پرسی فێمێنیزم و کێشەکانی ژنی کورد.. سوهەیلا مێهەمی

جیهانی واقیع جیهانێکە، کە یەکەم مەرجی ژیانەوەی لە ڕووی سیاسەیەوە هەبوونی دوو ڕەگەزی باڵادەست و بندەستدا بووە؛ هەبوونی چینایەتی و دابەشکردنی مرۆڤەکان لە ڕووی ڕەگەز، بنەچە، ڕەنگی پێست، زمان، ناوچە و تاد.. بۆ کەسانی خاوەن دەسەڵات بناغە و بنیاتی دەسەڵاتی مادیی پێوە بووە، وەکوو بە کۆیلەکردنی ڕەشپێستەکان بۆ بەکارهێنانی هێزی کاری ئەوان؛ لە زیادکردنی سامان بۆ خاوەن دەسەڵاتەکە. سیاسەت هەر لە سەرەتای بوونەوە لە دوو چەمکی دەسەڵاتی زاڵ و بن دەست پێکهاتووە و کەسێک کە بن دەستە قەد ناتوانێت و نەبووە کە دەوری دەسەڵاتداری زاڵدا، بگیڕێت. سیاسەت لە شێوەی زاڵیدا دەتوانێ دەگیرکار بێ لە شێوەی چینایەتی، ڕەگەز، ئیتنیک و تاد… بزوتنەوەی فێمێنیزمی و شوناسخوازی کوردیشی لە بەر گرتووە و ئەم بازنەیە بە لە بەرچاو نەگرتنی ئەم چەمکانە دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی و هەبوونی بزافێک بۆ پێناسە و بوونی خۆی دەردەبڕێ. داخوازییەکانی ژنی کورد لەم بازنەیەدا؛ ڕۆژانە بەهۆی شوناسی کوردبوون و ڕەگەزی ژنبوونی لە بەر چاو ناگیردرێت. توندوتیژی چەند لایەنە بە سەر ژنانی کورددا زاڵە؛ بە پێچەوانە هەندێ ڕوانگە کە بەس توندوتیژی لە لایەنی نەتەوەیی و شوناسەوە لە بەر چاو دەگرن و لایەنی ڕەگەزی ناخەنە بەر چاو. بە بڕوای من دەبێ کۆمەڵناسان و دەرووناسەکان و لایەنە بزاڤییە ئازادیخوازەکان خۆیان لە تێۆری و پێناسە دەقکراوەکان خۆیان بپارێزن و چەمکی فمنیزمی کوردی وەکو چەمکێکی زیندوو کە لە چەند لایەنەوە دەدرێتە بەر توندوتیژی، لێکۆڵینەوەی بۆ بکەن و وەکوو دیاردەیەک کە زیندووە و بەردەوام لە گۆڕاندایە چاوی لێ بکەن و شێوەی لە شێوەکانی ئایین و داخوازییەکانی ڕەگەزی بەردەوام لە گۆڕاندایە. توندوتیژی لە دژی ژنی کورد و ئەو ئەزموونە لە لایەن ژنی کورد هەموو توندوتیژییەکان لە خۆ دەگرێ بەهۆی ڕەگەز و چینایەتی و شوناس و ناوچە و جوگرافیا و نەبوون و نەهیشتنی دەرفەتی ئاشنایی بە ماڤی مرۆڤایەتی ژنێک و هتد. کە چەند دەسەڵاتی زاڵی سیاسەت و دەسەڵاتی ئایین و دەسەڵاتی ڕەگەزی سەرتر، هۆکاری ئەم توندوتیژیییەیە کە لە هەمبەری ژنی کورد. کە لە شێوەی یەک دەیەڵاتی تەبا؛ ماڤی ژن لە بەر چاو ناگرن.

ئەزموونی توندوتیژی ژنانی کورد لە ئەم سێ ڕێیانەدا؛ بە دوو چەمکی بن دەستی نەتەوە یا شوناس و ڕەگەز؛ لە چوارچێوەی پێناسەی دەسەڵاتی فێمێنێستی ئێراندا لە دژی ژێر دەستی ڕەگەزی و لە چەمکی داخوازی و پێناسەی نەتەوەییدا دەخرێتە پەراوێزەوە، چونکە توندوتیژی دژی ژنی کورد بە تەنیا بەرهەمی سیاسەت یا ئایینەوە نییە، ئەمە بەرهەمی هەر دوو چەمکە کە ڕەنگدانەوە یاسای زاڵە لە ساڵانی ڕابردوودا ژنکوژی بە ناوی کوشتنی نامووسی و چەمکێکی ڕێگە پێدراوی دەدەن و ژن وەکوو نامووسی پیاو دەبێ هەموو مافە ڕەواکانی مرۆڤایەتی لێ زەوت بکردرێت و دەربەست لە خزمەتی پیاودا بمێنێتەوە تا کوو دوچار کوژران نەبێ. ژنی عاقڵ، ژنی بەحەیا ژنی بن ماڵ، دایک، ژنێکی گوێڕایەڵە هەموو دەرکەوتەی دەسەڵاتی زاڵی ڕەگەزایەتییە کە هەموو ڕێگاکان لە ژن تووند دەکاتەوە بۆ چەوسێنەری زیاتر.
لە ڕاستیدا ژنی نەتەوەی زاڵ هیچ کێشەیەکی ئیتنیکی، زمانی، ئایینی و چینی بن دەستی نییە و ئەگەر ئێمە سێ گۆشەیەکمان هەبێ بۆ پیشان دانی هەڵاواردنەکانی ژنان لە چوارچێوەی ئێراندا ژنێکی فارس زمان لە سەرەوەی سێ گۆشەکەیە و ژنی کورد لە خوارەوەی ئەو سێ گۆشەیە دادەنرێت، لە ڕاستییدا کاتێک باس لە سەر مافی ژنێک دەکرێ لە ئەو بازنەیەدا مەبەست ژنێکە کە لە چینی باڵادەستە کە هەندێ مافی تایبەتی پێی داون، بە دانانی ژن لەم بازنە دیاریکراوەدا، دیارە ژنانی ئیتنیکیتر لەم بازنەیەدا ناگونجن و پەراوێز دەخردرێن. بە لە بەرچاو گرتن و دانانی یاسای هەڵاواردن؛ هەموو ئەو توندوتیژیانەی دژ بە ژن ڕووندەبێتەوە و دەکرێ بە گۆڕانکاری یاساکان ئەو توندوتیژیانەی نێو کۆمەڵگا ئاستی زۆر بهێنرێتە خوار. ڕاستە کە لە سەر ئاستی فەرهەنگی و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا دەبێ ئیش بکردرێت و سڕینەوەی نەریتە داڕزاوەکانێک کە لە بیری بەرتەسک سەرچاوە دەگرێ کار بکردرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە یاسا ڕۆڵێکی گرینگی هەیە بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی توندوتیژی لە نێو کۆمەڵگادا.

گرینگی ڕۆڵی یاسا لە بەرەو پێشچوون یان سەرکوتی بزووتنەوی مافخوازی ژنان
بێگۆمان یاسا یەکێک لە ئامرازە هەرەگرینگەکان بۆ بەرەوپێش چوونی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانە و مافخوازانەی ژنانە. یاسای بنەڕەتی وڵاتان دەتوانێت کاریگەری ئەرینی یان نەرینی لە سەر بزووتنەوەی ژنان بێت.
کاتێک کە ژنان لە کۆمەڵگایەک هەست بە چەوساندنەوە دەکەن، ئەمە دەرخەری وشیاربوونەوەی کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنانە لەسەر خواست و مافەکانیان. ژنان بەرپرسیارنە دەچنە نێو ڕیزی خەبات لەدژی چەوساندنەوەیان و ئەو هەڵاواردنانەی کە بەرەوڕووی دەبن، هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان وەگەڕ دەخەن بۆ گەیشتن بە مافە ڕەوا و ئینسانییەکانی خۆیان. لەم قۆناغەدا گرینگی ڕۆڵی یاسا دەردەکەوێت، لە ئەگەری ئەوەی کە خواستەکانی ژنان بڕواتە نێو یاساوە و مافەکانیان یان بەشێک لە مافەکانیان ڕەچاو بکات ڕێگا خۆشکەرە بۆ ئەوەی ژنان بە ئامانجەکانیان بگەن و بزووتنەوەکەیان بەهێز دەبێت. وەکوو ئەوەی کە لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و پێشکەوتوو یاسا پاڵپشتی ژنانە و بەشێک لە مافەکانیان بۆ دەستەبەر بووە؛ دەبینین کە بە پاڵپشتی یاسا ڕۆژانێک وەکوو ۲٥ی نۆڤامبر و ٨ی مارس تێکەڵ بە کولتووری ئەو وڵاتانە بوو.

هەڵاواردنی ڕەگەزی جیا لە هەڵاواردنی نەتەوەیی نییە کە دەبێتە ستەم و زوڵمی دووبەرابەر لە هەمبەر ژنی کورد؛ لە ڕاستییدا بزووتنەوەکانی فێمێنیزمی کە دەبێ چەمکی ئازادیخوازی و یەکسانی بپارێزن هەندێ جار دەبینین لە فێمێنیزمی ئێرانیدا؛ هەندێ جار هەڵوێستێکی دوو لایەنەیان لە کەناری باسی بە خاوەن بوونی ژنان لە لایەن ڕەگەزی پیاوسالاریدا هەیە لە هەمبەر ئازادیخوازی ژنی کورددا، دەبینین هەر ئەو ژنانی فمنیست کە سکاڵایان بەرزە لە دژی بە پیاوسالاریدا؛ باسەکە دەگاتە ژنی کورد، زۆر ئاشکرایە لە ڕوانگەی پیاوسالارییەوە، بۆ کێشەکانی ژنی کورد دەڕووانن. ئەو ڕخنانەی کە لە ژنی کورد دەگرن بە هۆی چەک هەڵگرتنی ژنان لە هەمبەرشەڕی داعیش زۆر بێ مانایە بە بڕوای من تەنانەت بزووتنەوەی فێمێنیزمیش دەتوانێ بۆ شەڕێکی ناڕەوا خۆی بە چەک بکات کاتێک هەفپەیڤین لە ڕفاندن و توندوتیژی سکێکسی و کوژران بێ واتایە ژنێک دەبێ داکۆکی بکا لە خۆی.

لە ئێستادا ئێمە لە گەڵ دوو ڕۆانگەی فێمێنیزمییدا ڕووبەڕوو دەبینەوە کە دوای دوو ئاراستە فیکرییدا کەوتوون؛ لیبرالیزم کە بانگەشەی سیستەمی سەرمایەداری دەکا و مارکسیزم کە ڕەخنە دەگرێ لە پێکهاتەی فیکری لیبرالیزم؛ لیبراڵ فێمێنیزم پشتگیری چینی باڵادەست دەکا جیا لە شێوەی دەسەڵاتداری (ڕەنگە فاشیست ، دیکتاتور ..) کە نێو دەزگا دەوڵەتییەکاندا دەبێتە نوێنەری ژنان و لە سەرچاوە ئابوورییەکان بۆ خۆ سوود وەر دەگرێ، خوازیارە ژنانی چینی باڵادەست لە شوێنە دەوڵەتییەکان ببنە خاوەن کار و پیشەی خۆیان و چینی ژنی هەژار و پایین دەست لە بیر دەکا، بەڵام بە گشتی خەباتی ژنان بە درێژایی مێژوو بۆ دەستەبەر کردنی ماڤە ڕەواکانیان و ڕزگاری لە کۆت و بەندی پیاوسالارییدا بەردەوام بووە و مێژووێکی زۆر درێژی هەیە و هەر لە درووستبوونی شارستانیەت مرۆڤی ئازادیخواز هەوڵی ئەوەی داوە کۆیلەتی و دیلبوون بسڕدرێتەوە و بۆ بە کولتووریکردنی ئەم هەوڵە بەردەوام کەسانێکی ڕووناکبیر لە حەول و تەقەلادا بوون بۆ مسۆگەرکردنی مافی تاک. لە کوردستاندا ژنانێکی تێکۆشەرمان هەیە، ڕەنگە دووچاری زۆر کۆسپ و تەگەرە بن لەم ڕێگایەدا هەر چەند بچووکیش بێ ئەو دەستکەوتانەیان، بەڵام بەردەوامن گەورەترین کێشەی ژنی کورد لە ئەم سەردەمەدا کە گەیشتن بە مافی ڕەوای مرۆڤایەتی دوا دەخات سەڕەتا هەبوونی یاسای دژە ژنە کە یاسا لە ڕووی ئایینەوە ساز کراوە؛ کە دەبوایە بە پێی ڕەوتی سەردەم گۆڕانکاری تێیدا هەبوایا وەکوو ئەوەی ژن موڵکی پیاوە و دەبێ لە سەر هەموو وردەکارییەکانی ژیانی پیاوێک بڕیار بدات، ئەوەی دیکە هەبوونی نەریت و کولتوورێکی باوە لە ناو خەڵکدا کە ژن بە پێوەرەکانی هەزاران ساڵ لەوەو پێش لە بەر چاو دەگرێ، کە واتە کۆمەڵگا و ئاستی ڕووناکبیری خەڵکەکەی دەبێ گۆڕانکاری بە سەر بێ و گرینگترینیش ئەوەی یاساکان یەکسانی و دادپەروەری لە بەر چاو بگرن و بە پێی مافی مرۆڤی جیهانی شرۆڤەی بۆ بکات. ڕاستە ئەم کێشانە زۆر لە کۆمەڵگای کوردیدا وەکوو زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرچاون و بەڵام پیاو نابێ چەمکی فێمێنیزم بە شتێکی نامۆ بزانێت و تێفکرینی ئەوەی هەبێ ئەمە وەکوو چەکێک لە دژی پیاو بە کار دەبرێت دەبێ پیاویش هەوڵبدات لە پەراوێز خستنی ژن دەنگی هەڵبڕێت و داواکاری مافی یەکسانی ژن و پیاو بێ. وەکوو هەندێ کەس کە دەڵێن فێمێنیزم ئەندێشە و تێفکرین و قوتابخانەی ڕۆژئاوایییەکانە و لە کوردستاندا نابێ ئەو قوتابخانەیە وەکوو ئەندێشەیەکی مافخوازانە بە کار ببردرێت. ئەو بڕوایانە هەیە سروشتی ژن لە بنەڕەتدا هەر وایە و نابێ ئەو مافانە بە ئەو بدرێت، کە ئەمانە دیارە سەرچاوە فیکرییەکەی لە ئایینەوە وەرگیراوە کە بڕوایان ئەوەی ئایینی ئیسلام هەموو مافەکانی مرۆیی بە ژن داوە، ئەمانە دەبێتە بەربەستێک لە بەر دەم بزاڤی ڕزگاری خوازی و یەکسانیدا. بزوتنەوەی ئەندێشەی ژنی ئازاد تا ڕادەیەک کاریگەری داناوە لەوەی کە سیستەمێکی چەوسێنەر و کۆمەڵایەتی و ئابووری زاڵ بە سەر چینی ژناندا پیشان دەدات.

دەبێ بە کردەوەکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی و دادپەروەری ڕێکارەکان بخرێتە ڕوو، لێرەدا دەبێ شیکردنەوەیەکی بنەڕەتیمان هەبێ لە کێشەکانی ژنان و ئینجا بۆ ڕێکارەکانی بگەڕێین، کە بە هۆی بەربەستی زاڵ هێشتا نەیتوانیوە ببێتە پاشخانێکی فیکری و مەعرەفی لە نێو کۆمەڵگادا. بۆیە هەمیشە ڕووبەڕوومان دەکاتەوە لە پارادۆکسەکاندا، لە میدیاکان بە تایبەت بۆ پێناسەی ژن، بەرنامەیەک داڕژراوە کە ڕەنگە ڕیشەکانی لە لیبراڵیزمدا بدۆزینەوە، دەرکەوتنی ژنێک بە چەندەها نەشتەرگەری جوانکاری و پێناسەی ژنێکی باش لە فیلەر و بۆتۆکس و جۆرەها پرۆتین کە بە لەش و لارییەوە دووراوەتەوە لێرەدا ئەندێشە و زهنییەتی ژن لە پەراوێز یا تەنانەت سڕاوەتەوە و خودی ژن لەم بە کوێلەکردندا ڕۆڵی هەیە. بە کارهێنانی خودی ژن لە خزمەتی سیستەمێک کە بۆ بە کەرەستەکردنی هەر شتێک هەوڵدەدا لە بازاڕەکانی ئابوورییدا. بە کاڵاکردنی ژن هەر خۆی بۆ پەسەندکردنی لایەنی پیاوانە دایە و دیسانەوە مەیل و خواستی پیاوە کە دەبێتە پێوەر؛ کە بە هەڵە ئەم نەشتەرگەرییە مۆدیڕنانە بە ناوی ماف ناوی لێ دەبەن و ئۆبژەبوونی ژنان لە جیهانی مۆدێڕنیشدا بە شێوەگەلی جیاواز هێشتا درێژەی هەیە.

شێوەی پەروەردە کردنی تاکی ئەم کۆمەڵگا لە ڕووی عادەت و باودا تێپەڕ نەبووە؛ بە شێوەیەک کە بۆ هۆشیار بوونەوەی منداڵەکانمان هەوڵبدەین، پەروەردەکردنی هزر و ئەندێشەیەک کە ڕێز لە هەموو چین و تووێژ و تەنانەت هەموو بوونەوەرکان بگرێت، کە پرۆسەیەکی درێژخایەنی پێویستە، بەڵام بە گشتی باس لە سەر توندوتیژییە لە سەر چینێکی کۆمەڵگا کە نیوەی ئەو کۆمەڵگایە لە خۆ دەگرێ و بە بیانووی شەرەف و نامووس ژنان بە دەستی پیاوان دەکوژرێن و یا ژن لە چوارچێوەیەکی بێ هێواییدا خۆی دەسوتێنێت و خۆی لە ناو دەبا و لە ڕاستییدا هیچ هەوڵێکی بنەڕەتی و ڕادیکاڵ بۆ لە ناو بردنی ئەو یاسایانە نادرێت کە ژنی کوژراو بە تاوانبار دەزانێ و پیاوی بکوژ دوای ماوەیەک دەستبەسەر کردن ئازاد دەکرێ و یاسا مافی کوشتنی پێ دەدا و لێرەدا دەسەڵاتی سیاسی پەنچە دەخاتە نێو ژیانی تاکەکان هەر وەها کە فوکو ئاماژە بەوە دەکات باس لە سەپاندنی دەسەڵات بە سەر ژیاندا دەکا؛ ئەگەر زلهێزی بۆ هیچ کەس گونجاو نییە بۆچی پیاو چ بە ڕەوشت و چ لاواز؛ بە شیاو دەزانین کە دەسەڵاتی تەواوی بە سەر ژنێکەوە هەبێ؟ کە گەندەڵی دەسەڵات لێرەدا خۆی پیشان دەدا. یاسای سەردانەواندن لە ئێستادا لە ژیانی هاوبەشی ڕوو دەکاتە ژن، کە پارادۆکسێکە لەگەڵ ژیانی مۆدێڕنی ئێستا و بە هۆی یاسا و نەریتەکانی نێو کۆمەڵگادا کە هەموو دژە ژنن، ئەوە مسۆگەر نابێ کە دوو کەس هەموو شتێکی ئەو ژیانە لە بەین خۆیاندا بەش بکەن و کەسێک دەسەڵاتی تەواوی نەبێ و کەسێکی دیکەیان بن دەست بێ بە هیوای جیهانێک پڕ لە تەبایی و یەکسانی و دادپەروەری و هۆشیاری.

هەشتی ماڕسی 2022
سوهەیلا مێهەمی




چەمکی ژن لە زمانی شیعردا و ڕەوتی سەردەم.. سوھەیلا مێھەمی

شیعر وەک ئەسپێكی یاخییە کە دەستەمۆ ناکرێ و ئەگەر دەستەمۆی بە سەردا بسەپێ کە واتە لە ڕیچکە و شێوازی خۆی لایداوە، شیعر نابێ خۆی بە دەسەڵاتەکانەوە ببەستێتەوە و ڕەوتی دەست بە سەرڕاگرتن لە شیعردا؛بێ بایەخ و بێ بەهایە و خۆی لەوە دوور دەکاتەوە شیعر هەروەها کە بۆ زۆربەی شاعیران لە ئازار و ڕەنجەکانیانەوە دەستی پێ کردووە و ڕۆچنەیەک درووست دەکا بۆ دەربازبوون لە بێدەنگی و شیکردنەوەی ڕەنجەکان؛ قامک لە سەر هۆکارەکانی ئەو ئازارانە دادەنێ کە مرۆڤی بە خۆییەوە سەرقاڵ و داماو کردووە. کەواتە شیعر دژی هەر سیستەمێک دەوەستێتەوە کە مرۆڤی یاخی لە خۆییدا دیل دەکا، شیعری نەمر ئەوە دەقەی لەخۆی گرتووە کە بۆ هەتایە لە دڵی خەڵکدا دەمێنێتەوە ؛ چۆن قامکی لە سەر بەربەستەکانی مرۆڤی ئازاد داناوە . شیعر خۆی لە خۆیدا دژی شێوازی قسە کردنە واتە لە ڕەوتێکی ئاسایی بەرەو شێوازێکی ڕەها لە ڕەوتێکی ئاسایی بۆ ڕەوتێکی جوانیناسانە. لە لایەنێکی دیکەوە شێعر تەنانەت بنەماکانی زمان و زمانەوانی و ڕێزمان تێکدەشکێنێت کە لە چوارچێوەیەکدا ئەم چەمکانە بە سەر زماندا زاڵە. دەتوانم بڵێم شێعر وەکوو شەڕڤانێکی سەربەخۆ دژی هەموو ڕێسا و قانوونی داسەپێنراو دەوەستێتەوە و دەستەمۆی هیچ دەسەڵاتێکدا نابێ. و بە سەر هەموو ئەو مانا و واقیعانەدا ڕێ دەکا و هەر دەم لە حاڵی تازەبوونەوە و نوێگەریدایە. زۆر جار دەست دەبا بۆ گۆڕانی ئەو بازنەیەدا کە لە ڕووی عادەت ، بیر و بڕوامان پی بووە و نەمانتوانیوە یا نەمانزانیوە دیلی ئەو چەمکە ماوین. لێرەدا دەبێ بڵێم شێعر دەست بۆ کاولکاری مرۆڤ نابات کاولکاری کە لە شێعرەوە ڕوو دەدا بیر و بڕوای هەڵە و بە دیل کردنی مرۆڤە کە دەست بۆ ڕۆخانی دەبات.

ئەمانە ئامانج و ڕێکاری شێعرە.
بەڵام وەکوو هەر دیاردەیەکی فەرهەنگی و ئابووری و سیاسی کە بمانهەوێ بۆ چینەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت چینی لە پەراوێز نراو وەکوو ژنان لێکدانەوەیەکێ بۆ بکەین کە ژن لە دەقەکاندا چۆن سەیر کراوە کە لە کۆمەڵگای هەر سەردەمێکدا بە پێی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگادا جیاوازی هەیە ؛ و پیاوسالاری ڕەگی لە هەر شتێکی کۆمەڵگای ئێمەدا داداوە کە باسەکە ئەدەبی کوردەواری بێ شوێن ئەندێشەی پیاوسالارانە زۆر زەقە. لە شێعرە کۆنەکاندا زیاتر بنەمای لە سەر ڕۆمانتیسمدایە و باسی خۆشویستن خاڵی گرینگی ئەم سەردەمەیە ژن وەکوو کاڵایەکی سیکسی دەردەکەوێ لە شێعرەکاندا کە لە لایان پیاوانەوە نووسراوە. واتە وەکوو کەرەستەیەک کە بە هۆی چەندین چەمکی جەستەیەوە پێناسە دەکرێ . ڕەنگە ئەم زمانە بە هۆی ڕەوت و هەل و مەرج و کات و ساتدا بگۆڕدرێت بەڵام ناوەڕووکەکە هەر لە سەر نیگای غەریزە جنسییەکەوە دانراوە.
دیارە کە عەشق و خۆشویستن لایەنێکی گرینگی مرۆڤایەتییە بەڵام ئەگەر ئەم لایەنە ببێتە نیگایەک بەس لە غەریزەی سیکسییدا و لایەنی هزری و فیکری کاڵ بکاتەوە دیارە ئەدەبێکی لاوازە. ئەم دیاردەیە لە شێعری فولکلووردا زۆر زەق کراوەتەوە تا ئەو شوێنە کە لە گۆرانییەکانی سەردەمی کۆندا تا کوو ئێستایش هاتووە باس لە سەر کچێکی چواردەساڵە دەکرێ بۆ چێژ بردنی پیاو کە ئێستا لە سەردەمی ئێستادا دەربڕین و کردەوەی ئەو وتەیە تاوانە ، دەبێتە …. یا لە هەندی گۆرانی پیاوانەدا بۆ ئەوەی کارەکانی ڕۆژانەی بەڕێوە بچێ چەندین ژن دەهێنێ … شێعری فولکلۆر بە درێژایی مێژووی مرۆڤ لە دایک بووە و ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای سەردەمە جیاوازەکانی مرۆڤە . دیارە شێعری فولکلۆر لە سەردەمی کۆنەوە هەتاکوو ئێستا لە سەر زاری خەڵک لە سووڕاندایە و کە زۆربەیان هەستی پیاوان لە خۆی دەگرێ لە بوارە جیاوازەکان بە تایبەت ژن و خۆشویستنی کاڵایەکی جنسی کە مەمکی ژن بە لیمۆ و شەکرەسێو کۆڵمی هەناری و سمت و ڕانی بەفرین و … کە پڕن لە وشەی سیکسی لە شیکاری و هەڵچوون بە باڵای ژندا. ڕەنگە دەربڕینی کۆمەڵێک لەم وشە سیکسییانە بە لای کۆمەڵگاوە ئاسایی بێ بەڵام کاتێک دەگاتە ژنێکی نووسەر لە لایەن کۆمەڵگا و دەسەڵات و ئایینەوە بێ شەرمییە ژنێک بەو شێوازە بنووسێت. ئەم کاردانەوە ، ڕەنگدانەوەی زۆر لە سەر شێعری ژناندا داناوە هەر لە کۆنەوە ئێمە دەبینین ژنە شاعێری کورد مەستوورە ئەردەڵان کاتێک باسی خۆشویستنی مێردەکەی دەکات زۆربەی ئەو ئاماژانە و دەستەواژانە کە بە کاری هێناوە زۆربەی لە تەشبیهات و هێمای پیاوانە کەڵکی وەرگرتووە ، کە باسی دڵداری دەکا هیچ وشەیەکی جنسییەتی لە دەقەکەیدا نادۆزرێتەوە. لە ئێستادا کە کەسەکان ئەو گۆرانی و شێعرە ئیروتیکانە بە چێژەوە گوێبیست دەبن و ڕەنگە ڕەخنە بێ بۆ فمێنیستەکان بەڵام بە لێکدانەوەی ئەم دەقگەلە و دەرخستنی مێژووی ئەوان من وا بیر دەکەمەوە ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی ئووستورەکان و سەردەمی زۆر کۆنی دایکسالاری واتە سەردەمێک کە ژن واتە دایک بڕیاردەر بووە و کشت و کاڵ و بوارەکانی ژیان لە ژێر ڕکیفی ئەودا بووە ، کاتێک ئوستوورە و خوداکان ژن بوون ، و مرۆڤ تێکەڵی سروشت بووە و هەموو پێداویستییەکی لە سروشتەوە بە دەست هێناوە و وەکوو جوانیناسانە باسی مەمکی ژن بە پرتەقاڵ و لیمۆ کراوە کاتێک جەستەی بە بەفر شوبهاندووە ؛ کە واتە ئەمانە ڕەنگە سروودە ئایینییەکانی مرۆڤی ئەو سەردەمە بێ کە وەکوو سەرچاوەی ژیان و بەردەوام بوونی نەسڵی مرۆڤ بەر ستایشی جەستەیی کەوتووە بەڵام ڕۆڵی جینسی و ئوبژیکتیوی ژن هاتە نێو کتێبەکان و دەقەکان و ئەم چەمکە لە سەردەمی ئێستادا کە ژن و پیاو هەنگاو بۆ یەکسانی کۆمەڵگا هەڵدەگرن و دەبێ چەمکی ئەندێشەیەکی ئازاد زەق بکرێتەوە ؛ ئەم ئەندێشە هەڵگری بچووک کردنەوە مرۆڤی ژندا جەستەی نەماوە واتە باوی نەماوە ، کە لە ئێستادا لە ڕووکەشێکی نوێیدا بەڵام هەر ناوەڕووکێکی کۆن بەردەوام بێ کە لە دەقە ئەدەبییەکاندا ژن وەکوو مەعشووقە و پیاو وەکوو عاشقێکی سووتاو سەیر بکردرێت و هەندێ جاریش ئەو ژنەی کە وەکوو ئوستوورە پیاهەڵوتنەوەیان کردووە دەبێتە کەسێکی بێ ئەمەگ و دەبێ بەردباران بکردرێت و شاربەدەر ، لە ڕاستییدا کە دەبوا قەڵەم قامکی لە سەر ئەندێشەیەکی ژنانە دابنێ ؛ داینەناوە . ئەمەیە کێشەکە…
شێعری ئێستا زۆر گۆڕانکاری بە پێی هەڵ و مەرج و ڕەوتی جیهان و کۆمەڵگاکاندا بە سەری هاتووە ، واتە ڕەوتی گۆڕانکاری فیکری و هزری لە هەر ناوچەیەکدا ڕەنگدانەوەی هەیە لە سەر هەر شتێکی باو لە ئەو ناوچەدا ، و لە کارتێگەری لە سەر ڕەوتی شێعر ؛ بزووتنەوەکانی وشیارییخوازییە لە سەر ڕێگا هەڵەکان کە مرۆڤ دوور دەکاتەوە لە پێشڤەچوون و داهاتووێیکی گەشاوە ؛ وەکوو هەر بزوتنەوەیەک ڕەنگیشە سەرکەوتوو نەبن بەڵام هەر ئەمانە وەکوو دەنگێکە بۆ وشیار کردنەوە چینەکانی کۆمەڵگا ، بەڵام بزووتنەوەکانێک کە ژن و پیاو شان بە شانی یەکدا بۆ ژیانێکی باشتر هەنگاو هەڵدەگرن لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا بوونی هەیە ، وەکوو شۆڕشی ڕۆژئاوای کورد کە بۆ کەرامەتی مرۆڤ ژن و پیاو شکۆی مرۆڤایەتیان بە جیهان پیشان دا و دیارە ئەمە لە سەر ڕەوتی ژن لە شێعردا گۆڕانکاریەکی مەزنی خوڵقاندووە و ئەو پەیامەی بە ژنان دەدا کە ژن وەکوو مرۆڤێک بە دوای داخوازیە مروویانەی و ڕۆڵی واقعی خویدا هەنگاو هەڵبگرێ ڕەنگە ئەمە هێشتا سەرتای ڕێگا بێ بەڵام ژنی کورد ئاگادار بووتەوە و ژنی نووسەری کورد تێگەیشتووە بە وشە و شێعر و ڕوماندا بەرەنگاری کەرامەتی مروویی خۆیدا بێ و پیاوی نووسەریش بەو ڕاستییە گەیشتووە کە ژن بەشێکی گرینگ و گەورەی کۆمەڵگایە و دەبێ لە نووسیندا بە بیر و هزرێکی قووڵەوە لە ئەندێشە ی ژندا بنووسێ.
ژنی شاعیر لە دەقەکانیدا هەوڵ دەدا لە مرۆڤێک بدوێ پێویستی بەم هەموو زەنجیر و کۆت و بەندەوە نییە تا کوو ژنێکی فریشتەیی بێ لە چاوی پیاواندا تا کوو ژنێکی لە چاوی سیستەمی باوکسالاریدا ژنێکی بێدەنگ بێ ژنێکی ڕوماننووس حەول دەدا ژنان لە بنمیچ و چوارچێوەکان بهێنێتە دەرەوە و بەشداری بکات لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگا ژنی نووسەر یا پیاوی نووسەر بە دوای کۆمەڵگایەکی یەکسانیخواز و دادپەروەردا دەبێ قەڵەمیان لە سووڕاندا بێت.

سنە
سوهەیلا مێهەمی




چاوپێکەوتن لەگەڵ شاعیر سوهه‌یلا مێهه‌می

سوهه‌یلا مێهه‌می: به‌متمانه‌وه‌ ده‌ڵێم وێنه‌ كۆڵه‌كه‌ی شیعره‌

خاتوو سوهه‌یلا مێهه‌می یه‌كێكه‌ له‌ ژنه‌ شاعیره‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، ئێستا له‌ سنه‌ ده‌ژی. كۆمه‌ڵێ پرسیارمان ئاراسته‌ كرد و ویستمان رازه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ شیعر و شاعیرێتی بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ بدركێنێ. به‌ سوپاسه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی داینه‌وه‌، له‌ رێی وه‌ڵامه‌كانییه‌وه‌ تێده‌گه‌ین باكگراوندێكی رۆشنبیریی باشی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ شیعر و دنیای ئه‌ده‌ب به‌گشتی، خۆشحاڵین كه‌ له‌م په‌نجه‌ره‌یه‌وه‌ سوهه‌یلا مێهه‌می به‌ خوێنه‌ران و ئه‌ده‌بدۆستان ئاشنا بكه‌ین. ئه‌وه‌ش به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمان ده‌زانین ئه‌م په‌نجه‌ره‌یه‌ به‌ كراوه‌یی بهێڵینه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌و ئه‌دیبه‌ گه‌نجانه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌كی روانینیان نییه‌ و ده‌یانه‌وێ لێره‌وه‌ به‌سه‌ر خوێنه‌راندا بڕوانن و رازه‌كانی ئه‌زموونی خۆیان و دنیای ئه‌ده‌بیان بۆ ئاشكرا بكه‌ن.
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر

*به‌ر له‌هه‌ر شتێك ده‌مه‌وێ وه‌كو ده‌ڵێن ئیعتراف بكه‌یت و كورته‌یه‌كی ژیانی خۆت باس بكه‌ی، ئاماده‌ی؟

-من سوهه‌یلا مێهه‌می له‌ شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئه‌ده‌بدۆست له‌ دایكبووم، واته‌ باوكم شاعیره‌ و هه‌ر له‌ كاتی منداڵییمه‌وه‌ به‌ وشه‌ی جوان و ده‌قی جوان ئاشنابووم، ده‌بێ بڵێم هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ گوێچكه‌م به‌ تێكستی ئه‌ده‌بی ئاودراوه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌و ساتانه‌ی باوكم شیعری مامۆستایانی گه‌وره‌ی كوردی ده‌خوێنده‌وه‌ ده‌بووه‌ هۆی خه‌یاڵاتی جوان له‌ مێشكمدا. به‌ره‌به‌ره‌ قۆناغه‌كانی خوێندنم ته‌واو كرد كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی زمانی زاڵ، زمانی فارسی بوو له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا منیش شیعره‌كانم به‌ زمانی فارسی بوو، به‌ڵام هه‌ر له‌ خه‌ڵوه‌تی خۆمدا بوو كه‌ هێندێ جار به‌ مامۆستایانی ئه‌ده‌بیات پێشانم ده‌دا و هیچكات هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌یانم نه‌ده‌دا له‌سه‌ر كێش و سه‌روا و ئه‌وان باسمان ده‌كرد، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ده‌ب به‌ هۆی هێندی كێشه‌ی ژیان دواكه‌وتم .. ئه‌وه‌ی به‌ هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات ئاشنا بێت ده‌زانێ ئه‌وانه‌ی ده‌ست بۆ قه‌ڵه‌م ده‌به‌ن ئه‌سته‌مه‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و رێگایه‌ بن به‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی خۆم ده‌ستم كرد به‌ فێربوونی زمانی كوردی و ده‌ستم كرد به‌ نووسینی شیعر به‌ كوردی واته‌ به‌زمانی دایك له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا به‌شدارییم كردووه‌ و زۆربه‌ی شیعره‌كانم له‌ گۆڤاره‌كانی رۆژهه‌ڵات و هێندێ رۆژنامه‌ی باشووریش بڵاوبووته‌وه‌ وه‌كو ئه‌زموونی ئه‌وانم هه‌یه‌ ئێستایش له‌ بواری كۆمه‌ڵناسی له‌ زانكۆدا ده‌خوێنم و كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكم به‌م زووانه‌ له‌ چاپ ده‌درێت.


*به‌ده‌ر له‌ پێناسه‌ باوه‌كانی شیعر به‌ڕای خۆت چۆن پێناسه‌ی شیعر ده‌كه‌ی؟ یان شیعر به‌لای تۆوه‌ چییه‌ و چی ده‌گه‌یه‌نێ؟

-به‌ بڕوای من شیعر واته‌ زمان، به‌هۆی زمانێكی فانتازیایی كه‌ مرۆڤ چێژ له‌ جوانییه‌كانی وه‌رده‌گرێ، شیعر گوزارشته‌ له‌ ئازار و جوانییه‌كانی ژیان به‌ زمانێكی شیعری كه‌ هێندێ كه‌س تێكه‌ڵ به‌ مۆسیقای زمانی ده‌كه‌ن كه‌ جیاوازه‌ له‌ ده‌قی ساكار. گۆڕینی ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ ده‌ستیان له‌ ئازاریی مرۆڤدا زه‌ق كردووته‌وه‌ و ئه‌و جوانیانه‌ی پێویستی ژیانه‌ بۆ دۆخێكی فانتازیایی كه‌ له‌ تێكستدا به‌رهه‌م دێت. به‌ واتای وشه‌، شیعر واته‌ زانست و ئاوه‌زی شاعیر كه‌ ژیانه‌وه‌یه‌ له‌ جیهانێكی جیاواز و توخمێكه‌ چه‌شنی گۆڕینی ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌رده‌كه‌ون. له‌ مێژه‌ شیعر له‌ به‌رامبه‌ری نه‌سردا دانراوه‌ كه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ شیعر خۆی له‌گه‌ڵ هیچ شتێكدا دانانرێت شیعر شتێكه‌ كه‌ ده‌توانێ له‌ هه‌موو شوێنه‌كانی ژیان و جیهان بیبینی واته‌ له‌ بیركاریدا له‌ زانستدا، لە په‌یكه‌رتاشیدا، لە نه‌قاشییدا و ….تاد واته‌ شیعر نیگایه‌كی جیاواز له‌ هه‌موو هونه‌ره‌كانی دیكه‌دا شێوه‌ی بینینی مرۆڤه‌كان كه‌ به‌ ئه‌سته‌م ده‌توانی شێوه‌ نیگایه‌كی جوان ببینی ئه‌وه‌ شیعره‌ ئه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ ناتوانین راڤه‌یه‌كی گشتی له‌ شیعر بكه‌ین چۆن شیعر خۆی هه‌موو كات له‌ تازه‌گه‌رییدایه‌ و به‌پێی رۆژ و هه‌نووكه خۆی شرۆڤه‌ ده‌كات به‌ پێی نیگای شته‌كان نیگای ئه‌و ده‌گۆڕدرێت واته‌ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی مێژوودا كاركردێكی جیاوازی هه‌بووه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌رستۆ فه‌یله‌سووفی مه‌زن باسی ده‌كات كه‌» كاری شاعیر ئه‌وه‌ نییه‌ باسی رووداوه‌كانی وه‌كو خۆیان بكات به‌ڵكو ده‌بێ به‌ ئه‌و شێوازه‌ كه‌ ده‌بووا رووبدا ده‌بێ بگوازێته‌وه‌ كه‌ واته‌ شیعر، شعوره‌ و زانسته‌ به‌ جیهانێك كه‌ ئێمه‌ی له‌خۆی گرتووه‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ناتوانین له‌ بازنه‌یه‌كدا شرۆڤه‌ی گشتی له‌سه‌ر واتای هه‌ر هونه‌رێك بكه‌ین ئه‌و شرۆڤه‌یه‌ حوكمی كۆتایی ئه‌و هونه‌ره‌یه‌، شیعر هه‌موو ئازاره‌كان و جوانییه‌كانی ژیان له‌به‌ر ده‌گرێ و هه‌ر رۆژ گۆڕانكاری ده‌كات له‌ به‌ڕۆژبوونه‌وه‌ی خۆی، هه‌روه‌ها كه‌ قه‌بانی ده‌ڵێت: شیعرێك كه‌ گۆڕانكاری له‌ ناخی مرۆڤ و جیهاندا نه‌كات شتێكی بێهووده‌یه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: په‌یوه‌ندی شاعیر و خه‌ڵك په‌یوه‌ندییه‌كی مه‌ودایی روخساری و ئاوێنه‌یی دایه‌.

زمان سه‌ره‌كیترین ده‌وری شیعر ده‌گێڕێت كه‌ به‌هۆی زمانه‌كه‌یه‌وه‌ چێژ له‌ پێكهاته‌ جوانه‌كانی وه‌رده‌گرین به‌رهه‌مهێنانی زمانی شیعر گرنگترین ئه‌ركی شاعیره‌ و شاعیر له‌ زمانی دواندنی كه‌سانی دیكه‌دایه‌ كه‌ زمانێكی جیاواز ده‌خۆڵقێنێ و له‌ په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كاندا مانای تازه‌ دێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ ناخ ده‌هه‌ژێنێ، له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌ر شاعیره‌ زمانی تایبه‌ت به‌ خۆی ده‌بێت. هه‌ر وه‌كو پۆل رۆمپر ده‌ڵێت: «له‌ شیعردا وشه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ ئافراندنی له‌ دایكبوونی خۆیان.» ته‌نیا له‌ هونه‌ری شیعر دایه‌ وشه‌كان ده‌چنه‌ نێو یه‌كه‌وه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مانای یه‌كدی. زمانی شیعری پێكهاته‌یه‌كه‌ له‌ فۆرم و نیشانه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و پێكهاته‌ كه‌ به‌رده‌نگ مه‌جبوور ده‌كات به‌دوای دۆزینه‌وه‌دا بێ، ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ناوه‌رۆك
شیبكه‌یته‌وه‌ و چونكه‌ خۆی له‌ خۆیدا شیعر نامێنێت واته‌ به‌ شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆك شیعر ده‌كوژین جوانی شیعر له‌ شێواز و فۆرم و زمان و ده‌نگ و تاد پێكهاتووه‌. شیعر ئوسلوبێكی عه‌قڵانی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ئوسلوبێكی گڕ و تین و هه‌ست و سۆز. گواستنه‌وه‌ی توخمێكی زمان بۆ توخمێكی دیكه‌ی زمان.

*دیاره‌ شیعرنووسین یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌ره‌ قورسه‌كان به‌ چ وزه‌ و توانایه‌كه‌وه‌ بڕیارت داوه‌ خۆت له‌و بواره‌ بده‌ی؟
-تاكه‌ شتێك منی به‌ شیعره‌وه‌ به‌ستووته‌وه‌ یه‌ك وشه‌یه‌ «عه‌شق». ئه‌وه‌ی كه‌ من له‌ ئازاره‌كانی ژیان دوور ده‌خاته‌وه‌، دوور خستنه‌وه‌ وه‌ك دۆزینه‌وه‌ نه‌ك فه‌رامۆشی، تاكه‌ رێگایه‌كه‌ له‌وێ پێناسه‌ی خۆم و هه‌روه‌ها ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئاوێنه‌ی ژیانی بوومه‌لێڵ كردووه‌ به‌گشتی شیعر بۆ من په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌ یان دەرچه‌یه‌كه‌ بتوانم ده‌رباز بم له‌ ته‌نگه‌ژه‌كانی ژیان، كه‌ چۆن بژیم و جیهانبینیەكه‌ هه‌نگاوه‌كانم به‌چڕتر هه‌ڵگرم به‌ره‌و خود دۆزینه‌وه‌، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م رێگایه‌ دیسان ئاسان نییه‌ چۆن له‌وێ له‌ به‌رزه‌خه‌كان ده‌دوێ، به‌ڵام هاوارێكه‌ به‌سه‌ر بێده‌نگییدا و بێده‌نگییكه‌ به‌ واتای ده‌نگ هه‌ڵبڕین.

*تۆ له‌و باوه‌ڕه‌دای وێنه‌ی شیعری گرنگترین پێكهاته‌ی شیعره‌ و له‌ كاتی وه‌رگێڕانیدا ئه‌گه‌ر ئاواز و ریتمه‌كه‌شی بڕوات وێنه‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌؟

-هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاكانی كه‌وناره‌كانی ژیان مرۆڤ به‌ وێنه‌ ده‌ستی به‌ نووسین كردووه‌ تاكو ئێستای سه‌رده‌م و له‌ رێگای نه‌خشاندنی ئه‌و وێنانه‌وه‌ له‌سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وته‌كان مه‌به‌ستی خۆی راده‌گه‌یاند، سه‌ره‌تای خوێندنی شیعر باكگراوندێك ده‌سپێده‌كات كه‌ خوێنه‌ر بۆ خۆی رابكێشێ وه‌كو شیعری جوان و به‌هێز ئه‌م باكگراونده‌ وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات وێنه‌یه‌ك بگوازرێته‌وه‌ بۆ چاو و مێشك و خه‌یاڵییدا ئێمه‌ له‌ شیعری كوردییدا ده‌توانیین بڵین وێنه‌ و وێناندنمان هه‌یه‌ به‌رده‌نگ له‌ خوێندنه‌وه‌ی وێنه‌ی شیعری وێناندنێكی تایبه‌تی بۆ خۆی هه‌یه‌ واته‌ وێناندن ئافراندنی وێنه‌یه‌ له‌ چاوی خوێنه‌ردا لێره‌دا خه‌ێاڵكردنه‌وه‌ سه‌ره‌كیترین كه‌ره‌سته‌ی وێنه‌یه‌ یا خه‌یاڵكردنه‌وه‌ داینامۆی وێنه‌یه‌. وێنه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زمانی ده‌قی شیعر له‌ ده‌قی ساكار جیاواز ده‌كات وه‌كو مۆسیقای شیعر پانتایی زمان بۆ هێژاندنی عاتیفه‌ به‌رچاو ده‌كات. وێنه‌ خه‌یاڵییه‌كانی جیهانی شاعیر له‌ شیعردا ده‌یخوڵقێنێ له‌ به‌راوردی جیهانی واقیعدا كه‌ خوومان گرتووه‌ جیاوازی زۆره‌ و هه‌ر ئه‌م جیهانی نوێ و سه‌یره‌ی شیعر ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ وردتر به‌ ده‌قدا بروانین. شاعیر به‌س «داله‌كانی» خۆی له‌ پێش چاوی خوێنه‌ر راده‌خات و دۆزینه‌وه‌ و په‌رژیانی به‌ خوێنه‌ر ده‌سپێرێت.

بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌ باشی له‌ هه‌ستی نووسه‌ر تێبگات وێنه‌سازی یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین به‌شی ده‌ق، ده‌سپێكی شیعر به‌وێنه‌وه‌ ده‌سپێده‌كات و ده‌قی شیعر له‌ پێكهاته‌ی له‌ وێنه‌ جۆرواجۆره‌كاندا دروست ده‌بێت لێره‌دا به‌متمانه‌وه‌ ده‌ڵێم وێنه‌ كۆڵه‌كه‌ی شیعره‌، وێنه‌ هه‌موو خه‌یاڵكردنه‌وه‌ له‌خۆی ده‌گرێ و ده‌قی جوان هه‌ڵگری وێنه‌یه‌. ئه‌وه‌ دێڕه‌كانن كه‌ هه‌ڵگری وێنه‌ن و له‌گه‌ڵ خۆیاندا خه‌ێاڵ په‌لكێش ده‌كه‌ن، ئێمه‌ شاعیری گه‌وره‌ شێركۆ بێكه‌سمان هه‌یه‌ كه‌ شیعره‌كانی تژییه‌ له‌ وێنه‌ی جوان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ وه‌رگێڕانی ده‌قێك جوانییه‌كان و پێكهاته‌ی شیعر ده‌توانین بپارێزین ئه‌وه‌ كارێكی ئه‌سته‌مه‌ و بۆ هێندێ له‌ پێكهاته‌كان ناكرێ، وێنه‌ له‌ هه‌ر حاڵدا ده‌مێنێ به‌ڵام ئه‌و ده‌قی ئاهه‌نگین و ده‌نگ و ئه‌وانه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ زمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ له‌ وه‌رگێڕاندا ده‌مرێت و هێندێ زۆری له‌ جوانییه‌كانی ئه‌و ده‌قه‌ له‌ ده‌ست ده‌چێ. وه‌رگێڕان له‌ خۆیدا له‌ ده‌قه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ هیچكات وه‌كو ده‌قی سه‌ره‌كی نانووسرێته‌وه‌ و له‌ شیعردا زۆر خه‌ساره‌ ئه‌گه‌ر شیعرێ وه‌ربگێڕدرێت ئه‌وه‌ چه‌نده‌ها شتی پێكهاته‌ی له‌ ده‌ست ده‌دا و خه‌سارێكی گه‌وره‌ ده‌بینێ ئه‌و ده‌قه‌ هه‌رچه‌ند وه‌رگێڕانه‌ لێهاتووه‌كانیش نه‌یانهه‌وێ به‌ ده‌ق خه‌سار بگه‌یه‌نن به‌ڵام هه‌ر له‌ روانگه‌ی ئاهه‌نگ و ده‌نگه‌وه‌ خه‌سار ده‌بێنێ شیعر له‌ناو ده‌قه‌كاندا سه‌ربزیوه‌ و خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ نادات له‌ وه‌رگێڕاندا ئه‌و زمانه‌ی كه‌ نابێته‌ زمانێكی دیكه‌ و له‌ جیهانێكی فره‌ ڕه‌هه‌ند ده‌سپێده‌كات و ئامانجی زمانی له‌ پشته‌وه‌یه‌ و سرك و بزێوه‌ خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ نادات له‌ وه‌رگێڕاندا. گه‌وره‌ شاعیری ئێرانی شاملو ده‌ڵێت: «وه‌رگێرانی شیعر وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ بولبولێك سه‌ر ببڕیت بۆ خواردنی گۆشته‌كه‌ی، به‌ڵام بولبول بۆ چریكاندن سوودی لێ وه‌رده‌گرین.» له‌هه‌ر حاڵدا وه‌رگێڕانی شیعر خه‌سارێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ كه‌ ئه‌و زمانی وه‌رگێڕاوه‌كه‌ چۆن پێناسه‌ی زمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ده‌كات كاتێك له‌و زمانه‌دا نه‌ژیاوه‌ له‌ شیعردا كۆمه‌ڵێك توخم یه‌كده‌گرن كه‌ وه‌رگێڕ ناتوانێت ئه‌وانه‌ له‌ ته‌رجه‌مه‌كه‌یدا بهێنت و ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین خه‌سار له‌ شیعر له‌ زمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی.

سوهه‌یلا مێهه‌می: نهێنی هونه‌ر له‌وه‌دایه‌ هونه‌رمه‌ند ناتوانێ هه‌موو كه‌س له‌ خۆی رازی بكات

كردووه‌ و ده‌توانی به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش شیعری خۆت بخوێنیته‌وه‌؟

-له‌ڕاستییدا كاتێك ده‌قێك ده‌نووسم كات هه‌یه‌ چه‌ندین جار وشه‌كان ده‌گۆڕم و تا ئه‌م كاته‌ به‌ وه‌سواسه‌وه‌ ده‌قه‌كانم چه‌ندین جار ده‌ستكاری كردووه‌ وه‌كو گۆڕانكاری له‌ وشه‌یه‌كدا و دێڕێكدا، پێداچوونه‌وه‌ بۆ شیعره‌كانم ده‌كه‌م و كاتی بۆ داده‌نێم و فایلی سه‌وتی لێ به‌رهه‌م دێنم و خۆم گوێ له‌ خۆم ده‌گرم و دیسان بڕیار ده‌ده‌م چه‌ند جارێكی دیكه‌یش به‌ شێوازگه‌لێكی جۆرواجۆر بیخوێنمه‌وه‌ و تا شێوازێكم به‌ دڵ ده‌بێت. چۆن ئه‌وه‌ شیعره‌ بڕیار ده‌دا چۆن بیخوێنیته‌وه‌ و ریتمی بۆ به‌ ده‌نگ هه‌ڵبێنی كه‌ پێویست ده‌كات شاعیر كاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ی له‌ ده‌نگ و ریتم و جووڵانه‌وه‌ی هێندێ له‌ ئه‌ندامگه‌لی وه‌كو ده‌ست و سه‌ری له‌ شیعره‌كه‌یدا به‌شدار بكات. شێوازی خوێندنه‌وه‌ی شیعر له‌سه‌ر خوێنه‌ر خاڵێكی كاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر شیعرییه‌تی ده‌ق، كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌نگ خوێندنه‌وه‌ی شیعر دووباره‌ بوونه‌وه‌ی شیعره‌، چونكه‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعر به‌س خوێندنی خه‌ت به‌ خه‌تی ده‌ق نییه‌ ئه‌گه‌ر جوان ئه‌دا بكرێ، كاریگه‌ری له‌سه‌ر خوێنه‌ر ده‌بێ و چێژی لێ ده‌بات ئه‌گه‌ر جوان ئه‌دا نه‌كرێ به‌رده‌نگ نه‌فره‌تی لێده‌كات. له‌ رێگای خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌وه‌ هێندێ جار ده‌توانی كه‌م و كووڕییه‌كانیشی بسڕیته‌وه‌. كه‌ واته‌ نووسین و ئه‌داكردنی شیعر پێكه‌وه‌ پێگه‌ی شیعر به‌رز یا نزم ده‌كاته‌وه‌. هه‌ر له‌مێژه‌ نووسه‌ران و كه‌سه‌ ئایینییه‌كان له‌ رێگای وتنه‌وه‌وه‌ به‌ده‌نگی خۆش بووه‌، په‌یامی خۆیان راگواستۆته‌وه‌ نێو خه‌ڵك. باش ئه‌داكردنی شیعر چه‌ند خاڵی گرنكی هه‌یه‌، یه‌كه‌م پێكهاتنی په‌یوه‌ندی به‌ینی شاعیر و خوێنه‌ر و دووهه‌مین خاڵی كاریگه‌ر بوون و سێهه‌م گواستنه‌وه‌ی مانایه‌، چواره‌میش له‌ چێژ وه‌رگرتندایه‌.


*هه‌ندێك باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ ده‌بێ دێڕه‌كانی شیعر بیرۆكه‌یه‌ك به‌یه‌كیانه‌وه‌ ببه‌ستێ و مانایه‌ك ببه‌خشن، هه‌ندێك دژی ئه‌مه‌ن و گوێ به‌و مه‌رجه‌ ناده‌ن، تۆ له‌گه‌ڵ كامیانی و بۆچی؟

-مه‌به‌ست له‌ فۆرمی شیعر شێوازی داڕشتن و هه‌موو پێكهاته‌كانی شیعرییه‌ته‌ و شیعر به‌ واتایه‌كی گشتی نه‌ له‌بازنه‌ی راڤه‌دا ده‌گونجێت نه‌ له‌فۆرمدا به‌درێژایی مێژووی ده‌ق، شاعیران و خوێنه‌رانیش فۆرمه‌كانی جیاوازی ده‌قیان به‌ ره‌سمی قبووڵ كردووه‌. له‌ شیعری هاوچه‌رخدا فۆرمی شیعری سپی به‌شێوازی ستوونی بێت. شێوازی شیعر ئه‌وه‌یه‌كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تاوەكو كۆتایی یه‌كده‌ستی و یه‌كبوونه‌وه‌یه‌كی فیكری تێدایه‌ له‌ جووڵه‌ی به‌رده‌وامی فیكری شاعیردا پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیان ده‌بێ، به‌ڵام له‌ تییۆرییه‌كانی شیعری هاوچه‌رخدا هه‌ر شوێن په‌نجه‌كانی خۆی دیاریده‌كات شیعر له‌ شێوازی ریوایه‌ت و به‌رداشت و حوكمی كۆتایی خۆی ده‌رباز ده‌كات شێوازی ستوونی له‌ شیعری هاوچه‌رخدا له‌ روانگه‌ی داڕشتن و وێنه‌وە، پرژانێكی تێدایه‌ و شیعر له‌ بازنه‌ی ئه‌ندێشه‌دا به‌ یه‌كبوون ده‌گات. شێوازی ستوونی له‌ شیعری هاوچه‌رخدا ئافراندنی چه‌ند وێنه‌ ده‌كات خه‌یاڵی شاعیر له‌ فه‌زا و شێوازی وشه‌كان پێشكه‌ش ده‌كات.

شیعری هاوچه‌رخ خۆی ده‌رباز كردووه‌ له‌ كۆمه‌ڵێ چوارچێوه‌ كه‌ به‌ربه‌ستن و ده‌ستی قه‌ڵه‌م كۆتا ده‌كه‌ن له‌وه‌ی به‌ ئازادی ئافراندنی وێنه‌كانی خه‌یاڵ بكات. سه‌ره‌كیترین لایه‌نی جوانیناسی شیعری هاوچه‌رخ له‌ هه‌بوونی زۆرینه‌ی ئیلهام و ئه‌و ئاڵۆزی هه‌ڵچنراوه‌ی شیعردایه‌ لایه‌نی زاڵی شیعری له‌به‌ر گرتووه‌ به‌ڵام له‌ هێندێك شیعریشدا ئیلهامێكی جوانی تێدا نییه‌. شیعری هاوچه‌رخ دوو ره‌هه‌ندی هه‌یه‌ یه‌كه‌م ره‌هه‌ندی مێژووی شیعرێكه‌ له‌گه‌ڵ شیعری شاعیرانی كۆندا جیاوازی هه‌یه‌ و ره‌هه‌ندی دووهه‌م ره‌هه‌ندێکی جیاوازه‌ شیعرێكه‌ نابێ له‌ شیعری شاعیرانی هاوكاتی خۆیاندا لێكچوونه‌وه‌ی هه‌بێت چۆنییه‌تی ئه‌م جیاوازبوونه‌ وایه‌ كه‌ بایه‌خ ده‌دا به‌ شیعر. له‌ شیعری ئه‌مڕۆدا چه‌ند ده‌نگی زۆره‌ و له‌ هه‌ر نووسراوه‌یه‌كدا بێشك دال و مه‌دلوولێك ده‌قه‌كان پێكدێنن به‌ڵام له‌ شیعری هاوچه‌رخدا خۆی نابه‌ستێته‌وه‌ به‌ ماناوه‌ هه‌رچه‌نده‌ پێكهاته‌ی شیعری هاوچه‌رخ دوور له‌ مانا نییه‌ به‌ڵام مانا به‌ دوادا ده‌خات و ئێمه‌ ده‌بینین دێڕه‌كان ره‌نگه‌ پێكه‌وه‌ نه‌به‌سترێنه‌وه‌، شیعری هاوچه‌رخ خۆی نابه‌ستێته‌وه‌ به‌ مانایه‌ك یان شرۆڤه‌یه‌كی تایبه‌ت و هه‌ر ئه‌وه‌ خۆی بۆ من زۆر وروژێنه‌ره‌ و چێژ به‌خش.

*له‌ شیعردا زمان تێكده‌شكێنرێ و جوانییه‌كی نوێی لێ دروست ده‌كرێ لای تۆش هه‌مان رێسا هه‌یه‌؟

-دژه‌باو بیركردنه‌وه‌ی نووسه‌ر ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ به‌ ئاسانی نه‌توانێت كه‌سانێكی دیكه‌ وا قبووڵی ئه‌وه‌ی ناكه‌ن رازی بكه‌یت تاكو وه‌كو ئه‌و بیر بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام نابێ هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات خه‌ڵك وه‌كو ئه‌و بیر بكه‌نه‌وه‌ رازیكردنی هه‌موو كه‌س ده‌بێته‌ نهێنی دۆڕاندن، نهێنی هونه‌ر له‌وه‌دایه‌ هونه‌رمه‌ند ناتوانێ هه‌موو كه‌س له‌ خۆی رازی بكات. مانیفێستی شیعری هاوچه‌رخ له‌ رۆژبوونه‌وه‌دایه‌ و تازه‌گه‌ری له‌ ناخیدایه‌ تێكشكاندنی زمان وه‌كو كلتووری باو ڕاسته‌ نه‌ك وه‌كو تێكشكاندنی رێزمان به‌ڵام شۆڕش زمانی له‌ شیعری هاوچه‌رخدا زۆر باوه‌ وه‌كو شۆڕش دژی «نه‌حو» و كێش و سه‌روا و به‌رهه‌مهێنانی زۆرینه‌ی وێنه‌ و … شاعیری هاوچه‌رخی ئێرانی ره‌زا به‌راهه‌نی ده‌ڵێت : «زمان بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ زمان ده‌بێ به‌رده‌وام دانانی خۆی له‌ مه‌ترسی بێ واتا بووندا بێ، تاكو دانانی به‌شگه‌لی نێوی زمانیدا له‌ دوور ده‌سته‌كاندا، به‌ دره‌نگ به‌ ده‌سته‌وه‌دانی فامكردنی ئه‌و شیعره‌ چێژ هێنه‌رتر بێ زمان ده‌بێ به‌ مردنی زمان و مردنی شادی هێنه‌ری زماندا ئاگادار ببێته‌وه‌». شیعر به‌رده‌وام له‌ گۆڕانكاری یاسا كۆنه‌كاندایه‌ هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌ڵ دیكتاتۆریه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا به‌ شه‌ڕ دێت. له‌و بڕوایه‌دام هه‌ر شتێك له‌ كۆمه‌ڵگادا و ده‌سه‌ڵاتدا ببێته‌ عاده‌ت و كرداری كلتووری، به‌ره‌به‌ره‌ له‌ چه‌مكی چه‌قبه‌ستویی و كرداری كلتووری زۆرداری داده‌نرێت. به‌ڵام شیعر به‌ پاككردنه‌وه‌ی عاده‌ت و ملهوڕی كلتووری ده‌رده‌كه‌وێت.

*قه‌ت ئه‌وه‌ روویداوه‌ گوێگرتن له‌ شیعری خۆت بتخاته‌ گریان؟

-به‌ڕاستی هێندێك كات روویداوه‌ دێڕێك یا شیعرێك بمخاته‌ گریان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر رۆح و هه‌ستمدا بێ بیرهێنانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كی ئه‌و كاتی نووسینی ئه‌و شیعره‌ و ریزكردنی وشه‌گه‌لێك په‌نجه‌ بۆ داگیركردنی هه‌ستم ده‌هێنن بێگومان شیعری كوردی مێژووێیكی درێژی له‌ پشته‌وه‌یه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ مێژووی كورد ته‌ژییه‌ له‌ تراژیدیا به‌ هۆی نیشتمانێكی داگیركراو و ژنیش له‌م ناوچه‌یه‌دا رووبه‌ڕووی زۆر نه‌هامه‌تی و نه‌ریتی داسه‌پاو و چه‌وساوه‌یی ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وانه‌ ره‌نگدانه‌وه‌یان زۆره‌ له‌ شیعره‌كانمدا هیچكات شه‌ڕه‌ نه‌خوازراوه‌كان سێبه‌ریان وه‌ده‌رنانێن له‌م ناوچه‌یه‌دا نه‌یانهێشتووه‌ شیعریش رووی خۆشی ژیان ببینێ و ئاوڕێكیش بۆ دڵداری و بووژانه‌وه‌ له‌ جوانییه‌كانی ژیاندا بداته‌وه‌.




چاودێریکردنی خود، لەلای ژنانی نوسەر … سوهەیلا_مێهەمی

خود سانسۆڕکردن تایبەتمەندی و میراتگری مرۆڤ و کۆمەڵگاییەکی دەستپەروەردەیی دەسەڵاتێکە کەساڵانێکە ساڵ بەساڵ لە بازنەی دیکتاتۆرییەتدا هەڵسووڕاوە، کە خۆ سانسۆرکردن لەم کۆمەڵگایە دەبێتە باو. ئێمە لێرەدا لە باسی ئەدەبیاتدا بەربڵاوی بەم باسە گرینگە دەدەین ژن لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا هەموو کات پێوەرەکانی بەباڵای پیاو دەپێوێ بەردەوام لەژێر ڕکیفی پیاوانەدا خۆی سانسۆر کردووە بەدڵنیاییەوە ئەم سەرەرۆییە لەناخیدا جێگیردەبێ و خود سانسۆری دەستپێدەکات سڕینەوەی خۆی و سڕینەوەی کەسانێکی دیکە دەست پێدەکات. ژن لە وێنای چەکێک ئەم سانسۆرە بەکار دەهێنێ بۆ خود بەهێزی پێیشان بدات لەچاوی پیاودا و هەر ئەو بۆ نموونە ئارامییە دەروونییە دەبێتە هۆی بەپەراوێز دانانی و لەفڕین بەرەو خەونەکانی بەجێدەمێنێتەوە لەپەراوێزدا و لەبازنەی پیاودا دەمێنێتەوە و ئەدەبیاتی ئەم ژنانە زایەڵەی ئەم بیرۆکەیەییە.

لەکولتوور و نەریتی کۆمەڵگای ئێمەدا خەریکبوون بەجەستە و لەش بەچاوی سووک سەیری دەکەن و باو نییە و هەمووکات رۆح و جەستەیان لەبەرانبەری یەکدا داناوە کە لەجێبەجێکردنی باسی رۆحی ئاسان بووە و بواری لەش کارێکی ئاستەم هاتووتە بەرچاو ئێستا تا ڕادەیەک باس لەعەشق ئاسان بووە لە نێو ئەدەبیاتدا بەڵام پێشتر دەربڕینی عەشقی ژنێک بۆ ڕەگەزی بەرانبەری کارێکی شەیتانی و تاوان بووە بۆیە کۆمەڵگای پیاوسالار کارێک دەکات کچان و ژنان لە پەسیوەکان و ژوورەکانی ماڵدا پاوان دەکات و لەپەروەردەکردن بێبەش دەبن و ژن بەس لە بازنەی جنسییەت و سیکس و خۆ ڕازاندنەوە و میکاپ و خشڵ و ئەوانەدا دەمێنێتەوە، کەوەکوو کەرەستەییەک بۆ ڕابوواردنی پیاودا دەرکەوێت و ژنێک کەبەدوای ئارەزووەکان و خەونەکانییدا بکەوێت وەکوو کەسێکی ناباو و جیاواز دەروانن بەودا لەدەقە کۆنەکاندا ئێمە دەبینیین لە ژن وەکوو کەسێک کە پاکیزەییە و نابێت هیچ هەڵەیەک بکات و نابێت گوێ بە ئارەزووەکانی بدات چۆن فریوی شەیتان دەخوات دراوە.

سمبولی سێبووری و پاکی و لێبووردەیی پیشاندراون و ژنبوونیان لەپاکی و بێدەنگ بوونیاندا پێناسە دەکرێ و ژنبوونیان ئەوەیە کەکۆمەڵگا قبووڵی دەکات و پێناسەی بۆ کردووە. ئەمانە ژنانێکن بێ دەسەڵات کەچارەنووسی خۆیان قبووڵ کردووە. ئێمە لەلاشەمان چاوپۆشیمان کردووە و بەشێوەیەکی سووک فێربوویین باسی نەکەیین، ژن لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەردەمدا لە ڕواڵەتدا ئەزمونی عەقڵانییەت و مۆدیڕنیتە دەکات، بەڵام ئەو بەهۆی ئەوانەی باسمان کرد هێشتا بە ئاسانی نەیتوانیوە لەپێستی خود سانسۆری بێتە دەرێ و خۆی پێناسە بکات. لەڕواڵەتدا ژنی مودیڕن شەرم ناکات خۆی بنوێنێ بەڵام ژنی نووسەر لەبازنەی ئەدەبیاتدا هێشتا ئەو بوێرییەی نییە و خۆی لەپشت کومەڵێ وشەی کۆنەپارێز حەشار داوە ئەو نەیتوانیوە لە ژنبوونی لەسەرکوتکردنی غەرایزی لەژیانی هاوبەشییدا بنووسێ و بدوێ هێشتا خەریکە خۆی سانسۆر دەکات. زۆر بەرچاوە ئەم ژنە هێشتا لەژێر سەیتەرەی پیاودا هەنگاو هەڵدێنێ.

وا دەبینین ژن لەدەقەکانییدا خۆی نییە و خۆی دەسڕێتەوە. زۆر نەزانانەیە لەوێ کەباسی جەستەی ژن دەکرێ بەس بیر لەچێژ بردنی کێشەی سیکس بکەینەوە. زۆربەی جیابوونەوە و تێکچوونی ژیانی هاوبەشی ژن و پیاو دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتن لە لەش و جەستەی بەرانبەرەکەیاندا. بۆ زۆربەی پیاوانی ئێمە دەقی ئیروتیک لەلایەن ژناندا کە دەنووسرێتەوە وایدەبینن کە ئەو ژنە بێ ڕەوشتیە رووناکبیرانەیە تەنانەت لە شانۆکانی شکسپییر لە وشەی ” سرشت” بۆ دایکی مرۆڤی بەکار هێناوە و لەوشەی ” عەقڵ” بو پێناسەی باوکی مرۆڤ. تاڕادەیەک هەموو قارەمانە ژنەکانی نێو ئەدەبیات بە سرشت وێناکراون ئەم ڕەگەزە پێشتر ناپاک بووە و دوایی دەتواننن بە دوای شتێکی سەرتر بکەون. لەکتێبە ئایینییەکاندا زوڵەیخا ژنێکە ناتوانێت ڕێگری لەخود بکات و ژنێکی مەکربازە!.

مێژووی ئێمە مێژووییەکی پیاوانەیە ئێمە هەموو کات لەژێر ڕکیفی پیاوسالاردا بوویین، یاسای پیاوانە و دامودەزگای بەهاداری پیاوانەمان بووە. لەڕواڵەتدا ئێمە بەرەو پێش دەرۆین و خوێندن و ئیش و چالاکی کۆمەڵایەتی و مافی دەنگ و ….تاد، بەڵام هەمووی ئەوانە لە ژێر سەیتەرەی پیاودا رۆڵدەگێڕێ و بەردەوام بەرهەمهێنانەوە دەکات. (ژولیا کریستوا) فەیلەسووف و ڕەخنەگری ئەدەبی دەڵێت: “خواستی ژنان بۆ خۆ تاریفکردن لەهۆگرایەتی خەڵقکردنی هونەر و بە تایبەت خوڵقاندنی ئەدەبیاتدایە”. ئەمە بەو واتایە نییە، ئەدەبیات لەبەرەنگاربوونەوەی نەریتەکانی کۆمەڵگا هەندێجار هوشیارانە پەردە لەسەر نهێنییەکان لادەبات و نەوتراوەکان و بێدەنگییەکان لەڕێگای ئەدەبیاتەوە دەوترێ ؟ پرۆسەی ئەدەبیات دەتوانێ هەموو ئەو خاڵە گرینگانە کەسەرپۆشیان بەسەرەو داناوە بوترێتەوە.

خاڵێکی گرینگ لەجیهانی ئەدەبیاتدا ئەوەیە ژنی رەخنەگرمان لەئەدەبیاتدا بەدەگمەن دەستدەکەوێت و ئەمە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەو باسانە کەکردمان و ئەگەر چی لەم سەردمدا خەڵاتی ئەدەبی دەکرێ و وتنەوەی کێشەکانی ژنان بەرچاوە، بەڵام ئەمیش هەر لەبازنەی بەرتەسکێکدا ماوەتەوە گۆڕەپانی ئەدەبیات، تریبوونی وتنەوەیە ئەو شوێنەیە کەژن دەتوانێ لەلووتکەکانی فڕین باس‌بکات و دەنگ هەڵبڕێت، بەڵام بەخەستی تووشی ئاستی نزمی کولتووری و ئابووری پەروەردەیی دەبێتەوە، چون سیستم و کۆمەڵگای ئێمە پیاوسالارە و تواناکانی ژنی بەرتەسک و سنووردار کردووە. بەهەرحاڵ ژنی سەردەم هەوڵی ئەوە دەدا جیهانێکی ژنانە بخۆڵقێنێ کەپێناسەی خۆی بکات زمان و هونەری ژنانە هەر وەها کە (ویرجینیا وۆڵف) دەڵێت ” ماڵێک بۆ خۆی بەرهەم بێنێ”، بەڵام بەربەست و کێشەکانی ئایین و کولتوور و کۆمەڵگا بەردەوام لەدیوارێکی زۆر بەرز بووە تا ڕێگری لەیاخی بوونی ئەدەبیاتی ژنان بکات. دەقی ژنانە بەرهەم دێت بەڵام بە کار ناهێنرێت. ئەڵبەت ئەدەبیاتی سەردەم لەسەر ڕەوتی حاشالێکرن بونیات نراوە کە بە پۆستمۆدێڕن و یا ئەدەبیاتی زمان و ئەدەبیاتی جیاواز و دەتوانیین بیبینین.

ڕوانگەییەکی دیکە لەبەرەی چواردا ئەوەیە شتێک بەناوی ئەدەبیاتی ژنانە و پیاوانەمان نییە لەم ڕوانگەیەدا ژن و پیاو وەکوو دوو چاودێر سەیری یەکدی دەکەن. بەهەر حاڵ گەشەی ئەدەبیاتی ژنان لەرۆژهەڵاتی ناویندا و بە تایبەت کوردستان رۆژ بەرۆژ له‌ گەشەدایە و هاوتەریبی جیهانی مۆدیڕنیتە ڕێ دەکات و ئەدەبیات چەشنێکی زاو زێیە و خۆڵقێنەرە و تەنانەت شەڕخوازترین دیکتاتۆرەکان لەژنێک لەدایک دەبن ، ژنانی نووسەر لەم سەردەمەدا هەوڵی خۆیان داوە ژنێکی هزرمەند و بیرمەند بەتایبەتمەندییەکانی خۆیان پێناسە بکەن لەبەرانبەری دەسەڵاتێکی بەهێزی پیاوانەدا بەردەوام لەخەباتن.

سنه‌
سوەیلا_مێهەمی
•




دیدار له‌گه‌ڵ سوهه‌یلا مێهه‌می خانمه‌ شاعیری کوردی سنه‌یی

ئاماده‌كردنی: جەلال هۆرێنی
————————

سوهەیلا خانمێکه‌ خاوه‌ن وشه‌ی جوان،هه‌ستێکی ئه‌ده‌بی و خوێنه‌رێکی جدی، خامه‌ی قه‌ڵه‌مه‌که‌ی پڕه‌ له‌هحنراوه‌ی جوان،ئه‌و له‌ده‌قه‌کاندا ده‌مانباته‌ نێو خه‌یاڵه‌ پڕ له‌ڕێگاکانی خۆی ئه‌گه‌ر شاره‌زا نه‌بیت> ڕه‌نگه‌ له‌یه‌کێك له‌ڕێگاکان ون بیت.
خانمێك خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ ده‌ق و قه‌ڵه‌م و وشه‌ ده‌کات و شه‌وانه‌ش ئاوێزانی خه‌یاڵه‌کانی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هۆنراوه‌یه‌کی تر له‌دایک بێت.
سوهه‌یلا مێهه‌می خانمه‌ شاعیری کوردی سنه‌یی….

جەلال هۆرێنی: چۆن ووشە بەکاردەهێنیت لەهۆنراوەدا، واتە گرنگی ووشە لە رستەدا چیە؟

وه‌ڵام/ هەر بەو شێوە کە وشەکانی جیاواز لە شیعری نوێدا بەڵێنی هاتنەوە لە نێو دەقدا پیان درا لە زۆرینەی شێوازەکانی هاوچەرخی سونەتی و کلاسیکیشدا نوێگەرای کرا و هەر بەم شێوازە نوێگەرای لەوێش کرا. لەم چەشنە نووسینەدا هیچ وشەیەک لە خۆیدا شاعیرانە نییە و هەر وشە و پێکهاتەی تەرکیبات بە گۆڕانکاری لە خۆیدا دانرێ لە شیعردا و ڕەگەزی شاعیرانەیەک لە خۆی بنوێنێ.

ئەم وشەکانە لە چەشنی شێوەزار و ناوچەیی دەکرێتە بەر تاکوو دەستەواژەی ئەدەبی و چەمک و ئیدیومیشی دەتوانین ئاماژە بکەین. زۆربەی شاعیرانی سەردەم لە هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژە لە شاعیرانی کۆن خۆیان جیاواز کردووە واتە وشەگەلێک ئێستا لە نێو کۆمەڵگا و جیهانی سەردەمدا بە کار دەچێ لە سەردەمی کۆن هەر نەبووە و ئێستا شیعری هاوچەرخ ئەوەی دەوێ بە پێ رۆژبوونەوەی لە وشەی نێو کەڵک وەربگرێ بۆ ڕاکێشانی بەردەنگ بۆ خۆی.پێکهاتی زمانی لە راستییدا لە گەڵ فاکتەرەکانی دیکەی زماندا وەکوو پەیوەندی وشەکان و ئاهەنگی نوتەکان و حەرفەکان و بە گشتی بارهێنانی من لە وشە و دەستەواژەکان و بارهێنانێک کە ئەوان لە شیعردا هەیانە و شێوازێک کە ئەوان لە قەڵەمدا تا سینگی لاپەڕە هەیانە و مەودای بەدی هاتنی وشە لە فیکری مندا و پێگەی لە ڕەستەدا زمانی شیعرن.

جەلال هۆرێنی: تاچەند گرنگی بەخاڵ بەندی دەیت لە دارشتنی دێرەکاندا، واتە گرنگی خاڵبەندی بۆ هۆنراوە چیە؟

وه‌ڵام/ پل والری ئەڵێت: شیعر بە سەما وێنا دەکات و نەسریش واتە دەقی ساکار بە پیاسەیەکی عادی، پیاسەی عادی شوێنێکی دیاری کراوی هەیە بەڵام شیعر وەکوو سەما شوێنێکی دیاری کراوی نییە و بگرە ئەگەر سەمامەبەستێکی دیاری کراو بێت کومێدیایە، واتە شیعر لە خۆیدا شوێنی مەبەستە نەک بۆ شوێنێکی دیاریکراودا بڕوا.
لایەنگرانی شیعر بڕوایان هەیە کرداری شیعر لە هەڵوەشاندنی زماندایە لە نووسینەکانمدا واتە دەقی شیعر خاڵ بەندی شتێکە کە خۆدی زمان کردوویەتی ئەوە نییە کە من بە نییەتی داڕێژراو ئەو کارە بکەم ڕەنگە دوای ئەوە شیعرەکەم نووسی هێندێک دەستکاری بکەم بەڵام شیعر لە خۆدی خۆەیدا زمان لە سەمایەکی شێتانەدا دەڕوا و ڕەنگە بوەستێ و دیسان لە تەقتیعێکی دیکەدا دەسپێبکاتەوە وبێ شک پولینبەندی لە دەقی شیعریدا ناچێتە ریزی دژە باودا و چوار چێوەکان دژی شیعری هاوچەرخدان بەڵام داڕشتنی شیعر ئەوەیە کە زمانی شاعیر دیاری دەکات و لە داڕشتنەوەدایە کە کاتی خوێندنەوەی دەقیکی شیعری دەتوانین بە ناوی سوبژە ئاماژەبکەین. لایەنگرانی ڕەخنەی نوێ هاوچەرخدا پێکهاتەی شیعر وەکوو شێوازێک نازانن کە ناوەڕۆکیان تێ کردبێت. ئەوە دیاردەیەک ئەزانن لە گەڵ ڕوودانی هاتنی شیعر ڕوودەدا. هەر بەم بوونەیەدا لێکۆڵینەوەی شیعر جیا لە ناوەڕۆک لێکۆڵینەوەیەکی نابەجێیە. زمان پێکهاتەیەکە لە وشە و هەڤدو و ڕستە و چۆنییەتی پەیوەندی نێوان ئەواندایە ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە فورم و داڕشتنەوەدا.

جەلال هۆرێنی: کاریگەری هۆنراوەی نیشتیمانی لەچیدایە؟

وه‌ڵام/ لە چاخی کەونارەکاندا کە کۆموونەکان و هۆز و تیرە پێکهاتن و هەر کام لەوانە بوون بە خاوەنی زمان و شوێنی خۆیان و بەرەبەرە کلتووری خۆیانیاندا بوو و وەکوو ئەمەگناسی بو دایک کە فێری زمانی تایبەت دەبوون نیشتمانیش بۆ بە جێگا و شوێنێکی پیرۆز هەروەها زمان تاک لە بێ باوەڕی و دەردەهێنێت و دەبێتە خاوەنی هێزێکی باوەڕ پێ کراو. واتە چەمکێکی پێناسەی کەسەکان نیشتمانە و بەتایبەتی نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو خەونی نیشتمانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو دەبینن ، شیعر زمانی هەست و سۆزە و نیشتمان بە وێنای دایک مێژووێکی روونی هەیە لە دەقە ئەدەبییەکان بە تایبەت شیعردا هەر بەم بوونەوەکاتێک هونراوەیەکی نیشتمانی خۆێننەوەی بۆ دەکرێ هەستی بەردەنگ داگیر دەکات

جەلال هۆرێنی: پێوایە تۆ کاریگەری دەقی کەلاسیکت لەسەربێت،یان دەتەوێت لەرەهەندی هۆنراوەی سەردەم کار بکەیت؟

وه‌ڵام/ شاعیری گەورە ئێرانی و بونیاتنەری شیعری نوێ لە ئێراندا دەڵێت” ئەدەبیات و وێژەیی ئێمە دەبێ لە هەموو چەمکێکەوە بگۆڕدرێت بابەتی نێو کیفایەت ناکات و پەرەپێدان بە ناوەڕوکیش بە شێوەی نوێ تەواو نییە، ئەگەریش کێش و سەروا بگۆڕین و دێڕ و ڕستە کورت و درێژ بکردرێ ئەمانە شیعر نوێ ناکاتەوە بە گشتی دەبێ چوونیەتی کارەکە بگۆڕین و ئەو شێوازی رافە و رەوایتی لە جیهانی زانستی و شعووری مرۆڤەکانە بە شیعر بدەین. تاکوو ئەم شێوە بیرکردنەوە نەبێ هیچ شتێک روو نادات بە گشتی نووسینی دەقی شیعری مێژوویەکی هەیە دوور و درێژ بە شێوازگەلی جۆرواجۆر لە سەر شیعر کار کراوە و شێوازکەلی شیعری تاقی کراوەتەوە لەبەرا شیعری کلاسیک وەکوو مێژینەیەکی رووناک و بەرز خوی نواندەوە و شاعیرانی ئێستایش هتر لە سەر ئەو بنچینە ڕوواون کە دەبێ خزمەتی خۆیان بە زمان و ئەدەبیات بە شێوەی ئەمرۆژی پەرە پێ بدەن و بۆ نوێ کردنەوەی زمان دەستی زانستیانە و شاعیرانەێ خۆیان وەگەڕ بخەن. هەر بەم بوونەوە منیش هەوڵی خۆم ئەدەم هاوکات کە هەموو شێوازێکی شیعری تاقی دەکەمەوە زۆر چێژ لە شیعری شاعیرانی نوێخۆاز دەبەم و هەوڵ ئەدەم منیش کەسێک لەوان بم.

جەلال هۆرێنی: چی سوهێلی کرد بە شاعیر؟

وه‌ڵام/ گەورەیەک دەڵێت بۆ شاعیر بوون تەنیا وشە شیاو نییە ئەزموونی وشە و دۆزەخ پێکەوە دەتکاتە شاعیر ئەمە وتەیەکی ڕاستە دەبێ بڵێم هەر لە مێژە واتە منداڵی زور چێژم لە وشەی نێو کتێبەکان وەردەگرت حەزم بۆ لە بەینی وشەکان خۆم ون بکەم لە مێشکی خۆمدا هەموو کایەکانم لە کەڵ وشەکاندا دەکرد زور چێژم لە رۆمان و ئەو دێڕە سیحراویەانەم دەگرت کە دوایی بە شیعر لە گەڵیاندا اشنا بووم.

جەلال هۆرێنی: لە هۆنراوەکاندا، هەست بەتەنهای مرۆڤ دەکرێت ، تۆ پێت وایە تەنهایی کاریگەری چیە ؟

وه‌ڵام/ تەنیایی بۆ من هەموو شتێکە، تەنیایی بەو واتا نالێم کە خۆم دوور بکەمەوە لە کۆمەڵگا بەڵکوو تەنیایی من پڕ و قەرەباڵغە لە وشە و کتێب و شیعر واتە جیهانێکی جوان و ڕازاوە بەڵام لە شیعردا کە دەنووسم قەڵەمێکی ژنانە دەردەکەوێت مێژووی ژن بوون لە ناو کلتوور و نەریتی دواکەوتوودا و جیهانێکی ژن ئازاردا، قەڵەمێک زمانی ئەو یاسا و کلتوورە داسەپاوانەی کە بە سەر ئازادی ژندا هەیە هاوار دەکات و بە گشتی لە جیهانی بێ دەسەڵاتی و ئەو ئازارانەی مرۆڤ دەدوێ و ئەگەر جگە لەویش بێت شیعر نییە.

جەلال هۆرێنی: زمانی نوسینی دەق لای تۆ زۆر جار لەزمانی ئافرەتێک دەردەچیت بۆ زمانی پیاو ،ئایا هەستت پێکردوە؟

وه‌ڵام/ پولینبەندی شیعر خۆی دەچێتە چوارچێوەکانەوە و سنور کە شیعر هەڵگری ئەوە نییە دیارە لە مێژە هێندێک کەس زمانی شیعریان بۆ ژن و پیاو جیا کردووتەوە و شیعریشیان بە کار هێناوە بۆ شرۆڤەی چاو و بروی خۆشەویستی و فیراق و تاد بە پێ رووداوەکانی جیهان و بە تایبەت ناوچەی جوغرافیایی و هزر و بیر نووسەری هاوچەرخ دەقەکانیش گۆڕانکاریان بە خویاندا بینیوە هەرچەند من وەک ژنێک هەوڵ ئەدەم لە بەرا وەکوو مرۆڤێک باس لە ژیان و ئازارەکانی ژیان بکەم بەڵام هەوڵی ئەوەیشەم بەرچاوە لە دەقەکانمدا ئاماژە بە ئەو جیهانەی کە ئازار دەهێنێتە پێشی ژن بە زمانی شیعرم بنووسم.

جەلال هۆرێنی: خۆشەویستی لای تۆ پێناسەیەکی دیاریکراوی هەیە؟

وه‌ڵام/ ” خۆشەویستی” ئەگەر واتای گرێدراو بێت شتێکی بێهوودەیە چۆن ئێمە لە هەمووی ژیان لاواز دەکات و بەرەو فەنابوون دەمانبات زۆربەی خەڵک ئەو گرێدراو بوونە لە گەڵ خۆشەویستی بە هەڵە دەگرن بەڵام خۆشەویستی شتێکە کە دەبێتە هۆی بە هێز کردن و شاد بوونی مرۆڤ.خۆشەویستی دەبێ ببێتە گەشەی هزر و جیسم و رۆح ئەگەر ئەو واتایەی نەبوو ئەوە شتێکی جگە لە خۆشەویستییە و بە هەڵە تێگەیشتووە خۆشەویستی لە لای منەوە شیعرە نووسینە و خۆێندنە و گەشە کردنە لە ئەمانەدا ئەوەی لە فەنا بوون دەمپارێزی شیعرە و خۆشەویستی منە

جەلال هۆرێنی : ئەگەر بکرێت پرۆفایلی بەریزت بنوسیت

من سوهەیلا مێهەمی له‌شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبنەماڵەیەکی ئەدەب دۆست لەدایکبووم, واتە باوکم شاعیرە و هەر لەکاتی منداڵییمدا بەوشەی جوان و دەقی جوان ئاشنابووم، ده‌؛رێ بڵێم هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ گوێچکه‌م به‌تێکستی ئه‌ده‌بی ئاودراوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و ساتانه‌ی باوکم شیعری مامۆستایانی گەورەی کوردی دەخۆێندەوە دەبووە هۆی خەیاڵاتی جوان لەمێشکمدا.

بەرەبەرە قۆناغەکانی خوێندنم تەواو کرد کەبەهۆی ئەوەی زمانی زاڵ زمانی فارسی بوو لەناوه‌نده‌کانی خوێندندامنیش شیعرەکانم بەزمانی فارسی بوو, بەڵام هەر لەخەڵوەتی خۆمدا بوو کەهێندێجار بەمامۆستایانی ئەدەبیات پێشانم دەدا وهیچکات هەوڵی بڵاو کردنەوەیانم نەدەدا لەسەر کێش و سەروا و ئەوان باسمان دەکرد, بەڵام ماوەیەکی زۆر لە ئەدەب بەهۆی هێندی کێشەی ژیان دواکەوتم .. ئەوەی بەهونەر و ئەدەبیات ئاشنا بێت دەزانێ ئەوانەی دەست بۆ قەڵەم دەبەن ئەستەمە دەستبەرداری ئەو ڕێگا بن بەهەوڵ و تێکۆشانی خۆم دەستم کرد بە فێربوونی زمانی کوردی و دەستم کرد بە نووسینی شیعر بەکوردی واتە به‌زمانی دایک لەکۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبییەکاندا بەشدارییم کردووە و زۆربەی شیعرەکانم لەگۆڤارەکانی رۆژهەڵات و هێندێ رۆژنامەی باشوریش بڵاو بووتەوە وەکوو ئەزموونی ئەوانم هەیە ئێستایش لە بواری کۆمەڵناسی لەزانکۆدا دەخۆێنم و کۆمەڵە شیعرێکم بەم زووانە لەچاپ دەدرێت.




بۆ شەهیدانی ژینگە و سروشت …. سوهەیلا مەیهەمی

زەردەخەنەت مەتۆرێنە
لە کاتژمێری گوڵەبەڕۆژە
دەبێ بۆ غووربەتی ئەم دارستانە
چرا بدوێی

لە هەڕەتی شەوەزەنگدا
ترپەی هەنگاوەکانت هەدای بەڕوو بێت

ئەی تۆ شانامەی شەوانی شەرا
هەناسەت بە کێها درەخت دەسپێری
دەستەویەخەی ئاگر
سنەوبەری تەڕ بدوێ

ئەمشەو هەر دڵۆپ بوو
لە چاوی زاگرۆس تا زرێباری خنکان
خۆری برینیان هەڵدەهات

ئاسمانی کپکراوەی ئێرە
بە تەمەنی پیری تینوەتییدا
هەورێکی “شەریف”ی پێویستە
دەسپێکی سروودی باران لە پەنجەکانییدا

سوێند بە پێکەنینەکانی سەوزتان
ڕەهێڵەی ئەم کاروانە
کەروێشکە دەکا
هەتا شیعری خوشەویستیتان
هاواری بەڕوویە

رووبارەکان بنووسەوە بە
داوێنی گڕ
تۆ کە رۆحت بە ئاقاری برینی
خاکدا ئوقرە ناگرێ

هاوڕێ
دڵ بە درەخت بوونت
دەبەخشم
بە برژانگی ئاسماندا
ماتەمێکی تەڕ دەمێنیت

بگەڕێوە
وەکوو هەمیشە
جلی ڕەش لە دارستان داکەنە
بە پێکەنینە شینەکانت

تۆ دەزانی قاچی ڕێگاکانی هاوار
بلۆق دەکا
بوغزێکی نامۆ
گەرووی چیا دەتۆقێنێ
کە بژیوی کۆڵبەرێک تفەنگ
بیخوات و
منداڵانی بۆمەلەرزە تۆ نەدۆزنەوە

ئەم تابووتە تەژی لە بۆنی پوونگە و هەزبێ مەچۆ
ئاوڕێ بە
ئاوری دڵی زرێبار و
مەریوانی مەراق

سنه‌
4 خەرمانانی2718
سوهەیلا مەیهەمی

————————
# شەهیداني سرووشت
# شەریف _باجوەر
# ئومێد_کۆنەپۆشی
# ڕەحمەت_حەکیمی_نیا
# محەممەد_پەژووهی




ریزی مردووەکان هەڵگری من نییە…. سوهەیلا مەیهەمی

با دیوار،
مێشکی بونبەست و
کڵۆم کەلاکی بنوێنێ،

با زیرەڤان،
شەوەکانی دڵخۆش بە سنوور،

دیکتاتورییەتی کاتەکان
دیکتەی دار بنوێنێتە سەر ساوای سپێدەدا ،

تۆ بە دەنگی هەناسە،
بە ڕەنگی خوێن،
داخزە بە دەمارەکانمدا…….

زەوی پێوەبە لە مەنگی خۆیا
یا ئاسمان،
کە من چ یاخییانە ژنێتیم، دەژییم
لە قەندیلی پیاوەتیتدا

دەنووسێمە بێکەسترین شیعر،
بە نامۆیی کۆڵاندا،
ئەرخەوانێکی ئاشنام،

گەیشتنمان چ پەرتەوازەیە،
خاو گالیسکەی خەێاڵە…..

ریزی مردووەکان هەڵگری من نییە،
کافەیەک پڕ لە “کافکا “م
نۆشیوە،

لێگەڕێ،
لە گەڵاڵە، بەتاڵییەکانی ئەم گۆڕستانە……
بە سێ/بەری هاوتەریبی،
من هیچ دەچم….

سنە
سوهەیلا مەیهەمی
لەژمارە(٩٣٨)ی هەفتەنامەی سیروان، لاپەڕەی (١١) لەسنە بڵاوکراوەتەوە