کورتە چیرۆک\ هێلکە ڕەنگکراوەکان.. وریا مەعروف گەردی

لە گوندێکدا، کەڵەشێرێکی پیر و لێزان دەژیا. جیاواز لە کەڵەشێرەکانی دیکە، هەموو ڕۆژێک لەسەر بەرزایییەکە بە دەنگێکی بەرز بانگی دەدا و باڵندەکانی دیکەی هۆشیار دەکردەوە، هەمیشە دەیگووت:
​«ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووین تەنیا دانەوێڵە بەدەستبهێنین و سەردابنەوێنین؛ ئێمە هاتووین تا کێڵگەکە پاک بکەینەوە و سەربەستی بۆ هێلکە و بێچووەکانمان بەدەست بێنین.»

​ساڵانێکی درێژ باڵندە بێئومێد و وەڕسەکان دەوری ئەم کەڵەشێرەیان دا. کۆمەڵێک جووجەڵە و مریشکی دیکەش لە دەوری کۆبووبوونەوە، هەمیشە لای ڕاست و چەپیبوون، پەڕەکانیان هەڵدەماڵی و وەکو ڕابەرێکی نەمر سەیریان دەکرد. لە سایەی ئەم کەڵەشێرە بەتەمەنەدا، بزووتنەوەیەکی گەورە لە کێڵگەدا دروستبوو کە خەونی بە گۆڕانکارییەوە دەبینی.
​بەتێپەڕبوونی کات، کەڵەشێرە گەورەکەیان بێهێز بوو و رۆژێک چاوەکانی بۆ هەمیشە لێکنا.

​شۆکێکی گەورە باڵی بەسەر کێڵگەکەدا کێشا. بەڵام پێش ئەوەی تەپوتۆزی ماتەمینی بڕەوێتەوە، بڕیار کەوتە دەست ئەو شوێنکەوتووانەی کە بەردەوام لە دەوری بوون و بانگەشەی هەمان ڕێگایان دەکرد.
​روژانی یەکەم، شوێنکەوتووەکان لەسەر سەکۆکە دەوەستان و بانگیان دەدا، بەڵام دەنگیان وەک دەنگی مامۆستا پیرەکەیان زوڵاڵ نه‌بوو.
​لەو لاشەوە، دوو کەلەشێری گەورەی دەسەڵاتدار لە گۆڕەپانە دەوڵەمەندەکەدا هەبوون کە بەسەر کێڵگەکەدا زاڵبوون و خاوەنی خەرمانی زێڕینی دانەوێڵە بوون. ئەوان بە پێکەنینەوە سەیری ئەم دۆخەیان دەکرد و دەیانزانی بەشێک لە شوێنکەوتووانی بریتیین لە گەدە و گەروو!
​ڕۆژێک، دەسەڵاتدارانی خەرمانەکە تەنیا چەند پەنگێک (مشتێک) دانەوێڵەی زێڕینیان فرێدایە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکە.
بەشێک لە ​شوێنکەوتووە دیارەکانی کەڵەشێرەکە، کە ڕۆژێک دەیانگووت «ئێمە نانی حەرام ناخۆین»، لەپڕ چاوەکانیان درەوشایەوە. یەک بە دوای یەکدا، ڕێڕەوی خۆیان گۆڕی. هەندێکیان قونیان بادا و بەرەو خەرمانی لاپەڕی ڕاست ڕایانکرد، هەندێکی دیکەشیان بەرەو خەرمانی لای چەپ چوون.

​کاتی کۆبوونەوەی سەر سەکۆکە چۆڵ بوو. ئەو کەسانەی دوێنێ دەیانگووت “ڕێبازەکەی دەپارێزین”، ئێستا لەسەر خوان و دانەوێڵەی دەسەڵاتدارە کۆنەکان دانیشتبوون و سنگیان دەرپەڕاندبوو، تەنانەت فێربووبوون وەک ئەوانیش دەنگ دەربکەن.

​باڵندە بچووکەکان بە مەلوولی و داماوییەوە سەیری ئەم دیمەنەیان دەکرد. مریشکێکی بەتەمەن و ژیر لەبەر دەرگای کەپرەکە دانیشتبوو، سەیری ئەم هاتوچۆ و خۆفروشتنەی جووجەڵە دەسەڵاتخوازەکانی کرد، ئاهێکی ساردی هەڵکێشا و ڕووی کردە جووجەڵە خەمبارەکان و گووتی:
(بچکۆڵەکانم، دڵگران مەبن و لەمە زیاتر سەرتان سووڕنەمێنێ… درۆیە، باوەڕ بەم ڕەنگ و بۆیانە مەکەن. ئەمانە هەرگیز جیاواز نەبوون؛ هەموویان هەر هەمان هێلکەن، تەنیا کاتێک لە هێلانە دەرچوون، ڕەنگیان گۆڕی تا ئێمە بێخەڵەتێنن. کاتێک ڕۆژ هەڵات، ڕەنگە دەستکردەکان تیشکیان لێبڕا و هەموویان گەڕانەوە بۆ سەر هەمان زەوی و ژێر هەمان باڵ!)




نامۆبوونی دیجیتاڵی؛ لێکدابڕانی جەستە و هۆشیاری لە سەردەمی شاشەکاندا.. وریا مەعروف

لەنێوان ئەو شوێنەی جەستەمانی لێیە و ئەو شوێنەی هۆشیاریمانی تێدا دەژی، دابڕانێکی قووڵ و بێدەنگ دروست بووە. مرۆڤی سەردەم لە یەک کاتدا لە هەموو شوێنێک هەیە و لە هیچ شوێنێکیش نییە؛ لە ڕووی جەستەیییەوە لە ناو واقعی بەردەستدا ئامادەیە، بەڵام ڕۆح، خەیاڵ و هزری لە ناو جیهانی شاشە درەوشاوەکاندا نوقم بووە. ئەم ئامادەیییە ڕووکەشە و دابڕانە قووڵە دەروونییە، مەترسیدارترین جۆری نامۆبوونی فکری لە سەردەمی نوێدا بەرهەمهێناوە کە بەرەبەرە مانای ڕاستەقینەی ژیان و پەیوەندییەکان دەشێوێنێت.
مرۆڤ بەدرێژایی مێژووی شارستانییەت، ئامراز و تەکنەلۆژیای جۆراوجۆری داهێناوە تاوەکو دوورییە جوگرافییەکان کەم بکاتەوە، ئاسانکاری بۆ ژیانی بكات و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەهێزتر بکات. بەڵام کاتێک تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن گەیشتە لوتکەی گەشەکردنی خۆی، هاوکێشەکە ڕێڕەوێکی نادیاری گرتەبەر، جیهانی مەجازی لەبری ئەوەی بێتە پردێک بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، بووە دیوارێکی بەرز لەنێوان مرۆڤ و واقیعی دەوروبەریدا.
ئەمڕۆ ئێمە ڕووبەڕووی دیاردەیەک بووینەتەوە کە دەکرێت ناوی بنێین “بوونێکی جەستەیی و نەبوونی هۆشیاری”. لە کۆبوونەوە خێزانییەکاندا، لە کافێ و شوێنە گشتییەکاندا، کۆمەڵە جەستەیەک دەبینین کە لە تەنیشت یەکتر دانیشتوون، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی هۆشیارانە و ڕۆحی لەنێوانیاندا نییە. هەر کەسێک لە ناو جیهانە بچووک و گۆشەگیرەکەی سەر شاشەکەی خۆیدا غەرق بووە. ئەم حاڵەتە زیانێکی گەورە لە چەمکی “ئامادەبوون لە کاتدا” دەدات، چونکە ژیان لە کاتی ئێستادا ئەزموون ناکرێت، بەڵکو لە ناو ڕەوتی بێپچڕانی وێنە، هەواڵ و ئاگادارکردنەوە خێراکاندا پەرت دەبێت و وەنەبێت تەنها کات بڕوات، بەڵکو تەمەن بێئاگا تێپەڕ دەبێت.
پەیوەندیی ڕاستەقینەی مرۆڤ پێویستی بە هەستپێکردنی ڕاستەوخۆ، چاو لە چاو بڕین، گوێگرتنی چالاکانە و تێڕامانی قووڵ هەیە. بەڵام شاشەکان پەیوەندییە ڕەسەنەکانیان کەمکردۆتەوە بۆ ئاستی لێدان لەسەر دوگمەیەک، داگرتنی بەدڵبوونێک (لایکێک) یان تەماشاکردنی ڕووکەشیی وێنەیەک. کاتێک واقیعی بەرجەستە جێگەی خۆی بۆ واقیعی نەرم و کریستاڵی دەبەخشێت، مانا قووڵەکانی ژیانیش بەها و سەنگینیی خۆیان لەدەست دەدەن. کاتێک ئەزموونکردنی شتەکان ڕاستەوخۆ نەمێنێت و لە ڕێگەی نێوانگری شاشەکانەوە بێت، هەموو شتێک لە ژیاندا دەبێتە لاساییکردنەوەیەکی کەمبایەخ.
مەترسیی گەورەی ئەم نامۆبوونە نوێیە تەنها لەوەدا کورت نابێتەوە کە کاتمان لێ دەبات، بەڵکو لەوەدایە کە توانای “تێڕامان، هۆشیاری و قووڵبوونەوە” لە مرۆڤ دەستێنێتەوە. کاتێک مێشک ڕادەهێنرێت بەردەوام وریاکەرەوەی خێرا و ڕەنگاوڕەنگ وەربگرێت، ئیتر توانای ڕامان لە تەنهایی، بیرکردنەوە لە ئازارەکانی مرۆڤایەتی، جوانیی سروشت، یان ئاڵۆزییەکانی دەوروبەری لەدەست دەدات. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە جەنجاڵیی ژمارەیی، دەرفەتی بێدەنگیی بەخشندەیی لێ سەندووینەتەوە، کەچی بێدەنگی تاقە ژینگەیەکی فکری و ڕۆحییە کە بیرکردنەوەی سەربەخۆ و قووڵی تێدا گەشەدەکات.
گەڕانەوە بۆ واقیع و ڕزگاربوون لەم دابڕانە دەروونییە، بە مانای ڕەتکردنەوەی تەکنەلۆژیا و گەڕانەوە بۆ سەردەمانی کۆن نایەت، بەڵکو بە مانای داهێنانی سنوورێکی عەقڵانییە لەنێوان ئامراز و مرۆڤدا. پێویستە مرۆڤ جارێکی تر بڕیار بدات کە خۆی خاوەنی هۆشیاریی خۆیەتی، نە هۆشیارییەکەی کۆنترۆڵکراو بێت لەلایەن ئەو شەپۆلە بێکۆتایی و بەردەوامەی کە شاشەکان ڕۆژانە دەرخواردی دەدەن.
سەنگینی و جوانیی ژیان لەوەدایە کاتێک لە شوێنێکدا بوویت، تەواوی وجودت لەوێ بێت بینینت، گوێگرتنت، هەستپێکردنت و بیرکردنەوەت بۆ ئەو ساتە بێت کە تێیدایت. بەم شێوازە مرۆڤ دەتوانێت لە نامۆبوونی دیجیتاڵی رزگاری بێت و خاوەندارێتی لە واقیعی ژیان و جیهانی ناوەوەی خۆی بكاتەوە.




شیعر\ دوا گەشتی بێدەنگی.. وریا مەعروف

١

ئێرە وێستگەیەکی پیرە…
دیوارەکان، ڕەنگی ژەنگی ماندووبوونیان گرتووە.
هەموو ڕۆژێک، سەدان مرۆڤ دێن و
بە جانتای پڕ لە خەمەوە، لەسەر کورسییەکان دادەنیشن.
کەس ناپرسێت: “ئەم شەمەندەفەرە بۆ کوێمان دەبات؟”
تەنیا چاوەڕوانین…
چاوەڕوانیی ئەو ساتە، کە کاتژمێرە گەورەکەی وێستگە
بە لێدانێکی قورس، پێمان بڵێت:
“ئیتر کاتی ڕۆیشتنە.”

٢

ئەو ئەسپە ئاسنینە، بێ هەرا و هەیبەت دەگات،
وەک سێبەرێکی سپی، بەناو تەمدا دەخلیسکێت.
سەر دەکەوین…
هەندێکمان چاو بە پەنجەرەکانەوە دەبەستینەوە،
تا تەماشای ئەو باخانە بکەین کە تێپەڕین،
وەك ئەو گەنجێتییەی وەک تەمومژ
لە دوای خێرایی تەمەن ون بوو.
هەندێکمان تەنیا سەر دادەخەین و
دوعا دەکەین، کە نزم و بەرزیی ڕێگەکە زۆر نەبێت.

٣

ژیان، ئەو پەنجەرە پچووکەیە…
کە تێیدا دیمەنی دڵخۆشی و ناخۆشی بە خێرایی دەڕۆن.
جارێک کێڵگەیەکی سەوز دەبینین و دڵمان دەکرێتەوە،
جارێکیش چۆڵەوانییەکی وشک و بێ ئاو.
کەچی ناتوانین بە شۆفێرەکە بڵێین: “بوەستە!”
ناتوانین بۆ چرکەیەک دابەزین و
بگەڕێینەوە ناو ئەو باخەی کە تازە تێپەڕی…
ئەم شەمەندەفەرە تەنیا یەک ئاڕاستەی هەیە،
ئەویش بەرەو پێشەوە، بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەڵێن “کۆتایی”.

٤

پیاوێکی پیر لە تەنیشتم دانیشتووە،
دەستەکانی دەلەرزن و سەیری وێنەیەکی کۆن دەکات.
ئەویش وەک من، وەک تۆ،
لە وێستگەیەکی دووردا، کەسێکی ئازیزی جێهێشتووە.
هەموومان لێرە کۆچەریین،
هەریەکەو خەمێکمان کردووە بە سەرین و
بە دیار ڕێگەکەوە، خەو دەمانباتەوە.
ئازارەکە لە ڕۆیشتندا نییە،
لەوەدایە، نازانین لە کام وێستگەدا بانگمان دەکەن و دەڵێن:
“تکایە… دوا سەرنشین، پێویستە دابەزێت!”

٥

خودایە…
کە گەیشتینە دوا مەنزڵی ئەم گەشتە ماندووە،
کە جانتاکانمان لەبەر دەمماندا کردەوە،
با دەستمان پڕ بێت لە سپێتی و میهرەبانی.
با ئەو کاتەی شەمەندەفەرەکە لە ناو تەمدا ون دەبێت و
ئێمە بە تەنیا دەمێنینەوە،
یادگارییەکی ڕۆشن و
دڵێکی ئاراممان، وەک چرا بۆ مابێتەوە.




سەفەری ڕاستەقینە.. شیعری وریا مەعروف

ئێمە لێرەین..
لە بەرزەخی نێوان دوو کەناری بێدەنگدا ڕاوەستاوین:
کەنارێک، ناونیشانی ئەو ڕێگایانەی پێیاندا تێنەپەڕین،
کەنارێکیش، شوێنپێی ئەو هەڵانەی تێیاندا چەماینەوە.
ژیان..
مەودایەکە دەبێ بە پێی ڕووت ببڕدرێت،
نەک بە کۆڵەپشتێک پڕ لە خۆزگە و
کۆچبارییەک لە ئەفسوس.
دەبێ وەک باران ببارێین؛
کاتێک دەبارێت،
نە یادی ئەو هەورە دەکات کە جێیهێشت،
نە خەیاڵی لای ئەو زەوییەیە کە تینووە..
ئەو تەنیا دەبارێت.
مەبە بە کێلی مەزاری ئەو خەونانەی نەتکردن،
مەبە بە پاسەوانی ئەو وێرانەیەی تێیدا هەڵەی؛
ئەو کەسەی لە پەنای پەشیمانیدا دەخەوێت،
بەیانیان بە ڕوخسارێکی ژاکاوەوە لەدایک دەبێتەوە.
با وا بژین:
وەک دەنگێکی ڕەسەن لە ناخی دۆڵێکی قووڵدا،
نەک وەک دەنگدانەوەیەک، وێڵ بە دوای کێودا.
با دەستەکانمان لە جیاتی یەخەی ڕابردوو،
شانەی پەرچەمی ئێستا بکات.
سەفەری ڕاستەقینە، ناسینی هەموو ڕێگاکان نییە،
ئەوەیە کاتێک لە ڕێگایەکدا هەڵدەخلیسکێین،
نەبین بە بەرد و لەوێدا ڕەق هەڵبێین..
بەڵکو ببین بە ئاو و
لە ناخی درزەکاندا، ڕێچکەیەکی نوێ هەڵبکۆڵین.




پەروەردەی مۆدێرن لە نێوان لێبوردەیی و بێسەروبەریدا.. وریا مەعروف

پرۆسەی پەروەردە لە سەردەمی نوێدا چیتر تەنها گواستنەوەی زانیاری یان سەپاندنی دیسپلینێکی توند نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ جۆرێک لە هونەری مامەڵەکردن لەگەڵ “خودی” مرۆڤدا، کە تێیدا سنووری نێوان ئازادییەکی بونیادنەر و پاشاگەردانییەکی وێرانکەر بە تەمومژاوی ماوەتەوە.
لە جیهانی پڕ لە گۆڕانکاریی ئەمڕۆماندا، چەمکی پەروەردە بەرەو قۆناغێکی نوێی مێژوویی هەنگاو دەنێت کە تێیدا هەموو بنەما کلاسیکییەکانی ڕابردوو خراونەتە ژێر پرسیارەوە. لێرەوەیە کە چەمکی لێبوردەیی وەک کۆڵەگەیەکی سەرەکیی مۆدێرنە دەردەکەوێت و هەوڵ دەدات ژینگەیەکی ئارام بۆ گەشەی دەروونیی نەوەی نوێ بڕەخسێنێت. بەڵام ئەم گۆڕانە لە پارادایمی پەروەردەییدا، لەگەڵ خۆیدا ئاڵنگارییەكی گەورەی هێناوەتە ئاراوە کە بریتییە لە ونبوونی سنووری ناسک لە نێوان ڕێزگرتن لە ئازادییەکانی تاک و کەوتنە ناو زۆنگاوی بێسەروبەرییەوە.
لێبوردەیی لە جەوهەری خۆیدا بەهایەکی باڵایە و ئامانجی دروستکردنی مرۆڤێکی متمانەبەخۆ و کراوەیە کە بتوانێت بەبێ ترس لە سزادان، توانستە شاراوەکانی خۆی دەربخات. بەڵام کاتێک ئەم چەمکە لە ناوەرۆکە فەلسەفییەکەی خاڵی دەکرێتەوە و دەبێتە پاساوێک بۆ دەستبەرداربوون لە ئەرکی ڕێبەری، لێرەوەیە کە مەترسییەکان دەست پێ دەکەن. زۆرجار لەناو سیستمە پەروەردەییەکان و ژینگەی خێزانیدا، وا تێگەیشتن دروست دەبێت کە لێبوردەیی واتە جێهێشتنی منداڵ بەبێ چوارچێوە و ڕێسا، ئەمەش جۆرێکە لە پاشەکشەی پەروەردەیی کە زیانەکەی کەمتر نییە لە توندوتیژیی کلاسیک.
کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە پەروەردەی مۆدێرن زۆرجار فێری نەکردووین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئازادیدا بکەین، هەر بۆیە لێبوردەیی وەک تەمبەڵی و بێسەروبەری وەک ئازادی لێکدەدرێتەوە. بێسەروبەری کاتێک سەرهەڵدەدات کە لێبوردەیی دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە بێباکی، کە تێیدا تاک فێری بەرپرسیارێتی نابێت و وا تێدەگات کە ئازادی واتە کردنی هەر کارێک بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی. ئەم جۆرە لە گەورەکردنی نەوەکان، مرۆڤێکی لاواز و بێ ‌ئیرادە بەرهەم دەهێنێت کە لەبەردەم بچووکترین بەربەستەکانی ژیاندا هەرەس دەهێنێت، چونکە لە ژینگەیەکدا گەورە نەبووە کە تێیدا سنوورەکانی “ماف” و “ئەرک” بە ڕوونی دیاریکراو بن.
پەروەردەی ڕاستەقینە و هاوسەنگ ئەو سیستمەیە کە بتوانێت مۆدێلێکی “دەسەڵاتی میهرەبان” بونیاد بنێت. بەو مانایەی کە ژینگەیەک بخولقێنێت تێیدا یاسا و پرەنسیپەکان نەک وەک ئامرازی سەرکوت، بەڵکو وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی ئاسایشی دەروونیی تاک و کۆمەڵگە سەیر بکرێن. تەنها لەم ڕێگەیەوە دەتوانین مرۆڤێکی “ئازاد بەڵام پابەند” بەرهەم بهێنین کە هەم ڕێز لە خودی خۆی بگرێت و هەمیش ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی فەرامۆش نەکات. ئازادی بێ بەرپرسیارێتی تەنها سەرابێکە و تاک بەرەو تەنهایی و سەرگەردانی دەبات، لە کاتێکدا لێبوردەیی لەگەڵ یاسا و ڕێكخستندا، دەبێتە هۆی گەشەیەکی تەندروست.
کلیلی سەرکەوتن لە پەروەردەی مۆدێرندا لەوەدایە کە بزانین ئازادیی بێ یاسا دەبێتە پشێوی، و یاسای بێ ئازادیش دەبێتە ستەمکاری و کوشتنی داهێنان. لێبوردەیی ڕاستەقینە دەبێت ئامرازێک بێت بۆ بونیادنانی کەسایەتییەکی بەهێز و بەپرسیار کە بزانێت کەی و لە کوێدا سنوورەکانی خۆی و ئەوانی تر دەست پێ دەکات. تەنها لە ڕێگەی ئەم هاوسەنگییە وردەوە دەتوانین نەوەیەک پێبگەیەنین کە هەم خاوەن هزری ئازاد بێت و هەمیش خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان بەبێ ئەوەی بکەوێتە ناو داوی بێسەروبەرییەوە.




هەولێر؛ مەملەکەتێك لە شکۆ.. شیعری وریا مەعروف

هەولێر…
تۆ ئەو دەستنووسە دێرینەی
کە مێژوو بە پەنجەکانی “نوور” نووسیویەتییەوە؛
هەر لاپەڕەیەکت، بۆنێکی لێ دێ:
بۆنی بارانی سەر بەردی “قەڵا”،
بۆنی نانی گەرمی ناو دەستی دایک،
بۆنی هەناسەیەک کە ماندوێتیی هەزار ساڵە
لە ڕۆحی مرۆڤ ڕادەماڵێ.

قەڵاکەت…
کەشتییەکی سەرکەشە لە دەریای کاتدا،
کە لێی دەڕوانی،
هەراوھۆریای بازاڕ و چرپەی مێژوو دەبنە یەک؛
کات دەوەستێ…
ڕۆح وەک کۆترێکی سپی
لەسەر شانی دیوارەکانت دەنیشێتەوە و
تاسەی ئارامیی دەشکێنێ.

منارەکەت…
پەنجەیەکی ڕاست و بڵندە،
ڕووەو ئاسمان، شایەتی لەسەر “مانەوە” دەدات؛
بروسکەیەکە لە خشتی سوور،
کە سەدان ساڵە بە تەنیا،
بەرەنگاری با و تۆفانی کات دەبێتەوە.
دەشتە پان و بەرینەکەت…
باوەشی کراوەی زەوییە بۆ خۆر،
لەوێندەرێ، گەنم و خوێن دەبنە یەک؛
هەر تەمومژێکی سەر “دەشتی هەولێر”،
هەناسەی ئەسپسوارەکانە
کە بەرەو لوتکەی نەمری غار دەدەن.

تۆ تەنیا خاک نیت،
تۆ کیشوەرێکی لە کەرامەت،
تۆ مەملەکەتێکی پڕ لە “هاواری مێژوو”یت؛
کە تێیدا مرۆڤ
لە بەرزیی شکۆتدا دەلەرزێ،
چونکە هەناوت،
هەمیشە بۆنی گەڕانەوە و لێدانی دڵی “نیشتمان”ی لێ دێ.

وریا مەعروف




دیلیڤەری؛ كارئاسانی یان تەمبەڵی؟.. وریا مەعروف

تەنها پێنج ساڵ لەمەوبەر، ئەگەر لە نیوەشەودا پێویستت بە دەرمانێک، ژەمە خۆراکێک یان سادەترین پێداویستی ناوماڵ بوایە، دەبوو سویچی ئۆتۆمبێلەکەت هەڵبگریت یان ڕوو لە شەقام بکەیت. بەڵام ئەمڕۆ، شۆڕشی ئەپڵیکەیشنەکان و سەرهەڵدانی سوپایەکی گەورە لە ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی گەیاندن، چۆنیەتی ژیانی لە شارەکانی کوردستان گۆڕیوە. ئێستا بە چەند کلیکێک لەسەر شاشەی مۆبایلەکەت، جیهان لەبەردەم دەرگای ماڵەکەت ئامادەیە. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەمە ئاسانکارییەکی تەکنەلۆژییە بۆ کڕینی کات، یان تەڵەیەکی نوێیە بۆ نوقمبوونی کۆمەڵگە لەناو “ئابووریی تەمبەڵی”دا؟
لەم سەردەمەدا ئەپڵیکەیشنەکانی گەیاندن (Delivery) وەک ڕزگارکەرێک دەردەکەون. لە سەردەمێکدا کە شێوازی ژیان خێرا بووە و کات بووەتە گرانبەهاترین سەرمایە، ئەم خزمەتگوزارییانە هەناسەیەک بۆ مرۆڤی سەرقاڵ دەگەڕێننەوە. بۆ دایکێکی فەرمانبەر یان باوکێکی ماندوو کە دوای دەوامی درێژ دەگەڕێنەوە، گەیاندنی پێداویستییەکان بۆ ماڵەوە تەنها کڕینی کەلوپەل نییە، بەڵکو کڕینەوەی ئەو کاتەیە کە دەکرێت لەگەڵ منداڵەکانیان یان بۆ پشوویەکی پێویست بەکاریبهێنن.
جگە لەوەش، ناتوانرێت نکۆڵی لە ڕۆڵی ئەم کەرتە بکرێت لە ڕەخساندنی هەزاران هەلی کار بۆ گەنجان و بوژانەوەی بازاڕە بچووکەکان. بەڵام کاتێک باس لە گەشەی ئەم کەرتە دەکەین، نابێت تەنها وەک ئاسانکارییەکی تەکنەلۆژی بیبینین، بەڵکو ئێمە لەبەردەم گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی کۆمەڵایەتیداین کە خەریکە پێناسەی ئێمە بۆ “پەیوەندی”، “شوێن” و “ئارامگرتن” دەگۆڕێت.
کاتێک بە وردی لە دیوەکەی تری ئەم مۆدێلە دەڕوانین، زاراوەی “ئابووریی تەمبەڵی” خۆی دەردەخات. ئەمە ئەو کاتەیە کە مرۆڤ ئامادە نییە بۆ کڕینی “شەربەتێك” یان “نانی ژەمێك” کە تەنها پێنج خولەک بە پیادەڕەوی لێیەوە دوورە، پەنا بۆ دیلیڤەری دەبات. لێرەدا ئێمە کات ناکڕین، بەڵکو خەریکی بونیادنانی جەستەیەکی تەمبەڵ و مێشکێکی دەستەمۆین.
ئەم دیاردەیە لێکەوتەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی مەترسیداری هەیە. بازاڕکردن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەمیشە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی مرۆیی بووە؛ بینینی خەڵک، گفتوگۆ لەگەڵ فرۆشیار و گۆڕینەوەی سڵاو. بەڵام ئێستا، ئەم ئەپڵیکەیشنانە مرۆڤیان بەرەو “تەنیاییەکی دیجیتاڵی” بردووە. پەیوەندییەکان کورتکراونەتەوە بۆ پەیوەندییەکی سارد لە نێوان “بەکارهێنەر و شاشە”. ئەم گۆشەگیرییە نوێیە وای کردووە ماڵ لە “شوێنی حەوانەوە”وە بگۆڕێت بۆ “ناوەندی هەموو چالاکییەکان” (کار، کڕین، خواردن)، ئەمەش کەلتووری گەڕان و پیادەڕەوی بەرەو لەناوچوون دەبات و دەبێتە هۆی “دابڕانی کۆمەڵایەتی”
خاڵی یەکلاکەرەوە لەوەدایە: ئەو کاتەی “دیلیڤەری” بۆمان دەگەڕێنێتەوە، چۆن تێدەپەڕێنین؟ ئەگەر كاتەی بۆمان دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەی پەرتووکێک یان گفتوگۆیەکی خێزانی بێت، ئەوا تەکنەلۆژیا لە خزمەتماندایە. بەڵام واقیعەکە پێمان دەڵێت کە زۆربەی بەکارهێنەران ئەو کاتە “خەڵاتکراوە” هەر لەناو سۆشیاڵ میدیا و ڤیدیۆ بێماناکاندا بەفیڕۆ دەدەن. لێرەدا پارە دەدەین بۆ ئەوەی تەمبەڵتر بین، نەک بەرهەمهێنەرتر.
ئەم خێراییە لایەنی ئارامگرتن و تێفکرین لە مرۆڤدا لەناودەبات؛ ئێمە بووینەتە نەوەیەک کە هەموو شتێکمان “ئێستا و دەستبەجێ” دەوێت. کاتێک هەموو پێویستییەکانمان تەنها بە یەک کلیک کورت دەکەینەوە، تەنها ماندووبوون لە جەستەمان دوور ناخەینەوە، بەڵکو بە بێدەنگی خەریکین ئەو هەستانەش لەناو دەبەین کە تەنها لە “هەوڵدان” و بەرکەوتنی ڕاستەقینە لەگەڵ شەقام و بازاڕدا دروست دەبن.
ئەپڵیکەیشنەکانی گەیاندن دەکرێت هۆكارێك بن بۆ ڕێکخستنی ژیانێکی مۆدێرن، یان ببنە هۆی دروستکردنی نەوەیەک کە توانای ئارامگرتنی نییە و لەناو چواردیواردا زیندانی کراوە. تەکنەلۆژیا کاتێک پیرۆزە کە بمانکاتە مرۆڤێکی ئازادتر، نەک ئامێرێکی بێ جووڵە.
پێش ئەوەی جارێکی تر پەنجە بنێیت بە بژاردەی “داواکردن” ساتێک ڕابمێنە و لە خۆت بپرسە: ئایا بەڕاستی کاتم نییە، یان تەمبەڵی مێشکمە کە دەیهەوێت لە ژیانی ڕاستەقینە ڕابکات؟ ڕەنگە ئەوەی پێویستت بێت تەنها ژەمە خواردنێک نەبێت، بەڵکو کەمێک پیادەڕەوی، بینینی ڕووی خەڵک و هەڵمژینی هەوایەکی ئازاد بێت. چونکە ژیان لە دەرەوەی پەنجەرەی ئەپڵیکەیشنەکانەوە، زۆر جوانتر و ڕاستەقینەترە.

وریا مەعروف




لە کەناری سپێدەیەکی بەفراویدا.. وریا مەعروف

لەناو کڕێوەی ئەم بێدەنگییە چڕەدا،
بەفر.. وەک سرووتێکی سپی
دێتەخوار و
هەموو ڕەنگەکانی زەوی لەناو خۆیدا دەتوێنێتەوە.
تۆش لەم هەراو زەنایەی غەریبیدا،
ئەو کەنارە کپەیت
کە پەرتەوازەیی منی تێدا کۆبووەتەوە.

تۆ نیشتمانێکی هێندە لەسەرخۆیت،
من.. وەک گەردیلەیەکی سەرگەردانی بەفر
لەسەر شانی دڵنیاییت دەنیشمەوە؛
ئارامییەکەت، تەنها بێدەنگی نییە،
ترپەیەکی هێمنی ڕووحە..
درزەکانی نێوان من و ژیان پڕ دەکاتەوە،
وەک ئەوەی لە پەنای ئەم سپێتییەدا
تازە.. بەفر فێری گۆرانی گوتن بووبێت.

تۆ وەک تەمێکی سپی
تک تک دەچێتە ناو کونجە تاریکەکانی یادگەم،
تینوێتیی ساڵانێکی تەمەن دەشکێنێت و
تەمومژی ماندوێتیم دەشواتەوە.
تۆ ئەو هەورەیت کە ناگریت،
بەڵکوو بەسەر وشکانیی ڕۆحمدا..
نەرمەبارانی میهرەبانی دەبارێنیت.

ئێستا.. کە شار بووەتە پەڕەیەکی سپی و نەنووسراو،
دەزانم خۆشەویستیت، ئەو ڕیتمەیە کە هەناسەم پێ دەگرێتەوە.
وەک چۆن بەفر زەوی لە باوەش دەگرێت و
ڕازەکانی ژێر باڵی خۆی دەشارێتەوە،
منیش ئاوا لە پەنای تۆدا..
لەو پەڕی سەرمادا، شکۆفەی گەرمییەکی ئەبەدی دەبەم.

ئێمە پێکەوە..
وەک یەکەمین تیشکی خۆر دوای بارینی بەفر،
مانایەک دەبەخشین بەو بێدەنگییە چڕەی
کە ناوی “پێکەوەبوون”ـە.




مەملەکەتی دوو سێبەر.. وریا مەعروف

لە نێوان دوو گردی خۆڵەمێشیدا، کە تەنیا چەند بستێک بێدەنگی لە نێوانیاندا بوو، دوو جیهانی دژبەیەک هەناسەیان دەدا. گردی لای ڕاست، نیشتمانی مێروولە سوورەکان بوو کە ناویان نابوو “شانشینی ئاگر”؛ لە لای چەپیشەوە، مێروولە ڕەشەکان لە ژێر ئاڵای “شانشینی کڵپە”دا کۆببوونەوە. هەردووکیان لە یەک جۆگە ئاویان دەخواردەوە، بەڵام ئەگەر مێروولەیەکی سوور بیبینیایە ڕەشێک لە ئاوەکە نزیک دەبێتەوە، تامی ئاوەکەی لێ دەبوو بە ژەهر.
ڕۆژێکیان، مێروولەیەکی گەنجی سوور بە ناوی “پشكۆ”، لە کاتێکدا دەنکە خۆڵێکی قورسی بەسەر شانەوە بوو، ڕووی کردە هاوڕێکانی و بە دەم سڕینی عارەقەیەوە گوتی: “سەیر کەن چۆن لە ژێر تیشکی خۆردا دەدرەوشێینەوە! ئێمە لە پشکۆی ئاگر دروست بووین. بەڵام ئەوانە…” ئاماژەی بە گردەکەی تر کرد، “…ئەوانە تەنیا سێبەرێکی بێگیانن. خاک چۆن ڕێگە دەدات ئەو ڕەنگە تاریکە لەسەری بڕوات؟”
لەو بەری گردەکەوە، مێروولە ڕەشەکان بە هەمان بێزارییەوە سەیری سوورەکانیان دەکرد. لای ئەوان، ڕەنگی سوور نیشانەی توندوتیژی و خوێن بوو، ڕەنگی ڕەشیش هێمای قووڵی و دانایی زەوی. هەردوولا وایان دەزانی لە دوو ماددەی جیاواز دروست بوون، وەک بڵێی گەردوون دوو جۆر خاکی بۆ تەرخان کردبن.
بەیانییەک، زەوی لەرزینێکی کەمی بەخۆیەوە بینی. دەنکە گەنمێکی زێڕین و گەورە، ڕێک لە خاڵی سفری نێوان دوو گردەکەدا کەوت. بێدەنگییەکی کوشندە باڵی کێشا. سوورەکان لەسەر لوتکەی گردەکەی خۆیانەوە سەیریان دەکرد، ڕەشەکانیش لەو بەرەوە.
لە پڕێکدا، فەرمانی جەنگ درا…
پشكۆ هاواری کرد: “ئەو زێڕە بۆ پشکۆکانی ئاگرە!”.
فەرماندەی ڕەشەکان وەڵامی دایەوە: “خاک تەنیا پێشکەشی ڕەسەنەکانی دەکات!”.
لە ناوەڕاستی ئەو هەڵڵایەدا، پیرەمێروولەیەکی خۆڵەمێشی کە تەمەن ڕەنگەکەی لێ دزیبووەوە، لەسەر بەردێکی بچووک دانیشتبوو. ویستی بڵێ: “کێ دەزانێت، ڕەنگە ئەم گەنمە بۆ ئەوە هاتبێت پێکەوە باری بکەن؟” بەڵام دەنگی ئەو لە ناو زڕەی چەک و هاواری “باڵادەستی”دا وەک ورتە ورتێکی بێمانا وون بوو.
جەنگ دەستی پێکرد. پشكۆ چاوەکانی سوور هەڵگەڕابوون، مێروولەیەکی ڕەشی لەژێر چەناکە گرت و پارچە پارچەی کرد. بە شانازییەوە سەیری دەستەکانی کرد، بەڵام بۆ ساتێک سڕ بوو؛ ئەو خوێنەی لە جەستەی مێروولە ڕەشەکە دەچۆڕا، ڕێک هەمان ڕەنگی ئەو خوێنە بوو کە لە برینەکەی سەر شانی خۆی دەهات. هەمان گەرمی، هەمان چڕی. بۆ چرکەیەک ترسا؛ ترسا لەوەی نەکا ئەوان بە ڕاستی “یەک” بن و ئەم هەموو ساڵە درۆیان لەگەڵ خۆیان کردبێت. بۆ شاردنەوەی ئەم ترسە، توندتر هاواری کرد و زیاتری خەنجەرەكەی لێگیركرد.
لەو کاتەی گردەکان ببوونە گۆڕەپانی قەسیدە خوێندنەوە بۆ “ڕەنگی پیرۆز”، سێبەرێکی گەورە و ترسناک هەموو ئاسمانەکەی داپۆشی. زەوی بە توندی لەرزی. مێروولەکان سەریان بەرز کردەوە، بەڵام تەنیا تەمێکی ڕەشیان بینی: پێڵاوێکی گەورەی مرۆڤێک کە بێباکانە هەنگاوی دەنا.
هەموو شتێک تەواو بوو. نە “شانشینی ئاگر” ما و نە “شانشینی کڵپە”. لە ژێر قورسایی ئەو پێڵاوەدا، سوور و ڕەش تێکەڵی یەک بوون. تەرمەکان بوون بە یەک تێکەڵەی قووڕاوی. هیچ مێروولەیەک نەبوو بڵێت “خوێنی من پاکترە”، چونکە هەموویان ببوونە یەک پەڵەی بێڕەنگ لەسەر زەوی.”
پێڵاوە قورسەکە دوورکەوتەوە، بەڵام شوێنەوارەکەی تەنیا وێرانکاری نەبوو؛ بێباکانە هەموو ئەو گەنم و ڕەنجەی کە مێروولەکان لەسەری دەجەنگان، بە بنکەی پێڵاوەکەیەوە لکا بوو و لەگەڵ خۆی بردبووی.
پیرەمێروولە خۆڵەمێشییەکە، لە نێوان تەرمی سوور و ڕەشەکاندا دەگەڕا کە ئێستا تەنیا بووبوون بە یەک ڕەنگ: ڕەنگی خۆڵ. سەیری ئەو ڕێگەیەی کرد کە پێڵاوەکەی تێدا ون بوو، پاشان ڕووی کردە ئەو چەند مێروولە بریندارەی کە هێشتا پاشماوەی هاواری “سەروەری” لە قورگیاندا مابوو، بە دەنگێکی نزم و پڕ لە حەسرەتەوە گوتی:
“سەیر کەن… کاتێک ئێوە خەریکی کێشانی هێڵ بوون لە نێوان گردەکاندا، ‘ئەو’ خەریکی کێشانی نەخشەی لەناوبردنی هەردوکتان بوو. ئێوە نەتانزانی کە مێروولە تەنیا کاتێک دەتوانێت زەوی لەژێر پێیەکانی بهەژێنێت کە وەک ‘یەک هێلانە’ بجوڵێت، نەک وەک دوو سوپای نەیار لە یەک خاکدا.”
هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا و بەردەوام بوو: “بێگانە پێویستی بە چەک نەبوو بۆ شکاندنی ئێوە؛ تەنیا پێویستی بەوە بوو کە باوەڕتان پێ بهێنێت ‘ڕەنگەکانتان’ لە ‘مانەوەتان’ گرنگترن. ئێستا ‘ئەو’ بە گەنمەکەی ئێوەوە تێر دەبێت، و ئێوەش لێرە پێکەوە لە ناو یەک قەبردا خەریکن دەبنەوە بە خاک.”
ئەمڕۆ، ئەگەر بەلای ئەو دوو گردەدا تێپەڕیت، تەنیا بێدەنگییەکی قورس دەبینیت. با، چیرۆکی ئەو نەتەوە مێروولانە دەگێڕێتەوە کە دەیانویست بە “پەرتکردنی هێلانەکەیان” ببنە گەورە، بەڵام نەیانزانی کە لە یاسای سروشتدا، ئەو دارستانەی درەختەکانی لە ناوخۆدا شەڕی یەکتر دەکەن، دەبێتە باشترین دیاری بۆ تەوری داربڕە بێگانەکان.




سۆسیۆلۆژیای ژیانی ڕۆژانە؛ کێشە بچووکەکان کۆمەڵگەیەکی هیلاک دروست دەکەن.. وریا مەعروف

بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگایەک یان کاتێك باس لە شوناس و پێناسەی کۆمەڵگایەک دەکرێت، بیرمان دەچێتە سەر دەستوور، وتاری سەرکردەکان، یان ئامارە فەرمییەکان کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا دەخرێنە ڕوو. ئەم ئاوێنانە بە ئەنقەست ڕەنگکراون یان ڕێکخراون بۆ ئەوەی وێنەیەکی خوازراو لە واقیعەکە پێشان بدەن. بەڵام، ئەگەر بەدوای گوزارشتی ڕاستەقینە و بێ دەستکاریکراوی کۆمەڵگایەکدا بگەڕێین، دەبێت سەیری شوێنێکی جیاواز بکەین، “ژیانی ڕۆژانە مانیفێستی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەیە”، لە ناو چوارچێوەی ئەو ڕووداوانەدا حەشاردراوە کە لە سەرەتای بەیانییەوە تا درەنگانی شەو ڕوودەدەن؛ لەو کێشانەدا کە بە ‘بچووک’ و ‘لاوەکی’ لە قەڵەم دەدرێن.
ئەم وردەکارییە لەخۆگری چاڵ و قوڕاوەکانی سەر شەقامێک، لە قەرەباڵغیی بێ پلانی ترافیکێک، لە شێوازی مامەڵەی فەرمانبەرێکی حکومی، یان لەو سزادانە دەروونییەی کە هاووڵاتی تووشی دەبێت کاتێک لە نەخۆشخانەیەکی فەرمی بە دوای مافێکی سەرەتاییدا دەگەڕێت یاخود لەگەڵ بارینی هەر بارانێك لافاو دروست دەبێت و خەڵك ژیان گوزەرانی دەكەوێتە مەترسییەوە. ئەم خاڵە پەراوێزییانە، کە زۆرجار بە هۆکاری کاتی و ئاسایی لەقەڵەم دەدرێن، لە ڕاستیدا کۆکراوەی عەقڵییەتی حوکمڕانی و کەلتووری هاووڵاتیبوون نیشان دەدەن. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین ئەم کێشانە لە پەراوێزەوە بهێنینە ناوەندی باسەکە و وەک مۆنۆمێنتی ژیان لێیان بڕوانین.
هیچ کێشەیەکی ڕۆژانە بێ‌ مانا و سادە نییە. کێشەیەکی وەک نەبوونی کارەبا بۆ چەند کاتژمێرێک لە ڕۆژدا تەنها کێشەی نەبوونی سووتەمەنی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە لاوازیی ئیدارە، لە نەبوونی پلانی درێژخایەن، و لە لەدەستدانی متمانەی گشتی بە حکومەت.
ئەو کاتەی هاووڵاتییەکی ئاسایی ڕۆژانە کات و وزەی خۆی لە نێو بێرۆکراسییەتی ئاڵۆز و ڕەوایی نادادپەروەرانەدا بەفیڕۆ دەدات بۆ بەدەستهێنانی مافێکی سەرەتایی، ئەمە نیشانەیەکە بۆ سیستەمێکی گەورە کە بەهای بۆ کات و گەورەیی هاوڵاتی و تاک نەماوە. ئەمە هەستی بێ دەسەڵاتی و بێ نرخبوونی لە ناو ناخی هاووڵاتی دەچەسپێنێت. ترافیک، وەک سیمبولی نادابینکاری یان كەمتەرخەمی؛ کاتێک شەقامەکان قەرەباڵغ و ڕێگاوبانەکان پڕن لە چاڵ، ئەمە تەنیا کێشەیەکی هاتوچۆ نییە. بەڵکو لە ڕوانگەیەکی فراوانتردا، نیشانەیەکە بۆ سیستەمێکی پلاندانەریی شاریی شکستخواردوو، و ئارگۆمێنتێکە بۆ ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری دانیشتووان ناچارن پشت بە ئۆتۆمبێلی تایبەت ببەستن لەبەر نەبوونی هۆکاری گواستنەوەی گشتیی شایستە. مانیفێستی ڕاستەقینەی ژێرخانی وڵات لەم خاڵانەدا دەردەکەوێت، نەک لە پڕۆژە زەبەلاحە ڕاگەیەندراوەکاندا.
کێشەکانی ڕۆژانە تەنیا کاریگەریی مادی و خزمەتگوزارییان نییە؛ بەشێکی گەورە لە قوربانییەکان لایەنی دەروونی و سۆزداریی تاکەکان دەگرێتەوە. کۆمەڵگایەک کە تێیدا تاکەکەس لە سەرەتای بەیانییەوە تا ئێوارە سەرقاڵی جەنگێکی بچووک بێت لەگەڵ ژینگەکەی، ناتوانێت گەشە بکات یان داهێنەر بێت. ئەم جەنگە بچووکە ڕۆژانەیە، وزە و توانای بیرکردنەوەی مرۆڤ دەخوات.
کاتێک هاووڵاتی ناچارە کاتژمێرێک لە قەرەباڵغیدا بەسەر بەرێت، کاتێک بۆ هێنانەوەی بوتڵێک غاز یان پارچەیەک نان پێویستە چەند شوێن بگۆڕێت، یان کاتێک بەردەوام ترسی لەدەستدانی کارەکەی و داهاتی هەیە، ئەوا لە قۆناغی بیرکردنەوەی “گەشەسەندن” و “داهێنان” دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی “مانەوە لە ژیان” .
کێشەکان وردە وردە دەبنە ماندویەتییەکی گشتیی دەروونی، تاک لە ئەنجامی ئەم فشارانە دەبێتە کەسێکی نا ئارام، تووڕە، و کەمتر متمانەی بە دەوروبەر دەمێنێت. ئەم تێکچوونە دەروونییە گشتییە، دواتر ڕەنگ دەداتەوە لە مامەڵەی نێوان خەڵک، لە ڕێزنەگرتنی یاسا، و لە زیادبوونی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی. بە واتایەکی دیکە، کێشەی نەبوونی ئارامی لە چوارچێوەی سیستەمی ئیداری و خزمەتگوزاریدا، دەبێتە کێشەیەکی گەورەی ئەخلاقی و کەلتووریی لە ناو کۆمەڵگادا.
لە ژینگەیەکی لەم شێوەیەدا، مرۆڤ بیر لە ڕاهێنانی منداڵەکەی بۆ ژیانی باشتر ناکاتەوە، بەڵکو بیر لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانی داهاتوو دەکاتەوە. ئەمە ڕۆحیەتی ئومێد و ئیرادەی دروستکردنی داهاتوو دەکوژێت. کاتێک سەفەری ژیان دەبێتە زنجیرەیەک لە گیروگرفت، ئەوا مانیفێستەکە بە دەنگی بەرز ڕایدەگەیەنێت کە “لێرە کات بەهادار نییە، و ژیان تەنها هەوڵدانە بۆ ڕزگاربوون.”
یەکێک لە خەسارە کوشندەکانی ئەم کێشە ڕۆژانەیە ئەوەیە کە کۆمەڵگە فێر بووە چۆن لەگەڵیاندا بژی، بەڵام فێر نەبووە چۆن چارەسەریان بکات. لەبری دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی و درێژخایەن بۆ چاڵی سەر شەقام، هاووڵاتی فێر دەبێت کە دەبێت ڕێگاکە بگۆڕێت. لەبری چاککردنی سیستەمی تەندروستی گشتی، هاووڵاتی هەوڵ دەدات بە واسیتە و پەیوەندییە تایبەتەکان کارەکەی ڕایی بکات.
ئەمە دەبێتە هۆی گەشەکردنی کەلتووری خێرا و ڕزگاربوون، کە تێیدا متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان نامێنێت و متمانە بە پەیوەندیی و لایەنە كەسییەكان جێگەی دەگرێتەوە. ئەم شێوازی کارکردنە، کە تێیدا “ڕێکخستنی کارەکان” جێگەی “جێبەجێکردنی یاسا” دەگرێتەوە، دەبێتە پێکهاتەی نوێی مانیفێستی کۆمەڵگە. ئەو مانیفێستە بە دەنگی نزم دەڵێت: “لێرە سیستەمێک نییە، تەنیا پەیوەندییەکان هەن.”
کاتێک کێشەکانی ڕۆژانە بەم شێوەیە چارەسەر دەکرێن، هاووڵاتی لە لایەکی دیکەوە ئارامییەکی ساختە بەدەست دەهێنێت. ئەو بەوە ئارام دەبێت چونکە فێر بووە قبوڵی بکات. ئەو ئارامییە دەروونییە لە ئەنجامی بێ هیوایی و قبوڵکردنی شکستەوە دێت. بەمجۆرە، زەحمەت دەبێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی بکرێت، چونکە کۆمەڵگە کەوتووەتە نێو چوارچێوەی “شکستی خۆ ڕێکخستن” کە تێیدا تاکەکان لەبری داوای گۆڕانکاری، داوای دەرچەی تایبەت دەکەن.
کێشەکانی ژیانی ڕۆژانە تەنها پاشکۆیەک نین بۆ چیرۆکە گەورەکان؛ ئەوان خۆیانن چیرۆکی سەرەکین. ئەوان نیشانەی ڕاستەوخۆ و بێ گومانن بۆ شوناسی کەلتووری، ئیداری و دەروونیی کۆمەڵگەیەک. هەتا ئەو کاتەی دان بەوەدا نەنێین کە چاڵێکی سەر شەقام، نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی، یان مامەڵەیەکی خراپ لە دامەزراوەیەکدا تەنها کێشەیەکی کاتی نییە، بەڵکو نیشانەی شکست و بێباکی گشتییە، هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە ڕوو نادات.
چارەسەری گەورە لە چاکسازیی وردەکارییە بچووکەکانەوە دەست پێ دەکات. گۆڕینی مانیفێستی کۆمەڵگە، بە گۆڕینی مامەڵە ڕۆژانەییەکان دەست پێ دەکات. پێویستە لەبری ئەوەی چاومان بە دروشمە قەبەکانی سەر تەلەڤزیۆن بکەوێت، سەرنج بدەینە سەر چاڵ و کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆمان؛ چونکە تەنها ئەوێیە کە ڕاستییەکان بەبێ دەستکاری نیشان دەدرێن.
چۆن مانیفێستەکە دەگۆڕین؟ ژیانی ڕۆژانە مانیفێستی کۆمەڵگەی ئێمەیە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە مانیفێستێکی نەگۆڕە یان چارەنووسێکی حەتمییە. گۆڕینی وێنە گەورەکە لەو خاڵە بچووکانەوە دەست پێ دەکات کە هەموومان تێیدا بەشدارین. ئەگەر کێشەی نەبوونی ڕێکخستن لە ناوەندێکی حکومیدا دەربڕی شکستی ئیداری بێت، ئەوا ڕەفتاری تاکەکەسی ئێمەش لە ڕێزگرتن لە یاسا بچووکەکاندا، وەک (دانەنانی زبڵ لە شوێنی تایبەت، یان نەفەوتاندنی کاتی کەسانی تر)، ڕاستەوخۆ دەبێتە بەشێک لە پێکهێنانی ئەم مانیفێستە.
بۆ ئەوەی مانیفێستی کۆمەڵگە لە “دەقی شکست”ەوە بگۆڕین بۆ “دەقی بەڕێوەبردن”، پێویستمان بە دوو هەنگاوی سەرەکییە کە دەبێت لەسەر هەردوو ئاستی دەسەڵات و تاک جێبەجێ بکرێن:

  1. داواکاری لە خوارەوە بۆ سەرەوە و بەرپرسیارێتیی فەرمی: دەبێت دەسەڵاتداران لە جیاتی خەرجکردنی وزە بۆ پڕۆژەی گەورەی نمایشی، تەرکیز بکەنە سەر چاکسازیی ڕۆژانە. واتا، چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە خزمەتگوزارییەکان (ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا، چاڵ و قوڕاو)، بەڵگەیە لەسەر بوونی ئیدارەیەکی تەندروست. هاووڵاتیش دەبێت لە بری قبووڵکردنی “چارەسەری خێرا” (وەک واسیتە و پەیوەندی)، داوای چاکسازیی سیستەمیی بکات بۆ کێشە ڕۆژانەییەکان، چونکە ئەمە مافێکی بنچینەییە.
  2. پابەندبوونی تاکەکەسی و ئەخڵاقی پیشەیی: هەر یەکێک لە ئێمە لە نێو بازنەی کار و ژیانی خۆیدا (مامۆستا، شوفێر، کارمەند، کاسبکار..هتد) دەبێت نوێنەرایەتی باشترینی سیستەمەکە بکات. مانیفێستی نوێ بە یەک تاک دەست پێ دەکات کە بەشە زۆر و قورسەکەی کارەکەی بە دروستی و ئەخلاقی جێبەجێ دەکات، بێ گوێدانە کەمتەرخەمییەکانی دەوروبەری. کاتێک کارمەندێک بە پەرۆشەوە کارەکانی هاووڵاتی ڕایی دەکات، ئەوا بە کردار، مانای نوێ دەدات بە مانیفێستەکە.
    با چیتر بە چاوی تەنها “گرفت” سەیری کێشە ڕۆژانەییەکان نەکەین، بەڵکو وەکوو دەرفەتێک بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە لێیان بڕوانین. چونکە ئایندەی گەش، لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە بڕیار دەدەین ژیانی ڕۆژانەمان بکەینە شایستەیترین ڕوخساری کۆمەڵگەکەمان و بەخشینی شوناسێكی جوان پێی.



گەشتکردن لەناو ماڵدا؛ هونەری دۆزینەوەی ئارامی.. وریا مەعروف

ڕۆژانە لە دەرەوەی ماڵەکانمان، لەناو ژاوەژاوی شەقام و لێشاوی هەواڵە نەرێنییەکاندا، تووشی جۆرێک لە شەکەتیی ڕۆحی دەبین. زۆرجار وادەزانین بۆ ڕزگاربوون لەم دڵەڕاوکێیە، دەبێت جانتاکانمان بپێچینەوە و بەرەو شوێنێکی دوور گەشت بکەین. بەڵام ئەوەی فەرامۆشمان کردووە ئەوەیە کە ماڵ وەک یەکەمین پەناگە، دەکرێت ببێتە گەورەترین مەیدانی گەشتکردن و ئارامبوونەوە. دۆزینەوەی ساتێکی بێدەنگی لە سووچێکی ژوورەکەدا یان چێژوەرگرتن لە کوپێک چای گەرم، تەنها کردارێکی سادە نین، بەڵکو گەڕانەوەن بۆ لای خۆمان. کاتی ئەوە هاتووە لەوە تێبگەین کە ئارامی دۆزینەوەیە، نەک کڕین.
بۆ ئارامیت، پێویستت بە ڤیزا نییە بۆ ئەوەی پیاسەیەک لە شەقامە باراناوییەکانی لەندەندا بکەیت؛ تەنها پێویستت بە کتێبێکە. کتێبخانەی ماڵەکەت وەک فڕۆکەخانەیەکە کە هەزاران گەشتی بێ پلیت و بێ ماندوێتی تێدایە. کاتێک کتێبێک بەدەستەوە دەگریت، تۆ تەنها لاپەڕە هەڵ نادەیتەوە، بەڵکو دەچیتە ناو بیرکردنەوەی مرۆڤێکی تر و لە جیهانێکی تردا دەژیت. ئەمە ناوی بنێ “گەشتكردن بە خەیاڵ” ئەو جۆرە گەشتەی کە ڕۆحت نوێ دەکاتەوە بەبێ ئەوەی یەک هەنگاو لە جێگەکەی خۆت بجوڵێیت.
لە فەلسەفەی “ژیانی هێمن”دا، ئامادەکردنی قاوەی بەیانییان یان چایەک تەنها خواردنەوەیەک نییە، بەڵکو ڕێوڕەسمێکی پیرۆزە. سەرنجدان لە قڵپەقڵپی ئاوەکە، بۆنی دارچین یان هێل، و ئەو گەرمییەی کە کوپەکە دەدات بە دەستەکانت، گەشتێکی “ئیستاتیکییە” بۆ ناو هەستەکان. ئەمە ئەو ساتەیە کە تیایدا فێری “ئێستا و لێرە” دەبیت؛ شوێنێک کە تێیدا نە خەمی ڕابردوو هەیە و نە دڵەڕاوکێی داهاتوو، تەنها چێژبینینە لەو ساتە سادەیەی کە هەتە.
هەر ماڵێک مۆزەخانەیەکی تایبەتی تێدایە کە ڕەنگە ساڵانێک بێت لێی ورد نەبووبینەوە. وێنەیەکی کۆن کە کەمێک ڕەنگی زەرد بووە، دیارییەک لە هاوڕێیەکی دێرین، یان تەنانەت ئەو ڕادیۆ کۆنەی سووچی ژوورەکە. گەشتکردن بەناو ئەم شتانەدا، گەشتە بەناو زەمەندا. هەر یەکێکیان چیرۆکێکیان هەیە کە دەتوانێت زەردەخەنەیەک بخاتە سەر لێوت و بیرت بخاتەوە کە ژیان پڕ بووە لە وێستگەی جوان کە شایەنی ئەوەن جارێکی تر یادیان بکەیتەوە.
زۆرجار خەڵک وا دەزانن گەشبینی و دانیشتن لە ماڵدا جۆرێکە لە هەڵاتن لە واقیع، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە “گەیشتنە بە واقیع”. جیهانی مۆدێرن فێری کردووین کە “بەختەوەری لە شوێنێکی ترە”، بەڵام ژیانی هێمن پێمان دەڵێت: “بەختەوەری لێرەیە، ئەگەر بتوانیت بیبینیت”. ئەمە جۆرێکە لە شۆڕش دژی ئەو خێراییە دەستکردەی کە سۆشیاڵ میدیا بەسەرماندا دەسەپێنێت؛ شۆڕشێک بۆ گەڕانەوە بۆ لای خۆمان.
زۆرجار کاتێک باس لە “ژیانی هێمن” دەکرێت، ڕەخنەگرەکان وا دەزانن ئەمە جۆرێکە لە هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی یان تەمبەڵی، بەڵام ڕاستییەکە تەواو پێچەوانەیە. ژیانی هێمن بە واتای ئەوە نایەت کە تۆ هیچ نەکەیت، بەڵکو بە واتای ئەوە دێت کە “بە ئاگاییەوە” هەموو شتێک بکەیت. ئەمە هەڵاتن نییە لە ژیان، بەڵکو گەیشتنە بە قووڵایی ساتەکان.
لە ژیانی خێرای ئەمڕۆدا، ئێمە زۆرجار بە پێوە یان لە کاتی سەیری کردنی مۆبایلەکانماندا ژەمەكان دەخۆین؛ لێرەدا ئێمە خواردن ناخۆین، بەڵکو تەنها گەدەمان پڕ دەکەین. بەڵام لە “ژیانی هێمن”دا، تۆ دە خولەک تەرخان دەکەیت، سەیری ڕەنگی خواردنەكانی سەر سفرەكە دەکەیت، تامی پار پارەی نانەکە دەچێژیت و هەست بەو وزەیە دەکەیت کە دەچێتە جەستەتەوە. ئەمە وادەکات مێشکت لە دڵەڕاوکێی “چی بکەم؟”ەوە بگۆڕێت بۆ چێژی “ئێستا چی دەگوزەرێت؟”.
یاخود دەشێ بڵێین ئێمە وەک بزوێنەرێکمان لێ هاتووە کە نابێت بوەستێت. کاتێک بۆ ماوەی كاتژمێرێک مۆبایلەکەت دەخەیتە لایەک و تەنها سەیری دڵۆپە بارانەکانی سەر شووشەی پەنجەرەکە دەکەیت، تۆ کاتت بەفیڕۆ نەداوە، بەڵکو “ڕۆحت بارگاوی کردووەتەوە”. ئەمە جۆرێکە لە خۆشەویستی بۆ خود، کە تێیدا ڕێگە بە مێشکت دەدەیت لە ژاوەژاوی سۆشیاڵ میدیا پاک ببێتەوە.
جیهانی مۆدێرن فێری کردووین کە هەمیشە دەبێت “بەرهەمدار” بین، تەنانەت لە کاتی پشووشدا دەبێت وێنەی پشووەکە بگرین تا بیسەلمێنین کە دڵخۆشین! ژیانی هێمن دێت و ئەم دەمامکە لادەبات، پێمان دەڵێت کە سادەترین جۆری دڵخۆشی ئەوەیە کە بتوانیت بەبێ هیچ هۆکارێکی گەورە، تەنها بەبوونی خۆت و ئارامیی ماڵەکەت، هەست بە دەوڵەمەندی بکەیت. ئەمە ئەو شوێنەیە کە تێیدا مرۆڤ لە “ڕاکردن بەدوای بەختەوەری” دەوەستێت و لەناو “خودی بەختەوەری”دا نیشتەجێ دەبێت.
ماڵ تەنها شوێنێک نییە بۆ خۆشاردنەوە لە باران و سەرما، بەڵکو گەورەترین مۆزەخانەی تایبەتی تۆیە. پێش ئەوەی بەدوای سەرکێشیدا لە وڵاتانی تر بگەڕێیت، جارێکی تر بە وردی و بە چاوێکی نوێوە سەیری گۆشەکانی ژوورەکەت بکەرەوە، ڕەنگە گەورەترین دۆزینەوەی ژیانت لەوێدا بێت، لەناو ئەو سادەییەی کە هەموو ڕۆژ دەیبینیت و تێپەڕ دەبیت، بەبێ ئەوەی بزانیت چەندە سەرسوڕهێنەرە.




حیکمەتی ڕەگ.. شیعر\ وریا مەعروف

پایز…
تەنیا وەرزێک نییە،
ئاوێنەیەکە بۆ بینینی جەوهەری بوون.
پەنجەرەیەکە بەرەو “ڕوتبوونەوە”،
وانەیەکە کە دەڵێت:
شکۆ، تەنها لە سەوزبوونی هەمیشەییدا نییە.
سەیرکە…
دارەکان چەند بە یەقینەوە،
بەرگی جەنجاڵی لەبەر خۆیان دادەکەنن.
بێ ترس، بێ دڵەخورپێ…
دەزانن مانای ڕاستەقینە لە گەشانەوەی دەرەوەدا نییە؛
ژیان خەونێکی قووڵە لە ژێر خاکدا،
بە دەستی “ڕەگ”ەکان دەنووسرێتەوە و
نەخشەی بەهارێکی چڕتر، لە بێدەنگیدا دەڕوێ.
وەرینی هەر گەڵایەک،
کڕنۆشێکە بۆ دەستبەرداربوون؛
ئازایەتییەکە بۆ سپاردنی ئەو ڕابردووە زەردبووەی
کە بووەتە باری گران بەسەر شانمانەوە.
لەم کەناری کڕنۆشەدا،
دارەکان لە هەرا و زەنای “بوون” دێنە دەرێ،
تا گوێ لە دەنگی ڕەگەکانیان بگرن؛
بەرەو تەنهاییەکی پیرۆز،
بۆ ئەوەی لە پەنا کڕێوەی زستاندا،
بەهێزتر، باڵا بکەنەوە.
ئێمەش وەک پایز…
ئەگەر ئەمڕۆ ڕووت و تەنیاین،
ئەگەر خەونەکانمان وەک گەڵا هەڵوەریون،
ئەمە مەرگ نییە؛
گەڕانەوەیەکی ئەفسوناوییە بۆ ناو “ڕەگ”.
ئێمە لێرەین…
نەک بۆ تێپەڕینی کات،
بۆ ئەوەی لە ناو وەرینەکاندا،
مانایەک لە خۆمان بخوڵقێنین.
پایز کۆتایی نییە…
وەستانێکی پیرۆزە،
بۆ ئەوەی بە هەناسەیەکی قووڵتر
بەرەو ئاسۆیەکی نوێ هەنگاو بنێین.




قەیرانی گوتار: کۆمەڵگە چۆن گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات؟.. وریا مەعروف

بوونی کۆمەڵایەتی، لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی گوتارییە. کۆمەڵگە وەک تەنێکی بێدەنگ و نەجووڵاو بوونی نییە؛ بەڵکوو بوونی خۆی لە ڕێگەی گوتار، زمان، ڕەمز و ئەو چیڕۆکانەی دەیانگێڕێتەوە دروست دەکات و دەپارێزێت. گوتار ئەو ڕووبەرەیە کە تێیدا واتای شتەکان دیاری دەکرێت، واتا كۆمەڵگە لەرێگەی گووتارەوە خۆی دەناسێنێت، شوناسی خۆی دیاری دەكات. کاتێک گوتار تەندروستە ڕێگە بە گفتوگۆ، ڕەخنە و دروستکردنی واتای بە کۆمەڵ دەدات. کەچی ئەمڕۆ، زۆرێک لە کۆمەڵگەکان ڕووبەڕووی ئەوە دەبنەوە کە دەتوانرێت بە قەیرانی گوتار وەسف بکرێت—دۆخێک کە تێیدا زمان توانای خۆی بۆ نوێنەرایەتیکردنی ڕاستی، دروستکردنی کۆدەنگی، یان دەربڕینی بوونی هاوبەش لەدەست دەدات.
گوتار لە بنەڕەتدا زیاترە لە تەنها قسەکردن. بەڵكو پێکدێت لە ڕەوانبێژیی سیاسی، گێڕانەوەکانی میدیا، ڕەمزە کەلتوورییەکان، دەربڕینەکانی سۆشیال میدیا، زانستی ئەکادیمی و گفتوگۆ ڕۆژانەییەکان. لە ڕێگەیەوە، کۆمەڵگەکان پێناسەی ئەوە دەکەن کە چی ئاساییە و چی نائاساییە، چی ڕەوشتییە و چی ناڕەوشتییە، چی دەکرێت و چی ناکرێت. قەیرانەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە ئەم سیستەمە گوتارییانە پارچە پارچە دەبن، دەستکاری دەکرێن، یان لە واتای ڕەسەنی خۆیان بەتاڵ دەکرێنەوە.
یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە بریتییە لە گۆڕانکاریی لە گۆڕەپانی گشتیدا. لە ڕووی مێژووییەوە، گوتاری گشتی چ لە گۆڕەپانەکانی شار، ڕۆژنامەکان، یان بازنە ڕۆشنبیرییەکان، ڕێگەی بە چوارچێوەی تا ڕادەیەک جێگیری گفتوگۆ دەدا. ئەمڕۆ، پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی شێوازی گوزارشتکردنی کۆمەڵگەیان گۆڕیوە. سۆشیال میدیا “دەربڕینی” دیموکراسی کردووە، ڕێگە خۆشكەر بووە بۆ ئەوگرووپانەی کە پێشتر پەراوێزخرابوون. بەڵام ئەم فراوانبوونە لاوازی و هەستیاری هەیە لە : خێرایی جێگەی بیرکردنەوەی گرتووەتەوە، سۆز زاڵ بووە بەسەر ئارگیومێنتدا، و بینراو گرنگترە لە ڕاستی.
لە ئەنجامدا، زۆرجار گوتار زیاتر دەبێتە “گوزارشتی نمایشکارانە” نەک پەیوەندیکارانە یان كارلێككارانە. تاکەکان و دامەزراوەکان قسە ناکەن بۆ تێگەیشتن یان قەناعەتپێکردن، بەڵکوو بۆ نیشاندانی شوناس، ڕاکێشانی سەرنج، یان سەپاندنی دەسەڵات. ئەمەش توندبوونی گوتاری لێ دەکەوێتەوە، کورت دەکرێتەوە بۆ دروشم و ناو. لە ژینگەیەکی لەم شێوەیەدا، کۆمەڵگەگوزارشت لە بوونێکی هاوبەش ناکات بەڵکوو کۆمەڵێک مۆنۆلۆگی کێبڕکێکار دروست دەبێت، یان دەشێ بڵێین خەڵک وا بیر دەکەنەوە کە هەمووان وەک ئەوان بیر دەکەنەوە. ئەمەش وا دەکات خەڵکی بەرامبەر بە تەواوی وەک “دوژمن” یان “کەسانی نەفام” ببینن، چونکە هەرگیز بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە دیدگای ئەوان تێناگەن.
ڕەهەندێکی دیکەی قەیرانەکە لە داڕمانی متمانەدایە. کاتێک گوتاری سیاسی بە پڕوپاگەندە، زانیاری هەڵە و لێڵی ستراتیژی دەگوازرێتەوە، وشەکان متمانەی خۆیان لەدەست دەدەن. هاووڵاتیان نەک تەنها گومان لە دامەزراوەکان دەکەن، بەڵکوو گومانیان لە خودی زمانەکەش دەبێت. بەڵێنەکان پووچ دەردەکەون، زانستی شارەزایان و ئەكادیمیست و ڕۆشنبیران وەک بۆچوون پشتگوێ دەخرێت. لەم کەشەدا، گوتار ئیتر ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی نییە؛ بەڵکوو لێڵی دەکات.
میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە شێوەدان بەوەی کە کۆمەڵگە چۆن گوزارشت لە خۆی دەکات. ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی ڕۆژێک وەک نێوەندگیرێک لە نێوان ڕووداوەکان و تێگەیشتنی گشتی کاری دەکرد. هەرچەندە دوور بوو لە بێ کەموکوڕی، بەڵام خاڵێکی هاوبەشی بۆ ئاماژەپێدان دەستەبەر دەکرد. ئەمڕۆ، سیستەمە ژینگەییەکانی میدیا کە بە ژیری و دیجیتاڵی بەڕێوەدەبرێن، بینەران بەش بەش دەکەن بۆ “ژوورەکانی دەنگدانەوە” بەمانایەكی تر لەو فەزا دیجیتاڵی یان کۆمەڵایەتییانەی کە تێیاندا تەنها بۆچوون، بیروباوەڕ و زانیارییەکانی هاوشێوەی یەکتر دووبارە دەکرێنەوە و دەگەنە گوێی تاکەکان هەر گروپێک وەشانێکی جیاوازی ڕاستی بەکار دەهێنێت، کە بە گێڕانەوەی تایبەتمەند بەهێز دەکرێتەوە. لە ئەنجامدا، کۆمەڵگە ئاستەمە بگاتە هەستێکی یەکگرتوو بۆ دەربڕێنی “ئێمە”.
ئەم قەیرانە تەنها تەکنیکی یان سیاسی نییە؛ بەڵکوو قەیرانێکی قوڵی کەلتوورییە. کۆمەڵگە مۆدێرنەکان بە گۆڕانکاریی خێرا، نادڵنیایی و دڵەڕاوکێ ناسراون. ناسەقامگیریی ئابووری، جیهانگیریی کەلتووری و خێراکردنی تەکنەلۆژی هەستی ناسەقامگیری دروست دەکەن. گوتار ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخەیە: زمان دەبێتە بەرگری، حەسرەتئامێز، یان توند. بانگەوازەکان بۆ ڕابردوو، ئەفسانەکانی پاکێتی، یان گێڕانەوەکانی داڕمان زۆرجار جێگەی شیکاری ورد دەگرنەوە. بەم مانایە، قەیرانی گوتار ئاوێنەی قەیرانی واتایە.
کەچی گوتار هەروەها شوێنی بەرگری و نوێبوونەوەشە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەربڕینە هونەرییەکان و لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکان بەردەوامن لە گومانخستنە سەر گێڕانەوە زاڵەکان. گرووپە پەراوێزخراوەکان زمان بەکار دەهێنن بۆ سەپاندنی بینراوی و پێناسەکردنەوەی پۆلێنە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نموونە، گوتارەکانی فێمینیستی، پۆست-کۆلۆنیالیزم و ژینگەیی چۆنییەتیی تێگەیشتنی کۆمەڵگەیان لە دەسەڵات، شوناس، و بەرپرسیارێتی فراوان کردووە. ئەم دەستوەردانانە نیشان دەدەن کە گوتار جێگیر نییە؛ بەڵکوو کێبڕکێی لەسەرە و داینامیکییە.
کەواتە کۆمەڵگە چۆن گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات لەناو ئەم قەیرانەدا؟ بە شێوەیەکی زیاتر، بە شێوازی دژبەیەک ئەم کارە دەکات. لە لایەکەوە، کۆمەڵگە گوزارشت لە پارچەپارچەبوون دەکات—لە ڕێگەی گفتوگۆی دژبەیەك، ململانێ کەلتوورییەکان، و شەڕە ڕەمزییەکان. لە لایەکی دیکەوە، گوزارشت لەوە دەكەن دەیانەوێت قبووڵ بکرێن، هەست بە کەرامەت بکەن، و بزانن کە جێگەیان لەم کۆمەڵگایەدا هەیە. تەنانەت ئەو کەسانەی کە زۆر توڕە و توندوتیژن لە قسەکردندا، لە بنەڕەتدا بەو تووڕەیییە دەیانەوێت بڵێن: ‘کێشەیەکی گەورەمان هەیە کە چارەسەر نەکراوە!”
کەواتە ئەرکەکە ئەوە نییە کە گوتار بێدەنگ بکرێت، بەڵکوو ئەوەیە کە بنەما ئەخلاقی و پەیوەندییەکانی بگەڕێندرێتەوە. ئەمەش پێویستی بە فەزایەک بۆ بیرکردنەوەی ئارام، خوێندەواریی ڕەخنەیی میدیایی، و لێپرسینەوەی دامەزراوەیی هەیە. هەروەها داوای پابەندبوونێکی نوێ دەکات بە گفتوگۆ بە گوێگرتن. کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕەسەنانە گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات کاتێک دەتوانێت جیاوازییەکانی خۆی بگێڕێتەوە بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکانی بە یەکەوە بوون ڕەت بکاتەوە، نەک کاتێک بە بەرزترین دەنگ هاوار دەکات.
لە کۆتاییدا، قەیرانی گوتار هۆشدارییەکە. بیرمان دەخاتەوە کە زمان ناسکە، و واقیعی کۆمەڵایەتی پشت بەوە دەبەستێت کە ئێمە چۆن وەسفی دەکەین. ئەگەر گوتار ئاراستەی ژاوەژاوی گرتەبەر، کۆمەڵگە مەترسیی لەدەستدانی توانای خەیاڵکردنی داهاتوویەکی هاوبەشی لەسەرە. بەڵام ئەگەر گوتار وەک فەزای واتادان، ڕەخنە، و هاوپشتی وەربگیرێتەوە، دەتوانێت جارێکی تر ببێتەوە بەو دەنگەی کە کۆمەڵگە خۆی پێ دەناسێت و گوزارشت لە بوونی دەکات.

وریا مەعروف




گەنجان لە سەردەمی دیجیتاڵ و گۆڕانی كۆمەڵایەتی.. وریا مەعروف

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا كە تەكنیكە دیجیتاڵییەكان لە ژیانی ڕۆژانەدا بە شێوەیەكی چڕ و بەربڵاو بەكاردەهێنریت، گەنجان وەك كاراكتەری هەرە دیار و لە هەمان كاتدا لە هەستیارترین كاراكتەری گۆڕانە كۆمەڵایەتییەكان دەردەكەون. سەردەمی دیجیتاڵ تەنها قۆناغی نوێگەری تەكنۆلۆژی نییە؛ بەڵكو پرۆسەیەكی گشتگیری دووبارە داڕشتنەوەیە لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە تا دروستكردنی ناسنامە، لە پەروەردەوە تا بەرهەمهێنانی كەلتووری، تەنانەت شێوەكانی بەشداری سیاسیش دەگرێتەوە.
بۆ گەنجان، گۆڕەپانە دیجیتاڵییەكان تەنها پلاتفۆرمی پەیوەندیكردن نین، بەڵكو مەیدانی كۆمەڵایەتین كە ناسنامەی تێدا دادەمەزرێت، وتوێژی لەسەر دەكرێت و دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە. ژینگەكانی سۆشیال میدیا پرۆسە تەقلیدییەكانی دروستبوونی ناسنامەیان خێراتر كردووە؛ پێشكەشكردنی خود زیاتر بووەتە كارێكی نمایشكارانە، پارچەپارچە و شڵەقاو. ئەگەر سەرنج بدەین ماوەی ئەو كاتەی گەنجان لە ژینگەكانی ئۆنلایندا بەسەر دەبەن زیادی كردووە؛ دەركەوتن، ژمارەی فۆڵۆوەرەكان و ڕێژەی كارلێككردنەكان بووەتە شێوازێکی نوێی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بۆ نەوەی گەنج لەگەڵ ئەوەشدا، میكانیزمەكانی لایك و پێزانینی ڕێو شوێنی پێویستی گەنجان بۆ پەسەندكردنی كۆمەڵایەتی زیاد دەكەن، بەمەش بوارگەلی نوێی هەستیاری دروست دەبن وەك ئالوودەبوونی دیجیتاڵ و فشاری دەروونی و كۆمەڵایەتی.
دیجیتاڵکردن بووەتە هێزێکی یەکلاکەرەوە لە پێکهێنانی ناسنامەی جیهانی گەنجان. بەهۆی ئینتەرنێت و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و ئامرازەکانی پەیوەندی ئۆنلاین، ئێستا گەنجان نەک تەنها لە ژێر کاریگەری کولتوری ناوخۆیی بەڵکو لە ژێر کاریگەری شێوازی ژیان و بەها و هێماکانی کۆمەڵگە جیاوازەکاندان. ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی سنوورە نەریتییەکان لە بونیادنانی ناسنامەی گەنجان و سەرهەڵدانی پێکهاتەیەکی ناسنامەی گۆڕاو و فرە ڕەهەند. پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فەزایەكی نوێیان دروست کردووە بۆ خۆ نمایشكردن، و بەشداریکردن لە کەلتوری جیهانی. ئەم فەزا دیجیتاڵیانە گەنجان لە ئاستی جیهاندا پیشان دەدەن، لە ڕێگەی ئەم پڕۆسە دیجیتاڵی و جیهانی بوونەوە، ناسنامەی گەنجان قەبارەیەکی گەورەتر و کەمتر ناوخۆی وەردەگرێ، و بە تێکەڵبوونی کەلتورە جیهانییەکان دادەنرێت، بەم شێوەیەش کارلێکی بەردەوام لە نێوان ناوخۆیی و جیهانیدا دروستدەکەن.
جگە لەوەش، کایەی دیجیتاڵی دەرفەت دەدات بە گەنجان کە ڕووبەڕووی مۆدێلی ناسنامەی جیاواز ببنەوە، پەیوەندی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانەوە بکەن، و پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەکاندا بکەن کە سنوورەکان تێدەپەڕێنن. ئەمەش هەستکردن بە تاكێكی جیهانی بەهێز دەکات لە هەمان کاتدا بەشداری دەکات لە دووبارە پێناسەکردنەوەی تایبەتمەندی تاکەکەسی. بەڵام دروستبوونی ناسنامەیەكی جیهانی لە ژینگەی دیجیتاڵیدا دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی وەک سەرلێشێواوی ناسنامە یاخود ناسنامەی تێكەڵ، نادڵنیایی سەربەخۆیی و چەوساندنەوەی دیجیتاڵی. بەڵام دیجیتاڵکردن ناسنامەی نەوە گەنجەکان لە چوارچێوەی نیشتمانی دەباتە دەرەوە و فۆرمێکی ناسنامەی فراوانتر و کارلێککارانەتر و هەمەچەشنتر دروست دەکات.
یەكێك لە دیارترین كاریگەرییەكانی دیجیتاڵكردن لەسەر گەنجان لە بواری پەروەردەدا دەردەكەوێت. پلاتفۆرمەكانی فێربوونی ئۆنلاین توانای سەربەخۆیی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییان هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا شێوازی نوێی نایەكسانی بەرهەم دەهێنن بەهۆی جیاوازییەكان لە ئامێرە تەكنۆلۆژییەكان و خوێندەواری دیجیتاڵی ئەم كەلێنی دیجیتاڵە كە بەندە بە پێگەی سۆسیۆ-ئابوورییەوە، بووەتە هۆكارێكی یەكلاكەرەوە لە دەستڕاگەیشتنی گەنجان بە دەرفەتە پەروەردەییەكان، ئەم دۆخە نیشان دەدات كە جیاوازییە چینایەتییەكانی كۆمەڵگە لە ژینگەی دیجیتاڵدا دووبارە بەرهەم دەهێنرێنەوە و پرسیاری لەسەر ئیدیعای یەكسانیی سەردەمی دیجیتاڵ دروست دەكات.
هەروەها لە كۆمەڵگەی دیجیتاڵدا، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی گەنجان بە هۆی كارلێكی ئۆنلاینەوە دووبارە شێوە وەردەگرنەوە. لە لایەك، كۆمەڵگە دیجیتاڵییەكان دەرفەتی هاودەنگی، ئازادی ڕادەربڕین، و تۆڕە كۆمەڵایەتییە گشتگیرەكان پێشكەش بە گەنجان دەكەن؛ لە لایەكی تر، كەمبوونەوەی كارلێكی ڕووبەڕوو، گۆڕانی لێهاتووییەكانی پەیوەندیكردن و كێشەكانی وەك تەنیایی دیجیتاڵ دەخەنە بەرباس. بە تایبەت، زیادبوونی هەڕەشە و ئازاردانی ئەلیكترۆنی بووەتە مەترسییەكی كۆمەڵایەتی نوێ لەناو گەنجاندا. ئەم پێكهاتە دووانەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە كاریگەری دیجیتاڵكردن لەسەر بەرهەمهێنانی سەرمایەی كۆمەڵایەتی، ئاڵۆز و فرە-ڕەهەندە.
لەڕووی سیاسیشەوە نەوەی گەنج هەستیان پێدەکرێ كە كەمتر گرنگی بە پێکهاتە سیاسییە نەریتییەکان بدات، فۆرمەکانی بەشداریکردنی سیاسی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانییان بەسەردا هاتووە. هەڵمەتەکانی سۆشیال میدیا و بزووتنەوەکانی هاشتاگ و تۆڕەکانی هاودەنگی ئۆنلاین دەنگی سیاسی گەنجان بەهێزتر دەکەن؛ گۆڕەپانی دیجیتاڵ وەك شوێنێكی نوێی بۆ وتوێژی گشتی كار دەكات. بەڵام زۆرجار ئەم بەشدارییە وەک چالاکیی ڕووکەش ڕەخنەی لێدەگیرێت و جیاوازی نێوان چالاکیی و پشتیوانی لەبەردەم گفتوگۆدایە. سەرەڕای ئەمەش، بەسیاسیکردنی دیجیتاڵی گەنجان بە ڕەوتێکی بەرچاو دادەنرێت کە داهاتووی بەشداری دیموکراسی لە کۆمەڵگەی مۆدێرن دادەڕێژێت.
سەردەمی دیجیتاڵی هەم دەرفەتی نوێ و هەم لاوازی نوێ بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت. ئاسانتر دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و کارلێکی کەلتووری جیهانی و فراوانبوونی بوارەكانی بەرهەمهێنانی داهێنەرانە، توانای كۆمەڵایەتی و كەلتووری گەنجان زیاد دەكات، هەروەها لەبەرانبەردا نەمانی تایبەتمەندی، چاودێریکردنی داتا، ئاڵوودەبوونی دیجیتاڵی و کەلتووری ئۆنلاین ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکانی گەنجان ئاڵۆز دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سەردەمی دیجیتاڵی کاریگەری یەکلایەنەی لەسەر گەنجان نییە؛ بە پێچەوانەوە پرۆسەیەکی دژبەیەک و فرەلایەنە و دینامیکییە.
گەنجان پێگەیەکی سەرەکییان هەیە لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی سەردەمی دیجیتاڵیدا. تێگەیشتن لە داینامیکی کۆمەڵگایەکی گۆڕاو پێویستی بە شیکردنەوەی ئەزموونی دیجیتاڵی گەنجان هەیە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی و کەلتووری و سیاسییەوە. سەردەمی دیجیتاڵی تەنیا سەردەمێکی تەکنەلۆژی نییە بۆ گەنجان؛ بەڵكو سەرەتای دیزاینێكی نوێی ژیانی كۆمەڵایەتییە.

وریا مەعروف




كتێبی (شوناس و كەسایەتی) لە نووسینی وریا مەعروف چاپ و بڵاوكرایەوە

ئەم كتێبە لەبواری دەروونزانی كۆمەڵایەتییە پەخشى ئەو بابەتانە دەکات کە پەیوەستن بە شوناس و كەسایەتی و ژیان و بوون، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین تیۆر و ڕاو بۆچوونی زانایانمان باس كردووە لەسەر كەسایەتی و شوناس، هەروەها كۆمەڵێك بابەتی دیكەمان باسكردووە كە كاریگەرییان لەسەر شوناس و كەسایەتی هەیە و ڕۆڵیان هەیە لە ئاراستەكردن و گۆڕینییان. هەوڵێكە بۆ جیاوازی دروستكردن و پێشكەوتن.
هەوڵى ئەم كتێبە بۆ ئەوەیە هاوسەنگى لەنێوان واقیع و هەقیقەتدا بپارێزێت، ده‌تخاته‌ سه‌ر ڕێگای هه‌قیقه‌ت به‌ڵام دژه‌ واقیعیش نه‌بێت، به‌ڵكو ئامانجی گۆڕینی به‌شه‌ خراپه‌كه‌ی واقیعه‌.

ئەم كتێبە دەروازەیەكە بۆ بونیادنانی ئینسان و كۆمەڵگەیەكی باش و چاك لەڕێگەی دووبارە بونیادنانەوە و پەروەردەكردنەوە.

ئەم كتێبە لە دوو توێی (304) لاپەڕە پیكهاتووە




چەند وردە سەرنجێكی ژیانی ڕۆژانە.. وریا مەعروف

بارودۆخ و ڕەفتار و كار و كردەوەی ڕۆژانەمان جۆرێكی ئاڵۆزە و شایەنی هەڵوەستە لەسەر كردن و تێفكرینە، چونكە دواجار ئەمە دەبێتە نەریت و ڕیگەی ژیانی هەمووان.
خۆشبەختانە تاكی كوردی تاكێكی ئامادەیە بۆ باشە و چاكە، چونكە خێزانی كوردی خێزانێكی پتەو بووە و گرنگی تەواوی بەمنداڵەكانی داوە و ئاگاداریان بووە، بەڵام لە ئێستادا دۆخەكە گۆڕاوە و ئەو باشی و چاكەیە كە كاڵ بۆتەوە ڕەنگە نەمێنێ.
گۆڕانی كۆمەڵایەتی ڕوودەدات و پێویستە گۆڕانكاری لەخۆماندا بكەین، هەروەها بەهۆی جیهانگیری و تەكنەلۆژیا گۆڕانكارییەكان خێراتر و زووتر دەگەنە هەموو شوێنێك، ناكرێ تۆ لەو گۆڕانەی دونیا بەجێ بمێنی و دوا بكەویت، بەڵام پێویستی بە میكانیزم و پلانی تایبەت هەیە كە ڕێڕەو ئاڕاستەی ئەم تەوژمی گۆڕانە لەگەڵ واقیع و پەروەردەی كۆمەڵگەكەت یەكانگیر بێت. رێگە ئاوەڵا كردن بۆ گۆڕانكاری و بەهەڕەمەكی لاسایی كردنەوە دۆخێكی شێواو و لادانی گشتی لێدەكەوێتەوە كە دواجار ڕاستەڕێ بوون و چاككردنەوەی مەحاڵ دەبێت.
تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەچڕیی بەكار دەهێنرێ و و هەروەها دراما دۆبلاژكراوەكانیش بینەری زۆر جدی و سەرسوڕهینەری هەیە. كە ئەمانە كاریگەری زۆر قوڵیان هەیە لەسەر پێگەیاندن و پەروەردە و گۆڕانی كۆمەڵایەتی، زاڵن بەسەر دۆخی گشیداو زۆرینەن. زۆر جاران تۆ منداڵەكەی خۆت بە باشترین شێوە پەروەردە دەكەین و فێری ڕەفتار و ئەتەكێتی ئینسانیانەی جوانی دەكەیت بەڵام كە دەڕواتە دەرەوە لای هاورێیانی و دەگەڕێتەوە فێری كۆمەڵێك قسەی خراپ و جنێو و ڕەفتاری ناشایستە بووە.
نەبوونی هەستی بەرپرسیارەتی، تاكێكی بێ ناوەڕۆك و بێ ناسنامە دروست دەكات كە ڕێگەی خۆی نەزانێت، كوالیتی ژیانی شێواو و سەرگەردانانە تێپەڕێنێت، ئەویش بە لاسایی كردنەوەی ئەوانیتر و خۆهەڵقورتاندن لە كار وباری ئەوانیتر بەبێ ئەوەی هیچ سوودێك بەو بگەینێت.
ڕكابەری و سەر لێشوان و تێكەڵكردنی ڕۆڵی كۆمەڵایەتی و تاكێكی بێ ئاوەز و لاواز دروست دەكات كە نەتوانێت رۆڵە ڕاستەقینەكەی خۆی بەرجەستە بكات.
شێواوی گشتی، كۆمەڵگەیەكی شڵەقاو و بەرخۆر و بێ ڕوئیا دروست دەكات، دواجار هەمووان دەبنە قوربانی و كەس ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار بكات، هەرچەندە ناڕازی بن، تەنانەت ناتوانن خۆشیان كۆنترۆڵ بكەن چونكە ئەوەی هەیە بووەتە نەریت و ڕێگەی هەمووان، ڕاستكردنەوەی تەنیا ڕێگەی خۆت دەبێتە لادان لە بینینی گشتیەوە.
ئەگەر بە ستراتیژێكی ئینسانی و نیشتمانی پلان و بەرنامەی بۆ دانەڕێژرێ كە ئیستا وا كاریگەرییەكانی لەبەر چاومانە دوو ئەوەندەی تری لێدێت، پێویستە سەرلەنوێ پێناسەی هەموو شتەكان بكرێتەوە و ئەم ئاڵۆزیی و شێواویە نەمێنێت و لەژێر سایەی سیتمێكدا هەمووی ڕێكبخرێتەوە.




په‌روه‌رده‌ و ژیان.. وریا مه‌عروف

هەموو مرۆڤێک کە لە دایک دەبێت توانایه‌كی سەرسوڕهێنەری هەیە، بۆ بره‌ودان پێی پێویستی به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی باش و كواڵێتی به‌رزه‌ كه‌ یارمه‌تی بدات له‌ ده‌ستگه‌یشتنی به‌ زانیاریه‌ به‌سوود و به‌نرخه‌كان، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ كواڵێتی ژیان به‌ره‌و باشتر و خۆشگوزه‌رانی زیاتر فه‌راهه‌م ده‌بێت، به‌ڵام گه‌ر ئه‌و توانایه‌ به‌كار نه‌هێنرێت یان به‌ خراپی به‌كاربهێنرێت له‌ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی خراپ و ئاست نزمه‌وه‌ ئه‌وا تاكه‌كانی ئاراسته‌یه‌كی لاده‌رانه‌ ده‌گرن و ژیان پڕ ده‌بێت له‌ بێزاری و نادادی و تاریكی.

پەروەردە سیستمێکە مرۆڤ ئامادە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان وەک مرۆڤ، وه‌ یارمەتی دەدات بۆ گەیشتن بە هاوسەنگی و هاوئاهەنگی لە هەموو ئەو شتانەی کە دەیکات بۆ پێگەیشتنی راستەقینە. هه‌روه‌ها‌ ئامرازێکە زانیاری و لێهاتوویی و تەکنیک بۆ مرۆڤ دابین دەکات و توانای زانینی ماف و ئەرکەکانیان بەرامبەر بە خێزانەکەیان و کۆمەڵگا و نەتەوەکان په‌ره‌ پێدەدات، بینین و تێڕوانین فراوان دەکات بۆ بینینی جیهان، تواناکان پەرەپێدەدات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نادادپەروەری و توندوتیژی و گەندەڵی و چەندین توخمی تری خراپ لە کۆمەڵگەدا.

له‌م نووسینه‌دا باس له‌ كێشه‌ی په‌روه‌رده‌ به‌گشتی ده‌كه‌ین كه‌ وشه‌ی “په‌روه‌رده‌” له‌م نووسینه‌دا ئاماژه‌یه‌ به‌ په‌ره‌وه‌رده‌ی پێش چوونه‌ قوتابخانه‌ و قوتابخانه‌ و دوای زانكۆش، كه‌ پرۆسه‌ی په‌روره‌ده‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ تا كۆتایی ته‌مه‌ن، ئامانج لێی بونیادنانی ئینسانێكی باش و چاك و گونجاو بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ پێناو ژیانێكی به‌ره‌و باشتر. ئامرازه‌كانی په‌روه‌رده‌ جگه‌ له‌ خێزان و قوتابخانه‌، هه‌مه‌ جۆره‌ له‌ ئێستای كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا (میدیا- درامای دۆبلاژكراو- فیلمی كۆمیدی ئاست نزم، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان) كه‌ ئه‌مانه‌ ڕۆڵی كاریگه‌ر و به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌ په‌روه‌رده‌كردنی تاك و به‌ ئاشكرا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێوه‌ دیاره‌. سه‌رباری سووده‌كانی كاریگه‌ری و خراپی ته‌كنه‌لۆژیا و میدیا به‌جۆرێكه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا به ‌زیانه‌كانی نازانێت و خه‌ریكه‌ به‌ته‌واوی كاریگه‌ریه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی به‌ده‌رده‌كه‌ون ئاراسته‌ی خۆی گرتووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌شێ دۆخێكی لادانی گشتی دروست بكات و ببێته‌ نه‌ریت و ئه‌وكات به‌رگرتن لێی ئه‌سته‌م ده‌بێت. ده‌كرێ بڵێن له‌ناو واقیعێكی ئاڵۆز و بێ سه‌ر وبه‌رداین كه‌ ڕێگای گونجاو ڕاست و سپی شاش بووه‌. پێویسته‌ ئێمه‌ به‌م زووانه مشورێكی قوڵ و دڵسۆزانه‌ له‌ ئینسان و كۆمه‌ڵگای خۆمان بخۆین، به‌وه‌ی كه‌ كار له‌سه‌ر بونیادنانی ئینسانێكی باش و چاك بكه‌ین كه‌ دواجار كۆمه‌ڵگایه‌كی باش و چاكی لێ به‌رهه‌م بێت.

كاتێك دۆخێكی نائارامی و بێزاری گشتی دێته‌كایه‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵگا له‌ده‌ست یه‌كتر بێزاره‌ و له‌بری ئه‌وه‌ی هاوكار و ته‌واوكه‌ری یه‌كتربن، ئه‌وا دیاره‌ كێشه‌ له‌ له‌ ئینسانی بووندا هه‌یه‌، پێویسته‌ سه‌ر له‌نوێ به‌كۆمه‌ڵایه‌تی بكرێنه‌وه‌ و دووباره‌ كار له‌سه‌ر بونیادنانی تاكێكی باشتر بكرێ، كه‌ ببێته‌ هۆی ژینگه‌یه‌كی ئارام و له‌بار بۆ مرۆڤ تاكوو ژیانێكی شایسته‌ فه‌راهه‌م بكات‌، لێره‌دا “ناتوانرێ کێشەکان چارەسەر بكرێ بە بەکارهێنانی هەمان جۆرە بیرکردنەوە کە کێشەکانی دروست کردووە”
قۆناغی هەرزەکاری کاتێکی گرنگی گەشەی مێشکە،كه‌ دووه‌مین قوناغی بونیادنانه‌ له‌ دوای منداڵی، ده‌بێت گرنگی زۆری پێ بدرێت به‌ تایبه‌ت له‌لایه‌ن خێزانه‌وه‌، كه‌ ببنه‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگای خۆی بدۆزێته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست و باش و چاك خۆی نمایش بكات و ڕێگایه‌كی دروست بگرێته‌به‌ر‌.

په‌روه‌رده‌ ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ قوتابخانه‌، به‌ڵكو قوتابخانەکان هەلێکی نایاب دەڕه‌خسێنن بۆ دروستکردنی کەسانی زیرەک كه‌ ده‌بنه‌ هۆی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و كۆمه‌ڵگاكه‌یان ده‌کەنە شوێنێکی جوان و باشتر بۆ ژیان بۆ هەموو دانیشتوانەکەی.
توانا و لێهاتووی و زیره‌كی مرۆڤ له‌ ڕێگه‌ی په‌ره‌وه‌رده‌وه‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌ و په‌ره‌ی پێده‌ده‌رێت و ده‌توانێت تواناكان و زانیاریه‌كانی زیاد بكات. په‌روه‌ره‌ده‌ و فێربوون پرۆسه‌یه‌كی درێژ و به‌رده‌وامه‌ تا كۆتایی ژیان، قوتابخانه‌ و خیزان و ته‌واوی ئامرازه‌كانی تر ڕێگایه‌ك ده‌روازه‌یه‌كت نیشان ده‌ده‌ن و به‌رپرسیارێتی ژیانكردنت و گه‌یشتن به‌ زانیاری گه‌وره‌ و شایسته‌ی‌ ژیانكردن له‌ ئه‌ستۆی خۆتدایه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی توانا و هێزی بیركردنه‌وه‌ت و ئه‌و به‌هره‌یه‌ و لێهاتوویه‌ی هه‌ته‌ هه‌نگاوی بۆ ده‌نێیت و خۆت پێده‌گه‌ینی، هه‌روه‌ها پەروەردە پێکهاتەیەکی سەرەکی خۆشگوزەرانییە و لە پێوانەی گەشەی ئابووری و کوالێتی ژیانیشدا كاریگه‌ری هه‌یه‌، هه‌روه‌ها فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا تۆ كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو گه‌شه‌سه‌ندو باشیت یان دواكه‌وتوو یان خراپ، ئه‌مه‌ دواجار ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و وڵاتیشدا ده‌بێت.

پێویستە ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ بڕه‌خسێنرێت ڕێگایەک دروست بكرێت بۆ ئەوەی تاك بە ئاسانی خۆی پەروەردە بكات و بگات به‌ زانیاری نوێ له‌ڕێگای میدیا و ئه‌و ئامرازانه‌ی به‌ ئاسانی ده‌توانن شته‌كان بگه‌ینن بۆ ئەوەی بەردەوام فێری باشترکردنی ژیانی خۆیان بن و دونیای خۆیان باشتر بکەن، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ئامرازانه‌ به‌بێ گوێدانه‌ به‌ها باڵاكانی مرۆڤ نمایشی خراپ و لادان له‌ به‌هاكان نمایش بكه‌ن و ببێته‌ شتێكی ساده‌ و ئاسایی به‌بێ سانسۆر، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌پێی كات په‌یڕه‌وی لێده‌كرێت و ده‌بێته‌ نه‌ریت و دواجار كێشه‌ بۆ بۆ ته‌واوی كۆمه‌ڵگا و سیسته‌م دروست ده‌كات كه‌واته‌ “کێشەی پەروەردە سیستمییە، کاریگەری لەسەر تەواوی سیستەم ده‌بێت”.
ژیانی ئه‌مڕۆ به‌ڕاده‌یه‌ك ئاڵۆز و پڕ له‌ كێشمه‌ كێشه‌ به‌هۆی کاریگەری جیهانگیری كه‌ له‌ڕێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ به‌ ئاسانی ده‌گات و ده‌بێته‌ هۆی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌مه‌ش دوو لایه‌نی هه‌یه‌: سوود، زیان، پێویسته‌ به‌جۆرێك پلانی بۆ دابڕێژرێت و كۆنترۆل بكرێت دۆخێكی لادان له‌ پێوه‌ره‌كان و بێ سه‌روبه‌ری دروست نه‌كات. په‌روه‌رده‌ ئامانجی ئه‌وه‌یه نه‌هێڵێت تاكه‌كانی بكه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریه‌ خراپ و زیانه‌كانی، به‌ڵكو‌ هاوسه‌نگیش بپارێزێت له‌ نێوان مرۆڤ و ژیان و واقیع، تاوه‌كوو مرۆڤێكی ئارام دروست بكات، دامه‌زراوه ‌و ئامرازه‌كانی په‌روره‌ده‌ پێویسته‌ ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا هه‌بێت له‌گه‌ل به‌ره‌وپێشچوونی جیهان و مێشكی مرۆڤ ئه‌وانیش پێشڕه‌وی بكه‌ن و له‌گه‌ل دۆزینه‌وه‌ نوێیه‌كان و بیروباوه‌ڕ و گۆڕانكاریه‌ نوێیه‌كان خۆیان بگونجێنن و هاوسه‌نگی دروست بكه‌ن به‌ ئاراسته‌ی بونیادنانی تاك و كۆمه‌ڵگایه‌كی مرۆڤایه‌تی.

پێویسته‌ هه‌موو ئامرازه‌كانی په‌روه‌رده‌ به‌ ستراتیژیه‌تێكی نیشتمانی ڕێكبخرێنه‌وه‌ كه‌ له‌ خه‌می ئینسان داببێت و مشورێكی قوڵی لێ بخورێت كه‌ له‌ پێناو به‌ها باڵاكانی مرۆڤدا ئاراسته‌ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی باشتر و گونجاوتر بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا دابین بكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و مرۆڤایه‌تی بێته‌وه‌. هه‌روه‌ها گرنگیدان به‌ ئاستی دادپەروەری کۆمەڵایەتی پێویستیەكی گرنگ و سه‌ره‌كیه‌ بۆ گەیشتن بە چاکسازییەکی پەروەردەیی سەرکەوتوو بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا خێراتر په‌یڕه‌وی لێبكات و هه‌ست به‌ دڵنیایی بكات كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌به‌رچاو گیراوه‌، ئه‌ویش له‌رێگای دادپه‌روه‌ره‌یه‌وه‌ ئه‌م باوه‌ڕه‌ دروست ده‌بێت.
گۆڕان زۆر گرنگە! ئێستا کە ھەموو شتێک لە بارەی مرۆڤەوە گۆڕاوە، بێگومان دەبێت پەروەردە بگۆڕدرێت، بەڵام دەبێت دۆسەیەک ھەبێت، خشتەیەک، و لە سەرووی ھەموو شتێکەوە، لۆژیکێک بێت، بە ستراتیژیەتێک لەخزمەتی مرۆڤدابێت. فەلسەفەیەکی پەروەردەیی پێویستە بەپێی گۆڕانی هەلومەرجی جیهان و تێڕوانینی كوردستان بۆ داهاتوو. ڕێگای ئەم کارە لە ڕێگەی گرتنەبەری تێگەیشتنێکی فره‌چه‌شنه‌ لە پەروەردەوە. بەرپرسیارێتی پەروەردە نابێت تەنها بۆ دەوڵەت بەجێ بهێڵرێت، ده‌بێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەروەردە ئەم بەرپرسیارێتیە لەئەستۆ بگرن، چونكه‌ خراپی له‌ بونیادنانی تاكه‌كان زیانی گشتی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ ده‌بێته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ته‌واوی كۆمه‌ڵگا. پێویستە کە ئێمە ئەولەویەتی خۆمان بگۆڕین بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانمان بە شێوەیەکی گونجاو. ئەمە پێویستی بە چاکسازی تەواوی پەروەردە هەیە لە دەرەوەی پێداچوونەوەی پرۆگرامی خوێندن.

وریا مه‌عروف




لادان له‌ به‌ها مرۆییه‌كان.. وریا مه‌عروف

     مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ و له‌چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگادا ژیان ده‌كات، زیاتر هه‌وڵده‌دات كرده‌وه‌گه‌لێك ئه‌نجام بدات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ نۆرم و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بسازێت، گه‌رنا ده‌كه‌وێته‌ به‌ره‌یه‌ك به‌ته‌نیا خۆی دژی گشت ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك ئاراسته‌ی‌ گشتی‌ له‌گه‌ڵ به‌ها مرۆییه‌كان یه‌كانگیر نیه‌، مرۆڤ بوون و ویژدانی بوون ده‌بێته‌‌‌ كێشه‌یه‌كی قوڵ و ترسناك.

     كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ كۆمه‌ڵێك به‌های مرۆیی هه‌بێت كه‌ یه‌كانگیر بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مرۆڤایه‌تی، تاكوو هه‌موو تاكه‌كانی به‌ ڕێگه‌یه‌كی باش و چاك ئاراسته‌ بكات، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆیی پێشكه‌وتووی لێ دێته ‌كایه‌وه‌، ئه‌م بەهایانه‌ تاك ئاراستە دەکات لە کاتی کارلێککردن لەگەڵ کەسانی تردا توخمی مرۆڤ لەبەرچاو بگرێت. ئاڕاستەکردنی مرۆڤ بەرانبەر بە هەڵبژاردەکانی و هەڵسەنگاندنی ڕەفتاری خۆی و وە ئەو بەهایانەی کە تاک هەیەتی بۆ ماوه‌یی نین، بەڵکو دەرئەنجامی پەروەردەکردن و پێگه‌یاندنی کۆمەڵایەتی تاکه‌ له‌ژیانیدا، كه‌ دواجار سنورێكی گشتی بۆ كۆمه‌ڵگا داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌چوارچێوه‌یه‌كی مرۆییدا ڕه‌فتاره‌كان و كرده‌وه‌كانی پراكتیزه‌ بكات، بەها مرۆییەکان بریتین لە: ڕێزگرتن، هه‌قیقه‌ت، ویژدانی بوون، نه‌رم و نیانی، چاكه‌، ‌سۆز و به‌زه‌یی، گوێگرتن و پێزانین و خۆشەویستی بۆ ئەوانی دیكه‌، کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤ توانای چەسپاندنی بەها ئەخلاقییەکانی هەیە، وەک دادپەروەری و ده‌ستپاكی، ناتوندوتیژی، دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌، خراپه‌كای و ئازاردانی یه‌كتری ئەوە هانی تاک دەدات کە بیربکاتەوە و قسە بکات و بەشێوازێکی دیاریکراو ڕەفتار بکات و، ده‌بێته‌ پێوه‌رێك بۆی، چونکە ڕەفتارەکانی سنوردار ده‌كات و ئەوەش نیشان دەدات کە زۆربەی بەهاکان بە خۆشەویستی و خۆشی و ئاشتی و میهرەبانی و باوه‌ڕه‌وه‌ دیاری ده‌كرێن. به‌ڵام كاتێك ئه‌م به‌هایانه‌ ده‌كه‌ون كۆمه‌ڵگه‌ تووشی شڵه‌قاوی ده‌بێت و به‌ره‌و كه‌وتن هه‌نگاو ده‌نێت، كه‌وتن چه‌مكێكی فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ و مانایه‌كی جێگری نیه‌ ده‌شێ بۆ هه‌ركه‌سێك مانایه‌كی هه‌بێت، به‌ڵام كه‌وتنی ڕاسته‌قینه‌ كه‌وتنی مرۆڤه‌ به‌و مانایه‌ی مانایه‌كی نه‌بێت بۆ به‌رده‌وام بوون، به‌مانایه‌كی تر به‌ها مرۆییه‌كانی له‌ده‌ست بدات یان ئه‌وه‌تا به‌ها مرۆییه‌كان دژی واقیعی گشتی بن تاكو كار بگاته‌ ئه‌وه‌ی به‌رگریكردن لێی له‌خودی تاكیشدا مه‌حاڵ بێت، یاخود بڵێن ژینگه‌ی گشتی به‌هایه‌كی مرۆیی بۆ نه‌مابێته‌وه‌، ئه‌مه‌ كه‌وتنی ڕاسته‌قینه‌یه‌.

     له‌ باری نه‌مانی به‌ها مرۆییه‌كاندا له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك تاك ڕێگای لێ ون ده‌بێت، ئاخۆ ڕێگا ڕاسته‌كه‌ كامه‌یه‌؟ كرداری مرۆییانه‌ و ویژدانیانه‌یه‌‌ یان پێچه‌وانه‌كه‌ی، گه‌ر كرده‌وه‌ و ڕه‌فتاره‌كانی له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ویژدانی و به‌ها مرۆییه‌كان بێت ئه‌وا زیان به‌خۆی ده‌گات ده‌دۆڕێ و ده‌شكێ به‌ ته‌نیا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵ تا ئاستی په‌راوێزخستن، چونكه‌ لادان له‌ به‌ها مرۆییه‌كان بووه‌ته‌ خواستێكی گشتی و ئاراسته‌ی گرتووه‌ و نه‌ریت و مۆده‌یه‌كی خوازراوه‌، ئه‌گه‌ریش كرده‌و و ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ به‌هاكان نه‌یه‌ته‌وه‌ ئه‌وا خۆی نائاسووده‌ و ویژدانی شه‌كه‌ت.

     جیهانی ئه‌مڕۆكه‌ هه‌میشه‌ له‌ گۆڕانكاریدایه‌ و هه‌ر ڕۆژه‌ی تیۆر و ڕێگایی نوێ بۆ به‌ره‌و پێشچوون باشتركردنی ژیان ده‌دۆزرێته‌وه‌ و گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌هاكان جێگیر نین و ده‌گۆڕدرێن، نابێت پارێزگاری كۆنه‌پارێزانه‌ بین كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌وژمی گۆڕانكاریه‌ نوێیه‌ی كوالیتی ژیان نه‌یه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ناشكرێ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی گۆڕانكاریه‌كان په‌رش ببێته‌ ناو كۆمه‌ڵگا و دواجار تاكه‌كانی ئاماده‌یی ئه‌م گۆڕانكاریه‌ هه‌ڵنه‌گرن و دۆخێكی لادانی گشتی بێنێته‌ ئاراوه ‌و شڵه‌قاوی كۆمه‌ڵگه‌ی لێ دروست بێت، كه‌ ئاكامه‌كه‌ی بێزاری و نائارامی هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، به‌ڵكو ده‌بێت به‌پلان و به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو كه‌ له‌گه‌ڵ واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕێكبخرێت كه‌ خزمه‌تی مرۆڤ و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكات و ئاراسته‌یه‌كی مرۆییانه‌ بگرێته‌به‌ر كه‌ ئاشته‌وایی و ئارامی لێبكه‌وێته‌وه‌.

     بەهاکان ئامانجە مرۆییە خوازراوەکانن كاتێك نامێنن دۆخێكی دژیه‌كی هه‌م له‌خودی تاكدا هه‌م له‌ كۆمه‌ڵگادا دروست ده‌كه‌ن و ئاكامی بێزاری گشتی و نادادی كۆمه‌ڵایه‌تی و فێڵ و لادانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ به‌شی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا په‌یڕه‌وی له‌و لادانه‌ له‌ به‌ها مرۆییه‌كان ده‌كات كه‌ ده‌شێ‌ به‌شێكی هه‌ر به‌نابه‌دڵیش په‌یڕه‌وی لێ بكات، له‌م دۆخه‌دا ڕه‌نگه‌ مرۆڤ به‌رگری له‌هیچ نه‌كات، چونكه‌ ئاراسته‌یه‌كی گشتی هه‌یه‌ گه‌رنا په‌راوێز ده‌خرێ و وه‌ك شكستخواردوویه‌ك ده‌بینرێت له‌چاوی گشتیه‌وه‌، مه‌ترسی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌یڕه‌وكاریی له‌ به‌ها مرۆییه‌ جوانه‌كان له‌چاوی گشتیه‌وه‌ شكست بێت، واته‌ به‌نه‌ریتبوون و مۆده‌بوونی لادان له‌ به‌ها مرۆییه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ قه‌یرانێكی قوڵی مرۆڤ بوون دروست ده‌كات.




پرسیاره‌كانی نائومێدی! … وریا مه‌عروف

ئه‌و نائومێدیه‌ قووڵه‌ی ئێمه‌ تیایدا خه‌ریكه‌ غه‌رق بین له‌ كوێیوه‌ هات! بۆچی ناتوانین لێی ده‌ربازبین؟ و تا بینه‌ قاقامان له‌ ژان و ئازاری هه‌ڵكێشاوین، ژیانی لێ كردووینه‌ته‌ زبڵدان، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌و و داهێنه‌ره له‌ هه‌ره‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌ گرنگیه‌كانی مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێ بخاپێندرێت، به‌ڵكو ده‌كرێت ڕێنیشانده‌ر بێت و په‌ی چاكه‌ و ڕاستی ببات و ڕێگاكانی بدۆزێته‌وه‌، ئه‌ی بۆچی تاكی ئێمه‌ كوێرانه‌ خۆی ده‌خاته‌ ته‌ڵه‌ی ته‌ڵه‌كه‌بازانه‌وه‌؟ ئه‌و چاوچنۆكی و جوانی و باشی ئارامی كردنه‌ قوربانیه‌ له‌پێناو چی؟ مه‌گه‌ر ئامانجی ژیان چیه‌؟!
خواستی مرۆڤ له‌ چوارچێوه‌ ئینسانیه‌كه‌یدا چیه‌؟ جه‌وهه‌ری ژیان چیه‌؟ كێن ئه‌وانه‌ی ده‌خاپێندرێن؟ بۆچی سه‌ره‌ڕای بوونی هه‌ست و درككردن به‌ خراپیه‌كان و تێپه‌ڕبوونی ئینسانی كورد به‌ ده‌یان ئه‌زموونی هاوشێوه‌ كه‌چی ده‌كه‌وێته‌ هه‌مان ته‌ڵه‌وه‌؟ بۆچی فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ و خاپاندن بووه‌ته‌ موده‌ و ڕۆژ به‌ڕۆژ ڕاستی و جوانیه‌كان ده‌كوژن ده‌یگشتێنن!.
بۆچی ڕۆژ به‌ڕۆژ چاولێكه‌رانی ئینسانه‌ خراپه‌كانی ئێمه‌ ڕوو له‌زیادبوون ده‌كه‌ن؟ بۆچی گه‌ر خراپه‌كار نه‌بیت هه‌ست به‌ كه‌می ده‌كه‌یت؟ بۆچی گه‌ر ته‌ڵه‌كه ‌و فێڵ نه‌كه‌یت ئه‌وانیتر به‌كه‌مت ده‌زانن و گۆشه‌گیر ده‌كرێی؟ بۆچی مرۆڤه‌ باشه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ په‌راوێز ده‌خرێن؟ بۆچی جوانی و باشی شه‌رمه‌زار ده‌كرێ؟ ئه‌ی باشی و چاكی له‌ كوێوه‌ بێت؟ ئه‌ی جوانی له‌ كوێوه‌ بێت؟ ئارامی له‌كوێوه‌ بێت؟ بۆچی بیركردنه‌وه‌كانمان ده‌مانباته‌ سه‌ر رێگاكانی یه‌هودا و ریش سپی و پیاو ماقوڵانی دۆزه‌خ…
ئێمه‌ له‌چی ده‌گه‌ڕێین به‌دوای چیدا وێڵین؟ چ ڕێگایه‌كی تر ماوه‌ تاقی‌بكه‌ینه‌وه‌؟ له‌ چه‌قی زبڵخانه‌یه‌كداین و زیاتر ڕۆ ده‌چین، به‌كوێ ده‌گه‌ین؟ به‌ره‌و كوێ هه‌نگاومان هه‌ڵگرتووه‌ بۆ كه‌وتووینه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م ڕێگایانه‌ كه‌ ڕێگای ئینسان نین!
ئه‌م كێبه‌ركێی كوشتنی جوانی و چاوچنۆكیه‌ به‌كوێمان ده‌گه‌ینێ؟ به‌ته‌ماین كه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌سڵی خۆمان؟ كه‌ی پرسیار له‌خۆمان ده‌كه‌ین ئه‌م هه‌موو ژانه‌ ئه‌م هه‌موو ئازاره‌ ئه‌و نائارامیه‌ی به‌هیچ شتێك ئارام نابێته‌وه‌ له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌؟




ژیان ده‌مێكه‌ ته‌واو بووه‌! … وریا مه‌عروف

ده‌مێك ته‌نیایی ڕاو ده‌نێت و
ده‌مێكیش لێی ڕاده‌كه‌ی
له‌ده‌ستی ڕزگارت نابێت
دواجار ته‌مه‌ن ڕاو ده‌نێیت
ژیان ده‌مێكه‌ ته‌واو بووه‌
هه‌ناسه‌كان لێدانی دڵ قورس ده‌كه‌ن.
كه‌س لێت تێناگا
وه‌ك غه‌ریبه‌یه‌ك هه‌زار ڕێگا
هه‌زار كۆڵان
هه‌زار مه‌مله‌كه‌ت ده‌بڕی و
ده‌ره‌قه‌تی ته‌نیایت نایه‌ی
جگه‌ له‌ خۆ سه‌رقاڵكردن
چیترت به‌ده‌سته‌وه‌ نامێنێته‌وه‌.
خودایه‌
ئه‌و هه‌موو ئازاره‌ی چه‌شتوومانه‌
به‌چه‌ند به‌هه‌شت قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌!
بیانووه‌كانمان بۆ ژیان زۆر ساده‌ن
به‌ڵام هه‌موو شتێك دووره‌ .. دوور
ژیان ده‌مێكه‌ ته‌واو بووه‌

وریا مه‌عروف




ته‌ڵاق چاره‌سه‌ره‌ یان كێشه‌! …. كۆمه‌ڵناس: وریا مه‌عروف

ته‌ڵاق

یەکێك لە دیاردە نەخوازراوەکانی چاخی نوێ به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو لە کۆمەڵگای ئەمڕۆییدا تەشەنەی کردوە، تەڵاقە. ئەم دیاردەیە بەردەوام سه‌لامەتی کۆمەڵایەتی و دەروونی کۆمەڵگایەکی تەندروست دەخاتە مەترسییەوە، چونكه‌ له‌م حاڵه‌تدا دوو بنه‌ماڵه‌ ژیانیان لێ تاڵ ده‌بێت و دووچاری قه‌هر ده‌بنه‌وه‌، ته‌ڵاق له‌ بنه‌ڕه‌تدا چاره‌سه‌رییه‌ نه‌ك خه‌سارێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی،‌ ده‌كرێ بڵێین ماڵێكی نائارام و پڕ له‌ كێشه‌ ده‌بێته‌ دۆزه‌خێك كه‌ تیایدا ژن و مێڕد و منداڵه‌كانیان ده‌ستووتێن بۆیه‌ له‌ هه‌ندێك كاتدا رێگا چاره‌یه‌كی ژیرانه‌یه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌ پێوه‌ندییه‌كی‌ ناله‌بار و پڕ له‌ كێشه‌، توێژه‌رانی تایبه‌تمه‌ندی بواری خێزانیش ده‌ڵێن؛ ئه‌گه‌ر ژن و مێرد نه‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن و تێگه‌یشتن كه‌ له‌ژێر سه‌قفی ماڵێكدا به‌ئارامی بژین ئه‌وا له‌بری هه‌موو ڕۆژێك كێشه‌ و شه‌ڕ و ناكۆكی به‌سه‌ر ببه‌ن، ته‌ڵاق گونجاوترین چاره‌سه‌ریه.‌ هه‌ندێكجار له‌نێوانی هاوسه‌راندا تروسکاییه‌ک هیوای چاک بوونه‌وه‌یان لێ به‌دی ناکرێ ،له‌و کاته‌دا ڕێگه‌ چاره‌یه‌کی دی نیه‌ بێجگه‌ له‌ په‌نا بردنه‌ به‌ر ته‌ڵاق، لێره‌دا نابێت وه‌ك تاوان یان شتێكی ناشیرن سه‌یر بكرێت له‌زۆرباردا ته‌ڵاق چاره‌سه‌ریه‌ كاتێك ژن و مێردێك نه‌یانتوانی وه‌ك دوو مرۆڤ ڕێز له‌یه‌كتر بگرن و ببنه‌ هۆكاری ماڵێكی ئارام ئه‌وا له‌بری ئه‌وه‌ بۆ ڕێگریكردن له‌و هه‌موو یه‌كتر شكاندنه‌ به‌یه‌كجاری له‌یه‌ك داده‌بڕێن. له‌هه‌مانكاتیشدا زۆر كێشه‌ و ناكۆكی هه‌ن چاره‌سه‌ریان ساناهیه‌ نابێت درێژه‌ی پێ بدرێت به‌ڵكو پێویسته‌ به‌ دانیشتن و گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێت.

تەڵاق دیاردەیەکی جیھانی بەردەوامە تایبەت نیە بەشوێنێک و کاتێکی دیاریکراو، بەڵام به‌ڕێژە و ھۆکاری جیاواز بەپێی کلتور و یاسا و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی شوێنەکە، ژیان بێ کێشە نابێت بەڵام کێشەیەک ببێتە ھۆی تێکدانی ژیان و نەھێشتنی ئاسوودەیی پێویستە ھەڵوه‌ستەی لەسەر بکرێت و بەجدی کاربکرێت بۆ چارەسەر کردنی. ڕێژه‌ی ته‌ڵاق له‌ زۆر شوێندا له‌هه‌ڵكشاندایه‌، هه‌رچه‌نده‌ ته‌ڵاق له‌کۆمه‌ڵگا‌یه‌که‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵگا‌یه‌کیتر و له‌بارودۆخێکه‌وه‌ بۆبارودۆخێکیتر جیاوازی هه‌یه‌و ده‌گۆڕێ، بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ی له‌کۆمه‌ڵگا‌ی ڕۆژئاوادا‌ ده‌یبینین ئاسایی تره‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌یبینین. له‌كۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی به‌هۆی ئه‌و نه‌ریته‌ی كه‌ هه‌یه‌ ئافره‌تی ته‌ڵاقدراو به‌هۆی به‌كه‌م سه‌یركردنیه‌وه‌ دووچاری فشارێكی ڕۆحی و ده‌روونی سه‌خت ده‌بێته‌وه‌ كه‌ زۆرجار ته‌حه‌مولنه‌كراوه‌ چ وه‌ك تێڕوانین چ وه‌ك قسه‌كردن له‌سه‌ری له‌لایه‌ن ده‌روبه‌ره‌وه‌ جه‌رگبڕانه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ گومانی ئه‌خڵاقی ده‌درێته‌ پاڵ و له‌ كار ده‌ره‌وه‌شدا له‌وانه‌یه‌ زۆرجار دووچاری گیچه‌ڵ ببێته‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ دووباره‌ دورستكردنه‌وه‌ی خێزانیش(شووكردن) بۆی زۆر سه‌خت ده‌بێت به‌جۆریك له‌وانه‌یه‌ مه‌حاڵ بێت به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی منداڵیان هه‌یه‌ و منداڵه‌كان له‌لای خۆیانه‌، بۆ پیاوانیش سه‌خته‌ به‌ڵام بۆ ئافره‌تان ده‌ به‌رانبه‌ر زیاتریش سه‌ختتره‌، به‌ڵام له‌نێوان دوو خراپدا پێویسته‌ ئه‌و خراپه‌ هه‌ڵبژێرن كه‌ هیچ نه‌بێت له‌ ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئارامی و بوونیان بكه‌ن وه‌ك ئینسان.

پێویسته‌ هاوسه‌ران له‌ ئاكامی گه‌یشتن به‌ته‌ڵاق په‌نا بۆ توندوتیژی و شكاندنی یه‌كتر و دروستبوونی كێشه‌ی نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ نه‌ده‌ن، پێویسته‌ وه‌ك چاره‌سه‌ر بگه‌نه‌ ئه‌نجامی ته‌ڵاق نه‌ك وه‌ك دوژمنداری. ته‌ڵاق بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاكوو له‌ وێستگه‌یه‌كیتر و له‌ شوێنێكیتر سه‌ر له‌نوێ ده‌ست به‌ژیان بكه‌یته‌وه‌. پێویسته‌ ته‌ڵاق لەھەنگاوێکی مرۆڤدۆستانەدا‌ و بەئامانجی پاراستنی خێزانەکان‌و شیررازەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بێت. ته‌ڵاق ‌ چاره‌سه‌ر و بژارده‌یه‌كی باشه بۆ ئه‌و هاوسه‌رانه‌ی كه‌ ناتوانن له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌ڵكه‌ن و ژیانیان له‌یه‌كتر كردووه‌ به‌دۆزه‌خ، به‌ڵام ئه‌و ڕێژه‌ی زۆره‌ی ته‌ڵاق و ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ هه‌یه ‌( له‌م شیكارییه‌ باس له‌هۆكاره‌كان و ئاماریش ده‌خه‌مه‌ڕوو)‌ ناوده‌نێم له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزان و تێكچوونی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگا. ته‌ڵاق؛ بریتیه‌ له‌خۆ ڕزگاركردن له‌ بارێكی ئاڵۆز و ناله‌بار و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان و گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری به‌پێی یاسا خۆیان له‌ كۆتی هاوسه‌ری ده‌رباز ده‌كه‌ن.

خستنه‌ڕوو شیكاری بۆ ڕێژه‌ی ته‌ڵاق له‌ ساڵی 2010- 2016

ساڵانه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئاماری ته‌ڵاق ئاشكرا ده‌كات له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌پشت به‌ستن به‌ ئاماره‌ فه‌رمیه‌كان ئه‌م به‌راوردكارییه‌م ئه‌نجامداوه‌ له‌ جیاوازی ڕێژه‌ی ته‌ڵاق له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانی (2010-2016) ئاماری ساڵی 2017 به‌رده‌ست نه‌بوو،‌ ده‌رده‌كه‌وێت‌ ساڵ به‌ساڵ ڕێژه‌ی ته‌ڵاق ڕوو له‌زیادبوونه‌.

رێژەی تەڵاق لەساڵی ٢٠١٠
٣٧٢٨

رێژەی تەڵاق لەساڵی٢٠١١
کۆی گشتی/٤٥١٦
788 ته‌ڵاق زیادی كردووه‌ له‌ساڵی پێشووتر

رێژەی تەڵاق لەساڵی ٢٠١٢
کۆی گشتی/٦٠٧٩
1563 ته‌ڵاق زیادی كردووه‌ له‌ساڵی پێشووتر

رێژەی تەڵاق لە ساڵی٢٠١٣
کۆی گشتی/٦٤١٧
338 ته‌ڵاق زیادی كردووه‌ له‌ساڵی پێشووتر

رێژەی تەڵاق لەساڵی٢٠١٤
کۆی گشتی/٨٧٧٧
2360 ته‌ڵاق زیادی كردووه‌ له‌ساڵی پێشووتر

رێژەی تەڵاق لەساڵی٢٠١٥
کۆی گشتی/٩٠٤١
264 ته‌ڵاق زیادی كردووه‌ له‌ساڵی پێشووتر

رێژەی تەڵاق لە ساڵی٢٠١٦
کۆی گشتی/٥٨١٤
3227 ته‌ڵاق كه‌می كردووه‌ له‌ساڵی پێشووتر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ساڵی 2016 به‌راورد بكه‌ین به‌ ساڵی 2010 ئه‌وا 2086 ته‌ڵاق زیادی كردووه‌.

لە ساڵی (٢٠١٠- ٢٠١٦) له‌هه‌رێمی كوردستان (44372) حاڵه‌تی ته‌ڵاق تۆماركراوه‌

هۆكاره‌كانی ته‌ڵاق

ئه‌و ڕێژه‌ی زۆره‌ی ته‌ڵاق كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماره‌كانم خستووه‌ته‌ڕوو مه‌ترسیداره‌ و پێویسته‌ هۆكاره‌كانی ده‌ستنیشان بكرێت و به‌ جدی و دڵسۆزیه‌وه‌‌ خه‌می بۆبخورێت و هه‌نگاوی كه‌مكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی ده‌زگا فه‌رمیه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌.
1- هۆكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان: ئه‌و هۆكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی ده‌بنه‌ هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان زۆرن، من لێره‌دا ئه‌وانه‌ ده‌خه‌مه‌ به‌رباس و قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م كه‌ فاكته‌ری دیار و زه‌قن.
1-1- ده‌ستوه‌ردانی كه‌سانیتر له‌ كاروباری خێزان: یەکێک لە هۆكاره‌ دیار و زه‌قه‌كان ده‌ستوه‌ردانی کەسی سێیەمە له‌ ژیانی تایبەتی ژن و مێرد كه‌ لە لایەن خانەوادەی ژنه‌كه‌ یان و مێرده‌كه‌وه‌ ده‌كرێت، له‌ ئاماره‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریشدا ڕێژه‌ی ئه‌م هۆكاره‌ به‌رزه‌، گه‌ر هۆكاری سه‌ركیش نه‌بێت له‌هه‌ر حاڵه‌تێكی ته‌ڵاق، له‌ زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كان پاڵنه‌ره‌ و ته‌ڵاق ئاسانتر ده‌كات، چونکە کاتێك کێشە خێزانییەکان لە بازنەی پەیوەندی نێوان ژن و مێردەکە تێبپەڕێت چارەسەر کردنی ئاسان نابێت، ڕه‌نگه‌ له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا له‌لایه‌ن كه‌سانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ بڕیاری ته‌ڵاق بدرێت و فشار له‌ ژن و مێرد بكه‌ن كه‌‌ خواستی خۆشیانی له‌سه‌ر نه‌بێت. ده‌بینین زۆرجاران سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژن و پیاو ماڵی سه‌ربه‌خۆیشیان هه‌یه‌، به‌ڵام خێزانه‌كانیان هه‌ر ته‌داخولیان ده‌كه‌ن، هه‌تا گه‌ر بێكێشه‌ش بن، گریمانه‌ و گومانی خراپیان ده‌خه‌نه‌ مێشكه‌وه‌ به‌جۆرێك كاریگه‌ریان له‌سه‌ر داده‌نێت ڕۆژ به‌ڕۆژ كێشه‌كانیان زیاتر ده‌بیت و دواجار به‌ ته‌لاق كۆتایی دێت.
1-2- هاوسه‌رگیری به‌ زۆره‌ملێ: له‌ كوردستاندا ته‌مه‌نێكی‌ دیاریكراو دانراوه‌ بۆ هاوسه‌رگیری كردن له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه‌، ئه‌گه‌ر كچان و كوڕان به‌و ته‌مه‌نه‌‌دا تێپه‌ڕین و هاوسه‌رگیریان ئه‌نجامنه‌دا، ئه‌وا ئه‌و كات ده‌كه‌ونه‌‌ به‌ر تانه‌و توانجی‌ ده‌وروبه‌ر و فشاریان ده‌خرێته‌ سه‌ر و بێزارده‌كرێن، كه‌م نین ئه‌وانه‌ی‌ به‌هۆی‌ ئه‌م نه‌ریته‌ كۆنه‌وه‌ ناچاركراون هاوسه‌رگیری ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌م جۆره‌ هاوسه‌رگیریانه‌ ڕێگه‌ خۆشكه‌ره‌ بۆ زیادبوونی‌ ریژه‌ی‌ ته‌لاق. یان له‌كاتی بوونی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و ئاشكرابوونیان ناچار به‌ هاوسه‌رگیری ده‌كرێن بۆ پاراستنی ئابڕوویان، ناچار به‌ هاوسه‌رگیری ده‌كرێن.
1-3- ناپاكی هاوسه‌ری (داوێن پیسی): ئه‌م هۆكاره‌ش به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان فه‌رمیه‌كان ڕێژه‌یه‌كی به‌رزی هه‌یه‌، له‌ ئه‌گه‌ری ڕوودانیشیدا ڕه‌نگه‌ چاره‌سه‌ری مه‌حاڵ بێت و به‌ ته‌ڵاق كۆتایی بێت، به‌تایبه‌تی گه‌ر له‌لایه‌ن ژنه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامدرابێت، به‌ڵام گه‌ر هاتوو له‌لایه‌ن پیاوه‌که‌وه‌ بوو له‌وانه‌یه‌ زۆر جار نه‌گاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ ژنه‌كه‌ی چاوپۆشی لێبكات، سه‌رباری ئه‌وه‌ش راسته‌ له‌ماڵێكدا ده‌ژین به‌ڵام متمانه‌ ناهێڵێت و له نائارامیه‌كی توندو و ژیانێكی تاڵدا ده‌ژین، هه‌میشه‌ ئاماده‌ ده‌بن بۆ ته‌ڵاق.

هۆكاره‌كانی ناپاكی هاوسه‌ری:

1- ته‌كنه‌لۆژیا (دراما دۆبلاژكراوه‌كان و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و موبایل)
2- هه‌ندێك له‌هاوسه‌ران به‌ سروشتی خۆیان حه‌زیان له‌ خیانه‌تكردنه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆكاریكی دیاریكراویان هه‌بێت.
3- گرنگی نه‌دان به‌یه‌كیتر و نه‌بوونی ڕێز و خۆشه‌ویستی له‌نێوانیان.
1-4- جیاوازی ته‌مه‌ن: زۆر جار له‌به‌ر هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی ئافره‌ت هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ پیاوێكی له‌خۆی گه‌وره‌تر و به‌ته‌مه‌نتر ئه‌نجام ده‌دات له‌به‌ر فشاری ماڵه‌وه‌ یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌یره‌ نه‌مێنێته‌وه‌، خۆی له‌ تانه‌ و ته‌شه‌ری كۆمه‌ڵگا رزگار بكات، به‌ڵام له‌ ژیانی هاوسه‌ریش وازی لێ ناهێنن و به‌ قسه‌ وقسه‌ڵۆك و توانج وای لێده‌كه‌ن هه‌ستی خۆ به‌كه‌مزانینی لا دروست بیت، تا دواجار بگاته‌ زۆربوونی كێشه‌ له‌ خێزان و جیابوونه‌وه‌ و به‌ ئاكامی ته‌ڵاق بگات.
1-5- نه‌بوونی ماڵی جیا: یه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌ به‌هێزه‌كانی ته‌ڵاق گه‌ر یه‌كێكیش نه‌بێت له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كان ئه‌وا پاڵنه‌رێكی به‌هێزه‌ بۆ هۆكاره‌كانی تری ته‌ڵاق.
1-6- ته‌كنه‌لۆژیا: ته‌كنه‌لۆژیا به‌گشتی و هۆكاره‌كانی گه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن و دراما دۆبلاژكراوه‌ بیانیه‌كان پاڵنه‌ر و هۆكارێكی به‌هێزن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی جۆره‌ها كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌نێویشیاندا ته‌ڵاق، هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ ئاست ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌دانین، دراما دۆبلاژكراوه‌كان پڕه‌ له‌ دیمه‌نی لاده‌رانه‌ به‌ پێوه‌ری نه‌ریت و كلتور و یاساكانی كوردستان، دونیایه‌كی فانتازی وای تیایه‌ كه‌ گه‌ر بینه‌ر هۆشیار نه‌بێت ئێره‌ی ده‌بات و هه‌وڵی لاسایی كردنه‌وه‌ی ده‌دات، گه‌ر ڕاسته‌وخۆش كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌بێت ئه‌وا به‌ تێپه‌ڕبوونی كات كاریگه‌ری له‌سه‌ر داده‌نێ تا ده‌گاته‌ دروستبوونی كێشه‌ و ناكۆكی و جیابوونه‌وه‌ و دواجاریش ته‌ڵاق. زۆرجار له‌وانه‌یه‌ دراماكان فێركاری یاخود ڕێنیشانده‌ربن بۆ لادان و ناپاكی هاوسه‌ری و جیابوونه‌وه‌ و ته‌ڵاق، هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندی وه‌ك موبایل و ئه‌نته‌رنێتیش پاڵنه‌رێكی به‌هێزن بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و به‌یه‌كجاری دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خێزان و پێكهاته‌و ژینگه‌ی خێزان.

كۆمه‌ڵێك هۆكاری تریش هه‌ن وه‌ك (توندوتیژی خێزانی، فرەژنی، هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌، دڵپیسی و گومان لە یەکتر کردن، نەشارەزایی و ھۆشیارنەبوون، هه‌روه‌ها خاڵێكی تری گرنگ؛ گرنگیدان ته‌نها به‌ڕه‌وشت به‌بێ گوێدانه‌ بیركردنه‌وه‌ و هه‌ڵسوكه‌وت (نه‌شاره‌زایی و هۆشیارنه‌بوون ).

2- هۆكاری ده‌روونی: كاتێك یه‌كێك لە ھاوسەرەکان دووچاری نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌بێت و توانای هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی خێزانی نامێنێت. یان به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كه‌وه‌ هه‌ڵكردنیان له‌گه‌ڵ یه‌كتری و مانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌ك ئازار و ناخۆشی و مه‌ینه‌تی بێت په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ته‌ڵاق.

3- هۆكاری ئابووری: زۆری ماره‌یی و داواكاری زۆری ژن له‌ کاتێکدا مێرده‌که‌ی توانای جێبه‌جێكردنی ئه‌و هه‌موو داواكارییه‌ی نیه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بکه‌وێته‌ ژێر قه‌رزه‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌ژاری و نەبوونی، كێشه‌ی نیشتەجێبوون و ئارام نه‌گرتن له‌سه‌ر باری هه‌ژاری و كاسبی مێرده‌که‌ی .

4- هۆكار بایلۆجی: وه‌ك نه‌خۆشی درێژخایه‌ن، نه‌زۆکی، ساردی سێکسی.

سه‌رباری هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی باسم كرد ده‌مه‌وێ هۆكاری تازه‌ی پشت ته‌ڵاق بخه‌مه‌ ڕوو، كه‌ ده‌شێ كاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌رجه‌م هۆكاره‌كانی تریش هه‌بێت ئه‌وانش؛ (ماڵپەڕە كۆمەڵایەتییەكان و گەشتكردن)ه‌ لەدوای ئەم كرانەوەیە ئێستا تێڕوانینی گەنجان بۆ هاوسەرگیری و تەڵاق گۆڕاوە و هاوسەرگیری پیرۆزیی جارانی نەماوە كە بەقەفەزێك وێنایان دەكرد و لێ هاتنە دەرەوەی نەنگی بوو.

ئاكامه‌كانی ته‌ڵاق

1- سه‌رگه‌ردان بوونی منداڵ له‌كاتێكدا منداڵه‌كه‌ له‌م كێشه‌یه‌ بێ لایه‌نه‌ كه‌چی قوربانیه‌ گه‌وره‌كه‌شه‌.
2- دروستبوونی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خوێنداری له‌نێوانی بنه‌ماڵه‌ی مێر د و ژنه‌كه‌.
3- سه‌رگه‌ردان بوونی ژن و مێرده‌كه‌ كه‌ هه‌ردووكیان ته‌نیا ده‌مێننه‌وه‌. به‌تایبه‌ت بۆ ژنان به‌هۆی تێڕوانینه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی كۆمه‌ڵگا، هه‌روه‌ها نه‌بوونی سه‌رچاوه‌یه‌كی مادی بۆ گوزه‌ران، لێره‌دا ژنان له‌ڕووی ڕۆحی و ئابووریه‌وه‌ زیانی زیاتریان به‌رده‌كه‌وێت.

پێشنیار:

گرنگیدان به‌ پێگه‌ی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌دادگاكان بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ و هاوكاریكردنی بۆ گه‌یشتن به‌ هۆكاره‌ ڕاسته‌قینه‌كانی كێشه‌ی نێوان ژن و مێرد و فه‌رمانبه‌ری تایبه‌ت به‌ ئامار بۆ ئه‌وه‌ی ئامار و هۆكاری ڕاست و دروستمان به‌رده‌ستبێت، له‌سه‌ر ئه‌و پێوه‌ره‌ هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ ڕێژه‌ی ته‌ڵاق و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نێوان ژن و مێرد بدۆزرێته‌وه‌.
هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ده‌زگا فه‌رمیه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی وه‌ك ( ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی…هتد).
دابینكردنی ڕاوێژكاری خێزانی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌لایه‌تی.




لە بارەی نائومێدیەوە … وریا مەعروف

نائومێدی مرۆڤ بەگەڕدەخات تاکوو بەدوایی ژیانێکی چاکتر و باشتردا بگەڕێت، دەیکاتە کەسێکی ناڕازی و وای لێدەکات بکەوێتە ھەوڵ و کۆشش بۆ گەڕان بەدوای دەستکەوتنی بەھای ئینسانیەوە، تاکوو لەڕێگەیەوە ڕۆح و دەروونی ئازاد و سەربەست بکات. ئەوەی مرۆڤ دڕدۆنگ و دەستەوەستان دەکات نائومێدی نیە،‌ بەڵکو لاوازی و ڕووخانە. نائومێدی پێویستە مرۆڤ بەجوڵە بخات و بیباتە قۆناغێکی تر و ژیانێکی شیاوتر.

مرۆڤ کە نائومێدبوو دەستھەڵدەگرێت و بەدوای ڕێگا چارەیەکی تردا دەگەڕێت، وای لێدەکات بەدوای بوونێکی باشتردا بگەڕێت، تاکو بگات بە شوناسێکی تایبەت و ژیانێکی باشتر و گونجاوتر کە شیاوی ئینسان بێت، کاتێک ھەمووان وەکو یەک وان، ھەست بە بوونی خۆیان ناکەن وادەزانن مردوون و شکۆ و ڕێزیان نەماوە، ڕەنگە بتوانن بۆشاییەک پڕبکەنەوە بەڵام گرنگ نین، لێرەدا نائومێدی لەدۆخی خۆت – ھێزت وەبەر دەدات و وات لێدەکات ھەنگاو بنێیت و ھەوڵبدەی ببیتە کەسێکی گرنگ، توانا ڕاستەقینەکەی خۆت دەخەیتە گەڕ بە حەز و عەشقەوە سەر لەنوێ دەستپێدەکەیت..

پێویستە نائومێدی بتگەیەنێتە ئازادی و سەربەخۆیی ئەوە وەزیفەی ڕاستەقینەی نائومێدیە نەک وەستان.

نائومێدبوون وات لێدەکات لەو زەلکاوەدا مەلە نەکەیت کە بۆگەنەکەی کاسی کردووی و دەست و قاچەکانت لە قەوزەکانی گیربووە، وات لێدەکات خۆت ڕاوەشێنی و دەرپەڕی لە وێستگەیەکی تر دەست پێبکەیتەوە. بوونی ئومێد لە زەلکاودا دەتخنکێنێت و دەتڕزێنێتەوە و، بوونی خۆت لەدەست دەدەی، پێویستە خۆت دەرباز بکەیت، ئەمەش چۆن ھەنگاوی بۆ دەنرێ؟ ئەوکاتە ھەنگاوی بۆ دەنرێ کە تۆ نائومێدبیت، بەدوای ڕێگایەکی تر و ژیانێکی دیکەدا دەگەڕێت، بوونی ئومێد دەتخاپێنێ و، چاوەڕوان دەتھێڵێتەوە دەتکاتە کەسێکی دەستەوەستان کە پشت بە کەسانی تر ببەستی و دوورکەویتەوە لەخۆت.

تا نائومێد نەبین ناتوانین ھەنگاوی نوێ بھاوێژین و ڕێگایەکی نوێ بگرینەبەر، نابێت بوەستیت ھەم لەباری خراپی و ھەم باش-یشدا، وەستان چێژی ژیانت لێدەستێنێتەوە، ڕەنگە وەستان ئارامیت پێببەخشێ، بەڵام چێژت لێدەستێنێتەوە، وەستان تەنھا بۆ پشوودان پێویستیە،‌ بەڵام درێژخایەن بزرت دەکات، دڵخۆشی و چێژت لەناو دەبات، ڕەنگە لەھەموو ھەستێکی ئیسنانیش خاڵیت بکاتەوە، مرۆڤ سنورێکی ڕۆحی فراوانی ھەیە تەواو نابێت، ھەمیشە لەگەڕاندایە بۆ ئەوەی بگاتە زۆرترین و باشترین، نائومێدی وزە و ھێزی گەڕانیەتی.

نائومێدی بە مانای کۆتایی ھاتن نایەت،‌ بەڵکو سەره‌تایی دەستپێکێکی نوێیە بەرەو باشتر، کاتێک خەمگینی و ئازار و نا ئارامی تا بینە قاقات ھاتووە ھەناسەی تەنگ کردووی و پێویستە بەرزبیتەوە، بجووڵێیت.. وات لێدەکات لەو دۆخە دەرچیت کە نائومێدی کردووی، لە شوێنێکی دوورتر بڕوانی بەدوای ڕێگایەکی باشتردا بگەڕێی…




كه‌وتن … وریا مه‌عروف

ئێمە لەناو ئیفلاسێکی خنکێنەردا دەژین، ئـیفلاس لەدوای ئیفلاس، ژیان پەککەوتە بووە خه‌ریكه‌ لەکەوتنی ئەبەدی نزیک دەبینەوە، بەھا ئینسانیەکان هێواش هێواش نامێنێ تەنانەت وشەی شادی و گوزارشتی باش و ئینسانیانەش خه‌ریكه‌ لەفەرھەنگدا دەکەونە غیابەوە.

هه‌موو هێرشه‌كان به‌ ئاراسته‌ی كوشتنی ڕۆح و وێرانكردنی ناخ ئاراسته‌یان گرتووه‌، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێویسته‌ له‌ مرۆڤدا هه‌بن خه‌ریكه‌ ده‌توێنه‌وه‌ و له‌ناو ده‌چن. خراپیه‌كان ڕێگای خۆیان گرتووه‌ به‌ری پێناگیرێ، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌خۆمان بكه‌ین خه‌ریكه‌ ده‌بینه‌ گیاندارێكی مه‌ترسیدار، هێنده‌ مه‌ترسیدار هه‌ناسه‌دان و ئارامی ده‌شێوێنین. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌كی خه‌فه‌تبارانه‌ی هیچه‌، ئه‌م ژینگه‌یه‌ ناچار به‌ كرده‌وه‌گه‌لێكت ده‌كات كه‌ چێژبه‌خشه‌ و ویژدان ئازارده‌ره‌، ویژدان سه‌رپشك نیه‌ له‌ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ و فه‌رمان ده‌ركردن، ئه‌و كارانه‌ی ویژدان و ناخی تۆ ئاسووده‌ده‌كه‌ن ژینگه‌ی گشتی ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ و دژیه‌تی، ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی گشتیش ده‌یه‌وێ تۆ ناته‌وێ له‌هه‌ردوو باردا تۆ ئازار ده‌چێژی، له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ژه‌نگاوی نراوی خه‌ریكه‌ ژه‌نگ ده‌گاته‌ سه‌ر دڵت.

خیانەت و لادان و تاوان خەریکە دەبێتە مۆدە، مۆدەیەکی بریقەدار و جێگای فەخر، شکاندن بووەتە وەزیفەیەکی ئارامکەرەوە.

بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گه‌مژه‌ نه‌بینرێیت ده‌بێت له‌ ڕێڕه‌وی خۆت لاده‌ی، خۆت خودی خۆت بشكێنی له‌ناخه‌وه‌ – له‌ ڕێڕه‌وی ویژدان و ئاره‌زووه‌كانت لاده‌ی، هه‌رچه‌نده‌ی بیر له‌ جوانی و باشیه‌كان ده‌كه‌یته‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت خۆت فریو ده‌ده‌یت ڕه‌نج به‌ خه‌سارده‌مێنیته‌وه‌، ده‌گه‌یته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی نه‌فره‌ت له‌ هه‌موو شتێك بكه‌یت بكه‌ویته‌ ئه‌و گشتیه‌ ناشیرنه‌وه‌ بچیته‌ ناو ئه‌و زه‌لكاوه‌ ئاراسته‌كراوه‌ی كه‌ تیایدا بوون له‌خۆتت داده‌بڕێنێت و شوناسێكی دیكه‌ت پێده‌دات و بزرت ده‌كات.
ھەموو ئەو دەردانەی ھەمانە مێژوویەکی کۆن و له‌ مێژینه‌یان ھەیە جگە لەوەی چارەسەرنەکراون، له‌ فۆرمێكی نوێدا خۆیان نمایش كردووه‌ و به‌سه‌ریه‌كدا کەڵەکەبوون و ھەمیشە به‌بەردەوامی دەردی نوێشمان بۆ زیاد دەبێت، وه‌ك ڕێگایه‌كی پیرۆزیش لێی لاناده‌ین و مشورێكی ناخۆین، چاوه‌ڕێی كه‌وتنی ئه‌به‌دی ده‌كه‌ین و له‌به‌ینچوونی جوانیه‌كان ڕاهاتووین و بووه‌ته‌ شتێكی ئاسایی و ساده‌ و لاوه‌كی. ئێمه‌ خۆمان خه‌می خۆمان نیه‌ ئومێدمان له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌ڵچنیوه‌، ده‌مانه‌وێ كه‌سێك بێت یان هێزیك له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆمان هه‌موو شتێكمان بۆ باش بكات و به‌سه‌رمانیدا بسه‌پێنێت.

ماوینەتەوە چونکە وزەیەکی گەورەی خۆ لەگێلی دانمان ھەیە، ھێزێکی گەورەی اھمال کردنمان ھەیە.

ئێمه‌ گه‌وره‌یی مرۆڤ ده‌خه‌ینه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ هه‌موو تیۆر و ئایه‌ته‌كانمان پووچه‌ڵكرده‌وه‌، لێره‌ هێزی ئینسانی به‌جۆرێك لاوازه‌ كه‌ توانای ئاراسته‌كردنی هیچی نیه‌، پێوه‌ری باشی و خراپی بزربووه، لێره‌ له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ په‌ڕاگه‌نده‌یه‌دا‌ چه‌وساندنه‌وه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه،‌ چونكه‌ ئه‌و شته‌ی به‌سه‌رتدا ده‌سه‌پێنرێت ئه‌وه‌ باشترینه‌ له‌لایان. دواجار سه‌رده‌نێینه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌هیچ شتێك بگه‌ین…




ئێمە دەمێکە جواب کراوین … وریا مه‌عروف

ھەموو شتێکمان ڕاونا، ئەوانەی مانەوە و سۆز و بەزەییان ھەبوو ھیچ ئومێدیکیان بە ئێمە نەما، بەجێیان ھێشتین، ھەموو شتێک ڕوودەدات، ئێرە بێ پاسەوان و بێ پارێزەر و بێ ڕێگریە، ژیان گوستراوەتەوە ڕەنگه‌ تۆرابێت و، ھەڵفڕیبێت، هه‌موو وه‌ڵامه‌كان پاڵنه‌رن- هانده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگایه‌كی تر بگرینه‌به‌ر، ڕێگای مرۆڤ.. ڕێگای ژیان.

سزا دۆزه‌خیه‌كانی دونیا سه‌رپشك كراون چۆن و چ كاتێك و به‌ چی قه‌باره‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ی زه‌میندا ببارن.

شەپۆلە بێ ڕەحمەکانی ژیان کە دەڕژێن- دادەبارێن، جێگەیان نابێتەوە، دەگەڕێن و دەگەڕێن ھیچ کوێ نادۆزنەوە و پەی بەھیچ بۆشاییەک نابەن، دواجار دەگەنە ئێرە تەختاییە ڕێگایەکی کراوەیه‌، دادەبارێن نەھامەتیەکان ئازارەکان. چ خواستێكه‌ ئێمه‌ لێره‌ بكه‌وین؟. چ ئاره‌زوویه‌كه‌؟ ئێمه‌یان فڕێدایه‌ زبڵدانی ژیان و، له‌ ڕابردوودا زیندانیان كردین، ڕابردوو وەک ژەھر وەک شێرپەنجە كه‌م كه‌م له‌ناومان ده‌بات، ئێمەش ھەموو جوانیەکانمان کوشت، ھەموو پیرۆزییەکانمان تۆراند.

ئێمه‌ ئه‌و چه‌قۆیه‌ین گوڵه‌كان ده‌بڕینه‌وه‌، تیر ده‌گرینه‌ خۆر و پشت ده‌كه‌ینه‌ مانگ، مرۆڤه‌ باش و چاك و جوان ڕۆحه‌كان گۆشه‌گیر ده‌كه‌ین ئه‌نجن ئه‌نجنیان ده‌كه‌ین، ئه‌ستێره‌كان تووڕ هه‌ڵده‌ده‌ین، ته‌نیا قه‌وزه‌ و كه‌ڕوو به‌م خاكه‌ ڕه‌وا ده‌بینین، مه‌كینه‌یه‌كی گه‌وره‌- كارگه‌یه‌كی پله‌ یه‌كی مه‌وادی خراپین. كه‌ مرۆڤ بوویت دوورت ده‌خه‌نه‌وه‌، ناچارت ده‌كه‌ن گۆشه‌گیربیت – ته‌نیابیت، دوور دوور كه‌ویته‌وه‌، قه‌هر و ژان داده‌بارێ بۆت، ڕێگاكانی مرۆڤ بۆ ژیان داخراوه‌، كۆنكریتیه‌.
خۆشه‌به‌ختی زۆر دووربوو هه‌ر بیریشمان لێ نه‌كرده‌وه، ته‌نها ویستمان داشكاندنێكی كه‌م له‌ ئازاره‌كان بكه‌ین- زیاتربوون داده‌بارێ، وه‌ك موژدانه‌ داده‌بارێن…




گه‌ڕان به‌دوای بوون له‌شیعره‌كانی ناشاد دا … وریا مه‌عروف

له‌ساڵی هه‌شتایه‌كانه‌وه‌ سیروان ناشاد ده‌ستی دواوه‌ته‌ نووسین و شیعر ئه‌زموونێكی له‌مێژینه‌ی له‌وبواره‌دا هه‌یه‌ و چه‌ندین كتێبی چاپ و بڵاوكراوه‌ی هه‌یه‌ لێره‌دا من باس له‌ شیعر ده‌كه‌م جیا له‌ نووسینه‌كانی تری، شیعر جیاواز لەژانرەکانی تری ئەدەب، پێویستی بەخوێندنەوەیەکی کەمێ تایبەت و وردترە له‌بارێكى هزرى ئارامدا ده‌توانى بگه‌ى به‌ بەکۆدە شاراوەکانی نێو دەقێکی دیاریکراو ناکرێ وەك خوێندنەوەی هەواڵێك لەڕۆژنامەیەكدا شیعر بخوێندرێتەوە.

ئه‌زموونى شيعرى ناشاد فراوانه‌ و خاوه‌نى چه‌ندين كتێبى شيعريه‌ به‌ڵام زياتر ده‌وه‌ستمه‌ سه‌ر تێكسته‌كانى كتێبى (عه‌وره‌تى گه‌ڵا) ئه‌و هه‌ميشه‌ له‌ هه‌وڵدايه‌ بۆ تاقيكردنه‌وه‌ى ڕێگه‌ و شێوازى نوێى نووسينى ده‌ق و قه‌تيس نه‌بوون له‌سه‌ر ته‌نها ڕێچكه‌يه‌ك، به‌دۆزينه‌وه‌ ته‌نها ڕێگه‌يه‌ك نه‌وه‌ستاوه‌ هه‌نگاوى ناوه‌ به‌ره‌و تاقیكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی دیكه‌ و دۆزینه‌وه‌ی زمانی دیكه‌ بۆ ده‌ربڕین، به‌وه‌ خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌كات هه‌ميشه‌ په‌نا ده‌بات بۆ كه‌شفكردنى ڕێگه‌ى ديكه‌ بۆ گوزارشتكردن له‌ ئازاره‌كانی مرۆڤ، خوێنه‌ر حه‌زده‌كات بكه‌وێته‌ دواى شعره‌كانى، وه‌ك زنجيره‌ك تا كۆتاييه‌كه‌ى بڕوات و ببينێت،. فۆرمى شعيرى ناشاد فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ و‌ زۆربه‌ى شيعره‌كانى شيعرى درێژن قه‌سيده‌ن، گێڕانه‌وه‌ى تێدايه‌ ڕووداوى تيدا باسكراوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك چيڕۆكى ناو مێژوو، هه‌وڵێداوه‌ له‌ ڕێگاى گێرانه‌وه‌ى رووداوه‌كان گوزارشت له‌ ناوه‌ڕۆكى شيعره‌كه‌دا بكات. له‌و شاعیرانەیه‌ كە دەخوازن مامەڵەیه‌كی جیاواز لەگەڵ وشەدا بكەن و خەمی دۆزینەوەی ڕێگا و وێنەی نوێیان هەیە، تاڕادەیەك خاوەنی تام و بۆنی تایبەتی شیعری خۆیه‌تى و دەتوانرێت سیمای شیعری بناسرێتەوە.

ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ ده‌قه‌كانی ناشاد بده‌ين زیاتر په‌یامی وشیارییان هه‌یه‌، به‌ جۆرێك كه‌ ده‌خوازێت مرۆڤ خۆی ڕیگه‌ی خۆی هه‌ڵبژێرێت به‌ره‌نگارى هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ بێت دێنه‌ ڕێگه‌ی، شیعره‌كانى هه‌وڵدانه‌ بۆ شكاندنی موقه‌ده‌س و ڕۆنانی دونیایه‌ك به‌بێ موقه‌ده‌س. لێرەوە دەمەوێت به‌شێوه‌يه‌كى گشتى ده‌رباره‌ى گه‌ڕان به‌دواى بووندا له‌ناو شیعرەكانی شاعیری كورد (سيروان ناشاد) بدوێم له‌ كتێبى شيعرى (عه‌وه‌ره‌تى گه‌ڵا) كه‌ كۆمەڵێك شیعری له‌خۆ گرتووه‌، هەوڵ دەدەم دنیابینی خۆم دەربارەی شیعره‌كانى بنووسم كە بۆ من جگە لە مایەی چێژ بەخشین، جێگای لە سەروەستانیش بوو، چونكه‌ ده‌قه‌ شيعريه‌كانى ناشاد ڕێگايه‌كن بۆ ده‌رچوون له‌ ناشادى، كۆمه‌ڵناسانه‌ و ده‌روونناسانه‌ ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر برينه‌كان و ژان و مه‌ينه‌تيه‌كانمان نيشان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى ره‌چه‌يه‌ك له‌خۆمان بده‌ين و بێينه‌وه‌ هۆشخۆ, هه‌روه‌ك له‌ شیعری سه‌وڵدا ده‌ڵێت:-

خودایه‌
تازه‌ دڵی چۆله‌كه‌یه‌كمان پێ ئاشت ناكرێته‌وه‌
به‌لێواری گوێسه‌بانه‌كه‌وه‌ بوو به‌ چلووره‌
ئیدی فرمێسكی ئه‌و منداڵه‌ لێمان خۆش نابێ
بێ گوناه له‌ ڕه‌حمی زه‌مه‌ندا مه‌یی
نوزه‌ی ئه‌و مێرووله‌یه‌ نابڕیته‌وه‌ به‌گه‌وره‌یی پێمان لێنا
شه‌وكوێربووین له‌ هاوه‌ڵی (یوسف) و گورگان خوارد چووین
خودایه‌
چ حیكمه‌تێكه‌ ئه‌م بوونه‌
چ سڕێكه‌ ئه‌م گه‌ردوونه‌
واین له‌ لووتكه‌ی ئۆرگازمی ته‌نهایی
به‌ چڵه‌پۆپه‌ی ژانه‌وه‌
كۆتایی چ مه‌رگه‌ساتێكمان به‌شبوو
هه‌ر له‌مان شیعردا ده‌ڵێت:-
به‌م قیبله‌ نوما ژه‌نگاوییه‌وه‌ چۆن له‌ تاریكستانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ هه‌ڵچووه‌ ڕێ ده‌ركه‌ین
به‌م جه‌سته‌ سووتاوه‌وه‌ ڕۆژ چۆن ده‌كرێته‌وه‌

ناشاد له‌هه‌موو شيعره‌كانيدا باس له‌ بوونى مرۆڤ ده‌كات و ئامانجى سه‌لماندنى وجوديه‌تى تاكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌كه‌وێته‌ دواى گشت و له‌ هه‌ژموونی كۆ ڕزگارى بێت و پێگه‌ى خۆى ديارى بكات له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا جگه‌ له‌ گه‌ران به‌دواى بووندا شاعير له‌ شعره‌كانيدا باس له‌ عه‌شق و خۆشه‌ویستی و نيشتمان و هاوڕێيه‌تى…هتد ده‌كات به‌ڵام ئه‌وه‌ى من لێره‌ ئامانجمه‌ و باسى لێوه‌ بكه‌م گه‌ڕانه‌ به‌دواى بوون، كه‌هەر كەڕەتێک دەیخوێنيتەوە، تێدەگەى ئینسان پڕە لە شکۆ و پێويسته‌ شكۆى خۆى نه‌خاته‌ مه‌ترسيه‌وه‌ به‌هۆى ترس و شه‌رمێكه‌وه،‌ وات لێده‌كات ئاسمانێكى نۆێ بۆ فڕين بدۆزيته‌وه‌ و له‌ په‌نجه‌ره‌يه‌كى ديكه‌وه‌ بڕوانيت، ڕه‌هه‌ندى ڕۆحى له‌ خوێنه‌ردا فراوان ده‌كات و واى لێده‌كات ديدگاى به‌رانبه‌ر شته‌كان بگۆڕێت و به‌جۆرێكى تر سه‌يرى دنيا و ژيان بكات، له‌م كۆپله‌يه‌ى خواره‌وه‌دا له‌ قه‌سيده‌ى عه‌وه‌رتى گه‌ڵادا ده‌ڵێت:
ناچمه‌وه‌ نێو دارستانه‌ چڕه‌كانى تاريكى و هه‌نگاوه‌كانم
به‌ غه‌يبانييه‌تى ڕێگا ناسپێرم
تخووبه‌كان هه‌ناسه‌ سڕه‌كانم ڕام ناكه‌ن
به‌گريان هاتم بێده‌نگ ناچم
ئه‌مه‌ گوزارشته‌ له‌وه‌ى مرۆڤ پێويسته‌ گه‌شه‌ بكات و گۆڕانكاري له‌خۆيدا بكات بۆ ئه‌وه‌ى ژيان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ڕابردوو هه‌رچه‌ندە ناخۆش و تاريك بێت ده‌كرێ سه‌ره‌تايه‌كى نوێ ده‌ست پێبكه‌ين و ببێته‌ وانه‌يه‌ك و هێزمان پێ ببه‌خشێ، پێویستە له‌ڕێگا دووباره‌كان لابدەین و سه‌يرى ئه‌و ڕێگايانه‌ نەکەین كه‌ بۆیان دياریكردووین‌ بێ ئه‌وه‌ى خۆمان بمانه‌وێ، لە دەقەکانیدا پێمان دەڵێ دەبێت نەچێنه‌وه‌ سه‌ر رێگه‌ى كه‌س و ئه‌و سنوورانه‌ بشكێنین کە تیایدا بەندکراوین، ئيتر لەوێیوە ده‌كه‌وێنه‌ دواى خوسته‌كانى خۆمان و بوونى خۆمان ده‌سه‌لمێنین، پێویستە مرۆڤ ئه‌و ڕێگايانه‌ بگرێته‌به‌ر كه‌ ڕۆحى ده‌توانێ پشووى لێ بدات.

له‌وانه‌يه‌ ناشاد ئازاره‌كانى خۆى به‌يان بكات له‌ تێكسته‌كانيدا، خوێنه‌ريش كه‌ ده‌يخوێنێته‌وه‌ خۆى له‌ناو شيعره‌كه‌دا ده‌بينێته‌وه، چونكه‌ كۆمه‌ڵگاى كوردى ڕێژه‌ى زۆرينه‌ى وه‌ك يه‌ك ژياوه‌ هه‌مووى ئازاره‌كانى له‌يه‌ك ده‌چێت،‌ (فرۆید) ده‌ڵێت: ((شاعیری ڕاستەقینە ئه‌و كەسه‌يه‌ كە دەزانێت چۆن خەون و خەیاڵاتەكانی دەكاتە بەرهەمی هونەری یان حەقیقەتێكی هەستپێكراو)). شيعره‌كانى ناشاد شيعرى درێژن له‌ ده‌قێكدا چه‌ندين لايه‌نى له‌خۆگرتووه‌ و كۆمه‌ڵێك ده‌رد و كێشه‌ مانيفيست ده‌كات، كه‌ له‌ ناخى زۆربه‌ى تاكى كورد دا هه‌يه‌ و په‌نگى خواردۆته‌وه‌، له‌ خوێندنه‌وه‌يدا هۆکارە‌ شاراوه‌كانى غه‌مگينى تاكى كوردت بۆ ده‌ره‌ده‌كه‌وێ، له‌كاتى خوێندنه‌وه‌ و ڕۆچوون و تێگه‌يشتن له‌ ده‌قه‌كان‌ وێنه‌ى شكانه‌كانى خۆتت ده‌كه‌وێته‌ به‌رچاو و به‌خۆت ده‌ڵێيت تيمارى بكه‌ و ئه‌م خوێنه‌ ڕاگره‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وايه‌ سه‌رله‌نوێ كه‌سێك بژيێنيته‌وه‌ و سه‌ر له‌نوێ ده‌ست به‌ هه‌نگاونان بكاته‌وه‌، له‌ ڕابردووی نه‌زانی و بێته‌ده‌ر و ڕێگای خۆی بگۆڕێ و ده‌ستی ئه‌وانی تر بگرێ، هه‌روه‌ك له‌ شیعری (به‌رده‌كانی گومان و په‌نجه‌ره‌كانی یه‌قین)دا ده‌ڵێت:
گه‌وره‌بووین و وه‌چه‌یه‌ك شه‌رم و ڕیسوایی له‌گه‌ڵماندا گه‌وره‌بوو
شه‌رم له‌و مناڵه‌ی تنۆكێك فرمێسكیمان نه‌كرده‌ یاقووتی گه‌ردانه‌ی مێژوو
شه‌رم له‌و خوشكه‌ی ئێستاش خوێنه‌كه‌ی له‌ قۆرتێكدا
نیگاری پاكیزه‌یی ده‌نه‌خشێنێ
شه‌رم له‌و ڕێزه‌خاڵانه‌ی له‌چه‌ناگه‌ و مه‌چه‌كی ته‌مه‌ن كوتامان
شه‌رم له‌كانی سۆزی چاوی ئه‌و لاوه‌ی له‌دوا هه‌ناسه‌یدا ده‌یگووت
كاشكێ ده‌مزانی بۆ ده‌مكوژن…؟!
شاعير له‌ شيعره‌كانيدا ئه‌وه‌ مانيفيست ده‌كا كه‌ مرۆڤ ئازاده‌ و ده‌بێت خۆى بێت و به‌ ڕێگاى خۆيدا بڕوات، مرۆڤ له‌سه‌ر هه‌قه،‌ پێويسته‌‌ به‌ره‌نگارى ئه‌وانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ كردويانه‌ به‌ كۆيله‌ و بوونيه‌تى خۆى لێ ده‌سه‌ننه‌وه‌ پێویسته‌ وشیاربێته‌وه‌ و هه‌قى خۆيه‌تى كۆت و به‌نده‌كانى بشكێنێت و بپچڕێنێت و ياخى بێت، كامۆ له‌باره‌ی روودانی كاتی یاخیبوونه‌وه‌ ده‌نوسێت: “یاخیبوون كاتێك رووده‌دات، كه‌ مرۆڤی یاخی هه‌ست بكات له‌ شوێنێك به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌سه‌ر هه‌قه”.