دەسەڵاتی ٣٥ ساڵەی کوردی؛ لە نێوان تراژیدیا و کۆمێدیادا.. سابیر محەمەد
لە جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداری و جیاوازیی چینایەتیدا، تراژیدیا و کۆمێدیا بۆ هەر یەکێک لە چینەکان مانا و لێکدانەوەی جیاواز و تایبەت بە خۆیان هەیە و بۆیان دەکرێت.
٣٥ ساڵ لە حاکمیەتی بۆرژوا-کۆمپرادۆرەکانی کورد، وەک بەکرێگیراوی یەکەمی ئیمپریالیزمی جیهانی و ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هەلومەرجێکی نادیار و ئاوەڵە، کە بەهۆی جەنگی کەنداو و داگیرکردنی عێراقەوە هاتنە ئاراوە، هەروەها بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و ستراتیژییەکانی ئەوان، پاراستنی بیرە نەوتەکان، و سەرکوتکردنی جموجوڵ و خەباتی چینایەتی و هەر بزاڤێکی کۆمۆنیستیی ڕەسەن لەو ناوچەدا، بریتی بوون لە سەرخەتی گشتی و سیمای ئەم سێ دەیە و نیمچەیەی ئەم چەند ساڵە، کە قۆناغێکی پڕ لە تراژیدیا و نەهامەتی بووە بۆ سەر خەڵکی کرێکار و توێژە چەوساوەکانی تر.
سەرانی دەسەڵاتدار لە ڕێگەی ناسیۆنالیزمێکی خێڵەکی و دواکەوتووانەی خۆیانەوە، زۆربەی هەرە زۆری جەماوەریان بە خواستی سەربەخۆبوونی کورد و دەسەڵاتی خۆماڵی کۆمۆنیستی مەست، سەرگەردان و کاڵفام کردبوو. جەماوەریان لە سیناریۆی «خەونی کات و ساتی بەئاگایی» (أحلام اليقظة) و لە «چاوەڕوانیی گۆدۆ»دا هێشتبۆوە. خۆشیان وەک چینێکی باڵادەست درێژەیان بە ژیانی پاشایانەی خۆیان داوە و سەرکوتی چینایەتییان بە هەر شێوەیەک بێت لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی ئەو جەماوەرە ستەمدیدەیەدا درێژە پێداوە. بەم جۆرە ئەوان خۆیان دەوڵەمەندتر کردووە و ئەو جەماوەرەشیان بەرەو هەژاری و نەداریی زیاتر بردووە.
حیزب، لایەن و ڕێکخراوە جۆربەجۆرەکانی توێژە وردە-بۆرژوازییەکان (بۆرژوا-چەپەکان)، لە چەشنی «کۆمۆنیزمی کرێکاری»، پێکهێنەرێکی سەرەکیی ئەم پرۆسەی بەکاڵفامکردن و گەوجاندنی جەماوەر بوون. وەک ناسیۆنالیستێکی چەپ، بوون بە ئامراز و ئەکتەری سەرەکیی ئەم شانۆگەرییە کۆمێدییەی بۆرژوا-خێڵەکی و کۆمپرادۆرییەی دەسەڵاتی کوردی. هەمیشە پیادەی سیاسەتێکی ڕێکخستنی ڕیفۆرمیستانە و خۆسازاندنیان کردووە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا، ئەوەش لە پێناو چاککردن و جوانکردنی دەسەڵات و گۆڕینی یاساکان؛ وەک چوونە ژێر سیاسەتی ناسیۆنالیستی و کۆمێدیانەی «ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان» و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق.
هەروەها لکاندنی پاشگری وشەی «کوردستانی» بە ناوی حیزبەکەیانەوە، خۆی لە خۆیدا هەوڵێکی ئۆپۆرتۆنیستانەیە بۆ نیشاندانی ئەم دڵسۆزی و هاوتەباییە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کورد و سەربەخۆیی کوردستان لە ژێر ڕابەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا.
وتاری سیاسیی بۆرژوا-چەپەکان بە جۆرێک پاشکۆیەتیی قسەوباسەکانی سەرانی کوردی پێوە دیارە، کە چۆن جەماوەر بە هێزەکانی داعش دەترسێننەوە. هەروەک سەرۆکی پارتی داوای لە هێزی خەڵک کردبوو کە بەرەنگاری داعش ببنەوە، ئەمانیش بە هەمان شێوە باس لە ڕۆڵی «هێزی خەڵک» دەکەن؛ وەک هەمیشە لە گێژاوی نەبوونی دیدگایەکی شۆڕشگێڕانەی خەباتی چینایەتیدا دەخولێنەوە و بە شوێن ڕێگەچارەیەکی توافقیانە و ڕیفۆرمیستانەدا دەگەڕێن بۆ دەرچوون لەم گێژاوە سیاسییە و خۆگونجاندنیان لەگەڵ ئەم هەلومەرجە نوێیەدا.
کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئەنجامی چ ستراتیژیەتێکە؟
با بزانین ئەو گۆڕانکارییانە چی بوون کە لەم دواییانەدا بەسەر سوریا و عێراقدا هاتن؛ بەتایبەت دوای گۆڕینی لە پێشینە (ئەولەوییەت)ەکانی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریکا لە جیهان و ناوچەکەدا.
کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان سیاسەتێکی ڕووکەشانە و درۆزنانەیە؛ مەبەست لێی جێبەجێکردنی ئەولەوییەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، کەمکردنەوەی خەرجی و بودجە زەبەلاحەکان، و سپاردنی ئەو ئەرکانەیە بە هێزە ناوخۆیی و ڕەسەنەکان. ئەوەش خۆی لە بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندیی عێراقدا دەبینێتەوە، تا لەو ڕێگەیەوە و بە «مەرکەزییەتکردنی» دەسەڵات، ئاڵوگۆڕی ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و ئەمنی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ئەنجام بدەن.
ئەم گۆڕانکارییەی لەپێشینەکانی ستراتیژیەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ناوچەکە، پێشتر لە وتارێکدا بە ناوی «کارەساتی هەنووکەیی و بەردەوامی سوریا و ڕەهەندە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی» کە بە زمانی عەرەبی لە ماڵپەڕی (الحوار المتمدن)دا بە ناونیشانی (المأساة القائمة في سوريا، وأبعادها الدولية والمحلية) بڵاوکراوەتەوە، ڕۆشنایی خراوەتە سەر.
ئەوەی بە عێراق و هەرێمەوە بەستراوەتەوە، دوای ساڵی ٢٠٠٣ و داگیرکردنی عێراق، بودجەیەکی گەورەی سەدان ملیار دۆلاری بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و هێزەکانی ئەمریکا، بەکرێگیراوان، هاوپەیمانەکانیان (لە هێزە سوننە و شیعییەکان و میلیشیا چەکدارەکانیان)، ڕاگرتنی دەسەڵاتی تایفی لە بەغدا، و هەروەها ڕاگرتنی دەسەڵاتی خۆجێیی سەرانی حیزبە کوردییەکان وەک یەکێتی، پارتی، ئیسلامییەکان، لیبراڵەکان و هێزە چەکدارەکانیان. ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمریکا لە پێناو نەهێشتنی ئەم خەرجییە زەبەلاحەدایە، تا ئەو پارەیەی پێشتر خەرجی دەکرد، بۆ بودجەی ئەمریکا بگەڕێنێتەوە.
گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێم، لە درێژەی گۆڕانکارییەکانی سوریاوە سەرچاوەیان گرتووە.
جێبەجێکردن و پیادەکردنی ئەم گۆڕانکارییانە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ڕیشەکەی لە هەوڵدان بۆ هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تورکیا، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداودایە. ئەمەش نەخشەڕێگەیەک بوو بۆ پێشگرتن لە هاتنەپێشەوەی هێزە ڕادیکاڵەکان لە سوریا؛ بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان، خرۆشانی جەماوەری، ڕاپەڕینێکی مەزن و بگرە شۆڕشێکی جەماوەریی ستەمدیدەی سوریا کە لە ١٥ی ئاداری ساڵی ٢٠١١دا لە سەروبەندی بەناو «بەهاری عەرەبی»دا دەستی پێکرد.
دواتر گۆڕینی ئەم ڕاپەڕینە بۆ شەڕێکی ناوخۆیی و سەرهەڵدانی چەندین گرووپ و تاقمی چەکدار بە پشتیوانیی وڵاتانی ناوچەکە و دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان، ڕێگەی خۆش کرد بۆ ڕاهێنان و ئامادەکاریی سەربازی، سیاسی و ئابووری بۆ جۆلانی و گرووپە جیهادییەکەی لە شاری ئیدلب. ئەم ئامادەکارییە وەک ناوکۆکەیەک و حاکمییەتێکی ناوچەییی بچووک بوو کە دواتر بۆ حاکمییەتی ئایندەی تەواوی سوریا دەشیا. بەم جۆرە پرۆڤەی حاکمییەتی هێزە جیهادییەکەی جۆلانی لە ئیدلب مایەوە، تا ئەو کاتەی هەلومەرجی تەواو بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەلئەسەد لە ٨ی دیسەمبەری ساڵی ٢٠٢٤دا ڕەخسا و تەواوی حاکمییەتی سوریا خرایە ژێر دەستی حکومەتی جۆلانی؛ بەمەش ئەم شۆڕشە جەماوەرییە گۆڕدرا بۆ «پایزێکی کۆنەپەرستانەی عەرەبی».
لەم نێوەندەدا تەنیا هێزێک کە توانای چەکداری، ڕێکخراوەیی بەرچاو و کاریگەریی هەبوو، هێزەکانی پەکەکە (واتە هەسەدە لە سوریا) بوون. ئەوان جۆرێک لە ناتەبایی بۆرژوازییانەیان لە ڕوانگەی جیاوازیی سیاسەتی ڕیفۆرمیستانەی ستالینییانەوە (کە بە ناوی «خەباتی چەکداریی ڕزگاریی نیشتمانی» پیادەیان دەکرد) لە بەرامبەر سیاسەتی هێزە جیهادییەکان و گرووپە ئیسلامییە چەکدارییەکانی تردا هەبوو.
دژایەتیکردن و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی ڕیفۆرمیستانەی ستالینی («خەباتی چەکداریی ڕزگاریی نیشتمانی»)، لە گرەوی گۆڕینی ڕێچکە و ڕێبازی پەکەکەدا بوو بەرەو سیاسەتی سۆسیالیزمێکی خەیاڵیی ئانارشیزمی وردەبۆرژوازییانەی مۆری بۆکچینی، کە سەر بە ئۆردوگای NGOی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایییە.
ئەم هەوڵانە دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا دەستیان پێکرد؛ بەتایبەت دوای سوودوەرگرتنی دەوڵەتی تورکیا لە زیندوو هێشتنەوەی ئۆجەلان لە زینداندا، هێنانەکایەی نەخشەڕێگەی «پرۆسەی ئاشتی»، دواتریش چەکدانانی پەکەکە و وەلانانی تەواوەتیی مۆدێل و ڕێبازی «خەباتی میللیی ڕزگاریی نیشتمانی». هەروەها تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا و هێزە ئەمنییەکانی، و کردنیان بە بەشێک لە دامودەزگا سەرکوتکەر و ئیدارییەکانی حکومەتی ئەحمەد ئەلشەرع، خۆی لە خۆیدا کڵێشەیەکی ئامادەکراو بوو بۆ داهاتووی عێراق، سەرانی هەرێم، یەکخستنی هێزی چەکداری حیزبە کوردییەکان و میلیشیاکان (پێشمەرگە)، پەیوەستکردنیان بە دەوڵەتی مەڵبەندی/ناوەندییەوە، و گۆڕین یان توواندنەوەیان لەناو هێزە سەربازییەکانی حکومەتی بەغدادا.
درێژەدان بە سیاسەت و نەخشەکەی سوریا لە عێراق و هەرێمدا، لە ژێر چاودێری و ڕابەرایەتیی ئەمریکا و تۆم باراکی کاربەڕێکەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجام دراوە؛ هەروەها ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ بەستنی ڕێککەوتنامەیەکی سێقۆڵیی نێوان ئەرادۆغان، ئەحمەد ئەلشەرع و عەلی ئەلزەیدی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت و گاز، ڕێککەوتنی بازرگانی، ئابووری، ئەمنی، سەربازی، و کۆنترۆڵکردنی سنوور و دەروازەکان لەم چوارچێوەیەدا بووە.
نیگەرانیی حیزبە ناسیۆنالیستە کوردییەکان لە پاشەکشەی هێزە هاوپەیمانەکان
هەروەک گوێبیستی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووین لەگەڵ کەناڵی (الشرقية)، لە سەروەختێکدا کە هێزەکانی داعش ئەو توانا سەربازییەیان نەماوە، وێڕای ئەمەش – هەر وەک پیشەی هەمیشەییی حیزبە ناسیۆناڵیستە کوردییەکان کە جەماوەریان بە زەبروزەنگ و دیکتاتۆرییەتی حیزبی بەعس دەترساند و هەڕەشەی گەڕانەوەی ئەو زەبروزەنگەیان بیر جەماوەر دەهێنایەوە – ئەم جارەش جەماوەری ئەو ناوچەیە بە گەڕانەوەی داعش دەترسێنێت. ناوبراو داوای لە خەڵک کرد بۆ بەرهەڵستیکردنی داعش بێنە مەیدان؛ ئەمەش وەک هێرشێک و پەرچکردارێک لە بەرامبەر ئەم بڕیارەدا، دژ بە حکومەتی ناوەندی و میلیشیا شیعییەکان بەکار دەهێنێت.
ئەم نیگەرانی و ناڕەزایەتییە قووڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە کوردییەکانی دیکە لە چەند تەوەرێکدا خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە:
- یەکەم: ئەمریکا چیتر ئامادە نییە ئەو بودجە گەورەیەی پێشوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم، حیزبەکان و هێزە چەکدارەکانیان (پێشمەرگە) دابین بکات.
- دووەم: نیگەرانی لە بەهێزبوونی دەوڵەتی ناوەندی لە بەغدا و بەهێزبوونی پێگەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران (فەسائل و میلیشیاکان).
- سێیەم: نەمان و کەمکردنەوەی هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە، کە قورسایییەکی گەورەی خستبووە سەر پێنتاگۆن. ئەو چەترە درۆزنەی کە تا ئێستا بە ناوی «پاراستنی زۆنی کوردەکان» هەڵیانکردبوو نامێنێت. لە ئاکامی ئەم گۆڕانکارییانەدا کە لە هاوسەنگییە نوێیەکەی هێزەکاندا هاتۆتە ئاراوە، هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا دەگۆڕێت و چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کە دەسەڵاتدارانی زۆنەکانی هەرێمی کوردستان بکەونە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بەغدا، تاران و میلیشیا شیعییەکان.
- چوارەم: ترس لە دووبارەبوونەوەی هەلومەرجی سیناریۆی ساڵی ٢٠١١، کە هێزەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕەمزی لە عێراق و هەرێم کشانەوە، بەڵام دوا بە دوای ئەم وەزعە هێزەکانی داعش پەیدا بوون و چەندین شار و شارۆچکەیان گرت. لە ئاکامی ئەم دۆخەدا، جارێکی تر بە ناچاری حکومەتی بەغدا و هەرێم خۆیان داوای گەڕاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکایان کردەوە بۆ عێراق.
هەر هەوڵ، تەقەلا و نیگەرانییەک کە سەرانی حوکمرانی کورد لە خۆیان نیشانی دەدەن، تەواو بێهودە و بێسوودە؛ چونکە ئەو هەلومەرجانەی پێشتر لە جیهان و ناوچەکەدا هەبوون بەسەرچوون. ئەو کاتە هەلومەرجەکان بە جۆرێک بوون کە ڕێگەیان بە هاتنەپێشەوەی سیاسەتێکی دووفاقیانە و پڕاگماتیزمێکی بۆرژوازییانەی سەرانی خێڵەکیی کورد دەدا، تا لەناو زەلکاو، بازنە و بۆشایییەکی سیاسی لە دوای شەڕی کەنداو کە خودی ئەمریکا و هاوپەیمانان دروستیان کردبوو مەلە بکەن و سوود لە هەلومەرجی ئاوەڵاییی سیاسیی ناوچەکە وەربگرن بۆ بردنەپێشەوەی ئیمتیازاتە بۆرژوازیییەکانی خۆیان.
لەم هەلومەرجە نوێیەی سەرمایەداریی جیهانی و ڕۆڵ و هەژموونی ئیمپریالیستییانەی ئەمریکادا، ئەم حیزبە کوردییانە و دەسەڵاتە میلیشیایی و تایفییە زۆنییەکەیان کە هیچ بنەمایەکی «دەوڵەتی نیشتمانیی بۆرژوازییانە»شیان تێدا نەبووە و نییە، زۆر لەوە بچووکترن توانای ئەوەیان هەبێت دژ بەو ستراتیژیەتە نوێیەی ئەمریکا، سەرمایەداریی جیهانی و هێزەکانی وەک تورکیا، ئیسرائیل و حکومەتی سوریا بوەستنەوە.
بەم جۆرە، لە ئاکامی ئەم سیاسەتە نوێیەدا کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت و بەڕێوە دەچێت، هەنگاو بە هەنگاو دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی و حاکمییەتی ئەوان لە هەرێمدا کەم دەبێتەوە و لێیان دەسێنرێتەوە. باڵادەستبوونی زیاتری هێزە شیعییەکان و ئێران لە بەرژەوەندیی ئەوان و هێزە سوننییەکانی تردا نییە و فشارە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان بۆ سەر دەسەڵاتی هەرێم زیاتر دەکەن. ئەوان دەکەنە کاربەدەستێکی کاربەڕێکەر و مامورێکی گوێڕایەڵ و ژێردەستەی حکومەتەکەی عەلی ئەلزەیدی؛ بە ناچارییش لە پێناو پاراستن و لەدەستنەدانی ئیمتیازاتە بۆرژوازییەکان و ژیانی شاهانەی خۆیاندا، ئامادەی ئەنجامدانی هر کار و وەزیفەیەک دەبن کە پێیان بسپێردرێت.ئەم قۆناغە نوێیە چ ئەرک و فەرمانێکی خەباتکارانەی چینایەتی دەخاتە بەردەم کرێکاران و چەوساوان لە عێراق و هەرێمدا؟
ئەم قۆناغە ڕووی دزێو و ڕیسوابوونی تەواوی دەسەڵاتداریەتیی خێڵەکی و تایفییانەی بەغدا و هەرێم، هزرو بۆچوونی ناسیۆنالیستانەی تەواوی ڕەوت و حیزبەکانی کوردایەتی (چ لە هەرێم یان لە دەرەوە)ی خستۆتە ڕوو. هەروەها دزێوی و ڕیسواییی هزر و بۆچوونی شۆڤێنیستانە و مەزهەبییانەی تەواوی میلیشیا شیعییەکان و دەسەڵاتی ناوەندیی دەرخستووە و ئەوانی خستۆتە ناو گێژاو و بێئاسۆیییەکی سیاسیی کوشندەی (بۆرژوا-نیشتمانی)یانەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و کوردییەوە.
ئەم قۆناغە نوێیە هیچ گۆڕانکارییەکی باش لە ژیانی کرێکاران و تەواوی توێژە ستەمدیدە و چەوساوەکانی تردا (چ کوردەکان، عەرەبەکان، یان هەر نەتەوەیەکی تر) ناهێنێتە دی، بەڵکو بەرەو ئاقارێکی خراپتریان دەبات.
قازانجی سەرەکیی ئەم قۆناغە نوێیە و پرۆسەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندیی بەغدا و دیمەشق، زیاتر لە پێناوی کەڵەکەکردنی سەرمایەی خۆماڵیدا دەچێتە پێشەوە؛ ئەویش لە ڕێگەی مەرکەزییەتکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، گاز، شمەک و بەرهەمە سروشتی و کشتوکاڵییەکانی تر، هەروەها بەستنی پەیماننامە ئابووری، نەوتی، گازی و پیشەسازییەکان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوادا.
ئەمە لە کاتێکدا و بەو پێیەی کە داهاتی نەوت و گازی عێراق دەچێتە بانکەکانی ئەمریکاوە و لەوێوە بڕی بودجەی گشتیی عێراق دەستنیشان دەکرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ژیان و گوزەرانی چینە چەوساوەکان بەرەو خراپتر دەروات؛ چونکە بەهۆی قورساییی باری ئەو قەرزانەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی کەرتە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگەی عێراق وەریگرتوون، بە ناچاری تەواوی کەرتە خزمەتگوزارییەکان بەرەو کەرتی تایبەت دەگۆڕێت تا قورساییی خەرجییە گشتییەکان لەسەر بودجەی دەوڵەت کەم بکاتەوە. بەم جۆرە چاوچنۆکی و هەڵپەی خۆپەرستی بۆ دەوڵەمەندبوون و کەڵەکەکردنی سەرمایەی سیستەمی نیولیبرالیزمی نوێ بەرەو ئاقارێکی زۆر وەحشیانە و دوور لە مرۆڤایەتی دەڕوات، دواتریش بەهۆی بێکاری، گرانی، دەرکردنی کرێکاران و داخستنی شوێنە گشتییەکان و کارگەکان، ڕۆژبه ڕۆژ ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکان پەرە دەسێنن و زیاد دەکەن.
سەبارەت بە تایبەتمەندیی خەباتی کرێکاران و چەوساوەکانی تر لە هەرێم و شارە کوردییەکاندا؛ نەمانی ئەم فرەجەمسەرییە و ئەم هەموو زۆنە عەشیرەتی و خێڵەکییە ستەمکارانەیە لەو ناوچەیەدا، خۆی لە خۆیدا کۆتاییهاتنی قۆناغێکی تراژیدیی ئەو طوغیانە چینایەتییەیە کە بە درێژاییی ٣٥ ساڵ بەسەر جەماوەری ستەمدیدەی کوردستاندا سەپێنراوە. بەڵام لە هەمان کاتدا نیشاندەری کۆمێدیا و گاڵتەجاڕیی کۆتاییهاتنی سیاسەتێکی ناسیۆناڵیستیی قەومییانەی کوێرانە و بێبنەمای ئابووری و سیاسیی سەرانی کوردە، هەروەها ڕسوابوونی تەواوی ئەو توێژە ناسیۆناڵ-چەپانەیە کە سەر بە ئۆردوگای چینایەتیی ناسیۆنالیزمی کوردن.
ئەم قۆناغە و دوو دیوی ئەو تراژیدیا و کۆمێدیایەی هاتۆتە ئاراوە، ئەوە دەخوازێت کە کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدە سوودی لێ وەربگرن لە پێناو ڕێکخستنی خەباتێکی چینایەتیی سەرتاسەریدا لەگەڵ تەواوی چەوساوەکانی تری ناوچەکانی تردا لە عێراق.
ئەم هەلومەرج و قۆناغە نوێیە دەستپێکی هاتنەئارای هۆشیارییەکی چینایەتیی شۆڕشگێڕانەیە کە ئەوە نیشان دەدات ئازادبوون لە هەر ستەمێکی نەتەوەیی/میللی سەرانی بۆرژوا-کۆمپڕادۆری کورد و «ناسیۆناڵیستە چەپەکان» توانای بەدیهاتنی نییە. نەهێشتنی هەر جۆرە ستەمێکی میللی (چ لەلایەن شۆڤێنیزمی نەتەوە سەردەستەکانەوە بێت یان ناسیۆنالیزمێکی کوێرانە و ڕەگەزپەرستانەی قەومیی کوردییەوە) لە گرەوی خەباتێکی سۆسیالیستیی سەرتاسەریدایە و دەگاتە ئاکامی خۆی؛ نەک لە ڕێگەی بڕیار و پرۆسەیەکی بۆرژوازییانەی ڕیفراندۆمێکی خێڵەکی و خۆشباوەڕییەوە بە ڕابەرایەتیی حیزبە ناسیۆناڵیستە کوردییەکان، کە هیچی تر نییە جگە لە فریودان و ملکەچکردنی کرێکاران و چەوساوان بۆ دەسەڵاتداریەتیی ئەم حیزبە بۆرژوازییە قەومی و تایفییانەی کورد و عەرەب.سابیر.م
٤/ ١٠ /٢٠٢٦
بزاڤی چینایەتی شۆڕشگێڕانە! ”مارکسیستی”









