ژن کوژەکان کێن، یان کێن ژن کوژەکان!؟.. تاهیر حاجی حەسەن

بۆچی ژن کوژی لە سنوری خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان، بونی نیە؟ ئاخۆ هۆکارەکەی بۆ خودی هێزەکانی پەیەدەو ئەنجومەنە خۆبەڕێوەریەکەی دەگەڕێتەوە لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەو هاوسەنگی و پێکەوە ژیانی نێوان ژن و پیاو،لەڕێکخستنیاندا،یان هەر خودی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئاست گەشەی کۆمەڵگەی پێگەیشتویدان و، ئامادەنین یان هەر بڕوایان بەمەسەلەی ژن کوژی نیە؟

لەهەر کۆمەڵگەیەکدا،جۆری دەسەڵات و ئەو هێزانەی لەنێو مەیدانی سیاسیدان،لەلایەک بەرپرسن لە ژیانی کۆمەڵگەداو لەلایەکیتریشەوە،واقعیەتێک نیشان دەدات،لەوەی ئەو دەسەڵات و حزبانە،تا چ ئاستێک لەپێناو بەرژەوەندیە زیندوەکانی کۆمەڵگەدا هەڵدەسوڕێن،دەردەخات. بێگومان،خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانیش،لە ئەستێرەیەکی جیاواز نین و دانیشتوی نێو ئەو جەنگەڵستانەن کە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بونیان هەیە،ئەوە ئاستی بەرپرسیارێتی و ئاستی ئەو ستراتیژە مرۆییە جیاوازەیە،کە خودی هێزە خۆبەڕێوەبەریەکەی ڕۆژئاوای کوردستان هەیانەو ئیشیان لەسەر ڕێکخستنێکی دور لەو ڕێکخستنە باوەی ناوچەکە هەیە،دەست پێکردوە. هەربۆیەشە،کۆمەڵگەیان زیندو کردۆتەوەو وایان لێکردون لەسەر پێی خۆیان بوەستن لە زۆرترین بوارەوە،هەر لەڕێکخستنی بەرهەمهێنانەوە تا دەگاتە ڕێکخستنی کۆمەڵگە لەبوارە یەکسانیخواز و ئاکاری و، پەروەردە کردنێکی مرۆییانەی گەورە،کە هەر تاک و کۆیەک پێکەوە،هەڵسوڕانەکانیان لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بێت،نەک لەپێناو هەژمونی دەستەو تاقمێکدا. ئەم جیاوازیە گەورەیەشە،ئاستی خەمخۆری ئەو هێزە نیشان دەدات لە ناو کۆمەڵگەکەیداو لە ناوچەکەو گشت جیهانیشدا،ئەو ڕەنگڕێژیە جیاوازەیان دەبینرێت لەچاو هەلومەرج و بارودۆخێکی مەرگەسات ئاسای ژیان لای زۆرینەکەو ئەو شێوە ژیانە شاهانەیەیشی لای چینە کەمایەتیە دەسەڵاتدارەکە بونی هەیە لە وڵاتانێکدا لەو ناوچەیەن.

بەپێچەوانەوە،ژن کوژی،لەباشوری کوردستان،کۆی دڕندایەتی مێژوویشی تێپەڕاندوەو لەسەرەتای هاتنی ئەحزابی شاخاوی بەرەی کوردایەتی،کە پێکهاتبون لە هەژمونی، هەردو یان سێ و، چەند بنەماڵەیی بۆ نێو شارەکان لە بەهاری ساڵی 1991 وە،یەکەم ئیش دەستیان بۆ برد،ژن کوژی بو. ئەوەیش ڕەنگدانەوەی کۆی مێژووی شاخی ئەحزابی دەرەبەگ،بۆرژوازی کێویانەی کوردی ڕادەگەیاند.

لە ماوەی سی ساڵی دەسەڵاتدارێتی هەژمونی ئەحزابی کوردیدا،ڕەنگە بۆ ژمارەیش زەحمەت بێت بۆی،ئیتر ببێتە سەرگەورەیەک تا ڕێژەی کوشتنی ژنانی پێ بناسرێتەوە،بەردەوامە. ئەو ژن کوژیە گەورەیە،پەرچەکردارەکەی لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئاخۆ هۆکاری دواکەوتویی کۆمەڵگەو نەریت و فەرهەنگەکەیەتی؟ گەروایە،بۆچی لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا،ژن کوژی یان هەر نەبو،یان زۆر زۆر لاواز بو؟ بێگومان،کۆمەڵگە،ڕەنگدانەوەی ئەو هەلومەرج و بارودۆخانەی لەسەر دەبێت،کە لەچۆنیەتی ڕێکخستنەکەیدا،ڕەنگ دەداتەوە. ئاستی شێوازی بەرهەمهێنان،و ئاستی کرانەوەیەک کۆمەڵگە بەرەو ڕوی بویەوە،کۆمەڵگەی دابەشکرد، لەسەر بەرەیەکی کۆنەپارێزی پیاو سالاری ئاینی و بەرەیەکیشی خستە نێو ئامانج و داخوازیەک بازاڕو کەرتی تایبەت ئیشی لەسەر دەکرد.
دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردی،بۆخۆی،لەسەر هەردو بەرەکە ئیشی کردوەو کۆمەڵگەی خستە نێو گێژاوێکی قورسی واوە،کە ڕاست و چەپی خۆی نەناسێت.

بەرەی ئەحزابی ئیسلامی سیاسی،ڕەنگدانەوەکەی و پاڵپشتەکەی،هەر پەیوەست بوە بەو ململانێیانەی دو حزبی سەرەکی و بچوکەکان لەونێوەدا پێوەی سەرقاڵ بون،بێگومان،ململانێکانیان لەپێناو هەژمونی تاک ڕەوی و داگیرکردنی کۆی سامانی گشتی و هەژمونی بێ ڕێکخستنی بازاڕی کەرتی تایبەتیان بوە،ئەوە بێجگە لەو ڕۆڵە،بێ ماناو ناپەروەردەییانەی میدیای هەردو بەرە ئیشی لەسەر دەکەن. مەخابن،ژن،ئیتر لەهیچ یەک لەو دو بەرەیەدا مرۆڤێکی ئازادو خاوەن خۆی نیە،بەڵکو مرۆڤێکە لە ئامرازێک زیاتر نیەو لەهەردو بەرەکەیشدا،هەم کەنیزەک و کۆیلەیەو هەم بۆ سەرمایەگوزاری پڕ لەشەوق و ڕەونەقە بۆ بازاڕی دەسەڵاتدارانی خاوەن سەرمایە،و کاڵا زۆرو زەبەلاحەکەی لە دەرەوە بۆی هاوردە دەکەن. جا لێرەدا،ئەوی برەو پەیدا دەکات،بێمێشکەکانی نێو هەژمونی پیاو سالاری گەندەڵ و داوێن پیس و پڕ لە کەپتە جۆراوجۆرەکانن،چونکە ئەو توێژە پیاو سالارە ژن کوژانە،هەردەم هیدایەت لە دەسەڵاتەوە وەردەگرن،کاتێک دەبینن،دەسەڵات،بێدەنگەو بۆڵە بۆڵەکانی ئەسڵ نین و نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو دڕندایەتیەدا،ئیتر،ژن کوژان و دیاردەی خۆکوشتنی ژنان برەوی زیاتر پەیدا دەکات.

بیرمان نەچێت،زۆری ژن کوژەکان و ژنە کراو، بەقوربانیەکان،بەکۆ لەنێو چینە چەوساوە هەژار کراوەکەدان و سەر بەو چینەو توێژی وردە بۆرژواکانن،ئەوەیش ڕەنگدانەوەی ئەو نایەکسنیخوازە گەورەیە، کە دەسەڵات و چینی بۆرژوا ناسیۆنالیست – ئاینی،کوردی بەرهەمهێنەریەتی.

بریا،پیاوی کورد،ببوایەتە مرۆڤ؟ بریا ژنان لەنێو دنیای کۆنەپەرستی و دنیای بازاڕدا خۆیان بدۆزیایەتەوەو چیتر ملکەچی نێو ئەو دو جیهانە بۆگەنە نەبونایە و پەروەردەکەیان هەڵنەگرتایە!؟

ئاخۆ کێ هەیە لە مرۆڤی ئێمە،لەنێو دنیای ژن کوژیدا تاوانبار نەبێت، وا ئەو بەربەریزمە بۆ چرکەیەکیش نەیتوانی گشت کۆمەڵگە پێکەوە ڕاچەڵەکێنێت و ببێتە بونێک بۆ کۆتایهێنان بە ژن کوژی!!؟ چەند مایەی شەرمە،کاتێک بڵێین کۆمەڵگەین و لەولایشەوە،ژن کوژی لە پێکدادانی سەیارەکان زیاتر بوە کە ڕۆژانە گوێبیستی دەبینین و دەیبینین و دەزانین چەندێک دەمرن و هێشتا دەڵێن؛ قەزاو قەدەرەو خودا ڕۆژی تەواو کردون!؟ بەڕاست ئێمەی هەرێمی کوردستان چ جۆرە مرۆڤێکین؟

ئاین و پیاوانی ئاینی دەڵێن؛ئێمە بێبەرین لە کوشتنی ژناندا!

نەریت دەڵێت؛من بێبەریم لە کوشتنی ژناندا!
فەرهەنگ و پەروەردە دەڵێت؛من بێبەریم لە کوشتنی ژناندا!

دەسەڵات و حزب و بازاڕ و کۆمپانیاکانیان، دەڵێن؛ئێمە بێبەرین لە کوشتنی ژناندا!

ئاخۆ تەنها پیاو سالاری، بەرپرسە لەنێو ئەو پرسەدا؟ گەر وایە،کام یەک لەوانەی سەرەوە ئاماژەم پێداون،لەدەرەوەی هەژمونی پیاو سالاریدان!!!!؟

یان دەشڵێن پیاو سالاری و کۆی ئەو چەمک و ئایدیایانە هۆکار نین و ژن کوژەکان تەنها لە ئەستۆی مرۆڤە پەراوێز خراوەکان و لات و سەر سەریەکانن،هۆکار چیە وا ئەو کۆمەڵگەو دەسەڵاتە،وەک زۆرینەیەکی ڕەها ناتوانێت بەسەر ئەو توێژە پەروەردە شکست خواردوانەدا، زاڵ بێت،یانی ئەو توێژە پەراوێزخراوەی وەک بڵێین،بەرپرسن لە کوشتنی ژنان!!!!! بەڵام ڕاستیەکەی وانیەو ڕێک پێچەوانەیە.

ژن کوژەکان،کۆی دەسەڵات و ئەو بەرژەوەندیە چینایەتیە، کورت بینەیەتی لەنێو دنیای تاڵان کردنی سامانی گشتی کۆمەڵگە، لەشێوازە جۆراو جۆرەکانیەوە،لەگەڵ ئەو کۆیە لەکۆمەڵگە،کە ئاوا پرسێکی تراژیدی ناکات بەپرسی خۆی تا کۆتای بەو مێژووە ڕەشەی بهێنێت!!! ئەمەیە بەرپرسە گشتیەکان لەنێو ئەو فەزایەی ژن کوژی و دەست بردنی ژنان بۆ خۆکوشتن لێی بەرپرسیارن.

تاهیر حاجی حەسەن

18/03/2021




کام بەرهەم هەیە دەستی کرێکارو جوتیاری پێوە دیار نەبێت؟.. تاهیری حاجی حەسەن

زۆرجار وادێتە پێش دیدەمان،کە ئەوەی ژیان هەڵدەسوڕێنێت و ڕێکی دەخات،حکومەت و دەوڵەتەکانن،نەک ئەوانەی ڕۆژانە بەشدارن و کاردەکەن لە بەرهەمهێنانی پێداویستیە ڕۆژانەییەکانی کۆمەڵگەکاندا. هەر ساتەی مرۆڤ بڕێک ورد ببێتەوە لەهەر بستێکی چواردەوری خۆی،هەرساتەی دەست دەبات بۆ پارویەک نان خواردن،هەر ساتەی دەست دەبەیت بۆ پۆشاکێک بیپۆشیت،هەرساتەی دەست دەبەیت بۆ شامپۆیەک بۆ فڵچەیەکی دان شتن بۆ هەویری دان شتن بۆ ئەو پلاکەی گڵۆپەکەی پێ ڕوناک دەکەینەوە،بۆ ئەو دوش و سەرئاوەی بەکاری دەهێنین،بۆ،،،،،هەهەرساتەی بەسەر ڕێگەکاندا هەنگاو هەڵدەگرین،هەرساتەی ماشێن و فڕۆکەو کەشتی و شەمەندەفەر بەکار دەهێنین،هەرساتەی،خۆڵوخاشاکی پاشماوەکانمان دەبەین تافڕێی بدەینە شوێنی تایبەتەوە،لەو ساتەدا،ڕێی تێدەچێت،شوێن دەستی کرێکاران و جوتیاران نەبینین؟ کەوایە،بەڕاستی ژیان هەڵسوڕێنەرانی واقعی کێن؟ ئاخۆ تەنها ئەو چینە بەرهەمهێنەرە نین؟ ئاخۆ گەر ئەوان تەنها بۆڕۆژێک لەکارەکانیان ڕاوەستن،ژیان و هەڵسوڕان توشی نوشستی نابێت؟ کەوایە ئەوەی زیندوێتی و جوانی و مانا بەژیان دەبەخشێت،چینە بەرهەمهێنەرەکانن یان ئەوانەی دەسەڵاتدارو فەرمانکارن؟ ئاخۆ کرێکاران و جوتیاران زۆرینە نین لەهەر کۆمەڵگەیەکدا؟ ئاخۆ،توێژی دەسەڵاتداران و توێژی ڕابەرانی ئاینەکان و توێژی سیاسیەکان و ڕۆشنبیران و بیرمەندان و فەیلەسوفان ، هونەرمەندان و ئەدیبان،گەر هەمویشیان کۆبکرێتەوە،ئەوانە دەتوانن ژیان هەڵسوڕێنن گەر کرێکاران و جوتیاران نەبن؟ کەوایە،کام بەش لەکۆمەڵگەدا زیادەیە،چینی بەرهەمهێنەران،یان ئەو چینە مشەخۆرەی کەمایەتیەک پێک دێنن!؟

دەسەڵات،گەر بۆخۆی پێکهاتەکەی لەسەر دزینی بەری ڕەنج و ماندوبونی چینەچەوساوەکان و برەودان بەچەوساندنەوەی چینایەتی نەبوایە،ئەوکات،شەڕکردن لەسەری پێویستیەک نەدەبو،گەر مانای دەسەڵات،ئەو خۆپەرستیە کوێرانەیە نەبێت،چۆن ڕێی تێدەچێت خیانەت و گەندەڵی و کۆمەڵگە فرۆشی و دەست بەسەر سامانی گشتیدا برەوی پێ بدرێت!،گەر دزین بەمانای خۆی بەرهەمی بونی ئەو چینوتوێژە کەمایەتیە نەبوایە،ئەوکات شتێک نەدەبو بەمانای وشەی دزی،شتێک نەدەبو بەمانای چەوساندنەوەی ژن و چەوساندنەوەی هەژار کراوانەوە. چونکە،کاتێک بەری ڕەنجی کرێکاران لەلایەن خاوەنانی سەرمایەو ئەوانەی ئامرازەکانی بژێویان لەژێر هەژمونی تاک و تاک ڕەوێتی خۆیان ناوە،نەدزرایە،ئەوکات،شتێک بونی نەدەبو بەناوی دەوڵەمەندی و هەژاریەوە!

ئاخر با بڕێک ورد ببینەوە،لەوساتەوەی کاری جەستەی و کاری فیکری لەیەکتر دابڕێنران،ئیتر لەو ساتەیشەوە،خاوەندارێتی تایبەت و خوداو پەیامهێنەرو چینی ئەریستۆکرات و چینی خاوەن کۆیلەو سەردارو ئاغاو شێخ و دەرەبەگ و سەرمایەدارو پاپاو حاخام و مەلاو فیرعەونیش کرانە پێویستی و شوێنێکی تایبەت بەخۆیان بۆ دیاری کرا،یانی ئەو شوێنەی ناویان لێنا، دیوەخان و پەرستگاو حکومەت و دەوڵەت،ئەوان بونە سەردارو زۆرینەکەیشیان کرد بەکۆیلەی ژێر دەستی خۆیان. بۆ؟ ڕەوایەتیەکەی لەکوێدایە،گەر بەڕاستی ئەوانە داگیرکارو دزی گەورەی بەری ڕەنجی بەرهەمهێنەران نەبوایەو دەسەڵاتیان ئاوا پیرۆز نەکردایە،ئەوکات دەیانتوانی ببن بەخاوەنی هەموشتێک،ببنە خاوەنی سەرزەوی و ئاسمان!؟

ژیان و بەهاو پێگەی مرۆڤ بونی لەنێو شوێنێک کار دابەشکردن تێیدا سەپێنرا،ئیتر،ئەوەی تەنها ناوی بەهایەک بێت و شایان بەپێگەی مرۆڤ بێت،تەنها لەنێو خاوەندارێتی تایبەت و بڕی سامانێک لای هەرکەسە،خۆی پێناسە کردوە،یانی تاڵانچی و دزو ڕێگرەکان،بونە خاوەن بەهاو جێگەوڕێگەی لەسەرو کۆمەڵگەوەو ئەوانەیشی هەڵسوڕێنەری ژیانن،بون بەمرۆڤی چەوساوەو جێی بەزەی! ئاوایە ڕێکخستنی ژیان لەنێو کۆمەڵگە چینایەتیەکاندا.

گەر کرێ و کڕین و فرۆشتن بەهێزی کاری کرێکار وەک کاڵایەک نەبوایە،ئەوکات زێدەبای و کەڵەکەی سەرمایە و دەوڵەت و یاساو دادگاو زیندان و پەرلەمان و حکومەت چ پێویستیەکی دەبو؟ ئاخۆ گەر دنیای جیاوازیە چینایەتیەکە نەبێت،بۆ دەبێت ژن وەک مرۆڤێک نەبێت و هەمیشە خوارتر لەبونی پیاو ببینرێت و وەک کاڵایەک ساتوسەودای پێوە بکرێت؟ ئەوەی نهێنیە لەم نێوەدا،قازانج و بەرژەوەندی ئەو چینە چەوسێنەرەیە کە دەسەڵاتی پاراستنی خاوەندارێتی تایبەتی هەم پیرۆز کردوەو هەمیش بەکۆی توانای بەرگری لەمانەوەی دەکات،هەربۆیەشە،تا ئەم جیاوازیە چینایەتیانە بونیان هەبێت و تائەوساتەیش بەکاڵا کردنی ژن و هێزی کاری کرێکار برەوی پێدەدرێت،یانی درێژەدان بەدزی کردنێکی یاسای و شەرعیانە!؟ ئیتر ئاوایە،مانای دەسەڵاتی چینایەتی!

مانەوەی دنیای چینایەتی،نەک لەبەرژەوەندی هەڵسوڕێنەرانی ژیان نیە،بەڵکو تادێت،لەو قۆرخکاریەی خاوەنکارو دەوڵەتمەداران و حکومەتەکان دەیسەپێنن و کۆی هۆکارەکانی ژیان لەژێر خاوەندارێتی ئەواندایە،بونێک و مانایەک بۆژیان هیچ نیە بێجگە لەملکەچی و بێ بەها کردنی ژیانی گشتی. چینی کرێکارو جوتیارو کۆی بەرهەمهێنەران لەبوارەکانی زانست و داهێنان و تەندروستی و پەروەردەیدا،تەنها چینێکن کە هەڵسوڕاندنی ژیان شایستە بەوانە. چونکە بەبێ کۆتایهێنان بەو هەژموندارێتیەی دەسەڵاتی چینەچەوسێنەرە کەمایەتیەکە ناتوانرێت ژیانێک ڕێک بخرێت هەموان پێکەوە وەک مرۆڤ تێیدا بەهرەمەند بین.

ژیانی بێ ئەو چینە کەمایەتیە دەسەڵاتدارە،ئەو ژیانەیە مرۆڤ تێیدا ئازادو تەندروست و خاوەن پەروەردەی مەزن و خاوەن خۆی و چ جۆرە چەوساندنەوەیەکی ڕەگەزی و چینایەتی لەوێدا بونی نامێنێت،یانی کۆتایهێنان بەخاوەندارێتی تایبەتی تایبەت کراو بەچینێکی مشەخۆری پوچی کەمایەتی. ئاخۆ گەر کۆی دەسەڵاتداران و بەرپرسان و پلە دارەکان و ڕابەرانی ئاینەکان،ڕۆژانە ببرێن بۆ پاک کردنەوەی شەقام و حاویەکان و کار کردن لە کارگەو بازاڕو مەزراکان،چی لەدنیا دەگۆڕێت؟ ئاخۆ کۆتای ژیان دەبێت،یان لەوێدا ژیان مانای خۆی پەیدا دەکات،بەبێ لێڵی. تەنها ڕێکخستنی واقعیانەی ژیان،لە ڕێکخستنێکی هەرەوەزیانەی یەکسانیخوازانەدایە، نەک ئەم ڕێکخستنە قێزەون و پیسە جەنگەڵستانیەی هەزاران ساڵە درێژەی پێدەدرێت.

تاهیری حاجی حەسەن
09/03/2021




ئاخۆ ئەم سەدەیە،دەبێتە سەدەی بەرپاکردنی،شۆڕشی کۆمەڵایەتی؟ … تاهیر حاجی حەسەن

کاتێک ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کۆمەڵایەتی بکرێنەوەو بەیەکسانی ژیانی نێو تاکەکان ڕێکبخرێت،ئەوکات،کەس هەڵپەی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتدارێتی ناکات. کەوایە،ئەم ململانێ و کێشمەکێشانەو نایەکسانیە کۆمەڵایەتیەی بونی هەیە،هۆکارەکەی تەنها لەو دزینەدایە،کەخاوەندارێتی گشتی گۆڕاوە بۆ خاوەندارێتی تایبەتی نێو دەستەیەک یان چینێکی کەمایەتی،هەربۆیەشە،هەمیشە وادەبینرێت کەبونی دەسەڵات پێویستیە نەک زیادە،لەکاتێکدا،پێچەوانەکەی دروستەو بونی دەسەڵات ئەوکاتە دەبێت بەزیاد،کەکۆمەڵگە پێگەی چینەکانی هەڵوەشاندۆتەوەو خاوەندارێتی گشتی وەک پێویستی گشتی کۆمەڵگە ڕادەگەیەنێت و چیتر ڕێگەنادات خاوەندارێتی سەرئامرازەکانی بەرهەمهێنان لەچنگی چینێکی کەمایەتیدا بێت.
کۆی کێشمەکێشەکان و ململانێکان لەنێو ئەم چەند دێڕەی سەرەوەدایە.
کەوایە،هۆکار چیە وا تا ئێستا ئەو چینە کەمایەتیە توانیویەتی خۆی وەک سەرداری سەر کۆمەڵگە بهێڵێتەوە؟ ئەو ئامرازانە چین کەدەسەڵات بەکاریان دەهێنێت تائەوەی بتوانێت بەسەرداری بمێنێتەوە؟ یان بونی دامودەزگای دەوڵەت و یاساو ڕێساکان و زیندان و دادگاکان و میدیاکان و ئاین و پێگەی نەتەوەیی بون و نیشتیمان پەرستی لەبەرژەوەندی کام چینی کۆمەڵایەتیدا بەکار هێنراوە؟ هۆکار چیە،واچینەچەوساوەکان ناتوانن بگەن بەڕزگاری و بچڕاندنی کۆت و زنجیرێک لەمێشک و دەستیان نراوە؟ ئاخۆ کۆی بەرهەمهێنان و ئەو کاڵایەی بەشێوەی بەرجەستە دەیبینین دروست کردنەکەی لەنێو دەستەکانی کرێکارانەوە بەدەست نەهێنراوە؟ ئەی بۆچی کرێکاران خۆیان ناتوانن ببنە خاوەنی ئەوەی بەرهەمیان هێناوە؟ ئاخۆ هۆکارەکەی بۆ ئەو خاڵە ناگەڕێتەوە،کەکرێکار،کاتێک دەکرێتە کرێکار،نابێت لەلایەن چینی چەوسێنەری خاوەنکارو دەسەڵاتدارو دەوڵەت و یاساکانیانەوە لەکۆی هەبونی ئامرازی بەرهەمهێنان داماڵرابێت،تائەوەی ملکەچی نێو بازاڕی بێ ڕۆحمی سەرمایەداری بکرێت؟ ئاخۆ چینی دەسەڵاتدار،کاتێک حکومەت و دەوڵەت و پەرلەمان و دامودەزگاکانی تری سەرکوت کردن دروست دەکەن،هەربۆئەوە نیە تاخۆیان و هاوچینەکەیان لەدەسەڵاتدا بمێننەوەو لەو ڕێگایانەشەوە،چینەچەوساوە داماڵراوەکە لەهەر ئامرازێکی بژێوی داماڵراو هەمیشە وەک خزمەتکاری چینەچەوسێنەرەکە بەکار بهێنن؟
سیحری دەملوسی چینەبۆرژواکان و توێژە وردە بۆرژواکان و حزبەکانیان،بۆ گەیشتن بەسەردار بون و خۆخستنەسەرو ئەوانیترەوە،بۆ ئەو قۆرخ کردنەی خاوەندارێتی تایبەت دەگەڕێتەوە،بەڵام کاتێک ئەو سیحرە لەلایەن شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینەچەوساوەکانەوە کەشف دەکرێت،ئیتر بەهاو پێگەی ئەو چینەچەوسێنەرە هەڵخەڵەتێنەرە بەخۆیان و کۆی دامودەزگایەکی سەرکوت گەر هەیانە بۆ زۆرینە ڕون دەبێتەوە،کەئەوەی لەنێو دەسەڵاتدایە و دەستی گرتوە بەمانەوەی،تەنها لەبەر ئەو هۆکارە بوە،ئەوان لەسەر حسابی ژیان و گوزەرانی دزراوی زۆرینەکە ژیانێکی پڕ لە خۆشی و بێ ماندوبون و ئارەق ڕشتن بژین. هەربۆیەشە،ئەو چینەدەسەڵاتدارە چەوسێنەرە کەمایەتیە،هەمیشە لەدژی هەر ناڕەزایەتیەکی چینەچەوساوەکان دەوەستنەوەو لەڕێگەی ئامرازە سەرکوتکاریەکانیانەوە ڕوبەڕوی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان دەبنەوە.
بونی دەسەڵات،یان هەبونی دزی و هەبونی نایەکسانی کۆمەڵایەتی. کاتێکیش زۆرینەکە،ئاستی پێویستیەکانیان و ژیانی قورسیان،وایان لێ دەکات هەنگاو بنێن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆیان،لەوێیشدا پێویستی گرنگیان بەخۆئاگا هێنانەوەی وەدەست هێنانی هۆشیاری سیاسی چینایەتی هەیە. چونکە،کاتێک ئاسۆی سیاسی چینەچەوساوەکان ڕۆشن دەبێتەوەو پێگەو بونە گرنگەکەی خۆیان دەناسن،ئیتر لەوێدا خۆیان دەکەن بەئەڵتەرناتیفی دەسەڵات و کۆتای بەمێژوویەکی ڕەش دەهێنن، کەتائێستا ژیانی سەدان نەوەی تێدا بەفیڕۆ داوە. چینەچەوسێنەرەکان،لەهیچ ئایدۆلۆژیایەک ناترسن،هێندەی لەڕاپەڕین وشۆڕشی کۆمەڵایەتی چینەچەوساوەکان دەترسن،سۆسیالیزمیش تەنها کرداری بونەوەی بەهەرەوەزی کردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەو تەنها ڕێگەیەکیشە بۆ ڕزگار بون لەبونی چینەکۆمەڵایەتیەکان و دابەش کاری کاری کۆمەڵایەتی.
ئاخۆ ئەم سەدەیە،لەڕوی پێگەیشتوی بەرهەمهێنان و نایەکسانی کۆمەڵایەتیەوە،کۆی پێداویستیەکانی بەرهەم نەهێناوە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بەچەوساندنەوەی چینایەتی؟

تاهیر حاجی حەسەن

10/06/2020




ئایا جەنگ لەنێوان ئیمپریالیزمی ئەمریکی و ئیمپریالیزمی چیندا ڕودەدات؟ … تاهیر حاجی حەسەن

ڤایرۆسی ناسراو بەکۆرۆنا،وا کەمتر لەمانگێک بڵاو بوەتەوەو مەیدانی بڵاوە پێکردنەکەیشی شاری وهانی چینە. بڵاو بونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە،کارێکی وای ئەنجامداوە،کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەرجەم کایە هەستیارەکانی ژیان داناوە،بەتایبەتیش لەڕوی ئابوریەوە،قۆناخێکی هێناوەتە پێشەوە،پەکەوتنێکی بەرچاوی لەنێو کەرتە پیشەسازی و ئابوریەکاندا دروست کردوە لەگشت لایەکەوە. بێگومان لەڕوی پێگەی گشتی کۆمەڵگەکانیشەوە،ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لێکەوتۆتەوە،بەئەندازەیەک،ئیتر وەک ئەوە وایە مرۆڤ تەواو دەستەپاچە بێت لەبەرانبەر پێگەی نادیاری ڤایرۆسەکەدا تاچارەسەری خێرای بۆ بدۆزێتەوە. بۆچی ئاوا دڵەڕاوکێیەک بەرهەمدەهێنرێت؟ کێ لێی بەرپرسیارەو دەرئەنجامەکانی بەکوێ دەگات؟

ململانێی نێوان پێگەی گەشەسەندوی ئابوری وڵاتی چین لەبەرانبەر پێگەی ئابوری ئەمریکاو ڕوسیاو وڵاتانی ئەوروپا، کەوڵاتانی خاوەن مێژوویەکی لەپێشترن بەبەراورد کردن بەپێگەی ئابوری وڵاتی چین،بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوەو سواری شەپۆلی قۆناخ بوە. یانی ئەو پێشکەوتنە زۆرەی لەگشت بوارە جۆراوجۆرەکان،جالەکەرتی پیشەسازیەوە تادەگات بەکەرتی بەرهەمهێنانی کاڵا جۆراوجۆرەکانی نێو بەرهەمهێنانی پڕ لەتەکنەلۆجیاو تەندروستی و خۆراکی و ڕێگاوبان دروست کردن و پیشەسازی بواری سەربازی،کارێکی وای کردوە،پێگەی گشت بەرهەمهێنانی لەوڵاتانی دیکەدا داوەتە دواوەو وڵاتانی جیهانی ناچارکردوە،زۆرترین هاوردەکەری کاڵای چینی بن.
بۆ؟ چونکە لەوڵاتی چیندا،کەخاوەن هێزێکی گەورەی هەرزانی دەستی کارە،دەرفەت لەبەردەمیدا ڕەخساوە لەلایەک بۆ ڕاکێشانی زۆرترین شەریکات تابڕۆن لەوێ سەرمایەگوزاری خۆیان بکەن و قازانجێکی خەیاڵیش وەدەست بخەن،بێگومان لەڕێی چەوساندنەوەیەکی گەورەی چینەبەرهەمهێنەرەکانەوە،شەریکاتەکان قازانجەکانیان خەیاڵیە،هەروەک چۆن وڵاتانی دیکەیتر بونیان هەیە لەڕوی هەرزانی هێزی کارەوەو بۆ وەبەرهێنەرانیش جۆرێک لەئارامی و گەرەنتی بونی هەیە،ڕوی تێدەکەن و قازانجی گەورە وەدەست دەخەن،وڵاتی چینیش ئاوایە لەڕوی هەرزانی هێزی کارەوە،ئەوە بێجگە لەوەی چین بۆخۆی خاوەن داهێنان و خوڵقێنەری گەورەی نێو کۆی بوارەکانی بەرهەمهێنانە،لەلایەکیتر،خودی دەوڵەتی چین،بوەتە جێگەیەک بۆ گەشەسەندنی خێرای و دەرچون لەقۆناخی وەستاو بون،یانی ئیتر ئەو دەوڵەتە خاوەن پێگەی داگیرکردنی گەورەی بازاڕەکانی جیهانە.

ئیمپریالیزمی ئەمریکی،بەخۆی و لوت بەرزیەکەی لەڕوی مێژووی پێگەکەیەوە،هێندەی سەرقاڵی ئاڵۆزکردنی جیهان بوە لەڕێی جەنگەوە،بەو ئەندازەیە پێگەی بەرهەمهێنانی لەبوارەکانی تردا نەبردۆتە پێشەوە. جادەشیەوێت هەر وەک سەرداری جیهانیش بمێنێتەوە. لەم سەدەی پڕ لەداهێنان و یەخسیر کردنی زانست لەپێناو پێگەی هەیمەنەی چینێکی چەوسێنەری وێرانکەردا،کێبەرکێ و ململانێکان ناچنە قۆناخی داهێنانە مەزنەکانەوە کەلەبەرژەوەندی کۆی گشت کۆمەڵگەکانی جیهان بشکێتەوە،بەڵکو ئەو ململانێ وداگیرکاری بازاڕو گەڕان بەدوای داگیرکاری زیاتردا،ئەمە لەکاتێکدا،گشت وڵاتانی جیهان،بەتایبەتیش ئەو زۆرینەی کەدەست ڕۆیشتون لەبواری بەرهەمهێناندا،لەسایەی پێشکەوتنی ئامرازە زیرەکەکاندا،بەرهەمهێنان لەکۆی بوارەکاندا،زۆر زیاترن لەپێویستیەکانی مرۆڤ، وەئەم کۆ خاوەنانەی دەوڵەتانی بەرهەمهێنەرانەیش،پێویستیان بەساغ کردنەوەی کاڵا جۆراوجۆرە بەرهەمهاتوەکانیان هەیە،ئالێرەوە ململانێکان پەل دەهاوێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی جەنگ. لەبیرمان نەچێت،لەئاست پێگەی گەشەی خێرای پیشەسازیە جۆراوجۆرەکان،(کۆمەڵگەکان ئاستی پێگەی چینایەتی و قڵشتی چینایەتی زیاترو چەوساندنەوەی چینایەتی، گەورەتر بوە،دیارە لەکۆمەڵگەیەکەوە بۆ ئەویتر جیاوازی هەیە).

بەڵام ئاخۆ هەلومەرجەکان لەم قۆناخەدا ڕێگە بەجەنگێکی گەورەی نێوان زلهێزانی جیهان دەدات؟
هەلومەرجێک لەسەردەمی هەردو جەنگی جیهانگری یەکەم و دوەمدا،بونی هەبو،بەجۆرێک بو،لەلایەک پێگەو ئاستی هۆشیاری گشت کۆمەڵگەکان و پێگەیەک کەبەرهەمهێنەری پیشەسازی سەربازی پێی گەیشتبو،بەجۆرێک بو،کەتەحەمولی ڕودانی جەنگە کاولکاریەکانی کرد،ئەویش بەلەدەستدانی ملیۆنان ملیۆن لەمرۆڤ و دابەش کردنەوەی جیهان لەنێوان گشت زلهێزەکاندا. بەڵام پێگەی گشتی کۆمەڵگەکان لەوڵاتانی خاوەن پیشەسازی گەورەداو ئاستێک لەچونەسەری کۆی گشتی هۆشیاریەک کەبونی هەیە،هەروا پێناچێت بەئەندازەی سەردەمی ڕابردوی هەردوجەنگ ئاسان بێت،دەست ببرێت بۆ بەرپاکردنی جەنگێکی گەورەی نێونەتەوەی. چونکە لەلایەک،پێگەی تەکنەلۆجیای سەربازی وەحشیانە بەشوێنێک گەیشتوە توانای وێرانکاری و نابوت کردنی هەیە،کەهیچ گەرەنتیەک بونی نیە تابتوانرێت پێگەی خودی سیستەم و ڕابەرایەتیەکانیان پارێزراوبێت،بۆیە، هەرچۆن شرۆڤە و بەدواداچونێک بکرێت،ئاوا جەنگێکی گەرم قابیلی ڕودان نیه،بەڵکو پێدەچێت،جەنگەکە،بەشێوازی نەرم بڕواتە پێشەوەو جارێکیتر قۆناخ بۆ کێبەرکێی نێوان زلهێزان پێویستی بەڕێکخستنەوەیەک هەبێت لەهاوسەنگی هێزو دابەشکردنەوەکاندا. گەر جەنگەکەیش ڕوبدات،ئەوکات پێناچێت کۆمەڵگەکان هەروا دەستەوەستاو بن و یان پشتگیری لەدەوڵەتەکانیان بکەن،بەڵکو وایدەبینم،زۆر خێرا هەلومەرجەکان دەبنە دەرفەت و قۆناخێک بۆ دەست بردنی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی.

جەنگێک لەوڵاتانی ڕۆژهەڵات بونی هەیە،دەرئەنجامی لاوازی پێگەی هۆشیاری گشت گۆمەڵگە بەیان دەکات کەناتوانن دژی بوەستنەوەو بیوەستێنن،بۆیەش تائێستا توانراوە درێژەی پێبدرێتو لەهەمانکاتیشدا،ئەو جەنگانەی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵات و باکوری ئەفریکاو وڵاتنێکیتری ئەفریکادا بونیان هەیەو وەگەڕخستنیان زۆر قورس نیە تادواجار بەزەرەرو دەست بردنی کۆمەڵگەکان بۆ بەرپاکردنی شۆڕشێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بشکێتەوە کەلەزەراری خودی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بشکێتەوە،بەوەکالەتەن جەنگی نێوان زلهێزانی جیهانە.
ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەگەڵ ڕوبەڕوبونەوەی شکستەکانی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵات و ئەفغانستان،بەهەمان ئەندازەیش کاریگەری پێگەکەی لەسەر وڵاتانی ئەوروپایش دادەنێت،هەربۆیە یەکێتی وڵاتانی ئەوروپایش لەبەردەم لەرزینێکی گەورەدایە. هەیمەنەی پێگەی ڕوسیا،لەڕوی سەربازی و ئابوریشەوە،بەئەندازەیەکە،چیتر ئەمریکا ناتوانێت وەک زلهێزێکی بێ ڕکابەر بونی هەبێت. وڵاتانی ڕۆژهەڵات لەسوریاوە تا لیبیا،نمونەیەکی ڕۆشنن لەم نێوەدا،کەبەچ ئەندازەیەک ململانێکان لەنێو پەلامارو داگیرکاری و کڕین و فرۆشتنێکدان!

لەگەڵ ئەوەیشدا،قۆناخ بەجۆرێکە،بێقەیران نابێت و هەر ڕۆژە مرۆڤایەتی لەنێو لێواری بێگەرەنتی ژیانکردندا،بونی دەبێت. یانی ئەم سەدەیە،لەگەڵ پێشوەچونی زانست و پێگەی بەرهەمهێنانی خێرا لەگشت بوارەکاندا،هێشتا بەشێکی گەورە لەمرۆڤ ڕۆژانە لەبەردەم برسێتی و لەناوچوندایە،لەکاتێکدا،کۆگاکان بەئەندازەیەک پڕ لەبەرهەمن،کەزیاد لەبونی پێویستی ڕۆژانەی مرۆڤەکانە. کاتێک نایەکسانی دەبێتە سروشتی بەڕێوەبردنی ژیانی نێو کۆمەڵگەکان،ئەوکات،ململانێ و دژایەتی و جەنگ بونی دەبێت.مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی کێشمەکێش و ململانێ چینایەتیەکان بوە. قۆناخی ئێستایش درێژە پێدەری ئەو مێژووە دورودرێژەیە،بەڵام تاگەشەی کۆمەڵگەکان لەڕوی بەرهەمهێنان و داهێنان و زانستەوە بچێتەپێشەوە،بەو ئەندازەیەش هۆشیاری گشتی کۆمەڵگەکان و هۆشیاری سیاسی چینایەتیش لەگەڵیدا دەچێتە پێشەوە،سیستەمی سەرمایەداری خۆی بەرهەمهێنەری ئاوا قۆناخکیش دەبێت،یان دەبێت خۆی و گشت مرۆڤایەتی لەڕێی جەنگێکی نابوت بونەوە لەنێوبەرێت،یان هەرچۆنێک بێت،قۆناخ دەگاتە ساتێک مرۆڤایەتی بەناچاری دەست دەبات بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتای هێنان بەقۆناخی چەوساندنەوەی چینایەتی و لێسەندنەوەی قۆرخکاری و داگیرکاری کۆی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان لەژێرچنگی چینێکی کەمایەتی و وەدەستەوەگرتنی کۆمەڵگە خۆی بۆ ئەو هۆکارە ژیانیانەو خۆبەڕێوەبردنێکی هەرەوەزیانە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا،ڤایرۆسی جەنگ و ململانێی نێوان شەریکات و دەوڵەتانی جیهانە لەدژی یەکتری و تاقی کردنەوەی پێگەی کۆمەڵگەکانیشە لەوەی تاچ ئاستێک دەتوانێت تەحەمولی ئەم بەربەریزمەی سەرمایەداری بکات. بێگومان کاتێک زۆرینەکە نەبنە خاوەن ئەڵتەرناتیڤێک بۆ جێگرتنەوە بەسیستەمی باو،ئەوکات،وەک هەر قۆناخێکی پێشوی مرۆڤایەتی و بڵاو بونەوەی درمە جۆراوجۆرەکان،تەحەمول دەکرێت و بڕێک لەناودەچێت و بڕێکیش دەمێننەوە. ڤایرۆسەکان مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت،نەک ئەوەی لەبان سروشتەوە هێنرابێت،وەک ئەوەی لەم قۆناخەدا مەلاکان بانگەشەی بۆ دەکەن کەئەوە حۆڵەی خودایە لەوڵاتانی کافرو وڵاتێکی وەک چینیش بەتایبەتی.گەمژەییەتیش بەو ئەندازەیە بونی هەیە،گەرچی مەلاکانیش پارێزەری مانەوەی سیستەمی باوی چەوساندنەوەی مرۆڤبەدەستی مرۆڤەوەن.

تاهیر حاجی حەسەن
01/03/2020




ناڕەزایەتیەکان لەعێراق و لوبناندا بەرەو کام ئایندە هەنگاو دەنێن؟ … تاهیر حاجی حەسەن

هەلومەرجێک لە عێراق و لوبنان دا،دەگوزەرێت،پێشینەیەکە بۆ کۆتای هێنان بەحکومەتی باوی خۆ دوبارە کردنەوە لەباوکەوە بۆ نەوە،وەلەلایەکیترەوە،کۆتای هێنانە بەدەسەڵاتی میلیشیای و میلیشیای مەزهەبی و دینی و قەومی.
بێگومان کۆی ئاڵوگۆڕەکان،پاڵنەرە سەرەکیەکەی بۆ هاتنە مەیدانی ملیۆنی لەمرۆڤی زەحمەتکێش جێگەو پێگەی ژیانێکە کە شایستە بەمرۆڤی ئەم چاخە نیە،یانی پاڵنەری سەرەکی پێگە ئابوریەکەیە کەدابەشکاریە چینایەتیەکە هۆکاری سەرەکیەتی. بۆیە دەڵێم ژیانێک کە شایستە بەم قۆناخە نیە،چونکە ئاستی پێشکەوتنی زانست و داهێنان و بەرهەمهێنان لەشوێنێکدایە کەتوانای دابین کردنی ژیانی شایستەی بەپێی قۆناخ هەیە. بەڵام کاتێک ژیانی چینەبەرهەمهێنەرە زۆرینەکە دەبینین،هیچ کات گونجاو نیە بەم سەدەیە. پێگەی چینایەتی و دابەشکاری ناڕەوایانەی چینەچەوسێنەرەکان لەدابەش کردنی کاری کۆمەڵایەتیدا بۆخۆی پێکهێنەری کۆی ناهاوسەنگی و ناڕەزایەتیە ملیۆنیەکانی جەماوەری زۆرینەیشە لەنێو کۆمەڵگەکاندا.

سامانێکی زۆر کۆ بوەتەوە لەدەستی چینێکی کەمایەتیدایەو لەو بەریشەوە هەژاریەکی بێشوماری ڕیز کردوە.(وتەی مارکس). کەواتە،دەبێت کام دەستی دەرەکی لەپشت هەر ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانێکی چینی کرێکارەوە بێت،گەر تەنها خودی سیستەمی سەرمایەداری نەبێت؟
ئایندەی ئەم هەلومەرجانە بەکوێ دەگات،ئەوە تەنها و تەنها پەیوەستە بەمەدی چونە پێشی ڕێکخستنی هۆشیاری سیاسی چینایەتی چینە زۆرینەکە لەکۆمەڵگەدا،یانی تاچەند،ئەو چینەکۆمەڵایەتیە زۆرینەیە پێگەکەی خۆی ڕێکخراو بکات،بەو ئەندازەیەش دەتوانێت ئەمڕۆ و سبەی بۆخۆی مسۆگەر بکات. گەر پێچەوانەیش بێت،ئەوا، هەلومەرجەکان پێدەچێت بەشێوازێک ئاراستە وەرگرێت،کەڕێگە خۆش بکات بۆ هاتنە سەر حوکمی چینێکی بۆرژوازی دور لەهەیمەنەی زاڵی مەزهەبی و دینی و قەومی،لەکاتێکی وایشدا،دیسانەوە کۆی داخوازیە ڕەواکانی زۆرینەکە دەچێتە گیرفانی چینێکی نوێی چەوسێنەرەوە. بۆیەش لەلایەک گرنگە،هێزە ملیۆنیەکەی جەماوەری ناڕازی ڕێگە نەدات لایەنە خوێن ڕێژە چەوسێنەرەکان ئاراستەکان بەرەو ئاراستەی شەڕی چەکداری ببات لەناوخۆی وڵاتدا.

سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریە لە عێراق و لوبناندا،لەلایەک دەبێتە قۆناخی وەرچەرخانێکی گەورەو لەهەمان کاتیشدا دەتوانێت دەست کۆتای کۆی ئەو هێزانە بکات کەلەئێران و دەوڵەتانی ناوچەکەو زلهێزانەوە کۆمەک دەکرێن،وەدیسانەوە دەتوانین بڵێین لەسەر کەوتنی ئەم خۆپیشاندانە مەزنەدا کۆتای بەدەسەڵاتی ڕەشی مەزهەبی و قەومی چینەچەوسێنەرە دەسەڵاتدارەکان بهێنێت و پریشکیشی بپەڕێتەوە بۆ وڵاتانی ناچەکە،بەتایبەتیش بۆ ئێران.
کۆی چینەچەوساوە زۆرینەکە بەهەمو مانایەک تێر بوە لەوەهمی مەزهەبی و دینی و قەومی و دەسەڵاتێک لەمێژووی ڕەشیاندا هەیانبوە لەبەرانبەر ئەو زۆرینەیەدا. بۆیە تاقە ئەڵتەرناتیڤێک کە زانستی و گونجاو بێت بۆ ئەم هاتنە مەیدانە مەزنە،کۆڵنەدان و بەرزکردنەوەی دروشمی سۆسیالیستیانەیە. ئەم ئەڵتەرناتیڤە ناکرێت سڵی لێ بکرێتەوە،بەپێچەوانەوە،دەتوانرێت زۆر بەگەشبینیەوە باوەشی بۆ بکرێتەوە. کاتێک میدیای باوی بۆرژوازی چینەچەوسێنەرەکان،پاگەندەی ئەوەی بۆدەکەن کەدەستی ئەمریکاو ئیسرائیل و کێ و کێی لەپشتەوەیە،ئەو پاگەندانە تەنها بۆ ئەوەیە کەهەقانیەت بدەن بەخۆیان و دەست بکەن بەکوشتاری وەحشیانەیان.

گەر زۆرینە لەکۆمەڵگەدا خاوەن ژیان و کاری شایستەو خاوەن پارێزراوی حورمەتی مرۆییانەی خۆیان بن،چ دەستێکی دەرەکی دەتوانێت کۆمەڵگە بشێوێنێت و شەق لەو ژیانە شایستەی خۆیان هەڵدەن و ژینگەو پێگەی خۆیان وێران بکەن؟
کۆی دەوڵەتداران جا تاک حزبی بوبێت یان فرە حزبی بوبێت،تائێستا،سەربەچینەچەوسێنەرەکەی بۆرژوازی بون و پارێزەری مانەوەی ئەم سیستەمە دڕندەیەی سەرمایەداری جیهانی بون،ئیتر دەرهاویشتەکان بەغەیری ناکۆک بونی نیزامی سەرمایەداری بەژیانی مرۆڤایەتی چ شتێکیترە؟ بێگومان،ململانێی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداری و خواستی شەریکاتە زەبەلاحەکانیان لەقۆرخ کاری و گەڕانیان بەشوێن بازاڕ دۆزینەوە بۆ کاڵاکانیان و ەدەست خستنی مەوادی هەرزانی سەرەتایی بۆ نێو پێگەی بەرهەمهێنان و دواجار وەدەست خستنی قازانجی زیادەو کەڵەکەی زیاتری سەرمایە،مێژوویەکی کۆنی هەیەو تائەم چرکەساتەیش ئەو مێژووە دوبارەدەکەنەوەو برەو بەچەوساندنەوەی چینایەتی و هەڵگیرساندنی جەنگ و وێران کاری دەدەن.

کۆی دەوڵەتانی ناوچەکە لەنێو قەیرانی قوڵدان،کەئەو قەیرانانەیش ڕەنگدانەوەی هەیمەنەی پێگەی قەیراناوی گەورەی زلهێزانی ئیمپریالیزمی جیهانیە،بۆیە کاتێک لەشوێنێکدا،جەنگ و وێرانکاری دەبینین،ناکرێت تەنها لەدیدێکی محەلیانەوە لێی بنواڕین،بەپێچەوانەوە،هەرلەوکاتەدا،دەبێت لەدیدێکی جیهانیەوە خوێندنەوە بۆ هەر قەیران و جەنگ و ناڕەزایەتیەک بکەین. چونکە،خودی پێگەی سیستەمی سەرمایەداری قۆناخێکە کۆتای هێناوە بەدیدێکی ناۆچەگەریانە یان نەتەوەییانە. هەر لەم تێکهەڵکێشیە جیهانیەشەوە دەتوانین خوێندنەوەیەکی سەرکەوتوانەمان هەبێت بۆ ڕوداوگەلێک کەلەناوچەکەدا بێت یان لەکیشوەرێکیتر بێت کە ڕودەدەن.
ئەم قۆناخەی لەسودان و یەمەن و سوریاو عێراق و لوبنان و وڵاتانی دیکەدا هەیە،پەیوەستەو ڕەنگدانەوەی کۆی ململانێ دڕندەکانی نێو خودی جیهانبینی نیزامی سەرمایەداریە،هەربۆیەشە خەبات شۆڕشی کرێکاریش بەهەمان شێوە دەکرێت ڕەنگدانەوەی پێگەی جیهانی چینی کرێ وەرگر نیشان بدات.

هەرچ ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە لەهەر پونتێکی ئەم سەرزەمینەدا ڕوبدات،دەتوانێت کاریگەری خۆی بخاتە سەر دەرەوەی سنورە بۆ دروستکراوەکانی و ببێتە هۆکارێکیش بۆ هاوپشتی چینایەتیانە و بەردەوامیدان و برەودان بەبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەپونتەکانیتریشدا،جاناوچەیی بێت یان جیهانی.
هیچ ڕێگە چارەیەک بۆ چینەشۆڕشگێڕە زۆرینەکە بونی نیە لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا،بەغەیری کۆتای هێنان نەبێت بەخودی سیستەمی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگەی یەکسان کەکۆی ئامرازە سەرەکیەکانی بەرهەمهێنان بخاتە ژێر دەستی خۆی و کۆتای بەکۆی نەزم و یاساو ڕێسایەک بهێنێت کەتائێستا لەخزمەت و بەرژەوەندی مانەوەی چینێکی چەوسێنەری قۆرخ کاردا بوە.

تاهیر حاجی حەسەن
31/102019




ناڕەزایەتیەکان لەعێراقدا،بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟ … تاهیر حاجی حەسەن

بەگیان،بەخوێن،گیان فیداتین ئەی عێراق،دروشمێکی لێڵی ناسیۆنالیستانەیە و لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەکار دەهێنرێت. نیشتیمان کاتێک ڕزگاری دەبێت کەکۆتای هێنرابێت بەدەسەڵاتی چینێکی چەوسێنەری قازانج پەرست. لەکۆی ئەم سەرزەمینەدا،مادام چینێکی چەوسێنەر بونی هەیەو هێزوئیرادەی چینێکی بەرهەمهێنەر بەکاردەهێنێت لەپێناو قازانج و کەڵەکەی سەرمایەدا،کەوایە،لەوێدا سروشتیش یان ئەو شوێنەی ناوی نیشتیمانی لێنراوە،ئەویش داگیرکراوە لەلایەن ئەو چینەی دەسەڵاتی بەدەستەو پارێزگاری لەمانەوەی خاوەندارێتی تایبەت دەکات.

کێشمەکێش و ململانێکان لەعێراقدا،دەرهاویشتەی کۆی ململانێ چینایەتیەکانە و لەم نێوەشدا پێگەی ئابوری و ئیستیغلال کردنی ئەو پێگەیە لەپێناو بەرژەوەندی چینێکی چەوسێنەری دەسەڵاتداردا،ئیتر لێرەوەیە پێگەی سیاسیەکەیشی ناجێگیر دەبێت. نابەرچاو ڕونی چینەهەژار کراوەکە لەوەی لەڕوی هۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیەوە ئاشنانیە،یان خۆی نامۆ دەبینێت لەبەرانبەر پێگەی کاردابەش کردنی چینایەتیانەدا،ئەوا لەوێدا،دێت و بانگی ناڕەزایەتیەکانی بەو جۆرە دروشمانە دەدات بەگوێی دەسەڵاتداراندا،بێ ئەوەی بزانێت،ئەو بانگدانە،دەکرێت لەسبەینێی هەر ئاڵوگۆڕێکیتردا دیسانەوە چینێکیتر هاوشێوەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا بێن و جارێکیتر چینەهەژار کراوەکە بخەنەوە نێو هەمان پێگەی ئێستای.

دروشمی سیاسی و واقعی و چینایەتیانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان تەنها بەدەنگ هەڵبڕینە بۆ هێنانەوەی ناوی سۆسیالیزم و کۆتای هێنان بەکۆی سیستەمی سەرمایەداری. چونکە تەنها بەکۆتایهێنان بەم سیستەمە دڕندەیە،دەتوانرێت کۆی نیشتیمان و سروشت و ژینگەیش ئازادو ڕزگار بکرێن.
ناڕەزایەتیەکان،بەهەمو خوێندنەوەیەک،ناڕەزایەتیەکی چینایەتیانەیەو تاچەند ئاستی ڕێکخراوبونیەکەی بچێتەپێشەوە،بەو ئەندازەیەش،دەتوانێت پێگەی دڕندانەی دەسەڵاتەکەیش بلەرزێنێت. بێگومان،لەم سەردەمەدا و لەغیابی بزوتنەوەی سیاسی چینایەتیانەی خودی چینی کرێکار لەجیهاندا، ئیتر وادێتە پێش چاو،کەسۆسیالیزم تەنها خەونێک بو،کۆتای پێهاتوە،یان تەنانەت ناوهێنانەکەیشی کراوە بەجۆرێک لەشەرم،بەڵام گەر مرۆڤ بەدیدێکی قۆڵەوە لەم حاڵەتە تێبگات،باش دەزانێت،کەسۆسیالیزم،تەنها ئەڵتەرناتیڤێکی واقعی وزانستیانەیە دەتوانێت کۆتای بەسیستەمی چینێکی چەوسێنەر بهێنێت،خودی ئەم چینەچەوسێنەرەیش باش لەو ترسەی لەو ئەڵتەرناتیڤە تێگەیشتوە،بۆیەش،هەمیشە ئەرک و کاری ئەوەیە،کەچینەچەوساوە بەرهەمهێنەرەکە دور بخاتەوە لەو ئەڵتەرناتیڤەو هەمیشە لەڕێگەی میدیاو ڕیکلام و پێگەی پراتیکیانەیەوە،کار لەسەر هەلومەرجێک دەکات،کەپێمان بڵێت،ئەوە خەتای سیستەمەکە نیە کەژیانی چینێک خراپەو ژیانی چینێکیتر باشە،بەڵکو خەتا،لەجۆری دەسەڵات یان کەسی یەکەم یان حزبەکەوەیە. ئەم پاگەندانە ڕۆژانە دەبیستین،بەڵام ئاخۆ لەڕاستیدا وایە؟ بێگومن نەخێر. ئەم جیهانە بەکۆ،جمەی دێت لەململانێی چینایەتی و کۆی سیستەم و دەسەڵاتەکانیش،بەکۆ،لەپارێزەری و مانەوەی ئەم سیستەمە چینایەتیەدان. بەڵام تاکەی؟ بێگومان،خەون نیە بڵێین ئەم سیستەمە دەتوانرێت کۆتای پێ بهێنرێت و سیستەمی سۆسیالیستی زانستیانە بخرێتە جێگەی. ئەویش بەرهەمی خودی پێگەی نەگونجاوی سیستەمی سەرمایەداریە. ئەم سیستەمە ناتوانێت یەکسانی بەرقەرار بکات،هەربۆیەش،ئێمە شێوە ژیانێک پراتیک دەکەین،کەشێوە ژیانی جەنگەڵستانەیە.
هۆشیاربونەوەی سیاسی چینایەتیانە،ئەو دەست کەوتە گەورەیە بۆچینی چەوساوە،کەدەتوانێت بەر دیدی ڕوناک بکاتەوەو کۆی دیمەنەکە بەتێری ببینێت،هۆشیار بونەوەی چینایەتیانەش،هەربۆخۆی،وەحیەک نیە لەدەرەوە بگات بەچینی چەوساوە،بەڵکو،ڕۆژانە و لەو شێوە ژیانەی هەیەتی پێی ئاشنا دەبێت،بەڵام ناگاتە قۆناخێک کەتەواو بەرچاوی ڕوناک ببێتەوە،هەربۆیەشە،حزبی پێشڕەوی خۆی پێویستە.

حزبێک،کەبتوانێت،جەسورانە،پێشڕەوایەتی ئەو چینەکۆمەڵایەتیە زۆرینەیە بکات،کەکۆمەڵگە پێک دەهێنێت. لەکۆی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا،وڵاتێک نابینینەوە،کەلەناوەخۆیدا قوڵپەی تەقینەوەی چینایەتیانەی لێ نەکرێت،هەربۆیەشە،لەڕێی کۆی دەسەڵات و دەوڵەتان و سیستەمی باوی سەرمایەداریەوە،بەردەوامی دەدەن بەجەنگ و قەیرانەکانیان دەگوازنەوە بۆ ئەو کیشوەرەی هێشتاکە،ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی چینی کرێکار لەشوێنێکدا نیە،کەبڵێین ئەمڕۆ دەست دەبات بۆ شۆڕشی کرێکاری خۆی،بەڵام هەر خودی ئەم هەلومەرجەناجێگیرەی نێو ململانێو بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیە جیاوازەکانی سیستەمی سەرمایەداری،هەنگاوەکانی بەرەو کۆتای خۆی دەیبات. ئاستی پێشکەوتن و زانست،لەجێگەیەکدایە،کەمرۆڤایەتی،دەخاتە بەردەم دو ئەگەرەوە،یان بەربەریزم،ئەویش برەودانە بەم جەنگەڵستانە،یان هەڵبژاردنی سۆسیالیزمە وەک ئەڵتەرناتیڤی واقعی و زانستی و کۆتای هێنان بەکۆی ئەو پایانەی تائێستا سیستەمە چینایەتیەکانی لەسەر بنیات نراوە.

تاهیر حاجی حەسەن07/10/2019




فەرمانبەران و کرێکاران کێن؟ … تاهیر حاجی حەسەن

فەرمانبەر هەر ئەندامێکە لەخودی چینی کرێکاران، چونکە،ئەویش بەشێکە لەهێزی کارو ڕۆژانە دەبێت لەڕێی مێشک و جەستەیەوە چەندین کات ژمێر لەژیانی خۆی بدات بەخاوەن کارەکەی،جالەهەر بەشێک و هەر پیشەیەکدا بێت،تائەوەی دواتر خاوەن کارەکەی بڕێک پارەی پێبدات،تابژێویەکی مام ناوەندی پێ پەیدابکات. ئەوی ناوی فەرمانبەری داهێناوە،خودی دەوڵەتدارانی سەربەچینەچەوسێنەرەکان بون،تالەو ڕێگەیەوە،جیاوازی بخەنە نێو خودی کۆی چینێک کەدەچەوسێنرێتەوەو خودی ژیانیش تەنها لەلایەن ئەو چینەبەرهەمهێنەرەوە ڕۆژانە هەڵدەسوڕێنرێت.
گەر خودی ئەو زۆرینەیە نەبێت،ئەوا ژیان دەوەستێت و کۆی جومگە سەرەکیەکانی ڕۆژانەی ژیان بردنەپێشەوە توشی تێک شکان و ئاڵۆزی دەبێت.

دابەش کردن و پارچەپارچەکردنی چینەبەرهەمهێنەرەکان بەپێی پیشەو نیڤۆکانیان،تەنها لەپێناو قازانج و بەرژەوەندی مانەوەی چینەدەسەڵاتدارە چەوسێنەرەکاندایە،نەک ئەوەی فڵانە ڕشتە نیڤۆکەی بەرزەو ئەوی خوارتر لەو دەبێت چاولەدەستی خاوەن بڕوانامە بەرزەکان بێت. کاتێک دەرفەت دەڕەخسێنرێت بۆ کۆی تاکەکان و پەروەردەیەکی زیندو فێری تاکەکان دەکرێت،هەرئەوکاتە دەتوانرێت کۆی مرۆڤەکان لەئاستێکی هۆشیارو خاوەن چالاکی مێشکی کراوەدا بەرهەمبهێنرێت.

جاتائەو چینە یەکگرتو ڕێکخراو نەبێت،هەمیشە لەلایەن دەوڵەت و حکومەتی بۆرژواکانەوە،ڕسوا دەکرێت. حزبە جۆراوجۆرەکان و میدیاکان بەگشتی و بەشێوەیەکی،کۆ،بەشێکن لەپارێزەرانی سیستەمی چینەچەوسێنەرەکان. ئەوی ڕۆژانە ژیان هەڵدەسوڕێنێت،خودی چینەداراو بۆرژواکان و دەسەڵاتەکانیان نیە،بەڵکو ئەوە خودی ئەو ملیۆنان لەمرۆڤە کارگەرو بەرهەمهێنەرانەن کەهەر بەشەو لەبوارێکدا ژیان ڕێک دەخەن و برەو بەبەردەوامی دانیەکەی دەدەن.
دەسەڵاتی ئەحزابی ناسیۆنالیزم – دینی کوردی و عەرەبی بۆخۆیان مێژوویەکە،چینی چەوساوەو کرێکاری عێراق و هەرێم دەڕەتێنن و دەیچەوسێننەوە،ئەویش تەنها لەپێناو خۆیان و سیستەمی دەوڵەتداریەکەیاندایە. کرێیەک کەدایان ناوە بۆ ئەو بەشەی بەناوی فەرمانبەرەوەیە تادەگات بەنادیاری هەقدەستی کرێکارانێک ڕۆژانە لەمەیدانی کاردان،تەنها بەئەندازەیەکە،کەهیچ کات نەتوانن بژێویەکی شایستە بۆ خۆیان و مناڵەکانیان دابین بکەن،مەگەر ئەوەی تەنها بەشی ئەو بژێویە بکات کەنەمرن و بتوانن بەردەوام نەوە بخەنەوەو بیخەنە خزمەتی چینی بۆرژواکان و دەرەبەگەکان.
ئەم سیستەمی سەرمایەداریە،کەلەڕێی تۆڕە ئاڵۆزەکانیەوە،کەوەک تۆڕی جاڵ جاڵۆکە وایە،هەمیشە و بەردەوام لەپلان و بەرنامەڕێژیدایە،تەنها و تەنها،تائەوەی ئەو چینەبەرهەمهێنەرە زەبەلاحە پچڕ پچڕ کراوە،بەئاگانەیەتەوەو نەیپەرژێتە سەر ئەوەی پچڕانەکەی خۆی گرێ بداتەوە بەدەوری خۆیدا.

هەمیشە دەتوانرێت کار بۆ کۆی مرۆڤەکان دابین بکرێت و هیچ کەس بێکارو بێ ژیان نەبێت،بەڵام سیستەمی چینەچەوسێنەرەکان بەردەوام بەپێچەوانەی ئەو خواستەوە کار دەکەن و بەردەوام سوپایەک لەبێکار جێگیر دەکەن و بێ ژیان دەیانهێڵنەوە،تائەوەی لەلایەک بیان کەن بەکێبەرکێ کاری ئەو بەشەی کاریان هەیەو لەجومگە جۆراوجۆرەکاندا ڕۆژانە ژیان هەڵدەسوڕێنن،لەلایەکیترەوە،بەهێشتنەوەی سوپایەک لەبێکار،خودی حزب و دەوڵەتدارانی چینەبۆرژاکان،زۆر بەئاسانی و بەتێچویەکی زۆر کەمەوە،ئەو سوپا لەبێکاران دەخەنە خزمەتی مانەوەی دەوڵەتەکانیان و بۆ مانەوەی خۆیان بەکاریان دەهێنن،جا لەڕێگەی بەسەربازی کردنەوە بێت یان بەپۆلیس کردنیانەوە بێت تادەگات بەقۆناخێک،ئەو سوپا لەبێکاران،بەمەمنونیشەوە ئامادە بن،کەحکومەت هەرچ ئەرکێکیان پێ بسپێرێت بۆیان جێ بەجێ بکەن. هەروەک ئەو هەلومەرجە دژوارەی لەعێراق وهەرێم و وڵاتانی ناوچەکەو جیهانیشدا بونی هەیەو نمونەی زیندون.

سیاسەتی حکومەت و دەوڵەتە سەرمایەداریەکان،لەقۆناخە جۆراوجۆرەکانی مێژووی دەسەڵاتداریەتیاندا،هەمیشە،قەیران و گێژاویان بەرهەمهێناوەو ڕێگەیان نەداوە کەئابوری و بەرهەمهێنان پێش بکەوێت و بچێتە ئاستێکەوە،کەببێتە مایەی سەرئێشە بۆیان و کارێکی وابکات کەببێتە هۆکارێک بۆ خۆ هۆشیار کردنەوەی چینەچەوساوە بەرهەمهێنەرەکان. بۆیە،قەیرانە ئابوری و دارایەکانیش کەهەر چەند ساڵ جارێک دەبینرێت و ڕودەدات،لەسەپاندنی کارێکی قەدەر ئاساو ئەزەلیەوە نیە،بەڵکو پەیوەندی بەخودی سیستەمی سەرمایەداری و کێبەرکێی نێوان دەوڵەتان و شەریکاتە قۆرخ کارەکانیان و بازاڕو ئەو سودو قازانجانەوە هەیە،کەدەیانەوێت بەدەستی بهێنن.
لەکاتی قەیرانەکان و کۆتای قەیرانەکانیشدا،جائابوری بێتن یان هەڵگیرساندنی جەنگ بێت لەنێو دەوڵەتاندا،تەنها،ئەوی سود مەند دەبێت،خودی سیستەمەکەیە،هەندێک جار ڕودەدات،لەڕێگەی قەیرانێکی ئابوریەوە یان جەنگێکەوە،دەوڵەتێک یان حکومەتێک بڕوخێنرێت یان هەڵبوەشێنرێتەوە،بەڵام ئەوی نەیان هێشتوە لەناو بچێت خودی سیستەمی باوی سەرمایەداریە بوە،وەزەرەرمەندی گەورەو باجدەری گەورەی نێو کۆی مێژووی قەیرانەکان و جەنگەکان،تەنها،هەر چینەچەوساوەکان و مرۆڤە بەرهەمهێنەرە واقعیەکان بون.

ڕێکخراوبونی چینی کرێ وەرگرەکان،کەناوی کرێکارو فەرمان بەر یان فەرمان جێبەجێکاریان پێ بەخشراوە،تەنها کارێکە،دەتوانێت کۆتای بەژیانێک و سیستەمێک بێنێت،کەبۆ هەرچرکەیەک ژیانی ئەمی خستۆتە بەردەم لێژبونەوەو تێک شکانەوە. سیستەمی چینەچەوسێنەرەکان ئەبەدی نین،بەڵکو ئەوی دەتوانێت ئەبەدی یان بۆهەتایە بونی هەبێت خودی مرۆڤ و کۆتای هێنانیەتی بەبونی سیستەمێک کە پێک هاتبێت لەچینێکی سەرووارو چینێکی ژێر دەستە. بۆ هەر ساتێک بێت،مرۆڤایەتی و خودی چینەبەرهەمهێنەەکە،کۆتای بەم جەنگەڵستانە دەهێنێت،کەبەرهەمهێنەرەکەی تەنها خودی ناهۆشیاری سیاسی چینەچەوساوەکانە کارێکی وای کردوە،جەچینێکی چەوسێنەری دڕندە بکاتە حاکم وەکیلی خۆی. دەوڵەت و پێکهاتەکانی دەوڵەت،بەکۆ تەنها لەپێناو مانەوەی چینەچەوسێنەرە حاکمەکاندا دروست کراون یان بنیات نراون.

تاهیر حاجی حەسەن
10/03/2019




بۆچی پیاوی کورد ژن دەکوژێت؟ … تاهیر حاجی حەسەن

کوشتنی ژنان لەژێر هەرچ پاساوێکدا بێت،نیشانەی دڕندەی و ناهۆشیاری بکوژو کۆی کۆمەڵگە دەگەیەنێت.
لەزۆربەی وڵاتە دواکەوتوەکاندا ئیتر هەر وڵاتەو بەپێی قۆناخێک تێیدا بوە لەڕوی ئاستی شێوە ژیان و شێوازی بەرهەمهێنانەکەیەوە لەڕوی ئابوری و سیاسیەوە،ڕەنگدانەوە یان کاریگەری هەبوە لەسەر کۆی پێگەی هۆشیاری کۆمەڵگەکانیان. کەسێتی ژن لەو نێوەدا،هەمیشە زۆرترین قورسای بەرکەوتوە. چونکە خودی دەسەڵاتەکان،هێشتا،بێجگە لەوەی بەگشتی دەسەڵاتی چینەداراو چەوسێنەرەکان بون،ئاستی چەوساندنەوە چینایەتیەکە،دوجار بەر کەسێتی ژن کەوتوەو هیچ بەهایەک بۆ خودی کەسێتیەکەی و ئەو ڕەنجە زۆرەی کێشاویەتی دانەنراوە،هەمیشە کەسێتی ژن لەنێو هەیمەنەی کەسێتی پیاودا ڕەنگی داوەتەوە،یانی،ئەوەی پیاو ویستویەتی یان خواستویەتی،دەبوا،ژن بۆی جێبەجێ بکات،لەئەرکی ماڵ داریەوە تادەگات بەخستنەوەی نەوە یان جێبەجێ کردنی چێژی سێکسی. ئەوەی بەگشتی لەم نێوەدا غائیب بوە خودی خۆشەویستی ڕاستەقینە بوە. چونکە خۆشەویستی تەنها کاتێک لەدایک دەبێت کەچیتر لەوێدا ژن ژن نەبێت و پیاو پیاو نەبێت،بەڵکو هەردولا بوبێتن بەمرۆڤ. گەیشتن بەکەسێتی بەمرۆڤ بون،لەدەرەوەی کۆی ئەو پەروەردەو کەلتورە باوانەوەیە کەبەرهەمهێنەرەکەی سیستەمە چینایەتیەکەی چینەچەوسێنەرەکانە.

کۆی مێژوویەک کەتێیدا دەسەڵات لەدەستی چینێکی کۆمەڵایەتی زاڵ و چەوسێنەردا بوبێت،لەوێدا،بەهایەک بونی هەبێت،بەهای زاڵی مادی و کڕین و فرۆشتن و قازانج و پاراستنی بەرژەوەندی و هەیبەتی زاڵی خاوەندارێتی تایبەتە. جالەوێدایە،کەکەسێتی ژن،هەربە ئەندازەی کاڵاکان بەهای بۆ دیاری کراوە بەپێی ڕۆژو بەپێی قۆناخە یەک لەدوای یەکەکان. ئاینەکانیش بەکۆ،ئاینی دەسەڵاتدارێتی چینەچەوسێنەرەکان و ئاینی هەیبەتی پێگەی پیاو بوە،بۆیە لەوێیشدا،کۆی پێگەی ژن لەجێبەجێکەرێک و بەدیهێنەرێکی خواستی پیاو زیاتر نیەو ناشبێت. جالەسەردەمی کۆیلایەتیەوە بوبێت یان لەسەردەم و قۆناخی دەرەبەگایەتیەوە بوبێت یان لەسەردەم و قۆناخی سیستەمی سەرمایەداریەوە بێت.
ئەو کورتە پێشەکیەم وەک بەرچاو ڕونیەک بۆ بابەتەکەم نووسی،تائەوەی لێرەوە لەو دەرگایانە بدەم کەبونەتە هۆکاری بەردەوامیدان بەکوشتنی ژنان و لەکەدارکردنی کەسێتی ژنی کورد زمان.

کەسێتی پیاوی کورد،بەڕێژەیی و بەگشتیش،ڕەنگدانەوەی ئاستی قۆناخ و هەلومەرجێکی مادییە کەلەنێویدایە. یانی لێرەیشەوە بێ گومان کردن، دەبێت بگەڕێینەوە سەر شێوازی بەرهەمهێنانێکی مادی کەزاڵە لەنێو کۆمەڵگەداو دیاری کەری کۆی شێوە ژیان و قۆناخ و هەلومەرجێکە کەدەسەڵات و کۆمەڵگە و پێگە ئاینی و ڕۆشنبیری و سیاسی و پەروەردەییەکەی دیاری دەکات.

کۆمەڵگەی کوردی بەقۆناخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت،زیاتریش ئەو بەشەی ناوی باشوور یان هەرێمی کوردستانە. ئەو قۆناخە هەستیارە،لەدەستپێکی ئەحزابی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم خێڵەکی و ئاینی بەرەی ئەحزابی کوردایەتیەوە دەست پێدەکات،یانی لەساڵی 1991 وە،بەکۆی ئەو مێژووە،دەسەڵاتدارانی ئەحزابی بەرەی کوردایەتی،بێجگە لەوەی شارنشین نەبون یان زیاتر خاوەن پێگەیەکی دواکەوتوانەو کۆ برسی بون بۆ هەڵپەی گەیشتنیان بەبونی پڕکردنی گیرفانە تێرنەبوەکانیان و ناوگە برسیەکانیان بە مادی و چێژی سێکسی،بونە ئەو سەرچاوەیە،کەلەلایەک پەرە بەکوشتنی ژنان بدەن لەکاتی گەشتنیان بەشارو دەست بەسەرداگرتنی کورسیو، گوایە ئەو ژنانە لەشفرۆش بون لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا،وەلەلایەکیتر بونە ڕێخۆشکەرێک بۆ زیاتر بەبازاڕی کردنی کەسێتی ژن و بەرەوپێش بردنی مەدی چێژی سێکسی و، هەرخودی زۆربەیەک لەسیاسیەکان کاریان گەشتە قۆناخێک زیاتر تۆڵەی دابڕان و قۆناخی شاخیان لەکەسێتی ژن بکەنەوە. چونکە سیاسیەکانی بەرەی کوردایەتی هەر لەسەردەمی شاخیانەوە زیاتر بەشوێن بێ بەهاکردن و لەکەدار کردنی کەسێتی ژنەوە بون. ژن،لای ئەوان مرۆڤ نەبو،بەڵکو،ئامرازێک بوە بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی پیاوان،بەتایبەتیش پیاوانی خاوەن دەسەڵاتدار،هەروەک ئەوەی لەنێو ئاینی ئیسلام و ئاینەکانیتردا کەسێتی ژن لەئامرازێک زیاتر نەبوەو ناشبێت.

خاڵێکی گرنگتر لەم نێوەدا،ئاستی قۆناخی گواستنەوەی خێرایە،یانی بەرەوپێشچونی ئامرازەکانی گەیاندن و تەکنەلۆژیای زیرەک،ئەم قۆناخە بۆ وڵاتانێک کەخۆیان بەرهەمهێنەری کۆی تەکنەلۆژیا نوێیەکانن،بەشێوەیەک لەشێوەکان مرۆڤی زیاتر بەرەو بێکاریگەربون بردوە،چونکە ئەوی هەیمەنەو دەستی زاڵە بەسەر کۆی پێگەی ژیاندا،سیستەمی سەرمایەداری چینە دەسەڵاتدارەکانە، لەم نێوەیشدا،ئەوەی زانست پێی گەیشتوە لەڕوە زانستی و کەشف کردنی ئەو دیاردانەی تائێستا بەگومانەوە لەلایەن زۆرینەوە لێی تێڕوانراوە، کەشف دەکرێت،بەڵام پێگەو بەهاکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ چینی حاکم و هەیبەت و بەهای ئەوان،جالەم نێوەیشدا،دەبێت و گرنگیشە بۆ مانەوەی چینەچەوسێنەرەکان،کەمرۆڤەکان بەرەو کەسێتی بێکاریگەرو بەڕۆبۆت بون ببەن،جالەهەرکوێیەکی کۆمەڵگەکانی ئەم سەر زەمینەدا بێت.

خەڵکی کورد،لەم نێوەدا باجدەر دەبن وەک هەر کۆمەڵگەیەکیتر. پێش دەچێت، بەپێی قۆناخە لەدواکەوتوییەکەی زیاتر باج دەر بن و لەم نێوەیشدا،وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە،لەغیابی مانای ڕاستەقینەی هۆشیاری سیاسی چینایەتی و هۆشیاری ڕاستەقینەی خۆشەویستی، و، زیاتر بەرەوپێشبردنی بەخودای کردنی پارەو چێژی سێکسی، کەسێتی ژن،دەبێتە ئەو ئامرازەی ڕۆژانە گوێبیستی لەناوچونی ببین.

لەکەسێتی بەردەباران کردنی کچە ئێزیدی دواعاوە لەلایەن پیاوانی خێڵ و ڕەگەز پەرستی ئاینیەکەیانەوە،کۆی مێژووی پێش بەردەباران کردنی دواعاو دوای دوعاش،خۆکشتن و کوشتنی هەزاران ژنی بێ گوناح دەبینین،بێ ئەوەی کۆمڵگە ڕاچەنیبێت و پرسیارێکی لەخۆی کردبێت بۆچی ژن کوشتن برەوی پێ بدرێت؟ ئەم ڕانەچەڵکینە بۆخۆی نیشانەی مەرگەساتێکی بەردەوام و لەسەر خۆیە،سپاردنی کەسێتی کوژراو، بەوەی خودا لێی خۆش ببێت و لەگوناحەکانی ببورێت،نیشانەی بێدەسەڵاتی و ئاستی ناهۆشیاری سیاسی و بێ پەروەردەیی ئەوپەڕی کۆی تاک و کۆمەڵگە دەگەیەنێت. ئاخر ڕۆژ نیە،ئەو کۆمەڵگەیەی لەمەڕ ئێمە گوێبیستی بەناهەق کوژران و تیاچونی دەیان کەس نەبێت،ئیتر بەهۆکاری نەخۆشی کوتوپڕو یان ڕودانی پێکدادانی سەیارە لەنەبونی ڕێگەوبانی باش و شۆفێری بەئیلتیزام تادەگات بەناچار کردنی خۆکوشتنی ژنان،ئەم کۆ مەرگەساتە ڕۆژانەییە لەگەڵ کۆیەک لەنەبونی و کوناوکون کردنی پێگەی ژیانێکی سەرەتاییانە،دەبنە هۆکار گەلێک و دەرئەنجام گەلێک،کەکۆمەڵگە وەک کارێکی ڕۆتینانەی ڕۆژانەییانە لێی بڕوانێت. ئێمە گەر بڕێک هۆشیاریمان هەبێت،دەبێت بەهۆشیارو ناهۆشیارمانەوە خۆمان بدەینە بەر ڕەخنەی جیدی و هەڵوێستەیەک بکەین،لەوەی کێ تۆمەتبارە سەرەکیەکەیە لەم نێوەندەدا؟ بۆچی لەبەرانبەر هەر تیاچون و مردنێکدا تەنها دەستەواژەی خودا لێی خۆش ببێت و ڕۆحی شادبێت هەڵدەبژێرین؟ بێ ئەوەی بپرسین ئاخۆ گەر کۆمەڵگە خاوەن هۆشیاریەکی سیاسی و خاوەن پێگەیەکی بۆن بەمانا گشتیەکەی هەبێت،چون قبوڵی دەکات لەدەسەڵاتێک کەهۆکارو بەرپرسی کۆی نەهامەتیەکانیەتی ببێت و ئاوا دەسەڵاتێک بونی هەبێت؟ لەغیابی کۆیەک لەپرسیارو نەهاتنەمەیدانی گشتیدا،ئیتر تەنها بەچۆکدادان دەبینرێت.

پیاوی کورد،کە بەگشتیەکەیشی ئەو چینە چەوساوەیە دەگرێتەوە کەکراوە بەکۆیلەی نێو بەرژەوەندی چینە دەسەڵاتدارو توێژە سەرەوەییەکانی ڕابەرانی ئاینی،یان ئەو توێژە لەپیاوان کەلەنێو ئەو قۆناخەدا خۆیان دەناسێنن کەبەرگریکاری ڕابردون و دژی کۆی پێگە پێشکەوتن خوازیەکانن،ئەوانەن دەستیان هەیە لەکوشتنی کۆی ڕەگەزی مێینەدا،جائەو جۆرە لەپیاوانی کورد زمان،لەهەرێمدا بن یان لەهەر وڵاتێکی ئەوروپی دا بن،بۆ کوشتنی ژنان هیچ جیاوازیەک لەنێونیاندا نیە. ئێمه شاهیدی دەیان و سەدان کوشتنی ژنانی کورد زمان و غەیرە کورد زمانین، بەدەستی پیاوی کورد زمانەوە لەوڵاتانی جۆربەجۆی ئەوروپادا تادەگات بەهەرێمی کوردستانیش.

بەڕێزان،بەژنان و پیاوانیشەوە،کۆی پرسیارم لێرەوە دەست پێدەکات:ئاخۆ ژنان یان پیاوانی کورد زمان چۆن لەمانای ئازادی تێدەگەن یان تێگەیشتون؟ ئاخۆ ئازادی بەمانای سێکس و بەئارەزو گەشتن دەگەیەنێت لەگەڵ کەسێکیتردا کەلەڕەگەزە جیاوازەکەت بێت یان ئازادی بەمانای زیاتر ڕۆچونە نێو ڕامان و تێڕامان دەبێت لەوەی بۆچی ئێمە تائێستا خاوەن کەسایەتی سەربەخۆو ئازادی خۆمان نین؟ لای من ئازادی،بەمانای ڕۆچون و تێڕامان دێت لەوەی بۆچی هێندە ئامادەییمان تێدایە قبوڵی ئەم کۆ ناڕەوایەتی و ئەم سیستەمە جەنگەڵستانییە بکەین کەلەکۆی پێگەو بەها ئەسڵییە مرۆییەکەمانی دابڕیوین؟ ئاخر گەر ئێمە مرۆڤ بین،چۆن دەبێت جیاوازی هەبێت لەنێوان هەردو ڕەگەزەکەماندا؟ ئاخۆ گەر ئێمە مرۆڤین چۆن دەتوانین بەچەوساندنەوە بژین و قسەیەکیشمان لەسەر مانای مرۆڤ بون و خۆشەویستی ڕاستەقینەی نێوان هەردو ڕەگەزی جیاوازمان هەبێت؟ بۆچی قبوڵی ئەم سیستەمە جەنگەڵستانیە بکەین کەتەنها ئامانجی لەنێوبردنی بەهاو کەسایەتی ڕاستەقینەمانە؟

ڕاستی گەلێک بێزارم لەماناو کەسێتی خۆم تادەگات بەکۆی تاک بەتاکی کۆمەڵگەکەم،لەوەی وادێتە پێشچاو کەهێشتا ئێمە لەسەرەتای مێژووداین و هیچ قۆناخێکمان نەبڕیوە. کوشتنی ژنان بەدەستی پیاوی کورد زمان،نیشانەی ئەوەیە کەهێشتا ئێمە مرۆڤ نین،بەڵکو کۆمەڵێک دڕندەی بێ بەهاو بێ ناوەڕۆکین. ئاخر گەر دەسەڵاتدارانی بەرەی ئەحزابی ناسیۆنالیست خێڵەکی دینی کورد،تەواو گەوج بێمێشک و دەبەنگ نەبونایە،چۆن دەبو لەماوەی بیستوحەوت ساڵی دەسەڵاتدارێتیاندا تێر نەبوبێتن لەچێژی سێکسی و پارە کۆکردنەوەو نووسینەوەی مێژوویەکی تەواو قێزەون؟ مێژوویەک کەبۆچرکەیەکیش لاپەڕەیەکی سپی تێدا نابینرێت؟ مێژوویەک هەیانە،مێژووی زیاتر لەبازرگانێکی خوێڕی تەماحکار زیاتر نیە.

بۆیە،ئەرکی کۆی مرۆڤە جوانمێرو ئازادیخوازو زەحمەتکێش و یەکسانیخوازەکانە بێنە مەیدان و چیتر ڕێگە نەدەن بەکوشتنی ژنان یان بەناچار کردنی ژنان بەوەی پەنا بۆ خۆکوشتنیان ببەن. مایەی شەرمێکی گەورەیە لەم سەدەی بیستویەکەدا مرۆڤایەتی خەڵکی کورد زمان هێندە بەچۆکدا هاتبێت و هێندە خۆگێل کردن و دەبەنگی خۆی کردبێتە ئەو دروشمەی دەڵێت ئاگرە سورە لەخۆم دوربێت. مایەی سەرشۆڕی و شکست و بێحورمەتی بۆکۆی گشت ئەحزابی ناسیۆنالیست خێڵەکی و ئاینی بەرەی کوردایەتی و کۆی بەناو نووسەرو ڕۆشەنبیرو پیاوە ئاینیەکانیان کەبۆهەمیشە پیرۆزی ئەو چینەچەوسێنەرە دەسەڵاتدارە لای کۆمەڵگەی ناهۆشیارو داماو پیرۆز دەکەن.

نەفرەت لەکۆی ژنان کوژانی پیاوانی کورد زمان.
حیکمەتی ڕزگار بونی هەردو ڕەگەز لەنێو دیوارەکانی ئەم جەنگەڵستانەیەدا لەنێو هاوکاری و کۆمەکی هەردو ڕەگەزدایە بێ جیاوازی. یانی ژنانیش دەبێت بێنە مەیدان و هاوشانی پیاوانی زادیخوازو یەکسانیخواز دەست لەنێو دەست بنێن و مەیدانی خەباتی سیاسی و پێشوەچونی هۆشیاری سیاسی چینایەتیان یەک بخەن. بەبێ کارێکی ئاوەها سەرکەوتن هیچ کات بەدەست نایەت و ئەم جەنگەڵستانە بەردەوامی دەبێت و پلە دوی ژنانیش وەک خۆی هەر درێژەی دەبێت.

تاهیر حاجی حەسەن
30/12/2018




مانەوەی ئەم جەنگەڵستانە تاکەی درێژە دەکێشێت؟ … تاهیر حاجی حەسەن

کاتێک سامان لەلایەک کۆدەبێتەوە،ئەوا لەبەرانبەریشدا هەژاری بەشێکی کۆمەڵگە زیاد دەبێت.وتەی بەپێزی مارکس.
سەرمایەداری تەنها شتێک بەردەوام بەرهەمی دەهێنێتەوە کەڵەکەی سەرمایەو زێدە بەهایە. بۆیە تائەم سیستەمەیش لەسەر پێی خۆی توانای وەستانی هەبێت،تائەوکاتەیش یەکسانی لەڕوی ئابوری و چینایەتی و کۆمەڵایەتیەوە بونی نابێت.

ئابوری بڕبڕە پشتی کۆی ناکۆکیەکانە،خەتاکەیش لەخودی ئابوریەوە نیە.چونکە مرۆڤ بەبێ ئابوری و بەرهەمهێنان ناتوانێت درێژە بەبونی خۆی بدات.خەتاکە لەجۆری سیستەم و کار دابەش کردنی کۆمەڵایەتیەوەیە. خۆگەر بونی سیستەمە چینایەتیە نایەکسانیخوازەکان نەبوایە،ئەوکات ژینگەی مرۆڤایەتی دەیتوانی بەبێ جەنگ و بەبێ بونی هەژاری لەلایەک و دەوڵەمەندی بەشێکی کەم لەلایەک،بەپێزترین و بەبەهاترین ژینگەو ژیان بۆ هەمولایەک دەستەبەر بکرایە.

ململانێی نێوان دەوڵەتانی گەشەسەندو لەڕوی پیشەسازی و ئابوری و بەرهەمهێنانەوە،گەر لەسەر پایەکانی کێبەرکێیەکی دژ بەیەک نەبوایەو چونەپێشی ئاستی زانستی لەخزمەت برەو دان بوایە بۆ گەیشتنی سەرجەم کۆمەڵگەکان بەئاستی گەشەسەندنی ئابوری و بەرهەمهێنانێک کەبەپێی پێویستی و خواستی کۆمەڵگەکان بوایە،ئەوکات،ئەم جەنگەڵستانەی ئێستامان نەدەبینی.

جەنگەڵستانێک،لەلایەک بۆ بەشێکی کەم لەکۆمەڵگەکان کەلەڕوی پێشوەچونی پیشەسازی و زانست و ئابوری و بەرهەمهێنانەوە گەشتونەتە قۆناخێکی باڵا،کەچی لەبەرانبەریشدا،زۆرێکی زۆر لەکۆمەڵگەکان کەخاوەنی سامانی سروشتی وزەن، خراونەتە نێو ژینگەو ژیانێکی پڕ لەچەوساندنەوەو زیندوکردنەوەی قۆناخی هاوشێوەی کۆیلەداری. بۆیە،خەتا سەرەکیەکە لەبونی جۆری سیستەمەکەدایە،نەک لەناعەدالەتی سروشت و تواناو چالاکی مرۆڤەکان.

ئەم سەردەمەی تێیدا دەژین،لەهەر سەردەمێکی پێشوتر،دڕندانەترو وێران کاریانەترە،لەبەرئەوەی زانست و تواناکانی داهێنان و بەرهەمهێنان بەگشتی بەپێی خواستی قازانج و ململانێکانی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداری و شەریکاتە مۆنۆپۆڵەکانیانە،نەک بەپێی خواست و ئارەزوی کۆمەڵگەکان بێت. هەر لەم ڕوەیشەوەیە،کەدەتوانین بەیەقینەوە بڵێین؛مارکس لەسەر هەق بو،کاتێک کۆی ژیانی خۆی تەرخان کرد،بۆ دۆزینەوەی هۆکارێک کەلەپشت ململانێ چینایەتیەکان و کێ بەرکێ و دژایەتیەکانی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداری و سیستەمەکەیانەوەیە. تاهەیمەنەی قازانج و سەرخستنو کەڵەکەی سەرمایە مابێت،تائەو کاتەیش مرۆڤایەتی ناتونێت ڕزگاری ببێت لەجەنگەڵستانێک کەسیستەمە چینایەتیە چەوسێنەرەکان بەرهەمیان هێناوە.

شۆڕشی چینی کرێکاری کرێ گرتەو بنیات نانی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی دواچارەسەرە بۆ گشت مرۆڤایەتی،کەدەتوانێت ڕزگاری یەکجارەکی بەدەست بهێنێت. بەبێ بونی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی،کۆی ئاسۆ سیاسیەکانیتر،تەنها خەبات و سیاسەتیان بۆمانەوەی ئەم جەنگەڵستانە دەبێت.

تاهیر حاجی حەسەن
10/05/2018




جیاوازی نێوان کۆبانی و عەفرین لەدیدی ئیمپریالیزمی ئەمریکاوە لەچیدایە؟

تاهیر حاجی حەسەن …

تاقۆناخی پێش هێرشی ڕەشی داعش بۆسەر کۆبانی،کۆی ئەو ناوچانەی لەژێردەستی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا بون،جۆرێک لەئارامی و خۆڕێکخستن و ژیان بەڕێوەبردنێکی دور لەجەنگی پێوەدیار بو،بەجیاوازی لەکۆی شارو شارۆچکەو گوندەکانی سوریا،کەلەجەنگدا تێوە گلێندرابون.
بۆ سیاسەتی ئەمریکاو هاوپەیمانە تاڵان چیەکانیان کارێکی وایش گونجاو نەبو. کەلەلایەک خودی سیاسەتی پەیەدە دوور بو لەکۆی سیاسەتی باوی ناوچەکەو خاوەن ئەڵتەرناتیڤێکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانەبو،وەکاریشی لەسەر وەرچەرخانێک دەکرد کەنەک گەلان بەپێی نەتەوەو ئاین و مەزهەب لێک جودا بکاتەوەو هەروەک سیاسەتی ناسیۆنالیزمی باو چۆن خەریکی بردنە پێشی مەدی شۆفێنیزمی قەومی و دینی و مەزهەبین و بەکۆیش کار بۆ بردنەپێشی چەوساندنەوەی چینایەتی و جیاوازی نێوان نەتەوەکان دەکەن و لەلایەکیتریشەوە بەکۆ ئەو حزبانەی لەمەیدانی سیاسیدان جاناسیۆنالیستی بن یان ئاینی و مەزهەبی، خۆیان گرێدابو بەنێو خواست و بەرژەوەندیەکانی زلهێزانی سەرمایەداری جیهانەوە.

بەپێچەوانەوە، خودی بزوتنەوەی سیاسی پەیەدەو ئەو حزب و ڕێکخراوانەی دی کەلەناو ڕۆژئاوای کوردستاندا هاوپەیمانی پەیەدەبون، ڕێک پێچەوانەی سیاسەتی باو کاریان کردو کۆی جیاوازیە قەومی و دینی و مەزهەبیەکانیان تێک شکاندو لەملایشەوە کۆمەڵگەیان بەپێی ئەنجومەنەکانی گەڕەک و گوند و شارەکان ڕێک خستەوەو جۆرێک ئیرادەیان گەڕاندەوە بۆتاک و کۆ کەبتوانن لەسەرپێی خۆیان بوەستن و خۆیان بناسن. کارێکی وایش لەڕاستیدا پێچەوانەی خواست و بەرژەوەندیە چینایەتیە سیاسی و ئابوریەکانی دەوڵەتانی ناوچەکەو زلهێزانی ئیمپریالیزمیش بو. بۆیە هاتن و لەڕێگەی کۆمەک کردن بەداعش و ڕێگەخۆش کردن بۆیان تاهێرش بکەنە سەر کۆبانی و گوندەکانی سەربەو کانتۆنە. لێرەوە سەرەتای کارە قێزەونەکانی زلهێزان دەستی پێکردو ئارامیەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستانیان تێکدا.

هێرشی ڕەشی داعش بۆسەر کۆبانی و بەرخۆدانی چالاکانەی خەڵکی کۆبانی و شەڕڤانان لەدژی هێرشەکانی داعش بەجۆرێک بو کەتەواوی جیهانی توشی شۆک کرد. زۆربەی ئازادیخوازانی جیهان هاتنەمەیدان و بەرگریان لەبەرخۆدانی گەلی کۆبانی کرد،هەرلەو قۆناخەیشەوە بو کەزۆرێک لەگەنجانی خاوەن بیری ئازادیخوازی و سۆسیالیستی لەتەواوی وڵاتانی جیهانەوە ڕویان کردە ڕۆژئاوای کوردستان و پەیوەست بون بەهێزی شەڕڤانانەوە و بەشێکیشیان گیانی خۆیان بەخت کرد لەوپێناوەدا. خودی ئەو بەرگریە قارەمانانە فازێکی گەورەی بەخشیە شەڕڤانان و بەرگریە قارەمانێتیەکانیان. دواجار، شەڕڤانان بەچەکی سوک و داعشی دڕندەیش بەنوێترین جۆری چەک و ئامرازی کوشتنی دیکەوە کەلەلایەن وڵاتانی چواردەورو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە تەقویەت دەکران،کارێکی وایکرد، کەشەڕڤانان بەجۆرێک بێن و لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەمریکادا بکەونە دانوستانەوە، دواجار ئەمریکاو هاوپەیمانانی جەنگی بەناو دژی داعش هاتنە نێو جەنگەکەوەو لەڕێی بۆمباران کردنەکانیانەوە،هەم کۆبانێیان تەخت کردو دانیشتوانەکەیان ناچار بەئاوارەبون کرد،وەدواجاریش داعش لەکۆبانیدا دۆڕاو توشی شکستی گەورە کران.

ئالەو قۆناخەوە سیاسەتی دژە مرۆیی ئەمریکا دەستی کرد بەجێبەجێکردنی پلانەکانی لەدژی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان،(گەرچی لەم دیویشەوە وانیشان دەدرا کەئەمریکا دۆستی گەلی کوردو شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە)، هەرئەو جەنگەی لەدژی داعش ڕاگەیەنرا لەعێراق و سوریا لەساڵی 2014 وە، ڕێک بۆتێک شکاندنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی ئەو دو کۆمەڵگەیەبو، وەلەڕێگەی ئەو جەنگەوە کۆی ژێرخانی ئابوری تێک شکێنراو سامانی سروشتی ئەو دوو وڵاتە کەوتە ژێردەستی زلهێزانی وەک ئەمریکاو ڕوسیاو هاوپەیمانەکانیانەوەو چەک فرۆشیەکی باش وەڕێخرا بۆبەناو لەناوبردنی داعش. گەرچی داعش ئامرازێکی باش بو بەدەست دەوڵەتدارانی ناوچەکەو جیهانیشەوە،تالەوڕێگەیەو تاڵانی و دزی بێپەردە بکەن و لەملایشەوە ئاستی بژێوی زۆرینەی کۆمەڵگە تەواو بهێننە خوارەوەو لەژێر سیاسەتی هەیمەنەی جەنگدا کۆی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانیان کوشت لەناوچەکەو جیهانیشدا. چونکە لەژێر سیاسەتی جەنگی دژی تیرۆردا،هەر دەوڵەتەو سیاسەتی حاڵەتی تەواری ڕاگەیاند.

ئەو ئامرازە کەداعش بو،بۆگشت دەوڵەتدارانی ناوچەکەو جیهانیش بەسود بو،بەڵام تەنها بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و سیاسەتی پەیەدەو چینوتوێژە کرێکارو هەژارکراوەکانی ناوچەکەو جیهانیش بوبەمایەی بەدبەختی.
ناچارکردنی شەڕڤانان و سەرکردایەتی پەیەدە تالەدژی داعش بجەنگن و پێ بەپێ، بەپێی پلانەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکان بچنەپێشەوەو شەڕ دژی داعش بکەن، لەم نێوەدا،شەڕڤانان چەک و کۆمەکی سەربازیان لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانەوە پێدەگەیشت،ئەمانیش زۆر زیرەکانە توانیان داعش تێک بشکێنن، بەڵام مەخابن،لەگەڵ تێک شکاندنی داعش و کاول کردنی ناوچەکەدا،هەلومەڕجێک بۆ شەڕڤانان و خودی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێخراوە کەنەیەڵن دابنیشن و دەست بکەنەوە بەکاری خۆڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ژیانی ئاسای خۆیان. بێگومان کاتێک ئەمریکا یان ڕوسیاو وڵاتانی زلهێز کۆمەک بەهەردەوڵەت و ناوچەیەک بکەن،لەبەرانبەردا، مەرج و بەرژەوەندی تایبەتیان هەیەو بەرانبەر ناچار دەکەن کەبچنە ژێر باری ئەو مەرجانەوە،کەئەویش چەک فرۆشی و لەبریدا ڕێگەدان بەشەریکاتەکانیان کەبەئارەزوی خۆیان بتوانن دەست بگرن بەسەر سامانی سروشتی نیشتیمانی هەر گەلێکداو سیاسەتی هەیمەنەی کەرتی تایبەت بخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئێستا وڵاتێکی وەک عێراق بەئەندازەیەک قەرزدار کراوە کەتاچەند نەوەی داهاتویش نەتوانرێت کۆتای بەدانەوەی ئەو قەرزداریە بکرێت. سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی دراوی نێودەوڵەتی،ئەو دوو دەزگایەن کەتەواوی وڵاتانێک بەچۆکدا دێنن کەقەرزیان دەدەنێ یان ناچاریان دەکەن بەوەی قەرز وەربگرێت.

جائیستا سوریاو یەمەن و لیبیا و ئەفغانستان لەو وڵاتانەن کەبۆ مێژوویەکی دورودرێژ قەرزدار کراون.
وەک ئیشارەم پێدا،سیاسەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی،سیاسەتی داگیرکاری و لەبڕست بڕینی گیانی شۆڕشگێڕانەی هەر گەلێکە کەدەبێتە ژێردەستیان.
ڕۆژئاوای کوردستان و ئەزمونە نوێیەکەی لەبەردەم هەڕەشەی زلهێزاندایە،کەئێستا خۆی لەهێرش کردنە سەرعەفریندا دەبینێتەوە کەلەلایەن دەوڵەتەکەی ئەردۆ داعشەوە هێرشی دەکرێتە سەرو بێدەنگە کردنی ئەمریکاو ڕوسیاو جیهانیش لەبەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا،نیشانەی ڕازی بون و پێشتر ڕێک کەوتنە لەوبارەیەوە.

ئێستا چیتر عەفرین وەک کۆبانی نابێت کەئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بێن و بۆبمارانی سوپاکەی ئەردۆ داعش بکەن. ئەوەتا ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیادا پێکەوە قسەوباسیان کردوە لەسەر ئەو پلانەی کەئەردۆغان دەیەوێت،یانی بەقوڵای سی کیلۆمەتر بێتە ناو ئەو ناوچانەوە کەخۆی پلانی بۆداڕشتوەو لەوێدا ناوچەی ئارام دروست بکات تائەوەی ئەو سێ ملیۆن و نیو ئاوارەیەی سوریا کەلەتورکیادان بگەڕێنرێنەوەو لەوێدا جێگەیان بۆ دروست بکرێت. ئاخۆ پاساوێکی وادەچێتە ئەقڵی هەرکەسێکەوە؟ ئاخۆ گەر ئەمریکاو ڕوسیاو ئێران وتورکیا ڕاست دەکەن ولەخزمەتی گەلی سوریادان،بۆچی نایەن ناوچە بەئەنقەست کاول کراوەکان بنیات بنێنەوەو لێگەڕێن ئەوەی لەخەڵکی بەزیندوی ماوەتەوە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی؟ چی بکەین لەکاتێکدا،ئاستی ڕێکخراوبون و شۆڕشگێڕیەتی چینە بەش مەینەتەکان لەوپەڕی لاوازیدایەو کۆی گیانی شۆڕشگێڕیتی چینایەتیان تێیاندا شکاندوە،ئەگەر نا،دەبوا قۆناخێک بوایە شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرپاببوایەو کۆتای بەمێژووی ڕەشی کۆی زلهێزان و ناسیۆنالیزم وئاین و مەزهەب گەرای بهێنرایە لەناوچەکەدا. هەر لەغیابی هاتنەمەیدانی ئەو چینەکۆمەڵایەتیەیشدایە،کە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و گەلانی زەحمەتکێشی ناوچەکە،وابەئاسانی توشی هیلاکەت باری دەکرێن ودەخرێنە نێوجەنگێکەوە کەلەڕاستیدا جەنگی ئەوان نیە.

ئێستا عەفرین و ناوچەکانی چواردەوری لەبەردەم هێرشێکدایە کەلەواقیعدا تەنها هێرشی فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا نیە بەتەنیا،بەڵکو هێرشی کۆی زلهێزان و وڵاتانی ئەوروپاو سوریاو ئێران و عێراقیشە و دەوڵەتی تورکیاو سوپاکەی بەوەکالەت ئەو جەنگە دەکەن لەدژی گەلی بێدیفاعی عەفرین و شەڕڤانان وشۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەزمونە جیاوازەکەیان. دیسان ئەم پرسیارە دێتەوە پێشەوە:ئاخۆ عەفرین خۆڕاگر دەبێت و پلان و پرۆژە دڕندانەکانی دوژمنەکانی تێک دەشکێنێت و وەک کۆبانی هەمان داستانی بەرخۆدانی دوبارە دەکاتەوە یان لەزۆربۆهێنانیاندا ناچار دەکرێن بچنە ژێر باری ئەو گوژمە سیاسی و ئابوریانەوە کەزلهێزان و دەوڵەتانی ناوچەکە پلانیان بۆ داڕشتوە؟

هەرچۆنێک لێکدانەوەی بۆبکەین،ناتوانم بەئاسانی بگەم بەو‌بڕوایەی کەعەفرین تەسلیم بکرێت ولەنێو گوژمە سیاسەکاندا بخرێتە بەردەم سات وسەودا پێکردنەوە. چونکە ئەوانەی بەرگری دەکەن لەعەفرین و کۆی ڕۆژئاوای کوردستان یان باکوری سوریا،خاوەن ئەو پێگە پوچە نین وەک دەوڵەتدارانی گشت ناوچەکە کەبەگوژمەی سیاسی و فرۆشتن بێن و خیانەت لەگەلەکەیان بکەن،هەروەک حزبەناسیۆنالیستەکانی بەرەی کوردایەتی لەباشوور کردیان. جاهێشتا ڕەنگە زویش بێت گرەو لەسەر ئەو دابەش کردنەی سوریا بکەین و لەم لایشەوە پەیەدەو تەڤگەرو کۆی ئەو حزبانەی لەڕۆژئاوادان بەئاسانی ملکەچ بکەن بۆ سیاسەت و بەرژەوەندیەک کەزلهێزانی ئیمپریالیزمی جیهانی دەیخوازن لەسوریاو لەداهاتوی سوریادا.

تاهیر حاجی حەسەن
24/01/2018




ئایا عەفرین تەڵەیە بۆ دەوڵەتەکەی ئەردۆغان؟… تاهیر حاجی حەسەن

جەنگ بەردەرکەی بەخەڵکی عەفرین گرتوە،ئەویش جەنگ و هێرشی دەوڵەتە قەیران گرتوەکەی ئەردۆ داعشی دوای تەواو بونی داعشە. پرسیارێک و گومانێک هەیە لێرەدا:ئاخۆ گەر ئەردۆغان گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەکرابێت لەلایەن ئەمریکاوە پێدەچێت هەروا بەگوندەی خۆی هێرشی سەر عەفرین بکات؟ ئاخۆ گەر عەفرین تەڵەیش بێت بۆ ئەردۆغان ودەوڵەتەکەی نرابێتەوە تاوانی خەڵکی سیڤیلی عەفرین چیە کەبکرێنە سوتەمەنی نێو پلانە چەپەڵەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی؟ یان ئاخۆ خەڵکی عەفرین هیچ جیاوازیان هەیە لەگەڵ خەڵکی سیڤیلی حەلەب و دەیان شاری تر لەسوریا کەکرانە سوتەمەنی نێو هێزە جەنگ هێنەرە ڕکابەرەکانی نێونەتەوەیی و نەوچەییەکان؟

بێگومان وەحشیەتی زلهێزانی سەرمایەداری بێسنورەو هیچ بەهایەکی مرۆییان لاپیرۆز و گرنگ نیە،بەڵکو ئەوەی لایان گرنگە داگیرکردن و بەتاڵان بردنی سامانی گەلانە لەناوچەکەدا. ئەو سامانە زۆرەی مێژووییەکە، لەژێر دەستی دەسەڵاتە ناسیۆنالیستی و مەزهەبی و دینیە وەکیلەکانی زلهێزانە. لەم نێوەدا،کۆی چینی کرێکارو خەڵکی بەشمەینەت زەرەر مەندی پلەیەکن و کراونەتە قوربانی نێو برەودانەکانی شۆفێنیزمی قەومی و دینی و مەزهەبی.
گەر ئەمریکا دۆستی گەلانی ستەملێکراو بوایە،ئەوا نەدەهات لەڕێگەی جەنگەوە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بڕوخێنێت و لەولایشەوە کۆی ژێرخانی ئابوری سەدان ساڵەی مرۆڤە زەحمەتکێشەکان وێران بکات. بەپێچەوانەوە،ڕێگای سەرەکی بۆڕوخانی دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکان لەناوچەکەدا تەنها لەڕێی برەودان و دنەدان دەبێت بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی. دەسەڵاتە دڕندەکانی سەربەچینە چەوسێنەرەکان تەنها لەڕێگەی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیەوە دەتوانرێت بەزیانێکی کەمی ماددی و گیانیەوە بڕوخێنرێت. بەڵام کوا ئیمپریالیزم کارێکی وای پێ ڕەواو باشە؟

دەوڵەتی تورکیا بەڕابەرایەتی ئەردۆغانی ئاک پارتی،لەنێوخودی تورکیادا تەواو لەقەیراندایە و تورکیای لەڕوی ئابوری و سیاسیەوە بەرەو دواوە گەڕاندوەتەوەو دەسەڵاتی میلیتاریزمی تۆتالیتار پیادە دەکات. ئەو دەسەڵاتە دڕندەیەی کەتورکیای بۆ خەڵکی ئازادیخوازی تورکیا کردوەتە زیندانیەکی گەورەو ڕۆژبەڕۆژیش لەڕێی پەلامارەکانی بۆ سەر خەڵکی سیڤیلی باکورو و ڕۆژئاوای کوردستان تادێت قەیرانەکانی بۆزیاتر دەبێت و لەم ڕێگایەیشەوە ئەوە ڕاستە دەوڵەتی ئاک پارتی بەرەوهیلاک بون دەبرێت،بەڵام ناکاتە ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بڕوخێنرێت. بەپێچەوانەوە،لەم ڕێگەی بواردانەی بۆ هێرش و جەنگ دژی عەفرین و دەستکەوتەکانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان،ئەوا باجی تێچونی کۆی جەنگەکەی لەلایەن چینی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێشی تورکیاوە دەدرێت. لەم دیویشەوە،بەرپاکردنی ئەو جەنگە بۆداگیرکردنی عەفرین،لەپلەی یەکەمدا خەڵکی عەفرین تێیدا زەرەر دەند دەبن و ئاوارەو ماڵوژیانیشیان کاول دەکرێت،وەک چۆن کۆبانی کاول کرا لەڕێی هێرشەکانی داعشی دڕندەو بۆمبابارانەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە،ئاوایش دەیانەوێت عەفرین بەو دەردە ببرێت.

بێجگەلەوەی دەیانەوێت لەڕێگەی ئاوا هێرشێکەوە،هێزوتوانای شەڕڤانان لاواز بکرێت و بڕستیان لێ ببڕدرێنن تائەوەی بەهەموشێوازێک ملکەچی ئەمریکا ببن و واز لەپرۆژەکانی خۆیان بهێنن کەلەبەرژەوەندی گەلانی ڕۆژئاوای کوردستانە.
ئێستا کۆی ئابوری سوریا لەژێر دەستی شەڕڤانانە،چ بیرەنەوتەکان بێت یان ڕوبارو سەرچاوەی ئاو تادەگات بەکارەبا. ئەو سێ سەرچاوە سەرەکیەو مەسەلەی کشتوکاڵ،بۆخۆی بڕبڕە پشتی هەرگەلێکن لەناوچەکەدا. لەم قۆناخەداڕۆژئاوای کوردستان ئێستا دیسانەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوە دەیانەوێت وەک قۆناخی سەردەمی کۆبانیان لێ بکەن و هێرشیان بکەنە سەر.

تورکیا ئەندامی ناتۆیەو لەلایەن دەسەڵاتە دڕندەکەی ئەمریکاوە دەپارێزرێت. لەم دیویشەوە پەیوەندیەکی ناجێگیری لەگەڵ دەوڵەتەکەی پۆتیندا هەیە،کەدەیەوێت لەم ڕێگەیانەوە بەئەمریکا بڵێت:گەر نەچیتە ڕێرداخوازیەکانمەوە،ئەوا،ئەڵتەرناتیڤی دیکە ئامادەیە. هێشتا ئەمریکا زیاتر بەرژەوەندی لەگەڵ تورکیادا هەیە تائەوەی لەگەڵ پەیەدەو شەڕڤاناندا هەیبێت. پێدەچێت لەدابەش کردنی سوریادا،ئەمریکا ئەوبەشەی لەژێردەستی شەڕڤاناندایە بخاتە ژێرقەڵەمڕەوی خۆیەوە،کارێکی وایش بۆ ئەمریکا دەستکەوتێکی کەم نابێت،لەگەڵ ئەوەیشدا،ئەمریکا هەرئامادە نابێت دەست لەپاڵپشتی کردنی دەوڵەتەکەی ئەردۆغان هەڵبگرێت،تابەدیلێکی زۆر باشتری لەتورکیادا بۆ مەیسەر نەبێت.
بۆیە هیچ کات نابێت خۆش خەیاڵ بین بەو کۆمەکانەی ئەمریکا دەیدات بەشەڕڤانان و پەیەدە. ئەمریکا،کۆی ناوچەکە بەرەو وێرانەی تەواو دەبات. چونکە ئەو بۆ داگیرکردن هاتوە نەک بۆ ڕزگاری گەلانی زەحمەتکێشی ناوچەکە.
بەهیواین نەئەردۆغان و نەئەمریکایش سەرکەوتونەبن لەپلانە چەپەڵەکانیاندا دژی خەڵکی بێ دیفاعی عەفرین. ئەرکی شەڕڤانانیشە نەکەونە ژێرهەیمەنەتی بەرژەوەندیە تاڵانکاریەکانی دەسەڵاتدارانی ئەمریکای زلهێزی دڕندەی سەرمایەداریەوە.
ئەوان خاوەنی چەک و جبەخانەی زەبەلاحی شەڕن،بەڵام هیچ کاتیش مرۆڤایەتی شکستی ئەمریکای لەبیرناچێتەوە لەلایەن گەلی ڤێتنام و ڕابەرایەتی ئەو گەلەوە.
شەڕڤانان و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانیش دەکرێت خاوەن هەمان مێژوو بن و بەئاشکرا دژی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەو تەماح و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بجەنگن. چونکە گەر ملکەچ ببن بۆ ژێر خواست و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا،ئەوا وەک دەسەڵاتدارانی ناوچەکە،دواجار ڕوبەڕوی شکست و کەوتن دەبنەوە. دەسەڵاتی زلهێزی ئەمریکا جێگە بڕوانیە،لەبەرئەوەی داگیرکار بەختەوەری و ئازادی پێ نیە بۆ ژێردەستەکانی.

تاهیر حاجی حەسەن
19/01/2018




پلانی مارشاڵ چی بو؟ … تاهیر حاجی حەسەن

ئایا زلهێزێکی وەک ئەمریکا پێویستی بەپلانێکی وەک پلانی مارشاڵ هەیە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بۆ دووبارە بنیات نانەوەی دوای کاول کاریەک کەدەستی خۆی تێیدایە؟
پلانی مارشاڵ زۆرمان گوێ بیستی بوین و زۆرجاریش بەخۆشحاڵیەوە لەو پلانە دەڕوانرێت کەتوانی ئەڵمانیاو بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپا ڕزگار بکات لەکەوتن یان…، لەدوای جەنگی دوەمی جیهانەوە،ئەڵمانیا زۆرترین زەرەری کرد بێجگە لەدۆڕانە گەورەکەی لەڕوی ئابوری و داڕمانی ژێرخانی ئابوریەوە کەوتە قۆناخێکەوە گەر دەستێکی بەهێز نەکەوێتە فریای ئەوا قۆناخەکە بەرەو وەرچەخانێکی مێژووی دەڕۆیشت یانی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی. ئەم تارماییە گەورەیە بو وای لەئەمریکا کرد زوو بەزوو فریای وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوای سەرمایەداری بکەوێت و خودی دەوڵەتەکان ڕزگار بکات لەسەرهەڵدانەوەی دووەمی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکارو کۆی چینە بەرهەمهێنەرەکان.
لەو سەرودەمەدا،سەرکەوتنی سوپای سوری ڕوسی بەسەر هیتلەرو سوپاکەیدا،ئیتر نیشانەی تەنها کەوتنی فاشیزمی نەدەگەیاند،بەڵکو لەگەڵ کەوتنی فاشیزمیش وەک ئایدۆلۆجی هیتلەرونازیسم کەوتنی هەیمەنەتی سەرمایەداریشی دەگەیاند. چونکە خودی وڵاتانی زلهێز لەو قۆناخەدا هێندەی خوازیاری سەرکەوتنی هیتلەر بون، بەو ئەندازەیە خوازیاری چونەپێش و سەرکەوتنی سوپای سوری ڕوسی نەبون. دیارە پلانی مارشاڵ لەو قۆناخەی دوای ساڵی 1946 زۆرتر لەپێناو نیشان دانی ڕوئیایەک بو کەسەرمایەداری وسیستەمەکەی هێندەی داهێنەرن و لەخزمەتی خۆش گوزەرانی گشت چینوتوێژەکاندایە بەو ئەندازەیە لەخەمی قازانج وسەپاندنی هەیمەنتی چینێکی کۆمەڵایەتیدا نیە.ئەم درۆ گەورەیە تەنها لەبەر ئەو ترسەبو کەیەخەی بەخودی سیستەمی سەرمایەداری گرتبو،ئەویش ترس بو لەبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی.
هەر ئەو ترسەیش بو وای کرد لەدەوڵەتداران لەوڵاتانی ئەوروپای دوای جەنگی دووەمی جیهاندا کەبچنە ژێر تەسبیت کردنی دانی لانی کەمی بیمەی بێکاری و مافی چینی کرێکارو دابین کردنی خزمەت گوزاریە گشتیەکان بەشێوەیەکی گشتی. ئەو ترسە لەبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی هەر کیشۆەری ئەوروپای نەگرتبویەوە بەڵکو وەک پەرتوکە مێژووییەکان بۆمان باس دەکەن خودی کیشوەری ئەمریکایشی گرتبویەوە.
زیندوی بزوتنەوە کرێکاری و جەماوەریەکان لەهاتنەمەیدانەکانیاندا هەمیشە وەک بومەلەرزە وایە بۆ لەراندنەوەی پایەکانی سیستەمی سەرمایەداری.
تاچەند ئەو بزوتنەوە ناڕازیە خاوەن ئەڵتەرناتیڤە واقعیانە لەمەیدندا بن و خاوەن ئاسۆیەکی سیاسی ڕۆشن بن بۆبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بەسیستەمی ئابوری و سیاسی خودی سیستەمی باو،بەو ئەندازەیەیش سیستەمی باو دەکەوێتە فریای خۆی تابچێتە ژێر جێبەجێ کردنی زۆربەی داخوازیەکانی ناڕازیانی نێوشەقام و کارگەو کوچەو کۆڵانەکان.
لەغیابی ئاوا بزتنەوەیەکی ناڕازیشدا،ئەوا سیستەمی سەرمایەداری بەپێی خواست و دیدی خۆی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی و هەیبەتە سیاسیەکەی دێت نەخشەدادەڕێژێت چۆن و بەچ شێوازێک دوبارە کۆمەڵگە بەرهەمبهێنێتەوە،یان چۆن و بەچ شێوازێک شوێنە کاول کراوەکان کەجێگەو ڕێگەی ژیان و حەوانەوەی خەڵکە هەژارکە بوە،ئاوەدان بکاتەوە،یان زۆر جاریش ڕویداوە لەدوای جەنگە کاول کاریەکان،ڕێگە نەدراوە بەخەڵکە هەژار کراوەکە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و تەنانەت بەڕەنجی شانی خۆیشیان ئاوەدانی بکەنەوە،حاڵەتی وا لەئەفریکای باشوور ڕویداوەو ئەو خەڵکە هەژارەیان گواستۆتەوە بۆ نێو جێگەی هەژارترو جێگەو ڕێگەی ئەسڵی ئەو خەڵکەیان کردوە بەشوێنی وەبەرهێنانی گەشتوگوزارو پەیداکردنی قازانج بۆ شەریکاتەکانی سەربەدەوڵەتی ئەمریکا(پەرتوکی عەقدە ئەلسەدمەی نعومی کلاین بەوردی باسی ئەو شێوە گواستنەوە بەزۆرانە دەکات) ئەو حاڵەتەو هەزاران حاڵەتی دیکەی جۆراوجۆری دیکە کەبەچ شێوازێک دەست براوە بۆ لەدەم دەرکردنی پاروەنانێک کەلەقوڕگی هەژارێکدا بوە تائەندازەی لەبرسانا مردنی هەزاران و نەخۆش کەوتن لەدەرئەنجامی بەدخۆراکی و بێکاری و هەژارتر کردنی هەژار کراوەکان،کاروپیشەی هەمیشەیی ئەم سیستەمە سەرمایەداریە بوە. بۆیە هیچ کات ئەم سیستەمە خاوەن ئەو بەهایە نیە کەژیان و گوزەرانی شایستە دابین بکات بۆ کۆمەڵگەکان،بەڵکو ئەوەیشی تائێستا بەدەست هاتوە بەرهەمی بەری ڕەنجی ماندوبونی خودی کۆمەڵگەکان و بەرپاکردنی شۆڕشە کۆمەڵایەتیەکان بوە.

هاتنەمەیدانی ئەم جارەی جەماوەری زەحمەتکێشی ناڕازی لەئێران،بومەلەرزە ئاسا کۆی دوڵەتانی ناوچەکەو جیهانیشی ڕاتەکاند، ڕاتەکاندنێک ڕەنگە زۆر کەس لەخودی چینەزەحمەتکێشەکان هەستی پێنەکەن، بەڵام سەرانی دەوڵەتدارانی سەرمایەداران بەباشی هەستیان پێکردوەو توندیش کاریگەری لەسەر داناون. بۆیەیش زووبەزوو هەرلایەو لەلایەن خۆیەوە لەمیدیاکان و بەخشینەوەی دەستی تۆمەت بارکردن لەوەی کێ لەپشتی ئەو هاتنەمەیدانەوەیە تالەو ڕێگەیەوە بتوانن ئاراستەی خۆپیشندانەکان بگۆڕن بەرەو دژە شۆڕش و خامۆش کردنەوەی ئەسڵی خواست و ئامانجەکانی چینە بەرهەمهێنەرە چەوساوەکە لەئێرانداو،هەرلە دەرئەنجامی ئەو بەرپاکردنەی شۆڕشی کۆمەڵایەتیەیشەوە بو کەوای کرد لەترەمپ وئیدارەی دەوڵەتەکەی کەداوای کۆبونەوەی بەپەلە لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات کەکۆبونەوەی خێرا گرێ بدەن. بەستنی کونگرەو پێکدادانی نێوان خودی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکایش لەسەر مەسەلەی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی بۆخۆی هەر لەو ڕێگەیەوە کەچۆن بتوانن درێژە بەداگیرکاریەکانی خۆیان بدەن و لەولایشەوە وابڵاوی بکەنەوە کەدەستی دەرەکی پەیوەستە بەئەو خرۆشانە گەورەیەوە.

لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم،گەر بزوتنەوەی ناڕازی ملیۆنی چینی کرێکارو خەڵکی کرێ وەرگر بەئاسۆیەکی ڕۆشنەوە لەمەیداندا نەبن،ئەوا،ئەو چینە دەسەڵاتدارە بەهیچ تێرنەخواردوە نایەت ئاوەدانی و دابین کردنی ژیانێکی شایستە بەپێی خواستی زۆرینە جێبەجێ بکات،بەپێچەوانەوە خودی ئەم سیستەمەی نیولیبراڵیزمەی سەرمایەداری دێت و بەئارەزوی خۆی کاول کاری دەکات و کۆمەڵگە واڕادێنێت کەلەبەردەمیدا بەچۆکدا دابێت و خۆی چۆنی بوێت ئاوا نەخشە دابڕێژێت بۆ دروست کردنەوەو بنیات نانەوەی دوبارەی کۆمەڵگەکان. لێرەیشدا چاوەڕوانی بۆچینە زۆرینەکەی کۆمەڵگە تەنها دەبێتە بەردەکەی سیزیف و قەت بۆی نایەتەدی کەدزەکان بتوانن پشکێکی باش بگەڕێننەوە بۆ خاوەنە ئەسڵیەکەی.
.
تاهیر حاجی حەسەن
13/01/2018




شۆڕشی کۆمەڵایەتی چیە؟ … تاهیر حاجی حەسەن

ئەوە لەئێران ئەنجام دەدرێت بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیە،شۆڕشێک کەهیچ دەستێکی دەرەکی لەپشتیەوە نیە،بەڵکو ئەوەی هاندەری سەرەکیە لەو نێوەدا، ئاستی قورسی بژێوی ئەو چینەکۆمەڵایەتیە زۆرینەیە کەڕۆژانە لەمەیدانی بەرهەمهێناندایەو کەچی کۆی ڕەنج و ماندوبونەکەی بۆ خاوەن کارو خودی سەرانی دەوڵەتەو خۆیشی موحتاجی پاروەنانێکە.
شۆڕشی ئەم جارە،ئیتر شکاندنی ئەو دیوارە بەرزەیە لەترس کەسەرانی ڕژێمی ئیسلامی سیاسی ماوەی سی وهەشت ساڵە کاری لەسەر دەکەن.ئاستی هۆشیاری گەلی ئێران کۆی سنورەکانی ناسیۆنالیزم و گەڕانەوە بۆ جۆرێکیتری ئیسلامی سیاسی تێپەڕاندەو لەگەڵ ڕوخانی ئەم ڕژێمە سەرکوت گەرەدا جارێکیتر جۆرە دەسەڵات و ڕژێمێکی وا جێگەی نابێتەوە لەوڵاتی ئێراندا.

تەنها بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیە بەخاوەن ئاسۆیەکی سیاسی ڕۆشنەوە دەتوانێت کۆی پایەکانی سیستەمی سەرمایەداری بهێنێتە لەرزەو ڕاچەڵەکینی توش بون بەجەڵتە بگەیەنێتە نێومێشکی سیستەمە سەرمایەداریەکەوە. بەپێچەوانەوە کۆی ڕاپەڕین و هاتنەمەیدانەکانی تری جەماوەری کەخاوەن ئاسۆیەکی ڕۆشن و خاوەن ئەڵتەرناتیڤێکی ڕون نەبن لەوەی دوای ڕوخانی دەسەڵاتێک،دەتوانن کام دەسەڵاتی سیاسی دەخەنە جێگەی دەسەڵاتە کۆنەکە،وەک ئەوەی دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام ڕویدا لەعێراقدا.لەکاتێکدا خواستی زۆرینەی گەلی عێراق گەڕانەوە نەبو بۆ جێخستنی شۆفێنیزمی مەزهەبی و قەومی،هێندەی ئەوەی داخوازی و ئامانجیان بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە لەڕوی ئابوری و ئازادیەوە بو بۆ گشت لایەک،کاتێک ئەو ئاسۆ ڕونەو ئەڵتەرناتیڤی واقعی بۆکۆتایهێنان بەسیستەمی سەرمایەداری بونی نەبێت یان بەرچاو ڕونی تەواو نەبێت بۆسیستەمێکی سۆسیالیستی،هەروەک ئەوەی لەبەهاری بەناو عەرەبیدا ڕویدا،دەبینین کۆی ئامانج و خەباتی ئەو زۆرینەیە دەکەوێتە دەستی کۆمەڵە ئەحزاب و گروپێکیتر کەهیچیان سەربەخواست و ئامانج وداخوازیەکانی ئەو زۆرینەیە نین و بەپێچەوانەوە لەبەرژەوەندی کۆی چینی سەرمایەدارەکان تەواو دەبێت.

هەلومەرجی ئێستای جیهان و ناوچەکەیش دەرهاویشتەی خودی قەیرانی گشتگیری ساڵی 2008 و تادێت کۆی سیستەمی سەرمایەداری ئاستی قەیرانەکانی زیاتر دەبن و کەڵەکە دەبن لەسەر یەکترو ڕۆژبەڕۆژیش باجەکەی دەبێت چینی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش بیدات لەگشت جیهاندا. ئەو ڕابەرایەتیەی کەخودی نیولیبراڵیزمی سەرمایەداری دەیکات لەجیهاندا هەر لەدەیەی حەفتاکانی سەدەی بیستەوە تائێستا،ڕۆژبەڕۆژ دڕندایەتی و وەحشیەتی هەیمەنەی بازاڕی ئازادو کەرتی تایبەت زیاتر دەکات بەسەر ژیان و گوزەرانی کۆی چینەکرێ وەرگرەکانەوەو بەبەردەوامیش ئاستی شکستی نیولیبراڵیزمی سەرمایەداری زیاتر دەبێت لەگشت جیهاندا. جەنگ و قەیران و بێکاری و هەژاری لەڕادەبەدەر لەگەڵ دەوڵەمەندبونی لەڕادەبەدەری چینێکی کەمایەتی،بوەتە سیمای تەواوی نیولیبراڵیزمی سەرمایەداری لەگشت جیهاندا. هەر لەوڵاتانی ئەمریکای لاتینی سەردەمی حەفتاکانی سەدەی بیستەوە تادەگاتە وڵاتانی ئەفریکاو وڵاتانی ئاسیاو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەم قۆناخە،دەبینین چۆن وەک لاشەیەک بخرێتە بەردەم گورگە برسیەکانەوە ئاوای لێ کراوە. دزینی سامانی کۆمەڵگەکان و جێخستنی دیکتاتۆرەکان و بەگەڕ خستنی هەیمەنەتی شەڕی ئابوری و دانانی وەکیلەکانی سەرمایەداران لەناوچەکانداو جێبەجێ کردنی خواست و ئامانجی شەریکاتە زەبەلاحەکانی چەک بەرهەمهێنەرو دەرمان و پێداویستیە سەربازیەکان تادەگات بەوەگەڕ خستنی سەرمایەگوزاری لەکەرتە جۆراوجۆرەکاندا بۆ چینینەوەی سەرمایەو قازانج،ئیتر لەم نێوەیشدا وەک ئیشارەم پێدا،دەبێت چینی ژێردەستەو بەرهەمهێنەرە ئەسڵیەکان باجە زۆرەکەی بدەن.

هاتنەمەیدانی ئەم جارەی چینی کرێکارو چینوتوێژە زەحمەتکێشەکان لەئێران بۆخۆی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیە بەهەمولێکدانەوەیەک. کۆتای هێنان بەڕژێمی ئیسلامی سیاسی لەئێران کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر کۆی بەناو هەیبەتێک کەئیسلامی سیاسی خواستویەتی بیسەپێنێت لەناوچەکەدا بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵگەکان. یانی ڕوخانی ڕژێمی ئاخوندەکان،بۆجارێکیترو بۆهەتایە،مانای سەرنگوم کردنی ئیسلامی سیاسی دەگەیەنێت لەئێراندا.
تاچ ئەندازەیەک هۆشیاری سیاسی چینایەتی بچێتە پێشەوە بەو ئەندازەیەیش خودی ئەو هۆشیاریە سیاسیە چینایەتیە دەبێتە هۆکارێک بۆخۆڕێکخستنی چینایەتی و کارکردن لەسەر دروست کردنی پارتی پێشڕەو بەخودی ئەوچینەو دەست بردن بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی. ئاوا ئەڵتەرناتیڤێک بۆ چینی کرێکارو گەلانی ئێران،دەتوانێت دوریان بخاتەوە لەدەمی برسی کۆی هێزە کۆنەپەرستەکانی دیکەو خودی خواست و ئامانجێک کەسەرمایەداری جیهانی دەیەوێت ئەنجامی بدات لەدوای ڕوخانی ڕژێمدا،یان لانی کەم لەم وەزعیەتەی ئێستادا بیانەوێت ساتوسەودا لەگەڵ ڕژێمی ئاخوندەکان بکەن و لەگەیشتن بەجێبەجێ کردنی خواستی چینی سەرمایەدارانی بازاڕی ئازادا،بتوانن هاوکاری ڕژێم بکەن بۆ سەرکوتی شۆڕشە کۆمەڵایەتیەکە.

شۆڕشی ئەم جارە وەک هاوڕێیەکم لەکۆمێنتێکدا نووسیبوی بۆ وەڵام بەکەسێکیتر،ئەم شۆڕشەی ئێستا لەمەیداندایە،وەک بومەلەرزەکەی دەربەندیخان وایە چۆن داروپەردوی خانوەکانی شەق وشڕ کردوەو بەکەڵکی ئەوە نەماوە ژیانی تێدا بکرێت،ئەم شۆڕشەیش لەئێراندا هەیە،پایەکانی ڕژێمی ئاخوندەکانی تەواو لەرزاندوەو بەئاسانی ناتوانرێت جارێکیتر نۆژەن بکرێتەوە. بەهیوای سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەئێران و هەڵوەشاندنەوەی کۆی سیستەمی ئابوری سەرمایەداری لەو وڵاتەو جێخستنی ئابوری هەرەوەزی سۆسیالیستی لەجێیدا.کەدەتوانێت ببێتە زانستیانەترین ئەڵتەرناتیڤ بۆکۆی گەلانی ئێران و کاریگەری پۆزەتیفی گەورەیشی دەبێت لەسەر گشت ناوچەکەو جیهانیش،گەرچی سەرکەوتن و مانەوەی توانای لەسەرپێ وەستانی ئەو شۆڕشەکۆمەڵایەتیەیش لەئێستای و لەسبەی ڕۆژی سەرکەوتنیدا پێویستی بەهاوپشتی نێونەتەوەیی بزوتنەوەی کرێکاری و خودی چینی کرێکار هەیە. چونکە بەبێ پشتوپەنایەکی نێونەتەوەیی ئەوا پێدەچێت ڕوی دەمی کەڵپەکانی چینی برسی و چڵێسی سەرمایەداران بتوانن زەفەری پێ ببەن و خامۆشی بکەنەوە.

دیسان دەبێت بڵێین:خودی سیستەمی ئاخوندەکان هەڵگری هەمان بنەماو پایەن کەسیستەمی سەرمایەداری لەوڵاتانی دیکەدا هەیانە،بەڵام هەریەکەو بەشێوازو جۆرێکی تایبەتەوە. خاڵی هاوبەشی تەواوی دەوڵەتان وسیستەمە چەوسێنەرەکانیان مانەوەی چەوساندنەوەی چینایەتی و کەڵەکە کردنی سەرمایە لەژێر دەستی چینەکەمایەتیەکەدایە. لەهەر کۆمەڵگەیەکیش ئاست و شێوازی چەوساندنەوەکان چۆنن،ئەوە وەستاوەتە سەر خودی گەشەی پیشەسازی و ئاستی خودی هۆشیاری سیاسی چینایەتی و بونی بزوتنەوە کرێکاریەکان لەو وڵاتانەدا.
سیستەمی سەرمایەداری بەڵایەکی گەورەیە بەسەر چینی کرێکارو زۆرینەی کۆمەڵگەکانەوە،بۆیە تائەم سیستەمەیش بمێنێت،ئەو زۆرینەیە ڕزگاری نابێت لەسترێس و سەرئێشەو جەنجاڵی ژیانی ڕۆژانەی.

تاهیر حاجی حەسەن
03/01/2018




ئایا بۆرژوازیەت لەڕێگەی هێزی چەکداریەوە دەڕوخێنرێت یان پێی بەهێز دەکرێت؟

مارکس کۆی شرۆڤە سیاسی و ئابوریەکانی تەواو واقعیانە داوەتە بەر لێکۆڵینەوەی زانستیانەو دوور لەیۆتۆپیایەک کەلەخەون و خەیاڵەوە بۆی چوبێت و دایهێنابێت.
لەکاتێکدا بۆ سیستەمی سەرمایەداری دەڵێت؛ئەو سیستەمە بەدەستی خۆی گۆڕ هەڵکەنی بۆخۆی دروست کردوە،یانی چینی پرۆلیتاریا. دیارە ئەوەیشی کەسیستەمی سەرمایەداری بەئاگای بێت یان بەنائاگای،لەوەی چۆن و بۆچی گۆڕ هەڵکەنی خۆی دروست دەکات. هیچ کات واقعی نیە،هێندەی ئەوەی گەر خودی سیستەمەکە وانەبێت،ئەوا ناتوانرێت جیاوازتر ببینرێتەوە لەچاو سیستەمی کۆیلایەتی و سیستەمی دەرەبەگایەتی. بۆرژوازیەت وەک چینێکی خاوەن دەسەڵاتدارو خاوەن دەوڵەت و لەیەک ووشەدا،دەست بەسەرا گەری کۆی ئابوری وئامرازەکانی بەرهەمهێنان بۆ ژێر چنگی خۆی. ئەوا هەر لەو ڕێگەیەیشیەوە،بۆ گەشەکردن و بردنەپێشی بازاڕو پیشەسازی و بەرهەمهێنان و زیاد کردنی سەرمایە،هەمیشە پێویستی بەبونی زێدەبەها هەیە،کەئەویش لەڕێگەی چەوساندنەوەی چینی بەرهەمهێنەران و خودی ململانێی نێوان بازاڕەکانەوە بۆ ساغ کردنەوەی کاڵا بەرهەم هاتوەکان،وەدەست دەخات. لەم نێوەدا،ئەم چینە بۆرژوا خاوەن سەرمایەدارانە،لەنێو خودی خۆیشیاندا پێک نایەن و هەمیشەو بەردەوام لەنێو ململانێ و دژایەتی و جەنگدان لەدژی یەکتری. گەر چینی بۆرژوازی بۆ پاراستنی خۆی و بونیادە چەوسێنەرەکەی نەبێت،ئەوکات نەدەستی دەبرد بۆ دروست کردنی دەوڵەت وئەو دامودەزگایانەی کەدەوڵەت ڕاگیر دەکەن،وەنەدەستی دەبرد بۆ دروست کردنی کارگەی چەک دروست کردن بەگشت جۆرو چۆنیەتیەکانیەوە.

وەک وتم جەنگ وەک بەشێک لەماهیەتی سیستەمی چینە چەوسێنەرەکان دەبێت ببینرێت،نەک وەک خواست و ئامانجی زۆرینەی ئەو چینەی کەلەڕێی چینی دەسەڵاتدارەوە دەچەوسێنرێتەوە،بۆیە جەنگەکان و هەڵسوڕێنەرانی دەتوانین تەنها یەک شوناسیان پێ بدەین،ئەویش جەنگ تەنها خواست و ئامانجی چینە چەوسێنەرە دەسەڵاتدارەکان بوە،نەک خواست و ئامانجی چینە چەوساوەکان. بۆیە ڕزگار بونی چینی کرێکارو گشت بەرەی ڕەنجدەرو زەحمەتکێش تەنها لەڕێی هاتنەمەیدانی شۆڕشگێڕانەوە دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت نەک لەڕێی هێزی چەکداریەوە.

خودی دەوڵەتانی بۆرژوازی لەم سەرەمەدا،هیچ کات باکیان بەشەڕی چەکداری نیە،بەڵکو زۆریشیان پێ خۆشە،چونکە ئەوان لەڕێی شەڕی چەکداریەوە تەواو تێک ناشکێنرێن،بەڵکو دەتوانن لاواز ببن،بەپێچەوانەوە،لەڕێی شەڕی چەکداریەوە دژی دەوڵەتانی بۆرژوازی،ئەوەی زەڕەرمەند دەبێت خودی چینە بەرهەمهێنەرەکانن،چونکە لەو ڕێگایانەوە،بێ کاری زیاد دەبێت و بەرهەمهێنان بەرەو داکشان دەڕوات،عێراقی دەورەی ڕژێمی بەعس نمونەیەکە لەسەدان نمونە،چەندین ساڵ هێزی چەکداری بزوتنەوەی کوردایەتی بونی هەبو،کەچی بەهیچ شێوەیەک نەیتوانی زەرەرێکی والەو ڕژێمە بدات کەناچاری بکات تەسلیمی ببێت،بەپێچەوانەوە،ڕژێمی بەعس هێندەیتر دڕوهارتر بو بۆسەر گیانی خەڵکی سیڤیل و شۆڕشگێڕی کورد زمان. دواتر لەنێو ئەو شێوە بزوتنەوە چەکداریانەیشدا،لێکپچڕانی زیاتری نێوان قڵشتی چینایەتی دروست دەبێت. ڕژێمی بەعس دوای هیلاک بونی لەجەنگی هەشت ساڵەیدا لەبەرانبەر دەوڵەتی ئاخوندەکانی ئێرانداو دواجار بەناچاری پەلاماردانی کوێت و داگیر کردنی،بوە ئەو هۆکارو دەرئەنجامەی کەهەلی دابەدەست ئیمپریالیزمی ئەمریکی و لەڕێی جەنگی کاول کاریانەوە،هەم لەلایەک مەدی شۆڕشگێڕی خەڵکی عێراقیان تێک شکاندو هەم لەلایەکیترەوە خودی ڕژێمیشیان ڕوخاند،ڕوخاندنێک نەک لەپێناو چونەسەری مەدی هۆشیاری سیاسی چینایەتی چینی زەحمەتکێش و بەرهەمهێنەر،بەڵکو ڕوخاندنێک لەپێناو سەپاندنی هێزوهەیمەنتی هێز لەڕێگەی جەنگ و ئامرازەکانی جەنگەوە. ئەو چەمکە،بۆیە لەلایەن خودی چینی سەرمایەداریەوە بەردەوام وەک بونی هەناسەدانیان درێژەی پێدەدەن و کۆی زانستی بەدەست هاتو دەخەنە ئەو پێناوە،تابەکۆمەڵگەکان و خودی چینی بەرهەمهێنەری کۆمەڵگە بڵێت،گەر هەرکەس و چینێک خاوەنی چەک نەبێت ئەوا ناتوانێت دەست ببات بۆ ڕوخانی هیچ دەوڵەتێک،بەڵام لەڕاستیدا وانیەو ئەو فەلسەفەیە تەنها چەواشەکارانەیەو گەر خودی چینی کرێکاری بەرهەمهێنەرو ئەو ملیۆنان لەکرێ وەرگرانە،دەست ببەن بۆ وەستاندنی چەرخەکانی بەرهەمهێنان،ئەوا،هیچ چەکێکی مرۆڤ کوژ فریای خودی خاوەنەکەیشی ناکەوێت.

بۆرژوازیەت تەنها لەهاتنەمەیدانی سیاسیانەی سەرشەقام و وەستانی کارگەران دەترسێت کاتێک بەشێوازی ڕێکخراوبونی خۆیان ودەست دەکەن بەمانگرتن و بەرهەمهێنان و کۆی چالاکیەکان دەوەستێنن،کەگەر ئەو چینە نەبێت بەبۆرژواکان هەڵناسوڕێت.
دەست بردن بۆجێگا هەستیارەکان خاوەن دەوڵەتە چەوسێنەرەکان دێنێتە لەرزین،نەک پەنابردن بۆ دروست کردنی هێزی چەکدارو ڕوبەڕوبونەوەی چەکداریانە. دیارە ئەوە ڕونە کەدەوڵەتانی بۆرژوازی هەروا بەئارەزوی خۆیان دەست لەدەوڵەت داریەکانیان هەڵناگرن،بەڵام پێم وانیە لەڕێگەی چەکداریشەوە بتوانرێت بڕوخێنرێن.

بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ڕژانە سەرشەقامەکان و ڕێکخراوبونی هێزی چینایەتی بەبونی پارتی شۆڕشگێڕی سەربەو چینە،بۆیەک جار هاتنە مەیدانی،دەیان هێندەی ساڵانێک دەبێت کەبەهێزی چەکداری ڕوبەڕوی دەوڵەت ببێتەوە.
ئێستا پارتی و یەکێتی کەخاوەنی حکومەت و دەسەڵاتن،بەو بارە لاوازەی خۆیشیانەوە،زۆریان پێ باشترە کەهێزێکی چەکداری نەیاریان هەبێت و شەڕی سەنگەر بەسەنگەریان لەگەڵ بکات،بەڵام نەک هێزێک و خرۆشانێکی جەماوەری سەرتاسەری خاوەن یەک هەڵوێست بینن کەلەشەقامدا لەمەیدان و خەباتدا بن لەدژیان. ئەوان بەرگەی ئەوی یەکەمیان دەگرن،بەڵام ناتوانن بۆماوەی مانگێک بەرگەی هاتنە مەیدانێکی سەرتاسەری جەماوەری بگرن. جائەو نمونەیە دەکرێت بگونجێت بۆ هەردەوڵەتێک کەچەندێکیش دڕندەو داپڵۆسێنەربێت. دەڵێت کاتێک زۆر هات قەواڵە بەتاڵە،ئەو وتەیە،بۆ خاوەنانی دەوڵەتی چەوسێنەرانیش هەر ڕاست دەبێت،کاتێک زۆرینەی کۆمەڵگە هاتنە مەیدان و دەستیان برد بۆبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئیتر ئەو چینە دەسەڵاتدارە هەربەناچارانە ناچار دەبێت واز لەدەسەڵات بهێنێت،بەتایبەتیش لەوکاتانەی کەهێزی سوپاو پۆلیس دەچنە پاڵ جەماوەری شۆڕشگێڕەوە.
مێژوو زۆر نمونەی وای تێدایە. شۆڕشی کۆمۆنەی پاریسی ساڵی 1871بۆخۆی بەئەزمونترین و پڕ لەواقعێانەترین شێوازی شۆڕشگێڕانەو بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بوو لەدژی دەسەڵاتدارانی چەوسێنەر. دواتر شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 و ئێستایش لەم سەدەیەدا،گەرچی سیستەمی زلهێزانی سەرمایەداری خاوەنی داهێنانی زۆرن لەچەکی کۆکوژو وێران کەردا،بەڵام گەر مرۆڤایەتی وابزانێت کەئەو زلهێزانە و بەرهەمهێنەرانی چەک لەڕێی هێزی چەکداریەوە دەڕوخێنرێن،ئەوا من بڕوام بەکارێکی وانیەو دەتوانم بەیەقینەوە بڵێم کەدەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداری و کۆی دەوڵەتانی دیکەی سەرکوت گەری بۆرژوازی،تەنها و تەنها لەڕێی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیەوە دەتوانرێن بڕوخێنرێن و دەسەڵاتی چەوسێنەرانەیان کۆتای پێ بهێنرێت.

تاهیر حاجی حەسەن
09/12/2017




خەڵک بێزار بوە لەحزبایەتی! … تاهیر حاجی حەسەن

ئەم پاگەندەیە لەلایەن بەرەی نەوەی نوێی شاسوار عەبدول واحیدەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت. بانگەشەیەک کەهیچ نزیکایەتیەکی نیە لەگەڵ واقعی خودی سیستەمی بۆرژوازیەت و خودی پایەکانی دەوڵەت نەتەوەدا. چونکە کۆی دەوڵەتانی گەشە سەندوی سەرمایەداریش لەلایەن حزبە جۆراو جۆرەکانی بەرەی بۆرژوا قەومی و حزبە سۆشیال دیموکراتەکانی نێو دنیای ئایدۆلۆژیای بۆرژوازی و هەیکەلە باوەکەیەوە یانی نیولیبراڵیزمەوە بەڕێوە دەبرێن و ململانێکانیان لەسەر مانەوەی چەوساندنەوەی چینایەتی دەبەنە پێشەوە.

نیولیبراڵیزم خاوەن ئایدۆلۆژیای تایبەتی خۆیەتی،ئەویش ئایدۆلۆژیای خۆپەرستی بازاڕی ئازادو قۆرخ کاری شەریکاتە زەبەلاحەکانە.لەودیویشەوە هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکەن کەئایدۆلۆژیەکان بەکەڵکی ژیانی کۆمەڵگەکان نەماون. لەکاتێکدا ئەم ئایدۆلۆژیا زاڵەی نێو جیهان بینی نیولیبراڵیزم خۆی خستۆتە نێو گشت کایەکانی ژیان و تاک و کۆمەڵی بەخۆیە گرێ داوەو،ڕۆژ بەڕۆژیش ناهاوسەنگی نێوان چینی چەوسێنەری خاوەن دەوڵەت و خاوەن کار لەلایەک دەوڵەمەندتر دەبن و لەبەرانبەریشدا چینی بەرهەمهێنەری کۆمەڵگەیش تادێت هەژار تر دەکرێت و قڵشتی چینایەتی زیاتر دەبێت.
ئەم نیولیبراڵیزمە خاوەنی ئاسۆیەکی ڕوون نیە کەبتوانێت کۆمەڵگە دەرباز بکات لەنێو جەنگەڵستانەکەیدا،بۆیە بەردەوام لەڕێی سیاسەتی چەواشەکارانەوە خۆی نوێ دەکاتەوەو درێژە بەقەیران و جەنگەکانی دەدات. ململانێی نێوان زلهێزان و شەریکاتە جۆراوجۆرە زەبەلاحەکانیان لەپێناو داگیرکاری و داگیر کردنی بازاڕەکان لەهەر کونج و کەلەبەرێکدا بن،هەلومەرجێکیان خولقاندوە کەبەجیهانی بوون بەرەو کارەساتی مرۆی گەورە دەبرێت.

ئەم دوو بزوتنەوە نوێیەیش کەلەهەرێمدا خۆیان بەیان کردوە،زۆر شەرمنانە دەیانەوێت وانیشان بدەن کەمەینەتیەکانی سەر ژیانی کۆمەڵگە خەتای حزب و دنیای حزبایەتیە.بەبێ ئەوەی جورئەت بکەن و ڕاستیەکان نیشانی کۆمەڵگە و خەڵکە زەحمەتکێشەکە بدەن و بڵێن ئەوە تاوانی جیهان بینی حزبی نیە کەژیانی زۆرینە بەرەو هیلاکەت و هەژار کەوتنی زیاتر کەوتون،بەڵکو ئەوە تاوانی کۆی سیستەمی بۆرژوازی و پارێزەرانی دەوڵەت نەتەوەی سەرمایەداریە. بەڵام ئەم دەم لوسانەی بۆرژوازی هەڵەی واچۆن دەکەن؟ ئەم بەناو سیکولارانە چۆن هەڵەی وادەکەن و ڕاستیە چینایەتیەکان بەیان بکەن بۆ کۆمەڵگە. ئەم چەواشەکارانەی کەهەردوو بەرەکە پێی هەڵدەستن، هیچیان کەمتر نیە لەو کۆ خیانەت و بەتاڵان بردنانەی سامانی کۆمەڵگە لەلایەن حزبەکانی بەرەی کوردایەتی و بەرەی دینیەکانەوە. بۆیە نەکۆمەڵگەی خۆش گوزەران بەتاڵان چیەکان دروست دەکرێت وەنە بەم دوو بەرە نوێیەی نێو سیاسەتی نیولیبراڵیزمی کەرتی تایبەتیش دروست دەکرێت. کۆمەڵگەی خۆش گوزەران و کۆمەڵگەی مەدەنی کەلەوێدا ئاین بەهەموشێوازێک کراوەتە دەرەوەی نێو یاسا مەدەنیەکانەوە،بەهاتنە مەیدانی ئەو چینە هەژار کراوە بەرهەمهێنەرە دەکرێت کەبێبەش کراوە لەکۆی ئەو بەرهەمەی ڕۆژانە ڕەنجی لەپێناودا دەدات،دیارە ئەم چینە بەرینەی کۆمەڵگەیش بەبێ ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێڕ یانی بەبێ حزبی پێشڕەو ناتوانێت دەسەڵات لەدەستی چینە بۆرژوازیەکە بسێنێتەوە. وەئەم چینە بەرینەیش تەنها لەڕێی هۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیەوە دەتوانێت ببێتە چینێکی شۆڕشگێڕ. بەپێچەوانەوە،تەنها خەباتێکی لەدەرەوەی ئەم تێگەیشتنە دەچێتە قاڵبێکی ڕیفۆرمیستیەوە.

جالەکاتێکدا کە هەلومەرجەکان لەقۆناخێکدایە کەنەک زەرەرێکی زۆری لەو چینە هەژار کراوە داوە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا،لەبەردەوامی جەنگە کاول کاریەکانی نێو سیاسەتی نیولیبراڵیزمی سەرمایەداریەوە،هەلومەرجێکی وای دروست کردوە،کەهەرچی ئایدۆلۆژیای داڕزیوی قەومی و دینی و مەزهەبی و تائیفی هەیە زیندوی کردۆتەوەو وەک ڤایرۆسی کوشندە بەریان داوەتە نێو هزرو جەستەی ئەو چینە بەرینەی کۆمەڵگاوە.
بەرەی ناسیۆنالیزمی کوردی هەروەک بەرەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و فارسی و تورکی،گەشتونەتە قۆناخی بن بەست بوون،بۆیە بۆرژوازیەتی جیهانی بەڕابەرایەتی ئایدۆلۆژیای قازانج پەرستی نیولیبراڵیزم،نایەوێت هیچ کات مەدی شۆڕشگێڕی چینە هەژار کراوەکە بگاتە قۆناخێک کەلەکاتی هاتنە مەیدانیاندا نەتوانرێت لەلایەن چینی بۆرژوازیەوە بەلاڕێدا ببرێن،دێن و بەردەوام لەژێر ناوی جۆراوجۆرو فۆرمی جۆراوجۆردا بەرەی جۆراوجۆری جیاواز دروست دەکەن و کار دەکەن لەسەر جڵەو کردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان.

هێشتا بەرەی کلاسیکی ناسیۆنالیست بۆرژوای کورد ئێکس پایەر نەبوە،دوو بەرەی تری بۆرژوازی بەناو نیولیبراڵیزم سەرمایەداری مۆدێرن خۆی ئیعلان کرد لەمەیدانەکەدا. بەرەی شاسوارو بەرەی بەرهەم ساڵەح. ئەم دوو بەرەیە لەم قۆناخەدا وەک سەردەمی بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان تەیارو ئامادە دەکەن تادەنگە ناڕازیەکان لەخۆ بگرن و دواجار ئەمانیش وەک کارتی فشار لەبەرانبەر بەرەی کلاسیکی کوردایەتیدا بەکاریان بهێنن و دواجاریش دەبنە پارێزەرێکی باشی چونە سەری مەدی کەرتی تایبەت و خواستی شەریکاتە تاڵان چیەکانی سەرمایەداران. لەغیابی ئەڵتەرناتیڤە واقعیە شۆڕشگێڕە کۆمەڵایەتیە سۆسیالیستیەکەدا،مەیدان تەنها بۆ بەرە جۆراوجۆرەکانی ناسیۆنالیستە جۆراوجۆرەکان و ئیسلامە سیاسیە فرە جۆرەکان بەکراوەیی دەمێنێتەوە.یانی مانەوەی چەوساندنەوەی چینایەتی و درێژەدان بەلەگۆڕنانی خەونی چینوتوێژە هەژار کراوەکان.

تاهیر حاجی حەسەن
01/10/2017




دەوڵەتانی ناوچەکە کامیان لەویتریان باشترە؟ … تاهیر حاجی حەسەن

هیچ یەک لەدەوڵەتەکانی ناوچەکە دەوڵەت گەلێک نین کەلەخزمەت و بەرژەوەندی چینە بەرهەمێنەرو هەژار کراوەکەدا بن،بەڵکو بەکۆ دەوڵەت گەلێکی تاسەر ئێسقان دیکتاتۆر و چەوسێنەر و کۆنەپارێز و لەدواجاردا وەک وەکیلێکی زلهێزانی سەرمایەداری لەمەیداندان بۆ دژایەتی کردنی چینە زۆرەکەی کۆمەڵگە کەلەچینی کرێکارو جوتیارەوە بیگرە تادەگات بەتوێژی کرێ وەرگرەکان پێک دێن.
هیچ نوزیەکی ئازادی و دیموکراسیەتی ڕاستەقینە لەنێو ئەو دەوڵەتانەدا نیە لەباشترینیانەوە جانازانم بڵێم دەوڵەتەکەی سیسی باشترینیانە یان کام یەکی تریان کەبڵێین لەو دەوڵەتەدا ترس و تۆقاندن لەپلەی یەکەمدا نەبێت، تا دەگات بەدەوڵەتەکەی ڕۆحانی و موشەڕەف و کابرای ئەفغانی و ئەوی تورک و ئەوی کەنداوی عەرەبی.
جائەو دەوڵەتەیش کەلەژێر ناوی خواستی ڕەوای گەلی کوردا بانگەشەی بۆ دەکرێت،گەر دروستیان کرد،ئەوا هاوشانی دەوڵەتدارانی ناوچەکە دەبێت و لەڕوی یاساییەوە دەبێتە پارزەرێکی باشی پاراستنی کۆڵەکەکانی ئەم سیستەمە دڕندەیەی کەشەریکاتە زەبەلاحەکانی وڵاتانی سەرمایەداری ڕابەرایەتی لێ دەکەن، بەڕاستەوخۆیش چەوساندنەوەی چینایەتی درێژە پێدەدات و قورستریشی دەکاتەوە لەمەی ئێستایش کەبونی هەیە.
بۆیە دەوڵەتەکەی بارزانیش بۆ بەرژەوەندی و خواستە ڕەواکانی چین و توێژە بەرهەمهێنەرو زەحمەت کێشەکان نابێت،بەڵکو لەبەرژەوندی چینە مشەخۆرە بۆرژوا قەومیەکەو ئەو شەریکاتانەدا دەبێت کەدەیانەوێت دەست بگرن بەسەر کۆی سەرزەمین و ژێر زەمینی ئەو گەلەدا کەناوی گەلی کوردە. ئیتر وەهمی نەتەوەو ژێر دەستەیی هیچ نیە بێجگە لەخورافاتێکی وەک خورافاتی ئاینی و مەزهەبی.

تاهیر حاجی حەسەن
23/09/2017




سوریاتان بۆ وێران کرد؟ … تاهیر حاجی حەسەن

وێران کردنی سوریا پەڵەیەکی شەرمەزاریە بەنێو چاوانی سیستەمی سەرمایەداریەوە.
لەزمانی خودی میدیاکانی بۆرژوازیەتەوە زۆر بێ شەرمانە دەڵێن لەسەدا هەشاوپێنجی خەڵکی سوریا هەژار کەوتون و ئاوەدان کردنەوەی شوێنە وێران بوەکانیش پێویستی بەبڕی 900 ملیارد دۆلار هەیە. بەڵام نەئەو میدیایانەو نەخودی جەنگ هێنەرانیش ناڵێن بۆچی و لەپێناو چیدا،سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگەیەکمان وێران کرد! لەکاتێکدا ئەسەدو ڕژێمەکەی ئەسەدیان کرد بەهۆکاری هەڵگیرسانی جەنگە کاول کاریەکەیان،کەچی ئێستا بەئەمریکای پەیامهێنەری جەنگیشەوە ناخوازن ئەسەد لەسەر کار لاببەن. ئیتر وەحشیەت و دڕندایەتی ئەم سیستەمە قازانج پەرستیەی سەرمایەدارانو خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان ئاوایە، هێندە دڕندەن،کەبۆڕیان بەگشت دڕندایەتیەکی پێش خۆیان داوەتەوە.

کوشتاری ملیۆنی مرۆڤەکان لەماوەی ئەم چوار سەد ساڵەی تەمەنی ئەم سیستەمی سەرمایەداریەدا هێندەی کۆی کوشتاری هەردوو قۆناخی پێش ئەم سیستەمە دەبێت.کەچی هێشتا واخۆی نیشان دەدات کەدەوڵەتەکەی و دادگاو یاساکانی و پەرلەمانەکەی و زیندانەکانی لەپێناو بەرژەوەندیە گشتیەکانی گشت کۆمەڵگەدایە.لەکاتێکدا لەڕووی کرداریەوە کۆی ئەو چەمکانە تەنها لەپێناو مانەوەی هەیمەنەتی ئەم سیستەمەدا بەکار دەهێنرێت.

وێران کردنی شارەکان و جێگا مێژووییە شارستانیەکان لەوڵاتانی جەنگ گرتوی ڕۆژهەڵاتدا تادەگات بەئاوارە بوون و کوشتنی ملیۆنان لەمرۆڤە سیڤیلەکان و کوشتنیان لەڕێگای پەتا جۆربەجۆرەکانەوە کەدەرهاویشتەی جەنگەکەن،بۆ قازانج و بەرژەوەندیەکانی ئەو گەلانە نین،بەڵکو بۆ وێران کردنی ئیرادەو هێزو توانای بەرهەمهێنەرانەی ئەو گەلانەن و لەنێو ئاڵوگۆڕەکانیشدا دیسان دەسەڵاتدارە ملهوڕە چەوسێنەرەکان دادەنێنەوەو بەپێی پاراستنی بەرژەوەندیە قازانج پەرستیەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و کەرتی تایبەتەکەیاندا،کێیان بوێت دای دەنێن و کێیشیان بوێت لەسەر کورسی دەسەڵات دەیهێننە خوارەوەو پاڵەوانی نەتەوەو دین گەرا دروست دەکەن.کاتێکیش ئەو بەناو پاڵەوانانە کۆتای بەیاریە شەترەنج ئاساکەیان دەهێنرێت و کش مەلیکیان لێ دەکرێت،جەبهەیەکی نوێ دروست دەکەن و پاڵەوانی نوێ دەخوڵقێننەوە. لەدواجاریشدا دەردەکەوێت کۆی ئەو سەرکردە ناسیۆنالیستی و ڕابەرە ئاینیانە پیاوی دەزگا هەواڵگریەکانی وەک مۆساد و سی ئای ئەی ئەمریکین.

بۆیە جێگای شەرمە بۆ کۆی ئەو مرۆڤانەی دڵیان لەگەڵ مانەوەی ئەم سیستەمەدا لێ دەدات و زۆر گەش بینن بەوەی ئەم سیستەمە دەتوانێت بەهاکانی ژیان و بەهاکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بپارێزێت.
وڵاتانی جەنگ گرتوی وەک عێراق و سوریاو و یەمەن و لیبیا،نەک سامانی وڵاتەکەنیان بۆ ئایندەی چەند نەوەی داهاتوو هێشتا دەبێت وەک قەرز بدرێتەوە بەو کۆمپانیا زلهێزانەی کەجەنگی بۆ هێناون،بەپێچەوانەوە تاتەمەنی ئەم زلهێزانە مابێت و تاوڵاتانی ژێردەستەی ئەم زلهێزانە لەلایەن وەکیلەکانیانەوە بەڕێوە ببرێن،گەلانی ئەو ناوچانە دەبێت هەر لەهەژاری بەردەوامدا بژین و کۆی سامانی گشتی نەتەوەیش تەنها بۆ دانەوەی قەرزی ئەو بۆمبایانە بێت کەژێرخان و سەرخانی وێران کردن.
ئیتر کام ئاوەدان کردنەوە چاوەڕێیە بۆ ئەو وڵاتانە؟
ئەم سیستەمە شایانی ئەوە نیە بمێنێتەوەو کۆی مرۆڤایەتی وەک کۆیلەی ژێر دەستی ئەو بێت. کۆتای هێنان بەکاری کرێ و کۆتای هێنان بەخاوەندارێتی تایبەتی سەرئامرازەکانی بەرهەمهێنان،دەبێتە ئەو دەرئەنجامەی کەکۆتای بەم سیستەمە دڕندەیە بهێنرێت،ئەویش تەنها لەڕێگای شۆڕشی سۆسیالیستیەوە دەبێت.

تاهیر حاجی حەسەن
19/09/2017




ئایا گشت ڕێگاکان دەچنەوە واشنتۆن؟ … تاهیر حاجی حەسەن

لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمادا ئەم ڕستەیە داهێنرا کەگشت ڕێگاکان دەچنەوە ڕۆما،بەمانای ئەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆما خاوەن زلهێزترین هەیمەنەت بووە لەو سەردەمەدا،بەتایبەتیش لەڕوی سەربازی و توانا بێ ڕکابەریەکەی لەداگیرکاریەکانیدا. ئیپراتۆریەتی دەوڵەتی ئەمریکایش لەسەردەمی جەنگی دووەمی جیهانەوە بەناڕاستەوخۆ ئەو ڕێگاچارەیەی خستۆتە نێو ستراتیژو هێزو توانا ئابوری و سیاسیەکانیەوە،هەر بەو پێیەیش گشت لایەکی لەدەرەوەی خۆی ناچار کردوە کەیان بچنە ژێر هەیمەنەتیەوە یان دەبێت لایەنی ملکەچ نەکردو چاوەڕێی گۆشەگیر کردن و زەبر وەشاندن بێت ئیتر لەڕووی سەربازیەوە بوبێت یان لەڕێی گۆشەگیر کردنیەوە لەڕوی ئابوری و بازاڕەوە بوبێت.

ململانێی نێوان بلۆکی شورەوی و بلۆکی ڕۆژئاوا بەسەرکردایەتی ئەمریکا لەسەدەی ڕابردودا یەکێک بوو لەو ململانێ نێونەتەوەییە زەبەلاحەی کەهیچ شوێنێک نەما لەم سەر زەمینە بتوانێت لەدەرەوی ئەو هاوکێشەیەدا بمێنێتەوە،بەپێچەوانەوە کۆی دەوڵەتەکان دابەش کران لەنێو ئەو دوو جەمسەربەندیەدا،تادواجار بلۆکی شورەوی نەیتوانی لەنێو ململانێکەدا بەردەوام بێت و شکستی هێنا.(گەرچی تائێستایشی لەگەڵدا بێت بلۆکی شورەوی لەسەر سۆسیالیزم کرا بەماڵ و بەشکستەکەیشی وابەجیهان ڕاگەیەنرا کەجیهانبینی سۆسیالیزم بەکەڵکی ژیانی مرۆڤایەتی نایەت و گەر پێچەوانە بوایە ئەوا شکستی نەدەهێنا لەبەردەم هەیمەنەو ستراتیژی بازاڕی ئازادی نیولیبراڵیزمی سیستەمی سەرمایەداریدا.لەڕاستیدا بلۆکی شورەوی بنەماکانی سیستەمێکی سۆسیالیستی نەبردە پێشەوە بەتایبەتیش لەسەردەمی ستالینەوە،هێندەی برەویان بەسەرمایەداری دەوڵەتی دا بەچارەکی ئەوە برەویان بەپێشکەوتن و ئەڵتەرناتیڤی ئابوری سۆسیالیستی نەدا،بۆیە لەدوادەرئەنجامیشدا سەرمایەی دەوڵەتی شکستی هێنا لەبەردەم ستراتیژو هەیمەنەتی بازاڕی ئازدی نیولیبراڵیزمداو دواجار خودی دەوڵەتی نوێی ڕوسیە بوو بەهەڵگری هەمان ستراتیژو ڕێوڕەسمێک کەنیولیبراڵیزمی سەرمایەداری بەشوێنیەوەیەتی)ٚ.

ئایا کۆی ڕێگاکان دەچنەوە واشنتۆن؟ بێگومان وەڵام دانەوە بەپرسیارێکی وا،ڕەنگە بەشێوەیەکی قەتعی نەبێت و هەرکەسەو یان هەر لایەو شێوە شرۆڤەیەکی تایبەتی خۆی بۆ بکات.چونکە ئێستاو پێش چەند دەیەی پێش ئێستایش چەندین وڵاتی جیهان لەگەشەکردنی بەردەوامدان لەڕوی ئابوری و سەربازی و داهێنان لەبورای زانست و تەکنەلۆژیا جۆراوجۆرەکاندا،بۆیە ئەو دەوڵەتانەیش بەئەندازەیەک کار لەسەر ئەو ستراتیژە دەکەن کەئاراستەی ڕێگاکە بەرەو واشنتۆن بگۆڕن و هەریەکەو بەپێی توانا گەورەکەی پێی گەیشتوە دەیەوێت ئاراستەی ڕێگاکە بەرەو ماڵەکەی خۆی بێت. لەو دەوڵەتانەی دەیانەوێت لەواقیعدا ژمارەی گەورە بن،لەچینەوە بیگرە تادەگات بەهیندو ئەوروپاو ڕوسیاو یابان و وڵاتانی دیکەی وەک بەرازیل و مەکسیک،تادەگات بەوڵاتانی وەک ئێران و کۆریای باکور،ڕەنگە وڵاتانی دیکەیش هەبن،ئەمانە بەگشتی کار لەسەر گۆڕانی ڕێگاکە دەکەن کەتائێستا ڕووی لەواشنتۆنە. جائەم دەوڵەتانە کەخۆیشیان دەوڵەتی سەرمایەدارین تائێستا نەیان توانیوە بەتەواوەتی ببنە ئەو ژمارەیەی کەهاوسەنگ بن لەکۆی ئەو بوارە جۆراوجۆرانەی دەوڵەتی زلهێزی ئەمریکا خاوەنیەتی،بۆیە تائێستایش گشت ڕێگا لاوەکیەکان ناچارن لەدوا دەرئەنجامدا بچنەوە سەر ڕێگا ڕاستیەکە کەلەواشنتۆنە.

کۆی ململانێیەک و کێ بەرکێیەک بونی هەیە لەنێو دەوڵەتە جۆراوجۆرەکاندا بەدەر نیە لەکۆی ئەو تێگەیشتنەی کەسیستەمی قازانج پەرستی سەرمایەداری هەیەتی بۆ ڕێکخستنی ژیانێکی چینایەتیانە. مێژووی کۆی کۆمەڵگەکان بەدەر نیە لەململانێی مێژووی چینایەتی،ئەم دێڕەی مارکس و ئەنگڵس لەمانیفێستی پارتی کۆمۆنیستدا تائێستایشی لەگەڵدا بێت زانسترین شرۆڤەی واقعیە بۆنێو ژیانی کۆمەڵگەکان. دەوڵەتی زلهێزی ئەمریکا،کۆی هەیمەنەتێک هەیەتی بەسەر کۆمەڵگەکانی دەرەوەی خۆیدا،بەو ئەندازەیەیش هەمان هەیمەنەتی هەیە بەسەر ژیانوگوزەرانی چینی کرێکارو خەڵکی کرێ وەرگردا لەناو ئەمریکادا،بۆیە هەردەوڵەتێکی سەرمایەداری ببینین بەهەمان شێوەو بەپێی قەبارە ئابوری و سەربازیەکەی کەهەیەتی بەو ئەندازەیەیش ئاوا ئەو دەوڵەتە لەنێو خودی کۆمەڵگەکەدا،هەیمەنەی چینایەتی خۆی سەپاندوە بەسەر زۆرینەی چینوتوێژە بەرهەمهێنەرو کرێ وەرگرەکاندا.

لەغیابی بزوتنەوەی سیاسی چینایەتی چینی کرێکارداو نائامادە بوونی جیدی لەمەیدانە سیاسیەکەدا لەگشت وڵاتانی جیهاندا،بەئەندازەیەکی گەورە ڕێگاکان لەبەردەم هەیمەنەتی شەریکاتە زەبەلاحە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتانی سەرمایەداریدا کراوەترن و هەرلایەو بەپێی توانایەک کەهەیەتی وێڵە بەشوێن داگیرکاریداو توانەوەی سنوورەکان لەبەردەم خۆیدا. تائێستایشی لەگەڵدا بێت شەریکاتە زەبەلاحەکان کەنوێنەرایەتی دەوڵەتی سەرمایەداری دەکەن،شەریکاتە ئەمریکیەکان خۆیان بەبێ ڕکابەر دەبینن و نایانەوێت بگەنە شوێنێک کەڕکابەرێک ئێستا بوونی هەیە بیانەوێت لەسبەینێدا بەسەریاندا زاڵ بن. لەحاڵەتێکی وایشدا دەوڵەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکی پێویستی بەجەنگ و پشێوی هەیە،تالەو ڕێگایەوە ڕێگا کراوەکەی خۆی لەهەیمەنت کردندا بۆ چەند دەیەی ئایندە مسۆگەر بکات. لەو پێناوەیشدا ملی ڕێگایەک گرتویەتی بەر نایەوێت هەروا بەئاسانی لەدەستی بدات.کۆی ئەو جەنگە کاول کاریەی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا دەستی داوەتێ و لەڕێی ململانێی وەکیلەکانیەوە دەبرێتە پێشەوە بۆ گرتنە دەستی زیاتری دەسەڵاتێتی بەسەر ئایندەی ئەو وڵاتانەو هەر لەو ڕێگەیەیشەوە دەیەوێت وەڵامی گشت ڕکابەرە تازەپێگەیشتوەکانی بداتەوە کەئەو تەنها خۆیەتی دەتوانێت ڕابەرایتی جیهان بکات و بڕدنەپێشی هەیمەنەتی سەرمایەداری تەنها لەڕێی ئەمەوە دەتوانێت بەسەرکەوتووی بمێنێتەوە.

کاتێک دەتوانین بەسەرکەوتوویی و شێوازێکی زانستیانە شرۆڤەی ئەو جەنگو کاولکاریانە بکەین کەلەوڵاتانی وەک عێراق و سوریاو یەمەن و ئەفغانستان و چەندانیتری وەک سۆماڵ و باشووری سودان و کێشمەکێشی نێوان کۆریای باکورو لەگەڵ جیهانبینی ئەمریکاداو ململانێی نێوان ڕوسیاو ئەمریکا،لەوێوەیە کەبتوانین بەدروستی لەماناکانی خواست و ئامانجە گشتیەکانی سیستەمی سەرمایەداری تێبگەین.گەر نەمان توانی ئەو دەرهاویشتانە بەشێوازێکی زانستیانە بناسین و نەمان توانی قۆناێک کەتێیدا دەژین بیناسین و ،ئەوا پێدەچێت شرۆڤەکان بەکرچ و کاڵی بمێننەوەو وەک ئەو سەرگێژیەی لێبێت کەبارزانی خەڵکی هەرێمی تێکردوە لەوەی کەدەیەوێت وەک ڕابەرێکی ناسیۆنالیستی پلەیەک دەربکەوێت و وای نیشان بدات کەئەم دەتوانێ سەربکەوێت بەسەر ئەو ستراتیژو خواستانەی کەکۆشکی سپی هەیەتی بۆ هەرێم و عێراق و گشت ناوچەکە. بەڵام لەواقیعدا بارزانی وەک میزەڵدان فوی لەخۆی کردوەو خۆیشی باش دەزانێت پێگەکەی لەکوێدایە،بەڵام لەڕێی شکست و ئەو کۆ مەینەتیەی کەلەگەڵ پارتە هاوەڵەکانیتریدا لەبەرەی کوردایەتی کەلەماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەی دەسەڵاتدارێتیاندا هێناویانە بەسەر خەڵکی هەرێمدا بشارنەوەو جارێکیتر وانیشان بدەن کەئەمان لەدەرەوەی ئەو کایەو ئامانجانەوەن کەسیستەمی سەرمایەداری جیهان بەشوێنیەوەیەتۍ.

دواجار گەر بارزانی یاریەکەی بەهەرچ شێوازێک بکات،ناتوانێت وابێت کەلەقازانج و بەرژەوەندی گەلی کوردیدا بێت،هێندەی گەمەکەی بەو شێوازە دەبێت کەلەخزمەتی ئەو ڕێگایەدا دەبێت کەڕوی لەواشنتۆنە.
بەداخەوە،لەغیابی بزوتنەوە جەماوەریەکان کەوا خواست و ئامانجیان کوتای هێنانە بەم جەنگەڵستانەی کە سیستەمی سەرمایەداری بەرهەمی هێناوە،دەکرێت چاوەڕێی ئەو ئایندەیەیش بین کەوڵاتانی ڕۆژهەڵات لەهەرچ ئاڵوگۆڕێکی نوێیدا لەدابەش کردنیەوەبێت یان هاتنی دەوڵەتی بەهێزی نوێیەوە بێت،ئەوا دواجار هیچی لەبەرژەوەندی گەلە زەحمەتکێشەکەی ناشکێتەوە، بۆسەدەیەکیتر دابەش کاریەکە هەروەک ئەوەی پێشو دەبێت کەلەجەنگی یەکەمی جیهاندا کرا.

تاهیر حاجی حەسەن
16/09/2017




کاراکردنەوەی پەرلەمان! … تاهیر حاجی حەسەن

پێش دەسپێک دەکرێت بزانین پەرلەمان بۆ هەیبەتی پەیداکردوەو هەیبەتیان پێداوە لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا. ئاخۆ دەکرا بۆرژوازیەت لەدەرەوەی پەرلەمان بیتوانیایە ئەم شەرعیەتە یاساییەی ئێستا مسۆگەری کردوە،لەدەرەوەی دەزگای پەرلەمانیش بیکردایە؟ ئاخۆ ئەو شوێنەی ناونراوە پەرلەمان و هەیبەتێکی نێونەتەوەیی وەرگرتوە،لەبنەڕەتدا بۆ چارەسەری کێشە و کەموکوڕیەکانی چین و توێژە چەوساوەکانە یان بۆ شەرعیەت دانە بەو چەوساندنەوە چینایەتیانەو پەردەپۆش کردنی چەتەیی و تاڵانیەکانی سیستەمی چەوسێنەری حاکمە؟ لەکام سەردەم و لەکام ساتدا پەرلەمان بوە بەو هێزەی توانیبێتی شەرعیەت بۆهێزوئیرادەی گەل یان چینە چەوساوەکان بگێڕێتەوەو دەسەڵاتی لەدەستی چینە جەوسێنەرەکە سەندبێتەوە؟
لەسەردەمی ئاڵوگۆرە ڕیشەییەکانی قۆناخی کەوتنی سیستەمی فیودالیەت و جێخستنی بەسیستەمێکی جیاوازتر وە خاوەن تێگەیشتنێکی وریایانەتر بۆ بردنە پێشی مەدی چەوساندنەوەی چینە بەرهەمهێنەرەکان و گەشە سەندنی پیشەسازی و پێشکەوتنی جیهانبینی زانستی لەکۆی بوارە جۆربەجۆرەکاندا،بەناچاری بۆ سیستەمی نوێ کارێکی نوێیشی دەخواست کەبتوانێت لەجێی دیوەخانی ئاغاو دەرەبەگ و پاپاکان، شوێنێکی پیرۆزکراو جێ بخات تا گشت لایەک لەژێر ئەو چەترەدا کۆ بکاتەوە کەخۆی دروستی کردوە. ئەو جێگایەیش پەرلەمان بوو.

زیاد لە سێ سەدە دەبێت پەرلەمان کراوە بەجێگایەک کەخاوەندارێتی تایبەتی تێدا پیرۆزتر کراوە و لەڕێی یاساکانی پەرلەمانەوە مافی خاوەندارێتی تایبەت هێندەی تر تۆخ تر کراوەتەوە و دەستی دەوڵەت و خاوەن کارەکان و خاوەن شەریکاتە قازانج پەرستەکان هێندەتی تر مەشروعیەتی یاسایی و ئیداریان پێ بەخشراوە، لەبەرانبەردا، هەرچی هاتوە، دەوڵەتی سەرمایەدارەکان، کۆی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و کۆی ئەو ئەڵتەرناتیفانەیان مایەپوچ کردۆتەوە کەخواستویانە لەڕێی دەرەوەی پەرلەمانەوە ئاڵوگۆڕەکان بەئەنجام بگەیەنن،یانی لەڕێی بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بەهەیمەنەتی دەسەڵاتی چینێکی چەوسێنەری کەمایەتی. بۆیە، دەسەڵاتی دەوڵەتی سەرمایەداران،هەمیشە، لەڕێی پارتە جۆراجۆرەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنەوە، کەلەئەسڵدا هەر سەر بەو خێزانە بۆرژوازیەن،کاریان کردوە لەسەر ئەوەی پەرلەمان بکرێتە تەنها مەرجەع بۆیەکلایی کردنەوەی کێشمەکێش و ململنێ چینایەتیەکان و ململانێکانی نێو خودی چینی بۆرژوازیەت. دیارە بەو کارەیشیان توانیویانە تائێستا درێژە بەو چەواشەکاریانەیان بدەن و دەزگای پەرلەمانیش وەک هەریەک لەو پایانەی کەهەیبەتی دەوڵتی چەوسێنەرانیان ڕاگرتوە،هەمان ڕۆڵ بگێڕێت.

پەرلەمان لەهەر وڵاتێکدا، کارامەیی و ئەوەی بڵێین کارێکی کردبێت کەلەخزمەتی خواست و داواکاریەکانی چین و توێژە بەرهەمهێنەرەکاندا بوبێت،لەڕاستیدا،ئەوە ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی ئەو چین و توێژە بەرهەمهێنەرانە بوە کەپەرلەمانی ناچار کردوە، بەناڕاستەوخۆ،وە،وەک دیاریەکی دەستی خۆیشی دواتر ئەو داوایانەی جێبەجێ کردوەو تاکاتی نادیار لەسەری کاری کردبێت. بەپێچەوانەوە لەو وڵاتانەی ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی لاوازە، پەرلەمان، نەیتوانیوە هیچ کارێک ئەنجام بدات کەلەخزمەتی چینوتوێژە چەوساوەو بەرهەمهێنەرەکاندا بوبێت. بەپێچەوانەوە هەمیشە، کاری هەڵخەڵەتاندن و دەستی دەستی پێکردنی خواست و ئامانجە ڕەواکانی جەماوەری زۆرینە بوە. چونکە لەو وڵاتانەدا، بەهەرێمی باشووری کوردستانیشەوە، ئەوەی دەور دەبینێت، هەیبەتی سەرۆکە دیکتاتۆرەکان و پارتە بۆرژوا قەمی و دینیەکانە،نەک هەیبەتی پەرلەمان. بۆیە هەرچ خواست و بڕیارو بەرژەوەندیەک کەلەخزمەتی هەیبەتی سەرۆکدا نەبوبێت،مایەپوچ کراوە. پەرلەمان، لەدەوڵەتانی خاوەن پیشەسازی و بەدامودەزگا بونیشدا، زۆر زیاتر لەخزمەتی بەرژەوەندیە چینایەتەکانی دەوڵەت و خودی چەتە دەسەڵاتدار و کۆمپانیا زەبەلاحەکاندایە تا لەخزمەتی چین و توێژە بەرهەمهێنەرەکاندا بێت. دەوڵەتێکی ئیمپریالیستی وەک دەوڵەتی ئەمریکی و دەوڵەتێکی ئیمپریالیستی وەک ڕوسیا، کاتێک جەنگە کاول کاریەکانیان بەرپا دەکەن و هێرش دەکەنە سەر دەوڵەتانی تر، پێشتر لەڕێی پەرلەمان و یاساکانیانەوە بەهانەو هۆکار دەدۆزنەوە،دواتر دەست دەکەن بەچەتەگەریەتەکەیان،تا بەو کارەیان شەرعیەتی بەپیرۆز کردن و لەسەر هەق بەونی جەنگەکانیان جی بکەنەوە و جەماوەری لەدەور خڕ بکەنەوە،یانی چۆن شەرعیەتی یاسایی بدەن بەجەنگەکانیان و کارە دڕندانەکانیان،کەسەدان هەزار لەمرۆڤی زەحمەتکێش بەکوشت دەدەن لەپێناو ئامانجەکانیان،یانی وەدەست خستنی قازانجی زیاتر و کەڵەکە کردنی سەرمایە لەژێر دەستی ئەو چینە کەمایەتیەدا، کەبەزۆری خۆسەپاندن و سەرکوتەوە تەمەنی خۆیان درێژ دەکەنەوە و جەماوەریش دەکەن بەکۆیلەی نێو خواستە ناڕەواکانی خۆیان.

ببینن، بزانن پەرلەمانی دەوڵەتی تورکیا چۆن بەدەنگی زۆرینە،بڕیارو خواستە شۆفێنیستیەکانی ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی دەکەن بەیاسایی و لەو ڕێگایەوە،دەرگا واڵا دەکەن بۆ سوپا کەبەئارەزوی خۆی کوشت و بڕی خەڵکی زەحمەتکێش و سیڤیلی باکوری کوردستان بکات. هەر ئەو پەرلەمانەیشە، دەستی دەوڵەت ئاواڵا دەکات لەپەلاماردانی بزوتنەوە کرێکاریەکانی ناو تورکیاو لەڕێی پۆلیسەوە کوشتوبڕیان بکەن. پەرلەمانی دەوڵەتی ئاخوندەکان ببینن،بزانن بەچ ڕادەیەکی وەحشیانە یاسا ئیسلامیەکان ڕەواج پێدەدەن و دەست و پێی ژنانی پێدەبەستنەوە تا دەگات بەیاسای لەسێدارەو زیندانی کردنی هەتای. ئەوە پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی تادەگات بەشورای ئیسلامی عەرەبستانی سعودی. بەکۆ ئەو پەرلەمانانە،هیچیان کەمتر نیە لەهەیبەتی دەسەڵاتی پۆلیس لەسەرکوت کردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا.

هەرێمی باشووری کوردستانیش وەک بەشێک لەو خێزانە چەوسێنەرەی بۆرژوازیەت،خێزانێکی چەتەیان کراوە بەڕیشەوە و پەرلەمانێکی دەستەمۆی حزبیشیان بۆ دامەزراندون. لەنێو ئەو پەرلەمانەدا،کەتائێستا یاسایەکی نەبوە لەبەرژەوەندی واقعی ژیانی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکان بوبێت،دەیان حزبی بۆرژوا قەومی و دینی و خێڵەکی لەخۆی گرتوە. تەمەنی پەرلەمان لەباشووری کوردستاندا ٢٥ ساڵی ڕەبەقی پڕکردۆتەوە. بەڵام دەبێت بپرسین لەو ماوە دورودرێژەدا کامە یاسا و دەست ڕۆیشتووی هەیبەتی پەرلەمانی بەناو مۆدێرنەو مەدەنیەوە بوو،کەتوانیبێتی دەورێکی هەبێت لەکەم کردنەوەی سەر پەروەردەی دڕندانەی پیاوسالاری و کەم کردنەوەی پەروەردەو هەیبەتی دیکتاتۆریانەی خۆسەپێنەری ئاینی و کەمکردنەوەی هێزوخواستی سەرۆک و سەرۆکی حزبەکان؟ ئاخۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان،دیوی دوەمی دیوەخانەکانی حزب نین؟ ئاخۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان توانیویەتی کۆتای بەهەیبەت و هەیمەنەی سەرۆکی خێڵ بێنێت تابتوانێت سەرۆکی هەرێمی ماوە بەسەرچویش کۆتای پێبێنێت؟ کەوایە دەبێت بپرسین: بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان هێندە پیداگیری دەکات لەسەر کارا کردنەوەی پەرلەمان؟ بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان بەشوێن ئەڵتەرناتیفێکی تردا ناگەڕێت کەبەفعلی لەخزمەتی هۆشیار کردنەوەی سیاسیانەی زۆرینەی جەماوەردا بێت و ئیرادە ڕاستەقینەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە؟ ئاخۆ ئەو پەرلەمانەی بزوتنەوەی گۆڕان شێتی بوە، دەتوانێت لەخزمەتی جەماوەری ستەم لێکراودا بێت، یان بۆ شەرعیەت دانی یاسایانەی بۆرژوازیەتە بەو چەوساندنەوە چینایەتیانەی بونی هەیە؟ ئاخۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەتوانێت کۆتایی بەهەیمەنەتی بنەماڵەی بارزانی و بەپیرۆز کراویەکەیان بهێنێت لەڕێی کارا کردنەوەی پەرلەمانەوە،یان بەناڕاستەوخۆ بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرانبەر شکستەکانیدا، دێت و قبوڵی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانەکەیشی دەبێت و هەیمەنەی مەرجەعیەتی بارزانیش قبول دەکات؟

ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان کردی،خزمەت کردنێکی زۆری بوو،بەو خێزانە چەتەیەی بۆرژوازیەتی کوردی، ئەویش لەڕێی بەلاڕێدا بردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بەکارهێنانیان لەپێناو بەرژەوەندیە ناڕاستەوخۆکانی خۆیاندا، دیارە بزوتنەوە ئیسلامیەکانیش هاودەردو هاوئامانجن لەگەل کۆی بزوتنەوەی چینایەتی بۆرژوازیەتی کوردیدا.

مەخان، چونکە چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی کوردستان، خاوەنی ڕابەرایەتیەکی ڕاستەقینەی خۆیان نین، کەڕێکخراویان بکات و لەدەوری خواستە ڕەواو یەکسانیخوازەکانی خۆیان کۆیان بکاتەوە، لەوێدا لەناڕۆشنی هۆشیاری سیاسی چینایەتیاندا، لەلایەن پارتە بۆرژوا جۆراوجۆرەکانەوە، تەفرە دراون و کراون بەکۆیلەی خواست و بەرژەوەندیەکانی ئەو پارتانە. بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکێکە لەو پارتانەو بۆڵە بۆڵ و گازندەکانی، لەپێناو پێشوەچونی ئیرادەی زۆرینەی خەڵکی هەرێم نیە، بەڵکو لەڕێی بەلاڕێدا بردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانەوە توانیان، بۆ قۆناخێکی تر، تەمەنی بۆرژوازیەتی کوردی بەرنە پێشەوە. بۆیە کارا کردنەوەی پەرلەمانیش هەر لەپێناو ئەو ئامانجەیاندایەو ڕیفراندۆمەکەی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانیش تەنها بۆ خۆسەپاندنی زیاتریانە بەسەر گەلی زەحمەتکێشی باشووردا. جابۆیە، نابێت بەخەڵەتاندنی زیاترمان لەڕێی کارا کردنی پەرلەمانەوە،چاوەڕێی دەرکەوتنی بەختەوەریە دزراوەکانمان بین لەخاوەن دزە ڕاستەقینەکانی کە حاکمن لەسەر سەرمان!

تاهیر حاجی حەسەن
١٤/٠٦/٢٠١٧




ئایا شەڕی کورد بەکورد هیچ واقعیەتێکی هەیە؟ … تاهیر حاجی حەسەن

بەرەی ناسیۆنالیزمی کورد لەباشوردا هەرلەسەردەمی شاخیانەوە تا ئەم چرکە ساتەیشی لەگەڵدا بێت،هەرساتەو دەکرێت چاوەڕێی جەنگێکی تری ناوخۆییان لێ چاوەڕوان بکرێت هەروەک ئەو کۆ جەنگەی لەمێژووی ڕابردودا کردویانە لەدژی یەکتری. دەکرێت بپرسین ئاخۆ گەر ناسیۆنالیزم بەمانای چەمکێک بێت خۆی لەسەرو کایە چینایەتیەکانەوە ببینێتەوە،هۆکار چی بوە وابەردەوام ئەو حزبانەی باشوور بەتایبەتیش پەدەکەو یەنەکەو پارتە بچوکەکانیتریشی لەگەڵدا بێت جەنگی دژی یەکتریان کردوە و کوڕی کوردیان بەکوشت داوە؟ ئاخۆ لێرەدا نابێت ئاوڕێک لەمێژووی وڵاتانی دیکەیش بدەینەوەو بەمێژوەکەیاندا بنواڕین کەبزانین لەلایەن دەسەڵات و ئەحزابی بەناو ناسیۆنالیستی و ئەحزابی ئاینیان،چەندین شەڕیان بەرپاکردوەو بەهەزاران هەزار مرۆڤی هاوزمان و هاو نەژاد لەخۆیان بەکوشت دراون؟ باشە ئەوان بۆچی خەڵکی هاوزمانی خۆیان کوشتون؟ ئاخۆ ئەوە لەبنەڕەتدا لەپێناو چیدا بوە؟ ئایا لێرەدا نابێت بگەین بەو دەرئەنجامەی کەئەوەی ڕودەدات لەکایەی جەنگدا،ڕاستەوخۆ دەرگیری نێو کێشمەکێشە چینایەتیەکانە؟ ئاخۆ خەڵکی کورد زمان لەدەرەوەی پێناسە گشتیەکانی جیهانەوەن،تەنها لەبەر ئەوەی خاوەن دەوڵەتی خۆیان نین،ئیتر دەبێت بەچاوێکی جیاوازترەوە ببینرێن و لەکێشمەکێشە چینایەتیەکان بەدەربکرێن؟
ئەو شەڕەی دوێنێ ڕویداو ئەوەی ئەمڕۆ ڕویداو ئەوەی سبەینێ ڕودەدات،نەک بەدەرن لەیاساو ڕێسا چینایەتیەکان،بەڵکو هەڵقوڵاوی نێو ئەو ململانێو کێشمەکێشە چینایەتیانەن و شەڕەکە،شەڕە لەپێناو سەپاندنی هەیمەنەی چینێکی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتدار بەسەر کۆی لایەنەکانی تری نێو سیاسەت و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە باوەکەدا.
پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتەکەی یانی یەکێتی و چوار پێنج حزبەکەی تری نێو ئەو حکومەتە،ماوەی بیست و شەش ساڵە بەڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی چینی چەوسێنەری دەسەڵاتدار دەکەن و کۆی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی چواردەور و دەوڵەتانی جیهاندا لەپێناو پاراستنی هەیمەنەتی چینایەتیدایە. ئیتر مەسەلەی کوردایەتی و نەفی کردنی شەڕی ناوخۆی براکان و کوشتنی کورد بەدەستی کورد حەرامەو هێڵی سورە،لەدرۆیەکی شاخدار زیاتر شتێکیتر نیە. بۆ مەگەر کورد زیاترە لەعەرەب وائێستا لەدەیان لاوە بەربونەتە یەکتری و کوشتوبڕی کۆمەڵگا درێژە پێ دەدەن؟ بۆ مەگەر کورد لەتورک جیاوازترە،وائێستا بەشێکی زۆری زیندانەکانی تورکیا پڕە لەخەڵکی تورک زمان کەلەلایەن دەوڵەتی تورکەوە زیندانی کراون.بۆمەگەر کورد جیاوازترە لەفارس و پاکستانی و کێوکێیتر کە لەنێو زیندانەکانیاندا پڕاوپڕن لەبەندکراوانی سیاسی و ئەوانەی ناڕازین بەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرو چەوسێنەرانەیان؟
بەڕێزان من ئێستایش ئەو پرسیارە دەکەمەوە:ئاخۆ لەبری پەیەدە ئەنەکەسە دەسەڵاتی بەدەستەوە بگرتایە لەڕۆژئاوای کوردستاندا،ڕێی تێدەچو پارتی و دەوڵەتی ئەردۆ داعش پەلاماریان بدایە؟ ئاخۆ هۆکار بۆچی دەگەڕایەوە لەحاڵەتێکی وادا؟ ئاخۆ تەنها هۆکار بۆئەوە نەدەگەڕایەوە کەئەنەکەسە دەبوە جێبەجێ کەری پرۆژە چینایەتیەکانی پارتی و دەوڵەتی ئەردۆ داعش؟ کەوایە هاوکێشەکە ڕونەو پێویست بەخۆ گێل کردن و هێنانەوەی بەهانەی بێ مانا ناکات. پەیەدەو شۆڕشەکەی لەڕۆژئاوای کوردستاندا هەڵگری چەمک گەلێکی جیاوازن و هاوتەبا نین لەگەڵ ئەو خواست و بەرژەوەندی وئەجێندایانەی پارتی و دەسەڵاتدارانی باشور بەشوێنیەوەن. شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان خاوەنی ئەڵتەرناتیڤێکی جیاوازەو لەهەگبەکەیدا مژدەیەکی نوێی وەرچەرخانی مێژووی هەڵگرتوە کەهەموو ساتێک دووبارە نابێتەوە.هەڵگرتنی مژدەی وەرچەرخانی کۆتای هێنان بەچەوساندنەوەی چینایەتی و کۆتای هێنان بەوەهمی ناسیۆنالیستیانە.تەنها ئەم هۆکارەیشە کۆی بەرەی نەیاری ئەو شۆڕشەی تووشی شۆک کردوە. ئەگەر وانیە،ئەی خێرە ئەردۆ داعشی فاشی ڕێزو حورمەت دەدات بەوالیە کوردیەکەی لەباشوردا بەڵام دێت و جینۆسایدی گەلی زەحمەتکێشی باکوری کورد زمان دەکات،یان بەکۆی سوپاکەیەوە پەلاماری ڕۆژئاوای کوردستان و شۆڕشەکەی دەدات؟
بەڕێزان،مێژوو پڕاو پڕە لەو وەهمە ناسیۆنالیستیەی خۆی لەسەرو خەتی چینایەتیەوە دەناسێنێت.هەرلەسەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریکاو ڕزگاری ئەمریکا لەساڵی 1776 وە تا دەگات بەشۆڕشی فەرەنسای 1789 و دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ناپۆلێۆنی لاوەوە،ئیتر جەنگەکان لەژێر سەری هەیمەنەی ئایدۆلۆژیا ناسیۆنالیستەکاندا بوە بۆ شاردنەوەی خەتە چینایەتیەکان و زاڵ کردنی هەیمەنەی چینە بۆرژواکان بەسەر چینە کارگەرو زەحمەتکێشەکاندا. مرۆڤ گەر مێژوو بەشێوازە دروستەکەی بخوێنێتەوە باش لەناوەڕۆکە ترسناکەکەی ناسیۆنالیزم تێ دەگات. بەڵام مەخابن،کاتێک ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی لاوازە،ئیترە خۆش کردنی ڕێگای جەنگی بەرژەوەند خوازانەی چینە دەسەڵاتدارەکان لەژێر ناوی پاراستنی شەرفی نیشتیمان و تەڵاقی دەوڵەتدا ڕەونەقێکی سەرسوڕهێنەری پێدەدرێت. دەکرێت بپرسین:ئاخۆ گەر ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی لەبار بوایەو دەست بردن بۆ خۆڕێکخستن بچوایەتە مەیدانی هاتنە مەیدانەوە،ڕێی تێدەچوو سەرانی ناسیۆنالیزم ئاوا بەئاسانی بیان توانیایە لەڕێی خیانەتەکانیانەوە هێشتا فەزڵ فرۆشی بنوێنن و خۆیان وەک قارەمانی گەل نیشان بدەن؟ ئاخۆ گەر ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی لاواز نەبوایە لەسەردەمی جەنگی یەکەمی جیهان و جەنگی دوەمی جیهاندا ڕێی تێدەچوو سەرانی بەرژەوەند خوازی دەوڵەتی بۆرژواکان وا بەئاسانی بیان توانیایە مەیدانی جەنگەکانیان گەرم بکەن و ملیۆنان مرۆڤ بکەنە سوتەمەنی نێو بەرژەوەندیەکانیان؟ ئاخۆ گەر ئێستا بێت ئەو دەوڵەتانە دەتوانن لەژێر هەیمەنەی پاراستنی نیشتیمانی و پاراستنی ئەمنی قەومیدا مرۆڤەکانیان ڕاپێچی نێو جەنگێکیتری وەک ئەو دوو جەنگەی ڕابردوو بکەن؟ کەوایە ئەوەیش ئێستا بۆ پارتی و هەیمەنەتەکەی دەست دەدات ئاستی لاوازی هۆشیاری سیاسی چینایەتی و ناڕێکخراوبونی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانە،بۆیە توانویەتی لەڕوی هێزی سەربازیەوە لەشکری زۆرو زەبەندی هەبێت و لەڕێی وەهمی دەوڵەتی کوردی و ناسیۆنالیزم و ئاڵاوە، هەیمەنەتی حزبی و بنەماڵەیی خۆی بسەپێنێت و بێ هیچ سڵەمینەیەکەوە دەست ببات بۆ شەڕی کورد کوشتن،کەدیارە لای من پێچەوانەکەی ڕاستەو بەشەڕی چینایەتی ناوی لێ دەنێم.
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و هاوپەیمانەکانی هەڵگری چەمکی کۆتای هێنانی ناسیۆنالیزم و چەمکی هەیمەنەی دەوڵەت نەتەوەن،بۆیە هەر لەپارتیەوە تادەگات بەدەوڵەتانی چواردەور بەنەیارو دوژمنی خۆیانی دەزانن. ئەو شەڕەی ئێستایش هەیە نەتەواو دەبێت و وەنە کوشتنی کورد بەدەستی کوردیش کۆتای پێ دێت!

تاهیر حاجی حەسەن
03/03/2017




دەربەندیخان بوە بەشاری شێرپەنجە! … تاهیر حاجی حەسەن

هەموان ئاگادارین نەخۆشی شێرپەنجە یەکێکە لەو نەخۆشیە ترسناکانەی دەرباز بوون لێی بوەتە کارێکی مەحاڵ کاتێک کەسێک بەو نەخۆشیە توش دەبێت.چارەسەریەکانی تائێستا وانیشان دەدرێت کەزانست نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانێت لەڕێی دەرمانی تایبەتەوە بنەبڕی ئەو نەخۆشیە بکات،بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە بۆیە ئەو نەخۆشیە بنەبڕ ناکرێت،چونکە قازانجێکی خەیاڵی لێ دەکرێت لەلایەن ئەو کۆمپانیا تایبەتانەی تایبەتن بەدروست کردنی دەرمان بۆ شێرپەنجە.
نەخۆشی شێرپەنجە ساڵانە بڕێکی زۆر لەمرۆڤەکان دەکوژێت،کوشتنێکی ڕاستەوخۆنا،بەڵکو دوای ململانێیەکی زۆر و خەرج کردنی پارەیەکی زۆر بۆکڕینی دەرمانی تایبەت بەو نەخۆشیە بەنرخێکی گران و دواجاریش نەخۆشەکە دەکوژێت. لەو نێوەیشدا ئەوانەی توش دەبن بەو نەخۆشیە زۆربەیان لەخێزانە هەژار کراوەکانن. پیس بونی ژینگەو بەرهەمهێنانی خواردنی جواروجۆر کەقازانج لەپشتیەوەیەتی تاخزمەت کردن بەهاوڵاتیان،پیس بونی ئاوی خواردنەوە. ئەمانەو دەیان هۆکاری تر دەبنە دەرئەنجامێک بۆ پەرەسەندنی ئەو نەخۆشیە. جەنگەکان کەبەکۆ لەپێناو قازانج و بەرژەوەندیەکانی چینە دەسەڵاتدارەکان و زلهێزانی سەرمایەداریە،دیسان هۆکارێکی سەرەکیترن بۆ بڵاو بونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لەڕێی بۆمبە جۆراوجۆرەکانیانەوە کاتێک ئەو بۆمبانە دروست دەکرێن بێگومان بۆ کوشتنی خێرای مرۆڤ و دواجار پیس کردنی ژینگەو هێشتنەوەی توانای مانەوەی مادە ژەهراویەکانی بۆ کاتێکی درودرێژ.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی لەسەڵی 19800 وە مەیدانی جەنگی بەرەوام بوە تائێستا.
شارۆچکەی دەربەندیخان یەکێکە لەو جێگایانەی زۆرترین ڕێژەی توش بوانی بەو نەخۆشیەی لێیە،دیارە ڕێک نازانم چەند کەس بەو نەخۆشیەوە دەناڵێنن،بەڵام هەر چەند ڕۆژ جارێک هەواڵی مردنی کەسێک دەبیستین بەو نەخۆشیە. دیارە ئەو نەخۆشیە لەگشت شارەکانی باشوری کوردستان و عێراقدا بونی هەیە.بەڵام کاتێک مرۆڤ گوێی لەناوی ئەو نەخۆشیە دەبێت،ڕاستەوخۆ دەربەندیخانیەکانی دێتە پێش چاو. دەبێت بپرسین بۆچی دەربەندیخان ناسراوە بەو نەخۆشیە؟و،هێندەی ئاگاداریش بم دەڵێن لەنێو نەخۆشخانەکانی سلێمانیدا خوێن لەخەڵکی دەربەندیخانی وەرناگرن گەر بۆ پێویستیەک بێت،چونکە ترسیان لەو کەسە هەیە توش بوبێت بەو نەخۆشیە.

شارۆچکەی دەربەندیخان،لەڕوی بەکاربردنی ئاو بۆ خواردنەوەو دابین کردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانە بەئاو،ئیعتیمادی تەواویان لەسەر ئاوی سیروانە،یان دەریاچەی دەربەندیخان. چەندین جار ئاوی ئەو دەریاچەیە نێردراوە بۆ پشکنین،بەڵام هێندەی گوێ بیستی بوبین بەسەلامەتی دەرنەچوە.خودی ئاوی سیروان کۆی پیسایەکانی پاشەڕۆی سلێمانی و پاشەڕۆی ئەو مادانەی لەزانکۆکاندا بەکار دەبرێت لەڕێی چەماوی تانجەرۆوە دەڕژێنە نێو دەریاچەی سیروانەوە.پاک نەکردنەوەی دەریاچەی دەربەندیخان بۆخۆی بەرپرسیاریەتەکەی لەئەستۆی حکومەتە شەفافەکەی هەرێم و لایەنی بەرپرسی تایبەت بەپاراستنی سەلامەتی کۆمەڵگەیە.بەڵام مەخابن،ئەو حکومەتە شەفافە بێ غەلوغەشە،هێندە بەرپرسە لەژیان و سەلامەتی کۆمەڵگە،هیچ پنتێک نەماوە دەستی بۆنەبردبێت و چارەسەری گونجاوی بۆ دانەنابێت!!!!
خەڵکی دەربەندیخان لەبەردەم هەڕەشەیەکی جدیدان،گەر بێت و کۆی گەورەو بچوکی شار نەیەنە مەیدان و یەخەی ئەو حکومەتە چەتەیە نەگرن،شێرپەنجە لەناویان دەدات،ئەویش لەڕێی بەکار هێنانی ڕۆژانەی ئاوی سیروانەوە.
ئاوی سیروان بێجگە لەوەی بۆ هیچ بەکاربردنێک دەست نادات،ئەو بۆریانەیش ئاوەکەی پێدا دەگاتە نێو ماڵەکان هەمویان کۆن بون و پێدەچێت تائێستا ژەنگاویش بوبێتن.

زۆرێک لەخەڵکی دەربەندیخان،ئاوی سیروان ناخۆنەوە،بەڵکو دەڕۆن لەدەرەوەی شارۆچکەکە ئاو بۆخواردنەوە پەیدا دەکەن،لەوێدا وادەزانن خۆیان بەدوور دەگرن لەئاوی پیسی سیروان،بەڵام نازانن کاتێک کەخۆیان دەشۆن دەبێت پەنا ببەنەوە بۆ ئاوی سیروانە پیس بوەکە،یان شۆردنی قاپو دەفری دوای نان خواردن دیسان دەبێت بەئاوی سیروان بیشۆن.یان ششتنی دەمودان دیسان دەبێت پەنا بەرنەوە بەرئاوی سیروان.ئیتر هچ کەس ناتوانێت خۆی دەرباز بکات ڵەبەکارنەهێنانی ئاوی سیروان. ئاوی سیروان بۆ خەڵکی دەربەندیخان بەتایبەتی وەک فەلسەفەی مردنی لێ هاتوە کەهیچ زیندەوەرێک ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بکات. باشە گەر ئەوە هەلومەرجی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی دەربەندیخانە بۆچی ئەو خەڵکە قبوڵی ئاوا بارودۆخێکی نالەباردەکەن؟ ئاخۆ ئەو خەڵکە بۆیە پەرش و بڵاون و ناتوانن دەست ببەن بۆ ڕێگاچارەیەکی خێرا هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەهەرکەسەو سەر بەحزبێکەو ئیتر لەبەرخاتری حزبەکە کەس ناتوانێت ئیرادە بکات و هەوڵی چارەسەرێکی گونجاو بدەن؟ ئاخۆ ئەرکی بەرپرسانی یەکە ئیداریەکان چیە لەو شارۆچکەیەدا؟ کامە ڕەوشت و ئاستی بەرپرسیاریەتیانە؟ ئاخۆ دانیشتوانی دەربەندیخان ئاستی ناهۆشیارییانە واناتوانن ئیرادیەکی دەستە جەمعی بنوێنن و کۆی ژیان لەو شارەدا بوەستێنن تائەو کاتەی حکومەتەکەیان دێتە سەرخەت و بەپەلە پرۆژە تەواو نەکراوەکەیان بۆ تەواو دەکات؟ ئاخۆ گەر خەڵکی بەس بنواڕنە ئەو چرکە ساتەی کە،کەسێکیان لێ دەمرێت،ئەوە کام هۆکارە واناڕاستەوخۆ وایان لێ دەکات بەسەدان و هەزارانیان ئازا کۆ ببنەوەو لەبەڕێ کردنی مردوەکەدا بەشداربن تادەیشارنەوە لەنێو گۆڕدا؟ ئاخۆ گەر ئەو ڕێکخراو بونە خۆڕسکیە بگۆڕدرێت لەپێناو ژیانی دانیشتوانە زیندوەکەدا ناتوانێت بەرهەمێکی باش وەدەست بهێنێت؟ ئاخۆ ئەو چەند جارەی چەند دە نەفەرێک ڕژانە سەرجادە بۆئەوەی کاربەدەستان و حکومەت بێن بەپیری داواکاریەکەیانەوە بۆ پاک کردنەوەی ئاوی سیروان بەس بوە؟ یان دەبوا کۆی دانیشتوانی ئەو شارۆچکەیە بێنە مەیدانەوە و ئیرادەی ڕاستەقینەی خەم خۆری خۆیان بۆخۆیان نیشان بدەن؟ چونکە زۆبەی تاکەکان ڕۆژانە پێنج جار دەچن بۆ نوێژو دەست نوێژ دەگرن بەو ئاوە پیسەی سیروان،دواتر مەلاکانیش بەرنوێژیان بۆدەکەن،بەڵام ئەوەی مەلاکان خۆی لێ دەدزێتەوە،دەست نەبردنیانە بۆ ووروژاندنی چارەسەریەک بۆ پیس بونی ئەو ئاوەی ڕۆژانە دەبێت بەکاری بهێنن.بەداخەوە،خەڵکەکەیش واڕاهێنراوە هەر لەخودا بپاڕێتەوەو واخۆی نیشان بدات کەئەم هیچی لەتوانادا نیە،مەگەر ڕۆحم و کەرەمی خوا وەفریایان بکەوێت.ئەم خۆخەڵەتاندنە،بوەتە کاری ڕۆژانەی زۆرترین مرۆڤەکان ئیتر لەدەربەندیخاندا بێت یان لەهەر شارو گوندێکیتری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی. بۆیەیش تادێت ژیان و ژینگە لەو وڵاتانە بەر وێرانە و پیس بون دەبرێت.

نەخۆشی ژێرپەنجە بوە بەپێناسە بۆ دانیشتوانی شارۆچکەی دەربەندیخان.ئاخۆ دەبێت ئەو خەڵکەی چ ساتێک واز لەکۆی ئەو چەمکانە بێنن کەهەرکەسەو بەجۆرێک خۆی پێوە گێل و گرێدراو کردوەو دەستە جەمعی بێنە مەیدان و بەرژەوەندی دانیشتوان بخەنە پێش کۆی بەرژەوەندی حزب و حزبی خودا و حزبی خێڵ و حزبی تەکیەوە؟ بەڕاستی لەناخەوە ئەزیەت دەخۆم کاتێک دەبینم دانیشتوانێک هێندە بێ دربەس و لاموبالات و خەم ساردن لەپێناو خۆیاندا!

تاهیر حاجی حەسەن
25/02/2017




بۆچی بارزانی واز لەکورسی سەرۆکایەتی هەرێم ناهێنێت؟ … تاهیر حاجی حەسەن

پێدەچێت پرسیارێکی وا بەهەزاران شێواز کرابێت لەلایەن دانیشتوانی هەرێمەوە،ئەوەی هەرکەسێکیش چۆن وەڵامی بەخۆی دابێتەوە،دیسان دواجار وەڵامەکە چەند جێی خۆی گرتبێت لەوەی مایەی ڕەزامەندی خودی کەسی خاوەن پرسیار بێت،نازانرێت.
کورسی سەرۆکایەتی لەوڵاتانێکدا هێشتا ئاستی هۆشیاری سیاسی کۆمەڵگا لەئاستێکی کەمدایەو ئاستی ئابوری بەئەندازەیەک لەشێوازە پاش کەوتوەکاندا مابێتەوە،کارێکی وادەکەن،هەمیشە ئەو پارتەی لەنێو دەسەڵاتدایەو دەستی گرتوە بەسەر جومگەکانی دەوڵەتدا،خودی سەرۆکێک بەرهەم دەهێنێت،بەئازادانەی خۆی واز لەکورسی سەرۆکایەتی کردن نەهێنێت. دانیشتوانی باشوری کوردستانیش لەنێو گەمەیەکی وادان و تەواوی پێگە دواکەتوییەکان زاڵ کراون لەنێو هزری کۆمەڵگەداو ئاستی ململانێی نێو ئەحزابێک لەنێو پایەی دەسەڵاتدان،هەلومەرجێکی وایان بەرهەم هێناوە کە تەواو گونجاوە بۆ مانەوەی بارزانی لەسەر کورسی سەرۆکایەتیەکەدا.

لەنێو خودی هەیکەلەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا،جۆرە دیکتاتۆریەتێک زاڵ کراوە،کەهیچ کەسی ناو ئەو پارتە بەهای ناگاتە بەهای مناڵێکی نێو خانەوادەی بارزانی،بۆیە لەوێدا،بارزانی بەکۆی خانەوادەکەی لەکۆی پایەکانی نێو حزبدا لەپێش کۆی هەیکەلەی حزبدایەو تائاستی پیرۆزی جێگای گرتوە.خاڵێکی وایش دەبێتە ئەو دەرئەنجامەی کەهیچ کەسێک لەدەرەوەی ماڵباتی بارزانیەوە بەخەونیش نەتوانێت بیر لەوە بکاتەوە ڕۆژێک لەڕۆژان ببێتە کەسی یەکەمی حزب،لەکاتێکی وایشدا،مانەوەی بارزانی وەک سەرۆکی هەمیشەیی حزب و سەرۆکی هەمیشەیی باشوری کوردستان،گرەنتی کراوە.ئیتر ئەو شتەی ناوی دیموکراتیە لەنێو حزبدا،تەنها دیموکراتیەکی دیکتاتۆریانەی نێو بنەماڵە پاشایەتیەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات دەگەیەنێت،یان بنەماڵە دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکان لەوڵاتانی ڕۆژ هەڵاتدا.

ئەو حزب و هێزو لایەنانەی لەهەرێمدا لەبەرانبەر پارتی دیموکراتی کوردستاندا بونیان هەیە،ئەمانە کۆمەڵە پارتێکن،سەرومڕ،کاریان بەناڕاستەوخۆ بوبێت یان بەڕاستەوخۆ،بوە بەپاراستنی بارزانی لەمانەوەیدا وەک سەرۆکی هەرێم. چونکە تائێستایشی لەگەڵدا بێت هەر لەیەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکانەوە بیگرین تادەگات بەحزبی شیوعی کوردستان،هیچیان،ئەو بەرانبەرە بەهێزە نەبوون کە بخوازن کورسیەکە لەبارزانی وەرگرنەوەو کەسایەتیەکی جیاوازتر لەبارزانی لەسەر کورسیەکە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.(دیارە بەرپرسیاریەتەکە،ئەو بەرپرسیاریەتە خاوەن مێژووییە نیە کەکاری سەرۆک ئاڵوگۆڕ بەخش بێت بۆ پێگەی وەرچەرخان لەنێو هزرو پەروەردەی دواکەوتوانەی کۆمەڵگەو هێنانە پێشی هەلومەرجێک کەتەکانێکی پێشکەوتوخوازانە بداتە کۆی بوارە سەرەکیەکانی ژیانی کۆمەڵگە،بەپێچەوانەوە،ئەرکی بەرپرسیاریەتی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بەگشتی،پاراستنی پێگە دیکتاتۆری و هێشتنەوەی پێگە دواکەوتوە زاڵەکانی نێو کۆمەڵگە بوە.) هەروەک کارێکی گاڵتەجاڕانە بێت،بارزانی هەریەک دوو ساڵ جارێک لەکۆبونەوە تایبەتیەکاندا،دەڵێت من واز دێنم و باکەسێک لەئێوە خۆی ئامادە بکات تامنیش دەوروتەسلیمی کورسیەکەی پێ بدەم،کەچی نەک هەرکەسێک نایەتە وەڵام لەنێو پارتەکاندا بڵێت ئەوا من خۆم کاندید دەکەم بۆ هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتیە،بەکۆ دیارە بەناڕاستەوخۆ،دەڵێن:قوربان کێ حەدی هەیە بچێتە سەرئەو کورسیە تائێوەو مناڵێک لەماڵباتەکەی ئێوە مابێت. لەو دیویشەوە،سەری زمان و بنی زمانیان،باس باسی ناهەقی و غەدرو بۆڵە بۆڵیانە لەبەرانبەر پەک کەوتنی پەرلەمان و مانەوەی بارزانی لەسەرکورسیەکەی کەلەڕوی یاساییەوە کاتی دەمێکە بەسەر چوە.

لەنێو پێگەی دەوڵەتانی دیکتاتۆردا،یاساو دادگاکان هەمیشە ئامرازی دەستی سەرۆکن بەتایبەتی و گەمەی بەناو دیموکراسی و چەمکی ئازادیش،هیچ نین بێجگەلەوەی هەڵخەڵەتێنەرێکی ڕای گشتی نەبێت.دیارە لەنێو خودی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداریدا،کۆی پێگەی دامودەزگا ئیداریەکان بەشێوەیەک دادەڕێژرێن کەبەردەوام لەخزمەتی هەیکەلەی دەوڵەتی چینایەتیدا بن و مارکس واتەنی سەرمایە،دەخوازێت کۆمەڵگەیەک دروست بکات هەرلەخۆی بچێت.لەوشوێنەیشدا گەر بڕێک بەها هەبێت بۆمرۆڤ و جۆرێک لەژیانێک بونی هەبێت،دەبێت لەوێدا بزانین کەچینێکی بەرهەمهێنەری چالاک و خاوەن هۆشیاری سیاسی بونی هەیە. لەم سەردەمەدا،کاتێک بەزۆری زۆرداری دەخوازن پێگەی ناسیۆنالیزم و پێگەی ئاین و مەزهەبە جۆراو جۆرەکانی نێوئاینەکان برەو پێ بدەن،وەلەلایەکیتر دەخوازن پێگەی ڕاسیزم و باڵی ڕاست برەو پێ بدەن،دەرئەنجامی شکستی خودی سیستەمی حاکم دەگەیەنێت لەشاردنەوەی چونە سەری ئاستی هەژاری و بێکاریەکی زۆر زیاد لەچاو چونە سەری کۆی بوارەکانی زانست و گەشەی پیشەسازی و بەرهەمهێنانەوە.

گەر بگەڕێینەوە بۆلای پرسیارەکەو ئەو وەڵامەی پێویستە پێی بدرێتەوە،ئەوا لای من بەم شێوازە وەڵام دەدرێتەوە،بارزانی نەک ڕکابەری نیە لەدەرەوەی پارتەکەی،بەپێچەوانەوە کۆی پارتەکانی دەرەوەی پارتەکەی بارزانی،کاریان پاراستنی پێگەی بارزانیە وەبێجگە لەبارزانیش کەس ناچێتە سەرکورسیەکە.چونکە ئەو کورسیە بۆ هەمیشە پێی دراوە لەلایەن ئەو پارتانەو،لەلایەکیتر،بۆ پارتەکانی هەرێم،گەر ڕۆژێک لەڕۆژان کەسایەتیەکیان زاتی ئەوەی کردو بڵێت من دەمەوێت سەرۆکی هەرێم بم،بەمەرجێک بارزانی زیندو بێت،کارێکی وادەکەن،بارزانی پۆستەکەی لەسەروی پۆستی سەرۆکی هەرێمەوە بێت،یانی دەیکەن بەمەرجەع.

داماوی و بەدبەختی خەڵکی باشور لەوێدایە،کەهەلومەرجەکانی سەر ژیانی بەئەندازەیەک پڕ لەکون کراوە،کەتادەست بۆ پینەکردنی دڕانێکی دەبات لەسەد لای ترەوە دڕاوی بۆ دەکرێت. ئەو گەمە قێزەونەی ئەحزابی بەرەی دەرەبەگـ ـ بۆرژوازی کورد کاری تێدا دەکات،بێجگە لەقازانج و بەرژەوەندیەکانی چینایەتی چینەکەی خۆیان،باشترین جۆری پارت گەلێکن کەزۆر بەباشی و زۆر بەئەمەکەوە پرۆژەو بەرژەوەندی و ئامانجەکانی ئەو دەوڵەتانە دەبەنە پێشەوە کەئێستا وەک دوژمنی گەلی کورد لەمیدیاکانیانەوە شەرمنانە جاربەجارێک باسی لێوە دەکەن. بارزانی کاتێک وەک کەسایەتی بەرپرس مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت لەلایەن وڵاتانی دەرەوەی هەرێمەوە،تەنها لەبەرخاتری پاراستنی هەیمەنەی پێگەی سیستەمی سەرمایەداری حاکمەوەیەو لەلایەکیتریش هەرێم خاوەنی ژێر زەمینێکی دەوڵەمەندە بەنەوتی خاو وە غازی سروشتی،ئەم دوو مادەیەیش تائێستا هیچ ئەڵتەرناتیڤێکیان نیەو باشترین وزەن بۆ هەڵسوڕاندنی جوڵەو بەرهەم هێنان. بەڵام ئەو سامانە سروشتیە قازانجەکەی بۆ چینە کرێ وەرگرو خەڵکە زەحمەتکێشەکە نیە،بەپێچەوانەوە،هەرچی دەرهاویشتە پیسەکەیەتی بۆ خەڵکی هەرێمەو بەرهەم هێنانی ژینگەیەکی پیس بوەتە هۆکارێک سەدان جۆری نەخۆشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە،لەوێیشدا دیسان قازانجەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کارخانەکانی سەر بەسیستەمی دەوڵەمەندەکان و هەرچی دەرمانی خراپ هەیە بەرهەمی دەهێنن و بەقازانجێکی باش دەفرۆشرێتەوە بەخەڵکی هەژار کراوی هەرێم و عێراق.

ئەو هەلومەرجە خوێناویەی لەعێراق و هەرێمدا بونی هەیە،دیارە کۆی وڵاتانی جەنگ گرتویشی لەگەڵدا بێت،تەواو لەبەرژەوەندی چینە چەوسێنەرەکان شکاوەتەوەو پەرش و بڵاویەکی بێ هودەی زۆریشی لەنێو چینوتوێژەکانی خوارەوەدا دروست کردوە،کەدەرفەتەکان بۆ خۆڕێکخستن و هاتنە مەیدانی سیاسیانەی جەماوەر بۆ بەدەست کۆتا کردنی ئەو پارتە جۆراوجۆرە دیکتاتۆرانە لاواز بێت. بۆیە هەلومەرجەکانی ئێستا لەهەرێمدا،هێشتا بەجۆرێکە کە لەبەرژەوەندی بارزانی و دەستودایەرە جۆراوجۆرەکاندا بێت کەخەریکی پاراستنی بارزانین تابەردەوام سەرۆکی هەرێم بێت!!!!!
ڕێگە دیموکراتیەکان لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا تائێستا بێجگە لەبێماناکردنی ماناکانی دیموکراتیەت شتێکیتر نەبوە. دیموکراتیەت کاتێک گەشە دەکات کەکۆتای هێنرابێت بەهەیمەنەو هێزو دەسەڵاتی چینە چەوسێنەرە حاکمەکان.

تاهیر حاجی حەسەن
19/02/2017




ئایا دۆناڵد ترامپ تیرۆر دەکرێت؟ … تاهیری حاجی حەسەن

ڕەنگە ووروژاندنی پرسیارێکی وا،وەک پرسیارێکی شێتانە بێتە بەردیدی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی،لەوەی بۆچی ترامپ تیرۆر بکرێت؟یان گەر کارێکی وا کرا کێ دەستی دەبێت تێیدا؟
ترامپ،هێندەی قەیرانی دارای ساڵی 20088 چۆن گشت جیهانی هەژاند،بەو شێوەیش ئەمیش جیهانی هەژاندوەو بومەلەرزە ئاسا کۆی جیهانی خستۆتە بەردەم ڕاچەنینەوە،چ دۆستەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بن چ دوژمنەکانی ئەو دەوڵەتە بن. بڕیارە سەیرو سەمەرەکانی ترامپ هەروەک کارێکی چاوەڕوان نەکراو بینراوە،دەرگا داخستن بەسەر خەڵکانی ئەو وڵاتانەی لەژێر شوناسی وڵاتی ئیسلامیدان بۆ چونیان بۆ ئەمریکا،دروست کردنی دیواری ڕێگریکردن لەهێزی کاری مەکسیک بۆنێو ئەمریکا. بەرزکردنەوەی باج لەسەر ئەوکۆمپانیا ئەمریکایانەی لەدەرەوەی ئەمریکا سەرمایەگوزاری دەکەن و نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ نێو وڵاتی ئەمریکا. کێشەدروست کردن بۆ پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا،کشانەوەی ڕێکەوتنامەی ئەودیو دەریا لەگەڵ وڵاتی چین و لێک هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیوەندیە ئابوری و سیاسیە جۆراوجۆرانەی دەوڵەتی ئەمریکاو شەریکاتە زەبەلاحەکان لەدەورەی ڕابردودا بنیاتیان ناوە لەگەڵ چواردەوری خۆیاندا.

گەرچی سەرکەوتنی ترامپ بۆلای کورسی سەرۆکایەتی لەژێر گومانێکی گەورەدایەو دەنگی ناڕەزایەتی زۆری لەسەر دروست کرا،بەڵام هەرچۆنێک بێت،زۆرێک لەمرۆڤەکان گەشتونەتە ئەو بڕوایەی کەسندوقی دەنگدانەکان تەنها بۆچاو بەستی کۆمەڵگەکانە،ئەگەرنا،ئەوا ئەوە هێزێکی ترە کەنادیارەو لەپشتی پەردەوەیە کەبڕیار دەدات کێ بچێتە سەر کورسی سەرۆکایەتی.ئەو هێزەیش دامودەزگا هەواڵگریەکان و بەرژەوەندیەکانی هێزی شەریکاتە زەبەلاحەکانە،بەتایبەتیش لەوڵاتانی دەوڵەمەندی گەشەسەندوی پیشەسازیدا. ترامپ واپێدەچێت زۆرتر ئەو دوو لایەنەی پشتی پەردە ڕێگایان بۆخۆش کردبێت تاببێتە سەرۆکی یەکێک لەزلهێزترینی نێو زلهێزەکانی جیهان.

دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا،کۆی ئەو مێژووەی کۆی کردۆتەوەو ئەو هێزە زەبەلاحە ئابوری و سەربازیەی هەیەتی،بەرهەمی ملهوڕی ئەو چینە دەسەڵاتدارە چەوسێنەرەی بوە،بۆیە ئێستا کارێکی وائاسان نابێت،ئەمریکا لەڕێی سیاسەتەکانی ترامپەوە توشی دابڕان و بەرەو خوارەوە بونەوە بکرێتەوە.ئەگەر ترامپ و ئەو دەستەی لەگەڵیدایە نەتوانن سیاسەت و هەیمەنەی ئەمریکا زیاتر ببەنە سەرەوە لەڕوی نێونەتەوەییەوەو وەک بێ ڕکابەرێک ئەمریکا نەمێنێتەوە،ئەوا هیچ دوور نیە،لەلایەن دەستێکی شاراوەی پشت پەردەوە لەناوببرێت،چونکە چوارساڵ زۆرە بۆ ئەم سەردەمە گەر لەنێو کایەسیاسیەکاندا دەوڵەتی ئەمریکا بەرەو مایەپوچی ببرێت لەبەرانبەر ڕکابەرەکانیدا کەڕوسیاو چین و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەن.

جەنگە ماڵوێرانەکەرەکانی ئەم سەردەمە،کەدیسان بەرهەمی نێوقەیرانە دارای و ئابوریەکانی نێوخودی سیستەمی سەرمایەداری جیهانین و دەیان ملیۆن مرۆڤی لەوڵاتانی جەنگ گرتودا ئاوارە کردوەو ملیۆنان مرۆڤی سیڤیلیش کوژراون،تێچوی جەنگەکانیش دیسان لەسەر شانی کۆمەڵگە بندەستەکانی ئیمپریالیزمی جیهانین،تادێت ئاستی هەژاری و بێکاری دەچێتە سەرەوەو بێچارەسەری خودی سیستەمی سەرمایەداریش لەنێو ململانێکانی نێو قوتبە جیاوازەکاندا،بۆخۆی هێندەیتر ئاستی هەژاری و بێکاری بردۆتە سەرەوە.لەلایەکیتر،هەڵپەی لەبن نەهاتوی شەریکاتە نێونەتەوەییە زەبەلاحەکان بۆ داگیرکردن و وەدەست خستنی قازانج و ساغ کردنەوەی کاڵا جۆربەجۆرەکانیان،تادێت هەلومەرجێکی وادەخوڵقێنێت،کەزیاتر بۆنی بەردەوامیدان بەجەنگ دەبەخشێت. لەم نێوەدا،بۆئەوەی ڕێگری بکرێت لەهاتنەمەیدانی بزوتنەوە کرێکاری و بزوتنەوە دژی جەنگیەکان،دەوڵەتان دێن و برەو بەباڵی ڕاستی ڕاسیزم پەرست دەدەن. ترامپ بۆخۆی یەکێکە لەو بانگەشەکەرانەی زۆر بێشەرمانە لەهەوڵی بردنە سەری ئەو بزوتنەوەیەدایە،تادەگاتە پارتە ڕاست ڕەوەکان لەوڵاتانی ئەوروپادا. وەک ووتم بێچارەسەری مانەوەی دەوڵەتی سەرمایەداران بۆ ڕیشەکێش کردنی بێکاری و هەژاری،بەناچاری ئەوان دێن و برەو بەو ڕەگە پیسەی ڕاسیزم و فاشیزم دەدەن. لەکاتێکدا هەرخۆیان لەبیریان دەچێت،کەهەلومەرجێکی مادی وابەرهەمهێنراوە،چیتر،خودی سەرمایە،هیچ کونجێکی ئەم سەرزەمینە نەماوە دەستی بۆ درێژنەکردبێت و کۆی سنورە وەهمیەکانی تێک نەشکاندبێت،دیارە لەڕێی شەریکاتە زەبەلاحەکانیانەوە. ئاخۆ گەر باڵی ڕاسیزم بچێتە سەروە وەک سەردەمی هیتلەر لەئەڵمانیادا،ئەوکات بەرژەوەندی و هەیمەنەی شەریکاتە زەبەلاحەکان چی بەسەردێت؟ ئاخۆ ئەوان ئامادەن واز لەبەرژەوەندیەکانیان بهێنن و هەریەکەو ڕوو لەنیشتیمانی خۆی بکات؟ بێگومانم لەوەی جارێکیتر وەرچەرخانەکان بۆ دواوە ناگەڕێتەوەو کۆی جیهانگیریەک کەبەرژەوەندیە چینایەتیەکانی دەوڵەتانی سەرمایەداری بەرهەمیان هێناوە،خۆبەخۆ هەلومەرجێکی وایشیان هێناوەتە کایەوە کەجیهانیبونەکە هێندەیتر تۆختر دەبێتەوە.

دیارە باڵی ڕاستی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لەنێو تەنگەژەیەکی قورسدایەو لەبەردەم هەڕەشەی خودی چینەبەرهەمهێنەرەکەدایە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆیش بێت،بۆیە پەنا بۆگەشەکردنی پارتە ڕاسیستەکان دەدرێت،بەڵام مێژووی ئەم وڵاتانەی ڕۆژئاوا،خاوەنی بزوتنەوەی جۆراوجۆری سۆسیالیستی و کرێکارین و کۆمەڵگەکانیان وابەئاسانی ناچنە ژێرباری خواست و بەرژەوەندیەکانی بەرەی ڕاست ڕەویانەوە. ئەوەی دەمەوێت،تەئکیدی لێ بکەمەوە،خودی ئەو ناونیشانەیە،کەئاخۆ ترامپ لەسەر ڕیتمی ئەم شەقاوە چیەتیەی بمێنێتەوە دەتوانێت تاچوارساڵی ئایندە ئایندەی سیاسی و ئابوری دەوڵەتی ئەمریکا بەهەیمەنەتەکەیەوە بپارێزێت یان گەر تیرۆری نەکەن ئەوا پێدەچێت فەشەلێکی گەورە بەسەر مێژووی ئەو دەوڵەتە چەوسێنەرەدا بهێنێت؟ دیارە گەر کارێکی وایش بکرێت،بێگومان هەر لەژێر دەستی خواست و بەرژەوەندیەکانی ئەو گروپانەدا دەبێت کەهەیمەنەیان هەیە بەسەر بڕیارو ئایندەی سیاسی و ئابوری دەوڵەتی ئەمریکاوە.ئەو گروپانەیش ئەوانەن کەنابینرێن و لەپشتی پەردە ڕەشەکانەوەن.

تاهیری حاجی حەسەن
02/02/2017




کام چارەسەر گونجاوە بۆ هەرێم؟ … تاهیر حاجی حەسەن

کام ڕێگا چارە گونجاوە بۆ ئەو ڕەوشەی خەڵکی هەرێمی تێ کەوتوە بەهۆکاری ململانێی نێوان پارتە سیاسیەکان؟
یەکەم:دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی گونجاو لەلایەن پارتەکانی نێو دەسەڵات کە وەک ڕکابەر لەبەرانبەر یەکتردا وەستاونەتەوە،تابێن و هەریەکەیان لەو قەڵایە بێنەخوارەوەو عەقڵانیەت بخەنە جێگای ڕقی کوێرانەو یەکتری بوغزاندن و خۆیان واتەنی ببنەوە جێگا ئومێد بۆ گەلەکەیان و چیتر وەک تاڵانچیەک مامەڵە لەگەڵ نیشتیمان و هاووڵاتیەکانیاندا نەکەن. ئەگەر ئەوان ڕاست دەکەن و تاڵان چی نین،دەبێت ڕێگا بدەن بەئاڵوگۆڕ لەکۆی جومگەکانی بەڕێوەبردنی بواری ئیداری و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا لەنێو خۆیانداو تاقی کردنەوە بکەنە سەنگی مەحەک بۆ شەفافیەت و دوور کەوتنەوە لە تاڵان کردنی سامانی کۆمەڵگە.
دووەم: ئەگەر هێزو لایەنە سیاسیەکان دەوڵەتانی دەرەوە هەڵیان دەسوڕێنن و ئەوان بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاریان دێنن،دەبێت ئەو هێزانە زۆر بەڕاشکاوانە دان بنێن بەو ئەرکەیانداو بەکۆمەڵانی دانیشتوانی هەرێم ڕابگەیەنن کەئەوان نوێنەری دەوڵەتان وکۆمپانیا گەورەکانی زلهێزانی ئابوری بازاڕی ئازادو ناوچەکەن، نەک نوێنەری خەڵکی هەرێم. دان نانێکی ئاوا،جێگای شورەیی نیە،بەڵکو ڕاستگۆی پیشان دەدات. باشە گەر وانیە،بۆچی هەر گێژاوێک یان تەنگوچەڵەمەیەکی سیاسی دەبێت،ڕاستەوخۆ پەنا بۆ دەوڵەتانی چواردەور دەبەن؟ ئاخۆ ئێوەی دەسەڵاتدار دەتوانن بچوکترین دەستێوەردان بکەن لەوڵاتانی چواردەور؟ ئاخۆ گەر بڕواتان بەگەلی خۆتان هەبێت،کام هێز هەیە بتوانێت لەدەرەوە زەفەرتان پێ بهێنێت؟ ئاخۆ ئێوە لەماوەی ئەم بیست و پێنج ساڵەدا،کام ڕەوشتی پایەداریتان بەخشی بەهاووڵاتیەکانتان کە لەڕەوشتی هاوڵاتیەکی سەربەست و خاوەن بەها بچێت؟
سێیەم:ئەگەر حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم ناتوانن ژیانێکی شەرافەتمەندانە بۆ کۆمەڵگە دابین بکەن،بۆچی خۆیان ئیحراج دەکەن لەبەردەم هاونیشتمانیەکانیانداو بۆنایەن ڕێگا چۆڵ بکەن تا بەرەیەک لەنێو خودی گەلەوە ڕێوڕەسمی بەڕێوە بردنی کۆمەڵگە بگرنە ئەستۆ. ئەگەر وەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بەشێوەیەکی گشتی وەک بەرپرسیارێتی دەبینن لەبەردەم گەلدا،بۆچی ڕێگا نادەن ئاڵوگۆڕی سیاسی بەشێوەیەکی ئاشتیانە دەساو دەس بکرێت و داهاتی گشتیش بەشێوەیەکی دوور لەگیرفان پڕ کردن دابەش بکرێت بەسەر گشت دانیشتواندا.
چوارەم:ئەرکی بەرپرسیارێتی گەورە لەهەموو وڵاتێکدا دەکەوێتە سەر ئەستۆی سەرۆکی ئەو وڵاتەو ئەو حکومەت و پەرلەمانەی کەهەیەتی،بۆ پاراستنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیەکانی و پارێزگاری کردنی ڕووی ئاسایش و دابین کردنی کارو بەرەو پێش بردنی ئابوری وڵات و بەرهەمهێنان.بەڵام دەڵێی هەرێمی کوردستان جیاوازترە لەگشت ڕێوڕەسمی وڵاتان،بۆیە ئەو سێ لایەنە زۆر بێ باکانەن لەبەرانبەر ئەو بەرپرسیاریەتانەی لەئەستۆیاندایە. ئاخر لەهەرێمدا،شوێنێک یان جومگەیەک نەماوەتەوە توشی شکست و داڕوخان نەهاتبێت. لەماوەی بیستوپێنج ساڵدا،دەبوا باشترین جۆری بەرهەمهێنان و برەو پێدانی بواری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و بەرهەمهێنانی بواری سەنعەتی پێشوەچونی بەخۆوە بدیبایە و ڕێکوپێک کردنی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی تەندروست بونی هەبوایە. کەچی بەپێچەوانەوە،ساڵ بەساڵ، کۆمەڵگە توشی قەیرانی زیاتر و مەینەتی زیاتر دەکرێت. ئاخۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەو شێوەدەبێت؟
پێنجەم:ئاخۆ ئەو ڕێگا چارەیەگونجاوە کەدەڵێت نەوت بدەنە بەغدا تائەوانیش بودجە بدەنە هەرێم؟ باشە تەرح کردنی ڕێگاچارەیەکی وا نیشانەی ئەوە نیە کەحکومەت تاڵان چیەو پارەی نەوتەکە دەدزێت؟ ئیتر چۆن دەکرێت باس لەدەوڵەت دروست کردن بکەن؟ ئاخۆ حکومەت لەکێ پێک هاتوە؟ بەشی گشت حزبەکانی تێدا نیە؟
شەشەم:ئاخۆ گەر حکومەت نەیتوانی ڕێگاچارەیەکی گونجاو پێشکەش بکات کە ڕەزامەندی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی تێدا بێت،باشتر نیە،کەحکومەت دەست لەکار بکێشێتەوەو هەڵبژاردنێکی نوێ بکرێت و بەبێ بەکار هێنانی هێزو ترساندن و بەبێ مەسەلەی حزبی بوون،کەسی شیاو بخرێتە جێگای شیاوی خۆی؟
حەوتەم:ئایا گەر حکومەت نەیتوانی ڕێگاچارەی گونجاو بدۆزێتەوەو ئامادەیش نەبێت دەست لەکار بکێشێتەوە،ئەوکات هێز بەکارهێنان گونجاوە یان مل کەچ کردن بۆ ڕای زۆرینەی جەماوەر کە ڕازی نیە بەو ئیدارە کردنەی کەهەیە؟
هەشتەم:تاکەی کۆمەڵگە دەتوانێت بەم شێوەیە ژیانی بگوزەرێنێت کە تادێت بەرەو هەڵدێری زیاتر دەڕوات و نەبونی موچەو نەبونی خزمەت گوزاریە گشتیەکان و نەبونی هەلی کارو نەبونی هیچ ڕیانێکی هاوسەنگی چینایەتی یەخەی پێ گرتوە؟ ئاخۆ گەر جەماوەر دەستیان برد بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئەوکات دەسەڵاتداران بەچی وەڵامیان دەدەنەوە؟ بەچەک یان بەعەقڵ و مەنتیق و ملکەچ کردن بۆ مافی زۆرینە؟ بەڕاستی خەڵکی هەرێم شایانی ئەو کۆ مەینەتیە نەبوون کەدەسەڵاتدارانی بەرەی کوردایەتی بەسەریاندا هێنان. ئەوە هەر کوڕی هەژاران نیە ئێستالەپێشی جەبهەدا لەدژی داعشدا دەجەنگن؟
ئاخۆ ڕێگاچارەی تر چیە؟

تاهیر حاجی حەسەن
30/11/2016




مرۆڤ بۆ هەیە؟ … تاهیر حاجی حەسەن

ئاخۆ ئەو هۆکارو دەرئەنجامە چی بوو کەمرۆڤی کردە سەرداری گشت ئاژەڵەکان؟ ئاخۆ ئاستی ژیریەتەکەی بوو یان ئاستی دڕندایەتی و خۆپەرستیەکەی؟ ئاخۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکان و گەردون بەرهەمی ڕێکەوتێک بوون یان بەرهەمی پێویستی بوون لە بوندا؟ ئایا مرۆڤ گەر ژیریەتیەکەی بەرەو دڕندایەتی نەبردبایە دەیتوانی درێژە بەژیانی بدات و بیگەیاندایەتە ئەم قۆناخەی ئێستای و قۆناخەکانی داهاتویشی که دیار نیە بەکوێی دەگەیەنێت؟ ئاخۆ ئەوە تەنها پرسی خۆپەرستی و داگیرکاریەکانیەتی مرۆڤی ئاوا کردوە بەدوو بەشەوەو دابەشی کردوە لەنێوان چینەکاندا؟ ئاخۆ گەر مرۆڤ بەگشتی ژیرایەتیەکەی دوا پێناسەو دوا جیاوازیەکەی بێت لەبەرانبەرکۆی ئاژەڵاندا،هێشتا وانایەتە بەرچاو کەمرۆڤ ناشیرینترینی جۆری ئاژەڵەکانە؟ ئاخۆ سروشت و گەردون هیچ دەورێکیان هەیە لەم گێژاوەی مرۆڤی ژیر دەرگیری بوە؟ بەڕاستی گەر مرۆڤ نەبوایە سروشت جوانتر دەبو یان ئەوکات تەنها وێرانەیەک دەبوو؟ بەڵام کێ چوزانێت گەر ئێمەی مرۆڤ نەبوینایە کام جۆری ئاژەڵەکان دەبوون بەسەردار؟ یان ئاخۆ سروشت و گەردون و ئاژەڵەکان پێویستیان بەسەردار دەبوو؟ بەڕاستی مرۆڤ دیاردە سەیرەکەیە لەنێو مێژووداو لەنێو گەردونیشدا؟ ئاخۆ مرۆڤیش تەنها لاسای کەرەوەی پێش نەوەکانی خۆیەتی،گەر وایە بۆچی لەئاژەڵەکان جیاوازتر دەبینرێت،لەکاتێکدا ئەوە ئێمەین دەڵێین ئاژەڵەکان خاوەن ژیرایەتی نین و تەنها غەریزەیەکی خۆڕسکانەیە دەیان جوڵێنێت؟ ئاخۆ زانستیانەترین وەڵام بۆ جیاوازی مرۆڤ و کۆی ئاژەڵەکان لەوێدا نیە کە مرۆڤ توانای گۆڕان و بەکار هێنانی سروشتی هەیە لەپێناو خۆیدا،لەکاتێکدا ئاژەڵەکان بەناچارانە خۆیان لەگەڵ سروشتدا ڕادەهێنن یان خۆیان دەگونجێنن؟ مرۆڤ دیاردە نامۆکارو دیاردە کەم وێنەکەی بەرهەمی سروشتە.

ڕەنگبێت،وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانەو هەزاران پرسیاری دیکەی لەمەڕ مرۆڤ و ئاستی تواناو ئاڵوگۆڕ پێکردنەکانی سروشت لەپێناو خودی مرۆڤ خۆیدا،هەروا کارێکی ئاسان نەبێت و یان بڵێین بتوانین لەدوو توێی بابەتێکی کورتدا وەڵامی زانستی و واقعی و دروستی بدەینەوە. چونکە مرۆڤ بۆخۆی سەرسوڕهێنەرترینی جۆری ئاژەڵەکانە کەتوانای ئەوەی هەیە کۆی پەنهانەکانی سروشت و گردون شیکار بکات و لەپێناو پەی بردن بەدوا پەنهانیەکانی گەردوندا دەستە وەستان نەبێت و بەردەوام خولیاکانی و ئەندێشەکانی بخاتە گەڕ تادەگاتە دوا دەرئەنجام. پێشکەوتنە زانستیەکان و ئەو پشکنینانە بەردەوام و ئەو گەڕانە بەردەوامانەی لەپێناو داهێنانی نوێیدا تەنها دەرخەری ئەو واقیعەن کە مرۆڤ دەیەوێت بگات بەو خواستەی کەخۆی لەگەردون بەبەرزتر بزانێت!ئەم سروشتە نامۆییەی مرۆڤە لەبەرانبەر بێ کۆتایی گەردوندا،دەرئەنجامێکی وای بەم ئاژەڵە ژیرە داوە کە هەرچی لەتوانایدا هەیە بیخاتە گەڕ تادەگات بەمەبەستەکەی،یانی خۆ سەردار کردنی بەسەر سروشت و گەردون و کۆی ئاژەڵەکاندا؟ ئاخۆ ئەم کارەی مرۆڤ لەترسیدایە یان لە کیبریا بونیدایە؟ چونکە زۆرجار ترس دەرهەستێک پێک دێنێت مرۆڤەکان لەپێناو مانەوەی بەهێزترینیاندا دەست بۆ کوشتنی ئەوی لاواز دەبات ئیتر چ مرۆڤ بێت یان ئاژەڵە دڕندەکان بێت، دەوری کیبریا بونی مرۆڤیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کەلەقەزەم بوونی خۆی گومان دەکات و خۆی بەگەورەتر لەبەرانبەر گەردون دێتە پێش چاو.

مرۆڤ بۆ هەیە؟ ئاخۆ دەبێت بۆ ئەم پێناسیە بگەڕێینەوە بۆ لێکدانەوە ئاینیە جۆراو جۆرەکان،یان پەنا ببەین بۆ پێش ئەو لێکدانەوانەو پەی بەقوڵای ترسی خودی مرۆڤ ببەین لەبەرانبەر بێتوانایەکەی بۆ خۆناسینی خۆی و خۆناسینی خودی سروشت و چواردەورە بێ کۆتاییەکەی سروشت؟ ئایا دەکرێت گومانمان هەبێت لەمرۆڤە سەرەتاکان لەوەی بۆچی خودایەکیان دروست کرد بۆخۆیان یان دەکرێت بڵێین ئەو بیناکردنەی مرۆڤ بۆ خودای کرد لەو قۆناخەدا تەواو لەجێی خۆیدا بوە؟ گەر بڵێین ئاخۆ مرۆڤ لەو سەردەمە سەرەتاییەیدا کە ئاوەزی لەبەرانبەر چواردەوری و سروشتدا زۆر سەرەتاییانە بوو لەوەی بتوانێت خۆی و بونەکەی خۆی بناسێت پەنای بۆ دروست کەرێک برد و ناوێکی بۆدانا کەلەخۆی نەچێت مافێکی هەق خوازیانەی بوە،کەوایە بۆچی لەسەردەمی ژیرایەتیەکەیداو لەسەردەمی ئاڵوگۆڕ کردن بەسروشت لەپێناو خۆیدا هێشتا وازی لەو دروست کەرە بان سروشتیە نەهێناو بگرە پتەو تری کردەوە؟ ئاخۆ ئەمە بوغزو کینەو ناژیریەتیەکەی مرۆڤی بەهێزو فێڵباز نەبوو لەپێناو هەمیشە مانەوەی خۆی وەک گەورەترین سەردار بەسەر لاوازەکانی لەخۆی چوی کەناوی مرۆڤە تادەگات بەملکەچ کردنی ئاژەڵەکانیش بۆ ژێر دەستی خۆی؟ ئالێرەوە بناخەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی دەست پێ دەکات و قۆناخ بەقۆناخ درێژە بەم تەمەنە ناشیرینەی خۆی دەدات.

مرۆڤ لەلایەک بەتواناترینی جۆری ئاژەڵەکانەو لەلایەکیتریش درندەترینی جۆرەکانە.چونکە ئەوە تەنها بونیەتی مرۆڤە توانای ئاڵوگۆڕی سروشتی هەیە لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا،بەپێچەوانەوە ئاژەڵەکان هەمیشە خۆڕسکانە لەگەڵ سروشتدا خۆیان دەگونجێنن.بەڵام جوانیەکانی ئاژەڵەکان ڵەوێدایە کەبێ بیرکردنەوە دەژین و بەپێی تێر کردنی گەدەیان برەو بەبونەکەیان دەدەن،بەپچەوانەوە مرۆڤ بەژیرانەو بەپلان و داڕشتنەوە دەژی و تەنها بیری لای تێر کردنی گەدەی نیە بۆ ئەمڕۆ،بەڵکو بیر لە هەزاران سبەینێیشی دەکاتەوە،ئەم جیاوازیەیشە مرۆڤی لەنێو خۆیدا دوو کەرت کردوەو لەگەڵ کۆی ئاژەڵەکانیشدا بەجیاوازترینیان دەبینرێت. بۆیە دەڵێم:مرۆڤ دیاردە سەیرو سەر سوڕهێنەرەکەیە؟ مرۆڤ تەنها گیاندارێکە کەتوانای بەرهەمهێنان و جوانکردنی سروشت و ناشیرینکردنی سروشت و ناشیرین کرنی خۆیشی هەیە. مرۆڤ گەر کۆتای بەخۆپەرستیە ناسروشتیەکەی خۆی نەهێنێت،هیچ کات ناتوانێت بڵێت من باشترینی جۆری ئاژەڵەکانم!!؟ ئاخۆ دەشێت ڕۆژێک بێت مرۆڤایەتی کۆتای بەو خۆپەرستی و جیاوازیەکانی نێوان بەهێزو لاوازەکان بهێنێت؟ ئاخۆ بۆنابێت مرۆڤەکان لەکاتێکدا بەژیرانەترینی جۆری ئاژەڵەکان دێتە ئەژمار،نەتوانێت کۆتای بەو خۆپەرستی و جیاوازیە چینایەتیەی بهێنێت؟ ئایا مرۆڤەکان گەر کۆتاییان بەخۆپەرستی و جیاوازی چینایەتی هێنا،ئیتر ژیان دەوەستێت یان دەتوانرێت ژیان هەزار هێندەی تر جوانترو بەپێزترو بەچێژتر بکرێت؟ کێ دەتوانێت بڵێت:گەر لەسەردەمی کۆیلایەتیدا باسێکت لە قۆناخی دەرەبەگایەتی یان قۆناخی سەرمایەداری بکردایە،مرۆڤەکانی ئەو قۆناخە زۆر بەشتێکی سەرو خەیاڵ نەیان دەبینی؟ کەوایە مرۆڤایەتی دەتوانێت ئەم قۆناخە دڕندایەتیەی چینی دەسەڵاتدری چەوسێنەری خۆپەرستی بەشێک لەمرۆڤەکان تێ پەڕێنێت و ژیانێکی بەمانا شایستە بەمرۆڤ و شایستە بەسروشت وشایستە بەگەردون و شایستە بەئاژەڵەکانیش دروست بکات و بەمانا بەها بگەڕێنێتەوە بۆ ژیرایەتیەکەی مرۆڤ و بۆ ئەو جیاوازیەی مرۆڤیش کەلەچاو گشت ئاژەڵەکاندا هەیەتی و ئەوکاتیش مرۆڤ دەتوانێت سەربەرزانە بڕوا بەبونە قەزەمە بەتواناکەی خۆی بهێنێت لەبەرانبەر گەردون و ئەم ئەستێرەیەی لەسەری دەژین و بەرهەمی هێناوین! ئاخۆ مرۆڤ بەم کۆ داهێنان و ئاڵوگۆڕەی لەسەروشتدا ئەنجامی داوە ناتواێت ژیانێکی بێ چەوسادنەوەی چینایەتیش پێک بهێنێت و ژیرانەتر درێژە بەبونی خۆی بدات؟ ئاخۆ گەر مرۆڤایەتی توانایەکی وای نەبێت کە گشت بەهرەمەندبن لەتواناکەی ئیتر مانا جوانەکەی مرۆڤ یان جیاوازیەکەی مرۆڤ لەبەرانبەر ئاژەڵەکان لەکوێدا دەبێت؟ دەکرێت خۆمان نەخەڵەتێنین و خۆمان خافڵگیر نەکەین بەلێکدانەوە نازانستیەکانەوەو دەکرێت بگەین بەو دەرئەنجامەی کەئەوە هەر ئێمەی مرۆڤین دەتوانین ژیانێکی یەکسان و بێ چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بنیات بنێین.
کارێکی وامەحاڵ نیە،بەڵکو دەست بردن بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە ڕیشەییە دەتوانێت مرۆڤایەتی ڕزگار بکات لەو خۆپەرستیە چینایەتی و لەو چەوساندنەوە بێ ڕۆحمەی کەیەخەی بەزۆرینەی کۆمەڵگەکان گرتوە. مرۆڤایەتی لەم سەردەمی بەکۆیلە بونەیەدا لەهەرکام لەسەردەمەکانی پێشوتری زیاتر هەست بەبێزار بونیەکەی دەکرێت.چونکە بوەتە کۆیلەی کۆی ئەو ئامرازانەی خۆی بەرهەمی هێناوە. ئاخۆ جوانیەکان و توانا گەورەکەی مرۆڤایەتی لەکوێدایە گەر نەتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەو خۆپەرستیە کوێرانەیدا؟ گەر مرۆڤایەتی نەتوانێت بگات بەدەرئەنجامێکی وا،وەنەتوانێت ژیانێکی بێ چەوساندنەوەی چینایەتی بونیات بنێت،مافمان نیە بڵێین:مرۆڤ بۆ هەیە؟ یان ئامانج لەبونەکەی چیە؟ ئاخۆ مرۆڤ بەڕێکەوت دروست بوو تەنها لەبەر ئەوەی هەست بەئازاری خۆی و ئەوەکانیتر بکات کەلەخۆی ناچن؟ ئاخۆ مرۆڤ خۆی خوداو خۆی دڕندەترین و خۆی داد پەروەانەتینی جۆری ئاژەڵەکان نیە گەر بیەوێت دەست ببات بۆ کارێکی وا؟ مرۆڤ بۆهەیە،گەر نەتوانێت شایستە ترین نەبێت لەچاو گشت زیندەوەرەکاندا؟

تاهیر حاجی حەسەن
21/11/2016




ئومێدی ئۆج ئالان کۆتای هێنانە بەچەمکەکانی دەوڵەت نەتەوە …. تاهیر حاجی حەسەن


ئومێدی ئۆج ئالان کۆتای هێنانە بەچەمکەکانی دەوڵەت نەتەوە،ئاخۆ پێکاکا بەشوێن هەمان ئومێدەوەیە یان دەوڵەت نەتەوە تۆختر دەکاتەوە؟

هەرکەسێک مانیفێستۆی شارستانی دیموکراسیەتی خوێندبێتەوە ئەوا تێدەگات لەوەی ئۆج ئالان بۆچی خۆی هیلاک کردوە بەنووسینەوەی ئەو پەرتوکە پێنج بەرگیەوە لە نێو زیندانی ئیمراڵیدا.
کۆی دەوڵەتانی ناوچەکە لەماوەی یەک سەدەی ڕابردودا هەڵگری پێگەی پاراستنی دەوڵەت نەتەوە بوون.چونکە پاراستنی ئەو پێگەیە بۆخۆی لەبەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدارە ناسیۆنالیستیەکاندا بوە. یانی پاراستنی پێگەی چینایەتی چینی دەسەڵاتداری چەوسێنەر لەژێر دروشمی دەوڵەتی یەک نەتەوەو دەوڵەتی یەک زماندا. لەم نێوەندەیشدا ئەوی سوود مەند بوو کۆی گشتی کۆمەڵگە نەبوە،بەڵکو تەنها ئەو چینە دەسەڵاتدارە بوە کە کۆی جومگە ئابوریەکانی لەژێر دەست نابوە. بەم پێوەرە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چەمکی دەوڵەت نەتەوە بەهیچ شێوەیەک پارێزەری بنەما دیموکراسی و بنەما یەکسانیخوازیەکان نەبوە،بەڵکو لەژێر ئەو دروشمەدا پەرە بەقورسترین شێوازەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی دراوە. بەکارهێنانی چەمکی نەتەوەپەرستی،بەغەیری هێنانی قازانج بۆ چینی دەسەڵاتدار هیچ ئاکامێکی سوود بەخشی بۆ چینوتوێژەکانی ژێرەوە نەهێناوە. پرسیار ئەوەیە:ئاخۆ بۆچی ئۆج ئالان دێت و ئەو چەمکە ڕەت دەکاتەوە؟ ئایا تەنها لەبەر ئەوە بوە کە نەتەوەی کورد لەو نێوەدا هیچ سوود مەندیەکی بەدەست نەکەوتوە یان لەبەر ئەو هۆکارە بوە کە ویستویەتی یان گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کەچەمکی دەوڵەت نەتەوە تەنها لەبەرژەوەندی چینی دەسەڵاتداردایە،ئیتر سەر بەهەرچ نەتەوەیەک بێت؟ ئەو چینەی کە ژێرخانی ئابوری قۆرخ کردوە،بەهەمان شێوەیش توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر سەرخانە کۆمەڵایەتیەکانیشدا.
مارکس کاتێک دێتە مەیدانی سیاسیەوە،ڕاستەوخۆ دەستی بۆژێرخانی مادی ئابوری برد،لەو ڕێگایەوە هات و شیکردنەوە زانستیەکانی خۆی پێش خست و دیاردەو ململانێ چینایەتیەکانی دایە بەر ڕەخنەو شیکردنەوەی زانستیانەی بۆکرد. سەرکەوتنی مارکس و هاوڕێی هەمیشەیی ئەنگڵس لەوێدا بوو کە هاتن و لەو ژێرخانە ئابوریەوە سەرخانی کۆمەڵگاکانیان ڕوون کردەوە یان بەر ڕەخنەی زانستیاندا،ئەگەر بهاتباو بەپێچەوانەوە شرۆڤەکانی خۆیان پێش بخستایە،ئەوکات نەیان دەتوانی بەسەرکەوتنی زانستیانە بگەن.گەڕانەوە بۆ لێک تێگەیشتنی بنەما جەوهەریەکانی مارکس دەتوانێت ڕاستی ئەو ڕستەیە یەکلا بکاتەوە. ئۆج ئالانیش دوای ئەو خەباتە سەخت و بێ وچانەی دەستی دابویە،گەر شارەزاییەکی باشی لە مێژووی ڕابردوی مرۆڤایەتی وەچنگ نەخستبایە،ئەوکات نەی دەتوانی بگاتە ئەو قۆناخەی کە وەرچەرخانێک بهێنێتە مەیدانەوە،گەرچی لەڕوی تیئۆریکیشەوە بوبێت.
بەپراکتیک کردنەوەی چەمک و تێزەکانی ئۆج ئالان پەیوەستە بەڕەت کردنەوەی مۆدێرنێتەی سەرمایەداریەوە. ئەم تێزە گەلێک گرنگە،بەڵام ئاخۆ پراکتیزەکەرانی هاتوون بەجدی کار لەسەر ئەو چەمکە بکەن،یان خافڵ گیرانە کەوتونەتە نێو تۆڕی جاڵ جاڵۆکە ئاسای مەدی برەو دان بەچەمکی پارێزەرانی دەوڵەت نەتەوەوە؟ ئەم پرسیارە لەڕوی مادییەوە پێویستی بەهەڵوێسته کردنی جدی هەیە. ئێستا ئۆج ئالان بەقورسترین شێواز لەلایەن پارێزەرانی دەوڵەت نەتەوەی سەرمایەداریەوە کۆی دەرگاکانی زیندانەکەی، بەپۆڵاینترین جۆری قوفڵەکان کڵۆم کراوە،ئەویش تەنها لەبەر ئەوەی هەڵگرانی ڕێبازەکەی ئەو سەریان لێ بشێوێت کە سەرۆکەکەیان چی لەوان دەوێت؟ ئۆج ئالان خوازیاری ئەو چەمکە نیە کە ئەو بکرێتە ئەفسانەو چیتر کەس نەتوانێت وەک ئەو بێتە مەیدانەوە،بەپێچەوانەوە،ئەو مرۆڤە خاکیە لەیەک کاتدا ئانارکیست و سۆسیالیستە خوازیاری ئەوەیە،هەرکەسێک ئۆج ئالانێک بێت،بەڵام بەو مەرجەی بتوانێت هەڵگری ئامانج گەلێکی یەکسانیخوازانەو ئازادیخوازانە بێت. من ئاوا لەئۆج ئالان تێگەیشتووم،ئەویش لەڕێی پەرتوکەکانیەوە،گەرچی هێشتا لێڵیەکی تێدایە لەسەر مەسەلەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ژێرخانی کومەڵگاوە. لێرەدا ئۆج ئالان وەک مارکس ڕوون و ڕەوان ناڵێت دەبێت بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لەلایەن چینی کرێکارەوە بێت،گەرچی ناوی پارتەکەی ئۆج ئالان بەکرێکارەوەیە،ئەم گومانە لێکدانەوە زۆر هەڵدەگرێت. لەلایەک ئۆج ئالان لەنووسینەکانیدا دیار دەبێت کەبڕوای بەسۆسیالیزمی زانستی هەیە وە لەلایەکیتر بڕوای بەخەبات و ڕەنجی پێغەمبەرەکان هەیەو لەلایەکی تر ڕەخنەی لەکۆی فەلسەفەی ڕۆژئاوا هەیە کەبۆچی نەیان توانی هەڵوێستی پۆزەتیفیان هەبێت لەبەرانبەر ئەو مێژووەی کەسەرەتاکەی لە میزۆپۆتامیاوە سەر چاوە دەگرێت؟ لەلایەکیتر دەبینین ئۆج ئالان بڕوادارە بەنیتشە کە لەسەر زەردەشت هاتوەتە دەنگ و پەنا بۆ فەلسەفەکەی دەبات.
ئۆج ئالان خاوەن جیهانبینیەکی تایبەتەو کرداریکردنەوەی فەلسەفەکەی پێویستی بەشرۆڤەی دەقیقتر هەیە.بەڵام هەرچۆنێک بێت،ئەو مرۆڤێکەو ناتوانێت هەم لەنێوەندی بۆشای ئاسماندا بێت و، وەهەم لەسەر زەویش بێت،مەگەر ئەوکاتەی دەرفەت هەبێت و ئەم پرسە ڕووبەڕوی خودی خۆی بکرێتەوە،یان ئەوەتا ئۆج ئالان تەنها خەمی لای گەلانی ڕۆژهەڵاتە تا بتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لەدەستی کاپیتاڵیزمی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا یان دەبێت چ شارەزاییەک هەبێت لەپشتی وەلاوە نانی چەمکی دەوڵەت نەتەوەوە؟ ئاخۆ بەرپاکردنی کونگرەی نەتەوەیی کوردی هەڵگری هەمان چەمکی پان ناسیۆنالیستی نابێت کە مێژوویەکە ئێمە شاهیدین لەناوچەکەدا؟ ئاخۆ دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان لەهەمان چینی بۆرژوا نەتەوەپەرستی سەردەست نین کە بەکرداری لەماوەی ئەم بیست و پێنج ساڵەی دەسەڵاتدارێتیاندا نیشانیان داوە؟ ئاخۆ کۆنگرەی نەتەوەیی گەر بەئەنجام بگات،دەبێت کام بەرژەوەندی چینایەتی تێیدا زاڵ بێت یان دەبێت هیچ بەرژەوەندیەکی چینایەتی بونی نەبێت؟ ئاخۆ کارێکی وا ڕێی تێدەچێت کەلەدەرەوەی پێشخستنی بنەما چینایەتیە زاڵەکان بتوانرێت ئەڵتەرنایڤێکی جیاوازتر پێشبخرێت؟ گەر وایە،ئەو ئەڵتەرناتیڤە چیە؟ ئایا تەنها بەرو پێشبردنی مۆدێرنێتەی خۆسەری دیموکراتیانە نیە؟ ئاخۆ لەکاتێکی وادا بەرەی بۆرژوازی باشور ئامادەیە واز لەو بەرژەوەندیە چینایەتیانەی خۆی بهێنێت؟ یان لەم نێودا خودی ئۆج ئالان و پێکاکا دێن و هەم خۆیان دەخەڵەتێنن و هەم چینە بەرهەمهێنەرە زەحمەتکێشەکەش دەخەڵەتێنن؟ ئەم ناڕونیە بۆخۆی دەبێتە مایەی دەردی سەری بۆ خودی پێکاکاو خودی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانی کورد زمانیش. ئێستا کۆی گشتی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانی کورد زمان وا لە ئۆج ئالان تێگەیشتوون کە ئەو باشترین سەرۆکی نەتەوەپەرستی کورد زمانە.چونکە دژی تورکە بەگشتی؟ ئاخۆ ئۆج ئالان بەم شرۆڤە ڕاسیستیە ناسیۆنالیستیە ڕازیە؟ یان ئۆج ئالان تەنها بوە بەهێمایەک و چیتر کار بەفەلسەفەکەی ناکرێت،بەڵکو تەنها بۆ خرۆشاندنی جەماوەری زەحمەتکێشی کورد زمان بەکار دەهێنرێت تا لەدژی ناسیۆنالیزمی چواردەور وەگەڕ بخرێن؟
دەوڵەتی ئاک پارتی بەڕێبەرایەتی ئەردۆغان،لەهەرە جۆری شۆفێنیستە تێکەڵەکەی ناسیۆنالیزم و مەزهەب گەرایدایە،وەپارێزەری تەواوی بنەماکانی سیستەمی سەرمایەداریە. ئەم دەوڵەتە ئیسلامیە ناسیۆنالیستە بۆرژوازیە پارێزەری بنەماکانی دەوڵەت نەتەوەیە،یانی برەودان بەچەمکەکانی ڕەگەزپەرستی و شۆفێنیزمی قەومی. ئاخۆ گەر لایەنی دژی ئەم چەمکە بخوازێت ئەو فەلسەفەیە نابووت بکات دەبێت دژی ئەو فەلسەفەیە خەبات بکات یان خۆیشی ببێتە هەڵگری هەمان چەمک؟بۆرژوازیەتی باوی ناوچەکە،هەڵگری ئەو چەمکانەی دەوڵەت نەتەوەن،جا چ تورک زمان بن یان فارس زمان یان عەرەب زمان یان کورد زمان. پارێزەرانی چەمکی دەوڵەت نەتەوە پێک هاتەیەکن لەبەشی چینی سەرداری ئەو کۆمەڵگیانەو لەڕووی هەلومەرجی زاڵەوە کۆی ئیمکانیاتی مادیان لەژێر دەستدایە،کەواتە لەم ساتەدا چ جیاوازیەک هەیە لەوەی پێکاکا بەرگری لەبنەماکانی کوردایەتی بکات لەگەڵ ئەو پێگانەی پان عەرەبیزم کەبەرگری لەنەتەوەی عەرەب دەکات،یان تورکیزم بەرگری لەنەتەوەی تورک دەکات یان فارسیزم بەرگری لەنەتەوەی فارس دەکات؟
لەدوای شکست دان بەشۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی 1979 وە تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت،وەپێشتریش،کۆی وڵاتانی ڕۆژهەڵات لەژێر هەیمەنەتی بنەما بەرژەوەندیخوازیەکانی دەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداریدایە.کۆی ئەو دەسەڵاتانەی تا ئێستا لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بونیان هەیه،هەر لەکاتی هاتنە سەر حوکمیان تا ساتی وەدەر خستنیان بەئەندازەیەکی زۆر پەیوەست بوە بەخواست و ململانێی نێوان بەرژەوەندیەکانی زلهێزانی جیهانەوە.
لەدوای ڕوخانی دەسەڵاتی ڕژێمەکەی سەدامەوە،ناوچەکە تادێت بەرەو جەنگ و ماڵ وێرانی زیاتر دەچێت و کۆی هاوکێشەکانی سەردەمی دوو قوتبی بەرەو لێک هەڵوەشاندنەوەی یەک جاری دەبرێت. ئەو ئامانجەی دەوڵەتی زلهێزی سەرمایەداری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بەشوێنیەوەن لەناوچەکە،جێگیر کردنی ئابوری بازاڕی ئازادە،یانی کۆتای هێنان بەو شێوە دەستکەوتەی مێژووی پێش ئەو جەنگەو کۆتای هێنان بەو چەمکانەی دەوڵەت لەئەستۆی خۆی دەگرت.
ئەم لێک هەڵوەشاندنەوەیە،گەر بێت و لەژێر خواستی ئیرادەو هۆشیاری سیاسی چینایەتی چینە چەوساوەکەدا نەبێت،ئەوا دیسان گەلانی ئەو ناوچەیە مەحکومن بەلەدەستدانی کۆی ئازادیەکانیان و ئەو جورە ژیانەی هەیان بوە. زاڵ کردنی چەمکەکانی لیبراڵزمی ئابوری بازاڕی ئازاد،نەک ناتوانێت ببێتە مایەی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و وەگەڕخستنی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی،بەڵکو لەقۆناخێکی واسەختدا،دەبێتە مایەی لوشدانی خودی کۆمەڵگەیش.
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بۆخۆی وەک یەکێک لەئامانجە گرنگەکانی جێ بەجێکردنی نێو مانیفێستۆکەی ئۆج ئالانە لەڕووی کرداریەوەیە،وە دەتوانین بڵێین زۆرترینی ئازادیخوازانی جیهان و بەرەی چەپی سۆسیالیستی سەرمەستن بەگرەوی سەرکەوتنەکانی ئەو شۆڕشە مەزنە لەزۆرترین لایەنیەوە،چونکە ئەو شۆڕشە هەڵگری بنەماکانی بوژاندنەوەی ئیرادەی سیاسی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانی گەلانی ناوچەکەیەو لەهەمان کاتدا پێگەی ژنان بۆ ئازاد بونیان دەخاتەوەشوێنە ئەسڵیەکەی خۆی،یانی گەڕاندنەوەی بەهای مرۆڤ بونەکەی. وە لەلایەکی تر، کۆتای هێنانیەتی بەشۆفێنیزمی قەومی و مەزهەبی و دینی. ئەم چەمکانە،لەنێو خودی مانیفێستۆدا ئاماژەی پێکراوە.
دەوڵەتی ئەردۆ داعش،قۆناخێکە لەنێو قەیرانی دارای و قەیرانی ئابوری و قەیرانی سیاسیدایە،بۆخۆ دەرباز کردنیش لەو کۆ قەیرانە،خۆش کردنی مەیدانی جەنگی قەومیانەو ناسیۆنالیستێانە باشترین دەرفەتە بۆی.چونکە کاتێک دەوڵە نەتوانێت زاڵ بێت بەسەر قەیرانەکانیدا،ئەوا دێت و پەنا بۆ بەرپاکردنی جەنگ یان گێژاوێک دەبات،بۆ ئەردۆ داعشیش،باشترین وەڵام بەقەیرانەکانی وەگەڕ خستنی جەنگی ناسیۆنالیستیانەی شۆفێنیستیەتی بوو لە دژی گەلی کورد و پێکاکا. ئەو دەوڵەتە ملیاردەها دۆلاری بەخەرج کردن دا،تا لایەنی بەرانبەر پەل کێشی نێو ئەو جەنگە ڕەگەز پەرستیە بکات و خۆی ڕزگار بکات لە بەرپابوونی شۆڕشی کومەڵایەتی. من وادەزانم،بەرەی پێکاکا،نەیتوانی لەئامانج و کۆدەکانی ئۆج ئالان تێ بگات و خۆی خستە نێو گەمەکەی ئەردۆ غانەوەو،وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداریەوە،یان ئەوەتا ئۆج ئالان خوێندنەوەی دروستی بۆ واقیعە ماتەریاڵیەکە نەبوەو تەنها وەک کەسێکی خەیاڵاوی لە واقیعی ڕوانیوە. ڕەنگە نەتوانین ئێستا وەڵامی ئەم پرسیارەی کۆتای بدەینەوە ئەگەر بێت و چاوەڕوانی ئاراستەی ئاڵوگۆڕەکان نەبین. بەڵام دەتوانم بڵێم،کەتێکەڵاو کردنی خواستەکانی چینوتوێژە زەحمەتکێش و چەوساوەکان و ئازادیخوازان لەنێو شەقامی تورکیا،(یانی ڕێگە خۆش کردن بۆ بەرپاکردنی ڕژانە نێو شەقامەکان لەکۆی ڕەگەزەکانی ناو تورکیا،بۆ وەستاندنەوەو بەرپەرچ دانەوەی ئامانجە گڵاوەکانی سەرانی دەوڵەت،کە خواستیان جیاوازی خستنە نێو چینوتوێژە هەژار کراوەکان بوە تا لەو ڕێگایەوە پەرە بەڕاسیزم و شۆفێنیزمی قەومی بدەن،گەرچی بۆیشیان کراوە بەتایبەت لەدوای کوداتە گوماناویەکەی 15/ئ07/2016 وە،دەستی دەوڵەتی ئەردۆ داعش واڵاتر بوە بۆ جێخستنی بنەماکانی دەوڵەتێکی توتالیتاری) دەیتوانی بەقازانجی گشت بەرەی ڕزگاریخوازو ئازادیخواز بەخش و یەکسانیخواز بشکایەتەوە،نازانم بۆچی هەڤاڵانی پێکاکا پەنایان بۆ ئەو ئەڵتەرناتیڤە نەبردو، لەبری ئەوە جەنگی نێو شارە کوردیەکانیان درێژە پێدا؟ کەچی ئاکامەکەی وا دەردەکەوێت کەلەبەرژەوەندی خواستەکانی دەوڵەت نەتەوە تەواو ببێت؟! ڕاستی گەر خوێندنەوەیەکی ماتەریاڵانە بۆ هەلومەرجە واقعیەکان نەکرێت،ئیتر لەهەرچ سات و کاتێکدا بێت،دەکرێت باجی گەورەیش بدرێت، کەهەستانەوە بۆ قۆناخێکیتر دوادەخات. لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا،بەبێ بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لەکۆی بوارەکانی ژیاندا،زۆر زەحمەتە ڕێگا چارەیەکی تر هەبێت بۆ ڕزگار کردنی چینوتوێژە بەرهەمهێنەرو کرێ وەرگرەکان،کەوەک چینوتوێژێکی بەرفراوان لەنێو کۆمەڵگەدا بونیان هەیە. خودی ئەو چینە بەرفراوانە،تا ئەم ساتەیشی لەگەڵدا بێت،لەلایەن سەرانی دەوڵەت نەتەوەی بۆرژوا قەومی و مەزهەبیەوە دەچەوسێنرێنەوە. ئیتر مەعلومە ئەو دوو ئایدۆلۆژیایە،ناتوانێت بێتەوە مەیدان لەژێرناوی ڕزگار کردنی گەلانی زەحمەتکێشی ناوچەکەدا.

تاهیر حاجی حەسەن.
28/10/2016




لەپێناو کام ئامانجدا شۆڕوشەوق دەدرێت بەکەرتی تایبەت لەهەرێمدا؟ … تاهیر حاجی حەسەن

(سێیەمین کۆنگرەی ئابوری ڕۆڵی کەرتی تایبەت لەپەرەپێدانی ئابوریدا).ئەمە ناونیشانی ئەو کۆنفرانسە بوو لەنێو میدیاکانی هەرێمدا دەربارەی ئەو ڕۆڵەی کەرتی تایبەت دەیگێڕێت لەبەرەو پێشچون و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری لەهەرێمدا.
قۆناخێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی بەرنامە و پلانێکە بۆ فرۆشتنی کەرتی گشتی بەکەرتی تایبەت و پاساوی جۆراو جۆر دەهێنێتەوە کە ئەو ڕێگایە چارەسەرێکی گونجاوە بۆ لانی کەمی دەرباز کردنی حکومەت لەو قەیرانە دارایەی تێی کەوتوە،وەتالەو ڕێگایەشەوە جۆرێک لەخەم و ئازاری خەڵکە هەژار کراوەکە کەم بکاتەوە. ئەو ڕێگاچارەیەی کەلەداهاتودا هێندەی تر بێکاری زیاتر دەکات، بەشۆڕوشەوقەوە حکومەت و سەرانی ئەو حکومەتە کوردیە شیکاری بۆ دەکات،تا بەجۆرێک بڕواییەک لەنێو کۆمەڵگەدا دروست بکات و دواجار بشبێتە مایەی دەست خۆشی لێ کردن لەلایەن کۆمەڵگەوە.
(ڕوخانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا،ئەگەرچی خواستی زۆرینەی چینوتوێژە ستەم لێکراوەکان بوو وە بەئەندازەیەکی زۆریش ئەو چینوتوێژانە قوربانی زۆریان دا،تائەو دەسەڵاتانە بڕوخێنرێت و لەجێیدا نەک دەسەڵاتێکی دیکەی چەوسێنەر جێگەیان بگرێتەوە،بەڵکو هێزوتوانا و ئیرادە بۆئەو زۆرینەیە بگەڕێتەوەو کۆمەڵگەکان ببنە خاوەن ژیانێکی شەرافەتمەندانەو ئازادی و کەرامەتیان پارێزراو بێت،بەڵام ئەم بۆچونو داوایانە لەلایەن زلهێزانی سەرمایەداریەوە مایەی گەڵتەجاڕی بوو.چونکە ئەوان کاتێک هاتن دەستیان وەردایە جەنگ و ڕوخاندنی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرانە،بۆئەوە نەهاتن تاکۆمەکی ئەو کۆمەڵگایانە بکەن تاژیانێکی باشتر وەدەست بهێنن،بەڵکو بۆئەوە هاتن تائەو جۆرە ژیانەش هەیانە ئەوەیشیان لێ بستێننەوە. دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بەرهەمی سەردەمی دوو بلۆکی جیهان بوون و ئیلهامیان لەو دوو جەمسەرگیریە بەدەست دەهێنا. بەپێچەوانەوە،هاتنی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەکاتی جەنگی یەکەم و دوەمی کەنداودا،بۆ کۆتایهێنان بەو جۆرە دەسەڵاتانە بوو کە بەرهەمی ئەو سەردەمەی ململانێکانی نێوان بلۆکی سۆڤیەتی و ئەمریکای بوون.یانی کۆتای هێنان بەقۆناخی ئەرکی دەوڵەت لەبەرانبەر کۆمەڵگەداو سپاردنی ئەو ئەرکە بەجۆرە دەسەڵاتێکی هێجگار دڕندەتر کەلەژێرەوە خاوەندارانی کەرتی تایبەت بەڕێوەی دەبەن.ئێستا لەکۆی ئەو دەوڵەتانەی جەنگی تێدایەو ئەوانەیشی هێشتا جەنگی تێنەکەوتوە،ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و بەرهەمهێنەرەکان ڕۆژ بەڕۆژ قورسترو داڕوخاوتر دەبن،وەئەو چینەیەشی کەدەستی گرتوە بەسەر ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگەکاندا تادێت دەوڵەمەندتر دەبن و بەئەندازەیەک پێناسەی مافیاگەریشیان تێپەڕاندوە).
شۆڕوشەوقدان بەکەرتی تایبەت لەپێناو ئامانج و خواستی گەورە سەرمایەدارەکاندایەو لەوڕێگایەوە دەست دەبەن بۆ لێسەندنەوەی ئەو بەشانەی کەتایبەتیشە بەگشتێتی کومەڵگەوە،ئیتر کەرتی تەندروستی بێت یان کەرتی پەروەردە یان کەرتی کارەباو خزمەتگوزاریەکان بێت تا دەگات بەکەرتی کشتوکاڵ.یانی ئیتر هەموو شتێک بەپارە دەبێت و دەشبێت ئەو پارەیە بدەیت ئەگەر دەتەوێت مناڵەکەت بخەیتە بەرخوێندن یان نەخۆشیت و پارەیشت نیە ئەوکات دەرگای نەخۆشخانەکان کراوە نابن لەبەردەمتدا ئەگەر پارەی پێویستت پێنەبێت بۆ چارەسەریەکەت،یان کاتێک دەست دەبەیت بۆئەوەی گڵۆپێک پێ بکەیت یان تێڤیەکەت ڕۆشن کەیتەوە دەبێت ڕاستەوخۆ سەری مانگت لەیاد بێتمکەخاوەنی کارەباکە دێت و داوای پارەکەت لێدەکات کەتۆ کارەباکەی ئەوت بەکارهێناوە،خۆگەر پارەت نەبوو ئەوکات زۆربەئاسانی کارەباکەت دەبڕێت ،ئاوایە ئەو کەرتە تایبەتەی بەشۆڕوشەوقەوە باسی لێدەکەن.یانی حکومەت خۆی دەدزێتەوە لەو ئەرکانەی لەسەرشانیەتی کەدابین کردنی ژیان و کار و گوزەرانی هاوچەرخانەیە بۆ تاک بەتاکی دانیشتوانەکەی،وەئەو ئەرکە دەسپێرێت بەخاوەن سەرمایەدارێکی دڕندەی تاکڕەو کەقازانجەکانی خۆی نەبێت هیچ شتێکیتر ناناسێت.بۆیە ئەرکی سەرجەم چینوتوێژە بەرهەمهێنەرەکانە لەو مەیدانەدا بەئاگابن و ڕلگانەدەن بەو پلانەی حکومەت سەربگرێت.(لەسەدەی نۆزدەیەمدا دەوڵەتی بەریتانیا لەڕێی گەورە سەرمایەدارەکانەوە هەلومەرجێکی وا زەحمەتیان دروست کرد بۆ چینی کرێکار و چینی جوتیار لەو وڵاتەدا،کەبەشێکی زۆریان ناچار کران کە وڵات بەجێ بهێڵن و لەڕێگای زۆرەملێوە ڕەوانەی ئەو مەملەکەتانە کران کەدەکرانە داگیرکەی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا،لەوڕێگایەشەوە گەورە سەرمایەداران دەستیان گرت بەسەر زەویوزاری جوتیارەکاندا و بۆخۆیان قۆرخیان کردو بەڕۆژانەکاری تاقەت پڕوکێنو بەدانی هەق دەستێکی زۆر کەم بەکرێکاران بۆخۆیان سەرمایەگوزاریان تێدا دەکردوقازانجی زۆریان وەدەست دەهێنا،پەرتوکی سەرمایەی مارکس.)ٚ
فرۆشتنی ئەو کەرتە گشتیانە بەکەرتی تایبەت لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئەو چینوتوێژە کرێ وەرگرانەدا نیە کەلەهەرێمدا ڕۆژانە کار دەکەن،بەڵکو لەپێناو وەدەست خستنی قازانجی زەبەلاحی ئەو کۆمپانیایانەدایە کەدەست دەبەن بۆ ئەو کارە.لەبیرمان نەچێت،دروست کردنی بزوتنەوەی توندڕەوی ئیسلامی داعشیش پەیوەستە بەو ئامانجەوە،پێش ئەوەی داعش دروست بکرێت،لەعێراق و هەرێمدا،چینوتوێژە بەرهەمهێنەرو کرێ وەرگرەکان جۆرێک لەژیانیان هەبوو،کەسروشتی مرۆڤیش وایە تائەوکاتەی ژیان باشتر ببێت،مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی باشتری دەبێت و وەلەشوێن خۆناسینی زیاتری ئیرادەو هۆشیاری سیاسی خۆیدا دەبێت،ئەوەیش دەیتوانی ببێتە جۆرێک لەوەی ئەو چینتوێژانەی عێراق و هەرێم ببنە خاوەن هۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیان.بەڵام خواستی دەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداری بۆ ئەو ئامانجە نیە لەو وەکیلانەی دایناون لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا،بەڵکو بۆ لێسەندنەوەی زیاتری ژیانو گوزەرانی ڕیفاهیانەیە.چونکە گەر ژیانی کۆمەڵگەکان بەگشتی بەرەو سەرتر بڕوات ئەوکات قازانج بۆ زلهێزان و شەریکاتەکانیان کەم دەبێتەوە یان نامێنێت. بەرهەمهێنانی داعشیش بەئەندازەیەک پەیوەستە بەو ئامانجانەی زلهێزان و وەکیلەکانیانەوە.ئێستایش بەمەرجێک داعش کۆتای پێدێنن کەبتوانرێت گەرەنتی بۆ ئەو گەورە سەرمایەدارانە دابین بکرێت تادەست بکەن بەکۆکردنەوەی قازانجەکانیان.
لەوڵاتانی ئەوروپادا زۆرێک لەکومپانیاو کارگەو شەریکاتە جۆراوجۆرەکان بارگەوبنەی خۆیان پێچایەوەو ڕویان کردە ئەو وڵاتانەی کەهێزی کار تێیاندا هەرزانە،لێرەیشدا دەوڵەت نەیتوانی هیچ ڕێگریەک دروست بکات لەو پێناوەدا کە بەهەزاران کرێکار بێکار کران.چونکە خواستی دەوڵەتی سەرمایەداران تەنها وەدەستخستنی قازانجی زیاترە.دیارە لەوڵاتانی ئەوروپادا کەم کەم دەوڵەت دەست دەبات بۆلێسەندنەوەی ئەو خواستانەی کەلەلایەن بزوتنەوە کرێکاری و پارتە سۆسیالیستەکانەوە بەدەست هاتبوو لەسەدەی ڕابردودا،وەبرەو بەکەرتی تایبەت دەدات و باج و خەراج زیاتر دەکات لەسەر زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگە.
ئەم سەدەیە بۆ دەوڵەتانی سەرمایەداری ئیتر بەسەدەی هاربونی تەواوەتی دەناسرێت و تاکڕەوێتی سەرمایەدار تەواو بێئامان دەبێت. وانەزانین جەنگەکانیش پەیوەست نیە بەخواست و مەیلەکانی کەرتی تایبەتەوە،بەڵکو ئەو جەنگانەیش دەرئەنجامی خولیاو ئامانجەکانی کەرتی تایبەتی سەرمایەدارانن. ببینن سوریا بەچ ئەندازەیەک کاول کراوە،ئاخۆ ئەوە لەپێناو بەرژەوەندی کام چینی کۆمەڵایەتیدایە؟ ئاخۆ گەر ئامانج ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد بوایە،چ پێویستی دەکرد کۆی شارو گوندەکان کاول بکرێت و ملێۆنان مرۆڤی سیڤیل بکوژرێت و ئاوارە بکرێن؟ یان لەعێراقدا ئەو کاول کاریە لەپێناو بەرژەوەندی کام چینی کۆمەڵایەتیدایە؟ لەبیرمان نەچێت کاتێک باس لەئاوەدانی و بنیات نانەوە دەکرێت لەدوای نەمانی داعش،ئەوە تەنها لەپێناو وەگەڕ خستنی کەرتی تایبەتدایە. ئامانج لەهێنانی داعش بۆشکست پێدانی ئیرادەی جەماوەریانەی ئەو چینەبەرهەمهێنەرە بوو،چونکە کاتێک ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی لاواز بوو ئەوکات بواری دزینی سامانی کۆمەڵگە زۆر ئاسان دەبێت،لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتیشدا،ئامانج ئەو کارەیە کەدەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداری بەشوێنیەوەن.ئێستایش بەئەندازەیەک ئەو ئامانجانە وەدەست هێنراون و ئاستی هۆشیاری سیاسی چینە هەژارکراوەکە هێنراوەتە ئاستێک کەبڵێین لەو قۆناخەدا نیە کەدەوڵەتمەداران ترسی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیان هەبێت لەو چینە کۆمەڵایەتیە.ئەو گەرەنتیەیش بۆخۆی دوائامانجی خاوەن سەرمایەدارە زەبەلاحەکانە. کاتێک هێزی کاری هەرزانو ئامادە هەبێت،ئەوکات بەڕۆژانە سەعاتی زۆر و بەپێدانی کرێیەکی کەم دەتوانرێت قازانجێکی زۆر وەدەست بهێنرێت بۆ خاوەن سەرمایەدارەکان. لەم نێوەدا حکومەتەکانیش قازانجی باشتر دەکەن.چونکە لەوێدا،هەروەک چۆن لەم بیستوپێنج ساڵەی ڕابردودا دزی بێشوماریان کردوە،بەهەمان شێوە بەردەوام دەبن لەو دزی کردنانەیان لێرەیشدا دەبێت چاوەڕێی ڕوت و ڕەجاڵ بونی زیاتر چینە هەژارکراوەکە بین. بەگشتی برەودان بەکەرتی تایبەت لەهەر بوارێکدا بێت،بۆبردنە پێشی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی نیە کائامانج لێی خۆش گوزارانی بێت بۆ گشت کۆمەڵگە،بەڵکو بردنەپێشی کەرتی تایبەت بۆ وەدەست خستنی قازانجی بێشومارە بۆخاوەنانی شەریکاتەکان و هێنانی هەژاری زیاتریشە بۆ زۆرینەی کۆمەڵگەکان. کاتێک ژیان بکەوێتە دەستی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەقینە لەکۆمەڵگەدا،ئەوکات لەبری برەودان کەرتی تایبەت برەو بەکەرتی گشتی دەدرێت و بەهەرەوەزی کردنی بەرهەمێنان جێگای خۆی دەگرێت لەنێو گشت کایەکانی کۆمەڵگەداو کۆتای دەهێنرێت بەو خاوەندارێتی تایبەتە کەئێستا خۆی سەپاندوە بەسەر گشت ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و گشت کایەکانی ژیاندا.زۆرجار وادێتە پێش چاو کەژیانێکی وامەحاڵ بێت و مرۆڤ ناتوانێت برەو بدات بەژیان لەکاتێکی وادا.بەڵام ئاخۆ ناکرێت ئێمە پرسیارێک لەخۆمان بکەین و بڵێین:ئەگەر لەبری ئەم بێکاری و هەژاریە زۆرەی یەخەی بەسێ بەشی دانیشتوانی ئەم سەرزەمینەگرتوە،ڕۆژانەکار بۆ پێنج کاتژمێر کورت بکرێتەوە لەڕۆژێکدا،ئایا ئەوکات ناتوانرێت کۆتای بەبێکاری و هەژاری بهێنرێت؟ ئەو قازانجە خەیاڵیەی ئێستا لەژێر دەستی چینێکی کەمایەتیدایە،ئەوکات ئاوا چینێک جێگای نابێتەوە لەنێو کۆمەڵگەیەکی خۆبەڕێوەبەرداو ئەوانیش دەبێت لەهەربوارێکدا بێت کاری ڕۆژانەی خۆیان بکەن و نابنە خاوەن قازانج،بەڵکو وەک مرۆڤێکی بەرهەمهێنەر مافی ژیانیان دەبێت.ئاخۆ ناکرێت ژیانێکی وا جێگەی ببێتەوە لەنێو دیدی کۆمەڵگادا؟

تاهیر حاجی حەسەن
09/10/2016




ئەی مرۆڤە مەزنەکە چەپڵە بۆ کەس لێ مەدە!؟ … تاهیر حاجی حەسەن

چەپڵە بۆکەس لێ مەدە ئەی ئەو مرۆڤەی سۆڕانی ژیان و وەستاندنی تەنها لەدەستی تۆدایە. کاتێک گرگنەکان گەورە دەکرێن،خەتای ئەو نیە،بەڵکو ئەوە خەتای تۆیە،کەبێ ئەوەی لەخۆت و تواناکانت بنواڕیت،خۆت بەبچوک دەزانیت،بۆیە،ئەو گەورە دەکەیت لەبەرانبەر خۆتدا. چەپڵە بۆکەس لێ مەدە،کاتێک بەهای خۆت ناناسیت و وادەزانیت گەر ئەو نەبێت تۆیش بونت نابێت.
تۆ مرۆڤە بەرزەکەیت کە سوڕانی ژیان و وەستاندنی تەنها لەدەستی خۆت دایە،ئیتر هۆکار چیە واناتوانیت بیربکەیتەوە.پچڕاندنی زنجیرەکانی دەست و هزرت تەنها لای خۆتەو تەنیا کلیلەکەی بەدەستی خۆتەوەیە،بۆچی دەیدەیت بەدەستی ئەوێکەوە کەزنجیری کردویت تابۆت بکاتەوە!ئەو چۆن کارێکی وادەکات!چۆن!!!گەر جارێکیتر تۆ زنجیر نەکاتەوە.!!!بیر بکەرەوە،تۆ کێیت؟
مرۆڤ نابێت پێ بکەنێ و بگری،بەڵکو دەبێت بیربکاتەوە،بیرمەندێکی هۆڵەندی ئاوای ووت،کەناوی سپینۆزا بوو. ئاخۆ گەر تۆ بڕیاردەری وەستان و بەگەڕ خستنی ژیانیت،بۆچی ناتوانیت دەست بۆ وەرچەرخانە مەزنەکە ببەیت و هەرچی گرگنە فڕێی بدەیتە دەریای زبڵدانەکانی مێژووەوە؟ بۆچی؟ سبەی تۆ هاتیتە سەرشەقام و لەنێو کارگەو قوتابخانەو بیمارستان و پاک کردنەوەکانتا،وەستاندنی ژیانت ڕاگەیاند،دڵنیابە،ئەوی گرگن هیچی پێ ناکرێت بەغەیری ئەوەی لەبەردەمتدا کڕنۆش بەرێت. تۆ مرۆڤە بەرزەکەیت گەر خۆت بناسیت! چەپڵە تەنها بۆ ئیرادە مەزنەکەی خۆت لێ بدەو بۆ کەسانی ،گرگن، نا بڵێ،نا!
سوڕاندنی ژیان و پەک خستنی تەنهاو تەنها لەدەستی تۆدایە،نەک ئەوی گرگن!تەنها بیر بکەرەوە بۆچی تۆی بەرهەمهێنەر ڕسواو ڕەجاڵیت و ئەوی گرگنیش خاوەنی هەموو شتێکە!!!
داماوی تۆ لەوێدایە کەتوانا مەزنەکەی خۆت نابینیتەوە لەنێو مێژوودا.پرسیارێکت لەخۆت کردوە،گەر بێزاری و ناڕەزایەتی تۆنەبوایە لەبەرانبەر نەمرود و خوداوەندەکانی فیرعەوندا،ئەوکات ڕێی تێدەچوو ئیبراهیم و موساو عیساو موحەمەد بەرهەم بهێنرایەن و تائێستا بیان توانیایە درێژە بەسیمبول بونی خۆیان بدایە؟ تکایە تەنها بۆ ساتێک بیربکەرەوە!
پرسیار لەخۆت بکە؛لەسەر ڕەنجەشانی کێ ئەو هەزاران بەردە زەبەلاحە گواسترانەوە بۆئەوەی تەنها ئەهرامەکانی نیشاندانی شکۆی خوداوەندەکانی لێ دروست بکرێت؟ تەنها بۆ ساتێک بیرێک بکەرەوە.!گەر تۆ نەبویتایە کێ دەبوو لەجێگای تۆ بینا زەبەلاحەکانی بابل و سامەڕا دروست بکات!ئاخۆ ئەو مرۆڤانەی کردت بەخوداوەندی خۆت،ئەوان دەیان توانی، بەڕەنجە شانی خۆیان،دروستی بکەن؟
تۆ چیت دروست نەکرد!تەنها بۆ ساتێک بیر بکەوە؟
ئاخۆ گەر خۆ نە ناسینی تۆ نەبوایە لەبەرانبەر هۆشیاری سیاسی خۆتدا،ڕێی تێدەچوو تۆ ببیتە کۆیلەو خاوەن کۆیلە بۆخۆت دروست بکەیت؟
تەنها بۆ ساتێک بیربکەوە!تۆ چیت نەکردو لەسەر ڕەنجەشانی تۆ چی بەرهەم نەهێنرا کە بۆ کەسانی گرگن بوون بەهەموو شتێک و بۆتۆیش تەنها ڕەنج بەخەسار بوونت بۆ مایەوە!
ئەوە لەپێناو چیدا بوو!بەغەیری ئەوەی کەنەت توانی لەئیرادەی سیاسی خۆت تێبگەیت؟ جاتۆ چیت نەکرد؟ مەگەر کۆی ئەو ساتومێژوانەت لەبیر کرد کە لە سبەینێیانەوە تا تاریکستان لەنێو ڕەنجکێشاندا بوویت تەنها لەبەر ئەوەی سەردارەکەت دڵ خۆشتر بکەیت.ئەوە لەپێناو چیدا بوو؟ بۆ وات کرد؟ ئاخۆ ئەو لەتۆ جوامێرتر بوو یان تۆ لەبەر جوامێری خۆت،هیلاکی زیاترت دایە بەرخۆت بۆ ئەوەی ئەو ڕازی بکەیت؟ بەڵام نەت زانی بەو کارەت کۆی گێلێتی خۆتت نیشاندا!گێلێتیەک کە باجەکەی زۆر لەسەرت کەوت،باجەکەی هێندە گران بوو،ئەوی گرگنت فێر کرد کە چۆن خۆی بپارێزێت و چۆن دەست بگرێت بەسەر ئەو هۆشیاریەی لەمایەی ڕەنجی بەخەسار بووی تۆوە وەدەستی خستوە.
مرۆڤە مەزنەکە،تۆ زۆر شتت لەدەستی خۆت دا،زۆر هەلی مێژوویت ئاوەژوو کردەوە،تەنها لەبەر ئەوەی خۆت نەناسی. پرسیارێکت لەخۆت نەکرد کە بۆچی زیندانەکان دروست کران؟ پرسیارێکت لەخۆت نەکرد کەبۆچی مرۆڤە گرگنەکان بونە خاوەنی ئەو هۆشیاریەو دەستیان برد بۆبەرپاکردنی سوپا!سوپایەک کەتۆ بوویت لەیەکەمەکانی ڕیزی پێشەوەی!گەرتۆ قبوڵی ئەو سوپایەت نەبوایە دڵنیا دەبویت کەئەوی گرگن بیری لەکارێکی وانەدەکردەوە!
تکایە تەنها بۆ ساتێک بیر بکەرەوە!کێ بوو ڕێگای دا بەوەی چینێک ببێت بەخوداوەندی چینێکی تر؟ ئاخۆ گەر بیرکردنەوەی نا بیرکردنەوەی ئێمە نەبوایە ئەوی گرگن چۆن دەیتوانی ئاوا بەئیسراحەت سواری پشتمان ببێت و بەئارەزووی خۆیشی قامچیەکمان لێ بدات؟ تکایە بۆ ساتێک بیر بکرەوە!
بۆپرسیارێکت لەخۆت نەکر ئەی مرۆڤە مەزنەکە. گەر تۆ و ئیرادەو هێزی بازوت نەبوایە،کێ دەیزانی ئەم سەدەیە دەگات بەم ئەندازەیە لەبەربەریەتی ئەو تاکەی کردت بەخوداوەندی سەر خۆت؟ کێ دەیزانی،کێ؟ گەر بەچۆکدا هاتنی تۆ نەبوایە کێ ئەو مرۆڤانەی دەناسی کە ئێستا وەک پاڵەوانەکانی ئاراستەی مێژوو دەناسرێن؟ گەر تۆ ئیرادەی پۆڵاینی سیاسی خۆت بناسیایە،دڵنیابە،ئەو کات مرۆڤە گرگنەکان نەدەبوون بەپاڵەوان!ئەوە تەنها خەتای ئەو ڕوژگارەیە کەتۆ ئیرادە مەزنەکەی خۆت، ناناسیت! گەر خۆنەناسینی تۆ نەبوایە،ئەوکات نەخێزان و نەخێڵ و نەتیرەو نە عەشیرەت و نە کۆمەڵگای خۆ پەرستی چینایەتی ئێستا دروست دەبوو! تکایە بۆ ساتێک بیر بکەوە!!!.ئەی ئەو چینەی گشت وەرچەرخانەکان تەنها لەدەستی تۆدایە!
تۆ هەمیشە مرۆڤە مەزنەکەیت،تەنها بەو مەرجەی ساتێک لەپێناو خۆتدا بیر بکەیتەوە؟ بۆنابێت بۆ؟ بۆ دەبێت بیستوچوار کات ژمێر لەشەو ڕۆژێکدا تۆ لەپێناو مرۆڤە چەتەو گرگنەکاندا لەبزوتندا بیت و چالاک بیت،بەڵام ڵەپێناو خۆت و ماڵ و منداڵەکانتدا ئەو ئیرادەیەت نەبێت؟ بۆنابێت بۆ؟
گەر تۆ لەبەرەکانی جەنگه نەخوازراوەکاندا نەبیت لەپێناو بەرژەوەندی مرۆڤە گرگنەکاندا،ئەوکات چۆن ڕێی تێدەچێت خۆت و خانەوادەکەت برسی و هەردەم لەخەمدا بن؟ بیر بکەرەوە تەنها بۆ ساتێک ئەی مرۆڤە مەزنەکە!! گەر خۆنەناسینی تۆ نەبوایە، ئەوکات نەخوداو نە پەیامبەرەکانیش بونیان نەدبوو! ئەوە تەنها خۆنەناسینی تۆ بوو،بۆیە لەبری ئیرادەی مەزنی خۆت،هەم خودایەکی وەهمیت خوڵقاند وەهەم خوداوەندی پادشا دەمامکدارەکانیشت خوڵقاند!!!
تەنها بیر بکەرەوە بزانە چ ئەرکێکی مەزنت لەسەر شانە تا کۆی ئەو تەپو تۆزە لەسەر شانی خۆت ڕابماڵیت و لەجێیدا سەرەتای ڕۆژێکی نوێ بخوڵقێنیت.!ئەی مرۆڤە مەزنەکە تەنها بۆ ساتێک بیر بکەرەوە؟ ئەمە خەون نیە،بەڵکو دەرخەری ڕاستیەکانە. تەنها بۆ ساتێک بیربکەرەوە ئەی مرۆڤە مەزنەکەی خنێکنداراو لەنێو مێژووی چەواشەدا!!کاتێک مارکس و هاوڕێیانی ڕەنجی زۆریان کێشا تەنها لەبەئەوە بوو کەتۆ خۆت نەناسیبوو. کاتێکیش مرۆڤە چوستەکە خرایە زیندانی ئیمراڵیەوە هەر لەبەر خاتری خۆنەناسینی تۆبوو!تکایە بۆ ساتێک بیر بکەوە ئەی مرۆڤە مەزنەکە،کە،وەرچەرخانی ڕاستەقینەوەی دروست کردنی ژیانێکی بێترس و ئارام بەخش تەنها لەدەستی تۆدایە.چونکە دواجار ئەوە تۆیت کەدەتوانیت کۆی زنجیرەکان بپچڕێنیت و کلیلە ژەنگرتوەکانیشی فڕێ بدەیت؟ ئاخۆ ئێستالەئەرکی مێژوویی خۆت تێ دەگەیت ئەی چینە مەزنەکەی خاوەن وەرچەرخانی ڕاستەقینە؟

تاهیر حاجی حەسەن
22/09/2016




گرنگە ئەزمونی 17ی شوباتی 2011باش لەبەرچاو بگیرێت! … تاهیر حاجی حەسەن

وادیارە کۆمیتەیەک بەناوی بەرگری لەمافەکانی خەڵکی پێکهێنراوە تائەوەی لە 27 /09/2016 خۆپیشاندانی سەرتاسەری ڕابگەیەنێت لە پارێزگاکانی سەربەهەرێمی کوردستاندا. ئاستی ژیان و گوزەرانی چین وتوێژە کرێ وەرگرەکان لەهەرێمدا ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو سەختی زیاتر دەڕوات،کەچیتر مایەی تەحەمول کردن نیە بۆیان. حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی باڵادەستی حزبی،هۆکاری ئیفلیج کردنی ژیانی چینوتوێژە زەحمەتکێش و بەرهەمهێنەرەکانن و خودی قەیرانێکی ئابوری کەبەرهەمهێنراوە تەنها بەرهەمی ئەم قۆناخەی ئێستا نیە.بیستوپێنج ساڵی حوکم ڕانی بەرەی درەبەگ بۆرژوازی کورد،بۆخۆی هیچکات ساڵێکی بێ قەیرانی تێپەڕ نەکردوەو هەمیشە ململانێ حزبیەکان و شەڕکڕدنیان لەسەر خۆسەپاندنیان،بوەتەمایەی خراپترکردنی ژیانوگوزەرانی چینوتوێژە هەژارکراوەکان.لەم نێوەیشدا،بەردەوام ئاستی ناڕەزایەتیە پچڕپچڕەکانیش بونی هەبوەو جارناجارە چوەتە قۆناخی ڕژانە سەرشەقامەکانیش.
دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان لە 2009 دا وادەهاتە پێش چاو کەئەو بزوتنەوەیە لەخزمەتی بەرژەوەندیەکانی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانی هەرێمدا بێت،بەڵام دواجار ڕوون بویەوە کەئەویش نوێنەرایەتی لەچینی ناوەند دەکات و هەروەک بزوتنەوە ئیسلامیەکان هەڵگری ئەو چەمک و ئایدۆلۆژیایەن،کەدەیانەوێت ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لەنێو بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی خۆیاندا بەکار بهێنن و دواجار ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانیش بەرەو خامۆشی ببەن و خەبات بگوازنەوە بۆنێو هۆڵی پەرلەمان. دواجار بینیمان ئەوان بەئامانجەکانی خۆیان گەیشتن و جەماوەری کرێ وەرگریش ڕۆژ بەڕۆژ ژیانیان بەرەو خراپتر بوون ڕۆیشت.
ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی هەرێم لە 2011 دا،گەرچی لەسەرەتاوە بەشێوەیەکی باش هاتە مەیدان،بەڵام دواجار چونکە ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریانە لەڕوی ڕێکخراو بونی چینایەتی و نەبونی ڕابەرایەتیەکی بەتوانا،بەلاڕێدا براو لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکانەوە بەرەو تێک شکاندن براو،مەبەست و ئامانجەکانی خۆپیشاندەران ئاراستەکەی گۆڕا بۆ پەلاماردانی بارەگای پارتی و دواجار قۆناخ خوێن ڕشتنی تێ کەوت. یەک دوو ساڵ پێش ئێستایش دیسان ناڕەزایەتیەکان دیسان بەلاڕێدا براو دیسان خوێن ڕشتنی تێکەوت. دیارە حزبە دەرەبەگ و خێڵەکی و بۆرژواکان،هەمیشە چەکی دەستیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان پەلامارەو لەڕێی هێزەوە دەتوانن وەڵام بەداخوازیە ڕەواکانی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکان بدەنەوە.
ئێستا کێشەی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان تەنها کارا کردنەوەی پەرلەمانە.پەرلەمانیش سوێندی لێخوراوەو گەر هەمو خەڵکی کوردستان لەسەری بەکوشت بدرێن،لەلایەن پارتیەوە ڕێگا نادرێت نەکارا بکرێتەوە،وەنەسەرۆکی پەرلەمانیش بچێتەوە سەر کورسیەکەی. بۆخەڵکی زەحمەتکێشی هەرێم و کۆی چین و توێژە کرێ وەرگرەکانی،کارا کردنەوەی پەرڵەمان ئەسڵ نیە،چونکە پەرلەمان لەهەرێم و وڵاتانی چوار دەوریشدا تەنها دەورێکی کارتۆنی دەبنێت و هیچ بەرژەوەندیەکی تێدا نیە بۆ پێشوەچونی بەرژەوەندیە پێویستیەکانی ئەو چینوتوێژانەی کە هەژار کراون. پەرلەمان و پەرلەمانتاران تەنها وەک نوێنەری چینی دەسەڵاتدار بونیان هەیەو مێژووش شاهیدی ئەو ووتەیە. لەو شوێنەیشدا پەرلەمان توانای کاری بەپێزی هەبێت،هەڵبەت دەبێت لەوێشدا چینی کرێکاری هۆشیار و ئامادە لەمەیداندا بونی هەبێت.
گرنگە ئەو خۆپیشاندانەی قەرارە سەرتاسەری بێت و ئەنجام بدرێت گشت چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگە پشتگیری لێ بکەن،چونکە بەکۆی هاتنە مەیدانی ئەو چینوتوێژانە دەتوانرێت ئەڵقەی ڕێکخراوبونەکە بەهێزبکرێت کەپچڕانی ئاسان نەبێت. ئەگەر ژیان و گوزەرانی چینوتوێژە کرێ وەرگرەکان باش بکرێت و موچەی تەواویان لەکاتی خۆیاندا وەرگرن،ئەوکات دوکاندارەکان و خاوەن پاس و خاوەن تەکسیەکان و دەستگێڕەکانیش تا دەگات بەجوتیارەکانیش سوود مەند دەبن و ڕزگاریان دەبێت لەکزی بازاڕیان و مەسەلەی قەرز و ئێحراج بونە مەعنەویەکانیشیان. هاتنە مەیدانەکان بۆ مامۆستایان گرنگە،هێندەیش بۆ باوک و دایکی مناڵانی خوێندکاریش گرنگە،چونکە گەر مامۆستایان خاوەنی موچەی خۆیان بن ئەوکات دەتوانن ئاستی خوێندن و پەروەرووەیش بەباشی بچێتە پێشەوە. ئەمە بۆ دکتۆرەکانیش و بۆ کرێکارانی گشت کەرتەکانیش هەروایە. بیهێننە پێش چاوتان گەر دوو ڕۆژ کرێکارانی شارەوانی حاویەکان پاک نەکەنەوە،گەڕەک و کۆڵان و شارەکان دەبنە چ زبڵ خانەیەک،کەواتە ئەرکی هەرمرۆڤێکی جوامێرە پشتگیری لەدانی هەقدەستەکانیان بکات و لەخۆپیشاندانەکاندا خەڵکی گەڕەک و گوند و شارەکان بچنە پشتی داواکاریە ڕەواکانی ئەو کرێکارانەوە.
جەنگی دژ بەداعش، تەنها ماڵ وێرانیەکەی بۆسەر ئەو چینوتوێژە زەحمەتکێشانەیە و بۆ دەوڵەتانی ناوچەکەو دەسەڵاتدارانێک کەئێستا جڵەوی حاکمیەتیان بەدەستەوەیە،وەک دیاریەکی خودای وایە،چونکە لەنێو گێژاودا بواری زۆر بۆ دزینی زیاتری قوتی خەڵکی هەیە. ئەگەر داعش خێرێکی بۆ دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی نەبوایە ئەوا ئێستا دەمێک بوو لەناویان بردبوو.
بۆیە گرنگە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە نەچنە ژێر ڕکێفی خواستی حزبەکان و خەڵکی نەدەنە بەر ڕێژنەی فیشەکەکانیان،ئەو خەڵکانەی دەڕژێنە سەرشەقامەکان هەر لەهەمان ئەو چینەی ئێوەن ئەی چەکدارانی چەک بەدەست.
خاڵی گرنگ و ئەزمون بەخش لێرەدا ئەوەیە کەڕێگا نەدرێت ئەو حزبانەی وەک ئیسلامیەکان و بزوتنەوەی گۆڕان دزە بکەنە نێو خۆپیشاندانەکانەوەو وەک 17/شوباتی لێ بکەن. سەرکەوتنی ئەم جارەی خۆپیشاندان دەکرێت بەجیاکردنەوەی ڕیزەکانی خۆیان بێت و دوور لەبەرژەوەندیەکانی ئەو حزبانە بێت و بەشێوازێکی مەدەنیانە دەتوانن چۆک بەدەسەڵات و حکومەت دابدەن.

تاهیر حاجی حەسەن
19/09/2016