بێدەنگیی پەروانە
بە ژێی پڕ هاژەی رووباری مەراق و
بەربوونەوەی سێوی بێهودەیی
لە پیرە داری جەنگەکان
ئەوەی لەم جەنگی عەشقەدا
وەک تەرمێکی دێرین دەکەوێ، منم
ئەوەی لەناو ئەم عەشقە کڵپەسەندووەدا
پەڕ و باڵی ئەسووتێ، هەر منم
ئازیزم سوێندت بۆ ئەخۆم
بە بریسکەی چاوەکانت
ئەوەی بۆ عەشقی تۆ ئەسووتێ
منم، من




فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-7- ستیڤان شەمزینی

بەشی حەوتەم

ئەم چرکەیە، کاتژمێر 7:45 خولەکی شەوە، ئەوە دوا جگەرەی پاکەتی دووەمی ئەمڕۆیە دەیکێشم، واتە لە بەیانییەوە تا ئێستا ئەمە 40 جگەرە بکێشم، تازە ئەم جۆرە جگەرەیە دەکێشم، ناوی “کۆنگرێس”ە، ئەم دوکەڵە وەک چڕوکی دڵم وایە. هەردوو دووکەڵەکەم خۆش ئەوێ. دوو سێ پێکیشم خواردۆتەوە و مێشکم کەمێک ئاڵۆزە، خەیاڵاتی سەیر سەیر بەناو ئەو دنیا قووڵەی مێشکمدا هاتوچۆ دەکات، خەونم هەیە و ئەم وڵاتەش هی ئەوە نییە هیچ خەونێکت هەبێت، لە وڵاتی جەهلی هەزار ساڵە و نغرۆی کەلتووری خێڵ و چەک و خوێن، خەونبینین بە تایبەت ئەو جۆرە خەونانەی ئێمە هەمانە، تابۆ و سنوور شکاندن و درز خستنە عەرشی خودایە.
خەڵکی ئەم وڵاتە، کۆیلەی پارە و ورگیانن، مێشکیان فەرامۆش کردووە، عەقڵ ئەسیرێکی هەمیشەیی زیندانی ئاین و خێڵ و ناسیۆنالیزمی پاشکەوتووی کوردە. پارە خوایەکی نوێیە و زۆرترین بەندەی هەیە. “مارکس” لە زمانی “شکسپیر”ەوە وەسفی پارە دەکات بەوەی “خوایەکی روون و ئاشکرایە و قەحپەیەکی گشتیی و جیهانییە”. سەیری ئەو بازاڕە بکەن، هەرچی دەبینیت هەر را دەکات، هەراوهوریایە، پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغییە، هەمووی بە دووی فلسدا را دەکات. ئەرێ بۆ کەسێک هەیە بزانێت پارە خوا نییە؟ بۆ کەسێک هەیە بزانێت پارە بۆ خۆشی خۆی سەرف بکات؟. وەک هەمیشە باوکم دەیووت “زۆربەی پارەدارەکان لەگەڵ پاسەوانی بانکەکان هیچ جیاوازییەکیان نییە”.
کێشەکەم هەر ئەوە نییە دوژمنایەتییەکی عەقڵانیم هەیە لەگەڵ کۆمەڵگە، بەڵکو کێشەیەکی تریشم هەیە کە عاشقم، ئەم کۆمەڵگەیە سەرباری ئەوە عەقڵانی نییە، هەستەکی و عاتیفی و عیرفانیش نییە. هیچ شتێک هێندەی سۆز و عەشق لەم وڵاتە هێڵی سووری بەدەوردا نەکێشراوە، کۆمەڵگەیەک رشانەوەی لە عەشق بێت، هەر بۆ ئەوە باشە وێرانی بکەیت. هەر بۆ ئەوە باشە یەک شەق لە دابونەریتەکانی هەڵبدەیت و بیخەیتە ناو زەبالەی خۆڵەوە. “هۆبز” دەیووت “مرۆڤ گورگە بۆ برای مرۆڤی خۆی”. ئەمە کتومت ئەو دۆخەیە لە کوردستان بوونی هەیە، مرۆڤ دەبینی تەنیا جانەوەرێکە بۆ خواردنی برا مرۆڤەکەی. ئای خودا تۆبڵێی لە مرۆڤ دڕندەتر چ ئاژەڵێک بێ؟.
عاشقم و کێشەی عەشقم هەیە، وەک پێویست نیم لەگەڵ مەعشوقەکەم، زوو زوو دڵی دەشکێنم، کە لێشم دوور دەکەوێتەوە، وەک “نزار قەبانی” لە شیعری “بەلقیس”دا دەڵێ “بەلقیس، لێم ون مەبە.. لەبەرئەوەی دوای تۆ.. خۆر کەنارەکان رووناک ناکاتەوە”. لە حاڵێکدام نەدەتوانم دەستبەرداری عەشق بم و نەدەتوانم دڵی مەعشوق رابگرم، پەرەگرافێکی رۆمانی “ساتێ مەرگ.. ساتێ عەشق”ی ریمارک، بۆ ئێستای من زۆر گونجاوە. مەبەستم لەم پەرەگرافەیە “زۆر دڵتەنگم، ئەوەندە مەراقم هەیە پێدەچێ بمکوژێت.. بریا توانام هەبووایە لە یادت بکەم، ئەوکات بە سۆزێکی پووچ و بێ نرخەوە دەڕۆیشتم، هەرگیز هەستم بەخۆم نەدەکرد، لەو بەختەوەرییە رەشەدا دەژیام کە دیوە نەیارەکەی خۆشبەختییە”. هەناسەکانم خەریکە ئەمخنکێنن، خەونەکانم ئازاری چاوم ئەدەن.
عاشقێکی فاشیلم، بۆیە خەریکە دەبمە شاعیرێکی باش، عاشقێکی فاشیلم بۆیە خەریکە دەبمە مەیخۆرێکی باش، عاشقێکی فاشیلم بۆیە خەریکە دەبمە عارفێکی باش، عاشقێکی فاشیلم بۆیە خەریکە دەبمە بێ نەوایەکی شار. هیچ شتێک نییە پێوەی بنازم، تەنیا ئەوە نەبێت رۆژێک لە رۆژان توانیم دڵی جوانێکی ئەفسانەیی بەدەستبهێنم، لە کاتێکدا خەریکە لە دۆزەخی دڵڕەقیمدا دەیسووتێنم. نازانم چی دەڵێم، بەڵام ئەوەی دەیڵێم هەقیقەتی خۆمە، وەلێ لەسەر هەقیقەت، وتەکەی ئۆسکار وایڵد بەبیر دەهێنمەوە کە دەڵێ “ئەندێشە لای شاعیر هەقیقەتە، هەقیقەتیش هیچ شتێک نییە”.

25-12-1997

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 27-30 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




ژنێک لە رووناکی ئەمدۆزێتەوە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

تا دێت لە خۆم دوور ئەکەومەوە و
وەک تاقگەیەکی زیوین
ئەڕژێمەوە نێو خەیاڵەکانمەوە
بە پەنجەی خەناویی مانگ
دڵی شەقامەکانی تەنهایی ئەژەنم
بە پێنووسی گومان
وێنەی شێتییەکانم ئەکێشم
بە خوێنی مۆمە یاقووتییەکانی
نێو خەونە زڕاوەکانم
ژنێک لە رووناکی ئەدۆزمەوە
ژنێک لە دووری دوورەوە
بۆ گۆرانییە خەفەتبارەکانم
سەمای ئەوین ئەکات و
لە نزیکی نزیکەوە
دەست بەسەر عەرشی دڵما ئەگرێ
لە رۆژە فرمێسکاوییەکانم ئەڕوانێ و
لە شەوە بێدەنگەکانم ورد ئەبێتەوە
کتێبەکانی غوربەتم ئەخوێنێتەوە
لە قووڵایی هەستیدا ئەمشارێتەوە
ئەو چاوەڕێمە
لە شارێکی کەساسدا لە ئامێزی بگرم
پێک پێک فرمێسکەکانی بخۆمەوە
رازی ناو پێکەنینەکانی بدۆزمەوە و
بیکەمە زاخاوێک بۆ سەر لێوە
وشکهەڵاتووەکانی شیعرم
ژنێک لە چیاکانی خەیاڵمەوە
وەک شیرینترین کانیاو هەڵدەقوڵێ
هەمیشە نامەم بۆ ئەنووسێ
نامەکانی بۆنی نێرگزیان لێدێ
وشەکانی ئاورینگیان لێ ئەڕژێ
بە کامێرای چاوە خومارییەکەی
وێنەم ئەگرێ و
ئەیخاتە نێو ئەلبومی دڵییەوە
لەسەر هەر وێنەیەکیشم
بە خەتێکی ئاڵتوونی ئەنووسێ
تۆیت جەنەراڵی عیشقی من
لە دووری دوورەوە
وەک سوێسکەیەکی ماندوو دێت
لەسەر چەمی شیعرەکانم
تینوێتی سەفەری دەشکێنێ و
بۆ ئەبەد لەنێوان هەردوو لەپی
شیعر و سۆزمدا هێلانە ئەکات
منیش هەموو رۆژێک
بیری دەهێنمەوە هەموو تەمەنم
لەسەر باڵەکانی ئەو داناوە و
بۆ کوێ بفڕێت منیش لەوێم
هەموو شەوێک
چیرۆکی جێمانی خۆمی بۆ ئەگێڕمەوە
لەو پۆلە قەرەجەی
نیشتمانیان کردە نێو جانتایەکی سەفەر و
لە مەملەکەتی سەهۆڵدا
هێمن هێمن بەسەر بێکەسی خۆیاندا توانەوە
ئەو پەرییە رۆژهەڵاتییە
بە گوێیەکانمدا دەچرپێنێ
نیگەران مەبە، بە خامۆشبوونی چرایەک
لەنێو رۆحی هەلا هەلاتدا
ئیدی خۆر گەرمی و تیشکت بۆ دەهاوێژێ
دەست ئەخاتە سەر دڵم و
ترپەکانی ئەژمێرێ
بە دەنگێکی شمشاڵئاسا دەڵێت
بێزار مەبە لە داڵەکانی غوربەت
پەرییەک لە رۆژهەڵاتەوە
سروودی وەتەنت بۆ ئەچڕێ و
رەنگی نیشتمان دەخاتە
رۆژە بێ رەنگەکانی مەنفاتەوە
لەبەر خۆمەوە وڕێنە ئەکەم و
ئەڵێم ئاه خودایە
ئەم ژنە گێلاسییە چۆن منی دۆزییەوە؟
چۆن وا خێرا هات و
شیلەی گوڵی عەشقی کرۆژتم؟
چۆن توانی بە لێوی تەڕی خەیاڵ
فلووتی تەنهاییەکانم بژەنێ؟
چۆن توانی بە نەرمە نیگا
بە عەشقی خۆیەوە لە خاچم بدا؟
منێک نە کوخێکم هەیە بۆ گۆرانی
نە کەنارێک بۆ لەنگەر
نە شەقامێک بۆ پیاسەی ئێواران
چۆن ئەم پەروانە ئاگرییە
بە چارەنووسی خۆمەوە بپێچم؟
ئەو رازی ناو دڵمی خوێندەوە
وەک شنەبایەک
سینگی پڕ پشکۆی فێنک کردمەوە
بێ ئەوەی هیچ بڵێ،
تەنیا بە نیگایەکی قووڵ و بێدەنگ
هەزار و یەک وشەی درکاند
ئاگرێکی لە ناخمدا کردەوە
بارانی بانگ کرد
گۆرانی فرمێسکمان بۆ بڵێت و
لە ژێر گەڵای زەردبووی تەمەندا
رەنگی سەوزی ژیان
بخاتەوە نێو چاوەکانمان
رەشەبای بانگ کرد
چیتر خۆڵی غوربەت نەخاتە
نێو نیگا شەرمنەکانمانەوە
بەفری قایل کرد
بەسەر دڵماندا نەبارێ و
نەبێتە پارچەیەک سەهۆڵ
شەوەکانی بێدار کردەوە
کاتێک من فرمێسکی تێدا دەڕژم
بە باران بڵێت نابێ ببارێت
ژنێک لە رووناکی ئەمدۆزێتەوە
پڕ پڕ لە شەپۆلی هەست و
ماندوو لە دووریی و دڵشکان
بە وێنەی گوڵێکی دڵتەنگ
لەناو ئینجانەی غەریبیدا
تامەزرۆی باخچەکانی عەشق و
باخەکانی شیعرم ببوو
هەروەک ئەستێرەیەکی رووخۆش
یان نەسیمێکی رۆژهەڵاتی
چاوی حەزی بڕیبووە
ماچێک لە ژێر دار پرتەقاڵی ئەویندا
وەک تریفەیەکی سەرخۆش
یان ئاورینگێکی دڵ تەڕ
چاوی ئارەزووی بڕیبووە
باوەشێک لە نیشتمانی عەشقدا
ژنێک لە رووناکی ئەدۆزمەوە
ژنێک لە رووناکی ئەمدۆزێتەوە




فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە..6/ ستیڤان شەمزینی

ستیڤان شەمزینی
بەشی شەشەم

ئەمڕۆ رۆژێکی ناخۆشە، تەلەفزیۆنەکان تەنیا بۆنی مەرگ و بارووت و خوێنیان لێدێت، ختووکەی هەستە ساناتۆسییەکانمان ئەدەن. هەموو شتێک بۆنی شەڕی گرتووە، شەڕێک کە ئێستا ناوێرم بڵێم ناڕەوایە چوونکە بە تۆمەتی خیانەت بە میقسەڵە ژەنگاوییەکەی شۆڕش سەرم لە لاشە دەکەنەوە. بڕیارمداوە وەک هەموو رۆژەکانی تر سەرخۆش بم و خۆم بێئاگا بکەم لەم کۆمەڵگەیە کە سەرچۆپی و خەنەبەندانییەتی بۆ ئەو کوشتارە بێمانایەی لەسەر دەسەڵات لە کوردستان هەیە. کارەباش نییە، بۆیە دەچم بۆ هۆڵی میدیا، دەخوێنمەوە و گوێ لە پارچە مۆسیقای “مۆنامۆر” دەگرم. دوێنی لە خوێندنەوەی رۆمانی “الحب فی الزمن کولیرا” ی گارسیا مارکیز بوومەوە، لەوانەیە ئەمڕۆ شتێک لە گوڵە بەدەکانی “بۆدلێر” بخوێنمەوە. دوای ئەوەش ئەڕۆم بۆ باڕی “نزار” لە خوار چایخانەی شەعب، چاوەڕوانی برادەرێکیش ئەکەم بە رێکەوت بیبینم و پێکەوە دوو پێک بۆ خەمی قووڵی نیشتمان هەڵدەین.
ئەگەرچی پارتی بیست رۆژێک پێش ئێستا، لەلایەن خۆیەوە شەڕی راگرت، بەڵام هێشتا لە بواری کرداریدا، هیچ هەنگاوێک بۆ ئاشتی نییە. پێموایە هەردوولا ماندووبوون لە شەڕ، رەنگە جۆرە رێککەوتنێک بهێننە دی بە لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندیی هەردوولا، لەبەرئەوەی شەڕەکە وەک ئەوە نییە لە راگەیاندنەکانەوە باسی لێوە ئەکرێ، چوونکە چەند وردە رۆشنبیرێک وا بۆی چوون و پێیانوایە کە دوای 31ی ئاب و پێکهێنانی بەرەی ئەنتی پارتی “هاوپەیمانی دیموکراتی کوردستان” هیچ ئومێدێک بۆ پێکەوەهەڵکردن و گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانی نێوان یەکێتی و پارتی نەماوە بەو جۆرەی لەکاتی “بەرەی کوردستانی”دا هەبوو. لێدوانەکانی مەسعود بارزانیش کە وتبووی “دەستی خۆم ئەبڕم گەر جارێکی دیکە دەست بخەمەوە دەستی تاڵەبانی” تەنیا قسەیەکی عاتیفییە و باهۆزی بەرژەوەندییەکان رایدەماڵێ.
لایەنی دووەمی پرۆسێسەکە ئەوەیە، ئەو شەڕەی نزیکەی سێ ساڵە و هەشت مانگە بەردەوامە لە پای چی؟ ئەو هەموو خوێنە لە بەرژەوەندیی کێ؟. لەوە تێناگەم ئەو خەڵکە چۆن بڕوایان کرد کە شەڕەکە دەستبەسەراگرتنی پارەی گومرگی برایم خەلیلە لەلایەن پارتییەوە؟ خۆ شەستەکان و زەمەنی مەلایی و جەلالی گومرگ لە ئارادا نەبوو. ئەی شەڕی هەکاری و پاکتاوی هەشتاکان بۆ چی بوو؟؟! نەخێر ئەمە شەڕی دەسەڵاتە و مافی خەڵک تەنیا ناونیشانێکە بۆ بەردەوامی و رەواییدان بە کۆنەپەرسترین شەڕی باڵەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی. لەلای پارتیشەوە ئەوەی لە رۆژنامە و تەلەفزیۆنی “گوڵان”ەوە ئەوترێ تەنیا درۆ و پاساوداتاشین و سەفسەتەیە. ناوزەدکردنی تاڵەبانی بە شەیتان و شاگردی “مەکیاڤیلی” تەنیا هەوڵێکی پووچە بۆ مودمینکردنی شەڕکەر و جەماوەری حزبەکەیان.
کە ساڵی 1992 هەموو شتێک لە نێوان پارتی و یەکێتی فیفتی فیفتی دابەشکرا، ئێمەی کۆمۆنیستەکان وتمان کوا ماف و ئازادیی خەڵک؟ لە بادینان هاوڕێ نەزیر عومەر “ئارام” و لە سلێمانیش “بەکر عەلی”یان تیرۆر کردین!! ئەو زەمەنە کە وەزارەتی دارایی بە دەست یەکێتی و کاک “دارۆ”وە بوو، بۆ باسی برایم خەلیل نەبوو؟ ئەوسا کە داهاتی کوردستانیان وەک برا بەش دەکرد بۆچی پارتی نەیدەووت جەلال تاڵەبانی پیلانگێڕی ئەکا؟ دیمەنەکە ئاشکرایە، شەڕەکە شەڕی بەرژەوەندییەکانە، کەی بەرژەوەندییەکانیان کەوتە ئاشتی وڵات ئەکەن بە ماستی مەیو.. سیاسەت قێزەونە و مەڵێن شێت بووی گەر بڵێم دوور نییە رۆژێ بێتە پێشەوە دووبارە برابەشی داهات و دارایی کۆمەڵگە دابدۆشن و قاقاش لێدەن بۆ ئەو “کەر”انەی خۆیان لە شەڕی ناوخۆدا بە کوشتن داوە.

20-12-1997

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 24-27 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.




ئەی عەشق تۆ لە کوێی تەنیایی کوشتمی؟*.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

هەموو وەرزەکانی من
بە تەنهایی و بەدیار خەونێکی تەنیاوە
کەڕوویان کردووە
زەمەن بەنێو تەنهاییەکەمدا رەت ئەبێ و
ئاوڕێک لەو مەیتە کەساس و کۆنە
هەزار ساڵەیە ناداتەوە
سیگارەکەم هەروەک خۆم بێ نەوا
لە ژوورە چۆڵەکەمدا هێدی هێدی
بۆ رۆحی تەزیوم ئەسووتێ
ئاوێنە شکاوەکەی ژوورەکەم
هەمیشە بێزارە لەو درزەی چۆتە دڵی و
لەو گۆرانییە سواوانەی
هەموو رۆژێک پیاوێک
بۆ تەنهایی خۆی لەبەردەمیدا ئەیچڕێ
گیتاری خەونەکانم
وەڕس بوون لەو میلۆدییە دێرینەی
هەموو شەوێک
پیاوێکی ونبوو لە خۆی
بە پەنجەی خەمۆکی ئەیژەنێ
هەتاو لە درزی پەنجەرەوە
هەموو بەیانییەک بە خێرایی سڵاو ئەکات و
دەبینێ هەمان پۆشاکی تەنیایی دوێنێ و
بێزاریی پێرێم لەبەردایە
ئیدی لێم زوویر دەبێت
دەڕوات، دەڕوات، دوور دەڕوات
کە لە مەغریبەوە ئاوا دەبێت
لە دڵی خۆیدا دەڵێت
بەڵکو ئەمجارە ئەستێرەیەک میوانی بێ و
دەست لەملانی یەکتر
لەناو بێشکەی رامووساندا
دیلانێ بکەن
مانگ بە دزی ئەستێرەکانەوە
بەتیلە چاو لێم دەڕوانێ
چاوەڕوان دەکات خەنجەرێک
لە جەرگی تەنهایی وەردەم و
بنێرمە خوازبێنی شەونمێکی تەڕ
لە ژێر رووناکی خۆیدا
پێکی ماچەکانمان هەڵدەین
دەیەوێت نزیک بێتەوە
بە گوێمدا بچرپێنێ
ئەی میری تەنهایی
بڕۆ گوڵێکی پەژموردە مارە بکە
ئادرێسی ئەو گوڵەش
لەنێو گیرفانی رەشەبا دەربهێنە
بەڵام ناوێرێت نزیکتر بێتەوە
لە ترسی دڵپیسی دەریا
دەکشێتەوە و ون دەبێت،
لەو کاتانەی دەمەوێ
نامەیەک بنووسم بۆ خودا
سکاڵای خۆمی پێ بگەیەنم
رەشەبا تووشم دەبێت
ئەو، کاغەزی دەستم ئەفڕێنێ
زۆرجاری تریش لێی دەپاڕێمەوە
ئادرێسی گوڵی پەژموردەم پێ بدا
لە ناکاو غەیب دەبێت و
توند گیرفانی شەرواڵەکەی دادەخا
بیریشم لەوە کردەوە
بڕۆم و لێی بدزم
بەڵام کولتووری دووزمان
خێرا هەواڵ دەداتە رەشەبا و
پێکەوە شاڵاو دەهێنن
دەریا بە شەپۆلەکانیدا
نامەیەکی تەڕ تەڕم بۆ دەنێرێ
نوسیوویەتی ئەی ئاقڵترین شێت و
شێتترین ئاقڵ
تەنهاییەکەت هەروەک قووڵیی من وایە
هەموو بەلەم و پاپۆڕێک
تەنها بەسەرماندا تێدەپەڕن و
ناوێرن بێنە ناو ناخمانەوە
دەترسن لەنێو قوڵاییەکەماندا بخنکێن و
هیچ کات نەتوانن بگەڕێنەوە سەرەوە
تۆ ئەبێت لەوە بگەیت
بەلەمەکان بە خێرایی تێدەپەڕن
بێ ئەوەی بیر لە هێمنی قووڵایی و
بێدەنگی زمانی ناوەوەمان بکەنەوە
زۆر ئامۆژگاریی کردم بەوەی
شەپۆلەکانی ئەم تەنهاییە
بکەم بەگژ پاپۆڕێکی شۆخ و شەنگدا
رایپێچم بۆ بینینی ناوەوەی
هەستی پەنگخواردووی خۆم
باران لە وەرزی پایزدا
بە دوودڵییەوە قسەم لەگەڵ دەکات
دەیەوێت پێم بڵێت من و تۆ
وەک یەکتر سەرچاوەی ژیانەوەین
من کیڵگەکان زیندوو دەکەمەوە و
تۆش دڵە مردووەکان دەژێنیتەوە
باران وتی، بەڵێ باران وتی
ئەوەی سەیرە و دڵم دەرزیئاژن ئەکات
هەڵکردنی چەترێکی قەترانییە
لەژێر بارینی شیعرەکانت و
خۆش نەکردنەوەی گریانی چاوانت
کە هەر دڵۆپێک فرمێسکت
شمشێرێکی ئێجگار تیژە
بۆ هەڵدڕینی جەرگی تەنهایی
باران وتی، بەڵێ باران وتی
هاوڕێ کێ لە من و تۆ تێدەگات؟
وەک یەک فرمێسک دەڕێژین
هەزارەها گوڵ بە ئەسرینمان دەڕسکێ
خەڵک ستایشی باخەوان دەکات
هەزارەها کانیاو لەسەردەستمان دەژێتەوە
خەڵک سوپاسی هەور ئەکەن
تۆ ببینە من و تۆ چەندە بێ شانس و
چەندە قوربانی بەخشندەیی خۆمانین
ئاسمان من لە ماڵی خۆی دەردەکات و
تۆش بەخەنجەرێکی کول
خەونەکانت سەردەبڕدرێن
هەوا منی خۆش ناوێت و دەمگرینێ
تۆش ژیان پشتی تێکردوویت و
ملوانکەی خەیاڵەکانت ئەپچڕێنێ
زەوی چارەی منی ناوێ وشکم دەکاتەوە
تۆش جەنگەکان بلوری دڵت ئەشکێنن
من لەسەفەری ئاسمان و زەویدا تەنهام
تۆش لەم گەردوونە تاریکەدا
فانۆسێکی وێڵ و بێ هاودەمیت
وەرە هەردووکمان خۆمان بکوژین
پێش ئەوەی من
لە رەحمی دایکە هەور بێمە دەرەوە و
پێش ئەوەی تۆش
لە هێلکەدانی شیعرێکی تردا لەدایک بیتەوە
ویستم دڵی بارانی هاوڕێم نەشکێنم
لەسەر باڵەخانەی ژیانەوە
خۆم هەڵدەمە شیوی مەرگەوە
لەم کاتەدا کە وەسوەسەی خۆکوشتن
کۆڵانەکانی مێشکمیان داگیرکردبوو
کۆترە شینکەیەکی رۆژهەڵات
کاتژمێری سفری خۆ کوشتنمی کرد
بە کاتژمێر یەکی شەیدابوون
تێیگەیاندم زووە بۆ خۆکوشتن و
درەنگە بۆ عاشقبوون
وتی وەرە لەگەڵم بفڕە و بفڕە و بفڕە
بفڕە بۆ ناو زەمەنی موحیبەت
بفڕە بۆ ناو کێڵگەکانی سۆز
چیدی بیر لە مێژووی کارەسات مەکەوە و
چرای عەشقی من هەڵبکە
چاوە ئەبڵەقبووەکانم بڕییە چاوی و
تەنیا توانیم بڵێم
ئەی ئەستێرەی بەختم
تۆ لە کوێی؟ تاریکی خواردمی
ئەی عەشق
تۆ لە کوێی تەنهایی کوشتمی؟

*ناونیشانی شیعرەکە هەڵگێڕانەوەی ناونیشانی شیعری “ئەی مردن تۆ لەکوێی ژیان کوشتمی”ی هەژار موکریانییە، بەڵام بێ سوودوەرگرتن لەناوەڕۆکی شیعرەکەی مام هەژار.




فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە..5/ستیڤان شەمزینی

بەشی پێنجەم

ئەمڕۆ 28-10-1997 دوای 21 رۆژ حەپسکردن، لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی هاتمە دەرەوە. 21 رۆژ لەو شوێنە، ئەزموونێکی زۆری بۆ من دروستکرد. جگەرە و کهولم لێبڕا بوو، پێموابوو ئەوە ناڕەحەتترین شت بوو بۆ من. لەوێ وەک زیندانی جەنگ مامەڵەم لەگەڵ دەکرا، لە ناو دەرزەنێک پیاوکوژ و هەتیوباز و دەرمانفرۆش و عەرەب و دزدا زیندان بووم، هەموو زیندانییەکان بە “مامۆستا” بانگیان دەکردم، رەنگە ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە بێت قاتم لەبەرە و بۆینباخم بەستووە، یان بەهۆی شێوازی قسەکردنەوە بێت کە زۆر زاراوەی قورسی سیاسیی و فەلسەفی بۆ ئەو هەژارانە تیایە کە لێی تێناگەن.
بیر لەوە دەکەمەوە زیندان ناخۆشترین شوێنە، هاوڕێ “فەهد” دێتە یادم کە چۆن ئەم شوێنە نەفرەتییە نەیتوانی چۆکی پێ دابدا؟. یان هەزارەها ئازادیخوازی ئەم دنیایە کە ساڵهای ساڵ لە زینداندا بوون و زیندانیان کردە قوتابخانەی خۆڕاگریی و شۆڕشگێڕیی. هەرچەندە من دژی تاقیکردنەوەی ئینسانەکانم لەسەر مەبنای ئازایەتی و ترسنۆکی، بەڵام دەمەوێ ئازابم، ئەشزانم ئەوە ناسیۆنالیزمە پاڵەوانی دەوێ، بەڵام ئەمەوێ بەرانبەر بە ئازار و ئەشکەنجەی ئەم دەزگایە پاڵەوان بم. چوونکە ئەوان رقی زۆریان لە خودی خۆم و کۆمۆنیزمە، تەنانەت دوێنێ پێش بەربوونم ویستیان بە کەفالەتی وازهێنان لە کاری سیاسیی ئازادم بکەن، بەڵام وتم ئەمەوێ هەر لە ژوورەوە بم نەک تەسلیمی داوای ئێوە بم. کە ئەمزانی مانەوە لە زیندان زیاتر سوورم ئەکات لەسەر بیروڕاکانم.
ناخۆشترین شت لەو سێ هەفتەیەدا ئەوەبوو، کە داوای قەڵەم و کاغەزم ئەکرد، بە تووڕەییەوە وتیان لە یەکێتی نووسەران میوان نیت، ئێرە ئاسایشە کە تێیدا پشتی زۆر کەسی لە سکی نەرمتر کراوە. ئەو شەڕە دەروونییە، لە ئەشکەنجەدانەکان بە سوێتر بوو. ئاخر من لەسەر بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی سیاسیی دەستگیر کراوم، چۆن وا مامەڵەم لەگەڵ ئەکرێ؟ بەڵام نەگبەتی ئەم رۆژهەڵاتی نێوینە ئەوەیە دەزگا ئاسایشەکانی بە دەست کۆمەڵێ پیاوکوژ و نیمچە مافیاوەیە. کە نەک سڵ لە سوکایەتی و ئەشکەنجەدان ناکەنەوە، بەڵکو تیرۆری سیاسیی لایان لە قاوەخواردنەوە ئاسانترە. ئینجا خۆش ئەوەیە حزبەکانیان مەکتەبی تایبەتی حزبییان هەیە بە ناوی “مەکتەبی مافی مرۆڤ”!!. زاراوەی “مافی مرۆڤ” دروشمێکە کە زۆرترین تاوانی لەژێردا کراوە لەهەموو دنیادا.
ناخۆشییەکی تری ئەوە بوو، کە کۆمەڵێ لە ئەفسەرەکان ئەیانووت خۆ ئێمەش مارکسی و چەپین!!. جارێک منیش وتم ئێوە کە خۆتان بە لینین ئەزانن، ئەدی خۆ من “تزار”ی قەیسەری رووس نیم، چی دەکەم لە کونجی زیندانی ئێوە؟. هەروام وتی، جەلادێکی سوورفل بە کێبڵ بەربووە گیانم، هاواریان ئەکرد بەسەرما ئێوە کۆمەڵێ مناڵەورتکەن، رۆژێ وەک سەگ هەمووتان ئەتۆپێنین.! منیش بێعارتر بووم لەوان ئەمووت ئەگەر مناڵەورتکەین، بۆ لێمان ئەترسن؟. کابرایەکی تێکسمڕاو بە دەنگێکی نەرم وتی ئێوە زیرەکن بەڵام زۆر دەمدرێژن. دواتر زانیم کە ئەو پیاوە پلەدارێکی دەزگای ئاسایشی یەکێتییە. ئێستا هاتوومەتە دەرەوە لەبەر خۆمەوە ئەڵێم باشە قەڵەم و دەفتەریشیان بهێنابایە چیم ئەنووسی؟ خۆ من “ئەنتۆنیۆ گرامشی” نیم لە زیندانەوە فۆرمۆڵەی زۆر بنەمای مارکسییەتم بکردایە!. هەر دوو دێڕی بێسەروبەرم ئەنووسی ئیتر بۆ خۆم گەیاندە قامچی؟. ئەم یاخیبوونەم ترسناکە.

28-10-1997
ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 21-24 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.




دەڕۆم.. لەم سەرزەمینە بار دەکەم.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

ئەو باڵندە کۆچەرییەم
لە فڕین و سەفەردام
رووەو باوەشی ئەو ئاسمانەی
تەمی هەلاهەلابوون لێڵی نەکردووە
رووەو ئەو گۆرانییەی هێشتا نەوتراوە و
لەنێو قورگێکی پڕ گریاندا قەتیس بووە
رووەو ئەو شارە گەرمەسێرانەی
سەرمای بێ نازیی نەیتەزاندوون
پێش ئەوەی درەنگ بکات
سەفەر دەکەم
ماڵی خۆم دەگوازمەوە گوندی بیرچوونەوە و
لە شەقامێکی بێ ناونیشاندا دەبمە دەستفرۆش
هەرچیم هەیە لە فرمێسک و دڵشکان هەڕاجی دەکەم
هەموو زەردەخەنە بێ کڕیارەکانم مەزاد دەکەم
لە کەنار دەریا و لە نێو شەپۆلەکاندا
کوخێک بۆ سەرەڕۆییەکانم ئاوەدان ئەکەمەوە و
هەموو بەیانییەک
پێشوازیی لەو گەشتیارانە دەکەم
لە زمانی ئاو تێناگەن و مغازەلەی ئەکەن
لە زمانی عەشق حاڵی نین و
پێیدا هەڵدەدەن
ئێوارانیش دەستی خواحافیزیی
بۆ ئەو ماسیگرانە بەرز دەکەمەوە
دەریا بە ماسیدا دەناسنەوە و
شەپۆل لەنێو تۆڕەکانیاندا کەلەپچە دەکەن
مەقامێکیان لە بارەی
عەزابەکانی خۆم بۆ دەخوێنم و
خورپەیەک لە دڵیاندا دروست ئەکەم
کە لە ناخی هەر یەکێکیاندا
پڵنگێکی دڕندە هەیە
لە کۆڵانی یەکەمی قاڕەی خۆکوشتندا
باڵەخانەیەک لە مەراقەکانم رۆ دەنێم و
دەیکەمە تابووتی ئەو وجودەی
هیچی پێ نەبەخشیم و
هیچی فێر نەکردم جگە لە راکردن
بەدوای کڵاوی بابردووی شۆخە ژنێکدا
هیچ لێی تێنەگەیشتم جگە لەوەی
ببمە بینەری ئەو شانۆگەرییە گاڵتەجاڕەی
دەوڵەمەندەکان هەژاران برسیتر ئەکەن و
هەژارانیش ئەسپی عەرەبانەی
خۆشبەختی ئەوان بەرەو پێش رادەکێشن
هیچ ئازادییەکم تێدا نەبینی
جگە لەو کۆتانەی زمانمانی پێوەند کرد و
سەری بیرکردنەوەمانی پێ پان کرایەوە
جانتای هیواکانم خاڵین لە ئومێد
بینایی چاوەکانم ئاسۆ نابینن
هێزی ئەژنۆم توانای یەک شەقاوی تری نەماوە
دەستەکانم لەم زستانی مرۆڤایەتییەدا سڕ بوون
بیرکردنەوەم بۆنی فرمێسکی سەربازێکی گرتووە
کە لە سەنگەرەکەیدا دوا نامە
بۆ خۆشەویستەکەی ئەنووسێ
سەرم بووە بە دۆڵابێکی تەژی نهێنی
ئەو سوێسکە عاشقانەی، کێردی کولتوور
لە خەونی یەکەمین فڕینیان ئەچەقێنرێ
دەڕۆم و ماڵەکەم دەبەمە نێو خەون
هیچ کات نامەوێ بەخەبەر بێم و
لەسەر خەونەکانم، وەک یوسف
بمخەنە نێو بیرە تاریکەکانی بیرچوونەوە و
کراسێکی خوێناویی نیشانی یارم بدەن و
بڵێن عاشقەکەت گورگی خیانەت خواردی
هەر لەنێو ماڵی خەونەکانمدا ئەمێنمەوە
نامەوێ دیمەنی سەربڕینی مۆمەکان و
بە کۆمەڵکوشتنی باخچەکان ببینم
نامەوێ گریانی منداڵێکی بێ باوک
وەک شوشەی شکاو رۆحم تیغ بکات
نامەوێ گوڵە لاولاوێکی تیرۆرکراو ببینم
لە ئانی پاڕانەوە
لەو جەلادەی چەقۆ لە ملی دەسووێ
نامەوێ ئەو کرێکارە دەست قڵیشاوە ئازارم بدا
نرکەی برسێتی تا کەشکەڵانی فەلەک ئەڕوات
هەر لە نێو ماڵە فراوانەکەی خەیاڵم دائەنیشم
لەوێ هەموو شتێک هەیە
تەنها گریان نەبێت
هەموو شتێک ئازادە
تەنها قەدەغە نەبێت
هەموو شتێک رێپێدراوە
تەنها نیگەرانی نەبێت
دەڕۆم و
رەشماڵەکەم لە مەیخانەیەکدا هەڵدەدەم
ئۆکۆردیۆنی زەمەنی قەرەجیم ئەژەنم و
لایلایەی شەوانی دایکم ئەکەم بە میلۆدی
بەسەر پردی ئەندێشەی ئاڵۆزکاومدا ئەپەڕمەوە
ئەوبەری بێدەنگی و
ئەمبەری گەردەلوولی شەڕ
بارانێک لە خودا قەرز ئەکەم
بۆ شینکردنەوەی درەختی وشکبووی پێکەنین
ئینجانەیەکی سوور لە بەهەشت ئەدزم
بۆ رواندنی گوڵە مۆرەکانی ئەوین
لافاوێک لە زەریا نیگەرانەکە دەخوازم
بۆ راماڵینی چڵکی کینە و ژاری ناپاکیی
دەڕۆم و
هەوارم دەگوازمەوە مەملەکەتی عەشق
کچی گاور لە شێخی سەنعان مارە ئەکەم و
زەماوەندێ بۆ پێکگەیشتی مەم و زین ساز ئەکەم
پەپولە تۆراوەکان
لەگەڵ گوڵەباخ ئاشت ئەکەمەوە و
دەستی جۆگە دەخەمەوە ملی مەزرای تینوو
زمانی خۆشەویستی دەکەمە زمانی فەرمیی
قوتابخانەکان پڕ دەکەم لە بۆنی نیشتمان و
خوێنی کورد لە وانەی مێژوو دەرئەهێنم
دەستی هەورە گەڕۆکەکان توند ئەگرم و
ئەیانبارێنم بەسەر وشکەساڵیی وڵاتدا
دەڕۆم و لەم سەرزەمینە بار ئەکەم
زەوییەکی تر دوور لە نرکە و ژان
ئاوەدان ئەکەمەوە
لەوێ کێڵگەکان
تەنها خونچەی دڵدارییان تیا ئەڕوێ
لەوێ جۆگەکان
تەنها ئاوی ژیانیان پێدا تێدەپەڕێ
لەوێ ئاسۆ
خۆری چاوی مەعشووقی لێ هەڵیێ
لەوێ رۆژ و شەو دوژمنی یەکتر نین
تاریک و روون بەسەری یەکتر تینو نین
ئاوابوون و هەڵاتن پێچەوانەی یەکتر نین
مرۆڤ و ئازادیی لە یەکتر دوور نین
عاشق و مەعشووق
لەسەر شەقامی دابڕان نین
مەستیی و ئاگایی
دەستیان ناچێتە خوێن یەکتر
دەڕۆم و لەم سەرزەمینە بار ئەکەم
بار ئەکەم بۆ نێو نیشتمانی خەونەکانم
بار ئەکەم…

دانیمارک – کۆپنهاگن
نۆڤەمبەری 2017




فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-4- ستیڤان شەمزینی

بەشی چوارەم

ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکمان لە هۆڵی “میدیا” ئەنجامدا، “بورهان ئەحمەد، کوردۆ” لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوون. بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد، لەسەر پێشکەشکردنی شانۆگەرییەک بۆ ئەو گەنجانەی دێنە میدیا. پێشنیاری من بۆ شانۆگەرییەک کە دەمێکە بیری لێدەکەمەوە، شکستی هێنا. بڕیاردرا “رۆمیۆ و جولێت”ی شکسپیر پێشکەش بکەین و ئەوەی پەسەند کرا ئەوەبوو من رۆڵی “رۆمیۆ” ببینم. کاک فەرەیدوون حەسەن بەسەر گفتوگۆکەدا هات و سەیرێکی کردم، بە زەردەخەنەوە وتی “ئەم گەنجە جوان و چاو سەوزە بە راستی رۆمیۆیە، بەڵام هیوادارم جولێت بەو جۆرە بدۆزنەوە کە وەک چۆن ئەم ئەتوانێ رۆمیۆ بێت، ئەویش جولێت بێت”.
دوو کاتژمێر پێش ئێستا لە خوێندنەوەی دەقی شانۆیی “رۆمیۆ و جولێت” بوومەوە، لە رۆڵەکەی خۆم دەترسم، بەڵام ئیرادەم هەیە بتوانم سەرکەوتووانە ئەدای ئەو کارەکتەرە عاشقە بکەم. بە گشتیی حەزم لە تراجیدیا هەیە، لەبەرئەوەی هەموو چرکەساتە سۆفت و خۆشەکانی ژیان بە تراجیدیای گەورە گەورە گەمارۆ دراون، هەموو ساتە شادەکانمان لە کۆتادا مەحکومن بە تراجیدیا. بەدەر لەمە هەست بە گۆڕانێک ئەکەم لە خۆمدا لە چەشنی ئەو گۆڕانەی بەسەر کالیگۆلادا دێ لە شانۆمانەی “کالیگۆلا”ی ئەلبێر کامۆ، کە مێژووی ئەو شانۆنامەیە بۆ کۆتایی سییەکان دەگەڕێتەوە. بۆیە زۆربەی جار هاوڕێکانم هەست بەوە دەکەن کەمدوو بووم، زیاتر بەسەر خۆمدا دەتەقمەوە و شتێک لە ناخەوە دەمخوات، لەم دۆخەدا رستەیەکم لە “الغریب”ی کامۆ بیر دێتەوە کە دەڵێ “لەبەرئەوەی شتێکی گرنگم نییە بۆ باسکردن، بەم هۆیە هەمیشە بێدەنگم”.
من کەسێکی چەپڕەوم، نامۆییەکانم پەیوەندیی بەهێزیان هەیە لەگەڵ دیدە مارکسییەکەم لە روانین بۆ دنیا. هاوکاتیش ئیدراکێکی زۆرم هەیە، هەمیشە دەمەوێ شتێک بگۆڕێت، کەچی هیچ ناگۆڕێ، هەموو شت لە شوێنی خۆیدا مراوەحە دەکات. مارکس لە تێزەکان دەربارەی فویەرباخ دەڵێت “فەیلەسووفەکان بەشێوەی جۆراوجۆر دنیایان شی کردەوە، بەڵام قسە لەسەر گۆڕینێتی”. ئێمە دەمانەوێ دنیا بگۆڕین، گۆڕینی دنیا بووە بە ئەرکێک لەسەر شانی ئێمەی چەپی مارکسی، ئەو بەشدارییەشم لەهونەردا تەنیا بەشێکە لە هەرەوەزییەک بۆ پێشخستنی هۆشیاریی خەڵک، خەڵکێک کە هێشتا مەحکوومە بە مەفهومە کلاسیکییەکانی ناسیۆنالیزم و لە دیسپۆتیزمی ئاینی و خێڵ نەیتوانیوە دەرباز بێت. ئەگەرچی لای هاوڕێکانم هونەر بۆ هونەرە، لای نەوەی پێشووش هونەر بۆ جەماوەرە، بەڵام وەک خۆم لە نێوەندی ئەو دووجۆرە دنیابینییە راوەستاوم. ئەوەش هەر بە وتن ئاسانە. لەبەرئەوەی ئەم بابەتە جێگەی مشتومڕی دوو گۆشەنیگا و دوو تێڕوانینی دژ بە یەک بووە لە دێرینەوە تاکو ئەمێستا.
ئێستا دوو بەرنامەم هەیە کە دوای نووسینی ئەم چەند دێڕە پەنای بۆ دەبەم، یەکێکیان لە هۆڵی “میدیا” سەیری فیلمێکی “تارکۆفسکی” دەکەم، کە ئەم ناوە تازە ئاشنایە بە ئێمە و کەچی ئەستێرەیەکی گەورەی بواری سینەمایە. دوێنێش سەیری فیلمێکی دیکەم کرد کە “نیکولاس کەیچ و رۆبن دی نیرۆ” هەردووکیان رۆڵی تێدا دەبینی. جیا لەوەش ژمارەیەکی نوێ “ژمارە 6″ی گۆڤاری “هانا”م لە سویدەوە بەدەست گەیشتووە و نووسینێکی “حەمەسەعید حەسەن”ی تێدایە بەناوی “کتێبێکی بەخوێن نووسراو” لە پێشدا ئەمە دەخوێنمەوە و پاشا دێمە سەر نووسینەکانی دیکە.

2-9-1997
ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 18-21 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.




ئەگەر.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە مردنە
ئەوا دەمرم
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە سووتانە
ئەوا دەسووتێم
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە فڕینە
ئەوا دەفڕم
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە قوربانییە
ئەوا قوربانیم
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە زەحمەتییە
ئەوا زەحمەتکێشم
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە گریانە
ئەوا دەگریم
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە یاخیبوونە
ئەوا یاخیم
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە توانەوەیە
ئەوا دەتوێمەوە
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە مەستبوونە
ئەوا مەستم
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە بێدەنگییە
ئەوا بێدەنگ دەبم
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە ژیانە
ئەوا دەژیم
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە دێوانەییە
ئەوا دێوانەم
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە پێکەنینە
ئەوا پێدەکەنم
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە شەپۆلە
ئەوا من دەریام
ئەگەر عەشقی تۆ
پێویستی بە رۆشتنە
ئەوا ناڕۆم
هەرگیز ناڕۆم
هەرگیز ناڕۆم
هەرگیز





فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە..-3- نووسینی: ستیڤان شەمزینی

بەشی سێیەم..
نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ئێستا کاتژمێر حەوتی ئێوارەیە. دەستم داوەتە پێنووس و لاپەڕەیەکی تر لەم تۆماری رۆژانەیە رەش دەکەمەوە. ئەمڕۆ لە خولێکی دوو مانگی موزیک تەواو بووم، ئەم خولە لەلایەن مامۆستای موزیک “هێمن حەمەجەزا” سەرپەرشتی دەکرا، شتی نوێ لە تیۆریی و پراکتیکی فێربووم، نوار و کرۆش و دەبڵ کرۆش ئەو زاراوانەن ئێستا لە هەموو زاراوەیەکی تر زێدەتر بەکاریدەهێنم، بڕیارم نەداوە ببمە موزیسیانێک کە بەشێوەیە تەقلیدییەکە بەشداریی لە دروستکردنی گۆرانییەکدا بکەم، نا من موزیکی رووتم دەوێ، چوونکە لە “نیتشە”ەوە فێربووم بەهۆی موزیکەوە خۆم لە مەرگێک رزگار بکەم کە هەقیقەت دەیهێنێت، موزیک رزگارکەرە، ئیدی نازانم چ “ڤاگنەر”ێک وەهای لە من کردووە، پەیوەست بم بە موزیکەوە؟، ئاخر من چەندین جار رۆحی ونبووی خۆمم لە پارچە موزیکێکی کلاسیکی یان سیمفۆنییەکی “بیتهۆڤن یاخۆ “مۆزارت”دا دۆزیوەتەوە، دڵم هەمیشە لە پێدەشتی ئاوازەکاندا لێ بەجێماوە. ئەوە مۆسیقایە کە ناهێڵی مردووانە ژیان بکەم.
ئەوڕۆ لە دنیای “نیتشە” قووتارم نابێت، بیر لە شاکارە گەورەکەی دەکەمەوە “زەردەشت وا دەڵێت!” ئەم گوزارشتە زۆر بەتوندیی رایگرتووم کە دەڵێ “لەناو هەموو نووسراوەکاندا تەنیا ئەوانەم خۆشدەوێ بە خوێن نووسراونەتەوە، بە خوێنی خۆت بنووسە، ئەوسا دەزانی خوێن گیانە”. دیسانەوە لەسەر چەمکی “مەرگی خوا” دەوەستم، چوونکە “نیتشە” مەبەستی لە وتەزای “خوا مرد” ئەو جیهانبینییە پیرۆزکراوەی مۆدێرنە بوو کە وەک ئاینێک خۆی دەنواند، پاشان سەرسام دەبم بە رۆحە یاخیگەرەکەی و لەوانەشە ئەوەی منی کۆمۆنیست بۆ ناو جیهانی ئەم فەیلەسووفە ئەنتی مارکسییە رابکێشێت، ئەو رۆحە ئەریستۆکراتییە بێ هەست دەکەم لە خۆمدا زۆر بە زەقی رەنگیداوەتەوە. من خڵتەی ئەو رۆحە بەرچاوی لێڵ کردووم، تەنانەت زیاتر لە هەر شتێک بۆ رەگە ئەریستۆکراتییەکەی خۆم دەگەڕێمەوە و هەمیشە وەک چەکێکی شانازیی و منەت بە خەڵکی دەفرۆشمەوە. من هێشتا ئەم پارادۆکسەم لەخۆمدا چارە نەکردووە، ئەرێ چەپێکی شێلگیر و رادیکاڵ و دنیای نیتشە و رۆحی ئەریستۆکراتی چی پێکیانەوە دەبەستێتەوە؟.
کاتژمێر 5:30 لەگەڵ برادەران باسی کارێکی شانۆیمان کرد، تا پێشکەشی ئەو گەنجانەی بکەن دێنە هۆڵی میدیا، رام وایە “هاملێت” شانۆگەرییەکە زۆر دڵگیرە، هاوڕێیانی تر باس لە”رۆمیۆ و جولێت” دەکەن، بە مەرجی ئەوە سەرم لەقاند بۆ ئەو شانۆگەرییە، رۆڵی “رۆمیۆ” بە خۆم بدرێت. تەنانەت بیرم لە دەستنیشانکردنی “جولێت”یش کردۆتەوە!، هەرچەند رای سەرەکی من ئەوەیە شانۆگەرییەکی یاخیگەرانە نمایش بکەین، لێ نامەوێ بیروڕا رادیکاڵییەکانی منی تێدا رەنگ بداتەوە، بەڵام دۆخی ئێستا سەردەمی راچەنین و یاخیبوون و رێنسانسی نەوەی نوێیە. بڕوا دەکەم دەتوانین تابۆکان بشکێنین. دەتوانین شۆڕشی 1968ی قوتابیانی فەڕەنسا و دروشمی “با قەدەغەکردن قەدەغە بکرێت” و چەپاندنی سێکسیی و سەرکوتی رامیاریی و گرێی ئۆدیبی تاکی کورد و سادیزم و هەرەسی ئاکاریی دەسەڵاتی سیاسیی پێکەوە بکەینە هەوێنی کارێکی شانۆیی!! من ئێستا دەمەوێ سبەی ئەو تەرحە بۆ هاوڕێیان بکەم، بە توانای سادەی خۆشم شان دەدەمە بەر نووسینی تێکستێکی لەو جۆرە تاکو دواتر وەک بەرهەمێکی شانۆیی نمایشی بکەین. ئەمە لە ئێستاوە پڕۆژەی منە.

1-9-1997

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 15-18 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.




لە شەمەندەفەردام بەرەو لای تۆ.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

گێژەڵووکەی عەشق لە مندا تاو ئەسێنێ و
هەڵیگرتووم بەرەو وێستگەی شەمەندەفەر
تاکو لەبەردەم تۆدا
گەڵا گەڵا تەنهاییم هەڵوەرێنێ
شەمەندەفەرەکەم خێراتر لە بروسکە دەئاژوێ و
هێشتا من پێموایە هەنگاوەکانی سستن و
ئەم رێگا تولانییە
هێندەی عومری نوح درێژ بووەتەوە
ئەمەوێ زووتر لە زوو بە تۆ بگەم و
گریانەکانی خۆم
لە رووباری خەندەکانت بشۆمەوە
رۆژووی ئەم هەموو کەساسییەم
لە ئامێزتدا بشکێنم
رووی گوناهەکانم
لە مەرقەدی پاکیزەیتدا سپی بکەمەوە
کڵپەی ئەو هەموو سووتانەم
بدەم بە دەم شەپۆلەکانتەوە
ئەو سەحرا وشکەی دەمم
بە ئاوی لێوی ئاڵت تەڕ بکەم
رەنگی تاریکم
لە ئاتەشگای چاوەکانتدا رووناک بکەمەوە
دەستە تەزیوەکانم لە گیرفانی قاپوتی
یادگارییەکانتدا گەرم بکەمەوە
لە شەمەندەفەردام بەرەو لای تۆ
ئەخوازم خێراتر لە خێرایی تیشک بگەم بە تۆ،
بگەمە ئەو عەشقەی
وەک گوللەی وێڵ نووسا بە تەوێڵمەوە و
لە بری خوێن،
پێکەنین لە رۆحمەوە فیچقە ئەکات
بگەم بەو دەستانەی
گوڵی میهرەبانیی ئەدا
لە یەخەی کراسی قەترانیی
زامە دێرینەکانم و
لاپەڕەیەک لە مێژووی من
لەگەڵ خۆی ئەنووسێتەوە
کە تیایدا رۆژنامەکان
هەواڵی ماچ ئەکەنە مانشێت
گۆڕستانەکان بە ئاوی ژیان
غوسلی خۆیان دەرئەکەن و
عەشق،
خەنجەری سووری نامووسپەرستی
لەبەر پشتێنی گرێچنی
کولتوور دەرئەهێنێ و
دەیخاتە نێو ئۆقیانووسی دیرۆکەوە
مەبەستمە، پەلەتر
لەو باڵندە کۆچەرییانەی لە وەرزی سەرمادا
بەرەو گەرمیان کۆچ ئەکەن
بەرەو تۆ بێم
بەرەو تۆ دێم
تا لە زستانی شەختە و سارددا
لە کورەی شەوەکانی مەنفاتدا هەڵکڕوزێم
تا لەسەر شۆستەی پەمەیی ئاوێزانبوون
حەیرانێک بە باڵای نەورەسێکی کوژراوی
نیشتماندا بچڕین
تاکو لە کۆماری تەژی
گڕی مۆمستانی سینگتدا
ببمە سەرۆکێک کە
بۆنی مێخەک لە سووتانی بێت
تاکو لەبەردەم پەنجەرەی چاوەڕوانیتدا
ببمە گوڵدانێکی سپی و
پڕ پڕم بکەیت
لە رەیحانەی نیگا و
گوڵی مۆری ماچەکانت
خەونمە
گورجتر لەو فریشتانە بە تۆ بگەم
هەواڵی زەماوەندی چرۆ و چڵ
دەگەیەننە خودا
گورج دێم
سۆزی دەروونی هەڵقرچاوم
لەنێو تەزیوییەکانی تۆدا ئەکەمە لاوکێک
بۆ ئەو لاولاوە رەشپۆشانەی لە یەکەم روانیندا
بەدەم هەڵقوڕانی
پێکێک لە نیگەرانییەوە مردن
دێم رووەو تۆ،
لەوێدا هەست ناکەم غەوارەم
هەست ناکەم فەنتازیاکانم
ئەبنە قفڵی ژەنگاویی سەرم
هەست ناکەم دڕکی غەم ئەچەقێت
لە ئاوریشمی هەستم و
لەوێ بە شەونمی دڵنیایی
هەموو بەیانییەک خۆم دەشۆم
لەوێ گوێ لەو سترانە بزێو و
هەمیشەییە ئەگرم
سەرەتاکەی باوەش و
کۆتاییەکەی رامووسانە
لەوێ لە پەنا گوناهەکانمەوە
لە ئاوی چاوەکانت هەڵدەکێشرێم و
کۆتایی هەموو پرسیارە شپرزە و شڵەژاوەکانم
بە یەک وشە و
بە “خۆشم ئەوێی” وەڵام ئەدرێنەوە
لە شەمەندەفەردام بەرەو لای تۆ
دەیان رێگەی نشێو و هەورازم بڕی تەنها
بۆ سەرخەوشکاندنێک لە ژێر ئاسمانی روونتدا
سەدان جار خۆم دایە بەر دەستڕێژی ئاگر
تاکو مەشخەڵێکت لێ بدزم بۆ رۆشنایی رێم
هەزاران جار شەوی دەیجوورم تێپەڕاند
تەنها بۆ رۆژکردنەوەیەک لەژێر پرشنگی باڵاتدا
دەیان نامەی کۆنی دڵدارییم دڕاند
لەپێناو نووسینی دێڕێک شیعر بۆ عەشقی تۆ
هەزارەها جار تەماشای خۆرئاوابوونم کرد
تەنها بۆ ئەوەی لە سپێدەکەیدا بتدۆزمەوە
هاتووم بەرەو لای تۆ و بۆ شارەکەت و
بەردی عەشقم
فڕێ ئەدەمە گۆمی بێدەنگیتەوە
وەک کاپتنێکی سەرکێش و دڵشکاو
خۆم و پاپۆڕەکەم
ئەخەمە شەڕی شەپۆلەکانتەوە
وەک سوپایەکی ماندوو و تێکشکاو
رووبەڕووی شاڵاوی عەشقی ئەبەدیت ئەبمەوە
وەک سەرخۆشێکی بێ پەناگە و گەدا
شەرابی ئەوینت پێک دوای پێک ئەخۆمەوە
هاتووم بەرەو تۆ، وا هاتووم ناگەڕێمەوە
ناگەڕێمەوە،
چوون شوێنێک شک نابەم بۆی بچمەوە
لە شەمەندەفەردام بەرەو لای تۆ

بەرەو لای تۆ…..




فلاشباک- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە..2.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

بەشی دووەم

چەند هەفتە پێش ئەمڕۆ، کاتێک چوومە پێشانگایەکی تایبەتی هونەرمەندی شێوەکار “محەمەد عارف” لە هۆڵی مۆزەخانە، کۆمەڵێک تابلۆی هونەریی ئاست بەرز سەرنجیان راکێشام، یەکێک لە تابلۆکان بووە ئیلهامبەخشی چیرۆکێک، هەنووکە دەمەوێت چیرۆکەکە بنووسم. ناوەڕۆکەکەی باس لەوە دەکات وێنەکێشێک تابلۆی ئافرەتێک دەکێشێت بە جوانترین شێوە و رووخسارەوە، بەڵام پاش ماوەیەک لە قاڵبوونەوە و تێڕامان لە خودی تابلۆکە، هونەرمەندی وێنەکێش بڕیار دەدات بە دوای ئەو ژنەی ناو تابلۆکەدا بگەڕێ لە زەمینی واقیعدا و ئەو کەسە بدۆزێتەوە لە ئەندێشەیدا سکێجی کردووە، هەرچەند دەگەڕێ ناگات بەو کەسەی لە پۆرترێتەکەیدا وێنەی کێشاوە، بۆیە نائومێد دەبێت. مەبەستی من لەم چیرۆکە ئەوەیە هەرگیز مرۆڤ ناگاتە ئەو وێنە خەیاڵییەی خۆی لە مێشکیدا بۆ ئافرەتێک کێشاویەتی کە بڕیارە ببێتە عاشقی یان هاوسەری یان نیوەکەی تری. خەسڵەتی منیش لە چیرۆکدا وایە، بەردەوام حەزم بە کۆتایی تراجیدیی و پڕ نائومێدیی هەیە.
کاتێک بیرم لە نووسینی ئەم چیرۆکە دەکردەوە و هێڵکارییەکانیم لە مێشکی خۆمدا دەکێشا، نقومی ناو دنیای “کاروان عوسمان” ببووم، چەند گۆرانییەکم بۆ چەندین جار دووبارە کردەوە، بەڵام گۆرانی “بهێنە بەرچاو موڵک نەبێت” زۆر دڵگیرە لای من، بەتایبەت گۆرانییەکە ناوەڕۆکێکی سۆسیالیستی هەیە و بەمشێوەیە دەستپێدەکات:

بهێنە پێش چاو موڵک نەبێ
ئاسانە ئەگەر تێفکری
هیچی موڵکی هیچ کەس نەبێ
سەر سەریشمان تا چاو بڕێ
غەیری ئاسمان چیدی نەبێ
رەنگە بڵێی خەیاڵات ئەکەم
بەڵام هەر من نیم وا ئەڵێم….

من تازە زانیومە، “کاروان عوسمان” سەرباری خڵتەی بیروڕای ناسیۆنالیستی، کەسێکی سۆسیالیست و چەپ بووە، ئەمە هێندەی تر وابەستەی کردم بە دنیای هونەریی ئەو هونەرمەندەوە، هەرچەندە دەسڵەمێمەوە لەوەی ئایا بە راستی ئەو هونەرمەندە پیاوکوژ بوو؟، بەڵام ئەو تۆمەتەش هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە دنیایەکی هونەریی تایبەتی هەیە، لەم رووەوە تێزی “رۆلان بارت” کە بەرهەم و ژیانی تایبەتی خاوەن بەرهەم جودا دەکاتەوە، لای من زۆر گرنکی هەیە. ئەوەی بۆ من گرنگە هونەرە نەک ژیانی تایبەتی هونەرمەند.
بەهەرحاڵ، ئەمڕۆ دەمەوێ پەلە بکەم، لە نووسینی ئەو چیرۆکە، بەڵام کتێبێکی “کرباسی” بە ناوی “تەورات و ئیمپریالیەت” لە بەردەستمە و دەمەوێ زۆر بە زوویی تەواوی بکەم. ئەمەش دوای ئەوە هات کتێبە نایابەکەی “ئیدوار سەعید”م بە ناونیشانی “الصور المثقف” دوو جار خوێندەوە. دەبێت ئێستا کاتەکە بدەم بە نووسینی چیرۆکەکە، چوونکە وا بڕیارە هاوڕێیەکی حزبی شیوعی لە دیمەشقەوە هەموو بەرگەکانی “احیاء علوم الدین”ی “غەزالی”م بۆ پەیدا بکات و بۆم بنێرێ، ئەوسا بواری نووسینم کەم دەبێتەوە، چوونکە ئەو کتێبە چەند بەرگێکە و بابەتەکانی پەیوەستە بە بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامەوە، ئەوەش تموحی منە کە دەمەوێ لە ئیسلام شارەزا بم، چوونکە لانیکەم بۆ ئەمڕۆ زانیارییە ئاینییەکان بۆ کەسانی وەک ئێمەی چەپڕەو گرنگی خۆی هەیە.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
25-8-1997

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 12-15 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.




پیاوێک لە ئاوریشم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

پیاوێکم لە رەنگی وەنەوشەیی خەونی مناڵێک
کە فەقیانەی هەموو ئازارەکانم کردۆتەوە و
لە باوەشی هەموو دەریاکاندا
مرواری عەشقم دۆزیوەتەوە
پیاوێکم لە ئاوریشم و
نەرمتر لە دڵی شیرەخۆرەم
عاشقتر لەو خۆرەتاوەی
پرچی سپی بەفر دائەهێنێ
سەوزتر لەو سنەوبەرە یاخییەی
کۆڵانی دووەمی عەقاری
پیاوێکم لەوەتی فامم کردۆتەوە
لە ناو کتێبدام و
خوێنم بووەتە حیبر و دڵم لاپەڕە و
جەستەم بووە بە چاپخانە
باڵای هەست و شیعرم
هەر رۆژەی گوڵە قەسیدەیەک ئەگرێ
پیاوێکم لە جنسی نەسیم و
خاوەنی دڵێکی سپی
وەک ئەو گوڵە سپییانەی کۆدەکانیان
هەر لای خۆمن و
لە شەبەقی هەر سپێدەیەکدا
بە دڵ بۆنیان پێوە ئەکەم
پیاوێکم بەو هەموو نەرمییەوە
وەک دڵۆپە ئاو
دڵی بەردیش هەڵدەکۆڵم و
گۆرانی بۆ چرای کوژراو
و رەزی سووتاو و کۆتری باڵشکاو ئەچڕم و
ماندوو نابم لە گەڕان
بەناو تونێلە تاریکەکانی عەدەمدا
بە مەبەستی دۆزینەوەی مۆمێکی دڵشکاو
پیاوێکم هەرچی فریشتەیە ئەمناسن و
چی دار هەنارە خۆشیان ئەوێم و
لەناو کپی و سکوندا
خەیاڵ بە دەنگ ئەهێنم
لە ناو جەنجاڵیشدا
ئایەتەکانی بێدەنگی ئەنوسمەوە و
لەناو قەفەزی ژیانیشدا
بولبول ئاسا ئاوازی ئازادیی ئەخوێنم
پیاوێکم سپیتر لە بەفر و
روونتر لە ئاوێنەی کچێکی شۆخ
پاکترم لە دامێنی مریەم و
بڵندترم لە لوتکەی چیا
سادەترم لە منداڵ و
میهرەبانترم لە پەری پرچ خاو
پیاوێکم بۆ کۆکردنەوەی وشە ئەژیم و
بۆ شیعر ئەمرم
لە ئازارەکانەوە جوانی هەڵدەهێنجم و
لە خەیاڵەکانەوە کانیاوی ئەوین هەڵدەقوڵێ
لە بیابانی فیراقەوە
پەیامی خۆشەویستی و
پێغەمبەرایەتی خۆم ئەنێرم




فلاشباک.. بەشی یەکەم– نووسینی: ستیڤان شەمزینی

خوێندنەوەی ئەزموونی تاکە کەسێک، بەتەنێ خوێندنەوەی روئیا و بیۆگرافی کەسایەتییەک نییە، بەڵکو لەو رێگەیەوە بە زەمەن و رەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیان و تێرمی بیرکردنەوەی ماوەیەکی مێژوویی دیاریکراوش ئاشنا دەبین، بە مانایەکی تر ئەشێ بتوانین زۆر هەڵهێنجانی فکریی و سۆسیۆلۆژیی لە خوێندنەوەی ئەزموونی کەسێکەوە دەستبخەین. لەو باوەڕەدام ئەم جۆرە ئەزموونانە یارمەتی باشی توێژەران دەدا بۆ ناسینەوەی قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی نزیک. ئەوەی من نوسیوومە بۆ ئەو کاتە تەنیا رەشکردنەوەی لاپەڕە بوو لەلایەن گەنجێکی پڕ حەماسەوە بۆ کاروچالاکی رۆشنبیریی تەنانەت بۆ شۆڕشیش، بەڵام بۆ ئێستا ئەشێ ماددەی خاو بێ بۆ لێکۆڵەران بە مەبەستی ناسینەوەی شەقڵی نەوەی یەکەمی دوای راپەڕین. لە پەنا ئەمەشدا بۆ دیاریکردنی ئاستی گەنجانی ئەو زەمەنە، جیا لەمەش تێگەیشتن لە خەون و خەیاڵاتی گەنجانی ئەو ماوە دیاریکراوە.
ئەوەی من لە دەفتەری رۆژانەی خۆمدا تۆمارم کردووە، زۆر لەمە زیاترن لێرەدا هەن، بەڵام هەوڵمداوە چەند بەشێک هەڵبژێرم، تاکو بگاتە بەردەمی خوێنەر، لەبەرئەوەی هەموو بەشەکان پێکەوە دەبوونە درێژدادڕییەکی ناپێویست و هاوکاتیش هەموویان شایانی بڵاوکردنەوە نین. لێرەدا خۆم بە ئەنقەست پەڕاوێزم بۆ ناوی کەسایەتی و هەندێ رووداو دانەناوە، چوونکە ناخوازم وەک بابەتێکی مێژوویی سەیری بکرێ، بە قەدەر ئەوەی بۆم گرنگە وەک ئەزموونێک لێی بڕوانرێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سیاقی مێژوویی نووسراوەکان و ئاستی رۆشنبیریی و تەمەنی نووسەر کە ئەوسا خوێنەرێک بووە یان لە سەرەتای پرۆسەی نووسیندا بووە.
پێم خۆشە خوێنەری کوردیش ئاشنا بێت بەم جۆرە لە فەرهەنگی نووسین، نەک تەنیا مێژووی رووت وەک پانۆرامای رووداوە گەورەکان، کە دواجار دەبێتە حکایەتێکی خۆش و بابەتی شەوچەرە، بەڵام ئەم تەرزە نووسینانە تایپێکی ترن، خوێنەر فێری بیرکردنەوە و تێڕامان دەکەن، بە دیوێکی تریشدا ئەزموونی نەوەی ئێمە رەوانتر دەگاتە نەوەی دواتر و ئێستاش. دەتوانم کارەکەم ناوبنێم نووسینەوەی وردە مێژوو، گرنگ ئەوەیە توێژەری زرنگ پەیدا بن، بتوانن کەشفی بەهای گرنگ بکەن لەم ئەزموونە تاکەکەسییەوە، سیمای نەوەیەکی پێ بناسنەوە کە ناومناوە نەوەی بەدبەختییەکان، چوونکە ئێمە نەوەیەک بووین لە نێو کورەی شەڕی ناوخۆ و ئابڵوقەی ئابووریدا ژیانمان لێ تاڵ کرابوو، هەستمان بە پووچی هەموو شتێک دەکرد، لە پێش هەموو شتێکیشەوە ژیانمان بە پووچ دەزانی.
بەهەرحاڵ ئەمە ئەزموونی منە، دڵنیام هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی ترم ئەزموونی دەوڵەمەندتریشیان هەیە، بەڵام من سەردەقی کارەکەم شکاند بی ترس و رارایی، بێ دەستکاریی و ئیزافەکاریی، یادداشتەکانی رۆژانەی خۆمم خستە بەر چاوی خوێنەران. هیوادارم هەوڵەکەم کۆتا کار نەبێت لەو نێوەندەدا، بەڵکو ببێتە جۆرێک لە هاندان بۆ هاوڕێ و هاوتەمەنەکانم ئەزموونی خۆیان بنووسنەوە یان ئەگەر شتێکی هاوشێوەی ئەمەی منیان هەیە، بڵاوی بکەنەوە، چوونکە وەک هێمام بۆ کرد ئەمە بە تەنیا ئەزموونی کەسێک نابێ ئەو کاتەی بگاتە دەستی خوێنەران، بەڵکو دەبێتە بابەتێک کە مێژوو و ئەدگاری نەوەیەکی کڵۆڵی پێ دەناسرێتەوە. بایەخەکەشی زیاتر بۆ توێژەرانی کۆمەڵناسییە کە دەبێتە ژێدەرێکی بەپێز بۆ لێکۆڵینەوە سۆسیۆلۆژییەکانیان. رەنگبێ زۆر سوودی تری هەبێ بۆ لێکۆڵەرانی تر، کە لەوانەیە ئێستا بە هۆشی مندا نەیەت. گرنگ ئەوەیە کارەکەم خستۆتە بەردەم خوێنەران، ئیدی لەوە بەدوا چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت نازانم.

-1-

ئەمڕۆ هەست بە ماندووبوون دەکەم، هەم جەستە و هەم دەروون و مێشکم ماندوون. دوێنێ مەراسیمی یادی دامەزراندنی حزب لە سەهۆڵەکە بەڕێوە چوو. کارکردنمان بۆ سەرکەوتنی ئاهەنگەکە زۆر ماندووی کردین. ئەگەرچی لە ناوەڕۆکی وتارە سواوەکان زۆر بێزار بووم، بەڵام هێشتا ئەم چرا کزە بە تاقانەترین تروسکە دەبینم. ناسیۆنالیزم و دین، دەستیان ناوەتە قوڕقوڕاگەی مرۆڤی کوردەوە، هەر دوو رەوتی کوردایەتی و ئیسلامی، لە خوێن و کابووس و فرمێسک زیاتر، شتێکی دیکەیان بۆ کۆمەڵگە پێ نەبووە و نییە، لەم سۆنگەوە کۆمۆنیزم تاکە رێگا چارەیە. رەنگە ئەم وتەزایە لە خۆیدا تاکڕەهەند و دۆگمایانە بێتە پێش چاو، بەڵام واقیعی حاڵیشە.
دوای تەواوبوونی مەراسیمەکە، لەگەڵ هاوڕێیان “نەورۆز جەزا، سروود خالید، ئاسۆ عوسمان” جەدەلێکی زۆرمان کرد. ئاسۆ و سروود لە سەنگەری داکۆکیدان لەم سیاسەتەی ئێستای حزب، نەورۆز و من، رەخنە لەم شێوازە لە تێفکرین و کارکردنی سیاسیی دەگرین. ئەگەر کار بەم شێوەیە بڕوات، حزب دەبێتە دەزگایەکی مردوو و بەرهەمهێنی لۆمپنیزمی سیاسیی. ئەوەی من تەرحم کرد، دیدێکە کەوتۆتە ژێر کاریگەریی روانگەی “لوی ئاڵتۆسێر”، ئەوەی ئەوانیش داکۆکیی لێدەکەن بە تەنێ جووینەوە و دووبارەکردنەوەی تێزەکانی هاوڕێ “مەنسوور حیکمەت”ە.
برادەران وا دەزانن لە سیاسەت بێزارم، نا مەسەلەکە بەم شێوەیە نییە، ئەنگڵس وتەنی “دوورکەوتنەوەی هەمیشەیی لە سیاسەت کارێکی مەحاڵە، تەنانەت هەموو رۆژنامە لایەنگرەکانی دابڕان لە سیاسەتیش، خۆی لە خۆیدا سەرقاڵی سیاسەتن”. تەنێ لەم نۆرمە لە کاری حزبایەتی بێزارم، لەوە دڵنیام ئەم مۆدیلە سەمەرێکی نابێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا یەکێکم لەو کادرانەی زۆر چالاکانە کار دەکەم، چوون ئومێدێکی بچووکم هەیە حزب بتوانێت بگەڕێتەوە سەر ریتمێکی عەقڵانی و سیاسیانەتر کە پێویستە ئەم شێوازە وشک و ئەرسەدۆکسییەتەی خۆی بگۆڕێت. بێزاریشم لەو جۆرە ئەدەبیاتەی قسەی پێ ئەکەین، پێویستە ئیش بۆ گۆڕینی ئەو زمانە بکەین.
ئەگەرچی گفتوگۆکە گەرم و دوور و درێژ بوو، بەڵام لێی هەڵاتم، لەبەرئەوەی بێزار و خەمۆک بووم، چوونکە هەر دوێنێ وەک هەمیشە دڵی دلبەرم ئێشاند و ئازارم دا. کاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی دوێنێ بڕیارمدا بوو ئەم کۆپلە شیعرەی “بەکر عەلی” کە دەڵێ “حەزم ئەکرد بەرلەوەی بڕۆمەوە .. نازدارەکەم لە پێکێکدا بتخۆمەوە” پێشکەش بە مەعشوق بکەم، زۆری نەبرد لەبەر غیرە و هەستی ئەوەی خیانەت لە عەشقەکەی دەکەم، شەڕێکمان قەوماند دەبێت لە مێژوودا بە کتێبێک بنووسرێتەوە “ئەو چرکانەی دنیایان هەژاند”. منیش لە داخدا بە دلبەرم وت ئیتر بڕۆ بۆ هەمیشە لێم دووربە. پێشنیاری ئەوەم بۆ کرد، بەردەوام ئەو دێڕە شیعرەی “نالی” وەڵامی هەموو داخوازییەکێتی.
گوتم قوربانی تۆ من بم، گوتی قوربانی تۆ سەگ بێ
گوتم شیشەی دڵم ناوێ، گوتی بۆچیمە؟ مەکسوورە
بەراستی زۆر قورس بوو ئەو دێڕانە، ئەو بە من بڵێ بە قوربانت بم، منیش لە بری ئەوەی خۆم بکەمەوە بە قوربانی، بەوپەڕی دڵڕەقییەوە بڵێم سەگ قوربانی تۆ بێت و نامەوێ بێمە ناو دڵی شکاوی تۆوە!!. ئاخر من کێم ئەوەندە لە خۆبایم؟. هەست دەکەم نەزعەیەکی سادیستانەی ترسناکم تێدایە، بە تایبەت بەرانبەر بە یار. خۆم بە خۆم بم.

22-7-1997

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 5-11 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.




عەشق سەرەتایە.. ستیڤان شەمزینی

ئەمەوێ بە هێمنی و
بە زمانێکی رەوان بە گوێتا بچرپێنم
رۆژەکان کۆتایی شەوەکانن
شەوەکانیش کۆتایی رۆژەکان
باران کۆتایی حەسرەتاویی هەورەکانە و
هەورەکانیش کۆتایی
هاڵاوی دڵی دەریاکانن
شاخ دوا هەنگاو و کۆتایی دەشتە
دەشتیش کۆتایی گردەکان
ئاسمان کۆتایی زەوییە
زەویش کۆتایی ئاسمان،
ئای کە سەیرە!
جادووەکە ئەوەیە عەشق هەردەم سەرەتایە!
ئەمەوێ بە ئەسپایی بە گوێتا بچرپێنم
کۆتایی هیچ شتێک نییە و
هیچ شتێکیش کۆتایی پێ نایێ
فرمێسک کۆتایی زەردەخەنەیە
خەندەش کۆتایی ئەسرین
ژیان کۆتایی نەبوونە و
مردنیش کۆتایی هەبوون
رووناکی کۆتایی تاریکییە
تاریکیش کۆتایی تیشک
رەشەبا کۆتایی ئارامیی سروشتە
سروشتیش کۆتایی عەدەم
شەپۆل کۆتایی تووڕەیی زەریایە
زەریاش کۆتایی وشکانی
کەچی گیانی گیانم
جادووەکە لەوەدایە عەشق هەمیشە سەرەتایە
ئەمەوێ بە دەنگێکی نەرمتر لە سمفۆنی
بە گوێتا بچرپێنم
شادیی کۆتایی ناخۆشییەکانە
ناخۆشیش کۆتایی خۆشی
ئازادیی کۆتایی کۆیلایەتییە
کۆیلایەتیش کۆتایی خەونی ئازادیی
ماندووێتی کۆتایی حەسانەوەیە
حەسانەوەش کۆتایی رەنجدانە
ئازار کۆتایی ئاسوودەییە
ئاسوودەیش کۆتایی ژان و ئێش
نیگەرانیی کۆتایی گەشبینییە
گەشبینیش کۆتایی نائومێدیی
خەون کۆتایی واقیعە و
واقیعیش کۆتایی هەموو خەونەکان،
بەڵام نهێنییە گەورەکە لێرەدایە
عەشق بەردەوام سەرەتایە
درەخت کۆتایی نەمامە
نەمامیش کۆتایی لقی درەختێکی تر
باخچە کۆتایی بێروونە و
بێروونیش کۆتایی پڕ حەژمەتی ئاو
چیمەن کۆتایی دارستانە
دارستانیش کۆتایی رووتەڵان
کورسی کۆتایی پادشاکانە
پادشاکانیش کۆتایی رەوشت
پەنجەرە کۆتایی ئاسۆ روونەکانە
ئاسۆی روونیش کۆتایی شەوەزەنگ
ببینە تەڵیسمەکە هەر لێرەدایە
عەشق هەمیشە هەر سەرەتایە
ئەمەوێ بەدەنگێکی تەژی کەسەرەوە
بچرپێنم بە گوێتا
روانین کۆتایی چاوداخستنە
چاوداخستنیش کۆتایی بیرکردنەوە
وتن کۆتایی بێدەنگییە
بێدەنگیش کۆتایی قسەکردن
گوڵدان دوا ژوانگەی گوڵە
گوڵیش دوا ئاوازی باخچە
شەراب دوا فرمێسکی ترێیە
ترێش دوا مرواری رەز
لە بیری مەکە گیانی گیانم
عەشق هەمیشە هەر سەرەتایە
ئەمەوێ بە دەنگێکی غەریبانەوە
بچرپێنم بە گوێتا
گوومان کۆتایی یەقینە
یەقینیش کۆتایی پرسیارە
پرسیار کۆتایی وەڵامە
وەڵامیش کۆتایی پرسیارێکی تر
هەڵوەرین کۆتایی چرۆکردنە
چرۆکردنیش کۆتایی هەڵوەرینێکی تر
ئاوێنە کۆتایی روانینە
روانینیش کۆتایی تەمەنی ئاوێنە
پەرستگا کۆتایی خودایە
خوداش کۆتایی ئەقڵە
“هیچ” کۆتایی هەموو شتێکە و
هەموو شتێکیش کۆتایی “هیچ”ە
گیانی گیانم سەیرەکە لەوەدایە
هەمیشە عەشق سەرەتایە!
عەشق سەرەتای بێ کۆتایی و
بێ بڕانەوەی هەموو شتێکە

27-5-2017
ئەڵمانیا




ناوى كتێب: دەستنووسێكى كۆنى عيشق

ناوی كتێب: ده‌ستنووسێكی كۆنی عیشق
o بابه‌ت: شیعر
o نووسینی: ستیڤان شه‌مزینی
o دیزاین: هه‌رێم عوسمان
o چاپ: چاپخانه‌ی كارۆ
o تیراژ: ١٠٠٠ دانه‌
o نۆبه‌تی چاپ: چاپی یه‌كه‌م
o ساڵی چاپ: ٢٠١٧ – سلێمانی
o نرخ: ٢٠٠٠ دینار

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ئاى میللەتێکى چەندە سەیرین!.. ستیڤان شەمزینی

*سەرهەنگ (موعەمەر قەزافى) لە هەندێ وڕێنەدا دەڵێت: کوردەکان مافى دەوڵەتیان هەیە، بەبێ ئەوەى بە کردەوە هیچ نیشان بدات، لە دەسپێکدا کتێبە بێ سەرو بەرەکەیمان کرد بە کوردیى (کتێبى سەوز)، گۆڕەپانێکى گەورەش لە شارەکەماندا (سلێمانى) ناو دەنێیین (گۆڕەپانى براى سەرکردە موعەمەر قەزافى)، هەندێک کوردى بێ ئاوەزیش دەمێک دەیکەنە سوارچاکى هۆزى هەمەوەند و دەمێکى تر پیاوماقووڵى جافى میکایەڵى. کەچى تاکە گەنجێکى بیست ساڵانى شارى سلێمانى نییە ژەنەراڵ شەریف پاشای کوڕى شارەکەى خۆى بناسێ!، چون ناوى ئەم زاتە و بنەماڵەکەى (خەندان) لە کولەکەى تەڕیشدا نییە، کەناڵەکانى تەلەفزیۆنیش لەبەر بەرنامەى بێ لەزەت ماوەیان نییە بۆ یادکردنەوەى ئەم سەرکردە و دیپلۆماتکارە گەورەیەى کورد.

*خەڵکانێکى خڵەفاو هاتوون بەشان و شکۆى (مێجەرسۆن)دا هەڵدەدەن و پێیانوایە سۆن بە خاترى کورددۆستى رۆژنامەى (تێگەیشتنى راستى) دەرکردووە، هەندێکى تر دەڵێن پایەدار (مێجەر نۆئێل) خەمخۆرى کوردان بوو، بەعزێکى تر (ئەدمۆنز) لە قازى محەمەد بە کوردپەروەرتر دادەنێن. ئاخر ئەمانە کە ئەفسەرى داگیرکەرى بەریتانیی بووبن ئیدى هەر کارێکیان کردبێ لەبەر خاترى چاوى کاڵى کورد نەبووە، بەڵکو بۆ خۆڵکردنە چاو بووە. مادام سۆن و نوئێل و سێر کۆکس بە کورد و مامۆستاى کوردایەتى دەرچوون، دوور نییە دواى سەدەیەکى تر نەوەکانمان پەیکەر بۆ عەلی کیمیاى و کاکل ئاغا و نزار خەزرەجى و عەبدوڵڵا عەباس دروست نەکەن.
*هەندێک گومڕا دەڵێن شێخ مەحمودى حەفید لە کاتى تەوقەکردن لەگەڵ ئەفسەرە ئینگلیزەکاندا فەقیانەکەى لە دەستییەوە ئاڵاندووە تا گڵاو نەبێ، چوونکە ئەوان کریستیان بوون. من پێرێ لە پاسێکدا گوێم لەم قسەیە بوو کە پێموایە زۆر دەمێکە باوى نەماوە، بەڵام سەیر لەوەدا بوو برادەرێکى نووسەر دواى نۆشینى نیو قاپ شەراب هەمان شتى وت، ئێستا کاتى خۆیەتى بپرسین ئەگەر شێخى نەمر ئینگلیزى ئەهلى کیتابى بە گڵاو لە قەڵەم دابێت، ئەى چیداوە لەوەى نامە بۆ شوورەوى بێ ئاین و (لینین)ى کۆمۆنیست بنووسێ؟ ئایا ئەو هەڤاڵانە ناوى تەواوەتى سەرجەم شالیارەکانى دەوڵەتەکەى شێخ دەزانن؟ ئەگەر بیزانن یان نا کێشە نییە، بەڵام با تۆزێک خۆیان ماندوو بکەن و شتێک لە بارەى وەزیرى خەزنە و دارایى زانیاریى پەیدا بکەن و بزانن کێ بوو؟ کەریمى عەلەکەى کریستیانى خەڵکى سلێمانى بوو. ئایا دەکرێ شێخ لەلایەک مەسیحى بە گڵاو بزانێت و لەلایەکى تر مەسیحى بکاتە وەزیرى خۆى؟ ئەمە ئەگەر عەقڵى سەیرى کوردیى نەبێ کێ سەر لەم گێژەنە دەردەکات؟.

*جاران و ئێستاشى لەسەر بێت هەندێ حزب، یەکێک بە بیانووى چەپ و پێشکەوتووخوازیى و ئەویتریان بە پاساوى مرۆڤدۆستى و ئاینیى، لە خاڵە هەرە سەرەتاییەکانى پەیڕەو و پڕۆگرامى پارتەکانیاندا دەیانووسى: بەڵێ بۆ دەوڵەتى سەربەخۆى فەلەستین، نا بۆ داگیرکەرى سەهیۆنى و ئیمپریالیزم!. کەچى هەر دەگەڕانەوە بۆ وڵاتەکەى خۆیان داواى ئۆتۆنۆمییان دەکرد، سەیرى ئەم قوڕمساخییە تۆ ئازادیى بە خۆت رەوا نابینى کەچى بۆ خەڵکى ترى داوا بکەیت! دەى تو خوا ئەمەش سەیرییەکى ترى میللەتى ئێمە نییە؟. بۆیە زۆر جار ئەم رستەیەی خۆم دووبارە دەکەمەوە: کورد پێویستی بە دەوڵەت نییە!!، ئاخر کورد خۆی پێ بچووکە بیکە بە خاوەنی ئیمپراتۆریایەکی مەزنی وەک ئەو ئیمپراتۆریایانەی مێژوو ناتوانێت لە یادیان بکات، دەیکاتە قوربانی خەونی بچووکی خۆی، خەونێک قاچێکی لە ناو گرێی دەروونیی و خۆ بەکەمزانین و قاچەکەی تری لە زەلکاوی خەیاڵدانە قەزەمەکەی ناوچەگەرییدایە.

*جەواهیرى لە شیعرێکیدا دەڵێت: دڵم بۆ کوردستان …. لەسەر کڵاوەکەشى نوسیبوو کوردستان. بەبڕواى من ئەمە هەڵوێستێکى جوامێرانەى ئەو شاعیرە بوو، بۆیە نەنگى نییە ئەگەر ئێمەش ئەومان خۆش بوێ، هەنووکە لە هەردوو شارى سلێمانى و هەولێر دوو پەیکەرى برۆنزى بە حیمایەوە بۆ دانراوە، سەیر بکە کەم چیرۆکنووس و شاعیرى نەوەى پێشوو هەیە، شیعرێک یان چیرۆکێکیان بۆ فەلەستین نەنووسیبێ و پشکدار نەبووبن لە دەوڵەمەندکردنى ئەدەبى مقاوەمەدا. ئەم نووسەرانەى ئێمە نەک لە فەلەستین پەیکەریان بۆ دروست نەکراوە، بەڵکو عەرەب هەر بێزیشى نەهاتووە بەرهەمەکانیان بۆ سەر زمانى عەرەبى وەربگێڕێ، هێشتاش ئێمە خۆمان بە قەرزارى عەرەب و هەڵوێستى هەندێک لە رۆشنبیرەکانیان دەزانین. ناهەقمە ئەگەر رووى دەمم بکەمە هەموو کوردێک و بڵێم ئایا بە راستى ئێمە میللەتێکى سەیر نین؟.

*سەرەتاى شەستەکان و شۆڕشى ئەیلول، ژەنەراڵ مستەفا بارزانى کاتێک بڕیاری دا ئاگربەست رابگەیەنێت بۆ دانوستان لەگەڵ رژێمى ئەوکاتى عێراق، باڵى مەکتەبى سیاسیى (جەلالی) کردیانە دەنگە دەنگ و هاتوهاوار لێى، گوایە ئەمە پلانى ژێر بە ژێرى زایۆنیزمە و مەلا مستەفا کوردى فرۆشتووە بە سێو و پرتەقاڵ. کەچى ماوەیەکى زۆرى نەبرد، خۆیان بوونە جاشى هەمان ئەو رژێمە و بە چەک و تانک و تۆپى بەعس نیشتمانى خۆیان کردە سوتماک، شاخ و چەم و دۆڵى کوردستانیان وەک دەندوکى کەو سوور دەکردەوە، هێشتا پێیان عەیب نەبوو. زۆر جاریش گوێم لەوە دەبێت، دەڵێن نابێ بوترێ جەلالی یان باڵى مەکتەب سیاسیى دەبێ بوترێ باڵى مۆدێرنى دژ بە باڵى پارێزگار. ئاى میللەتێکى چەندە سەیرین، بە تێپەڕبوونى مێژوو خیانەتەکان نەک هەر کاڵ دەبنەوە، بەڵکو دەگۆڕێن بۆ خزمەت و وڵاتپارێزیى، لەوانەیە سەدەیەکى تر شێخ چۆپى و تەحسین شاوەیس و قالە فەرەج و ئەرشەد زێباریش بە خەباتگێڕ لە کتێبى مێژووى خوێندنگەکاندا ناویان تۆمار بکرێت!.

*لارییم لە خەباتى رێبەرى مەزن مەلا مستەفا بارزانى نییە، کەچى ئەو سەرەڕاى ئەوەى لە وڵاتەکەى خۆیدا ئەسپەردە کرابوو (شارى شنۆ)، بەڵام سەرکردایەتى پارتى بڕیاری دا تەرمەکەى لە پاڵ تەرمی (ئیدریس بارزانى)دا بگەڕێنێتەوە بۆ زێدى لە دایکبوون (گوندى بارزان). لە کاتى ئەم هاتنەوەیەشدا جەماوەر خرۆشا و بە تاسەوە پێشوازیى لە تەرمەکانیان کرا، بەلاى منەوە ئەمە شتێکى ئاسایى بوو خۆ ئەگەر تەرمەکەشى لە شنۆ بمایاتەوە هەر ئاسایى بوو، چوونکە شارێکى کوردییە و مەلا مستەفاش بە گشتیى شۆڕشگێڕى هەر چوار پارچەکەى کوردستان بووە، بەشدارییکردنى ئەو لە کۆمارى دیموکراتى کوردستاندا بە رێبەریى قازى محەمەد بەڵگەیەکە بۆ ئەو قسەیە. بەڵام ئایا سەرکردایەتى کورد بۆ ئەقڵى بەوە ناشکێ چنگێ خۆڵ و لم لە بیابانەکانى سعودیەوە هەڵبگرێ و ناوى لێبنێ رۆفاتى پیرۆزى شێخ عوبەیدوڵڵاى نەهری “شەمزینی” و بێگەڕێنێتەوە بۆ وڵات و لە یەکێک لە چیاکانى کوردستان وەک هێمایەکى خەبات دایبنێت؟ ئایا کامیان گرنگە ئێسک و پروسکى سەرکردەیەک لە خاکى عەرەب رزگار بکەین یان تەرمى سەرکردەیەک لە شارێکەوە بۆ شارێکى دى کوردستان وەگوێزینەوە؟ ئایا ئێمە میللەتێکى سەیرو غەریب نین، ئەوەندە دڵڕەقین لەگەڵ دڵسۆزانى وڵاتەکەماندا؟.

*مام جەلال پیاوێکى سیاسیی و سەرکردەیەکى ناسراوە، کە هەڵیانبژارد بۆ سەرکۆماریى عێراق نەک کورد، بەڵکو زۆرێک لە بیانییەکانیش بە لایەقترین و شایستەترین کەسیان زانى بۆ ئەو پۆستە. بەڵام ئەگەر مام جەلال دە ئەوەندەى تر شایستە تر بوایە بۆ بەڕێوەبردنى ئەو پۆستە، بە دەنگ و سەنگى میللەتى کورد نەبوایە پێى نەدەخستە کۆشکى کۆمارییەوە. ساتێک مام جەلال بووە سەرکۆمار شایى و لۆغانى لە سلێمانییەوە بۆ بنى دنیا درێژ بۆیەوە و وەک رۆژى 7-3-1991 زەماوەندمان گێڕا، کاتێک کەناڵێکى عەرەبى چاوپێکەوتنى لەگەڵ سازدا و پێیان وت دەیانەوێ وەک کابرایەکى خۆش مەشرەب و نوکتەباز، چەند نوکتەیەکیان بۆ بگێڕێتەوە، کەچى ئەو دە پانزە نوکتەى لەسەر کورد گێڕایەوە و هەموو جارێکیش دەیووت (جاء الکردی….) جا مام جەلال لەو ئاستە بەرزەدا و بە دەنگى کورد چوو بێتە ئەو پلەو پایەیەوە، ئاوها گاڵتە بە گەل و نەتەوەکەى بکات، بۆچى دەبێ دوودڵ بین لەوەى بڵێین ئێمە میللەتێکى سەیرین، هەر ئەم سەیرێتییە وایکردووە لە مێژوودا نەبینە هیچ.

*رۆژى 24-12-2006 لە فێستیڤاڵى پەنجا ساڵەى کۆچى دوایى شێخ مەحموددا (د.ئەفراسیاو هەورامى) کۆڕێکى نایابى بەڵگەنامەیى لەسەر پەیوەندیى شێخ مەحمود و تورکەکان و روس پێشکەش کرد بە تایبەتى لە رێی ئەو بەڵگەنامانەى لە سۆڤێت دەستى وى کەوتبوون. د.ئەفراسیاو باسى ئەوەیکرد دروشمى کرێکاران و گەلانى بندەستى دنیا یەکگرنى لینین و یارمەتیدانى گەلانى ژێر دەستى جیهان لەلایەن شورەوى تەنیا قسەى رووت بوون و لە بوارى کرداریدا خێرێکى بۆ کورد تیا نەبووە. کەچى خوێنەوارێکى چەپى مارکسى کە بە شەخسیى زۆرم خۆشدەوێ زۆر بە توندیى لە جێى خۆى بەرزبووەوە و بەدحاڵیانە وتى: هاوڕێ لینین (وەک ئەوەى نان و پیازى لەگەڵ خواردبێت) قەت پشتى لە چەوساوەکان نەکردووە و شورەوى بێ بەڵێن نەبووە، بەڵکو هەلومەرجى زاتى و عەینیى لەبار نەبووە تا یارمەتى راستەوخۆى خەباتى گەلی کورد بدەن. بیر دەکەمەوە، ئەم هاوڕێیە نە باڵیۆزى روسیایە و نە ئەندامى سەرکردایەتى حزبى بەڵشەویک و نە نوێنەرى (هاوڕێ لینین) یان (هاوڕێ ستالین)!، ئیتر ئەم داکۆکییە کوێرانەیە چییە لە سۆڤێتى گۆڕ بە گۆڕ؟ لینین زیندوو بکەرەوە دان بەوەدا دەنێ کەمتەرخەم بووە لەو رووەوە. کەچى کوردە کۆمۆنیستەکان هێشتا مکوڕن لەسەر ئەوەى داکۆکى لەو هەڵە و بێباکییە گەورەیە بکەن سۆڤێت دژى گەلەکەیان هەیبووە، ئایا لەمەشیاندا قسەکەى من راست نەبوو کە دەڵێم ئێمە میللەتێکى سەیرین؟!.

*ئێمەیلێکم بۆ هاتبوو، لەبەر پاشگرى (شەمزینى) دواى ناوەکەم لەبرى خۆم یەک ملیۆن جنیۆى ناشیرینى بە شێخ عوبەیدوڵڵاى نەهرى (شەمزینى) دابوو، ئەوى بە خائین و فیوداڵێکى بێ عەقڵ لە قەڵەم دابوو، پێم سەیر نییە کەسێکى ئاسایى بە تاوانى یەک تاکە کەسى شەمزینى هەموو شەمزینییەکان بە تایبەتى ناسراوترینیان دەسوتێنێ، چوونکە تازە بە تازە هەردوو مێژوونووسە زیتەڵەکەمان (د.کەمال مەزهەر- د.فوئاد حەمە خورشید) دەڵێن: داواى لێبوردن لە هۆزى سەربەرزى هەمەوەند دەکەین کە بە خائین لە قەڵەممان دابوون!! ئاخۆ کێ بە ئێوەى وتووە بە تاوانێک (موشیرى حەمەى سڵێمان) بەر لە هەشتا و ئەوەندە ساڵ کردوویەتى یەک هۆزى گەورە تۆمەتبار و گوناهبار بکەن بە منداڵى سەر بێشکەشیانەوە؟!. جا ئەگەر مێژوونووسەکانمان بەم تەسکبینى و بێ ئەقڵییەوە مامەڵە لە تەک رووداوە مێژووییەکاندا بکەن و بیرى لێبکەنەوە، لێم مەگرن لە جیاتى یەک تاکە جار یەک ملیۆن دەفعە بڵێم ئاى چەندە میللەتێکى سەیر و سەرسوڕهێنەرین!.

*مێژوونووسێکى ئەکادیمیی (د.فوئاد حەمە خورشید) لە دۆزینەوەیەکى نوێدا و لە تاقیگەى مێشکیدا تازە بە تازە بۆى دەرکەوتووە (موشیرى حەمەى سڵێمان) خائین نەبووە!! بە دەلیلى ئەوەى لە جەنگێکدا بە باشى رێنوێنى هێزەکانى بەریتانیاى نەکردووە، بەڵام وى لە بیرى چووە (موشیر) چاوساغ و جاشى سوپاى ئینگلیز بووە و چۆتە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگەى کورد و دەستى گرتوون بۆ قوڵایى شاخەکان و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خەباتگێڕانى کورد. ئەگەر تازەترین دیکۆمێنت و لێکۆڵینەوە ئەوەمان بۆ بسەلمێنێ (موشیر) خائین نییە، کەواتە دەبێ چاوێک بە بیرکاریشدا بخشێنینەوە، چوونکە دەبێ گومان لەوەش بکەین یەک زائید یەک یەکسان بێت بە دوو، دەبێ لەولاشەوە جێگەیەک بۆ شێخ مەحمود بکەینەوە و پێناسەى بکەین چییە؟. ئایا ئەگەر (موشیر) خائین نەبووبێ کەواتە شێخ مەحمود چی بووە؟ بێ شک شێخ یان موشیر یەکێکیان خائینن، گەر بە قسەى ئەو دکتۆرە بەڕێزە بێ شێخ خائینە نەک موشیر!. مادام هێڵەکانى نەتەوایەتی و وڵاتپارێزیی لەگەڵ خیانەت تێکەڵاو بوون و بە ئاستەم دەتوانین لێکیان جودا بکەینەوە، کەواتە ئێمە میللەتێکى لاژک و گەمژەین و ناهەقم مەگرن ئەم کەڕەتەش بڵێم ئێمە میللەتێکى زۆر سەیرین!!.

*میللەتی کورد میللەتێکی مەرگدۆستە و تا دوا ئەندازە رقی لە هەموو ژیاندۆستییەکە، میللەتێکە جەنگی هەرە گەورەی لەگەڵ ژیانە، ئێوە سەیری بکەن ئەم میللەتە بەرگەی سەدان ساڵی شەڕ و کوشتن و ماڵوێرانیی و خوێنڕشتن دەگرێت، بەڵام بەرگەی بینینی دیمەنی ماچێک ناگرێت لە شوێنێکی گشتیی یان لەسەر شاشەی تیڤی، ئەگەر مێژووی سیاسیی کورد تاریکترین لاپەڕە بێت لە شەڕ و جەنگەکانی یەکتر سڕینەوە، ئەوا مێژووی کۆمەڵایەتیمان پڕیەتی لەو جەنگانەی جوانی و هونەری ژیاندۆستیی سەرکوت دەکەن، لەم سۆنگەوە دەتوانم بڵێم مێژووی کۆمەڵایەتی ئێمە بریتییە لە مێژووی چەپاندنی سێکسیی و قەمعی جوانی و ئیرۆتیک و هەرەس پێهێنانی هەر تامەزرۆییەک بۆ بیناکردنی ژیان. بۆیە ناهەقم مەگرن وەختێک دەڵێم بە راستی میللەتێکی زۆر سەیرین!.
*سۆفۆکلیس، وتوویەتى (سەیرەکانى دنیا زۆرن، بەڵام لە هەموویان سەیرتر ئادەمیزادە)، بەڵام ئەگەر سۆفۆکلیس نوکە لە ژیاندا بمابایە و لە نزیکەوە و تا سەر مۆخ کوردى بناسیبا، رستەکەى بەم جۆرە تەواو دەکرد “سەیرەکانى دنیا زۆرن، بەڵام لە هەموویان سەیرتر ئادەمیزادە، سەیرترین ئادەمیزادیش مرۆڤی کوردە”.

ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم

  • وێنەکە وێنەی هەڵمەتە سەربازێکانی کەمالیستەکانی تورکیایە، بۆ جینۆسایدکردنی کوردی کوردستانی باکور لە سەرەتاکانی سەدەی بیست.(دەنگەکان)

*لە ژمارە (35)ی رۆژنامەی (نێوەند) لە رۆژی 18-1-2007 بڵاوبووەتەوە. بەڵام دوای 14 ساڵ و 4 مانگ ناوەڕۆکەکەی بۆ ئەمڕۆش دەست دەدات.




بە عەشق گەمارۆت ئەدەم.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ئەو دڵە غەمبارەم
پڕە لە عەشقێک کە جگە لە تۆ
کەسی تر
توانای هەڵگرتنی ئەو بارە قورسەی نییە
کەسیش نابێتە
ئەو مەلە سەرچڵەی هاوسەفەرمە
لە تەیکردنی ئاسمانە بێ بنەکانی دڵ
کە باڵی فڕینیشیان شکاندین
جگە لە تۆ و سۆزت
کەسی تر لەگەڵم بەرنابێتەوە
سەر زەوی خەمگینی
ئەو دڵە غەمبارەم
پڕە لە عەشقێکی دێوانەیی کە جگە لە تۆ
پان و بەرینی چامە شیعرەکانیم
هیچ کەسی تر ناگرێتە خۆ و
چرای سەرکزی پەیڤەکانم
هیچ دڵێکی تر رووناک ناکاتەوە
کە بەر شەوارە و
جەژنی شەمشەمەکوێرەکانیش کەوتم
جگە لە تۆ، کەسی تر
دەروازەی رووناکیم بەروودا ناکاتەوە
ئەو دڵە غەمبارەم
کوانووی عەشقێکە کە جگە لە تۆ
کەسێکی تر نییە لە کۆڵانەکانی قەسیدەدا
رێی ئەوینی لێبگرم و
لە دووری دوورەوە
نەرمە نیگای سەرخۆشی تێبگرم
کە تەنیا ئەمێنمەوە
لەسەر سنگی رەقی شەقامەکانی شاردا
جگە لە میهرەبانیت
هیچ دەستێکی تر نایەتە ژێر سەرمەوە
ئەو دڵە غەمبارەم
مەشخەڵی ئاگری عەشقێکە بۆ تۆ
چی تۆوی زەردەخەنەیە
لە پێدەشتی رۆحتا ئەیچێنم و
چی شەتڵی هەنسکتە
بە زەبری پێکەنین دروێنەی ئەکەم
کە ئەکەوینە دۆڵەکانی دڵتەنگییەوە
ترووسکەت ئەبینم
تاکو زۆرتر لێت نزیک ببمەوە
زیاتر درەوشانەوەت بەسەرما ئەڕژێ
ئەو دڵە غەمبارەم،
هێلانەی عەشقێکی ئەبەدییە
کە جگە لە تۆ
بەرووی هیچ پاسارییەکی
ئێسک سووک و مەستدا پێناکەنێ و
دڵی خۆی نادات
بە هیچ هەڵۆیەکی برینداری بەرزەفڕ
کە کەوتیتە هێلانەی دڵی پڕ برین و
تەژی حەزمەوە
داگیرت ئەکەم و
گشت باڵەکانی فڕینت لێ ئەکەمەوە




لە پەڕاوێزی ململانێی پارتی و پەکەکەدا.. ستیڤان شەمزینی

شەڕی عوسمانلی و سەفەوی بە وەکالەت

پارتی و پەکەکە هێندەی جیاوازییەکانیان خاڵی ناوکۆیی و لێکچووی زۆر لە نێوانیاندا هەیە. هەردوولا خاوەنی کاریزمای تەوتەمئاسان و مەیلی سەرکردەپەرستی تیایاندا زاڵە، هەردوولا گووتارێکی ستالینیستانەیان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆی هێزە سیاسییەکانی تر، ئەویش ئەوەیە: پاکتاوکردن یان رادەستبوون. وەک یەک دوو هێزی تۆتالیتێر و تاکڕەهەندن، سەرچاوەی ئایدیا و بیرکردنەوەیان بیروڕای سەرکردە یان رابەرێکە نەک هزرێکی سیاسیی دیاریکراو. وەک یەک مەیلی پاوانخوازیی بووە بە هەموو ئەجیندایان، لە کن هەردوو هێزەکە ئەوەی حسابی لەسەر ناکرێت ویست و رای تاکەکەسە، چوونکە هەموو شت لە قووچەکەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ خوارەوە. هەردوولا کۆمەڵێک پاساو و بەهانەی نیشتمانی و نەتەوەیی دەکەنە سترۆکتۆری رەواییدان بە سیاسەتی داپڵۆسین. وەک یەک مامەڵەی توند دەکەن لە هەمبەر رەخنە و دەنگی ناڕەزایەتی ناوخۆیی و دەرەکی.
ساڵانێکی زۆر یەکێتی نیشتمانی ئەو مەیلە پاوانخوازییەی هەبوو بە تایبەت لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردوو بۆ مۆنۆپۆڵی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان. لەم سۆنگەوە یەکێتی چەندین شەڕی گەورەی لەگەڵ کۆی حزبەکانی تری ناو مەیدانەکە هەڵگیرساند و توانی بەشێوەیەکی رێژەییش سەرکەوتنی بەرچاو بەدەستبهێنێت. دوای راپەڕین تاکە هێزێکی گەورە کە ئاستەنگی بەردەم خەونە پاوانخوازییەکانی یەکێتی بووبێت لە باشووری کوردستان، تەنیا پارتی بوو، ئەمیش هێزێکی هاوشێوەی یەکێتی پاوانخواز بوو و دەیویست بەهەر نرخێک بووە کوردستان بکاتە وڵاتێکی دیکتاتۆریی یەک حزبی و یەکڕەنگی، هەروەک ئەمە هەمان ئەجیندای یەکێتیش بوو، بەڵام دوای رووداوەکانی 31ی ئاب، هاوکێشەکە بە تەواوەتی گۆڕا، یەکێتی لە هێزێکی هێرشبەری پاوانخوازەوە بوو بە هێزێک کە بەرگریی لە قەوارەی خۆی بکات و واز لە هەر خەونێکی پاوانخوازیی بهێنێت.
لەگەڵ پرۆسەی ئازادیی عێراق و چوونی مام جەلال بۆ بەغداد، دەرفەتێکی تر بە رووی ناکۆکییەکانی ناو یەکێتیدا کرایەوە، ئیدی دابڕان و باڵباڵێنی یەکێتی هەموو خەونە پاوانخوازییەکانی ئەو حزبەی خستە تابوتەوە، پاشتر بە جیابوونەوەی گۆڕان، بە تەواوەتی خەونی پاوانخوازیی یەکێتی لە گۆڕنرا. ئێستا یەکێتی هێزێکە هێندەی لە سەنگەری بەرگرییدایە تاکو بەم قەبارەیەی ئێستای خۆیەوە بمێنێتەوە، هیچ کات لە هەوڵی ئەوەدا نییە هیچ نەبێت لەم قۆناغەدا مۆنۆپۆڵی هەموو باشووری کوردستان بکات، بەڵکو هەموو هەوڵێکی لەوەدا چڕ کردۆتەوە زۆنی سەوزی پێشووی لە دەستدا بمێنێتەوە، بۆیە رۆڵی یەکێتی لە شەڕی جەمسەرەکان و ئەنگێزەی پاوانخوازییدا رۆڵێکە لە پەڕاوێزدا، یان ئەکتەرێکی کۆمبارسی ئەو شانۆگەرییەیە عوسمانییە نوێیەکان و سەفەوییە تازەکان لەسەر سەحنی کوردستان وازی دەکەن.
هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە هێزێکی پۆپۆلۆیست و بێ ناسنامەیە، ئەو قورساییەی نییە ببێتە تەرەفێک لە شەڕی جەمسەرەکاندا و بەشدارییەکی ئەکتیڤی تێدا بکا، هەڵبەتە لەم قۆناغەدا لە بەرانبەر پاوانخوازیی پارتیدا لە یەکێتی ئەکتیڤترە، بەڵام یەکێتی و گۆڕان وەک هامشی پەکەکە لە بەرانبەر پارتیدا دەردەکەون نەک وەک دوو هێزی خاوەن پلاتفۆرمی سیاسیی سەربەخۆ، بزووتنەوەی گۆڕان حزبێکی بێ چارەنووسە لە هاوکێشەکانی داهاتوودا، دوور نییە وەک حزبی ئایندە و ئاڵای شۆڕش و پارتی کار، لە زەمەنێکدا خۆی حەل نەکات بە گەڕانەوە یان یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتی، یان دوای نەوشیروان مستەفا* دووچاری لێکترازانی گەورە دەبێتەوە بە هۆی ئەوەی یەک روانگەی سیاسیی هاوبەش نییە ئەو هەموو ناکۆکیی و فرە ئایدیالییەی نێو گۆڕان کۆ بکاتەوە.
ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانەکەدا کێشمەکێش دەکەن وەک دوو کارەکتەری سەرەکیی، پارتی و پەکەکەن. ئەم دوو هێزە وەک وتم دوو هێزی پاوانخوازی مەترسیدارن، کە جگە لە رەنگی خۆیان هیچ دەنگ و رەنگێکی دیکە قبوڵ ناکەن. بۆ وێنە لە رۆژئاوای کوردستان باڵی پارتی “ئەنەکەسە” قەدەغە کراون و زیندانەکانی یەپەگە پڕکراون لە کادرە چالاکەکانی ئەو ئەنجوومە، کەناڵی رووداو قەدەغە کراوە، بەڵام دوای 400 شەهید یەپەگە “مەنبەج”یان رادەستی رژێمی سوریا کردەوە، تا ئێستاش پەیکەرەکانی حافز ئەسەد لە ژێر قەڵەمڕەوی یەپەگە وەک خۆیان بێ دەستکاریی ماونەتەوە، بەڵام لە شاری عامودا هەڵمەتی سووتاندنی ئاڵای کوردستانیان دەستپێکرد!، لەلای پارتیشەوە بارەگاکانی پەکەکە داخراون لە زووەوە، هەڵسوڕاوانی پەکەکە و تەڤگەری ئازادیی رۆژانە دووچاری زیندانیکردن دەبنەوە، پەیامنێری تەلەفزیۆنێکی پەکەکە بەناوی “ویدات” بەشێوەیەکی سیستماتیکراو لە ژێر قەڵەمڕەوی پارتیدا شەهید کرا، رێگە لە میتینگ و ئاکسیۆنی ئاپۆچییەکان گیرا لە شاری هەولێر، بەڵام لە بەرانبەردا چەندین بارەگای ئەرتەشی تورک و میت بە ئازادانە کاری سیخوڕیی خۆیان دەکەن.
لە هەمووی تراجیدییتر ئەوەیە، ئەم دوو هێزە “پارتی و پەکەکە” لە گەمە ناوچەییەکەدا دابەشبوون بەسەر هەردوو جەمسەری ئێرانی و تورکیدا. یان راستتر بڵێم گەڕانەوەیەک هەیە لەلایەن ئەو دوو هێزەوە بۆ زەمەنی ناکۆکیی میرنشینە کوردییەکان و ساتەوەختی پەیماننامەی چاڵدێران کە تێیدا کوردستان بەسەر سەفەوی و عوسمانلیدا دابەشکرا. ئاشکرایە پارتی رێکەوتنی لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە بۆ فرۆشتنی نەوت بەو دەوڵەتە تاکو ماوەی پەنجا ساڵ، هەرچی پەکەکەشە لەوەتی رێککەوتنی لەگەڵ ئێران نوێ کردۆتەوە چالاکی “پژاک”ی سڕ کردووە! جێی پرسیارە لەوەتی شەڕی سوریا هەیە هێزێکی چەکداری رێکخراوی وەک پژاک تەنیا یەک فیشەکیشی نەناوە بە ئێرانەوە! هەر هەڵبژاردنی جەمیل بایک وەک سەرۆکی کۆما جڤاکین کە کوردێکی عەلەویی شیعە مەزهەبە مەدلولاتی سیاسیی خۆی هەیە، رەنگە یەکێک لە مەغزاکانی دڵنیایدان بێت بە ئێران.
ناکۆکی پارتی و پەکەکە، هیچ پەیوەندییەکی نییە بە پرسی نەتەوەخوازییەوە، شەڕی ساردیان کە هیوادارم نەگاتە پێکداهەڵپڕژان و پێکدادانی سەربازیی، پەیوەندیی هەیە بە شەڕی عوسمانلی و سەفەوییەوە، پەیوەندیی هەیە بە نەزعەی پاوانخوازیی ئەو دوو هێزە کە دوو هێزی کۆنسەرڤاتیستی کوردستانن. لێرەدا دەتوانین هێما بکەین بۆ رۆژئاوای کوردستان، کە پارتی دەیەوێ بۆ دڵڕاگرتنی تورکیا لە ژێر دەستی یەپەگە دەریبهێنێت، تاکو لە ئەگەری دابەشبوونی ناوچەکە ئەو بەشەی کوردستان نەبێتە جێگەیەک بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا، هەرچی یەپەگەشە “وەک باڵی سوریای پەکەکە” دەیانەوێ بە ئەجیندای ئێرانی رێگە بگرن لە دابەشبوونی سوریا، هەربۆیە شتێک لە رۆژئاوا نەماوە بە ناوی “کوردستان” بەڵکو زاراوەی “کەنتۆن” جێی ناوی کوردستانی گرتۆتەوە، لە ئەدەبیاتی سیاسیی یەپەگەشدا باس لە هیچ قەوارەیەکی کوردیی نەکراوە، ئەگەر پارتی بیەوێ بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە سوریا بپارێزێ، ئەوە پەکەکەش خواستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانی لە سوریادا هەیە.
سەبارەت بە شەنگالیش کە پەکەکە دەیویست بیکاتە کەنتۆنێک، دیسان ئەمەش هەر هەوڵێکی تری ئێران بوو، تاکو بگەنە بن لووتی تورکیا، لەو رێگەیەشەوە دەروازەیەکی نزیکتر بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ رژێمی سوریا دەستەبەر بکەن. دواجاریش بۆ تەواوکردنی نیوە مانگی شیعە “هلال الشیعی”!! دژایەتیکردنی پارتیش لەو دیدگایەوە بوو تورکیا نەیدەویست لە نزیک سنوورەکانییەوە کەنتۆنێکی سەر پەکەکە وەک پایەگایەکی ئێرانی لە ئارادا بێ، بۆیە ناکۆکیی پارتی و پەکەکە لەسەر کەنتۆنی شەنگال لە سترۆکتۆرەوە ناکۆکیی ئێرانی- تورکی بوو، بەڵام رووپۆشکرابوو بە پرسە نەتەوەییەکان لەلایەن هەردوو لاوە.
ماوەتەوە بڵێم پاساوی پارتی و پەکەکە بۆ ناکۆکی و شەڕکردن لەگەڵ یەکتر، بارۆمەترێک نییە راددەی نەتەوەییبوون و خەمخۆریی هیچکامیان نیشان بدات بۆ دۆزی نیشتمانی، بە پێچەوانەوە وەک لە سەرەتاشەوە چەند جار ئاماژەم بۆ کرد هەر ناکۆکی و شەڕێک لە نێوان ئەو دوو هێزە زیاتر فاکتۆری دەرەکی و خەونی پاوانخوازیی رۆڵی تێدا دەگێڕێ، ئەگەرنا لە دیتنی مندا نە پەکەکە لە پارتی نەتەوەییترە نە پارتیش لە پەکەکە پەرۆشترە بۆ دۆزی کورد. لە ئەگەری هەر شەڕێکدا ناتوانین بڕوا بە هیچ پاساوێک بکەین، چوونکە لە ئێستاوە بەرچاومان روونە داگیرکەرانی کوردستان چ سەفەوی و چ عوسمانی، دەیانەوێ شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە دەرەوەی وڵاتەکانیان و لەسەر خاکی کوردستان بکەن، وەک روونە جارێکی تر نەخشەی ناوچەکە لەلایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە دادەڕێژرێتەوە، چ ئێران، چ تورکیا دەخوازن بە کەمترین زیان لەو پرۆسەیە دەربچن لەسەر حسابی کورد، ئەو دوو هێزەش “پارتی و پەکەکە” وەک دوو مقاش بۆ بەرژەوەندییەکانیان بەکاردەهێنن، بەڵام هەر کات ئەو دوو دەوڵەتە “تورکیا و ئێران” هەر چەشنە رێکەوتننامەیەک بهێنە ئاراوە لە نێوانیان، هەردوو لایەنی پەکەکە و پارتی، ئەگەر تووشی ئاشبەتاڵ نەبن دەبێت بچنە قۆناغی متبوونێکی دوور و درێژەوە، بەمەش تاکە زیانمەند بە پلەی یەکەم دۆزی نەتەوەیی کورد و هاووڵاتیانی کوردستان دەبن.

3-3-2017
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
ئەڵمانیا – بیلەفێڵد

*خوێنەر دەبێت بەرچاوی رۆشن بێت ئەم وتارە دوو مانگ و نیو پێش مردنی نەوشیروان نوسراوە

تێبینی: ئەم وتارە لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لە لاپەڕە 35-39 چاپ بووە، کە ئەو کتێبەش لە سەرەتای ساڵی 2018 بە چاپی کاغەز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە.




عاشقێکی سەرکەشم.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

دەروونی گڕگرتووم
بە لێزمەی بارانی چاوەکانت دادەمرێتەوە
پەلی بێزاری درەختی سیمام
دەشکێتەوە نێو لەپی دەستەکانت
لە دڵەڕاوکێکانتا وەک مەلێکی خوساوە
خۆم گرمۆڵە کردووە
رەنگم وەک خۆرەتاو زەرد هەڵگەڕاوە
چەشنی ئەو ئێوارانەی
بە بێدەنگی ماڵئاوایی لە رۆژەکانی تەمەنم ئەکەن
یان
ئەو سپێدانەی بە ئەسپایی
دێنە پێشوازیی ئارەزووە خنکاوەکانم
تۆ لەم کاتەدا هەر ئەوەت لە بیرە
چۆن یەکەمجار هاتم و
ئاگری عەشقێکی شێتانەم
لەسەر خۆشییەکانت کردەوە
چۆن رووخساری بەهەشتیت گۆڕا
بۆ رەنگی خۆڵەمێشی دۆزەخ
هێشتا لە یادتە وەک زریانێک
هاتمە سەر رێی ئاواتەکانت
هەموویانم کرد
بە جێ تیغی ساڕێژنەبووی سەفەرێکی ناکام
پەڕەمووچەکەم رەشە
وەک ئەو شەوانەی لە دووریت نانوم
هەستی سپییان پێ دەنووسرێتەوە
وەک ئەو بەفرانەی لە ترسی هەتاو
لەپەنا ساردوسڕیی نسرمەوە خۆیان ئەشارنەوە
سەفەرم سوورە
سوورتر لە قەڵەم بۆیەی لێوەکانت
خەمبارتر لەو ناسۆرەی
لە سفرەی دڕاوی هەژارێکدا هەیە
دەستەکانم درێژ دەکەم
بۆ ناو جەرگی پەڵە هەورەکان
دایاندەگرمە ژێر پێیەکانت و
لافاوی چێژی پێ هەڵدەستێنم
هێشتا بەردەوامم
لە دوورینی کفن بۆ تەرمی تاریکی و
ئەو رووناکییە خەفەکراوانەی
بەدەم هەنسکدانەوە ئەمرن و
ئەو بزە تەڕانەی تینی گەرمی عەشق
وشکیان ئەکاتەوە
مێژووی دڵشکان و چیرۆکی دابڕان
بۆ مۆمێک ئەخوێنمەوە و
مۆم لە حەژمەتی سووتانی پەروانە
گریا و گریا تاکو توایەوە،
بڕیارمداوە خۆم نەخەمە
بەر هیچ تاوە تەرزەیەکی دڵخۆش
پەیمانم داوە تەنێ ئەسرینەکانی تۆ
بەسەرمدا ببارێ و
کە وەک چۆلەیەکیش تەزیم
گڕی شیعرێک گەرمم بکاتەوە
هێشتا لە گەڕاندام
بە دوای زەمەنی پێش وجودمان و
بیر لەو چرکەیە ئەکەمەوە
چۆن لەسەر رەفەی ژیان دانراین و
چۆنیش لە ساڵێکی بێ رۆژژمێرا
چاوی سۆزمان لەیەکتر دائەگرت؟
تۆ کۆترئاسا شەرمن
بەڵام من دەستم کرد بە فڕین بۆ لات،
هێشتا دەستم
لە فڵچەی نەخشاندنی تابلۆکەت هەڵنەگرتووە
هەر رەنگێکم لەو تابلۆیە
لە باخێکی بەهەشت قەرد کردووە
بەئامادەبوونی پۆلێ فریشتە
لە نێو قەفەسی سینگم هەڵیدەواسم،
خۆم داوەتە بەر
ئاوێنەی روون و بێگەردی رووخسارت
وێنەی پیاوێک ئەبینم
سەوداسەر لە تۆ و بێئاگا لە خۆی،
پیاوێک پڕ پڕ لە وەرزەکانی تۆ و
خاڵی خاڵی لە رەنگی خۆی
تەژی لە پەرستنی تۆ و
دوور دوور لە هەموو پەرستگایێ،
ترپەی دڵ و دووریی و گوومان و راڕایت
بۆ ئەکەمە چامەیەک و
لەنێو توێی دیوانێکی مەحزوون و
رەشپۆشدا چاپی ئەکەم
دێڕ بە دێڕی سەرگوزەشتەی شەونمێکە
کە ئاشقی مانگ بووە
وشە بە وشە حکایەتی خەونێکی تۆراوە
لە چاوی رێبوارێ
رستە بە رستە
دیرۆکی رژانی مەرکانەیەک خۆشەویستییە و
چامەکەش ناوی دار بەڕووە یاخییەکەی ئەوبەر رووبارە،
داوا ئەکەم زیاتر و زیاتر
ئەوینی سەختی خۆتم پێ ببەخشی
ئاشقێکی سەرکەشم
حەزم لە بەزاندنی هێڵی سوور
تێپەڕین بە دەروازە سەختەکان و
مەرگە لەسەر لوتکەی چیادا




بیرەوەریی بەرپرسان و سۆزانییەکانی وڵات.. ستیڤان شەمزینی

ماوەیەکە بەرپرسانی سیاسیی و حزبی کوردستان بیرەوەریی و یادداشتەکانی ژیان و رۆژانی پێشمەرگایەتی و ئەزموونی سیاسیی و پێگەیشتنیان دەنووسنەوە، ئەمەش مافێکی زۆر سادە و هەرە ئاسایی هەر کەسێکە مێژووی قۆناغەکانی ژیان و پەروەردەبوونی بنووسێتەوە، نووسینەوەی ژیاننامە جیا لە هەر شتێکی تر پێمان دەڵێت هەر مرۆڤێک تەنێ وەک یەک تاکەکەس جیهانێکی تایبەتە و دەشێ سوودی زۆری بۆ هەر خوێنەرێک هەبێت کە دەیەوێت رێچکەی ژیانێکی تایبەت بە خۆی بدۆزێتەوە. رەنگبێ یادداشت و رۆژانەکانی (چێ گیڤارا) پەیامێکی شۆڕشگێڕیی تێدا بێت هەروەک چۆن دەشێ بیرەوەرییەکانی (نیلسۆن ماندێلا) مەسجێکی جیاواز بێت و مێژووی ئاپارتایدی ئەفەریکات پێ بناسێنێت، مەخسەد لەوەیە نووسینەوەی یادداشت خوێندنەوەی حکایەتی هەزار و یەک شەوە نییە تاکوو چێژ بە خوێنەرەکانی ببەخشێت بەڵکو دەبێت وانە و ئەزموون بێت سەبارەت بە هەر خوێنەرێک.
بە بۆچوونی خۆم نووسینی ژیاننامە و بیرەوەریی گەلەک قورسترە لە نووسینی رۆمان و چیرۆک، چوونکە لە نووسینی رۆمان یان چیرۆکدا زیاتر فەنتازیا و خەیاڵاتی نووسەر رۆڵ دەبینێت، راستە وێنایەکی واقیعشی تێدایە کە چیرۆکەکەی لەسەر رۆنراوە، بەڵام واقیعی ناو رۆمان و چیرۆکی هونەریی جیایە لە واقیعی راستەقینەی ژیان، دەشێ واقعێکی تەڵخاویی بێت یان وێنەیەکی بارگاویی بە فەنتازیا لە واقعی رووت وەرگیرابێت و بەپێی تەکنیکی هونەریی گۆڕانی تێدا کرابێت، چوونکە چیرۆکننووس ناچار نییە واقع وەک خۆی بخاتە چێوەی ئەدەبەوە ئەگەر ئەم کارەی کرد بێگومان بووەتە رۆژنامەنووس و ریپۆرتاژێکی ئامادە کردووە. بەڵام لە نووسینەوەی ژیاننامەدا نابێت فەنتازیا و خەیاڵات تێکەڵ بە رووداوەکان بکرێت و نووسەری ژیاننامە ئازاد نەکراوە وەک رۆماننووس پاڵەوانەکان بە ویستی خۆی دیاری بکات و رۆڵیان بداتێ و چۆن ئارەزوو دەکات فۆرمی رەفتار و هەڵسوکەوتیان دیاری بکات و مەجرای ژیانیان بگۆڕێت، نووسەری ژیاننامە رۆڵی کامێرامان دەبینێت هەموو ئەو دیمەنانەی هاتوونەتە بەردەمی و لە تەنیشتییەوە روودەدەن یان روویانداوە وەک خۆی دەگوازێتەوە، بەبێ هیچ دەستکاریی و شێواندنێک، لەبەرئەمە نووسینەوەی ژیاننامە کارێکی ئاسان نییە بەڵکو بەرپرسیارییەتییەکی گەلەک قورسە بە راددەیەک هیچی لە مێژوونووسی کەمتر نییە لە رووی ئەستەمیی کار و ئەخلاقی نووسینەوە، دواجاریش بیۆگرافیی نووسین دەبێتە بەشێک لە نووسینەوەی مێژوو، وای دەبینم نائەخلاقیترین کار هەڵپاچین و دەستکارییکردنی مێژوو و شێواندنێتی بە مەبەست و سوودی ئیدۆلۆژیی یان سیاسیی یان نەتەوەیی و تائیفی و تاکەکەسی.
دەگێڕنەوە لە یەکێک لە جەنگەکاندا ئەفسەرێکی پلەداری سوپاکەی ناپلیۆن بە سەختیی بریندار دەبێت و لە ئاکامدا دەمرێ، ناپلیۆن پرسیار دەکات ئەو ئەفسەرە لە سەرەمەرگدا چی دەگووت؟ پێیان وت هەر ناڵە و هاواری برینەکەی دەکرد تاکوو مرد، ناپلیۆن بە تووڕەییەوە وتی چۆن وا دەبێت؟ بانگی مێژوونووسەکەی دەکات و پێی دەڵێت بنووسە فڵانە ئەفسەر بە برینداریی و لە سەرەمەرگدا تاکو مردن هەر هاواری دەکرد بژی ناپلیۆن، بژی ناپلیۆن. ئەم فەرمانەی ناپلیۆن فەرمانێکی نائەخلاقییە و هەوڵدانە بۆ شێواندنی رەوتی رووداوەکانی مێژوو، ئەم نموونەیە دەیسەلمێنێت ئەو تێزەی دەڵێت مێژوو قسەی پیاوی براوەیە لەسەر بناغەیەکی بۆش رۆ نەنراوە. ئەوەی لە بیرەوەریی سەرکردەکانی کورددا نوسراوەتەوە و تۆمارکراوە هەمان شێوازی مامەڵەکردنی ناپلیۆنە لەگەڵ مێژوو چون هەریەکە و ئاڕاستەی رووداوەکان بە بەرژەوەندیی و نیشاندان و سەلماندنی پاکێتی خۆی دەشکێنێتەوە!!، ئەگەر لە نێو بیرەوەریی سەرکردەکانی کورددا سەیری هۆکارەکانی بەرپابوونی جەنگی نێوان حزبەکان بکەین “شەڕی براکوژیی” بێگومان تاوانباری راستەقینە لایەنی بەرامبەرە و هەوڵدراوە بسەلمێنرێت لایەنی نەیار شەڕی بە حزب و لایەنەکەی وی فرۆشتووە، ئەگەرنا حزبەکەی ئەو فریشتەیەکە و پەنجە بخەیتە ناودەمی نایگەزێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر دووپشکە رەشە و ئەژدیهایەک بووە کە هەردەم ژاری لە دەمدا بووە بۆ پێوەدان و گەستن.
بەدەر لەوەی لە بیۆگرافیای سەرکردەکانی کورددا خوێنەر بە زۆر توولەڕێ و کۆڵانی تاریکدا دەبرێت لە هەمان کاتدا زۆر مەسەلەی هەستەوەر هەن بڤە بوون و بە هیچ جۆرێک بە دوو دێڕیش بێت ئاماژەیان بۆ نەکراوە، لە نموونەی ئەو مەسەلانە پرسی پەیوەندیی ژێراوژێری حزبە کوردستانییەکانە بە دەزگاکانی هەواڵگریی دەوڵەتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، یان وردەکاریی ئەو گفتوگۆ و وتووێژانەی لە میانەی چەندان پرۆسەی دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی ئەنجامدراون، یاخۆ وردەکاریی و نهێنییەکانی پشت پەردەی شەهیدبوون و کوژرانی چەندین سەرکردە و فەرماندە کە تاکوو رۆژی ئەمڕۆ فۆرمی شەهیدبوونیان تەمومژ و تاریکی زۆری لەسەرە، یان هۆکاری ئینشیقاق و لەتبوونەکانی حزبەکان لە قۆناغی شاخدا بە تایبەت گومان لە هەندێکیان دەکرێت بەپێی رێنمایی دوژمنان و پشتیوانیی دەزگاکانی هەواَلگریی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بووە، تەنانەت هەندێ شەهید هەن هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە شەهیدی کامە حزبن! بۆ وێنە عەلی عەسکەری لە نێوان یەکێتی و سۆسیالیستدا ون بووە و کەس سەر دەر ناکات شەهیدی کامیانە! هەندێک داستان و شەڕوشۆڕ هەیە بە دە شێوە دەگێڕدرێتەوە بۆ وێنە شەڕی ئەزمەڕی ساڵی 1991 لە نێوان یەکێتی و پارتیدا شەڕی لەسەرە و ون بووە کێن ئەوانەی لەم بەرەنگارییە بەشداربوون. یان کارەساتی هەکاری لە بیرەوەرییەکانی نەوشیروان مستەفادا بە تایبەت لە “لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ” بە جۆرێک باس کراوە، بەڵام لە بەرگەکانی “رۆژژمێری پێشمەرگەیەک”ی کاکە حەمەدا بە فۆرمێکی جیاوازتر.
بە کورتی و کرمانجی بیرەوەریی بەرپرسانی سیاسیی تژیەتی لە چەواشەکاریی و ناڕاستیی، ئەوی پێویستە لە ژیاننامەنووسیدا هەبێت لەوێدا نین بەڵکو کۆمەڵە حیکایەتێکی خورافی و یۆتۆپین لە پێناوی دروستکردنی سیمبۆل و کاریزما و وێنای قارەمان، ئەمەش خووی سەرجەم دیکتاتۆرەکانی دنیایە کە سەرلەبەریان وەک سوپەرمان و مرۆڤی ئەفسانەیی سەیری خۆیان دەکەن و دەیانەوێت هەموو ئەوانی دیکە بە نەرگسییەت و خودپەرستی و نەریتە وەهمییەکانیانەوە سەرقاڵ و خەریک بکەن. ئەگەر لە هەموو ئەمانەش وازبهێنین و بێینە سەر ئەوەی بۆچی بیرەوەریی بەرپرسان قۆناغی دوای راپەڕینی نەگرتووەتەوە؟ یان بۆچی بەرپرسێک نییە جەرائەتی هەبێت درێژە بە نووسینی ژیاننامەکەی بدات تا چەند ساڵێکی دوای راپەڕین؟ رەنگە جیا لەوەی ئەم مێژووەیان پڕە لە شڕەخۆریی و گەندەڵیی و پەشیمانبوونەوە لە وەعد و بەڵێنەکانی شاخ و گۆڕانییان بۆ مافیا و دەستە و تاقمی بازرگان و دەرکەوتنی سیمای راستەقینەیان، لەوانەیە بۆ ئەوەش بگەڕێتەوە دەستەکەیان ئاشکرا بووە و بێ توانابوون لە ساویلکە خەڵەتاندنیش چجای هەڵخەڵەتاندنی نەوەیەکی تازە پێگەیشتوو کە ئەگەر هیچیش لە دنیا نەزانێت و تێنەگات بایی ئەوە هۆشیاریی هەیە تا بزانێت بەرپرس و سیاسەتوانانی کورد چ مەعدەن و قوماشێکن!. بەڵام ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین بەرپرسێکی سیاسیی و حزبی خوا گرتی و دەستی برد بۆ نووسینەوی ژیاننامەکەی لە قۆناغی شاردا، ئاخۆ دەبێت چی بنووسێ؟ ئایا چ دەستکەوتێکیان هەیە شانازیی پێوە بکەن؟ چ سەروەرییەکیان هەیە شیاوی نووسینەوە و دۆکۆمێنتکردن بێت؟ چ ئەجیندایەکی پۆزەتیڤ و کارایان هەبووە لە دوای ساڵی (1991)ەوە تا مێژووی خۆیانی پێ پرشنگدار بکەن؟.
ئەگەر بەرپرسێک ویستی ئەو کارە بکات بێگومان هەموو بیرەوەرییەکانی دابەش دەبێت بەسەر سێ چالاکی و کاردا: ( شەڕی ناوخۆ– گەندەڵیی و فەرهود– شەوە سوورەکان لەگەڵ سۆزانییەکاندا). هەڵبەتە هیچ بەرپرسێک نەماوە هاشا لە پشکداریی لەشەڕی ناوخۆ بکات بەڵکو هەموویان وەک قاز پێکەوە دەقیڕێنن و دەڵێن: شەڕی نەگریسی ناوخۆ هەڵەیەک بوو کردمان و بڕوات و نەیەتەوە، رووداوەکانی ئەم شەڕە لە مێشکی زۆربەماندا تۆمار بووە و مێژوویەکە هیچ مەترسییەکی ونبوون و فەوتانی لەسەر نییە. بۆ گەندەڵیش دیسان هەموویان دەڵێن بەڵێ گەندەڵی بوونی هەیە و بۆتە دیاردەیەکی مەترسیدار، هەمووشمان قەبارە و سەنگی دانە بە دانەی بەرپرسەکان دەزانین لە گەندەخۆرییدا، کەناڵەکانی راگەیاندن و شەڕی خۆبەخۆی تەکەتولەکان و هۆشیاریی خەڵک کارێکی کردووە گەندەڵی دیاردەیەکی پەنهان نەبێت و بەئاسانیی بکەرەکانی بناسینەوە، ئەگەر بمانەوێ لاپەڕە نووسراوەکانی فایلی گەندەڵی بکەینە پەرتووک (قصة الحضارة)کەی (ویڵ دیۆرانت) لاپەڕەیەکە لە چاویدا و رەنگبێ وەک حکایەتی مێش هەرگیزاو هەرگیز تەواوبوونی نەبێت.
کەچی ئەوی کەمترین زانیارییمان لە بارەیەوە هەیە و زۆرترین رووبەری لە ژیانی کاربەدەستانی مەملەکەتدا داگیر کردووە شەوە سوورەکانیانە لەگەڵ سۆزانییەکان، هەموومان تەنانەت شێتەکانیش دەزانن سۆزانییەکان نێزیکترین و گیانی بە گیانیترین دۆست و هاوڕێی بەرپرسەکانن، ئەو بەرپرسانەی وەک گورگی برسی وان بۆ سێکس، بۆیە ئەگەر دەستیان برد بۆ نووسینەوەی ژیاننامەکانیان دەبێ لە سۆزانییەکانەوە دەست پێبکەن و بە سۆزانییەکانیش کۆتایی پێ بهێنن چون هیچ سەروەریی و حکایەتێکیان پێ نەماوە بۆ باس و گێڕانەوە جگە لە رەشبەڵەکی ممارەسەی سێکس و کڕینی جەستەی مرۆڤی کۆیلەکراو (سۆزانی). ئێمە وەک نووسەر و رۆژنامەنووسە ئازادەکان دوو بەشی بیرەوەرییەکانیانمان نووسیوەتەوە (شەڕی ناوخۆ – گەندەڵیی) پێویستە غیرەت بدەنە بەر خۆیان و بەشی سێیەمی بە پەڕەموچی خۆیان تەواوی بکەن، بڕوا بکەن بە تاسەوە چاوەرێی ئەو کارەیان لێدەکەین!!. چاوەڕوانین بۆ کۆتا بەش و سکەنداڵترین بەشی ژیاننامەنووسییەکانیان کە ئەویش نووسینەوەی شەوە سوورەکانە لە رۆژە هەرە رەشەکانی نەتەوەیەکی ماندوو و دادۆشراودا.

2007
ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم

لە ژمارە 43ی رۆژنامەی نیوەند لە ئەیلولی 2007دا بڵاوکراوەتەوە. لە ئێستاشدا کە نووسینەوەی بیۆگرافی سیاسییە کوردەکان تەنانەت سەرکردە سەربازییەکان بەشێوەیەکی نائاسایی تاوی سەندووە ئەم وتارەم بە شایانی دووبارە بڵاوکردنەوەی زانی.




کۆتایی من.. ستیڤان شەمزینی

کۆتایی من ئەکەوێتە
دەستپێکی وەرزە ئاڵەکانی عەدەم
هەر ئەو دەمەی تاریکی
چاوی شەمعێک کوێر ئەکات و
ئەو دەمەی ئاو گڕ لە خۆی بەرئەدات
منیش کۆتاییم دێ
کۆتاییهاتنم ئەکەوێتە
دوا وەرزی چاوەڕوانیی بەساڵاچووم و
لە هەڕاجکردنی تەمەنم
لە بازاڕە چۆڵەکەی مردندا دەستپێئەکا
کۆتاییم لە دوا دێڕی قەسیدەیەکدا
خۆی حەشارداوە و
بە دوا قەترە خوێنم نوسیوومە
ژیان دڕکێک بوو لە رۆحم چەقی
کۆتاییم لە سەرەتای ئەو گەمەیەوە دەستیپێکرد
تۆ ناوتنا عەشق و
منیش بە گەمە شەرحنەکراوەی مەحاڵ
پێناسەم کرد
کۆتاییم ئەو شەوە شەختەیە بوو
لەگەڵ بارانی هاوڕێما هاتم و
وەک کۆترێک
لەبەردەم پەنجەرەی بێ مرووەتیتدا هەڵتروشکام
کۆتاییم ئەو رۆژە تەڵخە بوو
بەدەم سەفەرێکەوە رژام
بەدیار تەنهایی و خەونێکی پیرەوە
بوومە سەراب
کۆتایی من ئەو ئێوارە مەلولە بوو
دڵم سەرتاپا بوو بە سەحرا و
ئاسمانی دڵم بە بێدەنگییەکەت
ببووە گۆڕستانی ئەستێرە و مانگ
کۆتایی من ئەو سپێدە دڵتەنگە بوو
بە ئازارەکانی وجوددا هەڵزنام و
لە بەرزایی چیای وەهمەوە
بەربوومەوە بۆ نێو کۆشی هەقیقەت
کۆتایی من نیوەڕۆیەکی فێدارە
تیایدا برینی خەمگینیم ئەکولێتەوە و
قورگم لێوانلێو ئەبێت
لە نۆتەی رەشپۆش و گرینۆک
کۆتایم زەردەپەڕێکە پەرداخی ئەوینم
سەرەوڕێژ ئەبێ لە وەحشەت و
تۆوی فەنابوون
لەسەر بست بە بستی
ئارەزووە پەمەییەکانم ئەڕوێ
کۆتایم ساتێکە گێژەڵووکەی دووریی
ماڵی عەشقی پەرش و بڵاو کردەوە و
شێرپەنجەی گوومان
هێشووی هەموو یەقینەکانمی داڕزاند
کۆتایی من ئەو چرکەساتەیە
پێکەنینەکانم رەنگی گۆڕستان ئەگرن و
دڵە کریستاڵییەکەم لەژێر هەوری دڵڕەقییەکانتا
هەپروون هەپروون ئەبێ
کۆتایی من ئەو زەمەنەیە
ژوانگەکان ئەبنە سەنگەری سەربازەکان و
شاری قاقا و خەنینەوەمان
پڕ پڕ ئەبێت لە ترس و بێدەنگی
کۆتایم لەو عەسرەدا ئەبێ
پەپولە بەتۆمەتی بۆنکردنی گوڵ
لەقەنارە ئەدرێ و
ئەهریمەن روناکی ئاتەشگای عەشق
لە رەنگی قەترانی تاریکی هەڵئەکێشێ


هاوینی 2013
تاران – شەهریار

  • هوتێل باغ گێلاس –



سۆزێک بۆ حەسەن هەیاس.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

چریکەیەک لە گەرمەسێرەوە

گەرووی وەک شمشاڵێکی غەمبار وایە و سۆزێکی گەورەی جادوویی لێدێتە دەرەوە، دەنگی ئەم هونەرمەندە وەک هاواری سووتاوی دایکە گەرمیانییەکی پاش ئەنفال وایە. دەنگی لە گریانی سازەکەی دەستی شڤان پەروەر دەچێت، دەنگی لە لاواندنەوەی دایکێکی جەرگسووتاو دەچێت. ئەو دەنگە لە ئاسمانەوە بۆ لاواندنەوەی غەم و ئازارەکانی ژیان هاتۆتە خوارەوە. حەسەن هەیاس دەنگێکە لە ناو ژاوەژاوی سەرگەردانیی گۆرانی کوردییدا، هێشتا بە سۆزێکی گەرمیانیانە، بە هێواشی و بە سۆزی خۆی ئیستت پێدەگرێت و بۆ لای خۆی راتدەکێشێت.
ئەو دەنگە، ئەو هەناسەیە، لە کانگای خەمێکی گەورەوە هەڵدەقووڵێت، ئەو سۆز دەکات وەک “تار و نەی”، ئەو نایەوێت شانمان هەڵتەکێنێت، بەڵکو دەمانباتەوە بۆ ناو خودی خۆمان و تەزوویەکی ئێجگار سارد بە سەرتاپای لەشماندا دەهێنێت، ئەو دەنگە وامان لێدەکات، دەستبەرداری هەموو شتێکی دەرەوە ببین و تەنیا و تەنیا سەرقاڵی ناوەوەی خۆمان بین. ئەو سۆزەی لە دەنگی ئەم هونەرمەندەدا هەیە، مەگەر لە ناو گەرووی نەی سۆفییەکاندا خۆی مەڵاس دابێت، ئاخر ئەوەی لە گۆرانییەکانی حەسەن هەیاسدا هەیە تەنیا سۆز و هاواری “نەی”یەکی غەمبارەوە و کە شیوەنی فیراق و ژانەکانی نێو ژیان دەکات.
ئەم گەرووە گەرمیانییە، هێندە شیرینە وەک ئاوی ئەڵوەن، هێندە غەمبارەوە وەک بوکێکی رەشپۆشی بێچارە، هێندە پڕ لە سۆزە هیچ مۆسیقایەک دەرەقەتی نایەت، ئەم دەنگە ئەڵوەنییە هێندە بڵند و پڕ لە سۆزە، هیچ سمفۆنیایەک نییە شان بدات لە شانی، هیچ ئاوازێک نییە بگاتە قوولەپێی، ئەو دەنگە مەگەر هەر خۆی بزانێت چ سیحرێکە، مەگەر هەر خودا بزانێت چەندە تیژە، ئاخر ئەو دەنگە لە شمشێر تیژترە و هەموو ئازارەکانت دەبڕێت، ئەو دەنگە کە هەمیشە سوێند بە ” قەڵای شیروانە” دەخوات، تەنیا لە شیعرێکی ئاڵۆز و خەماویی “وەلی دێوانە” دەچێت، ئەو دەنگە تەنیا و تەنیا دەنگێکە بۆ لاواندنەوەی خەمەکانی ئێمە، دەنگێکە نێردراوە تاکو لە ساتە زۆر سەخت و بێ ئومێدییەکاندا بە هانامانەوە بێت، دەستمان بگرێت بۆ ناو خۆی و لە تەک ئەو سۆزە قووڵەدا، هەموو شتێک لە بیر بکەین و بە سۆز و کاریگەریی ئەو گەرووە بەرەو دنیایەکی تر جیا لەم دنیایەی خۆمان ملی کاروان بگرینە بەر.
حەسەن هەیاس، هونەرمەندێکە، ئەگەرچی کەم دەرکەوتووە و ئەگەرچی دێوی شاشەی تیڤییەکان نییە، بەڵام هونەرمەندێکی گەورەی هونەریی گۆرانی کوردییە، ئەو بە هەق هونەرمەندە نەک دەمبێژ، ئەو دەزانێت گۆرانی چی ئەرکێکی لەسەرشانە، بۆیە ناتوانیت بەسەر هیچ گۆرانییەکیدا باز هەڵبدەیت، ئەوەی ئەو وتوویەتی هەمیشە شایانی گوێ لێگرتنە و دڵنیاشم، ئەم دەنگە وەک سمفۆنیایەکی زیندوو هەمیشە لە یادەوەرییدا دەمێنێتەوە. ئەو سۆزە پێماندەڵێت مردن دەرەقەتی نایەت، بۆیە ئەو دەنگە هەر بە نەمریی دەمێنێتەوە.

حەسەن هەیاس هونەرمەندێکە هێندەی ئاوی ئەڵوەن روون و بێگەرد، هێندەی تاڤگەیەکی ئەم کوردستانەش، دەنگی سازگار و پڕ جۆش و خرۆشە، ئەو دەنگە هێزێکی تایبەتی کێشکردنی هەیە و کەم کەس هەیە لەگەڵ بیستنیدا، بە لای خۆیدا کێشی نەکردبێت. ئەمە ئەو دەنگەیە ئاوێنەی دەروونی زۆربەمانە و دەسووتێت بۆ ئەوەی ناخی ئێمە روون بکاتەوە. ئای لەو دەنگەی حەسەن هەیاس کە وەک نەی شیوەن و زاری دەکات، ئای لەو مۆسیقایەی لەو گەرووە خەمگینەوە دێتە دەرەوە. ئای لەو دەنگە جادووییەی هەمیشە وەک خەنجەرێک وایە و لەسەر دڵت دەچەقێنرێت، چوونکە ئەو دەنگە سۆزێکی گەورەی تیایە و لە دڵەوە هەڵدەقووڵێت و بە زوویش دەگاتە دڵەکان. ئای حەسەن هەیاس، چ جادووگەرێکی گەورەی لە گۆرانی کوردییدا.

وێنەکە:
هونەرمەند حەسەن هەیاس – ستیڤان شەمزینی
کۆتاییەکانی 2014 لە شاری خانەقین وێنەکە چرکێنراوە
ئەوە یەکەم سەردانم بوو بۆ کوردستان لە پاش نەشتەرگەریی هەڵدانەوەی کاسەی سەر.




ستایشی گوڵە نیلوفەر.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

تۆ ئەو گوڵە نیلوفەرەی لەو دەمانەدا رسکای
کەڵکەڵەی خۆکوشتن مێشکی گرتبووم و
سەگە هارەکەی مەرگ
کەڵبەی لە تەمەنم گیر کردبوو
پەرداخی عومرم نیوەی زیاتر رژابووە
سەر ئەو وشکەڵانەی هەتاو
دوگمەی سینگی کردبووە و
چرچ و لۆچی زەمەن
بە لاشەیەوە دەرکەوتبوو
تۆفانێک لە چاوەکانما دەستیپێکرد بوو
دەستی لە بینەقاقای زارۆکی خۆشنوودیم گیرکردبوو
شێتانە مەوجی ئەدا و
بەهیچ خوایەک ژیر نەدەکرایەوە
مانگێکی برینداربووم
لە ئاسمانی هەڵوەرینا
شێوەم دەچووەوە سەر
ئەو ئەستێرە خۆکوژانەی
بە قاپێک نەوتی غەم و
دەنکە شقارتەی کەساسی
گڕیان لە جەستەی خۆیان بەرئەدا
سەفەرێک کەلەی داگرتبووم،
بەرەو دوورگەی زام
بە ڕێگا پێچاوپێچەکانی یادەوەرییدا
گوزەرم ئەکرد و
لە ناکاو کۆترێکی بێ نەوا و
بێ هێلانە ناسیمییەوە و
وتی تۆ نەوەی رەسەنی بێ نازیت و
ئیتر ئەوە منم بەسەر ژانەکانتا ئەگمێنم و
تەمبووری شیعرێکی ترت بۆ ئەژەنم
درەختێکی پرچ ئاڵتوونی بووم
دارستانی ردێن سەوز دەریکردم و
بەهار بەلامدا نەئەهات،
پایزیش گەڵا زێڕینەکانمی ئەوەراند
لە رووباری قەسیدە حەزینەکاندا
مەلەم ئەکرد و
خۆم بە لچکی شیعرێکی بێدەنگەوە گرتبووەوە،
لە ناو دیوانێکیشا شەپۆلی گریانەکانم و
خامۆشی شەوانم چاپ کرابوو
تەلاری رووخسارم بەسەریەکدا رووخابوو
جەنازەی خۆزگەکانم
کەوتبووە ژێر دار و بەردووەکەی و
قەلەڕەشی فەرامۆشکردن
دەندووکی لە جەستەم ئەدا
هەر رۆژەی پارچەیەک لە لەشمی دائەکرمان
حەزیای رەشبینی کامەرانییەکانی ئەکرۆشتم
گەشبینی لە مێژ بوو خیانەتی لێکردبووم
لە پشتەوەڕا خەنجەری لە هەموو هیواکانم دابوو
رەنج و حەسرەتکێشان ببووە دەزگیرانم
بڕیاربوو لە شەوێکی قەترانیدا
زەماوەند بکەین و
لە دوورگەی خۆکوشتندا
کوخێکی بچکۆلانە بکەینە مەنزڵ
تۆ لەم کاتانەدا
چەشنی گوڵە نیلوفەرێک لە منا روایت
لە نێو گریانەکانی شەوانما
بوویتە مامانی رۆژانی پڕ پێکەنینم
لەنێو وەسوەسەی خۆکوشتنا
هەنجەتی ژیانت پێگرتم
لە نێو گۆمی تەڵخی فیراقدا
کانییەکی روونت نیشاندام
پێکەوەش
دەستنوێژی عەشقێکی جاویدانیمان گرت و
پەیمانمان بە ماچ دا
دەم لە نێو دەمی یەکتر بژین
بەڵێنمان بە ژیان دا
لە نێو دڵی یەکترا بمرین




جنێو لە پاکەتی رەخنەدا.. ستیڤان شەمزینی

یەکێک لە کێماسی و کێشە گەورەکانی رۆژنامەنووسیی کوردیی، زاڵبوونی فەرهەنگی داشۆرین و شەڕەجنێوە لە بری رەخنەگرتنی زانستیی و میتۆدیی. ناهەموارییەکە لەوێوە دەستپێدەکات ئەم تەرزە لە کارکردن خەریکە باڵ دەکێشێت بەسەر کۆی راگەیاندنەکانی کوردستاندا، تا ئەو سنوورەی بەشێکی زۆر لەوانەی وەک رووناکبیر و رۆشنبیری ئەکادیمی سەیر دەکران بە ئاگا و بێئاگا کەوتوونەتە ناو ئەو شەپۆلە لە موهاتەرات و داشۆرین. لەم نێوەندەشدا میدیای دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و “ئەهلی و ئازاد” تەریب و بە ئەندازەی یەکتر دەستپێشخەربوون و بەردەوام رەواج بەو فۆرمە لە وتاری رۆژنامەنووسی دەدەن و بەهەرچی شێوەیەک بۆیان بکرێت هەوڵی سڕینەوەی سنوورەکانی نێوان رەخنە و داشۆرین و هەجونامەی سیاسیی دەدەن. لەم رووەوە حاڵی حازر نۆرمێک لە راگەیاندن هەڕمێنی هەیە هەرچی شتە تایبەتییەکانی تاکەکەس و مافە دەست لێنەدراوەکانی هاووڵاتیانە، بێ هیچ دوودڵی و سڵەمینەوە و هەست بە تاوانکردنێک بە پاککراویی دەیخاتە بەردەم وەرگر. ئەمەش جیا لەوەی کارەساتێکی گەورەی ناوەتەوە و ئاسایش و ئازادیی شەخسیی زۆرینەی هاووڵاتیانی خستۆتە بن مەترسییەوە، لە هەمان وەختدا ئاستی کاری رۆژنامەنووسی هێندە هێناوەتە خوارەوە، مرۆ بەزەیی بە حاڵی ئەو نێوەندەدا دێتەوە.
ئەگەر کەمێک دیقەت بدەن و نیگایەک بگرنە حاڵی ئەو تەرزە رۆژنامەنووسییەی بە ناوی رۆژنامەنووسی ئەهلی و ئازادەوە کار دەکات، بە هەمان مێنتەلێنتی میدیاکانی دەسەڵات فامی شتەکان دەکات، بۆیە هەست بە کارەساتێکی گەورە دەکەین، چوون ئەنگیزەی ئەم میدیا بزۆز و هەراشە بریتییە لە دۆزینەوەی تازەترین شێوازەکانی داشۆرین و جنێوی سیاسیی، خۆ ئەگەر هەجو و جنێوی ئاسایی لە نێو شیعردا، بۆ نموونە لە شیعرەکانی شێخ رەزادا قبوڵ بن، بەو حوکمەی مانای رەمزیی و خوازراویان هەیە و شیعریش جۆرێکە لە خەیاڵاتی تاکەکەس، نەک هەقیقەت. ئەوا ئەم تەرزە لە جنێونامە و بەخشینەوەی تۆمەت و سووکایەتی نێو کایەی راگەیاندن، جا دژی هەر کەس و لایەنێک بێت، نەک نابێت مایەی قبوڵکردن بێت، بەڵکو ئیتر دەبێت یاسا سەروەر بێت و دوا قسەش بۆ حوکمی قانوون بەجێبهێڵین، چوونکە بە دیتنی من چیدی ناکرێت بە ناوی رەخنە و ممارەسەکردنی ئازادییەکانی کاری رۆژنامەنووسییەوە، میدیایەک لەم وڵاتە هەڕمێن پەیدا بکات، هەرچی جنێوە لە فەرهەنگی زمانەوانیی کوردییدا لە قاڵبی وتار و ئەرتیکڵی رۆژنامەنووسیدا سیاغەی بکاتەوە، ئەم کارە نەک تاوانە بەڵکو خیانەتێکی گەورەیە و لە خودی چەمکی ئازادیی دەکرێت.
دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک میدیایەک لە سەردەستی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هەژموونی پەیدا کردووە، رژد نییە لە بەخشینەوە و بڵاوکردنەوەی تازەترین جۆری جنێو و وتەی بێ پێز و پڕ داشۆرینی ئەخلاقی و تاد..دا، میدیایەک خەریکە دەبێتە میدیای سائید پڕ پڕە لە چەقۆی بریندارکردنی هەست و مەشاعیری یەکە بە یەکەی هاووڵاتیانی کوردستان و خاڵی خاڵییە لە رەخنە. کارەساتەکەش لەوەدا چەند قات گەورەتر دەبێتەوە، هەموو ئەم داشۆرین و جنێودانانە بە ناوی رەخنەوە دەرخواردی خەڵک دەدرێت، ئاخر رەخنە رەچاوی چەندین بنەما و پرنسیپی زانستیی و میتۆدیی دەکات، رەخنە هەمیشە زمانێکی نەرم و کاریگەری هەیە و کارێک تەواو دەکات بەهەر هۆیەک بووە تەواو نەبووە و یان تژی کەموکوڕیی بووە، بەڵام جنێودان بۆ خۆی میتۆدێکە بۆ سووککردن و حەیابردن و سووکایەتیکردن بە ئەویتر. خۆ ئەگەر ئەو تێزەش پێچەوانە بکەینەوە کە دەڵێ هیچ شتێک لە سەرووی رەخنەوە نییە یان هەموو کەسێک لە ژێر نەشتەری رەخنەوەیە، ئەوا هیچ کەسێک یان هیچ شتێک بە هەر هۆیەک بێت، شایەنی ئەوە نییە لەسەر رووپەڕی رۆژنامە جنێوی پێبدرێ و سووکایەتی بە کەسێتی مەعنەویی و ژیانی تایبەتی بکرێت. لەم رووەشەوە دەبێت یاسا رۆڵی خۆی هەبێت و قسەی خۆی بکات.
من هەست دەکەم وەرگری کورد، چیتر بە تاسوق و شەوقەوە چاوەڕوانی میدیا کوردییەکان بە تایبەت میدیای دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ناکات، چوونکە هەموو کاریان چڕبۆتەوە لە جنێودان و تۆمەت هەڵبەستندا، خۆ ئەگەر رەخنەیەکی بەجێ و راستەقینەش بگرن، ژبەرئەوەی زمانەکەیان هێندە پڕ لە مورادیفی زبر و نەشیاوە، هێزی رەخنەگرانە لە دەستدەدا و سەرئەنجام دەبێتە هەجویەکی رووت و قووت. ئەگەریش ئەم باسە کەمێک روونتر بکەینەوە و زیاتر خاڵ بخەینە سەر پیتەکان، ئەوا رووی دەممان بە پلەی یەکەم لەو میدیایانەیە وابەستەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنن چا راستەوخۆ پەیوەستی ئۆپۆزیسیۆن بن یان میدیای سێبەر بن، چوونکە ئەوان زیاد لە هەر کەس دەستیان هەیە لە برەودان بەو فەرهەنگە نزمەی نووسین و بڵاوکردنەوە، ئەوان سەبەبکاری راستەقینەی ئەو زمانە زۆر ناشرین و ئاگرین و نەخوازراوەن، کە هەنووکە بۆتە زمانی فەرمی راگەیاندن.
بەو هۆیەی ئەو راگەیاندنانە لەبەر خاتری شەڕی سیاسیی و لێدان لە هەیبەتی دەسەڵات پەنایان وەبەر هەموو رستە و وشەیەکی نەشیاو بردووە و بە پێی لێکدانەوەی خۆیشیان ئەوە رەخنەیە بە مانا و فۆرمە پۆست مودێرنەکەی. تەنانەت ئەگەر جارێکیش دانیان بە هەقیقەتێکدا نابێت یان هەڵەیەکی خۆیان راست کردبێتەوە، دیسانەوە رووبەرێکیان بۆ داشۆرینی دەسەڵات هەر تێدا هێشتۆتەوە، ئەمەش نموونەی ئەو دانپێدانانەی “شێخ رەزا”مان بیر دەخاتەوە کە لە دێڕە شیعرێکدا هێمای بۆ کردووە، سەرباری دۆڕاندنی لە ئەنجامی گفتوگۆدا، بەڵام لە دوایین هەلدا جنێو و شمشێری خۆی وەشاندووە، وەختێک لەم بەیتەدا دەڵێت:

حەسەنی هەمزە لەسەر (شەم) کە چییە تەفسیری
دەست بە شمشێر لەگەڵم ساحێبی دەعوا دەرچوو
من وتم ناخونی شێرە، ئەو وتی کلکی شێرە
لەسەر ئەم لەفزە بەسی شۆڕش و دەعوا دەرچوو
گرەوم کرد لەگەڵی، چووم و کتێبم هێنا
ناخونی من نەبوو، کلکی حەسەناغا دەرچوو


ستۆکهۆڵم – سۆلنا




چاوەڕێم تۆ بێی.. ستیڤان شەمزینی

ئاگرێک لە سینگمدا بڵێسە ئەدات
بە تاڤگەی پێکەنینەکەت دەکوژێتەوە
کاسە سەرێکی پڕ خەم و رەشبینیم هەیە
وەک خەونێک وەرە
تۆوی ئومێدی تیا بچێنە
دڵێکی زەردهەڵگەڕام هەیە
وەرە خوێنی خەندەتی تێبکە
تا بگەشێتەوە
وەرە گیانی گیانم
من لەگەڵ هەموو بارانێکدا چاوەڕێتم
دڵۆپ دڵۆپ ببارێیتە سەر هەستم
لەگەڵ هەموو سەرەتای بەهارێکدا
چاوەڕێم لە گوڵە نێرگزدا
تێر بۆنی هەناسەت بکەم
دە وەرە ئازیزم
لەگەڵ پشکووتنی گوڵ و
هاتنی بای شەماڵی شەوان
لەگەڵ کازیوەی بەیانی و
پۆلە کۆترە کۆچەرییەکاندا
لەگەڵ فریشتەی نارنجی پۆش و
هەوای سازگاری جەننەت
چاوەڕێم کە تۆ بێی




سزادانی شاری سلێمانی لە عوسمانییەکانەوە بۆ یەکێتی.. نووسین و ئەنالیز: ستیڤان شەمزینی

شاری سلێمانی بە بەراوورد بە هەریەک لەشارەکانی کەرکوک و هەولێر و زۆرینەی شارەکانی دیکەی کوردستان شارێکی نوێیە لە رووی بیناکردن و مێژووی دروستکردنەوە، لە هەمان کاتدا نوێیە لە رووی بیرکردنەوە و بینینی دنیا و مامەڵەکردندا. سلێمانی کۆمەڵێک خاسێت و ئەدگاری تایبەتیی هەیە جیای دەکاتەوە لە هەموو شارەکانی تری کوردستان و خەڵکەکەشی بە هەموو پێودانگێک جیاوازن لە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستان و یەکێک لە خاسێتە هەرە گرنگەکانی ئەم شارە بریتییە لە بەرەنگاریی و سەرسەختی و خێرا رادەست نەبوون. بۆیە ئەگەر کەمێک سەیری دیرۆک بکەین سلێمانی سەرسەختترین شار بووە سەبارەت بە هەموو داگیرکەران هەر لە عوسمانیی و ئینگلیزەوە بیگرە تا دەگاتە عەرەبە عێراقییەکانی چەشنی بەعس.

مێژووی سلێمانی
زۆر فاکتۆر هەن کاریان کردە سەر “ئیبراهیم پاشا”ی بابان* بیر لە دروستکردنی شاری سلێمانی بکاتەوە و بگرە پایتەختەکەشی لە قەلاچوالانەوە بۆ شارە نوێیەکە بگوازێتەوە. یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆیانە بریتی بووە لە بەرتەسکیی قەلاچوالان چوونکە بە هۆی شاخ و داخ و هەڵکەوتەی جوگرافییەوە بواری فراوانبوونی زۆرتری نەبووە و لە هەمان کاتدا نزیک بووە لە سنوورەکانی سەفەوییەوە کە بەردەوام میرنشینەکە لەبن هەڕەشەیدا بووە. دواجار ئیبراهیم پاشا لە ساڵی 1784 دەستیکرد بە بینای شارە نوێیەکە لە نزیگ گوندی مەڵکەندی کە ئێستا بە هەمان ناوەوە بووەتە گەڕەکێک لە چەقی شارەکەدا. لە رووی جوگرافییەوە سلێمانی دەکەوێتە سەر 5-35 پلەی هێڵی پانی زەوی و 16 پلەی هێڵی درێژیی و بەرزییەکەشی لە ئاستی رووی دەریاوە دەگاتە 853م “1”.
محەمەد ئەمین زەکی بەگ دەنووسێت: ئیبراهیم پاشا لەلایەکەوە لەگەڵ رێکخستنی ئیش و کاری ئیمارەت و نەشری عەدالەت خەریک بوو، لەلایەکی تریشەوە هەر لە نزیک سەراکەی مەحمود پاشای مامی کە لە1196 هیجریدا لە نزیک گوندی “مەڵکەندی”یەوە دروستکرابوو دەسی کرد بە بینای شارێک. لە دەوری سەراکەدا بەعزێ خانو و مزگەوت و حەمام و بازاڕ و خانی دروستکرد و لە ساڵی 1199 هیجری “1784 میلادی”دا ئەم شارە تازەیەی تەواو کرد و مەرکەزی ئیمارەتی لە”قەلاچۆلان”ەوە بردە ئەوێ و بە ناوی سڵێمان پاشای والی بەغدادەوە ناوی نا “سلێمانی”، مەعلوم نییە کە لە دوای تەوابوونی چەند ماڵ بووە، بەڵام مستەر “هارت HUART” لە ئەسەرەکەی خۆیدا دەڵێ: لە1820 میلادیدا یەعنی لە دوای تەوابوونی بە سی و شەش ساڵ نفوسی دە هەزار کەسێک بووە و عەدەدی ماڵیشی 3144 بووە کە لەمە 130 ماڵی جولەکە و 9 ماڵی کلدانی و پێنج ماڵێکیشی ئەرمەنی بووە و پێنج مزگەوتیشی بووە “2”.

دەربارەی ناونانی شارەکەش بە سلێمانی زۆر بیروڕای جیاواز هەیە و یەکێک لەوانە ئەو بۆچوونەیە محەمەد ئەمین زەکی بەگ باسی لێوە کردووە، بەڵام بەشێکی مێژووناسان بەرپەچی ئەم رایە دەدەنەوە و پێیانوایە ناکرێت ئیبراهیم پاشا بە ناوی والی بەغداوە شارەکەی ناو بنێت، چوونکە لەنێوان ئەو دوو کەسەدا پەیوەندییەکی دۆستانەی سەرزارەکی و دوژمنایەتییەکی قووڵی ژێراوژێر هەبووە. هەندێک پێیانوایە ناوەکە دەگەڕێتەوە بۆ “سلێمان بەبە”ی میری بابان، رای تریش هەیە دەڵێت لە کاتی هەڵکەندنی بینای شارەکە ئەنگوستیلەیەک دۆزراوەتەوە و ناوی سڵێمانی لەسەر بووە و وا دانراوە ئەوە سڵێمان پێغەمبەرە، بەو هۆیەوە ناوی شارە تازە دروستکراوەکە بە ناوی ئەو پێغەمبەرەوە ناونراوە کە لای میری بابان زۆر جێگەی رێز و خۆشەویستی بووە. لە سەرێکی تریشەوە محەمەدئەمین زەکی بەگ پێیوایە ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی: سلێمانی لە شوێنی شاری “سێلوونا”ی کۆن دروستکراوە. گوایە: ئەو شارە لە سەردەمی فرمانڕەوایی “لۆلۆ”و “گۆتی”یەکاندا دروستکراوە و بە باپیرە گەورەی دانیشتووانی ناوچەکە دادەنرێن “3”. بەهەرحاڵ هێشتاش روون نییە و هیچ بەڵگەیەکی کۆنکرێت بە دەستەوە نییە بۆچی میری بابان شارەکەی ناونا سلێمانی؟، بەڵام میری بابان هیچ کات بیری لەوە نەدەکردەوە شارەکەی لە دەیە و سەدەکانی داهاتوودا رۆڵێکی گرنگ سەبارەت بە چارەنووسی وڵات دەگێڕێت و دەبێتە چاوگی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد بە نەپساوەیی بۆ ماوەیەکی ئێجگار دوور و درێژ.

هەر لە سەرەتاوە سلێمانی وەک پایتەختی میرنشینی بابان سەرباری ئەوەی بەردەوام سەنگەری جەنگەکان بووە، بووە مەڵبەندێکی سەرەکیی گەشەکردنی بزووتنەوە کوردییەکان، جیا لەمەش ئەگەرچی شارەکە بە دیمەن جوان و رازاوە نەبووە وەک شارەکانی وڵاتانی دەوروبەر، بەڵام پاکژیی و سەربەستیی تاکەکانی بە تایبەت ئافرەت تێیدا سەرنجی زۆربەی مسیۆنێر و گەڕیدەکانی راکێشاوە. کلۆدیۆس ریچ کە ساڵی 1820 واتە سی و شەش ساڵ دوای بینای سلێمانی رێی کەوتۆتە شارەکە، لە یادداشتەکانیدا نەیتوانیوە ئەو هەستەی خۆی دەربارەی شارەکە بۆی دروستببوو بشارێتەوە. بۆیە دەنووسێت: شارەکە هەمووی لە گوندێکی گەورەی عەرەبیی دەچوو، کە ناو ماڵەکان بە دەرەوەن، لەوەش دەچوو خەڵکەکە خۆیان دەربەستی ئەمە نەبن، چوونکە ئافرەتەکانیانمان دەدی بە بێ پەچە و رووپۆش، بێباکانە لەگەڵ پیاواندا دەچوون بۆ بازاڕ بۆ جێبەجێکردنی کاروباری ناو ماڵیان، سەرەڕای ئەوەش ئەم شارە دیمەن ناشرینە، پێنج خان و دوو مزگەوتی رێک و پێک و جوان و حەمامێکی زۆر پۆشتەی تیایە، باشترین شارەزاش لە کوردەکان خۆیان ئاماری دانیشتوانی شاری سلێمانی بە 10000 دە هەزار کەسێک داناوە “4”.
بێگومان بوونی گەرماو “حمام” لە شارێکی وا بچووکدا نیشانەیەکە بۆ ئاستی پێشکەوتن و پاکژیی لە شارەکەدا. ئەمەش فاکتێکی مێژوویی زۆر گرنگە و پێماندەڵێت سلێمانی لە چاویلکەی بیانییەکانەوە جێگەی رێز بووە و خاسێتە جیاوازەکانی بە روونی بینراوە هەر لە پاکژیی و هەستی سیاسیی خەڵکەکەیەوە تا ئازادیی رەگەزی مێ. لە رووی سیاسیشەوە شارەکە نزیکەی 65 ساڵ پایتەختی میرنشینی بابان بووە و دەسەڵاتێکی نیمچە ئۆتۆنۆمی کوردیی لە ژێر سەرپەرشتی والی عوسمانییەکان دەسەڵاتی شار و ئیدارەی بە دەستەوە بووە، تا ئەو کاتەی ساڵی 1850 دەسەڵاتی بابان بە تەواویی هەڵوەشایەوە و رووخێنرا، لەو بەروارەدا میری بابان “عەبدوڵڵا پاشا” هەموو دەسەڵاتێکی وەک میر لێسەندرایەوە و وەک قائیمقامی سلێمانی دامەزرێنرا، ئەوەش زۆری نەخایاند “ئیسماعیل پاشا”ی بە رەگەز تورک وەک قائیمقام هێنرایە شارەکەوە.
لەم رێکەوتە مێژووییە بە دواوە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ چارەگە سەدە سلێمانی وەک ناوەندێکی دەسەڵاتی سیاسیی کوردیی هیچ رۆڵێکی نەما، چوونکە لێرە بە دواوە هێدی هێدی سەرکردە رامیارییەکان مەیدان چۆڵ دەکەن و لە جێگەیدا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست بزووتنەوەیەکی رۆشنبیریی و فەرهەنگی لەسەر دەستی نەوەیەکی منەوەر سەرهەڵدەدات، ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و پێگەیاندنی تاکی کورد و رزگارکردنی کوردستانە لە بندەستی، بەڵام لەگەڵ بڕانەوەی جەنگی یەکەمی جیهانیی و دامەزراندنی ماوەی یەکەمی حکومدارێتی شێخ مەحموودی حەفید، سلێمانی دەبێتەوە بە ناوەندێکی سیاسیی بەتین سەبارەت بە هەموو کوردستان.
(ئەم رۆژانە سلێمانی وەک مەڵبەندێکی چالاکیی کوردستان بەدەرکەوتبوو بە حوکمی ئەو جموجۆڵ و هەڵوێستانەی لە کۆتایی ساڵانی دەسەڵاتی عوسمانییەوە ئەم شارە بەخۆیەوە بینیبوون، بۆیە وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان بۆ کرد، کۆمەڵێک سەرۆک هۆز و پیاوانی ناوداری کوردستانی ئێران روویان کردبووە سلێمانی و بە نیازی ئەوەبوون کە نێوچەکانی ئەوانیش بچێتە ژێر قەڵەمڕەوی حکومەتەکەی شێخ مەحموودەوە) “5”. لێرە بە دواوە سلێمانی دەبێتە ناوەندی شۆڕشگێڕیی و سیاسەت و مەکۆی خەباتی جەماوەریی و رۆشنبیریی، هەر بۆیە مێژووی سلێمانی ئەوەندەی مێژوویەکە تێکەڵاوە بە سیاسەت و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان بە چارەگی ئەوە مێژووی شارێکی ئاسایی نییە. لەبەرئەوە سلێمانی جیاوازیی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە.

سلێمانی شارە سەختەکە
سلێمانی ئەگەرچی تاکو ئەم چەند دەیەیەی دوایی شارێکی گەورە نەبووە لە رووی رووبەر و ژمارەی دانیشتوانەوە، کەچی سەبارەت بە شۆڕشگێڕانی کورد و نەیارانی سیاسیی کوردستان جێگەی تایبەتی هەبووە و هەمیشە حسابی لەسەر کراوە، چوونکە هەر وەک بەعس بە راشکاوانە دەیووت سلێمانی شارێکی سەختە، ژ بەرئەوەی هەروا بە ئاسانیی رادەستی ویستی داگیرکەران نابێت و لەوە بەولاوە هەمیشە ژیلەمۆکان لە گەڕەکە تەسکەکانی ئەم شارەوە دەگەشێنەوە. رەشەبای سلێمانی تەنیا دیاردەیەکی ناتورالیی رووت نییە بەڵکو لە هەمان کاتدا بەشێکە لە خەسڵەت و تایبەتمەندیی شارەکە و هەمیشە هەر لە سلێمانییەوە رەشەبای گۆڕان و باهۆزی رەتکردنەوەی دەسەڵاتی بێگانە هەڵی کردووە، لەبەرئەوە رەشەبای سلێمانی خۆی لە خۆیدا مانایەکی سیاسیی هەیە و جۆرێکە لە گوزارشتکردن لە سیفاتی سەرەکیی سلێمانییەکان کە هەمیشە دەجووڵێن و دژی هەر جۆرە چەقبەستنێک دەجەنگێن.
عوسمانییەکان هەمیشە لەو جموجۆڵە دەترسان لە سلێمانییەوە رێچکەی دەبەست و بە سنووری کوردستاندا درێژ دەبووەوە، بۆیە لای ئەوان سلێمانی پێویستی بە کۆنترۆڵکردنێکی تایبەتی بوو. وەختێک ئینگلیزەکان هاتنە عێراقی ئێستا، رەنگە هێندەی لە سلێمانییەوە گیروگرفتیان بۆ دروست کرابێت لە هیچ جێگەیەی تری عێراق رووبەڕووی تەنگوچەڵەمەیەکی سەختی وەک شێخ مەحموود نەبووبنەوە، حکومەتی نوێی عێراقیش هەروا. لە ئایاری 1921 لە عێراقدا ریفراندۆمێک سەبارەت بە دانانی فەیسەڵی یەکەم بە مەلیکی عێراق کرا، مەرجی مافی دەنگدان ئەوە بوو: دەنگدەر دەبێ خانوویەکی هەبێ نرخەکەی لە”150″ پاوەنی ئیستەرلینی ” کە بەرامبەر 2000 روپێیە” کەمتر نەبێ. لە شاری سلێمانیدا، دوو هەزار موڵکدار هەبوون، کە نرخی خانووی هەریەکەیان لە 150 پاوەن کەمتر نەبوو، لەم دوو هەزار کەسە تەنیا 190 کەسیان لە دەنگدانەکەدا بەشدارییان کرد، لەمانە 32 کەس دەنگی بۆ ئەوەدا کوردستان بە عێراقەوە بلکێنرێت و 158 کەس دەنگیان دژی دا. “6”. ئەم فاکتە مێژووییە راستییەکی تێدا روون بۆتەوە: زۆرینەی خەڵکی شارەکە بایکۆتی عێراق و پادشاکەیان کردووە و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون بچنە پای دەنگدانەوە و ئەوانەشی چوونەتە دەنگدانەوە بە زۆرینەی رەها دەنگیان لە دژی عێراق و شاکەی داوە. هەروەک وتم ئەمە یەکێکە لە سادەترین بەڵگەکان کە هەر لە سەرەتاوە سلێمانی بە گژ عێراق و لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقەوە راوەستاوە و سەختییەکی لە راددە بەدەری نواندووە.

نموونەیەکی تری زیندوو لەسەردەمی فەرمانڕەوایی پادشاییدا، رەنگبێ راپەڕینی جەماوەری سلێمانی بێت لە رۆژی شەشی ئەیلوولی 1930، کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردییدا بە رۆژە رەشەکەی بەردەرکی سەرا ناسراوە.
(زۆر فاکتۆر هەبوون لە سەرهەڵدانی راپەڕینی جەماوەریی لە شاری سلێمانی لە دژی حکومەتی عێراقی و ئینگلیز، یەکێک لەو هۆکارانە رێکەوتننامەی نێوان عێراق و ئینگلتەرە بوو لە ساڵی 1930 کە هیچ بڕگەیەکی ئەو پەیماننامەیە باسی کورد و دۆزی نەتەوەیی گەلی کوردی تێدا نەکرابوو) “7”. ئەوەبوو سلێمانی دژی ئەم پەیماننامەیە وەستاو (رۆژی 6-9-1930 بە هەزاران کەس لە شاری سلێمانی کەوتنە سەر شەقامەکان و داوای مافە رەواکانی کوردیان دەکرد، هێرشیان دەبردە سەر پەیمانەکە. لەلایەن رۆشنبیرانی کوردپەروەر و شاعیر و زانایانی وەک پیرەمێرد، فائق بێکەس و گۆران و حەمدی، بە شیعر و وتاری شۆڕشگێڕیی هانی جەماوەر دەدرا، کە خۆڕاگربن، هەڵمەت بەرن، دوژمن ریسوا بکەن و سووربن لەسەر درێژەدان بە خەباتیان) “8”.
لە قۆناغ و ساڵەکانی دواتردا سلێمانی نەک هەر بێ رۆڵ نەبووە بەڵکو زۆتر و کاریگەرتر سەختگیریی نواندووە بەرامبەر بە حکومەتی عێراق و لە سەردەمی هەڵگەڕانەوەکەی “رەشید عالی گەیلانی” و تا دوا ساڵەکانی روخانی رژێمی پاشایەتی هەمیشە باری سیاسیی شارەکە هەڵبەز و دابەزی کردووە و مایەی دڵنیایی نەبووە بۆ حکومەت. لە سەرەتای رژێمی کۆماریی لە عێراقدا لە1958ەوە تا بە ئێستا دەگات لای هەمووان ئاشکرایە، سلێمانی چەندە بۆ رژێمی عێراقی جێگەیەکی سەخت و ناهەموار بووە، هەموو ئەوە دەزانین سلێمانی دایکی شۆڕش و راپەڕین و هەموو ئەو خۆپیشاندانانە بوو کە بەشێوەیەک لە شێوەکان بۆ رەتکردنەوەی دەسەڵاتی داگیرکەران بوون لەم بەشەی کوردستان. بۆیەکا پێموایە باشووری کوردستان بەبێ بوونی سلێمانی وەک شارێکی هەمیشە زیندوو و ئامادە لوقمێکی شیرین دەبوو بۆ دەسەڵاتی عەرەبیی عێراقی نەک پێکێکی تاڵ و زەقنەبووت ئاسا.

سلێمانی وەک ناوەندی سیاسەت
مافی ئەوەمان هەیە بڵێین سلێمانی چاوگی سیاسیی لانیکەم باشووری کوردستان بووە بە درێژایی زۆرتر لە سەدەیەک هەتا دەگاتە رۆژگاری ئەمڕۆ. بۆ یەکەمین جار خەباتی سیاسیی و شۆڕشگێڕیی کورد لە شاری سلێمانی رێچکەیەکی رێکخراو و ئۆرگانیکی وەرگرت و دوورخرایە لەو تەرزە خێڵەکییەی کە لە پێشاندا لەسەری راهاتبوو. جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی پێیوایە بۆ یەکەم جار لە میانەی راپەڕینی ئەیلوولی 1930 خەباتی سیاسیی کورد لە شاخەوە گوێزرایەوە بۆ شار و لە یاخیبوونی سەرەک خێڵەکانەوە بوو بە پڕۆژەی رۆشنبیران. جەلال تاڵەبانی لەم رووەوە دەنووسێت (راپەڕینی بەردەرکی سەرا لە رێکەوتی 6 ئەیلوولی 1930دا، لە مێژووی چالاکییە سیاسیی و نیشتیمانییەکانی باشووری کوردستاندا خاڵی وەرچەرخان بوو، چوونکە لەم خۆپیشاندانەوە بۆ یەکەم جار قورسایی کاری سیاسیی و کوردایەتی کەوتە ئەستۆی خوێندەواران و خەڵکی شارەکان، واتە لە لادێ و لە نێو هۆزەکانەوە گوێزرایەوە بۆ نێو شارەکان، بەمەش قۆناغێکی نوێ لە خەباتی سیاسیی دەستپێدەکات) “9”.
نەک هەر بە بۆچوونی مێژوونووس و توێژەرە کوردەکان، تەنانەت بە دیتنی چاودێر و سیاسییە غەیرە کورد و ئەوروپییەکانیش سلێمانی ناوەندی شۆڕشگێڕیی و فۆرمۆڵەکردنی خەباتی سیاسیی و بزافی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بووە، بۆ یەکەمجار لەم شارەدا بەهێزترین پارتی و رێکخراوە سیاسییەکان هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە نەشونما دەکەن و ئاڵای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی بە دەستەوە دەگرن و تەکان دەدەن بە تێکۆشانی گەلی کورد. کریس کۆچێرای کوردناس و رۆژنامەوانی فەڕەنسیی باسی قۆناغی سەرهەڵدانی گروپە سیاسییە کوردییەکان دەکات و دەنووسێت (سلێمانی مەڵبەندی سەرەکیی کوردایەتییە، لێرەدا و لە قۆناغی پێش یەکەم جەنگی جیهاندا، زۆر گروپی نەتەوەیی دێنە ئاراوە، کە چوونە بنج و بناوان و دۆزینەوەی رەگوریشەیان زۆر ئەستەمە، بە تایبەتی هەندێکیان لە چەند کەسێک تێناپەڕن و زۆر جار یەک کەس لە هەمان کاتدا ئەندامی چەند رێکخراوێکی جیاوازە) “10”. لە باری کردارییشەوە ناسیۆنالیزمی کورد لە شاری سلێمانی بەهۆی دەستەبژێرە سیاسیی و رۆشنبیرییەکەوە گەیی و خەمڵی. دواتر توانی لە رێکخراوی جۆر بەجۆری سیاسیدا خۆی رێکبخات و نوێنەرایەتی داواکانی گەلی کورد بکات لەسەر هەموو ئاستەکانی جیهانیی و هەرێمی و نێوخۆیی.
ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بکەینە نموونەی ئەم باسە، ئەوا ئەو پارتییە لە شاری سلێمانی و لەسەر دەستی ئیلێتییە سیاسییە خوێنەوار و شارییەکە توانی ببێتە رێکخراوێکی سیاسیی پێشکەوتووخواز، هیچ کات بەهێزبوون و گەشەی پارتی وەک رێکخراوێکی ئۆرگانیزەکراو و پارتیێکی رامیاریی خاوەن بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ ناگەڕێتەوە بۆ مەلا مستەفا بە تەنها، چوونکە مەلا مستەفا یاخیبوونەکانی شێوەیەکی خێڵەکیی و نارێکخراوی هەبووە و ئامانجەکانی بەو پێوەرە ناسیۆنالیستی نەبوون وەک ئەوەی نوخبە سیاسییە تازە پێگەیشتووەکەی شاری سلێمانی بیریان لێ دەکردەوە.
تەنانەت یاخیبوونی بارزانی لە ساڵی 1943 بەدواوە بۆ ئۆتۆنۆمی و داواکارییەکی نەتەوەیی گشتگیر نەبوو هێندەی غەمێکی ناوچەیی و خێڵەکی پاڵنەری بوون. بۆ وێنە داواکارییەکانی مەلا مستەفا لە دەوڵەتی پادشایی دانانی نوێنەرێکی بەرزی کورد لە بەغداد و نوێکردنەوەی ئیدارەی قەزا کوردییەکانی پارێزگای موسڵ بوو. بۆیە (وا دێتە بەرچاو کە ئەوە مەلا مستەفا نەبوو ناسیۆنالیزمی کوردی هەڵبژارد، بەڵکو ئەوە ناسیۆنالیستەکانی کورد بوون ئەویان هەڵبژارد، هەڵبژاردنی ئەو لەلایەن ناسیۆنالیستەکان بەهۆی شارەزاییە تاکتیکییەکانی و ئەو دژوارییانەوە بوو بۆ حکومەتەکانی دەخوڵقان) “11”. واتە ناسیۆنالیستە کوردەکان بە دوای کاریزما و رەمزێکدا دەگەڕان بۆئەوەی بیکەنە گاندی، هەروەک چۆن ژێکاف لە دیوی ئێران بە هەڵبژاردنی قازی محەمەد هەمان کاری کرد. لەبەرئەوە بەهۆی ئەو بەرەنگارییانەی بارزانی بە تایبەت لەکۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد نواندی پاڵینا بە ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە زیاتر پابەندبن بە بارزانییەوە وەک کاریزمایەک.
لە قۆناغەکانی دوای دروستبوونی پارتی و سەرەتاکانی شۆڕشی ئەیلوول تا دەگات بە دامەزراندنی یەکێتی و راپەڕینی بەهاری 1991، رۆڵی سلێمانی رۆڵێکی پێشڕەوانە و ئێجگار گرنگ بووە و دەتوانرێت بە درێژایی ئەو چەند دەیەیە بە دڵی سیاسیی کوردستان دابنرێت. دەرکێشانی ئەو شارە لە مێژووی هاوچەرخی کورد وەک دەرکێشانی رۆح وایە لە جەستەدا، چوونکە وەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا هەموو ژیلەمۆکان لەبری ئەوەی خامۆش ببن لێرەوە جارێکی دیکە بوونەتەوە بە پشکۆ و تاویان سەندووە. وا بزانم پێویستیش بە هیچ بەڵگە هێناوەیەکی تر ناکات، پانۆرامای سەردەمی بەعس و شۆڕشی نوێ هێندە دوور نییە تا لە بیرمان کردبێت کە سلێمانی هەموو رۆژێک ئاگری دەگرت و دەبووە جەهەنمی داگیرکەرانی کوردستان.

سلێمانی شاری منەوەران
سلێمانی نە تەنیا لە رووی سیاسیی و شۆڕشگێڕییەوە پێشڕەو بووە، بەڵکو لە بواری رۆشنبیریی و فەرهەنگیشەوە پێشەنگ بووە، تا ئەوەی نازناوی پایتەختی رۆشنبیریی کوردستانی پێ بڕاوە. ئەگەرچی تا ماوەیەکی دوور و درێژ شارەکە جگە لە حوجرە ئاینییەکان خاوەنی هیچ قوتابخانەیەک نەبووە، بەڵام زۆر شاعیر و منەوەر و زانای گەورە گەورەی تێدا هەڵکەوتووە کە لە سەردەمی خۆیاندا رۆڵێکی ئێجگار گرنگیان لە کۆمەڵدا ئەدا کردووە. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا ململانێ و کێبڕکێی هەردوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی لە شارەکەدا بەشێک بووە لە ململانێیەکی سیاسیی و رۆشنبیریی ئەوجا ئاینیی، چوونکە مەولانا خالید و شێخ مارفی نۆدێ وەک دوو عارف و سیمبولی ئەو دوو تەریقەتە، خاوەنی دوو دنیابینی جودا بوون، وەلێ کۆتایی ململانێکە زۆر تراژیدیکە بە راونانی مەولانا لە شارەکەدا دەگاتە خاڵی پایان، بەڵام ئەو ململانێیە دواجار کەم تا زۆر کاریگەریی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی لەسەر بیرکردنەوەی گشتیی دروستکرد. “هەوڵدەدەم لە دەرفەتێکی تر لەسەر ئەم باسە بە تێر و تەسەلی بنووسم”.
لە سەردەمی عوسمانییەکان و بۆ مەبەستی پڕکردنەوەی یەکە کارگێڕییەکان، لە شاری سلێمانی قوتابخانەی فەرمی کرایەوە و ئەو قوتابخانەیەش زۆرتر ئەفسەری پێدەگەیاند، بەڵام ئەو ئەو ئەفسەرانە لە ساڵانی داهاتوودا سەبارەت بە دۆزی گەلەکەیان نەک رۆڵێکی گرنگ بەڵکو چارەنووسسازیش دەگێڕن و جێگەیان لە خەباتی سیاسیی ئەو قۆناغەدا بە دیاریکراویی ماوەتەوە. (شان بەشانی حوجرەکان، کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی لە سلێمانیدا، قوتابخانەی روشدییەی سەربازیی سێ پۆلییان کردەوە، هەموو جۆرە زانیارییەکی ئەوسای تێدا دەوترایەوە، کە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ باسەکانی حوجرەدا هەبوو. ئەوانەی لێرەدا دەردەچوون یان دەبوونە مووچەخۆر و کاری دەوڵەتیان وەدەستەوە دەگرت، یان بۆ تەواوکردنی خوێندن دەچوونە ئەستەمبۆڵ، زۆربەیان خوێندنی سەربازییان تەواو دەکرد و دەبوونە ئەفسەری سوپای عوسمانییەکان) “12”.
دواتر قوتابخانەکان لە شارەکەدا گەشە دەکەن، بەمەش رەوشی رۆشنبیریی بەرەوپێشەوە هەنگاوەکانی خێراتر دەبن، تا ئەوەی لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا نەوەیەک لە منەوەرانی شاریی سەرهەڵدەدەن دۆزی نەتەوەیی گەلی کورد دەخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لە خەباتی رزگاریخوازیی کورددا رۆڵێکی سەرەکیی دەبینن. ئەو سەردەمانەش بە حوکمی داخرانی سنووری کوردستاندا بەسەر خۆیدا و داگیرکردنی وڵاتەکە لەلایەن عوسمانی و سەفەوییەکانەوە، رۆشنبیریی شارەکە پتر لە ژێر کاریگەریی رۆشنبیریی ئەو دوو نەتەوە سەردەستە بووە. مێجەر سۆن وەختێک هاتۆتە شاری سلێمانی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەوە بووە زمانی فارسی سەبارەت بە خەڵکی شار زمانێکی نامۆ نییە بەڵکو زۆرینە دەتوانن قسەی پێ بکەن و لێی تێبگەن، ئەو لە راپۆرتێکی تایبەتی خۆیدا دەنووسێت “لە سلێمانیدا فارسی زۆر گرنگە، زۆربەی خەڵک دەتوانێ قسەی پێ بکات و لێی تێبگات.. زمانی نووسین لە هەموو ئەم ناوچەیەدا لە سلێمانییەوە بۆ قەرەداغ و رانیە بۆ باکووری رۆژهەڵات تەنیا فارسییە و هەموو پەیوەندییەکی ئیشوکار بەم زمانەیە. قوتابیان دەبێ لە هەردوو قوتابخانەی ئاینیی و ئەکادیمی سەربازیدا فێری ببن و دوکاندارەکانیش تەنانەت دەبێ بتوانن نامەی پێ بنێرن”، “13”.
دوای کۆتایی عەهدی عوسمانییەکان و دامەزراندنی حکومەتی نوێی عێراق و بڵاوبوونەوەی بیری مارکسیستی لە شارەکەدا، دەستەیەکی تر لە رووناکبیری کورد سەرهەڵدەدەن بە درێژایی چوار پێنج دەیە کۆنترۆڵی گۆڕەپانەکە دەکەن و لە هەمان کاتدا دەورێکی ئێجگار گرنگ دەگێڕن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک و رێکخستیان لە گروپە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە جۆر بە جۆرەکاندا، لەمەشیاندا سلێمانی خاوەنی زۆرترین ئەو ئیلێتییە رۆشنبیریی و سیاسییەیە کە بێگومان لەگەڵ رەوشی شۆڕشگێڕیی و رۆحی یاخی خەڵکی شارەکەشدا تەبایە. هەر لەبەرئەمە نهێنییەکمان ئاشکرا نەکردووە لە رووی رۆشنبیرییەوە سلێمانی بە شارێکی پێشەنگ و یەکەمین هەژمار بکەین، چوونکە سیمایەکی زۆر گرنگ، هەم شارەکە و هەم دانیشتووانەکەی پێ بناسرێتەوە بەرزیی ئاستی رۆشنبیریی و هۆشیاریی سیاسیی و فەرهەنگیی بووە. بەم بۆنەیەوە وەختێک دەڵێین سلێمانی شاری منەوەرانە ئەوە بێگومان هیچ زیادەڕەوییەکمان نەکردووە.

سزادانی سلێمانی لە عوسمانییەکانەوە بۆ یەکێتی
بە حوکمی ئەوەی سلێمانی هەمیشە لە دەسەڵاتەکان و داگیرکەرانی کوردستان یاخی بووە، بەشێوەی جۆراوجۆر سزا دراوە چ لە شێوەی لەناوبردنی فیزیکیی و چ لە شێوەی زیانگەیاندنی ماددیی و رۆحی بە خەڵکەکەی. فارسە ئێرانییەکان لە ساڵەکانی 1841-1844 دوو هێرشی بەرفراوانیان کردە سەر شارەکە و کوشتارێکی زۆریان لە خەڵکەکەی کرد بە ئەندازەیەک تا چەندین دەیە ئەو کارەساتە لە یادی نەوەکاندا مابووەوە. پێش رووخانی میرنشینی بابان دیسان سلێمانی وەک پایتەخت مەیدانی کێشمەکێش و ئاژاوەی ناوخۆیی میرینشینەکە بوو کە بێگومان هەزاران لە رۆڵەکانی لە شەڕی نەگریسی ناوخۆییدا بوونە کۆیزوخاڵ، بەڵام رەنگە تاریکترین رۆژانی شارەکە کەوتبێتە دوای هەرەسی میرنشین و زاڵبوونی دەسەڵاتی تاکلایەنەی تورکەکان بەسەریدا، چوونکە جگە لەوەی هاووڵاتیانی شارەکە لە رووی فیزیکییەوە سزا دەدران، لە هەمان کاتدا باج و خەراجی زۆر و گرانی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ترسناک جۆرێکی تر بوون لە سزادانی خەڵکی شار لەلایەن تورکە عوسمانییەکانەوە.
کاتێک، جەنگی یەکەمی جیهان هەڵگیرسا، تورکەکان جاڕی “سەفەر بەلک”یان داوە. ساتێ شەڕ دەستیپێکرد، هەرچی پیاو و لاوەکان هەبووە، چەکیان دراوەتێ و بۆ بەرەکانی جەنگ رەوانە کراون. تەنیا هەر مناڵ، ژن، پیر و پەککەوتەیان ماونەتەوە. لەبەرئەوە باری ئابووری زۆر خراپ تێکشکاوە، بەروبوومی کشتوکاڵ کزبووە، بەرهەمی پیشەسازیی نێوخۆ لاوازبووە، بێکاریی، گرانیی، برسێتی، دزیی، جەردەیی، راووڕووت، بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەی کردووە. هیچ کارێ، بێ بەرتیل وەرگرتن، جێبەجێ نەکراوە. جەندرمەی تورک بە ئاشکرا جەردەییان کردووە، دەسیان بۆ ئابڕووی خەڵکی بردووە، خەڵکێکی زۆر لە برساندا مردوون!!، بە ئەندازەیەک فریای شاردنەوەی لاشەی مردووەکان نەکەوتوون، لە تاوا گۆشتی وڵاخیان خواردووە، داوێنپیسیی و لەشفرۆشییەکی زۆر بڵاوبۆتەوە. لە ئەنجامدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زۆر کەم بۆتەوە. بۆیە “ماسۆن کینیز” نووسیوێتی: ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی لە چل هەزار کەسەوە هاتە سەر نۆ هەزار کەس “14”.
وەنەبێ دوای شکستی عوسمانییەکان لە جەنگدا و هاتنی ئینگلیزەکان بەختی سلێمانی لە جاران باشتر بووبێ، بە پێچەوانەوە لە سەروەختی حکومداریی شێخ مەحمودی حەفیددا باڵەفڕەکانی ئینگلیز زیاد لە جارێک شاریان بۆردومان کرد کە لە ئەنجامدا جگە لە داڕمانی سەدان خانوبەرەی هاووڵاتیان، بە سەدان کەسیش بوونە قوربانی. تەنانەت لە دوا رۆژەکانی حکومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمود و لە رۆژی 25-4-1924 وەختێک فڕۆکەکانی ئینگلیز بۆردومانی شارەکەیان کرد لە کۆی زیاتر لە بیست هەزار کەسی دانیشتووانی شار تەنێ حەوت سەد کەسێک لە شاردا مانەوە، ئەمەش بەهۆی چڕیی و بەربڵاویی قەسفی هێزە هەواییەکانی ئینگلیزەکان. جیا لەمەش ئینگلیزەکان ئیدارەیەکی خراپیان بەسەر خەڵکی شارەکەدا سەپاند ئەمەش وەک جۆرێک لە سزای خەڵکی شارەکە کە چاویان لە دەوڵەتێکی کوردیی بە سەرۆکایەتی مەلیک مەحمود بڕیبوو بۆیە لە پەنا مەلیکدا بەرگرییان لە کوردستان دەکرد.
رەفیق حیلمی لە یادداشتەکانیدا دەورانی دوای رۆیشتنی “مەیجەر نوئێل”ی ئەفسەری ئینگلیز بۆ تورکیا دەگێڕێتەوە و دەڵێ (ئینگلیزەکان دەستە و دائیرەیەکی هەموو جۆرەیان رژاندە سلێمانی، ئەمانە عەجەم و هندی و عەرەب و ئەفغانی، گاور و جولەکە و ئەرمەنی، بە کورتی رەگەز و تیرە نەمابوو تیایانا نەبێ. دایەرەکان چە هی حاکمی سیاسی، چە هی عەسکەری و ماڵی و گومرگ وئەوانی تر هەریەکە معاون یان مشاورێکی ئینگلیزی چووە سەر. هندی مێزەر سپی، هندۆکی ریش هەڵبەسراو و لولدراو، سیکی رەش و قاچ باریک بە هەموو ژوورەکاندا بڵاوبوونەوە، چاپی دەس “تایپڕایتەر” بە تەق و هوڕەوە کەوتە کار. ئنجا لەلایەکەوە دەستە و دائیرەی تاقمی شێخان و خزمەکارانی خەنجەر و دەمانچە لە پشت، لەولای ترەوە لە”سەیز”ەوە بگرە تا فەڕاش و چێشتکەر، دەستە و دائیرەی ئینگلیزەکان و تەنانەت هی هندۆکە سمێڵ بابڕ و ریش لوولەکان، ئەوان بە چەک و سیلاحی نەفامی و عەشایەری، ئەمان بە زمانی بەد و دووڕوویی و لە پاشملە چاڵ بۆ هەڵکەندن کەوتنە وێزەی خەڵقی سلێمانییەوە “15”.
پاشان حکومەتە عەرەبییە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەرچی پێیانکرا بەرامبەر بە خەڵکی سلێمانی و بە مەبەستی سزادانی نەوە شۆڕشگێڕ و بزێوەکانی ئەم شارە کردیان، ئەگەر ئێمە بمانەوێت جینایەت و سزا قورس و سووکەکانی حکومەتی عێراق هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا بەرامبەر بە سلێمانی یادداشت بکەین ئەوە نەک لەم وتارەدا جێی نابێتەوە بەڵکو پێویستمان بە دنیایەک کاغەز و بە ئۆقیانووسێک مرەکەب هەیە، چوونکە لە چاوی حکومەتەکانی عێراقدا هەر لە پاشایەتییەوە تاوەکو بەعس سلێمانی سەری مارەکە بوو کە هەمیشە یەکەم چەخماخەی مەشخەڵی شۆڕش لەم شارەوە سەرتاپای کوردستانی رووناک دەکردەوە و دەلەرزاند. هەتا ئێرە رەنگە ئاسایی بێت داگیرکەرانی کوردستان و نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان بەو دڕندایەتییەوە پەلاماری سلێمانی بدەن و دانیشتووانەکەی سزا بدەن.
کاتێک نائاساییە هێزێکی سیاسیی وەک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە کوڕی منداڵدانی شارەکەیە و لە هەناوی ئەودا و لە کوچە و کۆڵانەکانی ئەودا گەشەی کرد و بووە هێزێکی کارای گۆڕەپانی سیاسیی، لەبری قەرەبووکردنەوە و پێشخستنی، سزای بدات! ئەوەتا یەکێتی نەک هەر خەڵکی شارەکە لە هەڕەمی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی شارەکە بەشدار ناکات، بەڵکو شار لە بێ خزمەتی و لە فەرامۆشکردندا سزا دەدات، ئەوەتانێ سلێمانی لە شارێکی پێشکەوتوو و راقییەوە بووە بە گوندێکی وێران و خەرابستان. خۆ سزادان هەر تەنیا کوشتن و لەناوبردنی فیزیکیی نییە، داڕنینی رۆحی سەرچڵیی و لەناوبردنی کولتوورە جوانەکان و وێرانکردنی ژیانی نەوە نوێکان و فەرامۆشکردنی جوانیی شارەکە و نەگەیاندنی دەستی خزمەتگوزاریی بە شارێکی وەک سلێمانی ئەگەر سزادان نەبێت چیترە؟. لەو سۆنگەوە دەتوانین ئەوە بێژین لەوەتی سلێمانی هەیە بەردەوام لەسەر رۆحە یاخییەکەی و چاو بڕینە پاشەڕۆژێکی رووناک سزا دەدرێت، تاکە جیاوازییەکەش لەوێدایە جاران بێگانە سزای دەدا، بەڵام ئێستا ئەوانەن رۆژانێک بوو بە شارەکەیان دەگووت (شارە حەیاتەکە).
سلێمانی سزای یەکێتی دەدات
تێزێک هەیە و تا راددەیەکیش نزیکە لە راستییەوە، ئەو تێزە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەو هێزە سیاسییەی سلێمانی بە دەستەوە بوو ئەوە لانیکەم باشووری کوردستانی بە دەستەوەیە. بەهێزیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە رابردوودا وەک رێکخراوێکی شۆڕشگێڕ و هێزێکی سیاسیی بەشێکی پەیوەندیی هەبووە بەوەی سلێمانی کۆنترۆڵ کردبوو، بە دەربڕینێکی تر سلێمانی ببووە چاوگی هێز و قەڵای یەکێتی بۆ زیاتر لە سی ساڵێک. ئەو کارەسات و نەهامەتییانەی لە سی ساڵی رابردوو بەسەر یەکێتیدا هاتن هەر لە شەڕی حکومەتەکانەوە تا پیلانگێڕییە هەرێمی و نێوخۆییەکان بۆ لەناوبردنی، ئەگەر بەسەر هەر پارتیێکی تردا هاتبان ئەوە دەمێکە بوو ناوی لە ژیاندا رەش ببووەوە، بەڵام یەکێتی بە پشتیوانی شاری سلێمانی و بە وەرگرتنی نەفەسی ژیان لەو شارەوە بەسەر هەموو کۆسپ و هەوڕاز و کەندەڵانەکاندا بە سەرکەوتوویی تێپەڕی تا ئەوەی مام جەلالی لە وێستگەی سەرۆک کۆماریی عێراق دانا. بە کورتییەکی یەکێتی بە هەموو شێوەیەک قەرزاری سلێمانی و خۆبەختکاریی نەوەکانی ئەم شارەیە و بەبێ سلێمانی و نەوە یەک لە دوای یەکەکانی نەدەکرا هێزێک بە ناوی یەکێتییەوە لە بووندا هەبووایە.
هەروەک پێشتریش پەنجەم بۆ راکێشا یەکێتی لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات “1992” هەتا ئێستا نەک هیچ پادداشتێکی سلێمانی نەداوەتەوە، بگرە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە تەواوەتی فەرامۆشیکرد و بە هەموو شێوەیەک سزای دەدا، ئەمەش دووجار مایەی ناڕەزایی خەڵکی شارەکە بوو: یەکەم وەک هاووڵاتییەکی دانیشتووی کوردستان خزمەت ناکرێن. دووەم: وەک سلێمانی کە ئەجری زۆریان لەسەر یەکێتییە لە بری پادداشتدانەوە سزا دەدرێن. ئەم جارە سلێمانی لە 25-7-2009 جامی تووڕەییەکانی چووە حاڵی رژانەوە و بە رێگایەکی دیموکراتی، یەکێتی سزا دا و دەنگی خۆی لەهەڵبژاردندا بە لیستی گۆڕان دا. من پێشتر ویستم بنووسم سلێمانی تۆڵەی لە یەکێتی کردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی کولتووری تۆڵە ریشەیەکی خێڵەکیی هەیە و فینۆمینێکی سەردەمی رەوەندییە، نەمویست بڵێم “تۆڵە بە سەبرە ئەمما بە زەبرە”، چوونکە لە دیتنی خێڵەکیدا هۆز و خێڵەکان بەرپرسن لە تۆڵەکردنەوە نەک یاسا و رێگەی شارستانییەکان، بەڵام دەنگ نەدانی سلێمانی بە یەکێتی بە رێگەیەکی ئاشتیی و شارستانی و دیموکراتی بوو. من ناڵێم پرۆسەکە دیموکراتی بوو بەڵکو دەڵێم ئامڕازەکە کە هەڵبژاردنە ئامڕازێکی دیموکراتی و سەردەمانەیە. بۆیە سلێمانی ئەم جارەش رەشەبایەکی تری هەڵکرد و ئاوێزانی زریانی گۆڕان بوو. من لەوە دڵنیام سلێمانی هەتا سەر لەگەڵ ئەو هێزەشدا نامێنێتەوە کە ئێستا ناوی “گۆڕان”ە، ئەگەر ئەو هێزە بەردەوام خۆی نوێ نەکاتەوە و پێ بە پێی قۆناغەکان نەڕوات و لەگەڵ رۆحی سەردەم خۆی نەگونجێنێت.
دوای هەژدە ساڵ لە راپەڕینی ئازاری 1991، بۆ جاری دووەم سلێمانی بەشێوەیەکی ئاشتییانە و هاوچەرخانە راپەڕی، جاری یەکەم راپەڕی بۆ وەدەرنانی بێگانە و لە رەگەوە دەرکێشانی ستەمی نەتەوایەتی، جاری دووەمیش بۆ بنبڕکردنی گەندەڵیی و مافیایی دەسەڵات و چێکردنی دادی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی یاسا و یەکسانی تاک وەک هاووڵاتییەکی رەسەنی وڵات. سلێمانی لە25-7-2009 مەسجێکی نوێی دا بە گوێی سەرجەم بزووتنەوە و هێزە سیاسییەکاندا کە جارێکی گەڕاوەتەوە بۆ ماکی رەسەنی خۆی و هەروا بەردەوامە لە سەرمەشقبوونی هەموو ئاڵوگۆڕێکی خێرا و نوێ. دواجار پێی وتین سلێمانی دێوێکی نوستووە لەگەڵ هەر بە خەبەرهاتنەوەیەک بێگومان پەرچوویەک دەخوڵقێنێت.

وتەیەک لە کۆتاییدا
ئەگەر چەند کاتژمێرێک کات بە دیار خوێندنەوەی دیرۆکی سلێمانییەوە بسووتێنین، راستییەک هەیە هەرگیز ناتوانین خۆمانی لێ ببوویرێن: سلێمانی شارێکی پڕ جموجۆڵ و یاخیگەرە و هەمیشە دەرگاکانی واڵایە بۆ وەرگرتنی بیر و روانگەی نوێ و بەردەوامیش ئامادەیە بۆ خۆ تازەکردنەوە و بیناکردنەوەیەکی نوێی خودی خۆی. (ئەوەتەی شاری سلێمانی دروستکراوە، لە نێو گۆمی خوێن و فرمێسکدا نقووم بووە، بەڵام هەرگیز رۆژێ لە رۆژان چاوی رۆڵەکانی نەنوستووە، ئەگەر نووستبێتیش، دڵی بەخەبەر بووە، بۆیە سەری سنەوبەری سەوزی، باڵای بەرزی شار نەچەمیوەتەوە، جەستەی لە خوێن هەڵکێشراوی نەمردووە و ناشمرێ، مەگەر وەک درەخت بیبڕننەوە و بە پێوە بمرێ) “16”. سلێمانی لە25-7 جارێکی تر ئیسپاتی کرد هەرگیز نانوێ و چاو داناخات لە حاست تەراتێنی گەندەڵکاران و ئەوانەی کوردستان لە باخی جەننەتەوە دەکەن بە شیوی وەیلی دۆزەخ.

پەڕاوێز:
1- جەمال بابان “سلێمانی شارە گەشاوەکەم”، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، بەغداد 1992، ل 12-24.
2-محەمەد ئەمین زەکی بەگ “تاریخی سلێمانی وە وڵاتی”، ئامادەکردنی: رەفیق ساڵح، سلێمانی 2006، بنکەی ژین، لاپەڕە 66.
3-د.حوسێن محەمەد عەزیز “شەکرە شارەکەم سولەیمانی”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 119.
4- کلودیۆس جیمس ریچ “گەشتی ریچ بۆ کوردستان 1820″، و:محەمەد حەمەباقی، چاپی یەکەم، تەورێز 1992، لاپەڕە 105.
5-ئاکۆ عەبدولکەریم شوانی “شاری سلێمانی 1918-1932 لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی- سیاسییە”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2002، لاپەڕە 97.
6-مامۆستا جەعفەر “شاری سلێمانی ململانێی گروپە کۆمەڵایەتییەکان 1820-1920″، چاپی دووەم، سلێمانی 2006، لاپەڕە 105.
7-عبدالرزاق الحسني “تاريخ الوزارات العراقية”، الجزء الثالث، الطبعة السابعة، بغداد 1988، ص 15.
8-فاتح رەسوڵ “بنچینەی مێژووی بیرۆکەی چەپ لەکوردستان”، چاپی دووەم، سلێمانی 2005، لاپەڕە 282.
9-د.ئاکۆ عەبدولکەریم شوانی “شاری سلێمانی 1932-1945 لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی– سیاسییە”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2008، لاپەڕە 85.
10-کریس کۆچێرا “کورد لەسەدەی نۆزدەو بیستدا”، و:حەمەکەریم عارف، چاپی دووەم، سلێمانی 2004، لاپەڕە 169.
11-دیڤید ماکداول “مێژووی هاوچەرخی کورد”، و:ئەبوبەکر خۆشناو، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 605.
12- عەلی خالید حەمید “کاکەمەم بۆتانی” (لە دووتوێی یادداشتی شاردا)، چاپی دووەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 116.
13-مەیجەر سۆن “سلێمانی ناوچەیەک لە کوردستان”، و:مینە، چاپی یەکەم، سلێمانی 2007، لاپەڕە 40.
14-د.حوسێن محەمەد عەزیز “شەکرە شارەکەم سولەیمانی”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 125.
15-رەفیق حیلمی “یادداشت” چاپی سێیەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 57.
16-حوسێن محەمەد عەزیز “برایەتی درۆزنانە”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2005، لاپەڕە 217.

*ئیبراهیم پاشا کوڕی ئەحمەد کوڕی خالید پاشای بابانە و ساڵی 1873 لە جێگەی مامی بە میری بابان دانراوە و تا ساڵی 1800 واتە بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ میری بابان بووە.

*ئەم شيكارييە لە ژمارە (66)ی گۆڤاری (نێوەند) لە مانگی ئابی 2009 بڵاوبووەتەوە.




هاتووم بەرەو لای تۆ.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

هاتووم خۆم هەڵسووم لە بۆنی پرچەکانت
تاکو ببمە شووشە عەترێکی رژاو بەرووی دنیادا
هاتووم وەک نەمامێک لە کۆشی تۆدا بڕوێم
تا وەک شۆڕەبییەک بەسەر خەیاڵەکانتا بڵاوببمەوە
هاتووم لە سینگی تۆدا سۆراخی چێژێک بکەم
تاکو لە ئاسمانی تۆدا لە شەقەی باڵ بدەمەوە
هاتووم جەستەی نەرمت بە ئەسپایی هەڵکرۆژم
تاکو لە دڵتا وەک سنەوبەرێکی شەرمن بمنێژیت
هاتووم دەستەکانم بخەمە نێو دەستی ماندووتەوە
تاکو راددەی توانەوە و ئاوێتەبوون هەڵیانگڵۆفم
هاتووم لە کانیاوی چاوەکانتا تینوێتیم بشکێنم
تاکو مۆمی کزی تەمەنم بەسەر هەستتا بتووێتەوە
هاتووم بە دوای خەونێکی گشت ژیانما ئەگەڕێم
تاکو لافاوی ماچم مەراقی دەروونت بشواتەوە
هاتووم وەک شوێنکەوتووی دێوانەیەکی دێرین
تاکو لە بناری مەمکەکانتدا منداڵ ببمەوە
هاتووم لەشت بکەمە پیانۆی ئاوازێکی دەگمەن
تا پەنجەکانم بە سمفۆنی ئەوین ئاشنا بکەمەوە
هاتووم بولبوولی رۆحت لە قەفەز دەربێنم
تاکو دەستلەملان و ئاوێزانی باڵات ببمەوە
هاتووم پڕ بە سییەکانم هەناسەت هەڵمژم
تاکو نەفەسی ژیانم سەرلەنوێ بۆ بگەڕێتەوە
هاتووم بەرەو ئەو شەتڵگەیەی تۆی تێدا رواویت
تا وەک هەنگێک شیلەی لێوەکانت بنۆشمەوە
هاتووم سۆمای چاوت لە ئەنگوستەچاوێکدا بدزم
تا دیدەی تاریکی رۆحمی پێ رۆشن بکەمەوە
هاتووم لە سپێتیتا خۆم لە گوناه پاک بکەمەوە
تاکو لەنێو برژانگەکانتا دووبارە بڕسکێمەوە
هاتووم بەرەو گوڵستانی چڕ و پڕ جۆشی تۆ
تاکو گوڵی ماچەکانت نەڕنم هەرگیز ناڕۆمەوە
هاتووم لەئاگری ئەوینتا ببمە قەقنەز و خۆڵەمێش
تا رەشەبایەک بەسەر تۆدا پەرش و بڵاوم بکاتەوە
هاتووم قژی ئازارەکانت بە پەنجە شانە بکەم
تا نەمرم هیچ کات لێوم لە لێوەکانت ناکەمەوە
هاتووم بتکەمە قیبلەی هەموو نوێژەکانم
تاکو لەسەر بەرماڵی دامەنت سەربنێمەوە
هاتووم دەستنوێژم بە بارانە فرمێسکت هەڵگرم
تاکو کورەی عەشقم، تەزیویت گەرم بکاتەوە
هاتووم لە پێڵووی چاوەکانتدا ببمە چرایەک
تا حەرف بەحەرف لە شیعرەکانما بتنووسمەوە
هاتووم قورسایی خۆشەویستیت لە کۆڵ بنێم
تاکو لە نێو دەممدا شەکری دەمت بتوێتەوە
هاتووم کۆدی هەموو نهێنییەکانی ژیانم بکەمەوە
تاکو لە بوخچەی نهێنییەکی نوێدا بتشارمەوە
هاتووم رازی نەبیستراوی رۆحم بۆ تۆ بدرکێنم
تا لەحەسرەتی باوەشی پڕ سۆزت سەرنەنێمەوە
هاتووم شەبەقی تەنهاییت بە عەشق پڕ بکەمەوە
تاکو وەک بەفر بەسەر بێزارییەکانتا بتوێمەوە
هاتووم دەلاقەیەک بۆ ماچ و باوەشت بدۆزمەوە
تاکو لەگەڵ خۆری تۆدا هەموو رۆژێ هەڵبێمەوە
هاتووم لەگەڵت بم و بۆ هەمیشە لات بمێنمەوە
تا شەربەتی ماچەکانت بڕژێتە گەرووی تاڵمەوە
هاتووم تێر بە بینایم لە جوانییەکەت بڕوانم
تا قومێ لە پێکەنینی پڕ ئەفسوونت بخۆمەوە
هاتووم لە گۆمی گریانتا بێ سەرو شوێن ببم
تا ببمە بارانی عەشقێک سەرتاپا بتخوسێنمەوە
هاتووم مێژووی سووتانی دڵمت بۆ بگێڕمەوە
تاکو لە باوەشێکتا هەستی بزڕکاوم بژێتەوە
هاتووم ئومێدە وەریوەکانم لە تۆدا بدۆزمەوە
تا بەهیوای رامووسانێک وەک ژیلەمۆ بگەشێمەوە
هاتووم دڵی خۆم بە تاڵی زوڵفت لە سێدارە بدەم
تاکو دوای تۆ وەک بێ دڵێک لە ژیاندا بمێنمەوە

ستۆکهۆڵم – سۆلنا




کاتێک گۆرانى بە ناخى رۆحتدا رۆدەچێتە خوارێ.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مرۆڤ لە بوونى خۆیدا چەندین زمانى جۆراوجۆرى بۆ گوزاشت لە خۆکردن و دەربڕینى هەستە شاراوەکانى خوڵقاندووە، لە چرکەساتێکدا مرۆڤ لە بەردەم ژانێکدا بە چۆکدا دێت یان لە بەرامبەر خۆشەویستەکەیدا بۆتە پارچەیەک لە کریستاڵ تەنیا دەتوانێت بە شێوە و ریتمێکى مۆسیقیانە بئاخڤێت، زۆر جار مرۆڤ هەست و وشە پەنگخواردووەکانى بە سینتاکسى پڕ چێژ و بە فۆرمێکى شیعرییانە دەردەبڕێت، رەنگبێ هەر ئەوەش بووبێتە هۆى سەرهەڵدانى گۆرانى وەک رەگەزێکى گرنگى هونەر. گۆرانى کوردیى کە بەشێکە لە کولتوور و رۆشنبیریى ئەم نەتەوەیە ئەگەر نەڵێین لە شێوە فۆلکلۆرەکەیدا لەگەڵ لە دایکبوونیدا هەبووە ئەوا سەرهەڵدانى گۆرانى کوردیى نەکەوتۆتە کاتێکى درەنگى دواى وجودى کورد وەک نەتەوەیەک لە دیرۆکدا. زۆربەى جاران هێندەى گۆرانییەک یان پارچە موزیکایەک کاریگەریی هەیە لەسەر مرۆڤ رەنگبێ شۆڕشێک ئەوەندە کاریگەر نەبێ، یان کاریگەریى شۆڕشێک بە هۆى چەند گۆرانییەکەوە بێت.
لە یادمە لە راپەڕینى ئازارى ساڵى 1991 سروودەکانى هونەرمەند (ناسرى رەزازى) وەک شەیپورى ئازادیى لە ئێستگەى دەنگى گەلی کوردستانەوە تەنانەت دەروونى منداڵانیشى دەهەژاند، منێک کە نەمدەتوانى چەکدار بم و وەک پێشمەرگەیەک رۆڵ ببینم، ئەو سروودانە نیگەرانیان لەلا دروست کردبووم، چوونکە کەفوکوڵى دەروونم تەنیا بە هەڵمەت بردن و رووبەڕووبوونەوەى داگیرکەران دادەمرکایەوە. بەش بە حاڵى خۆم لە بوارى هونەردا ئەوەندەى بە گۆرانى کاریگەرم و ئاوێزانم لەگەڵیدا هیچ کات (شانۆ- شێوەکاریى) هێندە پەلکێشیان نەکردووم بە لاى خۆیاندا (بەبێ ئەوەى لە بایەخى ئەو دوو لایەنە گرنگەى هونەر کەم بکەمەوە) هەر بۆیە ئەم چەند دێڕە لە بەرامبەر گۆرانى کوردیی و هونەرمەنداندا رەنگدانەوەى ئەو کاریگەرییە زۆرەیە.
حەسەن زیرەک
کاتێک گوآ لە گۆرانییەکانى (حەسەن زیرەک) دەگرم دڵم پڕ دەبێت لە ئیرۆسییەت و غەریزەى ژیاندۆستى هوژمم بۆ دێنێت و کۆتم دەکات لەناو خۆیدا، گۆرانییەکانى حەسەن ئەوەندە کاریگەرن مەحاڵە گوێم لە یەکێکیان بێت تەنانەت لەناو ئاپۆراى دەیان هەزار کەسیشدا بێت ئیستێکم پێ نەگرێت و نەمخاتە دنیاى جوانیپەرسى و ئەوینداریى (بە ماناى رووتى وشەکە)، بە راستى (حەسەن زیرەک) موعجیزەى هونەرى کوردییە و گەورەترین سیناتۆرى ئیمپراتۆریای هونەرى گۆرانى کوردییە.
عەلی مەردان
کاتێک گوێ رادەدێرم بۆ (عەلی مەردان) دەچمە نێو دنیاى خەیاڵ و لە فەنتازیاکانى خۆمدا نووقم دەبم و بە فلاشباگ گەشتێک بە رابردوودى خۆمدا دەکەم، وای لێکردووم تا سەر مۆخ نوستالیژی بم و پابەندبم بە رابردووەوە. عەلی مەردان بە چریکەى بولبول ئاساى کێشێکى قورس دەخاتە سەر مێشکت و کۆنترۆڵى دەکات!، لە ئاوها حاڵەتێکیشدا ناتوانى چ کاردانەوەیەکت هەبێت جگە لە رامان لە پیاوێکى ناسکى، دڵ بریندارى وەک خۆى.
ناسرى رەزازى
ئەو دەقیقەیەى رەزازى بە دەنگى زوڵاڵ و شۆڕشگێڕانەى لە بەردەم گۆرانى یان سروودێکى خۆیدا رامدەگرێت، ئیدى ستەملێکراویى نەتەوەیەک و ئێش و ئازار و ناسۆرەکانى جارێکى تر دەخاتەوە ناو زاکیرەم و بەردەوامى پێدەبەخشێت لە چینى یادەوەرییەکانمدا، ئەو کاتەى سروودەکانى لە دڵت دەدەن دەبیتە منداڵێکى ئەنفالکراو کە لەگەڵ حەشامات و کاروانى ئەنفال بە زیلێکى سەربازیى بەعس بەرەو نوگرە سەلمانت دەبەن و لەوێوە عەرعەر چاوەڕێیە بۆ خەوێکى هەتا هەتایى لە ژێر لمى بیاباندا.
نەجمەدین غوڵامى
سۆزى دەنگ و دەربڕینى نەجمەى غوڵامى تنۆک تنۆک فرمێسک بە چاوانماندا دێنێتە خوارێ، گۆرانى (پایز پایز) بیرى هەڵوەرینى گوڵەکان و فڕینى جاویدانى پەروانەکان و کۆچى ناوادەى ئازیزانم دەخاتەوە، دەمباتەوە بۆ گازینۆى شەعب تا لەگەڵ شاعیرى پایز و گەڵاڕێزان (محەمەد عومەر عوسمان) پیاڵەیەکى دى چا بخۆینەوە و دواتر لە پەنا بە بادانى سیگارەکەماندا بەرەو ماڵ ملى رێگە بگرینە بەر. غوڵامى سوکنایى بە دڵدا دەهێنێت و زۆر جاریش لە خۆکوشتن ژیوانم دەکاتەوە و بە بزەى گۆرانى (خانومان) دەمباتەوە نێو دنیاى بەرائەت و عیشق و پێم دەڵێت هێشتا ژیان بایى ئەوەندەى پێوە ماوە ئافرەت یان هەر شتێَکى دیکەت تێیدا خوشبووێت.
عەدنان کەریم
بەیانیان کاتێک لە خەو را دەبم و بەر لەوەى دەموچاوم بشۆم گوێم لێیە باوکم بە دیار گۆرانییەکى (عەدنان کەریم)ەوە سیگار دەکێشێت و دەست دەهێنێت بە قژە ماش و برنجییەکەى خۆیدا و نوقمى دەریاى خەیاڵ بووە، ئیدى (عەدنان) بەم جۆرە دێتە بەردەم دەرگاى دڵ و ناچارت دەکات دەروازەى کڵۆمدراوى لێبکەیتەوە، بەم جۆرە عەدنان وەک شنەبایەکى فێنک خۆى دەکات بە دەروونتدا و دەیکاتە هێلانەى خۆى و ئەوسا لە سەردەمى ونبوونى گۆرانى کوردیدا بەوپەڕى رەسەنایەتییەوە لەگەڵ رۆحت دەدوێت و پێت دەڵێت یەکەم و دواکارى ئەمڕۆت تەنیا خۆشەویستى و پیاسەیەکى لاى ئێوارانە لەگەڵ دلبەرێکدا، ئەو بە رۆحى نالی و وەفایى و مەحوییەوە لەگەڵتدایە و هیچ کامیشیان نییە.! ئەو نالی نییە بەڵام (عەدنان کەریم)ە.
مەزهەرى خالیقى
تا ئێستا نازانم بۆچى هێندە خووم بە گۆرانییەکانى (خالیقى)یەوە گرتووە. بێ ئەوەى بتوانم بەسەریدا زاڵ بم هۆگرى ئەو سۆز و دەنگە پڕ لە هەستەم. هەر کە گۆرانییەکى (خالیقى) هات، تەرکیزى هەموو بیرکردنەوە و تەنانەت هەموو نیگاکانیش لە خۆیدا کۆدەکاتەوە، سیحرى ئەو دەنگە ئەوەیە هەرچەند گوێى بۆ رادێرى و لەگەڵى بژیت جار لە دواى جار نوێترە!! بە راددەیەک بە موبالەغەى نازانم بڵێم یەک جار ژیان کەمە بۆ ئەوەى بتوانى تینوێتیت لە کانیاوى چریکەی خالیقى بشکێنیت. تەنیا یەک ژیان کەمە لەگەڵ ئەو هەستە ناسکە ئاه هەڵبکێشى، تەنیا یەک جار ژیان کەمە بۆ ئەوەى بتوانى بە تەواوەتى تەرکیز و بیرکردنەوەت رۆبچیتە نێو دنیاى ئەفسانەیى خالیقى.
دیارى قەرەداغى
ئاى لەو نەگبەتییەى کەسێک (دیارى قەرەداغى) خۆى دەکات بە ژیانیدا، ئەو کاتێک گۆرانى دەچڕێت ئەز ئارەزووى کوشتن یان ئازاردانى دەکەم! ئاخر ئەو سەرتاپاى ژیانمى کردە ئازار، ئەو گۆرانییەک دەچڕێت رۆحت هەپرون هەپرون دەکات؟ وشەکانى حەلاج و مەعەڕیت وەک گوڵاو بەسەردا دەپرژێنێت، ئەو پێت دەڵێت ئەم نیشتمانە سوتماکە سەر لەبەرى برین و ژان و دەردەدارییە، ئەو شەو نایەڵێت بخەویت چوونکە پێت دەڵێت ئەى کوڕى ئەم نیشتمانە تۆ (پاڵەوانێکى بێ شمشێرى)ت، پێت دەڵێت تۆ شێرە بەفرینەیت، ئەو بانگەوازى رابوون دەکات کەچى هەر خۆى حەقیقەتە تاڵەکان وەک گوللە دەنێت بەسەر سینگتەوە، دیارى فێرى کردین خاک چ بۆنێکى هەیە، نیشتمان چ ئازارێکى هەیە، ژیان چ رەنگێکی هەیە، ئەو فێرمان دەکات غروب و ئاوابوونى خۆر و کۆچى باڵندەکان تەفسیر بکەین.
کەمال محەمەد
سۆزی دەنگی کەمال ئاوازێکی غەریبە لە ئاسمانەوە هاتووە تاکو خەمەکانی سەر زەوی رابژەنێت. ئەو لە یەک کاتدا گۆرانی بۆ عیشق و بۆ ئازادیی دەچڕێت. لەنێو ئەو هەموو دەنگە لێکچووەدا سەدایەکی جودایە و غوربەت و تێکشکان و هەرەسی خەونەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. دەنگێکی مەحزون، بەڵام پڕ لە ژیان، دەنگێکی پڕ لە ژیان، بەڵام نائومێد. گۆرانییەکانی هەر یەکەیان خۆیان قەسیدەیەکی غەمگینن، هەنسکەکانمان دەچڕن، فرمێسکی وشک نەبووی چاوەکانمان دەسڕن. بە قەدەر بێهیواییەکان ئومێدمان پێدەدەن، بە قەدەر هەموو ئومێدەکانیش پڕمان دەکەن لە گوومانی بێ هیوایی. گۆرانییەکانی جیاوازترن لە گۆرانی هەموو کەسی تر، کەوێکە قاسپەی لە هیچ کەوێکی تری سەر ئەم زەمینە ناچێت، وەک وتم ئەو نوێنەری هەسارەیەکی ترە لەسەر زەوی.
خالید رەشید
خالید رەشید وەک دیاردەیەک لە بەردەمتدا دەتەقێتەوە، لە تاراوگەکەیدا لە سۆزى نیشتمانەکەیدا هێدى هێدى دەتوێتەوە، مانیفێستى غەریبان وەک سەمفۆنیایەک بە گوێماندا دەدا و غەمەکانى تاراوگە و ژیانى غەریبى بۆ حنجە کردین، کاتێک خۆى و عودەکەى گۆرانى (بوکى ئێوارە) بۆ دڵت ئاڕاستە دەکات، ئیدى هەروەک قەدەر پێتەوە دەلکێت و پێت دەڵێت ئەمە چارەنووستە و ناتوانیت لەم گۆرانییە قووتار بیت، ئەو گۆرانى کوردیى بە رەنگ و بۆن و تامى خۆیەوە دەبێژێت و قسە لەگەڵ رۆحى کوردیت دەکات، فێرى کردین بوکى ئێوارە و نیشتمان و رەسەنایەتى ئەم گەلەمان خۆشبوێت، گۆرانییەکانى مەحکومى کردین دۆزەخى وڵاتمان لە بەهەشتى مەنفا لا شیرینتر بێت و تاڵاوى نیشتمان لە دەمماندا وەک هەنگوین بێت.
بەهجەت یەحیا
هەر دەنگى (بەهجەت) دەگاتە گوێت، خۆت دەبینى لە کۆڕى دەروێشاندا چۆن زیکر و عەشقى یار دەبێتە هەموو ژیانت، فێرت دەکات چلۆن لە بەردەم مەعشوقدا وەک مۆم بسووتێیت (ئەو فێرى سووتانمان دەکات)، بە گۆرانییەکانى دەتباتەوە بۆ سەر کانیاوە روونەکان و پێت دەڵێت فەرموو پڕ بە کامى دڵت تێرى لێ بخۆرەوە، دەتگەڕێنێتـەوە بۆ ئەوپەڕى پاکیى و ئاوێنەیەک دەداتە دەستت بۆ ئەوەى پاکێتى خۆتى تیا وەدیبکەیت. (بەهجەت) ناڵینى عاشقان و رێگەى سەختى ئەڤینداریى و فڕینى دیدالێوسیانە و سەرکێشى پرۆمیسیۆست بیر دەخاتەوە، پێت دەڵێت بۆ ئەوەى بتوانى عاشق بیت پێویستە وەک پرۆمیسیۆس یاخى و سەرچڵ و لێوەشاوە بیت، بۆ ئەوەى بتوانیت لە مەعشوقەکەتدا فەنا بیت دەبێتە وەک (ستێڤانى دیدالیۆس) بتوانى بفڕیت!!. بەهجەت وانەکانى عیشق راڤە دەکات و بۆت شرۆڤە دەکات بۆچى شێخى سەنعان بۆ کچى دیان لە دینەکەى وەرگەڕا؟، پێت دەڵێت بۆچى نالی هێندە عاشقى حەبیبە ببوو؟ بۆچى مەولەوى خۆى لە عیشقى عەنبەر خاتووندا ون کردبوو؟ بەهجەت ناچار دەکات لە دواى گوێگرتن لێى بچى یەک دوو جام مەى بنۆشى تا بتوانیت ئامادەیى وەربگریت بۆ ئەو فڕین و عیشقە قورسەى وى باسى دەکات.
کەریم کابان
هەر (کابان) بە رۆحە گەنجەکەیەوە هاتە ماڵى رۆحتەوە، دەبێت دەست لە دنیا بشۆیت و بە دواى دنیایەکى یۆتۆپى بگەڕێى کە لێوانلێوە لە سۆز و میهرەبانى، رێگات نیشان دەدات مەملەکەتى عیشق و ئەڤین بدۆزیەوە، دەتباتەوە سەر سەرچاوەکانى دڵ و پێت دەڵێت فەرموو جێگاى مرۆڤ و ژیان و هەموو بوونەوەران لەم دڵە بچووکەتدا بکەوە، پێت دەڵێت وەک عیساى مەسیح ژیانت لە پێناوى ئەوانى تردا خۆشبووێت، دەتنێرێتەوە بۆ رابردوویەکى دوورى بێگەرد تاکو لە پەنا مەلاى جەزیرى یان وەلی دێوانە عاشقى کچە کوردى نازدار بیت، ئەو مەبەستیەتى پێت بڵێت هەر چەندە جەستە پیر و لاواز دەبێت، بەڵام دڵ شتێکە نە پیر دەبێت و نە لاوازیى دەناسێت، دڵ هەر بە گەنجى دەمێنێتەوە، عیشقیش هەر عیشقە چ لە لاوى یان پیریدا بێت. ئەوەش پارچە شیعرەکەى “فرانسواز ساگان”م وەبیر دەخاتەوە:
انت كنت في العشرين تستطيع ان تحب
وانت كنت في الثمانين تستطيع ان تحب
هناك دائما مناسبة لأشتعال البرق
کەریم کابان.. پێت دەڵێت دەروازەکانى ژیان جگە لە جوانى و ئافرەت و ئەوینداریى هەموو کڵۆم دراون، پێویستە بۆ پەڕینەوە لە ناهەموارییەکانى ژیان بە دەرگاى عیشق و سووتانى رۆحتدا تێپەڕیت.
دوا وشە
نەمتوانى ئەم چەند دێڕە کە کاریگەریى گۆرانى هونەرمەندانى ناوبراون لە دڵ و دەروونمدا بەرهەمى هێنا بوو لە دڵى بچووکمدا جێگەى بۆ بکەمەوە، ئەمەش ناچارى کردم دەست بدەمە خامە و ئیحساسى خۆم بخەمە بەردەمى خەڵکى تریش. بۆیە ئەم بابەتە لێکۆڵینەوە نییە بە قەدەر ئەوەى پەخشانێکى سادەیە.

هاوینی 2004
ستۆکهۆڵم – سۆلنا




دوایین غەزەلی ماڵئاوایی.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

من کە بە خەندەیەک ئەمرم
تۆ بۆ بە فرمێسک ئەمکوژی؟
من کە بۆ شەوقی مۆمێک ئەمرم
بۆ لە تاریکترین شەودا ئەمکوژی؟
من کە بۆ تیشکی هەتاو ئەمرم
بۆ بەشاردنەوەی مانگی تابان ئەمکوژی؟
من کە بە وشەیەکی زبر ئەمرم
تۆ بۆ بە قاموسێک لە دڵڕەقی ئەمکوژی؟
من کە بۆ مشتێ ئاو ئەمرم
بۆ بە تینوێتی لە سەحرای دڵتا ئەمکوژی؟
من کە بە پەڕی باڵی فریشتەیەک ئەمرم
بۆ بە چەقۆی کولی ئەهریمەن ئەمکوژی؟
من کە بۆ خەونێکی کریستاڵی ئەمرم
تۆ بۆ لە بۆتەی کابووسدا ئەمکوژی؟
من کە بە نیگایەکی گەرم ئەمرم
تۆ بۆ لە بەستەڵەکی غەریبیدا ئەمکوژی؟
من کە لەنێو حەشاماتی خەڵکدا ئەمرم
بۆ لە کونجی تەنیاییدا ئەمکوژی؟
من کە لە ساتی تەماشای پەلکەزێڕینەدا ئەمرم
بۆ بە هەورە بروسکەی دابڕان ئەمکوژی؟
من کە بە تنۆکێک باران ئەمرم
تۆ بۆ بە رەهێڵە و بۆران ئەمکوژی؟
من کە بە دەنگی ناسکی موزیک ئەمرم
بۆ بە ژاوەژاوی دەمی رۆیشتن ئەمکوژی؟
من کە بە گۆرانییەکی شاد ئەمرم
تۆ بۆ بە سروودی دڵتەنگیی ئەمکوژی؟
من کە بە شەکراوی ماچێک ئەمرم
تۆ بۆ بە قاوەی تاڵی تووڕەیی ئەمکوژی؟
من کە بۆ دڵۆپێک ئاوی چاوەکانت ئەمرم
بۆ لە نێو ئاگردانی بێزارییدا ئەمکوژی؟
من کە بە شیعرێکى رۆمانتیک ئەمرم
تۆ بۆ بە قەسیدەی فیراق ئەمکوژی؟
من کە لەنێو تەمی یادەوەرییدا ئەمرم
تۆ بۆ بە گریانی ئایندە ئەمکوژی؟
من کە لە پێناوی جوانیتدا ئەمرم
تۆ بۆ لە مەنفای هەستەکانتا ئەمکوژی؟
من کە بۆ چرکەیەک خۆشی لەگەڵتا ئەمرم
بۆ لە دەریاچەی غەم و ناسۆردا ئەمکوژی؟
من کە بە شنەبایەکی رۆژهەڵات ئەمرم
تۆ بۆ بە گڕ و دوکەڵی باشوور ئەمکوژی؟
من کە بۆ دیدارێکت لە کۆڵانی پەروانەکان ئەمرم
تۆ بۆ بە خنکاندنی ئارەزووەکانم ئەمکوژی؟
من کە لە دەمی نووسینی چامەی عەشقا ئەمرم
تۆ بۆ بە دوایین غەزەلی ماڵئاوایی ئەمکوژی؟

ئەڵمانیا – کۆڵن
کەنار رووباری راین – یونی 2017




دوو کتێبی نوێی ستیڤان شەمزینی لە چاپ دران

کتێبی یەکەم: “قوتووی عەتار – بەرگی سێهەم” ئەم کتێبە بریتییە لە دریژکراوەی هەردوو بەرگی پێشووی کتێبەکە کە ساڵی 2018 لە دوو توێی 1000 لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە. ئەم بەرگەش بەشێکی تری کۆکراوەی ئەو وتارانەی نووسەر لە خۆ دەگرن کە لە نێوان ساڵانی 2004-2021 بڵاوکراونەتەوە لە دوو توێی 560 لاپەڕەدا. بە تێکراش هەر سێ بەرگەکەی ئەم کتێبە 1560 لاپەڕەیە.
کتێبی دووەم: “بە ئەوینت رابردووم بسڕەوە” ئەم کتێبەش بریتییە لە کۆمەڵە شیعرێکی نوێی نووسەر لە نێوان ساڵەکانی 2015- 2020 لە دوو توێی 158 لاپەڕەدا.
ئەم کتێبانەش لەلایەن چاپخانەی کارۆ چاپ کراون و لەلایەن “هەرێم عوسمان”ەوە کاری دیزاینی بۆ کراوە.
وا بڕیاریشە کتێبێکی تری نووسەر بە ناوی “خەندە گرینۆکەکان. مەراقنامەی پیاوێکی سوریالی” لە دوو توێی 200 لاپەڕەدا بەم زووانە لە ژێر چاپ بێتە دەرەوە. هەر سێ کتێبەکەش لە چەند مەراسیمێکی جیاجیادا لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بڵاوبکرێنەوە.
جێگەی ئاماژە پێدانە ئەم سێ کتێبە و کۆی کتێبەکانی تری نووسەر لەسەر ئەرکی دارایی و تایبەتی خۆی چاپکراون.




ئایەتەکانی نائومێدیی.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

ئەو رۆژە قەترانییەی پێم نایە
ئەم جیهانە قێزەونەوە
بە دارلاستیکی سەرشێتی
ئاوێنەی هەموو هیواکانم شکاند
ئیتر بەر غەزەبی خۆشی و
نەفرەتی ئومێد کەوتم
فڕێدرامە چاڵە هەزار بە هەزارەکانی نائومێدییەوە،
هەر ئەو رۆژە دەرکم کرد
ژیان چەندێ تفت و تاڵە
مرۆ چەند بێ ئابڕووانە
هەنگوین ئەخاتە زاریەوە،
مردنیش چەند میهرەبان و
چەندیش لە قەند شیرینترە
چۆن خوێنساردانە ژەهر و تاڵاو ئەکەین بە قوڕگیا
هۆ خەڵکینە من ئەو پیاوەم
بە راکردن بەرەو پیری ژیان چووم
بەڵام ژیان زۆر بێ ئابڕووانە
بێزاریی دەربڕی و لێم هەڵهات
خۆ من پێش ئەوە
قەت بیرم لە کۆتایی خۆم و مەرگ نەکردبووەوە
کەچی بێئاگا بووم
لەوەی مەرگ هەردەم لە بیری مندایە
چەند بێوەفا بووم
لە بەرانبەر مەرگ و چەندیش ئاشقی ژیان!!
ئەو پیاوە ئەرخەوانییەم
هیچ کات خۆم بە بەشێک لە خەم نەزانیوە
بەڵام ئەوە خەمەکانن
چەند پارچەیەکی دڵتەنگن لە من
بەوەدا بمناسنەوە
لە نێوان من و گریاندا هیچ شتێک نییە
جگە لە فرمێسک
لەنێوان فرمێسک و گریاندا
هیچ کەسێک نییە جگە لە من
بەوەدا هەستم پێ بکەن
لە تەقویمی منا
هیچ ئێوارەیەکی رووخۆش بوونی نییە
چوونکە هەر ئێوارەیەک بیری رۆژانی مناڵیم ئەخاتەوە
کە وامدەزانی خۆر چاوشارکێ ئەکات و
لە پشت چیای شارەکەمەوە خۆی ئەشارێتەوە
بەوەدا بمناسنەوە
حەرفەکانی دڵتەنگیم
گرێچنی وشەیەکن کە نائومێدییە
گوڵەکانی کاسەسەریشم
بۆنی خۆکوشتنیان گرتووە
بەوەدا بمناسنەوە
سەوداسەری سەفەرێکم بۆ دەرەوەی گەردوون
ئەگەر سەفەرێک هەبێ بۆ ئەوێ
بە شەمەندەفەری خەیاڵ دەڕۆیشتم
ئاخ، ئاسمانێکی تر
جگە لەم ئاسمانە تاریک و کۆنەی
سەر سەرمان بوونی نییە
ئەگەرنا پێش دوا نەفەسی جگەرەکەم،
دوو باڵی دیدالیۆس ئاسام بۆ فڕین ئامادە ئەکرد
ئازیزم
تۆش بەوە دڵخۆش مەبە شاعیرێک
زووخاوی چەند ساڵەی دڵی خۆیت بۆ هەڵدەڕێژێت
خێراکە دەرگای لێ دابخە با هاڵاوی دڵی
تەنیا خۆی هەڵکوڕزێنێ
پێویست ناکات تۆ دڵت بشکێ
خۆ من ژیان دڵی تەڕی شکاندم
وەک ئەو منداڵە چەتوونەی
بە قۆچەقانی پەنجەرەی بەختەوەریی شکاند
بەوەدا بمناسنەوە
لە نێوان من و ئومێددا، شورای چین هەیە
لە نێوان من و خۆشبەختیا
دووریی نێوان هەردوو جەمسەری زەوی هەیە
لە نێوان من و پێکەنیندا
هێندەی گەیشتن بە پلۆتۆ مەودا هەیە
رۆژانەش هیوا دیواری خۆی
چین بە چین لەبەردەمما زیاتر هەڵدەچنێ
لە دەفتەرێکی کۆنی بیرەوەریی باپیرمدا نووسرابوو:
رۆژی لە دایکبوونت
هاوکاتە لەگەڵ رۆژی کوژانەوەی چرای ئومێد
هاوکاتە لەگەڵ داپۆشینی زەوی بە تاریکییەکی ترسناک و
هەڵوەرینی چرۆکانی گەشبینی
لە وەرزی بەهاری ساڵی ئومێددا
لە تۆمارێکی کۆنی دەنگیدا
کە تازە گوێم لێگرتووە
نەنکم ئەڵێت
ئەم مناڵە شوومە و لەوەتی لە دایکبووە
ئاسمان نەگبەتی گرتوویەتی و
دارستان تووشی پەرکەم بووە
بارانیش رەنگی خۆی لە دەستداوە و
دەروونی دەریا فێنک ناکاتەوە
لە نامەیەکی دێرینی دایکمدا بۆ باوکم
کە ئەمڕۆ خوێندمەوە، هاتووە:
منداڵەکەمان کەفوکوڵی زۆری هەیە
بۆ زوو هەستانە سەرپێ،
هەروەک ئەو کارمامزە کێوییەی
بە هیچ بەورێک راو ناکرێ،
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا
لە روانینی چاوەکانیدا حوزنێک هەیە و
هیچ جادووگەرێک لە ماناکەی تێناگا
لە جووڵە و گریانی شەوانیشدا
موزیکێکی خەمناگ هەیە
ئەو موزیکە تەنیا لە کۆتایی فیلمە تراجیدییەکاندا
گوێم لێ بووە
جادووگەرەکەش پێی وتم
هێندەی سەوزایی چاوەکانی
رۆژانی رەش، چارەنووسی رەش، چاوەڕوانی ئەکات
باوکم لە پشتی بەرگی کتێبێکی ئەستوور نووسیبووی:
منداڵەکەمان لاسارە
کۆڵەپشتی ژیانی سەرلەبەر ژانە و
نیگەرانی
مۆمی رێگە پێچاوپێچەکانی یاخیبوونەکانێتی و
کەلاوەیەکیش نیشتمان و
گۆڕێک لەناو دەریا دوا مەنزڵگەی
ئەمەوێ ئێستا بەو جۆرە بمناسن
پیاوێکم غەوارە و نامۆ بە ئومێد
هەمیشە مەقامی نیگەرانی
بەسەر تاڵیی رۆژە نەفرەتییەکانی خۆمدا ئەچڕم
کە شەویش دادێ تا بانگی بەیانی
یەکەمین زەنگی کەنیسە
ئایەتەکانی نائومێدیی
بۆ ئازارەکانی ناوسەرم ئەخوێنمەوە

رۆژێکی کزۆڵەی باکوری زەوی
2017




پەنجا و سێ خولەک کارەبا.. ستیڤان شەمزینی

شانۆگەرییەکى یەک پەردەیى ژیان لە کوردستان

باوکم بە قووڵى نەفەسى لە جگەرەکەى دەدا و باسى رابردووى پڕ ئازار و مەینەتى خۆى دەکرد لە رۆژانى خەباتى پێشمەرگایەتییدا، نازانم چ پاڵنەرێکە جار جار دەیباتەوە سەر گێڕانەوەى بایۆگرافیا و هەموو جارێکیش پێ لە زۆرشت دەنێت و زۆر دانپیانانى سەیر بەیان دەکات، لە پڕ هاتە سەر باسى گەدایى و نەداریى کاک (….) ئا…. ئەو، ئەو سوپەرمانەى وامدەزانى لە ساتى لە دایکبوونیدا پێنج ملیۆن دۆلارى لە سکى دایکییەوە هێناوە بۆ سەر ژیان. وتم: ئەرێ باوکە کاک هین ئەو شتە زلە دەناسیت، باوکم بە خێرایى وەڵامى دایەوە: تەنانەت ساڵانێکى زۆر بەرپرسى بووم. ئەوسا کابرایەکی گەدای لاواز بوو. وتم: ئى چۆن وا دەوڵەمەند بوو؟ لە کاتێکدا کاتى خۆى وا هەژار و نەدار بووە؟. باوکم وتى: نازانم، فەرهود، ئا.. ئا.. فەرهود.. دزى.. دزی.. چوزانم.
وتم: وەک تۆ بزانى زۆر هەژار بوو؟ باشە تا چ راددەیەک زەلیل ببوو بە دەست هەژارییەوە؟ باوکم سەیرى کاتژمێرەکەى دەستى کرد وەک ئەوەى چاوەڕێى هاتنى هاوڕێیەکى بکات وتى: ها.. ها.. کوڕە چوزانم، بە خوا پارەى خانوویەک بەس جگەرەم بۆ کڕیوە هەر لە پاکەتى بەغداد و سۆمەرەوە بیگرە تا دەگاتە سپێشل و ریم. منیش تۆزێک بێدەنگ بووم، هەندێک رامام لە جریوە و دەنگى پڕ سۆزى مۆلیدەى کارەباى دراوسێکەمان، هەر دەتگوت سەمفۆنى بیتهۆڤن یان شۆپانە. کاکى مەسئول هاتەوە یادم و پرسیم: ئەرێ باوکە نەتووت ئەم کابرایە تا چەند بە رەوشت و بە وەفایە؟.

  • وەفاى چى و رەوشتى چى؟ ئەو کابرایە لە شاخیش هەروا بوو کە پێشمەرگە داستانى تۆمار دەکرد، ئەمیش مێبازیى دەکرد!!.
    +بە راست مێبازیى، ئێ.. ئێ.. چۆن مێبازییەک؟ توخوا بۆم باسبکە!. لە پڕ کارەبا هاتەوە، باوکم جگەرەکەى کوژاندەوە و وتى: نازانم مێبازیى چى؟ ئێستا کەى کاتى ئەوەیە؟ نابینى کارەبا هاتەوە، هەڵیگرە بۆ دواى کارەبا بڕان، چیرۆکەکە ئەو دەمە تەواو دەکەین، ئێستا بە پەلە بڕۆ خەریکى کارەکانت ببە تا کارەبا هەیە. دایکم لەم کاتەدا لە ژوورى میوان بوو، لە پڕ و لە خۆشیدا بەرەو ژوورى چێشتخانە (مطبخ) دەرپەڕى و لەبەر خۆیەوە وتى: کوڕم.. دەى خێرا بڕۆ قاتە رەساسییەکەت ئوتوو بکە، بێ ئوتووکردن لەبەرى مەکە، نازانم بۆ ئەوەندە شل و شێواوى؟ نابێ کەمێک جلەکانت جوان بن، ئا.. عەتریشى لێبە چوونکە بەردەوام لە بیرت دەچێت، سبەینێ کە چووى بۆ ئاهەنگەکە لە بیرت نییە بۆیە ئێستا عەتر پرژێنى بکە!.
    +دایکە گیان عەترى چى و قاتى چى و تەڕەماشى چى؟ من نووسین و راپۆرتێکم هەیە دەبێت خێرا کۆمپیوتەرەکەم پێ بکەم و دەست بکەم بە تایپکردن، زۆر گرنگە زوو تەواویان بکەم.
    -ئەرێ ئەم نووسینە نەبڕایەوە؟ خۆى چەند کارەبا هەیە وا بە هێواشیى دەجوڵێیتەوە؟ نووسین هەڵگرە بۆ کاتێکى تر، بەقەڵەم بینووسەرەوە دوایى تایپى بکە، خێراکە بڕۆ بۆ ژوورەکەى خۆت خەریکى ئوتووکردن بە. بەڵام من وردە وردە بەرەو ژوورى دانیشتن رۆیشتم و تەلەفزیۆنەکەم پێ کرد؟ یەکسەر چۆیە سەر کۆنسێرتێکى میوزیکى (یانى) لە وڵاتى چین، لەوکاتەدا دەنگە کۆراڵییەکان بەرز دەبوونەوە، تیپى ئۆرکێسترا لە حەماسى تەواودا بوون، یانى گەرم ببوو هەڵدەبەزییەوە، لەو کاتەدا وتم، ئەڵڵا خۆ ئەوە (یانى)یە، من خەریکى گوێگرتن دەبم لە میوزیک رۆحم زۆر پێویستێتى. باوکم بەرەو لاى من هات و کەمێک سەرى بادا و بە دەنگێکى بەرز وتى:
    -یانى و مانى چى؟ واز لەم جوقە جوقە بهێنە، خێرا بڕۆ ئیشەکانت بکە. کارەبا ئەوەندە زۆرە وا تۆ هیچ ناکەیت و گوێ بۆ ئەم قژ درێژە دەگریت؟. بە خوا هەر لە تەلەفزیۆنەکەوە بێتە دەرێ و لەبەردەممدا میوزیک بژەنێ لەم کاتەدا گوێى لێناگرم.
    +تۆ هەقى منت نەبێت، وا بزانم تۆ بە تەماى ریش بتاشیت، ئەرێ بۆ ناچیت بە لاى کارى خۆتەوە؟.
    باوکم هیچ قسەى نەکرد، بەرەو دەستشۆرەکە بە رێکەوت، ئاگام لێبوو مۆبایلەکەى خۆى کوژاندەوە و هاوارى لێکردین: مۆبایلەکانتان بکوژێننەوە، نەک خوا نە خواستە یەکێک لە ناکاودا تەلەفۆن بکا و کاتەکە بەهەدەر بڕوات، کاتێک بزانى کارەبا باى باى بکات.
    هاوارم کرد: باشە ئەوە مۆبایلەکەم داخست، بەڵام ئەگەر میوانێک هات دەڵێى چى؟.
    +دەمت بشکێت، کوفر مەکە، کوفرى وا بۆ دەکەى؟ بە ئیزنى خوا دواى کارەبا بڕان میوان دێت.
    دایکم لەولاوە غەسالەکەى پێکرد و دەستیکرد بە جل شۆرین (فەردەیەک جلى پۆخەڵمان هەبوو).
    باوکم شیڕاندى: خێرا بڕۆن، بۆیلەرەکە هەڵبکەن با تۆزێک ئاوەکە گەرم بێت، ئەوەبوو من چووم بۆیلەرەکەم هەڵکرد و دواتریش دەستمکرد بە ئوتزوکردن.
    لە پڕ لە زەنگی ماڵەوە درا لەگەڵیدا گرم گرم لە دەرگا دەدرا، دەستم لە کارەکەم هەڵگرت و چووم دەرگام کردەوە. پیاوێکى باڵابەرز بوو وتى: بەڕێز گیان ئەرێ ئەمە ماڵى موختارى گەڕەک نییە؟.
    وتم: نەوەڵڵا، موختارى چى؟ موختار هەر لەم گەڕەکەدا نییە.
    گەڕامەوە بۆ ژوورەوە و بە باوکم وت: شوکر سەلامەت دەرچووین! میوان نەبوو.
    دایکم هەر لەبەردەم خۆیەوە پرتە و بۆڵەى بوو، بە دەنگى بەرز هاوارى کرد و وتى: ئەرێ بزانە کەس ئاگاى لە سەلاجەکەیە دایگیرسێنێ، بە خوا چى تێدایە هەمووى بۆگەنى کردووە.
    باوکم وەڵامى دایەوە: چش.. تو خوا با بۆگەن بکات هەروەک چۆن سەرکردەکانمان کردوویانە.
    دایکم دووبارە وتى: ئەرێ ئەمە کوا پەیوەندیى بەوەوە هەیە؟ تۆ هەر خەریکى فەلسەفەلێدانى.
    لە ناکاو زەنگى تەلەفۆنە نۆرماڵەکە لێیدا، باوکم هاوارى کرد: کەس تەلەفۆنەکە هەڵنەگرێ، ئێستا بزانە کێیە بێ تاقەتە و کارەبایان نییە و حەزى لە دەمەتەقێیە؟ ئەوەبوو زەنگى دووەم لێیدا و هەر هەڵمان نەگرت، دایکم ناڵەى لێ بەرزبۆوە و وتى: بە راست بۆ هەڵیناگرن نەوەک خوا نە خواستە تەعزییەک شتێک بێت.؟!.
    باوکم وتى: تەعزێ نییە و هیچ نییە، بەم کارەبا هاتنەوەیە کوا شەرعییە بچیت بۆ تەعزێ؟ زەنگى سێهەم لێیدا و هەر هیچ، چوارەم زەنگ لێیدا، دایکم بە دەستى کەفاویی و سابوناوییەوە هات و هەڵیگرت، کەمێک لەسەرخۆ و دیپلۆماسییانە وتى: بەڵێ فەرموو.
    لە پڕ هاوارى کرد: (نادیە)ى خوشکمە لە سوێدەوە تەلەفۆن دەکات.
    باوکم بە ساردییەوە وتى: چى لێبکەم، سەلامى لێبکە.
    دایکم وتى: نادیە گیان چۆنى؟ منداڵەکان چۆنن؟ ئەوە بۆ ماوەیەکە دەنگت نییە؟
    نادیە: زۆر باشم، ئایا ئێوە باشن؟ من عەیبم نییە ئەگەر ئێوە خراپ نەبن.
    دە دەقیقە زیاتر قسەیان بەیەکەوە کرد، ئەوەبوو داواى باوکمى کرد و هەندێک قسە و باسیان بە یەکەوە کرد ئەوجا نۆبەى من هات:
    -پورە نادیە گیان توخوا ئێستا ئێوە لە سوێد کارەباتان هەیە؟.
    +کوڕە ئەوە تۆ دەڵێى چى؟ بە سانییە چییە لێرە کارەبا ناکوژێتەوە.
    -ئەرێ سووتەمەنى و ئاو و بەنزین و غاز و شتى وا چۆنە، دەست دەکەون؟.
    +لێرە ئەو کێشانە نییە، کێشەى ئێمە ئەوەیە کەمێک هەست بە نامۆیى دەکەین.
    -ئەى لێرە بێکاریى و گەندەڵیى و بێ خانوویى و سواڵکردن و شەو لەسەر جادە خەوتن هەیە؟.
    +نەخێر، شتێکى وەها نییە شیاوى باسکردن بێت.
    -ئەى پورێ گیان بۆچى نامۆیت؟ خۆ لەکوردستان بیت دە هەزار ئەوەندە نامۆترت دەکەن.
    +نا وانییە، کوردستان گۆڕاوە، لە کەناڵى کوردسات و زاگرۆسەوە دەیبینم خۆش بووە.
    -کوڕە کوا؟ تڕحێو لەم خۆشییە، ئەگەر خۆشیى وابێت توونى بابا بچێت.
    +ئەى ئەوە نییە شارى خەونەکان و نازسیتى و ئەو شتانە دروست دەکرێن؟.
    -بۆ مادام گیان هەموو بنەماڵەکەت تا دەگاتەوە ئادەم دەتوانێ چوار چین لەو خانووانە هەڵستێنێ؟.
    +بۆ ، بۆ؟ ئەرێ جگە لەوە ئەو هەموو هۆتێلە جوان جوانانە نابینى دروستى دەکەن؟.
    -با دەیانبینم، ئەوانە بۆ هارونە ڕەشید و شاگردەکانێتى، خۆ بۆ من و تۆ نییە، لەوێ قڕقێنەیەک سەد دۆلارى تێدەچێت، ئەوە باسى بۆفیەیەک هەر مەکە.
    +بەخوا تۆ زۆر رەشبینیت، ئەى لەگەڵ کارى نووسین و شتى وادا چۆنیت؟.
    -باش نیم، لەبەر چرا و رۆشنایى مۆمدا دەنووسم، فەزاکەم ئەوەندە عیرفانییە هەر دەڵێى (نالی)م، بەخوا لە مەودوا بەپەڕ و مرەکەب لەسەر چەرم و پێستە دەنووسم، دنیاکەى ئێمە گەڕاوەتەوە بۆ دواوە، جارى وا هەیە لەبەر نوورى شەمعێکدا هەست بەوە دەکەم شەش خولەکى تر نیگا (وحى)م بۆ دێت.
    +لە قسە زلەکانت نەکەوتوویت، قەت ئەم رابواردنە تەرک ناکەیت.
    -ئەرێ تو ویژدانت ناهەقمە؟ کارەبا هەردەڵێى ترافیک لایتە، کەس نازانێ کەى و چۆن هەیە.
    باوکم لەولاوە هەڵیدایە: کوڕە کەر مەبە، سەد خۆزگە ترافیک لایت بوایە، بەس نەبوو دەقیقەیەک دەهات و دەقیقەیەک دەبڕا، کەواتە لە 24 کاتژمێردا دوانزە کاتژمێرمان دەبوو خۆ کارەباکەى ئێمە بە ناشکوریى نەبێت لە سەعاتێک زیاتر نییە.
    +ئەوە چییە و کێیە قسە دەکات؟ ئایا میوانتان هەیە؟.
    -نا.. نا.. ئەوە باوکمە.. ها بتدەمێ قسەت لەگەڵ بکات، من جارێ خواحافیز و بە نیازى دیدار، باوکم گوێى بە تەلەفۆنەکەوە ناو گوتى:
    -ها.. نەچن خۆتان بێ عەقڵ بکەن و بێنەوە بۆ کوردستان، شتى وا نەکەن ها..
    +نا.. نا.. منداڵەکان هەر نایەنەوە، تازە ئێرەمان باشترە.. ئا.. ئا.. ئێرە بۆ ئێمە باشترە.
    کەمێکى تر باوک و دایکم قسەیان لەگەڵدا کرد و دوایى خواحافیزەیان لە یەکترى کرد، هەریەکە چووینەوە سەر کارەکانمان، ئەوەندەم زانى دواى 53 خولەک لە هاتنەوەى کارەباکە، تەزووەکە و رووناکى گڵۆپەکان بە کارەساتێکى دڵتەزێن ماڵئاواییان لێکردین.
    دیمەنى دواى کارەبا بڕانەکە بەم جۆرە بوو: (پانتۆڵەکەم ئووتو کراوە، بەڵام چاکەتەکەى نا، دایکم نیوەى جلەکانى شۆردووە و نیوەکەى تر نا.. بەڵام قەباعەتەکە لاى باوکم بوو لایەک لە سمێڵ و ردێنى تراشى بوو لایەکى ترى مابوو..). دایکم دەسى بەرز کردەوە بۆ باوکە میهرەبانەکەى ئاسمان و بە دەم نزاوە وتى: خودایە تەمەنى حکومەتەکەمان بە قەد تەمەنى ئەم کارەبا هاتنەوەیە کەمبکەرەوە.
    باوکم بە هێمنى و بە زمانێکى نەرم وتى: لە لاى خوا و لە ئاسمانیش کارەبا هەبێت باشە، ئەگینا ئەویش تاقەتى نابێت گوێ لە نزا و شەکواکانت بگرێت.
    دایکم بەرەو لاى من هات و وتى: بەخوا ئەمە ژیان نییە، لە چلەى هاویندا بەرمیلێک نەوت بە 100 دۆلار بێت ئەى ئەگەر بەفر دابکات؟ لەولاشەوە دەست دەبەیت بۆ هەر شتێ بیکڕیت وەک دووپشک پێوەت دەدات، جگە لەمەش لە زستان و پایزدا بە شەوەکە کارەبا هەبێت قەینا بە رۆژ، بەڵام ئەمساڵ هاوینەکەشى هەر نەهات بوو.
    باوکم لەولاوە هەڵیدایەوە و وتى: ئەرێ ژنەکە بۆ ئەوەندە بێ عەقڵى، کارەبا بۆ هەموو کاتێکە خۆ وەستا ئەدیسۆن کاتێ دروستیکرد نەیووت تەنیا بۆ هاوین وتى بۆ زستانیشە. بەڵام وەستا ئەدیسۆن مۆلیدەى دروست نەکرد، ئەوە وەستا مەسئولەکانن بەدەستمایەکەى ئەدیسۆنەوە کاسبى دەکەن و سوو دەخۆن. ئیدى باوکم لەبەر چرا ریش تاشینەکەى تەواو کرد، بەڵام کە سەیرم کرد دەتووت ئیمامى عەلى شمشێرى لێداوە لە چواردە پانزە لاوە دەموچاوى خۆى بڕى بوو..
    باوکم بە چرایەکەوە بەرەو ژوورى دانیشتن هات و رووى دەمى کردە دایکم و وتى:
    ئەرێ بیستوتانە پیرەژنێک وتوویەتى رەحمەت لە گۆڕت ئەدیسۆن ئەگەر تۆ نەبوویتایە دەبوایە لەبەر شەوقی چرا سەیرى تەلەفزیۆنمان بکردبایە..
    دایکم لێوێکى لێ هەڵقرچاند و وتى: توخوا ئەمە نوکتە بوو؟ زۆر کۆنە و زۆریش ناخۆشە. بەڵام من بیستوومە دەڵێن پیرەمێردێک بووە (دیار بوو دایکم پێى ناخۆش بوو سیفەتى خراپ بخرێتە پاڵ ژن).
    باوکم وتى: نازانم بەڵام بێ کارەبایى زۆر شت لە یاد دەباتەوە پیرەمێرد و پیرەژنیشت لێ تێکەڵاو دەکات، توخوا وا نییە؟.
    ئیتر هەر دواى فجوقى کارەباکە ئێمەش وەک دەرئەنجامەکەى فیلمى (هالەو ئەمریکا)ى عادل ئیمام دەست بەتاڵ دەرچووین و هیچمان بۆ نەکرا. ئەوەبوو باوکم گەڕایەوە بۆ لاى شەوچەرەى شەو و هەقایەتى مێبازیى مەسئولەکە.
    تا کاتى خەوتن و تا ئەو کاتەى ژنە لادێیەک بە نەعل لە دەم و چاوى کاک مەسئول دەدات و تەبعى نەعلە ژمارە (چل و چوارەکە) لەسەر دەم و لووتى دەردەچێت باس هەر باسى ئەو برادەرە کۆڵنەدەرە بوو، ئیدى دوایى ئەمە خەوتین بەڵام من شەو خەونم بینى 24 کاتژمێرى خشت لە خەونمدا تێپەڕى و کارەباش نەبڕا، سەیرە و پەرچوویەکى سەردەمە. وەلێ ئەگەر حکومەتى هەرێم پێى بزانیبا لە خەونەکەشدا تۆزێکی لێ دەکوژاندینەوە.

تێبینی: ئەم تەنزە دیالۆگێکی وەهمییە کە گوزارشت لە واقیعێکی تاڵی ئەوێ رۆژی و ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات.
پایزی 2006

ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم




بەرچنەیەک لە بۆنی گزنگ.. ستیڤان شەمزینی

ساتێک چوومە ژێر خاک
پڕ بە گەرووم هاوارم ئەکەم عەشق ئاینم بوو
ژنێک لەتوخمی پەروانە
فەرمانڕەوای سەرتەختی ئیمپراتۆریای دڵم بوو


کاتێ رەوانم لەسەر شاپەڕی باڵی فریشتەیەک
بەرز ئەبێتەوە بۆ ئاسمان
بە خوداوەند ئەڵێم ئاشقی ژنێکی سرک بووم
لە سولالەی با و تۆفان


کاتێ لە تراویلەکەوە ترنجامە
کارێزی روون و بێگەردی میهرەبانیتەوە
تریفەت لەبەر پێمدا راخست و
دەروازەی گزنگت بە ڕوومدا کردەوە


کاتێ عەشقت خۆی گەیاندە دڵم
وەک ماسییەک بووم بە تۆڕی تۆوە
بیرتە لەسەر تەمی پەنجەرەی خەونێک نووسیم
عەشق دوا گۆرانی منە


بۆ دۆزینەوەم سەرت کرد
بە هەزار کەلاوەی رووخاو و وێرانبوودا
نەتزانی لە ژێر دارتوویەکی بێ نازدا
مێژووی گەڵاڕێزان ئەنووسمەوە


پێش هەرەسهێنانی شەو لە خەونمدا
بۆنی پەرچنەیەک گزنگم کردبوو
هەر تۆ دەرکەوتیت لەگەڵ تیشکی هەتاو
کەوتمە مەراقی ژوانێکەوە


پێش زەمەنی لە سێدارەدانی باخچە
هیچ کاتێک بۆنی هەناسەت نەکردم
ئێستاش ئێشک ئەگریت
بەدیار خۆڵەمێشی بابردووی حەسرەتەکانمەوە


کاتێ بە ئاسمانەوە تۆم ئەبینی
لە جەستەی هەورێکی سەرخۆشدا
نەمدەزانی رۆژێک دێ
دڵۆپ دڵۆپ فرمێسکەکانت ئەبارێتە سەر دڵم


بیرمە لە ساتی مەرگی چڵە نێرگزدا
تاڤگەی هەستت رژایە ناو منەوە
کانییەکی ترت پێناساندم
لەودیو تەمتوومانی مەرگ و فەنابوونەوە


هەر ئەوەندە ئەزانم لەدڵی تۆوە هەڵئەقوڵێم
رێچکە ئەگرم بۆ ناو رۆحت
ئەوە بزانە لە عەشقی منەوە ئەبارێی و
جۆگەلە ئەبەستی بۆ ناو هەستم


لە یادی مەکە ئادرێسی هەمیشەییم
لە گەڕەکی هەناسە گەرمەکانتدایە
لە یادی ناکەم گۆڕی جاویدانی عەشقم
لە پرچە قەترانییەکانی تۆدایە


سۆلنا – سکەندەناڤیا مۆڵ
ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆلم – سۆلن
ا




میدیا وەک ئامڕازی ریسواکردن.. ستیڤان شەمزینی

لەگەڵ ئەو هەموو هاتوهاوارەی کەناڵەکانی راگەیاندن هەر خودی خۆیان دەیکەن لە هەمبەر رەچاوکردنی ئیتیکی رۆژنامەوانی و خستنە سەر رێچکەی رۆژنامەوانی کوردیی لە رووی پیشەیی و ئەخلاقی کارکردنەوە، کەچی هاوکات هەمان میدیا وەک ئەوەی بیری چووبێتەوە دوێنێ چی وتووە و بانگەشەی بۆ چ جۆرە نۆرم و مۆدیلێک لە رۆژنامەوانی کردووە، ئەمڕۆ بۆتە ئامڕازێکی گەورەی ریسواکردن و یەکتر سڕینەوە و هەلا هەلاکردنی کەرامەتی مرۆڤ. ئەوەتا ئەو شەڕە موهاتەراتەی لە نێوان میدیای “پارتی و ئەهلی و گۆڕان”دا بەڕێوە چوو، نەک هەموو سنوورێکی ئیتیکی رۆژنامەوانی تێدا تێپەڕێنرا، بەڵکوو پێشێلی هەموو یاساکانی کرد و پەنجەی ریسواکردن و بە پووچ تەماشاکردنیشی خستە سەر کەسێتی و هەستی ژمارەیەکی بێشووماری خەڵک.

من پێم سەیرە چۆن میدیای کوردیی تووشی هەمان ئەو نەخۆشییە زۆر ترسناکانەی کۆمەڵگەی کوردیی بووە کە ئینسان بە تەواوەتی بێ بەها و بێ رێز سەیر دەکات، من سەیرم لەم دەبڵ کەسێتییەی راگەیاندنکارانی کورد سووڕماوە و ناتوانم لەوە تێبگەم، مامۆستا “ئەکادیمییەکان”ی وانەی ئیتیک و ئەخلاقی رۆژنامەنووسی کوردیی چۆن لەلایەکەوە باسی ئیلتیزام دەکەن و لەسەرێکی ترەوە بەشداریی دەکەن لە پرۆسەی کوتین و موهاتەرات و شەڕەجنێو و سووکایەتیکردن بە هەموو پیرۆزییەکی مرۆڤ!!!. سەیرە هێشتا رۆژنامەنووسی ئێمە، وەکوو بەلاغی سەربازیی، تەماشای نووسین دەکات و بۆ شەڕێکی توندی سیاسیی و حزبیی و گروپیی بەکاریدەهێنێت و خوازیارە پەیکەر و جەستەی هێزی بەرامبەری پێ وردوخاش بکات!!. ئەمە کارەساتە راستەقینەکەی واقیعی رۆژنامەنووسیی کوردییە لەم بەشەی کوردستاندا.

کار گەیشتۆتە ئەوەی رۆژنامەوانییەک پەیدا بووە، لە پێناوی ئامانجە سیاسییەکاندا نەک سڵ لە هاڕینی هیچ کەس ناکاتەوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای تێزی شەلم کوێرم ناپارێزم، دەست بۆ هەموو مافە تایبەتیی و سەرەتایی و سادەکانی مرۆڤ درێژ دەکات. کار گەیشتۆتە ئەوەی میدیایەک پێگەیشتووە بۆ ریسواکردنی بەرامبەر نەک خۆی لە هیچ رستە و وشەیەکی زبر و ناشایستە و ناماقوڵ و نامۆ ناپارێزێت، بەڵکوو تۆمەت هەڵبەستن و زانیاریی درۆ و داتاشینی حکایەتی سەیر و سەمەرەشی کردووە بە بەشێک لە ئەرکە هەرە سادە و ئاسان و ئاساییەکانی خۆی. کار گەیشتۆتە ئەوەی میدیایەک لە کوردستان لە بەهێزبووندایە نەک هیچ بایەخ و رێزێک بۆ نووسین و وشە دانانێت، بەڵکوو هەر لە بنەماوە گاڵتەی بە هەست و کەسێتی مرۆڤەکانیش دێت، تا ئەو ئەندازەیەی هەزارەها چیرۆک و حکایەتی وەهمیشی بۆ ئابڕووبردن و ریسواکردنی هەر مرۆڤێک لە ژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت، ئامادە کردووە.

لە هەموو ئەمانەش ترسناکتر، هەردوو ئەو میدیایەی بەم دواییانە بازاڕی عوکازی موهاتەراتی کوردییان گەرم و جەنجاڵ کردبوو، خۆیان بە سەرمەشق و نموونەی رۆژنامەوانی ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ دەزانن، بەڵام بێگوومان بیریان چووە ئەوان نموونە و سەرمەشق و پسپۆری عەیارە بیست و چواری موهاتەراتن، بیریان چووە لە پێناوی مەبەستێکی سیاسیی دیاریکراودا، ئامادەن کەرامەتی هەزارەها مرۆڤ بکەنە سووتەمەنی و قوربانی. تەنانەت سەیرە راگەیاندنێک بە ناوی داکۆکی لە مافی “سەردەشت عوسمان”ەوە دەست بۆ گەورەیی و پیرۆزیی کەسێتی خەڵکانی تر ببات!!، ئاخر ناکرێت لە پێناوی ژیانی گوڵاڵە سوورەیەکدا، باخچەیەکی پڕ گوڵ و گوڵزار بپلیشێنیتەوە، هەروەک چۆن ناکرێت بۆ دوورخستنەوەی تاوانێکی وەک ئەوەی دەرهەق بە ژیانی “سەردەشت” کراوە لە حزب و ئاڕاستە سیاسییەکەت، ئاگر لە ماف و هەستی کەسانی تر بەر بدەیت، وەکوو ئەوەی هەستی مرۆڤ کاڵایەکی هەرزان و سووک بێت. ئەمەیە کارەساتی راستەقینەی رۆژنامەنووسیی کوردیی.

بەداخەوە هێشتاش راگەیاندنی کوردیی بەهەمان فۆرمی شەڕی ناوخۆ و بە هەمان ئاواز و موفرەدەی شەڕی براکانی شاخەوە کە بە جەستەی پێشمەرگەی شەهیدکراوی نەیارەکانیان دەگووت “کەلاک”، مامەڵە دەکات، تەنانەت بۆ ئێمەومانان کە وەها خەیاڵمان دەکرد، کرانەوەی کوردستان بە رووی دونیادا بۆتە هۆی وەرچەرخانی عەقڵی سیاسیی و میدیایی کوردیی، شۆکێکی گەورەیە بتوانین بە ئاسانیی تەسەوری ئەوە بکەین هێشتا میدیا لە کوردستان ئامادەیە شەڕی سیاسیی و ئاسایی گەرم بگۆڕێت بۆ شەڕی خوێناویی و سەربازیی، هێشتا میدیا ئامادەیە بە کوژراوی لایەنی بەرامبەری بڵێت “کەلاک”. بە رای من ئەمەیە کارەساتی راستەقینەی رۆژنامەوانی کوردیی نەک شتێکی تر.

مايوى 2010
ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆلم




مۆسیقا یاوەری شاعیرێکی خەمبارە.. ستیڤان شەمزینی

مۆسیقا “با”یەکی دڵسووتاوە
بە کوڵ بۆ شاعیرێک ئەگری و
عەشق کانییەکە لە تریفە
وەک بت مانگی تابان ئەپەرستێ
منیش لە یەک کاتدا هەم ژێی مۆسیقا
هەم کانیاوی عەشقم
دەمم پڕە لە قسە کە بە شیعر ناوترێ
ئەیدەمە دەست موزیک
سەرم پڕە لە غەم بە زار دەرنابڕدرێ
ئەیدەمە دەست موزیک
مۆسیقاش گۆزەیەکە بەسەر شانی فریشتەیەکەوە
تک تک ئاواز و خەمگینی لێ ئەڕژێتە
سەر ئەو زەویەی مرۆڤ بە ئاگری گوناه و
تاوان کردوویەتی بە سوتماک
مۆسیقا مامۆستای شاعیرێکی خۆکوژە
کە شمشێری سامورای رۆژگار چەقییە نێو دڵی و
لە نێو مێرگوزاری شیعردا بە خاکیان سپارد
تا ئێستاش
وردە نۆتەی غەمگینی لەنێو کفنەکەیدا ماوە،
ئەو شاعیرەی دڵی بەسەر تەنافی رزیوی
سێرگی ژیانەوە ئەڕۆیشت
لەناکاو بەربووە نێو شانۆی غەمەوە
لە سپێدەیەکی زوودا
لە خەونی خۆشبەختی راچڵەکێنرا و
بە زنجیرکراویی فڕێیاندایە
بیابانی کاکی بەکاکی تەنهاییەوە
مۆسیقا غەمبارە
وەک ئەو شاعیرە خەیاڵییەی
لە زەمەنی مۆمیاکردنی دڵ و
رەوانەکردنی عەشق بۆ مۆزەخانە
بەسەر پشتی پەلکەزێڕینەوە
ئەسپی هەتاوی زین ئەکرد
لە چاوتروکاندنێکدا
سروشتی ئەخستە نێو فۆتۆیەکەوە
چەرچەفی ئەدا
بەسەر زامی قووڵی جەستەی هەلاهەلابووی خۆی
کە نینۆکی تیژی دڵشکان
لە هەموو لایەکەوە کون کونی کردبوو
ئەو شاعیرەی
لە هەسارەیەکی دوورەوە هاتبووە ئێرە و
خورپەی ئەخستە
دڵی ئەو زریانە کوێرانەی
موچڕکە خۆشەکانی عەشقیان
بەرەو دۆڵی دابڕان رائەماڵی
مۆسیقا دەفتەرێکی پرتەقاڵی دەستی شاعیرێکە
کە هەردەم دەگریێ و
کەس جۆگەی فرمێسکەکانی نابینێت
هەردەم ناڵە و هاواریەتی
هیچ کەس دادوبێدادی نابیستێ
هەردەم غەم ئەنووسێت
کەسێک نییە دڵۆپێک شادی پێبەخشێ
هەردەم ئەسووتێ
کەسێک نەهات بیخاتە ژێر بارانی خۆیەوە
هەردەم باخچەکان ئاو ئەدا
باخەوانێک گوڵێکی پێشکەش نەکرد
هەردەم ژان و ئازار ئەنۆشێ
حەکیمێک نەبوو دەردی دەرمان بکا
هەردەم بێدارە
هیچ مەیخانەیەک
تۆسقاڵێ سەرمەستی پێنەدا
هەردەم ئاشقە
هیچ مەعشووقێک
بێنازییەکەی هەڵنەگرتووە
هەردەم بانگەوازیەتی
کەس کەس لێی تێناگات جگە لە موزیک
هەردەم بە دوای هاوڕێیەکا ئەگەڕێ
کەس هاوەڵی نییە جگە لە موزیک
مۆسیقا خەمگینی شاعیرێکە
کە چاوەکانی رووباری گریانن
ژیان دڵڕەقی زۆرپ لەگەڵ کردووە
مردن هەمیشە لەسەر رێی وەستاوە
خۆشیی هەموو کات خۆی لێ ئەشارێتەوە و
غەم ئەیخواتەوە
عەشقیش تەنیا ئازارێکە بۆی
فیراق هەموو وەرزێک ئەیدورێتەوە
پێکەنین قوورگی ئەسووتێنێ
گریان دەستی لە یەخەی نابێتەوە
شامپانیای بێزاریی ئەخواتەوە و
خەوی ناڕەحەتی ئەیباتەوە
دەمی خستۆتە نێو دەمی مەراق
لێوی بە سووتان فێنک ئەبێتەوە
مۆسیقا هاوڕێیەکی میهرەبانی شاعیرێکی خەمبارە
تاریکی شەوەکان
لە خوێناویی دیوانێکدا ئەیگەوزێنن و
سەرمای تەنهایی
لە پێخەفی شەقامێکی رووتەڵەی ئەپێچن
بایەقووشی مەرگ
رۆژی هەزار جار
لەسەر رۆحی ئەخوێنێ
هەزارەها شیعر
بە نەگووتراویی لە دوای بەجێ ئەمێنێ
کۆترەکان
لە وەرزی کۆچ
بەرەو باکوور جێیدەهێڵن و
گێژەڵووکەی بێهودەیی
بەرەو عەدەم رایدەپێچێ
مۆسیقا هاوڕێی شەوان و
خەمخۆری رۆژانی شاعیرێکە
لە وشکی بیابانی ژیان
دڵێکی تەڕ تەڕی لە خۆیدا دۆزییەوە
لە ماتەمینی وەرینی گەڵاکان
سەمایەکی نوێی بۆ ژیان داهێنا
لە سکوون و کپیدا
زایەڵەیەکی جاویدانی بە ئاگاهێنایەوە
لە کۆتایی دێڕە شیعرێکدا
سەرەتای ئاوازێکی نەمری ژەنی
لە سەرەتای وشکەڵانیدا
کۆتایی بە بارانێکی هەمیشەیی هێنا
لە چاوی دلبەرەکەیدا

ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆلم – سۆلنا




من پارەم هەیە کەواتە من هەم.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

کۆژێتۆکەی فەیلەسووفی مەزن (دیکارت) ئەمەیە (من بیر دەکەمەوە کەواتە هەم). دیکارت لە ئەنجامی تێفکرینی زۆر و خوێندنەوەی قووڵی لە بواری فەلسەفیدا گەیشتە ئەو بڕوایەی مرۆڤ کائینێکە بەرئەنجامی بیرکردنەوە و رامانە، بە پێچەوانەی (مارکس)ەوە کە وای دەبینی مرۆڤ بەرهەمی کارە “هەڵبەت دیکارت پێش مارکس ژیاوە”، تێمای ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی کارە یان بیرکردنەوە؟ مشتومڕێکی فەلسەفیی زۆری لەسەر بووە و تانوکەش ئەم جەدەلە گەرموگوڕیی و گرنگی خۆی لە دەست نەداوە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا. بەدڵنیاییەوە ئێمە نامانەوێت بەشداریی بکەین لەو دایەلۆگە و ئامانجیشمان شیتەڵ و شرۆڤەکردن و توێژینەوە نییە لە کۆژێتۆکەی (دیکارت) بە پێچەوانەوە گومان لەسەر ئەوە دادەنێین ئەگەر دیکارت لەم ئان و سات و چەرخە یان لە سەدەی بیست و یەکەمدا بژیابایە، تۆ بڵێی سوور بووایە لەسەر وتەزاکەی (من بیر دەکەمەوە کەواتە من هەم)؟ یان سوڕانی چەرخ و زەمەن قەناعەتەکانی پێ ئاوەژوو دەکردەوە و لەم دنیا ماددیی و قازانجپەرستییەی ئەمڕۆدا ناچار دەبوو کۆژێتۆکەی هەڵبگیڕێتەوە بۆ ئەم شێوەیە :(من پارە و سامانم هەیە کەواتە من هەم)؟!!.
دیکارت چەند سەدەیەکە لە دنیا دەرچووە و کۆچی دوایی کردووە، ناتوانین درۆی بەدەمەوە بکەین ئاخۆ چۆن تێزە فەلسەفییەکانی فۆرمۆڵە دەکرد، بەڵام لە دنیای قازانجخوازیی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و سەرمایەداریی هاوچەرخدا مرۆڤ رووتکراوەتەوە لە هەر بەهایەک، تاکە بەهایەک پێگەی مرۆڤ بە بەرزیی دیاریی بکات و وەک کائینێکی زیندوو بیهێڵێتەوە تەنیا سەنگی سامان و ئاستی سەرمایەکەیەتی، مرۆڤایەتی پێی ناوەتەوە قۆناغێکەوە کاغەزێکی وەک پارە بەهای هەر شتێک دیاریی دەکات، مرۆڤایەتی لە وەختێکدایە پارە بڕشتی لەبەر بڕیوە و جەستە و بیرکردنەوەی داڕزاندووە و لە بازنەیەکی تەسکدا گەمارۆی داوە. هەرچەندە لاف و گەزافی ئەوە لێدەدەین مرۆڤایەتی زۆر لە مێژە سەردەمی کۆیلایەتی تێپەڕاندووە، لێ بەداخەوە لە عەهدێکدا دەژین کۆیلایەتییەکی رووت و نوێ لە ئارادایە!!، ئەگەر لە قۆناغی کۆیلایەتی پێشاندا مرۆڤ هەر خۆی خاوەنی کۆیلە مرۆڤەکەی تر بووبێت، بەپێچەوانەوە خاوەن کۆیلەی نوێ مرۆڤێک یان وجودێکی زیندوو نییە، بەڵکو پارچە کاغەزێکی بێگیان و بێ جوڵەیە و بە بێدەنگییەکی سیحراویی مرۆڤی کردووەتە بەندەی خۆی.
کۆمەڵی کوردەواریی لە قۆناغی پەڕینەوەدایە بۆ کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریی و بازاڕی ئازاد، کارەسات ئەوەیە کۆمەڵێکە هەموو ماتریاڵەکانی سەرمایەداریی تێیدا ئامادەیە، بەڵام لایەنە فیکریی و زەمانەتە جۆربەجۆرەکانی ئەو سیستمە لە ناویدا غائیبە، بۆیە دەبینین پارەدارەکان “نەک سەرمایەدارەکان” لە پێشەنگی کۆمەڵگەن، لەم جۆرە کۆمینیوتیانەدا ئەگەر سوکراتێکی بێ پارە بیت لە فەرامۆشی و پەڕاوێزخستندا تووشی نەخۆشی دەروونی دەبیت و رەنگە هەموو حیکمەتەکانت لە وڕێنەیەک زیاتر بەولاوە نەبینرێت و پێدەچێت هەندێ جار مایەی بزە و پێکەنینی چەند پارەدارێک بیت، ئەو پارەدارانەی ئەگەر نیو هێندەی ژمارەی دەفتەر چەکەکانیان کتێب لە ماڵەکانیاندا هەبوایە بەس بوو بۆ ئەوەی بزانن ژیان تەنیا لە پارە و دەستکەوتەکانی دەوڵەمەندیی و پارەداریدا کۆ نەبووەتەوە، بەڵکو ژیان زۆر لەوە فراوانتر تا لە کونی کلیلی دەرگایەکی بچووکەوە سەیری بکەین. سویفت دەیووت (کەس ئامۆژگاریی وەرناگرێت، بەڵام پارە بدرێت بە هەر کەس وەریدەگرێت، کەواتە پارە لە ئامۆژگاریی بە نرخترە)!.
ئەگەر لەسەر شەقامێکی سەرەکیی رابوەستیت کیسەیەک دۆلارت پێ بێت بیبەخشیتەوە بەسەر خەڵکدا لە ژێر ناوی خێر یان هەر ناوێکی تردا بێت ئاپۆرەی داواکاران و ئەوانەی شان دەکوتن بۆ وەرگرتنی چەند سەنتێک و پڕکردنی گیرفانیان لە حوکمی چاودا نامێنێت، بەڵام ئەگەر نیتچە لە گۆڕەکەی بێتە دەرەوە بیەوێت دوو قسە بۆ قازانج و مێشکی مرۆڤ بکات بە دیار خۆیەوە خەوی لێدەکەوێت چون دوو کەس نییە بێزی بێت و ویستی هەبێت لەبەردەم ئەم (شێت)ەدا بوەستێت تا دوو وشە فێر ببێت، لەمەشدا رەنگبێ زۆر گلەیی لە خودی مرۆڤەکان نەکەین وەک تاکەکەس هێندەی دەبێت سیستمی باو و دەسەڵات لە قەفەزی تاواندا رابگرین و دادگایی بکەین. زۆرجار بەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا رۆشتووم سەیری هەموو ئەو مرۆڤە هەژارانەم کردووە بۆ پەیداکرنی نان و لوقمەی ژیان ناچاربوون سەر دانەوێن و وەک کۆیلەیەک لە بەردەستی پارەدارێکدا بچەمێننەوە، زۆر شەرمم لە خۆم کردووە لە کاتی بینینی دیمەنی ئەو پیاوە پۆشتە و پەرداخانەی لە ساتی دواندا وەک فریشتە دەدوێن، بەڵام قۆنەرەیان لە تەنیشت سەر و لەسەر سەری تەختەی منداڵێکی بۆیاخچی راگرتووە و بەدەم تریقانەوەوە بۆ کچە جوانەکانی سەر شەقامەکان دەڕوانن و پێیانوایە بە هەستی ناسک و شیکێتییەکەیان دڵی کچان راو دەکەن!.
لەم دیمەنانە زۆر بێزارم، دەبێت خانەدانێکی دەستڕۆیشتوو (لە هەموو سەردەمەکاندا) چی جیای بکاتەوە لە دەستفرۆشێک؟ ئەی منداڵێکی هەژاری عەلاگەفرۆش چی جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ئەو منداڵە خوا پێداوەی لە ژوورێکی پڕ لە رەنگی ژیاندا گەمە دەکات و تامی سەرما و گەرما و حەسرەتی هەژاریی و نان پەیداکردنی نەچێشتووە؟ زۆرجار دەڵێن پێویست ناکات مێشکی خۆت بەم غەمانەوە خەریک بکەیت و کۆڵ بە دنیاوە هەڵبگریت چونکێ ئەمە سوونەت و یاسای سرووشتە و بوونێکی رەهای هەبووە و هەیە لە مێژوودا! بەڵام ئەگەر ئەمە یاسا و حەتمییەتی ژیانیش بێت قەرار نییە مرۆڤ تەسلیمی ئەو یاسا و حەتمییەتە بێت، سەرەنجام مرۆڤ لە پێش و یەکەمینە نەک کۆمەڵە یاسایەک کە هەر بەرهەمی عەقڵ و دەستکردی مرۆڤەکان خۆیانە، مرۆڤ دەبێت سرووشت لەگەڵ خۆی بگونجێنێت نەک بەپێچەوانەکەی، ئەگەر مرۆڤ پاسیڤ بووایە ئەوە هەر لە مێژەوە بوو چرای ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە کوژابووەوە.
پارە خوایەکی نوێیە و لەهەموو خواکانی تر بەندەی زۆرترە و رەنگە هیچ خودایەک نەبێت هێندەی وی پەرستراو بووبێت و رەنج و زەحمەتی لە پێناودا درابێت و مرۆڤ و خوێنی بۆ بە قوربانی کرابێت. بۆ وێنە رۆژنامەیەکی ئینگلیزیی پرسیارێکی ئاڕاستەی خوێنەرانی کرد: پارە چییە؟ لەناو بەهێزترین وەڵام و پێناسەکانی خوێنەراندا بۆ پارە، ئەم پێناسەیە زۆر سەرنجڕاکێش و کاریگەرترین بوو (پارە بتێکە گەرچی پەرستگەی نییە، بەڵام تێکڕای گەلان دەیپەرستن). دەشێ یەکێک لەو فاکتۆرانەی پارە ببێتە خوای مرۆڤایەتی سیستمی سەرمایەداریی بێت، لەوەش ترسناکتر ئەوەبووە لە کۆمەڵگە پاشکەوتووەکانی چەشنی کوردستاندا ئەم بەندایەتیکردن و پەرستنە گەلەک قورس و زەحمەتترە، زۆربەی جار مردن لە ژیان ئاسانترە، زۆرجارانیش پارە خودایەکی ئێجگار دڕندە بووە و حەزی لە قوربانی زۆرتر بووە، بەپێچەوانەی خوداکەی ئیبراهیمەوە، ئەم خودایە خوێن و سەری بڕاوی ملیۆنان ئیسماعیل کاری تێنەکردووە و سۆزی نەجوڵاندووە، پارە خوایەک بووە دڵڕەقتر لە زیۆس لە بەرامبەر سیزیف، تووڕەتر لە خوای موسا لە فیرعەون. بۆکاشیۆ بە متمانەوە دەیووت (هەژاریی لە سامان بێ بەریمان دەکات، بەڵام ناتوانێت دەست بۆ ئابڕوومان بەرێت). لێ بەداخەوە هەژاریی لەم وڵاتەدا ئابڕووی زۆر مرۆڤی بە ئابڕووی تکاند، عیززەتی نەفسی کرد بە چێشتی فۆلکلۆریی و باوی نەماو، سەری زۆر سەربەرزی نەوی کرد، ملی زۆر گەردن کەچی هێنایە ژێر پێیەوە، غروری مرۆڤانەی زۆری وردوخاش کرد!، ئاخر هەژاریی نەک ئابڕووی تکان، نەک رێزی شکان، بەڵکو مرۆڤی کوردی هێناوەتە باری شێتبوون و بزڕکاندنەوە.
هاوڕێیەکی نێزیکم بۆی گێڕامەوە ساڵی 1997 کاتێ دوای چەند ساڵ گرانیی و ئابڵوقەی ئابووری سەر عێراق و کوردستان و لە میانی پڕۆژەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک چەند قافڵەیەکی ئازووقە و خواردەمەنی گەیشتە کوردستان و لە رێی وەکیلەکانەوە دابەش دەکرا، ژنێکی گەنج لە کاتی وەرگرتنی یەکەمین جاری بڕە ئاردی دیاریکراودا بە شێوەیەکی کتوپڕ کەوتە شەق تێهەڵدانی چەند فەردە ئاردێک و بە قوڕگێکی پڕ گریانەوە وتی: هەتا نەبوومە سۆزانی و لەشی خۆم بە سەدان پیاو نەفرۆشت نەهاتیت! تازە دوای چی دێیت و چیت لێبکەم!؟. ئەم چیرۆکە بە یەکێک لە دیوەکانیدا پێمان دەڵێت: هەژاریی دایکی هەموو نەگبەتی و دیاردە دزێوەکانە هەر وەک چۆن فاکتۆری هەموو جەنگ و کاولکاریی و کارەساتە لە یادنەکراوەکانی ناو دیرۆکی سەرجەم مرۆڤەکانی جیهانە. ئەگەر کەمێک وردبینەوە لە وزە و سووتەمەنی هەموو جەنگەکان و بکەرەکانی تاوان و قوربانییەکانی هەموو شۆڕش و سەرهەڵدانەکان و داینەمۆی بەردەوامبوونی ژیان هەر ئەو مرۆڤە هەژارانە بوون کە ژیانیان تەنیا رەنج و کڵۆڵی و چارەنووسی رەش و دڵی شکاو و ئازارچەشتن بووە و هیچی تر. ژیانی هەر هەژارێک بابەتی رۆمانێکە، خەونی هەر هەژارێک بابەتی داستانێکە، ئازاری هەر هەژارێک مەتەڵێکە، تۆڵستۆی لە پێشەکی رۆمانی (ئانا کارنینا)دا دەنووسێت (هەموو بنەماڵە خۆشبەختەکان لە یەکتر دەچن، بەڵام هەر بنەماڵەیەکی بەختڕەش بەدبەختیی تایبەت بە خۆی هەیە).
هەر مرۆڤێکی بێ پارە و نەدار، هەر هەژارێک، هەر لێقەوماوێک چیرۆکێکی بەدبەختیی و نەگبەتیی تایبەت بە خۆی لە هەگبەدایە، هەموو سەرمایەدار و خانەدانەکان کە بە پێچەوانەی نیتچەوە تا دوا سنوور رقم لە فیز و شێوە ژیانیانە هەموو لە یەک دەچن و هەروەک یەک و هەر بەیەک شێوە سەرقاڵی پەرستنی بتی پارەن و تەواو، هەموویان لە یەک جۆر خۆشیی و شادیی بەهرەمەندن، لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە و لە یەک فەلەکدا گیریان خواردووە، بەڵام هەژارەکان لە سینەی هەر یەکێکیاندا ئاگر و حەسرەتێکی جیا لەوی تر هەیە. بۆ ئەوەی نەبێت بە درێژدادڕیی، قسەکانم لەوەدا چڕ دەکەمەوە لە سەردەمی جیهانگیریی و چاوچنۆکیی کۆمپانیا فرە رەگەز و مۆنۆپۆڵەکان و سەرمایەداریی قرچۆکی محەلیدا، پارە و سامان پێوەرێکە بۆ مرۆڤبوونی هەر کەسێک، هەر تاکێک بە قەد قەبارەی سامانەکەی پشکدارە لە ژیان و هەر بەهەمان ئەندازەش رێز و حورمەتی لێ دەگیرێت و ددان بە بوون و کەسێتیدا دەنرێت و ئۆتۆریتەی دەبێت لە دنیای دەوروبەریدا، کێ دۆلارێک زیاتری هەبێت، نرخیشی زیاترە!!. کەوا بێت جێگەی سەرزەنشت نابم وتەزاکەی (دیکارت)م بەم جۆرە پێچەوانەوە کردووەتەوە (من پارەم هەیە کەواتە من هەم). لەوانەشە کەسانێک هەبن وا بیر بکەنەوە ئەم بۆچوونانە سەر بە ماڵی کۆمۆنیزمن، بەڵام ئەوەی من وتوومە حەقیقەتە جا بەر لە ئەز و دوای ئەزیش کۆمۆنیست دەیڵێت یان ئیسلامیی هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، هەر ئەوەیە بە جیاوازیی ئایدیال و ئیدۆلۆژییەوە راستییەکمان خستووەتە چێوەی نووسین و دەربڕینەوە.

ئابی 2007
نووسینی: ستیڤان شەمزینی
سوێد – ستۆکهۆڵم




میدیای کوردیی و بەرهەمهێنانی پووچگەرایی.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

هەواڵی درۆ لە خۆراکی ئێکسپایەر زیان بەخشترە
ویکهام ئەستیدی

لە کوردستان دوو جۆری سەرەکیی میدیا هەیە، هەردووکیان بەدوو ئاڕاستەی دژ بەیەک و پێچەوانە مرۆڤی کورد دەخزێننە ناو دوورگەی بێزاریی و نائومێدییەوە، میدیایەک هەیە دەیەوێت کوردستان وەک بەهەشتێک پێناسە بکات و هەموو بۆشایی و کەموکوڕییەکان لە بیر خۆی دەباتەوە و هەر جۆرە رەخنەیەکیش بە پیلانی دەرەکیی سەیر دەکات. لە بەرامبەردا میدیایەکی تر هەیە، کار لەسەر رەشبینکردنی هاووڵاتیان دەکات و سەرقاڵی وێنەکێشانێکی دۆزەخییە بۆ کوردستان کە هیچ پەنجەرەیەک نەماوە لێوەی هەناسە بدرێت. ئەم دوو جۆرە روانگەیە هیچکامیان ناتوانن رۆڵی میدیایەکی پرۆفیشناڵ و راستگۆ ببینن، کوردستان نە بەهەشتێکی ئامادەکراوە و نە دۆزەخێکی هەتاهەتاییە، ژیان بەم جۆرە تەوزیف ناکرێت، کاری میدیاییش بەو جۆرە ئەدا ناکرێت. کاری میدیا نییە پێناسەی واقیع بکات بەڵکو ئەو واقیع نیشان دەدات، بەڵام نیشاندان بە ئامانجی سیاسیی و تایبەتیی نا، چوونکە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات لە کوردستان لەنیشاندانی واقیع لە رێی میدیایەوە، ئامانج و مەرامەکانی خۆیان مسۆگەر دەکەن.

میدیای کوردیی بە میدیای دەسەڵات و نەیارەکانییەوە کۆمەڵێک گرفتی ناوەکیی هەیە، نەک لەگەڵ سروشتی پیشەی راگەیاندندا نایەتەوە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک لە دژیەتی، چوونکە ئەم میدیایە بە ناوی رەخنەوە، شمشێربازیی دەکات و بە کەرەستەی جەنگییەوە هاتۆتە مەیدان، رەخنە لەکن ئەم میدیایە نەک مەعریفە و دەرخستنی بۆشاییەکان نییە، بەڵکو چەکێکە بۆ ریسواکردن و هەلاهەلاکردنی بەرامبەر، لێرە رەخنە مانای شمشێر وەشاندن و رووشاندنی کەرامەتی مرۆڤەکانە، بۆیە هەمیشە ئەم میدیایە لە بری ئەوەی بە رەخنە بنیات بنێتەوە، دنیا وێران دەکات. لە کوردستان جۆرێک لە راگەیاندن لە نەشونمادایە هەڵگری کۆمەڵێک گرێوگۆڵی دەروونییە و گرفتارە بە نەخۆشیی سادییەت، چوونکە شادییەکانی خۆی لە ئازارەکانی بەرامبەردا دەبینێتەوە، پێکەنینەکانی خۆی لەسەر هەڵڕژانی فرمێسکی ئەویتر بینا کردووە. راگەیاندنێک لە کوردستان لە بەهێزبووندایە ژیانی تاکە کەس لەلای وی هیچ بەهایەکی نییە، بۆیە زۆرترین دەستدرێژیی دەکاتە سەر ژیانی تایبەتی تاکەکان، بە پێچەوانەی شیعرەکەی فریناندۆ باندینی “بەڵام هەموو شتێک گرانبەهایە”، میدیای کوردیی بۆ ئەوەی خۆی گەورە و گران و بایەخدار نیشان بدات دەست دەبات بۆ ریسواکردن و بێ بایەخکردنی هەموو شتێک، ئەگەرچی ئەو شتانە لە خودی خۆیاندا زۆر گرانبەها و بایەخداریش بن.

میدیای کوردیی لەبری جوانکردنی سبەینێ و داهاتوو، هەمیشە خەریکی بەرهەمهێنانەوەی ناشیرینییەکانی دوێنی و رابردووە، لەبری نیشاندانی ئاسۆیەکی رووناک و گەش، بەردەوام جاڕی تاریکی و داخرانی هەموو دەرگاکانی ئومێد دەدات، ئەم میدیایە لەبری ئەوەی کار لەسەر بیناکردنەوەی کەسێتی تێکشکاوی کورد بکات، بە چەشنی داگیرکەرانی کورد هەموو رێگەیەک دەگرێتە بەر بۆ پتر تێکشکاندن و داڕووخاندنی ئەم کەسێتییە. میدیایەک ئێستا لە کوردستان کار دەکات لە باتی پەروەردەکردنی نەوەیەکی تەندروست و قسەکردن بۆ نەوەیەکی تازە پێگەیشتوو، هەمیشە دیرۆکە تاڵەکان وەک قەوان دەڵێتەوە و لە نێو زەمەنی نەوەکانی رابردوو گیری کردووە و ناتوانێ بێتە دەرەوە. ئەم میدیایە نەک ناتوانێت لەگەڵ زەمەنی تازە و رووداوەکانی رۆژدا وەک ئەوەی هەیە بڕوات، ناچار پەنای بردۆتە بەر گێڕانەوەی حکایەتەکانی دوێنێ و دیسان تەعمیمیان دەکاتەوە بەسەر ئەم ساتەوەختانەشدا. ئەم میدیایە نەک هێز و توانای شیکردنەوەی چەمک و ئەو رووداوانەی نییە لە دەوروپشتی روو دەدەن، ناچار فووی بە شەیپوری جەنگێکی تاکە کەسیدا کردووە و لەناو کورەی گەرمی ئەم میدیایە مافی تاکە کەس و ویژدانی تاکە کەس دەسووتێت و دەتوێتەوە، کەسیش رەخنەیەکی لەم سەرگەردانییە گەورەیە نییە!!.
ئێمە میدیایەکمان هەیە بۆ جوانکردنی خودی خۆی و بیر و ئەندێشە سیاسیی و فەرهەنگییەکەی کار لەسەر نابووتکردنی ئەویتر دەکات، ناچارە لە پێناوی خۆ نواندنێکی فریشتەیی، بەرامبەرەکەی بە ئەهریمەن بکات. میدیایەکمان هەیە بۆ ئەوەی شوورەیی و کەموکوڕییەکانی داپۆشێ، دێت کەموکوڕیی و عەیبەکانی ئەویدی دێنێتە بەر باس، تەنانەت بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە سڵ لە داتاشینی تۆمەتی ئاکارییش ناکاتەوە، وەک ئەوەی لە حاڵەتی گۆڤاری “جیهان”دا دەردەکەوێت، وەختێک سەرنووسەری ئەو گۆڤارە ناتوانێت بەرگەی رەخنە بگرێت، ناچارە دەست بۆ ئابڕووی تاکە کەسێک رابکێشێت، ئەگەرچی ئەو تاکە کەسە گەلێک گومانی لەسەرە و زۆر کاری ناپەسەندیشی لە رێی میدیاوە ئەنجامداوە. ئێمە میدیاکمان هەیە دنیا و خودا و پێغەمبەر و فەیلەسووفەکانی داوەتە بەر نەشتەری رەخنە و تەنانەت جنێویان پێدەدات، بەڵام وەختێ رەخنە دێتە سەر خۆی باڵانسی تێکدەچێت، ئاگر دەگرێت و لە پەرچەکرداردا سڵ لە سووتاندنی تەڕ و وشک پێکەوە ناکاتەوە و بە جارێک قیامەت هەڵدەستێنێ. ئەم دۆخە، هەمان ئەو دۆخەیە پێش دوو ساڵ و نیوێک “بەختیار عەلی” پێناسەی کردووە، وەختێک دەنووسێت “قۆناغی ئەمڕۆی ئێمە کە لە ئاستی سیاسیدا قۆناغی رەزامەندیی نوخبەیەکی سیاسییە، کە بێ هۆ لە خۆی رازییە، قۆناغی تووڕەبوونی خەڵکانێکیشە تووڕەییان خاڵییە لە ئاسۆ و خاڵییە لە ئەڵتەرناتیڤ، لە ئاستی رۆشنبیریدا بۆتە ئەو قۆناغەی تێکستەکان و رستەکان و گووتارەکان بە وێڵی وبێ مانا و بێ یاوەر دەسوڕێنەوە، ئەو قۆناغەیە کە پەیامەکان دەڕۆن و هەرگیز ناگەنە وەرگر و گوێگرەکانیان، نووسین لە بۆشاییەکی قووڵ و پوچگەراییەکی بێ ئەندازەوە ئاڵاوە”(1).

میدیای کوردیی بە تایبەت رۆژنامە و گۆڤارەکان لەبەر بێ بابەتی و ئیفلاسیی بیرکردنەوە نەک ناتوانن رەنگێکی جوان بدەن بە ژیان و مانایەک بۆ وجودی مرۆڤی کورد بدۆزنەوە، تەنیا ئەوەیان لە دەست دێت پووچگەرایی و رەشبینیی بەرهەم بهێنن، ئاخر دروستکردنی رەشبینی هەزار جار سووک و ئاسانترە لە گێڕانەوەی هیوا بۆ مرۆڤ. میدیای کوردیی چوونکە هەمیشە خۆی ناڕەنجێنێت و ئاسان کارەکەی بە دەستەوە دێت، پیشەی راگەیاندنی لە دەسەڵاتی چاودێریکەری گشتییەوە کردووە بە چاودێریکاری تایبەتیی و میکرۆسکۆبی چاودێریی خستۆتە تەنانەت سەر پەیوەندییە خێزانییەکانمان، لە چاوی زەڕبین ئاسایەوە بچووکترین مافی کۆمەڵایەتیمان کە کەس بۆی نییە دەستی تێوەردات سەیر دەکات و کێچێک دەکاتە گایەک و لەولاشەوە رووداوە گەورەکان وەک گەردەلوولێک تێدەپەڕن و چاوی ئەم میدیایە توانای بینینی نییە و هیچیش لێی تێناگات. ئەگەر کەمێک لە هەندێک مانشێت و سەروتار و لیدی رۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان وردبینەوە، تاکە راستییەک پێش هەر شتێک لێی تێبگەیت ئەوەیە: تاک ناتوانێت خاوەنی هیچ نهێنییەکی تایبەتی خۆی بێت، تاک هەمیشە موعەرەزە بەوەی مافە تاکە کەسییەکانی لەسەر رووپەڕی رۆژنامەیەک وەک تاوانێک پێ بفرۆشرێتەوە، موعەرەزە بەوەی ممارەسەکردنی مافە سەرەتاییەکانی وەک سکانداڵێک لە گۆڤارێکدا بۆ بڵاو بکرێتەوە.

ئەم تێکەڵوپێکەڵی و سەرگەردانییە مەزنەی بەسەر میدیای کوردیی هاتووە، هەر تاکی رۆژنامەنووس و نووسەرەکان لێی بەرپرس نین، پێش هەر شتێک حکومەت و حزبەکان بەرپرسی سەرەکین، چوون حکومەت هیچ رێوشوێنێکی نییە بۆ پرسینەوە لە سووکایەتی بە مرۆڤی کورد، حکومەت و حزبەکان وەختێ گوشار دەخەنە سەر میدیاکان باسی خۆیان و کارەکتەرەکانیان کرابێت، لەوە بەولاوە مافەکانی تاکەکەس جێگەی بایەخ نەبووە بەلایانەوە، حزبەکان بە جۆرێکی تریش بەرپرسن چوون ئەوان لە پشتی ئەو لافاوە گەورەیەوەن لە رۆژنامە و گۆڤار ئەویش بە ئامانجی شەڕی سیاسیی و تاکە کەسی و دەستەگەریی و..تد. لە واقیعی حاڵیشدا بوونی لەشکرێک رۆژنامەنووس و لێشاوێک لە رۆژنامە و گۆڤار گەواهیدەری ئەو راستییەن، حزب و دەسەڵاتی کوردیی لە کاتێکدا باسی ئیتیکی رۆژنامەنووسی دەکات لە هەمان کاتدا خۆی فاکتەرێکی یارمەتیدەری ئەو بارودۆخەیە و بەشدارە لە بێ بەهاکردنی نووسین و وەرگێڕانی رەخنە لە مەعریفەوە بۆ شەڕە جنێو، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە “ئەوەی نووسرا، ئەو هێڵانە بۆ هەمیشە دەمێننەوە” (2).

پەڕاوێز:
1-رۆژنامەی “هاوڵاتی”، ژمارە “313”، رۆژی 14-2-2007.
2- دەربڕینێکی ژنە رۆماننووسی ئەمەریکی “تۆنی مۆریسۆن”ە.

کۆتایی سێپتامبەری 2009
سوێد – ستۆکهۆڵم




قەسیدەی خەونێک لە خەونەکانمدایە.. ستیڤان شەمزینی

خەونێک لە مندا کەوتۆتە شەپۆلدان
لەگەڵ خۆی ئەمباتەوە
ئەو خەڵوەتگایەی بۆ یەکەمین جار
کتێبەکانی عەشقم تێیدا خەتم کرد و
بۆ یەکەمین جاریش
بینم نا بە قومە ژەهری ژیانەوە
هەر لەوێش
سەرەتا بوومە ئەو پەروانە دەم بەپێکەنینەی
لاوکی بۆ گوڵە پەمەییەکانی باخ ئەچڕی و
لەگەڵ غروبدا سەری خۆی بۆ بناری تیشک هەڵئەگرت
بەیانیان پێش باخەوانەکان
باخچەکانی بێدار ئەکردەوە و
نیوەڕوانیش پرچی سەوزی بەهاری شانە ئەکرد
بوومە ئەو نەورەسە چاو خومارییە سەرەڕۆیەی
ختووکەی مانگی ئەدا و
لەئاوابوونی خۆری ئەڕوانی
سەرگوزەشتەی شەپۆلێکی ئاشقی
بە گوێی دەریادا ئەچرپاند
زۆر جاریش بەدەم تەیکردنی رێی ئاسمانەوە
لە شەنگەبییەکانی بەردەم ماڵی قەرەجێکی ئەڕوانی و
لە دیمەنی دووکەڵی ئاگردانەکان ورد ئەبووەوە
لەسەر دەفتەری خەیاڵیش
یاداشتەکانی خۆی ئەنووسییەوە
بوومە ئەو ونبووەی
لە نێو کۆڵانەکانی دڵدا بزربووم و
لە بنبەستی کوچەیەکدا
دامە پڕمەی گریانێکی بە کووڵ
بۆ ئەو رۆژانەی تەمەنم
لە دووری گێلاسی ماچەکانت بوون بە تەم
بۆ ئەو شەوانەشی
لە پشت چراخانی رۆژگاری درۆزنەوە
وەک کۆترێکی باڵشکاو
بەربوومەوە دۆڵی هەڵپڕووکانەوە
بوومە پیرە سۆفییەکی خانەقای دڵشکاویی
مووناجات و قووڵپی گریان
ئەگۆڕم بۆ قاقای پێکەنین
رەنگی زەردی پایز
لە سەوزایی بەهار هەڵئەکێشم
فەرامۆشیی دەروون
ئەکەمە سترانێکی داگیرساو
دۆڵابی خۆزگەکانم
سەراوڕێژ ئەکەم لە سەراب
رەونەقی ژیانی لاویم
لە چرچی تەمەنەوە ئەپێچم
کاسەسەرم ئەکەم
بە تەپڵەکی ئەو سیگارانەی
بە دیار رۆژە ئاڵۆزکاوەکانمەوە
هێدی هێدی ئەسووتان
فنجانی قاوەکەم
لێوانلێو ئەکەم لە خەمی شیرین
بەهەشتی خەیاڵیشم
بە ئاگری بێ تاقەتی ئەکەمە سووتماک
هۆدە چۆڵەکانی ژینم
تەژی ئەکەم لە مەیلی خۆکوشتن
بوومە ئەو موسافیرەی
نیشتمانم لە نێو جانتای سەفەرێک لە بیر چوو
ژیانیشم فەردەیەکی قورسی ژانە بە کۆڵمەوە و
عەشقم لەنێو سندووقی رزیوی دڵما بەند بووە
لەسەر هەموو شاڕێکانی شادیم
لوغمی بێهودەیی چێنراوە و
بەختەوەریی گەمە و چاوشارکێم لەگەڵ ئەکات
منیش لە تولە رێگاکانی مردنا
تووشی ژیان ئەبم
کە چیتر کەناری دڵم
بەسەر ساردوسڕیی وجوددا ناخوێنێ
بوومە ئەو رێبوارە شەکەتەی
بەدوای جوگرافیای خۆشیا وێڵ بووم
سەفەرم کرد لەگەڵ ئەو باڵندانەی لە وەرزی کۆچدا
رووەو باخە ئاڵەکانی ونبوون لە شەقەی باڵیان دا
لەگەڵ بارینی تاوە تەرزەی شوومی و نەگبەتی
چەتری دەستم رەشەبای نیگەرانیی فڕاندی
دەنکە مێووژی تاڵیم لە گیرفانی شەرواڵی زەمەن
دەنک دەنک دەرئەهێنا و دەمکردە مەزەی
پێکە تفتەکانی سەفەرێکی بێ ئەنجام
بازم ئەدا
بەسەر گۆڕە هەزار بەهەزارییەکانی جوانی و
گڵۆپەکانی غوربەتم
بۆ پەناگە تاریکەکانی شیعر دائەگیرساند
بەرلەوەشی شیعرێک بنووسم
هەزاران ئازار ئەینووسیمەوە
پێش ئەوەی رستەیەک وەک بۆڵە ترێ
لە هێشووی قەسیدەیەک بکەمەوە
سەدان گوڵ لە باخی دڵم ئەکرانەوە
بوومە ئەو قەرەجەی زەمیلەیەک خەمی نارنجیم
بە کیشوەرەکانی تەمەندا ئەگێڕا و
بێ ماندووبوون دەسکەنەی رەشبینیم ئەکرد
چنگم لە رەشترین هەسارە گیر ئەکرد و
دووباڵم لە هەڵم دروست ئەکرد
تاکو پێی بفڕم
بۆ پشتی شوێن و ئەودیوی کات،
تاکو سەرمەست ببم بە هیچ
لە هیچ زەمەن و شوێنێکیشا نەبم
بە پێنووسی گۆشەگیریی سەرگوزەشتەی
ئەو کانییە ئەگێڕمەوە لە دڵما وشکی کرد
مێژووی ئەو شارە ئەنووسمەوە
لە رۆحما بوو بە زرێبار
چیرۆکی ئەو سەفەرە ئەنووسمەوە
هەرگیز نەمکردووە
داستانی ئەو عەشقە ئەنووسمەوە
هیچ کات بەدەستیناهێنم
بیرەوەریی ئەو گۆمە ئەنووسمەوە
لە وشکانی چاوەکانما خنکا
سیڤی ئەو شاخە ئەنووسمەوە
لە چاوتروکانێکا بوو بە غوبار
بیۆگرافی ئەو شەمەندەفەرە ئەنووسمەوە
ناگاتە وێستگەی چاوەڕوانیم
بوومە ئەو نسرمەی
هیچ وەخت خۆری لێ هەڵنایە و
دڵداریی لەگەڵ ئەو دارتووە زڕە ئەکەم
هیچ چۆلەکەیەک هێلانە لەسەر دڵی ناکات و
هیچ کۆترە شینکەیەک سڵاوی لێ ناکات
نەفرەت بۆ ئەو تفەنگە رزیوانە ئەنێرم
کە وەیشوومەی شەڕن
دڵی ئەو سەربازانە ئەدەمەوە
پێش ماچێک کەوتنە بەر دەسڕێژی مردن
سەما لەگەڵ ئەو شمشێرانە ئەکەم
چەرچەفی ماندووبوون ئەدڕن
یاری لەگەڵ ئەو شنەبایانە ئەکەم
سرووشت عەزف ئەکەن
لەگەڵ ئەو رەشابانەیەش دەچمە ژوان
سەرپۆشی کەساسیم هەڵئەدەنەوە
بوومە ئەو شاعیرە کەمدووە چاو دەریاییەی
بە عەشقتان ئەناسێنمەوە
لە نیشتنەوەی کۆتری ماچ
لەسەر لێوەکانتان بە ئاگاتان ئەهێنم
چێژی رامووسانتان
لە گۆزەی شیعردا بەسەردا ئەڕژێنم
لە کۆتایی ئەمڕۆدا
بە سورەتی دڵداریی تەلقینتان ئەکەم بۆ سبەی
لەم چەرخە سۆزانییەدا
پریاسکەیەک تریفەتان لە بەردەمما هەڵدەڕژم
بێ ئەوەی کەستان هەڵپە بکەن بۆ کۆکردنەوەی
لەم سەدە کەڕەدا
پڕ گوێیەکانتان ئەکەم
لە سەدای پیانۆیەکی دڵتەنگ
لەم زەمانە لاڵەدا لە بری ئێوەش
مروەتی خۆم نیشانی میهرەبانیی ئەدەم
پڕ بە گەرووم هاواری لێدەکەم و
بانگی ئەکەم بۆ سەر سفرەی دڵڕەقی
لەم رۆژگارە سپڵەیەدا
ئاگرێک لەسەر بەستەڵەکی غرورتان ئەکەمەوە
بە تینی دیوانێک ئەتانسووتێنم
لە دەرگای واقعشەوە دەریبکەین
لە پەنچەی خەیاڵەوە
خۆی بکاتەوە بە ماڵی دەروونتانا
بوومە پاڵەوانی ئەو رۆمانەی لە هەموو شتێک ئەدوێ
تەنیا دابڕان نەبێ
باسی هەموو رەنگەکانی خۆشەویستی ئەکات
تەنێ رەنگی فیراق نەبێ
بە شان و شکۆی هەرچی مەلە هەڵئەدات
تەنیا کونەپەپووی رق نەبێ
پێناسەی هەموو مەخلووقێکی لە خۆگرتووە
جگە لە قەلەڕەشی زام
یادگاریی هەموو مرۆڤێکی لە خۆیدا جێ کردۆتەوە
تەنێ ئەو جۆرە مرۆڤانە نەبێت
تاکو ئێستاش سڵاوێکیان
لە کۆتری عەشق نەکردووە
هەموو هەڵوەرینێکی تێدا تۆمار کراوە
جگە لە هەڵوەرینی ئەو عاشقانەی لە وێستگەی یەکەمدا
لە فارگۆنی عەشق دابەزین
هەموو جۆرە شیعرێکی تێدا نووسراوەتەوە
بەدەر لەو شیعرانەی
بە خوێناوی ئەڤینداریی نەنووسراونەتەوە
چیرۆکی هەموو شەوەکان ئەگێڕێتەوە
جگە لەو شەوە نائارامانەی
بەردی تێدا ئەگیرێتە کوخە بچووکەی دڵ
پڕاوپڕە لە وەسفی “با”
جگە لەو باهۆزانەی دەفتەری دەستی
عاشقان ئەفڕێنن
لە کاتی نامەنووسینا بۆ یارەکانیان
هەموو پرسیارێکی لە خۆگرتووە
تەنێ ئەو پرسیارانە نەبێ
وەڵامەکەی بۆنی بێڕەحمیی و دۆزەخی مەنفا لێدێ
هەموو جۆرە پەرستگایەکی تیا رۆنراوە
جگە لەو پەرستگایەی
راهیبەکان وەک ئاسنگەرێک دڵی هەتاوی تێدا دەکوتنەوە
هەموو جۆرە کتێبێکی لە هەناودایە
جگە لەو کتێبەی نووسەرەکەی
لە پەسنی عەرشی سوڵتاندا نوسیوویەتی
هەموو خەونێکی تێدا ئەبینرێ
جگە لەو خەونانەی ماناکەی
سەرهەڵگرتنی گوڵە لە حەرەمی باخ
هەموو خەونێک لە نێو خەونەکانی مندا ئەبینرێ
جگە لەو خەونانەی تۆ لە من دوور ئەخاتەوە.

2017
کەنار رووباری راین




سایکۆلۆژیاى پێشمەرگەى دێرین.. ستیڤان شەمزینی

خوێندنەوە و شیتەڵکاریى دەروونناسیى پێشمەرگەى دێرین بابەتێکى ورد و ئاڵۆز و دژوارەر و پێویستى بە لێکۆڵینەوەى زانستیى چڕوپڕ و هەمەلایەنە و مێژوویى هەیە، بەڵام ئەم چەند دێڕە هەوڵێکى سادە و بەراییە لەو بوارەدا و کردنەوەى دەروازەیەکیشە بۆ قسە و باسى زیاتر و خوێندنەوە و شرۆڤەکاریى جیددیتر و ئەکادیمى. ئەم کورتە نووسینە تەقەلایەکى بچووکە بۆ راڤە و شیکاریى لایەنێک لەلایەنەکانى دەروونناسى پێشمەرگەى دێرین یان چاکترە بڵێم سەرەتاى کارێکە بۆچوونە ناوەوە و شرۆڤەکردنى لایەنێکى هەرە گرنگى دەروونناسى پێشمەرگەى دێرین ئەویش پرسى توندوتیژییە وەک بەشێک لە سایکۆلۆژیاى پێشمەرگەى دێرین. کەمتر هەوڵدەدەم بەدووى ئەو هۆکارانەدا بڕۆم کە خوڵقێنەرى توندوتیژییە لە کۆمەڵگەى کوردستان چون ئەم باسە پێشینەیەکى زۆرى دەوێ و لە سنوورى وتارێک دەردەچێت و هۆکارەکانیش ورد و ئاڵۆزن. هەروەک توینبى دەڵێت “ئەو هۆکارەى هەوڵدەدەین دیارى بکەین شتێکى سادە نییە، بەڵکو ئاڵۆز و داڕژاوە”. بەڵکو هەوڵمداوە بەدووى رەگوریشەی توندوتیژییدا بچم لە ژیانى پێشمەرگەى دێریندا.
بەر لەوەش بەپێى لێکدانەوەى قوتابخانەى دەروونشیکاریى مرۆڤ بوونەوەرێکى لاساییکەرەوەیە یاخۆ دەیەوێ خۆى لەگەل هەبووەکانى ترى چوار دەوریدا رابهێنێ و بگونجێنێت. ئەرستۆتالیس لەم بارەیەوە دەڵێت “مرۆڤ زیندەوەرێکە هەر لە منداڵییەوە حەز لە لاساییکردنەوە دەکات، دەیەوێت چاوى بەهەر شتێک کەوت یان گوێى لێ بوو لاسایى بکاتەوە”. پێشمەرگەى دێرین هەوڵیداوە لەگەل بارودۆخى خەباتدا کە توندوتیژیى بەسەریدا زاڵبووە خۆى بگونجێنێت، بۆیە حاڵەتێکى نۆرمال و سروشتییە توندوتیژیى بەشێکى گرنگى بیرکردنەوە و رەفتارى داگیرکردووە، ئەمەش پێویستییەکى قۆناغ بووە لە پێناو بەرگریکردن لە شوناسى نەتەوە و بەرەنگاربوونەوە لەگەل دوژمنەکانى. کەسایەتى پێشمەرگە هەڵهێنجراوى بارودۆخێکى سەختى خەبات و شۆڕشى چەکدارانەیە، سەربارى ئەوەش بەردەوام ژیانى لە جەنگ و پێکدادان و ژێر سایەى روحمى گوللەدا بووە و لە نزیکەوە ئاشنایەتى لەگەل مەرگ و خوێن و هاواردا پەیدا کردووە، ئەوجا بیهێنەرە پێش چاوى خۆت مرۆڤێک ساڵانێکى زۆر تەنیا بە چیا و کۆسارەوە بووبێت، دوور لە هەموو شارستانى و ژیانێکى هاوچەرخ، داخۆ کەسێتى ئەم بوونەوەرە چۆن و بە چ شێوەیەک دەبێت؟ مرۆڤ بوونەوەرێکە دابڕاو نییە لە کارتێکردنەکانى دەرەوەى خۆى لە ژینگە و سروشت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى، هەرواش کەسایەتییەکەى رەنگدانەوەى هەمان بارودۆخە.

پێشمەرگەی دێرین و پرسی توندوتیژیی

زاناى دەروونناسى (مێشێل بۆتۆر) لەم لایەنەوە بۆچوونێکى جوانى هەیە و دەڵێت “کەسایەتى هیچ بوونێکى نییە تەنیا لە چوارچێوەى پەیوەندییەکانى نەبێت لەگەل کەسانى دەوروبەر و شتەکاندا”. هەروەها بە پێى تیۆرى دەروونشیکاریى و دەرەنجامە تاقیگەییەکانى (پاڤلۆڤ) راهێنان گەورەترین کارکردى لەسەر سایکۆلۆژیاى نەک مرۆڤ بەڵکو گشت بوونەوەران و گیانلەبەرانى تر هەیە، چیرۆکى سەگەکەى پاڤڵۆڤ لە ئاستى گەلێریدا بەناوبانگە هەر کاتێک زەنگى بۆ لێداوە لیک بە دەمیدا هاتۆتە خوارەوە چوونکە چاوەڕوانى پلە گۆشتەکە بووە. هەر بۆیە پێشمەرگەى دێرین لە قۆناغى خەباتى شاخ و رزگاریى نیشتمانیدا لە رێى پەروەردەى سیاسیى و کەناڵەکانى تەبیلغات و ئەدەبیاتى حزبیى و پێشمەرگانەوە لەسەر توندوتیژیى و هەڵمەتبردن و بەرەنگاربوونەوە و یاخیبوون راهێنراوە، ئەمەش بۆتە بەشێکى جیا نەبووەوە لە سایکۆلۆژییەت و رەفتارەکانى. پێش ئەوەى بەسەرماندا تێپەڕێت هەوڵدەدەم ئەوە ئاشکرا بکەم ئەو توندوتیژییەى سەردەمى خەباتى چیا هەرگیز نەگەیشتۆتە ئاستى تیرۆر و رەشەکوژیى و دڕندەیى، ئەم گەواهییە بۆ مێژوو دەدەم هەموو ئەو توندوتیژییانەى ئەوێ رۆژێ پێشمەرگە پیادەى کردووە لە چوارچێوەى زەبروزەنگى شۆِرشگێڕانە و جەنگى پارتیزانیدا بوون، واتە کردار نەبووە بەڵکو پەرچەکردار بووە تا داگیرکەرانى کوردستان ناچار بکرێن بۆ سەلماندنى بوون و مافەکانى کورد و بەرقەرارکردنى ئاسایش لە وڵاتدا، هەروەک چۆن کاتى خۆى (ماوتسى تۆنگ) وتى “بۆ ئەوەى ئاشتى بەرقەرار بێت دەبێت بجەنگین، ئێمە لە پێناوی ئاشتیدا دەجەنگین”.
بەهەر حال لە کاتێکدا لە بارودۆخى ئەمڕۆى رزگاریى و قۆناغى دەسەڵاتى کورد خۆى، کەسایەتى پێشمەرگەى دێرین پەڕاوێز و پشتگوێ دەخرێت، دەشێ ئەم هۆیە کاریگەرییەکى راستەوخۆى هەبێت لە تەقاندنەوەى ئارامیى پێشمەرگەى دێرین بە شێوەیەکى توندوتیژانە، چون با لە یادمان نەچێت ئەو تەنیا دەتوانێت بە میکانیزمى توندوتیژانە گوزارشت لە خۆى بکات و داواکانى بەرز بکاتەوە هەروەک وتیشم لە سەردەمى شۆڕشدا لەسەر ئەوە راهێنراوە لە رێى ئەم میکانیزمەوە خواستەکانى بەدەستبهێنێت. ئەمە لەلایەک و لەلایەکى ترەوە ئەوێ رۆژێ لە شاخ بەڵێنى بەهەشتێکى پڕ لە کامەرانى پێدراوە و بە سۆسیالیزم و یەکسانى و دادپەروەریى فریودراوە، ئێستا کاتێک ژیانى لە ژێر هێڵى هەژارییەوە راگیراوە حەتمەن قبوڵى ناکات و کاردانەوەى دەبێت، پێموایە زۆر واردە کاردانەوەکەى توندوتیژانە و زەبروزەنگ ئامێز بێت. بۆ وێنە پێشمەرگەى دێرین هەندێک لە هاوەل و هاوڕێ دێرینەکانى خۆى دەبینێت، وێنەى هەژاریى و نەداریى دوێنێیانى لەبەرچاوە و ئەمڕۆش لە پۆشاکى پادشا و بەرگى ئیمپراتۆر لەسەر عەرش و ناو کۆشکى ئەفسووناویدا دەیانبینێت، تووشى تەناقوزات دەبێت لەگەڵ خۆی و کاریگەریى نەرێنى لەسەر سایکۆلۆژییەتى دادەنێت کە دیسان ئەمەش وروژێنەرى هەستى خەفەکراوییەتى، ئەو هەستەى بە گووتارە ئاگرینەکانى شاخ و ئەدەبیاتى قۆناغى بەرگریى ئاخنراوە بە توندوتیژیى و رۆحى سەرکێش و تۆڵەسەنەندنەوە و بەرەنگاربوونەوە.

تیۆدۆر دۆبانقیل دەڵێت “لاوازیى هەندێک، ورگى هەندێکى تر دروستدەکات”. پێشمەرگەى دێرین قبوڵى ناکات بە لاوازبوونى جەماوەر و خۆی، لەسەر حیسابى رەنج و مەینەتى و حەسرەت هەڵکێشانى ئەو هەندێکى تر شاهانە و قەڵەوانە بژین، بێگومان کاردانەوەى بەرامبەر بەم حاڵەتە هەیە. هەنووکەش کە قۆناغى ئازادیى و حوکمى دەسەڵاتى خۆماڵییە دەبێت هەوڵبدرێت بۆ باشترکردنى ژیانى پێشمەرگەى دێرین بەپێى بەرنامەیەکى تۆکمە و دامەزراو، دەبێت حکومەت و دامودەزگاى پەیوەندیدار بە دەنگ داوا و موعاناتیانەوە بچێت بەتایبەت هەندێکیان ئەندامانى جەستەى خۆیان لە دەستداوە یان ئەوەندە ماندوون شتێک لە کەمئەندام گەڕاونەتەوە!. بەم رێگا و شێوازە دەتواندرێت کاریگەریى جیددى دابنرێت لەسەر سایکۆلۆژییەتیان و دەبێتە هۆى دامرکانەوەى بڵێسەى قینى پەنگخواردوویان کە مەترەحە لە ساتێک لە ساتەکاندا بەوپەڕى توندوتیژییەوە بتەقێتەوە. باسى ئەوە ناکەم پێشمەرگەى دێرین دیسان شۆڕش دژى دەسەڵاتى کوردیى و ئەزموونى ئەمڕۆ بەرپا دەکات، وا بزانم کەم کەس هێندەى ئەوان قوربانیان بۆ هێنانەدى رۆژێکى وا دابێت و بۆ پاراستنیشى وەک ئەوان دڵسۆز و بە پەرۆش بن، بەڵام ئەمەش ئەگەرێکى نزیک و بەهێزە پێشمەرگەى دێرین نەتوانێت بەرگەى ئەم هەموو نادادپەروەریى و بێ مافییەى خۆى و خەڵک بگرێت و رەنگبێ بە ناچاریى هەڵوێست وەربگرێت.
ئەم حاڵەتە و ئەو فەرامۆشکردنەى پێشمەرگەى دێرین پڕ مەترسییە، هەروەک ئۆرتیگا دەڵێت پێویستە هەموو زەنگەکانى مەترسى لێبدەین. خودئەڤینی و سەرسامبوون بە خۆى پێشەرگەى دێرین بە جۆرێکە لە لوتکەدایە، هەوڵدان بۆ تێکشاندنى ئەم دەروونە و بچووک و نزمکردنەوەى کەسێتییەکى بۆ ئاستى راکردن بە دواى موچەى خانەنشینى و پرسگەى وەزارەتەکاندا، رۆڵى خراپ لەسەر سایکۆلۆژییەتییان دادەنێت و لەوانەیە بۆ بەرز راگرتنى ئەو پلە و پایە باڵا مەعنەوییەى پێشووى خۆى، چالاکى و جووڵە نیشان بدات تاوەکو وەک ئەو قارەمانە نموونەییە بمێنێتەوە کە لە قۆناغى باڵابوونى شۆڕشدا لێى دەڕوانرا، بەڵام ئەم جارە لە قۆناغ و سەردەمێکى نوێدا. ئەوى ماوەتەوە لە کۆتاییدا بیڵێم ئەوەیە رووى دەمم لە دەسەڵاتى کوردیى دەکەم و دەڵێم پێشمەرگەى دێرین تا نهۆ ئارامگرتووە بووە، بەڵام وتەکەى (جۆن داریدن)تان لەبیر نەچێت: وریاى خۆت بە لە شۆڕشى پیاوى ئارامگرتوو.

پێشمەرگەى دێرین و رەمەکى سێکس-sex
هەرچەندە حەزى ممارەسەى سێکسی بە شێوازێکى سروشتى رێگەى لێبگیرێت، هێزى دەروونى کە پەیوەندیى بەم حەزەوە هەیە دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى دڵەڕاوکێ
فرۆید

رەمەکى سێکس هەستیارترین رەمەکى لکاوە بە کەسێتى مرۆڤەوە، چون هەر لە یەکەم چرکەى لە دایکبوونەوە ئەم رەمەکە ئەکتیڤ دەبێت و گەشە و نەشونما دەکات لەگەڵ مرۆڤدا. پێشان پێیانوابوو رەمەکى سێکس لە ساتەوەختى هەرزەکارییدا وردە وردە سەرهەڵدەدات، بەڵام ئەنجامى شیکردنەوەى زانستیى و تاقیگەیى پێچەوانەى ئەمەى سەلماندووە، زاناکانى بوارى فیسۆلۆجیى و بایۆلۆژیى پێداگریى لەسەر ئەوە دەکەن ئەم غەریزەیە لەگەڵ لە دایکبوونى هەر مرۆڤێکدا ئەویش لە دایک دەبێت، لە گرنگترین ئەو زانا و پسپۆڕانەى ئەم بیرو رایەیان هەیە هەردوو زانای دەروونناسی (سیگمۆند فرۆید و ولیەم رایش)ن.
فرۆید، پێیوایە (ژیانی سێکس لە قۆناغی هەرزەکارییەوە دەست پێناکات، بەڵکو هەر لە کاتى لە دایکبوونەوە چەکەرە دەکات و رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر گەشە دەکات). لەوەتى مرۆڤیش هەیە لە هیچ وێستگەیەکى مێژووییدا سێکس و ممارەسەى ئەم حەز و چێژە لێى جیانەبووەتەوە جا هەر لە کۆمۆنەى سەرەتایى و کۆمەڵى بەرایى و پریمیتیڤەوە بیگرە هەتا دەگاتە دنیاى گەشەکردووى تەکنۆلۆژیى ئەمڕۆمان. لەبەرئەوە سێکس بە هیچ کلۆجێک لە سایکۆلۆژیا و جەستەى مرۆڤ جودا نابێتەوە، بەڵکو بەردەوام مرۆڤ لە هەوڵدابووە بۆ تێرکردنى ئەم رەمەکە و خۆ بەتاڵکردنەوە لە گووشار و پاڵنەرى توندى لە کاتى چەپاندنیدا. دیسان زۆربەى زاناکانى پسپۆر لە بوارى سایکۆلۆژیا و سێکسزانیی دووپاتى دەکەنەوە: سێکس لە نێو هەر هەموو غەریزەکانى تردا کاریگەرترینیان و هەستیارترینیانە و بە قووڵیی مرۆڤ دەخاتە ژێر کاریگەرییەکانییەوە، لەم بارەوە (فرۆید) دەنووسێت (رەمەکى سێکس بەهێزترین و مەترسیدارترین رەمەکى تاکە لە ئەوى کەسایەتیدا).
گومانیش لەسەر ئەوە نییە مرۆڤ بێ بڕانەوە بە دواى تێرکردنى ئەم غەریزەیەدا عەوداڵە و هەمیشە بە دواى رێگاکانى بەتاڵکردنەوەیدا گەڕاوە بە چەندین شێواز، رەنگە هاوسەرگیریى دیوێک لە دیوەکانى ئەو داهێنانانە بێت لەو رووەوە. ئەگەر بمانەوێ بچینە ناو خودى باسەکەوە و لە بابەتى سێکس لاى پێشمەرگەى دێرین بدوێین، پێش هەر شتێک لەوە دڵنیاین پێشمەرگە وەک مرۆڤ خودانى غەریزەى سێکسە و وەک هەر مرۆڤێکى تریش هەوڵیداوە ئەم رەمەکە تێر بکات وەک مافێکى سروشتى خۆى، بەڵام ئاخۆ لە رۆژانى خەباتى سەختى شاخ و دوور لە هاوسەر و دەزگیران و ئافرەت پێشمەرگە چۆن چۆنى وەڵامى ئەم رەمەکەى خۆی داوەتەوە؟ ئایا چەپاندن بەرەو لادانى سێکسی بردووە؟ ئایا بۆتە کەسێکی هۆمۆسێکسواڵ؟ ئایا سێکسى لەگەڵ ئاژەڵان ئەنجام داوە؟ یان لە هەر رێگەیەکەوە بێت ئافرەتێکی دەستخستووە بۆ ئەنجامدانی کاری سێکس؟ ئایا تەنیا بە دەست خۆی بەتاڵ کردۆتەوە؟ یان بەردەوام لە خۆ چەپاندن و سەرکوتکردنی ئەو رەمەکە هەراشەدا بووە؟ لەبەرئەوەى بەشێوەیەکى گشتیى زۆربەى هەرە زۆرى پێشمەرگە دێرینەکان سەڵت و گەنجى زگوردی بوون و هاوسەریان نەبووە، بێ شک دووچارى چەپاندنى سێکس بوونەتەوە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان نەبیستراوە پێشمەرگە بۆ خاڵیکردنەوەى ئەم غەریزەیە پەنا بباتە بەر ئیغتیسابى ئافرەتان، ئەگەر بە وردیى سەیرى پانۆراماى ساڵ و رۆژەکانى بزووتنەوەى چەکداریى گەلی کورد بکەین، رەنگە بە تاک و تەرا بەر حاڵەتى ئیغتیساب بکەوین و لە ئاستى ریزپەڕدا بوونى هەیە. پێشمەرگەى دێرین خودانى مۆراڵێکى شۆڕشگێڕیى و ئەخلاقیاتێکى بەرز بووە، هەرگیزیش پرنسیپەکانى شۆڕش رێی نەداوە بە هیچ پێشمەرگەیەک تا ئافرەتێک بە تۆبزى زەوت بکات.
بۆ وێنە لە نێوەڕاستى هەشتاکانى سەدەى رابردوودا کاتێک جورنالیستێکى بیانیى پرسیار لە هەندێک پێشمەرگەى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەکات: ئایا چۆن کارى سێکسیى دەکەن؟ لە وەڵامدا پێشمەرگەکان دەڵێن ئێمە سێکس ناکەین!. رۆژنامەنووسەکە دەست بۆ گوندێکى نزیک رادەکێشێ و دەڵێت لەوێ ژن هەیە بۆ سێکسیان لەگەڵ ناکەن؟!. لە وەڵامدا پێى دەڵێن: ئەوانە خوشکى ئێمەن، یاساکانى سروشت رێنادەن لەگەڵ خوشکى خۆتدا ئەو کارە بکەیت. رۆژنامەنووسەکە زۆر جەختیان لێدەکات ئایا لەناو خۆیاندا یان لەگەڵ ئاژەڵدا یان بە رێگەیەکى تر سێکس ئەنجام نادەن؟ پێشمەرگەکان دڵنیاى دەکەنەوە ئەوان تەنیا سەرگەرمى خەبات و بەرخودانن بۆ کوردستان و هیچى تر. دواجار رۆژنامەنووسەکە بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: یان ئەم قسانەتان هیچى راست نین یان ئەوەتا ئێوە فریشتەن و مرۆڤ نین!. لە راستیدا ئەو پێشمەرگانە فریشتە نەبوون، بەڵام لەوەشدا راستگۆ بوون چون ئەوان تەنیا سەرقاڵى خەبات بوون و کەمتر قەرەى سێکس کەوتوون. لەبەرئەوە بە هیچ شێوەیەک پێشمەرگەى دێرین تەنیا لە ئاستى ریزپەردا نەبێ هەوڵى نەداوە بە تۆبزیى یان ئازادانە لەگەڵ ئافرەتێک کە هاوسەرى نییە کردارى سێکسى بکات. تەنانەت کولتوورى کوردەواریى و دابونەریتى گوندنشینان و خەڵکى رەشۆکى ئەودەمە کولتوورێکى بێ ئەندازە داخراو و چەپێنەر بووە، بە راددەیەک تەنانەت قبوڵى پەیوەندیى خۆشەویستیان نەکردووە، ئەوەتا یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە ساڵانى حەفتاکان و لە سەرەتای شۆڕشدا ناچارە قارەمانترین پێشمەرگەى خۆى لەسەر داخوازیى عەشیرەت و بۆ شووشتنەوەى ئابڕوو لە گوندى قامیشەڵان لەسەر خۆشەویستى بکوژێت، کە دواتر شاعیرى بە توانا (شێرکۆ بێکەس) لە شیعرێکیدا بە ناوى (قامیشەڵان) باسى ئەم کردەوەیە دەکات و هاوکات مەحکومى کوشتنى ئەو پێشمەرگەیە دەکات!! شێرکۆ هەر لەو شیعرەدا یەکێتى بە دارکونکەرە وەسف دەکات.

فوکۆ، کاتى خۆى وتى (ژیارى ئێمە هونەرى ئیرۆتیکاى تێدا نییە) ئەو باسى ژیارى خۆرئاوا دەکات، سەرەڕاى ئەو هەموو کرانەوە و تێکشکاندنەى چەقبەستوویى کولتوور و پێناسەکردنەوەی چەمکەکانی رەوشت و سێکس هێشتا پێیوایە ژیارێکە ئیرۆتیکا تێیدا غائیبە، ئەوجا بیهێنە بەرچاوى خۆت گوندێکى دوورە دەست لە دامێنى شاخێکدا نە کارەباى بۆ چووە و نە شەقامى قیرتاوى دیوە و نە رۆژێک لە رۆژان کتێبێک خۆى کردووە بە ماڵەکانیاندا، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیرۆس و خۆشەویستى دەکەن؟ لەوەش بگەڕێ دەبێت هەستیان چەند رقئامێز و ئاگراویى بێت لە کاتێکدا کەسێک ببینن لە دەرەوەى بازنەى هاوسەرگیریى لەگەڵ کچ یان خوشک یان کەسێکى نزیکیاندا ممارەسەى سێکس دەکات؟ پێشمەرگەى دێرین ئەوکات لەگەڵ ئەم کولتوورە رووبەڕوو بوو بۆیە چەند خوازیارى سێکس بوایە و پێویستى پێى هەبایە نەیدەتوانى لە سایەى ئەو کولتوورەدا ممارەسەى بکات.

هەرواش هیچ کاتێک پێشمەرگەى دێرین بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەم چەپاندنە رووى نەکردۆتە لادانى سێکسى، بۆیە دەبینین سێکسکردن لەگەڵ ئاژەڵ و ئیغتیساب و سێکس لەگەڵ مناڵان و لادانى تر تاکوتەرا نەبێت لاى پێشمەرگەى دێرین بوونى نەبووە، هەر ئەمەشە سیحرى ئەوەى وای لەو رۆژنامەنووسە بیانییە کرد پێشمەرگە بە شێکى سەرتر لە مرۆڤ ناوزەد بکات. تەنانەت چەند کەسانێکى دیاریکراو و زۆر کەم نەبن زۆربەى هەرە زۆرى پێشمەرگە دێرینەکان خۆیان پاراستووە لە هۆمۆسێکسوالێتی، بەڵکو بەپێى دابونەریتى کۆمەڵگا ئەم خووە جۆرێکە لە نەنگى و داڕمانى رەوشت و بەهاى کۆمەڵایەتی، کە دواجار کەسى خاوەن خوو دەکاتە کەسێکى فاشیل و بێ متمانە و بێ ئۆتۆریتە لە کۆمەڵدا، وەلێ هۆمۆسێکسوالێتى کردەیەکى ترسناک و خەتەر نییە تاکو بەو جۆرە مامەڵەى لە تەکدا بکرێت.
تەنانەت ئەو جۆرە لادانانە و ناچارکردنى خەڵکان بۆ ئەنجامدانى کردارى سێکسیى لە دادگاکانى شۆڕشدا سزاى لەسەربوو، چەندین نموونەم لەلایە چۆن دادگاکانى شۆڕش یان فەرماندەییەکانى ئەوکات سزاى ئەو پێشمەرگانەیان داوە پێشێلى ئەم پرنسیپانەیان کردووە. پێشمەرگەى دێرین هەوڵى خۆپاراستنى داوە و نەیوستووە جڵەو بۆ غەریزە بێ کۆتاییەکانى شل بکات و سەرەنجام ببێتە هۆی (لەکەدار)بوون و رووشاندنى پایەى کەسێتى خۆى. فرۆید دەڵێت (دوو جۆر پاڵنەرى ناوەکى لە سیستمى دەروونى مرۆڤدا کاریگەرن، ئەوانیش پاڵنەری حەزەر و پاڵنەری چێژن، هەر کاتێک مرۆڤ جڵەوى شل کرد بۆ ئارەزووەکانى بەبێ ئەوەى حەزەر بکات ئەوە زوو بە زوو سزاکەى وەردەگرێتەوە). پێشمەرگەى دێرین لە ترسى سزا وەرگرتنەوە، یەکەمجار سزاى مەعنەویى و ئەوجا سزاى ماددیى و جەستەیى هەمیشە حەزەرى لە سێکسکردن کردۆتەوە و جڵەوگیر بووە یان با بڵێین خۆى لغاو کردووە و نەیهێشتووە بە بەرەڵڵاکردن و دەرگا لەسەر پشتنانى رەمەکى سێکس ببێتە کەسێتییەک کە رووبەڕووى (شوورەیى) بێتەوە، چوونکە هیچ نەبووبێت کۆمەڵگە دواکەوتووەکەى خۆى بە باشى ناسیوە.

رایش هەمان بڕواى (فرۆید)ی لەسەر ئەم بابەتە هەیە و ئەویش لە بابەتێکدا دەنووسێت (کەسایەتى مرۆڤ لە قۆناغى ئۆدیبۆ دروست دەبێت، لە ئەنجامى ناکۆکى نێوان خواستى سێکسى شاراوە و بە واقیعی نەکردنى ئەو خواستە کەسایەتى دروست دەبێت، لەو قۆناغەدا –من- بێهێزە، ئەو-من-ەش بۆ خۆپاراستنى لە سزاکانى دەورووبەر هەوڵدەدات خۆى بگونجێنێت). من بە تەواویى و دەقیقى مەبەستم لەو دەربڕینەى (رایش)ە، دروستبوونى وێناى قارەمان بۆ پێشمەرگە بەشێکى بۆ ئەو خۆگونجاندن و خۆپاراستنە سێکسییە دەگەڕێتەوە، تەنانەت لە بیرمە جاران لە پەیڕەو و پرۆگرامى نێوخۆیى حزبەکاندا دەنووسرا پێویستە ئەندامى حزب دەست و دەم و داوێن پاک بێت!!!. دیسان ئەوە بۆ پێشمەرگە هەمان شت بوو بەڵکو هەندێک سەخت و قورستر بوو. پێشمەرگەى دێرین بەردەوام خۆى چەپاندووە، تاکە رایەڵ و کەناڵێک توانیبێتى خۆى پێ خاڵى بکاتەوە بریتى بووە لە دەستپەڕ (عادە سری) ئەمیش کردەیەکی زۆر نهێنى و پەنهانە و کەسانى تر ناتوانن دەرکى پێبکەن، دەنا پێشمەرگەى دێرین لە هەموو روویەکەوە خۆى گرتووە و بە ناچاریى دوور کەوتۆتەوە لە سێکس.
بە بڕواى زۆربەى زانایانی دەروونی چەپاندنى سێکس و غەریزە هەوێنى لە دایکبوونى شارستانى و ژیارە. فرۆید دەنووسێت (هەموو شارستانییەک لەسەر کارى زۆرەملێ و نکۆڵیکردن لە غەریزەکان دادەمەزرێت). فرۆید چاکى پێکاوە، تۆ بڕوانە هەڕەمەکانى میسر، شورە و دیواربەندى چین و قەڵا قایمەکان، شۆڕشە خوێناوییەکان و هەزاران شار و پەرستگا و کەنیسە و مزگەوت و خەزنەى زێڕ و زیو لەسەر بنەماى نکۆڵیکردن لە غەریزە و کارى بە زۆر و ناچارکردنى کەسانى دى دامەزراون. شۆڕشى کوردیى و بەرهەمێکى کەم و بچووک کە ئەمڕۆ هەیەتى بەر مەبناى چەپاندن و زۆر لە خۆکردنى ئەو کاتەى پێشمەرگەیە. وەلێ غەریزەى سێکس پێویستییەکى گرنگ و سەرچاوەیەکى بنەڕەتى شادیى مرۆڤەکانە، بەڵام ئەو رۆژانە پێشمەرگە ناچار ببوو چاوپۆشى لێبکات و خۆى لە لەززەت و خۆشییەکانى ببوێرێت. رایش دەڵێت (هەموو بەختەوەرییەکانى ژیان لە بەختەوەرییەکانى سێکسەوە سەرچاوە دەگرێ) کەچى ئەو رۆژانە بەختەوەریى پێشمەرگە تێرکردنی سێکس نەبوو، بەڵکو خۆى لە تۆمارکردنى داستان و نەبەردییە پڕ سەروەرییەکاندا دەبینییەوە، لوتکەى شادییەکانى خۆی لە گورزوەشاندن لە دوژمن و رزگارکردنى کوردستان و بەرپاکردنى ئازادیى و دامەزراندنى ژیاندا کۆکردبووەوە.
پێویستە لەم دەرفەتەدا ئەوەش بوترێت بەشێکى هەرە زۆرى ئەو چەپاندنەى پێشمەرگە بە بەرنامە و خۆویستانە نەبووە بەڵکو لە ژێر کاریگەریى و رەچاوکردنى بارى کۆمەڵایەتی بووە و جۆرێک بووە لە خۆ قووتارکردن لە حەرام، حەرامێک لە کۆمەڵگەى سوننەتى ئێمەدا راستەوخۆ بەستراوە بە جەستەى مرۆڤ و نێوان هەردوو رانییەوە. لەبەر ئەوەى کۆمەڵگەى ئێمە کۆمەڵگەیەک بووە لیپاولیپ لە حەرام و دەستوورى قەدەغە، پێشمەرگە ناچار بووە خۆى سنووردار بکات و هێڵى سوورى حەرام نەبەزێنێت، چوونکە حەرام یەکەمین شت بووە لەگەڵ هەبوونى مرۆڤدا سەری دەرهێناوە و چەکەرەى کردووە. فۆنت لە کتێبەکەیدا (سایکۆلۆژیاى میللەت) دەنووسێت (حەرام دەستوورێکى نەنووسراوى کۆنتر لە مرۆڤایەتى دەنوێنێت، وەک دیارە بەشێوەیەکى گشتیى حەرام لە خواوەندەکان کۆنترە و لە بنەڕەتدا بۆ کاتى پێش هەموو ئاینەکان دەگەڕێتەوە). دواجار ماوەتەوە بڵێم ئەوەى ئەمڕۆ بەدەست هاتووە لە کوردستاندا بەرهەمى دوێنێی پڕ لە چەرمەسەریى و خۆگوشین و ئازار و مەینەتى پێشمەرگە و تێکڕاى خەڵکی کورد بووە. پێشمەرگەى دێرین بۆوەى خەباتەکەى لە وێستگەى سەرکەوتن دابنێت تەنانەت نکۆڵى لە غەریزەکانی کرد، بگرە ئەو رۆژانە و نەهامەتییەکانى و خۆچەپاندنەکانى هەرگیز ناتواندرێت قەرەبوو بکرێتەوە، هەر لەبەرئەوەشە ئەوانەى وا دەزانن ئەو لیبرالیزمە سێکسیی و فرەژنى و بەرەڵڵاییە جنسییەی لاى بەرپرسەکان هەیە نیشانەیەکە بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو رۆژانە، بێگومان بەهەڵەدا چوون، لەبەرئەوەی:
یەکەم: بەرپرسەکان ئەوکاتیش لە رووى ممارەسەى سێکسەوە کێشەیان نەبووە، هیچ نەبووبێت هاوسەرەکانیان لەگەڵ بووە.
دووەم: سێکس و پیاوێتى نیشاندان لاى بەرپرسەکان جۆرێکە لە ممارەسەى دەسەڵات نەک قەرەبوو، ئەگەر ئەمە وا بوایە دەبوو هەر پێشمەرگەیەکى دێرین دە ژن و دە عەشیقەى هەبوایە و ئێستا لەبەر ئەوان ژن دەستى کەسی تر نەدەکەوت و پرۆسەى هاوسەر بوون بۆ خەڵکانى دی ئاسان نەدەبوو. دەسەڵات لەم رۆژهەڵاتەدا لەسەر قانوونی دارستان رێکخراوە، شێر لە دارستاندا زگی برسی و غەریزەکانی لە رێی هێزەوە تێر دەکات، بەرپرس و سەرکردە رۆژهەڵاتییەکان لە نێویشیاندا ئەوانەی کورد هەروا.

پێشمەرگەی دێرین و قۆناغی نوێ

هەر کەسێک تەنیا کوڕی سەردەمەکەی خۆیەتی
هیگل

کاتێک باس لە قۆناغی نوێ دەکەین مەبەستمان لە قۆناغی دوای راپەڕینی ئازاری ساڵی (1991)ە، کە دوای ئەم مێژووە ئاڵوگۆڕێکی بنچینەیی بەسەر ئەرک و رۆڵی پێشمەرگەدا هاتووە. ئەگەر لە قۆناغی بەرگریی و رزگاریی گەلی کوردستان ئەرکی پێشمەرگە بریتی بووبێت لە چەک هەڵگرتن و رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لە بەرامبەر دوژمن، بێگومان لە قۆناغی ئازادیی دوای راپەڕین ئەرکی پێشمەرگە دەگۆڕێت بە پارێزەری ئەو ئازادییە و تاکێکی خزمەتگوزار. ناکرێت پێشمەرگەی دێرین بە هەمان بیرکردنەوەی قۆناغی خەباتی چەکدارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەشدا بکات، لەبەرئەوەی دوو قۆناغن جیاوازیی ریشەیی و قووڵیان لەگەڵ یەکتر هەیە و کەمترین پەیوەندیی و وێکچوون لەنێوانیاندا هەیە. ئەگەر ئەوکات شۆڕشی کورد دژی حکومەتی ناوەندیی و دەستەڵاتی بەڕێوەبەریی بووبێت چ لە خودی کوردستان چ لە عێراقدا، ئێستا ئەم شۆڕشە خۆی حکومەتە لە کوردستان و بەشێکیشە لە دەستەڵاتی بڕیاردان لە عێراقدا. ئەگەر ئەوکات پێشمەرگە و شۆڕشی کورد لە چیاکان بەرەنگاریی هێزێکی پڕ چەکوچۆڵی رژێمێکی هار و دڕندەی دەکرد، ئەمڕۆ لە شارە و بووەتە دەستەڵاتێکی هەڵبژێردراو، پێویستە وەک خۆی بە هەناسەی حکومەت و دەستەڵاتەوە ئەرکی سەرشانی راپەڕێنێت. بە هەموو جۆرێک و لە دەیان گۆشەنیگا و رووەوە قۆناغی هەنووکە جیاوازە لە قۆناغی داگیرکراویی ئەم بەشەی کوردستان، هەڵبەتە لەگەڵ گۆڕان و وەرچەرخانی قۆناغدا ئەرک و رۆڵەکانیش دەگۆڕێن، ناکرێت کەسێک لە دوو قۆناغی جیاوازدا تەنیا یەک جۆرە ئەرک و رۆڵی هەبێت، ئەمە مومکین نییە.

کەواتە رۆڵی نوێی پێشمەرگەی دێرین چییە؟. رۆڵی پێشمەرگەی دێرین لەم قۆناغەدا رۆڵێکی خەباتگێڕانەیە، بەڵام بە دیوە مەدەنییەکەیدا، لە کورتترین و پوختترین دەربڕیندا ئەرکی سەرشانی پێشمەرگەی دێرین ئەوەیە تێکۆشانی مەدەنیانە و ئاشتیخوازانە بکات بۆ بەرینکردنەوەی مەودای ئازادیی و خزمەتگوزاریی و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری. من ئەم تێکۆشانە بە درێژکراوەی هەمان خەباتی شاخ دەزانم و لە رووی بەها و گرنگییەوە لە شانی یەکتردا دەیانبینم، بەڵکو ئەمەیان قۆناغێکی زۆر باڵاتر و پێگەیشتووترە لە ئەرکی پێشمەرگایەتیدا. ئەم قۆناغە وا لە پێشمەرگەی دێرین دەخوازێت دەستبەرداری خولیای خۆی و ئەو نەرگسیەتە قووڵە بێت تووشی هاتووە و لە بژاردنی سەروەریی و شانازییەکانی دوێنێ بێتە دەرێ و لە جەرگەی واقیعی ئەمڕۆدا بێت و بە کردەوە بیسەلمێنێت دەتوانێت لە واقیع و قۆناغی دوای راپەڕینیشدا وچان بە ئەرکەکانی بدات، بەو پێیەی لەگەڵ بارودۆخ و ژیانی ئەم قۆناغەدا ئاوێتە بووە، ئەرکی پێشمەرگەی دێرین لەوە تێپەڕی کردووە پاسەوانی یانژی فەرماندەی بارەگا و بەرپرسێکی سیاسیی یان سەربازیی بێت، بەڵکو ئەرکی ئەو ئەوەیە زێرەڤانی مافی خەڵک بێت و لە سەنگەری داوا و خواستەکانی جەماوەردا رابوەستێت و یەخەی دەستەڵاتدارانی لەسەر رابوەشێنێت.

ئیدی پێویستە و کاتی ئەوەیە پێشمەرگە دێرینەکان کەتافییەکانی بەریان دابکەنن لەگەڵیدا چەمک و زاراوەی شۆڕش بخەنە سەبەتەیەکی خاشاکەوە، چوونکە چیتر ئێمە شۆڕش نین!! لە کاتێکدا تۆ سەرۆک کۆماری عێراقیت، سەرۆکی هەرێمت هەیە، ئیدی شۆڕش چ مانایەکی هەیە؟ ناکرێت بە چەشنی بەعس و لەسەر هەمان بیرکردنەوەی سەدام حسێن رۆژانە و هەر دە خولەک جارێک وشە و زاراوەی شۆڕش بە گوێی خەڵکیدا بچرپَنین و بیکەینە نان و ئاویان، ئێمە چیتر شۆڕش نین، بەڵکو دەستەڵاتێکی کارگێڕیین، هەر بۆیە ئێمە وەک هاووڵاتیان داوا و خواستەکانمان لە بەرپرسانی کورد وەک دەستەڵات و حکومەتە نەک شۆڕش. ئیدی کاتی ئەوەیە پێشمەرگەی دێرین بە میکانیزمی ئاشتیخوازانە و دیموکراسییانە جوڵەی بەهێز لە خۆی نیشان بدات تاکو گۆڕانکاریی بەرچاو لە ئازادیی و ماف و خزمەتگوزارییدا رووبدات و بەرجەستە بکرێت، ئاخر ناکرێت پێشمەرگەی دێرین بە وەهمی (دوێنێ)وە سەیری ئەمڕۆ و سبەینێ بکات، یان لە گۆشەیەکی پەڕاوێزەوە لە بەردەم خۆیەوە پرتە و بۆڵەی بێت، بەڵکو دەبێت داینەمۆی جوڵەی سیاسیی و سەرمەشقی بزووتنەوەی مەدەنیانە بێت لە کوردستاندا.

فەیلەسووف و هزرمەندی فەڕەنسی (میشێل فوکۆ) دەڵێت (من راڤەی ئەوەم کردووە گۆڕان پەیوەندیی بە جوڵەی رامیارییەوە هەیە). بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا تێپەڕێت و گۆڕان لەسەر بەرینترین ئاست و مەودا رووبدات دەبێت جەماوەری کورد لە پێشیانەوە پێشمەرگەی دێرین و دەستەبژێری رۆشنبیر و خوێندەوار جوڵەی سیاسیی لە خۆیان نیشان بدەن، ئیرادەیان هەبێت بۆ هەنگاوی نوێ و تێپەڕاندنی واقیع رووەو باشتر و چاکتر و ئازادتر. پێشمەرگەی دێرین نابێت دەست و پێ سپی بێت لە ئاست ئەو هەموو ناڕەواییەی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە، نابێت بێدەنگ بێت لە بەرامبەر ئەو رێژە زۆر و ترسناکەی گەندەڵی و رۆتین و بیرۆکراسییەت، ناکرێت خۆی غافڵ بکات لە بەرامبەر ئەو هەموو بەفیڕۆبردنەی سامانی وڵات و ئەو هەموو بەرپرسە فایلدارە و ئەو لەشکرە لە سیاسیی بازرگان بە خوێنی ئابووری وڵاتەوە. لە راستیدا کاتێک گەندەڵیی و نالێپرسراویی و نادادپەروەریی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دەگاتە لوتکە و راددەیەکی سەرسوڕهێنەر و خەیاڵیی بەرئەنجامی ئەوە نییە دەستەڵات زۆر بەهێز و بە قودرەتە، بەڵکو بەشێکی هەرە سەرەکی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە نەیارانی ناعەدالەتی و خەڵک خۆیان بێدەنگ و زۆریش لاوازن.

رۆمەن رۆڵان دەڵێت (من ئەمەم زۆر جاران وتووە خراپتر لە هەموو خراپەکان کە جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت بێ دەستەڵاتی چاکەخوازانە نەک دەستەڵاتی خراپەکاران). ئەوەی ئەم دۆخەی لە کوردستان خوڵقاندووە بێ هێزیی و بێ دەستەڵاتی جەمسەر و باڵی چاکەکار و ریفۆرمخوازە، نەک ئەستووریی و بەهێزیی باڵی گەندەڵ و خراپەکار. پێشمەرگەی دێرین لەسەریەتی کۆمەک بکات بە ئاقاری بەهێزکردنی رەوتی چاکساییخواز و مەدەنی و دیموکراتیخوازی کۆمەڵگەی کوردستان و هەماهەنگ بێت لەگەڵ کار و پڕۆژەکانیان، هەروا پێویستە چۆن لە خەباتی شاخدا پێشڕەو و سەرمەشقی جەماوەرێکی زۆری خەڵک بووە ئێستاش هەر بە هەمان رۆحییەتەوە هەوڵ بدات و کار بکات تا پێشەنگی ئەو جەماوەرە بە مێگەلکراوە بێت تەنانەت زمانیان نییە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانیان. دەکرێت بڵێم پێشمەرگەی دێرین دەبێت زمانحاڵی ئەو خەڵکانە بێت بەهەر هۆیەک بووە ناتوانن گوزارشت لە ئازار و نەهامەتییەکانیان بکەن، قاچی ئەوانە بێت لەبەر هەر رێگرییەک بووە ناتوانن هەنگاو بنێن بۆ سەندنی مافەکانیان، دەستی هەموو ئەوانە بێت لەبەر هەر هۆکارێک بووە ناتوانن لافیتەیەک بەرز بکەنەوە یان یەخەی حاکمان بگرن و رایانوەشێنن تاکو لە خەوی بێئاگایی لە بارودۆخەکە بێدارییان بکەنەوە.
پێشمەرگەی دێرین ئەگەر ئەرکێکی لەسەرشان بێت یان ئەگەر قەرارە لەم بارودۆخەدا رۆڵێک بگێڕێت پێویستە بەرهەڵستیی دەستەڵات بکات نەک بۆ ئەوەی بیڕوخێنێت بەڵکو بۆ ئەوەی چاکی بکات و بیهێنێتەوە سەر ئەو هێڵە راستەی دەبێت هەیبێت. پێشمەرگەی دێرین دەبێت واز لەو خەیاڵە بهێنێت هەر بەرهەڵستییکردن و بەرەنگارییەکی دەستەڵات کۆمەکە بە دوژمنانی کورد و سەرئەنجام ئەم حکومەتە (ساوا)یەی پێ لاواز دەبێت، بەڵکو پێویستە بەو شعورەوە کار بکات لازمە شۆڕشەکەی دوێنێی ماف و ئازادیی و ژیان بۆ هاووڵاتیان دابین بکات ئەگینا هەرگیز دەمی خۆی ناگرێت و وەدەنگ دێت لەسەر مافی بەشخوراوان، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لە ئاست تاڵییەکانی ژیانی هاووڵاتیان و بەرهەڵستیی دەکات لەبەرامبەر هەر چەوتی و نابەجێییەکی ورد و درشتی دەستەڵات. دەبوایە تاوەکو ئێستا چەندان رێپێوان و کەمپینی پێشمەرگەی دێرینمان بدیبایە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەستەڵات و حکومەت، کەچی بەداخەوە تاوەکو ئێستا بێدەنگن و جاروبار لێرەولەوێ لە سوچی لاپەڕەی رۆژنامەیەکدا سکاڵانامە یان نامەیەکی کراوە بۆ بەرپرسێک یان لایەنێکی بەرپرسیار دەنێرن و هیچی تر.

مایکڵ هاردت– ئەنتوان نیگیری دەڵێن (زۆر لە زاناکانی سیاسەت دەڵێن مەسەلەکە لەوەدا نییە بۆچی خەڵک بەرهەڵستیی دەکەن؟ بەڵکو لەوەدایە بۆچی بەرهەڵستیی ناکەن؟). ئاخر ئەگەر سبەینێ پێشمەرگە دێرینەکان ناڕەزایی دەرببڕن، پرسیار ناکەین بۆچی ناڕەزایەتی دەردەبڕن؟ چون هەموو دەزانین چەندە بێبەش و مافخوراون، چەندە دڵگرانن بەم بارودۆخە، بەڵکو هەنووکە پرسیار دەکەین ئاخۆ لەبەرچی و بۆچی پێشمەرگە دێرینەکان ناڕەزایەتی دەرنابڕن و هیچ بەرهەڵستییەک ناکەن؟ ئەگەر هەر ئەمڕۆ چی پێشمەرگەی دێرین هەیە بەر دەرگای وەزارەت و فەرمانگەکان بگرن و خۆپیشاندان ساز بدەن، هەموو ئەوەمان لەلا ئاشکرایە وەزارەتەکان بە جۆرێک گەندەڵ و کەمتەرخەمن، تەنیا پێویستە لە دژیان رێپێوان سازبکرێت، بۆیە لامان سەیر نییە. بەڵام ئەگەر پێشمەرگەی دێرین و دواتر کۆی خەڵک ئەم کارەیان نەکرد، پرسیارەکە لەلامان دەوروژێت و دەپرسین ئاخۆ لەبەر کام هۆ و بەهانە بەرهەڵستیی ناکەن و تاکەی خۆیان دەخۆنەوە و بەرگە دەگرن؟. پێشمەرگەی دێرین لەسەریەتی لە پەنا ناڕەزایەتی و داخوازییەکانی خەڵکدا بوەستێت لە بەرامبەر دەستەڵات، هەروەک چۆن لەسەریەتی رچە و یەکەمین بێدەنگیی بشکێنێت و کەلەپچەی کەڕیی رابماڵێت. خەڵکی ئەم وڵاتە تەواو بێزار و بێ هیوابوون لە بەرپرس و دەستەڵات و پادشا نوێیەکان، تەنانەت گەنجەکان ئەم وڵاتە وەک (گەراج) یان فڕۆکەخانەیەک سەیر دەکەن تا لێوەی بڕۆن بۆ تاراوگە، ژیان زەحمەتییەکی قورسە و هەزار و یەک کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریی سەریان دەرهێناوە، هەموو چاوەڕێی فریادڕەس و دەستەڵاتێکی راستەقینەن، لەبەرئەوە پێشمەرگەی دێرین نابێت کەمتەرخەم بێت بەرامبەر بە ژیانی جەماوەری گەل و دەبێت لەگەڵیاندا کار بکات بۆ بەرقەرارکردنی دەستەڵاتێک کە رێز لە مافەکان و ئازادیی هاووڵاتییەکانی بگرێت.

(د.ناجی تکریتی) لە وتارێکیدا زۆر باش نوسیووێتی (خەڵکی لە قسەی رووت بێزار و نائومێدبوون، پێویستیان بە رزگارکەرێکە لەو مەینەتییە رزگاریان بکات، ئەمەش تەنیا هەر بە قسە و وادەی بێ کردەوە فریویان نەدات، لە چاوەڕوانیی سەرکردەیەکن قسە و کردەوەی وەک یەک بێ). پێویستە پێشمەرگەی دێرین هاوکار و یارمەتیدەری خەڵک بێت و لەگەڵیاندا بێت بۆ راستکردنەوەی دەستەڵاتداران و جێگیرکردنی سەرکردە و دەستەڵاتێک بەشێوەیەکی راستەقینە نوێنەرایەتیان بکات. بە کورتی رۆڵی پێشمەرگەی دێرین لەم قۆناغە بریتییە لە داکۆکیکردن لە مافی خۆی و خەڵک، گۆڕانێتی لە پێشمەرگە و سەربازەوە بۆ تاکێکی ئەکتیڤی مەدەنی و هەردەم لە بەرامبەر دەستەڵاتدا بوەستێت بۆ زیاتر چەسپاندنی مافەکانی خودی خۆی و هاووڵاتیان، دواجاریش بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراسی. رۆشنبیری عەرەب (حسێن دەروێش) دەنووسێت (لە مێژوودا چیرۆکی فەرماندەیەکی رۆمانی هەیە کە بە سەرکەوتوویی لە جەنگێک دێتەوە و بە سەربەرزییەوە لە شەقامەکانی شارەکەیدا پیاسە دەکات، خەڵک لە دەوری جەم دەبن و هوتاف بە ناوی دەدەن و سەرکەوتنەکانی نەمر دەکەن. هەر هەمان مێژوو دەڵێت لە پشت ئەو فەرماندەیەوە سەربازێکی بازوو و مەچەک ئەستوور رێی دەکرد، ئەرکی ئەو سەربازە تەنیا پاراستنی فەرماندەکەی نەبوو لە ناپاکیی و پیلانگێڕیی، بەڵکو ئەوە بوو هەموو کات بە گوێی فەرماندەکەی بچرپاندبایە: لە یادت بێت تۆ مرۆڤیت، لە یادت بێت تۆ مرۆڤیت). ئەرکی پێشمەرگەی دێرینیش ئەوەیە هەمیشە بە گوێی دەستەڵات و سەرکردەکانی کورددا بچرپێنێت لە یادتان بێت، ئەو خەڵکەتان لە یاد بێت، بەڵێن و وادە و پەیمانە زلەکانی خۆتان لە یاد بێت.

پێشمەرگەى دێرین و نائومێدیى و نامۆبوون

نائومێدیی و نامۆبوون بەشێکی جیانەکراوەى دەروونى مرۆڤە، لەگەڵ مرۆڤدا نامۆبوون گەشەى کردووە و بە بەردەوامى وەک سێبەرێک لە تەکییەوە رۆشتووە. لە رووى شیکردنەوەى دەروونییەوە زاناکان و قوتابخانەکانى دەروونشیکاریى کۆکن لەسەر ئەوەى نامۆبوون لە قووڵایى ناخى هەموو مرۆڤێکدا چێنراوە و هیچ مرۆڤێک نییە لە ژیانیدا تووشى شۆک و نائومێدیی نەبێت. هەرچەندە رێژە و ئاستى ئەم نامۆبوونە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکى تر دەگۆڕێت بە هەمان شێوە هۆکارەکان رۆڵێکى ئێجگار گرنگ دەگێڕن لە زیاتر نامۆکردنى مرۆڤدا. پێشمەرگەى دێرین ئالی و سوپەرمان نەبووە و نییە بەڵکو مرۆڤێکى تەواو ئاساییە و بەدەر نییە لەگرێ و ئاڵۆزییە دەروونییە هاوبەشەکانى مرۆڤ، ئەویش وەک هەموو کەسانى تر ژیانى دابەشبووە بەسەر لەحزەى گەشبینى و کامەرانى و لەحزەى نائومێدیی و نامۆبوون. رەنگە لەبەر چەند هۆکارێکى تایبەت و دیاریکراو پێشمەرگەى دێرین زیاتر تووشى نائومێدیى و تەنانەت تێکشکان ببێتەوە. گرنگترین فاکتۆر لەم راستایەدا بریتییە لە وردوخاشکردن و بەسەرابکردنى خەونەکانى، ئەو خەونانەى لە قۆناغى خەباتى شاخدا هەزارەها جار بەڵێنى بەدیهاتنیان پێدەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بارودۆخە نەخواستراوترە پڕ گەندەڵیى و نادادپەروەرییەى دواى راپەرین یەکێکى تربووە لە فاکتۆرە هەرە بەهێزەکانى نامۆبوون ئەمە نەک هەر بۆ پێشمەرگەى دێرین بەڵکو بۆسەرجەم هاووڵاتیانى کورد. هەنووکە دەبینین وەهمەکانى نەتەوایەتى و سۆسیالیزم و مافى چارەى خۆنووسین تەبەخوریان کرد و وەک هەڵم بە ئاسمانى بێدەنگیدا چوون.
ئەوەتا کوردستان دواى هەڵەبجە و ئەنفال و کارەساتە سامناکەکانى لەسەر دەستى بیرۆکەى پانعەرەبیزم جارێکى تر دەلکێنرێتەوە بە عێراقى بێ هیوایى و نەهامەتییەوە. نەتەوایەتى و کوردایەتى بووە بە کۆمپانیا و دوکانداریی و کاڵایەکى بە نرخ و گرانبەهاى بازاڕی سەفقات، هەنووکە بەرهەمهێنەرانى دوێنێی گووتارى نەتەوایەتى بازرگانى هەرە گەورەى ئەمڕۆی وڵات و بزنسمان و خاوەن کۆمپانیاى زەبەلاح و سەروەت و سامانى خەیاڵیی و نەبڕاوەن،. دروشمەکانى وەک مافى مرۆڤ و مافى چارەنووس و ئازادیى بیروباوەڕ و دیموکراسى لە بازاڕى کوردیدا ئێکسپایەر بوون و فڕێدراونەتە تەنەکە خۆڵەکانى شارەوانییەوە. سۆسیالیزم و (وتە زێڕینەکانى) ماوتسى تۆنگ و کولتوورى چێ گیڤارا وەک بەرگێکى کۆن و دڕاو لەبەری حزبەکان داکەنرا. درێژترین رووبارى خوێنى پێشمەرگە و شەهیدان تێکەڵ بە مەى و شامپانیا و کۆنیاکى بەرپرسە چاوشۆڕەکان بووە و بۆیان بۆتە جۆگەى کەوسەر و شەرابى فیردەوس. هەنسک و حەسرەتى هەژاران و ماڵوێرانانى رێگاى رزگاریى بۆتە خۆشترین نوکتە بۆ دەسەڵاتداران و ئەو ئەو بەرپرسە نمەک بە حەرامانەى تا دوێنێ لە شاخ تەنیا بە دۆى مەشکەى گوند تینووێتیان دەشکا. ئیتر مرۆڤى کورد چۆن تووشى نامۆبوون نابێت؟. ئەى پێشمەرگەى دێرین چۆن لە هەموومان زێدەتر و زەقتر بەم دەردە بیمار نابێت و تاکو سەر مۆخ هەست بە ئازار و ئێش ناکات؟.

نووسەرى ناسراوى عەرەب (حسێن دەروێش) لە یەکێک لە ژمارەکانى رۆژنامەى (البیان)دا باس لەو نامۆبوونە دەکات لاى نەوەى شۆڕشگێرى عەرەبى و دەنووسێت (ئەو نەوەیەى کە نەوەى نیوەى یەکەمى سەدەى پێشوو بوون بە وەهمى نەتەوایەتى و نیشتمانى گەورەى نەمرەوە ژیان، لە دواى ئەو وەهمانەشەوە وەهمى سەروەتیشى هاتە سەر، هەر ئەم نەوەیە ئێستا بە چاوى خۆى دەبینێت خەونەکانى چییان بەسەرهات و لە کۆتایدا گەیشتۆتە چ رۆژێکى کوشندە ئەمڕۆکە دەیبینین). پێشمەرگەى دێرین وەک نەوەى نیوەى دووەمى سەدەى رابردوو (سەدەى بیست) دواى بێ هۆشکردنى بە تلیاک و وەهمى نیشتمانپەروەریی و کوردستانێکى سەربەخۆ و پڕاوپڕ لە ئازادیى و ماف، ئەمڕۆ دەبینێت خەونەکانى یەک لە دواى یەک هەرەس دەهێنن و ئەو جادووەى لە شاخ لێیکراوە یەک بە یەک پووچەڵ دەبنەوە و ماهییەت و سروشتى راستەقینەیان بەدەر دەکەوێت. ئەمڕۆکە بە چاوى خۆى دەبینێت خەونەکانى چییان لێ بەسەر هاتووە و رۆژگارى کورد گەیشتووەبە چ چارە رەشییەک!، ماف و ئازادیى گەورەترین و تاڵترین درۆ بوو لەگەڵیدا کراوە. دواى ئەم هەموو بەتاڵکردنەوە و لە باربردنەى خەون و ئاواتەکانى دوێنێى، پێشمەرگەى دێرین هیچ رێگایەکى ترى لەبەردەم نییە یان بەرپەرچدانەوە یان خۆخواردنەوە و ئازارى ویژدان و نامۆبوون. دەبینین تا ئەمڕۆ پێشمەرگەى دێرین رێگاچارەى دووەمى هەڵبژاردووە، رێگەچارەى خۆخواردنەوە و ئازارى رۆح و ویژدان.

پێشمەرگەى دێرین ئەوێ رۆژێ لە خەباتى سەخت و دژوارى قۆناغى شاخدا، خەونى بە وڵاتێکەوە دەبینى هاووڵاتیان لە ئەرک و ماف و ئازادییەکاندا یەکسان بن، رێز لە مرۆڤبوون بگیرێت پێش هەر شتێک، بە چەکى شۆڕش و نەبەردیى و هەڵمەتى سەربازییانە چاوى لە پاشەڕۆژێکى رووناک و ئارام و ئاسایى بڕیبوو. هەموو ناڕەحەتییەکانى شاخ و هەوراز و نشێوەکانى رێگاى هەوڵ و خەباتى قبوڵ بوو تاسبەینێ دادپەروەریى چێ بێت و یاسا سەروەر بێت و مافى هەموو کەسێک پارێزراوبێت، نەک وەک ئەمڕۆ پارە دەسەڵاتدار بێت، ئاخر کاتێک پارە دەبێتە خودا، مرۆڤ دەبێتە بەندەى پارە و دەبێت وەک کۆیلەیەک پارە بپەرستێت، ئیتر ئەمەش سەرەتاى هەموو خراپەکارییەکانە. برتۆڵد برێخت، دەڵێت: (لە کۆمەڵگەیەک پارە تیایدا فەرمانڕەوایە و بەدەستهێنانى پارە جگە لە رێى ناپەسەندەوە مەیسەر نییە، چاکەکاریى دەبێتە درۆ). پێشمەرگەى دێرینیش چاوى هەیە و ئەوە دەبینێ (سەربەستى رابەرایەتى گەل ناکات) بەڵکو پارە تاکە والی و فەرمانڕەوایە، ئەو بیروباوەڕ و پرنسیپانەشى لە شاخ دیعایەیان بۆ دەکرا تووڕ دراونەتە زبڵدانى مێژووەوە و بە کلاسیک هەژمار دەکرێن، ئیتر بڕواى بە هیچ چاکەکارییەکى حزب و سەرکردایەتییەکەى نامێنێت، ئاسانیش نییە دواى ئەو هەموو ناڕەحەتى و قوربانیدانە بە ژیانى خۆ هەروا بە بڕیارێک دەستبەردارى حزبەکەی ببێت، ئاخر ئەمە قورسترین بڕیارە و سەرسەختترین دەروونى گەرەکە، مرۆڤ ناتوانێت بە دەستى خۆى کۆرپە یان کوڕە جگەرگۆشەکەى زیندەبەچاڵ بکات! لەگەڵ ئەوەشدا پێى شادمان بێت. سەختییەکە لێرەدایە پێشمەرگەى دێرین لەنێوان دوڕیان و دوو رێگادا تووشى شۆک و ئازار بووە:
یەکەم: دەستبەردان لە حزب و کاروانى دوورودرێژى خەبات، ئەمەش کارێکى ئەستەم و پڕ لە ناڕەحەتییە و چۆڵکردنی مەیدانیشە بۆ گەندەڵکاران.

دووەم: قبوڵکردنى ناعەدالەتی و ئەو قەیرانە خنکێنەر و کوشندەیەى کۆمەڵگەى کوردى تیایدا دەژى لەگەڵ چاوپۆشین و دیزە بەدەرخۆنەکردنى دزى و گەندەڵیى دەسەڵات و پاساو هێنانەوە بۆ نەبوونى ئازادیى و نەبوونى خزمەتگوزارییەکان و بێ مافییەکانى جەماوەرى خەڵک.
ئەمەشیان دوورە لە سروشتى راستەقینە و واقیعی پێشمەرگەى دێرینەوە، چوونکە ئەو کەسێک بووە لە سەردەمى پێشووتر قبوڵى ئەمانەى نەکردووە بۆیە شاخ و خەباتى هەڵبژاردووە، بۆیە ئەگەر ئێستا پێى رازى و قایل بێت کەواتە خەبات و بەرخودانى چەندان ساڵى لەسەر چیاکان چ مانایەک دەبەخشێت؟ سەروەرییەکانى دوێنێ قابیلى ئەوەن بە هەڵەکانى ئەمڕۆ لەناوچن وەک ئەوەى بەرپرسەکان کردیان. بارودۆخى کوردستان لە کەنارى هەڵدێر و رۆخى تیاچوونە، چوونکە مرۆڤى کورد لە هەموو روویەکەوە تێکدەشکێنرێت و هەناسەى سافى دوکەڵاویى دەکرێت، هەژاریى وەک پەتایەکى کوشندە پەرە دەسێنێت، ژمارەى هەژاران و بێدەرامەتان لە ئاستێکى ئاسایى دەرچووە، لەولاوە چەندان کەس و بەرپرس بەشێوەیەکى سەرسوڕهێنەر دەبنە سەرمایەدار و ملیۆنێر بەبێ ئەوەى کەسێک هەبێت پرسیاریان لێبکات ئەمەیان بە چى؟. د.ناجى تکریتی، لە وتارێکدا بە ناوى (نامەیەک بۆ کاربەدەستى وڵات) دەنووسێت (دەبێت هەمیشە ئەوە بزانیت هەرچەندە ژمارەى ملیۆنێران زۆرتربێت ژمارەى هەژاران و نەداران دوو هێندە دەبێتەوە). پێویستە کاربەدەستانى وڵات بزانن هەژارانى ئەم نیشتمانە خەمناکە سەد بەرابەر و هەزار بەرابەرى ئەو ملیۆنێرە بێ بەزەییانە دەبن کە بەوێنەى گروپەکانى مافیا دەستیان بەسەر بازاڕ و ئابوورى و بژێویی هەژاراندا گرتووە. خەڵک لەم نادادپەروەریى و جیاوازییە قووڵە چیناییەتیە بێزار و رق ئەستوورە بە قەدەر ئەوەش تووشى نائومێدیی و بێ هیوایی و رەشبینى بووە، پێشمەرگەى دێرین بە پلەیەکى زیاتر لە خەڵکانى تر دووچارى ئەم حاڵەتە بووە، چون ئەو لە سەرێکەوە خۆى بە تاوانبار دەزانێت کە ئەمە بەرهەمى خەباتەکەیەتی، لە سەرێکى ترەوە ناڕازی و بێزارە چوونکە خوازیارى ئەم رۆژە نەبووە و هیچ کات لە نیازیدا نەبووە بۆ کوردستانى گەندەڵیى و راوڕووت خەبات بکات، ئەگەرنا نەیدەکرد.
پێشمەرگەى دێرین دەیویست مرۆڤى کورد کوردستان لە ئەولەویەتى کاردا بنیات بنرێتەوە، ئەوى رژێمى بەعس سووتاندى سەوز بکرێتەوە، ئەوى داگیرکەرانى کوردستان کاولیان کرد بە رازاوەترین شێوە دروست بکرێتەوە، ئەوى بەعس تاریک و لێڵى کرد لەسەر دەستى کورد سپى و روون بکرێتەوە. هەروەک (حسێن دەروێش) دەڵێت (بەر لەوەى بیر لە بنیاتنانەوەى نیشتمان بکەینەوە پێویستە بیر لە بنیاتنانى مرۆڤەکان بکەینەوە، هیچ مرۆڤێکیش ناتوانێت بنیاتنەر بێت ئەگەر بێتو ئازاد نەبێت، ئازادیش وشەیەکى ترسناکە لە نیشتمانێکدا کە کراوە بە زیندانێکى گەورە). پێشمەرگەى دێرین کارى بۆ ئەوە کردووە وڵات نەبێتە ئەو زیندانە گەورەى حسێن دەروێش باسى دەکات، بۆیە هەموو ناڕەحەتى و تاڵییەکانى دوێنێی لا شیرین بووە، بۆیە نوستن لەسەر تاشە بەردى شاخى بەلاوە دۆشەکى لۆکە و حەریر بووە، بۆیە چەکى سەرشانى لەهەموو شت لا پیرۆزتر بووە. ساتێک ئێستا دەبینێت ئاوەدانکردنەوەى چى؟ بنیاتنانەوەى چى؟ خەباتى چى؟ کورد و کوردستانى چى؟ کولتوورى بەرگریى چى؟ نەتەوایەتى و گەلی چى؟ مرۆڤ و مافەکانى چى؟ چى و چى… هەر هەمووى بوون بە درۆیەکى گەورە و جێگەى گاڵتە و شۆخى پێکردن، ئیدى وەرە مرۆڤێک بەو هەموو دەرد و ئازارەى زۆرەى شاخەوە بتوانێ بەرگەى ئەمە بگرێت!. لەبەرئەوە پێشمەرگەى دێرین ناتوانێت لەگەڵ ئەو بارودۆخە بسازێت، چوونکە رۆحە سەرکەشەکەى رێى پێنادات، مادام وایە نائومێدیى و نامۆبوون لە هەموو لایەکەوە قانگى دەدات و داگیرى دەکات. بۆ نەگبەتى ئەو کۆمەڵگەیەشى پێشمەرگەى دێرینى تیا دەژى تووشى هەمان شۆک و پەتا هاتووە ئیدى چۆن دەتوانێت بارى سەرشانى سوک بکات و موراعاتى بکات، کۆڵن وڵسن وتەنى (ئەگەر ژیارێک رۆحى نەخۆش بێت تاک بە هەمان نەخۆشییەوە دەتلێتەوە).

کە کۆمەڵگەى کوردى خۆى نەخۆش بێت و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتى سیاسیى یەکەم کەس بێت بەم ڤایرۆسە تووش بووبێت، چۆن خەڵک بە گشتیی و پێشمەرگەى دێرین بە تایبەتى دووچارى نەخۆشى و گرێى دەروونى نابن؟ بۆ پێشمەرگە حاڵەتەکە زۆر جیاوازتر و قورستریشە، چوونکە ئەو لە هەموو کەس زیاتر خۆى بە خاوەنى ئەم خاک و وڵاتە دەزانێت. هەر لەبەرئەوەش ئازار و نائومێدیى پێشمەرگەى دێرین لەوانیتر زیاترە و هەستێکى قووڵ و مەزنترى لە خەڵکە ئاساییەکە هەیە، ئەو دوێنێ بە گیانى خۆیشى ئامادەبوو داکۆکى لە وڵاتەکەى بکات ئەمڕۆ چۆن دەتوانێت دیل و ملکەچ بێت؟ پێشمەرگەى دێرین وەک مرۆڤى مەزن، بە پێچەوانەى پیاوە گرگنە دەربارییەکان خەمى لە هەموو کەس زیاترە، ئازارى لە من و تۆ بەسوێترە و ویژدانى زووتر دەڕوشێت و بریندار دەبێت. شاتوبریان، دەڵێت (سەرت سووڕ نەمێنێت لە ژیاندا ئەرک و ئازارمان لە کەسانى دیکە زۆرترە، چوونکە کەسانى مەزن و بەهرەدار ئێش و ئازارى لە کەسانى بێ جورم و بچووک زۆرترە). لاى منیش سەیرو جێی واق وڕمان نییە وەختێک دەبینم زمانى پێشمەرگە پڕ گلەییترین زمانە و ویژدانى پڕ ناسۆرترین ویژدانە و رۆحى بریندارترین رۆحە و جەستەى شەکەتترین جەستەیە. بێزاریى و نائومێدیى پێشمەرگەى دێرین تەنانەت تا ئەو سنوورە رۆشتووە لە بەرامبەر ژیاندا تەواو دڕدۆنگن و ئیرەیى بە مەرگ و گۆڕ دەبەن، بۆ خۆم لە کەسێکى زۆر نزیکم کە ساڵانێکى زۆر پێشمەرگە بووە بیستووە: وتوویەتى حەزم دەکرد لەگەڵ فڵان کەس لە فڵانە داستان شەهید بوومایە و ئەم رۆژە رەشە و ئەو شکست و هەرەسە گەورەیەى بیروباوەڕ و حزبەکەم نەدیبا. واتە هەرەسى پەشیمانبوونەوە لە بەڵێن و وادە و خەونەکانى قۆناغى شاخ.
تەنانەت هەندێکیان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى وەک (لامارتین) بڵێن (گیانم خەمناکە وەک مردن، ئیرەیى بە گڵکۆ دەبەم، ئاى بۆ ئەو خەوە قووڵە درێژە). زۆر جار لە بەرپرسە باڵادەستەکانى دەبیستم دەڵێن پێشمەرگەى دێرین بۆ ناراِزییە؟ ئەوە نییە زەویمان پێداون و مووچەى خانەنشینیان هەیە!!. بێگومان هەیە لەسەر جۆرى رێژەى بەهرەمەندبوون لەم ئیمتیازاتانە ناڕازییە، بەڵام راستیەکەى ئەوەیە پێشمەرگەى دێرین تەنیا شینى خۆى ناکات، ئەو دەیەوێ هەموو خەڵکى سوودمەند بن، ئەوى بۆ خۆى هەڵدەبژێرێت بۆ سەرجەم هاووڵاتیانى گەلەکەى هەڵدەبژێرێ. سارتەر وتى (ئەوى بۆ خۆمى هەڵدەبژێرم واتە بۆ گشت مرۆڤى هەڵدەبژێرم). پێشمەرگەى دێرین بە هەستێکى سارتەرییانەوە داوا دەکات و هیچ شتێکی تەنیا بۆ خۆى نییە. پێشمەرگەى دێرین هەرگیز نایەوێت خۆى پۆشتە و پەرداخ و خەڵک رووت و رەجاڵ بێت، ئەو گەرەکییەتى یەکسانى بە بێ من و تۆ و هیچ پێودانگێکی تر بەرجەستە بکرێت. (س- ش) و (ل- ع) وەک یەک بن لە تەرازووى یاسا و ئەرک و مافەکاندا. خەون و خەباتى پێشمەرگەى دێرین بۆ وەرگرتنى پارچەیەک زەوى نەبووە، ئەو کە چیاو دۆڵ و خەرەند و تاڤگە و جۆگە و ئەشکەوت و رەز و باخ و کانى و زنەى ئەم وڵاتە بە موڵکى خۆى دەزانێت چ پێویستى بەو پاداشتە هەیە تاپۆیەکى رزیوى بدەنە دەست و بڵێن فەرموو ئەو پارچە زەوییە لە برى هەموو خەباتەکەت. پێشمەرگەى دێرین خۆى بە (مۆسۆلینى) نازانێت تا بڵێت (ئەوەى پۆڵاى هەیە نانى هەیە)!. ئەو دەیەوێ پۆڵادار و بێ پۆڵا، چەکدار و بێ چەک هەموو نان و ئازادییان بەر لە هەر شتێک هەبێت و هەلی ژیانیان بۆ بڕەخسێنرێت و کامەرانى و شادییان بۆ مسۆگەر بکرێت. بەڵام لە واقیعى حاڵدا نە پێشمەرگەى دێرین و نە خەڵک بە گشتیى سوودمەند نەبوون، لەوە پتریش بوونەتە هەوێن و سووتەمەنى رێگاى دەسەڵاتدارانى کورد بۆ مانەوەیان لەسەر کورسى فەرمانڕەوایى.
مرۆڤ لە نێوان یاخیبوون و نائومێدییدا یەکێکیانی بۆ دەمێنێتەوە، لە واقیعى گۆڕاوى دنیاى نوێدا یاخیبوون قورس و ناڕەحتترە بۆیە نائومێدیى بە ئاسانى یەخەى خەڵک دەگرێت، خەستترین نائومێدیی و نامۆبوونێکیش دەبێتە میوانى دڵى پێشمەرگەى دێرین. لە خۆڕا نییە دەبینین هەندێکیان بەرگە ناگرن و بەبێ هیوایەوە رێگاى تاراوگە دەگرنەبەر یان بەشێکى هەرە زۆریان بەهۆى ئەلکهول و مەى خواردنەوە خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە و هەوڵى خۆ قووتارکردن دەدەن لە دەست ئەو واقیعە تفت و تاڵ و نائومێدکەرە، بگرە هەندێکیان ماددەى سڕکەر و بێهۆشکەر و ئارامبەخش بەکاردەهێنن بۆ راگرتنى هاوسەنگى خۆیان تاکو ئەوە هیچ نەبێ لە ئاکامدا شێت نەبن. ولیەم فاش دەڵێت (ئەو کەسەى خەمى هەیە شەرابیشى هەیە). فاش دەڵێَى ئەم قسەیەم تەنیا بۆ پێشمەرگە دێرینەکانى کورد کردووە، چونکە پێشمەرگەى دێرین زۆربەیان هیچیان نییە جگە لە غەم و شەراب.
بەهەرحاڵ دواى راپەڕین لەبرى ئەوەى پێشمەرگەى دێرین قەرەبووى رۆژانى ناهەموارى بۆ بکرێتەوە، لە جیاتى ئەوەى خەونەکانى بکرێتە واقیع و ئاوات و ئومێدەکانى بەدیبهێنرێت کەچى هەنووکە فەرامۆشکراوە و تووشى نائومێدیی و بێ هیوایى کراوە. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کۆڵبدات، رەنگبێ وازهێنان و بەرەڵڵاکردنى جڵەوى ئەسپەشێى دەسەڵات کارەساتى لەوە زیاتر بنێتەوە، حەقوایە پێشمەرگەى دێرین جووڵە لە خۆى نیشان بدات، راستە تووشى شکست بووە، بەڵام شکست بە ماناى کۆڵدان نایەت، هەمەنگوای، دەڵێت (رەنگە مرۆڤ تێکبشکێت، بەڵام هەرگیز کۆڵنادات). ئێمە چاوەڕوانییمان هەیە لە پێشمەرگەى دێرین هەرچەندە دەزانین لە ناخى هەریەکێکیاندا گریانێکى بە کوڵ هەیە و لە رووخسارى کاتى پێکەنینیاندا فرمێسکێک خۆى حەشارداوە، رەنگە هەر بەو جۆرە بێت (نازم حیکمەت) لەم چەند دێڕە شیعرەدا وەسفى دەکات:
مرۆڤ چۆن ئەتوانێ بگرى و ناخى دڵى پێى نەزانێ
مرۆڤ چۆن ئەتوانێ شەرم داینەگرێت و
وەکو لێزمەى باران بگرى
وا راهاتووى، وەکو پەیکەرێکى بەردین دائەنیشى و
ناخت ئەگری و رووخساریشت پێئەکەنێ
ئاى کوڕم چەند گرانە
گەیشتن بەو قۆناغە گریانەى وەکو
گریانى قووڵى دایکانە

پێشمەرگەی دێرین لە جەنگاوەرەوە بۆ خانەنشین

هیگڵ راستی کرد وەختێک وتی هەریەک لە ئێمە تەنێ کوڕی سەردەمەکەی خۆمانین و لەوە بترازێت ناتوانین کوڕی دوو سەردەمی لێک جودا بین، هەرچەندە کەسانێک هەبوون ویستوویانە کوڕی زۆرێک لە سەردەمەکان بن، بەڵام بۆیان نەچووەتە سەر، دروست بە پێچەوانەوە بوونەتە گاڵتەجاڕی نەوەیەک کە هەرگیز ناتوانێت لە ویست و خەونەکانی ئەو تێبگات، نەوەیەک سەرلەبەری رابردوو بە هەڵگرانی گووتار و دروشمەکانییەوە رەت دەکاتەوە و دەیەوێت بیانخاتە پەڕاوێزەوە. پێشمەرگە ئەگەر لە قۆناغی رزگاریی نیشتیمانیی و خەباتی دژواری ژێردەستەییدا مۆمی گەشی ئومێد بووبێت ئێستا کە قۆناغی پاش شۆڕش و چنینەوەی دەستکەوتەکانی قوربانیدانی پێشانە، رۆڵی بەسەرچووە وەک قارەمان یان وەک ئەو کەسێتییە بە هەیبەتەی لە ئەندێشەی نەوەی پێش ئازادیی وێنەی بۆ کێشرابوو، لە زۆر بۆنە و جێگەی دیکەشدا ئاماژەم بۆ ئەوە کردووە سەردەمی بزۆز و پڕ لە ئاڵوگۆڕ و گەشەسەندووی دوای توانەوەی بەستەڵەکی جەنگی سارد سەردەمێکە ئاوس نییە بە قارەمان و کاریزمای رۆحیی بەڵکو کۆمەڵگەی تەکنۆلۆژیی هاوچەرخ هەموو چەمکەکانی شۆڕش و سەرکردەی کاریزمیی و قارەمانی رادەستی مۆزەخانە کردووە و کردوونی بە کەلەپوور.
تەواوبوونی سەردەمی پێشمەرگە بە مانای ئەوە دێت رۆڵی کلاسیکی پێشمەرگە کە مەیدانەکەی جەنگی پارتیزانیی و نەبەردیی سەربازیی بوو کۆتایی پێهاتووە، چوونکە بارودۆخی ئەو قۆناغەی جەنگ و خەباتی شاخە و شاخی فەرز کردبوو ئەویش کۆتایی پێهاتووە و مێژوو دەرگای لەسەر قۆناغێکی تر خستۆتە سەر پشت کە قۆناغی دەستەڵاتی خۆماڵییە، بەڵام هێشتا پێشمەرگە دەتوانێت بە مۆدیلێکی تازە و هاوچەرخ کار بکات، کارکردنێک تەبا بێت لەگەڵ رۆحی سەردەم و وێنەدانەوەی هەلومەرجی بابەتی و هەنووکەیی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەمڕۆ بێت. سەرەکیترین پرسیار لێرەدا قووت ببێتەوە پرسیاری شێوازی نوێی کارکردنی ئەو ژمارە کەسەیە لەژێر ناونیشانی پێشمەرگەی دێریندا دەیانناسینەوە، وا دەردەکەوێت هەموو بەوە قایل کرابین ئەو دەستە خەڵکە بنێردرێنەوە بۆ ماڵەکانیان و بە مووچەی خانەنشینی رێزیان لێبنرێت، کەچی لەبنەڕەتدا بەشی دووەمی کاری پێشمەرگە بە کۆتا نەهاتووە، ئەویش دروستکردنی کۆمەڵگەیە وێڕای ئەوەی ستەمی نەتەوەیی لەسەر نییە، لە رووی ئابووری و ژیانی تاکەتاکی هاووڵاتییەکانیشییەوە کۆمەڵگەیەکی رەفاه و خۆشگوزەران و کەم کێشەیە.
مەهامی یەکەم هەر لەگەڵ یەکەم بڵێسەی راپەڕینەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە بەهاری ساڵی 1991 دا دەستەبەر بوو، هەرچی دووەم ئامانجیشە بە درێژایی شانزە ساڵی رەبەقی دەستەڵاتی کوردیی و پانزە ساڵی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک بەدینەهاتووە بگرە بە بەراوورد بە رابردوو لە پاشەکشەدایە یان لە شوێنی خۆی فەڕتەناش لێدەدات و ناڕواتە پێشەوە بەو ئاقارەی شۆڕش لە شاخ بیری لێدەکردەوە یان بە زمانێکی تر بەو فۆرمەی خەڵکیان لێ تێگەیاندبوو. ئەم بار و زرووفەی هەیە پێویستی ئەکتیڤبوونی سەرجەم مرۆڤی کورد دەکاتە پێویستییەکی ژیانی، لە نێوانیاندا پێشمەرگەی دێرین بێ رۆڵ نییە و دەتوانێت جێگە پەنجەی بدات لەسەر بارودۆخەکە یان بە دیوێکی تردا لەتوانایدا هەیە نەخشی هەبێت لە باشترکردنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە کە نەوەی دوای راپەڕین یان نەوەی قۆناغی ئازادیی نائومێد کردووە بە جۆرێک گومان لە رابردوو بکات، گومان لە رەنج و قوربانیدانی هەزاران کەس بکات کە هەموو خەون و زەحمەتێکیان بۆ هێنانەدی کوردستانێکی ئازاد و دوور لە ژێردەستیی بووە.
ئەرکی پێشمەرگەی دێرینە خەباتەکەی بگۆڕێت بۆ خەباتێکی مەدەنی ئاشتیخوازانەی هاوچەرخ تا وەک گروپی فشار و بەشێک لە بزووتنەوەکانی کۆمەڵی مەدەنی قورسایی هەبێت لەسەر ئاڕاستەی کار و هەنگاوەکانی حکومەت و لە بەرژەوەندیی گشتیی داکۆکیان لێبکات، ئەگەر قۆناغی پێشمەرگایەتی ماتریاڵەکانی خەبات بریتی بووبن لە چەک و تەقەمەنی و بارووت و سەنگەر و حەماسەت و ورە بەرزیی، ماتریاڵەکانی ئەم خەباتەی بریتین لە پێنووس و رۆژنامە و رێپێوان و نمایش و میتینگی جەماوەریی و ورووژاندنی رای گشتیی و واژۆ کۆکردنەوە و میکانیزمەکانی تری کاری مەدەنی کە هەنووکە لە دنیای شارستانی و پێشکەوتوودا بەکاردەهێنرێت وەک چەکێکی کارا و بەهێز. پێشمەرگەی دێرین نابێت وەک خانەنشین لە خۆی بڕوانێت هەروەک چۆن پێویستە واز لەو خولیا و بیرە ژەنگاوییە بێنێت کە خاوەنی هەموو دەستکەوتەکانە، دەبێت وەک کەسێک لە دێریندا چۆن بە هەڵبژاردنی رێی پێشمەرگایەتی هەڵوێستی هەبووە و بە گوڕ و تینەوە کاری بۆ دۆزێک کردووە بە هەمان حەماس و گەرم و گوڕییەوە بەشدار بێت لە نەخشاندنی کۆمەڵگەیەک ئازادیی بنەماکانی بێت و بەرز راگرتنی ژیانی مرۆڤەکانیش ئامانجی بێت.
ئەم قۆناغ و هەلومەرجە ئەم کارە لە پێشمەرگەی دێرین دەخوازێت نەک سەرقاڵییەکانی بە خوێندنەوەی حکایەتەکانی دوێنێ کە هیچ مانایەکیان بۆ ئەمڕۆ تێدا نەماوە، نابێت خانەنشینکردنی پێشمەرگەی دێرین خانەنشینکردنی هەڵوێست و چالاکیش بگرێتەوە نابێت خانەنشینکردنی پێشمەرگە مانای خستنە لاوە و پەڕاوێزخستن بگرێتە خۆی بەڵکو تەنێ وەک رێز و داهاتێک تەماشای بکرێت کە بۆ ژیانی وی پێویستە. لەم کاتەدا چیرۆکێکم بیر دەکەوێتەوە، داپیرەم هەرچەندە زۆر پیر ببوو زوو زوو پێی دەوتین ئەگەر تەواویش لە پەل و پۆ بکەوم هێشتا هەر متمانەم بە خۆمە هەندێک کاری خۆم راپەڕێنم، هەر هیچ نەبێت تاقمی ددانەکانم پێ دەشۆردرێت! ئیدی بە چاوی پڕ لە گریانەوە دەیووت پیریی و هەزار عەیب، بەخوا دە سەعات بە پێ رۆشتووم و دواییش دوو چین هەڵپەڕیووم!!. جا ئەگەر پێشمەرگەی دێرین وزەی جارانیشی نەمابێت و نەتوانێت بەهەمان گوڕ و تینەوە کاربکات، بەڵام هەر چاوەڕێی جوڵە و هەڵوێستی لێدەکرێت ئەگەرچی ئەو جوڵە و کارە وەک ئەوەی دایە گەورەی من بچووکیش بێت.

*ئەم توێژینەوە بە پێنج بەش لە رۆژنامەی “مادێنە” لە کۆتایی 2006 و سەرەتای 2007 بڵاوکراوەتەوە




ژنێک لە بنەچەی درەوشانەوە.. ستیڤان شەمزینی

ژنێک رەگێکی ئەچێتەوە
سەر باڵندە کۆچەرییەکانی رۆژهەڵات و
رەگێکی تری ئەچێتەوە
سەر شنەبای وەرزی هاوینان
لە بنەچەی درەوشانەوە و
لەژێر ساباتی تریفەوە هاتووە
لەو ساتەی رووباری حەزەکانم
وشکیان کرد و
پەڵە هەورەکانی ئاسمانی دڵم
خەمیان ئەباراند
بە پۆشاکێکی سەرتاپا پیرۆزەییەوە
ئاسکە کێوی رۆحمی ماڵی کرد
پەیکەرێکی لە ئازارەکانی نیشتمان
لەم غەربیستانەدا بۆ رۆنام و
لە شەوقی مۆمێکی باریکەلەدا
کتێبی توانەوەی نووسیم
بە سەدایەکی سیحرئامێزانە
گوێیەکانی پڕ کردم لە زرینگانەوە
لە شکاندنەوەی پەلی خەیاڵم
مەملەکەتێکی واقیعی بنیاتنا
قەڵغانێکی لە هەڵاتن پێبەخشیم
بۆ ئەوەی شمشێری ئاوابوون نەمبڕێ
جامێک ئاوی ئومێدی پێدام
لە زەمەنی کۆمەڵکوژیی گوڵەکاندا
دەستی میهرەبانیی ئەهێنا
بەسەر هەنسکەکانما کاتی ناشتنی مانگ
غەزەلێکی تری بۆ وتم
لە کەرنەڤاڵی مەستبوونی عاشقە و ماشقەکانا
رەنگی ئەکردم
بە سوراوەکەی وەک باخچە هەڵواسراوەکانی بابل
لەوساتەی دەمویست ماڵئاوایی یەکجاریی
لە عەشق بکەم
پێی وتم بەخێربێی کۆتری باکوور
بۆ نێو حەرەمی سۆزی من
گەورەبوونمی بردەوە بەردەم ماڵی مناڵیم و
بەدەنگێکی بەسۆزەوە وتی
ناهێڵم بۆ هیچ کوێ بڕۆی جگە لە دڵم
رۆیشتنمی گەڕاندەوە
بۆ نێو جوگرافیای هەستەکانی خۆی و
بە هێمای چاو پێیوتم بۆ کوێ ئەڕۆی
من چەند قەڕنە چاوەڕێتم؟
لەنێو کێڵگەی رۆژانی داهاتووما
تۆوی گوڵە ئەوینی رواند و
بژاری رابردووی کردم
لە دڕک و داڵی چەندان جاری دڵشکان
بە کامێرای رۆندکەکانی وێنەی تریقانەوە و
خۆشحاڵییەکانی ئەگرتم
بە ساتۆری پاکیزەیی
قژی لوولی پەرێشانییەکانی هەڵئەپاچیم
بەدەستە نیانەکانی
گۆڕی بۆ ساڵەکانی چاوەڕوانیم هەڵکەند و
بە چاوتروکاندنێک خزاندمییە
وەرزی هەمیشە بەهاری باوەشییەوە
بە فڵچەی نیگا خومارییەکانی
پۆترێتی حەپەساوییەکانمی ئەکێشا و
لە پێشانگای ئاسماندا
لەبەردەم مەلە گەڕۆکەکاندا نمایشی ئەکرد
لە خەرابستانی تەمەنما
پارچە شکاوەکانمی کۆلاج ئەکرد و
سەرلەنوێ لەسەر شێوەی دێوانەیەکی دڵ مرواریدا
دروستی ئەکردمەوە
بانگی ئەکردم
بۆ سەر تەختەی ئەو شانۆ نەشئەئامێزەی
سەمای گوڵەئەستێرە عاشقەکانی تێدا نمایش ئەکرا
ئەیبردم بۆ ئەو نیشتمانەی
بەیانیان گۆرانی تیا دابەش ئەکرا و
ئێواران شیعر و شەراب
شەوانیش ماچی تیا ئەگۆڕدرایەوە
هاوسەفەری ئەو هەنگاوانەم بوو
ملی رێگەم بۆ کوچەکانی عیشق گرتبوو
لە تەنیشتمەوە بوو
ئەو دەمانەی پەپولەیەکی بێکەس
لە گوڵێکی لە خۆبایی ئەپاڕایەوە
لەنێو مشتەکانیدا
توند کۆتری دڵمی ئەگووشی نەکا هەڵفڕم و
لە بناری چیایەکی سەوز و بڵندتردا بگیرسێمەوە
گوێی ئەنا بە سینگمەوە
تاکو کۆراڵی هەستەکانم ببیستێ و
سەری لەسەر سینگم بێ و بەدڵنیایی بنووێ
تنۆکاوی رووخۆشی
تک تک ئەڕژاندە سەحرای رووگرژییەکانم و
لە لم و غوباری ئەو سەحرایەشدا
یاسەمینەکانی ئەخستە شکۆفە
بەگێلاسی لێوەکانی
مژی لە هەموو ژان و ئێشە شیرینەکانم ئەدا و
نەیهێشت دوا نەفەس
لە سیگاری خۆکوشتن و لەناوچوون بدەم
بە لیمۆبارانی زەردەخەنەکەی
چی جوانییە چۆڕاندییە ناو بینایم و
بە تین و گەرمی خۆرەتاوی باڵای
چی بەفری فیرقەتمە تواندییەوە
بە سەوڵی ناز و عیشوە
دەریای مردووی هەستەکانمی هەژاند و
لە شەپۆلەکانیشما ئاگری دۆزەخی دووریی
لە شانی ئەتەکاند
بە هەنگاوە خێراکانی
بەجێمانمی کردە گیرفانەکانی بیرەوەرییەوە و
پێکە ساردەکەی پڕ کردم
لە بۆنی رەیحانە و مێخەکی هەناسەی
سوێندی دام بە مەرگی چڵێ نێرگز و
خاتری ترپە ترپی چرایەک
شیعرم لە ماچەکانی هەڵکێشم و
خەون بە ماچێکی تریشەوە ببینم
فێری کردم کفنی مەرگ
بە هۆنینەوەی شیعرێک بۆ ژیان بدڕم و
لە تابلۆی گەڵا هەڵوەریوەکاندا
سیمای چرۆ سەوزەکان ببینم
رێی رۆشتنی لێگرتم
لەو ئێوارەی شەقاوم بەرەو عەدەم دەنا و
بەڵێنی ژوانێکی تەڕتر لە باران و
گەرمتر لە ئاگری پێدام
لە قرچەی سووتانما
منی دایە دەست حەزرەتی شنەبا و
وتی ئەم پیاوە سەرچڵە ئەمانەتی منە
دڵیم بۆ فێنک بکەوە
بە باوەشە گەرمەکانی
پیاڵەی بەتاڵی وجودمی پڕکرد لە شەراب و
بە هەنسکە حەسرەتبارەکانی
سەرتاپای ژیانمی لە خەندە هەڵکێشا
بە چاوە فرمێسک تێزاوەکانی
دەیڕوانییە کاروانی کەیف و سەفام و
لە نوێژەکانی عەشقیشا
یەکەمین دوعای بۆ مانەوەی من بوو
لە کۆتایی هەموو رێگەکانیدا
هەر ئەگەیشتەوە بە ئەوینی من و
منیش لە کۆتایی هەموو خەونێکما
لە باوەشی ئەودا ئەنووستم.

سوێد – ستۆکهۆڵم




دیموکراسی و کولتووری شوانکارە.. ستیڤان شەمزینی

لاریمان لەوە نییە ترادیسیۆنی زاڵ بەسەر کولتوور و فەرهەنگ و کایەکانی ژیانەوە لە کوردستان، هێشتا دابونەریتی کشتوکاڵیی و شوانکارییە، لەناو ئەم کولتوورەدا دیموکراسیەت نەک جێگەی نابێتەوە، بگرە ئەو سیستمە سیاسییە سەر لەبەر دژی رۆحی فیوداڵیزم و نەریتەکانییەتی، هەر لەم سۆنگەیەوە دەردەکەوێت دیموکراسی سەرەڕای شکاندنی ریکۆرد و سەرکەوتنەکانی بەسەر سیستمە شمولی و دیکتاتۆرییەکاندا سەبارەت بە کۆمەڵی کوردەواریی پێویستییەکی گرنگ نییە، لە باری واقیعیشەوە ژینگەیەکی فیوداڵی و شوانکارە هەر دەسەڵاتێکی لە چەشنی خۆی بەرهەمدەهێنێ و قەبووڵ دەکات. ئەم فاکتە ئێجگار سادەیە کۆمەکێکی جیددیمان دەکات لە روونکردنەوەی ئەو پرسیارەی بۆچی دیموکراسی ناتوانێت بێتە زۆرانەوە لە بەرامبەر بە سیستمی باو و باڵادەست؟ بۆچی دیموکراسیەت تەنیا لەسەر لافیتە و دروشمەکاندا دەبینرێ؟ تێگەیشتن لە ئاستی فەرهەنگ و هۆشیاریی گشتیی کۆمەڵ، ئەو هەگبەیەیە وەڵامی ئەم پرسیارە و دەیان پرسیاری هاوشێوەی لە خۆ گرتووە، ئەگەر بەنموونەیەکی ساکار مەبەستەکە روون بکەینەوە: هیچ هێزێک نییە بتوانێ یان هیچ نەبێ بە ئاسانی بتوانێ دیموکراسی لە ئەسکەندەناڤیا پاشەکشە پێ بکات، چون دیموکراسی سەبارەت بە سوێد یان هەر دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی دیکەی دیموکراتخواز پێویستییەکی پلە یەک و هەرە لە پێشە.

تۆ ناتوانی بۆ خێڵێکی سەرەتایی وەک ئەوانەی لە ئەمازۆن دەژین، کارەبا و پێویستییە خزمەتگوزارییەکان بە کاری هەرە گرنگ بزانیت، ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی سروشتی ئەو جۆرە لە ژیانکردن پێویستیی بەو چەشنە خزمەتگوازرییانە نییە. بۆ دیموکراسیش پرسەکە هەر بە هەمان شێوەیە. لە کۆمەڵگەیەکدا خێڵ و دیدگای هۆزگەرایی زاڵ بووبێت بەسەر هەر شتێکدا، دیموکراسی چیدی پێویستیی نییە، لەوانەیە لەم جۆرە کۆمەڵەدا دیموکراسی سیستمێکی کوشندە و بکوژ بێت، لەوانەیە دیموکراسی هەڕەشە بێت بۆ سەر ئەو سەقامگیرییەی خێڵ بەرهەمی هێناوە. ئەگەر لەوە بکۆڵینەوە، هۆی چییە دیموکراسی دارێکی زڕە و هیچی لێ شین نابێت لە کوردستاندا؟ تەنێ بگەینە ئەو دەرئەنجامەی: فەزای کۆمەڵایەتی و کولتووریی ئێمە هێندەی لەبارە بۆ سەرهەڵدانی دەوڵەت و دەسەڵاتی سەراپاگیر و خۆسەپێن، بە چارەگی ئەوە زەمینەی نەڕەخساندووە و تێدا نییە بۆ خۆ تەرحکردنی رۆحی دیموکراسی یان بە گوزارشتێکی تر هەر لە بنەماوە تەرحی دیموکراسی لێرە هەرگیز بوونی نییە تا نەبەردەکانی دۆڕاندبێ؟.

لەگەڵ ئەمەدا لێرە وەسوەسەیەک هەیە و لە یەخەمان نابێتەوە، ئاخۆ دەسەڵاتی کوردیی بەرپرسیارە لەم رەوشە نادیموکراتی و بێسەر و بەرییەی ئێستای کۆمەڵ یان خودی کۆمەڵ بە پلەیەکی لەسەرتر بەرپرسیارە لێی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هێندە ئیشکالییەتی فیکریی و دژایەتی بۆچوون دروست دەکات، هێند ناگاتە دەرئەنجامێک یان وەڵامێکی دڵنیاکەر، ئەم پرسیارە هەر لەو پرسیارە دێرین و فۆلکلۆرییە دەچێت کە دەپرسێت: هێلکە لە مریشکە یان مریشک لە هێلکە؟ وەڵامی پرسیارەکە بە هەر بارێکدا بێت، هەر راستە، وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەش هەر بە هەمان شێوەیە و لە هەر بارێکدا بێت بەشێکی زۆری لە راستیی لە خۆگرتووە. نە کولتووری شوانکارەی کورد هەناسەیەکی تێدایە بۆ لە دایکبوونی ئەڵتەرناتیڤی دیموکراسی، نە دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان رێگە دەدات بە گەشەکردنی کۆمەڵ و کرانەوەی بە رووی دنیا و بوژانەوەی بازاڕی ئازادی کار و ئابووری تا لێوەی کۆمەڵگە شەقاوێک لە دیموکراسیەت نزیک بکەوێتەوە. چوونکە دیموکراسیەت لە کوردستان لە سادەترین پێناسەیدا واتە هەڵگیرانی ئەو تەرزە لە دەوڵەتداریی و بەڕێوەبردن هەنووکە لە کوردستان بەڕێوە دەچێت.

دیموکراسیەت لە هەنگاوی یەکەمیدا واتە سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەو پارتە سیاسییانەی دەسەڵاتی نەبەستراوە و بەرفرەیان هەیە لەسەر هەموو ئاستێک. بەم مانایە بێت کردەی دیموکراسی بۆ دەسەڵاتی کوردیی کردەی خۆکوژییە نەک هەنگاوێک بۆ سەرلەنوێ رەنگڕێژکردنەوەی دونیا و مانا بەخشین بە دەسەڵات و حکومەت و مافی هاووڵاتیان. زۆر بە کورتی دیموکراسی لێدانی پرد و بەرزکردنەوەی باڵەخانە نییە بە بڕیارێکی حکومیی بێتە بوون، نەخێر ئەم سیستمە قاچێکی لە نێو زەمینەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کۆمەڵدایە و قاچەکەی تریش لەناو رەگوریشەی دەسەڵاتی سیاسیی. تاکە بوویەکیشە کە ناتوانێت لەسەر یەک تاکە قاچ رابوەستێت و خۆی بگرێت. لێرەوە رەنگبێ کەمێک لە وەڵامی پرسیارەکەمان لا رۆشن بێتەوە، بەوەی دیموکراسی نە بە تەنیا حکومەت دێتە دی و نە بە تەنیاش بە خەڵک.

ئاخر هیتلەر لە رێی پرۆسەیەکی تەواو دیموکراتییەوە جڵەوی حکومی گرتە دەست و وێنای گەورەترین و ترسناکترین دەوڵەتی دیکتاتۆریی و ئیستبدادیی کێشا، ئەمە شکستی پرۆسەیەکی دیموکراسییە ئەگەر نیەت و ئیرادەی دەسەڵاتی لەگەڵدا نەبێ، لەوانەشە نموونەی پێچەوانەشمان هەبێت. ئەگەر زۆر دوور نەکەوینەوە لە باسەکەمان و بگەڕێینەوە لای کۆمەڵی کوردەواریی، ئەوە لە کۆمەڵگەیەکی شوانکارە کە خووی بە نەریتەکانی قۆناغی کشتوکاڵییەوە گرتووە و زیاد لە هەر شتێکیش پێوەی پابەند بووە، لە هەمان کاتدا دەسەڵاتێکی هەیە لەسەر وێنەی دیکتاتۆرانەی دوژمنانی دوێنێی خۆی داتاشیوە، قسەکردن لەسەر دیموکراسی رەنگبێ زیاد و کەمێک نالۆژیکیانەش بێت. زیاد لەبەرئەوەی هەرگیز ناتوانێت تەنانەت لە زمانی ئەم نووسینەش تێ بگات، چوونکە زمانی ئەو وەک کۆمەڵەیەکی ساکار و دۆستی سروشت زمانی شیعرە، نەک رەخنە و داتا و ئارگۆمێنت!، نالۆژیکانەیە ژ بەرئەوەی باسکردنە لە دیاردە و مۆدیلێک هێشتا بە چەندین دەیەی ماوە بگاتە ئێرەکانە و نەشونما بکات و لەسەر واقیع خۆی بسەپێنێت.

رەنگە سەیر بێت بۆ هەندێک، کە منێکی چەپڕەو خوازیاری دەسەڵاتێکی دیموکراتخواز.! ئەمە ناکۆک نییە لەگەڵ هزرینمدا، چون بیرۆکەی چەپ لە هەناوی مودێرێنێتەوە دەرهاتووە، نەک لە رۆحی فیودالیزمەوە، مودێرنێتەش لە ئاستی سیاسی ناسیۆنالیزمە و لە رەهەندی ئابووری بازاڕی ئازاد، هەرچی رەهەندی کولتووریشە لیبرالیزم و دیموکراسی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. لە باری واقیعیشەوە لەو باوەڕەدام پەڕینەوەی کوردستان بۆ دیموکراسی و رۆحی مودێرنە، کارئاسانی بۆ ململانێی راستەقینەی چەپ و راستی کۆمەڵگە دەکات، کە لەو بەستێنەدا کێشمەکێش بکەن. بۆیە داکۆکی من لە دیموکراسی لەبەرئەوە نییە سیستمێکی ئیدیاڵ و دڵخوازە، رەنگە هەموو کات لەو دیدەوە پشتگیریم لە دیموکراسی کردبێت، لە کوێ چەپ لەگەڵ خێڵ و نەریتی فیوداڵی ململانێ بکات کە سەردەمە خەریکە دیموکراسیش جێدەهێڵێت، لە کوێش لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی دامەزراوەیی دیموکراسی و سەرمایەداریی لە ململانێدا بێت.

سوێد – ستۆکهۆڵم
تەموزی 2008
لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لە لاپەڕە 213-215 چاپ بووە.




هەناسەکانی دوای ئاشقبوون.. دەق: ستیڤان شەمزینی

10
ئارەزوومە جەنگی عەشقت لەگەڵ بکەم
ئارەزوومە تێڕوانینەکانت
لێوانلێو بکەم لە وێنە فەنتازییەکانی خۆم
پرچی ژاکاوت
بە پەنجەی ناسکی شیعرە دڵتەڕەکانم شانە بکەم
تووڕەییەکانت
بە ئاگربەستی ماچە شیلکییەکانم ئارام بکەمەوە
دڵڕەقییەکانت
لەبەر پێی غرووری تێکشکاوم بچەمێنمەوە
هەرەسەکانت
لە جەنگی عەشقما میدالیای ئازایەتی بکەنە مل
رابردووت بدەم بە دەم رووباری ئێستا و
ساتە رۆمانسییەکانمەوە
خەمۆکی و تۆرانەکانت
بۆ بخەمە نێو سەبەتەی گەشبینیمەوە
ژوورە چۆڵەکەت پڕ بکەم
لە جریوە جریوی خۆشەویستی
چڵکی مەنفاکەت
بە ئاوی شیرینی نیشتمانی زامدارم بشۆمەوە
واقیعی بریندار و تاڵت
بخەمە گیرفانە بەتاڵەکانی دڵخۆشیمەوە
یادگارییەکانت
لە ئەلبوومی رەنگاورەنگی ئایندەمدا هەڵبگرم
زەردەخەنەی منداڵیت
لە حەسرەتەکانی ژواندا بۆ بگەڕێنمەوە
لە دەریای عەشقیشتا
بە دوای کەشتی وێڵی دڵما بگەڕێم
11
بێزاریی دەستی ناوەتەوە بینەقاقام
مەعشووقێک نییە دەستی لە گەردنم بکاتەوە
غوربەت بەردی بێڕەحمی ئەگرێتە شووشەی رۆحم
مەعشووقێک نەبوو وردوخاشبوونم کۆبکاتەوە
ئاگری مەرگ ئاوریشمی ژیانم ئەسووتێنێ
مەعشووقێک نەهات حەیرانێ بۆ سووتانم بڵێ
مێژوو لەنێو تەمی خۆیدا ونم ئەکات
مەعشووقێک نەهات
لاپەڕە تۆزلێنیشتووەکانم هەڵداتەوە
ژیان خەنجەرێکە لەسەد لاوە برینداری کردووم
مەعشووقێک نەبوو
خوێنی رژاوم بکاتە خەنەی پەنچەکانی
تاریکیی وەک ئەختەبووت
شاڵاو بۆ چاوەکانم ئەهێنێ
مەعشووقێک نییە دەستم بگرێ
بۆ سەر پلیکانەکانی پەلکەزێڕینە
نیشتمان هەموو دەرگاکانی خۆیم لێ قفڵ ئەدات
مەعشووقێک نەهات
کلیلی نیشتمانی ئامێزیم بداتە دەست
باهۆزی خۆکوشتن
چرای شیعرەکانم ئەکوژێنێتەوە
مەعشووقێک نییە
لە ئەشکەوتی مەراقدا دەرمبهێنێ
ئەهریمەن پلانی سەفەرێکی هەتاهەتاییم بۆ دائەڕێژێ
مەعشوقێک نەبوو
بە فریشتەی ژیانەوەم بناسێنێ
بیابان لە وشکی هەناسەکانی خۆیدا ئەمخنکێنێ
مەعشووقێک نەهات
تاکو ماڵی ئاو چاوساغم بێت
12
خەڵکی وڵاتی عەشق و
شاری فرمێسکە رەنگینەکانم
چامەیەکی گرینۆکم بڕیار بوو
شێرکۆ بێکەس بمنووسێتەوە
چیرۆکێکی ئەفسووناویم
لە پێنووسەکەی مارکیز بوومەتەوە
رۆمانێکی سەرەڕۆم
لە دەستنووسەکانی کافکادا ون بووم
پیرە پاڵەوانێکم
لە شانۆنامەکانی شکسپیردا ئەبینرێم
داستانێکی خەمگینم
لە خەیاڵەکانی گۆتەدا لەدایک بووم
کتێبخانەیەکی سەرهەڵگرتووم
نازم حیکمەت نازم هەڵئەگرێ
عاشقێکی پەڕوباڵکراوم
لە شیعرەکانی قەبانی دا دەکەومەوە باڵەفڕێ
سەرخۆشێکی بێ نەوام
برێخت ئەمخاتە سەر تەختی شانۆ
زامێکی ساڕێژنەبووی دێرینم
حەزرەتی نالی دێڕ دێڕ ئەمهۆنێتەوە
شەقامێکی چۆڵی کەساسم
مایرهۆڵد ئەمکاتە سیناریۆ
دەروێشێکم لەسەر تەریقەتی یار
حەلاج ئەمهێنێتە گۆ
شێتێکم بێ خانە لە ژیان
سلڤادۆر دالی ئەمنەخشێنێ بە تابلۆ
شاخێکی بەفرینم
تەنها پامۆک لە زمانی توانەوەم تێئەگات
مەسیحێکی لەچوارمێخە دراوم
ئۆگەستین خەونم ئەخوێنێتەوە
کوڕی دایکێکی دڵ هەڵقرچاوم
تەنها گۆرکی چاک ئەمناسێتەوە
پادشای تەختی کوێرەوەریم
ساراماگۆ شەونخونیم بەدیارەوە ئەکێشێ
نامۆیەکی وێڵم، ئەوە ئەلبێر کامۆیە
لە رۆحی مۆرسۆدا ئەمدۆزێتەوە
زۆربایەکی سەرگەردانم
پەڕەمووچی کازانتزاکیس خۆشەویستی کردم
کوڕەی پرتەقاڵم
یوستان گاردەر نهێنییەکانی شاردوومەتەوە
ئەڵماسێکی فەرامۆشکراوم
خواوەندی ئەڤینداریی هەڵمئەگرێتەوە
13
غوربەتەکەی ناخم کتێبێکە
وێرانبوونی پیاوێکی ئاوریشمی تیا بخوێنەوە
پەیڤە تەڕەکانم ئاوێنەیەکە
وشکبوونی گەڵا رەنگاورەنگەکانی وجودمی تیا ببینەوە
ئەو چەمە لێڵەی ژیان لیتاوێکە
تەرمی بەرائەتە کوژراوەکانمی لەسەر هەڵگرەوە
هەناسە گەرمەکانی هاوین گڕەیەکە
لە دەربەندی حوزنە ئەبەدییەکانمەوە هەڵدەکا
ئەو هەموو دیوانە شیعرە بورکانێکە
ئیلهام لە تاڵیی پەژارەکانی منەوە وەرئەگرێ
ئەو هەموو تەنهاییە زارۆیەکە
لەسەر پشتی ساتە تۆراوەکانم کەوتۆتە گاگۆڵکێ
ئەو بۆنە خۆشەی هەناسەت عەترێکە
لەو کاتەی سەرت ئەنێی بە دڵمەوە تک تک ئەڕژێ
هاژە هاژی تاڤگەی هەناوم تامەزرۆییەکە
لەنێو هەموو شاخوێنبەرەکانمەوە بەرەو لای تۆ دێ
ئەو هەموو توانەوەیە رێنیشاندەرێکە
رێگەی مەیخانەی چاوەکانتم پێ ئەبڕێ
ئەو هەموو قەسیدە تەڕ و پاراوە تلانەوەیەکە
لە باوەشی خەزان و رۆژانی بێ تۆیدا ئەسرەوێ
ئەو دوو جۆگەیەی چاوەکانم بارانێکە
لەگەڵ وتنی “خۆشم ئەوێی”دا بەلێزمە دائەبارێ


سوێد – ستۆکهۆڵم
2017




كتێب: بە تیشكی ئیشقت ئەدرەوشێمەوە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ناوی كتێب: بە تیشكی ئیشقت ئەدرەوشێمەوە
بابەت: شیعر
نووسینی: ستیڤان شەمزینی
تایپ: نووسەر
دیزاین: هەرێم عوسمان
چاپ: سكای دیزاین
تیراژ: 1000 دانە
نرخ: 3000 دینار
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم
ساڵی چاپ: 2017
شوێنی چاپ: كوردستان – سلێمانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




بە چەقۆ خوشکێکی خۆم کوشت!!.. ستیڤان شەمزینی

نێزیکی کاتژمێر یەک بوو بەکاتی هاوینە بەرەو ماڵەوە دەچوومە و لەگەڵ گەیشتنە ماڵەوەمدا بانگی نیوەڕۆی دا، بە شپرزەییەوە خۆم کرد بە مەتبەخەکەدا چەقۆیەکی گەورەم هەڵگرت، خوشکەکەم بە خەندەیەکەوە هاتە بەردەم و وتی: کوڕی باش کەی ئەوە چەقۆی میوەیە ئەوە گایەکی پێ سەردەبڕدرێت؟!، من لە تووڕەییدا بەری چاوم تاریک ببوو و وەک شێر نەڕاندم بەسەریدا و هاوارم کرد دەمت داخە، گای پێ سەرنابڕم خۆم دەزانم ئەمڕۆ چۆن ئەم چەقۆیە بەکاردەهێنم! دیسان وتی: ئەوە چییە کە تووڕە دەبیت دۆ و دۆشاو تێکەڵاو دەکەیت و فێت لێدێت؟ هەمدیسان لە غەزەبدا کە گڕ لە کونی لووتمەوە دەهاتە دەرەوە وتم: بەسە مێشکم مەبە تەنیا دە خولەک ئارام بگرە بزانە چی دەکەم؟!. هەسانێکم هێنا و چەقۆکەم تیژ کردەوە، تیژتر لە قین و رقی هەڵچوو و پەنگخواردووی سینەم، هەر ئەوەندەی چەقۆکەم تیژ کردەوە بانگی خوشکەکەم کرد بێتە گەرماوەکە بێ پرسیار و دوودڵی بە دەنگ داواکەمەوە هات، بە بزەیەکەوە وتی: ها شێتە نیازی چیت هەیە وا بانگت کردم بۆ ئێرە، پەلیم گرت وتم ئەو کوڕەی دوێنێ لەو باخچەیە لەگەڵتدابوو و قۆڵت کردبوو بە قۆڵیدا کێ بوو!، چۆن ئەمەت کرد؟ وتی: برا گیان من ئەو کەسەم خۆشدەوێت و پەیمانمان بە یەک داوە بۆ یەک بمرین و بژین!.
هەر ئەمەم بیست شێتیی گرتمی، وتم: چەتیوە رشکنی ناشیرین دەتەوێت سەرم شۆڕ بکەیت و حەیامان بەریت؟ ئەی تۆ نازانیت کچی کێیت و لە چ خانەوادەیەک پەروەردە بوویت؟ ئایا دەزانیت شەرەف گرانە و نامووس وەک شووشە وایە کە شکا ئیتر چاک نابێتەوە؟ بە قوڕگێکی پڕ گریان و مەلوولییەوە وتی: براکەم بۆچی خۆشەویستی بێ شەرەفی و بێ ناموسییە؟ ئەمە کەی رەوای هەقە خۆت پەنجا عیلاقەت هەیە و دانەیەکیش بە من رەوا نابینیت؟ قیڕاندم هەی ناکەس بەچە ئەوە دەڵێی چی و ئەم قسە زلانە کێ فێری کردوویت؟ خۆ تۆ زمان لەناو دەمتدا نەبووـ، هەمووی ئەو هەتیوە سەر رووتە تۆی لە خشتە بردووە و فێری ئەم قسە قۆڕ و فەلسەفە بێ مانایانەی کردوویت. دەستیم توند گرت و وتم: ئایا ئێستا دەزانیت ئەم چەقۆیەم بۆچییە و کێی پێ قەڵاش دەکەم؟!!. زریکاندی و لە ترسا زەرد هەڵگەڕا هاواری کرد: نا، نا، کاکە گیان، نا، نا، تکا دەکەم نامەوێت بمرم، ئەگەر هەر دەبێت بمرم تو خوا بەم جۆرە نا، هەرچەند لاڵایەوە و نوزایەوە هەستم نەجوڵا و سوور بووم لەسەر بڕیارەکەم بۆ کوشتنی و هەتا هێزم تیابوو چەقۆیەکم دا لەسەر سینگی و خوێن بەهەر چوارلادا فیچقەی کرد، کەوتە هەنسکدان، بەڵام ئاگری غەزەبم بەمە دانەمرکایەوە بۆیە چەند چەقۆیەکی ترم دا لە سینگ و سەر و ملی تا بە تەواوەتی شل بوو لەسەر دەستم، کەوتە سەر زەوی و لە گیانەڵادا بوو، بەڵام هێشتا چاوە شینەکانی بۆ منی دەڕوانی وەک ئەوەی بڵێ جێی باوەڕ نییە برا میهرەبانەکەی دوێنێم ئەمڕۆ ئەم جەلاد و شەیتانە دڕندەیە بێت بە خوێن شاگەشکە دەبێت، من ئەوانەم بەلاوە گرنگ نەبوو دوو چەقی ترم دا لەسەر دڵی ئەو دڵەی کەسێکی تیابوو بەڵام بووە مایەی ئابڕووبردن و لەکەداربوونی سومعەی بنەماڵەکەمان کە وەک بنەماڵەیەکی قورس ء گەورە سەیرمان دەکرا و پەنجەمان بۆ رادەکێشرا، ئیدی بە تەواویی شل بوو و بە چەند چرکەیەکی کەم رۆحی دەرچوو و مرد.
دوای کوشتنەکەی دەستم کرد بە شووشتنەوەی خوێناوەکە و جەنازەکەم لە ناو گەرماوەکە بەجێهێشت و وەک ئەوەی کارێکی مەزنم ئەنجام دابێت شادومانی دایگرتم بگرە دەستمکرد بە خواردنی نانی نیوەڕۆ. لەم کاتەدا ئەندامانی تری بنەماڵەکەمان کە هەموویان لەسەر کار و دەوام بوون گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و رووداوەکەم لەگەڵ باسکردن، هەموویان دەستخۆشییان لێکردم بەتەنگ ناوبانگی بنەماڵەکەمانەوەم و ناهێڵم هیچ پەڵەیەکی رەشی بکەوێتە سەر و هەردەم ئەگەر پێویستی کردبێت بە خوێن سپی و پاکم کردووەتەوە. بەڵام هێشتا هەستم دەکرد کارەکەم ماوێتی و تەواو نەبووە، دەمانچەکەم خستە ژێر چاکەتەکەمەوە و بەرەو دەرەوەی ماڵ رۆیشتم و بە ئۆتۆمبیلەکەم چوومە بازاڕ، بە دوای دوکانی ئەو کوڕەدا گەڕام لەگەڵ خوشکەکەم پەیوەندیی هەبوو، دوای گەڕانێکی زۆر دوکانەیەکم دۆزییەوە بەڵام خۆی لەوێ نەبوو، لە دوکاندارێکی دراوسێیم پرسی ئەرێ فڵان کەس لە کوێیە؟ لە وەڵامدا وتی: چووە بۆ فڵانە چێشتخانە تا نان بخوات.
یەکسەر و بێ سوپاسکردنی و بە راکردن رووەو چێشتخانەکە چووم و بینم لە سوچێکەوە دانیشتووە و نان دەخوات دەستم خستە سەر شانی و وتم: دیارییەکم بۆ هێناویت، دەمەوێت لێم وەربگریت! وتی: دیاریی چی بە راستی من تۆ ناناسم؟ وتم: ئارام بگرە ئێستا دوای دیارییەکە دەمناسی کێم! دەمانچەکەم دەرهێنا و چەند گوللەیەکم پێوەنا و لە بەردەممدا سارد بووەوە و رۆحی دەرچوو ء کەوتە سەر زەوی، بەڵام بۆ دڵنیایی گوللەیەکی تریشم لێیدا. ویستم رابکەم بەڵام چەند کەسێک لە چەند لایەکەوە پەلاماریاندام و هەرخۆشم نەمزانی چۆن چەکیان کردم ء دەمانچەکەیان لێسەندم؟ بەشێوەیەک کۆنترۆڵیان کردم نەمتوانی لە دەستیان هەڵبێم تا ئەوەی مەفرەزەیەکی پۆلیس هاتن و دەستگیریان کردم و بردیانم بۆ زیندان. پاش چەند رۆژ مانەوە لە بنکەی پۆلیس و ئەنجامدانی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵم دا، تاوانبار کرام بە کوشتنی خوشکەکەم بە چەقۆ و گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ بە فیشەک، بەم جۆرە مەلەفەکەم ئامادەکرا بۆ رۆژی دادگاییکردنم و سەپاندنی حکوم بەسەرمدا!.
رۆژی دادگاییکردن
پاش مانەوەیەکی کەم لە زیندان پرۆسەی دادگاییکردنم دەستی پێکرد و لەوێدا زانیم ئەو کوڕە گەنجەی من کوشتوومە ئەو گەنجە نییە خوشکەکەمی خۆشدەویست بەڵکو کەسێکی تر بووە و بگرە چەند رۆژ پێش مەرگی چووەتە ناو ژیانی هاوسەرییەوە! من بە هەڵە ئەوم کوشتبوو، هەستم بە دڵتەنگی کرد ئەو کەسەم کوشتووە، بەڵام لەبەرئەوە نا ئەو کەسە بێ گوناهە! بەڵکو لەبەرئەوەی نەمتوانی ئەو کەسەی لە ئامانجدا دامنابوو بیپَکم، خەریکبوو پرۆسەی دادگاییکردنەکە بەرەو کۆتایی هاتن دەچوو، هەر ئەوەندەی بە وردیی و دیقەتەوە روانیم بەشێکی زۆر لە هاورێکانم لە هۆڵەکەدا بوون!!. یەکێکیان لە فایلێکدا ئەو نووسینانەی خستە بەردەستم لەسەر مافی ژنان و مافی مرۆڤ و عەشق نووسیبوومن!!، چەند هاوڕێیەکی کچ و ژنم لەوێ بوون کە لە بەردەمیاندا دنیایەک باسی ماف و ئازادیی ژنم کردبوو، هەستم بە خەجاڵەتی نەکرد و هاوارم کرد نامووس گرانە، شەرەف شتێکی گرانە، ئابڕوو گرانە. لە بەشی کۆتایی دادگاکەدا زۆر بە راشکاویی و دەنگێکی بڵندەوە لە بەردەم سەرجەم ئامادەبوواندا وتم: بەڵێ من خوشکەکەی خۆم بە چەقۆ کوشت و لێی پەشیمانیش نیم ، بۆ ئەو گەنجەی بە هەڵە کوشتوومە داوای لێبووردن دەکەم و خوا لێی خۆش بێت، بەڵام ئەگەر یەک رۆژ پێم بچێتە دەرەوەی زیندان ئەوە ئەو هەتیوە لاسارە دەکوژم کە بووە مایەی ئابڕووبردنی بنەماڵەکەمان و خوشکەکەمانی فریودا، چۆن خوشکەکەم هەقی سەرەڕۆییەکانی خۆی وەرگرت دەبێت ئەویش بەو چارەنووسە بگات و لە دەستی من رزگاری نەبێت!.
جەنابی دادوەر قسەکانی پێ بڕیم و چەند جارێک چەکوشەکەی دا بەسەر مێزەکەدا بۆ خوێندنەوەی حکومەکەم، وتی: حکومی ئەم تاوانبارە بە پێی فڵان بڕگە لە ماددەی فڵان لە قانوونی تاوان لە سێدارەدانە، هەموو ئامادەبووان کە لەنێوانیاندا چەند هەڵسوڕاوێکی رێکخراوەکانی ژنان دەستیانکرد بە چەپڵەڕێزان، من لە ترسدا هاوارم کرد و کەوتمە هاوار و قیڕاندن.. ئیدی لەم کاتەدا لەو خەونە ناخۆش و کوشندەیە بە خەبەر هاتمەوە و سەیرێکی خۆم کرد لەسەر سیسەمەکەم کەوتوومەتە خوارەوە، لەو لاشەوە تەلەفزیۆنەکە کار دەکات و لەسەر کەناڵێکی عەرەبییە و کۆنسیرتێکی نانسی عەجرەمە و ئامادەبووان چەپڵەی بۆ لێدەدەن، ئەوجا زانیم چەپڵەڕێزانەکە بۆ نانسی عەجرەمە نەک بۆ سزای لە سێدارەدانی من.
خێرا هەستامە سەرپێ و چوومە سەر دەستشۆرەکە و دەموچاوم شووشت و شەیتانم بەر نەفرەت دا و خۆشحاڵ بووم بەوەی ئەوەی روویدا خەو بوو نەک راستەقینە، بەڵام دوایی تێگەیشتم دوور نییە ئەمە رووبدات مادام من لە وڵاتێکدا دەژیم و ممارەسەی ژیان دەکەم ژن شەرەفی پیاوە! مادام لە دەڤەرێکدا دەژیم ژن کوشتن ئاسانترە لە ئاو خواردنەوە منیش لەسەر شەرەف ببمە ژنکوژ، مادام لە وڵاتێکدا دەژیم وەک دارستان تەنیا بەهێزەکان هەن و رامی لاوازەکان دەکەن منیش چەقۆ لە ملی خوشک و دەستگیران و هاوسەری خۆم بسووم، مادام من خەڵکی ئەو وڵاتەم لووتی (کەژاڵ) دەبڕێ و (دوعا) بەردەباران دەکات و (شەوبۆ) زیندەبەچاڵ دەکات و (بەناز) لەتوپەت دەکات و ژن بە تێزاب دەسووتێنێت، ئاساییە دوای لێبوونەوە لە نووسنیی وتارێک لەسەر مافی ژن بچمەوە بۆ ماڵەوە و مێینەکانی نێو خانەوادەکەم دارکاریی و تەمبێ بکەم، هیچ هیچ دوور نییە لە وڵاتی ژنکوژاندا فریشتەکانیش وەک شەیاتین رەفتار بکەن.

ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم – سۆلنا
ئابی 2007

تێبینی: ئەم وتارە جارێکی تر سکرێپ کرا و بەمەبەستی ئامادەکردنی بۆ کورتە فیلم، دواتر لەژێر ناوی “سیمینار” لە شاری لەندەن وەک کورتە فلیمێک بەرهەم هێنرا لەلایەن برای ئازیز کاک “ئاوات عوسمان” کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامدرا لە هاوینی 2008دا و لە یەکەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی سلێمانی بەشداریی پێکرا و چەند خەڵاتێکیشی بەدەستهێنا.




دەرگاکە دابخەن مەرگ بەڕێوەیە.. ستیڤان شەمزینی

ئەو دەرگایە دابخەن
موغێک ئەڵێ مەرگێک بەڕێوەیە
لە زیڤینگێکەوە*
تەتەرئاسا خۆی بەرەو ئێرە ئەکوتێ
ئەیەوێ چی دارچنارەکانە
بیانکاتە کۆڵەوژی دۆزەخ
دێت رەشگ** و
قینی لە مێژی خۆی بە ژیان ئەڕژێ
ئەو دەرگایە دابخەن
کاهینێک ئەڵێ مەرگێک بەڕێوەیە
چەشنی گێژەڵووکە چی گوڵە ئەیژاکێنێ
هەروەک مڵە نەمامە ناسکەکان
بێ ویژدانانە ئەخوا
تسۆنامییەکە پاپۆڕەکان
لەنیوەی رێدا تێکئەشکێنێ
خەونێکی شیرین
لە چاوی زارۆیەک ئەزڕێنێ
ژووان و دەست لەملان
لەدوو پەروانەی ئاشق تێکدەدا
ناهێڵی ماچێک
بە گەرمی بگاتە لێوێکی تامەزرۆ
ئەو دەرگایە دابخەن
فاڵگرەوەیەک ئەڵێ مەرگێک بەڕێوەیە
هەوەسبازترە لەو پیاوانەی رۆژ
لە باوەشی سۆزانییەکان ئەکەنەوە
بێ بەزەیترە
لەو جەلادانەی ئەشکەنجەی باران ئەدەن
بێ هەستترە
لەو سیخوڕانەی چاودێریی مانگەشەو ئەکەن
تاریکترە
لەو ژیانەی شەمشەمەکوێرەکان بەسەری ئەبەن
بێ شەوقترە لە گەڵا زەردەکان
کە بە فرمێسکەوە ئەوەرێن
لێڵترە لە ئاوی ئەو ئۆقیانووسە دڵ مردووەی
قەت ئاشق نەبووە
ئەو دەرگایە دابخەن
شێتێک ئەیووت مەرگێک بەڕێوەیە
لاسارترە لە شێتەکانی شار
کە بەفر تووڕە ئەکەن
بێ رەنگترە لەو ئەهریمەنانەی چاڵ
بۆ کۆترێ هەڵئەکەنن
دڵڕەقترە لەو رەشەبایەی
داروپەردووی کوخی هەژاران بەیەکا ئەدا
بێ ئەمەکترە لەوەی بۆنی عەترێ بکا و
شووشەکەی نەشکێنێ
بێ شەرمترە لەوەی بەلای باخێکدا بڕوا و
ئاگری دەروونی خۆی پێنەگەیەنێ
بێ رەوشتترە
لەو جەردانەی تاریکی شەوەکان ئەقۆزننەوە
ئەو دەرگایە دابخەن
قەشەیەک ئەڵێ مەرگێک بەڕێوەیە
نوقڵانە لێ مەدەن
هاتووە دارتووە بەردارەکان بوەرێنێ
هاتووە،
دۆستایەتی دێرینی کانی و رووبار تێکبدات
هاتووە گەزۆی ژیان
لە دەمی پاسارییەکان بفڕێنێ
هاتووە چڵی پێکەنین
لە دار سنەوبەری خۆشبەختی جیا بکاتەوە
هاتووە جادووی رەش
لە بووکی یەک شەوەی ئەستێرەیەک بکا
هاتووە شەڕێکی ئەبەدی
لەنێوان رەیحانە و گووڵاو هەڵگیرسێنێ
هاتووە ئاگرێک بکاتەوە
تا جوانی کوڵ و کۆی دامرکێتەوە
هاتووە پەتی سێدارە
بخاتە گەردنی بەرزی شاخەکان
هاتووە ئایدزی خۆی
بگەیەنێت بە تینی مۆمە بێدارەکان
هاتووە کەوە یاخییەکان
لە قەلەڕەشی نەگبەتی مارە ببڕێ
ئەو دەرگایە دابخەن، عارفێک ئەڵێ مەرگێک بەڕێوەیە
باهۆزێکە لە بن عەرشی ئەهریمەنەوە
بۆگەناوی هەناسەی دێ
بیابانێکی کاکی بە کاکییە
سەوزایی دەشت ئەبوغزێنێ
پیرە جرجێکە
چاوی بە فڕینی قازوقوڵنگەکان هەڵنایێ
دارکونکەرەکەیە
لەشی دارپرتەقاڵەکان کون کون ئەکا
زستانێکە، تەنیا وەیشوومە و کابووس
لەگەڵ خۆی دێنێ
پایزێکە
هەر خەزانی لە هەناوی خۆیدا شاردۆتەوە
ئاسمانێکە
بارانی فرمێسک و بەفری گریانی لێوە ئەبارێ
شەمەندەفەرێکی ویڵە
کەس نازانێ ئەتگەیەنێتە کوێ
قامووسێکە
هەزاران زاراوەی ترسناکی لە خۆ گرتووە
باخچەیەکی رەشپۆشە
تەنها گوڵی رەشی تیا ئەڕوێ
ئەو دەرگایە دابخەن
ساحیرێک ئەڵێ مەرگێک بەڕێوەیە
لە ڕەوە کولەیەک ئەچێ
گوڵەگەنمی تەمەن تام ئەکا
لە قرژێ ئەچێ ئاوی شینی دەریا
بە خوێن سوور ئەکا
لە بەرازێکی پیر ئەچێ
گێرەی کەون تێک ئەدا
لە رەشمارێک ئەچێ
دەفری وجوود پڕ ئەکات لە ژار
لە گورگێک ئەچێ
کە پەلاماری مانگی تابان ئەدا
لە دێوێکی سیلاوی ئەچێ
سەرزەمین پڕ ئەکا لە تاعون
ئەو دەرگایە دابخەن
زاهیدێک ئەڵێ مەرگێک بەڕێوە
بەڕێوەیە، کلارنێتەکان خامۆش بکا و
دەرگای بێدەنگی بخاتە سەرپشت
بەڕێوەیە چۆمەکان وشک وشک بکا و
گۆڕستانەکان ئاوەدان بکاتەوە
بەڕێوەیە شارەکان بکاتە سووتوو و
مرۆڤەکانیش بگۆڕێ بۆ خۆڵەمێش
بەڕێوەیە، کۆراڵی ژیان قڕوقەپ پێبکا و
سەگوەڕ بکاتە سمفۆنی
بەڕێوەیە سەما بکا بە ماتەم و
تەلارە رازاوەکان بکاتە کەلاوە
بەڕێوەیە پەڕۆی سەرچۆپی
بکاتە پەتی قەنارەی شایی
بەڕێوەیە بزەی لێوەکان
بکاتە ژەهری ناو شەربەتی خەیاڵ
بەڕێوەیە بە بارێک درۆوە و
ئەیەوێ فریشتەکان رەدووی بکەون
بەڕێوەیە لە ناوەختا پەیکەری تەمەن ئەڕوخێنێ و
کاتژمێرەکان ئەوەستێنێ
ئەو دەرگایە دابخەن
خودا خۆی ئەڵێت مەرگێگ بەڕێوەیە
وەک سوپایەکی خوێنخۆر دێ
تەنیا کاولستان دوای خۆی جێدەهێڵێ
وەک گروپە دایناسۆر دێ
هەموو شتێ لە ژێر پێیدا دەپلیشێتەوە
وەک کەمتیار دێ
دەم ئەخاتە ناو کەلاکی ژیان و
بەخێرایی ئەیجوێ
وەک یاجووج و ماجووج دێ
سەرچاوەکانی رووناکی وشک ئەکا
وەک دەجالێک دێ
ئاوێنە روونەکان ورد و خاش ئەکات
ئەو کاتەی دێ
رێ لە شەپۆل ئەگرێ بگاتەوە ئامێزی دەریا
رێ لە نیگا ئەگرێ
بگاتەوە مەملەکەتی پڕ جۆشی دڵ
رێ لە زێ ئەگرێت
بچێتەوە باوەشی رووبار
رێ لە باران ئەگرێ
جارێکی تر بڕواتەوە ئاسمان
رێ لە شەو ئەگرێ
ژووانێک لەگەڵ رۆژ ببەستێ
رێ لە هەموو شتێ ئەگرێ
تەنیا یەک شت نەبێ
تەنیا رێ
لە چاڵە هەزار بە هەزارەکانی خۆی نەبێ
تەنیا رێ لە خۆی ناگرێ
تەنیا خۆی
خۆی
خ
ۆ
ی

*زیڤینیگ: ئەشکەوتێکە خەڵک تێیدا بژی

** رەشگ: حەسوود

28-1-2017
باکوری زەمین




ناوی كتێب: تێڕوانینی سێهەم.. ئامادەكردنی: ستیڤان شەمزینی

ناوی كتێب: تێڕوانینی سێهەم
بابەت: هەڤپەیڤین
ئامادەكردنی: ستیڤان شەمزینی
دیزاین: هەرێم عوسامن
چاپ: سكای دیزاین
تیراژ: 1000 دانە
نرخ: 5000 دینار
ساڵی چاپ: 2017 – سلێامنی
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




قەسیدەی دەستنووسێکی کۆنی عەشق.. ستیڤان شەمزینی

لە دەستنووسێکی کۆنی عەشقدا
چەند سروود و
غەزەلێکی ئەوینێکی پڕ جۆشم دۆزییەوە
لەو دەستنووسەدا، بینیم نووسیبووت
ئەی پادشای خەمبارم
قولابی عەشقت چەقیوە لە دڵم
ئاوازی کپ و بێدەنگت
هاتۆتە ناو هاوار و ناڵەناڵمەوە
مەتەڵەکانی دڵمت
هەمووی هەڵهێنا و شی کردەوە
جەرگی تاریکی
شەوە ئەنگوستەچاوەکانمت شەق کردووە
لەو دەستنووسەدا، بینیم نووسیبووت
ئەی ئیمپراتۆری ئەسرین
خوێنی گەرمت لە منا دێت و دەچێ
لە دووریی دوورە و تا چاو بڕ ئەکا
شەبەنگی باڵاتم لێ دیارە
زریانێک لە فرمێسک و خەندە
لە پێنووسەکەتەوە هەڵیکردووە
پیت بە پیت
چیرۆکی ژانە خۆڕسکەکانت ئەنووسێتەوە
لەو دەستنووسەدا، بینیم نووسیبووت
ئەی گەڕیدەی ناکام
تۆ بوویت منت لەناو ئازارەکانتا ناسییەوە
وێنەی منت خستە
نێو توێی ئەلبوومی چامە نەمرەکانتەوە
بە بەرچاوی درۆوە
ژانی هەقیقەتێکی تاڵ تۆی کوشت
لە پەنا گۆڕی منەوە
لە سارای فیراقدا تەرمی تۆشیان ناشت
لەو دەستنووسەدا، بینیم نووسیبووت
ئەی تاقانە یارەکەم
تۆ بوویت مزگێنی رووناکیت ئەدا بەشەو
مەلێکی پەڕاگەندەی گەرمەسێر بووی
بەرەو کوێستانی من هاتی
لە زەماوەندی مردندا
سەرچۆپیکێشی ژیان بوویت
لە دوورەوە ئەهریمەنی مەرگ
نیشانەی لێ گرتییەوە
لەو دەستنووسەدا، بینیم نووسیبووت
ئەی شازادەی دڵداری
تۆ بوویت ئاگری شادیت بۆ کردمەوە
پێشتر ئەمبینیت
گووڵاڵە سوورەی باخچەی فیردەوس بوویت
بە یەک چرکە و لە ناکاو
بوویتە دارئەرخەوانی سەر گۆڕستان و
وەک دارگوێزێ
دەستیانکرد بە رنینەوەی پرچی پێکەنینەکانت
لەو دەستنووسەدا، بینیم نووسیبووت
ئەی پاسەوانی جوانی
تۆ بوویت شمشاڵی غەریبیت بۆ ئەژەنیم
لە دوورەوە ئەمبینیت
جوانترین سەراب و ناوازەترین خەیاڵ بووی
لە تەنیشتمەوە بووی
ئەو ساتانەی پەپولەی خۆزگەم هەڵدەفڕین
لە تەنیشتەوە بووم
لەو کاتەی هەردووکمان بووینە بیرەوەریی
لەو دەستنووسەدا، بینیم نووسیبووت
ئەی میری ئاشقان
تۆ بوویت جۆگەلەی پێکەنینت رژاوەتە گوێم
لە نزیکت بووم
ئەو دەمەی کارێزی شیعرت بە رووما تەقی
لە دوورەوە بە نیگایەکت
وەک مەشخەڵی گڕ داتدەگیرسانم
بە هێزی وشەکانت
دەریای مردووی دڵمت ئەخستە شەپۆلدان
لەو دەستنووسەدا، بینیم نووسیبووت
ئەی میهرەبانترین پیاو
ئەوە تۆ بوویت ژنێتی منت ژیاندەوە
ئەسپی دڵی تەڕی خۆت
لە عەشقی مندا سەرمەدانە زین کرد
چەند سەرسامت ئەکردم
وەختێ بە بێدەنگی ئەتدواندم
لە فنجانی خەیاڵێکی سپییەوە
بەختی رەشی منت ئەخوێندەوە
لەو دەستنووسەدا،ـ بینیم نووسیبووت
ئەی سوارچاکەکەم
ئەوە تۆ بوویت ئەشکەوتی بیرت رۆشن کردمەوە
وەک پیری ئاتەشگا
ئاگری عەشقت لەسەر رۆحم کردەوە
لە ئاسمانی تۆدا
تەنێ شوێنی فڕینی مەلە ئەویندارەکان دەبووەوە
ئیدی چۆن جەستەت
لە گۆڕی تەنگدا ئەسرەوێ و جێی دەبێتەوە؟
لەو دەستنووسەدا، بینیم نووسیبووت
ئەی تاقانەترین ئاشق
ئەوە تۆ بوویت گەمە مەحاڵەکانت ئەکرد
لەسەر هەسارەی نەزۆکی زەوی
تۆوی ئەوینت ئەچاند
رووی گوناهەکانت
بە ئاوی پیرۆزی عەشق دەشووشتەوە
مرۆڤت رائەهێنا،ـ لە بری خوێن
مەی دڵداریی بخۆنەوە
لەو دەستنووسەدا، بینیم نووسیبووت
ئەی جوانترین مەخلوق
ئەوە تۆ بوویت رەنگەکانت پێ ناساندم
رەنگی عەشق و
رەنگی خۆشەویستی و رەنگی جوانی
هەرچەند بینایم تار بووە و
نازانم رەنگی تۆ لە کوێ بدۆزمەوە؟
لە کابووسی ژیندا، جێت نەبووەوە
باهۆزی مەرگ بردیتییەوە




جیاکاریى و چەوساندنەوەى ژن لەنێو کایە کۆمەڵایەتییەکاندا.. ستیڤان شەمزینی

چەوساندنەوەى رەگەزى مێینە لە پێش هەر شتێکدا و لە پێش ئەوەى وێنەیەکى یاسایى و سیاسیى وەربگرێت چەوساندنەوەیەکى کۆمەڵایەتییە کە لە دامەزراوەى خێزانەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە سەرەکیترین کایە کۆمەڵایەتییەکان و لەوێشەوە ئەم کێشەیە رەنگێکى یاسایى و سیاسیی وەرگرتووە، هەڵە نییە هۆکارى بنەڕەتى جیاکاریى و چەوساندنەوەى ژن لە کایەکانى تردا گرێ بدەینەوە بە کایە کۆمەڵایەتییەکەوە کە ژنى وەک مەخلوق و کائینێکى کەمتر لە پیاو سەیر کردووە و ناچارى کردووە نوچ بدات لە بەردەم ویستى رەگەزى نێرینەدا کە ویستێکە بۆ چەوساندنەوە و کۆنترۆڵکردنى ئەویدى ژن. تۆ سەیر بکە هەر لە سەرەتاى لە دایکبوونى منداڵێکی کچەوە ئەو جیاوازییە رەگەزییە دەستپێدەکات لەوەى پێشوازیکردنى کۆمەڵ و خێزان لە لە دایکبوونى کچێک زۆر سارد و سڕترە لە لە دایکبوونى منداڵێکی کوڕ، بەڵکو زۆرجار هەر مایەى پێشوازیکردن و خۆشحاڵیش نییە.

دوا بە دواى ئەوەش لە پرۆسێسى ناولێنانى هەر یەک لە کچ و کوڕدا بەر حاڵەتێکى لەم چەشنە دەکەوین ئەمیش بەوەى ناوى کچان دەنێن (ناسک- تریفە- خونچە- پەپولە- سروە..هتد) لە بەرامبەریشدا ناوى کوڕان دەنێن (پۆڵا- تۆڵە- سەرباز- بەهێز- سەرچڵ- سەرکەش.. هتد) خۆى لە خۆیدا ئەم ناولێنانە هەنگاوێکى سەرەتایى و گرنگى سایکۆلۆژیی و عەقڵێتیى سیستمى پاتریاکییە بۆ جیاکردنەوەى دوو رەگەزەکە لە یەکتر، رەگەزێکیان کە مێینەیە ناسکتر و لاوازتر و سۆزدارترە لە رەگەزەکەى تر کە نێرینەیە، بەم پێیەش هەریەکەیان دەبێت هەڵگرى ناو و نازناوێک بن لەگەڵ خەسڵەت و تایبەتمەندییە فسیۆلۆژیى و بایۆلۆژییەکانیاندا هاوتەریب بێت. لە روانگەى عەقڵێتى باوکسالارییشەوە جیاوازییە فسیۆلۆژیی و بایۆلۆژییەکانى ئافرەت مایەى نەگبەتییە و فاکتۆرێکیشە بۆ ژێردەستەکردن و رەوایى بەخشین بۆ ملکەچپێکردنى رەگەزى مێینە. ئەمە تەنیا دەتوانێت ئەوەمان وەبیرخاتەوە چۆن رەگەزى سپى (سپى پێست) شەرعیەتى دەدا بە خۆى، بە بیانووى جیاوازیى رەنگى پێستەوە پاکتاوى زنجى و (قولە) رەشەکان بکات، هەمیشە رەگەزى ئەنگلۆسەکسۆنى بە بەهانەى رەگەزى باڵا و شانازییکردن بە چاوى شین و پێستى ناسکى سورباوى خۆیانەوە ژیانیان لە ئەفریکاییەکان کردە دۆزەخێکى زەمینى، لە کاتێکدا ئەم حاڵەتە خۆی لە خۆیدا رێژەیییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە چاویلکەى رەشەکانەوە (سپى)بوون ئەوپەڕى ناشیرینبوون و بێزراویى بووە، هەروەک کۆمەڵناسى ناسراوى عێراقى (د.عەلی ئەلوەردى) نموونەیەک لەم بارەیەوە دەهێنێتەوە چۆن کۆمەڵە رەشپێستێک گاڵتە بە سپى پێستەکان دەکەن چوونکە زۆریان لەلا ناشیرین بوون.

ئەم هەڵاواردن و جیاکارییەى نێوان دوو رەگەزەکە بە بیانووى جیاوازیى فەسڵەجییەوە، دەمانخاتە بەردەم کۆمەڵێک پرسیار و تێڕامان: ئەى بۆچى جیاوازییەکیانى پیاو نەبۆتە فاکتۆرى نەگبەتى و چەوساندنەوەى نێرینە؟ تەنانەت لە قۆناغى دەسەڵاتى رەهاى دایکدا (ماتریارکى) رۆژێک لە رۆژان پیاو نەچەوساتەوە، بەڵکو شتێک نەبووە ناوى چەوساندنەوە بێت!!، ئاخر چ هێز و کارکردێک وا دەکات کۆمەڵە جیاوازییەک ببێتە هۆى چەوساندنەوە؟ یان گریمان ژن لە هەموو روویەکەوە لە پیاو کەم هێزتر و کەمتواناترە ئەى چى لۆژیکێک رێگە دەدا بە پیاو لەسەر سترۆکتۆرى ماسى گەورە ماسى بچووک دەخوات ژن بچەوسێنێتەوە و ئازارى بدات و بیکات بە پاشکۆى خۆى؟. دواتر بڕوانن چۆن لە چوارچێوەى خێزاندا جیاوازیى دروست دەکرێت لەنێوان منداڵانى کچ و کوڕ، هەر لە سەرەتاوە کچ رادەهێنرێت و فێر دەکرێت پابەندى چوار دیوارى ماڵ و چوارچێوەى خێزان بێت و هێدى هێدى دەبێت خۆى بگونجێنێت لەگەڵ ژیانى چێشتخانە و دواجاریش ببێتە باشترین کابان و لە هەمان کاتدا پارێزگاریى لە شەرەفى بنەماڵە بکات کە راستەوخۆ بە جەستەى ئەوى مێینەوە نوساوە و لە هەر خروقاتێک لە دەرەوەى ترادیسیۆنى خێڵ و کولتوورى بنەماڵە، شەرەفى بنەماڵە و خێڵ روشاوە و ئەو کەسەشى لاساریى و سەرپێچییەکى لەم چەشنە بکات ژیانى مەحکومە بە مەرگ!!، چوونکە لە دیدى پیاوسالاریى خێڵگەراییدا بەهاى شەرەف لەسەروو هەموو بەهاکانى ترەوەیە تەنانەت لە سەرووى ژیانى مرۆڤیشەوەیە!.

لە بەرامبەریشدا کوڕ بزێوە و بەشداریى چالاکى وەبەرهێنان دەکات و ئەکتیڤانە رۆڵ لە ژیانى ئابووریدا دەگێڕێ و دەبێت هەر لە سەرەتاوە وێنەیەکى بچوککراوە و فۆتۆکۆپیکراوى باوکى خۆى بێت و جێگەى وى بگرێتەوە، ئەم کائینەى ناوی کوڕە پێویستە شەرم نەکات و قسەى لەسەر هەموو شتەکان هەبێت و رۆڵى کاراکتەرى باوک نمایش بکات لە غیابى باوکدا چ غیابى کاتى بێت یان بەردەوام. لێرەوە دەبینى کۆمەڵگەیەکت هەیە لە سەرەتاى ژیانى ئەو دوو مرۆڤەوە بە نێر و مێ ناونراون، بەشێوەیەکى سیستماتیک و توندوتیژ کار لەسەر جیاکردنەوە و دوورەپەرێزییان لە یەکتر دەکات و دەیەوێ بە هەر یەکێکیان بڵێت تۆ خاوەنى تایبەتمەندیى خۆتیت و پێویستە سوننەت و یاساى ژیان و خەسڵەتى رەگەزیى خۆت بپارێزیت، تۆى ژن دەبێت کەم قسە بکەیت و لە کاروبارى پیاواندا بێدەنگى هەڵبژێریت و جوانترین ئەدگارى کۆمەڵایەتیت بە (شەرەف)ى و شەرمنییە، هەروەک ئەو پەندە کوردییەى دەڵێت (پیاوى شەرمن شانەیەک ناهێنێت، بەڵام ئافرەتى شەرمن شارێک دەهێنێت) کەچی دەبێت ئەوى پیاو بێ چاو و روو بێت و بەردەوام ئامادەیى لە کۆڕ و کۆمەڵى پیاوماقووڵاندا هەبێت و هەموو چالاکییەکانى ژیانى خێزان بگرێتە ئەستۆى خۆى، بەم شێوەیە کار لەسەر هەردوو رەگەزەکە دەکرێ بە تایبەتى لە تەمەنى هەرزەکاریدا کە بەتەواوەتى لێکدى جوێ دەکرێنەوە و تا راددەیەکى زۆریش دوورەپەرێز دەبن لە یەکتر و تەنانەت نامۆ دەبن بە یەکتر و کەمترین زانیارییان لەسەر تایبەتمەندییەکانی یەکدى دەبێت.

هاوکاتیش لە هەناوى خێزاندا کوڕ وەک شازادەیەک مامەڵە دەکات و قسەى زیاتر دەخوات و زیاتر گوێى لێدەگیرێت و بایەخى پێدەدرێت، تەنانەت لە زۆرترینى ئەو شتانەى پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسى کچ یان خوشکەوە هەیە ئەوەندەى گوێ لە باوک و برا دەگیرێت نیو هێندە حیساب بۆ بۆچوونى کچەکە خۆی ناکرێت!!، ئەمە بە تایبەتى لە مەسەلەى زەواجدا، هەربۆیە دەبینین لێشاوێک لە زەواجى زۆرەملـێ دروست دەبن لە هەناوی ئەمەشدا خێزانى ناتەندروست سەر دەردەهێنێت، دواجاریش نەوەیەکى سەقەت و نەخۆش بەرهەم دەهێنێت. لەلایەکى ترەوە ئەو پۆلێنبەندیی و جیاکارییە دەستدرێژیى دەکاتە سەر کۆى لایەنەکانى ژیانى مێینە بەتایبەتى لە ممارەسەکردنى رەمەکى سێکسدا، چوونکە ئامێرى زاوزێکردن و کۆى جەستەى ئافرەت (عەورەت)ە و سنوورێکى قەدەغەکراو و مینڕێژکراوە کە خواوەند لە قووڵایى ئاسمانەوە نەهى کردووە لە بەریەککەوتنى لەگەڵ جەستەى نێرینەدا، بۆیە هەر نزیکبوونەوەیەک لە یەکترى بریتى دەبێت لە شکاندن و بەزاندنى سنوورى خواوەند!! ئەوەش گەورەترین تاوانە لە ژیانى هەر مرۆڤێکدا و دەبێتە مایەى نەفرەتى ئاسمان، هاوکات لێسەندنەوەى ژیان لەسەر زەوى!. هەرئەمەشە بۆتە هۆى بەرپاکردنى کوشتارێکى بێشومار لە ژنانى ئەم وڵاتە بە ناوى پاراستنى شەرەف و کڕینەوە و شوشتنەوەى ناموسی تکاو!.

ناموسپەرستى کە رەگەزێکى کوشندەى کولتوورى کوردەوارییە یەکێکە لەو نەریتە قێزەونانەى تیرۆر و کوشتنى ژنانى کردۆتە کردەیەکى ئاسایى بگرە پڕ شانازیى و بەختەوەریى، دەبینین ئەو (قارەمانانەى) دەستیان چۆتە گیانى خوشک و دایک و کەسوکارییان بە ناوى پارێزگارییکردنى شەرەفەوە، مایەى خۆشحاڵى خەڵکن و هەروەک ئەوەى سەروەریى و (بطولە)یان نواندبێت بەسەر زەویدا دەڕۆن و لە کۆڕى پیاواندا شانازیى بە کردەوەکەیانەوە دەکەن و کۆمەڵگەش پەنجەى شەرەف و خاوەن ناموسییان بۆ درێژ دەکات، ئەم کولتوورى کوشتن و بڕینە کە رەگى لە مێژووى کورددا داکوتاوە و یەکێکە لە نەریتە پریمتیڤ و هەرە نێگەتیڤەکانى کۆمەڵگەى ئێمە هێشتا وەک تابۆیەک و وەک هەڕەشەیەک بەسەر سەرى هەر ژنێکى کوردەوە ئامادەیى هەیە، کاتێکیش دەڵێین ئەم نەریتە، نەریتێکى کوردییە بەو مانا نییە ژن کوشتن لەنێو گەلانى ترى دنیادا بوونى نییە، بەڵام ژن کوشتن و بەهانەى کوشتن لە وڵاتانى تر رەهەند و مانا و هۆکارى ترى هەیە، کاتێک لە سوێد ئافرەتێکى بە رەسەن سوێدیى دەکوژرێت بە ماناى پارێزگارییکردن نییە لە شەرەف بەقەدەر ئەوەى مانا و ناولێنانى ترى هەیە! چوونکە لەوێندەر ممارەسەى سێکس پرۆسیسێکى ئاساییە و هیچ تابۆیەکى لەسەر نییە و وشەى (شەرەف)یش لە قامووسى ئەواندا نەناسراوە، تەنانەت نووسەرێکى سوێدیى “نینا برۆک” لە کتێبێکدا بە ناوى (لە ژێر لێفە پەمەییەکەوە) شانازیى بە کۆمەڵگەکەیەوە دەکات بەوەی منداڵانى بێژى ناوناوە (منداڵانى عەشق)، بەڵام کوشتنى (فادیمە شاهینداڵ) لەلایەن باوکییەوە راستەوخۆ کوشتنێکى شەرەفى بوو کە باکگراوەندەکەى کولتوورى کوردییە و بەشێک بوو لە پرۆسەى گێڕانەوەى ئابڕووى بە حیساب تکاوى بنەماڵە.
هەرچەندە خەڵکانێکى زۆر بە تایبەتى لە ناوەندى رۆشنبیریى (ئەنتجلینسیا)ى کوردیدا هەوڵدەدەن ریشەى ئەم نەریتە ببنەوە بۆ قورئان و ئیسلام و دین تۆمەتبار بکەن، بەڵام لە گەلێک سیاق و رووى جیاوازەوە دەتوانین بگەینە ئەو بڕوا و ئاکامەى ئەم کولتوورە پەیوەندییەکى زۆر لاوازى بە ئیسلامەوە هەیە کە دەکرآ بڵێین بە تاڵە دەزوویەکى زۆر باریک پێوەى بەستراوەتەوە، ئێمە ناڵێین هیچ پەیوەندییەکى بە کاریگەریی ئیسلامەوە نییە و ئاینى ئیسلام ژنى وەک پلە دوو سەیر نەکردووە، تەواو بەپێچەوانەوە پێمانوایە ئیسلام کەمترین رۆڵ و سەنگ و حورمەتی بە ژن رەوا بینیوە، بەڵام پرۆسەی کوشتنی ژن لە ئیسلامدا لەو کوشتنانە جیاوازترە لە کۆمەڵی کوردەواریی پیادە دەکرێت، ئەویش بە بەڵگەى ئەوەى لە قورئاندا ئاماژە بەوە دراوە هەر (زانى- زانیە)یەک کە هێشتا کوڕ و کچن و نەچونەتە ناو بازنەى هاوسەرییەوە بە گەواهیدانى چوار کەسى هۆشمەند دارکاریى دەکرێن بە بێ لەبەرچاوگرتنى جۆری رەگەز، ئەگەریش چووبونە ناو بازنەی هاوسەرییەوە و پەیوەندیى غەیرە شەرعیان دروست کرد دیسان بە گەواهیدانى چوار کەس هەردووکیان پێکەوە سەنگەسار دەکرێن!!.
کەچی کولتوورى کوردیی و نەریتى کڕینەوەى شەرەف بەبێ ئەوەى پێویستى بە گەواهیدان هەبێت بە تەنیا ئافرەتى تێدا تاوانبار دەکرێت و هەر بە تەنیا ئەویش دەبێتە قوربانى ئەم نەریتە، بە پێچەوانەشەوە پیاو شانازیى بە کارەکەیەوە دەکات و وەک بەسەرهات و پاڵەوانێتى لە کۆڕ و کۆمەڵدا دەیگێڕێتەوە. ئا لێرەوەیە دەگەینە ئەو قەناعەتەى چەوساندنەوەى ژن بەر لە هەموو شتێک چەوساندنەوەیە لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەر لە ژێر رۆشنایى ئەم راستییەشدا بەو ئەنجامە دەگەین گۆڕینى یاسا بە دیاریکراویى یاساى بارى کەسێتى عێراق کە ئیلهامى لە سیستمى پیاوسالاریى و ئیسلامەوە وەرگرتووە و جەخت لەسەر چەوساندنەوەى ژنان دەکاتەوە بە بێ کارکردن بۆ گۆڕین و وەرچەرخاندنى کولتوورى کۆمەڵگە هەوڵێکى ئیفلیج و ناتەواوە، کەواتە لە پاڵ گۆڕینى یاسا پێویستمان بە پرۆسێسێکى مێژوویى هەیە بۆ گۆڕینى ترادیسیۆن و بنیادە کولتوورییەکانى کۆمەڵگەى کوردەواریى کە کۆمەڵگەیەکە یەکێک لەپایە کولتوورییەکانى خۆى لەسەر چەوساندنەوەى ژنان و جیاکاریى نێوان دوو رەگەزەکە راگرتووە.

ستیڤان شەمزینی

—————————-

تێبینی: ئەم وتارە لە بنەڕەتەوە بەشێوەی ئیرتیجالی لە گردبوونەوەی ناڕەزایی تیرۆری “فادیمە شاهینداڵ” لە سوێد لە ساڵی 2002 خوێنراوەتەوە، پاشتر نوسراوەتەوە.




مروارییەکانی ئەوین.. کۆتا مرواری.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

دڵۆپە فرمێسکەکانم کۆبکەرەوە
رووبارێکی مەحزونی لێ دروست بکە
لە شیعرەکانما سۆراغی خۆت بکە و
تاجی شاژنی عەشق لەسەر بنێ


ئەوە من و هەستەکانمن لەبەردەمتا
کڕنووش بۆ جوانیت ئەبەین
ئەوە خۆم و دیوانم مۆم ئاسا
بۆ بزەیەکت لەسەرخۆ ئەتوێینەوە


خوێنی تۆیە لە لەشمدا دێت و ئەچێ
و هیچ کات ناسرەوێ
ئەوە بولبولی شیعرمە
بۆ پەسنی جوانی جادوویت ئەخوێنێ


ئەوە خوێنی تۆیە ئەڕژێتە
ناو دەمارە مردووەکانی هەستم
ئەوە منم لەڕۆژانی تەنهایی یاوەر و
لەغوربەتا هەموو کەستم


ئەوە خوێنی تۆیە وەک هاژەی تاڤگە
لە دەروونما مەوج ئەدا
ئەوە پرشنگی ئەوینی منە
سەر بە تاریکی ماڵی دڵتدا ئەکا


ئەوە خوێنی تۆیە ئاور
لە ساردیی هەناسەی تەزیوم بەرئەدا
ئەوە لافاوی نیگاکانمە
کە تۆ رووەو قووڵایی چارەنووسم ئەبا


ئەوە خوێنی تۆیە لە منا
وەک جۆگەیەک بەرەو مەزرا ڕێ ئەکا
ئەوەش دڵی‌ منە
وەک تەرمێک بە کپی کەوتووە لەبەر پێتا


پێش ئەوەی ئەستێرەیەک
لە تاریکی شەودا خۆی بکوژێ
منت بە جۆرێ چزاند
سەر دانەنەوێنم بۆ تینی هیچ ئاگرێ


پێش ئەوەی هەموو شت
رەنگی ئاوابوونێکی ترسناک بگرێ
بینیم رۆحی ناسکت هێند تەزیوە
وەک کۆترێ هەڵدەلەرزێ


پێش ئەوەی خۆر لە کاتی ئاوابووندا
لەناو دەریادا بخنکێ
زەردەخەنەکەتم بینی
لەگەڵ نەوڕەسەکان بۆ نادیار ئەفڕی


یەک ماچت
لە گۆڕی غەریبیی هەزار ساڵە زیندووم ئەکاتەوە
وەک چۆن تاکە نیگایەکی ساردت
دەرگای ژیانم لێ دائەخات


گەر دەستم بگا بە لەشی تۆ
شەستەبارانێکم سەوزت ئەکەمەوە
گەر دەمم بگا بە دەمت
شەرابێکە بۆ تاهەتایە خورمات ئەکاتەوە


ئەڵمانیا – کەنار رووباری راین
سوێد – ستۆکهۆڵم سۆلنا




مەرگی ناوادە.. چیرۆکی : ستیڤان شەمزینی

لە ژوورە سارد و سڕەکەی لەسەر کورسییەکی کۆنی رزیو وەک کۆتری بەرباران هەڵکورمابوو، بیری لە تابلۆیەکی ئەفسووناویی دەکردەوە، وەک وێنەکێشێک ناوبانگی پێ پەیدا بکات. لە ناکاو بیرۆکەیەکی ترسناک هات بە مێشکیدا تابلۆی ئافرەتێک بکێشێ لێوانلێو لە جوانی و سەرسامکار و باڵکێش.! فڵچەکەی خستە کار، نزیکەی یەک ساڵ کاری لە تابلۆیەکدا کرد بە ناوی “شازادەی خەونەکان”!. ئەو تابلۆیەی “شاکار” کە لە نێو خەڵکدا بە “شاکاری دەستڕەنگین” ناوبانگی رۆشتبوو، نەک بووە جێگەی رەزامەندیی بینەرانی سێهەمین پێشانگای، بەڵکو سەرنجی خودی خۆیشی راکێشابوو، بە جۆرێ رۆژانە پێنج جار هەر جارەی بۆ ماوەی پێنج خولەک لە تابلۆکەی دەڕوانی.
شاکار هەستێکی سەیری هەبوو لە هەمبەر تابلۆکەی، زۆر جار شەوانە سێ جار لە خەو رادەچڵەکی، هەر جارەو وەسوەیەک لە دڵیدا دروست دەبوو لە بەرانبەر تابلۆکە، جارێک ماڵەکەی دەسووتا بە تابلۆکەشەوە، جارێک لافاو دەهاتە ماڵەکەیەوە و تابلۆکەی دەخووساندەوە، جارێکی دی پۆلە چەتەیەک دەهاتنە سەری و تابلۆیەکەیان لێ دەدزی. خودی خۆیشی سەری لە جادووی تابلۆکەی دەرنەئەکرد، ئەوەندە لێی رامابوو، پێیوابوو لە ژیانی واقیعیشدا بوونی هەیە و لە دوورگەیەکی دوورە، هەندێ جاریش بەدەم هەڵدانی پێکەکەیەوە دەیووت من نازانم چۆن ئەم خەیاڵە راستییەم لە بۆتەی تابلۆیەکدا رەنگ کرد؟! هەمیشە و هەموو کات لەگەڵ خۆیدا دەدوا لە بارەی تابلۆکەیەوە، ئەوەندەش هۆگری ببوو لە ترسی لەناوچوونی کاتی خەوتن لە تەنیشت خۆیەوە دایدەنا، یان کە لە ماڵ دەردەچوو لەگەڵ خۆی دەیبرد، خەڵکی ئەو کەنارە “شاکار”یان بەوە دەناسییەوە تابلۆیەکی قەبارە گەورەی لە بن هەنگڵیدا هەڵگرتووە، گەنجانیش بە تەوسەوە دەیانووت کوڕی تابلۆی ژنە جوانەکە.
شاکار، هەموو کات لەگەڵ وەسوەسەکانی خۆیدا دەژیا، خەیاڵاتی سەیری هەبوو، کاتێک پێشبینی مەرگی باوکی کرد، چەند رۆژ دواتر باوکی ماڵئاوایی لە ژیان کرد، جارێکی تر مەرگی “ملکۆ” هاوڕێی مناڵی ئیستی پێگرت پێیوابوو تووشی هەمان ئەو نەخۆشییە دەبێت ئەو هەڤاڵە دێرینەی کوشت، کتومت دوای دوو ساڵ هەمان نەخۆشی لە جەستەی ئەویشدا دەرکەوت. ئەو لە کەناری دەریا لە کوخێکی سارد و بچووکدا دەژیا، دوور بوو لە هەموو کەس، تەنهایی لەهەستی ئەودا بوو، چوونکە پێیوابوو هیچ کەس ئەویان وەک خۆی و باوەڕە سەیرەکانی پێ قووت ناچێت، هەر لە مناڵیشەوە دەریای خۆشەویست و حەزی لە بینینی شەپۆلە تووڕەکان دەکرد.
جارێک لە سیمینارێکدا وتبووی لای من دەریا شاعیرێکە و شەپۆلەکانیش گەروویەتی، لەلای “ئەسکەندەر”ی کتێبفرۆشیش وتبووی دەریا بەیانیان لە کچێکی شۆخ و شەنگ دەچێت، ناز دەکات و بە لەنجە ولارەوە خۆی دەنوێنێت، شەوانیش لە جەنەراڵێکی چوارشانەی گۆشتنی تووڕە دەچێ کە هیچ شتێک لە هێرش و شەپۆلدان رایناگرێ.
یەکێک لە ئێوارەکان کە بە ئازاری نەخۆشییەکەیەوە دەتلایەوە، وەک پیشەی بەردەوامی خۆی، سەیری تابلۆکەی دەکرد، بەڵام ئەوەی بینینی ئەمجارەی لەوانی پێشوو جیا کردەوە، بۆ یەکەمجار ئەشق ختووکەی دا، بڕیاری دا ئەشقی “شازادەی خەونەکان” بێت، وتیشی “شازادەی خەونەکان لە خەو بێدار دەکەمەوە، چوونکە ئەویش پێنج جار منی لە خەونیدا بینیوە، هەر بمبینێ دەمناسێتەوە”. پێیوابوو کچی ناو تابلۆکە لە واقیعدا بوونی هەیە و چاوەڕوانی دەکات. لەم ئێوارەوە “شاکار” ئاشق دەبێت و هاوڕێ و ناسیاوەکانی هەست بە شێتبوونی دەکەن.
شاکار، هەمیشە لە کاتی سەیری ئاوێنەدا، سەرسام دەبوو بەخۆی، بە ئەندازەیەک نەرگسی بوو، پێیوابوو بەو هەموو قۆزیی و بەهرەیەوە، هیچ کچێک نییە لە ئاستی ئەودا، هەر لەبەرئەمە بوو لە ئەشق دەسڵەمییەوە، جار جاریش لەگەڵ خۆیدا دەکەوتە ورتە ورت، دەیووت “دڵی من لە ئاوریشمە، بەرگەی پۆڵای ئەشق ناگرێ”. یان جارێک بە “خەزال” خانی دراوسێی پێشوویانی وتبوو “هیچ دەردێک لە ئەشق کوشندەتر نییە،ـ دڵ قەت نامرێ مەگەر بە شکستی ئەشق نەبێ”!. دەگێڕننەوە بە مەلا “گورون”ی وتبوو “لە دوعاکانتا نزای ئەوە بکە، خودا لە ئەشق لامانبات، چوونکە ئەشق خودا و خۆمانمان لە بیر دەباتەوە”.
دوای ئەو ئێوارەیە بڕیار دەدات، دەست بکات بە گەڕان بە دوای “شازادەی خەونەکان”. زۆر عەوداڵ دەبێ، زۆر دەگەڕێ بێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون بکات یان تووشی نامرادی بێ، دوای سێ ساڵ “مەلەک رەیحان” دەبینێ، زۆر شێوە و سیفاتی “شازادەی خەونەکان”ی تێدا دەبینێ، بڕیار دەدات لێی نزیک بێتەوە، پێنج مانگ لەگەڵ “مەلەک” سەرقاڵ دەبێت، هەست دەکات ئەمە خودی تابلۆکەیە. پێنج ساڵ پێکەوە دەبن، مەلەک بێزار دەبێ لەو رەفتارەی “شاکار” کە دەیەوێ هەموو جوانی و سیفاتەکانی تابلۆکە لەودا بدۆزێتەوە، پاش سێ مانگ لە دڕدۆنگی و ساردیی نێوانیان، “مەلەک” بڕیاری جێهێشتن دەدات، بەو هۆیەوە ماوەی سێ ساڵ “شاکار” لە سەوداسەریی و بێهۆشیدا دەبێ.
کەس لەو سێ ساڵەدا، هیچ تابلۆیەکی نوێی لێنەدی، تەنیا وەک دێوانەیەک بە کۆڵان و شەقامەکانی شاردا دەسووڕایەوە بە مەستیی، شەوانیش لەگەڵ بێنەوایان و رسواکانی شارە جەنجاڵەکە لەسەر پارچە مقەبایەک دەخەوت، ئەو لەو ساتەدا بێهۆشیی و سەرخۆشییانەشدا تابلۆکەی هەر پێبووـ هەموو شتێکی لە دەستدا، تەنیا “شازادەی خەونەکان” نەبێت. لەو ساتانەدا “موعتەسەم ئاغا” وەک فریادڕەسێک دێتە ژیانییەوە،ـ ئەو یارمەتی دەدات تاکو ژیانی ئاسایی بکاتەوە و واز لە خەیاڵ بهێنێت،ـ لەبەرئەوەی بە بۆچوونی موعتەسەم شازادەی خەونەکان، تەنیا بەرهەمی خەیاڵی هونەرمەندێکە، هەرچەند “شاکار” بە رووکەش سەر بۆ قسەکانی ئاغا دەلەقێنێ، بەڵام ئەو دەیەوێ بە رێگایەکی تر بەدوای شازادەکەیدا بگەڕێ.
شاکار لە کارە هونەرییەکانی بەردەوام دەبێت، بەمەش ناوبانگ و داهاتێکی زۆر پەیدا دەکات،ـ تا ئەو ساتەی بە رێکەوت “فریشتەی سپی” دەناسێ، فریشتە ئافرەتێکی تەمەن مناڵ و ئەقڵ گەورەیەـ زۆرزان و خوێن شیرینە. زوو وای لێ دەکات هەست بکات ئەو کەسەیە ئەم بەدوایدا دەگەڕێ، دوای پێنج مانگ پەیمانی خۆشەویستی دەبەستن.
“شاکار” مەستی “فریشتە” دەبێت و دەگەڕێ بەدوای شێوە و ئەو سیفاتە خەیاڵیانەی بۆ شازادەی خەونەکانی داتاشیوە لە فریشتەدا، هەرچەند تەواو هۆگری بووە،ـ بەڵام دەیەوێ ببێتە شازادەکەی، ئەمجارەش بۆ بەختی رەشی “شاکار” دوای سێ ساڵ “فریشتە” بڕیاری دوورکەوتنەوە دەدات لێی!!. ئەمیش سەرشێت و وێڵ دەبێ، بەڵام هێشتا سەرچڵ و بزێوە، پێیوایە هەڵەتێگەیشتن هەبووە ئەگینا “شازادەی خەونەکان” هەیە و ئەم دوو هەڵبژاردەیەی پێشووی بە سەهوو بووە.
شاکار،ـ لەم ماوەیەدا بێدەنگ دەبێت، لەناکاو لە سیمینارێکی “پرۆفیسۆر سوارە”دا کە تایبەتە بە ئەشق، دەردەکەوێ بە چەند وتەیەک سەرنجی ئامادەبووان رادەکێشێ، لە قسەکانیدا وتبووی “ئەشق زۆرانبازییە لەگەڵ مەرگ و چارەنووس، ئەوەی لە مەرگ بترسێ هیچ کات ناتوانێ ببێتە ئاشق”. یان ئەوەشی وتبوو “ئەشق واتە هەلاهەلابوون، واتە برینداربوون لە سەدلاوە، ئاشق خوێنی ئاڵترە لە خەڵکانی ئاسایی”. لەدوایین دێڕەکانیدا وتبووی “ئەشق بریتییە لە هونەری ئازارچەشتن، لەگەڵ ئەوەشدا هەرچی تامی ئەو ئازارە بچێژێ، هەمیشە حەزی پێ دەکاتەوە، ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی سرووشتە، چوونکە مرۆڤ لە هەموو ئازارێک هەڵدێ، جگە لە ئازاری ئەشق”.
ئەمجارە لە دوای سێ مانگ لە رۆشتنی فریشتە، هەروەک دووجارەکەی پێشوو، بە رێکەوت چاوی دەچێتە سەر “پەری دەریا”. پەری ژنێکە چەند ساڵ لە خۆی تەمەنی زیاترە، هەموو سیفاتەکانی “شازادەی خەونەکان” لەودا دەبینێتەوە، بۆیە لەسەر لاپەڕەیەک لەناو دۆڵابە کۆنەکەیدا کە لە نەنکییەوە بۆی بەجێما بوو نوسیبووی “پەری دەریا هەر ئەو شازادەیە پێش چەندان ساڵ، بە فڵچەی خەیاڵ رەنگم کردبوو، کەچی ئەوەتا لە واقیعدا دۆزیوومەتەوە”. یان لەسەر پشتی تابلۆیەکی نووسیبووی “من خەیاڵم کرد بە واقیع، شازادەی خەونەکانم کرد بە راستی، کەواتە هیچ خەیاڵێک نییە بێ وێنەیەکی واقیعی، بەڵام رەنگە هەندێ جار ئەو وێنەیە بە تەڵخی ببینین”.
شاکار و پەری دەریا، زۆر ئاسوودەبوون لەگەڵ یەکتر، هەردووکیان لە خەیاڵاتی خۆیاندا دەیانووت لە کۆتاییدا شازادەی خەونەکانی خۆمان دۆزیوەتەوە، بەڵام کۆسپ و تەگەری زۆریان بۆ دەهاتە پێشەوە، زۆرجاریش سەرچڵییەکانی شاکار دەبووە سەرئێشە بۆ پەری، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کات نەیاندەتوانی بێ یەکتر هەڵبکەن. تا لە کۆتاییدا “شیرینی جادووگەر” جادووی رەشی لێکردن، وردە وردە دڵی پەری دەریای رەش کرد، دەیویست بیباتەوە بۆ باوەشی “ئەفراسیاو”ی هاوسەری کە دەمێک بوو وەک هاوسەر پێکەوە نەمابوون، تەنیا لە رووکەش وا دەردەکەوت هاوسەر بن. بەیانییەکی شووم پەری دەریا ماڵئاوایی یەکجاریی لە شاکار کرد و بەمەش خەونی “شازادەی خەونەکان”ی هەرەسی هێنا.
شاکار، تابلۆکەی سووتاند، وەک شێت و دێوانە بە مەی و شەرابەوە بە شەقامەکانەوە هاتوچۆی دەکرد، لەبەر خۆیەوە دەیووت “ئای شازادەی خەونەکانم، خۆزگە لە کۆتا رۆژی ژیانمدا تۆم بدۆزیباوە، چوونکە بۆ ئامانجێک دەژیام، کەوابوو ئێستا هیچ پاساوێک بۆ زیندەگیم نەماوە”. جارێک “تەیفوور”ی ئامۆزای دایکی لە “شاکار”ی بیستبوو کە وتبووی “لە نێوان مەرگی من و ژیان لەگەڵ پەری دەریا، رێگەی سێیەم نییە”. لە نامەیەکیشدا بۆ “شالیار”ی هاوڕێی نزیکی نووسیبوو “ژیان چەند بێ تامە، بێ ئەو کەسەی خەونی پێوە دەبینی، چەند سامناکە مرۆڤ هەست بکات هیچ خەونێکی نەماوە، یان ئیدی نەتوانێ خەون ببینێ”. ئەوەشی نووسیبوو “ژیان بریتییە لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی نیوە ناتەواوەکەت، هەرکات دۆزیتەوە دەگەیتە کەماڵ، ئەگەر نەیدۆزیتەوە هەر بە هیوای دۆزینەوەی دەژیت، بەڵام کە دۆزیتەوە و لێتکرایەوە جارێکی دی، ئیدی دەمری، چوونکە ئازاری ئەو لەتبوونە ئەتکوژێ… ئەتکوژێ.. ئەتکوژێ”.
سێ رۆژ دوای ئەم نامەیە تەرمی “شاکار” لە کوخەکەی خۆیدا لە کەناری دەریاکەدا، بە مردوویی دۆزرایەوە، رۆژنامەنووسەکان بەپەلە پڕوزکێ مایکیان دەخستە بەردەم ئەفسەری پۆلیس هۆکاری مەرگی ئەو هونەرمەندە گەورەیە چییە؟ ئایا کوژراوە؟ ئەگەر کوژراوە کێ لە پشتییەوەتی؟. ئایا خۆی کوشتووە؟ بۆچی خۆی کوشتووە؟.
ئەفسەرەکەش بە خوێنساردییەوە دەیووت جارێ لە لێکۆڵینەوەداین، بەڵام کۆچکردوو بەسەر تابلۆیەکەوە رۆحی دەرچووە. تا ئێستاش نەزانراوە ئایا خۆی کوشت یان لێکردنەوەی لەتەکەی تری کووشتی؟. ئەمە کۆدێکە زەمەنێکە نەکراوەتەوە و کەسیش نایەوێ بکرێتەوە. دوای پێنج ساڵ بەسەر مەرگی “شاکار”دا زانرا ئەو تابلۆیەی بەسەریدا مردووە کارێکی “پەری دەریا” بووە کە وێنەی هەردووکیان بووە پێکەوە، لە دواهەمین دێڕی ژیانیشدا بە سوراوی ژنان کە هەمیشە “پەری” ناوی “شاکار”ی پێ دەنووسی،. لەسەر دیواری ماڵەکەیدا نووسیبووی “هیچ کات ناگەینە خەونەکانمان، لێگەڕێن با هەر خەون بن”.
نۆڤەمبەری 2014




مروارییەکانی ئەوین.. مرواری حەوتەم/ شیعر: ستیڤان شەمزینی

هەر بیر لەوە ئەکەمەوە
کە تۆ هیچ سووچێکت نییە لە ئازارچەشتنی منا
ئەوە کڵپەی ئاگری رۆحی خۆمە
گڕی لە هەموو کامەرانییەکانم بەرداوە


باسی مەرگت بۆ ئەکەم
کە تەنها ئەو کاتژمێری دڵم لە عەشقت رائەگرێ
باسی ژیانت بۆ ئەکەم کە تەنها ئەو
داهاتووم پڕ ئەکات لە ئێستای تۆ


بەدرێژایی شەو نانوم ناڵێم بەهۆی تۆوە
بەڵکو لەبەر دڵی تەنگی خۆم
بە بەرینی رۆژ خەون ئەبینم
ناڵێم بە تەنهایی خۆمەوە بەڵکو بە تۆوە


دڵڕەقیش بنوێنی دڵنیایت “ناتبوورم”ی من
درۆیەکە عەشق فێری کردم
شەقامی چۆڵی ئومێدم بە گوڵی شیعر رازاندۆتەوە
لەبەردەم هەنگاوەکانتا


هەمیشە دڵە خورپەمە نەکا ماندوو بیت
لەم خەرابستانەی رۆحی بریندارم
هەمیشە لەوە دڵنیام دیدەنی تۆ
ئەبێ بە ساڕێژی برینێکی قەتماغە نەبوو


کە تۆ دەرکەوتیت سروودی فرمێسکت
بۆ گۆڕیم بە گۆرانی پێکەنین
کە من دەرکەوتم گریانی نائومێدیم
بۆ گۆڕیت بە سەمای بەختەوەریی


ئەوینت دەنکە مروارییەکە
لە قووڵترین قووڵایی دەریای دڵما رۆچووە
عەشقی من هەورە برووسکە و نەشئەیەکە
سەرتاپای رۆحتی گرتووە


لەوەتی مەی چاوەکانت ئەنۆشم
بادەم لە تامی هەنگوین شیرینتر بووە
لەوەتی ئاگری سەرکێشیم ئەسووتێنێ
بۆنکڕزوت بۆتە خۆشترین عەترم


کتێبی دڵم بکەرەوە و
تێر تێر لەو شیعرانە بڕوانە بۆ تۆم نوسیووە
چرای چاوەکانم داگیرسێنە و
لە ناویدا تابلۆی نیگا بێزارەکانم ببینە


دەروونم بۆتە خەرابستان و
چیتر گوڵی ئارەزووی تێدا سەوز نابێت
سپێدەیەک وەرە و ئەسپی حەزەکانت
لە کەلاوەی جەستەمدا زین بکە


باخێکی پاراو بووم
ئێستاش شارێکی خۆڵەمێشی بەدەست “با”وە
بارانێکی چاوباز بووم
ئێستاش شەپۆلێکی سووتاو لە هەناوی دەریاوە


سوێد – ستۆکهۆڵم




ئیخوان و ستەمکاریی ئاینیی.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ئەگەر ئاوڕ لە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست بدەینەوە، بە حوکمی ئەوەی ئاین و فەرمانڕەوایی ئاوێتەی یەک ببوون، ستەمکارییەکی گەورەی ئاینیی سەرتاپای ئەوروپای داپۆشیبوو، ئەم ستەمکارییە گەیشتبووە راددەیەک نەک هەر بێباوەڕانی گرتبووەوە، بەڵکو پەیڕەوانی ئاینزا جوداکانی ناو یەک ئاینیشی نەبواردبوو. بۆ نموونە دادگاکانی پشکنین، جیا لەوەی سزای بێباوەڕانی دەدا، یان سزای هەموو دەنگێکی دەدا کە دژی دەسەڵاتی کڵێسا بەرز دەبووە، هاوزەمان ئەم دادگا کاسۆلیکیانە کەمیان بە مەسیحییە پرۆتستانەکان نەدەکرد. بە کورت و کرمانجی، ئەزموونی سەدەکانی ناوەڕاست ئەوەی پێی نیشانداین، تێکەڵاوکردنی ئاین و سیستمی فەرمانڕەوایی جگە لە ستەمکاریی ئاینیی هیچی تری لێ شین نابێت.

ئیخوان موسلمین بە هەمان نەفەسی کڵێسای سەدەکانی ناوەڕاستەوە، لە ژێر دروشمی “ئیسلام چارەسەرە” ماوەی 85 ساڵە لە هەوڵی بێوچاندایە بۆئەوەی ئاین بکاتە بنەمای فەرمانڕەوایی سیاسیی. ئەگەرچی ماوەی 84 ساڵ لە ژێر پەستانی حکوومەتە نیمچە عەلمانییەکانی میسردا بوون، بەڵام ئەوەی رابەرانی ئیخوان لە هەموو ئەو ماوەیەدا تیۆریزەیان کرد، دروستکردنی بنەمایەکی فکریی بوو بۆ بەستنەوەی ئاین و دەسەڵاتی سیاسیی بە یەکترەوە. وەلێ ئیخوان تا شۆڕشی یەنایری 2011 زیاتر وەک قوربانی دەهاتە بەرچاو، بەڵام فکری ئیخوان ئەوەی لێ دەخوێنرایەوە لەگەڵ گەیشتنیان بە دەسەڵات، شێوەیان لە قوربانییەوە دەگۆڕێ بۆ جەلاد. ئەم شێمانەیەش لە ماوەی یەک ساڵی حکومی “مورسی”دا میسداقییەتی خۆی سەلماند.

رەنگە تا ئێستا وا زانرابێت، ستەمکاریی ئاینیی یان پشکنینی بیروباوەڕ تایبەتە بە ئاینی کریستیانیی، بەڵام لە واقیعدا ئەو تێزە کۆڵەوارە، چوونکە دەشێ لە هەموو حاڵەتێکدا ئەگەر ئاین بکرێتە بناغەی فەرمانڕەوایی هەمان ستەمکاریی بێتە ئاراوە. هەروەک “هاشم ساڵح” باسی دەکات: زیاد لە جارێک ویستیان باوەڕمان پێبێنن دادگاکانی پشکنین تەنیا تایبەتە بە مەسیحییەت و هەرگیز ناشێت و ناکرێت لای ئێمە رووبدات. ئەڵبەتە ئەوە قسەیەکی بێ بناغەیە، بەڵگە مێژووییەکان لە ئێستا و رابردوودا، ئەو بۆچوونە بەتاڵ دەکەنەوە، رەوتی مێژوویی هەردوو ئاینەکە دەیسەلمێنێ تێگەیشتنی هەڵە و دۆگما بۆ ئاین، خۆ بە خۆ دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی دادگاکانی پشکنین و زەبر و زۆرکردن لە ئایندا.

لە ماوەی یەک ساڵی حکوومی ئیخوان لە میسر، بەدەر لەوەی ژێرخانی ئابووری زیانی گەورەی بەرکەوت، کەرتی گەشتیاریی هەرەسی هێنا، هەڵئاوسان و بێکاریی گەیشتە لوتکە. لە هەمان کاتدا دەوڵەت بە شێوەیەکی چڕ کەوتە پەلاماردانی ئازادییەکان و سەرکوتی بیروڕای جیاواز و داپڵۆسینی مەعنەویی رۆشنبیران و دەمکوتکردن و دادگایکردنی هونەرمەندان. هەروەک “باسم یوسف” پێشکەشکاری کەناڵی CBC پێناسەی ئەو دۆخەی میسری بە چیرۆکی ئەلف لیلە و لیلە کردبوو. کە لەو چیرۆکەدا ئەندامانی ئیخوان، راگەیاندنکار و رۆژنامەوانان بە شەلاتی و بەڵتەچی “گێرەشێوێن” ناو دەبەن. ئیخوان شێوازی دایەلۆگ و لێکگەیشتنیان گۆڕی بە نەڕە نەڕ و خۆسەپاندن.

لەلایەکی تریشەوە، ستەمکارییەکی نوێ لە بەرامبەر قیبتییە مەسیحییەکان لە نەشونمادا بوو، کە مەترسی کڵپەسەندنی جەنگێکی مەزهەبی لێدەکرا. ئەو ستەمکارییەی لە ماوەی یەک ساڵی حکومی ئیخواندا دژی قیبتی و مەسیحییەکان بەڕێوەچوو نموونەی لە مێژووی میسردا نەبینرابوو. هەروەک “د.نەجیب جوبرائیل” راوێژکاری یاسایی کەنیسەی قیبتییەکان، ئاماژەی پێدابوو “لە سەردەمی موبارەکدا قیبتییەکان بە خراپترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، بەڵام لە سەردەمی مورسی خەڵتانی خوێن کران. لە زەمانی رۆمانییەکانەوە تا ئێستا رووبەڕووی کارەساتی وانەبوونەتەوە وەک ئەوەی هەنووکە رووبەڕووی دەبنەوە”. ئەمەش ئەو دۆخەمان بیر دەخاتەوە کە بیرمەندی سودانی “حاج وەراق” لە بارەیەوە دوا بوو، کاتێک وتبووی “ئیخوان لە ئەزموونە باشەکانی مرۆڤایەتی داماندەبڕن”.
خولاسە، ئیخوان نەک نەیتوانی لە ئاست داوا و خەونەکانی کۆمەڵگەی میسریدا بێت، بەڵکو دەیویست لە رێگەی ئیخوانیزە و ئیسلامیزەی کۆمەڵگە لەسەر شێوەی ئیسلامگەرایی ئیخوانیی، هەموو خەڵکی میسر لە قاڵب بدات، بۆ ئەمەش سڵی لەوە نەکردەوە حکوومەت لە دەزگایەکی ئیداریی و سیاسییەوە بکاتە دادگای پشکنینی بیروباوەڕ و دامەزراوەیەکی سەرکوتکاری ئاینیی. لەبەر ئەم هۆیە، شۆڕشگێڕان لێنەگەڕان ئیخوان موسلمین لە بری پێشخستنی کۆمەڵگە، چەندین هەنگاو میسر بباتەوە بۆ دواوە.

پێشتریش “خەلیل ئەلعەنانی” لە کتێبەکەیدا “ئیخوانەکانی میسر، ململانێی پەککەوتەیەک لەگەڵ رۆژگار” باسی لەوە کردبوو، ئیخوان ناتوانێت ببێتە هێزێک لەگەڵ دیموکراسی هەڵبکات، چوونکە هیچ بڕوایەکیان بە بەهاکانی دیموکراسی نییە. ئەلعەنانی ئاماژەی بەوە دابوو “لە هەمبەر دیموکراسی سپەیسێکی گەورە هەیە لە ناو ئیخواندا. چوون ئەوان ئەم چەمکە وەک مومارەسە سەیر دەکەن نەک بەها. لەو سۆنگەیەی ئامادەییان هەیە بەشداریی هەڵبژاردن و خۆپیشاندان بکەن، بەڵام قەت نەبووە بڕوایان بە دادپەروەریی و ئازادیی و یەکسانی هەبێ وەک بەهاگەلێگی گرنگی دیموکراسی”. هەر لەم روانگەیەشەوە بوو لە ماوەی یەک ساڵدا، مورسی و ئیخوان لە بری ئەوەی پایەکانی دیموکراسی لە میسر بەهێز بکەن، خەریکی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ژێرخانە بوون کە ئەگەری ئەوەی لێدەکرا ئەو وڵاتە بەرەو دیموکراسیی بپەڕێننەوە، بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجەش سەرقاڵی بەهێزکردنی دەسەڵاتێک بوون کە جگە لە ستەمکاریی هیچی تری لێ چاوەڕوان نەدەکرا.

دوا پەردەی شانۆگەرییەکە یان کۆتایی ئیخوان؟

ئەگەرچی “ئیخوان” ماوەی 84 ساڵ، هەوڵی بێوچانی دا، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی بگرێتە دەست، بەڵام لە یەکەم ئەزموونی خۆی لە دەسەڵاتدا، نەیتوانی لە یەک ساڵ زیاتر بەرگە بگرێت، چوونکە میسری ساتەوەختی دەسەڵاتی ئیخوان، بۆ یەک چرکەش پشووی بە خۆیەوە نەبینی، بەڵکو ئەجیندا مەترسیدارەکانی ئیخوان و مورسی، زیاتر تاوی بە ئاگری شۆڕشێک سەند کە دژ بە ستەمکاریی لەو وڵاتە بەرپاکرابوو. ئیخوان جیا لەوەی دەیویست بەرنامە وشکهەڵاتووە ئاینیی و ئایدۆلۆجییەکەی خۆی بسەپێنێت و کۆمەڵگەی میسریی لە چوارچێوەی بەرنامەی ئاینی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی ئیخواندا لە قاڵب بدات، لە هەمان کاتدا لە رووی ئابووری و خزمەتگوزاریی و بوژانەوەی بژێویی هاووڵاتیان و پەیوەندیی دیبلۆماسییەوە، میسری زۆر بەرەو دۆخێکی خراپتر لەو دۆخە برد کە دەسەڵاتی سیاسیی بە دەستی “موبارەک”ەوە بوو.

لە ماوەی یەک ساڵی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی ئیخواندا، رەسیدی جونەی میسریی بە رێژەیەکی باوەڕ پێنەکراو لە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی دابەزینی بە خۆوە بینی، کەرتی گەشتوگوزار کە کۆڵەگەیەکی سەرەکیی ئابووری میسر بوو، زیانی چەند ملیار دۆلاریی بەرکەوت. عەجز لە بودجەی گشتیی دەوڵەتدا، گەیشتە دوو هێندەی ساڵانی پێشووتر، رێژەی بێکاریی گەیشتە سیانزە لە سەد، بواری بەرهەمهێنان گەیشتە بارێکی زۆر ترسناک، کە زیانەکانی لە چەندین ملیار دۆلار تێپەڕیان کردبوو. بەرنامەی ئیخوانەکان نەک نەیدەتوانی ئەم کێشە زۆر قووڵانە بە پێی پرۆسێسێک بەرەو چارەسەر ببات، بەڵکو خودی دەسەڵات رۆژ لە دوای رۆژ قەیرانەکانی قووڵ و قووڵتر دەکردەوە.

لە سەر هەموو ئاستەکان، کۆمەڵگەی میسری پاش شۆڕش، وەزعی لە کۆمەڵگەی میسری پێش شۆڕش، خراپتر بوو، ئەم دۆخەش بۆ شۆڕشگێڕان و خاوەنە راستەقینەکانی راپەڕینی دژی ستەمکاریی کە گەنجان و رەوتە عەلمانییەکانن، قابیلی قبووڵکردن نەبوو. چوونکە مورسی و ئیخوان دەیانویست ئەو بڕ و پەڕاوێزە ئازادییەی پێشتر لەو وڵاتەدا هەبوو، لە رێگەی سەپاندنی بیر و باوەڕە سەلەفیی و وشکهەڵاتووەکانی خۆیانەوە لە بەینی ببەن. هەر بۆیە مەترسییەکی گەورە لەسەر بواری هونەریی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ژیانی تاکە کەسی هەبوو، لەبەرئەوەی ئیخوان دەیویست هەموو ئەوانە لەسەر سترۆکتۆری کولتوورێکی کۆنی بیابانشینی تەمەن 1400 ساڵە وێنا بکاتەوە.

کۆمەڵگەی میسر، شارستانێتی گەلی میسر، کە قووڵاییەکی زۆر دێرینی هەیە، لە بەردەم هەڕەشەی ئیخوان و ئەو ئەجیندا ترسناکەدا بوو کە مورسی تەمای پیادەکردنی بوو. ئیخوان رێگاکانی توندوتیژیی مەعنەویی بە کاردەهێنا بۆ ئەوەی کۆمەڵگە خۆی رادەست بکات، ئەم واقیعەش بۆ میسرێکی چاوگی فیکر و سیاسەت و رۆشنگەریی عەرەبی، نەک هەر مایەی قبوڵکردن نەبوو، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو رەوتە بوو کە شۆڕش لە پێناویدا لە دژی موبارەک بەرپاکرا.
لە میسری ژێر دەسەڵاتی ئیخوان، هاووڵاتیبوونی تاک بە تاکی میسرییەکان “ئەگەر لەسەر بنەمایەکی ئاینیی خۆیان رێکنەخستبایە” لە بن هەڕەشەدا بوو. چوونکە ئیخوان هەرچەندە بانگەشەی میانڕەویی بکات، بەڵام سەرئەنجام نەیدەتوانی لە خەونە گەورەکە خۆی دەرباز بکات کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی تیۆکراتییە. لە مێژوودا رووینەداوە هیچ دەوڵەتێکی ئاینی، دیموکراسی بووبێت، بەڵکو دەوڵەتی ئاینی و دیموکراسی دوژمنی باوەکوژی یەکترن. هەروەک “ئەدۆنیس” شاعیر و بیرمەندی عەرەب ئاماژەی بۆ دەکات: مافی تاک لە باوەڕ و ئاینپەروەریی هیچ مشتومڕێک هەڵناگرێت، ئەوە مافێکە من رێزی لێدەگرم و داکۆکی لێدەکەم. بەڵام کۆمەڵگە بەو سیفەتەی گشتێکە، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی ئاینی ناڕوات بەڕێوە، بەڵکو لەسەر هاووڵاتیبوونی مەدەنی دەبێت. تەنیا بەمەش مافەکانی مرۆڤ، دوور لە باوەڕ و ئینتیما و توخم و رەگەز و بنەچەیەکی کۆمەڵایەتی، مسۆگەر دەکرێت. هەر بەکارهێنانێکی سیاسییانەی ئاین، بۆ خۆی شێوازێکی توندوتیژییە نەک لە دژی جەستە، بەڵکو لە دژی رۆحیش.

کۆمەڵگەی میسر، پێشبینیان هەبوو بۆ ئەو رەوتەی ئیخوان گرتبوویە بەر، بەو پێیەی هەر لە سەرەتاوە، مورسی کە لە پشتییەوە رابەری گشتیی ئیخوان و بەرنامەیەکی جەهەنمی ئیسلامی سیاسیی ئامادەیی هەبوو، خواستی هەبوو، میسر بکاتە نموونەیەکی تاقیکراوەی ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی ئیخوان، ئەزموونێکی دەسەڵاتدارێتی لەسەر بنەمای ئاینێک یان خوێندنەوەیەکی دیاریکراو بۆ ئاینێک قاچی لەسەر عەرد دانابوو. بەڵام ژ بەرئەوەی ئەو بەرنامە و خەونەی مورسی و ئیخوان هەیانبوو، دژی هەموو بەها مەدەنیی و مودێرنەکانی ژیانی هاوچەرخی مرۆڤایەتی بوو، دژی سکۆلاریزم و دیموکراسیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئایندەی پێکەوە ژیان بوو، نەیتوانی لە قۆناغی دەڵەمەیی تێپەڕێت و لەگەڵ لە دایکبوونیدا بوو بە جەستەیەکی ساردەوە بوو. هەر بۆیە بەم شێوەیە دوا پەردەی شانۆگەرییە لەسەر رۆڵی کارەکتەری ئیخوان دادرایەوە و بە لە سێدارەدانی مورسیش دوا بزمار لە روئیای ئیخوان درا بۆ جارێکی تر هاتنەوە سەر دەسەڵات.

گەڕانەوە بۆ خەونەکانی شۆڕش

خۆشبەختانە هەر لە دەستپێکەوە لەو بڕوایەدا بووم، شۆڕش و راپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبی کە لە تونسەوە تاوی سەند و تا نهۆش لە سوریا بەردەوامیی هەیە، شۆڕش نین لە پێناوی ئامانجی ئاینیی، بە دیوێکی تردا فاکتۆری سەرەکیی لە تاوسەندنی شۆڕشەکان، بەرەنگاریی سەرکوتی ئاینیی نەبوو، یان ئامانجی لێی هەوڵدان نەبوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئاینیی، یاخۆ ئیسلامی، بەڵکو لە سترۆکتۆرەوە ئەم شۆڕشانە شۆڕشی نان و ئازادیی بوون، شۆڕش بوون لە پێناوی باشترکردنی هەلومەرجی ژیان لە کۆمەڵگە عەرەبییەکان، شۆڕش بوون لە پێناوی بەرینکردنی مەوداکانی ئازادیی و چەسپاندنی دادی کۆمەڵایەتی، کە هەر یەک لەمانە بەشێکن لە کرۆکی دیموکراسی، کە لە دونیاشدا هیچ نموونەیەکی دیموکراسی بە بێ بوونی عەلمانییەت لە ئارادا نییە.
ئەگەرچی لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا، جۆرێک لە رەشبینی و نائومێدیی لە هەمبەر ئەو شۆڕشانە تەنگی پێ هەڵچینبووین، بەو پێیەی لە بۆشایی دەسەڵاتدا و لە دوای رووخانی رژێمەکان لە میسر و تونس، کێرڤی رێکخراوە ئیسلامییەکان رووی لە هەڵکشان کرد و لە دوا وێستگەشدا “ئیخوان موسلیمین” لە رێگای هەڵبژاردنەوە توانی هەلەکە بە ئاسانی بقۆزێتەوە و دوای 84 ساڵ تەمەنی سیاسیی بگاتە سەر عەرشی دەسەڵات. بەڵام هەروەک بیرمەندی ناسراوی عەرەب “هاشم ساڵح” بۆی چوو بوو، “لە قۆناغی یەکەمدا لە باتی پێشەوە چوون، پاشەکشەیەک دێتە ئارا”. بێگوومان هاتنە سەر دەسەڵاتی ئیخوان، فۆرمێک لە پاشەکشەی شۆڕش بوو، یاخۆ هەرەسی خەونی شۆڕشگێڕان بوو، بەڵام ئەم پاشەکشەیە لە ساڵێک زیاتری نەخایاند.

ئیخوان لە میسر تووشی مەستییەکی جادوویی ببوو، بەوەی پێیوابوو، ئەوەی تا ئێستا رێگربووە لە بەیەک گەیاندنی ئیخوان و دەسەڵات، تەنیا بوونی رژێمێکی پۆلیسی و میلتانتی وەک رژێمی موبارەک بووە، لەم سۆنگەوە سەرمەست بوون بەوەی میسرییەکان سەرسامن بە بەرنامەی ئاینیی ئیخوان، بۆیە لە ماوەی چەند مانگێکدا هەموو شتێکیان لە بیر کرد، بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان خستە تەنەکەخۆڵی کۆشکی کۆمارییەوە، لە بری باشترکردنی هەلومەرجی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی میسر، دەستیان دایە پرۆسەی ئیخوانیزەی کۆمەڵگەی میسریی، ئەمەش ناکۆک بوو بەو رۆحە شارسانییەی گەلی میسر کە لە فیرعەونەکانەوە دەستپێدەکات تا هەنووکە. بۆیە کۆمەڵگەی میسریی زۆر زوو لە پەیام و پرۆتۆکۆلەکانی ئیخوان تێگەیشت، زۆر زوو دەرکیان بە مەترسییەکی گەورەتر کرد لە بەردەمیاندا کە چەند قاتی رژێمەکەی موبارەک مەترسیدارتر بوو.
هاشم ساڵح، بیرمەندی گەورەی عەرەب دەڵێ “دیکتاتۆریی ئاینیی گەلێک مەترسیدارترە لە دیکتاتۆرییەتی سەربازیی، چوونکە یەکەمیان راستەوخۆ و بێ جیاوازیی هەڕەشە لە ئازادیی بیر و را و بیرکردنەوە و دەربڕین دەکات”. گەلی میسریی بە هۆشیارییەوە و بە تێگەیشتن لەوەی “ئیخوان” سەرقاڵی ئیسلامیزە و ئیخوانیزەی کۆی دامەزراوە و کایە جۆراوجۆرەکانی ژیانە لەو وڵاتە، بە تێگەیشتن لەوەی “ئیخوان” لە جێگەی دیکتاتۆریی پۆلیسی و سەربازیی پێشوو، سەرقاڵی رۆنانی دیکتاتۆریی ئاینییە، بەردەوامیان بە شۆڕش دا، یان بە مانایەکی دیکە گەڕانەوە بۆ خەونەکانی شۆڕش، گەڕانەوە بۆ بەهاکانی شۆڕش. لەم نێوەندەدا “مەیدانی ئازادیی قاهیرە” بە دەنگێکی بڵند ئەوەی دووپاتکردەوە، شۆڕش کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو هێشتا شۆڕش درێژەی هەیە.

ئەوەشی لە چەند ساڵی رابردوودا لە میسر روویدا، “واتە پرۆسەی لادانی مورسی لە دەسەڵات” نەک ناچێتە چێوەی کودێتاوە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک رەنگ و مۆدیلێکی تری شۆڕش بوو، چوونکە کودێتا لەلایەن کەمینەیەکی سوپاوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەوەی لە میسر روویدا، سوپا بە دیفاکتۆ کەوتبووە ژێر کارتێکردنی ئەو خرۆشانە گەورەییەی لە شەقامی میسرییدا دەبینرا. ئەگەرچی مورسی سەرۆکێکی هەڵبژێردراو بوو، لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە گەیشتبووە دەسەڵات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، خەڵک ناتوانن لە رێگەی چالاکی مەدەنی و خۆپیشاندان و شۆڕشی سپییەوە، سەرۆک لا بدەن. بە پێچەوانەوە ئەوەی لە ئەزموونی دەوڵەتانی دیموکراسی فێری بووین ئەوەیە، شەقام دەتوانێت بە خۆپیشاندانی سەرتاسەریی کە لانیکەم گوزارشت لە رای زۆرینەی هاونیشتمانیان بکات، سەرۆک لا بدات.
من پێموایە لادان و دواجاریش لە سێدارەدانی مورسی “بۆ خۆم دژی سزای لە سێدارەدانم” و هەرەسهێنان بە حکوومەتەکەی ئیخوان لە میسر، سەرەتایەکی نوێ بوو لە ئاستانەی گەڕانەوەی خەونی شۆڕش، ئەو شۆڕشەی سەرەتا گەنجەکان دەستیان پێکرد و دواتر ئیخوان لە کاتی زانینی سەرەو لێژبوونەوەی دەسەڵاتی موبارەک، خۆی بەسەردا سەپاند. ئەم دەلاقەیەی لە میسرەوە کراوەتەوە دەکرێ لە تونس و لیبیا فراوانتر بکرێ، هەرچی سوریاشە لەوە دەچێت ببێتە مەقبەرەی کۆی ئیسلامییە جیهادیی و تەکفیرییەکانی ئەم ناوچەیە. ئەوەی من لەم چرکەساتە و لەگەڵ گەڕانەوەی خەونی شۆڕش وەبیرم دێتەوە، کۆپلەیەک لە گۆرانی “شۆڕش”ی “ڤیرۆنیکا ساسۆت”ە کە دەڵێت “هەموو شتێک بۆنی وەڕسیی لێدێت، بەڵام ژیان پێویستە جۆرێکی تر بێت”. خاوەنەکانی شۆڕش لە میسر لەسەر هەمان ریتم بە دەنگێکی بەرز بە ئیخوان و دەسەڵاتی ئیخوانیان وت، گەرچی لە سایەی حوکمی ئێوە هەموو شتێک بۆنی وەڕسیی لێدێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێ ژیان بە جۆرێکی تر بێت. لەوەش گرنگتر بە کردەوە هەنگاویان نا بۆ جۆرێکی تری ژیان.

سوێد – ستۆکهۆلم
شارل هۆڵمن




مروارییەکانی ئەوین.. مرواری شەشەم.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

فێرم بکە عەشق تسۆنامی فرمێسکی روون و
لافاوی بێ ئۆقرەی ماچە
فێرت ئەکەم خۆشەویستی
گوڵەگەنمی سەوزی دەشتی بەپیتی هەستە


وتت لە بەیانییەکدا دێم
مشتێک هەتاو بۆ تاریکی شەوەکانت ئەهێنم
وتم لە شەوێکدا دێم، تریفەی مانگ و
مەشخەڵی ئاتەشگات بۆ دێنم


پەشیمانم لەو تەمەنەی لە بێ تۆیدا
کەوتبووە نێو گۆمی تەنهاییەوە
پەشیمانم لەو لە دایکبوونەی نەکەوتبووە
حەساری نیگا نەرمەکانتەوە


بە دەوەنی میهرەبانی و
بە گەڵا یاقووتییەکانی سۆزت گەرم دامبۆشە
بە بڵێسەی ئاگری چاوە مەستەکانت
دارستانی خەیاڵەکانم بسووتێنە


تۆ لە کانی میهرەبانیی هەڵئەقوڵێی
منیش لە هەورێکدا چڕ بوومەتەوە
تابلۆی بەیەک گەیشتنمان
دڵۆپ دڵۆپی بارانێکە بۆ باوەشی فێنکی کانی


زمانی فرمێسک ئەخوێنمەوە
چیرۆک بۆ ئەستێرەیەکی بێدار ئەگێڕمەوە
کۆلارەی خەیاڵم دوور ئەفڕێ
تا بگاتە ئاسمانی بێ بنی چاوەکانی تۆ


لەهەر شیعرێکما غەمێک خۆی شاردۆتەوە
لەهەر نیگایەکیشما ونبوونێک
لەیەکەم پلیکانەی نیگاکردنما
بەربوومەوە ناو بەهەشتی دڵڕفێنی جوانیت


کە مردم سوتووەکەم بدەن
بەدەم ئەو رەشەبایەی ئەمباتەوە بۆ لای یار
کە مردم بمخەنە تابووتی ماچەوە و
لە ئۆقیانووسی چاوەکانیا بمنێژن


تۆ کاپتنی ئەو پاپۆڕەی
لە دەریای هەڵچووی هەستی مندا نقووم ئەبێت
منیش سەرقافڵەی ئەو کاروانە تەنهایەم
بەرەو خۆری ئەوینت رێ ئەبڕێ


کتێبی خەوننامە ئەخوێنمەوە
گوێ لە پرتەوبۆڵەی جادووگەرەکان ئەگرم
ئەمەوێ بزانم لە کام خەون و
لە پێشبینی چ ساحیرێکایە
دەرکەوتنی تۆ؟


خۆزگە ئەو مەرگە تاڵە
وەستانی دڵی پێنووسی شیعرەکانی من بووایە
خۆزگە گەڵاڕێزانی گەڵاکانی عەشقت
وەرینی گشت خەونەکانم ئەبوو


سوێد – ستۆکهۆڵم




مروارییەکانی ئەوین/مرواری پێنجەم.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

.

چەند دوور بیت هەست
بە نزیکیی و ترپەکانی دڵت ئەکەم
چەند هەڵۆیەکی بەرزەفڕ بیت
بە ماچ و نیگا کەویت ئەکەم


چی درەوشانەوەیە
لە بریسکەی زەردەخەنەکەتا ئەیبینم
چی هەڵاتنە
لە کردنەوەی ئامێزی پڕ میهرتا بەدی ئەکەم


تا تۆم هەبێت لە کڕێوەی زستانا
بۆنی نێرگز و بەهار لە هەستم دێت
تا تۆم هەبێت لە وشکەڵانی هاویندا
پرووشەی بەفر بەسەرما ئەبارێ


لە کاژێری یەکەمی عەشقدا
تۆم خستە نێو دەشتی بە پیتی شیعر
لە رۆژی یەکەمی ژوواندا
تۆم خستە نێو مێرگی بەجۆشی ئارەزوو


لە نیگای یەکەمدا، پەڕەی نەرمی دڵت و
رۆچوونی خۆمم لەتۆدا بینی
لە نامەی یەکەمدا، فرمێسکتم بینی
کە وەک جۆگەیەک خوڕەی ئەهات


لە تەوراتی ئەڤینداریی لە سفری ماچدا
خودا تۆی لە چارە نوسیووم
لە گزنگێکدا لەسەر دەوەنی سینگم
بە ماچ تاتۆی چێژت بۆ هەڵکۆڵیم


ئەخوازم ماڵە بچووکەکەت
بۆ بکەمە ئینجانەیەکی پڕ لە گوڵ و ئەستێرە
ئەخوازم لە تەزیویی زەمەندا
بە شەوقەوە سووتانم بۆ تۆ بکەمە ئاگردان


کە عەشقت لەمندا کەوتە شەپۆل
خەریکی ژماردنی دەریا خنکاوەکان بووم
کە شەوقت تاریکستانمی رووناک کردەوە
تەلقینی چرا کوژراوەکانم ئەکرد


پێش هاتنت بە خاچی بێزاریی و
وەسوەسەی خۆکوشتنەوە هەڵواسرابووم
لەگەڵ دەرکەوتنت هەموو چرکەیەک
پێک پێک لە دایکبوونەوە ئەخۆمەوە


خوڕەی باران لە دەنگی ناسکی تۆ ئەچێت
کە ئەڵێی خۆشم ئەوێی
ورشەی گەڵا لە سەدای پەشۆکاوی من ئەچێ
کە ئەڵێم بیرت ئەکەم


گەر رۆژێ دیار نەبووم
لە گۆڕستانی پەروانە دڵشکاوەکان بۆم بگەڕێ
ئەگەر شەوێک ون بووم
لە شەوقی ئەستێرەیەکی بابردوودا بمبینەوە





لە یادی سی ساڵەی کۆڕەوی خەڵکی کوردستاندا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

کۆڕەو ئەو کارەساتە گەورەیەی مفەوەزات نابووتی کرد

سی ساڵ بەر لە هەنووکە و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، جەماوەری باشووری کوردستان وەک پرۆتستۆیەک دژی دووبارە گەڕانەوەی کوردستان بۆ ژێر سایەی سیستمی بەعس و فەرمانڕەوایی سەدام حسێن، بە تێکڕا کۆچڕەوێکیان مێژووییان بۆ سنوورەکانی ئێران و تورکیا دەستپێکرد.، تراژیدیاکانی ناو ئەم داستانە غەمگینە هیچی کەمتر نەبوو لە داستانی سووتاندنی رۆما لەلایەن نیرۆنەوە. بۆ خودی خۆم ئەم رووداوە دووجار تراژیدیا بوو، بەوەی لە مەرزی تەوێڵەی سەر سنووری ئێران، ئۆتۆمبیلەکەمان تووشی وەرگەڕان بووەوە، لە ئەنجامیشدا خوشکێکم لە تەمەنی 21 ساڵیدا ژیانی لە دەستدا، کە ناچاربووین تەرمەکەی لە شاری “پاوە”ی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەسپەردە بکەین، هەر لە ئانی ئەم تراژیدیایەدا سەرانی حزبەکانی کوردایەتی و نوێنەرانی بەرەی کوردستانی ئەوکات، وەفد لە دوای وەفد دەرگای بەغدادیان دەکوتا، ئاهەنگی ماچ و موچی سەرکردەکانی کورد لەگەڵ سەدام هێندەی تر برینەکەی قوڵتر کردەوە. تەنانەت وەک “ئەمجەد شاکەلی” لە کتێبی “ئەوەی نابێ بگووترێ دەبێت بگووترێ” ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە چۆن لە کاتی سەرکەوتن بەسەر قادرمەکانی کۆشکی کۆماریی و بۆ گەیشتن بە دیداری گەورە دیکتاتۆر “سەدام” شەڕە شان و پێشبڕکێ دروستبووە لە نێوان رەسوڵ مامەند و نەوشیرواندا.

بە کورتی پارتی و یەکێتی و کۆی حزبەکانی بەرەی کوردستانی ئەو کات، دەستکەوتە سیاسییەکانی کۆڕەویان بچووک کردەوە بە ئەنجامدانی وتووێژ لەو کۆنێکستەدا کە هەموو دنیا چاوی سۆز و عەقڵیشی چوو بووە سەر کورد، ئەمەش هەڵەیەک نەبوو سەرانی بەرەی کوردستانی بەشێوەیەکی عەفەویی بیکەن، بەڵکو چارەسەر نەبوونی کێشەی کورد کەسابەتێکی پڕ پیت و بەرەکەت بووە بۆیان، چونکە هیچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ دوایی کۆتایی چارەسەربوونی کێشەی کورد، بۆیە هەمیشە کێشەکان بە هەڵواسراویی دەهێڵنەوە. بە کورتی من پێش دوانزە ساڵ وتارێکی پوختم لە بیرەوەریی 18 ساڵەی کۆڕەودا بڵاوکردەوە بە ناونانیشانی “کۆڕەو ئەو کارەساتە گەورەیەی مفەوەزات نابووتی کرد”. بۆیە لێرەدا و لە یادی سی ساڵەی ئەو تراژیدیا مرۆییەی کورددا دووبارە هەمان بابەت پێشکەش دەکەمەوە. ..

کۆڕەوی زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو کەس لە هاووڵاتیانی باشووری کوردستان لە بەهاری ساڵی 1991 کە زۆرینەی دانیشتووانی ئەو کاتەی باشووری پێکدەهێنا، رووەو تاریکیی سنوورەکان و چارەنووسێکی نەزانراو، یەکێک لە دەگمەن و ناوازەترین رووداوی سیاسییە لە مێژووی کۆن و نوێی کوردستاندا. بەو هۆیەی خەڵکی کوردستان بە تێکڕا و بە جیاوازیی دیتن و ئایدیا و چین و رەگەزەوە بە کۆدەنگیی لە ریفراندۆمێکی تراژیدییدا بۆ هەمیشە دەسەڵاتی داگیرکەری عەرەبی عێراقییان رەتکردەوە. ئاخر ئەوێ رۆژێ ئەو جەماوەرەی ئێستا فڕێدراوەتە پەڕاوێزەوە، بێئەوەی بزانێت بۆ کوێ مل دەنێت و چارەنووس بە کوێی دەگەیەنێت، ملی رێگەی کۆچێکی گرتبووە بەر کە تەنانەت ژیانی تاراوگە و دەربەدەریی و تاریکیی هەموو ئاسۆکانی پێ باشتربوو لە مانەوەی لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و دڕندەی وەک ریژێمی بەعسدا.

لەم بارەوە نووسەری نێودار “دەیڤید ماکداول” لە کتێبەکەیدا “مێژووی هاوچەرخی کورد” دەنووسێت “ترسی گشتیی سەرانسەری کوردستانی گرتەوە. زیاتر لەیەک میلۆن و نیو کورد ماڵ و ژیانی خۆیان بەجێهێشت و بە ترسەوە بە دوای جێگایەکی ئەمیندا روویان لە ئێران و تورکیا کرد. هەموو ئەو رێگاو کوێرە رێگایانەی بەرەو سنوورەکان دەچوون لە ماوەیەکی کەمدا بەهۆی ئاپۆرەی خەڵکەوە گیران. لەسەر رێگای تورکیا رۆژنامەنووسێک وتی: بەچاوی خۆی نزیکەی پێنج سەد کەسی دیوە بەو بۆمبا فۆسفۆرییانەی هەلیکۆپتەرەکان هەڵیاندەڕشت کوژراون”. لەلای خۆیەوە کوردناس و نووسەری کتێبی “ئاغا و شێخ و دەوڵەت” مارتن ڤان بۆرنیسن ژمارەی ئەو کوردانەی لەسەرەتای مانگی نیسانی 1991 شوێنی خۆیان بەرەو سنوورەکانی ئێران وتورکیا جێهێشتبوو بە زیاتر لە دوو میلۆن هاووڵاتی کوردی پیاو و ژن تۆمار دەکات. گرنگیی ئەو کۆچڕەوە میللیی و نەتەوەییەی زیاتر لە دوو میلۆن و نیو کوردی باشووری وڵات، هەر ئەوە نەبوو، جەماوەر نایەوێت جارێکی دیکە لە ژێر فەرمانڕەوایی حکومەتی بەعسییەکاندا یەک تاکە هەناسەش بدات، نەخێر ئەو رووداوە سەرنج و سۆزی دنیاشی لەگەڵ خۆیدا بەلای دۆزی کورددا راکێشا.

هەر کاریگەریی و کارتێکردنی ئەو رووداوە تراژیدییە بوو، تەنانەت “جۆرج بوش”ی وەها لێکرد بە پەلە “جەیمس بیکەر”ی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بنێرێتە ئۆردوگای ئاوارە کوردەکان، بیکەر لە سەروەختی گەڕانەوەیدا بە زمانێکی غەمگین وتی “ئەوەی من بە چاوی خۆم بینیم زۆر لەوە زیاترە باوەڕی پێبکرێت”. میدیا بیانییەکان وێنای ئەم کۆچڕەوەیان وەک رووداوێکی دەگمەنی سەدەی بیستەم گواستەوە، ئەو وێنایانەی لە رێی تەلەفزیۆنەکانەوە گەیشتنە چاوی هاووڵاتیانی جیهان بە ئەندازەیەک بوو لەوەتی کورد هەبووە و هەیە، هەرگیز ئەوەندە چاوی میدیا و زوومی کامێرای دەستگا و ئاژانسەکانی هەواڵی لەسەر نەبووە، تەنانەت ئەنفال و هەڵەبجە کە بەبڕوای من لەکۆڕەو تراژیدیتر و وروژێنەرتربوون نەیانتوانی بەو ئەندازەیە سۆزی دنیا بەلای خۆیاندا رابکێشن، راستە بە ژێر لێوەکردنی ئەنفال و هەڵەبجە پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی زلهێزەکانەوە هەبوو، بەڵام کۆڕەو، بووە دیاردەیەک ئیدارەی ئەوکاتی ئەمەریکا تووشی شەرمەزارییەکی گەورە کرد، بەوەی جڵەویان بۆ ریژێمی سەدام و هێزە ئاسمانییەکانی بەعس شل کرد، هەتاوەکوو سەرکووتی راپەڕینی گەلانی ئێراق بکات.

وەختە بڵێم ئەم واقیعەی لە دوای ساڵی 1991ەوە لە باشووری کوردستان دروستبووە قەرداری کۆڕەوە، کۆڕەویش قەرداری چاوی کامێرای میدیاکانە. تەنانەت ژەنەراڵ “بیکیلی” فەرماندەی ئەو کاتەی هێزەکانی هاوپەیمان، لە یەکێک لە کەمپەکانی ئاوارە کوردەکان، لە بەردەم حاشاماتێکی زۆری کوردەکاندا وتی “شتێک ئێمەی هێناوەتە ئێرە کامێرا بوو، لەبەرئەوە هەوڵبدەن دۆزەکەتان باشتر بناسێنن”. هەر ئەو رووداوە بوو لەسەر دەستپێشخەریی فەڕەنسا و خودی فرانسوا میترانی سەرۆکی ئەودەمی فەڕەنسا، وای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کرد لە رۆژی 4-4-1991 کۆببێتەوە، تاوەکوو بڕیاری 688 دەربکەن، کە بووە قەڵغانی پاراستنی کورد هەتا ساتەوەختی رووخانی بتەکەی سەدام لە ساحەی فیردەوسی بەغداد لە بەهاری 2003. هەتا ئێرە هەموومان دەزانین کۆڕەوی میلۆنیی کورد دۆزی نەتەوەیی کوردی لە دۆزێکی لۆکاڵیی و ناوخۆیی وڵاتێکەوە کردە دۆزێکی نێونەتەوەیی کە زلهێزەکانی دنیا دەخالەتی تێدا بکەن.
هەتا ئێرە بۆ هەر کوردێک ئاشکرایە کۆچڕەوی ملیۆنیی خەڵکی کورد ئەگەر ژیرانەتر لەوەی کرا مامەڵەی لە تەکدا بکرایە ئەوە خەباتی رزگاریخوازیی گەلی کوردستانی دەگەیاندە وێستگەی دەوڵەتی سەربەخۆ و دانپێدانراو لەلایەن تەواوی کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە، چوونکە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچوون ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کوردەکانیش لە رێی دەوڵەتێکی نەتەوەیی خۆیانەوە گرەنتی مافەکانیان بکرێت، کۆڕەو ئەگەرچی رووداوێکی زۆر تاریک و رەشە لە مێژووی گەلی کوردستاندا، بەڵام ئەگەر هەڵەی سیاسییەکان و هەڵپەی مفەوەزات لێی گەڕابا و باشووری بە مارە بەجاش لە عێراقی “کۆماری ترس” و سەرکوت و گۆڕی بە کۆمەڵ مارە نەکردایەتەوە ئەوە لە مێژەوە بوو لانیکەم ئەم پارچەیەی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی قانوونی جێگەی خۆی دەکردەوە.

هاوڕێ و خزمى نێزیکم “ناسر حەفید” کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە لە سوێد دەژی و یەکێکە لە نووسەر و چالاکەکانی بواری سیاسەت، بۆی گێڕامەوە: لە کاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال، زۆر مانگرتن و خۆپیشاندانمان لە ستۆکهۆڵم سازدا، دەمانوویست سۆزی سوێدییەکان بەلای ئەو تراژیدیا مرۆییەی لە باشووری کوردستاندا روویدەدا رابکێشین. بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، یەکێک لەو پەرلەمانتارە سوێدییە چەپانەی ببووە هاوڕێم پێیووتم: سەردەمانێک هەموو دنیا بە ڤێتنامەوە خەریکبوو، دواجار ڤێتنام ئازاد بوو، رۆژێکیش دێت خۆری ئازادیی ئێوە هەڵبێت و هەموو دنیا بە ئێوەشەوە خەریک بێت!!، بۆ من ئەو قسەیە لە دوای ئەنفالی ساڵی 1988 قابیلی هەرسکردن و بڕواکردن نەبوو. بەڵام لە دوای راپەڕین و لە سەروەختی کۆڕەودا ئەو پێشبینییەم بەچاوی خۆم بینی، بینیم پیرەژنێکی زۆر لاواز بە سندوقێکەوە کۆمەکی بۆ کورد کۆدەکردەوە، منیش لێی چوومە پێشەوە و وتم منیش کوردم.

لە وەڵامدا پیرەژنەکە وتی: من هەقی تۆم چییە؟!، من یەکەم کەس بووم کۆمەکم بۆ ڤێتنامییەکان کۆکردەوە ئێستاش هەر یەکەم کەسم کۆمەک بۆ ئاوارە کوردەکان کۆدەکەمەوە!. ئەوەبوو پەرلەمانتارەکە پێیوتم: ئەها کاتی خۆی پێمووتی، ئەوە ئەمڕۆش خۆری ئێوە لە هەڵهاتندایە و دنیا بە ئێوەوە خەریکە، تاوەکوو بتانکەنە حکومەت. بەڵام دوای پرۆسەی دانوستان و چوونی وەفدی بەرەی کوردستانیی ئەوکاتە، بە سەرۆکایەتی “مام جەلال” و یاوەرێتی “رەسوڵ مەمەند و سامی عەبدولڕەحمان و نێچیرڤان بارزانی” ئەو ئەندام پەرلەمانەی سوێد بە سەرسامییەوە وتی: نەتانتوانی کەڵک لەو هەلە وەرگرن، لەوە زیاتریش ئێمەتان تووشی شۆک و شەرمەزاریی کرد.

مەبەستمە بڵێم لەو سەروەختەدا کە هێشتا سەدان هەزار کەس لە کامپی ئاوارەکاندا بوون، سەدان بنەماڵە لە پرسەی ماتەمینی لە دەستدانی کەسوکاریاندا بوون، بڕیاری پەلەپڕوزکێی رووکردنە بەغدا و دەستپێکردنەوەی خولە دۆڕاوەکانی دانوستان، هیچ لۆژێکیک و هیچ مۆراڵێک و هیچ عەقڵانییەتێکی سیاسیی پشتگیریی لێ نەدەکرد. کریس کۆچێرای رۆژنامەنووس و کوردناسی فەڕەنسیی بە سەرسووڕمانەوە لەبارەی ئەم هەڵوێستەی سەرانی بەرەی کوردستانییەوە دەنووسێت “لە رەوشێکدا کە بەشێوەیەکی خێرا رای گشتیی دنیا لە زەمینەی پشتیوانیی و یارمەتی بەسوودی کوردەکان بەرەو فراوانبوون دەچوو، ئەوان ئەم کاتەیان بۆ دانوستانی نوێ لەگەڵ سەدام حسێن هەڵبژارد، لەگەڵ ئەمەشدا، حکومەتەکانی رۆژئاوا لە ژێر فشاری رای گشتیی بۆ یەکەمین جار چەند بڕیارێکیان بە مەبەستی پاراستنی کوردەکان پەسەندکرد، بۆ ئەم کارەش هەزاران سەربازی کارامەیان بۆ وەڵامدانەوەی پێشێلکاریی هێزی هەوایی عێراق ئامادە کرد کە رێگایان نەدەدا هیچ گومانێک لە بەرامبەر پاراستنی هەوایی ناوچەکانی کوردستان پەیدا بێت. رابەرانی کورد لە هەلومەرجێکی سەرسامدا دەستیانکرد بە گفتوگۆ، لە کاتێکدا هەزاران کورد لە سەرما و بەفردا گیانیان سپارد، جەلال تاڵەبانی و سێ کەسی دیکە لە رابەرانی کورد لە تەلەفزیۆن بینران و سەدامیان لە ئامێز گرت و ماچیان کرد، (ئەمە گوناهێکی گەورەیە، هەنگاوێکە بۆ خۆکوژیی)، ئەم وتەیە لەلایەن نوێنەرێکی پارتی کۆمۆنیستی عێراق لە پاریس بەیانکرا”.

بەم جۆرە سەرکردایەتی بزووتنەوەی کوردیی لەو هەلومەرجە نوێیە نەیتوانی کەڵکێکی ئەوتۆ وەربگرێت، بەڵکو دیسان رێگە تەقلیدییەکانی خۆی گرتەوە بەر کە بریتیبوو لە یاریی هەمیشە کورد تیا دۆڕاوی دانوستان دەگەڵ بەغداد. تەنانەت سەرکردەکانی کورد بێ گوێدانە ئەو هاوسۆزیی و هاوپشتیوانییە جیهانییەی لەو وەختەدا لە کورد دەکرا و داوای گرەنتی زیاتر دەکرا بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتیانی کورد، پشتیان کردە واقیع، روویان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی وەرگێڕا و قیبلەنمای خۆیان ئاڕاستەی بەغدادی پایتەختی وردوخاشکردنی خەونی کورد و پلانە جەهەنەمییەکانی لەناوبردن و گەلکوژیی کورد کردەوە. تەنانەت “نەوشیروان مستەفا” ساڵی رابردوو لەرێی ئەو زنجیرە وتارەی لەرۆژنامەی “رۆژنامە” بڵاویکردەوە لەمەڕ مفەوەزاتی ساڵی 1991، باس لەوە دەکات وەختێک بە مام جەلال وترا، پێویستە لەگەڵ سەدام وریابین و پێویستمان بە گرەنتی نێونەتەوایەتی هەیە، ئەو لە وەڵامدا وتوویەتی “ئێمە گرەنتی نێودەوڵەتیمان ناوێت، سەدام خۆی گرەنتییە”. ئەگەر لەم وتەزایە کەمێک وردبینەوە و لیکۆڵینەوەیەکی تاقیگەیی بۆ بکەین، دیسان راستیی ئەو بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە کوردییە فیدراڵیخوازەمان بۆ دەردەکەوێ هەمیشە چاوی لە بەغداد بووە و لەبری بنیاتنانەوەی کوردستانێکی سەربەخۆ و هەنگاوی دەوڵەت، خەونی بە برابەشیی و بەشدارییکردنی حکومەتەوە بینیوە لە بەغداد، هەر ئەم فاکتە ساکارە نیشانمان دەدات بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی فیدراڵیخواز هەمیشە هەموو هەلەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی دەکاتە قوربانیی گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، تەنانەت دەوڵەتی کوردستان ناگۆڕێتەوە بەو بڕە مافە کرچ و کاڵەی بەغداد بە منەتەوە پێیدەدات.

جەلال تاڵەبانی و کۆی سەرانی بەرەی کوردستانی چەندان ئەزموونی تریان لە بواری دانوستان لەگەڵ سەدام و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەبوو، سەرئەنجامی هەموو مفەوەزاتەکانیان بینیبوو، کە جگە لە هەڵگیرساندنەوەی خولێکی تری جەنگ و شەڕی نابەرابەر شتێکی تر نەبووە. تەنانەت دوای چوونی مام جەلال و شاندەکەی هاوڕێی، لە لێدوانێکیدا، مام جەلال دووپاتی دەکاتەوە بڕوای بە مفەوەزات و گرتنەبەری رێگەی بەغدا نەبووە، بەڵام ترسی لە دروستبوونی ئەرمینیایەکی تر لە تاراوگە وەهای لە سەرکردەکانی بەرەی کوردستانی کرد، بگەنە بڕیاری دانوستان، ئەو دەڵێت “من دژی گفتوگۆکردن بووم، بەڵام ئێمە ناتوانین تەنیا وەکوو پارتێکی سیاسیی کار بکەین، ئێمە سێ ملیۆن ئاوارەمان هەیە کە دەبێت بیر لە چارەنووسیان بکەینەوە، ئێمە دەمانەوێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان و ماڵەکانیان دروستبکەنەوە”. لە باری واقیعیشەوە مفەوەزات نەیتوانی هیچ بۆ کورد بەدەستبهێنێت جگە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شار و شارۆچکەکان، بەڵام لە روویەکی ترەوە زیانێکی گەورەی لە دۆزی کورد دا و گەورەیی و شکۆی کۆڕەوی کەم کردەوە، هەرئەمە وایکرد هاوسۆزیی هاووڵاتیانی دنیا کەم بێتەوە و بەم هۆیەشەوە حکومەتەکانی رۆژئاوا رزگاریان بوو لە فشاری ئەو رای گشتییەی لەسەریان بوو بۆ هاریکاریی و پاڵپشتیکردنی مرۆیی و سیاسیی گەلی کورد.

کارەساتەکە ئەوە بوو شاندی کوردیی لە بەغداد هیچ شتێکی سەوز نەکرد و وەک هەموو جارەکانی تر بەدەستی بە تاڵ گەڕانەوە، بەڵکو بۆ خولێکی تر سەدام حسێن و رژێمەکەی وەها لێبکەن هەندێک ماف بۆ کورد بەرەوا ببینن و دانی پێدابنێن. هەروەکوو “نادر ئینتیسار” نووسیوێتی “وەفدی کورد بۆ گفتوگۆکردن بە سەرۆکایەتی تاڵەبانی هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ئیمزا نەکرد، بەڵام خولێکی دیکەی گفتوگۆی عێراق و کورد لە حوزەیرانی ساڵی 1991دا دەستیپێکردەوە”. کەوابوو دانوستانی ساڵی 1991 نەک هەر هیچی بە کورد و خەباتە نەپساوەکەی لە پێناوی سەربەخۆییدا نەبەخشی، بەڵکو بووە یەکێک لە گرنگترین فاکتۆرەکانی نابووتکردنی کۆڕەو و کەمکردنەوەی راددەی هاوکاریی و پاڵپشتیی جیهانیی بۆ کورد. چوونکە کورد لە رێی مفەوازەتەوە پەیامی ئەوەی بە جیهان گەیاند: پێویستیی بە هاوکاریی کەس نییە و دەتوانێت لە رێی مێزی گفتوگۆوە قەناعەت بە حکومەتی بەغداد بهێنێت و دۆزی نەتەوایەتی خۆی لەگەڵ ئەو بگەیەنێتە خاڵی چارەسەرکردن. لە کاتێکدا ئەم هەوڵانە، کەوتبوونە دوای رووداوەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و قەلاچۆکردنی کورد و خاپوورکردنی گوند و ئاواییەکانی کوردستان، کەوتبوونە دوای هەموو ئەو نەهامەتییانەی کورد کە لە سەدەی بیستەمدا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەسەریدا هێنرابوو.

لەگەڵ ئەوەدا هێشتاش سەرکردەکانی کورد لە بری بەکارهێنانی کارتی کۆچڕەوی ملیۆنیی خەڵکی کوردستان بۆ دروستکردنی دەوڵەت، کەچی بەپێچەوانەوە کردیانە هۆ و بەهانەیەک بۆ رووکردنەوە بەغداد و درێژەدان بە مانەوەی خاکی باشووری کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی بەزۆر داسەپاوی عێراقدا. هەروەک “م.شێرزاد حەسەن” لە وتارێکیدا دەنووسێت “لەوەتەی هەین پەیوەندیی نێوان کورد لەگەڵ عەرەب و فارس و تورک، پەیوەندییەک بووە کە سنوورەکانی نێوانمان سنووری مەرگ و خوێن بووە، گەورەترین درۆ ئەوە بووە ئێمە لەگەڵ ئەواندا براین، برایەتیی بڕیارێک نییە لەناو ئەو مێژووە درۆزنەدا بوونی هەبووبێ، مێژوویەک کە جگە لە زمانی شمشێر و بارووت هیچی دیکەی نەزانیوە. مێژوویەک کە حوکمێکی کەڵەگایی بەوان بەخشیوە و بۆتە حوکمێکی پیرۆز و خواهانە، ئەوانە هەمیشە رۆڵی ئاغا و بەگلەر و ئێمەش رۆڵی مسکێن و پاڵە و سەپانیمان بینیوە، ئەوان سەردار و ئێمە کۆیلە، ئەوان دەسەڵاتدار و ئێمەش ژێردەستە، ئەوان پتر لە هەزار ساڵە بە کولتوورێکی خوێناویی خۆیانەوە سواری کولتووری ئێمە بوون و چییمان هەبوو لێیان سەندین، بە زەبری شمشێر و باج و خەراج مێژوویەکی زۆڵی خۆیان کرد بە مێژووی زاڵ بەسەر ئێمەدا”.

بە کورتی لەوەتی سەدەی بیستەم هاتووە و کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی کۆنەپەرستی ناوچەکەدا دابەشکراوە، کورد هەر گیرۆدەی ستەمی میللی و نەتەوەیی نەبووە، بەڵکو لەهەمان کاتدا گیرۆدەی ئەو ئاوەزە سیاسییە کورتبین و ناواقیعییەش بووە، هەموو کات بە زمانێکی نەرمونیانەوە دروشمی برایەتی درۆزنانەی نەتەوەی چەوساوە و ژێردەستی کوردی لەگەڵ نەتەوەی سەردەست و دەسەڵاتداری داگیرکەری کوردستان هەڵکردووە، ئاخر برایەتیی لە درۆیەکی شاخدار بەولاوە چیترە، ئەگەر خۆمان بەبرای ئەوانە بزانین ئەنفالیان کردووین و بستێکی خاکی عێراق نەماوە جەستەی مرۆڤێکی ئێمەیان تێدا نەشاردبێتەوە؟. هەر کاتێک جوولەکەکان خۆیان بە برای نازیست و ئەڵمانە توندڕەوەکان زانی، هەر کاتێک ئەرمەنەکان بوونە برای گیانی بە گیانی عوسمانلی و تورکەکان، هەر کاتێک فەلەستینییەکان بوونە بە برای یەهوودییەکانی ئۆرشەلیم، ئەوکات کوردیش دەتوانێ و مافی خۆیەتی دروشمی برایەتی لەگەڵ نەتەوە سەردەستەکان هەڵبکات و گوێی دنیای پێ کەڕ بکات.

ئاخر هەر ئەم کولتووری خۆ بە کەمزانین و خۆ بچووککردنەوەیە بووە، ئێمەی وەها لێکردووە هەر بە داگیرکراویی و ستەملێکراویی بمێنینەوە. نابووتکردنی کۆڕەو بە ئەنجامدانی مفەوەزات یەکێکە لەو دەیان هەڵە و هەنگاوە سیاسییە کوێرانەیەی هەمیشە هەلە زێڕینەکانی لە کیس کورد داوە. بەڵام ئیتر سیاسەت وایە بچووکترین هەڵە گەورەترین هەڵدێری لە پشتەوەیە، بچووکترین زرنگیی گەورەترین سەرکەوتنی بەدەمەوەیە، وەلێ بەداخەوە کورد بە چەشنی پەندێکی پێشینانی لێ بەسەرهاتووە کەدەڵێت “لە شوێنێک عەرد هەیە و ئاو نییە، لە شوێنێکی دیکە ئاو هەیە و عەرد نییە”. مێژووی ئێمەش هەروا بووە یان ئەوەتا سەرکردەی زرنگ و نەتەوەییمان هەبووە و واقیع و دنیا لە دژی بوون، یان دنیا لەگەڵمان بووە و واقیع شانسی پێداوین، سەرکردەی باشمان نەبووە، سەرکردەیەک وەک گاندی بێت یان هیچ نەبێت بیسمارک بخاتەوە بیرمان. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نابووتکردنی کۆچڕەوی میلۆنیی کورد لە بەهاری 1991، ئەگەر تاوانێکیش نەبێت بۆ سەرانی بەرەی کوردستانی، ئەوە بە ئاسانیی دەتوانین بڵێت گەورەترین هەڵەی مێژوویی بوو بە درێژایی تەمەنی خەباتی گەلی کوردستان لە سەراپای سەدەی بیستەمدا.

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە “619”ی رۆژنامەی “کوردستان راپۆرت” لە رۆژی 19-4-2009 بڵاوبۆتەوە.




مروارییەکانی ئەوین.. مرواری چوارەم.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

ماچێکت ئەکەم بە لێوەکانتەوە بمێنێتەوە
کاتێ پێدەکەنیت
ماچێکت ئەکەم بە پێڵوتەوە بمێنێتەوە
کاتێ فرمێسک ئەڕژی


دڵتەنگییەکانت
بۆ ئەکەمە گوڵدانێکی پڕ کریستاڵی بزە
تابلۆی شادییەکانیشت
بۆ ئەگرمە چوارچێوەی هەتاو


چرپاندنم بە گوێی ئازارەکانما
چیتر نامەوێ سروودی بێ تاقەتی بڵێمەوە
نامەیەکم بۆ نووسیت کە بێیت و
بە ڕەنگە تۆخەکانی پێکەنین نۆژەنم بکەیتەوە


قەدیسێکم لە پەرستگای رووخاوی دڵدا
تەرانیمە بۆ تەنهایی ئەخوێنمەوە
عارفێکم کونجی مەیخانەم گرتووە
بیر لە سووتانی رەزی رۆحم ئەکەمەوە


چ هەقیقەتێکە کە ماتماتیکی عەشقمان ئەوەیە:
من لەگەڵ تۆ یەکسانین بە یەک؟
چ درۆیەکی زلە فیزیای دابڕان
منی مەجنوون لەگەڵ تۆی لەیلا ئەکاتە دووان؟


خۆم بدەمە بەر شنەبا یان گێژەڵووکە
هەر کامیان بێت دەمهێننەوە بەردەم تۆ!
خۆت بدەیتە دەست رەشەبا
یا رووبارێکی پۆستەچی ئەتخەنەوە سندووقی دڵم


هێندە سەیری ئاسمانم کردووە
باران غیرە ئەکات ئاشقی کام ئەستێرە بووم
هێندەم شیعر بۆ نووسیووی
قەڵەم لە دوورەوە ئەتناسێ و ئیرەییت پێ ئەبا


چیرۆکی ژوانمان کەوتە ناو
دەفتەرە خۆڵەمێشییەکانی بیرەوەریی
حکایەتی ماچەکانمان کەوتە نێو
گەرووی بێروونی وشکە ساڵی


بە زمانی نیگا پێت وتم
خۆشەویستیت رژاوەتە نێو هەستم
بە زاری دڵ پێم وتی
ژنێک لە بنەچەی گوڵ بووەتە قیبلەم


خەیاڵیش بێت
هەر لە کیشوەری عەشقتا بەیداخ هەڵئەکەم
خەونیش بێت
دەرگای ئەو خەونە وەنەوشەوییە لەخۆم دائەخەم


ئەگەر ئەوینت گڕ و ئاگریش بێت
ئەبمە ئاگربازترین پیاو
ئەگەر عەشقت رووباریش بێت
ئەبمە خنکاوترین مەلەوان


تۆم لە شاری مۆم و رووناکی و
لە کوچەی عەشق دۆزییەوە
منت لە مەملەکەتی شیعر
لە هەڵبەستی سووتاندا ناسی


کەنار رووباری راین




ئیسلامگەراى توندڕەو، ئیسلامگەراى میانڕەو.. نوووسینی: ستیڤان شەمزینی

بۆ قسەکردن لەسەر دیاردەیەکى وەک ئیسلامى سیاسیى پێویستیمان بە رووبەر و پانتاییەکى فراوانترە بۆ ئەوەى بتوانین بەشێوەیەکى گشتیى و لە تەواوى سیاقە جیاوازەکانەوە لەو دیاردەیە بدوێین، بەڵام من لێرەدا لەسەر سێ ئاست یان راستر بڵێم لەسەر سێ تەوەر قسە دەکەم کە بەم شێوەیە تەوزیفى دەکەم:

تەوەرى یەکەم : ئیسلامگەرا چییە؟
دوا بەدواى هەڵوەشاندنەوەى دەوڵەتى خەلافەتى عوسمانلى لە دوانزەى ئازارى ساڵى 1924دا لەلایەن تورکە کەمالییەکانەوە، بە چەند ساڵێکى کەم یەکەمین گروپى ئیسلامى ریشەییخواز لە میسر بە نێوى گروپى (برایانى موسڵمان ــ اخوان المسلمین) دروست بوو کە مەهامى سەرەکى ئەم دەستەیە گەڕانەوەى دەسەڵاتى دەوڵەتى خەلافەت بوو بۆ سەر شانۆى سیاسیى، لێرەوە لە نێو دنیاى ئیسلامیدا زەمینە سازبوو بۆ سەرهەڵدان و پێکهاتنى چەندین گروپى ترى ئیسلامى رادیکاڵى کە هەموویان خەونیان بە گێڕانەوەى دەوڵەتى خەلافەتەوە دەدى، کە دەتوانین (إخوان المسلمین) بە دایکى هەموویان دابنێین، لە هەناوى ئەو گروپەدا چەندین گروپى تر دێنە دەرەوە کە هەر یەکێکیان بە ئاڕاستەیەکى جیاواز هەنگاو بەرەو ئەو خەونە دەنێت.

ئەم رەوتانە بێ هیچ خوێندنەوەیەکى عەقڵانى و ژیربێژیى و دیدێکى نوێ و هاوچەرخ بۆ چەمکە قورئانى و ئیسلامییەکان بە هەمان تاکتیکى سەردەمى پێغەمبەر (محەمەد)ەوە، کەوتنە کار بۆ کۆنترۆڵکردنى جیهان یان باشتر بڵێین بۆ پاشەکشەپێکردنى جیهان بۆ دۆخى رابردوویەکى دوور کە لە تێڕوانینى ئەواندا ئەو رابردووە رابردوویەکى بێ خەوش و بێگەردە و کۆمەڵى پێشین (سلف) کۆمەڵێکى نموونەیى (مثالی) بێ هاوتا بووە، ئەرشیفى ئەو رابردووە بە راددەیەک خەنى و دەوڵەمەندە کە وەڵامى هەموو پرسیارە عەقڵانى و مەعریفییەکانى مرۆڤى کۆن و نوێ و کۆمەڵى کۆن و نوێى داوەتەوە، هەر بۆیە پێویست ناکات مرۆڤ لە غەیرى ئەم رابردووە پاکە بۆ شتێکى تر بگەڕێ.

هەروەک چۆن (ئەبوبەکرى سدیق) دەیگووت (گەر بۆ گوریسى ملى حوشترەکەم بگەڕێم لەنێو قورئاندا دەیدۆزمەوە) ئەم رەوتەش بە هەمان شێوە رابردوو و دینەکەى گشتگیر دەکات و دەیەوێ جارێکى تر کتومت بێ هیچ جیاوازییەک ئەو رابردووە وەک خۆى بگەڕێنێتەوە بە بێ لەبەر چاوگرتنى هەلومەرجى بابەتى و کۆمەڵایەتى دنیاى نوێ کە دنیایەکە پڕ لە ئاڵوگۆڕى خێرا. لەم حاڵەتەشدا کۆى ئیسلامگەرەکان بە توندڕەو و میانڕەوەوە هەمان خەونیان هەیە و تەنیا ستایڵى کارکردنى سیاسییان لێک جیاوازە، بەڵام لە دوا وێستگەدا هاوئامانج و هاوڕێگان.

سەربارى ئەمەش ئەم رەوتانە هاتوون تا دەروازەکانى عەقڵ کڵۆم بدەن و دەرگاکانى دیالۆگ دابخەن و بە شێوەیەکى نەقڵى و بێ بیرکردەوە لە نێو تێکستەکان و مێژوودا شوێنکەوتە بن، چوونکە هەموو جۆرە لۆژیکبازییەک لە فەرهەنگى ئەواندا یەکسانە بە زەندیق بوون (فمن تمنطق تزندق) و مافى بیرکردنەوە و رامان و هەڵوێستەکردن لە دەرەوەى کتێب و سووننەت و راى کۆى زانایان (إجماع العلماء) رەت دەکەنەوە، تەنانەت ئیخوانەکان دوژمنى سەرەکى ریفۆرمخوازیى و نوێگەرانى بیرى ئیسلامى بوون و بە هەمان شێوەى حەنبەلییەکان کەوتنە دژایەتیکردنى رۆشنفکران و موسڵمانانى نوێخواز، گەر لە رابردوودا حەنبەلییەکان بەربەستى یەکەمى بەردەم رەوتێکى عەقڵانى وەک (معتزلە) بووبن ئەوا ئیخوانەکان و ئیسلامگەراى هاوچەرخ بەربەستى سەرەکى بەردەم رێنسانسى ئیسلامى بوون کە (محەمەد عەبدە ــ جەمالەددین ئەفغانى) پێشەنگى بوون، لەم چەرخەشدا (د.نەسر حامد ئەبوو زێد ــ د.محەمەد ئەرگۆن و چەندانى تر) خەڵکانێکى ناسراو بوون لە هەمان بواردا.

تەوەرى دووەم : توندڕەویى و میانڕەویى

بەر لە هەر شتێک جیاکاریى و پۆلێنکردنى ئیسلامگەرەکان بۆ سەر دوو پایەگا، کە یەکەمیان پایەگاى توندڕەوەکانە و هەموو جۆرە عەقڵ و گفتوگۆ و زمانى پێکەوە هەڵکردنێک نراوەتە لاوە، بە پێچەوانەشەوە پایەگاکەى تر بڕواى بە دیموکراسى و دیالۆگ و هاوئاهەنگى هەیە و بیروڕاکانى خۆى بەسەر ئەوى دیدا ناسەپێنێت و بەشێوەیەکى بەرچاو کراوەیە کە زیاتر لەنێو ئەم پایەگایەدا پەنجە بۆ (إخوان المسلمین) درێژ دەکرێت. لە بنەڕەتەوە هەڵەیە، چوونکە لە راستیدا ئیسلامگەراى توندڕەو و میانڕەو بوونى نییە، هەر چەندە دەتوانین موسڵمانى توندڕەو و میانڕەو لێک جودا بکەینەوە، بەڵام ئەوى لەنێو ئاڕاستەى ئیسلامگەرایدا بێت ناتوانرێت وەک میانڕەو وەسف بکرێت، چوونکە کۆى ئیسلامگەرەکان لە توندڕەویدا یەکانگیر و هاوبەشن.

لێرەدا جێى خۆیەتى ئەو پرسیارە لەو ئیسلامگەرانە بکەین کە خۆیان بە میانڕەو دەزانن: ئایا باوەڕى خۆیان ئیلغا کردۆتەوە بە ئایەتەکانى جیهاد و هاندانى کوشتن و توندوتیژیى؟ ئایا میانڕەوەکان سورەتى (التوبە)یان لە قورئانەکەى بن باخەڵیان دەرهێناوە؟ ئایا میانڕەوەکان هێشتا بڕوایان وا نییە بەهەشت لە ژێر شەبەنگى شمشێردایە؟ ئایا میانڕەوەکان جورئەتى ئەوە دەکەن کە حەدیسەکانى جیهاد و تاڵانى پشتگوێ بخەن و بڵێن سەردەمى کارپێکردنیان بەسەرچووە؟ ئایا میانڕەوەکانیش تەکفیرى ئەو کەسانە ناکەن کە رەخنە لە ئیسلام و پارتە سیاسییەکانیان دەگرن؟.

بێگومان تاکە شتێک رەوتى میانڕەو لە توندڕەو جیا دەکاتەوە لەوەدایە کە ئەوى یەکەمیان هەلومەرجى بابەتى خوێندۆتەوە و دەزانێت پارسەنگى هێز بەلاى کێدا لارە، بەڵام ئەوى دووەمیان بەبێ تێگەیشتن لە زەمینە و واقیع بەشێوەیەکى هەڵچووانە بانگەشەى بەکارهێنانى زەبروزەنگ دەکات، گەر وردبینەوە لە مێژووى (إخوان المسلمین) لە نزیکەوە بەر ئەم راستییە دەکەوین: بۆ نموونە لە سەرەتاى کارى ئەو گروپەدا بەشێوەیەک دەردەکەون وەک کۆمەڵێکى ریفۆرمخواز، لەو ساتەوەختەشدا (حسن البنا) دەیووت (لەگەڵ خەڵکى وەک دار وابن گەر بەردیان تێگرتن ئەوا ئێوە بەریان تێبگرن)، بەڵام لەوکاتەى کە دەبنە رێکخراوێکى تۆکمە و بە نفوز دەمامکەى سەرچاویان لادەدەن و لەم لەحزەیەدا (حسن البنا) دەڵێ (ئەوەى لەبەردەم هاووڵاتیانى میسردایە، هەڵبژاردنە لە نێوان دوو سەنگەردا: پەیوەندیکردن بە ئیخوانەوە یان دژایەتیکردنمان). بەنا، رێگەى سێیەم نابینێ و هەر دۆستایەتى نەکردن و قبوڵنەکردنێکى بە دوژمنایەتیکردنى تێدەگات.

تا دەگات بەوەى ئیخوانەکان هەڵدەستن بە دەرکردنى گۆڤارى (النذیر) کە لە راستیدا ناوى گۆڤارەکە هەڵگرى گەلێک مانا و مەدلولاتى تایبەت بە خۆیەتى کە گرنگترینیان بریتییە لە تەعبیرکردن لە هەستى توندوتیژیى گروپەکە. ئیدى لە پرۆسەیەکى لەسەرخۆدا گروپەکە بەرەو رەوتێکى چەکداریى دەڕوات و (حەسەن بەنا)ش باسى جیهاد دەکات و ئەمجارەیان لە جیهادى دەروونەوە باز دەدات بەرەو جیهادى کوشتنى نەیاران. هەر لەم بارەوە بەنا دەڵێت (جیهاد فەرزێکى پێویست و ئاشکرایە کە هەر دەبێت بکرێت). ئیدى لەم بەروارە بەدواوە ئەم گروپە چەندین جموجۆڵى چەکداریی و جیهادیى بەڕێدەخات کە تیرۆرکردنى (نەقراشى پاشا) نموونەیەکى هەرە بەرجەستەیانە.

لە کوردستانیش لەبەردەم هەمان ئەزموونداین، یەکگرتووى ئیسلامیى کە راستەوخۆ لقێکە لە (إخوان المسلمین) و ناشکرێت بە هیچ جۆرێک مێژووى یەکگرتوو بە جیا لە مێژووى (إخوان) سەیر بکرێت، بێ لەوەشى یەکگرتوو لەو چرکە ساتەدا خۆى رادەگەیەنێت (1994) کە هیچ مەترسییەک لەسەر کورد و پاکتاوى گەلەکەى نەماوە، رۆڵى هەبووە لە بەرهەمهێنانى توندوتیژیدا، هەرچەندە گەلەک هەوڵیانداوە بۆ ئەوەى خۆیان بە جیا بگرن لە رەوتە ئیسلامییەکانى تر (کۆمەڵ و بزووتنەوە) بەڵام لە واقیعدا یەکگرتوو و هەموو ئەوانیتریش یەک ستراتیژییان هەیە و سەر بەیەک شێوەى بیرکردنەوە و دنیابینین بۆ دەرەوەى خۆیان و دەوروبەریان، بەڵام بە کەمێک جیاوازییەوە. کە دەتوانین بڵێین گەر گرووپى (قاعیدە و داعش) باڵى عەسکەریى ئەو بزووتنەوەیە بێت، ئەوا یەکگرتوو باڵە سیاسییەکەیەتى.
رەنگە یەکگرتووى (میانڕەو) بەشێوەیەک پەرە بدات بە کولتوورى زەبروزەنگ کە لە توندوتیژییەکەى (قاعیدە و داعش) جیاواز بێت، لەوانەیە (داعش) لەبەر مەنبوزبوونى خۆى و بچووکبوونەوەى قەبارەکەى تواناى ئەوەى نەبێ لە نێو کایە کولتوورییەکەدا تیرۆر بەرهەم بهێنێ، بەڵکو تەنیا دەتوانێت فەزایەکى نائارام بەرجەستە بکات، بەڵام یەکگرتوو بەهۆى بەهێزیى و فراوانى قەبارە کولتوورییەکەى لە توانایدایە کار لەنێو لایەنە کولتووریى و کۆمەڵایەتییەکاندا بکات.

یەکگرتوو لە رێگەى رایەڵى راگەیاندن و مینبەرى مزگەوتەکانەوە فەتوا دەدات و مەلاکانیشى رۆژانە لە وتار و وەعزەکانیاندا نەفرەتى ئاسمان بەسەر هەموو ئەوانیترى دەرەوەى خۆیاندا دادەبارێنن!، دیسان ئەوە هەر یەکگرتووە دەیەوێت رەخنەگران و رۆشنبیرانى نەیار بئاڵێنێتە تەلبەندى رقى خەڵک و وێنایەکى ناشیرینیان لە نێو زەینى خەڵکدا بۆ دروست دەکات و هەمیشە هەر رەخنەگرتنێک لە ئیسلامگەرەکان یەکسان دەکاتەوە بە رەخنەگرتن لە خوا و پێغەمبەرەکەى، چوونکە ئیسلامگەرەکان خۆیان بە سێبەرى خوا دەزانن لەسەر زەوى. لەبەر ئەوە لە سترۆکتۆرەوە ئەو پۆلێنکردنەوەى کە لەسەرەوە باسمان کرد بە هەڵەداچوونە ئەگەر نا لە جەوهەر و ماهییەتدا هەموو رەوتە ئیسلامگەرەکان یەک شتن و دووڕووى دراوێکن.

تەوەرى سێیەم : ئیسلامگەراى کوردستان و کێشەى نەتەوەیى
لەم چاپتەرەدا دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە ئایا ئیسلامگەرەکانى کوردستان تا چەند بەشداربوون لە خەباتى ئازادیخوازانەى گەلى کوردستان و شانبەشانى هێزەکانى دیکە لە سەنگەردا بوون بۆ بەرگریکردن لە کوردبوون و ستەملێکراویى ئەو گەلە؟ کە لە راستیدا ئیسلامگەرەکان نەیانتوانیوە (نەیانویستووە) لە قۆناغى سەختەکاندا بوونى خۆیان ئاشکرا بکەن، بۆ نموونە سەرەتاکانى سەرهەڵدانى (إخوان) لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانى سەدەى رابردوو کەچى ساڵى (1994) دواى راپەڕین لە ژێر ناوى (یەکگرتوو)دا خۆى رادەگەیەنێت، تەنانەت ئەوان لە قۆناغە هەستیارەکانى خەباتى شاخدا تەواو بێدەنگن و وەک حەلقەیەکى نهێنى زۆر بچوک دەمێننەوە.
لە ماوەى چەندان ساڵی رابردووشدا و لە ئەزموونى کارکردنى رەوتە ئیسلامگەرەکانەوە بەشێوەیەکى کرداریى بینیمان نەیانتوانیوە لەنێو چوارچێوەى کوردبوون و خەباتى سەربەخۆیى کوردستاندا کار بکەن، بە پێچەوانەوە خزمەتگەلێکى زۆرى کولتوور و ناسیۆنالیزمى عەرەبیان کردووە، گەشەکردنى ئەم فۆرمە لە ئیسلامگەریى بەشێکە لە پرۆسەى گەشەکردنى بیرى پان ناسیۆنالیزمى عەرەب، چوونکە ئیسلام رەگەزێکى هەر گرنگى عروبەیە! هەروەک (میشێل عەفلق)ى تیۆرسیۆنى بەعسیزم دەڵێت (پەیوەندیى نێوان عروبە و ئیسلام وەک پەیوەندیى جەستە و گیان وایە).

یەکگرتوو بە ریالی سعودى و دەوڵەتانى خەلیج بە ناوى فریاکەوتنى هەژاران و خێرخوازییەوە دەبێتە جێبەجێکارى پڕۆژەکانى نەتەوەپەرستانى عەرەب، چونکە جێگەى گومانە کە عەرەبە (خێرخوازەکان) بە تەنیا مزگەوت لە کوردستان دروست دەکەن (وەک ئەوەى کەممان هەبێت). لە کاتێکدا لەو چرکەساتە زێڕینانەى کە یەکگرتوو مزگەوتى دروستدەکرد هەر ئەو جەماوەرە موسڵمانە بوو کە یەکگرتوو مزگەوتى بۆ بونیاد دەنا لە هەژارییەکى کەم وێنەدا دەژیا. ئەو عەرەبەى کە ملیۆنەها دۆلار و ریال دەخاتە سەر حساب بانکى یەکگرتوو، بە خۆڕایى ئەم بڕە خەیاڵییە بە فیڕۆ نادات لەبەر ئەوەى دەزانێت بەهێزبوونى رەوتى ئیسلامى بونیادگەریى لە کوردستان بە ماناى پووکانەوەى بیرى نەتەوەییە و بەمەش رێگا تەخت دەبێت لەبەردەم عەرەب تا لە کەنداوەوە بۆ ئۆقیانووس بە زێدى رەسەنى خۆى بزانێت.
لە هەمووشى سەیر ئەوەیە کە یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى یەکگرتوو کە تا کاتى نووسینى ئەم بابەتەش لە (دەوحە) دەژى بە عەگال و دشداشەوە نوێژى بە کۆمەڵ دەکات و دوعا بۆ برا موجاهیدەکانى خۆى دەکات لە فلیپین و کشمیر بەبێ ئەوەى لە بیرى بێت کە خەڵکى کوردستانە و گەلەکەى خۆیشى لە هەموو ئەوانە چەوساوەترە، بەڵکو لە هەمووشى گرنگتر عەرەبى دشداشە لەبەر ئەو غەدر و ستەمە گەورەیەى لە گەلەکەى کردووە. ئەمە جیا لەوەی سەرۆکی رابیتەی ئیسلامی واتە عەلی قەرەداغی دۆستی گیان بە گیانی خوێنمژێکی بێ ئابڕووی وەک ئەردۆگان و حزبەکەیەتی. ئەگەرچی من بە هیچ شێوەیەک بڕوام بە ناسیۆنالیزم نییە، بەڵام ئێش و ئازاری گەلی کورد لە هەر شوێنێک بێت ئازاری دڵم دەدات، کەچی ئیسلامییەکانی کورد نە وەک موسڵمان نە وەک هاونیشتمانی، هاوسۆز نین لەگەڵ ئێش و ئازاری گەلەکەیان نەخاسمە خۆیان بەر شان بخەنە ژێر ئەو ئێش و ئازارە.

نوووسینی: ستیڤان شەمزینی
سوێد – ستۆکهۆڵم




مروارییەکانی ئەوین.. مرواری سێهەم/ شیعر: ستیڤان شەمزینی

پێم بڵێ لەکام گۆشەی شیعردا
پەنهان و بێ سرتە هەناسەت ئەدا؟
بیرمە کەوتیتە خەرەندی کتێبێکەوە
بە تیشکی حەرف وشیعرەوە!


ئەستێرەناس نیم بەڵام تۆم
لە هەموو ئەستێرەکان پێ ڕەونەقدارترە
شێخی سەنعانم و لەئافاتی رۆژگاری شوومدا
توند توند دەستم بگرە!


شارێکی کەشخە بووم
پێش ئەوەی بکەومە ژێر زرێباری فرمێسکەکانت
بەبێ تۆ دەوارێکی کۆن و شڕم
بەدەم هەڵمەتی گورگانەی ڕەشەباوە


پێش ئەوەی لافاوی مەرگ بمبا
بە ماچەکانت پڕم بکە لە ژیان
لە دوای مەرگیش
بە تەنها باوەشێکت وەک کانی ئەژێمەوە


گوێ لە موناجاتی موغێکی ئاشق بگرە
پێش وەرینی گوڵی تەمەن
لە هەر دێڕێکی ئەو موناجاتەدا
سەدان بزەی خنکاو بدۆزەرەوە


تۆ لەززەتی ماچە تەڕە شەونمییەکانتم
پێ ببەخشە
من هەزاران دێڕە شیعرت
بۆئەکەمە قردێلەی پرچت


بۆ چەند ساتێکیش
بێ بەگەرمی لەشی ناسکت دامپۆشە
پەیمان بێ منیش مەجنونانە
سەدان ساڵ لە عەشقتا ڕۆئەچم


تۆ هەر بۆ یەک جار
خەیاڵێکی ڕەنگاوڕەنگی خۆتم بدەرێ
منیش لە سەدان
خەونی زەرد و سووردا یادت ئەکەمەوە


تۆ یەکجار بە نێرگزەجاڕی باوەشی گەرمت
ئاشنام بکە
منیش دەیان جار بۆ پەیکەری جوانیت
کڕنووش ئەبەم


من ئەو کائینەم دوای سەراب کەوتووم
بۆیە هەمیشە ستایشی ئاو ئەکەم
لە نێو تەمە پرتەقاڵییەکانی خەیاڵدا
خۆم ئەدەمە بەر پرشنگی عاتیفەت


بە زمانی پەپوولە و گیا، بە خوێنی شیعر
زەردەپەڕی عەشقت ئەنووسم
بە فڵچەی گەڵا و بە بۆیاخی پەلکەزێڕینە
رەسمی لەت لەتبوونم ئەکێشم


سوێد – ستۆکهۆڵم




کامەیە ئیسلامیی میانڕەو؟.. ستیڤان شەمزینی

هەمیشە ئەشکالم هەبووە لەگەڵ ئەو پۆلێنەی، رەوتە ئیسلامییەکانی دابەشکردووە، بەسەر دوو ئاڕاستەی، توندڕەو و میانڕەو. چوون لە بناغەدا هەردوو رەوتەکە لە دوا وێستگەدا بە یەک دەگەنەوە، ئەویش دامەزراندنی دەوڵەتی ئاینیی و سەپاندنی بیروڕا تایبەتییە ئیسلامییەکانی خۆیانە. دەتوانم بڵێم ئەو پۆلێنە هەڵەیەکی میتۆدییە. ئەگەر بۆ ناسینەوەی خودی رەوتەکانیش بێت، بۆ لەمەودوا پێویستمان بە تەسمیەیەکی تر هەیە، لەبەرئەوەی یەک ساڵ حوکمی “ئیخوان” لە میسر کە بە رەوتە میانڕەوەکە ناسراوە. بۆی سەلماندین ئەوەی بە هەڵەدا چووە لەم مەسەلەیەدا، ئێمەی عەلمانییەکانین، چوونکە “ئیخوان” هەر ئەو خەونەی هەیە پێشتر “بن لادن” یان “عەلی بلحاج” یان “سەید قوتب” هەیانبوو.

ئەگەرچی هێشتا خەڵکانێک هەن، مکوڕن لەسەر ناوزەدکردنی ئیخوان وەک رەوتی میانڕەو، بەڵام بە دیقەتدان لە مێژووی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئەم رەوتە لە 1928ەوە تا نووکە، پانۆرامایەکە و راستییەک نیشان دەدات: ئیخوان نەک ریفۆرمخواز و میانڕەو نییە، بەڵکو دایکی کۆی رێکخراوە ئیسلامییە تیرۆریستی و جیهادییەکانە. هەر خودی “حەسەن بەننا”ی دامەزرێنەی ئیخوان، پێشتر ئەندامی گروپێک بووە بە ناوی “کۆمەڵەی نەهی عەن مونکەر” کاری ئەم گروپەش ترساندن و هەڕەشەکرن بووە لەو کەسانەی گرنگیان بە ژیانی ئاینیی نەداوە. تەنانەت ئەوانەی وەک خۆی بیریان نەدەکردەوە، بە “خەواریج” پێناسەی دەکردن کە کاریان دروستکردنی ناکۆکییە لە ناو ئیسلامدا، بۆیە لە بەرامبەر ئەوانەدا دەیووت “هەرچی تەفرەقە بنێتەوە، بە شمشێر لێی بدەن”.

هەر “بەننا” داوای لە مەلیک “فاروق” دەکرد، رێگریی بکات لە چالاکیی حزبە سیاسییەکان لە میسر، بەو پێیەی دەبێتە هۆی ناکۆکی، ئەوەش پێچەوانەی شەرعی ئیسلامە. جیا لەمەش لە “پەیامی جیهاد”دا بە راشکاوانە دەڵێت “جیهاد فەرزێکی پێویست و ئاشکرایە، هەر دەبێ بکرێت”. مەبەست لە جیهاد لێرەدا جەنگانە لە دژی ناموسڵمانەکان، نەک رووبەڕووبوونەوەی دەروون. چوونکە بەننا ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر بە سەحیح نازانێت کە دەڵێت گەورەترین جیهاد، جیهادی نەفسە. دواتر لە هەناوی “ئیخوان”دا کەسێکی وەک “سەید قوتب” لە دایک دەبێت، کە باوکی رۆحی ئیسلامییە جیهادییەکانە، ئەم پیاوە لە کتێبی “مەشخەڵەکانی رێگا”دا هەموو جیهان رەتدەکاتەوە و دەڵێت “ئەمڕۆ هەموو جیهان لە جاهیلییەتدا دەژی”. قوتب پێیوابوو ئیسلام بە زەبری شمشێر دەچەسپێت، بۆیەکا پێویستە موسڵمانی راستەقینە شمشێرەکەی لە کێلان هێنابێتە دەرەوە بۆ جیهاد.

بەشێوەیەکی گشتیی ئیخوان کە بە حساب باڵە میانڕەوەکەیە، بە درێژایی مێژووی خۆی نەیتوانیوە بیسەلمێنێ رەوتێکی میانڕەوە و درێژە بە خەتی ریفۆرمخوازانەی “ئەفغانی و محەمەد عەبدە” دەدات. بەڵکو وەک “د.ماهر شەریف” دەڵێ “ئیسلامی سیاسیی کە گروپی ئیخوان موسلمین نوێنەری بووە، لە رەهەندی ریفۆرمە دینییەکەی ئەفغانی و عەبدە دابڕاوە و کاری بەسەرەوە نییە.. ئەو دابڕانە هەموو بەهرەکانی ریفۆرمی دینی وەک رەهەندێکی سەرەکیی ئەندێشە لە باربرد و دەشێ بە بەڵگەی شکستخواردنی بەرچاو روونیی فیکری عەرەب بژمێردرێت”.
وەلێ ئیخوان هەندێک جار و لەو قۆناغانەی هیچ دەسەڵاتێکیان نەبووە پڕۆژەی ئیجابیان هەبووە، وەک ئەوەی ساڵی 2004ی میسر، کە دڵی چەپڕەوێکی وەک “سادق جەلال ئەلعەزەم”ی خۆشکرد بوو، تا ئەو راددەیەی وتی “لەم پڕۆژە چاکسازییە هیچ شوێنێک بۆ گووتارە کۆنەکەی ئیخوان نەماوە، بگرە کۆمەڵێ فیکری لیبرالی مودێرنی دەوڵەتی مەدەنی لە خۆگرتووە”. کەچی دوای 8 ساڵ کە ئیخوان لە میسر دەچێتە سەر دەسەڵات ئەم پڕۆژە بەناو چاکسازیخوازانە دەبنە بڵقی سەر ئاو و ئیخوان بۆ ماکە رەسەنەکەی دەگەڕێتەوە کە بریتییە لە توندڕەویی ئاینیی.

من پێموایە ئیسلامی سیاسیی بە گشتیی، بە “ئیخوان”یشەوە ناتوانن لەگەڵ کرۆکی سیستمی دیموکراتی و لیبرالیزم و مودێرنە هەڵبکەن، ئاخر بە هەڵەکردنیان لەگەڵ دیموکراسیدا، ناتوانن وەک حزبی ئاینیی بمێننەوە، شێوەکەیان دەگۆڕێت بۆ شتێکی دیکە. هەروەک “هاشم ساڵح” بۆی چووە: لێرەوە ئەو پرسیارەی رووبەڕووی (میانڕەوەکان) دەکرێتەوە ئەمەیە: ئایا ئەوان رازی دەبن پرۆگرامەکانی خوێندنی ئاین بگۆڕدرێت، تاکو لە فقهی تەکفیرەوە بگوێزرێتەوە بۆ فقهی بیرکردنەوە؟ یاخۆ لە فقهی سەدەکانی ناوەڕاستەوە بگوێزرێتەوە بۆ فقهی سەدەکانی مودێرنە؟. ئایا دەتوانن عەقڵیان فراوان بکەن و دەستبەردای دۆگماکانیان بن و تێبگەن کە پێشکەوتن شتێکە دەکرێت جێبەجێ بکرێت، بگرە پێویستە جێبەجێ بکرێت تەنانەت لە کاروبای ئاینیشدا؟.
وەک خۆم لەو بڕوایەدام، ئیسلامییەکان ناتوانن ئەمە بکەن، چوونکە ئەو بنەما فکریی و ئایدۆلۆجییەی دەستی بە باڵای ئەوانەوە گرتووە، لەسەر نەفیکردنی بەها مودێرنەکانی سەردەمی دیموکراسیی و لیبرالیزم راوەستاوە. ئیسلامی سیاسیی هەموویان بزافێکن بۆ پێشگیریی لەو سیستمە رۆژئاواییانە دروستبوون، تا ئەوەی کۆمەڵگە لە زەمەنی بیرکردنەوەی سەدەکانی ناوەڕاست رابگرن.
لەوانەیە، کەسانێک هەبن، ئەم بیرکردنەوەی من بە پەڕگیریی یان بێویژدانی و بێ ئینسافى لە قەڵەم بدەن، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە ناکەم، چی دەوترێت، لەبەرئەوەی ئەو ئەزموونە تاقیکراوانەی ئیسلامی سیاسیی کە تا ئێستا بینیوومانە، بە زمانێکی راشکاوانە تەرجومەی ئەوەی بۆ کردووین، “میانڕەو و توندڕەو” تەنیا تەسمیەیەکی نائەقڵانی و نامیتۆدییە، چوونکە هەموو ئیسلامی سیاسیی توندڕەو و سەلەفین “سەلەفی بەو مانایەی خەونی گەڕانەوەیان هەیە بۆ پێشین”. هەروەک لێرەدا قسەیەکی زۆر جوانی “راشد غەنوشی” گەورە ئیسلامیستی تونسی زۆر گونجاوە بۆ پاڵپشتی هزرینەکەی ئێمە کە دەڵێ “کاری خومەینی و حەسەن بەننا و مەودودی هەر یەک شتە”.

ستۆکهۆڵم – سۆلنا




مروارییەکانی ئەوین.. مرواری دووەم.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

پیاوێکم لە خێڵی شیعر جێماوم
گۆدۆی چاوەڕوانیت هەزار جار کوشتوومی
ژنێکیت ئولفەتت بە شاعیرێکی نائومێدەوە گرتووە و
دەرگای عەشقی ئەکوتی


عەشقت چ خەنجەرێکی ئەفسووناویی بوو
شیعر لە دڵمەوە فیچقە ئەکات؟!
ئەوینت چ هەورە بروسکەیەک بوو
جارێکی تر کانیاوی مەحاڵی ژیاندەوە؟!


تۆ کە هاتیت بەرچنەیەک نۆتە و
دوو باوەش تامی شیرینی دنیات بۆ هێنام
منیش کە هاتم ئاوەزێڕی هەست و
دڵێکی سەوز سەوزم بۆ کردیتە دیاری


گوێت لە هاژەم بێت
ئەو دەمەی بەسەرتا پەرش و بڵاو ئەبمەوە
لەبەر شەوقی چرای حەپەسان
کتێبی ئەستووری عەشقم بخوێنەوە


گوێ لە میلۆدی دەنگم بگرە
ئەوکاتەی دەڵێم ماچت ئەکەم
وەرزە وشکەکانی تەمەنت
بە ڕامووسان پڕ دەکەم لە باراناو


گوێ لە هاواری ئەو شیعرەم بگرە
هیچ وەخت تەواو نابێ
خەونە وەنەوشەییەکانت
بخەرە بەر ڕێژنەی شێتی و سەرسامیم


گوێ لە غەمگینی پیاوێتیم بگرە
کە بە هۆنراوە ئەتدوێنم
ژنێتی خۆتم
لەنێو پێخەفە سارد و تەزیوەکەم بۆ جێبهێڵە


گوێ بۆ ڕاز ودوا دێڕی چەند ساتێ
پێش خۆکوشتنم ڕادێرە
پڕە لەپەشیمانی و یادی پێکەنینەکانی
ڕۆژانی زێڕینی ژوان


گوێ لەخوڕەی فرمێسکم بگرە
کاتی ڕۆیشتنی شەمەندەفەری دابڕان
بینیم شەستە بارانی ئاسمانی حوزنەکانت
مەزنترین زریانی هەڵسان


لە کوێوە هاتیت سەحرای رۆح و
کەلاوەی ژیانت ئاوەدان کردمەوە؟
بۆ کوێ ئەڕۆی، کە هێشتا خۆم
بۆ سەفەری عەشق کۆنەکردۆتەوە؟


ستۆکهۆڵم – سۆلنا




کۆمیدیای ئیسلامی دیموکراتی.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

دە ساڵی رەبەق بەر لە ئەمڕۆ، لە سەروبەندی گۆڕانکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی، وتارێکم بڵاوکردەوە لە ژێر تایتڵی “ئیسلامی سیاسیی ئەڵتەرناتیڤی رژێمە عەرەبییەکان نییە”. لە وتارەکەدا جەختم کردبووەوە، ئەو باهۆزەی لە وڵاتانی عەرەبیی هەڵیکردووە، بەشێک نییە لەو پرۆسەیەی ئیسلامی سیاسیی پێیدەڵێت “رابوونی ئیسلامی” بەڵکو شۆڕشێکە دژی دیکتاتۆریی، شۆڕشێکە بۆ نان و خۆشگوزەرانی، لێ لە هەمان چرکەساتی بڵاوکردنەوەی وتارەکەمدا ئیسلامییەکان سواری شەپۆلەکە دەبوون و لەو وڵاتانەی رژێمیان تێدا دەگۆڕا دەهاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام هێشتا سووربوونی خۆم لەسەر ئەوە راگەیاند ئەو شۆڕشانە ئیسلامی نین و ئامانجەکانیان لەگەڵ سکۆلاریزم نزیکترە تاکو ئیسلامی فێندەمینتالیستی.
زۆر کەس سووربوونی منیان بەجۆرێک لە دەمارگیریی و لایەنگری کوێرانە و بەسۆزانە بۆ سکۆلاریزم لێکدەدایە، بەڵام هێدی هێدی دەبینم مەیدانی بیرکردنەوەکەی من فراوانتر دەبێت، چوونکە ئەوەی دواتر بۆ نموونە لەمیسر روویدا دژی دەسەڵاتە ئیخوانییەکەی”محەمەد مورسی”، هێندەی تر بۆچوونەکەی ئێمەی پشتڕاست کردەوە، کە ئامانجی شۆڕش لە وڵاتانی عەرەبی بۆ هێنانە کایەی “بەهاری ئیسلامی” نەبووە، بەڵکو ئێستاش شۆڕش درێژەی هەبوو بۆ ئەوەی بەهاری ئیسلامی بگۆڕن بۆ پایزی ئیسلامی. شۆڕش بەردەوامە چوونکە ئیخوان و نەهزە و جەماعەی ئیسلامی هیچ شتێکی زیاتریان لە موبارەک و زەینعابدین و قەزافی پێ نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەسەر دەستی ئەوان ئەو نوزەیەشی بۆ ئازادیی و دیموکراسی هەیە زیندەبەچاڵ دەبێت.
با لەوە بگەڕێین، ئامانجی شۆڕش لە وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی سیاسیی نەبوو بەڵکو ئازادیی و خۆشگوزەرانیی بوو، چوونکە شۆڕش لەو وڵاتانەی رژێمیان تێدا گۆڕاوە بە کۆتا نەگەیشتووە “میسر نموونەیەکە”. ئێمە لەم دەرفەتە دەمانەوێت بڵێین، ئایا ئەو ئیسلامی سیاسییەی لە وڵاتانی عەرەبی ئێستا مومارەسەی سیاسەت دەکات بڕوای بە دیموکراسی هەیە؟. ئایا ئەو ئیخوانانەی لە زیندانەکانی ئەسکەندەریە و قاهیرەوە هاتن و لەسەرەتاوە لەسەر کورسی موبارەک دانیشتن، تاچەندە تەبابوون لەگەڵ دیموکراتی؟. ئەم پرسیارەی ئێمەش دوای ئەوە دێت کە تەرزێک لە بیرکردنەوە خەریکە هەڕمێن پەیدا دەکات، گوایە ئیسلامی سیاسیی دەتوانێت لەگەڵ دیموکراسی هەڵ بکات و هیچ هۆیەکیش نییە بڵێین ئیسلامی سیاسیی و دیموکراسی دوژمنی باوەکوژی یەکترن.
بەهاری عەرەبی یان پایزی ئیسلامی؟
جارێکی دیکە مێژووی خۆی دووبارە کردەوە، چۆن ئیسلامی شیعە مەزهەب، دەستکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێرانی لە ساڵی 1979 چنییەوە و خۆی بەسەر دەسەڵاتدا سەپاند، بەهەمان شێوە ئیسلامی سیاسیی سووننە دەستکەوتەکانی بەهاری عەرەبی دەچنێتەوە، شۆڕشێک کە بۆ نان و ئازادیی کڵپەی سەند، کراوەتە بەشێک لە هەستانەوەی بزاوتە ئیسلامییە رادیکاڵەکان، ئەمەش لە یەکێک لە رەهەندەکانیدا هەرەسی شۆڕشی دەگەیەنێت.
مارک هیلەر، پێیوایە بەهاری عەرەبی دەروازەی بە رووی فێندەمینتالیزمی ئیسلامیدا کردووە، شۆڕشی برسی و ئازادیخوازان، وەرچەرخاوە بۆ دەسەڵات پەیداکردنی ئیسلامییەکان. هیلەر دەنووسێت “رووخانی رژێمە تۆتالیتارییەکان کە گەشەکردنی زیاتری ئیسلامییەکانی بەدواداهات و پشتیوانییەکی بەرفراوانی بۆ ئەو رەوتانە پەیدا کرد. ناکرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت سیستمێکی نوێی دەسەڵات لە رژێمەکانی پێشوو زیاتر لیبرال دەبێ و بە ئەندازەیەکی زیاتر کەمینەکان دەپارێزێت. لە پاش دروستبوونی ئەو تەوژم و چالاکییە میللییە بێ پێشینانەی دژ بە رژێمە دەسەڵاتدارەکان دروستبوو، مەترسییەکی گەورەتر بەڕێوەیە و پێدەچێت بەهاری عەرەبی بگۆڕێت بە پایزی ئیسلامی”. سەرەتای شۆڕشی لە تونس و میسرەوە، تەنانەت هەندێک لە بیرمەندان و گەورە رۆشنبیرانی جیهانیشی هێنایە، سەر کەڵکەڵەی ئەوەی لە دونیای عەرەبیدا دەگوزەرێت، وەرزێکی تازەی دیموکراسییە، سەرەتای کردنەوەی یەکەم دەرگا بە رووی دیموکراسی و لیبرالیزمدا. بۆ وێنە “جۆرج تەرابیشی” پێشبینی ئەوەی دەکرد ئەم وەرزە نوێیە شەپۆلێکی دیکەی دیموکراسییە، بۆیە ئەو راپەڕین و شۆڕشانەی بە “شەپۆلی سێیەمی دیموکراتی” ناوزەد کرد، کە ئەو پێیوایە شەپۆلی یەکەم دوای ساڵی 1848 دەستیپێکرد و ئەوروپای رۆژئاوا و ئەمەریکای گرتەوە. شەپۆلی دووەمیش ساڵی 1989 دەستیپێکردووە لە ئەوروپای رۆژهەڵات و کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤێت.
گەشبینییەکانی تەرابیشی و هاوشێوەکانی لەلایەن هەندێک بیرمەندی دیکەی عەرەبییەوە رەتکرایەوە، بۆ نموونە “هاشم ساڵح” پێیوابوو ئەوەی لە کۆمەڵگە عەرەبییەکانی پاش شۆڕشدا دەگوزەرێت مایەی دوودڵییە. بۆیە لە وتارێکدا لە رۆژنامەی “الشرق الاوسط” نووسیوویەتی “ئاشکرایە پرۆسەی رۆشنگەریی رێگای بۆ شۆڕشی فەڕەنیسی خۆشکرد، بەڵام شۆڕشە عەرەبییەکان بەشێکی کەمی ئامانجەکانی بەدی هات. بۆ بەڵگەش بەراوردێک بکە لە نێوان ئەم دەستوورەی بەم دواییانە خەڵکی میسر دەنگیان پێدا، لەگەڵ جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون کە شۆڕشی فەڕەنسا دەریکرد، ئەوەش مایەی دوودڵی و نیگەرانییە”. بەهاری عەرەبی لە هەنگاوی یەکەمیدا، لە بری هێنانە ئارای ئازادیی و پلورالیزم و خۆشگوزەرانی، زەمینەی خۆش کرد، تاکو ئیسلامی سیاسیی بگاتە دەسەڵات. ئەگەر نموونەی میسر بهێنینەوە، هەنووکە رەوڕەوەی ئەو وڵاتە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، ئازادییە گشتییەکان لەبەردەم تەهدیدی فەتوا ئاینییەکاندان، هونەر و رۆشنبیریی و کایە جۆراوجۆرەکانی دیکە لە پاشەکشەدان، ئەجیندای ئیخوان کە ئێستاش هەژموونی خۆی هەیە، دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی نوێیە بە دەستوورێکی ئیسلامییەوە، کە بەها ئیسلامییەکان بکاتە پرنسیپ و یاساکانی ژیان.
لە سەرەتای وەرزی دەسەڵاتی ئیخواندا، “عادل ئیمام” ئەکتەری ناسراوی عەرەبی دەکەوێتە بن هەڕەشە، وەک سەرەتای لێپرسینەوەیەکی ئیسلامییانە لە رابردوو. لە 2-2-2012 حوکمی سێ مانگ زیندانی بەسەر عادل ئیمام درا، لە 24-2-2012 لەلایەن دادگای کەتنی قاهیرەوە حوکمەکە پەسەندکرا بۆ تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئیسلام. لە کاتێکدا ئیمام لە رێگەی فیلمەکانی “الزعیم، مرجان احمد مرجان، الارهابی، الارهابی و الکباب، حسن و مرقص، الواد سید الشغال هتد..” رەخنەی لە ئیسلامی سیاسیی گرتبوو نەک سووکایەتی بە ئاین بکات. بەڵام ئیسلامی سیاسیی پێیوایە نوێنەری خودایە لەسەر زەوی، بۆیە گاڵتەکردن بە خۆی بە سووکایەتی بۆ ئاین و خودا لێکدەداتەوە. لە بەرانبەر هەوڵەکانی پاشەکشە بە پارادیمە مەدەنی و سکۆلارەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی، سەلەفییەت و خورافە و فەتوا لە بەهێزبووندان، شەقامی عەرەبی بووەتە مەیدانێک بۆ هوتاف کێشان دژی ئازادیی و مەدەنییەت و دیموکراتی، تەنانەت لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی “قاهیرە” دژی فیلمێکی ئەمەریکی کە سووکایەتی تێدابوو بۆ پەیامبەری موسڵمان، چەندین دروشمی مەترسیدار بەرزکرانەوە. لە یەکێک لە رۆژەکانی خۆپیشاندان کە لەلایەن “محەمەد زەواهیری” برای سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەی پێشووەوە سەرپەرشتی دەکرا، دروشمی “ئۆباما.. هەموومان ئوسامەین” بەرزکرایەوە. ئەمەش مەترسییەکی جیددی بوو کە گۆڕەپانی وڵاتانی پاش شۆڕش بووە بە زەلکاوی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و نەشونماکردنی هێزە کۆنەخوازە ئیسلامییەکان. بە کورتیی، وەرزی گەشبینی بە راپەڕین و شۆڕشی کۆمەڵگە عەرەبییەکان زۆر کورت بوو، بەهاری عەرەبی بە مردووی لە دایکبوو، ئەوەی هەبوو تەنیا هەڵەیەکی زمان بوو، چوونکە شتێک لە کۆمەڵگە عەرەبییەکانی پاش شۆڕشدا دەگوزەرێت ناوی پایزی ئیسلامییە نەک بەهاری عەرەبی.
کۆمیدیای ئیسلامی دیموکراتی
هەندێک جار گوێمان لەوە دەبێت، ئیسلامییەکان دەتوانن لەگەڵ دیموکراسیی هەڵبکەن، یان بە دەربڕینێکی تر، ئیسلامییەکان دەتوانن لەناو فەزای دیموکراسیدا کار بکەن و بەرگەی هەر ئاکامێک بگرن کە دیموکراسییانە بێت. ئەم بۆچوونە، زادەی عەقڵانییەت و واقیع نییە، تەنیا وەک قسەی رووت ماوەتەوە، چوونکە بە ئەزموون دەرکەوتووە، ئیسلامی سیاسیی لەهەر شوێنێک باڵادەست بووبێت، دیموکراسی پاشەکشەی کردووە و کێرڤی ماف و ئازادییە گشتییەکان بەرەو خوارەوە دابەزیوون. گەر واز لە دونیای تیۆر و ئەندێشە بهێنین و سەیری واقیع بکەین، ئەو نمایشە دەبینین ئیسلامی سیاسیی نەک دیموکراتییەتی قبوڵ نییە و نایەوێت گەمەی دیموکراسیانە بکات، بەڵکو هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە خستۆتە گەڕ، دیموکراسی و لیبرالیزم و سکۆلاریزمی کۆمەڵگەکان تێکبشکێنێت، چوونکە هەر یەک لەوانە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێت، پێیوایە لەو شوێنەی دیموکراتی و ئازادیی هەبێت، هیچ هۆکارێک یان یارمەتیدەرێک نابینێت بۆ ژیانی خۆی، لەم سۆنگەوە ئیسلامی بونیادگەرا و دیموکراسی دوژمنی هەرە دیار و ئاشکرای یەکترن.
ئەو دیمەنەی حاڵی حازر، لە میسردا دەگوزەرێت، مەسجێکە پێماندەڵێت، ئیسلامی سیاسیی کاری خۆی چڕ کردۆتەوە بۆ لەناوبردنی هەر نوزەیەک کە بیەوێت ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو دیموکراسی و کرانەوە ببات. تەنانەت زۆربەی جار دیموکراسییەت وەک دیکتاتۆرییەتی زۆرینە بەکاردەهێنن لە دژی کەمینەکان، بۆ نموونە لە پرسی دەنگدان لەسەر دەستوور پەنایان بۆ ئەم رامیارییە برد. کاتی خۆیشی یەکێک لە سەرکردە ئیسلامییە کوردەکان دەیووت “ئێمە دیموکراسییەتمان بۆ ئەوە دەوێت دیموکراسییەتی پێ لەناو ببەین”. هەنووکە هەمان روئیا وەک بەشێک لە ئەندێشەی ئیسلامییە خاوەن دەسەڵاتەکانی میسر و تونس، لەوپەڕی بەهێزیی خۆیدایە. بۆیە بانگەشەکردن بۆ ئەوەی ئیسلامی سیاسیی دەتوانێت لەگەڵ دیموکراسیی تەکەیف بکات، ئەوپەڕی گاڵتەجاڕییە. شیرین عیبادی، هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، پێیوایە ئیسلامییە رادیکاڵەکان مەترسین لەسەر دیموکراسی و مافی مرۆڤ. لە وتەیەکیدا لە ساڵی 2006 رایگەیاند “فاشیستەکان و بونیادگەرا سەرەڕۆکان، هەردوو لایان دژ بە بەها مۆدێرنەکانی وەک لە خۆبردوویی و دیموکراسین. هەردووکیان لە پێناو باوەڕەکانی خۆیاندا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیان بە رەوا دەزانن. هەردووکیان ئەو هاووڵاتیانەی لەگەڵ رێسا و پرنسیپ و باوەڕە قبوڵکراوەکانی خۆیاندا رەت دەکەنەوە”.
هەرچەندە هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە، ئیخوان بەشێوەیەکی گشتیی میانڕەون و دەتوانن خۆیان لەگەڵ رێسا مودێرنەکانی مرۆڤایەتی بگونجێنن، بەو پێیەش دەتوانن بەرگەی گەمەی دیموکراسی بگرن. بەڵام لە ئەرزی واقیعدا، دیمەنەکە پێچەوانەی ئەو تێفکرینەیە، ئیخوان هێزێک نییە بە میکانیزمی قاعیدە و سەلەفییەکان کار بکات، وەلێ بۆ هەمان ئامانج کار دەکات، بۆیە لە کۆتاییدا ئیخوان و قاعیدە خاوەنی یەک خەونی هاوبەشن، ئەویش دروستکردنی دەوڵەتی خەلافەتە، ئەمیان بانگەشەی میانڕەویی دەکات و بە شانی دیموکراسییدا هەڵدەدات بۆ ئەوەی بگاتە خەونەکەی، ئەویتریان رێگەی تیرۆر و تەقاندنەوەی هەڵبژاردوو بۆ هەمان مەبەست. لەم نێوەندەدا کۆمەڵێک بیرمەند هەن، گووومان دەخەنە سەر وشەی “ئیسلامی میانڕەو” و پێیانوایە ئەم داتاشینە ساختەیە و ناتوانێت قەناعەت بە هەموو خەڵک بهێنرێت، ئیسلامی میانڕەو شتێکی زۆر جیاوازترە لەو گروپەی پێیان دەوترێت ئیسلامی توندڕەو.
“ئەدۆنیس” یەکێک لەو رۆشنبیرانەی هەمان بۆچوونی هەیە و لە وتارێکیدا بە ناوی “دە بۆچوون لەمەڕ بەهاری عەرەبی” دەنووسێت “ئیسلامی سیاسیی یان ئیسلامی میانڕەو مانای چییە؟ هەندێک موسڵمان سیاسین و هەندێک موسڵمان میانڕەون، بەڵام ئیسلام بەو سیفەتەی ئاینێکە ناشێت لە کاتی قسەکردن لەسەر کاروباری سیاسیی و کۆمەڵایەتی و کولتووریدا بە (سیاسیی) یان (میانڕەو) وەسف بکرێت.. بۆ نموونە لەسەر ئاستی مەدەنیەتی کۆمەڵگە یان هونەر یان بیر یان موزیک یاخۆ ژیانی جەستە و سێکس و خۆشەویستیدا (ئیسلامی میانڕەو) مانای چییە و کێ و چۆن راددەی ئەم (میانڕەوییە) دیاری دەکات؟ هەروەها (ماهیەتی) ئەم میانڕەوییە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا لەخوێندنەوەیەکی تایبەت و تێگەیشتنێکی تایبەتەوە و چۆن؟ ئایا شوێنی شەرع لەم میانڕەوییەدا چییە بە تایبەتی سەبارەت بە ژن و (ئەوی دی) ناموسڵمان و (ئەوی دی) کە بەموسڵمانی لە دایکبووە و حەزدەکات بە تەواوەتی بچێتە ناو دنیای مەدەنییەوە؟”.
ئیسلامی میانڕەو و توندڕەو ناتوانن لەگەڵ بنەماکانی سیستمی دیموکراتی هەڵبکەن، ئەمەش رەنگە پەیوەندیی بە خودی ئاینی ئیسلامەوە نەبێت، بەڵکو پەیوەندیی بە جۆری خوێندنەوەی ئیسلامی سیاسییە بۆ ئاین. فۆکۆیاما پێیوایە “هیچ ئاینێک وەک پێویست ناکۆک نییە لەگەڵ مودێرنێتە و دیموکراسیدا”. ئەم بۆچوونە لە زەمینەی واقیعدا، پیادە کراوە، هەزاران موسڵمان و مەسیحی و بوزی دەبینین، کێشەیان نییە لەگەڵ سکۆلاریزم و بەهاکانی مودێرنێتە و دیموکراتیدا، ئەوەی کێشەی هەیە رەوتە بونیادگەرەکانن. ئەوەی ناتوانێت لە زەمینەی دیموکراسیدا درێژە بە ژیان بدات رەوتە ئیسلامییە سەلەفییەکان و رەوتی سەلەفییەکانی ئاینەکانی دیکەن. دواجار ئەوەی دیموکراسی ئەجینداکانی پووچەڵ دەکاتەوە پێش هەر کەس ئیسلامی سیاسییە.
تێکشکانی خەونەکان
نووسەری جەزائیریی “بوعلان سنساڵ” لە وتارێکیدا بەناوی نامەیەکی کراوە بۆ “بوعزیزی” دەنووسێت “بوعزیزی برام، ئەم چەند دێڕە کەمەت بۆ دەنووسم، تاکو ئاگادارت بکەمەوە لەوەی هەنگاوەکانی ئێمە بەرەو پێش دەچێت!، هەرچەندە بەرەو پێشچوونەکە رۆژ لە دوای رۆژ جیاوازیی هەیە، هەندێک جار رەشەبا ئاڕاستەمان دەگۆڕێت، بەڵام با بەگشتیی چاو بەم ساتەدا بخشێنین. ئایا ئەوەی نازانێت بەرەو کوێ دەڕوات رێگەکە دەدۆزێتەوە؟. ئایا دوورخستنەوەی ستەمکار کۆتاییە؟. لەو جێگەیەی تۆ کە نزیکی لە خواوەندەوە، دەتوانیت دڵنیامان بکەیتەوە کە مەرج نییە هەموو رێگاکان بمانبەنەوە بۆ رۆما؟. لابردنی ستەمکار نابێتە مایەی ئازادیی، بۆ گۆڕینی دیمەنەکە و بە هیوای ئەوەی شتێکی بچووکیان لە رێکە دەست بکەوێت، زیندانییەکان حەز دەکەن گرتووخانەکانیان بە گرتووخانەیەکی دیکە ئاڵوگۆڕ پێ بکەن”.
خەونەکانی بوعزیزی هەرەسیان هێنا، لە بری نان و ئازادیی خەریکە ئیسلامی سیاسی فەتوا و شمشێر دەکاتە خەڵاتی شۆڕش. خەونەکانی ئێوە کە خاوەنی راستەقینەی شۆڕشن، ئازادیی و دیموکراتی و هەڵتەکاندنی حکومی دیکتاتۆریی دەیان ساڵە بوو، خەریکە خەونەکانی ئێوە تێکدەشکێت و دیکتاتۆری کۆماری دەگۆڕێت بۆ دیکتاتۆری ئیسلامی. ئامانجی ئێوە لە شۆڕش چەسپاندنی مافی مرۆڤ و مەدەنیەت و خۆشگوزەرانی بوو. خەریکە خەونەکەتان پێچەوانەوە دەبێتەوە و ئەو هەناسە کەمەی لە ئازادیی و مەدەنیەت هەیە پاشەکشەی پێ دەکرێت. ئیسلامی سیاسیی خەریکە یەک یەک خەونەکانی شۆڕش زیندەبەچاڵ دەکات. هەرچەندە من بۆ چەندەهەمین جار دووپاتی دەکەمەوە، شۆڕش، شۆڕشی ئیسلامیی نەبوو، هەرچەندە خەونی شۆڕش حکوومەتی ئیسلامی نەبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەڵتەرناتیڤی بەهێزی چەپ یان دیموکراتیخواز، ئیسلامی سیاسیی سواری ملی شەپۆلەکە بووە و بە قازانجی سیاسیی خۆی شکاندوویەتییەوە. ئەمەش وەک وتم دووبارەبوونەوەی مێژووە، وەک ئەوەی ئایەتوڵاکانی ئێران کردیان و هاتنە سەر سفرەی حازری.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم – سۆلنا




مروارییەکانی ئەوین.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

مرواری یەکەم

لە بەردەم پەنچەرەی تەڵخی چاوەڕوانیدا
شەوە هەنارییەکانم ئەخۆمەوە
ساتە کریستاڵییەکانم لەنێو لاپەڕەکانی تەمەندا
هەپروون هەپروون ئەبێ


ژنێک لە رەنگی فریشتە و لە نەژادی هەنار
قوم قوم تەڕیی خۆیم دادەتێ
نیگا سارد و سڕەکانی دڵم
بەزەردەخەنەیەکی مۆنالیزایی گەرم ئەکاتەوە


موزیکی دەنگت، خۆشترین سەدای فلووتێکە
شنەبای بەهەشت هێناوێتی
لەو سپێدە دڵتەنگەدا هاتیت
لە مەعبەدی تەنهاییدا گۆشەگیرانە ئەتلامەوە


لەگەڵ کزەبایەکی پایزیی
بەچرپە باسی حکایەت و جوانی تۆمان ئەکرد
هەورێک گوێی لێبوو، لە حەژمەتا توایەوە
نم نم باران بەسەرماندا باری


چیتر ناڕوانمە ماڵی شەو و
سەرەتاتکێی ئەستێرەکانیش هەژمار ناکەم
ئەزانم شەو چەند تاریکیش بێ
خۆری تۆ لەرۆژهەڵاتی مندا هەڵدێتەوە


چاوەڕوانی ئەو رۆژەم پێمبڵێی وەرە
گوێ لەم سترانەی عەشق بگرە
ئەو گۆرانییەی هەموو سروشت
لەگەڵ خۆیدا پڕ ئەکات لە پرشنگ


وای لە من لە چاوەکانمەوە عەشق ئەبارێت
لە دڵیشمەوە دڵۆپە فرمێسک
وای لە تۆ بۆنی ماچی منت گرتووە
تک تک ئاونگ لەسەر لێوت ئەنیشێ


لە رووباری حەزەکانتا سەوڵی پێکگەیشتن
لە هاژەی شەپۆلێکدا لێ ئەدەم
ئاوەسەری گیانم، لە شەختەترین رۆژی تەمەنما
گوڵە نیلوفەر دەرئەکات


شیعرەکانم رەنگ و بۆنی تۆیان گرتووە
سێتارەکەشم ئاوازی شێتی ئەژەنێ
کڕێوەی ئارەزووەکانم لە نێو نازی
مەمکە پشکۆییەکانتا خامۆش ئەکەمەوە


ئەمەوێ خۆرێک بم لە شەوەزەنگەکانتا
سەدات بم کە بێدەنگی داتدەگرێ
تۆش خوێنی دەرمارەکان و
ئاوەدانی بە جۆشی نێو رۆژانی تەنهاییم بە





لە بارەی ئەزموونی شیعرییەوە.. ستیڤان شەمزینی

شاعیرەکان لە دایک دەبن، بەڵام هەرگیز نامرن

هەرچەند بە پێویستی نازانم، کەچی ئەنگێزەیەک لە ناوەوە پاڵم پێوە دەنێت شتێک لە بارەی ئەزموونی خۆمەوە بخەمە بەر دیدی خوێنەران. لێ راگەیاندنەکان کەمترین گرنگیان بە بەرهەمەکانم داوە، بەڵام ئەمە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەکردۆتە سەرم، بایەخ پێنەدان و ئاوڕنەدانەوە لە دەق و کتێبەکانم بەڵگەی بێ کەڵکی بەرهەمەکانم نین بە قەدەر ئەوەی نیشانەیە بۆ مۆنۆپۆڵکردنی کایەی رەخنەیی و میدیایی لەلایەن پێڕە رۆشنبیریی و حزبییەکانەوە، بەو هۆیەی نە حزبیم، نە حەواسی ئەوەم هەیە بچمە تەکەتولە رۆشنبیرییەکانەوە، هەمیشە لە پەڕاوێزێکەوە ئاوازی خۆم دەژەنم. بیرمە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گووتم “من رۆژنامەوانێکی جیدیم لە زەمەنێکی ناجیدیدا”. رەنگە پاش ساڵانێک، ئەو مافە بەخۆم بدەم، بڵێم لە رۆژنامەوانێک زیاترم، جا بۆ ئەوەی بزانم چیم، دەبێت سەرلەبەر لە ئەزموونی خۆم بڕوانم، هەرچەند جارێ ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە.

ئەوەی ئامانجمە لێرەدا، باسی شیعر نییە بە ئەبستراکتی، یان پێشکەشکردنی چەند تیۆرییەک نییە لە هەمبەر شیعر، ناشخوازم بچمە ناو پێناسە خودییەکانم بۆ چەمکی شیعر و شیعرییەت. ئەوە هەڵدەگرم بۆ کاتێکی تر. دەمەوێت لە بارەی ئەزموونی خۆمەوە هەڵوەستە بکەم. دەربارەی ئەزموونی خۆم بدوێم بەشێوەیەکی کورت و خێرا. ئەگەرچی لە سەرەتای لاوییەوە ئەکتیڤستێکی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی و کادری حزبێکی چەپ بووم، بەڵام هەمیشە و زیاتر لە هەر شتێک بە خوێندنەوەوە سەرقاڵ بووم، پاشتر و دوای ئەزموونێکی زۆری خوێندنەوە و تێڕامان لە دنیا بڕیارمدا بنووسم. یەکەمین نووسینەکانی من بە وتار و ریپۆرتاژی رۆژنامەوانی دەستیان پێکرد، بێ ئەوەی نکۆڵی لەوە بکەم لە تەمەنی دە ساڵاندا شیعری کێش و سەرواداری سادەم دەنووسی، ئەوانە هیچ کات بڵاونەکرانەوە و بە ساوایی ژیانیان لە دەستدا. لە بواری کاری رۆژنامەوانیدا ساڵانێکی زۆرم بەسەر برد و ماوەی یانزە ساڵیش وەک سەرنووسەری چەندین گۆڤار و رۆژنامە کارم کرد، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی خستە نێوان من و کاری ئەدەبییەوە.

گەڕانەوەم بۆ لای ئەدەب، یان جیهانە راستەقینەکەی خۆم، زیاتر لەو کاتەوە دەستپێدەکات تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووم، لەگەڵ ئەوەی بە پرۆسەیەکی سەختی چارەسەرکردندا تێپەڕیم “بە ئێستاشەوە هەر بەردەوامم لە چارەسەرکردن”، بەڵام دوورکەوتنەوەم لە کاری رۆژنامەوانی ئەو دەرفەتەی خستە بەردەستم، بتوانم لە کایەی ئەدەبییدا بە نووسینی شیعر قۆناغێکی تر یان سەردەمێکی تازە لە ژیانی رۆشنبیریی و نووسین دەستپێبکەم. نووسین بۆ من لە هەر شتێکی تر زیاتر بایەخی هەبووە، هەڵبەتە خوێندنەوە لە نووسین زیاتر گرنگی و حزوری هەبووە لام. جارێکیان لێیان پرسیم بۆچی دەژیت؟!. ئەوەی چاوەڕێ نەبوون ئەم بەرسڤە بوو: “دایکم بۆ ئەوە پەروەردەی نەکردم لە غەریبیدا ون بم، باوکیشم بۆ ئەوە گەورەی نەکردم لە دەرەوەی نیشتمان ببمە کرێکارێکی بێدەنگی دەستی کاپیتالیزم. من بۆ ئەوە پەروەردە و گەورە بووم بنووسم”.

زۆجار ئەو هەستەم بۆ دروست دەبێت، وەک “ژاک درێدا” پێداگریی لەسەر دەکرد بەوەی هەموو شتێک گووتراوە. لەبەر خۆمەوە دەمگووت شتێکی تازە نەماوە بینووسم!!. زۆرجاریش دڵنەواییم لە “بلانشۆ”ەوە وەردەگرت بە جەختکردنەوەی لەسەر ئەوەی دەبێت شتە گووتراوەکان بە فۆرمی جیا جیا بڵێینەوە. لەم سۆنگەوە وێڵی فۆرم و سەبکێکی شیعریی بووم تایبەت بێت بەخۆم، نازانم چەند سەرکەوتوو بووم لەمەدا، بەڵام هەموو هەوڵی خۆم لەمەدا چڕ کردەوە. هیچ نەبێت بە فۆرمێکی کوردانەی تایبەت بنووسم. بەشێوەیەک پۆڵێنکردنم لەسەر رێبازێکی ئەدەبی دیاریکراو ئەرکێکی قورس بێت. لەمەدا دەبوو ئەدەبی کلاسیکی کوردیی تا ئەندازەیەکی باش وەلانێم، نەک لەبەرئەوەی کۆن بووە، بەپێچەوانەوە لەو بڕوایەدام نوێگەریی هەمیشە قاچێکی لەناو کۆندایە، بەڵکو بەو هۆیەی شیعری کلاسیکی ئێمە سەر بە کولتووری عەرەبییە، زۆرینەی شاعیرانی کلاسیک جگە لە موفرەدات، تەنانەت کێشی عەرەوزی عەرەبیان بەکارهێناوە. لێ پاشخانی رۆشنبیریی ئێمە تەنێ شیعرە، داخەکەم بۆ ئەوەی شیعرێکی تەواو کوردیی بنووسیت، جگە لە باباتاهیری عوریان و خانی ناتوانیت کەڵک لە هیچ شاعیرێکی تر وەربگریت تا دەگاتە سەردەمی “گۆران”.

تۆزێکی تر دەگەڕێمەوە دواوە بۆ ئەوەی لە باسی ئەزموونی تایبەتی خۆم دوور نەکەومەوە، هەرچەند لە گەنجیدا چالاکوانێکی مارکسیست بووم، چەپڕەوێکی مەکتەبی بووم، ئەمەش هیچ کات نەبووە هۆکاری ئەوەی پاسیڤ بم لە بواری کاری مەیدانی و جەماوەرییدا، لەگەڵ ئەوەی مارکسیزم، فەلسەفە و رێبازێکی هیوابەخشە، ئێمە بە حوکمی ئەو فەزا و هەلومەرجە کەوتبووینە ژێر رەشبینییەکی سەیرەوە، کە لە گروپی “رەهەند”ەوە هەژموونی کردبوو بەسەر ئێمەی چەپڕەویشدا. کەم نەبوون ئەو گەنجانەی خۆیان کوشت یان بیریان لەخۆکوشتن دەکردەوە، لە باشترین حاڵدا نیشتمانیان کردە جانتای سەفەرەوە و بەرەو هەندەران ملی کۆچێکی نادیاریان گرتە بەر. وەک شەخسی خۆم، چەندان جار ختوورەی خۆکوشتن بەناو مێشکمدا گوزەری دەکرد، بەتایبەت دوای ئەو تێکشکانە مەزنەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە ساڵی 2000دا، کە بەهۆی پەلاماردانی میلیشیاکانی یەکێتییەوە روویدا، ئەوەی پەشیمانی دەکردمەوە نووسین بوو، لێ لە سەرەتای پرۆسەی نووسیندا بووم، بەڵام ئەوە هیوای دەدامێ، ئەگەر ئەو تێکشکانە ئێستاکە بوایە کە خاوەنی چەندان کتێبی چاپکراوم، بێ دوودڵی خۆکوژیم دەکرد، چون ئیدی نووسینیش وەک هیوایەک خۆی نیشان نەدەدا، لەبەرئەوەی ئەودەم لە سەرەتادا بووم، دەبوو بگەمە ئەمڕۆ، ئەو هیوایە زیندوو رایگرتم.

لەم ساتەدا وتەیەکی “سلاڤۆی ژیژەک” وەک بروسکە بە مێشکمدا تێدەپەڕێت: “نووسین ژیانی رزگار کردم، ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر بەهۆی کێشەی تایبەتی عەشقەوە، بۆ ماوەی دوو هەفتە لە دۆخی خۆکوشتندا بووم، بە خۆم دەگووت: دەتوانم خۆم بکوژم، بەڵام دەقێکم هەیە دەبێت تەواوی بکەم، سەرەتا تەواوی دەکەم دواتر خۆم دەکوژم!، پاشتر دەقێکی تریش دروستبوو، ئیتر بەو جۆرە بەردەوام بووم، ئەوەتا هێشتا هەم”. هەر لە راستیدا خۆکوشتن زیاتر پیشەی نووسەرانە، ئەوسا بیرم لە خۆکوشتن دەکردەوە!!، هەندێ هاوڕێ پێیان دەگووتم تۆ رۆشنبیریت چۆن ئەو کارە دەکەیت؟ لێ کەمترین بڕوام بەو قسەیان هەبوو سەبارەت بە رۆشنبیربوونم، هاوکات دەیترساندم، چون خۆکوشتن لە ناو رۆشنبیراندا بەرچاوترە وەک لە رەشۆکەکان، بەو پێیەی راددەی هۆشیاریی و هەستیارییان بەرزترە. ئەی کەواتە چۆن خۆم نەکوشت؟. وەک وتم لەبەرئەوەی چەند پڕۆژەیەکی نووسینم لە ئەجیندا دانابوو. نووسینە رۆژنامەوانییەکانم لە خۆکوشتن رزگاریان کردم. ئەی شیعر چی کرد؟. شیعر دنیای لا شیرینتر کردم، بە تایبەت لە هەنووکەدا بەدەم ناڵین و ئازاری شێرپەنجەوە تێکستە شیعرییەکانم بۆ ژن و ژیان دەنووسم.

لە دیتنی مندا، وەزیفەی شیعر گێڕانەوەی مرۆڤە بۆ رەسەنێتی خۆی، ئەگەرچی شیعرەکانم پەیوەندیی بەهێزیان بە نیشتمانەوە هەیە “بێ ئەنگێزەی ناسیۆنالیستی”، لەگەڵ ئەمەشدا خۆشەویستی پانتاییەکی فراوانی لە دەقەکانمدا داگیرکردووە. لە رۆژی ڤالانتاینی 2002دا لە دیدارێکدا “رەسوڵ هەمزاتۆڤ”ی شاعیری داغستانی، پێداگریی لەوە دەکات خۆشەویستی ئیلهامدەر و ژێدەری لە دایکبوونی شیعرە. زیاتر لەمەش دەڕوات و دەڵێت “شیعر بەبێ خۆشەویستی هیچ واتایەک ناگەیەنێت”. ئەمەش دووپاتکردنەوەی هەمان وتەکەی بوو لە یادی سەد ساڵەی فەرمانگەی تەلەفۆناتی وڵاتەکەیدا “شاعیرەکان یەکەمین پسپۆر بوون، ئەوان دڵی مرۆڤەکان پێکەوە دەبەستن”. خۆشەویستی بەشێوەی گشتیی، خۆشەویستی نێوان هەردوو رەگەز بە تایبەت، بۆ من ماتریاڵێکی شیعریی بووە، وەک خولگەیەک کۆی بەرهەمەکانم بە دەوری ئەو پرسەدا دەسوڕێنەوە.

بەدەر لەمە شیعر لە قووڵایی رۆح و هەستمدا وەک وزەیەکی نادیار هەبووە، لەو کاتانەشی خۆم تەرخانکردبوو بۆ کاری رۆژنامەوانی لە هەندێک وتاردا شاعیرانە قسەم کردووە، تەنانەت جارێک وتارێکی سیاسییم بە زمانێکی شیعریی نووسی، پاشتر زانیم ئەمە شیعرە نەک وتاری رۆژنامەوانی، نە توانیم وەک شیعر، نە وەک وتار بڵاوی بکەمەوە. ئێستاش ساڵی 1998م بیرە، منداڵێکی هەشت نۆ ساڵەی لاوازی چاو بە قوڵدا چوو، دەنگی گریاناویی رژایە ناو گوێیەکانم، لەبەردەم پیاوگەلێکی زۆردا بە کوڵ دەگریا، بە سینیەکەی لا کەمەرییەوە واقی وڕمابوو لە تاڵێتی ئەو هەموو ترۆزییەی دەبوو بیانفرۆشێت، تاکو بتوانێت مشتێ پارەی ئاسن دەست بخات بۆ کڕینی نیو کیلۆ ئارد و بیباتەوە بۆ ماڵەوە. ئەو دیمەنە هەستی بزواندم، ئاگری لە هەناوم بەردا. لێی چوومە پێش، پێم وت ترۆزییەکم بۆ قاش بکە ئەگەر تاڵ نەبوو، هەموو ترۆزییە تاڵەکانی تریش کە فڕێتداون بە هەمان نرخ لێت دەکڕمەوە، ترۆزییەکی بۆ قاش کردم، تۆزێک ترش و خوێی کرد بەسەردا، شانسی هێنا ئەمەیان تاڵ نەبوو، نەمدەویست فێری سواڵکردنی بکەم، بەڵام بەو فێڵە هەموو ترۆزییە تاڵەکانم بە نرخێکی شیرین و گەشانەوەی دەموچاوی مناڵەکە کڕی، دەستم کرد بە گیرفانمدا چوار پێنج دینار ئاسنم پێدا. ئەو سوپاسی کردم و رۆشت، نەیزانی ئەویش شتێکی زۆر گرانبەهای بە من بەخشی کە شیعر بوو، ئەوە یەکەمجار بوو دوای ئەو شیعرە وەزن و قافیەدارانەی لە منداڵیدا نوسیبوومن، خولیای شیعرنووسینم بۆ بگەڕێتەوە، لێ شیعرێک لە دایک بوو، هەروەک وتم بە هۆی ونبوونم لە کاری جەماوەریی و رۆژنامەوانیدا نەبووە هۆی بەردەوامی زیاتر. ئەمەش ئەزموونی دووەمی شیعرنووسینم بوو.

ئەزموونی سێهەمم لە رۆژی 18ی شوباتی 2011ەوە دەست پێدەکات. رووداوەکانی رۆژی حەڤدەی شوباتی سلێمانی زۆر کاریگەریی گەورەی لەسەر هەست و دەروونم جێهێشت، بۆیە لەو رۆژەدا شیعرێکم نووسی “لە کۆمەڵەی شیعری سۆناتای خۆشەویسیتیدا چاپ بووە”. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی وردە وردە بگەڕێمەوە ناو جیهانە راستەقینەکەی خۆم، وەلێ ئەو شیعرە بڵاوکرایەوە، بەڵام چەند بارە بەهۆی خۆ تەرخانکردنم بۆ کاری رۆژنامەوانی بوارم نەبوو بە تەواوەتی خۆم بۆ شیعرنووسین یەکلایی بکەمەوە. جیاوازیی ئەم قۆناغە لەگەڵ ئەوانی پێشوو لەوەدابوو شیعرەکانم پاراست و زۆریان لە چوار کۆمەڵە شیعرییەکەی پێشوومدا چاپ بوون، “بەم نزیکانە لە نیسانی 2021 کۆمەڵەی پێنجەمی شیعرەکانم دەکەونە بەر دیدی خوێنەر” هەندێکیشیان هەر ماون، لە دیدی خۆمدا لەوە لاوازترن بخرێنە بەر چاوی خوێنەر. لەگەڵ تووشبوونم بە نەخۆشی شێرپەنجە، وردە وردەش دوورکەوتنەوەم لە کاری رۆژنامەوانی بواری ئەوەم بۆ رەخسا زۆرتر لەگەڵ شیعر بژیم. هەروەک هاوڕێیەک تێبینی کردووە، من تاکە شاعیرم لە منداڵدانی رۆژنامەوانییەوە هاتبێتمە دەرەوە، هەمیشە کردەکە پێچەوانە بووە، رەنگە ئەو تایبەتمەندییە زمانییەی منیش سەری لەو نهێنییەوە دەربچێت.

هەر بە دەستی ئەنقەستیش ناچمە سەر شەقامی هیچ رێبازێکی ئەدەبی، هەرچەند زۆرتر بە زمانی بێگانە دەخوێنمەوە، کەم تا زۆر ئاگاداری قوتابخانەکانی شیعرنووسینی خۆرئاوایی هەم، نامەوێت بکەومە حاڵەتی کۆپیکردن، بەڵکو گەرەکمە سەبکی شیعریم تەواو کوردیی بێ، مەگەر هەموو داهێنانی “گۆران” لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا گەڕانەوە نەبوو بۆ کێشی پەنجەی کوردیی لە بری ئەو عەرەوزە بەرەگەز عەرەبییەی فەراهیدی دایهێنابوو؟. دێتەوە بیرم جارێکیان خانمە نووسەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان پرسیاری ئەوەی لێکردم ئاگاداری دنیای ئەدەبی دەرەوەی کورد هەم؟. چون بە قسەی ئەو، شیعرەکانم بە ئەندازەیەک کوردین وەک ئەوەی هیچ بەرهەمێکی بیانیی کاریگەریی بەسەرمەوە نەبێت!!. ئەم پرسیارە ئەگەرچی بە زمانێکی رووشێنەر بوو، کەچی خۆشحاڵیی پێبەخشیم، بەوەی خوێندنەوە و کاریگەربوونم بە ئەدەبی خۆرئاوایی و غەیرە کوردی، نەیتوانیوە وا بکەن شیعرەکانم مۆرکی کوردەواری خۆیان لە دەستبدەن و وەک لاسایکەرەوە دەربکەوم. ئاخر تۆ ئەگەر کاریگەر بوونت بە “فروغ” ئەوە بێت، کۆپی خەیاڵ و فۆرمی ئەو بکەیت، منی خوێنەر خودی “فروغ”م لەبەردەستە بۆ خوێندنەوە. ناچارنیم کۆپی بخوێنمەوە، مادام ئۆرگیناڵەکەی بە ئاسانی پەیدا دەبێت.

بابەتێکی تر دەمەوێت روونکردنەوەی لە بارەوە بدەم، تایبەت بە کتێبی شیعریی “سۆناتای خۆشەویستی” و کۆی کتێبە شیعرییەکانی پێشووشم. ئەویش دووبارەبوونەوەی چەند وشەیەکە، ئەم دووپاتبوونەوەیە هەژاریی زمان و فەرهەنگی وشە نییە، هێندەی ئەوەی مەغزای تری لە پشتە، یەکێک لەوانە جەختکردنەوەیە لەسەر بایەخی ئەو وشانە!. لێرەدا دەتوانین نموونەی هەردوو وشەی “دڵ و رۆح” وەربگرین وەک لە زۆرێک لە تێکستەکاندا چەندبارە بوونەتەوە. رۆح لێرەدا هەمان ئەو رۆحە نییە لە دیدی ئاینییەوە ئەنالیز کراوە، بەڵکو مەجازە و هەمان ئەو مێشکەیە سەرکردایەتی جەستە دەکات ئەمەش لە ژێر کاریگەریی ئەفلاتۆنیزمدا شکڵی گرتووە. دڵ لە دەقەکاندا دڵێکی سیمبولییە، نەک ئەو ئەندامەی لەش کە دەکەوێتە بەشی چەپی ژێر قەفەزەی سینگ. بەڵکو ئەو وزە چالاکەیە بەرپرسە لە هەستە مرۆییەکانمان، دەتوانم بڵێم هەمان ئەو ئێنرژییە پۆزەتیڤەیە زانستی نوێ زۆرترین جەختی لێ دەکاتەوە.

لە کۆتایشدا دەخوازم ئەوە بڵێم، زۆرترین دەقە شیعرییەکانی ناو هەر چوار بەرهەمە چاپکراوەکەم “1000 لاپەڕەن” لە نەخۆشخانە نووسراون، پشووە ئازاراوییەکانم خۆمم بۆ خوێندنەوە و نووسین قۆستۆتەوە. نیتچە هەمیشە دەیووت “کاتێک پشوو دەدەم دەست بۆ کتێبێک دەبەم”. منیش بەهەمان شێوە لە پشووی نێوان چارەسەرەکاندا دەخوێنمەوە، کاتی خەوتنم قاڕس دەکەم بۆ شیعرنووسین، شیعرگەلێک ئەگەرچی پۆڵێنکردنیان دژوارە بەڵام لە کن خۆم نازناوی شیعریان پێدراوە. جیاواز لەمەش هەموو زۆرینەی ئەو دەقانەی گەیشتوونەتە خوێنەر لەناو نۆتی هاندییەکەم یان لەسەر کاغەز نووسراون، تەنانەت ئەم نووسینە ناپێویستەش هەر لەناو نۆتی مۆبایلەکەمدا تایپ دەکەم، شاعیرێک نیم لەو فەزایەدا بژیم بە فەزای شاعیرانە ناسراوە، بیرکردنەوەکانم ئەگەر تاڵ و کورت نەفەسیش بن، نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت مرۆڤ لەم کاتانەدا هێندەی بۆ ئارامی و سەقامگیریی بایۆلۆژیی دەگەڕێت، کەمتر بیری بە لای ئارامییە رۆحییەکانی خۆیدا دەچێت. جگە لەوەش هیچ کات پێداچوونەوە و پاکنووسێک بۆ دەقەکانم ناکەم، چونکە خۆم مەبەستم بووە چۆن لە دایک بوون، بەهەمان شێوەی سروشتی خۆیان بگەنە خوێنەر. تەنیا هەندێ هەڵەی رێزمانی و ئیملایی چاک دەکەم ئەویش هەر خۆم ئەم کارەم دەگرمە ئەستۆ، بۆیە لە بارەی هەڵەی چاپەوە داوای لێبوردن دەکەم، نەدەکرا لەبەر نەبوونی هەڵەبڕێک تا یارمەتیمان بدات، بەرهەمەکانم بۆ چاپ دوابخەم. ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم، ئەمە توانای راستەقینەی ئەدەبی من نییە، بەڵام کێ دەڵێت ئەم نەخۆشییە یەخەمان بەر دەدات تاوەکو توانا شاراوەکانم بخەمە گەڕ؟ گرەنتی نییە، هەر لەم روانگەوە کتێبەکانم دەخەمە بەر دیدی خوێنەران.

ئازارى 2021




قەسیدەی عودی تەنهاییم بژەنە.. ستیڤان شەمزینی

لە هەیوانی ماندووبوونەوە
تەماشای لۆچی نێوچەوانی زەمەن ئەکەم
ئەو سروودە ئەچڕم:
بەلەمێک پێش نغرۆبوون بۆ مانگەشەوی ئەخوێند
بیر لەو هەموو ساڵە ئەکەمەوە
نەمتوانی دارەبەنی خۆشبەختی مارە بکەم
لە نێو حەسارەکانی شین و زاریدا،
شەبقەی تۆف و زریانم کردە سەر
لەو چرکە نەفرەتییە رائەمێنم
پەنچەرەکانی ترووسکەم لەخۆم کڵۆم دا
بوومە دەرگاوانی دۆزەخ
بە کڵپەی ئاگر غوسلی خۆمم لە ژیان دەرکرد
ئەو ساتە لە سینگما پەنگ ئەخواتەوە
بەرمۆدای نائومێدیی هەڵی لووشیم
لە کەناراوی زیندەبەچاڵکردنی ئازادیی و خۆشەویستیدا تفیمییەوە
دەستم خستۆتە ژێر چەناگەم،
ئەندێشەم لەسەر چڵی خەوزڕان نیشتۆتەوە
ئەو رۆمانە ئەنووسمەوە
وەک بزمار ئەچەقێت بە باوەڕە دەقگرتووەکانتا
خۆم و ئەسپە شێی بیرکردنەوە سەرکێشەکانم
چیاکانی کپی ئەبڕین
لە قوژبنی شەقامێکی چۆڵەوە هاواردەکەم
عەشق لەگەڵ منا کۆتایی دێ
ئەو پەیڤانە شی ئەکەمەوە
میتاڵی دڵی جەخار جەخاریان کردم بە ئاو
لەو هەستە مەلوول و پەنهانەدا لە دایک ئەبمەوە
تۆ هیچ کات دەرینابڕی
پەشیمانم لە درەنگ هەڵقوڕانی
ئەو پێکە شیرینەی عەشقی هەژاوت
لە پەڕینەوە بەسەر پردی خەونە بەهارییەکانتا
بەرەو هەسارەی چاوەکانت
لە خۆم دەپرسم بۆچی هیچ پەلەقاژەیەکم نەکرد
لەژێر چەقۆی تەنهایی
باوەشم نەکرد بەو زەمینەی تەنها تۆوی
ئەوینی تۆی تیا چێنرابوو؟
ئەمێستاش لەچاوبەستە ئەترسم
منی ماسی لە ئامێزی دەریا تۆراند
بووم بە تۆڕی مەراقەوە
لەحەژمەتی تەڕایی تۆدا بۆ هەمیشە خنکام
کە بارانی فرمێسکەکانت بەسەرما ئەبارین
من چەتری رۆحم هەڵکرد
تنۆکە ئەسرینەکانت لە رۆحما
بوونە غەمگینترین رووباری گریاو
ئەوەندە باسم کردوویت بۆ ئاسمان
ئەستێرەکان هەموو ئەتناسن
ئەوەندە پەسنی تۆم کردووە بۆ باخ
سەدان گوڵ سەری خۆیان هەڵگرت
ئەوەندە لێم روانیوی بە بێدەنگی و بێ دوان،
چاوم کەوتە قسەکردن
ئەوەندە خەیاڵم پێوە کردوویت
دڵم قەوزەی کردووە لە چاوەڕوانیتا
ئەوەندە پێکەنینەکانتم کردووە بە شیعر
فرمێسکەکانم دڵیان رەنجاوە
ئەوەندە نازی تۆم کرد بە سەمفۆنیا
مۆسیقاش سەری سووڕماوە!
بڕیارمداوە لە دێڕی هەموو شیعرێکما پێتبڵێم
تا لوتکە خۆشم ئەوێی
بڕیارمداوە لە هەر هەناسەیەکما
ئاهێکی سارد بۆ بیرکردنت هەڵمژم
بڕیارمداوە لەسەر هەموو رێگاکانی چاوەڕوانیم
هەمیشە تۆ ببینم
دەتۆش وەرە، بڵێ ئەمە خەیاڵ نییە
بەڵکو تەڕترین بەهاری ژیانتم
دەتۆش وەرە
تامی میوەی ماچ و رامووسانم بۆ بگەڕێنەوە
دەتۆش وەرە، لە لێڵترین شەوانما
لە ئاتەشگای بێکەسیما ئاگرێک بکەوە
دەتۆش وەرە
بە خاچی هاتنێکی ئەبەدییەوە هەڵمواسە
دەتۆش وەرە، بە سەرنجە سیحراوییەکەتەوە
دیواری شیعرم هەڵچنە
دەتۆش وەرە، لە زەمەنی کەڕبوونی ویژداندا
عودی تەنهاییم بژەنە
ئەوسا پێکەوە لە میحرابی ژووانێکا
نوێژێک بۆ عەشق ئەکەین و
دەست لە ناو دەست
بەسەر مەیتخانەی دابونەریتدا باز ئەدەین
لە کۆتایشدا
وەک دوو هەڵۆی بەرزەفڕی کوێستانان ئەفڕین
ئەبین بەدوو ئەستێرەی نوێی عاشق
لە فەسڵی خەزانی ئاسمانا
دە وەرە گیانی گیانم
تۆ تەنها کەرەمی هاتن بکە




ئیسلام و عروبە دوو رووى یەک دراون.. ستیڤان شەمزینی

هەمیشە بۆ قسەکردن لەسەر ئیسلام و عروبە و پەیوەندیى ئەو دووانە بەیەکەوە دەمانباتەوە سەر هەمان پرسیارى ئایا مریشک لە هێلکەیە یان هێلکە لە مریشکە؟ لەڕاستیدا وەڵامەکە بەهەر بارێکدا بێت هەر راستە، بە هەمان شێوەش ئەگەر بڵێین عروبە بەرهەمى ئیسلامە، یان ئیسلام بەرهەمى عروبەیە ناکەوینە هەڵەوە و لەهەر بارێکدا بێت وەڵامێکى گونجاوە، چوونکە ئیسلام و عروبە دوالیزمێکن کە بووون مێژوو و سەرهەڵدانیان ئاوێتەى یەکترى بووە و بە یەکدى بەستراوەتەوە، لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین دوو رووى قەڵبى دراوێکن کە توندوتیژیى و تیرۆر و ئەنفال و شمشێرە. عەرەب هەمیشە بە دەستێکى شمشێرى هەڵگرتووە لە پەنا دەستێکى قورئانیدا، قورئانیش کەرتەلۆکى هەڵسوڕان و کارکردنى عروبەیە، ئەگەر مانیفێستى کۆمۆنیست کتێبى پیرۆز و بنەمایى کۆمۆنیزم بێ، ئەوا قورئان کتێبى پیرۆزى عروبەیە.
لە واقیعیشدا نامەیەکى عەرەبیانەیە و هیچى دى، بآ هۆ نییە عەرەبەکان هەمیشە پارێزگاریى دەکەن لە مانەوەى قورئان بە زمانى عەرەبى و رێ دەگرن لە هەوڵى وەرگێڕانى بۆ سەر زمان و هەر رێنووسێکى تر، بەڵکو ئەوان تەنیا رێگە دەدەن بە تەفسیر و خوێندنەوەى ئایەتەکان (ئەمەش لە چوارچێوەیەکى تەسکدا) هەر هەوڵێک بەدەر لەمە مەحکومە بە کوفر و زەندیک بوون، لە کاتێکدا دەبینى تەورات و ئینجیل وەک دوو نامەى ئاینیى و (ئاسمانى) بۆ سەر چەندین زمانى جیاواز وەرگێڕدراون، هەر کەس و نەتەوەیەک دەتوانێت بە زمانى رەسەنى خۆى بیانخوێنێتەوە.
بە دیوەکەى تریدا قورئان فاکتۆرێکى بە عەرەبکردن و سڕینەوەى ئەویترى غەیرە عەرەبە، ئەمەش لەڕێگەى بە پیرۆزگرتن و بڵاوکردنەوە و خوێندنەوەیدا، هەرواش عەرەبەکان هاتنى یەکەم و دوا پێغەمبەرى عەرەبى (محەمەد) تەنیا بۆ عەرەب نازانن بەڵکو بۆ هەموو جیهان، بەڵام دەبێت سەروەریى هەر بۆ عەرەب بێت و چینى ئەریستۆکراسى قوڕەیش دەسەڵاتى درێژخایەن و جاویدانى سەرجەم کۆمەڵگاى خەلافەت جڵەو بکات.
عەرەبە ئیسلامەکان لە سەردەمى فتوحاتدا کە هاتن کولتوور و ترادیسیۆن و ژیار و شارستانى و پەرستگا و کتێبخانە و نامە پیرۆزەکانى ترى نەتەوە بە موسڵمانکراو و نیشتمانە تازە داگیرکراوەکانیان لەناوبرد، کە سەرلەشکرى عەرەبى ئیسلامى (سەعدى کوڕى باوکى وەقاس) گەیشتە شارى (مەداین) نامەیەکى بۆ عومەرى کوڕى خەتتابى خەلیفە نارد کەچى لەو هەموو کتێبە بکات لە شارەکەدا، (عومەر) لەوەڵامدا دەنووسێ مادام قورئانمان هەیە بە ئاویاندا بدە یان بیانسووتێنە، بۆیە ئەویش زۆر (مەردانە) دەست دەکات بە سووتاندنى کتێبخانەکانى ئەو شارە.

لە یەکێک لەو دیکۆمێنتانەى لە کوردستان دۆزراوەتەوە، هۆنراوەیەکە بەدیالێکتیکى هەورامى کە ئاماژە دەکات بە ئەنفال و لەناوبردنى پەرستگا و ئاتەشگاکان و کوشتنى پیاوان و بەغەنیمەت گرتن و کەنیزەککردنى ئافرەتانى کورد، کە ئەمە یەکەمین ئەنفالى کوردە لەسەر دەستى عەرەب و یەکەمن سەرەتاکانى دەرکەوتنى عروبە و ناسیۆنالیزمى خێڵەکى عەرەبە. دواتر لە سەردەمى (عبدالملک بن مروان)ەوە مەرسوماتى دەوڵەت و نوسراوەکان و نووسینى سەر دراوەکان و هەموو نووسراوەکانى ترى دەوڵەتى خەلافەت بەعەرەبى کران و بە هەموو شێوەیەک کارکرا بۆ لەناوبردنى کولتوورى کورد و فارس و گەلانى ترى ژێر چەپۆکى دەسەڵاتى خەلافەتى ئیسلامى- عەرەبى.

بۆ نموونە لە سەردەمى یەکێک لە خەلیفەکانى عەباسیدا تابلۆیەکى پاشماوەى ساسانییەکان لە عێراقدا مابووەوە کەچى بەفەرمانى خەلیفە ئەو تابلۆیە لەناوبرا!. بێ لەمانەش هەموو موسڵمانە غەیرە عەرەبەکان، چین و توێژاڵى خوارەوەى کۆمەڵ بوون و بە چاوێکى کەمتر سەیر دەکران، بە موالى و شوعبى ناودەبران، رۆژێک لە رۆژان بۆیان نەبووە بەشداریى بکەن لە پێکهاتە و ژیانى سیاسیى و ئیداریدا لە نێو خەلافەتى ئیسلامیدا، سەربارى ئەوەش سەرکوتکراون، تا ئەو ئاستەى نەیانتوانیوە ژن لەعەرەبەکان بخوازن و لە دوا جاریشدا هەروەک (کافرەکان) جزیە و سەرانەیان لێ سەندراوە.

بە درێژایى دەسەڵاتى خەلافەتى ئومەوى و عەباسى، کورد و بلوج و فارس و ئازەر و ئاشوورى سەرکوتکراون و شۆڕش و راپەڕینەکانیان بە سیاسەتى ئاگر و ئاسن و جۆرەها ئەشکەنجەى جەستەیى و دەروونى پوکێنراوەتەوە و رۆحى نەتەوەییان خراوەتە ژێر پێى فیوداڵە خێڵەکییەکانى عەرەبەوە. لە سەردەمى نوێشدا عەرەب هەر بە چەکى ئیسلام و قورئانەوە دێتە گۆڕەپان و بەرگى دین دەکاتە بەر هەموو ئەو تاوان و دڕندایەتى و جەنگ و کاولکارییانەى کە دەیانکات، دینى عەرەبیش پاڵپشت و پشتیوانییەتى.

سەددام کورد قڕانى ناونا ئەنفال، حکوومەتى سودان کوشتنى مەسیحییەکان بەغەزا دادەنێت، قیبتییەکانى میسر بە ناوى بڵاوکردنەوەى فەسادى ئەخلاقییەوە جەهەنمیان بۆ دادەخرێت. هەموو عەرەبیش کێشەیەکى جوگرافى و مێژوویى وەک کێشەى عەرەب– جوولەکە دەبەسنەوە بە ئیسلامەوە و بە هەموو ئیسلام تێدەکۆشن بۆ لەناوبردنى جوولەکە و ئیسرائیل. بۆیە ئیسلام و عروبە ئاوێتەى یەکترن و وەک مەلێک وان کە هەر یەکێکیان باڵێکییەتى، بۆئەوەى کردەى فڕین بەئەنجام بگەیەنرێت دەبێت هەردوو پاڵەکە بەهاوشانى یەکتر لە کاردا بن.

ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم




سەمای مەرگ.. ستیڤان شەمزینی

هەموو بێ ئومێدانە لە حەوشەی ژیان وەستاوین
راوەستاوین مەرگ بمانکاتە یادەوەرییەکی بزر بوو
ژیان داڵانێکی تەسکە، جێی ئازارەکانمانی تیا نابێتەوە
سەیرە! درەنگانێ مەرگ دەروازە بەرینەکانی ئەکاتەوە
مەرگ کاتێ دێ بە هانامانەوە لە خوێناوی ژیاندا گەوزاوین
بۆن و بەرامەی نەسیمئاسای مەرگ ساتێ هەڵدەکا،
سییەکانمان پڕ بووبن لە ژەهری بێهودەیی ژیان
وەرە، ئەی مەرگ، ئەسرینی رژاومان کۆ بکەرەوە
زوخاوی لە دایکبوونمان تنۆک تنۆک داچۆڕێنە
لە دۆزەخی ژیاندا، دەستی میهرەبانیت درێژ بکە
بزماری بێ ویژدانیی رۆژگار لە لاشەمان دەربێنە
تۆ ئەی مەرگی ئازیز، لاشەکەمان بدە دەست مێروو
لە دەمی قومارچییەکانی سیاسەت وەک قەندێ دەریکە
لە حەرامسەرا و کۆشکی پڕ ئەژدیهای زەمان دەرمانهێنە
بمانێرەوە بۆ کۆڵانەکانی ئەودیوی زەمەن و وجود
تۆ ئەی مەرگی شیرین، پێناسەی خۆت ببڕە بە باڵاماندا
جیاواز لەو پێناسەی دەڵاڵەکانی نیشتمان پێیان بەخشین
غەزەل و سروودێکمان لە خامۆشی و کپبوون فێر بکە
هیچ شتێ نەیگەێنێتەوە بە سروودی خودا و ئاینەکان
ببە بە بەرمۆدای گیانمان، وەک ئەختەبووت هەڵمانلووشە
تەخت و تاراجی شادییە درۆینەکانمان بەسەریەکا تێکدە
تۆ ئەی مەرگ، زووتر لە کاتی خۆی وەرە میوانیمان
سفرەی تژی جەنگ و کابووس و خوێنمان بدڕە
فریاکەوە سن و کوللەی ژیان گوڵەگەنمی جوانیی خواردین
خێراکە گەڵاڕێزانی مرۆڤایەتییە لەم جەنگەڵەی ناوی دنیایە
گیانمان هەمووی شوێنەواری زامی قووڵی پێکەنینە
پێکەنین بەو هەقیقەتە وەهمیانەی شالوری شەڕەکانن
سەنگەری بەرگرییمان تێکشکێنە کە تەنها هەناسەیەکە
ببینە چەند سارد وسڕ و مردووانە، سترانی ئەوین ئەڵێینەوە
تۆ وەرە ئەی مەرگی شیرین، گورز بوەشێنە لە رۆحمان
ئەو رۆحەی کرمەڕێزە، بە حەز و خەونی ئەهریمانەی ژیان
گەڵای داری هەموو خولیا شەڕەنگێزەکانمان بوەرێنە
تاکو زەوی و ئەستێرەکانیش پشوو بدەن لە دەستمان
چەشنی مڵە بەربووینەتە ئاسمان، بەربووینەتە پەلکەزێڕینە
هەموو رەنگەکانمان،ـ بە رەنگی دزێوی خۆمان سواخ داوە
فریا بکەوە، وەرە سەر رێگای بەختیارییە سەیرەکانمان
ئەو بەختیارییەی لە هەستێکی ماسۆشییانەوە لە هێلکە جوقاوە
تۆ وەرە ئەی مەرگ، خەنەبەندانی چاوچنۆکیمان لێبکە شین
حەوت ملیار ئەمێبای زیانبەخشین، خۆرکەی گەردوونین
کۆمەڵێ شێرە بەفرینەن، بە هەتاوێک ئەبینەوە بە قوڕ و لیتە
فریاکەوە، ویژدانمان لە مەزادخانەی بێ ئابڕوویی فرۆشتووە
پۆلێ داڵە کەرخۆرەین، لەسەر کەلاکی تۆپیوی ژیان ئەژین
گروپێ قالۆنچەی رەشین، بۆنی زێرابی خیانەت لە هەناسەمان دێ
ئەی مەرگی شیرین، بێ بەزەییانە رەشماڵەکەمان بدە دەست رەشەبا
زەوی لە شوێن پێ پیسەکانمان، بە دیتۆڵی رەوشت بشۆرەوە
بێ بەزەییانە، رەچەڵەکی قێزەونی مرۆڤ قەلاچۆ بکە لەسەر زەمین
وەک دەرمانی مەلاریا، بارانی خوڕت بپرژێنە بەسەرماندا
لە رەشبەڵەکی درۆکانما، ملیارەها لوغم و مین بچێنە
دروێنەی رەوشتمان بکە، کە پاکیزەیی زەوی لەکەدار کردووە
کون و قوژبنی گەردوون نەماوە، پیسمان نەکردبێ
وەک شەپۆلێکی تووڕە تاکو لێواری عەدەم بمانبەرەوە
دڵی ئاسمانمان تا ئۆزۆن وەک بێژنگ کون کون کردووە
چەک و پارە تاکە زمانمانە بۆ گفتۆگۆ لەگەڵ یەکتر
ئاکار و رەوشتمان، لە تەوالێتی بۆرسەیەکدا لێ بزر بوو
نیشتمان و پەرستگەشمان تەنها پێخەفی سۆزانییەک بوو
وەرە ئەی مەرگ، بزانە ژیان چەند زەبوونە بەدەستمانەوە؟
چی جوانی بوو، تێزابڕێژمان کرد و کردمان بە سووتماک
چی فەنتازیا بوو، هەموویمان کردە کورەی ئەتۆمییەوە
چی داهێنان بوو، هەموویمان بە دۆلاری لولکراو رووپۆش کرد
چی زانستە، کردمانە جەوەنەیەکی رەشەوە بۆ کۆیلەکردنی یەکتر
چی خودا بوو، هەموویمان کرد بە یەک خودا، ئەویش دراو بوو
چی عەشقیش هەبوو، بوو بە نوکتە و حکایەتی گوێ ئاگردان
چی کتێبی دنیا بووـ، هەموویمان کردە لوولەی گوڵەبەڕۆژە
تۆ وەرە مەرگ، گڵاوبوونی زەوی لە چڵکی رەشی شعورمان بشۆرەوە
نەهێڵی کەوڵەکانمان، لەزەوی بسرەوێ، فڕێیدە حاویەی گەردوون
نەهێڵی لە پەنا درەختێکەوە بمانێژن، نەکا فێری درۆی بکەین
نەهێڵی کۆتر لەسەر گۆڕەکانمان هێلانە بکا، نەبادا بە شەوارە بکەوێ
نەهێڵی خۆر هەڵبێ لەسەرمان، ئێمە بەندەی شەوە تاریکەکانین
رۆژی رووناکمان، ئەو کاتەیە دەستمان لە خوێنی یەکتردایە
تۆ وەرە ئەی مەرگ، ئەم گاڵتەبازاڕییەی مرۆڤ بە کۆتا بهێنە
توتکە سەگی ناو هەستمان، بە پەتی دڵڕەقیت بخنکێنە
پێهەڵگرە، داهاتووی گەردوون لە مەترسیی لەناوچووندایە
مرۆڤ، مرۆڤ، دەستی ناوەتە بینە قاقای سروشت
هەنگاوەکانت خێرا بکە، بە کۆمەڵ ریشەکێشمان بکە
ئەوەتا، هەموو شت ئەبارێ، تەنیا جوانی و عەشق نەبێ
هەموو شت لێرە ئەبارێ، تەنیا مرۆڤایەتی و ماف نەبێ
ژمارەیەک قۆخی گەنیوین، باخچەمان پڕکردووە لە بۆنی ناخۆش
شووشەیەک کێم و جەراعەتی دەستی حەزرەتی ئیبلیسین
دڵی سەوزی گشت دەشتەکان ئەکەین بە بیابانی کاکی بە کاکی
خێرا وەرە ئەی مەرگ، کات زۆری بە بەرەوە نەماوە
لای مرۆڤ، کاتژمێری کۆتایی سۆز و بەهاکان و ژیرییە
کاتژمێری کۆتایی وڕک گرتنە لە حەزی وێرانخوازیی ناخمان
خێراکە، خێرا، لە مێژە کار لە کار ترازاوە، ئەدی تۆ لە کوێی؟
بۆ نایەیت شیرینی شیلکی خۆت بخەیتە ناو دەممانەوە؟
بۆ نایەیت کۆلارەی خەیاڵمان بدەی بەدەم گەردەلوولەوە؟
بۆ نایەیت، چەپەڵیمان بە ئاوی روونی خۆت بسمیل بکەی؟
خێرا وەرە، ئەی مەرگی شیرین، شاری خۆشیمان وێران بکە
ئەو خۆشییەی تەنیا لە درۆیەک زیاتر نییە و لەسەر پشتی
ملیۆنان ئادەمی تر، تەلاری یوتۆپی خۆی رۆناوە
وەرە، ئەی مەرگی شیرین، سەمای خۆت دەستپێبکە
ئێمە کۆتا جار چاوەڕێی تۆین بمانخەیتە سەما..

چاوەڕێین .. چاوەڕێین

ئەم شیعرە لە کۆمەڵە شیعری “دەستنووسێکی کۆنی عیشق” بڵاوکراوەتەوە. کە لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە




خاوەنی کەناڵە سێکسییەکان کێن؟.. ستیڤان شەمزینی

حاڵی حازر سەدان کەناڵی ئاسمانی سێکسیی و هەزاران وێب سایتی پۆرۆنۆ لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، رۆژانە پەخش دەکەن. خاوەنی ئەو کەناڵانە تا ئێستا لای زۆربەی خەڵکی رۆژهەڵات و جیهانیی ئیسلامی کە بە پلەی یەکەم دێن لە سەیرکردنی ئەو کەناڵ و سایتانەدا، ئاشکرا نییە. زۆربەی جار بانگخوازە ئیسلامییەکان، بانگەشە دەکەن، گوایە ماسۆنییەت یان سەهیۆنییەت لە پشتی ئەم کەناڵانەوە راوەستاوە، هەندێکجاری تر بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئەو کەناڵە سێکسییانە تەنیا بۆ جیهانی ئیسلامیی دروستکراون، ئەویش لەلایەن رێکخراوە تەبشیرییەکان یان رێکخراوە نهێنییەکانی وابەستە بە ئیسرائیل و زایۆنیزم.

ئەو جۆرە بانگەشەیەی بانگخوازە ئیسلامییەکان، دوورن لە راستییەوە، چوونکە زۆربەی ئەو کەناڵ و سایتە سێکسییانە لەلایەن کەسانی موسڵمان و خەڵکی رۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامییەوە خاوەندارێتی دەکرێن. بەم دواییە ئاشکرابوو کە زیاتر لە 60 ملیاردێری میسریی، خاوەندارێتییان لە چەندین کەناڵ و سایتی سێکسیی کردووە، وەک سەرچاوەیەکی گرنگیی بازرگانی، بە تایبەت لە رێگەی ئەو سایتانەی بە پارە گرتە سێکسییەکان بڵاو دەکەنەوە، یان ئەو کەناڵانەی پەیوەندیی راستەوخۆ وەردەگرن، کە بەهای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانە چەند قات زیاترە لە پەیوەندیی تەلەفۆنی ئاسایی، ئەوەش ربحێکی گەورەیە بۆ ئەو سەرمایەدارانەی لە پشتی ئەو کەناڵانەوە وەستاون.
بەپێی ئامارەکان ئەو راستییە بەئاشکرا خۆی دەرخستووە، زۆربەی تەماشاکارانی کەناڵ و سایتە سێکسییەکان لە جیهانی ئیسلامییدان، لەم رووەوە عێراق لە ریزبەندی سێ لەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین تەماشاکەرانی سایت و کەناڵە سێکسییەکانی تێدایە. بە گوێرەی بە دواداچوونێکی NAWA دەرکەوتووە لە سێ وڵاتی ئیسلامی، سایتە سێکسییەکان لە ریزی پێشەوەی ئەو سایتانەن کە زۆرترین سەردانیکەریان هەیە و لە نێویشیاندا وڵاتی عێراق بە پلەی یەکەم دێت بەو پێیەی دوای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی facebook ، youtube و هەردوو سایتی google و yahoo و سایتە پۆرنییەکان زۆرترین سەردانیکەری هەیە لە عێراق. دوای عێراق وڵاتی جەزائیر بە پلەی دووەم دێت بەو واتایەی لە 30 سایتی یەکەم 3 سایتیان سێکسین کە ئەوانیش لە ریزبەندی 16، 25 و 27دا جێیان گرتووە. لە پلەی سێیەمیش مەغریبە کە دوو سایتی پۆرنی لە ریزبەندی 12 و 23دا لە نێو ئەو 30 سایتەدان کە زۆرترین سەردانیان دەکرێت لەو وڵاتەدا.
دیارە بازرگان و ملیادرێرە عەرەبەکان لەو پەرۆشییەی جیهانی ئیسلامی تێگەیشتوون بۆ سەیری فیلمی پۆرۆنۆ، بۆیە زۆرترین سەرمایەی خۆیان لە بواری کەناڵ و سایتی سێکسی وەگەڕخستووە. چوونکە هەموو ئەو داتایانە نیشانی دەدەن، تینووێتییەکی زۆر لە جیهانی ئیسلامیی هەیە بۆ سەیری فیلمی سێکسیی، ئەمەش وای کردووە رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئەو کەناڵ و سایتانە زیاتر ببن. بەڵام ئەوەی پێویستە ئێمە لێرەدا بیری بخەینەوە ئەوەیە، زۆربەی ئەو کەسانەی لە پشتی ئەم بازرگانییەوە راوەستاون، ملیاردێرە عەرەبەکانن بە تایبەت ژمارەیەک بازرگانی میسریی و خەلیجیی، هەروەها زۆرترین ژمارەی تامەزرۆیانی بینینی ئەو کەناڵانەش هەر خەڵکی رۆژهەڵات و جیهانی عەرەبیی و ئیسلامین.
هەر بەم دواییانەش، ئەو راستییە ئاشکرا بوو، “بەشار ئەسەد”ی سەرۆکی سوریا، لە پشتی سێ کەناڵی سێکسییەوە وەستاوە. رۆژنامەیەکی ئیتالیایی لێکۆڵینەوە و بە دواداچوونێکی تایبەتی‌ کردووە لەبارەی‌ کەناڵە سێکسییەکان و خاوەنەکانیان، لەو نێوەندەشدا ئاشکرابووە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا خاوەنی 3 کەناڵی سێکسییە. رۆژنامەی‌ نیوزبابپێرسی ئیتالیی لە بەدواداچوونەکانیدا بۆی ئاشکرا بووە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا خاوەنی‌ 60% پشکەکانی‌ گرووپی” Sex Channel” کەناڵە سێکسییەکانە کە تایبەتە بە پەخشکردنی‌ فیلمە سێکسییەکان لە ماوەی‌ 24 کاتژمێردا و دووەمین گەورە تۆڕی کەناڵە سێکسییەکانە لە ئیتالیا.

ئەو رۆژنامەیە جەختی کردۆتەوە لەوەی بەشار لە ساڵی‌ 2003 لەرێگەی کەسێکی نزیکی خۆیەوە گرێبەستێکی بۆ کڕینی پشکەکانی ئەو کەناڵانە کردووە پێش ئەوەی‌ ئیفلاسبوونی‌ خۆیان رابگەیەنن، نرخی هەر گرێبەستێکیش 105 ملیۆن یۆرۆ بووە. هەروەک رۆژنامەکە خستوویەتەڕوو بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لە ماوەی‌ ئەو چەند ساڵەدا قازانجێکی زۆری کردووە بە تایبەت‌ لە ساڵی‌ 2009 نزیکەی‌ یەک ملیار دۆلار قازانجی کردووە و رەوانەی‌ چەندین حسابی بانکییەکی نەناسراوی کردووە لە ئێران و کوبا.

ئیدی لە دوای دەرکەوتنی ئەو راستییانە ئەو وەهمە بەتاڵ بووەوە کە دونیای رۆژئاوا دەیەوێت ئوممەتی ئیسلام ئیغرا بکات و لەسەر رەوشتی “بەرز”ی خۆی لای بدات. نەخێر بەپێچەوانەوە ئەوەی خاوەندارێتی ئەو کەناڵانە دەکات و ئەوانەشی بە تامەزرۆییەوە بوونەتە بینەری پلە یەکی ئەو کەناڵانە هەر موسڵمانان خۆیانن. راستە ناکرێت هاشا لەوە بکرێت چەندین ملیادێر و کۆمپانیای گەورە لە ئەوروپا لە پشتی دەیان کەناڵی سێکسییەوە وەستاون، بەڵام ئەو سەرمایەیەی لە هەنووکەدا بووەتە هۆکاری بەردەوامیی ئەو کەناڵانە، ئەو سەرمایەیان لە جیهانی ئیسلامییەوە هەڵدەقوڵێن، ئەو دەستەی پاش ئیفلاسبوونی دەیان بانک و کۆمپانیای گەورەی ئەوروپی و پاش قەیرانی دارایی سیستمی سەرمایەداریی، دەستی گرتووە بەو کەناڵانەوە، ئەو بازرگانە عەرەب و موسڵمانانەن کە بوونەتە گەورەترین مافیای لەشفرۆشیی و کەناڵە سێکسییەکان.

پێویستە لێرەدا ئاماژەش بەوە بدەین، بازرگانیی لەشفرۆشیی مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام لەم سەروەختەی ئێستادا گەیشتۆتە دوا پلەی خۆی، ئەوەش پەیوەندیی نییە بە دژایەتی ئاینێک یان نەتەوەیەک یان چەند نەتەوەیەک، ئەوە بازرگانییەکی رەش و نامرۆڤانەیە کە سیستمی سەرمایەداریی جیهانیش پشتیوانی لێدەکات. بۆیەکا گرنگە لەو فاکتە تێبگەین، کەناڵە سێکسییەکانیش بەشێکن لە پرۆسەی بە بازاڕکردنی لەشفرۆشیی، بۆ ئەوەش پێویستیان بە سەرنجڕاکێشانی هەموو کەسێک هەیە نەک تەنیا جیهانی ئیسلامی. بەدەر لەمەش جیهانی ئیسلامی هێندە جیهانێکی پاکیزە نییە رۆژئاوا بیەوێت رەوشتەکەی دابڕزێنێت، بەپێچەوانەوە ئەوەی لە جیهانی ئیسلامییدا دەگوزەرێت زۆر لەوە ترسناکترە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە دەگوزەرێت. جیهانی ئیسلامی ئەو جیهانەیە دیکتاتۆر و مافیا گەورەکانی لەشفرۆشیی بەرهەمهێناوە، ئیدی دەبێت پاکیزەییەکەی لە کوێدا بێت؟.

بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر کرۆکی مەبەستەکەمان، جارێکی دیکە بە بیری دەهێنمەوە، زۆربەی کەناڵە پۆرن و سێکسییەکان لەسەر ئاستی جیهان، لەلایەن بازرگانە عەرەبەکانەوە خاوەندارێتیان دەکرێت یان پشکیان تێیدا هەیە، بۆیە هەقوایە بانگخوازە ئیسلامییەکان چیتر بالۆرەی ماسۆنییەت و زایۆنیزم نەهێننە پێشەوە، چوونکە ئێستا راستییەکە وەک درەوشانەوەی ئەڵماسێک لە ژوورێکی تاریکدا، دەرکەوتووە، بە تایبەت دەبێت بزانن، “ئێران”ی قەڵای ئیسلام پڕبووە لە پارەی کەناڵە سێکسییەکان و رەنگە ئەو هاوکارییانەشی دەینێرێتەوە بۆ ئیسلامگەراکانی وەک حزبوڵا و حەماس هەر لەسەر پارەی لەشفرۆشیی و کەناڵە سێکسییەکان بێت.

ستوكهولم – سولنا




رژام وەک دڵۆپە فرمێسکێک لە چاوی خودا.. ستیڤان شەمزینی

بەر لەوەی خۆر
لەنێو برژانگەکانمەوە هەڵبێ
شەوەکان لەلای پرشنگی رۆحم
سکاڵا لە پێستە تاریکەکانیان دەکەن
دەیانەوێت ئەرزوحاڵیان بگەیەنمە خودا
کە چەندە تاوان لە دڵیاندا بە بێدەنگی دەکرێ
ئەوان بێزارن لەو هەموو گوناهەی، مرۆڤ
لە ژێر پرچی رەشی شەودا ئەنجامی ئەدا
کەچی ئەوان نازانن ساڵهایە
رژاوم وەک دڵۆپە فرمێسکێک لە چاوی خودا
بەرلەوەی خۆر
لەودیو سێبەرەکەمەوە ئاوا بێ
پۆستەچییەک بە هەناسەبڕکێ دێت و
بوخچەی سەدان نامەی غەمبار
لەبەردەم رەشەبای دڵما هەڵدەڕژێ
نامەی یەکەم، نامەی عارفێکە
هەمیشە روو لە قیبلەی یار و
دەست بەدەستنوێژی عەشق
بە خەتێکی درشت
لە کۆتا دێڕدا نووسراوە
لە کڕنووش بردن بۆ تۆدا ئەمرم و
کەچی دەچەمە چاڵە دۆزەخییەکانی دڵت
نامەی دووەم، نامەی سۆزانییەکە
هەرچی پیاوی سیاسیی هەیە
لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیدا
ناویان تۆمارە و
هەرچی بازرگانە چاوچنۆکەکانە
دەستێکیان لە باخەڵیدا جێماوە
دێڕەکانی نامەکە هێشتا تەڕ بوون
بە فرمێسکی دوای سەرجێی نوسرابوون
لە سەرەتاوە بەم شێوەیە دەستی پێکردووە
چی لە نیشتمان بکەم
کە وەک من کراوەتە سۆزانییەک و
سیاسەتمەداران بە رۆژی روون
لاقەی دەکەن؟
چی لەو خەونانەی خۆم بکەم
کە بوونەتە مۆتەکەی هەموو شەوانێکم
کاتێ لە باوەشی گورگە پیاوێکدا دەنووم
نامەی سێهەم، نامەی دایکی شەهیدێکە
هێشتاش بۆنی مێخەک و رەیحانەی لێدێ
بە خەتێکی رەش وەک کراسەکەی بەری
لە سەرەتاوە تا کۆتایی
تەنیا ئەمەی نوسیبوو
کەس لە نهێنی مەلوولیم تێناگات
کۆترێکیش لە ژوورە نسرمەکەم هێلانە ناکا
کەس نازانێ
ئەم بەلوعەی خوێنە کەی دەگیرێتەوە و
درەختی ئاواتەکانمان کەی چرۆ دەکات؟
نامەی چوارەم، نامەی نیشتمانفرۆشێکە
بە مرەکەبی خیانەت لەسەر لاپەڕەکی رەش
بەوپەڕی خوێنساردییەوە لەسەری نوسیوە
نیشتمان کەلاوەیەکە بۆ فرۆشتن
بەهای وڵات
لە مەزادخانەی ئێمەدا چەند تمەنێکە
نامەی پێنجەم، نامەی شاعیرێکی گەدایە
بە پێنووسی جوانیی و بە دڵی پەپولەیەکەوە
یەک کۆپلە شیعری تێدا نووسیوە
بەر لە هەزاران ساڵ رۆحم لە جەستەی
هەڵۆیەکی کوێستانەکانی وڵاتدا بوو
ئەوێ رۆژێ لوتکەی سەدان چیام بڕی
نەمبینی هیچ چیانشینێک دیلی دەستی
رەشماڵنشینێکی نێو غوباری سەحرا بێت
نەمبینی پەتی رزیوی سێدارەی بیابان
بۆ مل و گەردنی بەرزی چیا بێت
نامەی شەشەم، نامەی عاشقێکە
بە خوێنی ئاڵی خۆی نوسیوویەتی
پاکیزەکانی ئەم چەرخە
لەنێو دەڵاڵخانەکانی لەشفرۆشی کەوتوون
عاشقەکانی ئەم زەمەنە
لەنێو شێتی و خۆکوشتندا بزر بوون
جاڕچییەکانی خۆشەویستی
بۆ مشتێ پارە کڕ و کپ بوون
نامەی حەوتەم، نامەی رێبوارێکە
بیرەوەریی رۆژانی خۆی نوسیوە
لە گۆشەیەکی نامەکەدا
ئەمەم خوێندمەوە:
بە وڵاتێکدا گوزەر ئەکەم
جاران ئاوی کەوسەر و
هەوای جەننەت بوو
جاران شام شەکر و
ئەم وڵاتە شیرینتر بوو
ئێستاکە ئاوی لێڵە و
هەوای گڕەی ئەهواڕەکانە
هەنووکە شام زەقنەبووت و
ئەم وڵاتەش کاولستانە
نامەکان زۆربوون و
هەموو بۆ ئەوە نێردرابوون
من بیگەیەنمە عەرشی مەزن
کەچی ئەوان نازانم ساڵهایە
رژاوم وەک دڵۆپە فرمێسکێک لە چاوی خودا
بەر لەوەی مانگ
لە نێو لەپی دەستەکانمەوە هەڵبێ
لە وەرزی کۆچ و گەرمیان و کوێستاندا
مەلێکی لە پۆل جێماو،
دەریایەک فرمێسکی بەسەردا رشتم
گوتی هەر دڵۆپە فرمێسکێک
حکایەتێکی غەمگینی خۆی هەیە
یەک یەک بیانخوێنەوە و
رازیان بگەیەنە بە خودا
دڵۆپە فرمێسکی یەکەمم خوێندەوە
بە خەتێکی بزماری لەسەری نوسرابوو
ئەی عەشتار، دەنگم پێت ناگات و
ئازارێکم هەیە تۆش لێی تێناگەیت
چاوم لە کاتی مردنیشدا هەر کراوەیە
چون هەمیشە لە چاوەڕوانی هاتنی یاردام
فرمێسکی دووەم
لە کوچەی غەریبان هەڵگیراوەتەوە
ئەوەندە حەزینە
ئەڵێی تەمبورێکی شکاوی لالشە
هەر ئەوەندە تێگەیشتم لێی، ئەڵێ
من فرمێسکی دێرینی کوردم
لەسەردەمی غەزاوەتەوە رێچکەم بەستووە
بە روخاندنی ئاتەشگاکان و
کورژاندنەوەی ئاگری ئاهورامەزدادا تێپەڕیووم
بە شەڕی میرنشینەکان و
ئەنفال و هەڵەبجەدا گوزەرم کردووە
نە خودا گوێی لە خوڕەم بوو
نە جەلادەکان دەستیان هەڵگرت
لە جۆگە هەڵبەستن بۆ شەپۆلی بریندارم
فرمێسکی سێهەمم
بە مەستیی خوێندەوە
بە فۆنتێکی هێرۆگلیفی لەسەری نووسرابوو
من ژنێکم کۆتی دەستی کولتوور
لەسەر بۆنکردنی گوڵێکی گەش لە باخی ئەوین
وەک دارکونکەرە لەشیان کردم بە بێژنگ
خوێنم بووە ئاوی شتنەوەی ئابڕووی تکاو
رۆحم بوو بە باڵی هەڵکڕوزاوی پەپولەیەک
فرمێسکی چوارەم
قەترەیەک بوو لە بارانی غەم
لە چاوی برسییەک رژابوو
هەر ئەوەندەم بۆ خوێنرایەوە
هەرچی ئومێدم هەبوو
بە مردوویی لە دایکبوون
هەرچی خۆزگەم هەبوو
کرانە گرێچنی ئەو سێدارەیەی
ناوی هەژاریی بوو
فرمێسکی پێنجەم
بەندی گۆرانیبێژێک بوو
بە بەرگی شادیی رووپۆشکرابوو
هەرچەند قووڵ بوومەوە نەگەیشتمە هیچ
جگە لە زامی قووڵی نیشتمانێکی گریاو و
هەلاهەلابوونی پەیکەری ئەویندارێکی بێ پەروا
فرمێسکی شەشەم
فرمێسکی عاشقێک بوو
ئۆپێرایەک بوو لە بێدەنگی و
بێدەنگییەک بوو لە کۆژانی چاخی مەحیبەت
یەک شت تێگەیشتم لێی
لە دایکبوونی عەشق
کەوتۆتە دوای مەرگی عاشق
فرمێسکی حەوتەم
خودی خۆم بووم
بە خێرایی بیرم کەوتەوە
من دەمێکە
وەک فرمێسکێک ر ژاوم لە چاوی خودا و
وازم لە خوێندنەوەی فرمێسکەکانی تر هێنا.




ئیسلامی سیاسیی وەک دوژمنی دیموکراسی.. ستیڤان شەمزینی

نووسەری ناوداری عەرەب “د.عەلی حەرب” هەردوو زاراوەی موسڵمان و ئیسلامیی لە یەکتر جیا دەکاتەوە و پێیوایە، “ئیسلامیی موسڵمانێکی فێندەمینتالیستە کە ژیان لەسەر بنچینەی ئاینێک رێکدەخات”. حەرب لەو بڕوایەدایە “ئیسلامییەکان: نیشتمان، کۆمار، دیموکراسیی، یاساکان، بەرژەوەندیی گشتیی، ژیانی هاوبەش رەتدەکەنەوە. تەنانەت هەندێکیان دەوڵەت وەک چەمک رەتدەکەنەوە و لە بری ئەوە زاراوەی خیلافەت بەکار دەهێنن”. عەلی حەرب، نموونەی سەرکردەیەکی ئیخوانی میسریی بە بیر دەهێنیتەوە کە لە بەرامبەر پرسیاری ئەوەی لە خیلافەتدا هەیە نامیسرییەک حوکمی میسر بکات؟ وتی: میسرم بە لاوە گرنگ نییە، چوونکە خیلافەت لە هەموو شتێک لە پێشترە.
ئەزموونی ئیسلامی سیاسیی بە درێژایی مێژوو، ئەو راستییەی نیشانداوین، ئەم رەوتە بە هەموو پەل و باڵەکانییەوە، بە توندڕەو و میانڕەوییەوە، هێزێکی ئەنتی دیموکراسییە و هەوڵی بێوچان دەدات، لە پێناوی گەڕانەوەی رەوڕەوەی مێژوو بۆ چەندین سەدە بەر لە نهۆ، بۆ کارێکی لەم چەشنە نەک دەبێت دیموکراسی رەتبکاتەوە، بەڵکو دەبێت بە هەموو شێوەیەک دوژمنایەتیشی بکات. لە رووی فکریشەوە ئیسلامی سیاسیی وەک هێزێکی کۆسمۆپۆلۆتیست، بڕوای بە خیلافەتی ئیسلامیی هەیە، کە ئەم جۆرە دەوڵەتە تیۆکراتییە بە پێی پێناسەکانی سەردەم، جگە لە دەوڵەتێکی سەرکوتکار و تۆتالیتاریی شتێکی زیاتر نییە.
ئیسلامییەکان، ئەگەرچی سوود لە فەزای کراوەی کۆمەڵگەکان، یان دیموکراسیی وەردەگرن، بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی پێگەی سیاسیی و جەماوەرییان، بەڵام لە کۆتاییدا ئامانجیان لەناوبردنی هەموو فەزایەکی دیموکراسییە، بە تایبەت وەختێک دەگەنە دەسەڵات “وەک ئەوەی لە نموونەی میسری ئیخوانیدا بەرجەستە ببوو”، پاشەکشە بە هەموو ئەو دیاردە و بنەمایانە دەکەن، کە سەرئەنجام وەک ئەسپێک کۆمەڵگە بەرەو دیموکراسی رادەکێشن. بۆیە هێزە ئیسلامییەکان وەک دوژمنێکی باوەکوژی دیموکراسیی دەبینرێن و ئەزموونی ئەوان لە هەموو شوێنێک، ئەزموونی شەڕکردنە لەگەڵ فینۆمینەکانی دیموکراسیی.
ئیسلامی سیاسیی هێزێکە، بەرگەی فرە حزبیی، پلۆرالیزم، ئازادیی را دەربڕین و بۆچوونی جیاواز، خۆ تەرحکردنی ئەویتر، ناگرێت. ئیسلامی سیاسیی بڕوای بە دەستاودەستی دەسەڵات، ئازادییە سەرەتاییەکان و مافە مەدەنییەکانی هاووڵاتیان نییە، تەنانەت بڕوای بە ئیتنیک و گروپە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان نییە، بەڵکو دەیەوێ هەموویان لە چوارچێوەی تێفکرینی خۆیدا لە قاڵبدا، بە پێچەوانەشەوە دەبنە قوربانی ستەمکارییەکی رووپۆشکراو بە ئاین. ستەمکارییەک کە ئەوروپا لە سەدەکانی ناوەڕاست گیرۆدەی ببوو، ئەوەش قوربانییەکی ئەوەندە بێشووماری لێکەوتەوە، هەرگیز مێژوو نەتوانێت لە یادی بکات.
“عەبدولڕەحمان راشد” گۆشەنووسی رۆژنامەی “شەرقولئەوست” وردتر دیدی ئیسلامی سیاسیی لە هەمبەر دیموکراسی روون دەکاتەوە و دەنووسێت: لە هەندێک ئەزمووندا ئیسلامییەکان دیموکراسییان قۆستەوە بۆ ئەوەی رۆژەڤەکانی خۆیان بسەپێنن، هەروەک ئەوەی لە کوەیت روویدا، کاتێک ئیخوانییەکان و سەلەفییەکان و شیعەکان کتێبیان قەدەغە کرد، ئاهەنگ و چالاکی هزرییان یاساغ کرد، ئەمەش بۆ خۆی تۆقاندنێکی فکرییە. من دژی بەشداریکردنی حزبە ئیسلامییەکان نیم لە کاری سیاسیدا، ئەگەر ئامادەبن رێزی دیموکراسی بگرن، بەڵام هەروەک روونم کردەوە، ئەمە بۆ تەنیا جارێکیش رووینەداوە. پێویستە لەسەرمان دەرک بەوە بکەین سروشتی حزبە ئایدۆلۆجییەکان و گروپەکانی ئیسلامی سیاسیی لە هەردوو لایەنی تاکتیکی و فیکردا بە جۆرێکە، حزبەکانی دیکە رەتدەکەنەوە، هەرچەندەش باسی لێبوردەیی و هەرسکردنی دیموکراسی بکەن.
بە کورتی و کوردیی، ئەزموونی ئیسلامی سیاسیی لە ئەفغانستانی تاڵیبانەوە تا میسری سەردەمی فەرمانڕەوایی ئیخوان، ئەزموونێکە تەرجومەی ئەوە دەکات، ئیسلامی سیاسیی هێزێکە دژ بە هەموو سترۆکتۆرە دیموکراسییەکانە.

ستوكهولم – سولنا




منم ژەنەراڵی عەشق.. ستیڤان شەمزینی

منم ژەنەراڵی عەشق
ئەوە منم هەموو رۆژێ بە کلیلی عەشق
دەرگای ژەنگگرتووی دڵەکان ئەکەمەوە،
ئەوە منم بە تێشوویەک شیعری رۆمانسییەوە
بێ پشوودان بێستوونی عەشق هەڵدەکۆڵم
ئەوە منم هەموو رۆژێ وەک دەریا فێ دەمگرێ
کەفوکوڵم بە یەک نیگا هێور هێور ئەبێتەوە
ئەوە منم خوێن لە زامەکانمەوە دەچۆڕێ
“نای” هەناسەم بە پەنجەی “با” ئەژەنرێ
ئەوە منم وەک زریان بەسەر شارەکاندا ئەدەم
کوخە کۆنەکانی کولتوور لەگەڵ خۆما ئەبەم
ئەوە منم بە پۆشاکی خەمەوە بە تەنیا رێ ئەکەم
سروودی فیغان لەسەر جەستەی دێوانەیەک ئەنووسمەوە
ئەوە منم دەستی گەڵاکان ئەگرم بەرەو بەهار
شمشاڵی غەریبیم ئەگاتە گوێی فریشتەکان
ئەوە منم وەک ژەنەراڵی عەشقێکی ناکام و نامراد
سترانی فیراق لەسەر تەرمی خۆم ئەچڕم
ئەوە منم بە کوچە تاریکەکانی سۆزا گوزەر ئەکەم
لە ئەشکەوتی دابڕاندا چرای دەستم بەرئەبێتەوە
ئەوە منم لە کۆتا خاڵی گەردوونەوە دەنگی گریانم دێ
کاسە شەرابی بوون و خۆشبەختیم لێ ئەڕژێ
ئەوە منم حکایەتی وەرینی سەوزترین گەڵا بۆ پایز ئەگێڕمەوە
نە پایز تێدەگات و نە بەهار گەڵاکەم پێ ئەبەخشێتەوە
ئەوە منم ژەنەراڵی عەشقێکی بێ پایان و بێ بن
نەرگسیترین رۆح و هەستێکی لە شەونم نەرمترم هەیە
ئەوە منم ژیانم بە کۆڵێ دەردیسەریی گەمارۆ دراوە
لە باکووری زەوییەوە تەمبور بۆ ئازارەکانم لێ ئەدەم
ئەوە منم بە فڕینی پۆلە ریشۆڵەکان تا شێتی شاگەشکە ئەبم
لەگەڵ رنوە بەفردا تا ئەودیوی سنووری خەیاڵیش چووم
ئەوە منم بە لاشەیەکی سستەوە جەنگی عەشقم هەڵگیرساند
بۆ یەکەمجار من بووم مۆرفینم خستە قاوەی تاڵی ئەوینەوە
ئەوە منم تاکە ژەنەراڵی ئیمپراتۆریای خاپووری دڵ
سەدان سەربردەی نەبیستراو و مەحاڵ ئەبەمە ژێر گڵەوە
ئەوە منم هەزاران شیعرم لە ستایشی خۆشەویستیا هۆنیوەتەوە
ئەوە منم چاکەتێکی شڕ و سەرێکی پڕ ئێش و ژانم هەیە
هەموو سامانم دڵێکی گەش و دیوانێک و پێنج ئیرۆیە
ئەوە منم سبەینان سڵاو بۆ فریشتەکان ئەسەنمەوە و
ئەمەوێ رۆژێ لە ناو ئەو پۆلە فریشتەدا بتدۆزمەوە
ئەوە منم ئەندێشەکانم زۆر ئاڵۆزن و لە تالووکەدان
ئاوێنەی شکاوی دڵم وێنای رووخسارمی شێواندووە
ئەوە منم یەک جار دێم و هیچ کات دووبارە نابمەوە
هەر منم تا هەتایە لە ژووری خەونەکانت نایەمە دەرەوە
ئەوە منم خاوەنی ژوورێکی سارد و بێ جۆش و شەوق
وەک پەڕاگەندەیەکی تۆقیو خۆم لەپشتی سێبەرەکەمەوە شاردۆتەوە
ئەوە منم پێ بە پێ، هەنگاو بە هەنگاو، لە ماراسۆندام بەرەو مەرگ
پێش مەرگم ئەمەوێ لە وەنەوزێکی کورتتدا لە دایک بمەوە
ئەوە منم پێک لە دوای پێک ڤۆدگای خەستی عەشق ئەخۆمەوە
بە مەستی شانامەی جوانیت بۆ هەموو جیهان ئەخوێنمەوە
ئەوە منم خۆم داوەتە بەر خۆرەتاوی وەرزی ئەڤینداری
لە جیاتی ئامێزی گەرم، سەرقاڵم بە چنینەوەی دووریت
ئەوە منم تەماشای دەریاکانم ئەکرد کە پێکەوە وشکیان کرد
بینیم ئەستێرەکان بە کۆمەڵ بەرەو فەلەکێکی تر کۆچیان کرد
ئەوە منم شایەتم لەسەر خۆکوشتنی مانگ لە نیوە شەودا
نە توانیم ئەم چیرۆکە بۆ زەوی و نە بۆ خودا بگێڕممەوە
ئەوە منم سەیری هەرەسی گاشەبەردی دڵڕەقیم ئەکرد
لە تاودا سەرم خستە باوەشی دڵی نەرمی خۆمەوە
ئەوە منم لەودیو قەفەزەکانەوە بۆ بولبولەکان شین و زاریم بوو
نە توانیم دەرگای قەفەز بکەمەوە و نە گۆرانییەکەیان بسەنمەوە
ئەوە منم دەرگای هەموو ئاڵۆزیی و سەختییەکانم کوتیوە
جگە لە پەنجەرەی عەشقێکی سەرابئاسا هیچی ترم بەروودا نەکراوە
منم ژەنەراڵی عەشقێکی قووڵی بێکۆتایی و سەرکەشانە
ژیان هەمووی تۆوی مەرگە، تەنێ عەشق هەموو ژیانە
من ژەنەراڵی عەشق




توندوتیژیی فیزیکیی دژی مێینە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

خەتەنە وەک نموونە..

بە سەرنجدان لە مێژووی کۆن و نوێی مرۆڤ لەسەر زەوی، توندوتیژیی یان زەبروزەنگ بەشێک بووە لە سروشت و رەفتاری رۆژانەی. ئەم توندوتیژییە هەر بەوەوە نەوەستاوە لە بەرامبەر ئاژەڵ یان سروشت ئەنجام بدرێت، بەڵکو لەگەڵ گەشەکردنی ژیار و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، توندوتیژیی پێچەوانەوە بووەتەوە بۆ نێو خودی مرۆڤەکان خۆیان. مرۆڤی سەرەتایی بۆ پەیداکردنی ژەمە خواردنێک لە پێناوی مانەوەیدا ناچاربووە لە رێی زەبروزەنگەوە ئەو ژەمەخواردنە مسۆگەر بکات، ئەویش لە رێی راوشکارەوە. بە پێی میتۆلۆجیاش توندوتیژیی (زەبروزەنگ) هەر لەگەڵ مرۆڤدا سەریهەڵداوە و هەتا هەنووکەش هەر لەگەڵیدا دەژی و نەشونما دەکات. بە وتەی (میشێل ڤیڤێۆرگا)ی سەرۆکی رێکخراوی ئەنتەرناسیۆنالی سۆسیۆلۆژیی “..ئەوەی ناویدەنێین زەبروزەنگ لە نێو زەمەنە جیاوازەکاندا بە چەندین شێوەی جیاواز خۆی مانیفێست دەکات”. بە پێی میتۆلۆجیای ئیسلامیی هەر لە سەرەتای جێگیربوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، کوڕەکانی (ئادەم) ممارەسەی توندوتیژییان کردووە، هەر بەپێی ئەو میتۆلۆجیایە دوای ئەوەی خواوەند قوربانیی هابیل وەردەگرێت و بە پێچەوانەوە ئەوەی قابیل رەتدەکاتەوە، قابیل هەڵدەستێت بە کوشتنی هابیل!، ئیدی ئەمە سەرەتای یەکەم توندوتیژیی مرۆڤە بە پێی میتۆلۆجیای ئیسلامیی.

هەندێک لە زانایانی دەروونناسیی لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان و لێکۆڵینەوەی وردیان لەمەڕ سروشت و ئەدگار و سایکۆلۆژیای مرۆڤ گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی توندوتیژیی بەشێکە لە سایکۆلۆژیای مرۆڤ و لە رێی جیناتەوە نەوە لە دوای نەوە دەگوێزرێتەوە. بۆ روونکردنەوەی زیاتر ئەم تیۆرە، پێویستمان بە خوێندنەوە و سەرنجدان لە هەڵهێنجانەکانی (سیگمۆند فرۆید)ی خاوەنی قوتابخانەی دەروونشیکاریی هەیە. بە بڕوای فرۆید لە هەر مرۆڤێکدا دوو رەمەکی جیاوازی دژ بە یەک لە ئارادان کە هەر یەکێکیان بەرپرسیارە لە جۆرێک لە رەفتاری مرۆڤ، ئەو دوو رەمەکەش لای ئەو زانا سایکۆلۆجییە بریتین لە (تاناتۆس و ئیرۆس)، یەکەمیان بەرپرسیارە لە هەست و رەفتاری شەڕئەنگێزانەی مرۆڤ و ئەویتریشیان بە پێچەوانەوە بەرپرسە لە هەستی ئیرۆتیک و ژیاندۆستیی مرۆڤ.
رۆشنبیری ناوداری ئێرانی “د.کاوس سەید ئیمامی” دەربارەی ئەم بیردۆزەی فرۆید دەڵێت (تیۆری کلاسیکی فرۆید یەکێک لە تیۆرە گرنگەکانی دروونناسی کۆمەڵایەتییە سەبارەت بە توندوتیژیی. فرۆید یەکێک لە بەستێنە گرنگەکانی توندوتیژیی بەبوونی پرنسیپێک بە ناوی غەریزەی مەرگ یان تاناتۆس لە دەروونی مرۆڤدا دەزانێت. بە بڕوای فرۆید، ئەم پرنسیپە دژ بە پرنسیپی ژیان یان غەریزەی سێکسە. لە راستییدا فرۆید لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەنگیزە و ویستی سێکس مەیل بۆ ژیان لە مرۆڤدا بەهێز دەکات و سەرچاوەی سەرهەڵدانی چالاکیی و ئینێرژیی پۆزەتیڤە لە مرۆڤدا. لە ئاست ئەوەشدا غەریزەی مەرگ، مەیل بۆ توندوتیژیی و رووخاندن لە مرۆڤدا بەهێز دەکات).

ئەگەرچی توندوتیژیی دێرین (ئەوکاتەی هێشتا مرۆڤ لە قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتاییدا بوو) بە جۆرێک بووە مەگەر بەدەگمەن پێچەوانە بووبێتەوە بۆ ئاستی خودی مرۆڤەکان. بەڵام هەروەک پێشتر وتمان لەگەڵ گەشەکردنی ژیار و بەجێهێشتنی قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتایی، توندوتیژیی پێدەنێتەوە قۆناغێکی نوێوە، کە دەکرێت لە پوختەترین دەربڕیندا بڵێین قۆناغی توندوتیژیی بەرنامە بۆ داڕێژراوە، ئەو توندوتیژییەی سیستم و رژێمە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی و ئاینییەکان بۆ پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان چوارچێوەیەکی شەرعیی یاخۆ یاساییان پێبەخشیوە. وەلێ دەکرێت لێرەوە لە چەند روانگەیەکەوە پێناسەی چەمکی توندوتیژیی یاخۆ زەبروزەنگ بکەین:
رۆشنبیری ئێرانی “د.محەمەد زەیمەران” پێیوایە (لە ساکارترین پێناسەدا دەکرێت بووترێت توندوتیژیی بریتییە لە هاویشتنی جۆرێک زیان یان کپکردنی ئەویدی لە رێی کوشتن یان زیان گەیاندنی رۆحی. هەندێک لە بیرمەندان پێیانوایە دەتوانرێت ئەم چەمکە تا دەڤەری “هەڕەشە”ش بگشتێندرێت و درێژ بکرێتەوە. واتە ئەگەر کەسێک هەڕەشەی توندوتیژیی لێکرا، بۆ وێنە هەڕەشەی مەرگ، یان هەڕەشەی زەڕبەی جەستەیی و رۆحیی رەنگە بکرێت بە توندوتیژیی دابنرێت). ئەم پێناسەیە جەخت لەوە دەکاتەوە توندوتیژیی بەشێوەیەک لە شێوەکان بریتییە لە زیانگەیاندن بە ئەودیدی. بێگومان ئەم زیان گەیاندنە تەنێ روویەکی ماددیی نییە بەڵکو دەکرێت دیوێکی مەعنەویشی هەبێت “وەک توندوتیژیی رۆحی و دەروونی و ئابووری و سێکسیی”.
“ج.فرویند” پێیوایە (زەبروزەنگ بەو هێزە دەوترێت کە راستەوخۆ هێرش دەباتە سەر کەسانی تر و ماڵ و سامانیان، چ وەک تاک تاک یان وەک دەستە و گروپ، بە مەبەستی زاڵبوون بە سەریاندا لە رێگەی لەناوبردن و تێکوپێکدان و هێنانە چۆک و تێکشکاندنیانەوە). بە کورتی توندوتیژیی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی– سیاسییە و لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا بە ئێستا دەگات لەگەڵ مرۆڤدا تەریب لە ئارادا بووە و لەگەڵیشدا پێ بە پێی پێشکەوتنەکانی مرۆڤ ئەویش پێشکەوتووە و فۆرمی نوێ و جیاوازی بەخۆگرتووە.

توندوتیژیی فیزیکیی دژ بەمێینە

ناتوانین مێژوویەکی دیاریکراو دەستنیشان بکەین وەک سەرەتای پیادەکردنی کردەی توندوتیژیی لەلایەن رەگەزی نێرەوە لە دژی مێینە. ئەوەی ئێمە لە چیرۆکی مرۆڤایەتی دەیزانین، قۆناغی سەرەتایی ژیانی مرۆ لەسەر زەمین، قۆناغی دەسەڵاتی ژن یان دایک بووە (ماتریاکی). بەڵام دوای ئەوەی کشتوکاڵ لەلایەن ژنانەوە دۆزرایەوە و جێگۆڕکێ روویدا لە رۆڵی هەریەک لە هەردوو رەگەزەکەدا، ئیدی هێدی هێدی خاوەندارێتی بەروبوومەکان لەلایەن نێرینەوە کۆنترۆڵکرا، ئەم مۆنۆپۆڵکردنە پێویستیی ئەوەی هێنایە کایەوە پیاو شۆڕشێک لە دژی پێگەی بەهێزی ژنان بەر پابکات، بێگومان پیاو توانی دەسەڵاتی خۆی بەسەر مێینەدا بسەپێنێ و کودەتایەک بکات بەسەر رۆڵی ئەودا، هەر لەم نێوەندەدا بوو پیاو ئاینەکان و یاسا داهێنراوەکانی خۆی کردە زرێی بەرگریی و درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەى لە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری مێینە. بێگومان مێژوو گەواهیی ئەوەمان بۆ دەدات یەکێک لە میکانیزمەکانی بەچۆکداهێنانی مێینە لەلایەن ئەویتری نێرینەوە بریتی بووە لە زەبروزەنگ، ئیدی ئەم کردەیە لە ئازاری جەستەیی و لەنێوبردنەوە درێژ دەبێتەوە تاکوو دەگات بە گوشاری دەروونیی و رۆحیی.

مێژوو پێماندەڵێت چەرخی دەسەڵاتی ژن یان کۆمەڵگای سەرەتایی زۆر کورتبوو، لەوە بەدواوە دەسەڵاتی پیاو هات، جگە لەوەی نەهامەتیی بۆ رەگەزەکەی دیکە هێنا، لە هەمان کاتدا بووە مایەی ناهەمواریی و ئازار بۆ سەرجەمی مرۆڤایەتی بە هەردوو جێندەرەوە. لەو رێکەوتە بە دواوە ژن هەمیشە لە ژیانی کۆمەڵدا بە میکانیزمی توندوتیژیی کەنار گیرکراوە و لە چەندین ماوەی مێژووییشدا ژن بە ئەندازەیەک چەوسێنراوەتەوە و تووشی زەبروزەنگ بووە کە هەرگیز سڵ لە کوشتنی سەدانیان لە یەک چرکەدا نەکراوەتەوە. چون لە دیدگای هەندێک کۆمەڵگەی ئەو کاتەی مرۆڤایەتیدا تەنانەت گومانیش لە مرۆڤبوونی خودی مێینە کراوە. ئەگەر سەرنج بدەینە شارستانێتییە کۆنەکانی وەک یۆنان و میسرییە دێرینەکان و بابلی و سۆمەریی و ئەکەدییەکان و…هتد، دەبینین هەمیشە پلە و پایەی مێینە لە خوارەوە بووە و هەمیشەش بە رێگای توندوتیژیی رێگە گیراوە لەهەر هەوڵێکی ژن لە بۆ گۆڕان دروستکردن لە جێگە و رێگەکەیدا.
لەوە زیاتریش چونکە مێینە وەک مرۆڤ تەماشا نەکراوە، وەک دەرعێک بەکارهێنراون یان لە کاتی جەنگەکاندا بە کۆمەڵ لەنێویان بردوون تا خۆراک بەشی پیاوان وەمێنێتەوە. “هیرۆدۆت” باسی بابلییەکان دەکات و دەنووسێت “بابلییەکان لە کاتی گەمارۆدانیان دا، بۆ ئەوەی خۆراکی زۆر لەناو نەچێت، ژنەکانی خۆیان دەخنکاند”. دواتریش ئاینەکان رۆڵی نەرێنیان گێڕا لە شەرعییەتدان بە چەوساندنەوە و نواندنی زەبروزەنگ لە دژی مێینە. ئەگەر کەمێک چاو بە سفرەکانی تەوراتدا بگێڕینەوە ئەوسا بە روونی دیارە ئاینی یەهوودی چەندە سووک تەماشای مێینە دەکات و هەرواش ئاشکرایە چلۆن شەرعییەت دەدات بە بەکارهێنانی توندوتیژیی و لێدان لە بەرامبەریان. لە زۆربەی ئاینەکانی دیکەشدا بە هەمان شێوە رەوایی بەخشراوە بەنێرینە “چ لە شێوەی باوک ، چ لە شێوەی برا، چ لە شێوەی هاوسەر” توندوتیژیی دژ بە مێینە ئەنجام بدات. بۆ وێنە لە ئاینی ئیسلامیدا لەنێو تێکستەکانی قورئان و لە ممارەسەی رۆژانەی ژیانی موسڵمانەکاندا ئەم رەواییدانە بەدی دەکەین.

ئەوەتا لە ئایەتی “34”ی سورەتی “النساء” بەم جۆرە رەوایی دراوە بە لێدان و بەکارهێنانی زەبروزەنگ لە دژی مێینە: “الرجال قوامون على النساء بما فضل الله بعض على بعض وبما انفقوا من اموالهم فالصالحات قانتات حافظات للغيب بما حفظ الله واللاتي تخافون نشوزهن فعظوهن واهجروهن في المضاجع واضربوهن فان اطعنكم فلا تبغوا عليهن سبيلا ان الله كان عليا كبيرا”. . مامۆستای شەهید “عەبدولخالیق مەعرووف” لە کتێبەکەیدا “ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا” دەربارەی هۆی هاتنە خوارەوەی ئەم ئایەتە دەڵێت (بەیزاوی دەڵێ “هۆی هاتنی ئەم ئایەتە دەڵێن سەعدی کوڕی ئەلڕەبیع کە یەکێک بووە لە گەورە پیاوانی ئەنساری ژنەکەی “حەبیبە” ناو کچی “زەید” کوڕی “ئەبو زوهەیر”بووە و نافەرمانی کردووە و ئەویش زللەیەکی لێداوە و باوکی ژنە، ژنەی هەڵگرتووە و چووە بۆ لای پێغەمبەر”د.خ”. پێغەمبەریش گوتوویە “با تۆڵەی لێبسێندرێتەوە” پاشان ئەم ئایەتە هاتە نووسین و پێغەمبەر “د.خ” فەرموویە “ئێمە شتێکمان ویست و خواش شتێکی تر، ئەوەی خوا ویستوویە چاکترە”). جگە لەمەش هەندێک لەو کەسانەی تەفسیری ئایەتی “نشوز”یان کردووە، رێبازێکی توندیان گرتۆتەبەر و تەنانەت وشەی “واهجروهن”یان بەمانای پەل و پێ بەستن بەکارهێناوە، لەو روانگەیەی کە وشەی “الهجر” ئەو پەت و گوریسە دەگەیەنێ حوشتری پێدەبەسترێتەوە. (تەبەری) لە تەفسیرەکەیدا بەمجۆرە لێکیداوەتەوە.

کۆمەڵی کوردەواریش وەک کۆمەڵێک کە هێشتا هەردوو نەریتی ئیسلامیی و خێڵەکیی بوونی کارایان لە نێویدا هەیە، بێبەش نییە لە پیادەکردنی توندوتیژیی دژی مێینە، بە پێچەوانەوە یەکێک لە چەوسێنەرترین کۆمەڵەکانە سەبارەت بە ژنان و ئازاردانی ئەویتری مێینە. ئامارەکانی چەند ساڵی رابردوو بە ئێستاشەوە لەمەڕ کوشتن و چەوساندنەوە و خۆسووتاندنی ژنان و لێدان و سووکایەتیکردن بە مێینە شایەتی ئەو راستییەن. تەنانەت لە کۆمەڵی کوردەوارییدا توندوتیژیی و بێ حورمەتیکردن بە مێینە بە ئەندازەیەکە تاکی مێ خۆی پەنا دەباتە بەر خۆکوشتن و خۆسووتاندن، ئەم جۆرە لە کوشتنی مێینە هەم بەشێکە لە پرۆسێسی سپیکردنەوەی ئابڕووی بنەماڵە و لە هەمان کاتدا ئەویتری پیاو کە خوازیاری کوشتنی تاکی مێینەیە، بێبەریی دەبێت لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە. بە بڕوای (ئادلەر)ی زانای دەروونناسیی (خۆکوشتن هەموو کاتێک توندوتیژترین بیرکردنەوەیە لە توانج تێگرتن لە خودی خۆ و تۆڵەکردنەوەیە لێی). کۆمەڵگەی شەرەفپارێزی کوردەواریی دۆخێکی بۆ ژنان خوڵقاندووە لەگەڵ بچووکترین ممارەسەی رەمەکەکانیان بە تایبەت رەمەکی سێکس خۆیان وەک تاوانبار و گوناهبار بێتە بەرچاو، هەر بۆیە ناچارن رەخنە لە خودی خۆیان بگرن بۆ ئەو لە رێگە لادانەیان لە کولتووری باوی کۆمەڵگە و رووشاندنی شەرەف و نامووسی بنەماڵەکانیان، بەم هۆیەوە هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە خۆیان دەدەن و پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن، چ لە شێوەی خۆسووتاندندا، چ لە شێوەکانی تری خۆ لەناوبردندا.

لێرە لە کوردستان چەمکی شەرەف ئەو کۆنسێپتەیە رۆژانە ژیانی مێینە لووشدەدات و رەوایی و کوتەک دەداتە دەستی پیاو بۆ تەمێکردن و لێدان و ئازاردانی جەستەیی و رۆحی مێینە. چەمکی شەرەفیش هەروەک “نەزەند بەگیخانی” دەڵێت “لەلای کورد وشەی نامووس راستەوخۆ گرێدراوەتەوە بە ژن و سێکچوالێتی ژنەوە”. ئەم چەمکە وەک چەمکێکی ئاکاریی لە کۆمەڵی ئێمەدا لە پێش هەر پاساوێکی ترەوە رەوایی بەخشیوە بە کوشتن و چەوساندنەوە و بەکارهێنانی توندوتیژیی لە دژی ژنان. ئەم کردەیە نەک هەر لەلایەن کولتوور و نەریتی خێڵەکییەوە پشتیوانی لێدەکرێت، بەداخەوە ئاین و یاساکانیش (یاساکانی باری کەسێتی وەک نموونە) بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆی بوونەتە پاڵپشتێکی شەرعیی و یاسایی بۆی. جیا لەوەش هەنووکە و لە سەردەمی پێشکەوتنی کۆمەڵی مرۆڤایەتی، لە پێشکەتووترین کۆمەڵەوە تا دواکەوتووترینیان هێشتا لێدان و بەکارهێنانی مامەڵەی رەق و زەبروزەنگ لە دژی مێینە لە ئارادایە.
بە پێی “ئامارەکانی سازمانی بیهداشتی جیهانیی WHO لە ئاکامی لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیهانیی بووە. ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە 25-16% ژنانی جیهان بە دەست هاوسەرەکانیانەوە تووشی ئازاری جەستەیی بوون. نزمترین رێژەی ئەم ئامارانە وڵاتگەلی پێشکەوتوو و زیاترین رێژەی لە هیند و مالیزی و نیگاراکوا بووە. هەروەها ساڵانە چوار ملیۆن ژن لەلایەن مێردەکانیانەوە تووشی ئازاری جەستەیی دەبن و 28% پیاوانی جیهانیش لە ژنەکانی خۆیان دەدەن و 17% ئەو ژنانەی تازە شوویان کردووە لەلایەن مێردەکانیانەوە تووشی توندوتیژیی دەبن”. توندوتیژیی دژی ژنانیش هەر بەوەوە نەوەستاوە تەنێ لە سنووری لێدان و کوشتن و ئازاردانی جەستەییەوە بمێنێتەوە بەڵکو ئەم زەبروزەنگە تێپەڕیوە بۆ توندوتیژیی ئابووری و رۆحی و دەروونی و سێکسیی. ئاخر سێکسفرۆشیی چیتر نییە جگە لە جۆرێکی زۆر هۆڤانەی توندوتیژیی ماددیی و مەعنەویی دژی تاکی مێینە، ئێستاش کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە دۆخێکدایە هیچیتری پێ نییە بۆ بەگژاچوونەوەی دیاردەی لەشفرۆشیی، جگە لە سەرژمێریی و باج خستنەسەر لەشفرۆشەکان، کە وەک وتمان ئەم دیاردەیە روویەکی هەرە بەرجەستەی توندوتیژییە دژ بە ژنان لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانەوە تا دەگات بە پاشکەوتووەکان.

دیاردەی خەتەنە
توندوتیژیی فیزیکیی دژ بە مێینە هەر بەوەوە نەوەستاوە کاردانەوەی پیاوێکی نەریتیی بێت دژی بەرخودێکی کۆمەڵایەتی تاکی مێینە بێت، بۆ وێنە زۆربەی جار کوشتنی مێینە دوای ممارەسەکردنی هەندێک ئازادیی دێت کە لە دیدگای خێڵەکیی و نەریتیی کۆمەڵی ئێمەدا تێپەڕینە لە هێڵی سوور و بەزاندنی سنوور و پەرژینەکانی کولتووری چەقبەستووە. بەڵام بۆ حاڵەتی خەتەنە، توندوتیژییەکە شتێکی جیاوازە، چوونکە ئەم پیادەکردنەی زەبروزەنگ لە دژی تاکێکی مێینەی تازە لە دایکبوو یان منداڵ، بەشێک نییە لە کاردانەوەی کولتووریی لەلایەن ئەویتری پیاوەوە. بەڵکو زەبروزەنگێکی بێ پاساوە و نەریتی کۆمەڵایەتی بەسەرچوو وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی “توانای سێکسیی” ئافرەت پیادەی دەکات!!. چوونکە بە پێی تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیی و ئیسلامییەکان، رەهەندی سێکسوالێتی ژن سەرچاوەی گشت ئاشووب و ناکۆکییەکانە و سنووردارکردنی رەمەکی سێکسیی ئەو رەگەزە لە یەکێک لە ماناکانیدا بریتییە لە سنووردارکردنی راددەی ئاشووب و ناکۆکی و نەهامەتیی لە کۆمەڵدا!!.
خەتەنەکردن کە ترادیسیۆنێکی هەرە دێرینی شارستانێتییە سەرەتاییەکانی ئەم ناوچەیەیە، هێشتاش لە سەردەمی گلۆبالیزەیشن و گەشتنی مرۆڤایەتی بە قۆناغی پێکەوەبەستن و پێشکەوتنی ئەلکترۆنیی و زانستیی، درێژەی هەیە و لە زۆربەی کۆمەڵگە رۆهەڵاتی و ئیسلامیی و پاشکەوتووەکاندا ئەنجام دەدرێت. کەم نین ئەو ژنانەی رۆژانە دەکەونە بەر رەحمەتی چەقۆی خەتەنە، کەم نین ئەو مێینانەی هێشتاش تاڵاوی ئەو ئازارە لە بن نەهاتووەیان لە بیر نەچووەتەوە. خەتەنە ناوێکە یان کردارێکە وەک سێبەرێکی ترسناک تەنانەت هەڕەشە لە نەوەکانی ئایندەی زۆرینەی کۆمەڵە رۆژهەڵاتیی و ئیسلامییەکان دەکات. خەتەنە کردەیەکە هێشتا نەوەی نوێی مێینەی لە ترسەوە ئاڵاندووە و دەئاڵێنێت، لەگەڵ ئەوەی خەباتی فێمینیستی و ئازادیخوازیی زۆر رێگا و هەنگاوی بڕیوە و زۆر دەستکەوتی بۆ ژنانی جیهان دابین کردووە، کەچی تا بە ئەمڕۆ دەگات نەیتوانیوە سنوورێک بۆ پیادەکردنی ئەو نەریتە زۆر ترسناکە دابنێت، یان بەمانایەکی تر لەگەڵ ئەوەی بزووتنەوەی ژنان زۆر هەنگاوی ناوە، بەڵام خەتەنەکردنی رێژەیەکی بێشوومار و سەرسووڕهێنەری مێینە، مانایەکی پێچەوانە نیشان دەدات.

مێژووی خەتەنە
لێرەوە هەوڵدەدەین دوای پێناسەکردنی کردەی خەتەنە، مێژووی سەرهەڵدانی بناسێنین، بە تایبەت وەک دەبینرێت رەگوریشەی ئەم نەریتە لە نێو کولتووری رۆژهەڵاتیدایە. بە پێی زۆرینەی پێناسەکان:
خەتەنەکردنی مێینە بە ئینگلیزیی بە”female genital mutilation” ناسراوە و بە”FGM” کورت دەکرێتەوە و بریتییە لە بڕینی قیتکە (clitoris)،بەشێک یان هەموو لچی گەورە و بچووکی ئەندامی سێکسیی مێینە Labien” ” ئەم وشەیەش لە زمانی عەرەبیدا “ختن” لە رووی زمانەوانییەوە فرمانی رابردووە و مانای “بڕی” لە خۆ گرتووە. بێگومانیش مەبەست لەو بڕینە، بڕینی بەشێکە لە ئەندامی زاوزێی مرۆڤ “چۆک و قیتکە”. “ویڵ دیورانت” لە نووسینە بەناوبانگەکەیدا “چیرۆکی شارستانی – قصة الحضارة ” ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، خەتەنەکردن نەریتێکی کۆمەڵایەتی باو بووە و لە سەردەمی میسرییە کۆنەکاندا فیرعەونەکان پەیڕەویان کردووە و لە کاتی دەسەڵاتی عیبرانییەکان و سەهەڵدانی ئاینی “جو”دا بۆ عیبرانییەکان گوێزرایەوە و لە رێگەی ئەوانیشەوە بۆ نیمچە دوورگەی عەرەبیی گوێزرایەوە. هەروەها “مانتێگازا”ی مرۆڤناسی ئیتالی ساڵی 1885 نووسیوویەتی”خەتەنەی ژنان لە میسردا داکەوتووە، چوونکە پیاوانی میسریی پێیان خۆش نەبوو لە کاتی جووتبووندا ژنان بەشی هەوەس و ئیشتایان بەدەستەوە بێت”. بەڵام یەکەمین ناوهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ هیرۆدۆت “Herodotus”ی مێژوونووسی گریکیی لە سەدەی پێنجەمی پێش زاین، بە بڕوای هیرۆدۆت، میسرییە کۆنەکان و بەشێکی سەرەکی دانیشتوانی مەکسیک “المایا” کە بریتین لە کۆنترین شارستانێتییەکانی جیهان، هەروەها کەنعانییەکان و دانیشتووانی نیوە دوورگەی عەرەبیش لە پێش هاتن و سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامدا پێی ئاشنابوون.

هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان شێمانەی ئەوە دادەنێن ئەم دیاردەیە لە200 ساڵ پێش لە دایکبوونی مەسیحەوە سەریهەڵداوە، بەڵام هەندێکی تریان لە چەشنی “دیورانت”لەو باوەڕەدان مێژوویەکی دێرینتری هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی فیرعەونەکان لە میسری کۆندا. سەبارەت بە دەرکەوتنی سەرەتای ئەم دیاردەیەش هەروەک دەستنیشانکردنی مێژوو و ساتەوەختی سەرهەڵدانی خەتەنە دیار نییە و چەندان سەرنج و رای جیاواز جیاوازی لەسەرە. بەشێک لە مێژوونووسان بۆ ئەوە دەچن لە کیشوەری ئەفەریکادا سەریهەڵداوە، وەک هیرۆدۆت کە لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا “مێژوو” جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە خەتەنە لە نزیکی رووباری نیل واتە میسر سەریهەڵداوە. بەڵام هەندێکی تر بۆچوونیان بە پێچەوانەوەیە و پێیانوایە ئەم نەریتە لەنێو گەلە رەچەڵەک سامییەکاندا لە نموونەی عەرەب سەریهەڵداوە و دواتر گەشەی کردووە و پەڕیوەتەوە بۆ نێو کولتوور و ترادیسیۆنی کۆمەڵگاکانی دیکە.
نووسەری داکۆکیکار لە مافی ژنی کورد “مەرزە جەوانمەرد” بە پشت بەستن بە هەندێک شێمانە لەو بڕوایەدا خەتەنە لەنێو عەرەبەکاندا سەریهەڵداوە. ئەو دەنووسێت (زۆر کەس دەڵێ ئەم کردەوەیە لە نێو سامییەکاندا داکەوتووە، لەبەرئەوەی کە عەرەبەکان زۆر پابەندبوون و ئێستاش یەکێک لەهەرە لایەنگری خەتەکردنن. “کوڕی دایک خەتەنە نەکراو” پیسترین جنێوە کە کەسێک دەتوانێت بە کەسێکی تری بدات. ئەو ئەنگیزانەی عەرەبان سەبارەت بە خەتەنەی ژنان دەیڵێن، هەروەک ئەنگیزەکانی دەورانی هەرە کۆن سەبارەت بە خەتەنەکردنی پیاوان، جۆراوجۆرە. هۆی سەرەکیی باس لە پاکیی ژنانە). بە کورتی ئەوەی دەکرێت لە ئەنجامی راڤە و بۆچوونی مێژوونووسان و پسپۆرانەوە تێیبگەین، بریتییە لەوەی، خەتەنە دیاردەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییە و مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، وەک ئاشکراشە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە پێش زاین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دیاردەیە زادە و هەڵقوڵاوی نەریتی کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکانە، جا لە کیشوەری ئەفەریکا یان راستتر بیڵێین میسر سەریهەڵدابێت یان لەنێو عەرەب و نەتەوە سامییەکاندا، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کۆمەڵگە ناخۆرئاواییەکان دۆزەرەوەی خەتەنەن. هەر لەبەر ئەم فاکتۆرە زۆر سادەیەشە دەبینین ئێستاش زۆرترین رێژەی خەتەنەکردن لەم جۆرە کۆمەڵانەدا رۆژ لە دوای رۆژ برەوی هەیە!.

جۆرەکانی خەتەنە
بێگومان خەتەنەکردن وەک نەریتێک کە مێژوویەکی زۆری بڕیوە و لە چەندان کۆمەڵدا لە ئارادا بووە و هەیە، تەنیا یەک تاکە جۆر نییە، بەڵکو لە شێوازی پیادەکردن و چۆنێتی لێکردنەوە لە ئەندامی زاوزێی مێینە جیاوازیی زۆر لەنێوان هەریەک لە جۆرەکاندا هەیە. بەشێکی بەرچاو لە دەزگا پسپۆرەکان و مێژوونووسان چەند جۆرێکیان لە خەتەنەکردن دەستنیشانکردووە هەر لە رۆژگاری دێرینەوە تا ساتەوەختی ئێستامان. لەوانە:
1-خەتەنەکردنی نیوە دوورگەی عەرەبیی: لە شێوەی خەتەنەکردنی پیاوەوە نزیکە، لەم جۆرەدا هەڵدەستن بە بڕینی سەری پێستی قیتکە بەبێ ئەوەی ئازارێکی ئەوتۆی خەتەنەکراوەکە بدەن.
2-خەتەنەکردنی “بیکەر براون” ئامانجی بڕینی قیتکەیە.
3-خەتەنەکردنی فیرعەونی: ئەمەش وەک خەساندنی پیاوان وایە، تیایدا هەموو ئەندامە دەرەکییەکانی سێکسی ئافرەت لێدەکرێتەوە “قیتکە و هەردوو لێوەکانی ناوەوە و دەرەوە” پاشان برینەکە بە تەواویی دەدوورنەوە و تەنیا کونێکی زۆر بچووک نەبێت ئەویش بۆ دەرچوونی میز و خوێنی مانگانە. پاشان تەداوی دەکرێت و ئافرەتەکە ناچار دەکرێت بۆ ماوەی “40” رۆژ لە جێگادا بکەوێت تا برینەکەی ساڕێژ دەبێتەوە. رێکخراوی تەندروستی جیهانیش “WHO” لای خۆیەوە و دوای لێکۆڵینەوەی ورد چوار جۆری دیاریکردووە:
1-لابردنی بەشێک یان هەموو میتکە (clitoris) کە پێی دەوترێت “CLITORIDECTORY”.
2-لابردنی میتکە لەگەڵ لابردنی بەشێک یان هەموو لچی گەورە و بچووک کە پێی دەوترێت “EXCISION”.
3-لابردنی هەموو ئەندامی دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێ، لەگەڵ دوورینەوە بە تەواوەتی، جگە لە هێشتنەوەی کونی میز و خوێنی سووڕی مانگانە.
4- ئەمجۆرە سووکترین جۆریانە کە خۆی تەنیا لە کونکردن و سمینی ئەندامەکانی زاوزێدا دەبینێتەوە.
بەشێوەیەکی گشتیی هەر یەک لە فۆرمەکانی خەتەنەکردن لە ئاسانترینیانەوە تاکو دەگات بە ناڕەحەت و دژوارترینیان چیتر نییە جگە لە دیوێکی تری مامەڵەی هۆڤانەی فەرهەنگی باوکسالاریی لە دژی مێینە، هەر کام لەو شێوە و شێوازانە بگریت بە نۆرەی خۆی کاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر تەندروستی و کەسێتی تاکی مێینە، کە لە دواتردا دێینە سەر باسی زیانە تەندروستی و رۆحییەکانی ئەو کردارە. بەڵام گرنگترین مەبەست لە پوختەترین دەربڕین و قسەدا ئەوەیە، خەتەنەکردنی ژنان بە هەموو فۆرمەکانییەوە روویەکی تری توندوتیژیی پیاوسالارانەیە لە بەرانبەر بەویتری مێینە.

لێکەوتە نێگەتیڤەکانی خەتەنە
بە پێی بۆچوونی پزیشکەکان و پسپۆرانی دەروونی، خەتەنەکردنی مێینە چەندین دەرئەنجامی نێگەتیڤی هەیە، هەم بۆ سەر باری تەندروستی و هەم بۆ سەر باری دەروونی تاکی مێ. تا ئەو ئەندازەیەی بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سوێدییەکان خەتەنەکردنی مێینە دەبێتە هۆی ناپیتی. لەم رووەوە لێکۆڵینەوەیەکی سوێدیی روونیکردۆتەوە خەتەنەکردنی مێینە دەبێتە هۆکارێکی سەرەکیی بۆ ناپیتی کچان. پسپۆرەکان بە مەبەستی تاقیکردنەوەی زانستیی و سەلماندنی ئەم ئەنجامە بە شێوەیەکی زانستیی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ “300” ئافرەتی سودانی ئەنجامداوە کە بەشێک لە ئەندامی زاوزێیان لێکراوەتەوە، لە ئەنجامدا ئەوە دەرکەوت رێژەی ناپیتی لەم ژنانەدا پێنج بۆ شەش جار زیاترە بە بەراوورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی خەتەنە نەکراون. لەوەش ترسناک و مەترسیدارتر ئەوەیە هەندێک توێژینەوەی زانستیی دەریانخستووە، خەتەنەکردن دەبێتە هۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی نەخۆشیی ئایدز. لەو بارەوە هەندێک لە پسپۆران خەتەنە بە یەکێک لەهۆکارەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی ئایدز بۆ ژنان دەزانن. گۆڤاری لەنسێت “lancet”یش ئاشکرایکردووە خەتەنەکردنی مێینە یەکێک لە کاراترین هۆکارەکانی تووشبوونی ئافرەتان بووە بە نەخۆشیی ئایدز. هەروەها روونیکردۆتەوە هەر خەتەنە یەکێکە لە هۆیەکانی چێژ وەرنەگرتنی ئافرەتان لە ممارەسەی سێکس بە تایبەتی لە دوای پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە.

بە شێوەی گشتیی زیان و لێکەوتە نەرێنییەکانی کرداری خەتەنەکردن لە رووی تەندروستییەوە دەکرێت لەم حاڵەتانەدا چڕ بکرێنەوە: خوێن بەربوون و هەورکردنی بەردەوام و درێژخایەنی زایەند”مهبل” و منداڵدان، پەشێوییەکانی بۆری میزکردن و دەرکەوتنی کیس یان دوومەڵ کە لەوانەیە ببێتە هۆی داخستنی بۆری میزکردن یان کونی زاوزێکردن و هەندێکجار بەردەوامبوونی خوێنی مانگانە بۆ چەند رۆژێکی زیاتر لە سروشتی خۆی و مانەوەی بەشێک لە خوێنی پیس لە ناو لەشدا، هەروەها چەندان کێشەی تری هەیە کە لە کاتی منداڵبووندا روودەدەن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خەتەنەکردنی مێینە یان دەبێتە هۆی نەزۆکیی یان تووشبوون بە ئازارێکی زۆر و دژوار لە کاتی دووگیانیی و منداڵبووندا. هەروەها دەبێتە هۆی تورەکەکردن لەناو پێستدا و کۆبوونەوەی کێم و گرێی پێست، هەندێک جاریش دەبێتە فاکتۆری نەخۆشیی ئەقڵیی و تێکچوونی مێشکی مێینە.
بەشێوەی مەیدانیش گۆڤاری لەنسێت “lancet” لەگەڵ چەندان ژن گفتوگۆی لە نزیکەوەی کردووە کە خەتەنە کراون، پشکی زۆری ئەو ژنانە بە دەست ئازاری زۆر، میز بەخۆداکردن، نەزۆکیی، برینی قووڵ لە ناوەوە و گیروگرفتی دەروونییەوە دەناڵێنن. ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کچانی منداڵ لە ئەنجامی ئەو کردەیەوە گیان لە دەستدەدەن، چ لە ئاکامی کاریگەریی برین و رێژەی لێکردنەوە لە میتکە، چ لە بەرئەنجامی خراپی ئەو ئامێر و چەقۆ و کەرەستانەی بەکاردەهێنرێن بۆ ئەو کردارە، یان بەهۆی نەزانینی دوورینەوەی ئەو برینەی دروست دەبێت. لە رووی دەروونییشەوە خەتەنەکردن دەبێتە هۆی پەشێویی دەروونی و رۆحیی، هەروەها دەبێتە هۆی خەمۆکی و نائارامیی و دڵەڕاوکێ و رەشبینی و زوو هەڵچوون و تووڕەبوونی بەردەوام و بێ هۆکار و بێزاریی بەردەوام. هەر لەم بوارەدا هەندێک تاقیکردنەوەی زانستیی دەیسەلمێنن: ئەو ئافرەتانەی لە کاتی خەتەنەکردنیاندا بێهۆش نەکراون، دووچاری بارێکی ناهەموار دەبنەوە، ناتوانن لە ئەندامی زاوزێی خۆیان نزیک ببنەوە و لە کاتی جووتبووندا تووشی هیستریا دەبن و لێرەوەش ئەو ئافرەتانە ناتوانن ئارەزوو و حەزی سێکسیی خۆیان و پیاوانی خۆیان تێر بکەن.

ئیسلام و خەتەنە
بەڵگە مێژووییەکان سەلماندوویانە خەتەنە دیاردەیەکە پێش هاتنی ئاینی ئیسلام لە نیوە دوورگەی عەرەبی، سەریهەڵداوە و بڵاوبۆتەوە. تەنانەت سەرچاوە مێژووییەکان دیرۆکی خەتەنە دەگەڕێننەوە بۆ رابردوویەکی زۆر دوورتر و هەندێکیان پێیانوایە بە هەزاران ساڵ پێش زایین ئەو کردەیە لە میسردا ئەنجامدراوە. بەڵام ئەوەی خەتەنە لە ئیسلامدا چۆنە و حکومەکانی چین؟ رایەکی کۆنکرێت نییە لە بارەیەوە و موفەقیهەکانی ئیسلام را و سەرنجی جیاوازیان لە بارەوە هەیە. هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی خەتەنەکردنی نێرینە بریتییە لە یەکێک لە فەرزەکانی ئاینەکەیان یان هیچ نەبێت ئیسلام رێگریی لێناکات، ئەوەی دەمێنێتەوە ناکۆکی شەرعناسەکانە لەسەر خەتەنەکردن و جۆری خەتەنەکردنی مێینە بە پێی شەریعەتی ئیسلامیی. بێگومان لە ناو تێکستەکانی قورئاندا هیچ تێکستێک نابینین فەرمان یان نەهی کردبێت لە ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێینە. ئەم ئاماژە پێنەکردنەی قورئان بووەتە هۆی ئەوەی شەرعناس و موجتەهیدەکان لە نێو فەرموودەکانی پێغەمبەردا بەدووی رەوایی یان پێچەوانەکەی خەتەنەی ئافرەتاندا بگەڕێن.
بە گوێرەی ریواتێکی بەهێز “متفق علیە” دەگێڕننەوە پێغەمبەر وتوویەتی “اذا جلس بين شعبها الاربع – اي اطرافها- ومس الختان الختان فقد وجب غسل” ئەم حەدیسە هەم لە ئەبو هوڕەیڕەوە و هەم لە عائیشەی هاوسەری پێغەمبەرەوە ریوایەت کراوە و بە گوێرەی زانستی فەرموودە “علوم الحدیث” بە فەرموودەیەکی سەحیح ناسێنراوە. واتەی فەرموودەکە ئەوە دەگەیەنێت هەر کاتێک هەردوو جێگەی خەتەنەکراوی ژن و پیاو بەریەک کەوتن ئەوە خۆشواردن فەرز یان پێویست دەبێت. لێکۆڵەرەوانی فەرموودە لە مانای ئەم ریوایەتەدا ئەوەیان لێکداوەتەوە: چونکە پێغەمبەر وتوویەتی جێگەی خەتەنەکراوی ژن و پیاو، ئەمە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی پێغەمبەر نەهی نەکردووە لە خەتەنەکردنی مێینە. هەندێکی تر لە شەرعناسان پێیانوایە ئەم فەرموودەیە نابێتە بەڵگەیەکی شەرعیی بۆ واجبوونی خەتەنەی مێینە. بەڵکو هێنانەوەی دوو جاری وشەی ” الختان” مەبەست لەوە نییە هەردوو لا خەتەنەکراون، بەڵکو ئەو وشەیە لەوێدا بۆ “تغلیب”ە واتە دوو شت ناوێکیان لێبنرێت. بۆ نموونە “القمران” واتە “قمر– شمس” یان “العمران” بریتین لە هەریەک لە”عومەر و ئەبوبەکر”.

ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە ئەو فەرموودەیەی “ئەبوداود” لە زمانی “ئوم عەتیە” گێڕاویەتییەوە کە ناوبراو دەڵێ: ژنێک هەبوو لە مەدینە خەتەنەی کچانی دەکرد و پێغەمبەر بە لایدا رەتدەبێت و پێیدەڵێ زۆر دەست دامەگرە…، بە فەرموودەیەکی لاواز دەدانرێت و بەپێی بنەماکانی “ئسوڵی فیقه”یش هیچ فەرموودەیەکی لاواز نابێتە بنەمای حکوم. ئەبوداود خۆیشی کە فەرموودەکەی ریوایەت کردووە دیسان بە لاوازی داناوە بەو هۆیەی “محەمەدی کوڕی حەسان”ی تێدایە. هەروەها ئەو فەرموودەیەی لە”حەجاج”ەوە گێڕدراوەتە، گوایە پێغەمبەر وتوویەتی “الختان سنە للرجال، مکرمە للنساء” هەردوو ئیمامی “بەیهەقی و قورتووبی” جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە بە حکومی ئەوەی “حەجاج” پیاوێکی ناڕاست بووە و هیچ متمانەیەکی لەسەر نەبووە، ئەم فەرموودەیە بە بەهێز دانانرێت، بۆیە حسابی لاوازی لەگەڵدا دەکرێت. جیا لەم فەرموودانەش کۆمەڵێکی تر هەن، بەڵام زۆربەیان فەرموودەی لاوازن و وەک لە پێشتریشەوە وتمان هیچ فەرموودەیەکی لاواز بە هیچ بیانوویەکەوە نابێتە بنەمایەک بۆ دەرکردنی هیچ حکومێکی شەرعیی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکۆکیی و رای جیاواز لەنێوان شارەزایان و پێشەوایانی فیقهی ئیسلامیدا هەیە لەمەڕ خەتەنەکردنی مێینە.
لای ئیمامی شافیعی خەتەنەکردنی ژنان هەروەک خەتەنەی پیاوان فەرزێک و پێویستییەکی ئاینییە. لەم رووەوە ئیمامی “نەواوی” وەک یەکێک لە شوێنکەوتووانی مەزهەبی شافیعی و دووەم ئیمامی ئەو مەزهەبە دەڵێت” رای راست ئەوەیە کە ئیمامی شافیعی فەتوای لەسەر داوە و تەواوی زانایان فەرموویانە کە لەسەر ژن و پیاو فەرزە”. بەشێوەیەکی گشتیی حەنبەلییەکان پێیانوایە: بۆ پیاوان سووننەتە و بۆ ژنان پێویست نییە. حەنەفیی و مالیکییەکان پێیانوایە: بۆ ژن و پیاو سووننەتە، خۆ ئەگەر دەرکەوت خەتەنە لە بەرژەوەندیی ژناندا نییە و نەکرا، هیچ سەرپێچی و گوناهێکی تێدا نییە. هەر لەو راستایەدا شەرعناسی ناودار “سەید سابق” لە کتێبی “فقە السنە”دا پێیوایە کۆی ئەو فەرموودانەی دەربارەی خەتەنەکردنی ئافرەتان ریوایەتکراون هەموویان لاوازن و سەحیحیان تێدا نییە.
ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەک بۆ ئەوەی ئیسلام خەتەنەکردی ئافرەتانی بە فەرز نەزانیوە. شێخ ئیبنو عوسێمین دەربارەی خەتەنەی ئافرەتان دەڵێت “خەتەنەکردنی پیاوان، بەرژەوەندیی پیاوەکانی تێدایە، چوونکە بە نەبڕینی ئەو پێستەی سەر گۆپکەی چۆکیان مەرجێکی نوێژ نایەتەدی کە بریتییە لە پاکژیی ئەندامانی لەش، چوونکە لە کاتی هەبوونی ئەو پێستەدا میزی تێدا کۆدەبێتەوە، بەڵام بۆ ئافرەتان وانییە”. دەتوانین بڵێین بە پێی بنەماکانی فیقهی ئیسلامیی خەتەنە بابەتێکی مشتومڕئامێزە و رای پێچەوانەوە و جیاوازی لەسەرە، سەبارەت بە خەتەنەکردنی نێرینە جیا لەوەی جیاوازیی هەیە لە بۆچوونی زانایاندا بەڵام کارێکی نەهی لێکراو نییە، هەرچی پابەندە بە خەتەنەکردنی ژنانەوە جگە لە مەزهەبی شافیعی بە لای زۆرینەی موفەقیهین و مەزهەبەکانی ترەوە کارێکی پەسەند نییە و هیچ بەڵگەیەکی بەهێز لە قورئان و سووننەتدا لە بەردەستدا نین ئەوە بسەلمێنێت خەتەنەکردنی مێینە کردارێکی ئاینیی یان شەرعییە.

خەتەنە و جیهانی سەردەم
لەگەڵ ئەوەی خەباتی بزووتنەوەی ژنانی جیهان چەندان وێستگەی گرنگیی دەستەبەری مافەکانی مێینەی بڕیوە، بەڵام هێشتا چەندان جۆر لە توندوتیژیی دژی ئافرەتان لە برەودایە، یەکێک لەهەرە دیارترینیان خەتەنەیە کە ئەمڕۆ وەک دیاردەیەکی جیهانی سەیری دەکرێت و بوونی هەیە. رۆژانە و هەفتانە و مانگانە هەزاران کچی منداڵ لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەفەریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێک لە وڵاتە دواکەوتوو و ئیسلامییەکان ئەم کردەیەیان بەسەردا پراکسیس دەکرێت و لە بەشێک لەو جێگایانە وەک نەریتێکی ئاینیی و لە هەندێکی تردا وەک کەلەپوورێکی دێرین و نەریتێکی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەچێت. هەرچەندە بە دەیان رێکخراوی جیهانی و لۆکاڵی لە خەباتدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنە و نەهێشتنی ئەم دیاردە توندوتیژ و دژە ژنە، بەڵام وەک ئەوەی لە رێی ئامارەکانەوە دەیزانین هێشتاش ئەو کردارە بەشێکی دانەبڕاوە لە فەرهەنگ و مامەڵەی زۆرێک لە کۆمەڵگەکان.

رێکخراوی تەندروستیی نێودەوڵەتیی “WHO” رایدەگەیەنێت ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن منداڵ لە چەندان دەوڵەتی جیاجیا خەتەنە دەکرێن. هەروەها بە پێی هەندێک سەرژمێریی و ئاماری رێکخراوە پەیوەندیدارەکان هەر ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە 135 ملیۆن ئافرەتی خەتەنەکراو هەن. ئەو ئامارانە ئەوەش دووپاتدەکەنەوە 85% رێژەی خەتەنەکراوەکان دەکەونە کیشوەری رەشەوە” ئەفەریکا”. هەرچی لێکۆڵینەوە سوێدییەکانە روونی دەکەنەوە ئەو نەریتە لە زیاتر لە 30 وڵاتی جیهاندا لە نموونەی وڵاتانی وەک “ساحل ئەلعاج، غانا، کینیا، چاد، کامیرۆن، عەرەبستانی سعوودی، میسر، سودان، مالیزیا، ئەندەنوسیا، ئوردون، ئێراق، ئێران، سووریە و هتد” پەیڕەو دەکرێت. بەداخەوە رەوەندەی بێگانە لە چەقی خۆرئاواو وڵاتە ئەوروپییەکان و ئەمەریکادا هەڵدەستن بە خەتەنەکردنی منداڵەکانیان بەبێ هیچ رێگرییەکی ئەوتۆ، چوونکە لە بەشێک لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا سیاسەتی فرە کولتووریی بۆتە بەڵایەکی گەورە و رەوەندە جیاجیاکان چەندان کاری ناپەسەند و نایاسایی بەو ناوەوە ئەنجام دەدەن، ئێستاکە تازە بە تازە ژمارەیەک لە دەوڵەت ئەوروپییەکان بیریان لە قەدەغەکردن و رێگرییکردن لەم جۆرە کردەوانە کردۆتەوە، لەم بارەوە حکومەتی فینلەندیی خەتەنەکردنی منداڵان بە تاوان دەزانێت و لێپێچینەوە بە پێویست دەزانێت لەگەڵ بکەرەکانیدا.
هاوشان لەگەڵ ئەمەدا دەیان رێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵەی جیهانی و لۆکاڵی لە کارکردندان بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی رێژەی خەتەنە، زۆرێکیش لە رێکخراوە جیهانییەکانی وەک “ئەمنستی” بڕیاریان داوە وەستانەوە بەرەو رووی خەتەنەکردن بکەن بە ئەجیندای کاری رێکخراوەکانیان و لەسەر ئاستی بەرفراوان و جیهانیی کەمپین و هەڵمەتی جۆراوجۆر ساز بدەن بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەو دیاردەیە. نووسەری ئێرانی “نوشین غەبرایی” دەربارەی فۆرمی کاری ئەم رێکخراوانە بە تایبەت لە کیشوەری رەش دەنووسێت “بەپێی راپۆرتی WACC لە26 ئاوریڵی ئەمساڵدا، نیل فۆرد سەرۆکی بەشی خەبات بۆ نەهێشتنی خەتەنەی ژنان لە ئەفەریکا لە رێکخراوی یۆنیسێف، سیاسەتێکی تازە و سەختی بۆ خەبات دژی ئەو کردەوەیە، گرتۆتە پێش و لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەگان و زۆر رێکخراوی تری ناحکومیی و فێمینیستییەکان بۆ مافی لە دەستچووی ژنانی ئەو ناوچانە دەستیان داوەتە هێندێک کاری بە پەلە، بۆ نموونە رێکخراوەکانی RAINBO NOCIRC، PRB TOSTAN، FGC، WOWORC، PRB و سەدان ئۆرگان و رێکخراوی ناحکومیی دیکە بۆ خەبات بۆ نەمانی خەتەنەی ژنانیان کردۆتە سەر فەسڵی کاری خۆیان و هەوڵی جیددی بۆ دەدەن. تەواوی کارناسان، کۆمەڵناسان و دەروونناسانی پسپۆر لەو بارەیەوە لەسەر ئەو باوەڕەن خەباتەکە نابێ تەنیا بەشێوەی فیزیکیی و ترسان لە گیروگرفتی قەزاییەوە بێ، بەڵکو لە پەنا ئەو سەختگرتنانە و بەڕێوەبردنی یاسا و لە بەرچاوگرتنی سزای قورس بۆ سەرپێچیکاران و سزادانیان بە پارەیەکی زۆر، دەبێت هەوڵبدرێت بۆ گۆڕینی بیر و بۆچوونی خەڵک”.

خەتەنە لە کۆمەڵی کوردەوارییدا
بۆ نووسینی ئەم باسە و دۆزینەوەی سەرەداوی مێژووی ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵی کوردەوارییدا، زۆر گەڕام بە دوای سەرچاوە مێژووییەکاندا، تاوەکو سەرچاوەیەکم دەست بکەوێت، بەڵام بەداخەوە هیچ کڵافەیەکی داوی ئەو مێژووەم بەردەست نەکەوت. رەنگبێ یەکێک لە هۆیەکان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ژن لە مێژووی کۆمەڵی ئێمەدا شایانی ئاوڕلێدانەوە نەبووە، یان بە مانایەکی تر کتێبی مێژووی ئێمە تەنیا بریتییە لە گێڕانەوەی رەفتار و بەسەرهاتی پیاوەکان، ئەمەش وا دەکات مێژووی ئێمە مێژوویەکی تەواو پیاوانە بێت. بە هەرحاڵ خەتەنەکردن لە کوردستان ئەگەر مێژوویەکی زۆر کۆنیشی نەبێت بە بەراوورد بە کۆمەڵەکانی تر، ئەوە هیچ کات گومان لەسەر ئەوە نییە، خەتەنە بە پێی تێپەڕین و پیادەکردنی لە مێژووماندا بووە بە جوزئێک لە ترادیسیۆن و نەریتی کۆمەڵایەتیمان. بێگومان هەر کام لەشار و شارۆچکەکانی کوردستان بگریت خاڵی نییە لە پیادەکردنی ئەو کردارە، ئەوەی دەگۆڕێت تەنیا گۆڕانە لە رێژەدا، چوونکە بە پێی زۆرێک لە داتا و ئامارەکان دەرکەوتووە خەتەنەکردنی کچان لە ناوەندی شارەکان بە بەراوورد بە ناوچەکانی کەنار “گوند و شارۆچکەکان” رێژەکەی کەمترە. جگە لەوەش بە پێی کولتووری شارەکانیش گۆڕان و جیاوازیی هەیە لە رێژەکاندا.
بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی جیهانیی لەشساغیی 60% ژنانی باشووری کوردستان خەتەنە کراون. هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکانی “نۆشین غەبرایی” تەنیا لە ئاواییەکی باشووری کوردستاندا لە کۆی 1544 ژن و کچ، 907 کەسیان خەتەنەکراون. هەروەها بە گوێرەی لێدوانی “فەلاح مرادخان” رێکخەری گشتیی رێکخراوی وادی ئەڵمانیی خەتەنەکردن لە کوردستان بەشێوەیەکی مەترسیدار و بەربڵاو پەیڕەو دەکرێت و رێکخراوەکەشیان هەستاوە بە ئەنجامدانی ئامارێک لە 201 گوند و شارۆچکەی سەر بە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوک لە نێوان ساڵانی 2005-2007 بە مەبەستی زانینی رێژەی خەتەنەکراون، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە، لە کۆی 5628 ئافرەت 3502 یان خەتەنەکراون، ئەم رێژەیەش دەکاتە 62% سەرجەم ئەو ژنانە. “8”. ئەم رێژەیە واتای رەوشێکی مەترسیدار بۆ مێینە لە کوردستان مانیفێست دەکا، ئەم ئامارە دەیسەلمێنێت لە کوردستانیش ژنان لە ژێر توندترین شێوەی توندوتیژییدا ژیان دەگوزەرێنن. لە ئاوها حاڵەتێکیشدا کە یاسای خەتەنە لە پەرلەمانی کوردستانە و چەندان رێکخراوی داکۆکیکار لە مافی ژن و مافی مرۆڤ هەزاران واژۆیان بۆ قەدەغەکردنی ئەو دیاردەیە کۆکردۆتەوە، پەرلەمان هیچ دەنگێکی ئەوتۆی نییە و بە گوێرەی وتەی هەندێ لە رۆژنامەکانیش پەرلەمانتارە پیاوەکان شەرم لە تاوتوێکردن و گفتوگۆی ئەم پرسە دەکەن!!.
بێگومان شەرمکردن و پشتگوێخستنی ئەو پرسە خۆی لە خۆیدا جگە لە سووک سەرنجدان و تێڕوانینی ئاکارییانەی پەرلەمانتاران بۆ کەسێتی ژن، جۆرێکیشە لە پاڵپشتیکردنی ئەو نەریتە رزیو و کۆنە لە دژی ژنان. بچووککردنەوەشی دیسان تاوانە، چوونکە بە وتەی یەکێک لە پەرلەمانتارە ژنەکان، زۆرێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان پێیانوایە دیاردەکە شتێکی ئەوتۆ نییە تاوەکو پێویستی بە دەرچوونی یاسایەک هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی. دواجار تەنیا هەر ئەوەندە دەڵێین ئەو چەند راپۆرت و بە دواداچوون و ئامارەی لە رۆژنامەکانی کوردستان لەمەڕ خەتەنە بڵاوکراونەتەوە بەسن بۆ ئەوەی بزانین رێژە و قەبارەی ئەو تاوانە چەندە و چۆنیش ژنانیش لێی تووڕە و بێزارن؟. بەسیشن بۆ ئەوەی لە کوردستان لە رێگەی هەڵمەتێکی نیشتمانی سەرتاسەرییەوە و بە یەکخستنی وزەی رێکخراوەکان و حکومەت کۆتایی بهێنرێت بە پیادەکردنی خەتەنە.

ئەنجامگیریی
ئەوەی لەلای هەموو لایەکمان روونە، خەتەنە جگە لەوەی نەریتێکی کۆن و دواکەوتووانەیە، کۆمەڵێک ئیفرازاتی نێگەتیڤیشی بۆ سەر تاکی خەتەنەکراو هەیە. بەڵام تاکە شتێکی گرنگ لەم نێوەندەدا بریتییە لە سنووردارکردن و هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە، ئەم کارە چەند میکانیزم و رێگەیەکی خۆی هەیە، لەوانەیە دوو لە گرنگترینیان لەم دوو میکانیزمەدا خۆیان ببیننەوە:
لایەنی یاسایی: پێویستە دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسادانان لە رێگەی تێکستێکی یاسایی روون و ئاشکراوە هەم خەتەنە قەدەغە بکات، هەم سزای یاسایی “ماددیی و مەعنەویی” بۆ سەرپێچیکاران دابنێت. ئەم یاسایە بە فۆرمێک دابڕێژرێت هەموو بڕگە و لایەنەکانی ئاشکرا بن و هیچ لوغزێکیان تێدا نەبێت، بەمەش یاسا دەبێتە هۆیەکی بنەڕەتیی بۆ پاراستنی تاک لە توندوتیژیی کرداری خەتەنە.

لایەنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی: ئەم رێگایە بریتییە لە هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ و دامەزراوەی خێزان، تا نەبنە هۆکاری خەتەنەکردنی منداڵەکانیان. ئەم رێگەیەش خۆی لە خۆیدا بەهۆی چەند میکانیزمێکی ترەوە دێتەدی، لەوانە: بوونی سیستمێکی پەروەردەیی مودێرن و شارستانی و لیبرال، پاڵپشتێکی میدیایی کارا، ریفۆرمی کۆمەڵایەتی و ئاینیی و…هتد. ئەم رێگەیە وا دەکات فەزایەکی وەها بێتەدی، لە پێش دامودەزگاکانی میرییەوە خودی خێزانەکان رێگریی بکەن لە خەتەنەکردنی منداڵەکانیان “بە تایبەتی منداڵە کچەکانیان”. بێگومان رێگە و میکانیزمی تریش هەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە، بەڵام ئەو دوو لایەن و میکانیزمەی لە سەرەوە باسکران، لە گرنگترین و کاراترین رێگە و ئامڕازەکانی رێگەگرتنن لەئەنجامدانی ئەو کردارە، خۆ ئەگەر هاتو ئەو دوو میکانیزمە لە شوێنی خۆیاندا بەکارهێنران هەرگیز دیاردەیەک لە کۆمەڵدا نامێنێت ناوی خەتەنە بێت.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم




لە هەمبەر شیعر و شاعیریی.. ستیڤان شەمزینی

1
من لە ژیانمدا هێندەی بە شیعر سەرسامم زانست ئەوەندە سەرنجم راناکێشێت. ئەوەندەی لە شیعر تێدەگەم لە زانست تێناگەم!. رەنگبێ ئەمە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت من هێشتا لەناو دنیای بێ خەوشی منداڵیدا هەناسە دەدەم، چوونکە ماقووڵ نییە لە چەرخی زانست و زانیارییدا هۆشت لای جیهانی خەیاڵ و فەنتازیا بێت و نقوومی ئەندێشە مەحاڵەکانی خۆت بیت!. ئەمە رێک نەریتی هەر کەسێکی تریشە ئولفەتی بە شیعرەوە گرتبێت.
2
هەر کات شیعر قسەی کرد، واتە خەیاڵ قسە دەکات، هەموو شتێک لە خەیاڵدا کراوەیە و هیچ شتێکیش قەدەغە و تابۆ نییە. ئەوەش دەزانم زانست زۆر لە دوای شیعرەوەیە، هەرچەند هەردووکیان دواجار بەرهەمی خەیاڵن، بەڵام ئەوەی لە شیعردا دەستمان پێی را دەگات هێشتا چارەگ بگرە یەک دەر سەدی ئەوە زانست بۆی دەستەبەر نەکردووین، لێ زانست چەکێکی دوو سەرە و پێکهاتەیەکە لە هەردوو جەمسەری خێر و شەڕ “پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ” بەڵام هەرچی شیعرە خاڵییە لە رەهەندی نێگەتیڤ، ژبەرئەوەی شیعر مامەڵەیەکی راستەوخۆیە لە تەک جوانی.
3
یەکێک لەو کەسانەم هەستەکیم نەک ئەقڵانی، دیارە دوو فاکتۆر ناهێڵن ئەقڵانی بم ئەوانیش ئەشق و شیعرن!. زۆرجار هێندە تاڵە موویەکیش جیاوازیی لەنێوان ئەشق و شیعردا نابینم، چوون هەردووکیان مرۆڤ لە ژیانی ریالیتە دادەبڕن و سەوداسەری دەکەن بە کۆمەڵە خەونێک کە رەنگە هیچ کات و زەمانێک مومکین نەبێت بێنەدی، بەڵام هیچ کاتێکیش ناتوانین دەستبەرداریان بین!. ئەزموونی خۆم وابووە بێ ئەو خەونانە ناتوانم یەک هەناسەی زیاتری ژیان بدەم.
4
شتێک کە هەمیشە ئازارم بدات ئەوەیە شیعر قەڵایەکی بێ پاسەوانە و زۆر بە ئاسانیی فس فس پاڵەوانەکانیش دەتوانن ئاڵای خۆیانی لەسەر هەڵبکەن، بەڵام ئەوەی لە هەمان کاتدا دڵخۆشم دەکات ئەوەیە دواجار ئەم قەڵایە بۆ کێ دەمێنێتەوە.؟. رەنگە من کە خاوەنی ئەم رستانەم نەتوانم ئەوەندە رووقایم بم ئاڵاش هەڵبکەم لەسەر قەڵای شیعر چجای ئەوەی ببمە یەکێک لە میراتگرەکانی ئەو قەڵا فەنتازیکە.
5
شیعرم خۆشدەوێ، هیچ شتێک لەم جیهانەدا بۆ من هێندەی شیعر مایەی دڵخۆشیی نییە. تەنیا کاتێک بێزار دەبم لێی کە کاڵفامەکان سواری پشتی ئەم ئەسپە شێیە دەبن. ئاخر سوارچاکی لە شیعردا کارێک نییە بە هەموو کەس بکرێ. زۆرجاریش تریش بەوە بێزار دەبم بە پاساوی ئیرۆتیک، شیعر بکرێتە مارکێتین و پۆرنۆسازیی، ئاخر ئیرۆسییەت لە شیعردا پۆرنۆگرافی نییە، بەپێچەوانەوە پۆرنۆ زۆر لەوە زبرترە بخرێتە چێوەی شیعرەوە.
شیعر تەرجەمەی هەستە لە رێی وشە نووسراوەکانەوە. ئەو شیعرە کوردییانەی بەناوی شیعری ئیرۆتیکەوە دەیانبینم چیدی نین جگە لە نیشانەکانی گرێی دەروونی و چەپاندنی سێکسیی کە ئەمە شوورەیی نییە بۆ تاکەکەس بەڵکو شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ ترادیسیۆنە کۆمەڵایەتییەکانمان کە مرۆی کورد ناچار دەکات تەنیا لە رەهەندی سێکسوالێتییەوە لە ئەویتری ژن بڕوانێت و تاوانێکی گەورەتریشی پێ ئەنجام بدا بەوەی پۆرنۆ بخاتە بازنەی تێکستێکەوە کە ناچارن بە شیعری ئیرۆتیکی پێناسەی بکەن.
6
هیچ کات هەوڵم نەداوە وێنایەکی جوانی خودی خۆم پێشکەش بکەم، ئەمە دواجار کارێکە رێگەت لێ دەگرێ جوانی دەرەوەی خۆت ببینیت. هەموو هەوڵێکم لەوەدا چڕ کردۆتەوە لە گۆشەیەکەوە لە مرۆڤ و دنیا بڕوانم کە لایەنی جوانی ببینم هەر بەو جۆرەش جوانیم لە شیعرەکانمدا تەوزیف کردووە. من شیعر دەنووسم و پێویستە بە دوای جوانیدا بگەڕێم وەک چۆن ئارکیۆلۆجیستەکان بەدوای پاشماوەی شارستانییەتە دێرینەکاندا دەگەڕێن. پێویستە بە چاویلکەی ئیستاتیکاوە لەهەموو شت بڕوانم، کارم ئەوەیە کۆلاجی پارچە ناشرینەکانیش بکەم لە پێناوی بەرهەمهێنانی جوانییەکی تازەدا. لە پێناوی لە دایکبوونی مانا و فۆرمی نوێ لە شیعرەکانمدا.

تێبینی: ئەم نووسینە پێشەکییەکی کورت بوو بۆ کتێبی شیعری “دەستنووسێکی کۆنی عیشق” کە لە بەهاری 2017 لە چاپ هاتە دەرەوە و کەوتە بەر دیدی خوێنەران.




ناوی كتێب: گەمەی شەیتان.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ناوی كتێب: گەمەی شەیتان، خوێندنەوەیەكی گەمە سیاسییەكان لە رۆژهەاڵتی نێویندا
بابەت: وتار و شرۆڤە
نووسینی: ستیڤان شەمزینی
دیزاین: هەرێم عوسمان
چاپ: چاپخانەی كارۆ
تیراژ: 1000 دانە
نرخ: 5000 دینار
ساڵی چاپ: 2018
شوێنی چاپ: سلێمانی – هەرێمی كوردستان
نۆبەتی چاپ: چاپی یەكەم

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




خەرمانێک لە عەشق “شیعری لیریک”.. ستیڤان شەمزینی

دەمم لە نێو شیرینی دەمی تۆدا بۆ ئەبەد ئەتوێتەوە
رۆحم چرۆیەکی وشکە لە باخی مەمکتا ئەڕوێتەوە
کاتێک دێیتە باوەشم گیانی مردووم زیندوو ئەبێتەوە
هەستی خامۆشم وەک ژیلەمۆ سەرلەنوێ ئەگەشێتەوە
دەستی لەرزۆکم لەناو دەستی تۆدا هێزی بۆ ئەگەڕێتەوە
چرای کوژاوەی دڵم بە خوێنی عەشقت هەڵئەکرێتەوە


چاو ببڕە چاوی تارم بە تیشکی گلێنەت رۆشن دەبێتەوە
وەرە جەستەی گەرمت با لە لەشی ساردم نەبێتەوە
رێژنەی ماچت بەسەر لێوی وشکما بە لێزمە ببارێنە
ئازیزم، رۆحی شەیدام لە نێو مێرگی سینگتا بڕوێنە
بە یەک نیگای جادوویت خەیاڵی شیعرم ببزوێنە
جوانیت ئەبێ بە قەسیدە، خەیاڵیشت ئەکەم بە وێنە


خەونەکانت بخە واقیعی منەوە، ئەتگەیەنمە بەهەشت
خەیاڵت بهێنە بۆ ناو دڵی منی ئیمپراتۆری هەست
بە خوێنی قەسیدە، درێژترین داستانت بۆ ئەنووسمەوە
هەستت بڕژە ناو هەستم، بۆ ئەبەد بمێنە لە تەنیشتمەوە
پەیمانێکت پێ ئەدەم ژیانم بۆ تۆ، مەرگم بۆ خۆم
تۆش پەیمانێک بدە و بڵێ بۆ هەمیشە من بۆ تۆم


لە رۆحما تۆ ئەژیت و منیش تنۆکێکم لە باران
تۆ فریشتەی زەویت و منیش ئەستێرەی ئاسمان
جوانیت هێندە ناوازەیە دەستەوەستانە زمان
وەک تابلۆیەک پڕت کردووم لە خەیاڵ و رامان
هیچ ناوێک بۆ تۆ شک نابەم، فریشتەی جوان!
خۆت ون مەکە، تۆ بۆ من بووی بە هەموو ژیان


ئۆکتۆبەری 2016
ئەڵمانیا – کۆڵن

شیعری: ستیڤان شەمزینی




بە تیشکی عەشقت ئەدرەوشێمەوە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

“یەک”

تارژەنێکی شێتم

تارژەنێکی شێتم
نۆتەی عەشق بەسەر شاردا دەبەشمەوە
جادووگەرێکی بێ ناونیشانم
جادووی ئەوین لە خەڵکی شار دەکەم
ئەستێرەناسێکی بێ ئۆقرەم
رووناکی لە دڵی ئاسمان دەدزم
دێوانەیەکی دێرینم
دەردەدڵ بۆ دەریایەکی بەساڵاچوو ئەکەم
راهیبێکی بێ پەرستگام
رازەکانم ئەدەم بە دەمی توندترین رەشەباوە
قاوەگرەوەیەکی خوێن ساردم
ناو لەپی شوومی رۆژگار ئەخوێنمەوە
مۆمێکی شەوق کزم
تاریکی شەوەکان تەفسیر ئەکەم
کۆچەرێکی بێ هیوام
لە کڵاورۆژنەی خەمەکانەوە لە ژیان ئەڕوانم
باخەوانێکی ماندووم
تەرمی خۆم لەودیو باخچەکەوە ئەنێژم
سەربازێکی تێکشکاوم
داستانی دۆڕانەکانم بە شیعر ئەهۆنمەوە
درەختێکی لق و پۆ شکاوم
ژانی شکانی پەلوپۆم ئەگێڕمەوە
منداڵێکی زۆر لاسارم
تەنها لە باوەشی ئەشقدا ژیر دەبمەوە
پیاوێکی ئاوریشمیم
لە ئەوینی تۆدا لە دایک ئەبمەوەط

“دوو”

بە تیشکی عەشقت ئەدرەوشێمەوە

عەشقت
رۆحی سرک و پەڕەسێلکەیمی کەوی کرد
پەنجەرەی ژەنگگرتووی دڵی کردمەوە
لە خاچی بێزاریی و تەنهایی دایگرمەتە خوارێ
شاڕێی روونی ژیان و فڕینی بۆ کردمەوە
شیعرەکانی پڕ کردووم لە هیوا و گۆرانی
خەونەکانی لە ئاوی چێژدا تەعمید کردووم
جیای کردمەوە لەو پۆلە پاسارییەی
بێ هیوا رێی تاریکی ئاسمانیان تەی دەکرد
ئەوینت
بەرائەتی لە پەڕەی گوڵ بۆ خواستووم
جوانیش لە درەوشانەوەی مانگی چواردە
شەرابی لە گۆزەی خۆشبەختی بۆ دەرهێناوم
ئومێدیش لە باخچە رەنگاورەنگەکانی فیردەوس
وردە ئەستێرەی لە ئاسمانی دڵما دۆزیەوە
دەنکە مرواریش لە قووڵایی دەریای رۆحما
ئەوینت
زایەڵەیەک بوو عەرشی تەنهایی هەژاندم
تیرۆژێک بوو وێرانەی رۆحی پڕکردم لە تیشک
ئەوینت جادوو بوو
جادوو

“سێ”

چاوەڕوانی

لە گۆشەیەکی تاریکی ژوورەکەم دانیشتووم
سەرم خستۆتە باوەشی مەراقێکەوە
بەردەبارانی رابردوو دەکەم
قومێک لە ژەهری ژیان دەخۆمەوە
لافاوی بێهوودەیی رایماڵیووم
خەیاڵەکانم لە ئەزەلەوە ورد و خاش بوون
حنجەی ئازارە نەبڕاوەکانم دەکەم
دەلاقەیەک بۆ هەناسەدان شک نابەم
هەنووکە چاوەڕێت دەکەم
وەک وەرزێکی نوێی عەشق بێی
تەپوتۆزی ئەو غوربەتە لە رۆحم بتەکێنی
کانیاوی فرمێسکەکانم کوێر بکەیتەوە
لە رەنگی پەلکەزێڕینەم هەڵکێشی
گۆرانییەکی تازەم فێر بکەیت
ئاوازێکی نوێ لەسەر دڵم بژەنی
بە رەیحانەی رۆحت سواغم بدەی
چاوەڕێم بێی
ئاخر دڵم مینا فوارە عەشقی تۆی لێ دەڕژێ

دەزانی، زۆر دەمێکە چاوەڕێم؟

11-11-2015
ئەڵمانیا – شتاینهاگن
شیعری: ستیڤان شەمزینی




قەیرانی ئەتۆمی شەمەندەفەری مەرگی کۆماری ئیسلامی ئێران.. شرۆڤە و نووسینی: ستیڤان شەمزینی

یەکێک لەو پرسە هەستیار و گەرمانەی چەند ساڵێکە لەسەر مستەوای سیاسەتی دەولی لە ریزی پێشەوەی دۆزە ئاڵۆزکاو و پڕ هەراوهوریا و کێشەکاندایە، فایلی پیتاندنی یۆرانیۆمە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە بواری بەرهەمهێنانی تەکنۆلۆژیای چەکسازییدا، ئەمەریکا وەک جەمسەری سەرەکی هێزی دنیا بێ چەند و چون دژایەتی هەر هەنگاوێکی ئێرانییەکان دەکات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بە دوایدا هاوپەیمانە ستراتیژیی و نێزیکەکانی وەک بەریتانیا و ئیسرائیل و ئەڵمانیا و هتد.. تەئکید دەکەنەوە لەسەر هەمان هەڵوێستی ئەمەریکا و پێیانوایە ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی بەدەر لە هەڕەشە جیددییەکانی بۆ سەر دەوڵەتە خۆرئاواییەکان و ئیسرائیل، سەرەتای رسکانی دەوڵەتگەلێکی ئیسلامی و سەلەفیی مەترسیدار و بەهێزە لەخۆرهەڵاتی نێویندا کە لە ئێرانەوە درێژ دەبێتەوە تاکوو لوبنان و فەلەستین و هتد..
ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە هەوڵ و کاردان تا ململانێ دەگەڵ ئێرانی ئیسلامی بە هۆکاری پەرەپێدانی چەکی ناوکی، بچووک نەکرێتەوە بۆ کێشەی نێوان دوو دەوڵەت (ئەمەریکا– ئێران) یان زیاتر، لە کۆششدابوونە تا لە رێی بردنی فایلی ئەتۆمییەوە بۆ نێو چەقی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش بیکەنە دۆزێکی یونیڤرساڵ و لەو بارەوە هاوڕاییەکی جیهانی یان خۆرئاوایی بەدژی ئێران وەگەڕ بخەن. هەرچی لایەنی ئێرانییە بێجگە لەوەی بە مافی خۆی دەزانێت وەک وڵاتێکی سەربەخۆ لە بواری تەکنۆلۆژیای نوێ و ئەتۆمیدا تاقیکردنەوە و داهێنان بکات (دوای پاکستان دووەم دەوڵەتی ئیسلامییە دەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی) لە هەمان کاتدا نیازپاکیی خۆیان دەخەنە روو لەوەی ئەو وەبەرهێنانانە لە بواری پیشەسازیی چەکسازییدا ئەنجام نادرێت، بە پێچەوانەوە بەڵکو سنووردارە تەنێ لە بوارەکانی خزمەتگوزاریی مەدەنیدا.
ئەم قەیرانە بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە، هەندێکجار هەست بە بارگرژیی و مەترسی زۆر دەکەین لە پەیوەندیی ئێران و نەیارەکانیدا (بە تایبەت ئەمەریکا) ناو بە ناویش وا دێتە پێش چاو تەنگژەکە وا خەریکە لە رێگەی دانوستان و ملکەچیی ئێرانەوە بۆ لیژنەی تایبەتی ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم بەرەو چاەسەر دەڕوات، بەڵام لەهەموو بارەکاندا تاکوو ئەم چرکەساتە کێشەکە بەردەوامە و هیچ رێگەچارەیەکی گونجاو نەهاتووتە ئاراوە هەردوولا پێی قایل بن تاکوو هەل بڕەخسێنێت بۆ بچووکبوونەوە و کۆتایی پێهاتنی قەیرانەکە بە رێگای ئاشتی، رەنگبێ ئیسرائیل یەکێک بێت لەو بەربەستانە، چوونکە ئیسرائیل دەیەوێت گوڕ بدات بە پێشنیاری لێدانی سەربازیی ئێران.

فایلی ئەتۆمی ئێران و کاردانەوەی نێودەوڵەتی
پاساوی سەرەکی ئەمەریکا لە گووشار خستنە سەر ئێران و زەمینەسازیی بۆ پێکهێنانی کۆدەنگی لە دژی ئەو وڵاتە بە پلەی یەکەم پابەندی هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆمە. هەرچەندە نێزیک بە بیست (20) ساڵ دەبێت ئێران لە هەوڵی بەدەستهێنان و بەرهەمهێنانی موشەکی ئەتۆمیدایە، ئێستاشی لەسەر بێت نەیتوانیوە هیچ موشەکێک دروست بکات هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی بێت. زانیارییە هەواڵگرییە ئیسرائیلییەکان جەخت دەکەنەوە لەوەی ئێران لە ساڵی 2009دا دەبێتە خاوەنی موشەکی ئەتۆمی، لە بەرپەچی ئەو زانیارییەدا پسپۆرانی بواری چەکی ئەتۆمی و زۆرینەی وڵاتانی دنیا پێیانوایە چەندان ساڵی تر پێویستە لە بەردەم ئێراندا بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. زانیارییە نوێیەکانی هەواڵگریی ئەمەریکی لە تازەترین ئاشکراکارییدا بۆیان دەرکەوتووە: رژێمی ئێران لە سەرەتای ساڵی (2003)ەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی راگرتووە (بەپێی راپۆرتێکی پیشەیی تەکنیکی دەزگای ناوەندیی هەواڵگریی ئەمەریکا کە 17 دەزگای هەواڵگریی سەر بە وڵاتە یەکگرتووەکان دانیان بەو راستییەدا ناوە لەساڵی 2003ەوە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم بەرنامە چەکسازییە ئەتۆمییەکەی خۆی راگرتووە!!).

هەر بۆ زیاتر پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە (جۆناسان مارکۆس) دەنووسێت: (دەزگای CIA چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاند حکوومەتی ئێران بەرنامەی ئەتۆمی خۆی لە بواری بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیدا لە ساڵی 2003ەوە راگرتووە). نووسەر پێیوایە ئەم راپۆرتە نوێیە گومان دەخاتە سەر کۆی زانیارییەکانی پێشووی CIA بە تایبەتی لە ساڵی 2005یشدا دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا لەو باوەڕەدا بوون ئێران سەرگەرمی پیتاندنی یۆرانیۆمە لە بواری چەکسازییدا، ئەو وای دەبینێت (ناکرێت دیپلۆماسییەت لەسەر زانیاریی بێ بەڵگە و گومان دابڕێژرێت). نووسەر بەو هۆیەوە وا بڕوا دەکات ئومێدەکانی ئیدارەی ئەمەریکا بە مەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی و کۆبۆچوونی دژی ئێران کەم دەبنەوە و ناتوانن وەک پێویست بن. ئەم زانیارییە نوێیەی CIA کە تەئکید دەکاتەوە لەسەر ئەوەی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی راگرتووە، سەرانی کۆشکی سپی تووشی شۆک کرد، چۆن دەبێت چەند وەختە پێیان نەزانیبێت؟ یان بۆچی CIA ئەم راپۆرتە دژ بە زانیارییەکانی پێشووی بڵاو دەکاتەوە؟ هەتا ئەو راددەیەی (جۆن بۆڵتۆن) نوێنەری پێشووی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند (راپۆرتەکەی CIA گوایە ئێران لە ساڵی 2003ەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی راگرتووە، جۆرێکە لە کۆدێتا لە دژی بوش) وتیشی (CIA دەمێکە لە هەڵسوکەوتەکانی جۆرج بوش رازی نین).

وێڕای بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە و دەنگۆی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، هێشتا ئەمەریکا سوورە لەسەر هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر بەو دەوڵەتە، ئەمە بەپلەی یەکەم پابەندە بە بەدگومانی ئەمەریکا دەربارەی راستیی ئەو زانیارییە نوێیانە و بە پلەیەکی تر پەیوەندیی هەیە بە جۆر و فۆرمی سیاسەتی هەژموونخوازانەی ئێرانەوە. لە دیمەنەکەدا وەها دەردەکەوێت، بوش و کاستەکەی راپۆرتە نوێیەکەی “سی. ئای. ئەی” بە هەند وەرنەگرن و سووربوونی خۆیان نیشان دەدەن لە کۆکردنەوەی هاوپشتیوانی نێودەوڵەتی بە دژی ئێران و قورسکردنی سزا و ئابڵووقەکانی سەری، تاکوو وەشاندنی گورزی سەربازیش کە من پێموایە لەم دۆخە زۆر زەحمەتە. (رۆبەرت گیتس) وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ کەناڵی (الجزیرە) ئامانجەکانی لێدانی ئێران ئاشکرا دەکات و دەڵێ: سەرەڕای بوونی مەترسیی چەکی ناوکی، چەند هۆکارێکی تر هەیە بۆ لێدانی وەک:
*گووتاری توندوتیژیی ئێرانییەکان کە لە سەرەتای شۆڕشەوە سەریهەڵداوە و لە سەردەمی نەژاددا بوژاوەتەوە.
*هەوڵە هەژموونخوازییەکانی ئێران و ئەو هەستەی لای بەرپرسانی تاران دروست بووە سەبارەت بەوەی گوایە هەرچییەکیان بووێت لە ناوچەکەدا بە ئاسانیی جێبەجێی دەکەن. گیتس لەو بارەوە وتی: دەمانەوێت بەرپەچی ئەو هەستە بدەینەوە لای ئێرانییەکان دروستبووە.

لە باری واقیعییشەوە ئێران بە بێ چەکی ئەتۆمیش هەڕەشەیەکی جیددییە لەسەر ئەمنییەتی ناوچەکە، جگە لەمەش سیاسەتی ئێران لە لوبنان و فەلەستین و عێراق و هەندێک لە وڵاتانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ سیاسەت و ئەجیندا و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا نایاتەوە و ناتەبایە، بە تایبەت ئێران لە رێگەی هەردوو رێکخراوی (حەماس و حزب اللە)ەوە کێشەی زۆر بۆ ئیسرائیل دروست دەکات، هەروەک بینیمان لە هاوینی ساڵی 2006دا (حزب اللە) بە موشەکی دوورهاوێژی ئێرانی توانی زیانێکی ماددیی و گیانی زۆر بە ئیسرائیل بگەیەنێت!. لەبەرئەمە بەدەر لە پرۆگرامە ئەتۆمی و ناوکییەکەی هەوڵە هەژموونخوازییەکانی ئێران جێی مەترسییە. لەمانەش بترازێت ژمارەی مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران شایەنی نادیدە گرتن نین! چوونکە زۆرێک لەو مووشەکانە بە ئاسانی دەگەنە ناو ئیسرائیل وەک مووشەکی (شەهاب 3). رۆژنامەنووسی جیهانی (لیۆنیڵ بیهنار) لەو باوەڕەدایە: پرۆسە ئەتۆمییەکەی ئێران جێی مەترسی نییە، ئەوەی جێگەی مەترسییە ئێران نزیکەی 3000 مووشەکی دوورهاوێژی هەیە. هێشتاش ئێران بەردەوامە لەسەر دروستکردنی موشەکی نوێ، بە وتەی (مستەفا محەمەد نەجار) وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی موشەکی عاشورا کە تازەترین بەرهەمی وەزارەتی بەرگریی ئێرانە 2000 کیلۆمەتر دەڕوات.

لەلایەکی ترەوە بە گوێرەی هەواڵی ژێدەرەکانی دەنگوباس، ئاژانسی وزەی ئەتۆم پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن لایەنی ئێرانی بۆ چارەسەری قەیرانی ئەتۆمی وڵاتەکەی هاتووەتە پێشەوە و لەو بوارەدا هاوکاریی جیددی ئەو لیژنەیەی کردووە لێکۆڵینەوە لەسەر فایلی ئەتۆمی ئێران دەکەن. دکتۆر محەمەد بەرادعی لە ماوەی رابردوودا گەشبینی نیشاندا و رایگەیاند: ئێرانییەکان بە دەنگەوە دێن و راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ ئاژانسەکەیان دەکەن. لێ ئەمەریکییەکان بەم لێدوانەی بەرادعی قەڵس بوون، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر رای خۆی و وتی: ئەوەی لە بارەی ئێرانەوە رایگەیاندووە راستییەکی کۆنکرێت و حاشاهەڵنەگرە. سەرباری ئەو بەدەنگەوە هاتنانە لەلایەن ئێرانییەکانەوە و پاشان بڵاوبوونەوەی دەنگۆی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، حکوومەتی ئەمەریکا بە هاوڕایی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سوورە لەسەر بۆچوونەکانی لەمەڕ ئێران و پێیانوایە ئێران مەترسییەکی جیددییە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان و بەدەستهێنانی ئەو چەکەش لەلایەن ئێرانەوە (وەک بوش بۆی چووە) دەبێتە دەسپێکی جەنگی جیهانی سێیەم و ئاڵۆزبوونی رەوشی ناوچەکە، بەتایبەتی لە دیدی ئەمەریکادا ئەگەری ئەوە هەیە ئێران بەم تەکنۆلۆژیایە هاوکاریی گروپە توندڕەوەکان بکات!، ئەمەش کارێکی نامومکین نییە لە راستیدا.

شتێکی تر گرنگە پەنجەی بۆ رابکێشین ئەوەیە ئەمەریکا وەک عێراقی سەدام و ئەفغانستانی ژێر رکێفی کوڕی لادن و مەلا عومەری تاڵیبان سەیری ئێران دەکات، لێ هیچ کام لەم وڵاتانە خودانی چەکی ئەتۆمی نەبوون، بەڵام چونکێ مەترسی بوون بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئاسایشی ناوچەکە ئەمەریکا زەبری کاریگەری لێوەشاندن و بە تەواوەتی لەناوی بردن. بە کورتی دیار نییە ئەگەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی رابگرێت و بەبێ هیچ مەرجێکیش تەسلیمی داخوازییەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بێت، ئایا ئەمەریکا ئەوکات هەر سوورە لەسەر سیاسەتی گورز وەشاندن لە ئێران یان جەولەیەکی تر لە دایەلۆگ دەست پێدەکاتەوە بە مەبەستی نێزیک خستنەوەی بیروڕاکان و پێشگیریی لە ئەگەری روودانی جەنگ؟. وەها بڕوا دەکەم، لەم قۆناغەشدا وەشاندنی گورزی سەربازیی لە ئێران کارێکی ئەستەمە، چوونکە هەر کاتێک واشنتۆن سیاسەتەکانی خۆی توند بکاتەوە، تاران نەرمی زۆرتر دەنوێنێت و هەندێک سازشی لابەلا دەکات بە مەبەستی کات کوشتن.

ئەحمەدی نەژاد باڵیۆزی جەنگ
بە هاتنە سەرکاری مەحمودی ئەحمەدی نەژاد سەردەمێکی سامناک لە بارگرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان ئێران و ئەمەریکا لەلایەک و لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی خۆرئاوایی و ئەوروپیدا لەلاکەی تر سەریانهەڵدایەوە، سیاسەتە توند و زبرەکانی ئەحمەدی نەژاد لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بووەتە هۆی زێدەتر ئاڵۆزبوونی رەوشەکە و پچڕاندنی پەیوەندییەکان و ساردیی گفتوگۆ و گەرمیی ئەگەرەکانی جەنگ و پێکدادان. ئەحمەدی نەژاد بە هەڕەشە بەردەوامەکانی لە ئیسرائیل گوایە لەسەر نەخشەی جیهان دەیسڕێتەوە، کە ئەمە هەمان زمان و میتۆدی بیرکردنەوەی سەدامیش بوو، خزمەتێکی زۆری ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکەی کردووە و بە هەموو جۆرێک بۆی کرابێت و دەستی دابێت ساردیی خستووەتە پەیوەندیی و رێگاچارە دیپلۆماسییەکانەوە، لە رەهەندێکی ترەوە لێدوانەکانی نەژاد لەمەڕ بەرنامە ئەتۆمییەکەی زیاد لەهەر شتێک بۆنی نەیاریی و دوژمنایەتیکردنی خۆرئاوا بە گشتیی و ئەمەریکا و ئیسرائیل بە تایبەتی لێدێت، بۆیەکا سیاسەتەکانی ئەحمەدی نەژاد کێشەکانی زۆرتر قووڵ کردووەتەوە. تاکوو ئەو ئەندازەیەی ملنەدان و سەرەڕۆییەکانی نەژاد هاوشێوەی سەرەڕۆییەکانی سەدام حسێنە، چون جیا لەوەی وڵاتەکەی پێشێلی زۆرینەی میساقە نێودەوڵەتییەکان دەکات لەهەمان کاتدا رایدەگەیەنێت ئێران رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە دەگرێتە بەر لەدژی هەر وڵاتێکی ئەوروپی و خۆرئاوایی کە شوێن پێی هەنگاوەکانی ئەمەریکا هەڵبگرێ بۆ سەپاندنی هەر جۆرە سزایەک بەسەر کۆمارە ئیسلامییەکەیدا.

ئەم کەفوکوڵ و زیادەڕۆییانەی نەژاد جگە لە ئاستی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی ناوخۆش نیگەرانی و ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووەتەوە، هەندێک لە ئێرانییەکان پێیانوایە حەماسەتی رووت و توندئاژۆیی چیتری لێ دروێنە ناکرێت جگە لە چارەنووسێکی بەد و رەشی وەک چارەنووسی تاڵیبانەکان لە ئەفغانستان و چارەنووسی سەدام لە عێراق. ریفۆرمخوازە بە حیساب میانڕەوەکانی وەک (محەمەدی خاتەمی، هاشمی رەفسنجانی، موحسین میرداماری) تووڕەن لە لە سیاسەتەکانی نەژاد و لایانوایە تاکڕەویی و پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەکی خراپ و گێلانە بە هەڵوێستەکانی نەژادەوە دیارە. هەر لەو رووەوە (حەسەنی روحانی) بەرپرسی پێشووی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران رەخنە لە هەڵوێست و لێدوانەکانی ئەحمەدی نەژاد دەگرێت و بە ناواقیعی وەسفیان دەکات، دواتر بە کەمتوانا لە چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و نێوخۆییەکان و تێکدانی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە تۆمەتباری کرد و رایگەیاند: ئەحمەدی نەژاد لە هونەری دیپلۆماتی و گەمەی رامیاریی و دانوستاندا کۆڵەوارە و ئێران دەخاتە تالوکەوە. ئاماژەکان دەریدەخەن ئەحمەدی نەژاد رسی 28 ساڵی دەستکەوتەکان و رێوشوێنەکانی خۆ قایمکردنی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە بە خوری و پێدەچێت لەبری ئەوەی ئێران بکاتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی و گەشەسەندوو وڵاتەکەی بکاتە کاولاش و وێرانە هەروەک سەدامی هاوبیری ئەو چارەنووسەی بە تووشی عێراقییەکانەوە کرد، یان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئێرانییەکان فریای خۆیان و کۆمارەکەیان دەکەون بە پێنەدانەوەی شانسی خولێکی تری سەرۆکایەتی بە ئەحمەدی نەژاد.

مەترسی ئێران لەسەر ئیسرائیل و کاردانەوەکانی حکوومەتی تەلئەبیب
لەوانەیە هەنووکە ئێران سەرسەختترین نەیاری دەوڵەتی ئیسرائیل بێت چ لە ناوچەکە و چ لەجیهاندا، سیاسەتی گشتیی و فەرمی ئێران لەهەمبەر ئیسرائیل سیاسەتی نەفیکردن و سڕینەوەی ئەو دەوڵەتەیە لەسەر ئەتڵەس. بە چاو نوقاندن لە تەنگژە و فشارە قورسەکانی سەری، ئێران بێ پشوودان و ماندووبوون هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات بە وەشاندنی گورزی سەربازیی لە گرنگترین پێگە سەربازیی و دەوڵەتییەکان، لە باری کردەییدا تاران بە هەموو رێگە و توانایەک هاوکاریی (حزب اللە) لە لوبنان و حەماس لەفەلەستین دەکات وەک دوو نەیاری توندوتیژ و چەکداریی ئیسرائیل لەو دوو وڵاتەدا. ئیسرائیل هەموو کات دەرک بە مەترسی بەهێزبوون و فراوانبوونی ئۆتۆرێتی ئێران دەکات. هەروەک پرۆفیسۆر (ناتان ئی بوش) لە زانکۆی نیوپۆرت لە ئەمەریکا وتی: ئیسرائیل ئەم مەسەلەیە بە جیددی وەردەگرێت و دەستەوئەژنۆ دانانیشێت و رێگە بە ئێران نادات چەکی ناوەکی بەدەست بهێنێت. ئاشکراشە ئیسرائیل رۆڵی هەیە لە دروستکردنی نەیارێتییەکی بنکە فراوان و گەورە لە دژی ئێران بە تایبەت لە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، چوونکە دڵنیایە یەکەمین بەکارهێنان و تاقیکردنەوەی ئەو چەکە لەلایەن ئێرانەوە لە دژی دەوڵەتەکەی ئەو دەبێت، لەبەرئەوەی دژایەتیکردنی ئیسرائیل لەلایەن حکوومەتی تارانەوە لەوە دەرچووە تاکتیکێکی سیاسیی بێت بەڵکو بووە بە جوزئێک لە ستراتیژ و عەقیدەیەکی چەسپیوی سەرانی کۆمارەکە. ئایەتوڵڵا (داود فەریحی) مامۆستای زانستی سیاسەت لە زانکۆی تاران دەڵێت (ئەو لێدوانانەی سەرۆک ئەحمەدی نەژاد لە دژی ئیسرائیل زۆر تایبەتن بە ئایدۆلۆژیا و عەقیدەی ئیسلامییەوە) بەم هۆیەوە پێیوایە دژایەتییەکانی نەژاد بۆ جولەکە رەواییان لە تێکستەکانی قورئانەوە وەرگرتووە.

بەڵگە نەویستە ئیسرائیل لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران لە دژی جولەکە بێدەنگ نابێت (بێدەنگیش نەبووە) لە ئامادەباشیدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئێرانی، پێدەچێت ئیسرائیل زووتر دەست بوەشێنێت لە ئێران. ئەم ئەگەرەش لەسەر زاری سەرچاوەیەکی هەرە باڵای سەربازیی ئیسرائیلییەوە پشتڕاستکراوەتەوە وەختێک ئەو سەرچاوەیە بە رۆژنامەی (مەعاریف)ی ئیسرائیلی راگەیاندووە: ئیسرائیل پێیوایە سەپاندنی هەر سزایەکی تر بەسەر ئێراندا هیچ کاریگەریی نابێت و دەبێت گورزێکی سەربازیی لە ئێران بدرێت تاوەکو لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پاشگەز ببێتەوە. نیکۆڵای سارکۆزی سەرۆکی فەڕەنساش کە لەگەڵ ئەمەریکا هاوڕایە لە بەرامبەر ئێران بەدووری نەگرت پێشکات ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بکاتە سەر ئێران وەک ئەوەی ساڵی 1981 کردیە سەر عێراق. ئەوەی لەم هاوکێشە سیاسییەدا روون و ئاشکرایە ئیسرائیل لە پریشکی ئاگری ئەو جەنگە گەرمە بە دوور نابێت کە ئەگەری روودانی هەیە لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، ناچار ئیسرائیلییەکان چوونکە دەزانن بەشێک دەبن لە جەنگ لە خۆ ئامادەکردندان بۆ هەر ئەگەرێکی جەنگ بەتایبەتی ئیسرائیل پشت بەو دوو هەزار موشەکەکەی خۆی دەبەستێت کە هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمین.

هەوڵەکانی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا
یەکێک لەو سیناریۆیانەی لە رۆژەڤی سیاسەتی ئەمەریکیدایە سەپاندنی سزای توندە بەسەر ئێراندا بۆ ملدان بە ویستەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و راگرتنی چالاکییەکانی لە بواری بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیدا، بەدەر لەوەی پیادەکردنی ئەم سیناریۆیانە بە ئەزموون لەگەڵ کۆریای باکوور و عێراقی رابردوو بەدەرکەوت زۆر سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام ئەمەریکا و بەشێک لە هاوپەیمانە ستراتیجییەکانی خوازیارن لەو رێگەیەوە لایەنی ئێرانی ناچار بە داخوازییەکانیان بکەن. لێ (د.محەمەد بەرادعی) سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە سەرەتای ساڵی 2006 رایگەیاند: ئێران مەترسیی گەورە پەیدا ناکات لەسەر هێمنی جیهان و سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا کارێکی خراپە. ئیدارەی ئەمەریکا چوست و چالاک و لە خۆبوردوانە لە کاردایە تاوەکو زۆرترین دەوڵەت قایل بکات بۆ بەشدارییکردن لەگەڵیدا بەمەبەستی توندکردنەوە و قورسترکردنی سزاکانی سەر ئێران لە چەشنی سزا و ئابڵوقەی چڕتری ئابووری و بایکۆتی بازرگانی.

لەو بارەوە (دیڤید سەنگر– هێلین پۆکەر) لە رۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) بەهاوبەشیی نوسیوویانە: برێنز و هەندێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دارایی ئەمەریکا هەوڵدەدەن لە رێگەی پێشنیاری کۆنسەرڤاتیڤەکانی ئەمەریکا لەمەڕ هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران پاڵەپەستۆ بخەنە سەر ئەوروپا و روسیا بەمەبەستی فراوانکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران. هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی بە دەنگ ئەم داخوازییەی ئەمەریکاوە هاتوون و رایانگەیاندووە پێویستە سزاکانی سەر ئێران توندتر بکرێت و بوار بە ئێران نەدرێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەواو بکات. سارکۆزی رایگەیاند: ناماقوڵە رێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بە بیانووی ئەوەی دەبێتە هۆی دروستبوونی نائارامیی لە ناوچەکەدا (وەک ئەوەی ئێستا زۆر ئارام بێت) داواشی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد نێزیک ببنەوە لە یەکتر بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا. لەم نێوەندەدا گۆردۆن براونی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا هاوپشتیی وڵاتەکەی نیشاندا و خوازیاری سزای توندە بەسەر ئێراندا ئەگەر هاتوو ئاسانکاریی بۆ کارەکانی لیژنەی تایبەتی ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم نەکرد. هەرچی (ئەنگێلا مێرکڵ) راوێژکاری ئەڵمانیایە لایەنگری بیرۆکەی سەپاندنی سزای تاکلایەنەیە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە لە دەرەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بەسەر ئێراندا تا ئەو کاتەی ئەو دەوڵەتە پرۆگرامەی ناوکییەکەی رادەگرێت.

جگە لەوەی ئێران تاراددەیەک ملکەچیی نیشانداوە بۆ بەشێک لە داخوازییەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی، هێشتا ئەمەریکا زیاتر پێداگریی دەکات و لایوایە هەنگاوەکانی ئێران وەک پێویست نین و ناتوانن جێگەی دڵنیایی واشنتۆن بن. کۆندالیزا رایس وەک لایەنگرێکی بیرۆکەی توندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران، رایدەگەیەنێت: پێویستە وڵاتانی جیهانی زیاتر هاریکاریی بکەن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا. رایس رەخنەی توندیشی لە سیاسەتی حکوومەتی پەکین گرت کە هاوڕا نییە لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان بە مەبەستی سەپاندنی سزای زۆرتر بەسەر حکوومەتی تاراندا. لە بەرامبەردا ئەحمەدی نەژاد دوای وەبیرهێنانەوەی ئەوەی گەلانی ئێران خۆڕاگربوونە و لە ئایندەشدا هەر بە خۆڕاگریی دەمێننەوە، رایگەیاند: وڵاتەکەی نەرمیی دیکە نانوێنێ پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەکان بێت. بەڵگە نەویستە تا دێت سزاکانی سەر ئێران گرانتر دەبن، حکوومەتی تارانیش ناتوانێت زیاتر لەمە نەرمیی و ملکەچی بنوێنێت چوونکە سەروەریی و سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە دەستدەدات، بۆیە سیاسەتی سەپاندنی سزا بە هیچ جۆرێک ئێران ناچار ناکات بۆ دەستهەڵگرتن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەویش لەبەر یەک هۆی سادە، چوونکە لەگەڵ جڵەوشلکردنی زیاتر داواکاریی و داخوازیی نەیارەکانی زۆرتر دەبن تا بە تەواوی ئێران چەک دەکەن و ئێرانێکی بێ چەکی پێشکەوتوو و ئەتۆمیش لەسەر لێواری داڕووخان و فەوتاندا دەبێت. کەواتە نەرمی نواندنی زیاتری ئێران جۆرێکە لە خۆکوشتنی سیاسیی.

ئەگەرەکانی لێدانی گورزی سەربازیی

رەوتی رووداوەکان بە ئاقارێکدا دەڕۆن هەوڵی دیپلۆماتەکان لە بەرامبەر هەوڵی چڕوپڕی ئەندازیارانی جەنگدا شکستخواردوو خۆ دەنوێنن، تەنانەت رێگەی دیپلۆماسی ناتوانێت لە یەک کاتدا لە راژەی هەردوولا بڕواتە پێشەوە. زانیارییەکانی دەرچوو لە کۆشکی سپی و ئیدارەی ئەمەریکییەوە بە ئاشکرا و نهێنی تەئکید دەکەنەوە لەسەر لێدانی گورزێکی سەربازیی لە ئێران، بەڵام کات و ساتی هێرشەکە و ئەو ئامانجانەی دیاریکراون تاریکی و لێڵی زۆریان لەسەرە و بۆ هیچ لایەک روون نین، تاکە شتێک ئاشکرا بێت بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەبنە ئامانجی پلە یەک. رۆژنامەنووسی ئەمەریکی (سیمۆر هیرش) بە کەناڵی (الجزیرە) راگەیاند: بەدڵنیاییەوە.. بەدڵنیاییەوە پەلاماری هەندێ لەبنکە سەربازییەکانی ئێران دەدرێ. بەپێی هەندێ زانیاریی دیکە کاربەدەستانی سەربازیی ئەمەریکی بە هەماهەنگی لەگەڵ ژمارەیەک شارەزای سەربازیی ئیسرائیلی پێکەوە نەخشەی (کش مەلیک یان ئێران)یان داڕشتووە وەک نەخشەیەک بۆ لێدانی ئێران، ئەم نەخشەیە لەسەر شێوەی یاری شەترەنج وێنا کراوە و لەلایەن سەرۆکی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکاوە و بە جێگریی ئەفسەرێکی پایە بەرزی ئیسرائیل سەرپەرشتی دەکرێت، ئەوەش ئاشکرا بووە نەخشەکە بە تەواوەتی داڕژێراوە و تەنیا ماوەتەوە بخرێتە بواری جێببەجێکردنەوە. کەناڵی (العربیە) وردەکارییەکانی ئەم نەخشەیەی زیاتر ئاشکرا کرد بەوەی بڵاویکردەوە: لە یەک کاتدا لە رێی هێرشی ئاسمانیی و دەریاییەوە زیاتر لە 1000 ئامانجی ستراتیژیی و ئابووری و سەربازیی ئێرانی دەپێکرێن. بە بڕوای (برژینسکی) راوێژکاری سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەمەریکا (جیمی کارتەر) ئامانجەکان لێدانە سەربازییەکانی ئەمەریکا تەنیا هێرش دەبێت بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران. کەواتە هەموو پێشهاتەکان بەرە ئەو رێگەیە دەڕۆن (سعود فەیسەڵ) وەزیری دەرەوەی سعودیە پێشبینی کردبوو: ئێران و ئەمەریکا بەرەو جەنگ دەڕۆن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کەی و چۆن؟ هێشتا هیچ شتێک روون نییە.

چاودێرانی سیاسیی ئاگادار لە قەیران و تەنگژەی نێوان ئێران و ئەمەریکا هێما دەکەن بۆ ئەوەی جەنگی ئێران جیاوازیی دەبێت لە جەنگی ئەمەریکا لە دژی ئەفغانستان (2001) و رژێمی عێراق (2003) چوونکە لەم هێرشانەدا تەنیا هێزەکانی ئاسمانی بەشداریی دەکەن نەک هێزە پیادەکانی سوپای ئەمەریکا. (شۆن هانیتی) لێکۆڵەرەوە لە کەناڵی فۆکس نیوز وێڕای دووپاتکردنەوەی ئەوەی ئەمەریکا لە ئێران دەدات، رایدەگەیەنێت: لە رێگای وشکانی و دەریاییەوە هێرش بۆ سەر ئێران ئەنجام نادرێت، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە هێرشەکان تەنیا هێرشگەلێکی ئاسمانیی دەبن. ئەو هۆکارەی ئەگەری هێرشی ئاسمانیی نەک زەمینی بەهێز دەکات ئەوەیە بەشێکی زۆری سوپای ئەمەریکا هێشتا سەرقاڵی جەنگی عێراق و ئەفغانستانن و رەنگبێ نەیپەرژێتە سەر هێرشێکی زەمینی تر بۆ سەر وڵاتێکی تر، ئەم هەنگاوە لەوانەیە پێچەوانەی رای گشتیی ئەمەریکاش بێت، بۆیە وەک (کاڵ رۆستیچێلا) مامۆستای زانکۆی هارڤارد باسی دەکات ئەمەریکا دەتوانێت تەنیا هێرش و پەلامارێکی بچووک و سنووردار ئەنجام بدات. لەگەڵ ئەوەش من خۆم پێشبینی ئەوە دەکەم ئێران لە رێی زیاتر تێکدانی رەوشی ناوخۆی عێراقەوە، ئەگەری هێرشی سەربازیی و هەوایی لە خۆی دوور بخاتەوە.

سەنتەری لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی راپۆرتێکی هەشتا لاپەڕەیی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە (هێرش بۆ سەر ئێران لە چەند بەرەیەکی جیاوازەوە روو دەدات، بەڵام هێرشی زەمینی لە ئارادا نابێت، فڕۆکە و موشەکە ئەمەریکییەکان توانای پێویستیان هەیە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا 000 10 ئامانج لەناو ببەن). لەگەڵ ئەمەشدا تاریکیی زۆر هەیە لەسەر ئامانجە راستەقینەکانی ئەمەریکا کە لە پلان و پڕۆژەیدایە بۆ لەناوبردنیان، ئەمەریکییەکان تاوەکو نهۆ سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاریی و تاوتوێکردنی ئەو ئامانجانەیە دەبێت لێیان بدرێت، هەندێک بۆچوونیان وەهایە نابێت تەنێ لە بنکە سەربازییەکانی ئێران بدرێت بەڵکو دەبێت سوپای پاسداران لە نێو ئامانجدا بن. لەمبارەوە (دیڤید هێرزنیهۆرن) لە مانگی ئۆکتۆبەری 2007 راپۆرتێکی پێشکەش بە (نیۆیۆرک تایمز) کردووە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا پڕۆژە بڕیارێکی پێشکەش کردووە، داوا لە بوش دەکات گاردی شۆڕشگێڕی ئێران بە رێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەم بدات، ئاشکراشی کردووە ماوەی چەند مانگێکە ئیدارەی ئەمەریکا دەیەوێت رێبژارییەک بکات لە نێوان ئەوەی سەرجەم رێکخراوی ناوبراو بە تیرۆریست دابنێت یاخۆ بە تەنیا سەرانی هێزی قودس بگرێتەوە؟ دواتر ناوبراو لەو باوەڕەدایە بڕیارەکە هەرچییەک بێت گوزارە لە پتربوونی بارگرژیی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکات لەم دواییەدا.

لەلایەکی ترەوە هەندێک لە پسپۆران و چاودێرانی سیاسیی وێڕای هەستکردنیان بە تەڵەی ئەمەریکا بۆ ئێران، لەو بڕوایەدان ئەو بارودۆخە سەختەی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان تێیکەوتووە و ئەو تەنگژانەی وەپێش کابینەکەی بوش هاتوون یارمەتی ئێران دەدەن و چانسی لێدانی کەم دەکەنەوە، بەڵام هەندێک لەو چاودێرانە بە هۆی باشتربوونی باری عێراق لەم چەند مانگەی دوایدا رای پێچەوانەوانەیان وەرگرتووە و پێیانوایە ئەم پێشکەوتنانە یارمەتی باشی ئەمەریکا دەدەن بۆ ئەوەی ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ جەنگی ئێران، کەوابوو هەر پێشکەوتنێکی بواری ئاسایش لە عێراق وەک (د.عەبدوڵڵا حیجاب) بۆی چووە سەبارەت بە چارەنووسی ئێرانیش یەکلاکەرەوە دەبێت. لەم رووەوە ئێرانییەکان زیاتر دەستوەردان دەکەن لە باری ئاسایشی عێراقدا، رەنگە لە فەلەستین و لوبنانیش قەیران و ئاریشە دروستبکەن، تاوەکوو ڤوکۆسی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لەسەر ئێران کەمتر بێتەوە یان ئەگەری پەلاماری سەربازیی سەر ئێران بۆ کاتێکی دوورتر لە هەنووکە دوابخەن یان هەر نەیهێڵن.

لە ئاستی ناوخۆش، هەرچی لایەنی ئێرانییە دەستەوەستان نییە و لە رێگەی بەهێزکردنی یەکەکانی سوپا و تەکنۆلۆژیای چەک و کڕینی چەکوچۆڵ بە تایبەت لە روسیا لە ئامادەکاریدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی سەر وڵاتەکەی. بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئێران پێدادەگرن دەتوانن بەرگەی هێرشەکان بگرن و لە توانایاندایە گورزی کاریگەر لە ئیسرائیل و ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بوەشێنن. ئەحمەدی میتاقی فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران رایگەیاند (ئەگەر هێرش بکرێتە سەرمان ئەوە بە یارمەتی خوا دەتوانین وەڵامی بدەینەوە). سوپای پاسدارانیش لە ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی پەلاماردان. بۆیە (محەمەد عەلی جەعفەری) سەرکردەی سوپای پاسداران بە متمانەوە وتی: لە تواناماندا هەیە بەرپەچی هەر هێرشێک بدەینەوە و باس لە تواناکانی مووشەکی و ئاسمانی ناکەم، مافی خۆمانە تواناکانمان بەکاربهێین لە ناوچەکە و جیهان، هاوپەیمانانیشمان ئامادەن خۆیان بەخت بکەن لە کاتی هەر هێرشێکی ئەمەریکی ئەگەر بکرێتە سەر ئێران.
خولاسە بارودۆخەکە سەخت و دژوارە، رێگە دیپلۆماسییەکان بە بنبەست گەیشتوون، ئەمەریکا بێ چەند و چوون خوازیاری ئێرانێکی بێ چەکی ئەتۆمییە و ئێرانییەکانیش سوورن لەسەر ئەوەی مافی سروشتی خۆیانە ببنە خاوەنی ئەو تەکنۆلۆژیایە، ئەم بارگرژیی و قەیرانە بەرەو یەک رێگە دەڕوات: رێگەی جەنگ نەک رێگەیەکی تر. ئەم جەنگە ئەگەر تەنیا لە بواری هێرشی ئاسمانیشدا بمێنێتەوە ئاڵۆزییەکی گەورە لە خۆرهەڵات و تەواوی دنیادا دروست دەکات لە پێشەوە بۆ گەلانی ئێران. وەک (بیل ریچاردسۆن)ی دیموکراتخواز باوەڕی وایە: بڕیاری وەشاندنی گورزی سەربازیی لە ئێران ئاکامێکی تراژیدیی دەبێت بۆ ئەمەریکا. هەندێکی تر لە سیاسییەکانی ناوەوە و دەرەوەی کابینەکەی بوش لەسەر ئەو رایەن ئەمەریکا تا ئێستا لە زەلکاوی عێراق رزگاری نەبووە تا پەردە لەسەر شانۆیەکی کارەساتباری دیکە هەڵبداتەوە، تەنانەت خودی ناوچەکە بەرگەی ئەم هەموو قەیران و کارەساتە یەک لە دوای یەکە ناگرێت. ئەمە جیا لەوەی مانەوەی ئێران، بەڵام بەو هەژموونە بەهێزەوە نا، لە بەرژەوەندیی خودی ئەمەریکایە و لەسەر تیۆریی گیسکەکەی هەیاس، وەک گورگێک نیشانی وڵاتانی کەنداو و عەرەبی دەدات بەمەبەستی ملکەچپێکردن و دادۆشینی نەوت.

لە واقیعدا زیان و ئاکامە سلبییەکانی جەنگ بە تەنیا شوێنەوار لەسەر ئەمەریکا و ئێران جێناهێڵێت، بەڵکو سنوور و مەودای دەرئەنجامەکانی زۆر لەوە مەزنترن ئێستا پێشبینی و مەزندەی دەکەین. (ستیڤن بیدل) پسپۆڕی ستراتیژیی سەربازیی رایدەگەیەنێت (شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ هەموو ئەوانەی تێوە دەگلێن دەبێتە کارەسات، ئەمە بە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە). هەندێکی تر لە سیاسەتوانان و چاودێران وا تەماشای جەنگی ئێران- ئەمەریکا دەکەن هیچی تر نییە جگە لە دەسپێکی جەنگێکی خوێناویی کە دەکرێت بە جەنگی جیهانی سێیەم ناوزەدی بکەین. (وۆڵفگانگ گرگە) پەرلەمانتار و وتەبێژی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانیا لە لایەنگرانی ئەم بۆچوونەیە و بیروڕای خۆی لەو بارەوە بۆ سایتی (ئینتخاب) دەربڕیوە و دەڵێت: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرمیلێکی تەقەمەنی دەچێت ئەگەر تەقینەوەیەک یان شەڕێکی ئەوتۆ لە ناوچەکەدا دروست ببێت هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە. من لەوە دەترسم نەتوانین لە داگیرسانی ئەو شەڕە نەگریسە رێگە بگرین و بەو هۆیەوە شەڕێکی جیهانگیر کە دەکرێت بە جەنگی سێیەمی جیهانی ناوی بەرین سەرهەڵبدات.
کەوابوو بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە سەختی و دژوارییدا تێدەپەڕێت و ئەگەری جەنگێکی سەرتاپاگیر و پابەند بە چارەنووسی رۆژهەڵاتی نێوینەوە چاوەڕێ دەکرێت، چوونکە کاربەدەستانی سیاسیی ئەمەریکی بە کۆماریی و دیموکراتخوازەوە سوورن لەسەر لێدان و گورز وەشاندن لە ئێران، بەم هۆیەوە شکستی بوشی کوڕ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا هیچ ئومێدێکی خێری بۆ ئێران تیا نەماوە، چون ئەگەر دیموکراتەکان تێڕوانینیان سەبارەت بە ئێران لە تێڕوانینی کۆمارییەکان شێلگیر و توندتر نەبێت بێگومان نەرم و نیانتر نییە!. هێلاری کلینتۆن وەک کاندیدای حزبی دیموکراتی ئەمەریکا هەر لە هەنووکەوە رایدەگەیەنێت تاکە رێگە بۆ چارەسەری دۆزی ئەتۆمی ئێران وەشاندنی گورزی سەربازییە. لە ژێر رۆشنایی ئەم راستییانەدا دەگەینە ئەو راستییەی ئەگەری لێدانی سەربازیی و گورز وەشاندن لە ئێران نزیک و بەهێزترین ئەگەرە، خۆ ئەگەر یەکەم ئەگەر نەبێت بێگومان دوا ئەگەر نییە. ئەوەی چەند زەمینەکە پێچەوانە دەبێتەوە دەکەوێتەوە سەر زیرەکیی ئێرانییەکان.

ئایندەی قەیرانی ئەتۆمی ئێران

سیناتۆر هێلاری کلینتۆن پاڵێوراوی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (یدیعوت ئاحرانۆت) ئیسرائیلی رایگەیاند: بۆ هەر چاوپێکەوتن و پەیوەندییەک لەگەڵ سەرانی حکوومەتێکی وەک ئێران مەرجی قورسیان بۆ دادەنێین چون ئێران حکوومەتێکی سەرەڕۆ و پێست ئەستوورە، ئەمە بە لای ئێمە و کۆمارییەکانەوە یەک پێناسە و هەڵوێستی هاوبەشمانەوە. ئاشکرایە مەرجە قورسەکانی هێلاری هێمای بۆ کردوون مەرجگەلێکن ئێران قبووڵیان ناکات، بەمەش رێگە دیپلۆماسییەکان رووبەڕووی شکست و نسکۆ دەبنەوە. لە کاتێکدا دەزانرێت کاروانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتدا بەبێ وجود و بەشداریی ئێران ناتوانێت بگاتە جێ، چوونکە رۆڵی ئێران لەسەر رەوتی رووداوەکان و هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە هێندە بەهێزە ناتوانرێت بەئاسانی بەلاوە بنرێ.
نووسەری تورک (ئیلنور چەڤیک) زیاتر رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا روون دەکاتەوە و دەنووسێت: لە رابردوودا بیروباوەڕێکی باو هەبوو کە ناتوانین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جەنگێک بەرپا بکەین بێ میسر و ناتوانین ئاشتی بەرقەرار بکەین بێ سوریا، زۆربەی زۆری ئەمە راستە، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا ناتوانرێت هیچ ئاشتییەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناویندا دروست بکەین بێ پشکداریی ئێران. نووسەر لەدرێژەدا دەنووسێت:
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبێت واقیعبین بێت و بزانێت بێ ئێران ناتوانرێت لە ئایندە بڕوانرێت و چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا مسۆگەر بکرێت. بێ دوودڵی لە بەرچاو نەگرتنی رۆڵی کارای ئێران و بەهێزیی پێگە و گرنگی هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەو کۆمارە و کارتێکردنی لەسەر ناوچەکە، مایەی فەرامۆشکردن نین کە وا ئەمەریکا دەیەوێت ئەو پێگەیە لاواز بکات، ئەمەش لە رێی داپچڕینی پەیوەندیی دیپلۆماسی و بازرگانی لە سەرەتادا و دواتر دابڕینی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی تا ئێران لەبازنەیەکی داخراودا گەمارۆ بدات، هەروەک پێشتر لە ساڵی 1990 لە دژی سەدام لە کاتی داگیرکردنی کوەیتدا پێی هەستا. وەک لە پێشتردا وتمان لایەنی ئێرانی بەدەر لەوەی مکوڕن لەسەر هەوڵ و هەڵوێستەکانیان لەمەڕ پیتاندنی یۆرانیۆم لایەنگریی لە رێگەچارەی دایەلۆگ و ئاشتییانە دەکەن و ئەم هەستەی خۆشیان نەشاردۆتەوە و لە چەندین بۆنە و جێگەی جیاجیادا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ چارەسەری کێشەکە بەرێگەی دانوستان، بەڵام ئەمەریکییەکان باس لەوە دەکەن تا ئەو شوێنە ئامادەی دایەلۆگن ئەگەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی رابگرێت.

تەنانەت ئێرانییەکان ساڵی 2001 لە کاتی داڕووخانی رژێمی تاڵیبان خوازیاری دایەلۆگ و ئاشتی بوون لەگەڵ ئەمەریکا!. وەکوو (جەیمز دابینز) لە کاتی کۆبوونەوەی “بۆن” کە بۆ رێکخستنی تازەی سیاسیی ئەفغانستان گرێدرابوو لە نزیکەوە دەرکی بە کارایی و شارەزایی ئێرانییەکان کرد بە تایبەتی لەوەدا ئێرانییەکان هانی ئەندامانی بەشداربوویان دەدا بە بەرژەوەندیی سیاسەتی ئەمەریکی. (دابینز) وتی: ئێرانییەکان تەنانەت پێشنیاری پەیوەندیی باشتریشیان هێنایە ئاراوە و خوازیاری ئەوەبوون لە رێگەی من و کەسانی ترەوە قسەی لەسەر بکرێ، بەڵام هەرگیز وەڵامیان وەرنەگرتەوە. زۆر بە کورتی ئایندەی قەیرانەکە تەنیا چاوەڕێی روودانی جەنگی لێدەکرێت، سیاسەتی ئەمەریکی لەمەڕ ئێران سیاسەتێکی دیارە کە دژایەتی و لاوازکردنی پێگەی ئێرانە لە ناوچەکەدا وەک رێگرییەک لە هەوڵە پاوانخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی و تموحاتیان لە رۆژهەڵاتی نێویندا، چوونکە ئێران رێگرە لە بەردەم خەونەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەگەر کۆنگرەی (ئەناپۆلیس) دیوێکی کورتکردنەوەی دەستی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران بێت بەتایبەت لەفەلەستین، ئەوە شکستپێهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و لێدانی سەربازیی لەڕەگەوە دەرکێشانی دەستی ئێرانە لە سیاسەتی نێوخۆی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێویندا. دواجار پێویستە بڵێین ئایندەی قەیرانەکە ئاوسە بە چەندان قەیرانی تری کارەساتبار و مەزنتر.

تەنگژەی ئێران و ناکارایی ئۆپۆزیسیۆن
سەڕەرای ئەوەی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووی لە ئاڵۆزیی و گرژیی زۆرتر کردووە، ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە فارس و عەرەب و کورد و بەلوجەوە ناکارا و بێ دەور و تەئسیرن لە هەڵکشان و داکشانە نێوخۆییەکانی ئێران، هیوای ئەمەریکا بە ئۆپۆزیسیۆن زۆر کاڵ و لاوازە، بەڵام هێشتا ناو بەناو یارمەتی بەشێک لەو ئۆپۆزیسیۆنە دەدات. ئیدارەی ئەمەریکا پشتیوانی لە رێخراوی (مجاهیدینی خەلق) دەکات بەوەی هەم ناوی لە لیستی رەشی گروپە تیرۆریستییەکان “بلاک لیست” دەرهێناوە، هەم پارێزگاریی لێکردوون لەبەرامبەر هەر هێرشێکی تۆڵەسێنەرانەی شیعەکانی عێراق، چوونکە دەیەوێت لە پاشتردا بۆ دژایەتیکردنی ئێران سوودی لێ وەربگرێت، لەوانەشە ئەمەریکا بەهەڵەدا چووبێت چوونکە ناچێتە ئەقڵەوە مجاهیدینی خەلق ئەو نفوز و هێزەی هەبێت شتێکی لە واقیعی ئێراندا پێبکرێت، تەنانەت ئەمە نموونەی (ئەحمەد چەلەبی)مان لەعێراق بیر دەخاتەوە کە پاڵەوانی نزیکی کۆشکی سپی بوو پێش رووخانی بەعس، کەچی دوای ساڵی 2003 سیما راستەقینەکەی دەرکەوت وەک بێ نفوزترین کەسایەتی سیاسیی و بە هەموو شێوەیەک رۆڵی لەسەر شانۆی رووداوەکانی عێراق سڕایەوە. هەرچی لایەنە چەپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە بە چاوی ئیمپریالیزم و دیدگا کلاسیکییەکەوە لە ئەمەریکا دەڕوانن وەلێ خوازیاری هەر جۆرە گورزوەشاندنێکن لەئێران کەچی خۆیان لەنزیکبوونەوە لەئەمەریکا دەپارێزن، لەسەرێکی ترەوە جەماوەری چەپەکان بەردەوام رووی لە کەمی و دابەزینە و کەمترین کارتێکردنیان بەسەر ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە ماوە.
لایەنەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستی کورد سەرباری هەر نەزەر و تێبینییەکیان لەمەڕ نیەتی ئەمەریکا و مەبەست و جۆری گورزوەشاندن لە ئێران پێشوازیی لەهەر لێدانێکی سیاسیی و سەربازیی دەکەن، بەڵام لەباری واقیعییەوە بێ توانان لە جۆشدان و خرۆشاندنی جەماوەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو هیوایەکیان بە هەنگاوەکانی ئەمەریکاوە گرێداوە تا ئەو راددەیەی (عەبدولڕەحمانی حاجی ئەحمەدی) سەرۆکی پژاک لە واشنتۆن وتی: ئەمەریکا بۆ ئێمە محەمەدی مەهدییە. لەلایەکی ترەوە پارتەکانی کورد لە رۆژهەڵات پەرش و بڵاو و نارێکخراون بە تایبەت دوای ئەوەی هەموو هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی ناکام مانەوە بەڵکو سەد پلە بەپێچەوانەوە جیابوونەوە و پەرتبوونی پارتەکان لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا بووەتە سیمای ئەم قۆناغەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهەڵات، لە حزبی دیموکراتەوە بیگرە تاکوو هەردوو کۆمەڵەکە و پارتی ئازادیی کوردستان. (عەبدوڵڵای حەسەن زادە) وێڕای ئەوەی بەدووری دەگرێت هەمان سیناریۆی عێراق لە ئێران دووبارە بێتەوە، لە بارەی پەرش و بڵاویی هێزە کوردییەکانەوە دەڵێت (ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە ئێران وەک ئەوە نییە لە عێراق هەبوو، لێرە لە عێراق وێڕای کەمێک ناکۆکی نێوان هێزە کوردییەکان، بەڵام لە بەرەی کوردستانیدا یەکڕیز و بەهێز خۆی رێکخستبوو). زۆر بە کۆنکرێتی و راشکاویی پێی لێدەنێین ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە ئۆپۆزیسیۆنی هەموو پێکهاتە ئیتنیی و جۆراوجۆرەکانەوە لە هەر پێشهاتێکی نوێدا سەبارەت بە ئایندەی وڵاتەکەی نەک پێشەنگ و پێشڕەو نییە، بەڵکو لە دوای رووداوەکانەوەیە و چاوەڕێی مشتەکۆڵەی هێزی دەرەکی دەکات بەو کارە هەستێت کە لە بنەڕەتدا ئەرکی سەرەکی خۆیەتی. خولاسە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دۆڵێکدایە و ئاڕاستەی سیاسەت و رووداوەکان لە دۆڵێکی تردا و هەرگیز بە یەک ناگەن.

ئەنجامگیریی
(جەنگیز کاتماز) سەرنووسەری (ئۆزگوور گوندەم) لە ئیستانبۆڵ لە دیمانەیەکیدا وتی: ئێران سێ رێگەی لە بەردەمدایە. یەکەم:هەر لە ئێستاوە ملکەچی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بێت و بێ مەرج رادەست بێت، کە تا ئێستا بە هیچ کلۆجێک رەزامەندیی بۆ ئەم خاڵە نیشان نەداوە. دووەم: زمانی هەڕەشە و هزری کۆنەپەرستی و ئۆلیگاریشی خۆی بگۆڕێت و لە سەرەتادا گۆڕانکاریی لە رەوتی نەژاد و رەگەزپەرستی و بونیادگەرایی ئاینی بکات و بڕوای خۆی بە دیموکراسییەت پتەوتر بکات، کە لە سەرەتادا پێویستە ئازادییە گشتییەکان و مافی گەلی کورد و کەمایەتییەکانی دیکە بخاتە بن گرەنتییەوە، ئەمەش باشترین ئەڵتەرناتیڤە بەڵام تاکوو ئێستا هیچ نیشانەیەکی قبووڵکردنی ئەم خاڵە دیار نییە. سێیەم: چارەنووسی سەدام، کە نیشانە و هۆکارەکانی ئەم خاڵە زۆرترن و جیاوازییەکی لەگەڵ ئەحمەدی نەژاددا نییە، ئەگەر بیەوێ بەشێوەیەک گەلانی ئایندار فریو بدات و لە دەوروبەری خۆی کۆیان بکاتەوە بەڵام بەم رێگایەش دەتوانێ هێندێک لە تەمەنی سەدام درێژتر بێت.

بارودۆخی ئێران بە کەمێک جیاوازییەوە هەمان بارودۆخی عێراقی سەدامی دوای گەردەلوولی بیابانمان بیر دەخاتەوە، کە رادەستبوون بە ویستەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رادەستنەبوونی یەک ئەنجامی هەبوو: ئەویش مەرگی تاهەتایی رژێمی سەدام. ئەمجارە مێژوو کتومت دووبارە دەبێتەوە و هەمان ئەزموونی عێراق بە هەندێ جیاوازییەوە بەرۆکی دەستەڵاتی فەرمانڕەوایی ئێرانیشی گرتووەتەوە. لەراستیدا ڤوکۆسی دوژمنایەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکی لەسەر رژێمی ئێرانە، ئەگەر ئەم فشار و لێدان و کەنارگیرکردنەی ئێران رووخانی رژێمەکەشی بەدەمەوە نەبێت بێگومان ئەو ئەفسانە و جادووە هەڵدەوەشێنێتەوە کە ناوی کۆمارێکی ئیسلامی بەهێز و هەژموونخوازە، ئەم گوشارانە ئیدی نەک ئەوەی نایەڵێت هەنگاوەکانی هەژموونخوازیی تەفعیل بکات بەڵکو لە رێی زەبروزەنگێکی سەربازییەوە دەیباتەوە قاوغەکەی خۆی و سەرانی کۆماریش بەوە رازین هەر هیچ نەبێت دەستەڵاتیان لەنێو جوگرافیای ئێراندا بە سەقامگیریی بمێنێتەوە. دوای نەمانی سەدام و تاڵیبان، چاوی گۆڕانکاریی ئەمەریکیی لەسەر ئێران و رژێمەکەیەتی، چوونکە هەم تەمەنێکی کردووە و هەم پەلی هاویشتووە بۆ سنوورێکی بەربڵاوی ناوچەکە، کاری ئەولەویی سەبارەت بە کارنامەی سیاسیی کابینەکانی داهاتووی ئەمەریکا لە قۆزاخەنانی ئێران و بڕینی پەلوپۆکانێتی لە هەنگاوی یەکەمدا و لەناوبردنی رژێمی مەلاکانی تارانە لە دوا هەنگاوی ئەو پرۆسەیەدا، ئەمەش رەنگە کات لەوە زۆرتر ببات لەوەی ئێمە چاوەڕوانی دەکەین. ماوەتەوە بڵێین قەیرانی ئەتۆمی زیاتر لە شەمەندەفەرێکی خێرا دەچێت کۆماری ئیسلامی ئێران لە وێستگەی مەرگی سەرمەدیی دادەنێت، لەوانەیە پێچەوانەکەشی بهێنێتە دی!! چوون هیچ شتێک لە سیاسەتدا موستەحیل نییە.

شرۆڤە و نووسینی: ستیڤان شەمزینی

27-12-2007
*ئەم وتارە شیکارییە پێش سێزدە ساڵ، لە ژمارە (47) گۆڤاری (نێوەند) لەجێنیوەری ساڵی 2008 بڵاوبووەتەوە.

تێبینی: کۆی ئەم شیکارییە وەک بەشی هەشتەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لەلاپەڕە 249-273 چاپ و بڵاوبووەتەوە، ئەو کتێبەش بەچاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2018 لەناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە.




پێنج بروسکەی شیعریی.. دەق: ستیڤان شەمزینی

“یەک”

رۆژ و وەرزەکانم
بەیانیان لە پیاڵەی قەسیدەدا دەتخۆمەوە
نیوەڕوان لەسەر زنەی شیعر پێکدەگەین
ئێواران لە ئاسمانی عەشقدا دەفڕین
شەوانیش دەتگرمە چوارچێوەی شیعر و
لە ژوور سەری خۆما هەڵتدەواسم


هاوینان لە گەرمی لەشتا دەتوێمەوە
پایزان وەگ گەڵایەکی زەردهەڵگەڕاو
رەشەبای عەشقت دەمبا
زستانان لە بەفری جەستەتا
سەمایەکی جادوویی دەکەم
بەهاران لە رۆحی تۆدا
سەرلەنوێ چرۆ دەکەمەوە


“دوو”

سەدای عەشق
کە لێت دووربم هێندەی ئاوی دەریاکان فرمێسک دەڕژم
کە ناتبینم ئەگەر بۆ چەند چرکەیەکیش بێ
وا هەست ئەکەم کەوتوومەتە ژێر هەرەسی چیایەکەوە
ئازیزم، بیر لە عەشقی من بکەرەوە چەند گەورەیە
کاتێ کردیانە سەر باڵی هەور شی بووەوە بۆ باران
ساتێ کردیانە سەر زەوی بێروون سەرتاپا بووە باخ
بیر لەو سۆزە بکەرەوە لە دەنگ و پێکەنینەکانما هەیە
چی مۆسیقارەکانی دنیایە ئەیانەوێ بیکەنە ستران
رازی دڵم بۆ تۆ و خودا ئەکەمەوە ئەی شازادەترین یار
با سەدا و ناڵینی دڵم بگاتە دوورترین شوێنی ئاسمان


“سێ”

تۆ نیگارێکی جادوویت
تۆ نیگارێکی هیچ وێنەکێشێک ناتوانێت تەفسیرت بکات
تۆ حکایەتێکی هیچ حکایەتخوانێک ناتوانێت بتگێڕێتەوە
تۆ سنەوبەرێکی هیچ باخچەیەک لە زمانت حاڵی نابێت
تۆ شەپۆلێکی لە دڵی هیچ دەریایەکدا ئۆقرە ناگری
تۆ فرمێسکێکی هیچ چاوێک ناتگرێتە خۆی
تۆ خەندەیەکی هیچ نیشتمان و زێدێکت نەماوە
تۆ نەوڕەسێکی هیچ کەناراوێکی هێمن شک نابەی
تۆ پەروانەیەکی هیچ رووناکییەک بانگهێشتت ناکات
تۆ بەیتێکی لە چوارچێوەی هیچ قەسیدەیەکدا جێت نابێتەوە
تۆ وشەیەکی ناسکی لە هیچ زارێکدا کپ ناکرێی
تۆ بەیانییەکی لەگەڵ هیچ غروبێکدا یەکناگریتەوە
تۆ خەیاڵێکی لە هیچ خەونێکدا نادۆزرێیتەوە
تۆ ئەفسانەیەکی لە هیچ واقیعێکدا نابینرێی
کەچی ئەوە منم
کە تۆ خۆتم تێدا دەبینیتەوە


“چوار”

مەمکی تۆ و شیعری من
ئەگەر هەستت بە گەرمییەک کرد لە سینگی خۆتدا
شیعری منە زمان لە گۆی مەمکەکانت دەخشێنێ
ئەگەر رۆژێک جووتە مەمکەکانت وەک کۆتر هەڵفڕین
دوودڵ مەبە بەرەو قووڵایی شیعرەکانی من دێن
هەر ساتێ گوێت لە ئاوازێکی ناوازە بوو لە دەروونتا
دەست و پەنجەی شیعرەکانمە شمشاڵی مەمکت دەژەنێ
گەر مەلێکی سەرکەش لەسەر بەرزایی سینگت نیشتەوە
ئەوە بولبوولی شیعرمە هاتووە بۆ مەمکەکانت بخوێنێ
ئەگەر رۆژێک ئازادیت بۆ مەمکەکانت ویست
شمشێری شیعرەکانم ئامادەیە ستیانەکەت بدڕێنێ


“پێنج”

یەکەمین ئاشق
من یەکەم راهیبی ئاینی عەشقم
یەکەم وەحی عەشق بۆ من هاتە خوارەوە
یەکەم ئایەتی عەشق من نووسیوومە
یەکەم قوربانی عەشق هەر من بووم
یەکەم دۆڕانی عەشق لە چارەی من نووسرا
یەکەمجار من عاشق بووم
ئەوانیدی هەریەک گاڵتەجاڕانە شوێن هەنگاوەکانم کەوتن
یەکەم ئاوی ئەم عەشقە نەفرەتییە من رشتم
یەکەمین وانەکانی عەشق لە قوتابخانەکەی مندا وترایەوە
یەکەمین ئاوازی عەشق بە پیانۆی رۆحی من لێدرا
یەکەمین ئاگری عەشق لەسەر دڵی من کرایەوە
یەکەمین عاشق خۆم بووم و
کەس ئەم سەروەرییەم لێ زەوت نەکات
یەکەمین عاشق خۆم بووم


بەلجیکا – ئەڵمانیا – سوێد
2014- 2015




کورد و ئەمەریکا.. گۆڕانکارییە سیاسییەکان.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رووخانى رژێمى بەعس لە 9ى نیسانى ساڵى 2003دا ناتوانرێ وەک ئاڵوگۆڕێکى رامیاریى گرنگ لە عێراق و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تەماشا نەکرێت، چوونکە رووخانى بەعس و سیستمى دەسەڵاتى تۆتالیتاریى و ئەو پارتە (بەعس) تەنیا هەرەسهێنانى ئەو دەسەڵاتە نییە بە تەنیا بەڵکو ئەوە سەرەتاى زەنگێکى وریاکەرەوە بوو کە دەبێت ئەو شێوە دەسەڵات و سیستمى بەڕێوەبردنى دەوڵەتە لە تەواوى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کۆتایى پێ بێت، لەبەرئەوەى چیتر ناتوانرێت لە دونیاى هاوچەرخى ئەمڕۆدا قبوڵى ئەو شێوە کلاسیکى و کۆنەپەرستییەى دەسەڵات و حکومڕانى بکرێت. هەر بۆیە دژایەتیکردنى دەوڵەتە ئیستیبدادیى و دیکتاتۆرییە هەرێمییەکان و شاکانى کەنداو دیاردەیەکى عەفەوى نییە، بەڵکو لەو ترسەوە سەرچاوەى گرتووە کە ئەمەریکا لە پڕۆژەکەیدا هەیەتى بۆ گۆڕینى ئەو جۆرە شێوە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە رەهایە لە تەواوى دنیادا بە گشتیی و لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا بە تایبەتى.

ئەمەریکا ئەوڕۆ وەکو بەهێزترین جەمسەرى جیهانى کە لە رووى ئابووری و سەربازیى و ئامادەیى تەکنۆلۆژییەوە خاوەنى بەهێزترین دەسەڵات و هەژموونە راستەوخۆ سەرکردایەتى پرۆسێسى ئەو گۆڕانە رادیکاڵیانە دەکات لە رۆژهەڵاتى نێویندا. ئاشکراشە کە مەحاڵە هیچ هێزێک بتوانێت لەمپەر لەبەردەم هەژموونى ئەمەریکا دابنێت و رووخانى سەدام و رژێمەکەشى دوا وێستگەى شەمەندەفەرى گۆڕانکارییەکانى ئەمەریکا نابێت. تا ئێرە ئاشکرایە گۆڕان لە ناوچەکەدا حەتمییە و مانەوەى ئەم جۆرە دەسەڵاتانەش بە راددەیەک مەحاڵە وەکو تێپەڕینی حوشتر وایە بە کونى دەرزیدا. بەڵام قسەکە لەسەر ئەوەیە کورد دەبێت لەم بارودۆخەدا چى بکات و خاوەنى چ گووتارێکى سیاسیى بێت؟ چۆن دەتوانێ زۆرترین کەڵک لەم هەلومەرج و وەزعیەتە سیاسییە پڕ لە ئاڵوگۆڕە وەربگرێت؟ دیارە وەڵامى هەموو ئەم پرسیارانە بەو شێوەیەیە دەبێت کورد ئەم فرسەتە لەبار نەبات و بەوپەڕى ئاگایى سیاسییەوە مامەڵەى لە تەکدا بکات. ئەمەش بەوەى سەرکردایەتى سیاسیى کورد بەشێوەیەکى راشکاوتر و شەفافتر و وەک تەرەفێکى خاوەن کێشەیەکى گرنگ و مێژوویى داخوازیى و ویستى نەتەوەیى گەلى کورد بگەیەنێتە ناوەندەکانى بڕیار چ لەسەر ئاستى عێراق و چ لەسەر ئاستى جیهان.

قۆناغى ئێستا چیتر قۆناغى شەرمنى سیاسیی و دیپلۆماتیى نییە و ئاشکراشە سیاسەت لەسەر بنەماى سۆز و دڵدانەوە ناکرێت بەڵکو سیاسەت لەسەر بنەماى بەرژەوەندییە، خۆرئاوا بەشێوەیەکى گشتیى لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەت دەکات و کاتێکیش بیرمەندى ناسراوى ئیتاڵى (نیکۆلۆ مەکیاڤیلى) دێت و تێزەکانى خۆى لەسەر سیاسەت فۆرمەڵە دەکات ئیدى بە هەموو شێوەیەک سیاسەت خۆى لە هەر جۆرە ئیلتیزام و مۆراڵێک جیا دەکاتەوە، ئەوەی لە ئەوروپا و ئەمەریکا لە دێرینەوە تا ئەوڕۆ لە بواری سیاسییدا پەیڕەو دەکرێت بریتییە لە مەکیاڤیلییەت و دەکرێت بە سیاسەتێکی براگماتیکیی بەرژەوەندخوازانە لێکبدرێتەوە. ناپلیۆن پۆناپارت یەکێک بوو لەو کەسانەى زۆر مەکیاڤیلیانە سیاسەتى دەکرد و خەونى جیهانگیریی خۆى پەرەپێدەدا لە یەکێک لە وتەکانى خۆیدا ئاماژە بەوە دەدات کاتێک رووى کردۆتە هەر وڵاتێک بە مەبەستى داگیرکردنى خۆى خستۆتە سەر ئاینى خەڵکی ئەو شوێنە و کاتێکیش رووى کردۆتە میسر وەک مسوڵمانێکى خواناس خۆى نیشانداوە، تاکوو لەو خاڵە لاوازەوە دەرگای چوونە ژوورەوە بکاتەوە. بە مانایەکی تر گەڕاوە بە دوای پاژنەی ئەخیلی هەر کۆمەڵگەیەک کە بە مەبەستی داگیرکاریی رووی تێکردووە، لەم سۆنگەوە سەرکەوتنەکانی ناپلیۆن قەرزاری ئەو مەکیاڤیلیستییە بوو پیادەی دەکرد.

ئەو ساتانەشى وڵاتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنى ئازادکردنى عێراق ئەنجام دەدات و جەنگێکى جیهانى دژى جەمسەرى تیرۆرى نێودەوڵەتى بەرپا دەکات راستەوخۆ ئەمە بەو مانایە نییە ئەمەریکا لە روانگەى پابەندبوونى بە مۆراڵەوە ناچاربووە بۆ ئەو جەنگە و دەستپێکردنى ئەو پرۆسێسە نوێیە هەنووکە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لە گەرمەیدایە. ئەمەریکا وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی بۆ پارێزگاریی لە ئاسایشی جیهان ئەو جەنگەی هەڵنەگیرساندووە کە لە ئەدەبیاتی خۆیدا بە “جەنگی دژە تیرۆر” دەیناسێنێت، بە پێچەوانەوە خودى ئەمەریکا خاوەنى تۆمارێکى رەشە لە پاڵپشتیکردنى ماددیى و مەعنەویى و لۆجیستى دەوڵەتە تۆتالیتاریى و گروپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکان، دەبینین لە قۆناغێکدا دەسەڵاتى سیاسیى ئەمەریکا (کۆشکى سپى- کۆنگرێس) راستەوخۆ سەرپەرشتى پرۆسەى پڕ چەککردنى رژێمى بەعس دەکەن بە نوێترین چەکى کۆمەڵکوژ و نێوترۆنى و کیمیایى!! چەندان بەڵگە و دیکۆمێنت لە بەردەستدان گەواهیى لەسەر ئەو راستییە دەدەن، بۆ نموونە نووسەرى ناسراو (دەیڤید مۆبێرگ) لە یەکێک لەوتارەکانى خۆیدا بەم جۆرە دەنووسێت: راپۆرتێکى نوێى پەیمانگاى لێکۆڵینەوە سیاسییەکان لە رێى بەکارهێنانى دیکۆمێنتى چاپنەکراوى دەوڵەتەوە ئەوە دەردەخات چۆن دۆناڵد رامسفیڵد و یارمەتیدەرانى ترى رۆناڵد رێگان لە نزیکەوە لەنێوان ساڵانى 1983-1987 لەگەڵ سەدام حسێن کاریان کردووە (پاش ئاشکرابوونى بەکارهێنانى گازى ژەهراویى لە جەنگى نێوان عێراق- ئێران) لە دوا هەوڵى سەرنەکەوتوودا بۆ یارمەتیدانى کۆمپانیاى فرە رەگەزى بێکتێل بۆ بنیاتنانى بۆرییەکى نوێى نەوت لە وڵاتی عێراق.

تەنانەت رەوتە ئیسلامییە چەکدارەکان لە جیهانی ئیسلامییدا لە دەیەی شەستەکانەوە تا کۆتایی نەوەدەکان، بە پلان و دەستگیرۆیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەمەریکا بەهێزکران. واشنتۆن رۆڵى کاریگەرى بینى لە پەرەپێدانى تواناى ماددیی و سەربازیى ئەو گروپانەدا و هەروەها راهێنانیان بە باشترین تاکتیکى سەربازیى و پارتیزانیى و بەکارهێنانى هەموو جۆرە چەکێکى تەکنۆلۆژیى و هاوچەرخ. (جۆن فۆستەر داڵاس)ى گەورە ژەنەراڵى ئەمەریکا لە ساڵى 1951دا ئەو پێشنیارە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات لە بەرامبەر ئیلحاد و ماتریالیزمى کۆمۆنیزمی روسیی پەرە و گرنگى بدرێ بە رەوتە ئاینییەکان لە یەکێتى سۆڤیەت و دەوروبەریدا بەتایبەتى لە نێویاندا رەوتە ئیسلامییە رادیکاڵەکان لە ئەفغانستان و ناوچەکانى ترى رۆژهەڵاتى ناوین و نزیکى روسیا یارمەتی بدرێن و بەهێز بکرێن. لەم قۆناغەدا ئەمەریکا بۆ لەمپەردانان لەبەرامبەر گەشە و هەژموون و شەپۆلى سۆشیالیستى و دەسەڵاتى دەوڵەتى شورەوی و بلۆکى کۆمۆنیزم پەرە دەدات بە کۆنەپەرسترین رەوتى سیاسیى. لەم پێڤاژۆیەدا ئیدارەی ئەمەریکا و کۆشکی سپی درێغی ناکات لەیارمەتیدانی رێکخراوە کۆنەپەرست و وێرانخوازەکان لە هەردوو میحوەری دوژمنی باوەکوژدا “واتە یەکێتی سۆڤێت و ئەمەریکا لاتین”.

لەم زەمەنەشدا ئوسامە بن لادن و سافیمبى وەک دوو پیاوى بەڕێزى هاوپەیمانى ئەمەریکا و سیا (دەزگاى هەواڵگریى ئەمەریکا) دەردەکەون و ئەستێرەی بەختیان دەست بە درەوشانەوە دەکات!! هەر ئەمەریکا وەکو دوو تیرۆریستى دوو دنیاى جیاواز پڕ چەکیان دەکات، کاتێکیش ئوسامە بن لادن لە سعودیەوە بەڕێدەکەوێت بەرەو ئەفغانستان هیچى تر نییە جگە لە کاراکتەرى سیناریۆیەک و داشى دامەى پرۆتۆکۆلەکانى سیا و کۆنگریس بۆ رووبەڕووبوونەوەى دەسەڵاتى کۆمۆنیزم و یەکێتى سۆڤیەتى پێشوو، تەنانەت جێگەى سەرسوڕمانە کاتێک دەبینین سەرکردەیەکى سیاسیی و سەربازیى عەرەبى- ئیسلامى وەک (عەبدوڵڵا عەزام) لە قودسى (موحتەلە) و لە رووبەڕووبوونەوە و (جیهادى) جولەکەوە مەیدانى جموجوڵى چالاکییەکانى خۆى دەگوازێتەوە بۆ ئەفغانستان تا ئەو ساتەى لەوێ دەکوژرێت!! کە لە هەمان کاتدا فەلەستینییەکان پێویستییان زۆر بە توانا و لێهاتوویى سەرکردەیەکى وەک عەزام هەبوو. دواتر گواستنەوەی کردەی “جیهاد” لە بەرامبەر ئیسرائیلەوە بۆ ئەفغانستان دیاردەیەکی شایانی قسە لەسەرکردنە، بەو پێیەی هەزاران عەرەبی موسڵمان کارئاسانییان بۆ کرا بۆ “جیهاد” روو لە ئەفغانستان بکەن بە مەبەستی جەنگان لە دژی سۆڤێت. ئەوەی پێی دەوترێ “عەرەب ئەفغانەکان” لە چوارچێوەی گەمەیەکی ناپیرۆزی کۆشکی سپی و سی ئای ئەی و دەوڵەتی ئینگلیزدا هەڵتۆقین.
پاشتر هەر بەستەڵەکى جەنگى سارد توایەوە و کامپى کاپیتالیستى خۆرئاوا بە رێبەریى ئەمەریکا و کۆشکى سپى و ناتۆ سەردەکەوێت بەسەر بلۆکى رۆژهەڵات و کرملین و وارشۆدا، ئەمەریکا رزگارى دەبێت لە ئەگەرى هەر هێرشێکى ئەتۆمى و لە روودانى جەنگى ئەتۆمى، ئیتر سەردەمى عەمالەتى ئەم رەوتانە بەسەر دەچێت و لە قۆناغێکى دواتریشدا هەر ئەم هێزانە دەیانەوێ ببنە لەمپەر لەبەردەم هەیمەنەى ئەمەریکیى و مەترسى گەورە بۆ بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانى ئەمەریکا و کۆمپانیا فرە رەگەز و مۆنۆپۆلەکان دروست دەکەن و دەبنە مەترسیى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى ئەمەریکیى، ئیدى ئەمەریکا بانگەشەى قەلاچۆکردن و لەناوبردنى ئەم تەیارە تیرۆریستییانە دەکات و لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات لە رێگەى ماسمیدیاوە واى نیشان بدات ئەوان ئەرکێکى ئەخلاقى گەورە لەسەر شانى خۆیان دەبینن لە بەرامبەر پارێزگاریکردنى ئاسایشى گشتیى جیهان و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى تیرۆر و تۆقاندن و کوشتنى هاووڵاتیانى سڤیل و بەکارهێنانى چەکى کۆمەڵکوژ و ئەتۆمى و ڤایرۆسى، ئەمەریکا لەو چرکەساتەى ئامادەکاریى دەکات بۆ پەلاماردانى عێراق ئەو پاساوە بەکار دەهێنێت سەدام حسێن و رژێمەکەى هۆى یەکەمى نەهامەتییەکانى کۆمەڵانى خەڵکى عێراقن، تائێرە ئەمە راستە سەدام هۆى تراژیدیاکانى سەرجەم گەلانى عێراق بوو، بەڵام هەر خودى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى بوون چاوپۆشیان لە کوشتنى دەستەجەمعی کورد و گۆڕى بە کۆمەڵ و ئەنفال و هەڵەبجە کرد!،ـ بەپێچەوانە بەردەوام هاوکارییان دەکرد لە شەڕی هەشت ساڵە لە دژی ئێران و بە کۆمەڵکوشتنی هاووڵاتیانی عێراقیدا. جیهان و ئەمەریکا بە ئەنفال و هەڵەبجە ئابڕوویان چوو، بەڵام ئەوان نەک گوێیان بەو سکەنداڵە نەدا، بەڵکو بەرژەوەندیی ئابووری هەموو ئابڕوویەکی لێسەندبوونەوە.
ئەمەریکا بۆ رزگارکردنى گەلانى عێراق نەهاتووەتە ناوچەکە و عێراق، هەروەک چۆنیش تاڵیبان و بەعسی بۆ بەرژەوەندیی گەلانی ئەو وڵاتانە نەڕووخاندووە، چوونکە ئەمەریکا ئامادە نییە سەدان سەربازى خۆى لە کابوڵ و قەندەهار و بەغدا و فەلوجە بکاتە قوربانى و ملیارەها دۆلار بەکاربهێنێ بۆ سەرخستنى پڕۆژەى دیموکراسیی لە عێراقدا، چوونکە هەر هەمان ئەو ئەمەریکایەیە ساڵانە هەزاران تۆن خۆراک و دانەوێڵە نوقمى ئۆقیانوسەکان دەکات لە ئەفریقاش ملیۆنەها مرۆڤ برسى و هەژارن. بودجەی ساڵێکی پینتاگۆن بەسە بۆ ررزگارکردنی کیشوەری رەش لە دەست برسێتی. بودجەی هاوکاریی و یارمەتیدانی گروپە وێرانخوازەکان لەلایەن کۆشکی سپییەوە بەسە بۆ دابینکردنی دەرمانی تەواو بۆ گشت نەخۆشییە کوشندەکانی جیهان، کە هەر ئێستا ئایدز جۆرێکی تاڵترە لە جینۆساید و ئاپارتایدی ئەفەریکا. ئەو بەهای ترلیۆن دۆلارییەی بۆ گەمە مخابەراتییەکان کە لە رێی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە خەرج دەکرێت، بەسە بۆ ئەوەی دادی کۆمەڵایەتی و هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە سەرجەم جیهاندا پێ باشتر بکرێت. لەبەرئەوە ئەو گووتارە عاتیفییەی وێنای ئەمەریکا وەک فریشتەی ئازادیی سکێج دەکات، ئەو گووتارەی دڵداریی لەگەڵ دروشمە درۆینەکانی ئەمەریکا دەکات، هەم گووتارێکی ساختەیە هەم درۆزنانە و فریودەرانەش. چوونکە ئەو فاکتە لە بیر دەباتەوە سترۆکتۆری سیاسەتی ئەمەریکیی لە ئێستا و لە رابردووشدا بریتیی بووە لە خوڵقاندنی ئاریشە و قەیران لە هەموو لایەکی دنیادا بەمەبەستی زاڵکردنی هەژموونگەرایی خۆی.
بۆیە بێگومان هاتنى ئەمڕٍۆى ئەمەریکا بۆ عێراق پلان و ئەجینداى تایبەتى بەرژەوەندییەکانی خۆی لە پشتەوەیە و خەلیلزاد و مارێنزیش تەنیا جێبەجێکارى ئەو پلانانەن ئەمەریکا نەخشەى بۆ کێشاوە. ئەى کەواتە ئەمەریکا چى پاڵنەرى بووە لەم جەنگە و ئەو جەنگانەى ترى کە کابینەکەى بوش و پلاندانەرانى ستراتیژیى ئەمەریکا پلانیان بۆ داناوە؟ وەڵامەکە زۆر روون و ئاشکرایە ئەویش فراوانکردن و بەرینکردنى سنوورى دەسەڵات و هەژموونى سیاسیی و کولتووریى و فەرهەنگیى ئەمەریکایە. کۆتایى هاتنى دنیاى دوو جەمسەریى هەلێکى زێڕینى دایە دەست ئەمەریکا وەک تاکە جەمسەر رەفتار بکات و نەخشەى سیاسیى جیهان دابڕێژێتەوە بەبێ گوێدان بە راى گشتیی و کۆدەنگى نێودەوڵەتى. هەروەک نووسەرى ناسراو (دەیڤید مۆبێرگ) ئاماژەى پێدەدات کاتێک دەڵێت: نەمانى یەکێتى سۆڤیەت ئازادییەکى جوڵانەوەى ترى بە ئەمەریکا بەخشى، هەردوو بەڕێوەبەرێتى بوشى یەکەم و بیل کلینتۆن لە رێگەى جیاوازەوە بەردەوامبوون لە هاوسەنگکردنى کۆدەنگى نێودەوڵەتى و کۆلایەنى (مەڵتى لاترالیزم) لەگەڵ تاکڕەوێتى ئەمەریکادا، بەڵام بەڕێوەبەرێتى ئێستاى بوش بە ئەندازەیەکى مەترسیدار رێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکان، کۆدەنگیى و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى وەلا ناوە، لە کاتێکدا پێداگریى دەکات لەسەر مافى خۆى لە هەڵگیرساندنى جەنگى خۆپارێزیى و بەمەش بنەما سەرەکییەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان رەتدەکاتەوە، گۆڕانکاریى لە ستراتیژی نیشتمانیدا بەشێوەیەکى نادیپلۆماتیکى و هەڕەشەئامێزانەى نوێ هەر لە بەرپرسانى وەک رامسفیڵد تادەگاتە خودى جۆرج بوش جەختى لێکراوەتەوە.
ئەمەریکا لە رێگەى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە کە تاکتیکێکى نوێى ستراتیژیەتێکى کۆنە راستەوخۆ گەشە و برەو دەدات بە خولیاى تاکڕەویى و جیهانگیریى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و سەپاندنی ویستەکانی خۆی لە رێی جەنگ و هێزەوە، بەڵام لە راستیشدا زۆر هۆ هەن وا دەکەن ئەمەریکا بتوانێت بە ئاسانى ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنێت کە دەتوانین بڵێین ئەوەیە ئەمەریکا خاوەنى ژێرخانێکى ئابوورى بەهێزە و دراوەکەشى خاوەنى بەها و ئیعتبارێکى بەرزە و ئاستى بەرهەمهێنان بە راددەیەکى سەرسوڕهێنەر گەشەى کردووە، تەنانەت لە وڵاتێکى پیشەسازیى و تەکنۆلۆژیی وەک ژاپۆندا کە یەکێکە لە حەوت وڵاتە پیشەسازییە گەورەکەى جیهان بەرهەمەکانى پیشەسازیى و تەکنۆلۆژیاى ئەمەریکیى و ئۆتۆمبێلى کۆمپانیاکانى ئەمەریکا رێژەی داواکارییان زیاتر لەسەرە لە بەرهەمهێنراوە لۆکاڵییەکانى ژاپۆن خۆى!، ئەمە لە کاتێکدایە ژاپۆن خاوەنى گەورەترین کارگە و پیشەسازیى دروستکردنى نوێترین جۆرەکانى ئۆتۆمبێلە. رەنگە ئەمە زۆرتر لە فاکتۆری سەرسامیی بە ئەمەریکاوە سەرچاوەی گرتبێت، چوونکە ئەمەریکا لە رێی سینەمای هۆلیۆد و غەزووی فەرهەنگییەوە وەک نموونەیەکی باڵا خۆی نیشان دەدات، یان دەیەوێ ئەوە لە خەیاڵدانی زۆرینەدا دروست بکات هاووڵاتی ئەمەریکایی سوپەر هاووڵاتییە و نموونەیەکی باڵایە لە ئازادیی و ئازایەتی و خۆشگوزەرانی و داهێناندا.

دۆلاریش وەک دراوى ئەمەریکى تا راددەیەکى کاریگەر رۆڵى خۆى هەیە لەم پرۆسەیەدا، تەنانەت کە ئیرۆ نرخى لە بەرامبەر دۆلاردا بەرز دەبێتەوە دیسان ئەمەشیان لە بەرژەوەندیى ئابووری ئەمەریکایە، هەر بۆ نموونە (گیرهارد شرۆیدەر)ى راوێژکارى پێشووى ئەڵمانیا لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانى خۆیدا مەترسى خۆى نیشان داوە لە بەرامبەر بەرزبوونەوەى نرخى ئیرۆ لە بەرامبەر دۆلار، چوونکە ئەمە وا دەکات تەنانەت لە پایتەخت و جەرگەى وڵاتە ئەوروپییەکاندا زۆرترین داوا و کڕین لەسەر بەرهەمهێنراوەکانى پیشەسازیى و تەکنۆلۆژیاى ئەمەریکى بێت ئەمەش بەهۆى هەرزانیى نرخەکەیەوە، دواجار ئەمەش هۆکاری دروستبوونى بازاڕێکى گەرمە بۆ کاڵاکانى ئەمەریکا لەو ئەوروپایەى دەیەوێت وەکوو جەمسەرێک لەبەردەم ئەمەریکا خۆى قووت بکاتەوە. لە رووی فەرهەنگیشەوە کولتووری ئەمەریکیی و فۆرمی ئەمەریکیی لە ژیان و بیرکردنەوە و هونەر و تەنانەت خواردنیشدا هەژموون بکەن بەسەر هەموو تاکێکی جیهانییەوە. بۆ وێنە لەگەڵ کردنەوەی یەکەمین خواردنگەی ئەمەریکیی “ماکدۆناڵس” لە روسیا، بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیامی هەرەسی تەواوەتی کۆمۆنیزمی رووسی گەیاندە چاو و هۆشی هەموو دنیا و “فۆکۆیاما”شی وا لێکرد لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا “کۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ” جاڕی کۆتایی مێژوو بدات. بە کورتییەکەی فەرهەنگیی ئەمەریکایی فەرهەنگێکە زیاتر کاریگەریی لەسەر هەموو دنیا داناوە و هەژموونی کردووە بەسەر لاشعوری زۆربەی دانیشتووانی سەر زەویدا.
ئەم بابەتەش بۆ خۆی سەرنجی زۆرێک لە نووسەر و بیریاران و ناوەندەکانی توێژینەوەی راکێشاوە، ئەم زاڵبوونەی ئەمەریکا و فەرهەنگەکەی بەسەر جیهاندا مایەی پرسیاری جیددی بووە لەلای بەشێکی زۆر لە نوخبەی دنیاوە بە لایەنگرانی ئەمەریکا و ئەنتی ئەمەریکاییەکانیشەوە. لەم بارەیەوە نووسەرى ناودار (ئەمانوئیل وەلرشتاین) دەڵێ: وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا وەک وڵاتێک بە ئەندازەیەک لە وڵاتەکانى تر بە تواناتر و بەهێز بوو، تواناییە ئابوورییەکەى لە ساڵى 1945دا لە پێش وڵاتەکانى ترەوە بوو کە دەیتوانى کاڵاکانى لەهەر وڵاتێکدا هەرزانتر بفرۆشێت و توانایى سەربازیى ئەمەریکا نەدەکرا بە هیچ جۆرێک لەگەڵ هیچ وڵاتێکى تردا بەراوورد بکرێت، ئەنجامەکەشى ئەوە بوو توانى هاوپەیمانییەکى دوولایەنە و چەند لایەنى ترسناکى وەک پەیمانى باکوورى ئەتڵەسى (ناتۆ) و رێکەوتنامەى سەربازیى ئەمەریکا- ژاپۆن و هتد. بهێنێتە دى و بە گوێرەى ئەوانە ئەمەریکا وەک دەسەڵاتێکى زاڵ لە رووى فەرهەنگییەوە ناوەندێتییەکى جیهانى بەدەست هێنا، نیۆیۆرک بووە ناوەندى فەرهەنگى لە ئاستێکى بەرزدا و فەرهەنگى گشتیى ئەمەریکا بە هەنگاوى گەورە بە سەرانسەرى جیهاندا بڵاوبووەوە.

بێجگە لەمانە گڵۆباڵیزەیشن (العولمە- بە جیهانییکردن) فاکتۆرێکى ترە یارمەتییەکى گەورە پێشکەش دەکات لەسەر رێگاى هەژموونى ئەمەریکیی و بە جیهانییکردنەوەى کولتوور و فەرهەنگى ئەمەریکا، بەشێکى زۆریش لە بیرمەندان و نووسەران و چاودێرانى سیاسیى وەها شرۆڤەى بە جیهانییکردن دەکەن، پرۆسەی بە جیهانییکردن رووەکەى ترى بە ئەمەریکاییکردنە، بۆ نموونە (د.عەبدوڵڵا عوسمان ئەلتوم و د.عەبدلرەئوف محەمەد ئادەم) وەکو دوو نووسەرى عەرەب لە کتێبەکەى خۆیاندا بە ناوى (العولمە) پێناسەى بە جیهانییکردن بەوە دەکەن (ئیمپریالیەتێکى نوێیە) یان (چوارچێوەیەکە و دروستکراوى دەستى ئەمەریکایە)!. لە هەمان کاتدا نووسەرانى ترى عەرەب وەک ئیدوارد سەعید و د.محەمەد عابد ئەلجابرى و د.خەلدون حەسەن و مەتاع سەفەدى هەریەکەیان پێناسەیەکى هاوشێوەیان بۆ بە جیهانییکردن هەیە. هەرچەند دەکرێ و دەشێ ئەم بیروڕایانە وەها لێکبدرێتەوە دەرهاویشتەى بیرى پان ناسیۆنالیزمى عەرەبین کە دوژمنایەتییەکى باوەکوژى لەگەڵ ئەمەریکا و کولتوورى خۆرئاوادا هەیە، بەڵام بە دیوەکەى تریدا هەڵگرى ئەو راستییەیە ئەمەریکا بەجیهانییکردن دەکاتە میکانێزمێکى کاریگەرى هەژموون و دەسەڵاتى پانخوازیى خۆى بەسەر جیهاندا.
تێزی جیهانگیریی تێزێکە لەدوا ئاکامدا سەردارێتێ ئەمەریکا بەسەر جیهاندا دەسەپێنێت، بەو پێیەی نموونەی ئەمەریکیی لە سیاسەتەوە بیگرە تاکوو پەروەردە و هونەر، نموونەیەکی بێ هاوتان و دوا پەرەسەندنی ژیاری مرۆڤایەتین، لەم سۆنگەوە دەبێت ئەم نموونەیە بگاتە هەموو لایەکی گێتی و لە هەموو جوگرافییە جیاوازەکانی جیهان پیادە بکرێت. وەک لە ئەرزی واقیعشدا دەبینین بە کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، بەشی دووەمی شانۆگەرییەکە بە گلوبالیزەی کولتوور و دەسەڵاتی ئەمەریکیی دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ ئەمەریکا بە زاڵکردنى هەیمەنەى خۆى بەسەر جیهاندا، دەیەوێت دنیا بەو شێوەیە لە قاڵب بدات خۆى ویستى لێیەتى، بێگوومانیش لەم هاوکێشەیەدا ئەمەریکا سەنتەرە و هەموو ئەوانى تریش پەڕاوێزن، بۆیە: “سەرلەنوێ جیهان بەسەر دوو بەرەى ناوەند و کەنار، یان ناوەند و پەڕاوێز، باکوور و باشوور، دابەش بووە، باکوور سیمبولی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانى و سەرچاوەى شارستانییەت و مافى مرۆڤ و دیموکراتییە لەم نێوەشدا وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا (ئیمپراتۆریاى ئازادى) خاوەنى بیروباوەڕ و بونیادێکى کۆمەڵایەتى دەگمەنە و تاکییەتى هاونیشتمانییەکانى بەشێوەیەکى داهێنەرانە بەکارهێناوە لە جیاتى ئەوەى سەرکوتیان بکات بەهرە و هێزى لێ وەرگرتوون، لە بەرامبەردا باشوور کە مەڵبەندى دواکەوتوویى و هەژاریى و نەخۆشیى و توندوتیژیى و تیرۆر و نائارامى و پشێوییە، هەر بۆیە باشوور شایستەى ئەوە نییە سەرکردایەتى جیهان بکات و دەبێ ببێتە پاشکۆى جیهانى باکوور، کە خاوەنى شارستانییەت و بەها و نموونەى باڵا و ئەوتۆیە لەگەڵ سروشتى هەموو کۆمەڵگاکان دەگونجێت وەک رۆشنبیرانى ئەمەریکا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە و پێیانوایە ئەو بەهایانەى کە بە بەهاى ئەمەریکى ناسراون تەنیا موڵک و سامانى ئەمەریکى نین بەتەنێ بەڵکو میراتى هاوبەشى هەموو مرۆڤایەتین”!.

ئەمەریکا هەمیشە دەیەوێت سەروەریى جیهان بەدەست بهێنێت و ساز و ئامادەیە بۆ دۆزینەوەى هەموو میکانیزمە یارمەتیدەرەکانى هێنانەدى ئاواتی سەرکردایەتیکردنى جیهان کە چەند دەیەیەکە خەونى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکایە، هاوکاتیش داڕێژەرانى سیاسەتى ستراتیژیى ئەمەریکا بەردەوام بە دواى نەخشە و پلانى نوێ دەگەڕێن، تەنانەت ئەوەى ئەمڕۆ ناوى بە جیهانییکردنە لە دەیەکانى رابردوودا ناوى (گەشەکردن) بوو، گەشەکردنیش دەیەى حەفتاکانى سەدەى رابردوو بوو کە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان (un) ئەو دەیەى بەو ناوە ناوزەد کرد، بەڵام ئەم پڕۆژەیە لە سەرەتاى دەیەى هەشتاکانى هەمان سەدەوە تووشى شکستێکى گەورە بووە و بەو پێیەش هەموویان رەزامەندییان نیشاندا بۆ وازلێهێنانى، ئەوەى جێگەى گرتەوە چەمکێک بوو ناوى گلوبالیزم (بە جیهانییکردن)ى لێنرا کە لە راستیدا بە واتاى کرانەوەى سەرجەم زەوییەکان و لابردنى هەر جۆرە رێگرییەکە لە بەردەم (1- بزووتنەوەى کاڵاکان .2-بزووتنەوەى سەرمایە. 3-بزووتنەوەى ئازادانەى هێزى کار). واتە گلوبالیزەیشن لەسەر ئەم سێ رەهەندە کار دەکات و ئەو سێکوچکەیە پایە سەرەکییەکانی ئەو سیاسەتە نیو کۆلۆنیالیستییەن، وەک دەردەکەوێت ئەمەریکا پێشانگایەتی و رابەرایەتی دەکات لەسەر هەموو ئاستەکان.

دیسان دەبێت هێما بۆ ئەوە بکرێت داڕوخاندنى دیوارى بەرلین و لێک هەڵوەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەت قۆناغێکى نوێترى هێنایە ئاراوە، ئەمەش وایکرد دەروازەیەکى تر و نوێ بە رووى سیاسەت و هەژموونی ئەمەریکاییدا بکرێتەوە و ئەوەشى کە دنیاى دوو جەمسەریى رەنگڕێژى کردبوو جارێکى تر چاوى پێدا بخشێنرێتەوە و هەموو ئاڵوگۆڕ و پێشهاتەکانیش بەپێى رەچاوکردنى بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانى ئەمەریکا دابڕێژرێتەوە. ئەمەش بووە هۆى ئەوەى ئەمەریکا بخاتە بەردەم دنیایەکى جیاوازتر لەدنیاى پێشووتر و رایبکێشێتە قۆناغێکەوە هەموو ئەگەرەکانى داهاتوو لە بەرژەوەندیى ئەو بشکێنەوە، ئەمەریکاش ئەم قۆناغە ناو دەنێت قۆناغى سیستمى نوێى جیهانى کە دەتوانین بڵێین راستەوخۆ ئەم سیستمە یەکسانە بە باڵادەستى و دەسەڵاتى پانخوازیى وڵاتە یەکگرتووەکان. ئەم سیستمە جۆرج بوشى باوک لە 11ى ئەیلولى 1991 بەم شێوەیە لە بارەیەوە دوا “ئەم سیستمە سەردەمێکى نوێیە کە تیایدا جیهان لە هەڕەشەى تیرۆر ئازاد دەبێت و بە تواناتر و بەهێزتر لە جاران بەدواى دادپەروەریدا دەگەڕێ و لە بڵاوکردنەوەى ئاشتیدا زیاتر باوەڕى بە خۆیەتى، سەردەمێکە کە نەتەوەکانى دنیا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا، لە باکوور و باشوور، لە خۆشگوزەرانى و پێکەوە گونجاندا ژیان دەبەنە سەر”. کەچی بەپێچەوانەی بانگەشەکەی بوشەوە، سیستمی نوێی جیهان، هەموو دنیای لە ئاشووبێکی نوێ هەڵکێشاوە، ئەو ئازادیی و خۆشگوزەرانییە کەمەشی پێشتر هەبوو، وردە وردە هەمووی لەناو دەبات.

بێجگە لە هەموو ئەمانەش رێکخراوە تیرۆریستییەکان باشترین کارتیان دایە دەستى ئەمەریکا، ئوسامە بن لادن و ئەلقاعیدە بیانەوێ یان نەیانەوێ بە ئەنجامدانى کردەوە تیرۆریستییەکەى یانزەى ئەیلولى 2001 باشترین هەلیان بۆ ئەمەریکا رەخسان تاوەکو بتوانێت بۆ هەموو جێگەیەک لە هەر چوار لاى جیهاندا لەشکرکێشى بکات بەناوى جەنگى دژە تیرۆریزم و پاکتاوکردنى گروپ و شانە و رێکخستنە تیرۆریستییەکان، هەر بۆیە ئەمەریکا لە یەکەمین کاردانەوە و پەرچەکردارى رووداوەکەى یانزەى سێپتامبەردا هێرشى سەربازیى کردە سەر ئەفغانستان و کۆتایى بە دەسەڵاتى سیاسیی و دەوڵەتى تیۆکراتى تاڵیبان هێنا لەو وڵاتە، سەربارى ئەوەى رووخاندنى تاڵیبان و پەرتەواوزەکردنى ئەلقاعیدە جێگەى دڵخۆشى و پێشوازیى زۆربەى خەڵکى ئەفغانستان و دنیا بوو، بەڵام دیسان ئەم پرۆسەیە لەناو هەمان چوارچێوەى هەژموونى باڵادەستى ئەمەریکادا بوو. بۆیە راددەی گەشبینیی زۆر لەو ئاستە بەرینەدا نەبوو، ئەگەرچی دوو ساڵێکە تاڵیبان کۆتایی هات وەک دەسەڵات و فەرمانڕەواییکردن، بەڵام کۆمەڵگەی ئەفغانی لە هەموو روویەکەوە رزگاریان نەبووە، بەڵکو مەترسیی تیرۆر ئێستا لەناو ئەفغانستان خۆیدایە، ئەگەر پێشتر حکوومەتی تاڵیبان تیرۆری هەناردە کردبێت بۆ دەرەوەی وڵات، هەنووکە ئەو تیرۆرە هەناردەی ناو شارەکانی وەک جەلالئاباد و قەندەهار و کابوڵی پایتەخت دەکات.

دواتریش عێراق بووە سەرەکیترین ئامانجى ئەمەریکا! بێگومان رووخانى سەدام و کۆتایى عێراق سەرەتایەکى تر بوو بۆ جەنگێکى درێژخایەنترى ئەمەریکا بۆ لەناوبردنى دوژمنە سەرەکییەکانى ترى لەناوچەکەدا لە رێگەى بە کارهێنانى گرنگى جیۆپۆلەتیکى عێراق و سوود وەرگرتن لە پەترۆڵ و سامانى سروشتیى عێراق. هەر لەم بارەیەوە (دەیڤید مۆبێرگ) دەنووسێ: عێراق ئامانجێکى نزیک و دەسپێک بوو، بەڵام زۆر کەسى ئەم دەستەیە ئاشکرایان کردووە ئەوان لیستێکى دوور و درێژى تریان لە بەردەستدایە هەر لە ئێرانەوە تا کۆریاى باکوور (چینییەکان بە تایبەت هەست دەکەن لە ژێر هەڕەشەدان) وێڕاى بیانوى تیرۆریستان، عێراق بەهۆى نەوتەکەیەوە پڕ بایەخە.

لێرەوە بەو قەناعەتە دەگەین ئەوى ئێستا هەیە ئیمپریالیزمێکى ئارایشتکراوە و هیچى تر. ئەو کۆلۆنیالیزمەى لە سەرەتاى سەدەى رابردوو بە ئاشکرا و بە دڕندانەترین شێوە هەڵمەتى دەبرد بۆ داگیرکردنى ڤێتنام و نیکاراگوا و ئەمەریکاى لاتین، ئەمجارەیان لە بەرگێکى تردا و بە بیانووى مرۆڤدۆستى و رزگارکردنى جیهان لە تیرۆر و پاراستنى ئاسایشى جیهان درێژە بە سیاسەتى داگیرکاریی و کۆلۆنیالیستى خۆى دەدات، هەروەک کاک (فاروق رەفیق) لە پاکس ئەمەریکانا بۆى چووە و دەڵێ “ئەوەى ئەمڕۆ هەیە ریالیزمە بە رووتى، ئەوەى ئەمەریکا وەک هێزێکى جیهانى دەیەوێت ئەمڕۆ هەیمەنەى خۆى بەسەر جیهاندا بسەپێنێ هیچى تر نییە جگە لە ئیمپریالیزمێکى رووت”. لە باری کرداریشەوە شتێکی زیاترمان لە ئیمپریالیزم لە سیاسەتی ئەمەریکا بەدی نەکردووە. خولاسەی کەلام ئەوەیە ئەمەریکا هەرچەند ماکیاژ بۆ هەنگاوەکان و سیاسەتی خۆی بکات، ناتوانێت ئەو رووخسارە ئیمپریالیستییەی خۆی بشارێتەوە، هەرچەند لافی پارێزەری ئاسایشی جیهان لێ بدات هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت هەر خۆی سەر چاوەی سەرەکیی هەموو نائارامییەکانی دنیایە، هەر خۆی جیهانی تووشی تیرۆر و رێکخراو و دەوڵەتە تۆقێنەرەکان کردووە بەتایبەت ئەو رێکخراو و دەوڵەتگەلە سەرکوتگەرەی لە رۆژهەڵاتی نێویندا بوونیان هەبووە و هەیە.

لەبەر رۆشنایى هەموو ئەو راستییانەى سەرەوەدا دەگەینە ئەو بڕوایەى هاتنى ئەمەریکا بۆ عێراق بەشێکە لە پرۆسەى فراوانکردنى سنوورى هەیمەنەى خۆی. بەڵام ئەرکى بزووتنەوەى رزگاریخوازى گەلى کوردستان ئەوەیە بتوانێت بەشێوەیەکى سیاسیی و ژیرانە و دوور لە عاتیفەگەرایی مامەڵە لەگەڵ ئەم هێزەدا بکات و لە روانگەى بەرژەوەندیى نەتەوەیى و مێژوویى خۆیەوە پەیوەندیی و هاوپەیمانییەکى سیاسیى لەگەڵی دابمەزرێنێت. مادام ئەمەریکا ئەو هێزە گەورە باڵادەستەیە بەرەنگاربوونەوە و مامەڵەکردنێکى ناعەقڵانى لەگەڵیدا کارێکى دۆنکیشۆتانەیە و مەلەکردنە بە پێچەوانەى شەپۆلەکانەوە کە بەبێ شک سەرئێشەیەکى زۆرى لێ دەکەوێـتەوە، کەواتە بمانەوێ یان نا وەزعیەتێکى دیفاکتۆ تەواجودى ئەمەریکاى لە عێراق و ناوچەکەدا سەپاندووە، لەم نێوەندەشدا دیسان دەبێت کورد لەم گەمەى بەرژەوەندییانەدا بەرژەوەندیى نیشتمانیی خۆى لە بەرزترین ئاستدا بچەسپێنێت.
ناکرێ بەو شێوە سۆزدارییە سەیرى ئەمەریکییەکان بکەین هەروەک چۆن ناکرێت وەکو تیرۆریستەکانى فەلوجە بیانسوتێنین، بەڵکو دەبێت لە حاڵەتى پەیوەندییەکى مامناوەندیى و دانوستاندا بین لە گەڵیاندا، بە راشکاویى کێشەکانى کوردیان بۆ تەرح بکەین و هەوڵبدەین لێک تێگەیشتن لەگەڵیاندا دروست بکەین، چوونکە ئەمەریکا بۆى گرنگ نییە کە کێ و چ ئایدۆلۆژی و نەتەوەیەک لە عێراقى داهاتوودا دەدۆڕێ و کێ دەیباتەوە!! بەڵکو ئەوەى بۆ ئەو گرنگە دەسەڵاتێک بخاتە سەر کار بەرژەوەندییەکانى بپارێزێت و دەروازەى عێراقى لێبکاتەوە تا لەو چوارچێوە جوگرافییەوە ئامادەکاریى بکات بۆ ئۆپەراسیۆنەکانى ترى فراوانکردنى هەژمونى خۆى. کورد دەبێت بەهێزیی خۆی نیشان بدات، نەک لەسەر هەمان گووتاری خۆ بە قوربانی نیشاندان بەردەوام بێت، ئەمەریکا دۆستی هەژاران نییە بەڵکو دۆستی هەر لایەنێکە هێزی هەبێت لە پاراستنی بەرژوەندییەکانیدا.

هەر بۆ نموونە خومەینى زۆر بە باشى لە نیاز و سیاسەتەکانى ئەمەریکا لە ناوچەکە تێگەیشتبوو بۆیە لە یەکێک لە وتارەکانى خۆیدا لەبەردەم هەزاران لە خوێندکارانى زانکۆکان ئاماژە بۆ بەوە دەدات ئەمەریکا پەیوەندیى نییە بە ئیسلامەوە بۆیە چەند دەتوانن نوێژ و دوعاکانتان بکەن! بەڵکو ئەوەى ئەمەریکا دەیەوێت کردنى ئێرانە بە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەى کاڵاکانى خۆى. جارێکى تر دەبێـت ئەوە دووبارە بکەینەوە دەبێ سەرکردایەتى سیاسیى کورد وەک تەرەفێکى خاوەن کێشە و دۆزێکی رەوا لەگەڵ ئەمەریکییەکان مامەڵە بکات، هەروەک چۆن پێویستە هەڵەی پێشووتر دووبارە نەکاتەوە و رێگە نەدرێت بە دووبارەبوونەوەی گەمە کیسنگەرییەکەی ساڵی 1975 لەگەڵ شۆڕشی کورددا، دەبێت ئەو هاوپەیمانییە لەسەر لاپەڕە بنووسرێتەوە و کوردیش وەک کاراکتەرێکی بەهێز و ئەکتیڤ لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا رۆڵ بگێڕێت تاکوو ئەمەریکاییەکان لە هەموو چرکەساتەکاندا پێویستیان بە وزەی سیاسیی و عەسکەریی کورد هەبێت، هەروەک پێویستیشە کورد لوتکەى داخوازییەکانى خۆى داوا بکات نەک لانیکەمى کە فیدراڵیەتە.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆلم

  • ئەم وتارە شیکارییە پێش پانزە ساڵ و لە کۆتایى 2003دا نووسراوە، بەداخەوە ناوى سەرچاوەکان فەوتاوە، بەڵام ئەوەى لە بیرم ماوە سوودم لە پەڕاوى (کورد و سیستمى نوێى جیهانى) کاک عومەر نورەدینى وەرگرتووە. پوختەی ئەم وتارە لە ژمارە (43)ی رۆژنامەی (ئەمڕۆ) لە رۆژی 2-6-2004 و سەرجەمی لە ژمارە (126)ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لەرۆژی 26-12-2006 بڵاوبووەتەوە.
    تێبینی: کۆی ئەم شیکارییە وەک بەشی حەوتەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لە لاپەرە 232-249 چاپ و بڵاوکراوەتە. کە ئەو کتێبەش بە چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2018 لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە



تۆ.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

لە ئاسماندا تۆ بەدی ئەکەم
لەگەڵ دڵۆپە بارانەکان ئەڕژێیتە سەر جەستەم
باران فرمێسکی ئەشقی تۆیە
دەروونی ژەنگگرتووی پیاوێکی رۆژهەڵاتی ئەشواتەوە
ئاسمان نیشتمانی جاویدانی تۆیە
دەروازەی بۆ سەرکێشی و فڕینەکانم کردۆتەوە
ئەشق گۆرانی سەرمەدیی تۆیە
کە رۆحی من ئەلەرێنێتەوە
تۆ دەستت گرتم بۆ ناو باخچەکانی ئەوین
بە ماڵی فریشتەکانت ناساندم
تۆ منت لەگەڵ رووناکی ئاشت کردەوە
بە ئیرۆست ئاشنا کردم
تۆ فێری فڕینت کردم
هەر خۆت دوو باڵی زیویت پێبەخشیم
تۆ تامی میوەکانی بەهەشتت پێ چەشتم
تنۆک تنۆک ئاوی ئومێدت پێدام
تۆ منت بردە سەر زنەی روون و
مۆمێکت لە تاریکی دڵما داگیرساند
تۆ سەهۆڵبەندانی ناخمت تواندەوە
ئاگری ئەشقێکی بەتینت چێ کرد
تۆ بەدەستە میهرەبانەکەت لەدۆزەخ قوتارت کردم
شەوەزەنگ کردم بە رۆژی رووناک
تۆ لە کەناری مەرگ منت دەرهێنا
شاڕێی روونی ژیانت بۆ کردمەوە
تۆ واتکرد سەرلەنوێ لە دایکبمەوە
تۆ واتکرد سەرلەنوێ بڕسکێمەوە
تۆ واتکرد جارێکی دی لەگەڵ گوڵا بپشکوێم
تۆ واتکرد زمانم بۆ ئەشق بپژێ
تۆ واتکرد ببمە سترانێکی تەواو نەبوو
واتکرد جارێکی دی لە تۆدا خۆم بدۆزمەوە
ئای لەو میهرەبانییەی تۆ
کە منی سەرلەنوێ ژیاندەوە
ئای لە دڵناسکی تۆ
پۆڵای رۆحی کردم بە ئاوریشم
ئای لە تۆ
ئای لە تۆ

وای لە تۆ

دیسەمبەری 2014
هۆڵەندا – ئارنهێم




لە بارەی کێشەی گەلی کلدۆ ئاشوورەوە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی دۆزی گەلی کلدۆ ئاشووری هەروا تێمایەکی ئاسان نییە و هەموو کەسیش ناتوانێت دەرەقەتی بێت، بەو پێیەی خۆی لە خۆیدا دۆزێکی مێژوویی و سیاسیی فرە رەهەندە. ئاگایی مێژوویی و سیاسیی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی بتوانیت بابەتییانە لەمەڕ ئەو پرسە بدوێیت. ئێمە لێرەدا لە رێگەی دوو وتاری رۆژنامەوانییەوە هەوڵمانداوە بەشێک بین لە پرۆسەی قسەکردن لەمەڕ کێشەی گەلی کلدۆ ئاشوور. لێرەدا دەبێت خوێنەر سەرنجی ئەوە بدات هەردوو وتارەکە بە زمانێکی رۆژنامەوانی بەحت نوسراون و هەر لە رۆژنامەکانیشدا بڵاوکراونەتەوە. ئەگەرچی کلدۆ ئاشوورییەکان لەچێوەی عێراقدا دوو ئاڕاستەی سەرەکین لە رووی سیاسییەوە، یەکەمیان گووتارێکی کوردستانیی هەیە، هەرچی دووەمیشیانە ئەنتی کورد و خاوەنی نەزعەیەکی عێراقچێتییە. لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە وەک یەک مەسەلە لە پرسی ئاڵۆزی گەلی کلدۆ ئاشوور دەڕوانین و شیکاریی بۆ دەکەین. هەڵبەتە دابەشبوونی جوگرافیی پێکهاتەکە رۆڵێکی گەورەی هەبووە لەوەی دۆزەکە بەهەند وەرنەگیرێت، چوونکە لە هەموو شوێنەکانی عێراق بوونی پێکهاتەی کلدۆ ئاشووری هەروەک کەمینەیەک دەرکەوتووە.

لە ساتەوەختی پێشووی فەرمانڕەوایی بەعس و سەدامدا تێکڕای ئەو پێکهاتەیە وەک عەرەبی مەسیحیی لێیان دەڕوانرا، واتە سیمای ئاینیی زاڵکرابوو بەسەر ئەو گەلە دێرینەی میسۆپۆتامیادا، ئەگەرچی حزبی سیاسیی و رێکخراوی جۆراوجۆری کولتووریی لە ئارادابوون کە پارێزگارییان لە مانەوەی ئەو گەلە دەکرد، بەڵام هەموو ئەوانە بەپێی یاساکانی بەعس یاساغ بوون و هیچ کۆمەڵە و حزبێکی کلدانی سریانی ئاشووری مۆڵەت پێدراوی تەنانەت کارتۆنیش رێگەپێدراو نەبووە، هەروەک چۆن لە ماوەی فەرمانڕەوایی بەعسدا ئۆتۆنۆمی کارتۆنی و پارتی دیموکراتی کارتۆنی بۆ کورد چێکرابوو کە لە واقیعدا بەعسیزمی کوردێنراو بوو، بەڵام ئەو رێکخراوانە بۆ هیچ پێکهاتەیەکی تر بە دیاریکراویی کلدۆ ئاشوورییەکان لە ئارادا نەبووە، چوونکە لە کولتووری بەعسیزمدا حاشا لە گەلێک بەو ناوەوە دەکرا، هەروەک ئاماژەم پێدا وەک کەمینەیەکی ئاینیی بە رەگەز عەرەب شوناس دەکران.

لە پاش رووخانی سەدام، بارودۆخی سیاسیی لە عێراقدا لە سەرەتادا و لە کاتی هەبوونی سوپای هاوپەیمانان دەرفەتێکی باشی بۆ هەموو لایەک رەخساند تاکوو خۆیان تەرح بکەن، لەوانەش گەلی کلدۆ ئاشووری دەرفەتی بۆ رەخسا کە گوزارشت لە خۆی بکات. هەرچەند لە ساڵی 1992ەوە لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستاندا پێنج کورسی کۆتا بۆ کلدۆ ئاشوورییەکان جێگیرکرا و مافی دامەزراندنی حزب و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیی و فەرهەنگییەکانی ئەو گەلە بە یاسایی کرا و چەندان خوێندنگەش بە زمانی سریانی دامەزران و دواجاریش عەینکاوە وەک ناوەندی دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی نافەرمیی رۆڵی دەگێڕا، بەڵام لەسەر ئاستی عێراق ئەمە لە ئارادا نەبوو، تا هەنووکەش بەو ئاستە نییە لە کوردستان هەیە، بەپێچەوانەوە حکوومەتی عێراقی نەیتوانیوە پارێزگاریی لە ژیان و ماڵی هاووڵاتیانی کلدۆ ئاشووری بکات، لە ئەنجامیشدا زۆرتر لە نیوەی ئاشوورییەکانی بەغداد و موسڵ ئاوارەی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا بوون.

رێگەچارەی هەرە دروست بۆ چارەسەری کێشەی ئەم گەلە کە پێکهاتەیەکی رەسەنی کوردستان و عێراقن، بە دیتنی من پێدانی مافی ئۆتۆنۆمییە لە چوارچێوەی کوردستان یان عێراق، لەو شوێنانەشی زۆرینە پێکدەهێنن مافی دامەزراندنی ئیدارەی تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئەمەش بە پێی یاسایەکی روون و کۆنکرێتی رێکبخرێت و لە هەردوو پەرلەمانی کوردستان و عێراق بە دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند بکرێت. هەروەک پێویستە ئەم مافە بە دەستووریش گرانتی بکرێت. بۆ تورکمانەکانیش هەمان بیردۆز چارەسەرێکی دادپەروەرانەیە. پێموایە لە کوردستان لە ئێستادا کە هەرێمێکی فیدراڵییە و رەنگە لە دواڕٍۆژیشدا ببێتە دەوڵەت هیچ ئاستەنگ و کۆسپێک نابینم لەسەر رێی پیادەکردنی ئەو بیرۆکەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە عێراقە، عێراقیش تاکوو ئێستا بەهەمان لۆژیکی دیکتاتۆرییەتی زۆرینەیەکی شیعەمەزهەب بەسەر ئەوانیتردا بە کورد و سووننە و ئاشوورییەکانەوە بیر دەکاتەوە و هەنگاو هەڵدەگرێت.

چاپتەری یەکەم
تەنگژەى عێراق و چارەنووسى ئاشوورییەکان

گەلی ئاشوور یان کلدۆ ئاشووری بە یەکێک لە دێرینترین گەلانى میزۆپۆتامیا دەژمێردرێت، ئەم گەلە بە رەسەن سامییە سەرەتا وەک چەند هۆزێک لە نیوە دورگەى عەرەبى ژیاون، بەڵام بەپێى سەرچاوە مێژووییەکان لە چوار هەزار ساڵ بەر لە زایینەوە بەرەو وڵاتى میزۆپۆتامیا کۆچیان کردووە. لەگەڵ ئەو کۆچکردنەشدا دەوڵەتێکیان لە ناوچەکە دروستکردووە کە دواتر بووەتە ئیمپراتۆریایەکی مەزن و شارى نەینەوا (موسڵی ئێستا)یان کردووە بە پایتەخت، هاوکات رۆژ لە دوای رۆژ سنوورى قەڵەمڕەوى ئەم دەوڵەتە رووى لە زیادبوون کردووە، تا دواجار بووەتە یەکێک لە گەورەترین ئیمپراتۆرییەتەکانی ناوچەکە. هەرواش ئیمپراتۆریاى ئاشوور بەردەوام لە جەنگدا بووە تا بتوانێت دەسەڵاتى خۆى بەسەر تەواوى ئەو ناوچەیەى کە ئێستا پێى دەڵێن رۆژهەڵاتى ناڤین بسەپێنێ، بۆ نموونە لە ساڵانى 884-860 (پ.ز) چەندین هەڵمەتیان بردۆتە سەر (لۆلۆ)کان، لە ئەنجامدا لە ناوچەکانى زاموا (سلێمانى) و مەریوان و پێنجوێن دەریان پەڕاندوون، کە دواى سەرکەوتنەکانى پادشاى ئاشووریی (ئاشوور ناسرپاڵ) بەسەر (ئامینخا)ى پادشاى لۆلۆ (ئەستونى سەرکەوتنى) لە سەراى نەینەوا نیشانداوە، بەڵام لە دواهەمین جاردا بە هاوپەیمانێتى مادەکان و بابلییەکان لە سەردەمى پادشا (سەنحاریب)دا ئیمپراتۆریەتی ئاشوور تووشى شکستى گەورە هات و لە ئاکامدا ئیمپراتۆریەتەکە لە بەریەک هەڵوەشایەوە، ئیتر لەو کاتەوە گەلى ئاشوور بووەتە گەلێکى پەڕاگەندە و وڵاتەکەى لەسەر ئەتڵەسى جیهان سڕاوەتەوە و مێژوو بە درێژایى زیاتر لەم دوو هەزار ساڵە رووبەرێک بووە بۆ پاکتاو و لەناوبردنى گەلى ئاشووری، هەر لەو رێکەوتەوە مێژووییەوە، کێشەیەک خۆى خزاندۆتە ئەم دەڤەرەوە کە ناوى کێشەى ئاشوورییەکانە و تا بە ئەمڕۆش دەگات بێ چارەسەر ماوەتەوە، بەڵکو لەنێو کورەی ئاگری رۆژهەڵاتی ناویندا بوونی ئەو گەلە خەریکە دەتوێتەوە.

کێشەیەکى مێژوویى و پەڕاوێزکراو

کێشەى گەلی ئاشوور یەکێکە لە گرنگترین کێشە نەتەوەییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵام دابەشبوونی ئاشوورییەکان بەسەر چەند دەوڵەتێکدا کارێکى وایکردووە کێشەکە ئاڵۆزتر بێت، لەوەش گرنگتر ئەوەى کارەکەى کردووەتە کارێکى ئەستەم و زەحمەت نەبوونى نیشتمانە، راستە ئاشوور لەسەردەمى ئیمپراتۆیەکەیدا خاوەنى جوگرافیایەکى پان و پۆڕ و فراوان بووە، بەڵام لەگەڵ کەوتنى ئاشووردا و لە پرۆسەیەکى مێژوویى و داگیرکارییدا بەتایبەت دواى زاڵبوونى دەسەڵاتى فارسە ئەخمینییەکان و دواتریش فتوحاتى ئیسلامى سنوورى جوگرافیاى پێشووی ئیمپراتۆریای ئاشوور و نیشتمانی ئاشوورییەکان رۆژ بە رۆژ رووى لە کەمى کردووە، تا کار گەیشتووە بەوەى گەلى ئاشوور لە ناوچەیەکى بەرتەسکى نێوان دەوڵەتى عوسمانلى و سەفەویدا لە چەند جێگەیەکى وەک شەمزینان و هەکارى و دەوروبەرى قەتیس بکرێت. گەرچی دەشتی نەینەوا مەڵبەندی سەرەکیی نیشتەجێبوونی ئاشوورییەکان بووە، کەچی لەگەڵ پرۆسەی غەزاوەتی ئیسلامیدا ناسنامەی ناوچەکە دەگۆڕێت و تەعریب دەکرێت و دەبێتە خاکی عەرەب.

پاشانیش هاوکێشە سیاسییەکانى دواى جەنگى جیهانى یەکەم و دروستبوونى چەند دەوڵەتێکى نوێ لەسەر جەستەى ئیمپراتۆریاى عوسمانلى “پیاوە نەخۆشەکە” بە تایبەتى دەوڵەتى تورکیاى عەلمانى رادیکاڵ لەسەر دەستى مستەفا کەمال ئەتاتورک و قەلاچۆکردنى ئاشوورییەکان لەسەر دەستى ئەو دەوڵەتە بووە فاکتۆرى توانەوەى تەواوەتى جوگرافیا و نیشتمانى گەلى ئاشوور، چوونکە ئاشوورییەکان ناچار بوون لەژێر کاریگەریى پرۆسێسى پاکتاو و جینۆسایددا بەشێوەیەکى بەرفراوان کۆچ بکەن، بۆ نموونە کۆچ بەرەو ئەوروپا و دەوڵەتانى ترى دراوسێ. لە پایتەختی مێژوویی ئەو گەلەشدا “دەشتی نەینەوا” ئاشوورییەکان کەمینەیەکیان پێکدەهێنا لەسەر ئەو زەوییەی لە پرۆسەی غەزەواتدا بەر لە سیانزە سەدە تەعریبکرابوو، بۆیە لەو زێدە رەسەنەدا وەک هاووڵاتی پلە دوو بگرە پلە سێش دەبینران بەهۆی جیاوازیی ئیتنیکی و ئاینییەوە. بەمجۆرە کێشەى ئاشوورى لە کێشەیەکى نەتەوەیى و میللییەوە گۆڕا بۆ کێشەى کەمایەتى و ئیتنى کە ئەمەش دیسان بووە هۆى ئاڵۆزکانى فایلى قەزیەى گەلى ئاشوور.

لەلایەکى ترەوە کێشەى ئاشوورییەکان (وەک کێشەی کورد) لە بەرژەوەندیى زلهێزەکان نەبووە تا داکۆکى لێبکەن، بۆیە تەرکیزى رۆژئاواییەکانى هەتا هەنووکەش رانەکێشاوە، ئەمەش دۆزەکەی کردووە بە کێشەیەکى پەڕاوێزخراو، هەرچەندە لە سەرەتاى سەدەى رابردوودا روسیا و دواتر بەریتانیا هەریەک لە دوو قۆناغى جیادا پشتگیریى خۆیان بۆ کێشەى ئاشوورییەکان دەربڕی، بەڵام ئەمانە تەنیا بەکارهێنان بوون چونکێ هاوکێشەکانى دواى یەکەم جەنگى جیهانى و هاتنە سەرکارى دەسەڵاتى بەڵشەفیکی لە روسیا، هەردوو دەوڵەتەکە پشتیان لەم گەلە کرد و دواتریش چاوپۆشیان لە کوشتار و بە کۆمەڵ کوشتن و قڕکردنى ئاشوورییەکان کرد!، بۆ نموونە ئەو کوشتارگایەى حکوومەتى پادشایی کۆڵۆنیکراوی ئینگلیز لە عێراق لە ساڵى 1933 لە شارۆچکەى سیمێڵ لە سنوورى پاێزگای دهۆکی ئێستا بەرپایکرد.

ونبوون لە بۆتەى مەسیحییەتدا

دواى بڵاوبوونەوەى ئاینى کریستیانى، گەلى ئاشوور لە یەکەمین ئەو گەلانە بوو کە باوەڕیان بە ئاینەکە هێنا و لە پەرستنى خودا رەسەنەکانى ئاشوورەوە بەرەو ئاینى یەکتاپەرستیى عیسایی وەرچەرخان، بەڵام مەسیحییەت بووە مایەى ئیشکالیەتێکى گەورە بۆ ئەم گەلە، لەبەرئەوەى هێدى هێدى نەتەوەکە لە چوارچێوە و بۆتەى ئاینى مەسیحییەتدا توایەوە و زەمینەى بۆ ئەوە خۆشکرد کە ئاشوور لە گەلێکەوە بۆ کەمینەیەکى ئاینى وەرچەرخێت، چونکێ قبوڵکردنی ئاینى نوێ (مەسیحییەت) لاى ئاشوورییەکان بە جۆرێک بوو کە هەستى ئاینى زاڵتر بوو یان زاڵترە بەسەر هەستى نەتەوەییدا، دروست بەپێچەوانەى جولەکەوە کە هەمیشە ئاینیان بۆ خزمەتى خەونە نەتەوەییەکانیان بەکارهێناوە بەڵکو ئاین پڕۆژە و میکانیزمێکی دەستى بزووتنەوەی ناسیۆنالیستى گەلى جولەکە بووە!.
زیاتر پابەندبوون و توانەوەى ئاشوورییەکان لە بۆتەی مەسیحییەتدا وەک پابەندبوونى کورد وایە بە ئاینى ئیسلامەوە. هەمیشە و تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش کورد وزە و هێز و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانى خۆى خستۆتە خزمەتى ئیسلامەوە، ئەوەتا سەرکردەیەکى وەک سەلاحەدینى ئەیوبى بە رەگەز کورد خۆى و سوپاکەى دەخاتە خزمەتى ئاینى ئیسلامەوە و لە ئاکامیشدا ئاینپەروەریى کوێرانە دەیخاتە نێو گێژاوێکی مەزهەبی و بارودۆخێکی نەخوازراوی نێگەتیڤ و دەبێتە سوارچاکى کوشت و بڕى کریستیانەکان و گەلی جولەکە “بنی اسرائیل” لەسەر زەمینى رەسەنى خۆیاندا! ئەمە لە میانەی ئەو جەنگەی بە جەنگی خاچپەرستان ناودێر کراوە لە مێژوودا، کە بۆ دووەم جار پاش غەزوی قودس لە سەروەختی خەلافەتی عومەری کوڕی خەتتابدا، موسڵمانەکان دەستیان گرت بەسەر رووگە و ناوچەی پیرۆزی هاوبەشی جولەکە و کریستیانەکاندا.

بەو شێوەیەش هەستى ئاینپەروەریى ئاشوورییەکان و زاڵبوونى شوناسى ئاینیى ئەوەى خستەوە کە کێشەى ئاشوورى بچووک بێتەوە بۆ کێشەیەکى مەزهەبى، بۆ وێنە لە عێراقدا دەسەڵاتى بەعس هەوڵیدەدا کە ئاشوورییەکان تەعریب بکات و بە عەرەب حیسابیان بکات. هەر بۆیە هەموو ئاشوورییەکیان بەوە ناچار دەکرد کە خۆیان بە عەرەبى مەسیحى ئەژمار بکەن!. ئێستاش بە تایبەتى لە دواى رووخانى رژێمى بەعسەوە، کێشەى ئاشوورى یەکێک لەو کێشانەیە کە باس و خواسى زۆرى لەسەرە و هاتۆتەوە ناو هاوکێشە سیاسییەکانى عێراقەوە، بەڵام هەتا ئەمڕۆش لە عێراقدا کێشەى ئاشووری وەک کێشەى کەمایەتییەکى ئاینیی سەیر دەکرێ نەک کێشەیەکى نەتەوەیى.
ئاشوورییەکان چى هەڵدەبژێرن؟
وەک ئاماژەمان پێدا لە بارودۆخى نوێى عێراقدا چانسێکى کەم لە بەردەم دۆسێى کێشەى ئاشوورییەکاندا کراوەتەوە، ئاشوورییەکان تا راددەیەک بەشدارن لە گێڕانەوەى دەسەڵاتى حکوومەتى نوێی عێراقدا، بەڵام هیچ کاریگەریەکیان نییە‍ بە ئاقاری بە رۆژەڤکردنی دۆزەکەیاندا، بەڵکو کێشەکەیان وەک کێشەى نەتەوەیى هێشتا بەردەوامى هەیە، دانانى وەزیرێک وەک نوێنەرى گەلى ئاشوور بە هیچ جۆرێک بەڵگەى سەلماندنى مافى تەواوەتى ئاشوورییەکان نییە، ئەگەر وابێت خۆ لە سەردەمى دیکتاتۆرەکەى پێشوودا (تاریق عەزیز) وەک کەسێتییەکی ئاشووری تەعریبکراو لە بەرزترین ئۆرگانى حزبى بەعس و حکوومەتەکەى سەدامدا بوو‍‍! یان چەندان وەزیرى کورد هەبوون لە حکوومەتى بەعسدا کەچى لە هەمان کاتدا کورد بە کیمیایى قەسف دەکرا و قڕ و ئەنفال دەکرا!. کەوابوو ئاشوورییەکان دەبێ چى بکەن؟، چى سەر پشک بکەن؟، چۆن بەرەو رووى واقیعەکان ببنەوە؟.

سەرپشکردنى عێراق

دەشێ بەو پرسیارە دەست پێبکەین: ئایا ئاشوورییەکان عێراق سەرپشک دەکەن یان نا؟ واتە هەڵبژاردنى هەرێمى عەرەبیی عێراق کە هەردوو پێکهاتەی سووننە و شیعە قەڵەمڕەوی دەکەن، بەڵام تابلۆ سیاسییەکە دەریدەخات حکومی رەها دەکەوێتە دەستی شیعە، ئەوانیش بەپێی رێساکانی مەرجعیەت و ویلایەتی فەقیەی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەوڵەت تیۆکراتیزە دەکەن، وەڵامى پرسیارەکە گەلەک قورس و زەحمەتە و دەشێ هەر تاکێکى ئاشووریى وەڵامێکى تایبەتى خۆى بۆى هەبێت، بە باوەڕى من ئاشوورییەکان نابێت هەرێمى عەرەبیى عێراق سەرپشک بکەن، ئەمیش لەبەر دوو هۆکار:

یەکەم: لەبەرئەوەى هەموو ئەو ئاشوورییانەى لە عێراقدا دەژین لە رووى دابەشبوونى سوکانییەوە نەکەوتوونەتە هەرێمى عەرەبییەوە بەڵکو ژمارەیەکى زۆر لەوە زیاتر لە کوردستان، لە شارەکانى کەرکوک و هەولێر و سلێمانى و دهۆک و شەقلاوە و ئامێدى و زاخۆ تاد.. دەژین، لە حاڵەتى سەرپشکردنى هەرێمى عەرەبیدا کارێکى قورسە کە هەموو ئاشوورییەکان بەرەو هەرێمى عەرەبى کۆچ بکەن، لە ئاوها حاڵەتێکدا دەبێتە هۆى دابڕانێکى گەورەترى نەتەوەیى لە نێوان تاکەکانى گەلى ئاشووردا.

دووەم: چونکێ دەسەڵاتى عەرەب هەمیشە خەڵکانى جیاواز لە خۆى بە هەڕەشە دەزانێ لەسەر خۆی. ئەمەش دەبێتە بناغەى کێشەیەکى قەبەتر لە ئایندەدا، ئاشوورییەکان هەم عەرەب نین، هەم موسڵمان نین، ئەم خاڵەش کەلێنەکە فراوانتر دەکات، جگە لەوەش ئەزموونى دەسەڵاتى عەرەبیمان دیوە لەبەرامبەر کەمایەتى و نەتەوەکانى ژێر دەستیان، ئەگەر بە سەرنجەوە بڕوانین بۆ مامەڵەى عەرەب لەگەڵ قیبتییەکانى میسر و ئەمازیخ و بەربەر و گەلى دارفۆر و کورد و تورکمان و چەندان نموونەى تریش، ئەو راستییەمان لەلا ئاشکرا دەبێت کارێکى ئەستەمە عەرەب بتوانێت لەگەڵت هەڵبکا بێ نەفیکردن و پلە نزمیی تۆ، بە تایبەتى لەکاتێکدا ئەگەر تۆ بتەوێ شوناس و کولتوور و هەبوونى نەتەوایەتى خۆت بپارێزی و هاوکات مومارەسەى دینێک بکەیت جیاواز لە دینى عەرەبەکان کە ئیسلامە. کەوابوو زۆر زەحمەتە ئاشوورییەکان بتوانن لە چوارچێوەى دەسەڵاتى عێراقى عەرەبی و مەزهەبیدا بگەنە مافەکانى خۆیان، ئەم نوقتەیەش سەرپشکردنى عێراقى کردۆتە کارێکى دوور و نەکردە. خۆ ئەگەر پلاتفۆرمی هێزە ئاشوورییەکان رووەو بەغداد بێت، ئەوە قووڕەکە خەستتر دەکاتەوە.

سەرپشکردنى کوردستان

ئەگەر بە پێچەوانەوە گەلی ئاشوور کوردستان سەرپشک بکا، دیسان تووشى هەمان ئیشکالیەت دەبێ کە لە کاتى سەرپشکردنى هەرێمى عەرەبیدا دێتە بەردەمى، لەبەر ئەوەى چۆن هەموو ئاشوورییەکان لە باشوور و ناوەڕاستى عێراق چڕ نەبوونەتەوە بە هەمان شێوەش هەموو لە هەرێمى کوردستان چڕ نەبوونەتەوە، بەڵام دەبێ هێما بۆ ئەوە بکرێ بارودۆخى کوردستان جیاوازیگەلی زۆرى هەیە لە زەمینە و فەزاى هەرێمى عەرەبیى، هەموو ئەوەى لە ماوەی (13) ساڵى رابردوودا لە سایەى دەسەڵاتى کوردستان بەڕێوە چووە “سەرباری هەر کەموکوڕییەک” ئەوەبووە بە هیچ جۆر و شێوەیەک ئاشوورییەکان نەکەوتوونەتە بەر هەڕەشە و پەلاماردان لەبەرئەوەى لە رووى نەتەوەیى و ئاینییەوە لە کورد جیاوازن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم جیاوازییە بۆتە مایەى رێزگرتن و خۆشەویستى بۆیان لەلاى کوردەکان!. هەرواش بەشداریى چالاکانەیان هەبووە لە دەسەڵات و حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا چ وەک ئەوەى لیستێکى تایبەت بە ئاشوورییەکان هەیە لە پەرلەمانى کوردستان چ وەک بەشداریى لە کابینەکانى حکوومەتى هەرێمدا.
ئەوەشى بووەتە هۆى ئەوەى ئاشوورییەکان بە شێوەیەکى گشتیى ئینتمایەکى کوردستانییان نەبێ، لەوانەیە لەو ترسەوە سەرچاوەى گرتبێت ئەگەر کوردستان لە عێراق جیا بێتەوە دەبێتە شۆکێکى مەزن بۆ ئاشوورییەکان چوونکە ئەو یەکبوونەى ئاشوورییەکان کە ئێستا لە عێراقدا هەیانە (هەرچەندە پەرش و بڵاویشە) نامێنێ و دەبێتە هۆى دوولەتبوونى ئەو یەکبوونە. کەواتە ئاشوورییەکانی کوردستان پێویستە ئەجیندای خۆیان لە کوردستان لەوەدا چڕ بکەنەوە، مافی ئۆتۆنۆمی دەستەبەر بکەن، بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیی ببێتە بەشدارییەکی کردەیی، ئەمە جگە لەوەی پێداگریی زۆرتر بکەن لە راستای بەدیهێنانی مافە کولتووریی و فەرهەنگیی و نەتەوەییەکانیان. ئەمە رێگەیەکی دروستە بۆ گەلێکی بێ نیشتمان.

قەیرانى ئەڵتەرناتیڤ

ئەگەر ئاشوورییەکان لە چوارچێوەى عێراق و کوردستان تووشى ئیشکالیەت دەبن، ئەى رێگا چارەسەر چییە؟ ئایا دەتوانن مافى چارەنووس بڕیار بدەن؟ ئایا دەتوانن داواى دەوڵەتێکى ئاشووریى سەربەخۆ بکەن؟ بێگومان نەخێر! چونکێ گرنگترین رەگەزى دەوڵەتی نەتەوەیی هەبوونى نیشتمانە کە لە ئێستا ئەو پێشمەرجە گەلى ئاشوور نییەتی، ئەمەش وا دەکات کە بە درێژایى ساڵان و قۆناغەکانى ئایندەش ئەم خواستە دەستەبەر نەکرێت. گرنگترین شت ئەوەیە کە پلاتفۆرم و ئەجینداى گەلى ئاشوور و پارتەکان لە دەورى ستراتیژیەتێک کۆبکرێتەوە کە بریتییە لە داننان بە هەبوونى نەتەوەیى گەلی ئاشووریی لە دەستووری هەمیشەیى دەوڵەتى عێراقدا و حسابکردنى هاووڵاتیانى ئاشووریى وەک هاووڵاتى پلە یەک و بە دەستهێنانى مافى نەتەوەیى و ئیتنییەکان کە وەک وتم لە رێگەى ئۆتۆنۆمییەکەوە لە چوارچێوەى دەوڵەتێکى فراواندا کە ناوى عێراقە. لە دواجاریشدا پێویستە پڕۆژەى سیاسیى گەلی ئاشوور لە دەورى ئەو تەرحە کۆببێتەوە کە لایەنگرى دەکات لە دامەزراندنى دەوڵەتێکى عەلمانى و فیدراڵی و دیموکراتیک لە عێراق، چوونکێ بەبێ مسۆگەرکردنى عەلمانیەت و دیموکراسییەت لە عێراق و لە کاتی هەبوونی دەوڵەتێکی سەنتراڵی نەتەوەیی یان مەزهەبی لە هەر چرکەیەکدا مافى گەلى ئاشوور موعەرەزە بۆ پێشێلکردن.

چاپتەری دووەم
دەستوورى هەرێمى کوردستان و مافى گەلى کلدۆ ئاشووری

من پسپۆرى بوارى دەستوور و دیزاینی دەستووریی نیم، بەڵکو رەنگە کەمترین زانیاریم لەو بارەوە هەبێت، بۆیە ناتوانم بەشێوەیەکى ئەکادیمیی شەنوکەوى دەستوورى هەرێمى کوردستان بکەم، بەڵام لە دواى چەند جارێک لە خوێندنەوەى دەستوور هەر لە دیباجەکەیەوە تا دوا رستەى دەروازەى حەوتەم کە دوا دەروازەى دەستوورەکەیە چەند سەرنج و تێبینییەکم لەلا دروست بوو. هەروەک پێشتر وتم چوونکە کەسێکى شارەزای دەستوور نیم نەمویست لە بارەیەوە هیچ بنووسم، بەڵام بە وردبوونەوەى زیاترم لە دەستوورەکە بۆم دەرکەوت پێگەى گەلى کلدانى ئاشوورى سریانى لەم دەستوورەدا جێگەى قسەوباس لەسەرکردنە، بۆیە هەوڵدەدەم کەمێک لە دەرگاى ئەو مەسەلەیە بدەم و چەند تیشکیش بخەمە سەر هەندێ خاڵى ناکۆک و پێچەوانەى ناو دەستوورەکە. بە کورت و کرمانجی لە رەهەندە سیاسییەکەوە زیاتر لەم بابەتە دەدێم تا رەهەندە یاسایی و دەستوورییەکە.

گەلى کلدانى ئاشوورى سریانى یەکێک لەو گەلانەیە لە پاڵ گەلى کورد و تورکماندا نیشتەجێى سەر خاکى کوردستانە و بەشداربووە لە هەموو ساتێکى خۆش و ناخۆشى ئەم وڵاتەدا. دیرۆک و مێژووى ئەم گەلە لە پێشخستنى ژیار و شارستانێتى ئەم وڵاتە دیرۆکێکى دیار و پڕ لە گرنگییە، چوونکە هەبوونى هەزاران ساڵی ئەم گەلە لەم دەڤەرەدا کاریگەریى و کارتێکردنى زۆرى هەبووە لەسەر هەموو دۆخ و بارە جۆراوجۆرەکانى کۆمەڵگە لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا، بە تایبەتى لەو کاتەوەى ئیمپراتۆریاى ئاشوورى لە بەهێزترین حاڵى خۆیدا بوو. هەرچەندە ئێستا بوارى ئەوەمان نییە رووناکى بخەینە سەر مێژووى تژ لە هەڵبەز و دابەزەى ئەم گەلە و لە کاریگەرییان بکۆڵینەوە لەسەر کولتوور و رۆشنبیریى ناوچەکە و ناتوانین خەبات و قوربانیدان و چەوساندنەوەى ئەم گەلە وەبیر بخەینەوە، بەڵام هیچ گومانێک لەسەر ئەوە نییە هاووڵاتیانى گەلى کلدۆ ئاشوورى هاووڵاتییەکى پلە یەک و رەسەنى کوردستانن، بۆیە دەکرێت لە ماف و ئەرکدا لەگەڵ هاووڵاتیانى کورد یەکسان بن.

لێ هەست بەوە دەکەین تێنەگەیشتن هەیە لەمبارەوە، ناوهێنان و بە پلە یەک دانانى هاووڵاتیانى ئەم گەلە لە ریاکاریى و مجامەلەى رووکەشى تێنەپەڕیووە. بۆ نموونە ئەگەر سەیرى خاڵى یەکەم لە ماددەى (6)ى دەروازەى یەکەمى دەستوور بکەین نووسراوە: گەلى کوردستان- عێراق پێکهاتووە، لە کورد و نەتەوەکانى دى (تورکمان – کلدان– ئاشوورى– ئەرمەن- عەرەب) لەوانەى بە پێى یاسا هاووڵاتی هەرێمن!!. ئەگەر کەمێک لەم پەرەگرافە وردبینەوە تێدەگەین چەندە کاڵفامى هەیە لە تێگەیشتنى گەلى کلدۆ ئاشوورى، چون لە راستیدا دوو گەل نییە یەکێکیان بە ناوى گەلى ئاشوورى و ئەویتریان بە ناوى کلدانى، بەڵکو تەنیا یەک گەل هەیە ئەویش بەناوى (گەلى کلدانى ئاشوورى سریانى) نەک ئەوەى هەریەک لە کلدان و ئاشوورى دوو نەتەوە و گەلی جیابن، ئەمە هەروەک ئەوە وایە بڵێى گەلى هەورامى و گەلى سۆرانى و گەلى لوڕیى لە کاتێکدا ئەمانە گەل نین و لقى بچووکن لە میللەتی کورد. قسە لەسەر ئەوەیە: ئاخۆ دەسەڵاتێک یان حکوومەتێک هێشتا تێنەگەیشتبێت لەوەى کلدانى و ئاشوورى یەک گەلن!، ئیتر چۆن لە مافەکانى تێدەگات و بە کام میکانیزم دەیپارێزێت لە دەستدرێژیى و پەلاماردان؟!.

ئەم لێک جیاکردنەوەیەى کلدان و ئاشوورى بووە مایەى ناڕەزایەتییەکى زۆر لەنێو هاووڵاتیانى ئەم گەلە و لە ئاستى نێوەندى سیاسیشدا قسە و باسى زۆرى بەدوى خۆیدا هێناوە. تەنانەت گەیشتۆتە راددەیەک، کادرى پێشکەوتووى پارتى و وەزیرى دارایى و ئابوورى حکوومەتى هەرێم (سەرکیس ئاغاجان) ناڕەزایەتى دەرببڕێ و وەک ئاشوورییەک بەرگریى لە گەلەکەى بکات و کەموکورتییەکانى رەشنووسی دەستووری هەرێم باس بکا. ئەو لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕى (عەینکاوە) ناڕەزایەتییەکانى خۆى دەربڕى و لە بەشێکى قسەکانیدا وتى (دەستوور ئێمەى جیا کردۆتەوە بە شێوەیەک هاتووە وەک ئەوەی ئێمە دوو گەل بین ئەوەش جێگەى قبوڵ نییە، ئێمە لەگەڵ دەستەواژەیەکى لێکدراوین بەمشێوەیە: الشعب الکلدانى الاسورى السریانى). هەروەها ئاغاجان لە وتەکانیدا داواى ئۆتۆنۆمى و مافى خۆجێى بۆ ئەم گەلە کرد کە لە دەستوور و ئەجینداى حکوومەتى هەرێمدا تەواو فەرامۆشکراوە. لەگەڵ ئەمیشدا پارت و رێکخراوەکانى ئاشوورى کلدانى سریانى داواى مافى ئۆتۆنۆمى دەکەن لە چوارچێوەى هەرێمى کوردستاندا، چوونکە بارودۆخى کوردستان بە دەورانێکدا تێدەپەڕێ هەنگاو بەرەو دەوڵەتبوون دەنێ، ئەمەش مافێکى سروشتى و ئاسایى ئەم گەلەیە، بەڵام لایەنى کوردیى ناچنە ژێر بارى ئەم داواکارییانە، ئەوەش دیسان ئەزموونى عەرەبى عێراقمان وەبیر دەخاتەوە لە پێنەدانى مافى ئۆتۆنۆمى بۆ کورد، کەچى هەنووکە کورد لە دۆخێکدایە بەرزترین پۆستى بەڕێوەبردنى عێراقى لە دەستدایە و وەک دەڵێن ئەمێستا قەندیل حوکمى بەغداد دەکات.

بە درێژایى هەموو ماددە و بڕگە و دەروازەکانى دەستوور هیچ بەندێکى ئەوتۆ نابینین مرۆ هەست بکات وەک گەلێکى سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە لە گەلی کلدانى ئاشوورى سریانى روانرا بێت، بەڵکو بە شاراوەیى و لە بۆتەى دەستووردا مافەکانى ئەم گەلە سنووردار کراون و بچووک کراونەتەوە. دەستوورى هەرێمى کوردستان یەکێکە لەو دەستوورانەى لافى پێشکەوتنخوازیى و دیموکراسییەت لێدەدات و بە ئاشکراش مافى گەلێکى هاوپەیمان رەش دەکاتەوە. خۆ جارانیش سەدام حسێن لە چوارچێوەى یاساى ئۆتۆنۆمى کە بە ئۆتۆنۆمى کارتۆنى نێودەبرا هەندێ مافى کولتووریى و رۆشنبیریى و تەنانەت نەتەوەیشى بە کورد بەخشى بوو،ـ بەڵام سەرئەنجام کورد وەک نەتەوەیەک کۆت و بەند بوو لە زیندانى رەگەزپەرستى عەرەبیدا. هەروا سنوور و ئەوپەڕى مافەکانى کورد تەنیا لەو چوارچێوەیەدا بوون کە بەعس دیارى کردبوون، ئەمڕۆش دەسەڵاتى کوردیی هەندێک مافى کارتۆنى دەدات بەم گەلە، خۆ ئەگەر پارتەکانى کلدانى ئاشوورى سریانى پێى رازی بن بوونیان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و ناتوانن لە پارتى شۆرشگێڕى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستانى ئەوساى سەردەمى بەعس شتێکى زیاتر بن.

بەداخیشەوە لایەنى کوردیى لە روانگەى پارسەنگى هێز و بەهێزیى پێگەى سیاسیى خۆى و پاڵپشتیى و هاوپەیمانێتى لەگەڵ ئەمەریکا بە پارادایمێکى ئۆپۆرتۆنیستانە مامەڵە لەگەڵ گەلى کلدۆ ئاشوورى دەکات، لە کاتێکدا ئەمە کتومت دووبارەکردنەوەى هەمان ئەزموونى فاشیلى رژێمى بەعسى عێراقە. ڤۆڵتێر وتى (خەڵکانى وڵاتێک لە هێزدا یەکسان نین، بەڵام دەکرێت لە ئازادیدا یەکسان بن) دەکرێت هێزى گەلى کلدۆ ئاشوورى سریانى و پاڵپشتى و هاوپەیمانییەکانى لە بازنەیەکى تەسک و لاوازتردا بن لە چاو کورد، ئەوەش ماناى ئەوە دەرنابڕێت کورد گەمە بەم حزورە لاوازەى ئەم گەلە بکات و ویست و ئەجینداکانى خۆى بەسەردا بسەپێنێت. با هێز و تواناییەکان جیاواز بن و یەکێک لەوى دیکە کەمترى هەبێت، بەڵام دەبێت لە ئازادیدا وەک یەک بن، ئەوەش کلیلى دەرگاى دیموکراسى و سیحرى سەرکەوتنى ئەزموونى کوردستان دەبێت. نابێت دیموکراسی لە ئاکامدا ببێتە ئەو نەریت و دیاردە دزێوەی بۆ نموونە لە تورکیا پەیڕەو دەکرێت کە بریتییە لە دیکتاتۆرییەتی زۆرینە بەسەر کەمینەدا.

کورد بەوە سەرکەوتوو نابێت هێڵى سوور بە دەورى مافەکانى گەلى کلدۆ ئاشووریدا بکێشێت، هەروەک ئەوەى هیچ سوودمەند نابێت لە سەپاندنى دەستوورێکى تژ لە کەموکوڕیى بەسەر ئەم گەلەدا، چوونکە دواجار کێشەیەکى زۆر بەرۆکى دەگرێت و دەبێتە مایەى سەرئێشەیەکى گەورە بۆى، مارکس وتەنیش (نەتەوەیەک نەتەوەیەکى دى بچەوسێنێتەوە مەحاڵە ئازاد بێت). جگە لە هەموو ئەمانەش ئەم دەستوورە دەستوورێکى عەلمانى نییە و ئاین ئامادەگى هەیە لە داڕشتن و تەبەنیکردنیدا، مەبەستیش لە ئاین بێگومان ئیسلامە. بڕوانن لە مادەى حەوت لە دەروازەى یەکەم چى هاتووە؟!! (ئەم دەستوورە جەخت لەسەر ناسنامەى موسڵمانێتى زۆرینەى گەلى کوردستان دەکاتەوە و بنەماکانى شەریعەتى ئیسلام یەکێکن لە سەرچاوە سەرەکییەکانى یاسادانان). لێرەدا جگە لەوەى بە زۆرى زۆرداریى ناسنامەى ئیسلامیبوون و موسڵمانبوون بەسەر گەلی کورددا سەپێنراوە و نووسێنراوە بە تەوێڵیانەوە، شەریعەتى ئیسلامیشى کردۆتە چاوگێکى گرنگى تەشریع لە کوردستاندا، ئەمەش راستەوخۆ پێچەوانەى سروشتى عەلمانیەتە.

ئەم دەستوورە هەزار جار لەوە زیاتریش هاوارى عەلمانیبوون و دیموکراسیبوون بکات مادام دین بۆتە رەگەزێکى تەشریعى و بنەمایەکى دەستووریى هەرگیزاو هەرگیز نابێتە عەلمانى. لەبەرئەوەشى دەستوور عەلمانى نییە پەیڕەوکارانى ئاین و ئاینزاکانى ترى غەیرە ئیسلام دەکەونە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە، گەلی کلدۆ ئاشوورى وەک پەیڕەوانى ئاینى کریستیانى بە دوور نابن لە هیچ یەکێک لەو هەڕەشە و مەترسییانە. عەلمانییەت رەگەز و بنەمایەکى پتەوى دیموکراسییەتە، مادام باڵ مەرجى فڕین و زمان مەرجى قسە و چاو مەرجى بینینە، ئاوهاش عەلمانیەت مەرجى دیموکراسییە. (فرێد هالیدى) دەنووسێت (بەبێ بوونى دەوڵەتێکى عەلمانى راستەقینە دیموکراسى بەرجەستە ناکرێت). حکوومەتى کوردستان لەلایەک خوازیارى دیموکراسییە و لەلایەکى تریشەوە ئاین بەشدار دەکات لە داڕشتن و فۆرمۆڵەبەندیى دەستووردا!!!، دیارە بەشداریى پێکردنى ئیسلام لە دەسەڵات و دەستووردا ئەوەندەى تر بوار بۆ ئیسلامگەراکان و مەلا فەتواچییەکان دەڕەخسێنێ بۆ دەستگرتن بەسەر کۆمەڵگەدا و گڵۆپى سەوزیان بۆ هەڵدەکات تا لاشەى دیموکراسى هەلا هەلا بکەن.

دووبارە (فرێد هالیدى) دەنووسێت (بە سەرچاوەکردنى ئاین بۆ دەسەڵات و یاسا و حوکمکردن و تەشریع لە کۆمەڵگەدا وا دەکات پیرە پیاوانى ئاینى بێنە سەر دەسەڵات، ئەمەش حوکمێکى نادیموکراتیکە). ئامادەبوونى ئاین لە دەستووردا لە قازانجى کەس نییە جگە لە گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان، ئەوانەى دەیانەوێ رەوڕەوەى مێژوو بۆ هەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر و سەردەمى محەمەد بگەڕێننەوە. ئەوانەى دەیانەوێ ژن لە حیجابدا تەلبەند بکەن و وەزارەتى حەڵاڵ و حەرام و قانوونى سەنگەسار و چەقۆکێشى و شووڵ لێدان بهێننەوە سەر شانۆى کۆمەڵگە. هەتا ئیسلامییە منەوەرەکان و موسڵمانە رۆشنگەر و موحایدەکان لەگەڵ دەوڵەتى ئاینیدا نین و بانگەشەى بۆ ناکەن!، بەڵکو دەیانەوێت ئیسلام وەک دیاردە و پارادایمێکى رۆحیى لە بووندا بێت. بۆ وێنە نووسەر و موسڵمانی رۆشنگەرى عەرەب (جەمال بەننا) لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت (ئەگەر پیاوێکى ناموسڵمان دادپەروەرانە حوکمى نەتەوەى موسڵمان بکات، ئەوا زۆر باشترە لەوەى شێخێک یان ئیمامێک بەشێوەیەکى ناڕەوا و درۆزنانە حوکم بکات!!).
لێرەدا مەبەست لەوەیە رۆحى ئیسلام بریتییە لە دابینکردنى ئازادیى و دادپەروەریى لەسەر زەوى جا ئەم شتانە کافرێکیش بیهێنێتەدى مەسەلەیەک نییە، کەوابوو دادپەروەریى ئەولەویى و گرنگە نەک دەوڵەتى ئاینیى، خۆ پیاوێکى ناموسڵمان “وەک جەمال بەننا باسى دەکات” هەڵبەتە بەپێى قورئان و رێساى ئیسلام کار ناکات بەڵکو بەپێى میتۆد و رێڕەوێکى دنیایی و مرۆڤکرد دەسەڵات بەڕێوە دەبات. ئەم نموونەیەم بۆیە بە یاد هێنانەوەیە تا بە بەڵگەوە بیسەلمێنم موسڵمانە میانڕەو و رۆشنگەرەکان موهتەم نین بە دەوڵەتى ئاینیی- ئیسلامى و نایانەوێ بۆ گێڕانەوەى خەلافەت خوێنى چوار ملیار مرۆڤى سەر گۆى زەوى حەڵاڵ بکەن، تەنیا و تەنیا ئەوانەى لەم رووەوە سوودمەند دەبن گروپە ئیسلامییەکانن کە دەستوور وەک چەکێکى دووسەر و مەتاتى دەخەنە خزمەتى خۆیانەوە.
هەر لێرەشەوە ئەرکى ریفۆرمکردن و تەئویلى هاوچەرخ بۆ ئیسلام دەست پێدەکات بەوەى ئیسلام بگەڕێنرێتەوە بۆ نێو مزگەوت و بکرێتە پەیوەندییەکى رووتى رۆحیى بەندە لەگەڵ هێزە میتافیزیکییەکەى سەرو خۆى و دوور بخرێتەوە لە کارى سیاسیى و دروستکردنى بڕیارى سیاسیى و یاسا و حوکم و کایەی پەروەردە. تەنانەت زۆرێک لە رۆشنبیرانى عەرەب بە دیقەت گرتنیان لەم مەسەلەیە گەیشتنە ئەو بڕوایەى لەکردەى بە عەلمانیکردندا رێفۆرمکردنى ئیسلام ئەرکێکى پێویست و یارمەتیدەرە. بۆ نموونە (عەفیف ئەخزەر) لە بارەى عەلمانیەتەوە دەنووسێت: هەنگاوى یەکەم و سەرەکى بۆ بە ئەنجام گەیاندنى پرۆسەیەکى لەم جۆرە (عەلمانیەت) ئەوەیە چاکسازیى لە ئیسلامدا بکەین، ئەویش لە رێگەى ریفۆرمکردن لە بوارى خوێندنى ئاینیى و گووتارى ئاینییدا، ئەرکى دووەممان بە تاڵکردنەوەى ئەو خودئەڤینییە ئاینییەیە کە ئیسلام بە تەنیا ئاینى سەر زەوى دادەنێت، هەرچى یەهودیەت و مەسیحییەتیشە وەک دوو شەریعەتى بەر لە ئیسلام سەیر دەکات و پێیوایە بەهاتنى ئیسلام هەردووکیان نەسخ بوونەتەوە، یان پێیوایە سەرجەمى پێغەمبەران هەر لە ئیبراهیمەوە تاوەکوو عیسا موسڵمان بوون.

یەکێکیش لە نهێنییە ئاینییەکانى تیرۆرى ئیسلامى لێرەدایە، بەمجۆرە دەتوانین لەوە تێبگەین بۆچى سەرۆکى پێشووى لیژنەى فەتوا لە ئەزهەر ساڵى 2001 رایگەیاند (دیالۆگى ئاینەکان هیچ مانایەکى نییە، تەنیا بەوە نەبێ پاپاى ڤاتیکان بانگەشەى هاتنە نێو ئیسلام بکات). پێموایە عەلمانى نەبوونى دەستوورى هەرێم و بە سەرچاوەکردنى ئیسلام بۆ یاسادانان هەڕەشە لە چارەنووسى کلدۆ ئاشوورییەکان دەکات وەک مەسیحییەک، لەبەرئەوەى هیچ گرەنتى و زامنێک نییە بۆ پاراستنى ئەم هاووڵاتیانە لە دەستى ئەو ئیسلامگەرانەى پێیانوایە دەبێت پاپاش ببێتە موسڵمان. بۆیە تا ئەو (با) یە لە کونەوە بێت پەیڕەوانى ئاینەکانى ترى غەیرە ئیسلام هەست بەدڵنیایى و ئاسایش ناکەن. هەنووکەش پڕۆژەی عەلمانیەت کۆمەکێکى باشى دەسەڵاتەکان دەکات بۆ رێکخستنەوەى کۆمەڵگاکان و هاووڵاتیان، ئەزموونى عەلمانییەت بەشێوەیەکى گشتیى ئەزموونێکى سەرکەوتوو بووە لە دنیادا، هەرچەند ئیسلامییەکان و کۆنەپارێزەکان پێیانوایە عەلمانیەت تەنیا شەقڵێکى رۆژئاوایى یان مەسیحیى هەیە، بەڵام لە راستیدا عەلمانیەت ئەزموونێکى یونیڤرساڵە و دەکرێت لەهەر سوچێکى ئەم جیهانەدا پەیڕەو بکرێت. هەروەک بیرمەندى ئەمەریکى (فرانسیس فۆکۆیاما) دەڵێت (سکۆلاریزم دیاردەیەکى رۆژئاواییە لە کاتێکدا ئەم ئەزموونە ئەزموونێکى مرۆڤایەتییە و دەکرێت بەسەر هەموو شوێنێکدا گشتگیر بکرێتەوە).

ئەگەر دواتریش سەیرى تەواوى دەستوورى هەرێم بکەین دەبینین زۆر بڕگە و ماددەى باش هاتووە لێ ئەوەى لە زۆر لایەنەوە پڕ لە کەموکورتى و ناتەواوییە لە راستاى دابینکردنى مافەکانى تاک و مافە مەدەنییەکان، بۆ نموونە ئایا یاسا رێگە دەدات موسڵمانێک ئاینى خۆى بگۆڕێت بۆ مەسیحى و ناسنامەى موسڵمانبوون لەسەر پسووڵەى ناسنامەى بارى کەسێتى ئەو بسڕدرێتەوە و بکرێتە مەسیحى هەروەها بە پێچەوانەوەشەوە؟ یان یاسا رێگە دەدات بە زەواجى دوو کەسى ئاین جیاواز؟ یان… بەدەر لەمەش خۆ ئەگەر سەیرى دەستوورەکانى وڵاتانى چواردەور و دەوڵەتانى عەرەبى و رۆژهەڵات بکەین زۆر بڕگە و بەندى باش و دیموکراسى و راقییان تێدایە!، بەڵام ئەوەش واقیعى حاڵیانە و تا بینەقاقایان کێشە و قەیرانە و گیرۆدەى چەند سەرکردەیەکى دیکتاتۆر و زەمینەیەکى پڕ لە سانسۆر و بەربەست بوون، مرۆڤ لە وڵاتەکانیاندا کراوەتە رۆبۆتێک و دەسەڵات بە ویستى خۆى وەک بووکەڵەیەک دەیجوڵێنێ و نمایشى پێ دەکات.
رەنگە دەستوورى هەرێمى کوردستانیش هەرەوەکو دەستوورى ئەو دەوڵەتانە بێت، ئەوى خراپە لەسەر ژیانى خەڵک بەردەوام زەق بکرێتەوە و بخرێتە بوارى پراکتیزەکردنەوە، ئەویشى لە بەرژەوەندیى گشتیى خەڵکە ببێتە قسەى ناو داستان و حکایەت و مرەکەبى وشکەوەبووى سەر کاغەز. بۆ ئەوەى زیاتر لەمە دوور نەکەومەوە لە تایتڵى نووسین و ناوەڕۆکى باسەکەم، دەڵێم دەستوورى هەرێم دەستوورێکە جێگەى دڵخۆشیى گەلى کلدانى ئاشوورى سریانى نییە بگرە و لەوانەیە نهۆ پیرە پیاوێکى دنیادیدەى ئاشوورى دەست بخاتە ژێر چەنگەیەوە و بە قووڵى لە بیرکردنەوەدا بێت و بە دەنگێکى مات و مەلوول و لەبەرخۆوە بڵێت: ئایا تراژیدیاى سیمێڵ کۆتایى پێهاتووە؟ ئایا سمکۆى شکاک هێشتا لە کەمیندا نییە بۆ مار شەمعون؟ ها…ها.. نا.. نازانم… نازانم.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم – سۆلنا

————————————————————–

پەڕاوێز:
*چاپتەری یەکەم وتارێکی شیکارییە و پێش چواردە ساڵ، لە ژمارە (81)ی رۆژنامەی (باسەڕە) لە شاری کەرکوک، لە زستانی ساڵی 2004 بڵاوبووەتەوە.

*چاپتەری دووەم وتارێکی رۆژنامەوانییە و پێش دوانزە ساڵ، لە ژمارە (88)ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لە 15-10-2006 بڵاوبووەتەوە.

تێبینی:
کۆی ئەم وتارە وەک بەشی شەشەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لەلاپەڕە 212-232 بڵاوکراوەتەوە کە ئەو کتێبەش سەرەتای ساڵی 2018 بەشێوەی کاغەز چاپ و بلاوکراوەتەوە.




لە ئاوێنەی خەیاڵدا.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

من
لە قەسیدەیەکی بێ ناونیشان دەچم
رۆژگار ئەمنووسێتەوە
لە ئاوازێکی غەمگین ئەچم
مۆسیقارێکی سەرکەش دەیژەنێ
لە گوڵێکی سوور ئەچم
لە باخچەی عەشقدا سەوز بووە
لە گۆرانییەکی نامراد دەچم
لە قورگی تاساودا نایەتە دەرەوە
لە کۆترێکی تەریک و باڵشکاو ئەچم
هێلانەکەی بۆ ئەبەد لێ ون بووە
لە شاعیرێکی بێ هیوا و شێت ئەچم
تەنیا چیرۆکی نامۆیی خۆی دەنووسێتەوە
لە قەرەجێکی ئەسمەری بێ نیشتمان ئەچم
چوون لەم غەریبییە سەر ئەنێمەوە


ئەم غوربەتە
هەر رۆژەی پارچەیەک لە رۆحم دەوەرێنێ
ئەم غوربەتە
هەموو بەیانییەک گەڵایەک لە باڵام دەکاتەوە
ئەم غوربەتە
هەموو عەسرێ خەندەیەک لە لێوم دەدزێ
ئەم غوربەتە
هەموو ئێوارەیەک شادی لە خەیاڵەکانم دەتۆرێنێ
لەم غوربەتەدا
چاوەڕێم شەوێک تۆ بێی
لە دڵی پەروانەیی خۆتدا
گشت پارچە شکاوەکانی رۆحم کۆبکەیتەوە


هەموو شەوەکانم بێ تۆ یەڵدایە
یەڵدای من هەموو شەوێکە
شەوێک وەرە، کۆتایی بهێنە
بەو شەوە درێژانەی بڕانەوەیان نییە
شەوی یەڵدایە
سەدان شەو لە یەڵدای خۆمدا
بە دیار هاتنی تۆوە
مۆمی رۆحم داگیرساند
شەوی یەڵدایە
سەدان شەو لە تاریکیی بێ تۆیدا
بە کڵپەی پڕ گڕی دڵم
سەراپای جەستەی خۆم سووتاند


گەر تۆ بێی، چراکان خامۆش نابن، ئەستێرەکان کۆچ ناکەن
ئەگەر تۆ بێی دەریاکان لە شەپۆل ناوەستن، دەرگاکان داناخرێن
گەر تۆ بێی، شەو ماڵی بۆ پشتی تیشکی هەتاو دەگوازێتەوە
ئێوارە زەرد هەڵدەگەڕێ و سەری بۆ تاریکی گەردون هەڵدەگرێ
گەر تۆ بێی، من بەر لەوەی کراسی کۆچێکی سوور لەبەر بکەم
وەک مۆم، بۆ رووناکی هەنگاوەکانت هێدی هێدی ئەتوێمەوە


لە پەنجەرەی ژیانەوە سەیری مەرگ ئەکەم
لە نزیکەوە گۆڕی خۆم دەبینم
بە خەتێکی درشت لەسەری نوسراوە
ئەم لە رووبەڕووبوونەوەی مەرگدا ژیا
لە ململانێی ژیاندا مرد
دەمەوێ دوو دێڕی تریش زیاد بکەم
ئای چەند بارێکی قورس بووم لە تابووتی ژیاندا
هەروەک رەشەبا هاتم و بە چەشنی بروسکە تێپەڕیم
چەند سەفەرێکی کورت بوو، ژیان!!




دەستێوەردانى هەرێمیى لە کاروبارى عێراق و رەنگدانەوەى لەسەر کورد.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

لەو ساتەوەختەوەى دەوڵەتێک بە ناوى عێراق لەسەر ئەتڵەس جێگەیەکى گرتووە، وڵاتانى ناوچەیى راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەبووە لەسەر کۆى ئەو رووداوە سیاسییانەى لەم وڵاتەدا سەریانهەڵداوە، ئەم کاریگەرییە لە سادەترین هاندانەوە دەستیپێکردووە تا پشتیوانیکردنى بزووتنەوە چەکدارە یاخیبووەکان لە چەندین قۆناغى جیاجیادا. هەموو ئەو رووداوانەى لە عێراقدا قەوماون و ئاڕاستەى سیاسیى و دەوڵەتدارییان گۆڕیوە بێ پاڵپشى دەرەکى و ناوچەیى نەبوون، هەر لە کۆدێتاى چواردەى گەلاوێژى ساڵى (1958)ەوە بیگرە تا هاتنە سەرکاری بەعسییەکان و کۆتایى هاتنیان لە بەهارى ساڵى 2003دا. وردتر تەشخیسى حاڵەتەکە بکەین، بەدەر لە وڵاتانى زلهێزى رۆژئاوایى و جیهانى، دەوڵەتانى نزیک و دراوسێش لە چەشنى تورکیا و ئێران و سوریا بەردەوام کارتێکردنیان لەسەر دۆخى هەڵکشاو و داکشاوى ناوخۆى عێراق هەبووە و لە هەندێک ماوەشدا بە فۆرمى راستەوخۆ دەستێوەردانیان کردووە لە کاروبارەکانیدا، بۆ وێنە ئێران لە ساڵانى 1961-1991 (جگە لە یەک دوو ساڵى دواى نسکۆى ساڵى 1975) یارمەتى راستەوخۆى جووڵانەوەى چەکداریى کوردى داوە لە دژى رژێمى عێراق، سوریاش هەر بە هەمان شێوە تا ئەو ئەندازەیەى پارتێکى بەهێزى وەک (ى.ن.ک) لەو وڵاتەوە یەکەمین مانیفێستۆى دروستبوونى خۆى بڵاودەکاتەوە و هەر بە چەکى ئەو وڵاتە مەفرەزە سەرەتاییەکانى چەکدار دەکات بۆ جەنگێکى نەبڕاوەى پارتیزانیى. دەستێوەردانى هەرێمى لە ماوەى 85 ساڵى تەمەنى دەوڵەتى عێراقدا رووخسارێکى سیاسیى نامۆ نییە، تەنێ هەر ئەوەیە بە پێى لاوازیى و بەهێزیى دەوڵەتى لەسەر کارى عێراق گۆڕان بەسەر رێژە و قەبارەى دەستێوەردان و کارتێکردنى وڵاتانى دراوسێدا هاتووە.

حکایەتەکانى پارت دروستکردن لە عێراقدا لەلایەن دەزگاى ساواکى پێشوو و ئیتلاعاتى هەنووکە و میتى تورکى و هەواڵگریى سوریاوە حکایەتێکى دوور و دێژە و لە چیرۆکى هەزار و یەک شەوە دەچێت و هێندەش وتراوەتەوە زانیارییەکە گەیشتۆتە لاى منداڵان یان نەوەى تازە پێگەشتووش. بەڵام دەستێوەردان لە دواى ساڵى (2003)ەوە هەموو سنوورێکى عەقڵانى و هەموو لۆژیکێکى سیاسیى تێپەڕاندووە، ئەمەش بەهۆى ئەوەى عێراق سیادەى خۆى لە دەستداوە و دەسەڵاتێکى داگیرکەرى نامۆ بە فەرهەنگى عێراق سەرکردایەتى وڵاتى وەئەستۆوە گرت. ئەم دەرفەتە زیاتر دەرگاى خستە سەر پشت بۆ دەزگاکانى هەواڵگریى وڵاتانى هەرێمیى تا رۆڵیان هەبێت لە عێراقدا و لە رێگەى باند و پارت و دەستە و تاقمى جۆربەجۆرەوە مەرامە سیاسییەکانیان لەڕێى ململانێکردن لە بەستێنى عێراقدا مسۆگەر بکەن. هەر لە سەرەتاوە و بە پلەى یەکەم ئێران و سوریا هەوڵى دەستێوەردانیاندا، تورکیا و سعودیەش بە پلەیەکى دواتر کەوتنە خۆ ئامادەکردن بۆ خۆ هەڵقورتاندنە کاروبارى ناوخۆى عێراق و راگرتنى باڵانسى سیاسیى و هێز لە رێگەى ئەو هاوکێشانەى لە ناو عێراقدا دەبێت هاوسەنگ بکرێنەوە.

رەنگبێ دەستێوەردانى ئەو وڵاتانە و یارمەتیدانى یاخیبووە چەکدارەکان لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە فاکتۆرى هەرە سەرەکى ئەو خوێنبەربوونە سامناکە بێت لە لاشەى عێراق و فاکتۆرى بنەڕەتیش بێت لە زیاتر بەهێزبوون و هورژمهێنانى ئەو بزووتنەوە رەگەزپەرست و تیرۆریستەى لە ژێر ناوى مقاوەمەدا خۆى بەیان دەکات، رووەکەى ترى ئەم پرسەش ئەوەیە شەقام و ئاڕاستەى سیاسیى عێراق دابەشبووە بەسەر ئەجینداى وڵاتانى دراوسێ و هەر لایەنێکى سیاسیى کارێکتەرێکە ئەداى بەرژەوەندیی و سیاسەتى دەوڵەتێکى ناوچەیى دەکات وەک لەوەى خۆى جووڵانەوەیەکى سیاسیى سەربەخۆ و خاوەن بڕیارى خۆی بێت. بە گشتیى لەوەتى عێراق هەیە هیچ کات هێندەى ئەمڕۆ جادەى عێراقى نەبووەتە مەیدانى تەراتێنى دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان و هێندەش دەستى دەرەکى ئاوەڵا نەبووە لە وێرانکردنى وڵاتەکەیدا، چوون بەدەر لەو قەیرانە مرۆییەى لە رێى کوشت و بڕەوە دروست بووە، کۆچ لە عێراقدا گەیشتۆتە راددەى سیحر و کولتوورى وڵات وێران کراوە و ژێرخانى ئابوورى هەڵتەکێنراوە، کتێبخانەکان سووتێنران، زانکۆکان پەکیان کەوتووە، فەرمانگە دەوڵەتییەکان و مۆزەخانەکان تاڵان کراون، هەرچى شوێنەوارى عێراق هەیە هەر لە سۆمەرییەکانەوە تا دەگاتە چاخە تازەکان هەموو دزراون، بەم هۆکارەش گەڕاندنەوەى عێراق بۆ دۆخى پێش جەنگ دەکاتە ئەرکێکى قورس، قورستر و سەرکێشانەتر لە دۆزینەوى ئەمەریکا لەلایەن دەریاوانى چەلەنگ (کریستۆڤەر کۆڵۆمبۆس).

ئێران
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ئێران هیچ کات بە تایبەتى لە دەیەى شەستەکانى سەدەى رابردوو بە دواوە بێ رۆڵ نەبووە لەسەر بارودۆخى سیاسیى و ئابوورى لە عێراقدا. لەگەڵ هاتنە سەرکارى کۆمارى ئیسلامى ئێران و هەڵگیرسانى جەنگى هەشت ساڵەى نێوان عێراق- ئێران (1980-1988)، ئێران پەرۆشانەتر لە جاران بیرى لە رۆڵى خۆی کردەوە لە عێراقدا بە تایبەتى کاتێک عێراق وەک نەیارێکى سەر سەخت بەرەو رووى دەوەستێتەوە، یارمەتیدانى بزووتنەوەى چەکداریى کورد بە درێژایى دەیەى هەشتا و نەوەدەکان و دروستکردن و بەهێزکردنى ئۆپۆزیسیۆنى شیعە مەزهەب لە خوارووى عێراق دەچنە ناو چێوەى هەمان ئەو ئەجیندایەى ئێران لەمەڕ عێراق هەیبوو. لە قۆناغەکانى دواتریشدا کاراتر لە قەبارەى دەستێوەردانى عێراقى لە کاروبارى ناوخۆى ئێراندا، ئێران بەردەوام چەندان کارتى بەدەستەوە بووە بۆ دەستێوەردان لە عێراقدا یان هەر هیچ نەبێت بۆ کێشە خوڵقاندن بۆ رژێمى بەعس و سەدام حسێن. لەگەڵ ئەوەى ئەو شانۆییەى لە 9/4/2003دا لە ناوجەرگەى بەغدادى پایتەختى عێراقدا نمایشکرا، مەرگى دوژمنێکى لە مێژینە و ترسناکى ئێران بوو، بەڵام ئێران جیا لەوەش ویستى رۆڵى هەبێت لەسەر لەنوآ داڕشتنەوەى عێراق تا دەسەڵاتێک لەم وڵاتەدا بێتەسەر شانۆى سیاسیى لانیکەم دۆستى ئێران بێت و تاران لە پەنایدا هەست بەدڵنیایى و ئارامیى بکات، لە هەمان کاتدا رۆڵى ئەمەریکا لە عێراق و دروستکردنەوەى دەوڵەت و دامەزراوە عێراقییەکاندا لاواز بکات. ئێران جگە لەوەى دۆستە دێرینەکانى (جەعفەرى- مالیکى) یەک لە دواى سەرۆکایەتى عێراق بەدەستەوە دەگرن، هێشتا بەشێوەى جیاواز بەردەوامە لە هاریکارییکردنى بزووتنەوە توندڕەوە شیعەکان بە تایبەتى باڵى سەدر بە سەرۆکایەتى موقتەدا سەدر، کە دەکرێت بڵێین ئەم بزووتنەوەیە نوێنەر و پارێزگارى شێلگیرى بەرژەوەندییەکانى ئێرانە لە عێراقدا.

پێش چوار مانگ سەرچاوەیەکى ئاگادار کە نەیویستووە ناوى خۆى ئاشکرا بکات لەسەر تۆڕى ئینتەرنێت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات چەندین کەسایەتى ئاینیی غەیرە عێراقى دەستیان هەیە لە پێکهێنان و دروستکردنى چەندین گروپى ئاینیى توندڕەو لە باشوورى عێراق و هاوکاریى داراییان دەکەن و چەک و تەقەمەنیان بۆ رەوانە دەکەن و بیرى نەخوازراویان لەنێواندا بڵاو دەکەنەوە. سەرچاوەکە دەڵێت: گروپە ئاینییە توندڕەوە شیعە مەزهەبەکان لەلایەن کەسایەتییە ئاینییەکانى دەرەوەى عێراقەوە هاندەدرێن، بەمەبەستى نانەوەى پشێویى لەناو عێراقدا بۆ ئەوەى پرۆسەى سیاسیى هەرەس بهێنێت و شەڕى مەزهەبى و تائیفى لە نێوان پێکهاتە جیاجیاکانى عێراقدا بەرپابێت. چەندان بەڵگەى دروست لە بەردەستى (CIA) و هێزەکانى هاوپەیماناندان دەربارەى قەبارەى یارمەتیدانى یاخیبووە چەکدارەکانى ناو عێراق لەلایەن ئێرانەوە، تا ئەوەى لە مانگى شوباتى ئەمساڵدا (2007) رۆژنامەى (واشنتۆن پۆست)ی ئەمەریکی راپۆرتێکى گرنگی بڵاوکردەوە لە ژێر تایتڵى (یارمەتییەکانى ئێران بۆ چالاکییە کوشندەکانى ناو عێراق)، لە راپۆرتەکەدا هاتووە: ئێران ئامێرى تەقینەوەى TNT و رۆکێت و جۆرەها چەکى تر دەداتە عێراقییە یاخیبووەکان بۆ کوشتن و بریندارکردنى سەربازەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانانەکانی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور.

هەر لەو راپۆرتەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەى: رۆکێتى (میساق 1)ى ئێرانى کە لەسەر شان دژ بە فڕۆکە دەتەقێنرێت، دواى هەوڵێکى سەرنەگرتوو بۆ خستنە خوارەوەى فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەى بەغداد لە ساڵى 2004دا دۆزرایەوە، هەروەها خستنى شەش هلیکۆپتەرى ئەمەریکیى لە ماوەى سێ هەفتەى رابردوودا دەریدەخەن ئێران چەند رۆکێتى دژە ئاسمانى سەرشانى داوەتە یاخیبووە عێراقییەکان و لەم هێرشانەدا بەکارهاتوون. ئامانجى ئێران جیا لە خەونى فراوانخوازیى و سەپاندنى هەژموونى شیعەگەریى بەسەر عێراقدا، لێدانیشە لە پێگەى ئەمەریکا، چوونکە ئەمڕۆ ئێران لەبەردەم گەلەکۆمەکییەکى نێودەوڵەتیدایە بە رێبەریى ئەمەریکا ئەویش بەهۆى سووربوون لەسەر سیاسەتى پیتاندنى یۆرانیۆم. ئەم دۆزەش وەهاى لە ئەمەریکا کردووە بە پێى پلانێکى دوورماوە بیر لە گۆڕینى رژێم لە ئێران بکاتەوە هەروەک پێشتر لە عێراقدا دەستى بۆ برد. نووسەر و پسپۆڕ لە کاروبارى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست (تەڵاڵ عتریشى) دەنووسێت “سیاسەتى ئێرانى لە عێراق بەو مەبەستەیە نەیەڵێت وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا هەست بە ئارامى و ئاسایش بکات”. نووسەر درێژەى دەداتێ و دەنووسێت “ئێران هەوڵ دەدات حکوومەتێکى عێراقى سەر بە ئەمەریکا نەیەتە ئاراوە و پشتگیریى لە حکوومەتێکى عێراقى دەکات کە دژایەتى تاران نەکات”. بگرە زیاتر لەوەش هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێک دەدات لە عێراق لە تارانەوە رێنوێنی بکرێت. وەک خۆیشم پێموایە هەموو ئاڕاستەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن تاران دەیەوێت، نەک ئەوەی واشنتۆن نەخشەی بۆ داڕشتووە!.

ئێران لە رێى بەهێزکردنى پێگەى خۆى لە عێراقدا و هاوکات بە قورمیشکردنى چەند هێزێکى وەک سەدر و مالیکی و هەندێ لایەنى ترى شیعەى توندئاژۆ، ئەو سەرچاوەیە وشک دەکات کە کانى ئومێدى ئەمەریکایە تا عێراق بکاتە بنکەیەکى سەربازیى بۆ لەشکرکێشییەکانى داهاتووی یان هەر هیچ نەبێ بۆ لەباربردنى خەونى ئەمەریکا لەمەڕ دامەزراندنى دەوڵەتێکى عێراقى کە بەئیحاى ئەو نەیاریى لەگەڵ ئێران بکات. لە رەهەندێکى تریشەوە، ئێران وەرەقەى ئەمنى عێراقى کردۆتە مەرجێک بەسەر ئەمەریکاوە بەو پێیەى دەتوانێت ئەرکى سەرشانى ئەمەریکا سووک بکات لە هێورکردنەوەى بارگرژیى و ناجێگیریى ئاسایشى عێراق، بۆیە هێرشکردنە سەر ئێران بە هەموو مانایەک زیاتر شێواندنى دۆخى عێراقە و بەنزینێکە لە هەموو لایەکەوە ئاگری جەنگى تیرۆری تیرۆریستە دەمامکدار و دیار و نادیارەکان جۆش دەدات. لەم رووەوە رۆژنامەى (رسالت)ى ئێرانى لە رۆژى 14/3/2007 لەسەر وەختى کۆنگرەى ئەمنیى بەغداددا دەنووسێت “جۆرج بوش چەند پەیامێکى لە رێى زاڵماى خەلیلزاد و دایڤید ساتەرفێڵدى گەورە راوێژکارى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکاوە هەواڵە کرد، بەو مانایەى ئەمەریکا پێویستى بە ئێران هەیە، لە دەمە دەمى دەستپێکردنى کۆنگرەى بەغدادیشدا زاڵماى خەلیلزاد ئەوەى ئاشکرا کرد ئەمەریکا خوازیارى دەستپێکردنى دایەلۆگێکى راستەوخۆیە لەگەڵ ئێراندا”. ئەمەش ئەو ئەڵماسە گرانبەهایە ئێران دەیخواست، لە بری پلانی ئەمەریکا بۆ دەستگرتن بەسەر ئێراندا، کار بەوە گەشتووە ئەمەریکاییەکان بیر لە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران بکەنەوە هیچ نەبێت لە عێراقدا.

هەر لەو پێویستییەى ئەمەریکا و تەنگژەى سوپاکەیەوە بوو، ئێران زیاتر پێداگریى کرد و بە روونی داوای کرد بیر لە کشانەوەى هێزە بیانییەکان بکرێتەوە و بەپێى جەدۆلێکى ئاشکرا شێوازى پاشەکشەیان دیارى بکرێت. ئەم ورە بەرزییە (عەباس ئەرکەشى) جێگرى وەزیرى دەرەوەى ئێرانى گەیاندە متمانەیەک لە رۆژى 10/3/2007 لە بارەگاى وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە بەغداد و بە ئامادەبوونى باڵیۆزى 61 وڵاتى دراوسێ و ناوچەکە و جیهان، لە میانەى کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا بڵێت: ئێستا پێویستمان بە داڕشتنى خشتەیەکى زەمەنییە بۆ کشانەوەى هێزە بیانییەکان، چوونکە مانەوەى هێزە بیانییەکان یارمەتیدەر نییە بۆ چەسپاندنى ئارامیى و ئاسایش لە عێراقدا!. لەگەڵ ئەوەشدا بە توندیى ئەوەشى رەت کردەوە ئێران دەست لە کاروبارى ناوخۆى عێراق وەربدات لە ژێر هەر پاساوێکدا. ئیدى دەستێوەردانى ئێران لە عێراقدا بە ئەندازە و قەبارەیەکە کە وڵاتانى عەرەبى سووننە ترسیان لێنیشتووە، هەر بۆیە لە کاتى دیمانەیەکى هاوبەشى تەلەفزیۆنى جەزیرەدا لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلى ئەکبەر رەفسەنجانى و دکتۆر یوسف قەرەزاوى، سەرۆکى زانایانى ئاینى سووننە. (قەرەزاوى) رووى دەمى کردە رەفسەنجانى و وتى “مەرجەعەکانى شیعە لە ئێران کلیلى چارەسەرى بارودۆخى عێراقیان لە دەستە”. ئێران بە سیاسەتێکى وردبینانە و نەرمەبڕانە توانى لە عێراقدا ببێتە دیفاکتۆ تا لە قۆڵێکى ترەوە ئەمەریکا ناچار بکات لەگەڵیدا بێتە سەرمێزى گفتوگۆ. عێراق ئەو یانسیبە بوو ئێران توانى بیباتەوە و دەستێکى تر ئامادە بکات بۆ یارییەکانى داهاتوو لەگەڵ ئەمەریکا و کۆى رۆژئاواییەکان، بەو پێیەی ئەوەی روودەدات پێماندەڵێت رۆژ بە رۆژ دەسەڵاتی ئێران لە عێراقدا زیاد دەکات.

سوریا
لێ سوریا سەرسەختترین دوژمنى ستراتیژیى سەدام حسێن و هاوپەیمانی ستراتیژیکی ئێران بوو، وڵاتەکەشى لانەى بەرهەڵستکارانى کورد و عەرەبى ئەو رژێمە بوو بۆ ماوەیەکى ئێجگار دوور و درێژ، بەڵام روخانى رژێمی بەعس نەک خۆشحاڵى نەکرد، بەڵکو زەنگێکى مەترسی بۆ لێدا کە ئەویش لەسەر لێوارى تیاچوونە و ئەمەریکا خستوویەتییە رۆژڤەوە بۆ ئاڵوگۆڕى سیستمى دەسەڵات تیایدا. دەوڵەتى عەرەبى سوریا بە باشى لە نیەتى ئەمەریکا گەیشت، لەوەی عێراق خاڵى سەرەتا و کۆتایى لەشکرکێشى و لێدانە سەربازییەکانى نابێت، بەڵکو لیستێکى دوور و درێژ لە دەوڵەت و رێکخراو لە پلاتفۆرمدا دانراون بۆ تەفروتوناکردنیان، لەوانەش دەوڵەتى سوریا. سوریاش دوو خاڵى لاوازى داوەتە دەستى نەیارەکانى، یەکەمیان بریتییە لە سەرکوتى سیاسیی و پەیڕەوکردنى حکومى دیکتاتۆریى و تۆتالیتاریى و گوشینى ماف و ئازادییەکانى جەماوەر و ستەمکاریى لە بەرامبەر کورد و سووننە و قۆرخکردنى دەسەڵاتى سیاسیى بەشێوەی بۆماوەیی. دووەمیان تێوەگلانى دەوڵەت و دەزگاى هەواڵگریى سوریایە لە دۆزى تیرۆرکردنى رەفیق حەریرى سەرۆکى پێشووى لوبنان، کە بەشێکى زۆرى دیکۆمێنتەکان دەریدەخەن سوریا لەو کردەوەیدا بێ رۆڵ نەبووە، بەڵکو پلاندانەرى سەرەکى بووە یان هاوکارێکی باشی ئێران و حزبوڵا بووە لە پرۆسەی کوشتنی حەریریدا.

لە بەرامبەردا سوریا بە دەستوەردانە کاروبارى عێراق و خوڵقاندنى کێشە و گرفت بۆ هێزەکانى ئەمەریکا دەیەوێت ئاگرە سوورە لە خۆى دوور بخاتەوە و ئەگەرى دەستبردن بۆ گۆڕینى سیستم و دەسەڵاتى سیاسیى لە وڵاتەکەیدا بکاتە موستەحیل و کارى نەکردە. وێڕاى ئازادکردنى سنوورەکانى لەگەڵ عێراق کە لەوێوە شانە تیرۆریستییەکان و خۆ تەقێنەرەوە ناعێراقییەکان دێنە ژوورەوە، بەڵگەى سەلمێنراو لە بەردەستدان نیشانى دەدەن هەواڵگریى سوریا بەشدارە لە مەشقپێکردنى دەیان تۆڕ و یەکەى تیرۆریستى لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق بە تایبەتى لە دەوروبەرى شارەکانى موسڵ و رومادى. هەر ئەو بەڵگانە هێما دەکەن بۆ هەبوونى چەندان حەشارگەى تیرۆریستان لە نێو خاکى سوریادا، لە هەموو ئەمانەش بترازێ ئەو دەوڵەتە لە رێى هەندآ دامودەزگاى تایبەتەوە لە هەوڵى دروستکردنى چەندان حزبى کۆپى و کارتۆنیدایە تا لە کردەى سیاسیى عێراقدا رۆڵ بگێڕن بە ئاڕاستەى پاراستنى بەرژەوەندییەکانى. لەگەڵ ئەمەشدا دەکرێت بڵێین سەرنجى سەرەکى هەواڵگریى سوریا لەسەر خۆتەقێنەرەوە و گروپە چەکدارە یاخیبووەکانە ئەویش لە رێى پەیداکردنى چەک و تەقەمەنى و شێوازەکانى مەشق و پەلاماردان و دەستیشانکردنى ئامانجە گرنگ و بایەخدارەکان بۆیان. بەمە بە پلەی یەکەم تەرکیزی ئەمەریکا لەسەر سووریا کەم دەکاتەوە، بە پلەی دووەمیش یارمەتی ئێران دەدات بۆ هێنانەدی ئەجیندای دەستبەراگرتنی عێراق و دەرپەڕاندنی هێزەکانی هاوپەیمانان.

نووسەرى ئەمەریکى (کیت کرین) لە راپۆرتێکدا بە ناوى (پێنج هەنگاو بۆ کۆتایى هێنان بە یاخیبوون لە عێراق) ئاماژە دەکات بۆ (ئەو میلیشیا و گروپە یاخیبووانەى عێراقیان گۆڕى بۆ شانۆیەکى نائارام و پڕ ئاژاوە، ناتوانن هەروا بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان بە بێ دەستەبەرکردنى تەمویلێکى بەردەوام بۆ خۆیان، لەبەرئەوە پێویستە لەسەر جۆرج بوش سەرۆکى ئەمەریکا کە دەیەوێت ستراتیژێکى نوێی پتەوتر لە عێراقدا پیادە بکات مەسەلەى سنووردانان بۆ هەڵقووڵانى دارایى بۆ ئەو گروپانە بکاتە یەکێک لە ئەولەویاتى پلانەکەى). دواتر نووسەر راپۆرتەکەى بەم پەرەگرافە قفڵ دەکات “ئەگەر بێتو ئامڕازەکانى فیشەک و بۆمب شکستیان هێنا لە پرۆسەى لە ناوبردنى یاخیبووەکان و ئەندامانى میلیشیا چەکدارەکاندا، بەڵام لانیکەم وەستاندن و وشککردنى دارایى و پارەکان لە گیرفانیاندا باشترین ئامڕازە بۆ لەناوبردنیان”. شتێکى شاراوەش نییە سوریا یەکێک لەو دەوڵەتانەیە سەرچاوەیەکى نایابی دارایى و لۆجیستى ئەو گروپانەیە، بەبێ هەبوونى ئەم دەوڵەتە لە تەنیشتى عێراقدا دەکرا تیرۆر و کاری تێکدەرانە لە نیواونیو زیاتر لەوەى ئێستا هەیە کەمتر بوایە. بێ لەوەش وڵاتانى دەوروبەر لە رێى بازرگانیکردن و ئاڵوگۆڕى کاڵاوە لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکان یارمەتییەکى باشى مانەوەیان دەدەن، بە تایبەت ئەو میلیشیایانەى نزیک بە دەسەڵاتى سیاسیی عێراقن و لە هەمان کاتدا بەشێکن لە پرۆسەى توندوتیژیى سیاسیى و مەزهەبیى.

کیت کرین دەنووسێت (بەدەر لە یارمەتى حکوومەت بۆ میلیشیاکان لە رێگەى کار و پۆستەکانەوە، سەرچاوەى دووەمى یارمەتیدانیان لە رێگەى ئاودیوکرن و فرۆشتنى سووتەمەنییەوە دەست دەکەوێت. کاتێک لە دەرەوەى عێراق دەیفرۆشن و ملیۆنان دۆلار بۆ میلیشیاکان دەستەبەر دەکات). ئەوەى لەم بازرگانییەدا لەگەڵ میلیشیاکان بە پلەى یەکەم دێت کۆمارى ئیسلامى ئێرانە، پاشانیش سوریا و تورکیا. قەبارە و بارستایى دەستێوەردانەکە هەرچى چۆنێک بێت هێندەى ئەوە گرنگ نییە، ئەمڕۆ سوریا ژێدەرێکى ترسناکى خوڵقاندنى پشێویى و نائارامییەکانى ناو عێراقە و لە چەندان کەناڵ و دەروازەى جیاجیاوە داخڵى عێراق بووە و لەسەر ساحەى ئەو جەنگێکى دۆڕاوى ناپیرۆز کە تەنێ هاووڵاتیان و عێراقییەکان تیایدا زیانبارن بەڕێوە دەبات. تا نهۆش لە میحوەرى عێراقەوە گوشارێکى جیددى لەسەر سوریا نەبووە بۆ ئەوەى ناچار بکرێت سنوورەکانى توند و تۆڵ بکات و مقەست بدات لە داوى پەیوەندییەکانى بە گروپە نەخوازراوە چەکدارەکانى ناو عێراقەوە، بە پێچەوانەوە ئەمەریکا لە قۆڵێکى ترەوە مەیدانى بەربەرەکانى لەگەڵ کردۆتەوە، ئەویش قۆڵى لوبنانە کە دواى ناچارکردنى سوپاکەى بە کشانەوە لەو وڵاتە، تاوانباریشى کردووە بە تیرۆرکردنى رەفیق حەریرى و هاندانى گروپە یاخیبووەکانى ناو لوبنان و دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆى ئەو وڵاتە. راستە سوریا لەلاى لوبنانەوە قۆڵى بڕاوە و رەگوڕیشەى دەرهێنراوە، بەڵام قۆڵەکەى ترى لە عێراقدایە و خەریکە رەگ دادەکوتێت.

تورکیا
بە هۆى پشکداریى نەکردن لە پرۆسەى روخانى رژێمى بەعس و رێگریى دروستکردن لە بەردەم بەکارهێنانى ئاسمانى وڵاتەکەیان لەلایەن هێزەکانى هاوپەیمانانەوە لە جەنگى دژە عێراق، تورکیا کەنارگیر کراوە لە بڕیاردان لەمەڕ چارەنووسى عێراق و هیچ کاریگەرییەکى جیددى و بەرچاویشى نەبووە لە عەمەلیەى سیاسیى سەرلەنوێ داڕشتنەوەى عێراقدا. تا وەختێک ئاوڕی دایەوە دوژمنە لە مێژینەکەى (کورد) لە چڵەپۆپەى دەسەڵاتدایە و ئەکتیڤانە لە گێرمە و کێشە و ململانێکانى عێراقى هەنووکەدا دەرکەوتووە. تورکیا چەندان جار هەوڵیدا لە رێى بەکارهێنانى کارتى (PKK)ەوە بەشێوەى راستەوخۆ لەشکرکێشى بکاتە سەر خاکى باشوور، ئەم کارتە تا ئەم چرکەساتەش بەدەستییەوەیەتى و دەیەوێت لەلایەن ئەمەریکاوە گڵۆپى سەوزى ئۆکەى بۆ هەڵبکرێت و مێژوو خۆى دووبارە بکاتەوە چۆن لە شەوێکدا (قوبرس)ى داگیرکرد کوردستانیش داگیر بکات!!. بەڵام تا بە ئەمڕۆ دەگات ئەمەریکا ئەو مافەى بە تورکیا نەداوە بۆ ئەنجامدانى کارێکى لەو بابەتە، چون ئەو لەشکرکێشییە لەلایەک هەڵکوتانە سەر ئەمەریکایە بە دەلیلى ئەوەى دەسەڵاتى داگیرکەرە و وڵات لە دەستى ئەودایە، لەلایەکى ترەوە تێکدانى ئەو بڕە ئاسایشەیە لە باشوورى کوردستان هەیە کە وەک دورگەیەکى ئارامى لێهاتووە بۆ ئەرتەش و هێزەکانى هاوپەیمانان و جێبەجێکردنى هەندێ ئەجینداى خۆیان تیایدا.

پاشتر تورکیا لە رێى پاساوى ستەمکردن لە تورکمانەکان لە کەرکوک و بە بیانووى لەمپەردانان بۆ دروستکردنى دەوڵەتێکى کوردیى لە باکوورى عێراقدا، چەندان هەوڵى سەرنەکەوتووی دا، بۆ قایلکردنى کۆشکى سپى تا لەشکرکێشى بکات، خۆشبەختانە هەموو هەوڵەکان ناکام مانەوە و هیچ هیوایەکیان بۆ تورکیا لێ سەوز نەبوو. تاکە میکانیزمێک بەدەستییەوە مابێتەوە هەندآ لایەنى وەک بەرەى تورکمانییە، ئەویش بە هاندانیان بۆ کۆسپ و تەگەرە دروستکردن لە بەردەم جێبەجێکردنى بڕگەکانى ماددەى سەد و چل، بە تایبەتیی لە قووڵایى شارى کەرکوکدا. نووسەرى تورک (سەمیح ئیدیز) دەنووسێت (بەهۆى یەدەگە نەوتییە زۆر و زەوەندەکەیەوە کەرکوک هەمیشە خاڵى ململانێى نێودەوڵەتى بووە، هەروەک رابردوو دووبارە کەرکوک لە سایەى ترس و توندوتیژیدا دەژى). یەکێک لە نزیکترین ئەو وڵاتانەى چاوى لە نەوتى کەرکوک بڕیوە تورکیایە، هەر بۆیە لە رێى وروژاندنى هەستى تورکمان و شێواندنى زیاترى بارى دیمۆگرافى کەرکوک و چەواشەکردنى راى گشتیى جیهانیى، باری گۆڕاوی شارەکە وەک خۆى دەهێڵێتەوە و رێگریى دروست دەکات بۆ گەڕانەوەى بۆ ناو جوگرافیا رەسەنەکەى کە کوردستانە، ئەمەش ئەو ستراتیژەیە تورکیا چەندان پلانى بۆى هەیە و دەیان کۆنگرەى لە وڵاتەکەیدا بۆ بەستووە و دەیەوێت زۆرترین عێراقى لە دەور کۆبکاتەوە. هەرچەند هەوڵەکانی تورکیا هێندەی ئێران کاریگەر نەبووە، بە حوکمی ئەوەی کارتی دەستی تورکیا کە تورکمانە کەمینەیە لە عێراقدا، هەرچی کارتی ئێرانیشە کە شیعەیە زۆرینەی رەهان و لە نیوەی زیاتر دانیشتووانی وڵاتەکەی تێپەڕاندووە، بەڵام هێشتاش ناکرێت حیساب لەسەر دەستێوەردانەکانی تورکیا نەکرێت یان بەهەند وەرنەگیرێت.

رەهەندێکى ترى دەستێوەردانى تورکیا، هاریکارییکردنە لەگەڵ هەندێ لە جاشە کوردەکانى باشوور و بڕێک لایەنى سووننە و شیعەى رەگەزپەرست بە مەبەستى پێکهێنانى بەرەیەکى هاوبەش لە دژى دەوڵەتى نوێى عێراق و خواستى فیدراڵیزمى کوردەکان و ماددەى سەد و چل. هەر لە خۆڕا نییە دواى متبوون و چوونە قاوغەکەى خۆیەوە جارێکى تر جاشى مێژوویى (ئەرشەد زێبارى) سەر دەردەهێنێتەوە!!، ئەمجارە وەک سەرۆکى پارتێکى بەکرێگیراو کە ئامانجى دژایەتیکردنى ماددەى سەد و چل و فیدراڵیزمە. دووبارە ئەمە بەڵگەیەکى ئاشکرا و شەفافە بۆ سەلماندنى دەستێوەردانى وڵاتانى هەرێمیى لە کاروبارى عێراق و کوردستاندا بە دیاریکراویى لە پرسەکانى گرێدراو بە چارەنووسى شارى کەرکوکەوە. تورکیا بە هەموو جۆر و لە هەر رێگەیەکەوە دەستبدات بۆى دەستوەردەداتە کاروبارى عێراقەوە، ئامانجى ئەو جیایە لە ئامانجى ئێران و سوریا چون لەبەردەم تەهدیدى گۆڕان و رووخاندا نییە، بە قەدەر ئەوەى خەونى لەباربردنى هەر نیمچە دەسەڵاتێکى کوردیى هەیە چوونکە هەر رێنیسانس و سەرهەڵدانەوەیەکى کورد لە باشوور بە سەرەتایەکى مەترسیدار دەزانێت لەسەر خۆى بەو پێیەى هانى کوردەکانى باکووریش دەدات لە دژى دەوڵەت، لە هەمان کاتدا پاڵپشتێکى ماددیى و مەعنەویى دەبێت بۆیان لە خەباتەکەیاندا بۆ رزگاریى کوردستان و دەرهێنانى لە ژێر چەپۆکى کەمالیزم و تۆرانیزم.

وڵاتانى عەرەبى (سووننە)
لە بەرامبەر دەستێوەردانى سوریا و ئێران وەک دوو دەوڵەتى شیعە، دەوڵەتانى عەرەبى سووننە کاردانەوەیان هەبووە و هەوڵیانداوە رەنگدانەوەیان لەسەر دۆزى سیاسیی و واقیعى ئەمڕۆى عێراق هەبێت. لە ریزى پێشەوەى ئەم وڵاتانە هەریەک لە عەرەبستانی سعودی و میسر و ئوردون و قەتەر هەن. ئەم دەوڵەتانە ترسیان لێنیشتووە لەوەى یەک پارچەیى خاکى عێراق لەبەردەم هەڕەشە و ترازاندایە و ئەگەرى پارچە پارچەبوونى لە هەر ئەگەرێکى تر بەهێزتر و نزیکترە، ئەوان لە رێى دەستگیرۆییکردن و یارمەتیدانى عەرەبى سووننەى لەسەر کار لابراوەوە خوازیارن زامنى یەکپارچەیى خاکەکەى و ناسنامەى عەرەبێتى عێراق بکەن!!. (بۆبى غوش) دەنووسێت: وڵاتە عەرەبییەکان ترسى ئەوەیان هەیە کۆمارى ئیسلامى ئێران ببێتە سەرەکیترین دەسەڵاتدارى ناوچەکە، سەبارەت بەمەش چەندین جار بەرپرسانى عەرەبستانی سعودیە و میسر و قەتەر و ئوردون رەخنەیان لە بەرپرسانى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا گرتووە لە بەرامبەر بێدەنگی و هەڵوێست وەرنەگرتن سەبارەت بە فراوانبوونى دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە ناوچەکەدا.

لە ساڵى 2004 شا عەبدوڵڵاى پادشاى ئوردون هۆشداریى توندی دا بە بەرپرسانى کۆشکى سپى لە مەترسى پەیدابوونى ئیمپراتۆریەتێکى شیعە کە ئێران و عێراق و سوریا و لوبنان بگرێتەوە. ئەمە یەکەمین لێدانی زەنگی مەترسیی دروستبوونی هیلالە شیعییەکە بوو لەلایەن سەرۆکێکی عەرەبی سووننەوە. حوسنى موبارەکى سەرۆکى میسریش ساڵى 2006 رایگەیاند (شیعەکانى عێراق ئەوەندەى خۆشەویستیان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران هەیە، ئەوەندە خۆشەویستیان بۆ وڵاتى خۆیان نییە کە عێراقە). بەم جۆرە وڵاتانى عەرەبى سووننە لە ترسى دروستبوونى هەژموونێکى بەهێزى شیعیى و هاتنە کایەى ئەوەى پێى دەوترێ (نیوە مانگی شیعیی) لە ناوچەکەدا بە هەموو هێز و توانایەکیانەوە پشتگیریى عەرەبە سووننەکانى عێراق دەکەن وەک رێگر لەبەردەم دروستبوونى ئیمپراتۆریاى شیعە و پارێزگار لە دیدى عروبە و شوناسى عەرەبێتى دەوڵەتى عێراق. تەنانەت سعودیە کە خەون بە سەرکردایەتیکردنى دنیاى عەرەبیى و سیاسەتى جیهانى عەرەبەوە دەبینێت لە هەوڵى زیاتردایە و دەیەوێت لە ناوخۆى خودی ئێراندا مەدى سووننى بجوڵێنێت (وەک جوڵاندیشى)، بەڵام ترسى لە پەرچەکردارى ئێرانە لە هەژاندنى ناوخۆى سعودیە لەڕێى ئەو ژمارەگەلە زۆرەى شیعەى وڵاتەکەیەوە، ئەمەش سەرئێشەیەکی نەبڕاوە و ژانێکی ئەبەدیی بۆ عەرەبستانی سعودیە دەهێنێتە ئارا.

هەر بۆیە تا ئێستا عێراق مێزى دەست شکاندنەوە و قوماریان بووە و مەیدانى ناکۆکیى و کێشمەکێشەکانیان نەگواستۆتەوە بۆ ناوخۆى وڵاتەکانیان. هەر لەو میانەیەدا ئەم وڵاتانە بەردەوام سەرقاڵى سازدانى کۆنگرە و کۆنفرانسى جۆر بەجۆرن سەبارەت بە عێراق و چارەسەرکردنى دۆخى ناهەموارى ئاسایش، بەڵام لە واقیعدا ئامانجى هیچکامیان وەستاندنى نەزیفى خوێنى عێراق نییە، بەڵکو ئەو کۆنفرانسانە تەنێ دەرفەتێک بوونە بۆ دۆزینەوەى سەرەداوى بەرژەوەندییەکانیان لە عێراقدا و ئامادەکردنى رێوشوێن بۆ پارێزگاریلێکردنى. هەروەک نووسەرى عەرەب (غەسسان ئیمام) دەنووسێت (تراژیدیاى عێراق هیچ چارەسەرێکى نییە لە ناوخۆى عێراق خۆیدا نەبێت، هەرچییەکى تر بکرێت دواخستنى چارەسەر و درێژەدانە بە ململانێکان و درۆ گۆڕینەوەیە لە ناوەوە و دەرەوەى کۆنگرەکاندا). گۆڕەپانی عێراق بووە بە مەیدانی دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە و جێگەی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە قووڵەکانی هەریەک لەو دەوڵەتە هەرێمییانە، ترسناکترین دیمەنیش ئەوەیە شەترەنجی عێراق شەترەنجێکە بۆ شەڕی مەزهەبیی و مێژوویی نێوان وڵاتانی شیعە و سووننە.

هەڵوێستى ئەمەریکا
ئەندریۆ باسیڤیچ لە (The Nation)دا دەنووسێت: هەموو سیاسەتمەدارێکى ئەمەریکى بەردەوام ئەم پرسیارە لە خۆى دەکات (ئایا نەخشەى ئێمە لە عێراقدا چییە؟)! هۆکارى ئەم پرسیارەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شکستانەى لە نێو عێراقدا بەدى دەکرێن، لەو ساتەوەى عێراق ئازاد کراوە سەقامگیریى بەخۆوە نەدیوە، رۆژانە بەردەوام تەقینەوە روودەدات، هەر پلان و نەخشەیەک پەیڕەو دەکرێت دەرئەنجامێکى نێگەتیڤترى دەبێت. ئەمەریکا لە رووبەڕووبوونەوەى تیرۆریستان و قەڵاچۆکردنیان و جێگیرکردنى ئەمنییەت بە بنبەست گەیشتووە و هەموو پلانەکانى یەک لە دواى یەک شکستیان هێنا و نەیتوانى کەمترین سەرکەوتن مسۆگەر بکات، تەنانەت جەنگى عێراق و ئەو بارە نەخوازراوەى لە بەغداد و شارەکانى تردا بوونى هەیە، ناڕەزایەتییەکى توندى لە ئاستى جیهانیدا لە دژى ئەمەریکا دروستکردووە تا ئەو سنوورەى بزووتنەوەى ئەنتى ئەمەریکایى لە بەهێزترین وەرزى تەمەنیدایە. ئاژانسى هەواڵی (فرانس پرێس) لەو بوارەدا و لە بارەیِ نیگەرانییەکانى وڵاتانى دنیا لەمەڕ رۆڵى پۆلیسى جیهانیى ئەمەریکا راپۆرتێکى ئامادە کردووە، راپۆرتەکە هێما دەکات بۆ وتەى (کریستۆفەر وتینى) بەڕێوەبەرى توێژینەوەکان لە ئەنجوومەنى شیکاگۆ بۆ کاروبارى نێودەوڵەتى، لەمەڕ راپرسییەک کە 18 وڵاتى گرتۆتەوە (ئارەزوویەکى ئاشکرا و روون هەیە سەبارەت بە هەڵوێستى زۆر نێگەتیڤ و بەرجەستە بوو بەرامبەر بە ئەمەریکا بە هۆى شێوازى جێبەجێکردنى سیاسەتى دەرەوەى). لە بارودۆخێکى لەو جۆرەدا ئەمەریکا کام رێگا دەگرێتە بەر؟ ئایا پلانى نوێی چییە بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى عێرق؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ دەستێوەردانى هەرێمیى دەکات؟ ئایا سیاسەتى توندوتیژ و زەبروزەنگ ئامێز دەگرێتە بەر یان گفتوگۆ و فۆرمى ئاشتیانە؟.

ئەوەى لە رەوشى عێراقدا بەدی دەکرێت پێچەوانەى روانینەکەى کۆڵۆنێل (سام گاردینێر)ى کۆنە ئەفسەرى هێزى ئاسمانى ئەمەریکا نیشان دەدات، کە پێیوایە عێراق و تەنگژە قورسەکانى رێگر نین لەبەردەم هێرشکردنە سەر ئێران، سەرقاڵبوونى ئەمەریکا بە ماناى وازهێنان لە ئێران نایەت. هەموو ئاماژە و سەرەداوەکان دەڵێن ئەمەریکا خوازیارە لەگەڵ هەردوو دەوڵەتى ئێران و سوریا گفتوگۆ بکات بۆ دۆزینەوەى میکانیزمێکى چارەسەر بۆ دۆخى عێراق و ناجێگیریى ئارامیی و ئاسایش بە دیاریکراویى لە بەغدادى پایتەختدا. دانیاڵ سیرۆیەر لە رۆژنامەى لیبراسیۆنى فەڕەنسیدا دەنووسێت “وێڕاى نکۆڵیکردنى کۆشکى سپى لەگرتنەبەرى هیچ سیاسەتێکى نوآ بەرامبەر سوریا و ئێران، بەڵام لەڕاستیدا سیاسەتى پێشووى خۆى دەستکاریى کردووە و دانوستانێکى چەند قۆڵەى لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا دەستپێکردووە، دەیەوآ چیدى ئێران و سوریا کۆسپ نەخەنە بەردەم کارەکەى لە عێراقدا..”.

لەلایەکى تریشەوە (ئانى ڤیلادمێرتى) لە رۆژنامەى واشنتۆن پۆستدا ئاماژە دەکات بە وتەى کۆندالیزا رایسى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا لە بارەى سازشکردن لەگەڵ ئێران و سوریا و لە زارى ئەوەوە دەنووسێت (ئیدارەى سەرۆک بوش خوازیارە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی ئێران و سوریا بکات سەبارەت بە سەقامگیرکردنى بارودۆخى ئاسایش لە عێراق). ڤیلادمێرتى جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە پسپۆڕانى ئەمەریکیى پێداگریى لە بارەى پێویستى دانوستان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا دەکەن لەمەڕ فایلى ئەمنیى لە عێراقدا. لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەى ئەمەریکا ئامادەیە سازش لەگەڵ ئێران و سوریا بکات، بەڵام لە بەرامبەر چى و ئەو دوو دەوڵەتە بە چ مەرجێک هاوکاریى دەکەن؟ هەڵبەتە لاى خۆیانەوە هەر لایەکیان مەرجیان هەیە، بەڵام ئاخۆ ئەو مەرجانە لەسەر حیسابى کآ بن؟ ئایا گۆزەکە لەسەرى کام لایەن و کام پێکهاتەى عێراقیدا دەشکێت؟. کارەساتەکەش لێرەوە دەست پێدەکات، ئەمەریکا نەک هەر ناتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە بکات، بەڵکو ئامادەیە نەرمى بنوێنێت لەگەڵیان بۆ ئەوەى یارمەتى سەرکەوتنى بدەن لە تەنگژەى عێراقدا، ئەو تەنگژە قورسەى لە دواى ڤێتنامەوە نە بەخۆیەوە دیوە و نە لەوانەشە قەت جارێکى تر بەخۆیەوە ببینێت.

دۆزى کورد
دەستێوەردانى هەرێمیى و کارتێکردنى وڵاتانى ناوچەکە لە دۆخى عێراق، زۆرترین رەنگدانەوەى هەبووە لە فۆرمۆڵەکردنى عێراق بە شێوەیەکى تر، جیاوازتر لەو شێوەیەى ئەمەریکا بە تاکلایەنە بڕیارى لەسەر دابوو. بەکارهێنانى کارتى ئاسایش لەلایەن سوریا و ئێرانەوە و دوورخستنەوەى تەوەرى شەڕ لە دەوڵەتەکانیان نەک پاراستنى لە هەڕەشە و مەترسى داڕووخان بگرە ئەمەریکاشى ناچار بە دانوستان و گفتوگۆ کردووە لەگەڵیان. بێگومان لە حاڵەتێکى لەو شێوەیەدا ئەمەریکا لە هەندێ داواکاریى خۆى دێتە خوارەوە و بەدیفاکتۆ هەندێ سازش دەکات کە رەنگە لە دژى پێکهاتەیەک یان چەند پێکهاتەیەکى ناو عێراق بێت. لێ دەستێوەردانى هەرێمى نەیتوانى بارى جێگیرى ئاسایش لە کوردستان بشڵەقێنێت “چوونکە ئامانجى نەبوو” بەڵام لە رووى سیاسییەوە کورد یەکێک لەو پێکهاتانەیە باجى ئەو دەستێوەردانانە دەدات. رەنگە گرنگترین باج دواکەوتنى جێبەجێکردنى ماددەى 140 بێت، تەنانەت دەنگۆى ئەوە هەیە ئەمەریکییەکان داوایان لە (جەلال تاڵەبانى) سەرۆک کۆمارى عێراق کردبێت بۆ دواخستنى ئەو ماددەیە بە تایبەت لە شارى کەرکوک، ئەمە دیسان بەڵگەیەکە لە مەڕ رۆڵى دەوڵەتانى هەرێمیى لەسەر بڕیارە نوێیەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان. کورد کە بەهرەمەند نییە لە هاوکاریى هیچ دەوڵەتێکى دراوسێ و بنە و بارگەى لە هیچ کام لە وڵاتانى هەرێمیی نەخستووە، قوربانى سەرەکى ئەو دەستێوەردانانە بووە و دەبێت. لەلایەکى ترەوە پێداچوونەوە بە بڕگەکانى دەستوورى عێراق و هەموارکردنى چەند بڕگەیەکى نوآ کە مافەکانى کوردى پێدەگۆڕێت بۆ بآ مافیى، بەڵگەیەکى تر و ئاوێنەیەکە پێمان نیشان دەدات ئەگەر بە دەستێک ماف بدرێت بە کورد لە عێراقدا سەدان دەست ئامادە کراوە بۆ لێسەندنەوەى.

کورد زەرەرمەندترین پێکهاتەى عێراقە و دواجار سەنگەرەکەی بەسەردا دەڕوخێت، شیعەکان بە پاڵپشتى ئێران و بە هۆکاری زۆرینەى دانیشتوان حاکمى جاویدانى عێراقن، سووننەکان بە هاوکاریى وڵاتانى عەرەبى و هێزى خۆتەقێنەرەوەکان بوونەتە ئەمرى واقیع و ئەمەریکییەکانیشیان ناچار بە دانوستان و سازش کردووە. لەو نێوەندەدا کورد بە تەنیا و بێ هیچ دۆست و پاڵپشتێک، بە دواى عەشقێکى وەهمى و تاکلایەنەى ئەمەریکادا را دەکات!!، ئەو ئەمەریکایەى لە راسپاردەکانى بیکەر- هاملتۆنەوە یەکەم زەنگى پشتێکردنى بۆ لێدا و ئەمڕۆش خەریکە بە بەرچاوى هەموو دونیاوە ئەوەى دوێنێ بە خوێن و رەنج بە دەستى هێناوە لە بەرداشى سازشەکانیدا دەیهاڕێت و لەناوی دەبات. کورد تاکە پێکهاتەیە بە قورسیی باجی ئەم دەستێوەردانانە دەدات لە ئایندەدا. هەر لێرەوە جێى خۆیەتى ئاماژە بکەم، بۆ ئەوەى جگە لە کورد کەمینەکان بە هۆى بارودۆخى ناجێگیریى عێراق و نەبوونى پشت و پەناى دەرەکییەوە لە توانەوەدان و خەریکە لە هەموولایەکەوە تیا دەچن.
بە پێى راپۆرتى رێکخراوى مافى کەمینە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵى 2007دا، کەمینەکانى نێو عێراق بەرەو لە ناوچوون دەچن، وەک مەندائییەکان کە پێش ساڵى 2003، ژمارەیان (30000) کەس بووە، بەڵام ئێستا لە (13000) کەس کەمترن، جولەکەکان پێش ساڵى (2003) سەدان کەس بوون، بەڵام ئێستا تەنها پێنج کەسیان لە عێراق ماونەتەوە، پەنابەرە فەلەستینییەکان ئەوانیش پێش ساڵى 2003 ژمارەیان (35000) کەس بوو، ئێستا لە (15000) کەس کەمترن. بەشار ئەلسەبتى وتەبێژى ئەنجوومەنى کەمینەکانى عێراق دەڵێت “گەورەترین مەترسى مەندائییەکان ئەوەیە رووبەڕووى نەمان دەبنەوە”. ئەمڕۆ لە دواى کوشتنى دوعای کچە ئێزدییەوە پەلاماردانى ئێزدییەکانیشی وەک بەشێک لە نەتەوەى کوردى هاتۆتە سەر، بۆیە عێراقى نوێ، عێراقى زلهێز و خاوەن دەسەڵاتە لە بن نەهاتووەکانە، ئەوانەى دەسەڵاتەکانیان پشت ئەستوورە بەهێزى دەرەکى و ناوچەیى. کورد هیچ کەسى لە پشت نییە!، وا بزانم ئەوەندە تاوان و رەفتارى نەشیاومان ئەنجامداوە چیاکانیش پشتیان تێکردووین و چیتر دۆستمان نەماون.

چارەسەر چییە؟
ئەرکى ئەم نووسینە نییە وەڵام بە پرسیاری چارەسەر چییە بداتەوە؟ بەڵام هیچکات دیوارى ئەعزەمییەى چەقى شارى بەغداد کە شارەکەى دوولەت کردووە چارەسەر نییە، بەڵکو هەڵچنینى شورەیەک (مەبەستم دیوارێکى مەعنەوییە نەک دیوارى چین) پێویستە بە چوار دەورى عێراقدا، بۆئەوەی لە پێش هەر کارێکەوە بەرەنگاریى سنوور بەزاندن ببێتەوە و پارێزگاریى لە سەروەریى خاکى عێراق بکات. لەگەڵ ئەوەشدا تا عێراق بەم جۆرە و بەم جوگرافیا دەستکرد و داسەپاوەوە بمێنێتەوە، کورد وتەنى (تا ئەم بایە لەو کونەوە بێت) دەستێوەردانى هەرێمیى و نێودەوڵەتى لە عێراقدا هەر دەمێنێت. شیعەیەکى عێراقى ئەوەندەى ئینتیماى بۆ شیعەگەریى و ئێران هەیە چارەگى ئەوە عێراقى نییە، کورد دواى هەشتا ساڵ بە عێراقیکردن و کۆمەڵکوژیى تا نهۆ بۆ چرکە ساتێکیش لە قەناعەتەوە خۆى بە عێراقى نەزانیوە و نازانێت. دابەشکردنى عێراق بۆ سەر سێ دەوڵەت، کێشەکان لە بناغەوە چارەسەر دەکات و دەبێتە فاکتۆرێک بۆ بەرقەراربوونى ئاشتى لە سەرجەم ناوچەکەدا.

ماکس ج. بووت نووسەر و توێژەرى سیاسیى ئەمەریکى لە رۆژنامەى (لۆس ئەنجلۆس تایمز)دا دەنووسێت “زۆر کەس ئێستا دژى دووبارەکردنەوەى ئەزموونى یۆگسلاڤیایە لە عێراق، واتە عێراق دابەشبکرێت بۆ سێ دەوڵەتى سەربەخۆى سنوور جیاواز و سەروەرێتى سەربەخۆ و هاوبەش لە کۆمەڵێک مەسەلە کە تایبەتمەندێتى جێوپۆلۆتیکى عێراق دەیسەپێنێت، بیرمان نەچێت لە نەوەدەکانى سەدەى رابردووش هەمان بەرهەڵستکاریى بۆ بیرۆکەى دابەشکردنى یۆگسلاڤیا دەکرا و دەبینرا، بەڵام دواجار هەموو لایەک بەو قەناعەتە گەیشتن لە وڵاتێکى پێکهاتە جیاواز کە بنەماى پێکەوە لکاندنیان بە یەکەوە ئارەزوومەندانە نەبووە، دابەشکردن و سەربەخۆبوونى هەر نەتەوەیەک لە پێکهاتەکانى ئەو وڵاتە باشترین چارەسەرە بۆ سەقامگیربوون و پێشکەوتن، ئەم چارەسەرە بە راى من لەگەڵ چارتى نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا دێتەوە، بەو پێیەى سەرەکیترین ئامانجى بریتییە لە دەستەبەرکردن و پاراستنى ئاشتى و ئاسایشى جیهان”.

کورد بە زۆرى زۆرداریى کراوە بە عێراقى بۆچى باجى عێراق بدات؟ بۆچى بە ئاگرى شەڕى سووننە و شیعە بسووتێت؟ بۆچى باجى هەڵەکانى سەدام و جەعفەری و مالیکى و کێ و کێ بدات؟. شیعەیەکى خوارووى عێراق و زۆنگاوەکان چى دەیبەستێتەوە بە شاخەکانى کوردستانەوە؟ کوردێکى کۆچەریى کوێستانشین چى بە بیابانە کاکى بەکاکییەکانى عەرەبستانەوە گرێى دەدات؟ جامانە و عەگال، شاڵ و دشداشە، خورما و گوێز، کەوى کوردستان و هوشترى بیابان چى بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە؟ جگە لە درۆ و وەهمى عێراقى داسەپاو نەبێت !! باشترین چارەسەر و کارسازترین هەنگاو بۆ دەرچوون لەم قەیرانەى ئەمڕۆى عێراق دابەشکردنێتى بۆ سەر سێ وڵات، ئاخر دەزانن ئەزموونی تاڵی یۆگسلاڤیا وامان پێدەڵێت؟!.

*ئەم وتارە شیکارییە پێش یانزە ساڵ بە دوو بەش لە ژمارەکانی (228-229)ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لە رۆژەکانی 17-18 یونی 2007 بڵاوبووەتەوە.

تێبینی: کۆی ئەم شیکارییە وەک بەشی سێهەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لە لاپەرە 109-130 چاپ و بڵاوکراوەتە. کە ئەو کتێبەش بە چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2018 لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە




سێ دیمەن لە عەشق.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

یەک
کاتێک عاشق بووم
گشت پەنجەرەکانی خۆشبەختیم لەسەر خۆم داخست
تاکە دەرگای خەم و پەژارەم کردەوە
کاتێک عاشق بووم
هەموو خەندە و قاقاکانم لە خۆم تۆراند و
ئامێزم بۆ فرمێسک و ئاه هەڵکێشان کردەوە

دوو
بۆ ئەوەی مەلی خەندەکانت بۆ ئەبەد نەفڕن، عاشق مەبە
بۆ ئەوەی رێگە لە لافاوی فرمێسک بگریت، عاشق مەبە
بۆ ئەوەی پەنجەرەکانی خۆشبەختیت دانەخرێ، عاشق مەبە
بۆ ئەوەی نەبیتە هاوڕێی شەقامە تەنیاکان، عاشق مەبە
بۆ ئەوەی زیندوو بمێنیتەوە، هەرگیز عاشق مەبە

سێ
کە مناڵ بووم
وام ئەزانی عەشق تەنیا گەمەی گەورەکانە
ئێستا گەورە بووم
ئەزانم عەشق تەنیا گەمەیەکی مناڵانەیە
کە مناڵ بووم وام ئەزانی عەشق یاری بەختەوەرییە
ئێستا گەورە بووم
ئەزانم عەشق گەمەکردنە بە ئاگر‌




نەسیمی عەشق .. شیعری: ستیڤان شەمزینی

پێرێ بە چرپە و بەدەم خۆمەوە ئەمووت
لە هەموو ساتەکاندا هەر چاوەڕوانی تۆم
چاوەڕوانم وەک پەپوولە بفڕیت
دوور دوور بفڕیت
چوونکە من ئاسمانێکی قووڵی عەشقم
دەرگای دڵم بۆ پێشوازیی تۆ کردۆتەوە
بفڕە ئازیزم بفڕە
من زۆر لە مێژە چاوەڕێم
دوێنی تۆ هاتیت، من وتم
چیتر تەنیایی لە ئامێز ناگرم
مانگی چواردەی من هەڵهات
نەسیمی ئەشقم هەڵیکرد و
پریاسکەی خەمم پێچایەوە
بۆ هەمیشە، خۆم
لە دوورگەی دڵی پڕ ئەوینتا ون کرد
ئەمڕۆ هیچ هەواڵێکی تۆم نەزانی
دەرگای ئاسمانم راوەشاند و
جەرگی زەویم شەق کرد
وتم پەروانە تەنهاکەی خۆمم بدەنەوە
چوونکە فێری سووتانى
ئاگری عەشقی من بووە
سبەی کاتێک تۆ دەردەکەویت
گەردەلوولی ناو دڵم ئارام ئەبێتەوە
شەپۆلەکانی ئۆقیانووسی عەشقم رادەوەستن
گڕکانی تووڕەیی خەیاڵم دەنیشێتەوە
ئەگەر دوو سبەی بێی
ناهێڵم هەناسەت لە هەناسەم
دڵت لە دڵم، لێوت لە لێوم
جەستەت لە جەستەم
ئاگری گەرمی رۆحت
لە رۆحی سارد و سڕم بێتەوە
ئەگەر هەفتەیەکی تر بێی
ئەبینی وەک مناڵانی شار بزێو و دەست نەسرەوم
ئەوان بە خەیاڵ ئەستێرەکان بە چنگ ئەگرن
بەڵام من بە واقیع هەسارەی دڵت داگیر دەکەم
ئەوان بە خەیاڵ یاری فوتبۆڵ بە مانگ دەکەن
من بە واقیع دەمم لە شەکرە سێوی دەمتدا ئەتوێتەوە




مێژووی خوێناویی سوپای عێراق لە فەرمانڕەوایی شا فەیسەڵەوە تا نوری مالیکی

نووسین و ئەنالیز: ستیڤان شەمزینی
سوێد

شاراوە نییە لە هیچ کەسێک ئەگەر بۆ یەک رۆژیش لە عێراقدا ژیابێت، سوپا رۆڵێکی بنەڕەتیی و سەرەکیی بینیوە لە نەخشاندنی وێنەی سیاسیی و فەرمانڕەوایی و سەقامگیرکردنی پایەکانی دەسەڵات. لە ماوەی زیاتر لە هەشتا ساڵدا سوپا میکانیزمێکی هەرە کاریگەری دەستی فەرمانڕەوایان بووە لە عێراقدا بۆ سەرکوت و دامرکاندنەوەی هەموو دەنگێکی ناڕازی یان خوازیاری گۆڕان و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسیی، بە قەبارەی ئەوەش سوپا بۆ هێزە بەرهەڵستکار و قەدەغەکراوەکان میکانیزمێکی ئێجگار هەستەوەر بووە، بە تایبەت بۆ بەکارهێنانی لە کودەتای سەربازییدا، ئەگەرچی کودەتای سەربازیی تەنیا دیاردەیەکی تایبەت نییە بە عێراق و هەر لێرە رووینەداوە، بەڵام دەبێت بڕوایەکی کۆنکرێتی بەو بهێنین کودەتا تەنێ لەو جێگە و جوگرافیا و سەرزەمینانەدا روودەدات، هەموو رێگاکانی ئاشتیی و دیموکراتی تیایاندا کڵۆمدراون بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سیاسیی. بە کورتییەکەی کودەتا سەربازییەکان تەنێ لەو شوێنانە روودەدەن حوکمێکی زۆرەملێ و دیکتاتۆرانەیان تێدا هەیە، ئەگەرنا لە هەر جێگەیەک دیموکراسی هەبێت، ئامڕاز و رێوشوێنی ئاشتیخوازانەش هەن بۆ پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات.
هەشتا ساڵ لە عێراقدا سوپا تەنیا رۆڵێکی ترسناک و دژی بەرژەوەندیی تەنانەت هاووڵاتیانی ناوخۆی وڵاتیشی گێڕاوە، چوونکە ئەو سوپایە هەموو جەنگێکی دۆڕاندبوو جگە لە جەنگی سەرکوتکردنی هەر “نا”یەکی ناوخۆیی، جگە لە گۆڕی بە کۆمەڵ و کوشتنی هاووڵاتیانی بێتاوانی ناوخۆ لە هەموو پێکهاتە جیاوازەکان شتێکی تۆمار نەکردووە بە سەروەریی یان بە شانازیی بۆی بنووسرێتەوە لە دیرۆکی تایبەتیی خۆیدا. ئەگەرچی سوپای عێراق لە سەرەتاوە بۆ داکۆکیی لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پاراستنی سوود و قازانجی گشتیی عێراقییەکان هێنرایە سەر شانۆی ژیان، بەڵام بێگومان بەرژەوەندیی باڵای عێراق لە یەکپارچەییدا بوو، ئەمەش بەهەموو شێوەیەک بە کارەسات بۆ کورد تەواو دەبوو، بینیشمان هەروا بوو بە کارەساتی گەورە بۆ کورد لە باشووری کوردستان تەواو بوو. جیا لەمەش سروشتی کۆمەڵگەی عێراقیی و هاتنە سەر شانۆی سیاسیی چەند گروهێکی دیکتاتۆر و تاکڕەهەند هەر زۆر زوو ئەو خەونەی بە گۆڕ سپارد کە خوازیار بوو سوپای عێراق ببێتە سوپایەکی بەهێز، داکۆکیی لە ژیان و قازانجی سەرجەم عێراقییەکان بکات، بە پێچەوانەوە لەبری ئەوەی سوپا بچێتە خزمەتی مرۆڤەکانەوە، بەداخەوە ملیۆنەها عێراقیی بە رێگەی جۆراوجۆر بوونە قوربانیی خەونی دزێوی سوپایەکی بەهێز، بە تایبەت لە رۆژانی رەشی حکومڕانیی دیکتاتۆری مەزن “سەدام حسێن”دا.

مێژووی عێراق یان مێژووی جیاوازیی و یەکترسڕینەوە؟

لە بەرەبەیانی مێژووەوە ئەو جێگەیەی ئێستا بەعێراق دەناسرێتەوە “میسۆپۆتامیا” ئاوەدانیی بووە، ئەمەش بەهۆی بەپیتیی خاکەکەی و هەبوونی ژێدەرێکی زۆری ئاوەوە. هەر لەگەڵ ئەو مێژووەدا ناکۆکیی و شەڕ و ئاژاوە بەشێکی دانەبڕاو بووە لە دیرۆکی سەر ئەم جوگرافیایە. بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی دێرینی بەر لە هەزاران ساڵی پێش زایین، ئەم راستییە بە ئاشکرا دەبینین: ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتیی و میسۆپۆتامیا بە تایبەتیی ناوچەی نائارام و پڕ لە ئاژاوە و کێشمەکێش بووە، هەر لە سۆمەرییەکانەوە تا دەگاتە ئاکادیی و حیسیی و ئاسووری و بابلی و کلدانی و دەسەڵاتی فارسەکان، ئەو سەرزەمینەی ئەمڕۆ پێیدەوترێت عێراق، گۆڕەپانی سەختترین ململانێی توندوتیژ و شەڕ و کوشتاری بێ بەزەییانە بووە. لە مێژووی دواتریشدا و لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامییەوە تا دەگاتە دوا رۆژەکانی خەلافەتی عەبباسیی و هەرەسهێنانیان لەسەر دەستی مەغۆلەکان، ئەوە نەک پشوویەک بەدی ناکەین، بەڵکو ئەوەی زیاتر لە هەر شتێکی دیکە لەم ماوە مێژووییەدا دەیبینین خوێن و ئازارە، ئەگەر حەججاجی کوڕی یوسفی سەقەفی نموونەیەکی توندوتیژ یان سەدامێکی سەروەختی خۆی بووبێت، ئەوە ئەو هەموو شەڕو کوشتارەی لە نێوخۆی موسڵمانە ئەمەویی و عەبباسییەکاندا روویدا شتێکی کەمتر نییە لەوەی لە مێژووی نوێدا هەستی پێدەکەین و دەیزانین.
جا لە کارەساتە خوێناوییەکانی بزووتنەوە هەڵگەڕاوەکان لە خەلافەت بگەڕێ، چوونکە سوورکردنی دیجلە لە خوێندا لەلایەن مەغۆلەکانەوە بە سەرۆکایەتی هۆلاکۆ رووداوێکی خوێناویی ئەوەندە گەورەیە تا مێژوو هەیە لە بیر ناچێتەوە. ئەگەر چاوێکیش بە قۆناغەکانی دواتر و دیرۆکی عوسمانییەکان هەتا داگیرکاریی ئینگلیزەکاندا بخێشێنین ئەوە دیسان ماوەیەک نابینین پشوویەکی تێدا بێت لە خوێنڕشتن و کاولکاریی و یەکتر سڕینەوە. بێگومانیش داگیرکاریی نوێی ئینگلیزەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بێ شەڕ و خوێنڕێژیی و کاولکاریی نەبوو. هەروەک چۆن مل پێ کەچکردنی کورد بۆ هەڵبژاردنی عێراقێکی عەرەبیی، بێ ژان و سەرئێشە و کاولکاریی و شەڕ نەبوو. ئەگەر لەهەموو ئەم کارەساتانە ورد بینەوە، راستییەکی رەها و روون هەیە، ئەوەی ئەم مێژووەی وەها پڕ کردووە لە خوێن، تەنیا و تەنیا هێز و لەشکر بووە، بۆیەکا ناماقووڵ نییە بڵێین لەوەتی عێراق هەیە “مەبەستمان لەو جوگرافیایە ئێستا پێیدەوترێ عێراق” ئەوەندەی لەشکر و خاوەن لەشکران رۆڵیان تێدا گێڕاوە هیچ شت و کەسی تر تا هەنووکەش نەیتوانیوە نیوەی ئەوە، رۆڵ ئەدا بکات. لە قۆناغی نوێدا وەختێک لە ژێر سایەی حکوومەتی ئینگلیز دەوڵەتی عێراق دروستدەکرێت و سوپایەکی قانوونی بۆ دادەمەزرێنێت ئیدی بەرە بەرە سوپا رێگەی زیاتری پێدەدرێت دەور لە هاوکێشە سیاسییەکاندا ببینێت، تا دواجار بارودۆخەکە بە جێگەیەک گەیشت سوپا لە عێراقدا کارەساتێکی گەورەی مرۆیی نایەوە، کارەساتێک لە دوای هۆلۆکۆستەوە لە وێنەی نییە لە تەواوی سەدەی بیستەمدا.

مێژووی دامەزراندنی سوپای عێراق

بڕانەوەی یەکەم جەنگی جیهانیی کە تێیدا هەردوو ئیمپریالیزمی فەڕەنسیی– بەریتانیی سەرکەوتن، جیهانی خستە بەردەم چەرخێکی تازەوە، کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە بوونە هۆی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی جیهان، ئیمپراتۆریای عوسمانلی “پیاوە نەخۆشەکە” لە ئەنجامی شەڕەوە تەواو شەکەت و لاواز ببوو، هەموو ئەو ناوچانەی لە دەستدابوو کەوتبوونە دەرەوەی تورکیای ئێستا. ئەم شکستەی عوسمانلییەکان هەلێکی زێڕینی دایە دەست هەردوو ئیمپریالیزمی براوەی جەنگ، بە ئاسانیی نەخشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابڕێژنەوە. لەم نێوەندەدا حکوومەتی ئینگلتەرە لەسەر جەستەی هەر سێ ویلایەتی بەسرە، کوفە، موسڵ “پێشتر شارەزوو بوو” توانی دەوڵەتێکی نوێ دابمەزرێنێت بەنێوی “عێراق”. ئەگەرچی هەر لە سەرەتاوە ویلایەتی موسڵ یان راستتر بڵێین باشووری کوردستان کێشە و بیروڕای جیاوازی لەسەر بوو لەوەی بلکێنرێت بە عێراقەوە یاخۆ بە تورکیای نوێوە؟، بەڵام سەرەنجام دوا بڕیاری بەریتانیا- فەڕەنسا ئەوەبوو بخرێتە سەر عێراق بەتایبەت بەهۆی دۆزینەوەی نەوت، هاوکات بۆ زیاترکردنی رێژەی سووننە مەزهەب لە عێراقی تازە دروستبوودا.
بەریتانییەکان سەرەنجام عێراقی عەرەبییان دروستکرد و پادشایەکیان لەدەرەوەی عێراق هێنا بۆی، دەستووری تازەی عێراقیش بە هەموو جۆرێک عێراقی وەک وڵاتێک یان بەشێک لە نیشتمانی عەرەب دەناساند و نکۆڵیی لە هەبوونی هەر نەتەوە و گەلێکی دیکە دەکرد. لە ماددەی دووەمی دەستووری ساڵی 1925دا نووسراوە “عێراق دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازادە، بە هیچ جۆرێک خاکەکەی پەرت پەرت ناکرێت و دەست لە هیچ بەشێکی هەڵناگیرێ، حکوومەتەکەشی حکوومەتێکی پاشایەتی نیابییە”، بەڵام لە راستیدا حوکمی راستەقینە لە ژێر چنگی بەریتانیادا بوو، چوونکە هەتا ماوەیەکی زۆر دواتر، عێراق هەر لەژێر سایەی ئینتیدابی ئینگلیزییدا مایەوە. بەریتانییەکان خوازیاربوون عێراق بە گشتیی یەکەیەکی کارگێڕیی بێت و هەموو بەرژەوەندییەکانیان تێیدا پارێزراو بێت، دەسەڵاتی پادشایی دەیخواست بۆ داکۆکییکردن لە پەیکەری فەرمانڕەوایی شانشینەکەی هەموو رێگەکانی خۆی بەکاربهێنێت، لەم چوارچێوەدا بۆ دروستکردنی دامەزراوەکانی حکوومەتێکی پاشایی فەرمیی هەنگاوی پێکهێنانی سوپا بووە پێویستییەکی پلە یەک.
ئەگەرچی لە پێشتریشدا ئیدارەی ئینگلتەرە چەندین هێزی جیاجیای نافەرمییان لە جێگەکانی عێراق دروستکردبوو، بەڵام ئەوە وەڵامی پێویستییەکانی نەدەدایەوە، بە تایبەت لەو سەروەختەدا عێراق دەوڵەتێکی تازە دامەزراو بوو. بەریتانییەکان لە ساڵی 1915 بە دواوە هەوڵەکانیان خستەگەڕ بۆ پێکهێنانی ئەو هێزە نافەرمییانە. لەو نێوەندەدا “هێزی لیڤی” دروستکرا، ئەگەرچی سەرەتا ئەم هێزە تەنیا لە40 پیاو دروستکرا، بەڵام دواتر ژمارەی گەیشتە “6199” پیاو، ئەمە لە مانگی مایسی ساڵی 1922. ئامانجی ئەم سوپایە کە زۆرینەی لە ئاشوورییەکان پێکهاتبوو، بە پلەی یەکەم دژایەتیکردنی کورد و دەسەڵاتی شێخ مەحمودی مەلیکی کوردستان بوو، ئەگەرچی بەریتانیا خوازیار بوو لە زۆر پێناوی تردا بەکاریبهێنێت “1”. بەڵام هەوڵەکانی دامەزراندنی سوپایەکی فەرمیی مەشقپێکراو، تاوەکوو ببێتە سوپای دەوڵەت، بۆ کۆتاییەکانی ساڵی 1920 و سەرەتای ساڵی 1921 دەگەڕێتەوە.
بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان هەنگاوی ئەفسەرە عێراقییەکان کە بەشێکی بەرچاویان کورد بوون، لەسەر دەستپێشخەریی بەریتانییەکان بووە. ئەوەبوو سەرەنجام (رۆژی 6-1-1921 لەسەر رۆخی رووباری دیجلە لە شاری بەغداد، کۆمەڵێک ئەفسەری عێراقیی، کە شارەزای تەواوی سوپا بوون و لەلایەن عوسمانلی و بەریتانییەکانەوە مەشقیان پێکرابوو، بە چاودێریی بەریتانیا و لە ماڵی عەبدولقادر ئەلخەزەیری کۆبوونەوە و بڕیاری دامەزراندنی سوپای عێراقیان دا. ئەو ئەفسەرانە دوانزە کەس بوون و لە نێوانیشیاندا بەشێکیان کورد بوون کە بە ئامادەبوونی مێجەر ئایدی راوێژکاری بەریتانیی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق و رائیدی سوارە “محێدین عومەر” یەکەمین کۆبوونەوەی سوپا ئەنجامدرا. لە ئەفسەرە کوردەکانیش هەریەکە لە”بەکر سدقی، تۆفیق وەهبی، جەمال بابان، جەلال بابان، بەهادین نوری و چەند کەسێکی تر” ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون). “2”.

هەندێک سەرچاوەی مێژوویی ناوی ئەو دوانزە ئەفسەرەی سوپای عێراقیان دروستکرد، تۆمارکردووە کە بریتی بوون لە هەریەک “عەقید عەبدولحەمیدی کوڕی ئەحمەد، موقەدەم عەبدولڕەزاق یاسین خواجە، موقەدەم شاکیر عەبدلوەهاب شێخلی، رائید سەعید حەقی عومەر، رائید محێدین سەلیم سوهرەوەردی، رائید بەکر سدقی شەوقی عەسکەری، رائید تۆفیق وەهبی مەعروف بەگ، رائید حیلمی محەمەد، نەقیب موحسین عکوش، نەقیب حەسەن تەحسین مستەفا عەسکەری، نەقیب یوسف پاچەچی، نەقیب یوسف حەنزەڵ”.* هەر لەو سەروەختەدا یەکەمین پڕۆژە یاسا بۆ رێکخستنی کاروباری سوپایی فۆرمۆڵەکرا و ناوی “بڵاوکراوەی سوپای عێراقی ساڵی 1921” بوو، لە سەرەتاوە لێی نووسرابوو ئەم پڕۆژە یاسایە “سێر پریسی کۆکس”ی جەنەراڵ و نوێنەری مەندوبی سامی لە عێراق دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەریکردووە و ئەم بڵاوکراوەیەش لە رۆژی یانزەی کانوونی دووەمی 1921 لەسەر هەموو تاکێک لە سەربازەکانی سوپای عێراق لە هەموو ناوچەیەکی عێراق پیادە و جێبەجێکراوە. لە 28 تەمووزی هەمان ساڵیش یەکەم فەوجی سوپای عێراقی بەناوی “موسا کازم” دامەزرا.**

هاوکات لەسەر راسپاردەی بەریتانییەکان و پشتگیریی ئەفسەرانی سوپای ئینگلیز “جەعفەر عەسکەری” کرایە یەکەمین وەزیری بەرگریی عێراق کە ئەویش پەیوەندیی کرد بەدۆستە نێزیکەکانییەوە تا هاوکاریی بکەن. *** ئیدی لەم رێکەوتە بە دواوە سوپای عێراقی بە فەرمیی دادەمەزرێت، بە تالیۆنێک پێکدەهێنرێت بە ناوی تیپی هاشمی کە تیپێکی سوارە بوو، بەڵام وردە وردە بە پێی تێپەڕینی کات و لەسەر داخوازیی بەریتانیا سوپای عێراقیی گەشەی کرد هەم لە رووی ژمارە و هەم لە رووی چەک و تەقەمەنی و ئامێرە جەنگییەکانەوە. ئەگەرچی حکوومەتی عێراقی ناچارکرابوو تەنێ لە حکوومەتی ئینگلتەرە چەک و چۆڵ بکڕێت، بەڵام بە بەراوورد بە کات و ژمارە و توانای سەربازیی سوپای عێراق، سوپاکە لە چەکی کەم نەبوو.
نووسەری ناسراو “پیتەر سلاگت” لە بارەی ئەو گەشەکردنەی سوپای عێراقییەوە دەنووسێت: دامەزراندنی سوپای عێراق لە شەشی کانوونی دووەمی 1921 بەرە بەرە لە ژێر رکێفی ئینتیدابدا قەبارەکەی گەورە بوو، لە3500 سەربازەوە بۆ 12 هەزار سەرباز، بەڵام دیسان دامەزراندنی ئەو سوپایە و پەروەردەکردنی بەو شێوەیەی بەریتانیا و مەلیک دەیانویست هەژموونێک بوو بۆ دەسەڵاتی ئەوکاتە.. بەریتانیاش بەشێوەی کرداریی عێراقی بەڕێوە دەبرد و لە هەموو بۆنە و ناخۆشییەکدا هاوکاریی سوپای عێراقی دەکرد لە سەرکوتکردن و راوەدونانی شۆڕشگێڕانی عێراقیدا. “3”. بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی، سوپای عێراق لە ساڵی 1933 لە12 هەزار سەرباز پێکهاتبوو، ئەم ژمارەیە لەساڵی 1935 بەرز دەبێتەوە بۆ 15هەزار سەرباز، تا ئەوەی لە کاتی شۆڕشی چواردەی گەلاوێژی 1958 لەلایەن “ئەفسەرانی ئازادیخواز”ەوە، ژمارەی سەربازانی خۆی لە نزیکەی “20” هەزار سەرباز داوە. بە گوێرەی زانیاریی لیوا “مەنسوور حەفید”یش گەشەکردنی ژمارە و توانای سەربازیی سوپای عێراق بە پێی چەند قۆناغێک بووە. ناوبراو لەلای خۆیەوە بەم جۆرە گەشەکردنی سوپای عێراق ریزبەند دەکات:

  • لە حوزەیرانی ساڵی 1921دا یەکەم فەرمانگەی تەجنیدی گشتیی سوپای عێراق، خۆبەخش دامەزرا.
  • یەکەم فەوجی سوپای عێراقیی “لە سەرەتای دامەزرانیدا” ناوی لێنرابوو فەوجی “موسای ئەلکازم”.
  • 28ی ئازاری 1928 حەڤدە قوتابی عێراقیی بۆ فێربوونی لێخوڕینی فڕۆکەی جەنگیی لە بەریتانیا وەرگیران.
  • 22 نیسانی 1931 یەکەمین وەجبەی فڕۆکەوانانی عێراقیی لە کولێژی کرانویل لە ئینگلتەرە دەرچوون.
  • لە23 تشرینی یەکەمی ساڵی 1937 دامەزراندنی یەکەم مەفرەزەی تانکی سووکی عێراقیی.
  • ساڵی 1937 دامەزراندنی یەکەمین یەکەی هێزی دەریایی عێراقیی.
  • یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی 1938 کردنەوەی یەکەمین کولێژی ئەرکان لە شاری بەغداد. “4”.
    رەنگبێ یەکێکیش لە هۆکارەکانی گەشەکردنی سوپای عێراقی جیا لەشەڕ و شۆڕ و سەرکوتی ناوخۆیی، پابەند بێ بەسەپاندنی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێیی. یەکەمین کەسێکیش یاسای زۆرملێیی پێڕۆ کردبێت، ژەنەراڵ “جەعفەر عەسکەری” بە رەگەز کورد بوو، چوون ئەو یەکەم کەسێک بوو لە جیاتی تەڕبووش سیدارەی خستە سەری. جەعفەر عەسکەریی کە لە یەکەم کابینەی حکوومەتی عێراقیدا، شالیاری بەرگریی بوو، ئەو یەکێک بوو لە کۆنە ئەفسەرەکانی سوپای عوسمانلیی، عەسکەری یەکەم کەسیش بوو داوای لە کۆنە ئەفسەرەکانی سوپای عوسمانلی کرد یارمەتی بدەن لە دامەزراندنی هێزی ئەرتەشی عێراقیدا. بۆ ئەو مەبەستە لە رۆژی بیست و دووی تشرینی دووەمی ساڵی 1923 پێشنیارێکی پێشکەش کرد بە ئەنجوومەنی دامەزرێنەری سوپا کە لەوێدا دەڵێ: بەرگرییکردن لە عێراق ئەرکێکی نیشتمانییە. ئەم دەربڕینە هاوواتای سەربازیی زۆرەملێی دەگرێتەوە. عەسکەری لە یادداشتنامەکەدا نوسیبووی “سوپا لەنێو گەلاندا رەمزی ژیانە و کۆڵەکەی سەربەخۆییە، هەروەها سەربەخۆیی میللەت و پاراستنی کەرامەتی بە پاڵپشت و ئاواتی سوپای بێگانە نایەتەدی”.

    ئەگەرچی حکوومەتی پادشایی ئەوکاتی عێراق بەهۆی پاشکۆیی بۆ سیاسەتی ئینگلتەرە ئەم خواستەی پشتگوێخست، بەڵام دواجار ئەو حکوومەتە لەرۆژی 12-6-1935 بڕیاریدا یاساکە جێبەجێ بکرێت، کە ئەمەش زنجیرەیەک خۆپیشاندان و ناڕەزایی توندیی جەماوەریی بە دوای خۆیدا هێنا لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا. دەستووری عێراق یەکێک لەو دەستوورانەیە گرنگیی بەرچاوی داوە بە سوپا، ئەمەش وێنەدانەوەی خواستی دەسەڵاتداران بووە کە خوازیاربوون سوپا وەک شتێکی پیرۆز و بایەخدار سەیر بکرێت و خەڵک لەسەر ئەوە رابهێنرێت بە گرنگییەوە بۆی بڕوانن. (دەستووری کاتیی 1958 کە لە27-7-1958 نوسراوە، لە ماددەی 17دا سوپا بەموڵکی گەل دادەنێ و ئەرکی پاراستنی سەروەریی وڵات و سەلامەتی زەوییەکانی پێ دەسپێردرێ. لە دوای کودەتای 1963 و لە دەستووری کاتیدا کە لە29 نیسانی 1964دا نوسراوە، بایەخی زیاتر بە پێگە و ئەرکەکانی سوپا دراوە و خاڵی سێیەم لە بابی چوارەمی سیستمی حکومڕانیی و لە میانەی شەش ماددەدا “77- 82” بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکراوە). “5”.

    لە سەردەمی پاشایەتیدا ئەگەرچی چەند کودەتایەکی سەربازیی روویاندا، بەڵام گەشەکردنی ژمارەی سەربازان و توانای سەربازیی سوپای فەرمیی عێراق، لەسەرخۆ و تاراددەیەک سروشتیی بوو. بەڵام لە دوای شۆڕشی چواردەی گەلاوێژی 1958ەوە، بەرە بەرە هەم سوپا بایەخی زیاتری پێدرا و گەشەیەکی نائاسایی بەخۆوە بینی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رەوشی سیاسیی عێراق تەواو ئاڵۆزیی بەخۆوە گرت، لەلایەک چەندین رەوتی وەک ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی عەرەب لە هەوڵی کودەتادا بوون، لەلاکەی تر لەساڵی 1961 بەولاوە شۆڕشی کورد بە رێبەرایەتی “پارتی دیموکراتی کوردستان”و مەلا مستەفا تاویسەند. ئەم دوو هۆکارە بوونە هۆکاری زیاتر بایەخدان بە یەکە سەربازییەکان لەلایەن حکوومەتی “عەبدولکەریم قاسم”ەوە. لێرە بە دواوە حکوومەتی عێراقی جیا لەوەی چەند هێزێکی تری نافەرمیی دروستدەکات لە وێنەی جاشە کوردەکان، لە هەوڵیشدایە توانا سەربازییەکانی زۆرتر پەرە پێبدات و ئاستی سوپای عێراق بەرز بکاتەوە بۆ ئاستی سوپا ناودارەکانی جیهان. لەم پێناوەدا حکوومەتی عێراق هەوڵدەدات کۆنتاکت لەگەڵ چەندین دەوڵەت ببەستێت بۆ بەدەستهێنانی چەک و تەقەمەنی سەردەم بە مەبەستی بەهێزکردنی سوپاکەی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر پیلانێکی ناوخۆیی لەلایەن عەرەبە ناسیۆنالیستەکانەوە، هەم بۆ دامرکاندنەوەی شۆڕشی ئەیلوول کە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر کڵپەی دەسەند و بەهێز دەبوو، بەڵام (سەختترین سەردەمی سوپای عێراق ئەو کاتە بوو بەعسییەکان دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە، چوونکە دوای هاتنە سەرکاری سەدام، سوپای عێراق کرایە 44 فیرقە و لە ساڵی 1990یشدا ئەو ژمارەیە بۆ 63 فیرقە بەرز بووەوە). “6”.
    دروست لەگەڵ هاتنە سەرکاری بەعسییەکان لە رێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە “1968”، بایەخی زیاتر درا بە سوپا، بەعسییەکان چوونکە خەونی نیشتمانێکی عەرەبیی گەورە و لەناوبردنی جولەکەیان هەبوو، هاوکات سوپاکەیان بە دۆڕاویی لە جەنگی عەرەب– ئیسرائیل گەڕابووەوە، دەیانویست بەهەر نرخێک بووە عێراق لەرێی بەهێزکردنی سوپاکەیەوە وەها لێبکەن دەسەڵاتی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بشکێت، هەروەک خوازیاربوون لە رەگەوە بزووتنەوەی کوردایەتی و نەژادی گەلی کورد دەربکێشن. بەعسییەکان چەندان بۆندیان لەگەڵ سۆڤێتی سووردا واژۆ کرد بۆ کڕینی نوێترین چەک و لاپاڵم و باڵەفڕی سیخۆی روسیی، بەڵام واقیعی عێراق زۆر لەوە سەختتر ببوو بەم چەکانە کۆنترۆڵ بکرێت یان بتوانرێت بەو چەکانە شۆڕشی کڵپەسەندووی کوردەکان بە هاوکاریی ئێران و ئیسرائیل و ئەمەریکا دابمرکێنرێتەوە. بۆیە سەرانی دەوڵەتی عێراق هەر لە دەیەی شەستەکانی سەدەی رابردووە بیریان لە بەدەستهێنانی چەکی کۆکوژ و کیمیایی دەکردەوە.

    “دەبلیو سیت کاروس” پێیوایە “عێراق بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی لە ساڵەکانی دەیەی 1960 و زۆر لەپێش لەوەی سەدام بگاتە دەسەڵات دەستپێکردبوو”. جیا لە هەموو ئەمانە قۆناغی باڵابوونی زیاتر و گەیشتنە لوتکەی سوپای عێراقی هاوکاتە لەگەڵ هاتنە سەرکاری سەدام حسێن “1979”، چوونکە سەدام خولیایەکی لە راددەبەدەر و زیاتری لە هەر سەرۆکێکی عێراقیی هەبوو بۆ بەهێزکردنی سوپا هەم لە رووی چەندایەتییەوە، هەم لە رووی چۆنایەتییەوە. ئەوەبوو سوپای عێراق پێشکەوتنی زۆری بەخۆوە بینی، تەنانەت لە ساڵی 1990دا عێراق خاوەنی زیاتر لە یەک ملیۆن سەرباز بووە، ئەمە بێجگە لەوەی خودانی تازەترین تەکنۆلۆژیی چەک و چۆڵ بووە. “ریچارد بێننێت” لەو رووەوە دەڵێت (لەشکری عێراقیی لە ساڵی 1990دا یەکێک بوو لە لەشکرە گەورەکانی جیهان، بەڵام لە کۆتایی یەکەمین جەنگی کەنداودا بەر بەرەڵڵاییەکی تەواو باڵی بەسەر پاشماوەکانی یەکە سەربازییەکانی لەشکرەکەدا کێشا، وایان لێهات لە هەموو لایەکەوە لەلایەن دوژمنەکانیانەوە زەبریان لێدەکەوت).
    حکوومەتی بەعس بەوە رازی نەبوو لە سنوورێکدا سوپاکەی قەتیس بکات، بەڵکو دەیویست سوپاکەی بکاتە سوپایەک پشت ببەستێت بە تەکنۆلۆژیترین چەکی سەردەم، بە تایبەتیی چەکی کۆمەڵکوژ. سەرانی بەعس بە رێبەریی “سەدام حسێن”، هەموو توانا و وزەی خۆیان بەکارهێنا تا وڵاتەکەیان بکەنە خاوەنی چەکی کیمیایی و ئەتۆمی. ئەم هەوڵە لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا زۆرتر برەوی سەند. بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتی پیشەسازیی سەربازیی لە چەندان رێگەی جۆربەجۆرەوە کۆنتاکتیان لەگەڵ دەوڵەتان و چەندین کۆمپانیای جیاجیا گرێدا تاکو ئەو خەونە بهێننەدی. بەڵام ئیسرائیل کە زیاد لە هەمووان هەستی بە مەترسیی عێراقێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی دەکرد، زۆر زوو، لە ساڵی 1981 لە رێگەی لێدانی هەواییەوە بنکەکانی کورەی ئەتۆمی عێراقی کاول و تێکوپێکدا، ئەمەش وەهای لە”مەناحیم بێگن”ی سەرۆکی ئەوکاتی ئیسرائیل کرد بە خۆشحاڵییەوە بڵێت وەک خۆی ئامانجەکەمان پێکا و خەونی لەناوبردنی ئیسرائیلمان پووچەڵ کردەوە. لەگەڵ ئەمانەشدا حکوومەتی سەدام هەر بەردەوام لەسەر سەرەڕۆییەکانی تا دواجار توانی عێراق بکاتە خاوەنی چەکی کیمیایی.
    (رژێمی عێراق توانی لە چەندەها بواری هەمەجۆری تەکنۆلۆژیای ناوکییدا مەشق بە کادرە تەکنیکی و ئەندازەییەکانی خۆی بکا تا ئەو راددەیەی کە ژمارەی زاناکان گەیشتە 500 زانا و ژمارەی ئەندازیاران و تەکنیککاران گەیشتە 5-7 هەزار کەس، جگە لە20 هەزار کارکەری تری ئەم بوارە. سەرباری ئەمەش بودجەیەکی زۆر تەرخانکرا کە گەیشتە 12 ملیارد دۆلار کە لەم کەرتەدا خەرجکرا، جگە لەوە، رژێم چەند دەزگایەکیشی دروستکرد پەیوەندییان بە بەرنامە ناوکییەکەیەوە هەبوو، کە ژمارەیان گەیشتە 28 دەزگا و پڕۆژە، لەوانە چەند مەڵبەندێک بۆ لێکۆڵینەوە و نەخشەسازیی و پیتاندنی یۆرانیۆم و چەند ناوەندێکیش بۆ ئەلکترۆنکاریی و تاقیکردنەوە). “7”. ئەوەی زیاتر عێراقی هاندەدا بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا تەکنۆلۆژیی سەردەمی چەک بەدەستبهێنێت بە تایبەت چەکی ناوکیی دوژمنایەتی بوو لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەک و شەڕی دەستەویەخەی لەگەڵ ئێران و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان لەلاکەی تر بوو. رژێمی بەعس لە دەیەی هەشتاکاندا زۆرترین بودجەی لە داهاتی وڵاتەکەی بۆ بەرهەمهێنان و کڕینی چەک و تەقەمەنی تەرخانکرد. هەندێک لە توێژەران و پسپۆران سەرسوڕمانی خۆیان نیشان دەدەن لەوەی بە درێژایی هەشتاکان عێراق زۆرتر لەو بڕە دیاریکراوەی بۆ سەرجەم کەرتەکانی تەندروستی و خزمەتگوزاریی تەرخانی کردبوو، بودجەی بۆ کەرتی سەربازیی و پەرەپێدانی یەکە سەربازییەکانی تەرخان کردبوو.
    Judit Miller، Laurie Mylroie دەربارەی فراوانبوون و خەرجکردنی ژمارەیەکی خەیاڵیی پارە بۆ سوپا لە سەروەختی جەنگی ئێران– عێراقدا دەنووسن “لەم ساڵانەدا بارودۆخی ئابووری ئەم وڵاتە زۆر خراپ ببوو، سەدام هەموو پاشەکەوتە داراییەکانی خۆی بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی سەرفکردبوو. لە دوو ساڵی سەرەتای جەنگ، عێراق 10 ملیارد دۆلاری یارمەتی دارایی لە وڵاتانی عەرەبیی وەرگرت کە هەمووی بۆ کڕینی چەک تەرخانکرا”. “8”. هەر لەمبارە، ئەنیستیتۆی نێودەوڵەتیی ئاشتی ستۆکهۆڵم بەراووردی کردووە: عێراق لە ساڵی 1984 بە بەهای نزیکەی 14 ملیارد دۆلار چەکی کڕیوە و بەکاریهێناوە. بە پێی بەراووردی “ئانتۆنی کوردسمان” کە یەکێکە لە شارەزایانی ئەمەریکیی، حکوومەتی عێراقیی لە نێوان ساڵەکانی 1982- 1985 نزیکەی 27 ملیارد و 300 ملیۆن دۆلار و لەنێوان ساڵەکانی 1986- 1989 نزیکەی 15 ملیارد و 500 ملیۆن دۆلار کە کۆی گشتیی زیاتر لە42 ملیارد دۆلارە لەم حەوت ساڵەدا چەکی هێناوەتە ناو وڵاتەوە. ئەو تەنانەت لەو بڕوایەدایە تینووێتی سەدام بۆ چەک لەماوەی ئەم ساڵانەدا لەم ژمارە سەرسوڕهێنەرەش زیاترە. حەزی سەدام بۆ کڕینی چەک تەنانەت پاش کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ ئێرانیشدا کۆتایی نەهات، بەشێوەیەک لە ماوەی پێنج ساڵی پاش تەواوبوونی شەڕ، عێراق گەورەترین وڵاتی کڕیاری چەک و پێداویستیی سەربازیی بووە. بەپێی بەراووردی شارەزایان 9% هەموو چەکە فرۆشراوەکانی جیهان لەلایەن سەدامەوە کڕدراون. “9”.
    ئەگەرچی لە دوای ئۆپەراسیۆنی “گەردەلوولی بیابان” سوپای عێراق لە رووی مەعنەویی و ماددییەوە بە تەواویی تێکشکێنرا، بەڵام سەدام حسێن زۆر لەوە سەرکێشتر بوو بەو گورزوەشاندنە دەست لەو خولیا و حەزە شێتانەیەی خۆی هەڵبگرێت. بۆیە لە ساڵانی ئابڵووقەی ئابووری و بازرگانیی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لەسەر عێراق، لە کاتێکدا بەندی حەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان رێگریی دەکرد لە عێراق چەک و چۆڵ بکڕێت، بەڵام رژێم بەرێگەی قاچاغ لە هەوڵدا بوو لە رێگای ئۆکرانیا و روسیا و بە بەرتیلدان لەناو تورکیادا، ژمارەیەکی زۆری چەک و پێداویستیی سەربازیی بهێنێتە ناو عێراقەوە، هەتاکو ئەمەریکا و کۆمەڵی نێودەوڵەتیی پێیانزانی کار لە کار ترازابوو، بەم جۆرە جارێکی دیکە سوپای عێراقیی بەهێز کرایەوە و چەندان یەکەی وەک “گاردی کۆماریی و سوپای قودس و گیانبەختکەرانی سەدام” لە دەرەوەی سوپای فەرمیی بە توانایەکی ماددیی و لۆجیستیی زۆرەوە قووتکرانەوە کە کاریان تەنیا داکۆکیکردن بوو لە رژێم و سەرکوت و لەناوبردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و هێزە بەرهەڵستکارە شیعەکانی باشووری عێراق. تا ئەوکاتەی لە پرۆسەی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە لە بەهاری 2003دا بە تەواوەتی لەبەریەک هەڵوەشایەوە و هەموو تەکنۆلۆژیا سەربازییەکەشی لە کیس چوو.
    شارەوا نییە سوپا لە عێراقدا جگە لەوەی ئامڕازێکی سەرەکیی بووە بۆ سەرکوتی نەیارە سیاسییەکان و هەمیشە لە بەرژەوەندیی چینی دەسەڵاتداردا بووە، لە هەمان کاتدا نابێت نکۆڵی لەوەش بکەین خودی سوپا و پۆستە هەستیارەکانی سوپا بۆ کەمینەی سووننە مەزهەبی عەرەبیی بووە. ئەم سیاسەتە وەنەبێ تەنیا لە سوپادا رەنگی دابێتەوە، نەخێر ئەم رامیارییە شۆڤێنییە لەسەر هەموو ئاستەکانی بەڕێوەبردن، بە روونی بەرجەستە ببوو. (حکوومەتەکانی عێراق هەر لە دابەشکردنی پۆستەکانەوە مامەڵەیەکی ناواقیعیان لەگەڵ کورددا کردووە، ئەم مامەڵەیە، یەک لە پێدانی دەسەڵاتەکاندا دیاری دەدات، بۆ نموونە لەساڵانی 1921 تا 1936 لە “57” پیاو بۆ بەڕێوەبردنی کابینەکانی حکوومەت دانرابوون، تەنیا “5” کەسیان شیعە و کورد بوون، لە سەرانسەری دەسەڵاتی بنەماڵەدا لە1921- 1958 پێنج وەزارەتە گرنگەکە بە دەست سووننە بوون، ئەم باڵادەستییەی سووننە لە ئاستی ناوخۆشدا رەنگی دابووەوە، بۆ نموونە لەساڵی 1933دا سووننەکان لە14 هەرێم، حوکمی 13یان دەکرد، هەروەها 37 قایمقامیان لە کۆی 43 قایمقام بەدەستەوە بوو). “10”.
    لە ژێر رووناکیی ئەم راستییە سادەیەدا بەو بڕوایە دەگەین، سیاسەتی دوورخستنەوەی کورد و شیعە لە فەرمانڕەوایی و پۆستە هەستیارەکان تەنێ لە سەردەمی بەعسەوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکوو مێژوویەکی درێژ و کۆنتری لە دیرۆکی سیاسیی عێراقدا هەیە. لەم رووەوە “پیتەر سلاگت” پێیوایە “ئەگەر بێینەوە سەر لایەنە ئەرێنییەکانی دەوڵەتی نوێی عێراق، کە خۆی لە دەستوور و پرۆسەی دامەزراندنی سوپای نیشتمانیدا دەبینێتەوە کە لە کانوونی دووەمی 1921دا هاتە کایەوە، ئەمەش هەر لە بەرژەوەندیی عەرەبی سووننە بوو کە بەشێکی کەمایەتییان لەو وڵاتەدا پێکدەهێنا”.”11″. بەعس لە هەموو حکوومەتەکانی تری عێراق جیددیتر و کاریگەرانەتر کەوتە داماڵینی کورد و شیعە لە پۆستە هەستیار و گرنگەکانی سوپادا. تەنانەت بەدرێژایی هەشتا ساڵ یەک فڕۆکەوان نەبووە لە ریزەکانی سوپای عێراقیدا بە رەگەز کورد بووبێت، یان نەبیستراوە لەو ماوەیەدا هیچ کام لە وەزیرەکانی بەرگریی سەردەمی حکوومەتی سەدام تەنانەت کوردێکی بەعسیش بووبێت. ئەمەش بۆ گرەنتیکردنی ئەوە بووە سوپا بۆ کودەتای سەربازیی بەکارنەهێنرێت لە دژی دەوڵەتی بەعس.

کاریگەریی سوپا لەسەر سیاسەت و شێوەی فەرمانڕەوایی

سوپای عێراق یەکێک لەو سوپایانە بووە بەردەوام کارتێکردن و کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی سیاسیی وڵات هەبووە، یان بەدەربڕینێکی دیکە سوپا بێلایەن نەبووە لە بەرامبەر سیاسەت و پرسەکانی بەڕێوەبردن و حوکمداریی. وەک لە سەرەتاشەوە ئاماژەی پێدرا بەهۆی ئەو چەپاندنە سیاسییەی هەر لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە لەم وڵاتەدا بەڕێوەچووە و هەروا بەهۆی نەبوونی زەمینەیەکی کراوە و دیموکراسی، تاکو هێز و بزووتنەوە سیاسییەکان چالاکیی تێدا بکەن و کار بکەن بۆ وەدەستهێنان و بە دەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی، ئەوە رێگەی کودەتای سەربازیی لە زۆرترین بارەکاندا رێگەچارەیەکی ناچاریی و تەنیا بووە بۆ گۆڕینی مۆدیلی حوکم لە عێراقدا. بۆیەکا دەبینین هەر لەسەرەتاوە سوپا بەردەوام لەلایەن بزووتنەوە سیاسییەکانەوە بەکارهێنراوە بۆ گۆڕینی رژێمە فەرمانڕەواکان، بەم هۆیەوە لە ماوەی چەند دەیەی تەمەنی ئەو سوپایەدا چەندان کودەتای سەربازیی سەرکەوتوو و سەرنەکەتووی ئەنجامداوە. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان تەنیا لەماوەی نێوان ساڵانی 1921- 1979 کە هاوکاتە لەگەڵ هاتنە سەرکاری “سەدام حسێن”، سوپا 13 کودەتای سەربازیی ئەنجامداوە کە بەشێکیان سەرکەوتنیشیان مسۆگەر کردووە.
یەکەمین کودەتای سەربازییش لە مێژووی عێراقی قۆناغی فەرمانڕەوایی پادشایەتیدا، بە فەرماندەیی ژەنەراڵ “بەکر سدقی” بە رەگەز کورد لە ساڵی 1936 ئەنجامدرا و پاش سەرکەوتنی، حکوومەتێکی نوێی بە سەرۆکایەتی “حیکمەت سڵێمان” پێکهێنا و خۆیشی بووە وەزیری بەرگریی ئەو حکوومەتە. بەهۆی ئەوەی “بەکر سدقی” هەستێکی کوردانەی هەبوو و چەندین ئەفسەر و پلەداری کوردی لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە و دژی ناسیۆنالیستی عەرەبیی بوو، لە ساڵی 1937 لە کاتێکدا بۆ نمایشێکی سەربازیی سەردانی تورکیای کرد، لە شاری موسڵ کەوتە بۆسەیەکەوە و دوای ئەوەی گوللەیەک لەسەری درا، کوژرا.”12″. هەر لە سەردەمی فەرمانڕەوایی پادشایەتیدا چەندین کودەتای سەربازیی دیکە روویاندا، لەوانە کودەتای ساڵی 1941کە لەلایەن ئەفسەری ناسراو “سەلاحەددین ئەلسەباغ”ەوە لە دژی حکوومەتەکەی “تەها هاشمی” سەریهەڵدا. دوای سەرکەوتنیان دەستەی کودەتاچی حکوومەتێکی نوێیان بە سەرۆکایەتی “رەشید عالی گەیلانی” پێکهێنا، کە نازناوی “حکوومەتی بەرگریی نیشتمانیی” پێدرابوو، وەلیعەهدی وڵات “میر عەبدولئیلاه” لە ترساندا هەڵات و پەنای بۆ یەکەیەکی سەربازیی خۆیان برد لە نزیک شاری “دیوانیە”، بەڵام دواتر حکوومەتە نوێیەکە چوونکە خوازیاربوو لە ژێر رکێفی بەریتانییەکان بێتە دەرەوە، بە هەماهەنگیی بنەماڵەی مەلیکی عێراق و بەریتانییەکان تێکشکێنرا و چوار لە سەرکردە سەربازییەکانی کودەتا لە سێدارەدران، خودی “سەلاحەدین ئەلسەباغ”یش ناچار بە هەڵاتن بوو سەرەتا بۆ تورکیا و پاشان بۆ ئەڵمانیا، دواتریش گەڕایەوە مەمملەکەتی عەرەبیی سعودیە و داوای مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە کرد.”13”.
گەورەترین و کاریگەرترین کودەتایەک لە سەردەمی پادشایەتیدا روویدا بێت، کودەتای ئەفسەرانی ئازادیخواز بە سەرکردەیی “عەبدولکەریم قاسم” بوو لە14 گەلاوێژی ساڵی 1958دا. ئەم کودەتایە تەواو سیمای سیاسیی و فەرهەنگیی کۆمەڵگەی عێراقی گۆڕی و کۆتایی بە رژێمی پادشایەتی هێنا و لە جێگەیدا رژێمی کۆماریی جێگیر کرد. هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک چاکسازیی سیاسیی و ئابووری دەستیانپێکرد، بەتایبەت بۆ یەکەمین جار دەستووری عێراقی دانی بە هاوبەشێتی کورد و عەرەبدا نا لە وڵاتی عێراقدا. لە ماوەی پێنج ساڵی حکومی عەبدولکەریم قاسم “1958-1963″دا چەندین هەوڵی کودەتا و تیرۆرکردنی قاسم بەڕێوە چووە، لە هەشتی ئازاری ساڵی 1959 بزووتنەوە هەڵگەڕاوەکەی شەواف “عەقید عەبدولوەهاب شەواف” فەرماندەی لیوای پێنج لە موسڵ، هەوڵی کودەتایەکی سەربازییان دا بە یارمەتی هەندێک ئەفسەری عەرەب و تورکمان، بەڵام لە کۆتاییدا بزووتنەوەکە دامرکێنرایەوە و “شەواف”یش لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە کوژرا. بەهۆی ئەوەی حکوومەتی قاسم لە بەڵێنەکانی خۆی پەشیمان ببووەوە لە پێدانی مافەکانی کورد، بە پێچەوانەوە لە شەڕێکی نابەرامبەردا بوو لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، بارودۆخی ناوخۆیی عێراق شڵەژان و ئاڵۆزییەکی سەرسوڕهێنەری بەخۆوە بینی، ئەمەش دەرگای خستە سەر گازارەی پشت بۆ بەعسیی و ناسیۆنالیستە عەرەبەکان لە رۆژی هەشتی شوباتی 1963 کودەتایەکی سەربازیی بەسەر حکوومەتەکەی “قاسم”دا بکەن و خودی سەرۆک کۆمار و چەند وەزیر و هاوەڵێکی، بە دیلیی بکەونە بن دەستی کودەتاچییەکان. سەرکردەکانی کودەتا بە تایبەت “عەبدولسەلام عارف” خوازیاربوون بەهۆی کوشتنی قاسم و هاوڕێکانییەوە کەشێکی تۆقاندن لە عێراقدا نیشان بدەن. ئەوەبوو لە دادگاییەکی سەربازیی خێرا و کارتۆنیدا فەرمانی خنکاندن و لە سێدارەدانی عەبدولکەریم قاسم و هاوکارەکانی پەسندکرا و زۆر بە خێراییش حکومەکە جێبەجێکرا.
سەمیر خەلیل “کەنعان مەکییە” لە کتێبەکەیدا “کۆماری ترس” دەربارەی دیمەنەکانی لە سێدارەدانی کەریم قاسم و هاوکار و دەست و پێوەندەکانی، دەنووسێت “لاشەکەیان هێنا بۆ ناو ستۆدیۆ و لەسەر کورسییەک دایاننا. سەربازێک لە تەنیشت لاشەکەوە بە وەستاویی دەردەکەوت، سەربازەکە بەشە جۆربەجۆرەکانی لاشەی قاسم لەگەڵ هەندێ روونکردنەوەدا پیشانی خەڵکی دەدات. لە ناکاودا ئەم دیمەنانە لا دەچوو و چەند دیمەنێکی تر لە شەڕی قاسم و لایەنگرانی ئەو لەگەڵ کودەتاچییەکان کە لەوەزارەتی زانیارییدا روویدا بوو نیشانی بینەران دەدران”. “14”. دوای کودەتای هەشتی شوبات، حکوومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵ “عەبدولسەلام عارف” پێکهات، بەڵام دیسان ئەم حکوومەتەش لە هەڕەشەی کودەتا دەربازی نەببوو، ساڵی 1966 سەرۆکی عێراق لە رووداوێکی تەمومژاوییدا و لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە، گیانی لە دەستدا. بەهۆی ئەم رووداوەوە حکومی وڵات کەوتە بن دەستی براکەی “عەبدولڕەحمان عارف”. تەمەنی ئەمیش لە فەرمانڕەواییدا وەک کاکی کورت بوو، چوونکە زۆری نەخایاند و پاش کەمتر لە دوو ساڵ، بەعسییەکان لە رێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە کە لە ئەدەبیاتی بەعسیزمدا بە شۆڕشی 17-30 تەمووز ناوزەد دەکرێ “عەبدولڕەحمان عارف”یان لە ناوەڕاستی ساڵی 1968 لەسەر کار لادا و ناچار بە هەڵاتنیان کرد بۆ دەرەوەی وڵات.

لە ساڵی 1968 بەولاشەوە چەندین هەوڵی تری سەرنەکەتووی کودەتا هاتنە ئارا، بەڵام زۆرینەیان بەهۆی دڵڕەقیی بەعسییەکانەوە بە زوویی دامرکێنرانەوە. لەوانە هەوڵی شکستخواردووی”نازم کەزاز”ی ئەندامی پایە بڵندی ئەمن و دەستی راستی حزبی بەعس لە ساڵی 1973دا. لە سەروەختی دەسەڵاتی بەعسییەکاندا هەموو رێوشوێنێک ئامادە کران بۆ بەرگرتن لە ئەنجامدانی کودەتای سەربازیی، بۆ ئەو مەبەستە یەکە نهێنییەکانی وەک موخابەرات و ئاسایش و چەند دامودەزگایەکی تر بە وردیی چاودێریی تەنانەت هەڵسوکەوتی هاووڵاتیانی ئاساییان دەکرد. هەر لەم ساڵانە بە دواوە بەدەیان هەزار بگرە سەدان هەزار راپۆرتنووسی نهێنی دامەزرێنەران، بۆ ئەوەی بە وردیی چاودێریی جموجۆڵی هەر هاووڵاتییەکی سادەش بکەن. هەر بەم هۆیەوە بوو لە ساڵی 1971 “سەدام حسێن” جێگری سەرۆک کۆماری ئەوکات، توانی بە لووتبەرزییەکەوە بە رۆژنامەنووسان بڵێت “ئەو رۆژانە تێپەڕی چەند کەسێک لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و بە چەند ئامادەکارییەک کودەتا بکەن و رژێم بڕوخێنن و خۆیان بگەیەننە دەسەڵات. حزبی ئێمە زۆر بەهێزە و چیتر مۆڵەتی چالاکیی خائینانە بەم جۆرە کەسانە نادات”.
ئەگەر سەرنج بدەین لەوانەیە بگەینە ئەو ئەنجامەی لەمێژووی نوێی رۆژهەڵاتی نێویندا عێراق تاکە وڵاتێک بێت زۆرترین ژمارەی کودەتای سەربازیی تێدا ئەنجامدراوە. هەروەک ئاشکرایە لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا بە ئێستا دەگات، لە سۆمەرەوە تا بەعس، زۆرترین ئەو سەرکردە و شا و میرانەی حوکمی عێراقیان کردووە بە کوشتنیان کۆتایی بە دەور و دەسەڵاتیان هێنراوە. بەدەر لە کودەتای سەربازییش سوپای عێراق هەمیشە لە بەرژەوەندیی دەستەبژێری فەرمانڕەوادا بەکارهێنراوە، لە زۆرترین جارەکاندا، سوپا رۆڵێکی ئێجگار دڕندانەی بینیوە لە خامۆشکردنەوەی بزووتنەوە و راپەڕینی گەلانی عێراقدا، هەروەک چۆن سوپا هەمیشە قەڵغانێک بووە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خاوەن شکۆ و میر و دیکتاتۆرە دەسەڵاتدارەکان، ئاواش هەمیشە دژی سەرهەڵدانە سیاسییە گۆڕانخوازەکان رۆڵێکی بێڕەحمانە و ئێجگار هۆڤانەی گێڕاوە.

سوپا وەک دامەزراوەیەکی سەرکوتکاریی ناوخۆیی 1921- 2003

سوپای عێراقیی ئەگەرچی یەکێک بووە لە پڕ چەکترین و قەرەباڵغترین سوپا لەناوچەکەدا، بەڵام هەمیشە هەموو جەنگێکی دەرەکیی دۆڕاندبوو، تەنیا لە جەنگی لەناوبردنی هاووڵاتیانی سڤیلی ناوخۆی وڵات سەرکەوتوو و دلێر بووە. ئەگەر بڕوانین سوپای عێراق لە دەیەی شەستەکانی سەدەی بیستەم “1967” لە جەنگی هەمەلایەنە و گشتیی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل کە زۆرینەی سوپای عێراق لە خاکی وڵاتی “ئوردون”دا بوون، یەکێک بوو لە بەزیوترین سوپاکان!. جەنگی هەشت ساڵەی عێراق– ئێران چی مانایەکی تری نەبوو جگە لە بەزینی سوپای عێراق لە مەیدانی جەنگدا؟!. ئەوە لە هەردوو جەنگی کەنداودا سوپای عێراق نەک هەر نەیتوانی بەرگریی بکات و داکۆکیی لە وڵاتەکەی بکات، بەپێچەوانەوە بە چەند رۆژێکی کەمی شەڕ، سەرلەبەر تێکوپێک شکا و ریزەکانی پەرتەوازە بوو. لە ئاستی ناوخۆیشدا سوپای عێراقیی نەیتوانیوە بە بێ پاڵپشتیی دەرەکیی و بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ بەسەر هێزە بەرهەڵستکارە چەکدارەکاندا زاڵ ببێت!!، بە تایبەت هەمیشە لە بەرامبەر هێزی پێشمەرگەدا خۆڕاگرییەکی ئەوتۆی تۆمار نەکردووە، شیاوی نووسینەوە بێت لە لاپەڕەکانی مێژوودا. ئەگەر یەک ساڵی شەڕی کورد و عێراق بە نموونە وەربگرین “1974- 1975” ئەو راستییەمان لەلا ئاشکراتر دەبێت لە مەیدانی جەنگدا سوپای عێراقی نەک نەیتوانیوە کوردستان کۆنترۆڵ بکات بەڵکو توانای داکۆکییەکی زۆریشی لە خودی خۆی نەبووە، ئاخر بێ هۆ نییە حکوومەتێکی بەهێزی خاوەن توانای ئابووری وەک عێراق لە رێی بەخشینی بەشێک لە وڵاتەکەی بە ئێران و چوونە ژێرباری رێکەوتننامەیەکی مینا رێککەوتنی جەزائیری ساڵی 1975ەوە خوازیار بێت بزووتنەوەی گەلی کورد تووشی نسکۆ و شکست بکات. چوونکە روون بوو بۆی هەرگیز سوپا وزەی نییە رووبەڕووی شۆڕشێکی گەورە و بەهێزی وەک شۆڕشی ئەیلوول ببێتەوە.

سوپای عێراق هەر لەگەڵ لە دایکبوونییەوە تا هەڵوەشاندنەوەی بەرپرسیاری چەندین سەرکوتکاریی ناوخۆیی هاووڵاتیانی هەموو گەلە جیاوازەکانی ناو عێراق بووە، ئەم سوپایە زیاتر لە جارێک پرۆسەی کۆمەڵکوشتن و پەلاماردانی بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل بەڕێوە بردووە، ئەم پرۆسەیە لە باشووری کوردستان بە سەختترین و کاریگەرترین شێوە تێپەڕیوە، بە ئەندازەیەک کەم ماڵ هەیە لانیکەم قوربانییەکی نەبێت لەسەر دەستی ئەو سوپایە، هەروەک چۆن کەم گوند و شارۆچکە هەیە زیاد لە جارێک نەکەوتبێتە ژێر رەحمەتی تانک و تۆپ و لاپاڵمی رژێمەکانی عێراق، ئەمەش وای کردووە زۆرینەی گوند و ناوچەکانی کەنار، لە باشووری کوردستان چەندان جار رووخێنران و سووتێنراون و خەڵکەکەشی راگوێزراون. سوپای عێراق لە دەیەی بیستەکانی سەدەی رابردوودا “ساڵەکانی 1924، 1926، 1927، 1928″، هەستاوە بە سەرکوتکردنی چەندین بزووتنەوە و راپەڕینی میللیی و ئازادیخوازانە، بۆ نموونە لە هەریەک لەشارەکانی وەک “موسڵ، نەجەف، کەربەلا، بەسرە، ناسرییە، رومادی”، هەروەها لە باکووریش چەندین هەڵمەتی بەڕێوە بردووە بۆ لەناوبردن و سەرکوتکردنی بزووتنەوە سیاسییەکانی گەلی کورد و ئاشوورییەکان، لە ساڵی 1924یش سوپا هەڵمەتێکی دڕندانەی سەرکوتکردنی لە شاری سلێمانی بەڕێوە برد کە تێیدا ژمارەیەکی بێشوومار بوونە قوربانی.**** لە ساڵانی دواتریشدا بە هەمان شێوە سوپا رۆڵی سەرەکیی و هۆڤانەی گێڕاوە لە بەرپەچدانەوەی زۆرینەی شۆڕش و راپەڕینەکانی گەلانی عێراق.

ئەم سەرکوتە زۆر دژوارەی سوپا لەبەرامبەر کورد و نەتەوە و گەلە ناعەرەبەکانی عێراق چەند قات زیاتر بووە. بۆ وێنە لەسەردەمی پاشایەتیدا سوپا دەورێکی وەحشەتناک و توندی هەبوو لە کۆمەڵکوشتنی ئاشوورییەکان لە باکووری عێراق. “لە11ی ئۆگۆستی 1933دا، یەکەیەکی سەربازیی پڕ چەک لە ژێر فەرماندەیی ژەنەراڵ سدقی دا چووە شارۆچکەی سیمێڵەوە. بەشێوەیەکی سیستماتیک دەستکرا بە رەشەکوژیی لە پیاوان و ژنان و مناڵان. کە دانیشتووانەکەی ئاشوورییەکان بوون. لە جیاتی ئەوەی ئەم کۆمەڵکوژییەی ئاشوورییەکان ببووایە بە ریسواییەکی نیشتمانیی، کەچی بووە سیمبۆل بۆ یەکێتی خاک و شانازیی نیشتمانیی. کەوانە ئاڕمی سەرکەوتن لەسەر شەرەفی سوپا لە شاری موسڵ چەقێنرا، لە کاتی گەڕانەوەی سوپاش بۆ بەغداد، لە نمایشێکی سەربازییدا لە شەقامەکاندا گوڵباران کران”. “15”. سەرچاوە مێژووییەکان ژمارەی کوژراوە ئاشوورییەکان لەم قەتلوعامە کوێرانەیەدا بە زیاتر لە4 هەزار کوژراو مەزندە دەکەن و هەندێک ژێدەریش پێیانوایە ژمارەی قوربانییەکانی ئەم پرۆسەی کۆمەڵکوشتنە مێژووییە نزیکەی 5 هەزار کەس بووە. لەئەنجامی ئەم سەرکەوتنەشەوە بوو ژەنەراڵ “بەکر سدقی” بە رەگەز کوردی پاڵەوانی جینۆسایدی ئاشوورییە مەسیحییەکان پلە سەربازییەکەی لە سوپادا لە عەقیدەوە بەرزکرایەوە بۆ فەریق.
هاوکات لەگەڵ کردەوەی هەڵمەتی پاکتاوی ئاشوورییەکاندا، کیوماڵێکی گەورەش لە کوردستان بەڕێوە دەچوو، لەو سەروەختانەدا کە شۆڕشی بارزان لە ژێر سەرکردایەتی “شێخ ئەحمەدی بارزان” لە کڵپەسەندن و تاودا بوو، رژێمی پاشایەتی بە هاوکاریی باڵەفڕ و یەکە تایبەتییەکانی ئەرتەشی ئینگلیز بە خەستی پرۆسەیەکی کاولکاریی و کوشتاریان لە ناوچەکانی بارزان و دەوروبەری بەڕێوە دەبرد، ئەم پرۆسەیە سەختترین پرۆسەی کاولکاریی بوو لە بەرامبەر کورد لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئەو رۆژگارە. لە ساڵەکانی 1933-1934 “تەنیا لە ناوچەکانی بەرۆژ، مزووری و شیروان 79 گوند وێران کران، لە سەرجەمی 2382 خانووبەرە 1365 خانوویان سووتاند و رووخاند، واتە 60%ی وێران کرا”. “16”. لە دوای خامۆشبوونەوەی مەشخەڵی شۆڕشەکانی بارزان و زاڵبوونی تەواوەتی حکوومەتی پاشایەتی بەسەر کوردستاندا، سوپا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەربڵاوی نەکردۆتە سەر ناوچە کوردنشینەکان، بەڵام لەلایەکی ترەوە هەر کات پێویستی کردبێت سوپا ئامادە بووە بۆ سەرکوت و کوژاندنەوەی ئاگری هەر راپەڕینێک لە هەر لایەکی کوردستانەوە سەریهەڵدابێت.

ئەمە جیا لەوەی حکوومەت بەشێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆداڕێژراو لە هەوڵی تەعریبکردنی ناوچە کوردنشینەکان و داڕنینی مۆرکی کوردیی هەندێک ناوچەیی ستراتیژیی کوردستاندا بوو، ئەم سیاسەتەش درێژەی کێشا هەتا ئەو کاتەی کۆمەڵەی ئەفسەرە ئازادیخوازەکان لە ژێر رێبەریی قاسم– عارف “عەبدولکەریم قاسم– عەبدولسەلام عارف” لە ساڵی 1958، لە رێی کودەتایەکی سەربازییەوە رژێمی پاشایەتیان گۆڕی بۆ رژێمی کۆماریی. لە سەرەتای دەسەڵاتی “قاسم”دا گەلێک هەنگاوی گرنگ لە ریفۆرمی سیاسییەوە تا ریفۆرمی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کشاوەرزی نران، لەناو ئەم پانتاییەدا بوارێک بۆ کورد رەخسا تاوەکوو بەشداریی بکات لە ژیانی سیاسییدا، لێرەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتییە پیشەییەکانی بە ئاشکرا دەستیانکرد بە کارکردن. لە ساڵی 1959دا بارزانی “مەلا مستەفا 1903-1979” لە تاراوگەوە “سۆڤێت” گەڕایەوە بۆ عێراق و لە رێی کەرنەڤاڵێکی جەماوەرییەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، لەولاشەوە دەستووری عێراق بۆ یەکەمین جار دانی نا بە مافی کورد و هاوبەشێتی کورد و عەرەبدا لە چوارچێوەی وڵاتدا.
مانگی هەنگوینی پەیوەندیی دۆستانەی کورد و حکوومەتی قاسم کورت بوو، ساڵی 1961 جارێکی دیکە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی کورد و رژێمی بەغدا تەقینەوە و لە کوردستانەوە مەشخەڵی شۆڕش داگیرسایەوە، بەڵام سوپای عێراق بێ هیچ گوێدانە پرنسیپێکی جەنگ و مۆراڵی شەڕکردن، بە فۆرمێکی داپڵۆسێنەرانە کەوتە وێزەی خەڵک، کردەوە و رەفتارە دوور لە پرنسیپە سەربازییەکانی سوپای عێراق هەر بەوەوە نەوەستا هاووڵاتیانی بێ دیفاعیش بکاتە ئامانج، تەنانەت خانووبەرە و مزگەوت و کانی و ئەشکەوتەکانیش بەدەر نەبوون لە پرۆسەی وێرانکردن و لەناوبردن. “هاوینی 1961، رژێمی عەبدولکەریم قاسم، هێرشی کردە سەر کوردستان و نیوەی زیاتری سوپای عێراقیی بە هێرش لە دوای هێرش بەردایە سەر دانیشتووان، تا لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا نزیکەی 3000 سێ هەزار کەس کوژران، کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنیی بوون. زیاتر لە سەد هەزار کەس ئاوارە بوون و کەوتنە چیا، 150 سەد و پەنجا گوند و شار وێرانکران”. “17”.

لە ماوەی دوو ساڵی شەڕی کورد و عێراق “1961-1963” و تا رمانی رژێمەکەی قاسم لە رێی کودەتای سەربازییەوە، کوردستان لە هەموو لایەکەوە لە ژێر هەڕەشە و مەترسیی سوپادا بوو، بە ئەندازەیەک شوێنێک نەمابوو دەستی وێرانکەرانەی سوپای عێراقی نەیگاتێ، گوندێک، شارێک، شارۆچکەیەک نەمابوو کوشتاری تێدا روونەدات. لەگەڵ هاتنە سەرکاری رژێمی “عەبدولسەلام عارف” لە دوای هەشتی شوباتی 1963، ئەگەرچی بۆ چەند مانگێک لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان “کە ئەوسا رابەرایەتی شۆڕشی کوردی دەکرد” و رژێم، ئاگربڕ روویدا و چەند خولێکی دانوستان دەستیانپێکردەوە، بەڵام ئەو مفەوەزاتانە لە چەند مانگێک ئاگربڕ بەولاوە چیتریان لێ شین نەبوو، بەپێچەوانەوە بۆ کەڕەتێکی دیکەش جەنگ لەنێوان هەردوولادا هەڵگیرسایەوە. رەنگە خوێناویترین کارەسات لەو قۆناغە لەلایەن سوپای عێراقەوە ئەنجامدرابێت ئەو هەڵمەت و رەشبگیرییە بێت لەژێر فەرماندەیی “زەعیم سدیق”دا لە زۆرینەی ناوچەکانی کوردستاندا ئەنجامدرا. “11-6-1963 دیسانەوە شەڕ هەڵگیرسایەوە و لە مانگی یەکەمی هێرشدا نزیکەی 200 دوو سەد گوند سووتێنران و زیاتر لە 2000 دوو هەزار کەسیش کوژران، لە مانگی 7- 1963 وەفدی یەکێتی سۆڤێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: شەڕی رژێمی عێراق لە دژی کورد، شەڕی جینۆسایدە”. “18”. پێنج ساڵی حوکمی هەردوو عارف “عەبدولسەلام و عەبدولڕەحمان” بە یەکێک لەو وێستگە مێژووییانە دادەنرێت لە مێژووی عێراق و کوردستاندا، کە سوپا زۆرترین کاولکاریی و کشتوبڕی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستاندا ئەنجامداوە.
هاتنە سەرکاری بەعسییەکان لە هاوینی 1968دا، قۆناغێکی تازەی سیاسیی بوو چ سەبارەت بە کورد، چ سەبارەت بە عێراق و ناوچەکەش، ئەجیندای بەعس لە ئەجیندای تێکڕای حکوومەتەکانی پێشووی عێراق جیاواز بوو، بەعس هەروەک لە خودی ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، بزووتنەوەیەکی سیاسیی نەتەوەیی عەرەبیی بوو دەیویست بیری عەرەبچێتی بژێنێتەوە و یەکێتییەکی بەهێزی عەرەبیی لەسەر ئەو جوگرافیایەی ناوی نیشتمانی عەرەبیی لێنراوە پێکبهێنێت، بۆ هێنانەدی ئەم خەونەش سڵی لەهیچ پیلانێکی مەترسیدار و تۆقێنەر و خوێناویی نەدەکردەوە، سەرانی بەعس بە باشی تێگەیشتبوون کارەکەیان ئاسان نییە و تەنانەت تەگەرە و کۆسپی ناوخۆیشیی لە بەردەمدایە، لەم سۆنگەوە بە پێویستیان دەزانی لە سەرەتاوە گرفتە ناوخۆییەکان و نەیارە ناوخۆییەکان ریشەکێش بکەن، ئەوجا هەنگاوەکانی داهاتوویان بنێن، بەم هۆیەوە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس و دڕندایەتی سوپای بەعس لە بەرامبەر کورد سەختترین قۆناغە و هەرگیز شایانی بەراووردکردن نییە بە قۆناغەکانی رابردوو. تیۆریسیۆن و پێغەمبەری بەعسییەکان “میشێل عەفلەق” کە وەک مێژوونووسی سوریی “بەسام گیبی” ئاماژەی بۆ کردووە زۆر سەرسام بووە بە هیتلەر و پێیوابووە هیتلەر دواجار بەسەر نەیارەکانیدا سەردەکەوێت، لە زۆرینەی نووسین و گوتارەکانیدا جەخت لەسەر یەکێتی عەرەب و رێنسانسی عەرەبچێتی و لەناوبردنی دوژمنانی ئەم خەونە دەکاتەوە. ئەو دەڵێت “دەبێت تەنیا عەرەبەکان لە وڵاتی خۆیاندا سەرگەورە و بەهێز بن”. ئەم هزرینە لە دوا شیکردنەوەدا ئەوەمان بۆ تەفسیر دەکات لە غەیری عەرەب کەسی تر قبوڵ ناکرێت لە “نیشتمانیی عەرەبییدا” دەستڕۆیشتوو بێت، ئەوەش هاوواتای لەناوبردن و پوکاندنەوەی بە زۆر و جەوری هەموو ئەوانی دیکەی ناعەرەبە.
بەعسییەکان خوازیاربوون سەرەتا لە رێگەی هێنانەدی عێراقێکی سڕف عەرەبییەوە شەقاو بهاوێژن بۆ یەک بە یەکی پلانەکانیان لە سەرتاسەری نیشتمانیی عەرەبدا. ئەوەتا ئەم راستییە لەیەکێک لە بەندەکانی دەستووری عێراقی سەردەمی بەعسدا جەختی لێکراوەتەوە “عێراق بەشێکە لە نیشتمانیی عەرەبی و لە پێناوی وەدیهێنانی یەکبوونێکی گشتیی عەرەبییدا تێدەکۆشێت”. “19” بوونی کوردیش لە عێراقدا لە روانگەی ئایدۆلۆژیای بەعسەوە بەربەستێکی لە راددە بەدەری بەردەم ئەو خەونە بووە، بۆیەکا بەعس بە هەمیشەیی کاری لەسەر داتاشینی وێنەیەکی دزێو و ناهەمواری کورد دەکرد. هەروەک “ئاراس فەتاح” دەڵێت “بەعسیزم ئەو سیستمەیە بوونی کورد لە ناو جەستەی کۆمەڵگا سیاسییەکەیدا وەک هۆکارێکی ناڕەحەتکەر و شێوێنەر تەماشا دەکات و لەوێشەوە وێنەی بێگانەیەکی پێدەبەخشێت کە لە رووی سیاسییەوە دەبێت بە دوژمن”. “20” لێرەوە پڕۆژەی جینۆساید و لەناوبردنی رەگەزیی کورد نەک هەر دەبێتە ئەجیندایەکی سیاسیی بەڵکو بەپێی ئایدۆلۆجیای بەعس رەواییش وەردەگرێت.
بەعس لە دوو ساڵی پێش رێککەوتنی ئاداری 1970ی نێوان کورد و حکوومەت “واتە ساڵانی 1968 و1969″، لە هەموو لایەنێکەوە لە رووی سەربازیی و سیاسییەوە پڕۆژەی لە رەگەوە دەرهێنانی کوردی پەیڕەو دەکرد، هەر لەم رێکەوتە مێژووییەشەوە سێکوچکەی سیاسەتی بەعس دەرهەق بە کورد “تەعریب– تەرحیل – تەبعیس” دەستپێدەکات و پێدەنێتە سەرزەمینی واقیع، پیادەکردنی ئەم سێ سیاسەتەش لە دوا ئاکامدا جگە لە تواندنەوەی کورد هیچی تر نەبوو. سوپا لە بردنەپێشەوەی سێکوچکەی سیاسەتی بەعس رۆڵێکی ئێجگار بایەخداری هەبوو، لەم روانگەشەوە بوو سەرانی رژێم کەوتنە هەوڵی بەهێزکردنی سوپا و خەنیکردنی جبەخانە و تەکنۆلۆژیای سەربازیی دەوڵەتەکەیان. ئەگەرچی لە چوار ساڵی ئاشتی 1970-1974دا سوپا کەمترین دەوری هەبوو لە گۆڕەپانەکەدا، ئەمە مانای ئەوە نییە سیاسەتی سڕینەوەی کورد وەستانی بەخۆوە بینیبێت، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خولێکی تری شەڕ، سوپای عێراقی کە سوودی لە پشووی چوار ساڵە وەرگرتبوو، بە یارمەتی نوێباوترین چەکی روسیی لە باڵەفڕ و لاپاڵم و بۆمبی فۆسفۆریی و تۆپی دوورهاوێژ کەوتنە سووتماککردنی کوردستان. لەم بەروارە بە دواوە تا دەگاتە شاڵاوەکانی ئەنفال و راپەڕینی ساڵی 1991 قورسترین پرۆسە سەربازییەکانی سوپای عێراقی لە کوردستاندا تاو دەستێنن، کە ئەمجارەیان سوپای عێراق مێژوویەکی هێندە خوێناویی تۆمار دەکات مەگەر ئەو مێژووە رەشە تەنیا و تەنیا مەغۆلەکان و نازییەکان و ستالین تۆماریان کردبێ.
لە هەنگاوەکانی سەرەتادا پاکتاوی کوردە فەیلییەکان لە دەیەی هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە بە خەست و خۆڵیی دەستیپێکرد، لەو پرۆسەیەدا جیا لەوەی دەستگیرا بەسەر سەروەت و دارایی زۆرینەی فەیلییەکاندا، لە هەمان کاتدا بە هەزارانیان لێکوژرا و بە هەزارانیشیان کەوتنە زیندانەکانەوە کە چارەنووسییان دیارە هەر مەرگ بووە، بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمیش زۆرتر لە چارەگە ملیۆنێکیشیان دەربەدەر بوون و روویانکردە کۆماری ئیسلامی ئێران. لە دوای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلی کوردستان لەساڵی 1976 کە شۆڕشێکی بەرەیی بوو، دیسان سوپای عێراقی وەک جاری جاران، بگرە سەرسەختتر و هۆڤانەتر کەوتە پەلاماردانی کوردستان و کوشتاری هاووڵاتیانی سڤیلیش. رەنگە لە دوای جینۆسایدی فەیلییەکانەوە، رەشبگیریی و لە ناوبردنی بە کۆمەڵی نێرینە بارزانییەکان رووداوێکی مەترسیدار و کارەساتبارترین بێت، گەرچی ژمارەی بارزانییەکان تا بە ئێستاش دەگات بە تەواویی روون نییە چەند بووە، بەڵام گومان لەوە ناکرێ ئەو ژمارەیە لە هەشت هەزار مرۆڤ کەمتر نەبووە و نییە.
“بارزانییەکان تا ساڵی 1981 لە باشوور مانەوە، ئەو ساڵەی سەرلەنوێ بۆ ئۆردوگای قوشتەپە لە دەرەوەی هەولێر گوێزرانەوە.
بارزانییەکان لە پەنجا هەزار کەس تەنیا 20-30 هەزار کەسیان لێمایەوە. لە ساڵی 1983 بەرزان تکریتی نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان –بەشداریی ئەو چاوپێکەوتنانەی کردووە لەگەڵ لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ بەستراوە- و وەتبانی برای سەدام حسێن و تیپێکی موخابەرات و یەکەیەکی تایبەت لە سوپا چەند هەزار نێرینەیەکیان لە ئۆردوگاکە کۆکردەوە، ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 12 ساڵەوە بوو، شاهیدێک دەیووت: ئەو خەڵکەیان بە ماشێن بەرەو باشوور گوێزایەوە و دواجاریش لە دەوروبەری شاری بەغداد بینراون، ئینجا بێسەر و شوێن کران”. “21”. تاوانی بە کۆمەڵکوشتنی بارزانییەکان وەڵامدانەوە بوو بۆ ئەو زنجیرە چالاکییەی مەفرەزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوبەشیی لەگەڵ سوپای ئێران لە سنووری حاجی ئۆمەران ئەنجامیان دابوو، بەڵام هیچکات بەعس رەوایی نەبوو لە بەرامبەر هێرشی پێشمەرگەدا چالاکیی و زەبری تۆڵەسێنی لە بەرامبەر هاووڵاتیانی بێ دیفاع ئەنجامبدا. ئەم پرۆسەیە هەر بەوەوە نەوەستا سنووری ناوچەیەکی دیاریکراو بگرێتەوە بەڵکو لە سەرەتای ساڵی 1988 گەیشتە ترۆپک. ساڵی 1988 بۆ سوپای عێراق رەشتترین ساڵە لە دیرۆکدا، چوون ئەو ساڵە، ساڵی پیادەکردن و بەڕێوەچوونی هەر چوار قۆناغەکەی شاڵاوەکانی ئەنفالی گەلی کوردستانە کە لە رۆژی بیست و سێی شوباتەوە دەستیپێکرد و تاکو شەشی ئەیلوولی هەمان ساڵی خایاند.
لەم پرۆسەیەدا کە دەتوانرێت بە جینۆساید بناسێنرێت و بە هاوشانی قەتڵوعامی ئەرمەنەکانی ساڵی 1915 و هۆلۆکۆستی جووەکان دابنرێت، زیاتر لە100 هەزار مرۆڤی کورد لەناوبران، لە پەنایدا هەزاران گوند و مزگەوت و قوتابخانە و کەنیسە وێرانکران، ئەمە جیا لەوەی بە ملیۆنەها گیانلەبەر و باڵندە قڕکران و زۆرینەی باغ و دارستان و ناوچە سەوزاییەکان کرانە بیابانی کاکی بە کاکی. ئەندرو وایتلی لە پێشەکیی راپۆرتەکەی “میدڵ ئیست وۆچ” کە یەکێکە لە سەرچاوە نایابەکانی ناساندنی ئەنفال بە دنیا، دەنووسێت “بە خەمڵ و بۆچوونی ئێمە لایکەمەکەی 50 هەزار یان 100 هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لە نێوان شوبات و ئەیلوولی 1988 کوژرابن”. “22”. هەرچەندە ئامارێکی فەرمیی و کۆنکرێتی لە بەردەستدا نییە ژمارەی ئەنفالکراوەکان ئاشکرا بکات، بەڵام ئەوندەی دەزانرێت ژمارەکە لانیکەمەکەی 100 هەزار کەسە، عەلی حەسەن مەجید “عەلی کیمیایی” سەرپەرشتیاری پرۆسەکە لە دوو جێگەدا، بەڵگەی ئەوە بەدەستەوە دەدات، ژمارەی ئەنفالکراوەکان لە100 هەزار کەس زۆرتر بووە، ناوبراو لە یەکێک لە نامەکانیدا بۆ سەدام ئاماژەی کردووە بەوەی زیاتر لە100 هەزار کەسن و حکوومەت هەر فریا ناکەوێت تەنانەت سابوونیش بەسەریاندا دابەش بکات بۆیە هەموویان لەناوبراون!. لە جاری دووەمدا “لە مایسی 1991دا کاتێ دەسەڵاتداری بێسنووری ئەنفال، عەلی ئەلحەسەن مەجید، کە دواتر بەرز کرایەوە بۆ وەزیری بەرگریی، لە دانوستانێکی نەزۆکدا لەگەڵ سەرکردە کوردەکاندا کۆبووەوە و دەیزانی چۆن قسە دەکات! کاتێ رووبەڕووی داواکاریی کوردەکان بووەوە کە چارەنووسی کوردە سەرنگومکراوەکان روون بکاتەوە –ئەو ژمارەیەی ئەوان دایاننابوو 182 هەزار کەس بوو- ئەم بە تووڕەییەوە وای دەربڕی تێکڕای ئەو ژمارەیەی لە ئەنفالدا کوژراون بە هیچ جۆرێک لە سەد هەزار کەس زیاتر نەبووە”. “23”.
بە جیا لە زیانی گیانیش لە رووی ماددییەوە کوردستان لەلایەن سوپاوە بە تەواوەتی وێرانکرا و ژێرخانە ئابوورییەکەی هەڵتەکێنرا، چەندان ئاوەدانی چۆڵ و وێرانکران، بە بەهای ملیارەها دۆلار زیانی ماددیی بەر تێکڕای کوردستان کەوت کە تاکو هەنووکەش ئاسەوارە خراپ و نێگەتیڤەکانی بەردەوامییان هەیە. بەپێی ئامار و بەڵگەنامەیەک، تەنیا لە ساڵی 1988 و لە میانەی هەڵمەتەکانی ئەنفالدا “یەکەم: 2839 گوند و شار وێران کراون. دووەم: 1757 قوتابخانە کاولکراون. سێیەم: 2457 مزگەوت و جێگەی ئاینیی تر وێران کراون. چوارەم: 271 نەخۆشخانە و تیمارگە وێرانکراون. پێنجەم: 219828 خێزان لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا راگوێزراون”. “24”. هەر لە ساڵی 1988 و لە چوارچێوەی پلانی قڕکردنی گەلی کورد هێزە ئاسمانییەکانی سوپای عێراق بە چەکی خنکێنەر شارۆچکەی “هەڵەبجە”یان بۆردومانکرد، جیا لە کاولکردنی شارەکە، نزیکەی پێنج هەزار هاووڵاتی کوژران و دوو بەرابەر بەو ژمارەیەش زامداربوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەزاران هەڵەبجەیی ئاوارە و پەڕاگەندەی شارەکانی کوردستان و دیوی ئێران بوون. لە ساڵی 1991، دوای راپەڕینی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و شیعەکان لە باشووری عێراق، جارێکی دیکە سوپا رۆڵێکی دڕندانە و توندی هەبوو لە سەرکوتکردنی راپەڕینی گەلانی عێراق. ئەگەر لە کوردستان بەهۆی کۆڕەوی میلۆنیی گەلی کوردەوە زیانە گیانییەکانی کورد کەمتر بووبن بە بەراوورد بە قۆناغەکانی تر، ئەوە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق سوپا زۆر بە توندیی شیعەکانی سەرکوتکرد، لەم پرۆسەیەدا هەزاران هاووڵاتی راپەڕیوی شیعە کوژران و سەدان جێگەی ئاینیی و هەزاران ماڵ لەگەڵ زەوی یەکسان کران.
بە کورتییەکەی سوپای عێراقیی لە مێژووی ژیانی تایبەتیی خۆیدا، تۆمارێکی ئێجگار رەش و دزێوی هەیە لە کوشتار و لەناوبردنی هاووڵاتیانی وڵاتەکەیدا، رەنگبێ لە مێژووی میللەتان و دەوڵەتاندا نموونەیەکی تر نەبێت، کە سوپای وڵاتێک بەو قەبارە ترسناکە سەرکوتی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردبێت. هەروەک چۆن لە تەواوی دیرۆکدا دەستناکەوێت هیچ وڵاتێکی هاوچەرخ بە قەد عێراق زۆرترین پرۆسەی کاولکاریی لەنێو دەوڵەت و ئاوەدانییەکانی خۆیدا بەڕێوە بردێت، ئەم حاڵەتە یەکێک لە دەگمەنترین حاڵەتەکانە کە پێویستیی بەپانتایی زیاتر و فراوانترە بۆ شرۆڤەکردنی ئەکادیمیی و هەمەلایەنە. لە پوختترین دەربڕینیشدا سوپای عێراق لە مەیدانی هیچ جەنگێک لەگەڵ دەوڵەتان سەرکەوتوو نەبووە، تەنێ لە سەرکوتی ناوخۆییدا نەبێ، کە بە بڕوای من دۆڕانی حەتمی و راستەقینە ئەوی دووەمییانە.

سوپای نوێی عێراق لە دوای بەعس

پرۆسەی “ئازادیی” عێراق ئەو وێستگەیە بوو سوپای عێراقی دوای هەشتاو دوو ساڵ لە تەمەن بە تەواوەتی هەڵوەشاندەوە، لەگەڵ رووخانی پەیکەرەکەی دیکتاتۆر لە ساحەی فیردەوسی بەغداد و هاتنە ناوەوەی سوپای هاوپەیمانان بۆ ناو شارەکە، ئیدی شتێک نەما پێی بووترێت سوپای عێراق. لە رووی یاساییەوە ئەمەریکا لەگەڵ راگەیاندنی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەیان، راشیگەیاند بەعس و سوپا و وەزارەتی بەرگریی و دامودەزگاکانی رژێم هەڵوەشاونەتەوە و لەمەو بەدوا بوونیان یاساغە. ئەوە یەکەمجار بوو دوای هەشت دەیە سوپای دەست و چنگ خوێناویی عێراقیی سکوت بکات و لەسەر شانۆی رووداوە گەرمەکان نەک رۆڵی بەڵکو بوونیی فیزیکیشی بسڕێتەوە. دوا بەدوای وەرگرتنەوەی ئیدارە لەلایەن عێراقییەکانەوە، جارێکی دیکە لەژێر رێنمایی و بەئامادەیی ئەمەریکییەکان سوپایەکی نوێی عێراقی دامەزرایەوە. ئەم سوپایە سوپایەکی سنووردارە و گەشەکردن و هەموو جموجۆڵەکانی بە دەستوور پێوەند کراوە. لە ماددەی 14ی دەستووری نوێی هەمیشەیی عێراقدا ئاماژەدانێکی راستەوخۆی تێدایە کە سوپای عێراق دەبێت هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ناو عێراق لەخۆ بگرێت.
بەپێی راپۆرتی سەنتەری دیراساتی ستراتیژیی نێودەوڵەتیی csis کە لە 16-9-2008دا بڵاویکردۆتەوە، سوپای عێراق لە ئابی ساڵی 2008دا ژمارەکەی بە گشتیی 180296 سەرباز بووە، واتە بە ژمارە لەو هێزەی ئەمەریکا لەوکاتەدا لە عێراق هەیبووە زیاتر بووە “هێزەکانی ئەمەریکا لە تەمووزی 2008، تەنیا 146 هەزار سەرباز بوو”، بەپێی هەمان راپۆرت تەنیا دوو لیوا هەن لە کوردەکان پێکهاتبێت و تێکڕاش ژمارەی سەربازەکانی ئەو دوو لیوایە لە 9010 سەرباز تێناپەڕێت. لە رووی چەک و چۆڵیشەوە وردە وردە سوپای عێراقیی بەرەو پێشکەوتن و خۆ پڕ چەککردن هەنگاو دەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەندان بۆندی بە بەهای ملیارەها دۆلار لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان واژۆ کردووە بە مەبەستی کڕینی چەک و تەقەنیاتی پێشکەوتووی سەربازیی. رۆژنامەی “واڵستریت جۆرناڵ”ی ئەمەریکیی لە راپۆرتێکیدا لە مانگی ئەیلوولی ساڵی پار بڵاویکردۆتەوە، بۆندێک لە نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا واژۆ کراوە بۆ کڕینی 36 فڕۆکەی جەنگیی ئەمەریکیی لە جۆری “F16”. لەلایەکی تریشەوە سوپا لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە راهێنانیان پێدەکرێت لەسەر چۆنێتی بەشدارییکردنی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی پەلاماردانی تیرۆریستیی. دیمەنەکە وەهایە: هەوڵێکی چڕوپڕ لە ئارادایە بۆ بوژاندنەوەی سوپای عێراق کە ئێستا سوپاکە بیست و نۆیەمین سوپایە لە ئاستی جیهاندا، بەرپرسانی عێراقیی دەخوازن خێراتر لەوەی هەیە سوپا گەشە بکات و دامەزراوە سەربازییەکانیش بە پەلە بنیات بنرێنەوە بە حوکمی ئەوەی سوپای هاوپەیمانان لە ئامادەکارییدان بۆ کشانەوە، بەم پێیەش ئەرکی سوپای عێراقیی سەختتر و گرانتر دەبێت لە دابینکردنی سەقامگیریی بۆ خەڵک.
“ئەحمەد عەلوانی” ئەندامی لیژنەی بنیاتنانەوە و وەبەرهێنان و ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە شوباتی رابردوو رایگەیاند: توانای لۆجیستی و پیشەسازیی سەربازیی عێراق لە ئاستێکی نزمدایە و پێویستە حکوومەتی نوری مالیکی کاری جیددی بکات بۆ سەرلەنوێ بوژاندنەوەی پیشەسازیی سەربازیی. عەلوانی بە پێویستی دەزانێ هەمان وەزارەتی پیشەسازیی سەربازیی سەردەمی رژێمی پێشوو زیندوو بکرێتەوە و پێیوایە “هەزاران کادری پێشکەتوو هەیە شارەزاییان لەو بوارەدا هەیە، بەڵام تائێستا سوودیان لێ وەرنەگیراوە، بۆیە دەبێت حکوومەت کار بۆ ئەوە بکات پشت بە شارەزایانی خۆماڵیی ببەستێت و کەرتی پیشەسازیی سەربازیی ببووژێنێتەوە”. چوار ساڵی کابینەکەی “نوری مالیکی” بە چوار ساڵی بنیاتنانەوە و گەشەکردنی سوپای عێراق دێتە هەژمار، مالیکی زیرەکانە توانی پەرە بدات بە توانای سوپاکەی و بارهێنانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تێرۆر و بەرپەرچدانەوەی توند بە تیرۆریستان.
ئەگەرچی هەندێک گلەیی و ناڕەزایی هەیە لەسەر پتەوبوونەوەی سوپای عێراق، ئەمەش لەلایەن کوێتییەکانەوە شایانی شاردنەوە نەبووە، بۆیەکا بە ئاشکرا کوێتییەکان ناڕەحەتیی خۆیان نیشان دەدەن لەمەڕ ئەو رۆڵ پەیداکردنەوەی سوپای عێراقیی. لە بەرامبەردا سەرکردە عێراقییەکان رایدەگەیەنن خۆ پڕ چەککردنەوە و پتەوکردنی سوپا پاساوی خۆی هەیە، یەکێک لەهەرە دیارترینیان جەنگانە لەگەڵ شانە تیرۆریستییەکانی ناوخۆ و رووبەڕوبوونەوەی رێکخراوی ئەلقاعیدەیە. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە کاربەدەستانی عێراق دووپاتی دەکەنەوە ئەم سوپایە نابێتە سوپاکەی بەعس، هەروەک چۆن لە نیەتدا نییە بە رێگاکەی پێشوودا بڕواتەوە. هەندێکیش جەخت دەکەنەوە، دەبێت سەرکردەیی سوپا بەدەستی کەسە مەدەنییەکانەوە بێت، بۆ وێنە “سەلیم جبوری” وتەبێژی بەرەی تەوافقی سووننە پێیوایە “پێویستە سەرکردایەتی سوپای نوێی عێراق بە دەست مەدەنییەکانەوە بمێنێتەوە تاکوو دەستدرێژیی نەکاتە سەر مافی مرۆڤ و گەلانی عێراق”.
کوردەکانی عێراقیش سەرەڕای بەشدارییان لەو سوپا نوێیەدا، ترسیان لە پڕ چەککردنەوە و پتەوبوونی سوپا هەیە، بەرپرسانی باشووری کوردستان نیگەرانیی خۆیان لە چەندین جێگە و بۆنەدا پیشان داوە لە بەهێزیی و رۆڵ پەیداکردنەوەی سوپا، تەنانەت سەرۆکی هەرێم “مەسعوود بارزانی” بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەو پرسە و دەڵێ “پێکهاتەی سوپای عێراقیی مانای پەڕاوێزخستنی کوردە”، چەندان سەرکردەی تری سیاسیی کورد هەمان بۆچوونیان هەیە، لە بەرامبەریشدا گروپی دووەم هەن، لەو بڕوایەدان مادام دەستوورێک هەیە ئەرک و رۆڵی سوپای دیاریکردووە و مافەکانی کوردیشی چەسپاندووە، مادامیش کورد خۆی بەشدارە لە پێکهاتەی سوپادا هیچ مەترسییەکی ئەوتۆ نییە بۆ سەر مافی کورد. فریاد رواندزی ئەندامی کوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیی هەمان ئەو بۆچوونەی هەیە و رایدەگەیەنێت “سوپای عێراق سوپایەکە نابێت دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵات و ئیدارات و ناکۆکییە سیاسییەکان وەربدات، بۆیە هیچ مەترسییەک لە پڕ چەککردنەوەی سوپای عێراقدا نابینم، بە تایبەتی سوپای ئێستای عێراق سوپایەک نییە لە ژێر دەسەڵاتی تەنیا کەسێکدا بێت، بەڵکو کورد و سووننە و شیعەی تێدایە، هەروەها کورد لە سوپای عێراقییدا چەندین پۆستی گرنگی هەیە، ئەو پۆستە گرنگانەش وا دەکات هیچ مەترسییەکی لێ بەدینەکرێت”. بە بۆچوونی من ئەو زیادەڕەوییە و سەرمەستییە بە دەستووری عێراقی ئاکامەکەی زۆر باش نییە، پێویستە کورد هێندە لە یۆتۆپیای دەستووری نوێی عێراقدا نەژی، چوونکە تاڵترین کارەساتەکانی کەوتۆتە دوای ئەو دەستوورەی ساڵی 1958 کە بە شەفافی هاوبەشێتی کورد و عەرەب لە عێراقدا دان پێدانابوو.
بەشێکی تر لە کوردەکان و تەنانەت عەرەب عێراقییەکان و چاودێران لەوە نیگەرانن بەهێزبوونەوەی سوپا ئەگەری کودەتای سەربازیی دەهێنێتە پێشەوە “بە بڕوای من ئەمە ئەگەرێکی لاوازە” هەروەک “جەیمس دینزلۆ” دەڵێ “بەهێزکردنی سوپای عێراق و ئەگەری کودەتا ئەوەی دەیسەپێنێت تەریبە لەگەڵ دەرچوونی بەریتانیا لەو وڵاتە لە ساڵی 1948دا، شۆڕشی 1958 و هاتنی حکوومەتە سەربازییەکەی عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارفی بەدوادا هات”. بەدەر لە هەموو ئەم راستییانە نابێت نادیدەی بگرین، جیهان گۆڕاوە و ئێستا نەک پەنجا ساڵ بگرە پێنج ساڵ پێش ئێستا نییە، ئەوەی لە1988 بۆ سوپای عێراق و حکوومەتی سەدام دەچووە سەر مەحاڵە و لە زەحمەت زەحمەتترە بۆ ئەم سوپا نوێیە و نوری مالیکی یان هەر سەرۆک وەزیرێکی تری عێراقیی بچێتە سەر!!. بە بۆچوونی من سوپای عێراق چەندیش بەهێزبێت، لە ئاستی ئەو چاوە تیژەی لەسەر عێراقە هێشتا هەر لاوازە، بەڵام ئەمەش مانای پشتێن کردنەوەی کورد نییە، بەڵکو دەبێت هەمیشە چاوێکی لەسەر شێوازی کاری سوپا بێت کە پێکهاتەیەک مۆنۆپۆڵی نەکات، ئەگەرچی مەترسی ئایندە ئەوەندەی میلیشیاکانن نیو ئەوەندە سوپا نییە، بە تایبەت میلیشیا شیعەکان کە بە پاساوی جەنگی تیرۆرەوە خەریکە شەرعیەتێکی شۆڕشگێڕیی وەردەگرن و رۆڵیان لە گۆڕەپانی ململانێکاندا بەرەو هەڵکشان دەچێت. ئەمە مەترسییە راستەقینەکەی ئایندەی نزیکمانە.

دوایین وتە

لە کاتی خوێندنەوە و تاوتوێکردنی ئەو سەرچاوانەی بۆ ئەم باسە بەکارمهێناون، لەگەڵ رۆیشتنی ئەو هەموو رووداو و کارەساتەی لە ماوەی هەشتا ساڵدا لەسەر دەستی سوپای عێراق بەسەر گەلانی ستەمدیدەدا هێنراوە، لای خۆمەوە و لە دەرەوەی واقیعی کارەساتەکانەوە تووشی جۆرێک لە تۆقین بووم، لە رێگەی ئینتەرنێتەوە چەندین وتار و لێکۆڵینەوەم لەسەر سوپای دەوڵەتانی تر پەیدا کرد و خوێندمەوە، هێشتا نەمبینی هیچ کۆمەڵگەیەک لە تەواوی سەدەی بیستدا بەدەر لە ئەڵمانیای نازی هێندەی عێراق بووبێتە مەیدانی جەنگ و دەستڕۆیشتوویی سوپا و کاولکاریی ناوخۆیی. تەنانەت لە سەردەمی بەعسدا “دروستتر وایە بڵێین سەردەمی سەدام”، عێراق بە تەواویی لەکۆمەڵگەیەکی نۆرماڵەوە گۆڕا بۆ سەربازگەیەکی گەورە، هەڵمەتی بە سەربازکردن تەنێ لە سنوورێکدا نەمایەوە، پیر و منداڵان و ژنان و تەکنۆکرات و هەموو چین و توێژێکی عێراقی گرتەوە، هونەر بوو بە هونەرێکی سەربازیی، شیعر و ئەدەب و تەنانەت ژیانیش رەنگی خۆیانیان لەدەستدا و بوونە کەرەستەیەک بۆ پێگەیاندنی سەرباز.
دایکی هەرە ئازا ئەوە بوو زۆرترین منداڵ یان با بڵێین زۆرترین سەرباز بخاتەوە، فەرمانگەی تەجنید لە هەموو شوێنێک قەرەباڵغتر بوو، بەردەوام جمەی دەهات، ئەم فەرمانگەیە خوازیاربوو ژنە سکپڕەکانیش سەردانی بکەن تا ناوی منداڵە لە دایکنەبووەکەی ناو سکیشیان بنووسن وەک سەربازی “دواڕۆژ”. جەنگ و مانۆڕی سەربازیی تامی هەموو شتێکیان ناخۆش کردبوو و گۆڕیبوویان بۆ تاعوون، جەنگ تەنانەت پارە و پیتاکی منداڵانی قوتابخانەکانی هەڵلووشی، عێراق لە ماوەی ئەو جەنگە هەشت ساڵییەدا لەگەڵ ئێران، تەواو قەرزار بوو، ژمارەی قەرزەکانی لە100 بیلیۆن دۆلار تێپەڕی، کە زیاتر لە40 بیلیۆنیان بۆ چەک و تەقەمەنی بەهەدەر درابوون، ئاکامی جەنگیش جگە لە دۆڕاندنی عێراق و کوژرانی 200 هەزار و برینداربوونی 500 هەزار کەسی دیکەی عێراقیی بەرهەمێکی تری نەبوو. سوپا کارەکتەری هەموو ئەم نەهامەتییانە بوو، لەبەرئەوە وای بە باش دەزانم مێژووی سوپای عێراق ببێتە وانەیەک لە قوتابخانەکاندا بۆ ئەوەی تا دنیا دنیایە لە بیرمان بێت سوپایەک هەبوو لەم رەنگە و لەو چەشنە.

  • کۆتایی –
ستۆکهۆڵم – سۆلنا

سەرچاوە و پەڕاوێزەکان:

1- العميد جي. كيلبرت براون “قوات الليفي العراقية”، الترجمة والتحقيق: د.مؤيد ابراهيم الونداوي. مراجعة: رفيق صالح السليمانية 2006، ص 15.
2- ساڵح رەحمان “شەشی کانون یادی دامەزراندنی سوپای عێراق”. رۆژنامەی “رۆژنامە”، ژمارە “378”، سێشەممە 6-1-2009.
3- بيتر سلاكت “الخيارات الدستورية لعراق مابعد الحرب”. ترجمة: شكور سليمان. 2003.
4- لیوا مەنسوور حەفید، پلەدارێکی سەربازیی ئەکادیمیی کوردە و چەندین پلە و پۆستی جیاجیای سەربازیی وەرگرتووە و تا هەنووکە وەک پلەدارێک لە کاروباری سەربازیی بەردەوامە. بڕوانە: رۆژنامەی “ئاسۆ”، ژمارە “619”، یەکشەممە 13-1-2008.
5- هێمن میرانی “سوپا لە عێراقی کۆن و نوێدا” بەشی یەکەم، رۆژنامەی “خەبات”، ژمارە “2971”، یەکشەممە، 14-9-2008.
6-ساڵح رەحمان “شەشی کانون یادی دامەزراندنی سوپای عێراق”. رۆژنامەی “رۆژنامە”، ژمارە “378”، سێشەممە 6-1-2009.
7- سەیران تەها ئەحمەد “بەرنامەی چەکی ناوکیی عێراق 1969- 2003″، گۆڤاری “سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی”، ژمارە “2” ساڵی پازدەهەم، ئابی 2007، لاپەڕە 45-46.
8- Judit Miller،Laurie Mylroie “لە تکریتەوە بۆ کوێت”، وەرگێڕانی: مەریوان غەریب– کامەران غەریب، چاپی یەکەم- سلێمانی، 2006، لاپەڕە 125.
9- هەمان سەرچاوە. لاپەڕە 158.
10- هیوا جەمال “عێراقی سوپا ..سوپای سیاسەت”، رۆژنامەی “رۆژنامە”، ژمارە “419”. 4-3-2009.
11- بيتر سلاكت “الخيارات الدستورية لعراق مابعد الحرب”. ترجمة:شكور سليمان. 2003.
12- ساڵح رەحمان، سەرچاوەی پێشووتر.
13- باقر یاسین “مێژووی خوێناویی عێراق”، و:حەمەساڵح گەڵاڵی، چاپی یەکەم – سلێمانی،2004، لا 226.
14- سمير خليل “جمهورية الخوف”، ترجمة: احمد رائف، الزهرا للاعلام العربي، قاهيرة، 1991. سەمیر خەلیل ناوی خواستراوی نووسەری عێراقی ناسراو “کەنعان مەکییە”یە کە کاتی خۆی ئەو کتێبەی بەو ناوە خوازراوەوە بڵاوکردەوە.
15- لیام ئەندەرسن– گاریس ستانسفیڵد “ئایندەی عێراق.. دیکتاتۆریی، دیموکراسیی یان دابەشبوون؟”، وەرگێڕانی: کامیار سابیر– دڵشاد حەمە، چاپخانەی رەنج 2008، لاپەڕە 59.
16- د.مارف عومەر گوڵ “جینۆسایدی گەلی کورد لەبەر رۆشنایی یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا”، چاپی دووەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 21.
17- هەمان سەرچاوە.
18- هەمان سەرچاوە.
19- رێبوار سیوەیلی “قەفەسی ئاسنین یان بۆ ببمەوە بە عێراقی؟”. چاپی یەکەم، کوردستان 2003، لا 70.
20- هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 71.
21- کەنعان مەکییە “دڵڕەقی و بێدەنگی”. وەرگێڕانی: حەمەڕەشید، چاپی یەکەم، سلێمانی 2005، لا200.
22-میدڵ ئیست وۆچ “جینۆساید لە عێراقدا.. پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد”، وەرگێڕانی: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، چاپی دووەم، سلێمانی 2004، لاپەڕە 21.
23- هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 26.
24-د.مارف عومەر گوڵ، سەرچاوەی پێشووتر، لاپەڕە 36.

  • د.محمد حسين الزبيدي “صفحات مضيئة في تاريخ الجيش العراقي “، سايتى “جريدة” سالَي 2006.
    ** د. غزوان هادي “الجيش العراقي و متطلبات المرحلة الراهنة”. سايتى “الصباح”.
    *** مازن الياسري “تاريخ الجيش العراقي بين المؤسسة و النظام الحاكم في ذكراه الثامنة و الثمانين”. شبكة النبأ المعلوماتية- الخميس 15/كانون الثاني/2009.
**** سانتا ميخائيل ” محطات في تاريخ الجيش العراقي منذ تأسيسه 1921 وحتى حله في 2003″، وكالة الأنباء التركمانية.

سەرنج: ئەم لێکۆڵینەوەیە پێش یانزە ساڵ، بە هەشت بەش لە ژمارەکانی “630-637″ی رۆژنامەی “کوردستان راپۆرت” لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی 2009 بڵاوبۆتەوە.

تێبینی: کۆی ئەم شیکارییە وەک بەشی پێنجەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لە لاپەرە 171-212 چاپ و بڵاوکراوەتە. کە ئەو کتێبەش بە چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2018 لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە




کێ هەواڵی شارم بۆ دێنێتەوە؟ .. شیعری: ستیڤان شەمزینی

خودایا چەند بیری شار ئەکەم
شار چەند بیری پیاسەی ئێوارانی من ئەکا؟
کێ دەتوانێت شار و من بخاتە رستەیەکەوە؟
کێ دەتوانێ خەیاڵم لە جەستەی شار بکاتەوە؟
کێ وەنەوزی منی دیوە بۆ حەسرەتی شار؟
کێ لەم خەوە قووڵە رامدەچەڵەکێنێ لەدووری شار؟
خودایا چەند بیری شار ئەکەم
چەند بیری زەردەخەنەی شەرمنانەی کچانی شار ئەکەم
چەند تامەزرۆی بینینی نیگای نەرمی ئاشقانی شارم
چەند ئاه هەڵدەکێشم لە ژانی دابڕانی شار
چەند جار بە خەون بە کۆڵانەکانی “حاجیحان”دا شۆڕبوومەتەوە؟
چەند بیری دۆڕانی دۆمینەکانم دەکەم لە “چایخانەی شەعب”
چەند بیری سەرەتاتکێی مناڵانی گەڕەک دەکەم
چەند جار یادی “سەهۆڵەکە” ئاگری لە دەروونم بەرداوە؟
چەند جار با گالیسکەی ئەندێشە گەڕاومەتەوە “عەقاری”؟
چەند جار بە بوراقی داڵغە چوومەتەوە “باخی گشتی”؟
چەند جار لە زیندە خەوندا کتێبم لە “ئەنوەر برزۆ” کڕیوەتەوە؟
ئاه خودایا چەند بیری شار ئەکەم
کێ هەواڵێکی شارم بۆ دێنێتەوە؟
کێ دڵی من لە کۆڵانە تەسکەکانی “سابونکەران” ئەدۆزێتەوە؟
کێ شوشەی شکاوی رۆحم لە جادەی “کاوە” کۆ دەکاتەوە؟
کێ پێکەنینە نەپساوەکانی من لەگەڵ شار ئاشت ئەکاتەوە؟
کێ هەیە سڵاوی من بگەیەنێتە “حەمە شێت” گیان؟
کێ هەیە بە کڵافەی خەونێک من و رۆحی شار پێکەوە بدورێتەوە؟
کێ هەیە شیعرێکی من لە “هۆڵی رۆشنبیری” بخوێنێتەوە؟
کێ هەیە تۆزێک بۆنی خۆڵبارانی شارم بۆ بهێنێ بۆ ئەم غوربەتە؟
کێ هەیە چنگێ ئاوی سازگاری شار بکاتە سەر ئاگری غەریبیم؟
کێ هەیە خەبەری شاری لا بێت؟
کێ دەبێت بە “سالم”ی من، تا وەک “نالی” چامەیەکی بۆ بنێرم؟
کێ هەیە باری قورسی ئەم بیرکردنەی شارم لەگەڵ هەڵگرێت؟
کێ هەیە چەند گرام تامی هەنگوینی شاری لا دەستکەوێ؟
کێ ئازاری ئەم دوورییەم لە شار بۆ ئەکاتە بە رۆمان؟
کێ هەیە رەشەباکەی شارم بە پۆستا بۆ بنێرێ؟
کێ هەیە گەرمای شارم بۆ رەوانە بکا بۆ ئەم سەهۆڵستانە؟
کێ هەیە هەواڵی شاری لا بێت؟
کێ هەیە فرمێسکەکانی من بگەیەنێت بە شار؟
کێ هەیە بە شار بڵێ کەمێک لەسەر ئەم شاعیرە بوەستە؟
ئاخ لە دووری شار
شار و شەکرە شار، سلێمانی

6-2-2016
ئەڵمانیا- شتاینهاگن

ئەم شیعرە پێش چوارساڵ و نۆ مانگ نوسراوە و لە یادی بیناکردنی شاری سلێمانی پێشکەشی دەکەمەوە بە خوێنەران. بەڵام خوێنەر دەبێت بزانێت ئەمە نەک ختوکەدانی هەستی ناوچەگەریی نییە بەڵکو من هەر بڕوام بە ناسیۆنالیزمیش نییە. تەنیا مامەڵەیەکی شیعرییە لەگەڵ لەگەڵ نوستالیژیاکانم لەو شارە.




یانزە گوڵ بۆ پرچی تۆ .. ستیڤان شەمزینی

1
گوڵدانێک لە کاسە سەرمدایە
گۆرانییەکیش لە قورگما
باخێک لە خەیاڵدامدایە
تۆش
لە دوێنی و ئەمڕۆ و سبەینێما
2
ژووەکەم سارد و سڕ نابێ
رۆحم هەست بە تەنهایی ناکا
خەونەکانیشم لێ نازڕێ
ئەو دەمەی بە چرپەوە
پێمدەڵێی خۆشم ئەوێی
3
سەیری کڵاورۆژنەی باڵام بکە
مۆمێک لە ژوورەکە داگیرسێنە
میلی کاتژمێرەکە رابگرە
ئەمەوێ لەگەڵ تۆ زەمەن بوەستێ
4
زنەی ئەشکی چەند ساڵەم وشک ئەبێ
زمانی شیعرم لە گۆ ئەکەوێ
دەستەکانم ئەکەونە لەرزین
ئەو ساتەی
دەمم پڕ شیلەی ماچت ئەبێ
5
زەنگی کەنیسەکە لە گوێما ئەزرنگێتەوە
کورسییە تەنهاکەشم هەر دەلەرێتەوە
دوو کووپ قاوەی گەرمم ئامادەیە
هەموویم خستۆتە چاوەڕوانی هاتنتەوە
6
لە ناو دڵی تاریکیدا دۆش داماوم
شەقامی رووناکی عەشقتم لێ دیارە
نازانم منم هەنگاو بەرەو ئەوێ ئەنێم
یان شەقامەکەیە بە راکردن بەرەو من دێ؟
7
لە سەهۆڵستانی رۆحما هەڵدەلەرزم
ئاگردانی دڵم لە دووریت کز و خامۆشە
هەستم نقوومی تەمتوومان بووە
چاوەڕێتم وەک چرایەک لە مندا داگیرسێی
8
زۆر جار تا سنووری شێتی بێزار دەبم
ختوورەی خۆکوشتن لە مێشکما گینگڵ دەخوا
بۆ چەند ساتێک بیر لە تۆ ئەکەمەوە
لە هەمووی پەشیمان ئەبمەوە
بە بزەوە ئەڵێم ئێستا ئەویش بیری من ئەکا
9
هەمیشە دەریام پێ جوانە
شەپۆلەکانیش خۆمم بیر دەخەنەوە
کە چۆن لە ئێوارەیەکی پڕ شەپۆلدا
وەک رەشەبایەک خۆم کرد بە ماڵی دڵتا
10
عەشقی من لە پایزدا چرۆی کرد
چەند جوانە ئەو گوڵەی لە پایزدا دەپشکوێ
تاقانەترین گووڵ و دیارترین گووڵە
چوونکە لە دڵی خەزاندا هاتۆتە دەرێ
11
یەکەمین لاپەڕەی دڵتم کردەوە
لەسەریم نووسی خۆشم ئەوێی
ئیتر لەو ساوە بووە بە پیشەم
هەموو رۆژێ لاپەڕەیەک هەڵدەدەمەوە
تەنیا ئەزانم تیا بنووسم خۆشم ئەوێی




لە ئەمڕۆوە بیر لە تەنیایی مەکەرەوە .. تێکست: ستیڤان شەمزینی

فریشتەکەم
زۆر گەڕام تا تۆم دۆزییەوە
بینیم تۆ هەمان فریشتەی نێو خەونەکانم بوویت


فریشتەکەم.. دەستم بگرە
با سەما بکەین
با گۆرانی بۆ ئەشق بڵێین


فریشتەکەم.. لە دووریی تۆ
لەناو بەستەڵەکی ئەشقدا توامەوە


فریشتەکەم.. هەست بە سەرما دەکەم
بە سۆزی گەرمت لەم زەمهەریرە دەرمبێنە


فریشتەکەم.. خەریکی خوێندنەوەی تۆ بووم
کەچی بینیم باسی خۆم دەکەم


ئەمڕۆ لە دڵی ناسکی تۆدا
خەریکە وەک مۆم ئەتوێمەوە


من و تۆ لە یەکتر ناچین
نا. نا.. من و تۆ یەکێکین


لە ئەمڕۆوە بیر لە تەنیایی مەکەرەوە
کەرتێک لە خۆتت دەستکەوتەوە


تۆ گەورەترین جادووگەریت
بە وشەکانت رۆحم ئەهێنیتە سەما


عەشقێک لە ناخمدا چرۆی کردووە
هەرگیز جەستەم توانای هەڵگرتنی نییە


عەشق سەرچڵییەکی نەفرەتلێکراوە و
هەمیشە پاڵەوانە راستەقینەکانی دۆڕاون


دۆڕانی راستەقینە لە عەشقدا
رۆژی کەژاوەی زێڕینە


مرۆڤی دۆڕاو لەم گەردوونەدا نییە
مەگەر ئەوەی عەشقی نەناسیبێ


ئەگەر خۆت بە براوە بزانیت
دڵنیابە هەرگیز ئاشق نەبوویت


عەشق گەمەی دۆڕاوەکانە
هەرگیز خەون بە بردنەوەوە مەبینە


مەعشوقەکەم
پێش غروبی تەمەن
پێکێک لە شەرابی عەشقم بنۆشە


مەعشوقەکەم
پێش غروبی تەمەن
ئێوارەکانم پڕ بکە لە پێکەنین


مەعشوقەکەم
پێش غروبی تەمەن
بەخەندەیەک لەگەڵ ژیان ئاشتم بکەرەوە


مەعشوقەکەم
پێش غروبی تەمەن
بهێڵە بۆنی رێحانەی رۆحت بکەمەوە.




لە(58)وە بۆ (140) چارەنووسی کەرکوک لە بەرداشی جەنگی ژمارەکاندا .. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

“ئەم شیکارییە پێش 13 ساڵ لە گۆڤاری نێوەند بڵاوکراوەتەوە. ئەگەرچی وا دەبینرێت بابەتەکە کۆن بووە، بەڵام لە راستیدا ناوەڕۆکەکەی هەمیشە بە تازەیی دەمێنێتەوە. تا بیری خوێنەریشی بخەینەوە کێشەی دۆڕاندنی کەرکوک لە دوای روخانی بەعس بە تەنیا بەرهەمی شانزەی ئۆکتۆبەر نییە، بەڵکو شانزەی ئۆکتۆبەر تەنیا کۆتایی ئەو دۆڕانەیە لە رووی سەربازیی و ئۆتۆریتەی دەسەڵاتی هەردوو حزبی فەرمانڕەوا لە کەرکوک”

لەگەڵ ناوهێنانی کەرکوک بەدەر لەوەی وێنای شارێکی وێران و فەرامۆشکراو دێتە پێش چاومان، راستەوخۆ بیرمان دەچێتە سەر ئەو کێشە و قەیرانانەی لەنێوان کورد و عەرەبە عێراقییەکاندا بە درێژایی چەندین دەیە دروستبووە لەسەر مسۆگەرکردن و خاوەندارێتی ئەو شارە، نەوت یەکێک یان هەموو ئەو هۆکارەیە هەموولایەک بە وڵاتانی هەرێمی و جیهانیشەوە چاو ببڕنە کەرکوک و شەڕی لەسەر بکەن، چون ئەو سامانە سروشتییە بەسە بۆ ژیاندنی کۆمەڵێکی سەد ملیۆنی بەوپەڕی تێریی و رەفاهەوە. بەهەڵەدا نەچووین ئەگەر بێژین زیاتر لە 90 ساڵە کورد بە قەبارەی خەبات بۆ رزگاریی و مافی چارەنووس لە هەوڵی سەندنەوەی کەرکوکدا بووە. کەرکوک لە بزافی شێخ مەحمودەوە تاکوو رۆژی ئەمڕۆمان لە لیستی داواکاریی و خەباتی کورداندا لە بەشی سەرەوەدا بووە، گرنگی ئابووری ئەو شارە پاڵنەرێک بووە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دەستبەرداری نەبن و جەنگی درێژخایەن لەگەڵ خاوەنە راستەقینەکەی (کورد) بەرپا بکەن، پاشان لە رێی بە عەرەبکردن و راگواستنی کورد لە شارەکەدا ناسنامەی رەسەن و دیۆگرافیاکەی بشێوێنن، بەڵام کورد هەموو کات داکۆکیی جیددی لێکردووە تا ئەو ئەندازەیەی شۆڕشێکی وەک ئەیلوولی بۆ بە قوربان کراوە.
دوای 9-4-2003 پرسی کەرکوک لە ئەجیندای کوردی باشووردا پانتاییەکی زۆری داگیر کرد و لە راستیشدا یەکێک لەو دۆزانە بووە زۆرترین دانوستان و گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و دەکرێت، قانوونی 58 ئیدارەی کاتی و ماددەی 140 دەستووری هەمیشەیی عێراق بەشێکن لەو پلانانەی لەو چوارچێوەیەدا و بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کەرکوک داڕێژراون. هەنووکە کاتی یاسایی جێبەجێکردنی ماددەی 140 تەواو بووە و رەوشی کەرکوک وەک خۆی ماوەتەوە، لێ کورد بەنیازی ماوەی ئیزافییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە، بەداخەوە ئەزموونی چوار ساڵ و نیوی مامەڵەی عەرەبی باڵادەستی دوای سەدام حسێن سەلماندوویەتی نیەت باش نییە، هەروەک (محەمەدی حاجی مەحمود) وتی: تەنها یەک مانگە تەقینەوە کەم بووەتەوە عەرەب هەڕەشە دەکات کە نابێت نەوت دەربێنین و دەبێت ماددەی 140 دوا بخەین.
پرسیاری هەنووکەیی ئەوەیە: ئایا کورد و رێبەرییەکەی هەر دوای کڵاوی بابردووی بەڵێنی وەهمیی سەرکردە عەرەبەکانی عێراق دەکەون؟ یان ئومێدێک ماوە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140؟؟ لە کاتێکدا ماددەی 140 پەکخراوە ئایا کورد کارتی هەیە بەکاریبێنێت وەک پەکخستنی بەندێکی دەستووریی کە بەرژەوەندیی عەرەبی عێراقی پێوە بەسترابێتەوە؟ یان کورد ئەم دۆزە دەباتە ناوەندەکانی دنیا لە چەشنی نەتەوە یەکگرتووەکان یان بە بەڵگەی مێژوویی و بڕیاری سیاسیی دەست بەسەر کەرکوکدا دەگرێت؟. لە هەموو بارەکاندا تاریکییەکی زۆر هەیە و هیچ تروسکاییەک نییە تا هەڵوێست و هەنگاوەکانی داهاتووی کوردمان پێ نیشان بدات لە وەختێکدا نیازی عەرەبەکان بە روونی دیارە چییە.

مێژووی کەرکوک

ئەو کاتەی مرۆڤی سەرەتایی فێری چاندن و کشتوکاڵ بوو ناچاربوو دەست لە ژیانی رەوەندیی هەڵبگرێت و بیر لە نیشتەجێبوون بکاتەوە، سەرچاوە مێژووییەکان باس لە چەند گوندێکی دیرۆکیی دەکەن وەک کۆنترین گوندە کشتوکاڵییەکانی دنیا، لەو لیستەدا ناوی گوندی (چەرمۆ)ی کەرکوک هاتووە و وەک یەکێک لە سێ کۆنترین گوندی جیهان ناوی تۆمار کراوە. بە بڕوای (مەلا جەمیل رۆژبەیانی) کەرکوک یەکێک لە هەرە کۆنترین شارەکانی دنیایە و بەدەربڕینی ئەو (لە قۆچە هەولێرێ زۆر کۆنترە). بەرسڤی ئەو پرسیارە مێژووییەی کێ بوو لەسەرەتاوە شاری کەرکوکی بنیاتنا؟. گێرمە و کێشە و رای جیاوازی لەسەرە، بەڵام هیچکامیان ناتوانن هاشا لەوە بکەن لە سەرەتاوە کورد یان ئەو گەلانەی کوردیان پێکهێناوە نیشتەجێی کەرکوک بوون و ئاوەدانیان کردووەتەوە (لە مێژوودا سەلمێنراوە شاری کەرکوک لەلایەن لۆلۆییەکان یان خۆرییەکانەوە بنیات نراوە، ئەم دوو گەلەش رۆڵی سەرەکیان هەبووە لە پێکهێنانی گەلی کورددا). مەلا جەمیل رۆژبەیانی، بڕوای وایە: کەرکوک یەکێک بووە لە پایتەختەکانی (گوتو-گوتیوم)ی هاوسێی (لولو- لولوبین) کە تەنیا رووباری سیروان ئەم نەتەوەی لەیەک دابڕیوە هەردووکیان چڵی (کاسای)ن کە لقی گەورەی سوبارتۆیە. رۆژبەیانی لە درێژەی بۆچوونەکەیدا نوسیوویەتی: لە سەردەمی (نارامسین)ی ئاکادیدا (2400 پ.ز) بە وڵاتی کوردستانیان دەوت (سوبارتو) ئەو حەلە (ئەرەبخە) کە لەم دواییەدا بوو بە ئەرافا- عەرەفە (واتە کەرکوک) بەشێک بووە لە سوبارتۆ.

مێژوونووسان هێمای بۆ دەکەن لە هەزاران ساڵ بەر لە نهۆوە کەرکوک بەناوی (ئارابخا)وە ناسراوە و هەر ئەم ناوەشە بە تێپەڕینی کات گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بووەتە کەرکوک (گۆتییەکان کە لە سێ هەزارەی پێش زاییندا لە پێدەشتەکانی شارەزووردا دەژیان گەیشتنە کەرکوک و دەوروبەری و کەرکوکیان کردە مەڵبەند و جێگای ژیانی خۆیان، لەو سەردەمەدا شارەکە بە ناوێکی نوێوە ناسرا کە ئەویش ئارابخا بوو، گۆتییەکانیش رۆڵیان هەبووە لە پێکهاتنی نەتەوەی کورددا). بەڵگە نەویستە شارەکە لەلایەن ئەو پێکهاتە و توخمانەوە بنیات نراوە کە رۆڵیان هەبووە لە خستنەوەی نەتەوە و رەچەڵەکی کورددا یان هیچ نەبووبێ لە دێرینەوە وەک زۆرینەی شارەکە بوونیان هەبووە و تێیدا ژیاون. هەموو ژێدەرە مێژووییەکان (تەنیا ئەوانە نەبێت بە چەواشەکراویی نوسراون) دڵنیامان دەکەنەوە لەوەی هەبوونی کورد لە کەرکوکدا پێش هەر نەتەوە و نەژاد و گەلێکی ترە بگرە لە زۆربەی قۆناغەکاندا کەرکوک پایتەختی کوردەکان بووە.
تەنانەت عەرەب و تورکمانەکانی لایەنگری فاکتی مێژوویی نکۆڵییان لەو راستییە دیرۆکییە نەکردووە، تا ئەوەی کتێبی (جوگرافیای سیاسیی) کە دەستەیەک لە مامۆستایانی زانستگاکانی میسر لە ساڵی 1961 دایانناوە دانیان بەو راستییەدا ناوە و نوسوویانە: کوردەکان دەستەیەکن لە باکوورەوە هاتوون، خاوەنی دەوڵەتێکی کۆن بوون کە پایتەختەکەی ئارابخایە. لە ژێر رۆشنایی بەڵگە مێژووییەکاندا بۆمان روون دەبێتەوە هەموو ئەو نەتەوە و پێکهاتانەی ئەمڕۆ لە کەرکوک جێگیرن بە هەزاران ساڵ دوای کورد هاتوونەتە شارەکەوە، عەرەبەکان بوونیان لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی غەزەواتی ئیسلامی لە سەدەی حەوتەمی زاینیی و ئەو بەغدادەی نهۆ وەک پایتەختێکی عەرەبیی دەردەکەوێ ئەوێ رۆژێ گوندی (باغی داد)ی کوردان بوو!!، ئەگەر عەرەبەکان بوونیان لە عێراقدا بۆ چواردە سەدە بگەڕێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە هاتنیان بۆ کەرکوک لە سێ سەدە تێناپەڕێت، لەوانەشە کۆچی عەرەب بەشێوەی شوانکارە و تاک تاک بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە بگەڕێتەوە لە کاتێکدا کورد لەو مێژووەدا بە هەزاران ساڵ بووە لەو شارەدا ژیاوە.
لە سەردەمەکانی دوای غەزەوات و فتوحاتی ئیسلامی و هەتا کاتی رووخانی دەوڵەتی (قەرەقۆیونلۆ)ش بەپێی (اخبار الدول)ی یوسف قارەمانی کەرکوک مەڵبەندی کورەی ویلایەتی شارەزوور بوو، لەم حەلەدا لقێکی دەوڵەتی ئەردەڵان فەرمانڕەوای شارەزوور بوو. هاتنی تورکمانیش بۆ ناو کەرکوک بە بەراوورد بە مێژووی کورد لەو شارەدا دوێنێیە، تەنانەت کۆچی تورکمان بۆ نێو عێراق کەوتووەتە دوای هەزاران ساڵی بوونی کورد لە کەرکوکدا. مێژوونووسی تورکمانی (شاکر سابیر ئەلزابت) پێیوایە هاتنی تورکمان بۆ ناو عێراق بۆ ساڵی (54ک – 674ز) دەگەڕێتەوە کە لەشکرێکی چوار هەزار کەسی بوون و بۆ سەرکەوتنی خەلیفە نێردرابوون. کەوابوو زۆر درەنگتر روویان لە کەرکوک کردووە و تیایدا جێگیربوون. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریش لەگەڵ کۆچی بەردەوامی تورکمان و عەرەب بۆ ناو کەرکوک (پێش تەعریب و راگواستنی کورد) هێشتا کورد رێژەی زۆرینەی دانیشتوانی شارەکەی پێکهێناوە. بۆ وێنە (قاموس الاعلام) نوسیویەتی: سەرژمێریی شاری کەرکوک سی هەزار (30000) کەسە لەم ژمارەیە سێ بەشی 22500 کەسی کوردە و ئەویتری تورکمانە، عەرەب و جولەکە (760) و کلدان (460) کەسن.
لەگەڵ گەشەی زیاتری شارەکە و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، دیسان کورد هەر زۆرینەی پێکهاتەی شارەکە بووە لەم رووەوە سەرژمێریی ساڵی 1957 باشترین بەڵگەی مێژووییە کە دەریدەخات رێژەی کورد لە شارەکەدا (187593) کەسە لە بەرامبەردا عەرەب (109620) کەس و تورکمان (83371) کەسن، بەڵام دوای شاڵاوەکانی بە عەرەبکردن ئەم رێژەیە لە زیانی کورد و تورکمان و لە بەرژەوەندیی عەرەب گۆڕانی بەخۆیەوە بینی و عەرەب بوونە زۆرینەی دانیشتوان، لەگەڵ ئەمەشدا فاکتی مێژوویی ئەوە دەسەلمێنێت کەرکوک بەشێکە لە کوردستان، ئەگەرچی وجودی هەندێک هۆزی عەرەبی وەک (العبید) کە پێش تەعریب لە کەرکوک بوون لەگەڵ تورکمان و کەمینەیەکی کلدۆئاشوری وەک هاووڵاتی رەسەنی شارەکە مایەی نکۆڵی لێکردن نییە، بەڵام ناسنامەی شارەکە کوردییە و دەکەوێتە نێو جوگرافیای وڵاتێکی دابەشکراوەوە بە ناوی کوردستان.

دۆزینەوەی نەوت دۆزینەوەی نەهامەتی

کوردی داماو و دیلکراوی کەرکوک هەرگیز پەی بە نهێنی ئەو گڕە سوورەی سەرسنگی شارەکەی نەدەبرد، ناچار پەنایان بۆ داتاشینی ئەفسانە بردبوو، پێش ئەوەی باباگوڕگوڕ وەک کانییەکی بێ بنی نەوت ناوبانگ دەربکات لای رەشۆکی کوردی ئەوێ رۆژێ وەک مەزاری پیاوچاکێک سەیری کراوە و گڕەکەشیان بە نووری پیرۆزی خوداوەند زانیوە، دەماودەم دەگێڕنەوە دایکان بە مەبەستی منداڵبوون چوونەتە سەر ئەم مەزارە نەوتاوییە و لە تیشکی گڕی ئاگری سوور پاڕاونەتەوە و وەک بەیتە شیعرێک وتوویانە: بابا گوڕگوڕ مناڵێ.. وەک تیشکی ئاگری ئاڵێ. دۆزینەوەی نەوت لە شارەکەدا زۆر کۆنترە وەک لەوەی باس دەکرێت ئینگلیزەکان یەکەم کەس بووبن نەوتیان لە کەرکوک دۆزیبێتەوە، (عەلی مەحمود محەمەد) لە کتێبی (کەرکوک شاری قەڵا و ئاگر و خوێن)دا هێمای کردووە بۆوەی لە سەدەی حەڤدەیەمەوە (1639) عوسمانییەکان بەشێوەی سەرەتایی نەوتیان لە کەرکوک دەردەهێنا، بەڵام ئەو نەوتە هەر بۆ بەکاربەری ناوخۆیی بوو لە ماڵان و گەرماوەکانی شاردا. دواتر لە ئازاری 1925 کۆمپانیای نەوتی تورکی بە فەرمی قۆرخی دەرهێنانی نەوتی کەرکوکی کرد. ئیدی ئەم دەرهێنانی نەوتە لەسەر دەستی کۆڵۆنیاڵیزمی بەریتانی پەرەیسەند و شارەکە بووە سەرچاوەیەکی نایابی نەوت و گازەکانی تر، پاشان لە هەڵمەتەکانی گەڕان بە دوای نەوتدا ژمارەیەکی تر کێڵگەی ئەو شلەیە دۆزرانەوە. رەنگبێ دۆزینەوەی نەوت و پێویستی هێزی کار یەکێکی تر لەو هۆکارانە بووبێت تاکوو عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشوور روو لە کەرکوک بکەن.
بە پێچەوانەی پێشبینی دانیشتوانی شارەکەوە نەوت نەک نەبووە مایەی خۆشگوزەرانی و رەفاه بۆیان بەڵکو بووە هۆی دژواریی و نەگبەتییەکی گەورە، نەوتی کەرکوک راکێشانی ئەڵقەی نارنجۆکێک بوو بە هەر چوار لای خۆیدا تەقییەوە و پریشکەکانی بۆ زۆر دوور رۆیشتن. دەکرێت بێژین دۆزینەوەی نەوت لە کەرکوک دۆزینەوەی نەهامەتی بوو، سەرەتای کێشەیەک بوو نێزیک لە سەدەیەکە بێ چارەسەر ماوەتەوە، چاوچنۆکی رژێمەکانی عێراق و تموحیان لە نەوتی کەرکوکدا هێنانییە سەر رێی کوشندەترین بیرۆکەی جەهەنمیی هەر لە تەعریب و شێواندنی دیۆگرافییەوە تاکوو راگواستن و دەرکردنی کورد و سڕینەوەی ئاسەواری کوردیی شارەکە، دیارە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە بەبێ توندوتیژیی و زیانی مرۆیی نەبووە، هەر ئەم هەقیقەتە تاڵەیە ناچارمان دەکات بڵێین: نەوت بە درێژایی تەمەنی دۆزینەوەی لە زیان بەولاوە چی قازانجێکی تری نەبووە بۆ گەلانی عێراق بە تایبەت بۆ کورد، لەوانەشە نەوت بۆ پاشەڕۆژیش هەمان رۆڵی نەرێنی بەرجەستە بکات هەرچەندە لە ئێستاوە بڕیارێکی وەها رەنگە لۆژیکی و واقیعبینانە نەبێت.

بە عەرەبکردن و راگواستن

لێ دوای دۆزینەوەی نەوت لە کەرکوکدا ژمارەیەکی بێشوومار عەرەب بە هۆی خزمەتەوە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور روویان لە شارەکە کرد، بەڵام هاتنی سیاسیی لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریب و گۆڕینی دیۆگرافیدا زۆر تازەیە و لەگەڵ هاتنە سەرکاری دەستەی یەکەمی شۆڤێنیستە عەرەبەکان لە ساڵی 1963 دەست پێدەکات، لەو رێکەوتە بە دواوە تەعریب چوارچێوەیەکی سیاسیی بەخۆوە گرت و بووە بەشێک لە ئەجیندای سیاسیی دەوڵەتی عێراق. لەگەڵ هاتنەوە سەرکاری بەعسییەکان لە ساڵی 1968 دیسان بە عەرەبکردن و راگواستنی کورد بە تایبەت لە شاری کەرکوک خەست و خۆڵتر لە جاران دەستی پێکردەوە. رۆژنامەوانی فەڕەنسی (کریس کۆچێرا) دەنووسێت: بەعس پاشان کە لە ساڵی 1968دا هاتەوە سەر حوکم جارێکی دی بایدایەوە سەر هەمان سیاسەتی عەرەباندن، هەر لە سەرەتاوە سوپا دانیشتوانی کوردی لە ناوچە ستراتیژییەکان واتە لە ناوچە سنووریی و نەوتاوییەکاندا وەدەرنا، گوندەکانی کوردی بۆردومان کرد و بە بۆلدزەر تەختی کردن، بەمجۆرە تەنێ لە ناوچەی کەرکوک نزیکەی 40 هەزار کورد لە ماڵ و گوندەکانی خۆیان وەدەرنران.

ئەمە قۆناغی سەرەتایی بوو قۆناغە چڕ و پڕەکان لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە دەستیان پێکرد تاکوو کاتی روخانی بەعس لە بەهاری 2003. پرۆسەی تەعریب هەر بەوە نەوەستا میتۆدی خوێندن و زمانی فەرمانگەکان بکاتە عەرەبی بەڵکو ئەم کردەیە تابلۆی سەر پێشانگاکان و ناوی قوتابخانەکانیشی گرتەوە و دواتر لە بەڕێوەبەرێتی رەگەزنامە و باری کەسێتی ناوی کوردیی بەرەو قەدەغەکردن و سڕینەوە چوو. دوای هەرەسی 1975 ناوی قوتابخانەکان کە لە دوای رێککەوتنی ئاداری 1970وە کرابوون بە کوردیی جارێکی دی کرانەوە بە عەرەبی، بۆ نموونە کاوە کرا بە (معاز بن جبل)، کوردستان بووە (عبدالملک بن مروان)، قوتابخانەی زێوەر گۆڕا بۆ (الاندلس)، ئازاد کرا بە (میسلون) و کتێبخانەی ئاسۆ کرا بە (الطلیعە) و دارا کرا بە (العروبە). هاوشانی پرۆسەی تەعریب، راگواستنیش لە کڵپەسەندندا بوو، لە ساڵی 1981 بڕیاری ژمارە 1391 مەجلیسی سەرکردایەتی شۆڕش لە توێی 16 خاڵدا دەرچوو کە باس لە دروستکردنی 20 هەزار خانوو لە ناوەڕاست و باشوور و راگواستنی چەندین کارمەند و کارگەری کورد لە کەرکوکەوە دەکات بۆ باشووری عێراق، بەڵام بەهۆی سەرقاڵیی رژێم بە جەنگی ئێرانەوە تەگەرە کەوتە بەردەم جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارەکە.
بە عەرەبکردن و راگواستن رەنگدانەوەیەکی زۆری لەسەر شێواندنی دۆخی کەرکوک داناوە کە لە حاڵی حازردا کۆسپی گەورەی لەبەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140 هێناوەتە ئارا، بێگومان ئەگەر هۆکارەکانی تەعریب و تەهجیر لە ئارادا نەبوونایە نهۆ کەرکوک بە ئۆتۆماتیکی لەسەر کوردستان بوو (هەروەک سلێمانی و هەولێر) یان سەندنەوەی ئاسانتر دەبوو. (جەلال تاڵەبانی) لە یەکێک لە وتارەکانیدا لەمەڕ سیاسەتی عەرەباندن دەنووسێت: شار و پارێزگای کەرکوک رووبەڕووی سیاسەتی پاکتاوی نەژادیی بووەوە، ئەویش بەپێی پیلانێکی نەگریس کە سەدام حسێن بۆ وەدیهێنانی چەندین مەبەست پەیڕەوی کرد:

1- دەرکردنی کورد و تورکمان و ئاشووری لە زێدی باب و باپیرانیان.
2-نیشتەجێکردنی عەرەب وەک (مستەوتین) نیشتەجێکراو نەک وەک هاووڵاتی کەرکوک و دەوروبەری ئەویش بە رێگەی ئارەزووپێکردن و هەڕەشەوە.
3-نیشتەجێکردنی عەرەبی شیعە لە شارەکەدا بە مەبەستی بەرپاکردنی فیتنە لەنێوان کورد و برا عەرەبە شیعەکانیان و تێکدانی ئەو هاوپەیمانێتییە ستراتیژییەی نێوانیان.
سەدام حسێن و دەوڵەتەکەی سەرکەوتوو بوون لە شێواندنی دیمۆگرافیای کەرکوک و ئاڵۆزیی دروستکردن بۆ گێڕانەوەی رەوشی شارەکە بۆ دۆخی پێشانی، لێ دوای روخانی رژێمی بەعس تەعریب و راگواستنی کوردی کەرکوک راوەستا، بەڵام کارکردن بۆ گێڕانەوەی عەرەبی هاوردە و گەڕاندنەوەی دۆخی شارەکە بۆ باری راستەقینەی خۆی هیچ هەنگاوێکی نەناوە. راستە تەعریب راوەستاوە، بەڵام شوێنەوارەکانی هەر کاریگەرە، عەرەبی باڵادەستی دوای بەعسیش خۆیان لادەدەن لە کارێکی لەو بابەتە، هەندێجار بەو بڕوایە دەگەین ئەمانیش لەبەر لاوازیی و گرفتارییانە بەدەست تیرۆرەوە ئەگینا بەردەوامی بە رامیاریی عەرەباندن و راگواستن دەدەن. راستە بەعس وەک ئەنزیمە و دەسەڵات رووخا، بەڵام پەروەردە و فەرهەنگی بەعس هێشتا رۆحێکی زیندووە، لە نموونەی پرسی کەرکوکدا تێدەگەین، ئەوەی رووخا لە 2003 تەنیا بتەکەی سەدام بوو، ئەگەرنا هێشتا کولتووری سەدامیزم کولتووری باڵادەستی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە لای عەرەبە عێراقییەکان.

بزافی نیشتیمانی کورد و کەرکوک
(بزافی بارزانی وەک نموونە)

لێ شێخ مەحمودی حەفید مەلیکی کوردستان قەڵەمڕەوی حکوومەتەکەی بەرتەسک و سنووردار بوو (لە باشترین حاڵەتدا لە سلێمانی و دەوروبەرەکەی تێنەدەپەڕی)، بەڵام هەرگیز نەیدەویست دەست لە کەرکوک وەک بەشێک لە کوردستان هەڵبگرێت، ئارەزووی دەکرد کەرکوک بخاتە سەر قەڵەمڕەوی حکوومەتەکەی. مەلیکی کوردستان لە مانگی دیسامبەری 1922 دوو کەرکوکیزادەی وەک یاریدەدەری خۆی دامەزراند تاکوو بەوە بیسەلمێنێت کەرکوک بە بەشێک لە حکوومەتەکەی دەزانێت، لە کۆتایی هەمان ساڵیشدا “رۆژی کوردستان” هەواڵی سەردانی سەرۆک عەشیرەتەکانی کەرکوکی بۆ سلێمانی بڵاوکردەوە!!. نوێنەرانی تری بزافی نەتەوەیی کوردستان لە پێش هەر هەموویانەوە (مستەفا بارزانی) بەردەوام داکۆکیان لە کوردستانییەتی کەرکوک کردووە و فایلی کەرکوکیان وەک میحوەریترین فایل بردووەتە سەر مێزی دانوستان. مستەفا بارزانی بە دیاریکراویی لە ماوەی چواردە ساڵی شۆڕشی ئەیلوولدا بە شێلگیریی داکۆکیی لە کەرکوک وەک (دڵی کوردستان) کرد و زۆربەی هەرە زۆری ئاگربڕ و مفەوەزاتەکانیش بەهۆی سووربوونی بارزانی لەسەر کوردستانییەتی کەرکوک ساردیی تێدەکەوت و رووی لە شکست دەکرد. ئێمە لە زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکان و خوێندنەوەی بیوگرافیی کەسایەتییە سیاسییەکاندا پێداگریی بارزانی لەسەر کەرکوک وەک فاکتێکی دیرۆکیی دەدۆزینەوە.
(لە راستیدا رێبەرانی بەعس ئامادەبوون هەرێمێک بۆ کوردان دیاری بکەن وەک چۆن ئینگلیزەکان لە ساڵەکانی 1919 و 1924 ئەمەیان لەگەڵ شێخ مەحموددا کردبوو، ئەوانیش لارییان لەوە نەبوو شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆکیان بدەنێ، گیروگرفتی کارەکە کەرکوک بوو. لە هەوەڵی ئازاری 1970دا چ کارێک سەری نەگرتبوو، بە گوتەی د.مەحمود عوسمان رێبەرانی بەعس لە هەوڵی ئەوەدا بوون ناوچە کوردنشینەکانی کەرکوک و هەموو ناوچە نەوتییەکانی دی لە کوردستان دابڕن). بەعس ماوەی چوار ساڵی ئاگربڕ و گفتوگۆ 1970– 1974یاری بە کات دەکرد لەمەڕ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و دەستی دەستی بە داوای سەرکردایەتی ئەوکاتی کورد دەکرد لەمەڕ کەرکوک، لە بەرامبەردا ژنەراڵ بارزانی مکوڕبوونی خۆی و شۆڕشی نیشان دەدا دەربارەی کەرکوک و هەندێ ناوچەی تر کە لە رۆژەڤی بەعسدا بوون بۆ تەعریب!، چون نابێت لە بیری بکەین بەعس لە پرۆسەی تەعریبدا تەنێ رەوشی کەرکوکی تێکنەداوە بەڵکو کاری لەسەر زۆر ناوچەی تری کوردنشین کردووە هەر لە دەورووبەری هەولێرەوە تا دیالە و موسڵ و تکریت. تەنانەت یەکێک لەو پاڵنەرانەی بووە هۆی هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لەنێوان هەردوو لایەنی کوردیی– عێراقی لە ساڵی 1974دا، مکوڕبوونی بارزانی و سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول بوو لەمەڕ کەرکوک. بەو پێیەی بەعس هیچ کات ئامادە نەبوو، دان بنێت بە کوردستانیبوونی کەرکوک و ناوچە نەوتاوییەکانی تردا، فاکتۆرەکەش زیاتر ئابووری بوو، چوونکە بەعس چاوی لە سەرکردایەتیکردنی ئومەی عەرەبی ئەمەش بێ ئابوورییەکی بەهێز مومکین نەبوو.
(کریس کۆچێرا) دەنووسێت: رۆژی 9-3-1974 (غانم عەبدولجەلیل) ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمایەتی عێراق و بەرپرسی کاروباری کوردستان دێتە لای (ئیدریس بارزانی) و دەڵێت: لە 11-3 بە دواوە پانزە رۆژتان هەیە تا پێشنیارەکانتان لەمەڕ دیاریکردنی سنووری ناوچەی ئۆتۆنۆمی بخەنە روو، دەربارەی کەرکوک دەبێ یەکێک لەم دوو پێشنیارە هەڵبژێرن: یان ناوچەی کەرکوک لەلایەن دامودەزگایەکی هاوبەشەوە بەڕێوە ببرێت و لە سایەی حوکم و سەرپەرشتیی دەوڵەتی مەرکەزیدا بێت یان پارێزگای کەرکوک دابەشبکرێت و دوو قەزای بخرێتە سەر ناوچەی ئۆتۆنۆمی و ئەوی دیکەشی بۆ دەوڵەتی ناوەندیی بێت!!. (ئیدریس بارزانی) باسی سەرژمێریی دەکات، (غانم) دەڵێت: هەرگیز دەگەڵ ئەنگۆدا سەرژمێریی ئەنجام نادرێت!، کاتێک (ئیدریس بارزانی) بیری دەخاتەوە سەرژمێریی بە یاسا بڕیاری لەسەر دراوە، (غانم) دەڵێ: بەڵام لەگەڵ ئێوەدا نا! (ئیدریس بارزانی) بڕیار نادات بۆ ئەو مەبەستە دەگەڕێتەوە بۆ لای (مستەفا بارزانی) بە پێچەوانەی پێشنیارەکەی (غانم)ەوە بارزانی دەڵێت: کەرکوک بۆ ئێمە و دوو قەزا بۆ دەوڵەتی ناوەندیی. دوای یەک رۆژ (غانم) کاتژمێر 10 شەوی 10-3 بە تەلەفۆن بە (دارا تۆفیق) دەڵێت: داواکارییەکانتان بە ورد و درشتەوە رەفز کراون، ئیدی رۆژی 11-3 (دارا تۆفیق) بە ئۆتۆمبیل لە بەغدادەوە دەگەڕێتەوە، بەمجۆرە پەیوەندیی نێوان کورد و عێراق دەپچڕێ و شەڕ هەڵدەگیرسێتەوە. ماوەی ساڵێک شەڕ بەردەوام بوو، کە دەتوانین بە شەڕی کەرکوک ناوزەدی بکەین، سەرەنجام شۆڕشی کورد بە رێکەوتنی سەدام و حەمەرەزا شا لە پەڕاوێزی کۆنگرەی ئۆپیک لەسەر دەستی (هەواری بۆمەدیەن)ی سەرۆکی ئەوسای جەزائیر و پشتێکردنی ئەمەریکا و کسینگەر تووشی هەرەس هات و بووە قوربانی کەرکوک.

ون بوون لەنێوان هەردوو ژمارەی (58) و (140)دا

لەگەڵ داڕوخانی بەعس (2003) سەرکردەکانی کورد روویان لە بەغداد کرد وەک پایتەختی چارەسەر، کەچی لەولاوە کەرکوک لە نێو پشێویی و فەوزایەکی گەورەدا گیری خواردبوو، زۆربەی چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە دەبوایە سەرکردایەتی کورد روویان لە کەرکوک بکردبایە وەک بەڵگەی سەلماندنی کوردستانییەتی شارەکە و شاری گفتوگۆ، بە پێچەوانەوە سەرکردەکانی کورد چارەنووسی شارەکەیان بەستەوە بە ماددەی (58)ی قانوونی ئیدارەی کاتیی و پاشان لەحیمیان کرد بە ماددەی 140 دەستووری هەمیشەیی عێراقەوە، بەڵام وەک هەمیشە سەرکردەکانی عەرەب گەمەی ناشەریفانە دەکەن و لە هەوڵی کات کوشتندان، بە درێژایی تەمەنی سێ کابینەی (عەلاوی– جەعفەری– مالکی) هیچ هەنگاوێک لە دوو ماددەی قانوونی و دەستووریی نەچووەتە پێشەوە، خەریکە کەرکوک لە نێوان هەردوو ژمارەی (58) و (140)دا ون دەبێت، چون عەرەبی عێراق بە شیعە و سووننەوە، بە توندئاژۆ و میانڕەوەوە کۆکن لە دەستی دەستی کردن بە چارەنووسی کەرکوک، هەرچەند لەلایەک رایدەگەیەنن پابەندی دەستووری عێراق و قانوونن، لەلاکەی ترەوە بە کردار کۆسپ و تەگەرە دەخەنە بەردەم جیبَەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور بە تایبەتی ئەوانەی لەبەرژەوەندیی کوردن، بۆ وێنە (ماددەی 140)!!. کوردیش خۆی هیچ گووشارێکی نییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییە، کە بڕوام وایە لە سترۆکتۆرەوە بردنی کەرکوک بۆ نێو گێژاوی دەستووری عێراقی هەڵە هەرە کوشندەکەی کورد بوو.

ئەیاد جەمالەددین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی (العراقیە) رایدەگەیەنێ: سەبارەت بە کێشەی کەرکوک ئێمە باوەڕمان بە چەسپاندنی دەستووری عێراق هەیە کە دەستوورێکە پەسەند کراوە، بەڵام جارێ کۆمەڵێک را و بۆچوونی جیاواز و کێشە هەیە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. دەربارەی ئەوەی کات تێپەڕیوە (جەمالەددین) وتی (کات بەسەر هەمووماندا تێپەڕ دەبێت و ناوەستێت!!). (جەمالەددین)ی بەحیساب میانڕەو و دۆست و مەعشووقی سەرکردایەتی سیاسیی کورد، وەک ئەوەی لە مزگەوتێکدا دانیشتبێت و وەعز بدات بە مورید و فەقێکانی دەپەیڤێت و هیچ هەڵوێستێکی روون و مەلموس راناگەیەنێ، ئەمەش لۆژیکی کۆی سەرکردە عەرەبەکانی عێراقە لەمەڕ پرسی کەرکوک و کورد. بۆیەکا هەموو رۆژێک لە رێگەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە کۆسپ و تەگەرە دروست دەکرێت لە راستای جێبەجێکردنی ماددەی140. (قادر عەزیز) نوێنەری سەرۆکی هەرێم لە لیژنەی جێەجێکردنی ماددەی 140 پێش ساڵێک رایگەیاند (لە بەغدادەوە بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی دواخستنی جێبەجێکردنی ئەو ماددەیەن تاکوو ئێستا کاتێکی زۆر رۆیشتووە و هیچ نەکراوە، ئێستا ماوەیەکی کەممان لە بەردەستدا ماوە بۆیە دەبێ چیتر کات بەفیڕۆ نەدەین). بە هەمان شێوە (نەرمین عوسمان) سەرۆکی لیژنەی دارایی ماددەی 140 و وەزیری ژینگەی عێراق ساڵی رابردوو یەکێک لەو کێشانە دەخاتە روو کە رێگرە لە راستای ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکوک و دەڵێت: دەستەی کێشەی موڵکداریی کە ماوەی سێ ساڵە 10 دە هەزار کێشەی لەبەردەستە و کاری لەسەر دەکات تا ئێستا 800 کێشەی جێبەجێ کردووە بۆیە ئەگەر چاوەڕێی ئەم دەستەیە بین بە 10 ساڵی دیکەش ئەم مەسەلەیە تەواو نابێت.
هاوزەمان پارێزگاری کەرکوک رایگەیاندبوو ئەم دەستەیە کارەکانیان سستی زۆری تێدایە و ناتوانێت بە گوێرەی پێویست بێت و لەو رووەوە نیگەرانیی خۆی نیشاندا بێ ئەوەی مەسیجەکەی بگاتە گوێی سەرکردایەتی کورد، بە تایبەت (نەرمین عوسمان) لە هەمبەر ئەم پرسانە داوای بڕیارێکی سیاسیی کردبوو. یەکێک لەو کێشە و گرفتانەی تر لەو ماوانەدا بۆ ماددەی 140 دروستکرا لابردنی سەرۆکی لیژنەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140 بوو کە بۆ ماوەی پێنج مانگ لیژنەکە بەبێ سەرۆک مایەوە!!، ئەمەش کاری کردە سەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی هەنگاوەکان و قۆناغەکانی ئەو ماددەیە. لە مانگی تەمموزی 2007 سەرچاوەیەکی نزیک و ئاگادار لە لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە گۆواری (بزاو)ی راگەیاند (زیاتر لە دوو مانگە هاشم شبلی سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەستی لە کار کێشاوەتەوە و هۆکاری دەست لە کارکێشانەوەکەشی بۆ ئەو تۆمەتانەی نوری مالیکی دەگەڕێتەوە گوایە شبلی بەرتیلی لە کورد وەرگرتووە و بۆ بەرژەوەندیی کورد کاری کردووە). سەرچاوەکە ئاماژە دەکات بەوەی (قادر عەزیز) پێشنیاری دانانی سەرۆکێکی نوێی کردووە بۆ ئەو ماددە دەستوورییە، بەڵام مالیکی ئاستەنگ دروست دەکات. ئەوەی لەم نێوەندەدا تراژیدیای خولقاندووە دەستبەردار نەبوونی سەرکردایەتی کوردە لە بەغداد، کارەساتەکە چەند بەرابەر گەورە و قەبەتر دەبێتەوە کاتێک دەبینین بەرژەوەندیی ئابووری و پشکداریی لە بودجەی عێراقدا سەرکردایەتی کوردی بردۆتە خەوێکی قووڵەوە لە بارەی دواڕۆژی سیاسیی کەرکوک.

وەلێ (محەمەدی مەلا قادر) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایدەگەیەنێ (نیەت بەرامبەر ماددەی 140 خراپە، نیەتی مالیکی خراپ نییە، بەڵام نیەتی چوار دەوری مالیکی هەتا ئەندامانی لیستی ئیئتلاف خراپە و دژن)!!. کەچی رووداوەکان پێچەوانەی ئەو دەربڕینەی نیشانداین لەبەرئەوەی مالیکی بە کۆسپ دروستکردن و سستی و کەمتەرخەمیی دژایەتی خۆی بۆ ماددەکە ئیسپات کرد. بەدەر لەوە هەندێک لە نەیارە نوێیەکانی ماددەی 140 هەوڵدەدەن گۆڕان لە دەستوورەکەدا دروست بکەن، وەک (ئازاد جندیانی) ئاماژەی بۆ کردووە (ناحەزانی ماددەی 140 بە روونی لەوە حاڵین کە ناکرێ دەستوور پشتگوێ بخرێت، بۆیە زۆربەی جار گومان دەخەنە سەر دەستوور بە بیانووی ئەوەی گوایە لەهەلومەرجێکی ناجێگیردا نوسراوە و پەسەندکراوە بۆیە دەکرێت لە هەندێکی پاشگەز ببینەوە). کورد وتەنی ئەم “با”یە لەو کونەوە بێت ئەمڕۆش نەبێت سبەی شتێکی زۆر خراپ هەر دەقەومێت، قەومانەکەش لەنێوان دوو ئەگەردایە یان لۆجیکی هێز زاڵ دەکرێت بەسەر هێزی لۆجیکدا کە یاسا و دەستوورە، یان ئەو دەستوورە لە قۆناغەکانی دادێ بە زۆرینەیەکی عەرەبیی و شیعیی لە پەرلەمانی عێراقدا دێتە گۆڕین، لانیکەم عەرەبەکان هەوڵدەدەن لۆبی بکەن بۆ گۆڕینی ئەو بەندانەی دەستوور کە لە بەرژەوەندیی کورددان.
جیا لەوەش کە حکوومەتی عێراق کلکی ئێرانە و حکوومەتێکی سەربەخۆ نییە، تورکیا لە رێگەی بەکارهێنانی کارتی تورکمانەوە رۆڵی هەیە لە تەگەرە خستنە بەردەم ماددەی 140، لە ناوخۆی کەرکوکیش جگە لە کورد کۆی گشتیی پێکهاتەکانی ئەو شارە دژی ئەو ماددەیەن. د.مەحمود عوسمان ئەم رایە پشتڕاست دەکاتەوە و دەبێژێت: لەناو شاری کەرکوک کۆمەڵە بەعسییەک و ئەو تورکمانانەی لەگەڵ تورکیادان تا راددەیەک دەور دەبینن و داوا دەکەن هەر ریفراندۆم نەکرێت، بێگومان ئاستەنگێکی زۆر هەیە لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە. بەشێوەیەکی گشتیی چارەنووسی کەرکوک لە گێژاوی ماددەی 140 و کۆسپ و تەگەرەکانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتەکانی ناوچەیی ون بووە و کوردیش لەو نێوەندەدا نەک یاریزانێکی چەلەنگ و لێهاتوو نییە بەڵکو تەماشاکارێکی باشیش نییە.

ئەدای سەرکردایەتی سیاسیی کورد

هەڵوێستی سەرکردایەتی سیاسیی کورد لەمەڕ کەرکوک هەڵوێستێکی جێگیر نییە و زێدەتر وابەستەی جۆری پەیوەندیی کوردە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی، بەڵام ئەدای کورد لە کەرکوک خراپترین شێوە مامەڵە بووە. محەمەد فەرەج ئەندامی پەرلەمان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی پێیوایە (ئەگەر سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان بە تەسەڕوفاتێکی عادیلانە و حەکیمانە مامەڵەیان بکردبایە هەر ئەو کاتە ماددەی 58 جێبەجێ دەکرا). هەردوو پارتە سەرەکییەکەی کوردستان لە کەرکوک زیاد لە هەر کارێکی تر بە حزبایەتی تەسکەوە خەریکن، غەمی حزب پێش غەمی نەتەوە و چارەنووسی کەرکوک کەوتووە، ئەم حاڵەتە یارمەتی چاکی هەندێ تورکمانی شۆڤێنی و عەرەبی هاوردە و گروپی تیرۆریستی داوە جێگە پێ لە کەرکوک قایم بکەن و زیان بگەیەنن بە رەوتی پێشڤەچوونی ماددەی 140ی دەستووری عێراقی. عوسمان بانیمارانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی سەوز، دەربارەی ماددەی 140 و دواکەوتنی ریفراندۆمی کەرکوک دەڵێت (بە پلەی یەکەم بۆ سەرکردایەتی سیاسیی کورد و دووەم ململانێی یەکێتی و پارتی لە ناو کەرکوک دەگەڕێتەوە، ئەوان شەرمیان شکاوە بەرامبەر بە دوژمنەکانمان لە کەرکوک). ململانێی توندی حزبی و دەستەگەریی لە هەر شارێکی تری کوردستان بێت زۆر ئاساییە، بەڵام لە کەرکوک بێ سنوور سامناکە، ئەگەر ئێستا دەرئەنجامەکانی بریتی بێت لە دواخستنی ماددەی سەد و چلی دەستووری عێراق، هیچ دوور نییە لە ئایندەیەکی نزیکدا ببێتە هۆکاری لە دەستچوون یان کارەساتی گەورەتر لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی تری کوردستان.

سەرقاڵییەکانی سەرکردایەتی سیاسیی کورد بە بەغدادەوە دیسان زیانێکی زۆری داوە لە دۆزی کەرکوک، چون وا پێویست بوو سەرکردەکانی کورد بارەگا سەرەکییەکان و مێزی گفتوگۆیان لە شاری کەرکوک بوایە، ئەم پرسە نەک کورد بگرە لایەنەکانی تری ناکوردیش دەرکی دەکەن و دەیبینن. بە بڕوای بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی ئیسلامی عێراق، کورد کەمتەرخەمە لە پارێزگای کەرکوکدا و لەو بارەوە رایدەگەیەنێ (هەموو حزبەکان بە حزبە کوردییەکانیشەوە هەر خەریکی بەغدادن، ئەگەر ئەو حزبە کوردییانە سەیری ئایندەی کەرکوکیان بکردایە و ئەو هەڵانەیان نەکردبا ئێستا رۆڵێکی تریان دەبوو). لەوانەیە لاوازیی پێگەی کورد لەوەدا بووبێت نەیتوانیوە گووشارێک بە قەبارە و چەشنی گووشار بۆ گۆڕینی جەعفەری یان وەرگرتنی رێژەی زیاتری داهات لە بودجەی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 دروست بکات، نووکە نازانرێت نەگرتنەبەری ئەو رێگە و جۆرە گووشارە نائاگایی لە پشتەوەیە یان کەمتەرخەمیی؟!، بەڵام دیمەنی زاڵ و رەوتی رووداوەکان زیاتر لەو رایە نێزیکمان دەکەنەوە کەمتەرخەمیی لە پشتەوە بێت. هەر کەمتەرخەمییەکیش لە پرسە گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازە نیشتمانییەکاندا بە هەڵە دانانرێت، بەڵکو فۆرمێکە لە خیانەتی نیشتمانیی.
(قادر عەزیز) لە سەروتاری ژمارە (737)ی رۆژنامەی (ئاڵای ئازادی)دا دەنووسێت (دیارە جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا هەر لە سەرەتاوە شتێکی چاوەڕوانکراو بوو، چوونکە نە حکوومەتی بەغدا لە جێبەجێکردنی ماددەکە جیددی بوو، نە لایەنی کوردیش لەبەرامبەردا توانی بەغداد ناچار بە جێبەجێکردنی ماددەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکات). باوەڕ دەکەم گرنگترین کەمتەرخەمی سەرکردایەتی کورد شەرمنی و سازش بووە پاشان سستی لە هاندانی ئاوارە کوردەکان بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک و هەوڵنەدان بۆ ناچارکردنی عەرەبی هاوردە تا بچنەوە جێگاکانی پێشوویان، چوونکە کارێکی لەو بابەتە بە دوو رێگە مەیسەر دەبێت، یەکەمیان بڕیار و ئیرادە، ئەویتریان قەرەبوو و هاوکاریی و دەستگیرۆیکردنی دارایی و لۆجیستی. (قادر عەزیز) چواردە مانگ بەر لەم چرکەساتە رایگەیاند: ئەگەر ئەمڕۆ پارە هەبێت بەیانی دەتوانین عەرەبە هاوردەکان بگەڕێنینەوە شوێنی خۆیان. (مەلا بەختیار)یش ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی (ی.ن.ک) بڕی پارەکە بۆ ئەو کارە دەستنیشان دەکات و دەڵێت (کەرکوک بە 100 ملیۆن دۆلار ئاسایی دەبێتەوە، ئیتر لەسەر چی وەستاوین؟). پرسیارەکە ئەوەیە شارێکی بایەخدار و مێژوویی و پڕ داهاتی وەک کەرکوک نرخی سەد ملیۆن دۆلاری نییە لای سەرکردایەتی کورد؟ یان سەرکردایەتی کورد کۆمەڵێک بازرگانی بەپەلەن و چاویان لە قازانجی خێرا و بێ دەستمایەیە وەک ئەوەی لە بەشی کوردستان لە بودجەی عێراق وەچنگیان دەکەوێت؟. ئەمە ئەو پرسیارەیە خەریکە دەبێتە پرسیارێکی ماقووڵ و جیددی.

بەداخەوە داراییەکی زۆر لە کڕینەوەی لایەنگرانی یەکتر لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بەفیڕۆ دەبرێت و کەرکوک سەنتێکی تێدا خەرج ناکرێت، لە شارەکانی تری کوردستانیش زیاتر لەو بڕەی (مەلا بەختیار) دەستنیشانی کردووە لە گەندەڵیدا ون دەبێ یان دەدرێت بە دیوەخان و تەکیە و هەندێک مشەخۆری راهاتوو لەسەر تەوەزەلی و لەحاست کەرکوکیش دەستەکانیان نوقاندووە و چاوەڕێی داگیرکەران خۆیان دەکەن پێشکەشیانی بکاتەوە!!. چەندان جار نوێنەرانی عەرەبە هاوردەکان لە رێی میدیاکان و سەردانەکانی کوردستاندا رایانگەیاند: ئامادەی گەڕانەوەن بە مەرجی قەرەبووکردنەوەیان، چوونکە بەبێ قەرەبووکردنەوە هیچ هۆکارێکی ماقوڵ لە ئارادا نییە بۆ جێهێشتنی جێگە و رێگەیان لە کەرکوک یان بۆ بە زۆر ناردنەوەیان بۆ ناوەڕاست و باشوور.
(حوزەیر حەسەن ئەلحەمەدانی) رێکخەری گشتیی لە لیژنەی لێکگەیشتن و چارەسەری نیشتمانی، پاش دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوردستان بە (ئەی. ئێف. پی) راگەیاند (ژمارەی ئەو خێزانانەی ئارەزوویان لە جێهێشتنی کەرکوک هەیە دەگاتە 12500 خێزان واتە 80 هەزار کەس، بەڵام هەڵوێستمان هەیە لە بارەی بڕیاری حکوومەتەکەی نوری مالیکی). مەبەست لە بڕیارەکەی حکوومەتی مالیکی دابەزاندنی رێژەی پارەی قەرەبووە لە20 ملیۆن دینارەوە بۆ 10 ملیۆن دینار. سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان نەک هەر نەیتوانی لەسەر بودجەی هەرێم هاوکاریی و قەرەبووی عەرەبی هاوردە بکاتەوە یان ئەو بڕەی مالیکی کەمی کردووەتەوە پڕی بکاتەوە، نەشیتوانی گوشار بخاتە سەر کابینەکەی مالیکی تا بەرنامەی قەرەبووی عەرەبی هاوردە و کوردی دەرکراو وەک خۆی لێبکاتەوە لە قازانجی رێچکەی یاسایی و ئاسایی جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکە، ئەم غەمساردییە بە تەنیا لەسەر عەرەبی هاوردە کاریگەریی نەبووە بەڵکو رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر کۆی کوردە ئاوارەکانی کەرکوک هەبووە کە هەنووکە لە شارەکانی تری کوردستان دەژین و نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدەکەیان تا بێ ئومێدبن لە گەڕانەوەیان بۆ کەرکوک و لەو بارەوە کەمتەرخەمیی بنوێنن. لە باری واقیعیشەوە کوردی کەرکوک چۆن دەتوانێت بێ تەمویلی دارایی و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کەلاوە؟.

(د.رائید فەهمی) سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە نیگەرانییەوە رایگەیاند (نزیکەی 20 هەزار فۆرممان بەسەر عەرەبە هاوردەکاندا دابەشکردووە و 10 هەزار فۆرممان بەدەست گەیشتووەتەوە، ژمارەی ئەو خێزانانەی تاکوو ئێستا شارەکەیان جێهێشتووە گەیشتووەتە 2 هەزار خێزان، هەروەها 75 هەزار فۆرمیشمان بەسەر کۆچپێکراواندا دابەشکردووە و 45 هەزار فۆرممان بەدەست گەیشتووەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هەندێک لە خێزانە کوردە دەرکراوەکانیش نایانەوێت بۆ شارەکە بگەڕێنەوە!!). مەسەلەکە ئەوە نییە کوردە دەرکراوەکان نایانەوێ بۆ شارەکەیان بگەڕێنەوە، فاکتۆرە راستەقینەکە ئەوەیە کوردی کەرکوکی چۆن بگەڕێتەوە بۆ شارەکەی کە لەوێدا هەر ئاوارە بێت و هەر بە پیتاکی رێکخراوە خێرخوازییەکان بژی و لەنێو خانووی قوڕ و چینکۆ و تەنەکەدا ژین بباتە سەر؟!! کوردی دەرکراو هیچ پاڵپشتێکی ماددیی و مەعنەویی نییە لە شارەکەیدا، کەوابوو دروستە بوترێت کەمتەرخەمی و پشتێکردنی سەرکردایەتی کورد ئەو بڕیارەی پێداوە. سەرباری هەموو ئەمانە سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە بەرامبەر سستی و دەستخەڕۆکردن و دەستی دەستی پێکردنی عەرەبی عێراقدا هیچ کاردانەوەیەکی شایانی باسیان نەبووە تا کاربەدەستانی بەغداد ناچاربن بۆ دانوستان بێنە هەولێر، بە پێچەوانەوە سەرکردەکانی کورد بە هۆ و بێ هۆ لە کۆشکەکانی گرین زۆن بە داماویی ئامادەبوون.

محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان وتی: لەکۆبوونەوەیەکدا باس لەوە کرا کورد قبوڵ ناکات ماددەی 140 دوا بخرێت!!، منیش وتم باشە قبوڵ ناکات دەبێت کورد بۆ سێ چوار ئەگەر ئامادە بکات، یەکەم: ئایا خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بە زۆر پێشمەرگە ببات و دەست بەسەر شاری کەرکوکدا بگرێت؟. دووەم: کورد لە بەغداد پاشەکشە بکات بە سەرۆک کۆمار و پۆستەکانی ترەوە و بڵێت تا ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێت ناگەڕێمەوە بەغداد. سێیەم: ئەوەیە بتوانێت خۆی رابگرێت بەرامبەر ئەو شەپۆلە دژایەتیکردنەی وڵاتانی ناوچەکە و عێراق و نێودەوڵەتی. دەربارەی ئەگەرە پێشنیارکراوەکەی (کاکە حەمە)، کورد لە سەرەتای پرۆسەی ئازادیدا پێشمەرگەی برد بۆ کەرکوک لە جیاتی جێگە قایمکردن کەوتنە تاڵانی و را و و رووت، دواتریش بە چاو سوورکردنەوەیەکی عەرەبی عێراقی و ئۆکەی مستەر بریمەر لە چاوتروکاندنێکدا شارەکەیان چۆڵکرد!. بۆ ئەگەری دووەم سەرکردەکانی کورد لە بری بایکۆتی بەغداد بایکۆتی کوردستانیان کردووە و هەندێکیان لە پۆستە عێراقییەکانیاندا لە یادیان چووە کوردن و بە دەنگی کورد لەو جێگایانەدان، تەنانەت لەو بڕوایەدام تورکمانێک بە دەنگی کورد ببە جێگەکەی جەلال تاڵەبانی لەو باشتر کار بۆ کورد و دۆزی کەرکوک دەکات. بە کورتی مافی ئەوەمان هەیە لەپێش هەر کەسێکەوە سەرکردایەتی کوردستان بە کەمتەرخەم و تاوانبار بزانین لە راستای جێبەجێنەکردنی ماددەی 140. بە دیتنی خۆم پێویست بوو کورد ملکەچ نەکات بۆ ئەوەی چارەنووسی شارێکی کوردستانی وەکوو کەرکوک و خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی موسڵ و دەشتی نەینەوا بخاتە نێو گیروگازی ماددە مەتاتییەکانی دەستووری نوێی عێراقەوە، چوونکە ناکرێت بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی خۆت بخەیتە قوماری دەستوورێکەوە کە هەر کاتێک باڵانسی هێز گۆڕا پێش هەر کارێک عەرەبەکان بەندەکانی ئەو دەستوورە لە دژی کورد پێشێل بکەن.

ئەگەری دواخستنی ماددەی 140

نهۆ گەیشتووینەتە دوا ساتەکانی ساڵی 2007 بەبێ ئەوەی ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، هیچ بیانوویەکی دڵنیاکەر بوونی نییە لە دواخستنی ئەو ماددە دەستوورییە تەنیا مەعمەعەی عەرەبی عێراقی نەبێت، چوونکە عەرەبەکان بە هەر بەها و نرخێک بووە گەرەکیانە ئەو ماددەیە دوا بخرێت بەبێ رێزگرتن لە بۆچوونی زۆرینەی دانیشتوانی عێراق. (ستیڤ تاتایی) بڕوای وایە (دواخستنی جێبەجێکردنی ماددەی 140 رێز نەگرتنە لە داواکاریی %80 دەنگدەرانی عێراقی کە دەنگیان بەم ماددەیە داوە). کات رووی لە تەواوبوونە و لایەنەکانی نێو عێراق (جگە لە کورد) هەموو هەر داوای دواخستنی ئەم ماددەیە دەکەن، پەرلەمانی عێراقی بە زۆرینەی دەنگ دژی جێبەجێکردنی ئەو ماددە قانوونیی و دەستوورییەن، بە گوتەی (د.فوئاد مەعسوم)ی سەرۆکی فراکسیۆنی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی ئەوان وەک لیستی هاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی ناو پەرلەمانی عێراقە، ژبەرئەوەی لەو لایەنانە دەڵێن (ناتوانرێت ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت لەو ماوەیەدا و پێویستە دوا بخرێت). پرسیارە عەقڵانییەکە لێرەدا ئەوەیە دوا بخرێت بۆ کەنگێ؟ بێگوومان هەوڵی عەرەبەکان مواتەڵەکردنە تا ئەو کاتەی بەغداد بەهێز دەبێتەوە، لەو کاتەشدا داوای جێبەجێکردنی ئەو بەندە دەستوورییە بە ئاگر و ئاسن وەڵام دەدرێتەوە.
ئەم هەڵوێستە لای پێکهاتە عەرەبییەکانی عێراق نەک تازە نییە بەڵکو تەمەنی هێندەی تەمەنی ماددەکەیە، چەندان جار و لە چەندان بۆنەشدا ئەندامانی پەرلەمان و چاودێرانی کورد لەمەڕ ئەو ماددەیە و هەڵوێستی عەرەبەکان هۆشدارییان داوە بە سەرکردایەتی کورد کە دەوڵەتی ناوەندیی کات دەکوژێت و هەنگاوەکان ئیفلیج و پەکدەخات. (نەرمین عوسمان) پێشتر رایگەیاند کاربەدەستانی عێراقی کۆسپ بۆ ماددەکە دروست دەکەن و دژایەتی هەنگاوە عەمەلییەکان دەکەن. لە دوایین لێدوانیشیدا رایگەیاند (بەشێک لە پێکهاتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق دژایەتی جێبەجێکردنی ماددەکە دەکەن و دەڵێن کاتی نییە). بێگومان ئەو وەختەی دەڵێن کاتی نییە هیچ زەمەنێکی تریان چ لە مەودای نزیک یان دوور دیاری نەکردووە وەک کاتی راستەقینەی جێبەجێبوونی ئەو ماددەیە. رژێمەکانی پێشان هەمیشە پاساوی نەشیاویی هەلومەرجی زاتی و بابەتیان دەهێنایە گۆڕێ دەرهەق بە مافەکانی کورد و چارەنووسی کەرکوک، وا دیسانەوە هەمان قەوانی کۆن لێدەدەنەوە چوونکە لای عەرەب هیچ کات ئان و ساتی مافی کورد نییە. ئەم هەڵوێستانەی عەرەبەکانی عێراق بە زەقی لەگەڵ هاتنی ساڵی 2007دا خەست و تۆختر بووەوە، تەنانەت دۆستەکانی کورد لە ئۆپۆزیسیۆنی پێشانی تازە حاکمان لە ماددەکە کەوتوونەتە تەقە و هەڵوێستی رەق و پێچەوانەیان وەرگرتووە، وادە و هاوپەیمانێتییەکانیان لەگەڵ کورد تەبەخوری کرد و بوو بە هەڵم.
(قاسم داود) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئایاری رابردوودا رایگەیاند: لیستەکانی تەوافق و عێراقیە داوای چاوپێداخشاندنەوە بە ماددەی 140ی دەستوور دەکەن، چوونکە پێیانوایە ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە. لە بەرامبەردا (فریاد رەواندزی) ئەندامی لیستی هاوپەیمانی کوردستان رایگەیاندووە: لیژنەی هەموارکردنی دەستوور سەبارەت بە کێشەی کەرکوک و ماددەی 140 دوو پێشنیاری خستووەتە بەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان: یەکەمیان داوای کردووە ماوەی ئاساییکردنەوەی ناوچە دابڕاوەکان بە هەر سێ قۆناغەکەیەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2008 دوا بخرێت لە بری کۆتایی ساڵی 2007، سەبارەت بە پێشنیاری دووەم داوا کراوە پارێزگای کەرکوک بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ. ئاشکرا نییە لەنێوان هەردوو ئەڵتەرناتیڤی لیژنەی هەموارکردنی دەستووردا کورد کامیانی سەرپشک کردووە، بێگوومانیش هەر کامیانی هەڵبژاردبێت خیانەتێکە لە دۆزی کەرکوک و هەوڵێکیشە بۆ نابووتکردنی دەستوور و سەروەریی یاسا.
سەرنجەکە لەوێدایە بە بەرینی هەموو ئەم ماوەیە سەرکردایەتی کورد گەشبینی خۆی نیشاندەدا گوایە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ماددەکە جێبەجێدەکرێت چون هەموو شتیک رێچکەی خۆی وەرگرتووە، ئەم هەڵوێستە یان ساویلکەیی سیاسیی دەردەخات یان بەڵگەی سیاسەتێکی چەواشەکارانە و درۆزنانەیە. چون هاوزەمانی گەشبینی کورد لە ناوخۆی کەرکوک لایەنەکانی و بەرەی تورکمانی بە ئاشکرا رێگرییان دروست دەکرد لەبەردەم بەڕێوەچوونی کارەکانی ماددەکە و لە بەغداد و ئەنقەرە و تارانیش پلانی جەهەنمی دژی 140 رێچکەی دەبەست لە بەرامبەردا لایەنی کوردیی زیاتر سەرقاڵی شەڕە پەڕۆ و زەرد و سەوزکردنی شەقام و شوێنە گشتییەکانی کەرکوک بوون. رۆژی 30-7-2007 کە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی سەرژمێرییکردن لە شاری کەرکوک، رۆژنامەی (زەمان)ی تورکی لە زاری (ئەحمەد مورادلی) نوێنەری بەرەی تورکمانی لە شاری ئەنقەرەوە بڵاوی کردەوە (قۆناغی ئاساییکردنەوە تەواو بوو، سەرژمێریی ئەنجام نادرێت، تورکمان و عەرەبەکان و بەشێک لە کوردەکانیش رێگە نادەن ریفراندۆم ئەنجام بدرێ). لێدوانەکە شایانی وردبوونەوەیە چوونکە لێرەدا هێمایەکی مەترسیدارتر دەرکەوتووە کە بەشێک لە کوردەکان لەگەڵ خواستی جێبەجێکردنی هەر سێ قۆناغەکانی ماددەی 140 نین!! ئەو بەشە لە کورد کێن و ئارگۆمێنتیان چییە؟ جارێ کەس خۆی ناکاتە خاوەنی ئەو ئاڕاستە دژە، دەشێ بە تێپەڕینی کات و لە دوور مەودادا ئەو بەشە بە ئارگۆمێنتێکی خیانەتکارانەوە روونتر دەربکەون!.
لە بەرامبەردا تەلەفزیۆنە کوردییەکان وێنا و لێدوانی هەندێک تورکمانی بێ نفوز و شێخی عەشیرەتە عەرەبییەکانیان بڵاو دەکردەوە کە هاوسۆزییان بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە دەردەبڕی بەبێ ئەوەی بە هەندی وەربگرن تاکوو چەند ئەم قسانە لە بواری کرداریدا رەنگ دەدەنەوە و دەتوانن مەجرای خۆیان وەربگرن لە بەرژەوەندیی ماددەی 140؟. (عەلی مەهدی) نوێنەری بەرەی تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بە ئاشکرا رایگەیاند (ئێمە هەر لە سەرەتاوە بڕوامان بەو ماددەیە نەبووە و پێمانوابووە کەرکوک شاری هەمووانە نەک تەنیا هی کورد، بۆیە ئەوەی کە ئەوانیش داوای دەکەن خەونێکی بەتاڵە). لە باری واقیعیشەوە تورکمان و عەرەبەکان توانیان لە ئاستێکی فراواندا پێشڤەچوونی ماددەکە سست و لاواز بکەن و حکوومەتی عێراقیش لەو رووەوە درێغی نەکردووە لە هاوکاریی کردنیان، تەنانەت توانییان قەناعەت بە لایەنەکانی دەرەوە و رێکخراوە جیهانییەکان بکەن تا پرۆسەی راپرسی بۆ کاتێکی نادیار و دوور دوا بخرێت. لەو میانەیەدا لە مانگی نیسانی رابردوودا گروپی تەنگژە نێودەوڵەتییەکان کە بارەگەکەی لە (برۆکسل)ە راپۆرتێکی لە ژێر ناوی (عێراق و کورد: چارەسەرکردنی تەنگژەی کەرکوک) لە توێی 30 لاپەڕەدا بە زمانی ئینگلیزیی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوی کردووەتەوە، لە راسپاردە و داواکارییەکانیدا داوا لە کورد دەکات ریفراندۆمی کەرکوک دوا بخات بۆ کاتێکی تر. (بە بێ دیاریکردنی ئەو کاتەی بۆی دوا دەخرێت).
جێگەی سەرسوڕمانە لەگەڵ ئەم هەموو مشارە بۆ بڕینەوەی قاچی بەندی 140 سەرکردایەتی کورد لە پایتەختی عێراقی عەرەبیدا لە بەردەم زوومی کامێرای تیڤییەکانەوە بە خەندەی سەرلێوەوە دەردەکەوتن، لە گەشبینیدا وێنایەکیان خوڵقاندبوو وەک ئەوەی کەرکوک لە جێبا بێت و موو لەسەر رێی ماددەی 140دا نەبێت، ئێستاش کە وادەکە تەواو بووە تازە بە تازە گوێمان لە دەنگی کزۆڵەی سەرکردایەتی کورد دەبێت گوایە لایەنگەلێکی زۆر هەن لە ناوەندی سیاسیی و بڕیاری عێراقیدا کار بە دژی ئەو ماددەیە دەکەن، دوای دەست دەرچوونی کورد لە بنی هەمانەکە، (د.کەمال کەرکوکی) جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەرچاو روونی جەماوەر لە رۆژنامەی (خەبات)دا دەنووسێت (هێشتا کەسانێ هەن رق و کینەیان لە دڵە، بەشەو و رۆژ کار بۆ دانانی کۆسپ و تەگەرە لە بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەکەن.. هەر بۆیە لەژێر ناوی دواخستن یان درێژکردنەوەی ماوەکە هەوڵی بەردەوام دەدەن تەگەرە بخەنە پێش جێبەجێکردنی ماددەی 140). وێڕای ئەوەی بیر و دیدگا و دەربڕینێکی کلاسیکی لەو پەرەگرافەدا هەست پێدەکەین بەتایبەت لەهێنانە پێشەوەی وشەی رق و کینە لە دڵ (چوونکە لە پراکتیکدا قاچ و بنەمای سیاسەت لەسەر چیمەنتۆی بەرژەوەندییە نەک دوژمنایەتی کوێرانە کە هیچ بەرژەوەندییەک دەستەبەر نەکات) هێشتا شەرمنییەکی زۆر بە وتارەکەی (د.کەمال)ەوە دیارە بە تایبەت لە رووی سڵکردنەوە لە دەستنیشانکردنی دوژمنەکان ئەوانەی کۆسپ بۆ ماددەی 140 دروست دەکەن.
بە کورتی و کرمانجی کات تەواو بووە و جێبەجێکردنی ماددەکە دوا دەخرێت، هەرچەندە (د.رائید فەهمی) لە رۆژی 1-12 رایگەیاند (تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی ماددەی 140 نەدراوە ئەگەر داوایەکیش بکرێت بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ماددەی 140 دەبێت لە رووی هونەریی و تەکنیکییەوە بێت نەک یاسایی و دەستووریی، واتە درێژکردنەوەیەکی تەکنیکی بێت). بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە و راستییە رووتەکە ئەوەیە ماددەکە دوادەخرێت (چوونکە بەم دوو هەفتەیە توانای هیچ کارێک نەماوە). وەک دەردەکەوێت کوردیش بە دواخستن رازییە (چوونکە لەوە زیاتری لە دەست نایەت)!!، ئەوەتا (رزگار عەلی) سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت (دواخستن لەبەر هۆکاری هونەریی ئەوە شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر لەبەر مەسەلەی ئیداریی و سیاسیی بێت، ئەوە قابیلی قبوڵ نییە و خەتەرە). لە راستیدا هۆکاری دواخستنەکە شێتەکانیش هەستی پێدەکەن سیاسییە نەک هونەریی، کەچی سەرکردەکانی کورد دەیانەوێت پینەی بکەن، لێ دواخستن لەژێر پاساوی ئیشکالییەتی هونەریی و تەکنیکیشدا رەوایی پێنادرێت، ئەوا بە فاکتۆر و بەربەستی سیاسیی قبوڵکردنەکەی خیانەتێکە مێژوو ناتوانێت لە یادی بکات. لەگەڵ ئەوەش دەبینین سەرکردایەتی کورد سکەنداڵی دۆڕانەکانی خۆی لە عێراقی دوای سەدام حسێن بە گشتیی و ماددەی سەد و چل بە تایبەتی پاساو دەداتەوە، بەڵام ئەم شکستە لە مێژوودا وەک لاپەڕەیەک رەش تۆمار دەبێت و دەمێنێتەوە.
هەموو ئاماژەکان دەریدەخەن بە دیفاکتۆ کورد دەبێت بە دواخستنی ماددەکە رازی بێت، کات تەواو بووە و ناچارە دەستێکی تر لەم کۆنکەنە دۆڕاوە لەگەڵ عەرەبی عێراقیدا بکات، کورد وەک ئەو قەلەندەرەی لێهاتووە لە دەریادا گیری خواردووە و ناچاربووە دەست بۆ چڵە پووش رابکێشێت. (قادر عەزیز) بە (ئەلئەسوات ئەلعراق)ی راگەیاند (لەبەرئەوەی ئەو ماوەیەی ماوە بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ماددەی 140 زۆر کەمە، بۆیە پێدەچێت ماوەی جێبەجێکردنی لە نێوان سێ تا شەش مانگی دیکە درێژ بکرێتەوە.. بۆ کورد دواخستنی ئەو ماددەیە بۆ ئەو ماوەیە ئاسان نییە چوونکە دەزانێت ئەوانەی لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیەدا نین، دوای شەش مانگی دیکە هەڵوێستیان ناگۆڕێت، بەردەوام دەبن لەسەر رەتکردنەوەی، بەڵام کورد ناچارە بۆ هێشتنەوەی مەفعولی ماددەکە و شەرعییەتە دەستوورییەکەی بەو دواخستنە رازی بێت).
هەر لەبارەی دواخستنی ماددەی سەد و چلەوە رۆژنامەیەکی کوردیی (ئاسۆ) بڵاویکردەوە هەندێ زانیاریی لە سەرچاوەیەکی نزیک لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستکەوتووە و وا بڕیارە بۆ ماوەی شەش مانگ ماوەی ماددەی 140 درێژ بکرێتەوە، هەر ئەو سەرچاوەیە بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە (بڕیارە وادەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 بۆ ماوەی شەش مانگ درێژ بکرێتەوە و زۆربەی لایەنەکانی عێراق بە کوردیشەوە بەم پێشنیارە رازی بوون). بە گشتیی ئەو تەرحەی سەرکردەکانی کورد بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە پشتیوانی لێدەکەن هەموارکردنی ماددەکەیە لەبەرئەوەی هیچ رێگایەکی لە بەردەممدا نەماوە و کاتەکانیش زۆر بە خێرایی وەک خێرایی تیشک تێدەپەڕن. ئەو تەسعیداتانەشی لە رێی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە لە ئارادایە، تەنیا هەوڵێکە بۆ داپۆشینی فەشەلی سیاسەتی سەرکردایەتی کورد لە هەمبەر ماددەی سەد و چل و چارەنووسی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستان کە لە دەستووردا بە “ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان” پێناسە کراون.
(د.فوئاد مەعسوم) وتی: ئێستا کات لە بەردەستدا نەماوە و کارە ئەساسییەکان جێبەجێنەکراون، چۆن بتوانرێ سەرژمێریی بکرێت؟!، چۆن قەزا و ناحیەکان بگەڕێنەوە سەر کەرکوک؟. سەرۆکایەتی کۆمار لەو بارەوە ناگەنە بڕیار، ئەگەر حەکەمی نێودەوڵەتیش تەداخول بکات کاتی زۆری دەوێت چوونکە ئیشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆتیناتی زۆری تێدایە و زۆر دەخایەنێت، تاکە چارەسەرێک بۆ ئەو ماددەیە بکرێت رێککەوتنە بۆ ئەوەی هەموار بکرێت، لەو رووەوە ئامادەکاریی کراوە و پێویستە سەرکردایەتی هەرە پێشەوەی عێراق ئیتفاقی لەسەر بکەن بۆ ئەوەی هەموار بکرێت. لەلای خۆیەوە (ئەحمەد ئەنوەر)ی ئەندامی لیژنەی هەموارکردنی دەستووری عێراقی پێیوایە ماوەی ماددەکە بەسەرچووە و بەدیلێکی باشیش بۆ ئەوەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە بگۆڕدرێت تەنیا هەموارکردنی ماددەی سەد و چلە لە چوارچێوەی ئەو ماددانەی تر کە بڕیارە لە دەستووری عێراقدا هەموار بکرێن. بەپێی رێککەوتن و بڕیاری پەرلەمانی عێراق تاکوو کۆتایی مانگی سێی (2008) بە دەستەوەیە بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور بەم هۆیەوە بە ئۆتۆماتیکی ماوەی ماددەی 140 درێژ دەکرێتەوە بۆ کۆتایی ئەو مانگە.
وەک وتمان بە پێچەوانەی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 30-6-2007 کە تیایدا نێچیرڤان بارزانی ئامادە بوو (نابێت ماددەی 140 دەستکاریی بکرێت یان دوا بخرێت بەڵکو پێویستە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێت) ماددەکە دوا دەخرێت و بە هەمان شێوە بە پێچەوانەی لێدوانەکەی چەند مانگ لەمەوبەری (ئەڵماس فازڵ)ی سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک (ئەگەر تاوەکو 31-12-2007 هیچ بڕیارێکی گرنگ دەرنەچوو یان ماددەکە جێبەجێ نەبوو، ئەوە خۆمان بڕیاری کوردستانیبوونی کەرکوک دەدەین). سەرکردەکانی کورد نەک بڕیارێکی لەو جۆرە نادەن کە لە خەیاڵدانی ئەواندا زیاتر لە مغامەرەیەکی (جیمس بۆند)یانە دەچێت بەڵکو هەر لە ئێستاوە زەنگی دۆڕاندنی کەرکوک لێدەدەن، چون ئەوان کە نەیانتوانیبێ لە شەڕێکی دەستووریی سەربکەون ئیدی چۆن لە شەڕی گووشار و شەڕی گەرم و شەڕی بایکۆت و شەڕی دیپلۆماسی و شەڕ و ریسکی مان و نەماندا سەردەکەون؟؟ (نێچیرڤان بارزانی) بە ماڵپەڕی (URL)ی راگەیاند (ئێمە دەمانتوانی لە ساڵی 2003 کاتێک سەدام روخا بە چەندین رێگەی جیاواز دەست بەسەر کەرکوکدا بگرین بەڵام ئێمە رێگەی یاسایی و ئاشتییانەمان هەڵبژارد بۆ ئەنجامدانی).
ئەم هەڵوێستە جگە لەوەی مایەی شانازیی نییە (وەک نێچیرڤان دەیکات) نیشاندەری ئەوەیە ئەوان دەیانتوانی کەرکوک بەدەست بهێنن کەچی رایانکێشایە ناو مەعمەعەیەکی سیاسیی و دەستووریی!! لەوانەیە تا قیامەت ئەم مەتەڵە هەڵنەیەنین و سەرمان لەم سیحرە دەرنەچێت، لەوانە نییە جگە لە خیانەتی سەرانی کورد مانایەکی تر بۆ ئەم هەڵوێست و رەفتارە ساویلکانەیە نەبێت، ئەمە ئەگەر نەڵێین مانای فرۆشتنی کەرکوکی لە ناواخنی خۆیدا هەڵگرتووە. ئەگەر لەمانە هەمووی بگەڕێین، پرسیارێک هەیە بێوچان بە دوای وەڵامدا دەگەڕێت: کام فاکتۆر وای کرد ئەم ماددەیە دوا بخرێت؟ پێویستە لە بەرسڤدا بێژین لەئاستی ناوخۆدا ئاستەنگەکانی دەوڵەتی ناوەندیی و پلانگێڕیی عەرەبە شۆڤێنییەکانی ناو کەرکوک و لاوازیی گووتار و هەڵوێستی کورد مایەی چاوپۆشیی لێکردنن نین، وەلێ رەنگە گرنگترین و کاریگەرترینیان سستی کورد بووبێت. ئەوەش هەمان تێزە دێرینەکەمان دەخاتەوە یاد “ئەوەی کورد لە شەڕی چەکدارییدا بەدەستیدەهێنێ، لە شەڕی دیپلۆماتی و گفتوگۆ و سەر مێزی مفەوەزات دەیدۆڕێنێ”. بەڵام تاکوو کەی کورد ناتوانێت لەو تێزە دەربچێت هیچ ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر لەو نێوەندەدا دیار نییە.
(د.فوئاد مەعسوم) بەم دواییانە ئاشکرای دەکات کێشەی نێوان کەربەلا- رومادی کاریگەریی نەرێنی هەبووە لەسەر کێشەی کەرکوک، چون بەپێی دەستوور دەبێت بەشێک لە ناوچەکانی رومادی سووننەنشین بخرێنە سەر کەربەلا. (فەرید ئەسەسەرد) لەو بارەوە نوسیوویەتی (پاش تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر دەرچوونی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقدا ئێستا لە سەروبەندی جێبەجێکردنی ماددەی 140 هەست دەکەین، ئێمە لە پێکەوە گرێدانی مەسەلەی سنووری کوردستان و مەسەلەی سنووری ناوچە شیعەنشینەکان زۆر سەرکەوتوو نەبووین و خەریکە ململانێی شیعە و سووننەکان کاریگەریی خراپ لەسەر یەکلاکردنەوەی مەسەلەی سنووری کوردستان جێدێڵێت). من ئاماژەیەکی ترسناکتر و دوورتر دەبینم لەوەی شیعەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی عێراق دەدەن، بەو شێوەیەی سەدام و بەعس لە دەیەی هەشتاکاندا کردبوویان، کورد و شیعەیان لە پرۆسەی سیاسیی کەنارگیر کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ شیعەکان سەرەتا سووننەکان تێکدەشکێنن و دواتریش بە ئاسانیی کورد قووت دەدەن، بەو هۆیەی ماڵی کوردیی ماڵێکی لێکترازاوە و گووتارێکی هاوبەشی روونی نییە بۆ پرسە ستراتیجییە نەتەوەییەکان، تەنیا گووتارێکی هاوبەش هەیبێت بۆ دابەشکردنی داهاتی کوردستانە لە بەشە بودجەی عێراق.
رۆڵی تورکیا لە پەکخستنی جێبەجێکردنی ماددەی 140
لە مانگی ئابی 2007 بە مەبەستی متمانەپێدان (رەجەب تەیب ئەردۆگان) سەرۆک شالیارانی تورکیا بەرنامەی کاری شەستەمین حکوومەتی ئەنکەرای خستە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی، لە بەشێکی بەرنامەی کاری حکوومەتەکەیدا (ئەردۆگان) باسی لە کێشەی کەرکوک کرد، وەک تیایدا هاتووە: پێویستە کێشەی کەرکوک بە شێوەیەک چارەسەر بکرێت هەموو نەتەوە و مەزهەبەکان مافەکانیانی تێدا ببیننەوە، ئەوەش هەوڵێکی سەرەکی دەبێت بۆ ئێمە. تورکیا دوای ئێران زیاد لەهەر دەوڵەتێکی تر بە تەنگی دەڕوانێتە پرسی کەرکوک و تووشی فۆبیا و دڵەڕاوکێ بوو سەبارەت بە چارەنووسەکەی، تاکە رێگەیەک لە بەردەمیدا مابێت هەڕەشەی لەشکرکێشی و بەکارهێنان و وروژاندنی تورکمان و هەوڵی ژێراوژێری هەواڵگریی و زیندووکردنەوەی جاشە کوردەکانە لە ژێر رێبەریی (ئەرشەد زێباری)، تا دوور و نزیک قورسایی هەبێت لە ورد و درشتی ئەو پێشهاتانەی لە کەرکوکدا روودەدەن.
ئەجە تەمەلکوڕان، لە رۆژنامەی (میللیەت)ی تورکیدا نوسیوویەتی (کاتێک مرۆڤ تەماشا دەکات سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا بەهەموو شێوەیەک پەیوەستە بەپێشڤەچوونە سیاسییەکانی کورد بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140، لەبەرئەمەش تانسیۆنی وڵاتەکە بەرز و نزم دەبێتەوە، بەشێوەیەکی دیکە دەتوانین بڵێین تورکیا لەناو کابووسی کورداندایە). جێگەی هەڵوەستەکردنە چەندان مانگ پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی تورکیا سەنتەری سیاسیی کورد هەڕەشەکانی تورکیای وەک بەشێک لە پێویستییەکانی ریکڵامی هەڵبژاردن چاو لێدەکرد و ریالیستانە سەیری نەدەکرد وەک هەڕەشەیەکی جیددی و ئەگەرێکی بەهێز، گرنگترین گەوهەر لە بیرکرابوو کە هەر پێشکەوتنێکی کورد (لەهەر بەشێکی کوردستاندا بێت) بە پلەی یەکەم تورکیا لەنێو کابووسدا دەتلێنێتەوە. تورکیا نیگەرانییە خۆڕسکەکانی ناشارێتەوە و سڵ لە هیچ رێگەچارەیەک بۆ دژایەتیکردنی هەوڵەکانی کورد بە مەبەستی وەرگرتنەوەی کەرکوک ناکاتەوە (لە واقیعدا درێغیی نەکردووە)، هەندێک ناوەندی ئاگادار وایدەبینن دوو بەهێزترین تەقینەوەکانی ئەمساڵی شاری کەرکوک و شێخان تورکیای لە پشتەوە بووە چوونکە ناچێت بە عەقڵدا ئەو تەکنیک و چۆنێتییە کارایە لە توانای ئەو شانە جیهادییە تێرۆیستییانەدا بێت لە ناوچەکانی کەرکوک و دەوروبەری خۆیان مەڵاس داوە.
(مەسعود بارزانی) مانگی نیسانی رابردوو بە کەناڵی (العربیە)ی راگەیاند (شاری کەرکوک بەرامبەر دیاربەکرە. رێگە نادەین تورکیا دەست لە کاروباری کەرکوک وەربدات. ئەگەر تورکیا رێگە بە خۆی بدات دەست لە کاروباری کەرکوک وەربدا، ئێمەش دەست لە کاروباری دیاربەکر و شارەکانی دیکەی کوردنشین وەردەدەین!). ئەم لێدوانە زێدەتر موزایەدەکردن و راکێشانی سۆزی تاکی کوردی باکوور بوو تاکو هەڵوێستێکی بە کردەوە، بارزانی نەک نەیتوانی دەست لە کاروباری ناوخۆی تورکیا وەربدات لە توانایدا نەبوو پێشگیریی لە دەستتێوەردانی تورکیا بکات لە ناوخۆی کوردستان بە کەرکوکیشەوە، بگرە بارزانی ناچاربوو لەژێر گوشاری تورکیادا فشار بخاتە سەر پەکەکە و پارتی چارەسەری تا دەگاتە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوی هەواڵ و چالاکییەکانی پەکەکە لە میدیاکانی کوردستاندا. مافێکی رەوامانە بڵێین تورکیا رۆڵی هەبووە لە سستکردنی ماددەکە هەم لە رێی وروژاندنی کارتی تورکمانەوە هەم لە رێی دیپلۆماسییەوە چ لەگەڵ لایەنی عێراقی چ لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی. لە مانگی ئابی رابردوو رۆژنامەی (ستار)ی تورکی لە زمانی (یەشار یاکیش) وەزیری پێشووتری دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە ریفراندۆمی کەرکوک و بڕیاردان لەسەر ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان دوا دەخرێت، بە پێی هەواڵی رۆژنامەکە: ناڕەزایەتییەکانی تورکیا کاریگەریی باشی داناوە لەسەر ئەمەریکا و ئەو وڵاتە سەرقاڵی ئامادەکردنی فۆرمێکە بۆ راگەیاندنی دواخستنی دەنگدان لەسەر چارەنووسی کەرکوک.
لە هەموو لایەنێکەوە تورکیا لە هەوڵدایە تا هاوکێشەکە بەو جۆرە هاوسەنگ بکرێتەوە کەرکوک پارچەیەک بێت لە عێراق یان هەرێمێکی سەربەخۆ بێت و پەیوەندیی نەبێت بە باشووری کوردستانەوە. ئەم هەوڵدانەی تورکیا لە شوباتی 2007 لە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) زێدەتر روون کراوەتەوە (تورکیا بە دیدێکی زۆر گرنگ دەڕوانێتە چارەنووسی کەرکوک، لە ساڵی 1926 ئێمە دەستمان لە ویلایەتی موسڵ هەڵگرت، بەوەی ویلایەتی موسڵ کە کەرکوک بەشێکییەتی پارچەیەک بێت لە عێراقێکی یەکگرتوو، هەربۆیە ئێستاش دەمانەوێت کەرکوک بەشێک بێت لە عێراق و سەر بە حکوومەتی عێراق بێت وەک ساڵی 1926). تورکیا چالاکی و سنووری کارکردنی لە ئاستێکی بەرتەنگدا قەتیس نەکردووە بەڵکو خوازیاری پاڵپشتیی و هاوپەیمانییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە لە دژی خواستی کوردەکان بۆ بەدەستهێنانی کەرکوک، بەبڕوای (ئەحمەد گولەر)ی سەرۆکی کۆمەڵەی کوردیی (DER KURT) لە ئەنقەرە: تورکیا هەوڵدەدات هاوکاریی ئێران و سوریا بکات بۆ ئەوەی پرسی کەرکوک بە مۆڵەقی و هەڵواسراویی بمێنێتەوە. پێش ئەوەشی بەسەرماندا تێپەڕێت ئێران بەربەستی یەکەمە لە بەردەم ماددەی سەد و چل چوونکە شیعە فەرمانڕەواکانی ئەمڕۆی عێراق، چیتر نین جگە لە بەندەی گوێڕایەڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و نۆکەری بە وەفای ئامۆژگارییە سیاسییەکانی رێبەری ئێران “خامنەئی”.
ئەگەریش وەک چاودێرێکی بێلایەن سەیری پلانەکانی تورک شانبەشانی خۆدزینەوەی حکوومەتی عێراقی و بێدەنگی ئەمەریکا و سستی کورد بکەین، ئەوا حکوومەتی ئەنکەرا توانیوویەتی سەرکەوتوو بێت لە زۆرتر ئاڵۆزکاندنی گرێکوێرەی کەرکوک و تەگەرە خستنە بەردەم ماددەی 140، چوونکە ئەمڕۆ لە دوا ساتەکانی ساڵی 2007دا هەست دەکەین رەوشی کەرکوک وەک خۆیەتی، ئەگەر خراپتر نەبووبێت رووی لە چاکی نەکردووە و ئومێدەکانی کورد وەک بڵقی سەر ئاویان لێهات و روویان لە پووکانەوە و کزبوون کردووە. لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ: ئامانجی تورکیا چییە لە دەستتێوەردان لە کەرکوک و تەگەرەدانان لە بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140.؟. (د.ماگی زانگەر) چاودێر و رۆژنامەنووسی جیهانی بەرسڤی ئەم پرسیارە دەداتەوە و دەڵێت: ئامانج لە دەستتێوەردانی کەرکوک بەتایبەت لەلایەن تورکیاوە بۆ نەوتی کەرکوکە، هەر لەبەرئەوەشە دژی گەڕانەوەی کەرکوکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەو ترسی هەیە کەرکوک ببێتە تاجی ئابووری کوردستان.
داهاتی نەوت و سامانە سرووشتییەکانی کەرکوک بە ئەندازەیەکە ئەگەر لە دەستی دەستەڵاتێکی کوردیدا بێت دەبێتە بناغە بۆ تەبەنیکردنی کۆمەڵگەیەکی ئابووری پتەو. (شێخ مەتاع) بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور رایدەگەیەنێ وزەی بەرهەمهێنانی نەوت دەوروبەری 580-600 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا (دیارە مەبەستی لە نەوتی خاوە). ئەگەر سەیری ئەم رێژەیە بکەین و بە دراو بیقەبڵێنین رێژەیەکی خەیاڵی و سەرسوڕهێنەرە سەبارەت بە ئابووری ئەمێستای کوردستان. تورکیا وا تەماشای نەوتی کەرکوک دەکات کۆڵەکە و بڕبڕە پشتی ئەو دەوڵەتە کوردییەیە لە خەیاڵ و رۆژەڤی کوردی باشووردا بوونی هەیە، چون بەبێ نەوتی کەرکوک دەوڵەتی کوردستان ئیمکانی سەرپێکەوتنی نییە. لەبەرئەوەی زۆر روونە ئەم رەوشە ناهەموارەی عێراق و بە ئێرانکردن و بە شیعەکردنی عێراق، سەبری ئەیووبی کوردان دەپچڕێنێت، دوور بێت یان نزیک هەر دەبێت بیر لە پڕۆژەی دەوڵەت و سەربەخۆیی بکاتەوە، ئەوێ رۆژێ کەرکوک و نەوت دوو دارشەقن دێنە بن هەنگڵی کوردەوە.
(د.محەمەد نورەدین) پسپۆری کاروباری تورکیا لە لوبنان پێیوایە (کوردستان بەبێ کەرکوک وەک موسڵمانان وایە بەبێ کەعبە، یاخۆ فەلەستینە بە بێ قودس، کەرکوک ناوچە و پانتاییەکی دەوڵەمەندی نەوتە، ئەمەش فاکتەرێکی گرنگ و راستەوخۆیە بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردستان لە داهاتوودا پشت بە داهات و خۆشگوزەرانی ببەستێت، بۆیە تورکیا دژ بە گەڕانەوەی کەرکوکە بۆ سەر کوردستان). لە هەمان کاتدا ناوەندی باڵادەستی سیاسیی تورکیا دەوڵەتی کوردیی بەیەکێک لە مەترسییەکانی سەر خۆی چاو لێدەکات کە لەداهاتوودا سەرباری ئەوەی دەبێتە هاندەرێک بۆ جوڵاندنی کوردی باکوور بۆ داواکردنی مافەکانیان دەشبێتە هۆی شەقبوونی تورکیا وەک ئەوەی ئەمێستا هەیە. (محەمەد عەلی بیراند) لە رۆژنامەی (حوڕییەت)دا ئەم پرسە زیاتر روون دەکاتەوە: (سەربەخۆیی باکووری عێراق و دەستگرتنی کورد بەسەر نەوتی کەرکوکدا ئەگەرێکی پەسەند نەکراوە بە لای تورکیاوە، وا باوەڕ دەکرێت دامەزراندنی ناوەندێکی راکێشەر لە باکووری عێراق لە داهاتووی درێژخایەندا دەبێتە هۆی دابەشبوونی تورکیا). تورکیا بەهەر نرخێک بووە لە هەموو قۆناغەکاندا هەوڵدەدات بۆ زیاتر دابڕینی کەرکوک لە کوردستان، بەڵام جارێ نازانین چۆن کورد خۆ بۆ ئەم نەبەردە ئامادە دەکات؟ (کارەساتە وەک جاران بە پێ پلانی بچێتە مەیدانی نەبەردەکانەوە) بەرسڤەکە با بمێنێت بۆ پێشهاتەکانی دادێ.
رۆڵی ئەمەریکا – بەریتانیا لە پیلانگێڕیی دژی ماددەی 140
(مستەفا ئایدن) سەرۆکی ئەنیستیتۆی (تیپاڤ) لە میانی راپۆرتێکدا کە لەسەر عێراق ئامادەی کردووە تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی ئەمەریکییەکان رێگرن لەبەردەم ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی لە کەرکوک و پێیوایە ئەگەر ئەمەریکا ئارەزووی بوایە ئەو کارەی دەکرد. بێگومان ئەمەریکییەکان رۆڵێکی نەرێنیان هەبوو، وەختی خۆیشی (پۆڵ هارڤی) لە کەرکوک پشتیوانی عەرەبی هاوردە و تورکمانە پەڕگیرەکانی دەکرد لە دژی کورد و کەمتەرخەمی نەدەنواند لە رێگریی دروستکردن بۆ لایەنی کوردیی و کارەکانی ماددەی 58 قانوونی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە. هەموو ئەو ماوەیەی (پۆڵ بریمەر) حاکمی مەدەنی عێراق بوو سیاسەتی ئەمەریکی لە دژی بەرژەوەندیی کورد بوو لە شاری کەرکوکدا، یەکێک لە خراپترین پێشنیارەکانیشی ئەجیندای فیدراڵی پارێزگاکان بوو کە جگە لە ورد و خاشکردنی ماف و دەستکەوتە نەتەوەییەکانی کوردی باشوور، کورد بۆ هەتا هەتایی کەرکوکی لە کیس دەچوو هەروەک چۆن عەرەب لە پێشوودا (ئەندەلووس)ی لە کیس چوو. جیاوازییەکە تەنێ ئەوە دەبوو، ئەندەلووس لە چوارچێوەی غەزەواتی ئیسلامیدا بە عەرەبکرابوو، بەڵام کەرکوک لەوەتی هەیە کوردیی و کوردستانی بووە، ئێسک و پروسکی سەدان پشتی کورد لەو شارەدا بووەتەوە بە خۆڵی نیشتمانی دایک.
ژەنەراڵی خانەنشین (راڵف پیتەرز) رەخنە لە سیاسەتەکانی (بریمەر) دەگرێت و دەڵێت: کەرکوک بە درێژایی مێژوو شارێکی کوردیی بووە، بەڵام ئەگەر پۆڵ بریمەر هێندە نەفام نەبوایە ئەوا چوار ساڵ پێش ئێستا گەڕابووەوە سەر کوردستان. پاشان راسپاردەکانی (بیکەر- هاملتۆن) کە لەلایەن دەوڵەتی ئەمەریکاوە بەرکەنار کران ئاوێنەیەکی تر بوون بۆ نیشاندانی هەڵوێستی نێگەتیڤی بەشێکی بەرچاوی سیاسەتمەدارانی ئەمەریکی سەبارەت بە کورد و پرسی کەرکوک. (عەبدولخالیق زەنگەنە) ئەندامی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێ: ناوەڕۆکی راپۆرتی بیکەر- هاملتۆن ئاماژەیەکی ترسناک بوو بۆ بۆچوونی ئەمەریکا سەبارەت بە پرسی کەرکوک چوونکە لە دوای راپەڕینەوە ئێمە لەگەڵ ئەمەریکا باسی کەرکوکمان کردووە، کەرکوک ئازاد کرا ئەوان تەسلیمی حکوومەتی مەرکەزییان کردەوە!!، لەوکاتەوە گومانم لەوە هەیە ئەمەریکا بیەوێت کەرکوک بخرێتەوە سەر کوردستان. لە باری واقیعیشەوە، ئەمەریکا بە دیقەتدان لە بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا و دەوڵەتانی عەرەبیی و ناوچەکە مامەڵە لەگەڵ خواستی کورد دەکات دەربارەی کەرکوک. سیاسەتی ئەمەریکا ئەوەیە هاوسەنگیی بپارێزێت لە ناوچەکەدا، هەرچەندە ئەم سیاسەتە لە بەرئەنجامدا بۆ خودی ئەمەریکاش سیاسەتێکی هەڵەیە و دووربینی و حیکمەتێکی تێدا نییە و ئایندەش ئەم راستییە روونتر دەکاتەوە.
دواتر ئەمەریکا هێدی هێدی بۆ رازیکردنی دڵی عەرەبی سووننە و هێندێک لە وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمان و تورکیا ناچاربوو لەسەر حیسابی کورد و لە رێی موزایەدەکردن بە کەرکوکەوە پارسەنگی بارودۆخەکە رابگرێت، کەوابوو بێ هۆ نییە (زاڵمای خەلیزاد) کە وەک دۆستی کورد دەردەکەوت لەسەر هەمان نۆتەی تورکیا دەنگی بەرز کردەوە و رایگەیاند پێویستە کەرکوک بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، ئەو لە مانگی نیسانی رابردوودا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد پرۆسەی ریفراندۆم لە شاری کەرکوک ئەنجام نەدرێ و کەرکوک بکرێتە کەنتۆنێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقدا “برۆکسلی عێراق”. لە پێش چەند مانگیشەوە هەریەک لە حکوومەتەکانی بەریتانیا و ئەمەریکا لە هەوڵدان تاکوو لە رێی گووشار و قەناعەتەوە پارتی و یەکێتی رازی بکەن بۆ ئەوەی مل بدەن بە ویستی دواخستنی ماددەی 140 لە کۆتایی ساڵی 2007دا. ئەم راستییە لە زاری (مەحمود محەمەد)ی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی (پ.د.ک)وە ئاشکرا کراوە وەک دەڵێت (ئەمەریکا و بەریتانیا لە کاتی سەردانیان بۆ لای سەرۆک و مەکتەبی سیاسیی ئێمە و یەکێتی باسی ئەوەیان کردووە و پێشنیاری ئەوەیان کردووە ماددەی 140 دوابخرێت). پێدەچێت هەر لەسەر هەمان داوای ئەمەریکا و بەریتانیا لایەنی کوردیی ناچار بووبێت بە دواخستنی ماددەی 140 رازی بێت!!، چوونکە ئەمڕۆ ئەمەریکا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە شانۆی سیاسیی عێراقدا، وەلێ بەریتانیا کەنارگیر و کۆمبارس دەردەکەوێت بەڵام لەحاست پرسە ستراتیژییەکاندا ئەگەر هێندەی ئەمەریکا رۆڵ نەگێڕێت بێگومان دەور و نەخشی لەو کەمتر نییە. تەنانەت بەریتانیا هێشتا سوورە لەسەر ئەو نەخشە دێرینەکەی سایکس بیکۆ بۆ ناوچەکە و بەهەر بەهایەک بووە پارێزگاریی لێدەکات.
هەرچەندە (ئەلیسن کەمپ)ی قونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە کوردستان رایدەگەیەنێت (دەمەوێ باسی ماددەی 140 بکەم، ئەم ماددەیە زۆر هەستیارە بۆ گەلی کورد، رای حکوومەتی بەریتانیا نەگۆڕاوە و وەک خۆی ماوەتەوە، حکوومەتی بەریتانیا بە تەواوەتی پاڵپشتی جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەکات). ئەفسووس واقیع پێچەوانەکەی پێ نیشان داوین و بەریتانیا هەروەک ئەمەریکا دەستی هەیە لە دواخستنی ماددەکەدا و ئەمانیش نایانەوێ کەرکوک بگەڕێتەوە سەر کوردستان چوونکە بەردی بناغەی دەوڵەتی کوردیی پێوە بەندە، لە وەختێکدا ئەمەریکا– بەریتانیا بڕگەکانی ماددەی 140 پەکدەخەن جیا لەوەی خەونی دەوڵەتی کوردیی زیندە بەچاڵ دەکەن، دڵی دەوڵەتانی دراوسێشی پێ رازی دەکەن کە هەندێکیان (وەک تورکیا و شاکانی کەنداو) دۆستی لە مێژینەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکان. (د.جەبار قادر) ئەکادیمی کورد لەوبارەوە پێیوایە (ئەمەریکا و بەریتانیا لەگەڵ ئەوەدانین کەرکوک بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو هۆیانەی لە بیستەکاندا بەریتانیای هێنایە سەر ئەو باوەڕەی کە دژی دەوڵەتی کوردیی بێ و کەرکوک وەک بەشێک لە باشووری کوردستان دانەنرێت هێشتا لە ئارادان، ئەوان ئەو راستییە باش دەزانن گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی بەهێز دەکات). بەریتانیا لە ئەمەریکا مکوڕترە لە مانەوەی ئەو دیزاینەی لە بیستەکانەوە خۆی ئەندازیاری بووە لە رەنگڕێژکردنی رۆژهەڵاتی نێوین، دواجاریش بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی دەوڵەتی ئینگلیز لە مانەوەی هەمان ئەو نەخشە و دیزاینەی پێشووە.
خولاسە ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و راگرتنی باڵانسی ناوچەکە وەک هەمیشە قوربانی بە کورد و خاکی کوردستان دەدەن، لەوانەیە ئەمجارە وەک پێشوو تاوانەکەی نەخرێتە ملی (هێنری کیسنجەر)ێکی تر بەڵکو تاوانباری راستەقینە سەرکردەکانی کوردن!، چوونکە لە دروستکردنی فشار و هونەری سیاسەتدا کۆڵەوار و دەستەپاچەن و پتر سەرقاڵی هەندێ پرسی لاوەکین و لە پەڕاوێزی پێشهات و رووداوەکاندا سیاسەت دەکەن، ئەم لەونە لەسیاسەت هەر ئەو ئەنجامەی لێدەکەوێتەوە و ئەمڕۆ سەری کەرکوک و ماددەی 140 دەخوات و دوور نییە سبەینێ هەولێر و سلێمانی بەهۆی ئەم تەرزە سیاسەتەوە نەنێینە بانی!!.
دوا وێستگە
دوای چوار ساڵ و هەشت مانگی رەبەق بەسەر داڕوخانی بەعس و گفتوگۆ و دانوستان و شەڕی کورد لەسەر کەرکوک و هەڵهێنجانی ماددەی (58) و (140) هێشتا کەرکوک لەرەوشێکی نالەبار و ئاڵۆزدا دەژی و ئومێدەکانی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ کاڵتر دەبنەوە و بەرە و نائومێدیی رێچکە دەبەستن. رێگاکانی دەستخستنەوەی کەرکوک قورسن، قورسترن لە جەنگە درێژخایەن و خوێناوییەکانی کورد لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق، هەتا قورسترن لە جاڕدانی دەوڵەتی کوردستان!. لێ ئەم ساتەوەختە حەزینە و ئەو کاتژمێرەی لەپێش دەستمانە پێمان دەڵێت کات تەواو بوو، کات تێپەڕی، هێشتا دیار نییە دوای درێژکردنەوەی شەش مانگی تری پێشنیارکراو بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 ئەگەر ماددەکە دەستی دەستی پێکرا، کورد کام رێگا دەگرێتەبەر؟. (د.فوئاد مەعسوم) رایدەگەیەنێ: ئەگەر بێتو ماددەی 140 بە تەواوەتی جێبەجێنەکرا ئەوا ناچارین رێگەی تر بگرینە بەر!. بەڵام دکتۆر مەعسوم بە جوانی خاڵ لەسەر پیتەکان دانانێت بۆئەوەی بزانین ئەو رێگایانەی تر چین و ئەگەری ئەوە هەیە ئومێدیکیان لێ پەیدا بێت؟. ئەگەر رێگەکە رێگەی جەنگ بێت ئەوە دەرگای دۆزەخ دەکاتەوە و شارەکە تێکڕا دەکاتە کابووس (ئەم رێگایە تاکە رێگایە بۆ وەرگرتنەوەی کەرکوک) ئەگەر رێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆیە، چی وایکردووە لە ماوەی چوار ساڵی رەبەقدا کورد لە یاری دیپلۆماسی شکست بخوات؟ ئایا دیسان یاری دیپلۆماسی نابێتە یاری مار و پەیژە؟. یان وەک وتە کلاسیکی و میللییەکە دەڵێت کورد ئەوەی بە خوێن و رۆندک و ئازار بەدەستی دەهێنێت و لە جەنگدا مسۆگەری دەکات هەمیشە لەسەر مێزی گفتوگۆ دۆڕاندوویەتی و لە کیسی چووە!! ئایا ئەم جارەش کورد هەمان یاری دەکات؟.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
سوێد – ستۆکهۆڵم

—————————————————–

*ئەم وتارە شیکارییە پێش سیانزە ساڵ و لە ژمارە (46)ی گۆڤاری (نێوەند) لە مانگی دیسامبەری ساڵی 2007 بڵاوبووەتەوە.

تێبینی: کۆی ئەم شیکارییە وەک بەشی دووەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لە لاپەرە 69-109 چاپ و بڵاوکراوەتە. کە ئەو کتێبەش بە چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2018 لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە




بێ تۆ … شیعری: ستیڤان شەمزینی

زامێکی قووڵ بە دڵمەوەیە
هەرەسێکی مەزن لە رۆحمایە
خۆر لە ئاسمانی منا هەڵنایەت
مانگ لە شەوانما نادرەوشێتەوە
جەستەم رەنگی خۆڵەمێشی گرتووە
هەناسەم بووە بە جۆگەی ئاگر
لە سینگمەوە زووخاو شەپۆل دەدا
خەیاڵەکانم بوون بە ئەشکەوتێکی بێ شەوق
روانینەکانم تەژی بوون لە تەنهایی
خەندەکانم وەک ریشۆڵە کۆچیان کردووە
رۆژانە لەسەر هەوری یادگارییەکان سەما ئەکەم
بیرکردنەوەکانم تامی دۆزەخیان گرتووە
فنجانی قاوەکەم تەنها و کەساس ماوەتەوە
هەنگاوەکانم هەناسەسوارن و ناگەنە جێ
دەستەکانم بوون بە دوو شمشێر لە هەڵم
بەو جەستە خوێناوییەمەوە
وێستگەی شەمەندەفەرەکان و
هۆڵی فڕۆکەخانەکان و
کوچە و کۆڵانی شارەکان
خۆم و خەمەکانم لە تۆ دەگەڕێین
بەو جەستە لە خاچدراوەوە
بنی دەریا و شەپۆلی ئۆقیانووسەکان
جەمسەری باکوور و باشوور
باخچەکانی خەیاڵ و دوورگەکانی خەون
بە دوای تۆدا دەگەڕێم
خۆم و کۆڵێک خەمی جاویدانی
لە ماڵی پەڕەسێلکەکان و
زادگەی نەوڕەسەکان
لە سەر باڵی پەلکە زێڕینە و
نیشتمانی قەڵبەزە
لە سۆراخی تۆداین
من و ئاوازە غەمگینەکەی دڵم
لە دڵۆپە باران و ریشی سپی بەفر
لە هاژەی چەم و پەلکە گیا
لە چڵە نێرگزی بەهار و
پەروانەکانی ئەم ئاواییە
لە هەواڵت دەپرسین
خۆم و مەراقە گەورەکەی دڵم
شار بە شار
وڵات بە وڵات
کیشوەر بە کیشوەر
بە شوێن تەمی شوێن پێکانتا دێین
بێ ئەوەی بمانگەیەننە هیچ کوێ
دواجار تۆم لە هیچ جێگەیەک نەدۆزیەوە
وەلێ بێ هۆش بووم لەوەی
لە دڵی خۆمدا سەرخەوێکت شکاندووە!!!




پێنج کورتە شیعری ستیڤان شەمزینی

1
توانەوە
ئێوارەیەک مەستی عەشق ئەبم
دلبەرەکەم ئەگرمە ئامێز و
بە ناخی ماچی لێوەکانیدا رۆ ئەچم
بەیانییەک تێر عەشق ئەبم
دلبەرەکەم ئەگرمە باوەش و
جەستە سپییەکەى هەڵدەکرۆژم
نیوەڕۆیەک شەڵاڵی عەشق ئەبم و
ئاوێتەی دلبەرەکەم ئەبم
تێر رایدەموسێنم بەجەستەی سڕمەوە
رۆژێک پڕ دەبم لە عەشق و
وەک گەڵای رووت لەگەڵ دلبەرەکەمدا
یەکتر ئەگرینە باوەش

2
ئەمەوێ
ئەمەوێ دڵۆپەکانی بارانت یەک یەک بۆ تەفسیر بکەم
بە مەرگی ناوادەی گەڵاکانی پایز ئاشنات بکەم
هاوار و ناڵەناڵی رەشەباکانت بۆ شی بکەمەوە
بێ ئۆقرەیی و سەرشێتی دەریاکانت بۆ حنجە بکەم
هەر دڵۆپە بارانێک قەترەیەک ئەشکی منە
لە چاوەڕوانی گەڕانەوەتا دادەبارێ
خەزانی هەر گەڵایەکی رەنگ زەردهەڵگەڕاو
بزەیەکی منە لە تاسەی بێ تۆییدا دەوەرێ
لەرینەوەی ژێی تووڕەی هەر رەشەبایەک
نرکە نرکی دڵمە شینی دووریت ئەگێڕێ
شەپۆلی یاخی هەر دەریایەک
هەڵچوونی رۆحمە بۆ نیگایەکت شاڵاو دەهێنێ

3
بەختگرەوە
هەر ئەو ساتەی بەختگرەوەکە
دڵی بلووری منی لە مرواری رۆحتا بەدی کرد
لە تەوێڵی منا رەنگی فریشتەیی تۆی دۆزییەوە
تەڵیسمی خەونەکانمی ورد ورد شی کردەوە
مزگێنی هەڵاتنی خۆری لەنێو شەوەزەنگی دڵما پێدام
لە نیشتنەوەی کۆترە سرکەکە لە سەرشانم بێداری کردمەوە
هەر ئەو ساتەی بەختگرەوەکە
راماڵینی منی وەک بەردێکی کەنار رووبار لێکدایەوە
هێرۆگلیفیای ئاورنگی سەر پەلکە گیای بۆ خوێندمەوە
گزنک و کازیوەی هەموو رۆژەکانمی تەفسیر کرد
لەو ساتەوە بێ پشوودان لە سەفەردام و
بەڕێوەم بەرەو دوورگەی ئەوینی تۆ

4
ئەمەوێ لەگەڵ تۆ بم
لەگەڵ تۆ
شار بە موزیکی ئەوین خەبەر بکەینەوە
ئاسمان بە پەلکەزێڕینەی ئەشق رەنگ بکەین
شەوەکان بسپێرین بە تریفەی مانگ و
رۆژەکانیش بە ئەمانەت بدەینە دەست ئەستێرەناسێک
باخچەکان تەژی بکەین لە لاولاوی باڵامان
ئەستێرەکان بکەین بە شایەت بەسەر یەکەوە
دەریاکان بە سەوڵی خۆشەویستی ببڕین و
لە ئامێزی یەکتردا تەرمی خۆمان بنێژین

5
دەستگرتن
دەستم بگرە بەرەو مەملەکەتی جەستەت
دەستم بگرە بۆ سەرچاوەکانی چێژ
دەستم بگرە بەرەو کانگای ماچ
دەستم بگرە بۆ دنیای رامووسان
دەستم بگرە بەرەو چرکەکانی ئاوێتەبوون
دەستم بگرە بۆ قووڵاییەکانی دڵت
دەستم بگرە بەرەو مەرگی پێکەوەیی
دەستم بگرە توند توند دەستم بگرە
تەنها بۆ دابڕان دەستم مەگرە




ئەمەریکا لە زەلکاوی عێراقدا … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

(ئێمە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو عێراقەدا بکەین کە هەمانە، نەک عێراقێک ئارەزوومان دەکرد هەمانبوایە. عێراقى هەنووکەیى: عێراقێکى وێران، پڕ لە شەڕ و پێکدادانە، ئەگەر نەڵێین تووشى شەڕى ناوخۆیى بووە، لە راستیدا بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوات).
هیلاری کلینتۆن

لە کاتى ئامادەکاریى و خۆسازدان بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى سەربازیى بۆ سەر عێراق، کاربەدەستانى باڵاى دەوڵەتى ئەمەریکا لەسەرووى هەموویانەوە جۆرج بوش باسیان لە بونیادنانى عێراقێکى نوێى دیموکراتى و لیبرال دەکرد، عێراقێک ببێتە نموونەیەک بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە پیادەکردنى دیموکراسى و پاراستنى مافەکانى مرۆڤ و پێکەوە ژیانى ئاشتییانە. زۆربەى میدیاکانى سەر بەدەوڵەتى ئەمەریکا و گرێدراو بە هاوپەیمانەکانى لە تەواوى دنیادا مژدەى عێراقێکى نوێیان بە گوێدا دەداین، عێراقێک سەد و هەشتا پلە جیاواز لە عێراقى سەردەمى حکوومەتى دیکتاتۆریى و دەسەڵاتى ملهوڕانەى سەدام حسێن. لە بارى عەمەلیشەوە زۆربەى عێراقییەکان چاویان لە پاشەڕۆژ و ئاسۆیەکى روون بڕیبوو، ئایندەیەک پەردە لەسەر شانۆى گۆڕى بە کۆمەڵ و کاسەسەر و تاوان و هاڕین دابداتەوە. عێراقێک هەموو هاووڵاتییەکانى هەست بە ئارامى و دڵنیایى بکەن و تیایدا بحەسێنەوە، بەڵام لە دواى سێ ساڵى و نیو تێپەڕین بەسەر ئەنجامدانى پرۆسەى ئازادکردنى عێراق، کاتى ئەوە هاتووە بارودۆخى عێراق هەڵبسەنگێنین و پرسیار بکەین، ئایا ئەمەریکا و ئەجینداى کۆشکى سپى لە عێراق سەرکەوتوو بووە؟. پرسیارێکى ئاسانە، بەڵام وەڵامدانەوەى کارێکى قورس و فرە زەحمەتە، بۆیە پێویستمان بە شرۆڤەکارییەکى ورد و بەدیقەتانە هەیە تاکوو بتوانین وەڵامێکى واقیعى و دروست و زانستى و دوور لە روانگەی ئایدلۆجیی و هەستەکی و سۆزدارییانە بەو پرسیارە بدەینەوە.
ئەگەر بڕێک واقیعیبینانە سەیرى ئەو رووداوانە بکەین لە عێراقدا روو دەدەن، ئەوەى ئەمڕۆ لەم وڵاتەدا بەڕێوە دەچێت لە خۆیدا جەنگێکى رانەگەیەندراوى تائیفى و نێوخۆییە. ئەو جەنگەى ریشەیەکى قووڵترى هەیە لە دیرۆکى عێراقدا، ئەویش جەنگى نێوان هەردوو ئاینزای شیعە و سووننەیە. لە ماوەى هەشتا ساڵى رابردووى دەسەڵاتى سووننەدا لە رێى سەرکوت و توندوتیژییەوە هەموو جیاوازییەکان لە عێراقدا کپ کرابوونەوە و لە چوارچێوەى یەک ئیدۆلۆژیدا لە قاڵب درابوون. ساتێک دواى هەرەسى بەعس، دەرگا بە رووى جیاوازییەکانى ناو عێراقدا دەکرێتەوە لە یەکەمین بەریەککەوتن و کاردانەوەدا جیاوازییەکان بە رووى یەکتردا دەتەقنەوە، هەر بۆیە ململانێَ و ناکۆکییە تەقیوەکەى ئەمڕۆی نێوان شیعە و سووننە دەرئەنجامێکى نەخواستراو و گەلێک خوێناویى لێکەوتۆتەوە. هەر ئەمڕۆ لە عێراقدا دەیان کەس بگرە زیاتریش دەبنە قوربانى ئەم ناکۆکى و جەنگە مەزهەبییە. هەزارانى تریش بێ ماڵ و حاڵ و سەرگەردان و ئاوارە و دەربەدەر دەبن. لە راستیشدا ئەو سەقامگیرییەى پێشتر لە سەردەمى بەعسدا هەبوو ئەمڕۆ ئەویش لە کیس چووە!!، لێ سەقامگیرییەکەى بەعس لە ژێر قامچى و دارکوتەکدا بوو، بەڵام هێشتا لە رووى چەندایەتییەوە ژمارەى زیان لێکەوتووان و قوربانیان تا راددەیەک کەمتر بوو. ئەوەى هەنووکە لە گۆڕەپانى عێراقدا لە تیرۆر تەقاندنەوە و لاشەى کوژراو و شێوێنراو دەبینرێ زۆربەى هەرە زۆریان قوربانیانى ناکۆکى مەزهەبین نەک بەرئەنجامى کردەوە بێ بەزەییەکانى جەمسەرى تیرۆرى جیهانى لە عێراقدا. پێم باشە بۆ پاڵپشتی دەربڕینەکانی سەرەوە لێرەدا سەرنجتان بۆ هەندێک داتا و ئاماری بایەخدار و راپۆرتى رۆژنامەنووسان و گۆشەنیگاى سیاسەتمەداران لەمەڕ جەنگى نێوخۆیى راکێشم.
نووسەرى لیبرالی عەرەب (عەدنان حسەین) دەنووسێت (بەپێى سەرژمێرییەکانى سەرچاوە فەرمییە عێراقییەکان و سەرچاوەکانى هێزى هاوپەیمانان، رۆژانە 100 عێراقى دەبنە قوربانى ئەو جەنگە ناوخۆییە تایفییەى لە بەشە عەرەبییەکەى عێراقدا بەڕێوە دەچێت، ئەم قوربانیانەش هەروەک هەمان ئەو سەرژمێرییانە دووپاتی دەکەنەوە، زۆرینەى زۆریان خەڵکى سڤیلن و ژمارەیەکى زۆریشیان منداڵ و ئافرەت و بە تەمەنەکانن). ئەمە جگە لەوەى رۆژانە چوار تا پێنج سەربازى مارێنزى ئەمەریکى دەکوژرێن و تێکڕاى کوژراوەکانى سوپاى ئەمەریکاش لە سەرەتاى پرۆسەکەوە گەیشتۆتە نزیکەى سێ هەزار سەرباز!، بۆیە بەلاى بەشێکى زۆرى چاودێرانى سیاسییەوە خەریکە عێراق بۆ ئەمەریکا دەبێتە چاڵێکی هاوشێوەی ڤێتنام، چوونکە ئەمەریکاییەکان لەو قەناعەتەدا نەبوون رووبەڕووى ئەم سەختگیرییە ببنەوە لە عێراقدا و بەو جۆرە گیر بخۆن بە دەست وڵاتێکى پڕ ئاشووب و گێچەڵى وەک عێراقەوە. بەشێکى تر لە سەرچاوەکانى ئاگادار لە رەوشى عێراق ژمارە قوربانییە عێراقییەکانى ئەم سێ ساڵ و نیوە بە نزیکى سێ چارەگە ملیۆن دەخەمڵێنن. (سابرینا تاڤێرنیس) لە رۆژنامەى “نیۆیۆرک تایمز”دا دەنوسێت (تیمێک لە تۆژەرانى تەندروستى عێراقى و ئەمەریکى، ژمارەى کوژراوە عێراقییەکان بە 600 هەزار هاووڵاتی دەخەمڵێنن!، لە دەرەنجامى بارگرژیى بارودۆخى عێراق لە میانەى داگیرکردنى لەلایەن ئەمەریکاوە لە ساڵى 2003. بەپێى راپۆرتى نەخۆشخانەکانى حکوومەتى عێراقى تەنیا لە ماوەى مانگى تەمموزى ئەمساڵدا 15 هەزار کەس بوونەتە قوربانى کە زۆرترین رێژەى قوربانییە، جۆن هۆپ کینز لە خوێندنگاى تەندروستى گشتیى بەم لێکۆڵینەوەیە هەڵساوە، ئەویش لەبەر لە نزیکەوە سەرنجدانى بارودۆخەکە و تۆمارکردنى کوژراوەکان، چوونکە رۆژانە چەندین توندوتیژیى روودەدات و ژمارەیەکى بەرفرە هاووڵاتی دەبنە قوربانى). ئەمەش وایکردووە دیمەنی مەرگئامێزی عێراقییەکان ببێتە هەواڵی یەکەم تێکڕای میدیا جیهانییەکان.
هەر لەمبارەیەوە و دەربارەى قەبارەى رووداوە خوێناوییەکانى عێراق، ماڵپەڕى (ئەلعەرەب ئۆنلاین) لەسەر تۆڕى ئینتەرنێت، دەنووسێت (سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان لە دواهەمین سەرژمێریدا رایانگەیاندووە کە زیاتر لە 6500 عێراقى تەنیا لە دوو مانگى تەمموز و ئابى رابردوودا کوژراون!!!. بەمەش بناغەى جەنگێکى نێوخۆیى درێژخایەنى داناوە کە مەودا تایفییەکە رۆڵێکى گەورەى تێدا دەبینێ). (ئەلوەتەنى سعودى) لەسەر هەمان پرس و ئاستى چۆنایەتى و چەندایەتى بارگرژییەکانى عێراق بڵاویکردەوە (هەر یەک کەس لەنێوان چل عێراقیدا، لە دەستپێکردنى داگیرکاریى ئەمەریکیى لە ئازارى 2003ەوە گیانى لە دەستداوە، واتە نزیکەى لە سەدا دوو و نیوى سەرجەمى دانیشتوانى وڵات. ئەمەش واتاى ئەوەیە مەرگ لە دەرگاى ماڵى گشت عێراقییەکى داوە، بە ماڵى ئەو گەورە بەرپرسانەشەوە کە حوکمى عێراقى ئەمڕۆ دەکەن. ئەوە هەمووى بە پێى تازەترین توێژینەوەیە کە پزیشکەکانى جۆن هۆبکینز و کۆلێژى پزیشکى زانکۆى موستەنسرییەى عێراق بە هاوکاریى پەیمانگاى ماساشوسیش، ئەنجامیان داوە). ئەو ئامار و ژمارانەی لە ناوەندە جیهانییەکانی لێکۆڵینەوە و شیکاریی ستراتیژیی بڵاو دەکرێنەوە دەربارەی کوشتار و لەناوچوونی هاووڵاتیانی عێراقی، بە راددەیەکی وەها تۆقێنەر و خەیاڵییە، بووەتە جێگەی شۆکێکی گەورە لەسەر ئاستی جیهان و سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەو پێیەی ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا دەگوزەرێ لە خوێنڕێژیی و کوشتن لە دەرەوەی هەموو پێشبینی و چاوەڕوانییەکاندا بوو.
رۆژنامەنووسانى بیانیى و چاودێرانى بوارى ئەمنیى عێراق رۆژانە هەواڵى دۆزینەوەى ئەو تەرمە کوژراوە نەناسراوانە رادەگەیەنن کە دواى دەستبەسەرکردنیان بە دەست و قاچى بەستراوەوە گوللەباران کراون و لە کەنارى شارەکان بە کۆمەڵ و تاک تاک فڕێدراون. ئەم حاڵەتە نەک حاڵەتێکى شازە بەڵکو دیاردەیەکى هەمەرۆژەى شارەکانى بەغداد و دیالە و موسڵ و رومادى و کەرکوکن. رۆژنامەنووسی پسپۆر لە کاروبارى رۆژهەڵاتى نێوین (ریچارد ئینگل) زۆرترین ماوە لە عێراقدا ماوەتەوە دەربارەى ئەو دیمەنە سامناکانەى کوشتن و سەربڕین کە بەچاوی خۆی دیوێتى بە تایبەت لە شارى بەغداد، دەنووسێت (شتێکى قێزەون بوو، سەدان تەرمم بینى، تەرمى بۆگەنکردوو، تەرمگەلێک لە گۆڕى قووڵایى کەمدا نێژرابوون، جارێک سەگێکم بینى کەللەسەرى مرۆڤێکى بە دەمەوە بوو، بۆنى تەرم دەکەیت، خەڵک دەبینیت هەست بە تووڕەیى دەکەن، ئەو کەسانەشی دەکوژرێن کەسە زۆر بە تەمەنەکانن، یان زۆر هەژارەکان یاخۆ منداڵ و زۆر لاوازن، بە جۆرێک ناتوانن وڵات بەجێبهێڵن).
زۆر بەڵگەش هەن تێوەگلانى وەزیر و کاربەدەستانى حکوومى لە جەنگى نێوخۆیدا دەسەلمێنن، تەنانەت دیکۆمێنت لەبەردەستدایە لەسەر تێوەگلانى خودی وەزیرى تەندروستى عێراق لە جەنگى تایفى!، لەمبارەیەوە رۆژنامەنووس (لارا لۆگان) هەواڵنێرى کەناڵى (CBS) راپۆرتێکى سەیر و سەمەرەى لەسەر وەزیرى تەندروستى ئامادە کردووە کە ئەو وەزیرە بە پشتیوانى مەلاى بونیادگەر (موقتەدا سەدر) شیعەگەرێتى دەکات، راپۆرتەکە دەڵێت (دکتۆرى نەخۆشخانەکان لە بەغداد و کەربەلا بە بەرنامەیەکى داڕێژراو، نەخۆشە سووننەکان دەکوژن و لاشەکانیان دەخەنە ناو گۆڕى بە کۆمەڵەوە). جا ئەگەر ئەمە مامەڵەى وەزیرى تەندروستى بێت وەک کار هەڵسوڕێنەرى وەزارەتێکى خزمەتگوزاریى و کاروبارى مرۆیى، ئەوە لەوە مەپرسە وەزیرى ناوخۆ و بەرگریى و سەرۆکى دەزگا سوپاییەکان و هەواڵگریى و نیزامییەکان چۆن مامەڵە دەکەن؟ ئەى دەبێت کۆنە ژەنەراڵ و تازە ئەفسەرى راهاتوو لەسەر توندوتیژیى چۆن بەرپەرچى نەیارەکانیان بدەنەوە؟. دەبینین ئەمڕۆ عێراق لە قەیرانێکى قووڵدا دەژى، جەنگى تایفى هەموو سنوور و پێوەرێکى جەنگ و ململانێى بەزاندووە، لەوەش عەنتیکەتر ئەوەیە ئەمڕۆ لە شارەکانى بەغداد و رومادى و دیالە خەڵکان لەسەر ناسنامە و ناو دەکوژرێن گوایە ناوەکانیان تەعبیر لە مەزهەبێکى دیاریکراو دەکات. دەیان بەڵگەى سەلمێنراو و راپۆرتى رۆژنامەنووسى لە بەردەستدان هێما بۆ ئەو جۆرە لە کوشتن و تیرۆر دەکەن لەسەر ناسنامە و ناو.
رۆژنامەنووسێکى بیانیى راپۆرتێکى لەسەر کوشتن لەسەر ناو ئامادەکردووە، راپۆرتەکە لە ماڵپەڕى ئینتەرنێتى (ئیلاف) بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت (لە رێى وتووێژەکانەوە بۆم دەرکەوت هەندێ ناو و نازناوى دیاریکراو هەیە خاوەنەکانیان رووبەڕووى مەترسى دەکاتەوە، ئەمەش لە هیچەوە نەهاتووە. بەڵکو چەندین حاڵەتى کوشتن و فڕاندن لەسەر ناسنامە یان ناو لە زۆربەى ناوچە بارگرژەکاندا روویداوە، بۆ نموونە هەڵگرى ناوەکانى وەک: حسەین، عەلى، عەبدولزەهرە، عەبدولحسەین و نازناوەکانى وەک: ئەلموسەوى، ئەلدەڕاجى، ئەلئەسەدى، شیعە مەزهەبن بە پێچەوانەشەوە هەڵگرى ناوەکانى وەک: عوسمان عەلی، ئەبوبەکر، نازناوەکانى وەک: ئەلمەشهەدانى، ئەلکعێدى، ئەلزەبەعى. نازناوى سووننە مەزهەبن و لە هەندێک شوێن داواکراون). هەر ئەو سەرچاوەیە باسى ئەوە دەکات زۆربەى عێراقییەکان ناچاربوون دوو ناسنامە هەڵبگرن، بۆیە دەڵێت، (ژمارەیەک لە عێراقییەکان ناچارى بەکارهێنانى دوو پێناسن، تا لە ناوچە بارگرژەکاندا هەریەکەیان بە پێى ئەو تایەفەى لەو ناوچەیەدا دەژى بەکاریبهێنێت). ئەمەش دەرخەری تاڵترین واقعییەت و چڵەپۆپەی توندوتیژیی مەزهەبییە لە عێراقدا.
هەر لەبارەى کێشەى ناو نازناوەوە، نووسەرى عەرەبى عێراقى (محەمەد بەغدادى) دەنووسێت (چوینەتەوە ناو دەردێکى دیکەوە کە لە مێژووى عێراقدا بەم قەبارەیە نەبینراوە، ئەویش بریتییە لە تایفەگەریى، گەنجەکانمان گشت رۆژێک لەسەر ناسنامە دەکوژرێن، لە هەواڵەکاندا جگە لە هەواڵى دۆزینەوەى دەیان تەرمى بێ ناسنامە لە شەقامەکانى بەغداد لەلایەن پۆلیسى نێوخۆییەوە. گوێبیستى هیچى دیکە نابین، یاخۆ فڵان کەس لە فڵان پارت یان مەزهەب، یان لە فڵان هۆز لەلایەن، کەسانێکى نەناسراوەوە تیرۆر کراوە!!، ئێستا دیاردەى ناو گۆڕین لە ناوچە عێراقییەکاندا بڵاوبۆتەوە، ناوەکانى وەک عەلی و حسێن لە ناوچە سووننەکاندا گۆڕدراوە، عومەر و عوسمانیش لە ناوچە شیعەکاندا). رۆژنامەى (ریاز)ى سعودى لە ژێر سەردێڕى (سەربڕین بە پێى ناسنامە) بڵاویکردۆتەوە (سەربڕین بەپێى ناسنامە دواترین ناونیشانى ئەو جەنگەیە کە ئێستا لە عێراقدا بەرپا بووە، هەر کەسێک ناوى عەلی، حەسەن، حسەین، زەین لعابدین بێت لەلایەن سووننەکانەوە دەکوژرێت. شیعەکانیش عومەر، عوسمان، موعاویە، یەزید، سەردەبڕن، کارەساتەکە ترسێکى واى ناوەتەوە کە خەڵکى ناچار دەکات ناو و ناسنامەى خۆیان بگۆڕن و مەزهەب و تەنانەت ئاینى خۆشییان –بۆ ئەو کەسانەى لە دەرەوەى ئەو دوو تایفە ئیسلامییەدان– بسڕنەوە، ئەم پێشکەوتنەش لە لوبنان و لە سەردەمى جەنگە ناوخۆییەکەدا، وەرگیراوە).
هەنووکە بازاڕى (مریدى) کە بازاڕى ساختە و تەزویرچییەکانى شارى بەغدادە و دەکەوێتە ناوچەى (سەدر) و چەندان ساڵە ناوبانگى بەوە دەرکردووە، پاسپۆرت و ناسنامە و بڕوانامەى ساختەى تێدا دروست دەکرێت، جمەى دێت و لە تازەترین جۆرى داهێنانى ساختە و تەزویرى ئەم بازاڕەدا ناسنامە دروستکردنە بۆ خەڵکان و پەیڕەوانى هەردوو مەزهەبى شیعە و سووننە، تا بەهۆى گۆڕینى ناوەکانیانەوە لە مەترسی تیرۆر بە دوور بن!!، هەر بۆیە ئەمڕۆ سەرجەم دانیشتوانى شارى بەغداد دوو ناسنامەیان لە باخەڵدایە، لە یەکێکیاندا شیعەى دوانزە ئیمامین و لەویتریاندا سووننەى سەلەفى!!. ئەم چەند مانگەى دوایش مەیدانى عێراقى توندترین و خوێناویترین حاڵەتى بەخۆوە بینى و تاوان و ستەمکاریى مەزهەبیى و سیاسیى تیایدا گەیشتە دوا لوتکە، رەنگە بڵێم دواى تەقینەوەکانى سامەڕا و کاولکردنى مەرقەدى ئیمام عەباس شەپۆلێکى توندوتیژیى و تیرۆرى مەزهەبیى دەستیپێکردووە و عێراقى گەیاندۆتە سەر لێوارى ترسناکترین کارەساتى مرۆیى، ئەم نموونەیەى عێراق رەنگە لە مێژوودا بەرجەستە نەبووبێ، مەگەر لە دارفۆر و روانداى پێشتردا کارەساتى وا خوێناویى روویاندابێت، چوونکە ئەوەی ئەوڕۆ لە عێراق دەگوزەرێ زۆر لە تراژیدیای کاتی شەڕی ناوخۆی لوبنانی تێپەڕاندووە.
رۆژنامەنووسی چاودێر (سابرینا تاڤێرنیس) دەربارەى ئەو شەپۆلە لە توندوتیژیى و تیرۆر، دەنووسێت (بەپێى خەمڵاندنى پسپۆڕانى نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگى ئۆگەستدا عێراق بەرەو رووى توندترین کارى خۆکوژیى بۆتەوە بە تایبەت لە بەغداد و شارەکانى دەوروبەریدا، تەنیا لە رۆژێکدا 97 هاووڵاتی کوژراون و نەخۆشخانەى یەرموک راستیى ئەم قسەیەى سەلماندووە و رایگەیاند رێژەکە لەوە زیاتریشە). نووسەر و پسپۆرى ئەمەریکى بە رەگەز هیندیى (فەرید زەکەریا) سەرنووسەرى گۆڤارى (نیوس ویک ئینتەرناشیۆناڵ) نووسیوویەتى (رێکخراوى نێودەوڵەتى بۆ کۆچکردن هەڵیسەنگاندووە هەفتانە “9” نۆ هەزار کەس لە عێراقدا خانەبەدەر دەکرێن، یەکێتى قوربانیانى عێراقى کە ژمارەى قوربانییەکان لە عێراقدا دەژمێرن و پشت بە رۆژنامە ناوخۆییەکان دەبەستن دەڵێت: مانگى ئۆگەست و ئەیلوول بە خوێناویترین و پڕ مەرگترین مانگ تۆمارکراون بۆ عێراق، هەروەها ئۆکتۆبەریش بە زیادبوونى ئاستى ئەم توندوتیژییانە دادەنرێت). ئەم بارودۆخە ناهەموار و ناسەقامگیرەى عێراق، بە جۆرێک نائومێدیى خوڵقاندووە نەک سیاسەتمەدار و خەڵکانى ئەکادیمى عێراق بەجێدەهێڵن بەڵکو کار گەیشتۆتە ئەوەى یاریزان و وەرزشکارانیش لەدەست ئەم دۆخە هەڵبێن. بە پێى راپۆرتى (میدڵ ئیست ئۆنلاین) پرۆسەى کۆچى یاریزانانى یانە سەرەکییەکانى عێراق، بە ئامانجى گەڕانە بە دواى رەوشى ئاسایشى جێگیر لە تیپەکانى تردا لەلایەک و هەوڵى زاڵبوون بەسەر گرفتە داراییەکاندا لەلایەکى تر، هەر بەپێى هەمان راپۆرت تەنیا لە یانەى (ئەلزەورا) هەشت یاریزان تیپەکەیان بەجێهێشتووە، لە کاتێکدا یانەکەیان بەهێزترین یانەى عێراقە و هەڵگرى چەندین نازناوە و لە مێژووی نوێی عێراقیشدا ئەو یانەیە سەرکەوتووانە بەشداریی چەندان پاڵەوانێتی وەرزشی کردووە چ لەسەر ئاستی ئاسیا، چ لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی.
بە کورتى عێراق شوێنێکى پڕ مەترسییە بۆ هەموو هاووڵاتیان نەک تەنیا سیاسیى و کەسانى دیاریکراو و ناسراو. بارودۆخى ئەمنیى و تەنگژەى ئێستاى عێراق جۆرە شڵەژانێکى لاى ناوەندى سیاسیى ئەمەریکى دروستکردووە، لە هەمان کاتدا عێراقییەکانیشى تووشى نائومێدیى و بێ هیوایى کردووە، تەنانەت زۆرێک لە پسپۆڕان و کارناسانى واقیعى عێراقى لەو قەناعەتەدان، پڕۆژەى ئەمەریکیى هەر لە بنەڕەتەوە هەرەسى هێناوە و نەیتوانیوە ئامانجەکانی بپێکێت، بگرە دەستکورت بووە تەنانەت لە راگرتنى بارودۆخ و بەرقەرارکردنى سەقامگیریى. جاکسۆن دیڵ دەڵێت (سەرۆک بوش رایدەگەیەنێت بارودۆخى عێراق دەگۆڕێت و ئاسایشى نەتەوەیى دەپارێزێت، بەڵام سیاسەت بە پێچەوانەوە هەنگاو دەنێت، ستراتیژیى سێ ساڵى پێشوو هاوکاریى ئەوتۆى عێراقییەکانى نەکرد و هەڵبژاردن نەیتوانى ببێتە فاکتۆرێکى سەرەکى بۆ چارەسەرکردنى بارودۆخى ئاسایش). بارودۆخى عێراق بۆتە مایەى واق وڕمانى ئەندامانى کۆنگرێس و سیاسەتمەدارانى سەر بە کۆماریى و بگرە دیموکراتەکانیش، تەنانەت دۆخى عێراق بەهەمان دۆخى دارفۆر و کۆنگۆ بەراورد دەکەن بگرە زیاتریش. دیسان رۆژنامەنووس (سابرینا تاڤێرنیس) دەنووسێت (ئەندامانى کۆنگرێسى ئەمەریکى کوژرانى عێراقییەکان بەم ژمارە زۆرە بە بارودۆخێکى مەترسیدار لە قەڵەم دەدەن و بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدان ئاسایشى وڵات چارەسەر بکەن و سەقامگیریى بگێڕننەوە بۆ هاووڵاتیان، هەروەها ئەم بارودۆخەى عێراق بەراوورد دەکەن لەگەڵ دارفۆر و کۆنگۆ لە رووى ژمارەى کوژراوە و تەنگژەى سیاسییەوە).
لاى عێراقییەکانیش هەموو گەشبینى و خەونێکى جوان بە ئایندەیەکى رووناکەوە گۆڕاوە بۆ رەشبینى و بێ هیواییەکى ترسناک، ئارەزوومە ئەم چەند پەرەگرافەى نووسەرى سیاسیى عێراقى (عەقیل ئەلقەفەتان) لەگەڵ مندا بخوێنینەوە: (هەموو ئەو بەڵگانەى ئێستا بەدەستمانەوەیە، گشت ئەوەى دەیزانین و دەیبیستین و دەیبینین و ئەوەى کەسوکارى لە ناوەوەى نیشتمانەوە بۆمان دەگێڕننەوە، بەشێوەیەکى تەواوەتى دەیچەسپێنن ئەو عێراقەى خەونمان پێوە دەبینى و بیرمان لێدەکردەوە ئەم عێراقە نییە!!). ئەوجا دەڵێت (خەونەکانمان زیاتر لە خەونى منداڵى پێنەگەیشتوو دەچێت، ئێمە خەونمان بەهەموو شتێکەوە دەبینی، نەخشەمان بۆ هەموو شتێک بەشێوەیەکى هەڕەمەکى و بێگوناهییەوە دەکێشا). هەموو ئەوانەى لە عێراقدا روودەدەن پێچەوانەى ئەوەن ئەمەریکا بانگەشەى بۆ دەکات، شەمەندەفەرى عێراق بۆ دۆزەخ ملى رێگاى گرتۆتەبەر نەک بۆ باخچەکانى عەدەن، عێراق لە ژێر سێبەری شمشێر و تیرۆر و فەتوادا راگیراوە نەک لە ژێر ساباتى دیموکراسى و پێکەوە ژیانى ئاشتییانە. شەقامى ئەمەریکیش هەستی بەمە کردووە و دەیەوێ لەمە زیاتر نیزامى و هاووڵاتییەکانیان لە بەرداشى خوێناویترین جەنگى دنیادا نەبنە سووتەمەنى و قوربانى، هەر بەم هۆکارەوە کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنى کۆنگرێسدا دۆڕان، چوونکە خەڵکى ئەمەریکاش نایانەوێ جارێکى تر سوژنى ڤێتنام لە دڵیان بچەقێنرێتەوە، ئەمەش داواى کشانەوەى هێزەکان لە عێراق دەکاتە داواکارییەکى جەماوەریى و میللى، بەڵام ئیدارە و دەستە راستڕەو و توندڕەوەکەى چواردەورى بوش سوورن لەسەر مانەوەى هێزەکانیان لە عێراق تا کۆتایى هاتنى پرۆسەى سیاسیى لە عێراق و سەرکەوتنى ئەمەریکا و بەدیهێنانى ئامانجەکانیان. بگرە هەندێ قسەى پێکەنینهێنەر دەکەن، گوایە ئامانجی خۆیان پێکاوە لە دروستکردنەوەی عێراقدا و توانیویانە سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستەکاندا بەدەست بهێنن.
کارناس و پسپۆڕى ناسراوى ئەمەریکى (دەنیس رۆس) دەنووسێت (..بەڵام ئیدارەى سەرۆک بوش چى دەوێت؟ ئایا توانیوویەتى لەگەڵ ئەو هەڵکەوتە بگونجێت؟ هێشتا بانگەشەى ئەوە دەکات پێشکەوتنى بەرچاوى بە خۆیەوە بینیووە، بەڵام خەریکە عێراق لە ژێر بەرداشى شەڕێکى ناوخۆییدا دەهاڕدرێت. هەروەک پلانەکانى ئاسایش سەرنەکەوتووە لە وەستاندنى توندوتیژیى، هەرچى جارێک رادەگەیەندرێت هێزەکانى لە عێراق کەم دەکاتەوە بەهۆى بەرزبوونەوەى شەڕ و کوشتارەوە پەشیمان دەبێتەوە؟ بۆیە وای لێهاتووە پارێزگاریکردن لەسەر ئەو پەیڕەوەى لە عێراق گرتویەتییە بەر بمێنێتەوە و زیاتر لە واقیع هەڵاتووە لە جیاتى ئەوەى رووبەڕووى بێتەوە). بەم حاڵەشەوە دۆناڵد رامسفێڵد (تا کاتى وازهێنانى لە پۆستەکەى لە وەزارەتی بەرگریی) چارەسەرى لە رەوانەکردنى زیاترى سەربازەکاندا دەبینییەوە، ئەمە لە کاتێکدایە سەد و پەنجا هەزار سەربازى ئەمەریکى تا ئێستا نەیتوانیوە لە قورسایى جەنگى نێوخۆى عێراق کەمبکاتەوە، ئیتر چۆن دەتوانن بەهێزى زیاتر عێراق کۆنترۆڵ بکەن؟، پێموایە نەک دوو سەد هەزار سەرباز بەڵکو دوو ملیۆنیش ناتوانێ عێراقییەکان بخاتە سەربارى ئاشتى ئەگەر خۆیان بە ئاوەز بڕیارى لەسەر نەدەن و هەوڵنەدرێ بە فۆرمی ئاشتیانە ئەو دۆخە شڵەژاوە چارەسەر بکرێت.
(فەرید زەکەریا) رەخنە لە پێشنیارى رەوانەکردنى زیاترى هێزە نیزامییەکان دەگرێ و پێیوایە رۆڵى نابێت لە چارەسەرکردنى تەنگژەى عێراقدا، ئەو دەنووسێت (چاوەڕوانکردنى زیاد لە ئەندازە و ناردنى هێزى سەربازیى زیاتر، دوورە لەوەى کە بتوانێت هەلومەرجى ناوچەکە بگۆڕێت. من لە هەڵەشەیى و سەرەڕۆیى ئەو کەسانە تێگەیشتووم دەیانەوێ هێزێکى سەربازیى زۆر رەوانەى عێراق بکەن بۆ پاراستنى ئاسایشى وڵات، من لە یەکەم هەفتەى هێرشى هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق هەوڵى جێبەجێکردنى سیاسەتێکى بەمشێوەم دا، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە لەو شوێنەین کە دەستمان پێکرد، بە تێپەڕبوونى سێ ساڵ بەسەر ئەم جەنگەدا توندوتیژیى زیاتر تەشەنەى سەندووە و رێگەى بۆ وڵاتانى دراوسێش خۆشکردووە خۆیان لەو هەلومەرجە هەڵقورتێنن. لە زۆربەى ناوچەکاندا میلیشیا ناوخۆییەکان لەلایەن بەرپرسەکانیان لە بەغدادەوە کۆنترۆڵ ناکرێن، بۆ ئەم جۆرە دابڕانە لە دەسەڵات لە کاتى جەنگ لە شەقامەکاندا زیاتر لە سەد یان دوو سەد هەزار هێزى سەربازیى لە بەغداد جگە لە کاریگەرییەکى کاتى هیچ رۆڵێکى ترى نابێت). هەرچەندە ئەمەریکا لە زۆر رووەوە شکستى هێناوە لە مەیدانى عێراقدا، بەڵام بوش لە کاتى لێدوانەکانیدا زۆر بە دڵنیاییەوە قسە لەسەر سەرکەوتن دەکات و لایوایە پێشڕەویى زۆریان کردووە لە هەلومەرجى عێراقدا و بەردەوامیش لە هەموو دەرکەوتن و پرێس کۆنفرانسەکانیدا پێداگریى لەسەر ئەو پێشکەوتنانە دەکات کە لە عێراقدا کردوویانە، بەڵام کام پێشکەوتن و سەرکەوتن؟ ئەو سەرکەوتنەى هەموو رۆژێ تەرمى سەربازەکانیان لە کیسەدا بۆ دەچێتەوە؟ یان ئەو سەرکەوتنەى عێراقى غەرقى خوێن و کابووس و گریان کردووە؟!!. یان ئەو سەرکەوتنەی عێراق بۆتە گۆڕەپانێکی خوێناویی تەسفیە حساباتی ئەمەریکا و نەیارەکانی؟؟.
بوش، سەرکەوتنەکانى خۆى لەوەدا دەبینێتەوە لە عێراقدا بمێنێتەوە تاکوو کۆتایى، هەروەک (دان فرومکین) لە رۆژنامەى (واشنتۆن پۆست)دا نووسیوویەتى (یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانى سەرۆک بوش لەمەڕ جەنگى عێراق سووربوونییەتى لەسەر بردنەوەى ئێمە کە لە زۆربەى کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکاندا جەختى لێدەکاتەوە، بوش دەڵێت: بە دڵنیاییەوە ئێمە سەرکەوتوو دەبین، ئەمەش راستییە!. بە پێى بۆچوونى من کاتێک لە عێراق شکست دەهێنین گەر لەو وڵاتە بکشێینەوە و کارەکانمان بە تەواوەتى جێبەجێ نەکەین. هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا بارودۆخ ئاڵۆزتر دەبێت و عێراق بەرەو جەنگى ناوخۆ هەنگاو دەنێت، تەنانەت حکوومەتى ناوەندیى ناتوانێت کۆنترۆڵى ئەو بارگرژییە بکات، بوش چۆن دەڵێت لەم جەنگەدا ئێمە براوەین؟!). بە کورتى سەرەڕاى گەرموگوڕیى ئەمەریکا لەمەڕ دروستکردنەوەى عێراقى نوێ کەچى زەمینە و تابلۆ ریالیستییەکەی ناو عێراق پێچەوانەى ئەمەمان پێدەڵێت!. ئایا دەتوانین لەم زەمینە پڕ هەڵبەز و دابەزەدا و لەم زریانى خوێنەدا بانگەشە بۆ دیموکراسیبوون بکەین؟ بێگومان نەخێر، رەنگە گرنگترین کار لە دیموکراسییەتیش راگرتنى ئەم لافاوى کوشتارە بێ بەزەییانە بێ کە ئەمڕۆ عێراقى گرتۆتەوە! گرنگترین کار بەرگرتنە بە رەشەباى تیرۆر و باهۆزى فەتوا و مەیلی مەزهەبگەرایى و وەستاندنی ئەو نەزیفەی خوێن و ئەنفالکردنى ئەوانیتر. بە بۆچوونى من ئەو نەخشەیەى ئەمەریکا هەیەتى بۆ عێراق و تەواوى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەجیندایەکى کامڵ نییە و تژیەتى لە کەموکورتى و ناواقیعبینى، چوونکە پێش هەرشت ئەمەریکا رەچاوى دۆخى دواکەوتووى رۆژهەڵاتى نەکردووە و خوێندنەوەیەکى قووڵى نەبووە بۆ مێژووى پڕ لە کارەسات و کەللەسەر و کوشتوبڕى رۆژهەڵات، چوونکە دۆخى رۆژهەڵات، دۆخێکى ئاوارتە و تایبەتە، میکانیزم و رێگاکانى چارەسەرکردنى کێشەکانى ئەم ناوچەیە گەلێک هەستیارن.
لە راستیدا نهۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە هەموو روویەکەوە پاشەکشەى بە خۆیەوە بینیووە، لە ماوەیەکى زۆر نزیکدا سەرکەوتنى (حەماس)مان لە فەلەستین بینى، دەتوانم بڵێم سەرکەوتنى حەماس بەشێوەیەک لەشێوەکان گوزارشت لە کەوتنى مەدى دیموکراسى دەکات لەهەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. تراژیدیاکە لەوەدایە ئیسلامییە توندڕەوەکان سوودمەندترین خەڵکانێکن لە پرۆسەى دیموکراسى و هەڵبژاردن لە ناوچەکەدا، وەک تێبینیش کرا هەر ئەمە میکانیزمە بوو حەماسى هێنایە سەر تەختى دەسەڵاتداریی. محەمەد ئەبو رمان جوانى بۆچووە کاتێک دەنووسێ (لە کۆتاییدا سەرکەوتنى حەماس لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکاندا و دروستکردنى کابینەى حکوومەت لە فەلەستین، دووپاتى ئەو راستییەى کردەوە ئیسلامییەکان لە رێى سندوقەکانى دەنگدانەوە دەبنە یەکەم میراتگرى ئەو رژێمانەى ئەمەریکا دەیەوێ بیانگۆڕێت). کارەساتى رۆژهەڵات لەوەدایە تاکە ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەى رژێمە تۆتالیتارییەکانى ئەم دەڤەرە بە تەنێ گروپە ئیسلامییەکانن، تەیارى عەلمانى و لیبرال و پرۆ رۆژئاوایی و دیموکراتیک نەک لاواز و بێ پێگەن بەڵکو هەر لە سترۆکتۆرەوە ئەم رەوتانە گەشەیان نەکردووە و لە هەبووندا نین. تەنانەت دۆخى نوێى رۆژهەڵات بە تایبەت دواى سەرکەوتنەکانى حەماس هەمووانى گەیاندە ئەو بڕوایەى گۆدۆى دیموکراسى و پلۆرالیزم روو لە سەرزەمینى رۆژهەڵاتى ناڤین ناکات، تا ئەو سنوورەى لە راددەى گەشبینى ئەمەریکاشى کەم کردۆتەوە. لافرانشى دەڵێت (ئەوەى لەم ماوەیەى دوایدا رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە خۆیەوە بینى، بە تایبەت گەشتنە دەسەڵاتى حەماس لە چوارچێوەى هەڵبژاردنێکدا لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگیریى لێدەکرا، هەروەک دەرککردن بە سەختیى و دژواریى چاندنى تۆوى دیموکراسییەت لە عێراقدا، هانى جۆرج بوش-یان داوە تاوەکو چاو بگێڕێتەوە بە گووتارى دیموکراسییەتدا، لە هەمان کاتدا لە راددەى ئەو دڵگەرمییەش بێنێتە خوارێ کە بە هەڵوێستە یەکەمییەکانەوە دیار بوو). ئەمەریکا و خودی بوش تاکو ئێستاش شۆکی دۆڕاندنی فەتح و هاتنە سەر دەسەڵاتی حەماسی دۆستی ئێران بەرینەداون.
فەرید زەکەریا بە وردبوونەوەى قووڵى لە هەلومەرجى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پسپۆرییەکەى، گەیشتۆتە ئەو بڕوایەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆتە گۆڕەپانێکى سەرەکیى بۆ نەشونماکردنى ئیسلامى سیاسیى ئەویش لە ئەنجامى پاشەکشەى هزرى سیاسیى عەلمانى و دیموکراسیخوازیى. زەکەریا لە وتارێکدا نوسیویەتى (خۆرهەڵاتى ناوەڕاست یەک لەو بەشانەى جیهانە لە ماوەى سى ساڵى رابردوودا پاشەکشەى بەخۆیەوە بینیوە، خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بۆتە شوێنێک بۆ فراوانى دیکتاتۆرییەت و ستەمکاریى و هەڵاوسانى ئابوورى و داخران لە هەموو لایەنێکەوە. ئیسلامى سیاسیی زمانێکى ئامادەکراوى بۆ ناڕەزایى خوڵقاندووە، ئەمەش خەڵکانى دواکەوتوو و رابردووخوازى پێ فریو دەدەن هەروەک چۆن فاشیزم و کۆمۆنیزمى رادیکاڵ توانیان لە رابردوودا بە هەمان شێوە ترس بەرهەم بهێنن). عێراق وەک خانەیەکى دانەبڕاو لە جسمى هەمان ئەو رۆژهەڵاتە نغرۆى ستەمکاریى و کولتوور و دەسەڵاتى دیکتاتۆریى بووە، دیکتاتۆرییەتیش بەرلەوەى سیستمێکى سیاسیى یان کارگێڕیى بێت، عەقڵییەت و تیگەیشتن و بیرکردنەوەیە. چاندنى تۆوى دیموکراسى لە عێراقێکى وا پڕ لە تەنگ و چەڵەمە و کێشمەکێشدا کارێکى ئەستەم و دژوارە، تا ئاستێک هەندێک لە شارەزایان بە موستەحیل لە قەڵەمى دەدەن. دەنیس رۆس کۆنە رێکخەرى کاروبارى ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە نووسینێکدا کە لە رۆژنامەى (واشنتۆن پۆست)دا بڵاوکراوەتەوە دەنووسێ (پێویستە هەموو لایەنەکان بزانن عێراق ناتوانێ ببێتە وڵاتێکى مۆدیل دیموکراتیک و یەکگرتوو بۆ وڵاتانى هەرێمى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست). لە راستیدا عێراق دەتوانێ هەنگاو هەڵگرێ رووەو دیموکراسى و کرانەوە بەڵام بەپێى پرۆسە و چەند قۆناغێک، لەگەڵیدا پێویستى بە ماندووبوونى زۆر و پڕۆژەى جیددى و درێژخایەن هەیە. چوونکە مێژووى کۆن و نوێى عێراق مێژوویەکى پڕ تراژیدیا و رووداوى خوێناویى و توندوتیژانە بووە، لە بەرەبەیانى دەسەڵاتى سۆمەرەوە بیگرە تا ئەمڕۆى عەهدى مالیکى، مێژوو و دیرۆکێک بووە لێوانلێو لە کارەسات و خوێن، ماوەیەک نییە عێراق لە جەنگ و کاولکاریى و کوشت و کوشتار پشووى دابێت. رۆنانی دیموکراسیی لەسەر ئەو باکگراوندە تاریک و تاڵە کارێکی هەرزان نییە بگرە زۆر ماندووکەرە.
تۆ بڕوانە لە سەردەمى غەزەواتی ئیسلامى و هێرشى موسڵمانە بەراییەکان بەهەمان شێوە هێرش و پەلامارەکانى ئەکەدى و بابلى و ئاشوورییەکان عێراق وەک دەربەندێکى پڕ خوێن و کێشە و ململانێکان و گۆڕەپانێکى ترسناکى رووبەڕووبوونەوە دەرکەوت، بەو جۆرەش بە درێژایى دەسەڵاتى ئیسلامى هەر لە راشیدین و ئەمەویى و عەباسییەوە بیگرە بۆ ساتێک چییە عێراق بێ جەنگ و کاولکاریى نەبووە تا دەگات بە هێرشى مەغۆل بۆ سەر بەغداد، هەروا ئەم سەرزەمین و جوگرافیایەى ئەمڕۆ بە عێراق نێو دەبرێ لە سەردەمى دەسەڵاتى عوسمانى و داگیرکاریى نوێ و حکومى پاشایەتى و کۆماریى و دەسەڵاتى بەعس توندترین و سەختترین جەنگ و ماڵوێرانى بە خۆوە بینینوە، بە ئەندازەیەک دڕندایەتى و کوشت و بڕەکان لە ئاستێکدان بە هۆشدا ناچن و لە چوارچێوەى ئەفسانە و حیکایەتى میللیشدا جێگایان نابێتەوە. سڕینەوەی ئەم مۆتیڤە پڕ ئاشووب و خوێناوییە هەروا کارێکی ئاسان نییە. مرۆڤ کاتێک کتێبەکەی “باقر یاسین” بەناوی “مێژووی خوێناویی عێراق” دەخوێنێتەوە، دەمارەکانی گرژ دەبن و تووشی شۆک دەبێت، چوونکە ئەوەی لە میتۆلۆجی و داستانە خەیاڵییەکاندا هەیە لە پیادەکردنی توندوتیژیی لەسەر ئەرزی واقیع لە عێراق پەیڕەو کراوە.
عێراقێک کە بە (کۆمارى ترس) وەسفکراوە و لە واقیعیشدا کۆمارى ترس و داپڵۆسینە، دیموکراتیزەکردنى کارێکى ئاسان نییە و بە بڕیارێکى سیاسیى لەلایەن بوش و بلێرەوە نابێتە کۆمەڵگەیەکى دیموکراسى. خۆ دیموکراسى جلێک نییە عێراقییەکان لەبەرى بکەن هەروەک چۆن دیکتاتۆرییەتیش پۆشاک نییە تاوەکو فڕێى بدەن و بیکەنە تەنەکەى خۆڵەوە. لەبەرئەوە پێویستە دیموکراسى لە نێو بیرکردنەوەى خودى عێراقییەکانەوە لە دایک بێت نەک بە زۆر بەسەریاندا بسەپێنرێ، چوونکە رەنگبێ دیموکراسى تاکە شتێک بێت نەسەپێنرێت و بەتۆپزی نەیەتە دی. د.بورهان گلیۆن دەڵێت (پێویستە دیموکراسى لەناو وەرچەرخانە قووڵەکانى هاوسەنگییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانەوە سەرچاوە بگرێت و هەنگاو بنێت بەرەو پێداگرتن لەسەر سەروەریى جەماوەریى و بە فیعلى گەل بگۆڕێت بۆ سەرچاوەى دەسەڵاتەکان). (ئەدۆنیس)یش هەمان راى لەسەر هەمان مەسەلە هەیە و دەڵێت (گەر وڵاتانى عەرەبى زۆر لەوە بێهیواترن بتوانن خۆیان دیموکراسى قبوڵ بکەن، ئەوە ناتوانن دیموکراسى بن بە هۆى دەستێوەردانى دەرەکى ئەوانیترەوە، ئەگەر ئێمە بمانەوێت دیموکراسى بین بەر لە هەر شت پێویستە پشت بە خۆمان ببەستین، بەڵام سەربارى ئەوەش مەرجەکان بۆ دیموکراسى بوون لە کۆمەڵگەى عەرەبیدا بوونى نییە). بۆیە بیرکردنەوە لە پێشمەرجەکانی دیموکراسی ئەولەویترین کارە لە راستای بینای کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازاد. بۆ ئەوەی دیموکراسیی ببێتە سیستم، لە پێشنۆرەدا پێویستە لە تاکەوە دەست پێبکرێت، نەک لە دەسەڵاتەوە. دەبێت خەیاڵدانی تاک بگۆڕدرێت، چوونکە دواجار ئەو تاکانەن گشت پێکدەهێنن.
کەواتە دەبێت دیموکراسى چ وەک بیرۆکە و چ وەک سیستمێکى حوکمڕانى لە پێش هەر شتێکدا لەلایەن خودى عێراقییەکانەوە پەسەند بکرێت، بەبێ ئەوە ئیمکان نییە تۆ بتەوێ بە زەبرى هێز دیموکراسى تیا پراکتیزە بکەیت. لە کاتێکیشدا زۆربەرى خەڵک دەستیان لەوە شۆردووە عێراق ببێتە نموونەیەکى دیموکراسى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەرچەرخێ بۆ ئەو دوورگە یۆتۆپییەى ئەمەریکا لە خەیاڵ و ئایدیاڵی ئێمەدا رەنگى بۆ رشتووە، ئاخۆ ئاڕاستەى ئەمەریکا چۆن هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ئەم کۆمەڵگە دواکەوتووانەدا دەچێتە پێشێ؟ لە وەختێکدا ئەم کۆمەڵانە بە درێژایى مێژوو لە ژێر جەبەڕوتى دیکتاتۆریى و ستەمکارییدا ناڵاندویانە و بێبەش بوون لە سادەترین حەقى دیموکراسى خۆیان. (فرێد هالیدى) دەنووسێت (دیموکراسى لە وڵاتێکدا بەدی نایەت خاوەنى مێژوویەکى درێژخایەن بێت لە دیکتاتۆریى، بۆ نموونە وڵاتێکى وەک ئێران 2500 ساڵ لە ژێر دەسەڵاتى پاشایەتیدا بووە چۆن ئەگەرى ئەوەى لێدەکرێت ببێتە وڵاتێکى دیموکراسى.!؟ عێراقیش هەروەها، بە تەواوى کولتوورەکەیەوە هەر لە حاموڕابییەوە تا دەگاتە دەسەڵاتى هاشمییەکان بە هەمان شێوە..). هەر ئەمەشە وا دەکات پرۆسەکە لە عێراقدا سەخت و نالەبار و قورستر بێت، بەڵام پرسیارەکەى ئێمە لەوێیە کوا پڕۆژە و هەنگاوە کردارییەکانى ئەمەریکا بۆ گۆڕینى عێراق بەرەو دیموکراسى؟ پێم بڵێن لەوەتەى ئەمەریکا لە عێراقە کام هەنگاوى جیددیمان بەو ئاقارەدا هەست پێکردووە؟ بە پێچەوانەوە زۆربەى جار ئەمەریکا لەسەر حیسابى دیموکراسى بەرژەوەندییەکانى خۆى پاراستووە. زۆربەى جار بۆ راستکردنەوەى مەوقیفى لاری ئەمەریکا دیموکراسییەت باجەکەى داوە، وەک ئەو تەوافوقاتە درۆینانەى لە نێوان پێکهاتە عێراقییەکاندا بە فشار و پاڵەپەستۆى ئەمەریکا هاتنە دى!، ئەوە راستە دیموکراسى لە عێراقدا دەبێ لەسەر بنەماى تەوافوق و کۆدەنگى بێت، بەڵام ئەمجۆرە لە تەوافوق، دیموکراسى و گەوهەریى سیستمێکى لەو چەشنە دەخاتە ژێر پرسیار و گومانى زۆرەوە و خاڵى دەکاتەوە لە بنەما و رۆحە راستەقینەکەى.
بەندە نموونەیەکى لەلایە، کاتێک بۆ ماوەى یەک تاکە مانگ (عەبدولعەزیز حەکیم) وەک مەلایەکى بونیادگەر لە کۆتایى ساڵى 2003 کرایە سەرۆکى ئەنجوومەنى حوکمى ئەوسا، یەکەم بڕیار و دوا بڕیارى دەرکردنى بڕیارى 137 بوو لە دژى مافەکانى ژنان، ئەمەریکا جوقەى لێوە نەهات، ئەوەى هاتە دەنگ هەندێک لایەنى عەرەبی و کوردیى بوون، ئەوانیش لە میانەى گەمەیەکى سیاسیى وشکدا. ئەمەریکایەک کە دەیەوێ دیموکراسى بەرقەرار بکات چۆن چاوپۆشى لەوە دەکات نیوەى کۆمەڵگەیەک دیل و پەڕاوێز بخرێت و کەنارگیر بکرێت لە رۆڵگێڕان لە وڵاتدا هێشتاش بانگەشە بۆ دیموکراسیەت بکەین؟ لە کاتێکدا رۆحى دیموکراسى ئەوەیە هەردوو رەگەزەکە شانبەشانى یەکتر رۆڵى چالاکانە و کارا بگێڕن لە وەرچەرخاندنى کۆمەڵگە رووەو ئایندەیەکى باشتر و پاشەکشەپێکردنى سیستمى نەریتیى کۆن و دیکتاتۆریى. کوا دیموکراسییەکەى ئەمەریکا کە چاو لەبێ مافى ژن دەپۆشێ؟ رەنگە منیش رام لەگەڵ هەندێک نووسەرى عەرەبدا بێت کاتێک دەڵێن دیموکراسى ئەمەریکا دیموکراسییەکى دووڕوو و تایبەتمەندە و لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى بەندە.
رووناکبیری عەرەب د.عەبدولعەزیز مەقالیع لە وتارێکدا بەناوى (بوش و دیموکراسییەتى تاکڕەهەند) دەربارەى جۆرى دیموکراسیزمى ئەمەریکى دەنووسێت (باوەڕى بەجۆرە دیموکراسییەکى تایبەتى هەیە، دیموکراسییەک لەگەڵ ئارەزووەکانى خۆیدا بسازێت بۆ ئەوەى خۆى ئەوانە هەڵبژێرێت بە فەرمانڕەواى ئەو وڵاتانە وەکو موڵکى تایبەتى خۆى سەیریان دەکات، خۆ ئەگەر گەلان دژى ئیرادەى کۆشکى سپى دەنگیان دا و بەویستى خۆیان ئەوانەیان هەڵبژارد کە خۆیان دەیانەوێت فەرمانڕەواییان بکەن، ئەوکاتە دیموکراسى پەسەند نییە و لە ئەجینداى سیستمى نوێى جیهانیدا جێى نابێتەوە). تا ئەو جێیەى د.مەقالیع دەڵێت (گوومان لەوەدا نییە ئەو مەرج و پێوەرانەى ئیدارەى ئەمەریکا دایاندەنێت بۆ پیادەکردنى دیموکراسییە تایبەتییەکەى خۆى، گەلێک گیروگرفت بۆ ئیدارەکە و بۆ جیهانیش و بۆ ئەو گەلانەش دەنێتەوە کە دەمێکە بە پەرۆشەوە چاویان بڕیوەتە دیموکراسى دروست کە تەنیا ئیرادەى گەلان و سندوقەکانى هەڵبژاردن کۆنترۆڵى دەکەن. کەس واى بۆ نەچووە دیموکراسى وەک بەهایەکى سیاسیى و کۆمەڵایەتى رۆژێک لە رۆژان وای لێدێت ببێت بە ئامانجێک بۆ رازیکردنى ئەم یان ئەو هێزی نێودەوڵەتی، نەک بۆدابینکردنى دادپەروەریى و بەدیهێنانى خەونى گەلان و رزگاربوون لە کابووسى دیکتاتۆران و فەرمانڕەوایکردنى گەلان بە قامچییەکانى توندوتیژیى و هێز و ناچارکردن).
لەلایەکى ترەوە شێوازى مامەڵەى ئەمەریکییەکان لەگەڵ عێراقییەکان شێوازێکى هەڵە و رەق و نادروستانەیە، دیموکراسى بە گوللە و مارێنز و توندوتیژیى ناچەسپێ، دیموکراسى بە ئۆپەراسیۆنى سەربازیى و تەقەکردن لە هاووڵاتیانى سڤیل و هێرشى فڕۆکە و پەمالارى جیمس بۆندییانە پراکتیزە ناکرێ. دیموکراسى وەک کاڵایەک بە سوارى ئۆتۆمبیل و زرێپۆشى دەرعى سەربازیى ئەمەریکا ناهێنرێت بۆ عێراق و بە فشارى هێزە دەرەکییەکان ناسەپێنرێ، بەڵکو دەبێت لە ناوەوەڕا لە گەردە زۆر بچووکەکانەوە دەستپێدەکات نەک لە لوتکە و هەڕەمى دەسەڵاتەوە. گەلێک هێشتا باوەڕى بەوە هەبێ توندوتیژیى و زەبروزەنگ تاکە ئامڕازى راگرتنى دەسەڵات و حکومە و لەگەڵ ئەم فۆرمە لە دەوڵەتداریى راهاتووە، ناکرێت ئەمەریکا بە بڕیارێک سیحرى لێبکات و عەساکەى موسا بەسەریدا بدات و بیکاتە دیموکراسیخوازى عەیارە بیست و چوار. دیموکراسی بە سواری هەمەری سەربازیی ناهێندرێت، دیموکراسی پێش هەر فەرهەنگە. مامەڵەى ئەمەریکا لە شێوازى هەوڵدان بۆ جێخستنى دیموکراسى لە عێراقدا مامەڵەیەکى گونجاو نەبووە بە دەلیلى ئەوەى لەسەرەتاى پرۆسەى ئازادیى عێراقەوە بە بڕیارێکى نێودەوڵەتى شێوەى خۆى گۆڕى بۆ دەسەڵاتى داگیرکەر، هەر ئەمەشە وا دەکات تەواوى گەلى عەرەب لە بەشە عەرەبییەکەى عێراقدا مامەڵەى داگیرکەر لەگەڵ ئەمەریکا بکەن و بە ئیمپریالیزمى نوێ و نیو کۆلۆنیالیزم ناودێرى بکەن، لەواقیعیشدا ئەمەریکا لە تەواوى دنیادا سومعەى شکاوە بە حوکمى ئەوەى هەموو موراڵ و سنوورێکى نێودەوڵەتى بەزاندووە، تەنانەت فۆکۆمایا لە رۆژى 31-8-2006 لە میانەى وتووێژێکدا بە ئەکبەرى گەنجى وتووە (ئەمەریکا مەشروعییەتى خۆى لە دەستداوە، سەرلەنوێ بنیادنانەوەى ئەم ئیعتبارەش کاتێکى زۆرى دەوێت).
هەڵبەتە تۆ ناتوانى خوازیارى شتێک بیت کە دوژمنەکەت یان داگیرکەرەکەت خوازیاریەتى بەسەرتدا بیسەپێنێ، ئەمە جگە لەو هەموو توندوتیژیى و سکەنداڵ و ئابڕووچوونانەى ئاشکرابوون کە مامەڵەى ئەمەریکا لە بەرامبەر عێراقییەکان دەردەخات، ئەوەندەى تر پرۆسەکەى سەختتر کردووە بە تایبەتى دواى ئاشکرابوونى دەستدرێژیى سێکسى و فیزیکى بۆ سەر زیندانییەکان لەلایەن مارێنزەکانەوە ئەمە بە تایبەت لە ئەبوغرێب و هەندێ جێگەى دیکە. بێگومانیش پەرچەکردارى توندوتیژیى جگە لە خودى توندوتیژییەکى سەخت و قورستر چیدى نییە، (نۆم چۆمسکى) پێیوایە (بە مومارەسەکردنى توندوتیژیى، ئێمە یارمەتى تیرۆریستان دەدەین چوونکە کردەوەى توندوتیژیى کاردانەوەى وەهاى لێدەکەوێتەوە کە لەوانەیە کارەسات بخوڵقێنێت). جگە لەوەش هەلومەرجى عەینى و بابەتى نێوخۆى عێراق لەبار نییە بۆ تاقیکردنەوەى ئەزموونى دیموکراسى، لە هەمان کاتدا ئەم وڵاتە کەنداوێکى گەمارۆ دراوە بە دەوڵەتگەلی دیکتاتۆریى و تۆتالیتاریى. بەم هۆیەوە سەرزەمینی عێراق بێروونە بۆ رسکانی خونچەی دیموکراسییەت تێیدا.
لەلاى باشوور سعودیە و کوەیت و وڵاتانى ترى کەنداوى عەرەبى هەیە، ئەم وڵاتانە سەرەڕاى ئاوێتەبوونى دەسەڵاتەکانیان لەگەڵ ئاین، دەوڵەتگەلێکى دیکتاتۆریى و ئیستبدادیى رەهان و هەموو ئازادییەکى سیاسیى و بیروڕا تیایاندا سنووردار کراون. راستە لە رووى ئابوورییەوە ئەم دەوڵەتانە لە ئاستێکى باشدان کە تاک دەخل و بژێویى بەرزە و رەفاه دەژی، بەڵام لە رووى سیاسییەوە دیکتاتۆرییەت زاڵە. لەبەرى رۆژئاواوە هەردوو دەوڵەتى ئوردون و سوریا هەن، ئەوانیش دوو دەوڵەتى دیکتاتۆریى و شانشینین، لێ ئەوەى سوریا ئیدعای سیستمی کۆماریى دەکات بەڵام گوێزرانەوەى دەسەڵات لە حافز ئەسەدەوە بۆ بەشارى کوڕى بەشێوەى بۆماوەیى نیشانەى ئەوەیە هەمان نەریتی دەسەڵاتى پادشایى ناوچەکانى ترى دنیاى عەرەب لەوێش باڵادەستە. ئەو دوو دەوڵەتە تۆمارێکى رەشیان هەیە لە سەرکوتکردن و یاساغکردنى بیروڕاى جیاواز، بە تایبەتى سوریا کە نەزعە و مۆدیلێکى ترى شۆڤێنێزمى عەرەبی شیعەگەریی عەلەوی و دەستێکى تر لە بەعسیزم، رەوڕەوەى دەسەڵات دەباتە پێشەوە، پێویست بە بەڵگەهێنانەوە ناکات ئەگەر سوریا دیکتاتۆرترین دەوڵەتى ناوچەکە نەبێت بێگومان یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە دیکتاتۆرەکان.
لە بەشى باکوورى عێراقیشەوە دەوڵەتى تورکیا هەیە، سەرەڕاى ئەوەى لەوێ دەستوورێکى سکۆلارى رادیکاڵ بوونى هەیە و دیموکراسى تێرمێکە هەموو رۆژێک بانگەشەى بۆ دەکرێت، بەڵام لە واقیعى حاڵدا تورکیا هەر ئەوەندە دیموکراسییە دەستەڵات تێیدا دەستاودەست دەکات، دەنا ئەم دیموکراسییە بچووکەش هەموو رۆژێک لە ژێر هەڕەشە و ئیهانەدایە بە تایبەت لەسەر دەستی ئاکپارتی کە حزبێکی پرۆ ئیخوانی خەلافەتخواز و لە نێو نوستالیژیای کۆنی تورکدا ناسنامەی خۆی دۆزیوەتەوە کە ئەویش مەستبوونە بە رۆژانی باڵاکردنی ئیمپراتۆریای عوسمانلییەوە. جیا لەمەش رۆژانە ژەنەراڵەکان سوکایەتى بە جەستە و شکۆی دیموکراسى دەکەن و بەپێى میزاجى عەسکەریى خۆیان ئاڕاستەى سیاسیى حکوومەت و دەسەڵات لەو وڵاتەدا دەگۆڕن. لەلایەکى تریشەوە دیموکراسییەتێک نکۆڵى لە مافى بیست ملیۆن کورد بکات سەرەڕاى ئەوەش قەیرانێکى مرۆیى لە ناوچە کوردنشینەکاندا دروست بکات هەرچییەک بێت دیموکراسى نییە. دەسەڵاتێک هاشا لە کوشتنى یەک ملیۆن ئەرمەن و پەنجا هەزار کورد بکات پێش 90 ساڵێک لەمەوبەر نیشانەى ئەوەیە هەرگیز نەبۆتە دیموکراسى، چوونکە دیموکراسى بە عەیار نییە یان ئەوەتا دیموکراسیت یان پێچەوانەکەى.
لەبەرى لاى رۆژهەڵاتیش دەوڵەتى ئێران هەیە، دەوڵەتێکە لەسەر بنەماى ئاین، بە پوختترین دەربڕین دەوڵەتێکى تیۆکراتییە، لەم دەوڵەتەدا نەک هەر موخالیفن و دژە ئاین و بێ بڕواکان مافیان پارێزراو نییە بەڵکو دەسەڵاتێکى چەوسێنەرى مەزهەبى لەسەر تەختى دەسەڵاتە. تەنانەت موسڵمانانى سووننەش لەژێر چەپۆکى ئەم حکوومەتە ئیسلامییەدا تووشى چەوساندنەوە بوون و بێبەش نەبوون لە شاڵاوى توندوتیژانەى مەزهەبى. ئەم دەوڵەتە سەرچاوەى هەموو نائارامییەکانى ناوچەیەکە و لە پاڵیدا ترسناکترین دەسەڵاتى ئیسلامییە لە واقیعى ئێستاماندا. لەبەرئەوە زەمینەیەکى ناوچەیى و هەرێمى لە ئارادا نییە تا یارمەتى پرۆسەى بنیادنانەوە و پێشخستنى دیموکراسى بدات لە عێراقدا، بەڵکو بەردەوام و رۆژانە ئەم دەوڵەتانە کێشە و نائارامى لە عێراقدا دەخوڵقێنن، دەیان دیکۆمێنت لەبەردەستدان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هەریەک لەو وڵاتانە بە نۆرەى خۆیان و لەڕێى تۆڕ و گروپى جیاواز جیاواز و دەزگاکانى هەواڵگرییەوە پرۆسەى ئاشتەوایى و دیموکراسى لە عێراق پەکدەخەن، چوونکە دەزانن وەرچەرخانی عێراق بەرەو دیموکراسیی کۆتایی گەمەکە نییە بەڵکو هەموو چرکەیەک بۆی هەیە ئەم باهۆزە روو لە وڵاتەکانیان بکات و پەردە لەسەر شانۆی دەسەڵاتى رەشیان دابداتەوە و کۆتایى بە سیناریۆیەک بهێنێ ئەم جۆرە دەوڵەتە شمولییانەی ناوچەکە چەند دەیەیەکە دەرهێنەرین. ئەوان لە ئێستاوە زەمینەکانی ئەو هەلومەرجە لە رەحمی دایکیدا لەباردەبەن.
هەنووکە دواى سێ ساڵ و حەوت مانگ لە کۆتایى هاتنى پرۆسەى “ئازادکردن”ى عێراق، هێشتا دووکەڵى جەنگ ئاسمانى عێراقى بەرنەداوە و وڵاتەکە بۆتە کەلاوەیەکى وێران و ئەشکەوتى خوێن و کابووس. ئەمەریکاییەکان لە بەردەم دووڕیانێکدان یان ئەوەتا هێزەکانیان بکشێننەوە کە دڵنیام بە کشانەوەى ئەم هێزانە هەرچى زیاتر عێراق روو لە کاولکاریى و جەنگى نێوخۆیى دەکات. یان ئەوەتا هێزى زیاتر رەوانەى عێراق بکەن. رامسفێڵد تا دوا ساتى لە وەزارەتى بەرگریدا بە گەشبینى و متمانە بەخۆبوونەوە رایگەیاند هێزى زیاتر رەوانە دەکەن بۆ چاڵى عێراق، بەڵام لایەنى بەرامبەر (دیموکراتەکان) ئەم هەڵوێستانەیان بە چەواشەکردن و بەلادا رێبردنى راى گشتیى وەسفکرد. هیلاری کلینتۆن لەم رووەوە دەڵێت (ئێستا زیاتر لە سێ ساڵ و نیوێکە هێزە سەربازییەکان لە رێگەى هەوڵە نیزامییەکانەوە تەواوى وزەى خۆیان تەرخانکردووە بۆ جێگیرکردنى ئاشتى و بنبڕکردنى توندوتیژیى، ئەمە لە کاتێکدایە وەزیرى بەرگریى دەڵێت: هیچ کەسێک داواى لە ئێمە نەکردووە هێزى زیاتر رەوانە بکەین.. مەبەستم ئاشکراکردنى راستییەکانە، سێ ساڵە بەردەوام بیروڕاى گشتیى چەواشە دەکرێت). ئێستا دەبینین گووتارى کۆمارییەکان لەمەڕ عێراق بە جۆرێک گۆڕاوە، بوش دەڵێ عێراق مەیدانى جەنگى ئێمەیە تەنیا لەگەڵ تۆڕى تیرۆریستى ئەلقاعیدە و لەم جەنگەشدا سەرکەوتوو بووین، ئەوەتا لە وتەیەکیدا دەڵێت (بێگومان ئێمە شەڕى دژە تیرۆر دەبەینەوە، چوونکە هێزەکانمان زیانى گەورەیان بە ئەلقاعیدە و هێزە دەمارگیرەکان گەیاندووە، شەڕى یەکلاکەرەوەش لە عێراقدایە، بۆیە ناتوانین بەر لە کۆتایى هێنان بەم ئەرکە عێراق بەجێ بهێڵین).

بوش لە بیرى چووە خۆی و دەوڵەتەکەی نەیانتوانیوە رەوشى عێراق چاک بکەنەوە و سەرەتاکانى دیموکراسیبوون دابمەزرێنن و تەبەنى هزرى دیموکراسى بکەن، بەڵکو عێراق لە دۆخێکى تەواو ناڕەحەت و ناجێگیردایە، لە مێژوودا ماوەیەک نابینین هێندەى ئەمڕۆ عێراق ئاڵۆز و ناسەقامگیر بووبێ، وەلێ گومانیش لەوە دەکەین ئەمەریکییەکان توانیبیان سەرکەوتن بەسەر ئەلقاعیدە و گروپە توندڕەوەکانى تردا بەدەست بهێنن، چوونکە کوشتنى زەرقاوى نەک شەپۆلى توندوتیژیى رانەگرت بەڵکو رەوشەکەى تەواو تەقاندنەوە و مەوجەیەکى بێوێنەى توندوتیژیى عێراقى تەنییەوە. لەم سۆنگەوە ناوەندى رۆشنبیریى و سیاسیى ئەمەریکا بە روونى پێداگریى لە شکستهێنانى کابینەکەى بوشى دووەم دەکەن و پێیانوایە هەڵوێست و پێشڕەوییەکانى بوشی کوڕ ئاکامێکى خەتەرناکتریان لێکەوتۆتەوە، ئەمەش واى کردووە رۆژ لە دواى رۆژ نفوزى سیاسیى کۆمارییەکان روو لە کەمیى بکات. کە بێگومان باجەکەی بە شکستیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەدەن.
فۆکۆیاما دەڵێت (پێشوەخت کۆمەڵێک کتێب و وتار چاپکراون کە سەرزەنشتى ویلۆنیالیزمى خۆشباوەڕانى ئەمەریکا دەکەن و هێرش دەکەنە سەر بیرۆکەى هەوڵدان بۆ دیموکراتیزەکردنى جیهان. هەوڵەکانى ئیدارەى دووەمى بوش بۆ دیموکراسى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورە بە دروشمە زبر و توندەکانى دەستپێکى سەردەمى دووەمى دەسەڵاتەکەى دەستیپێکرد، ئاکامى پڕ کێشەیان لێکەوتۆتەوە). فەرید زەکەریاش وەک پسپۆرێکى بە توانا و شارەزایەکى ناسراو بۆچوونێکى هاوشێوەى رایەکى فۆکۆمایاى هەیە، پێیوایە ئەمەریکییەکان لە عێراق نەیانتوانیوە سەرکەوتنى بەرچاو بەدەستبهێنن. بەڵکوو هەوڵیانداوە تەنیا بۆ راگرتنى جۆرێک لە هاوسەنگى، ئەو لە News Weekدا نوسیوویەتى (سیاسەتى دەرەوەى ئەمەریکا لە عێراق لەماوەى سێ ساڵ و نیوى رابردوودا تێکەڵەیەک بووە لە بنیاتنانى نەتەوە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستەکان، نەک سەرکەوتنێکى بەهێز). بە پێچەوانەشەوە هەلومەرجى عێراق بە جێگەیەک گەیشتووە خەڵکی وڵاتەکە هەست بە جیاوازییەکى ئەوتۆ ناکەن لەگەڵ سەردەمى رژێمى پێشوو چوونکە لە دیتنى ئەواندا پیاوکوژ هەر پیاوکوژە، جا عەمر یان زەید بێت، سەدام حسێن یان موقتەدا سەدر بێت. بە جۆرێک ئەم دۆخە واى لە نووسەرێک کردووە لە رۆژنامەى “ریاز”ى سعودیدا ئەم چەند دێڕە بەوپەڕی نائومێدییەوە بنووسێت (سەدام پاسەوانى دۆزەخ بوو، چەندین جەنگى هەڵگیرساند و چەندین کەسایەتى ناودارى سیاسیى و ئاینیى و تەنانەت زاواکەى و چێشتلێنەرە کریستیانەکەى و مامۆستاکانیشى لە ناوبرد. ئەمانە هەمووى بە بیانووى چەند هۆکارێکەوە کە بە ئەمنیى ناودەبران، بەڵام بارودۆخى نوێى عێراق هیچى کەمتر نییە لە رابردوو، ئەوەندە نەبێت تاکە پیاکوژەکەى جاران ئێستا بووە بە سەدەها پیاوکوژ، میلیشیاکان بوون بە جێگرەوەى گاردى کۆماریى و دەزگاکانى ئاسایش و پاسەوانى تایبەت). دەکرێت رەوشەکە لە دێڕێکدا کورت بکەینەوە، ئەمەریکا لە 2003 دیکتاتۆرێکی مەترسیداری لە عێراق گۆڕی، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرگای کردەوە بۆ دەیان دیکتاتۆری مەزهەبی و فاناتیستی عەرەبی شیعی و سوونی.
هەر ئێستا میلیشیاکانى سەدر و بەدر و گروپە جۆر بەجۆرەکانى ترى چەکداریى لە عێراقدا، لە نەگریسترین جەنگى تۆڵەسێنەرەوەدان لە بەرامبەر بە یەکتر، ئەم جەنگە لە ئاسایترین تاکى شیعە یان سووننەوە دەستى پێکردووە تا دەگات بە پێشەوایانى ئاینیى و کاربەدەستانى حکومى. خودى نورى مالیکى سەرۆک شالیارى عێراق بەردەوام ئەوە رەت دەکاتەوە پیاوى ئەمەریکا بێت، بەڵکو دەیەوێ سۆزى مەرجەعە ئاینییەکان و مەلا بونیادگەرەکان بۆ لاى خۆى رابکێشێت. هەرچەند لە واقیعدا مالیکی بە ئەجیندای ئێرانی عێراق بەڕێوە دەبات، بەڵام پێیوایە قۆناغى دووەمى یارى سیاسیى شیعى دەستیپێکردووە، ئەگەر لە قۆناغى یەکەمدا بە هەڵبژاردن و دیپلۆماتییەت و دەنگدان شیعە سەرکەوتنى زۆرى لە عێراقدا تۆمار کردبێت، ئیدى لەم قۆناغەدا کاتى ئەوەیە لەگەڵ باڵى عەسکەریى شیعى پێکبێت بۆ زیاتر سەقامگیرکردنى دەسەڵاتەکەى و کەمپینى پاکتاوکردنى سووننە و بژارکردنى دڕک و داڵى بەردەم خەونە مەزهەبی و شەخسییەکانی کە دڵنیام پریشکی ئەم ئاگرە پێش هەر کەس بەر کورد دەکەوێ. بە ئاشکرا بادانەوەى مالیکى بەلاى مەزهەبگەریى و مەلا توندڕەوەکان و هێزەکانى میلیشیا هەست پێدەکەین، ئەمەش بە هەموو شێوەیەک هەڕەشە لە ئایندەى ئەمنیى و سیاسیى عێراق دەکات، بەڵگەیەکیش دەدات بە دەستەوە لە بارەى ئەوەى پێکهاتەکانى عێراق ناتوانن پێکەوە هەڵبکەن، بەڵکو کۆى هێزەکان لە هەوڵى نەپساوەدان بۆ کۆنترۆڵکردن و لەنێوبردنى ئەویترى دەرەوەى خۆى. ئەوەش بە ریمۆند کۆنترۆڵ و ئیحاى ژێر بە ژێرى مالیکى و ستافە شیعەکەیەتى کە مەرجەعەکان جارێکى تر دەم لە دەسەڵات و حوکمداریى وەردەدەن و دەبنە بەشێک لە دروستکردنى بڕیارى سیاسیى لە وڵاتدا.
دەبینین موقتەدا سەدر کە لە سەرەتاى هاتنى ئەمەریکاوە بانگەشەى جیهادى راگەیاند و بە کرداریى جەنگى لە دژى هێزەکانى هاوپەیمان هەڵگیرساند دواى کەنارگیرییەکى درێژ ئەمڕۆ هاتۆتەوە سەر شانۆى سیاسیى و هەندێ لێدوانى عەنتیکە و سەیر و سەمەرە بۆ کەناڵەکانى راگەیاندن دەدات و بە شەفافى بەهەر چوار لاى خۆیدا هەڕەشە دەبەشێتەوە. ئیدى عێراقێک مەلا و ئاخوند و تیرۆریست و سەرکردەى عەقڵ بەجێماوى دەمارگیریى مەزهەبیى و ژەنەراڵى دەست و پەنجە خوێناویى و دزى بانک و سیاسیى قۆڵبڕ و دیکتاتۆر بەڕێوەی ببەن و ئەمەریکاش پاڵپشت و دۆست و هاوپەیمانیان بێت، ئاخۆ دەبێ چ ئومێدێک هەبێ بە پاشەڕۆژى دیموکراسى لەم وڵاتەدا؟ ئەم سیاسییە لۆمپن و گەندانە جگە لەوەى سەبەبکارى بارى نائەمنیى و تیرۆر و تەقاندنەوەن، هاوزەمان دەستیان لە بینەقاقاى خەڵک گیرکردووە و سەروەت و سامانى وڵات بە هەدەر و فیڕۆ دەدەن. گەندەڵى سەرى هەموو عێراقییەکانى خواردووە و کۆمەڵگەى شەل و ئیفلیج کردووە، دزینى پارەوپول و بە فیڕۆدانى سەروەتى نیشتمانى لە ئاستێکى جادوویى و سەرسوڕهێنەردایە! تەنانەت بە پێى راپۆرتێکى دەوڵەتى ئەمەریکا تەنیا لە ساڵى 2005دا چوار ملیار دۆلارى ئەمەریکى لە عێراقدا دزراوە و دیار نەماوە، ئەمەریکا لە چوارچێوەى داگیرکارییەکەیدا عێراقى یەک دیکتاتۆر و سەرکردەى پێویست (قائد الضرورە)ى گۆڕی بۆ عێراقى سەدان دیکتاتۆرى قەزەم و سەدان حزبى تیرۆریست و پاشڤەڕۆ و کۆنەپەرست. تەنانەت من لەو بروایەدام ئەمەریکا هێشتا لە سەرەتاى پرۆسەیەکدایە بە ناوى لە رەگوڕیشە هەڵکێشانى بەعس، ئەگەر لاشەى بەعس پارچە پارچە کرابێت، بەڵام هێشتا دڵی بەعسیزمی کولتووریی لە ترپەترپدایە. ئەمەریکا لە میانەى پرۆسە و ئۆپەراسیۆنێکى بیست رۆژەدا توانى رژێمى سەدام حسێن لەسەر کار لاببات، بەڵام ئایا بە کەوتنى بتەکەى سەدام لە چەقى شارى بەغداددا بە ماناى کۆتایى یەکجاری بەعسیزم دێت؟ بێگومان نەخێر، راستە ئەمەریکا توانى بەعس وەک دامودەزگاى سەرکوتکەر و تۆڕى هەواڵگریى و سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام نەیتوانى کۆتایى بە سەرلەبەرى بەعسیزم بهێنێت. رەنگە ترسناکترین وەتەرى بەعسیزم لە هەبووندا مابێ کە بەدڵنیاییەوە مەبەستمان ژینگەکەیەتى.

بەعسیزمى کولتووریى جیددیترین ئامادەیى هەیە و لە بیرکردنەوەى زۆربەى عێراقییەکاندا هێشتا بەعسیزم گیانێکى زیندووە، هەرچەندە ئەم قورساییە زیاتر لەسەر ئەندێشەى خەڵکى سووننە مەزهەبە، لێرە نەک بەعسیزم کۆتایى پێنەهاتووە بەڵکو رۆژانە بەیعەتى خۆیان لەگەڵى نۆژەن دەکەنەوە. هەیئەى عولەماى موسلیمین کە من دڵنیام یەک زانایان تیا نییە و سەرجەمیان مەلاى وشکهەڵاتووى سەلەفى و دەمارگیرن مۆدیلێکى ترن لە بەعسیزم، تەنانەت ئەوان لە پەنا کتێبى قورئاندا پەرتووک و راسپاردەکانى سەدام دەبینین، ئەگەر مانیفێستى کۆمۆنیست کتێبى پیرۆزى کۆمۆنیستەکان بێت، ئەوا بێ دوو دڵى کتێبەکانى میشێل عەفلەقی تیۆریسۆن و مامۆستای عروبە و بەعسیزم مانیفێستى ئەو دەستە بەناو زانایەیە. ئەم دەستەیە جێگرەوەى بەعسن و نووکە درێژە بە روانگە نەتەوەپەرستییەکانى بەعس و سەدام دەدەن، رەنگبێ لەوەشدا لە بەعس کاریگەرتر بن ئەمانە دەستەیەک مەلا و پیاوی ئاینین و دەتوانن بەرگێکى پیرۆز و ئاینیى ببەخشن بە تێزە رەگەزپەرستییەکانیان (وەک لە وتەکانى حارس ئەلزاریدا هەستى پێدەکەین).
ئێمەش لە کوردستان وێڕاى ئەوەى پانزە ساڵ زیاترە بەعس وەک دەسەڵات و دامودەزگا لە نێوماندا نەماوە و هەڵکەندراوە، کەچى کولتوورى بەعسیزم هەژموونى خۆى بەسەرماندا سەپاندووە و بگرە بەعسیزم بەشێکى هەرە گرنگە لە مامەڵەى سیاسیى و کارگێڕیمان، لە پەروەردە و سیمای بیرکردنەوەمان. بەعسیزم جوزئێکە لە خەیاڵ و روانینمان، بەعسیزم رووناکى ئەو لایتەیە بەرپێى خۆمانى پێ دەبینین، جا ئەگەر بەعسیزم پاش ئەم هەموو ماوەیە هێشتا لە کوردستاندا گیانێکى زیندوو بێت، ئەوە هەر باسى ناوەڕاست و باشوور مەکە کە تا ئێستاش سەدام لە بەرگى فریشتە و پێغەمبەرێکدا دەبینن و لێى رادەمێنن. گرفتەکەش ئەوەیە پێمانوابێ بە سووتاندنى تانک و دەبابە و فڕۆکەکانى بەعس و کاولکردنى جبەخانەکانى بەعس کۆتایى هاتووە، کارەساتەکە لەوێیە پێمانوابێ خنکاندنى سەدام و یاریدەدەرە دڕندەکانى خنکاندنى رەگەزپەرستى و وشککردنى تۆوى دیکتاتۆرییەت بوو، نا، بەڵکو سەدام حسێن لە پێست و رەنگێکى تردا ئامادەیى هەیە، رەنگبێ تێفکرینى سەدام لە کەللەى زۆربەى عێراقییەکاندا بێت، دڵى بەعسیزم هێشتان دڵێکى زیندووە و لە بەشی چەپی سینگی زۆربەماندا ترپەترپیەتى. پەروەردەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی بەعس، هێشتا باڵادەستە!! بەعسیزم وەک مۆتیڤێکی هەراش و کارا لەپشت تێفکرینی تاک و گشتەوەیە.
بۆیە دووبارە دەڵێم دیموکراتیزەکردنى عێراق کارێکى سەختە، قورسى ئەم پرۆسەیە لەوە ناڕەحەتترە رژێمێک بڕوخێنی، هەموو ئاگادارین رووخانى رژێم وەک دەسەڵات و سوپا هەمووى بیست رۆژى پێ چوو، بەڵام لەوانەیە لە رەگەوە دەرهێنانى بەعسیزم لە کولتوور و دنیابینیماندا بیست ساڵ و رەنگە زیاتریشی پێویست بێت. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشێ: کەواتە رێگا چارەسەر چییە بۆ کۆنترۆڵکردنى ئاسایش و کۆتایهێنان بە تەنگژەى سیاسیى و ئاڵۆزیی و سەرلەنوێ بونیادنانەوەى عێراق؟. بە بڕواى من چارەسەر هەڵوەشاندنەوەى عێراقە وەک یەک دەوڵەتى ناوەندیى و یەکگرتوو، هەروەها دابەشکردنییەتى بۆ سێ دەوڵەت، لەبەرئەوەى عێراق نەک ئەوەى دەوڵەتێکى سروشتى و خۆڕسک نییە بەڵکو سنوورێکى دەستکردى ئیمپریالیزمە و بە زۆرى زۆرداریى خراوەتە ژێر چەپۆک و رکێفى عەرەبەوە. بەریتانیاى مەزن لە سەرەتاى سەدەى رابردووەوە بە گوێرەی ئەجیندا و بەرژەوەندییە کۆلۆنیالیستییەکانى خۆی وێنەى ئەم وڵاتەى کێشا، شیعە و کوردى کردە سووتەمەنى دروستکردنى عێراق، بەڵام عێراق چ وەک دەوڵەتێکى یەکگرتوو چ وەک ئەوەى ئینگلیز بیرى لێدەکردەوە دروست نەبوو. وینستۆن چەرچڵ، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، لە یادداشتەکانیدا نوسیوویەتى (لە مارسى 1921 کۆنفرانسى قاهیرە بڕیاریدا میسۆپۆتامیا بکرێتە عێراق و دامەزراندنى شانشینێکى عەرەبى، کە سوپایەکى عەرەبى وەک شتێکى بنەڕەتى بپارێزێ و بە پەیماننامەیەکیش ببەسترێ بە بەریتانیاوە، هەروەها کاوربارى ناوخۆشى بخرێتە ژێر کۆنترۆڵى عەرەبەوە، هێزى ئاسمانى پاشایەتیش پارێزگارى بەرژەوەندییەکانى بەریتانیا بێت). تەنانەت دەوڵەت و سەڵتەنەتى عوسمانلى بەو دواکەوتوویى و کۆنەپەرستییەى خۆیەوە هۆشى بەوە دەشکا عێراق پارچەیەکە لە ململانێ و ناکۆکى قووڵ، بۆیە دابەشى کردبوو بەسەر سێ یەکەى ئیداریدا (سێ ویلایەت) کە پێکهاتبوون لە ویلایەتى کوفە و ویلایەتى بەسرە و ویلایەتى شارەزوور (دواتر بوو بە ویلایەتى موسڵ).
ئەم نەخشەیە بەمجۆرە مایەوە هەروەک وتم تاکوو بەریتانیا و براوەکانى جەنگى یەکەمى جیهانە عێراقیان بەمشێوەیەى ئەمڕۆ دامەزراند کە پارچەیەکە لە توندوتیژیى و جەنگى نێوخۆیى نێوان تایفە و نەتەوەکانى ناوى بە درێژایى زێتر لە هەشتا ساڵ. عێراق بە بەرینى ئەم مێژووە وڵاتێکى ساختە و نیشتمانێکى وەهمى بووە و قەت نەبووەتە دەوڵەتێک تیایدا هەمووان هەست بە یەکسانى و کامەرانى بکەن. پێموایە بێ دابەشکردنی عێراق بۆ سێ دەوڵەت، ئەم دەوڵەتە وەک بورکانێک هەمیشە لە تەقینەوەدا دەبێت، ئاگری ئەو گڕکانەش پێش هەر کەس کورد دەسووتێنێ. ئێستا تێدەگەین، دابەشکردنی عێراق کارێکی پێشنۆرەترە وەک لە دیموکراسی هەروەک پێشمەرجێکیشە بۆ چەسپاندنی دیموکراسییەت لە ناوچەکەدا. نموونەى ئەم دەوڵەتانەى وەک عێراق لە تەواوى دنیادا فاشیل بوون و هەڵوەشانەوە، ئەگەر بڕوانین بۆ کۆمارەکانى یەکێتى سۆڤێتى جاران، هەر لە یۆگسلاڤیاوە تا دەگاتە چیکۆسلۆڤاکیا و کوێ و کوێى تر، ئەم دەوڵەتە وەهمی و درۆینانە لە بەریەک هەڵوەشانەوە، سەرەڕاى ئەو هەموو خوێنڕێژیى و تراژیدییە مرۆییانەى لەم وڵاتانە روویاندا دواجار و دوا چارەسەر بریتى بوو لە بژاردەی جیابوونەوە و پێکهێنانى چەند دەوڵەتێکى نوێى سەربەخۆ، هەرێمى مۆنتینیگرۆ نموونەیەکى هەرە نزیکیانە لە رووى کاتەوە.
عێراق نیشتمانێکى رەسەن و واقیعى نییە، بۆیە دواى هەشت دەیە و پتریش لە سیاسەتى توندوتیژانەى دەوڵەتە یەک لە دواى یەکەکانی، ئەمڕۆ لە هەموو کات شەفافتر دیارە عێراق نەبۆتە یەک نیشتمان و هەرگیزیش نابێت، ئەگەر بوش بیەوێ پرۆسەکەى لە سەرکەوتن نزیک بکاتەوە دەبێت هەنگاو لە راستاى دابەشکردنى عێراقدا بنێ، بەڵام بە داخەوە ئیدارەى بوش مکوڕن لەسەر یەکپارچەیى خاکى عێراق، لە کاتێکدا گەلێک پسپۆر و کارناسى رۆژهەڵاتى ناڤین چارەسەرى ئەم دۆخە لە دابەشکردنى عێراقدا دەبیننەوە، بۆ وێنە سیاسەتمەداری ئەمەریکى (هێنرى کیسنجەر) وەک شارەزا و پسپۆڕ لە کاروبارى رۆژهەڵات و خاوەن ئاگاییەکى قووڵ و بێوێنە لە هاوکێشە سیاسییەکانى ناوچەکە لایەنگرى دابەشکردنى عێراقە بۆ سەر سێ کەنتۆنى خۆ بەڕێوەبەریى یان راستتر بڵێم سێ وڵاتى سەربەخۆ لەسەر بنەماى کۆنفیدراڵى. بەڵام بوش لە زۆر بۆنە و جێگەدا دژى ئەم پێشنیارە وەستاوەتەوە بە بیانووى ئەوەى بارودۆخەکە تەواو دەشڵەژێ و دەبێتە ناڕازیبوونى تورکیا و سوریا و ئێران. سوریا کە گرێدراوی ئێرانە لەوە بێهێزترە بتوانێ بەر بە ئەجیندای ئەمەریکی بگرێ بۆ دابەشکردنی عێراق، هەرچی وڵاتانی عەرەبیشە چەند کاردانەوەیان نواند لە پرۆسەی داگیرکردنی عێراق و لەسەر کارلابردنی سەدام و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی حزبی بەعس، هەر ئەوەندەش کاردانەوەیان دەبێت لە ئاست دابەشکردنی عێراق، چوونکە ئەمەریکا دەتوانێ ئەو واقیعە بەسەریاندا بسەپێنێ! سەبارەت بە تورکیا، هیچ کات تورکیا ئەم بارودۆخە دیفاکتۆیەی باشووری کوردستانیشی پێ قبووڵ نییە، بەڵام ناشتوانێ هیچ بکات لەدەرەوەی خواستی ئەمەریکا جگە لە هاشوهوشی لەشکرکێشی و میدیایی، رەنگە کاردانەوەی هەر هێندەی کاردانەوەی سێ ساڵ و نیو بەر لە ئێستای بێت کاتێ رێگەی نەدا هێزەکانی ئەمەریکا ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر عێراق بەکاربهێنێت. لە کۆتایشدا ئەمەریکا دوژمنی سەرەکی ئێرانە، کەوابوو پێویستی بە رازیکردنی دڵی ئێران نییە. ئەی بۆچی بۆ هەنگاو بۆ دابەشبوونی عێراق نانێت؟ هێشتا بەرژەوەندییە کۆلۆنیالیستییەکانی ئەمەریکا لە مانەوەی عێراقدایە بە یەکگرتوویی. نابێ ئەوەش لە یاد بکەین ئەمەریکا نیوئیمپریالیزمە نەک دۆست و فریادڕەسی گەلان.
بوش لە رۆژى دووشەممە 16-10-2006 لە دیدارێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ چەناڵى (فۆکس نیوز)ى ئەمەریکى لەو بارەوە وتى (بەو شێوەیە ئاژاوەیەکى لەمە گەورەتر دەخوڵقێنین کە لە عێراقدا هەیە و دەمانەوێت چارەسەرى بۆ بدۆزینەوە). رۆژنامەى (عوممان) لەسەر هەڵوێستى جۆرج بوش راپۆرتێکى تێروتەسەلی ئامادە کردووە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە (سەرۆک بوش دژایەتى دابەشکردنى عێراقى کرد، ئەوەتا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى فۆکس نیوزى ئەمەریکى ئاماژەى بۆ ئەوە کرد دابەشکردنى عێراق بۆ سێ ناوچەى خاوەن دەسەڵاتى خۆ بەڕێوەبەریى کارێکە نەک دەبێتە هۆی یەکترکوژیى سووننە و دەوڵەتە سووننەکان لەگەڵ شیعەدا، بەڵکو کوردەکانیش تووشى کێشە دەبن لەگەڵ تورکیا و سوریادا، ئەوکاتیش خۆمان لە بێ سەرەوبەرەییەکدا دەبینینەوە گەورەتر لەوەى ئێستا دەیبینین). بێجگە لە بوش زۆربەى هەرە زۆرى سیاسەتمەدارانى ترى سەر بە کۆمارییەکان و کاربەدەستانى کابینەکەى بوش لەسەر هەمان قەناعەت و بڕوان کە عێراق بە یەکپارچەیى بمێنێتەوە بەبیانووى ئەوەى کێشەى گەورەتر دەخولقێنێ، تەنانەت لە کاتى هەڵبژاردنەکانى کۆنگرێس و ئەنجوومەنى پیران، کۆمارییەکان بانگەشەى ئەوەیان دەکرد ئەگەر دیموکراتەکان زۆرینە بهێنن عێراق دابەش دەکەن (وەک ئەوەى کارێکى خراپ بکەن). بۆ نموونە رۆژنامەى (خەبات) لە ژمارە (2312) رۆژى دووى تشرینى دووەمى 2006 لە لاپەڕەى یەکەمدا لەو بارەوە ئەم هەواڵەى بڵاوکردۆتەوە (بەرنامەى دۆسێى ئەمڕۆى کەناڵى جەزیرەى قەتەرى تەرخانکرا بوو بۆ هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانى کۆنگرێسى ئەمەریکا و بەپێى راپۆرتێکى ئەم کەناڵە کە لە ئەمەریکاوە ئامادەکرابوو ئاماژە بۆ ئەوە کرا کە جەماوەرى حزبى کۆماریى لە بەرامبەر دیموکراتەکاندا بەرەو لاوازبوون دەچێت).
“هۆکارى سەرەکى ئەم لاوازبوونەش بۆ سیاسەتى جۆرج دەبلیو بوش لە عێراقدا گەڕێنرایەوە، بۆ شرۆڤەکردنى ئەم دۆسێیە بەرنامەى ناوبراو میوانداریى لە خالید سەفورى داڕێژەرى ستراتیژیەتى حزبى کۆماریى و ئەندامى چالاکى ئەم حزبە لە کۆنگرێسى ئەمەریکا کرد، لە میانەى قسەکانیدا خالید سەفورى بە دووری زانى کە دیموکراتەکان بتوانن زۆرینەى کۆنگرێس و ئەنجوومەنى پیرانى ئەمەریکا بەدەستبێنن، بەڵام دووپاتى کردەوە کە تەنیا سەرکەوتنى کۆمارییەکان یەکجارەکى خاکى عێراق دەهێڵێتەوە، ئەگەر دیموکراتەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن ئەوە لە ماوەیەکى کەمدا دواى سەرکەوتنیان دەوڵەتى کوردیى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دروست دەبێت و زۆرشتى دیکەى چاوەڕوانکراویش دەبینرێت. لە درێژەى قسەکانیدا داڕێژەرى ستراتیژیەتى حزبى کۆماریى لە کۆنگرێسى ئەمەریکا وتى: کۆمارییەکان جەنگى عێراق بە بەشێک لە شەڕى دژە تیرۆر دەزانن و مەبەستیان نییە نەخشەى ناوچەکە بگۆڕن”. ئەگەر کەمێک بە دیقەتەوە لەو وتانە وردبینەوە، ئەوا لە قسەکانی (سەفورى)دا دووشت بە روونى دەبینرێت:
یەکەم: سەفورى دەیەوێ عەرەبەکان بوروژێنێت یان سوود لە دەنگى رەوەندى عەرەب لە ئەمەریکا وەربگرێ، بەڵام دواتر بینیمان سەرەڕاى ئەم بانگەشانەش کۆمارییەکان دۆڕاندیان.
دووەم: وەعد و بەڵێنەکانى ئەمەریکا بۆ دیموکراتیزەکردنى عێراق بوون بە بڵقى سەر ئاو. ئەوەتا عێراق بۆ ئەوان تەنیا مەیدانى بەرەنگاریى تیرۆرە نەک گۆڕینى نەخشەی ناوچەکە، ئەمەریکا مەیدانى رووبەڕووبوونەوەى لەگەڵ تیرۆریستان لە واشنتۆن و نیۆیۆرکەوە گۆڕیوە بۆ بەغداد و رومادى و سامەڕا و تکریت و قەندەهار و کابوڵ، بە کورتى ئەمەریکا تۆپەکەى لە ساحەى خۆى دوورخستەوە. بۆیە ئەجینداکەى ئەوان خاڵییە لە عێراقێکى دیموکرات و دامەزراندنى کوردستانێکى سەربەخۆ و پانکردنەوەى سەرى دیکتاتۆریەت و لە باربردنى بەستێنى کۆمەڵ بۆ دیکتاتۆرە سەرەمێکوتەکان. بە پێچەوانەوە ئەمەریکا وەک لوتکەی سیستمی سەرمایەداریی بە دوای بەرژەوەندییە نامەشروعەکانییەوەتی لەسەر خوێنی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کێ ئوسامەی دروستکرد؟ کێ دەستگیرۆیی ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کرد کە پێیان دەوترێ “عەرەب ئەفغانەکان”؟ و ئێستاش هەموو دنیا گیرۆدەی دەستی تاوانکارییەکانیان بووە.
لە بەرامبەردا کیسنگەر و هاوبیرەکانى پێداگریى لەسەر ئەوە دەکەن ئەگەر عێراق دابەش نەکرێت رەنگە ئەزموونى ڤێتنام جارێکى دووبارە بێتەوە، لەولاشەوە باڵى توندڕەو لە کۆنگرێس و حکوومەتى ئەمەریکا چارەسەر لە رەوانەکردنى هێزى سەربازیى زیاتردا دەبینینەوە، ئەوەش مامەڵەیەکى ستالینى و تەسکبینانەیە لەگەڵ ئەم واقیعەى عێراقدا. لە سەروەختێکدا بە دیفاکتۆ ئەمڕۆ عێراق سێ دەوڵەت و سێ دەسەڵاتى جیایە، لە بەشى باشووردا کە لە رووى سوکانییەوە زۆربەى دانیشتوانەکەى شیعە مەزهەبن دەوڵەتێکى تیۆکراتیان لەسەر بنەماکانى مەزهەبى شیعە هەیە، دەوڵەتێک بە هەموو پێوەرێک دەسەڵاتێکى مەزهەبییە و وێنەیەکە لە چەشنى کۆمارى ئیسلامى ئێران، هەر لەم بەشدا حکومەکانى شیعەگەرێتى و ویلایەتى فەقیه بەڕێوە دەچێ و هەر ئەوەیە جەعفەرى سادق لە نێوانیاندا نییە، ئەم پارچەیە لە وڵاتى درۆینەى عێراق تەنێ ناوى باشوورى عێراقە ئەگەر نا بووە بە بەشێک لە کۆمارى ئیسلامى ئێران. لە ناوەڕاستى عێراق بەرەو سەرەوە یان راستتر بڵێم سێگۆشەى سووننەنشین سەربارى نائارامى و ناجێگیریى بارودۆخى ئەمنیى تیایدا، بەڵام دەسەڵاتی یەکەم و سەرەکی بە دەست تیرۆریستان و پاشماوەکانى حزبى بەعسى رووخاوەوەیە. هەروەک ئاشکرایە رێکخراوى ئەلقاعیدە لەم دەڤەرانە حکوومەتى ئیسلامى خۆى راگەیاندووە (ئەمارەتى ئیسلامى عێراق)، هەڵبەتە لە بارى عەمەلیشەوە تێکەڵەیەک لە پاشماوە سەدامییەکان و تیرۆرستەکانى ئەلقاعیدە و قوتابییە دڵسۆزەکانی ناسیۆنالیزمى پەڕگیرى عەرەب بە هاوبەشیى حوکمی ئەو ناوچەیە دەکەن. ئەم بەشەش لە عێراق لە ژێر چەتر و کۆنترۆڵى راستەوخۆى ئەم پێکهاتانەدایە و حکوومەتى عێراق کە زیاتر وەک حکوومەتی شیعە خۆی دەنوێنێ بچووکترین رۆڵى ئیداریى و سیاسیى نییە لەوێ.
لە بەشى باکوورەوە یان هەرێمى کوردستان دەسەڵاتى خۆماڵى کوردیى لە ژێر ناوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەیە، ئەم پارچەیەش بەشێکى دابڕاوە لەو دوو بەشەى تر، دەسەڵات فۆرم و مۆدیلێکى جیاوازترە لە شێوە دەسەڵاتى ناوەڕاست و باشوور، بۆشایى و کەلێنێکى کولتووریى و عەقڵیى لەنێوان خەڵکى کوردستان و خەڵکانى ناوچەکانى تردا هەیە، لە باشوور زۆرینەی خەڵک خوازیارى دەوڵەتێکى ئیسلامى شیعین. لە ناوچەى ناوەڕاستیش بەشی زۆری خەڵک خەون بە دەوڵەتێکى عەرەبى ئیسلامی سووننەى دەمارگیرەوە دەبینین. بەڵام جەماوەرى کورد بە زۆرینەى دەنگ لەگەڵ دەوڵەتێکى دیموکراتى دادپەروەردان، بەڵام ئەم دەوڵەتە دەوڵەتى کوردستانى سەربەخۆ بێ. ئیتر کوانێ رۆڵ و ماناى حکوومەتى عێراق کە مام جەلال سەرکۆمار و مالیکى سەرۆک وەزیرانییەتى؟. ئایا جگە لە وێنەیەکى وەهمى و درۆیەکى شاخدار شتێک لە ئارادایە بە ناوى حکوومەت و نیشتمانى عێراق؟. سەرەڕاى ئەمانەش ئەم سێ پێکهاتە سەرەکییە ناتوانن بەیەکەوە هەڵبکەن، سووننە ئامادە نییە دەسەڵات و ئیمتیازانى هەشتا ساڵى رابردووى واز لێبێنێ و دەست لە کورسى دەسەڵات هەڵبگرێت، بۆ ئەوەش تاکە رێگەى بەدیهێنانى ئەم خەونە لە لە ناوبردنى کورد و شیعەدا دەبیننەوە، ئەزموونی هەشتا ساڵی رابردووشیان لە دەسەڵاتدا ئەم فاکتەی سەلماندووە، کوردیش حەزەر و گومانى هەیە لە نیەتەکانى عەرەب و ترسى هەیە لەوەى شۆڤڵەکانى ئەنفال جارێکى تر گۆڕ هەڵتەکێنن و خەونى ساڵەها ساڵى بە با بدەن. ئەگەر بەرژەوەندیی سەرانی کورد نەبوایە دەبوو لە 2003دا کورد بۆ ئەبەد عێراقی لە کۆڵ خۆی بکردایەتەوە و دەوڵەتی رابگەیاندایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دەوڵەتی عێراق لە سەرەتای دامەزراندییەوە هێندەی ئەوکات لاواز نەبووە و چوارچێوە جوگرافییەکەشی هیچ کات ئەوەندە پاشاگەردانی و ناجێگریی بەخۆوە نەبینیوە.
شیعەش هیچ کام لە کورد و سووننەى قبوڵ نییە، بەڵکو لەگەڵ عێراقێکى یەکگرتووى ئیسلامیدایە لەسەر بنەماى شیعەگەرێتى، تەنانەت ئەلحەکیم (محەمەد باقر ئەلحەکیم) وەک ئایەتوڵڵایەکى بەرهەڵستکارى رژێمى پێشووى عێراق، بەر لەپرۆسەى ئازادیى عێراق لە هەڤپەیڤێنێکدا وتبووى (لە کۆمارى ئیسلامى عێراقى پاش سەدامدا جێگەى کوردسانێک لەو خاکەدا نابێتەوە). ئەمڕۆش بە روونی ئەو دیمەنە دەبینین کە شیعە چۆن لە قوربانییەوە بووە بە جەلاد. ئەمە گرێیەکی سایکۆلۆجیی شیعەی عێراقە، کە بەدرێژایی هەشتا ساڵ لە سایەی سووننەی عەرەبدا چەوساونەتەوە، بەڵام چوونکە دیموکراسی لە عێراقدا فەرهەنگ نییە، بەڵکو مەزهەبگەریی و دیکتاتۆریی و خوێنڕشتن پەروەردەی باڵادەستە، بۆیە بە ئاسانی لە سێ ساڵێکدا شیعە وێنای خۆی لە قوربانییەوە گۆڕی بۆ جەلاد. کورد وتەنیش قسە هەزارە و یەکێکى بە کارە، ئەگەر چارەسەرى کێشەکانى عێراق و کۆتاییهێنان بە قەیرانە قووڵەکانى دەرگایەکى هەبێت، ئەوە یەکێک لە کلیلەکانى کردنەوەى ئەو دەرگایە دابەشکردنى عێراقە بۆ سێ هەرێمى خۆ بەڕێوەبەریى هەروەک ئاماژەم بۆ کرد بەشێوەى سێ دەوڵەتى کۆنفیدراڵ تا ماوەیەکی دیاریکراو لەگەڵ یەکتر بمێننەوە. یان ئەگەر دۆخەکە قبوڵی کرد هەر کەس لە ماڵی خۆی. پێموایە ئەمە بۆ ئەمەریکا و ناوچەکە و جیهانیش، تاکە رێگەچارەیە، بەدەر لەمە هەر رێگاچارەیەکی تر من لای خۆمەوە ناوی دەنێم “چارەسەری درۆزنانە”.
دواى ئەم هەموو شێر و رێوییە هەقە ئەوەش لە خۆمان بپرسین: ئایا بە راست ئەمەریکا بۆ نەوت هێرشى کردۆتە سەر عێراق یان بۆ دیموکراتیزەکردنى؟ ئەمەریکا بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکان و سیاسەتى پاوانخوازیى و فراوانکردنى دەسەڵاتى خۆى سەربازەکانى بە کوشتن دەدا یان لە بەر چاوى کاڵى عێراقییەکان؟. بە بڕواى من شەڕى ئەمەریکا شەڕى مسۆگەرکردنى بیرە نەوتەکان و پاراستنى بەرژەوەندییەکان و درێژەپێدانى پاوانخوازیى خۆیەتى. ئەمەریکا نە سڵ لە جەنگ دەکاتەوە نە لە کوشتار نە لە کاولکاریى، بەڵکو کاری گرنگ و ئەولەویترین شت بۆى بەرژەوەندییە، بەرژەوەندیى بە جۆرێک ئەمەریکای وڕ و گێژ کردووە لە پەیامى گوللەباران و گوڵباران تێناگات، ئەو بەناوی گوڵاوى دیموکراسییەوە سووتێنەرترین چەکى مۆدێرن بەکاردێنێ، ئەو باسى مافەکانى مرۆڤ دەکات و گوانتانامۆشى هەیە، ئەو نموونەی مارلین مۆنرۆ پێشکەش بە ژنی دنیا دەکات وەک نموونەی ژنی ئازادی ئەمەریکی، کەچی دۆستی گیانی بە گیانی سعودیەیە کە ماف بە ژن نادات تەنانەت ئۆتۆمبیلیش لێبخوڕێت.! ئەو بۆى گرنگە لە هەموو شوێنێک بێت و بەرژەوەندییەکانى لە پەڕاوێزترین سوچى دنیادا ئامادەیی هەبێ و پارێزراویش بێت.
مادلین ئۆلبرایت وەزیرى پێشووترى دەرەوەى ئەمەریکا لە وتارێکدا بەناوى (مەشقکردنى دەسەڵاتى دەرەوەى ئەمەریکا)دا نوسیوویەتى (بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانمان، ئێمە پێویستە بە خۆ بکەوین، رێککەوتن ساز بکەین، دەستوور بێنینە رۆنان، نموونەى وا بێنینە پێشەوە لەسەر بنەماکانى دیموکراسى، بازاڕى کراوە، یاسا، ئاشتى بەرقەرارکردن، جیهان پتر لە یەکدى نزیک بخەینەوە). بوش لەهەڵپەى ئەوەدایە لە زووترین کاتدا دەست بەسەر چاڵە نەوتەکاندا بگرێ و مەترسى تیرۆریستەکانی ئەمڕۆ و دۆستەکانی دوێنێی کۆشکی سپی لەو رووەوە نەهێڵێ، بوش لە بیرى چووە دنیاى ئێمە دنیایەکە پتر گیرۆدەى دەیەها کێشەى ترە، هەڕەشەکانى سروشت، زۆربوونى ژمارەى دانیشتوانى سەر گۆى زەوى، نەخۆشى و درمى کوشندە، ئایدز، بەدڕەوشتى و برسێتى و جەنگ و کاولکاریى، ئەفەریکا تاریکترین بەشى سەر شانۆی جیهانە و کارەساتاویترین جوگرافییە، بوش هەموو ئەمانە پشتگوێ دەخات و دێت دنیا لە شەڕێکى خوێناوییەوە دەئاڵێنێت تەنیا و تەنیا بۆ دەستەبەرکردنى خەونى چەند بازرگانێکى پترۆڵى وەک خۆى، بە تێگەیشتنى من جەنگى عێراق جەنگى نەوت و یەدەگى پترۆڵى ئەم وڵاتەیە و هیچى تر. جەنگەکانی ئەمەریکا هەموو لە یەک خاڵی ستراتیژییدا کورت دەبنەوە، ئەویش فراوانکردنی هەژموون و دەستەبەرکردن و پارێزگارییکردن لە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان وەک سەرداری بێ رکاربەر و تاکە جەمسەری هێز لە جیهاندا.
جیفرى دى.ساش مامۆستاى زانستى ئابوورى و بەڕێوەبەرى پەیمانگاى زەوى لە زانکۆى کۆڵۆمبیا، دەنووسێت (بوش لەم دواییانەدا بۆ رۆژنامەنووسان دوا و داواى ئەوەى لێکردن کە جیهان پاش پەنجا ساڵى دیکە بهێننە بەر چاویان، ئەو کاتێک ئەم داوایە ئاڕاستە دەکات بیرى لە ئایندەى زانست و تەکنۆلۆژیا، یان ژمارەى دانیشتوانى جیهان نەکردۆتەوە کە ژمارەکەیان لە نۆ هەزار ملیۆن کەس تێدەپەڕێت.. یاخۆ بیرى لەو ململانێیە نەکردۆتەوە کە پەیوەستە بە گۆڕانى کەش و هەوا، بەڵکو لە جیاتى ئەوە دەیەوێت بزانێت ئاخۆ توندڕەوەکان لە جیهانى ئیسلامیدا دەستدەگرن بەسەر سەرچاوەکانى نەوتى جیهاندا، لە راستیدا ئەوەى کە پاش پەنجا ساڵى دیکە سەرقاڵمان دەکات و خەونمان لێ تێکدەدات، هەرچییەک بێت پێویستە ئەوە لە کۆتایى لیستەکەدا بێت). راستیش ئەوەیە ئەمەریکا زێرەڤانی بەرژەوەندییەکانى خۆیەتى، بێ سڵەمینەوەش دوژمنى بەرژەوەندییەکانى هەر کێ بێت و لە هەر کوێ بێت تەنانەت ئەگەر لە حەشارگەکانیشدا بێت لە ناویدەبات. ئەمەریکا هەر بۆ ئەو مەبەستە هێرشى کردە سەر عێراق و سەدام حسێنى کۆنە قوتابى و بەندەى گوێڕایەڵى زەمانێکى دوور و درێژى خۆى لەسەر کارلادا، بەڵام ئایا تۆ بڵێى لەم دۆخەدا بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکاییەکان لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیى عێراقییەکاندا یەکانگیر بێتەوە؟ ئایا عێراق بە مانەوەى سوپاى ئەمەریکا قازانج دەکات یان نا؟ ئەگەر هێزەکان بۆماوەیەکى دیارینەکراو مانەوە تۆ بڵێى توندوتیژیى لە رادەبەدەر و زێدەتر بەرامبەریان نەکرێت و ناچار بە کشانەوە نەکرێت؟. یان ئەگەر هێزەکانى ئەمەریکا پاشەکشەیان کرد، تۆ بڵێى عێراق لەوە زیاتر نەبێتە مەیدانى تەراتێنى شانە جیهادیی و تیرۆرستییەکان و جەنگى ناوخۆیى درێژخایەن و نەبڕاوە چارەنووسى عێراقییەکان لەمە رەشتتر نەکات؟. من نازانم دەبێ هەمووان چاوەڕوانى سیناریۆ و پێنگاڤەکانى داهاتوو بین. هەرچەندە مرۆڤی هۆشمەند لە هەنووکەوە هیچ ئاسۆیەکی گەش لە ئاسمانی پڕ غوبار و تەمی ئەم وڵاتەدا بەدی ناکات.
کاتى خۆى بوش لە 26-2-2003 واتە تەنیا بیست رۆژ بەر لە هێرش و ئۆپەراسیۆنى سەربازیى بۆ سەر عێراق وتى (هەتا بزانین پێویستە لە عێراق دەمێنینەوە، بەڵام رۆژێک زیاترى لێ نابین). هەروەها وتیشى ئێمە عێراقێکى نوێ و دیموکراتیک دروست دەکەین، بەڵام (بیرژان لویزان)ى شارەزاى فەڕەنسى وتى (سەرلەنوێ بونیادنانەوەى عێراق کارێکە شکست دەهێنێ)! ئایا بوش و بیرژان کامیان راستیان کرد و رووداوەکانى داهاتوو قسەى کامیان دەسەلمێنێت؟. تۆ بڵێى دواى ئەم ماوە تاڵ و تاریکە بۆ سوپاکەى بوش لەسەر هەمان راى خۆی مابێت؟ تۆ بڵێى پێش ئەوەى کاتى پێویست کۆتایى پێبێت ناچار بە کشانەوە نەکرێن؟ کێ ناڵێ عێراق نابێتە ڤێَتنامى دووەم و ئەمەریکا لوتى تیایدا ناشکێ؟ نازانم با بزانین لە رۆژانى داهاتوودا چى روو دەدات؟!!. تاکە شتێک کە بیزانم ئەمەریکا لە دروستکردنەوەی عێراقدا سەرکەوتوو نەبوو. هیچ کاتێکیش مەرجی سەرکەوتن رەوانەکردنی هێزی زیاتر یان کشانەوە نییە، بەڵکو دابەشکردنی ئەم دەوڵەتە ساختەیەیە بە ناوی عێراق کە مایەی ئاشووبە بۆ هەموو دنیا.

*ئەم وتارە شیکارییە پێش چواردە ساڵ، بە چوار بەش لە ژمارەکانی (108) و (109) و (110) و (111)ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لە رۆژەکانی 26-27-28-30ی نۆڤەمبەری ساڵی 2006 بڵاوبووەتەوە.

تێبینی: کۆی ئەم شیکارییە وەک بەشی چوارەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لە لاپەرە 130-170 چاپ و بڵاوکراوەتە. کە ئەو کتێبەش بە چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2018 لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە




تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە … شیعری: ستیڤان شەمزینی

بەڵێنی یەک ژوانم لێت ئەوێ
تاکو لەئێوارەیەکی نارنجیدا
بە دەم رێگایەکی نەبڕاوەوە
مژدەی‌ هەڵاتن بدەین بە گوێی غروبا
دڵی دەریا لە شەپۆلەکاندا بدۆزینەوە
خەونێک لەگەڵ واقیع ئاشت بکەینەوە
ئاڕاستەی بەلەمە جارۆگەدارەکان بگۆڕین
لە رۆحی تاشەبەرد قومێ لە ئاوی ئەشق هەڵهێنجین
نەوڕەسەکان بکەین بە پاسەوانی جێژوان
کۆترەکان نامەی ئەوینمان بگەینە دڵی خودا
تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە
تاکو ئەستێرەیەک لە ئاسمانا زیاتر بدرەوشێتەوە
درەختێکی زەردهەڵگەڕاو دەستی لە خەزان بێتەوە
شاخێک چاوێکی شەرمنانە لە شاخێکی تر دابگرێ
لاولاوێک غیرەت بکا یاخی بێ و باخ جێبهێڵێ
هەورێک لە کاتی خۆی پەلە بکا و زووتر ببارێ
ئاسمان چاوی خۆی داخا و خێرا خۆر هەڵبێ
سپێدە بە پەلە خۆی کۆبکاتەوە بەرەو ئێرە بێ
تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە
با دەستی وڕێنەکانم بگرم بۆ سەر رووباری شێتی
دەستی شێتییەکانم بگرم بۆ ئۆقیانووسی دڵ
دەستی دڵم بگرم رووەو ئاوی ئاموونی تۆ
با دەستی خەیاڵم بگرم رووەو واقیعی تۆ
دەستی واقیعی تۆ بگرم رووەو چارەنووسی خۆم
دەستی چارەنووسیشم بگرم بۆ تونی بابای دڵی تۆ
با دەستی خۆزگەکانم بگرم بەرەو لای تۆ
دەستی تۆش بگرم بەرەو دڵی کون کونی خۆم
دەستی دڵیشم بگرم بۆ دەریای بێ بنی دڵی تۆ
تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە
من حکایەتێک لە ئەوینی تۆ دادەتاشم
سەدای تاکو چین و سەمەرقەند بڕوا
بە لەززەتی ماچێکت ئاشنا ئەکەم
وەک چیرۆکی هەزار شەو و شەوێک کۆتایی نەیێ
لە جەنگەڵی ئەقڵ بۆ هەمیشە رزگارت ئەکەم
ئەبمە چاوساغت بۆ دۆزینەوەی ئیمپراتۆریای دڵ
تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە
با من لە دەنگی تۆ ئاوازێکی قەرەجانە دروست بکەم
لە هەناسە نەرمەکانت تەونێک لە شیعری تەڕ بچنم
لە پێکەنینە خەمبارەکەت شارێک لە خامۆشی رۆنێم
بە ئاوی سازگاری چاوەکانت مەزرای رۆحم ئاو بدەم
لە هەنسکی شەوانت دووزلەیەک بۆ خەمباریی بژەنم
لە شادییەکانی رۆژانت جیهانێک لە خەندە بخوڵقێنم
تۆ بەڵێی ژوانێک بدە
با گووڵە قەرسیلەکان لە بەردەمماندا شکۆفە بکەن
رووناکی لەنێوان دڵ و رۆحی شەیدامان بدرەوشێتەوە
رووبارەکان ئاڕاستەی رۆشتنیان بیر بچێتەوە
لولەی تقەنگی سەربازەکان گوڵی سووری تیا بڕوێ
رەشەبای تووڕە ماندووێتی دەرچێ، ساتێ بنوێ
هێمنیش بەیانییەکی بێدەنگ، توند لە ئامێز بگرێ
تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە
با دنیای من رەنگی وەنەوشەیی ناخت بگرێ
خەیاڵم وەک ئەسپسوارێ بۆ بەرزایی دڵت سەرکەوێ
ژیانم لە مەراق و بێهودەیی و تێکشکان داشۆرێ
پەپولەی شیعرم لەسەر رەیحانەی دڵت بۆ ئەبەد بنوێ
ئەوسا بە ئارامی و بێ چرپە بڕۆ
بەڵام ئاگات لێ بێ، پەپولەی شیعرم هەڵنەفڕێ
تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە و
تەنیا بەڵێنی یەک ژوانم ئەوێ




یەکێتی چۆن محەمەد حەلاق و هاوڕێکانی تیرۆر کرد؟ …نووسینی: ستیڤان شەمزینی

تەرمەکانیان سووتاندبوون و خستبوویاننە گۆڕێکی بە کۆمەڵەوە

پاش بیست و یەک ساڵ گۆڕەکەشیان شێواند

پێش بیست و پێنج ساڵ و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا “2-11-1995” سەرکردەی سیاسیی و سەربازیی چەپڕەو “محەمەد حەلاق” و یانزە لە هاوڕێکانی، لە بازگەی “کۆیە”ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان درانە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا دوو لە هاوڕێکانی هاوڕێ حەمە گیانیان لە دەستدا و هاوڕێ حەلاقیش بە سووکی بریندار دەبێت، بەڵام هێزێکی سەربازیی یەکێتی کە پێشوەختە لە دەوروبەری لە بازگەکە کۆکرابوونەوە، لە هەر چوارلاوە گەمارۆیان دەدەن و بە دەستبەسەرکراویی دەیانگوێزنەوە سەربازگەی “سەلام” لە شاری سلێمانی کە بارەگای فەرماندەیی یەکێتی بوو، هەر لەوێ بە دڕندانەترین شێوە پاش ئەشکەنجە و ئازاردانێکی زۆر گولەبارانیان دەکەن. ئەگەرچی هەفتەیەک دوای رووداوەکە، کەناڵی گەلی کوردستان، زمانحاڵی یەکێتی، هەواڵی ئەوەی بڵاو کردەوە، بە هەڵەیەکی سەربازیی حەمە حەلاق و یانزە لە هاوڕێکانی لە بازگەی کۆیە شەهید کراون، بەڵام ئەمە بۆ داپۆشین و پاساودانی ئەو تاوانە و کەمکردنەوەی راددەی نەفرەتی هاووڵاتیان بوو لە دژی ئەو کردە تیرۆریستییەی یەکێتی، راستییەکەش بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرا بوو کە بە دیلکراوی لە سەربازگەی سەلام “مەعەسکەر سەلام” بە دڕندانەترین شێوە شەهید کرابوون. ئەمە جگە لەوەی تەرمەکانیان سووتاندبوون و خستبوویاننە گۆڕێکی بە کۆمەڵەوە، بەڵام لە ترسی ناڕەزایەتی جەماوەریی و تووڕەیی کۆمەڵانی خەڵک، تەرمەکانیان رادەستی کەسوکاریی قوربانیان کردەوە.
شەهید محەمەد حەلاق، لە ساڵی 1955 لە شاری کۆیە لە دایک بووە، پەروەردەکراوی دەستی دایکێکی ناسراو و شۆڕشگێڕی خۆشەویستی وەک “ئایشە گوڵ” بوو، لە کۆتایی هەفتاکاندا پەیوەندیی بە پارتی کۆمۆنیست “حزبی شیوعی عێراق”ەوە دەکات، لە ساڵی 1981 روو دەکاتە شاخ و لە ریزەکانی حزبی شیوعیدا دەبێتە پێشمەرگە، هەر لەو ماوەیەدا ناوبانگی چەلەنگی و چالاکییە سەربازییەکانی بە سەرتاسەری کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە، بۆیە لە ساڵی 1985 دەبێتە سەر لقی هێزی پێشمەرگەی حزبی شیوعی و پاشتر لە ساڵی 1987 دەبێتە فەرماندەی بەتالیۆنی 31، لە ساڵی 1988 دایکی هاوڕێ حەمە “ئایشە گوڵ” لە سەربازگەی رەشکین لە پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر و بێ ئومێدبوونی پیاوانی رژێمی بەعس لە درکاندنی زانیاریی لە بارەی هێزی پێشمەرگە دەدەینە بەر دەستڕێژ و شەهیدی دەکەن. وەک هاوڕێ فەهد گرەدەوانی ئاماژەی بۆ دەکات، لەو کاتەی دایکی شەهید حەمە لە زیندان دەبێت، پیاوانی رژێمی بەعس پەیوەندیی پێوە دەکەن ئەگەر هاوکاریی رژێم بکات لە بەرامبەردا دایکی ئازاد دەکەن، بەڵام هاوڕێ حەمە حەلاق بە هێرشکردنە سەر سوپای عێراق لە رێگەی نێوان کۆیە – هەولێر وەڵامی ئەو داوایەی رژێم دەداتەوە. پاشتر هاوڕێ حەمە پلە بە پلە وەک فەرماندەیەکی شۆڕشگێڕ پۆستی خەباتگێڕیی بەرز دەبێتەوە. لە دوای راپەڕین لە کاروچالاکی سیاسیی بەشداریی کارای هەبووە. دواتر لە جیابوونەوەی شیوعییە کوردستانییەکاندا لە حزبی شیوعی، رۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لە پێکهێنانی حزبێکی نوێی چەپڕەوی کوردستانی بەناوی “پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان” لەو حزبە نوێیەشدا پلەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی “بیرۆی سیاسی” پێدەدرێت.
لە سەروبەندی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لە 1992، خودی مام جەلال داوا لە حەمە حەلاق دەکات کار لەگەڵ یەکێتی بکات، لەبەرامبەردا پلەی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و وەزیری پێشمەرگەی یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێم کە پشکی یەکێتی بوو پێدەبەخشن. بەڵام هاوڕێ حەمە بەهەموو شێوەیەک ئەو داوایەی تاڵەبانی رەد دەکاتەوە و پێیوایە کۆمەڵگەی کوردیی پاش راپەڕین زیاد لە هەر شتێک پێویستی بە هێزێکی چەپی کوردستانی هەیە. ئەمەش ترسی لەلای یەکێتی بە پلەی یەکەم دروست کردبوو، کە شەهید حەمە حەلاق ئەو کەسەیە دەتوانێت بەم ئەرکە هەڵبستێت، بۆیە لەو کاتەدا کە هەولێریش لەژێر رکێفی یەکێتیدا بوو، حساب لەسەر کارایی حەمە حەلاق دەکرا، شەڕی کۆنە قینیشی لەگەڵ دەکرا، کە لە قۆناغی شاخدا، شەهید حەمە حەلاق، وەڵامی توند و کەمەرشکێنی هەر دەستدرێژییەکی یەکێتی دەدایەوە بۆ سەر حزبی شیوعی. لەبەرئەمە یەکێتی پیلانی تیرۆر و تەسفیەی شەهید حەمە حەلاق و لە باربردنی حزبێکی چەپی کوردستانیان خستە رۆژەڤی خۆیانەوە، تا دواجار لە رۆژی 2-11-1995 ئەو پیلانە خوێناوییەیان لە زاڵگەی تۆپزاوەی کۆیە ئەنجامدا و دوا تراکتی ئەو تراژیدیایەشیان لە سەربازگەی سەلام کۆتایی پێهێنا.
لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە لە سەربازگەی سەلام لە سلێمانی لەلایەن خودی یەکێتییەوە تۆمارکراوە، داوا لە شەهید حەمە دەکەن دوا قسەی بکات، ئەوان چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکەن بچەمێتەوە و بەڵێنی کارکردن بە یەکێتی بدات بەڵام شەهید حەمە دوا پەیڤی بەم جۆرە دەبێت “من داکۆکی لە خۆم ناکەم، ئەگەر من تاوانبار بم، ئەوا ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵمدان هیچ تاوانێکیان نییە، هەرچیتان هەیە بەرامبەر خۆم بیکەن” لەدوای ئەم وشانە یەک یەک پێشمەرگەکانی بەبەرچاویەوە شەهید دەکەن و دواتر چەند گولەیەک دەنێن بەسەری شەهید حەمەوە و گیانی پیرۆزی بۆ هەمیشە هەڵدەفڕێت. لەدوای ئەمەش تەرمەکانیان دەشێوێنن و دەیانسووتێن و دەیانخەنە گۆڕێکی بە کۆمەڵەوە. دواتر لە ژێر فشاری جەماوەریی و بەهیمەتی رێکخراوی کورد بۆ مافی مرۆڤ و رێکخراوی مافی مرۆڤ و لیژنەی هاریکاریی نیشتمانی و حزب و رێکخراوە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکاندا، یەکێتی رەزامەندیی دەدات تەرمەکانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەربهێنێت و بیداتەوە دەستی کەسوکاریان، بەڵام بە نوسراوێکی جەبار فەرمان، ئەم مەرجانە بەسەر کەسوکاری قوربانییەکاندا دەسەپێنرێت: یەکەم: تەرمی شەهیدەکان دانە دانە رادەستی کەسوکارییانە دەکرێنەوە لە رێگەی کۆمیتەیەکی تایبەت بەم کارەوە. دووەم: شەهیدەکان دەبێت یەکسەر بنێژرێن و نابێت ئەو کیسانە بکرێنەوە تەرمەکانیان تێدایە. سێهەم: نابێت بە هیچ شێوەیەک رێورەسمی پرسەیان بۆ ئامادە بکرێت. بەڵام پاش 21 ساڵ و لە ساڵی 2016دا لەلایەن دەستێکی رەشی درێژکراوەی تیرۆریستانی مەعەسکەر سەلامەوە کێلی گۆڕی شەهید حەمەیان شکاند و گۆڕەکەشیان شێواندبوو.
ناوی هاوڕێ گیانبەختکردووەکانی ئەم پرۆسە تاوانکارییە:
1-محەمەد حەلاق
2-ژینۆ سەربەست
3-سەرهەرد کەریم “سورە”
4- خالید ساڵح
5-تۆفیق محەمەد “سەفین”
6-خەسرەو ستار
7-کاوە ئەحمەد رەشید
8-موسەدەق پیرداود
9-ئیسماعیل مراد “شێرۆ”
10-حەمید حوسێن
11-مامە کەریم “پێشڕەو”
12-غازی رەشید “دارا”




کورد لە عێراقی دوای سەدام حسێن دا …ئەنالیز و نووسینی: ستیڤان شەمزینی

کورد لە عێراقی دوای سەدام حسێندا “2003” بەشێوەیەکی گشتیی ئەجیندایەکی ناڕوون و هەڵەی هەبوو، بەوەی بووە کۆڵەکەی سەرەکی دروستکردنەوەی عێراقێکی داڕووخاو و هەڵوەشاوە، دەبوو کورد ئاسۆی دوور نزیک بکاتەوە و کەڵکی لەو دەرفەتە وەربگرتبا لە پێناوی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان. لە سەرەتای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە گووتارێکی یەکگرتووی کوردیی هاتە ئارا روو لە عێراق و پشت لە خەونی سەربەخۆیی کوردستان، هێزە سیاسییەکانی کوردستان گرەویان لەسەر هاتنە ئارای عێراقێکی فرەیی و دیموکراسیی و زامنکاری مافی هەموو پێکهاتەکان دەکردەوە، ئەگەرچی ئەم ئارەزووە خەونی شاعیرانە بوو، بەڵام سەرکردایەتی سیاسیی کورد لەو قۆناغە پڕ ئاڵوگۆڕانکارییە هەموو قورسایی کاری خۆی خستە سەر بیناکردنەوەی عێراقێکی داتەپیو کە دەرگیری شەڕێکی تائیفی و ئەهلی قورس ببووەوە، لەم نێوەندەدا پێکهاتەی سووننە تەسفیە و کەنارگیرکران و سێگۆشەی سووننەنشین بووە مەیدانی یەکلاکردنەوەی شەڕێکی لە مێژینەی مەزهەبیی و پرۆسەی تۆڵەسەندنەوەیەکی کوێرانە و هۆڤانە، بەو هۆیەوە پارێزگاکانی سێگۆشەی سووننە بوونە پارچەیەک ئاگر و پشکۆ کە تا هەنووکەش گڕی ئەو ئاگرە خامۆش نەبووەتەوە.
بە تەسفیەکردنی سووننە و بە هاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێران، حکوومەتێکی شیعیی لە عێراق دروستبوو، هیچ رێگەیەک بۆ کورد نەمایەوە، یان رادەستبوون بە ئەجیندای ئێران یان کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی لە عێراق، بەڵام کورد لە کشانەوە و پەکخستنی پرۆسەی سیاسییدا زۆر سست و لاواز بوو، هەنگاوەکانی زۆر درەنگوەخت بوو، بەو پێیەی دەسەڵاتێکی سەقامگیری شیعە مەزهەب لە بەغداد دروست ببوو، پەرش و بڵاویی هێزە کوردستانییەکان و نەبوونی گووتارێکی یەکگرتوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغەکە، هێندەی تر کۆمەکی باڵادەستی حکوومەتی بەغدای کرد بۆ توندکردنەوەی هەڵوێستەکانی لە هەمبەر کورد و قارسی دەستکەوتەکانی لە چوارچێوەی عێراقدا، لەو نێوەندەدا مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق ویستی لە رێگەی سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنی دیجلەوە پەلاماری سەربازیی کوردستان بدات، بەڵام هەڵتۆقینی داعش ئەو ئەرکەی پەکخست، دواتر بڕینی بەشە بودجەی کوردستان و گووشارە جۆراوجۆرەکانی سەر کورد بەردەوام بوو، هاوزەمان ماڵی کورد دابەشبوو بەسەر دوو ئاڕاستەی سەرەکیدا کە ئەوەش هێندەی تر پێگە و سەنگی کوردیان لاواز کرد.
لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم لە 25ی سێپتامبەری 2017 گووشارەکانی عێراق بەهاوکاریی ئێران، کەوتنە بواری پراکتیکییەوە، ئەوەش بە داگیرکردنی کەرکوک و دووز و شنگال و ناوچە دابڕێندراوەکان کۆتایی هات کە بە گوێرەی وتەی شارەزایانی جیۆگرافی ئەو شوێنانە نیوەی خاکی باشووری کوردستان پێکدەهێنن. لە ئێستادا ئاسۆ تاریکە و پرۆسەی سیاسیی بە تونێلێکی تاریکدا گوزەر دەکات و کەس ناتوانێت پێشبینی ئایندە بکات، تەنیا ئەوەندە نەبێت کورد لە عێراقی دوای سەدام و لە ماوەی 17ساڵدا هێشتا لە شوێنی خۆی مراوەحە دەکات. ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە پێنج شیکاریی سیاسییە بۆ شرۆڤەکردنی پێگەی کورد لە عێراق و مەترسیی و هەڕەشەکانی ئایندە. کە تێکڕا لە ئانوساتی خۆیان و دوانزه ساڵێک بەر لە ئێستا بڵاوکراونەتەوە.

چاپتەری یەکەم
کوردستان لە ژێر گوشاردایە
گرێبەستە نەوتییەکان .. وەرەقەیەکی تری فشاری سەر کورد

بە گوێرەی ماددەی 141 دەستووری هەمیشەیی عێراق مافدراوە بە ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان سەربەخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ را و بڕیاری حکوومەتی فیدراڵی عێراق گرێبەستی نەوتیی یان هەر سامانێکی تری سروشتی واژۆ بکات لەگەڵ کۆمپانیا نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا، پێش ئەم بەندە دەستوورییە و روخانی رژێمی عێراقیش لە میانەی پرۆسەی ئازادکردنی لە ساڵی 2003، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بۆندێکی مۆر کردووە لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی بە مەبەستی دەرهێنانی نەوت لە کوردستان، بەڵام لە ژێر رووناکی و رەوایی ئەو بڕگە دەستوورییەدا بە ئەندازەیەکی بەرفراوان گرێبەستی نەوتیی لەگەڵ چەند کۆمپانیای لۆکاڵی و دەرەکی واژۆ کران بۆ دەرهێنانی نەوت.
بە گوێرەی لێدوانی (د.ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی کوردستان (زۆر کۆمپانیا هەن پەرۆشن کار لە کێڵگەکانی نەوتی کوردستاندا بکەن، ئێمەش زۆر خۆشحاڵین بەوەی لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانە گەیشتووینەتە رێککەوتنێک). هەر بەپێی وتەی وەزیری سامانە سروشتییەکان 15% داهاتی ئەو سەرچاوە نەوتیانە بۆ کۆمپانیاکانە ئەوەی دەمێنێتەوە (85%) دەگەڕێتەوە سەر داهاتی عێراق و ئەمەش داهاتێکی باشە بۆ سەر داهاتی گشتیی عێراق. (د.ئاشتی هەورامی) ئاشکرای دەکات بێجگە لەو بیرە نەوتییانەی هەنووکە کاریان تێدا دەکرێت و نەوتیان لێدەرهێنرێت، زیاتر لە 24 کێڵگەی تر هەن لە ژێری چاودێریی حکوومەتدان. بەشێوەیەکی گشتیی بیست کۆمپانیای نەوتی بیانیی هەر یەک لە وڵاتەکانی (روسیا – کۆریای باشوور – نەمسا – بەریتانیا – هیندستان – نەرویژ – تورکیا – سویسرا – کەنەدا – فەڕەنسا – وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا) کۆنتراکتیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم واژۆ کردووە و سەرقاڵی دەرهێنانی نەوتن لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای کوردستان، بێگومان چەند کۆمپانیایەکی تریش ئامادەییان دەربڕیوە کۆنتاک لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ببەستن لەو بوارەدا.

لە واقیعدا وا پێویست بوو پەرلەمانی کوردستان لایەنی یەکەمی بڕیاردەر بوایە لە پرۆسەی دەرهێنانی نەوتی کوردستان، کەچی بەپێچەوانەوە بەشێک لەپەرلەمانتاران بێئاگایی خۆیان نیشان دەدەن لە چۆنێتی گرێدانی کۆنتراکت لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە. (شیروان حەیدەری) سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: لە بەستنی گرێبەندەکاندا حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەگەڕاوەتەوە بۆ رای پەرلەمان و بێئاگایی خۆی نیشان دا لە وردەکاریی و چۆنێتی گرێدانی ئەو بۆندانە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان. لە هەمان کاتدا ئەندامانی لیژنەی پیشەسازیی و وزە و کانزاکان لە پەرلەمانی کوردستان تەئکید دەکەنەوە ئاگاداری ئەو گرێبەستانە نین حکوومەتی هەرێمی ئیمزای کردوون لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت.
لەم بارەوە (بەرزان عەبدوڵڵا) ئەندامی لیژنەی پیشەسازیی و وزە و کانزاکان ئەو دەنگۆیە پشت راستدەکاتەوە کە لیژنەکەیان ئاگای لەو کۆنتراکتانە نییە حکوومەتی هەرێم مۆری کردوون لە بواری نەوتدا، لەوەختێکدا دەبوو ئەم لیژنەیە و خودی پەرلەمان بەم کارە هەستانایە. جیا لەوەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرباری گووشارەکانی دەوڵەت لە بەغدادەوە، هەنووکە بەردەوامە لەسەر مۆرکردنی گرێبەستەکانی لە بواری نەوتدا چوونکە وەک پسپۆران باسی دەکەن سەدان کێڵگەی نەوتی لە کوردستاندا هەن کە تا ئێستا کاریان تێدا نەکراوە و خراونەتە کارنامەوە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا کاری گەڕان و بەرهەمهێنانی تێدا بە ئەنجام بگەیەنرێت.

بە پێی راپۆرتی (ئەژین عەبدولخالق) کە لە رۆژنامەی (رۆژنامە) بڵاوبووەتەوە: پسپۆرێکی ئەڵمانی کە لە بواری نەوتدا ئێستا لە کێڵگەکانی نەوتی تەقتەق کاردەکات لە بارەی ئایندەی گەشی هەرێمی کوردستان لە بواری دەرهێنانی نەوتدا دەڵێت (لە هەر کوێیەک بیر لێدەدەین، نەوت دێتە دەرێ). هەر بەگوێرەی هەمان راپۆرت: بەپێی ئەو روپێوە جیۆلۆجییەی کۆمپانیای (DNO) نەرویژیی لە ناوچەی زاخۆ کردوویەتی، پێدەچێت کێڵگەی تاوکی بە تەنیا نزیکەی (100) ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی خاوی تێدابێت، بۆیە کۆمپانیاکە پلانی هەیە بۆ ئەوەی لە هاوینی ئەمساڵدا (2008) رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنێتە (000 50) پەنجا هەزار بەرمیلی نەوتی خاو لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا بەرزترین راددەی لە ساڵی رابردوودا لە 000 25 بەرمیل تێنەپەڕیوە لە رۆژێکدا.
دیارە ئەم بەرزبوونەوە و هەڵکشانە لەرێژەی دەرهێنانی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کوردستان کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر ئابووری کوردستان، بێگومان هەر لەبەر ئەم فاکتۆرەشە وەهای کردووە لە ناوخۆی عێراق و جیهانی عەرەبی و تورکیا دەنگێکی ناڕەزایەتی زۆر بەرز بێتەوە بە دژی دەرهێنانی نەوت لەلایەن کوردەکانەوە، چوونکە روون و ئاشکرایە کوردستان دەتوانێت لە رێی ئابووری نەوتەوە لەسەر پێی خۆی رابوەستێت و پێش مەرجێکیشە بۆ هەنگاونان بەنیەتی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان، چون دامەزراندنی دەوڵەت بەبێ ئابووری و بازرگانییەکی بەهێز لە خۆکوژیی بەولاوە هیچ مانایەکی تر هەڵناگرێت، بۆیەکا ئەم پرسە زۆرترین کاردانەوەی لە دژ هەبووە هەر لە ناوخۆی عێراقەوە تا دەگات بە تورکیا و ئێران و هەندێ دەوڵەتی ناوچەیی و جیهانیی.

ئاستەنگەکانی بەردەم دەرهێنانی نەوتی کوردستان
رۆژی 26112007 (حسێن شەهرستانی) وەزیری نەوتی عێراق بە فەرمی رایگەیاند مۆرکردنی هەموو گرێبەستە نەوتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاسایی نین و بێ ئاگاداریی حکوومەتی ناوەندی واژۆ کراون، بۆیەکا حکوومەتەکەی کار دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستانەی کوردەکان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا واژۆیان کردووە لەبواری دەرهێنانی نەوتدا. ئەم هەڵوێستەی شەهرستانی لە دوای کۆسپ خستنە بەردەم ماددەی 140 دووەمین هەوڵی ئاشکرای لایەنی عەرەبییە بۆ تەگەرە خستنە بەردەم هەندێ بڕگەی دەستووریی کە بەرژەوەندیی گەلی کورد مسۆگەر دەکات. ئەمەش ناڕەزایەتییەکی گەورەی لە ئاستی سیاسیی کوردستاندا لێکەوتەوە.
(نێچیرڤان بارزانی) بە توندیی وەڵامی لێدوانەکانی شەهرستانی دایەوە، بە دوایدا سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان وێڕای رەخنەگرتن لەو هەڵوێستەی وەزیری نەوتی عێراق، وتی (شەهرستانی دەستەڵاتی ئەوەی نییە گرێبەستەکانی ئێمە هەڵوەشێنێتەوە). کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێم لە دژی لێدوانەکانی شەهرستانی رایدەگەیەنن ئەوان بە پشت بەستن بە ناوەڕۆکی دەستووری عێراق گرێبەستە نەوتییەکانیان مۆر کردووە. ئەمەش لە بۆچوونی (جەمال عەبدوڵڵا) وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمدا جەختی لێکراوەتەوە کە دەڵێت (ئەو کێشەیە شەهرستانی دروستیکردووە، ئێمە بە پێی یاسای نەوت و غازی کوردستان ئەو گرێبەستانەمان واژۆ کردووە، ئەو یاسایەش کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە بڕیاری بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەسەر دەرچووە، شەهرستانی وا دەزانێت ئەو گرێبەستانە یاسایی نین، ئەو با لە دادگای باڵای فیدراڵی شکات بکات، ئەوسا چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەین، تا ئێستا شکاتی نەکردووە، چوونکە دڵنیا نییە لەوەی کە ئەو داوایە دەباتەوە).

بە پێچەوانەوە حکوومەتی هەرێم نەک ئەوەی بەویستی شەهرستانی گرێبەندە نەوتییەکانی نەوەستاندووە بەڵکو هەر بەردەوامە لەسەر کۆنتاکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بۆئەوەی دەست بکەن بەدەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکاندا. هەروەک (جەمال عەبدوڵڵا) ئاشکرای دەکات دوای ئەم ئاڵۆزییانەش حکوومەتی هەرێم بە مەبەستی دامەزراندنی پاڵاوگەیەکی نوێ لە ناحیەی تەقتەقی سەر بە قەزای کۆیە گرێبەستێکی هاوبەشی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای (ئینێڵک ئینێرچی تورکی و ئاراکسی کەنەدی) واژۆ کردووە!!. بەشێوەیەکی گشتیی بە درێژایی ئەم مانگ و نیوە جیا لە مشتومڕەکانی سەرکردەکانی کورد و عێراق لەمەڕ ماددەی 140 و هێزی پێشمەرگە و بودجەی هەرێم بەردەوامیشە لە گفتوگۆیەکی گەرم و پڕ لەئاڵۆزیی لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکان تا بتوانرێت لە میانەی کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکاندا ئەو قەیرانە چارەسەر بکرێت، بەڵام تا راددەیەکی زۆر لایەنی عەرەبی مکوڕە لەسەر هەڵوێستەکانی و دەیەوێت جوگرافیای دەستکەوتەکانی کورد بەرتەسک بکاتەوە بەتایبەتی کورد لەماوەی ئەم چوارساڵ و نیوەی سەرقاڵیی ئەوان بە جەنگی تیرۆر و ململانێی تائیفی و مەزهەبییەوە توانیبووی زۆر مەرج بەسەر لایەنی عەرەبیدا بسەپێنێت، بەڵام ئێستا دەیانەوێت قەرەبووی ئەو قۆناغە بکەنەوە بە پاشەکشەپێکردن بە مافەکانی گەلی کورد، ئەم گووشار و پلانە بەردەوامانەی دستەڵاتدارانی عێراق (نێچیرڤان بارزانی) گەیاندە ئەو راددەیە لە بێزاریی، زۆر بەراشکاویی و سەرسوڕمانەوە بە رۆژنامەی (دەیلی تەلەگراف)ی بەریتانیی بڵێت: (ئایا ئێمە هاوبەشین لە حکوومەت یان نا؟ چوونکە هەست ناکەم وا بین).
هەندێک لە چاودێران و سیاسەتمەدارانی کورد لە دەرەوەی بازنەی دەستەڵات هۆکاری ئەم تەنگژە و قەیرانە دەگێڕننەوە بۆ کەمتەرخەمیی سەرکردایەتی کورد کە کاتی خۆی ئەم مەسەلانەی چارەسەر نەکردووە. محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، وێڕای ئەوەی رایدەگەیەنێت (هیچ عەرەبێک بە عەمەلی دۆستی کورد نییە). رەخنە لە مامەڵەی کورد دەگرێت کاتی خۆی کێشەکەیان نەبڕاندووەتەوە، دەڵێت (دەرهێنانی نەوت مافی خۆمانە، بەڵام نەوتێک دەردەکەین 17% بۆ ئێمەیە، ئەو نەوتەی لە کوردستان و بەسرە دەڕوات کورد هەر لە 17%ی هەیە، دەبوو کاتی خۆی ئەمەمان جێبەجێ بکردایە، دەبوو ئەوە بکرایە ئەو ناوچانەی نەوتەکەی لێ دەردەکرێت دەبێت 5% بۆ ئەو ناوچەیە سەرف بکرێت وەکو لە هەموو جیهاندا وایە).

زۆر بە کورتی عەرەبەکان ئەم کارتەیان وەک فشارێکی تر لە دژی کورد راکێشاوە و بە پێی هەندێک هەواڵیش کاریگەریی زۆریان داناوە لەسەر ئاستی دەرەوە. بۆ نموونە لەرۆژی 1012008 (عاسم جیهاد)ی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی (دەنگەکانی عێراق)ی راگەیاند: وەزارەتەکەیان مامەڵە لەگەڵ هیچ کام لەو کۆمپانیایانە ناکات گرێبەستیان بۆ دەرهێنانی نەوت لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە. لەلایەکی ترەوە وا باس دەکرێت کۆریای باشوور بەهۆی هەوڵی دیپلۆماسیی و ترسی بچڕانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا گرێبەندی تری نەوتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ ناکات. یان بەپێی هەواڵی هەندێک سەرچاوەی ئاگادار (عومەر فەتاح) جێگری سەرۆک وەزیرانی کوردستان و (ئاشتی هەورامی) وەزیری نەوت لەو سەردانەی بۆ ئەمەریکا کردبوویان بێ ئومێدبوون لە هەڵوێستی ئەمەریکاییەکان چوونکە بۆچوونێکی وەک بۆچوونی (شەهرستانی)یان هەبووە لە بارەی دەرکردن و سوود وەرگرتنی کورد لە نەوتی ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی حکوومەتی هەرێم.
بێجگە لەمانە بە پێی هەواڵی رۆژنامەی (میریار) جۆن نیگرۆپۆنتی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە بەرپرسانی کوردی راگەیاندووە بۆ واژۆکردنی هەر گرێبەستێکی نەوتی وا پێویستە بگەڕێنەوە بۆ رەزامەندیی و رای وەزارەتی نەوتی عێراقی. ئەم رایە جارێکی تر لەلایەن خودی (جۆرج بوش)ی سەرۆکی ئەمەریکاوە داکۆکی لێکراوە و تەئکیدی لەسەر کراوەتەوە، چوونکە بە گوێرەی هەواڵی رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست): جۆرج بوش بە سەرجەم کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوتی ئەمەریکیی راگەیاندووە هیچ بۆندێکی نەوتیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ نەکەن، بەبێ ئەوەی رەزامەندییان لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە وەرگرتبێت. بە شێوەیەکی گشتیی بە بەرینی ئەم ماوەیە گووشار لەسەر لایەنی کوردیی بوو بۆ راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان، هەرچەند لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو وەفدی کوردیی بە سەرۆکایەتی (نێچیرڤان بارزانی) بۆ چارەسەری ئەم کێشانە چوونە بەغداد، بەڵام کێشەکان بە هەڵواسراویی و وەکو خۆیان ماونەتەوە، بەڵام هێشتا دەرفەت ماوە بۆ گفتوگۆی زۆرتر لەو بارەوە کە لە رۆژانی داهاتوودا پێدەچێت لێک نزیکبوونەوەی باشتر بێتە ئاراوە.
دایەلۆگ و نزیکبوونەوە
حسێن شەهرستانی لە رۆژی 812008 بە کەناڵەکانی میدیای راگەیاند: لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ خۆی دێتە کوردستان و سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکات تا بە دایەلۆگ چارەسەری ئەو کێشەیە بکات کە لەسەر پرسی دەرهێنانی نەوت لەنێوان هەردوو لایەنی عێراقی و کوردیدا سەریهەڵداوە، لە هەمان وەختدا رەخنەی لە کەناڵەکانی راگەیاندن گرت کە لێدوانەکانی ئەویان وەک خۆی نەگەیاندووە و مەسەلەکەیان زیاد لەپێویست فوو تێکردووە و گەورە کردووە، لەلایەکی تریشەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی نەوتی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رۆژنامەی (رۆژنامە)ی راگەیاندووە: دانوستان بەردەوام بە نهێنی هەیە لە نێوان حکوومەتی بەغداد و حکوومەتی هەرێمدا لەسەر ئاستی سەرۆک وەزیران بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی گرێبەستە نەوتییەکان.

لە واقیعدا هەست بەوە دەکرێت هەندێک لێک نزیکبوونەوە هەیە لەسەر مستەوای باڵای هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆزە، بەڵام ئەوی بە نهێنی و شاراوەیی مابێتەوە ئەوەیە نازاندرێت ئاسۆی چارەسەر روونە یان نا؟ یان ئایا کام لا مل دەدات بە خواستی لاکەی تر؟ ئەوەی لە سەرەتاوە ئاشکرایە لایەنی کوردیی نەرمی نانوێنێ چوونکە پشت ئەستوورە بە بڕگەیەکی دەستووریی کە بەپێی ئەو بڕگەیە دەستەڵاتەکەی رێگە پێدراوە بۆ دەرهێنانی نەوتی ناوچەکانی خۆی. وا بڕیاریشە بۆ نزیک خستنەوەی بۆچوونەکان و دایەلۆگ و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەری قەیرانەکە بە گوێرەی لێدوانی وتەبێژی فەرمی حکوومەتی هەرێم شاندێکی باڵای کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لەم مانگەدا دیسان سەردانی بەغداد بکەن و لە نزیکەوە چاویان بکەوێت بە سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق و هەندێ کاربەدەستی تری باڵای کابینەکەی (نوری مالیکی).
د.مەحمود عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق روونکردنەوەی زیاتر دەداتە کەناڵەکانی راگەیاندن و دەڵێت (هەردوولا بڕیاریانداوە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لیژنەیەک دروست بکەن و بریتی بێت لە خەبیر و لێزانەکان و ئەوانەی پەیوەندییان بە مەسەلەی نەوتەوە هەیە و سەیری هەموو ئەو گرێبەستانە بکەن و دیارییان بکەن و کەموکوڕیی و بۆچوونەکانیانی لەسەر بنووسن، بۆ ئەوەی بۆ ئەو لیژنەیە راپۆرتێک بنووسێت و پێشکەش بەسەرۆک وەزیرانی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت و کۆماری عێراقی بکات). بە شێوەیەکی گشتیی هەردوولا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ و دۆزینەوەی رێگەچارەی ئەو قەیران و تەنگژەیە بە رێگەی دایەلۆگ و لێکتێگەیشتن، هەروەک وتمان هێشتا دیارنییە ناوەڕۆکی دانیشتنەکان چی لەخۆ دەگرن، هەروەک ئاشکرا نییە ئایا دەتوانن بە گفتوگۆ بگەنە ئەنجامێکی وەها هەردوولا پێی رازی بن یان نا؟.
ئەنجامگیریی
لێدوانەکانی سەرەتای حسێن شەهرستانی و هەوڵدان بۆ گووشار خستنە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی راگرتنی گرێبەندە نەوتییەکان، بارۆمەترێکە نیشانیدا حکوومەتی عێراقی بەردەوامە لە قووتکردنەوەی لەمپەر لە بەردەم کوردەکانی باشووردا، ئەگەر دوێنێ هەموو ئاستەنگەکان لەبەردەم ماددەی 140 بووبن، ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی و دەستووریی ماددەی 140، لە رێگەی کێشە دروستکردن بۆ ژمارەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دواخستنی بودجەی دیاریکراوی هەرێمی کوردستان و بە نایاسایی لە قەڵەمدانی گرێبەندە نەوتییەکان دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی کورد لەعێراقدا بچووک دەکەنەوە و ناچاری دەکەن بە کەمتر سازش بکات. ئومێدێکی کەم ماوە بەم زنجیرە گفتوگۆیەی وا بڕیارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێن، ئەگەرنا کورد هیچ رێگەیەکی تری نییە بێجگە لە پەنابردن بۆ شکاتکردن لە دادگای فیدراڵیی، خۆ ئەگەر ئەو شکاتکردنەش ئاکامێکی ئەوتۆی نەبوو لە بەرژەوەندیی کورد، رەنگبێ هیچ کارتێکی تر نەبێت کورد رایبکێشێت، مەگەر بڕیاری کشانەوە لە حکوومەتەکەی دکتۆر مالیکی بدات کە وا پێویست بوو لە دەمێکەوە ئەم بڕیارەی بدایە.

چاپتەری دووەم
کورد لەنێوان درێژەدان بە بەشداریی و کشانەوە
لە حکوومەتی نوری مالیکی

لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ (2008) مانگی هەنگوینی کورد لەگەڵ حکوومەتی عێراقی و لایەنەکانی عەرەبیی نێو گۆڕەپانی رامیاریی ئەو وڵاتە بەرەو کۆتایی هاتن پەلی هاویشت، بەواتایەکی تر لەنیوەی دووەمی ساڵی رابردوو بەو لاوە، ناکۆکی قووڵ و قەیرانی گەورە لە نێوان کورد وەک بەشێکی بەهێز لە حکوومەت لەلایەک و حکوومەتی نوری مالیکی لەلاکەی تر سەریهەڵدا و رۆژ لە دوای رۆژ لە بری چارەسەربوون گەورەتر دەبن!!. هەنووکە جگە لەوەی نوری مالیکی هەوڵی پەڕاوێزخستنی ویستەکانی کورد دەدات، دەنگۆی ئەوەش بڵاوە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو یادداشتنامەیەی پەڕاوێز خستووە لیستی هاوپەیمانی کوردستان بۆ چاکسازییکردن لە کابینەی دکتۆر نوری مالیکی رادەستی دەوڵەتی کردووە. جیا لەمەش نوری مالیکی لەمانگی رابردوو لە شاری لەندەن بە رۆژنامەی (الشرق الاوسط) راگەیاند (عێراق وڵاتێکی عەرەبییە و نابێت لە دەوروبەرە عەرەبییەکەی داببڕێت). ئەم لێدوانە راستەوخۆ دژی کورد و ئەجیندای سەرکردایەتییەکەیەتی لەم بەشەی کوردستان و لە هەمان کاتدا هەڕەشەیەکە لەسەر سیستمی فیدراڵیزم لە عێراقدا، چوونکە لە وڵاتێکی ناسنامە عەرەبیدا هەموو بانگەشەیەک بۆ یەکسانی و مافی ئەوانیتری ناعەرەب جگە لە درۆ چیتر نییە.
بە بڕوای (ئەندرێ هوریۆ) فیدراڵیزم لە هاوبەشێتی چەند دەوڵەتێک پێکدێت و پەیوەندییەکی یاسایی نێوخۆیی پێکیانەوە دەبەستێتەوە. بەڵام لە کاتێکدا بڕیار بێت لە وڵاتێکدا بژیت ناو و ناسنامەی عەرەبی و سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیی بە دەستی عەرەبەوە بێت هەر بانگەوازێک بۆ هاوبەشێتی لە وەهم بەولاوە هیچی تر نییە، تەنانەت بە سەرنجدان لەم ماوەیەی تێدەپەڕێت دەبینین وەک جاران لەلایەن سەرکردایەتی کوردەوە باسی فیدراڵیزم و یەکێتی ئارەزوومەندانە ناکرێت لە عێراقدا، چوونکە کورد دیسان لەسەر هەمان پێوەری برا بچووکی ژێر فەرمانی برا گەورەی عەرەب لە عێراقدا هاوبەش و بەشدار کراوە لە حکوومەت و ئۆرگانەکانی تردا. (ئەو مسۆدەیەی “د.مۆفەق ئەلروبەیعی” لە ژێر ناوی پڕۆژەی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە دووتوێی 57 لاپەڕەدا بڵاویکردووەتەوە زۆرتر لە پڕۆژەی ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبیی دەچێت، بەو پێیەی بەهیچ کلۆجێک ئاماژە بە چەمکی فیدراڵیزمی نەکراوە و کورد و کوردستانی تێدا پەڕاوێز خراوە، بەڵگە و پاڵپشتێکی ترە بۆ راستیی ئەم روانگەیەی ئێمە). بەدەر لە پێچانەوە و داخستنی فایلی فیدراڵیزم، لایەنی کوردیی هێندە لاواز بووە عەرەبە عێراقییەکان گەمە بە ویستەکانی دەکەن، هەر لەبەر ئەمەشە حکوومەتی عێراقی لە چەندین ئاستی جیاوازدا دەتوانێت بە ئاسانیی کێشە بۆ کورد و هەرێمی کوردستان دروست بکات. بەشێوەیەکی گشتیی گرنگترین ئەو لایەنانەی مایەی ناکۆکی سەرەکی لایەنی کوردیی و حکوومەتی عێراقە خۆی لەم چوار کێشە زۆر گرنگەدا دەبینێتەوە کە بریتین لە:
یەکەم: کۆسپ دروستکردن لە بەردەم جێبەجێکردنی بڕگەکانی ماددەی 140 دەستووری هەمیشەیی عێراق. وێڕای جێبەجێ نەبوونی ئەم ماددەیە لە وادەی دەستنیشانکراویدا، لە سەرێکی ترەوە چوونی ئەو دۆزە بۆ نێو مەنگەنە و سیاسەت و بەرنامەی پڕ رۆتین و بیرۆکراتییەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنە بۆ شەش مانگی دیکە، دەربڕی دۆڕاندنی ئەو دۆزەیە، چوونکە هەموو ئاماژە و رێکەوتنە سیاسیی و نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان لە غیابی کارایی سیاسەتی کوردیدا زەنگی دروستکردنی ویلایەتێکی سەربەخۆ لە عێراق لێدەدەن (برۆکسلی عێراق) لەسەر خاکی کەرکوک.
سەرەڕای ئەمانەش حکوومەتی نوری مالیکی و ستافە شۆڤێنییەکەی کۆسپ دروست دەکەن بە تایبەت لە رێی سستی خستنە نێو کاری لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140. تا ئەوەی (د.رائید فەهمی) سەرۆکی لیژنەکانی جێبەجێکردنی ماددەکە هاواری لێ بەرزبووەوە و لە نێوەڕاستی مانگی رابردوو رایگەیاند: تا ئێستا نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ وەڵامی راسپاردەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی نەداوەتەوە کە بریتین لە ریفراندۆم و ئاماری پارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری. دیارە وەک پێشوو نوری مالیکی و کاستەکەی لە پۆستە باڵاکانی حکوومەتی عێراقیدا دەخوازن لەو رێگەیەوە دۆخێک بهێننە پێشەوە نەک لە ماوەی شەش مانگی تردا بگرە لە ماوەی شەش ساڵی تریشدا ماددەکە هیچی لێ نەچێتە پێشەوە بە گوێرەی ناوەڕۆکی دەستووری هەمیشەیی عێراق.
دووەم: کێشە دروستکردن بۆ دەرماڵەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. دروستکردنی ئەم کێشەیە بۆ دەرماڵەی پێشمەرگە جگە لە نیشاندانی کینەی خۆڕسک و قینی پەنگخواردووی هەندێک لە کاربەدەستانی حکوومەتی نوری مالیکی بەرانبەر بەو گاردە رزگاریخوازە کوردستانییە، جۆرێکیشە لە قارسکردنی بودجەی هەرێم و داشکاندنی رێژەی پارەی کورد لە عێراق و دروستکردنی کەموکوڕییەک لە بودجەی کوردستاندا تا شەلەلێکی گەورەتر و درزێکی بەرینتر لە ئابووری داتەپیوی کوردستاندا دروست ببێت، ئەمە گەمەیەکی بەردەوامە عەرەبە دەستەڵاتدارەکانی عێراق بە مەبەستی تەنازولپێکردنی زیاتری کورد لە ماف و ئازادییەکانی پەیڕەوی دەکەن.
سێیەم: دژایەتیکردنی گرێبەستە نەوتییەکانی حکوومەتی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان. ئەم کێشەیە دەچێتە نێو پەڕوباڵکردنی کورد لە رووی ئابوورییەوە. رەنگبێ تورکیا رۆڵی کاریگەری لەم پرسەدا هەبێت، چوونکە بە ساڵان تورکیا نەخشی لەسەر سیاسەتی نێوخۆی عێراق هەبووە، لەم بوارەدا تورکیا مەبەستییەتی فشار بخاتە سەر لایەنەکانی عەرەبی تا دەرهێنانی نەوت لەکوردستان رابگرن، چوونکە تورکیا وا بیر دەکاتەوە دەرهێنانی نەوت لەلایەن کوردەکانەوە هاوواتای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردییە وەک دراوسێی وڵاتەکەی. ئەمە بێ لە بیرکردنی تۆقینی ئێران لە بەهێزبوونی کورد لە عێراقدا.

چوارەم: هەوڵدان بۆ داشکاندنی رێژەی دیاریکراوی بودجەی کوردستان لە بڕی 17% بۆ 13% کەمتریش. هەرچی لێبڕینە لە بودجەی پێشووی کوردستان تاکتیکێکی هەمەلایەنەی عەرەبە عێراقییەکانە بۆ سەرقاڵکردنی کورد بە هەندێ مەسەلەی لاوەکی و لا بەلاوە تا یەکێکی لەوە گرنگتری لێ زەوت بکەن. بە بڕوای (د.محەمەد ئەحمەد) سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (بەرپرسانی بەغداد دەیانەوێت لە رێگەی شەڕی ئابوورییەوە کورد سەرقاڵ بکەن و ئەولەویەتی کارەکان تێکبدەن، وەک چۆن لەو رێگەیەوە کاتی جێبەجێکردنی ماددەی “140”یان تێپەڕاند و لە وادەی خۆیدا جێبەجێ نەکرا). ئەم هەوڵە ئەگەرچی سەری نەگرت و دواجار بودجەی ئەمساڵیش هەروەک ساڵانی پێشوو (17%) بوو، بەڵام ئەم سەخڵەتی و بێنە و بەردەیە لەسەر کورد هەر بەردەوام دەبێت و دەشێ لە ساڵەکانی داهاتوودا سەختتر و گرانتر خۆ بنوێنن و وەک ئێستا ئاسان و هەرزان لێی دەرنەچین، چون بەبەراورد بە ساڵانی پێشووتر عەرەبەکان زیاتر کورد گەمارۆ دەدەن و لە مافەکانی قارس دەکەن.
وێنەی رووتی بارودۆخە سیاسییەکە ئەوەیە: دۆست و هاوبەشەکانی کورد لە حکوومەت و چوارچێوەی هاوپەیمانێتییە چەند قۆڵییەکاندا، نەیارە سەرسەختەکانی جێبەجێ و هاتنەدی ویستەکانی کوردن لەم وڵاتەدا، ئەو ئیمەیجەی بە درێژایی ئەم چەند مانگە لەدۆستە نێزیکەکانی کورد دەیبینین، ئەو وتەیەی (ساڵەح موتڵەگ)ی سەرۆکی بەرەی دایەلۆگی نیشتمانی عێراقیمان بیر دەخاتەوە، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی هەمیشە دژایەتی داخوازییەکانی کوردەکان دەکات؟ بە کەناڵی (العربیە)ی راگەیاند (من دژی خواستەکانی ئەوان نیم “واتا کورد” ئەگەر ماقووڵ بن و هەڵوێستەکانیشم ئاشکران، هەقوایە ئەم پرسیارە ئاڕاستەی ئەو کەسانە بکرێت لە سەرەوە لەگەڵیانن و لە ژێرەوەش تەنێ دژایەتییان دەکەن). دروست ئەم لێدوانەی موتڵەگ هاوواتای ئەو دۆخەیە ئەمڕۆ کوردی لە چوارچێوەی عێراقدا پێدا تێدەپەڕێت.
جێگەی واق وڕمانە هەروا بە خێرایی و جادوویی و چاوەڕواننەکراوانە دۆستەکانی دوێنێمان لە (عێراقی هیوا و ئاشتیدا) خەونەکانی ئەمڕۆمان دەکوژن!! هاوپەیمانەکانی دوێنێمان نەیارە سەرسەختەکانی ئەمڕۆن، بەڵێنەکانی دوێنێ پێماندرابوو ئەمڕۆ پێچەوانەکەی بەسەرماندا فەرز دەکرێت!! کەوابوو راستە بێژین کورد لەم ساتەوەختەدا لە بارێکی خنکێنەر و لە بەردەم قەیرانێکی سەختدایە، کورد تۆزقاڵیک ماف و دەستکەوتی ماوە برای عەرەبی چاوڕەشمان دەخوازێت لێی بقرتێنێت و بە زیاد و زۆری دەزانێت، کەچی کورد وەک ئەوەی بە ماددەی هۆشبەر سڕکرابێت هەر خەریکی چڕینی سروود و مارشی (موگنی موگنی)یە!!.

هەڵوێستی فەرمیی کورد لەمەڕ حکوومەتی مالیکی
بێجگە لەوەی کاربەدەستانی باڵای رامیاریی کورد حکوومەتی نوری مالیکی بە فاشیل و کەمتوانا و گەندەڵ تۆمەتبار دەکەن، (لەم دوا دواییەدا گۆڤاری گوڵان فایلی گەندەڵییەکانی کابینەکەی نوری مالیکی هەڵدەداتەوە!) هاوکات رایدەگەیەنن ئەدای ئەو حکوومەتە لە هەموو روویەکەوە پێچەوانەوەی ناوەڕۆکی دەستووری هەمیشەیی پەسەندکراو و دەنگ بۆدراوی عێراقی فیدراڵ و پێکهاتنە سیاسییەکانی کوردە لەگەڵ لایەنەکانی عەرەبی عێراقی. کاردانەوەی کورد سەرەتا لە ناڕەزایەتی دەربڕین و رادەستکردنی یادداشتنامەوە دەستی پێکردووە تا ئەوەی باس لە گۆڕینی کابینەی نوری مالیکی دەکرێت و ناو بەناویش دەنگۆی هەوڵی کشانەوە لە حکوومەت دەبیسترێت.
(دێڤید ئیگناتۆس) لە رۆژی 9-1-2008 لە ستوونێکی رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)دا نووسیویەتی: لە بەغداد گروپێکی نوێ کار بۆ لابردنی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراقی دەکات، ئەگەرچی واشنتۆن ئامۆژگاریی داوە بەوەی حکوومەت نەگۆڕێت. لەمبارەوە بەرپرسێکی پایەبەرزی ئەمەریکی لە بەغداد پێیوایە ئەمە دوا ساتەکانی (شکاندن و داڕمان)ی حکوومەتی مالیکییە. فشار و پاڵەپەستۆ نوێیەکانیش دژ بە نوری مالیکی لە سەرکردە کوردەکانەوەیە. هەندێک لە چاودێرانی سیاسیی تێبینی دەکەن شێوازی فشار خستنە سەر مالیکی لەلایەن کوردەکانەوە لە رێی گرێدانی چەند هاوپەیمانییەکی تازەوە خۆی دەنوێنێت، بە تایبەت ئەو رێکەوتنەی دوو پارتە سەرەکییەکەی کوردستان لەگەڵ حزبی ئیسلامی عێراقی سووننە مەزهەب لە ماوەی رابردوودا هاتە گرێدان و راگەیاندن، جگە لەوەی هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد، بە بڕوای توێژەرانی سیاسیی ئەم رێکەوتنە سێ قۆڵییە فۆرمێکیشە بۆ لاواز و تەنگەتاوکردنی حکوومەتی نوری مالیکی، یان بە واتایەکی تر پیشاندانی قورساییەکی نوێی کوردە لە عێراقدا.
لای خۆیەوە (د.مەحمود عوسمان) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانی کوردستان بە دووری دەزانێت ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ لاوازکردنی پێگەی حکوومەتی نوری مالیکی بێت و بە راشکاوانە دەڵێت (ئەمە بۆ لاوازکردن نییە، چوونکە حزبی ئیسلامی یەکێکە لە حزبە سەرەکییەکانی سووننە و رێکەوتنی لەگەڵ دوو حزبە سەرەکییەی کوردستان نزیکی دەخاتەوە لە حکوومەتەکەی مالیکی و نزیک دەبێتەوە لە لیستی شیعەکان و نزیکیش دەبێتەوە لە رێکەوتنە چوار قۆڵییەکە و وا دەکات وەزیرەکان زیاتر نزیک بنەوە و بێنەوە ناو حکوومەت، بۆیە ئەم مەسەلانە لاوازکردنی حکوومەتی نوری مالیکی نییە).
واقیع و پێشهاتە بە دەستوبردەکانی گۆڕەپانی سیاسیی و ئاڵوگۆڕە خێراکانی نێوخۆی عێراق پێچەوانەی ئەو دەربڕینەی (د.مەحمود عوسمان) دەسەلمێنن، چوونکە ئاشکرایە لایەنی کورد دوای ناهومێدبوون لە بەشێکی زۆر لە شیعە کاربەدەست و حاکمەکان رووی لە هاوپەیمانێتی سووننەکان و حزبی ئیسلامی کردووە. ئەم رێکەوتنە سێ قۆڵییە دەربڕی خراپیی رەوشی کوردە و هیچ نەبێت لەگەڵ بەشێک لە شیعەکان هاوسۆزیی و هاوپەیمانێتییەکانی گۆڕانی بەسەردا هاتووە کە دواجار رەنگبێ ئەو رێکەوتنە چوار قۆڵییەی کورد تێیدا یەکێکە وەک خۆی نەمێنێتەوە و بەرەو لەبەریەک هەڵوەشان بڕوات، هەرچەندە ئەم پێشبینییە تەنێ دیتنێکە نەک واقیع، بەڵام بە پشت بەستن بەو رووداو و گۆڕانکارییانەی روو دەدەن نابێت بە ئەگەرێکی دوور سەیری بکەین.

کورد چی دەکات و دەبێت چی بکات؟

د.بەرهەم ساڵح لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (الشرق الاوسط) نیەتەکانی کورد دەردەخات و رایدەگەیەنێت (لایەنی کوردیی نایەوێ حکوومەتی نوری مالیکی بگۆڕێت یان لێی بکشێتەوە، کورد دەیەوێ گۆڕانکاریی و چاکسازیی لە کابینەکەیدا بکات). زۆرێک لە سەرچاوە ئاگادارەکان هێما بۆ ئەو راستییە دەکەن کورد لە خودی مالیکی و حکوومەتەکەی ناهومێد بووە و لە بەردەم دووڕیانێکدایە: بۆ پاشەکشە یان درێژەدان بە بەشداریی. چون لە ماوەیەکی کورتدا بۆی دەرکەوتووە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ رووینەداوە، حکوومەتی مالیکی لە حکوومەتەکانی پێشووی عەلاوی و جەعفەری جیا بکاتەوە. (تەنێ دەموچاوەکان گۆڕاون)، هەر بەم هۆیەوە و بە سەیرکردنی مێژووچەی کابینەی نوری مالیکی دەرکەوتووە عەرەبی عێراقی دەیەوێ سووک و باریک بەڕەکە لە ژێر پای کورد رابکێشێت و رەنج بە “با”ی بکات.
بەشێک لە رامیارانی کورد لەو باوەڕەدان کشانەوە لە حکوومەتی نوری مالیکی نەک چارەسەری کێشەکان ناکات بەڵکو دەبێتە فاکتۆری سەرهەڵدانی فەوزا و کێشەی چارەسەرنەکراو و گەورەتر و قووڵتر کە بەتەواوی شیرازەی عێراق تێکدەدات و زیانەکانی زۆرتر دەبن لە سوودەکانی. (د.فوئاد مەعسوم) سەرۆکی لیستی کوردیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە (هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی ئێستا و کارکردن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە و دوور نییە وڵات تووشی قەیرانێکی سیاسیی گەورەتر بکات.. کورد لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتەکەی مالیکیدا نییە لەبەرئەوەی لەم قۆناغەدا لە بەردەم جێبەجێکردنی چەندین ئیستحقاقی دەستوورییداین لەوانە وەک جێبەجێکردنی ماددەی سەد و چل). لەلایەکی ترەوە (قادر عەزیز)ی سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆچوونێکی هاوشێوەی بیروڕاکەی (د.فوئاد مەعسوم)ی هەیە و دەربارەی بەکارهێنانی کارتی بایکۆت و کشانەوە لە حکوومەتی عێراق لەلایەن کوردەوە رایدەگەیەنێت (هەتا بکرێت پەنا بۆ کارتی لەو جۆرە نەبەین باشە، چوونکە نە بارودۆخی عێراق، نە هاوکێشەکان، نە وەزعی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە لەبار نییە ئەو هەڵوێستە بەرامبەر بەغداد وەربگیرێت).
لایەنگرانی ئەم دیتنە جیا لەپاساو هێنانەوەی نالەباریی بارودۆخی سیاسیی و رێگرییکردن لە نانەوەی قەیرانی سەخت و قووڵتر رایدەگەیەنن پێشتر ئەم رێگە و ئەگەرە لەلایەن چەندین گروپ و پارتی دیکەوە تاقیکراوەتەوە و هیچ لە بارودۆخ نەگۆڕاوە جگە لە چوونە پەڕاوێزی ویستی ئەو لایەنانەی بەهەر هۆیەک بووە بایکۆتی حکوومەتیان کردووە، بۆیەکا پاش ماوەیەک ناچاربوون هەوڵی گەڕانەوە بۆ نێو حکوومەت و رێگەی بەشداریی لە عەمەلییەی سیاسیی عێراق بگرنەوە بەر، بەڵام ئەوەی خاوەنانی ئەم روانگەیە پەییان پێنەبردووە: سەیرکردنی سەنگ و قەبارەی راستەقینەی ئەو لایەن و پێکهاتانەیە لە حکوومەت پاشەکەشەیان کردووە یان دەیکەن، لەبەرئەوە غەدرێکی گەورەیە کردەی بایکۆتی کورد بە بایکۆتی حزبی فەزیلە یان رەوتی سەدر بەراوورد بکرێت، چوونکە یەکەمیان نوێنەرایەتی نەتەوەیەک دەکات و دووەمیان دەمڕاستی بەشێکی کەمی پەیڕەوکارانی ئاینزایەکە، کورد نەتەوەیەکە و پشت ئەستوورە بەهێزی لەبن نەهاتووی گەلێک نەک وەک ئەوەی لینین وەسپی دەکات (شمشێری مقەبا)ی بەدەستەوە بێت. لە بەرامبەر دیتنی لایەنگرانی مانەوەی کورد لە چوارچێوەی حکوومەتی مالیکی دژە بۆچوونێک هەیە پێیوایە، کورد دەرگیری کێشەی گەورە بووەتەوە لەلایەن حکوومەتی ناوبراوەوە کە خەریکە دەسمایەی دەستی دەدۆڕێنێت و زۆر بەربەستی گەورە لەبەردەم کوردن، پێویستی ئەوە دەهێننە پێشەوە لایەنی کوردیی لەم دوا دواییەدا هەڵوێست وەربگرێت و راستەوخۆ بڕیاری کشانەوە لەو حکوومەتە بدات.

(د.مەحمود عوسمان) بە رۆژنامەی (الزمان)ی وتووە (ئەگەر ئەو وتوێژانەی نوری مالیکی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دا لەو بارەیەوە ئەنجامی دەدات شکست بهێنن، دوور نییە هاوپەیمانی کوردستان بکشێتەوە لە حکوومەتەکەی مالیکی و بەوەش ئەو حکوومەتە رێژەی دەستووریی خۆی لە دەست دەدات). لە بەردەوامیی ئەم کێشانە و دەنگدانەوەی لە میدیا جیهانییەکاندا، رۆژنامەی (لۆس ئەنجلۆس تایمز) لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەربارەی هەڵوێستی لایەنی کورد بڵاوی کردووەتەوە: (لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا لەلایەن هاوپەیمانیی کوردستان و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی و هەندێک هێزی ترەوە هەڕەشە لە مالیکی کراوە کە متمانەی لێبسەنرێتەوە و لە بەرامبەریشدا باسی”عادل عەبدولمەهدی”یان کردووە حکوومەتێکی نوێ پێکبهێنێ). بڕیاری دروست وایە ئەگەر پرسی گرێبەستە نەوتییەکانی حکوومەتی هەرێم چارەسەری بۆ نەدۆزرایەوە و ماددەی سەدوچل لەم گێژاوەدا راگیرا و گەمە بە دۆزی دەرماڵەی هێزی پێشمەرگە کرا (لێ رێژەی 17% بودجەی کوردستان پەسەند کراوە) کورد لە حکوومەتی نوری مالیکی بکشێتەوە و بۆ یەکەمجار عسیانێکی مەدەنی ئەنجام بدات و بە دیوێکی تریشدا قورسایی و کارایی خۆی وەک هێزێکی خاوەن توانا بسەلمێنێت. ئەمڕۆ کورد ئەو یاخیبوونە نیشان نەدا، سبەینێ بە تۆبزیی دەیخەنە دەرەوەی گەمەی سیاسیی لە عێراقی داهاتوودا.

چاپتەری سێهەم
ئایا دۆزی کورد هاتۆتەوە سەرەتای رێگا؟
دەربارەی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان کورد و عەرەبی عێراقی

لە ماوەی ئەم چەند مانگەی دواییدا رەوشی سیاسیی عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاوی ناوە، لەنێو هەگبەی ئەم قۆناغە نوێیەدا کۆمەڵێک هاوکێشەی سیاسیی نوێش هەن، یەکێک لەوانە گوشاری لایەنەکانی عەرەبی عێراق و کابینەکەی (نوری مالیکی)یە بۆ سەر کورد و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری کوردستان، ئەم گوشارە هەمەلایەن و فرە ئاڕاستەیە بە ئەندازەیەکە دەخوازێت هەموو دەستکەوتەکانی کورد وردوخاش بکات و بارودۆخی سیاسیی بە فۆرمێک دابڕێژێتەوە کورد بباتەوە سەرەتای رێگا، واتە دیسان پاشەکشە بە هەموو پێشکەوتنانە بکات لە بارودۆخی کورددا روویانداوە!.
هەندێک لەلایەنە عەرەبییەکانی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە ئەوەی کوردی گەیاندە ترۆپکی دەسەڵات لە عێراقی دوای سەدام حسێندا پەیوەندیی هەیە بە ناجێگیریی ئاسایش و رەوشی نالەباری ئەو کاتی عێراقەوە نەک هۆکارێکی تر، بۆیە ئێستا وەختێک دەوڵەتی عێراق بەهێز دەبێتەوە و لە هەمووی گرنگتریش خەریکە بەسەر گروپە چەکدار و تیرۆرستییەکاندا زاڵ دەبێت، دەبێت هاوکێشەکە بە جۆرێکی دیکە هاوسەنگ بکرێتەوە، بۆ ئەم کارەش لایەنە شۆڤێنییەکانی ناو عێراق بە هاوکاریی دەوڵەتانی هەرێمیی و چاوپۆشیی ئەمەریکییەکان دەیانەوێ کورد بخەنە ئەودیوی گەمەکە و هاوکێشەیەکی نوێ بهێننە ئاراوە کورد لاوازترین ئەدا و رۆڵی هەبێت لەنێویدا. ئەم چەند مانگە نوری مالیکی، باڵاترین ئۆرگان و دەسەڵاتی سیاسیی عێراقی بۆ ئەو مەبەسەتە تەرخان کردووە، تا لایەنی کوردیی لاواز و پەڕاوێز بخات، ئەمەش لە رێگەی ئەو کۆسپ و تەگەرانەی بەردەوام دەیانخاتە بەردەم ویستەکانی کورد تاکوو دەگات بە ئەنجامدانی چەندین رێککەوتنی ژێر بە ژێر لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەیی لە دژی دۆزی هەڵکشاوی کورد.

ماددەی 24 سەرەتای دەرکەوتنی کودەتایەکی سیاسیی دژی کورد

لەرۆژی بیست و دووی تەمووزی رابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی (مەحمود مەشهەدانی) سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، دوای بایکۆتکردنی فراکسیۆنی کوردیی، بڕیاری 24ی پەسەند کرد، ئەم بڕیارە وێڕای ئەوەی ناوەڕۆکەکەی دژی خواستە سیاسییەکانی کوردە لە عێراقدا، لە هەمان کاتدا بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک جێگرەوە و ئەڵتەرناتیڤی ماددەی140 دەستووری عێراقی خۆی دەرخست، سەیرتر لە هەموو ئەوانە لەماوەیەکی ئێجگار کەمدا و بە شێوەیەکی جادوویی هاوپەیمانە ستراتیژیک و سیاسییەکانی لایەنی کوردیی، چوونە ریزی نەیارانی سیاسیی مافەکانی کورد و بوونە داینەمۆی دەرچوواندن و سەرپێکەوتنی ئەو بڕیارە کە سەد دەر سەد بۆ دژایەتیکردنی کورد و دابڕینی شاری کەرکوک لە کوردستان فۆرمۆڵە و پێشنیار کراوە. بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە هاتنی ئەردۆگان بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا بووە هۆی ئەوەی لە ماوەیەکی کەمی دوای سەردانەکەی ئەردۆگان، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو بڕیار و هەڵوێستە وەربگرێت، هەروەک پرۆفیسۆر (یوست هیلتەرمان) دەڵێت “گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە بۆ تورکیا. لەبەرئەوە تورکیا بەرهەڵستیی دەکات ئەگەر بەشێوەیەکی راستەوخۆش نەبێت ئەوا لە رێی دۆستەکانییەوە لە عێراقدا ئەو هەڵوێستەی پیادە دەکات”.

بۆیە زۆربەی لێکدانەوەکان بۆ ئەوە دەچن رۆڵی تورکیا لە گەڵاڵەکردنی ماددەی 24دا گرنگترین و کاریگەرترین رۆڵە، بەبێ ئەوەی هاشا لەوە بکرێت هەستی شۆڤێنێتی بەشێکی زۆر لە سەرکردە و کاربەدەستەکانی عەرەبی عێراقی هەمان رۆڵیان گێڕاوە. بەڵام هەر لەپابەند بەم کێشەوە، هەندێک لەچاودێران لە شرۆڤەکردنی ئەو واقیعەی هاتۆتە پێشەوە، وایدەبینن سەرقاڵیی سەرکردایەتی سیاسیی کورد بە هەندێک کێشە وبابەتی ترەوە لە چەشنی قانوونی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان و کێشەی ئاڵا بوونە فاکتۆری لە بیرکردنی دۆزێکی هەرە گرنگی وەک جێبەجێکردنی ماددەی 140 دەستووری عێراقی پەیوەست بە ناوچەکانی کێشە لەسەربوو، بەڵام رای پێچەوانە و بەرامبەر پێیوایە هەر لە سەرەتاوە نیاز و نیەتی لایەنەکانی عەرەبی عێراقی دیاربووە دەربارەی ناوەڕۆکی ئەو ماددەیە، بۆیە پێویست بوو لایەنی کوردیی چاوەڕوانی دەستی عەرەبی نەکردبا و دەبوو لە رێگەی هەنگاوی عەمەلی و بە پاڵپشتیی جەماوەری گەل بڕیارێکی یەکلایەنەی دەربارەی چارەنووسی کەرکوک بدابایە، چون عەرەبەکانی عێراق لە رێگەی یاریکردن بە کات و خۆدزینەوە لە پراکتیزەی ماددەی 140 هەڵوێستیان هەمیشە روون و ئاشکرا بووە.
جگە لەوانەش بێدەنگیی و تەماشاکردنی خودی ئەمەریکا و خۆدزینەوەیان لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و بەجێهێشتنی بۆ رای خودی عێراقییەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان جێگەی گومان و تێڕامانە و رەنگە ئەوە بسەلمێنێت پلان و کودەتایەکی هەمەلایەنەی سیاسیی هەیە لە دژی کورد کە زیاد لە لایەنێک و دەوڵەتێک رۆڵی تێدا دەگێڕن هەر لە تورکیا و دەوڵەتە عەرەبییە سووننەکانەوە تا دەگات بە ئەمەریکا و ئێران. ئەوەتا رۆژنامەی (ئەلزەمان)ی عێراقی پوختەی راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە لە رێگەی زانیاریی هەندێک سەرچاوەی ئەمنیی ناو عێراقەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی لایەنە شیعەکانی ناو عێراقەوە لە خۆ ئامادەکردندایە بۆ قۆناغی دوای دەسەڵاتدارێتی تاڵەبانی و کارکردن بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد لە عێراقدا تا ئەوانیش بە دەردی پێشووی سووننەکان بچن. بۆیە لە کورتترین دەربڕیندا ماددەی بیست و چوار و کودەتاکەی تەمووزی رابردوو جیا لەوەی هەڵوێستی شۆڤێنیانەی عەرەبی عێراقی دووپاتکردەوە، لە هەمان کاتدا پێی نیشانداین پیلانێکی نهێنیی ناوچەیی هەیە لە دژی کورد و ئەو پێشکەوتنانەی لە مافەکانی کورددا لەم چەند ساڵەی دواییدا روویانداوە.
تەنگژەی خانەقین و سەرقاڵکردنی کورد بە کێشەی لاوەکییەوە
هەر چەند رۆژێکی کەم دوای کودەتاکەی بیست و دووی تەمووزی رابردوو، سوپای نوێی عێراق بەشێوەیەکی بەعس ئاسا هەڵیانکوتایە سەر ناوچەکانی قەرەتەپە و خانەقین، ئەم لەشکرکێشییەی سوپای عێراق دیسان تەنگژەیەکی نوێی دروستکردووە لە نێوان کورد و حکوومەتی بەغداددا، بە تایبەت لە شارۆچکەی خانەقین ئەم تەنگژەیە چۆتە سەر لێواری تەقینەوە و رەنگبێ ئەم کێشە و بارگرژییە زۆر لەوە زیاتر بخایەنێت و درێژە بکێشێت وەک ئەوەی لە سەرەتاوە بیری لێدەکرایەوە، چوونکە بە بڕوای زۆربەی سیاسەتمەدار و چاودێران ئەم تەنگژەیەش دەستێکی دەرەکیی دەیجووڵێنێت. د.مەحمود عوسمان، ئەندامی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕوای وایە “ئێران دەستێکی باڵای هەیە لە کێشەی ئەم دواییەی خانەقیندا”. بۆ ئەو مەبەستە شیعەی باڵادەستی عێراق بە بیانووی ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازیی کورد تەنیا چوارچێوەی هێڵی شین “هێڵی دژە فڕینی پێشوو” دەگرێتەوە، دەیەوێت دەست بەسەر هەموو ئەو ناوچانە کوردییانەدا بگرێت کە سەبارەت بە ژیانی ئابووری و سیاسیی داهاتووی کوردستان بایەخدارن و دەکرێت پشتییان پێببەسترێت.

هەرچی لایەنی کوردییە هەڵوێستێکی وا روونی نییە ئەوە بسەلمێنێت ملنادات بەو داخوازییانەی نوری مالیکی و سوپای نوێی عێراق، چوونکە ئەوەی دەبیسترێت و لە زاری چەند سەرچاوەیەکی عێراقییەوە ئاشکرا کراوە ئەوەیە: لایەنی کوردیی رەزامەندیی خۆی نیشانداوە بۆ پاشەکشەپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە خانەقین، هەرچەندە بەشێکی بەرچاو لە سەرکردە سەربازیی و ئیداریی و سیاسییەکانی کوردستان ئەوە رەتدەکەنەوە بڕیاری پاشەکشەی هێزی پێشمەرگەیان دابێت و سەرۆکی هەرێمیش ئەوەی راگەیاند: ئەگەر کورد بە هێڵی شین رازی بووایە ئەوە سەدام حسێن زۆر مەمنوونی کورد دەبوو، ئیدی چۆن تازە کورد بەوە قایل دەبێت؟. بەڵام لە باری واقعییەوە هێشتا تەنگژەکە درێژەی هەیە و لایەنی کوردییش بەردەوام گۆڕان بەسەر گووتار و هەڵوێستیدا دێت و نەگەیشتۆتە رایەکی کۆنکرێت و جێگیر. بەڵام لە بەرامبەردا شیعەکان وەک بزوێنەری حکوومەتی نوێی عێراقی سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت هێزی پێشمەرگە خانەقین چۆڵ بکات!.
ئەم بۆچوونە لە لێدوانی زۆربەی بەرپرسانی سیاسیی و سەربازیی عەرەبیی عێراقیدا جەختی لێکراوەتەوە، بۆ نموونە (جەلالەدین ئەلسەغیر) ئەندامی لیستی ئیئتلافی یەکگرتووی شیعە لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئاژانسی هەواڵی نیوزماتیک رایدەگەیەنێت “هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بنەڕەتدا نەچوونەتە ناو خانەقینەوە تاکوو لێی پاشەکشە بکەن، ئەستەمە هێزە حکومییەکانی عێراق مامەڵە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بکەن، چوونکە لە بنەڕەتدا بوونی ئەو هێزانە سروشتیی نییە و خانەقین بەشێک نییە لە سنووری هەرێمی کوردستانی عێراق”. بەڵام من وەک خۆم لەو باوەڕەدام دروستکردنی تەنگژەی خانەقین و گەورەکردنی ئەم دۆزە جیا لەوەی بچووککردنەوە و بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی کوردییە، لە هەمان کاتدا سەرقاڵکردنی کوردە بە کێشەکەیەوە بۆ لە بیربردنەوەی کێشەیەکی گەورەتر و گرنگتر کەئەویش پرسی ماددەی 140 و ماددە جێگرەوەکەیەتی “24”. بەهەر شێوەیەکیش بێت تەنگژەی خانەقین چیتر نییە جگە لە هەوڵێکی تر بۆ بردنەوەی دۆزی کورد بۆ سەرەتای رێگا.

حکوومەتی عێراق بەرەو کام ئاقار دەڕوات؟

هەموو چاوەڕێی ئەوە بووین لە دوای کەوتنی بتەکەی سەدام حسێن لە ساحەی فیردەوسی بەغداد و رووخانی بەعسەوە ئیدی دیموکراسیی رووبکاتە عێراق، هەموو عێراقییەکان خوازیاربوون کۆتایی بە عەهدی دیکتاتۆریی و دەوڵەتی ناوەندیی و تاکڕەویی بێت، کەچی هەر لەگەڵ جێگیربوونی باری ئاسایش لە عێراقی دوای سەدام و سەرپێکەوتنی حکوومەتی بەغدا خەریکە دەسەڵاتدارانی نوێی ئەم وڵاتە رێی هەمان خەرەندی بەعس دەگرنەوە بەر و بە هەمان جۆر سەرقاڵی وێنەکێشانی عێراقێکی نوێی مەرکەزیی و تاک سەرکردە و تاک بڕیارن، ئەم هەنگاوەش لە زەوتکردنی مافەکانی کوردەوە رێچکەی بەستووە. هەر ئەم هۆکارەشە کوردەکان لە سیاسەتی چەک کڕینی حکوومەتی عێراقی دەترسێنێ و وا دەکات کورد داوا بکات ئەو چەک کڕین و بەهێزکردنەی سوپا لە ئاستێکی دیاریکراو و سنوورداردا بێت. ئەوەتا لە دانیشتنی رۆژی 8-9-2008دا (عەدنان موفتی) سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “داوا لە ئەمەریکا و وڵاتە زلهێزەکانی دنیا دەکەین بە تایبەت ئەمەریکا کە ئێستا خەریکی مۆرکردنی رێککەوتنێکە لەگەڵ عێراق، بەمەبەستی فرۆشتنی چەکی جەنگیی بە عێراق، بە مەرج بیفرۆشن پێی بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی هەڕەشە و عێراق نەتوانێت هەڕەشە لە کورد بکات بەهۆی ئەو فڕۆکە جەنگییانەوە”.
ئەم لێدوانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردیی دەرخەری راستییەکەی تاڵە سەبارەت بە عێراق و ئەوە دەسەلمێنێت تا دێت ئەو وڵاتە دەرگاکانی دیموکراسیی لەسەر خۆی دادەخات و لە دەسەڵاتێکی تۆتالیتاریی مەزهەبی نزیک دەکەوێتەوە. هەروەک (دانیاڵ پایپس)ی رۆژنامەنووس تێبینی کردبوو بەوەی دەڵێ “من گەشبین نیم بەوەی عێراق بەرەو دیموکراسییەت هەنگاوی هەڵگرتبێت، بە تەواویی پێشبینی ئەوە دەکەم عێراق بەرەو تاکڕەویی بگەڕێتەوە”. بەڵام ئایا لەعێراقێکی تاکڕەو و دیکتاتۆریی کە بە رۆژی رووناک کودەتا دژی مافی کورد بەرپا دەکات دۆزی کورد رووی لەکوێیە و دەگاتە کوێ؟ بە داخەوە دەبێت ئەو راستییە تاڵە بدرکێنین بەو هەنگاوانەی ئێستا حکوومەتی بەغدا دەینێت، دۆزی کورد پاشەکشە دەکاتەوە بۆ سەرەتای رێگا.

چاپتەری چوارەم
مالیکی دەیەوێت مێژوو دووبارە بکاتەوە
دەربارەی هەوڵەکانی مالیکی بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی عێراقێکی ناوەندیی

لە ماوەی ئەم یەک دوو ساڵەی دواییدا لە نزیکەوە ئاشنابووین بە چەند هەوڵێکی “نوری مالیکی” سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە بۆنی ئەوەیان لێدەهات، دەیەوێت جارێکی تر عێراق بەرێتەوە بۆ دۆخی دەسەڵاتێکی ناوەندیی تاکلایەن و تاک بڕیار. کورد زۆرترین زیانی ئەم سیاسەتانەی “مالیکی” بەرکەوتووە و هەموو هەنگاوێکی حکوومەتی عێراقی رووەو ناوەندێتی، هەنگاوێکیش پاشەکشەی کردووە بە دەستکەوتەکانی کورد لە باشووری وڵاتەکەیدا. لە ماوەی سەرۆکایەتی “مالیکی”دا ئەم یارییە سیاسییە چەندین جار دووبارە بۆتەوە، هەر لە کۆسپ و تەگەرە دروستکردن بۆ ماددەی سەدوچل تا دەگاتە هەوڵی لێبڕین لە بەشە داهاتی کوردستان لە بوودجەی عێراق. هەر لە لەمپەردانان بۆ گرێبەستە پێترۆڵییەکانی هەرێم تاکوو دەگات بە ئابڵوقەدان و هەوڵی داگیرکردنەوەی چەند ناوچەیەکی تازە ئازادکراوی کوردستان “شاری خانەقین و قەرەتەپە بە نموونە”. هەر لە دروستکردنی ئەنجوومەنەکانی ئیسنادەوە کە تازەترینیانە تاکوو دەگات بە هەوڵدان بۆ دەستکارییکردن و هەموارکردنەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق بە تایبەت بۆ لێقرتاندن لە دەستکەوت و پێشڕەوییەکانی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا.

بێگومان لە سەرەتای پرۆسەی رووخاندنی رژێمی بەعسەوە، لەبەر فاکتۆری بەهێزیی کورد و پەرش و بڵاویی هێزە عەرەبییەکان و گیرۆدەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و حکوومەتی عێراق بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مانۆڕی خۆتەقاندنەوە، کورد توانی بەشێکی گرنگ و بەرچاو لە خواستە سیاسییەکانی لە رێگەی دەستوورەوە شەرعییەت پێبدات، توانی هەندێ دەستکەوت و پێشڕەویی سیاسیی بکات کە لە مێژووی کوردی ئەم پارچە داگیرکراوەدا رووداوێکی ناوازە و کەموێنە بووە و یەکەمین جاریش بووە کورد بتوانێت ئەو هەموو بەندە دەستوورییە بۆ زامنکردنی قەوارەکەی دەستەبەر بکات. بە داخەوە هێزە کوردییەکان لە قۆناغێکدا وەستان و نەیانتوانی زیاتر دۆزی کورد بەرنە پێشەوە، بەهۆی ئەوەی قورسایی خۆیان خستەسەر پێکهێنانەوەی پێکهاتە ناکۆکەکانی عەرەبیی عێراقی و بنیاتنانەوەی عێراق، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە هەموو بەهێزکردنەوەیەکی ناوەند لەسەر حیسابی لاوازکردنی هەرێم دەبێت.
کورد دەیتوانی لە ساتەوەختی خۆیدا و لەکاتی لاوازیی دەوڵەتی عێراق و لەرزۆکیی هێزە عەرەبییەکانی گۆڕەپانی سیاسەت لە عێراق “بە تایبەت شیعەکان”، مەرج و گرەنتی زیاتر دابنێت بۆ پاراستنی ئەزموونی باشوور، چوونکە لە مێژووی عێراقدا بە ئەزموون ئەوە سەلماوە حکوومەتەکانی عێراق لە ژێر باری ناچاریی و فشاردا دانیان بە هەندێک نیمچە مافی کورددا ناوە و هیچی تر!، بۆیە دەبوو سیاسەتمەدارانی کورد پێش هەر شتێک ئەو راستییە رەها و مێژووییەیان لەبەرچاو بگرتبایە. بەهەرحاڵ ئەوەی ئەمڕۆ لە شانۆی رامیاریی عێراقدا بەرجەستە دەکرێت، هەوڵی جیددی هەندێک لایەنی عەرەبیی و خودی سەرۆک وەزیرانە بۆ گێڕانەوەی سیستمی سیاسیی عێراق رووەو سیستمێکی تۆتالیتار و تاکڕەهەند، هەروەها بۆ بچووککردنەوەی دەستکەوتەکانی کورد لە رێگەی پێداچوونەوە و چاوپێداخشاندنەوە بە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا. لەم نێوەندەدا نوری مالیکی بە وزە و قورساییەکی سیاسیی و تەنانەت سەربازیی زۆرە دەیەوێت ئەو خەونانە بکاتە واقیع، ئەو رێگەی لەیەک جودای گرتووەتە بەر بۆ هێنانەدی ئەو مەبەستە شۆڤێنیی و مەزهەبگەراییە.

عێراق رووەو سیستمێکی ناوەندیی و داخراو
نوری مالیکی ڤوکۆسی کردۆتە سەر بنیاتنانەوەی عێراقێکی ناوەندیی. مێژوو سەلماندی ئاکام و سەرئەنجامی زۆربەی دەوڵەتە ناوەندییەکان لە کۆمەڵگە فرە نەتەوە و کولتوورەکاندا جگە لە ستەمکاریی هیچی تر نەبووە، لە واقیعی عێراقیشدا گەلانی ئەم وڵاتە بە خوێن و ئەزموون تاقیکردنەوەیان لەسەر ئەم سیستمە هەیە، کە نەک هەر ناتوانێت کۆمەڵگەیەکی رەفاه و سەقامگیر بەرهەم بهێنێت، بەپێچەوانەوە مێژوویەکی خوێناویی و پڕ کارەساتی مرۆیی خولقاندووە. “مالیکی” بەچاو نووقاندن و خۆلادان لە ئەزموون و چارەنووسی تراژیدیی رژێمی تاکڕەهەند و ناوەندیی لە عێراقدا، دیسان هەمان خولیای سەدام لە کەللەی داوە و دەیەوێت ئەو دەوڵەتە ناوەندییە زیندوو بکاتەوە. هەڵبەتە مالیکی نوێنەرایەتیی زۆرینەیەکی شیعە مەزهەب دەکات،ـ بەدەر لە ئارەزووە کەسییەکانی خۆی، ئەکتەرێکە ئەدای جیهانبینییەکی مەزهەبگەرایی دەکات و خواستی بە ئێرانکردنی عێراقی کردۆتە رۆژەڤی سیاسیی، یان بە واتایەکی تر نوێنەرایەتی ئەو مەیلە دەکات دەیەوێ عێراق لە دەستی ئەمەریکا بسەنێتەوە و رادەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بکات.
بە بڕوای “دێڤید فلیپیس”ی توێژەری رامیاریی لە زانستگای کۆلۆمبیا “کێشەی عێراق هەمیشە زۆریی ئەو دەسەڵاتانە بووە بەغداد هەیبووە، تەنیا رێگەش بۆ مانەوەی عێراق بە یەکپارچەیی لە رێگەی کەمبوونەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی بەغدادەوەیە، جا هەر بۆیە نابێت مالیکی هەمان ئەو هەڵەیەی پێشوو دووبارە بکاتەوە”. لە باری واقیعیشەوە کێشەی عێراق تاکو ئێستا بەش بەشکردنی دەسەڵاتەکان نەبووە بەسەر ناوەند و هەرێمەکاندا، هێندەی زادەی ئەو دەسەڵاتە زۆر و زەبەندانە بووە حکوومەتی ناوەندیی هەیبووە، کەوابوو ئەوەی لە عێراقدا کێشەی قووڵ و برینی ساڕێژنەکراوی بە دوای خۆیدا هێناوە، تەسککردنەوەی پانتایی دەسەڵاتەکان بووە، نەک ئەوەی ئەمڕۆ بەشێک لە هێزە عێراقییەکان لە نەبوونی دەسەڵاتێکی بەهێزی ناوەندییدا دەیبیننەوە. لایەنی کوردیی هەمیشە ترسی هەبووە و هەیە لە بەهێزبوونەوەی ناوەند چوونکە دڵنیایە ئەم بەهێزکردنەوەی ناوەند لە یەکێک لە رەهەندەکانیدا بریتییە لە لاوازکردنی هەرێمەکان، یان با بڵێین لەسەر حیسابی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە.
هەروەک “ئێدوارد گیبسن” روونیدەکاتەوە “نیگەرانییەکە لە بوونی حکوومەتێکی مەرکەزیی بەهێزدا نییە، لەبەرئەوەی زۆرجار لە فیدرالیزمیشدا حکوومەتێکی مەرکەزیی بەهێز هەیە، بەڵام نیگەرانییەکە لەوەدایە کە حکوومەتی مەرکەزیی هەوڵی پێشێلکردنی بنەماکانی فیدراڵیزم و سەرکوتکردنی ئۆتۆنۆمی هەرێمەکان بدات”. دروست نیگەرانیی کورد لەو سۆنگەیەوە دەستپێدەکات “گیبسن” بۆی چووە، چوونکە زۆربەی کاربەدەستانی عێراقی و لایەنگرانی عێراقێکی ناوەندیی لەم بارودۆخە دیفاکتۆیەی کورد رازی نین و هەندێکیان پێیانوایە کورد بووەتە هۆکاری لاوازکردنی دەسەڵاتی بەغداد، هەر ئەم تێگەیشتنەشە وەها لە سەرکردە کوردەکان دەکات بە تووندی بەرپەرچی عێراقێکی ناوەندیی بدەنەوە و بە مەترسیی لەسەر کورد لەقەڵەمی بدەن.

“د.بەرهەم ساڵح”ی سیاسەتمەداری پرۆعێراقی کورد، نیگەرانییەکانی کورد بەم شێوەیە دەردەبڕێت “یەکێتی عێراق بە توندوتیژیی و خۆسەپاندن و کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان بە دەستی یەک ناوەند و یەک دەستە یاخۆ یەک هێز نابێت، سەدام حسێن بەرجەستەی هەرە گەورەی ئەو دۆخەیە”. ئەم رایەی “ساڵح” تا راددەیەک پوختەکراوی بیروڕای گشتیی و فەرمیی کوردیشە لەمەڕ هەوڵەکانی مالیکی لە پێناو بەهێزکردنەوەی ناوەند. “د.سەعدی بەرزنجی” ئەندامی کوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایەکی نزیکی لە بۆچوونەکەی “ساڵح”ی هەیە و پێیوایە “دەسەڵاتی رژێمی بەعس و سەدام لە ناوەند بەهێز بوو، بەڵام ئایا حکوومەتەکەی بەهێز بوو؟ بێگومان نەخێر. چوونکە هێزی دەوڵەت لە خزمەتکردتی خەڵک و پاراستنی مافەکانی هاووڵاتیاندایە”.
پرسیاری سەرەکی و جەوهەریی هەرە گرنگ لێرەدا خۆی لەوەدا دەبینێتەوە: ئایا کورد بە چ رێگە و میکانیزمێک رووبەڕووی ئەو سیاسەتە نوێیەی نوری مالیکی و کاربەدەستانی عێراقی دەبێتەوە؟. هەتا ئێستا دیار نییە کورد چۆن هەڵوێست وەردەگرێت، تەنیا ئەوە دیارە سەرکردە کوردەکان ناڕەزایەتی خۆیانیان لەمەڕ ئەو سیاسەتەی مالیکی نیشانداوە، بۆ پووچەڵکردنەوە و شکست پێهێنانی هێشتا هیچ رووناکییەک لە ئاسۆدا نابینین. بە تایبەت لەو دۆخەدا کە هەندێک لە کارناسان و شارەزایان لەو بڕوایەدان سیاسەتی نوێی “باراک ئۆباما” دەبێتە یارمەتیدەری بیرۆکەی بەهێزکردنەوەی عێراقێکی ناوەندیی. لەو رووەوە رۆژنامەی “ستارس ئاند سترایپ” لە راپۆرتێکدا بە وردیی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی “جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکەی ئۆباما لە عێراق رێگا بۆ دروستبوونەوەی دیکتاتۆرییەتێک خۆشدەکات هاو وێنەی دیکتاتۆرییەتی سەدام حسێن دەبێت کە بۆ ماوەی سی ساڵێک پیادەی کرد”. بە کورتی هەڵمەتێکی بەهێز بە پشتیوانیی هێزەکانی دەرەوە و بارودۆخی نوێی جیهان و ناوچەکە و عێراق، بۆ بەهێزکردنەوەی عێراقێکی ناوەندیی لە ئارادایە، پریشکی یەکەمی ئاگری ئەم عێراقە ناوەندییە، کورد دەسووتێنێت! کورد چۆن خۆی ئامادە کردووە و ئامادە دەکات؟ جارێ هیچ دیار نییە!.

پێداچوونەوە بە دەستووری هەمیشەییدا
مالیکی و کاستەکەی ئەوە رادەگەیەنن کاتی ئەوە هاتۆتە پێشەوە، گۆڕانکاریی لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا ئەنجام بدرێت، گۆڕانکارییەک بتوانێت زۆر ناوەڕۆک و بەند و ماددەی لە یەک جیا بگۆڕێت و بەپێی هاوسەنگیی و دۆخی نوێی سیاسیی وڵاتەکە بنووسرێنەوە. “نوری مالیکی” سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانیکدا رایگەیاند “دەستوور لە کەشوهەوایەکی ئازار و ترسدا نووسراوەتەوە و روانینی تێدایە بۆ ئایندە، ئەمەش زۆر ئاساییە. لەبەرئەوە پێویستیمان بە پێداچوونەوەی دەستوور هەیە”. ئەم لێدوانەی سەرۆکوەزیران لێکدانەوەی جیا جیا هەڵدەگرێت، یەکێک لەو شرۆڤانە ئەوە ئاشکرا دەکات، ئەوان “هێزە عێراقییەکان” لە ژێر بارێکی ناهەمواری ئەمنیی و لەسایەی نائارامیی ئەوکاتی عێراقەوە رازیبوون دەستوور بەو فۆرمە بنووسرێتەوە و گەڵاڵە بکرێت، ئەگینا هیچ کات ئامادەنەبوون دەستوورێکی لەو رەنگە، بۆ عێراق و سیستمی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە قبوڵ بکەن. نووسەر و توێژەری سیاسیی کورد “فەرید ئەسەسەرد” لە لێکدانەوە و شرۆڤەی ئەو لێدوانەی “مالیکی”دا دەگاتە بڕوای ئەوەی “مالیکی” مەبەستی راستەقینەی لە پێداچوونەوە بە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا کەمکرنەوەی دەسەڵاتی هەرێمەکان و پتەوکردنی ناوەندە لە رێگەی ماددەیەک یان چەند ماددەیەکی دەستوورییەوە.
“ئەسەسەرد” لەو رووەوە دەنووسێت “قسەکانی مالیکی شتێکی وایان لێهەڵدەکڕێنرێت ئەوەی لە عێراقدا هەیە فیدرالیزم نییە، گوایە لە سۆنگەی ئەمەوە رەوشەکە پێویست بەوە دەکات بە دەستووردا بچینەوە و دەسەڵاتی هەرێمەکان کەم بکەینەوە و دەسەڵاتی ناوەند زیاد بکەین!”. ئەم هەوڵە نوێیەی سەرۆک وەزیران ئەڵقەیەکی ترە لەو زنجیرە هەوڵەی دەیدات بە مەبەستی کەمکردنەوەی سەلاحیات و سنووری دەستووریی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، بۆ سەرخستنی ئەجینداکەی بیری لە دەستبردن بۆ هەموارکردن یان چاوپێداخشاندنەوەی دەستوور کردۆتەوە، چوونکە ئەوکات دەتوانێت بە فۆرمێکی قانوونی و دەستووریی دەسەڵاتی هەرێمەکان کەم بکاتەوە، بەو پێیەی جیا لە هەرێمی کوردستان پێشبینی ئەوە دەکرێت هەرێمی تر لە عێراقدا دروستبن، ئێستا هەوڵێکی کارا و جیددی لە ئارادایە بۆ پێکهێنان و بە فەرمی ناسینی هەرێمی بەسرە، کە ئەم هەوڵەی بەسراییەکان لەلایەن کوردەوە پشتیوانی دەکرێت.
مالیکی ترسی ئەوەی لێنیشتووە پەیدابوون و هاتنەئارای چەند هەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا دەبێتە سەرەتای دابەشبوونی وڵاتەکە، بۆیە دەیەوێت لغاوێکی دەستووریی بخاتە دەست و قاچی هەر هەرێمێک لە چوارچێوەی عێراقدا هەبێت یان دەشێ لە ئایندەدا ببێت. لایەنی کوردیی دیسان بە تووندیی رەخنەی لەم هەڵوێست و هەنگاو و دەستپێشخەرییەی سەرۆک وەزیران گرتووە، لە زاری سەرۆکی بەرزترین ناوەندی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستانەوە رەخنە و ناڕەزایەتی هەیە لەمەڕ ئەو کردەیە. لەو بارەوە “مەسعود بارزانی” سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشکاوانە بە کەناڵی “الحرە”ی راگەیاند “بەڕێز مالیکی نابێت پێیوابێت ئەوەی بە دەستمان هێناوە سەپێندراون، چوونکە ئەوەی ئێمە مومارەسەی دەکەین لە رێگەی شەرعییەوەن. بۆیە دەڵێم هەر پاشگەزبوونەوەیەک لە دەستوور بە واتای گەڕاندنەوەی دیکتاتۆرییەتە”.

لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی هەرێم روونی نەکردەوە ئەگەر لایەنی عەرەبیی سوور بوو لەسەر خواستی پێداچوونەوە بە دەستووردا، هەڵوێستی کورد چۆن و چی دەبێت، ئەو تەنیا رەخنەی لەو هەڵوێستە گرت و بیروڕای کوردی درکاند. بەڵام “فریاد رەواندزی” ئەندامی کوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرچەکرداری کورد روون دەکاتەوە و دەڵێت “کورد ئەو ڤیتۆیە بەکاردەهێنێت لە دەستووردا چەسپاوە، ئەویش ئەوەیە، ئەگەر دوو لەسەر سێی، سێ پارێزگا ئەو هەموارکردنەیان رەتکردەوە، ئەوە بڕیارەکە پووچەڵ دەبێتەوە”. ئەوەی گرنگە لێرەدا پەنجەی بۆ راکێشین ئەوەیە، دیسان عەرەبە عێراقییەکان هەمان ئەزموونی پێشان دووبارە دەکەنەوە و تەنانەت لەو دەستوورەش پەشیمان دەبنەوە خۆیان لایەنێکی سەرەکیی و کارا بوون لە نووسینەوەیدا و عێراقییەکان بە زۆرینەی دەنگ پەسەندیان کردووە، ئەوەتا مالیکی سەرەتای هەوڵێک دەخاتە گەڕ بۆ زەوتکردنی هەندێک لە مافەکانی کورد، ئەگەر سەرکەوتنیش بەدەستنەهێنێت، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت عەرەبەکان لە هەر هەلێکدا و لەگەڵ گۆڕانی تای تەرازوی هێزدا، چاو دەخشێننەوە بە هەموو ئەو بڕیارانەی پێشوویاندا، هەر لە دەستوورەوە تاکوو دەگات بە پێدانی ناسنامەیەکی فەرمیی بە قەوارەی دیفاکتۆی ئەمڕۆی باشووری کوردستان.

ئەنجوومەنەکانی ئیسناد
چەند مانگێکە سەرۆکی حکوومەتی عێراق، لە پەیوەندییکردندایە بە هەندێ سەرۆک خێڵ و شێخی هۆزەکان و هەندێ کۆنە جاش و دەمسپی کوردەوە، بە مەبەستی دروستکردنی ئەنجوومەنەکانی ئیسناد وەک هێزێکی تری یارمەتیدەری حکوومەت بۆ سەقامگیرکردنی زیاتری بارودۆخی ئاسایش. بەڵام لایەنی کوردیی پێیوایە ئیسناد جۆرێکی ترە لە جاشایەتی و لەسەر زاری سەرۆکی هەرێمەوە جەخت لەوە کرایەوە ئەوانەی دەچنە ریزی ئیسنادەوە خیانەتکارن و وەک جاش مامەڵەیان لە تەکدا دەکرێت. زۆریش لە شارەزایان و چاودێران وایدەبینن ئیسناد بۆ ئەو مەبەستە دروست نەکراوە نوری مالیکی و کاستەکەی لە رێی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە ئاشکرای دەکەن و رایدەگەیەنن، بەڵکو زیاتر راکێشانی ئەو ئەنجوومەنانەیە بە لای لایەنێکی سیاسییدا نەک بە لای حکوومەتدا. کورد بە هەموو شێوەیەک دژایەتی ئیسناد دەکات و حکوومەتی هەرێمیش بە تووندی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکات پەیوەستبوون و دەبن بەو ئەنجوومەنانەوە.
“د.کەمال کەرکوکی” جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکیدا بە تووندیی هێرش دەکاتە سەر ئیسناد و دەڵێت “فەوجی ئیسناد هەروەک ئەو فەوجە جاشانەیە لە کاتی خۆیدا لە کارەساتی ئەنفالدا دەستیان بە خوێنی نەتەوەکەمان سوور بوو”. لای خۆشییەوە سەرۆکی هەرێم، وێڕای رەخنەگرتن و ئاشکراکردنی دژایەتی کورد لە بەرامبەر ئیسناد، جەخت لەوە دەکاتەوە ئیسناد هیچ خزمەتێک بە بارودۆخی سیاسیی عێراق ناکات و زیاتر بە فیڕۆدانی پارە و سامانی عێراق و ئیستغلالکردنی دەسەڵاتە بۆ هەڵبژاردن، هەروەک سەرۆکی هەرێم وتی “لە کەرکوک و موسڵ بۆ نانەوەی پەشێویی و فیتنە دروستکراون”. لێ ئەوەی هەندێک لە کۆنە بەعسی و کۆنە مستەشارەکانی کورد پەیوەندییان بەو ئەنجوومانەوە کردووە، بەڵام بەشێوەی گشتیی هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان جەماوەری کورد ئاگادار دەکەنەوە لەوەی هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی هەرێم لەمەڕ ئیسناد، ئەوەیە ئەو ئەنجوومەنانە وەک فەوجی خەفیفەی پێشان چاولێدەکات و لە هیچ کەسیش نابوورێت بەو ئەنجوومانەوە پەیوەندیی بگرێت.

ئەوەی ئاشکرایە مالیکی مەبەستی لە پێکهێنانی ئەم فەوجانە جیا لە پشتگیریکرن و پاڵپشتیی خۆی و پارتەکەی، بۆ تێکدانی رەوشی شاری کەرکوک و موسڵە، هەروەها ئەمەش دەبێتە فاکتۆرێکی یارمەتیدەر بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان. بێجگە لە کوردیش هەندێک لەلایەن عێراقییەکانی تر ناڕازین بە دروستکردنی ئیسناد و پێیانوایە مالیکی لەسەر حیسابی دەوڵەت خزمەت بە خۆی و تەوژمە سیاسیی و مەزهەبییەکەی دەکات. لەو رووەوە “رافز ئەلعانی” لە بەرەی تەوافق رایگەیاند “بڕیاردان لە دروستکردنی ئیسناد کارێکی ناڕاستە و تەنیا مەبەست لێی سەرنجڕاکێشان و پەلکێشکردنی عەشائیرەکانە بە لای لایەنێکی دیاریکراودا و هیچ پەیوەندییەکی بە باری ئاسایشەوە نییە، تەنیا لایەنێکی سیاسیی بڕیار لەو ئەنجوومەنانە دەدات نەک حکوومەت”. پوختەی قسە ئەوەیە ئیسناد پیلانگێڕییەکی تری مالیکی و کاستەکەیەتی لەناو حکوومەتی ئێستادا هەم بۆ هێنانەدی هەندێک مەهامی سیاسیی تایبەت بە خۆیان و هەم بۆ کەمکردنەوە لە هێزی هەرێمی کوردستان و نانەوەی پشێویی لە کەرکوک، کە ئەمڕۆ بۆ کورد ئەو شارە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و دەستبەرداربوون لێی کارێکی ئاسان نییە.
ئەنجامگیریی
لە پار ساڵەوە حکوومەتی نوری مالیکی چەندان کێشەی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێگەی کورد دروستکردووە، کە “د.مەحمود عوسمان” ئەوانەی رابردوو بەپێنج کێشە ناو دەبات و ئیسنادیش بە شەشەمین کێشەی قووڵ هەژمار دەکات. بۆیە کورد دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ زیادبوون و زۆرتربوونی کێشەکان نەک چارەسەربوونی ئەوانەی ئێستا!!. ئەی کەواتە پێویستە کورد چی بکات لەم هەلومەرجە نوێیەدا؟. “د.مەحمود عوسمان” دەڵێت “ئەگەر کێشەکانمان چارەسەر نەکران ئەوسا پێویستە کورد بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی بدات، چوونکە ناتوانین بەم شێوەیە لە حکوومەت هاوبەش و بەردەوام بین”. بەڵام پرسیارێکی بەجێ قووت دەبێتەوە: ئایا دوای ئەم تەنگژانە و تەوابوونی کارەکانی ئەو پێنج لیژنەیەی بۆ چارەسەری کێشەکان دانراون و لە کۆتایی ئەرکەکەیاندان، کورد ناچار دەبێت هەڵوێستە “یەکلاکەرەوە” وەربگرێت یان دیسان لەم یاری مار و پەیژەیە بەردەوام دەبێت؟.
وەک خۆم ئەوەندەی دۆخەکەم خوێندبێتەوە و سەرنجی ئەزموونی کارکردنی سیاسیی کوردم دابێت بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا، باوەڕم بەوە نییە بڕیارێکی حاسم بدات کە هیچ نەبێت لایەنە عێراقییەکان بهێنێتە پیرمام یان دوکان تا ئەمجارە ئەوان بێنە کوردستان و هەوڵبدەن کوردەکان رازی بکەن. هەموو بە هیوای ئەو هەڵوێستەین. پێش ئەوەی کات درەنگ بێت پێویستە کورد ماڵی خۆی رێکبخات بە گووتارێکی یەکگرتووی روونەوە بڕیاری کۆنکرێتی خۆی بدا، لانیکەم کورد دەتوانێت کەشی سیاسیی لە عێراق تێکبدات، لەمپەر دروست بکات لەبەردەم ویستی شیعەکانی عێراق کە دەیانەوێ کوردستان قووت بدەن و بیکەنەوە بە پارچەیەک لە عێراق وەک چۆن عێراقیان کردووە بە بەشێک لە ئێران.

چاپتەری پێنجەم
کاریگەرییە رامیاریی و ئابوورییەکانی هەناردەی نەوتی کوردستان

رۆژی یەکی حوزەیرانی 2009 لە رێورەسمێکی فەرمیدا و بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ یەکەمجار لە مێژووی باشووری کوردستاندا بەشێوەیەکی فەرمی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ژێر چاودێریی و سەرپەرشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا و هەردوو سەرۆکی ئامادەبووش بە بەرچاوی زوومی کامێرای رۆژنامەنووسانی ناوخۆیی و دەرەکییەوە یەکەمین قفڵی ئەو هەناردەیەیان کردەوە. بەپێی زانیارییەکانیش ئەم پرۆسەیە لە کێڵگە نەوتییەکانی “تاوکی” ناوچەی زاخۆ و تەقتەق دەستیپێکردەوە و ناردنە دەرەوەکەش لە رێی هێڵەکانی “نابوکۆ”ی تورکیی و بە سەرپەرشتیی کۆمپانیای DNO” نەرویژیی و ئەداکس پترۆڵیۆم و ژەنەراڵ ئینێرجی” ئەنجامدەدرێ و لە هەنگاوی سەرەتادا رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێ و وا بڕیاریشە لە کۆتا مانگەکانی ئەمساڵدا ئەو بڕە بۆ 200-250 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز ببێتەوە، هەروەک پێشبینی دەکرێت لە ماوەی سێ چوار ساڵی داهاتوودا رێژەکە بۆ دوو میلۆن بەرمیل زیاتر ببێت.
ئەم رووداوە ناوازەیە جیا لەوەی بووە جێی سەرنجی چاودێران و ناوەندە سیاسیی و میدیاییەکانی دەرەوەی هەرێم، لە هەمان کاتدا بۆ پاشەڕۆژی ئابووری و رامیاریی باشووری کوردستان بایەخێکی بەرچاوی هەیە کە لەوانەیە ئەم پرۆسەیە کوردستان لە وێستگەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی دابنێت، بەڵام پرسیاری جیددی لێرەیە: ئایا ئەم داهاتەی نەوت کە لە کوردستانەوە رەوانەی دەرەوە دەکرێت بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری کوردستان تەرخان دەکرێت یان تەخشان و پەخشان دەکرێت و گەندەڵی لووشی دەدات؟ ئایا ئەم سەروەتە زۆر و زەبەندەی بە هۆی فرۆشی نەوتی کوردستانەوە دەست حکوومەتی کوردستان دەکەوێت دەکرێت بە پڕۆژەی ستراتیژیی و دانانی بناغەیەک بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی رەفاه و بینای خۆشگوزەرانیی یاخۆ پێچەوانەکەی؟. چوون هەتا ئێستا کێشەی عێراق کەمیی داهات یان پێڕانەگەیشتن نەبووە هێندەی ناشارەزایی و لێنەزانین بووە کە چۆن سوود لەو سامانە پڕ فەڕ و داهاتە وەربگیرێت. “مارتین ڤان برۆنسن”ی کوردناس و نووسەری کتێبی “ئاغا و شێخ و دەوڵەت” هەمان بۆچوونی هەیە و دەڵێت “عێراق پڕە لە سەرچاوەی نەوتیی و وزەی ژێر زەوی، بەڵام نەزانینی بەڕێوەبردنی ئەو سەرچاوانە لە رێگەی بەرهەمهێنانی زانستیی و مودێرن، سەربەخۆیی لە تاکی عێراق سەندۆتەوە، هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لەو سیستمە تووشی هەمان کێشە هاتووە”.

خێر و بێرێکی زۆر کە لەوانەیە چەند دەیەیەک بگرێتەوە روو دەکاتە ئەم بەشەی کوردستان، بەڵام بە بڕوای من گرنگ خودی خێر و بێر و پارەی نەوت نییە، گرنگ سوود وەرگرتنە لەو داهاتەی بەهۆی نەوتەوە دەڕژێتە کوردستانەوە، چوونکە راستییەک هەیە نابێت نادیدەی بگرین کە وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئەمەریکا لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤی پەترۆڵدان، رەنگبێ دوو و سێ دەیەی تر نەوت بایەخی خۆی لەدەستبدات بەو هۆیەی کڕیارانی نەوت لە خۆرئاوا بەدیلێکی هەرزانتر و کاریگەرتریان دۆزیوەتەوە، بۆیەکا هەر لە ئێستاوە هەندێک لە وڵاتانی وەک شانشینەکانی کەنداوی عەرەبیی دەرک بەم راستییە دەکەن و دەیانەوێت خۆیان لە ژێر کاریگەریی رۆشنبیریی و ئابووری نەوت بهێننە دەرەوە، چوون رۆشنبیریی نەوت رۆشنبیریی بەرهەمهێنانی نەوەیەکی بەکاربەری رووتە، ئەو دەوڵەتانە خوازیارن لەم قۆناغە داهاتی نەوت بکەنە فاکتەری پێشخستنی وڵاتەکانیان وەک مەڵبەندی بازرگانیی و تەنانەت پیشەسازیش. بۆ حکوومەتی هەرێم و هەر دەسەڵاتێکی تر کە جڵەوی حکومی لە بندەست بێت، دەبێت دووربینیی هەبێت، ئەو فاکتە هەمان کاریگەریی خۆی هەیە لەسەر کوردستان و دەبێت قۆناغی فرۆشتنی نەوت زیرەکانە بقۆزرێتەوە، بۆ ئەو چاخەی چیدی پەترۆڵ سوود و بایەخێکی نەماوە کە وەک ماددەیەکی گرنگ لە بازاڕەکانی جیهاندا داوایەکی زۆری لەسەر بێت.

نەوت لە مێژووی کوردستاندا
مێژووی پەیدابوونی نەوت لە کوردستاندا لە هەزاران ساڵ تێپەڕیوە، نازانرێت ئاخۆ بۆ یەکەمجار کەنگێ بووە ئەم وزە پڕ بایەخە لە زەوی کوردستان هەڵقووڵاوە؟ بەڵام لە دوو سەدەی رابردووەوە ئەوە زانراوە نەوت لە خاکی باشووری کوردستاندا هەبووە، هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان تیشک دەخەنە سەر ئەوەی عوسمانییەکان لە سەدەی حەڤدە بەولاوە سوودیان لە سامانی نەوت وەرگرتووە بەشێوەیەکی سنووردار کە تەنیا بۆ بەکارهێنانی یەکەکانی ئەرتەش بەکارهێنراوە و بەس. کەرکوک گرنگترین جێگە یان جوگرافیای کوردستانە خاوەنی زۆرترین ژمارەی چاڵە نەوت و زۆرترین یەدەگی نەوتیی بێت لە تێکڕای کوردستان و عێراقیشدا. عوسمانییەکان ئەگەرچی چەندین سەدە کەرکوک وەک بەشێک لە ویلایەتی موسڵ لە بندەستیاندا بووە، کەچی نەیانتوانیوە سوود لە سامانی سروشتی شارەکە ببینن بە تایبەت سەروەتی نەوت، تەنانەت هەر پەیان بە بوونی نەوت لەو سەرزەمینە نەبردووە.
لە ساڵی “1883ز” لەسەر داوای سوڵتان عەبدولحەمید نێردەیەکی سەربازیی ئەڵمانیی بە سەرۆکایەتی “ڤۆن گۆڵتر” بۆ رێکخستنی کاروبارە سەربازییەکان هاتە سنووری دەوڵەتی عوسمانی، لەگەڵ ئەوەدا ئەم نێردەیە راپۆرتی دەربارەی دەوڵەتی عوسمانیی ناردەوە وڵاتەکەی، بەڵام لەو بارودۆخەدا ئیمپراتۆرییەتی تورکیی “عوسمانی” نەیدەزانی پەترۆڵێکی زۆر لە خاکەکەیدا بوونی هەیە و لەهەمان کاتیشدا هیچ تێڕامانێکی نەبوو بۆی. درەنگتر عوسمانییەکان لە رێگای شارەزایانەوە بەبوونی نەوتی کەرکوکیان زانی، “گوڵبانگیان” لەو کاتەدا راوێژکاری دارایی سوڵتانی عوسمانی بوو، یەکەم کەسیش بوو خەبەری بە سوڵتان دا، کە ئەو مەڵبەندە “کەرکوک” نەوتێکی زۆری تێدایە، هەر ئەم گوڵبانکیانە دواتر 5% نەوتی کەرکوک و ویلایەتی موسڵی بەرکەوت، هەر لەبەرئەوەش بوو پێیاندەوت جەنابی سەدی پێنج” (1). عوسمانییەکان بە درێژایی چەند سەدە داگیرکاریی نەیانتوانی یان شانسی ئەوەیان نەبوو سوود لە نەوت و سامانی سرووشتیی ویلایەتی موسڵ یان با بڵێین کوردستان وەربگرن، بەڵام دواتر لە سەرەتای سەدەی بیستەم و لە سەروەختی داگیرکاریی ئینگلیزییدا لە ژێر چاودێریی حکوومەتی بەریتانیی لە عێراق، گرنگیی زۆرتر درا بەو سامانە و هەر لەو ساتەوەختانەدا چەندین پاڵاوگەی نەوت هێنرانە عێراقەوە کە کاریان پاڵاوتنی نەوت بوو بە مەبەستی رەوانەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات.

کەرکوک و نەوتی ئەو شارە لەم نێوەندەدا رۆڵێکی سەرەکییان دەبینی و تەنانەت زۆرینەی بەرهەمی هەناردەی نەوتی عێراق هەر لەسەرەتاوە تا هەنووکەش هەر نەوتی کەرکوک بووە. کردنەوەی بۆرییە نەوتییەکانی کەرکوک لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست گەشەی زیاتری بە پیشەسازیی نەوت دا، لە کۆتایی ساڵی 1934ەوە نەوت نێردرایە دەرەوە، لە ساڵی 1935 بۆری نەوتی کەرکوک– حەیفا کرایەوە. ساڵی 1935 نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت نێردرایە دەرەوە، لەو ساڵەدا عێراق هەشتەم وڵات بوو لە بەرهەمهێنانی نەوتدا. ساڵ بەساڵ هێزی ناردەی نەوت لە کەرکوک دەچووە سەر، بەمەش ژمارەی بۆرییەکان زیادیکرد، لە ساڵی 1934 هێڵی 12 ئینجی بۆ تەرابلس و حەیفا دروستکرا، لە1949 هێڵێکی دیکەی 16 ئینجی بۆ تەرابلس و لە1952 هێڵێکی 30 ئینجی بۆ بانیاس دروستکرا، ئەوەی حەیفا لە1948ەوە راوەستاوە، کەرکوک ماوەی زیاتر لەنیو سەدە، گیرفانی سەرجەم خەڵکی عێراق بوو، داهاتی عێراق لە رێگەی بۆرییە نەوتییەکانی کەرکوکەوە دابین دەکرا. چاڵگە نەوتییەکانی کەرکوک لە نێوان ساڵەکانی 1927-1974 پتر لە 70،2% نەوتی هەموو عێراقی بەرهەمهێناوە. (2).

وەنەبێ نەوت تەنیا لە کەرکوک بوونی هەبێت، بەڵکو لەچەندین ناوچەی جیاجیای باشووری کوردستان هەر لە زاخۆوە تا خانەقین دەیان کێڵگەی نەوتیی بوونیان هەیە، کە تێکڕا هەموو ئەو سەرچاوە نەوتییانە زۆر لەوە زیاتر داهات دەچننەوە کۆمەڵگەیەکی پێنج شەش ملیۆنی وەک کوردستان پێویستی پێیەتی، بۆیە ئەگەر کورد دەوڵەتی هەبێ یان مافی پێبدرێت سوود لە سەرچاوە سرووستییەکانی خۆی وەربگرێت ئەوە نەک خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان دێتەدی و لەسەرێکی دیکەوە دەبێتە بەردی بناغەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی دەوڵەمەند و گەشەسەندوو لە هەموو لایەنێکەوە. ئێستا لە زاخۆ و لە تەقتەق نەوت دەردەهێنرێت و رەوانەی دەرەوە دەکرێت، قەرەتەپە و جەلەولا، هەندێک ناوچەی پارێزگای دهۆک و سلێمانی ناوچەی نەوتاویین، لە هەولێر ناوچەی کەندێناوە یەکێکە لەو جوگرافیا بە پیتانەی چەندین چاڵە نەوتی گەورە و بە داهاتی تێدایە. لە سەرەتای پێکهێنانی عێراقدا لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم، ناوچەی کەندێناوە وەک زۆر ناوچەی دیکەی عێراق نەوتی لێدۆزرایەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1920 تاکو 1960، چوار بیری لێهەڵکەنرا و سەرەکانیان قەپاتکرا.. لە کێڵگە نەوتییەکەی خورمەڵە کە سەر بە ناوچەی کەندێناوەیە، لە ساڵی 1963 هەتا 2003 ژمارەی بیرە هەڵکەنراوەکان گەیشتە 54 بیر و بە ئاگاداریی و سەرپەرشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکوک، لە ساڵی 2007 بە دواوە دوو تاوەری بیر هەڵکەندن هێنراوەتە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە و هەتا ئێستا چوار بیری دیکەیان هەڵکەندووە، (3).

بەم دواییانەش کێڵگەیەکی تری نەوت لە گوندی “شاکەل”ی نزیکی شارۆچکەی کەلار دۆزرایەوە کە پسپۆران و کۆمپانیا بیانییەکان وەهای مەزندە زۆرتر لە250 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدابێت، هەر لەگەڵ دۆزینەوەی ئەم بیرە نەوتەشدا حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئوسترالی بۆندێکی مۆر کرد بەمەبەستی دەرهێنان و هەناردنی بۆ دەرەوەی هەرێم و بۆ ئەو مەبەستەش تەنیا بڕی 20% لە پشک و داهاتی ئەو کێڵگە نەوتییە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت. نەوتی کوردستان ئەگەرچی شادەماری ئابووری عێراق بووە و بەبێ سەرچاوەی سرووشتی کوردستان بێگومان هیچکات عێراق نەدەبووە ئەو هێزە گەورەیەی لەسەر ئاستی جیهان حسابی بۆ بکرێت یان بتوانێت ئاوها گەشە بکات بە تایبەت لە رووی ئابووری و پیشەسازیی چەکوچۆڵەوە بە تایبەت لە ماوەی فەرمانڕەوایی بەعس 1968-2003، بەڵام ئەو سەروەتەی لە خاکی کوردستانەوە دەهات هیچی بۆ کورد خۆی نەبوو، بەڵکو لە زۆرینەی ماوە مێژووییەکاندا لە دژی خەباتی رەوای کورد بەکارهێنراوە.
لە ساڵى 1931 تا 1949 بایى 136 ملیۆن دۆلار نەوت فرۆشراوە، باسى ملیۆن دۆلارى پێش پەنجاکان دەکەم کە چ قودرەى ئیسرائیل هەبووە 136 ملیۆنى پێش پەنجاکان نەبووە!، لە 1931 تا 1949 ئەو 136 ملیۆنە هەر هەمووى لە کوردستان دەرهاتووە تا ئەو کاتە لە دەرەوەى کوردستان عێراق شوێنێکى دیکەى نەبووە نەوتى لێ بێت تا ساڵى 1950، لە1950 تا 1957 هەموو عێراق داهاتە نەوتییەکەى لەو ماوەیەدا 995 ملیۆن دۆلار بووە 800 ملیۆنى داهاتى کوردستان بووە کە زیاتر لە 80% دەکات. لە 1958 تاوەکو 1962، (1266) ملیۆن دۆلار داهاتى نەوتى عیراق بووە لەوە 964 ملیۆن زیاترى داهاتى نەوتى کوردستان بووە، لە1963 تا 1976 هەموو داهاتى عێراق 1788 بووە،70% بەرەو ژوورتری داهاتى نەوتى کوردستان بووە، لە 1978 تا 1990، (153) ملیار دۆلار داهاتی نەوتی عێراق بووە و زیاتر 119 ملیارى داهاتى نەوتى کوردستان بووە ئەمە هەمووى داهاتى ئێمە بووە لە کوردستان دەرچووە.(4). ئەمە ئەگەر کوردستان دەوڵەت بووایە، دەیتوانی لەرووی ئابوورییەوە شان بدات لە دەوڵەتە شانشینەکانی کەنداوی عەرەب لە چەشنی ئیمارات و قەتەر.

بێگومان لە ساڵانی دواتریشدا لانیکەم زۆرینەی ئەو بڕ نەوتەی لە بەرهەمی نەوتی عێراقیی فرۆشراوە لە کوردستان بە تایبەت لە چاڵە نەوتییەکانی کەرکوک دەرهاتووە، بەشێوەیەکی گشتیی زۆرتر 70% بەرهەمی هەتا ئێستا فرۆشراوی نەوتی عێراق لەناوچە کوردییەکانەوە دەرهێنراوە و رەوانەی دەرەوە کراوە. لە دوای پرۆسەی رووخانی سەدام و بەعسیش کە جارێکی تر نەوت رەوانەی دەرەوەی وڵات کرایەوە دیسان پشکی زۆرینە هەر لە حسابی نەوتی کورد دەرچووە. بەپێی ئامارێکی فەرمیی رێژەی فرۆشتنی نەوت لە دوای 2003 بەمشێوەیە بووە (ساڵی 2003 یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار بەرمیل، ساڵی 2004 یەک ملیۆن و نۆسەد و نەوەد و پێنج هەزار بەرمیل، ساڵی 2005 یەک ملیۆن و هەشت سەد و پەنجا هەزار بەرمیل، ساڵی 2006 یەک میلۆن و نۆسەد و پەنجا و پێنج هەزار بەرمیل، ساڵی 2007 دوو ملیۆن و سی و شەش هەزار بەرمیل، ساڵی 2008 دوو ملیۆن و سێسەد و هەشتا و شەش هەزار بەرمیل).
هەرچەندە لەم قۆناغە نوێیەشدا دیسان نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا هەناردە دەکرێت و داهاتەکەی دەچێتەوە سەر داهاتی گشتیی عێراق، هەروەک لەسەر زاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم “نێچیرڤان بارزانی”یەوە گوزارشتی لێکرا “شانازیی بەوەوە دەکەین بەشداریی بکەین لە زیادکردنی بەرهەمی نەوت و داهاتی عێراق”، بەڵام لانیکەم لە هەنووکەدا داهاتی نەوت لە دژی کورد بەکارناهێنرێت چوونکە قۆناغی سووتماککردن و کاولکاریی کوردستان کۆتایی پێهاتووە “هەرچەند لە داهاتووشدا ئەگەرێکی دوور نییە”، بگرە هەر زیادبوونێک لە بودجەی عێراقدا زیادبوونە لە بودجەی کوردستانیشدا چوونکە بەپێی دەستوور هەرێم دانپیانراوە و مافی خۆیەتی بە قەد ژمارەی دانیشتوانی “کەئێستا 17%یە” لە داهاتی عێراق بەرێت بۆ خۆی، لە مەودای دووریشدا هەر کاتێک کورد هەلی ئەوەی بۆ رێکەوت ببێتە دەوڵەت ئەوە نەوت شادەماری ژیان و ئابووری ئەو دەوڵەتە نوێیە دەبێت.

ناکۆکیی حکوومەتی بەغداد و هەرێم لەسەر دەرهێنانی نەوت
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ چوار ساڵی رابردوو بە هاوبەشیی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای بیانیی بە تایبەت کۆمپانیا نەرویژیی و کەنەدییەکان دەستیکردووە بە دەرهێنان و هەناردەی سامانی نەوت لەو ناوچانەی دەکەونە ژێر قەڵەمڕەوی حکوومەتەکەوە و لە رۆژی 9-9-2006 حکوومەتی هەرێم پڕۆژەی یاسای نەوت و گازی راگەیاند و لە مانگی ئۆگۆستی 2007 پەرلەمانی کوردستان پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد. بەپێی دەستووری حکوومەتی عێراقیش ماف دراوە بە حکوومەتی هەرێم بە دەرهێنان و هەناردەی نەوت لە سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا، بە تایبەت بڕگەی یەکەمی ماددەی سەد و دە لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە “حکوومەتى فیدراڵى لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان نەوت و غازى بەرهەمهێنراوى کێڵگەکانى ئێستا بەڕێوە دەبات بە مەرجێک داهاتەکانیان بە شێوەیەکى دادپەروەریى و بە گوێرەى دابەشبوونى دانیشتوان لە سەرجەم پارچەکانى وڵاتدا دابەش بکرێت، لەگەڵ دیاریکردنى پشک بۆ ماوەیەک بۆ ئەو هەرێمە زیانلێکەوتوانەى رژێمى پێشوو بێبەشى کردبوون و ئەوانەش کە پاشتر زیانیان لێکەوت بە جۆرێک گەشەسەندنێکى هاوتەریب بۆ ناوچە جیاوازەکانى وڵات مسۆگەر بکات و ئەمەش بە یاسا رێکدەخرێت”.
لە هەندێک بەندی تری هەمان دەستووریشدا هەمان ماف بۆ هەرێمەکان بە رەوا بینراوە، بەڵام ئەو سیاسەتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جیاواز لەوەی بووە جێگەی ناڕەزایی وڵاتانی ناوچەیی وەک تورکیا، لەسەر ئاستی ناوخۆ و لە رێگەی وەزارەتی نەوت وخودی “حسێن شەهرستانی” وەزیرەوە بە توندی دژایەتی ئەو هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرا، ئەمەش ببووە میحوەر و تەوەرێکی دیکەی ناکۆکیی نێوان کوردستان و عێراق کە ساردییەکی زۆری خستبووە ناو پەیوەندیی سیاسیی هەردوو لاوە. ئەم دژایەتییەش لە ژێر ناوی پێشێلکردنی دەستوور و هەنگاوی جیابوونەوەی کوردەکان پاساوی بۆ دەهێنرایەوە، کە کوردەکان دەیانەوێ لە رێگەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتەوە بەردی بناغەی دەوڵەتێکی کوردیی دابنێن.
هەتا ئێستاش کە نەوت بەشێوەیەکی فەرمیی لە کوردستانەوە رەوانەی دەرەوە دەکرێت هەمان مەترسیی هەیە و سەرکردە کوردەکانیش خوازیارن هەموو لایەنێک دڵنیا بکەنەوە لەوەی نایانەوێت بە هەناردەی نەوت حکوومەتی کوردیی لەسەر جوگرافیای باشوور دروستبکەن، ئەوەتا “جەلال تاڵەبانی” سەرۆک کۆمارە کوردەکەی عێراق لە کەرنەڤاڵی کردنەوەی قفڵی هەناردەی نەوتدا، رایگەیاند ئەم هەنگاوە بۆ دژایەتی هیچ کەس و حکوومەتێک نییە و گوتی “ئەو هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ ناویەتی، هەموو ئەو بیر و بۆچوونانە رەت دەکاتەوە کە دەڵێن هەرێمی کوردستان دەیەوێت نەوتی هەرێم بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربێنێت و دواتریش خۆی لە عێراق جیا بکاتەوە”. لە باری واقیعییەوە بەم هەنگاوە فەرمییەی حکوومەتی هەرێم کوردستان کۆتایش دێت بەو گرژیی و ئاڵۆزییەی لەسەر پرسی دەرهێنان و هەناردەی نەوت لەنێوان هەردوولا دروستبوو. بەهەمەحاڵ ئەگەر پێشووتر پرسی ناردنە دەرەوەی نەوت بووبێتە کێشە لەنێوان ناوەند و هەرێمدا، ئێستا بارەکە بەو ئاقارە گەیشتووە هەردوولا بەهەماهەنگیی کاربکەن لەناردنەوەی دەرەوەی نەوتدا.ئەمەش هەنگاوێکی دەستوورییە، بەڵام بێ ئەوەی کورد خەونی هەمیشەیی مانەوە بێت لە عێراقدا وەک ئەوەی سەرکردەکانی کورد باسی لێوە دەکەن.

هەناردەی نەوت.. کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی کورد و تورک
دەوڵەتی تورکیا دوای ئێران پتر لە هەموو دەوڵەتانی تر چاودێریی رەوشی سیاسیی باشووری کوردستان دەکات، تەنانەت تورکیا یەکێک بووە لە لەمپەرە هەرە گەورەکانی بەردەم بەدیهاتنی دەوڵەتێکی کوردیی لە باشوور، بە بڕوای هەندێک کارناسی رامیاریی و زۆرێک لە سیاسەتمەداران تورکیا لە زۆرترین دەرفەتەکاندا رێگری بەردەم خەونی کوردەکان بووە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا. “ئان ویلیامس”ی رۆژنامەنووسی بەریتانیی دەربارەی ناحەزیی تورکیا و رۆڵی لە کۆسپ خستنە بەردەم دەوڵەتی کوردیی، پێیوایە “ئەگەر تورکیا نەبووایە، ئەمەریکا زۆر حەزی دەکرد دەوڵەتێکی هاوڕێ و هاوپەیمانی وەکو کوردەکانی هەبووایە لە باکووری عێراق”.
لەگەڵ ناردنە دەرەوەی نەوتیش لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، دەوڵەتی تورکیا هەراشانەتر لە جاران هاتە سەرخەت و ئەو هەنگاوەی وەک سەرەتای شەقاونان بۆ دەوڵەتی کوردیی لێکدەدایەوە، ئەو دەوڵەتە کوردییەی تورکیا هەشتا ساڵە هەموو ژیانی خۆی لەسەری داناوە تاوەکوو نەیەتە سەر ئەتڵەسی جیهان، ئەمجارەیان بە پێچەوانەی هەموو کەڕەتەکانی ترەوە تورکیا لە هەنگاوی ناردنە دەرەوەی فەرمیی نەوت لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دەنگی ناڕەزایی لێ بەرز نەبووەوە، ئەگەرچی رۆژنامە و ناوەندە میدیاییەکانی تورکیا گرنگییەکی بەرچاویان دا بە هەواڵەکە، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسیی و راگەیاندنیش بە دەرفەتێک بۆ لێک نزیکبوونەوەی زیاتری هەردوولا لێکدرایەوە، ئەمەش یەکێکە لەو سیاسەتە حەکیمانەیەی تورکیا کە بێگومان کاریگەریی ئیجابی بۆ ژیانی سیاسیی و ئابووری هەردوو گەل و وڵات دەبێت چ لەماوەیەکی نزیکدا و چ لە دوور ماوەدا.

رۆژی 2-6-2009 واتە یەک رۆژ دوای مەراسیمی کردنەوەی قفڵی هەناردەی نەوتی کوردستان رۆژنامە تورکییەکان ئەم دۆزەیان وەک پرسێکی هەستیار و پڕ بایەخ و بە مانشێتی گەورە بڵاوکردەوە، بۆ نموونە رۆژنامەی “سەباح” لە ژمارەی ئەو رۆژەیدا بە وردیی تیشکی خستۆتە سەر دۆسیەکە و روونیشی کردۆتەوە ئەم رووداوە سەلمێنەری ئەوەیە تورکیا بۆ کوردستان دەتوانێت پەناگەیەک بێت. رۆژنامەنووسی ناوداری تورکیاش “چەنگیز چاندار” لە یەکێک لە وتارە نوێیەکانیدا نووسیویەتی “بۆ ناردنی نەوت و گازی سروشتی بۆ بازاڕەکانی جیهان، باشترین شوێن تورکیایە،. ئەم پێشکەوتنانە هەتا بۆ شیکاری سیاسیی ستراتیژیی و دیاریکردنی باسی رۆژانە سوودی هەیە و دەبێت لە بەرچاوی بگرین”. هەرو لەو نێوەندەدا “بی بی سی تورک” نووسیبووی “لە مێژووی عێراقدا یەکەمجارە خەڵکی کوردستان لە هەرێمەکە سەرچاوەی نەوتیی بڕیار دەدات، ئیتر نەوت دەگاتە ئەو راددەیەی جێگیریی و خۆشگوزەرانیی بە دوای خۆیدا بهێنێت و ئەمڕۆ ئەو رووداوە بۆ عێراق سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە” (5).
تەواوی میدیاکانی تریش بە بایەخەوە سەیری ئەم پرسەیان کردووە و شیکاریی ئەوە دەکەن ئەم ناردنە دەرەوەی نەوتی کوردستان لەرێگەی بۆرییەکانی تورکیاوە دەبێتە سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوولا، لەلای خۆیانەوە کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێم و باڵای کوردستان هەموو لایەکیان دڵنیا کردۆتەوە هێنانە دەرەوە و هەناردەی نەوت لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستوورییدا دەبێت و ئاکامی زیانباری بۆ هیچ حکوومەت و گەل و دەوڵەتێک لێناکەوێتەوە بەڵکو بەپێچەوانەوە کوردەکان خوازیارن بەم بۆنەوە پەڕەیەکی سپی و نوێ هەڵبدەنەوە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ خودی حکوومەتی عێراقیی و دەوڵەتانی تری ناوچەیی و جیهانیی. لەگەڵ ئەوەی کوردە نیەت پاکیی خۆی نیشانداوە و تورکیاش خۆشحاڵە بەوەی نەوتی کوردستان لە بۆرییە نەوتییەکانی وڵاتەکەیەوە هەناردە بکرێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا تورکیا چاوپۆشیی لە هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە لە باشوور و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەنوقێنێت بە خاتری سوودی ئابووری؟ ئایا پەکەکە نابێتە کێشە لەسەر رێگای ئەو پەیوەندییە تازەیەی نێوان هەردوولا؟. هێشتا وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر هەستەوەر و بایەخدارە دیار نییە، ئەوەی دیارە پێشوازیی و خۆشحاڵیی تورکیایە لە هەناردەی نەوتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە رێی وڵاتەکەیەوە، پێشهات و سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکانی داهاتوو بەرسڤی ئەو پرسینە دەدەنە و ئاخۆ نەوت چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر رەوشی سیاسیی و پەیوەندیی سیاسیی باشووری کوردستان و دەوڵەتی تورکیا؟.

کاریگەریی هەناردەی نەوت لەسەر ئاستی کوردستان
سەرۆکی پارلەمانی کوردستان “عەدنان موفتی” لە رێورەسمی کردنەوەی یەکەمین قفڵی هەناردەی نەوتی کوردستان رایگەیاند “ئەمڕۆش کە بەرهەمی نەوتیی کوردستان بەشێوەیەکی رەسمیی دەخرێتە بۆرییەکانی نێودەوڵەتی نەوتی عێراق بۆ ناردنە دەرەوە و فرۆشتنی، هەنگاوێکی گرنگە و داهاتی عێراق زیاد دەکات و بێگومان لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراقدایە”. لە باری واقیعییەوە نەوتی کوردستان لەمەوپاش ساڵانە زۆرتر لە بڕی 20 ملیار دۆلار دەخاتە سەر بودجەی عێراق کە ئەمەش نیوەی ئەو بودجەیەیە عێراق لە ساڵێکدا لە رێی بازرگانیی نەوتەوە پاشەکەوتی دەکات. ئەگەر ئەم بڕە زیادەیە هەر هیچ پشکی کورد تێدا نەبێت، ئەوە لانیکەم لەو بڕە نزیکەی سێ “3” ملیار دۆلار بەر کوردستان دەکەوێت ئەویش لە رێگەی پرنسیپی 17% بۆ کوردستان لە بودجە و داهاتی گشتیی عێراق.
کەوابوو گومان هەڵناگرێت زیادکردنی ئەو چەند ملیاردە بۆ سەر بودجەی باشووری کوردستان لە دوا شیکردنەوەدا دەبێتە فاکتەری سەرەکیی بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری وڵاتەکە. ئەگەرچی لە هەرێم هیچ کەس هاشا لەبوونی گەندەڵیی و بەفیڕۆدان ناکات، ئەگەرچی هەموو پڕۆژەکانی لە بوارە جیاجیاکانی خزمەتگوزاریی ئەنجام دەدرێن بە پێی سیستمێکی روون و رێکوپێک و پاکژانە کۆتاییان پێناهێنرێت، ئەگەرچی لە کوردستان ژمارەیەکی زۆر کارمەندی بن دیوار و بێکار و بێ ئەزموون بوونیان هەیە و بەشێکی بەرچاوی داهاتی کوردستان لەبری لە بواری بەرهەمهێناندا وەگەڕبخرێت دەدرێت بەمووچەی ژمارەیەک خەڵکی بەکاربەر و بێ بەرهەم، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نکۆڵیی ناکرێت رەوشی ئابووری و داهاتی تاکەکەس لە شارەکانی کوردستان زۆر باشترە بە بەراوورد بە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لەهەمان کاتدا رێژەی هەژاریی لەناوچە کوردنشینەکاندا لە چاو رێژەی هەژاریی لە ناوچە عەرەبنشینەکانی عێراق هەرگیز قابیلی بەراوورد نییە.
راپۆرتێکی ئابووری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات تێکڕای ناوەندی داهاتی تاک لەهەرێمی کوردستان بەرزترە بە بەراوورد بە بەغداد و شارەکانی عێراق، لەهەرێم داتای ناوەندی تاک 190،900 دینارە لە مانگێکدا، بەڵام ئەم رێژەیە لە بەغداد 125،900 و لە سەرجەمی عێراق 125،100 دینارە. (6). سەرباری ئەو جیاوازییە لە رێژەی داهاتی تاکەکەسدا، هێشتا بەو مانایە نییە لە کوردستان خەڵک نییە لە ژێر هێڵی هەژارییەوە ژیان بگوزەرێنن، بەڵام قسەکە لەسەر ئەوەیە ئەم پرۆسەی ناردنە دەرەوەی نەوتی کوردستان و ئەو جووڵانەیەوە لە ئابووری تێکڕای عێراقدا کەم تا زۆر کارتێکردنی هەیە بۆ سەر گەشەکردنی ژیانی ئابووری و تەنانەت بازرگانیی و سیاسیش لە هەرێمی کوردستاندا، لێ دەستی گەندەڵیی و بەفیڕۆدان زۆر لەوە درێژترە بتوانرێت ئەم بڕە داهاتەی لێ بپارێزرێت، بەڵام دواجار بە رێژە و ئەندازەی جیاواز سوودی لێدەبینرێت لە زیاتر پێشخستنی رەوشی ئابووری و خستنەگەڕی لە بواری خزمەتگوزارییدا، کە ئێمە خوازیارین لە بواری بازرگانیی و وەبەرهێناندا سوودی پتری لێ ببینرێت، چوونکە نابێت بەیەکجار ئەو داهاتە بڵاوبکرێتەوە و کەس نەزانێت بۆ کوێ دەڕوات، بەڵکو پێویستە کارێک بکرێت ئەو داهاتە زۆرتر بێت و سەرمایەگوزاریی پێوە بکرێت لە رێگەی هاندان و خستنەگەڕی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و راکێشانی کۆمپانیا و ناوەندە بازرگانی و وەبەرهێنە دەرەکییەکانەوە تا لە کوردستان سەرمایەگوزاریی بکەن و دۆخێکی نوێتر و ئابوورییەکی بەهێزی گەشەکردوو لە بەستێنی کۆمەڵی کوردستان بخوڵقێنن.
پێشکەوتنی زۆرتری ئابووری کوردستان بۆ خۆی پێشکەوتنی سیاسیش دەگرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەگەر کوردستان هەر ئێستا دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێت و ئابوورییەکی فاشیل و لەرزۆکی هەبێت بە هیچ جۆرێک نە خواستی خەڵکە و نە حکوومەتێکی لەو چەشن و بابەتە دەتوانێت بەرگەی کێبڕکێ و ململانێی سیاسیی و رووبەڕوبوونەوەی نەیارەکانی بگرێت، راستتر وایە بڵێین دەوڵەتێکی ئابووری تەپیو و هەژار هەر نەبێت باشترە، لەم رووەوە هەناردەی نەوت لە یەکێک لە رەهەندەکانیدا دۆخی سیاسیی بەرەو پێشەوە دەبات و دەسکەوتی زۆرتری بۆ بەدیهێنێت. ئەم فاکتەش وەنەبێت تەنیا تێبینی من بێت وەک تاکەکەس، بەڵکو زۆرێک لە پسپۆران و شارەزایان و کوردناسان کۆکن لەسەر ئەم بۆچوونە، بۆ وێنە “فارووق باڵکج” سەرۆکی دەستەی رۆژنامەنووسی دیاربەکر لە تورکیا هەمان روانگەی هەیە و دەڵێت “نەوت هێزێکی سیاسیی بە دوای خۆیدا دەهێنێت و یەکەم جارە بە ناوی کوردەکانەوە دەردەچێت و من ئەوە وەک خاڵێکی سەرەتا دەبینم، سەرکەوتنی سیاسیی ئەگەر سەرکەوتنی ئابووری لەگەڵیدا تاجی لەسەر نەنرێت ئەوا گۆڕانکارییەکی راست و جێ متمانە نابێت و ئازاری زۆری لێدەکەوێتەوە”.

کاریگەریی هەناردەی نەوت لەسەر ئاستی عێراق
لە ساڵی 1958 بەملاوە، عێراق بەهەموو شێوەیەک سەقامگیریی لە دەستداوە و بەردەوام حکوومەتەکانی عێراق، سەرقاڵی جەنگ و شەڕی ناوخۆیی و دەرەکیی بوون، لەگەڵ هاتنە سەرکاری بەعسییەکان لە تەمووزی 1968، زۆر لە جاران کاریگەرتر و هەراشانەتر جەنگ بوو بە چارەنووسی عێراقییەکان، بەو هۆیەوە پشکی زۆری بودجەی عێراق بۆ جەنگ و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەفیڕۆ دەبرا، جەنگ نەک تەنیا بودجە و داهاتی زۆر و زەبەندی عێراقی هەڵلووشی، بەڵکو وڵاتەکەی کردە یەکێک لە قەرزارترین دەوڵەتەکانی جیهان، ئەمەش لە دوا ئاکامدا بووە فاکتەری داتەپینی ژێرخانی ئابووری و هەڵاوسان و هەژاربوونی عێراق، دواتریش گەمارۆی ئابووری سەر عێراق کە سیانزە ساڵی خایاند “1990-2003” یەکێک تر بوو لەو هۆکارانەی هێندەی تر عێراقی رووەو هەژاریی و نەدارییەکی خنکێنەر برد .
بەهەمەحاڵ کۆمەڵێک فاکتەر بە گشتیی و بەیەکەوە کاریان لە دۆخی ئابووری و داهاتی تاکەکەسی عێراقیی کرد تا ئەو مەرزەی ئێستا هەژاریی دیاردەیەکی ترسناکە لە عێراقدا و بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوە جیهانییەکان عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانەی بە ئەندازەیەکی ترسناک هەژاریی تێدا هەیە. تەنانەت بە گوێرەی تازەترین داتای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رێژەی هەژاریی لە عێراق لە هەریەک لە وڵاتەکانی وەک یەمەن و نێجیریا و سودان زیاترە، بەوەی رێژەی هەژاریی هەنووکە لە عێراقدا لانیکەم 39% کەچی ئەم رێژەیە لەو سێ وڵاتە نەگەیشتۆتە 35%، لە کاتێکدا هیچکام لەو وڵاتانە نەوت و سەرەواتی سروشتیی و هاوکاریی دەوڵەتانی جیهانیان نییە کە عێراق هەموو ئەمانەی هەبووە و هەیە، هەروا بەپێی راپۆرتی “ئەوروپان زیوس” دەربارەی راددەی هەژاریی لە عێراق لە ساڵی 2009دا، رێژەی هەژاریی لە عێراقدا روو لەبەرزبوونەوە بووە و وا پێشبینی دەکرێت ئەم رێژەیە رووەو بەرزبوونەوەی زیاتر بڕوات، بۆیە پێویستە پڕۆژەی دابەشکردنی خواردەمەنی لە وڵاتی عێراقدا بەشێوەیەکی بنەڕەتیی گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.
هەندێک رێکخراو و دامودەزگای عێراقی و بیانیی و نێودەوڵەتیی فاکتەری هەژاریی لە عێراقی دوای سەدامدا دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی سیاسەتێکی حەکیمانەی ئابووری و جەنگی تیرۆریستان و هەبوونی گەندەڵییەکی بێ ئەندازە و سەرسوڕهێنەر لە وەزارەت و دامودەزگاکانی میرییدا، بە گوێرەی لێکدانەوەی رێکخراوگەلێکی پابەند بە پرسی هەژاریی، بودجەی چەند ساڵی دوای پرۆسەی رووخانی بەعس و هەڵکشانی داهاتی عێراق بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە هێندە بەرز بۆتەوە بەدەر لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئەو داهاتە بەشی ئەوەی دەکرد هەر تاکێکی عێراقی چەند سەد دۆلارێک وەربگرێت لە مانگێکدا، ئیدی ئەمە کە نەکراوە هۆیەکی ئاشکرایە چییە!. یەکێکی تریش لە فاکتەرەکان جۆرێکە لە تاڵانکردنی نەوت لە رێی هەرزانفرۆشییەوە بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەو بۆرییە نایاساییانەی لە باشوورەوە بەرەو ئێران نەوتی عێراقی پێدا دەبرێت.
بۆ وێنە “ستیڤان کلیمونز” سەرۆکی دامەزراوەی ئەمەریکیی نوێ پێیوایە “خراپترین هەڵوێست ئەوەیە کە کۆمپانیا ئەمەریکیی و بیانییەکان نەوتی عێراق بە هەرزانترین نرخ ببەن و هاووڵاتیانیش لە هەژارییەکی کوشندەدا بژین”. لەگەڵ بوونی ئەم فاکتانەدا ناتوانین بیشارینەوە ئەدای ناشی و نالێپرسراوانەی حکوومەتی عێراقی بەشێکی زۆری کێشەکەی پێکهێناوە، چوون ئەگەر هەر باسی داهاتی نەوت بکەین لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2008 لە 43 ملیار تێپەڕیوە، ئایا حکوومەتێک کە ژمارەی هاووڵاتیانی نەگەیشتبێتە 30 ملیۆن و ئەو بودجە هائیل و خەیاڵییەی هەبێت، دەبێت لە غەیری گەندەڵیی چ پاساوێکی تر هەبێت بۆ ئەو گوزرەانە خراپەی تاکی عێراقیی تێدایە؟. “ئەگەر ئەو 43 ملیار دۆلارە، رێژەی 75% بدرێتە حکوومەت، ئەوا بڕی شەش ملیار دۆلار دەبێتە بەشی هاووڵاتیان!، بە پێی دابەشکردنی ئالاسکا بە گریمانەی ئەوەی دانیشتوانی عێراق ئێستا بە30 ملیۆن کەس مەزندە دەکرێت و ئەو سی ملیۆنە 6 ملیاری بەسەردا دابەشبکەیت، ئەوا هەر تاکێکی عێراقی مانگانە بڕی 200 دۆلاری ئەمەریکیی بەردەکەوێت” (7).
ئەوەی تا چەند ئەو بیست ملیار دۆلارەی لە داهاتی فرۆشی نەوتی کوردستانەوە دەچێتە سەر بودجەی عێراق دەبێتە فاکتەری بەرزبوونەوەی داهاتی تاکەکەس و چاکبوونەوەی ئاستی بژێویی هاووڵاتیانی عێراق، پەیوەستە بە سیاسەتی حکوومەتی داهاتووی عێراقەوە، چوونکە بینیمان سیاسەتی کابینەی مالیکی لەهەموو روویەکەوە شکستخواردوو بووە بە تایبەت لە بەرزکردنەوەی دەخلی هاووڵاتیان، بۆیە باوەڕ ناکرێت بەم چەند مانگە کەمەی ماوێتی لە دەسەڵاتدا بتوانێت کارێک لە دۆخی ئابووری عێراقدا بکات موعجیزە بخوڵقێنێت، لەبەرئەمە حکوومەتی داهاتووی عێراق کە لە سەرەتای ساڵی نوێوە دەستبەکار دەبێت ئەرکی چاککردنی باری دارایی و بژێویی خەڵکی دەکەوێتە سەرشان، ئەگەر گریمانەی ئەوە دابنێین دیسان مالیکی دەبێتەوە سەرۆک وەزیرانی وڵات چاوەڕاونیی هیچ ئاڵوگۆڕێکی شایانی باس ناکەین، چوون ئەویش هەموو قورسایی کاری سیاسیی خۆی بەستۆتەوە بە لاوازکردنی کورد و بەهێزکردنەوەی سوپا و دامەزراندنەوەی دەوڵەتێکی سەنتراڵ و تۆتالیتاریی، ئەم کارەش نەک باشەیەکی بۆ هاووڵاتیان نییە بەڵکو بە شێوەیەک لە شێوەکان لەسەر حیساب و پارووە نانی هەژاران و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵ دەخرێتە بواری پراکتیزەوە. زۆر بە کورتیی نەوتی کوردستان لانیکەم نیوەی بودجەی ئێستای عێراقە و بۆ ساڵانی داهاتوو داهاتی عێراق بەرزتر دەکاتەوە، بەڵام بۆئەوەی ئەم بەرزبوونەوەیە لە داهاتدا ببێتە بەرزبوونەوە لە رەوشی ئابووری و داهاتی تاکەکەسدا پێویستمان بەسیاسەتێکی ئابووری رۆشن و پتەو هەیە، وەک چۆن رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی و بە فیڕۆدان دەبێت لە ئەولەویەتی کاری دەوڵەتی ناوەنددا بن.

کۆتایی نەوت و سەرەتای ناهەموارییەکی ئابووری
وڵاتانی رۆژئاوا، ئەوانەی بەشێوەیەکی بەرچاو پێویستیان بە وزە و سووتەمەنی هەیە بە گشتیی و نەوت بە تایبەتی، بە دوای ئەڵتەرناتیڤی نەوتدا دەگەڕێن تاوەکو ئەو هەموو بڕە زۆرەی داهاتی خۆیان لە کڕینی نەوتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی و عەرەبیی بەفیڕۆ نەدەن. دوای ئەو قەیرانە گەورەیەی بەم دواییانە رووی لە وڵاتانی رۆژئاوایی و سەرمایەداریی کردووە رەنگە هەنگاوەکانی دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ نەوت خێراتر بن، بەو هیوایەی ئەم هەنگاوە کۆمەکی جیددی بکات بە ئابووری و ژێرخانی هەرکام لەو دەوڵەتانە. هەندێک لە وڵاتانی کەنداو، ئەوانەی بەشی زۆری بودجەیان پابەندی فرۆشتنی نەوتە، کەوتوونەتە خۆیان تاوەکوو ئەو داهاتەی زۆرەی لە رێی فرۆشی نەوتەوە وەچنگیان دەکەوێت بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی پیشەسازیی و کەرتی تایبەت بەکاریبهێنن تا لەو ساتەوەختەی نەوت بەهای خۆی لە دەستدەدات ئابووری نیشتمانییان رووی لە شکست و قەیران نەبێت. لە عێراق هەتاکو ئێستاش هیچ هەنگاوێک بەو ئاقارەدا نەنراوە بەڵکو نەوت بووەتە هۆکاری تەمبەڵکردنی تاکی عێراقی و گۆڕینی ئەو تاکە لە بەرهەمهێنەوە بۆ بەکاربەر و مشەخۆر کە هیچ کۆمەکێک ناکات بە پێشخستنی رەوشی ئابووری و گەشەپێدانی زیاتری کۆمەڵگە.
“د.ئامینە عادل عەبدولمەهدی” پسپۆڕێکی ناسراوی عێراقییە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئابووریدا لە زانکۆی سۆربۆن، بە رەشبینییەوە دەڕوانێتە رەوشی ئابووری و پاشەڕۆژی بەرهەمهێنان و گەشەسەندنی ئابووری عێراق و دەڵێت “ئەگەر نرخی نەوت بەردەوام بێت لە دابەزین و جێگیر نەبوون، ئەوە پێویستە ئابووری عێراق پشت بە نەوت نەبەستێت و دەبێت بیر لە گۆڕان بکرێتەوە لە کەرتی گشتییدا کە تا ئێستا هیچ شتێکی وا نەکراوە”. ئەمڕۆ بێت یان سبەی نەوت کۆتایی دێت، کۆتایی بەو مانایە نا ئیدی سەرچاوە نەوتییەکان وشک دەکەن بەڵکو بەو مانایەی چیدی نەوت پێویستییەکی پلە یەکی پیشەسازیی نییە، بەڵکو زۆرێک لە بەکاربەرانی نەوت یان ئەڵتەرناتیڤەکەی دەدۆزنەوە و کەمتر پێویستیان پێی دەبێت، یان هەر دەگەنە قۆناغی میتا یان پۆست پیشەسازیی و تەکنۆلۆژیا، تەنانەت ئەمەریکا دەیەوێت چی کارگە و فابریکە و دامەزراوەی پیشەسازیی و تەکنۆلۆژیی خۆی هەیە بنێرێتە دەرەوەی وڵاتەکەی و بیگوازێتەوە بۆ وڵاتانی نامی، چون ئەم رێگەیە یەکێکە لە رێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو قەیرانە یەک لە دوای یەکانەی بەردەوام رووی لە سیستمی سەرمایەداریی هاوچەرخە، ئەمەریکا ئەمڕۆ گەیشتۆتە قۆناغی بازرگانیی و فرۆشتنی عەقڵی زانستیی، بەو مانایەی زانایان و توێژەرانی ئەمەریکیی بیرۆکە و روانگەی نوێ بەرهەم دەهێنن و دەیفرۆشنەوە بە کۆمەڵگە و دەوڵەتانی تر تا لە بواری پراکتیکدا تاقیبکەنەوە.
خولاسەی وتە لەوەدا چڕ دەکەینەوە: بێگومان و بێگومان نەوت کۆتایی دێت و قۆناغی نەوت درەنگ بێت یان زوو ئاوا دەبێت، بەڵام ئەگەر وڵاتانی فرۆشیاری پەترۆڵ خۆیان بۆ ئەو قۆناغە نوێیە ئامادە نەکەن و دۆخی ئابووری خۆیان نەگۆڕن و گرنگیی نەدەن بە کەرتی تایبەتی و گەشەپێدانی پیشەسازیی و کەرتی گەشتیاریی ئەوە بێگومان نەهامەتییەکی گەورە و خنکێنەر چاوەڕوانیان دەکات، نەهامەتی و قەیرانێک رەنگبێ سەرلەبەری ئەو کۆمەڵگەیانە لەبەریەک هەڵبوەشێنێتەوە. عێراق تا ئێستا هیچ ئامادەکاریی و شەقاوێکی بۆ قۆناغی پۆست نەوت نەکردووە و نەناوە، بۆیە ئەگەر وەزعەکە هەروا بڕواتە پێشەوە ئەو هەژارییەی ئەمڕۆ لەم وڵاتەدا هەیە چەند قات دەبێتەوە و چارەنووسی کۆمەڵگەکەش دەخاتە گێژاوێکی نادیار و تاریکەوە.

وتەی کۆتایی
شارەزای ناسراو “تیمۆسی ویلیامز” پێیوایە: سەرەڕای ئەوەی هێشتا چارەنووسی کەرکوک نادیارە و کێشەکە نەکەوتووە بەلایەکدا، بەڵام هەر لە ئێستاوە کۆمپانیاکانی نەوت لە پێشبڕکێدان بۆ مۆرکردنی گرێبەستی نەوتیی. یوست هیلتەرمان، شارەزا لە گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی، دەڵێت “بە ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە نەوتییانە، نوری مالیکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەشێوەیەکی توند و بەهێز ئەو راستییە بۆ کوردەکان دووپات دەکاتەوە تەنیا حکوومەتی عێراق سەروەریی هەیە بەسەر ئەو ناوچە نەوتییانەدا کە کێشەیان لەسەرە و لە دەستووردا یەکلا نەکراونەتەوە”. ئەگەرچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمیی و لە ژێر سەرپەرشتیی حکوومەتی مەرکەزیی رێی پێدراوە نەوتی هەر سێ شاری “دهۆک – هەولێر – سلێمانی” رەوانەی دەرەوەی وڵات بکات، بەڵام هێشتا چارەنووسی گەورەترین شاری نەوتیی کوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەکە نادیارە و پێناچێت بەم زووانەش بگەڕێتەوە بۆ سەر جوگرافیای رەسەنی خۆی، ئەگەر لەلایەکەوە کورد نەوت دەربهێنێت و بینێرێتە دەرەوە، ئەوا لەلاکەی ترەوە بەپیتترین کێڵگە نەوتییەکانی لە شاری کەرکوکی لێ زەوت بکرێت، بەڵگەی ئەوە بەدەستەوە دەدات هەر کاتێک حکوومەتی عەرەبیی عێراق پەنجەرەیەک بە رووی کورددا بکاتەوە، گومانی تێدا نییە لە هەمان کاتدا دەیان دەرگای گەورە گەورەی لەسەر داخستووە، ئەم راستییەش بەسە بۆئەوەی حوکم بدەین لەسەر حکوومەتی عێراق کە نایەوێت بەهیچ شێوەیەک کورد بەشێوەی راستەوخۆ ببێتە خاوەنی نەوت و لە ژێر سایەی خۆیدا مامەڵەی پێوە بکات و بۆند لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی پەترۆڵ ببەستێت. (8).

———————————————-

پەڕاوێزەکانی چاپتەری پێنجەم:
1-گۆران ئیبراهیم ساڵەح “کەرکوک لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا” بەهاری 2007، مەکتەبی بیر و هۆشیاریی ی.ن.ک، لاپەڕە 176. “کالۆست سریکس گوڵبانگیان” ئەندازیارێکی زنجی بە رەچەڵەک ئەرمەنی بوو، بە “تالێرانی نەوت” ناوزەد کرابوو.
2-عەلی مەحموود محەمەد “کەرکوک شاری قەڵا و ئاگر و خوێن”، چاپی یەکەم، 2006، کەرکوک، لا 152.
3- رۆژنامەی “هاوڵاتی”، ژمارە “432”، رۆژی 18-6-2008.
4- کۆڕى بەڕێز “د.ئازاد نەقشبەندى”، لە ژێر ناوی “دەستوور و سەرچاوە سروشتییەکان”، 28-9-2005.
5-رۆژنامەی “کوردستانی نوێ”، ژمارە “4889”، رۆژی 5-6-2009.
6- رۆژنامەی “ئاسۆ”، ژمارە “970”، رۆژی سێشەممە، 12-5-2009.
7- رۆژنامەی “هاوڵاتی”، ژمارە “459”، رۆژی 21-9-2008.
8- چەند سەرچاوەیەکی ئینتەرنێت بەهەر دوو زمانی کوردیی و عەرەبی.

پەڕاوێزەکان:
1-چاپتەری یەکەم وتارێکی شیکارییە و پێش دوانزە ساڵ، لە ژمارە (369)ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لە رۆژی 15-1-2008 بڵاوبووەتەوە.
2-چاپتەری دووەم وتارێکی شیکارییە و پێش دوانزە ساڵ، لە ژمارە (48)ی گۆڤاری (نێوەند) لە مانگی شوباتی ساڵی 2008 بڵاوبووەتەوە.
3-چاپتەری سێهەم وتارێکی شیکارییە و پێش دوانزە ساڵ، لە ژمارە (506)ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لە رۆژی 15 -9 -2008 بڵاوبووەتەوە.
4-چاپتەری چوارەم وتارێکی شیکارییە و پێش دوانزە ساڵ بە دوو بەش لە ژمارەکانی (544-545)ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لە رۆژانی 25-27-11-2008 بڵاوبووەتەوە.
5-چاپتەری پێنجەم وتارێکی شیکارییە، پێش یانزە ساڵ ساڵ بە پێنج بەش لە ژمارەکانی “651-655″ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لە مانگی یولی 2009 بڵاوبۆتەوە.

تێبینی: کۆی ئەم پێنج شیکارییە وەک بەشی یەکەم لە کتێبی “گەمەی شەیتان” لەلاپەڕە 9-69 بە چاپی کاغەز بڵاوبووەتەوە لە ساڵی 2018.

ئەنالیز و نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم – سۆلنا




پرووشەکانی ئەوین…بەشی کۆتایی.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

هیچ رەشەبایەک نەیتوانی
رۆحم بە ئاسماندا ببا و بهێنێ
هیچ زریانێک دەسەڵاتی
راماڵینی خەندەکانی منی نەبوو
هیچ شەپۆلێک نەیتوانی
ئاڕاستەی کەشتییە وێڵەکەم بگۆڕێ
کەچی تۆ توانیت، زۆر بەخێرایی
بۆ ماچێک بمچەمێنیتەوە


یەکەمجار مرۆڤ ماچی داهێنا
زەمەن هات و زەمەن رۆیشت
کەس نەیتوانی شوێنگرەوەیەک بۆ ماچ دابهێنێ
کەواتە ئازیزم ماچ جادووە و پێم خۆشە
رۆژی سەد جار ئەو جادووەم لێ بکەیت


دەبینم هەموو رۆژێک دێیتە ناو بەیانییەکانمەوە
دەبینم هەموو شەوێک دێیتە ناو ئازارەکانمەوە
دەبینم وەک کلوە بەفر دەبارێیتە خۆزگەکانمەوە
دەبینم وەک سەدەفێک دێیتە دەریای خەمەکانمەوە
ئیدی لەه ەموو شوێنێک تۆ دەبینم
لێمگەڕی دنیا بە رەنگ و لە چاوی تۆوە ببینم


هیچ پێناسەیەکم نییە، تۆ بوویت بە پێناسەی من
هیچ ئادرەسێکم نییە، تۆ بوویت بە ئادرەسی من
هیچ نیشتمانێکم نییە، تۆ بوویت بە وڵاتی من
هیچ ئومێدێکم نییە، تۆ بوویت بە چرای هیوای من


وەک چۆن لە یەکەم نامەدا بۆم نووسیت خۆشم ئەوێی
ئێستاش لە دوا نامەدا بۆت ئەنووسم خۆشم ئەوێی
هەڵاتن و ئاوابوونی تۆ، بۆ من
تەنیا حکایەتێکی ناکام و تراژیدیی ئەشقە
بەم هۆیەوە رێم بدە ئەمێستاش وەک سەرەتا
خۆشم بوێی


ئەگەر ئێوارەیەک لەگەڵ کزەی “با”دا دیار نەمام
هیچ شوێنێک بۆ من مەگەڕێ
تەنیا چاوەڕوان بە لەگەڵ گزنگی خۆردا هەڵبێم
ئەگەر بەیانییەک لەگەڵ سپێدە غەیب بووم
هیچ شوێنێک بۆ من مەگەڕێ
چاوەڕوان بە لەگەڵ تریفەی مانگدا بێمەوە


وەرە پێکێک لەم تەنهاییەی من بخۆرەوە
وەرە گوێ لە ئاوازی پڕ گریانی دڵم بگرە
وەرە بەدیار خۆکوشتنی رۆحمەوە ئێشک بگرە
ئەوسا دەزانیت
ئەشق و تەنهایی و گریان و خۆکوشتن
هەمیشە پێکەوە کۆ ئەبنەوە


لە کۆتاییدا
لە جەنگی عەشق هەڵاتم و
وەک سەربازێکی راکردوو
چەکەکەی دەستم فڕێدا و
خۆم رادەستی قەدەری نادیار کرد
لە کۆتاییدا
لە نەبەردی عەشق هەڵاتم و
سەرەتای بەختەوەریم دەستپێکرد


رۆژئاوای زەمین
ئەو ئێوارانەی تەنهایی رۆحم دەگوشێت

تێبینی: ئەم پۆستەرە شیعرانە، لە کۆمەڵە شیعری “بەتیشکی عیشقت ئەدرەوشێمەوە” لە لاپەڕە 90-102دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەو کتێبەش بەشێوەی چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپکراوە.




پرووشەکانی ئەوین… 3- شیعری: ستیڤان شەمزینی

بەشی سێهەم…

هەرچی شاڕێگاکانی رۆحمەوە
دێتەوە بەردەم ماڵی ئەوینی تۆ
هەرچی رووبارەکانی خەیاڵمە
دەڕژێنە نێو دەریای خەونی تۆ
هەرچی تنۆکە بارانەکانی هەستمە
ئەبارێنە سەر دڵی نەرمی تۆ


تاکوو تۆ دەریا بیت
بەڵێن بێ منیش شەپۆلی عەشق بم
تاکوو تۆ ئاسمان بیت
بەڵێن بێ منیش خۆری ئەوین بم
بیرت بێت کە جۆرێکی ترم لە باران
لە بری ئەوەی بڕژێمە سەر جەستەت
دڵۆپ دڵۆپ ئەبارێمە ناو دڵت


رۆژژمێری تەمەنم رووەو کۆتایی ئەڕوا
جەستەی تەزیوم بە کورەی مەرگا گوزەر ئەکا
نەغمەی زیکری ئەشقم بە گوێی مەعشوق ناگا
بەپێوە ئەمرم و شیعرەکانم لای تۆ هەر هەناسە ئەدا


پێشتر نوقمی شەوەزەنگ بووم،
ئێستا لە رووناکی ئاهورامەزدا هەڵکێشراوم،
پێشتر پارچەیەک لە تووڕەیی بووم
هەنووکە لە میهری مەسیحدا تەعمید کراوم
ئەوسا وشکەساڵی رۆحی خواردبووم
ئێستا شەستە بارانی ئەشقی تۆ سەوزم ئەکاتەوە


ئەچمە ئەشکەوتی بێ بنی فەرهەنگ
ئەڕۆمە قووڵایی ئۆقیانووسی زمان
تا بە رازاوەترین شێواز بۆت بنووسم
بۆ ئەوەی هەستی شەیدابوونم
بە گەرم و گوڕیی ئاگری دڵمەوە بگاتە لات


تۆ چەشنی موعجیزەیەک هاتیت
لاپەڕەکانی دڵمت یەک یەک خوێندەوە
لە کۆتا لاپەڕەدا بەخەتێکی درشت نووسیت:
خۆشم ئەوێی و کتێبەکەت داخست!


لە بەرەبەیانی تەمەندا قاوەیەکم بۆ خۆم گرتەوە
لە بەختی مندا پەرییەکی دەریا دەرکەوت
لەوساوە تا ئێستا هەر چاوەڕوان بووم
وەختێک تۆ دەرکەوتی،
پەری ناو قاوەکەم ناسییەوە و
بڕوام بە جادوو هێنا


رەشەبای حوزن هات، تۆ هەر نەهاتی
گەردەلولی بێهودەیی هات، تۆ هەر نەهاتی
زریانی کوێرەوەریی هات، تۆ هەر نەهاتی
چرکە بێزارەکەرەکان هەموو هاتن، تۆ نەهاتی
رۆژەکان هاتن و رۆیشتن، تۆ هەر نەهاتی
لە کۆتاییدا مەرگ هات و
تۆ چەند خولەک دواتر گەیشتیت


بۆ ئەبەد ئەڕۆم، ئیدى
لەناو کتێبەکاندا بۆم بگەڕێ
لەناو حکایەتەکاندا گوێم لێ بگرە
لە ئەفسانەکاندا بمدۆزەرەوە
چوونکە، عەشق
باڵی دوا سەفەری پێبەخشیووم و
ئەبەد ناگەڕێمەوە





پرووشەکانی ئەوین …بەشی دووەم…شیعری: ستیڤان شەمزینی

لەوەتی خۆم ناسیوە عاشقم
بەڵام هیچ عەشقێک وەک خۆشەویستی تۆ
پەڕ و باڵی نەشکاندووم
لەوەتی خۆم ناسیوە ئاشقم
بەڵام ئاگری هیچ عەشقێک وەک خۆشەویستی تۆ
دڵ و ناخی نەسووتاندووم
لەوەتی ئاسمان هەیە من لێی ئەڕوانم
بەڵام فڕینی هیچ باڵندەیەک وەک فڕینی تۆ
لە ناخ و ریشەوە نەیبزواندووم!!


زۆر جار کە سەیری ئاسمان دەکەم
ماتەم دامدەگرێ و پێم سەیرە
چۆن بەرگەی کشانی ئەو هەموو ئەستێرەی
ناو دڵی گرتووە!
لە ئاسمانی دڵی مندا
تەنیا یەک ئەستێرەی پرشنگدار هەیە
لە ترسی کشانی خەون و خەیاڵم لێ تاڵ بووە


بیرم نایەت چۆن و کەی عاشقت بووم
تەنها ئەوەندە دەزانم
بوونی من لەو ساتەوە دەستپێدەکا
لە تۆدا بۆ هەمیشە خۆم دۆزییەوە
بیرم نەماوە چۆن و کەی ئاشقت بووم
هەر ئەوەندەم لە بیرە
گڕکانێک لە دڵما تەقییەوە و
بۆ ئەبەد خۆم لە تۆدا ون کرد


من وا راهاتووم تینووێتی چاوم
بە تەماشای باڵای تۆ بشکێنم
من وا راهاتووم لە مەعبەدی دڵی تۆدا
رۆژانە نوێژی عەشق دابەستم
من وا راهاتووم بە ژێی دەنگی تۆ
ژاوەژاوی رۆحم ئارام بکەمەوە
من وا راهاتووم رۆژی سەدجار خۆم بکوژم
بۆ ئەوەی لە باوەشی تۆدا زیندوو ببمەوە


وەکوو چۆن درەخت بە ئاوازی شنەبا سەما دەکا
وەکوو چۆن کێڵگە تاوە باران لە ئامێز ئەگرێ
وەکوو چۆن زەوی بە دەوری خۆردا تەواف دەکا
وەکوو چۆن رووبار دەڕژێتە باوەشی دەریاوە
منیش بە هەناسەکانی تۆ سەما دەکەم
ئازارەکانت لە ئامێز ئەگرم و
بە دەوری باڵاتدا تەواف ئەکەم
دواتریش بە هێمنی ئەڕژێمە چارەنووستەوە


دڵم وەک دەریا
بەرەو کەناری تۆ شەپۆل دەدا
رۆحم وەک باڵندە
بەرەو ئاسمانی تۆ دەفڕێ
هەناسەم وەک خوێنی شەهید
بۆ یادی تۆ هەنسکی لێ دەتکێ
جەستەم وەک داربەڕوویەک
دەیەوێ لە باوەشی تۆدا بڕوێ
شیعرەکانیشم وەک هاوارێک
بەناو بێدەنگی تۆدا تێدەپەڕێ


تۆ لە فریشتەوە فێری جوانی بووی
لە باخچەوە دڵنەرمی و لە دەریاوە ئەوین
تۆ لە ئازارەوە فێری بێدەنگی بووی
لە شاخەوە خۆراگڕی و لە منیشەوە عەشق




دیموکراسی و واقیعى ئەمڕۆى کوردستان نمایشێکى مەیدانى … نووسینی: ستیڤان شەمزینی..

دواى کۆتایى هاتن بە جەنگى سارد و لە ئاکامدا سەرکەوتنى ئەمەریکا و کامپى کاپیتالیزمى خۆرئاوا بەسەر یەکێتى سۆڤێت و ئۆردوگاى سۆشیالیستى رۆژهەڵاتدا، هیچ چەمک و دەستەواژە و مەقولەیەکى سیاسیى نییە هێندەى دیموکراسییەت قسەى لەبارەوە کرابێ و بووبێتە جێگەى مشتومڕ و توێژینەوە و شیتەڵکاریى لەلایەن ناوەندە فیکریى و ئەکادیمییەکانەوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەل دەستپێکردنى دنیاى تاک جەمسەریى خۆرئاوایى “ئەمەریکیی”. بەڵام بیرمەندى ناسراوى ئەمەریکیى بە رەگەز ژاپۆنى (فرانسیس فۆکۆیاما) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (کۆتایى مێژوو و دواین مرۆڤ- النهایە التاریخ و خاتم البشر) زیاد لە هەمووان پێداگریى لەسەر دیموکراتییەت کرد تا ئەو راددەیەى مژدەى ئەزەلیبوونى دیموکراسییەتى دا و واى تێبینى کرد بە رووخانى کۆمۆنیزم مێژوو پێ دەنێتە خاڵى پایان و کۆتایى خۆى و دیموکراتییەت و لیبرالیزمى خۆرئاواش تاکە سیستمى سیاسییە یاخۆ دواهەمینیانە کۆمەڵى مرۆڤایەتى پێى گەیشتووە.
دیموکراسییەت چ وەک چەمک وەک زەمینەیەکى کولتووریى و کۆمەڵایەتی هێشتا قسەى جیددى لەبارەوە دەکرێ و چەندین فەیلەسوف و بیرمەندى جیا جیا بە تێڕوانین و ئایدۆلۆژیاى جیا جیاوە کاریان لەسەر دیموکراسییەت کردووە و شیتەڵکاریى و راڤەى جیاوازیان بۆ کردووە، بەڵام هیچکامیان نەگەیشتونەتە پێناسەیەکى رەها و تەواو بۆ ئەم چەمکە چوونکە بە تێپەڕبوونى زەمەن گۆڕانى بەسەردا دێت و لە یەک چوارچێوە و قاڵبى دیاریکراو قەتیس ناکرێت. ئەمڕۆش لە کوردستان یەکێک لەو چەمکانەى تەواوى هێزە سیاسیی و پارتە کوردییەکان ئیدعاى بۆ دەکەن دیموکراسییە. زۆربەى پارت و رێکخراوە کوردییەکان دیموکراسییان کردۆتە دروشمى خۆیان لە پال دروشمەکانى ترى وەک مافى مرۆڤ و دادپەروەریى و ئازادیى کە دەکرێ هەموو ئەوانى دوایى لەنێو دیموکراسییەتدا کۆ بکرێنەوە. ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانى کورد زیاد لە هەموو شتێک بە دیموکراسییەتدا هەڵدەدەن و ئەم ئەزموونە پڕ کەموکورتییەى باشوورى کوردستان بە ئەزموونێکى نوێى دیموکراسى نەک هەر لە عێراقدا بەڵکو لە هەموو ناوچەکە ئەژمار دەکەن! هەر ئێستاش کورد خۆى بە دۆست و تەواوکار و هاوپەیمانى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا دەزانێت کە نموونەیترین جۆرى دیموکراسییەت لەلاى ئەوان گەشەى سەندووە.
بۆیە بەشێک لە چاودێرانى سیاسیى وای دەبینن کاریگەریى دیموکراسییەتى ئەمەریکا دەگاتە کوردستان و تیشک و شەبەنگى ئەم دیموکراسییەتە عێراقێکى نوێ دروست دەکات کە عێراقێکى جیاوازە لە رابردوو و دەبێتە نموونەى دیموکراسییەت لە رۆژهەڵاتى نێویندا. بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا جەمسەرى دیموکراتى بە خاترى بەرژەوەندییەکانى خۆى لە عێراقدا دیموکراسی پشتگوێ دەخات یان نا؟، ئەوەى ئێستا هەستى پێ دەکەین ئەوەیە ئەمەریکا مساوەمە و سازش دەکات لەگەل مەرجەعە ئاینییەکان و سەرەک خێل و کۆنە بەعسییەکان، بێ شک ئەم سێ گروپە دوژمنى پاشەڕۆژى دیموکراسین لە عێراقدا. رەنگە لەم حاڵەتەدا کورد نەتوانێت سوودمەند بێ لە و پڕۆژە دیموکراسییەى ئەمەریکا بەناوییەوە هاتۆتە ناوچەکەوەـ ئەویش پڕۆژەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورەیە. جارێکى تر ئەمە وانەیەکمان فێرمان دەکات کە پێویستە لە نێوخۆ بەرەو دیموکراسی هەنگاو بنێین نەک چاوەڕوانى هێزێکى دەرەکى بین کە بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە تایبەتەکانى خۆى چاو لە هەموو جۆرە دیکتاتۆریەتێک دەپۆشێت.
دیموکراسی چییە؟
لە حەقیقەتدا هەر هەوڵێک بۆ پێناسەکردنى شتێک یان چەمکێک هەوڵێکە بۆ لە قاڵبدان و لە چوارچێوەنانى ئەو چەمکە لە یەک رەهەند و سیاقى دیاریکراودا، ئەگەر پێناسەمان بۆ هەموو شتێک هەبێت ئەوا هەڵەیەکى کوشندەیە ئەگەر بمانەوێت دیموکراسییەت لە پێناسەیەکى دیاریکراودا لە قاڵب بدەین، چوونکە لە بنەماوە یەکێک لە ماناکان و کارکردەکانى دیموکراسییەت بریتییە لە تێکشکاندنى قاڵب و چوارچێوە دروستکراوەکان. بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە چەند گۆشەنیگا و رەهەندێکەوە لە دیموکراسییەت بڕوانین و تا راددەیەکیش پێى ئاشنا بین ئەوا:
ا- لە رووى زاراوەوە دیموکراسییەت وشەیەکى لێکدراوە و لە دوو بڕگەى سەرەکى پێکهاتووە: (Demos)+ (Kratia) کە بە مانا گریکییەکەى بە دەسەڵاتى گەل هاتووە. لەم بارەیەوە (د.ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام) دەڵێت” دیموکراسییەت لە لاى یۆنانییەکان دەستى پێکردووە و وشەکە لە رووى زمانەوە بنەچەکەى خۆى لە دەستنەداوە (Demos) واتە گەل و (Kratia) واتە فەرمانڕەواییە، وشەکە بە ماناى فەرمانڕەوایى هەموو گەل نەک فەرمانڕەوایى توێژێک یان چینێک یان کەرتێک دێت”، بەڵام ئەو جۆرە دیموکراسییەتەی لە ئەسیناى بەر لە زاین سەرىهەڵداوە بێ خەوش و کەموکورتى نەبووە و بە پێى پێوانە دیموکراسییەکانى ئەمڕۆ جێگەى رەخنە و لەسەر وەستان و هەڵوێستەکردنە، (د.ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام) کەموکوڕییەکانى دیموکراسیەتى کۆمەڵگاى ئەسینا لەم خاڵانەدا دەستنیشان دەکات.
1-چەمکى گەل بەشێوەیەکى راست دیارینەکراوە، بەڵکو مەبەست لە گەل تەنیا ئەسیناییەکان بووە و بیانییەکان و کۆیلەکان و ژنانى لـێ هەڵاوێر کراوە، دواتر دەبینین مرۆڤایەتى پێویستى بە چەند سەدە هەبووە بۆ راستکردنەوەى ئەم هەڵە تێگەیشتنە.
2-ئازادیى کەسایەتى (ئازادیى هاتوچۆ- مافى ئاسایش) دەستەبەر نەکراوە، پێشتریش باسمان لەوە کرد چۆن هاووڵاتى دوور خراوە لەبەر ئەوەى خزمەتى باشى پێشکەش بە گەل کردووە و خەڵکیش هۆگریى خۆیان بۆ نیشان داوە تەنیا لەبەر ئەگەرى زۆرداربوونى لە کاتى گرتنە دەستى فەرمانڕەوایدا.
3-ئازادیى تاک بە ماناى وردى (ئازادیى بیروڕا- خاوەندارێتى) بوونى نەبووە، چوونکە دەوڵەت بە تەواوەتى دەسەڵاتى بەسەر تاکەکاندا سەپاندبوو، دەبوایە تاک بڕوا بە ئاینى دەوڵەت بێنێت، هەروەها دەبوایە موڵکەکان و سامانى تاک لە ژێر دەسەڵاتى دەوڵەتدا بووایە.
بۆیە دەبینین دواى تێپەڕبوونى چەند سەدە لە گەشەکردنى فەلسەفە و ژیار، کۆمەڵى مرۆڤایەتى هەنگاوى نا بەرەو راستکردنەوەى هەڵەکانى ئەو جۆرە دیموکراسیەتە و توانى بەرەو تێپەڕاندنى کەموکوڕییەکانى پێشڕەویى بکات. زۆرێک لە تۆژەران و بیرمەندان لەو بڕوایەدان ئەو شێوە کرانەوە و دیموکراسییەى لە کۆمەڵگاى یۆنانى ئەو کات هەبووە بە پێودانگە دیموکراسییەکانى ئەمڕۆ جۆرێک نەبووە لە دیموکراسییەت. لەلایەکی تریش زاراوە و چەمکی دیموکراسی رەگوڕیشاڵى بۆ مێژووییەکى زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین دیموکراسی هەڵقوڵاو و لە دایکبووى منداڵدانى مۆدێرنێتەیە. هەروەک بیرمەندى ناسراوى عەرەبى (جۆرج تەرابیشى) دەڵێت “دیموکراسیەت وەک چەمک چەمکێکى کۆنە، بەڵام وەک فیکرە، فیکرێکى نوێیە کە مۆدێرنێتى خولقاندوویەتى و دەبێت بە رۆشنبیرێتى سیاسیى مۆدێرنێتى لە قەڵەمى بدەین”. فۆکۆیاماش لەو قەناعەتەدایە تا ساڵى 1776 دیموکراسیەت لە هیچ شوێنێکى دنیادا بوونى نەبووە.
هەروەها نابێت رۆل و کاریگەریى شۆڕشى 1789ى فەڕەنسامان لە بیر بچێت کە کاریگەریى و قورسایى ئەم شۆڕشە سنوورەکانى فەڕەنساى تێپەڕاند و بووە سەرەتایەکى نوێ بۆ توڕهەڵدانى سیستمى چەوسێنەر و ئیستبدادیى دەرەبەگایەتى و کردنەوەى دەرگا لە بەردەم دیموکراسی و هاووڵاتیبوون و مافەکانى مرۆڤدا. (د.سەعد بەشیر ئەسکەندەر) دەربارەى شۆڕشى فەڕەنسى دەڵێت “شۆڕش بۆ یەکەمین جار لە وڵاتێکى پان و بەرینى پڕ دانیشتواندا -نزیکەى 23 ملیۆن فەڕەنسى- بناغەى رژێمێکى کۆماریى دامەزراند و پرۆسەى دیموکراتیزەکردن بەخێرایى بەڕێوە چوو، بەشێکى بەرچاوى دانیشتوان بە جۆرێکى وا لە توانا و مافە سیاسییەکان بەهرەمەند بوون لە مێژوودا وێنەى نەبینرا بوو”.! هەرچەند شۆڕشى فەڕەنساش بێ خەوش و بێگەرد نەبوو، بەڵکو تژى بوو لە توندوتیژیى و تیرۆر، یاکۆبییەکان وەک گروپێکى توندوتیژ و توندڕۆ بەها جوانەکان و دەسکەوتە دیموکراسییەکانى شۆڕشەکەیان لەکەدار کرد، بە راددەیەک زۆرێک لە کوڕە چالاک و پێشەنگەکانى شۆڕش برانە بەردەم میقسەڵەکەى شۆڕش!!، لە کاتێکدا هەر بەو میقسەڵەیە سەرى لویس و مارى ئەنتوانێت پەڕێندرابوو، هەر لێرەوە تێزى شۆڕش کوڕەکانى خۆى دەخوات سەر دەردەهێنێت و دەردەکەوێت.
خودى (رۆبسپێر) یەکێک بووە لە شۆڕشگێڕەکان و سەرکردەکانى شۆڕش، لە هەمان کاتدا سەدان کەسى لە شۆڕشگێڕان بەناوى بەرگریکردن لە بەهاکانى شۆڕش خستە بەردەم میقسەڵەکەى شۆڕش کەچى هەر خۆى بە هەمان میقسەڵە سەرى لە لاشەى جوێ کرایەوە. سەربارى هەموو ئەم کەموکورتییانە کەچى شۆڕشى فەڕەنسا دەروازەیەکى گرنگى گەشەکردن و پەخشبوون و جێکەوتەبوونى دیموکراسى و هاووڵاتیبوون بوو. لێرەوە دەگەینە ئەو قەناعەتەى دیموکراسی بە تێپەڕبوونى کاتێکى زۆر و گەشەکردنى شارستانێتى و لایەنە جۆرا و جۆرەکانى مەعریفە گۆڕانى بنەڕەتى و ریشەیى بەسەردا هاتووە و رەهەندى فراوانترى وەرگرتووە لەو سیاقە بەرتەسکەدا نەماوەتەوە سەرەتا هەیبووە. “جارێکى تر بڕوانن بۆ کاروانى گەشەکردن و گۆڕانکارییەکانى دیموکراسى لە شۆڕشى فەڕەنساوە هەتاوەکو ئێستا”.
ب- دیموکراسییەت زەمینەیەکە بۆ قسەکردن و خۆ تەرحکردنى هەموو ئاڕاستە جیاوازەکان. سیستمێکە هەموو دید و بۆچوونە هاودژەکان بەشێوەیەکى ئاشتەواییانە لە کۆمەڵگەدا کاردەکەن و پڕۆژە و ئەجیندا و پلاتفۆرمى سیاسیی و فیکریی خۆیان پێشکەش دەکەن. لێرەدا هەر کەس و گروپ و ئاڕاستەیەک بەبێ ئەوەى هیچ دامەزراوە و دەزگایەک هەڕەشەیان لـێ بکات یان چاویان لـێ سوور بکاتەوە کارەکانى خۆیان ئەنجام دەدەن و لە زەمینەى دیموکراسیەتدا درێژە بە بوون و پڕۆژەکانیان دەدەن، بە مانایەکى تر کۆمەڵگەى دیموکراسى، کۆمەڵگەی جیاوازییە و لە کۆمەڵگەیەک جیاوازیى و فرە ئاڕاستەیى بوونى نەبێ ئەوا بێ سێ و دوو لێکردن کۆمەڵێکە لە ئۆقیانووسى دیکتاتۆریەتدا غەرق بووە. جیاوازبوونیش بەشێوەیەک ئازادیى هەبێت بۆ تەعبیرکردن لە خۆ و لە بۆچوونەکانى خۆ، بەو جۆرەی ڤۆڵتێرى فەیلەسوفى مەزنى فەڕەنسا دەڵێت “رەنگە من جیاواز بم بە را و بۆچوونەکەت، بەڵام ئامادەم گیانم بەخت بکەم لە پێناوى دەربڕینى راکەت”. ئەمەیە رۆحى دیموکراسیەتى راستەقینە کە لە دەرەوەى شێوە بیرکردنەوەى خۆت مەودا و پانتایى بکەیتەوە یان بە رەوای بینینى لەبەردەم هەموو ئەوانى تردا خۆیان تەرح بکەن و ئازادانە گوزارشت لە بیر و بۆچوون و راکانیان بکەن و لە هەناوى کۆمەڵگەدا کار بۆ ئامانجەکانیان بکەن.
ج- دیموکراسییەت زەمینەیەکە ئازادیى و ماف بۆ کۆى شەریحە و چینە کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکات ئەمەش لە رێگەى رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنییەوە، لە واقیعیشدا بەبێ بوونى رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى دیموکراتی بەتال دەبێتەوە لە مانا رەسەنەکەى خۆى و دەبێتە دیکتاتۆریەتى زۆرینە بەسەر کەمینەدا. لە کۆمەڵگەیەکدا رێکخراوە مەدەنى و دیموکراتییەکان رۆڵ و ئەرکیان نەبێ یان رێیان لێ بگیرێ کار بکەن و ببنە گروپى فشار و نەواتى کۆمەڵى مەدەنى ئەوا کۆمەڵگەیەکە لە دەریاى دیکتاتۆریەتدا مەلە دەکات و هەموو پەنجەرەکانى ئازادیى تێیدا داخراون. لە کوردستانیش هەرچەندە رێکخراوەکان بوونیان هەیە، بەڵام لە بارى رۆڵ و کاریگەرییان لە کۆمەڵگەدا هیچیان پێ نەکراوە و گرێدراوى دەستى حزبەکانن و لە قەیرانى پاشکۆبوون دەرنەچوون، ئەمەش بەڵگەیەکە بۆ وەهمیبوونى دیموکراسیەت لە کوردستاندا.
بۆچى دیموکراسی؟
پرسیارێکى گرنگ دەکرێ لێمان بکرێ ئەوەیە بۆچى دیموکراسی؟ ئایا بۆ دەبێت دیموکراسیەت بکەینە ئامانج؟ لەبەرئەوەى سەرکەوتنى بەدەستهێناوە؟ یانژی لەبەر ئەوەى سیستمێکە دەتوانین لە سایەیدا زۆرترین ماف و ئازادیى بەدەستبهێنین؟ بەڵام ئێمەى کورد بۆ دیموکراسیەت قبوڵ دەکەین یان تا چ ئەندازەیەک دەرەنجامى ئەرێنى لە ژیانى ئێمەى کورددا هەیە؟.
ا- دیموکراسی توانى سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەسەر هەموو مۆدێلە کۆماریى و سۆسیالیستى و ئاینیى و تۆتالیتارییەکانى تردا ئەمەش لە رێگەى ئەو ئازادییە بەربڵاوەى لەم سیستمەدا بۆ مرۆڤ دەستەبەر کراوە و بوارى لەبەر دەم دەکاتەوە ئازادانە گوزارشت لە مرۆڤبوون و ممارەسەى ئارەزوو و مافەکانى خۆى بکات. هەروەک (فۆکۆیاما) دەڵێت “بەڵام سەرکەوتنى دیموکراسیەت و بڵاوبوونەوەى بەخێرایى پێشبینى ئەوە دەکات بنەماکانى ئازادیى و یەکسانى کە لەسەرى دروست دەبێت رووداوى هەڕەمەکى یان بەرهەمى لاسەنگى و توندڕەویى نییە، بەڵکو لە واقیعدا ئاشکراکردنى سروشتى مرۆڤە وەک مرۆڤ کە تێکڕاى راستگۆیى و یەکڕوویى لەگەل خۆیدا زیاتر دەبێت بە هاووڵاتییەکى جیهانى…). دیموکراسیەت توانى زۆرترین ماف و دەستکەوت بۆ مرۆڤ دەست بخات و ئەو ئازادییە بەرچاوەى خولقاندوویەتى هۆکارێکى بنەڕەتى و گرنگى مانەوە و سەرکەوتنەکانییەتى.
عەبدولڵا ئۆجەلان لە کتێبى (مانیفێستۆى چارەسەرى دیموکراتییانە بۆ کێشەى کورد) ئاماژە بۆ ئەمە دەکات و دەنووسێت (سەرکەوتنى سیستمى دیموکراتى لەگەل کۆتایى هاتن بە سەدەى بیستەم، بە تایبەتى لەو سەردەمەى تەکنۆلۆژیا و ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان گەیشتوونەتە ئاستێکى بەرز، ئەمەش هەر لە خۆڕا نەبوو، بەڵکو وابەستەیە بە میکانیزمى دیموکراتییەوە چوونکە هیچ سیستمێک نەبووە کۆمەڵگە و تاکە کەس بە گوێرەى سروشتیان ئاوها بخاتە گەڕ و خولقکارییان تێدا دروست بکات، ئەمەش ماناى ئەوە دەگەیەنێت سەرچاوەى دیموکراسیەت ئازادییە، ئەمە وەکو شتێکى سادە خۆى نیشانە دەدات، بەڵام بە زەحمەت پێش دەکەوێت و لەم رۆژانەدا ئەوە بە ئاشکرا دەرکەوتووە ئەم سیستمە خێراتر و بەهێزتر پێش دەکەوێت).
ب- لەبەرئەوەى کێشەى کورد لە عێراقدا و لە هەموو پارچەکانى تریش سەربارى ئەوەى کێشەیەکى مێژوویى و نەتەوەییە، لە هەمان کاتدا کێشەیەکى دیموکراسیشە، بۆ نموونە ئەگەر کورد بەسەر دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێکى دیموکراسیدا دابەش بکرایە ئەوسا دەیتوانى بە سانایى و بە رێگا دیموکراتییەکان بڕیار لە چارەنووسى خۆى بدات، لە ئاوها حاڵەتێکدا نە پێویستى بە خوێنڕشتن هەبوو، نە پێویستى بە خەباتى شاخ و چەکداریى هەبوو، بەڵکو ئەمە تەنیا رژانە سەر شەقامى هاووڵاتیانى پێویست بوو، ئەویش بەشێوەیەکى هێمن و ئاشتیخوازانە، یان ئەگەر کورد لەنێو چەند دەوڵەتێکى دیموکراسیدا بژیایە نە دەچەوسایەوە و نە تووشى ئازار دەبوو نە ئەنفال و جینۆساید دەکرا. ئەمە لەلایەک و لە لایەکى تریشەوە لە هەلومەرجى ئێستا سیاسەتى نێونەتەوەیى و هاوپەیمانان لە عێراقدا ئەوەیە کوردى باشوور لە چوارچێوەى ئەو دەوڵەتەدا بمێنێتەوە، بۆیە بە دیموکراسیکردنى عێراق (بە باوەڕى من ئەگەرێکى دوورە) بۆ کورد دەبێتە سەرکەوتنێکى گەورە و بەشێکە لە خەبات و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنى مافەکانمان.
بەپێچەوانەشەوە ئەگەر عێراق هەمان عێراقى دیکتاتۆریى پێشوو بێت یان ئەگەر چەند گۆڕانێکى رواڵەتى تیادا بکرێت، کێشەى کوردستان لە بازنە بۆشەکەدا دەخولێتەوە و مێژووش دووبارە دەبێتەوە، هەروەها بە واقیعى بینیمان کورد لە رێگاى کەمترین و بچووکترین ممارەسەرکردنى دیموکراسییەوە زۆرترین سوودى وەرگرتووە و بگرە بەهێزترین چەکى دەستێتى لە خەباتى ئەمڕۆى بزووتنەوەى رزگاریخوازى گەلی کوردستاندا، بۆ نموونە خەبات و هەوڵدانى دیپلۆماتى کە رەگەزێکى گرنگى دیموکراسیەتە بۆ ئەم قۆناغە زۆر بەهێزتر و کاریگەرترە لە خەباتى چەکداریى. لێرەوە وەڵامى پرسیارەکەى پێشوو بەو شێوەیەیە: ئێمە بۆیە خوازیارى دیموکراسین چوونکە سیستمێکى گونجاوە بۆ واقیعى ئەمڕۆى کۆمەڵى مرۆڤایەتى و سوودى گەورەش دەگەیەنێت بە بەرزکردنەوەى دۆزى نەتەوەیى کورد لە روو بە چارەسەربووندا.
پۆلێنى دیموکراسی
دیموکراسیەتى خۆرئاوا و خۆرهەڵات. زۆر جار گوێمان لەو جۆرە جیاکارییە دەبێت فۆرمى دیموکراسى لە خۆرئاوا جیاوازترە لە فۆرمى دیموکراسى رۆژهەڵات و بە پێى ئەم تێڕوانینە هەر کۆمەڵگایە و جۆرە دیموکراسیەتێکى تایبەت بە خۆى بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە راستیدا دیموکراسی بەرهەمى کولتوور و گەشەسەندنى ژیارى کۆمەڵگە خۆرئاواییەکانە، وەک (جۆرج کەنان) دەڵێت “دیموکراسی بریتییە لە شێوازێکى دەسەڵات لە سەدەى هەژدە و نۆزدەدا لە ئەوروپاى باکوور واتە سەرەتا لەناو وڵاتانى کەنارى دەریاى مانس و دەریاى باکووردا بەرجەستە بوو، دواتریش بەرەو ئەوروپاى ناوەند کشا و پاشان لەو شوێنانەى خەڵکى ئەوروپا زۆر جار لە وێنەى داگیرکەر پێکهێنەرى سەرەکى دانیشتوانى ئەو وڵاتە بوون، کۆمەڵێک نموونەى سەرتاپاگیرمان لە حکومەتى مەدەنیدا جێگیر کرد”، بەڵام:
ا-بێجگە لەوەى دیموکراسى سیستمێکى یونیڤێرساڵە، بەڵام بەپێى تایبەتمەندیى هەر کۆمەڵگایەک جیاوازە، بۆ نموونە ئەوروپا مۆدێرنە و رۆشنگەریی و رێنسانس و شۆڕشى فەڕەنساى بەخۆوە دیوە و بۆ ماوەى 25 سەدە زیاتر لە خۆ خوێندنەوەى بەردەوامدایە، هەر خودى چەمکى دیموکراسى چەندین سەدە بەر لە زایین مشتومڕ و توێژینەوەى لەمەڕ کراوە، هەروەها کۆمەڵگە خۆرئاواییەکان بە درێژایى هەزاران سال خاوەنى ژمارەیەک فەیلەسوف و بیرمەند بووە کە خوێندنەوەیان هەبووە و هەیە بۆ هەموو چەمک و لایەنە جۆراوجۆرەکانى هەبوون بە بەرجەستە و نابەرجەستەشەوە، خۆرئاوا چەندان فەیلەسوفى وەک (کانت و هیگل و رۆسۆ و لۆک و مارکس و نیتچە و فویرباخ و هایدگەر و فوکۆ و درێدا و لیوتار هتد..) لە هەناویدا سەریان دەرهێناوە و تێزەکانى خۆیان ئاڕاستە کردووە، بەڵام جێگەى خۆیەتى ئاماژە بۆ ئەوە بکەین ئەمە بەو مانایە نییە نموونەى دیموکراسى خۆرئاوا رەت بکەینەوە بە پاساوى ئەوەى نامۆ و نەگونجاوە لەگەل سروشت و پێکهاتەى کۆمەڵایەتی و کولتووریى کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان.
هەروەک (د. فالح عبدالجبار) لە وەڵامى پرسیارێکدا کە دیموکراسیەت پارادایمێکى خۆرئاواییە و بۆ خۆرهەڵات نابێت، بەم جۆرە وەڵام دەداتەوە (ئەوە گووتارێکى زۆر کۆنە، زۆر دەمێکە دیکتاتۆرەکان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن، راستییەکەشى ئەوەیە ئەوان بۆ دیموکراسى نابن نەک دیموکراسى بۆ خۆرهەڵات نابێت. دیموکراسی راستە لە رووى بابەتی و سەرهەڵدانەوە هەڵقوڵاوى خۆرئاوایە، بەڵام جیهانییە و چەمکێکە هەموو مرۆڤایەتى دەتوانێت سوودمەند بێت لێى). لە دەرەنجامدا دەگەینە ئەو بڕوایەى دیموکراسی چەمکێکى یونیڤێرساڵە هەر چەندە لە پراکتیزەکردنیدا لە کۆمەڵگەکاندا جیاواز دەکەوێتەوە، ئەویش پابەندە بە سروشتى کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنى ژیاریى و ئەپستمۆلۆژیى و تەکنۆلۆژیى و پیشەسازیى، لە واقیعدا تەکنۆلۆژیا و پیشەسازیى دوو فاکتەرى گرنگى دیموکراسیبوونن، تەنانەت ئەمە وای لە (فۆکۆیاما) کردووە، بڵێ (دیموکراسیبوون بەستراوە بە پیشەسازییبوونەوە).
ب-فۆتۆکۆپیکردن و وەرگرتنى رواڵەتیی دیموکراسى لەگەلێک جێگەدا دەبێتە هۆى زیان گەیاندن بە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان و لە زۆر شوێنیشدا بە زیانى کێشەى نەتەوەیى تەواو دەبێ یان لە قازانجى ئابووری و سیاسیى نەتەوەیەک نییە لە کاتێکدا دیموکراسی بە فۆرمە رواڵەتییەکەی نەک خۆرئاواییەکەى لە نێویدا پراکتیزە بکرێت، بۆ نموونە ئەگەر لە رێگەى پرۆسێسى دەنگدانەوە کە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانى دیموکراسى هەموو عێراقییەکان بچنە بەردەم سندوقەکانى دەنگدان بۆ دیاریکردنى چارەنووسى کێشەى کورد لە عێراق یان بۆ دیاریکردنى شێوەى دەسەڵاتى فەرمانڕەوایى لە وڵاتەکەدا زۆر سلبیى دەشکێتەوە بە تایبەتى بۆ گەلی کورد، چوونکە زۆرینە بە پێچەوانەى خواستى نەتەوەى کوردەوە دەنگ دەدەن بە عێراقى یەکگرتووى ناوەندیى دیکتاتۆریی. بۆیە دەبێت دیموکراسى بەهەموو تان و پۆیەکەوە پیادە بکرێت نەک بەپێى هەلومەرج و ژینگە کۆمەڵایەتییەکان و حاڵەتە ئیستسنائییەکان گۆڕانى بەسەردا بێت.
ج-ئەو دیموکراسیەتەى لە خۆرئاوادا سەریهەڵداوە و هەیە بەشێوەیەکى هارمۆنى ئاوێتە بووە لەگەل کەسێتى و ژیانى ئابوورى و کۆمەڵایەتی سەرجەم تاکە رۆژئاواییەکان، لەم روانگەیەوە پێویستە لە خۆرهەڵاتیش جۆر و مۆدیلێک لە دیموکراسی بەرهەم بهێنرێت و گەشە بکات سەرەڕاى سوود وەرگرتن لەبنەما ستاندارەکانى دیموکراسى رەچاوى سروشتى کۆمەڵگە و تاکەکانى ناوى بکات و بەشێوەیەکى هاوگونجاو لەگەل ئەو ستایلە لە دیموکراسی بە یەکیان بگەیەنێت، ئێمە لە کوردستان بۆ ئەوەى پڕۆژەیەکى دیموکراسیمان هەبێت بۆ کۆمەڵگە پێویستە تەنیا بنەما و هێڵە گشتییەکانى دیموکراسى خۆرئاوایی وەربگرین نەک نموونە پراکتیککراوەکەى.
رەخنەگرتن و دیموکراسی
هەمیشە وا فێربووین بە دیوە نێگەتیڤەکەدا لە رەخنەگرتن بڕوانین و وا سەیرى بکەین کاتێک رەخنەگرێک راڤەیەکى رەخنەییانە بۆ تێکستێک دەکات مەبەستى تەنیا دەرخستنى کەموکورتى و رووە لاوازەکانى کارەکەیە، رەنگە ئەمەش پەیوەندییەکى سایکۆلۆژیى بەو حاڵەتە کوردییەوە هەبێت هەردەم رەخنە بەو دیوەدا کارى کردووە، بەڵام لە بیرمان چووە رەخنە چەکێکى دووسەرە و بێجگە لەوەش هەوڵێکە بۆ درێژەدان بە ئاخاوتن و جۆرێکە لە جۆرەکانى ئەپستمۆلۆژیا (مەعریفە). هەروەها من باوەڕم وایە رەخنەگرتن ژانر و عونسورێکى زۆر گرنگى دیموکراسییە و لە هەر جێگەیەک دیموکراسی هەبێت لە پاڵیدا رەخنە وەک چەکێکى راڤەکارانە بە مەبەستى بەردەوامیدان بە ئاخاوتن و پڕۆژەکان ئامادەیى هەیە، بەڵام دیارە مەبەستمان لەو جۆرە رەخنەکارییە کلاسیکیى و نازانستییانە نییە بە تایبەتى لە ناوەندى رۆشنبیریى و سیاسیى ئێستادا بوونى هەیە. بەڵام هەروەک وتمان رەخنە چەکێکى دووسەرە و بەسەر ئەم دوو جۆردا دابەشبووە:
ڕ-رەخنەى بونیادنەر و گەشەپێدەر: ئەم جۆرە لە رەخنە لەسەر بنەمایەکى لۆژیکی و بە شێوەیەکى بابەتییانە و زانستیانە فۆرمۆڵە کراوە و ئاڕاستە دەکرێت، ئەم جۆرە لە رەخنە نەک هەر زیان ناگەیەنێت بەڵکو پێویستییەکى بەردەوام و زیندووێتى کۆمەڵگا و رەوڕەوەى پێشکەوتنى پڕۆژەکانە. بنەماى ئەم رەخنەیە وەک باسمان کرد بنەمایەکى مەعریفى و عەقڵانییە و تیایدا رەچاوى سترۆکتۆرە دیموکراسییەکان کراوە.
ب- رەخنەى رووخێنەر و رووشێنەر: ئەم جۆرە لە رەخنە، رەخنەیەکى نابابەتى و نائەکادیمییە و دوورە لە عورف و بنەماکانى رەخنە و ژیربێژیى دیموکراسییەوە. ئەم شێوەیە لە رەخنەگرتن ئیفرازاتێکى خراپ بەکارهێنان و خراپ تێگەیشتنە لە چەمکى دیموکراسی و ئازادیى بیروڕا، رۆڵە نێگەتیڤەکەى کار دەکاتە سەر دیموکراسی بە ئاقارى شێواندنیدا، ئەمەش بەو مانایەى لە فەزا و زەمینەیەکى دیموکراتیکدا بیرى نامۆ و دژە سیستم سەر دەردەهێنێت کە دوور نییە ئایندەى دیموکراسى بخاتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە.
رۆشنبیران پشکى شێرى رەخنەگرانیان بەردەکەوێت یان بە مانایەکى تر داینەمۆى بەرهەمهێنانى ترادیسیۆنى رەخنەن، بەڵام ئەوانیش لە رەخنەکانیاندا بەدەر نەبوون لە کەموکورتى و بەزاندنى سنورەکانى دیموکراسییدا، بۆیە دەشێت بڵێین پێویستە رەخنەى رۆشنبیر لەسەر دوو میحوەر بێت یان بە دوو جۆر بێت کە هەر جۆرێکیان شێوازێکى جیاواز لە رەخنەیان گەرەکە :
ا-ئاستى نەتەوەیى: پێویستە رەخنەکانى رۆشنبیر بە جۆرێک نەبێت بە زیان بشکێتەوە بۆ کێشەى نەتەوەیى یاخۆ ببێتە مەترسیى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى، بە تایبەتى لە رۆژگارى ئەمڕۆى کوردستاندا بارودۆخەکە بە حاڵەتێکى هەستیار و ناسکدا گوزەر دەکات، نابێ رۆشنبیر یان رەخنەگر بەو ئاڕاستەدا کار بکات یان رەخنە بگرێت کاریگەریى خراپى هەبێت لەسەر بارودۆخى سیاسیى کوردستان، ئەمە بەو مانایە نییە ئەزموونە عەرەبییەکە لە کوردستاندا دووبارە بکرێتەوە چوونکە ئەوەى ناویان ناوە نیشتمانى عەرەبیی و سنوورەکەى لە کەنداوەوە بۆ ئۆقیانووس درێژ بۆتەوە و کۆى دەوڵەتەکانیشى (22) دەوڵەتە، هەر جۆرە دیموکراسی و پرۆسەیەکى دیموکراسییانەیان دواخستووە بۆ دواى رزگاربوونى قودس و راگەیاندنى دەوڵەتى فەلەستین. ئەمڕۆ نەخوێندەواریى و بێکاریى و هەژاریى و تۆڕ و گروپى توندڕەویى سەرتاپاى کۆمەڵگە عەرەبییەکانى بەرەو پاش گەڕاندۆتەوە یان لە خراپترین بارودۆخدا رایگرتووە، کاتێکیش پێیان دەوترێت بۆ هەول نادەن بۆ دیموکراتیزەى کۆمەڵگاکانتان؟ لە وەڵامدا دەڵێن با قودس رزگار بکرێت!!. بۆیە نابێت کورد بە ناوى پاراستنى ئاسایشى نەتەوەییەوە زمانى رەخنە بدورێ و بیسپێرێت بۆ دواى رزگاربوونى تەواوەتى کوردستان.
ب-ئاستى دیموکراسى: لێرەدا دەبێت رۆشنبیر هەوڵ بدات و کار بکات تاکو رەخنەکانى خۆى شەفاف و ئاشکرا بەیان بکات لە بەرامبەر هەر پێشێلکردنێکى پرنسیپەکانى دیموکراسی، ئەمە هەم بەبێ زیان گەیاندن بە ئاسایشى نەتەوەیی و هەم دوورکەوتنەوە لە هەمان ئیشکالییەت کە لە دنیاى عەرەبیدا هەیە. رۆشنبیریش وەکو ئەرکێکى ئەخلاقیى لەسەر شانییەتى داکۆکیى بکات لە کێشەکانى کۆمەڵگە و تاکەکان. بە تایبەتى دواى ئەوەى سەدەیەک و چوار ساڵ لەمەوبەر (ئەمیل زۆلا) وتارى (من تاوانبار دەکەم)ى نووسى بۆ بەرگریکردن لە ئەفسەرى جوو (درایفۆس) و ئەرکێکى قورسى ئەخلاقیى خستە ئەستۆى رۆشنبیر. ئیدى چیتر رۆشنبیر کەسێک نییە لە دنیاى یۆتۆپیا و بورجى عاجدا بژى بەڵکو رۆشنبیر کەسێکە بەرگریى دەکات لە مافى هەموو هاووڵاتیان بێ لە بەرچاوگرتنى هەر جیاوازییەک، ئەمەش بە پێچەوانەى تێڕوانینە نەریتییەکەوە کە واى دەبینێ رۆشنبیر کەسێکى نائاسایى و دابڕاوە لە کۆمەڵەکەى و لە شوێنێکى تایبەت و باڵاتردا ژیان دەباتە سەر. بە کورتى رۆشنبیر بێجگە لەوەى لە کۆمەڵگەدا مەعریفە بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بەرپرسیاریشە لە بەردەم پێشێلکاریى و تاوان و جینایەت لە کۆمەڵدا، دەبێت بە توندترین شێوە دەنگ هەڵببڕێ و بەشداریى بکات لە پەرچەکردارەکاندا دژى ئەو تاوانانە.
دیموکراسی چۆن گەشە دەکات؟
دیموکراسی چەمک و هەبووەیەکە گەشە دەکات و بەرەو هەڵکشان و داکشان دەچێت، دەشێ لە زەمینە و جێگایەکەوە بگوازرێتەوە بۆ زەمینە و شوێنێکى تر، بەڵام کۆمەڵێک فاکتۆر هەن لە رێگەیانەوە دیموکراسی گەشە دەکات، من لێرەدا ئاماژە بۆ سیانیان دەکەم:
ا-دەسەڵاتى سیاسیى: دەسەڵاتى سیاسیى وەک ئەرکێکی سەرشانی دەبێت کۆمەڵێک بنەما دابمەزرێنێ تا لەسەر ئەو بنەمایانە دیموکراسی گەشە بکات و شۆڕبێتەوە بۆ ئاستى جەماوەریى و میللیی، ئەمەش بەو مانایە دەسەڵاتى سیاسیى خۆى پڕۆژەى عەقڵانى و پلان بۆ داڕێژراوى سەربەخۆى هەبێت بە ئاقارى دیموکراتیزەى وڵاتدا. هەرچەند دیموکراسی شتێکى فەوقى نییە و لە خوارەوە لە شانە بچوکەکان دەست پێدەکات بۆ سەرەوە تا دەگات بە سیستمى سیاسیى، بەڵام ئەمە شەرعییەت نادات بە دەسەڵات خۆى بدزێتەوە لە پڕۆژەیەکى سەربەخۆ بۆ دیموکراتیزەى کۆمەڵگە.
ب-رۆشنبیر: یەکێک لە ئەرکەکانى رۆشنبیر بەرهەمهێنانى مەعریفەیە، بەدڵنییاییەوە ئەم مەعریفەیە تەنیا لە خەیاڵدانى تیۆریسۆن و خودى رۆشنبیردا قەتیس نابێت، بەڵکو پێچەوانە دەبێتەوە بۆ ئاستى کۆمەڵایەتی، ئەمە هەروەک (ریژێ دۆبرێ) دەڵێ (رۆشنبیر ئەو کەسەیە لە ژوورەکەى خۆیدا دانیشتووە و سەرقاڵى بەرهەمهێنانى مەعریفەیە). بۆیە رۆڵ و پێگەى رۆشنبیر لە پەخشکردن و وەشانى کولتوورى دیموکراتیدا گرنگى خۆى هەیە و بەهەند وەردەگیرێت.
ج-جیهانگیریى: شۆڕشى زانیاریى و پەیوەندیی گرتن و بچووکبوونەوەى جیهان بۆ ئاستى گوندێکى بچووک رۆڵى هەیە لەسەر رێگاى بە جیهانیبوون و گەشەکردنى دیموکراسیدا. ئەمەش بەهۆى بەر یەک کەوتن و لێک نزیکبوونەوەى ژیارەکان لەگەل یەکترى، بێگومان نزیکبوونەوە و بەر یەک کەوتنى شارستانى رۆژهەڵاتی پەڕاوێز لەگەڵ شارستانى رۆژئاوایى سێنتەر دەبێتە هۆکارى گەشەکردنى دیموکراسی لە خۆرهەڵاتدا! ئەمە لە کاتێکدا ناسنامەى سیستمى سیاسیى و ئاینیى رۆژهەڵات لە توانایدا نییە کێبڕکێ لەگەل شارستانێتى خۆرئاوا بکات.
شۆڕشى چەکداریى کورد و دیموکراسی
بە درێژایى سەدەى بیستەم کورد بەردەوام بووە لە خەبات و بەرپاکردنى شۆڕشە یەک لە دواى یەکەکان کە هەر یەکێکیان دواى کۆتاى پێهێنان و لەناوبردنى بە سیاسەتى ئاگر و ئاسن و تیرۆر زەمینەیان بۆ شۆڕشێکى نوێ خۆش کردووە، لەو باوەڕەدام لە سەدەى رابردوودا هیچ نەتەوە و گروپێکى ئیتنى نەبووە هێندەى کورد خەبات و شۆڕشى کردبێت، بەڵام تاکە نەتەوەیەک ئێستاشى لەسەر بێت خاوەنى دەوڵەتى نەتەوەیى نییە دیسان ئەویش هەر کوردە. بە سروشتى خۆیشى شۆڕش بە تایبەتى شۆڕشى چەکداریى خەسڵەتێکى توندوتیژ و ئەنتی دیموکراسیانەى هەیە، هەر لەو گۆشەنیگایەوە شۆڕشەکانى کورد بەم جۆرە هەڵدەسەنگێنین:
ا –خودى خەبات و شۆڕشەکان دژى دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان بووە لەو وڵاتانەى کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، پێشتر وا بیرم دەکردەوە دەشێ و گونجاوە لە پەنا شۆڕشى نەتەوەییدا بە شۆڕشێکى دیموکراتخوازانە حیسابیان بۆ بکەین، ئەگەر نمونەى عێراق وەربگرین ئەم دەوڵەتە هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە (ساڵى 1922) تا ئێستا هیچ رژێمێکى فەرمانڕەوا، دیموکراسى نەبوون، بەڵکو لە خراپترین و توندوتیژترین و کۆنەپەرسترین دیکتاتۆرەکانى ناوچەکە بوون. لەگەڵ ئەوەشدا شۆڕشکردن دژی دیکتاتۆریی مەرج نییە بە شۆڕشی دیموکراتی حیساب بکرێت.
ب-کورد نەتەوەیەک بووە بە بەردەوامى جینۆساید و پاکتاو و قڕ کراوە و هەموو دەرگاکانى دیالۆگى لەبەردەم داخراوە، تاکە کەناڵێک دیفاعى پێکردوە لە بوونى خۆى بریتى بووە لە خەباتى چەکداریى و هەڵگیرساندنى شۆڕش، هەرچەندە توندوتیژیى لەم خەباتەدا بەرجەستە بووە و هەبووە، بەڵام دیسان ئەمیش لە ژێر بارى ناچاریدا بووە، بە پێچەوانەشەوە کورد ویستویەتى بە رێگاى ئاشتى و لێک تێگەیشتن مافەکانى خۆى بەدەست بهێنێت، هەرگیزیش خوازیارى جەنگ و کاولکاریى نەبووە. بۆ وێنە ژەنەرال بارزانى بە تەواویى لە نیەتەکانى دەوڵەتى ناوەند تێدەگەیشت و کۆتایى یارییەکانى لا ئاشکرا بوو، نەک هەرگیز رێى ئاشتى و مفاوەزاتى رەت نەکردۆتەوە بەڵکو دەستپێشخەربووە بۆ دیالۆگ و رێگاچارەى ئاشتیانە بۆ کێشەى کورد. بۆ ئەم مەبەستە بڕوانن بۆ چوار ئاگربەست و دانوستان لە کۆى چواردە ساڵى شۆڕشى ئەیلول.
ج-کورد لە گەرمە و هەناوى خەبات و شۆڕشى چەکداریدا کۆمەڵکوژیى و کوشتنى دیل و لە ناوبردنى خەڵکى سڤیلى ئەنجام نەداوە، ئەگەریش حاڵەتێکى وا روویدا بێت زۆر شاز بووە و پەیوەندیى هەبووە بە هەستى تۆڵەسەندنەوەى کەسەکانەوە نەک بە ستراتیژ و مەبدەئەکانى شۆڕشەوە، دەبینین خەباتکارانى کورد هیچ کات تیرۆر و کارى کوێرانەى کوشتنیان بە ئەنجام نەگەیاندووە، تەنانەت لە بەرامبەر گەورەترین تاوانبار و داگیرکەردا کە هیچ درێغییەکى نەکردووە لە لەناوبردنى هاووڵاتیانى کورد. هەر بۆ نموونە لە دواى پرۆسەى ئازادیى عێراقەوە کورد لە قوربانییەوە نەبوو بە جەلاد و دەستى تۆڵە و تیرۆرى درێژ نەکردووە بۆ هیچ کەسێک ئەم سیاسەتەش ئەوەندە نەرمونیانى تیایە زۆرێک لە تاوانبارانى ئەنفالچى و کوردکوژ لە دادگا دەربازیان بوو و کەوتنە بەر بارانى غوفران، رەوشى ئەمڕۆى کەرکوک نموونەیەکى ترى زیندووە کە کورد لەسەر خاکى خۆى زیاد لە هەموو ئەوانى تر پەرۆشى برایەتى گەلەکانى ناویەتى کە لە راستیدا ئەم هەڵوێستەى کورد زۆر خراپ بەکاردەهێنرێ، تەنانەت مافى کوردى پێ زەوت دەکرێت.
ئەزمونى دیموکراسی لە کوردستان
لە دواى راپەڕینى ساڵى (1991) و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە مایسى (1992)دا بانگەشەکردن بۆ دیموکراسی و کۆمەڵگەى مەدەنى بۆتە وێردى سەر زمانى دەسەڵاتداران و هێزە کوردییەکان بێجگە لە چەند گروپێکى رادیکاڵی چەپ و ئیسلامى. بەڵام ئەو پرسیارە لە خۆمان دەکەین تا چەند ئەزموونى کوردستان نزیکایەتى هەیە لەگەڵ دیموکراسی و هاوتەریبە لەگەل بنەماکانى دیموکراسى؟ ئاخۆ دیموکراسی تا چەند لە دیکۆر یان بە مانایەکى تر لە دروشمەوە گواستراوەتەوە بۆ واقیع و گۆڕەپانى جێبەجێکردن؟ تا چەند توانیومانە بەشێوەیەکى تەندروست و ئەقڵانى ئەم مەفهومە وەربگرین و هەر بەو شێوە عەقڵانییە زەمینەسازیى بکەین بۆ خستنە بوارى جێبەجێکردنییەوە، بۆ رۆشنایى خستنە سەر ئەم پرسیارانە ئەم خاڵانە دەوروژێنین:
ا-شەڕى ناوخۆ: شەڕى ناوخۆ یان ئەوەى بە مانا میللى و باوەکەى کە پێى دەوترێت شەڕى براکوژیى، ریشە و باکگراواندێکى مێژوویى هەیە لە نێو کورددا، ئەوى سەدان ساڵ لەمەوبەر ئەمارەت و دەوڵەتۆچکە کوردییەکان لە یەکتر کوشتندا تۆماریان کرد ئەوا لە سەردەمى نوێدا پارتەکانى کوردایەتى رەشتر و تووندتر دووبارەیان کردەوە. بۆیە ئەم شەرە تا چەند ململانێ و ناکۆکى سیاسیى بووە بە قەد ئەوەش ریشەیەکى کولتووریى هەیە، بە تایبەتى لە ناوەڕاستى سەدەى بیست بە دواوە نەوەیەک هاتۆتە بوون و بە شێوەیەک پەروەردە بووە بوونى خۆى دەبەستێتەوە بە سڕینەوەى هەموو ئەوانیترى دەرەوەى بیرکردنەوە و روئیا و دنیابینى خۆى. نەوەیەک تەنیا لە توانایدا بوو لە رێى بەکارهێنانى توندوتیژییەوە کەناڵیزەى ململانى و جیاوازییەکانى خۆى بکات، ئەمەش راستەوخۆ دەمانباتەوە سەر ئەو هەقیقەتەى دیموکراسى و کولتوورى دیموکراسى کە تیایدا یەکتر قبوڵکردن و یەکترناسین هەیە لەلاى پارتە کوردییەکان و تاکى کوردى شتێکى نامۆ و نەناسراوە.
ب-هەڵبژاردن: یەکێک لە فینۆمینەکانى کۆمەڵگە دیموکراسییەکان هەڵبژاردنە، ئەمەش بەوەى هەر چین و توێژێک تا دەگات بە کۆى جەماوەرى گەل بەشێوەیەکى ئازادانە و دوور لە سانسۆر لە رێگەى سندوقەکانى دەنگدانەوە نوێنەرى خۆیان لە سەندیکا یان پەرلەمان هەڵدەبژێرن. ئێمە لە کوردستان چەندان نموونەى هەڵبژاردنمان هەیە لە نێوانیاندا هەڵبژاردنى پەرلەمان، بەڵام هیچکام لەو هەڵبژاردنانە دوور لە سانسۆر و چاوسوورکردنەوە نەبوون و هاوکات بە شێوەیەکى ناپاکژ و پڕ لە خوروقات و پێشێلکردن و لادان لە پرنسیپە دیموکراتییەکان بەڕێوە چوون. هەڵبژاردنى شارەوانییەکان کە چوار سال لەمەوبەر ئەنجامدرا نموونەیەکە، ئەو هەڵبژاردنە بەدەر لەوەى چەندین تەزویراتى جۆراوجۆرى تێدا کرا، جۆرێکیش لە فشارى مەعنەویى خرایە سەر هاووڵاتیان و ئەمەش بووە هۆى دروستکردنى دڵەڕاوکێ بۆ تاکەکان. هەڵبژاردنى نوێنەرایەتى قوتابیان و خوێندکاران کە لە سەرەتاى ئەمساڵدا ئەنجامدرا ئەوەى بۆ سەلماندین هێشتا تارمایى دیکتاتۆریی ئاسمانى ئێمەى بەر نەداوە و هێشتاش رگارمان نەبووە لە تەڵزگەکانى تۆتالیتاریزم.
بەڕێز (مام جلال) لە راپۆرتى گشتیى بۆ کۆنگرەى دووەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەنووسێت (بۆ دابینکردنى دیموکراسى راستەقینە کە لە ناوەڕۆکیدا ماناى حوکمى خەڵکە، پێویستە ئازادیى و سەربەستى هەڵبژاردن دابین بکەین هەر لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى گوندەوە بیگرە تا ئەنجوومەنى شارەوانى و ئینجا ئەنجوومەنى نیشتمانى، چوونکە ئەمانەنە بنەماى دیموکراسى راستەقینە و سەربەستى دیموکراتییەکانن کە باسمان کردن، هەم بەشێکن لەو دیموکراسییە هەم وەسیلە و هۆى بەکارهێنانى مافى دیموکراتیکن، بۆ خەڵک لە حوکمڕانى خۆیدا لە هەموو پلەکانى ژیانیدا و لە دیاریکردنى چارەنووس و ژیانى سیاسیى و ئابوورى و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگى خەڵک خۆیدا). بەڵام دەپرسین تاچەند ئەم رایانە پێچەوانە کراونەتەوە ناو واقیع و تا چەند هێزە کوردییەکان مافى هەڵبژاردنیان پێشێل نەکردووە و نایکەن؟ جا نەخاسمە گەڕانەوە بۆ راى خەڵک و بەهەند وەرگرتنى بۆچوونەکانیان لەمەڕ چارەنووسى خۆیان و وڵاتەکەیان.
ج-فرە پارتى و ئازادیى بیروڕا: دیموکراسى تەنیا بریتى نییە لە هەڵبژاردن و پرۆسەى دەستا و دەستکردنى دەسەڵاتى سیاسیى لە نێوان پارتە سیاسییەکاندا بەڵکو ئەمە تەنیا لایەنێک و روویەکى دیموکراسییە، بەڵکو دیموکراسی بەشێوە گشتییەکەى بریتییە لە زەمینە و فەزایەکى ئازاد و کراوە و دوور لە سانسۆرى سیاسیى و کۆمەڵایەتی و چوارچێوەکانى حزب و خێڵ و بنەماڵە و قوتابخانە و خێزان. لە دیموکراسیدا هەر مرۆڤێک ئازادە چۆن و بە چ شێوەیەک ممارەسەى ژیان دەکات و خاوەنى چ بیروباوەڕێکى سیاسیی و چ ئاینێکە، کەسیش مافى ئەوەى نییە رێگریى لە بەردەم بیر و باوەڕەکانى کەسانى تردا دروست بکات، هەروەک (جۆن ستیوارت میل) لە کتێبەکەى خۆیدا بە ناوى (ئازادیى) دەڵێت (تەواوى مرۆڤایەتیش مافى ئەوەى نییە دەمى کەسێکى ناڕەزامەند و نەیار ببەستێت و رێگەى دەربڕینى بیروباوەڕەکانى لێ بگرن) هەر چەندە ئەم ئازادییە بەرفراوانە فاکتۆرێکى بەهێزە بۆ سەرهەڵدانى چەندان نەریت و تێڕوانینى مەترسیدار و کوشندە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت سنوورەکانى ئازادیى بەر تەسک بکرێتەوە و دیموکراسی لە بنەما سەرەکییەکانى خۆى ئازادیى و سەربەخۆییە دابماڵرێت.
ئەگەر کۆمەڵگەیەکى وەک سوێد بە نموونە بهێنمەوە، سوێد کۆمەڵگەیەکى دیموکراسى فرە کولتوورە و هەر کەسێک ئازادە بە شێوەى ئاسایى و بێ گیروگرفت بە پێى نەریت و کولتوورى خۆى ممارەسەى ژیان بکات کە رەنگە ئەم سیاسەتى فرە کولتوورییە رەنگدانەوەى خراپى هەبێت لە لاى پەنابەران! چوونکە لەوانەیە پەنابەرێک سەرپێچى یاسا بکات و چوارچێوە دیموکراسییەکان ببەزێنێت بە پاساوى جیاوازیى کولتوورەوە. بۆ نموونە چەندان ئافرەت لە ناو جەرگەى ئەوروپادا بە بیانووى ناموسپەرستییەوە دەکوژرێن و جیاوازیى کولتووریى و سیاسەتى هەر کەسەو بە پێی کولتوورى خۆى کراوەتە پاساو و بەهانە بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانانە. بەڵام هێشتا ئەمە بە ماناى ئەوە نییە ئازادیى بۆ خەڵک دەستەبەر نەکرێت، ئەگەر لە رووى دیموکراسیشەوە کوردستان بەراورد بکەین بە ئەوروپا دەبینین، نموونەیەکى خراپ بەرجەستە بووە و هەردەم مافى را دەربڕین و ئازادیى بیر و بۆچوون یاساغ کراوە و هەر کەسێک هێڵى سوورى دەسەڵاتى شکاندبێت یان سەرکوتکراوە یان ئاوارەى هەندەران بووە.
هەر ئەو نموونە فرە پارتییەى لە ئارادایە بەهۆى هەلومەرجێکى تایبەت و ئەمرى واقیع هاتبووە بوون، هەمووان لە بیرمان نەچووە لە سەرەتاى راپەڕیندا دوو پارتە سەرەکییەکە بە چ شێوازێک هەوڵیاندا پارتەکانى دیکە ئەوانەى لە رووى نفوسى جەماوەریى و تواناى سەربازیى و ماددییەوە لەوان بچووکتر بوون، قووت بدەن و شەڕەکانى یەکێتى و بزووتنەوەى ئیسلامى و پارتى و سۆسیالیست سەرەتاى ئەو ئۆپەراسیۆنانە بوون بۆ ئەو ئامانجە، بەڵام کاتێک ئەم کارە دەبێتە کارێکى قورس و زەحمەت، سیاسەتى تواندنەوە و لەناوبردن دەگۆڕن بە سیاسەتى بە پاشکۆکردن، ئەمەش لە بەر ئەوەى هەموو ژێدەرە ئابوورییەکانى کوردستان لەلاى ئەوان بوو، ئەو پارتانەیان ناچار کرد لە حاڵەتى ئۆپۆزسیۆنبوونەوە بچنە حاڵەتى پاشکۆبوون، هەروەک لە کاتى شەڕى ناوخۆدا بینیمان چۆن پارتە بچووکەکان بێجگە لە یەکگرتووى ئیسلامى بوونە پاشکۆى سیاسەتەکانى پارتى و یەکێتى.
د-مافە سەرەتایى و مەدەنییەکان: هەر مرۆڤێک لە ژیاندا ئازادە چۆن و بە چ شێوەیەک دەیەوێت، بەو شێوەیە لە ژیاندا درێژە بە بوونى خۆی بدات و هیچ کەس و دەسەڵات و دامەزراوەیەک مافى ئەوەى پێ نەدراوە دەست بهێنێتە رێى ئەو شێوە ئازادانەیەى مرۆڤێک خۆى باوەڕى پێ هێناوە لە ممارەسەکردنى ژیان و ممارەسەکردنى ئازادییە سەرەتایى و مەدەنییەکانى. هەر مرۆڤێک بەبێ لەبەرچاوگرتنى رەگەز و تەمەن و رەنگ و پلە و پایە و ئۆتۆرێتى سەربەستە لەوەى چى دەپۆشێت و چى دەخوات و چۆن ژیانى خۆى دابەش دەکات، لەو کاتەی سەرمایەداریى گەشە دەکات مرۆڤ دەرباز دەبێت لە تابۆکانى کڵێسە و کۆت و پێوەندەکانى سیستمى فیوداڵى و بەشێوەیەکى ئازادانەتر لە جاران ژیان دەباتە سەر و ئازادییەکانى خۆى بەدەست دەهێنێت و سەرمایەگوزاریى دەکات، هەر بۆیە بوونى دیموکراسى بەستراوەتەوە بە سەرمایەدارییەوە، هەر لەم رووەوەیە کۆمۆنیزم لەگەل دیکتاتۆرییدا ئاوێتە دەبێت، چوونکە کۆمۆنیزم جەخت دەکاتەوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى خاوەندارێتى تایبەت کە رەگەزێکى گرنگى دیموکراسییە.
دیسان لەم رووەوە لە کوردستان ئەزمونێکى تاڵمان هەیە و هێشتا تاکى کورد وابەستەى کولتوورى کۆنەپەرستانەى مەزهەب و خێڵە، دەسەڵاتى سیاسیش زیاتر قوڕەکەى خەست کردۆتەوە و نایەوێت خەڵک بە مافەکانى ئاشنا بێ و فێرى داواکردنى مافەکانى خۆى بێت! چوونکە ئەمانە لە بەرژەوەندیى دەسەڵاتى کوردیى نین کە دەسەڵاتێکى حزبییە و بەم پێیەش زیانى دەبێت بۆ ستراتیژى گەوجکردن. هەردەم دەسەڵاتداران نەیانویستووە جەماوەر فێرى نەریتى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى دەربڕین و کارى دەستەجەمعى سەربەخۆ بێت لە دەرەوەى بازنەى حزب تەنیا لە کاتێکدا نەبێت خۆى پێویستى پێیەتى، ئێمە کۆمەڵگا و سیستمێکى سیاسیمان هەیە بە هاوبەشى تاکەکانى ناو کۆمەڵ دەچەوسێننەوە و ئازادییەکانى سەرکوت دەکەن و غەریزەکانى دەچەپێنن. زیادەڕۆیش نییە ئەگەر بڵێین کۆمەڵگەى کوردیى کۆمەڵگەیەکى پاشکەوتووى چەپێنراوە و تیایدا مرۆڤ تەجرید کراوە لە هەموو مافە سەرەتایى و مەدەنییەکانى خۆى، بۆ بەدبەختیش تاکەکانى هەستیان بە چەوساندنەوە و سەرکوتى خۆى نەکردووە و ئاشنا نین بە مافەکانى خۆیان چ وەک مرۆڤ چ وەک هاووڵاتییەک لە وڵاتدا.
بەو پێیەی مرۆڤى کورد هەڵهێنجراوى کولتوورە چەپێنەرەکەى بووە و چەوساندنەوەى ژنان و منداڵان باشترین نموونەى ئەم سەرکوتکردنەیە بە تایبەتى کە کۆمەڵى کوردیى بەردەوامە لە تیرۆر و هەتکردنى ژنان و بە کۆیلەکردنیان لە چوار دیوارى ماڵدا، لەم کاتەدا ئەوەم بەبیر دێتەوە لەم ماوەیەى رابردوودا رۆژنامەى (سلێمانى نوێ) چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ مامۆستایەکى بەریتانیدا بە ناوى (ستیڤ هارڤى) کە مامۆستاى زمانە لە شارى سلێمانى سازداوە و پرسیارى دەربارەى ئافرەتى کورد لێکراوە ئەو لە وەڵامدا دەڵێ “ژنى کورد پابەندى نەریتى کوردەوارییە، بۆ نموونە ئەگەر دواى کاتژمێر هەشتى شەو کۆڕێک بۆ شیعر خوێندنەوە ساز بدەم بە دەگمەن ژنان تیایدا ئامادە دەبن” ئەمە چەپاندن و سوکایەتیکردن بە لاوان و کپکردنى هیوا و خواستەکانیان لەو لاوە وەستابێ، کە من رێگە بە خۆم دەدەم بێژم مرۆڤى کورد مرۆڤێکى داڕنراوە لە هەموو جۆرە مافێکى سەرەتایى و مرۆڤانەى خۆى.
ه-نموونەى کوردستان: زۆرجار ئەوەمان بەر گوێ دەکەوێت ئەزمونى سیانزە ساڵى رابردووى باشوورى کوردستان نموونەیەکى سەرکەوتووى دەسەڵاتى دیموکراتییانە بووە و تەنانەت زۆرێک لە ناوەندە سیاسییەکان پێشنیارى گواستنەوەى ئەم نموونەیە دەکەن بۆ هەرێمى عەرەبستانى عیراق، دەسەڵاتدارانى کوردستانیش شانازیى بەمەوە دەکەن و بەردەوام لەبەردەم زومى کامێراى تیڤییەکانەوە شانى پێوە با دەدەن و پێیانوایە لە کوردستان وەرچەرخان روویداوە بەرەو دیموکراتی و نموونەکەیان تاقانەترین نموونەى دیموکراسییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوچەکەدا. بۆ سەلماندنى ئەمەش دنیاى عەرەبى بە نموونە دەهێننەوە و دەڵێن جیاوازیگەلێکى زۆر هەیە لەنێوان کوردستان و دەوڵەتە عەرەبییەکان، لەوى َچەوساندنەوەى کەمایەتییەکانى وەک ئەمازیخى و بەربەر و قیبتى و دارفورییەکان هەیە، شێوەى دەسەڵات پشتاوپشت و شاهنشاهى دیکتاتۆرییە و لە کۆى 250 ملیۆن عەرەب 70 ملیۆن نەخوێندەوار هەیە و دەیان تۆڕى ئیسلامى ئسوڵى سەریان دەرهێناوە و ئوسامە و زەرقاوى و زەواهیرى بەرهەمى کولتوورى عەرەبین، بەڵام ئەگەر لە دنیاى عەرەبیدا نەتەوە و ئیتنیکە غەیرە عەرەبییەکانی چەشنى ئەمازیغى و کوردەکان بچەوسێنەوە ئەوا لە ژێر سایەى دەسەڵاتى کوردیدا، خودى هاووڵاتى کورد دەچەوسێتەوە و مافەکانى زەوت دەکرێ و تەنانەت ژیانیشى دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەى مەرگەوە.
لەلایەکى تریشەوە دەسەڵات لەلاى ئێمە بەهەمان شێوەى نموونە عەرەبییەکەیە، جۆرێکە لە دیکتاتۆرییەتى رەها و سکرتێرى حزبەکانى لاى خۆمان لەوەتەى بوونەتە سکرتێر و سەرۆکى حزب ئەو پۆستەیان بەرنەداوە و هەر یەکێکیشیان شازادەیەکى بچووکى بۆ سبەینێ ئامادە کردووە تا دەسەڵاتى حزب بەو بسپێرێ، یان بۆ تەنیا جارێک پەرلەمان هەڵبژێردرا و دەنگ درا بە لیستى کەسک و زەرد، کەچى پارتى و یەکێتى بەشێوەیەکى ناشەرعى دەسەڵاتى خۆیان درێژ کردۆتەوە بۆ ماوەى زیاتر لە دوانزە ساڵ. هاوکاتیش لێرە نەخوێندەواریى هەیە و ژمارەیەکى بەرچاو لە خەڵکى نەخوێندەوارن و لەنێو کوردیشدا ئەنساروئیسلام و تۆڕى هاوچەشن سەریان دەرهێنا و لە هێلکەکانیان تروکان، مەلا کرێکار و چەندان مەلاى ترى هاوشێوەى ئەو لە گوند و شارەکانى کوردستانەوە و بە کورتەک و شەرواڵى کوردییە ئامادەییان هەیە. من نامەوێ پاکانە بۆ عەرەب بکەم، بەڵام ناشکرێ خۆمان لەو راستییە لابدەین ئەگەر وەزعى دیموکراسى لە کوردستان خراپتر نەبێت لە وەزعى دیموکراسى لە دنیای عەرەبیدا بێ شک هیچ باشتر نییە.
ئەگەر ئێمە بمانەوێت سەنگ و قورسایى دیموکراتی لاى خۆمان بکێشین، پێویستە دیموکراتی بە بارۆمەترى خودى دیموکراتیەت بپوێین، چوونکە دیموکراتی لەگەڵ دیموکراتیەت بەراوورد دەکرێت و عەرەب وتەنى پێچەوانەکەشى هەر راستە (والعکس الصحيح). ئەگەر دەمانەوێت ئەزموونى کوردستان بە دیموکراسى پێناسە بکەین بەڵام، دەسکەوتەکانى بەراوورد بکەین بە دیکتاتۆرییەتى سەدام لە راستیدا دەکەوینە هەڵەیەکى کوشندە و خنکێنەرەوە. ئەوەش راستە کۆمەڵگە دیموکراتییە رۆژئاواییەکان خاوەنى خەلفیەت و مێژوویەکى درێژن لە تێپەڕبوون بە چەندین جۆر و ئەزموونى لێک جیاوازى دیموکراسیدا، بەڵام ناشێ بە بیانووى کەم ئەزموونى و نەبوونى ئەو مێژووە لە تێپەڕین بە ناو دیموکراسیدا هەموو مافە دیموکراتییەکان پێشێل بکەین، هەروەک چۆن ناشێ بە جەستە لە چاخى بیست و یەک و سەردەمى ئینتەرنێت و تەکنۆلۆژیای نوێدا بین و بە رۆح لە زەمەنى فیوداڵیى و چاخەکانى ناوەڕاستدا. بە کورتى و بە کوردیى ئێمە پێویستمان بە پرۆسەیەکى مێژوویى هەیە تا دیموکراسى لە کۆمەڵگەدا جێکەوت دەبێت بەبێ ئەوەى تا دەگەینە ئەو ساتە مێژووى خۆمان پڕ بکەین لە تاوان و پێشێل و زەوتکردنى مافەکانى تاک.

دواسەرنج
لە زەمەنێکدا هەموو هەبووەکانى دەوروبەرمان بەشێوەیەکى دینامیکى و تیژپەڕ لە گۆڕاندان هێشتا کۆمەڵگەى کوردیى کۆمەڵێکى چەقبەستوو و وەستاوە، لە زەمەنێکدا (سۆزان سۆنتاگ) لە بەرامبەر وێنەیەک دەوەستێت و دەڵێت هەموو ئەوانەى لە نێو ئەو وێنەیەدان مردوون، ئەمە لە کاتێکدا خۆى یەکێکیانە!! چوونکە ئەو بڕواى وایە لەو لەحزەیەى ئەوان وەستاون بۆ گرتنى وێنەکە زەمەن لە دەرەوەى ئەوان لە جووڵە و بەرەو پێشڤەچوونى خۆیدا بووە. لە سەردەمێکدا لە خۆرئاوا و کۆمەڵگە مودێرنەکاندا هەموو شتە کۆنەکان بەرەو خاڵى پایانى خۆیان دەچن و لە جێگایاندا چەمک و شتگەلێکى تر جێیان دەگرنەوە، لە سەردەمێکدا گۆڕانکارییەکان لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا بە شێوەیەکى تیژپەڕ بەڕێوە دەچن، لە ئاوها ساتێکدا کۆمەڵى کوردەواریى بە جێماوە لە هەموو ئەو گۆڕان و شتانەى ئەم جیهانە گۆڕاوە، یەکێک لەو شتانەشى هێشتا پێى نەگەیشتووە و هەنگاوى جیددیشى بۆ نەهاویشتووە دیموکراسییە.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی..
سوێد – ستۆکهۆڵم

24-8-2004
19-9-2004
هەولێر- عەینکاوە
سوێد – ستۆکهۆڵم

*پوختەی ئەم وتارە بە دوو بەش لە ژمارەکانی (33-34)ی رۆژنامەی (نێوەند) لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2006 بڵاوکراوەتەوە.




پرووشەکانی ئەوین -1- پۆستەرە شیعری: ستیڤان شەمزینی

بەشی یەکەم…

جگە لە خۆشویستنی تۆ
کارێکی ترم نییە
جگە لە ئامێزی میهرەبانی تۆ
هیچ پەناگەیەکی ترم نییە
جگە لە قووڵایی دڵی تۆ
هیچ نیشتمانێکی ترم نییە


ئەگەر مردم
لە پەڕەی گوڵاڵە سوورەی بەهاردا بۆنم بکە
لە پێکێک شەرابی زۆر کۆندا تامم بکە
لە ژوانگەی دڵداراندا یادم بکەرەوە
لە بەهەشتی ئاشقان،
کۆڵانی دێوانەکان چاوەڕێم بکە


ئازیزم.. کۆترە دوورە دەستەکەم
هەرکات بیرت کردم
لە قووڵایی شیعرەکانمدا یادم بکەرەوە
منیش هەر کات بیرم کردیت
لە وێنەکانتا قەسیدەیەکی تر ئەنووسمەوە


هەندێک هەست هەیە ناوترێ
هەندێک نیگا ناتوانی بیبینی
بەڵام هەندێک بێدەنگی هەیە
دەتوانیت لێی تێ بگەیت!!
ئەوەی ناتوانم بە زمان بیڵێم
بە نیگا پێت دەڵێم
ئەوەی ناتوانم بینووسم
بە فرمێسک دەیدرکێنم


لە قاوەی بەختما، تۆ دەرکەوتیت
هەموو تاریکییەکانت برد و
لە پرشنگی دڵی خۆت هەڵکێشام
لە قاوەی بەختما، تۆ دەرکەوتیت
گشت تاڵییەکانت لێ سەندم و
شەکراوی رۆحی خۆت پێ بەخشیم
ئەوینەکەم ئێستا تۆ دەرکەوتوویت
منیش بەم چارەنووسەم زۆر مەستم
زۆر مەست


تۆ جوانترین شیعری منی
تۆ قەسیدەیەکی هەموو رۆژێ ئەتنووسمەوە
تۆ خەونێکی هەموو شەوێک دەتبینم
تۆ کەنارێکی هەمیشە ئەمەوێ پێت بگەم
تۆ جادوویەکی نامەوێ هەرگیز بەتاڵ بیتەوە
تۆ نێرگزێکی مەست ئەبم بە بۆنت
تۆ خەیاڵێکمی هیچکات دووبارە نابیتەوە
تۆ شەونمێکی لە جەستەی شەکەتم نابیتەوە
تۆ هەر خودی خۆمی و لەدڵمدا دەتوێنمەوە


وتم هەرگیز لە تۆ دوور ناکەومەوە
ئەی نابینیت لە دڵتا هەناسەی ژیانم دەدەم؟
ئەی نابینیت هەموو رۆژێک لە خەونەکانتام؟
ئەی نابینی وەک پەروانە بەدەوری شەمعی باڵاتەوەم؟
ئەی نابینی لە هەنگاوەکانتا هێزم
لە باخچەکەتدا رەونەقدارترین گووڵم
لە خەیاڵەکانتا ئاسۆیەکی روون روونم
لە خەمەکانتا دڵۆپێک فرمێسک و
لە شادییەکانتا رەنگینترین خەندەم؟


ئەگەر هاتیت بە دڵۆپە شەونمەکانی سەر دڵتا دەتناسمەوە
ئەگەر هاتیت بە بۆنی نێرگزی رۆحتا دەتناسمەوە
ئەگەر هاتم بە خەونە رەنگاڵییەکانما بمناسەوە
ئەگەر هاتم بە ئامێزی گەرمما بمناسەوە
لە ئێستاوە تا ژوانێکی کەناری دەریا
لە بیرت بێت لە دڵی هەموو شەپۆلەکاندام
لە هەنووکەوە تا پیاسەیەکی رۆخی رووبار
لە بیرمە لە باوەشی گزنگی بەیاندایت


پۆستەرە شیعری: ستیڤان شەمزینی




مانیفێستی عەشق… بەشی کۆتایی…تێکست: ستیڤان شەمزینی

تۆ ژێیەکی خەمباری، منیش لە میتاڵی خەم دروستکراوم
تۆ ئاوازێکی تەنیای، منیش مایسترۆیەکی بێدەنگ
وەرە ئازیزم، پێکەوە سیمفۆنییەکی غەمبار
لە ئەشق دروست بکەین


من دزم، دەمێکە دڵی تۆم دزیوە
تۆش دزی، لە مێژە هەستەکانت دزیوم
ئێمە هەردووکمان دزین، تۆ رووناکی رۆح و
منیش ئاگری بەتینی ئەوینم دزیوە


ئەو بۆسۆیە قرچەی دڵی منە
چوونکە چیتر بەرگەی ئەم دۆزەخی دابڕانە ناگرێت
ئەو گریانە خەمگینە نۆتەی قورگی منە
چوونکە تەنیا بەم ئاوازە شیوەنی فیراق دەکات


تۆ خەونت بینی و گووتت خۆشم ئەوێی
منیش خەونم بینی و گووتم خۆشم ئەوێی
لەناکاو لە خەونی قووڵ راچڵەکین و
سەرەتای دابڕانێکی جاویدانی دەستیپێکرد


ئەشق سەرەتای دەستپێکردنی دابڕانە
دابڕان سەرەتای دەستپێکردنی ئەشقە
دابڕان سەرەتایە و کۆتایشە


ئەشق گەردەلوولێک بوو
ئێستا و ئایندەی هەڵگرتم بەرەو دوورگەی ئازار
ئەشق شەپۆلێکی تووڕەبوو
ئاڕاستەی کەشتی خەونەکانمی گۆڕی بەرەو نادیار


کاتێک من ئاشق بووم هەموویان پێدەکەنین
کاتێک من دابڕام هەموویان پێدەکەنین
ئیدی هەر پێکەنین….


لە فەرهەنگی ئەشقدا، دوو وشە هەن
مانای رەنجی ئاشقانەی من شی بکاتەوە:‌
گریان و دابڕان


حەزئەکەم چی جوانی دنیایە بیخەمە شیعرێکەوە بۆ تۆ
حەزئەکەم چی گووڵە بیکەمە چەپکێک ئەویش هەر بۆ تۆ


چەند دەتەوێ بڕۆ، چەند دەتەوێ دوور بکەوەرەوە
چوون لە جوگرافیای دڵم دەرناچی
ئاخر تۆ نازانی ئەشق مەملەکەتێکە لەناو دڵی من


من و تۆ لە پێدەشتی بێئاگایدا بووین
سێوە حەرامکراوەکانمان لێکردەوە و
هەموویانمان خوارد
بەمە بە ئاگا هاتینەوە و
لە ناو دۆزەخی عەشقدا خۆمان دۆزییەوە


عەشق راکێشانی بەردەکەی سیزیفە
عەشق خلۆربوونەوەی بەردەکەی سیزیفە
عەشق رەنجکێشانی بێ ئەنجامی سیزیفە
عەشق دیوێکی تری بە سیزیفبوونە


سێپتەمبەری 2015
دیسامبەری 2016

ئەڵمانیا- بیلەفێڵد

تێبینی: هەموو بەشەکانی ئەم پۆستەرانە لە کتێبی شیعریی “بەتیشکی عیشقت ئەدرەوشێمەوە” لەلاپەڕە 21-74 چاپ و بڵاوکراونەتەوە. کە ئەو کتێبەش بە چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2017 لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوبووەتەوە.




فەرهاد فەرەج کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێڕ و نووسەرێکی تیرۆرکراو … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ئیسلامییەکان و یەکێتی هاوپەیمان بوون لە تیرۆرکردنیدا

زەبری تیرۆر لە پاش راپەڕینەوە بە پلەی یەکەم بەر چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان کەوتووە تا بە ئێستاش دەگات ئەم رەوتە هەر بەردەوامیی هەیە. ساڵی 1999 و 2000 دوو ساڵی زۆر تاریک و رەش بوو بۆ ئازادیخوازان و چەپ و کۆمۆنیستەکان، ئەوەش بە داخستنی گۆڤاری فیکریی “نڤار” دەستی پێکرد و گەیشتە تیرۆری فەرهاد فەرەج و بریندارکردنی هاوژین مەلا ئەمین و چەندان هەڵسوڕاوی چەپ تا لە تیرۆری کۆمۆنیستەکانی سلێمانی لە هاوینی 2000دا ئەم شەپۆلە سەرکوت و تیرۆرە گەیشتە دوا پلەی خۆی.
لە رۆژی 17-10-1999 هەڵسوڕاوی جەماوەریی و کرێکاریی و نووسەری کۆمۆنیست “فەرهاد فەرەج” لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڕەکی تووی مەلیکی شاری سلێمانی لەلایەن دوو تیرۆریستی سەر بە باڵی ئیسلاحی مەلا کرێکارەوە بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆر کرا. ئەمەش پاش ئەوە بوو دوو جار پێشتر هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکرابوو، دووەمیان نزیکەی دە رۆژ پێش تیرۆرکردنی بوو. ئێمە گروپێک گەنجی چەپ و کۆمۆنیست بووین، هەموو ئێواران لە بەردەرکی سەرا، بەرامبەر کتێبفرۆشەکان رادەوەستاین و کۆدەبووینەوە، هەمیشە گفتوگۆمان هەبوو لەسەر بابەتە سیاسیی و فیکرییەکان، هاوڕێ فەرهاد هەمیشە لەوێ ئامادە بوو، ئەو رۆژانەشی رۆژنامەکەی دەردەچوو، هەموو رۆژنامەکەیمان دەکڕی و دەخوێندەوە و گفتوگۆمان لەسەر دەکرد، لەو رۆژەوەی دووەم جار هەڕەشەی لێکرابوو، هەموو رۆژێک لەگەڵیدا دەرۆشتینەوە تاکو دەگەیشتەوە ماڵەوە، من دوو رۆژ پێش تیرۆرکردنی لەلایەن گروپێکی ئیسلامییەوە هەڕەشەی کوشتنم لێکرابوو، ناچاربووم کەمتر خۆم دەربخەم، بەڵام لە کۆتاییدا لە گەڕەکی شێخ محێدین هەوڵی تیرۆرکردنم درا و بەچەقۆ هێرشیان کردە سەرم. بۆیە دوو رۆژی کۆتایی ئاگام لە هاوڕی فەرهاد نەما، ئەوەبوو لە رۆژی 17ی ئۆکتۆبەر تیرۆرکرا و بۆ هەمیشە ئەو مرۆڤە ئازادیخواز و ماندوونەناسم نەبینییەوە.

بۆچی فەرهاد فەرەج؟

فەرهاد فەرەج ئەمین لە ساڵی 1966 لە سلێمانی لە دایکبووە، لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تێکەڵی بزاوت و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییەکانی ئەو رۆژگارە دەبێت. هەر لە رێگەی ئەو گروپە چەپانەوە خەباتی دژی رژێمی بەعس پەرەپێدەدات بەتایبەت لە دوای دامەزراندنی گروپی “یەکێتی کرێکارانی کۆمۆنیست”. لە راپەڕینی بەهاری 1991دا ئەندامی کۆمیتەکانی راپەڕین بووە و لە بزووتنەوەی شوراییدا رۆڵێکی بەرچاو و ئەکتیڤی گێڕاوە، لە ساڵی 1992 لەگەڵ دروستبوونی “یەکێتی بێکاران” یەکێک بووە لە هەڵسوڕاوە دیارەکانی ئەو یەکێتییە و تا دواجار دەبێتە بەرپرسی سلێمانی ئەو رێکخراوە جەماوەرییە زۆر کارایەی لە سەرەتای نەوەدەکانەوە رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە داهێنانی نەریتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەریی و خەباتی راستەوخۆی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە. هاوکات لەگەڵ ئەمەدا لە بواری نووسیندا وەک رۆژنامەنووس و نووسەرێکی کۆمۆنیست جێگەیەکی دیاری هەبوو بەدرێژایی ساڵانی نەوەدەکان، لە کۆتایی نەوەدەکانەوە یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و رابەرانی رێکخراوێکی چەپی شۆڕشگێڕ بەناوی “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیست” هاوکات سەرنووسەری رۆژنامەی “پەیرەوی نوێ”ی زمانحالی رێکخراوەکە بوو. کە ئەو رۆژنامەیە ببووە سەرچاوەیەکی رۆشنبیریی چەپ و کۆمۆنیستی بۆ گەنجانی وەک ئێمەومانان ئەگەرچی ئێمە لە حزبێکی تری کۆمۆنیستیدا هەڵسوڕانمان دەکرد.
فەرهاد لە کۆتایی نەوەدەکاندا بە خوێندنەوە نوێیەکانی بۆ چەپ و مارکسیزم، بە بەشداریی نووسین لە زۆرێک لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەوێ رۆژێدا، ببووە ناوێکی درەوشاوە و نووسەرێکی ناسراوی چەپباوەڕ. لەگەڵ ئەوەشدا بە چەندان ناوی خواستراو لەسەر چەندان پرسی جیاواز بەتایبەت لە بارەی ئاین و ئیسلامییەکانەوە دەینووسی. کۆمەڵەکەشی نزیکایەتی زۆری هەبوو لەگەڵ “کۆمەڵە”ی ئێران کە ئەوسا دابەش نەببوو، سەید برایم عەلیزادە سکرتێری بوو. کارکردن و هزر رۆشنی فەرهاد هەر سێ لایەنی یەکێتی و ئێران و ئیسلامییەکانی تووشی ترس و سڵەمینەوە کردبوو، هەربۆیە بە پلانی هەر سێ لا لە ئێوارەیەکی پایزییدا دەستی تاوانیان چووە ژیانی فەرهاد.
هۆکارەکەشی وەک وتم بۆ ئەوە دەگەڕایەوە ستایلێکی نوێی نووسینی کۆمۆنیستی و کاری رێکخراوەیی داهێنابوو بە هەموو شێوەیەک دوژمنانی ئازادیی و ژیانی لە کوردستان هێنابووە لەرز. ئەوەی بیرم دێتەوە یەکێک لەو لێکۆڵینەوانەی بوو لە گۆڤاری “هزر” لە بارەی مارکسیزمی هاوچەرخ نوسیبووی، کە من تا ئەو دەمە لێکۆڵینەوەی وا تێروتەسەل و نوێگەرم بەرچاو نەکەوتبوو. ئەمەش وای کرد نەک یەکێتی و ئیسلامییەکان، لەلایەن ئێرانیشەوە بخرێتە ژێر چاودێڕیی و لەلایەن ئیتلاعات و بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی پیلانی تیرۆرکردنی دابڕێژرێت، هەڵبەتە بە چاوپۆشیی یەکێتی لەو کردەوە تیرۆریستییە، هەروەک چۆن پارتی چاوپۆشیی کرد لە تیرۆری هەردوو رابەری کۆمۆنیست “شاپور و قابیل” کە ساڵێک پێشتر لە هەولێر تیرۆر کرابوون، هەرچەند ئەم تیرۆرە کەسانێک ئەنجامیان دا ئێستا لەناو کۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیردان، بەڵام لەسەر فەتوای ئەو مەلا بەشیرە تیرۆریستە بوو ئێستاکە پارتی وەک نوێنەری خۆی کردوویەتی بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

فۆرمی تیرۆرکردنی فەرهاد فەرەج

بە گوێرەی زانیارییەکانم باڵی “ئیسلاح”ی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی، کە باڵی مەلا کرێکار بوو لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا، لەسەر داخوازیی کۆماری ئیسلامی ئێران، دوو تیرۆریستی مەشقێکراوی خۆیان لە هەورامانەوە رادەسپێرن بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆری فەرهاد فەرەج. کە یەکێک لەو تیرۆریستانە ناوی فەرهەنگ ئەحمەد ناسراو بە “نامۆ” بوو. نامۆ جاسوسێکی دووسەرە بوو، پێشتر مفەوەزی ئاسایشی یەکێتی بووە و دواتر چووەتە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی، دواتر بووەتە ئەندامی باڵی ئیسلاحی مەلا کرێکار و پاشتریش جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام، لە ساڵی 2003 لە دوای رووداوی تیرۆرکردنی “حەمەحسێن” جێگری بەرێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لەو کاتەدا، لەبەردەم ماڵی نامۆدا، دەستگیر دەکرێت و تائێستا چارەنووسی نەزانراوە.
بە پێی زانیارییەکانم، ئەو دوو تیرۆریستە لەناو سلێمانی لەلایەن چەند کەسێکی سەر بە مەلا کرێکارەوە رێنمایی کراون، بەتایبەت دوای ئەوەی دەمێک بوو کەوتبوونە چاودێریی هاوڕێی گیانبەختکردوو فەرهاد فەرەج. ئێوارەی رۆژی 17ی ئۆکتۆبەری 1999 ئەو دوو تیرۆریستە دەچنە بەردەم ماڵی هاوڕێ فەرهاد، لە دەرگاکەیان دەدەن، منداڵێکی خاوەن ماڵەکەیان کە هاوڕێ فەرهاد کرێچیان بووە دەرگا دەکاتەوە و وا رادەگەیەنن کە دوو هاوڕێی کۆمۆنیستی ئەون، بۆیە کە هاوڕێ فەرهاد دەچێتە دەرەوە دەیانبیێت خێرا تێدەگات، هەوڵ دەدات دەمانچەکەیان لێ بسەنێت بەتایبەت ئەوان دەیانەوێت فیشەک بنێن بەسەریەوە، بەڵام تیرۆریستی دووەم دوو فیشەکی پێوە دەنێت، یەکەمیان بەر بن باڵی دەکەوێت و ئەویتریان لە لا کەلەکەی کە گورچیلەشی دەگرێت. هەردوو تیرۆریستەکە بە ئاسانی بۆی هەڵدێن و بە بەرچاوی دەزگا ئەمنییەکانەوە دەگەڕێنەوە گوندی گوڵپ لە هەورامان.
ئەمە خۆی یەکێکە لەو بەڵگانەی یەکێتی ئاگادار بووە لە پیلانەکە ئەگەرنا چۆن ئەو دوو تیرۆریستە توانیان بەناو ئەو هەموو زاڵگە و بازگەیەی ئاسایشدا هەمان شەو بگەنەوە گوڵپ؟ یەکێکی تر لە بەڵگەکان ئەوەی یەکێتی بەشداربووە لەو کردەیەدا، کاتێک هاوڕێ فەرهاد بە برینداریی دەگەیەننە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، هیچ دکتۆرێک لەوێ نەبووە و تەنانەت هیچ پشکنینێکی بۆ ناکەن، دوای نزیکەی دوو سەعات هاوڕێ فەرهاد گیان لە دەست دەدات، ئەوەش روون بوو کە بە فەرمانێک نەخۆشخانەکە لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی چۆڵ کرابوو. بەڵگەیەکی تری بەشداریی یەکێتی لەو کردەیەدا، نامۆی تیرۆریست لە دوای روخانی سەدام و هەڵتەکاندنی ئەنسار لە هەورامان، لەناو سلێمانی بە دەمانچەوە هاتوچۆی دەکرد و بەردەوام هاتوچۆی ئاسایشی کردووە بەناوی ئیمزای هەفتانەوە، بەڵام ئایا کەسێک ئیمزای ئامادەبوونی هەبێت دەتوانێت دەمانچەی پێ بێت؟ تا ئەوەی لە پرسگەی ئاسایش دەمانچە دانراوەکەی بەدەستی کارمەندێکەوە فیشەکێکی لێ دەربچێت چوونکە هەمیشە لەسەر پێ بووە!! ئایا دوای ئەو رووداوە چۆن نامۆ لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرا. بەڵام دواتر ئاسایش دەچنە سەری لە ماڵی باوکیدا، نامۆ تەقە لە ئاسایش دەکات و لە رووداوێکی تەمومژاویی “حەمەحسێن” دەکوژرێت و نامۆ دەستگیر دەکرێت و شوێن بزر دەکرێت. بەڵگەیەکی تریش لەسەر تێوەگلانی یەکێتی لەو کارە ئەوەیە هەموو کەیسی تیرۆری فەرهاد فەرەج لە پۆلیسی سلێمانی غەرق دەکرێت و بێ هیچ ئەنجامێک دادەخرێت.

بیرەوەریی ئەو رۆژانە لە دەفتەری یادداشتەکانی مندا

لە رۆژی 24-10-1999 دوای هەفتەیەک لە تیرۆری هاوڕێ فەرهاد فەرەج، لەسەر دەفتەری یاداشتی رۆژانەی خۆم ئەم دێڕانەم نووسیوە کە دواتر لە کتێبی “فلاشباک” لە لاپەڕە 67-71 بڵاوکراوەتەوە:
ئێستا کاتژمێر چواری عەسرە، دوێنێ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی دەرچووم، پاش ئەوەی سێ رۆژ لەوێ مابوومەوە، بەهۆی ئەوەی لەلایەن گروپێک لە ئیسلامییەکانەوە بە سەرپەرشتی “فەرهەنگ نامۆ” لە نزیک گۆڕستانی شێخ محێدین “پشت مۆزەخانەی سلێمانی” بە چەقۆ هێرشم کرایە سەر، لە دوو لاوە برینداریان کردم، ئەمە زنجیرەیەک رووداوی بەرنامە بۆ داڕێژراوە دژی کۆمۆنیستەکان. سێ رۆژ بەر لەو رووداوەی من، هاوڕێی کۆمۆنیستمان “فەرهاد فەرەج”ی نووسەر و سەرنووسەری رۆژنامەی “پەیڕەو” لە شەوی 17-10 ماڵەکەی خۆیدا بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆر کرا. تیرۆری کۆمۆنیستەکان لەهەشت ساڵی دوای راپەڕینەوە بۆتە دیاردەیە. چوونکە هەردوو لایەنی ئیسلامی و ناسیۆنالیزم، ئەجیندای چەپ بە هەڕەشە لەسەر ئایندەی سیاسیی خۆیان ئەبینن.
پێشتریش لەلایەن “فەرهەنگ نامۆ”ەوە هەڕەشەی کوشتنم لێکرابوو، کە چەندان گەنجم لە گەڕەکەکەی ئەو و ناو مزگەوتەکانەوە هێنایە دەرەوە و بە بیری چەپ و کۆمۆنیزم هزرم رۆشن کردنەوە. زیاتر لە پەنجا گەنجم تەنیا لە گەڕەکی سەهۆڵەکە و شێخمحێدین لە دەوری حەلقەکەی خۆمان کۆکردۆتەوە کە هەندێکیان زۆر چالاکن لە نموونەی هاوڕێیان “سۆزدار، خالید ئەژی، دۆستی کەمال، بەهادینە سوور، نەوشیروان، نەوزاد مام حەسەن”. ئەمانە بەشێکیان پێشتر هاتۆچۆی مزگەوتیان ئەکرد، بەڵام ئێستا لە چالاکترین کۆمۆنیستەکانن، چالاکترین خوێنەرەکانن، ئەوان سەرەتا بەهۆی منەوە بوون بە کۆمۆنیست، بەڵام هەنووکە لە خۆم چالاکتر فەعالیەتی سیاسیی و رۆشنگەریی ئەکەن. ئەوەش بووە هۆی تەقینەوەی تووڕەیی ئیسلامییەکان لە بەرامبەرم.
هۆکارێکی تریش ئەوەیە، سەرەتای ئەمساڵ کاتێ ئەندامێکی سەرکردایەتی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی کە وا بزانم جێگری وەزیری ئەوقافیشە لە بڵندگۆی مزگەوتی “عوسمانی کوڕی عەفان” لە گەڕەکی شێخمحێدین، وتاری ئاگرینی ئەخوێندەوە بۆ سەدان هەرزەکار و تێیدا فەتوای کوشتنی کۆمۆنیستەکانی ئەدا، سەدان گەنجی بەنجکراو بە تریاکی ئاین حەماس گرتبوونی،. تیمەکەی ئێمەش بڕیارماندا بچینە ناو مزگەوتەکە و دەمکوتی بکەین، تیمەکەش پێکهاتبووین لە”عەباس، خالید ئەژی، هەڵکەوت کۆنفۆ، سۆزدار، خۆم”. بەهۆی ئەوەی کارەبا نەبوو بە پاتری ئۆتۆمبیلیش بڵندگۆکەیان خستبووە کار، دوو لۆکز هۆڵی مزگەوتەکەی رووناک ئەکردەوە، عەباس چووە ژێر دانەیەکیان، سۆزداریش چووە ژێر ئەویتر. خالید و هەڵکەوت کۆنفۆ و من چووینە نزیکی مەلاکە، کە دە دوانزە چەکداریش پاسەوانیان ئەکرد. کۆدی ئێمە ئەوەبوو کە کەوتنە هاوار هاواری تەکبیر، سۆزدار و عەباس لۆکزەکان بکوژێننەوە و ئێمەش پەلاماری مەلا بدەین.
هەر بەو جۆرە بوو کاتی مەلا وتی “ئەبێ رەگی ئەو کۆمۆنیستە مەلعونانە لە ریشەوە دەربکەین، بۆ ئەوەی بزانن ئوممەتی ئیسلام و کوردی موسڵمان قبوڵیان ناکا”. عەباس و سۆزدار خێرا پڕیان دایە لۆکزەکان و کوژاندیانەوە ئێمەش بە مشتەکۆڵە و شەق کەوتینە سەر دەموچاوی مەلا، لە هەر چوار لاوە بووە بە تێکڕژان و میلی چەک راکێشان، بەڵام بە خێرایی کارەکەمان ئەنجامدا و بەرەو دەرگای سەرەکی مزگەوتەکە هەڵاتین. کە هاتینە دەرەوە “سمکۆی تەهای سەید عەلی” کە هاوڕێمان بوو بەڵام کۆمۆنیست نەبوو، ئێمەی بینی و بەهۆی ئەوەی باوکی ئەفسەرێکی باڵا بوو، هەمیشە چەکی پێبوو، کڵاشینکۆفێکی مزەلی پێبوو کە مەخزەنی هەفتا و پێنجی لەسەر بوو، میلی راکێشا رووەو مزگەوتەکە تا ئێمە دوور کەوتینەوە، ئیتر بەو جۆرە دەرباز بووین، دواتر هەواڵمان بۆ هات کە مەلاکەمان باش وێران کردووە.
لە تۆڵەی ئەمەدا ویستیان بە چەقۆ لەناوم ببەن، “فەرهەنگ نامۆ” کە ناسیاویشمان هەیە، باشترین تیرۆریست بوو ئەو کارەیان پێ سپاردبوو، چوونکە بیرمە پێش چەند ساڵ چەندین پەیکەر و کاری تەشکیلی “شیلان”ی خوشکی شکاندبوو بە بیانووی ئەوەی حەرامە، ئەو سڵ لە هیچ توندوتیژییەک ناکاتەوە. لای کەسێکیش وتبووی گوایە من زانیاریی لە دژی ئیسلامییەکان لە رۆژنامەی “رۆژنامەنووس” لەسەر شێوەی چالاکی و شانە و رێکخستنە ئیسلامییە چەکدار و بێ چەکەکان بڵاو ئەکەمەوە. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە دوور و نزیک پەیوەندییم بەو رۆژنامەوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێ سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیە هاوڕێیەکی ئاساییمە. سەیرە خانەوادەی ئێمە ئەزموونێکی تاڵمان هەیە لەگەڵ ماڵی “نامۆ”! چوونکە پێش چەند ساڵیش “حەمەسوور”ی برای کە مفەوەزی ئاسایشی یەکێتییە هاتە سەر ماڵمان لەگەڵ ئەو تیمەی ماڵەکەیان پشکنین کە نیازیان وابوو خانووەکەمان لێ داگیر بکەن.!.بیرم لە شتی ناخۆش ناکەمەوە، دڵنیام رۆژێک ئێمە سەرئەکەوین، ئەوانیش وەک تیرۆریست ناویان ئەچێتە ناو چیرۆکەکانی مێژووەوە. دڵنیام کە خۆری ئێمە هەڵهات، ئەوان شەمشەکوێرەئاسا ئەچنەوە ناو تاریکایی.

دێڕە شیعرێکم هەیە ئێستا:
خۆر وەک خەنجەرێکی زێڕ جەرگی تاریکی هەڵدەڕێ
ئاسمان دوای هەورە رەشەکان روون روون ئەبێتەوە
زەوی دوای لافاو دڵی وەک خامێکی سپی پاک ئەبێتەوە
مرۆڤیش پێویستی بە خەنجەری تیژی بیرێکی رووناک و
راماڵینی هەوری رەشی کینە و لافاوی شۆڕشێکە

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

24-10-1999




مانیفێستی عەشق…بەشی بیستەم…تێکست: ستیڤان شەمزینی

چاوە سەوزەکانی من کە وەک بەهار خۆیان ئەنوێنن
قەرزاری ئەو تاوە بارانەی عەشقی تۆن
لە ئاسمانی گلێنەکانمەوە بە شەستە دائەبارن


هەناسەکەم تۆ تاڤگەی روونی دڵمیت
هێواش هێواش ئەڕژێیتە خۆزگەکانمەوە
تۆ تاڤگەی ئەشقیت و
ئەڕژێیتە ماڵی بێکەسیمەوە


زمانێک شک نابەم لەم دونیایەدا بۆ تێگەیاندنی تۆ!!
بێچارە خۆم کە ئاسنی ساردی عەشقت ئەکوتم


زۆر چاوەڕوانت بووم.. زۆر بۆت گەڕام
زۆر بۆت گریام.. زۆر یادم کردیتەوە
تۆ هێشتا وەهمی نێو خەیاڵەکانی منیت
ئایا بە راست من شتێکم لێ ون بووە؟


شاکارێکم بۆ نوسیووی
“دانتی” بۆ “بیاتریس”ی نەنووسیوە
هەرچەند دڵنیام بە زەردەخەنەوە دەڵێی:
سەر لەم هەستە ترسناکەت دەرناکەم


ئەگەر مەجنون من ببینێت، شەرم سەرتاپای دادەگرێ
ئەگەر لەیلا تۆ ببینێ، تاجی شاژنی عەشق دادەنێ
ئەوسا هەردووکیان وەک دەروێش ئەکەونە دوامان


ئەمڕۆ وتت خۆشمدەوێی شێتە گیان
من بێدەنگبووم.. تۆ واتزانی تووڕەیی دایگرتم
بەڵام بیرم لەوە دەکردەوە چ ئاشقێک هەیە شێت نەبێ؟


تاقانەکەی دڵم
ئەزانی مردن لەپێناوی ئەشقدا ژیانە
ژیانیش بێ ئەشق خۆی لە خۆیدا مردنێکی هەمیشەییە؟


ئازیزم ئەبێ بزانی هەموو ئاشقێک رۆحی بریندارە
ئەوە کێیە خوێ دەخاتە سەر برینەکانی؟


لە پشت هەر ئاشقێکی مەزنەوە
مەعشووقێکی دڵڕەق هەیە
لە پشت هەر ئەفسانەیەکی ئەشقەوە
دۆڕانێکی جاویدانی هەیە
لە پشت هەر بەیەک گەیشتنێکەوە
درۆیەکی گەورە هەیە


پڕ پڕم لە نامۆیی، ئاخر بەم فتیلە لەرزۆکە
چۆن مەملەکەتی هیوا بدۆزمەوە؟
پڕ پڕم لە ئەشق، ئاخر بەم هەنگاوە کورتە
چۆن لە دۆزەخی مەعشوق رزگارم بێ؟


لە خەونمدا شمشێری فیراقیان لەسەر سنگم دا
کەوتمە سەر زەوی و بێدار بوومەوە،
بە هەقیقەت خوێن لە جەستەم دەچۆِرا!
ئەوسا زانیم ئەشق تەنیا خەونێکە


کاتێک ئاشق بووم یەکەم شت فێری فڕین بووم
کاتێک دابڕام یەکەم شت فێری گریان بووم
ئەشق فێری فڕین و گریانی کردم


شەو نییە بۆ رۆژە خۆشەکانم لەگەڵ تۆ نەگریابم
شەو نییە بۆ بینینی رۆژێکی نوێ لەگەڵ تۆ حەسرەتم نەکێشابێ
شەو نییە بۆ بەردەوامیدانی رۆژەکانم لەگەڵ تۆ هەنسکم نەدابێ





مانیفێستی عەشق … بەشی نۆزدە…تێکست: ستیڤان شەمزینی

عەشق بە نیگایەک دەستپێدەکا، بە دێوانەبوون کۆتایی دێ
عەشق شیرینترین تاڵییە، عەشق تاڵترین شیرینییە


کاتێک تۆم ناسی، لەسەر مێزی قوماری ئەشقت
هەموو خەندەکانم دۆڕان و گشت فرمێسکەکانیشم بردەوە


گلگامێش، بە دوای میوەی نەمریدا گەڕا
منیش، وەدووی عەشقی تۆ کەوتم
ئەزانی هەردووکمان شەڕمان لەگەڵ مەحاڵ کرد؟


هێندە ئاڵۆز لێم مەڕوانە، لە ئاو روونترم
شیکردنەوەی من کارێکی ئاسانە،
تەنیا یەک دڵۆپ فرمێسکم


کاتێک عاشقت بووم
خۆم لە دۆزەخ بە تامی بەهەشت بینییەوە
ساتێک لێت دابڕام
کەوتمە ناو بەهەشتێک بە تامی دۆزەخ


تۆ گەورەترین جادووگەریت
بە چرای عەشقت ئاسمانی تاریکی دڵی منت رووناک کردەوە
تۆ گەورەترین جادووگەریت
بە فتیلەی ئەشقت سەهۆڵبەندانی رۆحی منت تواندەوە


من زیندانم لە ناو دڵ و خەونەکانی تۆدا
من زیندانم لە قەفەزی ئەشقی تۆدا
کەچی هەست بە سەربەستییەکی سەیر دەکەم!


ئەی یار وەک مەسیح،
بە بزماری ئەشقی تۆ لە خاچدراوم
ئەی یار وەک مەسیح،
تەنیا بۆ تۆیە نرکە و خوێنی رژاوم


کاتێک ئاشقی تۆ بووم
زمانم لە گۆ کەوت و کانی شیعرم تەقی
بەستەڵەکی دڵم توایەوە و بەهارێکی سەوزی هێنا


هەمیشە دەرگاکە بە کراوەیی جێدەهێڵم
چوونکە چاوەڕوانی گەڕانەوەی تۆم
بەڵام تۆ ناگەڕێیتەوە و منیش هەرگیز دەرگاکە داناخەم


لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە
هەست بە گەرمی هەناسەت دەکەم
لە دووریی هەزارەها میلەوە
بۆنی گوڵاوی رۆحت دەکەم
ئیدی دووریی چ واتایەکی هەیە؟


تۆ ئەشق بە لانەی پێکەنین دەزانی
منیش بە سەرچاوەی گریان
ئەدی گریان و پێکەنین لە کوێدا بە یەک ئەگەن؟


کاتێک لە ئامێزت ئەگرم
دەمم لە شەکرە سێوی دەمتدا دەتوێتەوە
چۆلەکە پاسارییەکان دەفڕن و
هەواڵی ئەم ئەشقە بە شاردا بڵاوئەبێتەوە





ئیخوان موسلیمین یان دایکی تیرۆریزمی ئیسلامیی؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

سەرەنجام ئەنجوومەنی وەزیرانی میسر، بڕیاری کۆتایی لە بارەی “ئیخوان موسلیمین”ەوە دا، بڕیارەکەش بە زیانی ئەو حزبە ئیسلامییە کۆتایی هات، چوونکە بە پێی ئەو بڕیارەی حکوومەتی میسریی، ئەو رێکخراوە خرایە لیستی تیرۆرەوە، بە پێی ماددەی 86ی یاسای سزادانی ئەو وڵاتەش، هەر ئەندامێکی ئیخوان ئەستۆپاکی خۆی لەلای لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆمار نەکات، وەک تیرۆرست مامەڵە لەگەڵ دەکرێت. لەلایەکی ترەوە ئەم بڕیارەی حکوومەتی میسر، بە ستراوەتە بە رێککەوتننامەی وڵاتانی عەرەبی لە هەمبەر تیرۆر، بەم پێیە بێت، لە 14 دەوڵەتی عەرەبی، ئیخوان وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی مامەڵەی لە تەکدا دەکرێت. لێ ئەم بڕیارەی حکوومەتی میسر کاردانەوەی جیا جیای بە دوای خۆیدا هێناوە و رەنگبێ فەرتەنەی ئێستای میسر گەورەتر بکات، بەڵام ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت کە هیچ حکوومەتێکی دیکەی عەرەبی نەیوێراوە توخنی بکەوێت.
لە دیدی ئێمەوە، ئەم بڕیارەی حکوومەتی میسر، ئەگەرچی قورس و سەختە و بەر هەڵچوونی زۆری لایەنگرانی ئیخوان دەکەوێت، بەڵام بڕیارێکی مێژوویی و راتسیۆناڵەیە، کردنەوەی دەلاقەیەکیشە بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە، بە پێی یاسای دژە تیرۆر، مامەڵە لەگەڵ ئەو رێکخراوە ئیسلامییانە بکەن، هەرا و زەنای جیهاد و دامەزراندنی حکوومەتی خەلافەتیان گوێی هەموو لایەکی کپ و کاس کردووە. پێویستە ئەم هەنگاوەی میسر لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی لێبکرێت، مامەداکی ئیخوان لە ماوەی یەک ساڵی دەسەڵاتی خۆیدا، لاسایی رژێمی تاڵیبان و ئێرانی کردەوە، هەقوایە بەرەی ئازادیخوازیی ناپاکيی لەگەڵ دروشمەکانی خۆیان نەکەن، ببنە فاکتۆرێکی بەهێز لە وزە بەخشین بە حکومەتی نوێی میسر لە پێنگاڤی بە تیرۆرست ناساندنی ئیخوان، هەرچەندە کاتیش زۆر درەنگ بوو بۆ ئەو بڕیارە.

پاشخانی فیکریی و مێژوویی

رێکخراوی “ئیخوان موسلمین” لە مارتی ساڵی 1928 لەلایەن “حەسەن بەننا” لە شاری “ئیسماعیلیە”ی میسر دروستکرا. ئەم رێکخراوە هەرچەند وەک گروپێکی ریفۆرمخواز خۆی نیشان دەدا، بەڵام بەشێوەیەکی پراگماتیکی مامەڵەیان لەگەڵ بەستێنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان دەکرد، ئامانجیان دروستکردنەوەی حکوومەتی خەلافەت و گەڕانەوە بوو بۆ سەرەتاکانی ئیسلام. ئەم گروپە لەسەر بنەمایەکی بۆش دروست نەببوو، بەڵکو پەرەپێدەری ئەو تێزە ئاینییانە بوو، دەمێک بوو لەلایەن “محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب” و “ئیبن تەیمیە” فۆرمۆڵە کرابوو. لە مێژووی نزیکیشدا شێخ “محەمەد رەشید رەزا” کە قوتابییەکی هەڵگەڕاوەی “محەمەد عەبدە” بوو، لە 1911 بەدواوە زۆر تەرح و فۆرمۆڵەبەندیی لە رێگەی گۆڤاری “مەنار”ەوە پێشکەش کرد، کە یارمەتیدەری گرنگی پێکهاتن و گەڵاڵەبوونی رێکخراوێکی وەک “ئیخوان” بوو، یان بە مانایەکی تر بۆچوونەکانی ئەوان کاریگەریی زۆریان هەبوو لە گەشەکردنی بنەما فیکریی و ئاینییەکانی ئەو رێکخراوە ئاینییە سیاسییە.
حەسەن بەننا، نموونەی ئیسلامخوازێکی تەقلیدیی بوو، هیچ شارەزاییەکی قووڵی لە هەمبەر فیکری هاوچەرخی ئەو کاتەی مرۆڤایەتی نەبوو، تەنیا لە بابەتە ئاینییەکانی ئیسلام شارەزایی هەبوو، کە هەندێک جار لە کۆڕی دەروێشاندا زیکری کردووە، کە ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە پەرۆشیی “بەننا” بۆ ئیسلام لەسەر بنەمای فیکرێکی قووڵ نەبووە. “د.ماهر شەریف” دەڵێت “بەننا لە ئاوایی لەسەر دەستی مەلایەکی ئەزهەریی، ئاشنایەتی لەگەڵ ئاین پەیدا کرد، پاش چوونی بۆ خوێندنگەی سەرەتایی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا، کۆمەڵەی –نەهی لە مونکەر-ی پێکهێنا و بەناوى ئەو گروپەوە نامەی هەڕەشەئامێز و پڕگەڤ و چاوسوورکردنەوەی بۆ ئەو کەسانە دەنووسی کە گوێیان بە باوەڕەکانی ئاین نەدەدا”.
د.ماهر شەریف، زیاتر کەسێتی “بەننا” روون دەکاتەوە و دەڵێت “حەسەن بەننا وەک رووناکبیرێکی دینداری کلاسیکی دەرکەوت، هەمیشە بێئاگا بوو لە کەلەپووری عەقڵانییەتی عەرەبی ئیسلامی و ئەندێشە و بیر و بۆچوونەکانی رۆشنفکریی ئەوروپایی. بانگەشەکەی حەسەن بەننا، کە پشت ئەستوور بوو بە ئەندێشەی ساکار و وەعزی ئەخلاقی، لە سەردەمێکدا دەستیپێکرد، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتاندا قەیرانێکی ئابووری مەترسیدار تەقییەوە و نازی و فاشیزمی تێدا دەرکەوت، لەسەر ئاستی ناوخۆشدا گیروگرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات دژوار ببوون و ئەزموونە پەرلەمانییەکەی میسری تێدا تووشی سەرەنگرێ ببوو”.
ئیخوان، سوودی لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی دنیا و ناوچەکە وەرگرت، توانی پەل و پۆ بهاوێژێت بۆ وڵاتانی دیکە، لە ماوەیەکی پێوانەییدا گەیشتە ئاستی رێکخراوی تۆکمە و خاوەن ناوبانگ. لێ ئیخوان هەمیشە هێزێکی ئۆپۆرتۆنیست بووە و ویستوویەتی ئامانجە راستەقینەکانی وەک تەڵیسم و بە نهێنی بهێڵێتەوە، بەڵام ئەوە لە کەس شاراوە نییە، ئیخوان لە سەرەتاوە تا ئێستا، ئامانجی گەڕانەوەیە بۆ ئاکاری ئیسلامی پێشین و دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەت. “مەجید مورادی رۆدپشتی” بەشێوەیەکی گشتیی بنەما ئایدۆلۆجییەکانی ئیخوان لەم چوار خاڵەدا کورت دەکاتەوە:
یەکەم: سەرتاپاگیریی ئیسلام و گرتنەخۆی ئاین و دنیا و بایەخی جیانەکردنەوەی نێوان ئاین و دنیا. چوونکە ئیسلام، کۆی عیبادەت و حوکمڕانی، ئاین و دەوڵەت، مەعنەوییەت و کار، نوێژ و جیهاد و قورئان و شمشێرە.

دووەم: گەڕانەوە بۆ پرەنسیپە سەرەتاییەکانی ئیسلام.

سێیەم: یەکێتی جیهانی ئیسلام چوونکە موسڵمانان، میللەتێکی یەکگرتوون، نیشتمانی ئیسلام یەک نیشتمانە.
چوارەم: حکوومەتی ئیسلامی، یەکەم و دوا ئامانجی ئیخوانە. پاشان پەرەپێدانی پرەنسیپ و بنەماکانێتی.
توندوتیژیی ئاینیی لای ئیخوان
ئیخوان یەکەم رێکخراوی ئیسلامی سیاسییە لە دیرۆکدا، پێش “حەسەن بەننا” هیچ کەس نەبووە، بەو فۆرمە کاریگەرە ئاین و سیاسەت تێکەڵاو بکات، یان بە دیوێکی تردا، “بەننا” بە دروستکردنی ئیخوان یەکەم کەس بوو، ئیسلام و کاری حزبایەتی و سیاسەتی پێکەوە گرێدا. لەم سۆنگەوە ئیخوان بە دایکی کۆی رێکخراوە ئیسلامییەکانی دیکە دادەنرێت و هەموویان لە رەحمی ئەم حزبەوە هاتوونەتە دەر. لێ هەوڵی زۆر دەدرێت ئیخوان وەک هێزێکی میانڕۆ بناسێنرێت، بەوەی بڕوای بە “جیهاد” نییە، بەڵام یەکەمین سەرەتاکانی توندوتیژیی لای ئیسلامی سیاسیی هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیخوان.
حەسەن بەننا، تێکۆشانی زۆری کرد، ئەو حەدیسەی پێغەمبەر محەمەد، بە لاواز پێناسە بکات کە باس لەوە دەکات، بەرزترین پلەی جیهاد، جیهاد و رووبەڕووبوونەوەی نەفسە. بەڵکو بە پێچەوانەوە ماندووبوونی زۆری بینیوە بۆ ئەوەی پشتڕاستی بکاتەوە، بەرزترین پلەی جیهاد، بریتییە لە خەباتی چەکدارانە و شمشێر هەڵگرتن.ئەوە بۆ خۆی جێی تێڕامانە کە ساڵی 1938 ئیخوانەکان ناوی “النذير”یان بۆ گۆڤاری هەفتانەی خۆیان هەڵبژارد ناوێک کە لە ناوەڕۆکدا زۆر مانای لە خۆگرتووە، لەوانە کە سامناکترینیانە ئەوەیە، ئەم ناوە لە قورئاندا گوزارشتێکە لە پەیامی خواوەند بۆ وازهێنان لە بت پەرستی و بڕیاردان لەسەر خواپەرستی.ئەوەی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێ ئەوەیە، بەننا لە یەکێ لە وتارەکانیدا، تێکۆشانی حزبەکەی، لەگەڵ تێکۆشانی حەزرەتی پێغەمبەر محەمەددا بەراوورد کردووە و وای بۆچووە کە بانگەوازەکەی حەزرەتی پێغەمبەر محەمەد لە سەدەی حەوتەمی زاینیدا بۆ ئافەرۆزکردنی بتپەرستی “چاخی یەکەم” پێکدێنێ، تێکۆشانی ئیخوانیش “چاخی دووەم”ی ئەو بانگەوازەیە. *
ئیخوان و حەسەن بەننا، نەک بڕوایان بە دیتن و روانگەی ئاینی و سیاسیی جیاواز نەبوو، بەڵکو میتۆدێکی توند و تاکڕەوانەیان هەبوو لە هەمبەر هەر هێزێکی دیکە. بەننا، تەنانەت لە یەکێک لە نووسراوەکانیدا جاڕی قەلاچۆ و تەفروتوناکردنی هەموو حزبە سیاسییەکانی ئەوکاتی میسر دەدات و دەنووسێت “یەکدەنگییەک هەیە کە حزبە میسرییەکان گوناهی گەورەی ئەم نیشتمانە و بنچینەی ئەو گەندەڵییەن کە ئەمڕۆ بە ئاگرەکەی دەسووتێین. شتێکی بەڵگە نەویستە مانەوەی حزبەکان لەسەر ئەم رەوتەدا، وڵات بەسەر گروپ و تاقم و حزبی جیاجیادا دابەش دەکات و تەفرەقە دەخاتە نێو خەڵکەوە. ئیتر لێرەوە چار نییە و هەر دەبێ هەموو ئەم حزبانە لەبەریەک هەڵوەشێنرێنەوە و هێزەکانی گەل لەیەک تاکە حزبدا کۆ بکرێتەوە”. بەننا پێیوایە فرە حزبیی نیشانەیەکە بۆ بڵاوبوونەوەی تەفرەقە و ناکۆکیی لە ناو وڵاتدا، لە جێگەی دیکەش وتوویەتی “هەرچی تەفرەقە دەنێتەوە، هەرچییەک بێت، بە شمشێر لێی بدەن”.
لە بواری توندوتیژیی بەرجەستەشدا، ئیخوان لە سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردووەوە، دەستی کرد بە چالاکی چەکدارانە، ئەمەش وا لە “مەحمود فەهمی نەقراشی پاشا”ی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای میسر کرد لە 8-12-1948، چالاکی ئیخوان قەدەغە بکات و فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکخراوە دەربکات. بەتایبەت کە لەو ساڵەدا ئەندامانی ئیخوان وەک چەکدار بەشدارییان کرد لە جەنگ دژی جوولەکە. هەر لەو ساڵانە ئیخوان یەکەیەکی چەکداریی تایبەتی بۆ تیرۆر و توندوتیژیی لە ژێر ناوى “تنطيم السري” یان “تنظیم الخاص” دروستکرد و لە مانگی یەکی 1948یشدا پۆلیسی قاهیرە دەستگیرکردنی کۆمەڵێک لاوی راگەیاند کە بەنهێنی مەشقیان کردووە لەسەر چەک و تەقەمەنی لە ناوچەکانی “جبل المقطم” و هاوکات 165 بۆمبی جۆراوجۆریان لەو جێگە دەستبەسەرا گرتووە و ئاشکراش بووە سەرکردەی ئەو گروپە کەسێکە بەناوی “سەید فایز”.
لە 22-3-1948 دوو ئەندامی ئەو گروپە دادوەر “ئەحمەد بەگ خەزنەدار” تیرۆر دەکەن، لەبەرئەوەی حوکمی قورسی بەسەر ئەندامانی ئەو گروپەدا داوە، پاش دەستگیرکردنی ئەنجامدەران، پۆلیس پەیوەندیی نێوان بکوژانی “خەزنەدار” و کۆمەڵەی “جبل المقطم” و دەزگای نهێنی ئیخوانی بۆ ئاشکرا دەبێت. لە 20-6-1948 هەندێک ماڵی جولەکە لە قاهیرە ئاگری تێبەردەدرێت، لە 19-7-1948 چەند فرۆشگەیەک دەتەقێنرێتەوە کە خاوەنەکانی جوو بوون. لە 15-11-1948 پۆلیس دەستدەگرێت بەسەر ئۆتۆمبیلێکی جۆری “جێب” و بەهۆی بەڵگەنامەکانی ناو ئەو ئۆتۆمبیلەوە 32 کادری گرنگی رێکخستنی نهێنی ئیخوان و لەگەڵ چەندین پیلانی تر بۆ کاری تیرۆریستی ئاشکرا دەبن، لەو کاتەدا “حەسەن بەننا” لە حەج دەبێت، بۆیە لەگەڵ گەڕانەوەی پۆلیس دەستگیری دەکات بەهۆی تێوەگلانی لەو کارە تیرۆرستیانەوە.
لە 28-12-1948 و لە هۆڵی وەزارەتی ناوخۆی میسر، ئەندامێکی ئیخوان بە بەرگی ساختەی ئەفسەرییەوە، تەقە لە “نەقراشی پاشا”ی سەرۆکوەزیری میسر دەکات و لە ئەنجامدا دەکوژرێت. لە 13-1-1949 ئەندامێکی ئیخوان بەناوی “شەفیق ئەنەس” لەرێی جانتایەکی بۆمبڕێژکراوەوە هەوڵی تەقاندنەوەی دادگای دەستپێکردنەوە دەدات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت، دواتر تۆمەتبار دان بەوەدا دەنێت ئەندامی ئیخوانە و هەوڵیداوە دادگاگە بسووتێنێ بە ئامانجی سووتاندنی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەسەر ئەندامانی ئیخوان لە دادگا بەرز کرابووونەوە.** ئیخوان بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە توندوتیژیی، تەنانەت لە ساڵی 1954 لە شاری “ئەسکەندەریە” لە هەوڵێکی شکستخواردوودا ویستیان “جەمال عەبدولناسر” سەرۆک کۆماری میسر تیرۆر بکەن.
لە قۆناغی دواتر و لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا “سەید قوتب” وەک یەکێک لە سەرکردەکانی ئیخوان، پرسی جیهاد و تەکفیر و تیرۆری ئاینیی دەباتە قۆناغێکی باڵاترەوە، تا ئەو ئەندازەیەی “قوتب” بە باوکی رۆحی تەواوی رێکخراوە ئیسلامییە جیهادیی و تەکفیرییەکانی دنیا دادەنرێت. بەم شێوەیە و لەسەردەستی “سەید قوتب” ئیخوان بووە منداڵدانی دەیان رێکخراوی تیرۆرستی کە تا ئێستاش هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی جیهان. خۆ ئەگەر ئاوڕێکیش لە مێژوو بدەینەوە، ئەوە هەمیشە ئیخوان کاتێک بێدەسەڵات بووە، باسی لە تولەرانس و پێکەوەیی کردووە، بەڵام لەگەڵ پەیداکردنی کەمترین دەسەڵات لە بچووکترین رووبەردا هەوڵی پاکتاویی ئاینیی و مەزهەبیی داوە و توندوتیژییان بەرانبەر بە خەڵکانی دەرەوەی ئیسلام “بەپێی پێناسەی خۆیان” پیادە کردووە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر ئەزموونی حوکمی یەک ساڵەی مورسی لە 2012-2013 سەرەتاکانی ئەم توندڕەویی و توندوتیژییە ئاینییە لە هەر لایەکی میسرەوە دەرکەوت بەتایبەت بەرانبەر قیبتییەکان. “د.نەجیب جبرائیل” راوێژکاری یاسایی کەنیسەی قیبتی، لە سەردەمی حوکمی “مورسی” بەمشێوەیە گوزارشتی لە چەوساندنەوەی قیبتییەکان کرد “قیبتییەکان لە سەردەمی مبارەک بە خراپترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا، خەڵتانی خوێن کراون. لە زەمانی رۆمانییەکانەوە تا ئێستا قیبیتییەکان رووبەڕووی کارەساتی وا نەبوونەتەوە وەک ئەوەی ئێستا رووبەڕووی دەبنەوە”. بە کورتی بیۆگرافی ئیخوان لە ماوەی 85 ساڵی رابردوو، ئەوەی سەلماندووە هەر کات ئەم هێزە ئاینییە دەسەڵاتی هەبووبێ، هیچ کات نەسڵەمیوەتەوە لە بەکارهێنانی زەبروزەنگ و پیادەکردنی تیرۆری مەعنەویی و بەرجەستە لە بەرانبەر نەیارەکانی.

کۆتایی ئیسلامی سیاسیی

ئیسلامی سیاسیی، وەک چەند دەیەی پێشوو ئەڵتەرناتیڤی رژێمە سیاسییەکانی دنیای ئیسلامی نییە. خۆ ئەگەر قسە لەسەر هەڵبژاردنی میسر و تونس بێت بە دوای بەهاری عەرەبیدا، ئەوە بارودۆخەکە جیاوازە و ئیسلامییەکان توانیوە لە هەڵبژاردنێک سەرکەوتن بەدەستبهێنن کە لە نیوە کەمتری خەڵک بەشداریی تێدا کردووە، لە باشترین حاڵەتدا هێز و جەماوەری ئیسلامی سیاسیی لەو وڵاتانەش کەمترە لە 20%. ئەمە بێ لەوەی لە رووی فیکرییەوە هەرەسیان هێناوە، بەو پێیەی ناوبانگی ئیسلامی سیاسیی لە دەسەڵاتدا زڕاوە و ناتوانن شتێک لەوە باشتر پێشکەشی کۆمەڵگە بکەن کە تاڵیبان و ئاخوندەکانی ئێران پێشکەشیان کردووە.
هاشم ساڵح، لە خوێندنەوەی کتێبی “جیهاد”ی “جێڵ کێبڵ”دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکا: فێندەمێنتالیزم شکستێکی گەورەی هێنا لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵدا، لەبەر ئەم هۆیەش ئێمە لە ئێستادا چووینەتە قۆناغی پاش فێندەمێنتالیزمەوە.. تێزی سەرەکی لە کتێبەکەی جێڵ کێبڵ بەمجۆرەیە: ئەو بزووتنەوە ئسوڵیانەی لە ماوەی چارەکە سەدەی رابردوودا لە کۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا شوێنپێی خۆیان قایمکرد و سەرکەوتنی جەماوەریی گەورەیان بەدەستهێنا، لە ئێستادا ئەستێرەی بەختیان لە ئاوابووندایە و بەرەو دواوە دەچنەوە. بەڵام ئاخۆ هۆکاری ئەمە چی بێت؟.
هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هاوپەیمانییەی لە نێوان ئەم توێژە کۆمەڵایەتییانەدا هەبووە: بۆرژوازییەتێکی ئیماندار لە شارەکان، لەگەڵ ئەو گەنجانەی بە دەست هەژاریی و نەبوونییەوە دەیانناڵاند. هەروەها ئەو توێژەش کە لە گەڕەکە میللی و دوورە دەستەکانی شارە گەورەکانی وەکو قاهیرە و جەزائیر و دار بەیزادا دەژیان، ئەمە سەرەڕای خوێندکارانی زانکۆکان کە لە رۆشنبیرانی بزاوتە ئیسلامییە فێندەمینتالیستەکان بوون.
ئیسلامی سیاسیی وەک رەوتێکی کۆنەخواز کە هیچ شەوقێکی تیا نییە بۆ مرۆڤایەتی نهۆ، ناتوانێت وەڵامی داخوازیی و ویستی مرۆڤی هاوچەرخ بداتەوە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک دوژمنایەتی لەگەڵ دەکات، نموونەشمان یەک ساڵ ئەزموونی حوکمڕانیی ئیخوان بوو لە میسر. ئەو ساڵە لە حکومڕانیی ئیخوان نەک هیچ پێشکەوتنێکی بۆ میسرییەکان دەستەبەر نەکرد، بەڵکو دۆخێکی هێنایە ئارا، هاووڵاتییانی میسریی تەمەنای رژێمێکی تۆتالیتاریی وەک ئەوەی مبارەک بکەنەوە.
ئەوەی لە ئەزموونی یەک ساڵەی حکومی ئیخواندا بینیمان، شکستی پڕۆژەی ئیسلامی بوو لە دەوڵەتداریدا. تەنانەت وتەزاکەی “میشیل کیلۆ”ی بیر هێناینەوە “سیستمە کراوەکان، واتە سیستمەکانی هەڵەی شایستەی چاککردن، چاکی شایستەی هەڵەکردن، ئەمانە دەژین. سیستمە داخراوەکان واتە هەڵە تیایاندا چاک ناکرێ و چاکیش تیایاندا هەڵە ناکات. ئەمانە دەمرن. بۆیە سەیر نییە سیستمەکانی یەکەم وێڕای گیاندانی زۆر دەژین، بەڵام ئەوانەی دووەم لەکاتێکدا دەمرن کە لەوپەڕی لەشساغیدا خۆیان دەنوێنن”.

وتەیەک لە کۆتایدا

بمانەوێ و نەمانەوێ، ئیخوان منداڵدانی کۆی گروپە ئیسلامییە تیرۆرستییەکانە. ئیخوان هێزێکە لەو ساتەی دەسەڵاتی نەبێ میانڕەوە، بەڵام لە دەسەڵاتدا لە ئەلقاعیدە دەچێت. جیاوازیی نێوان ئەلقاعیدە و ئیخوان هێندەی جیاوازییەکی تاکتیکییە نیو هێندە ستراتیجی نییە. بۆیە بڕیاری بە تیرۆرست ناساندنی ئیخوان بڕیارێک نییە وەک هەندێک دەڵێن سوپرایزە و نامۆیە بە کولتووری دیموکراسیی!! لە کاتێکدا پرسیار ئەوەیە ئایا دیموکراتی شوێنی گروپی توندئاژۆ و داینەمۆی تیرۆری تێدا دەبێتەوە؟.
رەنگە خەتای ئیخوان لەوەدا نەبێ دواجار هێزێکە توندوتیژ، چوونکە هەر کات دین کرایە بزووتنەوەیەکی سیاسیی هەر ئەوەی لێدەردەچێت. “د.عەبدولڕەحمان شاکر” دەڵێت “هیچ ئاینێک نییە قسە لەسەر پاوانکردنی هەقیقەت نەکات و ئاینەکانی تر بە هەڵە یان لە خۆی بە کەمتر نەزانێ. هیچ ئاینێک نییە لە دنیادا دیموکراتخواز بێت و رێزی جیاوازیی و یەکسانی و ئازادیی هەمووان وەک یەک بگرێت. هیچ ئاینێک نییە، جیهان رادەستی پیاوانی ئاینی نەکات یان گروهێک بەرهەم نەهێنێت کە خۆیان بە نوێنەری خواوەند نەزانن و لەسەر بنەمای ئەم نوێنەرایەتییە گریمانکراوەش حوکم بەسەر ئازادیی و ژیان و بوونی کەسانی تردا نەدەن”. لەم سۆنگەوە دەتوانم بڵێم، ئیخوان ناتوانێت پەرجوو بخوڵقێنێت و لەلایەک داوای حکوومەتی خەلافەت بکات و لەلاکەی تر بتوانێ رێز لە مافی هەمووان بە یەکسانی بگرێ. ئەو دوو شتە هەرگیز پێکەوە کۆناکرێنەوە.

*فەرید ئەسەسەرد “سەید قوتب و تیۆری تەکفیری کۆمەڵ و دەوڵەت”. چاپی سێیەم، سلێمانی 2002.
**نەبەز تاڵیب “مێشکە بە مینچێنراوەکان”. چاپی یەکەم، سلێمانی 2008. لاپەڕە 403-404.

فەڕەنسا – مارسیلیا

تێبینی: ئەم وتارە چاپتەری دووەمە لە کتێبی “داعش لوتکەی تیرۆریزمی ئیسلامی” کە لە مانگی ئایاری 2015 بە چاپی کاغەز کەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران

1-1-2014



مانیفێستی عەشق… بەشی هەژدە… تێکست: ستیڤان شەمزینی

شەرابی هەستت تاکە شەرابە مەستم بکا
بۆم تێکە لەو شەرابە، با ئەشقت نقووم بکا


پێش ئەشقت نەمامێک بووم، ئێستا درەختێکی پەلوپۆدار
پێش ناسینت، کوێرە کانی بووم هەنووکە بووم بە رووبار


تۆ هەر ئەوەندە یەک جار، بڵێ خۆشم ئەوێی
من هەزار پرد لێ ئەدەم رووەو رۆحی ناسکی تۆ


تۆ بە من ئەڵێی، جادووگەری وشە و ئەشقیت
بێ ئاگای لەوە، کانگای وشەکانم دڵی تۆیە


قوڵپی گریانەکەت، ئەکەم بە درێژترین قەسیدە
تۆش موروی پێکەنینەکانم بکە بە ملوانکە بۆ خۆت


بەرلەوەی ئاشق بم، پەڕەسێلکەیەک بووم سست و تۆراو
دوای ئەشقت، بووم کۆترە شینکەی ئاسمانی خۆرەتاو


جوانیی کانییەکی روونە لە دڵی تۆوە هەڵدەقوڵێ
خۆشەویستی شنەبایەکە لە رۆحی تۆوە هەڵدەکا


لێوت بخە سەر لێوم، دڵت بنێ بە دڵمەوە
رۆحت گیر بکە لە رۆحم
ئەمەوێ دڵۆپ دڵۆپ بڕژێمە ناوتەوە


کە تۆم بینی
با ستیانەکەت لە رەنگی چاوم کاڵتر بێ
دەستت بۆنی مێخەکی شیعرەکانی لێبێ
ماچەکانیشت تاڤگە بن ئاوی چێژیان لێ بڕژێ


خودا بیری کردەوە لە چی دروستم بکا؟ زۆر بیری کردەوە
تاکو لە کۆتاییدا منی لە نازی تۆ و گڵی ئەشقت ئافراند


هەست بە حوزنێکی قووڵ ئەکەم لە قوڵپی پێکەنینەکەتا
ئەزانی من تەنانەت ئەو حوزنەشم، زۆر خۆش ئەوێ؟!


من ئەو گووڵە بەهارییەم کە لە پایزی دڵتا ئەڕوێم
بە نەسیمی فێنکی هەناسەت هەموو رۆژ ئەشنێمەوە


هەزار پێناسە و لێکدانەوەیان هەیە بۆ من
کەچی من یەک پێناسە زیاترم نییە:
ئاشقێکی دێوانە و هیچی تر


هەرچەند دوور بڕۆم، لێت نزیک دەبمەوە
هەرچەند لێتەوە نزیک بم، لێت دوور دەکەومەوە!


نامەیەکی زۆر زۆر درێژم بۆ ناردیت
لە رۆحی نیتشە و سەرکەشیی دیدالیۆس
کەچی واتزانی، شێت بووم


لە دووریی هەزاران میلەوە خۆم ون کرد
لە رۆحی تۆدا جارێکی دی خۆم دۆزییەوە





مردن شتێک نییە کۆتایی بە عەشق بهێنێت بەڵکو دەيپارێزێت…بەشی کۆتایی…خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

ستیڤان: ئایا هەمووان دەتوانن عاشق بن؟. ئایا هەمووان دەتوانن ئاڵای عەشق بە دەستەوە بگرن؟. ئاخر چۆن هەمووان ناتوانن ببنە پێغەمبەر، هەمووان ناتوانن ببنە جادووگەر و ئەستێرەناس، ئاوهاش هەمووان ناتوانن ببنە عاشق!. بۆ ئەوەی تۆ ببیتە عاشق، پێویستە رەنج و زەحمەتێکی زۆر بکێشیت و لە پێش هەر شتدا، ئازایەتی رووبەڕووبوونەوەی مەرگ و شەپۆلە سەرشێتەکانی عەشقت هەبێت!!، زۆر گرنگە رۆحێکی سەرکەش و یاخی وەهات هەبێت، سڵ لە هیچ کۆسپ و تەگەرە و تێکشکانێک نەکاتەوە و چاونەترسانە لە بەرامبەر لۆمەی کولتوور و چەقۆی بەدحاڵیان و پیلانی مەرگەوەڕەکان بوەستێتەوە.
لیزا: عەشق پێش هەر شتێک ئامادەبوونێکی رۆحییە بەرلەوەی ئامادەبوونێکی فیزیکیی بێت. رۆحی دیلکراو، رۆحی بەدگوومان، رۆحی ئاخنراو بە رک و قین، ئەگەر هەزاران ساڵیش تەمەن بگوزەرێنێت، نەک هەر نابێتە عاشق، بەڵکو لەسەر رێگەیەش چانسی بینین و چاکوچۆنییەکی لەگەڵ عەشقدا نییە. عەشق هەزاران میل و فرسەخ، هەزاران دۆڵ و نشێو، لەم رۆحانەوە دوورە و هیچ کات لە وەخت و ناوەختدا لە قاپی ئەم جۆرە رۆحانە نادات.
ستیڤان: بەختیار عەلی وتەنی “عەشق جەنگە”. ئازاترین سەرباز و بوێرترێن ژەنەراڵ دەبنە قارەمانی جەنگ، نەک ئەو ترسنۆکانەی لە پەنا و پەساردا بە دوای جێگەیەکی دڵنیادا دەگەڕێن. ئەوەی سنگی دەنێت بە گوللەوە، هەر سنگی ئەو میدالیای پێدا دەکرێت، ئەوەی لە جەنگدا هەڵدێ لە دواوە دەپێکرێت. ئەوەشی عەشق دەباتەوە ئەو عاشقەیە بێ ترس و دڵەڕاوکێ رووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوەی عەشق دەباتەوە ئەو کەسەیە بەرگەی ئازارەکانی رێگەی گرتووە و هەزارەها جار بە گوللەی عەشق پێکراوە و بە جەستەی خەڵتانی خوێنەوە نەبەردی تۆمار کردووە.
لیزا: بەڵێ ئەگەر عەشق جەنگ بێت، رایدەگەیەنم من گەورەترین سەروان و ژەنەراڵی ئەو ئیمپراتۆریایەم، لەبەرئەوەی نەک هەر جەنگی عەشقم کردووە و سڵم لە هیچ ئازارێک نەکردۆتەوە، بەڵکو هەمیشە ئەو پرۆسە سەختەم وەک سەیران سەیر کردووە، ئەوەش لەبەرئەوەنا عەشق پرۆسەیەکی سانا و بێزەحمەتە، بەڵکو لەبەرئەوەی بە تەواوی هێز و توانامەوە هاتوومەتە ناو جەڕولحەبلەکەوە و مردنم لەو پێناوەدا سەد جار لە ژیانی بێ مەعشوق، لەلا پەسەند و خۆشەویستر بووە. ئیتر عەشق ئاوهایە، بە تاڵەموویەک بەربەستی لە نێوان ژیان و مەرگدا دروستکردووە. مردن شتێک نییە کۆتایی بە عەشق بهێنێت، مەرگ زۆرینەی جار عەشق دەپارێزێت و لە خۆی دەگرێ، چوونکە عاشق دەکاتە سونبول و پێغەمبەر بۆ عاشقانی پاشین.
ستیڤان: عەشق گەڕان و عەوداڵبوونە، گەڕانی شارە و شار، وڵاتە و وڵات، کیشوەرا و کیشوەر، بە مەبەستی دۆزینەوەی لەتەکەی تری خۆت. ئاخر خوداوەند هەموو مرۆڤێک بە ناتەواویی و نیوەیی دەئافرێنێت، فەلسەفەی ژیانیش بریتییە لە گەڕان بە دوای لەتەکەی تری خۆتدا، بۆئەوەی ببیتە کەسێکی تەواو و ساغڵەم. سەرۆکی سیخەکان جارێک وتبووی “مرۆڤ بە ئازادیی لە دایک نابێت، بەڵکو لە دایک دەبێت بۆ ئەوەی ئازادیی خۆی وەدەستبێنێت”، بەڵام بیری چووە و لەمەدا بە هەڵەدا چووە، چوونکە مرۆڤ بە ناتەوایی لە دایک دەبێت، دەژی بۆ ئەوەی خۆی تەواو بکات، لە رێگەی دۆزینەوەی لەتەکەی تری، کە ئەم گەڕانەش بە عەشق ناوزەد کراوە.
لیزا: هەر کاتێک نیوەکەی تری خۆتت دۆزییەوە، کاری تۆ لەم دونیایەدا تەواو دەبێت، چوونکە ئاسمان گرەوی لەسەر ئەوە کردووە کەس نییە بتوانێت، لەتەکەی تری بدۆزێتەوە. کە تۆ دۆزیتەوە، واتە کۆنکەنەکەت لە ئاسمان بردۆتەوە، بەمەش دەکەویتە بەر قەهر و نەفرەت، ئیتر تۆ کارت لە دونیا تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە بمریت، بۆ ئەوەی جاڕی سەرکەوتنت بەسەر ئاسماندا رانەگەیەنیت، هەر ئەمەش نهێنی هەموو عەشقێکە کە سەرەنجام و ئاکامەکەی تەنیا مەرگ و لێکدابڕانە.
ستیڤان: لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی زۆری مرۆڤەکان “جگە لە یەک کەس لە سەدەیەکدا” دەمرن، بێ ئەوەی لەتەکەی خۆیان دۆزیبێتەوە. ئای خودایە دەبێ لەتەکەی من لە کوێ بێت؟. ئاخۆ ئێستا خەریکی وازی کردنە یان لە سووچی ژوورێکی بچووکدا بیر لە من دەکاتەوە بێ ئەوەی بتوانێت وێنەی رووخساری من بکێشێت و ببینێت؟. تۆ بڵێی ئەویش بڕیاری دابێت بە دووی مندا بگەڕێت؟.نازانم ئاگادارییەک لە رۆژنامە و تەلەفزیۆنەکاندا بڵاو بکەمەوە بۆ دۆزینەوەی لەتەکەی خۆم، کە من لە وڵاتی خوێن و گریان، لە شارێکی دڵشکاودا دەژیم، یان ئەو پێش من ئەو کارە دەکات؟. خواوەندی مەزن هەرکاتێک لەتەکەی خۆم دۆزییەوە و گرەوەکەم بردەوە، سزام مەدە، ئەوە مانای دۆڕانی تۆ نییە، بەڵکو هێمایە بۆ کۆڵنەدان و سەرکێشی و لاساریی من. ئەمە بێمنەتی نییە بەرامبەر بە زاتی پیرۆزت کە رووناکترین رووناکییت و ماڵی دڵە تاریکەکانمان ئاوەدان و رووناک دەکەیتەوە. تەنیا سەرکێشییەکە بۆ تەواوکردنی خودی خۆم.
لیزا: ئێستا بیرم لای ئەوە نییە، لەتەکەی من خوێندەوارە یان دکتۆرای هەیە، خەیاڵ ناکەم رەنگی قژی چۆنە. لام گرنگ نییە لە رۆژهەڵاتی زەمین یان لە رۆژئاوایەتی. ناتوانم وێنەی باڵا و چاو و ئەبرۆی بکێشم. هزر ناکەمەوە چاوی چ رەنگێکە. بیر لەوە ناکەمەوە ئەسمەر یان گەنم رەنگە، گەدا یان شالیارزادەیە. ئەوەی بۆ من گرنگە ببمەوە بە بەشێک لە ئەو، ئەویش ببێتە بە بەشێک لە من. ئەمەش کۆتایی هەموو رێگەکەیە و ئاوسا دەتوانم بە ئاسودەیی بمرم.
ستیڤان: نازانم خودایە، هێشتا هیچ نازانم، بەڵام من دەستمکردووە بە گەمەیەکی سەخت، تکایە ئاگاداربە من ئێستا خەریکم وەرەقەکانی خۆم بەکاردەهێنم، جۆکەر و کوپی خۆم هەڵدەدەمە ناو حەوزی ئەم کۆنکەنەوە. من گزیی ناکەم و تۆش غافڵ ناکەم. گرنگ ئەوەیە من یاریی دەکەم. ئەگەر کۆنکەنەکەم بردەوە لەتەکەی خۆم و مەرگ پێکەوە لە باوەش دەگرم، جا بۆم گرنگ نییە لەتەکەی من چۆنە و چییە، گرنگ ئەوەیە بەشێکی تری خۆمە و دەمەوێ لە دەستی هەموو قەدەرێکی دەربهێنم. خۆ ئەگەر نەمدۆزییەوە، رەنج بەخەسار و سەرگەردان بەرگەی سزاکانم دەگرم، کە ئاسمان بە مەرگی من و سزای دۆزەخی هەتاهەتایی گرەوەکە دەباتەوە، بەڵام لە بیرتان نەچێت دۆزەخی عاشقان جیایە، چوونکە تام و رەنگی هەرچی شتە لەم گەردوونە لای عاشقان جیایە، وەک ئەوە نییە کەسانی ئاسایی بە چاوێکی ئاسایی بۆی دەڕوانن.
خودایە، ئەگەر گرەوەکەم دۆڕاند، وەک ملیارەها مرۆڤی تری سەرگەردان و خەڵافاو لە لەتەکەی خۆیان، منیش دەمرم، بەڵام رێگەم بدە لەوە دونیا ئەگەر لە شیوی وەیلی دۆزەخیشدایە، بە دووی لەتەکەی تری خۆمدا بگەڕێم تا لەوێ بیدۆزمەوە، ئەمە خولیایەکە بۆ ئەبەد لە کەللەی داوم. بەوەش بەهەشت حاسڵ دەکەم، ئەگەرچی لە ئەسفەل سافلیندا مەلە دەکەم و ئاگراوی داری زەقوم دەنۆشم.
لیزا: رێبواری رێگایەکم کەسی تر پێدا ناڕوات، من بە تەنها خۆم بە رێگایەکدا دەڕۆم و هەموو خەڵکی تر بە رێگایەکی تردا، رێگەکانمان ناچنەوە سەریەک و “رۆما”یەک نییە پێکیان بگەیەنێت. خەڵک لە دوورەوە دەمبینن بە تاقی تەنها ملی رێگایەکی جیاوازم گرتووە و منیش ئەو حەشیمەتە زەرد و سوورەی خەڵک دەبینم لەسەر یەک تاکە رێگا، رەنگبێ ئەوان پێیانوابێت قەرەباڵغی رێگاکەیان نیشانەی گەیشتن بە ئامانج بێت، لێ من بۆ هیچ ئامانجێک ئەم رێگایەم هەڵنەبژاردووە تەنیا نامەوێ دوای مێگەل بکەوم. بۆی هەیە هەردوو رێگاکە بگاتە بنبەست، بەڵام بۆ من هیچ شۆکێک نییە، یان دەشێ رێگا راستەکە لە نێوان ئەم دوو رێگایەدا بێت کە ئەویش رێگا نییە یان بزنەرێیەکی ترسناکە.
ستیڤان: من بە نامۆیی هاتمە ژیانەوە، دڵنیام پێش ئەوەی تەڵیسمەکانم بشکێنن بە نامۆیش لێی دەردەچم. هیچ کەسێ نەیتوانی بەشێک لە پەناگە تاریکەکانی ناخم بخاتە ژێر رۆشنایی و کەشفی بکات. هیچ کەسێک نەیتوانی ئارکۆلۆژیستانە رەهەندەکانی جیهانبینی و دیدگای من بۆ وجود، بۆ عەشق، بۆ ژیان، بدۆزێتەوە. کەس نەبوو شان بداتە بەر توێکاریی شیعرەکانم وەک زمانی دڵ و هەستەکانم.! خۆ ئەمن پێموانییە شتێکی سەیر و گەورە بم، بەڵام هەست بە جیاوازبوونی خۆم دەکەم، ئەمن لافی رۆشنبیربوون لێنادەم بەڵام پێموایە پێچەوانەی شەپۆلە باوەکان مەلە دەکەم. بۆیەکا پێویستە لێم تێبگەن و بمخوێننەوە، ئەگەرچی تێگەیشتن لە خودی مرۆڤ کارێکی دژوارە، کەچی من ئەو مرۆڤانەم خۆش دەوێ خۆیان لە سەختترین شتەکان دەدەن و زۆرانبازیی ترسناک دەکەن بێ بیرکردنەوە لە ئەنجامەکەی. خوێنێکی سیزیفی لە منا قوڵپ دەدات و هەمیشە بەردە قورسەکەی ژیان بەرەو لوتکە سەر دەخەم و هەمیشەش لێم خلۆر دەبێتەوە، بەڵام کۆڵ نادەم. لەبەرئەوەشی ژیان ناماقووڵ و مایەپووچە شەڕی پێ دەفرۆشم، شەڕی مانەوەی تێدا دەکەم.
لیزا: ئەگەر دەخوازن من زەحمەت بکێشم و خۆمتان بۆ بخوێنمەوە زمانم تەتەڵە دەکات، بەو هۆیەی نازانم بڵێم چی!! لانیکەم لە هونەری خۆناساندن و نەرگسییەتدا کۆڵەوارم. ئەمن نازانم چۆن پێناسەی خۆم بکەم، زۆر سەختە مرۆڤ ئەوەندە رووقایم بێت پەسنی خۆی بکات، ئەمە کارێکە دەمانباتەوە بۆ خودسەرسامیی، چوون هەر ئادەمیزادێک خۆی بە چەقی هەموو شتێک دەزانێت، خۆی بە سەنتەری گەردوون و دنیا و مرۆڤایەتی دەزانێت. پرسیار ئەوەیە، کێیە ئاوێنەکە دەداتە دەستمان و دەڵێت ئەوە تۆیت خۆت ببینە؟. ئەی ئەو ئاوێنە بۆچی بۆ من نەبووە و نییە؟. بۆچی کەسێک نەهات لەبەردەم ئاوێنەیەکی روون رامبگرێ تا وێنای خۆم ببینم بەواقعی؟؟ بۆچی هەمیشە لە پەنجەرە تەڵخەکانی سیاسەتەوە حکومم لەسەر دەدەن؟. لە کاتێکدا وەک “شێخی خاڵ” هەمیشە وتوومە بە جوانیی لێم ورد ببنەوە، ئەوەی لەسەر زار و لە روومایە، هەرئەوەش لە دڵ و ناخمدایە.
ستیڤان: مێژووی من مێژووی پەشیمانبوونەوەیە لە دوێنێ، لەبەرئەوەی نامەوێ ئەمڕۆم لە دوێنێ و سبەینێم لە ئەمڕۆ بچێت. سروشتێکی بزۆز و جیوەییم هەیە، لەسەر هیچ دۆخێک چەق نابەستم، مەیین دژی رۆح و بورکانەکانی ناوەوەی منە. کۆلۆمبۆسانە سەرچڵی دۆزینەوەی نوێ دەکەم، دۆزینەوەیەک بێ هیچ تەماحێکی وەک ئەوەی کۆلۆمبۆس، تەماحم ئەوەیە رۆحم هێور بکەمەوە، هێوربوونەوەی رۆحیشم پێچەوانەی زۆرینەیە، بەو پێیەی زۆرینە جێگیریی و هێمنیی و مانگرتن لە هزرین رۆحیان هێور دەکاتەوە، هەرچی رۆحی منیشە لە شلۆقی و پەشێویی و بیرکردنەوە و یاخیبووندا هێور دەبێتەوە. ئیشم ئەوەیە لە بری وەڵام، تەنیا پرسیارە حەرامەکان بوروژێنم، لە بری یەقین، دنیا پڕ بکەم لە گوومان، لە بری دڵنیایی ژیان پڕ بکەم لە راڕایی، ئاخر وەڵام و یەقین و دڵنیایی مرۆڤ دەکوژن و ئیستی پێ دەگرن لەسەر دۆخێک، ئەمەش دڵخوازیی پیاوانی سیاسەت و ئاینە، منیش “مینی لۆپ”ئاسا رسی پیاوانی ئاینیی و سیاسیی دەکەمەوە بە خوری.

——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




مانیفێستی عەشق… بەشی حەڤدە… تێکست: ستیڤان شەمزینی

من پیاوێکم وەک باران ئەبارێمە سەر رۆحت

تۆش لەناو دڵتا ئەشقێکی شێت ئەدوریتەوە



ئەو رۆژەی من ئەمرم و بۆ ئەبەد ئاوا ئەبم

ئیتر چیدی لە ئاسۆوە خۆری ئەشق هەڵنایە





هەر کات ویستت لە خۆتم دوورخەیتەوە

نیشانە لە جەرگ و دڵی خۆت بگرەوە




چارەیەکم نییە هەر ئەبێ دوای ئەشقت بکەوم

چوون هەموو پردەکانی گەڕانەوەم خاپوور کردووە





وەک پرۆمیسیۆس ئاگرم لە ماڵی ئەشق دزی

تا ئاوڕم دایەوە تەنێ کۆیزوخاڵەکەم مایەوە





بیر و هۆش بەکارمەهێنە چوونکە ئاشقین

ماتماتیکی ئەشق دڵ تێی ئەگات نەک مێشک


وەرە ئەم تەنهاییە سامناکەم پڕبکە لە ئەوینت
وەرە ئەم کابووسەم پڕ بکە لە تریفەی خۆت


وەرە ئەم دەریا مردووەی دڵم پڕبکە لە شەپۆل
وەرە ئەم خەیاڵەم تەژی بکە لە ئەفسوونی خۆت


گەر هاتم لە شیعرێکی نوێدا پیت بە پیت ئەتنووسمەوە
تەنها لە خەڵوەتی ئەشقماندا، بۆ تۆی ئەخوێنمەوە


گەر تۆ بێی، بێڕەنگی ئێستام ئەبێتە زەخرەفەی رەنگ
گەر من بێم دەست ئەگرم بۆ سەر تاڤگەی روونی ئەشق


گەر هاتی پەنجەکانت ئامادەکە بۆ ژەنینی تەمبوری دڵم
گەر هاتم بزانە هەنگاوەکانم لەگەڵم نایەنەوە بۆ رۆشتن


من بۆ تۆم، دنیاش بۆ هەموو خەڵک
تۆش بۆ من بە، با دنیا ببێتە موڵکی خۆم


وەرە تاسەی ئەشقت لە دڵی منا بشکێنە
بەڵێن بێ، دێم خەمی دووریت ئەکەم بە هۆنراوە


وەک تابلۆیەک ئەتگرمە چوارچێوەی شیعرم
مینا کارمامزێکی بریندار توند بمگرە باوەشت


لێوت بە شەرابی لێوم، سوور سوور بکە
تا دڵم پڕ پڕ بێ، لە بۆنی خۆشی هەناسەت


وەک دەریاوانێک راوی توڕەترین شەپۆلم ئەکرد
کەچی ئەشقت ئەمجارە سەرکەشیی راو کردم


بە ماچێک منت خستە ناو بەهەشتی خۆت
منیش بە شیعرێک تۆم بردە ماڵی ئیرۆس


ستوكهولم – سولنا




تازەترین پێناسە بۆ عەشق ئەوەیە عەشق پێناسە ناکرێت .. بەشی دوانزە…خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

ستیڤان: خۆشم دەوێی، بیرت بێت لە چ سەختییەکی ژیاندا عەشقی تۆم لە بیر نەکردووە، تۆ دەبێت نەهێڵیت بمرم، زۆر ئیشم ماوە و هیچ خەونێکم نەهاتۆتە دی!!. ئاخر هەمیشە لە شەودام و رۆژی من مەرگە بۆیە نامەوێ هەڵبێ!!، ئێستا وەرە تەنیشتم یەک ماچم بکە، تاکوو هەزاران ساڵ تامی بکەم.
لیزا: لەسەر هەموو شوێنێکی جەستەت سروودی ماچ دەنووسمەوە، لەناو تۆدا وەک پشکۆیەک بەهێمنی گەشاومەتەوە.
ستیڤان: بیرمە یەکەم سات نیگای گەرمت دڵی منی وەک تەنوور گەرم کرد، بیرمە یەکەم چرکە سیحری چاوەکانت تۆوی عەشقی لەناو رۆحمدا چاند.
لیزا: ژیانی هاوچەرخ عەشق تەنانەت سێکسیشی خاڵی کردۆتە لە بەها و مانا راستەقینەکەی خۆی!.
ستیڤان: مرۆڤی هاوچەرخ چەند لە رووی تەکنۆلۆژییەوە گەشەی سەندووە هێندەش لە بەها بەرزەکان پاشەکشەی کردووە! عەشق بووەتە حکایەتێکی گوێ ئاگردان و زۆرترین پرۆسەکانی سێکسیش بریتین لە پرۆسەیەکی میکانیکی رووت کە لە بری چێژ بەخشین، مرۆڤ ماندوو دەکەن.
لیزا: چۆن دەکرێت عەشق سێکسی تیا نەبێت یان سێکس عەشقی تێدا نەبێت؟.
ستیڤان: سێکسی بێ عەشق تاوانە و عەشقی بێ سێکس پووچە. ئەمەش تازەترین پێناسەی منە بۆ عەشق.
لیزا: تازەترین پێناسە بۆ عەشق ئەوەیە، عەشق پێناسە ناکرێت!.
ستیڤان: پێناسەکردنێکی جوان بوو، خۆی لە خۆیدا ئەمەش پێناسەیەک بوو. بەڵام من عاشقی تۆم، ئەو گوڵە بەهارییەم لە پایزی دڵتدا دەڕوێم. ناهێڵم کریستاڵی دڵت درزی تێبکەوێت.
لیزا: لە شکاندنی شوشەی دڵمدا، تاکە زیانمەند هەر خۆتیت.
ستیڤان: وایە، دڵ وەک بلوری چرا وایە، وریای نەبیت نەک هەر دەشکێت بەڵکو خۆت ئامادە بکە بۆ تیغبوون بە پارچە شکاوەکانی ئەو بلورە ناسکە! دڵی منیش لەو بلورە ناسکترە، بەڵام زۆر سامناکانە تیغت دەکات و زامی قووڵ لە تۆدا دروست دەکات!!.
لیزا: گوومان لە عەشقت دەکەم، ئاخر چۆن دەتوانیت کەسێک تیغ بکەیت بەشێک بووە لە وجودی تۆ؟! .
ستیڤان: من وردوخاش دەبم و تۆش یاریی بە پارچەکانم دەکەیت، ئەوە دەتبڕێت!! شووشەی شکاو چ گوناهێکی هەیە لە کاتێکدا خۆت وردوخاشت کردبێت؟!.
لیزا: کەواتە کاتێک هەموو شتەکان دەدۆڕێنیت تەنیا عەشق دەتهێنێتەوە مایە، کاتێکیش لە عەشقدا دەدۆڕێیت هیچ سەرکەوتنێکی تر ناتهێنێتە مایە!.
ستیڤان: نیتچەی فەیلەسووفی ئەڵمانی هەمیشە ئەمەی دەگووتەوە “مرۆڤ بوونەوەرێکی ناتەواوە، هەر کاتێک خۆشم بووێت، خۆشەویستییەکەی دەمکوژێت!” ئەوەتا منیش ئەوەندە تۆم خۆشدەوێت و هێندە قووڵ رۆچووم لە ئەوینتدا بواری گەڕانەوەم نەماوە، هەروەک ئەوەی لە بەرزاییەکەوە فڕێدرابمە خەرەندێکەوە، بەدەم ئازاری ئەو عەشقەوە دەمرم. ئەمە قسەیەکی تۆقێنەرە، بەڵام چەندیش ترسناک بێت قسەی مێشکی خۆم دەکەم.
لیزا: منیش لەسەر چوار رێسا چینییەکە خۆشمدەوێی! ئەوانیش بریتین لە: مایتری واتە هونەری دڵخۆشکردنی خۆشەویستەکەت. کارۆنا واتە لابردنی لابردنی ناخۆشییەکانی سەر رێی خۆشەویستەکەت. مۆدێتا واتە هەستکردنی بەردەوام بە خۆشی خۆشەویستییەکەم. ئۆپیشکا، واتە هاوسەنگی لە نێوان خۆم و خۆت، بەو جۆرەی من هەر تۆم و تۆش هەر من. کەواتە هەرگیز مەڕۆ لە جوگرافیای دڵی من.
ستیڤان: بە من مەڵێ مەڕۆ، چوونکە نە قاچی رۆشتنم ماوە، نە باڵی فڕین. تۆ پێتوایە لەو گەردوونەی خۆم کە هەر تۆیت دەتوانم بۆ کوێی تر بڕۆم؟ گەردوونێکی تر لە کوێ بدۆزمەوە؟.
لیزا: لە عەشقدا دوو مرۆڤ بوونی نییە، یەک مرۆڤ هەیە، یەک جەستە و هەست و نەست و رۆح هەیە. ئەگەر عاشق هەست بە ئازارەکانی مەعشوق نەکات و ئازاری پێوە نەکێشێت، ئەگەر غەمەکانی عاشق دڵی مەعشوق دانەخورپێنێ، ئەو پەیوەندییە هەرچییەک بێت عەشق نییە. کافکا وتەنی “سەری هەر سەدەیەک تەنیا یەک عاشق دەردەکەوێت”. لەبەرئەوە عەشق کردەیەکی دەگمەن و شازە، بۆیە مەرج نییە هەموو پەیوەندییەک سەرەنجام بگاتە عەشق، ئەگەر پەیوەندیی لە دامێنی پرۆسەکەدا بێت، عەشق دوا پلە و خاڵی کۆتا و باڵایە.
ستیڤان: عەشق دەبێت بەرچوو “موعجیزە” بخوڵقێنێت، ئەگەر وا نەبوو لە شوێنێکی تر و لە ژێر ناونیشانێکی دیکەدا بۆ پەیوەندییەکەت بگەڕێ. عەشق دەبێتە تاڵاوت لا بکاتە شەربەتی ژیان، دەبێت مازۆخی بیت و ئازار بە خۆشیی لێکبدەیتەوە و وەک بادە بینۆشیت. عەشق بە حوزن و کارەسات کۆتایی دێت، ئەگەر هەموو لەحزەکانت هەر شادیی و ئاهەنگ و قاقا بێت، ئەوە بزانە عەشقت دۆڕاندووە، لە مەملەکەتی ئاهەنگ و کەیف و سەما مافی پەنابەرێتی هەمیشەییت وەرگرتووە. عەشق چاوبازیی و دەستبازیی نییە، وەلێ لە نیگایەکەوە دەستپێدەکات و بە ئازارێکی جاویدانی و فەوتانێکی پڕ لە سوێ کۆتایی پێدێت.
لیزا: عەشق چییە و چیش نییە؟ عەشق هەموو شتێکە و هیچ شتێکیش، عەشق بە دەست ناگیرێ، بە چاو نابینرێ و بۆن ناکرێت، کەچی باری قورسترین ئەرک لە ئەستۆمان دەنێ!!، بێ ئەوەی هەست بە لەرینەوە و بزاوتنی بکەین، پاڵمان پێوە دەنێت بۆ دروستکردنی ئەفسانە و خوڵقاندنی بەرچوو، بێ ئەوەی رەنگی دیار بێت، رەنگی خۆیمان پێدەبەخشێت، بێ ئەوەی تامی لە توانای وەسفکردندا بێت، هەموو ئازارێک دەکاتە باسوق، هەموو رێگەیەکی پڕ کۆسپ و کەندەڵان لە بەردەمماندا دەکاتە ساباتێکی دڵگیر و کەژێکی تژ لە گوڵ و دیمەنی دڵڕفێنی ژیان.
ستیڤان: عەشق دەمانکاتە کۆیلە و دیلی مەعشوق، وەلێ ئازایەتییەکی تەواومان پێدەبەخشێت. لە عەشقدا هێندە ئازا دەبین، سڵ لە هیچ ناهەموارییەک ناکەینەوە، کەچی هێند سەیرە، ئەوەندەش ترسنۆک دەبین، وا دەزانین کۆتایی عەشق، کۆتایی هەموو شتێکە لە پێشیانەوە کۆتایی خۆمان، واتە کۆتایی فیزیکیی و رۆحی خۆمان وەک بوونەوەرێک.
لیزا: عەشق پێناسە لە خۆ ناگرێت و کورت ناکرێتەوە بۆ چوارچێوەی یەک پێناساندن، ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ خووی ئەکادیمییە شارەزاکان کە فێربوون پێناسەیەکی دیاریکراو ببڕن بە باڵای هەموو شتێکدا. قەتیسکردنی عەشق لە بۆتەی یەک پێناسەدا، هەوڵێکە بۆ تیرۆرکردنی، تەقەلایە بۆ سنووربەندکردنی لە میانەی یەک چێوەدا، ئەوەش پەلوپۆکردن و رووتکردنەوەیەتی لەو مانا و تان و پۆ بەربڵاو و گشتگیرەی هەیەتی.

——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




شایەتییەک بۆ مێژوو منازەرەکەی مەلا بەختیار و نەوشیروان مستەفا … ستیڤان شەمزینی

لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2008دا، مەلا بەختیار داوای لە نەوشیروان مستەفا کرد، پێکەوە دیبەتێکی کراوەی تەلەفزیۆنی ئەنجام بدەن، لە ئەلفەوە تا یای هەموو شتێک باس بکەن. ئەم تەحەدایەی مەلا بەختیار پێش نۆ ساڵ لە مەرگی نەوشیروان مستەفا و چەند مانگێکیش پێش دروستبوونی گۆڕان بوو. ئەوەی ئامادەیی خۆی دەرنەبڕی بۆ ئەو دیبەیتە کراوەیە، نەوشیروان مستەفا بوو. من ئەو کاتە وتارێکی کورتم لە دوای لاپەڕەی گۆڤاری “نێوەند” لە ژمارەی “57”ی مانگی نۆڤەمبەری 2008دا بڵاوکردەوە کە داوام لە نەوشیروان مستەفا کرد بۆ روونکردنەوەی ئەو راستییە تەم لێ نیشتووانەی مێژوو بەشداریی بکات، هاوکات رووبەڕوو هەمان داوام لە نەوشیروان مستەفا کرد، ئەو بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو بێتە پای بابەتێکی لەو جۆرەوە. بۆیە پێموایە مەلا بەختیار مەرگی نەوشیروان مستەفای وەک دەرفەت نەقۆستووەتەوە لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەیدا بەڵکو پێش دوانزە ساڵ داوای دیبەتی تەلەفزیۆنی کردووە. بەهەرحاڵ ئەمەی خوارەوە ئەو وتارەیە ساڵی 2008 بڵاوم کردووەتەوە:

منازەرەکەی مەلا بەختیار و نەوشیروان مستەفا

وەک بینیمان “مەلا بەختیار”ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لە رۆژنامەی”چاودێر”ەوە بانگهێشتی نەوشیروان مستەفای کرد بۆ رووبەڕووبوونەوە، لە منازەرەیەکی کراوەی تەلەفزیۆنییدا. دیارە مەبەستی سەرەکیی”مەلا بەختیار” لەسازدانی ئەو منازەرەیە راکێشانی نەوشیروانە بۆ نێو گفتوگۆیەکی راستەوخۆ، کە بێگومان هەم دەبێتە هۆی بەتاڵبوونەوەی ئەو ئەفسوونەی لە دەوری ناوبراو دروستکراوە. هەمیش دەبێتە پەردە هەڵماڵینێک لە رووی راستینەی نەوشیروان مستەفا کە نەوەک چاکساز نەبووە بەڵکو بەقەبارەیەکی ترسناک بەشداربووە لە پەرەپێدانی ئەو کولتوورە سیاسییەی ئێستاکێ بەحیساب لە دژی وەستاوەتەوە و چاکسازیی تێدا دەکات. ئەم بانگهێشتەی مەلا بەختیار یەکێکە لە هەنگاوە هەرە زیرەکەکانی باڵی بەرامبەر لە دژی ئەو باڵەی نەوشیروان کە زیاتر لە وتاری “ئێمەو ئەوان”ەوە خەتەکانی دیاریکرد و خۆی لەباڵی گشتیی یەکێتی پێ جیاکردەوە. بێ هیچ سێ ودوویەک ئەو بانگێشە،دەستپێشخەریی و پێشنیارەی “مەلا بەختیار” بۆ ئەوە نییە لە رێگەی منازەرەیەکەوە بگەنە ئەنجامێکی ئیجابیی، بەڵکو جۆرێکە لە سەلماندن بە نەوشیروان ئەویش وەک ئەوان بە قەبارە و سەنگی خۆی بەشداربووە لەو”ناعەدالەتی”یەی ئەوڕۆ لە وتاری”ئێمەو ئەوان”دا بەتوندیی رەخنەی جیددی لێگرتووە.
لەباری واقیعیشەوە نەوشیروان مستەفا نە ئەوەیە خۆی لە یەکێتی دابڕیبێت و ئەوەی راگەیاندبێت ئەو ئیتر یەکێتی بە خێر و شەڕییەوە رەت دەکاتەوە، نە ئەوەشە وەک دەستی چەپی یەکێتی درێژە بە چالاکیی بدات، ئەو لەلایەکەوە وتاری”ئێمە و ئەوان” دەنووسێت و لەلایەکی دیکەشەوە خۆی بە هاوبەش و پشکدار دەزانێت لەو بودجە و داهات و سەروەتەی هەنووکە بەدەستی “یەکێتی”یەوەیە. لەسەرێکەوە دەیەوێت وەک باڵی ریفۆرمخواز و ئۆپۆزیسیۆن نمایشی خۆی و کۆمپانیای وشە بکات، لەسەرەکەی دیکەشەوە هێشتا خۆی بەبەشێک لەجیسمی یەکێتی دەزانێت و رەوایی بەخۆی دەدات چەندێک ئارەزووی دەکات لە داهاتەکان و سامانی ئەو حزبە پشکدار و برابەش بێت. ئیدی فەلسەفەی ئەو منازەرەیەی مەلا بەختیار داوای کرد و نەوشیروان رەتیکردەوە، هەر لەوەدا نەبوو ئەو دوو کەسە کە ناکۆکییەکی قووڵ و مێژووییان لەگەڵ یەکتر هەبووە و هەیە، کێشەیەکی شەخسیی نێوان خۆیان یەکلابکەنەوە، چونکە وەک وتمان مەبەستی سەرەکیی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو کەسایەتییە لە رێی منازەرەیەکی کراوەی تەلەفزیۆنیی و لەبەردەم چاوی جەماوەر، بەچۆکداهێنانی نەوشیروان مستەفا و کۆمپانیایەکەیەتی بەتایبەت لەرێی خستنەڕووی پانۆرامای کردەوە و چالاکییەکانی نەوشیروان مستەفا لە مێژووی یەکێتیدا، هەروەها لەرێگەی ئەو لێکدژیی و ناکۆکییەی ئێستاکەش بەهەڵوێستەکانییەوە دیارە، کە وەک ئاماژەمان پێدا لە روویەکەوە ئەندازیاری چاکسازیی و داینەمۆی هێزی بەرهەڵستکارییە و لەرووەکەی تریشەوە بەشێکە لە دەسەڵات و پارتێکی سەرەکیی دەسەڵات.
من وا تێدەگەم نەوشیروان مستەفا دەبێت رێگەیەکی رۆشن بگرێتە بەر. رێگەی خۆ یەکلاکردنەوەی یەکجارەکیی، یان هەڵبژاردنی بەرەو سەنگەری ئۆپۆزیسیۆنەکان، یاخود بەشدار و بەشێک لەرەوتە گشتییەکە. لەوە بەدواوە یاریکردن لەنێوان ئەو دوو سەنگەرەدا مەهامەکەی بەتاڵ دەکاتەوە و لەپێش چاوی هاووڵاتیانیش سەنگ و بەهایەکی ئەوتۆی نامێنێت. بۆیە ئەگەر ئەمڕۆش بەپاساوی بەهێز و تاراددەیەک قەناعەتپێکەر خۆی لە داواکەی مەلا بەختیار بدزێتەوە، ئەوە بێگومان لەداهاتوودا دەیان داوای تری هاوشێوەی بەرەو روو دەکرێتەوە، تەنانەت لەلایەن هێزەکانی تریشەوە ئەو داوایەی لێدەکرێت، بێگومانیش خۆدزینەوە لە هەموو داوا و پێشنیارەکان جگە لەوەی متمانەی کاڵ و کاڵتر دەکاتەوە، لەهەمان کاتیشدا دەبێتە هۆکاری داڕوخانی یەکجارەکیی پڕۆژەکەی کە ناوی چاکسازیی و شەفافیەتی لێناوە. رەنگبێ ئەم گلاستنۆس و پرۆسترۆیکایەش هێندەی ئەوی گورباتچۆف رۆڵی هەبێت و سەرئەنجامەکەی بەداخەوە ناخۆش و تراژیدیی بێت.

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە “57”ی گۆڤاری “نێوەند” لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2008دا بڵاوکراوەتەوە.

ستیڤان شەمزینی




مانیفێستی عەشق …16- تێکست: ستیڤان شەمزینی

بەشی شانزە..

لە دووریتا گلێنەکانم دڵۆپە بارانی رەنگ سوور
بەسەر پێدەشتەکانی دڵما ئەبارێنێ


لە ئاسمانی مندا تەنیا تروسکاییەک هەیە
ئەوەندە رەونەقدارە سەرزەمینی کردووە بە چراخان
ئایا ئەزانی باسی تۆ دەکەم؟


بۆ ژیاندنەوەی کانیاوی وشکبووی رۆحت
تەنیا بۆ چەند چرکەیەکیش بێ ئاشق بە


خۆر لە دەستەکانی تۆوە هەڵدێ
مانگ لە چاوەکانی تۆدا ئەبریسکێتەوە


بارانی ئەوینت ببارێنە بەسەر دڵمدا
چوونکە خەریکە دەبێتە بێروون


کلوە بەفری ئەشقت بەسەر رۆحما ببارێنە
ئاخر زۆر دەمێکە بووە بە بیابان


دەتوانم بەرانبەر بە یەک لەشکر سەرباز بوەستم
کەچی توانای بەرەنگاریی یەک نیگای تۆم نییە


لە دەستنووسێکی دێرینی دێوانەیەکدا نووسراوە
دەستنوێژی ئەشق بە فرمێسک نەبێت هەڵناگیرێت


ساتێ تەرمی من بە بەردەمتدا رەتبوو
لە هیچ بکوژێک مەپرسە سزای دڵڕەقی خۆت بدە


ئەوەی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێم پێکەوە ئەبەستێتەوە
تەنها و تەنها هێزی ئەشقی نەبڕاوەی تۆیە


لە بارەی دێوانەکانەوە ئەفسانە و کتێبە کۆنەکان دەخوێنیتەوە
لە بری سەیرکردنی رابردوو بڕوانە چۆن ئێستا منت کردۆتە دێوانە؟


ئەگەر چاخی کۆیلایەتی بگەڕێتەوە هەرگیز نابم بە سپارتاکۆس
نا.. نا.. زۆر ئارەزوومەندانە دەبمە کۆیلەی لار و لەنجەی تۆ


جۆگەلە بەستنی فرمێسکەکانم بوو بە ئۆقیانووس
پێم بڵێ چۆن بەرگەی شەپۆلەکانی دەگریت؟


کە رۆیشتیت تەنیا یەک شتت بەجێهێشت
ئەویش تەرمی هەلا هەلابووی من بوو


تۆ لە شەپۆلێکی تووڕە دەچی، منیش لە کەشتییەکی وێڵ
تۆ لە زریانێکی بەهێز دەچی، منیش لە کوخێکی وێران


ئێوارەیەک بۆ ئەبەد ون ئەبم لە ئێستاوە تەنیا وشەیەکم هەیە
ئەوی لە سەرابەوە هاتبێت بێگوومان دەبێت بە غوبار


ئازیزم هەموو رۆژێک لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا دێم
ئەگەر رۆژێک نەهاتم، بزانە کە مەرگ هاتووە


بڕیارم دا سەفەر بکەم، سەفەرێکی بێ کۆتایی
بەرەو مەملەکەتی ئەوین و دڵی پڕ جۆشی تۆ





پەیمانم بە شیعر داوە تاکو تۆ هەبیت پرچی تەڕترین هۆنراوەت بۆ دابهێنم-11 – ستیڤان شەمزینی

بەشی یانزە…

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

لیزا: ئەوەی لە تۆدا وەک ئەڵماس دەدرەوشێتەوە، ئەوەیە هیچ کات لە بەرامبەر بە پارە و ساماندا لاواز نیت!.
ستیڤان: زۆرجار بیر دەکەمەوە، جیاوازیی حەوجۆش و پارەی کانزایی چییە؟ جیاوازیی کاغەزی گوڵەبەڕۆژە و دۆلار چییە؟ تەنیا ئەوە نەبێت وەهمەکانی مرۆڤ بەهای بەوەی دووەمیان داوە.
لیزا: ئەمە هەمان پێناسەی منە تەنانەت بۆ خودی جوانیش!. پێموانییە هیچ شتێک جوان بێت، بێ ئەو بەهایانەی لە ناویدا دەردەکەون، خۆشەویستی جوانە، چوونکە هەڵگری بەهای یەکترویستن و توانەوەی گیان و جەستەیە لە یەکتردا، بۆ نموونەی توانەی منە لە تۆدا!. ماچێک یان باوەشێک هێمایەکی فیزیکیی ئەو توانەوەیە، بەڵام توانەوەی هەست و سۆز بێ ئامادەگیی فیزیکیش لە ئارادایە!. کەواتە من دەمەوێ پرۆسەکە بگەیەنمە کەماڵ، زۆر دەمێکە شەپۆلەکانی هەستم تێکەڵی کەناراوەکانی سۆزت کردووە، دەبا ئیتر مەلی جەستەم لەناو جەستەی تۆدا هێلانەیەک چێ بکات.
ستیڤان: تۆ بابەتەکەت بەلایەکی تردا راکێشا، لە باسی پارەوە بازتدا بۆ سەر پرسی خۆشەویستی!.
لیزا: من دوور نەکەوتوومەتەوە لە ناوەڕۆکی قسە، تەنها روونکردنەوەم دا لەسەر بەهای شتەکانی ناو ژیانمان، پارە کاغەزێکی بێ بەهایە و لە بازاڕ و ئابووریدا بەهای پێدراوە، ئەگەرنا ئەو خودایە نییە وەک ئەوەی ئێستا دەپەرسترێت!.
ستیڤان: لە راستیدا پارەپەرستی بتپەرستییە، بیر بکەوە مرۆڤی پێشان لە بەرد و قسڵ خودایان دەئافراند و دەکەوتنە پەرستنی، مرۆڤیش خۆی پارەی ئافراندووە و کەوتۆتە پەرستنی. بە پێچەوانەی ئەو بتانەی لە دوورگەی عەرەبیدا لە خورما دادەتاشران و لە کاتی تەنگانەدا دەکەوتنە خواردنی.!
لیزا: کەواتە تۆش لەناو هەمان پێناسەکەی مندا نموونەت هێناوە، بەڵام زۆرینە خودایان پارەیە، عەشق و ژیان لە خوار پارەوە دەبینن. ئێمە چۆن دەکرێت ئەو پێناسانە راست بکەینەوە؟.
ستیڤان: کاری من و تۆ نییە پێناسەکان دابڕێژینەوە، گرنگ ئەوەیە نەکەوینە دوای ئەو زۆرینەیە ئاینیان دۆلارێکە و قیبلەشیان بازاڕی رەش!.
لیزا: دوژمنایەتیکردنی زۆرینە بە جۆرێک لە جۆرەکان، ترسناکە. لە کاتێکدا زۆرینە بوونەتە مێگەلێک بۆ پارە شوانە دڵڕەقەکانیان رێی سەختترین کێوەکانیان پێ تەی دەکات.
ستیڤان: هەر لەبەرئەوەشە من کەسێکی خۆشەویست و قبوڵکراو نیم لای زۆرینە، چوونکە دەبینن لە مێگەلەکە یاخی بووم، بەڵام ئەوان چێژ لە مێگەلبوونی خۆیان وەردەگرن، وەک ئەو جۆرە بولبولەی پاش راهاتن لەگەڵ ژیانی ناو قەفەز، هەزار جاریش دەرگای قەفەزی بۆ بکەیتەوە، ئارەزووی فڕین ناکات!.
لیزا: کەواتە ئەمەش خاڵی ناوکۆیی من و تۆیە، لەبەرئەوەی هەوڵدەدەم دواى قوڵبوونەوە و خەمڵاندن و رامانێکى زۆر قەناعەتەکانم چەندیش ترسناک بن مانیفێست بکەم. لەوە نەترساوم لە پاشەوە گوللە لەسەرم دەدرێ یان بەشێوەى گەلە گورکێک شاڵاوم بۆ دێنن.
ستیڤان: جیاوازییەکەشمان ئەوەیە، من رەخنەی توند بە زمانێکی سۆفت و هێمن دەنووسم و حەزدەکەم بابەتی و عەقڵانیی بم لە شرۆڤەکردندا، نەک هەمان ئەو کەسەی لە شیعر و عەشقدا بوونم هەیە کە کەسێتییەکی عاتیفی و هەستەکیم، ئەم باڵانس راگرتنە کارەکەمی سەختتر کردووە.
لیزا: تەنیا ئەوەندە دەزانم مێشکم بورکانی وشەیە و دڵیشم کانگای عەشق، کاتێک تۆ دەبینم گڕکانی وشە بە زاخاوی دڵم دەبێتە شیعر!. کاتێکیش دەخوێنمەوە لە نێو هەموو رستەیەکدا بۆنی هەناسەت دەکەم!!.
ستیڤان: منیش دوو شت دەکەم لەگەڵ خوێندنەوەدا: بیردەکەمەوە و جڵەو شل دەکەم بۆ خەیاڵەکانم و بەربەستیان ناکەم، دەتوانم بڵێم زۆر کۆنتر و لە کۆڵانە دێرینەکانی خەیاڵدا تۆم لە زۆر بۆنە و جێگەدا دیوە!.
لیزا: من بێ هۆ خۆشم دەوێی، ناشزانم بۆچی خۆشم دەوێی! تەنها ئەوەندە دەزانم رۆحت هەزاران ساڵە لەگەڵ رۆحم ئاوێتە بووە و وەک دوو کۆتر بە ئاسمانی عەشقدا بە تەنیشت یەکەوە دەفڕن، لەوانەی ئەو دوو رۆحە جەستەمان لە یەکتر نزیک بکەنەوە، بەڵام هیچ کات جەستەمان لە یەکتر نزیک نابێتەوە رۆحمان لە یەکدی جیا ببنەوە و رێی ئاسمانەکانیان جودا بکەنەوە، رۆح لێرەدا ئەو مانا ئاینییەی نییە وەک هێزێکی نادیار پێناسەی دەکرێت، بەڵکو مەبەست لەو شەپۆلانەی هەست و سۆزە وەک تەزووی کارەبا پێماندەگەن.
ستیڤان: بیر لەوە دەکەمەوە دەبێت پێناسەکردنمان بۆ مەرگیش بگۆڕین، مەرگ خاڵی کۆتایی عەشقم نییە بۆ تۆ، بەڵکو سەرەتایەکی ترە!، من ون دەبم و تۆش لەناو دڵی خۆتدا دووبارە دەمدۆزیتەوە، بڕوام بە دۆنادۆن هەیە و ئێواران سەیری ئاسمان بکە وەک باڵندەیەکی غەمگین بەسەر تۆدا دەفڕم، تەنێ ئەوەیە بە مردنم لە زەوییەوە بەرەو ئاسمان دەڕۆم، بەڵام خۆ هەر لە گەردوونی تۆدام!.
لیزا: تۆ نامریت کە من ئێستا داستانی عەشقمان بە شیعر دەنووسمەوە. دڵم دەگری و دەستم دەلەرزێ و ئارەقێکی بۆنخۆش دەکەمەوە ئەو ساتەی دەستدەکەم بە نووسینەوەی تۆ لە شیعرێکدا!. ساتەوەختی تەواوبوون دەڵێم وای لە من چی جوانیم بیر چووە و چی هەستم ماوە بیکەمە دێڕەکانەوە لە پەسنی خۆشەویستیدا. بەم جۆرە دووبارە لەناو هەمان تەقسدا شیعرێکی تر دەنووسم، شیعرەکان هێدی هێدی دەبنە دیوانێک و دوو دیوان و چەندان دیوان، هێشتاش دڵم تێرئاو نەبووە لەو شیعرانەی لە سرووتێکی دێوانانەدا بۆ تۆ دەیاننووسم و کاتێک ئاوڕ دەدەمەوە بوومەتە داپیرەیەکی پشت چەماوە و لە کونجی تەنهاییدا لەگەڵ ئەو شیعرانەدا دەژیم باسی تۆم بۆ دەکەن، من ئەم سووڕە ناودەنێم سووڕی راستەقینەی ژیان!.
ستیڤان: ئای خودایە لەو هەموو هەستە جوانە. چەند بەختەوەرم کەسێک بەم شێوەیە هۆگری ژیانم بووە، لە کاتێکدا وەک پاشەڕۆکێک فڕێدرابوومە ناو زبڵدانی کۆمەڵگەوە!!.
لیزا: نەخێر تۆ ئەڵماسیت و دەگمەنیت. ئەگەر دیقەت بدەین خۆڵ و خاشاک لەهەموو شوێنێک دەبینین، لانیکەم لەسەر شەقامەکان دەبینین چەندان تەنەکەی گەورە گەورە بۆ پاشماوە و خاشاکە بێ ئەرزشەکان دانراون، بەڵام کێ دەتوانێت گەنجی ئاڵتون و گەوهەر لەسەر جادەکان بدۆزێتەوە؟ ئەمە پێناسەی تۆیە لە روئیای مندا. دەبێت قووڵایی دەریای شیعر و گەنجینە دوورە دەستەکانی خەیاڵت بۆ بگەڕێین، نەمدەویست بەم روونییە دانپێدانانی خۆمت بۆ بدرکێنم، بەڵام ناچارت کردم.
ستیڤان: من هەموو شەوێک دێمە خەونت، تۆ لە خەونی هەموو شەوەکانمدایت، بێ ئەوەی دووبارەی بکەمەوە دەڵێم دڵم زێیەکە لە شیعر و ئەوین، بە بەرچاوی هەموو سروشتەوە دەڕژێتە رووباری چارەنووستەوە.
لیزا: من بێ ماندووبوون هەموو رۆژێک نامەت بۆ دەنووسم، نامەکان هەموو دەگەنەوە بەیەک شت، دێڕەکان هەموو دەگەنەوە بە یەک شت، پیتەکان هەموو دەگەنەوە بە یەک شت، ئەو شتە من و تۆین! من و تۆ گووڵدانێکی سوورین لەبەر پەنجەرەی عەشقدا دانراوین. ئیدی وا نەزانی کانگای شیعرم لە هەڵقوڵان دەوەستێت، چوونکە پەیمانم بە شیعر داوە تاکو تۆ هەبیت پرچی تەڕترین هۆنراوەت بۆ دابهێنم.
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




مانیفێستی عەشق- بەشی پانزە- تێکست: ستیڤان شەمزینی

نیگام بکە لە رۆحی ئەفسانەکانەوە هاتووم
ئەمەوێ بتخەمە ناو حکایەتەکانی ئەشقەوە


بڕیارمدا زۆر دوور بڕۆم، زۆر دوور دوور رۆیشتم
کەچی هێشتا لە سنووری دڵی تۆ دەرنەچووم


تۆ چ موعجیزەیەکت؟ ساتێک لێوت خستە سەر لێوم
دەمم پڕبوو لە شیلەی ئەشق و
رۆحیشم تەژى بوو لە هەنگوینی شیعر


یادکردنەوەی ئامێزی گەرمت، تەنیا فرمێسک دەخوازێ
هەروەک چۆن زەوی بێروون شەستە بارانی پێویستە


بزانە من چۆنم؟
هەر کاتێک دەرگای خەونەکانم لێ دائەخەیت
لە پەنجەرەی خەیاڵەکانەوە دێمە ژوورەوە


بیرت ئەکەم
چیترم لە دەست نایەت جگە لەوەی لە شیعرێکدا بتنووسمەوە
چیترم لە دەست نایەت جگە لەوەی لە خەونێکدا بتبینمەوە


تووڕە مەبە لە سەرشێتییەکانم
ئاخر ئەوینت ئاگرێکی لە ناخمدا کردۆتەوە ئەبەد ناکوژێتەوە


کە تۆم ون کرد لە هیچ شوێنێک بۆت ناگەڕێم
چوونکە لەناو دڵی خۆمدا ئەتدۆزمەوە


تۆ ئاسمانێکی ئەوەندە فراوان و بەرینی
هەرچەند دوور بفڕم هێشتا لە تۆ نزیکتر ئەبمەوە


بڕیارێکی گرنگم بەدەستەوەیە
بڕیاری ماڵئاوایی لەهەموو شتێک، تەنیا ئەوینی تۆ نەبێت


مەرگ هیچ کات دەرەقەتم نایەت
چوونکە شەرابی نەمریی ئەوینی تۆم نۆشیوە


مردن لەبەر من هەڵدێ
چوون پەیمانی ژوانێکم لەگەڵ تۆ بەستووە


دووری تۆ، گوزارشتێکی جوگرافی نییە
دووری تۆ، گوزارشتێکی رۆحییە


زۆر سەیرە کە نابینیت
لە دڵی تۆدا وەک مەسیح لە خاچ دراوم!!


ئەی “شەم”ی من
تۆ دۆزەخی هەزاران “وەلی” وەک منیت


ئەی “جولێت”ی من
تۆ ئاسمانی هەزاران “رۆمیۆ”ی برینداری وەک منیت


لە کۆتاییدا هەموو شتێک لەناو دەچێت
تەنیا ئەشق دەمێنێتەوە، ئەشق!!!





زۆر سەختە لە ناو جەنجاڵیی شارەکاندا هەست بە تەنهایی بکەیت-10– خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

بەشی دەیەم…

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

ستیڤان: تۆ هەمیشە رەخنەی ئەوەم لێدەگریت، مرۆڤێکی رەشبینم، بەڵام تۆش زیاد لە پێویست غوربەت رۆحێکی گووشیویت.! من هێشتا نازانم تۆ باسی کام جۆرە لە غوربەت دەکەیت؟.
لیزا: غوربەت تەنها رەهەندێکی جوگرافیی نییە، بەڵکو کوشندەترین جۆری غوربەت نامۆبوونی رۆحییە!.
ستیڤان: پێتوانەبێ غوربەتی جوگرافیش شتێکی کەمە! بە”پاپلۆ نیرۆدا”یان وت: تۆ وشەى رەگ لەشیعرەکانتدا زۆر دووبارە دەکەیتەوە، ئەم رەگوریشە زۆرە لەبەرچى لە شیعرەکانتدا هەن؟ نیرۆدا لە وەڵامدا وتى (من ناتوانم بژیم ئەگەر لە خاکەکەى خۆمدا نەبێ، من ناتوانم بژیم بێ ئەوەى قاچ و دەست و گوێم لەسەر خاکى نیشتمانەکەم دابنێم، من ناتوانم هەناسەبدەم بێ ئەوەى هەست بە سوڕانەوەى ئاو و سێبەر بکەم، من ناتوانم نەشونما بکەم بێ ئەوەى هەست بە رەگەکانم بکەم کە لەناو قوڕى رەشدا لە خودى دایک لە کرۆکى بنەچەدا دەگەڕێن).
لیزا: کارەساتی من و تۆ ئەوەیە تاراوگە مۆرانەی رۆحە و نیشتمانیش کورەی مەرگ. کاتێک لە تاراوگە دەبیت بە ژمارەیەکی بێ ئەرزش، هەست بە ونبوونی خۆت دەکەیت. تاراوگە واتە دیوێکی تری تەنهایی، زۆر سەختە لە ناو حەشاماتی خەڵک و جەنجاڵی شارەکاندا هەست بە تەنهایی بکەیت. تەنهاییەک هیچ کەسێک نەبێ جوانی و خۆشی و ساتە شادەکانی لەگەڵ بەش بکەیت، ئاخر جوانی و خۆشی و شادییەکانیش پێویستیان بە بەشکردنە لەگەڵ کەسانی تردا.
ستیڤان: تاراوگە واتە تەنهاییەکی کوشندە، تەنهاییەک وەک مۆرانە بەردەبێتە رۆحت، بەردەبێتە خەیاڵە ئیستاتیکی و خەونە تەژی فەنتازییەکانت. ئێستاش بە یادی ئەو نیشتمانەوە دەسووتێم کە دووجار لەلایەن دەسەڵاتی خۆماڵی و دەسەڵاتی بێگانەوە ئیغتساب کراوە، ئای نیشتمانە بێ نازەکەم، دووریت جۆرێکە لە سووتان و ژیانیش لەناوتا جۆرێکی ترە لە سووتان. ئێستا لەم دوالیزمەدا نازانم کامیان هەڵبژێرم، سووتان لە دووریت یان سووتان لە ناو کورەی پڕ تینی ئامێزی تۆدا؟ خۆشم نازانم. خۆشم نازانم.
لیزا: ئای من کێم جگە لە ونبوویەک لە وڵاتی سەهۆڵ.! غوربەت وەک ئەسپ ساڵەکانی تەمەنم بە دوای خۆیدا رادەکێشێت بەرەو هیچ. غوربەت وەک ئاگر خۆزگەکانم دەسووتێنێت. غوربەت وەک کابووس خەونە شیرینەکانم دەزڕێنێ. غوربەت وەک پوازێک منی لە ئامێزی نیشتمان جیا کردەوە. ئیلاهی چەند حەز دەکەم ئەم خەونە تاڵە خەونێک بێ و ئێوارە لە باخێکی شارەکەم ژوانێکم هەبێت.
ستیڤان: ئەوەی لە عەشقدا ون بێت دواجار لە ئەشکەوتی دێوانەبووندا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەوەی لە غوربەتدا ون ببێت دواجار لە دۆزەخی تەنهاییدا خۆی دەدۆزێتەوە، ئەوەی لە زادگە و نیشتماندا ون ببێت هەرگیزا و هەرگیز ناگاتەوە بە خۆی.
لیزا: لەو شوێنەی هەست بە نامۆبوونی خۆت بکەیت، نازانیت دەژیت یان مردوویت؟. نازانیت بە چ رێگەیەک خۆت لەو ئەختەبووتەی نامۆیی رزگاری بکەیت تا خۆت لە دەستێکی رزگار دەکەیت سەدان دەستی تری دەتگرێت و ناهێڵێت بڕۆیت؟!.
ستیڤان: لە راستیدا من بێزارم لە خۆم، لە مرۆڤ، دەمەوێت تەنهایی لە ئامێز بگرم. هەر کەس بە نیازی پارەدیس بێت لەسەر دەستی مرۆڤ مەحکوومە بە دۆزەخ. هەتا ماوین دەبێ بەردەکەی سیزیف بێهودە سەربخەین بۆ سەرەوە و ئێوارەش خلۆر بێتەوە. ژیان خۆی پووچە لەوەش پووچتر گەڕانە بە دوای بەختەوەریی ژیاندا. مەرگ فریادڕەس و راستییەکی تاڵە، بەڵام ژیان درۆیەکی شیرینە.
لیزا: تۆ هەمیشە بە مەرگ دەمترسێنیت. ئاشقتم ئەی یار، تۆ بۆ دەمسپێریت بە غروب کە من یەکەم تیشکی گزنگم؟ تۆ بۆ دەمترسێنیت بە مەرگی خۆت لە کاتێکدا من خەندەیەکی شەرمنی ژیانم؟ تۆ بۆ دەمسپێریت بە پایز و خەزان کە من گوڵی گەشی ئەوینم؟!!.
ستیڤان: تۆ سەیری فەلسەفەی شوپنهاوەر بکە، چیرۆکی ئەو مەتعەمچییە بهێنرێتەوە یادت وێنەی تابووتێکی گەورەی کێشابوو. دوای ئەوەش بیر لە وتەیەکی کیلەر بکەوە کە دەڵی: مردن سامناک نییە، سامناکی ئەوەیە بمریت. ئەوەم پێچەوانەوە کردۆتەوە و دەڵێم ژیان سەخت نییە، بەڵکو سەختییەکە ئەوەیە بتوانیت 60-70 ساڵێک بژیت. ئاخر لەم هەموو ساڵەدا چی دەکەیت؟ ئەم قەوانە سواوەی ژیان چی مانایەکی هەیە؟. بروام پێ بکە تەنیا عەشقت منی بە ژیانەوە بەستۆتەوە، هیچ هۆیەک نابینم بۆ ئەوەی درێژە بە ژیان بدەم، جگە لەو کاتانەی بۆ دڵخۆشی تۆ نەک خۆم بەسەری دەبەم، ئیدی ئەوە هەموو ژیانەکەیە. سەیری فیلمی تایتانیکیش بکە، هەست دەکەم هەموومان لە پاپۆڕێکی لەو شێوەیەداین و بەرەو چارەنووسی خۆمان دەڕۆین. قسەکەی داپیرەم لە هەموو فەلسەفەکانی دنیا راستترە: ئێمە هەموومان گیای مردنین.
لیزا: راستی وەک گۆران ئەڵێ “هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم، بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم” منیش لە ناخەوە حەزیایەک دەمخوات، گەرووم پڕە لە وشە، خەیاڵدانم مەشخەڵی ئاگرێکی بەتین تێیدا یەکەم جەخماخەی داوە، هەرچەند دەکەم ناتوانم گوزارشت لەم هەستە پەنگخواردووە بکەم، زمان لەوە دەست و پێ سپیترە بتوانێ ماف بدات بە شتێک کە لە ناخی مندایە و گەرووی تاساوە.
ستیڤان: بە هەرحاڵ، ئێستا من رۆژانە دەخۆمەوە زۆر زۆر دەخۆمەوە، کهول بووە بە پێکهاتەی سەرەکی جەستەم، رۆژێک دێ وێنەکەم دەخەنە سەر شوشەی خواردنەوەیەکی کهولی. هەست ناکەم کارێکی خراپ دەکەم چوونکە بێ هۆشی لەوەی لەم وڵاتەدا روو دەدات زۆر لەوە باشترە بە ئاگا بیت. ئەوەندە ناسک بوومەتەوە بۆ دڵۆپە بارانێک دەگریم، بۆ هەڵمەتی رەشەبا بۆ سەر لقى سەوزی دارێک جەرگم ژان دەکات، بۆ ئەو پەروانەیەش دەگریم تینی رووناکی دەیسووتێنێت، چوونکە خۆمم بیر دەخاتەوە. لە ئێستادا هەست دەکەم چیتر نیم جگە لە کهولیسێکی پاسیڤ، ئەم ژیانە زۆر لەوە زبرترە جێگەی ئەو هەست ناسکییەی ئێمەی تیا ببێتەوە، مەرگ تاکە فریادڕەسە، بیر لەوە بکەرەوە کاتێک هەمەنگوای بە گوللەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هینا و دوا پەیڤی خۆی بەم شێوەیە جێهێشت: کوێرەوەریی مرۆڤ هەرگیز لە بن نایەت.
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




دووبارە پێناسەکردنەوەی کوردبوون … ستیڤان شەمزینی

ناوی کتێب: دووبارە پێناسەکردنەوەی کوردبوون
ئاوڕدانەوە لە دوێنێ.. هەنگاوێک بۆ سبەی
نوسەر : ستیڤان شەمزینی
زنجیرەی حەوتەم
ساڵی باڵوکردنەوە: 2020
دیزاینەر: ڕەوا بورهان
ناوەندی چاوی كورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




مانیفێستی عەشق… بەشی چواردە…تێکستی: ستیڤان شەمزینی

شنەبایەک بووم چۆکم بۆ زریانی ئەوینت دادا
شاخێکی بەفرین بووم بە هێزی ئەشقت هەرەسم هێنا!


هەموو شەوێک خۆم و خەیاڵەکانم بێدارین
چون رۆژ بەشی تەفسیری جوانییەکانت ناکا


خەندەیەکت بەسە بۆ من تا مردن پێی دڵخۆش بم
ماچێکت وا ئەکا تاکو رۆژی پەسڵان سەرخۆش بم


ملوانکەیەکی درێژم لە دەزوولەی ماچ بۆ چنیوی
شیعرێکی تازەشم بە پەڕەمووچی دڵ بۆ نوسیووی


ئەوینەکەمان لەم سەرزەمینە فراوانە جێی نابێتەوە
دەستم بدەرێ، بڕۆین ئەستێرەیەکی تر ئاوەدان بکەینەوە


ئەتوانی چەندێک حەز بکەی دووربکەویتەوە لە جەستەم
کەچی دەستەپاچەی لە دوورخستنەوەی هەناسەی شیعرم


لەوانەیە رۆژێ بێت هیچ رێگەیەک نەمهێنێتەوە بۆ لات
ئەوساش شیعرەکانم تەواف ئەکەن لە دەوری باڵات


لە شیعرێکا ئەتنووسمەوە و هەر خۆشم ئەتخوێتنەوە
لە قاوەی تاڵی ژیانما وەک پارچە قەندێک ئەتتوێنمەوە


مەمکت دوو تابلۆی جوانن
بە دیواری سنگتەوە هەڵواسراون


مەمکەکانت دوو کانیاوی روونن
هەم ئاوی ژیان و هەم ئاوی چێژی لێ هەڵدەقوڵێ


مەمکەکانت دوو فریشتەی خوایین
ژیان دەکەنەوە بە بەر جەستەی مردووما


مەمکت شەکرەسێوی منە
ئاشتم دەکاتەوە لەگەڵ لەززەت


مەمکت ئاوازێکی دەگمەنە
بەدەست و پەنجەی من دەژەنرێت


نیگاکانم تەفسیر بکە، ماچەکانم بخوێنەرەوە
ئەوەی بەزمان نەموتووە، لە بێدەنگیمدا بیدۆزەرەوە


پێم بڵی چ جادوویەکت لێکردووم، خۆم داوەتە دەست دڵم؟!
دڵیشم کەشتییەکە تەنها بەرەو کەناری تۆ دێ




دووبارە پێناسەکردنەوەی کوردبوون ئاوڕدانەوە لە دوێنێ.. هەنگاوێک بۆ سبەی … ستیڤان شەمزینی

دەست لە شەرحی دەردی کورد هەڵبگرە حەمدی چاترە
نەک بکا نەقلت هەتا رۆژی حەشر جەڕی مەقال
حەمدی ساحێبقڕان

یەکێک لە کێشە هەرە ریشەییەکانی کورد تاکو بە ئەمڕۆش دەگات ئەوەیە، نەیتوانیوە پێناسەیەک بۆ ئایدێنتیتی خۆی بکات، لە ئیتنۆلۆژیای خۆی بکۆڵێتەوە بە شێوەیەکی فرە رەهەند. ئەگەرچی لە دوای رووخانی ئیمارەتە ناوچەییەکانی کوردەوە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا “ئەم ساتەوەختەش زەمینەی رسکانی و گەشەکردنی دەوڵەت نەتەوەیە لە خۆرئاوا” سەردەمێکی تازە لە “شۆڕش”ی کورد دەستپێدەکات کە بە باڵای مێژووی نزیکی کورددا هەڵگەڕاوە، گەر ئێمە “شۆڕش”ەکەی شێخی نەهری بە خاڵی وەرچەرخان دەستنیشان بکەین لە ساڵی 1880، هەر لەم راچەنینەوە تاکو بە ئەم چرکەساتە دەگات، ئەوەی لەناو بزووتنەوەی کوردییدا ونە، پێناسەیە. زۆرێک لە شۆڕشەکانی ئێمە بە پێی کۆنتێکستەکانیان، شەقڵی خێڵەکیانە و تەریقەتگەریی و سوونیگەرایی و ناوچەگەرییان هەبووە، ئەمەش رێگەی لە سەردەرهێنانی شوناسێک گرتووە، بەناوی شوناسی کوردبوونەوە، بە واتایەکی تر بە درێژایی 140 ساڵی رابردوو کۆی شۆڕش و راپەڕین و راچەنینەکانی کورد، نەیانتوانیوە کوردبوون بکەنە سەنتەری سیاسیی و فیکریی خۆیان، یان بەشێوەیەکی زۆر پریمتیڤ و کلاسیکیانە بەم ئەرکە هەڵساون، ئەمە بۆچی وابووە؟ رەنگە زۆر فاکتۆری جۆراوجۆری هەبێت، بەڵام ئەوەی لای من لە هەموویان گرنگترە، نەبوونی فیکرێکی پوخت بووە.
مەبەستی ئێمە لە “بیری پوخت” هزرێکە لە ناو مێژوو و کولتوور و زەمینەی سیاسیی و فەرهەنگیی کورد خۆیەوە رسکا بێت و گەشەی کردبێت، هەمیشە کوردبوون بارگاویی بووە بە بیری مەزهەبگەرایی و ئاینیی و ئایدۆلۆژیا هاوردەکراوەکانی دنیای خۆرئاوا، بۆیەکا ئەوەی سەرکردایەتی بزووتنەوەی کوردیی کردووە یان خاوەن ئۆتۆریتەیەکی ئاینیی و تەریقەتی بووە، یاخۆ لە باشترین حاڵدا چەپێکی لۆکاڵی بووە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کوردبوون بە میتۆدێکی زانستی لەلایەن نوخبەوە فۆرمۆڵەبەندیی نەکراوە. کوردبوون پێش ئەوەی بزووتنەوەیەکی سیاسیی بێت، پێدراوێکی ئۆنتۆلۆژییانەیە، وەها پێویستی دەکرد و دەکات، لە پێشنۆرەدا ئەم پێدراوە لەلایەن رۆشنبیرانەوە پێناسە و ئەنالیز بکرێت. هەروەک ئەوەی زۆرێک لە نەتەوەکانی تر، بەم جۆرە بیری نیشتمانی خۆیان پێشخستووە. هەڵبەتە لێرەدا قسە لەسەر ئەوەیە، کوردبوون دەبێت پێش سیاسەت و پراکتیس، فیکر و تیۆر بێت. لەسەر مەبنای ئەو تیۆرە بزووتنەوەی سیاسیی بە هەنگاوی کرداریی پێ بخاتە ناو گۆڕەپانەوە. ئەگەرچی هاشا لەوە ناکرێت لە پێشتردا ئەم تیۆرسازییە بەشێوەیەکی سەرەتایی کاری بۆ کراوە، بەڵام لە درێژەدا ئەوە دەخەینە بەر باس ئەم هەنگاوانە لە کوێدا کورتیان هێناوە و بۆچی نەیانتوانیوە، کوردبوون وەک ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت گەلاڵە بکەن.

دنیای نوێ .. دنیای بۆشایی
دنیای نوێ بە تایبەت پاش کۆڤید نۆزدە، دنیایەکە هیچ رووخسارێکی هاوبەشی لەگەڵ دنیای پێشوودا نەماوە، وەک فاکتێکیشی لێهاتووە کە هەمیشە دوای پەتا گەورەکان، دنیا خۆی نوێ دەکاتەوە و کۆمەڵێک نۆرم و سیستم و فەرهەنگ جێدەهێڵێت لە پێشووتردا بە پیرۆز دادەنران. ئەمە لە دیمەنی پەتا گەورەکەی سەدەی چواردەدا بە روونی دەبینرێت، لەدوای ئەم پەتایە دەسەڵاتی کەنیسە لاواز دەبێت، چەرخێکی تازە دەستپێدەکات لە بری ئاین رۆڵ دەداتە زانست، ئەم رەوتە مرۆڤایەتی دەگەیەنێتە مودێرنێتە، ناوەڕۆکی مودێرنێتە وەرچەرخانی کۆمەڵگە بوو بەرەو زانستگەرایی، پەڕینەوەی مرۆڤ بوو لە رابردووخوازییەوە بەرەو ئایندەخوازیی، هەموو بەها کۆنەکانی وەک ئاین و ترادیسیۆن و بیرکردنەوەی خورافی تێکشکاند و کۆمەڵێک بەهای نوێی هێنایە ئارا، کە ئازادیی یەکێک لە بەها سەرەکییەکانی بوو. لە مودێرنەدا هەموو شتەکان بە خێرایی سیستماتیک کران، تەنانەت زمان و زانست و ئەدەبیش سیستمی تایبەتی خۆیان بۆ دانرا، هەر لێرەدا ناسیۆنالیزم وەک سیستمێکی سیاسیی لەسەر بنەما میتۆلۆژییەکان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتان لە دایکبوو، بەڵام پۆست مودێرنێتە “لیوتار لە کۆتایی هەفتاکاندا، دەورانی پاش جەنگی دووەمی جیهانی ناونا پۆست مودێرنێتە” بە پێچەوانەوە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەگەرایی، بە مانایەکی تر پۆست مودێرنێتە هەموو ئەو حکایاتە پانوپۆڕانە پووچەڵ دەکاتەوە و هەڵیاندەوەشێنێتەوە لە هەناوی مودێرنەوە هاتبوونە دەر، لەم نێوەندەدا فەیلەسووفێکی وەک “ژاک درێدا” زیاتر لە هەر فەیلەسووفێکی تر جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوە دەکات و تەنانەت بە فەیلەسووفی هەڵوەشاندنەوەگەرایی ناوزەد دەکرێت.
ئەمێستا دنیا گەیشتۆتە میتا پۆست مودێرنەش، لەنێو ئەم جیهانە تازەیەدا ئەوەی روونە بۆشاییە. بە واتای بۆشایی ئایدۆلۆژیی و پوکانەوەی سیستمەکان. هەموو ئایدۆلۆژیا یونیڤرساڵەکان پووکانەوە و بوونە بەشێک لە دیرۆک. نیو لیبرالیزم و دیموکراسی و پلورالیزم و سۆسیالیزم، بەجۆرێک لە جۆرەکان رۆژگاری خۆیان گوزەراند، هەنووکە جیهان لە بۆشاییەکی سەرسوڕهێنەردا دەخولێتەوە، بەشێکی ئەو تێزەی قۆناغی ئەمڕۆ بە سەردەمی بێ بەهایی دادەنێت، نهێنییەکەی لەم بۆشاییە فیکریی و ئایدۆلۆژییەدا خۆی دەدۆزێتەوە. زۆرێک لە بیریار و فەیلەسوفانی دنیا مەترسی نیشان دەدەن لە بەهێزبوونەوەی ئەنگێزەی راسیستی و درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی رەوتە پۆپۆلیستییەکان، ئەمە تابلۆیەکە رۆژانە روونتر لەپێش چاوی هەمووان خۆی دەنوێنێت. ئەمە جگە لەو هەوڵە چڕ و جەهەنمییانەی لە ئارادایە بۆ گۆڕینی مرۆڤ بۆ ئامێرێکی بێ هەست و گیان لە رێگەی هۆشمەندیی دەستکرد و شۆڕشی ئای تییەوە، ئێمە سەرنجی خوێنەر رادەکێشین بۆ خوێندنەوەی تێزەکانی “یوڤاڵ نوح هەراری” لەم رەهەندەوە.

رەوشی ئێستای جیهان، بەرەو ئاقارێک مل دەنێت وەک ئەوەی بیریاری سۆفت پاوەری ئەمەریکی “جۆزیف نای” لە کتێبی “ئایندەی هێز”دا پێش دەیەیەک پێشبینی کردبوو، کە هیچ دەوڵەتێکی سوپەر پاوەر لە جیهاندا نامێنێت!!. ئەو روونی دەکاتەوە تەکنۆلۆژیا ئاڕاستەی هێز لە رۆژئاواوە بەرەو رۆژهەڵات دەچەرخێنێت، بەو پێیەی سوودمەندی یەکەم لە بەرکاربردنی تەکنۆلۆژیا رێکخراوە رادیکاڵ و توندئاژۆکانن، بەڵام بەڕێز نای، ئەوە لە بیر دەکات، فاکتۆری سەرەکی لەم نێوەندەدا گەنبوون و کرمێبوونی ئەو سیستمە سیاسییانەیە دنیایان پێوە بەڕێوە دەبرێت و زلهێزەکان وەک ئایدلۆژیای فەرمی قبوڵیان کردوون. لە روانگەی منەوە هەرچی ئایدۆلۆژیا هەن هەرەسیان هێناوە، ناتوانن وەڵامدەرەوەی دنیای نوێ بن، دیموکراسی وەک ئەو مۆدیلەی فۆکۆیامای شاگەشکە کردبوو تا ئەو ئەندازەیەی جاڕی کۆتایی مێژوو بدات، نەک هەر پیر بووە، بەڵکو لاشەیەکی مردووە و توانای یەک تاکە هەناسەشی نەماوە، بەدەربڕینی محەمەد بەرادعی هەنووکە “دیموکراسی بووەتە نێچیری پۆپۆلیزم”. تەنانەت دۆخەکە گەیشتۆتە ئەوەی باسی پۆست پارتی “دوای حزب” بووەتە ناوەڕۆکێکی گرنگی دەزگاکانی توێژینەوە، بەوەی قۆناغی ژێر سایەی زیرەکی دەستکرد و هەرەسی چینی ناوەند و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ لەلایەن سیستمی کۆمپیوتەرییەوە، چیدی لەم چاخەدا حزبایەتی مۆدیلی نامێنێت! ئەمەش بەهەموو شێوەیەک واتای کۆتایی سیاسەت دەگەیەنێت.
بە کورتییەکەی جیهان بەرەو دابڕان لە یەکتر دەڕوات، هیچ سیستمێکی سیاسیی ناتوانێت ببێتە سیستمێک بۆ تەواوی جیهان. جیهانگیریش لەم قۆناغەدا توێ توێ بووە و هیچ کات مومکین نییە بچێتەوە سەروەختی پێش کۆرۆنا، لە باری واقیعیشەوە تا ئەمڕۆ هیچ سیستمێک دروست نەبووە فەرمانڕەوایی هەموو جیهانی پێ بکرێت، تەنانەت ئەو دیموکراسییە لیبرالییەی بانگەشەیەکی چەواشەکارانەی زۆری بۆ دەکرا، توانای فەرمانڕەوایکردنی هەبوو بەسەر کەمتر لە سێیەکی رووبەر و دانیشتوانی جیهانەوە، بەدەر لەوەی لەژێر سەرکردایەتی ئەمەریکادا زۆرێک لە دەوڵەتە ئۆتۆکراسی و تیۆکراسییەکان بە هاوپەیمانی سەرەکی ئەو سیستمە گەوار کرابوون. کەواتە چار چییە؟ پێش وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، دەمەوێت سەرنجتان رابکێشم بۆ دوو تێزی ئایدیالیستانەی چوونیەک، یەکەمیان ئەو دیدگایەی پێیوایە شکستەکانی دیموکراسی لیبرالی و جیهانگیریی، حەوجێیی چەپ و کۆمۆنیزم دەهێنێتە پێشەوە، ئەمە لە زمانی “سلاڤۆی ژیژەک” بەم دەربڕینە گوزارشتی لێکراوە “یان کۆمۆنیزم یان بەربەریزم” بەهەمان شێوە لای میشێل ئۆنڤرێ بە دامەزراندنی گۆڤاری “بەرەی خەڵک” و جەختکردنەوە لە تێکشکاندنی دیدی کلاسیکی و فراوانکردنی بەرەی چەپ، هەمان روانگە لایەنگریی لێ دەکرێت. دووەمیان ئەو دیسکۆرسە سەید قوتبیەیە باس لە داڕمانی شارستانی سکۆلار و نائاینیی دەکات و ئیسلام بەو فۆرمە رادیکاڵ و توندئاژۆیەی خۆیان گەڵاڵەیان کردووە بە دوا ئەڵتەرناتیڤ بۆ مرۆڤایەتی لە قەڵەم دەدات. هەردوو روانگەکە لەمەدا بە هەڵەداچوون، تەنانەت سەردەمەکە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی تۆتال و گەورە هەڵناگرێت لەگەڵ خۆیدا.

دنیای ئەمڕۆ، زیاتر مرۆڤی تاک و تەنهاتر کردووە، نەتەوەکانی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی هەر کەس دەبێت، بیر لە حاڵی خۆی بکاتەوە. ئەو هەراوزەنایەی باسی لە هاوبەندیی جیهانی و هاووڵاتی یونیڤرساڵ دەکرد، کۆڤید نۆزدە بەدرۆی خستەوە و عەبا رەشەکەی لەسەر ئەو زامە قووڵانە لابرد مرۆڤایەتی بەدەستییانەوە دەناڵێنێت. قۆناغەکە ئەوە دەڵێت هەر کەس پێویستە بیر لە ماڵی خۆی بکاتەوە. لەم نێوەندەدا دەبێت کوردیش کە لە هیچ ئاڵوگۆڕێکی گەورەدا ئامادە نەبووە، خۆی ئامادە بکات، وەک کورد بڕواتە ناو ئایندەوە، ئایندەیەک روون نییە، لە سایەی شۆڕشی زیرەکی دەستکرد و ئالگۆریتمەکانیدا چۆن دیزاین دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی روونە و کۆرۆنا وەک وانەیەک پێی وتین دەبێت خۆمان پێناسە بکەینەوە، هەمان ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە هانتینگتۆن لە کتێبی “ئێمە کێین؟”دا سەبارەت بە ئایدینتێتی ئەمەریکاییەکان وروژاندی.
رۆشنبیرانی جێماو و تیۆریزەی گەمژەیی
رۆشنبیری هاوچەرخی کورد، زۆرترین مەودا لە فەرهەنگ و کەلەپووری رۆشنبیریی رەسەنی کوردەواریی دوور کەوتووەتەوە. مانای نوێگەریی لای ئەم تیپە لە رووناکبیر دژ وەستانەوەیە بە فەرهەنگی نیشتمانی و خۆماڵی، لە بەرامبەریشدا هانابردن و خۆ رادەستکردنە بە کولتوور و رۆشنبیریی بێگانە. لێرەدا دەمەوێت ئەوە روون بکەمەوە، مەبەست لە کارلێک و ئینتگراسۆن و ئاوێتەبوونی رۆشنبیریی نێوان گەلان نییە، بەڵکو رووی رەخنەم لەو دەستەبژێرەیە وازیان لە رۆشنبیریی کوردیی هێناوە و کەوتوونەتە ژێر هەژموونی رۆشنبیریی فارسی و عەرەبی، کە رۆشنبیرییەکی خواستراو و خراپ کۆپیکراوی رۆشنبیریی رۆژئاواییە. نوخبەی نوێی کورد لە دەستی دووەم و سێهەمە بەر رووناکبیریی خۆرئاوایی دەکەوێت و دەیخوێنێتەوە. وەک خۆم لایەنگری تێگەیشتن و خوێندنەوەی رووناکبیریی هەر کۆمەڵگە و ژیارێکم، بەڵام تۆ دەبێت هەمیشە وەک کوردێک بچیتە ناو ئەو پرۆسێسەوە، بە پێچەوانەوە دەبیتە لاسایکەرەوەیەکی بەکاربەری ماندووکاری دەست و پێ سپی، وەک حاڵی حازر دەبینین رۆشنبیریی کوردیی تەنیا ژاوەژاوێکی چەمکسازییە، لەوە بەولاوە هیچی تری بەرهەم نەهێناوە هارمۆنی بێت لەگەڵ رۆحی کوردەوارییدا. ئەمە بەدەر لەو فەزا دەقپەرستی و مشەخۆرییەی بەسەر رۆشنبیریی ئێمەدا سەپێنراوە، کە دواجار ماکینەیەکی دڵڕەقە بۆ لە کوردخستنی کورد. ئەم ئافاتەش سەرئەنجام داوەشان و داتەپینی کۆمەڵگەی ئێمەی لێ کەوتووەتەوە لە هەموو رەهەندە جۆر بەجۆرەکانەوە.

رۆشنبیر کۆمەڵگە بەرهەم دەهێنێت. ئەوەی پێویستە بۆ بیناکردنی ژیان گەڵاڵەی دەکات. دەستی هەیە لە بەرینکردنی مەودای ئازادیی و فراوانکردنی دیدی مرۆڤ بۆ دنیا، خەیاڵی خورافی مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ ئەندێشە و دیدی ریالێتیی و زانستیی. بە هەموو شێوەیەک کار لە ژێرخانی کۆمەڵگەدا دەکات، پاشتر سیاسەتمەدار و تەکنۆکرات و توێژاڵەکانی تر و چینە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەم ژێرخانە چالاکی بۆ دروستکردنی ژیان و وڵات و دەوڵەت ئەنجام دەدەن. لە ئەزموونی هەموو جیهانەوە ئەوە سەلماوە، رۆڵی رۆشنبیر لەسەر کۆمەڵگە لە رۆڵی سیاسییەکان کاریگەتر و زۆرتر و فراوانترە. تەنانەت هەندێک هەوڵی رووناکبیریی تخوبی سەدەکان دەبڕن و نەمریی بەدەست دەهێنن، لە کاتێکدا سیاسەتمەدار کوڕی ساتەوەختێکی دیاریکراوە و زۆر دەگمەنن ئەو سیاسییانەی دەتوانن مێژوو بگۆڕن، وەلێ ئەوانیش بە پاڵپشتی تێزە رووناکبیرییەکان ئەم کارەیان راپەڕاندووە.
بەهەمەحاڵ رۆشنبیری کورد، هەم شکۆ و شانازیی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە لەناو کایەی رووناکبیرییەک بیر بکاتەوە و بوروژێت پەیوەندیی بە کۆمەڵگەی خۆیەوە نییە، هەم تووشی سەندرۆمی خۆ بەبچووک زانین بووە.
ئەگەر لای “ئادلەر” گرێی خۆ بەبچووک زانین هەوێنی داهێنان بێت، ئەوا لە دۆخی رۆشنبیری کورددا ئەم گرێیە بە خۆهەڵواسین بە رۆشنبیریی گەلانی تر کۆتایی هاتووە. بە پێچەوانەی رۆشنبیرانی سەرەتای سەدەی بیست و بگرە پێشتریش، ئەم نوخبەیە نەک هەر بەشدار نییە لە نیشتمانسازیی و گرێدانەوەی مرۆڤی کورد بە مێژوو و شارستانی دێرینی خۆی و ئامادەکردنی لە جەرگی واقیعی تازەدا، بەڵکو هەر لە بنەماوە رقی لە نیشتمانە و ئەو تێزە تۆختر دەکاتەوە کە لە پەراسووی رۆشنبیریی بێگانەوە خواستراوە “تەنیا پێڵاوەکانم بە نیشتمانەکەمەوە دەمبەستێتەوە”. لە کاتێکدا وەک “پیتەر سلۆتەردایک” روونی دەکاتەوە “زمانی ئەڵمانی تایبەتمەندییەکی سیمپاتیانە، بگرە سەختی هەیە لەوەدا کاتێک قسە لەسەر شوێنی لێوە هاتن دەکات Ort der Herkunf وشەیەکی پڕ دەنگمان بەناوی نیشتمان “Heimat”ەوە پێشکەش دەکات، لەبەرئەوەش پڕ دەنگە چونکە ئەو وشەیە وای کردووە، لێوەهاتن و حەزی گەڕانەوە بۆی و خەون بینین بە رابردووەوە هەموو پێکەوە بخاتە نێو یەک دەستەواژەوە: نیشتمان”. هەر بۆیە کاتێک بە کەناری رووباری رایندا پیاسە دەکەم، بەخۆم دەڵێم ئەم بیرکردنەوەیە ئەو ئەڵمانیا گەشەکردوو و ئاوەدان و دەوڵەمەندەی نووکەی دروستکردووە، ئاخر بەپێی دیدە “دی سوسێر”ییەکە مرۆڤ لە رێگەی زمانییەوە بیر دەکاتەوە.
کاتێک بیر لە رۆشنبیری کورد دەکەمەوە، نەک هەر خوو و رەوشتی نەوەی تازەی تێکداوە، بەڵکو جۆرێک لە بیرکردنەوەی زاڵ کردووە، نەفرەتکردن لە نیشتمان و شوناسی خۆت، هاوواتای مودێرنبوون و شارستانیبوون و پێشکەوتنخوازیی بگەیەنێت “لای من وشەی پێشکەوتنخوازیی شتێکی پووچە”. لەوە پتریش ئەم رۆشنبیرە تا دوا سنووری خۆی بووەتە کارگەی بەرهەمهێنانی رق و کینە لە دژی نیشتمان و کوردبوون. بۆ نموونە گروپی رەهەند لەبری هەر کارێکی تر پانتاییەکی فیکرییان کردەوە بۆ تەشەنەپێکردنی دیدی فەیلەسوفە چەپەکانی ئەوروپا لە فوکۆ و لیوتاردەوە بیگرە تاکو بادیۆ و ژیژەک، کاتێک رۆشنبیرێکی تر لە گۆشەیەکی بچووکەوە باسی ئایدێنتیتی کوردیی و نیشتمان بکات، یەک لێشاو ئینشانووس شاڵاوی بۆ دەهێنن و گێچەڵی پێ دەکەن، دواجاریش لە رووی فیکرییەوە تیرۆری دەکەن.
ئەم ئاوێنەیە شتی زۆرمان پێدەڵێت، بەو پێیەی ئەم رۆشنبیرییە زاڵە نیشتماندۆستی و کوردبوون، بە شۆڤێنیزم و رەگەزپەرستی ناوزەد دەکات، توانجی “قەومەچی” و “فاشیزمی کوردایەتی!!!” دوو توانجن لە عەقڵییەتی نەتەوە سەردەستەکانەوە، هاتووەتە ناو کایەی رۆشنبیریی ئێمەوە، رۆشنبیرگەلێکیش کاوێژی دەکەنەوە و سەر دەکەن بەسەر ماڵی هەر رۆشنبیرییەکی تردا کە ئارگۆمێنتی دژە نیشتمانی تێدا بدۆزنەوە، یان تێزەکانی “هانا ئارێنت” دێنن بۆ خوێندنەوەی بیری نیشتماندۆستی کوردیی کە لەوەتی هەیە جینۆساید دەکرێت، یان بە فەلسەفە فۆکۆییەکە دەسەڵاتی کوردیی دەخوێننەوە، لە بری هێرش بکەنە سەر دەسەڵات، نیشتمان سووک و ریسوا دەکەن، لەوە دوورتر تیرەکان دەهاوێژن، جوڵانەوەی کوردیی بە ناسیۆنالیزم تاوانبار دەکەن، ئەوەی سەیرە ناسیۆنالیزمی کورد بێ ئەوەی وجودی هەبێت لە قەفەزی تاواندا دانراوە، ئەمانەی ئەم گەمژەییە تیۆریزە دەکەن رۆشنبیرانی خیانەتکارن، ئەمانە کە هەنووکە ئایکۆن و نموونەی سوپەرن لە کایەی رووناکبیریی ئێمەدا بەرهەمهێنی فیگۆری جاش و خیانەتکاری فیکریین لە دژی شوناسی خۆیان و دۆزی گەلێکی بەشمەینەت لە پێناوی ئازادییدا.

ئارگۆمێنتێکی سواوی ئەم تایپە رۆشنبیرەی نهۆ، سەلماندنی ئەوەیە کورد لە مێژوودا هیچ نەبووە و بەشێوەی فیدراسیۆنێکی خێڵەکیی لە مێژوویەکی نزیکدا جێگەی گرتووە و تەنانەت ناوی “کوردستان” دەبەستنەوە بەوەی ئوستانێک بووە لە سەردەمی قاجاریدا. لەوە زۆرتریش دەڕۆن و نکۆڵی لە هەبوونی شارستانی و ئەدەب و رۆشنبیریی کوردیی دەکەن لە دیرۆکدا، تەنانەت تازە بە تازە ئەو قەوانە سواوە لێدەدەنەوە زمانی کوردیی رەسەنایەتی نییە و لە پەراسووە گێڕەکەی زمانی فارسییەوە دەرهاتووە. ئەمە ئەگەرچی چەواشەکردنی مێژووە، بەڵام ئەگەر گریمان کورد چەند هۆزێکی کێوییش بێت، ئایا داگیرکەرانی خاکی کورد ئەو مافەیان هەیە ئەم هۆزانە بچەوسێننەوە؟!. ئەم رۆشنبیرە بە حیساب پۆست مودێرن و ستراکچەراڵیستانە تەنانەت ئاگایان لە مرۆڤناسی گەورە “کلۆد لیڤی شتراوس” نییە پاش مانەوەی چەند ساڵی لەناو خێڵەکانی ئەمازۆندا و لە رێگەی تێزە ئەنترۆپۆلۆژییەکانەوە نەک ئۆرۆ سێنترالیزم و پاساوە پووچەکانی ئیمپریالیزمی هەڵوەشاندنەوە و کردنی بە سەفسەتەیەکی رووت، لە هەمان کاتدا بە لێکدانەوەی زانستی ئەوەشی بۆ سەلماندین شارستانێتی تەنیا لە یەک جێگەدا چڕ نەبووەتەوە و کولتووری هیچ گەلێک لەویتر نەویتر نییە، بەڵکو هەر کۆمەڵگەیەک فۆرمێکی کولتووریی خۆی هەیە، کە بنەما شارستانییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک پێکدەهێنێت.
دەمەوێت قسەکانم لە بارەی رۆشنبیری کوردەوە، لەمەدا چڕ بکەمەوە: بوونەوەرێکە بە ئاگا و بێ ئاگا رادەستی ئەجیندای نەتەوە سەردەستەکان بووە و بە شێوەیەک کەوتووەتە بن هەژموونی فەرهەنگییان وەک ئەوەی رۆڵی ریکۆردەر بگێڕێت. لە دیتنی مندا ئەم دەستەیە لە رۆشنبیری کورد تیۆریزەی گەمژەیی دەکەن و جاشێتی فیکریی رەواج پێدەدەن. هەروەک هەمیشەش شانی خۆیان لە بەرپرسیارێتی خاڵی دەکەنەوە و دەستی چەوری خۆیان بە سیاسییەکاندا دەسڕن، ئەم روانگەیە سەفسەتەیەک بوو، چیتر بڕ ناکات، تەنانەت لە دروست نەبوونی کۆمەڵگەیەکی دامەزراو و دەوڵەت و ئیدارەیەکی سەرکەوتوو، رۆشنبیری کورد هێندەی سیاسییەکان تاوانبارە.
شۆڕشەکانی کورد یان یاخیبوونی بێ فیکر؟
لە پێشدەستیدا دەبێت جیاوازیی نێوان شۆڕش و یاخیبوون بخەینە بەرچاوی خوێنەر. لە سۆنگەی ئەوەی شۆڕشRevolution پرۆسەی گۆڕانێکی ریشەیی و قووڵە، سەرلەبەری دنیای کۆن دەگۆڕێت و لە جێگەیدا دنیایەکی نوێ چێ دەکات، شۆڕشیش یەک رەهەند و رووخساری نییە و تەنیا ئەو ئەکشنە چەکداریی و پڕ هەرا و هوریایەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نییە، بەڵکو فیکر و کردەیەکە کار لەسەر گواستنەوەی کۆمەڵگە دەکات بۆ دۆخێکی تازەتر کە هیچ سیمایەکی لە بارودۆخی پێش خۆی ناچێت، بە مانایەکی تر شۆڕش دیاردەیەکی هەمەلایەن و فرە رەهەندە کە دەستکاریی دنیای کۆن دەکات. بە پێی لێکدانەوەی کارل مارکس شۆڕش شتێکی جیاترە لە ئاڵوگۆڕی سیاسیی، کارێک نییە رۆژانە پیادە بکرێت، چوونکە لە بناغەوە جیهان و سیستم دەگۆڕێت، ئەمەش پێچەوانەی راپەڕین و ئاڵوگۆڕی سیاسییە، بەو پێیەی ئەو دووەی کۆتایی هەموو ساتەوەختێک ئیمکانی ئەنجامدانی هەیە.
شۆڕش بە پێچەوانەی راپەڕین و یاخیبوونەوە، کردەیەکە لەسەر بنەمای تیۆر و فیکرێکی نوێ راوەستاوە، کار لەسەر سڕینەوەی تەواوی ئەو ترادیسیۆنانە دەکات پێشتر لە ئارادا بوون، بۆیە کۆمەڵێک نۆرم و رێورەسمی نوێ دەهێنێتە ئارا کە توانای گۆڕینی خەیاڵدانی تاک و گشتیان هەیە لە روانینیان بۆ دیاردە و شتەکان، فۆرمێک لە جیاوازیی بەرپا دەکات لە نێوان هەردوو ساتەوەختی پێش و پاش شۆڕش. خولاسەی قسە ئەوەیە: شۆڕش مێژوو شەق دەکات و بەپێی نەخشەی گۆڕانێکی رادیکاڵانە دنیای کۆن لە بەین دەبات و جیهانێکی تازە لەسەر داروپەردووی جیهانی داڕووخاوی دێرین بینا دەکات. سەرلەبەر بیرکردنەوە و تێگەیشتن و روانینی کۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا بەرەو وێستگەیەکی تر دەگوازێتەوە. لە هەموو شتێکیش گرنگتر ئەوەیە شۆڕش رۆدەچێتە ناو پنت بە پنتی ژیانەوە، بەو هۆکارەی بیری لە کۆی شتەکان کردووەتەوە و پلاتفۆرم و ئەڵتەرناتیڤی پێیە بۆ تێکڕای بابەتە ژیانی و ژیارییەکان.
هەرچی راپەڕین و یاخیبوونە، ئامانجیان بچووکترە لە شۆڕش. دەست نابەن بۆ ئاڵوگۆڕی تەواوەتی لە سیستمدا بەڵکو بەشێک لە سیستم یان روونتر بڵێم بارودۆخێک دەگۆڕن بەبێ ئەوەی پایەکانی سیستم بڕوخێنن. زۆجاریش ئارەزووی راپەڕین و یاخیبوون لە رووخاندن و لەناوبردنی قوچەکی سیاسیی و فەرمانڕەوایەتیدا دەگاتە حاڵی ئۆرگازم. لە روانگەی ئەم بەراووردەوە دەڕوانینە ئەو یاخیبوون و راپەڕینانەی کورد لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێمەدا، وەک “شۆڕش” ناویان لێنراوە. گەرچی بەشێک لەو یاخیبوونانە ناوچەیی و مەزهەبی بوون، یان جۆرێک داکۆکیکردن بووە لە بەرژەوەندیی خاوەن زەوی و زار و خاوەن ئۆتۆریتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاینییەکان، بەڵام هەندێکی تریان ئامانجی رزگارکردنی کورد بووە لە پەستان و فشاری داگیرکەرانی کوردستان. ئەگەر لە مێژووی ئیمارەتەکانی کوردستان لە ژێر قەڵەمڕەوی عوسمانلی و سەفەوییدا بڕوانین، تێکڕا بنەمای خێڵەکیانە و ناوچەگەرییان هەبووە و گووتاری نیشتمانی تیایاندا غایب بووە، بەهەمان شێوە راپەڕین و یاخیبوونەکانی کورد کە لە چارەگی کۆتایی سەدەی نۆزدەوە دەستی پێکردووە، بەو ئەندازە بەرینە فیکرێکی نیشتمانی پوخت تیایاندا کاری نەکردووە، تاکو سروشتی یاخیبوون و راپەڕین بگۆڕێت بۆ شۆڕشی هەمەلایەنەی چەکداریی و کولتووریی.
راپەڕین و یاخیبوونەکانی کورد، هەمیشە بەرپەرچدانەوە و خۆ رزگارکردن بوون لە پاڵەپەستۆی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی کوردستانیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردبوو. وەک دەبینین لە قۆناغی یەکەمدا عوسمانلی و سەفەوی بوون، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سایکس- بیکۆ کوردستانی لە دوو پارچەی ژێر قەڵەمڕەوی فارس و تورکەوە کردە چوار. چارەگی یەکەمی دوای سایکس بیکۆش بە سەردەمی خامۆشی دادەنرێت، ئەگەر جار جاریش لێرە و لەوێ وردە راپەڕین و یاخیبوون روویدا بێت نەیتوانیوە بگاتە ئاستی شۆڕش. تەنانەت “شۆڕشی ئەیلول” و “شۆڕشی نوێ” تەنیا و تەنیا لە رووی ناولێنانەوە شۆڕش بوون، ئەگەرنا لە راپەڕین و یاخیبوونێکی فراوان و بەردەوام شتێکی پتر نەبوون. ئەمە مانای بێ بایەخکردنی مێژووی جوڵانەوەی کوردیی نییە، بەڵکو دەرخستنی ئەو فاکتەیە، کورد هەمیشە یاخی بووە و راپەڕیوە لەدژی ئەو ررژێمە دیسپۆتیسمیانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە. “تۆماس پین” وتەنی “ئەوەی پێشتر بە شۆڕش ناومان دەبرد هیچی تر نەبوو جگە لە ئاڵوگۆڕی هەلومەرجی نێوخۆیی”. لە راپەڕین و یاخیبوونیشدا فیکر بەو ئەندازەیە پێویست نییە، چوونکە بەرەنگاریی دیاردەیەکی خۆڕسکە، تەنانەت ئاژەڵانیش ئەم رۆحییەتەی بەرەنگاربوونەوەیان هەیە کاتێک لەلایەن ئاژەڵێکی دڕندەترەوە پەلامار دەدرێن.
کاتێک ئێمە دەتوانین بزاڤی کوردیی ناوبنێین شۆڕش، ئامانجە باڵاکانی پشت ئەستوور بێت بە بیرێکی پوخت لە دەرەوەی بازنە و کاریگەریی ئاینی و تەریقەتی و چەپڕەویی، ئەو بیرەش جەخت لەسەر دامەزراندنی شارستانی و دەوڵەت و هێنانە ئارای مۆدیلێکی حوکمڕانی تایبەت بە کورد بکاتەوە. بەو مانایەی کوردبوون وەک تیۆرێک و کڵێشەیەکی فیکریی بنەما ئیدۆلۆژییەکانی جوڵانەوەکە پێکبهێنێت. ئەگەرچی لە نەبوونی ئەمەدا پاشکەوتوویی کۆمەڵگە و وابەستەبوونی کورد بە ئاین و ئەنگێزەی خێڵ تاوانبارە، بەڵام نەبوونی ئایدۆلۆگ یان چەند منەوەر و تیۆریسیۆنێک فاکتۆرێکی هەمیشەیی بووە تاکو کورد نەتوانێت شۆڕشێکی هەمەلایەنە بەرپابکات، کە کوردبوون ئامانجی هەرە باڵای بێت. دووبارەش جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە شۆڕش تەنیا کردەوەی زەبروزەنگ ئاسای گۆڕینی رژێم نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەی سەرتاپاگیرە بۆ هێنانەدی دنیایەکی جیاواز و شایستەتر. پوختەی مەبەستم لەوەدا مانیفێست دەکەم، شۆڕش چەمک و پرۆسەیەکی گەورەتر و فراوانترە لەو یاخیبوون و راپەڕینانەی کورد لە پێناوی سەربەستی خۆیدا پێیان هەڵستاوە. ئەمەش وەک نەنگیی ناڵێم بەڵکو خوێندنەوەی میتۆدیی ئەوەمان پێدەڵێت. تاکە نەنگییەک لە ئارادا هەبێت لەو شوێنەدا دەیبینم گەلێک لە دوو هەزار ساڵ پێش زایینەوە تا ساڵی 2020ی زاینی خاوەنی شۆڕشێکی سەرتاپاگیر و “بە دەربڕینی مارکس” کۆمەڵایەتی نەبێت.
کوردبوون لە دیسکۆرسی پارتەکاندا
نامەوێت مێژوو و پەیڕەو و پرۆگرام و پلاتفۆرمی پارتییە سیاسییەکانی کورد یەک بە یەک بەسەر بکەمەوە و خوێنەر راپێچی ئەو رێگا پێچاوپێچانەی ناو دیرۆک بکەم، دەخوازم ناوکۆیی نێوان گووتاری حزبە کوردییەکان ئاشکرا بکەم. ئەگەر چاوێک بخشێنین بە مێژووی کورددا لە پاش غەزەواتی ئیسلامیی، کورد هەمیشە لە دۆخی یاخیبوون و راپەڕیندا بووە لە دژی دەسەڵاتی خەلافەت، لە هەر رووبەرێکدا بۆی لوا بێت هەوڵیداوە قەوارەی خۆبەڕێوەبەریی دروست بکات، لێ دەزانین ئەم قەوارە بنەچەیەکی خێڵەکیانە و هۆزگەراییانە هەبووە، شوناسی ئاینیی زاڵتر بووە وەک لە شوناسی نیشتمانیی و نەتەوەیی، بەڵام ئەم ئاریشەیە تایبەت نەبووە بە کورد، کۆنتێکستە زەمەنییەکە ئەوەی کردبووە دیفاکتۆ بەسەر هەموو گەلانی ناوچەکەدا. لە باری دیرۆکیشەوە ئەم قۆناغە کەوتووەتە بەر لە لەدایکبوونی ناسیۆنالیزم لە دنیادا. لەگەڵ ئەمەشدا بە ئاوڕدانەوە و لاکردنەوەیەکی خێرا نەشونمای چەندین نیمچە دەوڵەت و هەرێمی کۆنفیدراڵی کوردیی لە کۆتایی هەزارەی یەکەمدا دەبینین.

ئەگەرچی سروشتی نیمچە دەوڵەت و میرنشینە کوردییەکانی ئەوێ رۆژێ ناوچەیی بوون نەک سەرتاسەری، بەڵام ئەوە فاکتێکە نیشانی دەدات کورد مکوڕ بووە لەسەر پاراستنی شوناسی کولتووریی و زمانەوانیی و ئاکاریی و ترادیسیۆناڵی خۆی، ئەگەر چەند نموونەیەک وەربگرین هەر یەک لە دەوڵەتی “حەسنەوی” لە ساڵی 959ی زاینی دامەزراوە و ماوەی 56 ساڵ بەردەوام بووە، دەوڵەتی “هەزبانی” لە ساڵی 907ی زاینیی دامەزراوە، دەوڵەتی “دۆستەکی” لە ساڵی 982ی زاینی دامەزراوە و 104 ساڵ فەرمانڕەوایی کردووە، دەوڵەتی “شەدادی” لە ساڵی 951ی زاینی دامەزراوە و 213 ساڵ بەردەوام بووە، لەگەڵ چەندین نیمچە دەوڵەت و کانتۆی تر کە لەلایەن کورد خۆیانەوە دروستکراون و بەڕێوەبران، هەموو ئەمانە لە ساتەوەختی خەلافەتی عەبباسییەکاندا نەشونمایان کردووە و دواتر بەهۆی گێچەڵ و پەلاماردانی دەوڵەتی خەلافەت و ناکۆکیی ناوخۆییەوە لەنێو چوون. لێ ئەم دەوڵەتە بچووک و ناوچەییانە لەلایەن کوردەوە دروستکراون و بەڕێوەبران، بەڵام ناکرێت بە تەرازووی ئەم ساتەوەختە بیانکێشین و لەسەر بیرێکی نیشتمانی دادگاییان بکەین کە لە هیچ شوێنێکی دنیادا بوونی نەبووە، چوون ئەم بیرە نیشتمانییە بەم ناواخنەی ئێستاوە چەندین سەدە لە دوای دیارنەمانی ئەو دەوڵەتانە لە مێژوودا سەری دەرهێناوە.

لە پاش ئەم مێژووە لە سەدەی سیانزەوە، سەردەمێکی تازە لە مێژووی سیاسیی و حوکمڕانێتی کورد دەست پێدەکات، بە دامەزراندنی میرنشینە کوردییەکان، لە چەشنی ئیمارەتی “ئەردەڵان” کە لە ناوەڕاستی سەدەی دوانزەوە لەلایەن “بابا ئەردەڵان”ەوە دامەزراوە و ماوەی حەوت سەدە و تا ساڵی 1867 لە بەشێکی فراوانی رۆژهەڵاتی کوردستانی ئێستا تا نزیک قەڵەمڕەوی بابانەکان فەرمانڕەواێتی کردووە. میرنشینی بادینان لە ساڵی 1262 لەلایەن شێخ بەهادین شێخ شەهابەدین شەمزینییەوە دامەزرێنراوە، میرنشینی سۆران لە لایەن “کەڵۆس بەگ”ەوە دامەزرێنرا، میرنشینی “بابان” لەلایەن فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەوە لە سەدەی حەڤدەدا دامەزرێنرا، میرنشینی “بۆتان” لەلایەن میر “عەبدولعەزیز”ەوە لە ساڵی 1286 دامەزرێنرا و شەش سەدە بەردەوام بوو، میرنشینی “هەکاری” لە سەدەی سیانزەهەمە لە هەرێمی جولەمێرگ دەرکەوتووە و سنووری قەڵەمڕەوەکەی گەیشتووەتە دەریاچەی وان. وەک ژێدەرە مێژووییەکان رووناکی دەخەنە سەر سەرباز و لەشکری ئەم ئیمارەتە خۆی لە چل هەزار سەرباز داوە. جگە لەوەی ئەم میرنشینانە هەمیشە دژ و ناکۆک بوون لەگەڵ یەکتر، لەگەڵ ئەوەشدا قەڵەمڕەوەکەیان کەمتر لە پارچەیەک لە دوو پارچەکەی ئەوسای کوردستانی گرتبووە، هەمیشەش لە ژێر کاریگەریی و هەژموونی ئیمپراتۆریای عوسمانلی و سەفەوییەکاندا بوون، هیچشیان توانایان نەبوو بگەنە سەدەی بیستەم. هەموو لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە داڕزان و لێک هەڵوەشانەوە. وەنەبێ مێژووی ئەم ئیماراتانە لایەنی پرشنگداری تیا نەبێت، هیچ نەبێت نالی و سالم و کوردی و مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانی و فەقی تەیران و عەلی بەردەشانی و زۆرێک لە شاعیر و منەوەرەکانی ئەو سەردەمە لەژێر سێبەری ئەو میرنیشینانەدا توانای ئەدەبی و رووناکبیریی خۆیان خستووەتە گەڕ.

لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکان و سەپاندنی حوکمی زۆردارانەی عوسمانلی و سەفەوی، کە هێدی هێدی بیری نەتەوەیی و شۆڤێنستی لە کن ئەو دوو دەوڵەتە تەشەنەی دەکرد، سەردەمێکی جیاواز لە مێژووی کورددا دێتە پێشەوە، ئەویش بەرپاکردنی راپەڕین و یاخیبوونە لە دژی دەسەڵاتی عوسمانلی و قاجاری. رەنگە پێش راچەنینی شێخ عوبەیدوڵای شەمزینی “نەهری” لێرە و لەوێ چەند یاخیبوونێکی بچووک و لۆکاڵی روویاندا بێت، بەڵام “شۆڕشی” شێخ عوبەیدوڵا خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی سیاسیی کورددا، لە سۆنگەی ئەوەی ئەمە یەکەمین راچەنین و هەستانەوەی کوردە بە شێوەی راپەڕینێکی کوردستانی سەرتاسەریی لە یەک کاتدا دژی هەردوو داگیرکەری قاجاری و عوسمانلی، هەروەک دەبینین پێش راپەڕینەکە، کۆنگرەیەکی پریمتیڤی نەتەوەیی لە گوندی نێری “نەهری” بە سەرپەرشتی شێخ عوبەیدوڵا بۆ پیاوانی خاوەن ئۆتۆریتە لە شێخ و سەرۆک عێڵەکان هاتبووە گرێدان. ئەم شۆڕشە رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە راستای هۆشیاریی نیشتمانی و بەشدارییەکی سەرەکی هەبوو لە داڕشتنی زیهنییەتی کوردبوون و ئازادیی لای تاکی ئەو سەردەمەی کورد.

لەپاش تێکشکاندن و پووکاندنەوەی ئەو راپەڕینە و خانەبەدەرکردنی شێخ عوبەیدوڵا بۆ حیجاز، راپەڕینەکان فۆرمێکی تر وەردەگرن و بەشێکی فراوان لە منەوەر و رووناکبیران بە خۆیان و پڕۆژە نەتەوەییەکانیانەوە “ئەگەرچی لە سادەترین شێوەشدا بووبێت” دەبنە کۆڵەکەیەکی بایەخداری هەموو بزاڤ و جوڵانەوەکانی کورد. لەو دەمانەدا بارودۆخی شارێکی وەک “ئەستەمبۆڵ” کە مەڵبەندی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوەیی تورک بوو، یارمەتیدەرێکی باش بوو بۆ گەشەکردنی بیری نەتەوەیی کوردیش. ئەو نوخبە رۆشنبیر و سیاسییەی ئەو دەمانە لە ئەستەمبۆڵ دەژیان، وەک نزیکترین شار لە ئەوروپاوە، ئەگەرچی هەستێکی ئادۆمیدیانەیان سەبارەت بە خۆیان هەبوو، بەڵام بیریان لەوە کردەوە دەبێت کورد ئیدی ببێتە خاوەن ماڵ، هەوڵیاندا نەریتێکی کوردیی بهێننە ئارا، دابڕان بێت لەو مێژووەی نەتەوە سەردەستەکان وەک دوا حکایەت سکێجیان کردبوو، هەوڵیاندا ئەو وێنە گەورانە تێکبشکێنن داگیرکەران لە زەینی کۆمەڵگەیەکی پاشکەوتووی وەک کۆمەڵی کورددا کە سترۆکتۆرە سەرەکییەکەی لە وەرزێران پێکهاتبوو، دروستیان کردبوو لە ناو پرۆسێسێکی مێژووییدا. لێ عوسمانلییەکان نەتەوەپەرست نەبوون، بەڵام هاشا لە بندەستی گەلانی تر ناکرێت لە ژێر حوکمی ئالی عوسماندا.

کورد یەکەم نەتەوەیە لە عوسمانییەکان یاخی دەبێت، لە کاتێکدا عوسمانییەکان حوکمی دەیەها گەلی تریشیان دەکرد. زوو بە زوو رێکخراوە سیاسییەکانی کورد لە گەشەکردندا بوون، هەروەک چۆن گەنجە تورکەکان “جۆن تورک” بەخێرایی بە بیروراِیەکی تورکچێتییەوە لە گەشەکردندا بوون. لە ساڵی 1908 کۆمەڵەی “تەعاون و تەرەقی کورد” بە سەرۆکایەتی “شێخ عەبدولقادری شەمزینی” لە ئەستەمبۆڵ پێکهات، ئەم کۆمەڵەیە لە رووی سیاسیی و کاری رۆشنگەرانەوە بە پێشەنگ دادەنرێت، لەگەڵ دامەزراندیدا رۆژنامەیەکیش بە ناوی “کرد تعاون ترقی غزتسی” بە سەرنووسەرێتی حاجی تۆفیق “پیرەمێرد” دەردەکات. لە ساڵی 1910 کۆمەڵەی “تەلەبەیێ کورد” و کۆمەڵەی “هێڤی” لە ساڵی 1911دا، وەک دوو رێکخراوی خوێندکاریی و سیاسیی و نیمچە حزب لە کوردستانی بندەستی عوسمانیدا هاتنە مەیدان، ئەمەش رێگەخۆشکەر بوو بۆ دامەزراندنی “جەمعییەتی موحیبانی کوردستان” لەلایەن مەلا حەیدەرەوە لە ساڵی 1912 و کۆمەڵەی “ئیرشاد و تەرەقی کورد” لە هەمان ساڵدا بە سەرۆکایەتی خەیری بەرازی. ئامانجی ئەم رێکخراو و کۆمەڵانەش بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و خوێندەواریی و پێشخستنی کولتوور و زمانی کوردیی بوو، لە پەنا داکۆکیکردن لە یاخیبوونە کوردییەکان و داوای مافە ئیتنیکی و سەرەتاییەکانی کورددا.

لە کوردستانی بندەستی ئێراندا، میر “عەبدولڕەزاق بەدرخان” لە کۆتاییەکانی 1912دا کۆمەڵەی گیهاندن یان جیهاندانی دامەزراند. سەرچاوە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ دەگەڕێننەوە بۆ یەکەمین جار قوتابخانە لە دەرەوەی حوجرە ئاینییەکان بە دەستپێشخەریی ئەم رێکخراوە لە شاری ورمێ کراوەتەوە. ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵەکە زمانحاڵێکیشی هەبووە لە شێوەی گۆڤارێکدا بە ناوی “کوردستان”. ئەم گۆڤارەش رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە هاندان و وریاکردنەوەی گەنجانی کورد. پاشتریش لە ساڵی 1914دا سەید تەهای شەمزینی و عەبدوڵا شەمزینی “سەید عەبدوڵا ئەفەندی” بە هاوکاریی سمکۆی شکاک کۆمەڵەی “ئیستخلاسی کوردستان” لە شاری ورمێ دادەمەزرێنن، هەروەک مێژوونووسان هێمای بۆ دەکەن ئامانجی ئەم رێکخراوە جیا لە خوێندەوارکردنی کۆمەڵگە بە پلەی یەکەم سەربەخۆیی کوردستان بوو. ئەم کۆمەڵەیە پەلی هاویشتبوو بۆ تەواوی کوردستان، تەنانەت شێخ عەبدولسەلام بارزانی پەیوەندییەکی بەتینی لەگەڵ ئەم کۆمەڵەیە هەبووە. هەر لەم ئانوساتانەدا هەردوو راپەڕینی “مەلا سەلیم بتلیسی” لە بەشی باکوور و “شێخ عەبدولسەلام بارزانی” لە بەشی خوارووی کوردستانی بندەستی عوسمانلی چەخماخە دەدەن، سەرئەنجامی هەردوو راپەڕینەکە دامرکاندمەوە و خامۆشکردن بوو بە زەبری ئاگر و ئاسن، چارەنووسی هەردوو سەرکردەی راپەڕیوانیش سزای لە سێدارەدان بوو.
بەم شێوەیە بارودۆخەکە درێژەی کێشا، تاکو بڕانەوەی جەنگی یەکەمی جیهانیی. لە پاش جەنگ نەخشەی ناوچەکەش گۆڕا. گەرچی “سیڤەر” مافی دا بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد، بەڵام زۆر زوو پەیمانی “لۆزان” ئەم هیوا بچووکەی زیندەبەچاڵ کرد، ئەو نەخشەیە چەسپێنرا “مارک سایکس” و “جۆرج بیکۆ” وەک کابووسێک بەسەر قەدەری ئەم ناوچەیەدا سەپاندیان. کوردستانی بندەستی عوسمانلی لە یەک پارچەوە کرایە سێ بەش، کوردستانی بندەستی ئێران وەک خۆی لە ژێر حوکمی ئێرانی بە فارسکراودا مایەوە. کورد بەرەنگاریی ئەم سیاسەتە داسەپاوەی زلهێزەکانی لە خۆی نیشاندا، لە باشوور راپەڕینەکانی شێخ مەحمود و چەندین راپەڕینی تر تەقینەوە، لە باکووریش شۆڕشە بەردەوامەکان دەستیان پێکرد هەر لە بەرخۆدانی شێخ سەعیدی پیرانەوە تاکو دەگاتە راپەڕینی دێرسیم بەسەرکردایەتی سەید رەزا، راپەڕینی ئارارات و ئاگری داخ.

هەموو ئەم راپەڕین و شۆڕشانە “شۆڕش بە مانا باوەکەی” بە خێراییەکی ئەفسوونگەرانە سەرکوتکران. ئیدی بارودۆخەکە جۆرێک لە بێ هیوایی لەگەڵ خۆیدا هێنا، هەلومەرجی تازەی کوردستان کە بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکرابوو، پێویستی ئەوەی هێنایە ئارا، فۆرمێک لە بەرەنگاریی نیشان بدات، هارمۆنی بێت لەگەڵ رۆحی قۆناغەکە، هاوکات هەموو تەقەلاکان بۆ ئەوە کەوتنە گەڕ لە سایەی ئەم دەوڵەتە نەتەوەییانەدا شوناسی کوردیی نەسڕدرێتەوە، گووتاری کوردیی لێرەوە گۆڕا بۆ گووتارێک داکۆکی لە مانەوە و نەتوانەوەی خۆی بکات. لە منداڵدانی ئەم کەشە ناهەموارەدا، حزب و رێکخراوە سیاسییەکان بەشێوەیەکی پێشکەوتووتر لە جاران، چرۆیان کرد و رسکان. ئەگەر لە بەشی باشوورەوە سەیر بکەین، کۆمەڵێک رێکخراو سەرهەڵدەدەن، لە چەشنی حزبی برایەتی، ئەم حزبە لە ساڵی 1937 لەلایەن “شێخ لەتیفی حەفید” کوڕی “شێخ مەحمودی حەفید”ەوە دروستکرا، ئەویش پاش هاتنە ئارای جوڵانەوەی یەکەمی بارزان لە ساڵی 1932-1936 و دامرکانەوەی بزاڤی سەربەخۆیخوازیی شێخ مەحمود، دواتر لە ساڵی 1941دا، حزبێکی گرنگ و بایەخداری وەک “حزبی هیوا” بە سەرۆکایەتی رەفیق حیلمی پێدەنێتە نێو گۆڕەپانی سیاسییەوە. ئەگەرچی دوو ئاڕاستەی دژ بەیەک لەم حزبەدا کۆببوونەوە، یەکێکیان لایەنگریی ئەوەی دەکرد کورد پشت بە ئینگلیز ببەستێت!، لەم ئاڕاستەیەدا لەسەری سەرەوە رەفیق حیلمی سەرۆکی حزبەکە وەستابوو، بەڵام ئاڕاستەکەی تر دڵی بە ستالینیزم و شورەوی خۆش کردبوو، بەڵام هاشا لە رۆڵی گرنگی ئەم حزبە ناکرێت.
لە سوێندخواردنی ئەندامانی حزبی هیوادا بە “قورئان و ئاڵای کوردستان و خەنجەر و گوڵە گەنم” راستییەک خۆی نیشان دەدات، ئەم حزبە لە هەوڵی ئەوەدایە کورد لە دەوری یەک گووتاری کوردستانی کۆبکاتەوە لە رێی بەکارهێنانی ئەو سیمبولە کوردییانەوە. سیمایەکی تری ئەم حزبە لەوەدا بوو بەشداریی ژن تێیدا کارا بوو، چەندان ژنی وەک “زەکیە بابان، ناهیدە شێخ سەلام، حەلاوە شێخ محەمەد، لوتفییە سدیق” لە سیما هەرە دیار و بەرجەستەکانی هیوا بوون. تەمەنی ئەم حزبە کورتتر بوو لەوەی ئامانجەکانی وەدیبهێنێت، بە تایبەت بەهۆی جیابوونەوەی باڵی چەپی حزبەکە و راگەیاندنی حزبێکی نوێ بە ناوی “پارتی رزگاریی کورد” لە شوباتی 1945دا، گەرچی ئەم حزبە بەخێرایی گەشەی کرد و لە چەند مانگێکدا ژمارەی ئەندامانی گەیشتە سەرو پێنج هەزار، بەڵام لە ئابی 1946 خۆی هەڵوەشاندەوە و لەناو پارتیدا توانەوە، بە هەمان چەشن پارتی شۆڕش “حزبی کۆمۆنیست لە کوردستانی عێراق” کە پابەند نەبوونی خۆی بە پارتی کۆمۆنیستی عێراقەوە راگەیاندبوو، هەمان چارەنووسی رزگاری هەڵبژارد و خۆی لە پارتیدا حەل کرد. لەگەڵ دروستبوونی پارتیدا، لە 16ی ئابی 1946 مەودایەکی بەرینتر کرایەوە بۆ پێشکەوتنی جوڵانەوەی کوردیی، هەر لە سەرەتا و لە رۆژی 2ی سێپتامبەری 1946 پارتی دەستیکرد بە وەشاندنی رۆژنامەی “رزگاری” بە زمانی عەرەبی. “لە دەرفەتێکی تردا دێمەوە سەر بایەخی ئەو رۆژنامەیە”.
ئەگەرچی پارتی لە سەرەتاوە پڕ بوو لە ناکۆکی، بەڵام ناکۆکییەکان بنەمای فیکریی و ئایدۆلۆژییان نەبوو، زیاتر ناکۆکی کەسیی بوون و پاساوی فیکرییان بۆ دادەتاشرا. بۆ نموونە لە سەرەتای پەنجاکاندا ناکۆکی پارتی پەرە دەسەنێت و وەک جەلال تاڵەبانی جارێک باسی کرد جگە لە خەتی فەرمی، دوو باڵی تر هەبوون بە هەمزەیی و ساڵحی دەناسران “لایەنگرانی خەتی هەمزە عەبدوڵا و خەتی ساڵح روشدی”، ئەمەش وایکرد هەمزە عەبدوڵا لە ساڵانی 1951-1956 بە ناوی “پارتی دیموکراتی کورد – عێراق بەرەی پێشکەوتوو” باڵەکەی درێژە پێبدات. هەروەک دەبینین لە ساڵی 1964 هەمان سیناریۆ بە جیابوونەوەی جەلالییەکان “باڵی مەکتەبی سیاسیی” لە باڵی مەلایی دووبارە بووەوە. هەروەک جارێک مامۆستا “مەسعود محەمەد” وتبووی “رەوایی حزبی لای باڵی جەلالی بوو، بەڵام رەوایی شۆڕش لای بارزانی بوو”. “هەڵبەتە لێرە نامانەوێت بچینە کرۆکی ئەو ناکۆکیانەوە”. پاشتر چەندین حزبی تر لە هەناو و دەرەوەی پارتی لەم بەشەی کوردستان لە دایک دەبن کە گرنگترینیان یەکێتییە.

لە بەشی باکوور هەر لە “خۆیبوون”ەوە تاکو پەکەکە چەندان حزب و رێکخراوی کوردیی سەریانهەڵداوە، کە زۆرینەیان لە ژێر هەژموونی چەپڕەویی و گیڤاریستیدا بوون، لە رۆژئاواش لە ساڵی 1957 یەکەم پارتی بە ناوی “پارتی دیموکراتی کورد” دادەمەزرێت، پاشان ژیانی حزبایەتی لەو بەشەش گەشە دەکات تا بە ئەمڕۆ دەگات، وەک دەبینین ژمارەگەلێک حزب لەو بەشە چالاکی دەکەن کە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا بەرەی ئەنەکەسە و بەرەی ئاپۆچێتیدا. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان “ژێکاف” لە ساڵی 1942دا، حزبایەتی لەو بەشەی کوردستاندا پێدەنێتە قۆناغێکی سەرتر، پاشتر دەبێتە هەوێنی پێکهێنان و بزواندنی “حیزبی دیموکراتی کوردستان – ئێران”. هەروەک شاد رەوان دکتۆر کوردۆ عەلی ئاماژەی پێدەدات گۆڕینی ژێکاف بۆ حزبی دیموکرات تەنیا گۆڕینی ناو نەبوو، بەڵکو وەک ئەو بۆی چووە “وەرچەخانێک بوو بەرەو پاشەوە و سەرەتای کۆتایی و نابووتبوونی سەرمایەی فیکری و پووتکردنەوەی ناوەڕۆکی مەسەلەکە بوو”. ئاخر ئەمە یەکەمین دانپیانان بوو بەو جوگرافیا دەستکردەی داگیرکەران دیزاینیان کردبوو. پێش ئەوە هیچ کۆمەڵە و حزب و رێکخراوێک بە پاشگری ئێران و عێراقەوە نەهاتبووە ئارا.
لێرەدا و لەو پەرەگرافانەی پێشوودا پانۆرامایەکی مێژووی زۆر بەپەلەمان خستە بەر چاو لەبارەی گەشەکردن و پەرەسەندنی حزبی سیاسیی لەکوردستاندا، هەوڵدەدەین لێرە بەدواوە ئەشکالییەتی گووتاری حزبە کوردییەکان دەربخەین، بۆچی نەیانتوانی ببنە حزبگەلێک نیشتمان بنیات بنێن؟ کوردبوون لە گووتاری سیاسیی ئەم حزبانە چۆن لێکدانەوەی بۆ دەکرێت؟. ئێمە وەڵامی ئەو پرسیارانە لەم چەند خاڵەدا پوخت دەکەینەوە:
یەکەم: ئەگەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە راپەڕین و جوڵانەوە و رێکخراو و حزب و کۆمەڵەکان ئامانجیان سەربەخۆیی کوردستان و بنیاتنانی دەوڵەت بووبێ، لەدروستبوونی حزبی دیموکراتی کوردستان- رۆژهەڵاتەوە ئەم ئامانجە بچووکتر کرایەوە بۆ ئۆتۆنۆمی “خودموختاری”! ئەمەش پاشەکشەیەکی فیکریی و پراکتیکی بوو لە راستای تموحی نەتەوەیەکی بندەست.
دووەم: کوردبوون تەنیا رووکارێکی سیاسیی پێدرا لە دیتن و تێڕوانینی حزبە کوردییەکاندا. بە وتنێکی دیکە حزبی کوردیی تەنها ناسنامەی جوگرافی مرۆڤی کوردی بینیوە، بۆیە هەمیشە چاوی لە رزگارکردنی خاک بووە، لەوە بەولاوە ئیشی لە زەیندا نەکردووە، نە قوتابخانەیەکی پێداگۆگیی بووە بۆ گۆشکردنی تەنانەت ئەندامانی خۆی بە هزری نیشتمانی، نە میکانیزمێک بووە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی، بەو پێیەی حزبی کوردیی بەرئەنجامی پاڵەپەستۆ و ستەمکێشی نەتەوە سەردەستەکان بووە، یاخیبوونێکی عەفەویی بووە، نەک لە پێداویستییە ژیاری و ژیانییەکانی کۆمەڵگەوە داکەوتبێت، چوونکە ئەمەیان دەکەوێتە دوای بوونی دەوڵەت. پێموایە کورد نەدەبوو حزب دروست بکات، بەڵکو دەبوو بزووتنەوەیەکی سەرتاسەریی جەماوەریی شۆڕشگێری هەبوایە تاکو ئەو کاتەی دەبووە دەوڵەت.
سێهەم: ئاریشەی سەرەکی رێکخراو و حزبە کوردییەکان نەبوونی ئایدۆلۆگ بووە، ئایدۆلۆگێک ئەگەر لە چەشنی عەفلەقیش بووبێت. تەنیا “ئاپۆ”مان هەیە وەک ئایدۆلۆگێک کار دەکات، ئەمیش لە زیندان و پاش ئاشنابوونی بە تێزەکانی بیرمەندی ئیکۆلۆژ ئەنارشیستی ئەمەریکی “مۆری بۆکچین” لە زینداندا و لەسەروو تەمەنی پەنجا ساڵیشدا. بۆیە هەمیشە کورد خۆی بە ئایدۆلۆژیاکانی دیکەوە هەڵواسیوە بەتایبەت زۆر زووتر لە گەلانی تر دێوانەی ماویزم و لێنینیزم بوو.
چوارەم: حزبە کوردییەکان هەمیشە لەسەر بنەمای تەریقەت و خێڵ دامەزراون. نەیانتوانیوە ئەو چوارچێوە و تەڵزگە خێڵەکی و تەریقەتییانە ببەزێنن و ببنە حزبێکی نیشتمانی و کوردستانی. لە ئەزموونی پەکەکەدا وا دەردەکەوێت ئەم ئەنگێزەیەی تێپەڕاندبێت، ئەگەریش تاراددەیەک و بەشێوەیەکی رێژەیی ئەوە وابێت، پەکەکە لە دە لای ترەوە کێشەی گەوهەریی و فیکریی هەیە، بەوەی سەرەتا مارکسی لینینی بووە، ئێستاش تیۆرییەکی ئاپۆ کوردبوون ورد و خاش دەکات “دواتر دێینە سەری”. لەبەرئەمە حزبی کوردیی، هەمیشە کوردبوونی لەناو بۆتە و بازنە بچووکەکانی خێڵ و تەریقەتدا بەند کردووە و لەو ئاوێنە تەڵخەوە سەیری کوردبوون دەکات.
پێنجەم: حزبە کوردییەکان بە ئاسانی کەوتوونەتە ژێر هەژموونی حزبە چەپەکانی نەتەوە سەردەستەکان، بۆ نموونە پارتی دیموکرات تاوەکو دەرەنگانکێش دەستی نەبرد بۆ ئەو خاڵەی پەیڕەو و پرۆگرامەکەی کە جەختی لەسەر چەپبوونی حزبەکە دەکردەوە. لە بەری رۆژهەڵات و باشوور حزبە کوردییەکان بە قووڵی کەوتنە ژێر هەژموونی پارتی گەلی ئێران “تودە”، هەر وەک دەزانین ئەم حزبە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1941 لە تاران دامەزرا، ئەگەرچی حزبەکە پاش ساڵانێکی کەم بەرەو چەپێکی رادیکاڵ وەرچەرخا، بەڵام بۆ هەمیشە ئەو ماکە لیبرال ریفۆرمیستییە پان ئێرانیستییەی لە دەست نەدا، وەک لەهەموو کۆنگرەکانیدا جەختی لەسەر پاراستنی یەکێتی خاکی ئێران دەکردەوە، کەچی هۆشمەندیی نەوەیەکی کوردی چ لە رۆژهەڵات چ لە باشووری خستبووە ژێر رکێفی خۆیەوە، لە رۆژئاوا و باکووریش گەشەکردن و سەرهەڵدانی حزبەکان مومکین نەبوو ئەگەر بە بەرنامە و پلاتفۆرمێکی چەپڕەوییەوە نەبوایە. لەم نێوەندەدا کوردبوون لە لیستەکەدا کەوتە دوای بەها ئایدۆلۆژییەکانی تر.

ئەم فاکتۆرە رۆڵێکی چڕی گێڕا لە زەقکردنەوەی حزبی چەپڕەوی کوردیی، ئەگەرچی جارێک دکتۆر کوردۆ عەلی نوسیبووی “لە هیچ جێگەیەکی ئەم جیهانە جگە لە فەلەستین پارتێکی کۆمۆنیستی میللەتێکی بێ دەوڵەت نابینین”. رایەکی جیاواز لەسەر ئەم دەربڕینە دەخەمە روو، وەک لە پێشەوە گووتم بوونی حزبی سیاسیی بۆ نەتەوەیەکی بندەست بە پێویستی نابینم، لە حاڵەتی ئەزعەفولئیماندا تێڕوانینی کورد خۆی بۆ دنیا و پێدراوە سیاسییەکان ئاریشەی تێدایە، ئەگەر نا چ کۆمۆنیزم یان ئیسلام و تەریقەت لە رابردوودا، دەتوانرا خزمەتی کۆمەڵگەی کوردیی پێبکرێت، ئەوان وەک ئایدۆلۆژیا تاوانبار نین، ئەو رۆحە کۆیلەیەی کورد گوناهبارە هەمیشە دەبێتە قەڵغانی ئەو ئایدۆلۆژیانە نەک بە پێچەوانەوە. دیقەت بدەن حزبی بەعس لەسەر بناغەی عروبە لەلایەن “سەلاح بەیتار” و “میشێل عەفلەق”ەوە لە ساڵی 1947دا دامەزرێنرا، بەڵام کاتێک لە ساڵی 1953 لەگەڵ حزبەکەی ئەکرەم حۆرانی “پارتی سۆسیالیستی عەرەب” یەکیگرت و ناوی حزبەکە گۆڕدرا بۆ “پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیستی”، عروبە وەک بنەما ئایدۆلۆژییەکەی بەعس مایەوە، ئەو سۆسیالیزمەی یەکێک لە سێ دروشمەکەی بەعس بوو “یەکێتی. ئازادیی، سۆسیالیزم” تەنیا وەک چەند هەنگاوێکی ئابووری بچووک مایەوە، ئەگینا حزبەکە ئامانجە راستەقینەکەی یەکێتی و سەردارێتی عەرەب بوو لە “کەنداوەوە بۆ ئۆقیانووس”. ئەی سۆسیالیزم بۆ رێگر نەبوو لە ئامانجە شۆڤێنییەکانی بەعس، بەڵام رێگر بوو لە خەونی ئازادیی ئێمە؟؟!!.
شەشەم: گووتاری حزبە سیاسییەکانی کورد بریتی بووە لە کڕوزانەوە و نوزە نوز و خۆ بە قوربانی نیشاندان و چارە ڕەشی ناو مێژوو و لاواندنەوەی غەمە نەتەوەییەکان، ئەم گووتارە سواوە کە هەمیشە پەنای بردووە بۆ تاوانبارکردن و تەخوینکردنی ئەویدی، هەمیشە کاری لەسەر داتاشینی وێنای مەغدورییەتی خۆی کردووە لەلایەن جیهان و زلهێزەکانەوە. ئەم کارە دۆنکیشۆتیانەی حزبی کوردیی و تێکڕای کورد هەمیشە فلوتێک بووە تا کار بکاتە سەر هەست و سۆزی جیهانێک لەوەتی هەیە بێ هەست و سۆز بەڕێوە دەبرێت، ئەمەش وەک بڕینی شەپۆلاویترین دەریا وایە بە بەلەمێکی کاغەزییەوە. ئەم گووتاری کڕوزانەوەیە بووەتە ئایدۆلۆژیایەکی کوشندە و کوردبوونی تێدا ورد و خاش بووە، هەمیشە مرۆڤی تێکشکاوی بەرهەمهێناوە، بەردەوام لە دەستاڕی ئەم فۆرمە جیهانبینییەدا کوردبوون هاڕدراوە.
حەوتەم: کورد بە گشتیی و حزبی کوردیی بە تایبەت، لەسەر سیاسەتی رەوشتدارانە و ئایدیالیستیانە موعتاد بووە، خووەیەکە بۆی تەرک ناکرێت، کوردبوون هەمیشە مانای جەنگاوەری ئازا و بە رەوشتی گەیاندووە کە لە پێناوی تەواوی دنیادا شەڕ دەکات، ئەمەش بە پێچەوانەی روانگە نیتچەییەکە، وەک هەمووکات جەخت لەسەر بەهێزبوون دەکاتەوە نەک بە رەوشتبوون. سیاسەتی بە رەوشتانە و کۆڵەواری حزبی کوردیی کە دواجار دەسەڵات و ئیدارەی کورد بەڕێوە دەبات، ئەو ئەنجامەی لێکەوتووەتەوە لە هەموو گەمەکاندا بەدەست بەتاڵی دەربچێت و مرۆڤی کورد تا دوا سنووری خۆی شەکەت و ماندوو بکات.

جیاواز لەوەی لەم بەشەی باشوور، گەندەڵی و دابەشبوونی ئەجیندا و گووتاری کورد بەهۆی ململانێی مۆنارکی و تەسکی حزبییەوە، کوردبوون وەک جەستەیەکی هەلا هەلابووی لێ هاتووە، هیچ ئومێدێک بۆ گەڕانەوەی گیان بۆ ئەو لەشە کوت کوت بووە نەماوە، وەنەبێت حزبەکانی سێ پارچەکەی تر نموونەیەکی گەشتریان نیشان دابێت لەسەر بنەمای کوردبوون، مرۆڤ پەتی هیوای خۆی پێوە ببەستێتەوە. تەنانەت ئەوەی پێی دەوترێت بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، تەنیا ناونیشانێکی گەورەی بێ کاکڵە بووە، هیچ کات نەبووەتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سەکۆی تێکۆشانێکی زنجیرەیی و هاوبەشی مرۆڤی کوردستانی، بە پێچەوانەوە پایدەرلێدان بووە لە بۆشاییدا. ژبەر ئەمە کەوتوومەتە حاڵێک ئەگەر لەترسی شاڵاوی سێکتە حزبییەکان بوێرم، دەمەوێت ئەوەش بڵێم، حزبی کوردیی هێندەی زیانی لە کوردبوون و مانا بەرزەکەی مرۆڤبوونی تاکی کورد داوە، چارەگێکی ئەوە خزمەتی نەکردووە. هەنووکە دوای سەد ساڵ زیاتر لە تەمەنی ئەو حزبانە، بۆچی دۆخی کورد گەڕاوەتەوە چوارگۆشەی یەکەم؟. گەر بەشێکی پەیوەست بێت بە بەرژەوەندیی زلهێزەکانەوە وەک دەبینین کورد کەمتر لە دەوڵەتانی دراوسێی هەیە بیدات پێیان، ئەی تاکەی ئەو بەشەی پەیوەستە بە خۆمانە نابینین؟.

لە کاژیکەوە بۆ پاسۆک.. لە تیۆرەوە بۆ پراکسیس
بۆچی لەناو ئەو هەموو حزبە کوردییەدا دوو رێکخراوی سیاسییم جیاکردۆتەوە؟!، رەنگە ئەمە پەیوەندیی بەو راستییەوە بێت کاژیک تیۆری سەرەتایی کوردبوونی لە ژێر ناوی “کوردایەتی”دا فۆرمۆڵە کرد و پاسۆک ئەگەر خۆیشی دانی پێدا نەنابێ درێژکراوە و پەرەپێدانی ئەو تیۆرانە بوو کاژیک گەڵاڵەی کردبوون، لەوە زیاتریش هەوڵگەلێک بوون بۆ تاقیکردنەوەیان لە زەمینەی واقیعدا. دەتوانین هەردوو رەوتەکەش لە باری فیکرییەوە بە درێژکراوەی ژێکاف لە قەڵەم بدەین، چوونکە گۆڤاری “نیشتمان”ی ئەو حزبە و ئەدەبیاتەکەی بەشێوەیەکی سەرەتایی تیۆریزەی بیری نەتەوایەتی کوردیی دەکەن بە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەت و سڕینەوەی سنوورە دەستکردەکان لە نێوان هەموو پارچەکانی کوردستاندا، بەتایبەت ئەوکات کوردستانی سوور “سۆڤێت” بەو شێوەیەی نهۆ دیموگرافیی نەشێوێنرابوو و کوردەکانیش بەسەر نۆ کۆماری یەکێتی شورەوی پێشوودا دابەش نەکرابوون. ژێکاف ئەگەرچی جوانەمەرگ بوو لەناو حزبێکی نوێتردا کە ئامانج و روئیاکانی بچووکتر بوون لە خۆی، بەڵام ئەدەبیاتی ئەم رێکخراوە چاوی بەشێک لە مرۆڤی کوردی بۆ سەربەستی کردەوە.

کۆمەڵەی ئازادیی و ژیانەوە و یەکێتی کورد “کاژیک” لە پاش کودەتای قاسم و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە پادشاییەوە بۆ کۆماریی لە عێراقدا، لەو پەڕاوێزە تەسکەی ئازادیی لە کوردستانی بندەستی عێراقدا و لە نیسانی ساڵی 1959 راگەیەندرا. ئەگەرچی کاژیک لە رووی جەماوەرییەوە هێزێکی وەهای نەبوو، بەڵام لە رووی فیکرییەوە بۆ دوای خۆی کاریگەرییەکی زۆرتری دانا. ئەم کۆمەڵەیە بیری نەتەوەیی کوردیی لە رووی تیۆرییەوە تەکان پێدا بۆپێشەوە، بە جۆرێک ئەگەر لە رووی سانکرۆنییەوە لێی بڕوانین قەبزەیەکی فیکریی کەموێنە بوو لە تیۆریزەکردنی فۆرمێکی پریمتیڤ لە ناسیۆنالیزم. ئەدەبیاتی کاژیک بایەخێکی تایبەتی هەیە لەناو هەموو ئەدەبیاتی بزووتنەوەی کوردیدا تاکو ئەو دەمەی خۆی، هەر بۆ نموونە “کاژیکنامە” کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1961دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە، گۆڕانێکی فیکریی رادیکاڵە و بژارکردنی بیری نەتەوەییە لە بیری چەپڕەویی، وەک دەبینین مۆدیلی سیاسیی ئەو کات بوو بەهۆی نزیکی ناوچەکە لە یەکێتی سۆڤێتی پێشووەوە.
کاژیکنامە، بڵاڤۆکێکی گرنگە و تا ئێستاش بایەخی خۆی لە دەست نەداوە بۆ راڤەکاریی و تێگەیشتن. چوونکە بەدەر لە خستنەڕووی پانۆرامایەکی مێژوویی و چەردەیەک لە دیرۆکی دێرین و هاوچەرخی کورد، چەندین تێزی تێدا فۆرمۆڵە کراوە وەک سەرەتایەک بۆ لە دایکبوونی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی، هاوکات رەخنەی توند لە بیری چەپڕەویی و کۆمۆنیستی دەگرێت بەتایبەت لەو رووەی سۆسیالستەکان بزاوتی نەتەوەیی بە بەرهەمی بۆرژوازی دەزانن. لێ لە باری واقیعییەوە بیری نەتەوەیی بەو فۆرمە پێشکەوتووەی لە بۆتەی ناسیۆنالیزمدا دەردەکەوێت بەرهەمی مودێرنێتە و گەشەکردنی فەرهەنگیی بۆرژوازی خۆرئاواییە، بەڵام نکۆڵیکردنی کاژیکنامە لەم فاکتە تەنیا بۆ خۆ لادانە لەو تیرۆرە نابەرجەستەیەی لەلایەن چەپەکانەوە بەرامبەر بە نەتەوەییەکان بەکار دەبرا، چوونکە بەپێی پێوەرەکانی ئەوێ رۆژێ هەر شتێک سەر بە فەرهەنگی بۆرژوازی بوایە، دواکەوتووانە و جێگەی نەفرەت بوو، هەر بۆیە کاژیکنامە دەیەوێت ئەو بیرە نەتەوەییەی لە ماڵی بۆرژوازییەوە هاتبووە دەرەوە، بۆ دوورتر بگەڕێنێتەوە.
کاژیکنامە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیی “کوردایەتی” دەگەڕێنێتەوە بۆ پێشتر “هەرچەند دەوترێت گوزارەی کوردایەتی بۆ یەکەمین جار لە ناوی دیوانێکی شیعریی کامیل ژیرەوە لە پەنجاکاندا تەشەنەی کردووە و بووە بە چەمک”. بە پێی کاژیکنامە ئەم بزووتنەوەیە بەشێوەیەکی رێکخراو و ئۆرگانیزەکراو دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی تەعاون و تەرەقی شێخ عەبدولقادر “لە سەرەوە باسی کراوە”. بەڵام هاوکات دیدێکی رەخنەگرانەشی هەیە لە خوێندنەوەی کۆمەڵە و حزبەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم، هەروەک دەبینین حزبی هیوا بەوە تۆمەتبار دەکات بەرنامەیەکی تۆکمە و بیرێکی پوختی کوردایەتی نەبووە، بۆیە بە ئاسانی لەلایەن سیخوڕانی بەریتانییەوە خەرق کراوە و ئامانجەکانی بەلاڕێدا براوە، لەم رووەوە نموونەی کەسێکی وەک “ماجید مستەفا” دەخاتە بەرچاو. دواتر بە توندیی رەخنە لە کۆمۆنیستەکان دەگرێت، هەوڵدەدات ئەو تێڕوانینە هەڵەیە راست بکاتەوە گوایە کۆمۆنیزم و دیموکراسی تەواوکاری یەکترن، بەشێوەیەکی سادە جیاوازیی دیموکراسی لە کۆمۆنیزم مانیفێست کردووە، پاشان رووخسارە هاوبەشەکانی پارتی و شیوعییەکان دەستنیشان دەکات.

دواتر دێتە سەر پێناسەی کوردایەتی بە پێی “فەلسەفە”ی کاژیک و دەنووسێت “بەپێی بیروباوەڕی ئێمە، بزووتنەوەی کوردایەتی، لەو رۆژەوە دەست پێئەکا کە نەتەوەی کورد خۆی لەم جیهانەدا بەکورد ناسیوە… لەبەرئەوە پێمانوایە ئەوەتەی کورد هەیە بزووتنەوەی کوردایەتیش هەر هەبووە”. هەر بۆیە بەپێی کاژیکنامە کوردایەتی بزووتنەوەیەکی داهێنراوی سیاسیی نییە، کوڕی هیچ ساتەوەختێکی مێژوویی نییە، بەرئەنجامی گەشەکردنی هیچ فیکرێک نییە، لە هیچ شوێنێکەوە بۆ کورد نەهاتووە، بەڵکو شتێکی خۆڕسکە لەگەڵ هەستی خۆ بەکوردزانیندا لە دایک دەبێت، هۆشیارییەکی دەستەجەمعی گەلی کوردە “لەپێناوی مانەوە و ژیاندا”. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هەر بیروباوەڕێکی هاوردەکراو لە دەرەوەی جوگرافیا و کولتووری کوردەواریی رەت دەکاتەوە، ئەمە شتێکی ئێجگار گرنگە، ئەگەر بۆ ئەوێ رۆژێ تا ئەندازەیەک بایەخی هەبووبێت، بۆ رۆژگاری ئەمڕۆمان پێویستییەکی هەرە لەپێش و پلە یەکە. ئەمەش مانای ئاوێزان نەبوون و سوود وەرنەگرتن لە شارستانێتی جیهانیی ناگەیەنێت کە بەرئەنجامی فیکری هەموو مرۆڤایەتییە، کوردیش بە نۆرەی خۆی بەشداربووە لە رەنگکردنی ئەو شارستانییەی هەنووکە لە ئارادایە، بگرە کوردستان سەرزەمینی شارستانییەتە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤە، بەڵام بە تاقیکردنەوە لە ماوەی یەک سەدەدا ئەوە سەلمێنرا هیچ بیرێک بەدەردی کورد ناخوات جگە لەوەی بە ئاوەزی کوردانەی خۆی بەرهەمی دەهێنێت.
ئامانجی کاژیک وەستانەوەیەکی فیکریی هەمەلایەنە بوو بە رووی ئەو تەوژمە سۆسیالیستییەی بیری نەتەوەیی کوردی لاواز کردبوو. لە هەمان کاتدا باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەت هەبوو بۆ کوردستان. بەڵام ئەشکالییەتی سەرەکیی لە فیکری ئەم رەوتەدا، ئەو جۆرە سۆسیالیزمە کوردەوارییە بوو بانگەشەی بۆ دەکرد، جەمال نەبەز لە کتێبی “هێندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی کوردیی سۆسیالیزم” کە بۆ یەکەم جار لە سوێد لە ساڵی 1984دا چاپ کراوە، بە چڕیی لایەنەکانی ئەم جۆرە سۆسیالیزمە دەستنیشان دەکات. هەوڵ دەدات ئارگۆمێنتی ئەوە بکات، سۆسیالیزم تەنیا بەرهەمی بیری مارکس نییە. لێ ئەمە راستە سۆسیالیزم پێش مارکس لای سان سیمۆن و فۆرییەی رێبەرانی سۆسیالیزمی یۆتۆپی لە ئارادا هەبوو، بەڵکو سۆسیالیزم وەک خەونی مرۆڤ زۆر دێرینە، بەڵام ئەوەی کڵێشەیەکی زانستی بە سۆسیالیزم بەخشیوە مارکس و ئەنگلزن. عەتا قەرەداغی لە بەرگی دووەمی کتێبی “گووتاری ناسیۆنالیزمی کورد” لەلاپەڕە “255”دا دەنووسێت “ئەگەر سەرنجی روانینەکانی دکتۆر جەمال نەبەز بدەین کە گەوهەری روانین و جیهانبینی کاژیک لەوێوە فۆرمۆڵە دەبێت، هەمان روانینی مارکسیانەیە، بەڵام بە جیاوازی ئەوەی کە یەکسانی رەها لای کاژیک دەوڵەتی گەل دروستی دەکات، بەڵام لای مارکسیزم دیکتاتۆرێتی پڕۆلیتاریا رێگا بۆ ئەوە خۆش دەکات”.
بە تێگەیشتنی من، ئەو جۆرە سۆسیالیزمەی جەمال نەبەز گەڵاڵەی کردبوو و ببووە بەشێکیش لە تێڕوانینی ئایدۆلۆژی کاژیک، کارێکی زڕ و کلۆر بوو، ئەویش بە چەند هۆیەک، یەکەم: سۆسیالیزم بەهەر جۆرێک بانگەشەی بۆ بکرێت موڵکی چەپە. دووەم: یەکسانی ئیدیۆمێکی سادە نییە بەڵکو کۆنێسپتێکی فیکریی قووڵە و سەر بە ماڵی چەپگەرایی و کۆمۆنیزمە، قوتابخانەی کوردیی سۆسیالیزمیش بانگەشەی بۆ یەکسانی دەکرد، لە کاتێکدا دادپەوەریی سەر بە ماڵی بەرەی بەرامبەرە. سێیەم: ئەو سۆسیالیزمەی کاژیک و دکتۆر نەبەز لە ژێر کاریگەریی هەژموونی سۆڤێتیدا نووسرابوو، ئەگەرنا پێویستی بەو هەڵکۆڵینەی مێژووی کورد نەدەکرد لە راستای گەڕان بە دوای مۆدیلێکی وێکچوو لەگەڵ سۆسیالیزمی باو و سۆڤێتی. بەهەمەحاڵ کاژیک سەرباری هەموو کەموکوڕییەک و پووکانەوەی لە هەڕەتی لاویدا، بەڵام سەرمایەیەکی فیکریی و سیاسیی دەوڵەمەندی بەجێهێشت، کە رەنگە هەندێک پاسۆک ئەمەیان پێناخۆش بێت، بەبێ ئەدەبیاتی کاژیک مومکین نەبوو لە پرۆسەیەکی پۆیسیسانەدا “شتێک لە نەبوونەوە بیهێنیتە بوون” لە دایک ببێت. راستتر وایە بڵێین کاژیک دەرگای مێژووی بەسەر پاسۆکدا کردەوە.
پاسۆک “پارتی سۆسیالیستی کورد” لە رۆژی 11ی سێپتامبەری 1975دا لە شاری کەرکوک لەلایەن ئازاد مستەفا، فەرهاد عەبدولقادر، مامۆستا شێرزاد لە پاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلول دامەزرا. سەرەتا بە ناوی “پارتی سۆسیالیستی نەتەوەیی کورد” دەستی بە کارکردن کرد، بەڵام لەسەر پێشنیاریی دکتۆر جەمال نەبەز وشەی “نەتەوەیی” لە ناوی حزبەکە کرایەوە، بە هۆکاری ئەوەی ناوی پێشتری لێکچوونێکی زۆری دروست دەکرد لەگەڵ ناوی نازییەکان “پارتی سۆسیالیستی نەتەوەیی”، بەم شێوەیە ناوی پارتەکە هەر بە ناوی پارتی سۆسیالیستی کورد مایەوە. پاسۆک درێژەپێدەری کاژیک نەبوو لە رووی رێکخستنەوە بەڵام لە رووی فیکرییەوە بە درێژکراوەی کاژیک دادەنرێت. بەتایبەت دروشمی پاسۆک “کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان” بە کەمێک گۆڕانکاریی سینتاکسیی هەمان دروشمی پێشووی کاژیک بوو. یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان پاسۆک و کاژیک رەنگە لەوەدا بێت، کاژیک لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە ناو پارتییەوە خەباتی شاخی دەکرد، بەڵام پاسۆک هەر دوای ساڵێک لە دامەزراندنی، بەشێوەی سەربەخۆ خەباتی چەکداریی لە شاخ دەستپێدەکات.

ئەگەر لە پەیڕەو و پرۆگرامی پاسۆک ورد بینەوە، بە شێوازێکی رادیکاڵتر لە کاژیک و ژێکاف و پارتی، تیۆریزەی کوردایەتی و بیری نەتەوەیی کوردی تێدا کراوە، هەوڵدراوە بەرنامەکە وەک رێبازێکی فەلسەفی بۆ بیری نەتەوەیی کوردی پێناسە و گەڵاڵە بکرێت. لە بەرنامەی سیاسیی و فیکریی پاسۆکدا کوردبوون لە پێش هەر شتێک و لە سەروو هەموو شتێکەوە دانرابوو، ئەو روانگەیەی لە شیعری “ئەی رەقیب”ی دڵداردا هەیە لە تێکستێکی ئەدەبییەوە وەرچەرخێنرا بوو بۆ ئایدیایەکی سەرەکی کە پاسۆک وەک هێڵێکی گشتیی کاری لەسەر دەکرد. لە نامیلکەی “پاسۆک لە چەند دێڕێکدا” کە لە ساڵی 1980 لقی ئەوروپای پاسۆک بێ ناوی هیچ نووسەرێک چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، ناوەڕۆکی سیاسیی و فیکریی ئەو حزبەی تێدا روون کراوەتەوە. لەو نامیلکەیەدا پاش نمایشێکی مێژوویی لەسەر رەچەڵەکی کورد و کێشەی کورد، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پاسۆک بۆ “یەکگرتنەوە و رزگاری و ئازادی کورد و کوردستان” تێدەکۆشێت. ئەمەش لە رووی مێژووییەوە کەوتۆتە پێش دروشمە دیماگۆگییەکانی پەکەکە “یەکگرتنەوەی هەر چوار پارچەی کوردستان”.
هەر لەو نامیلکەیەدا “پێموایە ئازاد مستەفا نووسیوویەتی” لە توێی 16 لاپەڕەدا زۆر بابەتی گرنگ بەتایبەت بۆ ئەو سیاقە مێژووییە تێَدا وروژێنراوە. تەنانەت بەرنامەی دوای ئازادی کوردستانی تێدا مانیفێست کراوە، لەوێ بانگەوازی گەلی کورد دەکات بەرەو بنیاتنانی کوردستانێکی ئازاد کە لە سایەی ئەو ئازادییەدا “کار بۆ کرێکار بێت. زەوی بۆ جوتیار بێت. هەر کەس بەری رەنجی خۆی بۆ خۆی بێت. ئازاد و سەربەخۆ بێت. رێز لە هەستی ئاینی و خواناسی بگیرێ. رێز لە بیروباوەڕی سیاسی بگیرێ”. ئەگەر لەم مافانە ورد بینەوە، تێکەڵەیەکە لە سۆسیالیزم و مافە دیموکراتییەکان، بۆیە ئەگەر لە رووی فیکرییەوە پاسۆک داینەمۆی بیری نەتەوەیی بووبێت، ئەوا لە رووی نیەتی ئیدارییەوە نزیکایەتی لەگەڵ ئەزموونی سۆسیال دیموکرات هەیە. لە نامیلەکەی “پاسۆک لە کڵاوڕۆژنەی دروشمەکانییەوە”، لە ساڵی 1984، “ئازاد مستەفا” پێنج پرنسیپە سەرەکییەکەی پاسۆک خاڵ بە خاڵ شی دەکاتەوە کە بریتین لە 1- کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان 2-پێش ئەوەی هەر شتێ بین، دەبێ کورد بین 3-کوردستان تەنیا موڵکی کوردە 4-مرۆڤایەتی کورد و کوردایەتی 5-جەماوەر سەرچاوەی بوون و دەسەڵاتە. لەم نامیلکەیەدا ئازاد مستەفا “ئازادی و سەربەخۆیی و رزگاری کوردستان و کوردستان و کورد” بە پێشمەرجی دۆستایەتی و ئاشتەوایی گەلانی دراوسێ و “دوور و نزیک” دادەنێت.
ئەگەرچی پاسۆک پاش راپەڕینی ساڵی 1991، بەهۆی یەکگرتنی لەگەڵ سۆسیالیست و پارتی گەل و پاشان توانەوەی لەناو پارتیدا، لە گۆڕەپانی سیاسییدا ون بوو،. بەڵام بیرۆکە و تێزە فیکریی و نیشتمانییەکانی کە لە سەرەتاوە جۆرێک لە ئایدیالیزمیان پێوە دیار بوو، لەناو کۆمەڵگەدا گەشەی کرد، بە جۆرێک ئاڵای کوردستان و ویستی سەربەخۆیخوازیی و دەوڵەتسازیی و پێکەوە بەسترانی خواستی کورد لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە، لە ئاستێکی بەرزدا خەونی مرۆڤی کوردە. وەلێ پاسۆک و کاژیک وەک دوو رووداوی مێژوویی ماونەتەوە و بوونەتە بەشێک لە حکایەتەکانی دوێنێ، بەڵام ئایدیای ئەو دوو رەوتە “سەرباری هەندێک ناکۆکیان” لە دنیای تازەدا بەهای خۆی وەرگرتووەتەوە، هەرچەند پێموایە دەبێت ئەو بیرۆکەیە بەشێوەیەکی فەلسەفی و هاوچەرخانە پەرەی پێ بدرێت، نەک لەبەرئەوەی لایەنگرێتی لە نۆرمێک لە ناسیۆنالیزم دەکەم، بە پێچەوانەوە لای من ناسیۆنالیزمی کورد هێشتا لە دایک نەبووە تا خەڵکی لەسەر دادگایی بکەین، بەو پێیەی ناسیۆنالیزم پەڕگیریی نەتەوەییە و ئایدۆلۆژیایەکی سەردەمی مودێرنێتەیە، هاوار و بانگەوازی کورد بۆ ئازادیی لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران بە ناسیۆنالیزم پێناسە ناکرێت، بەڵکو هەستێکی نیشتمانیی بێ ئایدۆلۆژییە، بۆیە لە هیچ ماوەیەکی مێژوویدا بۆ دەرمانیش کوردێکی شۆڤێنی نەبینراوە. لە کۆتایی ئەم نووسینەدا بە دیقەتتر روونی دەکەمەوە بۆچی دنیای نوێ گەڕاوەتەوە بۆ بەها نیشتمانییەکان کە بەهۆی گلوبالیزمەوە وا تێگەیشتبووین ئەو بەهایانە ئەرزشێکیان نەماوە.
لە فیکری کاژیک و پاسۆکدا، کوردبوون بەشێوەیەکی سەرەتایی کرابووە رێباز و ئایدۆلۆژیایەک بۆ خەبات و رزگارکردنی کوردستان. بەرنامەی فیکریی و سیاسیی ئەو دوو رەوتە تەکاندان بوو بەو پێناسە کلاسیکییانەی کوردبوون لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەوە لەلایەن منەوەرانەوە فۆرمۆڵە کرابوو و لە میانی پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕیشەوە بەرجەستەتر ببوو، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەم بیرە بە جوانەمەرگی سەری نایەوە، ئاخر دەکرا جومگە سەرەکییەکان و پوختەی ئەو بیرە دەستی پێوە بگیرابایە، کەسانێک نەبوون پەرەی پێ بدەن و بژاری بکەن و چوارچێوەی ئایدۆلۆژییەکی سەردەمییانەی پێ ببەخشن. لێ نامەوێت خۆم لە رەخنەگرتن لە فیکری ئەو دوو تەوژمە لابدەم، کەچی هێشتاش بایەخی فیکریی بەرنامەکانیان لەسەرو رەخنەکانمەوە دەبینم. هەر لەبەر ئەم فاکتۆرەش بوو ویستم بەرنامەی فیکریی ئەو دوو حزبە لەوانی تر بە جیا بخەمە بەر باس، نەک مەیلی رازاندنەوەی مێژوویانم هەبێت.

ئایدۆلۆگی کوردبوون.. ئۆجەلان یان مەسعود محەمەد؟

رەنگە بەراووردی نێوان مەسعود محەمەد و عەبدوڵا ئۆجەلان، بۆ زۆر کەس سەیر بێت و ئەو دوو کەسە قابیلی بەراووردکردن بە یەکتر نەبن. بە هۆکاری ئەوەی ئۆجەلان زیاتر لە چوار دەیەیە سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی سیاسیی و حزبی دەکات، هەرچی مەسعود محەمەدیشە بە هیچ شێوەیەک بەشداریی لە کاری سیاسیی و حزبی نەکردووە، بەڵکو هەموو تەمەنی تەرخان کردبوو بۆ گەڵاڵە فیکریی و نووسینە زمانەوانی و لێکۆڵینەوە تیۆرییەکانی، بەڵام ئێمە روویەکی هاوبەشی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە دەخەینە روو، ئەویش بریتییە لە تەقەلا و هەوڵەکانیان لە راستای خستنە سەرپێی فیکر و ئایدۆلۆژیایەک، کەم و زۆر پەیوەندیی بە کورد و پێناسەکانی کوردبوونەوە هەیە. ئەگەرچی ئەو دوو مرۆڤە سەر بە یەک نەتەوەی دیاریکراون، بەڵام هەوڵەکانیان ئاڕاستەیەکی چوونیەکیان نییە. ئەگەرچی مەسعود محەمەد بە هۆکاری سیاسیی و حزبی خراوەتە پەڕاوێزەوە و کەمترین باری سەرنجی فیکریی و ئەکادیمی دەخرێتە سەر، لەگەڵ ئەوەشدا گەڵاڵەنامەکانی دەکرێت جارێکی تر ببنە مایەی ئاخاوتن، چوونکە تا بە ئێستا دەگات پەیڤین لە بارەی ئەم بیرمەندەوە سنووری رق و خۆشەویستی تێنەپەڕاندووە بۆ لێتوێژینەوەی ئەکادیمی.

هەوڵەکانی مەسعود محەمەد پارێزگارییکردن بوو لە شوناسی کورد لەبەردەم باهۆزی ئەو شەپۆلە لە چەپگەرایی و سۆسیالیزمی نەتەوە سەردەستەکان، بەشێکی هەرە زۆری بەرهەمە فیکریی و تیۆرییەکانی ناوبراو تەرخانە بۆ بەرپەرچدانەوەی دیدی سۆسیالیستی و نیشاندانی زڕیی بیری چەپڕەویی لە زەمینە و کەتواری ئەوێ رۆژێی کۆمەڵگەی کوردستان، وەک هەمیشەش جەختی دەکردەوە چینی کرێکار بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازییە، بەڵام شۆڕشێکی وەها لە کوردستان رووینەداوە، تاکو چینی پڕۆلیتاریا بەرهەم بهێنێت و ململانێی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا ببێتە رووداوێکی راستەقینە، پێداگریی دەکرد ئەو پارەدارانەی بە سەرمایەدارانی ئەم کۆمەڵگەیە ناسراون “لەو زەمەنەدا” هەموو سەرمایەکەیان هێندە نییە بەشی کڕینی دوو کارگە یان سێ هوتێلی پێنج ئەستێرە بکات بۆ نموونە لە شارێکی وەک لاس فیگاس یان تۆرانتۆ یان هەر شارێکی تری گەشەکردووی نێو سیستمی سەرمایەداریی. لەم رەهەندەوە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد، شوناسی کورد تاکە مقەوەماتە بۆ مرۆڤی کورد، بۆ چوونە ناو مێژوو و جیهانی شارستانییەوە. دەکرێت ناوکۆیی زۆرینەی بەرهەمەکانی لەمەدا چڕ بکەینەوە، مەسعود محەمەد پارێزەری ئایندێنتیتی کورد بوو تاکو نەکەوێتە ژێر شەپۆلی بیرە خواستراو و دەرەکییەکانەوە، وەک ئاشکرایە بۆ هەموو لایەک لە ساتەوەختی نەشونماکردنی فیکریی ئەودا، زاڵترین تەوژم مارکسیزم و ماویزم بوو.

ئەم بیرمەندە لە کتێبی “مرۆڤ و دەوروبەردا” کە سەرەتا بە سێ بەرگ بڵاوکراوەتەوە و دوا بەرگیان لە ساڵی 1997 چاپ بووە “ئەو چاپەی لەبەردەستی مندایە هەر سێ بەرگەکەیە بە یەکەوە لە توێی 491 لاپەڕەدا”. هەوڵ دەدات رەخنە لە ئەنالیزی ماددیی “ماتریالیزم” بۆ دنیا و مێژوو بگرێت، ئارگۆمێنتسازیی زۆر دەکات تاوەکو لەنگییەکانی خوێندنەوەی ماددیی بخاتە روو. هەرچەند زۆرجار بیروڕا ئایدیالیستی و کۆنسەرڤاتیڤەکانی دەیخەنە هەڵەی میتۆدلۆژییەوە، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت، ئەم کتێبە تا کۆتایی بایەخێکی لە راددە بەدەری هەیە لە کایەی رووناکبیریی تەنانەت ئەکادیمی کوردیدا. ئەم تەحەدایەی مەسعود محەمەد بەرامبەر بە تەوژمی باوی مارکسیزم و بیری سۆسیالیستی بۆ خۆی حاڵەتێکی دەگمەن بوو، ئەوی کردە رۆشنبیرێک لە دەرەوەی دەنگی باو و مێگەلئاسا کە بە لاساییکردنەوە و سۆزدارانە خۆیان لە سۆسیالیزمەوە ئاڵاندبوو، هیچ کام لەو سۆسیالیستە کوردانە هێندەی مەسعود محەمەد رامانیان نەکردبوو، لە بیرەکەیان نەکۆڵیبووەوە، کە ئەو بۆ کردەی رەخنەسازیی تێیدا قاڵ ببووە. لێرە لایەنگرێتی نیشان نادەم، دەمەوێت پەردە لەسەر دەموچاوی ئەو هەقیقەتە لا بدەم هێشتا کەسێک جەسارەتی ئەوەی نەبووە لایبدات.
وەنەبێ کاری مەسعود محەمەد، هەر ئەوە بووبێت وەک ئەنتی مارکسیست و چەپ بەرگریی لەکوردەواریی بکات، بەشێکی تری هەوڵەکانی دەچنە خانەی زمانسازیی و زمانەوانییەوە. لەبەرئەوەی زمان توخمێکی سەرەکیی هەبوونی هەر نەتەوەیەکە، رەگەزێکی جیاکاریی وەهایە توانای پاراستنی شوناسی هەر نەتەوەیەکی هەیە. تەنانەت بە پێی تێزی “دی سوسێر” مرۆڤ کائینێکە لە رێی سیستمی زمانەوە بیر دەکاتەوە “ئەم تیۆرییە زمانی و دەمارییە بۆ ستراکچرالیزم بەهایەکی بێ پایانی هەبوو”. نازانم ئایا مەسعود محەمەد چەند ئاگاداری ئەو تێزە دی سوسێریانە بووە، بەڵام لەوە دڵنیام لە دیدی ئەودا زمان هێندەی خاک بایەخی هەبووە، هەر لەم سۆنگەوە بایەخێکی زۆر و بەشێکی زۆری ژیانی بۆ زمانی کوردیی تەرخان کرد. ئەگەرچی مەسعود محەمەد بوارێکی فراوانترە بۆ قسە لەسەرکردن، بەڵام سەرنجی خوێنەر رادەکێشم بۆ دوو خاڵی گرنگ، یەکەم: مەسعود محەمەد پڕۆژەی “کوردبوون”ەکەی لە پێشگرتن بە مەدی چەپڕەویی گەڵاڵە کردووە، ئەم پڕۆژەیەش تەواو نییە و دەبێت بەردەوامی پێبدرێت و ئیزافەکاریی پتری بۆ بکرێت، چون ئەوەی ئێستا هەڕەشەیە لە شوناسی ئێمە کۆمۆنیزم نییە بەڵکو گلوبالیزمە. دووەم: پڕۆژەکەی مەسعود محەمەد و خودی خۆی محافیزکارانە بوون، لە بەرامبەر ئەو کرانەوەیەی لەگەڵ چەپ رووی کردبووە کۆمەڵگە، ئەو هەمیشە لە پەنا روانگە کۆنسەرڤاتیڤەکانەوە داکۆکی لە ناسنامەی کوردیی دەکرد. ئەمە بۆ ئەوێ رۆژێ کەموکوڕیی نەبوو، بەڵام بە حاڵی ئێستا ناخوات. بۆیە بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە پێویستمان بە درێژەپێدان و تێپەڕاندنی تێزەکانی مەسعود محەمەد هەیە، گەرچی بنەماش بن. رەنگبێ ئەم هزرینەم لەمەڕ مەسعود محەمەد هەم لایەنگرانی و هەم دژبەرەکانی بخاتە دۆخی هستریا و باری بزڕکاندنەوە، بەڵام بێباکم، چونکە ئامانجی من دامەزراندنی ئاخاوتنێکی زانستییە لەبارەی ئەو بیریارە و رزگارکردنێتی لە بەندیخانەی کتێبە تۆز لێ نیشتووەکان.

هەرچی عەبدوڵا ئۆجەلانە، لە رووی فیکرییەوە بەردەوام لە گۆڕان و پرۆسەی دۆنادۆندا بووە. ئەگەر لە قۆناغی پێش زانکۆیدا، بە خوانناسی و سەرسامبوون بە “سەعیدی نەوڕەسی” دەستپێبکات، لە دەورانی خوێندن لە زانکۆدا پشت دەکاتە ئەو رابردووە و سەوداسەری بیرۆکەی مارکسیزم – لێنینیزم دەبێت، کە مۆدیلی ئەوسای زۆرێک لە خوێندکارانی زانکۆکان نەک لە تورکیا بەڵکو لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیاش بووە. لەگەڵ ئەوەشدا ناسنامە کوردییەکەی خۆی هەرگیز فەرامۆش ناکات. ئەم پاڵنەرە دەبێتە فاکتۆری جۆشدانی گیانی شۆڕشگێڕێتی و یاخیبوون تێیدا لە دژی دەسەڵاتی تورک، ئەو لەگەڵ دوو فۆرمی دیسپۆتیزم بەرەو روو بووە، یەکێکیان چەوساندنەوەی وەک ئەندامێک لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگە لەلایەن ئەو سیستمە سەرمایەدارییەی لە تورکیادا کەوتبووە سەرپێ، ئەویتریان وەک کوردێک کە بە پێی دنیابینی زاڵی دەوڵەت و نەتەوەپەرستانی تورک “تورکی چیایی” بوو. ئەمە رێگە خۆشکەر بوو لە رێکخراوێکی بچووکەوە دەست پێبکات تا کار گەیشتە سەر دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1978دا.
پارتی کرێکارانی کوردستان، ساڵانێکی زۆر بە پەرچەمێکی سوور و بە ئایدۆلۆژیایەکی چەپی رادیکاڵەوە لە نێو گۆڕەپانی سیاسیی و سەربازییدا درێژەی بە خۆی دا. لێ لەم قۆناغەدا دروشمی یەکێتی هەر چوار پارچەی کوردستان ببووە کەرەستەیەک بۆ راکێشانی نەوەیەکی تووڕە و یاخی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، بەڵام بۆ پارتێکی چەپی ئینتەرناسیۆنالی وەک پەکەکە ئەمە تاکتیک بوو نەک ستراتیژێکی چەسپیو. ئاخر ناکرێت لە خەونی دەوڵەتی کوردستانی گەورەوە بێیتە سەر بەڕێوەبردنی کەنتۆن و تێزی برایەتی گەلان. بەهەرحاڵ لە قۆناغی پێش دەستگیرکردنی ئاپۆدا لە ساڵی 1999، پەکەکە لە یەک کاتدا هەم حزبێکی چەپی رادیکاڵ بوو، هەمیش دروشمی یەکێتی هەر چوار پارچەی کوردستانی بەرز کردبووەوە. لەم قۆناغەدا “دەکاتە پەنجا ساڵی تەمەنی ئاپۆ”، کوردبوون لە دیدی ئەو حزبەدا وابەستەی شەڕکردن بوو لەگەڵ ئیمپریالیزم و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی. هەر لەنێو ئەم پێڤاژۆیەدا ئۆجەلان هیچ تیۆرییەکی تایبەتی نەبوو، جگە لەو رامانە مارکسییەی ببووە بنەمای پەروەردەی گەریلاکانی. لەم رووەوە کتێبی داستانی ژیانەوە “لە بنەماوە دیدارێکی رۆژنامەوانی درێژە” گەواهیدەری ئەم قسانەی سەرەوەی ئێمەن.
لە قۆناغی زیندانیکردنی ئۆجەلانەوە “بە تایبەت لە ساڵی 2001 بەملاوە” گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەسەر بیر و دیسکۆرسی سیاسیی پەکەکەدا دێت. لەم چوارچێوەیەدا حزبەکە دەستبەرداری چەپگەرایی دەبێت و ماوەیەک ژیانی لە تەنگژەی بێ ناسنامەییدا دەگوزەرێنێت. ئەم گۆڕانە تەنیا چەپڕەویی پەکەکەی رانەماڵی، بەڵکو باسێک لە یەکێتی پارچەکانی کوردستانیش نەما، ئەگەرچی پێش دەستگیرکردنی ئاپۆ وەک “مارتین ڤان پرۆینسن” لە کتێبەکەیدا “کورد و بنیاتنانی ئوممەت” ئاماژەی پێداوە ئۆجەلان پێش گرتنیشی “داواکانی کەمڕەنگتر کردەوە بەو هیوای تەنها بگاتە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی تورکیادا” درێژەی پێدەدا و دەڵێت “..رۆشنتر بووەوە ئەو رێگاچارەیەکی دەوێت لە چوارچێوەی کۆماری تورکیادا”. بەم شێوەیە داهێزرانێکی سیاسیی گووتاری پەکەکە و لق و باڵەکانی گرتەوە تەنانەت لە پارچەکانی تریشدا، بەڵام لە ساڵی 2004 رووداوێکی زۆر گرنگ لە ژیانی ئۆجەلاندا روو دەدات کە دەبێتە سەردەق شکاندنی قۆناغێکیش لە مێژووی رامیاریی پەکەکەدا.
ئەو رووداوەش ئاشنابوونی ئۆجەلانە لە زیندانەکەیدا لە دوورگەی ئیمراڵی، بە بیریای ژینگەدۆستی ئەمەریکی “مۆری بۆکچین”، ئەویش لە رێگەی خوێندنەوەی کتێبە هەرە بەنرخ و ناودارەکەی “بوکچین”ەوە بە ناوی “ئیکۆلۆژیای ئازادیی” کە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو کتێبە و شۆڕشێکی فیکریی لە مێشکی ئاپۆدا هەڵدەگیرسێنێت. دواتر ئەم نزیکایەتییە فیکرییە دەگۆڕێت بۆ دۆخێکی پێشکەووتر لەگەڵ یەکتردا بە هۆی ئاڵوگۆڕی نامە لە نێوانیاندا. ئۆجەلان دوای ئاشنابوون بە مۆری، پشت دەکاتە مێژووی خۆی “چەپایەتی” هەروەک “مۆری”ش بە هەمان ئەزمووندا تێپەڕی بوو. ئەم کردەیەش لای ئاپۆ تەنیا لە دۆخی سەرسامبووندا نەمایەوە، بەڵکو ئۆجەلان چەندین کتێبی بەنامێی لە بن کارتێکردنی دیدی بۆکچیندا نووسی، گرنگترینیان کتێبە چەند بەرگییەکەیەتی بە ناوی “لە دەوڵەتی راهیبی سۆمەرەوە…”. ئەگەرچی ئاپۆ گەشتێکی مێژوویی بەناو شارستانێتییە دێرینەکانی میزۆپۆتامیادا دەکات، تا بەها و تێزێکی نوێ بۆ رۆژگارەکەی بدۆزێتەوە، بەڵام بێ رۆشنایی بیری مۆری بوکچین لە ناو رێگە حەلەزوونییەکانی ئەو مێژووەدا ون دەبوو. لەسەر مەبنای ئەم فاکتە رێ بە خۆم دەدەم بڵێم ئاپۆ داڕێژەرەوەی ئایدیاکانی مۆری بۆکچینە بە بارگاویکردنی دید و بۆچوونەکانی لەگەڵ مێژووی فرە چەشنی میزۆپۆتامیادا.
ئۆجەلان نە تەنیا لە بواری سیاسیی و مودێلی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە کەوتە ژێر بۆچوونی بۆکچینەوە بەڵکو لە بواری ئیکۆلۆژیی و فێمینیزمیشەوە هەمان کاریگەریی بەدیار کەوت. مۆری بۆکچین بەڕێوەبردنی دەسەڵات بە شێوەی ستوونی رەت دەکاتەوە، باوەڕی وایە دەبێت بڕیارەکان لەبەشەکانی هەرە خوارەوەی کۆمەڵگەوە دروست بکرێن و سەر بخرێن بۆ سەرەوە، ئەمەش دووپاتکردنەوەی روانگەی ئەنارشیستییەکانی “باکۆنین”ە، ئاپۆ بە خۆشحاڵییەوە ئەم روانگەیەی گەوار کرد، لە هەمان کاتدا بوو بە بناغەیەکی ئایدۆلۆژیی بۆ پەکەکە و تەواوی باڵەکانی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، ئەگەر سەیری سترۆکتۆری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان بکەین لەوە دڵنیا دەبینەوە هەر کام لەو کانتۆنانە لەسەر ئەم فەلسەفەی بەڕێوەبردنە کە لە مۆری بۆکچینەوە داکەوتووە دروستکراوە، چون نموونەی دەوڵەت شاری ئەسینا و کۆبوونەوە دیموکراسییەکانیان بۆ دروستکردنی بڕیار، دڵخوازی ئەو بیریارە ئەمەریکییەیە. هەروەک چۆن لە بواری ژینگەپەروەریی و بایەخدان بە ژنان، ئاپۆ بە قووڵی کەوتووەتە بن کاریگەریی بۆکچین. هەرچەند فێمینیزمی پەکەکەیی زۆر جیاوازترە لە فێمینیزمە بۆکچینییەکە بەوەی لە مۆدیلی پەکەکەدا یەک ماف هەیە بۆ ژن ئەویش مافی میلیتاریزەبوون و بە رۆبۆتبوونی سیاسییە.
ئەگەرچی تیۆرەکەی ئۆجەلان یان ئاپۆچێتی لە مۆدیلی کوردایەتی کلاسیکی پێشکەووتووترە، بەو پێیەی بزافی کوردایەتی لە خۆخوێندنەوە دواکەوتووە و لەنێو حکایەتە بچووکەکاندا دەژی و رۆشنبیرییەکی پلە نزمترە بە بەراروورد بەو کولتوورە باڵایەی لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بوونی هەیە، بەڵام ئاریشەی ئاپۆچێتی نە لە بواری بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدایە “بۆ خۆم لایەنگری ئەو مۆدیلەی بڕیار دروستکردنم” نە لەو رووخسارە نوێباوەی بایەخ بە یەکسانی جێندەریی و ژینگەپەروەریی دەدات کە ئەمەش روویەکی پۆزەتیڤی بیری ئاپۆیە ئەگەرچی ئیقتباسیشە لە دیدی بۆکچینییەکەوە. ئەوەی کێشەی سەرەکییە ئەو تێزەی برایەتیی گەلانە، کرۆکی تیۆرەکە پێکدەهێنێت، ئەگەر بۆ بیست ساڵ بەر لە ئەمڕۆ تیۆری برایی گەلان گرنگ بووبێت، ئەوا لە حاڵی حازردا دەور و دوکانی پێچراوەتەوە. چونکە سەردەمەکە گۆڕاوە، سەردەمەکە بەرەو پۆپۆلیزم و راستڕەویی نەتەوەیی لە باری وەرچەرخاندایە. بە کورتی و کرمانجی ئاپۆ ویستی نموونەی یەکێتی ئەوروپا “هەرچەند ئەویش لەسەر بنەمای راسیزم و ئۆرۆ سێنترالیزم پێکهاتووە و خەریکە کۆتایی دێت”، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبارە بکاتەوە، لێ تورک هیچ قووڵاییەکی مێژوویی نییە لە دیرۆکی دێرینی میزۆپۆتامیادا، با لەوەش بگەڕێین ئەم برایەتیی گەلانە هەڵچنینی دیوارێکە لە نێو خەیاڵدا. لەبری ئەمە ئاپۆ کوردبوونی پێناسە بکردایەتەوە و بیکردایە بە ئایدیایەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە سوودی زیاتر دەبوو، جا لە بری مۆری بۆکچین ئاسایی بوو، بۆ ئەم کارە پشتی بە ئەهریمەنیش ببەستبا.
سەندرۆمی خۆ بە کەمزانینی مرۆی کورد
دەمەوێت لە چیرۆکێکی ریالیزمیی خۆمەوە دەستپێبکەم “وا بزانم ئەمە دووەم جار بیڵێمەوە”، جارێک هاوڕێیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە نامەیەکی تایبەتیدا بۆی نووسیبووم شیعرەکانت بۆنی ئەوەیان لێ نایەت، کەوتبیتە ژێر کاریگەریی ئەو ژینگەیەی لێی دەژیت. هەست بەوە ناکرێت تۆ ساڵانێکە لە دڵی ئەوروپادا دەژێی چوونکە بەرامەی هیچ قوتابخانەیەکی خۆرئاوایی بە شیعرەکانتەوە دیار نییە. ئەمە بە زمانێکی رەخنەگرانە و تەوسئامێزەوە ئاڕاستەی من کرا. هەر لەبەرئەوەش بە پێی دیدگای ئەو شیعرەکانم پێشوازییان لێ ناکرێت، چوونکە کەمترین کاریگەریی ئەدەبی بێگانە بە تایبەت فارسی لەسەرە. وێڕای ئەو نامەیە منی شاگەشکە کرد و ئەوپەڕی شادمانی پێبەخشیوم، بەهۆی ئەوەی دڵنیاییم دەستکەوت جیاوازتر لە خەڵکانی تر دەنووسم و بە پرۆسێسی بیرکردنەوەدا تێدەپەڕم، سوورتری کردم لە بەردەوامیدان لەسەر شیعرنووسین. ئەز لە بەرسڤدا گووتم من ئەگەر باسی خەمە وجودییەکانیش بکەم یاخۆ باسی ژن و خۆشەویستی بکەم، بە کوردییانە باسیان دەکەم، کانی و رووبار و کولتوور و زێد و نوستالژیاکانم تێکڕا کوردین، هەرچەند وەک تەنێکی بیۆلۆژیی لە پایتەختی رەفاهترین وڵاتی ئەوروپاییدا بژیم. بۆ من ئەوروپایەکی پیر و بێ هەست تا ئەو راددەیە جێی سەرسامیی نییە لە ناسنامەی خۆم دابمڕنێت، پێموایە دەبێت کوردانە بیر لە خۆرئاوا بکەینەوە، نەک خۆرئاواییانە لە کوردبوونی خۆمان بڕوانین.

لە هەمان کاتدا ئەو نامەیە، گەلێک مانای نادیاری بۆ بە دیار خستم، لە هەرە گرنگترینیان ئەو گرێی خۆ بە کەمزانینەی تاکی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. باشتر لە جاران کەسێتی تێکشکاو و گیرخواردووی ناو حکایەتە وردیلەکانی کوردم ناسی. ئاخر ئێمە شایەتین لەسەر فۆرمێکی لە مرۆڤی کورد، تێکشکاو و بێزار، دەست و پێ سپی، هەمیشە لۆمەی خۆی و مێژوو و سیاسەت دەکات، نەفرەتێکی ئەبەدیی لە ناسنامە و بوون و ئەو چارەنووسەش دەکات وەک کورد هێناویەتیە سەر شانۆی ژیان. هەست بە زەبوونی و داوەشانی کەسێتی هەنووکەیی و دیرۆکیی خۆی دەکات، وەک بەکتریایەکی زیانبەخش بۆ جیهان خۆی دەبینێت، پێیوانییە لە هیچ ماوەیەکی مێژووییدا خاوەن شارستانێتییەک بووبێت هیچی بە دنیا بەخشی بێت، گوومان لە رابردووی دێرین و ئەمڕۆی دەکات، زمانی خۆی بە لەکە و شورەیی دەزانێت و هەوڵدەدات لە ئاخاوتنە ئاساییەکانیشدا وشەگەلی نامۆ و بیانی تێکەڵ بە رستەکانی بکات تاوەکوو بوونی خۆی بسەلمێنێت. تاکو ئەو ئەندازەی پێشکەوتن و مودێرنبوون لای بەو بارۆمەترە دەپێورێت تاکێک تا چەند دوورکەوتووەتەوە لەشوناس و پەیوەندیی بە نیشتمان و کولتووری خۆیەوە، هەمیشە مرۆڤە لە قاڵبدراوەکانی ناو جلوبەرگی ئەفەندی و سفور و ئەوانەی زمانی دایکی خۆیان بە باشی نازانن جێگەی تێڕامان و پێزانینی ئەوە.

ئەم سەندرۆمە کوشندەیە و ئەم مرۆڤە بیمارە خۆ بەبچووکزانە دیاردەیەک نییە لە ئەمڕۆدا خۆی زەق کردبێتەوە یان رووداوێک نییە لە ئەمڕۆدا خوڵقابێت، بەڵکو لە نێو پرۆسەیەکی مێژوویی دوور و درێژدا نەشونمای کردووە و بە ئەمڕۆ گەشتووە، گەر لێی بگەڕێین بە باڵای ئایندەشماندا هەڵدەگەڕێت. گەر قووڵ بینەوە ئەنفال و قڕکردن و جەور و ستەمی دەسەڵاتی بێگانە نەیتوانیوە مرۆڤی کورد بخاتە دۆخی دۆشدامان و نووچدانەوە، بۆیە رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان لە کۆتاییدا فامیان کرد، سیاسەتی سڕینەوە لە رێی هارد پاوەرەوە هەمیشە مرۆڤی کورد زیاتر پەیوەست دەکاتەوە بە شوناسی خۆیەوە، بیریان لە بەکارهێنانی نەرمە هێز “سۆفت پاوەر” کردەوە، ئەم رێگەیە سەرکەوتنی زۆرتری بۆ چنینەوە، چوونکە لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانی مێشک و هزرینی بەشێکی بەرفرە لە مرۆڤی کورد ژینۆساید بکات، لە ماکی خۆی دایبڕنێت و رۆشنبیرییەکی ساختە و ناهارمۆنی لەگەڵ ویژدانی کوردیی بکاتە رۆشنبیرییە ئیدیاڵەکەی.

ئەم مرۆڤە لە رێگەی غەزووی کولتووریی نەتەوە سەردەستەکان و توانەوە لە ئاست گلوبالیزەیشندا، هەرچی سەروەرییە لە مێژووی خۆی سەندوویەتییەوە، هەموو شانازییەکانیشی وەک کاڵایەکی هاوردەکراو لە فەرهەنگی نەتەوەکانی ترەوە دەبینێت. بۆ وێنە ئاین و فەلسەفەی زەردەشتییەت وەک یەکێک لە سیما پێشکەوتووەکانی ناو لاپەڕەکانی دیرۆک لە خۆی دادەڕنێت و دەیکاتە موڵکی نەتەوەیەکی تر. ئاخر داڕنینی زەردەشتییەت لە کورد هەوڵێکی زۆر ناکام و مایەپووچانەیە، هەموو دنیا زەردەشتییەت وەک میراتێکی کوردیی دەبینێت کەچی کورد خۆی ناچێتە عەقڵی ئەم گەنجینە پڕ حیکمەتە رۆژێک لە رۆژان لەلایەن ئەوەوە هێنرابێتە بوون، ئێوە لەگەڵ من دیقەت بدەن، تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم و پێش هاتنی هەژموونی ئیسلامگەرایی و ئیخوانیزم کورد لە رووی کولتووریی و ترادیسۆناڵییەوە زەردەشتی بوو، تەنانەت ئەگەر لە رووی بیروباوەڕەوە موسڵمان بووبێت، بەڵام وەک کولتوور زەردەشتی بووە، هەر لەو سەرپۆشە سپییە ورد ببنەوە داپیرانمان داویانە بەسەری خۆیاندا، کە هیچ رووخسارێکی هاوبەشی نییە لەگەڵ ئەو باڵاپۆشی و لەچکە قەتران و رەشانەی بەسەر ژنانی نیوە دوورگەی عەرەبەوە بوون، پێویستیش ناکات خۆمان بخەینە ناو ئاپۆریای مێژووەوە و وێڵی سەلماندنی خاوەندارێتی کورد بین لە زەردەشتییەت، وەک جارێک مەسعود محەمەد وتبووی: ئێمە دەستمان لە هەمەدان هەڵگرت بۆ عەجەم بەڵام واز لە مافی خاوەندارێتی زەردەشتییەت بۆ عەجەم ناهێنین، چوونکە خاک دەتوانیت لە حاڵی بەهێزبووندا بیسەنیتەوە بەڵام بۆ کولتوور ئەمە مەحاڵە.

ئەم گرێیە وەهای لە مرۆڤی هاوچەرخی کورد کردووە، خۆی بە دەست بەتاڵ و هیچ نەکردە و نەدی و بەدی بێتە پێش چاو. هیچ ئارگۆمێنتێک ناتوانێت بیخاتە سەر ئەو باوەڕەی ئەوی کوردیش ئەگەر لە ئێستادا بەهۆی دابەشبوونی جوگرافی و ستەمکێشی نەتەوە سەردەستەکانەوە، دەرفەتی پێ نەدرابێت بەشداریی کارا بکات لە پێشخستنی ژیان و ژیاری مرۆڤایەتیدا، ئەوە لە کەوناراوە هێندەی بەم جیهانە بەخشیوە تا کۆتایی دنیا بە شانازیی بۆی بنووسرێتەوە. کاتێک لەم مرۆڤە ورد دەبیتەوە بەشێوەی ریزپەڕ نەبێت، هیچکامی باوەڕی بە بەهێزیی زمان و ئەدەبیات و موزیک و سەما و تێکڕای کولتووری خۆی نییە، زۆر ئەستەمە بڕوا بە کوردێکی ئەم سەردەمە بهێنیت سەمای “رۆک ئاند رۆڵ” لە شایی “فەتاح پاشایی” ناوچەی سنە و مەریوانەوە پەرەی پێدراوە و گەشەی کردووە لەسەر دەستی گۆرانیبێژ و سەماکاری ئەمەریکی “ئیلڤس پریسلی”. ئاخر کورد هەردەم بێ پڕۆژە بووە و نەیتوانیوە لە ماتریاڵە کولتوورییەکانی خۆی سوودمەند بێت و گەشەی پێبدات، بە بەردەوامیی کەوتووەتە بن هەژموونی پڕۆژەی پان ناسیۆنالیزمی کولتووریی نەتەوەکانی ترەوە. لەوێ کوردبوون ئەو پێناسە بچووکەی پێدراوە فەرهەنگی نەتەوە سەردارەکان دەستنیشانیان کردووە.

بەبڕوای من تا کوردبوون پێناسەیەکی هاوچەرخانەی بۆ نەکرێتەوە، ئەم سەندرۆمە تادێت لەگەڵ مرۆڤی کورددا زیاتر گەشە بە خۆیەوە دەبینێت و بەردەوام بەرگی جوانتر لە بەردەکات. کورد پێویستی بە رێکۆنایسانسێکی تایبەت بە خۆیەتی، لەوێدا بە دووی ئەم درمە ئەنترۆپۆلۆژییەدا بگەڕێین و هەوڵی چارەسەرکردنی بدەین. ئێمە کەمترین جار خۆمان و مێژووی خۆمان خوێندووەتەوە، بۆ ئەوەنا لە ناو داستانە ئەفسوونگەراکانی دیرۆکی خۆماندا ون بین، بەڵکو بۆ ئەوەی پێشوازیی لە ئایندە بکەین. ئێمەی کورد لە هەر نەتەوەیەکی تر زۆرتر پێویستمان بە خۆناساندنەوە هەیە لەم جیهانە پڕ بەزم و رەزم و هەرا و هوریایەدا کە دیار نییە چی بەسەر دێت، بۆ ئەم کارە ئایدۆلۆژیایەکمان پێویستە لەسەر بناغەی کوردبوون نەشونما بکات و لە رۆحی کوردەوە هەڵقوڵێت، ئاخر ئەو چەمکەی پێی دەوترێت “کوردایەتی” بە خۆی و حکایەتەکانییەوە ئاوا بووە و قاڵبێکی کلاسیکییە کە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی ئەم دۆخە بێت و پێ بنێتە ئەو جیهانە بێسەوبەرەی ئەمڕۆوە وەک لە فیلمی “جۆکەر”دا سیما ناماقووڵ و بێهودەکانی خراوەتە روو.
دووبارە پێناسەکردنەوەی کوردبوون

ویڵ دیورانت لە کتێبە هەرە بەنامێکەیدا “چیرۆکی شارستانێتی”دا بۆمان روون دەکاتەوە، شارستانێتییەکان بە تەواوەتی نامرن، بەڵکو بەشێوەی دۆنادۆن شوێن و جوگرافی و زەمەن دەگۆڕن، ئەگەرنا وەک مێنتەلێنتی درێژ دەبنەوە بۆ ئایندەیەکی زۆر دوورتریش. ئێمەی کوردیش یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەمان بە جیا لە بەرگریی چەکدارانە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە میراتگری شارستانێتییەکی گەورە و گران بووین. کوردستان سەرزەمین و لانکەی چەندین شارستانێتی مەزن بووە لە مێژوودا، کە دەکرێت لە هەنووکەشدا لەو رێگەیەوە بچێتەوە ناو مێژوو. ئەم مەڵبەندە جوگرافییەی لە رابردوویەکی ئێجگار دوورەوە کوردی لەسەر ژیاوە و درەنگتر ناونراوە کوردستان، یەکێک لە گرنگترین لانکەکانی شۆڕشی کشتوکاڵی و دۆزینەوەی نووسین و داهێنانی حیکمەت و خوڵقاندنی شێوە سەرەتاییەکانی یاساگەلێکی زۆر و زەوەند بووە. ئەم بنەمایانە لای زۆرێک لە نەتەوەکانی تر نین، مێژووی تورک وەک چەند هۆزێکی دڕندەی ئەودیوی قەفقاس و مەنگۆلستان دەست پێدەکات، مافیان بەسەر دیرۆکی میزوپۆتامیاوە نییە، کە لە رابردوودا تەنیا لە وڵاتی نێوان دوو زێ و کەناراوەکانی نیل “میسری کۆن” سەرەتاکانی شارستانێتی دەستی پێکردووە، هەرچی عەرەبیشە وەک چەند هۆزێکی ناکۆکی غەزاوەتچی لە کەشوهەوایەکی گەرم لە نەجد و حیجازدا سەرقاڵی غەزاوەت بوون و هیچ رۆڵ و نەخشێکیان لەنێو جیهان و شارستانییە دێرینەکاندا نەبووە، بگرە هەمیشە لە دەرەوەی مێژوو بوون تا هاتنی ئیسلام.

کورد دەبێت لەسەر ئەو کەلەپوورە شارستانییە و بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، زمان، ترادیسیۆن، کەڵچەری رەسەن و هەڵقووڵاوی ناو ویژدانی کوردەواری خۆی، ئایدیایەکی نوێ بە فۆرمێکی هاوچەرخانە دروست بکات، هەم وەک تێرمی سەرەکی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، هەم وەک مۆدیلێکی نوێ کە دەکرێت فراوانتر بکرێت تا ئاستی ئەوەی ببێتە مۆدیلێکی گلۆبال!. بۆ نا، مەگەر ئەو دیموکراسییەت لە دەوڵەت شاری ئەسیناوە دانەکەوت لە شێوە پریمتیڤەکەیدا؟ هەر ئەم مودیلە نەبوو پەرەی پێدرا و کرایە سیستمێکی ئایدیال و جیهانی؟. مێژووی کورد تەنیا ئەو دیوە ناشرینە نییە و بریتی نییە لە ناکۆکی و شەڕی یەکتر، بەڵکو کورد خاوەنی پاشخانێکی زۆر دەوڵەمەندی کولتووری تۆلێرانس و پێکەوە ژیانە، ئەو پلورالیزمە ئاینی و نەتەوەییەی لە دێرینەوە تا نووکە لە کوردستان هەبووە، بایی ئەوەیە مۆدیلێکی لە دیموکراسی پێشکەوتووتری لەسەر بینا بکرێت. زۆر رووی تر لەم رەهەندەوە دەکرێت ورد بکرێنەوە بۆ کڵێشەسازیی ئایدیایەکی نوێ.
من کاتێک دەڵێم دەبێت کوردبوون خۆی بکرێتە ئایدۆلۆژیا، کتومت مەبەستم تێپەڕاندنی ئەو چەمکەیە ناوی “کوردایەتی”یە، لە هەمان کاتدا پڕۆژەیەکی گەورەترە لە ناسیۆنالیزمی باو، بەڵکو جیا لە بەرگریکردن و پاراستنی شوناسێک کە مرۆڤبوونی ئەو گروپە دەستنیشان دەکات لە هەزاران ساڵەوە ناوی کوردە، هاوکات وەک کەوای شانۆ ژاپۆنییەکە کە زیاتر لە رەنگێکی لە خۆ گرتووە، ئەم ئایدۆلۆژیا کوردییە هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەم رەنگاڵەییەی دنیا، دواجاریش پڕۆژەیەکی کراوەیە بۆ ئەو جیهانەی ئێستاکە لەوپەڕی پووچگەراییدایە لە رووی ئایدۆلۆژیی و سیاسییەوە. من دووبارە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەم پێناسەکردنەوەی کوردبوون بەرەو پێشبردن و گەشەپێدانی ئەو روانگەیەیە “جەمال نەبەز” بە فۆرمێکی سادەتر لە کتێبەکەیدا بە ناوی “بیری نەتەوەیی کوردیی، نە بیری قەومیەتی رۆژهەڵاتی و نە بیری ناسیۆنالیزمی رۆژئاواییە” فۆرمۆڵەی کردووە. ئەم ناوەڕۆکە بەهای خۆی هەیە، کاتی ئەوە هاتووە کورد لە دەرەوەی ئایدۆلۆژیا هاوردەکراوەکان، بیرێک لە حاڵی خۆی بکاتەوە، نموونەیەک گەڵاڵە بکات لە رۆحی مێژوویی خۆیەوە هەڵقوڵابێت، دەکرێت ئایندەمان لەنێو بەهاکانی رابردوودا بینا بکەین. لە مێژووی سوێددا، بیریاری بەنامێ “هانس لارشۆن” بە گەڕانەوە بۆ ژیاری گریکی و سوودوەرگرتن لە بیری نەتەوەیی سەدەی هەژدە و نۆزدە، لەو چرکەساتەی گێتی لە کورەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا هەڵدەقرچا، توانی ناسنامەی نەتەوەیی سوێدییەکان بە فۆرمێکی باڵا کە گوزارشت بێت لە کولتوور و رۆحی سوێدیی دابڕێژێتەوە.
کاتێکیش باس لە گەڕانەوە بۆ رابردوو دەکەین، بە مانای ئەوە نییە مشکی و جەمەدانی بخەینە سەری ئێستا، بەڵکو مەبەست لە پەرەپێدانی ئەو بەهایانە لە مێژووی ئێمەوە هەڵقوڵاون، گەڕانەوەشە بۆ هەندێک بەهای رەسەن بەهۆی داگیرکاریی و غەزوی کولتوورییەوە لە دەستمان دابوون. وا بیر دەکەمەوە کەرەستەکانی دروستکردنی بیرێکی کوردیی هێندە زۆر و بوارێکی فراوانن تەنیا لە تیۆریسیۆنێکی کەمە تیۆریزەیان بکات بەشێوەیەک لەگەڵ رۆحی سەردەمەکە بگونجێت، بەتایبەت لەم پێڤاژۆیەدا ژینگە و فێمینیزم دوو تەوەری سەرەکین، هیچ بیرێک کە چاوی لە ئایندە بڕیبێت، ناتوانێت بازیان بەسەردا بدات. کولتووری ژینگەپەروەریی لە نێوان کوردەواریدا تا دوو سێ دەیە پێش ئێستا کولتوورێکی زۆر بەهێزی کۆمەڵایەتی ئێمە بووە، لە هەندێک ناوچە تێکەڵ بە بیروڕای ئاینی و تەریقەتیش بووە، هەرچی بەرگریکردنە لە مێینەیە، دیسانەوە کێشەیەکی وامان نییە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کولتووری رەسەنی خۆمان!. رەنگە ئەم قسەیەم بێمانا بێتە بەرچاو لە کاتێکدا رۆژانە ژنی کورد بە پاساوی نامووسپەرستی دەکوژرێت! منیش نکۆڵی لەوە ناکەم و هەمیشە پرۆتستۆی ئەو دیاردە ناڕەسەنەم کردووە، بەڵام لە مێژووی رەسەنی کوردەواریدا ژن نەک هەر نە کوژراوە، بەڵکو مافی یەکسانی هەبوو لە بەرامبەر پیاودا. ئەگەر چاوێک بە مێژوویەکی نزیکیشدا بخشێنینەوە، بە خوێندنەوەی گەشتنامەی گەشتیاران و یاداشتی ئەو مسیۆنێرانەی رێیان کەوتووەتە کوردستان، تۆمارەکانیان تەژیەتی لە شکۆمەندیی ژنی کورد چ لە رووی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان چ لە رووی بەرهەمهێنانی ئابوورییەوە.
لە رووی سیاسیشەوە چیتر کورد ناتوانێت پێشکەوتن و هەنگاوە وردەکانی لە بواری دیموکراسییدا وەک نموونەی حوکمڕانێتییەکی سەرکەوتوو نیشانی دنیا بدات یان رەنگدانەوەی کولتووری نیو لیبرالیستی لە بواری سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا بکاتە مایەی سەرنج ڕاکێشانی دنیا و شانازییکردن پێوەی. چوونکە حکایەتی دیموکراسی و نیولیبرالیزم بۆ خودی خۆرئاواییەکانیش کۆتایی پێ هاتووە و ئەوان لە حاڵی حازردا بیر لە پارادایمێکی نوێی دەوڵەتداریی و مۆدێلێکی سەرکەوتووتری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دەکەنەوە، ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ کەلەپووری نەتەوەیی هەر کام لە دەوڵەتە رۆژئاواییەکان، تەنانەت ئەمەریکییەکان وەک وڵاتی هەموو کەس و پەنابەران بیر لەوە دەکاتەوە لەسەر بناغەی رەگەزی ئەنگلۆ سەکسۆنی خۆی وەک نەتەوە پێناسە بکات، تەنانەت ئەم رەوتە لە پێش شاڵاوی کۆرۆنا ڤیرۆسیشەوە کەوتبووە سەر پێ، بگرە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016ی ئەمەریکادا دەستی پێکردووە، بەتایبەت کاتێک ترامپ بە دروشمی “یەکەم ئەمەریکا”ی بەرز کردەوە، بە کردەوەش لە چوار ساڵی رابردوودا نیشانیدا هەموو سیستمی گلۆبال تەنیا میکانیزمێکە بۆ خزمەتی گەلی ئەمەریکا.
لەوە زیاتر لە ئاستی جیهانیدا و لە دڵی ئەو ژیارە خۆرئاواییەی رۆشنبیرانی کوردیان بە کۆسمۆپۆلۆتیزم مەست کردووە، شەپۆلێکی تیژتێپەڕی گەڕانەوە بۆ راستڕەویی نەتەوەیی و راسیزم دەستی پێکردووە و رۆژ بە رۆژ کێرڤی ئەم بزاوت و هێزە توندە راستڕەوانە لە بەرزبوونەوەدایە. هەر لە پرۆسەی ناونانی کۆڤید نۆزدەوە بە “ڤیرۆسە چینییەکە” کە زۆرترین جار لە زاری دۆناڵد ترامپەوە جەختی لێوە دەکرێتەوە، ئەم زەقبوونەوەی راسیزم و نەتەوەپەرستییە هەست پێدەکەین، ئەمەش زیندووکردنەوەی رقێکی راسیستانەی گەلێک دێرینە وەک “لیا شنایدەر”ی نووسەری ئەڵمانی روونی دەکاتەوە، تەنانەت “هیگل”یش چینی بە دەوڵەتێک دەزانی لە دەرەوەی مێژووی جیهان. رەنگە خەڵکانێک هەبن راسیزم و نەژادپەرستی بە دەرکەوتەیەکی تازەی سەردەمی مودێرنە بزانن، بەڵام وەک “جۆرج تەرابیشی” لە یەکێک لە وتارەکانیدا روونی دەکاتەوە “ئەوە مودێرنێتەیە ناو لە راسیزم دەنێت، ئەگەرنا راسیزم وەک دیاردە بەرهەمی مودێرنێتە نییە”. ئەو نموونەی گریکییە دێرینەکان دەخاتە بەرچاو، کە تێکڕای گەلان و شارستانێتییەکانی تریان بە بەربەری لە قەڵەم دەدا.
ئەم شەپۆلە نوێیەی راسیزم وەک ئەوەی لە ئەوروپای خۆرئاوا بەڕێوەیە، نەک گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتی نەتەوەیی لە هەگبەی خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵکو لەسەر سڕینەوەی ئەویتر شوناسی خۆی دادەڕێژێتەوە. شتێکی سەیر نییە ئەو راسیستەی پەنابەران خەڵتانی خوێن دەکات، نرخی سەگەکەی لەسەرو ژیانی هەزاران بیانییەوە ببینێت، یان رەنگە سۆزێکی بێ سنووری هەبێت بۆ پشیلەکەی، مەگەر ئەو هیتلەرەی سەگ و پشیلەی خۆشدەویست چی بەسەر مرۆڤایەتیدا نەهێنا؟ ئەمە پاکانەکردن نییە بۆ تاکی راسیست بەقەدەر ئەوەی دەرخستنی ئەو رۆشنبیرییە مەترسیدارەیە لەمۆتیڤی کارەکتەری راسیستدا وەستاوە. ترامپ رمەکە لەوە دوورتریش دەهاوێژێت و لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تا نهۆ بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە سیستمی لیبرالیستی ساڵی 1945 هیچ کات بە کەڵکی ئێستا ئەمەریکا نایەت. ئەم فاکتەرەش وەهای لە بیریاری بەنامێی ئەمەریکیی “یۆرام هازۆن” کرد کتێبە بەهادارەکەی بە ناوی “بەها باڵاکانی ناشنالیزم” بنووسێت، وەک خۆیشی وتوویەتی “ئەگەر ترامپ نەگەڕایەتەوە بۆ ناشنالیزم ئەم کتێبەم نەدەنووسی”.
پوختەی مەبەست ئەوەیە تێکڕای دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا و خۆرئاوا، لەسەرو هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە هەوڵی گەڕانەوەدان بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی، بۆ رۆحی نەتەوەگەرایی، کەچی ئەوەی سەیرە رۆشنبیری ئێمەیە هێشتاش کاوێژی ئەو موفرەدات و تێگەیشتنانە دەکات، دنیا ماڵئاوایی لێکردووە. نامەوێت دوور بکەومەوە لە کرۆکی مەخسەد، دەخوازم ئەوەش زیاد بکەم بۆ سەر قسەکانم، بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی بۆ هەر نەتەوەیەک، ئەو بەها نەتەوەییانەن لە رۆحی ئەو نەتەوەیەوە هاتوون، بەها لیبرالییەکان چیتر نرخێکیان نەماوە، لەم سۆنگەوە دەبێت هەر گەلێک بە گەڕانەوە بۆ بەها باڵا نەتەوەییەکان، هەوڵبدات ئیدارەی خۆی بکات و مۆدیلێکی تایبەت بە حوکمداری دروست بکات. ئەمەش گرەنتی پێشبڕکێی نەتەوەکان دەکات لەسەر دۆزینەوەی باشترین شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن، تەنانەت ئەمە پێشمەرجێکی هەرە گرنگە کە هەر کەس بە جیا و هەر نەتەوەیەک بە گەڕانەوە بۆ خۆی مۆدیلێک لە ئایدۆلۆژیا بۆ پەروەردەی کۆمەڵگەکەی و بەڕێوەبردن و سیستمی حوکمڕانی بەرهەم بهێنێت، رەنگدانەوەی بیری نیشتمانیی خۆی بێت، نەک فۆتۆکۆپی ئایدۆلۆژیا باوەکان بکات کە داستانیان لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بەسەرچووە. وەک “جۆن شامێر”ی بیرمەندی ئەمەریکی لە کتێبی “گەورەترین وەهم، خەونی لیبرالی و واقیعی نێودەوڵەتیدا” تیشکی دەخاتە سەر “نەتەوە لە هۆز پێکدێت و ئەوە نەتەوەیە تێکڕای هۆزەکان لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە، ئیرادەی نەتەوە شێوازی حوکمڕانی هەر نەتەوەیەک دیاری دەکات”.

خولاسە دەبێت بیری نەتەوەیی کوردیی تیۆریزە بکرێت، بەرەوپێشەوە ببرێت، کوردبوون سەرەتا دەبێت بیر و پارادایمێک بۆ جیهانبینی و ژیان، ئینجا فۆرمێک بێت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. سروشتی فیکریش خۆی وایە نامرێت بەڵکو شێوەی دەگۆڕێت و پەرە دەسەنێت. ئەم بیرە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی قۆناغەکە بێت چ لە رووی سیاسیی چ لە رووی کۆمەڵایەتی و ئابووری. هەر هەنگاوێک بەدەر لە پێناسەکردنەوەی کوردبوون لە فۆرمی مۆدێلێکی ئایدۆلۆژییدا، هەموو بنیاتنانێک لە هەر بوارێکدا رۆنانێکە لەسەر وەهم و خەیاڵپڵاویی. دەبێت کورد دەست لەو نەریتە بەربدات هەمیشە ئارایشتی خۆی کردووە تاکو لەلایەن ئەویدی ناکوردەوە پەسەند بکرێت، هەوڵیداوە لە خۆی دوور بکەوێتەوە لە پێناوی ئەوەی دانی پێدا بنرێ لەلایەن ئەویترەوە، تاکو نیشانی دنیای بدات کاروانەکەی بەرەو دیموکراسی کەوتووەتە رێ، لە کاتێکدا بەهەمان ئەو دیموکراسییەتە دەچەوسێنرێتەوە. لە خەیاڵگەی ئێمەی کورددا فیکر کارێکی بێ بەهایە، تەنیا مۆدیلێک لە ئایدۆلۆژیا دەناسین، لە دەرەوەڕا بۆمان هاتووە، هیچ کات بیرمان لە ئایدۆلۆژیایەک نەکردووەتەوە لەسەر بنەمای کوردبوون بینای بکەین، نەک هەر بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی کوردیی بگرە مۆدیلەکە فراوانتر بکرێت بۆ ئاستی جیهانی. رەنگە ئەمە وەک خەونێکی ئەرخەوانی ببینرێت، بەڵام کێ گووتوویەتی ئەمە کاری نەکردەیە؟.

پەیڤی بەر لە کۆتایی
مەناحیم بێگن، یەکێک لە رابەرانی ئازادیی و دەوڵەتسازیی گەلی جوو، لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا لە کتێبێکدا بەناوی “راپەڕین” دەنووسێت “ئەم کتێبەم بۆ خەڵکی ناجولەکەش نوسیوە، بەڵکو بە نابەدڵیش دەرکیان بەوە کردبێت، یاخۆ تا ماوە چاوپۆشی لەو راستییە بکەن، کەوا لە خوێن و ئاگر و فرمێسک و خۆڵەمێشدا نموونەیەکی نوێی مرۆڤایەتی لە دایک بووە، نموونەیەک تەواویی نائاشنایە بە جیهانی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر، ئەویش جولەکەی جەنگاوەرە. ئەو جولەکەیەی جیهان پێیوابوو مردووە و جارێکی دیکە هەڵناسێتەوە بەڵام هەڵسایەوە، چونکە لەو راستییە سادەیەی ژیان و مەرگ تێگەیشت، هەرگیزیش جارێکی دیکە نابێ دابەزێتەوە نێو چاڵ و لەسەر گۆی زەوی بسڕدرێتەوە”. لە باری واقیعیشەوە هۆلۆکۆست و جینۆسایدی بێ ویژدانانە و بزووتنەوەی رق ئەستووری ئەنتی سامیستی، نەک جیهان بەڵکو بەشی زۆرینەی جووەکانیشی گەیاندە ئەو خەیاڵەی جارێکی دیکە جوو ناتوانێت هەڵستێتەوە، لەوە زیاتریش بە بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسرائیل دنیا بخاتە باری شۆک و حەپەسانەوە. ئەوەی جووەکان کردیان لەسەر بنەمای فیکر بوو، ئەو فیکرەی لە هەموو ئاستەکاندا رەنگدانەوەی هەبوو، دواجار جووەکانی لە وێستگەی دەوڵەتێکی بەهێز گیرساندەوە.
کورد بە هۆی ئەوەی خەونی بچووکە، بەردەوام خوازیاری ئەوەیە لە سایەی مەکرەمەی داگیرکەراندا بڕە مافێکی هەبێت، خەیاڵی دەسەڵاتدارێتی و سەردارێتی نییە، گەورەترین نەتەوەی سەر زەوییە دەوڵەتێکیشی نییە. هەرچەند بیر دەکەمەوە، کوردم وەک دەیناسۆر دێتە بەرچاو، لە رووی قەبارە فیزیکییەوە خاوەنی لەشێکی گەورە و زەبەلاح، بەڵام لە رووی عەقڵییەتی خۆ بەڕێوەبردنەوە بچووک. ئاخر زۆرێک لە پسپۆران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هۆ راستەقینەکەی قڕبوونی دەیناسۆرەکان لەسەر رووی هەسارەی زەوی، بۆ فاکتەری کەشوهەوا و دەرەکی ناگەڕێتەوە، بەڵکو پەیوەستە بە هۆکاری پێکهاتەی بیۆلۆژییەوە، چوونکە دەیناسۆرەکان بەو جەستە زەبەلاحەوە مێشکیان لە مێشکی مریشکەکان بچووکتر بووە. هەرچەند نامەوێت ئەم چوواندنە وەک سوکایەتییەک بە کورد لێکدانەوەی بۆ بکرێت، بەڵام ئەوەی رێگری سەرەکییە لەوەی کورد بۆ ئەبەد لەم دۆخە ناهەموارەدا بمێنێتەوە، هۆکارەکەی ناوکییە و بۆ بچووکی خەون و مێشکی خۆی دەگەڕێتەوە. ئەو مێشکەی هیچ کات بۆ بەرژەوەندیی و سەردارێتی خۆی بەکارنەهێنراوە. تاکو ئەم مێشکە بیر لە دووبارە خۆ پێناسەکردنەوە و تیۆریزەکردنی ئایدیایەک نەکاتەوە کە ببێتە هۆکارێک بۆ سەردارێتی و بەهێزبوونەوەی لە جیهاندا، هەردەم مەحکومە بە خراپتر لەم رەوشەی هەنووکە تێیدا دەژیێ.

سەرەتای مایۆ – کۆتایی ئۆگەستی 2020
خۆرئاوای زەمین – کەنار رووباری راین




ئەگەر بیرەوەرییەکانم بنووسمەوە جەنگی جیهانی سێیەم بەرپا دەبێت/ بەشی نۆیەم .. خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

لیزا: عەشق پێویستی بە پاڵەوانە. ئاخر کاتێک عاشق بووم زانیم گەمە بە ئاگر دەکەم، ئاگرێک شەیدام بە تینی بسووتێم!. عەشق چیترە جگە لە توانەوە لە مەعشووقدا؟ ئێستا چرکە بە چرکە هەست بە توانەوەی خۆم دەکەم لە رۆحی تۆدا، هەست دەکەم پێویستە لە تۆدا بتوێمەوە و لە دڵتا چرۆ بکەم و سەر لەنوێ سەوز ببمەوە. ئیدی عەشق ئاوایە دەبێت خۆت لە مەعشووقدا ون بکەیت، هیچ پێناسەیەک بۆ خۆت نەهێڵیتەوە و جارێکی تر لە مەعشووقدا خۆت شوناس بکەیتەوە. عەشق وایە ئازارێکی شیرین و شیرێنێکی پڕ ئازارە!!، عەشق قومارێکی سەختە، دەبێت خۆت بۆ دۆڕانی ژیانت ئامادە بکەیت، لێ دۆڕان و بردنەوە لە عەشقدا هەر یەک شتن، بەڵام دەبێت بزانیت لە عەشقدا رووبەڕووی شەپۆلە سەرشێتەکان دەبیتەوە کە رەنگە پەلوپۆت بشکێنن و بۆ هەمیشە نغرۆ بیت، عەشق پرۆسەیەکی سەختە و پاڵەوانی دەوێت. عەشق پێویستی بە پاڵەوانە! عەشق زۆرانبازییەکە هەزارەها پاڵەوانی بە شکستەوە هەڵداوەتەوە دەرەوەی گۆڕەپانەکە، بۆیە ئەگەر رۆحێکی سەرکەش و پاڵەوانانەت نییە هەرگیز بیر لە عەشق مەکەرەوە.!.
ستیڤان: ئای چەندە خۆشم دەوێی و لەوە دەچێت رەنگی تۆم گرتبێت،! ئێستا هیچ لە پێشووی خۆم ناچم و پێموایە رەنگی ئەوینی تۆم گرتووە!. من و تۆ حکایەتی عەشقێک دەنووسینەوە لەوەتی دنیا هەیە بەخۆیەوە نەبینیوە، تۆ شانۆگەریی “رۆمیۆ و جولێت”ی شکسپیر بخوێنەوە لەوێدا بە روونی خۆمان دەبینیتەوە! من ئەمشەو کەوتمە ناو هەمان بارودۆخ کە “رۆمیۆ”ی تێدا بوو، ئەی “جولێت”ەکەم دڵنیام تۆش هەروا. بیر لەوە دەکەمەوە کاتێک دانتی “کۆمیدیای خواوەندی” نووسی “بیاتریس”ی خۆشەویستی خستە ناو دۆزەخەوە، بیرۆکەکەیم پێ سەیرە، هەرگیز ناتوانم کارێکی وەهات لەگەڵ بکەم، چوون هەموو شتێک لێرە پێچەوانەیە و ئەوی دەسووتێت لە دۆزەخی عەشقدا منم، ئای چەند خۆشم دەوێی دۆزەخی من!!. مەعشووقە شیرینەکەم ئەگەر بمەوێ ئەو عەشقەی خۆم بە وشە گوزارشت لێ بکەم لە گەورەییەکەی کەم دەکەمەوە، لەبەرئەوەی لە کەشێکی وەها عاشقانەدا دەژیم، هەرگیز وشە و زمان ناتوانن گوزارشتی لێ بکەن..ناتوانن هەرگیز.. ناتوانن هەرگیز.
ستیڤان: ژیانم هەمووی پێچاوپێچ و تاریکە رێگایە، هەمووی کۆدی سەیر و سەمەرەیە. من خۆیشم نازانم چی دەکەم و چیم دەوێ لە ژیاندا، ئەوەی ئەمڕۆ داوای دەکەم و بڕوام پێیەتی سبەی لێی پاشگەز دەبمەوە!! ئەوەی خۆشی دەوێم لەسەر ئەم بزێویی و دەروونە پڕ کەفوکوڵەم دەبێتە سەرسەختترین نەیاری رۆ ژەکانی دواترم. ئەمە شتێکە هەمیشە و زۆرترین جار دووبارە بۆتەوە لە چیرۆکی ژیانی مندا.
لیزا: من لێت تێدەگەم، تۆ خۆت دەتەوێت وا ئاڵۆز بیت و خەڵک ماندوو بکەیت بە دیار تەڵیسمەکانتەوە!!.
ستیڤان: من هێشتا لە خۆم تێناگەم، کێ دەتوانێت لافی ئەوە لێبدات لێم تێدەگات؟!. باپیرە گەورەی ئیبلیسیش نازانێت چ جۆرە هەوڵێکم لەگەڵ بدات!! دەروونێکی هێندە مەحزوون و ئاڵۆزم جێگەی شۆکە بۆ هەموو زاناکانی دەروونناسی.
لیزا: پێویست ناکات خۆت ئاڵۆزتر بکەیت لەبەردەمم، من لەوە تێگەیشتووم کەسێکی لە خۆباییت!!.
ستیڤان: لێرە بەدحاڵیبوونێک هەیە، سەیرە بە کەسێکی لە خۆبایی ناوم دەبەیت!!، گومان لە ناسکیی هەست و ویژدانم دەکەیت!! منیش ناچارم ئۆباڵەکەی بخەمە پاڵ رۆحە بۆرجوازییەکەم!!، دەزانم تۆ پێدەکەنیت و هیچ ناڵێیت، ئەمە وێرانم دەکات و سەری شوشە با دەدەم!!. سەیرە وەختێک دەبینم درۆکانم بە راستی و راستییەکانیشم بە درۆ وەردەگریت!!. چارە رەشی لەوە زیاتر چی؟؟!!.
لیزا: تۆ کەسێکی ونیت، ئەمەش تاوانێک نییە بیدەمە پاڵت، خۆت نازانیت کێیت، دەبێت پێش هەموو شت خۆت بناسیت. ئەمە هەمان قسە کۆنەکەی سوکراتیشە!.
ستیڤان: پێشتر پێموابوو “زۆربا”ی یۆنانیم، دواتر خۆم وەک “دۆنکیشۆت” دەهاتە بەرچاو. هاوڕێیەکی کچم وتی: نا، تۆ “کازانۆڤا”یت!! برادەرە نزیکەکەشم دەیەویست خاڵە هاوبەشەکانی من و “ئاکلی شەقاوە”ی پاڵەوانی “سادق هیدایەت” بدۆزێتەوە!! کەچی ئەمشەو زانیم من “مۆرسۆ”ی کارەکتەری ناو رۆمانی “نامۆ”ی “ئەلبێرت کامۆ”م. هیوادارم لەمەش تێنەگەیت!.
لیزا: ئۆوو، باسی دۆنکیشۆتت کرد، دەزانیت هەر کاتێک دۆنکیشۆت دەخوێنمەوە بەدەست خۆم نییە ئەو نوخبە گاڵتەجاڕەم بیر دێتەوە ناویان رووناکبیران و سیاسەتمەدارانە؟ یان ئەو پاڵەوانە کارتۆنییانەی شمشێرەکانیان لە مقەبایە!!.
ستیڤان: هەر لە راستیشدا وایە، ناوەندیی رووناکبیریی وەک بازاڕی عوکازی لێهاتووە، تەنیا گوێت لە ژاوەژاو و هوتافکێشانە. ئەمەش پیشەی پیاوە بچووکەکانە، ئەوانەی قسەی گەورە و درۆی گەورە و ناپاکیی زۆر گەورە دەکەن.
لیزا: با بگەڕێمەوە سەر بابەتی سەرەکیی، تۆ کە مرۆڤێکی ون بیت دیارە هیچ ئامانجێکیشت نییە بۆی تێبکۆشیت. راستە وایە؟.
ستیڤان: هەموو مرۆڤەکان بە دوای شتێکی ونبوودا دەگەڕێن پێش ئەوەی بیدۆزنەوە دەمرن، جیاوازیی من ئەوەیە دەزانم بە دوای چیدا دەگەڕێم، بەڵام زۆرینەی خەڵک نایزانن من بە دوای گەوهەرێکی ونبوودا دەگەڕێم.
لیزا: کەواتە ئەو گەوهەرە ونبووە چییە؟.
ستیڤان: ئەوە ئەو کۆدەیە نابێت بکرێتەوە، ئەمە وەک ئەوەیە بتەوێت سەیری فیلمێک بکەیت لە کۆتا گرتەیدا!!.
لیزا: ژیانت پڕ لوغزە، مەگەر ئەو کاتە بتوانین لێی تێبگەین بیۆگرافیای خۆت بنووسیتەوە و بڵاوی بکەیتەوە!.
ستیڤان: ئەگەر بیرەوەرییەکانم بنووسمەوە جەنگی جیهانی سێیەم بەرپا دەبێت، تەنیا ئەوەندە و بەس.
لیزا: من تێناگەم، تۆ بە زمانی هێما و کۆد قسەکانت دەدرکێنێت، وەک ئەوەیە داوام لێ بکەیت نووسراوێکت بۆ بخوێنمەوە بە خەتی هێرۆگلیفی پێش هەزاران ساڵ نووسرابێت.
ستیڤان: دیارە گێلەکان زمانێکی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە هۆشمەندەکان ناتوانن لێی تێبگەن!.
لیزا: ئێستا دەمەوێت ئەو پرسیارەت لێ بکەم، پڕۆژەی داهاتووت چییە و دەتەوێ چی بکەیت؟.
ستیڤان: پڕۆژەی داهاتووم بیرکردنەوەیە لە خودی خۆم. لە کاتێکدا پڕۆژەی زۆرینە بریتییە لە گردکردنەوەی زۆرترین پارە، ئاخر سامان بۆ من زۆر گرنگ نییە، ببمە گەورەترین سەرمایەدار، نازانم چۆن بەکاریبهێنم و رێگای بەختەوەریی پێ نادۆزمەوە. سامان دەتوانێت ماوەیەک غافڵم بکات، بەڵام ناتوانێت باوەڕم پێ بکات خۆشبەختم. سامانم نییە و بێ سەروەتیی دەستی بۆ ئابڕووم نەبردووە، لە کاتێکدا زۆر کەس سەریان بە دەغیلە دەزانن و خستوویانەتە ژێر پێی جەلادێکەوە.
لیزا: ئەی پڕۆژەت نییە بۆ باشترکردنی ژیانت؟. راستە ژیان زۆر بەرز نییە، بەڵام تاکە سەرمایەشمانە!.
ستیڤان: تۆ خۆت ژیان هەڵنابژێریت، تەنانەت رەگەز و بنەماڵە و شوێن و کاتی خۆت و لە دایکبوونت هەڵنابژێریت. کەواتە ژیان چوارچێوەیە، تەنانەت لە چوارچێوەیەشدا بەربەست و تەلبەندی تر دێتە رێگەت و زۆرجاریش لە حەسرەتی گەمارۆکانی ناو ئەو چوارچێوەیە سەر دەنێینەوە.
لیزا: راستە ئێمە لە ناو خودی ژیانەوە بۆ ژیان دەڕوانین، رەنگە ئەگەر لە دەرەوەڕا سەیری بکەین، تێبگەین ژیان چەندە بێمانا و بێهودەیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت عەقڵانیانە پلانێرەی رۆژانی تەمەنمان بکەین.
ستیڤان: مرۆڤ بوونەوەرێکی عەقڵانی ئەبستراکت نییە، لەگەڵیدا غەریزە کار دەکا. بەڵام هەمیشە عەقڵ بەڵایەکی گەورە بووە و رێی لە رەمەک و هەستەکانت گرتووە و تەلبەندی کردوون.
لیزا: تۆ زۆر مەرگدۆستیت، رقت لە ژیانە و پڕیت لە کینە بەرامبەر بە ژیان؟ ئاخۆ مردن چیی هەیە بۆ بەخشین؟.
ستیڤان: مرۆڤی عەقڵانی هەمیشە وا هەست دەکات لە پێناوی کۆتاییدا دەژی کە مردنە. خەڵک مردن بە سەرەتای قۆناغێک دەزانن، لە کاتێکدا لای من کۆتایی هەموو قۆناغەکانە. تەنانەت هەر یەک قۆناغ دەبینم، مرۆڤ دەژی لە پێناوی مردندا.
لیزا: تۆ تەنهایی کاری زۆر کردۆتە سەر روانگەکانت، پێویستە ببیتەوە بە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی.
ستیڤان: من لە دەرەوەی کۆمەڵ دەژیم، ئەمە تەفسیرێکی جوگرافیی نییە، بەو مانایەش نییە ژیانم لە ناو ئەشکەوتدایە، بەڵکو لە نێو حەشاماتی خەڵکدا هەست بە تەنیایی خۆم دەکەم.
لیزا: کەواتە ژیان لای تۆ چییە؟.
ستیڤان: کەس نەیتوانیوە وەڵامی ئەو پرسیارە ناماقووڵە بداتەوە، ئایا ژیان خەونە، یان خەون ژیانە؟.
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




مانیفێستی عەشق/ بەشی سیانزە… تێکست: ستیڤان شەمزینی

نیازم هەیە کودەتایەک بکەم بەسەر ئەم بێدەنگییەدا
چیرۆکی ئەوینمان بۆ رەشەبای دەم شڕ بگێڕمەوە


لەوەتی ئەم دنیا هەیە خەونێک هەر بەڕێوەیە بۆ لات
خەونی ئاوێتەبوونى ئامێزی ساردم لەگەڵ جەستەی گەرمت


پێشتر گەڵایەکی زەردی ناو وەرزی چرۆکردن بووم
ئێستا چرۆیەکی سەوزی مەوسوومی گەڵاڕێزانم


قەسیدەیەکم لە قوڵپی گریانەکانت بۆ چنیویت
تا بزانی فرمێسکەکانیشت تاڤگەی شیعری منن


لە تفت و تاڵترین رۆژانی هەمیشە تەنهاییمدا
وەک کانییەکی شیرین لە ژیانما هەڵقووڵایت!!


هەزاران ساڵ بە دوای عەشقی تۆدا وێڵ بووم
جگە لە دووریت هیچی ترم نەدوورییەوە!!


ئەوینت لە هەر چوار لاوە ئابڵووقەی داوم
بۆ هەر کوێ بڕۆم سەرەنجام ئەگەمەوە بە تۆ!!


تەنها یەک پێک لە ئەشقی جادوویم بنۆشە
تا قیامەت بە ئەوینمەوە سەرخۆش ئەبیت!!


بە خوێندنەوەکانی شیعرەکانم ئەبڵەق ئەبیت
کەچی هەموویان بە ژانی ئەوینتەوە لە دایک بوون!


خەنجەری تیژی عەشقت لەسەر سینگم چەقاند
لە بری خوێن، شیعر وەک فوارە فیچقە ئەکات!!


جادووگەر، بەیەک بزەت وەک ژیلەمۆ دائەگیرسێم
بە یەک فرمێسکیشت دەبم بە سووتوو و خۆڵەمێش


یەکەمجار تۆ تیشکی جوانیت خستە پێڵووەکانمەوە
دواتر من لەسەر کەلاوەی دڵم تەلاری ئەوینم چێ کرد


هەر ساتێ جوانی تۆ و دڵناسکی من یەکدەگرن
دڵۆپ دڵۆپ بارانی شیعر و ئەوین ئەبارێ


تۆ لە قەبیلەی گووڵاڵە سوورە و من لە تیرەی نێرگز
هەردووکمان لە باوانەوە ئەچینەوە سەر رەگەزی باخ


ئایا بیرت ماوە لە ئاسمان دراوسێی یەکتر بوون؟
لە کۆڵانی شەبەنگ لە گەڕەکی ئەستێرە ئاڵتوونییەکان!


بیرتە پێم وتی دڵم ئاوی ئاموون و توونی بابایە
هەر هاتیتە ناوی ئیدی گەڕانەوەی تێدا نییە؟!!





فرمێسکەکانم نابینرێن تەنیا خۆم گوێم لە هاژەیانە..8..خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

بەشی هەشتەم..

ستیڤان: پیاوێکی سەرگەردانم و هیچ لە هونەری ژیانکردن نازانم، رقم لە ئەتەکێتی بۆرجوازیانەیە و لەسەر هیچ شتێگ ئۆقرە ناگرم.
لیزا: کاتێک ژیان هۆکارێک دەداتێ بۆ مردن، تۆ سەد هۆکار نیشانی مەرگ بدە بۆ ژیان!. لە پەنجەرەی ژیانەوە بۆ هەموو شتێک بڕوانە، بیر لە مەرگ مەکەرەوە، چوونکە ئەو هیچ پەنجەرەیەکی نییە بۆ روانین. پێویستە لە روانگەی ژیانەوە بۆ ژیان بڕوانین، چوونکە هیچ شتێک لە ژیان گرنگتر نییە بۆ تێگەیشتن لە خودی ژیان و چۆنێتی ژیانکردن.
ستیڤان: ئاخر پیاوێکی دڵشکاوم و لە دەمی ئاوابووندام. چاپلن دەڵێت بە قەد پێکەنینی خەڵک بە گرتە کۆمیدییەکانم بۆ خۆم لە ناخەوە گریاوم. ئەمە هەمان داستانی منیشە، بە قەد ناسکیی شیعرەکانم دڕک لە رۆحم چەقێنراوە، بە قەد میهرەبانیم بۆ کەسانی تر، ئازار دراوم. هێندەی پیتی شیعرەکانم غەدرم لێکراوە و دڵم شکێنراوە. ئیدی ئاوا دەبم. راستە ئاوابووم بەڵام لە ئاوابوونیشدا تابلۆیەکی جوانم.!.
لیزا: هیچ شەوێک کۆتایی ژیان نییە، لە کۆتایی هەموو شەوێکدا دیسانەوە خۆر هەڵدێت و مزگێنی بەرەبەیانێکی نوێ دەدات، ئەم پرۆسەیەش پێی دەوترێت هیوا کە هەرگیز نامرێت. هەرگیزیش بێ ئومێد بە، لە یادت بێت جوانترین بارانەکان لە رەشترین هەورەکانەوە دەبارن.
ستیڤان: کاتم کەم ماوە لە ژیاندا، کاتێک بووم بەسووتوو لەگەڵ پاشماوەی یادگارییەکانم بژی، بەڵام کە بیرت کردم و من ون ببووم لە ژیاندا مۆمێک داگیرسێنە و سووتانی منت بیر بکەوێتەوە.
لیزا: نەخێر هەموو رۆژێک لەگەڵ یەکەم تیشکی هەتاو چاوەڕێی هەڵاتنی پێکەنینتم، هەموو شەوێک لەگەڵ یەکەم تریفەی مانگ چاوەڕێی وشکبوونی ئەسرینتم. ئاخر وەک گەڵایەک دەتیبنم بە رەشەبای پایز سەما دەکەیت و لەگەڵ یەکەم گزنگی بەهاردا لە دڵی مندا دووبارە سەوز دەبیتەوە.
ستیڤان: بەم نزیکانە دەوەرێم و دەبمە بیرەوەریی. رۆژێک دێت بۆ تۆ دەبمە یادگارییەکی جوان، بەڵام پڕ فرمێسک. رۆژێک بانگم دەکەیت لە بری خۆم شیعرەکانم وەڵامت دەدەنەوە. شەوێک مۆمێک هەڵدەکەیت بە دیار یادەوەرەییەکانی ئەم رۆژانەوە!. من لێرە نابم، بەڵام هەستت پێدەکەم تەنانەت ئەگەر لە دڵی خۆشتا ناوم بهێنی، من بەشێکم لە تۆ یان لە مێژووی تۆ، هەرچەند شنەبایەکی تەمەن کورتیش بم لە وجودی تۆدا، بەڵام هەمیشە لە چاوەڕوانی هەڵکردنەوەی ئەم شنەبایەدا دەبیت. لێ داخی گرانم من لەو شنەبایانەم یەک جار هەڵدەکەم و هەمیشە وەک خەیاڵێک و خەونێکی خۆش لە چینی یادەوەریتدا دەمێنمەوە.
لیزا: تۆ مافت نییە بمریت، مانگ بۆ دڵخۆشیی ئاسمان تیشکی داوێ، منیش بۆ خۆشبەختی تۆ تیشکی تەمەنم پەخش دەکەم.
ستیڤان: ئای لە تۆ!!. دەزانیت تۆ چیت لە من کردووە؟ زۆر زۆر بە توندیی منت بە ژیانەوە بەستۆتەوە، تۆیت ناهێڵیت بمرم!. ئەگەر لە سەرەمەرگیشدا بم بانگم بکەیت بۆ ژیان بە راکردن بەرەو تۆ دێم، چوونکە ژیان واتە تۆ، واتە زەردەخەنە شەرمنەکانی تۆ، واتە ناسکی و نیانی تۆ، واتە ئامێزی میهرەبانی تۆ.
لیزا: زۆرجار وەک باخچەیەکی پۆشتەی پڕ گوڵ خۆت دەنوێنیت، زۆرجاری تریش وەک درەختێکی رووتەڵە و زڕ و بێ گەڵا!.
ستیڤان: تۆ نازانیت گەڵاکانی پێکەنینم هەموو وەریون. کەچی وەک پیرە درەختێکی بێ گەڵا بە رووتی لەسەر پێی خۆم وەستاوم، هەرچەند تەوریشیان لە دڵ و لەشم دابێ قرنجاندوومی وشکی نەکردووم. گەلێک رەشەبا و گەردەلوولم بەزاند و خۆم راگرت لە بەردەم هەڵمەتی بێ بەزەییانەیاندا، کەچی ئێوە وا دەزانن ئەم وەریوییە تاوانی خۆمە، وا تێدەگەن سوچی خۆمە گەڵایەک بە قەدمەوە نەماوە ببێتە سەیوانی رێبوارێکی عاشق.
لیزا: کێشەم ئەوەیە تۆ هەستت ناجوڵێت بۆ ئەو هەموو عەشقەی من، لە کاتێکدا ئاگرێکم و هەر گڕم لێ دەبێتەوە!! تۆ هێشتا حاڵی نیت عەشقت منی ژیاندەوە لە هەمان کاتدا کوشتوومی!!.
ستیڤان: من ئەو یوسفەم فڕێدراومەتە بیری تەنهاییەوە، زولێخاکەشم نەک وازی لە عەشقم هێنا بەڵکو یەکەم کەس بوو لە بیری کردم.
لیزا: زۆرجار وەک جێنی مارکس ئارەزووم دەکرد پەککەوتەی سەر جێگا بیت بۆ ئەوەی خزمەتت بکەم و دڵنیا بم لە مانەوەت!، بەڵام هەنووکە دەخوازم چاک ببیتەوە لەو نەخۆشییە!. پەڕی نوێ دەر بکەیتەوە تاکو باڵی فڕین پەیدا بکەیتەوە، ئیدی گرنگ نییە بۆ کوێ دەفڕیت، گرنگ ئەوەیە بتوانیت بفڕیت. بفڕە بفڕە بە ئازادیی خۆت بفڕە، باڵندە نابێت بە ناوی خۆشەویستییەوە مافی فڕینی لێ زەوت بکرێت.
ستیڤان: تاکە شتێک لە تۆم بووێت ئەوەیە بە تایبەتمەندییەکانی خۆمەوە منت خۆش بوێت، من بە نیازی عەشق لە دەرگای دڵتم داوە، ناچار نیت دەرگاکە بکەیتەوە، بەڵام هەر کردتەوە خۆت دانێ بۆ یاری قورس و ریسک و سەرچڵی!!. من بەم جۆرە دەمەوێت بێمە نێو ژیانی تۆوە و رۆژەکانت بە تیشکی ئەوین رۆشن بکەمەوە.
لیزا: دوو کێشەم هەیە، یەکەم تۆ لە مردن دەترسیت، دووەمیش نەخۆشییە جەستەییەکەت ناهێڵێت ریسک و گەمەی دژوار بکەیت، بە پێچەوانەوە زۆر جار بە لاوازیی دەتبینم لە بەرامبەر نەخۆشیدا.
ستیڤان: بۆ نەخۆشی ناچەمێمەوە، من کرمێک لە نائومێدیی هەناوی خواردووم! فرمێسکەکانم نابینرێن تەنیا خۆم دەیانبینم و گوێم لە هاژەیانە!. چیرۆکی من چیرۆکێکە لە داستانە تراژیدییەکان، نە شکسپیر دەتوانێت بیکاتە شانۆنامە، نە کازانتزاکیس بۆی دەکرێتە رۆمان، نە گارسیا مارکیز دەرەقەتی گێڕانەوەی دێت. نە هۆلیۆدیش سیناریۆی وا غەمگینی کردۆتە فیلم. من کوڕی منداڵدانی ژان و نەوەی رەسەنی دڵسووتانم. ئەوەی دەیڵێم دەزانم چییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە خەڵک ناتوانن بگەنە نیوەی واتاکەشی، وەک ئەوەی بە زمانێکی هەسارەیەکی تر بدوێم.
لیزا: حەزم لە ئامێزی پڕ میهری تۆیە، جەستەی تەزیوم بە ئاگردانی رۆحت گەرم دەکەمەوە، دڵی پەڕاگەندەم لە ماڵی دڵتدا دەشارمەوە، تینوێتیم لە کانیاوی چاوە بەهارییەکانتدا دەشکێنم، وەک کۆترێکی بێلانە لە نێو پیاوێتی تۆدا هێلانەیەک بۆ خۆم چێ دەکەم.
ستیڤان: دەتوانم تۆ لە شیعرێکدا بنووسمەوە، نا، نا، چی ئاوی دەریاکانە بکەمە حیبر، سینگی سپی چی ئەستێرە هەیە بکەمە لاپەڕە، هێشتا ناتوانم میهرەبانی و جوانی تۆ بنووسمەوە، ناتوانم نیوەی هەستی خۆم لەو هەموو دێڕەدا جێگە بکەمەوە، چوونکە پانتایی هەموو کەون تەنگ و تەسکە بە بەری عەشقەکەمان!!. ئاخر من لە دڵی تۆوە هەڵدەقوڵێم جۆگەلە دەبەستم بۆ ناو رۆحت، تۆش لە عەشقی منەوە دەبارێی و رێچکە دەگریت بۆ ناو هەستم.

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




پرسیاری بچووک لە دیاردەی گەورە کۆتایی داعش یان سەرەتایەکی تر؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رۆشنبیرانی ئێمە نەک دیاردە بچووکەکان نابینن، بەڵکو باز دەدەن بەسەر دەرکەوتە گەورەکانیشدا. داعش دیاردەیەکی نوێ بوو بۆ ناوەڕۆکێکی دێرین. لە هەمان کاتدا فینۆمینێکی پۆلەتیک- ئاینیی گەورە بوو. “من یەکەم نووسەری کورد بووم کتێبێکم لەسەر داعش نووسی و چاپکرد لە بەهاری 2015دا”. بەڵام لەناکاو و بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەری هاوشێوەی فراوانبوونی قەڵەمڕەوەکەی، داعش بوو بە داشێکی سووتاو!!، بەو قەبارە مەترسیدار و تۆقێنەرەی هەیبوو لەبەرچاو ونبوو. بۆ رۆشنبیرانی ئێمە گەشەکردنی بەپەلە و پووکانەوەی تیژتێپەڕی ئەو دەوڵەتە تیرۆریستییە وەک رێکخراوێکی مونسەجیم جێی گوومان و پرسیار نەبوو!. چوونکە رۆشنبیری کورد نەک توانای پرسیاری مەزن و شرۆڤە پێشهاتە گەورەکانی نەماوە، بەڵکو دەست و پێ سیپترە لەوەی پرسیاری بچووک لە دیاردەی گەورە بکا و خوێندنەوەی لاوەکیشی بۆ ئەگەرەکان هەبێت. هەموو پێکڕا قاچ لەو ئاوە لێڵە دەخشێنن میدیا و سیاسییەکان لەسەرەوە دەیڕژن. لە باشترین حاڵەتدا بوونەوەرێکن مێشکیان خاڵییە لە پرسیار و هەگبەیان بەتاڵە لە وەڵام. هەموو پێکڕا بوونەتە شرۆڤەکاری هەواڵ و رووداو، نەک پێش رووداوەکان بکەون و سەرنج و دیدگاکانیان بۆ پێشهاتی ئایندەی نزیک یان دوور بخەنەڕوو.
دیارنەمانی داعش لەسەر شانۆی سیاسیی و کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، زۆر رەهەندی جۆراوجۆری هەیە، ئەگەر بوعدێکی بریتی بێت لە تەواوبوونی رۆڵی ئەو رێکخراوە لە دراما سیاسییەکەدا، ئەوا بەشێکی تری سیناریۆکە بریتییە لە رۆڵدان بە رێکخراوێکی تری هاوشێوە لە داهاتوودا. لێ داعش ئێستاکە رۆڵێکی کۆمبارسانە لەسەر شانۆکە ئەدا دەکات، بەڵام بەم پەلەقاژانە ناتوانێت بگاتە داهاتوو، بەڵکو حەتمییەتی واقیعەکە ئەوە دەردەخات، داعش کۆتایی هات، هەروەک چۆن پێشتر ئەلقاعیدە کۆتایی هات، سەرباری ئەوەی لێرەو لەوێ توانای چالاکی بچووکی تیرۆریستی بۆ چەند ساڵێکیش مابوو. بەڵام ئایا تیرۆریزمی ئیسلامی کۆتایی هاتووە، یان کۆتایی داعش سەرەتایەک نییە بۆ دەرکەوتنی رێکخراوێکی تری تیرۆریستی یونڤرساڵ؟.
وەڵامدانەوە بەو پرسیارە، زەحمەتێکی زۆری پێویست نییە، لە روانگەی ئەوەی هێشتا ئەو زەمینە کولتووریی و ئابووری و سیاسییەی مامانی تیرۆریزمی ئیسلامییە وەک خۆی ماوە و تاکو بەئەمڕۆ دەگات هەمان تێڕوانینی نەقڵی نەک عەقڵی سایەی بەسەر موسڵماناندا کردووە، هەروەک توێژەری فەڕەنسی “گی میلییەر” لە کتێبەکەیدا “کێشەکانی فیکری ئیسلامی” پێداگریی لێدەکات “هێشتاش جیهانی عەرەبی و ئیسلامی مەحکومە بە پێوەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاست”. ئەگەرچی تاریکیی سەدەکانی ناوەڕاست تایبەتە بە کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان، بەڵام ئەو بەراووردە جۆرێکە لە میتافۆر. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تر، ئەگەر توندڕەویی ئیبن تەیمییە لەژێر کاریگەریی رووخانی ئیمپراتۆریای ئیسلامیدا بووبێت ئەوە هەمان دیمەنی داڕووخانی کۆمەڵگە عەرەبیی و ئیسلامییەکان فاکتۆرێکی بەهێزن لە پەرەپێدانی هزری توندڕەویی ئیسلامی، بە جیاواز لەو تەمویلە ماددییەی لەلایەن سعودیە و وڵاتانی کەنداوەوە بۆ ئەکتیڤکردنەوەی بیروبۆچوونی وەهابی و سەلەفیزم تەخشان و پەخشان دەکرێت. ئەگەر دیقەت بدەین بە وتەی “کۆرتین وینزەر” تەنیا لە دوو دەیەی نەوەدەکان و دوو هەزارەکاندا، وڵاتێکی وەک سعودیە 87 بلیۆن دۆلاری بۆ تەشەنەپێکردنی هزری وەهابیزم خەرج کردووە، کە ئەم بڕە دوانزە هێندەی خەرجی یەکێتی سۆڤێتی پێشووە لە ماوەی هەفتا و چوار ساڵدا بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی و یارمەتی بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکان لەهەر چوار قوڕنەی دنیادا.
جیا لەوانەش وەک دەبینین رۆشنبیریی سەلەفی ئیخوانی و وەهابیستی رۆشنبیریی باڵادەستن لەتەواوی ئەو جیهانەی پێی دەوترێت جیهانی عەرەبی یان ئیسلامی، ئەوەتا لەم چەند مانگەی پێشوودا مردنی بیریاری ریفۆرمیستی ئیسلامی بە رەگەز سووریایی “محەمەد شەحرور” بە بێدەنگی بەناو جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا تێپەڕی، ئەمەش وەک بەڵگەیەک بۆ هەرەسی رەوتی ریفۆرمخوازی ئاینیی کە دەکرێت بڵێین مەرگی شەحرور مەرگی دوا ریفۆرمخوازی ئیسلامی بوو لە دوای مردنی نەسر حامد ئەبوزەید و محەمەد ئەرگۆنەوە. لە کاتێکدا تەنیا کتێبی “الکتاب و القران”ەکەی شەحرور بوومەلەرزەیەکی هێندە بەهێزبوو لە کاتی خۆیدا، لە وەڵامدا پانزە کتێبی تری لێکەوتەوە. لە بەرامبەردا زۆرترین داواکاریی لەسەر ئەو کتێبانە بە دیدێکی سەلەفی و رادیکاڵی ئیسلامیانە نووسراون “وەک لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر زۆرترین فوکۆس لەسەر کتێبە ئیسلامییەکان بوو”.
بۆ رەهەندێکی تری بەرسڤ بەو پرسیارەی لای سەرەوە، ناچار دەبین بگەڕێینەوە بۆ لای کتێبی “ادارە التوحش”. ئەگەرچی ئەو کتێبە بە ناوێکی خواستراوەوە چاپ بووە، ئەمە هیچ لە گرنگییەکەی بۆ سەلەفییە جیهادییەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکو لای زۆرێک بە ئینجیلی رێکخراوە جیهادیی و تەکفیرییەکانی لە قەڵەم دەدرێت، بەو پێیەی مانیفیستۆیەکی نوێباوی تیرۆریستییە بۆ چالاککردنەوە و رێکخستنەوەی پاشماوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە بۆتەی رێکخراوێکی نوێتردا. ئیدارە تەوەحوش ئەو کتێبە بوو توانی فۆرمۆڵەی داعش بکاتەوە لەسەر داروپەردووی ئەلقاعیدە و رێکخراوی تەوحید و جیهادی زەرقاوی. هێزی ئەوەی هەبوو داعش بهێنێتە سەر شانۆی سیاسیی و سەربازیی، لێ لەم بوارەدا هاشا لە رۆڵی دەزگا هەواڵگریی چەندان وڵاتی هەرێمی و جیهانی ناکرێت، سا ئەوەش فاکتێکی حاشاهەڵنەگرە بێ ئەو کتێبە مومکین نەبوو ئەو هەموو گەنجە بەو بڕوایەوە لە هەموو لایەکی دنیاوە خۆیان بگەیننە ریزەکانی داعش.
ئەگەرچی کتێبی “ادارە التوحش” تاکە کتێبی عەقیدەیی و بنەمایی نییە لە راستای فیکری گروپە رادیکاڵە جیهادیی و تەکفیرییەکان، بەڵام کتێبەکە ئاستێکی باڵای هەیە و هاوچەرخانە ئەنالیزی دیاردەی توندوتیژیی دەکات و کۆمەڵێک ئارگۆمێنتی تێدایە کە بۆ هەر موسڵمانێک قابیلی نکۆڵیکردن نییە و بۆی هەیە بڕوای پێ بهێنێت. لێ ناوەڕۆکی کتێبەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کوشتن و توندوتیژیی دیاردەیەکی سروشتکرد و خۆڕسکە، وەک هەمووان ئیسلامییەکانیش مافی بەکارهێنانی ئەو توندوتیژییەیان هەیە. لە هەمان کاتدا کتێبەکە وەک تەواوکاری کتێبەکانی “سەید قوتب” بە تایبەت کتێبی “معالم فی الگریق” خۆی دەنوێنێت، روونیشە سەید قوتب نوێنەری ئەو دیدگا ئاینییە ئیسلامییە بوو ئیبن تەیمییە لە حەنبەلیزمەوە پەرەی پێدا و ئەوانیش لە سەرچاوە رەسەنەکانی ئاینی ئیسلامەوە هەڵیانهێنجابوو. ئەگەر “د.شاکر ئەلنابلوسی” پێش دە دوانزە ساڵێک ئەمەی وتبێت “سەید قوتب مەمکی تەڕوبڕی فێندەمینتالیزمی ئیسلامی هاوچەرخە”. ئەوە ئیدارەی تەوەحوش ژیاندنەوەی ئەو مەمکە بوو، بۆ چەندین دەیە و قۆناغی تریش لە مەترسی وشکبوون رزگاری کرد.
بە کورتی ئەم کتێبە تا ئەم ساتەوەختەش قورئانی ئەو بزاوت و کەسایەتییە رادیکاڵ و سەلەفیانەن بڕوایان بە حوکمی “جیهاد” تاکو “رۆژی قیامەت” هەیە. لە سیمای ئەم رۆژانەی ناوچەکەدا ئەوە دەبینرێت، هەموو لایەک بە خۆشحاڵییەوە سەرقاڵی بردنی تابووتی مەرگی داعشن بۆ گۆڕستان، کەچی تارمایی لە دایکبوونەوەی رێکخراوە هاوشێوەکان نابینن!. لەم نێوەندەشدا نوخبەی کورد سەرگەرمی شەڕێکی گەرمی نێوخۆییە تا کاتێک دەزانێت لە بەشی دووەمی دراماکەدا، داعش بە بەرگ و ناوێکی تازەوە وەک رێکخراوێکی مەترسیدار لەبەردەمیدا قووت دەبێتەوە. من لە ئێستاوە بۆنی بارووتی تیرۆریزمی ئیسلامی و خوێنی رژاوی خەڵک کاسی کردووم. پرسیار ئەوەیە سیاسەتمەدار و رۆشنبیری کورد تۆ لە کوێیت و سەرقاڵی چیت؟.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
سوێد – ستۆکهۆڵم