لەبارەی کورتە فیلمی ”داهۆڵەکانیش دەمرن” … خەندە حەمید

بەپەرۆشییەوە چاوەڕێی دووەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بووم. لەوێدا زۆر کەسی بەتوانا و جوانم ناسی. لەو ڕۆژانەی دەچووم بۆ بینینی فیلمەکان زۆر فیلمی باش و خراپیشم بینین، لەوانەیە ڤیستیڤاڵی سلێمانیش وەک هەر ڤیستیڤاڵێکی تر بەدەرنەبێت لە نمایشی فیلمی خراپ. ئەمە شتێکی ئاساییە بەو مەرجەی کە فیلمی هونەری ئاست بەرزیشی تێدا نمایش بکرێت. من تا ئەو ساتەی فیلمەکەی دەرهێنەری بەتوانا و چێژمەند پەروێز ڕۆستەمی ”دا‌هۆڵەکانیش دەمرن” (The Scarecrows Also Die)م نەبینی، هیچ بڕیارێکم نەدابوو کە لەسەر فیلمێکی ئەم ڤیستیڤاڵە بنووسم.

پەروێز ڕۆستەمی فیلمسازێکی کوردە، لە هەورامانی تەخت، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٧٥ەوە بە کاری هونەرییەوە خەریکە و هونەرە بینراوەکانی لە زانکۆ خوێندووە. ڕۆستەمی زیاتر لە ٢٥ خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە. یەکەمین فیلمی خۆی بەناوی ”گۆرانی وتن بۆ ڕووبارەکە” لە ساڵی ١٩٨٠دا دەرهێناوە. پاشان زیاتر لە فیلمی بەڵگەنامەیی (دۆکیۆمێنتاری)دا ئیشی کردووە، تاکو ساڵی ١٩٨٥ شەش کورتە فیلمی دروستکردووە. دواتر فیلمی داستانی دەرهێناوە کە فیلمی ”داهۆڵەکانیش دەمرن” یەکێکە لە فیلمە درامی و داستانییەکانی.

دوای لێڕوانین لەم فیلمە بەتەواوی کاریگەری لەسەردانام بەهۆی ئاست بەرزی و قاڵبوونەوەی توانای دەرهێنەر لەم کورتە فیلمەدا. دواتر پەیوەندیم بە دەرهێنەرەوە کرد، بۆ ئەوەی هەندێ قسە لەبارەی فیلمەکەیەوە بکەین ئەویش بە خۆشحاڵییەوە ئامادەیی خۆی نیشاندا و هەر لە ڕۆژانی ڤێستیڤاڵەکەدا گفتوگۆی فیلمەکەیمان کرد. باسی زۆر لایەنیمان کرد، ئەوەی جێی سەرسورمان بوو وەک خۆی باسی کرد زەحمەتی و ماندووبوونی دەرهێنەربوو، کە هۆکاری زۆر هەن بۆ ئەمە، بە ئیمکانیەتێکی کەمەوە فیلمێک لەو ئاستە بەرزە دروست بکات. ئەمە یەکەم نووسینمە کە لەسەر فیلمێکی کوردییە و لەسەر دەرهێنەرێکی بەتوانای کوردە، کە بۆ من جێگەی شانازی و خۆشحاڵییە. دوای گفتوگۆکەمان هیوام خواست و بە شایەنی ئەوەم زانی کە فیلمەکەی خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی کوردی ببات. بەخۆشحاڵییەوە دیارە دادیارانی ڤیستیڤاڵەکەش بەشایەنی ئەمەیان زانی و خەڵاتەکەی بردەوە.

ڕەنگە زۆرێک بپرسن ئایا کورتە فیلمێک شایەنی ئەوەیە کە نووسینێکی لەو شێوەیەی لەسەر بنووسرێ؟ بەلای منەوە لە سینەمادا کورتە فیلم گرنگی و بەهای خۆی هەیە، چونکە سەرەتای مێژووی سینەما بە کورتە فیلم دەستی پێکردووە، لە ئێستاشدا بووە بە بەشێکی گرنگ لە سینەما. هەروەها بە بۆچوونی من کورتە فیلم کارەکەی زۆر سەختترە لە فیلمی درێژ، چونکە کورتە فیلم زۆر دوور ناڕوات، دەبێت دەرهێنەر لە کەمترین ماوەدا پەیامی خۆی بە لێڕوانەر بگەیەنێ و کاریگەری لەسەر دابنێت، بۆ ئەوەی لێڕوانەر هەست بکات لە کارێکی هونەری دەڕوانێت. هەربۆیە کورتە فیلم ئیشکردنێکی پڕ وزە و زۆر چڕ و وردی هونەرییانەی دەوێت. کورتە فیلمی (دا‌هۆڵەکانیش دەمرن) هەموو ئەو ئەدگارانەی تێدایە، بۆیە ئاستێکی هونەری زۆر باڵای هەیە.

فیلمەکەی پەروێز ڕۆستەمی کورتە فیلمێک بوو بە زمانێکی بێدەنگ، بەبێ دیالۆگ، بەڵام پەیامێکی زۆری پێدام کە پڕ وتەی نەوتراو بوون. لەم فیلمەدا دیمەنەکان سام و سەنگینییان هەیە، بەجۆرێک لێڕوانەریان هۆشسام دەکرد کە لە ئاستیاندا بوەستێ. ئەم فیلمە سەرەڕای بێدەنگییەکەی، بەڵام هەموو دیمەنەکانی بەشێوەی سینەماتۆگرافی خۆیان دەدوێن و هۆشی لێڕوانەر دەبزوێنن.

ئەم فیلمە ناونیشانێکی سیمبولی هەیە ”داهۆڵەکانیش دەمرن” ئەم ناونیشانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەکاتی جەنگ و هەژەندەکاندا سروشت، ژینگە، ئاژەڵ و باڵندەکانیش دەمرن، لێرەدا داهۆڵ بووە بە سیمبول بۆ ئەم مردنە. ئاخر لە جەنگدا کاتێک مرۆڤ دەمرێت، ئەوا ئاژەڵ و باڵندەکان، تەنانەت داهۆڵەکانیش لەگەڵیدا دەمرن. دەرهێنەر لە هەڵبژاردنی ناونیشان و ئەکتەرەکاندا سەرکەوتووبووە، لە ڕێگەی ناونیشانەکەیەوە توانیویەتی ناوەڕۆک و پەیامی فیلمەکە بە لێڕوانەر بگەیەنێت. هەروەها هەردوو ئەکتەرەکە ئەماتۆرن بەو واتایەی ئەکتەری ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ نین، ئەکادیمیانە خوێندبێتیان، بەڵکو ئەمە دەرهێنەرە ڕووحی کوردی لەناو ئەواندا ڕۆشن و بێدارکردۆتەوە.

”داهۆڵەکانیش دەمرن” فیلمێکی درامی داستانییە بە چیرۆکێکی کوردییانەی کامڵەوە باس لە دووهاوژینی پیر دەکات کوڕەکەیان و هاوژینەکەی لە ڕۆژی هاوسەرگیرییان لە بۆردومانێکدا لەکاتی جەنگی عێراق و ئێراندا لەدەستداوە، سەرەڕای ئەم هەژەندە هاوژینە پیرەکان ئومێدی ژیانیان لەدەست نەداوە. ئەمە مردن نییە دوای مردنی کەسی ئازیز کە لە کۆمەڵگای کوردیدا زۆر باوە، بەڵکو ژیانە بۆ جوانکردنی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەژین. بەبێ ئەوەی ئەو هەژەند و مردنە لەبیربکرێ. لەو دیمەنەدا کە دایکەکە داهۆڵەکانی هەڵگرتووە، ئەمە وەک یادکردنەوەی لەدەستدانی کوڕ و بوکەکەی دەردەکەوێت.

لەم فیلمەدا پەیوەندی مرۆڤی کورد لەگەڵ سروشت لەگەڵ ژیان، پەیوەندییەکی ساغە بەو هەموو سەختی و شەڕەی لەنێویدا دەژین. هەروەک چۆن دەرهێنەر ویستویەتی وێنەیەکی جیاواز نیشان بدات، مرۆڤێکی بەقوربانیکراو نیشان نادات لە بەرگی کارەکتەرەکانیدا، بەڵکو ئەو وێنە گشتییە تێدەپەڕێنێت کە هەندێ لە دەرهێنەر و فیلمسازەکان بۆ تاکی کوردیان وێناکردووە و لەنێویدا بەچەقبەستوویی ماونەتەوە، بەوەی کە تاکی کوردی مەرگخوازە یاخود وەک قوربانی نیشانی دەدەن. بە پێچەوانەوە دەرهێنەر ویستویەتی دیوێکی تری ژیانی کورد نیشانبدات، تاکێکی پڕ ئیرادە و ژیاندۆست نیشان بدات، بەو غەمگینییەی لە ڕووخساریاندا دیارە بەڵام ئومێد و هیوای داهاتوو لەنێو چاوەکانیاندا دەدرەوشایەوە. تۆ کاتێ ئەو ئیرادە و هێزە پڕ ژیانە دەبینیت لەنێو ڕۆڵی کارەکتەرەکاندا تێدەگەیت لەو هێزە بەرەنگارییەی تاکی کوردی کە بەرانبەر بە داگیرکارانی و شەڕ و سەختییەکان هەیەتی، سەرەڕای هەموو ئەمانە توانیویەتی بمێنێتەوە و بەردەوام بێت.

دوو کارەکتەرەکە پاشماوەی ئەو چەکانەی بەجێماون یاخود گوللە تۆپەکان کۆدەکەنەوە و ڕەنگیان دەکەن و گوڵ و سەوزایی تێدا دەچێنن، یاخود گوللەکان دەکەنە کەرەستەی پێوستی و سادەی ڕۆژانە وەک تەپلەکی جگەرە، کەواتە هونەر دەتوانێت ئەرک و کارایی کەرەستەکان بگۆڕێ، ئاخر گوللە تۆپەکان پێشتر بۆ کوشتن و لەناوبردن بەکارهاتوون، ئێستا کراون بە کەرەستەی ڕۆژانە. هەموو ئەمانە ئیشکردنێکی وردەکارانەی دەبەخشییە فیلمەکە.
لەم فیلمەدا، هەست بە هاوسەنگی و هاوتایی جێندەری دەکرێت، چونکە (دوو هاوژینە پیرەکە) وەک یەک ڕۆڵیان لەنێو ژیانیاندا هەیە. هەردووکیان هاوشانی یەکدی قەوانی گوللە تۆپەکان ڕەنگ دەکەن و گوڵی تێدا دەچێنن. هەروەها دەکرێ بڵێم ئەمە ژیاندۆستی، ژینگەدۆستی و ئاشتیخوازی مرۆڤی کورد پیشان دەدات. هەروەک چۆن دیمەنەکان بەشێوەیەکی زۆر وردچنراون هیچ پچڕان و کەلێنێکیان تێدانییە کە لەپڕ بکەویت بەسەر دیمەنێکی تردا، چونکە لە هەندێ فیلمی کوردیدا ئەم پچڕانە زۆر بەڕوونی بەدیدەکرێ، ئەمەش باگراوەندی هونەری و مەعریفی دەرهێنەر نیشاندەدات. هەروەها بۆ مۆنتاژکردنێکی باش دەگەڕێتەوە هەروەک تیۆریزانی فیلم ڤێرتۆڤ ئایزنشتاین دەڵێ: ”مۆنتاژ شادەماری فیلمە”. بۆ من جووڵەی کامێرا و نیشاندانی دیمەنەکان بەو ڕیتمە هونەرییە لێکگرێدراوە زۆر جێی سەرنج بوو، دواجار گشت دیمەنەکان لە فەزایەکی پڕ ڕەنگدا نیشاندەدرێن، چونکە شوێن و فەزای فیلمەکە زۆر پڕ ڕەنگ و سادە و جوان بوو. هەروەها دەنگی سروشت هاوسەنگییەکی جوانی لەگەڵ نیشاندانی دیمەنەکاندا هەبوو.

Daholakan

داهۆڵەکان

داهۆڵەکان دەفڕن




سەما چ بە من دەگەیەنێت … خەندە حەمید

سەما قۆناغێکی تر بوو لە ژیانمدا، پەیوەندییەکانی منی باشتر کرد، وای لێکردم زۆربەی ڕۆتیناتەکانی ژیانم تێپەڕێنم. وای کرد پەیوەندییەکی باش نەک تەنیا لەگەڵ هاوپۆلانی سەماکەم، بەڵکو نزیک ببمەوە لە بینەری گشتی ئەمە بۆ من هەنگاوێکی یاخییانە بوو.
سەما ئەزموونێک بوو کە هەموو ژیانم دەتوانم چێژی لێوەربگرم. لەم کۆرسەدا هەستم کرد من هێندە نەشارەزا نیم لە سەمادا، لە کاتێکدا ترسی گەورەم ئەمە بوو. بەڵام کاروان عومەری سەماکار و کۆریۆگرافەر بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵمان کرد کە ئێمە توانایی وشارەزایی سەمامان تێدایە، بۆیە هەموو ترس و سترێسەکانی منی ڕەواندەوە، هەربۆیە بە سەما ڕیتمی ژیانم وەرگرتەوە و مانایەکی ترم بە ژیانم بەخشی.

لێرە کە خەریکە ژیان دەوەستێ، سەما بۆ من بەردەوامی دانە لەناو ئەو هەموو ناشیرینییەی هەیە، من خۆم خەریکی وردە جوانییەکانی سەماکردن کرد. ئەمە خۆگێل کردن نییە، بەڵکو دەمەوێ ئەو جیهانە بۆ خۆم دروست بکەم کە دەمەوێ هەم بێت؛ ئەمەش زۆر بەسادەیی لە ڕێگەی سەماوە. سەما توانای گەورەت پێدەدات، چونکە دوای ئەو کۆرسە هەست دەکەم سەرنجدانم وردتر و زیاترە، هەروەها باشتر دەتوانم بنووسم دەروونم زۆر ئارامترە.

سەما منی بەو شوێنە، بەو شتە گەیاند کە خۆم دەم ویست، ئەویش: جەستەیەکی پڕ لە جوڵە و وزە، تاکو بتوانم باشتر چێژ لە ژیان وەربگرم. من جەستەم خۆشدەوێ کاتێ جوانی ناوەوەی خۆم بنوێنێ، جوانییەک بە هەموو توڕەیی و هێورییەکانییەوە، لەبەرئەوە لە ڕێگەی سەماوە هەست دەکەم جەستەم لەگەڵ پێداویستییەکانم ڕێک دەکەوێت. هەربۆیە ئەو وزە هەڵچووە پۆزەتیڤانەی لەم ئەزموونەوە دروست بووە، هەستی سەلامەتی و ئاسایشم پێ دەبەخشێ. چونکە من فێربووم هەندێ کار لەگەڵ جەستەمدا بکەم، بەوەی ڕێز لە جەستەم بگرم، هەڵچوون و هەستەکانم زیاتر ئازاد بکەم. بە هەموو ئەوانەش توانیم جووڵە و هاوسەنگییەک لە بەشە بزوێنەرەکانی بوون و جەستەمدا پێکبهێنم.




ئیمپراتۆرییەتەکان دەڕووخێن، بەڵام خۆشەویستی دەمێنێتەوە … خەندە حەمید

The Promiseلەبارەی فیلمی …..

فیلمی ‘The Promise’ نیشاندانێکی مێژووییە سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩١٤-١٩١٦ لەلایەن ئیمپراتۆریەتی خوێناوی عوسمانییەوە. ئەمە دەرخەری ڕووی ڕاستەقینەی تورکەکانە، کە بە ئێستاشەوە نکۆڵی لەو جینۆساید و تاوانانە دەکەن کە دەرهەق بە ئەرمەنییەکان ئەنجامیان داوە، هەروەک چۆن ئێستاش دەرهەق بە کوردەکان هەمان ڕێچکە دەگرنە بەر، بەڵام بە فۆڕمی جیا جیا. جەنگ دەتوانێ چۆن هیوا و خەونەکانمان لە گۆڕ بنێ و تێکیان بشکێنێ، لە ژیاندا بەرەو ئاراستەیەکی ترمان بەرێت. کارەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە میکائیل خەونی ئەوەی هەیە ببێ بە دکتۆر، زۆر لێهاتووانە هەوڵی بۆ دەدات، هەربۆیە گوندە بچووکەکەی لە باشوری تورکیا جێدێڵێت، بۆ خوێندنی پزیشکی دەچێت بۆ کۆستەنتین (ئەستەنبوڵی ئێستا)، بۆ ئەوەی بتوانێ پەرە بە تواناکانی بدات. پەیمان بە خۆشەویستەکەی دەدات کە دوای دوو ساڵ دەگەڕێتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵدا دەکات، بەڵام لەوێ ئانا دەبینێ کە مامۆستا و ڕاهێنەری سەمایە پەیوەندییەکی توند و تۆڵ ئانا و میکائیل پێکەوە دەبەستێتەوە، سەرەتا بێ ئەوەی دان بەوەدا بنێن کە ئەمە خۆشەویستییە ئەوانی بەو نزیکییە هێشتۆتەوە. هەروەها ئانا خۆشەویستێکی ئەمریکی هەیە بە ناوی کریس کە کاری فۆتۆجۆرنالیست و ڕاپۆرتنووسی جەنگ دەکات. کریس لە کۆتاییدا هەوڵێکی باش دەدات بە گرتنی وێنە و دۆکۆمێنتکردنی ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی بەرانبەر بە ئەرمەنییەکان دەکرێ.

تێری جۆرج دەرهێنەرێکی ئیرلەندییە، بەشێوەیەکی زۆر جوان و ورد کاری دەرهێنانی بۆ ئەم فیلمە کردووە، ئەم دەرهێنەرە زیاتر ئیش لەو فیلمانەدا دەکات کە لەبارەی جەنگن، لەبەرئەوە ئەزموونی تێری جۆرج بەتەواوی لە فیلمی The Promise دەردەکەوێ، کە زۆر لێهاتووانە کاری دەرهێنان بۆ فیلمە مێژوویی و پڕ چیرۆکەکان دەکات. هەست بە ئەزموونی کارکردنی جۆرج دەکرێ چونکە پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٤ کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (Hotel Rwanda) کردووە، کە باس لە جینۆسایدی ڕواندا دەکات و چەندین خەڵاتی بردۆتەوە.

لەم فیلمەدا ڕەنگەکان پەیوەست بە ڕووناکییەوە تەواو حەق بە سەردەمەکە دەدەن، هەروەها چۆنییەتی مکیاژکردنەکەش زۆر جوانە. بەشێوەیەکی زۆر تایبەت وێنەی ئەم فیلمە گیراوە بەڕادەیەک لێڕوانەر لە هەر گۆشەیەکەوە دەتوانێ وێنە مێژووییەکان ببێنێ و هەست بەو زەبر و توندوتیژییە بکات کە لە فیلمەکەدا نیشاندەدرێ. بە بۆچوونی من ئەم فیلمە لە ڕووی فۆڕمی دیمەن و وێنەوە زۆر بەهێزترە وەک لە ڕووی دەق، تێکست و دیالۆگەوە. هەروەها ئەم فیلمە لە هەندێک ساتدا لە ڕێگەی پەیوەندی و خۆشەویستیی نێوان ئانا و میکائیلەوە ویستویەتی ئەو وێنە تۆقێنەرانەی جەنگ و جینۆساید کاڵتر بکاتەوە کە لە دەوروبەریاندا هەیە. بە مانایەکی تر دەرهێنەر توانیویەتی هەموو شتە دژیەکەکان پێکەوە کۆبکاتەوە.

لە دیمەنێکی بەهێز و پڕ بەرەنگاری بۆ مانەوە و ڕووبەرو بوونەوەی ئەرمەنییەکان بەرانبەر بە سوپای تورک، ئەرمەنییەکان پەنا بۆ چیا دەبەن، بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراوبێت. لەم دیمەنەدا جینۆسایدی ئێزیدییەکانی بیرهێنامەوە کە بۆ مانەوە و پارێزراوی خۆیان ڕوویان لە چیای شەنگال کرد. وەک ئەوەی لەوکاتەدا چیاکان بانگیان بکەن و ئەوانیش بەرەو دەنگیان بچن. چیا پەناگەیەکی پارێزراوە بۆ مرۆڤ وەک ئەوەی جیهانی ڕاستەقینەی مرۆڤ چیاکان بن!
وێنەیەکی گشتی و هاوشێوەییەک لە هەموو جینۆسایدەکاندا هەیە. لەبەرئەوەی کاتێ ئەم فیلمەم بینی لە زۆر دیمەنیدا (هۆڵۆکۆست) جینۆسایدی جولەکەکانم بیردەکەوتەوە. چونکە مەبەست لە جینۆساید قڕکردن و لەناوبردنی نەتەوەیەک یاخود میللەتێکە، بۆ دەسەڵاتە چەوسێنەرەکان کوشتنی بە کۆمەڵ یەکێکە لە ڕێگە باوەکان. هەربۆیە هەندێ کات بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان دەگوترێ (هۆڵۆکۆستی ئەرمەنییەکان). هەروەها ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ئاستی هونەری ئەو فیلمە لە هەمان ئاستی ئەو فیلمە جوان و ئاست بەرزانەیە کە سەبارەت بە هۆڵۆکۆست دەرهێنراون. ئەم فیلمە ڕاستی مێژووی خوێناوی عوسمانییەکان دەردەخات.

جینۆسایدی ئەرمەنییەکان بە یەکەم جینۆسایدی سەدەی بیست دادەنرێ، لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩١٧ لەماوەی یەکەم جەنگی جیهانیدا ڕوویداوە لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بەشێوەیەکی سیستماتیک و فیزیکی ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی لەناودەبرێن و جینۆساید دەکرێن. بەگشتی جینۆسایدەکان لە کاتی جەنگەکاندا ڕوویانداوە چونکە ئەمە هەل و دەرفەتێکی باشە بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە و کردنی بەشێوەیەکی ئاسانتر و ڕەوایەتی پێدانی. هەربۆیە تورکەکان سوود لە جەنگ وەردەگرن بۆ ئەوەی دوژمنە ناوخۆییەکانی لەناوبەرێت وەک کریستیانەکان، بەبێ ئەوەی هێزی بێگانە بەشداری تێدا بکات. تاکو هیچی دیکە ئەرمەنییەکان بوونیان نەبێت. ”ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی پێویستە لە ئەرمەنییەکان پاکبکرێتەوە، پێویستە لە ڕێگەی برسیکردنەوە لەناویان بەرین.” (ئەنوەر پاشا، ئایاری ١٩١٦).

جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لەسەر دوو بنەما بووە، بنەمای ئاینی و نەتەوەیی. چونکە ئەرمەنییەکان مەسیحی بوونە، سەرکردەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی جەنگی پیرۆز و جیهادیان لە دژیان ڕاگەیاندووە و کوشتنیان لەسەر ئەو بنەمایە ڕەوایەتی پێدراوە. هەروەها بنەمای نەتەوەیی ناسیۆنالیستە تورکەکان (گەنجە تورکەکان، ئیتحاد و تەرەقی) ویستویانە تورکیایەک دروست بکەن تەنیا بۆ تورکەکان بێت، کە تێیدا هیچ شوێنێک بۆ کەمایەتییە نا تورک و نا موسوڵمانەکان نەبێت. بەداخەوە کورد وەک هەمیشەیی خۆی کە زۆر ئاسان دەتوانرێ بەکاربهێنرێ، بەشدارییەکی کارای هەبووە لەو جینۆسایدەدا، چونکە خێڵە کوردەکان ڕۆڵیکی سەرەکیان لەو جینۆسایدەدا هەبووە.

هەرگیز هیچ جینۆسایدێک نەیتوانیوە و ناتوانێ نەتەوەیەک لەناو بەرێت. وەک چۆن شاعیر و ڕۆماننووسی فەڕەنسی ئەناتۆل فرانس دەڵێ: ”ئەرمینیا لە مردندایە، لەگەڵ ئەوەشدا بە زیندوویی دەمینێتەوە. خوێنێکی کەم لە خوێنی نەوەی پێشوی ئەرمەنیەکان ماوە، بەڵام نەوەیەکی پاڵەوانانە لەدایک دەبێتەوە. نەتەوەیەک نەیەوێت بمرێت، نامرێت.”
ئەم جۆرە فیلمانە ئامادەکارییەکی باش دەکات بۆ فێرکردنی نەوەی تازە و منداڵەکان، سەبارەت بە مێژوو، هەروەها ئەو کەسانەی دەیانەوێ ئەم جۆرە مێژووانە پەردەپۆش بکەن و ڕەتیدەکەنەوە. بەهیوام ئێمەش بتوانین مێژووی چەوسانەوە و جینۆسایدی خۆمان بە کاری هونەری ئاست بەرزی لەو جۆرە نمایش بکەین، بۆ ئەوەی لە کۆ یادەوەری تاکی کوردیدا بمێنێتەوە.




یادەوەرییەکانی گایشا … خەندە حەمید

ئەو فیلمەی زیاد لە چەند جارێک بینیومە و هەموو جارێک بۆ من شتێکی نوێی پێیە، لەلام زۆر پەسندە دەتوانم بڵێم فیلمی هەموو سەردەمەکانە. فیلمێک کە لات ڕوون نییە دیمەنەکانی بەرەو کوێت دەبەن؟ لە یادەورییەکانی گایشا دەچیتە نێو جیهانێک کە پڕە لە نهینی، فێڵ و پلان بۆ مانەوەی خۆت و لە ناوبردنی ئەویتر، هەروەها ئەو یادەوەری و نۆستالیژییانەی کە نمایش و گێڕانەوەکان دەیان کات بە یادەوەری. لەگەڵ ئەوانەشدا ئەم فیلمە زۆر شتمان پێ دەڵێت سەبارەت بە کولتووری ژاپۆن. فیلمەکە لە ڕۆمانی ڕۆماننووس Arthur Golden وەرگیراوە بەناوی Memoirs of a Geisha)). ئارسەر نووسەرێکی ئەمریکییە، پسپۆڕی لە مێژووی هونەردا هەیە، هەروەها لە هونەری ژاپۆنیدا شارەزایە. دڵنیام هەستێکی ئەدەبی جوان لە ڕۆمانەکەدا هەیە، هەروەک چۆن پێم وایە ئەو فیلمە یەکێکە لەو فیلمانەی کە وەک ڕۆمانەکە جوان بەرجەستە کراوە، بە پێچەوانەی زۆرێک لەو فیلمانەی کە لە ڕۆمان وەرگیراون و بەم شێوەیە نین، واتا وەک ڕۆمانەکانیان جوان نین. هەروەها لە لایەن دەرهێنەر Rob Marshall کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، نۆڤەمبەری ٢٠٠٥ بڵاوبۆتەوە.
فیلمی یادەوەرییەکانی گایشا بە دیمەنێکی ئازاراوی دەستپێ دەکات، دوو خوشک لە لایەن دایک و باوکە هەژارەکەیانەوە بە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ دەفرۆشرێن لە کیۆتۆ (Kyoto). خوشکە گەورەکە لە ڕووی جەستەییەوە تەواو ئامادەیە بۆ سێکسفرۆشتن، بۆیە ڕاستەوخۆ دەبردرێت بۆ سۆزانیخانە، لە کاتێکدا خوشکە بچوکە نۆ ساڵانەکە وەک خزمەتکار دەبرێت بۆ ماڵی گایشاکان و لەوێ ئیشی پێدەکرێت، بێ ئەوەی هیچ پاداشت و مانگانەیەکی هەبێت. تا ئەوکاتەی کە گەورە دەبێ بۆ ئەوەی بزانن لێهاتوو و گونجاوە بۆ بوون بە گایشا، ئەوجا پاداشت وەردەگرێت، چونکە گایشاکان بەرانبەر بەو خزمەتەی دەیکەن پاداشت وەردەگرن.

بوونی گایشا لە کولتووری ژاپۆنی زۆر باوبووە، تەنانەت ئێستاش گایشا بە شێوازی خۆی هەیە. لە کاتێکدا گایشا وەک هونەرمەند ناسێنراوە، چونکە ئەوان سۆزانی نین بەڵکو ئیشی سەرەکی گایشا ئەوەیە کە خزمەت یاخود میوانداری و هاودەمی پیاوەکان بکات، بەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ بکات یاخود خواردن و خواردنەوەیان پێشکەش بکات، هەندێک جاریش سەما و میوزیک و گۆڕانی دەڵێن. هەر بۆیە لە کولتووری ژاپۆنیدا گایشاکان نایاسایی نەبوون. دەکرێ ئەوان وەک خزمەتکار یاخود هاودەمێک بۆ پیاوە باڵادەستەکان ببینرێ، کە وایان لێ بکات هەستێکی تایبەتیان هەبێت لە کۆبوونەوە و کات بەسەربردنەکانیاندا.

دوای فرۆشتنی Chiyo (کچە بچوکەکە) بە ماڵی گایشایەک، دوای گەورەبوونی لەلایەن گایشایەکی تری بە ئەزموونەوە دەکڕدرێت و پەروەردە دەکرێ تەنانەت ناوەکەشی دەگۆڕدرێ بۆ سایۆری. خانمەکە ناوی مامیایە، سایۆری پەروەردە دەکرێ و ڕاهێنانی پێدەکرێ، سکوڵی میوزیک و سەما و چۆنییەتی گفتوگۆی باڵا دەخوێنێ. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا گایشا بە مانای هونەرمەند دێت؟ ”بەجەختی وشەی گایشا واتا هونەرمەند، بۆ ئەوەی ببی بە گایشا دەبێ وەک ئیشێکی هونەری جوڵاو بریارت بەسەردا بدرێ. ناتوانی بەخۆت بڵێی گایشای ڕاستەقینە، تاکو بە یەک نیگا پیاوێک لەنێو هەنگاوەکانیدا نەوەستێنی.” لێرەدا دەرک بەوە دەکرێ کە گایشا لەسەر ویست و حەزی پیاوانە پەروەردە و ڕاهێنانی پێدەکرێ. ئەوەی بەدیدەکرێ پیاوەکان ئەوان وەک بوکەڵەیەک بۆ کات بەسەربردن و چیژ وەرگرتنی خۆیان دەبینن، نەک وەک هونەرمەندێک. هەرچەندە هەمووان بە سەماکەی سایۆری سەرسامن، بەڵام لە ڕاستیدا سەرسامن بە جوانییەکەی نەک توانا جەستەیی و هونەرییەکەی. چونکە چاوەکانی سایۆری ڕەنگی دەریایان هەیە، بەڵام ئاگر لە دڵی هەر کەسێک بەردەدات کە دەیبینێ. ”گایشا ڕووخساری خۆی ڕەنگ دەکات بۆ ئەوەی ڕووخساری بشارێتەوە، چاوەکانی ئاوێکی مەنگ و قووڵن. بۆ گایشا نییە کە بیەوێت. بۆ گایشا نییە کە هەست بکا. ئەو هونەرمەندی جیهانێکی سەرئاوکەوتووە، کە سەما دەکات، گۆرانی دەڵیت، خۆشیت پێدەدات، هەرچییەک کە بتەوێ. ئەوەی دەمێنێتەوە سێبەر و نهێنییە.”
لە کولتووری ژاپۆنیدا، مرۆڤەکان دیسپلینکراون، سنوور و یاسای توند بۆ هەڵسوکەوت و ڕەفتارنواندنیان لەگەڵ یەکدی بۆ دانراوە، بەڵام گایشاکان دووجار دیسپلینکراون، هەم وەک تاکێکی ژاپۆنی و هەم وەک کچە گایشایەک کە دەبێ پابەند بێت بەو دەستوور، یاسا و ڕێسایانەی لەسەری ڕاهێنراوە، کە ئەو ڕێسایانەش لە خزمەت خواست و ویستەکانی پیاودان. واتا گایشاکان لە ئیرادە خراون وەک بووکەڵەیەکی سێکسی لەلایەن پیاوە سیاسی و دەوڵەمەندەکانەوە بۆ چێژ وەرگرتن و کات بەسەربردن بەکاردەهێنرێن، ئەوان بە ئۆبژێکت کراون هیچ ویست و ئازادییەکیان نییە. کەواتە گایشاکان بەحەز و ئیرادەی خۆیان نابنە گایشا، یاخود بۆ ژیانێکی بەختەوەرانە، بەڵکو دەبن بە گایشا چونکە هیچ هەڵبژاردەیەکی تریان نییە.

بەدرێژایی ئەم فیلمە هەوڵ و ڕووبەرووبوونەوەی ئەم کچە هەست پێدەکەی کە دەیەوێت خۆی قەدەری خۆی دیاری بکات و شەڕ بۆ مانەوە و بەردەوامبوون بکات، چونکە دەزانێ کە ئەو دەبێ لە شوێنێکی دیکە بێت، بەمەش تووشی نەهامەتی و کێشەی زۆر دەبێت. کارەکتەری سەرەکیziyi) (zhang کە ئەکتەرێکی چینییە، ڕۆڵێکی جوان بەرجەستە دەکات بەڕادەیەک هەست دەکەی ئەو بەڕاستی گایشایە نەک تەنیا ڕۆڵەکەی ببینێ.
سایۆری لە جیهانێکی پڕ خەون، تێکۆشان و کۆڵنەداندا دەژیت، ئەو دەیەوێت بە یادەوەرییەکانییەوە بمرێ نەك بە خەونەکانییەوە، بەو مانایەی هەوڵ دەدات بۆ بەدیهاتنی خەونەکانی. هەروەها ئەو جوانی خۆشدەوێ لەو ڕێگەیەوە ڕوانگە و ڕوانین بەرانبەر بە گایشاکان دەگۆڕێ. چونکە خۆشویستنی جوانی چێژە، بەڵام خوڵقاندن و داهێنانی جوانی هونەرە. هەر بۆیە دەکرێ گایشاکان هونەرمەندبن، چونکە بە سەما و گۆڕانی جوانی دەخوڵقێنن. ئەمەش بەئارامییەکی قووڵ، هەروەها خۆتەرخانکردن بۆ ئەو کارەی کە بە ئەرکی خۆی دەزانێ. ئەم کچە دەکەوێتە خۆشەویستییەکی نهێنی و تاکلایەنانە لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسەکان (بەڕێوەبەر)، خۆشەویستییەک بە تین و هێزی منداڵانەوە. ئەو پیاوە کاتێ لەسەر پردەکە چیۆ دەبینێ، کچێکی بچوکەو دەگریا، هێمنی و بەخشندەیی ئەم پیاوە وا لە چیۆی بچوک دەکات کە ئاشقی ببێت و ئەم هەستە هەڵبگرێ تا گەورەبوونی. ئەو دەڵێ: ”نایبینی؟ هەر هەنگاوێک کە ناومە، لەوکاتەوەی ئەو منداڵە بووم لەسەر پردەکە، بۆ ئەوە بووە کە خۆم لە تۆ نزیک بکەمەوە.”

سایۆری بەرگری و هەوڵ بۆ ئەو خۆشەویستییەی دەدات کە بۆ بەڕێوەبەر هەیەتی. لێرەدا سەختە لە هەمان کاتدا دەستگرتن بە خۆشەویستییەکی نهێنی و کارەکەیدا، سایۆری هەمان شت دەکات، دواتر دەتوانێت بە لێهاتووی و سووڕبوون لەسەر ئەرکەکەی سەرکەوتوو بێت.
لەم فیلمەدا لێڕوانەر بە چەند قۆناغێک تێدەپەڕێت، قۆناغی جەنگ و دوای جەنگ. هەموو شتێک دوای جەنگ دەگۆردرێ بەکاڵاکردن و بەئۆبژێکت کردنی ژن بەڕوونی دەبینرێ، سێکسفرۆشی زۆر زیاد دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ئەوەی هەستی پێدەکرێ ئەوەیە، هەمیشە ئازایەتییەک بۆ دەستپێکردنەوەی ژیان لە سایۆریدا هەیە. لەوەیە ئەو فیلمە لەسەر چۆنییەتی ژیانی ڕاستەقینەی گایشا نەبێت، بەقەد ئەوەی ویستوویەتی جوانی و هەستناسکی گایشا دەربخات، لە هەمان کاتدا دەڵێم ڕەنگە ئەرکی فیلمیش هەر ئەمە بێت کە جوانی لەنێو ئەرک و ڕۆژگارە سەختەکان، توێژە چەوساوە و بەکارهاتووەکان بدۆزێتەوە و لە کۆنتێکستێکی هونەریی جواندا نمایشی بکات.




وشەکان و وێنەکان …. خەندە حەمید

ئەو فیلمەی بەو بریارەی گەیاندم، دەبێ من فیلمی لەو شێوەیە بە زۆرێک لەوانە بناسێنم کە دەیانەوێ وەک لێڕوانەر چێژ وەرگرن.
وشەکان و وێنەکان (Words and Pictures) فیلمێکی درامی، ڕۆمانسی و کۆمیدییە، لە دەرهێنانی دەرهێنەر: فرێد شەپیزی Fred Schepisi ساڵی ٢٠١٤ بڵاوبۆتەوە. ئەم فیلمە باس لە خوێندنگەیەک دەکات ململانێی زیندووی پەروەردە و فێرکردنی تێدا بەدی دەکرێ. جاک مارکوز یەکێکە لە مامۆستا باش و بەتواناکانی ئەو خوێندنگەیە وانەی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی دەڵێتەوە، ئەو زۆر شارەزایانە یاری بەزمان دەکات. ململانێکان لەوکاتەوە دەست پێ دەکەن، کاتێک دینا دێلسانتۆ (خانمە ئەکتەری بەتوانا جولێت بینۆتشە ڕۆڵەکەی دەگێرێ)، وەک مامۆستای هونەر دێتە ئەو خوێندنگەیە، ئەو بەهۆی کێشەی تەندروستی خۆی دێت بۆ ئەوێ. بۆئەوەی لە خوشکەکەی نزیک بێت، چون ئەو لە خوێندنگەیەکی بەرز و گەورەتر بووە لە نیۆرک، توانا و ناوبانگی خۆی هەیە لە هونەری ئەبستراکتدا. هەر ئەوەشە وای لێکردووە لە پەیوەندیدا سارد، گۆشەگیر و بێ باک دەرکەوێت. دێلسانتۆ پێی وایە کێشەکان لە وشەدایە ئەو دەڵێ: وشەکان درۆ و تەڵەن. وێنەیەک لە هەزاران وشە بەنرخترە. لەژێر کاریگەری ئەو ڕستەیە، زۆرێک لە فێرخوازەکان پێیان وایە وێنە زۆر بەهێزترە لە وشە. لەوێدا جاک توڕە دەبێ، دەیەوێ بە ئارگۆمێنتەکانی بەرگری لە وشە بکات.

ئەو دەڵێ: وشەکان وڵات دروست دەکەن، تەواوی وڵات دروست دەکەن، پاشان لە کاتی جەنگدا دەیپارێزێ، خەون بە باشترەوە دەبینی و باشتری دەکات. وشەکان ئەمەیان کرد، نەک وێنەکان! ئەمە جەنگە. دواتر جاک دەکەوێتە خۆشەویستی دێلسانتۆوە، ئەو گاڵتەئامێزانە دەیەوێت بە ڕێگەی یاریی زمانەوانییەوە دێلسانتۆ شکست پێبێنێ. جاک چەند وێنەیەک دادەنێ لەژێریدا چەند وشەیەک دەنووسێ کە زۆر زیاتر هەڵدەگرێ لە وێنەکان. لەوکاتەدا لێڕوانەر بۆ چەند ساتێ دەوەستێ و ناتوانێ بڕیار بدات کە ئایا کامیان زیاتر دەهێنن، کامیان لە ئەوی دیکەیان بەنرختر و باڵاترە، وشەکان یان ڕستەکان کاریگەرترن. دوای ئەوە دێلسانتۆ چەند ڤیدیۆیەکی هەواڵ و پەیامنێران دادەنێ لەسەرەوە نووسیویەتی وێنەیەک بەنرخترە لە هەزاران درۆ. لەژێریدا چەند وێنەیەکی جوانی هێڵکاری داناوە یەکێک لەوانە منداڵێکی ئەفریقییە کە توشی بەدخۆراکی بووە. لێڕوانەر یەکسەر بۆ ئەوە دەچێ لە ڕاستیدا وێنەکانیش کاریگەری خۆی هەیە و بەنرخترن لەو هەموو وشە ناڕاستانەی ناو هەواڵەکان! ئەوەی لەو فیلمەدا بەدی دەکرێ ئەوەیە، هەردوو مامۆستاکە بەگیانێکی لێبوردەییەوە ئارگۆمێنتەکانی یەکتریان قبوڵە و بەرگری لەوە دەکەن کە دەیانەوێ بیگەیەنن بە فێرخوازەکانیان.

سەرەرای ئەوەی هیچیان بێ کەم و کورتی نین، جاک ئەلکهولییە و دێلسانتۆش کێشەی تەندروستی هەیە و بە شەقە (گۆجان) دەڕوات، ئەمە دۆخێکی بۆ دروست کردوون کە ناتوانن وەک پیشتر پەرە بە بوارەکەیان بدەن. جاک ترسی ئەوەی لەسەرە کە لە کارەکەی دووربخرێتەوە چونکە بەردەوام دوا دەکەوێت و ئەلکهولییە، لەو گۆڤارەی کە دەریشی دەکات نوێگەری تێدا نییە. ئەو پاش هەوڵدانێکی زۆر بۆ نووسین شکست دێنی، ترسی لەدەستدانی ئیشەکەی وای لێدەکات بڕیار بدات شعری کورەکەی بەناوی خۆی بڵاوبکاتەوە. ئەو شعرە هێندە کاریگەرە دلێسانتۆ پاش خوێندنەوەی داوا لە فێرخوازەکانی دەکات کە هەریەکەیان چی تێدا دەبینێ وێنەی بکێشێ، بۆ ئەوەی تەنیا لە وشەدا نەمێنیتەوە و بیکەن بە تابلۆ. لەو فیلمەدا ململانێکان زۆرن بەشێوەیەک، لێڕوانەر دەتوانێ لەگەڵ هەریەکەیان بڕوات و نەتوانێ بە هیچ لایەکیاندا بڕیار بدات، بە تێڕوانینی من ئەوە یەکێکە لە خاڵە سەرکەوتووەکانی فیلمەکە، تۆ کە لە کڵاسی یەک لە مامۆستاکاندا خەریکە دەگەیتە سەرئەنجام و بڕیارێکی یەکلایی، بەڵام لە کلاسەکەی تردا پاشگەز دەبیتەوە. لە هەمان کاتدا، پرسیار سەبارەت بە هونەر، نووسین، چێژ، بیرکردنەوە لەلات دروست دەبێت. دوا جار جاک و دێلسانتۆ، بڕیاری دیبەیتێک دەدەن لەبارەی وشە و وێنە، بە ئامادەیی هەموو فێرخواز و مامۆستاکان. هەر یەکەیان وێنە و وشەی خۆی هەیە، لەوێدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە، وشەکان و وێنەکان هیچیان لە ئەوی دیکەیان باڵاتر، کاریگەرتر و بەنرختر نییە، بەڵکو هەردووکیان هاوسەنگن و پێکەوە هاڕمۆنییەکی جوان دروست دەکەن.

ئەوەی جێی سەرنجە لەو فیلمەدا ئەوەیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی جاک پیاوەکان بە وشە و ژنەکان بە وێنە دەچوێنێ. لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی پیاو نوێنەرایەتی وشە و ژن نوێنەرایەتی وێنەیە؟ یەکێک لە فێرخوازە کچەکان لەڕووی سێکسییەوە هەراسان دەکرێت لە ڕێگەی یەکێک لە فێرخوازە کوڕەکانەوە. ئەو کچە کاتێ بە قیژەوە هاوار دەکات کە وازی لیبێنێت، بەڵام کورەکە بە گاڵتەوە وەری دەگرێت و وەک پرێنسس (شازادە) ناوی دەبات، کە بۆچی پشتگوێی دەخات. دوا جار کوڕەکە هەوڵ دەدات هەراسانی بکات لە ڕێگەی وێنەیەکی کاریکاتێری ڕووتەوە، بۆ ئەوەی ملکەچی بکات بۆ مەبەست و حەزەکانی خۆی. ئەمە بۆ ئەوەمان دەبات کە لە ترادیسیۆن و ئەفسانەکاندا خوا وەک پیاو، فەرمان دەرکەر، وشە دەربڕ و خاوەن وشە و قسە نیشاندراوە، بۆیە پیاو نوێنەرایەتی ئەم ڕووەی خوایەتی دەکات. لە کاتێکدا ژن وەک وێنە، جەستە، ڕووتییەکی پەتی و گوناهبار وێناکراوە.

لە کۆتاییدا بۆچوونی من لەسەر ئەو دوو ڕوانگەیە ئەوەیە، وێنەکان تەنیا بۆ چێژ وەرگرتن نین، بەڵکو ڕێگەیەکن بۆ بەئاگا هاتنەوەی ئێمە لە بینینی ئەو شتانەی کە بە چاوی ئاسایی ناتوانین بیانبینین. ئەوان ڕێگەی خۆیانیان هەیە بۆ جێگیربوون لە هۆش و تاساندنی وشە لە زمانماندا. هەروەها زۆر وشەم هەیە بەڵام هیچ ڕێگەیەکم نییە بۆ ئەوەی بیانڵێم، تەنیا ئەوە نەبێ کە بڵێم ژیان لەنێو وشەکاندا زۆر قووڵە، وشەکان چەندین وێنا لە خۆیاندا هەڵدەگرن بۆ نموونە لە شعر، چیرۆک و ڕۆماندا هەندێ دیمەنی وێناکراو بە وشە هەن، ناکرێت بە هیچ تابلۆ و وێنەیەک دەرببڕدرێن. لە دوا جاردا وەک جاک دەڵێ ئێمە هەستەکانمان وەسف ناکرێن، هەستی منیش بۆ ئەو فیلمە وەسف ناکرێت.




”زەوی لەنێو گوڵەکەمدا پێدەکەنێ” … خەندە حەمید

ڕامان لە گوڵی نێو ئینجانەکەم دەم باتەوە بۆ یادەوەرییەکانی منداڵیم، ئەو یادەوەرییە گەرمانەی لەنێو گوڵەکاندا هەم بووە. ئەو گوڵەی لەلایەن هاوڕێیەکمەوە بە دیاری پێم دراوە. کاتێ بەجێی دێڵم و دەڕۆم بۆ سەفەر دڵم لای گوڵە بچوکەکەمە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی تینوی دەبێ، بەڵکو لەبەرئەوەی ناتوانم قسەی بۆ بکەم و ڕۆحی ئەو هەست پێ بکەم. من گوڵەکەم وەک منداڵێک دەدوێنم ڕازەکانمی بە گوێیدا دەچرپێنم، هەست دەکەم ئەویش بۆم پێدەکەنێ ئەمەش ئومێدم پێدەبەخشێ. هەروەک شاعیر و نووسەری دانیمارکی هانس کریستیان ئەندرسن دەڵێ: ”تەنیا ژیانکردن بەس نییە، بەڵکو یەکێک گەرەکە خۆرەتاو، ئازادی و گوڵێکی بچووکی هەبێت”.

هەربۆیە بەشێوەیەک بە دەستەکانم گەڵاکانی گوڵەکەم خاوێن دەکەمەوە هەست دەکەم سەری پەنچەکانم گەڵاکان ماچ دەکەن. ئاخر زۆر کات گوڵەکان تەنیا نایانەوێ پارێزراوبن، بەڵکو دەشیانەوێ خۆشبویسترێن. هەموو بەیانییەک هەڵدەستم گوڵی سەر تاقی پەنچەرەکەم چێژێکی تایبەت لە ڕەنگ و تیشکم پێدەدات. ئەم پەیوەندییە دوانەییە واتا بەخشین و بەخشراوە، بەو مانایەی ئەوەی کە تۆ پێی دەدەی بە هەمان جوانی و چێژەوە پێت دەداتەوە، هەربۆیە ئەمە شتێکی سروشتییە، گوڵەکان وا دەکەن مرۆڤ هەست بە ئاسوودەیی بکات، چونکە جەوهەری ڕەنگەکانن. هەروەک چۆن گوڵەکان خۆیان یادەوەرین جگە لەوەی خۆت یادەروەری منداڵی لەنێو گوڵەکاندا بچنییەوە.

کاتێ گوڵێک دەچێنی واتا تۆ باوەڕت بە سبەینێیە. من ئەزموونێکی باش و جوانم لە نازهەڵگرتنی گوڵ و لاواندنەوەیاندا هەیە، ئەوکاتەی منداڵ بووم و لە قۆناغەکانی سەرەتای خوێندن دابووم، باوکم بڕیاریدا نەمامگە و گوڵفرۆشییەک بکاتەوە، چونکە باوکم باوەڕی بەو سبەینێیەیە کە دادێت. ئەو ئێستاش زۆر نزیکە لە گوڵ و تێکەڵە لەگەڵیان، مامەڵەی لەگەڵ گوڵ و سەوزایی زۆر تایبەتە. ئەو یەکەم کەس بوو لە ڕانیە شەتڵگەیەکی بەو شێوەیە گەورە دابنێت. نزیکی من و باوکم وای کرد پێکەوە شەتڵگەکە بەڕێوەبەرین، هەم لە ماڵەوە و هەم لە دوکانەکەشدا کارمان دەکرد. لەنێو باخی حەوشەکەمان شەتڵمان دەگرت و دەمان چاندن، چونکە ئەوکاتە زۆربەی ماڵەکان فەزای ژیانێکی سەوزی تێدابوو، باخچە و سەوزایی بەشێکی گرنگ بوون لە ماڵی کوردیدا، بەداخەوە ئەمە لە ئێستادا بەهۆی بەرفراوانبوونی باڵەخانە بازرگانییەکان و دروستکردنی خانووی چەند قات بە بلۆک و چیمەنتۆ فەزای حەوشە و سەوزایی بەرتەسک کراوەتەوە. ئەوکاتە دوکانەکەمان لە سەری کۆڵانەکەماندا بوو، دەرفەتی ڕاکردنم لە دوکانەوە بۆ ماڵەوە و بە پێچەوانەشەوە هەبوو. ئەو کاتانەی بابم دەچوو بۆ سلێمانی بۆ هێنانی شەتڵ و جۆری تازەی گوڵ، من خۆم بە تەنیا لەسەر دوکانەکە دەمامەوە و ڕۆژانە چەند دڵم بەوە تەنگ دەبوو کاتێ گوڵە جوانەکانم دەفرۆشران، لە هەمان کاتدا هێندەش دڵم خۆش دەبوو کە دەفرۆشران و پارەکەیم وەردەگرت، هەستم دەکرد من ئەرکێک بەجێدێنم و بەو ڕێیەوە خێزانێک دەژیێت.

ئەو کەسانەی دەهاتن گوڵیان لێ دەکڕیم بە بچکۆلەی گوڵفرۆش ناویان دەبردم هەندێ جاری تر دەیان وت گوڵەباخ. یاخود دەیان دواندم کە من بێزارنابم لەسەر ئەو دوکانەم یان من منداڵم دەبوایە یاری بکەم، ڕاستی من خۆم بەرگەی ئەوەم نەدەگرت گەر ئیشێکی تربوایە و گوڵفرۆشی نەبوایە، چونکە من منداڵێکی بە جووڵە و پڕ وزە و یاری بووم لەوێشدا زۆرکات بیر و هۆشم دەچوو بۆ لای یاریکردن و هاوڕێکانم لە کۆڵان، بەڵام دواتر خۆم بە ئاودان و ڕێکخستنی گوڵەکانەوە مەشغوڵ دەکرد، چێژم لە خزمەتکردن و نازهەڵگرتنی گوڵەکان وەردەگرت. ئەوانیش لەبەرانبەردا جوانی و ئارامیان پێدەدام، گوڵفرۆشی یەکێکە لەو دەگمەنە ئیشانەی کە تەنیا بازرگانی نییە، بەڵکو ئیشێکە وەرگرتن و بەخشینە، گوڵەکان چی لە تۆوە وەربگرن لەوە زیاترت پێدەبەخشنەوە!
مامەڵەی من لەگەڵ کڕیارەکانم زۆر منداڵانە بوو، لەو کڕیارانە توڕە دەبووم کە عەزێتی گوڵە شەرمنیان دەدا و بەلایانەوە سەیربوو کاتێ شەرمی بۆ دەکردن، دەستیان لێدەدا و وایان دەکرد شەرم بکات و خۆی دابخاتەوە. مۆنەم لەوانە دەکرد کە بە گوڵە دڕکەکانمیان دەگوت چۆن دەبێ دڕک ئەوەندە گرانبێ! بیرمە یەکەم گوڵ کە فرۆشتم گوڵە سادۆنیا بوو.

هەرچەندە ئیشکردن و دوکانداری بۆ کچێکی بچووک هێندەش ئاسان نییە، بگرە هەندێجار مەترسیدارە لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا، بیرمە پیاوە چاوبرسییەکان بە حەز و شەهوەتەوە سەیریان دەکردم هەتا دەگاتە ئەوەی یەکێکیان بە زمانێکی شیرینەوە دەی دواندم کە سبەی دەگەڕێتەوە، شیرینی و بووکم بۆ دێنێت، داوای لێدەکردم لەگەڵیدا بڕۆم، من ئەوکات تێنەدەگەیشتم لە مەبەستی تەنیا دەترسام و دەم زانی مەترسییەک هەیە، بێ ئەوەی بزانم ڕادەی مەترسییەکە چییە و چۆنە. هەر بۆیە بێ ئەوەی بە هیچ کەسێ بڵێم، ڕۆژی دواتر بەزۆر خوشکە بچوکەکەم لەگەڵ خۆم برد بۆ دوکانەکە، تەواوی ئەو رۆژە لای خۆم هێشتمەوە، تاکو لەو مەترسییە دەربازبووم.

ئەوەی داخە بۆ من لەگەڵ گەورەبوونم، کاتێ لە جەستەدا بووم بە کچێکی کامڵ، بەپێی کات وردە وردە ئەو ئیشەم لێ زەوتکرا، بەڕادەیەک غەم دایگرتم کە حەزم نەدەکرد هەواڵی بێنازی گوڵەکان ببیستم و بیان بینم، ماڵەوەمان بێ ئەوەی دەرک بەوە بکەن گەورەبوونی من لە جەستەدا مەترسی نییە، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا مەترسی لە هەر دۆخ و ساتێکدا بێت، بوونی هەیە. یان دەشێ لە ترسی پلار و قسەی خەڵک بووبێت. براکەم بۆ ماوەیەکی کەم لەگەڵ باوکم خەریکبوو، بەڵام بەردەوام نەبوو دواتر کوڕە خاڵەکەم، تا دواجار بەهۆی گۆڕینی دۆخ و ژیانەوە کەوتینە سەر زەرەر و وەک زۆربەی پیشەکان دەسبەرداری بووین.

تۆ کاتێک بەئاگا بیت بەرانبەر بە گوڵەکان ئەوا بەها و نرخیان دەزانی ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە یاخود گرنگ نییە کە زۆر جۆری گوڵت هەیە یان کەم. هەروەها فەیلەسوفی گوڵفرۆش ئانجا دەڵێ: ”ئەگەر تۆ بوەستی و بۆنی گوڵەکان بکەی، ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت ئێمە بەئاگاییەوە دەزانین هەموومان بەشێکین لە زەوی. ئەمە ڕۆحت بەرز دەکاتەوە و بەختەوەرت دەکات. بۆیە ئەمە وا دەکات گوڵ شتێکی کڕۆکی بێت نەک تەنیا شتێک بێت بۆ دیاری یان بۆ ڕازاندنەوە”.

دەکرێ ئەمە بگەڕێنمەوە بۆ ئێستیتیکی سەوز، کە لەتەک یەک ئیدێی ناوەندیدا خەریکە ئەویش ژینگەناسییە (ئێستێتیکی ئیکۆلۆژی)، بەپێی ئەم ئێستێتیکە نابێت سروشت وەک ئۆبژێکتێک ببینرێ، بەڵکو وەک ژینگەیەک کە ئێمە پابەندین پێوەی. هەروەک چۆن سروشت و جوانی لە کۆنسێپتە بناغەییەکانی ئێستێتیکن، بە هەمان شێوە لای کانت هەمیشە ”جوانی سروشت” لە پێش ”جوانی هونەرە”، چونکە هۆشسامبوون بە یەکەمیان نیشانەیە بۆ هەڵوێستێکی مۆڕاڵی. کەوایە مەزنی سروشت لەوەدایە کە ئەو وەک سروشت دەتوانێت لەنێو مرۆڤدا بەڕێی لێڕوانینەوە ئیدێی مۆراڵ بێداربکاتەوە و بەئاگای بێنێتەوە. ئەمە لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەم دەکاتەوە ئایا ئێمە لە کوێی هەڵوێستێکی مۆڕاڵیانەداین بەرانبەر بە سروشت؟ لە کاتێکدا سەری گوڵەکان دەقرتێنین، دەچینە نێو سروشتەوە بە کۆمەڵی پاشماوە سروشت پیس دەکەین و بەجێی دێڵین.

ئەمە بەرەو پرسیارە کرۆکییەکەی (ئانجا)م دەبات کە دەڵێ: ”گوڵەکان دیاری زەوین، چونکە زەوی هەموو ئەوەیە کە ئێمە هەمانە و ئێمە پێویستمانە. ئەگەر ئێمە سەرچاوەکان پتر لەوە بەکاربهێنین کە سروشت بەرهەمیان دەهێنێ، ئەوا دواتر ئێمە ڕوو لە کوێ دەکەین؟ بۆیە ئەم پەیوەندییە گوڵفرۆشی دەکاتە شتێکی کڕۆکی” .
ئێستاش خۆزگە و خەونی من ئەوەیە ڕۆژێ بتوانم دوکانە گوڵفرۆشییەکەم دابنێمەوە و بە ئومێد و خەونی ئێستامەوە ئاگام لێیانبێ و بەردەوام بم لەگەڵیاندا.




شاژنی کاتوێ (queen of katwe) … خەندە حەمید

” هەندێ جار ئەو شوێنەی کە تۆ پێی ڕاهاتووی، ئەو شوێنە نییە کە تۆ بەشێکی لێی”

شاژنی کاتوێ فیلمێکی درامییە لە سێپتەمبەری ٢٠١٦ بڵاوبۆتەوە، سەبارەت بە ژیانی ڕاستەقینەی کچێکی١٠ ساڵانە بە ناوی فیۆنا لەگەڵ خێزانەکەی نیشتەجێی گەرەکە هەژارنشینەکانە بەناوی کاتوێ لە ئۆگەندا، دەبێتە یاریزانێکی لێهاتووی شەترەنج. هەمیشە ئەو فیلمانەم لا پەسندە کە چیرۆکێکی لە پشتە بەتایبەت گەر چیرۆکێکی ڕاستەقینە بێت. فیلمێک کە ئازارەکان، هەوڵەکان، سەرکەوتن و شکستەکان دەخاتە ڕوو، نەک تەنیا وێنە بگوازێتەوە. فیلمێک کە ئاماژەیە بۆ گرنگی پەروەردە و ڕاهێنان. توانسی مرۆڤە سادە و بێبەش لە ئامرازە سەرەتاییەکانی ژیان دەردەخات. لەلایەن خانمە دەرهێنەری بەتوانا (Mira Nair میرا نایر) کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، ئەم خانمە هیندییە و ئێستا لە نیۆرک دەژی، کۆمپانیای فیلم بەرهەمهێنانی هەیە یەکێکە لە دەرهێنەرە سەرکەوتووەکان، هەندێ فیلمەکانی بایۆگرافین و گرنگی تەواو بەو لایەنە دەدات، شێوازێکی تایبەت هەڵدەبژێرێ بۆ ئەوەی چیرۆکەکەمان پێ بڵێ. لەبەرئەوە ئەم فیلمەی ئیشکردنێکی پەروەردەییانە و دەروونیانەیە بۆ لێڕوانەر، مرۆڤ بڕوا بەو دیمەنە هەژار و جەرگبڕانە ناکات کە نیشاندەدەرێ لە فیلمەکەدا.

فیۆنا و براکەی لەنێو کۆڵانەکاندا گەنمەشامی دەفرۆشن، مردنی باوکیان قورساییەکی زیاتری خستۆتە سەر شانی دایکیان. دایکی فیۆنا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی خێزانەکەی پێکەوە بهێڵێتەوە، بەڵام شکست دێنێ لە مانەوەی خوشکە گەورەکەی فیۆنا، چونکە ناتوانێ بەرگەی ئەو ژیانە سەختە بگرێ، بەڵکو دەڕوات و بە شکستەوە دەگەڕێتەوە. دایکیان خوێندەوار و پەروەردەکراو نییە بەڵام دەکرێ بەهێزیی پەروەردەی ئەو بێ بۆ منداڵەکانی، بەمانایەکی تر پەروەردەی ئەو لە بەهێزییدایە. چونکە هەرگیز دەستبەرداریان نابێت لە هەموو سەختی و ناخۆشییەکانی ژیانیان. ئەم ڕۆڵەش خانمە ئەکتەری بەتوانا (Lupita Nyong’o) دەی گێڕێت. ئەم ئەکتەرە زۆرترین خەڵاتی بەدەست هێنا لە فیلمی (دوانزە ساڵ کۆیلایەتی) بەهۆی لێهاتووی و جوان ڕۆڵگێرانی لە فیلمەکەدا، هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەری یاریدەدەری بەدەست هێنا. پێم وایە بۆ ئەم فیلمەش هەمان پلە و توانای هەیە، هەربۆیە شایەنی خەڵاتە. هێندە جوان ڕۆڵ و ئەرکی دایک بەرجەستە دەکات لە کاتی سەختی و نەهامەتییەکانی ژیان، کاتێک هیچ پشت و پەنایەکت نییە و دەتەوێ بەردەوام بیت لەو نیوە ژیانەدا. لە فیلمەکەدا چەندان دیمەنی جوانی پڕ لە هاوسۆزی و پێکەوەیی و لێکتێگەیشتن هەیە.

هەستی فیۆنا بۆ زانین وای لێکرد کە بچێتە شوێنێک، کە تێیدا یاری شەترەنج فێرە کۆمەڵیک منداڵ دەکرا، لەلایەن مامۆستایەکەوە بەناوی (ڕۆبێرت کەتیندی) بەڕێوەدەبرا و ڕاهێنانیان پێ دەکرا. ڕۆبێرت مامۆستایەکی بەئاگا و سەرکەوتووە، زۆر جوان ئیشی لەسەر شێوازی پەروەردەی منداڵەکان دەکرد، بۆ ئەوان کە هیچیان نەبوو بە سکی برسییەوە ئەستەمە بتوانی ورە بەرز بییان هێڵێیەوە. چونکە تارمایی برسییەتی لە چاوەکانیان بەدیدەکرا، مامۆستاکە ڕۆژانە لەگەڵیاندا بەر ئەو هەستانەیان دەکەوت هەستی برسێتی و هەستی بێبەشی، هەرچەندە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی هەژارنشین، بێپەروەردە و بێماڵ زۆر زەحمەتە، بەڵام دەی زانی چۆن مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بکات. ئەمەش لێهاتوویی پەروەردەیی و توانای ڕۆبێرتی مامۆستا دەردەخات. ئەو سەرەتا بە فیۆنا دەڵێ ئەم شوێنە بۆ ململانێکارانە!

دایکی فیۆنا سەرەتا ڕێگرە لە بەردەم منداڵەکانی کە ئەم یارییە بکەن و بە قومار ناوی دەبات، پێی وایە نابێت کاتەکانی خۆیانیان پێ بەڕێبکەن، چونکە پێویستە ئەوان ئیش بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە و بەردەوام بن لەو ژیانە سەختەی هەیانە. بەڵام ڕۆبێرت هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی لە دایکیان بگەیەنێ کە ئەمە قومار نییە و ئەوان دەرفەتی ئەوەیان دەبێت لە شامپیۆنی (پێشبڕکێی)(king’s college) بەشداربن، چونکە فیۆنا زۆر زیرەکە، بۆ ئەوەی پاشان ڕێگەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە کە بچن بۆ فێرگە و بخوێنن. ڕۆبێرت دەزانێ توانای فیۆنا زۆر لەوە زیاترە کە تەنیا سەوزە بفرۆشێ، پێی وایە ئەوان شایەنی زیاترن. دایکیان لە خەمی پەروەردەی ئەوان رێگە بە منداڵەکانی دەدات بەشداربن. دەڵێت من ڕێگەیان دەدەم بەڵام تۆش کە بەڵێنەکەت نەبردە سەر هەرگیز منداڵەکانی من نابینیەوە.

یەکێک لە نموونە پەروەردەیی و جوانەکانی ڕۆبێرتی مامۆستا لە کاتی بێئومێدبوون و نامۆبوونی منداڵەکان بەو شوێن و ڕووبەرووبوونەوەیان بەرانبەر بە گرووپە بەشداربووەکانی تر ئەوەیە، کە نموونەیان لەسەر برسییەتی بۆ دێنێتەوە ئەو دەرک بەوە دەکات ئەمە نزیکترین و باشترین ڕێگەیە کە منداڵانێکی برسی و بێبەش بەشێوەیەکی پەروەردەییانە تێبگەیەنی. دەڵێ؛ دوێنی لە ڕێگەی پاسەکەمدا سەگێکی لاوازم بینی، سەگەکە زۆر برسی بوو، چاودێری پشیلەیەکی دەکرد، سەگەکە دەستی کرد بەوەی پشیلەکە بگرێ لە کۆڵانە و گۆمە ئاو و خانووەکە، پشیلەکە تەنانەت بازی بەسەر کتری سەر ئاگرەکەشدا دەدا و دواتر بزر بوو. سەگەکە لە ماندووییان بەربۆوە لەسەر زەوییەکە. منیش بە سەگەکەم گوت چی ڕوویدا؟ تۆ زۆر برسی بووی بەڵام ژەمەکەت لەدەست چوو و دوورکەوتەوە. سەگەکە پێی گوتم کێشەکە من بووم. تەنیا ڕام دەکرد بەدوای ژەمێکدا، بەڵام ئەو پشیلەیە ڕای دەکرد بە دوای ژیانیدا.

ڕۆبێرت دەڵێ؛ دەبینن ئەم منداڵانە، جلی جوانیان هەیە، جێگەی ئاسوودەیان هەیە، ئەوان وەک سەگەکە وان. هەموو شتێکیان ئاسان بۆ دێتە بەر دەست، بەڵام ئێوە پشیلە مەزنەکانی منن، ئێوە بەدوای ژیانتاندا ڕادەکەن. بەمە ورەی هەموو منداڵاکان بەرز دەکاتەوە. فیۆنا هەندێ جار باوەڕ بە توانا و لێهاتووی خۆی ناکات، لای سەیرە لە کەسێک دەیباتەوە کە خوێندوویەتی و پەروەردەی بینیوە ئەویش هیچ خوێندەوارییەکی نییە. ڕاستی پەروەردە دەتوانێ ئاسانتر و باشتر لێهاتووییەکانت پەرە پێ بدات، بەڕێگەیەکی زانستییانەیاندا بەرێت، ئەگەرنا هەموو مرۆڤێک توانایی مێشکی هەیە گەر بزانێ و بەهرە و زیرەکی خۆی بدۆزێتەوە لەو بوارەی کە تێیدا لێهاتووە. ڕۆبێرت دەرخەری تواناکانی فیۆنا بوو.

یاری شەترەنج ئەوەی بۆ گرنگ نییە کە تۆ چۆن و چەند بەهێزی یاخود دەوڵەمەندی، بەڵکو دەتوانێ بۆ ژیانێکی باشتر فێری ڕێگەیەکی ستراتیژیانەت بکات. ئەمەش پێویستی بە هێز و دەربازبوونە لەو دۆخەی تێی دای. هەربۆیە فیۆنا دەڵێ: ”شەترەنج، مێشکم تیژ دەکاتەوە”.
فیۆنا هەرچی لەبەردەستی بوایە دەی کرد بە شەترەنج و ڕاهێنانی پێ دەکرد، بەردەوامی و سووربوونی فیۆنا پاش هەوڵ و شکستەکانی دەرخەری ئەو ویستەیە کە فیۆنا لە شەترەنجدا دەیبینێتەوە. ئەمە بۆ ئەو دەبێ بە خەون و دەیەوێت لە ڕێگەی شەترەنجەوە ئەوەی دەیەوێت بە دەستی بێنێت بۆ خۆی، دایکی و خێزانەکەی. لە دواجاردا سەرکەوتوو دەبێت وەک پاڵەوانی شەترەنج لە ئۆگەندا، کە هەموو خەڵکەکە بەپەرۆشەوە چاوەڕێی سەرکەوتنەکانی فیۆنان و هاوسۆزن لەگەڵی. دواتر دەتوانێ بخوێنێ و هەروەها دەتوانێ شوێنێکی شایستەی ژیان لەژێر سەقفێکی پڕ لە خەون و ویستدا هەموو خێزانەکەی کۆبکاتەوە.




ڕۆژەکەم لە دادگا لەگەڵ نکۆڵیکارێکی هۆڵۆکۆست: لەبارەی فیلمی نکۆڵیکردن…

قسەکردن لەبارەی هۆڵۆکۆست ئاسان نییە، نەک تەنیا لەبەر گەورەیی جینۆسایدەکە، کە گومانی تێدا نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی جوولەکەکان لە هەموو بوارەکاندا ئیشیان لەسەر کردووە. چەندین فیلم، شانۆ، نووسین (ڕۆمان، چیرۆک، لێکۆڵینەوە … هتد) سەبارەت بە هۆلۆکۆست هەن، تاکو ئێستاش بەردەوام سەرلەنوێ ئیشی تازە لەبارەیەوە دەکرێ. جوولەکەکان وەک گەلێکی زیندوو، ئەو ستەمکاری و جینۆسایدەی بەسەریان هاتووە بە هەموو جیهانی دەناسێنن، نەک تەنیا نەوەکانی خۆیان کە لە دوای هۆڵۆکۆستەوە هاتوونەتە ژیانەوە.
لێرەدا دەمەوێ سەبارەت بە فیلمی (Denial)قسە بکەم، کە فیلمێکی درامی، ژیاننامەییە، لە ٣٠ سێپتەمبەری ٢٠١٦ دا بڵاوبۆتەوە. ئەم فیلمە لە دەرهێنانی دەرهێنەری بەریتانی ( Mick Jackson)، چیرۆکێکی راستەقینەیە لەسەر کتێبی خانمە نووسەر و پرۆفیسۆری ئەمریکی-جوولەکە (Deborah Lipstadt)دێبرا لپستات، بەناوی (History on Trial: My Day in Court with a Holocaust Denier) کە ئەکتەری بەتوانا ((Rachel Weisz لە فیلمەکەدا ڕۆڵی ئەم خانمە دەگێڕێ.

دەستپێکی فیلمەکە زۆر بەهێزە کاتێک دێبرا وەک مامۆستا سەبارەت بەو خاڵانەی ڕەتکردنەوەی ڕوودانی هۆڵۆکۆستی تێدا دەردەکەوێ وانە بە فێرخوازەکانی دەڵێتەوە. ئەمە یەکێکە لە بەهێزترین خاڵەکانی فیلمەکە. لەکاتێکدا هەموو ئەو خاڵانەی باسی دەکات لە دەیڤید ئارڤینگدا هەیە، ئەم کەسە بەریتانییە، مێژوونووسێکی سەربازی و سیاسییە بەتایبەت لەبارەی دووەم جەنگی جیهانی، ئەڵمانیای نازی و جەنگەکانی هیتلەر نووسیویەتی. یەکێکە لەوانەی ڕەتی دەکاتەوە کە هۆڵۆکۆست ڕووی دابێ، یاخود ژووری خنکاندن بە گاز لە کامپی ئاوشویتس لە پۆڵەندا بوونی هەبوو بێت. ئارڤینگ یەکێکە لەو کەسانەی سەرسام و ستایشکاری هیتلەرە، لە کۆتاییدا تەنیا بەرگری و پاساو بۆ کارە لەناوبەرەکانی هیتلەر دێنیتەوە. ئەمانە گرنگن کە لە فیلمێکی مێژوویی ڕاستەقینەدا دەتوانرێ بەباشی بۆ لێڕوانەر کرۆک و جەوهەری فیلمەکە ڕوون بێت.

کتێبێکی خاتوو دێبرا، کە تێیدا وەڵامی ئەو نکۆڵیکردن و ئینکاریکردنەی ئارڤینگی داوەتەوە لە کاتی بڵاوبوونەوە و قسەکردن لەسەری، ئارڤینگ بە پلانێکی بۆ ڕێکخراو ڕووبەڕووی دێبرا دەبێتەوە، بەڵام وەک دێبرا بڕیاری داوە کە دیبەیتی ئەو کەسانە ناکا کە ئینکاری ڕوودانی هۆڵۆکۆست دەکەن، هیچ وەڵامێکی ناداتەوە ئەویش بە گاڵتەوە دەڵێ هەزار دۆلارم لە باخەڵە دەیدەم بەو کەسەی کە بەڵگە و دۆکۆمێنتێک نیشانی من بدات، بیسەلمێنێ هیتلەر فەرمانی کوشتنی جوولەکەی دەرکردووە! دێبرا دەڵێت من دیبەیتی تۆ ناکەم نە ئێستا، نە لێرە و نە لە هیچ شوێنیک. چونکە دێبرا ئەکادیمیانە لە ناو کتێبەکانیدا وەڵامی بۆ ئەمانە هەیە. ئەو پێی وایە کەسێ ئازادە کە بۆچوونی هەبێت لەسەر هۆڵۆکۆست نەک ڕەتیبکاتەوە، چونکە ئەمە ڕوویداوە و بەڵگە نەویستە و خۆ-ڕوون و ئاشکرایە. دوای ئەوە ئارڤینگ لە دادگای باڵای لەندەن سکاڵا دژی دێبرا، چاپخانە و بڵاوکاری کتێبەکە تۆماردەکات، لەبەرئەوەی گوایە دێبرا لە کتێبەکەیدا ئەوی وەک نکۆڵیکاری هۆڵۆکۆست ناساندووە، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەوەوە ناوبانگی ئەو وەک مێژوونووسێک لەکەدار دەکات.

دێبرا پاش بیرکردنەوە و گوێگرتن لە وتارە نابەجێکانی ئارڤینگ کە بۆ نوێنازییەکان دەیدات، بڕیار دەدات لە دادگا ڕووبەڕووی ئارڤینگ ببێتەوە. لەبەرئەوە پەیوەندی بە پارێزەرێکەوە دەکات (ئەنتۆنی جولیەس) زۆر سەرکەتوو و بەتوانایە، هەروەها (ڕیچارد ڕامپتۆن) وەک پارێزەری قسەکەر لە دادگا دیاری دەکرێ. تیمێکی یاسایی و لێکۆڵەرەوە لە کۆمەڵێک پارێزەر و پرۆفیسۆر پێک دێنن، ڕیچارد دەبێ بە سەرپەرشتیار و ڕێکخەری کەیسەکە. ئەو زۆر بە بەرپرسیارانەوە ئەرکەکەی جێبەجێ دەکات، کاتێک ئیش لەسەر کەیسەکە دەکات، هەست بەو دڵسۆزی و ئازارچەشتنەی دەکەی بۆ قوربانییەکانی هۆڵۆکۆست، ئەمەش بەرپرسیارێتی و قورسایی مۆراڵی ڕیچارد بەرامبەر ئەو کارەساتە لە فیلمەکەدا نیشان دەدات. دیمەنەکان هێندە کاریگەرە کە لێڕوانەر هەست بە ئازارەکەی دەکات! من خۆم پێم وابوو ئەو کەسێکی لەدەست داوە یاخود بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی بە هۆڵۆکۆستەوە هەیە. لە ڕاستیدا من وەک کوردێک لە مەم ڕووانی، چونکە لێرە تۆ دەبێ کەسێک لە دەست بدەی یان لە نزیکەوە پەیوەندیت بە جێنۆسایدەوە هەبێ ئینجا لەو غەم و ئازارە تێدەگەی کە لە ڕیچارددا بەدی دەکرێ. لای زۆربەی کورد ئەو ئاگایی و زانینە نییە بەرانبەر بەو جینۆسایدەی کە بەسەرماندا هاتووە، لێرە هەوڵەکان تاکە کەسین بۆیە دەرئەنجامی دڵخۆشکەرییان نییە. ئێمە فێرنەکراوین کە چۆن ئەرکی مۆڕاڵیانەی خۆمان بەرانبەر بەو جێنۆسایدەی بەسەرمان هاتووە بەجێ بێنین. ئەمانە ئیشکردنی دەوێت، دەبێت لە پەروەردە و ئەکادیمیادا بخوێنرێت و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێ، دەقی ئەدەبی باڵای لەبارەوە بنووسرێ، ئیشی هونەری لەسەر بکرێت، بەداخەوە ئەمە هێشتا لێرە وەک پێویست نییە.

دێبرا کەسێکی بە هەڵەشە و سۆزەکییە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو جوولەکەیە، ئەم ڕووداوە (هۆڵۆکۆست) بۆ ئەو ئەوەندە هەقیقییە، ئەوەندە فاکتێکی بەهێزە نەشیاوی نکۆڵیکردنە، بۆ ئەو قورسە ئینکار بکرێ و لە دادگا بەرگری لەو ڕاستییە بکات. بۆیە بڕیارەکانی تیمەکەی بۆ قبوڵ ناکرێ، پێی وایە ئەوان نابێ ئارگۆمێنتی ئەوە بکەن کە گوایە دێبرا ڕاستی دەڵێ چونکە ڕاستی بەڵگەی ناوێت، لەبەرئەوە تیمەکە بڕیار دەدەن کە دێبرا نابێ لە دادگاییەکەدا قسە بکات، بەڵکو تەنیا ئامادە دەبێت. هەروەها ڕزگاربووانی هۆڵۆکۆستیش وەک شایەتحاڵ وتەیان لێوەرناگیرێ، چونکە لە لایەن ئارڤینگەوە ڕەنگە هێرش بکرێتە سەریان، سوکایەتیان پێبکرێ و شەرمەزار بکرێن. هەروەها لەبەرئەوەی ئەوان ئەزموونی هۆڵۆکۆستیان کردووە و ئەو ئازارەیان چەشتووە، لە ڕووی دەروونییەوە ڕەنگە بەرانبەر بە قسەکانی ئارڤینگ تووشی هەڵچوون ببن، ئاخر ئەوان لە لایەکەوە ئەزموونی تراوما (هەڵتەکانی دەروونی)یان کردووە و ئێستا لە قۆناغی پۆستتراومادا دەژین، لە لایەکی دیکەشەوە ڕەنگە تووشی لە بیرچوونەوە ببن تەواوی ڕووداوەکانی هۆڵۆکۆستیان وەک خۆی بیرنەمابێ. ئەمانەش هەمووی دەبن بە بەڵگە بە دەست ئارڤینگەوە بۆ سەلماندنی قسەکانی خۆی. ئەمە ڕاستییەکی تر سەبارەت بە وردی ئیشکردنی تیمەکە دەردەخات، ئەوان دەیانەوێ لە دۆخی گێڕانەوەی زارەکی دەربچن، بەڵکو دەیانەوەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دۆکۆمێنتەکان بکەن، بۆئەوەی دژبێژی و نەسازییەکانی ئارڤینگ لە کتێبەکانیدا بدۆزنەوە و لە دادگاش دژبێژی قسەکانی بسەلمێنن.

لە دادگاییەکەدا دیبەیەتی ئەکادیمیانەی زۆر باشی تێدایە کاتێ دوو لایەنەکە بەرەو ڕووی یەکدی دەبنەوە. لەسەر بابەتی زۆر ورد و بەردەست ئیش دەکەن، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ئیشی بە تیم بۆ کەیسی جێنۆساید چەندە کاریگەر، لێهاتووانە و پڕ بەرهەمە، چەندەش پێویستە. من نامەوێ تووشی بەراوردکاری ببم بەڵام بۆ نابێت ئێمە سوود لە ئەزموونی جوولەکە وەرگرین، چونکە هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ ئیشکردنی بە کۆمەڵ لەبارەی جێنوسایدی کورد.

ئامادەکارییەکان لەلایەن تیمەکەوە بۆ دادگاییەکە چەند ساڵێک دەخایەنێت، بەڵام خودی دادگاییەکردنەکە نزیکەی مانگێک درێژەی دەبێت، دواجار لە بەرژەوەندی دێبرا کۆتایی دێت. دادگا بڕیار دەدات ئارڤینگ بەگوێرەی ئایدۆلۆژیی خۆی، بەمەبەستەوە مێژووی شێواندووە و بەهەڵەی دابردووە، هەروەها ئارڤینگ وەک دژە جوولەکە و ڕەیسیست دەناسێنرێ. واتا سکاڵاکارەکە سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو بەرگریکارەکە سەرکەوت، ڕاستی و هەق بەو بوو. دێبرا لە کۆتا قسەکانیدا دەڵێ من پێش ئەوەی بێم بۆ لەندەن باوەڕم نەدەکرد کە دادگا شوێنیک بێت بۆ لێکۆڵینەوە و سەلماندنی هەقیقەتی مێژوویی. دێبرا هیچ قسەیەکی نەبوو بۆ ئارڤینگ، بەڵام ڕوو لە ڕزگاربووان و کوژراوەکان دەکات و پێیان دەڵێ ئێوە لە بیرنەکراون و یادتان دەکرێتەوە، دەنگی ئازارەکانتان بیسترا. بەو هیوایەی ئازارەکانی کوردیش بگەیەنرێ و ببیسترێ.




ڕۆشنایی ئێدنبرە لەژێر پەنچە درەوشاوەکانی پەیکەری دەیڤید هیوم … خەندە حەمید

بۆ لێڕامان و واتاکانی تێگەیشتن لە گرنگی و جوانی شارێک، پێویستە لە چەند ڕوانگەیەکەوە لێی بڕوانی. شار وەک چۆن پێویستی بە مێژوو هەیە بەهەمان شێوە پێویستی بە هونەر، تەلارسازی، فەلسەفە و هاڕمۆنی هەیە، چونکە هاڕمۆنی و هاوسەنگی بنەمای شارن. ئەمەش دەمگەیەنێ بەو پرسیارەی، بۆچی ئێدنبرە هێندە شارێکی مێژوویی و جوانە؟ لەبەرئەوەی هەریەک لەو ڕەگەزە پێکهێنەرانەی شار کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان، لە خاڵە زیندوو و جوانەکانی ئەم شارەن.

ئێدنبرە لە سەدەی پازدەیەمەوە پایتەختی سکۆتلەندە. سەرەڕای ئەوەی سکۆتلەندا بۆ ماوەیەکی درێژ لەلایەن ئینگلیزەکانەوە داگیرکراوە، بەڵام سکۆتلەندییەکان و خەڵکی ئەم شارە کولتوور و شارستانیەتی خۆیان پاراستووە. بە واتایەکی دیکە دەستیان بەوەوە گرتووە کە هەیانە. ئێمە لە فیلمی دڵەئازاکە Braveheart ویست و پەیامی هاوڵاتییە سکۆتییەکانمان بەباشی گوێ لێ دەبێ کاتێ کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە william wallaceدەڵێ: لەوانەیە ئەوان ژیانی ئێمە بەرن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئازادی ئێمە بەرن! کەوایە گەر تۆ ئازادیت نەبوو هەموو شتێکی دیکە بێمانا دەردەکەوێ، سکۆتییەکان هیچ شتێکیان نەکردبێ ئەوەیان کردووە کە نەیان هێشتووە داگیرکەرەکەیان دەست بەسەر ئازادی ئەواندا بگرێ. تەنانەت وینستۆن چەرچڵ سەبارەت بە ئەوان دەبێژێ: ”لە سەرجەم نەتەوە بچووکەکانی سەر ئەم زەوییە، ڕەنگە تەنیا گریکییەکانی ئەنتیکە لە بەخشین و هاریکاریکردنی مرۆڤایەتیدا بۆڕی سکۆتلەندییەکانیان دابێتەوە”. دەبێ داگیرکراو کاریگەرییەکی بەم شێوەیە لە داگیرکەرەکەی بکات. دەبێ سکۆتلەندییەکان چیان کردبێ، کاتێک داگیرکەرەیان بەم شێوەیە باسیان لێوە دەکات؟

هەروەها بەشێوەی ترادیسیۆنی جل و بەرگیان جیادەکرێنەوە، موزیکێکی ترادیسیۆنی تایبەت بەخۆیان هەیە، کە بە ئامێری (Bagpipe) دەژەنرێ، ئەوان هونەر و چێژی خۆیان بەیەکەوە و لەگەڵ گەشتیارەکانیاندا بەشدەکەن. تایبەتمەندییەکی دیکەیان خواردنەوەی وێسکییە، لەم بوارەدا ناوبانگی باشیان هەیە. هەروەها جۆرێک لە پسکیتیان هەیە کە لە هی هەموو شوێنەکانی تر جیاوازە. لە ئێدنبرەدا، ساڵانە ڤیستیڤاڵێک لە مانگی هەشتدا دەکرێ، ماوەی یەک مانگ دەخایەنێ تێیدا سەما، موزیک، کۆنسێرت، ئۆپێرا و شانۆ لە هۆڵ، شەقام و شوێنە گشتییەکاندا نمایش دەکرێن. کاتێک دەچیتە ئەم شارە چەندان دووکان و پێشانگا تایبەت کراون بۆ بەرهەمە ناوخۆیی و خۆماڵییەکانی ئەوێ، ئەوانەی کولتوور و شارستانیەتی ئەوانی پێ دەناسرێتەوە. هەندێ شار ماوەیەکی کەم تێیاندا دەمێنییەوە، بەڵام کاریگەرییەکی زۆر قوڵ لە لات بەجێدێڵن.

ئێدنبرە شارێکی تەواو مێژووییە بە تەلارسازی بیناکان و پەیکەرەکاندا دەرک بەوە دەکرێ، لە ڕاستیدا، پەیکەری چەندان کەسایەتی گرنگ لەنێو شەقام و سەر رێگەکاندا دەبینرێ، چونکە هونەری پەیکەرسازی بە هونەری گشتی، هونەری خەڵک ناسراوە. یەکێک لەو پەیکەرانە دەیڤید هیومی فەیلەسوفە. پەیکەری هیوم لەنێو شاردا ژێرپێکانی دەدرەوشێنەوە کەم کەس هەیە لەو شارەدا بەلایدا تێپەرێت و دەست لە پێیەکانی نەدا، بەتایبەت فێرخوازەکان چونکە گوایە کاتێ دەست لە پەنچە گەورەی پێی دەدەن! بەختێکی باشیان بۆ دەهەێنێ. من هەرکاتێ بەلایدا ڕەتبوایەم دەستم لە پەنچە درەوشاوەکانی دەدا و چێژم لە دیمەنە جوان و مێژووییەکانی ناو بازاڕەکە وەردەگرت. ئەمە بۆ بەختێکی باش نەبوو بۆ خۆم، لەبەرئەوەبوو هیوم یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی من خوێندوومە، چونکە چێژم لێوەرگرتووە و لێوەی فێربووم. پەیکەری هیوم بە شێوە گەنجییەکەیەوە پڕ وزە و هێزی هۆش دەردەکەوێ، ئەمەش پێمان دەڵێ سکۆتییەکان بەو شێوەیە وزەی هزرڤانەکانیان نمایش دەکەن، بە پێچەوانەی هونەرمەندانی لای خۆمان پەیکەری شاعیر و بیرمەند و نووسەرانمان بە شێوەیەکی پیر نمایش دەکرێن و نیشان دەدرێن، کە ئێمە زۆربەی کات هەر بەم شێوەیە بەریان دەکەوین. من دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە پیری واتا جوانی و پڕ ئەزموونی، بەڵام دیوی دووەمی پیری دەرخەری لاوازی تینی وزەی هۆش دەگەیەنێت.

گرنگی هیوم لە تیۆرییەکانیدا سەبارەت بە هونەر و جوانی دەردەکەوێ، سەبژێکتیڤێتی جوانی شوێنێکی گرنگی لەنێو ترادیسیۆنی فەلسەفەی خۆرئاوادا هەیە. هیومیش لەژێر کاریگەری ئەو هزرە بڕوای بە جوانی هەیە، جوانی وەک کێشەیەکی ناوەندیی لە ئیشەکانیدا دەردەکەوێ پێی وایە: جوانی ئەدگارێکی خۆیی شتەکان نییە، بەڵکو جوانی شتێکە لەنێو هۆشی لێڕوانەردایە، هەر لێڕوانەرێکیش تێگەیشتنی جیاوازی بۆ جوانی هەیە. پەیکەری هیوم لە شوێنێکی ئاسایی و سەرە ڕێیەکی نێو بازاری ئێدنبرەیە، وەک زۆربەی ئەو پەیکەرانەی کە لەنێو ئەو شارەدان بەهەمان شێوە لەنێو خەڵکەکەیدان، کە هەرکەسێک دەتوانێ بەلایدا تێپەڕ ببێت نەک بە تایبەت بچێ بۆ بینینی. هەرچەندە ئەمەش نەسازە لەگەڵ ئێستێتیکی هیوم خۆیدا ئەو پێی وابوو ئیشیە هونەرییەکانی وەک پەیکەر، تابلۆ، موزیک، دەبێ لە نێو پێشەنگاکان، مۆزەخانەکان و هۆڵی کۆنسێرتەکان نمایش بکرێ، واتا جیاکراوە بێت لە ژیانی جەنجاڵی و قەرەباڵغی ڕۆژانەییدا کە پڕە لە شێواوی. تەنیا فەزایەک بۆ هونەر شیاوە کە بەتەواوی لە ژیانی ڕۆژانە جیاکرابێتەوە یاخود هیومیانە بڵێین: مۆزەخانە تاقیگەیەکی مەزنە بۆ ئەزموونکردنی هونەر. چونکە تۆ لەوێ هێمنییەکی تەواوی هۆشت هەیە، بەسەرنجدانێکی ورد لە ئیشە هونەرییەکە چێژێکی ساغ و ڕەسەنت دەست دەکەوێت، هەر لەبەرئەوەیە تەنیا لە مۆزەخانەدا دەتوانین ئەو ئەزموونە بکەین.

دەمەوێ لەوەوە پرسیاری ئەوە بکەم بۆچی لێرە پەیکەری نووسەر، شاعیر، هونەرمەندان دەبێ لە نێو پارکێک یان دیواربەندی چوارچێوە بۆ کێشراودا دابنرێ؟ بەتێڕوانینی من وەڵامی ئەم پرسیارە دەمگەیەنێتە ئەو دەرەنجامەی بڵێم، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە لێرە نوخبە نەیتوانیوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کۆمەڵگە هەبێ و بچێتە نێو خەڵکەوە. لە کاتێکدا ئەو کولتوورەی سکۆتلەندییەکان دەرخەری ئەوەیە کە ئەوان دەرک بەوە دەکەن و بەئاگان لە ناسینی کەسە گرنگەکانی نێو هزر و مێژوویان، شارستانیەتی شارەکەیان و سەرکردەکانیان.

لە ساڵی(١٧٢٤) شارەوانی ئێدنبرە گردی (Calton Hill)ی کردووە بە پارکی گشتی، دواتر لە ساڵی (١٧٦٠) دا مۆنۆمێنت و بیناکانی تێیدا بونیادنراوە، کە ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەری سکۆتی. لەم کاتەدا سکۆتلەندا لە ڕووی زانست و فەلسەفەوە زۆر پێشکەوتوو بووە، یەکێک لە فیگورە دیارەکانی ڕۆشنگەری سکۆتلەندی دەیڤید هیومی فەیلەسوف بووە. لەبەرئەوە بەجوانی هۆشی هیوم و لەسەر بڕیاری خۆی، ڕێگەیەکی مێژوویی لەسەر (Calton Hill) واتا گردی کاڵتۆن دروستکراوە، کە دواجار هیوم خۆشی لەسەر ئەم گردە نێژراوە. ئێستاش ئەم گردە بەشێکی گرنگە لە شوێنەوارە ناوازە و نایابەکانی ئەو شارە، بۆتە میرات و شوناسی سکۆتلەندییەکان، هەروەها بۆتە شوێنی کۆکردنەوەی هەریەک لە ناسیۆنالیزم، فەلسەفە و زانستی سکۆتی. لە کاتێکدا پێش هیوم گردی کوشتن و لە سێدارەدان بووە، هەروەها شوێنی سرووتەکانی پاگانەکان بووە. ئەمە پێمان دەڵێ چۆن دەکرێ هزری فەیلەسوفێك هێندە کاریگەری لەسەر شارستانیەت و کولتووری شارێک هەبێت، لەبەرئەوە دەکرێ بڵێم ئەقڵی فەیلەسوف بونیادنەرە.

لە ئێستادا خەڵکی لە هەموو جیهانەوە دێن بۆ سەیرکردنی گردەکە و ڕێگەکەش ناونراوە (Hume walk) واتا پیادەڕەوی هیوم، زۆر لە هزرڤانە مەزنەکان لە کاتی پیاسەدا بیرۆکە و هزرەکانیان بۆ هاتووە. هیومیش بەهەمان شێوە پیاسەوان بووە، زۆربەی کاتەکان پیاسەی تێداکردووە و هزراندوویەتی لەبارەی تێورییە فەلسەفییەکانییەوە. هەروەک فرێدریک گرۆس لە کتێبی (فەلسەفەی پیاساندن)دا بەردەوام جەخت لەو هزرۆکەیە دەکاتەوە کە پیاساندن ئازادبوونە؛ هەر بۆیە مرۆڤ هێندە لەو شارەدا و بەتایبەت لە گردی کاڵتۆن هەست بە ئازادی و هێورییەکی ڕەسەنی شوێن و ژینگەکەی دەکات. بۆیە دەکرێ ئەقڵێکی شارستانیانە ژیانێکی شارستانیانە و بەختەوەرانە بەرهەم بهێنێ. دەشێت ڕۆڵی فەیلەسوفێک چ کاریگەرییەکی گەورە و قووڵ لەسەر وڵاتێک و بەتایبەت شارێک جێبهێڵێت. ئەمەش وادەکات بڵێم گەرچی ئێدنبرە جوانییەکی سەرسامکەری هەیە، بەڵام بەهیومەوە جوانتر بووە.




وشەکان …. خەندە حەمید

(لە ژیانماندا خۆمان بڕیار دەدەین و شتەکان هەڵدەبژێرین، بەڵام قورسترین شت ئەوەیە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانماندا بژین(.
وشەکان فیلمێکی ڕۆمانسی، درامییە، لە سێپتەمبەری ٢٠١٢ بڵاوبۆتەوە. لەلایەن (بڕەین کلوگمان، لی سترێنتەڵ)ەوە نووسراوە و دەرهێنراوە. ئەم فیلمە سیناریۆیەکی بەهێز و نمایشێکی جوان لەخۆدەگرێ، بە کۆتاییەکی چاوەڕواننەکراو تەواو دەبێت. هەریەک لە ئەکتەران برادلی کوپەر (ڕۆی)، زۆیی ساڵدانە (دۆرا)ی هاوسەری ڕۆی، هەروەها جێرمی ئایرۆنس )پیاوە پیرەکە( ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. بە بۆچوونی من ئەمە باشترین فیلمی برادلی کوپەرە.

ئەم فیلمە هاوکات چەند چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، یەکێک لەوانە بڵاوبوونەوەی کتێبی (The wordsوشەکان)ی نووسەر (کلایتۆن هامۆند)ە، ئەمە ناوی فیلمەکەشە. لە کتێبەکەدا سێ چیرۆکی بەنێویەکداڕەتبوو باس دەکرێ. ئەم فیلمە لە نێوان گەمەی زمانەوانی و گێرانەوەدا، هێندە جوان و ورد چنراوە، لێڕوانەر لەنێو دیمەن و سەردەمە جیاوازەکان سەری لێناشێوێ، بەڵکو هەریەکەیان دەبێت بە چیرۆکێك بۆ لێڕامان و چێژوەرگرتن. پلۆتی ئەم فیلمە لەتەک تێگەیشتنی ڕوودانگە (واقع) بە گریمانە خودییە زمانەوانییەکانەوە خەریکە، بەڕێی پەیوەندییە تێکهەڵکێشەکانەوە، بەشێوازێکی تایبەتی گێڕانەوە لێکگرێدراون و لە فیلمەکەدا نیشاندەدرێن.

پیاوە پیرەکە لە گەنجیدا وەک سەرباز لە کۆتایی دووەم جەنگی جیهانی بۆ فەڕەنسا نێردراوە. لەوێ کچێک دەبینێ و خۆشی دەوێ، دواتر هاوسەرگیری دەکەن و منداڵێکیان دەبێت. زۆر بەختەوەرانە دەژین، لەپڕ منداڵەکەیان نەخۆشدەکەوێ و دەمرێ، لەوێوە تراژیدی ئەو خێزانە دەستپێ دەکات. ژنەکەی هاوسەری زۆر غەمبارە، دەیەوێ بۆ ماوەیەک پشوو بدات، بۆیە بۆ لای ماڵی دایکی دەڕوات. کوڕە گەنجەکە زۆر بێتاقەت دەبێت، دەیەوێت غەمەکانی بە نووسین دەرببڕێ.

هەربۆیە چیرۆکی ژیانی خۆی دەکات بە ڕۆمانێک، لەکاتی نووسینیدا هێندە قووڵ بۆتەوە هەست بە کات ناکات، ناخوات و ناخواتەوە هەتا ڕۆمانەکەی بە دوو هەفتە تەواو دەکات. ڕۆمانەکە بۆ هاوسەرەکەی دەبات، لەبەرئەوەی هێندە کاریگەرە، ژنەکە ڕۆمانەکە هەڵدەگرێ و یەکسەر دەگەرێتەوە بۆ لای هاوسەرەکەی، بەڵام لەکاتی دابەزیندا لە شەمەندەفەرەکە لەبیری دەچێ. بەهۆی ونکردنییەوە دوو هاوسەرەکە جیادەبنەوە. نووسەرە گەنجەکە شێتئاسا سەری خۆی هەڵدەگرێ و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ لای هاوسەرەکەی. ئەمە یەکێک لە چیرۆکەکانە. چیرۆکەکەی تر لەو کاتەوە دەستپێ دەکات کە ڕۆی و دۆرا بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن، بۆ مانگی هەنگوینی دەچن بۆ پاریس، لەوێ لەکاتی بازاڕکردندا لە ئەنتیکەخانەیەک، ڕۆی تەنیا جانتایەکی کۆنی بەلاوە سەرنجراکێشە، بۆیە دۆرا وەک دیاری بۆی دەکڕێ.

ڕۆی نووسەرێکی هەوڵدەرە، دەیەوێ نووسینەکانی بخوێندرێنەوە، بەڵام شکست دێنێ. چونکە پاش چەند ساڵ لە نووسینی ڕۆمانێک ناتوانێ بڵاوی بکاتەوە، لەبەرئەوەی هەموو چاپخانەکان ڕەتی دەکەنەوە! ئەو لە نووسیندا گیری خواردبوو، نەی دەتوانی بنووسێ، شتەکانیشی قبوڵ نەدەکران. ڕۆژێک لەنێو جانتا ڕەشەکە بەڕێکەوت فایلێک دەدۆزێتەوە، کۆمەڵێ پەڕەی کۆنی تێدایە کە ڕەشنووسی ڕۆمانێکە، دەست دەکات بە خوێندنەوەیان ناتوانێ واز لە خوێندنەوەیان بێنێ تاکو تەواوی دەکات. ئەم ڕۆمانە ناوی نووسەرەکەی لەسەر نییە، هێندە کاریگەری لەسەرداناوە ناتوانێ بەو شێوەیەی پێشوو بژی.

ئەو بە خوێندنەوەی دەرک بەوە دەکات کە ئەو هەرگیز ئەو کەسە نییە کە پێی وابوو ئەوە، دەترسێ هەرگیزیش نەبێ بەو کەسەی کە پێی وابووە دەبێت بەو! بۆیە بڕیار دەدات تایپی بکات، بەبێ ئەوەی بزانێ بۆچی ئەوە دەکات. ڕۆی هەموو وشەی سەر پەڕەکانی تایپ دەکردەوە وەک خۆی بەبێ ئەوەی هیچی لێبگۆرێ، تەنانەت هەڵەی ڕێنووسیشی ڕاست نەدەکردەوە. ئەو دەیویست بزانێ هەستێکی چۆنە بەر وشەکان بکەوێ و دەستیان لێبدا. دۆرای هاوسەری لەکاتی تایپکردندا دەیبینێ، ئەو بێئاگایە لەوەی ئەو ڕۆمانە هی ڕۆی نییە، بۆیە دواتر دەیخوێنێتەوە زۆر کاریگەری لەسەر دادەنێ. دوای گەڕانەوەی ڕۆی لە کارەکەی، دۆرا بە گریانەوە پێی دەڵێ: تۆ هەموو ئەو شتانەی کە هەمیشە ویستوتە ببی. داوای لێدەکات چاپی بکات چونکە لە هەموو کارەکانی پێشووتری باشتر، جیاوازتر، پڕتر و ڕاستگۆیانەترە، بۆیە دەبێ ببینرێ.

دەڵی تۆ هەمیشە ویستوتە ببی بە نووسەرێکی باش، تۆ بەمە دەبی بە نووسەرێکی مەزن. گەر لەبەر خۆت ئەوە ناکەی تکایە لەبەر من بیکە. لەژێر کاریگەری ئەمە ڕۆی بڕیاردەدات ڕۆمانەکە بەناوی خۆی بڵاوبکاتەوە. ڕۆی خۆی وەک نووسەری ڕۆمانەکە نیشاندەدا، ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات. ڕۆژێکیان پیاوە پیرەکە بەدوای ڕۆیدا دەڕوات تاکو خۆی وەک یەکێک لە خوێنەرەکانی نیشان بدات، دەیەوێ چیرۆکی خۆی بۆ باس بکات. بەڵام ڕۆی نایەوێ گوێی لێبگرێ پیاوەکە بە دەنگی بەرزەوە دەڵێت؛ ئەو چیرۆکە لەبارەی پیاوێکە کە کتێبێکی نووسیوە و دواتر ونی کردووە، پاشان کەسێک دۆزیویەتەوە.

لێرەوە ڕاستییەکان لە نێوان پیاوە پیرەکە و ڕۆیدا ئاشکرا دەبن. ڕۆی زۆر پەشیمانە لەوەی کردوویەتی، دەیەوێ ئەوە ڕاست بکاتەوە، قەرەبووی بکاتەوە، هەوڵدەدات کتێبەکە بەناوی ڕاستەقینەی نووسەرەکە بڵاوبکاتەوە، هەموو ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێت. بەڵام زۆر درەنگە، پیاوە پیرەکە هەرگیز ڕازی نابێ ئەو تەنیا مەبەستی بووە ڕۆی بزانێ نووسەری ڕاستەقینەی کتێبە کێیە، چونکە سەبارەت بە ژیانی خۆی، هاوسەر و منداڵەکەیەتی، سەبارەت بەو خۆشی و ئازارانەیە، ئەو وشانەی لێوە لە دایکبووە. دەڵێ: تۆ ئەو وشانەت برد، پێویستە ئازارەکانیشی بەریت. تراژیدی پیاوە پیرەکە ئەوەیە وشەکانی لەو ژنە زیاتر خۆشویستووە کە پاڵنەری بووە بۆ نووسین. لێرەدا ئەو پرسیارەت لا دروست دەبێ، چۆن مرۆڤ بە یاریدەی وشەکان دەتوانێ شاکار بئافرێنێ، کە بۆ هەر سەردەمێک و زمانێک، تازە و ناوازە بێت. وەک ماسیاسی فەیلەسوف دەڵێ: ”نووسین لەنێو دڵی هەموو زمانێکدایە.”

ئەم فیلمە لەبارەی ئەوە نییە چۆن ڕۆی نووسینەکە دەکا بەهی خۆی، بەڵکو لەبارەی ئەو وشانەیە کە ڕۆی خۆشیدەویستن، بەڵام ئێستا بوونەتە مۆتەکە بۆی، لەبەرئەوەی دوای ئەو ڕۆمانە هیچ شتێکی نەنووسی هەروەک پیاوە پیرەکە لە دوای بزرکردنی ڕۆمانەکەی نەیتوانیوە تاکە وشەیەکی تر بنووسێ. لەوێدا هەست دەکەی دزینی چیرۆکی ژیانی کەسانی دیکە چەندە دڵڕەقانە دەردەکەوێ، دواجار ڕۆی داهاتووی خۆی پێ لەناوبرد.
لە کۆتاییدا، هەرچەندە وا دەردەکەوێ کە هەردوو نووسەرەکان ڕۆی و هامۆند هەمان کەسایەتی بن، بەڵام لێڕوانەر هەرگیز دڵنیا نابێتەوە سەرەڕای لێکچوون و خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیشیان.