پادشا دەمرێت.. زاهیر عەبەڕەش

ڕاڤەکارییەک بۆ شانۆنامەی پادشا دەمرێت

(ئەم دەقە شانۆییە بەرێز عەلی کەریم وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە دەزگای چاپ و بەخشی سەردەم بڵاوکراوەتەوە).
ئەوەی شانۆی یوجین ئیۆنێسکۆ ئەوەندە سەرنجڕاکێش دەکات ئەو ئەتمۆسفیرە گاڵتەجاڕی و کۆمێد و ئەبسوردەیە کە تا ڕادەیەک هەمیشە پرسیارە ئاینی و بوونگەراییەکان دەشارێتەوە. تاڕادەیەک شانۆنامەکانی سەرەتا باس لە مرۆڤە نامۆکان و دۆخە سەیر و سەمەرەکاندا دەکات ، بەڵام لە ڕووکەشدا باسی حەسرەتی مرۆڤ دەکات بۆ مانا و ڕاستی. یەکێک لەو دەربڕینانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا زۆر جار بەکاری دەهێنین کە دەڵێت “کاتم نییە یان زۆر بێ کاتم”، ئەگەر لە ژیاندا هەندێک جار مرۆڤ خۆی بڕیار لەسەر کات بدات، بەڵام کاتی واش هەیە کە ئیدی کات بڕیار دەدات و ڕۆڵی تۆ تەواو دەبێت ئەویش ساتی مردنە. لەم جیهانە پڕ لە نادڵنیاییەدا مردن لە کات و شوێندا هەیە، سات و شوێنێکی حاشاهەڵنەگرە و کە دەبێت هەموومان بە دڵنیاییەکی تەواوەوە ڕووبەڕووی ببینەوە، لەبەر ئەوە دەمەوێت باسی ئەو ساتە بکەم. کە (پاشا دەمرێت) کە یەکێکە لە گرنگترین شانۆنامەکانی یۆژین یۆنسکۆ.
هەموو مرۆڤەکان دەزانن کە دەمرن، ئەم درک کردنەش دڵەڕاوکێ دروست دەکات.
بوون و ژیان زۆرجار مانایەکی ڕوونی نییە، مردنیش ئەم بێماناییە ڕوونتر دەکاتەوە. ترس و تەنیایی زۆرێک لە کارەکتەرەکانی هەوڵ دەدەن لە بیری مردن ڕزگاریان بێت بەڵام شکست دەهێنن. پرسیارێکی بوونگەرایی یۆژین یۆنێسکۆ لێکۆڵینەوە لەوە دەکات ژیان مانای چییە؟ کاتێک مرۆڤ دەزانێت ژیان سنووردارە.
ڕوونترین نموونە شانۆنامەی پاشا دەمرێت، کە تێیدا شا بیرانژێ وردە وردە ناچار دەبێت قبووڵی بکات کە بڕیارە دەمرێت. تەواوی شانۆنامەکە باس لە خەباتی مرۆڤ دەکات بەرامبەر بە حەتمیەتە.
ئیۆنێسکۆ لە ڕێگەی دوو شانۆنامەکەیەوە لە ڕەشبینییەکی قووڵەوە دەچێتە بەرخۆدانێکی بێدەنگ و لە هەمان کاتدا یەکلاکەرەوە و هەبوونی دەنگدانەوەیەکی بەهێز . بەرهەمەکانی، وەک دووبارە خوێندنەوە و پێداچوونەوەیان ئەمڕۆ دەیسەلمێنێت، ئەوە نیشان دەدەن کە ئەدەب و هونەر ناتوانن لەگەڵ کاتدا پەیوەندیی خۆیان لەدەست بدەن؛ بەڵکو لە هەموو سەردەمێکدا لایەنی نوێی ئازار و خەونەکانی مرۆڤ ئاشکرا دەکەن. نموونەی شانۆنامەی کۆرسییەکان، لە جیهانێکدا کە پڕ بووە لە کورسی بەتاڵ و ڕیتۆرێکی کون، بەرەنگاربوونەوەی بێمانایی بە چەسپاندن بە مرۆڤایەتییەوە وەک کردەوەیەکی قارەمانانە دەمێنێتەوە.
(ئێستا کە ڕاستی مردن بەسەرمەوەیە بەیان بووە، دەستبەرداری هەموو پلەو پایە و حەسرەت و وابەستەبوونێک دەبم، لەگەڵ نەمانی ئەم جەستەیەم لە گۆشت و خوێنە، وەک وەهمێکی زوو تێپەڕ دەیناسینەوە).
شانۆنامەی پاشا دەمرێت هاوشیوەی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی تۆڵستۆیە بە ناوی (مەرگی ئیڤان ئیلیچ) زۆریش لە نووسەران سەرنجیان لەو بارەیەوە هەیە کە شانۆنامەکە لەو ڕۆمانەوە سەرچاوەی گرتووە. لە شوێنێکی تردا لە لاپەڕەی دەنگەکان و سپی مێدیا شیکاریەکەکم بۆ ئەو ڕۆمانە کردووە. هەروەها دەمەوێت جیاوازیەکان و شتەهاوبەشیەکانی ئەو دوو دەقە بخەمەڕوو.
لە شرۆڤەی ڕۆمانی (مەرگی ئیڤان ئیلیچ)ی تۆڵستۆی، ئەم چیرۆکە نائاساییە ڕەنگدانەوەیە لەسەر مردن و نەخۆشی، ئازاری جەستەیی و ئازاری ڕۆحی، لەسەر مانای ژیان، پەیوەندییەکانی مرۆڤ، لەسەر ئەوەی چی گرنگە و چی زیادە. هەروەها بوونی مرۆڤ لە ناو کاتدا چۆن مامەڵە دەکات.
دەکرێت شانۆنامەی (پاشا دەمرێت ) ی یۆژین یۆنسکۆ تەواوکەرێکی نایابی ئەو چیرۆکەی تۆڵستۆی بێت، هەرچەندە ڕۆحیترە، بەڵام زیاتر زاڵترە. لێرەدا مردن پاڵەوانی ڕاستەقینەیە. لە تۆڵستۆی پاڵەواندا مردن نییە، بەڵکو ژیانە. ژیانێک کە ئازار دەچێژێت، ژیانێک کە کۆتایی دێت؛ ئایا ژیان مانای هەبوو یان نا، ئایا شایانی ئەو هەموو ئازار و ڕەنجە بوو، ئایا دەکرا باشتر بژیین، پەشیمانی لەوەی کە کرا کە نەدەبوو بکرێت و بۆ ئەوەی نەکرا کە دەبوو بکرێت.
لەم بەرهەمەی ئیۆنێسکۆدا، مردن لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەخرێتەڕوو؛ ڕەهەندی تایبەتی خۆی هەیە، هیچ چارەسەرێکی دینی ناخاتە ڕوو کە پێمان بڵێت کە دەمریت لەو دونیا زیندوو دەبینەوە، ، قۆناغەکە هەر لەم جیهانەدا دەمێنێتەوە. دیوەکەی ترمان نیشان نادات کە چاوەڕێی دابەشکردنی پاداشت یان سزا بین، هیچ ژیانێکی دوای ئەمە نییە، ڕۆژی حوکمدان، بەهەشت، دۆزەخ، زیندووبوونەوە و ژیانی هەتاهەتاییمان بۆ باس ناکات .
مردن بۆ خۆی ئەزموونێکە، نهێنی کۆتاییهێنان بە ئازارەکانە و لێرەدا ئاماژە بە ئازارە ڕۆحییەکان دەکەین نەک جەستەییەکان، لە وازهێنان لە خۆهەڵواسین بە ژیانەوە. ئەمانە بڕگەکانی کۆتایی چیرۆکی (ئیڤان ئیلیچ)ن.
ڤیکتۆر فێرناندێز دەنووسێت” ڕەنگە یۆنسکۆ ئاگاداری کتیىی پیرۆزی مردووەکانی تبت یان کتێبی دەوڵەتە مامناوەندەکان (باردۆ تۆدۆل) بێت، ئەو کتێبە تێڕوانینی بوداییەکان بۆ مردن دەبینێت، چونکی ئەو لێکچوون لە نێوان شانۆنامەکە و تێڕوانینی بوداییەکان بۆ مردن دەبینێت، شانۆنامەی پاشا دەمرێت هاوبەشی لەگەڵ فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتیدا هەیە”.
کتێبی مردووەکانی تبت چییە؟لە ڕاستیدا پێی دەوترێت (باردۆ تۆدۆل Bardo Thödol).لە ئایینی بودایی تبتدا باس لەوە دەکات چی ڕوودەدات کاتێک مرۆڤ دەمرێت. بیرۆکەیەکی ناوەندی ئەوەیە کە مرۆڤی مردوو بە( باردۆس )ی جۆراوجۆردا تێدەپەڕێت، واتە دۆخی مامناوەند لە نێوان مردن و بوونێکی نوێدا.
لەم حاڵەتانەدا کەسەکە ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخانە دەبێتەوە: ترسەکانیان، ئارەزووەکانیان، وەهمەکانیان و ئاگایی خۆیان. شتە چارەنووسسازەکە ئەوە نییە کە خودا حوکم لەسەر کەسەکە بدات، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا دەتوانێت واز لە ئیگۆی خۆی بهێنێت و واقیع قبوڵ بکات.
ئەم دیدە دینی فەلسەفییە بە هاوشێوەی شانۆنامەکەی پاشا دەمرێت ـ ی یۆنسکۆ. هەر لە سەرەتاوە پاشا دەزانێت کە بڕیارە دەمرێت. لە درێژەی شانۆنامەکەدا بە قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێت:

  • ئینکاری مردن دەکات.
  • توڕە دەبێت.
    ـ هەوڵی دانوستان دەدات.
    ـ نائومێدی دەستی بەسەردا گرتووە.
  • دواجار قبوڵ دەکات واز لە ژیان لێبهێنێت.
    هەموو ئەم گۆڕانکاریانە لەسەر زمانی پاسەواندا بە خەڵکەکە ڕادەگەیەنرێت. ئەمە تەواو هاوشێوەی ڕێبازی بوداییە لە ڕێگەی مردنەوە. ئەوەی گرنگە پرۆسەی ناوەوەیە نەک ئەوەی دوای مردن ڕوودەدات.
    یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی شانۆنامەکە ئەوەیە کە پاشا بە تووندی دەستی بە شانشین و کورسیەکەی، بە دەسەڵاتەکەی، جەستەی و بە ژیانیەوە دەگرێت، کاتێکیش واز لەم هەموو ئەم شتانە و لە شەڕ دێنێت، ئەو دەمە دەتوانێت بە ئارامی بمرێت. ئەوەش ئایینی بودایمان بیردەخاتەوە، کە دەڵێت: ئازار کاتێک سەرهەڵدەدات کە خۆمان بە شتگەلێکەوە دەلکێنین کە ڕاگوزەرن.
    کاتێک ڤیکتۆر فێرناندێزی ڕەخنەگر دەڵێت دەشێت یۆنسکۆ ئاگاداری کتێبی مردووەکانی تبتی وەک کلیلی لێکدانەوە بەکارهێنابێت و لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، دەشێت ئەوە تەنها گریمانەبێت. مەرج نییە بڵێین ئیۆنێسکۆ بیرۆکەکانی لەوێوە وەرگرتووە، بەڵکو وێناکردنی مردن لە شانۆنامەکەدا، وەک پرۆسەیەک کە مرۆڤ دەبێت وردە وردە دەستبەرداری ئیگۆ و کۆنترۆڵی خۆی بێت، ئەمەش فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی بیردەخاتەوە. خوێندنەوەیەکی مومکین و سەرنجڕاکێشە، بەڵام لێکدانەوەیەکی مەسیحی یان بوونگەرایی یاخود ئیسلامی هەمان دەرئەنجام نایەتە دی، بەڵام هەموو لەسەر ئەوە کۆکن کە ڕۆمانی ئیڤان ئیلیچ سەرچاوەی ئیلهامێتی.
    ڕەخنەگەری زۆرمان هەیە کە ئەم ژانرە شانۆییە بە بوونگەرایی یان نیهیلیزمی بێدینەوە دەبەستینەوە، بە بۆشایی و نائومێدی و دڵ تێکهەڵدانەوە دەبەستنەوە، ڕەنگە ئەم شانۆنامەیە (پاشا دەمرێت) زۆر دووربێت لەم ڕەوتانانەی کە بە ڕەشبینی وجودییەوە نەهلەستیەوە نقومبووبێت. دەقی پاشا دەمرێت ئەو هەستەت پێنابەخشێت وەک دەقی سۆپرانی سەڕوتاوە و یان تێکستەکانی بێکت، یان لە زۆربەی نووسەرانی تر، تەنانەت لە تێکستەکانی تری یۆنسکۆ خۆشی.
    تەنانەت دیمەنی کۆتایی هەستی خوێنەر و بینەر دەجوڵێنێت ئارامییەکی دەرونی یان خۆشییەکی بێدەنگ بەئاگا دەهێنێتەوە. نەک هیوا، چونکە هیوا شتێکە کە ئاراستەی داهاتوو دەکرێت. هیوا نیە لەبەرچی ؟ جیاوازی هەیە نێوان هیوا و هەستی خۆشی بێدەنگ، هیوا واتە چاوەڕوانی شتێک کە هێشتا ڕووی نەداوە. بۆ نموونە، هیوادارم چاک ببمەوە، هەمیشە هیوا بەرەو داهاتوو ئاراستە دەکرێت، بەڵام لە کۆتایی پاشا دەمرێت و داهاتوو نییە و چاک نابێتەوە و پاش چەند ساتێکی تر دەمرێت. چیتر ناتوانێت ئومێد بە هیچ شتێک بخوازێت. بەڵام کاتێک پاشا دواجار مردنەکەی قبوڵ دەکات، واز لە شەڕکردن لەگەڵ مەرگدا دەهێنێت، هێمنی باڵ دەکێشێت بەسەر دۆخەکەدا، ترسەکە کەم دەبێتەوە، هەستێک دروست دەکات کە لەسەر بنەمای شتێکی باشتر نییە کە دواتر بێت، بەڵکو ئاشتییە لە ئێستادا. خۆشی بێدەنگ، هەموو شتێک چارەسەر نابێت، بەڵام ئەو چیتر لە ململانێدا نیە لەگەڵ واقیعدا.
    یۆنسکۆ بەمەرگی پادشا بیرکردنەوەیەکی فەلسەفەیەکی دادەڕێژێت، چونکێ یۆنسکۆ وێنای ئەوە دەکات کاتێک مرۆڤ واز لە شەڕی حەتمی دەهێنێت، دەتوانێت ئاشتییەکی چاوەڕواننەکراو ئەزموون بکات، کەواتە خۆشی لەبەر ئەوە نایەت کە داهاتوو باشتر دەبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو هەوڵدانە کۆتایی دێت.
    ئەگەر لە دیدێکی دینییەوە سەیری بکەین لەوانەیە بڵێت کە هێشتا هیوا هەیە، بەو پێیەی هیوا تەنها پەیوەندی بە داهاتووی زەمینییەوە نییە بەڵکو پەیوەندی لەگەڵ خودا و ژیانی هەتاهەتاییشدا هەیە.
    بەڵام بەو پێیەی ئیۆنێسکۆ هیچ ژیانێکی دوای مردن لە شانۆنامەکەدا نیشان نادات ڕەنگە ئاستەم بێت بە دیدێکی مەسیحیانەو یەکتاپەرستی بخوێندرێتەوە، چونکی دیمەنی کۆتایی بە مانا مەسیحییەکەی هیوا نییە، بەڵکو باس لە ئاشتەوایی ناوەوە دەکات لەگەڵ ئەوەی لێرە و ئێستا ڕوودەدات. یۆنێسکۆ زیاتر باس لەوە ناکات کە شانۆنامەکە نوێنەرایەتی چی دەکات بەڵێنێک نییە بۆ داهاتوو، بەڵکو ساتێکی ئارامییە کاتێک پاڵەوانەکە واز لە بەرەنگاربوونەوەی مردن دەهێنێت.
    ئەگەر بە وردی مرۆڤ ئەو شانۆنامەیە بخوێنێتەوە لێیی حاڵی بیت یان بیبینێت کاردانەوەی بیرکردنەوەی مەرگ لە فکرو جەستەی خۆتدا خەیاڵ دەکەیت، ڕەنگە یەکێک لەو تێکستانەیەدوای خوێندنەوەی یان بینینی نمایشەکە هەر هەموومانی پەڕتەوازە کردبێت و هەرکەسەی لە خەیاڵدانێکدا بێت یان تێفکرینێکی جیوازدا بێت بۆ شیکاری مەرگ، هەرچەندە ئێمە هەر هەموومان لەبەر دەم یەک نمایشی چیرۆکی مەرگ بین.
    هەروەها کارەکتەرەکان هێما و ئاماژەن هەریەکەیان نوێنەرایەتی بارودۆخێکی مردنی خۆمان دەکات،. درەنگ یان زوو هەموومان ڕۆڵی پاڵەوان بیرانژێر دەگێڕین وەک پاڵەوانی شانۆنامەکەی “پاشا دەمرێت”مان بەسەردا دێت. کەواتە بەهیوای ئەوەی حیکمەتی شاژن مارگارێتامان لە نزیکەوە هەبێت بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بێت لە بڕینی تەلی دڕکاویەکانی قاچمان و شکاندنی ئەو بەربەستانەی کە رێی لێگرتووین بۆ ئەو شوێنە کە ڕەنگە بیدۆزینەوە ڕەنگە نیرڤانا؟ ڕەنگە بەهەشت بێت؟ ڕەنگە گەڕانەوەی هەمیشەیی سامسارا؟(١) ڕەنگە هیچ نەبێت؟ لەبەر ئەوە یۆنسکۆ کۆتاییەکی کراوەمان بۆ جێدەهێڵێت، چەندین ئەگەری جیاواز دەخاتە ڕوو، بەڵام هیچیان پشتڕاست ناکاتەوە.

    کارەکتەرەکان:
    بیرانژێر: گرنگترین کەسایەتی ڕەمزی شانۆنامەکەیە، ئەو نوێنەرایەتی تەنها پاشایەک ناکات، بەڵکو هەموو مرۆڤێک. ئەو لەبری هەموومان لەوێیە کە دەبێت درەنگ یان زوو ڕووبەڕووی مردن ببینەوە.
    پاشا، ئیگۆ، خود، ناوەندی گەردوونە. ئێمە هەموومان ناوەندی گەردوونین بۆ خۆمان، بیرانژێر هەر یەکێک لە ئێمەیە. هەموومان لە ژیانی خۆماندا حوکمڕانی دەکەین، کەم تا زۆر دەسەڵاتمان هەیە، وە هەموومان، هەرچەندە ژیانمان جۆراوجۆر بووبێت، لە کۆتاییدا هەمان کرداری کۆتایی ئەنجام دەدەین. بێگومان کاتێک لە چوارچێوەی ئەم بەرهەمەدا باسی مردن دەکەین، مەبەستم لە مردنی مرۆڤ خۆیەتی، نەک مردنی ئەوانی دیکە، چ نزیک بێت یان دوور، مردنی مرۆڤ خۆی ناوازەیە و تەواو کەسێتییە و شەخشیە. مردنی ئەوانی تر چیرۆکێکی ترە، کاتێک مرۆڤ خۆی دەمرێت، پرۆسەی مەرگ کارکردنی دەوروونی جەستەیی بەسەر تۆدا دێت، دەنا ئێمە هەرگیز بە ئاگا نین دوای مردنمان، بەڵکو لە ڕێگەی مردنی ئەوانی تروە ئاگاییمان هەیە.
    ئەو پیاوەی سەرەتا ئینکاری مردن دەکات، ڕەتیدەکاتەوە قبوڵی بکات کە بمرێت. هیوادارە، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و دەیەوێت کۆنترۆڵی خۆی بپارێزێت. پاشاندا دەترسێت لە درێژی شانۆنامەکەدا تێگەیشتنی لا دروست دەبێت ، لە دواجاردا قبوڵی دەکات کە ژیان کۆتایی دێت، ئەمەش هێمایە کە مرۆڤەکان زۆرجار کاردانەوەیان دەبێت کاتێک ڕووبەڕووی واقیعی مردن دەبنەوە، بیرانژێرر لاواز و سەرلێشێواو و دابەش بووە، مرۆڤێکە کە بناغەیەکی تۆکمەی نییە کە ڕەنگدانەوەی هەستی نادڵنیایی و دڵەڕاوکێی بوونگەرایی مرۆڤی هاوچەرخە.
    کارەکتەرەکە دوا سەفەری بوونگەرایی مرۆڤ نیشان دەدات، بیرانژێر هێمای خودی مرۆڤە کە دژی مردنی خۆی دەجەنگێت، و لە کۆتاییدا دەبێت قبوڵی بکات
    شاژن مارگرێتا: هاوسەری یەکەمی پاشا، لەگەڵ هاتنی هاوسەرە جوان و شۆخەکەی دووەمی پاشادا، پێگەی هەستیاری خۆی لە دەست دەدات، بەڵام کۆتایدا ئەودەبێت ڕێبەرو حەکیم و یارمەتی پاشا دەدات کە بەربەستەکانی مردن ببڕێت و بەئارامی بمرێت. مارگرێتا واتە ڕوونی و ڕاستی و دیسیپلین و قبوڵکردنی حەتمی مردن.
    لە شانۆنامەکەدا یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە هێمادارەکانی شانۆنامەکە، تاڕادەیەک پێچەوانەی شاژنی دووەم ماریا کاردەکات، ئەو ڕاستی و ڕیالیزمی دەکات، نوێنەرایەتی واقیعی سارد و ڕوون دەکات، ئینکاری مردن ناکات هەموو شتێک وەک خۆی دەبینێت، بە هیوا پاشا فریو نادات. مارگرێتا لە ڕێگەی شێوازی مامەڵەکردنیەوە نیشان دەدرێت کە بەردەوام دژایەتی شاژنە ماریا دەکات، هیوا و وەهمەکان ڕەتدەکاتەوە، فشار دەخاتە سەر پاشا بۆ ئەوەی درک بە ڕاستییەکان بکا، لەگەڵ لاوازبوونی پاشادا زیاتر باڵادەست دەبێت، ئەو کارەکتەرە بەو شیوەیە وێنا دەکرێت نەک لە ڕێگەی هەستەکانەوە، بەڵکو لە ڕێگەی کردەوە و زمانێکەوە کە ڕەق و ڕوون و نەگۆڕە. مارگریتا ئەو بەشەی واقیعە کە ناتوانرێت لێی دوور بکەوێتەوە. ڕەنگە ئەو جەوهەری ئەو دیدە ی هیوم بەرجەستە بکات کە دەڵێت ” لەڕاستیدا ئێمە ناتوانین بوونی ئەوانیتر تاقی بکەینەوە” . خۆ ئەگەر بەشێوەیەکی دەروونشیکارییش لێکی بدەینەوە پسپۆڕێکی دەروونناس و ڕێبەری مردن کاری دەکرد.
    شاژن ماریا: هاوسەری دووەمی پاشا. ماریا وەهمی مارایە. ئەو شاژنەیە کە سەردەمانێک پاڵەوانەکەی دڵخۆش دەکرد بە خۆشیەکانی دونیا، ئێستاش ڕەتیدەکاتەوە دەستبەرداری بێت. بۆ بیرانژێر، ئەو لە بارگرانییەک زیاتر نییە کە بە ژیانەوە دەیبەستێتەوە، بەربەستێک کە ڕێگری دەکات لە بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازە سروشتییەکەی خۆی.
    کارەکتەری ماریا، شاژنی دووەم بۆ ناوی ماریا یە. لە ئیدیۆمی دینی بو بوزیدا، وەهمی مارا. مارا لە ئایینی بودادا کەسایەتییەکی هێمادارە کە نوێنەرایەتی وەسوەسە، ئارەزوو، وەهم دەکات کە ڕێگری لە ڕۆشنگەری دەکات. وەهمی مارا ئاماژەیە بۆ خۆشیەکانی ژیان. لەبەر ئەوە ماریا نوێنەرایەتی چێژەکانی ژیان دەکات. چێژەکانی جەستە، هەستی و چێژە دونیاییەکان، بۆ نموونە سەرنجڕاکێشانی سێکسی، سامان، پێگە، ئاسوودەیی، یان شتی تر کە دەتوانێت مرۆڤ بە ئارەزووە مادییەکانەوە ببەستێتەوە.
    ماریا، واتە خۆشەویستی، ژیان، گەنجی، هیوا، ئارەزوو و ڕەتکردنەوەی قبوڵکردنی ئەوەی کە ژیان کۆتایی دێت. بوونی ئەو وا دەکات پاشا بیەوێت بەردەوام بێت لە ژیان و ئینکاری مردن بکات. باوەڕی بەوە هەبێت کە دەتوانێت لە چارەنووسی خۆی ڕزگاری بێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ماری هێمای سەرنجڕاکێشی ژیانە. ماریا کەسایەتییەکی “خراپ” نییە، بەڵام ئارەزووی مرۆڤ بۆ بەردەوامبوون لە ژیان و خۆشەویستی و چێژوەرگرتن بەرجەستە دەکات. لە بەرامبەردا مارگریت نوێنەرایەتی ئەو درککردنە دەکات کە مردن حەتمییە و دەبێت قبوڵ بکرێت.
    لە ڕوانگەی بوونگەراییەوە دەتوانرێت بڵێین ئیۆنێسکۆ ڕێگە بە دوو شاژنەکە دەدات نوێنەرایەتی دوو لایەنی مرۆڤ بکەن، یەکەم ماریا نوێنەرایەتی ئارەزوو، هیوا، ئیرادە بۆ ژیان، ئەو وەهمەی کە ژیان دەتوانێت بەردەوام بێت. دووەم مارگریات، نوێنەرایەتی ڕاستی و ماڵئاوایی و مردن و قبوڵکردن.
    هەر بۆیە دەتوانرێت ماری بە “وەهمەکەی مارا” لێکبدرێتەوە، نەک لەبەر ئەوەی ئیۆنێسکۆ بە ئاشکرا سیمبۆلیزمی بودایی بەکاردەهێنێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەرکەکەی لە دراماکەدا ڕۆڵی مارا وەک ئەو کەسە دەهێنێتەوە یاد کە مرۆڤ بە بوونی دونیایەوە دەبەستێتەوە. لێکدانەوەیەکە نەک شتێک کە لە شانۆنامەکەوە باسی بودایییەت بکات.
    ئەگەر بە کورتی پوختەی جیاوازیەکانی هەردوو شاژن بزانین ئەوەیە کە : شاژنە ماریا واتە واتە ژیان و خۆشەویستی و هیوا، ئەو دەیەوێت پاشا باوەڕی بەوە هەبێت کە ژیان دەتوانێت بەردەوام بێت. بەڵام شاژنە مارگرێتا واتای ڕاستی و مردن، ئەو نیشان دەدات کە دەبێت قبووڵی بکات کە دەمرێت. ئەو دوانە پێکەوە هێمای ململانێی مرۆڤن لە نێوان وەهم (ویستی بژی) و واقیع (دەبێت بمرێت).

پزیشک: و نەشتەرگەر، جەلاد و بەکتریاناس و ئەستێرەناسی شانشینی مەملەکەت. ئەم کارەکتەرە نوێنەرایەتی حیکمەت، زانست دەکات، بە درێژایی ژیانمان زانست و حیکمەتمان بەکار هێناوە ئێستاش لە ساتەکانی کۆتاییدا، یارمەتیمان دەدات نیشانەکان ببینین و لێکدانەوەیان بۆ دەکات، بەڵام ئەرکەکەی لەو شوێنە کۆتایی دێت کە ژیانی ماددی کۆتایی دێت، لەوە زیاتر ناڕوات.
لە دەقەکەدا، کارەکتەری پزیشک یەکێکە لە کارەکتەرە ڕەمزییەکانی شانۆنامەکە. ئەو تەنیا بە مانای ئاسایی پزیشک نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی چەند بیرۆکەیەک دەکات، ئەو هێمای زانست و ڕاستی بابەتییە. پزیشکی بێ بەزەیی و بێ ڕازاندنەوە بارودۆخی پاشا هەڵدەسەنگێنێت، دەستنیشانی مردنی پاشا دەکات و پابەند دەبێت بە ڕاستییەکانەوە، ئەو هێمای واقیعی بابەتییانەیە کە لە ژێر کاریگەریی بیرکردنەوەی ئاواتخوازانەدا نییە. هێمای حەتمی بوونی کات و مردنە، ئەو هەر لە سەرەتاوە دەزانێت کە ناتوانرێت ڕێگری لە مردنی پاشا بکرێت، تاڕادەیەک وەک نێردراوی چارەنووس مامەڵە دەکات و بەردەوام ئەوەمان بیردەخاتەوە کە مرۆڤ ناتوانێت شکست بەکات بهێنێت. هێمای عەقڵە بەبێ هەست، بە پێچەوانەی ماری کە هاندەری هیوا و زەوقی ژیانە، پزیشک سارد و عەقڵانییە. نوێنەرایەتی لۆژیک و ڕێکوپێکی و ڕاستی بێبەزەیی دەکات. هەروەها نوێنەرایەتی دادوەر یان خزمەتکاری مردنیشە، ئەو تەنها پزیشکێکی ئاسایی نیە، بەڵکو زۆر لەوە زیاتریشە، دادوەر، قەشە و تەنانەت مەرگ خۆی دەکات، ئەو ڕێنمایی پاشا دەکات بەرەو ئەو تێگەیشتنەی کە کۆتایی نزیکە و پشتگیری لە کارەکانی مارگریت دەکات بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی قبوڵ بکات.
ژولێت: لە دەقەکەدا ژولێت خزمەتکار، پاککەرەوە و پەرستارە کەسایەتییەکی ڕەمزی گرنگە، هەرچەندە ڕۆڵێکی کەمتری هەیە لە چاو ماریا و مارگریتادا، ئەو نوێنەرایەتی کەسی سادە و ڕۆژانە دەکات، کەسێک کە دەسەڵات و پێگەیەکی نییە. بە پێچەوانەی پاشا و شاژنەکانەوە وەستاوە. نوێنەرایەتی هەموو بازنەی کۆمەڵایەتیەکانە، ناسیاو، ڕەعیەت، هاوڕێ و دوژمن. سەرقاڵی بابەتە پراکتیکییەکانی ژیانی ڕۆژانەیە کە بەردەوام دەبێت بکرێت، سەڕەڕای مردنی پاشاش، لە ڕێگەی کردارە بچووک و کۆنکرێتییەکانەوە خەمی پاشا نیشان دەدات. ئەو نوێنەرایەتی گەرمی مرۆڤ و ژیانی ڕۆژانە دەکات، نەک بیرۆکەی گەورە یان بنەما فەلسەفیەکان. ژولێت لەبەر ئەوەی مرۆڤێکی ئاساییە، ئەوە نیشان دەدات کە مردن تەنها پاشاکان ناگرێتەوە، هەموو کەسێک دەگرێتەوە. لە جیهانی ئیۆنێسکۆدا هەموو مرۆڤەکان لە بەرامبەر مردندا یەکسانن، بەبێ گوێدانە پێگەی کۆمەڵایەتی.
دەتوانرێت ژولێت وەک “هێمای ژیانی ڕۆژانە” سەیر بکرێت. ئەو خەمی پرسیارە فەلسەفییە گەورەکانی نییە بەڵکو خەمی کردەوەی کۆنکرێتییە، خەمی شتە بینراوە بچوکەکانێتی . ئیۆنێسکۆ لە ڕێگەی ئەوەوە نیشانمان دەدات کە ژیان لە کردارە سادەکانی مرۆڤ پێکدێت، کارەکانی ژولێت جەوهەری ئەو گۆرانییەیە کە ” سترانبێژی یانەی شەوان جولێت گیکۆ، لە گۆرانیەکدا دەڵێت .( مرۆڤ بریتیە لەو شتانەی ئەنجامی دەدات) ئەم ڕاستیە ڕووکەشیە جەوهەری فەلسەفەی بوونگەراییە. سارتەریش دەڵێت ( جەوهەری بوونگەرایی مرۆڤە لە پراکتیکدا).
گرنگیدان بە کەسێک، پاککردنەوە، کارکردن و بوون. هەروەها ئەوەمان بیردەخاتەوە کە لە بەرامبەر مردندا، پاشا چیتر تەنها فەرمانڕەوا نییە، بەڵکو مرۆڤێکە کە وەک هەموو کەسێک پێویستی بە یارمەتی و چاودێری هەیە. ئەو کارەکتەرەیە کە دراماکە لە واقیعی مرۆیی و ڕۆژانەدا زەمینەسازی دەکات. ئەمەش وا دەکات کە هاوسەنگییەکی گرنگ بێت بۆ هێمای بوونگەرایی شانۆنامەکە.
پاسەوان: ئەو نوێنەرایەتی ڕێکخستن و دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە دەکات کە پاشا دەپارێزێت، لە سەرووی هەموو شتێکەوە هێمای ئەو دەسەڵاتە سیاسی و سەربازییە کە خەریکە گرنگی خۆی لەدەست دەدات لەگەڵ نزیکبوونەوەی مردنی پاشا یاساکان جێبەجێ دەکات. ئەوەی ڕوودەدات ڕادەگەیەنێت و هەوڵدەدات ڕێوڕەسم و دیسیپلین بپارێزێت. هێمای دامودەزگاکانی کۆمەڵگا و ئەو نەزمەیە کە دەوری دەسەڵاتی داوە. کاتێک پاشا دەمرێت، ڕۆڵی پاسەوان بێمانا دەبێت. نە سەرباز و نە چەک و نە پاسەوان ناتوانن پاشا لە مردن بپارێزن. ئیۆنێسکۆ نیشانمان دەدات کە دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی لە بەرامبەر چارەنووسی کۆتایی مرۆڤدا بێدەسەڵاتە. ئەو بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تەنانەت لە کاتێکدا کە شانشین خەریکە دەڕووخێت و هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە. ئەوە نیشان دەدات کە چۆن زۆرجار مرۆڤەکان بەردەوامن لە پەیڕەوکردنی ڕۆتین و ڕۆڵەکان، هەرچەندە دۆخەکە مانای خۆی لەدەستداوە.
ئەو نوێنەرایەتی ئەو پێکهاتانە دەکات کە دەسەڵات بە پاشا دەدەن، سوپا، دەوڵەت و ڕێکخستن. بەڵام پەیامی ئیۆنێسکۆ ئەوەیە کە هیچ دامەزراوەیەک و هیچ دەسەڵاتێکی دونیا ناتوانێت مرۆڤ لە مردن بپارێزێت. کاتێک پادشا دەمرێت، ڕۆڵی پاسەوان مانای خۆی لەدەست دەدات، ئەمەش تەوەری بوونگەرایی شانۆنامەکە بەهێزتر دەکات، مردن هەموو مرۆڤەکان یەکسان دەکات و هەموو پلەبەندییەکانی مرۆڤ هەڵدەوەشێنێتەوە.

چەمکی مردن:
ڕەنگە ئەم دەقە باشترین شانۆنامە بێت کە لەسەر مردن کە تا ئێستا نووسرابێت.
تەنها دوو شت دەخەمەڕوو: ناتەبایی نێوان مردن و ئیگۆسەنتەریزم. کە مردن مامۆستای ژیانە. ئیگۆسەنتەریزم ئەوەیە کە خود هەست دەکات وەک ناوەندی ڕەهای گەردوونە، بە بڕوای من ئەو حاڵەتە ئاساییەیە کە خۆمان تێیدا دەبینینەوە. وەک هەموومان دەزانین کە مردن نوێنەرایەتی خراپەکاری دەکات، لەناوچوونی تەواو و شکستی کۆتایی.
ڕاستییەک هەیە کە دەڵێیت تەنیا دابڕان لە ئیگۆ دەتوانێت ڕێگەمان پێبدات بە ئارامییەکی دیاریکراوەوە ڕووبەڕووی ببینەوە، بۆ من بە وشیاری، خۆشەویستی و سیمپاتی و چاوتێری دەتوانینی بەرامبەر ئیگۆی سەنتەر بینەوە بەڵام لە شانۆنامەکەدا یۆنسکۆ مردن ڕووبەڕوی ئیگۆسەنتەر دەکاتەوە.
بەڵام پرسیار ئەوەیە کەی ئێمەی مرۆڤ کەی دەگەینە درک پێکردنی ئەم حیکمەتەی کە ڕوووبەڕووی ئیگۆسەنتەر بینیەوە.
ڕێگای ئایدیاڵی مردن ئەوەیە کە مرۆڤ خۆی لە هەموو شتێک داببڕێت، لە ناوەوە و دەرەوە، بۆ ئەوەی عەقڵ کەمترین حەسرەت و وابەستەیی بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی لەو ساتەوەختە تایبەتەدا دەستی پێ بگرێت. ئەمەش لەلایەن نوێنەری زانست و دادپەروەرییەوە پشتڕاست دەکرێتەوە.
وەک گوتمان دەقەکە جەخت لەسەر دوو شت دەکاتەوە، ناتەبایی نێوان مردن و ئیگۆسەنتەریزم، ئەگەر مردن مامۆستای هونەر بێت ژیاندا، ئەوا ئیگۆیزم واتا بیرکردنەوە تەنها لە خۆت، ژیانی مرۆڤ، دەسەڵات، خودی خۆت، بەڵام مردن هەموو ئەمانە تێکدەشکێنێت. لەبەر ئەوە مرۆڤ ناتوانیت “ئیگۆسەنتەر” بیت کاتێک تێدەگەیت کە بڕیارە دەمریت. مەرگ مامۆستایە لە هونەری ژیاندا. مەرگ تاکە دژ و ڕکابەری ئیگۆسەنتەرە ودەنگێکی دژ بەوە، لەبەر ئەوەی کاتێک بەڕاستی لە مردن تێدەگەی دەست دەکەیت بە تێگەیشتن لەوەی لە ڕاستیدا بەهای ژیان چییە، تاڕادەیەکی زۆر مرۆڤ واز لە ژیانی ڕووکەش یان خۆپەرستانە دەهێنیت. هەر بۆیە مردن فێرمان دەکات کە چۆن بەڕاستی بژین. ئەم تێکستە وەڵامی جەوهەری پرسیاری وجودیمان دەداتەوە کە دەڵێت، ژیان چییە؟ من کێم؟
ئەو ئیدیۆمەی دەڵێت مەرگ مامۆستایە، لەبەر ئەوەی مردن فێرمان دەکات کە قەدری ژیان بزانین، درک بەوە بکەین کە دەسەڵات و سەروەت و سامان بەردەوام نابێت، تێبگەین کە هیچ کەسێک لە کەسێکی تر گرنگتر نییە، بەم مانایە مردن مامۆستایە نەک لەبەر ئەوەی مردن باشە نەخێر، بەڵکو لەبەر ئەوەی ناچارمان دەکات واقیع ببینین.
لە سەرەتای شانۆنامەکەدا، بیرانژێر زۆر ئیگۆسەنتەرییە، ئەمە بەو مانایە نییە کە خۆپەرستە، بەڵکو هەموو جیهانەکەی لە دەوری خۆی دەسوڕێتەوە، بۆ نموونە بیر لەوە دەکاتەوە ودەڵێت نامەوێت بمرم، من پاشام و دەتوانم بڕیار لەسەر هەموو شتێک بدەم و دەبێت ڕێگەیەک هەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە مردن. ئەو پێی وایە دەسەڵات و ئیرادەی ئەو دەتوانێت واقیع بگۆڕێت. بەڵام مردن چی دەکات؟ مردن نیشانی دەدات کە ئەو هەموو توانایەی نییە، ناتوانێت کۆنتڕۆڵی کات بکات و وەک هەموو کەسێک مرۆڤە و بۆیە ئیگۆی ئەو دەڕەوێتەوە بەرەو لە ناوچوون دەڕوات، چ کاتێک ئیگۆی پاشا بەرەو کاڵ بوونەوە و نەمان و تێکچوون دەڕوات، ئەو کاتەی هەست بە تێگەیشت دەکات، ئەو کاتەی مرۆڤ دەبێت بە خاوەنی عەقڵ. لەبەر ئەوەیە یۆنسکۆ لە گەڕان بەدوای عەقڵدایە، بە حەسرەتی ژییریەوە بۆ نەمانی بێمانایی سیستەم.
مارگریتا ئەو کەسەیە کە هەمیشە ڕاستییەکان دەڵێت، هەوڵ نادات بە هیوای درۆ دڵنەوایی بدات، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئەو درککردنە ڕێبەرایەتی دەکات کە ئەو لە مردن گەورەتر نیە. هەر لەبەر ئەوەیە زۆرێک مارگرێتا وەک ڕێبەری ڕۆحی لێکدەدەنەوە. ئەو یارمەتی بیرانژێر نادات زیاتر بژی بەڵکو یارمەتی دەدات لە ژیانی خۆی تێبگات بە قبوڵکردنی کۆتاییەکەی.
بە درێژایی شانۆنامەکە کارەکتەری پاڵەوان لە یاخیبوونەوە بۆ قبوڵکردن و لە دڵەڕاوکێیەوە بۆ بێدەسەڵاتی دەگۆڕێت، لەکاتێکدا خۆی بۆ شەڕێکی دۆڕاو ئامادە دەکات، بەو پێیەی مردنەکەی لە کۆتایی شانۆنامەکەدا نووسراوە، جگە لە “ئازارێکی گەورە لە دیارنەمانی خۆیدا” هیچی دیکەی بەجێناهێڵێت
دوای شەوێک لە ئاهەنگگێڕان، پاشای مەملەکەت بیرانژێرر پێیوابوو خۆی چەقی گردوونە هەموو شتێک بەفەرمانی ئەو دەجوڵێتەوە، دەنانەت خۆر و مانگ باران و بەفەر بە فەرمانی ئەو دەبارێن. هەواڵی ئەوەی پێدەگات کە دوای نزیکەی سەعات و نیوێکی تر دەمرێت. بەم شێوەیە شایەتحاڵی دوا ساتەکانی ژیانی دەبێت شانبەشانی هاوسەری یەکەمی مارگرێتا و هاوسەری دووەمی شاژن ماریا کە شاژن ماریا تەواو غەمبارەو جلی ڕەشی پۆشیووە. شاژن ماریا هەوڵ دەدات بە سۆزەوە مامەڵە لەگەڵ پاشا بیرانژێر بکات و شاژن مارگڕیتا، ڕاستیەکی بۆ ڕوندەکاتەوە کە شا دەمرێت ئەمە چیرۆکەکەیە، مێژووی مردنێکە کە پێشبینی دەکرێت. هەمووان دەزانن، بەڵام ئەو ڕەتیدەکاتەوە باوەڕی پێبکات. ئەو پێی وایە کابوسێکە و گومانی هەیە کە ساتەکە نزیکە، ​​بۆیە بەردەوام دەبێت لە دەرکردنی فەرمان بە خۆبەزلزانینی کەسێک کە پێی وایە کۆنتڕۆڵی هەموو شتێک دەکات.
ئیۆنێسکۆ پێیوایە کە “خودا ناوی نییە و واقیعی خودایی زەحمەتە. بۆیە بۆ ئەو ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی ئاشکراکەر باس لە سروشتی مرۆڤ دەکات”. بیرانژێرر ناوێکە کە نووسەر لە بەرهەمەکانیدا بە پاڵەوانەکانی دیکە دەیدات، بۆیە بەڕاستی دەتوانرێت هەر کەسێک بێت.
ئەم دەقە زۆرترین لێکدانەوەی بۆکراوە، ئەگەر دوو لێکدانەوەی جیاواز وەبگرین. خۆسێ لویس ئەلۆنسۆی ڕەخنەگر، شانۆنامەکەی وەک کارێکی ئیلاهیاتی دەبینی، بەمانای پەیوەندی مرۆڤ بەخوداوە ئەلۆنسۆ ئەو دەرهێنەرەیە کە ساڵی ١٩٦٦ کاری دەرهێنانی بۆ ئەم تێکستە کرد، مەبەستی ئەوەیە کە پاشا دەمرێت لە ڕوانگەی ئایینیەوە باس لە بەریەککەوتنی مرۆڤە لەگەڵ مردن دەکات. بەڵام دیدێکی تری پێچەوانەی ئەمەش هەبوو دەنووسێت ئەگەر لەبارەی ئیلاهیات بێت ئەوە دەبوایە باسی خودا بکات، بەڵام بە هیچ شێوەیک ناوی خودا ناهێنرێت، بەڵکو ترسی مرۆڤ، تەنیایی مرۆڤ و مردنی مرۆڤە. ئەم دەقە سروشتی مرۆڤ ئاشکرا دەکات
خۆسێ لویس گۆمێز ساڵانێکی زۆر مامۆستا دراما بوو، شارەزایە لە یۆژین ئیۆنێسکۆ بەرهەمەکانی شانۆنامەی پاشا دەمرێت بەرهەمێک سەبارەت بە بوونی مرۆڤ.
درێژەی پێدەدات و دەڵێت دەقی تیۆلۆژی و ئیلاهیات دەربارەی خودایە، بەڵام بەو پێیەی ئیۆنێسکۆ پێیوابووە کە خودا نهێنییەکە و ناتوانرێت وەسف بکرێت. لەبەر ئەوە ئیۆنێسکۆ ڕاستەوخۆ باسی خودا ناکات. هەر بۆیە شانۆنامەکە بە پلەی یەکەم باس لە سروشتی مرۆڤ دەکات، لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوونگەراییە لە بارودۆخی مرۆڤدا دەکۆڵێتەوە، بە تایبەت چۆن کاردانەوەمان هەیە بەرامبەر بە مردنی خۆمان”
لە شانۆنامە ، پاشای مردوو لەسەر تەختەکەی دەمێنێتەوە، هێواش هێواش نامێنێت و لەگەڵیدا دیوارەکان، دەرگاکان، هەموو ئەوەی ماددییە لەبەردەم تەم و مژاوی ڕووناکییەکی خۆڵەمێشیدا دەڕووخێت.
خانمی خاوەن شکۆ لەپڕ ون دەبێت. پاشا لەسەر تەختی شاهانە دانیشتووە، لە میانی ئەم دیمەنەدا وردە وردەو لەسەر خۆ دەرگا، پەنجەرە و دیوارەکانی عەرش نامێنن، تەکنیکی دیکۆرسازی ئەم دیمەنە ئەنجام دەدات، لە کۆتایدا هیچ نەماوە جگە لە ڕووناکییەکی خۆڵەمێشی، هەموو ئەو شتانەی لەوەو پێش بینراون لە چاو ون دەبن.
ئەوەش هێمایە بۆ تەنیایی مرۆڤ کە ڕووبەڕووی ئەم ساتەوەختە کۆتاییە دەبێتەوە.
بێمانایی بوون، ژیان زۆرجار مانایەکی ڕوونی نییە، مردنیش ئەم بێماناییە ڕوونتر دەکاتەوە. ترس و تەنیایی زۆرێک لە کارەکتەرەکانی هەوڵ دەدەن لە بیری مردن ڕزگاریان بێت بەڵام شکست دەهێنن. پرسیارێکی بوونگەرایی ئیۆنێسکۆ لێکۆڵینەوە دەکات کە ژیان مانای چییە کاتێک مرۆڤ دەزانێت ژیان سنووردارە.
کات لە دەقی شانۆیی پاشا دەمرێت:
لە دەقەکەدا، تێگەیشتن لە کات بەشێکی سەرەکییە لە تەوەری بوونگەرایی شانۆنامەکە. کات واقیعی نییە بەڵکو وەک هێمایەک بۆ ژیانی مرۆڤ و مردنی حەتمی کاردەکات. مەبەست ئەوەیە کە کات چۆن تێڕوانینی مرۆڤ بۆ ژیان دەگۆڕێت کاتێک ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە. کات نابێتە تەنها شێوازێک بۆ پێوانەکردنی ڕووداوەکان، بەڵکو دەبێتە دەربڕینێک بۆ ئەزموونی ناوەوەی مرۆڤ لە مردن. تا بیرانژێر لە کۆتایی نزیک بێتەوە، ڕوونتر دەبێتەوە کە کات ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، بوەستێنرێت یان ناتوانێت بیرانژێر هەڵسێتەوە. بەم شێوەیە کات دەبێتە هێمای بوونی سنوورداری مرۆڤ و ئەزموونی گشتگیری ناچاربوون بە قبوڵکردنی مردن.
تەوەری بوونگەرایی ئەم دەقە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسیارە بنەڕەتیانە دەکات کە هەموو مرۆڤەکان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ژیان واتای چییە؟ بۆ دەبێت بمرین؟ چۆن پەیوەندیمان بە مردنمانەوە هەبێت؟ مانای ژیان چییە کاتێک ڕۆژێک کۆتایی دێت؟ گرنگترین پرسیاری بوونگەرایی دەقەکە ئەوەیە کەسێک پێش مردنی دوایین جار هەست بە چی دەکات؟
هاوشێوەیە ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئێلیچ، کاتی ئەم دەقەش کات لەسەر دوو ئاست کاردەکات.
یەکەم: کاتی کرۆنۆلۆژی یان کاتی دەرەکەی (کاتی ئۆبجەکتیڤی)، کە زەمەنی ئەم دەقە نیزیک بە چەند کاژمێرێکە، مردنی پادشا لەم ماوە کورتە ڕوودەدات.
دووەم: کاتی دەروونی یان ناوەکی (کاتی سوبجەکتیڤی) لەم ئاستەدا پادشا بیرانژێر هەموو شریتی عومری بە بەرچاویدا تێدەپەڕێت، هەوڵ دەدات کات بوەستێنێت، ڕەتیدەکاتەوە کە بڕیارە بمرێت، دانوستان لەگەڵ واقیعدا دەکات و لە کۆتاییدا مردن قبوڵ دەکات.
بۆیە لەم دەقەدا کاتی دەروونی زۆر گرنگتر دەبێت لە کاتەکانی کرۆنۆلۆگی.

لە لای ئیۆنێسکۆ کات هێمای ژیانی مرۆڤە: کەس ناتوانێت ڕێگری لە تێپەڕبوونی کات بکات، مەرگی شا بیرانژێر نزیک دەبێتەوە، هەرچەند دەسەڵات و سەروەت و سامانی هەبێت و تێکشکان و گلۆر بوونەوەیشی بەرەو خوار گوزارشتە لەوەی کە چۆن هەموو زیندەوەران بە تێپەڕبوونی کات تێکدەچن وکاتێک شانشینی بەرەو ڕوخان دەڕوات لە هەمان کاتدا پاشا لاوازتر دەبێت، دەبێتە هێمایەک کە جیهانەکەی بەرەو کۆتایی دەڕوات.
ئیۆنێسکۆ، مانا بە کات دەدات و کات بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکاتەوە کە مرۆڤ کاتێکی سنوورداری هەیە بۆ ژیان. بە پێچەوانەی دراما واقیعییەکانەوە، کات لێرەدا بە پلەی یەکەم شێوازێک نییە بۆ ڕێکخستنی ڕووداوەکان، بەڵکو شێوازێکە بۆ وێناکردنی ڕاگوزەری ژیان و دڵەڕاوکێی بوونگەرایی، ئیۆنێسکۆ لە ڕێگەی ئەم تێڕوانینە نائاساییەوە بۆ کات نیشان دەدات کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت لە تێپەڕبوونی کات یان مردن ڕزگاری بێت، بەبێ گوێدانە دەسەڵات و پێگە.
کات دەبێتە هێما، لای ئیۆنێسکۆ کات هێمایە بۆ خودی ژیان، کاتێک کات بەرەو کۆتایی دەڕوات، بوونی مرۆڤیش خەریکە کۆتایی دێت، هەر بۆیە چەند جارێک لە شانۆنامەکەدا گوێمان لێدەبێت کە دەڵێت جیهان لەیەکتر دەترازێت، شانشینی دەڕوخێت، خۆر نامێنێت و سروشت دەگۆڕدرێت. ئەمەش مەرج نییە ئەمە بەو مانایە بێت کە بەڕاستی گەردوون بەرەو کۆتایی دەڕوات، نەخێر، بەڵکو ئەوە دونیای پاشایە کە خەریکە کۆتایی دێت، چونکە هۆشیاری و تێگەیشتنەکەشی بۆ جیهان بەرەو نەمان دەچێت، چونکێ مردنی بە شێوەیەکی ڕەمزی بەقەد کۆتایی جیهان گەورە دەبێت.
لە دەقەکەدا لەگەڵ نزیکبوونەوەی پاشا لە مردن، هەموو شتێک لە دەوروبەری دەست دەکات بە داڕمان. لەمەوە ئیۆنێسکۆ وشیاری پادشا دەبەستێتەوە بە جیهانەکەیەوە، کاتێک هۆشیاری پادشا بیرانژێر گۆڕانکاری بەسەر دێت لەگەڵیشیدا جیهانەکەی، دارو دەستەو عەرشەکەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەروەها بە پێچەوانەشەوە.
ئەمەش بیرۆکەی مارتن هایدگەرمان دەهێنێتەوە یاد کە پێی وایە بوونی مرۆڤ بە هۆشیاری لە مردنی مرۆڤ خۆی لە قاڵب دەدرێت. کاتێک مرۆڤ بەڕاستی ڕووبەڕووی مردنی دەبێتەوە، ئیتر کات نابێتە ڕیزبەندییەکی بێلایەن لە خولەک و کاتژمێرەکاندا، بەڵکو دەبێتە شتێکی سنووردار و جێگرەوەی نییە. هەر ساتێک مانایەکی نوێ وەردەگرێت.

کات خێراتر دەبێت:
بیرۆکەیەکی گرنگ لە دەقەکەی ئیۆنێسکۆدا ئەوەیە کە کات بە یەکسانی ناڕوات، کاتێک مرۆڤ تێدەگات کە بڕیارە دەمرێت، وا دیارە کات خێراتر دەڕوات. بیرانژێر چەند جارێک دەڵێت : کە کاتم نییە ئەو دەیەوێت، کەمێک زیاتر بژی، هەوڵ بۆ دواخستنی مردن دەدات، بەڵام کات بێ وەستان بەردەوامە و کەس ناتوانێت ڕێگری لێبکات، ئەمەش بێدەسەڵاتی مرۆڤ لە بەرامبەر مردندا دەردەخات، لە واقیعدا زۆرجار مرۆڤەکان پێیان وایە کە کاتێکی زۆریان هەیە، بەڵام کاتێک مردن زۆر نزیک دەبێتەوەو دەبێتە شتێکی کۆنکرێتی، تەواوی ئەزموونی کات دەگۆڕێت، کات درێژتر نابێت، خولەک و سەعات و ڕۆژ وەکو خۆیەتی، بەڵکو خولەک و سەعات و ڕۆژ دەبێتە پێوەرێک بۆ ئەوەی مرۆڤ چەندە لە مردن نزیکە. بۆیە لە لای ئیۆنێسکۆدا کات ڕۆڵی خۆی دەگۆڕێت و دەبێتە کارەکتەرێک، کارەکتەرێکی نوێ تر هاوشانی پاڵەوان گەمە دەکات، خۆی وەستاوە و ناشبینرێت بەڵام ڕوداو پو ڵۆتەکە بەرەو پێشەوە دەبات.
لە ڕوانگەی بوونگەراییەوە، ئیۆنێسکۆ پێمان دەڵێت کە مرۆڤەکان لە نێو دژایەتییەکدا دەژین، ئێمە دەزانین کە دەمرین، بەڵام بەزۆری وەک ئەوەی کاتێکی بێ سنوورمان هەبێت دەژین، بەڵام سەروەختێک کە مردن دەبێتە ڕاستی و لەبەردەماندا قوت دەبێتەوە، تەواوی تێڕوانینمان بۆ کات دەگۆڕێت.
تێگەیشتن لە کات بەشێکی سەرەکییە لە تەوەری بوونگەرایی شانۆنامەکەدا، ئیۆنێسکۆ کات بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە چۆن تێڕوانینی مرۆڤ بۆ ژیان دەگۆڕێت کاتێک ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە. کات نابێتە تەنها شێوازێک بۆ پێوانەکردنی ڕووداوەکان، بەڵکو دەبێتە دەربڕینێک بۆ ئەزموونی ناوەوەی مرۆڤ لە مردن. تا بیرانژێر لە کۆتایی نزیک بێتەوە، ڕوونتر دەبێتەوە کە کات ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، بوەستێنرێت یان ناتوانرێت بیگێرینەوە دواوە. بەم شێوەیە کات دەبێتە هێمای بوونی سنوورداری مرۆڤ و ئەزموونی گشتگیری ناچاربوون بە قبوڵکردنی مردن. بەڵام ئەوە بینەر یان خوێنەرە دەتوانێت کات لای خۆی بگەڕینێتەوە دواوە و لە شا بیرانژێر فێر بێت، ئەزموونی ئەو وەک وانەیەک ببینێت بگەڕێتەوە پێش مردنی شا بیرانژێر.
کات، لای هایدگەر، تەنها زنجیرەیەک لە ساتەکان نییە، بەڵکوو ڕەهەندێکی بنەڕەتییە کە بوونی مرۆڤ پێک دەهێنێت. هایدێگەر لە کتێبی بوون و کاتدا چەمکی دازاین بەو شێوەیە پێناسە دەکات، دازاین ئەو بوونەوەرەیە (واتە مرۆڤ ) پرسیار لە بارەی بوون و خۆیەوە دەکات. بوونەوەرێکە لە نێو کاتدا دەژی و لە هەمان کاتدا لە ڕابردوو و داهاتوو تێدەگات.
کاتیك پادشا بیرانژێر لە شانۆ نامەکەدا و ئیڤان ئێلیچ لە ڕۆمانەکەدا مەرگ قبوڵ دەکەن، هەردوو نووسەری دەقەکە تۆڵستۆی و ئێۆنسکۆ دیدێکی گرنگی هایدگەر بۆ مەرگ بەیان دەکەن، چۆنکێ پادشا و ئیڤان دەگەنە ئەو ڕاستییەی کە مردن هی خۆمە، کەس ناتوانێت بۆم بمرێت، ئەوانی تر دەتوانن لە تەنیشت مەرگم دابنیشن و مەرگی من بینن، بەڵام مردن خۆی دەبێت بە تەنیا تێیدا بژیم، بۆیە مردن کەسایەتیترین ئەزموونە. دوای ئەو هەموو تووڕەبوون و ئینکاریە، تێدەگەن کەس ناتوانێت جێگەی ئیڤان و بیرانژێر بگرنەوە، دەبێت خۆیان ڕووبەڕووی مردن ببنەوە.
لێرەدایە کە هایدگەر یارمەتیمان دەدات لە ئیۆنێسکۆ تێبگەین، هایدگەر پێی وایە هۆشیاری لە مردن دەتوانێت یارمەتی مرۆڤ بدات بە شێوەیەکی ڕەسەنتر بژین و مانایەکی زیاتر بە ژیان ببەخشێت.

بیرۆکەی دیاردەناسی لە دەقەکەدا:
ئیۆنێسکۆ دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە هەموو مرۆڤێک جیهانی خۆی لەناو خۆیدا هەڵدەگرێت، کاتێک مرۆڤ دەمرێت تەنها جەستە نییە کۆتایی دێت. هەروەها هەموو ئەو جیهانەی کە ئەو کەسە ئەزموونی کردووە، هەر لە یادەوەری و پەیوەندی و هەست و ئەزموونەکانی کۆتایی دێت.
دەتوانرێت سود لە بیرۆکەی هەردوو فەیلەسوف ئێدمۆند هوسێرل و مۆریس مێرلۆ-پۆنتی (Maurice Merleau-Ponty ـ Edmund Husserl) وەربگیرێت، بیرۆکەکانیان یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی تێبگەین کە بۆچی دەتوانرێت شانۆنامەی پاشا دەمرێت وەک شانۆنامەیەک بخوێنرێتەوە کە باس لەوە دەکات کە چۆن جیهانی مرۆڤایەتی لە ڕێگەی هۆشیارییەوە بوونی هەیە. گرنگترین پرسیاری ئەوان ئەوەبوو کە مرۆڤ چۆن ئەزموونی جیهان دەکات؟. بە پێی ئێدمۆند هوسێرل فەلسەفە نابێت بە پلەی یەکەم بپرسێت جیهان چییە، بەڵکوو دونیا چۆن دەردەکەوێ بۆ ئاگایی ئێمە.
لە شانۆنامەکەدا پادشا وردە وردە کۆنترۆڵی جەستەی خۆی لەدەست دەدات، لە کۆتایدا ناتوانێت بجوڵێت، لە کاتێکدا کە توانای جوڵەی نامێنێت. لەوکاتدا هەموو جیهانەکەی دەگۆڕێت. لێرەدا ڕوانگەی مێرلۆ-پۆنتی فریامان دەکەوێت کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاتێک جەستە دەگۆڕێت، شێوازی ئەزموونکردنی جیهانیشمان دەگۆڕێت
چۆن فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژیا ــ دیاردەناسی یارمەتی زیاترمان دەدات بۆ تێگەیشتن و شیکاری لە دەقەکەدا. ئیۆنێسکۆ مردن وەک ڕووداوێکی بایۆلۆژی نیشان نادات، بەڵکو وەک گۆڕانکارییەک لە هەموو جیهانی مرۆڤدا نیشان دەدات
لەگەڵ هوسەرلدا، دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی وا دیارە جیهانی پاشا هەڵدەوەشێت، کاتێک هۆشیارییەکەی پێشوی نامێنێت و گۆڕانی بەسەردا دێت، یاخود کاتیك مرۆڤ هوشیاری لە دەست دەدات، ئیدی کەس نامێنێت ئەو جیهانە ئەزموون بکات.
لەگەڵ مێرلۆ-پۆنتییشا دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی جەستەی پاشا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت: کاتێک جەستە دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات، شێوازی بوونی لە جیهانیشدا دەگۆڕێت
هەردوو فەیلەسوفی دیاردە ناسی پێیان وایە جیهان هەمیشە لە ڕێگەی هۆشیارییەوە ئەزموون دەکرێت. ئێمە هەرگیز دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەوخۆمان بە “جیهانێک لە خۆیدا” نییە؛ ئێمە لە ڕێگەی ئەزموونەکانمانەوە جیهان دەناسین
لە شانۆنامەی پاشا دەمرێت، ئەم بیرۆکەیە بە شێوەیەکی دراماتیک دەخریتە ڕوو، وەک چۆن هۆشیاری بیرانژێر وردە وردە نامێنێت، ئەو جیهانەی کە بۆ ئەو هەیە، بە هەمان شێوە نامێنێت. لە هەمان کاتدا بیرێکی بوونگەرایی هەیە، لەوێدا مردن تەنها مانای کۆتایی ژیان نییە، بەڵکو کۆتایی ئەو جیهانە ناوازەیەشە کە هەر مرۆڤێک لەناو خۆیدا هەڵیدەگرێت. بۆیە بۆ بیرانژێر هەست دەکات کە هەموو جیهان بەرەو کۆتایی دەڕوات، هەرچەندە بوونی جیهان بۆ خەڵکانی تر بەردەوامە.
بەڵێ. هوسەرل و مێرلۆ-پۆنتی هەوڵدەدەن باس لەوە بکەن کە مرۆڤەکان چۆن جیهان ئەزموون دەکەن، تیۆری فەلسەفی سەبارەت بە ئەزموون و هۆشیاری پەرەپێدەدەن، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا ئیۆنێسکۆ شانۆنامەنووسە. ئیۆنێسکۆ ئەو پرسیارانە لەسەر شانۆ لە ڕێگەی هێما و دیالۆگ و شانۆوە دەخاتە ڕوو. ئەو تیۆرێکی فەلسەفی دروست ناکات، بەڵکو ڕێگە بە بینەر دەدات ئەزموون بکات کە چۆن جیهانی مرۆڤێک وردە وردە دەتوێتەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە مردن
بۆیە فەلسەفەی ئەوان دەتوانێ یارمەتیدەرمان بێت بۆ لێکدانەوەی شا دەمرێت، هەرچەندە ئیۆنێسکۆ شانۆگەرییەکی دیاردەناسیی بە مانا فەلسەفییە قوڵەکەی نەنووسیوە.

لێکچوونەکان جیاوازییەکان لە نێوان ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ و شانۆنامەی پادشا دەمرێت:
شانۆنامەی مردنی پاشا لە نووسینی یوجین ئیۆنێسکۆ و مردنی ئیڤان ئیلیچ لە نووسینی لیۆ تۆڵستۆیە، هەردووکیان باس لە ڕۆژانی کۆتایی ژیانی مرۆڤ دەکەن، بەڵام بە شێوازی زۆر جیاواز چیرۆکی مردن دەگێڕنەوە،
هەردووکیان لە دەوری پاڵەوانێک دەسوڕێنەوە کە دەبێت مردنی خۆی قبوڵ بکات، مەرگی ئیڤان ئیلیچ کورتە ڕۆمانێکی واقیعییە، لە کاتێکدا مەرگی پاشا شانۆنامەیەکی سەر بەڕێبازی ئەبسوردە.
هەردوو پاڵەوانەکان بیرانژێر و ئیڤان ئێلیچ بە گەشتێکی ناوەوەدا تێدەپەڕن لە ئینکارییەوە تا پلەیەکی دیاریکراو لە قبوڵکردن. ئیڤان ئیلیچ دادوەرێکی ئاساییە؛ شا بیرانژێ پاشایەکی ڕەمزییە کە بە گشتی نوێنەرایەتی مرۆڤایەتی دەکات.
هەردوو دەقەکە، (پاشا دەمرێت) و( مەرگی ئیڤان ئێلیچ) بەدواداچوون بۆ مانای ژیان دەکەن، لە بارەی ئەوەی چی گرنگە کاتێک مردن نزیک دەبێتەوە. تۆڵستۆی سەرنجی لەسەر ئەخلاق و ویژدان و مرۆڤایەتییە. ئیۆنێسکۆ زیاتر سەرنجی لەسەر دڵەڕاوکێی بوونگەرایی و بێدەسەڵاتی مرۆڤ لە بەرامبەر مردندایە
هەردووکیان پێمان دەڵێن، کە چۆن کەسانی دەوروبەری کەسە مردووەکە بە شێوازی جیاواز کاردانەوەیان دەبێت. لە لای تۆڵستۆی ڕەهەندێکی ڕوونی ئایینی و ئەخلاقی هەیە، لە ئیۆنێسکۆدا پەیامەکە زیاتر فەلسەفییە و بۆ لێکدانەوە و شیکاری کراوەیە.

ڕوانگەی مردن:
لە دەقی (مردنی ئیڤان ئیلیچ)دا، مردن دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەشەسەندنی کەسایەتی و ڕۆحی. ئیڤان تێدەگات کە بۆ پێگە و سەرکەوتنی دەرەکی ژیاوە و بە قبوڵکردنی ڕاستییەکانی ژیانی خۆی جۆرێک لە ئارامی ناوەوە دەدۆزێتەوە. گەیشتن بەم بڕیارە ڕەهایە ئازادی دەهێنێت بۆ مەرگ.
لە دەقی (پاشا دەمرێت)دا مردن وەک بارودۆخێکی گشتگیر و حەتمی خراوەتەڕوو. پاشا بە نائومێدیەوە دژی چارەنووسی خۆی دەجەنگێت و شانۆنامەکە نیشانمان دەدات کە مرۆڤ چۆن هەوڵدەدات دەست بە دەسەڵات و ناسنامە و کۆنترۆڵەوە بگرێت هەرچەندە هەموو شتێک دەبێت کۆتایی بێت.

بەرەو پێشچوونی پاڵەوانەکان:
ئیڤان ئیلیچ لە ڕێگەی خۆپشکنین و تێڕامانێکی خۆوە گەشە دەکات و لە ڕووی ئەخلاقییەوە دەگۆڕێت و پێش مردنی زیاتر هاوسۆز و بەبەزەیی دەبێت.
شا بیرانژێر و وردە وردە واز لە ژیانی خۆی و دەسەڵات و کورسیەکەی دەهێنێت و گەشتەکەی کەمتر ئەخلاقییە و زیاتر بوونگەراییە ـ وجودییە، مەبەست ئەوەیە نابێت بە کەسێکی باشتر یان خراپترلە ڕووی ئەخلاقیەوە گۆڕانی بەسەردا نایەت، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە. ڕەنگە گەورەترین ئەو پرسیارە بوونگەراییە بێت لە خۆمانی بکەین بڵێن ” من کێم کاتێک خاوەندارێتی هەموو شتێکم کردبێت، بەو سەروەت و موڵک و کورسیەوە دەناسرێم بەڵام نامێنێت” چۆن دەژیت لە کاتێکدا مردن حەتمییە، یاخود مردن مانای چییە؟
دوا ئەنجام
تۆڵستۆی دەیەوێت نیشان بدات کە ژیانێکی ڕەسەن و پڕ لە خۆشەویستی تەنانەت لە بەرامبەر مردنیشدا مانا دەبەخشێت. ئیۆنێسکۆ زیاتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە مردن بەشێکە لە بارودۆخی مرۆڤ و کەس ناتوانێت لێی ڕزگاری بێت. بەڵام هەردوو بەرهەمەکە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە قبوڵکردن گرنگترە لە ئینکاری.
لێکچوونی سەرەکی ئەوەیە کە هەردوو بەرهەمەکە پیاوێک وێنا دەکەن کە بە ناچاری ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە، لە دواجاردا وردە وردە مەرگی خۆی قبوڵ دەکات. جیاوازی سەرەکی ئەوەیە کە تۆڵستۆی چیرۆکێکی واقیعی بە پەیامێکی ئەخلاقی ڕوون و تا ڕادەیەکیش ئایینی بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا ئیۆنێسکۆ شانۆی بێمانا بەکاردەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسیارە بوونگەراییەکان سەبارەت بە ژیان و مردن و تەنیایی مرۆڤ
ئیۆنێسکۆ زیاتر ڕەشبینە، لە شانۆنامەی پاشا دەمرێت هیچ چارەسەرێکی فەلسەفی ڕوون نییە، شانۆنامەکە بە پلەی یەکەم ئەزموونی مردنی مرۆڤ نیشان دەدات، نەک ئەوەی کە ئەم ئەزموونە بە مەرج ببێتە هۆی ژیانێکی باشتر یان مانادارتر

………..
پەراوێز:
(١) نیرڤانا (بودایی)، ئازادبوون لە ئازار و لەدایکبوونەوە. نەک بەهەشت، بەڵکو حاڵەتێکە کە ئارەزوو و نەزانی تێیدا وەستاوە.
ــ بەهەشت (مەسیحیەت و ئیسلام)، هاوبەشیکردن لەگەڵ خودا دوای مردن.
ــ سامسارا (هیندۆسی و بودایی)، خولی لەدایکبوون و مردن و دووبارە لەدایکبوونەوە.
ــ هیچ، کە مردن کۆتاییە و هیچ هۆشیارییەک بەردەوام نییە.




شیکاریەک بۆ ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ.. زاهیر عەبەڕەش

پیاوێکی مردوو کە لە مردنی خۆی دەترسێت.

ڕۆمانی، مردنی ئیڤان ئیلیچ (Ivan Ilitjs död) کورتە ڕۆمانێکە لە ساڵی ١٨٨٦چاپکراوە، لە نووسینی نووسەری ڕووسی لیۆ تۆڵستۆی. بە یەکێك لە باشترین کورتە ڕۆمانەکانی ئەدەبی جیهانی دادەنێن، کاریگەرترین دەقە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ مردن. لە ڕاستیدا پێش خوێندنەوەی ئەم تێکستە شانۆیی (مردنی پاشا) ی یۆژین یۆنسکۆم خوێندبووە و شیکاریم بۆ کردووە، پاشان کە ئەم دەقەم خوێندەوە لێکچوونێکی زۆر هەیە لە نێوانیان، یۆنسکۆ لە ژێر کاریگەری ئەم دەقەدا تێکستی مردنی پادشای نووسیووە، لە نووسینێکی تردا جیاوازی و لێکچوونەکانم دەستنیشان کردووە. سوپاسی کاک ماجید حەمە قادر دەکەم کە پێی ڕاگەیاندم ئەو تێکستە بە کوردی هەیە و نووسخە کوردیەکەی بۆ ناردم، تێکستە سویدیەکەی ساڵی ١٩٢٨ و نوسخە کوردیەکەی ساڵی ٢٠١١ دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی بڵاو کردۆتەوە و وەرگێڕانی بۆ کوردی ئەمین گەردیگلانی.
بەیەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی دادەنرێت کە باس لە مانای ژیان و مردن و مەیلی مرۆڤ بۆ ژیان بەپێی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا دەکات. چیرۆکەکە بەو شێوەیە دەست پێدەکات کە پاڵەوانەکە پێشتر مردووە. چیرۆکەکە باس لەوە دەکات کە چۆن ئیڤان ئیلیچ، دادوەرێکی تەمەن ٤٥ ساڵ لە ڕووسیا لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە. ئیڤان کە ژیانێکی بەڕواڵەت ڕێک و پێک دەژی، سەرەڕای پەیوەندییە کارەساتبارەکانی لەگەڵ هاوسەرەکەی، بە هەڵە لەکاتی هەڵواسینی پەردەی پەنجەرەی خانووە نوێکەیاندا دەکەوێتە خوارەوە. دوای یەک دوو هەفتە دەست دەکات بە هەستکردن بە تامێکی نامۆ لە دەمیدا و ئازارێک لە جەستەیدا. هیچ پزیشکێک ناتوانێت دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بکات، بەڵام زۆری نەخایاند ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئیڤان لە دۆخی مردندایە.
بەشی دووەمی ڕۆمانەکە باس لەو ئەشکەنجە و بیرکردنەوانە ئازار چەشتنە دەکات کە ئیڤان پێیدا تێدەپەڕێت لەسەر وەختی لەسەرمەریگدا.
سەرەتای دەستپێکردنی ڕۆمانەکە بە خوێندنەوەی هەواڵی کۆچی دوایی ئیڤان ئیلیچ (Ivan Ilitjs) دەست پێدەکات. یەکێک لە هاوەڵەکانی ئیڤان لە دادگا لە کاتی پشوودا، لە ڕۆژنامەیەکدا هەواڵی مردنی ئیڤان بۆ هاوڕێکانی تری دەخوێنێتەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی ڕۆمانەکە تۆڵستۆی تۆڵستۆی ڕاستەوخۆ تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی کاردانەوەی خۆپەرستانەی هاوڕێ و هاوکارەکانی ئیڤان. هەرلەوێدا باسی ئەوە دەکەن کێ شوێنی ئیڤان بگرێتەوە، چۆن پلەی پیشەییان بەرز بکەنەوە، ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر مووچەکەیان یان پیشەکەیان دەبێت؟ چۆن بچن بۆ پرسەکەی، بەم شێوەیە مردنەکە وەک دەرفەتێک بۆ قازانجی خۆیان دەبینن نەک خەمی مردنی ئیڤانی هاوڕێیان.
چیرۆکەکە لە کۆتاییەوە دەست پێدەکات، لەو کاتەوەی کە ئیڤان دەمرێت پاشان تیشک دەخاتە سەر ژیانی ڕابوردووی، لە بەشی یەکەمدا بەشێوەیەکی ڕووکەشی ژیانی کارەکتەرەکان وێنا دەکات پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وێناکردنی ژیان و نەخۆشی ئیڤان.
تۆڵستۆی کاردانەوەی کارەکتەرەکانی دەوروبەری پاڵەوان بەکاردەهێنێت بۆ ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگایەک کە مرۆڤەکان زیاتر خەمی پلەو پایە، ستاتۆس، پارە و پیشەیان هەیە نەک مرۆڤایەتی. مرۆڤەکان خۆیان لە بیرکردنەوە یان قسەکردن لەسەر مردنی خۆیان و پرسیارە جەوهەریەکەی ژیان بەدوور دەگرن، لەبری ئەوە بەردەوامن لە جەختکردنە سەر کار و پارە و ژیانی ڕۆژانە. هاوکار و هاوڕێکانی ئیڤان بیر لەوە دەکەنەوە ئەوە ئیڤانی هاوڕیانە مردووە نەک خۆیان.
تۆڵستۆی مردنی خۆی لە ڕوانگەی زیندووەکانەوە وێنا دەکات. بە پێچەوانەی ڕێزبەندی کاتی لە پیشدا پاڵەوان مردووە ئەوجا باسی ژیانی دەکرێت، تۆڵستۆی ئەو کاتە بێمانا وبەتاڵ و ئەبسوردەمان لە ژینگەیەکی بیرۆکراتیی و بەرژەوەند خوازیدا بۆ باس دەکات، کە پێشتر مردووەکە سەر بەو ژینگەیە بووە، هەڵوێستی هاوڕێکانی ئیڤان ئیلیچ بەرامبەر بە مردنی، شێوازی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ مردووەکە، بەو هێڵە کاتییانەی لە ڕۆمانەکەدا بەکارهێنراون، زەق دەبێتەوە. هەروەها پێناسەی کاتمان بۆ دەکات، لەبەر ئەوە لەم شیکارییەدا لە ڕوانگەی کات و هێماکانەوە شیکاری بۆ ئەم دەقە دەکەم.
لە بەشەکانی پاشتردا تۆڵستۆی زانیاریمان پێدەدات کە ئیڤان ئیلیچ دادوەرێکی سەرکەوتوو بووە و بەپێی پێوەرەکانی کۆمەڵگا ژیانێکی ئاسوودە ژیاوەو رێزێکی زۆری هەبووە، زۆریش حەزی بە یاری کاغەزێن کردووە، خاوەنی دوو منداڵە کچ و کوڕێک. پراسکۆڤیا فێدرۆنۆڤا (Praskovya Fyodorovna) ی ژنی پشتیوانێکی گرنگ بوو بۆ ئەو. ژیانی هاوسەرگیرییان تاڕادەیەک بە خۆشی دەست پێدەکات بەڵام لە کۆتاییدا سارد و پڕ لە ململانێ دەبێت. کاتێک ئیڤان نەخۆش دەکەوێت پراسکۆڤیای زۆرجار توڕەیی دەردەبڕێت چونکێ خەمی کرداری و عەمەلی نیشان دەدات نەک بەزەیی. تۆڵستۆی ڕۆڵی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ وێناکردنی ئەوەی کە چۆن ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە مرۆڤییەکان هەبێت. هاوڕێکانی هەست بە ناخۆشی دەکەن نەک لەبەر لە دەستدانی هاوڕێکەیان بەڵکو لەبەر ئەوەی بڕیاریان دابوو کە شەوێ کۆ ببنەوە و یاری کاغەزێن بکەن. تۆڵستۆی لە وەسفکردنی هەڵوێستی زیندووەکان بەرامبەر بە مردن، و بەو هۆیەوە بەرامبەر بە ژیان، سەرنجی تایبەت بۆ شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کاتدا ڕادەکێشێت:
لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا، لە دوای مردنی ئیڤان ئیلیچ، بە هەمان شێوەیە وێنای پراسکۆڤایا دەکات کە بەردەوام مژوڵی بابەتە کردارییەکانە، لەوانە دارایی و ئەو خانەنشینییەی کە چۆن دوای مردنی هاوسەرەکەی وەریبگرێت. ئەمەش ڕەخنەی تۆڵستۆی لە کۆمەڵگا بەهێزتر دەکات کە زۆرجار پێگەی دەرەکی و بەرژەوەندی خۆ لە پێش خەمی ڕاستەقینەدا دادەنرێت.
ئیڤان لە بەشی سێی ڕۆمانەکە ئیڤان دەگوازێتەوە بۆ شاری شاری پترۆزبۆرگ، لەوێ لە دادگا کار دەکات پارەو پولێکی باش کۆدەکاتەوە و خانوویەک دەکڕێت، لە ماڵە نوێیەکەی خەریکی ڕازاندنەوەی ماڵەکەیانە، لە کاتی هەڵواسینی پەردەی پەنجەرەکاندا دەکەوێت و کەلـلەکەی دەیماڵێت بە قەراغی کورسیەکەدا بریندار دەبێت و تووشی ئازارێکی زۆر دەبێت و ئەوەش دەبێت هۆی ئەوەی تووشی نەخۆشیەکی کوشندەی بکات و هەر بەو هۆیەوە دەمرێت. بەڵام کەس نایەوێت دەربارەی ئیڤان ئیلیچ لە ترسی مردن بزانێت، تەنانەت ژنەکەی خۆیشی. کەس نییە، جگە لە خزمەتکارێکی بێ پارە گراسیم کە ئاگاداری دەبێت.
گیراسیم کوڕێکی کە سادە بوو بە بێ پاداشت، وەک خزمەتکارێک لە ماڵی ئیڤان، بە دڵسۆزی یاوەری ئەو پیاوە ی دەکرد، چاودێری دەکرد هەندێکجار بە درێژایی شەو تا بەیانی و هاوغەمی ئازارەکانی ئیڤان بوو، بە شێوەیەکی سروشتی، زۆر بە ڕێز و ئارامییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەخۆشەکە، پێش ساتەوەختی مردنیشی تەنانەت لەگەڵ مردنەکەشیدا دەکرد. لای ئەو ئەمە ویستی خودایەو مەرگ چاوەڕێی هەموومان دەکات.
ئیڤان یادەوەرییەکانی ژیانی ڕابردووی لەسەرەمەرگدا وەک مۆتەکەیەک بەردەوام بەدواوەیەتی . کەمێک پێش ساتەوەختی مردن، ئیڤان ئیلیچ لە هەستێکی قوڵدایە بەوەی کە ژیان چییە ؟ تەنها کاتێک ئیڤان تێدەگات کە بەڕاستی دەمرێت، دەست دەکات بە بیرکردنەوە لەوەی کە چۆن ژیاوە و بەڕاستی چی گرنگ بووە؟
مردن حەتمیە و هەموو مرۆڤەکان دەبێت ڕووبەڕووی مردن ببنەوە. مانای ژیان، ژیانێکی باش و پڕ مانادار مانای چییە؟ تۆڵستۆی ڕەخنە لە ژیانێک دەگرێت کە بە پێگە و سەرکەوتنی دەرەکی بەڕێوەدەچێت، ئازار و بەزەیی چاودێری ڕاستەقینەی مرۆڤ دەتوانێت تەنانەت گەورەترین ئازاریش کەم بکاتەوە.
دەست دەکات بە پرسیارکردن لە هەموو ژیانی خۆی. پرسیاری ئەوە دەکات کە ئایا بەڕاستی ژیانێکی دروستی ژیاوە یان تەنها هەوڵی بەدەستهێنانی پێگە و پارە و ڕێزی کۆمەڵایەتی داوە. زۆربەی کەسانی دەوروبەری خۆیان لە قسەکردن بە ئاشکرا لەسەر مردنەکەی بەدوور دەگرن، ئەمەش وای لێدەکات تەنیا بێت. تاکە کەسێک کە بەزەیی ڕاستەقینە نیشان دەدات، خزمەتکار گراسیم کە بەبێ پارە هاوکاری دەکات. تۆڵستۆی پێشنیاری ئەوە دەکات کە ژیانێک کە تەنها لەسەر بنەمای پیشە و پارە و شکۆمەندی کۆمەڵایەتی دامەزراوە، مەترسی ئەوەی هەیە کە هەست بە بەتاڵی بکەیت.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی مردن، تەنها کاتێک ئیڤان ئیلیچ ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە، درک بە بەهای خۆشەویستی و ڕاستگۆیی و بەزەیی دەکات.
هەرچەندە ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئیلیچ چیرۆکێکی ڕیبازی ئەبسورد نییە، بەڵام گەلێک تایبەتمەندی هەن کە دەتوانرێت وەک ئەبسورد هەستیان پێبکرێت وسەیر بکرێت، بەو مانایەی کە نیشان دەدەن مرۆڤ چۆن لەگەڵ مانای ژیان و حەتمیەتی مردندا ململانێ دەکات. بەڵام ڕۆمانەکە زۆر پێش ئەوەی بێمانایی ببێتە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی نووسراوە و بە ئەبسورد حسێب ناکرێت.
ئیڤان ئیلیچ وا ژیاوە کە مردن تەنها کاریگەری لەسەر کەسانی تر هەبێت، ئێمە هەرگیز مەرگی خۆمان نابینین، مەرگ پەیوەندی بە کەسانی دیکەوە هەیە نەک خۆمان، کارەکتەرەکانی دەورو بەری هەوڵدەدەن خۆیان قەناعەت پێبکەن کە مردنی خۆیان بیر لێناکانەوە، هەرچەندە لە ڕاستیدا دەزانن کە ئەوە ڕاست نییە.
ڕێک ئەم بیرکردنەوە خۆ فریودەرەیە کە تۆڵستۆی ڕەخنەی لێدەگرێت: مرۆڤ بەزەحمەت مردنی خۆی قبوڵ دەکات و خۆی لە پشت ئەو تێڕوانینە دەشارێتەوە کە مردن هەمیشە کاریگەری لەسەر کەسێکی دیکە هەیە.
بەڵام لە لایەکەی ترەوە مەرگی ئەوانی تر دەبینین، ئیڤانیش هەرگیز مەرگی خۆی نابینێت، بەڵکو لە هەستی مردندا دەژی، کاتێک خۆی تووشی نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت، وەک شتێکی ناعەقڵانی و نزیکە لە بێمانایی ئەزموون دەکات کە ئەو کەسەیە کە دەبێ بمرێت. خەڵکی دەوروبەری ئیڤان بەردەوامن لە ژیانی ڕۆژانەیان، وا خۆیان نیشان دەدەن کە نزیکە وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەداوە. ئەوان زیاتر خەمی پیشە و میرات و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانیانن نەک ئازارەکانی. ئەمەش هەستی بێ مانا و نامۆبوون دروست دەکات.
ئیڤان کاتێک ئاوڕ لە ژیانی خۆی دەداتەوە، تێدەگات کە بە پلەی یەکەم بەپێی ئایدیالی سەرکەوتن و پێگەی کۆمەڵگا ژیاوە. لەخۆی دەپرسێت ئایا هەموو ژیانی مانای ڕاستەقینەی هەبووە؟ ئەم قەیرانە وجودییە ئەو پرسیارانەمان بیردەخاتەوە کە دواتر لە ئەبسوردیزمدا گرنگ بوون.
جیاوازییە چارەنووسسازەکە ئەوەیە کە تۆڵستۆی ڕێگەیەکی دەربازبوون لە قەیرانەکە پێشکەش دەکات. بەرەو کۆتایی، ئیڤان ئیلیچ بە قبوڵکردنی مردن و درککردن بە بەهای خۆشەویستی و مرۆڤایەتی و ژیانێکی ڕاستەقینە، فۆرمێکی ئاشتەوایی دەدۆزێتەوە.
لە بێمانایی کلاسیکدا بۆ نموونە لە یوجین ئیۆنێسکۆ یان ساموێل بێکێتدا بە گشتی چارەسەرێکی لەو شێوەیە نییە. مرۆڤ لە جیهانێکدا دەژی کە مانایەکی ڕوونی نییە و دەبێت خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم وەدیهاتنەدا بکات.
مەرگی ئیڤان ئیلیچ ڕۆمانێکی بێمانا نییە، بەڵام پرسیاری وجودی لەخۆدەگرێت کە دواتر بوونە ناوەندی لە ئەبسوردیزمدا، بەریەککەوتنی مرۆڤ لەگەڵ مردن، هەستکردن بە بێ مانایی، ڕووکەشبوونی کۆمەڵگا وتەنیایی لە کۆتایی ژیاندا، گرنگترین جیاوازی ئەوەیە کە تۆڵستۆی ڕێگە بە پاڵەوان دەدات مانا و ئارامی ناوەوە بدۆزێتەوە، لە کاتێکدا بەرهەمەکانی ڕێبازی ئەبسورد زۆرجار کەسەکە بەبێ وەڵامێکی ڕوون یان ئاشتەوایی کۆتایی بەجێدەهێڵن.

کات لە ڕۆمانەکەدا
تێڕوانین بۆ کات لە کورتە ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئیلیچ دا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی تۆڵستۆی چۆن ژیان و مردنی کارەکتەری سەرەکی وێنا دەکات. ڕۆمانەکە هەردوو کاتی (کرۆنۆلۆژی واتە بە پێی کات ڕێکخراوە) و (کاتی دەروونی) بەکاردەهێنێت. گۆڕانکارییەک لە نێوان کاتی دەرەکی (ڕووداوەکانی ژیان) و کاتی ناوەکی، دەروونی (بیرەوەری و بیرکردنەوەکان) چییە؟
یەکەم کاتی کرۆنۆلۆژی : پێکهاتەیەکی گێڕانەوەکەی (چیرۆکەکە بە مردن دەست پێدەکات و دواتر دەگەڕێتەوە) چیرۆکەکە بە شێوەیەکی نائاسایی دوای مردنی ئیڤان ئیلیچ دەست پێدەکات، کاتێک هاوکارەکانی هەواڵی کۆچی دوایییان پێدەگات. پاشان پڵۆتەکە دەگەڕێتەوە بۆ کات و باس لە ژیان و ژیانی پیشەیی و چۆنیەتی نەخۆشکەوتنی دەکات. بەرەو کۆتایی چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوا ڕۆژەکانی پێش مردنی.، واتە ڕۆژ و هەفتەو مانگ و ساڵەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی بەدوای یەکدا دێن.
دووەم کاتی دەروونی: کاتێک ئیڤان بە سەختی نەخۆش دەکەوێت، تێڕوانینی بۆ کات دەگۆڕێت. ڕۆژەکان هەست بە درێژیی و ئازار دەکەن بەهۆی ئەو ئازارەوە، بەردەوام بیر لە ژیانی خۆی دەکاتەوە و هەڵبژاردنەکانی دەکۆڵێتەوە. یادەوەرییەکانی منداڵی و گەنجی فەزایەکی زۆریان پێدەدرێت، بەو پێیەی هەوڵدەدات لەوە تێبگات کە ئایا ژیانی هیچ مانایەکی ڕاستەقینەی هەبووە یان نا. لێرەدا ئەوە کاتژمێر نییە کە چیرۆکەکە کۆنترۆڵ دەکات، بەڵکو بیرکردنەوە و هەستەکانی ئیڤان ئیلیچ.
گرنگی کات. تۆڵستۆی کات بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە چۆن ڕوانگەی مرۆڤ لە بەرامبەر مردندا دەگۆڕێت، پێش نەخۆشییەکە ئیڤان کات وەک شتێکی پڕ لە کار و پیشە و سەرکەوتنی کۆمەڵایەتی ئەزموون دەکات.
کاتێک ئیڤان نەخۆش دەکەوێت، تێدەگات کە کاتێکی بێسنووری بۆ نەماوەو کات تەواو دەبێت لە وە بە ئاگا دەبێت هەر ڕۆژێکی نوێ بەو مانایەیە کە خەریکە لە مردن نزیک دەبێتەوە. بۆیە چیتر بیر لە پلانی داهاتوو و پیشەکەی ناکاتەوە، بەڵکو بیر لەوە دەکاتەوە کە چەند کاتێکی کەمی ماوە، ئیڤان مردنەکەی قبوڵ دەکات و فۆرمێک لە ئاشتی دەدۆزێتەوە.
بۆنموونە، پێشتر بیری لەوە دەکردەوە: ساڵی داهاتوو ڕەنگە پلەبەرزکردنەوەکەی بۆ بێت، مووچەکەی چەند زیاد دەبێت و دەتوانێت ساڵی داهاتوو چەند پاشەکەوت بکات، بەڵام ئێستا بیردەکاتەوە چەند ڕۆژم ماوە بژیم؟ بۆیە کات زۆر بەنرختر و ترسناکتر دەبێت.
ئەو کاتەشی گۆڕانکارییەکی ناوەوەی بەسەردا دێت، واز لە شەڕی مەرگ دەهێنێت، قبووڵی دەکات کە بڕیارە بمرێت، هەست بە بەزەیی بۆ خێزانەکەی دەکات لەبری ئەوەی تەنها بیر لە ئازارەکانی خۆی بکاتەوە و هەر ئەم گەشەسەندنی ناوەوەیە کە لە کاتەکانی دەرەوە گرنگتر دەبێت.
لە کۆتاییدا ئیڤان ئەوەندە لە مردن نزیک دەبێتەوە کە بیرکردنەوە لە ڕۆژ و کاتژمێر و بەروار دەهێنێت، گرنگ ئەوەیە چەندێک دەژی، بەڵکو چۆن ڕووبەڕووی مردنەکەی دەبێتەوە. جۆرێک لە ئاشتی دەدۆزێتەوە ئەمە بەو مانایە نییە کە تەندروست دەبێت یان واز لە ئازارەکان دێنێت. بەڵکو ئارامی ناوەوە دەدۆزێتەوە. واز لە ترسی مردن دێنێت چونکە قبوڵ دەکات. بەم شێوەیە تۆڵستۆی نیشان دەدات کە ئەزموونی مرۆڤ لە کاتدا تەنها بە ڕۆژ و ساڵ ناپێورێت، بەڵکو لە چۆنیەتی تێگەیشتن و بەهادان بە ژیانماندا دەپێورێت. ئەمە یەکێکە لە پەیامە گرنگەکانی تۆڵستۆی ئەوەی مانا بە ژیان دەبەخشێت، ئەوە نییە کە چەند دەژین، بەڵکو چۆن دەژین و چۆن پەیوەندیمان لەگەڵ مرۆڤەکانی تر و بە مردنی خۆمانەوە هەیە.

کات لە ساتی مردنی ئیڤان ئیلیچ
ماوەی بیست و یەک ساڵ تێدەپەڕێت دوای هاوسەرگیرییەکەی ئیلیچ، کات لە رۆمانەکەدا ژیانی پاڵەوانەکە و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو پێکدەهێنێت هەروەها بێمانای ژیانیش. حیکایەتخوانی ناو ڕۆمانەکە بە وردی بەرواری ڕووداوەکانی دیاری ناکات بەڵکو تیشک دەخاتە ئەو شتانەی تەنیا لە بۆچوونی ئیڤان دا گرنگە.
بەشی سێیەم زیاتر جەخت لەسەر باوەڕی پاڵەوان دەکات کە کۆنترۆڵی بەسەر کاتدا هەیە، کە بە بۆچوون ئەو چۆن دەبێت ژیان بەو شێوەیە بەڕیوە بچێت کە ئەو دەیەوێت . بە ئاسانی، بە خۆشی و شایستەیی.
ئیڤان بەردەوام خەریکی کۆنترۆڵکردنی کاتەکانیێتی، کە نابێت هیچ شتێک تێکی بدات، کاتژمێر نۆ هەڵدەستێت لە خەو، قاوە دەخواردەوە، کاغەزەکانی دەخوێندەوە، پاشان یەکپۆشییەکەی لەبەر دەکات و دەچێتە دادگا. بەتەواوی کاتەکانی خۆی ڕێکخستووە. ڕۆتینی ڕۆژانە کە لەلایەن ئیڤان ئیلیچەوە دامەزرابوو، بە شێوەیەکی سروشتی نانخواردنی نیوەڕۆ و خواردنی کەمی پاشنیوەڕۆ و ئێوارەخوانی ئێوارەی لەخۆگرتبوو. حیکایەتخوان باسی ئەم کاتانەی ڕۆژ دەکات (ئەو کاتەی کە ژەمەکان دیاری دەکات) و ئەو چالاکییانەی پەیوەستن پێیانەوە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئیڤان بە تەنیا لە کاتێکی ڕێکخراو و ڕۆتینیدا دەژی کە هیچ بوارێک بۆ گەشەکردنی ڕۆحی یان دروستکردنی پەیوەندی قووڵ و ڕاستگۆیانە لەگەڵ مرۆڤەکاندا ناهێڵێتەوە، بەڵام ئازار و گەشەسەندنی هەستکردن بە ناڕەحەتی دەبێتە هۆی تێکچوون لە کاتدا. لەوێدا کات دەبێتە شتێکی تر و گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
کات لە ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ ئامرازێکی گرنگە بۆ بیرۆکەکانی تێکستەکە، بەشێوەیەکی زۆر هۆشیارانەی هەمەچەشن کات و پەیوەندی پاڵەوانی ڕۆمانەکە بە کاتەوە وێنا دەکات و ئەزموونی ژیان و مردنی خۆی باس دەکات و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. بۆیە وەک پۆلێنێکی فەلسەفی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەستراوەتەوە بە بیرکردنەوە لە مانای بوونی مرۆڤ. سەردەمی ئیڤان ئیلیچ- کە سەرەتا وەک مردوو پێشکەش دەکرێت، پاشان دەگۆڕدرێت بە بۆ ژیانی و بەیوەندی ئیڤان ئیلیچ بەکاتی دەرەکی و ناوەکی.
هەر لە سەرەتا و لە لاپەڕەی یەکەمدا پێمان دەڵێت کە هاوڕێکانی کاتیان نییە بۆ بەشداریکردن لە پرسەکەدا، یەکێکی تریان دەڵێت بەشداری کردن لە کاتێکی وەرزکەر و ناخۆشە.
مردن وەک پچڕانێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بۆ بەسەربردنی کاتەخۆشەکان، هاوڕێکانی هەست بە ناخۆشی دەکەن، نەک لەبەر لە دەستدانی هاوڕێکەیان بەڵکو لەبەر ئەوەی بڕێاریان دابوو کە شەوێ کۆ ببنەوە و یاری کاغەزێن بکەن
تۆڵستۆی وەسفی ژیانی ڕۆژانەی پاڵەوانەکە بە ڕێکوپێکی و بە خێرایییەکی ئاسایی دەکات ، ساڵ بەدوای ساڵدا دێت بە شێوەیەکی تاڕادەیەک نەریتی تا ساتەوەختی پەیدابوونی قەیرانە وجودیەکە، لە دوای نەخۆشییەکەی ئیڤانەوەیە پێوانەکردنی کات دەگۆڕدرێت، خێرایی گێرانەوەکە دەگۆڕێت و خاو دەبێتەوە و سەرنج دەخرێتە سەر بیرکردنەوە و هەستی پاڵەوان و ئەزموونی بابەتیی کات کە لە کرۆنۆلۆژیای ئاسایی گرنگتر دەبێت. تیشک دەخرێتە سەر گەشەسەندنی ناوەوەی و قەیرانی بوونگەرایی. قۆناغی کۆتایی زۆر وردتر وێنا دەکرێت.
ئەو شتانە دەگێڕدرێتەوە کە لە ماوەی چەند دەیەک لە ژیانی پاڵەوانەکەدا ڕوویانداوە، پوختەی ڕووداوەکان دەگێڕیتەوە، زۆرجار بازدانی کاتیی بەرچاو بەکاردەهێنێت. لە درێژایی گێرانەوەکەدا خوێنەر دەزانێت کە ئیڤان ئیلیچ لە چەند شوێنێکدا بۆ ماوەی جەند ساڵ کاریکردووە، لە چ شوێنێکی تر پەلی باڵای هەبووە و ڕۆژنە چۆن کاتەکانی دابەشکردووە. لە بەشێکی تریدا بیست ساڵە هاوسەرگیری کردووە، بە هیچ شێوەیەک باس لە بێمانایی ژیان ناکات لەو بەشانەدا، وێنەی پیاوێک دروست دەکات تا ڕادەیەک بەدوای ئامانجی بەرژەوەندی بەدوای خۆیدا دەگەڕێت. کۆنترۆڵی بەسەر کاتدا هەیە.

هەستکردن بە ناڕەحەتی دەبێتە هۆی تێکچوونی کات:

لە بەسەرنجی بۆ ڕێکخستنی کاتی ناجێگیر ڕادەکێشێت: لە دیمەنەکانی بەشی چوارەم بەدواوە داهاتوو پێمان دەڵێت کە “لە کاتی نانخواردنی ئێوارەدا” ئیڤان تووشی توڕەیی بووە یان “بەهۆی ئازارەکەوە هەموو شەوەکە نەخەوتووە”
لە شوێنێکی دیکەدا ئاگادارمان دەکاتەوە جارێکی دیکە “کەمێک دواکەوت بۆ نانخواردنی ئێوارە”، “هەندێک بابەتی گرنگی دواخست”، و لەبری ئەوەی یاوەری میوانەکانی بکات تا درەنگانی شەو، ” بەڵام چووە ژوورەکەی خۆی. ئەمانە هەمووی ئەنگیزە و هۆکارە بۆ تێکچوونی کات.
کاتێک ئیڤان بە سەختی نەخۆش دەکەوێت، ئەزموونی کاتەکەی دەگۆڕێت. هەرچەندە دەتوانێت سەیری کاتژمێرەکە بکات، بەڵام دەزانێت کە ئیتر هیچ شتێکی گرنگ لەبارەی واقیعەکەیەوە ناڵێت. بۆ ئەو هەموو شتێک لە دەوری ئازارەکە، ترسەکە و چاوەڕوانی مردن دەسوڕێتەوە. بۆیە چیتر ژیانی بە پێی کاتژمێرەکەی دەستی ناڕوات لەسەر کاتژمێرەکەی دەستی میقات ناکرێت. تۆڵستۆی دەیەوێت بڵێت، کاتژمێر هێشتا کاتی ئاسایی دەپێوێت، بەڵام بۆ ئیڤان مانای خۆی لەدەستداوە. ئێستا ژیانی بە نەخۆشی و ئەزموونی ناوەوەی کات بەڕێوەدەچێت نەک بە کاتژمێر و خولەک، کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە، کاتی دەروونی گرنگتر دەبێت لە کاتی کرۆنۆلۆژی.

کاتە ئۆبجەکتیڤیەکان Objektiv دەرەکی
کاتە ئۆبجەکتیڤیەکان بابەتییەکان ئەو کاتەیە کە هەموو کەسێک دەتوانێت بیپێوێت. بۆ هەموو کەسێک وەک یەکە نموونە: کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆیە، سەعاتێک شەست خولەکە و ساڵێک ٣٦٥ ڕۆژە. کاتەکان بە هەمان ڕێژە بەرەو پێشەوە دەڕوات، بەبێ گوێدانە هەستکردنمان و لە چ بار و دۆخێکدا بژین.

کاتە سەبجەکتیڤیەکان Subjektiv ناوەکی
کاتە سەبجەکتیڤیەکان ئەوەیە کە چۆن ئەزموونی کات دەکەین چۆن کات بەسەر دەبەین و چۆن کاتەکان تێدەپەڕن تۆ دەتوانێت هەست بە جیاوازی بکات بەپێی هەستەکانت و بارودۆخەکەت.
بۆ نموونە: لە ویستگەیەکدا وەستان لە ژێر باران چاوەڕێی پاس بکەیت، ئەگەر پێنج خولەک بێت هەست دەکەیت نیو کاتژمێرە. لەگەڵ باشترین هاوڕێکانت سێ کاتژمێر کۆدەبیتەوە بەڵام هەست دەکەیت نیو کاتژمێرە. کاتێک ئازارێکی زۆرت هەیە یان دەترسیت، لە هەر خولەکێکدا هەست بە درێژیی زۆر دەکەیت، هەرخولەکێک دەبێت بە سەعاتێک. کاتژمێر لە هەموو ئەم بارودۆخانەدا هەمان کات پیشان دەدات، بەڵام ئەزموونی کات جیاوازە.
لە سەرەتای چیرۆکەکەدا کاتە ئوبجەکتیڤیەکان زاڵە. ئیڤان ئیلیچ ژیانێکی ئاسایی دەژی کە ساڵەکان تێیدا تێدەپەڕن، دەخوێنێت، کار دەکات، هاوسەرگیری دەکات و دەبێت بە خاوەنی پیشە، چیرۆکەکە بە ڕێکوپێکی ڕووداوەکان بەدوایدا دەچێت.
کاتێک نەخۆش دەکەوێت کاتە سەبجەکتیڤیەکان گرنگتر دەبێت. چیتر بیر لە ساڵنامە و کاتژمێر ناکاتەوە، بەڵکو بیر لە ئازارەکانی و ترسی خۆی دەکاتەوە. لە شەوێکدا دەتوانێت هەست بە بێکۆتایی کات بکات و بیرکردنەوەکانی لەبارەی ژیان و مردنەوە شوێنی زیاتر لە ژماردنی کاتە ئاساییەکان دەگرێتەوە.
کاتێک لیزا، کچی ئیڤان ئیلیچ، کە نایەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ باوکە نەخۆشەکەیدا بمێنێتەوە، بێ تاقەتی نیشان دەدات و سەیری کاتژمێرەکەی دەکات دەڵێت کاتی ئەوە هاتوو بڕۆین بۆ بینینی نمایشەکە، ئیڤانی نەخۆشی تێڕوانینی خۆی بۆ کات دەگۆڕێت و پەیوەستیشی دەکاتەوە بە خێزانەکەیەوە کات بەقوڵی دەبێتە ناوەکی (سوبژێکتیڤ) گێڕەرەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئیڤان دەست دەکات بە بەراوردکردنی ئێستا لەگەڵ ڕابردوودا: “لە ڕابردوودا بەرگەی شکستەکانی گرتبوو، بەڵام ئێستا هەموو شتێک شکستە.
ڕابردەوو وەک “ژیان و ڕووناکی” لەکاتێکدا ئێستا وەک “مەرگ وتاریکی” هەڵدەسەنگێنێت. هەروەها ئیڤان ئیلیچ دەست دەکات بە بیرکردنەوە لە داهاتوو، واتە بیر لە تێپەڕبوونی کات دەکاتەوە، لەسەر کۆتایی ژیان، ژیانێک کە هەبووبەڵام لە لەناکاو دەخلیسکێتە ناو ئەو تونێلە ڕەشەوە کە خۆی باسی دەکات.
تۆڵستۆی بەتایبەت لە بەشی هەشتەم و نۆیەمدا، باسی سووڕی ئەبەدی کات دەکات و جەخت لەسەر ئەو ئازارە دووبارەبوونەوەیە دەکاتەوە کە پاڵەوان ئەزموونی دەکاتەوە، وەک ئەوەی ئیڤان لە کاتدا گیری خواردبێت، و چۆن وردە وردە کۆنترۆڵی بەسەریدا لەدەست دەدات. ئەم دووبارە بوونەوەیە پاڵەوان دەهاڕێت.
هەموو ڕۆژێک وەک یەک دەردەکەوێت، لە خەو هەڵدەستێت، ئازاری هەیە، سەردانی پزیشک دەکات ئازاری هەیە، هەوڵی پشوودان دەدات، ئازار دەچێژێت و چاوەڕێ دەکات هیچ شتێک ناگۆڕێت. کات لای پاڵەوان تەنها بە بازنەیی دەڕوات لەبری ئەوەی بەرەو پێشەوە بێت. هەمان شت دووبارە و سێبارە ڕوودەدات و ئیدی وەک زیندانییەک خۆی دەبینێت کە چاوەروانی ڕۆژی لە سێدارەدانی بێت. کات تەنها جەستەو شکڵی ئیڤان ناگۆڕێت بەڵکو چۆن دەست دەنێتە بینی و بەرەو کیسە ڕەشەکە دەینێرێت. تەنها چاوەڕێی هێرشی داهاتووی ئازار یان ڕۆژی جەفای دواتر دەکات.
ئیدی لەمەو دوا، جگە لە ئازارەکەی هەست بە گەشتێکی تەنیا دەکات، گەشتێک لەگەڵ مردندا، تێبینی دەکات کە بەڕاستی کەس تێناگات کە بە چیدا تێدەپەڕێت. خێزان و پزیشکەکان باسی نەخۆشیەکەی دەکەن، بەڵام باسی ئەوە ناکەن کە لە ڕاستیدا بڕیارە بمرێت، درک بەوە دەکات کە مردن شتێکە لە بنەڕەتدا دەبێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ببێتەوە.
تۆڵستۆی باسی ئەوە دەکات نەخۆشییەکە نەک هەر بە قەیرانێکی فیزیکی نا بەڵکو بە قەیرانێکی بوونییش وەسفی دەکات. ئیڤان ئیلیچ نەک تەنها تەندروستی خۆی لەدەست دەدات ژیانی ڕۆژانە و ئەو پەیوەندییانە و هەستی کۆنترۆڵکردنیش لەدەست دەدات کە پێشتر پێکهاتەی ژیانی پێبەخشیبوو.
لە بەشی دەیەمدا ئیڤان وردە وردە لە جوڵە دەکەوێت، ئەگەر جاروبار لەناو ماڵکەی دەجوڵا ئێستا تەنانەت ناشتوانێت لە ژوورەکەیدا بجوڵێتەوە، (دەمووچاوی دەنێت بە دیوارەکەوە و جوڵەی تەواو سنووردار دەبێت،) نەک هەر کات بەڵکو شوێنیش دەگۆڕێت، ئیتر ئیڤان پەیوەندی بە ئۆفیسی کارکردن و ئەو شوێنانەنەی کە کاتی تێدا بەسەر بردووە نامێنێت. بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن هەموو جیهانەکەی وردە وردە بچووک دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ فەزای مردن.

سێ ڕۆژەکە

بەشی یانزەهەم بە تووڕەبوونەکەی ئیڤان کۆتایی دێت کە هاوار دەکات: بیکە بەخاتری خوا، لێمگەڕێ با بەدردی خۆمەوە سەربنێمەوە، ئیدی هیچ ئارامییەکی نامێنێت، پاژی دوانزەهەمیش حیکایەتخوان باسی ئەوە دەکات، لە ڕۆمانەکەوە ” دوای ئەوە هاوار و ناڵەی پڕئازار و بۆ ماوەی سێ ڕؤژبەردەوام بوو، ناڵەو قیژەی تەواوی ماڵەکەی پڕکردبوو، سێ ڕۆژ بێوەستان ئیڤان هاواری کردووە، سێ ڕۆژ ئازار ومردنی ترسناک، ئیڤان لەو کاتەوە کە ژنەکەی خۆی دەرکرد لە ژوورەکە بۆی دەرکەوت کە مردنی یەکجارییە، وا چاکە دەست لە هەموو هیواکان بەربدات” . بیرکردنەوەیەکی بەم شێوەیە بە مانای خۆبەدەستەوەدان بوو بۆ دۆخێکی تاریکی دەروونی مرۆڤ. تۆڵستۆی ژنەکەی ئیڤان لەوێدا وەک حیکایەتخوان دادەنێت باسی ئەو سێ ڕۆژە دەکات کە کات بۆی نەمابوو لە ناو کیسە ڕەشەکەدا خەباتی دەکرد هێزێکی نەبینراو و بەرگە نەگیراو فشاری هێناو خستیە ناو چاڵەکەوە، مرۆڤ هەرچەند خەبات بکات لێی دەرباز نابێت.
لە ڕۆمانەکەوە ” سێ ڕۆژی تەواو لە هەمبەر ئەو هێزە نادیارەدا خۆڕاگریی کرد کە دەیویست فڕیی بداتە ناو چاڵەکەوە، ڕاست وەکو مەحکوم بەمەرگێک کە بەدەست جەلادەوە خۆی ڕادەپسکێنی و لێشی ڕوونە ئەو هەوڵ وڕاپسکانە بێ هوودەیە. سات لە دوای سات لەو شتە تۆقێنەر و بەسامەنزیک و نزیکتر دەبووە”
ئەو سێ ڕۆژە شتێکە کە خەڵکی تر دەیبینن، بەڵام لە دوا جار هێزێکی نەبینراو هەیە کە کە بێدەنگی دەکات، ئەو هێزەش قبوڵکردنە. سێ ڕۆژی ئینتیمی، واتە سێ ڕۆژی، قوڵ لە بیرکردنەوە، سێ رۆژ لە ئەزمون کردن لە دواجاردا قبوڵ کردنی ئەوەی کە بڕیارە بەمرێت.
سێ ڕۆژ کە لە ڕۆمانەکەدا لە بەشی دوانزەهەمدا چەند جارێک دوو بارە دەبێتەوە، دەشێت تۆڵستۆی بە مانایەکی مێتافۆرێک بەکاری بهێنێت، بەشێوەیەکی ڕەمزی لێکدانەوەی بۆ بکات، لە ئایینی مەسیحیدا و هەروەها لە بیروباوەڕ و ئەفسانە جۆراوجۆرەکانیشدا، سێ ڕۆژ لە کایەی تاریکیدا هێمای پرۆسەی گۆڕانکارییە. ڕۆژێ پێش مردنی ئیڤان ئیلیچ تەنها سێ ڕۆژی ڕۆژمێری نییە، سێ ڕۆژی ئۆبجەکتیڤی نیە، تۆڵستۆی وەک هێما بەکاریان دەهێنێت.
کاتێک دەڵێین کە سێ ڕۆژەکە مانای مێتافۆرییان هەیە، مەبەست ئەوەیە کە نوێنەرایەتی گەشتێکی ناوەوە دەکەن. تاریکی واتای ئازار و مردنە، لە کاتێکدا سێ ڕۆژەکە هێمای ئەو پرۆسەیەن کە ئیڤان ئیلیچ لە ترس و ئینکارییەوە دەڕواتە تێڕوانین و قبوڵکردن. هەر لەبەر ئەمەشە وێناکردنی تۆڵستۆی بە ئایینی مەسیحی و ئەفسانەی تری گۆڕانکارییەوە دەبەستێتەوە.
تۆڵستۆی بە هێمایەکی کۆن و ئایینی و ئەفسانەییەوە دەیانبەستێتەوە، مرۆڤ دەچێتە ناو تاریکی(ئازار، مردن، ئاژاوە) پاشان گۆڕانکاری ناوەوەی بەسەردا دێت مرۆڤ وەک کەسێکی گۆڕاو دێیتە دەرەوە. یان لە ئایینی مەسیحیدا، بۆ ژیانێکی نوێ دێتەوە، پرسیار ئەوەیە بۆچی سێ ڕۆژ بە تایبەتی؟ لە ئایینی مەسیحیدا ڕوونترە هاوتەریبە لەگەڵ مردن و زیندووبوونەوەی عیسا. لە ئاینی مەسیحیدا عیسا دەمرێت، پاشان لە کایەی مردووەکاندایە و لە ڕۆژی سێیەمدا هەڵدەستێتەوە. بۆیە سێ ڕۆژ بوونەتە هێمای گواستنەوە لە مردنەوە بۆ ژیانی نوێ.
هەروەها مۆتیڤی هاوشێوە لە زۆرێک لە ئەفسانەکاندا دەبینرێت، پاڵەوانێک یان خودایەک دادەبەزێت بۆ ناو تاریکی یان جیهانی ژێرزەوی، تاقیکردنەوەیەکی بەسەردا دێت و بە گۆڕانکاری دەگەڕێتەوە.
ئەمە چۆن پەیوەندی بە مردنی ئیڤان ئیلیچەوە هەیە؟ لە ماوەی سێ ڕۆژەدا، ئیڤان ئیلیچ ئازارێکی زۆر دەچێژێت، دژی مردن لە ناو ئەو کیسە ڕەشەدا دەجەنگێت. پاشان تێدەگات کە بە هەڵە ژیاوە و دەست دەکات بە بەزەیی بۆ خێزانەکەی واز لە شەڕی مەرگ دەهێنێت و قبوڵ دەکات.
ئەوە ئەم گۆڕانکارییە ناوەکییەیە کە نووسەر ئاماژەی پێدەکات. بەم پێیە سێ ڕۆژەکە هێمای گۆڕینی ڕۆحی ئەون. لە ڕووی جەستەییەوە تەندروست نابێت و زیندوو نابێتەوە، بەڵکو وەک مرۆڤێک تەنها پێش مردنی دەگۆڕێت.
لێرەدا پەیوەندییەکی هێمادار لە نێوان مردنی ئیڤان ئیلیچ و چیرۆکی ئەفسانەی ئینجیلی یونا یان وەک لای موسڵمانەکان پێی دەڵێن حەزرەتی یونس ڕوون دەکەیەنەوە. ئەو یونسی کوڕی مەتایە و ڕەچەڵەکی دەچێتەوە سەر حەزرەتی ئیبراهیم. هەریەکە چیرۆکێکی هەیە بەڵام لە هەردوو دینەکە چیرۆکە هاوبەشەکە ئەوەیە کە دەکەوێتە ناو دەریاوە و ماسیەک قوتی دەدات لە سکی ماسیەک دەمێنێتەوە، لە ئینجیلدا ماوەی سێ ڕۆژ دەمێنێتەوە و لای موسڵمانەکان تا خەڵکی نەینەوا دەبن بە موسڵمان دەمێێتەوە. چیرۆکی یۆنا ــ یونس ، یەکێکە لە پڕماناترین چیرۆکەکان بۆ هەر مرۆڤێک کە هەست بە “تەنگانە” و “بێ ئومێدی” دەکات. ئەم چیرۆکە کورتە بەڵام زۆر قووڵە.
کتێبی ئینجیلدا بەو شێوەیە باس کراوە کە یونا پێغەمبەرێک بووە و لە لایەن خوداوە کە ئەرکێکی پێدەسپێرن کە بچێتە شاری نەینەوا و خەڵکی ئەوێ ئاگادار بکاتەوە چونکە خراپەکاری زۆریان کردبوو، بەڵام یونا نەیدەویست ئەو کارە بکات. بە کەشتییەکەوە بەرەو ئاراستەیەکی تر هەڵهات. پاشان زریانێکی گەورە هات. دەریاوانەکان تێگەیشتن کە زریانەکە پەیوەندی بە یونسەوە هەیە و فڕێیاندایە ناو دەریاکە پاشان ماسیەکی گەورە قوتی دا، یونا سێ ڕۆژ و سێ شەو لە سکی ماسیدا بوو. لەوێ دوعای لە خودا کرد و تەوبەی کرد. دوای سێ ڕۆژ ماسییەکە تفی کردەوەو کەوتە سەر وشکانی. پاشان یونا چووە نەینەوا و ئەرکەکەی جێبەجێ کرد.بە شێوەیەکی ڕەمزی چیرۆکی یونا بە واتای، دابەزین بۆ ناو تاریکی، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت و بۆ گۆڕین و دەستکەوتنی سەرەتایەکی نوێ. یونس ماسییەکی گەورە قوتی دەدات سێ ڕۆژ لە تاریکی و حاڵەتێکی مەرگاویدایە دەبێت و پاشان دیسان دێتەوە دەرەوە. بە هەمەن شێوە مەسیحیش سێ ڕۆژ لە ژێر خاکدا دەمێنێتەوە. جیاوازی ئەوەیە کە ئیڤان ئیلیچ ئەوەیە ئەو لە ڕووی جەستەییەوە زیندوو نابێتەوە و، بەڵکو لە ناوەوە بە ئاگا دێتەوە و هەست بە خۆشەویستی بۆ دەوروبەرەکەی دەکات قبوڵی مەرگ دەکات، لەبری بیرکردنەوە لە پلە و پایەو ژیانێکی مادی بیر لە خۆشەویستی خێزان و بەزەیی و میهرەبانی دەکاتەوە.
لە ڕۆمانەکەوە، لە دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکەوە، لە سەر زمانی ژنەکەیەوە بۆمان دەگێڕێتەوە ” بمرم بارودۆخەکە باشتر دەبێت، حەزی دەکرد ئەو قسانە بکات. بەلام توانای قسەکردنی نەبوو و زمانی شکابوو، بیریکردەوە ” بەڵام بۆ دەبێت بەزمان بیدرکێنم؟ دەبێت بە عەمەلی بیکەم” بە ئاماژە هاوسەرەکەی حاڵی کرد کە ڤلۆدیا بنێرێتە دەرێ، زۆر بە زەحمەت گوتی
ـــ زۆرم خەمی ئەوە… بۆ تۆش زۆر بە پەرۆشم.. هەوڵیدا بڵێ (لێم ببوورە) بەڵام گوتی:
ــ بیبە دەرێ
لەدڵی خۆیدا گوتی: بەڵێ هەموو شتەکان ڕاست و دروست نەبوون، بەڵام گرنگ نییە دەکرێ باش ببێ.
شەبەقێکی دەدی. هەوڵی دا گوشار بۆ مێشکی خۆی بێنێ و فکرەکانی کۆبکاتەوە (ئازارەکە لە کوێێە؟)
” بەڵێ، ئەوەتا لێرەیە”
ترسی چی؟ کامە مەرگ؟ ترسێک لە گۆڕێدا نەبوو
چونکە هیچ مەرگێک بوونی نەبوو.
بەجێی مەرگ ڕووناکی هەبوو.
لە ناکاو بە دەنگێکی بەرز گوتی
ــ کەوایە ئەوەیە چ چێژێکە ئۆقرە گرتن، چ خۆشییەکە
لێرەدا نووسەر باسی دوا ساتەکانی ئیڤان ئیلیچ دەکات و وەک ئەزموونێکی عیرفانیی یان ڕۆحی لێکدەداتەوە.
ژیان لە ئێستادا، لە ڕۆمانەکەی تۆڵستۆیدا وەک حاڵەتی ڕۆحی پاڵەوان (هۆشیاری بەئاگابوو)، وەک حاڵەتێکی ڕۆشنگەر و ئامادەبوونی بەدیقەتمان پێشەکش دەکات، کە تێگەیشتن بەسەریدا زاڵ بوو، چونکێ ئیڤان دەستی بە گوێگرتن کرد بۆ یەکەمجار لە کاتی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆحدا ئەم حاڵەتە ئەزموون دەکات، کە وەک ساتێکی بێدەنگی ناوەکی، تەرکیزکردن وەسف دەکرێت، “ئەو بوو بێدەنگ”. سەرەتای دروست بوونی هوشیاری گوێگرتنە
ئەو هەوڵیدا ئەو ترسە کۆنەی لە مردن هەیبوو وەربگرێتەوە، بەڵام نەیتوانی بیدۆزێتەوە. ئەوەش بە مانای ئەوەی کە ترسی لە مەرگ نەماوە، بەڵام خودی مەرگ هەرماوە، بەڵام ترسەکە وون بوو. ئەمەش شێوازێکی ڕەمزییە بۆ ئەوەی بڵێین مەرگ دەسەڵاتی بەسەریدا نەماوە، چونکێ ئیدی ترس نەماوە. هەر ئەم ڕزگارییە ناوەکییە کە تۆڵستۆی دەیەوێت وێنای بکات.
لە کۆتا ساتی ڕۆمانەکە گۆڕینی ناوەوەی ئیڤان ئیلیچ نیشان دەدات، کە بەداخ بوو بۆیان، بەزەیی بە منداڵاکان و خێزانەکەیدا دێتەوە. یەکەمجارە بە پلەی یەکەم بیر لە ئازارەکانی خۆی ناکاتەوە، بەڵکو بیر لە ئازارەکانی ئەوان دەکاتەوە. بیر لەوە دەکاتەوە کە دەبوو بەجۆرێک مامەڵە بکات کە نەدەبوایە ببێت بە ئازار بۆیان. چیتر نایەوێت لە پێناو خۆیدا دەست بە ژیانەوە بگرێت. دەیەوێت ئازارەکانی خێزانەکەی کەم بکاتەوە.
لێرەدا تێدەگات کە خەباتی دژی مردنەکەی ئازارەکان گەورەتر دەکات، چ بۆ خۆی و چ بۆ ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێت. بە قبوڵکردنی مردن دەتوانێت هەم ئەوان و هەم خۆی ئازاد بکات، بۆی دەردەکەوێت کە چارەسەر بەرەنگاربوونەوەی مردن نییە، بەڵکو قبوڵکردنیەتی.
لە ڕۆمانەکەوە
“ئیڤا ئیلیچ خۆی بانگەوازی مردن دەکات،: مردن؟ لە کوێیە؟
مردن؟ لە کوێیە؟
ئێستا بەدوای ئەو مردنەدا دەگەڕێت کە پێشتر ئەوەندە لێی دەترسا، لەبری مردن ڕووناکی هەبوو”
لەو کاتەی کە دەڵێت مەرگ نەما، هەرچەند لە ڕاستیدا دوای چەند ساتێکی کە دەمرێت، بەڵام ئەوەی نامێنێت ترسی مردنە، بە درێژایی ڕۆمانەکە ئیڤان شەڕی مردنی کردووە لە دوا ساتیدا بیری لەوە کردۆتەوە، لە ڕووە سایکۆلۆژیەکەوە دەتوانین بڵێین مەرگ دەسەڵاتی بەسەر ئێمەدا هەیە تا ئەو کاتەی لێی بترسین، کاتێک ئیڤان واز لە ترس دەهێنێت، دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات. ئەمەش مانا عیرفانییەکەیەتی کە تۆڵستۆی ڕۆحێکی عیرفانی هەبوو. مەبەست ئەوەیە کە لە ساتەوەختی مردندا ئیڤان ئیلیچ ئەزموونێکی عیرفانیی بێ کات، مانای قووڵی هەیە. مردن کە پێشتر تاریکی بووە، لەبری ئەوە دەبێتە ڕووناکی. بۆیە مردنی نەک تەنها دەبێتە کۆتایی، بەڵکو دەبێتە رزگاری ناوەوە و گۆڕانکاری. تۆڵستۆی مەرج نییە بانگەشەی ئەوە بکات کە ئیڤان ئیلیچ بەڕاستی وەحییەکی ئایینی هەیە، نەخێر بەڵکو ئەو لێکدانەوەی ئەدەبی بۆ کۆتاییەکە دەکات و چەمکەکانی عیرفان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە باسی چی دەکات.
مانای عیرفان بە تێکڕایی کاری کەسێکە دەیەوێ خۆی بناسێ؛ بۆ هاتووە؟ بۆ کوێ دەچێ؟ دەبێ چی بکا؟ هەرچەندە تۆڵستۆی باوەرذار بوو بەڵام بەمانای ئەوە نییە بانگەشەی دینی دەکات. تەنانەت بەبێ لێکدانەوەیەکی ئایینی، ڕووناکی دەتوانێت هێمای تێگەیشتن بێت. جاران ئیڤان بۆ پێگە و پیشە و ئەوەی خەڵکی دیکە بیری لێدەکەنەوە ژیاوە.، بەڵام ساتە وەختی مردنی، دوای بینینی ڕوناکی ئیدی تێدەگات کە بەڕاستی چی گرنگە، خۆشەویستی، بەزەیی و ڕەسەنایەتی، بەو شێوەیە ڕووناکی دەبێت بەعەقڵ، ئەم بیرۆکەیەش لەلای چەند فەیلەسوفێکی ڕواقیەکان هەیە، چونکەی ڕواقیەکان (Stoikerna ) پێیان وایە مرۆڤ دەبێت بەپێی عەقڵ بژی و ئەوەی کە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات وا باشە قبوڵی بکات. بە بڕوای ڕواقیەکان ، بەو پێیەی مردن شتێکە کە کەس ناتوانێت خۆی لێی بەدوور بگرێت، بە دیدی ئەوان بێمانایە کە هەموو ووزە و هێزمان لە هەوڵی ڕزگاربوون خەرج بکەین. گرنگ ئەوەیە چۆن پەیوەندی پێوە بکەین.
سێنیکای فەیلەسوف Seneca کە یەکێکە لە فەیلەسوفە رواقیەکان، پێیان وابوو کە ئێمە ناتوانین کۆنتڕۆڵی مردن بکەین، چونکێ هەموومان دەمرین ، مەرگ کارێکی حەتمییە، ئەوان باوەڕیان وابوو کە ئێمە مردن هەڵنابژێرین ئەوەی بەسەرمان دێت، بەڵکو دەتوانین هەڵوێستی خۆمان بەرامبەر مەرگ وەربگرین. هەر ئەم بیرۆکەیە کە گەشەسەندنی ئیڤان ئیلیچ لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا دەهێنێتەوە
ئەگزیستانسیالیستەکان ( الوجودیە) پێیان وابوو مرۆڤ کاتێک ئازادتر دەبێت کە مەرجەکانی ژیان قبوڵ بکات لەبری ئەوەی لێیان ڕابکات، ئەوەش دیدێکی فەلسەفی بونگەرایی پاڵەوانەکەیە. پێدەچێت تۆڵستۆی بیەوێت پێمانبڵێت ئەوە مردن نییە کە گەورەترین کێشەی مرۆڤە، بەڵکو ئەوە ترسی مردن و ژیانێکی ناڕاستەقینە و دروستکراوە کە کیشەی مرۆڤەکانە. تۆڵستۆی لەوەش زیاتر دەڕوات. بۆ ئەو قبوڵکردنی مردن بەس نییە. هەروەها ئیڤان لە ڕێگەی خۆشەویستی و بەزەیی و گۆڕانکارییەکی ڕۆحی مانا دەدۆزێتەوە. هەر بۆیە ڕۆمانەکە بە “ڕووناکی” کۆتایی دێت، کە زۆر کەس وەک نیشانەی ئاشتەوایی ڕۆحی یان ئایینی لێکدەدەنەوە.
ئەمە یەکێکە لەو بڕگانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەر ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئیلیچ دا هەیە، و دەتوانرێت بە چەندین شێوەی فەلسەفی لێی تێبگەین. تۆڵستۆی وەڵامێکی سادە ناداتەوە، بەڵکو ڕێگە بە خوێنەر دەدات لێکی بداتەوە کە “ڕووناکی” مانای چییە.

زاهیر عەبەڕەش




وێناکردنی جیهان لای سڵاڤۆمیر مرۆژێک و یۆژین یۆنێسكۆ.. زاهیر عەبەڕەش

مرۆژک و یۆنسکۆ دوو نوسەرن سەر بە ڕیبازی ئەبسوردن، ئامانج ئەوەیە چۆن دەتوانین بەراوردی هەردوو نووسەر بکەین کە چۆن هەست بە جیهان دەکەن، چۆن مەرگ لە شانۆنامەکانیان ڕەنگ دەدەنەوە؟ چونکێ بیرۆکەی مردن کە بە ڕوونی لە شانۆنامەکانی هەردوو نووسەردا ئامادەیە. بە بەڵگەهێنانەوەی هەندێک لە بەرهەمەکانیان تیشک دەخەمە سەر جیاوازی و لێکچوونە سەرەکییەکان کە چۆن گرنگی بە مەرگ تەوەرە سەرەکییەکان دەدەن؟
شانۆی پوچگەرایی (ئەبسورد)، زاراوەیەکە کە لەلایەن مارتن ئێسلینەوە خراوەتە ناو تیۆری ئەدەبیەوە، شانۆیەکە، لە ڕێگەی وازهێنانی لە ئامرازە عەقڵانییەکانەوە هەوڵدەدات بێمانایی بوونی مرۆڤ پیشان بدا، چونکە ئیمە هەمیشە و هەردەم ناتوانین بەشێوەیەکی عەقڵانی لە ژیان تێبگەین، دەربڕینێکە بۆ ناتەواوی دۆخی عەقڵ . لە دامەزرێنەرانیدا نووسەرانی وەک یوجین ئیۆنێسکۆ، ساموێل بێکێت و ئارسەر ئادامۆڤ هەن، کە بەناوبانگن بە وێناکردنی بێمانایی و تێنەگەیشتنی جیهان. لە ڕاستیدا ئەم نووسەرانە کە پێشەنگن و شتی هاوبەشیان هەیە وەک: پچڕانێک لەگەڵ شانۆی نەریتی، کە کۆتایی شانۆنامەکە و چارەسەرکردنی هەموو ململانێکان لە یەک خاڵدا کۆدەبنەوە. شانۆنامەکانیان واز لە کۆتاییە پێشبینیکراوەکان دەهێنن و هەموو یاساکان پشتگوێ دەخەن، خوێنەران و بینەران سەریان لێ دەشێوێ و ناتوانن پێشبینی گەشەسەندنی پڵۆت، دیمەنەکان و ڕوداوەکان بکەن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە شانۆی ئەبسورد مرۆڤێکی ونبوو و بێدەسەڵات لە ململانێیەکی هەمیشەیی و بێمانادا لەگەڵ چارەنووسیاندا نیشان دەدات. ئەم بەرهەمانە بارودۆخی مرۆڤ لە بێمانایی خۆیدا بەجێدەهێڵن و خۆیان لەو پرسیارە چارەنووسسازە بەدوور دەگرن: ئایا لە بنەڕەتدا بێمانایە یان نا؟ دەمەوێت بەراوردکردنی شانۆی یوجین ئیۆنێسکۆ لەگەڵ شانۆی سلاڤۆمیر مرۆژێک بکەم. بە تایبەتی دەمەوێت تیشک بخەمە سەر جیاوازییە ڕوونەکانی جیهانبینی لە نێوان شانۆنامەکانی ئەم دوو نووسەرە، هەروەها ئەو بیرۆکە هاوبەشانەی کە لە بەرهەمەکانیاندا دەبینرێن.
دوای خوێندنەوەی وردی شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ، دەتوانرێت بگەینە ئەو ئەنجامەی کە دڵەڕاوکێ یان ترسێکی دیاریکراو تایبەتمەندییەکی دیاری شانۆنامەکانی ئیۆنسکۆیە. سەرچاوەی شانۆی ئیۆنێسکۆ لە ئازارەکانی مرۆڤدایە کە بەردەوام بیر لە مردن دەکاتەوە و لە بوونی فانی خۆی یاخی دەبێت، لە هەمان کاتدا درک بەوە دەکات کە بەرخۆدانەکەیان بێهودەیە، چونکە تەنها بە شکست کۆتایی دێت. تاڕادەیەک لە هەموو شانۆنامەیەکدا خوێنەر لەگەڵ تەوەری مردن و بێمانایی ژیان و بێهودەیی هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون لە چارەنووسی خۆی دەجەنگێت. پێدەچێت ئیۆنێسکۆ باسی ئەم تەوەرانەی کردبێت چونکە “نیهیلیزم، یاخیبوون و نەفرەتەکان هەموو ئامرازەکانی ئەون بۆ پێناسەکردنی خۆی، بۆ ئازادکردنی هەموو تارماییەکانی ناوەوەی خۆی . بۆ تێگەیشتنی زیاتر چاکە ئەگەر پەراوێزەکان بخوێنرێتەوە هاوکارێکی باشە بۆ تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی چەمکەکان.

جهیانبینی لە شانۆنامەکانی یۆژین ئیۆنسکۆدا:
وەک نموونەیەک لەم وەسوەسەیە بۆ مەرگ وخاڵی لە بوون (١)”بۆشایی ئۆنتۆلۆژی”، شانۆنامەی کورسی(٢) شەن و کەو دەکەین، کە تیایدا ئیۆنێسکۆ باس لە مانای گومان بۆ ژیان و بێمانایی ژیان دەکات. ڕوداوەکانی ئەم شانۆنامەیە، لە دوورگەیەکی دابڕاودا ڕوودەدات کە پیرەژنێک و پیرەمێردێکی ساڵانێکی زۆرەپێکەوە دەژین. پیاوە پیرەکە پێی وایە پەیامێکی چارەنووسسازی بۆ جیهان هەیە، وتارەکەش سەبارەت بە کرۆکی ژیانە بەڵام خۆی ناتوانێت بە ڕوونی دەریببڕێت، چونکە ئەو بەهرەیەی نییە، بۆیە بانگهێشتی وتاردەرێکیان کردووە بۆ ئەوەی پەیامەکەی بۆ بگەیەنێت. سەرەتا کۆمەڵێک چیرۆکی جیاواز دەگێرنەوە، کە ڕەنگە هەندێکی دروستکراوی مێشکی خۆیان یان ڕاستی بن، باس لە تەوەری جۆراوجۆر دەکەن، کە دەشێت ڕەنگدانەوەی ژیانیان بێت بە خەم و خۆشییەکانیەوە بە واتایەکی تر جەوهەری ژیانیانە.
لە پەرەسەندنی دیمەنەکان کۆمەڵێکی زۆر میوان بانگ دەکەن، میوانەکان دەست دەکەن بە گەیشتن بەڵام هیچ لە میوانەکان نابینرێن. ئەوان لەگەڵ میوانەکان باس لە ژیانیان دەکەن و ئەو وتارە گەورە و گرنگەی کە بەم زووانە دەیبیستن، ژن و مێردەکە زیاتر و زیاتر کورسییان بۆ ئەم میوانە خەیاڵیەکان دەهێنن، تا سەر شانۆکە تەواو بە تەواوی پڕ دەبێت لە کورسی.
پیرە پیاو بۆ میوانە قەدرگرانە نەبینراوەکان و بۆئیمراتۆری نەبینراو دەڵێت هاوڕێی ئازیزم، گرنگی بەڕەنگدانەوەی بیر و مێشکم بۆ نەوەکانی دوای خۆم بەجێدەهێڵم، ئەوان فەلسەفەکەم بۆ جیهان ئاشکرا دەکەن. لە کۆتاییدا وتاربێژی ڕاستەقینە دەگاتە شوێنی خۆی، بەڵام ڵاڵەو توانی قسەکردنی نییە توانای پەیوەندیکردنێکی ماناداری نییە. لە کۆتایدا باوەڕبوون بەوەی کە چیرۆکەکەیان دەگێڕدرێتەوە ژن و پیاوەکە هەردووکیان خۆیان لە پەنجەرەکانەوە فڕێ دەدەنە خوارەوە بۆ ناو ئاوەکەوە.
لە بەرامبەر مردندا، هەردووکیان هەمان ئاواتیان هەیە، بە ئاگایی بێت یان نا، ئەوان دەڵێن کە ئەوان نەمرن بەڵام بەبێ ئاسەوار، باوەڕیان وایە دوای ڕۆشتنیان شتێک بەجێ دەهێڵن ئەوان دڵنیا بوون لەوەی مردنەکانیان بێهودە نەبوو، قەناعەتیان هەبوو کە وتاربێژ ئەرکەکەی ئەوان بەجێدەهێنێت. وتارە گرنگەکەی ئەوان لە بارەی ژیانەوە بەو خەڵکە دەڵێت.
بەدرێژای شانۆنامەکە کۆمەڵێک میوان دێن بەڵام هیچیان لە لایەن بینەرانەوە نابینرێن تەنها زادە خەیاڵی پیرەمێرد و پیرەژنەکەن، هەرچەندە کورسی زۆر دادەنرێت بۆ میوانەکان، بەڵام کەسێکی ڕاستەقینە نییە لەسەریان دانیشێت. دانانی ئەو هەموو کورسیە گرۆتێسکە، شتێکی بێمانایە بە شێوەیەکی کۆمیدی زیادەڕەوی دەکرێت کاتێک شانۆکە پڕ دەکرێت لە کورسی بەتاڵ بۆ ئەو کەسانەی کە بوونیان نییە. ئیۆنسکۆ دەنووسێت: تا کورسیەکان زۆر تر بن بەتاڵی زۆرتر دەبێت، تا کورسیەکان زیاتر پانتایی داگیر بکەن لەسەر شانۆکە مەسافەی هیچ و نەبوون زۆرتر دەبێت. لە ڕێگەی زۆربوونی کورسییەکانەوە، ئامادەنەبوون درێژ دەکرێتەوە، تەواوی فەزای شانۆ کە نوێنەرایەتی تەواوی فەزای جیهانە.
دەکرێت تەوەری دەقەکە پەیامی دوو کەسی پیر نەبێت بۆ مرۆڤایەتی کە هیچیان نەکردووە لە ژیانیاندا، پەژارەی ناخیان نەبێت، بەڵکو پەیامێکی دی بێت کە هەستی پێ بکەن بزر بوونی خەڵک، ئیمپراتۆر، خواوەند و حەقیقەت بێت، ئاماژەی بەتاڵییەکی موتڵەق و بۆشایی ئۆنتۆلۆژی بێت.
دەشێت ئەم میوانانە هێمای تەنیایی و بێ‌مانایی ژیان بێت بۆ پوچی پەیوەندییە مرۆییەکان، بۆ هەوڵی پوچی مرۆڤ بۆ گرنگی بوون و گوێ‌ لێگرتن ودروستکردنی خەیاڵ بۆ هەڵهاتن لە ڕاستی. بەڵام خەونەکەی ئەوان و وتارە خەیاڵیەکەی لەبەردەم میوانانێکی نەبینراودایە و ناراستەقینەن، بۆیە چاوەڕوانییەکانی پیرەمێردەکە بەدی نایەت.
کۆتایی شانۆنامەکە نیشانمان دەدات کە مرۆڤ چۆن کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە مردن، بەرامبەر بەم هێزە کوشندەیە کە ئاگادارێتی بەڵام ناتوانێت خۆی لەگەڵدا ئاشت بکاتەوە. مرۆڤ ناتوانێت خەیاڵ بکات کە نەبوونی لەم جیهانەدا مانای چییە و لە بەرامبەردا غروری بڕیاردەدات کە دەبێت شتێک لە دوای خۆی بەجێبهێڵێت، بۆ ئەوەی بێهودە نەمێنێت.
شانۆنامەی کورسی ئاماژەی ئەوە دەکات کە چۆن هەموومان لە نێوان سنووری ئەزموونەکانماندا قفڵ کراوین، وەک ئەوەی لە شکستدا بین و هەموو کردارێکمان بە بەنزینی مەکینەی گاڵتەجاڕی هەڵدەسوڕێت و بە بێهودەیی کۆتایی دێت، تێکەڵەیەکی سەرلێشێواوانەی کارەسات و کۆمیدیە. چۆن زمان هەندێک جار شکست دەهێنێت لە گەیاندنی مانای ڕاستەقینە.
یەکێکی دی لە شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ بە ناوی (جاک یان ملکەچ کردن) (Jacques ou la soumission ) (٣)
جاک یان ملکەچکردن شانۆنامەیەکی ئەبسوردە کە لە ساڵی ١٩٥٥ ئیوجین ئیۆنێسکۆ نووسیویەتی، شانۆنامەکە باس لە جاک دەکات کە گەنجێکە کە ڕەتیدەکاتەوە شوێن داواکاری و نەریتی بنەماڵەکەی بکەوێت. خێزانەکەی هەوڵدەدەن ناچاری بکەن هاوسەرگیری بکات و وەک هەموو کەسێک ڕەفتار بکات. ئەوان دەیانەوێت ملکەچی یاساکانی کۆمەڵگا بێت و درێژە بە شێوازی ژیانی خێزان بدات. ئەو ژنەی کە خێزانی جاک دەیانەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ جاک بکات ناوی ڕۆبێرتا ـــ یە ، ئەم کچە کەساییەتیەکی نامۆیە، لە ڕووخسار و هەڵسوکەوتدا وەک کەسێکی واقیعی ئاسایی سەیر ناکرێت – ئیۆنێسکۆ دەیکاتە شتێکی بێمانا و نزیکە لە گرۆتێسک بۆ ئەوەی نیشان بدات کە داواکارییەکانی کۆمەڵگا چەندە دەتوانن سەیر و گرۆتێسک و بێمانا و دەستکرد بن، ڕۆبێرتا کچێکی بێدەنگ و نامۆ، هەلسوکەوتێکی نامۆی میکانیکی هەیە، زیاتر لە هێمایەک دەچێت نەک مرۆڤێکی ڕاستەقینە، لە ڕوخساریشدا سێ لوتی هەیە.
سەرەتا جاک بەرهەڵستی دەکات پاشان، خێزانەکە فشارێکی زۆری لەسەر دروست دەکەن، دایکی دەگری، باوکی توڕە دەبێت، خزمەکانی هەوڵی ڕازیکردنی دەدەن، ناوی دەزڕێنن هەموو شتێک دەکەن تا جاک ڕازی دەکەن هاوسەرگیرییەکە بکات
لەم دەقەدا بە بەکارهێنانی ناوی یەکسان بۆ کارەکتەرەکان و بە بەستنی دەمامک، یەکپارچەیی و یەکسانیی کۆمەڵگا ڕا دەگەیەنێت، مرۆڤەکان کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆیان دەشارنەوە، چونکە لە کۆمەڵگادا مرۆڤ دەبێت ڕۆڵێک بگرێتە ئەستۆ، ئەو ڕۆڵەش تەنها گویڕایەڵیە بۆ گروپ، واتە دەمامک دابنێت. لە نێو هەموو کارەکتەرەکاندا جاک لە شانۆنامەکەدا تاکە کەسە کە دەمامک ناپۆشێت، لەم دەقەدا پاڵەوان ناوی جاکە یان وینی پوو، چونکە بە تەنیا کەسایەتی و تاکایەتی خۆی (بۆ ساتێک) دەپارێزێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش خێزانەکەی ناتوانن وەریبگرن، ناتوانن لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا ڕێکبکەون کە کوڕەکەیان دەیەوێت جیاواز بێت. سەرەتا خێزانەکە بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی ڕازیکردنی جاک دەدەن کە ئەو کەسە بخوازێت کە خیزانەکەیان بۆی دیاری دەکەن، پەنا دەبەنە بەر تۆمەت و چەندان فێڵ، جاک هەست بە گۆشەگیری دەکات، هەست دەکات هیج کەسایەتیەکی نەماوە، لە دوا جاردا دەڵێت حەزم لە پەتاتەیە بە تامی گۆشتی بەراز، هەڵبەت بۆ هەر زمانێک وەربگێڕدرێت بە ئیدیۆمی ئەو زمانە لێکبدرێتەوە، کە بە مانای چار نییە دەبێت وەک ئەوان بیر بکەمەوە، لەبەر ئەوە من بە (مەرگ لە گەڵ عەواڵا جەژنە) دەیگۆڕمە سەر زمانی کوردی، دەقیروسیا منیش وەکو ئەوان.
لە تێکستەدا زۆرجار کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی سەیر و میکانیکی و دووبارەبوونەوە قسە دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چۆن زمان دەتوانێت بەتاڵ و بێمانا بێت کاتێک مرۆڤەکان تەنیا ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان دووبارە دەکەنەوە.
سانت توبی ڕەخنەگر “دەڵێت ئەوە بەهۆی فشارەکانی باوک و دایکی جاك ـــ وە نیە کە ئەو مل کەچ دەبێت بەڵکو ئەوە بە هۆی لاوازی جاکەوەیە. بە واتایاکی دی دەتوانین بڵێین کە ئەم دەقەی ئیۆنسکۆ ئاگادارمان دەکاتەوە ، سەبارەت بەو ڕاستییەی کە کە خۆبەدەستەوەدان بە فشاری کۆمەڵایەتی بە واتای دەستبەرداربوون لە تایبەتمەندییە مرۆڤ خۆی، لەدەستدانی بیرکردنەوە و ڕەفتاری تاکەکەسی، مرۆڤ بە ناوزڕاندن لەکەدار نابێت بەڵکو بە خۆ زەلیل کردن ترسنۆکی عەیبدار دەبێت وهیچ کەرامەتێکی نامێنێت، پەیڕەوکردنی ئەم یاسایانە تەوا بێمانان. کە تاک زەلیل و ڕیسوا دەکات و هیچ سوبجەتێکی نامێنێت. لەبەر ئەوە شانۆنامەکە نوێنەرایەتی یەکێک لەو قوربانییە دەکات کە قوربانییەکەی بۆ کۆمەڵگە تەواو بێمانایانە، چونکە ناوزڕاندی ژیانی ئەو خیانەت نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئەو خۆی بە ئیمتیازاتی بچووک ڕازی دەکات، ئەوەش کە سەرەتای زنجیرەیەکی بێکۆتایی مامەڵەیەکی ترسنۆکانە و زەلیلکردنە. لەوێدا خێزان وەک هێمایەک بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا بەکارهاتووە . ئەوان بڕیار دەدەن کە جاک چۆن بژی و هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ئەو دەدەن. ئیۆنسکۆ دەڵێت ئەم جۆرە کۆمەڵگایە پێی دەوترێت کۆمەڵگەی عەوام یان جەماوەری.
لە لای ئێۆنسکۆ مردن بریتییە نیە لە فەنابوونی جەستە، بەڵکو نەمانی ئیرادە، ئەوە مەرگی حەتمیە.
ئەگەر جەوهەری شانۆنامەی “جاک یان ملکەچ کردن”، لە مردنی تاکدا بدۆزرێتەوە، کە پێویستە بۆ چوونە ناو کۆمەڵگا، ئەوا دەقی شانۆنامەی (٤)” کەرکەدەن” نوێنەرایەتی فۆرمێکی تری مردن دەکات، مەرگێکی ڕۆحی، کە لە ئەنجامی قبوڵکردنی بێ مەرجی ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتەوە سەرچاوە دەگرێت.
لەم دەقەدا، ئیۆنێسکۆ مێتافۆرێک، ئاماژەیەکی زۆر ڕەمزی بەکاردەهێنێت ئەویش ئەوەیە گۆڕینی مرۆڤە بۆ کەرکەدەن، ئەوەش بۆ دەربڕینی ئەو کاریگەرییەی کە ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاری و فاشیستی لەسەر مرۆڤ هەیەتی. ئیۆنێسکۆ بە وەسفکردنی دیاردەکانی وەک بێ کەسایەتیکردن، خۆفریودان و خۆگونجاندن لەکۆمەڵدا، پەیامێک دەگەیەنێت کە دواجار مۆدێلێکە بۆ تێگەیشتن لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، نەخۆشییە ئایدیۆلۆژییەکان کە دەرئەنجامی مێژوویی کارەساتباریان هەیە،
دەقی شانۆیی کەرکەدەن وەک لە زۆربەی شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆدا سەرەتایەکی بێزارکەری هەیە، ڕوداوەکانی ئەم دەقە شانۆییە لە شارۆچکەیەک ڕودەدات کە تێیدا کە مرۆڤەکان دەبن بە کەرکەدەن، سەرەتا بە گفت و گۆی هەردوو کارەکتەر ژان سەرزەنشتی بێرەنژێ هاوڕێی دەست پێدەکات بەهۆی شێوازی ژیانی بێباکییەوە، چونکێ بێرەنژێ گرنگی بەژیانی خۆی نادات، سەرەتایکی مۆنۆتۆن و وەرسکەری هەیە، بەڵام لە ناوکاو ئەم هاوسەنگی و مۆنۆتۆنی ژیانە بەهۆی دۆخێکی دیاریکراوەوە تێکدەچێت ئەویش بەهۆی ئەوەی بۆ یەکەم جار کارەکتەری ژان کەرکەدەنێک دەبینێت بە شەقامەکەدا دەڕوات، دەڵێت: کەرکەدەنێک، بەدوایدا کچە شاگردەکە هاوار دەکەت: کەرکەدەنێک تا خەڵکانی زیاتر کەرکەدەنەکان دەبینن وردە وردە خەڵکی شارەکە لە مرۆڤەوە دەگۆڕدرێن بە کەرکەدەن. لە کۆتاییدا تاڕادەیەک هەموو کۆمەڵگاکە ئەم گۆڕانکاریە قبوڵ دەکەن و تەنانەت وای لێدێت خەڵک سەرسام دەبن پێی، کارەکتەری سەرەکی بێرەنژێ پیاوێکی تا ڕادەیەک نائارامە تاکە کەسەکە ڕەتیدەکاتەوە خۆی بەدەستەوە بدات و ببێت بە کەرکەدەن، دوا پیاوە کە بە نائومێدیەوە بەرگری لە مرۆڤایەتی خۆی دەکات.
لە بەرامبەر ئەم گۆڕانکارییە، کارەکتەرەکان تەنیا دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە، ئەوانیش پاراستنی کەسایەتی و تاکایەتی خۆیان، یان وەک مەڕ شوێن گایەل بکەون و بگۆڕدرێن بە کەرکەدەن. هەندێک لە کارەکتەرەکان بەشەوقەوە بەرەو پیری ئەو گۆڕانکاریەوە دەچن، بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە ئارەزووی دەستبەرداربوون لە سروشتی مرۆڤایەتی خۆیان دەبن. بۆ نموونە دیزی سەرسامە بە دەرکەوتنیان، وەک خودا سەیریان دەکات، پێی وایە ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە هیچ شتێکی تر، زۆر بەشەوقەوە حەز دەکات ببێت بەو بوونەوەرە ، ئەم وزە نائاساییە کە لەم بوونەوەرەی دەوروبەرمانەوە دەدرەوشێتەوە، کارەکتەری دەیزێ هۆکارێکی هەیە، ئەو بە سادەیی، هیوادارە ببێتە کەرکەدەن تا بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بکات و ببێت بەهاوڕیان و قسەیان لەگەڵ بکات یان قەناعەتیان پێبکات بگەڕێنەوە بۆ دۆخی مرۆیی، یان شێوەیەکی تری ژیان بدۆزینەوە لەگەڵ ئەواندا پێکەوەبین، سازشکارانەتر بیردەکاتەوە. ئیۆنێسکۆ لێرەدا شتێکی گرنگمان پێدەڵێت، دەیزێ پێی وایە ئەگەر خۆی لەگەڵ جەماوەردا بگونجێت، دەتوانێت بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی خۆی بپارێزێت. بەڵام شانۆنامەکە ئەوە دەڵێت کە کاتێک خۆت بەدەست عەقڵیەتی مەڕ یان ئایدۆلۆژیای مەڕەوە دەدەیت، خۆت دەگۆڕیت. کارەکتەری دەیزی هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ئەو گۆڕانکارییە نادات.
بەڵام بێرەنژی بەرەنگاری پرۆسەی بوون بە کەرکەدەن دەبێتەوە. دەڵێت: من بەرگری لە خۆم دەکەم لە دژی هەموو جیهان!بەرگری لە خۆم دەکەم لە دژی هەمووان! من دواهەمین کەسم، تا کۆتایی پیاو دەبم! تەسلیم نابم!” بێرەێنژی دەستبەرداری مرۆڤ بوونی خۆی نابێت، تەنانەت بۆ ساتێکیش ناتوانێت ئەو بیرۆکەیە قبوڵ بکات.
ئیۆنێسکۆ نیشان دەدات کە بەرەنگاربوونەوەی قەرەباڵغی پێویستی بە قارەمانێتی نییە بەڵکو لە سەرووی هەمووشیانەوە مرۆڤ ویژدانی خۆی و بیرکردنەوەی خۆی دەپارێزێت.

ئیۆنسکۆ لە شانۆنامەی کەرکەدەن کە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکاندا ئەم تێکستەی نووسیوە کە شیکارییەکە بۆ دیاردە ئایدیۆلۆژییەکان کە دەتوانێت کاریگەرییەکی وێرانکەری هەبێت، کە شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ سنووردار دەکات شێواندنی ئەخلاقی مرۆڤە.
ڕەخنەگر و نووسەری فەرەنسی سانت تۆبی ئاماژە بەوە دەکات لە ، شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ شانۆییەکی مردن و دۆزەخە، پاڵەوانەکانی وەک ( نالێ پوو ) ورچەکە خوریەکەی فیلم کارتۆنی منداڵانە ناتوانێت بەرەنگاری ئەو فشارە کۆمەڵایەتییە بێتەوە کە بەرەو ڕوی دێت، لە کۆتاییدا ملکەچی داواکارییەکانی دەوروبەری دەبێت. ملکەچ بوونی ئەو داواکاری و یاسایانە کە تەواو بێ مانان ، بێ ماناییەکەی ملکەچبوونە بۆ داواکارییەکانی کۆمەڵگا، ئەوەش هەر مەرگە، کە بیرکردنەوەیەکی دەستەجەمعیان هەیە وەک نموونەی مەرگ لەگەڵ عەواڵدا جەژنە. ئەوەش تەواو لەدەستدانی شێوازێکی تاکەکەسی بیرکردنەوە و ڕەفتارکردنە.
ئیۆنێسکۆ ئیلهام لە ئەزموونەکانی خۆی لە ڕۆمانیا لە ساڵانی ١٩٣٠ وەرگرتووە، کاتێک زۆرێک لە خەڵکی دەوروبەری دەستیان کردووە بە پشتیوانیکردن لە بزووتنەوە فاشیستییەکان. دۆست و هاوڕێ و تەنانەت و ڕۆشنبیرەکانی دەبینی کە چۆن دەخزانە ناوفکری فاشیستییەکانەوە بینی کە بیرکردنەوەیان گۆڕدراوە و هەموویان وەک یەک بیر دەکەنەوە.
ئیۆنێسکۆ دەڵێت: کە شانۆنامەکە تەنها باسی سیاسەتی ڕاستڕەو یان چەپ نییە، بەڵکو باسی مەیلی مرۆڤە بۆ وازهێنان لە بیرکردنەوەی خۆی. دەکرێت ئەم شانۆنامەیە وەک شرۆڤەیەک بۆ کۆنفۆرمیزم وبزووتنەوەی جەماوەری بێت کە و چۆن مرۆڤەکان دەتوانن مرۆڤایەتی خۆیان لەدەست بدەن کاتێک کوێرانە پەیڕەوی لە ئایدۆلۆژیایەک دەکەن.
هەرچەندە پاڵەوانی شانۆنامەکە بێرەنژێ دردۆنگە کە ئایا وەک ئەوان بیربکاتەوە یان نا، چونکە بە تەنیا دژی هەموو کۆمەڵگا وەستاوە. لەگەڵ زیاتر و زیاتری خەڵک بوون بە کەرکەدەن، گومان لەخۆی دەکات خۆی بە بەرپریسیار دەزانێت، ڕەنگە خۆی هەڵەبێت. هەست بە تەنییایەکی زیاترو شێت بوون دەکات، نائارام و ماندووە
لە تێکستەکەوە بێرەنژێ دەڵێت: من جوان نیم، کەرکەدەنەکان جوانن ، من هەڵە بووم، چەند حەز دەکەم وەکو ئەوان بم . بەداخەوە قۆچم نییە، نێوچەوانی تەخت چەند ناشرینە ( چاکەتەکەی ددەکەنێ یەخەی کراسەکەی دەکاتەوە، لە ئاوێنەکەوە سەیری سنگی خۆی دەکات) سنگم لووسەو ئای لەم لەشە سپی و پڕ لە مووە! چەند حەز دەکەم پێستێکی ڕەق و وشکم هەبێ… ( هەوڵ دەدات لاسایی کەرکەدەن بکاتەوە) ئاە، ئاهە، مڕڕڕڕ، نەخێر (زیاتر دەمڕێنێ) مڕڕڕ چەندە بێ مێشکم ( لە ناکاو ڕادەپەڕێ) قیروسیا دژی هەموو خەڵک بەرگری دەکەم، ، تفەنگەکەم لەکوێیە! ( سەیری وێنەی سەری کەرکەدەنەکان دەکات) دژی هەموو خەڵک بەرگری لە خۆم دەکەم.
ئەمەش بەو مانایەیە کە پاڵەوان مرۆڤایەتی هەڵدەبژێرێت تی خۆی و بیرکردنەوەی خۆی دەپارێزێت تەنانەت ئەگەر بە تەنیاش بێت.ئیۆنێسکۆ ویستویەتی نیشانمان بدات کە وەستانەوە بەرامبەر جەماوەر چەندە قورسە، چەند قورسە وەک ماسی مردوو دوای شەپۆل بکەویت، بەڵام چەندە گرنگیشە.
بۆیە کەرکەدەن هێمای ئەوەیە کە چۆن مرۆڤەکان توشببن بەدرمی ئایدۆلۆژیاکان واز لە بیرکردنەوەی سەربەخۆیی خۆیان بهێنن. ئەمەیە شانۆنامەکە دەکاتە بەرگریکردن لە یەکپارچەیی مرۆڤ و بیری سەربەخۆ. پووچگەرایی ئەم دەقە پێمان دەڵێت
ــ کۆمەڵگە چۆن دەتوانێت ببێتە گۆمەڵگەیەکی ناعەقڵانی.
ــ تاکێکی بیرکەرەوە چەندە هەست بە تەنیایی دەکات.
ــ مرۆڤەکان، چەند بە ئاسانی، نائاسایی ئاسایی دەکەنەوە.

مەرگ لای مرۆژێک و ئیۆنسکۆ

دەقە شانۆییەکانی ئیۆنێسکۆ بەهۆی ئەو تەوەرانەی کە باسی دەکات و دیدگای نێهلیستییەکەی، دەتوانرێت بە “شانۆی مەرگ” ناوببرێت. هەردوو ئیۆنێسکۆ و مرۆژێک لەو نووسەرانەن کە شانۆنامەکانیان هەوڵدەدەن سەرنجمان بۆ پرسە چارەنووسسازەکان ڕابکێشن. لە کاتێکدا شانۆی ئیۆنێسکۆ بەم دیدە ڕەشبینی و نەهلسیتیەوە دەناسرێتەوە دەتوانرێت بە شانۆی مەرگ ناوزەند بکرێت چونکێ بەڕەشبینی کۆتایی دێت، بەڵام ناتوانرێت هەمان شت لەبارەی شانۆی مرۆژێکەوە بگوترێ. بێ گومان بیرۆکەی مردن یەکێکە لە بیرۆکە سەرەکییەکانی شانۆی مرۆژێک، وەک چۆن لە دۆخی شانۆی ئیۆنێسکۆدا هەیە، بەڵام جیاوازی بنەڕەتی نێوان شانۆنامەکانیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تەوەرەدایە، بۆ ئیۆنێسکۆ مردن شتێکی ترسناکە. بەڵام لای مرۆژێک گرۆتێسکە .

ئەم حەز کردن بە مردنە ترسناکە. گرۆتێسک و مەرگ لە کولتوری پۆلۆنیادا ڕەگ و ڕیشەی لە کولتوری پۆڵۆنیادا هەیە، چونکێ ئەوان مەرگ یەکسان دەکەنەوە دیوی دووەمی خەباتکردن، ئەوان مردنیان لە شەڕدا پی باشترە وەک لە ژیانی داگیر کاری، هەروەک لە کولتور و زمان و فەرهەنگی کوردیدا گوێمان لێی دەبێت کە دەڵێت توخوا ئەمە ژیانە مردن باشترە لەم حاڵە. ئەم دەستەواژە کوردییە لە کولتوری ئەوان و لای مرۆژک پیادەکرێت ، لە لای مرۆژیک لە شەڕدا مەرگ هەیە لە پێناوی ژیاندا بەڵام مرۆڤ شەڕێکی بێ سود دەکات. کورد قسەیەکی هەیە کە دەڵێت شەڕکردن بۆ ژیان شەڕێکی خۆتڕێنە، چونکە مرۆڤ دەیدۆڕێنێت. ئەم چەمکە دیدی سڵاڤۆمیر مرۆژێکە بۆ مەرگ، بەواتای شانۆنامەکانی هەردوو نووسەر ترس لە بینەر و خوێنەرەکانیاندا دەوروژێنن، بەڵام مرۆژێک بە پێچەوانەی ئیۆنێسکۆ، دەیەوێت سەرقاڵکردنیان بکات.
کارەکتەرکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک مانا لە مردندا دەدۆزنەوە، کە پێیان باشە لە شەڕدا بمرن بۆ ئەوەی بژین، کە مردنەکەشیان هیچ دەسکەوتێکی تێدا نیە، ئەم دیدە تا ڕادەیەک شکڵێکی فەلسەفی و کولتوورییە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بیرۆکەیەک لە مێژوو و ئەدەبیاتی پۆڵەندا هەیە، شەرەف، قوربانی و شەهیدبوون، و شەڕکردن سەرەڕای بێهیوایی، لای ئەوان واتا لە مردندایە، واتە مرۆڤ لە ڕێگەی قوربانیدان یان بە مردن بۆ شتێکی گەورەتر مانا دەدۆزێتەوە. بۆیە ماسلۆڤسکی دەڵێت ئەم بیرۆکەیە لە هەمان کاتدا تەواو تاریکە یان توندڕەوانەیە، دەمەوێت ڕۆشنایی بخەمە سەر ئەم کولتوری مردنە لای پۆڵۆنیەکان لە چییەوە هاتووە، ئەم دیدەش ئاماژەیە بۆ مێژووی شەڕ و داگیرکاری و ڕاپەڕینەکانی پۆڵەندا. هۆنراوەیەکە هەندێک جار لە شێوەی کۆراڵێکدا یاخود نمایشێکی موسیکاڵی دەوترێتەوە، بەناوی ڤارشاوانیسکە Warszawianka (٥) گۆرانییەکی نیشتمانپەروەرانەی رۆمانسی گەلی پۆلۆنیایە کە لە ڕاپەڕینی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٨٣١ دژی ئیمراتۆریەتی ڕووسی لە سەر زمانی خەڵک بوو، ئەوەی گرنگە ئەم گۆرانیە نەریتێکی گەورەی شۆڕشگێری لای پۆلۆنیەکان دروست کردووە، بە دیوێکی تردا بووە بە تەرزی بیرکردنەوەی مرۆڤی پۆلۆنی. جگە لە دیووە شۆڕشگێریەکەی دیوێکی مەرگدۆستی هەیە، لە کولتور ونەریتە بەربڵاوەدا پۆلۆنیەکان کە پێی وابوو باشترە بە شەڕ بمرێت نەک بەبێ ئازادی و شەرەف و مانا بژی. بەڵام پرسیار ئەوەیە “کێ مردنی لە شەڕدا لە ژیان پێ باشترە” شاعیری فەرەنسی کاسیمیر فرانسوا دیلاڤین لەبارەی ڕاپەڕینی پۆڵەندا دژی ڕووسیا و بیرۆکەی ڕۆمانسی دەڵێت: قوربانی، نیشتمانپەروەری، قارەمانێتی و شەهیدبوون.
ئەو کەسەی لە ژیاندا دەمێنێتەوە ئازاد دەبێت،
ئەوەی بمرێت لە ئێستاوە ئازادە.
ئەم تێکستە هیوای ئازادیە، داهاتوو بۆ زیندووەکان، بەڵام مردووەکان بە ڕزگاربوو دادەنرێت. لە
ڕستەکە گوزارشت لە پارادۆکسێک دەکات، چونکە کەسی مردو ئازادە، بیرکردنەوەیەکی زۆر ئاسایی ڕۆمانسی و نیشتمانپەروەرانەی پۆڵەندییە. مرۆژک مامەڵە لەگەڵ ئەم گرتۆێسکی مردنە دەکات، لەگەڵ ئەم پارادۆکساڵەدا بەنجە نەرم دەکات. خەبات کردن بۆ هیوا کۆتاییەکەی بێ هیواییە.
لە مانای ئەم دێڕە دوو ئاستی ئازادی هەیە، زیندووەکان هیوای ئازادی داهاتوویان هەیە، ئەو کەسەی لە ژیاندا دەمێنێتەوە ئازاد دەبێت، ئازادی لە داهاتوودایە، دوای خەبات، دوای سەرکەوتن، دوای ئازارەکان. بەڵام ئەو کەسەی دەمرێت لە ئێستاوە ئازادە، بەواتای مردوو بەمەرگی خۆی ئازادییەکەی بۆ خۆی هێناوە، بەڵام زینددوەکان دەبێت چاوەڕی بکەن.
ئەم دێرانە هەم فەلسەفی و تراژیدییە. بەواتای مردن مرۆڤ ئازاد دەکات، بەڵام لە چی؟ چەوساندنەوە، ترس، ئازار چەشتن، کۆیلایەتی و ژێردەستەیی مێژوو. گۆرانیەکە مردنمان لێدەکاتە ئازادییەکی ڕەها. تا لە شەهید بوون نزیک بینەوە لە ئازادییەکی ڕەها نزیک دەبینەوە، ماسلۆڤسکی ئەم بیرۆکەی مەرگە بە مرۆژێکەوە دەبەستێتەوە.ئەو پێی وایە شانۆی مرۆژێک شوێنەواری ئەم نەریتە پۆڵەندییە هەڵدەگرێت کە مرۆڤ گیری خواردووە، مێژوو دڕندەیە و ژیانکردن لە ژێر سیستەمی تۆلیتاریدا بێمانایە، بەڵام بیرۆکەی کەرامەت لە ڕێگەی خەبات و قوربانیدانەوە هەیە ئەویش مەرگە.
ماسلۆڤسکی هەوڵدەدات پیشانمان بدات کە ئەم بیرۆکەیە لە درامای مرۆژێکدا ئامادەیە، هەرچەندە لە ڕوکەشدا تەنانەت کاتێک لە ڕێگەی ئیرۆنی و نوکتەی بێمانایەوە دەربڕدراوە.

پوچگەرایی لای مرۆژێک:

لای مرۆژێک پوچگەرای و ئەبسورد تەنیا فەلسەفی نییە کە وەک لای ئیۆنێسکۆ یان بێکتدا هەیە، بەڵکو مێژوویی، سیاسی و نیشتیمانییە و پەیوەستە بە ئەزموونی پۆڵەندی جەنگ و داگیرکارییەوە. لە شانۆنامەکانی هەردوو مرۆژێک و ئیۆنێسکۆدا ڕووبەڕووی جۆرێک لە فاتالیزمێکی(٦) دیاریکراو دەبینەوە کە هەرگیز لە دیوە مرۆڤایەتیەکەی جیاناکرێتەوە، (فاتالیزم بە واتای باوەڕبوون بە چارەنووس ) پرسی کۆیلەکردن، چەمکی دەسەڵات کە لەبەردەمیدا مرۆڤەکان بێدەسەڵاتن و ناچارن گوێڕایەڵی هەموو فەرمانەکانی بن، تەنانەت فەرمانە بێماناکانیش، لە شانۆنامەی “ڕووتبوونەوە” بەتەواوەتی ئەم چەمکە ئامادەیە.

لەم دەقەدا دوو کارەکتەرهەن پیاوی یەک و پیاوی دوو، کە نازانن لە کوێن و بۆچی گەیشتوونەتە ئەم شوێنە نادیارە، لە ژوورێکی داخراودا دەبنە دیل و ناتوانن کۆنتڕۆڵی بارودۆخی خۆیان بکەن. لە شانۆنامەی ڕووتبوونەوەدا مرۆژێک لە دەقەکەدا پرسی ئازادی دەوروژێنێت، بەو پێیەی هەمیشە کردەوەی ئەم کارەکتەرانە لە ژێر کاریگەری تێگەیشتنیان لە ئازادیدایە؛ بۆیە دەتوانرێت ئەم دەقە وەک چیرۆکێکی کۆیلەکردن لێکبدرێتەوە، کە قوربانییەکان بە بەکارهێنانی چەمکی یەک ڕەنگی ستێرئیۆتیپی (٧) ئازادی هەوڵدەدەن کەرامەتی خۆیان لە بەرامبەر دەسەڵاتی بێ کەسایەتی و بێبەزەییدا بپارێزن. بەڵام لە قوڵ بوونەوەی دەقەکەدا تێگەیشتنێکی ترمان بۆ ئازادی کەشف دەبێت.
مرۆژێک ڕوداوەکان و دۆخەکە لەم دەقەدا بەکاردەهێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەمکی ئازادی و پەیوەندی مرۆڤ بە دەسەڵات و کۆنترۆڵەوە. خودی کردارەکە گرنگ نییە لە شانۆنامەکەدا، بەڵکو چۆن کاردانەوەیان دەبێت ئەوە گرنگترە و جەوهەری کێشەکەیە.
مرۆژێک پێمان دەڵێت کە کردەوەی خەڵک لە ژێر کاریگەریەکاندا چ ڕەنگێک وەردەگرێت و چ کاردانەوەیەکیان دەبێت. لەو دۆخانەدا چۆن لە ئازادی تێدەگەن؟ ئایا ئەوەی هەیە ئامادەن قبوڵی بکەن؟ چۆن کاردانەوەیان دەبێت کاتێک کەسێکی تر دەسەڵاتیان بەسەردا دەگرێت؟ لەو شوێنەدا کە ئەم دوو کارەکتەرەی تێدا دەژین ئازادی مانای چییە؟
لەم دەقەدا دەتوانرێت ئازادی بە شێوازی جیاواز لێکبدرێتەوە:
یەکەم ئازادی دەرەکی، ئازادی دەرەکی بریتییە لەو شتانەی کە لە دەرەوە دیارن، کە مرۆڤ توانای جوڵە و بڕیاردانی خۆی لەدەست خۆیدا نییە، بۆنموونە توانای ڕۆشتن بۆ ئەو شوێنەی کە دەتەوێت، کەسەکە ناتوانێت شوێنەکە بەجێبهێڵێت، ئەوانی تر بڕیار لەسەر یاساکان دەدەن. ڕێگرتن لە وتنی ئەوەی دەتەوێت، کۆنترۆڵکردنی هەڵبژاردنەکانی خۆت لە لایەن کەسانی ترەوە، جا دەسەڵات بێت یان لە زینداندا بێت. وەک لە دەقەکەدا دیارە، کارەکتەرکان ئازادی دەرەکی لەدەست دەدەن چونکە لە ژوورەکەدا گیریان خواردووە، لە یاساکان تێناگەن و دەستێک، دەسەڵاتێکی نەبینراو دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵ بکات.
دووەم ئازادی ناوەوە، ئازادی ناوەوە زیاتر دەروونی و فەلسەفییە، واتە توانای بیرکردنەوە بۆ خۆت، پاراستنی کەسایەتی خۆت، دەستبەردار نەبوون لە کەرامەتی خۆت و نەهێشتنی ئەو دەسەڵاتە کە نەتوانێت بەتەواوی کۆنترۆڵی مێشکت بکات.
مرۆڤ لە ژێر سایەی ڕژێمێکی توتالیتایری و دیکتاتۆریدا پێویستی بە دوو جۆر خەبات هەیە، ئەم شەڕە دەبێت لە دوو بەرەوە ڕووبدات بە پلەی یەکەم لە دژی نەیارانی ناوەوەی خۆت، پاشان نەیارانی دەرەوەمان، کارەساتی هەرە دڵتەزێن ئەوەیە کۆیلە لە ناوەوەدا تووشی دووکەرت بوون بێت، کە ئاگاداری چەوساندنەوەی ناوەوە نەبێت، دوژمن بتوانێت هەستەکانی داگیر بکات. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، دەسەڵات توانی هەموو خاکی کوردستانی باشور داگیربکات، بەڵام نەیتوانی هەستی هەموو مرۆڤی کورد کۆنترۆل بکات. لەمەوە فرێری پێمان دەڵێت، “مەترسی داگیرکردنی هەستی مرۆڤ زۆر ترسناکترە لە خاکەکەی. ” دەشێت مرۆڤ زیندانی بێت بەڵام بیرکردنەوەی ئازادەنەبێت، لە زەمەنی دیکتاتۆریەتدا وتنی ئازادی یاساغە، بەڵام هەڵبژاردنی بیرکردنەوەی ئازادی تاک بەدەت خۆیەتی.
ئەو دوو پیاوە کاردانەوەی جیاوازیان هەیە بەرامبەر بە دیل بوون و ئەمەش شێوازی جیاواز نیشان دەدات کە مرۆڤەکان مامەڵە لەگەڵ ستەم یان بارودۆخی بێمانایدا دەکەن. مرۆژێک گرنگتر لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ستەمکار پرسیارێکی فەلسەفیتر سەبارەت بە ئازادی مرۆڤ بە گشتی دەکات.
هەر بۆیە ئەم تەوەرە لە شانۆنامەکەدا زۆر گرنگە کە ئازادی چۆن دەبینرێت مرۆژێک نیشانی دەدات کە مرۆڤەکان کاردانەوەی جیاوازیان دەبێت کاتێک ئازادییان لێ دەسەندرێتەوە. کارەکتەرەکان هەوڵ دەدەن، لە دۆخەکە تێبگەن، خۆیان بگونجێنن؟ یان ڕێگەیەکی لۆژیک بدۆزنەوە بۆ ئەم دۆخەیان؟ نووسەر لە دواجاردا ئەم پرسیارەمان لێدەکات کەی مرۆڤ واز لە ئازادبوون دێنێت؟.ئەویش تەواو هاوڕایە لەگەڵ پاوڵۆفرێری چونکێ لە نمایشەکەدا ئازادی ئەوکاتە نامێنێت کە زیندانی کراو واز لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بهێنێت و قبوڵی ئەو زیندانیە بکات و بەڵگەیەکی لۆژیکی بۆ بدۆزێتەوە کە ئەوە مەترسیتدارترین کۆیلایەتییە.
مرۆژێک جیاوازی نێوان ئەو دوو کارەکتەرە لە هەڵوێستەکانیاندایە بەرامبەر بە ئازادی دەکات، یەکەمیان بە شێوەیەکی پاسیڤانە لێی تێدەگات، بەڵام دووەمیان بە شێوەیەکی چالاکانە. نووسەر بەبێ ئەوەی لایەنگری بکات ئەم دوو بۆچوونە دژبەیەکانە دەخاتە ڕوو. لە ئەنجامدا کەسی یەکەم “ئازادی ناوەوە”ی ڕەها هەڵدەبژێرێت، بەڵام پیاوی دووەم ناتوانێت لەگەڵ لۆژیکی پیاوی یەکەمدا هاوڕا بێت، پێی وایە ئەنجامدانی کارێک تاکە ڕێگایە بۆ دەربازبوون لەم ژوورە. بەم شێوەیە دوای داخستنی دەرگاکە، بە دیوارەکانیشەوە لێی دەدات، تەنانەت “خۆی خۆی نیشان دەدات کە ڕاوچییە
پیاوی یەک: گوێبگرە با شتێکت پێبڵیم، ئێما ناتوانین بە هیچ شێوەیەک دەرەوەی خۆمان بگۆڕین
پیاوی دوو: جا بۆ بیگۆڕین کەی ئەوە ئیشی ئێمەیە
لە درێژەی دەقەکەدا پیاوی دوو دەڵێت:
پیاوی دوو: من وەک تۆ نیم باوەڕم بە ئازادی دەرەوە هەیە.
لە کۆتاییدا، پلان و وردبینییەکانی هەردووکیان بێهودەی و بێمانایی دەسەلمێنن، جا ئەو کردارانەیان کە ئەرێنی بێت یان نەرێنی، لەبەردەم دەسەڵاتێکی باڵاتردا هیچ مانایەکیان نییە. چونکێ هەردووکیان هەمان چارەنووسیان دەبێت
لە دەقەکەدا دەستێک لە سەقفی ژوورەکەوە دێتە دەرەوە فەرمانیان پێدەکات، ئەم دوو کارەکتەرەکە دەستیان کەلەپچە دەکرێت و هەمیشە لە ژێر فەرمانی دەستدا دەمێننەوە. گرنگی ئەم دەستە لە دەقەکەدا چییە؟ ئێمە دەزانین شێوازی ئەم جۆرە نووسینانە تایبەتە و بونیادێکی کلاسیکی نییە، بۆیە دەتوانرێت بە چەندین شێوە بوونی ئەو دەستە لێکبدرێتەو، بێگومان نووسەر بەڵگەی ڕوونمان پێشکەش ناکات، ئێمە نازانین ئایا قسە لەسەر چارەنووسی بوونی مرۆڤ دەکات یان باس لە هەندێک یاسای کۆمەڵایەتی دەکات؟ کە بۆ مرۆڤ ناڕۆشنە.

کێشەی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر مرۆڤایەتی.

بۆ باسکردنی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییەکانیان چەند نموونەیەک دەهێنینەوە لە لای هەردوو نووسەر کە هاوبەشیەک دەبینرێت لە خستنە ڕووی پەیمانە کۆمەڵایەتیەکان، ئەوەی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەم دوو شانۆگەرییە جیا دەکاتەوە، ڕێبازەکەیانە شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ پرسەکەدا و وێناکردنی کارەکتەرەکانە، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە شانۆنامەی ( جاک و ملکەچ بوون ــ کەرکەدەن) ی ئیۆنسکۆ و (تانگۆ و ڕووتبوونەوە) ی مرۆژک بەنموونە دەهێنینەوە.
تەوەری سەرەکی لە شانۆنامەی (جاک و ملکەچبوون)ی ئیۆنێسکۆدا، لەدەستدانی تاکگەرایی و ملکەچبوونی تەواوەتییە بۆ داواکارییەکانی کۆمەڵگا، تەنیا لە پێناوی تێکەڵ بوون و پەیڕەوکردنی یاسا کۆمەڵایەتیەکانە، لەم دەقەدا تاک تەنیا بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەدا تێکەڵ بێت، دەبێت ئەسمیلە بێت و بتوێتەوە و خەسڵەتەکانی خۆی ون بکات.
هەروەها لە شانۆنامەی تانگۆدا پرسی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکانیش ئامادەییەکی زۆری هەیە و دەتوانرێت بەڕوونی دەستنیشانی بکەین، بەڵام ئەوەی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەم دوو شانۆگەرییە لەیەکتر جیا دەکاتەوە، شێوازی مامەڵەکردن شێوازی کارکردنە لەگەڵیان چۆن وێنای خەڵکەکە دەکەن. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکەی ئیۆنێسکۆ تەنیا گرووپێکی یەکسان و یەک ڕەنگن، هەموویان نزیکەی هەمان تایبەتمەندییان هەیە، کارەکتەرەکان تەواو لە یەکتر دەچن، کارەکتەرەکان جەماوەرێکی بێناو بێ کەسایەتین. ڕەنگە تاکە جیوازی نێوان کارەکتەرەکان جیاوازی نیوان تەمەنیان بێت هێندە لەیەک دەچن.
لێرەدا دەمەوێت باسی شانۆنامەی تانگۆ بکەم باسی چی دەکات بۆ ئەوەی خوێنەر بەرچاو ڕوونیەکی هەبێت تا زیاتر ئاشنای کارەکتەرەکان و ببین چونکی دونیا بینی کارەکتەرەکان ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت بە پێشاندانی پوچگەرایی لە لای نووسەرەکەی و ئەو دۆخەی کارەکتەرەکان تییدا دەژین هەروەها چۆن بینای درامی شانۆنامەکە ڕۆنراوە.
یەکێک لە بەناوبانگترین شانۆنامە درێژەکانی مرۆژێک “تانگۆ”یە کە توخمەکانی شانۆی ئەبسورد تەواو ڕەنگدەداتەوە، دوای بڵاوبوونەوەی لە ساڵی ١٩٦٤ لە گۆڤاری دیالۆگ، “تانگۆ” بە خێرایی ناسنامەی نێودەوڵەتی (لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریکا) بەدەستهێنا. مرۆزێک لە شانۆنامەکەدا ڕەخنە لە ململانێی نەوەکان دەگرێت و لە ڕێگەی ڕوانگەیەکی ئەبسوردیەوە، باس لە خێزانێکی پشێو شیرازە بچڕاو دەکات کە کوڕەکەیان ئارتور، خێزانێکی نەریتی و رێک و پێکی دەوێت، بەڵام کۆتاییەکەی بە کوشتنی کوڕەکەیان کۆتایی دێت، مرۆژێک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی بەکارهێنای توندوتیژی و داڕمانی ئەخلاقی و کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و ترس لەدەسەڵات دەردەبڕێت.
دواجار ڕەهەندی سیاسی و دیدێکی ورد و سادە بۆ کۆمەڵگا لە سەردەمی تۆتالیتاریزمدا پێشکەش دەکات. ڕەخنەیەکی ورد لە دیدی ئایدۆلۆژیا دەگریت، تەنانەت باشترین ئایدۆلۆژیای ئامادەکراو شیاوی ئەوەی هەیە بگۆڕدرێت بۆ تۆتالیتاریزم و دڕندەیی دەسەڵات، وەک لە کۆتایی شانۆنامەکەدا دەردەکەوێت.
تانگۆ شانۆنامەیەکی سێ پەردەییە ڕوداوەکان لە ماڵی خێزانێکی ڕووناکبیر ڕوودەدات کە تێیدا هیچ ڕێسایەک و هیچ ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی تێدا نەماوە. (ستۆمیل) ی باوک و (ئێلیۆنۆرا) ی دایک، پێشتر شۆڕشگێڕ بوون و هەموو بەها کۆنەکانیان شکانده‌وە. بەڵام ئەم ئازادییە بێ‌سنورە بووە هۆی ئاژاوە و بێ دیسپلینی و بێ ڕێکخستن.
ژوری میوان شوێنێکی زۆر شپرزەو شپڕێوە، هیچی بەسەر هیچەوە نییە هیچ هاوسەنگیەک و گونجاندنێک لە دانانی کەل و پەلەکاندا نیە، چەند شتێک لە ژوورەکەدا هەیە وەک جلی بووکێنی کاڵبووەوە، گالیسکەیەکی منداڵان، تابوتێک، ئەسکەمیلێکی کۆن، مێز ێک و چەند کورسیەک هەر دانەی لە ڕەنگێکە، شتگەلێک کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جیاواز، هەموو ئەمانە ئاماژەیە بۆ خراپ بوونی کۆمەڵگا، لەم ماڵەدا سێ نەوە دەژین. کارەکتەرە سەرەکییەکان: ئارتور، گەنجێک کوڕی ستۆمیل، ستۆمیل باوک، ئێلینۆر دایک، یوجینیا داپیرە، یوجین باپیرە، ئالا دەزگیرانی ئارتور، ئێدی خزمەتکار.
نەک هەر دانانی کەل و پەلەکان هیچ گونجاندنێکی تێدا نییە بەڵکو پەیوەندیەکانیش، پەیوەندیەکانیش ناجۆرە، ئێدی خزمەتکار، پەیوەندی خۆشەویستی هەم لەگەڵ ئێلۆنورا دایکی ئارتور هەیە و هەم لە ژێرەوە پەیوەندی لەگەڵ ئالای دەزگیرانی ئارتور. ئازادییەکی ڕەها بێ هیچ قەید و مەرجێك هەیە، هەر ئەم ئازادییە بێ مەرجەیە خولق و بیرکردنەوەی ئارتوری مەشغوڵ کردووە و تووشی کێشەی دەکات.
سەرەتای دەستپێکی پەردەی یەکەمی شانۆنامەکە، یوجینی پاپیرە و یوجینیای داپیرەو ئیدی خزمەتکار بە جل و بەرگێک دەبینرێن کە لایەق بە تەمنی ئەوان نیە، زۆر گەنجانەیە، خەریکی یاری کاغەزن و جارجارەش دەخۆنەوە، ئارتوری گەنج دەگەڕیتەوە کۆستیمێکی لەبەردایە جیاواز لە جل و بەرگی ئەوان، دەمەقاڵێ دروست دەبێت لە نێوانیان، ئارتور داپیرەی، ئارتور هەوڵ دەدات ئەو پشێوییەی لە ماڵەکەدا هەیە ڕاست بکاتەوە.
ئامانجی سەپاندنی بەها نەریتیەکانە، هەولی هاوسەرگیرییەکی ئاسایی و سونەتی دەدات لەگەڵ ئالای خۆشەویستی، لە پەردەی دووەمدا ئارتور دەیەوێت یۆجینی باپیرەی ڕازی بکات لەوەی بە شێوەیەکی سونەتی ڕیورەسمی ئاهەنگی هاوسەرگیری لەگەڵ ئالادا ڕێکبخات و هاوکاری بێت، وەک پیشاندانێکی ڕوکەشی و نیشانەیەکی دەرەکی ئامانجەکەی بۆ ئەو سیستەمە نوێیەی بەهاکان کە دەیەوێت دروستی بکات.
لە پەرەسەندنی ڕوداوەکان، داپیرەی دەمرێت ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فکری توندو تیژی و مردن لای ئارتور گەڵاڵە بێت کە هۆکارێکە بۆ سەقامگیری و دیسپلین، دواتر هەوڵدەدات باوکی قەناعەت پێ بکات کردەوەیەکی توندوتیژی دژی ئیدی بەکاربهێنێ، چونكی پەیوەندی لەگەڵ دایکی هەیە، کە هەموو خێزانەکەش بەم پەیوەندیە دەزانن، لەقسەکردن لەگەڵ باوکی بۆی ڕوندەکاتەوە کە کوشتنی هیچ بەرهەمێکی نابێت ئارتور پێی دەڵێت بە کوشتن ڕودای گەورە دروست دەکەیت، باوکیشی لەوەڵامدا پیی دەڵێت کارەساتی گەورە لە ئێستادا نەماوە ئەوەی رودەدات هەموو مەخسرەیە.
ستۆمیل خۆی بە نووسەری ئاڤانگارد دادەنێت، بەرەنگاری هەوڵەکانی ئارتورر دەبێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە نەوەی ئەوان بوو، ڕاپەڕینیان کرد و کە هەموو نەریتە کۆنەکانیان ڕووخاندووە و ژیانێکی ئازادی بۆ ئارتور و نەوەکانی داهاتوو دروستکردووە.
لە پەردەی سێیەمی شانۆنامەکدا، ڕێکخستنی ماڵەکە کەمێک دەستکاری کراوە و ژوورەکە ڕێک و پێکتر کراوە، پلەی ئێدی Eddie بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆکی خزمەتکاران، ئالاـ ی دەزگیرانی ئارتور جل و بەرگی سپی بوکێنی لەبەرکردووە، چاوەڕێی ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەیە، بەزەبری توند و تیژی ئارتور وا هەست دەکات پلانەکەی بەیارمەتی ئێدک بێبەجێکراوە، بەڵام ئارتور بە سەرخۆشی لە ئاهەنگی دوارۆژی سەڵتی دەگەڕێتەوە bachelor party ( ئاهەنگی دوا رۆژی سەڵتی نەریتێکە لە زۆربەی وڵاتان هەیە ، ئەو ڕۆژە لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکانیەوە دەبێت و کاتێکی خۆش دەبەنە سەر و سوپرایزی بۆ دەکەن ) باس لەوە دەکات کە چاکسازییەکانی بە پێچەوانەوە جێبەجێکراوە، بیرۆکەکەی کە بنەمای نەزمە نوێیەکەی پێکدەهێنێت دەسەڵاتی ڕەهایە و بەنیازە بە یارمەتی ئێدی ئەم دەسەڵاتە بەکاربهێنێت، پاشان دەمەقاڵێ دروست دەبێت لە دواجاردا ئارتور بەدەستی ئیدی خزمەتکار دەکوژرێت، ئێدی دەبێت بە سەروەری ماڵەکە، هەموو خێزانەکە بە ئامادەییەوە خۆیان ڕادەستی حوکمڕانی ئیدی دەکەن. بە سەمایەکی تانگۆ کۆتایی بە شانۆییەکە دێت کە هێمای سەرکەوتنی هێزی بێ ‌فەهەنگ و دیکتاتۆرییە، یۆجین لەگەڵ خزمەتکارەکە سەمای تانگۆ دەکات.
لە شانۆنامەی تانگۆ ململانێی نێوان نەوەکان میحوەری بەرهەمەکە پێکدەهێنێت، بە پێچەوانەی کارەکانی ئیۆنێسکۆ کە جەختکردنەوەیە لەسەر لەیەکچوونی ئەندامانی کۆمەڵگە و بێتوانان لە سەرپێچیکردنی ڕێککەوتننامە کۆمەڵایەتییەکە. پەیمانی کۆمەڵایەتی لای مرۆژێک لە تانگۆدا لەسەر یاخیبوونە ڕۆنراوە، مرۆزێک لە ڕێگەی کارەکتەری ستۆمیلەوە پێمان دەڵێت کە تەنانەت چۆن ناتەبایی تەواو دەتوانێت ببێتە نۆرم و شتێکی ئاسایی.
بەدرێژایی شانۆنامەی تانگۆ ڕووبەڕووی ململانێیەکی نەوەکان دەبینەوە، نەوەی ستۆمیل لە دژی نۆرمەکان یاخی بوو، ستۆمیل و کارەکتەرەکانی تر پێیان وایە “یاخیبوون بەردی بنەڕەتییە کە پێشکەوتنی لەسەر بنیات دەنرێت، تا یاخیبوونەکە فراوانتر بێت، بینای بنیاتنانی کۆمەلگە فراوانتر دەبێت” لای ئەوان، بەو مانایەیەش خێزانەکەیان بیرۆکەی پێشکەوتنی و هەموو سیستەمی خێزانیان لەسەر ڕاپەڕین بنیات دەنێن. بەواتا کۆمەڵگا بە یاخیبوونی خەڵک لە یاسا کۆنەکان گەشە دەکات، بەبێ ڕاپەڕین هیچ پێشکەوتنێک نییە، تا زیاتر نۆرمەکانی کۆن بشکێنیت، گۆڕانکارییەکە گەورەتر دەبێت. لای مرۆژێک ئەم شێوازە جۆرێک ئیرۆنییە، لە شانۆنامەی تانگۆدا، مرۆژێک پێمان دەڵێت کە ڕاپەڕینی بەردەوام دەتوانێت زۆر دوور بکەوێتەوە لە ئامانجەکەی و کاتێک هەموو شتێکی کۆن دەڕوخێنرێت ڕێکخستن و بەهاکانیش نامێنن و ئیتر کەس نازانێت چی گرنگە، ئازادی دەبێتە ئاژاوەگێڕی. تەواوی شانۆنامەکەی تانگۆ دواتر دەرئەنجامەکانی ئەو بیرۆکەیە نیشان دەدات.
بەڵام یاخیبوونی ئارتور لە شانۆنامەی تانگۆدا تەواو جیاوازە، ئەو ئێستا کۆنفۆرمیستە،(٨) یاخی بوونی ئەوە پەیوەستە بە نەبوونی یاساوە، چونکە ئەو خۆیشی و دەوروبەر و خێزانەکەی لە پێشدا تەواو دژە کۆنفۆرمیست بوون، خێزانەکەیان هێندە خۆیان ئازاد کردووە کە هیچ بایەخێک بۆ نۆرم و ئەخلاق نەماوە و مۆراڵ داوەشاوە. پێیان دەڵێت ناتوانم خۆم بپارێزم لە یاخیبوون لە تۆ، لە دژی داڕمانی ئێوە و لە خراپەکاریتان.
ئەو ئازادییە ڕەهایە خۆشبەختی نییە بۆ کوڕەکەیان کە دایک و باوکی بانگەشەی بۆ دەکەن. شێوازی ژیانەی خێزانەکەیان وایکردووە کە ئارتور هاوسەنگیەکی دەرونی و دەرەکی نەمێنێت، ئەو لە جیهانێکدا دەژی کە هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە و هیچ نەریتێک نەماوە، خێزانەکەی پێیان وایە ئەمە بە واتای ئازادی، مۆدێرنیتە، بەختەوەری. بەڵام ئارتور هەست بە پێچەوانەکەی دەکات، نادڵنیایی، بۆشایی و بێ سەروبەری. دەقەکە پێمان دەڵێت کە ئازادی تەواو نابێتە هۆی بەختەوەری هەروەها خەڵک پێویستیان بەڕێکخستن و نۆرمەکان و سەقامگیری و بەها ڕوونەکان هەیە. ئارتور بەدوای فۆرمێکی نوێدا دەگەڕێت، بیرۆکەیەکی نوێ بۆ جێبەجێکردن، بەڵام نازانێت چۆن و چی بکات، چ بیرۆکەیەک باشە . هەموو پێشنیارەکان ڕەتدەکاتەوە، چونکە دەیەوێت شتێکی نوێ دروست بکات، نەک لە شتێکەوە دەستپێبکات کە پێشتر هەبووە. جارکی تر ڕاپەرینێک دژی ئەو ڕاپەڕینە بکات کە پێشتر کردیان.
تێگەیشتنی ئارتور لەو ساتەدا دێت کە داپیرەی دەمرێت. سەرسام دەبێت بەو ڕاستییەی کە مردن هەموو مرۆڤەکان دەگرێتەوە، گەردوونییەتی مردن، کەس ناتوانێت لە مردن ڕزگاری بێت، مردن تاکە یاسای ڕەهایە کە هەموو کەسێک دەگرێتەوە. بۆ ئارتور کە بە نائومێدیەوە بەدوای فەرمان و بنەما جێگیرەکان دەگەڕا، بەڵام مردن لەناکاو دەبێتە تاکە شتێکی تەواو دڵنیا و گشتگیر، تێدەگات کە ئەو سیستەمە ئایدیالە تەواوەی کە بەدوایدا دەگەڕا لە سەر بنەمای توندوتیژی و مردن دروست دەبێت، یەکێک لە دیالۆگەکانی (مەرگ لەناو تۆدایە، وەک باڵندەیەک لەناو قەفەسێکدا، ئەوە کاری منە تەنها ئازادی بکەم). بەم شێوەیە مرۆژێک نیشانمان دەدات کە چۆن خەبات بۆ ڕێکخستن دەتوانێت لەبری مانای ڕاستەقینە یان ئازادی بە هەڕەشە و توندوتیژی کۆتایی پێبێت. مرۆژێک لەم دەقەدا پێمان دەڵێت کە زۆر کۆنتڕۆڵکردن خراپە، بەڵام بێسنووری تەواو وێرانکەریشە.
بەڵام لە کۆتاییدا ئارتور دەبێتە قوربانی سیستەمەکەی خۆی، کوشتنی ئارتور دەتوانێت هێمای “بەتاڵکردنەوەی فۆرمی بیرۆکەکان” بێت، دوای ئەوەی ئێدی ئارتور دەکوژێت، پاشاندا ئیدی و یوجین لەسەر مەرگی ئارتور سەمای تانگۆ دەکەن، کە لە یاریەکی نا عەقڵانی دەچێت، کە خاڵی بێت لە هەموو مەعقولیەتێک. سەما کردنی تانگۆ کە خۆی هەم ناونیشانی دەقەکەیە و هەم بەکارهێنانی سیمبوڵی و ڕەمزی فەلسەفیە لە شانۆنامەکەدا چونکێ کارەکتەری ئێدی ئارتور دەکوژێت، هەر ئەویش سەمای تانگۆ لەسەر لاشەی ئارتور دەکات، لە بری ئەوەی مردنی ئارتوری کوڕیان ببێت بە کارەساتباری خەم و پەژارە بەڵام ئەوان سەما دەکەن، لاشەی ئارتور هێمایە بۆ کەوتنی بیرۆکەکان و ڕێکخستنەوەیان، کاتێک ئێدی سەرکردایەتی سەماکە دەکات، ئەوە نیشان دەدات کە ئێستا تەواوی دۆخەکە و خەڵکەکەی لە ژێر کۆنترۆڵی ئەودان، بەم شێوەیە تانگۆ دەبێتە هێمای دەسەڵات و باڵادەستی. تانگۆ لە ڕاستیتیدا بریتییە لە سەمایەکی ڕەسەن و کولتوری ڕۆشنبیری، شتێک کە پێویستی بە فۆرم و دیسیپلین هەیە، فۆرمەکانی بە کولتوور ماونەتەوە، بەڵام ناوەڕۆکی ڕاستەقینەیان لەگەڵ ئارتوردا مردووە، ئێستا لەلایەن ئێدیوە سەما دەکرێت کە بازاڕیترین وبەدڕەوشترین ودڕندەترین کەسی ناو شانۆنامەکەیە. هەر لەبەر ئەمەشە کە دیمەنی کۆتایی دەقی تانگۆ زۆرجار هەم وەک ئیرۆنی و هەم تراژیدی و هەم بە ڕەشبینیەکی قوڵ سەیر دەکرێت. شانۆنامەکە پیشانمان دەدات کە چۆن کۆمەڵگایەک کە هاوسەنگی لە نێوان ئازادی و یاساکاندا نییە، لە کۆتاییدا دەڕوخێت و دەسەڵات بۆ بەهێزترینەکان بەجێدەهێڵرێت نەک “ڕاستگۆترینەکان”
بەم شێوەیە، هەردوو ئیۆنێسکۆ و مرۆزێک باس لە بابەتگەلێکی هاوشێوە دەکەن سەبارەت بە بارودۆخی مرۆڤ و ئارەزووی بەردەوام بۆ ئازادی، بەڵام هەریەکەیان لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لێی نزیک دەبنەوە، شانۆنامەکانیان جیاوازی نێوان دیدگاکانیان تەواو ڕوون دەکاتەوە. مرۆڤایەتی لە دەقەکانیاندا بەردەوام خەبات دەکات لە دژی هەموو ئەو هۆکارانەی کە ئازادییەکەی بەرتەسک دەکەنەوە، جا چ ئایدیۆلۆژی بێت یان کۆمەڵایەتی. بەڵام ئیۆنێسکۆ سەرنجی لەسەر پشێوی و بێمانایی بوونی مرۆڤ و دڵەڕاوکێکانێتی، لە کاتێکدا مرۆزێک زیاتر سەرنجی لەسەر هۆکارەکانی ئەو دڵەڕاوکێیانە دەبێت. ئەم بیرۆکانە لە ڕێگەی کارەکتەری ئەبستراکت و ڕەمزییەوە دەردەکەون. بۆیە دەتوانین بڵێین شانۆی ئیۆنێسکۆ و درامای مرۆزێک، لە دونیابینیەکانیاندا، کۆمەڵێک تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا جیاوازن.

———————————————-
پەراوێزەکان

(١) ئۆنتۆلۆژی، ئەم وشەیە ناوی لقێکە لە فەلسەفە کە دەکۆڵێتەوە لەوەی: چی هەیە؟ (چی بوونی هەیە) چ شتانێک بەراستی “هەن” جۆری بوون و مانای بوون چییە. زۆرجار “بەتاڵی ئۆنتۆلۆژی” زیاتر بە شێوەیەکی مەجازی بەکاردەهێنرێت، هەستێک کە هیچ شتێک مانای ڕاستەقینە و بوونی نییە. کە شتێک، ناسنامە، ناوەڕۆک یان مادەی ڕاستەقینە ی تێدا نییە. حاڵەتێک کە مرۆڤ ئەزموونی دەکات هەست بە بەتاڵی و ناڕاستەقینە و بێ بناغەیی ژیان، جهیان و دەکات. بۆ نموونە گەر کەسێک بە کەسێکی گوت: هەست بە بەتاڵی و بێ مانای دەکات. کەسێک دەڵێت ژیانم بێ‌مانایە، ئەمە دەتوانرێت بگوترێت “بۆشایی ئۆنتۆلۆجی”
(٢) کورسییەکان (Les Chaises) لەلایەن Eugène Ionesco لە ساڵی 1951 لە پاریس نووسراوە. لە ٢٢ی نیسانی ١٩٥٢ لە Théâtre Lancry لە پاریس بۆ یەکەمجار نمایشکرا و لەلایەن سیلڤاین دۆمەوە دەرهێنرا. دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەم دەقە نووسراوە کە زۆرێک لە نووسەران هەستیان بەوە کرد کە جیهان بووەتە شتێکی تێنەگەیشتن و مرۆڤەکان بە زەحمەت مانا لە ژیاندا دەدۆزنەوە. ئیۆنێسکۆ ویستویەتی تەنیایی مرۆڤ، پووچی کۆمەڵگا نیشان بدات، ئەمەش هێمای پەیوەندی نەکردنی مرۆڤە، هەستکردنە بە بەتاڵی و گەڕان بەدوای مانا لە جیهانێکی ئاژاوەگێڕدا. ئەمڕۆ بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمەکانی ئیۆنێسکۆ دادەنرێت و یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی شانۆی ئەبسورد دادەنرێت. تێکەڵاو یەکە لە نوکتە، دڵتەنگی و فەلسەفە و بارودۆخی ناماقوڵ لە یەک کاتدا.
(٣) شانۆ نامەی (جاک یان ملکەچکردن ) باس لە گەنجێک دەکات بە ناوی جاک کە ڕەتیدەکاتەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی و یاساکانی کۆمەڵگادا بگونجێت. خانەوادەکەی هەوڵدەدەن ناچاری بکەن کە وەک هەموو کەسێک بیربکەرەوە و پەیڕەوکردنی نەریتەکان و هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنە بکات کە بۆی دیاریکراوە. و بەپێی داواکارییەکانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئاسایی ڕەفتار بکەن. سەرەتا جاک بەرەنگاریان دەبێتەوە و هەوڵدەدات کەسایەتی خۆی بهێڵێتەوە. بەڵام خێزانەکە بەردەوام فشار دەخاتە سەری، هەنگاو بە هەنگاو دەست دەکات بە خۆبەدەستەوەدان. هەر بۆیە شانۆنامەکە ناوی “ملکەچبوون”ە. لەم دەقەدا لە هەندێک وەرگێراندا بە جاک نووسراوە لە هەندێک شوێندا بە کوبوش.
(٤) دەقی شانۆیی کەرکەدەن د. موحسین ئەحمەد عومەر لە زمانی فەرەنسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەردەم بڵاویکردۆتەوە.
(٥) لێرەدا م. ماسلۆڤسکی M. Maslowski, ئاماژە بەگۆرانیەکی درامی ڕۆمانسی پۆڵۆنی دەدات بە ناوی وارسزاویانکا Warszawianki کە زۆربەی کارەکتەرەکانی مرۆزێک بە ئاماژەدانە بە بیرۆکەی ئەم گۆرانیە پۆڵۆنیە کە پەیوەست بە خەبات و یاخیبوونەوە
گۆرانی ڤارشاوانیسکە Warszawianka گۆرانییەکی نیشتمانپەروەرانەی رۆمانسی گەلی پۆلۆنیایە کە لە ڕاپەڕینی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٨٣١ دژی ئیمراتۆریەتی ڕووسی لە سەر زمانی خەڵک بوو، تێکستی گۆرانیەکە لە لایەن شاعیری فەرەنسی کاسیمیر فرانسوا دیلاڤین Casimir François Delavigne نووسراوە پاشان تێکستەکە لەلایەن کارۆل سیێنکیڤیچەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی پۆڵەندی ئاوازی بۆ دانرا و کرا بە گۆرانی، چەخماخەی ئەم گۆرانیە هەموو پۆلۆنیای گرتەوە، بۆ هەموو ناڕازەیەتیەک خۆپیشاندران ئەم سرودەیان دەگوتەوە تا وایل‌ات بوو بە نەریتی بیرکردنەوەی خەڵکی پۆڵۆنیا. هەرچەندە سرودەکە دژ بە داگیر کاری ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا بوو، هەستێکی شۆڕسگێرانەی هەبوو بەڵام پڕ بوو لە هەستی مردن و مردن دۆستی، کە بووە سەرچاوەی بیرکردنەوەی خەڵک. جێ ئاماژەیە ئاوازی ئەم سروودە ئەنارشیستەکانی ئیسپانی ١٩٣٦بەکاریانهێان بە تێکستی خۆیان تێکەڵ بە تێکستە فەرەنسیەکە هەڵبەت هۆنراوەکە زۆر دوور و درێژە نزیکەی بە ١٥٠ دێر دەبێت بەڵام من تەنها ئەو شەش دێرەم لێکردووە بە کوردی،
ئەمە ڕۆژی خوێن و شکۆمەندییە،
ڕۆژی قیامەت بێت!
هەڵسە پۆڵەندا، زنجیرەکانت بشکێنە،
ئەمڕۆ سەرکەوتن یان مردنی تۆیە!”
پۆڵەندای خۆشەویست،
بەمەرگی خۆمان هێزی داگیرکاری دیوەکە دوا دەخەین
هەرکەسێک بژی ئازاد دەبێت و هەرکەسێک بمرێت لە ئێستاوە ئازادە
(٧) فاتالیزم بە واتای باوەڕبوون بە چارەنووس – ئەو باوەڕەی کە هەموو شتێک کە ڕوودەدات لەلایەن چارەنووسێکی حەتمی یان دەسەڵاتێکی باڵاترەوە پێشوەختە دیاری کراوە. فاتالیست پێی وایە مرۆڤەکان ناتوانن کاریگەرییان لەسەر داهاتوویان هەبێت یان ڕەوتی ڕووداوەکان بگۆڕن، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی هەڵوێستێکی پاسیڤ کە مرۆڤ بەبێ شەڕکردن ئەوەی ڕوودەدات قبوڵ دەکات. تایبەتمەندییەکانی فاتالیزم: فاتال: ئەو بیرۆکەیەی کە داهاتوو پێشتر نووسراوە. بێدەسەڵاتی: ئەو باوەڕەی کە کردەی مرۆڤ لە گۆڕینی دەرئەنجامدا بێمانایە. پێچەوانەی ئیرادەی ئازادە: ئەو باوەڕەی کە ئیرادەی ئازاد وەهمێکە. پەیوەندی بە شکستخواردنەوە: دەتوانێت دەستلەکارکێشانەوە لە بەرامبەر ناخۆشیدا (دۆڕانی دەروونی) لەخۆبگرێت. لە فەلسەفەدا فێرکردنێکە کە داهاتوو پێشوەختە دیاری کراوە، بەبێ گوێدانە ئەو هەڵبژاردنانەی کە دەیکەین. جیاوازە لە دیتەرمینیزم لەوەی کە فاتالیزم زۆرجار جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەرئەنجامەکە وەک یەک دەبێت بەبێ گوێدانە ئەوەی ئێمە چی دەکەین، لە کاتێکدا دیتەرمینیزم سەرنجی لەسەر هۆکار و کاریگەرییە.
(٧) وشەی ستریئۆتیپ بە واتای بیرۆکەیەکی گشتی و تەعمیم کراو بۆ هەموو شتێک، دەربارەی گرووپێک لە خەڵک، نەتەوە، ڕەگەز، یان کەسێک، کە زۆرجار بەبێ ناسینی تاکەکانیان دروست دەکرێت، بۆنموونە کاتێک خەڵک وا دەزانن هەموو ئەندامانی گرووپێک هەمان خاسیەت هەیە، ئەوە ستریئۆتیپە، وەک هەموو فەرەنسییەکان رۆمانسین، هەموو کورد میواندۆستە، ئەم قسانە زۆرجار ڕاستی تەواو نین، چونکە مرۆڤەکان جیاوازن.
(٨) کۆنفۆڕمیست conformare وشەیەکی لاتینیە کەسێکە کە بۆچوون و بەها و ڕەفتاری خۆی لەگەڵ نۆرمەکانی باو و زۆرینەی ناو گروپێکدا دەگونجێنێت.




گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک.. بەشی سێیەم و کۆتایی.. زاهیر عەبەڕەش

بەشی سێیەم و کۆتایی
تێبینی: کۆی هەر سێ بەشەکە لەخوارەوەی ئەم بابەتە بە فۆرماتی پ د ف دانراوە..

ناوی کارەکتەرکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک
ناونانی کارەکتەرەکانی مرۆزێک نموونەیەکی تایبەتی ناونانی شانۆنامەی ئەبسوردە، بۆنموونە ” لە شانۆنامەی کۆچبەران کارەکتەرەکان ناویان ئەی ئەی و ئێکس ئێکس ـ ە AA و XX ، لە شانۆنامەی ڕووتبوونەوە ناویان ( کاک یەک و کاک دووە، یان کەسی یەک و کەسی دوو) لە شانۆنامەی لە دەریادا کارەکتەرەکان ناویان لەڕ و درێژ و قەڵەو، لە شانۆنامەی پۆلیسدا کارەکتەرەکان، زیندانی، سەرۆکی پۆلیس، سەردەستە، لە شانۆیی کارۆل کارەکتەرەکان بە ناوی جوتیاری یەک و جوتیاری دوو. شانۆنامەی (جەفەنگ) (١٥) ئاهەنگ یان گەمەکردن دێت، کارەکتەرەکان بانەوی پیاوی یەکەم، و پیاوی دووەم و پیاوی سییەم، یان لە هەندێک وەرگێڕاندا بە کرێکاری یەک، دوو، سێ ناویان هاتووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پاڵەوانەکانی شانۆنامەکانی مرۆژک نوێنەرایەتی جۆرەکانی مرۆڤ دەکەن نەک کەسێکی دیاریکراو.

کارەکتەر لە دەقەکانی مرۆژکدا:
لە بونیادی پێکهاتەی دراماکاند گۆڕانکارێەکی چۆنێتی بەسەردا دێت، بەو هۆکارەی کە هاودەم بێت لە گەڵ نمایشکردنی شانۆی ژوور و پاشان هۆکاری نمایشکردنیان لەو شوێنانەی کە رێ پێنەدراو بوون بە هۆکاری سیاسی، ئەویش ژمارەی کارەکتەرەکانی ناو شانۆنامەکان کەم دەبێتەوە، هەندێک جاریش تەنها لە دووکارەکتەر پێکهاتووە، بۆ ئەوەی زیاتر جەخت لەسەر کێشەی نەبوونی پەیوەندی بکەنەوە، کە یەکێکە لە تەوەرە باوەکانی درامای ئەبسورد. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک ستریۆیپە، واتە یەک ڕەنگ و یەک فۆرمە. لە بەر ئەوەی زۆرجار کارەکتەرەکان یاسا و نەریتەکان پەیڕەو دەکەن بەبێ ئەوەی بیر لە خۆیان بکەنەوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە نیشان بدات کە چۆن مرۆڤەکان هەندێک جار تەنها پەیڕەوی سیستەم یان یاساکانی کۆمەڵگا دەکەن بەبێ ئەوەی بیرکردنەوەیان هەبێت.
هەروەها ڕەفتارەکاناین لە بوكەڵە دەچن، کاتێک کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی میکانیکی ڕەفتار دەکەن، وەک بووکەڵە دەردەکەون و هاوتا دەکرێن لەگەڵ ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتیانەی کە ئەنجامی دەدەن، ئەمەش هێمای ئەوەیە کە مرۆڤەکان واتە کارەکتەرەکان هەندێک جار بە پێوەندی دەسەڵات، نەریت یان یاسا کۆمەڵایەتییەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێن لەبری ئەوەی ئازاد بن. کارەکتەرکانی کۆنەپەرستانە و بوکەڵانەن بۆ ئەوەی نیشان بدات کە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی میکانیکی و بەبێ ئیرادەی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن. هیچ پاڵنەرێکی دەروونی بۆ هەڵس و کەوتیان نییە.
نووسەری شانۆنامە ئەبسوردیەکان، مرۆژێک بەتایبەتی زۆرجار ژمارەی کارەکتەرەکان لە شانۆنامەکانیدا کەم دەکاتەوە، یان تەنانەت بۆ دووکەس ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک سەرەڕای هۆکاری سەرەوە، ئەو گرنگی دەدات:
ــ گرنگیدان بە بیرۆکەکان، کاتێک کارەکتەرەکان کەم بن، بینەر دەتوانێت زیاتر سەرنجی لەسەر بیرۆکە و پەیامی ناو شانۆنامەکە بێت لەبری ئەوەی دیقەتی لەسەر کارەکتەری زۆر و ڕووداو بێت.
ــ جیاوازی نێوان مرۆڤەکان، کاتێک تەنها دوو کارەکتەر بێت، دژایەتی لە نێوانیاندا نیشان بدات، بۆ نموونە:
دەسەڵات ↔ لاوازی
سەرکردە ↔ شوێنکەوتووانی
ئازادی ↔ کۆنتڕۆڵکردن
ئەمەش ناکۆکییەکە ڕوونتر دەکاتەوە، تایبەت لە شانۆی ئەبسوردا، بارودۆخێکی سادە بەکاردێت بۆ نیشاندانی تەنیایی ومرۆڤی بۆش و بێمانایی کۆمەڵگا.
ــ سیمبوڵی ڕۆڵ، هەندێک لە کارەکتەرەکان نوێنەرایەتی ڕۆڵی خۆیان ناکەن بەڵکو نوێنەرایەتی بیرۆکە دەکەن لەبری تاکی ڕاستەقینە. بۆیە کارەکتەری زۆر پێویست نین. بونموونە شانۆنامەکانی مرۆژێک وەک ( کۆچبەران – دوو کارەکتەر، کارۆل – سێ کارەکتەرم، گەمە، سێ کارەکتەر، لە دەریادا، سێ کارەکتەر. ڕووتبوونەوە ــ دوو کارەکتەر)
ــ مرۆزێک کە دوو کارەکتەر بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکە ڕوونتر بێت و جەخت لەسەر بیرۆکە و هێماگەرایی لە شانۆنامەکەدا بکاتەوە.
سەرەڕای پەیوەستبوونی سلاڤۆمیر مرۆژێک لەگەڵ شانۆی ئەبسوردا بەهۆی گرۆتێسک، تیکەڵکردنی کۆمێدی و تراژیدیا، دیاری نەکردنی کات و شوێنی ڕووداو، داڕشتنی فۆرمی کارەکتەرەکان و ڕەتکردنەوەی پاڵنەرە دەروونیەکان، بەڵام تا ڕادەیەک جیاوازی هەیە لەنێوان دەقە شانۆیە درامیەکانی نووسەرانی پێشەنگی شانۆی ئەبسسورد چ لەڕووی شێواز و چ ڕووی ناوەڕۆکەوە.
دەقە درامیەکانی ساموێل بێکێت لەسەر بنەمای بوونگەرایی و ڕەنگدانەوەی میتافیزیکی ڕۆنراون و دیدێکی کارەساتبار و تراژیدیانە بۆ بارودۆخی مرۆڤ دەخەنە ڕوو. دەقەکانی یوجین ئیۆنێسکۆ لە نێو ئەوانی تردا تاکێک وێنا دەکات کە ڕووبەڕووی جیهانێک دەبێتەوە کە ماناکەی لەدەستداوە، ئەوەش شایەتحاڵی سروشتی ناتەبایی ئەو جیهانە و بێ مانایی بوونە. هەردوو بێکێت و ئیۆنێسکۆ هەر جۆرە بەشدارییەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی لە دەقەکانیاندا ڕەتدەکەنەوە، لە کاتێکدا دەقە دراماتیکییەکانی مرۆژێک پڕن لە ئاماژەی سیاسی.

ڕەخنە لە تۆتالیتاریزم یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئالیگۆری مرۆژێک
لە شانۆنامەکانی مرۆژکدا، کارەکتەرەکان هەندێک جار دەتوانن وەک ئالیگۆری(١٦) کار بکەن. بۆ نموونە، کارەکتەرێک دەتوانێت هێمای دەسەڵات، گوێڕایەڵی یان یاساکانی کۆمەڵگا بێت نەک تەنها کەسێکی ئاسایی. لە دەقەکانی مرۆزێکدا پەیوەندی هەموو تاکەکان بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی دیاری دەکرێن. لە کاتێکدا لە شانۆنامەکانی بێکێتدا ئەبسورد لە مەحاڵبوونی زانین و بەدەستهێنانی وەڵامی یەکلاکەرەوە سەرهەڵدەدات، بە دیدی فەلسەفیانەی بێکت ئەوەیە مرۆڤەکان ناتوانن بە تەواوی لە دونیا تێبگەن، ئەوان هەرگیز وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەست ناکەوێت بۆ پرسیارە گەورەکان وەک (واتا، خودا، مەبەست و ڕاستی) کارەکتەرەکان تێگەیشتنیان نییە و پرسیاریان نییە تەنها چاوەڕێی وەڵامەکان دەکەن، بێگومان مرۆڤ وەڵامی چنگ ناکەوێت هەتا پرسیاری نەبیت، . هەر بۆیە شانۆنامەکانی بێکێت بۆ نموونە چاوەڕوانی گۆدۆدا، کارەکتەرەکان هەوڵدەدەن لەوە تێبگەن کە چی ڕوودەدات یان مانای چییە، بەڵام هیچ کەس نازانێت و بە دڵنیاییان نییە و هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە نایەت ئەمەش هەستی بێمانای و ئەبسورد دروست دەکات. ئەبسوردی درامای بێکێت لە مرۆڤەکان ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت لە ژیان تێبگەن، بەڵام مەحاڵە وەڵامی دیاریکراو بەدەست بهێنرێت، لە ژیاندا مرۆڤەکان بەدوای ڕاستی و مانادا دەگەڕێن بەڵام لە جیهانی بێکێتدا، وڵامی دڵنیا بەدەست ناهێنرێت، هەربۆیە لە هەموو لە شتێکدا هەست بە بێمانای و ئەبسوردی دەکرێت. بەلام ئەبسورد لە دەقەکانی مرۆزێکدا تەنیا لە پەیوەندی نێوان تاکەکان و ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی – سیاسییەدا سەرهەڵدەدات کە کارەکتەرەکان تێیدا دەژین.
مرۆزێک گرنگی بەو بنەمایانە دەدات کە مرۆڤەکان لە جیهانە بچووکەکانیاندا چ یاسایەک پەیڕەو دەکەن و چۆن ئەم یاسایانە ڕەفتارەکانی خەڵک بەڕیوە دەبات. هۆکاری ئەوەی کارەکتەرەکان چۆن لەناو ژینگە بچووکەکاندا دەژین، کارەکتەرەکان قوربانی ئەو دۆخەن کە تێیدا دەژین، کەسانی دەوروبەریان، دمودەزگای دەوڵەتی، ئەو دامەزراوانەی کە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندییەکانیان ڕێکدەخەن. ئەمەش بە باشترین شێوە لەلایەن کارەکتەرەکانی شانۆ نامەی پۆلیسەوە دەسەلمێنرێت کە ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتیانە قبوڵ دەکەن کە بۆیان دانراوە، نرخەکەشی لەدەستدانی کەسایەتی خۆیانە، یان شانۆنامەی شەهید پیتەر ئۆهی، کارەکتەری سەرەکی بێ هیچ گومان کردنێک و پرسیارکردنێک بوونی سەپێنراوی پڵنگێک لە حەمامەکەی خۆیدا قبوڵ دەکات. مرۆزێک باس لەوە دەکات کە چۆن ملکەچبوون بۆ سیستەمێکی بەزەبرو زەنگ و ئیرادەی دەسەڵات دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای بیرکردنەوەی عەقڵانی.
کارەکتەرەکانی ئیۆنێسکۆ لە ژێر کاریگەری کولتوری جەماوەریدا توانای بیرکردنەوەیان لەدەستداوە،
مارتن ئێسلن دەڵێت” کارەکتەرەکانی ئیۆنێسکۆ لە ژێر کاریگەری کولتوری جەماوەریدا توانای بیرکردنەوەیان لەدەستداوە و بەهۆی کۆنفۆڕمیزمkonformizam (١٧) ( کۆنفۆرمیزم واتە خۆ گونجاندنی کوێرانە، ئەوەی کە خەڵکی تر دەیکات) بەواتای ئیۆنێسکۆ پێمان دەڵیت کە چۆن مرۆڤەکان دەتوانن بێ بیرکردنەوە و نامرۆڤ بن کاتێک تەنها پەیڕەوی لە قەرەباڵغی و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن بەبێ ئەوەی بیر لە خۆیان بکەنەوە، ئەم خۆگونجاندنە کوێرانەیە وایان لێدەکات مرۆڤبوونی خۆیان لەدەست دەدەن، تەنها شوێن نۆرمەکانی جەماوەر و کۆمەڵگا دەکەون ئەمەش پەیڕەوبوونێکی میکانیکی وئامێری مرۆڤەکانە، لەوێدا تەواو دەبن بە ئامێرد، ئەمەش تەواو ئەبسوردیە و بێماناییە. ئەم دیدە لە شانۆنامەی کەرکەدەن (١٨) بەرجەستە دەکات.
لە کاتێکدا کارەکتەرەکانی مرۆزێک لەلایەن کۆمەڵگاوە ڕێگرییان لێدەکرێت.کارەکتەرەکانی مرۆزێک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و ئامێری کاردانەوەیان دەبێت، چونکە توانای بیرکردنەوەیان لە ژێر فشاری ئایدۆلۆژیا و سیستەم و خودا لەدەستداوە. ئەوان دیلی واقیعی کۆمه ڵایه تی و ده سه ڵاتێکی تۆتالیتارین، که توانای بیرکردنه وه ی ڕه خنه گرانەیان لێ دزراوە، گوتارو دەستەواژەکەیان وەڵامێکی کورت و ئامێردیە. لە لای مرۆژێک کۆمەڵگا قەدەغەیان دەکات، کارەکتەرەکان ناتوانن هیچ بکەن، ناتوانن بە ئازادی بیربکەنەوە، خۆیان بن یان بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، کۆمەڵگە یان سیستەم دەیانوەستێنێت، یاسا، نۆرم یان دەسەڵات ڕێگری لە ئازادییان دەکات. واتە کۆمەڵگا ڕێگە نادات مرۆڤەکان ئازاد بن، بۆیە کارەکتەرەکان بە شێوازێکی دیاریکراو ڕەفتار دەکەن. (١٩)
مرۆزێک گرنگی بە چارەنووسی تاک دەدات لە چوارچێوەی هەندێک پەیوەندی کۆمەڵایەتیدایە، نەک پرسە میتافیزیکی و خستنەڕووی ئەبسوردی جیهان. شانۆنامەکانی، مەسەلە سیاسییەکانە لە فۆرمێکی گرۆتێسکدا ئاکامی جیهانی سیاسیکراوی پۆڵەندای دوای جەنگە. لە شانۆنامەکانیدا ژێردەقی سیاسی (پەیامێکی سیاسی شاراوە) هەیە، ئەو پەنهانی و ئاماژانەش بینەری پۆلۆنی بەڕوونی دەیانناسیەوە، لەو کاتەدا لە پۆڵەندا کۆنترۆڵی سیاسی بەهێز هەبوو، بۆیە کاتێک کە بە ناڕاستەوخۆش ڕەخنە لە سیستەمەکە دەگیرا دەتوانرا وەک ئیستفزازییەک لە دژی دەسەڵاتداران دەخوێندرایەوە.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین هەندێک جیاوازی لە نێوان دەقە دراماتیکییەکانی بێکێت، ئیۆنێسکۆ و مرۆزێکدا بەدی بکرێت.(٢٠) یوجین ئیۆنێسکۆ و ساموێل بێکێت تا ڕادەیەکی بەرچاو جەخت لەسەر دەربڕینی هەموو تووخمە شانۆییەکان دەکەنەوە، گرنگییەکی زۆر بە هەموو بەشەکانی شانۆی سەر شانۆ دەدەن، نەک تەنها دیالۆگ بەڵکو جوڵە و بێدەنگی و سینۆگرافی و ڕووناکی، دەقەکانین جەخت لە نمایش بوونیان دەکەنەوە. دەقەکانین زۆر شانۆیین بە پێچەوانەی شانۆنامە یەک ئەکتەکانی مرۆزێک کە تێیدا وشە بەرچاوترین ڕۆڵ دەگێڕیت و زۆر دیالۆگین. بەمانای ئیۆنێسکۆ و بێکێت بۆ دروستکردنی مانا، تەواوی دەربڕینی شانۆ (جووڵە، بێدەنگی، سینۆگرافی) بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا مرۆزێک بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای دیالۆگ و وشە دامەزراون.
میرنا سندیچیچ سابلیۆ دەڵێت ” لە دەقەکانی مرۆزێکدا ئۆنیریزم onirizam نییە ئەوەندەی لە لای یۆنێسکۆ ئامادەگی هەیە ئۆنیریزم بە مانای وێنەی خەیاڵی و کابووس و شتی سەیر و سەمەرە. تەنانەت لە دەقەکانی بێکتیشدا ئامادەنین. دەقە شانۆییەکانی مرۆزێک پێکهاتەیەکی بازنەییان نییە و دیمەن و ڕووداوەکان کۆتاییەکی ڕوونتریان هەیە” دەقە شانۆییەکانی مرۆزێک سەرەتایەکی ڕوونتر و ململانێ و چارەسەرێکی ڕوونتریان هەیە بە بەراورد بە شانۆنامەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ.
شانۆنامەکانی مرۆزێک زۆر واقیعیتر و وشکانی بزوێنەرترن، دیالۆگ و کردارەکە زیاتر سەرنجیان لەسەرە ، بەبێ ئەم توخمە خەون و خەیاڵیانە، یان کرداری ئەبسوردی، دیالۆگ زۆر گرنگە و دیمەنەکان واقیعیترە. لە شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ، دیمەنەکانی دەتوانێت ئەبسورد و خەوناوی و پڕ بێت کەل و پەلی وێنەی سەیر و نامۆ.
دیمەنی هەیە کە مۆبیلیات دەفڕێت خەڵک لەناکاو ڕووخسار دەگۆڕێت یان کات باز دەدات و دەگەڕێتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت ئۆنیریزم، لە شانۆنامەکانی ئیوجین ئیۆنێسکۆدا زۆرجار توخمگەلێکی خەوناوی لەم جۆرە ڕوودەدەن.

دەرئەنجام:
دەقە شانۆییەکانی سڵاڤۆمێر مرۆزێک کە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨ بۆ ١٩٦٥ نووسراون، لە دەقی پۆلیسەکان تا تانگۆ، لەلایەن ڕەخنەگرانەوە وەک دەقی شانۆیی ئەبسورد پۆلێن دەکرێن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە سلاڤۆمیر مرۆزێک خۆی هەرگیز بە ئاشکرا هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ ساموێل بێکت یان یوجین ئیۆنێسکۆ، یان تادێوس ڕۆزێڤیچ نەبڕیوە.ڕەخنەگری ئینگلیزی مارتن ئێسلین ڕەنگە یەکەم کەس بێت لە بەستنەوەی دەقە دراماتیکییەکانی مرۆزێک بە ڕەوتی هونەری دوای جەنگ، کە کاریگەری یەکلاکەرەوەیان لەسەر پێشوازیی دواتری مرۆزێک لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو. هەرچەندە ئەو دەقانەی کە لە کۆتایی شەتەکاندا نووسیوێتی لە شێوازە ئەبسوردی و بابەتە گرۆتێسکیەکان دوور دەکەوێتەوە، بەڵام ڕایەڵێکی تووند ببە شێوازی نووسینی ڕابووردووی گرێی دەداتەوە. دوای ئەوەی مرۆژێک وڵاتی خۆی بەجێ دەهێڵێت ڕوو لە بابەتگەلێکی گشتگیرتر دەکات، کە دڵخوازی بینەرانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوان، زۆر حەز بە بینین و بیستنی دەکەن. لە دەقەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک و شانۆنامەنووسانی دیکەی ئەبسوردا هەندێک لێکچوون هەیە، چونکێ نەریتی شانۆی تەقلیدیدا دەشکێنن پێکهاتەی کلاسیکی (سەرەتا – ململانێ – چارەسەرکردن) پەیڕەو ناکەن ڕەنگە هەست بکەیت ڕوداوەکان کە پارچە پارچەبوون یان نالۆژیکییە، دەقەکان، کورتن، نالۆژیکین، پێکهاتەیەکی ڕوون و کارەکتەری واقیعییان نییە. نەبوونی ئاماژەی ڕوونی کات و شوێن، زۆرجار بە تەواوی نازانیت کردارەکە لە کوێ و کەی ڕوودەدات. زۆرجار کارەکتەرەکان جۆر یان هێمان نەک کەسانی واقیعی، قوڵایی دەروونی زۆریان نییە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار کارەکتەری دەقەکانی مرۆژک لەگەڵ نموونە کارەکتەرەکانی دەقەکانی ئیۆنێسکۆ جیاوازن. بارودۆخی کۆمەڵایەتی-مێژوویی. لە دەقەکانی مرۆزێکدا، ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارییەی کە تێیدا دەژین، کارەکتەرەکان لە قاڵب دەدات و هەر بۆیە دەقەکانی زۆر واقیعبینترن لەهی بێکێت و ئیۆنێسکۆ. کارەکتەرەکان لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە دەسەڵات کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تێیدا قەدەغەیە، کە دەبێتە هۆی بۆ ئەوەی شێوازی دەربڕینی مرۆڤەکان هەژار و میکانیکی و زۆر سادەتر بن، مرۆڤەکان وازیان لەدەربڕینی بیروڕای خۆیان دێنن و لەبری ئەوە دەست دەکەن بە دووبارەکردنەوەی دەستەواژە و دروشمی ئامادەکراو کە لە هەموو شوێنێک دەبیسترێن. لە دۆخێکی وادا پەیوەندی ڕاستەقینەی نێوان کارەکتەرەکان مومکین نییە، بۆیە هەمیشە شتە ئەبسوردیەکان لە پەیوەندییە نێوان کەسەکانەوە دروست دەبێت. ڕەخنەگران بە پلەی یەکەم مرۆزێکیان بە ساموێل بێکتەوە گرێداوە بەهۆی پێشوازییە زۆرەی بێکت لە پۆلۆنیا، بەڵم ڕەخنەگران دەڵین دەقەکانی مرۆژک زیاتر لە دەقەکانی یۆژین ئۆنسکۆ نزیکترە، بەڵم بێ شک ئەبسوردیەتی هیچ کام لە نووسەرانی ئەبسورد وەک یەک نییە.
مرۆزێک درێژە بە نەریتی ویتکیڤیچ و گۆمبرۆڤیچ دەدات، کە گرۆتێسک و تەنزئامێز لە دەقەکانیاندا تێکەڵ دەکەن بۆ ئەوەی واقیع بەم شێوەیە ئاشکرا بکەن. مرۆژک پەنا بۆ گرۆتێسک و ساتیرێکی نەرم دەبات بۆ ئیدانەکردنی تۆتالیتاریزم. دەقەکانی پڕن لە ئاماژەی سیاسی شاراوە، چونکە بەهۆی سانسۆر و چاودێری توندەوە ناچار بووە ئالیگۆری (Allegory) بەکاربهێنێت و پەیامەکان بشارێتەوە. ئەبسوردیزم وای لێدەکات ئەو شتانە دەرببڕێت کە نەدەبوو بە ئاشکرا بگوترێ.
زۆر لە دەقە ئەبسوردیەکان پەیوەندییەکی نزیک بە بوون و پرسە میتافیزیکییەکانەوە هەیە، بەڵام لەلای مرۆزێک، ئەبسورد لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و دەسەڵاتە باڵاکانەوە سەرهەڵنادات، بەڵکو لە سەرووی هەموویانەوە لە پەیوەندی نێوان کەسەکانەوە سەرهەڵدەدات ، بەشێوەیەکی سەرەکی باس لە پچڕانی پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژی دەکات، مرۆزێک بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەت، گرۆتێسک و ئیرۆنی بەکاردەهێنێت. ئەمانە تایبەتمەندی شانۆنامە بێماناکانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ماوەی ساڵانی شەستەکاندا نووسراون، کە لەلایەن بینەرانی هەردوو ئەوروپای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە پێشوازییەکی زۆریان لێکرا.

تەواو
بۆ خوێندنەوەی کۆی هەر سێ بەشەکە بە فۆرماتی پ د ف کلیکی ئێرەبکەن..
——————————

پەراوێزی بەشی سێ..

(١٦) ئالیگۆری (Allegory) شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکە، ئوبێکتەکان، کارەکتەرەکان، شوێنەکان یان ڕووداوەکان یان شتەکان هێمان بۆ شتیكی تر، بۆ گەیاندنی مانایەکی قووڵتر. ئەوەی کە نمایشەکە دەیڵیت زۆر زیاترە لە چیرۆک و ڕووداوەکانی نمایشەکەی بینیوتە. هەروەها زۆرجار کارەکتەر و دۆخەکان نوێنەرایەتی بیرۆکە، ئەخلاق یان کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن پەیوەندی بە پرسە ئەخلاقی، سیاسی، یان فەلسەفییەکانەوە هەیە
نموونە چیرۆکێک دەربارەی ئاژەڵەکان لە ڕاستیدا دەتوانێت دەربارەی مرۆڤ و سیاسەت بێت، گەشتێک دەتوانێت هێمای ژیانی مرۆڤ بێت.
مانای دووسەری: هەر چیرۆکێکی ئالیگۆری دوو ئاستی مانای هەیە:
ــ یەکەم مانای ڕووکەش: ئەو چیرۆکە سادەیەی کە دەیبیستین یان دەیخوێنینەوە.
ــ دووەم مانای شاراوە: ئەو پەیامە بنەڕەتییەی کە نووسەر دەیەوێت بیگەیەنێت.
بۆنموونە: چیرۆکی کێڵگەی ئاژەڵان ـ ی جۆرج ئۆرێڵ لە ڕووکەشدا چیرۆکی کۆمەڵێک ئاژەڵی کێڵگەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئالیگۆرییەکە بۆ ڕەخنەگرتن لە شۆڕشی ڕووسیا و دیکتاتۆرییەت.
ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون: چیرۆکی زیندانییەکانی ناو ئەشکەوتێکە کە تەنها سێبەر دەبینن، بەڵام مەبەستی فەلسەفی لێی گەڕانە بەدوای ڕاستی و زانیاریدا.
(١٧) کۆنفۆڕمیزم konformizam : گونجاندنی بیر و ڕەفتار لەبەر خاتری خەڵک، کە بە هەرنرخێک بێت لەگەڵ زۆرینەی خەڵک و کۆمەڵگەدا خۆی بگونجیت. ئەگەر هەموو کەسێک لە گروپێکدا دەست بکات بە وتنی هەمان شت و تۆش هەمان شت بیڵێیت تەنها بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بگونجێت، تەنانەت ئەگەر بەڕاستی هاوڕا نەبیت – ئەوا ئەوە کۆنفۆڕمیزمە.
(١٨) شانۆنامەی کەرکەدەن لە نووسینی ئۆژین یونیسکۆ، ئەم دەقە وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەردم چاپی کردووە. لە شانۆنامەکەدا خەڵکی شارێک یەکە یەکە دەگۆڕدرێن بە کەرکەدەن، سەرەتا هەمووان پیان وایە سەیر و ترسناکە، بەڵام دوای ماوەیەک، خەڵکی زیاتر و زیاتر ئەم گۆڕانکارییە قبوڵ دەکەن پێی ڕادێن خۆیان دەگۆڕن.
١٩) دەتوانین بەراوردێک لە نێوان سلاڤومێر مرۆژێک و ئوژین یۆنیسکۆ بکەین.
لە بەرهەمەکانی یۆنیسکۆ:
ــ کێشەکان لە ناو خەڵکەکەوە دێت.
ــ کەسایەتییەکان خۆیان بێ بیرکردنەوە شوێن کۆمەڵگە دەکەون.
ــ بۆیە کۆنفۆڕمیزم (konformizam) دەکەن و وەک یەک دەبن. خۆیان دەگونجێن. ئەمە وایان لێدەکات ئاستی مرۆڤایەتییان نزم ببێت. واتە خەڵک خۆیان خۆیان دەگۆڕن بۆ ئەوەی لەگەڵ زۆرینە بگونجن.
بەڵام لە بەرهەمەکانی مرۆژێکدا کارەکە جۆرێکی ترە.
ــ کێشەکان لە سیستەم و کۆمەڵگەوە دێت.
ــ کەسایەتییەکان دەتەوێت شتێک بکەن یان بیر بکەن، بەڵام کۆمەڵگە و دەسەڵات ڕێگایان لێدەگرێت، واتە: خەڵک دەیانەوێت ئازاد بن، بەڵام کۆمەڵگە ڕێگا نادات.
یۆنسکۆ: خەڵک خۆیان شوێن زۆرینە دەکەون.
مرۆژێک: کۆمەڵگە خەڵک ناچار دەکات.
(٢٠) جیاوازی، مرۆژک لەگەڵ بێکت و یۆنسکۆ لە ڕووی شانۆییەوە
مرۆژک:
ــ دیالۆگ و وشەکان لە هەمووی گرنگترن.
ــ بیرۆکە و پەیامەکان زیاتر لە ڕێگەی ئەوەی کارەکتەرەکان دەیڵێن دێت
بێکت و مرۆژێک:
ــ شانۆ و جوڵە و فۆڕمی شانۆیی زۆر گرنگە.
ـ جوڵەکان، بێدەنگی، سینۆگرافی (شانۆکە چۆن دەردەکەوێت)، ڕووناکی و دەنگ و زمانی جەستەی ئەکتەرەکان، جوڵەی سادە و بێدەنگی هێندەی دیالۆژەکان گرنگن.




گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک-2-.. زاهیر عەبەڕەش

بەشی دووەم..

شانۆی بێمانا و گرۆتێسک لە نووسینی سلاڤۆمیر مرۆزێک:

زاراوەی “شانۆی ئەبسورد” ژمارەیەکی زۆر لە شانۆنامەنووسانی ئەدەبیاتی نەتەوەیی جیاواز و هەروەها کۆمەڵێک دەقی دراماتیکی بەرفراوان لەخۆدەگرێت. لە نێو ئەمانەدا، مارتن ئێسلین سێ شانۆنامەنووسی ئەوروپای ڕۆژهەڵات وەک نووسەری شانۆی ئەبسورد بە نموونە دەهێنێتەوە، وەک ڤاکلاڤ هاڤێل، تادێوس ڕۆژێڤیچ و سلاڤۆمیر مرۆزێک.
نووسینەکانی ئێسلین ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبوو لە سەر ڕوناکی خستنە سەر سلاڤۆمیر مرۆژێک و ناساندنی بە هەموو ئەوروپا و ئەمەریکادا. بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا کە مرۆزێک تا ئەو ڕادەیەی ڕەخنەگری کروات میرنا سندیچیچ سابلیۆ، ” لە سایەی کتێبەکەی ئێسلیندا مرۆژێک لە ئەوروپادا ناسرا.” ئێسلین لە وتارێکدا بە ناوی “مرۆزێک و بێکێت و شانۆی ئەبسورد” (١٩٩٤)، لێکچوون لە نێوان هەندێک لە دەقەکانی مرۆژێک و بێکێتدا دەبینێتەوە، بۆ نموونە لە نێوان شانۆنامەی چەفەنگ و کۆچبەران و چاوەڕوانی گۆدۆ، هەروەها لە نێوان ” سەمای ڕووتبونەوە” و “ئەکتە بێدەنگەکان”،
ئیسلین ” پرسیاری ئەوە دەکات ئایا مرۆزێک بە کارەکانی بێکێتی دەزانی یان کەوتۆتە ژێر کاریگەری بێکتەوە؟ بەڵام مرۆژک خۆی وەڵامی ئەوە دەداتەوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئۆتۆ مانهەیمێر کە ” فازیل جاف وئەم چاوپێکەوتنەی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی” کە مرۆژێک دەڵێت ئەو لە ژێر کاریگەری هیچ کەسێکدا نەینووسوە.
بەڵام بێ شک کە مرۆژک و بێکت، ئەم دوو نووسەرە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونەکانی قۆناغی دوای جەنگ نووسیویانە، کە ترس و تۆقین لە تۆتالیتاریزمی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی گرتبووە. نووسەرانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات نەیاندەتوانی خۆیان لە سیاسەت جیابکەنەوە و پشتگوێی بخەن وەک ئەوەی بێکێت و ئیۆنێسکۆ خۆیان دوورخستەوە” لێرەدا مرۆژێک ڕەمزگەرایی بۆ تێکدان و ئاشکراکردنی کەموکوڕیەکانی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار بەکاردەهێنێت و دەقەکانی پڕن لە ڕەخنە لە تۆتالیتاریزم.
دیدگای ئێسلین لەلایەن چەندین نووسەری دیکەوە وەرگیراوە. بۆ نموونە میشێل پرونەر (١١) کە لە یەکێک لە مۆنۆگرافی یاداشتەکانە نوێیەکانیدا لەسەر ئەو بابەتە، مرۆزێک لە نووسەرانی شانۆی ئەبسورد دەخاتە ڕوو. هەروەها دارکۆ گاشپارۆڤیچ Darko Gašparović (١٢) پێی وایە بەرهەمەکانی مرۆزێک “ڕەسەنترین دەنگدانەوەی شانۆی ئەبسوردە لە جیهاندا دوای ئیۆنێسکۆ و بێکێت” ئەمەش بەو مانایەیە کە گاسپارۆڤیچ کارەکانی مرۆزێک بە یەکێک لە بەهێزترین و ناوازەترین درێژەپێدراوەکانی شانۆی ئەبسورد دەزانێت”.
بەرهەمەکانی مرۆزێک لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ نووسەرانی دیکەی شانۆی ئەبسوردا هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، تا چەند دەتوانرێت بەرهەمی مرۆزێک پەیوەندی بە بەرهەمی بێکێت و ئیۆنێسکۆوە هەبێت، بۆ نموونە؟ مرۆزێک خۆی ڕەتیدەکاتەوە سەر بە هەر قوتابخانەیەک یان گروپێکی ئەدەبی بێت، بە شانۆی شانۆی ئەبسوردیشەوە، ئەو بە دوودڵیەوە ئەم پۆلێنکردنە سەپێنراوەی قبوڵ کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە دەقەکانی سەر بە شانۆی بێمانا نین. میرنا سابلجو لە چاوپێکەوتنێکدا دەنووسێت، کاتێک پرسیاری ئەوە لە مرۆژێک کرا لەبارەی خستنەڕووی بەرهەمەکانی بە شانۆی ئەبسورد لە لایەن ئێسلین کە بە شانۆی ئەبسورد ناوزەدی کردووە، ئەو دەڵێت، مرۆژێک وتی کە سوپاسگوزاری مارتن ئێسلینە کە لە نێو نووسەرانی شانۆی ئەبسوردا کە ناوبانگێکی زۆری بۆ دروست کردووە، بە تایبەت لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ئەم پۆلێنکردنە بەبێ مانا (ئەبسورد) دەزانێت. ئاشکرای دەکات کە تا ڕادەیەک بێزار بووە لەوەی کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسان تەنیا لەبارەی شانۆی ئەبسوردەوە پرسیاریان لێ کردووە و هیوادارە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کتێبەکەی ئێسلین تا ڕادەیەک کۆنە، نەوەیەکی نوێی ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران بیرۆکەی تازە و ڕێبازی داهێنەرانەیان هەبێت.
مرۆزێک لە ڕێگەی وەرگێڕان وبینینی نمایشی شانۆ لە شانۆکانی پۆڵەندا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە لەگەڵ شانۆی ئەبسورد ئاشنا بێت. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٦ سەردانی فەرەنسای کردووە، بەڵام وەک لە ژیاننامەکەیدا دەیگێڕێتەوە، بەشداری نمایشەکانی شانۆنامەنووسانی فەرەنسی نەکردووە و ڕایگەیاندووە کە نە بەهۆی ئەوەی فەرەنسی نەزانیوە یان بەهۆی کێشەی داراییەوە نەچووەتە شانۆ.
مرۆژک یەکەم شانۆنامەی خۆی بە ناوی پۆلیسەکان نووسی کە ئادەم تارن لە گۆڤاری دیالۆگدا بڵاویکردەوە. لە هەموو دەقە درامیەکانی مرۆژک لە قۆناغی سەرەتای نووسینی تا شانۆیی تانگۆ زۆربەیان شانۆنامەی یەک ئاکتن، کە ئەبسورد و بابەتە گرۆتێسکییەکان باون تێدا. مرۆزێک لە نامەیکدا بۆ هاوڕێەکی کە ڕەخنەگری ئەدەبیە یان بلۆنسکی Jan Blonski ، بۆی ڕوون دەکاتەوە کە بۆ ئەوەی بننوسم، دەبێت بەرزبێتەوە بۆ ئاستێکی سەیرو گرۆتێسک و ئەبسورد ئەوەی گوزارشت لە شتەکان بکەم، چونکە تەنیا بەم شێوەیە دەتوانێت باسی جیهان و مرۆڤ و مێژوو بکات.
نەریتی گرۆتێسک لە درامای پۆڵەندی سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەک فرە تایبەت دەوڵەمەندە، و زۆر گرنگە بۆ پێکهاتنی شانۆی دوای جەنگ. لە کاتێکدا شانۆنووسانی فەرەنسی کەڵکیان لە ئەزموونەکانی دادایزم و سوریالیزم وەرگرتبوو بەتایبەت بەرهەمەکانی ئەلفڕێد جاری، گیلۆم ئەپۆلینێر، ئەنتۆنین ئارتۆ و ڕۆجەر ڤیتراک. شانۆی نەریتی و بۆرژوازی/ شانۆی بولڤاردیان (١٣) ڕەتکردەوە، شانۆنووسە ئەبسوردیزمیەکانی پۆڵەنیاش لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، میراتی نەریتی ئەدەبی بەتایبەتی ڕۆمانسیزم ڕەتکردەوە.
شانۆنامەنووسە ئەبسوردیزمیەکانی پۆڵەندی، سەیری نووسەرانی وڵاتەکەی پێش خۆیان کرد، کە لە ئەدەبیاتی نێوان جەنگەکانی خۆیان تێدا دۆزییەوە، کە جەنگ چ کاریگەریەکی هەبووە لەسەر شیوازی و نووسین و بیرکردنەوەیان. وەک بەرهەمی ستانسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ و ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ. هەروەها پێشوازیی بێکێت و ئیۆنێسکۆ گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ پێکهێنانی شانۆی ئەبسوردی پۆڵەندی و تەرزی نووسینی شانۆکارانی پۆڵەندا، کاریگەریەکانی نووسەرە ئەبسسوردیەکانی ئەوروپای خۆرئاوا کەمتر نەبوو لە بەرهەمەکانی گۆمبرۆڤیچ و ویتکیڤیچ کە بە رۆح و باوکی ئەدەبی پۆلۆنی دادەنرێت.
میرنا سندیچیچ سابلیۆ دەڵێت، ” لە ساڵانی ١٩٥٠ــ ١٩٦٠ ــ ی پۆلۆنیا ڕەخنەگران بەدوای ئاماژە و نیشانەکانی ئەبسوردیزم و گرۆتێسکدا دەگەڕان لەو شانۆیانەی کە لەو ساڵانەدا نمایش دەکران، هەروەها سەرجەم نووسینەکانی ئەو قۆناغە باس لەوە دەکات کە گۆمبرۆڤیچ و ویتکیڤیچ بە پێشەنگی شانۆی ئەبسورد و شێوازی گرۆتێسک و دژە وەهم دادەنرێت ، بێ ناوهێنانی شانۆنامەکانی وگۆمبرۆڤیچ و ویتکیڤیچ و بێکت و ئۆنیسکۆ مەحاڵە بیر لە بوونی مرۆزێک بکرێتەوە، گۆمبرۆڤیچ لە دەقە ئەدەبییەکانیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەگەرە دەربڕینەکانی گرۆتێسک بەکار دەهێنێت.” بەواتای مرۆژێک قاچێکی لە نێو دونیای ئەبسوردیزمی ئەوروپای خۆر ئاوایە و قاچەکەی تری لە نێو شانۆنووسانی پۆلۆنیای سەردەمی پێش خۆی. مرۆزێک دان بەوەدا دەنێت کە زۆر زوو بەرهەمەکانی گۆمبرۆڤیچ خوێندووەتەوە و کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر بەجێهێشتووە. مرۆژێک سوودی لە نەریتی گرۆتێسکی ویتکیڤیچ و گۆمبرۆڤیچ وەردەگرێت، بەڵام بە ئەزموونی نەوەیەک کە بە دۆزەخی تۆتالیتاریزمی ئایدیۆلۆژی ستالیندا تێپەڕیوە، نوێیان دەکاتەوە.
ئۆسکار بارتۆش(١٤) کارەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک بە تایبەتترین مۆدێلی گرۆتێسکی فیکری لە ئەدەبیاتی سلاڤی و ئەوروپای خۆرهەڵاتی مۆدێرن دەزانێت. دەڵێت کە گرۆتێسکی مرۆزێک “لە واقیعی تایبەتی پۆڵەندییەوە گەشەی کردووە، هەروەها لە داب و نەریتە بەهێزەکانی ڕێنێسانسی پۆڵەندی و گرۆتێسکی سەردەمی بارۆک، قارەمانەکانی سەردمی کلاسیکی نوێ، تەنزەکانی قۆناغی ڕۆمانسی.

سەرنج خستنە سەر چەند دەقێکی وەک نموونە:
لە دەقە شانۆییەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێکدا، شتە ئەبسوردیەکان و گرۆتێسکەکان هێندە نزیکە بەیەکەوە گرێدراون. ناوەڕۆک و شێوەکەی بوون بەیەک، کە ئەبسوردیەت لە ئاستێکی ناوەڕۆکیشدا دەردەکەوێت، بۆ نموونە
ــ دەقی شانۆی پۆلیس کە ڕەخنە لە ڕژێمی تۆتالیتاری دەگرێت و دژایەتییەکانی ناو دەسەڵاتدارەکان ئاشکرا دەکات. دەقەکە باس لەوە دەکات پۆلیس هەر کەسێک ناڕەزاییەک دەرببڕێت دەیگرن، هەر جۆرە ناکۆکییەکی لەگەڵ دەسەڵاتدا سەرکوت دەکرێت، کارەکتەرەکانی دەقە شانۆییەکە سێ کەسی پاڵەوانن لەگەڵ چەند کەسێکی لاوەکی، وەک فەرماندی پۆلیس، کە نوێنەری دەسەڵاتی باڵا و سیستەمە/ ئەفسە، کە جێبەجێکار و باوەڕدار بە سیستەم/ زیندانیەکی سیاسی کە پەشیمان دەێتەوە لەوەی کە ڕەخنەی لە دەسەڵات دەگرت، لەگەڵ هەندێک ئەکتەری لاوەکی (کۆمبارس).
ڕوداوەکانی دەقەکە، لە دۆخێکی خەیاڵیدا ڕوودەدات، کە پۆلیسەکان شانازی بەوە دەکەن کە هیچ ناڕازەییەک نەماوە بەرامبەر بە دەسەڵات، هیچ ڕەخنەگرێک نییە، تەنها یەک زیندانی سیاسی ماوە.بەڵام کێشەکە لێرە دەستپێدەکات، ئەو زیندانییە پەشیمان دەبێت. واز ڕەخنەکانی لێدەهێنێت ودەڵێت حکومەت ڕاستەکە دوا دوا زیندانی کە بۆ ماوەی دە ساڵ درێژ بەرگەی ئەشکەنجە و لێپرسینەوە گرتووە، گۆڕانکارییەکی تەواو بەسەردا دێت پەشیمان دەبێتەوە و خەریکە ئازاد دەکرێت، کەس ناڕەزایەتی دەرنابڕێت بەرامبەر سیتەم، بەو مانایەی کە ئیدی چیتر پێویست بە پۆلیس ناکات، ئەمەش قەیرانێکی وجودی بۆ هێزی پۆلیس دروست کردووە، پێگەی ئەوان کەوتە مەترسییەوە و پۆلیس ناچار بوو نەیاری خۆیان دروست بکەن، چونکە بەبێ ئەوان نەیاندەتوانی بژین. دەست دەکەن بە هاندانی یەکتر بۆ ئەوەی ببنە خەفیە و جاسوس بۆ ئەوەی ئەوەی یەکتر بگرن. بازنەی ئیدانەکردن و دڵسۆزی دروست دەکەن کە خۆیان تێیدا هەم تاوانبار و هەم دەبنە قوربانی. دەسەڵاتی سەرکوتکەر هەروەها پێویستی بە دوژمن هەیە بۆ مانوەی خۆی، هەتا ئەگەر ناچار بێت خۆی دوژمن دروست بکات.
پۆلیسێک ڕۆڵی ئاژاوەگێڕ و نەیاری دەسەڵاتی پێسپێردراوە، دەسەڵاتی سەرکوتکەر هەروەها پێویستی بە دوژمن هەیە بۆ مانوەی خۆی، هەتا ئەگەر ناچار بێت خۆی دوژمن دروست بکات. کاتێک پۆلیسەکان خۆیان دەبن بە “تاوانبار”، ئەمە مانایەکی زۆر قووڵ هەیە، سیستەم بۆ مانەوەی خۆی، هەموو شتێک دەکات هەتا ئەگەر درۆ بێت. دەسەڵات هەمیشە پێویستی بە هەڕەشە هەیە، ئەگەر هەڕەشە نەبێت، دروست دەکرێت، ترس ئامرازێکی سیاسییە. پەیوەندی بە شێوازی کافکایی ئەوەیە مرۆڤ لە ناو سیستەمێکی بێێمانا گیر دەبێت، یاسا هەیە بەڵام مانای نییە،دەسەڵات هەیە بەڵام ڕوون نییە. ئەمە ئەو دەقەیە کە ناوەڕۆکێکی ئەبسوردی هەیە.
ــ هەروەها مرۆزێک لە دەقی شانۆیی لەپانتایی دەریادا، کە تەنها سێ کارەکتەری هەیە، کارەکتەرەکان ناوی دیاریکراویان نییە، ئەمەش بەهۆی شێوازی ئەبسوردی شانۆنامەکەیە، کارەکتەرەکان، لە چەور، مامناوەند و لەڕ، لە هەندێک وەرگێراندا بە : یەکەم، دووەم و سێیەم نووسراوە، لە وەرگێرانێکی تردا بە ( آ، ب، د)، ئەم تێکستە کراوە بە کوردی لە لایەن فازیل جاف لە ژێر ناونیشانی گێژەن، ئەوەیش کارەکتەرەکانی بە ( قەڵەو، درێژ و بچووک ) نووسیوە، کارەکتەرەکان لەسەرکەڵەکێکن، دوای نوقمبوونی کەشتییەکەیان، بێ خواردن و بێ هیوا دەمێینەوە، دەبێت بڕیار بدەن کامیان خۆیان بکەنە قوربانی و ڕێگە بدەن هاوڕێکانی بیخۆن، بەمەش ئەوانی دیکە ڕزگار دەکەن.
مروژێک بە ئەنقەست شوێنەکە دیاری ناکات، لەدەقەکەدا شوین وڕووداو کات کۆمەڵێک ئامەژەی قوڵن، لە دەقەکەدا دەریا نوێنەری دۆخی مرۆڤایەتییە، کەڵەک، ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگا، گیرخواردنیان لە ناو دەریادا ئاماژەیە بۆ کێشەی ژیان و مەرگ. ئەم ڕووداوە دەتوانێت هەموو شوێنێک بێت و لە هەموو جێگایەک ڕووبدات ، لە هەر کۆمەڵگایەک ناعەدالەتدا کە مرۆڤ لە بەرامبەر کێشەیەکی گەورەدا ڕوو لە ئەخلاق و سیستەم دەکات، ئەوا دەسەڵات و سیستەم هەوڵ دەدات پەرەگرافێکی بۆ دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مافی بخوات.
لە تێکستەکەدا دوو لە کارەکتەرەکان هەوڵ دەدەن بە “ڕێگای دیموکراسیەت” هاوڕێکەیان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بیخۆن، مروژێک لێرە ڕەخنە لە نائەخلاقیەت لە دیموکراسیدا دەگرێت، قسەکردنی سیاسی بێ‌کردار بەکارهێنانی ئەوەی زۆرجار “دەنگی زۆرینە” ڕاست نییە، یاسا بۆ پاساو هێنانەوە تاوانە. مرۆژێک مەترسییەکانی دیموکراسی ئاشکرا دەکات کە تێیدا بڕیارەکان بە دەنگی زۆرینە دەدرێن. کێ توانای هەبێت پرۆسەی “دەنگدان” و بڕیاردان ڕێکدەخات، بە شێوەیەکی دیموکراتیک دیار دەکات کێ بخۆرێت، بەڵام لە ڕاستیدا سیستەمەکە بە قازانجی خۆی ئاڕاستە دەکات، چۆن بڕیار دەدەن؟ دانیشتن، درێژ دادڕی و دەنگدان و دیموکراسی، ئەو کەسەی کەمترین توانای قسەکردن هەیە دەبنە بە قوربانی لە پەرەگرافی یاساکاندا. لێرەدا بە تۆخی ڕەنگ ڕێژ کراوە بە کۆمیدیای ڕەش. مرۆژێک مانایەکی فەلسەفی قووڵتر دەدات بەم دەقە یەک پەردەییە، و پرسیارێک دەکات، ئەگەر ژیان لە دۆخێکی سەختدا بێت، ئایا دیموکراسی و یاسا بەسە بۆ پاراستنی ئەخلاق؟
ــ شانۆنامەی ڕووتبونەوە، جیهانی شانۆنامەی “ڕووتبوونەوە” بە هەمان شێوە ناماقوڵ و شێوازێکی ئەبسوردە، چیرۆکەکەی دەربارەی دوو پیاوی بێناسنامەیە، بە کەسی یەک و کەسی دوو ناویان هاتووە، بەبێ هیچ هۆکارێکی دیار خزێنراونەتە ژورێکەوە و دەستبەسەر کراون، خۆشیان نازانن چۆن کەوتونەتە ئەو ژوورەوە؟ کێ هێناونی بۆ ئەوێ؟ ئەوان هەوڵدەدەن تێبگەن چی ڕوودەدات؟ بۆچی لەوێن؟.
دەرگای ئەو ژوورەی چوونەتە ناوی کراوەیە، بەڵام دەرفەت بۆ هەڵهاتن ناقۆزنەوە. دوو پیاوەکە دەکەونە گفتوگۆ و مشتومڕدان، هەر یەکەیان هەوڵدەدات باشتر خۆی پیشان بدات و دەسەڵاتی زیاتر بەسەر ئەویتردا بسەپێنێت، لە کۆتاییدا دەستێکی گەورە لە سەقفەکەوە دەردەکەوێت دەستێکی دروستکراوی میکانیکی زەبەڵاح فەرمانیان پێدەکات و لە لایەن ئەو دەستەوە بەریوە دەبرێن کە لە سەقفی ژوورەکەوە دێتە دەرەوە، فشار بە دوو کەسەکە دەهێنێت و فەرمانیان پێدەکات بەوەی کە خۆی دەیەوێت و کە ڕەفتاریان بگۆڕن. لە کۆتایی نمایشەکەدا، دەستە گەورەکە بە تەواوی کۆنترۆڵی ژیان و هەڵسوکەوتیان کۆنترۆڵ دەکات و و کاراکتەرەکان هەست دەکەن کە ناتوانن بەرامبەر ئەم هێزە بووەستن و دەستەپاچەن. بەتەواوی هەردووکیان لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزەدان دەستەکەدان و تا ئەو ڕادەیەی کە ناچاریان دەکات جلەکانیان دابکەنن
دەستە میکانیکیەکە ووردە ووردە فەرمان بە دوو کەسەکە دەکات کە جل و بەرگەکانین دابکەنن، دوو کەسەکەش لە گفتوگۆ و ڕووداوە جیاوازەکاندا جارێک بە تەدریج ماسکەکانیان لادەبەن. ڕووکاری ڕاستەقینەی خۆیان دەردەکەوێت، کارەکتەرەکان لە دەستپێکدا خۆیان بە شێوەیەکی باش و ڕێک پیشان دەدەن، بەڵام کاتێک چیرۆکەکە بەرەو پێش دەڕوات نهێنییەکان دەردەکەون، درۆ و دووڕووییان دەردەکەوێت، ڕاستیی کەسایەتییەکان دەبینریت.ڕووتبوونەوە لە شانۆکەدا بە مانای لادانی ماسکی کۆمەڵایەتییە، نەک تەنها ڕووتبوونی جەستە. دەستە گەورەکە لە نمایشەکەدا ڕەمزێکە شارەزای ئەدەبە، نوێنەری دەسەڵات، حکومەت و سیستەمی کۆمەڵگا و هێزێکی نەبینراوە کە مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکات، واتە لەوێدا مرۆڤ وەک بووکەڵەیەک دەبێت کە هێزێکی تر جوڵەی پێدەکات.
پەیامی فەلسەفی نمایشنامەکە ئەوەیە کە مرۆڤ زۆرجار وای دەزانێت ئازادە، بەڵام لە ڕاستیدا سیستەم و دەسەڵات هەڵسوکەوتی کۆنترۆڵ دەکات، ئەم فشارە، هەندێک جار مرۆڤ دەخاتە کێشە و شەڕ لەگەڵ یەکتر دەکەن.
دەستە گەورەکە سیمبولی دەسەڵات و سیستەمی سیاسییە، هێزێکە کە مرۆڤەکان کۆنترۆڵ دەکات. لە کۆمەڵگا فشاری کۆمەڵایەتی کە خەڵک ناچار دەکات بە شێوەیەکی دیاریکراو بژین، مرۆڤ زۆرجار وا دەزانێت ئازادە. بەڵام لە ڕاستیدا هێز و سیستەمەکان ژیانیان کۆنترۆڵ دەکەن. کاتێک ئەو هێزانە فشار دەهێنن، ترس و لاوازی مرۆڤ دەردەکەوێت، بۆیە نمایشنامەی ڕووتبوونەوە ڕەخنەیەکی توندە لە دەسەڵات و دووڕوویی کۆمەڵگا.
کاتێک ماسکەکانیان دەکەوێت و رووی ڕاستیان دەردەکەوێت دەکەونە ئاستێکی نزم و داوای لێبوردن لە دەستە زەبەلاحەکە دەکەن، بەڵێنی ملکەچبوون و گوێڕایەڵی دەدەن، تەنانەت دوای ڕووتبوونەوەیان و زەلیل بوونیان بەو هیوایەن دۆخەکە خۆی چارەسەر بێت. شانۆنامەی ڕووتبوونەوەکارێکی شانۆییە کە بە شێوەی ساتایری نووسراوە و مەبەستی سەرەکیی دەرخستنی دووڕوویی کۆمەڵگا و ماسکەکانی مرۆڤە ناوی تێکستەکە لە ناوەڕۆکی شانۆییەکەوە وەرگیراوە، کە ڕووتبوونەوەی جەستەیە بەڵام بە شێوەیەکی ڕەمزی بەکاردێت؛ واتە رووتبوونەوەی ڕاستیی مرۆڤ و ناوخۆی کەسایەتییەکان و داکەوتنی ماسکەکانی مرۆڤە.
لە شانۆنامەکانی مرۆزێکدا جیهان وەک گرۆتێسک وێنا دەکرێت، واتە جیهانی شانۆنامەکانی مرۆژێک دونیایەکی سەیرو سەمەرەیە، لە ئاستی جیهانیشدا وێنەکە گەورەتر دەکات، ئەم گرۆتێسکیەش لە ئاستی داڕشتنی وێنەی گشتی جیهاندا دەردەکەوێت. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکانی لە جیهانێکی نامۆ، دژوار و ناڕووندا دەژین، لەو شوێنانەی کە کارەکتەرەکانی لێیەو بوونیان هەیە هەڕەشە و مەترسی لەسەرە، وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە شانۆنامەی ڕووتبوونەوەو تانگۆ بکەین، کە جیهانی ناو شانۆییەکە لە دۆخێکی هەڵوەشانەوەدایە. هەروەها لە لایەکی ترەوە لە شانۆنامەکانی مرۆزێکدا گرۆتێسک لە ئاستی داڕشتنی کارەکتەرەکان و زمانیشدا دەردەکەوێت.
مرۆڤ دەتوانێت سەرنجی ئەوە بدات کە لێکچوونێک لە نێوان شێوازی کارەکتەرەکان لە شانۆنامەکانی نووسەرانی شانۆی ی ئەبسورد و شانۆنامە یەک پەردەکانی سەرەتای نووسینی سلاڤۆمیر مرۆزێکدا ببینێت. لە شێوازی شانۆنامەی کلاسیکی و سونەتی پاڵەوان و دژە پاڵەوان بە ڕوونی بەرجەستە دەبن. بەڵام لە شانۆنامە ئەبسوردیەکان، دژە پاڵەوانەکان خاڵین لەو سیفەتانەی کە بنیاتنانی کارەکتەرە دراماتیکییە تەقلیدییەکان لەسەری بنیات نراوە، ئەمەش وا دەکات ناسینەوەی دژە پاڵەوان بۆ بینەر تاڕادەیەک مەحاڵ بێت.
ڕەنگە مەحاڵ بێت بینەر هاوسۆزی لەگەڵ پاڵەوانەکان بکات، لە هەمان کاتدا لەلای خوێنەر و بینەری نمایشی شانۆی ئەبسوردا پێکەنین و هاوسۆزی دەوروژێنن. کارەکتەرکان لە ژیانی ناوەوە بێبەش دەبن و هەربۆیە دەبنە جێگرەوەیەک یان ئاماژەیەک لەبەر ئەوە لە لەدەستدان و ونکردنی ناسنامە لە ناونانی کارەکتەرەکانیشدا ڕەنگ دەداتەوە، بە پیشە، پێگەی خێزان، ڕەگەز یان تەنها بە جێگرەوە یان تەنها بە پیتێک یان بە ژمارە ناویان دەهێنرێن.

درێژەی هەیە..

بەشی دووەمی سەرچاوەکان:

(١١) Michel Prunet میشێل پرونەر یەکێکە لە ڕەخنە گرە ناودارەکانی فەڕەنسی کە کارەکانی سەرەتایی لە بواری زانیاری ئەدەبیات و شانۆ بوو، زانیاری لەسەر نووسەرانی ئەوروپی و تێمای ئەبسورد کۆ دەکردەوەوە شیکاری دەکردن، ئەویش بە هامان شێوەی ئێسلین کتێبێکی هەیە بە نێوی شانۆی ئەبسورد، Les théâtres de l’absurde” پر پرونەر ئەوەمان بۆ ڕوندەکاتەوە کە کە ئەوەی بە ” ئەبسورد” دەردەکەوێت تەنها بە شێوەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو دەربڕینێکی هۆشیارانەیە کە چۆن واقیع هەندێک جار وەک ئاژاوە یان تێنەگەیشتن ئەزموون دەکرێت.
دەیەوێت لەوە تێبگەین کە شانۆی ئەبسورد لە سەدەی بیستەمدا چۆن شێوازی درامای گۆڕی، بە بەراورد بە تەکنیک و شێوازەی نووسەرە جیاوەزەکان، وە چۆن شانۆنامەکان کێشەکانی ژیانی هاوچەرخمان بە مانا و پەیوەندییەوە نوێیەکان دەردەبڕن. لە ڕێگەی نموونە هێنانەوەی تێکستە شانۆییەکانەوە تەکنیکەکانی شانۆی ئەبووسورد ڕوندەکاتەوە و پێمان دەڵێت کە ئەبسورد چییە و بۆچی سەریهەڵدا و چۆن لە پراکتیکدا کاردەکات؟. ئەویش بە هەمان شێوەی ئێسلین مرۆژک وەک شانۆنامەنووسێکی ئەبسورد پۆڵین دەکات.
(١٢) Darko Gašparović دارکۆ گاشپارۆڤیچ ( ١٩٤٤ ــ ٢٠١٧) نووسەر و دراماتۆرگ و ڕەخنەگر، مامۆستا لە زانکۆی زەگریب، نزیک ١٠ کتێبی لە بارەی هونەری شانۆی هەیە. بەزمانی کرواتی و فەرەنسی دەینووسی. گاشپارۆڤیچ شانۆنامەکانی مرۆژێکی لە ڕوانگەی شانۆی ئەبسوردەوە شی دەکردەوە، فۆرمێکی شانۆییە کە جەخت لەسەر بێ مانای، ئەبسورد و نامۆبوون، نەبوونی کرداری لۆژیکی و تەوەرە وجودیەکان دەکاتەوە. بەکارهێنانی تەنزی کولتووری و سیاسی و یاریکرن بە زمان، و دیالۆگ، کە گاشبارۆڤیچ خۆی دکتۆرای لەسەر لینگوستیکی هەبوو. ئەو، مرۆژێک لە گۆشەنیگای ئەبسوردی لینگوستیکی شیکاری دەکات. کە مرۆژێک بەکاربردنی زمان ، گفتوگۆی توند و پارادوکسال و کردارەکان و سمبولەکان، کارەکتەر و توانایەکی نوێ و تایبەتی بۆ دروستکردنی شێوازی شانۆی ئەبسوردمان بۆ دەخوڵقێنێت. مرۆزێک تاقیکردنەوە لەسەر زمان و دیالۆگ دەکات بە شێوەیەک کە هەم نوکتە و هەم ئیرۆنی وبونگەرای دروست دەکات. زۆرجار دیالۆگەکانی خێرا، ئەبسورد و پارادۆکسیکاڵن، ئەمەش هەستی ئەبسوردی بەرز دەکاتەوە بەڵام جیای دەکاتەوە لە بێکێت کە زۆرجار زمانی مینیمالیستی بەکاردەهێنێت. گاشپارۆڤیچ پێکهاتەی کارەکتەر لای مرۆزێک شیدەکاتەوە کە کارەکتەرەکان دروست دەکات کە هێمای تەنزئامێزی بەهێزن، نەک تەنها فیگەری بەتاڵ، نوێنەرایەتی بیرۆکە، پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی یان لاوازی مرۆڤ دەکەن.
(١٣) Boulevardteater شانۆی بولڤارد بە واتای شانۆگەورەکانی کە دەکەوێتە سەر شەقامێکی گەورە، Boulevard وشەیەکی فەڕەنسییە بە مانای شەقامێکی فراوان و گەورە. زۆرجار ئەم ناوە بۆ ناوی شانۆ یان هۆڵی پێشکەشکردنی هونەر بەکاردێت، بۆ نموونە لە وڵاتانی سکاندیناڤیا و ئەورووپا.
(١٤) Oskar Bartoš ئۆسکار بارتۆش ڕەخنەگر و نووسەرو شارەزا لە بارەی گروتێسکی ئەدەبی و شانۆ، بە تایبەتی لە بابەتی گروتێسکی نوێ، ئۆسکار بارتۆز لە پۆلێنکردنی گرۆتێسکەکانی سەدەی بیستەمدا جیاوازی دەکات لە نێوان:
ــ گرۆتێسکەکانی سارد (لە جۆری کافکایزم، کە هەستێکی ترس و دڵەڕاوکێ لە خوێنەردا ورووژێنێت. کاتێک کەسێک لە ناو سیستەمێکی بێڕەحم و سەیر و ئاڵۆزدا گیر بخوات و هەست بە بێ‌دەسەڵاتبوون بکات، ئەوە دەوترێت Kafkaesque )، واتە گرۆتێسکی تەنزئامێز (کە بەرەنگاریی نامۆبوون لەگەڵ پێکەنین دەجەنگن)
ــ گرۆتێسکەکانی فیکری (کە تایبەتمەندییەکانی… گرۆتێسکی سارد و سەرقاڵ و ژێردەقێکی فەلسەفییان هەیە). دۆخی سەیر، تێکچوو یان نائاسایی بۆ ئەوەی ڕاستییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی یان مرۆیی بخاتە ڕوو. بە واتایەکی تر، کاتێک بیر و عەقڵانییەکی قووڵ بە شێوەیەکی ناوازە، هەندێک جار ترسناک یان خەندەدار- ناخۆش پیشان بدرێت، ئەوە دەوترێت intellektuell grotesk.




گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک-١-.. زاهیر عەبەڕەش

سلاڤۆمیر مرۆزێک (١) یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی پۆڵەندای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم. لە پۆڵەندای زێدی خۆی و لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا ڕێزی لێدەگیرێت. ناوبانگی جیهانی بەدەستهێناوە، یەکێکیش لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ناوی مرۆژک لە دونیای ئەدەب و شانۆد و وەک نووسرێکی ئەبسورد ڕەخنەگری شانۆی ئینگلیزی مارتن ئێسلین بوو Martin Esslin (٢)، کە مرۆزێک لە شانۆنامەنووسانی ئەبسوردا ڕیزبەند دەکات، لە کتێبەکەیدا بە هەمان ناو (شانۆی ئەبسورد)، کە لە ساڵی ١٩٦١دا بڵاوکرایەوە.
لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا، مرۆزێک زۆرجار وەک نووسەرێکی ناڕازی و دژە ڕێژیم ناوزەد کرا، لە کاتێکدا لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە نێو نووسەرانی شانۆی بێمانادا جێگیر بووە، ئەو لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا حزبی شیوعی بەجێدەهێڵێت، ئایدۆلۆژیاکەی ڕەتدەکاتەوە، هەڵوێستی ڕەخنەیی خۆی پیادەدەکات و لەڕێگەی نووسینی چیرۆکی تەنزئامێز و گاڵەجاڕانە و نووسینی ستوونی ڕۆژنامەوانی، ئەو جگە لەوەی کە نووسەرێکی دیاری دەقی شانۆ و چیرۆک بوو، هاوتەریب ڕۆژنامەنووسێکی دیار بوو بەر لەوەی دەقی شانۆ بنووسێت، ئەو ئەزموونی ڕۆژنامەوانی خۆی بە گرنگییەکی یەکجار زۆر دەزانێت بۆ ڕەوتی زیاتری کارەکانی، چونکێ بەشێکی زۆری دەقەکانی دواتر لەسەر بنەمای گاڵتەجاڕی، پارۆدۆکسی و گرۆتێسک نووسیووە. کۆمەڵێک چیرۆکی ناوازەی هەیەکە شێوازی کۆمێدییای ڕەش ساتیری بەکارهێناوە.
یەکێک لەو نموونانە کە بڵاوی کردۆتەوە بە ناوی SLON سۆلۆن بە زمانی پۆلۆنی بەواتای فیل، یەکێک لە چیرۆکە درێژەکانی ناوی فیلە کە لەساڵی ١٩٥٧ بڵاوکرایەوە، لە چیرۆکەکەدا، بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵان بۆ ئەوەی پارە کەمتر خەرج بکات، قازانجێکی زۆر بکات فیلێکی ڕاستەقینە ناکڕێت، بەڵکو فیلێکی هەواپڕ ( لاستیکەو لە شێوەی فیلی ڕاستەقینە ) دادەنێت.
ئەمە هێمای ئەو سیستەمانەیە کە بە درۆ و ڕووکار کار دەکەن، مرۆژێک بە شێوەی ڕەمزی ڕەخنە لە سیستەمی کۆمۆنیستی ئەو کاتە دەگرێت. ئەو سیستەمەی کە زۆرجار ڕووکار و پروپاگەندەی گەورە دروست دەکات، بەڵام ناوەڕۆک بەتاڵە. فیلە هەواییەکە تەنها ئاژەڵێک نییە، بەڵکو ڕەمزێکە. کاتێک فیلە ڕەشەبا دەیبات دەفڕێت، منداڵان باوەڕیان بە هەموو شتێک لادەچێت. ئەمە هێمای ئەوەیە کە کاتێک درۆ ئاشکرا دەبێت، متمانەی خەڵک تێکدەچێت. پەیامی چیرۆکەکە ئەوەیە کە دەڵێت: ئەگەر کۆمەڵگا لەسەر درۆ و ساختەکاری بنیات بنرێت، ئەوا فشەڵ دەبێت وڕۆژێک دادێت کە هەموو شتێک داڕمێت.
دەستپێکی مرۆژک وەک شانۆکار:
دەستپێکی کاری چالاکی شانۆیی مرۆزێک لەگەڵ گروپی شانۆیی خوێندکارانی “بیم بۆم Bim-Bom” بوو لە شاری گدانسک. هەروەها یەکەم نووسینی دەقی شانۆیش بە ناوی پۆلیس بوو ( (The Policemen بوو کە لە ساڵی ١٩٥٨ نمایشکر. لە پاشاندا بەردەوامی بە نووسینی دەقی شانۆیی دەدات، بەڵام دوای نووسینی دەقی تانگۆ و نمایشکردنی لە ناوەڕاستی شەستەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت لە سەرانسەری جیهاندا، یان لانیکەم لەسەر ئاستی ئەوروپی ناسرا. لەم ماوەیەدا دەبێتە شانۆنامەنووسێکی پێشەنگی پۆڵەندی، شانۆنامەی تانگۆ خاڵی وەرچەرخان لە کارەکانی مرۆزێکدا دیاری دەکات، هاوکاتیشە لەگەڵ بەجێهێستنی زێدی خۆی، سەرەتا ئیتالیا، مەسیک و پاشان لە فەرەنسا نیشتەجێ دەبێت.
هەروەها شانۆ نامەی تانگۆ یەکەم شانۆنامەی درێژی مرۆزێکە، کە گۆڕانکارییەکی بابەتیی و تایبەتی بەرەو بابەتگەلێکی گشتگیرتر دەبات، کە زیاتر بۆ بینەرێکی ئەوروپی ڕۆژئاوا قبوڵکراوە، بە کەمتر ئاماژەی بۆ کێشەکانی واقیعی پۆڵەندی بوو.
ڕەخنەگری کرواتی میرنا سندیچیچ سابلیۆ(٣)، کە شارەزایە لە ئەدەبی بەراوردکاری، قۆناغی مرۆژک دەکات بە دووبەشەوە، قۆناغی پێش کۆچکردنی مرۆژک و دوای کۆچکردنی بۆ وڵاتانی دەرەوە،. ئەو دەڵێت، دوای بەجێهێشتنی پۆڵەندا لە شیعریەتی ئەبسوردیسم دووردەکەوێتەوە، بەڵام کاتێک دەچێتە ئەوروپای ڕۆژئاوا. ڕەوایەتی دانانی دەقە شانۆییەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک لەناو کۆنتێکستی شانۆی ئەبسوردا دەخرێتە ژێر ڕوناکییەوە، شەنو کەوی بابەتەکانی دەکرێت، هەندێک پرسیار دەخەرێنە ڕوو کە ئایا چۆن دەقە درامیەکانی مرۆژک جیاوازە لە دەقەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ، چەندیش خاڵی هاوبەشیان هەیە. ئیدی دوایی پێ لەسەر ئەوە دادەگیرێت کە کارەکانی مرۆزێک بە نەریتی درامای گرۆتێسکی نێوان جەنگەکانی پۆڵەندییەوە دەبەسترێتەوە و لە ڕێگەی شیکردنەوەی دەقە درامیەکانیەوە، دەرکەوتنی ئەبسورد و گرۆتێسکەکان و پەیوەندییەکانیان، لە چوارچێوەی کارەکانی مرۆزێکدا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت.

شانۆی دوای جەنگی جیهانی لە پۆڵەندا و پێشوازیکردن لە ساموێل بێکێت:

شانۆی پۆڵەندی نەریتێکی بەهێزی ناوازەی هەیە، ڕەگ و ڕیشەی لە سەردەمی ڕۆمانسیدا هەیە. لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کارەکانی جێرزی گرۆتۆڤسکی و تادێوس کانتۆرەوە بوو بە یەکێک لە شانۆ پێشەنگەکانی جیهان.
ساڵی ١٩٥٦ یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی وەرچەرخان لە کولتوری پۆڵەندا، چونکێ کۆتایی هاتنی پرۆسەی داماڵینی ستالینیزمە، کە ساڵانێک ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ژدانۆڤ(٤) زاڵبوون بەسەر بەرهەمە هونەریەکاندا. وردە وردە کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر هونەری جۆراوجۆر و ئەدەبدا دا لاواز دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی چەندین بەرهەمی فیلم و شانۆی ناوازە، کە ژدانۆڤ و ڕیالیزمی سۆسیالیستی خەریکە کاریگەری خۆیان لەدەست دەدەن و فەزای بۆ شێوازی نوێی دەربڕین دەکرێتەوە. پۆڵەندا خەریکە بەڕووی ڕۆژئاوادا دەکرێتەوە، بە بەرهەمی درامی و شانۆی هاوچەرخی وڵاتانی دیکە ئاشنا دەبێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە نەریتی درامای ئاڤانگاردی خۆی لە نێوان جەنگەکانی پۆلۆنیادا دەناسێت. کە مرۆزێک خۆی بە درێژە پێدەری ئەدەبی دوای جەنگ دەزانێت .
دوای جەنگی جیهانی دووەم، بەرهەمەکانی ستانیسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ، ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ و برۆنۆ شوڵتز(٥) بڵاودەکرێنەوە و نمایش دەکرێن، ئەمەش شاهیدی بەهێزی نەریتی ئەدەبی نێوان جەنگەکانی پۆڵەندییە.
هەروەها شانۆکانی پۆڵەندی دەست دەکەن بە نمایشکردنی بەرهەمی مۆدێرن و نووسینی نووسەرانی بەناوبانگی ئینگلیز-ئەمریکی، وەک جۆن ئۆزبۆرن و تێنسی ویلیامز و ئارسەرەرمیلەر و فریدریش دورێمات، هاوشان گۆڤاری دیالۆگ ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی شانۆ و درامای دوای جەنگی پۆڵەندا هەبوو. دیالۆگ لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٥٦ دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد، بە پلەی یەکەم بەهۆی ئادەم تارن کە ماوەیەکی زۆرسەرنووسەری گۆڤارەکە بوو. مەبەستی تارن ئەوە بوو کە چۆنێتی نمایشەکان بەرزبکاتەوە و بینەری پۆڵەندا ئاشنا بکات بە بەرهەمهێنانی درامای هاوچەرخ، کاریگەری لەسەر شانۆنامەنووس و ڕەخنەگران هەبێت. گۆڤارەکە جگە لە دەقی ڕەخنەیی، لە هەر ژمارەیەکدا شانۆنامەیەکی پۆڵەندی و یەک شانۆنامەی بیانی بڵاوکردەوە. لە ژمارەی یەکەمدا وەرگێڕانی بەشێک لە شانۆنامەی لە چاوەڕوانی گۆدۆی بێکێت بڵاوکرایەوە(٦). ئادەم تارن شارەزایەکی باشی هەبوو لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و شانۆی ئەبسورد، ئەوەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری شانۆیی لە پۆڵەندا. بەهۆی ئەو باردو دۆخە داگیرکاریە ئەدەب، شانۆی ئەبسورد ڕەواجێکی زۆری دەبێت. هەندێک گروپ پەیدا دەبن کە بەرهەمەکانی شانۆنووسانی ئەبسورد بەرهەم دەهێنن. گۆڤاری دیالۆگ هەموو بەرهەمەکانی بێکێت و چەندین وتاری لەسەر شانۆی ئەبسوردی وەرگێرایە سەر زمانی پۆلۆنی و بڵاوی کردەوە، سەرەڕای دابڕانی پۆڵەندا لە جیهانی ڕۆژئاوا، بوونی بێکێت لە پۆڵەندا زیاتر لە بەرچاو بوو. جگە لە پۆڵەندا، شانۆنامەکانی ساموێل بێکێت بەگشتی تا ساڵی 1989 لە وڵاتی هەنگاریاو یوگسلاڤیا و لە هیچ وڵاتێکی بلۆکی ڕۆژهەڵات نمایش نەکرا.
لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و باڵادەستی کۆمۆنیستەکان ڕەخنەیەکی لە ڕادەبەدەر فەرمی، توند و بەربڵاو لەسەر لە ئەبسوردیەت و شانۆنامەکانی بێکێت هەبوو، دەوڵەت هەندێ ڕەخنەگرانی شانۆ و ئەدەبی سەربە خۆیان هەبوو، کە پێیان دەوت ڕەخنەگری فەرمی ئەم کەسانە تێستەکانی بێکت و تەوژمی نووسەرانی هاوچەریی ڕەخنە دەکرد. ئەوانیش وەک نیشانەی دابەزین و جیهانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا لێکیان دەدایەوە.نەک هەر لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات بەڵکو لە ناو کوردستان و دەوڵەتانی عەرەبییش بەهۆی ئەندامانی پارتە چەپ و کۆمۆنیستەکان هەڵگری ئەم خیتابە بوون، لە لای پارتە کۆمۆنیستەکان هێرشێک بوو بۆ سەر سەرمایەداری، نەک لێدانەوە فەلسەفیەکەی. لە پۆڵەندا نمایشی چاوەڕوانی گۆدۆ هەر لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٥٧ لە شانۆی( تیاتر وسپۆلچێسنی ) نمایشکرا، تەنها ساڵێک دوای یەکەم نمایشی هەمان دەق لە لەندەن و دبلن و چوار ساڵ دوای یەکەم نمایشی پاریس. یەکەم نمایشی شانۆی چاوەڕوانی گۆدۆت لاپەڕەیەکی نوێی لە شانۆی دوای ستالینی پۆڵەندا کردەوە، هەروەها شانۆنامە گرنگەکانی دیکەی بێکێت زۆر بە زوویی دوای نمایشکردنی یەکەمی فەرەنسی یان ئینگلیزی لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا نمایشکران وەک (کۆتایی گەمەکە لە ساڵی ١٩٥٧ و دوا شریتی کراپت لە ساڵی ١٩٥٩).
هەروەها گۆڤاری دیالۆگ، خوێنەرەکانی خۆی بە وەرگێرانی بەرهەمی نووسەرانی دیکەی شانۆی ئەبسورد ئاشنا کرد وەک ئارسەر ئادامۆڤ، یوجین ئیۆنێسکۆ، ماکس فریش و ئێدوارد ئەلبی ، کە ئەوانیش کاریگەرییەکی بەرچاویان لە ناسین و پێکهاتنی شانۆی ئەبسورد لە هەبوو، هەروەها دەقە شانۆیەکانی شانۆنامەنووسانی پێشەنگی پۆڵەندی، وەکو سلاڤۆمیر مرۆزێکبڵاو کرایەوە.
نمایشی شانۆیی ئەبسورد لە پۆڵەندا دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەبوو، لەنێو شتەکانی تردا گۆڕانکاری جوانیناسی لەناو خودی نمایشەکاندا درووست بوو، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە ڕیالیزمی دەروونی لە نواندندا.
شانۆی ئەبسورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا:

شانۆی ئەبسورد، شانۆی نوێ، شانۆی گاڵتەجاڕی، دژە شانۆ و شانۆی ئاڤانگارد(٧) ئەو زاراوانەن کە زۆرترین جار پەیوەستن دەقی نووسەرانی شانۆ، بەتایبەتی فەرەنسی، لە ساڵانی پەنجا و شەستەکاندا، وەک دەقە درامیەکانی ساموێل بێکێت، یوجین ئیۆنێسکۆ، ئارسەر ئادامۆڤ و ئەوانی دیکە. ئەم نووسەرانەش پەیوەندییان پێوە بە هەمان شێوە پەیوەندیان بە شانۆی، ئەبسورد و گرۆتێسک و شانۆی ئاڤانگاردەوە هەیە (وەک ژان تاردیۆ، جان جینێت، ڕۆبەرت پینگێت، بۆریس ڤیان، هارۆڵد پینتەر و هتد) ئەم ناوانە ئەڵقەیەکی یەکجار گرنگن لە مێژووی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمدا.
ئەم نووسەرانە شێوازی دامەزراوەکانی پێشتر بۆ داڕشتنی دەقی درامیان ڕەتکردەوە و کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەیان لەسەر پەرەسەندنی نووسینی درامادا لە نیوەی دووەمی سەدە ڕابووردودا هەبوو. ئەم نوسەرانە لە ساڵانی سەرەتای ژیانیاندا پێشوازییەکی باشیان لێ نەکرا، نە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە و نە لەلایەن بینەرەوە، بەڵام ئەمە لە ناوەراستی سەدەی بیستەم بەدواوە واتە لە دوای ساڵەکانی ١٩٥٠ ندا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هات. دوای چەند ساڵێکی کە بەسەر کۆتایی جەنگی دووەمی جیهان تیشکیان خرایە سەر و خوێندنەوەیان بۆکرا. دوای بڵاوبوونەوەی ناوبانگی زیاتری ساموێل بێکێت و یوجین ئیۆنێسکۆ، چەندان نووسەری تر هەوڵیاندا کۆپی بێکت و ئێۆنیسکۆ بکەنەوە و جێگا پییان هەڵبگرن، بەرهەمی ئەوان و چەندان نووسەی شانۆی ئەبسورد لە لایەن ڕەخنەگران و توێژەرەوان لە ژێر چەند بڕگەیەکدا پۆڵین کران، کە جیاواز بێت لە نووسەرانی پێش خۆیان، بە تایبەتی تر لە کۆتاییەکانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای سالانی شەستەکان ڕەخنەگرانی وڵاتانی جیاواز دەستیان کرد بە تێبینیکردنی لێکچوون لە کارەکانیاندا، پەیوەستکردنیان بە نەریتێکی دیاریکراو، نووسین لەسەرئەو شێوازە دەنگێکی جیاواز بوون، بە شێوەکی دیار تاکگەرایی لە بەرهەمەکانیاندا هەبوون، وەک بەشێک لە گروپێکی ئەدەبی دیاریکراو.
زاراوەی شانۆی ئەبسورد لەلایەن ڕەخنەگری ئینگلیزی بەناو بانگ مارتن ئێسلین لە سەرەتای شەستەکاندا داڕێژراو و ئاماژەی پێکرا، لە شوێنێکی ترد بە درێژی دێمەوە سەر کتێبە گرنگەکەی بە ناوی شانۆی ئەبسورد The Theatre of the Absurd . ئێسلین کۆمەڵێک شانۆنامەنووسی دوای جەنگ کۆدەکاتەوە و بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە ناویان دەنێت ئەبسوردیزمیەکانی دوای جەنگ، هەرچەندە هەموویان یەک قوتابخانە یان بزووتنەوەیەکی ئەدەبی پێک ناهێنن و کارەکانیان تەواو لەیەکترجیاوازە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە هەریەکەیان ڕەگ و ڕیشە و ڕێبازی داهێنەرانەی خۆیان هەیە. هەریەکەیان دیدگای تایبەتی خۆیان بەرامبەر بە بیهودەیی ئەبسورد و تاکگەرایی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەندێک لێکچون لە کارەکانیاندا هەیە. مارتن ئێسلین ڕۆڵێکی سەرەکی لە ناسین و پێشوازیکردن لە بێکێت، ئیۆنێسکۆ و شانۆنامەنووسانی دیکە بینی، کە لە کتێبی شانۆی ئەبسوردا ئاماژەیان پێدەکات. تەنها ئیسلین نەبوو لە گەورەبوون و تیشکخستنە سەر ناوبانگیان، بەڵام ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ناساندنی بێکێت و ئیۆنێسکۆ، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لەو پرۆسەیەدا و پشکی شێری بەردەکەوێت.
ئێسلین هەندێک تایبەتمەندی هاوبەش لە بەرهەمی شانۆنامەنووسانی دوای جەنگدا دەناسێتەوە، هەرچەندە بە ڕوونی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان گروپ و قوتابخانە نین، و ناوێکیان پێدەبەخشێت کە تا ئەمڕۆش بەردەوام بووە، سەرەڕای ڕەخنە و مشتومڕێکی زۆر، و کە زۆربەی کات پەیوەستە بەو شانۆنامەنووسانەی کە ئاماژەی پێدەکات.
مارتن ئێسلین، ئەم نووسەرانە بە نوێنەری شانۆی ئەبسورد دەزانێت وەك ( بێکێت، ئیۆنێسکۆ، کە هەندێک لە ڕەخنەگران دەیگەڕێننەوە بۆ شانۆنووسانی فەرەنسی، بەڵام دوای ئەوان هەندێک شانۆنووسانی تر پەیوەست بەم چەمکەوە دەکرێت وەک، ئادامۆڤ، جینێت، پینتەر، تاردیۆ، ڤیان، بوزاتی، دی پێدرۆل، ئاراباڵ، فریش، هیلدێشایمەر، گراس، ڕۆبەرت پینگێت، سیمپسۆن، ئەلبی، گێلبەر، کۆپیت، هاڤێل، ڕۆژێلیڤیچ و سلاڤۆمیر مرۆزێک ) (٨) ئەڵقەیەکی زۆر گرنگن لە مێژووی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەم
لە دەقە درامیەکان و شانۆنامەنووسانی ئەبسورد چەندین لێکچوون هەیە: دەقەکانیان ڕەنگدانەوەی سەرقاڵی بنەڕەتی و کەشوهەوای ڕۆحی قۆناغی دوای جەنگە، جیهان وەک شوێنێکی تێنەگەیشتوو و نامۆ وێنا دەکەن، کات و شوێنی کردارەکە بە وردی پێناسە نەکراوە، کارەکتەرەکان زۆرجار کەسایەتییان نییە، لە بوکەڵە دەچن، زۆرجار تەنانەت ناوی خۆیان نییە، و بێهێواییان هەیە دیالۆگەکان کە لە دەستەواژەی و دەربڕینی یەک فۆرمی، دووبارە بوو و یەک شێوەییە. ئەو دەقانەی کە ئەو نووسەرانە نووسیویانەوە پێهەڵگرانیان بەردەوامن، پێیان دەوترێت antidramer دژە دراما، چونکە بنەما سەرەکییەکانی دراماتۆرگی ئەرستۆ ڕەتدەکەنەوە. ڕوداو و دیمەنەکان (پڵۆتەکە) لە سەرەتاوە تا لوتکە بۆ چارەسەرکردن گەشە ناکات، بەڵام لە ڕووی لۆژیکییەوە ڕووداوە بێ پاڵنەرە پڕ لە دژایەتییەکان ڕیزبەندی دەکرێن، یان بارودۆخی ئیستاتیکی دەخاتە ڕوو کە جەخت لەسەر بێمانایی بارودۆخی مرۆڤ دەکەنەوە.نووسەرانی شانۆی ئەبسورد لەیەکتر جیاوازن، مامەڵە لەگەڵ بابەت وتەوەری جیاوازدادەکەن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت هەندێک لێکچوون لە کارەکانیاندا بەدی بکرێت. ئەم نووسەرانە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پەرەپێدانی درامای مۆدێرن بیننوە، دەربڕینی شانۆییان نوێکردەوە و جەختیان لەسەر گرنگی زمانی شانۆیی کردووە، زەمینەیان بۆ شانۆنووسانی دوای خۆیان خۆشکردووە کە ئیلهامیان بەخشیون.
بێمانایی، بێهێوایی و گرۆتێسک لە ژمارەیەکی زۆر لە دەقە درامیەکانی سەدەی بیستەمدا دەردەکەون، کە زۆربەیان ئەو نەریتە ئەدەبییانە ڕەتدەکەنەوە کە تا ئەو کاتە باو بوون. بەڵام ناکرێت هەموویان بە نوێنەری شانۆی ئەبسورد هەژمار بکرێن. ڕەخنەگران بۆچوونی جیاوازیان دەربڕیوە پرسیاریان کردووە لە بەرامبەر ناوهێنانی ژمارەیەکی زۆر بە شانۆ نووسانی ئەبسورد لەلایەن ئێسلینەوە لەناو ئەم ژانرەدا. جین جینێت دیارترین نموونەیە، بەڵام ناوهێنای سیمپسۆن و ئەلبی و ستۆپارد(٩) لە شانۆی ئەبسورد جێگەی مشتومڕە.
جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان شانۆنووسانی ڕێبازی ئەبسورد هەیە. زۆرێک لە نووسەرانی دوای جەنگ باس بابەتەکانی وەک دڵەڕاوکێ، لەدەستدانی ناسنامە و باوەڕ، دڕندەیی، ناعەقڵانییەتی جیهان، پەنا بۆ گرۆتێسک یان کۆمیک یاخود وتنی نیو ڕستە ، دەربڕینێک، قسەیەک (فراسێک) وەک ئامرازی دەربڕین و تەحەدای دراما تۆرگی و ڕێکەوتننامەکانی و نووسینی درامای نەریتی دەکەن.
بۆیە ئەو تایبەتمەندییەی کە پێشتر باسمان کرد لە بەشێکی زۆری درامای سەدەی بیستەمدا لە بەراوردکردنی ژمارەیەکی زۆری شانۆنامەنووسانی تایبەت لە ئەدەبیاتی نەتەوەیی جیاوازدا لەلایەن ئێسلینەوە پۆڵێن کردنیان بە نووسەرانی شانۆی ئەبسورد ڕەنگە ڕەوا نەبێت. بەرچاوترین بەرهەمەکانی شانۆی ئەبسورد لە فەرەنسا و ئەمریکا نووسراون. شانۆنامەنووسانی فەرەنسی و ئەمریکی هەمان تەکنیک بەکاردەهێنن، بەڵام پاڵنەر و جیهانبینییان جیاوازە. شانۆنامەنووسە ئەمریکییەکان، وەک ئەلبی یان کۆپیت، باوەڕیان بەوە نییە کە ژیان بەڕاستی بێمانایە، ئەم تایبەتمەندییە تەنیا بۆ کۆمەڵگا دەگەڕێننەوە، پێیان وایە دەتوانێت بگۆڕێت. دەقە درامیەکانیان زیاتر ئەخلاقی و ڕوونکردنەوە و گەشبینین، لە کاتێکدا شانۆنامەنووسانی فەرەنسی (٩) زیاتر خۆیان لە وێناکردنی بارودۆخی مرۆڤدا سنووردار دەکەن و گۆڕانکاری ڕیشەیی و ئەگەرەکانی گۆڕانکاری ڕیشەیی پێشنیاز ناکەن.
لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە وڵاتانی ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات، ئەو دەقانەی نووسران و نمایش کران، کە ڕەخنەگران لە نێویاندا مارتن ئێسلین، لە شانۆی ئەبسوردا پۆلێنین کرد. ئەوەش وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا دوای مردنی ستالین بوو، کە بەشێوەیەکی زۆر کەم و ڕێژەیی ئازادی هەبوو لە پؤلەندا، دەرکەوتنی شانۆی ئەبسورد لە پۆڵۆنیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٦، و کۆتایی هاتنی لە ساڵی ١٩٦٥ بە تایبەتی ئەو ساڵەی کە نمایشی شانۆیی تانگۆی مرۆژێک پێشكەش کرا.
دزەکردنی پێکردنی ئەبسوردیزم بۆ ناو دەقە ئەدەبییەکان لە سەردەمی باڵادەستی ڕیالیزمی سۆسیالیستیدا ڕێگری لێکرا، چونکە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای باوی دەسەڵاتداردا نەدەگونجا. ڕەخنەگرانی نوێنەرایەتی ئایدۆلۆژیای فەرمی کە سەر بە دەسەڵات بوون، هێرشیان دەکردە سەر شانۆی ئەبسورد و ئیدانەیان دەکرد بە خراپ و ڕەشبین باسیان دەکرد،
ئەوان بە بەرهەمێکی وێرانکەری ڕۆژئاوای سەرمایەدارییان سەیر دەکرد، کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکانی بوونگەرایی بوونی نییە، ئەمەش لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستیدا یەک نەدەهاتەوە کە بانگەشە بۆ گەشبینی دەکات و ئیدیعای ئەوە دەکات کە مرۆڤ توانای گۆڕینی هەموو شتێکی هەیە. ڕیالیزمی سۆسیالیستی بانگەشە بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمێکی بەهاکان دەکات کە لە سەردەمی شەڕدا کە لە بنەڕەتدا تێکچووە، هەر بۆیە هەڵسەنگاندنە نەرێنییەکانی کارەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ لەلایەن ڕەخنەگرانی مارکسیستەوە جێگەی تێگەیشتنە، بە بڕوای ئەوان درامای ئەبسوردی ڕۆژئاوا و بینەرانی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات هیچ خاڵێکی هاوبەشیان نییە.
سەرەڕای ئەوەش، ئەبسوردیەت و ئیرۆنیەت، گاڵتەجاڕی و گرۆتێسک لە تایبەتمەندیەکانی شانۆی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن لە سەردەمی تۆتالیتاریزمدا، ئەدەب لە سەرووی هەموو شتێکەوە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە بێمانا، ئبسورد و شێواوە بوو کە پەیوەندییەکی نزیکی بە ڕەخنەگرتنی سیستەمی سیاسیی هەبووە و هەیە، لێرەدا دەتوانین بڵێن شانۆ فەزایەکە بۆ بنکۆڵکردنی ئەو سیستەمە.
لە دەقە شانۆییەکانی نووسەرانی پۆلۆنیا، واقیعیێکی بێمانا لە دەقە ئەبسوردیەکاندا ڕەنگ دەداتەوە و گرۆتێسکیش وەک ئامرازێکی دەربڕین بەکاردەهێنن. زۆرجار لە لایەن هەندێک کەسەوە زاراوەی “ئەبسورد ” و ” گرۆتێسک” (١٠) بە شێوەیەکی هاوواتا بەکارهێنراوە، بەڵام نا، جیاوازیان هەیە و لەگەڵیشیدا پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ یەکدا هەیە، لە قۆناغی دوای جەنگدا تا وای لێهات هەندێک بە شانۆی ئەبسوردیان دەگوت شانۆی گرۆتێسک. لەڕاستیدا ئەبسورد بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ناوەڕۆکەوە هەیە و لە ئاستی ناوەرۆکدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لەکاتێکدا گرۆتێسکیش ئامرازێکە بۆ پێکهاتن، بە واتای ئامرازی شێوازو پێکهاتنەکەیە ـ ستایلێکە. ئەبسوردیسزم میتافیزیکییە نەک دیاردەیەکی جوانیناسی، هەر بۆیە ناتوانرێت بە دەربڕین و پێکهاتە و شێوازێک هەژمار بکرێت. گرۆتێسک و ئەبسورد، مەرج نییە پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت، هەروەها مەرج نییە ئەبسورد تەنیا فۆڕمی گرۆتێسک وەربگرێت. چونکێ نووسەرانی ئەبسورد جەخت لەسەر هەستی نامۆبوون و هەڕەشەی مرۆڤ لە جیهاندا دەکەن، هەر بۆیە بەشێکی گرنگی درامای مۆدرێن و هاوچەرخە.
دوای جەنگی جیهانی دووەم، زۆرێک لە نووسەران دەستیان کرد بە نووسین بە شێوازی نوێ بۆ دەربڕینی، لە بەشێکی گەورەی دەقە گرنگەکانی درامای مۆدێرن و هاوچەرخ لە ساڵەکانی ١٩٤٥ تا ١٩٦٥ گرۆتێسک بەکار دەهێنن. ئەبسورد و گرۆتێسک بەرهەمی هەمان ئاسۆی ڕۆحین و لە کاتێکدا سەرهەڵدەدەن و گەشە دەکەن کە سیستەم، نۆرم و بەها پەسەندکراوەکانی گشتی لە داڕماندایە.
شانۆی ئەبسورد لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە فۆرم و شێوازدا جیاوازە لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، چونکێ لەم دوو ناوچەیەد هەست و ڕەگ و ڕیشەی بێمانای و ئەبسوردی لەیەکتر جیاوازە، لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات بێمانایی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان، ڕۆژانە خەڵکەکەی بە بێمانای ئابوڵقە درابوون، لەگەڵ بێمانای و بێهیوایدا دەژیان. بۆیە شانۆنامە ئەبسوردیەکانی پۆڵەندی، چیکۆسلۆڤاکیا و دەوڵەتانی ئەوروپای خۆرهەڵات کە لە لایەن سۆڤیەتەوە یان نازیتەوە داگیرکردبوون لە هاوتا ڕۆژئاواییەکانیان واقیعبینترن. شانۆنامەنووسانی جیهانی ڕۆژئاوا پرسیار لەبارەی ژیان، مردن، جەوهەری بوونی مرۆڤ، تەنیایی، ئازار و نەبوونی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان دەوروژێنن، شانۆنامەنووسانی ڕۆژهەڵات بە پلەی یەکەم ڕەخنە شێواندنی ستالینیانەی مارکسیزم دەگرێت، کە وێنەی تاکەکان پیشان دەدات کە لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نالەباردا گیریان خواردووە. شانۆنامە ئەبسوردیەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاوازدا نووسراون و تەنیا پرسە میتافیزیکییەکان پاڵنەر نین. کۆنتێکست ــ پەیوەندی کۆمەڵایەتی چارەنووسی تاک دیاری دەکات، بە شێوەیەکی زیندووتر و واقیعیتر تیشک دەخرێتە سەری زیاترلە بەرهەمەکانی ساموێل بێکێت یان یوجین ئیۆنێسکۆ. لە هەردوو ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لەدەستدانی تاکایەتی و بچووکبوونەوەی مرۆڤ بۆ تەنها ئامێر یان بوکەڵەیەک کێشەیەکی ڕاستەقینەیە.
لە ڕۆژئاوادا دەرئەنجامی کۆمەڵگەی بەکاربەری سەرمایەداری و کولتوری جەماوەرییە، لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵات بە کاریگەری لاوەکی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بەسەربازکردن، یەکپۆشکردن و یەک ڕەنگی زۆرەملێی مرۆڤەکانە. بێ شک جیاوازییەکی بەرچاو لە پێشوازیكردن لە هەمان دەقە دراماتیکییەکان لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەبێت
بینەرانی بلۆکی ڕۆژهەڵات تەنانەت واتاو پەیای پەیامی سیاسییان لە شانۆنامەکانی ڕۆژئاوادا دەدۆزیەوە، ئەگەر هیچ پەیامێکی سیاسیانەشی نەبووبێت، لە کاتێکدا بینەرانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە ئامادەییەوە شانۆنامەکانی نووسەرانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیان قبوڵ دەکرد و ئاماژە سیاسییەکان پشتگوێ دەخست و پەیامی گشتگیریان سەبارەت بە بوونی مرۆڤ لە دەقەکاندا دۆزیەوە.

بەواتا:
لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا، پۆڵۆنیا وەک نموونە زۆرجار وەک ڕەخنەی سیاسی دەخوێندرانەوە
لە ئەوروپای ئەوروپای ڕۆژئاواشدا، زیاتر بە فەلسەفەی ژیان و مرۆڤ دەخوێندرانەوە
ئێسلین دەڵێت، شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆی ساموێل بێکێت وەک درامایەکی سیاسی لە پۆڵەندا خوێندرایەوە، هەروەها شانۆنامەی ئاهەنگی سلاڤۆمیر مرۆزێک لە ڕۆژئاوا بە تۆنێکی بوونگەراییدا خوێندرایەوە، ئیسلین ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی شانۆنامەکانی یۆجین ئیۆنێسکۆ کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی هەر جۆرە پەیوەندیەک و وابەستەبوونێک بە سیاسەتێک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بۆتە مۆدێلێک بۆ شانۆی سیاسی لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، هەرچەندە ئەم دەقانە بە ڕاشکاوی ڕەخنە لە سیاسەت ناگرن.
لە پاریس و نیویۆرک دەقەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ بە هەمان شێوەی خۆیان دەخوێندرێنەوە بەڵام چۆن دەخوێندرێنەوە؟ ، لە کاتێکدا لە وارشۆ و بەرلینی ڕۆژهەڵات دەبنە نووسەری سیاسی. ئەو دەقە درامیە شانۆییانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، چەندین هەڵگری واتاو مانایان هەیە و کەوتوونەتە ژێر خوێندنەوە و لێکدانەوە جیاوازەکانەوە. لەپشت پرسیارەکانی سروشتی سیاسییەوە، پرسیاری گەردوونیی شاراوە سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ هەیە، لێرەوە شانۆ ئەبسوردەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای لەیەک ناچن و جیاوازن، بەڵام خاڵی هاوبەشیشیان هەیە.

درێژەی هەیە..

پەراوێزەکانی بەشی یەکەم:
(١) سلاڤۆمیر مرۆزێک، لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٣٠ لە شاری بۆرزچین لە نزیک شاری کراکۆڤ لە پۆڵەندا لەدایک بووە، لە ١٥ی ئابی ٢٠١٣ لە شاری نیس لە فەرەنسا کۆچی دوایی کرد. نووسەر، تەلارساز، شانۆنامەنووس و کارتۆنیستێکی پۆڵەندی بووە. مرۆزێک بۆ یەکەمجار وەک کارتۆنیستێکی تەنزئامێز لە گۆڤارەکاندا لە گۆڤاری Dziennik Polski ناسرا. چەندین کورتە چیرۆک و شانۆنامەی تەنزئامێزی نووسیوە. وەک نووسەرێکی شانۆی ئەبسورد دادەنرێت. لە پۆڵەندا بە یەکێک لە گەورەترین شانۆنامەنووسانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، لەگەڵ ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ و تادێوس ڕۆزێڤیچ.
مرۆزێک لە گەنجیدا کۆمۆنیستێکی سەرسەخت بوو. لەو گۆڤار ڕۆژنامەنەدا کری کردووە، کە پەیڕەوی هێڵ و فکری کۆمۆنیستی دادەڕشت. لە بیرەوەریەکانیدا لەبارەی قەناعەتی ئایدیۆلۆژی گەنجی خۆیەوە نووسیویەتی: “کاتێک تەمەنم بیست ساڵ بوو، ئامادەبووم هەر بەدیلێکی ئایدیۆلۆژی لە باوەش بگرم بەبێ ئەوەی زۆر لە نزیکەوە لێی بکۆڵمەوە، بە مەرجێک شۆڕشگێڕانە بێت، وردە وردە هەڵوێستی گۆڕا، نووسین بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی برد کە بوو بە دژایەتیکەرێکی سەرسەختی ڕژێمی کۆمۆنستی. لە ساڵی ١٩٥٠ یەکەم کورتە چیرۆکی خۆی نووسی و لە ساڵی ١٩٥٣ یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی بە ناوی فیل بڵاوکرایەوە. وەرگێڕدرا بۆ چەندین زمان لەوانە بۆ زمانی کوردی لە لایەن نووسەر خەبات عارفەوە وەرگێردراوە. یەکەم شانۆنامەی بە ناوی پۆلیس لە ساڵی ١٩٥٨ بڵاوکرایەوە و پێشکەشکرا.
سلاڤۆمیر مرۆزێک بە ئارەزووی خۆی پۆڵەندا بەجێدەهێڵێت. لە ساڵی ١٩٦٣ دەچێتە ئیتالیا و دواتر مەکسیک دواجار لە فەرەنسا دەژی. ئەمە بەو مانایە نییە کە لە ژیانی کولتووری پۆڵەندا ئامادە نییە. دەقەکانی لە گۆڤارەکانی پۆڵەندا بەردەوامن لە چاپکردن، شانۆنامەکانی بەردەوامن لە نمایشکردن، ئەمەش وایکردووە تاڕادەیەک ئاگاداربێت. مرۆزێک یەکێک نییە لە نووسەرانی کۆچبەری ئەوروپای ڕۆژهەڵات، وەک ڕووسەکان و چیکەکان بە تایبەتی، کە بە تەواوی ڕێگرییان لێکرا لە کارکردن لە وڵاتی زێدی خۆیان. مرۆزێک بەشێک نەبوو لە کۆمەڵگەی کۆچبەرانی پۆڵەندی و نووسەرێکی ناڕازی، بەڵکو تەنیا نووسەرێکی پۆڵەندی بوو کە لە دەرەوەی وڵات دەژیا. زیاتر لە سی ساڵ خۆبەخشانە لە دەرەوەی چوارچێوەی کولتووری نەتەوەیی خۆی ژیاوە. لە کاتی کۆچکردنیدا بە ئازادی سەفەری کردووە و سەردانی پۆڵەندای کردووە. نمایشکردنی دەقەکانی تەنها لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ١٩٧٣ قەدەغەکرا، دوای ئەوەی مرۆزێک لە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی فەرەنسی لۆمۆندیدا ئیدانەی داگیرکردنی چیکۆسلۆڤاکیا کرد. حەوەش بووە هۆی هەم سەفەری بۆ پۆلۆنیاو هەم بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی سانسۆر کراو پیشوازی لێنەکرا، بەڵام لە ساڵانی نەوەدەکاندا مرۆزێک جارێکی دیکە بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە ناوەندییەکانی ژیانی کولتووری پۆڵەندا.
(٢) مارتین ئێسلین (١٩١٨-٢٠٠٢) لە شاری بودابێست لەدایک بووە و لە نەمسا خوێندوویەتی. لە زانکۆی ڤیەنا فەلسەفە و ئینگلیزی خوێندووە ساڵی ١٩٣٨ نەمسای بەجێهێشت و لە ساڵی ١٩٤٠ وەک پەخشکەر و نووسەرو بەرهەم هێنەر لە بی بی سی BBC دەستی بە کارکردن کرد، لە ساڵی ١٩٦٣ بووە بەرپرسی درامای ڕادیۆیی لە بی بی سی، ئەو پۆستەی تا خانەنشین بوونی لە ساڵی ١٩٧٧ بەڕێوەی بردووە، پرۆفیسۆروانەبێژ بووە لە زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا، لێکۆڵینەوەی لەسەر دراما/ شانۆ کردووە. یەکێکە لە کاریگەرترین ڕەخنەگر و شانۆناسەکانی جیهان، توێژەرێکی بەناوبانگ بوو بە داهێنانی زاراوەی شانۆی ئەبسورد و بە کتێبە بەناوبانگەکەی شانۆی ئەبسورد (The Theatre of the Absurd )
(٣) میرنا سندیچیچ سابلیۆ Mirna Sindičić Sabljo ئەکادیمیستێکی کرواتییە و لێکۆڵەرە لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و دکتۆرای هەیە لە ئەدەبی بەراوردکاری مامۆستایە لە زانکۆی زەگریب، وەرگێر لە زمانی فەرنسی، چەندان کتێبی بەراوردکاری هەیە لە نێوان ئەدەبی فەرەنسی و ئەدەبیاتی ئەوروپای خۆرهەڵات.
(٤) ( ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ژدانۆڤ ) ئەم دوو ڕیبازە لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات زۆر باو بوو. سۆسیال ڕیالیزم، بریتی بوو لە ڕێبازێکی ئەدەبی و هونەری کە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی کۆمۆنستی بە فەرمی کرا، کە ئەم ڕێبازە ئامانجی ئەوە بوو کە هونەر و ئەدەب پشتیوانی لە ئایدیۆلۆژیای سۆسیالیستی بکەن و چینی کرێکار بە هێمای قارەمان پیشان بدرێت و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئەرێنی و شۆڕشگێڕ پیشان بدرێت ڕەخنەی توند لە سیستەم قەدەغە بێت، بە مانایەکی تر، هونەر دەبووە ئامرازێک بۆ پرۆپاگەندا.
ــ ژدانۆڤ، لە ناوی ژدانۆڤی دۆکتڕینا هاتووە، کە لە ساڵی لە 1940 ـەکاندا دامەزرا، ژدانۆڤ سیاسەتمەدارێکی سۆڤیەتی بوو کە بەرپرسیار بوو لە سیاسەتی کەلتوری لە سەر دەمی ستالیندا، کە پێویستی دەکرد هەموو هونەر و ئەدەب پشتیوانی لە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی بکات. ژدانۆڤ باوەڕی وابوو کە، هونەر تەنها دوو جۆرە، سۆسیالیستی یان دژ بە گەل، نووسەر و هونەرمەند دەبێت خزمەتی حیزب بکات، ئەدەبی بورژوازی یان فۆرمالیستی دەبێت قەدەغە بکرێت. ئەم دوو دەزگایە بووە هۆی سانسۆر و فشار لەسەر زۆر نووسەر و هونەرمەند لە پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی بلۆکی ڕۆژهەڵات
(٥) ــ ستانیسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ، ١٨٨٥ ــ ١٩٣٩ شانۆنووس، ڕۆماننووس و وێنەکێش بوو. پێشەنگی شانۆی ئەبسورد و ڕووناکبیر لە پۆڵەند. لە شانۆکانیدا دۆخە سەیر و فەلسەفییەکان بەکار دەهێنێت. ڕەخنەی لە کۆمەڵگای مۆدێرن و لەناوچوونی تاکایەتی دەکرد.
ــ ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ، ١٩٠٤ ــ ١٩٦٩یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی پۆڵەند لە سەدەی بیستەمەو بە شێوەیەکی ئیرۆنی تەوس، گاڵتەجاڕانە و فەلسەفی دەنووسێت. زۆرجار دژی فۆرمی فەرمی و سیستەمی کۆمەڵایەتی بوو.
ــ برۆنۆ شوڵتز ١٨٩٢ ــ ١٩٤٢ نووسەر و وێنەکێشی یهودی-پۆڵەندی، نووسینی شاعیرانە و خەیاڵی هەبوو، جیهانێکی خەیاڵی و مێتافۆری زۆر لە وێنەکانی و لە نووسینەکانیدا هەبوو. لە کاتی داگیرکردنی نازی لە پۆڵەند کوژرا.
ئەم سێ کەسە هەموویان لە ڕێگەی شێوە و نوێکاری هونەرییەوە ڕەخنەیان لە کۆمەڵگا و سیاسەت دەکرد، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بنەمای ئەدەبی ئەبسورد لە پۆڵەند دامەزراند، کاریگەرییان لە نووسەرانی دواتر هەبوو وەک مرۆژێک.
(٦) شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆ نووسینی نوسەری ئێرلەندی ساموێل بێکێت ـە بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی بێکت و شانۆی ئەبسورد دادەنرێت، ئەم دەقە باسی دوو پیاودا دەکات بە ناوەکانی (ڤلادیمێر وئیستراگۆن)، کە لە ژێر دارێکدا دانیشتوون و چاوەڕێی کەسێک دەکەن بەناوی گۆدۆ، کێشەکە لەوەدایە کە گۆدۆ هەرگیز نایەت، ناشزانن کە گۆدۆ کێێە؟ پاشان منداڵێک دێت دەڵێت گۆدۆ نایەت ئەمرۆ، ، ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێدەپەڕێت، ئەوان ئەوان هەر لە چاوەڕوانیدا دەمێێنەوە. ڕێگەی چاوەڕوانییەکەیانەوە، بێکێت پرسیارەکان سەبارەت بە مانای ژیان، هیوا و بوونی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. بەڵام دەسەڵاتدارانی لە ڕێگەی دەزگای ژدانۆڤ ئەو دیدەیان بڵاو کردەوە کە بنواڕن، ئەدەبی ئەبسورد و سەرمایەداری چەند بێکەڵکە، پێیان دەوت ئەدەبی بۆرجوازی، ئەم جۆرە ئەدەبە موراڵی خەڵک تێکدەدات، بێگوومان دەسەڵاتی کۆمۆنیستی ڕەخنەگر و نووسەرانی خۆیان خستەگەر بۆ هێرش کردنە سەر ئەم ئەوژمی نووسینە.
(٧) زاراوەی شانۆی ئاڤانگارد بۆ یەکەم جار لەلایەن لیۆنار سی Pronko Leonard C بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ڕەخنەی ئەدەبی فەرەنسییەوە لە ساڵی ١٩٦٢لە کتێبی Avant-Garde: The Experimental Theater in France بەکاردەهێنرێت: ئەو چەمکەی “avant-garde” بە واتای پێشڕەوی و نوێخواز لە هونەر، بە تایبەتی لە شانۆدا بەکارهێنرا بۆ کارانەی کە شێوازی کلاسیکی شانۆیان تێک شکاند و ڕێبازێکی نوێیان درووست کرد
(٨) ئەم ناوانە هەموویان نووسەر و هونەرمەندانی ناسراوی سەدەی ٢٠ ـن، زۆربەیان پەیوەندیان بە شانۆ و ئەدەبی ئەبسوردیزم (Absurdism) هەیە:
ــ ژان تاریدۆ (١٩٠٣ ـ ١٩٩٥ ) ، هونەرمەند، مۆسیک ژەن، شاعیر و نووسەری فەرەنسی بوو. بە شانۆ و دەقە کورتەکانی ناسراوە کە زمان و واتا بە شێوەیەکی پووچگەرایانە لێک دەداتەوە. تایبەتمەندییەکانی نووسینی ، یاری کردن بە زمان و وشەکان، درووستکردنی دۆخی سەیر و بە شێوەیەکی کۆمیدی، گەڕان بە دوای مانای قووڵ لە ناو گفتوگۆی ڕۆژانەدا، کارکردن لەسەر شێوازی دەنگ و موزیک لە دەقدا.
ــ جان جینێت، نووسەر و شانۆنووسی فەرەنسی بوو، باس لە بابەتەکانی وەک تاوان، ناسنامە و دەسەڵات دەکات. ژیانی سەخت و پڕ لە کێشەی هەبوو (لە منداڵیدا بەخێوکرابوو و ماوەیەک لە زیندان بوو)، ئەم ئەزموونانە کاریگەریی زۆریان لەسەر نووسینەکانی هەبوو. تایبەتمەندییەکانی نووسین، باسکردنی بابەتەکانی تاوان، زیندان، ناسنامە و دەسەڵات، بەکارهێنانی زمانێکی شیعری و هێماکار.
ــ ڕۆبەرت پینگێت، نووسەر و شانۆنووسی فەرەنسی/سوێسری بوو. کارەکانی پەیوەندیان بە ئەدەبی ئەبسوردی و ڕێبازە نوێیەکانی ڕۆماننووسین هەبوو. گرنگی بە زمان، بیرکردنەوە و شێوازی گێڕانەوە دا. تایبەتمەندییەکانی نووسینی گێڕانەوەی ناڕاستەوخۆ و هەست بە نادڵنیایی کارکردن لەسەر بابەتەکانی بیرکردنەوە، بێ‌واتایی و تەنیایی.
ــ بۆریس ڤیان، نووسەر، شاعیر و میوزیسیانی فەرەنسی بوو. بە شێوازی سەیری و ڕەخنەگرایانەی خۆی ناسراوە. یەکێک بوو لە نووسەرانی ناسراوی ئەدەبی نوێی فەرەنسی دوای جەنگی دووەمی جیهانی، کارەکانی تێکەڵێکن لە سەیری، خەیاڵی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و شێوازی پووچگەرایی.
ــ هارۆڵد پینتەر، شانۆنووسی بەریتانی بوو. یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی شانۆی ئەبسورد، و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات (2005). تایبەتمەندیەکەی بەکارهێنانی خامۆشی و بێدەنگی لە گفتوگۆ و دیالۆگدا، درووستکردنی هەستێکی ترس و ناڕوونی. کتێبێکی بچووک لەسەر ئەم نووسەرە بە زمانی کوردی هەیە
(٩) سیمپسۆن، شانۆنووسێکی بەریتانی بوو کە بە کۆمیدیی پووچگەرایانە و دیالۆگی بێ‌مانا ناسراوە، تایبەتمەندیەکەی، یاری کردن بە زمان، خوڵقاندنی دۆخی بێلۆژیکی شێوازێکی وهێمن و ساردی کۆمیدی، ڕەخنە لە ژیانی ڕۆژانە و سیستەمی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پووچگەرایان دەگرێت، سیمپسۆن بە یەکێک لە دەنگە سەربەخۆکانی شانۆی ئەبسوردی لە بەریتانیا دادەنرێت.
ــ ئێدوارد ئەلبی، شانۆنووسێکی ئەمریکی بوو کە یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی شانۆی ئەمریکا لە سەدەی 20. بەکارهێنانی دیالۆگی توند و ڕاستەوخۆ، شیکردنەوەی پەیوەندیی، لە بارەی خێزان.، تەنیایی، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی. ئەلبی سێ جار خەڵاتی Pulitzerی بۆ شانۆ وەرگرتووە.
ـــ ستۆپارد، شانۆنووسێکی بەریتانی لە چیک لە دایکبووە، کە بە شانۆی فکری وبەکارهێنانی و تێکەڵکردنی فەلسەفە، زانست و کۆمیدیی زیرەکانە لەگەڵ دیالۆگی خێرا لە بابەتی ناسنامە دەناسرا، زمانی نووسین و گەمە کردن بە وشە شێوازێکی تایبەتی ئەو بوو
(٩) پێیان دەوترێت “فەرەنسی” چونکە شانۆنامەکانیان بە زمانی فەرەنسی دەنووسن. بەمەرجێ ساموێل بێکێت ئێرلەندییە، یوجین ئیۆنێسکۆ ڕۆمانییە، فێرناندۆ ئاراباڵ ئیسپانییە و ئارسەر ئادامۆڤ ڕووسی-ئەرمەنییە.
(١٠) گرۆتێسک (Grotesque) واتە شێوازێکی هونەری یان ئەدەبی کە تێیدا شتان بە شێوەیەکی سەیر، دژوار، ترسناک یان خەندەهێنەر پیشان دەدرێن بە جۆرێک کە تێکەڵەی جوانی و ناشیرینی، ڕاستی و خەیاڵ، یان ترس و گاڵتەکردبن. تێکەڵکردنی شتانێکی دژبەیەک وەک خەندە و ترس.
جێفری هارفام Geoffrey Harpham لە باسکردنی گروتێسک ڕوونکردنەوەیەکی گرنگ دەدات. بە پێی ئەو، گروتێسک شێوەیەکە لەو کاتەدا دروست دەبێت کاتێک دوو شتی ناتەواو یان نەگونجاو بە یەکەوە کۆدەبنەوە و هەستێکی سەیر، ناڕەحەتی یان تێکچوونی ئاسایی دروست دەکەن.
لە پێناسەکەی ئەودا، گروتێسک ئەوە نییە تەنها شتێکی خەندەهێنەر یان ترسناک بێت، بەڵکو ئەو کاتەیە کە سنووری نێوان شتەکان تێکدەچێت (وەک مرۆڤ و ئاژەڵ، جوانی و ناشیرینی، ڕاستی و خەیاڵ)، بینەر یان خوێنەر هەست بە سەرسوڕمان و ناڕوونی دەکات. هەر بۆیە لە ئەدەبی مۆدێرن و درامای ئەبسوردا گروتێسک بەکاردێت بۆ پیشاندانی دۆخی نامۆیی و تێکچوونی بەها و نۆرمەکان.
گرۆتێسک دەتوانێت بابەتێکی مێتافۆری بێت بۆ سەرلێشێواوی، ئاژاوە، شێتی، لەدەستدانی دیدگا، داڕمانی کۆمەڵایەتی، هەڵوەشانەوە، یان دڵەڕاوکێ بەکاربهێنرێت. پێشمەرجی بنەڕەتی گرۆتێسک ئەوەیە کە یاساکانی سیستەمەکە تێکچووە؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارە کاریگەرییەکەی لە قۆناغی هەڵچوون یان قەیرانەکاندا لە بەهێزترین ئاستیدایە، کاتێک بیروباوەڕە کۆنەکانی سیستەمی کۆن مەترسییان لەسەرە یان دەڕووخێن.
ـــ نووسەر حەمەسەعید حەسەن لە نووسینێکدا بە نێوی کۆمیدیای ڕەش بەم جۆرە پێنسەی گرۆتێسک دەکات ” گرۆتێسک که‌ یه‌کێکه‌ له‌و ته‌کنیکانه‌ی له‌ کۆمێدیای ڕه‌شدا وه‌گه‌ڕ ده‌خرێت، لادانێکه‌ له‌ نه‌ریتی زاڵ و گه‌ڕانه‌ به‌ دوای شێوازی نوێی ده‌ربڕیندا. گرۆتێسک (که‌ چه‌ندان مانا ده‌به‌خشێت، له‌وانه‌: سه‌یر، ناشیرین، نه‌گونجاو، ناخۆش و قێزه‌ون،) شێوه‌ده‌ربڕینێکی هێنده‌ سه‌رسووڕهێنه‌‌، وه‌رگر دووچاری حه‌په‌سان ده‌کات. گرۆتێسکه‌ری گه‌ڕانه‌ به‌ دوای جوانیدا، به‌ڵام له‌ جێیه‌کدا که‌ ناشیرینی زاڵه‌، یان لێڵکردنی ئاوه‌ ڕوونه‌کانه‌،‌ له‌ پێناوی مه‌به‌ستێکی گه‌شدا. له‌ گرۆتێسکه‌ریدا هه‌م دژبه‌یه‌کی هه‌یه‌ و هه‌میش بابه‌ته‌که‌ لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ هه‌ڵده‌گرێت. له‌ به‌رهه‌می برێخت، کافکا، جۆناتان سویفت، ئه‌دگار ئالان پۆ و یۆنسکۆدا که‌م و زۆر ڕووبه‌ڕووی گرۆتێسک ده‌بینه‌وه‌. له‌ (جانه‌وه‌ره‌کانی دۆکتۆر فرانکنشتاین) و (زه‌نگلێده‌ره‌که‌ی نۆتردام) و (جوانی و جانه‌وه‌ر) دا، ته‌کنیکی ماسکی گرۆتێسک به‌کار هێنراوه‌.




شانۆی ژوور.. زاهیر عەبەڕەش

بە گوێرەی ئینسکلۆپێدیای نیشتیمانی، شانۆی ژوور chamber play بریتیە لە شانۆیەکی بچووک، کەشانۆی تێدا نمایش بکرێت، شانۆییەکە لە ئەکتەری کەم پێک هاتووە و هەروەها بینەرێکی کەم بەشداری بینینی نمایشەکە دەکەن. دیکۆرێکی زۆر کەمی هەیە، ئەم جۆرە شانۆیە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە سوید و ئەڵمانیا پەیدابوو.
بە کورتی ئەمە بە واتایی، ژمارەی ئەکتەرەکان کەمن کە ڕۆڵ دەبینن/ هەڵبژارنی شوێنێکی بچوک بۆ نمایش یان چالاکیەکە هونەرییەکە/ هیچ دیکۆر و سینۆگرافیایەک و تەکنیکێکی زۆر بەکار نایەت/ فۆکەس لە سەر دەق و پەیوەدنی بینەرو ئەکتەرە/ لەسەر بناغەی دیالۆگ و هەست و سۆزە جیاوەزەکان بنیات نراوە.
لەم پێناسەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە شانۆی ژووە دیقەتی قوڵی لەسەر مرۆڤە، مرۆڤ لە ناوەندایە، نەک دەنگ، ڕووناکی و کاریگەرییە سەرنج ڕاکێشەکانی سەر تەختەی شانۆ.
ئینسایکلۆپیدیای ئازادیش بەم شێوەیە پێناسەی شانۆ ژوور دەکات : شانۆی ژوور، شێوازێکە بۆ گونجاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکان لەگەڵ شانۆ بە بەکارهێنانی زۆرترین ڕێژەی دەقی ڕەسەنی بەرهەمەکە و لەو شوێنە بچوکەی بۆی پێشنیارکراوە.
زاراوەی شانۆی ژوور لە ڕووی مێژووییەوە لە میتافۆری مۆسیقای ژوورەوە هاتووە کە تیایدا ئەنسەمبڵێکی بچووک لە ژوورێکدا پرۆڤەیان دەکرد، پەیوەندیەکەی هاودەمی و ئەزموونێکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەکتر هەبوو ، هەندێک جاریش نمایشی بچوکیان دەکرد، ئەم جۆرە هاودەمی و نزیکیە لە موسیقاوە گواسترایەوە بۆ شانۆ بۆ ئەوەی نزیکایەتییەکی هاوشێوە لە نێوان ئەکتەرەکان و بینەردا دروست بکات.
لە هەندێ وەسفی پێناسەی تردا ئینگلیزەکان بۆ خۆیان کردویانە ، دەڵێن شانۆی ژوور ڕێگایەکە بۆ گونجاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکان لەگەڵ شانۆدا. بە شێوەیەکی تر شیاکاری بۆبکەین واتە بەشێکی زۆری دەقە ڕەسەنەکەی نووسەر ماوەتەوە کە نووسیوێتی. واتای ژمارەیەکی کەمی ئەکتەر و نزیکی لە بینەر ئەبێتە هۆی کە ئەکتەر یان گێرەرەوە دەبێتە بەشێک لە ڕووداوەکان ( پلۆت). ئەگەر بە شێوەیەکی تر شیاکاری بۆ ئەم پێناسەیە بکەین واتە بەشێکی زۆری دەقە ڕەسەنەکە نووسراوەکەی نووسەر ماوەتەوە. کاتێکیش تەرکیز لەسەر دەق و پەیوەندیەکانە، ئەکتەریش لە بینەر نزیک دەبێتەوە و هاودەمییەک دروست دەبێت، لەم حاڵەتەدایە دیالۆگەکان و هەست و سۆزە جۆراوجۆرەکان دەبنە ناوەند. ئینتیما کردارێکی چڕ و سەرنجە قوڵەکەیەتی.
ئەم فۆرمە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا سەریهەڵدا، بە کاریگەرییەکانی دیداکتیکی شانۆ و تیۆری هونەرە نمایشییەکان، کە گێڕانەوە دەبێتە بەشێک لە نمایشی شانۆیی. لە هەندێک وڵات بە نموونە ئەمریکا لە پراکتیکدا زاراوەی شانۆی ژوور وەک مۆدێلێکی فێستیڤاڵ/ بەرهەمهێنان بۆ نمایشکردنی دەقە کلاسیکییەکان بە شێوەیەکی کەسی و هاودەمی و ئینتیمی و بینەری بەشدار بەکاردەهێنن، بە گرنگیدان بە چیرۆک گێرانەوە لە نزیک بینەرەوە، نەک کاریگەرییە گەورەکانی شانۆ دەوڵەتیە گەورەکان.


مینیمالیسم (Minimalist)

لە مێژووی ئەدەبیات و هونەر، زۆر شێواز و ڕەنگ و میتۆدی جیا هەن کە هەریەکەیان هەوڵی خۆیان هەیە بۆ تێگەیشتن و پیشاندانی مرۆڤ و جیهان. یەکێک لە ئەو شێوازانەی کە لە سەدەی بیستەوە زۆر گرنگی پێدرا، مینیمالیسمە، ئەم شێوازە بە شێوەیەکی دیار لە ئەدەبیات و شانۆدا دەرکەوت، مینامالیزم هەوڵ دەدات بە کەمترین توخم، قووڵترین واتا بگەیەنێت. مینیمالیسم تەنها فۆرمێکی ڕوکەش نییە، بەڵکو شێوازێکی بیرکردنەوە و بینینی جیهانە و ڕێگایەکە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی مرۆڤ لە سنورێکی دیاریکرا و نزیکایەتی و هاودەمیدا. لێرەدا دەتوانین بڵێین:مینیمالیستی واتا ساده‌کردنەوە تا سنووری پێویست، بە شێوەیەک کە هەموو شتێکی زیاد، ڕازاندنەوەی زۆر، یان وردەکاری ناپێویست لابدرێت.

مینیمالیسم لە ئەدەبیاتدا:
ئێمە نەک تەنها شانۆی مینیمالیزم یان مینیمالیزمان لە شانۆدا هەیە، بەڵکو مینیمالیزم لە ئەدەبیاتیشدا هەیە کە بریتییە لە شێوازی نووسینێک کە تێیدا نووسەر هەوڵ بدات، کەمترین وشە بەکاربهێنێت، بۆ گەیاندنی قووڵترین واتا. خاسیەتەکانیشی بریتیە لە، بەکارهێنانی ڕستەی کورت و ڕاستەوخۆ، وەسف و ڕازاندنەوە بەشێویەکی زۆر کەم هەبێت، نەوتنەوەی وردەکاری زۆر، خوێنەر خۆی واتاکان تەواو دەکات، نووسەر هەموو شتێک ڕوون ناکاتەوە بەڵکو بەشێک لە واتا بەجێدەهێڵرێت بۆ خوێنەر. زۆر جار لە ئەدبیاتی مینیمالیزم هەندێک شتی کەم دەوترێت بەڵام هەستەکان زۆر قوڵن.

پەیوەندیی مینیمالیسم بە شانۆی ژوور (Kammarteater)
ئەگەر لە پێناسەی شانۆی ژووردا پێ لەوە دابگیرێت کە ژینگەیەکی پێشنیارکراوی مینیمالیستی Minimalist هەبێت ئەی مینیمالیزم چییە؟ لە کورترین پێناسەیدا مەبەست: تەرکیزکردنە لەسەر ئەوەی کە بەها بۆ ژیان زیاد دەکات و لابردنی ئەوەی تر. لە مانا گشتی و گەورەکەی شانۆدا دەتوانینن بەم شێوەیە ڕیز بەندی بکەین. کاتێک دەڵێین شانۆی مینیمالیستی، مینیمالیسم لە ئەدەبیات و شانۆدا شێوازێکە بۆ گوتنی زۆر شت بە کەمترین توخم. شانۆی ژوور خۆی لە بنەڕەتدا مینیمالیستییە، لەبەر ئەوەی کە شانۆی ژوور:
ــ شوێنی نیشاندانی بچووکە.

  • هەموو وشەیەک بە ڕوونی دەبیسترێت
  • هەموو زۆرگوتنێک زۆر زوو بەدیار دەکەوێت
    *هەموو قسەیەکی ناپێویست کاریگەری دروست دەکات
    ــ ژمارەی ئەکتەرەکان کەمن.
    ــ دیکۆر زۆر کەم و سنووردارە.
    ــ نێوانی ئەکتەرو بینەر زۆر نزیکە.
    *بینەر هەمووی وردەکاری دەنگ ، هەناسە هەموو ئێفێکتێک دەبیستێت
    لەبەر ئەمە، شانۆی ژوور پێویستی بە:
    ــ کرداری قوڵ هەیە
    ــ هەست و سۆز
    ــ زمانێکی چڕ و مانا دار
    ــ بێدەنگی لە نێوان دیالۆژەکاندا، بێدەنگی دەبێت بە بەشێک لە نمایشەکە.
    ــ لە مینیمالیستیەکەی شانۆی ژووردا هەموو جوڵەیەک مانادارە.
    لە شانۆنامەکانی ستریندبێرگ کە تایبەتە بە شانۆی ژوور، توێژینەوەیەکی دەروون شیکاریە لە نمایشەکانیدا.
    لای تادیۆس ڕۆزڤێچی پۆلۆنی پیشاندانی هەستەکانی دوای جەنگە.(١)
    مینیمالیسم لێرەدا دەبێت بە ئامرازێک بۆتوێژینەوەی دەروونی کاراکتەر وپیشاندانی پارچە تیکشکێنراوەکانی مرۆڤ.
    ــ بەکارهێنانی کەمترین توخم.
    ــ سادەیی لە شێوە، زمان.
    ــ گرنگی دان بە ناوەڕۆک نەک ڕازاندنەوەی دیکۆر و سینۆگرافیا و جل و بەرگ
    ــ ژمارەی ئەکتەرکان کەمە.
    ــ دیکۆر زۆر سادەیە (هەندێجار تەنها کورسیەکە)
    ــ زمان کورت و ڕاستەوخۆیە.
    ــ بێدەنگی و وەستان (صمت) گرنگن.
    ــ سەرنج لەسەر دۆخی دەروونی و بیرکردنەوەی کاراکتەرە.
    ــ هەموو شتێک بۆ ئەوەیە بینەر بیر بکاتەوە، نە بۆ سەرسامکردنی چاو

شانۆی ئەبسورد:
شانۆی ئەبسورد وەڵامدانەوەیەک بو بۆ سیستەمی بەها فیکری و جوانیناسییەکان و کە لە دوای دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی دوو جەنگی جیهانی لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا، لە پاڵیدا چەمکی شانۆی ژوور وەک شۆڕشێک و هەوڵێکی نوێ و ڕژد (جددی) بوو بۆ گۆڕین و پەرەپێدانی چەمکی نەریتی شانۆ. کە دەکرێت بڵێن لە سەدەی بیستەمدا زیاتر ئەم چەمک و زاروەیە سەریهەڵدا. شانۆی ئەبسورد بزووتنەوەیەکی دراماتیکیی و ژانرێکی شانۆیی دوای جەنگی جیهانی دووەهەمە کە لە ساڵانی (چلەکان- شەستەکان) کە لە ڕێگەی دیمەن و گرێی نالۆژیکی و دیالۆگی بێمانا و کارەکتەرەکانی گیریخواردوو لە بارودۆخی بێهودەیدا، بێمانایی و ئاژاوەگێڕییەکانی بوونی مرۆڤ نیشان دەدات، ژانرێکی شانۆییە کە بەدواداچوون بۆ بوونگەرایی و بارودۆخی مرۆڤ دەکات. لەو بیرۆکە و بیر و باوەڕە دەکۆڵێتەوە، کە ژیان یان ئامانج بۆ خۆی مانایەکی سروشتی نییە. زۆر جار بەرەوپێشچونی دیمەنەکان و کارەکتەرەکان شوێن و ئاراستە واقعییەکان ڕەتدەکاتەوە. هەندێک جاریش لەو شوێنە کۆتایی دێت کە دەستی پێکردووە. ئەمیان بێکت لە شانۆیی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە ئاماژەی پێ دەدات. جەخت لەسەر بێهودەییەکەی دەکاتەوە، هەندێک جار وشەی کلێشە و دووبارە بەکار دەهێنێت کە ئاماژەیە بۆ شوێن و سوڕانەوەیان لە نائومێدی.
لە شانۆی ئابسورددا، زۆرجار بەستراوەتەوە بە بیرۆکەکانی بوونگەراییەوە، بەتایبەتی لە بەرهەمەکانی ئەلبێرت کامۆدا. ئەم فۆرمەی شانۆ، ژیان وەک بێمانا و نالۆژیکی و دووبارەبوو نیشان دەدات. لەبەر ئەوە ڕووداوەکان چارەسەری ڕوونیان نییە. کارەکتەرەکان ناتوانن بە تەواوی لە یەکتری تێبگەن. زمان توانا و ئەرکی خۆی لەدەست دەدات بۆ دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەقینە.

شانۆنامەنووسانی وەک ساموێل بێکێت، یوجین ئیۆنێسکۆ و جان جینێت بە نوێنەری ناوەندی ئەم نەریتە شانۆییە دادەنرێت.
ئەبسورد تیشک دەخاتە سەر تێکچوننی پەیوەندیەکان، کە ئەم خاڵەیان مرۆژک زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە لە تێکستەکانیدا. یەکێک لەتەوەرە گرنگەکان تەوەری بوونە، کە سەرنج دەخاتە سەر گۆشەگیری و بێهودەیی و ململانێ بۆ دۆزینەوەی مانا. ئەم تەوژمە کاریگەری لەسەر شانۆی ئەزموونی هەبووە. نووسەرانی سەرەتای ئەم تەوژمە پیش ئەوە نووسەرێکی شانۆیی یان ئەدەبی بن، فەیلەسوف بوون. شانۆش کورترین و باشترین ڕێگا بوو بۆ گوزارشت کردن لە خەیاڵ و فکر و ئەندێشەکانیان، کە وای لە بینەرانی کرد کە واقیع و هونەری نەریتی بخەنە ژێر پرسیارەوە، کە بەدواداچوون بۆ بوونگەرایی و بارودۆخی مرۆڤ دەکات
مینیمالیسم و ئابسوردیسم.
هەرچەندە مینیمالیسم و ئابسوردیسم هەردووکیان لە سەدەی بیستەمدا بڵاوبوونەوە، بەڵام بیرۆکە و ئامانجیان جیاوازە.
مینیمالیسم هەوڵ دەدات مانا بسەلمێنێت، بەڵام بەکەمترین شێوە، لە دیالۆگ و دوورکەوتنەوە لە وەسف، دوورکەوتنەوە لە زیادە ڕەوی. لەبەرامبەردا ئابسوردیسم جیهان و ژیان وەک شتێکی بێمانا، بێ‌ لۆژیک پێشان دەدات.
و ڕووداوەکان دووبارە دەبنەوە بەبێ گۆڕان. هەندێك جاریش زۆر قسە کردن بۆ پیشاندانی بێ مانایەتی ژیانە. جووڵە و کردار لە شانۆی ئەبسورددا زۆر جار دووبارە دەبنەوە و ئەنجامیان نییە. بێدەنگی، وەک توخمێکی مینیمالیستی دەبێت بە بەشێکی گرنگ لە شانۆکەدا. لە مینیمالیزم و ئەبسوردیسمدا بێدەنگی ئەو شتانە دەڵێت کە زمان ناتوانێت بیڵێت.
دیکۆر هەم لە شانۆی ئەبسورددا هەم لە مینیمالیزمدا زۆر سادەیە. بۆ نموونە لە فەزای شانۆکەدا، شتەکان کەم دەبێتەوە، بۆنموونە پیشاندانی دارێک یان کورسییەک ئەوە جیهانێکی بێ‌کات و بێ شوێن پیشان دەدات. ئەم مینیمالیسمە یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی سەرنجی بینەر بۆ ناو هەست و بیرکردنەوە.
زمانیش لە شانۆی ئەبسورددا بە شێوەی مینیمالیستی بەکاردێت، گفتوگۆکان، کورتن و زۆرجاردووبارە دەبنەوە و واتای ئاشکرایان نییە، ناتوانن پەیوەندییەکی ڕاستەقینە دروست بکەن. لە شانۆیی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆی بێکتەوە، زمان دەبێت بە نیشانەی شکستی پەیوەندیی مرۆڤ. لێرەدا، مینیمالیسمی زمان واتا کەم‌ قسە نییە بۆ مانا، بەڵکو قسەی کەم ‌مانایە بۆ نیشاندانی بێمانایی.
هەرچەندە، ئەبسوردیزم و مینیمالیزم هەردووکیان نزیکایەتیکەی زۆریان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازییەکی تەواو ڕوونیشیان هەیە، چونکێ، مینیمالیزیزم پەیوەندی بەوەوە هەیە چۆن دەنووسرێت، چۆن کار دەکرێت، دەتوانین بڵێین شێوازە.
بەڵام ئەبسوردیزم پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چێ دەوترێت واتە، ناوەڕۆک و فەلسەفەیە. ئەو پەیوەندییە تووند و تۆڵەی ئەبسورد و مینامالیزم کە پێکەوە گرێیان دەداتەوە ئەوەیە کە شانۆییەکی ئەبسورد ئەوەیە کە زۆر جار شانۆی ئەبسورد بە شێوازی مینیمالیستی نووسراوە. شێوازی نووسین مینیمالیستیە. بەڵام هەموو مینیمالیسمێک ئەبسورد نییە، و هەموو ئەبسوردێکیش پێویست ناکات مینیمالیستی بێت.

دەرئەنجام: شانۆی ژوور پێویستی بە زمانێکی کەم، قووڵیی دەروونی، و هەست وبێدەنگی هەیە، چونکە دراماکە لەسەر ڕازاندنەوەی ڕوکاری دەرەوە دانامەزرێت، بەڵکو لەسەر ژیانی ناوخۆی مرۆڤ و نزیکبوونی توندی نێوان ئەکتەر و بینەر دادەمەزرێت. مینیمالیسم شێوازێکە کە مرۆڤ ناچار دەکات بۆ وردبینی، بۆ گوێگرتن لە بێدەنگی و بۆ تێگەیشتن لە شتانی نەنوسراو و نەوتراو.
(١) تادێوس ڕۆزێڤیچ Tadeusz Różewicz (9211 ــ 2014) یەکێک بوو لە بەناوبانگترین شانۆنامەنووسانی سەدەی بیستەمی پۆڵەندا، بە زمانی مینیمالیستی، ئەدەبی بوونگەرایی دوای جەنگ ناسراوە، ئەزموونەکانی شەڕیش کاریگەرییان لەسەر تەواوی نووسینەکانی هەبووە. ئەو پێی وابوو زمان دوای جەنگ زیانێکی زۆری پێگەیشتووە و چیتر ناتوانێت هەڵگری ئایدیالی گەورە بێت
(٢) ئەوگوست ستریندبێرگ August Strindberg (1849–1912) لە سوید لەدایک بووە، یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین شانۆنووسانی ئەورووپای سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم. یەکێک لەو نووسەرانەیە کە بەردەوام شێوازی نووسینی خۆی دەگۆڕی، لە شاڵی ١٩٠٧ چوار تێکستی بۆ شانۆی ژوور نووسی لە ساڵانی ١٩٠٧ تا ١٩١٠ . پرسی مرۆڤ، پەیوەندی ژن و پیاوکێشە دەروونیاکان لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە.

زاهیر عەبەڕەش




لە زیندانەوە بۆ زیندان.. زاهیر عەبەڕەش

پاژی یەکەم

وێنەی کۆچبەر لە شانۆی کۆچبەران ـ ی سلاڤۆمیر مرۆژێک:
پێشەکی: هەڵبەت ئەم نووسینە لێکۆڵینەوەیەکی درێژە سەبارەت بە نوسەری پۆلۆنی سڵاڤۆمیر مرۆژک، شانۆی کۆچبەران و سەرهەڵدانی شانۆی ژوور. پاژی یەکەم هەم نوسینێکی سەربەخۆیە و هەم پێشەکیە بۆ لێکۆڵینەوەکەم.

شانۆی کۆچبەرانم لە ستۆکهۆلم و فێستیڤاڵی شانۆیی خوریبکە لە وڵاتی مەغریب بە زمانی سویدی نمایش کرد، کە بووە جێی ڕەزامەندی بینەران، وەک دەرهێنەر و دراماتۆرگی شانۆیی کۆچبەران خەریکی خوێندنەوە، کنە پشکنین و قۆڵبوونەوە بووم لە سەر ژیانی مۆرژک و هۆکاری نووسینی تێکستەکەی. پرسیار گەلێک هاتنەپێش وەک ئەو هەل و مەرجانە چین کە ئەم تێکسستەکەی تێدا نووسراوە؟ کیشەی کۆچبەران؟ بارو دۆخی ئەو دەمەی وڵاتی پۆلۆنیا چۆن بووە؟ گیروگرفتەکانیان، هۆکاری پاڵنەر بۆ کۆچ کردن چیە؟
بەگوێرەی زانستە کۆمەڵایەتیەکان کۆچکردن دوو هۆی هەیە
یەکەمیان: هۆکارە پاڵنەرەرکانی، لەو وڵاتەی لێیەوە هەڵدێیت
دووەمیان هۆکارە ڕاکێشەرەکانی ، ئەو وڵاتەی بۆی هەڵدێیت
کە لە بەردەوامی نووسینەکەمدا تیشک دەخەمە سەر ئەو دوو هۆکارە.
وڵاتی پۆڵۆنیا کە ئێستا یەکێکە لە ئەندامانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وناتۆ جێ و پایەی خۆی هەیە و هەروەها مەقامی خۆی هەیە لە پەرلەمانی ئەوروپادا . بۆچی خەڵکانێکی زۆر کۆچیان لەووڵاتەدا کرد بوو؟ مرۆژک دەیەوێت بڵێ چی لە پشت ئەم تێکستەوە؟ تێکستی کۆچبەران چ دەنگدانەوەیەک و کاریگەریەکی هەبوو لەوکاتەی وڵاتی پۆلۆنیادا؟ تا چەند پرسی کۆچبەران تازەکورەیە (ئەکتوێلە)؟ شتێکی ڕوونە لەهەرشوێنێک ناعەدالەتی هەبوو نەخۆشیە دەرونیەکان، خەمۆکی، سترێس، تراوما هەیە، جا چۆن بە چ شێوەیەک خەڵک گوزاشت لەو نیگەرانی و گرفتانە و دردۆنگیانە دەکات، هەندێک جار بەجێهێشتنی وڵات وەڵامدانەوەیەک و گوزارشتێکە لە دردۆنگی و گرفت، لەو توندوو تیژیی و نادادپەروەرییەی لە وڵاتی کۆچبەردا هەیە. کۆچ ئەو ساتەیە، کە قسە کۆتایی هاتووە. شۆڕشێکی سپیە خەڵک چەک هەڵناگرێت بەڵکو جانتاکەی هەڵدەگر‌یت و کۆچ دەکات. کالیفادی نوسەری یۆنانی، دەیگوت مرۆڤ هەمیشە تاسە دەکات، یان بۆ ئەوەی لە شتێک ڕزگاری بێت یان بەدووی شتێکدا وێڵە. ئەم دووانەش بارتەقای یەکترن.
لێرەوە دەتوانین بڵێین کۆچبەران جەوهەری ئەزموونی مرۆڤە و مێژووی مرۆڤەیەتی لە مێژووی کۆچ جیا نابێتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ساڵی 2024 ی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) ئاماژە بەوە دەکەن 304 میلیۆن کۆچبەرهەیە لە جیهاندا. ئەم ژمارەیەش کۆی (3.7٪ی) دانیشتوانی جیهانن. هۆکارەی پاڵنەری یەکەم: ئەم کۆچکردنە لە هۆکاری سیاسی، ئابووری، ناسەقامگیریەوە هتد سەرچاوە دەگرێت، لەوانە نادادپەروەی، نەبوونی ئازادی، شەڕ و ململانێی ناوچەیی و شەڕی ناوخۆی جۆراوجۆر، ئەو کۆچبەرانەی لە وڵاتانەوە هەڵهاتوون کە وڵاتەکانیان گۆشەگیر و دیکتاتۆرن و یان بە هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە کۆچیان کردووە. شانۆیی کۆچبەران لە سروشتیە هەمالایانەوە سەرچاوە دەگرێت.
جێی سەرنجە زۆر لە کۆچبەرانی پۆڵۆنیا ئامادەی نمایشە بوون وجێی ڕەزامەندیان بوو، چونکە مرۆژک سیمبۆپلێکی گەورەی وڵاتی پۆلۆنیایە، پێیان خۆش بوو کە دەرهێنەرێکی ڕۆژهەڵاتی چۆن مرۆژک دەخوێنێتەوە. بێگومان من لە پێشکەشکردنی نمایشەکەدا گۆڕانێکی بنەڕەتیم لە دیدی ئەودا کردبوو.

کۆچ و سیاسەت

دیاردەی کۆچکردن بۆ ماوەی چەند سەدەیەک بەشێک بووە لە دیمەنی کۆمەڵایەتی و کولتووری سیاسی پۆڵەندا. لە سەدەی بیستەمدا شارەزایانی ئەدەب تەنها بە پلەی یەکەم لە ڕوانگەیەکی سیاسییەوە ئەم دەقانەیان دەخوێندنەوە و شرۆڤەکرد، ئەمەش زۆرجار دەبووە هۆی ئەوەی کە بەهای هونەری نووسراوەکان کەم بێتەوە. دیاردەی کۆچکردن لە بەرهەمە ئەدەبیەکانی نووسەرە پۆڵۆنیەکانی تاراوگە نشین پانتایەکی زۆری لە ئەدەب و فەرهەنگدا داگیر کردووە. شانۆی کۆچبەران نموونەیەکی زیندووە، کە تەنها لە کات و شوێن و کەسانی دیاریکراودا سنووردار نییە. ڕوداوەکانی ئەم شانۆییە لە دەرەوەی زێدی مرۆڤە و لە هەموو شوێنێکە، فراوانگیرە بەردەوامیشی هەیە، بەشێکە لە کۆچی جیهانی و ژیانی دەربەدەری و ئاوەرەیی.
کازم حەبیب نوسەری ناوداری عێراق هەمان وتە دەبێژێت (نیشتمان دایکە، وڵاتی دەربەدەریش باوەژنە). بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین کە لە زۆرجاران، نیشتمانی ڕاستەقینە دەبێتە باوەژنە دڵرەقەکە وتاراوگەش دەبێت دایکی میهرەبان، هەروەک ئەو عێراقی و کوردانەی سەردەمی دەسەڵاتی ملهوڕی و دیکتاتۆری دەسەڵاتی سەدام هەڵهاتن، یان ئەو کوردانەی کە لە دەستی ڕێژەمە توتالیتاری و زۆردارەکانی تورکیا و ئێران و سوریا هەڵهاتوون، وەک دایکێکی میهرەبان تاراوگە لە هەمبێزیان دەگرێت.
لە خوێندنەوەی ڕەخنەگراندا، ئەدەبیاتی کۆچبەران بە گشتی، وەک بەشێکی جیانەکراوە لە مێژووی ئەدەبیاتی پۆڵەندی لە سەدەی بیستەمدا سەیر دەکرێت، زۆرترین جار تێکەڵ بە گرێکوێرەی (paradigm) سیاسی دەکرێت و بەستراوەتەوە بە سیاسەتەوە، بە ڕاستییە سیاسییەکانەوە ڕوون دەکرێتەوە و لە ڕێگەی بەستێنە سیاسییەکانەوە دەخوێندرێتەوە لە ڕوانگەی هەڵوێستی سیاسیەوە نوسەرەکان هەڵدەسەنگێندرێت.( جۆزێف گارلینسکی لە ساڵی ١٩٨٦دا نووسیویەتی بێ سێ و دوو دەتوانم بڵێم:” ئەو کێشە بنەڕەتیانەی کە زۆرترین جار لەلایەن شارەزایانی ئەدەبیاتی پۆڵەندییەوە لەسەریان دەنووسرێت..ئەدەبیاتی کۆچکردنە و دەرئەنجامی ڕەچاوکردنی ئەم پارادایمەی کۆچکردنە بۆیە دەتوانرێت دیاری بکەین” ڕەچاوکردنی قۆناغبەندی، بیرۆکە و بابەت و دیاردەی کۆچبەری ناو ئەدەبیاتی کۆچبەریدا بدۆزرێتەوە. لە ڕوانگەیەکی وەهاوە، کە کۆچ و ئەدەبیاتی سیاسی، دوو دیوی یەک دراون، کە لە یەک کات و بە یەک دەستنووس نووسراون.

کۆچبەرانێک یان چاررەنووسی دردۆنگ.
کۆچبەران یان چارەنووسی لەدەستچوو.ڤلادیمێر بۆلێسکی دەڵێت ( پۆڵەندییەکان لە دەرەوەی وڵات هێشتا خۆیان بە کۆچبەر دەزانن و ڕەنگە حەزیان لەوە بیت هەربە کۆچبەر هەژمار بکرێن، بۆچی؟ یەکەم: هەمیشە و لە هەموو شوێنێک هەست بە خۆی باشتر بە ژیرتر لە خەڵکی ڕەسەن ئەو ڵاتەی تێدانیشتەجێیە دەزانێت.
دووەم – دەکەوێتە خەمۆکییەکی قووڵەوە، چونکە ئاگاداری بەکەم سەیرکردنی فەزیلەتە شەخسی و لایەنە باشیو پۆزەتیڤە نەتەوەییەکانی خۆیەتی لە سۆنگەی خەڵکانی وڵاتە نوێکەیەوە، لەبەر ئەوە ئەو وڵاتەی تێدا دەژی بە باوەژن دەچوێنێت. ئەم دیدە تەواو لە کارەکتەری xx ی کۆچبەراندا مرۆژکدا بەرجەستە دەبێت و لایەنی دەروونی کارەکتەرەکەیە، هەرچەندە کارەکتەرەکە، کەسێکی نەخوێندەوار و مشەخۆرە هەڵهاتووە بۆ وڵاتێکی ئەوروپی بەڵام هێشتا ئەو لوتبەرزییەی تێدایەوە ئەوانی تر بەکەم سەیر دەکات و نایەوێت تێکەڵ بە ژیان و ژیاری ئەو وڵاتە بێت کە هانای بۆ هێناوە.

پۆڵەندا و داگیرکاری
ئەگەر سەیری مێژووی داگیر کاری وڵاتی پۆلەندا بکەین ، دەبینین چەندین جار داگیر کراوە و لە نێوان ئیمپراتۆریەت و وڵاتە زلهێزەکاندا دابەشکراوە، ( مەغۆلەکان لە سەدەی سیانزەهەمدا، ١٧٥٠ کاندا، لە نێوان ڕوسیا و پروسیا، ئیمراتۆریەتی هاپسبۆرگ ـ نەساوی / هەنگاری فەرمان ڕەوایەتی ناپلیۆن ) لێرەدا دەمەوێت بەخێرایی ئەو دابەشکرایییەی بەسەر پۆلۆنیادا هاتووە بگێڕمەوە.() کرۆنۆلۆگی وڵاتی پۆڵۆنیایە کە چەند جار داگیر کراوە، بەڵام ئەوەی بۆ باسەکەی من گرنگە، داگیرکاریەکانی ئەڵمانیاو یەکێتی سۆڤێتە. دوای ئەوەی ناپلیۆن شکستی ھێنا دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جەنگ، لە ساڵی ١٨١٥ لە کۆنگرەی ڤێنا ڕێکەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆڵەندا، پۆلۆنیایان وەک دەوڵەت سڕییەوە. پێش ساڵی ١٩١٤، زلهێزە گەورەکانی ئەورووپا لە نێوان دوو بەرەدا دابەش ببوون بەرەی یەکەم ( فەرەنسا و ڕووسیا و بەریتانیا ) بەرەی دووهەمیش لە هاوپەیمانی ( ئەڵمانیا و نەمسا-مەجارستان و ئیتالیا ) پێکهاتبوو. کاتیکیش شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ١٩١٤هەڵدەگیرسێت، لە نێو ئەو دووبەرەیەدا، بەرەی ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا پۆڵەندا داگیر دەکات. دوای وەستانی شەر ساڵی ١٩١٨، لە ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٩ لە کۆشکی ڤێرسای لە پاریس لایەنە شەڕکەرەکان پەیمانی ڤێرسای مۆردەکەن. هەر لە بەندەکانی ئەم پەیمانەدا دان بەسەربەخۆیی کۆماری پۆڵەندا دەنرێت کە لە ساڵی ١٩١٨دا لە نێوان ساڵانی جەنگی جیھانیی یەکەم کۆماری پۆڵەندا ڕاگەیەندرا.. لەم پەیماننامەیەدا ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی یەکەمی جەنگی گرتە ئەستۆو چەند ئیمپراتۆریەتێک هەڵوەشانەوە. ئەمەش نارەزایەتیەکی زۆری ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەی لێکەوتەوە ، یەکێک لە دەرهاویشتەکانی دواتر بووە ھۆی سەرھەڵدانی نازیەکان لە ئەڵمانیا. ئەو ماوەیەی کە کەوتە نێوان دوو جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم، واتە لە نێوان ساڵانی ١٩١٩–١٩٣٩ وڵاتی پۆڵەندا تووشی بارودۆخی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری بووە، لاوازی و بێھێزی پۆڵەندا وای کرد کە نەتوانێت ڕووبەڕووی مەترسی بەردەوامی ھەر دوو دەوڵەتی ئەڵمانی و سۆڤیەتی ببێتەوە. ١ی سێپتەمبەر ١٩٣٩ ئەڵمانیا لەبەری باکور و باشورەوە ھێرشی کردە سەر پۆڵەندا، لە ئەنجامدا شەڕی دووەمی جیهان هەڵدەگیرسێت و یەکێتی سۆڤێتیش لەبەری خۆرهەڵاتی پؤلۆنیاوە هێرشی بۆ ئەڵمانیا کرد، فەرەنساش شەڕی لەگەڵ ئەڵمانیا ڕادەگەیاند. ئەڵمانایش بۆ ئەوەی لە دوو بەرەوە لێی نەدرێت، لە هەمان مانگی ئۆکتۆبەردا، لە کۆتایی هەمان مانگدا بەپێی پەیمانی مۆلۆتۆڤ – ریبینترۆپ پۆڵەندا لە نێوان ئەڵمانیا و یەکێتیی سۆڤیەت دابەشکرا. ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤١ جەنگی بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت ڕاگەیاندەوە و توانی دەست بەسەر خۆرھەڵاتی پۆڵەندا دابگرێت کە ھێزەکانی سۆڤیەت پێشتر داگیریان کردبوو. لە ژێر دەسەڵاتی نازییەکان ژیانی ڕۆژانەی پۆڵەندییەکان بەشێوەیەکی دراماتیکی گۆڕا لە ژێر دەسەڵاتی نازییەکان. سیاسەتی توانەوەی میللی ” بە ئەڵمانی کردن و تواننەوە ” جێبەجێ کرا، کە تیایدا زمان و کولتووری پۆڵەندی قەدەغە کرا. سیستەمی پەروەردە داخرا، زانکۆکان و ناوەندە کولتوورییەکان وێران کران. لە کۆتایی 1944 و سەرەتای 1945دا، سوپای سوور پۆڵەندای لە دەست نازییەکان ڕزگار کرد. بەڵام ئەم “ڕزگارکردنە” بووە هۆی داگیرکارییەکی نوێ. بەپێی ڕێککەوتنی یاڵتا، پۆڵەندا کەوتە ژێر داگیرکاری سۆڤیەت و حکومەتێکی کۆمۆنیستی بەسەریدا سەپێنرا. پۆڵەندا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە زۆرترین وێرانکرای لە جەنگی جیهانی دووەم. لە ساڵی 1939 تا 1945، ئەم وڵاتە بووە گۆڕەپانی شەڕ و داگیرکاری، کوشتار و وێرانکاری. پۆلۆنیا یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە زۆرترین زیانی لە جەنگی جیهانی دووەم پێگەیشت، نزیکەی شەش میلیۆن پۆڵۆنی تێدا کوژران کە دەکاتە (نزیکەی ١٦-١٧%ی کۆی دانیشتوانی پۆڵۆنیا). پاش جەنگیش دەستگیرکردن و ڕاوەدوونان بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩٨٩. ئامانجی ئەو داگیرکاریانەش نەھێشتنی کلتووری پۆڵەندا و ملکەچکردنی گەلەکەی بوو. فەرهەنگی خەڵک و کولتوری پۆلۆنیا بەردەوام لەگەڵ دوو ئاراستەی دژ بەیەک بوون ئاڕاستەکردنی ناسیۆنالیستی وسۆسیالیستی. یەکێتی سۆڤیەت بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵات و نفوز و ئاسایشیی نەتەوەتی خۆی کەوتە دروستکردنی رێکخستن و پارت وحکومەتی کۆمۆنیستی، ئامانجی ستراتیژی یەکێتی سۆڤیەت سیاسەتی کۆنترۆڵکرکردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری نیشتمانی ناوچەکە بوو ئەوەش کارێکی زۆر خراپی دەکردە سەر فەرنگی کۆمەڵاتیەتی پۆڵۆنیەکان، ئەمە بووە هۆی بەرپەرچدانەوە، یەکەم گروپیش کە بەرهەڵستی کاری سۆڤیەت بوو، ڕۆشنبیران و ئەدیبان بوون، لەبەر ئەوە ئەوان یەکەم گروپ بوون کە بەر شاڵاوی قڕکردن کەوتن لایەن کۆمۆنیستەکانەوە، زۆربەی ئەو کەسایەتییانە کە لەلایەن سوڤیەتەکانەوە کوژان ئەوانە بوون کە لە ناوەندە زانستی و کولتوریەکان بەرچاو کاریگەر بوون بەشێکـیان ئینتەلیکتیول، ڕۆشبیر، مامۆستا، پزیشک، هونەرمەند، موسیکزان وشانۆکارو چالاکوانان بوون. بەشێکیشیان بۆ سیبریا دوورخرانەوە ، ئەوانەش کە توانیان خۆیان دەرباز بکەن هەڵهاتن بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ومەکسیک وئەمریکا. ڕۆشبیرە سیاسیەکانی پۆڵەنداش لە وڵاتی بەریتانیا بانگجاڕی حکومەتێکیان لە تاراوگە کرد. هەندێک چالاکی سیاسی و فەرهەنگیان بە نهێنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەتدا ئەنجام دەدا. لە مانگی ئابی ٢٠٠٩ توێژەرانی پەیمانگای یادکردنەوەی نیشتمانیی پۆڵەندا، ژمارەی قوربانیانیەکانی ئۆپراسسیۆنەکانی ئەڵمانیا (بە جوولەکەکانی پۆڵەنیایشەوە) لە نێوان ٥٫٤٧ بۆ ٥٫٦٧ ملیۆن (بەھۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەڵمانیا) وە قوربانیانی ١٥٠ ھەزار (بەھۆی سۆڤیەت)ەوە خەمڵاند، سەرجەم قوربانیەکان کە دەکاتە نزیکەی ٥٫٦٢ و ٥٫٨٢ ملیۆن بەکۆی بە گشتی. گەورەترین کۆمەڵکوژی لە کاتین بوو لە بەهاری ١٩٤٠ کە “کۆمیساریای گەل بۆ کاروباری ناوخۆ” ” NKVD “نزیکەی ٢٢ هەزار پۆلۆنی لە ئەفسەرو ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی پۆلەندای لە (کۆمەڵکوژی کاتین) کۆمەڵکوژ کران، لە نێوانیاندا نزیکەی لە ٢٠٠ کەسیان یان شانۆکار بوون. هەڵبەتە ژمارەیان زۆر زۆرە ناکرێت ناوی هەموویان بنووسین، دەستەی قوربانیەکانی لاتین لاپەڕەیەکیان هەیە من لێرەدا حەز دەکام. ئاماژە بە چەند کەسێکیان بکەم (*)
ــ ڤلادیسلاڤ سێبیلا (١٩٠٢-١٩٤٠) – شاعیر، ڕەخنەگر، ئەندامی بازنەی ئاڤانگاردی ئەدەبی پۆڵەندی.
ــ زیگمۆنت ماریان لۆتۆکی (١٩٠٤-١٩٤٠) – نووسەر و شاعیر، چالاک لە بازنەکانی ئەدەبی نێوان جەنگەکاندا؛ لە کاتین کوژرا.
ــ ماریان ڕێنتگن (ماریان ئەنتۆنی گونتنەر) (١٨٨٨-١٩٤٠) – ئەکتەری بەناوبانگی شانۆ و سینەما؛ ئەفسەرێک لە یەدەگەکەدا، لەلایەن سۆڤیەتەکانەوە زیندانیکرا و لە کاتین لەسێدارەدرا.
ــ ولادیسلاڤ سێبیلا (1902-1940) — شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی؛بەهاری ساڵی ١٩٤٠ لەسێدارەدراوە.
ــ زیگمۆنت ماریان لۆتۆکی (1904-1940) — نووسەر(و کەسایەتی وەرزشی
ماریان ڕێنتگن / ماریان ڕێنتگن-گونتنەر (1888-1940) ئەکتەر.
ــ برۆنۆ شوڵزبە (١٢ی تەمموزی ١٨٩٢ – ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٤٢) نووسەروهونەرمەند و ڕەخنەگری ئەدەبی و مامۆستای هونەری پۆڵەندی بووە.
ــ تادێوس بۆی-زێلێنسکی (1874-1941) نووسەر، شانۆنامەنووس و وەرگێڕ.
ــ ستیفان جاراکز (١٨٨٣-١٩٤٥) بەناوبانگترین ئەکتەر و دەرهێنەری شانۆ، ئەوکاتە.
ــ یوجینیۆس شڤیرچیڤسکی (١٩٠٩-١٩٤٤) – دەرهێنەر و ئەکتەری شانۆ، چالاکوان، لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە لەسێدارەدرا.
زۆر نووسەری تر دووچاری هەڵهاتن هاتن لەوانە
ــ نوسەری بەناوبانگ خاوەنی براوەی نۆبڵ، چێسلاڤ میلۆسز. ( ٣٠ی حوزەیرانی ١٩١١ ــ ١٤ی ئابی ٢٠٠٤ لە شاری کراکۆڤ کۆچی دوایی کرد)
ــ ١٩٧٨ کەسایەتی بەنێوبانگ کارۆڵ ڤۆیتیلا کراکۆڤ، پاشان لە ساڵی ١٩٧٨ وەک پاپای فاتیکان هەڵبژێردرا، نازناوی جۆن پاوڵس دووەمی هەڵبژارد
ــ سلاڤومێر مرۆژێک ١٩٦٣ پۆڵۆنیای بەجێ هێشت لە پێشدا بەرەو مەکسیک هەڵهات و لە پاشاندا لە فەرنسا گیراسایەوە
ــ چیسلاڤ میلۆس (لە ساڵی ١٩٥١ داوای مافی پەنابەری لە فەرەنسا)،
ــ مارێک هلاسکۆ (لە ساڵی ١٩٦٦ کۆچی کرد بۆ لۆس ئەنجلۆس)
ــ لێسزێک کۆلاکۆڤسکی (لە ساڵی ١٩٦٨ ناچار بووە کۆچ بکات).

ژمارەکەیان زۆر زۆرە و ناکرێت ناوی هەموویان بنووین.
ڕۆشبیری لەسەردەمی داگیرکاریدا

کۆمەڵناس تادێوس پیۆترۆڤسکی دەڵێت ھەردوو دەسەڵاتی داگیرکەری نازی و سۆڤێتی دوژمنی سەروەری پۆڵەندا و گەلەکەی و کولتوورەکەی بوون و ئامانجیان دروست کردنی نەوەیەکی بێ فەرهەنگ و لەناوبردنی گەلەی بوون، کتێبخانەو زانکۆکان و سینەما و شانۆکانیان داخست، تەنها بۆ بانگەشەی سیاسەتی خۆیان جاروبار دەیانکردەوە.
کتێب و ژورنال و بڵاوکراوەکان بە فیلتەرێکی زۆردا تێدەپەڕین، هەر نوسینێک و نمایشێک ناوەرۆکێکی سیاسی یان نەتەوایەتی هەبوایە، ئەوا وەک تاوان سەیر دەکرا، سزای بەدواوە بوو، ئەو نووسەرو ڕۆشنبیرانەی کە لەگەڵ سیاسەتی داگیرکەراندا نەبوون خۆیان نەدەدا بەدەستەوە، دەگیران و حکوم دەدران یان ناچار دەبوون بەرەو تاراوگە هەڵبێن. لە ژێر داگیر کاری سۆڤیەتدا دەزگایەکی کولتوری بەنێوی سۆسیالیست ریالیزم بۆ پشتیوانی لە ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیستی دامەزرا، ئەمەش وای کرد هزر و خەیاڵ و فەنتازیای هونەرمەندان لە قاڵب بدرێت

فەرهەنگی ژێرزەمینی
پۆڵۆنیەکان بۆ بەرانگاربوونەوەی ئەو داگیرکاریە کولتوریە ژینگەیەکی تریان بۆ فەرهەنگی خۆیان دروست کرد پێیان دەگوت ” فەرهەنگی ژێرزمین” (underground culture) چونکێ سەرجەم زانکۆ و کۆلیژەکان زۆرێک لە قوتابخانەکان داخران، تەنانەت خوێندنی باڵاشیان لێ قەدەغەکرا، بەشێکی زۆر لە مامۆستایان دەستگیرکران لەسێدارا دران، ئامانج ئەوەبوو پۆڵۆنیەکان لە ئاستێکی نزمدا بمێننەوە، بەهۆی نەبوونی ئازادییەوە “کلتووری ژێرزەمین” مانایەکی زۆر گرنگ و تایبەت وەردەگرێت. ئەویش مەبەست چالاکییە ڕۆشنبیری و فیکرییە نهێنییەکان بوو وەک بەرەنگاربوونەوەیەک بەرامبەر بە چەوساندنەوەی نازی و دواتر یەکێتی سۆڤیەت، وەڵامدانەوەیەک بوو بۆداگیرکەران. جەوهەری کولتوری ژێرزەمینی لە سەردەمی داگیرکاریدا پرۆسەیەک بوو ناویان لێنابوو” تاژنە کۆمپلێتی” (Tajne komplety) ، تاژنە کۆملێتی، زاراوەیەکی پۆڵەندی بوو بۆ ئەو چالاکییە پەروەردەییە نهێنیایەکان کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن مامۆستایان و خوێندکارانی پۆڵەندییەکانەوە ڕێکخرابوو واتای پۆلی نهێنیەکان، فێرگەی نهێنی، یان کلاسی نهێنی، یان تەواوکردنی خوێندنی نهێنی، سیستەمێک بوو بۆ پەروەردە. بەهۆی کلاسی نهێنیەوە دەیان هەزار گەنج توانیان درێژە بە خوێندن بدەن سەرەڕای هەوڵی نازییەکان بۆ بنبڕکردنی کولتوور و ڕۆشنبیری پۆڵەندا.ئەمە بوو بە هێمای بەرخۆدان و ناسنامەی نەتەوەیی. ئەم پۆلە نهێنیانە بە گروپی بچووک لە ماڵە تایبەتەکاندا بەڕێوە دەچوو، مامۆستایان وانە نهێنیەکانیان لە ماڵە تایبەت،کلێسادا، یان لە شوێنە شاراوەکانی تردا ڕێکدەخست، خوێندنیان لە هەموو ئاستەکاندا پێشکەش بە خوێندکارە پۆڵۆنیەکان دەکرد، لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە تا زانکۆ، بە مەبەستی پاراستنی کولتوری پۆڵەندی و دابینکردنی زانست و زانیاری بوو. بەو پێیەی ئەڵمانییەکان و سۆڤێتیتیەکان خوێندنی باڵایان بۆ پۆلەندییەکان قەدەغە کردبوو، پەروەردە هەموو شتێکی گرتەوە لە قوتابخانەی بنەڕەتی تا ئاستی زانکۆ. تەنانەت پزیشکی و یاسا و زانستە مرۆییەکانیش.
دەیان هەزار خوێندکار بەشداریان لەم فیرگانەدا کرد و زۆرێک لە ئەکادیمیستە بەناوبانگەکانی پۆڵەندا بە نهێنی وانەیان لەم فێرگانەدا دەگوتەوە. خوێندکار بڕوانامەی ڕاستەقینەی وەردەگرت، دوای جەنگ زۆربەیان لەلایەن زانکۆکانی پۆڵەندا بەشێوەیەکی فەرمی بەڵگەنامەکانین ناسێنران دانیان پێدا نرا.

چاپەمەنی و ئەدەبی ژێرزەمین
لەم بارو دۆخەدابوو چاپەمەنی ژێرزەمین سەری هەڵدەدات، ڕۆژنامە یاساغکراو، نامیلکە و کتێبی قەدەغەکراو چاپ دەکرا و لە وارشۆ و شارەکانی دیکە دابەش دەکران، پێشانگا دەکرایەوە، شانۆ نمایش دەکرا کۆڕو کۆبونەوەی ئەدەبی سازدەدرا، بەڵام ئەمانە هەمووی بە نهێنی دەکران، شانۆکاران وازیان لە پێشکەشکردنی بەرهەمە کلاسیکیەکان دێنن و بەرهەمی تازەی نووسراو پێشکەش دەکەن، مۆسیقاژەنەکان نمایشی نهێنیان ڕێکدەخست، ئەم چالاکیانە لە شوێنی تایبەت و شاراوەدا سازدەکران ، بۆ ئەوەی کولتوری پۆڵەندی زیندوو بهێڵنەوە. بەرخۆدانی ئەدەبی بوو بەرهەمەکانیان گوزارشت لە بەرهەڵستی و هیوا و ناسنامەی نەتەوەیی دەکرد. واتا، کولتووری ژێرزەمینیی لە پۆڵەندا لە سەردەمی داگیربوونیدا بوو بە خەباتێک بۆ پاراستنی شوناس و زمان و کولتووری نەتەوەیی، لە ژێرزەمینەکاندا و لە سەرزەمینەکانیش داگیرکەران هەوڵی سڕینەوەی دەدا. ئەمە بارتەقای شەڕی گەریلا بەشێک بوو لە بەرخۆدانی چەکداری، بەڵام لە بەرەی فیکری و ڕۆشنبیریدا. کولتوری ژێرزەمین و چالاکیە ڕۆشنبیرو هونەرییەکان دەبێتە ڕێگایەک بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.
ئەو جموجۆڵە فۆرم و شێوەیەکی وایگرتبوو کە پییان دەوت، دەوڵەتی ژێرزەمینیی پۆڵەندا. ساڵی١٩٤٥ دوای کۆتایی هاتنی جەنگ، زۆرێک لەوانەی بەشدارییان لە کولتوری ژێرزەمیندا کردووە، دەبنە پێشەنگ لە بنیاتنانەوەی ژیانی کولتووری پۆڵەندادا. لەم کاتەدا کە ڕژێمی سوڤیەت بەردەوام دەبێت نەریتی خەباتی ژێرزەمینی گەشە دەسەنێت و فۆرمێکی نوێ دەردەکەوێت.
“کلتووری ژێرزەمین” مانایەکی زۆر تایبەت و گرنگی وەرگرت. فەرهەنگی ژێرزەمینی بەمانا کولتوور مۆدێرنەکە نەبوو، بەڵکو باسی چالاکییە ڕۆشنبیری و فیکرییە نهێنییەکان بوو وەک بەرەنگاربوونەوەیەک بەرامبەر بە چەوساندنەوەی نازی و دواتر سۆڤیەت.
لێرەدا تێڕوانینێکی گشتی ڕوون بۆ کولتوری ژێرزەمین لە پۆڵەندا لە سەردەمی داگیرکاریدا دەخەینە ڕووبەشە گرنگەکانی کولتوری ژێرزەمین

  1. زانکۆ نهێنییەکان (“Tajne komplety”) فێرگەیەکی تەواو بوو، هەم زانستە مرۆییەکان و هەم زانستە سروشتییەکان و هەم پزیشکی دەوترێتەوە. هەزاران خوێندکار و چەندین پرۆفیسۆر بەشداریان تێداکردبوو.
  2. چاپەمەنی و ئەدەبی ژێرزەمین ڕۆژنامە و نامیلکەی نایاسایی چاپ دەکران و بە نهێنی دابەش دەکران. دانیشتووانی پؤلۆنیا لە هەواڵەکان ئاگادار دەکرایەوە، هیوای پێبەخشی. ئەدەب (شیعر، کورتە چیرۆک، وتار) زمان و ناسنامەی نەتەوەیی پاراست.
  3. ئاهەنگی مۆسیقا و نمایشی شانۆیی بەنهێنی لە ماڵە تایبەتەکان و شوێنی شاراوەکان پێشکەش دەکرا، ئەکتەرەکان بەرهەمی قەدەغەکراو و شیعریان دەخوێندەوە. مۆسیقای شۆپین مانای تایبەتی و ڕەمزی وەرگرت.
  4. بەرهەمهێنانی هونەری نهێنی و هونەری بینراو و هێماسازی، کە سەرتاپا شەقامەکانی پۆلۆنیایی گرتەوە وەک هێمای (وەک کۆتویکا – “لەنگەری”) وەک نیشانەی بەرخۆدان لەسەر دیوارەکان نەخشێنران.
  5. پەروەردە و ڕۆڵی منداڵان قوتابخانەی نهێنی بۆ خوێندکارە بچووکەکان زۆر گرنگ بوو چونکێ منداڵان فێری زمانی پۆڵەندی و مێژوو و کولتوور بوون، سەرەڕای قەدەغەکردنەکە.
    6- گەشەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی و چالاکییە فەرهەنگیەکان وەک بەشێک لە شەڕی داگیرکاری سەیر دەکران. قسەکردن بە زمانی پۆڵەندی و خوێندنەوەی کتێبی پۆڵەندی و وتنی گۆرانی پۆڵەندی بوون بە کردەی سیاسی، ئەمە پێکەوە بەرخۆدانێکی فیکری و کولتووری پێکدەهێنا کە بەقەد خەباتی چەکداری گرنگ بوو، ڕۆحی میللەتی دەپاراست کاتێک دەوڵەت خۆی ژێردەستە بوو.
    لە دەوڵەتی ژێرزەمیندا هونەرمەندانی ئەودەمە پیشبڕکێیەکان ساز کرد بۆ دروستکردنی سیمبوڵێک کە هێمابێت بۆ بەرخۆدانی گەلی پۆلۆنیا،بۆ ئەمە لۆگۆ و سیمبۆلێکیان هەڵبژارد بەناوی کۆتیک، ئەم سیمبوڵە لە شێوەی لەنگەرێکدایە ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە پۆڵەندا ڕاوەستاوە و شکستی نەهێناوە، کۆتیکا بەمانای پۆڵۆنیا بەرەنگارە و شەڕ دەکات، کە یەکێک بوو لە هێما هەرە گرنگەکانی بزووتنەوەی بەرخۆدان لە پۆلۆنیا، پێکهاتووە لە تێکەڵەیەک لە پیتەکانی P و W کە کورتکراوەی ” Polska Walcząca”” بە زمانی ئنگلیزی Fighting Poland.
    دەرکەوتنی ئەو هێمایە لەسەر باڵەخانەکانی وارشۆ و شارەکانی دیکە، بوو بە نیشانەیەکی بەهێزی بەرخۆدان و هۆکارێک بۆ ئەوەی مۆڕاڵی دانیشتووان بە بەرزی بمێنێتەوە. دواتر کۆتیکا بوو بە هێمایەکی نەتەوەیی بۆ ئازایەتی و نیشتمانپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم. ئێستاش سیمبوڵێکی گەورەی بەرەنگاربوونەوە و چالاکوانانە.
    دەرەنجام
    جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر پۆڵەندا بەجێهێشت. نزیکەی 6 ملیۆن هاوڵاتی پۆڵەندی (بە جوولەکەکانیشەوە) گیانیان لەدەستدا، 3 میلیۆن خەڵکی ئەو وڵاتە دەربەدەربوون، زۆربەی شارەکان وێران بوون و ئابووری وڵات تێکشکا. سەرەڕای ئەمانە، پۆڵەندا توانی لە دوای جەنگ خۆی بنیات بنێتەوە و ئەمڕۆ یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی یەکێتی ئەوروپا. کە بزووتنەوەیەکی شانۆو فەرهەنگی بەهێزی تێدایە. ئەو ڕۆژەی کە لە کوردستان ڕاپەڕین دەبێت، هەر ئەو ڕۆژە ساڵی ١٩٩١ هەر ئەو ڕۆژە دوای هەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی دوای ڕووخانی کۆمۆنیزم. سەربازانی سۆڤیەت دەست دەکەن بە جێهێشتنی پۆڵەندا.کۆمەڵگەی کولتوری دیاسپۆرای پۆلۆنی تا سەدەی بیستەم بەهێزترین دیاسپۆرا بوو لە تاراوگەدا. ئەوان هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەو کەسانەی کە لە زێدی خۆیان بۆ ئەوروپاو ئەمریکا و کەنەدا هتد هەڵدەهاتن لە دام و دەزگا فەرمیاکانی هاوکاریان دەکردن ، هەتا ئێستاش چالاکترین رێکخراو و ئینستیوتی فەرهەنگیان لە ئەوروپادا هەیە. هەروەها ١٠ ساڵ دوای بەجێهێشتنی سۆڤیەت لەساڵی ٢٠٠١ پۆڵەندا ڕێگەی بە هاوڵاتیان دا کە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ بینینی ئەو فایلانەی کە لە سەردەمی کۆمۆنیستەکاندا لەلایەن پۆلیسی نهێنیەوە بۆیان کرابووە.

پەراوێز
() کرۆنۆلۆجیەک لەسەر داگیرکردنی پۆڵەند https://www.bbc.com/news/world-europe-17754512 (*) دەستەی قوربانییەکانی پۆلۆنیا، لاپەڕەیەکی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لەلیستەکەدا ناویان تۆمار کراوە بە ناوی کۆمەڵکۆژی کاتین. ئەمەی خوارەوە ناوی قوربانیەکانی کۆمەڵکوژی کاتینە.(katyn.ipn.gov.pl)
https://katyn.ipn.gov.pl/kat/form/229,Lista-katynska.html




شانۆیی ماڵی زەیتون لە ستۆکهۆلـم نمایش دەکرێت.

Olivhemmet

نوسسین و دەرهێنانی: زاهیر عەبەڕەش
کۆریۆگراف: ئۆسە ئێن ئۆستریۆم
ئەکتەرکان: لاسی فرانسێن، عادل ئەحمەد و لۆتە نوێید.
زمانی نمایش سویدیە.
ڕۆژانی 5، 6، 7، 8 ی مانگی حوزەیران لەسەر شانۆی Teaterverket Svea نمایش دەکرێت. لە شاری ستۆکهۆڵم لە وڵاتی سوید.
شانۆییەکە باس لە ژیان و ڕەوشی دووکەس دەکات لە خەڵوەتگایی پیری کە دوا مەنزگڵگای ژیانیانە، یەکێکیان کورد و ئەویتریان سویدی کە دوو کولتور و فەرهەنگ و بارگروندی جیاوازیان هەیە. فاتو کە ئەویش کارگوزارێکە لەوێ کار دەکات، ئەویش چیرۆکێکی خۆی هەیە، ناکۆکیەکانی ئەو دوو کەسە بە ساڵاچووە بەرێوە دەبات، سەرەتا بە کۆنفلیکت و دژیایەتی یەکتر دەست پێ دەکات، پاش تێپەڕبوونی کات دوای ئەوەی کارەکتەری لێنارد دەکەوێت و ئازاری پیدەگات، کارەکتەری دووەم هاوکاری دەکات ئیدی یەکتر قبوڵ دەکەن و پەیوەندیەیەکی بەهێز لە نێوانیان دروست دەبێت، ئەوەش کار دەکاتە گۆڕانی سەر دیدی و بۆچوونیان. چونکێ مرۆڤ لە بەدەنگ هاتنی یەکتری و هاوکاری دا پەیوەندی دروست دەکات، مرڤ ئەگەر پێویستی بەیەکتر بوو ڕایەڵکی کۆمەڵایەتی نزیک بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە.
لەم شانۆییەدا بەهۆی ئەو سێ کارەکتەرە فەرهەنگ جیاوازەوە جەخت لەو بۆشاییەو نادڵنیایە دەکات لە لە نێوان کلتورەکاندا هەیە، دین و ئایدۆلۆژیا گەورەترین هۆکارن لە درووستبونی ئەو بۆشاییەدا، لەبەر ئەوەلە ئێستادا ئەوە گەروترین هەڕەشە لەسەر ئێمەیە وەک مرۆڤ، چونکە گەر مرۆڤەكان نەتوانن متمانە بە یەكتری بكەن، ئیدی ناتوانن پێكەوە هەڵبكەن، بەبێ ئەمەش شارستانیەتەكان هەڵدەوەشێنەوە. لەم تێکستەدا دەمەوێت بڵێم پێویستمان بە پەیوەندی و دڵنیایی هەیە. مرۆڤ بە دیدی من تەنها خاڵێکه وسفرە و هیچی تر، هیچ سوبجێکتێکی نییە ئەگەر لە پەیوەندیدا نەبێت. تۆ لە ماڵێکدا تەنها وەک مێز، کورسی و ئوبێکتی ماڵەکەتی، ئەی کەی دەبیت بە مرۆڤ؟ بێگومان ئەو کاتەی لە پەیوەندیدا بیت. شانۆییەکە فۆرمێکی، کۆمیدی، تراژیدی و ئەبسوردی هەیە، جەخت لەو کیشانەش دەکات کە لە ئێستای کۆمەڵگەی سویدیدا هەیە لەگەڵ بیرکدنەوەیەکی قوڵ لە مەرگ.




گەڕانەوە بۆ گۆرانیەکانی دیسرامپ.. نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

سەرەتا بابزانین گۆرانیەکانی دیسرامپ چیە؟ لەکوێ سەریهەڵدا؟ و چۆن گەشەی کرد؟.

دیسرامپ کە دیسرامیۆسیشی پێدەگوترێت، واتە چرینی گۆرانی بە کۆڕاڵ، کەشێوازێکی هۆنراوەیی هەیە، شێوازی گۆرانیەکە سەرەتا هەراو زەناو خۆشی و بەیت وبالۆرە و ئای ئای خودا پەرستی بوو بۆ دیۆنیسۆس، خودای بەپیت و فەڕ کە پاشان وەک خودای شەراب سەیریان کرد. کە لە گروپێک خەڵک پێکهاتووە کە هۆنراوە بە لاوانەوە و پارانەوە لە شێوەی گۆرانیدا دەچرن، کە سەماکردن شانبەشانی خوێندنەوەی هۆنراوەی ئاینی بەشێکی گەورەیی شانۆی یۆنانی پێکدەهێنێت. دیسرامپ کە لە رێگای پارانەوە بۆ دیۆنیسیۆس ( باخۆس) کە یەکێکە لە خواوەندەکانی یۆنان، بە یەکێک لە چوار جۆری شانۆی یۆنانی دائەنرێت.. دیسرامپ سەرەتا لە موسیک، دانس و هەڵبەست پێکهاتبوو، دیسرامپ ، سەمایەکی هەرەوەزیە کە لەوێدا پەنجا سەماکەر سەمایان دەکرد لە شێوەیەکی بازنە,یدا، لە هەمان کاتدا تاکژەنێک (سولیست) کە رۆڵی دیۆنیسیۆس بەرامبەر بە کۆرسەکە دەبینێت بەتەنها گۆرانی بەرامبەریان دەڵێت، بەگوێرەی دابو نەریتەکان بۆ یەکەم جار دابو نەریتی دیسرامپ لە ئاریۆنی هەلبەستڤان و موسیکزانی شاری (کۆرنیت)ەوە داکەوت پاشان هەموو یۆنانی گرتەوە، هاوشان لەگەڵ پەرستنی دیۆنیسۆسدا. لەساڵی 600 پێش میلادوە پەرستنی دیۆنیسۆیس بو بە بابەتی پێشبڕکێی هەلبەستڤانەکان.
دیۆنیسیۆس کوڕی (زیۆس)ە کە گەورە خواندەکانی (ئۆلیمپیۆس)ە، ئەو خواوەندەیە کە لە جەستەی گایەکی ڕەشدا بەدەردەکەوێت. لەم ڕیتوالەدا یۆنانیەکان گایەکی ڕەشیان دەبەستەوەو، پاشان نزاو دوعایان دەکرد و، خواوەندیان لە گارەشەکدا دەبینی، دواتر هەموو ئامادەبوان تاویان بۆ گارەش دەهێناو هەربەزیندوێتی دەیانخوارد. بەمجۆرەو بە بۆچونی ئەوان خواوەند دەبوو بە بەشێک لەخۆیان،. هەر لە گۆرانیە کۆنەکانی دیسرامپەوە، تراژیدی و کۆمیدی سەرەیهەڵدا. لەم جۆرە نزاو پارانەوەیە ئەم شێوازە شانۆییە سەری هەڵدا و ئەندامانی کۆرسەکە بەرگی کەوڵی بزنیان دەپۆشی و (tragos) لێرەوە تراژیدیا دروست بوو، لەو شێوازی ڕێورەسم و نەریتانەی ململانێی نێوان سیستەم و نەبووندا هەبوو. ووشەی تراجیدیا (tragoedia) بە مانای گۆرانی بزن دێ چونکە ئاژەڵ وێنەی خواندی هەبوو.
کۆمەڵناس هەمان رۆڵی دەرونزانێکی هەیە لە کۆمەڵگادا ئەو یتریان بواری تاکەکانی کۆمەڵگادا و ئەویان لەبواری کۆمەڵگادا، شانۆش دەوری دەرونزان دەبینێت، لێکۆلەراوانی بواڵ ناسەکان دەڵێن شانۆکەی بواڵ دەوری هەردوکیان دەبینێت. هەم وەک دەرونزانێک و هەم وەک کۆمەڵناسی.

هەموو کارتێکردنانە لە ئاین و نەریدا هەبووە کە ئێستا زەرورەتێکی گەورەی شانۆیە
شانۆ رەگێکی کۆنی مێژویی لە بۆنەو جەژن و رێورەسمە ئاینیەکان و گۆرانیە بەکۆمەڵەکاندا هەیە، بەڵام ئەوا چینی ئەریستۆکراتیەکان بوون ئەم گەمەکەیان والێکرد بەشێوەیەک کە بوو بە پارێزگاریکردن لە چوارچێوەی یاساو رێساکانی سنورەکانی دەسەڵاتی خۆیان، بەشێوەیەک کە هەرەمی کۆمەڵگا وەک خۆی بهێڵنەوە.
هەرئەریستۆکراتەکانیش بوون ئەو دیوارەیەن لە نێوان بەشداران هەڵچنی و تێگەیشتنێکی تریان دا بە بەشداریکردن لەو گەمەیەدا، بەناوی ئەکتەرو بینەر، لەبری بەشداریەکی خۆرسکانە لەو کەرنەڤالانەدا. خۆ ئامادەکردن بۆ کاری نواندن و نووسین کۆریۆگرافی و مەشق و دیکۆر هتد هەموو ئەمانە لە لایەن بەرێوەبەرێکی ئەرستۆکراتیەوە یان شاعیرێکەوە جێی گرتەوە. لەم خاڵەوە ڕا جیاکاری کەوتە نێوان بەشداران، دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا ئەکتەر و بینەر. ئەکتەرێکی ئەکتیڤ و بینەرێکی پاسیڤ.
باسکردن لەم خاڵە رەگوڕیشەی شانۆی چەوساوەکانە.
هەیکەل و بنەمای شانۆی کلاسکیکی لەسەر بناخەی نوێنەرایەتی کردن بنیادنراوە. بینەران رۆڵێکی پاسیڤیان دەدرێتێ و نوێنەرایەتی کردن و دەسەلات دەدەنە ئەکتەرەکان، لەدەورانی خۆیدا لەبری خۆیان نوێنەرایەتیان دەکرێت، ئەوەش لە بنەچەدا یەک جۆر پەیامە ئەویش پەیامێکی مۆنلۆگیە کە ناتوانێت دیالۆگ بخوڵقێنێت. بواڵ رەخنەی لەشانۆی کلاسیکی و بۆرجوازی ئەوەبوو کە هەمان دەوری میدیا و رۆژنامەو تەلەفیزیۆن دەبینێیت بۆ پاسیف کردنی کۆمەڵگا.
ئەو لە کتێبەکەیدا ( شانۆی چەوساوەکان) زیاتر قوڵ دەبێتەوە لە تیۆریەکەیدا و دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە دەڵێت: (شانۆ سیاسەتە) پاشان بۆمان رووندەکاتەوە و پێمان دەڵێت کە چۆن و بە چ شێوەیەک شانۆ سیاسەتە، بواڵ لە چاپی یەکەمی کتێبەکەیدا سەرچاوەو سەرەتاکانی درووستبوونی شانۆمان بۆ ڕووندەکاتەوە دەڵێت: شانۆ لە سەرەتادا سەربەست بووە، گۆرانیەکانی دیسرامپ بوو هەموو خەڵک بەشداری تێداکردووە، پاشان ئەرسیتۆکراتەکان چەند جارێک گۆڕانکاریان تێدا کرد. لە گۆرانیەکانی دیسرامپدا خەڵک ئازادانە گۆرانیان دەووت، چینێک و دابەشکرایەک نەبوو بە نێوی ئەکتەرو بینەر. هەموو پێکەوە سرودەکانیان دەوتەوەو پێکەوە دڵخۆش دەبوون، بەڵام ئەریستۆکراتەکان هاتن و خەلکەکەیان دابەشیان کرد بەسەر دوو بەرەدا، هەندێکیان بچنە سەر تەختەی شانۆو رۆڵ ببین و پێیان بووترێت ئەکتەرو، ئەوانی تریش و پێیان بووترێت تەماشاکەر. لێرەوە بواڵ بەو دابەشکردنە دەڵێت کە شانۆ و و ئازادیان دابەشکرد بەسەر دوو بەشدا یەکێکیان ئەکتیڤ و ئەویتریان پاسیڤ. پاشان زیاتر و زیاتر دابەش دەبن . بواڵ شیکاری بۆدەکات. بابزانین بواڵ چۆن باس لەم دابەشکردنە دەکات.

دابەش بوون تەنها لە ناو خەڵکەکەدا نەبوو بەڵکو جارێکی تر لەناو ئەکتەراکنیشدا دابەشبوونێکی تر دروست بوو.
گۆڕانکاریەکانینیش بەمشێوەیە بووە.
یەکەم گۆرانکاری: یەکەمجار ئەریستۆکراتەکان مرۆڤەکانیان دابەشکرد، هەندێکیان لەسەر شانۆکە کرداربنوێن و ڕۆڵ ببینن، بەشەکەی تریشیان تەماشاکەربێت و بۆ بینینی نمایشەکە بێن. دوای ئەم دابەشبوونە بواڵ ناوی دەنێت وەرگرێکی پاسیڤ و ئەکتەرێکی چالاک، ئەمەش دابەشبوونێک بوو کە مرۆڤەکانیان جیاکردەووە.
لە گۆڕانکاری دووەمدا: لە خودی شانۆی گریکیدا بوو، ( پاڵەوان و رەشەخەڵک) لە نمایشەکاندا. واتە کەسی سەرەکی و پاڵەوان لە نمایشەکاندا ئۆرستۆکراتەکان بوون و رەشەخەڵکەکەش کۆرس بوون. کۆرس هێمابوو بۆ ڕەشەخەڵک و پاڵەوانیش بۆ ئەرستۆکراتەکان.
سێیەم گۆڕانکاری لە پاڵەوانەکاندا روویدا. کە هەموو دەڕبڕین و هەستەکان بەشێوەیەکی بابەتی ئۆبجەکتیڤی گۆڕی بۆ گوزارشتی هەست و سۆزی زاتیانەی سوبجەکتیڤی کارەکتەراکان، چونکە لە پێشودا لە گۆرانیەکانی دیسرامپدا بەشێوەیەکی بابەتی گشتی هەمووان گوزارشتیان لە هەست و سۆزەکان دەکرد، بەلام پاشان ئەکتەر داماڵدرا لە هەموو هەست و سۆزێکی خۆی و ئەو لەوێدایە تەنها نوێنەرایەتی هەستەکانی چینی دەسەڵاتدار دەکات، کە قەڵەمڕەون لە واقعدا، بە واتای سیفەتەکانی وەک غیرەو دڵپیسی لە بابەتەوە بوو بە شێوازێکی دەربڕینی خود و تاکەکەس لەبنەمای ئەو هەست و دەربڕینانە، واتە کەسێک گوزارشت لە دردۆنگی و دڵپیسی بکات. سوبجەکتی ئەکتەر دەبێتە قسەکەری هەستەکانی چینی دەسەڵاتدار، بەشێوەیەکی ڕونتر بڵێین ئەو پاڵەوانەی لە نمایشەکدا دڕدۆنگ و غەمبارە، ئەوە ئەکتەرەکە نیە کە غەمبارە بەڵکو ئەوە پیاوانی دەسەڵاتن غەمبارن چونکە ئەو نوێنەرایەتی خۆی ناکات وەک ئەکتەر.
بە دیدی بواڵ ئەوە بۆرجوازیەکان بوون کە پاڵەوانەکانین دابەشکرد، شانۆ لەم گۆرانکاریانەدا بوو بە قسەکەری چینی باڵا دەست و بەهاکانی خاوەن دەسەڵات، خەڵکیش لە نۆبەی خۆیدا دەبێت بە بابەتێکی پاسیڤ و هیچ پەرچدانەوەیەکی نابێت، و لەو حاڵەتەدا تەنها وەرگرە. بەبۆچونی ئۆگستۆ بواڵ پێویستە ئەو دیوارانە تێکبشکێنرێت و ئەو بەربەستانە لا ببرێت کە دەسەڵاتداری چینە باڵاکان دروستیان کردووە، بۆ ئەوەی جارێکی تر شانۆ بگەرێتەوە سەر ئەسڵ و نەسلی خۆی. ئەو خاڵە سەرەتایەو ئەو شوێنەی کە شانۆ سەرەتا چۆن بووە و چۆن هەموو خەڵک خۆی بە خاوەنداترێتی شانۆ دەزانی و بەشداری تێدا کردووە. ئەمەش لە چەند ووڵاتێکی لاتین ئەمریکا روویدا، لەوێدا تا رادەیەک شانۆ دەگەڕێتەوە سەر فۆرمە بنچینە ڕەسەنەکەی.
بواڵ بۆمان رووندەکاتەوە و داوادەکات لە سێ هەنگاودا گۆڕانکاری لە شانۆدا بۆ گەرانەوەی فۆرمە رەسەنەکەی رووبدات، دیوارەکانی نێوان ئەکتەر و بینەر بروخێنرێت. لەم گۆرانکاریەدا دەخوازێت کە کۆمەڵگا بەشداری بکات و رۆڵی خۆی ببینێت. لەگەڵیشیدا دیواری نێوان پاڵەوانی نمایش و کۆرس و کەرەسەی بەرهەمهێنانی پێویستە بروخێنرێت. واتە شانۆ ئامرازێکە ئەو ئامرازەش دەبێت لە لایەن خەڵکەوە بەکاربهێنرێت. بۆ چۆنێتی گەیشتن بەم سێ هەنگاوە هەردوو میتۆدی کارکردنی تیۆری شانۆی چەوساوەکان باسی ڕووخاندنی ئەو سێ دیوارە دەکات.




سۆسیۆمەتری چیە؟.. زاهیر عەبەڕەش

ڕەنگە زۆربەمان لە نێت فلیکس فیلمی نوسەرانی ئازادی Freedom Writers ـ بینیبێت، ئەم فیلمە، فیلمێکی درامی ئەمریکییە لە ساڵی ٢٠٠٧ بەرهەم هێنراوە لە نووسین و دەرهێنانی ڕیچارد لاگراڤینیز Richard LaGravenese و هیلاری سوانک Hilary Swank ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە. فیلمەکە ڕوداوێکی راستەقینەیەو باس لە شێوازی ناوازەی ئیرین گروێڵ Erin Gruwell دەکات، کە بووە هۆی بڵابوونەوەی کتێبی ڕۆژنامەی نووسەرانی ئازاد، کە چۆن مامۆستایەک و ١٥٠ هەرزەکار نووسینیان وەک ئامڕازێک بەکار هێنا بۆ گؤرینی خۆیان و دەوروبەریان. : فیلمکە جەوهەری ئەو ئەو کتێبەیە کە ئیرین و خوێنداکرەکان نووسیان.
ئیرین لە سەرەتادا بەنیازی ئەوە بووە بچێتە قوتابخانەی یاسا بۆ ئەوەی ببێتە پارێزەر نەک مامۆستا. دوای ئەوەی لە ڕووماڵی هەواڵەکاندا سەیری ئاژاوەییەکانی لۆس ئەنجلۆسی ساڵی ١٩٩٢ی کرد، بڕیاریدا پیشەکەی بگۆڕێت بۆ مامۆستایی، چونکە پێیوابوو پەروەردەکردنی خوێندکاران دەتوانێت جیاوازییەکی زیاتر دروست بکات. ئەو هۆکارەکەی بوو و وتی: “من بیرم لەوە کردەوە خودایە، تا ئەو کاتەی تۆ بەرگری لە منداڵێک دەکەیت لە هۆڵی دادگا، شەڕەکە پێشتر دۆڕاوە. پێموایە کە شەڕی ڕاستەقینە دەبێ لێرە، لە پۆلی خوێندندا ڕووبدات
بەواتای پێش ئەوەی کەسەکە کەتنەکە بکات و تۆ بەرگری لێ بکەیت دەبا لە پۆلی خوێندندا کەسەکە دروست بکەیت، پێویستی بەدادگا نەبێت.
ڕوداوی فیلمەکە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ڕوودەدات، کە هێشتا هەست بە کاریگەرییەکانی ئاژاوەگێڕییەکانی ساڵی ١٩٩٢ی لۆس ئەنجلۆس دەکات،
لە دوای بڵاوبوونەوەی نووسەرانی ئازادی بووەتە بابەتی گفتوگۆ لە دووبارە داڕشتنەوەی شێوازەکانی وانەوتنەوەدا، بەتایبەتی لە پۆلەکاندا کە منداڵانی جەربەزە، سەرچڵ و مەترسیداری دێدایە ئەو شوێنانەی سەر بەکیشەن و ئە ناوچانەی کە گروپ گروپێن و بە گێتۆ ناسراون،
فیلمەکە باس لەوە دەکات کە مامۆستایەکی ژن ناچاربوون لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری توندوتیژی ئامادەیی کاربکەن کە بەردەوام ململانێیان، ئەو دامەزراوە پەروەردەییەی کە قەدریان نازانێت و هیچ نیازێکی نییە وەبەرهێنانیان تێدا بکات، پشگوێ خراون. شەڕانگێزی خوێندکاران بە شێوەی جۆراوجۆر تەنها لە دژی مامۆستایە هەروەها گرژی لە نێوان خوێنداراندا، لە نێوان گروپە نەتەوەییە جیاوازەکانیشدا هەیە.
پۆلەکە لە (ئیسپانی، ئەفریقایی-ئەمریکی، ڕۆژهەڵاتی) پێکهاتووە. هیچ شتێک پێکەوە نایان بەستێتەوە.
لێرەدا دەرهێنەر نوسەری فیلمەکە و تەنانەت خاوەنی بیرۆکەکەش ئێرین گورێل پەنا دەبەنەوە بەر چەمکەی سۆسیۆ مەتری لای مۆرینۆ، باشترین شت ئێمە کە لە چەمکی سۆسیۆمێتری جاکۆپ مۆرینۆ بگەین بینینی ئەو فیلمەیە.

مامۆستا وەک پارچە گۆزەیەکی تەنێکی شکاو پارچە شکاوەکانی خوێنداران هەڵدەگرێتەوەو پێکیانەوە دەنێتەوە، سۆسیۆمێتری خوێندکاران بەم شێوەیە پیشان دەدات کە بەراوردیان دەکات کێ ( دایک و بابی مردووە، کێ خزم و کەس و کاری بێ کارە، کێ خوشک و برای دەستگیر کراوە، چەند کەس لە پێکدادانی باندەکان کەسی نزیکی لە دەست داوە، کێ لەسەر یاسا شکێنی دەستگیر کراوە؟) کێ سەر بە هەمان نەتەوەیە، کێ ماڵیان لەیەک گەڕەکە، کێ لە یەک کیشوەرەوە هاتوون. سۆسیۆمێتر خوێندکارەکان چەند شتێکی هاوبەشیان هەیە. ئەڵقەی هاوبەشیان لێ دروست دەکات، دەکەونە دۆزینەوە شتی هاوبەش لەگەڵ یەکتردا، پاشان دۆزینەوەی جیاوازی.
ئەم بەراوردکردنەی سۆسیۆمێتری دەبێتە بنەما بۆ دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری نوێ و گەڕان بەدوای زانیاری ڕاستەقینە لە نێو منداڵانی قوتابخانەدا، کە لەوێوە دەست پێدەکەن
ساتێک بۆ هاوکاریکردن لەسەر بابەتەکانی بەرژەوەندی هاوبەش، لەوانەش نووسینی داهێنەرانە. لێرەدا کە باسی سۆسیۆدراما کرا، ئەی سۆسیۆ دراما چیە؟
سۆسیۆدراما شێوازێکی نەرم و نیان بۆ کارکردن لەگەڵ تاک و گروپەکان و پشکنینی ئەو سیستەمە جیاوازانەی تێیدا دەژین و کاری تێدا دەکەن، گرنگی کاری سۆسیۆدراماتیک لەسەر پەیوەندییەکانی ناو تاکەکانی ناو گروپ ، پەیوەندی گروپەکان لەگەڵ گروپەکانی تردا و هەروەها نێوان گروپ و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگایە. ئەمەش لە ڕێگەی تەکنیکە چالاک و داهێنەرەکانەوە دروست دەبێت کە بەشداربووان سەرقاڵی کارکرنی هەردوو جەستەیی و ڕۆحن. بە پێچەوانەی سایکۆدراما کە گرنگی بە تاک و کێشە ناو دەروونییەکانی دەدات، تەرکیزی سۆسیۆدراما لەسەر گروپە بەگشتی.
زۆر گرنگە بزانین ئێمە چۆن سەیری یەک دەکەین، چ تیڕوانینێکمان بۆ یەکتری هەیە، چ ڕۆڵیکمان پێدەدرێت کاتێک دەچینە کۆمەڵگایەکی گەورەترەوە. هەندێک جار پێدەچێت هەمان کەس تەواو هەمان کەسایەتی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام بۆچی؟ ئەوە چیە کەوا دەکات مرۆڤ هەست بە دڵنیای بکات، زیتەڵ بیت، بەدەستەڵات بیت یان گەوج و نەدیوبدی بیت لە کۆمەڵەو یەکێتیەکاندا؟ ئەم پرسیارانەیە کە بۆنەتە هۆی سۆسیۆمێتری بەردەوام بەکار دەهێنرێت و پەرەی پێدەدرێت.
سۆسیۆمەتری میتۆدێکە بۆ پێوانەکردنی هەموو جۆرە پەیوەدنیەکی کۆمەڵایەتی بەکاردێت، یەکێکە لە میتۆد و لێکۆڵینەوەکانی مۆرینۆ لە بارەی کۆمەڵناسیەوە، ئەو دەیوست ڕێیەک بدۆزێتەوە کە لێکۆڵینەوە لەوە بکات کە پەیوەندی نێوان خۆشبەختێتی رۆحی (باشبوونی دەروونی) و سترکتوری مرۆڤی کۆمەڵایەتی چۆنە. ئەو خۆی کاتێک پێناسەی سۆسیۆمەتری دەکات بە لێکۆڵینەوە لە گەشەسەندن و رێکخستن لە نێو کۆمەڵە جیاوازاکاندا باسی دەکات، هەروەها چۆن تاک سەیری ڕۆڵی خۆی دەکات لەناو گروپدا. لەڕێگەی سۆسیۆمەتریەوە مرۆڤ دەتوانێت شێوەو هەیکەلی گروپەکانمان لا ئاشکرا بێت، چونکێ لەدەرەوە ڕا بینینی گروپ شتەکان شاراوەن ونابینرێن. لە ژێرباڵی ئەو گروپانەی کە سەرهەڵدەدەن، ڕێککەوتنی ئاییدۆلۆژیانە هەیە، کێ بریاردەرو ناوەند بێت، پەیامانی ژێربەژێر و شارە هەن.
کرداری سۆسیۆمێتری بریتییە لەوەی کە بە پشت بەستن بە چ مەرج و پێوەرێکی جیاواز یەکتری هەڵدەبژێرین. ئەوەش دەتوانێت ئاگاهی وشیاری فەردی زیاد بکات بەرامبەر بەو بژاردانەی هەڵیدەبژێرین. ئێمە لەگەڵ هەڵوێستی هەڵبژاردن و تەنگی و دوڕیان و جۆراوجۆر کاردەکەین بۆ ئەوەی بزانین تا چەند خۆمان چالاکانە هەڵوێستێک دەگرینە بەر و بەرپرسیارێتی لە ژیانماندا دەگرینە ئەستۆ بۆ ئەوەی خۆمان لەو قسە هەڵبەستراو و بێ مانەیە بەدوور بگرین کە دەڵێت “شتەکان تەنها ڕوودەدەن و من لە هیچ تێناگەم”. ئەوەش تەواو رێک وە فیلمەکە کە دەسەڵاتدارانی پەروەردە هیچ دەربەست نین بە گۆڕانکاری لە فیلمەکەداو دەڵێن، ئێرە خۆی هەروایەو چاک نابێت بۆیە هیچ سەرمەیەگوزاریەکی تێدا ناکەن. هەروەها پەیوەندی بەوەوە هەیە کە مرۆڤ جێگایەک بدۆزێتەوە لە ناو کۆمەڵ و گروپداو لێکۆڵینەوە لەوە بکەیت و تێیبڕوانیت کە بە چ شتێک بەوانەوە دەمانبەستێتەوە، چۆن پەیوەندیم پێیانەوە هەبێت، کە بەو شێوەیە بیرمان کردەوە نەرم و نیانیانمان زیاد دەبێت ڕۆحی گونجاندنمان پەرە پیدەدەین. هەموو دۆخ و هەڵوێستێکی هەڵبژاردن پەیوەستە بە ” لێرە و لە ئێستادا” لەسەر پێوەرێکی دیاری کراو جێبەجێ دەکرێت.
سپێکترۆگرام: کاتێک بە پێی پێوەرەکان بوونی تۆ لەویدا هەیەو بە گویرەی پێوەرەکان دوور و نزیکیت لە سەنتەرەوە کە سەرکەردەی لێیە، سەرکردە وات لی دەکات کە بەڵگە بهێنیتەوە لەوەی کە چەند لە ناوەندی گروپەوە نزیکیت. بە پێی ئەو پیوەرانە.
لۆکۆگرام: وجودی تۆ پەیوەستە بەوەی لەچ گروپێکدا هەیت.




زێرکا مۆرێنۆ و سایکۆدراما.. چاوپێکەوتن.. وەرگێڕانی: زاهیر عەبەڕەش

زێرکا مۆرینۆ باس لە جەوهەری تیۆری و تەکنیکی سایکۆدراما دەکات، هەروەها باس لە ژیان و کارەکانی دەکات لەگەڵ هاوسەرە کۆچکردووەکەی جاکۆب مۆرێنۆ.

ڤیکتۆر یالۆم لە ساڵی ٢٠٠٤ دا ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ زێرکا مۆرینۆ ئەنجامی داوە، لە ماڵپەری تایبەتی سایکۆ تراپی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بۆتەوە و پاشان زانکۆی ستۆکهۆڵم بە هەندێک گۆرانکاری لە تەکنیکی چاوپێکەوتنەکدا وەریانگێراوەتە سەر زمانی سویدی، چونکێ کاتێک باسی جاکۆب مۆرینۆ دەکرێت ناتوانین باسی پاڵ پشت و خوێندکارە هەرە بلیمەتەکەی ئەو نەکرێت کە زێرکایە.

زێرکا تۆمان مۆرینۆ (Zerka Toeman Moreno) لە ١٣ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٧ لە هۆڵەندا لەدایکبووە ولە ئەیلولی ٢٠١٦ لە ئەمریکا مردووە. هاوکار و هاوسەری جاکۆب مۆرینۆی دامەزێنەری میتۆدی سایکۆدراما بوو. دوای هاوژینەکەی بەردەوامی بە پەیمانگەکەی ئەودا.

زێرکا تۆمان مۆرینۆ

ڤیکتۆر یالۆم ، دەروونناس و هونەرمەندی سانفرانسیسکۆ هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا، کاریکاتێریست و دەروونزان، تراپیست چارەسەرکەری دەرونی بەهۆی هونەرەوە، نیشتەجێی سانفرانسیسکۆ، ئێستا خۆی و خێزانەکەی سەرقاڵی بەرێوەبردنی سایتی سایکۆتراپیین
ئەم چاو پێکەوتنە لە زاری سویدیەوە وەرگڕاوەتە سەر زاری کوردی، بە بەراوردکردن لەگەڵ چاوپێکەوتنە کە بە ئینگلیزی سازکراوە، هەندێک گۆرانکاری تەکنیکی تێدایە، بۆنموونە کە دووپرسیار لەیەک دەچێن، یاخود یەک وەڵامدانەوە کراوە بە وەڵامی دوو پرسیار.
لە ساڵی ١٩٣١ کە زێرکا تەمەنی چواردە ساڵ بوو، لەگەڵ دایک و باوکی ڕوویان لە لەندەن کرد، لەوێ خوێندنی ئامادەیی تەواو کرد و دواتر هونەر و دیزاینی جلوبەرگی خوێند. لە ساڵی ١٩٣٩ بۆ یەکەمجار زەریای ئەتڵەسی بەزاند و لەگەڵ هەندێک هاوڕێی خێزانەکەی گەیشتە ئەمریکا. زێرکا خوشکێکی هەبوو کە دوچاری نەخۆشی دەرونی ببوو. لە ساڵی ١٩٤١ توانی خوشکە گەورەکەی لە بەلجیکا بباتە نیویۆرک، بۆ ئەوەی بەدوای چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکانی خوشکەکەیدا بگەڕێت.
ساڵێک دوایچاوپێکەوتنی مۆرینۆ پەیمانگای سۆسیۆمێترییان لە پارک ئەڤینۆ لە شاری نیویۆرک و لە ساڵی ١٩٤٢دا پەیمانگای سایکۆدراماتیکیان لە نیویۆرک دامەزراند.
لە ساڵی ١٩٤٧ دەستیان بە دەرکردنی گۆڤاری سایکۆتێراپی (لە سەرەتادا ناوی سۆسیاتری) کرد، کە تایبەت بوو بە زانستە کۆمەڵایەتیەکان، کۆمەڵناسی، سایکۆدراما و سۆسیۆمێتری. زێرکا بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ هاوبەشی ژیان هاو داهێنەری جەی ئێڵ مۆرێنۆ بووە تا ساڵی ١٩٧٤.
مۆرینۆ لە دوای مردنی دکتۆر مۆرێنۆ، بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەردەوام بوو لە ڕاهێنان و فێرکردنی تیۆری و میتۆدی سایکۆدرا، ڕاهێنانی بە سایکۆدراماتیکستەکان دەکرد و وارکشۆپی لە سەرانسەری جیهاندا دەکردەوە.
بیرکردنەوە لە پشت بەرهەمهێنانەوەی بەشەکانی ئەم چاوپێکەوتنە ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووس ڤیکتۆر یالۆم، نزیکەی هیچ لەبارەی سایکۆدراما نازانێت، ئەوەش وا دەکات زێرکا مۆرێنۆ بە شێوەیەکی زۆر دڵکراوە و ئاسان بۆ تێگەیشتن وەڵام بداتەوە. ئەم فۆرمەی پرسیار و وەڵامەش سەرنج ڕاکێش و لە گفتوگۆیەکی ئاسایی و تێروانین بۆ ژیان دەچێت، زیاتر لە کەسایەتیان نزیک دەبیتەوە.
منیش حەزم کرد ئەم چاوپێکەوتنە وەربگێڕمە سەر زمانی کوردی و هاوبەشی بکەم لەگەڵ خوێنەرانی کورد زمان.

(بۆم باس مەکە پیشانم بدە)

ڤیکتۆر یالۆم: تۆ قەشەنگ دەردەکەوێت، بەڕاستی تەمەنت ٨٣ ساڵە؟
زێرکا مۆرینۆ: مانگی داهاتوو. ١٣ی حوزەیران. دەبم بە ٨٣ ساڵ، بیرمە کاتێک تەمەنم ٨ ساڵ بوو، بیرم لەوە دەکردەوە “لە ١٣ی حوزەیران کاتێک تەمەنم دەبێتە ١٣ ساڵ، ئایا پیر نابم؟”
ڤیکتۆر یالۆم: زۆر دڵخۆشم کە تۆ لێرەیت و ڕازی بوویت بۆ ئێمەو خوێنەرانمان باسی و ژیان و کارکردنت لە سایکۆدرامادا بکەیت، کە سەرەتادا لەلایەن هاوسەرە کۆچکردووەکەتەوە، جاکوب مۆرێنۆ دامەزراوە. سەختە باوەڕ بکەیت کە تەمەنت ٨٣ ساڵە؛ تۆ زۆر پڕی لە ژیان. زۆر شتت لە خۆتدا هێشتۆتەوە.
زێرکا مۆرینۆ: سوپاس. منیش دڵخۆشم کە لێرەم. هەمیشە حەزم لە قسەکردنە لەسەر کارەکانم.
ڤیکتۆر یالۆم: وە ژیانی خۆشت.
زێرکا مۆرینۆ: ژیانی خۆشم، ئەو دوانە تێکەڵاون.
ڤیکتۆر یالۆم: باشترین جێگا لێوەی دەست پێ بکەین ئەوەیە بڵێین، پێم بڵێ سایکۆ دراما چییە؟
زێرکا مۆرینۆ: ئاسانترین ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکردنەوەیە لەوەی “عەقڵ لە جووڵەدا ـ لە کرداردا ” یە. لەبری ئەوەی باسی نیگەرانیەکانین بکەن، دەڵێین “پێم مەڵێ، نیشانم بدە!” نیشاندان واتە مامەڵەکردن لە ناوەوە ” واتە نواندنی، بەو شێوەیە دەتوانیت پیشانم بدەیت کە خەمی تۆ چییە. باسی ئەوە بکە چی نیگەرانت دەکات، ئەوە کورترین رێگایە بۆ وەسفکردنی.
ڤیکتۆر یالۆم: ئامانجی سایکۆ دراما چییە؟
زێرکا مۆرینۆ: ژیان سنوردارکردنی خۆی بەرهەم دەهێنێت، زۆرێک لە ئێمە ناتوانین بە ئاسوودەیی مامەڵە لەگەڵ ئەمانە بکەین. پێت دەڵێم بۆچی. ئێمە بانگەشەی ئەوە دەکەین گرنگترین شتی مرۆڤ سپۆنتانێتی / العفویة و داهێنانە، هیچ ڕۆشنبیریەک نیە کە جەخت لە سپۆنتانێت و داهێنانی تاکەکان بکاتەوە. ئێمەی سایکۆدراماتیک جەخت لەسەر سپۆنتانیتی و داهێنان دەکەینەوە، منداڵانیش پشکی شێریان هەیە ، بەڵام لە ڕێچکەی ژیانیاندا ئەم داهێنان وسپۆنتانێتیەی منداڵان دەشێوێت و سەرکوت دەکرێت کاتێک گەورە دەبن. ئێمەی مرۆڤ ئەمرۆ باوەڕمان بەوە هەیە کە منداڵان فێر بکەین کە کۆنترۆڵی جوڵەی خۆیان بکەن و زیرەک بن، فێرکردنی منداڵان ڕێز بۆ عەقڵ و زیرەکی دادەنێت، بەڵام سپۆنتانێتیمان بیرچۆتەوە. خەڵکانێکی زۆرهۆشمەند هەیە، بەڵام تا بڵێی خراپ و دەستە پاچەن لەبەرامبەر داهێناو سپۆنتانێتی (العفویة)، سپۆنتانێتییان لاوازە. منداڵان کە نوێنەرایەتی سپۆنتانێتی ( العفویە) ئێمە دەکەن. کە بڵێ ” بەڵێ “! بۆ ژیان. ویستی ژیان، هاوار بۆ خۆشی ژیان بکات. ئەگەرسەرنج لە منداڵێکی بچووک بدەیت، تێبینی ئەوە دەکەیت کە پڕە لە ژیان. بەڵام ئێمە ڕێگرییان لێدەکەین لە هه‌راوهورییاكردن، چەپڵە لێدان، پێکەنین هەرچەندە ئەمە شێوازی ژیانی خۆیانە. بەڵام ئێمە زۆر باش لەم شتە تێناگەین. دەمانەوێت بەو شێوەیەڕەفتار بکەن خۆیان بگونجێن وەک مرۆڤە باشەکانی دنیا، بۆیە ئەوەی دەبێت بیکەین و هەوڵێکی زۆر دەدەین لەگەڵ تەمەنماندا بۆ لێسەندنەوەی ئەو مافە سەرەتایەی “خۆمان”
ڤیکتۆر یالۆم: سایکۆ دراما دەتوانێت یارمەتی دەربێت لەوەدا؟
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ سایکۆ دراما یارمەتیدەرمانە کە بە شێوازێکی نوێ گوزارشت لە خۆمان بکەین. بە شێوازێک کە ژیان بەزۆری ڕێگەی پێ نادات، دەتوانیت بڵێیت ئێمە لە دوو جیهاندا دەژین، دەزانی ئێمە لە جیهانی واقیعدا دەژین، لە جیهانی واقیعی بابەتییدا. من و تۆ دەتوانین کۆک بین کە لێرەین، ڕاستە؟ بەڵام تۆ جیهانێکی ترت هەیە، منیش جیهانێکی ترم هەیە کە نابینرێت. سایکۆدراما ئەو جیهانەی تر دەکاتە دیار.
ڤیکتۆر یالۆم: بۆ چ ئامانجێک؟
زێرکا مۆرینۆ: بۆ ئەوەی ببین بە کەسێکی کامڵتر، بۆ ئەوەی بەرهەمدارتر بین، بۆ ئەوەی کەسایەتیەکی یەکگرتوومان و پتەومان هەبێت، ئێمە باوەڕمان بەکەسایەتی یەکگرتوو هەیە.
ڤیکتۆر یالۆم: چۆن ئەم کارە دەکەیت؟ چۆن سایکۆ دراما بەکار دەهێنن؟ سایکۆدراما چ سترکتورێکی هەیە؟
زێرکا مۆرینۆ: باشە، سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە تەنها وەک جۆرێک لە چارەسەری دەروونی بەکارناهێنرێت. ئەوە تەنها یەک جۆری بەکارهێنانە. ڕەنگە تۆ بزانی ڕێگەیەکی زۆر بەسوود بۆ بەکارهێنانی سایکۆدراما لە ڕۆڵگێڕاندایە. ئەوەش ئەمڕۆ لە بواری پەروەردەدا، لە کارگێڕیدا، لە زۆر بواردا بەکاردەهێنرێت. لە بنەڕەتدا لە سایکۆدراماوە هاتووە. بەڵام سەرچاوەکەی عەقڵی خۆتە، هەر ڕۆڵێک لە ژیانتدا بگێڕیت؛ ئێمە لەوێوە دەست پێدەکەین.

ڤیکتۆر یالۆم: چۆن ئەم کارە دەکەیت؟

سایکۆدراما ڕوونکرایەوە
زێرکا مۆرینۆ: باشە با بڵێین کەسێک دێت و دەڵێت “کێشەیەکی ترسناکم هەیە، هاوسەرەکەم دەخواتەوە، لێم دەدات، قومار دەکات و نابەرپرسیارە و خۆی چاک ناکات”. دۆخێکی خراپ لە دەوروبەرمە. “چی بکەم؟ ناتوانم جیاببمەوە، من کاسۆلیکم. لە کڵێسا فڕێ دەدرێمەوە دەرەوە، و بە تەواوی گۆشەگیر دەبم. چی بکەم؟” باشە ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە، زۆر جدییە. – منیش پێی دەڵیم: نیشانم بدە مێردەکەت چۆنە، بەو پێیەی ئەو لێرە نییە، ئایا ئەو ئەهات بۆ ئێرە؟ “نا، ڕەنگە نەیەت بۆ ئێرە. ئەو باوەڕی بە هیچ کام لەم شتانە نییە.” بۆیە دەبێت هەڵسەنگاندن بکەم: چی دەتوانم بکەم بەشدارم بۆ خۆشگوزەرانی ئەم ژنە؟ ئایا شتێک هەیە لەم پەیوەندییەدا کە هێشتا بەردەوام بێت، یان نا؟ بەداخەوە پەیوەندیەکیی تەندروست و پتەویان نییە، بەڵام ڕەنگە ناچار بم یارمەتی بدەم، بۆ ئەوەی ئەقڵی لەدەست نەدات، ژیری بهێڵیتەوە. یان بیەوێت لەو ژیانە بمێنێتەوە
ڤیکتۆر یالۆم: بە عاقڵی بمێنێتەوە، یان لەو ژیانەدا بمێنەرەوە؟
زێرکا مۆرینۆ بەدڵنیایی. بۆیە، من بەم شێوەیە دەست پێدەکەم: “من لێرە هاوسەرەکەتم لا نییە؛ تەنها شتێک کە هەمبێت تێڕوانینی تۆیە بۆ هاوسەرەکەت.” بێ لەوەش لەوانەیە ئەو تێڕوانینە شێواو بێت و تەواو نەبێت، بەڵام تاکە تێگەیشتنێک کە لای من هەبێت ئەوەیە. ئەوە ئەو کەسەیە کە لەگەڵیدا دەژی. بۆیە دواتر داوای لێدەکەم ڕۆڵەکان پێچەوانە بکاتەوە و ببێتە هاوسەری (ڕۆڵی پیاوەکە ببینێت). بەزۆری وایان لێدەکەم لەسەر کورسییەکی جیاواز دابنیشن، بۆ ئەوەی جەستەشی بە هەمان شێوە بجوڵێنێت، ئەوە گرنگە. چونکە ئێمە تەنها لە سەر و مێشکیاندا کار ناکەین. بڵکو ئێمە دەمانەوێت هەموو جەستە بەکاربهێنین؛ ئێمە ئەکتەرین. ئێمە دەڵێین مرۆڤ ئیمرۆڤیسەتۆری شانۆی ژیانە. بە پێچەوانەی شانۆ، تێکستێکی نوسراو نییە؛ من سیناریۆم نییە. دەبێت لەکاتی کاردن و ئیمۆرۆڤیسەشوندا مامەڵە بکەین ڕاستە وخۆ کارلیکردنمان هەبێت، لێرە و لە ئێستادا. هەرچییەک لە نێوانماندا هەبێت.
ڤیکتۆر یالۆم: وە هاوسەرە کۆچکردووەکەت مۆرینۆ، کە دامەزرێنەری سایکۆدرامایە، ئەو چەمکی ” لێرە و لە ئێستادا” ی داهێنا؟
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ ڕاستە. ئەو، ئەو زاراوەیەی داهێنا و دواتر زۆر کەسی دیکە بەکاریان هێنا، لەوانە فرێدریک سالۆمۆن پێرڵز و تیۆری گێستاڵتەکەی، ئیرڤین یالۆم و بوونگەراییەکان.
ڤیکتۆر یالۆم: بەڵێ، دەستەواژەکە بەردەوامە لەگوزارشت کردن لەدەمی کات و ساتی ئەزموونە کارلێکیەکانی مرۆڤ.
زێرکا مۆرینۆ: دواتر چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو ژنە دەکەم وەک ئەوەی مێردەکەی بێت، (خۆی دەخاتە بەرگی هاوسەرەکەیەوە). لەو پرۆسەی کارکردنەدا ئەم ژنە شتی زیاتر فێر دەبێت دەربارەی هاوسەرەکەی، وەک لەوەی پێشتر دەیزانی، زۆر لە واقیعی پیاوەکەی نزیک دەبێتەوە.
ڤیکتۆر یالۆم: ئەوە چۆنە؟
زێرکا مۆرینۆ: ڤیتگنشتاین لە شوێنێکدا دەڵێ ” بۆ ئەوەی دەربارەی خۆت بزانیت، دەبێت لە دەرەوە هەنگاو بۆ خود بنێیت”. کەواتە ئەوەی کە دەیکات ئەوەیە، لە ڕۆڵی هاوسەرەکەیدا، هەست بە خۆی دەکات. لێی دەپرسم چ کەمایەسیەک و چەوتیەک لە نێوانیاندا هەیە ؟ من بیستوومە ژنەکەت چی دەڵێت. ئێستا حەز دەکەم بزانم ڕای تۆ چییە.” ئێستا زانیاریت دەست دەکەوێت و کە چۆن کارلێکردنیان هەبێت لەگەڵ یەکتر.
ڤیکتۆر یالۆم: کەواتە ژنەکە ڕۆڵی هاوسەرەکەی خۆی دەبینێت و قسە لەگەڵ خۆی دەکاتەوە (لەبەرگی پیاوەکەوە قسە لەگەڵ خۆی دەکات)؟
زێرکا مۆرینۆ: لە کۆتاییدا، لەوانەیە. ئەگەر کەسێکی تر بەردەست بێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەکتەر، ئەوا ئێمە ئەو کەسە دەهێنین ئەگەر نا، ئەوا خۆی ڕۆڵی خۆی بەرامبەرەکەشی دەبینێت. هەردوو ڕۆڵەکە دەگێڕێت، هەندێک جار، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەمەدا، ڕەنگە من ڕۆڵی ئەو ببینم و و ئەویش ڕۆڵی مێردەکە بگرێتە ئەستۆ.
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا ئەمە یارمەتی دەدات لە تێگەیشتن و هاوسۆزی لەگەڵ هاوسەرەکەی؟
زێرکا مۆرینۆ: با زیاتر ڕوونی بکەمەوە کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ چی دەکەین. ئێمە مامەڵە لەگەڵ دوو کەس دەکەین بەڵام بە سێ یەکە، ژن و مێرد و پەیوەندی نێوانیان، یەکەی سێیەم پەیوەندیەکەیانە. ئێمە وا دائەنێین کە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروونێک هەبێت، تەنها لە ڕێگەی پەیوەندییەکی بەرچاوەوە نەبێت. ئەوەی ئێمە مەمەڵەی لەگەڵ دەکەین، تەنها لە پەیوەندییەکە ناکۆڵینەوە، بەڵکو هەوڵ دەدەین چاکی بکەینەوە. پرسیارە چارەنووس سازەکە ئەوەیە، ئایا ئەم پەیوەندییە دەتوانرێت چاک بکرێتەوە یان نا؟. هەروەهە ئەگەری ئەوە هەیە کاتێک ڕۆڵێ مێردەکەی دەبینێت، لە ناکاو زۆر شتی بۆ کەشف دەبێت وشت فێر دەبێت، بە شێوازێکی نوێ مێردەکەی دەناسێت و دەبینێت. ئەگەر چی پێشوتریش ئاگاداری ژیانی ڕابوردووی مێردەکەشی بووبێت و چۆن بە منداڵی ئازار دراوە، لەبەر ئەوەی کە لایەنێکی نوێی مێردەکەی کەشف دەکات و هەستی پێ دەکات، لایەنە مرۆییەکەی مێردەکەی دەبینێت دەدرەوشێتەوە. لەبەر ئەوەی بە شیوەیەکی نوێ دەیبینێت و هەستی پێدەکات، کە دەگەڕیتەوە ڕۆڵی خۆی و ناچارە شێوازی پەیوەندیەکانی لەگەڵیدا بگۆڕێت، ئەوەی ئێمە لێرەدا باسی دەکەین گۆڕینی ڕەفتارەکانە نەک تێڕوانینی مەعریفی، پێمان وانییە تێگەیشتنە فیکرییەکان ئەوەندە چارەسەر بن.
ڤیکتۆر یالۆم: نەک تێڕوانینێکی مەعریفی بە خۆی.
زێرکا مۆرینۆ: نەک بە خۆی، پێویستە لەگەڵ بەشێکی هەست و سۆزەکان پەیوەست بکرێ، سایکۆدراما مامەڵە لەگەڵ هەردووکی دەکات. خەڵک زۆرجار بۆ تێگەیشتن بەکاری دەهێنن. پێم وایە ئەوە تەنها نیوەی کارەکەیە. من ئەوەندە خەمی ئەوەم نییە کە لێرە سەرەوە چی ڕوودەدات ( ئاماژە بە کەللـەسەری خۆی دەکات) چونکە ئەوەی لێرەدا بەرەو سەرەوە دەڕوات ئەوەیە…

ڤیکتۆر یالۆم: ئەگەر بە جەستەت ، یان بە هەست و سۆز ئەزموون بکەیت ئەوا هێزی زۆر زیاتر دەبێت.؟
زێرکا مۆرینۆ: بۆ نموونە کاتێک ئەو ژنە لێرە دادەنیشێت، دەڵێم “چۆن دادەنیشیت؟ بە جەستەت نیشانم بدە کە چۆن دادەنیشیت.” وە لەوانەیە بە لەسەر لا دابنیشێ، بە جۆرێک کەسی بەرامبەری ڕەت بکاتەوەە. یان لەوانەیە زۆر لە نزیکەوە دانیشتبێت چونکە دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵیدا دروست بکاتەوە. بۆیە هەموو جۆرە زانیارییەک بەدەست دەهێنیت، تەنها بە ئەنجامدانی گۆڕینی ڕۆڵەکان، ڕەنگە ئێستا یان دواتر ئەگەری ئەوە هەبێت کە من لە ڕاستیدا بتوانم پیاوەکەی بیبینم. دەزانی بابەتێکی نووسی ناوی ناوی لێنا “Psychodrama and the Psychopathology of Interpersonal Relationships “سایکۆدراما و سایکۆپاتۆلۆژی لە پەیوەندی نێوان کەسەکان، کە تێیدا خۆی وەک ناوبژیوانێک لە نێوان ژن و مێرددا بەکارهێناوە. ئەو بۆ دەستپێکردنی کارەکەی ژن و پیاوەکەی بەجیا دەبینی، سەرەتا هەردووکیانی پێکەوە نەدەبینی، پێکەوە داینەناون و مامەڵەیان لەگەڵ بکات، هەر یەکەیان گلەییان لە ئەوی تر هەبوو. ئەوە شێوازێکی تەواو نوێ بوو بۆ بەردەوام بوون. فرۆید هەرگیز ئەو کارەکەی نەکردووە، تاکەکانی بەرامبەر بەیەکتر شی نەکردۆتەوە، بەڵکو تەنها لە پەیوەندی بە ژیانی خۆیانەوە.
ڤیکتۆر یالۆم: دکتۆر مۆرێنۆ پێکەوە نەیانیدەبینی؟
زێرکا مۆرینۆ: هێشتا نا. ژنەکەی بۆ مێردەکە لێکدەدایەوە، مێردیش بۆ ژنەکە.
ڤیکتۆر یالۆم: بێگومان بە مۆڵەتی خۆیان.
زێرکا مۆرینۆ: بێگومان. هەردووکیان لەو پەیوەندییەدا کاریان دەکرد. هەندێک جار کەناڵێکی نوێی نێوان ئەو کەسانەدا دروست دەکرد. هەندێک جار ئەوە بە ڕوونی دەبینرا ئەو کەناڵە بوو کە بەڕاستی پێویستیان پێیەتی، بۆ ئەوەی هەردووکیان هەست بە عەقڵێکی تەندروست بکەن، جیا نەبنەوە. وە دواتر لەوانەیە ئەو شتە بەرهەم هاتبێت کە ئێمە پێمان دەگوت divorce catharsis “کاتارسیسی جیابوونەوە” و ئەوەش بیرۆکەیەکی نوێ بوو.
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا هیچ شتێکی کردووە کە لە چارەسەری دەروونی نەریتی بچێت؟
زێرکا مۆرینۆ: دەستی کرد بە فڕێدانی ئەو ڕیو ڕەسمە نەریتیانە. لە کۆتاییدا پەرەی بە سایکۆدراما دا و خستیە ناوپەیوەندی کارلێکی کەساکانەوە
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا مۆرینۆ هەروەها سایکۆ ئەنالیزی ( شیکاری دەروونی) خوێندبوو؟
زێرکا مۆرینۆ: نەخێر. دژە شیکاری بوو. باوەڕی بە مۆدێلی کارکردنی فرۆید نەبوو. پێشینەی فرۆید بایۆلۆجی بوو. مۆرینۆ دەیگوت ئیلهامی لە ئاینە گەورەکانی جیهان وەرگرتووە. فرۆید کەسێکی بێدین بوو. بەڵام مۆرێنۆ نا. مۆرینۆ دەیگوت لەڕوانگەی گەشەکردنی تاک و ڕەگەزی مرۆڤەوە، گەشەسەندنی قسەکردن زۆر درەنگ کەوت، مرۆڤ فێری گاگۆڵکێ کردن دەبێت، فێری دانیشتن دەبێت، فێری ڕۆیشتن دەبێت، هەموو ئەمانە فێر دەبێت ئەوجا فێری قسەکردن دەبێت. تۆ پێش ئەوەی فێری قسەکردن بیت نزیکەی دووتا سێ ساڵ بەچڕی بە جەستەو کارلێکردن ژیاویت لەگەڵ دەوروبەرت.

ڤیکتۆر یالۆم: بەجەستە؟
(سەیرکرنی ئایندە و دوو ژیانی ــ زێدە واقیع. Surplus Reality)

زێرکا مۆرینۆ: لەگەڵ جەستە، بە جەستە و لە تێکەڵاو بوون و کارلێککردن لەگەڵ
کەسانی دیکە. ئێمە لە ساتەوەختی لەدایکبوونەوە پەیوەستین بە خەڵک ولە کارلێککردنداین لەگەڵ کەسانی تر. دیارە ئەوە کاریگەری لەسەر ئێمە هەیە. با ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببینەوە. خەڵک درۆ دەکەن وشەکان دەتوانن درۆ بکەن. سەیری تیڤی بکەن، گوێ لە سیاسەتمەداران بگرن، لە زاریانەوە درۆ دەبارێت … ئاستێکی ڕەسەنتر هەیە، لە ژێر “ئاستی زمان”ەوە و ئەوە ئاستی کردار و کارلێککردنە. بۆیە درامای هەڵبژارد، بەڵام نەک درامای ئاسایی و نەریتی نا، بەڵکو فۆرمێکی نوێی دراما ــ درامای ئیمپرۆڤیسەیشن. کە ئەمەش شێوازی ژیانمانە. نازانم تۆ ئەو کتێبەمت بینیوە، لە وێدا نووسراوە کە جارێک یەکێک لە نەخۆشەکانم پێی وتم
دەزانم سایکۆدراما چییە؟ دووجار ژیانە، ئەم دەستاواژەیە زۆر قوڵ و سەرنجڕاکێشە، تۆ لەژیاندا ژیانێکی خۆت هەیەو لە سایکۆدرامادا ژیانێکی تر.
ڤیکتۆر یالۆم: ساڵی ٢٠٠٤ دیسان کارتان لەسەر ئەو پرسە کردووە و کتێبێکتان بڵاو کردەوە بە ناوی ”Surplus reality and the art of Hegalin”. ناونیشانێکی زۆر سەرنج ڕاکێش، وێڕای پیرۆزبایم، بڵێ چۆن پێناسەی ”Surplus reality دەکەن؟
) Surplus reality ¬– ڕۆژگاری جێماو، زێدە واقیع ، ئەوەی لە ئیستادا لەپێشە و لەبەردەمماندا لە رووە، سەیرکردنی ئایندە لە ڕۆڵبینیندا، خەونەکان هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە. هەروەها the art of Hegalin ـ واتە بەکارهێنانی هونەر بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشی، جا هەر جۆرێکی هونەری بێت. زاهیر )
زێرکا مۆرینۆ: دەزانم بەرەو چ ئاڕاستەیەک دەڕۆیت؟. ئەوەی ئەم ژنە دەیکرد ئەوەبوو کە دەچووە ناو واقعی هاوسەرەکەیەوە، ئەوە ) ڕۆژگاری جێماو، زێدە واقیع ـ Surplus reality ¬– ڕۆڵ گۆڕین تەکنیکێکی surplus reality ــ ە ، زێدە واقیع یان ژیانی بەجێماو، یان سەیرکیدنی ئایندەیە – ئەوە واقیعێکە یان بڵێن ڕاستیەکە لەدەرەوەی ژیانی ڕۆژانەمانەوەیە، ژیانێکە دیار نییە و واقعێکە نەبیراوە بەڵام زۆر ڕاستەقینەیە و پەیوەندی بەژیانی ئێمەوە هەیە و مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. ئەو ژیانەش دەتوانرێت ئەفسانە یان چیرۆکێکی دروست کراو بێت، یاخود ژیانی تۆ بێت وەک ئەوەی تۆ حەزت لێیە. فیلمە کۆنەکەی The Secret Life of Walter Mitty ژیانی نهێنی واڵتەر مێتی، خۆی سایکۆ درامابوو، کەواتە ئێمە هەوڵی چی دەدەین، چی لە کاتارسیسدا جەوهەرییە؟ باشە ئێمە باوەڕمان بەو دیمەنانە هەیە، ئەو کارلێکانە، ئەو واقیعانەی کە ژیانمان ڕێگەی پێ نەداوین ئەزموونی بکەین و بیبینین، بەڵام ئێمە دەبێت هەمیشە هەست بەو ژیانە نەبینراوە بکەین، . من عادەتەن ئەوە ناو دەنێم ” تەنها ئەگەرەکان”. بیر لە ووشەی ئەو هەموو (تەنها جارێک ) لەژیانمدا بکەرەوە، ” تەنها ئەگەر”ەکان بکەرەوە لە ژیانتدا کە نەتکردووە. بزانە چەند بڕێکی زۆر وزە و کات بەفیڕۆ دەدەیت؟.
ڤیکتۆر یالۆم: بەدڵنیایی وزەو کاتێکی زۆر خەرج دەکەیت.
زێرکا مۆرینۆ: بڕێکی زۆر گەورە، تەنها لەسەرئەو ئەگەرانەی کە نەتکردووە، لەسەر ئەم ” تەنها ئەگەر” انە، مێشکت دەبات بۆ شوێنێکی تر، ئەو پەیوەندیە تەلەفونیانەی کە نەتکردووە، یان ئەو ئەو پەیوەندییە تەلەفونییانەی کە کردووتەو لەوێدا بیردەکەیتەوە ، ئەگەر ئەو پەیوەندیە تەلفونییەم نەکردبا، ئەو نامانەی دەبوو وەڵامیان بدابایەتەوە، ئەو ئیمەیلانەی کە دەبوو بماناردایە، ئەمانە ڕێگریت لێدەکەن لەو کارانەی کە دەتەوێت لە ژیانی رۆژانەدا بیکەیت لێرە و ئێستادا.
هەر چەمکی “لێرە و ئێستا”، بوو کە جاکۆب مۆرێنۆ کە دایهێنا، لە پاشاندا هەرچەندە لەو کاتەوە لەلایەن زۆر کەسی دیکەوە وەک پێرڵز و یالۆم و بوونگەراییەکان بەکارهێنراوە.
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا سایکۆدراما دەتوانێت دەربارەی هەر شتێک بێت؟
زێرکا مۆرینۆ: ( بەپێکەنینەوە) بەڵێ، دەتوانین نزیکیی هەموو لایەنەکانی ژیان وەربگێڕین بۆ فۆڕمی سایکۆدراما. هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی خۆت بە شێوەیەکی نوێ و لە کایەی نوێدا. بۆ ئەوەی سپۆنتانی و داهێنەر بیت بە شێوەیەک کە پێشتر نەبووبیت. هەروەها ڕێگایەکە بۆ چاککردنەوە و کامڵ بوونی “خود”. دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە چۆن حەزت دەکرد منداڵیت یان هەرزەکاریت یان تەنانەت ژیانی پیشەیی خۆت بگۆڕیت. ڕەنگە هەمیشە کار نەکات. زۆرجار بیر لە سایکۆدراما دەکەمەوە پێم وایە مامەڵە لەگەڵ لێوارەکانی ژیان دەکەین. ئەمە بیرۆکەیەکی نوییە کە ئێستا تازە بەدەستی دێنم.
ڤیکتۆر یالۆم: بیرۆکەی نوێت هەیە دوای شەست ساڵ کارکردن.
زێرکا مۆرینۆ: بەڵی، شتێکی سەرنج ڕاکێشە، بەردەوام بیرۆکەی نوێ دێتە ئاراوە، داهێنان بەوشێوەیەیە. وەک پرەنسیپێکی دووانەیی /جمک کاردەکات. سپۆنتانێتی spontaneity وەک وەڵامێکی نوێ بۆ دۆخێکی کۆن پێناسە دەکرێت، یان وەڵامێکی گونجاو بۆ دۆخێکی نوێ. داهێنان شتێک دروست دەکات کە پێشتر نەبووە. بۆ نموونە بیل گەیتس وەربگرە. لە ڕێگەی ویندۆزەوە جیهانێکی تەواو نوێی دروست کرد کە پێشتر بوونی نەبووە! تەواوی بیرۆکەی ئەوەی کە “شتەکان ناگۆڕدرێن” لەم دنیایەدا قسەی بێمانایە! کێ دەیتوانی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر خەون بە ئینتەرنێتەوە ببینێت؟ مەسەلەکە لێرەدا شتێکی داهێنەرانەیە – کەسێک شتێکی تەواو نوێ دروست دەکات، ئەوە چەند گرنگە بۆ جیهان، بەردەوام شتەکان وا دروست دەبن.
ڤیکتۆر یالۆم: کەواتە، باس لە دروستکردنی ژیان دەکەین.
زێرکا مۆرینۆ: پێویستە ژیانمان دروست بکەینەوە.

(دیدارو خۆشەویستی دکتۆر مۆرینۆ)

ڤیکتۆر یالۆم: حەز دەکەم کەمێک زیاتر دەربارەی ژیانت ببیستم. چۆن چاوت جاکۆب مۆرینۆکەوت ؟
زێرکا مۆرینۆ: من لە ئەوروپاوە خوشکە گەورە دەروون ناساغەکەم هێنایە لای ئەو بۆ ئەوەی چارەسەری بکرێت.
ڤیکتۆر یالۆم: تۆلە ئەوروپاوە ئەو ڕێگا دوورودرێژەت گرتەبەر، خوشکەکەت هێنا بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بکرێت؟ ئەوە چۆن بوو؟
زێرکا مۆرینۆ: لە ئینگلتەرەوە یەکەمجار بە تەنیا هاتم بۆئێرە، ، دوای ڕاگەیاندنی جەنگی جیهانی دووەم بوو، ئەوکات تەمەنم ٢٢ ساڵ بوو. هیچم لەبارەی مۆرێنۆ و سایکۆدراما نەدەزانی. هونەر و دەروونناسی خوێندبووم.
خوشکەکەم لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا تووشی بارگرژی دروونی ببوو، بڕیار بوو ببمە هونەرمەند، دیزاینەری کەوالیس وجلوبەرگ، بەتایبەتی جلکی شانۆ و نواندن. دەزانی لەندەن شوێنێکی نایاب و ناوازەیە بۆ شانۆ. پاشان خوشکەکەم بە شێوەیەکی نائومێدانە تووشی نەخۆشی دەروونی هات، بیرم کردەوە و بە خۆمم وت “ئۆه، دەبێت بەشیوەیەکی بابەتیەنە سەیری ئەم شتە بکەم” و دەستم کرد بە خوێندنی دەروونناسی. بەڵام هیچ کام لە دەروونناسی کلاسیک فێری نەکردم کە دۆخی خوشکەکەم چۆنە وە هەستم کرد و تێگەیشتم کە شتێکی هەڵە هەیە. من لە ڕاستیدا لە خوشکەکەم زۆر باش تێدەگەیشتم. بێ قسەکردن ، لای خوشکەکەم هیچ پەیوەندیەک و تێکەڵاویەک دروست نابێت، مومکین نییە، لێرەدا شتێک هەیە، بەڵام کاتێک مۆرینۆم ناسی ئەو تێکەڵاویە دروست بووئەو شیانە دروست بوو.
ڤیکتۆر یالۆم: وە چۆن مۆرێنۆت ناسی؟
زێرکا مۆرینۆ: شەڕەکە هەڵگیرسا. خوشکەکەم لە بەلجیکا دەژیا، ماڵەکەیان لە سنوری ئەڵمانیاوە ٢٥ کیلۆمەتر دوور بوو، شوێنەکەیان زۆر مەترسیداربوو.
ڤیکتۆر یالۆم: شوێنەکەیان باش نەبووە کە تیا بمێنەوە؟
زێرکا مۆرینۆ: مەتریسیداربوو. بەڵام من هاتمە ئەم وڵاتە. بە دایکم و باوکمم گوت: با بڕۆم، ڕەنگە بتوانم خوشکەکەم ڕزگار بکەم. ئەو تاقە خوشکەم پێنج ساڵ لە من گەورەتر بوو، شەڕەکەش تا دەهات تەشەنەی دەسەند هەموو ناوچەکەی گرتەوە، دواجار توانیم هەندێک پارەکە کۆبکەمەوە، لە ساڵی ١٩٤١دا هاتمە سەر ئەم خاکە.خوشکەکەیشم بڕستی لێ بڕابوو تا دەهات باری دەرونی خراپتر دەبوو، پێویستی بە چاودێری بوو لە نەخۆشخانە بیخەوێنین. بیرۆکەی خۆکوشتنیش ڕۆژ نەبوو بیری لێ نەکاتەوە. منداڵێکی بچووکیشیان هەبوو کە دەبێت کەسێک ئاگاداری بێت. بۆیە زاواکەم خانەیەکی بەخێوکەرانی بۆ کوڕە بچووکەکە دۆزیەوە، منیش نەخۆشخانەیەکم بۆ خوشکم دۆزیەوە.
ڤیکتۆر یالۆم: ئەمە چ شوێنێک؟
زێرکا مۆرینۆ: لە بیکۆن، نیویۆرک. نزیکەی ٦٠ میل لە باکووری شاری نیویۆرکەوە دوورە لەسەر ڕووباری هادسۆن
ڤیکتۆر یالۆم: ئەمە ئەو شوێنەیە کە ئێستاش لێی دەژیت؟
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ، ئێستاش لەوێ دەژیم. بە خوێندکارەکانم دەڵێم “ژیانم حیکایەتێکی سەیرە، وەک پەنابەرێکی بچووکی بێدەسەڵات هاتوومەتە ئێرە، بەهۆی نەخۆشی خوشکەکەمەوە ئاسودە نەبوو، هاتووم بۆ ئێرە بۆ ئەوەی ژیانێکی نوێ بۆ خوشکەکەم بدۆزمەو، کەچی. ژیانێکی نوێم بۆ خۆم دۆزییەوە. دەزانی عیبرەتەکە چی بوو؟ ئەوە بوو
لەم تەمەنەدا بەخۆم دەڵێم زێرکا، بۆ بەدوای هیچدا مەگەڕێ بۆ خۆت مەگەڕێ. بەڵکو بەدوای یارمەتیدانی کەسانی تردا بگەڕێ، لەوێ ڕا خۆشبەختی بەدەست دەهێنیت. وانەیەکی گەورەبوو بۆ من. بەڕاستی بوو بە بنەمای ژیانم؛ خۆشبەختی من لەوێوە سەرچاوە دەگرێت
ڤیکتۆر یالۆم: خۆشەبەختی تۆ لەوەوە سەرچاوە دەگرێ؟
زێرکا مۆرینۆ: من زۆرلە ژیانم ڕازیم. تا زیاتر بژیم، جەوهەری ژیان بەدەست دێنم، ئێمە لە جیهانێکی گەمژەییدا دەژین، با ڕاستی بڵێین بە تەواوی شێتانە! لە گەنجیدا بەم و ئەو تووڕە دەبووم. ئێستا، هەرچەندە جیهان شێتانە بێت، هەست بە باشی دەکەم. من ئەوەی لە توانامدا بێت دەیکەم، لەوەدا زۆر باشم، چی لەوە دڵخۆشتر هەیە؟ بەهەر حاڵ مۆرێنۆ بەهرەی منی دۆزیەوە.

( لە وڵاتی بەلجیکاوە بۆ شاری نیویۆرک)

ڤیکتۆر یالۆم: بەهرەی تۆ بۆ؟
زێرکا مۆرینۆ: کاتێک تەندروستی خوشکەکەم باشتر بوو، ، مۆرینۆ بۆ کارەکانی خۆی منی تاقیکردەوە و کردمی بە خوێندکاری خۆی، لە شاری بیکۆن لە نیۆرک ژیام و وەک سکرتێری تایبەتی ئەو کارم دەکرد، دەرماڵەیەکی بۆ پێشنیاز کردم و منیش قبوڵم کرد، بەڵام پێمووت دەمەوێت کارت بۆ بکەم لەبری ئەوە، چونکێ تایپچییەکی خێرابووم، من هەمیشە حەزم کردووە لەگەڵ نوسەران و داهێنەران کار بکەم، ئەویش وتی باشە، بۆیە لەبەر دەرماڵەکە و خوێندنەکەم لای ئەو دەستم بەکارکردن کرد. جەنگ تا دەهات پەرەی دەسەند و پیاوان دەچوون بۆ سەربازی. پەیمانگایەکی تایبەت بەخۆی لە نیۆرک کردەوە، منیش بووم بە یاریدەدەری توێژەنەوەی کارەکانیی و لە نیۆرک ژیام،
ڤیکتۆر یالۆم: لە شاری نیویۆرک؟
زێرکا مۆرینۆ: لە پارک ئەڤینۆ یەک گەرەک لە ویستگەی ناوەندی شارەکەوە دوور بوو، هەفتەی پێنج ڕۆژ هاتوو چۆم دەکرد، پاشان داوای لێکردم لە بێم و لە بیکۆن بژیم، چونکێ لەوێ پێویستی بە یارمەتییە.
خوشکەکەم ساڵی دواتر منداڵی دووەمی بوو، جارێکی تر نەخۆش کەوتەوە. دە ڕۆژ دوای لەدایکبوونی منداڵی دووەمی، گەڕاویەوە بۆ بیکۆن. ئێستا دوو منداڵ هەیە کە دەبوو ئاگاداریان بم. کەواتە، هەموو ژیانم ئاگاداری کەسێک بووم، دەزانی؟ ئیتر پێویست ناکات ئەوە بکەم. بیهێنە بەرچاوت، ئێستا نزیکەی ٨٣ ساڵم و تەنها شتێک کە دەبێت ئاگاداریم بم، خۆمم. ئایا ئەوە شتێکی نایاب نییە؟

(هەموو شتە چەوتەکانم کرد)

ڤیکتۆر یالۆم: کە نابێت مرۆڤ بیکات ، All the Shalt Nots
زێرکا مۆرینۆ: بەهەر حاڵ دواجار بووم بە هاوسەری، ئەو کاتە هاوسەرگیری کردبوو و منداڵێکیشی لە ژنی پێشووی هەبوو. وە بەو پێیەی دانپێدانان بۆ ڕۆح باشە، هەموو کارە هەڵەکانم کرد. هەموو ئەو کارانەم کرد کە کچێکی جوولەکەیەکی جوان و چینی ناوەند نایکات. ” the Shalt Nots ” پەیوەندیکردن لەگەڵ پیاوێک کە باوکی منداڵێکە، کە هاوسەرگیری کردووە. دۆخێکی زۆر ئاڵۆز بوو، ئەو ئامادەنەبوو وازم لێ بهێنێت. تەنانەت کاتێک هەوڵمدا جیاببمەوە، ئەو وتی ناتوانم، بۆهەرشوێنێکیش بچیت شوێنت دەکەوم.
ڤیکتۆر یالۆم: ئەو عاشقی تۆ بوو؟
زێرکا مۆرینۆ: بەتەواوی، پێت دەڵێم کاتێک بۆ یەکەمجار یەکترمان بینی چی ووت. کاتێک بۆ یەکەمجار چوینە ئۆفیسەکەیەوە بۆ ئەوەی خوشکەکەم وەک نەخۆشێک لای ئەو داخڵ بکەین ، لە پشت مێزەکەوە دانیشتبوو، هەر کە چاوی پێمان کەوت لە پشت مێزەکەوە هەستاو و هەردوو باڵی کردەوەو وتی “Yeeesssss!” بەڵێێێێ.
پێم وابوو ئەمە سەیرترین سڵاوە کە تا ئێستا بیستبێتم.
بەڵام ئەو ساتەم زۆر باش لەبیرە، تەنانەت ڕەنگی کراسەکەیم لەبیرە سەیرم کرد و بیرم کردەوە: ئەو ئاشنا دەردەکەوێت. من ئەم پیاوە دەناسم!” و دەنگی ناوەوەم وتی: “تۆ وەک خوشکەکەت شێتی، پێشتر هەرگیز نەچوویتە بیکۆن!
تۆ دەچیتە ناو مێژووی منەوە، و ناچیتە ناو سایکۆدراما، هەرچەندە هەمووی بەیەکەوە بەستراوەتەوە-ئایا ئەوە ئەوەیە کە تۆ دەتەوێت؟
دەزانی چی؟ دواتر پێی وتم کە بیری لەوە کردۆتەوە “ئەمە ئەو کچەیە” کە بەدواید دەگەڕا، ئەو بەدوای muse میوز ـ ێکدا دەگەڕا، من بووم بە میوزی ئەو.
ڤیکتۆر یالۆم: مەبەستت چییە؟
زێرکا مۆرینۆ: میوز، خوداوەندێکی ئیلهام بەخشینە. تۆ دەزانی میوزەکان؟ میوزی موسیک و سەما. ئەو بەدریژایی ژیانی بەدوای میوزدا گەڕاوە. میوز دەبێت بە ئیلهام بەخشی ئەو. ئەوەی کە ئاسایی نەبوو ئەوەبوومن ئەو کات تەمنم ٢٤ سا بوو، باوەڕم نەبوو بەوەی کە خوێندەوارێکی باشم، هەندێک سەرنجی سەرپییانەم لەسەر ڕووداوەکانی جیهان هەبوو، ” ئەو دەیگوت چیت وت؟ دوبارەی دەکەیتەوە؟ ئەوە زۆر گرنگە” منیش دوبارەم دەکردەوە و پێی دەوتم زۆر چاکە وەرە، دەچووینە لای ئامێری تایپکردن و، چەندەها لاپەڕەمان لە خەیاڵ و فەنتازیاکانی ڕەش دەکردەوە. داوا لە کچە گەنجەکان ناکەم کە هەتا هەتایە پەیوەست بن بە کەسانێک کە تێبینی سەرپێی بێ ئاگاییا هەبێت بەڵکو ببن بە ئیلهام بەخشیكی گەورە.
ڤیکتۆریالۆم: وا دەکات زۆر هەست بە گرنگی خۆت بکەیت.
زێرکا مۆرینۆ: من هەرگیز کەسێکم نەبووە بەو شیوەیە گوێم لێ بگرێت، کە هەست بکەم کەسێکی گرنگم. من چوارهەمین کەسی خێزانەکەمان بووم، دایکم هەمیشە مژوڵی ئەوە بوو بیرلەوە بکەینەوە کە ئێمە کەسێکی گرنگین.
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا یەکسەر سەرنجی ڕاکێشایت؟
زێرکا مۆرینۆ: بە ڕەهایی، بەتایبەتی عەقڵی، بۆ ئەو کەسانەی کە لەدەورو پشتی بوون کەسێکی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو، زۆریش خۆش مەشرەبیش بوو. هەڵبەت لایەنی نەرێنیشی هەبوو، ئایا هەموومان لایەنەی خراپمان نییە؟ بەڵام لایەنە نەرێنیەکان ووردە ووردە پیی ئاشنا دەبین وا نییە؟

(لاپەڕەی تاریکی دکتۆر مۆرینۆ )

ڤیکتۆر یالۆم: هەندێ لەو شتە شێتایەتی و خۆبەزلزانییەی چین کە کردوویەتی، وک خۆت دەڵیێت لایەنی تاریکی ئەون ؟
زێرکا مۆرینۆ: لایەنی تاریکی. پێم وابوو وزەیەکی زۆری بەفیڕۆ داوە لە بەرەنگاربوونەوە، بۆ نموونە دژی فرۆیدییەکان ، بەلام بەشێکی پاڵنەر بوو، لەوکاتەدا هەمووان فرۆیدی بوون، بەجۆرێک هەرکەسە دژی فرۆید بووبێت، دوژمن بووە یان بێزراو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیرۆکەکانیان لێ دەدزی بەناوی خۆیانەوە بڵاویان دەکردەوە بە بێ ئەوەی ئەو شەرەفە بەو بدەن کە ئەو خاوەنێتی و سەرچاوەکە دەستنیشان بکەن کە ئەو بوو، وە تا ئەمڕۆش هەروا ڕوودەدات. ئەوەش ئازاری دەداو و تووڕەی کرد. دەکرا ئەو وزەو کاتانە بۆ شتی باشتر بەکاربهێنرێت. بەڵام ئەویش بەو شێوەیە بوو. هەندێک لە نیگەرانییەکانی ڕەوا بوو، بەڵام هەندێک شتی لە مێشکی خۆیدا گەورە دەکرد، چونکە پشتگیرییەکی زۆر کەمی هەبوو. دەیتوانی توڕەیی خۆی لەدەست بدات کاتێک هەستی دەکرد بەڕاستی کەس گوێی لێناگرێت. گوێم لە چەند وانەیەکی گرت و تێبینیم کرد لەسەرو تێگەیشتنی خەڵکەوە قسە دەکات.
من کاتێک بۆ یەکەمجار بینیم کە لەگەڵ نەخۆشە دەروونییەکان کاردەکات، تێگەیشتم لەو کاتەدا کەس چالاکانە وەکو ئەو لەگەڵ نەخۆشە دەروونییەکان کاری نەدەکرد. من باسی سەرەتای ساڵانی چلەکان دەکەم. وە بیرمە لە دڵی خۆمدا بیرم لەوە دەکردەوە “هەرگیز ناتوانم ببمە دەرهێنەر. هەرگیز ئەوەندە نازانم، هەرگیز ئەوەندە زیرەک نابم.

ڤیکتۆر یالۆم: دەرهێنەرێکی سایکۆدراما؟
زیرکا مۆرینۆ: بەڵێ، هەرگیز من پێم وا نەبوو بتوانم ببمە دەرهێنەری سایکۆدراما، بەڵام دەتوانم ببم بە ئەکتەری چارەسەری و وەرگێڕی جاکۆب. پەیامەکانی پێویستی بە لێکدانەوە هەبوو بۆ ئەوەی خەڵک تێبگەن. بیرم لەوە دەکردەوە ئەو پەیامێکی گرنگی هەیە بەڵام ناگاتە خەڵک. ئەوەی من نووسیومە خەڵک زیاتر بە قەناعەت پێکەری دەزانن. شێوازی نووسینەکانی، چڕ، توندو تۆڵ و سەخت بوو، زۆر بارگاویکراوە، زۆر جێرمانیی بوو هەموو ڕستەیەکی بارگاوییە بە بیرۆکە.
ڤیکتۆر یالۆم: کەواتە تۆ بیرۆکەکانی ئەوت وەردەگێڕا بۆ فۆرمێک کە خەڵک باشتر لێی تێبگەن.
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ وە تا زیاتر فێر دەبووم و دەچوومە ناو کارەکەوە، خوێندنەوەی کتێبەکانی ئەو ئاسانتردەبوو.

ڤیکتۆر یالۆم: زیاتر خۆشت بە کاری دەرهێنانەوە خەریک دەکرد
زێرکا مۆرینۆ: زیاتر بەشداریم کرد و تا ساڵی ١٩٤٩ هاوسەرگیریمان کرد.
ڤیکتۆر یالۆم: هەموو ئەو کاتە هەر خۆشت دەویست؟
زێرکا مۆرینۆ: دەزانیت زۆر جار بیرم لەوە کردۆتەوە، من نەک هەر خۆشم دەویست، بەڵکو عاشقی بووم، جایاوازی هەیە، دەمپەرست، هەستی خۆشەوسیستی عیشق دوو شتی جیاوازن، . ڕۆژێک پێی وتم: “پەیوەندیەکەمان تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئیمان بنیات نراوە: باوەڕ بە یەکتر.” وە پێموایە ئەوە ڕاست بوو.
بۆیە دەستم کرد بە فێربوونی شێوازەکە. حەوت ساڵ شاگردی بووم. وە ئەوەش ئەوەیە کە لە ڕۆژانی کۆندا هەبووە کاتێک دەچوویتە لای وەستایەک، وەک هونەرمەندێک. حەوت ساڵ خوێندن بوو.
ڤیکتۆر یالۆم: بەڕاستی؟ ئەو حەوتە لە چییەوە هاتووە؟
زێرکا مۆرینۆ: نازانم. بەڵام تۆ دەچوویت و لانیکەم حەوت ساڵ شاگردیت دەکرد پێش ئەوەی ببیتە هونەرمەندێکی ڕاستەقینە.
ڤیکتۆر یالۆم: ئەوە تا ڕادەیەک پەیوەندی بەو شتەوە هەیە کە زۆر کەس بۆ بەدەستهێنانی دکتۆرا پیویستی بەو کاتە دەبێت.
زێرکا مۆرینۆ: ئەوە ڕاستە.
ڤیکتۆر یالۆم: دوای ئەوەی ئەوەت دەستکەوت، لانیکەم ئەوا دەست دەکەیت بە فێربوونی کەمێک دەربارەی چارەسەرکردن.
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ، لەگەڵ ڕۆیشتنی کارەکەدا دڵخۆشتر دەبووم، . ئەوەی لە سایکۆدرامادا سەرنجی ڕاکێشام، تێکەڵکردنی زانست و هونەر بوو. ئەوە بوو لەو بارەیەوە من زۆرم حەز لێ دەکرد.
ڤیکتۆر یالۆم: هونەرەکەی ئاشکرایە ، ئەی زانست لە کوێدایە؟.
زێرکا مۆرینۆ: ئێ، زۆر شتی تەکنیکی هەیە بۆ فێربوون، بێگومان میتۆد، تیۆری و بیرۆکەکان.
ڤیکتۆر یالۆم: وە ئێستا لە خوێندکارەکەوە بووەیتە دەرهێنەر.
زێرکا مۆرینۆ: فێربوون بەو شێوەیە سۆزداریانە وپەیڕەوکردنی ڕێگایەکی ئاوا تایبەت، ژیانی منی کردووە بە گەشتێکی نایاب.
ڤیکتۆر یالۆم: سوپاس بۆ ئەوەی ڕێگەت دا بە من و بە هەموو ئەوانەی ئەمە دەخوێننەوە، خولیا و وزەی تۆ بۆ ژیان و کارەکەت بڵاو بێتەوە.
زێرکا مۆرینۆ: سوپاس منیش چێژم لی وەرگرت.




جاکۆپ مۆرینۆ و سایکۆدراما.. نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

سایکۆدراما یەکێکە لە چوار شێوازی چارەسەری دەروونی لە ڕێگەی هونەرەوە، جگە لە چارەسەری وێنە و سەما و مۆسیقا، چارەسەر بە شێوەی دراما هەیە ، کە پرۆسەی چارەسەرەکە بە شانۆ پێی دەوترێت سایکۆدراما.

سنورەکانی شانۆ:
بەدرێژای مێژوو، رۆژگار لە پێشکەوتنێکی خێرادا بووە، ئەم پێشکەوتنەش هەموو بوارەکانی ژیان، زانست، ئابوری، ئەدەب، هونەر، فەلسەفە، کۆمەڵناسی و پەیوەندیەکانی مرۆڤیشی گرتۆتەوە، هیچ زانستێکش سەربەخۆ نەماوەتەوە و سنوری هەموویان تێکەڵ بەیەکتری بوون. ئەو دوو زانستەی کە دەمەوێت لێرەدا باسی لێوەبکەم شانۆ و بواری پزیشکی (دەرونزانی) یەکە ئەم دوانە تێکڵ بوون لە ژێر ناوی سایکۆ دراما کە زانستێکی تری پێک هێناوە، ئێستا لە دونیادا چەندەها ناوەند و خوێندنگا هەیە توێژینەوە لەم زانستە نوێیە دەکەن، بابەتێکی سەرەکی و گرنگی بواری پەروەردەشە، لە پەیمانگا وکۆلیژەکانی پێگەیاندنی مامۆستیان وانەیەکی گرنگ و سەرەکیە و، سەرچاوەی کارکردنیشیان کۆمەڵناسیە. جا بە چەند پرسیارێک دەست پێدەکەین سایکۆ دراما چیە؟ دامەزرێنەری سایکۆدراما کێیە؟ لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ سایکۆ دراما چۆن دەتوانێت هاوکاری خەڵک بکات؟ میتۆد و ئامڕازەکانی کارکردنی چین؟ چۆن بەکار دێت؟ سایکۆدراماتیست کێیە؟ تۆ ئەگەر بوویت بە سایکۆدراماتیست و ئەگەر ڕۆژێک لە رۆژان وارکشۆپێکت کردەوە چۆن بەرنامەی کارکردنت ڕێک دەخەیت لەگەڵ بەشداربوانی وارکشۆپەکەت؟ چیاوازی نێوان سایکۆدراماو سۆسیۆ دراما چییە؟ ئەم دوو جۆری کارکردنە چۆنە؟ لە درێژەی نووسیەنەکەمدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە.
چارەسەری دەروونی چییە؟
کاتێک کە تۆدەچیت بۆ چارەسەری دەروونی، ئەوە مانای ئەوەیە کە تۆ لێکۆڵینەوە لە ناوەوەی خۆت ئەو ئەزموونانەکانی ژیانت کە هەڵت گرتوون. یارمەتی دەدرێیت کە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕابردوو دەکەیت کە کاریگەرییان لەسەر ئێستا هەیە بە شێوەیەکی نەرێنی.
کاتێکیش لە خۆت و بیرکردنەوەکانت تێدەگەیت، ئەوکات پەیوەندیت باشتر دەبێت لەگەڵ هەستەکانتدا و دەرفەتێک بۆ داڕشتنی ژیانێکی پڕمانا دروست دەکەیت. بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکی باشترت لەگەڵ خودی ناوەوەت هەیە ئەوا پێویستییەکانت بە ڕوونتر دەبینیت و دەتوانیت بڕیاری گرنگ لە ژیانتدا بدەیت.
شێوازی چارەسەری دەروونیش جۆراوجۆری هەیە بۆ گەڕان بەدوای خۆتدا. ڕەنگە باوترینیان ئەوەبێت لە ڕێگەی گفت وگۆوە بێت، کەسێک یان نەخۆشێک کە زەبری دەروونی هەیە دەچێت بۆ لای سیکۆلۆگێک دروونزانێک و چەند دانیشتنێک وەردەگرێت بۆ قسەکردن لەگەڵیدا، مەرجیش نییە ئەوانەی دەچن بۆ لای سیکۆلۆگێک نەخۆشی دەروونیان هەبێت یان زەبرێکی دەرونیان بەرکەوتبێت. لە کوردستان یاخود بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین باوترین چارەسەری دەروونی ئەوەیە کە تۆ دەچیت بۆلای دەروونزانەکەو چارەسەر وەردەگریت، تەنها قسەکردنەوە و چەند جارێک ئەو دانیشتنە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئێمە باس لە جۆرێکی تری دەکەین لە مەسافەیەکی فروانتردا، لەگەڵ بەکارهێنانی هونەری شانۆدا کە ئەویش سایکۆ درامایە. ڕێگەیەکی نوێیە بۆ چارەسەری دەروونی، لێرەدا شانۆ و نواندن ڕۆڵێکی کاریگەر دەبیننن.
دامەزرێنەری سایکۆدراما
جاکۆب لیڤی مۆرینۆ

دامەزرێنەری سایکۆدراما ( جاکۆب لیڤی مۆرینۆ ) Jacob Moreno بوو ( 1889 – 1974 ) لە بوخارێست لە بنەماڵەیەکی کۆنی جولەکە سەفاردیەکان، لە خێزانێکی زەنگینی پڕنازو نیعمەت لە دایکێکی بولگاری و باوکێکی ڕۆمانی لە دایک بووە، باوکی ناوی مۆرێنۆ نیسیم لیڤی بوو، باوکی مۆرینۆ بازرگانێکی جولەکە سێفاردی بوو، لە ساڵی ١٨٥٦ لە شاری پلێڤنا لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ( پلێڤن لە بولگاریا) لەدایکبووە. دایکی جاکۆب مۆرێنۆ، پاولینا ئیانکو یان وۆڵف، هەروەها ئەویش جولەکەیەکی سێفاردی بووە، لە ساڵی ١٨٧٣ لەدایک بووە و لە شاری کالاراشی لە بنەچەدا خەڵکی ڕۆمانیا بوو.
لە ساڵی ١٨٩٥ و لە سەردەمی داهێنەری فیکریی گەورە و گێژاوی سیاسیدا، خێزانەکە ڕوویان لە ڤیەننا کرد. لەبەر شکستی باوکی لە بازرگانیدا بۆ وڵاتانی وەک هەنگاریا، ڕۆمانیا، ئەڵمانیا، کۆچ دەکەن و لە دواجاردا لە نەمسا نیشتەجی دەبن، لە زانکۆی ڤیەنا پزیشکی و بیرکاری و فەلسەفەی خوێندووە، لە ساڵی ١٩١٧ بڕوانامەی پزیشکی بەدەست دێنێت. بووەتە دکتۆری پزیشکی، لە کاتێکدا هێشتا خوێندکاری پزیشکی بووە، ، تیۆریەکانی فرۆید ڕەت دەکاتەوەو بە بەرهەڵستکارێکی سەرسەختی فرۆید دەناسرێت و حەزی لە توانای ژینگەی گروپی بۆ پراکتیکی چارەسەری بووە.
مۆرێنۆ لەو شوێنەی کە فرۆید وازی لێهێنابوو، بە تیۆری پەیوەندییە نێوان کەسییەکان و پەرەپێدانی کارەکانی لە بواری سایکۆدراما، سۆسیۆمێتری، چارەسەری دەروونی گروپی، سۆسیۆدراما و دەستی پێکرد.
شارەزایی زۆری لە هەردوو بیری لاهوتی جولەکە و فەلەسەی یۆنانیدا هەبووە. پاشان لە ساڵی ١٩٢٥ ڕوودەکاتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە شاری بیکۆن نیشتەجێ دەبێت.
بەڵام کاتێک کۆچ دەکات بۆ ئەمریکا ڕای دەگەیەنێت کە سێ ساڵ لەو بەرواری لەدایکبوونە گەنجترە، واتە لە ساڵی 1892 لەدایکبووە. بەڵام لە هەموو دۆکۆمێنتەکاندا لە بەرواری 1889 دا تۆمارکراوە.
لە شاری نیویۆرک دەستی بە کارکردن کرد. لە ژیاننامەی خۆیدا باس لەوە دەکات کە، لە هەموو شوێنەکانی جیهان تەنها لە نیویۆرک، مەنجەڵی توانەوەی گەلانە، شارە گەورەکە، بە هەموو ئازادییەکەیەوە لە هەموو تێڕوانینە پێشوەختەییەکان، دەتوانم ئازاد بم. نیویۆرک مەڵبەندی گەشەکردنی کارکردن و لێکۆڵینەوەیە لە چەمکی سۆسیۆمێتریدا”. ئەو شێوازە گەورەیەی کە ئەو پێشبینی کردبوو”.دواتر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا پۆستی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی وەرگرتووە.
مۆرینۆ بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٣٢ چارەسەری دەروونی بە کۆمەڵی بە کۆمەڵەی دەرووناسانی ئەمریکی ناساند. پاش ئەوە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ تیۆری پەیوەندییی نێوان کەسییەکان هۆکارەکای پەیوەندیان بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکانی پەرەپێدا و ناوی لێنابوو سۆسیۆدراما، سایکۆدراما و سۆسیۆمێتری. لە توێژینەوە ئەکادیمیەکەیدا بەناونیشانی “داهاتووی جیهانی مرۆڤ” باس لەوە دەکات کە چۆن پەرەی بەو زانستانە داوە بۆ بەرپەرچدانەوەی “ماتریالیزمی ئابووریی مارکس و ماتریالیزمی دەروونی فرۆید و ماتریالیزمی تەکنەلۆژی” سەردەمی پیشەسازیی مۆدێرنمان، مۆرینۆ بە تیۆریەکەی فرۆیدیش دەڵێت ماتریالیزمی دەروونی فرۆید.
سێ جار هاوسەرگیری کردووە، دواهەمین خێزانی زێرکا مۆرینۆیە کە بوو بە خوێندکاری مۆرینۆ و پاشان هاوسەری، و پاڵپشتێکی تەواوی مۆرینۆ بوو، دوای مردنی مۆرینۆش بەردەوامی بە کارەکانی مۆرینۆ دا.
لەگەڵ حەزکردنی بۆ شانۆ وای لێکرد گرنگی بەو ئەگەرانە بدات بۆ دەڕبڕین کە دراما پیشکەشی دەکات، بیری کردەوە کە چۆن بتوانێت سود لە شانۆ وەربگرێت بۆ چارەسەرکردنی دەروونی، بەدوای شێوازێکی نوێدا گەڕا، لەساڵی ١٩٢٠ دا شانۆیەکی ئەزمونکاری دروست کرد. بانگهێشتی بەشداربووانی دەکرد کە بە نۆرە ڕۆڵی هەمە چەشنە و جیاواز ببینن. مەبەستیشی لەم “ڕۆڵگێرانە” هەستکردنی هەرمرۆڤێک بوو بەرامبەر بە لایەنە جیاوازەکانی کەسایەتی خۆی هاوبەش و کەسە نزیکەکانی، ئەوەش ڕێگەیەکی زۆر هونەری داهێنەرانەبوو بۆ دەربڕینی توانای سەست و سۆزەکانی بە شێوەیەکی سپۆنتانێتی ــــ العفویة.
مۆرینۆ بەردەوام دەبێت لە لە تاقیکردنەوەکانی، سەرنجمان بۆ پەیوەندی خێزانی، پەیوەندی کەسەکان و داینامیکەتی گرووپ ڕادەکێشێت. ئەم لێکۆڵینەوەیەی لەسەر بنەمای سۆسیۆمەتری داهێنا. لە کتێبێکدا بە ناوی کێ لە ژیاندا بمێنێتەوە پەرەی پێبدا؟ لە ساڵی ١٩٣٤ دا بڵاوی کردۆتەوە. هەندێک لە یاداشتەکانی خۆی تێدا تۆمار دەکات، کە چۆن لەگەڵ منداڵان و پاشان لەگەڵ لەشفرۆشەکانی ڤییەنا کاری کردووە.
کاتێک مرۆڤ ناوی مرۆینۆ دەهێنێت، دەبێت وەک کۆمەڵناس، شاعیر، شانۆکار، دەرووناس، فەیلەسوف، بیرمەند و پیداگۆگ باسی بکەین، لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگ بووە.
مۆرینۆ خاوەنی داهێنانی چەمکی سۆسیۆمەتریە، کە تەکنیکە سۆسیۆمێتریەکان ئامانجیان پێشکەشکردنی وەسفێکی بابەتیانە بوو بۆ ئەو کارلێکانەی کە لەناو گروپەکاندا کاردەکەن، و تیۆریزەکردن سەبارەت بە لایەنە جیاوازەکانی کارلێکی گروپی.
لە ساڵی ١٩٥٠ لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ گروپی سایکۆتراپی لە پاریس دروستکرد، و یەکەمین کۆنفرانسی جیهانی سایکۆدرامای لەوێ لە ساڵی ١٩٦٤ ڕێکخست، ئەمەش ڕێگەی بۆ ئاڵوگۆڕی نوێی نێوان سایکۆدرامیسیتەکان، دەروونشیکاران و پسپۆڕانی پزیشکی دەروونی کردەوە، کە زانیارەیکانی ئاڵوگۆڕ بکەن. دوای ئەوە شێوازەکانی لە ئەمریکا و ئەوروپادا سەرکەوتنی زیاتریان بەدەستهێنا.
مۆرینۆ وەک پزیشکی دەروونی حەزی لە کردەوەی ڕۆژانەی مرۆڤ و توانای پێکەوە ژیان هەبوو. سەرنجی زۆر دەخستە سەر ئەو کەسانەی کە نەیاندەتوانی ژیانی سادەی رۆژانەی خۆیان ببەن بەڕێوە و لەگەڵ ژیانی سادەی خۆیاندا هەڵبکەن. ئەو پابەندیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزی هەبوو، هەروەها کارکردن لەگەڵ لەشفرۆش و پەناهەندەکان ئیلهام بەخشی جۆری کارکردنی ( چارەسەرکردنی دەروونی بەکۆمەڵ) بوو لەپاشاندا بایەخی بە داینامیکی گروپی دا لەبواری دەرونزانیدا. مۆرینۆ زۆر جار لە باخچەکانی ڤییەنا لەگەڵ منداڵان کۆدەبووە و چیرۆکی بۆ دەخوێندنەوە، بەدەم چیرۆک خوێندنەوەوە نمایشی بۆدەکردن ڕۆڵی کارەکتەرانی حیکایەتەکەی بۆ بەرجەستە دەکردن. ئەم چیرۆک خوێندنەوەیە و نمایشکردنە، تۆو و سەرچاوەی دروستبوونی میتۆدی سایکۆدرامایە. جیاواز لەوجۆری چیرۆک گێرانەوەکەو شێوازی زارەکی دەڕبڕین، مۆرینی فۆکەسی دەخستە سەڕ ڕوداوی ناو چیرۆکەکە، واتە ئەو زیاتر سەرنجی لەسەر ڕوداوەکان بوو نەک گێڕنەوە بەزارەکیی وەک گیرانەوەیەکی ئاسای. باکگراوندو و ئەزموونەکانی کارکردنی مۆرینۆ لە شانۆدا لە شاری ڤییەنا، پەیوەندی و یاریکردنی لەگەڵ منداڵاندا و کارکردن لەگەڵ لەشفرۆشەکانی ڤیەنا کۆڵەکە بنەڕەتەتیەکانی ئەو شتەن کە پێی دەڵێین سایکۆدراما Psychodrama.
یاریکردن و خۆبەخۆی (العفویة ــSpontaneity )، داهێنان و پێکەوە بوون لەگەڵ کرداردا ڕێگەی گۆڕانن. مەبەستی ئەوەیە کە ڕوداو و کردار پێش گەشەکردنی زمان دەکەوێت. لە ڕێگەی میتۆدی سایکۆدراماتیکەوە، مرۆڤ دەتوانێت لە ڕەهەندی دەرووناسیەوە توێژینەوە لە کێشەکانی خۆی بکات و بیاندۆزێتەوە و یارمەتی بدات کە کێشەکانی خۆی وێنا بکات ، لەبری ئەوەی تەنها قسەیان لەبارەوە بکات. ڕیشەی کایەبازی، تێبینی و دیقەتی ئەو بۆ یاری منداڵان، کە چۆن بە شێوەیەکی خۆبەخۆیی و داهێنان ” گەمەی خۆیان دەکەن لێرە و لە ئێستادا” ئەوەش ئامرازێکی گرنگی سایکۆدرامایە. مۆرینۆ لەشاری ڤییەنا شانۆی خۆبەخۆیی ( the spontaneity theater) دامەزراند لە پاشاندا گەشەی کرد بوو شانۆی چارەسەری دەرونی واتە سایکۆدراما، هەرخۆشی پێشەنگ بوو لە دانانی گروپی چارەسەری دەرونی بەکۆمەڵ، هەروەها سۆسیۆمێتری دامەزراند sociometrin کە بەمانای رێگەیەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە مەوداو پەیوەندی گروپ لە نێو خۆیاندا. لە سۆسیۆدراما لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری گروپەکان دەکات
لە ماوەی ژیانیدا وەک یەکێک لە پێشەنگی زانایانی کۆمەڵایەتی ناسێندرا، لە ژیانامەکەیدا باسی دەکات: سپۆنتانێتی spontaneity و داهێنان هێزی پاڵنەرن لە بەرەو پیشەوەچوونی مرۆڤدا، لە پشت ئەو سەربەخۆیی بوون و پاڵنەرە ئارەزووە کۆمەڵایەتییە ئابووریانە، کەوا زۆر جار سپۆنتانێتی و داهێنان تێکەڵاون. مۆرینۆ لە ساڵی ١٩٧٤ لە شاری نیویۆرک لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، دوای نەخۆشییەکی درێژخایەن بە دوورکەوتنەوە لە هەموو خواردن و ئاوێک مردنی هەڵبژارد، لەسەروەسێتی خۆی، دەڵێت “ئەو پیاوەی کە پێکەنینی هێنایە دەرووناسییەوە”
دوای مردنی مۆرینۆ، زێرکای هاوژینی بەردەوامی بەکارەکانی مۆرینۆ دەدات، لە هەموو کیشوەرەکاندا نزیکەی هەزارەها سەنتەر سەداها هەزار خوێندکار هەن کە خەریکی فراوانکردن و پەرەپێدانی ڕاهێنان و فێرکردنی هونەر و زانستە مۆرێنییەکان بەشێوەیەکی دیسپلین.
مۆرینۆ ساڵی 1941 (زێرکە تۆمان- Zerka Toeman) دەناسێت، هاوسەرگیری دەکەن، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە (واڵت ئەنردسن) ی رۆژنامەنووس لە مۆرینۆی دەکات پێی دەڵێت گرنگترین ڕوداوی داهێنانەکانی ژیانت چی بووە؟. مۆرینۆش وەڵامی دەداتەوە دەڵێت: هاوبەشی کردنی ژیانمە لەگەڵ خاتوو زێرکا. پرسیارێكی تری لێدەکات بەدەڵێت: چ شتێک هەیە کە حەز بکەیت بتەوێت لە پیشەو کارەکانتدا بیگۆڕیت؟ مۆرینۆ لە وەڵامدا دەڵێت: تەمەنام دەکرد 15 ساڵ پیشتر ئەوم بناسیایە. زێرکاو مۆرینا لە کوڕێکیان هەیە بە نێوی جۆناتان مۆرینۆ کە کتێبێکی لەسەر ژیانی باوکی نووسیوە بە نێوی The Impromptu Man پیاوە ڕاگوزەرەکە.
ڤیەنا
مۆرینۆ و چارەسەرکردنی بەکۆمەڵ:
ڤیەنا ئەو کاتە پایتەختی ڕۆشنبیری بوو، خاڵی دەست پێکی کراوەی مۆرینۆبوو لە زۆر بوارەکانی کولتوری و ڕۆشبیری بوو هەر لە ڤیەننا دەستی کرد بە نووسین و بڵاوکردنەوە لە بواری وێژە و هونەردا، هەر لەوێش گروپی شانۆیی بەخۆی دادەمەزرێنێت، مۆرینۆ خۆی لە نێو کافێتریاو هۆڵەکان دەبینیەوە، ئەندامێکی چالاکی بزاوتی ژیانی ڕۆشببیری بوو، هەم بەنووسین و هەم بە ووتاردان بیرۆکەکانی خۆی تاقی دەکاتەوە، مۆرینۆ سەرەتا فەلسەفەی خوێند پاش ساڵێک لە خوێندنی فەلسەفە چووە بەشی دەرمان سازی. مۆرینۆ شێتانە منداڵی خۆش دەویست، دەچووە باخچەو پارکەکانی ڤیەنا و لەژێر دارێکدا دەدەنیشت و بەشێوەیەکی دراماتیکی و بەجوڵەوە چیرۆکی بۆ منداڵان دەخوێندەوە، منداڵەکانیش بە لێشاو دەهاتن بۆ لای و بەدەوریدا دەدەنیشتن و گوێیان لێدەگرت، لەکاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکاندا هەڵدەستایە سەرپێ و یان بەدارەکەدا هەڵدەزنا، یان لەسەر لقێکی دارەکە دادەنیشت، ناوەڕۆکی چیرۆکەکەی دەکرد بە ڕوداو بۆ منداڵەکان.
مۆرینۆ لە ساڵەکانی 1908 تا 1918 چەندین دەقی ئەدەبی و هونەری شێعری نووسیوە.
لەگەڵ هەندێ خوێندکاری تردا ماڵی بێ نەوایانی (House of Encounter) دامەزراند، کە هاوکاری ئەو کەسانی نوێ کە داهاتن بۆ ڤیەنا و کۆمەکیان بکەن بۆ وەرگرتنی مافی مانەوەو یان ئەوانەی بێکار بوون ، هاوکاریان دەکردن و کاریان بۆ دەدۆزینەوە، بەشێوەیەکی کردەیی هاوکاری ئەوکەسانەیان دەکرد کە پێویستیان بە یارمەتیە، ماڵێک بوو بۆ هاوکاری خەڵک.
مۆرینۆ لە هۆنراوەیەکدا، چەمکی دیدار دەکات بە ناوەندی هۆنراوەکەی، پاشان دەبێتە یەکێک لە مەشقەکانی بەناوی ڕۆڵ گۆڕین، کە کڕۆکی سایکۆدرامایە.
Then I will look at you with your eyes.
And you will look at me with mine
ئەوکاتە من بە چاوی تۆ لێت دەڕوانم
تۆش بە چاوی من لێم دەڕوانیت.
هەرچەندە کۆپلەیەکی تەواو رۆمانسیانە دەردەکەوێت، بەڵام لە راستیدا ئەو مەبەستێکی تەواو دەروونزانی و درامیانەی هەبوو.
لەوکاتەدا ڤینا پڕ بوو ژنانی لەشفرۆش، مۆرینۆش حەزی دەکرد لە بارو دۆخ هەلو مەرجی ژیانی ئەوان بکۆڵێتەوە، ئەوانە لە خواری خوارەی چینە کۆمەڵایەتیەکان بوون، لە دەوروبەری قەراخ شاردا لە شوێنە هەرە ژارنشینەکاندا دەژیان، کەس حەزی بە تێکەڵاوبونیان نەبوو کەس نەیدەویست لەوشوێنانە بژی، کەسانێكی نەفرەت لێکراو بوون لە چاوی کۆمەڵگەوە، بەڵام مۆرینۆ لەگەڵ پزیشکێک و رۆژنامەنوسێکدا بۆ ئەوێ ڕۆیشت و پاش ماوەیەک لەوێ مانەوە مۆرینۆ توانی باوەڕ و متمانەی ئەو ژنانە بەدەست بهێنیت. ئەوان سەرسام بوون بە رۆیشتنی مۆرینۆ بۆ ئەوێ، چونکە ئەو ژنانە ڕاهاتن کە بەوەی یارمەتی دەدرێن. مۆرینۆ هەفتەی سێ ڕۆژ هەموو عەسرێک لە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕوە دەچوو بۆلایان، ژنان هاوکاری دەکران و پشکنینی ژینۆكۆلۆگیان بۆدەکرا (gynecological – ژینۆكۆلۆگ ،ئه‌و نه‌خۆشی و ناڕه‌حه‌تیانه‌ی كه‌ پێوه‌ندیان به‌ ئامرازی زاووزێ و منداڵدانه‌وه‌ هه‌بێت) هەروەها پارێزەری بۆ کێشەکانیان دەگرت، پێکەوە لەگەڵ ئەواندا گروپێکی دروست کرد بەناوی خۆ یارمەتی (en själv-hjälp) المساعدة الذاتية، کە ئامانجیان ئەوەبوو ئەو ڕەوشەی کە تێیکەوتبوون بە شێوەیەکی بنجبڕ بگۆڕدرێ
ئەمەش بووە بەردی بناخەی چارەسەری بەکۆمەڵ و سۆسیۆدرامی کە مۆرینۆ چەندین ساڵ دواتر پەرەی پێدا، کۆمەڵە خەڵکێک دەتوانێت کە هێزی خۆیان هەبێت و پیکەوە کاربکەن و خۆیان ڕێکبخەن، ئەوەش پێویستی بە ستروکتورێک هەیە، مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە شتێک دەربارەی ئەویتر وەک هاومرۆڤی و هاوهەستی بزانێت، پاشخانی کۆمەڵایەتی، پاشخانی خێزانی و ڕوداوەکانی ژیان و هتد. بە هەمان شێوە مۆرینۆ هاوکاری زیندانیەکانی جەنگی جیهانی یەکەمی کرد لە کەمپی میتندۆرف.
زێرکا مۆرینۆ Moreno Zerka لەدوای مردنی مۆرینۆی هاوژینی بەردەوامی بەم میتۆدەدا، زێرکا دەستی کرد بە وانە وتنەوە لەبارەی سایکۆدراما وە، هەروەها گەشتێکی زۆری بە وڵاتاندا کرد بۆ ناساندنی سایکۆ دراما و رێچکەی مۆرینۆی بەرنەداو بەردوامی بە کارەکانی مۆرینۆی مێردی دا. لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئەم چیرۆکەدەگێڕێتەوە کە هەرخۆشی جاکۆب لێڤی مۆرینۆ لە یاداشتەکانیداباسی دەکات دەڵێت: ساڵی 1912 مۆرینۆ چاوی بە فرۆید دەکەوێت، فرۆید ئەو کات تەمەنی 56 ساڵان بوو، کە لەبواری دەروونزانیدا ناوبانگێکی زۆر و درەوشاوەی هەبوو، مۆرینۆش ئەودەمە تەنها 23 ساڵ دەبوو دوای پێنج ساڵ لەو بەروارە بڕوانامەی پزیشکی وەرگرت، ئەوکات مۆرینۆ خوێندکار بوو، دەڵێت جارێک لە یەکێک لە وانەکانی فرۆید ئامادەبووم و دوای تەواو بوونی وانەکە لە ڕوبەڕوبونەوەیەکدا فرۆید بەدەر لە قوتابیەكانی تر جیایکردمەوەو ليی پرسیم چ كارەیت ؟ منیش لەوەڵامدا بە فرۆیدم ووت: دکتۆر فرۆید من بۆ ئەو شوێنە دەرۆم کە تۆ تێیدا دەوەستیت، تۆ لەکەشوهەوایەکی ناسروشتی نوسینگەدا چاوت بەخەڵک دەکەوێت، بەڵام من لە سەر جادەو کۆڵانەکان لە ماڵەکانیان لە ژینگە سروشتیەکی خۆیاندا دەیانبینم. (تۆ شیكاری بۆ خەونی خەڵكی دەكەیت و منیش هانیان دەدەم سەرلە نوێ خەو ببینن. تۆ شییان دەكەیتەوە و دەیانكەیت بە چەندین وردە كەرتی دەروونی منیش یارمەتیان دەدەم ئەو كەرتانە سەر لە نۆێ پێكەوە بلكێننەوە،. فێریان دەکەم چۆن رۆڵی خودا ببین و گەمەی خودا بکەن) . فرۆید زۆر بەسەرسوڕمانەوە سەیری ئەو لاوە دەکات، وەڵامەکەی بەلاوە سەیر دەبێت.

مۆرینۆ و شانۆ.
مۆرینۆ ڕکابەرێکی سەرەکی هونەری شانۆی نەریتی بوو، پێی وابوو شانۆی سونەتی شانۆیەکی کۆن، نامۆدرێن و كۆنسه‌رڤاتیڤە، لە گیانەڵادایە و خەریکە دەمرێت. ئەو دەیوت من تێناگەم و چ مانایەکی هەیە کە تێکستێک سەدەها ساڵە نوسراوە، پاش چەندەها مانگ پرۆڤە، نمایشی دەکەن بەڵام ئێوارە دوای ئێوارە هەمان شت دوبارە دەکەنەوە. بۆچی تێکستێکی خەیاڵی نمایش بکرێت ئەی بۆ تێکستەکە ژیانی ئەکتەرەکان خۆیان نەبێت؟. لەبەر ئەوە بڕیاری دا کە لە ساڵی 1921 بە ئامانجی شۆرشکردن لە ڤیەنا شانۆی خۆبەخۆیی (مسرح العفوية) (The theater of spontaneity) ی دەمەزراند

کارەکەش بەم جۆرە دەکرێت:
1- وەلانانی دەقی شانۆو نووسەر
2- بینەر وەک بەشداربوو. شانۆیەک بێ بینەر، هەموو بەشداری دەکەن، هەموو ئەکتەرن.
3- هەموو شتێک لەپڕداکردنە، ڕاگوزەرە، ئیرتیجالە ( ئیمپرۆڤیسیونە). هەموو پێکەوە، تێکست، ڕووداو، وەڵام، بینین و بەیەکگەیشتن و ناکۆکیەکان دروست دەکەن .

شانۆی کۆن گۆڕدرا بە شانۆیەکی کراوە، شوێنی کراوە، دیمەنێکی کراوە، ژیانێکی کراوە. لەو دەمەدا کە مۆرینۆ جاڕی ئەو جۆرە تەکنیکەی لە شانۆدا، لەو کاتەدا هەم خەڵک و بینەران و هەم رۆژنامەکان بەچاوێکی وگومانەوە دەیانڕوانییە مۆرینۆ، چونکە ئەوان چاویان، بیستنیان، بینینیان و تێگەیشتنیان بەو کلتورە نەریتئ کۆنەپارێزی و لە قوتونراوە ڕاهاتبوو، باوەڕیان بە داهینانە سپۆنتانێتیەکەی (العفویة) ی مۆرینۆ نەبوو.
مۆرینۆ بۆ بەرێوەبردنی شانۆ نوێیەکەی تووشی قەیرانی دارایی دێت کاتێک کە یەکێک لە ئەکتەرە نزیکەکانی بۆ کارکردن لە شانۆی نەریتیدا بەجێیدەهێڵێت لە شوێنێکی تردا کار دەکات، مۆرینۆش توشی قەیرانێکی دارایی دێت، لە سەروەختی ئەوەدا دەبێت کە شانۆکەی مایە پوچ بێت، بەڵام مۆرینۆ ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە دەردەکات بە ناوی ڕۆژنامەی زیندو، کە ڕوداوەکانی ڕۆژانەی لەسەر شانۆ نمایش دەکرد، ڕوداو هەواڵەکانی ڕۆژنامەکە دەبوونە بابەت و ناوەڕۆکی نمایشەکەی، هەڵبەت شانۆکەی تەکنیکێکی جیاوازتری هەبوو، وەک ئەوە نەبوو کە پێشتر خەڵک پێی ئاشنابوون.
“ڕۆژنامەی زیندو” هەنگاوێک بوو بۆ پێشەوە بەڵام ئەو پێی وابوو کە رۆژنامەکە ئەو کاریزما و مانا قوڵەی نیە کە ئەو دەیویست، هەستی کرد شتێکی نوقسانە، بیری کردەوە و رێچکەیەکی تری دۆزیەوە، شانۆ وەک ئامرازێک بۆ چارەسەر بەکاربهێێنێ، هەواڵەکانی ناو ڕۆژنامەکەی وەربگێڕیتە سەر ئاکت و ڕووداو لەسەر شانۆ پیشانی بدات، لەبەر ئەوە درکی بەوە کرد کە شانۆی سپۆنتانیتیەت ــ ( العفویە) سەدەرسەت ئەو شتەیە کە پێی بگات.
ئەوەش بە قازانجی مۆرینۆ گەرایەوە کاتێک دامەزراندنی شانۆ نوێیەکەی بوو بەهەواڵی ڕۆژنامەکان. ڕەخنەگرەکان بەم شێوەیە لەسەریان نووسی:
(Giacomo Boni, Il Sereno, Rome, Nov 26, 1924.، ئەوان شانۆ وەک ڕۆژنامە بەکاردێنن! ڤیەنا گروپێکی شانۆی بەسەرپەرشتی مـۆرینۆ هەیە، لەبری ئەوەی ئەوان دووبارە خەریکی بەرهەم هێنانەوەی ووشە نووسراوەکان بن، لەوشوێنەدا خەریکی ڕاگوزەرین ( ئیمپرۆڤیسەسیون)، دڵنیاتان دەکەم کە ئەمە دەتوانرێت، کەیف خۆش و سەرنج ڕاکێشترو کاریگەرتربێت لە بەرهەمە کلاسیکیەکانی وەک ستریندبێرگ و پاوڵ ستێفان.
ڤیەنا 24 ی مایسی 1924. ئەوە چ دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشە خوێنەری ئازیز بیهێنە پێش چاوی خۆت کە بینەران پێشنیار بۆ ئەکتەر دەکات، بینەر دەتوانێت نمایش بکات Haagsche Courant, The Hague, February 27, 1925..
بەهۆی ئەم نووسینانە لەسەر شانۆکەی مۆرینۆ تیشک کەوتە سەر جۆری شانۆکە و شێوازی کارکردنی، بەهۆی ئەو دوو نووسینە کورتەی کە لەسەر مۆرینۆ نووسراوە، ئەوەمان لا کەشف دەبێت کە شانۆی ئیمرۆ بەو کامڵیی و تەکنیکەی کە ئێستا هەیە کە خاوەندارێتی بۆ مۆرینۆ دەگەرێتەوە و بەر ڤیۆلا سپۆلین و کتیس جۆنستۆن، ئەو بەو شێوازە کاری کردووە.
ڕەنگە کارێکی دژوار بێت کە چاو بپۆشین لە جوانی، دەنگ و ڕەنگ، هەروەها ڕەهەندە دەرونی و دەرەکیەکانی ئەکتەرێکی ئاسایی، لە شانۆیەکی نەریتی یاخود هەر پێرفۆرمانسێک، دەرهێنەر کۆمەڵێک مەرجی جواناسی و دەروونی بۆ هەڵبژاردنی ئەکتەر هەیە. بەڵام لە شانۆکەی مۆرینۆ (شانۆی خۆبەخۆی – سپۆناتیتی) سایکۆدرامادا، یاخود وەک دکتۆرێک بۆ چارەسەرکردنی دەروونی نەخۆش تۆ ئەو مەرجانەت نیە، بەڵکو تۆ تەواو نەخۆشەکە یان کەسەکەت قبوڵە وەک ئەوەی خۆی کە هەیە. سەرجەم ئەو ئەکتەرانەی تر بەشداری دەکەن وەک هاوکارێک بۆ یارمەتی دانای پاڵەوانەکە و کەشو هەویەکی بۆ دەخوڵقێنن بۆ چارەسەرکردنی.
مۆرینۆ فۆرمێکی تری لە بناغەی شانۆی سپۆنتانیتێت العفویة پەرەپێدا بە نێوی شانۆی کاتاریسیس (Theatre of catharsis)
کاتێک مۆرینۆ بۆ ئەمریکا کۆچ دەکات و لە نیۆرک نیشتەجێ دەبێت، ئەزمونەکانی لە شانۆکانی Carnegie Hall و Civic Repertory بەردەوام دەبێت، لە شانۆی The Guild Theatre دەبێتە رێکخەری بەرنامەکانی دەرهێنان و رۆژنامەی The Living Newspaper ڕۆنامەی زیندو ئامادەی دەکرد، هەروەها لە شانۆی The Mansfield Theatre چەند جۆرێک بەرهەمی شانۆیی خۆبەخۆی (العفویة) ی نمایش کرد. بیرۆکەکانی مۆرینۆ وردە وردە کاریگەری لەسەر گروپی شانۆو the Group Theatre و خوێندارەکانی ستانسڵاڤسکی دانا، the Group Theatre ئەو گروپە لە ساڵی 1931 لەسەر دەستی لی ستراسبێرگ- وە دەمەزرا خوێندکارەکان لەسەر مەنهەجیێکی دیسپلینی ساتانسلاڤسکی پەروەردەدەکران. کە بەر لەوان ئیلیان کازان و لی سترانبێرگ ئەوانیش میتۆدی سایکۆدرامایان تاقی کردەوە. هەروەها ستودیۆی ئەکتەری The Actors Studio میتۆدی سایکۆدرامایان ئەزموون و ڕاڤەدەکرد و بەکاریان دەهینا لە مەشقەکانیاندا چونکە باوەڕیان وابوو کە لینکیكی هاوبەش هەیە لە نێوان ستۆدیۆی ئەکتەرو مەشقەکانی سایکۆدرامادا. مۆرینۆ پیی وابوو لەگەڵ ئەوەشدا (ڕاگوزاریەکەی)ئیمپرۆڤیسەشونەکەی ستانسڵاڤسکی کامڵ بوون دروست دەکات، بەڵام ئیمرۆڤیسەشوینەکەی خۆی دژە کامڵ بوونە و تەواو لەسەر بناغەی خۆبەخۆی (اڵعفویە – سپۆنتانیتی) دروست بووە. ساڵی 1936 دەگوێزێتەوە بۆشاری بەیکۆن لە نیۆرک لەوێ نەخۆشخانەیەک (سەنەتوریۆم) دەکاتەوە کە پەیوەندی بە شانۆوە هەیە. ئەوەش دەرفەتێک بوو کە هەم نەخۆشەکان و هەم چەندین ئەکتەرەی ناودار ئەزموونی خۆیان بکەن لە شانۆ.
ساڵی 1942 لە شەقامی ئەڤینیۆ پارک شانۆی نیۆرکی سایکۆدرامای New York Theatre of Psychodrama کردەوە، دوای دەساڵ ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پەیمانگای مۆرینۆ. ئەم پەیمانگایە هەموو دانیشت و کۆر و کۆبوونەوەکان کراوەبوون بەردەوام بوون تا سەرەتای ساڵەکانی حەفتاکان، ئەکتەرێکی بەناوبانگی وەک دۆستین هۆفمان لە سەر شانۆکەی ئەو کاری دەکرد.
مۆرینۆ کەسێکی زۆر چالاک بووهەروەها بەرهەمەکانی فرە ڕەنگ بوو، چەندان کتێبی نووسیوە، تێکستی ئەدەبی، تێکستی شانۆیی، سیناریۆی زنجیر تەلەفیزیۆنی، لەهەمان کاتیشدا پرۆفیسۆر بوو لە کۆمەڵناسیدا. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی دەڵێت بێگومان حەزم دەکرد ببم بە کەسێکی نائاسایی بونموونە پێغەمبەرێک یان دۆن جوان، بەڵام ئەگەر ڕازیبوومایە بەوەی بەوە و کەسێکی قەناعەتکار بوومایە شتێکی نوێم بۆ تێگەیشتن و زیاد نەدەکرد لەبارەی سپۆنتانیتی و داهێنان چیەو چۆنی بەئەنجام بگەیەنین.
زۆر شت هەیە کە لەبارەی مۆرینۆە بوترێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر عەشقی ئەو منداڵ، خێزان، ئەوکەسانەی لە پەراوێزدا بوون بۆ مرڤدۆستی ئەمە وایکرد ببێت بە کەسێکی هەمە ڕەنگ و فرە جۆر. کاتێک دواتر.کاتێک ئەو دیمەنە کانی بەرهەم دەهێنا لە پرۆسەی چارەسەریەکان و هەم لە شانۆکەشیدا هەمیشە یەک شێوە بوو دەستپێکی جوڵاندنەوەکەی لە ناوەندەوە بووە. ئەو پشتی کردە هەموو شانۆ سونتەتی و جوانکاری دیمەنە شانۆیەکان، بەڵام یەک ڕێگای هێشتەوە ئەویش ڕێگای بەرەو بینەر بوو. بەدیدی مۆرینۆ لەویاندا مەودایەکی دووری و پەرستن دروست دەکات، بەڵام لەمیاندا ژیان، نزیکایەتی و هاودەمی دەخوڵقێنێت. مرۆینۆ گرنگی دەدا بەو تاکەکان لە گۆمەڵگا بچوکەکاندا، تەواو قەناعەتی وابوو کە ژیانیان لە ئێستادا زۆر سەرج ڕاکیشتر و بزوێنەرترە. بۆچی ژیان دووبارە دەکەینەوە لە کاتێکدا ئێرەو ئێستامان هەبوو؟ بۆچی ژیان پاشەکەوت بکەین کاتێک زیندوێتی هەیە؟

سایکۆ دراما چییە؟
جۆرێک لە چارەسەری دەروونییە بە شێوەیەکی داهێنەرانە بە خۆبەتاڵکردنەوەی هەست هەڵچونەکانی نەخۆش/ پاڵەوان و ئەو هۆکارانەی کە بۆتە هۆی ناڕەحەتکردنی ئەویش لە ڕێگەی نواندن و بەرجەستە کردنی نمایشێکی شانۆیی. وشەی سایکۆدراما لێکبدەینەوە (Psychodrama) لە دوو ووشەی سایکۆ Psyche واتە دەروون یان رۆح هەروەها وشەی دراما Drama واتە ڕوداو یان کردار پێک دێت، کە بەمانای وشە واتا (درامای دەروونی) دێت، بەڵام لەبەکارهێناندا شێوەیەکی ترە و بۆ چارەسەری دەرونی بەکاردێت ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنای تەکنیکی شانۆ و دراماوە، بەکارهێنانی ئەم میتۆدە وەک ناوەندێکی پەروەردەیی و تێکەڵاوکردنی دەرونزانی و شانۆ و دراما پێکەوە بۆ چارەسەرکردنی رۆحی، دەرونی و هاوکاریکردنی کەسەکە بۆ بەتاڵکردنەوەی هەست و سۆزەکانی، چارەسەرکرنی تەنگەژە ڕۆحیەکان، ئەویش بەئەنجامدانی ڕۆل بینین کە پەیوەستە بەو بارودۆخەی کە لەئێستادا کەسەکە ئەزمونی دەکات یان لە ڕابردوودا ژیاوە یان دەشێت لە داهاتودا تێیدا بژی.
لێرەدا من ووشەی پاڵەوانم لەبەرامبەر نەخۆشدا نووسی، ئەویش بۆ ئاسان تێگەیشتن لە بابەتەکە، چونکە مەرج نییە ئەوکەسە نە خۆش بێت کە دەچێتە لای سایکۆدراماتیستێک بۆ ئەوەی چەند دانیشتنێک بۆ چارەسەرکردن بە سایکۆ دراما وەربگرێت. جاکۆپ مۆرینۆ کە دامەزرێنەری سایکۆدرامایە و هەموو سایکۆدراماتیستەکانی تریش بەو کەسانە دەڵێن پاڵەوان، منیش بۆ بەرچاو ڕوونی لە درێژەی باسەکەماندا هەر بە پاڵەوان ناویان دەهێنم.
زێرکا مرینۆ کە هاوکار و هاوسەری دامەزرێنەری سایکۆ درامابوو لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە سایکۆ دراما چییە دەڵێت: ( ئاسانترین ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکردنەوەیە لەوەی “عەقڵ لە جووڵەدا ـ لە کرداردا ” یە. لەبری ئەوەی باسی نیگەرانیەکانین بکەن، دەڵێین “پێم مەڵێ، نیشانم بدە!” نیشاندان واتە مامەڵەکردن لە ناوەوە ” واتە نواندنی، بەو شێوەیە دەتوانیت پیشانم بدەیت کە خەمی تۆ چییە. باسی ئەوە بکە چی نیگەرانت دەکات، ئەوە کورترین رێگایە بۆ وەسفکردنی)
گەر بەشێوەیەکی وردتر سەرنجی بدەین پیناسەیەکی ورتری بکەین دەتوانێن بڵێین سایکۆدراما شیوازێکە ـــ میتۆدێکە، کە توخمەکانی هونەر و زانست و فەلسەفەی تێدایە و بە ڕێگەی دراما لە ڕەهەندە دەروونییەکانی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. سایکۆدراما چارەسەرکردنی کێشەیە بە شێوەیەکی سیستماتیکی و ئامانجدار، خەسڵەتەکانی ئەوەیە کە تاک بە هۆی جوڵە و ئاماژەی درامی، کە ش و هەوای شانۆیی لەو دیمەنە درامیەدا کە نمایش دەکرێت مامەڵە لەگەڵ گرفتەکانی خۆی دەکات. میتۆدێکی تایبەتە لە بوارێکی بەرفراواندا دەتوانرێت پیادەبکرێت. مرۆڤ بە پاڵپشتی سایکۆدراماتیستەکان و گروپەکە و بە بەکارهێنانی میتۆدی سایکۆدراما، تاک هەوڵدەدات بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکردنی زیاتر ی هەبێت بەسەر دۆخی ژیانی خۆیدا، توانایەکی باشتری هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەرێنی لە ژیانیدا. باسکردنە لەوەی مەساحەیەکی زیاتر بدەین بە سپۆنتانێتی (spontaneity) لە ژیاندا، نەهڵین کاردانەوەکان و بەسەرهاتە کۆن و بەسەرچووەکان ئێستامان داگیر بکات و ئێستای ژینمان بەڕیوە ببات. سایکۆدراما لەسەر بنەمای میتۆدی دیالۆگ لە ڕێگەی گۆڕینی ڕۆڵەوە دامەزراوە، دەتوانرێت وەک میتۆدێکی دیالۆگی وەسف بکرێت.
میۆدێکە لەسەر بنەمای ئەزموونکردن دامەزراوە، لە پرۆسەیەکدا مرۆڤەکان وشەکان دێدەپەڕێنن و دەیانباتە ناو کردارەوە. لەمەوە ڕا دەڵێین کردار جەوهەری سایکۆدرامایە.
ئەگەر باس لە مێژووی زانستی دەرونزانی بکەیت ناتوانیت باسی مۆرینۆ نەکەیت، ئەگەر باسی شانۆ بکەیت هەروەها ناتوانیت ناتوانیت ئاماژە بە مۆرینۆ نەکەیت، ئەگەر باسی شیعر بکەیت ئەو بەشێکی زۆر دنیای شیعری ئەمریکی داگیر کردووە. مۆرینۆ (سایکۆدراما) بە هەنگاوێکی لۆژیکی دەبینێت دوای لێکدانەوەی دەروونی. کارکردن لەم نۆرینگەیەدا بەوشێوەیە هەلێک بوو بۆ بەکردارکردن لەبری قسەکردن.
هەندێک کەس لە ژیانماندا گرنگن بۆ ئێمە بەڵام دووچاری حاڵەتی ناجۆر و دەرونی هاتوون، جا بۆ ئەوەی بتوانین ڕۆڵی ئەو کەسە گرنگ و نزیکانەی کە لە ژیانماندان لە ژینگەیەکی پڕ دڵنیای بیانبینین و لێانتێبگەین، چۆن ئەو کەسانە بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵ؟ چۆن بتوانین هاوڕێکانمان لەدەست نەدەین؟ چۆن بتوانین لە خوێندگەدا کەشێکی ئارام دروست بکەین؟ ئێمە کورد بە درێژی مێژوومان لە حاڵەت و دۆخێکی تراومادا دەژین، لەم بەشەدا داوادەکەم هەموو ئەو ژنە ڕزگاربوانەی دەستی داعش هاوکاریان بکرێت بە میتۆدی سایکۆدراما جارێکی دی بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو ژیان … جا بۆ ئەوەی لەو کابوسە ڕزگارمان بێت چی بکەین؟ باشترین میتۆد سایکۆ درامایە هاوکارمانە ئەو کەشە هێمن و دڵنیایەمان بۆ دەخوڵقێنێت ، لەوەش گرنگتر ئەو کەسانە دەتوانن بگەڕێنەوە کۆمەڵگاو ببنە کەسانێکی بەهرەمەند و خۆبەخۆ و داهێنەر. سیکۆ دراما یان چارەسەری دەرونی بەدراما، جۆرێکە لە چارەسەری دەرونی. بەڵام جیاوازە لە چارەسەری دەرونی کە زۆر کەس وە لە سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێی ئاشنان، زۆربەی خەڵک و دەرونزانەکان تەنها بەو ڕێگەیە ئاشنان کە نەخۆش قسە بکات و دەرونزان گوێبگرێ، بەڵام سایکۆدراما تەنها قسەکردن و گفتوگۆی نێوان سیکۆلۆژێک (دەرونزانێک)و نەخۆشێک نیە کە تەنها وشە بەکاربهێن، نەخۆش قسە بکات و دەرونزان گوێی لێبگرێت، ئەوەی ڕوبدات لە نێوانیان تەنها قسەبێت. بۆ چارەسەری دەرونی قسەکردن لەگەڵ نەخۆشێک بەکاربهێنرێت. ڕەنگە تەنها قسەکردن، رێژەیەکی کەم لە نەخۆش کەڵکی لێببینێت.دەشێت بۆ گشت نەخۆشیە دەرونیەکان تەنها قسە کەڵکی نەبێت. بەڵکو مرۆڤ بۆ چارەسەرکردن پێویستی بە داهێنانی میتۆدی ترە. لەم حاڵەتدا دەکرێت سایکۆدراما بژاردەیەکی تربێت، فۆرمێکی تری چارەسەری دەرونی بێت کە جەستە، هەناسە، دەنگ، رۆڵ بینین، ئازار و فشاری دەرونی دەورێکی کاریگەر دەگێڕێت. بۆ ئەوەی مرۆڤ تێگەیشتینی لەخۆی هەبێت و خۆی باشتر بناسێت دەتوانێت لە سیکۆدراماد، خۆبەخۆی (عفويةــــ spontaneity)و ، گەمەکردن، رۆڵ بینین و خۆنمایشکردن هەموو ئەمانە بەکاری بهێنێت. ئەوەش رێگایەکە بەکاردەهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆش. سیکۆدراما جۆرێکە لە چارەسەری دەرونی کە ناوەرۆکەکەی بریتیە لە بەرکارهێنای شانۆ. واتە شانۆ بەشێکە لەچارەسەری دەروونی. لە سایکۆدرامادا شانۆ دەبێت بە بەشێک بە ئامرازێکە بۆ ئاشبوونەوەی تاکەکان لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ دەوروبەریاندا، دەبێت بە مەساحەیەک بۆ لێبوردەیی و تێکشکانی مەنەلۆگ و لەبری ئەەی پەرە بە دیالۆگ بدەین، شانۆ دەبێت بە ئاوێنەیەک و خۆمان و پاشەڵمانی تێدا دەبینین، بێگومان ئەمەش لەسەر تەختەی شانۆ یان شوێنێک کە بەشێوەی شانۆ بچێت، کە هەموو ئیکسسوار و دیکۆر و روناکی و موسیک بەکاردێت. سایکۆدراما جۆرێکی چارەسەری دەروونیە کە کە نەک تەنها وشە، بەڵکو، جەستە، هەناسەدان، مەشق، هەڵسەنگاندن دەنگ و رۆڵبینین بەکاردێت و ڕێگایەکە بۆ زاڵبوون بەسەر سنوورداریاکانی دنیای زمانەوانیدا خۆی لە هەموو کۆت و بەندەکانی زمان ڕزگار دەکات دەکەوینە ناو ئەو هەست و سۆزە ڕاست و دروستەی کە نەخۆش لەو حاڵەتەی کە بەسەریدا هاتووە، زمانێک دەدۆزێتەوە گوزارشت لە دۆخی ڕاستەقینەی خۆی دەکات.
یەکێک لە ڕۆژنامە نووسەکان پرسیار لە زێرکا دەکات و پێی دەڵێت دەتوانیت پێم بڵێیت سایکۆ دراما چییە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: ئاسانترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکەرەوە هۆشت و عەقڵت لە جوڵەدایە، لەبری ئەوەی بە قسە باس لە کێشەکانت بکەیت، پیشانمان بدە بۆمان باس مەکە،” پیشاندان ” واتە ڕەفتاربکە، نواندنی ناو ناخت بکە، بەوشیەوەیە بجوڵێرەوە، لە چ شتێک نیگەرانیت بە هەڵسو کەوت پیشانمان بدە نەک بەقسە. کارکردنی پرۆسە دەرونیەکان خۆیان لە کاردانەوە جەستەیەکاندا بەرجەستەدەکەن.




شانۆیی: مریریدا لەکوێیە؟.. نووسینی: زاهیر عەبەڕەش و لاسی فرانزین

کۆریۆگراف: ئۆسە ئێن ئۆستریۆم
دانس: ئۆسە ئێن ئۆستریۆم
لویس کڤاربی
موسیک: العاطي اللە حسن
دەرهێنانی: زاهیر عەبەڕەش
ئەکتەرەکان:
لاسێ فرانزین
لویس کڤاربی
ماجدولین الیوسفي
نسرین اسموني
اسامە الهواویر
عزیزلحسایني
سفیان انغور
المهدي عبد الجلیل نعیمي
ئەم بەرهەمە بە هاوکاری کۆمەڵەی Zåll Kultur Förening و جمعيه فضاء الإبداع للسينما والمسرح. بوو
بەرێوەبەری بەرهەم: عبدالفتاح الديوري
بەرێوەبەری هونەری: فاطمه الزهره الهبطي
بەرێوەبەری ڕاگەیەندان: سارة السفياني

شانۆییەکە لە شاری فاس لە وڵاتی مەگریب نمایشکرا. ئەم شانۆییە، نمایشكی سەما و گۆرانی ئامێز بوو، بە هەر سێ زمانی عەرەبی مەگریبی، فەرەنسی وئینگلیزی دیالۆگەکان دەوترا.
ناوی شانۆییەکە لە خاتوونێکی شاعیرەوە وەرگیراوە، مریریدا خاتوونێکی بەربەری بووە. هەر زوو بە منداڵی داویانەو بەشوو، بەڵام پاش ماوەیەک لە مێردەکەی جیا دەبێتەوە.
لە سۆزانیخانەیەک سەرەتا گۆرانی دەڵێت و، دەبێت بە گۆرانی بێژێکی گەڕۆک و هۆنراوە دەهۆنێتەوە. شاعیرێکی نەخوێندەوار، بەڵام لە ئاستی باڵادا، بەدەماو دەم وبەزارەکی شیعری دەگوت. زۆر بەووردی وەسفی سروشتی کردووە لە هۆنراوەکانیدا.
مەملەکەتی مەغریب ئەوسا لە ژێر کۆڵۆنیالی فەرەنسادا بوومامۆستایەکی وانەی زمانی فەرنسی بە نێوی ڕۆنی ئۆلۆج، کە دەوڵەتی فەرەنسا لە شاری دمنات دایمەزراندبوو.هاتوو چۆی خانەکە دەکات، عاشقی میریریدا دەبێت، هەر بەهۆی بەهۆی عەشقی ئەوەوە خۆی فێری زمانی زمانی ئەمازیغ دەکات. لەبەر ئەوەی ئۆلۆج مامۆستای زمانی فەرەنسی و شاعیر و توێژەر بووە، سەر سام بووە بە شیعرەکانی مریریدا هەندێک لە هۆنراوە زارەکیەکانی مریریدا کۆدەکاتەوە وەریدەگێڕێتە سەر زمانی فەرەنسی و لە دیوانێکدا چاپی دەکات بە نێوی گۆرانیەکانی تاسوت
مریریدا بەرگریکارێکی تەواوی مافەکانی ژنان بوو، هەوڵی بەرز ڕاگرتنی کولتوری بەربەری دابوو، ئەو داوای ئەوەی دەکرد با ژنان داوای مافی خۆیان بکەن. بە گژ کولتوری داگیری کاری و باوک سالاریدا بوەستنەوە، بەڵام جۆری هەوڵدان و خەباتی ئەو زۆر جیوازتربوو. ئەو بانگەشەی ئەوەی دەکرد با ژنان هەوڵ نەدەن بچن بۆ قوتابخانە، و فێری زمانی داگیرکەران ببن، ئەو بە ژنانی دەوت دەبێت ئێوە تەنها بەزاری ئەمازیغی بدوێن، ئەگەر بچنە قوتابخانەو زمانی عەرەبی و فەرەنسی فیر بن ئەوا کاریگەری لەسەر ئێوە دەبێت و فەرهەنگی خۆتان بیر دەچێتەوە.
هاوکات لە لەگەڵ باسکردنی ژیانی مریریدا، باس لە کارین بۆیی Karin Boye دەکرا ئەو بەشەی ژیانی کە ئەویش شاعیرێکی بەناوبانگی سویدی و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بوو، هەردووکیان هەم مریریدا و هەم کارین بۆیی، لە هەمان ساڵدا لەدایکبوون، مریریدا لە هەمان ساڵدا کارین بۆیی خۆی دەکوژێت و مریریدا دایارنامێنیت و کەس نازانێت چی بەسەر هاتووە.
کۆتایی نمایشەکەش هەم مرییردا و هەم کارین بۆیی لەگەڵ دەستەخۆشکەکانیدا گۆرانی ژن ژیان ئازادی دەڵێنەوە.
شایەنی باسە، زۆرێک لە هونەرمەندە ناودارەکانی وڵاتی مەگریب ئامادەی نمایشەکە بوون، بووە جێی ڕەزامەندیان.




مەرجەکانی کارکردن لە شانۆی ئیمپرۆ.. ئامادەکردن و وەرگێرانی: زاهیر عەبەڕەش

کە ئەکتەر بیت لە نمایشێکی ئیمپرۆدا

  • ڕووبکەرە بینەر
  • دەنگ بەرزبکەرەوە
  • فۆکەس بخەرە سەر شوێنێکی شانۆکە
  • خێرا ڕۆلەکەت بگۆڕە
  • گورج گۆڵبە لە هاتنت بۆسەر شانۆکە
  • تێمپۆ ڕابگرە
  • بەپەرۆش بە بۆ بەدواکەوتنی ڕوداوەکان
  • دەست و قاچ و جەستەت بەکاربهێنە لە کاتی نواندندا
  • لە دوای نمایشکردنی دیمەنەکە بگەڕێرەوە ببەرەوە بەخۆت.
    تۆ دەبیت بە ڕێکخەر و چاودێری بینەران- ئامۆژگاری.
    مانای چاودێرو و ڕێکخەری بینەران(مودراسیون- عریف حفل) چیە؟
  • چاودێری بکە بۆ بابەت و ناوەڕۆکی نمایشەکەی ئێوارەت کە بەردەوام دەبێت.
  • وێنەیەکی گشتیت هەبێت لەسەر، کات، شوێن و خەڵک و بابەت.
  • مامەڵە لەگەڵ ڕودای چاوەروان نەکراو دەکەیت.
  • لە پیشەکیەکەیدا هەوڵ بدە سەرەتا هاوکاری بینەر بکە کەشێکی دڵخۆشی و پێکەنیناویان بۆبخولقێنیت.
  • تەواو ئاگاداری کات بە.
  • گروپەکەت/ ئەکتەرەکانت پێشکەش بەبینەرەکان بکەو بیان ناسێنە.
  • لە شتی گرنگدا بینەرەکەت ئاگادار بکەرەوە.
    ئامۆژگاری
  • ئەو کەسەی کە گەمەکە دەبات بەڕێوەیە (مودراسیون) ئەو زۆر گرنگ نیە بەڵکو ئەکتەرەکان زۆر گرنگن .
  • لە کات و شوێنی ڕاست و دروستدابیت و دەرکەویت.
  • هەژمون و دەسەڵاتت هەبێت بەڵام لەگەڵیدا بێفیز، نەرم و ئارام و دڵخۆشبە.
  • زیادەڕەوی بکە لە دڵخۆشیدا
  • هاوکاری ئەکتەرەکان بکە لەکاتی پیویستیدا.
  • تەواو ئەرێنی و پۆزەتیڤ بە ئەگەر هەستت کرد بابەتەکە خراپ نمایش دەکرێت و بەرەو خراپی دەروات، تۆ دەبێت هێندە پۆسەتیڤ بت بتوانیت بەلانس ڕابگریت.
  • دیمەنەکە ڕابگرە کاتێک پیویستی کرد.
  • دەبێت هەموو یاساو ڕیسای مەرجی گەمەکان بزانیت.
    زمانی جەستە:
  • دەستەکانت لەخوارەوە نەبێت و بێ جوڵەبێت
  • دەست باڵەکانی بجوڵێنە
  • دەمووچاوت کراوەو دڵشادی پیوە دیاربێت
  • کۆنتاکتی چاو کەلەڵ بینەردا دروست بکە
  • قنج و قیت و پەو بوەستە.

پرسی پراکتیکی

  • پیش نمایش ئەو ڕۆژە هەندێک چالاکی و مەشقی ڕاهێنانی دڵخۆشی بکەن.
  • دەربەستی کات بە
  • دەنگ، شوێن، ئێسکسوار ئەو شتە پراکتیکیانەی بەکاری دەهێنن بپشکنە.
  • لە ڕووی دەرونیەوە تەواو ئامادەبن.
  • خەڵکەکانی دەوروبەرت بناسی

گەرمکردنەوەی بینەر

  • گەرمکردنی بینەرانیش وەک گەرمکردنی ئەکتەرەکان گرنگە
  • هەموو بژاردەیەکی گەرمکردنەوە کراوەبێت بۆت، سەیری بارودۆخەکە بکە.

بۆنموونە

  • جەستەیان گەرمبکەنەوە، بە شێلان و دەستبەرزکردنەوەو، هەڵبەز و دابەز و سترێچنین هەر گەرمکردنەوەیەک تۆ بەباشی بزانیت بەکاری بهێنیت.
  • با بینەر پرسیار لەوەی تەنیشتی بکات بۆ خۆگەرمکردنەوە.
  • با بینەر دەنگ بەکاربهێنێت بۆ گەرمکردنەوە.
  • پرسیار لە بینەر بکە چۆنن؟ ئیوە لێرەن؟ جەند دڵخۆشین بە بینینی ئێوە لەم شوێنە.
  • بۆنموونە داوایان لێبکە بە جەستەیان وێنەی k ی ئینگلیزی دروست بکەن
  • چەپڵە لێدان
  • ناوەکان بڵێ بەریز
  • زۆر بەکورتی باسی ئیمرۆیان بۆ بکە
  • یان بە کورتی نوکتەیکیان بۆ بکە
    چۆن کەسێک نمیشێکی ئیمرۆ بەرێوە دەبات.
    بزانە بۆچی گروپەکەت دەیانەوێت ئیمپرۆ نمایش بکەن.هەوڵ بدە بزانیت هۆکارە تایبەتیەکانی تاک تاکی گرۆپەکەت بۆچی دەیانەوێت لە وانەکانی ئیمرۆ بن؟ چ چاوەڕوانیەکیان هەیە؟ هەموو ئەندامانی گروپەکەت هاوچەشنن و، هەمان ئامانجیان هەیە؟ ئەگەر نەتزانی بۆچی دێن هەوڵبدە چەند تەمرینێکیان لەگەڵ بکە ئەوکات خۆت هەدێک شتت بۆ لا روون دەبێتەوە. فریای ئەوە دەکەویت شوێن هەڵبژێریت و کارەکەت ڕاپەڕێنیت.
    بۆ نموونە لەم جۆرە بابەتانە
    ڕەنگە گوێت لەم جۆرە کۆمێنتانەبێت لە کاتی پرسیارکردن یان گفتو گۆو قسەکردنی گروپەکەت.
    1- شتێکی خۆشە بۆ خۆم
    2- سەرگرمکردن و خۆ خەریکردنێکە لەگەڵ ئەوانی تر
    3- دەمەوێت بەگژ ئەو ترسە کۆمەڵایەتیە بممەوە کەهەمە
    4- ئەمەوێت تەکنیکەکانی نمایش فێربم بۆ ئەوەی لە ئایندەدا تێکستێک نمایش بکەم
    5- دەمەوێت زیاتر لە سەر شانۆ شارەزابم
    6- دەمەوێت هەفتەی ئایندە بەشداری بکەم لە پێشبڕکێەکدا لەسەر شانۆی سپۆرت( ئەم جۆرە زیاتر پێش بڕکێی قوتابخانەکانە)
    7- ئەموێت خەڵکی تر ببینم

یەکێک بدۆزەرەوە- نامەیەک – بەرەوە – ماڵەوە
کە هەوڵ بدەیت هەموو ڕوانگەکەانی ئیمرۆ لە ئێوارە نمایشێکە جێی بکەیتەوە، ئەوە شتێکی مەحاڵەو نابێت. ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەیە ئامانجی گروپ چیە. هەوڵ بدە( نامەیەک لەگەڵ خۆتدا بەوە) ئەوەش بەواتای کە گروپەکەت چ شتێک فێربوون لەو ماوەیەدا تۆ کارت لەگەڵ کردوون ئەوە نمایش بکە.

نموونە بۆ نامەیەک بۆ ماڵەوە بەرەوە:

  • هیچ شتێکی مەترسی تێدا نیە کە هەڵە بکەیت.
  • هەڵەکردن چێژت پێدەبەخشێت.
  • ئەگەر تەکنیکی ڕاست بەکاربهێنیت، مێشکت بە شێوەکی چاوەڕوان نەکراو خۆبەخۆیی (سپۆنتان- العفویة) دەبێت
  • دیمەنە باشەکان پێکهاتەو بونیادیان هەیە.

مەشقی گونجاو بدۆزەرەوە
بەسەر مەشق و ڕاهێنەنەکاندا بچورەوەو موراجەعەیەکیان بکەرەوە، ئەو مەشقانە بکە کە خۆت حەزی پێدەکەیت، گرنگ نیە ئەگەر گروپەکەت لەوەپیش ئەو مەشقانەیان ئەنجامدابێت، گرنترین شت ئەوەیە کە خۆت حەزت لییبێت.
یەکەم خۆگەرمکردن:
دڵنیابە لەوەی کە گروپەکەت هەموویان هەست بە دڵنیایی و ئارامی بکەن لەگەڵ تۆدا، ناوی هەموویان بزانیت، بە هین بانگیان نەکەیت، کە تۆ وەک ڕابەرێک ناویانیت زانی ئەوە بەشێکە لەوەی کە دڵنیایان پێدەبەخشێت، هەوڵبدە خەسڵەت و خوە تایبەتیە سەرنجڕاکێشەکانی یەکیەکیان بزانیت، دڵنیابە لە دەنگ و جەستەت، گەرم و سازو ئامادەبێت کە میشک ڕابهێنرێت بۆ گەمەکانی ئیمپرۆ، ڕایبهێنە بۆ پەیوەندیکردن، خۆبەخۆی ( سپۆنتانی – العفویة)، لەگەڵکەوتن (affirmation).

دووەم قۆناغی سەرەکی:
لەم بەشەدا کارکردنمان هەیە بۆ گێمی کورت و گێمی درێژ و چەمکێکی قوڵتر، لەم بەشەدا کارەکتەر، دیمەن و حاڵەت دروست دەکەیت و گەشەی پێدەدەیت.

خڕبونەوەو کۆتایی پێهێنان:
بۆ ئەم قۆناغە مەشقێکی لەسەرخۆ و بێ هیچ لەخۆکردنێکی زۆر شتێکی باشە، دوای تەواوبوونی وانەکە، شتێکی باش بووە کە گروپەکەت بەهۆی مەشقە نزیک و و گەرمو گوڕەکانەوە یەکتریان ناسیووە، دوای تەواوبوونی دەردەکەت هەوڵبدە ڕووناکیەکە خامۆش بکە و پیکەوە لەگەڵ گروپەکەت ڕۆژەکە هەڵسەنگێنن.
ڕاهێنانەکان ڕێکبخەو بینووسە
هەوڵبدە لە دەفتەرێکدا ئەو مەشقانەی لەگەڵ گروپەکەدا دەیکەیت لە دەفتەرێکدا بیننوسە، ناو و ناوەرۆکی مەشقەکانی تێدا بنووسە، پێش ئەوەی دەستبەکار بکەیت و مەشقەکان بکەیت بزانیت ئەوڕۆژە کام ڕاهێنان هەڵدەبژێریت بۆ خوێندکارەکانت، هەروەها دەبێت بزانیت رۆژی پیشووتر چیتان کردووە، رۆژانە یاداشتەکان تۆمار بکە. تەئکید لەوە بکەرەوە کە ئایا ئەو وەختەی لە بەردەستدایە چەندە و؟ دەتوانیت چەند ڕاهێنانیان بە خوێندکارەکانت بکەیت، کات و مەشقەکان لەگەڵ یەکدا بگونجێنە.
ڕیکلام کردن بۆ نمایشیكی ئیمپرۆ:
هەوڵبدە با ناونیشانی نمایشەکەت لەسەر پۆستەر و ڕیکلامی نمایشەکەت بۆ رۆژی پیشاندان سەردێڕێکی (مانشێتێکی) خۆشی هەبێت، زەردەخەنە بخاتە سەر لیوی خەڵک، دەشتوانی پۆستەرەکان لە شێوەی کاریکاتێردا بن، ئەمە ئەگەر لە کاتێکدا شوێنێک بانگهێشتنی نەکردبێتی، هەندێک جار فەرمانگەیەک یان شوێنێک خۆیان ڕیکلام بۆ ئێوارە نمایشێک دەکەن و ئەو ئێوارە نمایشەکەیان لە تۆ کڕیوە، یان بانگیشتیان کردوویت، خۆیان خاوەنی کارەکەن
لەکاتی دەرسەکاندا، ڕاهێنانەکان ڕونبکەرەوە.
کاتێک تۆ ڕاهێنانەکان ڕوندەکەیتەوە بە شێوەیەکی سروشتی چەمکێک ئامادە دەبێت بۆ رونکردنەوەی مەشقەکان. لەسەرخۆ و بەڕونی قسە بکە، هەندێک ڕاهێنان باشترە ئەگەر هاوکاری وەرگریت لە ئەکتەرەکان/ ئیمرۆڤیسەتۆرەکان.

بیر لەم پرسیارانەی خوارەوە بکەرەوە

  • پیویستە هەموو ڕاهێنەنەکان بەیەجار ڕوون بکەمەوە یان ڕونکردەوەکانم دابەشبکەمە سەر چەند قۆناغێک؟ بەواتای لەکاتی پیادەکردنی ڕاهێنانەکاندا ئەکتەرەکان بوەستێنم و سەرنجی خۆم بدەم لەبارەی توخمەکانی گەمە و گێم و ڕاهێنانەکان؟.
  • ئایا پیشتر ئامانجی ڕاهێنانەکان ئاشکرابکەم یان ئامانجی ڕاهێنانەکان ئاشکرا نەبێت بۆ ئەکتەرەکان؟ زۆرجار پێویست ناکات مەشقەکان ڕونبکرێتەوە، پیاو فیرئەبیت باشتر دەبێت ئەگەرچی خۆشی نەزانێت ئەوە شتە چیە کە ئەیکەیت ، زۆر جار بەشداران خوازیاری ئەوەن کە بۆچی هەندێک مەشق دەکەن.
  • ئایا پێشنیازی چاکردنیان بدەمێ و ڕەخنەی بنیاتنەرانەیان لێبگرم یان زیاتر وازیان لیبهێنم و کەشەکە ئارام و هێمنتر بێت؟. زۆر جار دەبینرێت و سەرنج دەدرێت، ئەکتەرکان هەستی پێدەکەن کە هەڵەکە لەکوێدایە، ئەوە شتێکی زهنیە سوبجەکتیڤیە. هەندێک جار بەشداربوان تێناگەن چۆن مەشقەکان دەکرێت، زۆر گرنگە کە تێبینی بکەن و بزانن چ پەیوەندیەک و وەرگرتنەوەیەک گونجاوەو کامە نەگونجاوە .

دابەشکردنی گروپ

دابەشکردنی گرروپەکە بۆ گروپی بچوکتر دەتوانیت بەشێوەی هونەری دابەشیان بکەیت، هەوڵ بدە ئەکتەرەکان بەو شێویە کار بکەن کە هەموویان ئەو دەرفەتەیان بۆ هەڵکەوێت کە بەریەکتر بکەون و لەگەڵ یەکدا مەشق بکەن. بەڵام بیر لەوەبکرەوە هەندێک مەشق هەیەپیویستی بە متمانەی زیاتر هەیە، زۆر باش نیە کە ئەکتەرەکە بگۆڕیت لەکاتی شەوێکی نمایشدا.

بانگیان بکە، سێ سێ و یەک یەک دابەشیان بکە، ڕەنگە هەندێک جار تێکەڵاوبوونی گروپەکان ناخۆشی لێدەکەوێتەوە، چونکە هەندێک کەس هەیە حەز دەکات لەگەڵ هاورێکەی ڕاهێنان بکات و بەرهاورێکەی بکەوێت. چەند جۆرێک دابەشکردنی گروپ هەن.

  • هەڵبژاردنی ئازاد
  • دابەشکردنی گوروپەکە کە چۆن ڕاوەستاوەن
  • گروپەکە دەکەیت بە چەند گروپیکەوە بۆ نموونە بە چوار گروپەوە هەر یەکێک لەو گروپانە لە چوار خوێندکا رپێکهاتووە هەرکەسەو ژمارەیەکیان پێبڵێ، بۆ نموونە ( ١،٢،٣،٤) پاشان داوا لە هەموویان بکە هەرکەسەو ژمارەی خۆی بدۆزێتەوە، ژمارە یەکەکان لەم شوێنەدا بن و دووەمەکان لەوێدا سێەمەکان ، بەو جۆرە دابەشکردنە.
  • گروپەکەت بەشێوەیەکی و ڕون و کاتەگۆری و دەستە دەستە دابەش بکە بۆنموونە کێ ئاژەڵی ماڵی هەیە لە ماڵەوە بچێتە ئەو گۆشەیە، کێ نیەتی بۆ ئەو شوێنە، جاری واهەیە ئەم جۆرە دابەش کردنە شتی هاوبەش دەدۆزنەوە لە ناو خۆیاندا، خۆی دەبێت بە یاریەک. گروپی خاوە ئاژەڵ. یان بۆ نموونە کێ بە پاسیک هاتووە بۆ ئێرە؟ یان هەر شتێی تر کە تۆ وەک ڕابەر بەخەیاڵدا دێت.
  • ێشبڕکێەک بۆ شتێک کە ئەنجامەکەی بێتە هۆی پلەبەندی بەنمرە یان دابەشکردن لە گروپەکەدا، بەسەر دۆڕاو و براوەدا دابەش دەبن، کاتێک مەشق دەکەن دؤراوێک و براوەیەک، بەریەک دەکەون، بەڵام ئەوەش لایەنی نەرێنی خۆی هەیە، ئەوانەی کە دۆڕاون هەست بە ئیزعاجی دەکەن، دەتوانرێت هەندیک یاری هەڵبژێریت کە هیچ هەیبەت و (پریستیژ) شتێکی گرنگی تێدا نیە تەنها بۆ خۆشیە.

کە بەشێوەیەکی پراکتیکی کە بیر لە دروستکردنی دیمەنێک بکەینەوە:

شوێن – ئایا ئاشكرایە شوێنی نمایش لەکوێی سەرتەختەی شانۆکە دەبێت؟
پەیوەندی – ئایا ئەوانەی ئامادەگیان هەیە لەسەر شانۆکە لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندیەکی ڕوون و ئاشکرایە؟
دۆخ (ئاتمۆسفار) – ئایا هەست بە کە ش و دۆخەکە دەکەیت لە دیمەنەکەدا و ئاتمۆسفیرەکە دیارە؟
کارەکتەر – ئایا ئەوە دیارە ئەو کارەکتەرانەی ئامادەن کێن و چۆنن؟
کات – ئایا لە کات حاڵی دەبین و تێدەگەین، کاتێک دیمەنەکە نمایش دەکرێت؟
ناسینەوە – ئایا ئەوانەی سەیری دیمەنەکە دەکەن خۆیانی تێدا دەبینەوە؟
مەبەست (ئامانج) – کارەکتەرەکان چ مەبەستێکیان لەم حاڵەتەدا هەیە لە دیمەنەکەدا؟ و دیمەنەکە بە چ مەبەستێک خزمەتی نمایشەکە دەکات؟
ناکۆکی – چ ناکۆکیەک لە دیمەنەکەد ڕودەدات و، ناکۆکیەکە چ وەزیفەیەکەی هەیە لەسەرتاسەری چیرۆکەکەدا؟
کۆی ئەزمونەکە – ئایا ئەو پێکهاتانەی سەرەوە و ئەو خڵانەی کەباسمان کرد لەگەڵ یەکتر دەگونجێن و ئەزمونێکی تەواومان دەدەنێ کە شایەنی بینین بێت.




هەنگاوێک بۆ کرۆکی شانۆی سەکۆ زا‌هیر عەبەڕەش

ئۆگستۆبواڵ لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیۆرک، لەوێ بەستانسڵاڤسکی و برێخت ئاشنا دەبێت. کاتێک لە ساڵی 1955 دەگڕێتەوە بۆ بەرازیل. پاشان گروپی شانۆی ئەرێنە دادەمەزرێنێت شانۆی گۆرەپان دادەمەزرێنێت، دوو شانۆیی نمایش دەکات یەکەمیان (ئەسپ و پیرۆز) دوومیان شانۆیی ( ماڵی ئەوبەرشەقامەکە). دوای هەموو نمایشێکی لەگەڵ خەڵک کۆ دەبۆوە و گفتۆگۆی لەگەڵ خەڵکەکەدا دەکرد.
بەحوکمی ئەوەی بواڵ کەسێکی چالاکوان و ئەکتیڤ بووە لە بواری ڕامیاری و مافەکانی مرۆڤدا، هەمیشە پرسەکانی خەڵک لە پێشینەی کارەکانیدابووە و کارکردنەکانی ئاراستەبووە بۆ خەڵکە ئاساییەکەی بەرازیل. سەرەتای کارکردنی شانۆی ئەرێنە لە سەر شەقامەکاندا بووە، شانۆی سەر شەقامیان پێشکەش کردووە. چۆنێتی نمایشکردنی ئەم جۆرە میتۆدە لە سەرەتادا ئەوەبوو، کە شانۆی ئەرێنە لە بەرازیل لە گۆڕەپان و شەقامەکان دیمەنێکی شانۆیان لە کێشەکانی خەڵکی ناو گۆڕەپانەکە دروست دەکرد، بە ئاراستەی ئەوەی کە (کریسێک ) تەنگەژەیەک بخولقێنێ‌.
سەرەتای کارکردنی بواڵ ئەوەبوو کە تەنها پێشنیاری لە بینەران وەردەگرت و بێ ئەوەی بینەر بەشداربێت، بەڵام پێشنیارو بۆچونەکانی بەهەند وەردەگرت. یەکەمجار تەنها بینەران پێسنیاریان دەکرد کە نمایشەکە چۆن بڕوات ئەکتەرەکانیش بەشێوەی پێشنیازی خەڵکەکە نمایشەکەیان پێشکەش دەکرد.، بەڵام جارێکیان ژنێک پێشنیار دەدات. بەڵام ئەکتەرەکان لە پێشنیارەکەی ناگەن، چەندجارێک پێشنیازەکەی خۆی دوبارەدەکاتەوە، تا لەدواجاردا ژنەکە تووڕە دەبێت خۆی هەڵدەسیتە سەر تەختەی شانۆکە. بواڵیش بەوە خۆش حاڵ دەبێت رێ لە ژنەکە ناگرێت کە بێتەسەر شانۆکە، ئەوە یەکەم جاربوو کە بینەرێک بێتە سەر شانۆکەو ئاراستەی روداوەکە بگۆرێت بەو شێوەیەی خۆی ئارەزووی دەکات. ئەم رووداوەش دەبێتە گۆڕانکاریەک لە کارکردن و دیدی ئۆگستۆ بواڵدا. نمایشەکە دەگۆڕێت و دەبێت بە شتێکی تر. ئەوە سەرەتایەکی باش بووە بۆ بەشداریکردنی بینەران لە نمایشەکەدا.
لەوکاتەوە لەساڵی 1960 بەتەواوی فۆرمی شانۆکەی گۆڕی کە بینەر خۆی بەشدار بێت.
شانۆی سەکۆ، میتۆدێکی تەفاعولیە کە بینەر ئەو هەلەیان بۆ دەرەخسێت کە کاردانەوەیان هەبێت، لە رەوشەکەدا بژین و ڕوونکردنەوەیان هەبێت، پەیوەندی بگرن لەگەڵ ئەو کێشەیەدا کە پێشکەش دەکرێت.
شانۆی سەکۆ ،گەمەی میتۆدێکی پێداگۆگیانەیە بۆ ئازادی و گۆرانکاری. تێکستی شانۆی سەکۆ تێکستێکی زۆر کورتە، ئەو تێکستەش رەنگدانەوەی کێشەیەکی راستەقینەیە، کە هەمیشە تێکستەکە بە ڕەوشێکی ناخۆش کۆتایی دێت. ئەم جۆرە کۆتاییە وا لە بینەر دەکات کە رۆڵی خۆیان بگێرن لەو دۆخەدا کە دەخرێتە ڕوو. نمایشەکە بووەستێنن و ئەو چارەسەرەی کە خۆی بە باشی دەزانێت بیخاتە ڕوو.
شانۆی سەکۆ سەرەرای ئەوەی نمایشێکی شانۆییە و تێکستێکی خۆی هەیە ، بەڵام لەگەڵیشیدا پرۆسێسی دروستکردنی بەرهەمێکی شانۆی و نووسینی تێکستێکی شانۆییە، کە ئەکتەرەکان و بینەران لێکۆڵینەوە لە ماکە کۆمەڵایەتیەکانی کێشەکە دەکەن، ڕووداوەکان هەمیشە لە ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە وەهمەوە، ئەو سەرجەم گۆڕانکاری و پرۆسێسی دروستکردنی شانۆییە هیچی کەمتر نییە لە خودی نمایشەکە، پرۆسێسی دروست بوون لە خودی بەرهەمەکە گەورەترە، ئەوەش ئەوەیە کە چۆن ئەکتەرەکان و بینەران گەشتێک لە ئەزموونەکانی ژیانەوە بەرەو تیۆرییەکان لەبارەی ژیانەوە دەکەن. ئەوەش ناودەنرێت گەشتێکی فکری و هۆشمەندانە، ئەم گەشتە فکریە تەواو گاریگەر و داینامۆی گۆرانکاریە ناوەکیەکانە.
شانۆی سەکۆ شانۆیەکی پڕ هێزە، لەگەڵ پرس و بابەتە ئاڵۆزەکاندا مامەڵە دەکات، بۆ نموونە بابەتەکانی وەک چەوساندنەوەی ژنان ئەو گرفتانەی کە لە شوێنی کارکردن دروست دەبن، ئیزعاجکردن یان چۆن پەیوەندی بگرین و ناکۆکیەکان چارەسەر بکەین.
ئەم دیمەنە کورتەی شانۆی سەکۆ چەند خولەکیە بۆ هەموو جۆر لە خەڵکێکە بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگا نمایش دەکرێت. لە نمایشەکەدا کاتێک ئەکتەرەکان دەگەنە خاڵ و ترۆپکی کێشەکە نمایشەکە تەواو دەبێت. پاشان بە هاوکاری جۆکەرێک، واتە ئەکتەرێکی تر کە میانگیری دەکات لە نێوان ئەکتەرەکان و بینەراندا. پاشان داوای هاوکاری لە بینەر دەکرێت، کە پێشنیاری خۆیان دەربرن بۆ ئەوەی هاوکاری ئەکتەرەکان بکرێت، لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا کە لە نمایشەکەدا روودەدات. ئەمەش هەروەک پاوڵۆ فریرێ و ئۆگستۆ بوال جەختیان لەسەر دەکردەوە، ئەوەی لە نێوانماندا گفت و گۆی لەسەر دەکرێت دۆخ و واقعی ئێستایە، ئێمە نامۆ نین بە واقیع و واقعیش نامۆ نیە بە بەشداران، ئەو داکەوت و واقیعە لە ئێمە جیا نابیتەوە، و ئێمەش لە واقیع دانابرێین، ئێمە نەک هەر لە ناو جیهاندا ناژین، بەڵکو لەگەڵ جیهاندا دەژین. ئێمە کە دانیشتووین تەنها تەماشاکەر نین بەڵکو دروستکەرو بونیادنەرین. لەو دیدگایەوە ڕا، ئەو بینەرەی کە بەشدار دەبێت دەتوانێت بە چەند جۆرێک، بەچەند پێشنیازێک چارەسەری ئەو کێشەیە بکات. هەم بە دیالۆگ، هەم وەک رووداو یان بە زمانی جەستە، بەدیدگایەکی رەخنەگرانەوە، هاوکاری لە دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان دەکات.
بۆجاری دووەم ئەو نمایشە کورتە چەند خولەکیە دووبارە دەکرێتەوە. ئەمجارەیان واتە دووەم جاری پێشکەشکردنی نمایشەکە بینەران دەتوانن دیمەنەکە رابگرن و بووەستێنن لەوکاتەی کە بینەرێک هەست بکات ناتەواییەک هەیە، یان دیالۆژی ئەکتەرەکە شێوەیەکی تر بێت، یان هەر جولەیەک و رووداوێک کە بینەر هەست بکات نابێت بەو شیوەیە بێت، ئەو واقیعە دەبێت بگۆڕدرێت.
ئەو شێوەی کارکردنەی شانۆی سەکۆ کە وەک ئەوەی ئەمرۆ هەیە، هەر بە هۆی بەشداریکردن و هاوکاری بینەرانەوە بووە. واتە بینەران و خەڵک خاوەنی پرس و کێشەکانن، هەر ئەوانیش فۆرمێکی تایبەتیان بە شانۆی سەکۆ بەخشیووە. کرێکاران، کاسپکاران، فەرمانباران، جووتیاران، خوێندکاران، ژنان و هۆمۆکان، لێسپیسکەکان و نێرەمووکەکان خۆیان باس لە ژیان و چەوساندنەوەی خۆیان دەکەن. ئەوە شتێکە ڕەنگە ئەکتەرەکان هەرگیز رۆژێک لە رۆژان دووچاری ئەو گرفتە نەبووبن وەک ئەوەی کرێکاران و کاسپکاران…هتد تووشی هاتبن.
بواڵ شتێکی نوێ کەشف دەکات ئەوانەی کە خۆیان تووشی دووجاری چەوساندنەوە هاتوون هەڵدەستنە سەر شانۆکەو رووداو بابەتەکان دەگۆڕن. بەتێکشکانی سنورەکانی نمایش و واقیع لەو حاڵەتەدا بینەر دەبێتە پاڵەوانی نمایش. ئەوەش بە گوێرەی بواڵ ئەمە تێپەڕاندنی سنورەکانە کە زۆر بەڕوونی دەتەقێتەوە.




شانۆی چەوساوەکان لە سیاسەتدا نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

ساڵی 1964 بەرازیل کودەتایەکی سەربازیی بەخۆیەوە دەبینێت کە ئەمریکا پاڵپشتی ئەو کودەتا سەربازییە بوو. تەواوی بەرازیل بەساربازگە دەکرێت و عەسکەر دەسەڵاتێکی تەواو وەردەگرێت، ئەوەش تەواو پێچەوانەی دید وبیروباوری ئاوگۆستۆ بواڵ بوو، کە ئەو کاتە وەک کەسێکی چالاکوانی کولتوری دەناسرا، لەساڵی 1971 ئۆگستۆبواڵ لەلایەن هێزی سەربازیەوە دەڕفێنرێت و ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر دەدرێت لەسەر بیرو باوەرە کۆمۆنسیتی و ئەکتیڤیستیەکەی، ئەویش بەناچاری هەڵدێت و ڕوو لەوڵاتی ئەرجەنتین و پاشان وڵاتی فەرەنسا دەکات.
لەساڵی 1984 دا کاتێک ئۆگستۆبواڵ دەگەڕێتەوە بۆ بەرازیل بە چەند میتۆدێکی جوراو جۆری شانۆیی کار دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا سەنتەرێک بۆ شانۆی چەوساوەکان دادەمەزرێنێت. بواڵ لەوە تێدەگات کە پێویستە گەشە بە کارەکەی بدات و بەدوای چەند فۆرمێکدا بگەرێت بۆ گوزارشتکردن لە شانۆی چەوساوەکان و. گەرەنتی بەردەوام بوونی ئەو شانۆیەی هەبێت.
بواڵ تارمای ئەو چەوساندنەوەیەی هەر بەسەرەوە مابوو کاتێک دەگەرێتەوە، ئەو دەیووت ئێستاش لە ناخی هەموو تاکێکماندا چەوساندنەوەیەک هەیە،کە هەموو نۆڕمەکان و پەتا خراپەکانی کۆمەڵگای تێدایە، چەوساندنەوە لە ناخماندا دەژی، جا بەهوشیاریەوە بێت یان ناهوشیاری. کۆیلەش لە ناخی خۆیدا حوکمرانی قبووڵکردووە، بۆیە دەبێت بە پێی یاسا ئەو چەوساندنەوەیە، لەکۆمەڵگاو لە ناخماندا بنەبڕ بکەین.

هەر لەبەر ئەوە، لە شاری ڕیۆ دی جانیرۆ، شانۆی یاسادانان ( The legislative theatre) دادەمەزرێنێت، کە فۆرمێکی تری درامایە، کە جاری وا هەیە تیشک و ئاسۆکانی بۆ داهاتوو درێژدەبێتەوە، وەک بناغەیەک بۆ گۆڕینی واقیعیەتی کۆمەڵایەتی. کە پەیوەندیەکەی تەواوی شانۆ و سیاسەت دەخاتە بەرچاو، بیرکردنەوە لەم فۆڕمی کارکردنە، ئەوەیە کە بەشداران خۆیان کاریگەربن لە پرۆسەی شانۆو سیاسیدا.
ئێمە نەک تەنها پێویستمان بە گۆرینی خۆمان هەیە، بەڵکو پێویستیشمان بە گۆڕینی کۆمەڵگا هەیە، باشترین جۆریش بۆ ئەم گۆرانکاریانە، گۆرینی یاساکانە. ئەم میتۆدی شانۆی یاسادانانە سەرنج و حەزی خەڵکانێکی زۆری بۆ گوڕین و گەشەکردنی پرسە لۆکاڵیەکان راکێشا، بەتایبەتی لای تاکەکان وگروپە تایبەتیەکان، ئەوانەی بەشێوەیەکی ترادیسێۆنی و تەقلیدی کاریان دەکرد.

بواڵ لە ساڵی‌ (1992) بۆ ئەنجومەنی‌ شارەوانیی‌ شاری‌ (ڕیۆ دی‌ جانیرۆ) هەڵبژێردرا، ئەو هێزو دەسەڵاتەی کە لە ئەنجومەنەکەدا هەیبوو، بەکاریهێنا بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی جیاواز کاربکات. بواڵ لەو ماوەیەدا لەگەڵ 19 جۆر گروپی دووچاربوو بە کێشەو نەهامەتی لەکۆمەڵگادا کاری کردبوو. ئەو هەوڵیدابوو لەگەڵ ئەو جۆرە لەخەڵک و گروپانەدا نمایش پێشکەش بکات، کە لەبارەی کەسەر و کێشەو پێداویستەیەکانی خۆیانەوە بدوێن. ( کە ئێمە دەڵێن کۆمەڵگای بچوک واتە وەک توێژی جوتیاران، کاسبکاران، پارێزاران، کرێکاران، کرێنشینان، شوفێران، مامۆستایان، نەخۆش و پەککەوتە یان ئەوەنەی دووچاری نەخۆشی ئایدز بوون، هتد.. هەموو ئەمانە ئەم توێژانە کۆمەڵگا گەورەکە پێک دەهێنن) لە نۆبەی خۆشیاندا، هەر کۆمەڵەیەک و گروپێک لە گفت و گۆدابوو لەگەڵ کۆمەڵە لۆکاڵیەکە و گروپەکەی خۆیدا. لەگەڵیشیدا لە لە دیالۆگدا بوون لەگەڵ کۆمەڵەکانی تردا. ئەم گروپانە لە ناوخۆیاندا فێستیڤاڵیان دروست دەکرد، لەناو ئەم ڤیستیڤاڵانەدا پێشنیارێکی زۆر دەهات و دروست دەبوون لەبارەی ڕێکخراو کۆمەڵگا بچوکەکەی خۆیان.

ئەکتەرێک و پارێزەرێک پێشنیازەکانیان کۆدەکردەوەو لە شێوەی یاسادا پێشنیازیان بۆ بواڵ دەکرد، ئەو پێشنیازانەش دەگۆرا بۆ یاساو لەسەر مێزەکەی بواڵ دادەنرا. ئەویش لەدەستەکەی خۆی لە ئەنجومەنی شارەوانی هەموو ئەو پێشنیارانەی پێشکەش بە هاوڕیکانی دەکرد، بۆ قسەلەسەرکردن لەسەری بۆ ئەوەی بگۆردرێت بۆ یاسا. هەموو پێشنیازەکانی بواڵ لە خەڵکەکەوە دەهاتن و بۆ ئەنجومەنەکە دەرۆیشتن. هیچ پێشنیازێک لە خودی بواڵەوە نەرۆیشتبوو، ئامرازی بەدەستهێنانی پێشنیارەکانیش تەنها ئەو جۆری میتۆدی کارکردنە بوو. هەروەها لە سەردەمی بواڵدا 13 لەو پێشنیارانەی خەڵک، لە ئەنجومەنەکەدا بوو بە یاسا. ئەو جۆرە میتۆدی کاکردنی شانۆیە لەدواجاردا دەبێتە دەنگ و فۆرمێکی هاوکار و هونەری و دەستپێشخەر بۆ گفتو گۆ. پاشان ئەم جۆری شانۆیە، شانۆی یاسادانان بەزۆربەی ووڵاتانی دونیادا بڵاودەبێتەوە. بەسەرکەوتنێکی گەورە ئەژمار دەکرێت لە کەنەدا و بەریتانیادا.

لەساڵی 2008 بواڵ کاندیدکرا بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە ئاشتیدا، بەهۆی کارەکانی لە دژی چەوساندنەوە، ئامرازێکی هونەری و بەیارمەتی شانۆی چەوساوەکان، ئەوەش لەلایەن خەڵکەوە دانی پێدانراوە وەک گەورەترین ئامرازی زانیاری و کۆمەڵگا. ئەوکەسانەشی بواڵیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ کاندید کرد لە ناویاندا ئەندامانی حوکمەت، براوەکانی خەلاتی نۆبڵ، ئەندمانی مەحکەمەی نێودەوڵەتی، پرۆفیسۆرەکانی زانستەسیاسیەکان و ئەندامانی پەرلەمان بوون.

——————————————————–
ئۆگستۆ بواڵ
لە 16/ 3/ 1931 لە بەرازیل لەدایکبووە
لە 2 / 5 / 2009 بۆ دواجار ماڵئاوایی دەکات.




قاهیرە شاری شەو! … زاهیرعەبەڕەش

رۆژی 20 ی فێبروەری ساڵی 2020 بۆ سازدانی وارکشۆپێک لەسەر هونەری شانۆ گەیشتمە شاری قاهیرە لە ووڵاتی میسر. گەشتەکەم لەسەر بانگهێشتی ( فرقە شمس المسرحي) بوو. کە هونەرمەند و بەرێوەبەری بەرهەم (حسن شمس الدین) بەرێوەبەری ئەم دەزگا هونەریەیە. هاوکات هونەرمەند عومەر دەروێش هاوسەفەری ئەم گەشتەم بوو. وارکشۆپەکەم لەسەر شانۆ، تەرکیز و نواندن بۆ ماوەی دوورۆژ لە کاتژمێر دەی بەیانی تا حەوت ئێوارە بەردەوام بوو.
جگە لە ئەندامانی گرووپی شانۆی رۆژ و هەندێک خوێندکاری پەیمانگای بەرزی شانۆ دوورۆژنامەنووسی رادیۆ و تەلەفزیۆنی میسری بەشداری وارکشۆپەکەیان کرد. ئەوەی جێی سەرنج بوو هاوکات لەگەڵ ئەم وارکشۆپەی مندا. بەگوێرەی سەرچاوە رۆژانامەوانیەکانی میسر، نزیکەی حەوت هەزار کۆرو کۆبوونەوەی هونەری،ئەدەبی و وارکشۆپی تر هەبوو لەهەمان هەفتەدا. هەروەک بەرێوەبەری هونەری حسن شمس پیی ڕاگەیاندم کە نزیکەی حەوسەد کەس ناوی خۆی بۆ ئەو وارکشۆپە نوسیبوو. بەڵام من پێم ڕاگەیاندبوو کە تەنها وارکشۆپەکەم بۆ دوانزە تا چواردەکەس دەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا هەژدە خوێندکار بەشداری وارکشۆپەکەی کرد. کە خۆشبەختانە فیدباکێکی زۆری وەرگرت و بووە جێی رەزامەندی بەشداربوان. لە رۆژنامەکانی میسردا باسی لێوەکرا. یەکێک لەو شتانەی کە جەختیان لێکردبووە کە ئەم وارکشۆپە بێ بەرامبەرەو بە خۆراییە. چونکە پێدەچوو هەموو وارکشۆپێک لەو ووڵاتەدا بە بەرامبەر بێت و بێ بەرامبەر وارکشۆپ نەکرێت. وابڕیاریشە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی شاری قاهیرە بکەمەوە بۆ پێشکەشکردنی شانۆییەک کاری رێژی بۆ بکەم.

ووڵاتی میسر نزیکەی سەدو چوار میلیۆن دانیشتوانەکەیەتی و بیستوسێ میلیۆن کەسی لە پایتەختی شارەکەدا دەژی. ووڵاتی میسر یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زانکۆ، مزگەوت، سینەما، شانۆ و مۆزەخانەی دێرینی لییە. زانکۆی ئەزهەر کە بەیەکێک لە زانکۆ دێرینەکان دادەنرێت کە و زانستی شەریعە و فیقهی ئیسلامی تێدا وتراوەتەوە. میسر خاوەنی زۆرترین نووسەر، ئەدیب، رۆشنبیری و هونەرمەندی عەرەبە، کە هەرکەسە لە ووڵاتانی عەرەبیدا ناو پێگەیەکی تایبەتیان هەیە. جێگەی باسکردنیشە کە هەندێک لە ناوداران و ڕۆشینبیران و هونەرمەندانی ئەم ووڵاتە بنچەو رەگێکی کوردستانیان هەیەو لە باب و باپیرانیانەوە خەڵکی کوردستانن و، بەهۆی سیاسەتی ناعەدالەتی و جەورو ستەمی دەوڵەتی عوسمانیەوە یان ڕایانکردووە و پەراگەندەبوون یان بەزۆر نەفی ئەو ئەوولاتە کراون. یان لەگەڵ لەشکری ئیسلامیدا بۆ ئەو وولاتە هاتوون، نموونەیشیان زۆرە.

یەکێک لەو شتانیە کە لە شاری قاهیرە تێبینم کرد، شارێکە لە هیچ شارێکی ئەم دونیایە ناچێت، تەواو پیچەوانەیە، شەو ڕۆژ پیچەوانە بۆتەوە، لە شەودا گەلێک جوانترە وەک لە رۆژ، لە شەودا مرۆڤەکان بەخەبەرن، شەو جمەی دێت لە خەڵکانی هاتووچۆکەر.
خەڵکێکی زۆر دینداری تێدابوو، ئەوی بەدیم کرد زۆرلە پیاوەکانیان ناوچەوانیان شین ببووە کە لێم دەپرسی بۆ ناوچەوانت شینە، دەیان گووت ئەوە نیشانەی تاعەتی خودایەو ئەنجامی نوێژکردنی زۆرە. بەڵام لەراستیدا پیاوە ئاینیە توندرەوە سەلەفیەکانی ئیسلام هەندێکیان فتوایان داوە کە ئەگەر ناوچەوانت شین بووە، مانای وایە تۆ لە خوداوە نزیکیت، بۆیە لەکاتی سوجدەبردندا زۆر بە توندی ناوچەوان دەکێشن بەزەویدا.
قاهیرە شارێکە پاراستی ژینگە لەدواپلەدا دێت، رێگەو بانەکان لەبەر دووکەڵی ئۆتۆمۆبیل ڕەش دەچنەوە، زۆر بەدەگمەن کافتریەک دەبینیت کە نێرگەلەو جگەرەی تێدا نەکێشرێت. ئەو هەفتەیەی کە لە قاهیرەبووین لەگەڵ هونەرمەند عمر دەروێش بە چەندان سەعات دەگەراین بۆ کافتریایەک کە نێرگەلە و جگەرەی تێدا نەکیشرێت بەڵام نەماندەدۆزیەوە. شارێکە دەنگ و ژاوەژاوێکی سەیری هەیە کە لە هیچ شارێکی دونیادا نیە. بەشاری مێشولە بەناوبانگە، هیچ شوێنێکی ئەم دوونیایە هێندەی قاهیرە مێشولەی نیە.

بەڵام بەدیوێکی تردا، شاری ئەدەب و هونەرە. لەگەڵ هاوسەفەرەکەم لە شەقامێکی پێنج کیلۆمەتری چوار سینەما و دوو هۆڵی شانۆیمان ژمارد سەرەڕای چەند ئۆفیسێکی دەزگای هونەری. لەدەمی هونەرمەند و ئەدیبەکۆنەکانیانی خۆیانەوە کە گێرایانەوە، ئەو سەردەمەی کە جەمال عبدلناسر سەرۆک کۆماری میسربوو، کۆبونەوەیەک بە هونەرمەندان و ئەدیبانی ئەو وەختە دەکات و، پێیان ڕادەگەیەنێت دەبێت سینەماو شانۆ بچێتە دوورترین کوێرەدێ لە میسردا. ئەوانیش بەدەم بانگەواز و ڕاسپاردەکەیەوە دەچن. هەموو شەوێک لەهاویندا سینەمای گەڕۆک دەچێتە دوورترین گوند و شارەکانی میسر، هەموو هونەرمەندا بەناوبانگەکانی ئەو دەمە بەشداردەبن لە پیشاندانی فیلم و پێشکەشکردنی شانۆیی و بەستنی کۆڕ و کۆبونەوەی هونەری لە قەزاو دێهاتەکاندا. ئەوەش لەو سەردەمە دەبێتە بنچینەیەکی بەهێز بۆ پەیوەندی دەسەڵات و هونەرمەندان و کایە هونەریەکە. میزانیەی وەزارەتی رۆشنبیری و هونەری ئەو سەردەمە زۆرترین پشکی بەردەکەوێت.
وڵاتێکە زۆرترین رێزی لە هونەرمەندو ئەدیبانی خۆی دەگرت لە چاو وولاتە عەرەبی ئیسلامیەکانی تردا. شاری قاهیرە بەهەزارەها دەزگای شانۆ و سینەمای لێبوو، لە پاڵیشیدا لە نوێژی هەینیدا جادەکانیش بەرنەدەکەوتتن بۆ نوێژی جومعە. ئەو کافتریاو قاوەخانانەی کە هونەرمەند و ئەدیبەکانیان سەردانیان کردووە، بۆتە مۆزاەخانەیک، شوێنێکی کلتووری ئەو شارە، یاخود ماڵەکانیان بە شێوەیەکی کلتوری پاراستووە و کردویانە بە مۆزەخانە.
هەر لەو هەفتەیەدا دوای تەواوبوونی وارکشۆپەکەم هاوریەکی شاعیرمان بانگهێشتی گەرەکێکی کۆن میللی کردین، لە باڵەخانەیەکی کۆندا کە پێیان دەوت صالۆنی شیعری گەرەک. گەورەترین شاعیری ئێستای میسر آحمد عبدالمعطي حجازي کە هاوڕێی نزیکی صلاح عبدالصبور بوو لەگەڵ چوار ڕەخنەگری ئەدەبی، کە نزیکەی سی کەسێک کۆبونەوەو باسیان لە زمانی شیعری نوێ و کلاسیک دەکرد. بەتەنیشت ئەو باڵەخانەیەوە، ماڵێکی تر هەبوو بەناوی بیت العود، کە بۆ موسیکزیانی کوردی نەسیر شەمە کرابووە و تێدا منداڵان و خوێندکارانی فێری ئامێری عود دەکرد.




لێت دەگەڕێم بڕۆیت … نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

I Let You Go

 رۆژانی 22 تا 24 نۆڤەمبەری  ئەمساڵ لە شاری یۆتۆبۆری لە هەفتەی فیلمی کوردیدا یەکێک لەو کورتە فیلمانەی کە پێشکەش کرا، بەناوی لێت دەگەڕێم بڕۆیت، لە ریژی سۆران سۆرانی، ئەم کورتە فیلمە باس لە خانمێکی هونەرمەند دەکات، کە لە ئەتەلێکەی شوێنی کارکردنی وێنەکێشانی، کە خەریکی بەرجەستەکرن و دروستکردنی پۆترێتێکە بۆ هاوژینەکەی، کە پاش ئەوەی هاوژینەکەی دەمرێت، بەڵام هەمیشە لەگەڵ یادگاریکانیدا دەژی، تا زەمەنێکی زۆر ناتوانێت باوەڕ بەوە بهێنێت کە هاوژینەکەی مردووە، هەموو ئەو کاسانەی دەورو بەی لێدەبێتە هاوژینەکەی،  لە دوا جاردا بە ئاگا دێتەوە کە ژیان بەردەوامە، خەم و یادگاریش نرخی ئەو زەمەنی خۆشەویستییە کە لەگەڵ هاوسەرەکیدا بەسەری بردووە و لەگەڵیدا ژیاوە. تا لە دواجاردا بە ناشتنی ئەو وەهمەو دانانی پۆترێتی هاوژینەکەی بە ئاگادێتەوە. 

پارادۆکساڵ لە فیلمدا، هەندێک جار ئێمە لەبەردەم لێڕوانینی فلیمێکداین یان بینینی نمایشێکی شانۆیین، بەڵام لەگەڵ بەردەوام رۆیشتنی رووداوەکاندا، هێندە سیمپاتیمان بۆ پاڵەوانی فیلمەکە یان شانۆییە دەبێت، روداوەکانی کاریگەرێتی بەسەرمانەوە دەبێت و کاتێک دەزانیت، هۆشمان تەسلیمی روداوەکانی فلیمەکە کردووە، لەگەڵ ئازاری کارەکتەرەکەو غەم و هەڵچونی ڕووداوەکان، ئێمەش هەڵسوو کەووت دەکەین لەگەڵ ئازاری دا غەم دەخۆین لەگەڵ مەرگیدا دەگرین، هەندێک جار دوای چەند کاتژمێرێک لە دوای لێروانینی فیلمەکە ، هۆشمان بە ئاگادێتەوەوە و پێمان دەڵێت: بەسە، ئەوەی تۆ بینیت فیلم بوو ئەوەتا ئەکتەرەکە بە زیندوێتی لەبەردەمتایە.

لە فیلمی لێت دەگەڕێم بڕۆیت. لە هەفتەی فیلمی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری نمایش کرا، لە دەرهێنانی سۆران سۆرانی، پاڵەوانی فیلمەکەی کە خاتوو ژیان مۆبێرگ رۆڵەکەی وازی دەکرد، لەهەمان حاڵەتەتدیە کە ئەرستۆ ناوی دەنێت کاتاریس و، ئاوگۆستۆ بواڵ پیی دەڵێت سیمپاتی بۆ روودا و یان پاڵەوان. بەڵام لەلای ئەوگۆستۆ بواڵ دەڵێت بەئاگابە ئەوەی روویدا شانۆیە، ئەگەر تۆ بیت چی دەکەیت بۆ نەهێشتنی ئەو ئاریشەیە یان چەوساندنەوەیە.
لە کورتەفیلمی لێت دەگەڕێم بڕۆیت، هەرچەندە باس لە ژیانی ژنێکی هومەرمەند دەکات بەڵام هیچ ناوێکی نیە، ئەوەش وە ئاماژەیە بۆ هەموو کەسێک کە لەو دۆخەدا بژی. ئەو ژنە کە هاوژینەکەی مردووە هێندە رۆ چۆتە روودای و مەرگی هەرگی هاوژینەکەی وئیسمپاتی بۆ مەرگەی خۆشەویستەکەی هێندە زۆرە، زەمەنی نائاگای هێندە درێژە، دوای زەمەنێکی درێژیش هێشتا ئەو لەو باوەڕەدا نیە کە هاوسەرەکەی لە ژیانی ئەودا نەماوە، هەرچەندە لەڕاستیدا بەجەستە هاوسەرەکەی نێژراوە، بەڵام تائێستا لای ئەم ئەم کچە هونەرمەندە لە هۆشی و بیریدا نەنێژراوە،
هەروەک لە فیلمەکەدا دەیبینین، شوفێری لێدەبێتە هاوسەرەکەی کە دەرگای بۆ داکاتەوە، خەیاڵی لای ئەو کاتانەیە کە هاوسەرەکەی دەرگای ئۆتۆمۆبیلەکەی بۆ دەکردەوە، لەفەرمانگە لێپرسراوی لێدەبێت بە هاوسەرەکەی ئەو کاتانەی کە لێکتێنەگەیشتنێک روویدا بێت، لە پێشەنگاکەیدا هەموو بینیەران لە شوێوەی هاوسەرەکیدا دەبینێت. مەرگی خۆشەویستەکەی بەشێوەیەکی هەست پێکراو دەسەڵاتی بەسەر هۆشی پاڵەوانی فیلمەکەدا هەیەو، هۆشی پاڵەوانیش جوڵەو هەڵسەکەوتی دیاری کردووە.

مێشکی لەبەردەم هەڕەشەی مەترسیەکی گۆڕانکاریەکی گەورەدایە. بەڵام لە چیرۆکی فیلمەکەدا دیمەنی ئەو هەڕەشەیە پیشان نادات، بەڵکو تۆ وەک لێڕوانێک کە سەیری فیلمەکە دەکەیت، تەنها و تەنها ئەندێشە و خەیاڵی ژنەکە دەبینیت نەک ئێستای، ئەو لە ئێستادا ناژی، بوونی ئێستای لە بەردەم هەرەشەدایە.
پاڵەوان لە چرکەساتێکدا دەژی کە لە مێشکی خۆیدا، بەردەوام لە دروستکردنی چیرۆکدایەوە ئەو چیرۆکانەش هێندە زاڵە ئاستەمە خۆی جیابکەیتەوە لە کەسایەتی ژیانی ڕۆژانەی بەجۆرێک ئاڕاستەی ژیانی گۆڕیوە.
لەدوا ساتدا هۆشی توانای بڕیاردانی هەڵپەساردنی ئەو خەیاڵ و وەهم دروستکردنی ئەو چیرۆکانەی هەیە کە مێشکی خۆیدا تەنیوێتی. بەخۆی بڵێت توانای هەڵبژاردنی ئازادانەی هەیە لەبەردەم بوون ئەندێشەدا. بۆ ئەو هەڵبژردنەش دەبێت بە تونێلی بیرکردنەوەدا تێپەڕێت، تێپەڕینیش دژواری خۆی هەیە و مێشک، هۆش بیر دەخاتە بەردەم ریسکێکی گەورەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکات. پرسیار ئەوەیە چ کاتێک مرۆڤ مێشکی دەخاتە بەردەم ریسكێکی گەورەوە؟
مرۆڤ هەدێک جار دەبێت لەبەردەم هەڵبژاردندا نابێت بیر بکاتەوە، لەبەر ئەوەی لەبەردەم ئەگەرێکی ترسناکدایە. بۆنموونە ئەوەک ئەوەی تۆ بە رێدا دەڕۆیت خەریکە ئوتۆمۆبیلێک ڵیت دەدات، یان سەربانی بینایەک خەریکە دەڕمێت بەسەرتا، مرۆڤ لەو کاتەدا بیر لەوە ناکاتەوە کە بۆچی و چۆن ئەم سەقفی خانووە دەروخێت؟ یان ئاڕاستەی ئەم ئۆتۆمۆبیلە لەکوێوە هاتووە؟ نا، بەڵکو ڕاستەخۆ خۆی لادەدات و بەلایکدا رێ دەکات کە خۆی بارێزێت.
ئەو کاتەی بیرکردنەوەمان دەکەوێتە بەردەم ریسک و مەترسیەکی گەورە لەو کاتەدا هۆشی مرۆڤ لە ئەوپەڕی هۆشمەندی زیرەکیدایە. بۆیە پاڵەوانی فیلمەکەش کەوتۆتە بەردەم ئەو ڕیسکەوە، بەڵام زەمەنی بیرکدنەوەی ئەو درێژترە.
ئەم ژنە بونەوەرێکی هەواییە و پێی لەزەوی بڕاوە لە شێوەیەکی تایبەت چاوەروانیدایە، لەبەردەم ئەگەری بنیادنانەوەی ژیان و گەرانەوە بۆ دۆزەخدایە، بە ناشتنی پەیکەرەکەی ئیختیاری گەڕانەوە بۆ ژیان دەکات.
لە شانۆ و فیلم و درامادا گێرانەوە توخمێکی سەرەکیە، بەڵام کاتێک زمان هەبێت هەندێک لەو دژوایانەت کەم دەبێتەوە، فیلمی لێت دەگەڕێم بڕۆیت، فیلمێکی بێدەنگە، لەم .فیلمە بێدەنگەدا رووبەروی پرسیارێک دەبینەوە ئایا چۆن دەتوانرێت ئەو بیرۆکەی گێرانەوەیە لای بینەر دروست بکات؟ چۆن دەتوانین گرێچنی رووداوەکان بکەین بەبێ ئەوەی ووشە بەکار بهێنین؟ چۆن دەتوانین چرۆکێک بگێرینەوە؟ چونکە خاڵی جەوهەری لەشانۆ و فیلم و درامادا دروستکردنی چیرۆکە؟ بە چ ئامرازێک چیرۆک دروست بکەین؟ راستە زمان و ووشە هاوکارمان دەبێت لە دروستکردنی چیرۆکدا، بەڵام ئەی ئەگەر نمایشەکە پشتی بە توخمی ووشە نەبەستبوو؟ لێرەدا روودا چ کاریگەیەکی دەبێت؟ ئایا گێرانەوەو بینینی رووداوەکانی ئەم فیلمە لە گۆشەنیگای کارەکتەرەکەوە بوو یان هەڵهێنجراوی زادەی سیناریست یان نووسەر؟ زۆر جار پلەبەندی و گرێچنی روودا و مووسیک دەورێکی باڵا دەینن، پاشان باسی موسیک دەکەین.
سۆران سۆرانی رێژیسۆری فیلمەکە دەیەوێت لە رێگای فیلمەکەوە ئەزموونی هۆشی کارەکتەرەکە بکات، کارەکتەریش بەدوای رێگایەکدا دەگەرێێت پێمان بڵێیت ئەوەی روودەدات ڕاستیە، ئەوەی لەمێشکی مندا روودەدات ئەزموونی تاکەکەسی منە بیرەوەیەکانی منە، لە Hippocampus هەڵمگرتوون.

بە گوێرەی زانستی دەمار ، بیرەوەریەکان کاریگەرێتی و رەنگدنەوەی لەسەر کەسایەتیمان دەبێت، هاوکارمانە لەبارەی کەسایەتی و خەونەکانمان و تێگەیشتنی کات و پەیوەندیەکان، هەست و سۆزەکانمان بەگەڕ دەخات ، هەروەک شارەزایان دەڵێن هیپۆکامپوس کە گەنجینەی بیرەوەریەکانی مرۆڤە، کەوتۆتە بەشی چەپی مێشکەوە،(لەکۆتای ساڵی 1940 دا پزیشکی دەماری کەنەدی بەڕەسەن ژاپۆنی بەناوای جان وادا پەرەی بەداقی کردنەوەیەک دا سەبارەت بەوەی کام لای مێشک جڵەوی مێشک قسەکردن دەکات، ئەمڕۆ ئەو تاقی کردنەوەیە لەلایەن نەشتەرگەری مێشکەوە کەڵکی لێوەردەگیرێت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کام بەشی لای مێشکی نەخۆش بەرپرسیارە لە ئەرکە سەرەکیەکانی هەست پێکردن، ئەنجامی پڕ بایەخ ئەوەبوو بۆیان روونبووە کە نییوەی لای چەپی مێشک بەرپرسیار لە هێڵی بیرکدنەوە و زمان ) ١
هەر لەو دیدگایەوە رەنگە بەئاگاهی بێت یان نا، لەسەدا نەوەدی دیمەناکان وێنەگرتن لای چەپی کارەکتەرەکەوەبوو هەروەک ئەوەی سۆران پێمان بڵێیت ژیان ئەو جوڵەیەیە کە مێشک پێی هەڵدەسێت. ئەوەش پێویستی بەخوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیانە بۆ فیمەکە هەیە.

باشترین چیرۆک ئەوەیە کە بەروونی نووسرابێت و ئاسان بێت بۆ بینین ئەویش بە هۆی دروستکرنی ڕوداو، چنینی گرێ، هەڵس و کەوتی کارەکتەر. لە شانۆ و دراما و فیلمدا، زەمەن، کارەکتەر، کامێرا هەڵس و کەوت و ڕەفتاری کارەکتەر هەندێک ڕاستیمان بۆ ئاشکرا دەکەن و لە هەمووشی گرنگتر پەیوەندی کارەکتەرەکانە بەیەکتریەوە و شوناسیانە.

لە فیلمدا، کامێرا هاوکارێکی تەواومان دەکات بۆ دۆزینەوەی ئەو پیوەندیەو شوناسی کارەکتەرەکە و تیشک خستنە سە ڕابوردو، ئێستا و داهاتوو. یەکێک دیمەنە سایکۆلۆجیە جوانەکان لە فیلمەکەدا ئەوەبوو کە پاڵەوانی فیلمەکە هەموو کەساکانی لێدەبێتوە هاوسەرەکەی، بەڵام بەهۆی ئیشکالیەتی تەکنیکی و ئاریشە لە داڕشتنی چیرۆکەکەدا نەتوانرا ئەو پەیامە بەڕوونی بگاتە لای بینەر، ئەوەش بووە هۆی ئیشکالیەتی ناڕوونی، ئەو ناڕونیە ڕەنگە بوبێتەو هۆی ئەوەی زۆر بەی بینەران لێی حاڵی نەبن ، هەرچەندە ئەگەر چارەسەرێکی ئیستاتیکی و هونەریانەی بکرایە، دەبووە بە دیمەنێکی زۆر جوان و ناوازەو بەرجەستەکردنی دیوە سایکۆلۆژی و دژواریەکەی پاڵەوانی فیلمەکە،. ، بەڵام ئەویش بە تەکنیکی Cross dissolves کرۆس دیزۆلف دەتوانرا چارەسەر بکڕێت، وەک ئەوەی لە دوورەوە شوفێرەکە بێت بەڵام کە نزیک دەبێتەوە شوفێرکارەکتەر بگۆڕدرایە بە هاوەسەرەکەی، هتد.

موسیک: موسیک نەک تەنها بۆ گوێگرتن بەڵکو دەتوانرێت ببینرێ، تا ئەو حاڵەتی بە بیستنی کاریگەریە دەنگیەکان و موسیک لە فیلمدا وێنەی حاڵەتەکە لای بینەر دەخوڵقێنێت، وەکو هەموو وێنەیەکی ناخ هەژێن ڕامان دەچڵەکێنێت. وەک ئاماژەمان پێدا فیلمی لێت دەگەڕێم بڕۆیت فیلمێکی بێدەنگە، بەڵام موسیک کاریگەریەکی باشی لە کۆی توخمەی بەرهەمێنانی فیلمەکەدا گێڕابوو، تا ئەندازەیەک لەبری ووشە بەکار دەهێنرا. موسیک لە فیلمدا پەیوەندیەکان گرم و گوڕ وتوندو تؤلتر دەکات، کە هەرگیز ئەو پەویوەندی کۆتایی پێناهێنێت و نایپچڕێنێت. ئاوازدانەرانی فیلمەکەش بەشێوەیەکی زانستی سایکۆلۆجیانە توانیبوویان بەرجەستەی رووداوەکان بکەن، کە هەندێک جار وەک بارگراووندی کارەکە یان تەواوکردن و بەرزڕاگرتنی پەیامی فیلمەکە یان دەڕبڕینی ناخی هەست و سۆزی کارەکتەرەکە.

لەبەر ئەوە هەندێک جار موسیک لە فیلمدا دەبێت بە دەڕبڕی هەست و سۆزی کارەکتەر یان دەبێتە ناسینەوەی فیگوری فیلم، هەندێک موسیکی فیلم لە زهنی ئێمەدا ماوەتەوە، هەرکاتێکیش گوێمان لەو پارچە موسیکە یان کاریگەریە دەنگیە بووبێت، راستەو خۆ لە زهنماندا وێنەی شوێن، کات، رووداو و کارەکتەر دروست بووە، چونکە بەکارهێنانی کاریگەریەدەنگیەکان و موسیک لە فیلم دا بۆ تێگەیشتنێکی زیاتر بوو بۆ دروستکردنی بنچینەی وێنەیەک بۆ دروستکردنی ناسنامە لە فلیمدا.کە پەویستە بە بابەتەوە.

———————————————————————————————————

سەرچاوە:
١ ـلێکۆڵینەوەی شانۆیی نووسینی گۆرن مایک وەڕگێڕانی فاروق هۆمەر
فیلمی: لێت دەگەڕێم بڕۆیت
دەرھێنەر و نوسەر: سۆران سۆرانی
نواندنی: ژیان مۆبێرگ و بۆکان سەروەر
سینەماتۆگرافی: ھیوا ئەحمەد
بەڕێوەبەری بەرھەم: شایوان شا
دەرھێنەر و نوسەر: سۆران سۆرانی
سینەماتۆگرافی: ھیوا ئەحمەد
ڕوناکی و یاریدەدەری کامێرا: شاکۆ حەسەن و ئاکام سەدیق
ئارت دیزاینەر و پەیکەر و تابلۆکان: بەفرین ڕەشید
مەیک ئاپ و کۆستوم دیزاینەر: ژیان مۆبێرگ
بەرھەمھێنەر و ئەدیتەر: سۆران سۆرانی
موزیک:
سیکادا
لێڤی مارک
مارتن سێرنی
دژیڤان گاسپاریان
دڵزار شەنگە
ڕەنگ: سۆران سۆرانی
تایتڵ: ڕێبوار فەتاح
درۆن: نەوزاد فەرھاد




کارگە، ژینگە و رۆشنبیری … زاهیر عەبەڕەش

safar club de théâtre 🎭 نادي سفر للمسرح

رۆژی ١/ ٧ی ئەمساڵدا لەسەر بانگێشتی دەزگای Médiathèque میدیا تێک، مۆڵتی مێدیا الخزانە الوسائطیە، لەشاری خوریبکە لە وڵاتی مەگریب بۆ ماوەی سێ رۆژ وارکشۆپێیان بۆ رێکخستم، بابەتەکەش، لەسەر ناسینی سنوورەکانی خۆت، ناسینی جەستە خۆمان و جەستەی ئەویتر، دابەشکردنی دڵخۆشی لەگەڵ ئەویتردا، هەروەها لەگەڵ گەمەکانی شانۆی ئیمرۆڤیسەسێۆن. جەدوەلی کاردنم لەگەڵ ئەم رێکخراوەدا بەم شێوەیە بوو، لە کاتژمێری دەی بەیانی تا کاتژمێر دوانزی نیوەرۆ لەگەڵ منداڵان، دوانیوەروانیش لەکاتژمێر دووی پاش نیوەر تا شەشی ئێوارە کارم دەکرد.
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا زیاتر لەسەری بدوێم دەزگای Médiathèque. بە واتای کتێبخانەی بیستن و بینین.
Médiathèque سەنتەرێکی رۆشنبیری لاوانە، فەزایەکی ڕۆشنبیری گەورەیە، بەردەوام چالاکی لەم سەنتەرەدا هەیە، لەهەفتەیەکدا شەش رۆژ چالاکیان هەیە، تەنها رۆژی دووشەمان پشویان هەیە، خەڵكێکی زۆر لە دانیشتوانی شاری خوریبگە سوندمەندن لە چالاکیە زانستی، ئەدەبی، رۆشنبیری و هونەریەکان، چالاکیەکانیشیان ئاڕاستەیە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای شارەکە، وەک خۆیان دەڵێن هەر لە منداڵی تەمەن 5 ساڵانەوە هەتا گەورەساڵان و خانەنیشینانیش سودیان لەم سەنتەرە بینیووە. تەنانەت رەچاوی کەم ئەندامانیش کراوە هەموو پێداویستیەکی بینین و بیستن و شوێنی ڕۆیشتنی دووچەرخەی کەم ئەندامانی تێدایە، لەسەر دیزانیكی فەرەنسی لە سەر رووبەری 7000 مەتر چوارگۆشە دروست کراوە.

لە زۆربەی بەشە هونەری و وێژەی و زانستیەکان پێکهاتووە وەک بەشی، وێنەکێشان، موسیک، شانۆ، سەما، خولی فێکردنی کۆمپیوتەر، بەشی فێرکردنی فۆتۆگرافی، کلیب و ئەنیمەیشن و ئێدیت کردن.خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان، گفتوگۆی پێنچ شەمە هەموو پێنج شەممەیەک نوسەرێک، فیلۆسۆفێک، هونەرمەندێک یان ئەدیبێک ،هتد بانگێشت دەکرێت بۆ سازدانی سیمینارێک، ئەویش لە لایەن شاعیرە نەوال شەریف پێشکەش دەکرێت. لەگەڵیشدا سێ کتێبخانەی گەورە و چوار هۆڵی گەورەی خوێندنەوە تێدایە، کە نزیکەی 36 هەزار کتێبی زانستی و هونەری و ئەدەبی بەزمانەکانیی عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسی تێدایە، هەروەها چوار هۆڵی پڕ لە کۆمپیوتەر کە دوانیان تایبەتە بە خوێندکارانی ماستەرو دکتۆرا کە دێن بۆ سێرچو گەران بەدوای زانیاریدا. بەهۆی چالاکی رۆژانەیان ئێستا نزیکەی 12 هەزار ئەندامیان هەیەو پێناسەی ئەم سەنتەرەیان بۆ کراوە.

خەڵکی شارەکە خۆیان چالاک و بەشدارن لە سازدانی چالاکیەکاندا و هەم دێن بۆ بینینی چالاکیەکانی ئەوانی تر. شوێنی کۆکردنەوەی گەنجان و منداڵان و دەرخستنی بەهرەکانیانە. لەهەمان کاتدا خۆبەخشێکی زۆریان لە لەدەوری بەرنامەی Act 4 community کۆکردۆتەوە کە هەڵدەستن بە کردنەوەی وەرشە بۆ منداڵان لە ناوچە دوورەکان، پیشاندانی چالاکیەکان بۆ ئەو شوێنە دوورە دەستانە. گێرانی پێشبڕکێ لە نێوان یانە و سەنتەرە رۆشنبیریەکان، بۆیە ئەوی ئاگاداری بزوتنەوەی رۆشنبیری هونەری ئەدەبی وڵاتی مەگریب بێت، هێندەی هەموو وڵاتە عەرەبیەکان فێستڤاڵ و پێشبڕکێی تێدا ساز دەکرێت.

ئەوەی دەموێت لێرەدا دیقەتی بخەمەسەر سیستم،کاردن دابین کردنی ماڵی و داراییە بۆ ئەم سەنتەرە.
سەنتەرەکە، ئاماده كردنى به رنامه ى act 4community يه كه په يوه ندى بەکۆمەڵەی فۆسفاتەوە هەیەOCP. ئەمەش بەمانای چی دەگەیەنێت؟
شاری خوریبگە بەناوبانگە بەوەی کە کانێکی زۆری فۆسفاتی هەیە ، هەروەک چۆن لە کوردستان لە شارەکانی کەرکوک و هەولێر و سلێمانی ، بیر و چاڵە نەوتی هەیە. ئەوەش سەرچاوەیەکی دارای زۆر و زەوەندە و دەشبێت هەڵبکۆڵرێت و بفرۆشرێت و پارەکەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەرێتەوە. لەبەر ئەوەی هەم ووڵاتی مەگریب و هەم کوردستان نەگەیشتتونەتە ئەو ئاستەی بەرهەمی زیرەکی و واتە داهێنان بفرۆشنەوە، هەرچەندە وڵاتی مەگریب زۆر بەناوبانگە لە رووی کوشتوکاڵ و گەشت و گوزاریەوە. بەڵام کوردستان جگە لەنەوت هیچ بەروبومێکی تری نیە.
هەر کارکردنێکیش لەو چاڵە نەوت و کانە فۆسفاتانە، دەبێت هۆی پیس بوونی ژینگە،
بێگومان کاردن و هەڵکۆلین لە کانەکانی فۆسفات ژینگە پیس دەکات.

جا بۆ قەرەبوکردنەوەی پیسبونی ژینگە، شارەوانی ئەوشارە مەرجی کارکردن بۆ ئەو کانە فۆسفاتانەی لە شاری خوریبکە ئەوە یە کە چەند سەنتەرێکی رۆشنبیری، بە هەموو ئەو مەرجانەی کە باسم کرد بکرێتەوە، جگە لە خوێندگا فەرەنسیاکان و دەیەها سەنتەری لێکۆڵینەوەو ناردنی هەزارەها خوێندکار بۆ فەرەنسا ، سازدانی فێستڤاڵی هونەری و سیمیناری کۆنفرانسی زانستی ئەمانە هەموو لەسەر خەرجی ئەو بەڵێندەرو کارگە گەورانەیە کە فۆسفات بەرهەم دەهێنن، لەگەڵێشدا هەموو ئەو کارگوزار و موچەخۆرانەی کە لەو سەنتەرانەدا کار دەکەن موچەکانیان یەکسانە بە موچەی کارگوزارێکی فەرەنسی کە لەوڵاتی فەرنسادا نیشتەجێە. ئەو ئەو چەند رۆژەی کارکردنم لەو سەنتەرەدا هەرگیز هەستم نەکرد کە من لە وڵاێکی عەرەبیدام. جێی خۆشحاڵیە لەم سەنتەرە ڕۆشنبیریە نادیەکی شانۆی هەیە، لەبەر ئەو هاوکاریانەی من پێشکەشم کردوون ناویان نا نادی عەبەڕەش بۆ شانۆ، بەڵام کە بە زمانی عەرەبی دەنوسرا دەبوو بە ( ابرس) لەسەر پێشنیاری هاوڕێم هاودەم حەمە ساڵح، پێم راگەیاندن کە ناوی نادیەکە بکەن بە سەفەر ئێستا بووە بە ( SAFAR club de théâtre 🎭 نادي سفر للمسرح). لەبەر ئەوەی کە خۆم ناوی دووەم سەفەرە و جاران لە ژێر ناوی سەفەر دەمنوسی.
بێمەوە سەر باسە سەرەکیەکی خۆم، ئەم جۆری کارکردن و سیستەم و پرۆژانە دەتوانرێت لە کوردستان سودێکی زۆر بە بزاوتی هونەر و ئەدەبی، چاپەمەنی، ژینگە و پەروەردە بگەیەنێت. کۆمەڵە هونەری و ئەدەبی و ژینگەپارێزانیش دەتوانن هاوکاربن لەوەی.

ـــــــ هەر شەریکەیەک بیەوێت نەوت دەربهێنێت سەرەڕای ئەوەی کە رێژەیەکی لەدەسکەوتەکەی بۆ ئەو شارەبێت. یان تێچوی ریسایکلین بۆ پاکردنەوەی ژینگە لەسەر ئەرکی شەریکەکە بێت، هەروەها پەیمانیان لێوەربگیرێت کە چەندەها خوێندکار بنێردرێتە دەرەوەی وڵات و لە بواری نەوت و ژینگەدا بخوێین. هاوکات دەبێت داوایان لێبکرێت چەند سەنتەرێکی هونەری و ڕۆشنبیری دروست بکات، موچەی کارگوزارەکان و فەرمانبەراکانی ئەو سەنتەرانە بۆ دابین بکات.
ـــــ ئەو بەڵێندەرانەی کە کار دەکەن و هەر پرۆژەیەکیان هەبێت کە کار لە ژینگەی کوردستان دەکات، ئیجبار بکرێت بەوەی شانۆ یان هۆڵی سینەما دروست بکات. یان هەر سەنتەرێکی ئەدەبی و رۆشنبیری، تێچوی فێستیڤاڵ و چالاکیە هونەریەکان لە ئەستۆ بگرن.
ـــــــ ئەو بازرگانانەی کە کەل و پەل لە وڵاتانی ترەوە دەهێنن و پاشماوەی لاستیک ئاسن و موقەبا و هەر مادەیەکی زیان بەخشی هەبێت بۆ ژینگە. تێچووی هەموو ئەو کتێبانەی لە لە قوتابخانەکان چاپ دەکرێت بگرێتە ئەستۆ.
ـــ هەموو ئەو بازرگانانەی کە مادەی لاستیک و پێڵاو سفرە و نایلۆن هاوردەدەکات، یارمەتی تێچووی کۆنفراس و توێژینەوە زانستیەکان بکەن.
ـــ هەموو ئەو کارگانەی کە هەوای کوردستان پیس دەکەن تێچووی ئەوفیلمانەی لە کوردستان بەرهەم دێین بگرنە ئەستۆ.
ــــ ئەو بازرگانانەی کە ئۆتۆمۆبیل هاوردەدەکەن، ئەرکی خەرجی و تێچووی هەموو فێستیڤاڵە شانۆییەکان و فێستڤاڵی سینەمای سلێمانی هەولێرو دهۆک بگرنە ئەستۆ.
ـــ ئەو دوکانانەی کە کاری میکانیکی و رۆنگۆری هتد بەهۆی رژانی رۆن و کەلو پەلەکانیان ئەرکی لەچاپدانی کتێبەکانی دەزگای سەردەم و موکریان ، هتد بگرنە ئەستۆ.
دەتوانرێت ئەم پێشنیازانە ببێتە بابەتی گفت و گۆ.

بەمەش هەم خزمەت بە بزاوتی ڕۆشنبیری گەلەکەیان دەکەن و هەم سەرچاوەیەکی دارایشە بۆ دەوڵەت. بەتایبەتی وەزارەتی ڕۆشنبیری. بەهیوام ئەم بابەتە بێتە هۆی گفت و گۆیەکی ڕژد.




تاقیکردنەوەی بێچدێل … زاهیر عەبەڕەش

تاقی کردنەوەی بێچدێل Bechdel test چییە؟ سەرچاوەی ئەم تێستە لە زنجیرەکاریکاتێرێکەوە هاتووە کە لەساڵی 1985 بڵاوکرایەوە بە ناوی Dykes to Watch Out For ، کە لە لایەن Alison Bechdel ئەلیسۆن بێجدێلی ئەمریکیەوە دروست کراوە، بێچدێل لە ساڵی 1983 ــ 2008 بەردەوام کاری درووستکردنی زنجیرە کارتۆنی کۆمێدی بوو.

جا بۆ ئەوەی لە فیلم لە تێستی بێچدێل دەربچێت، دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت، ئیمەی بینەریش بۆ بۆ چێژی خۆمان دەتوانین کە سەیری فیلمەکانمان کرد بزانین، ئەم مەرجانەی تێستی بێچدێل تێدایە کە پێکهاتووە لە:
1ـ لە دوو کارەکتەری ژن کەمتر نەبێت کە لە دیمەنەکەدا بن، ( ناویان هەبێت، بە واتای بە ناوی خۆیانەوە بانگ بکرێن، نەک خانمی یەک و یان ژنی یەک و دوو)
2ـ ووتو وێژ لەگەڵ یەکتر بکەن.
3ـ قسە لەبارەی هەرشتێک بێت بکەن جگە لە باسی پیاو، واتە تەنها باسی پیاو نەکەن.

تێستی باچدێل زۆر ساکارە، ئێمە وەک تەمشاکەرێکی فیلم کە بەدیار تەلەفیزیۆنەکەوە دادەنیشین و چاو لە فیلم دەکەین و، هەموو فیلمێکی تر کە لە ئایندەدا دەیبینن ، هەر بۆ خۆشی خۆت دەتوانیت ئەو ئیدۆلۆژیە فێمینستییەی تێدا بدۆزیتەوە کە فێمینستەکان لە فیلم دا باسی دەکەن ، ئەو تێستەش مانای ئەوە نیە ئەگەر بەو فیلتەرەدا دەرچوو ئەوە فیلمێکی فێمینیستیە، بەڵام دەکرێت هەر بۆ خۆشی خۆت بیر لەو لایەنەی بکەیتەوە.

تاقیکردنەوەی بێجدێل و، چەمکی (نیگای پیاو) هەندێک تێرمی هاوبەشیان هەیە. ئەزمونێکی سادەو زۆر سەرنج راکێشە، پێمان دەڵیت کە چۆن ژن لە سەر شاشەی سینەما پیشان دەدرێت، لە زۆر بەی کۆمپانیا جیهانیەکانی فیلم، بەرهامەکانیان دەخرێتە ژێر تاقیکردنەوەی ئەم ئەزموونەوە و، بە تایبەتی رێکخراوە فێمینیستەکان داوای ئەوە دەکەن کە بە فلتەری تاقیکردنەوەی باجدل تێبپەرێت و ئەوەی دونیای یەکسانی ژن و پیاو لە فیلمدا پیشان بدرێت. ئەوەش بۆ ئەوەی کە لە دونیایەکدا بژین کە رەگەزەکان وەک یەک مامەڵەیان لەگەل بکرێت. لە ووڵآتی سوید سەرەرای ئەو کرانەوەوە دیموکراتییەی بە رووی تاکەکان و بەڕووی ژندا کراوەیە، بەڵام جارێک لە جارەکان لە کۆی 30 ی بەرهەم تەنها 10 بەرهەمی لەم تێستەدا دەرچوو.

زۆر جار تێستی بێجدێل بەکاردێت کە چۆن بە شێوەیەکی سیستیماتیکی نوێنەرایەتی کارەکتەری فیلمەکان دەکات، کە بەشێوەی کارەکتەرێکی ئەکتیڤ یان پاسیڤ پیشان بدرێت.
تۆ وەک بینەرێکی سینەما ، ئەم جارە خۆت ئەزموونی بکە. بزانە کام فیلم بەم فیلتەرەدا تێدەپەڕێت. بەدیوێکی تردا، چەندەها شێوە دیمەن دەبینیت کە دوو پیاو لە دیمەنەکەدان ناویان هەیە و بەڵام باسی شتێکی تر دەکەن
ئەم تێستە ئەوانە ناگرێتەوە کە تەنها لەبەر ئەوەی کارکتەرێکی ژنە وقووت بۆتەوە و دیالۆگ دەڵیت تەنها لەبەر ئەوەی بلێێن ژنێکمان لە دیمەنەکەدا هەیەو بەڵام هیچ کاریگەریەکی بەسەر رووداوەکان نیەو ئەکتیڤ نیە ، تەنها لەبەر ئەوەی بڵێین ژنە و لە دیمەنەکەدا هەیە، ئەمەش جۆرێکە بە پاسیڤ کردنی ژن خۆی لە خۆیدا.

تێفکرین لە تێستی بێجدێل ئەوە نیە کە پێویستە فیلمەکان بەشێوەیەک بێت کە دەبێت لە تێستی بێجدێل دەربچن، بەڵکو بیرکدنەوەیەکە بۆ لەم رۆژگادا بەو شێوەیە فیلماکان دروست دەکرێت و، مەسافەیەکە بۆ گفت و گۆ لە سەر رۆڵی ژن لە کۆمەڵگادا. هەروەها تا چەند لە هەموو بوارەکاندا بە تایبەتی لە بارە سێکسوالیتێدا کە بەجۆرێکە کار لە ژن دەکرێت، نەک ژن خۆی بکەر بێت بەشێوەیەکی سوبجەکت پیشان بدرێت.

زۆر چار رێکخراوەکانی ژنان و ئین جی ئۆکان ساڵانە 100 فیلم هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی بزانن چەند فیلمیان لە تێستی بێجدێل دەردەچێت، تا ئێستا زۆرترین رێژە کە دەرچوبێت ، لە ٪30 فیلمەکان لەو تێستەدا دەرچوون. ئەمەش بەمانای چی دێت ئەگەر فیلمێک لەم تاقی کردنەوە یەدا دەرچێت؟ بەڵێ مەبەست تێیدا ئەوەیە کە ژن چۆن پۆترێت دەکرێت لەم فیلمەدا، ئەم تاقی کردنەوەیە باس لەوە ناکات کە ژن لە فیلمدا دەبێت چۆن بێت.




سیمپاتی لەسیتمی سیاسی ــ شاعیرانەی ئەرستۆ و شانۆی سەکۆدا … زاهیر عەبە ڕەش

بواڵ لە شانۆکەیدا لە شاری ( ڕیو دی جانیرۆ ) کاری لەگەڵ ئەو پرس و کێشانە دەکرد، کە سەری هەڵدەدا، شکڵی شانۆکە و چۆنێتی کارکردنیان بە شێوەی شانۆی سەکۆ بوو. لەگەڵ ئەو کێشانەدا دەست و پەنجەیان نەرم دەکرد کە دەهاتە بوون، بەشانۆکەیان دەیان وویست ئەو چەوساندنەوە و کێشانە نەهێڵن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە لە کۆمەڵگاکەیاندا بوونی هەبوو. لە ماوەی کارکردنیشیاندا لەگەڵ ئەو کێشانە و ئاریشانە کاریان دەکرد، کە لەناو پەرەگراف و دێری یاساکاندا پەیدا دەبوون. نەهێشتنی چەوساندنەوە بە مانای تێکشکانی ئەو یاسایانەی کە لەمپەرە بۆ ئازادی مرۆڤ و چارەسەرکردنی گرفتەکانی.

بواڵ میتۆدی شانۆی لە کۆمەڵگادا وا دەبینی ،وەک ئامرازێکی سەربەخۆ بۆ مل ملانی و بەگژاچونەوەی ئەو قۆرخ و بەربەستانەی کە لە یاساکاندا رێی لە بە دیموکراتیزەگرتنی کۆمەڵگا دەگرت. لەبەرئەوەی بواڵ خۆشی ئەندامی ئەنجومەنی ڕیۆ دی جانیرۆ بوو، (شانۆی یاسادانان ) ی دروستکرد، ئەویش بەمانای ئەوەی خەڵک خۆی لە دروستکردنی یاساکاندا دەستی هەبێت. پاشان شانۆی یاسادانان لەو پرۆسەیەدا بوو بە رووداوێکی شۆڕشگێرانە، شانۆ بەربەستی لە دروستبوونی كێشەکان دەگرت لە ناو خودی یاساکاندا.
بەوشێوەیە بواڵ گەشە بە تیۆریەکەی دەدات لە بارەی شانۆ و پەیوەندی بە سیاسەت و کۆمەڵگاوە، بنچینەی ئەم بۆچونەشی لە سەر سێ پێداگیری دارشتووە.

1ـ هاوسۆزی ( سیمپاتی ) دەشێت لە دوو حاڵەتدا بەکاربهێنریت، جارێک بە نەگەتیڤی بۆ مەبەستی چەوساندنەوە و جارێکیش بە پۆزەتیڤی، زۆر گرنگە کە بە مەبەستی سەرفرازی بەکاربهێنرێت.
2ـ شانۆ سیاسەتە
3ـ بەشداران سەرزیندەو بەگوڕبن

ئەرگومێنتی بواڵ بۆ ئەوەی کە شانۆ سیاسەتە، رەخنەکەی دژ بە ئەرستۆتاڵیس بنیات دەنێت. ئەریستۆ جەخت لەوە کردۆتەوە کە شیعر و سیاسەت دوو شتی جیاوازن. بواڵ دەیەوێت ئەوەمان بۆ ڕوون بکاتەوە کە فۆرمی سیستمی ( سیاسی ــ شاعیرانە ) ی ئەریستۆ تاڵیس مرۆڤ کەم بایەخ و دەکات و دەیانچەوسێنێتەوە. بە بۆچوونی بواڵ سیستەمەکەی ئەرستۆ لە خزمەتی چینی دەسەڵاتداردا بووە، بەلام بەهۆی شیعرەوە ئەو چەوساندنەوەیە لە خەڵک شاراوە و پەنهان بووە، بەرگێکی بەشمەکی بووە بۆ شاردنەوەی ستەم لێکردن. ئەرستۆ لەو سیستەمەیدا باسی هیچ مەیل، خراپە و سەرنجێک ناکات کە زیان بە سیستمی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت.
بەواتایەکی تر سیستمی ( سیاسی ـ شیعر)یەکەی ئەرستۆ پارێزگاری لەو چەوساندنەوەیە دەکات و دەیانهێڵێتەوە کە لە کۆمەڵگادا هەیە، ئەویش بە نەهێشتن و قەلاچۆکردنی ئەوتێروانین وبیروباوەرنەی کە دژی ستروکتووری کۆمەڵگە هەبوو، یان هەیکەلی پێکهاتەی کۆمەڵگای بخستایەتە ژێر پرسیارەوە. ئەویش بەرگری کردنە لەو سیستم هەیکەلی کۆمەڵگە بەڕێگای هونەرەوە، چونکە ئەوەش لای چەوسێنەرەکان خۆی لە خۆیدا بوونێکی جیگیر و چەسپاوە، لەگەڵ بوونی مرۆڤدا خوڵقاوە و بریاری لەسەر دراوە، شتێکە دەبێت مرۆڤەکان خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن، چونکە مرۆڤ کەمدەستە لەلابردن و سڕینەوەی ئەو بڕیارە سروشتتیانەدا، بۆیە مرۆڤ تەنیا وەک تەماشاکەرێک وایە و توانای نییە لە سڕینەوەیدا.

تیۆریەکەی ئەستۆ درێژە پێدانی ئەفسانەکانە، کە چۆن ئەفسانەکان مرۆڤەکانی فێر دەکرد، کە چۆن ڕەفتار بکەن، دەسەڵاتدارانیش چۆن هەژموونی دەسەڵاتی خۆیان بەکاربهێنن، ڕەشەخەڵکیش چۆن ملکەچی دەسەڵات بن، هەروەها ئەرگومێنیتی خۆشیان پێشکەش کردووە بۆ بەردەوامی ئەو ڕەوشە. لەبری ئەوەی یەکسانی ژیانی خەڵک لە کۆمەڵگادا بەرەوپێش بەرێت، بەپێچەوەنەوە بەهۆی سیتمی شیعر ـ سیاسی، خەڵکانێکی وەک یەک بە پاسیڤی لە کۆمەڵگایەکی نایەکساندا دەنەخشێنێت. بواڵ ئاماژە بە قسەیەکی Arnold Houser دەدات کە دەڵێت: خەڵک لە چوارچێوەیەک دا بەگشتی لە درامادا موعایەشەی دیموکراتی کردووە، بەڵام لە راستیدا ناوەرۆکێکی نادیموکراسی و ئەریستۆکراتیانەی هەبووە، ئەویش نموونەیەکە بۆ چەوساندنەوەی پەنهان لە سیستەمەکەی ئەرستۆ کە پارێزگاری لێدەکات، چەوساندنەوەیەک کە لە ژیان و نەریت و ترادیسیۆنی خەڵکدا گوزەردەکات. تیۆریەکەی ئەرستۆ هەروەک تراژیدیەکانی کلاسیک لە ئاستێکی سیاسی باڵادا، باس لەوە دەکات تا چەند یاسا و ڕێساو کانی ووڵات لەگەڵ یاساکانی سروشتدا یەک دەگرنەوە. ئەوەش تراجیدیا وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ بەردەوامی سیاسەتی ستەملێکردن بەکار دەهێنن، ئەوەش هەروەک میتۆدی بانکی، پەروەردەکردن و فێرکردنی خەڵک بۆ قبوڵکردنی ئەو واقیعەی کە هەبووە بێ هیچ نارەزایەک.

بواڵ دەیەوێت ئەوە پیشان بدات کە چۆن بەها سیاسیەکان بە هۆی شیعرەوە گوزارشتیان لێدەکرێت و چۆن بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، کە ئەرستۆ دژی دەوەستێتەوە. بواڵ بۆمان ئاشکرا دەکات کە چۆن ئایدیا و بیری سیاسیانە بە دەقە شیعریەکانەوە داپۆشرابوو، بەڵام بەو بەوشێوە شیعریە کە لای خەڵک شاراوەبوو، تراژیدیەکان هەرچەندە لە میتۆلۆژیاو ئەفسانەکانەوە سەرچاوەی گرتووە و بناخەیەکی پر لە نهێنی و پەنهان و راز و نیاز هەڵگرتووە، کە بەرگریکردنە لە ئافسانەی دەسەڵات، لەوێدا پاڵەوان ڕووبەرووی چارەنووسی خۆی دەبێتەوە، ئەوەش سەرەتایەکی تێگەیشتنە لە سیماتی هاوسۆزی بەرامبەر ئەو ئەفسانەو داکەوتە ئەو واقیعە دەبێتە ڕاستی لای بینەران. ئەو هاوسۆزیە بۆ پاڵەوان و بۆ واقیع، بە دیدی ئەو لە فۆرمی شانۆدا بەکارهێنرابوو.

بواڵ مەبەستی ئەوەیە کە بەکارهێنانی سیمپاتی لە شیعردا، بۆ ئەوەبوو چونکە خەڵک نزیکایەتی و ئاشانیەتی لەگەڵ دەقە شیعریەکاندا هەبوو. هەروەها سیستمی ( سیاسی ـ شیعری) لەسەر دیاردەو فۆرمەکانی چینی باڵادەست دامەزراوە، کە چەوساندنەوەی لە تێکستدا شاردبووە، بۆ پارێزگاری لێکردنی ئەوستروکتورەی کۆمەڵگا و دابەشکردنی چینەکان و دەسەڵاتەکان لەسەرەوە بۆ خوارەوە. کە هەل و مەرجی دەسەڵات وەک ئاکارێکی سروشتی و بێ ئەڵتەرناتیڤ چاو لێبکات، کە ئەو واقیعی دەسڵات دابەشکردنە وەک ڕاستیەکی شاراوە قبوڵ بکات، کە خەڵک بەرامبەر بە پاڵەوانی ریوایەتەکان protagonist هەست بە هاوسۆزی سیمپاتی بکات.

مانای ئەوەی خەڵک هاوسۆزی بۆ دیاردەکانی کۆمەڵگا و هەیکەلەکەی هەیبێت، کە هەمان سیستەم بەرهەم بهێنێتەوەو چەوساندنەوە تێکناشکێنێت، لەبیرمان نەچێت پاڵەوانی دراما و ریوایەتەکان protagonist هەمیشە سیمبوڵ و نوێنەرایەتی چینی باڵا دەستی کۆمەڵگا بوون. بواڵ باسی تراجیدیاکەی ئەرستۆ دەکات کە سیمپاتی چ کاریگەریەکی هەیە بۆ سەر چەوساندنەوە، بەڵام لە لایەکی تریشەوە بواڵ پێناسەیەکی تری هەیە بۆ سیمپاتی کە جیاوازە لە دیدەکی ئەریستۆ، لەشانۆی سەکۆدا سیمپاتی زۆر گرنگە بۆ کارکردن بۆ ئازادی و سەرفرازی. پاشان بینەر سیمپاتی دەبەستێتەوە بە رووداوەکان، وە بە چ شێوەیەک بینەر سیمپاتی بنووێنێت و بۆ کێ سیمپاتی هەبێت، جا بۆ ئەو چەساندەوەیە بێت یان بە پێچەوانەکەی بۆ ئازادی سەرفرازی و گۆڕینی واقیع و داکەوتەکە بێت.

بواڵ گازندەی خۆی ئاراستەی ئەریستۆ دەکات، بەوەی کە بەرهەمهێنەری ئەفسانەیە، ئەو ئەفسانەیەی کە بێدەنگمان دەکات لە بەگژاچونەوەی ستەمکاریدا، ئەو ئەفسانەیەی کە لەخوڵقاندنی مۆنۆلۆگدا دەورێکی باڵای هەیە، ژیانی ئێمە بەردەوام دەجوڵێت، لەم چرکەدا کە ژیان وەک هەل و مەرجێک تاقی دەکەینەوە، گەر هیچ وەلامێک لە ژینگەی دەورو بەرمانەوە نەهات ، بەو واتایەی کە دیالۆگ جێگەی خۆی لەگەڵ تاکە دەنگی مەنەلۆگ گۆریوەتەوە.

گەلێک جاران ئەفسانەکان دەوری سوکنایەتی و تێراپیدان لە ژیانماندا هەیە، بۆ نموونە خۆسازاندن لەگەڵ نادادوەری کۆمەڵایەتی و بندەستی، کاتێک دەگونجێت ئەگەر ئەمانە پەیوەندیان بە بەسەرهاتی سروشتی مرۆڤەکان و پێویستی سزای هێزە خواوەندەکانی دەرەوەمان هەبێت.

تراجیدیاکەی ئەریستۆ تالیس لە رووداوی چیرۆکی پاڵەوانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، لە تراجیدیادا پاڵەوانەکان بۆ میهرو چاکە خەبات و کۆشش دەکەن، دیارە چاکەکردن لە لای بواڵ زۆر بەروونی دیارە کە لە پێکهاتەی دەستور و یاساو رێساکانی کۆمەڵگادا خۆی بەیان دەکات. لەو کاتەدا مەرگەسات و تراجیدیا دەست پێدەکات کە خاڵی لاوازی پاڵەوانەکە ئاشکرا دەبێت، لاوازیەک کە لە دەستپێکەوە هۆکارێک بووە بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە پلەی باڵای پاڵەوانەکە پێش کەشف بوونی کە تێیدا ژیاوە، لاوازیەک کە هەمیشە خەسڵەتێکی ناجۆر و خراپ بووە کە ڕێی لە پاڵەوانەکە گرتووە بە کۆمەڵگا هۆمۆژین و یەکپارە و هاوشێوەبێت.

هەروەها لەسەرەتای تراجیدیاکەشدا هانی بینەر دەدات کە هاوسۆزی خۆیان بنووێنن بەرامبەری. بەڵام هاوسۆزی لە دیدی بواڵ ئەوەیە کە وەک بینەر خۆخستنە ناو دۆخێک و پەیوەندی ببەستیت، هەست بە بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکە بکەیت، خۆخستنە ناو بارودۆخێک کە پەیوەندییەک دەخوڵقێنێ کە بینەر لە کایەی خۆیدا پاسیڤ رەفتار نابێت، بینەر رێ بە بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکان دەدات، کە رووداوەکان بەجێبگەیەنن. لە پاشاندا تراجیدیا خاڵێکی وەرچەرخان وەردەگرێت، کە بینەران بەهۆی هاوسۆزیەوە لەگەڵ پاڵەواندا لە هەوراز و نەهامەتییەک بەیەک دەگەن، لە دواجاردا ڕووداوەکان بە ئاکام دەگەیەنن. جا بۆ ئەوەی رووداو و چیرۆکەکە تێک نەچێت و جێگای پاڵەوان نەڕمێت لە دواجاردا پاڵەوان دان بە لاوازی خۆیدا دەنێت. بە بروای بواڵ مەبەست لەم دانپیانانە ئەوەیە کە بینەر لە سیمپاتی و هاو هەستی خۆیاندا دان بە هەڵەو لاوازی خۆیاندا بنێن.
ڕوانگەی بواڵ بۆ کێشەکە ئەوەیە کە پێویست ناکات بینەران تووشی هیچ کارەسات و ناخۆشیەک ببن، چونکە هەموو ئەوشتانەی کە روویداوە لە کارەکتەرێکەوە بووە لەبەر ئەوە لە هەر وەختێکدابێت بینەر ئەوە بەجێدەهێڵێت.
ئەریستۆ تاڵیس داوا دەکات، کە تراجیدیا بە موسیبەتێک و کارەساتێک کۆتایی بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی لە رێگای هاوسۆزی بینەرانەوە تەواو هەست بە گرنگێتی دانپیانانی تاوان بکەن، لەگەڵیشیدا گرێی بدەنەوە بە ژیانی رۆژانەوە، بە بۆچونی ئەریستۆ بەهۆی کەوتنە ناو ئەو ترسی نەهامەتی و موسیبەت و کارەساتەوە بینەر پاک دەبۆوە لە خاڵی لاوازیان.
بەڵام جارێکی دی بواڵ جەخت لەوە دەکاتەوە کە خاڵی لاوازی پاڵەوانەکان، سیفاتی ناجۆر و خراپیان لە سەرچاوەی یاساو ڕێساو دەستوری کۆمەڵگە بنیات نراوە. ئەمەش ئەرستۆ وای دەبینێت کە هەموو بۆچونەکان پاک بکرێتەوە لەو گازندانە و رەخنانەی کە لە ستروکتوری کۆمەڵگا دەگیرێت، بە واتەیەکی دی بۆمان نییە ڕەخنە لە ستروکتوری کۆمەڵگا بگیرێت، کە چۆن دابەش کراوە.
هاوسۆزی لە تراژیدیا بەو شێوەیە نموونەی بەردەوامی و جێبەجێکردنی چەوساندنەوەیە. تراژیدیاکەی ئەریستۆ دەرسی خەڵک دادەدات و کە باریان دەکات بە خۆڕاهێنان و خۆ گونجاندن لەگەڵ داکەوتە و واقیعەکە، کە بەدەنگ نەیەن و بەگژیدا نەچنەوە
بواڵ دەڵێت ئەم جۆرە سیمپاتی و هاوسۆزیە هەتا ئێستاش بوونی هەیە، بەتایبەتی لەناو فیلمە سەرکەشە رۆژئاواییەکان،و لە شانۆ ڕەسمی و نەریتیەکاندان konvention و لە زنجیرە تەلەفیزۆنیە خۆشهاتەکاندا Tv.sopor دا، لەوکاتەدا بینەر خۆی لەگەڵ پاڵەوانی دراماکەدا پەیوەند دەکات، بۆ ئەوەی هێزی خێر بەسەر شەردا سەرکەوێت. یا وەک لە هەندێک تێکست و شانۆییە دروشم بازیەکاندا بە ناوی نەتەوەپەرستییەوە، پاڵەوان لەسەر دروشم بازی رادەهێنن، ئەو جۆرەش خزمەت بە دەسەڵاتی سەرکوتکرانە دەکات، لەژێر ناوی نەتەوەو بە پیرۆزکردنی سەرکردەکاندا، چونکە ئامانجی مرۆڤیانەو و گەرانەوەی مرۆڤبوون بەدروشمگەرایی دژی چەوسێنەران نابێت.

بەواتایەکی تر دراما تراجیدیەکەی ئەریستۆ تاڵیس نوێنەرایەتی شۆڕشگێرانەی گروپەکان ناکات، لەودەمەدا فۆرمی تراجیدیا داوای کۆمەڵگەیەک دەکات، کە سترکتورو فۆرمی تایبەتی هەبێت بێ هیچ گۆرانکاریەک، پاشانیش دراما تەنها ئەو سترکتورە ببینێت و تێیدا بژی. کۆمەڵگایەک کە چۆن بەروونی بەو ئاراستەیەی کە چ بوونێکی هەیە و چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، تەنها ئەوکاتە دەتوانیین خۆمان لەو دۆخەدا ببینینەوەو، بگەینە خاڵی پاک بوونەوە. ئازادی لە روانگەی ئەریستۆ تالیسەوە.

ئەو جۆرە هاوسۆزیە بەلای ئۆگستۆ بوڵەوە ووشەیەکی خراپە، چونکە ئەوەش دەبەسترێتەوە بەو میتۆدەی کە لەشانۆی ئەوروپادا بەکاردەهێنرا بۆ ئەوەی کار لە مرۆڤەکان بکات. بەڵام لە لایەکی تریشەوە نابێت ئینکاری ئەوەبکرێت کە لە شانۆی سەکۆدا پێویستە باوەڕمان بە سیمپاتی هەبێت کە بینەر بتوانێت خۆی بناسێتەوە لە پاڵەوانی ڕیوایەتەکەدا.
بەدیدی بواڵ بە هاوشێوەی ئەوەی کە باسی ئەرستۆمان بۆدەکات، کە چ رۆڵێکی هەبووە لە بناخە سەرەتاییەکانی شانۆدا، هەروەها چ کاریگەریەکی هەبووە لە بەرەو ]ێشەوە چونی دونیا و رەوتی شانۆدا، هەروەها باسی نیکۆڵای میکیاڤیللی و شکسپیریشمان بۆ دەکات و ئەرگومێنتەکانی خۆیمان پێشان دەدات، کە چۆن بە هوشیاریەوە لە بونیادی شانۆی رۆژئاوادا بەرجەستەکردنی چەوساندنەوە درێژەی هەیە. هەروەها بەگشتی باسی میکیاڤیللی و شکسپیر دەکات کە چۆن لە شانۆدا گەشەیان بە خوڵقاندنی کارەکتەرەکانیان لە ئۆبجەکتەوە بۆ سوبجەکت داوە ، هەردووکیشیان لە ماوەی چاخەکانی ناوەراستدا گەلێک چالاک بوون، لە سەردەمێکدا کە لە کۆمەڵگادا کەنیسە خاوەن دەسەڵاتێکی زۆر بووە ، بەتایبەتی لە کۆمیدیاکەی میکیاڤیللی بە ناونیشانی ماندراگۆلا Mandragola کە مەرامێتی نیشان بدرێت کە بینەران کەیف خۆش بن، بەڵام ئەویش بەرێگای دەسەڵاتی ئایندارێتی ئەقڵیەتی کەنیسە. لە ڕۆمای کۆندا چینی دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆیان و ئارامکردنەوەی نارەزای خەڵک، نەک دیالۆگکردن لەگەڵیاندا دەیان ووت زۆرکردنی نان و سەما بۆ گەل زۆر پێویستە ، لە پێناوی نەرمکردنەوەو مسۆگەرکردنی ئارامی خەڵکدا، بۆ ئەوەی بەگژ ئەو ناعەدالەتیەدا نەچنەوە، واقعی سەرداری خۆیان مسۆگەر بکەن و درێژەی پێ بدەن.

بەلای بواڵەوە ماندراگۆلا یەکەم قۆناغی پەرینەوەیە لە مێژووی شانۆدا، کە کارەکتەراکان رۆڵەکان بە ( تاکگەرایی) ئندیڤیژواڵ کرا، پێشتر رۆلەکان وەک سیمبوڵ هەبوون، تەنها دەلالەتیان دەبەخشی و بۆ موتیڤ و هۆی شانۆییەکە ئامژەیەک بوون. لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵەکان لە ماندراگۆلادا مۆرکێکی تەواو گەشەسەندوو نەبوون، لەو زەمەنی کارەکتەرا ئۆبجەکتیڤانەوە گۆرانکاریەکی کەمی بەسەردا دێت بۆ بە سوبجەکت بوون، واتە کارەکتەراکان کەمێک بوون بە سوبجەکت،بەلام سوبجەکتی تەواو نا. لە ماندراگۆلادا کارەکتەرەکانی ناو دراماکە کەمێک بەرگی ئۆبجەکتیان داکاند، ئەوەش ئاراستەو وەرچەرخانێکی زۆر باش بوو بۆ ئەوەی نووسەرانی دوای میکیاڤیللی جۆرێکی تر کارەکتەر دابرێژن. تا لای شکسپیر زۆر بەتەواوەتی ئیندڤیژوڵی تاکگەرایی کەسەکان گەشە دەسەنێت.

شکسپیر لە دراماکانیدا هەموو مرۆڤەکان وەک مرۆڤ بوونی خۆیان باسیان دەکات و دەیانگێرێتەوە، واتە لەلای شکسپیر کارەکتەرەکان ناسنامەی مرۆڤ بوونی خۆیان وەرگرت، بەنموونە هاملێت دیار نییە کە بەرجەستەی گومان و نادڵنیایی بکات یان سیمبوڵێک بێت بۆ گومان و نادڵنیایی بەڵکو کەسێکە خۆی گومان دەکات و نادڵنیایە، کاتێکیش کە بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکان دەبێت بە چەمکێکی کۆنکرێتی، بە دیدی بواڵ، ئەوە پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ تێگەیشتنی بۆرجوازیەکان.




گەمەی شانۆو پرۆسەی بە دیمۆراتیزەکردنی خوێندن … زاهیر عەبەڕەش

جۆن دێوی ، هەمیشە خوێندن و دیموکراتیەتی بەیەکەوە گرێداوەتەوە. بەلای ئەوەوە دیموکراتیەت تەنها شێوازی بەڕێوەبەرایەتی کردن نییە، ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە ، کە دیموکراتیەت ئەوەیە کە دەبێت لە ناو مرۆڤەکاندا دیالۆگ بەردەوام بێت، کە ئەزموونی جیاوازیان هەیە، دیوی لەوبارەیەوە دەنووسێت کە چۆن بیر گەشەدەکات، هەروەها چۆن یاریکردن و بەدراماکردن ئەو هەل و مەرجەمان بۆ دەرەخسێنێت، لە حاڵەتێک کە دۆخی ژیان بەرهەم بهێنێتەوە، بۆ بەدەست هێنانی زانست و پیادەکردنی، یاری و بەدراماکردن کاریگەری لەسەر کردارمان دادەنێت و بەریوەمان دەبات. بەهەمان شیوەش لەلای بواڵ و فریرێ جەخت لە نەهێشتنی چەوساندنەوە دەکەن لەبواری پەروەردەدا، بەڵام بەهامان میتۆدی جۆن دێوی نا بەڵکۆ بە میتۆدێکی تر.

بواڵ بەهاوکاری فریرێ لەبارەی داگیرکردنی کلتورییەوە، بەزانیارییەکانی خۆی لەبارەی شانۆ مینبەرێکی بۆ دیالۆگ خۆڵقاند، بینەر، بەشدار و خوێندکار بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی بەرپەرچی ئەو کلتوری داگیرکاریە بدەنەوە کە بڵاوبۆتەوە.
هەمیشە دیالۆگ سەنتەرە لەلای ڤیۆنسکی، بواڵ و فرێری، هەرسێکیان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دیالۆگ لەگەڵ ئەویتردا رووی دووەمی ئەو شتە دەبینیت کەبەدەستەوە گیراوە ئەویش پەیوەندی بە هەردوولای خاوەن دیالۆگەوە هەیە، ڤیۆجتسکی دەڵێت داهێنانی مرۆڤ ئەوەیە کە لە پرۆسێسی گۆرینی ئێستا داهاتووت بۆ مسۆگەر دەکات، هەروەها ڤیۆجتسکی هەرووەک بواڵ جەختە لە سەر پۆتەنسیالی یاریکردن دەکاتەوە.

فرێری دەنووسێت مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە لە ڕێگەی بەکرهێنانی زمانەوە، توێژینەوە لە واقعیەتی راستەقینەی خۆی دەکات، هەر لەو قابیلیەتەوەیە کە دەتوانێت کە پێ لە سەر ڕاستیەکان دابنێت، کە وادەکات، مرۆڤ کاریگەری دابنێ کە چۆن واقعی ئایندەی بخوڵقێنێ، زمان ئامرازێکە بۆ پیادەکردنی کرداری ڕٶشنبیری لە هەمانکاتیشدا ڕایەڵێکی گرنگە بۆ کرداری کۆمەڵایەتی. هەوڵدانی مرۆڤیش بۆ بەکردارکردنی ووشەکانێتی، کار بەواتای کردەییکردنی ووشە دێت مەبەست لە ووشەش بیر و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە ، کار جیاناکرێتەوە لەبیر، بەڵکو کاریگەری لەسەر بیر هەیە، بیرکردنەوەکان ناگەنە ئەنجام ئەگەر پرۆسەی فێربوون ڕاستەقینەو زانستیانەوە سەردەمیانە نەبێت، پرۆسەی زانستیانەو سەردەمیانەش ئەوەیە کە کێشەکان و مەسەلەکان نمایشبکات و ئەنالیزەیان بکات تا بەئاسانی بتوانرێت گۆڕانکاریان تیا بکرێت، ڕەخنەگرتنەکان دەبێت بە داکەوتێکی پراکتیکراو واتە هەڵوێست وەرگرتن. ناوەرۆکی ئەو بەرنامەو میتۆدەی کە کێشەکان دەستنیشان دەکات و نمایش دەکات خۆی لە خۆیدا بەرنامەیەکی دیالۆگکارانەیە.

ئەویش بە واتای ئەنالیزەکردن و شیکاری واقیع بەدیدێکی ڕەخنەگرانە. هەرکاتێکیش بە دیدو بەمیتۆدێکی ڕەخنەگرانە باس و توێژینەوەکان دەکرێن، سوودی یەکجار گەورە بە پرۆسەی خویندن دەگەیەنێت. ئێمە دەبێت ئەوە فیری خوێندکار بکەین لە ڕەخنە بگرێت، گرنگ نیە چیە دەڵیت و لەگەڵ ئایدۆلۆژیا و بیرو باوەڕی تۆ دەگونجێت یان نەء، گرنگ ڕەخنە گرتنە، بۆنموونە ئەگەر لەوانەی مێژوودا بین، کە وانەیەکی تێدایە باس لە شۆڕشەکانی شێخ مەحمود و بارزانی دەکات، دەبێت شیکاری خوێندکار و ئەنالیزەی خوێندکار ئەوەبێت، کە چۆن ئەو سەردەمە دەخاتە ژێر ڕەخنەی خۆیەوە، ژێر گومانی خۆیەوە، دراما پیداگۆگیک، گەمەی سەکۆ و ڕوونکردنەوەی بەهاکان، باشترین هاوکاریمان دەکات، تا بتوانیین ئامرازی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پێشکەش بە خوێندکاران بکەین. تۆ بیر بە خوێندکار دەکەیتەوە، نەک بیری پێ بهێنیتەوە، بیرکردنەوەش دەبێتە سەرجاوەی مەعریفە. خوێندکار فێری گومان دەکەیت، کە گومان لە واقیعی ڕابوردوو و ئێستای بکات، پەروەردە لەلای فرەیرێ پێدانی زانیاری نییە بەڵکو دەستەبەرکردنی ئامرازاکانی بەدیهێنانی زانیاریە لە بارەی بوونی خۆمان و واقیعی ئەو هەل و مەرجەی تێیدا دەژین.

ئایا دراما هۆو میتۆدێکی بەکەڵکە بۆ ئیدارەکردنی کێشەو ناکۆکیەکانی کە لە قوتابخانەکاندا ڕوودەدەن؟ ئایا دراما دەتوانێت، خوێدنکاران فێری خۆشەویستیەکی قوڵ بکات، خۆشەویستنیش بە مانای فێرکردنی دیالۆگ چونکە لە کاتی رق و بێ دەربەستیدا ناتوانین دیالۆگ بکەین، مەرجی یەکەمی دیالۆگ خۆشەویستی و قبوڵکردنی یەکتریە.

لەدرێژای ئەم باسەدا بۆمان ڕووندەبیتەوە کە چۆن پیداگۆگەکان لە خوێندگاکاندا، بە پاشخانی ڕۆشنبیریان کار لەگەڵ کەش و هەواو ژینگە کۆمەڵایەتی و ئیدارەی کێشەکان لە خوێندگاکاندا دەکەن، هەموو خوێندگایەکیش ژینگەیەکی لۆکالی و داکەوتەیەکی سەر بەخۆی هەیە، کە دابڕ نیە لە داکەوت و واقیعە کۆمەڵایەتیەکەی کە تیدا دەژین. کارکردنیش ئەوەت بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە چ میتۆدێک شیاوە بۆ کارکرن، ئەو پرسیاری کارکردنەش دوا جار ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەوە درامایە کار لەگەڵ کێشەکان دەکات، دەشبێت ئیدارەی کێشەکان بەشێک بێت لە ئەرکی پیداگۆگەکان. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، چۆن هێزی زانستی پیداگۆگەکان کاریگەری خۆی دادەنێت، کاتێک لەگەڵ کێشەو ناکۆکیەکاندا کار دەکەین؟ لە خوێندگاکاندا، بۆ مامۆستا چ میتۆدێکی ئیدارەی کێشەو ناککیەکان سودمەندە؟ بە چ شیەوەیک ئیدارەکردنی کێشەو ناکۆکیەکان دەبێت بەشێک بێت لە ئەرکی پیداگۆگەکان.

لەبەر ئەوەیە کە باوەر وایە کە دراما وەک فۆرمێکی دەڕبرین پێویستە لە خوێندنگاکاندا جێگایەکی زۆر فراوانی هەبێت، ئەزموونی زۆربەی پیداگۆگەکان و لێکۆلەرەوان لە پرۆسەی خوێندنی دراما لە ووڵاتانی ڕۆژئاوادا وای دەبینن، بەهۆی بەدراماکردن و دراماتیزەکردنی جۆرەها بارو دۆخ و حالەت، دەتوانرێت مێشک فراوانترو تێگەیشتن زیاتربکات، هەماهەنگی و سیمپاتی و سینگراوانی و بەخشندەیەی و بە مرۆڤ بوون پەیوەستە بەهەمووان. نموونەیەک بۆ ئەو دۆخە دەهێنینەوە، ئەویش دۆخی ناکۆکی و کێشەی قوتابخانەیە، لێکۆلەرەوانی پرۆسەی پەروەردەی زانستی دەڵێن خوێندنگا ئەو جێگایەیە کە هەمیشە پرۆسەی بەکۆمەلایەتی (socialiserings processer) بوون تێدا روودەدات . لە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتی بوون ئێمە فێری نۆرمەکان، دیاردەکان و زانیاری ئەو عورف و عادەتە دەبین کە لە کۆمەڵگادا ڕێگا پێدراوە.

بێگوومان لە خوێندگاکاندا حاڵەتی کێشەو ناکۆکی شتێکە بەردەوام ڕوودەدات، لە ووڵاتانی رۆژ ئاوادا ناتوانرێت خۆی لێ لابدرێت، بەلام دڵنیام کە کێشەو ناکۆکیەکان، لە کوردستاندا بنەبان دەکرێت و بگرە دەزگای خوێندنگا هەر ئاگاداری نییە و زهنیشی بۆی ناچێت، وە هەتا بەرکەوتن هەبێت، کێشەو ناکۆکیش دروست دەبێت، ناکۆکیش ناکرێت تەنها لەیەک ڕووەوە سەیر بکرێت، تەنها وەک کیشەیەک بە بارە نێگەتیڤەکەیدا بیبینین ، بەڵکو دەشێت ناکۆکی هەل و مەرجی پێشکەوتنیش هەبێت، بەڵام کاتێک ناکۆکی بە کێشەو گرفت و بێ توانایی دەمێنێتەوە، کە ئەگەر بەشێوەیەکی ئەرێنی مامەڵی لەگەڵ نەکەین. باسکردنی کێشەو ناکۆکی لە قوتابخانەکاندا مەبەست ئەوەیە، کە خوێندنگا ژینگەو زەمینێکە کە خوێندکاران ئەوە بوارەیان پێبدرێت کە فێری ئەوە بکرێن کە چۆن بەشێوەیەکی تەندروست، فێری ئیدارەکردنی کێشەکان بکرێن، بەشێەوەیکی مرۆڤ و دۆستانەو باش فێری ئەوە بکرێن کە لەگەڵ گرفت و ناکۆکیەکان مامەڵە بکەن.

لێکۆڵەراوان و پشپۆرانی بواری پەوەردە باوەڕیان وایە دەبێت قوتابخانە زانستی ئیدارەی کێشەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکیەکان فێری خوێندکاران بکات، مامەڵەکردن لەگەل کێشەکان پێویستی بەکارزانی، قابیلیەت و خودێکی ئەکتیڤە، ئەوەش ئەرکی قوتابخانەیە، کە خوێندکاران مەشقی ئەو لێهاتووی و قابیلیەتەبکەن وەک هەموو بابەتەکانی تری خوێندن، زانیاری لەسەر مامەڵکردن لەگەڵ گرفتەکان و ئیدارەی کێشەکان سەرەتای ئەو لێوەشاوەیی و توانستەیە کە بتوانین لە جهیانی دەرەوەی خوێندگادا بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست بەکاربهێنرێت، هەروەک چۆن جۆندێوی دەڵێت ” دەبێت زانستەکان بەرینەوە دەرەوەی قوتابخانەکان” واتە زانست بە ژیانەوە ببەستینەوە. جۆندیوی یەکێک لە سەرقافڵەی پراگماتیکی و خاوەنی قوتابخانەی پرۆگرەسیڤی بوو، ئەم بۆچوونە داوای دەکرد با منداڵان خۆیان دەرک بە ژیان و زانیاریەکان بکەن، چۆن دەست بەزانیاریەکان بگات،زانیاریەکانی خوێندنگاش دەبێت لە پێویستی و پرسیاری مندالانەوە سەرجاوە بگرێ، بابەتەکان سەرجاوەی زانیاری منداڵان فراونتر بکات، هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی سەرەتای سەدەی 1900 ندا بەهۆی کۆچی خەڵک و تێکلاوی کولتوورەکان، واقعێکی نوێ لە شۆڕسی پیشەسازی هاتە ئاراوە، دیوی دەیویست ئەو گٶرانکاریەی دەرکەوتەی ئەمریکا لە پرۆسەی خوێندا ڕنگ بداتەوە، نەک لە نێوان تێۆری پرۆسەی خوێندن و دەرکەوتەی پراکتیدا. بۆشای دروست بێت. دەیویست ئەو زەمینە بخوڵقێنێت کە خوێندکار گوزارشت لە گۆرانکاریەکانی کۆمەڵگا و شرۆڤەی کۆمەڵگاکەی خۆی لە خوێندنگاکاندا بکات، بەوا تای پێەکی لە تیۆری پێکەی تری لە داکەوتی کۆمەڵگادا بێت.

یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی قوتابخانە ئەوەیە کە کاربکات بۆ چەسپاندنی بەها بنچینەیەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، کە کۆمەڵگای لەسەر بنیاتنراوە، لەبەر ئەوە دەبێت و پێویستە خوێندکار فێری توانی تێگەیشتن لە غەمی ئەوانی تر بکرێت و هاوسۆز بێت بۆیان. فێری کولتوری دیالۆگ بکرێت، خەسڵەتی کلتووری دیالۆگ لە تووێژینەوەی بابەتاکانەوە دەست پێدەکات، کە ئەرکی پیداگۆکەکانە ئەو واقیعە شیتەڵ بکەن، کە دەکەوێتە نێوان خوێندکارو مامۆستاوە، خوێندنگا دەبێت دژایەتی و پەرپەرچدانەوەی هەموو مەیلێکی ئازاردان و هەراسانکردن ئەکتیڤ بکات. زیندەگی مرۆڤ، بێ حورمەتی نەکردن، ئازادی تاکەکان، سەروەری مرۆڤ، بەهاو نرخی هەموو تاکێک، یەکسانی ژن و پیاو، سۆڵیدارێتی، هاوکاری بێ هیزەکان و دووچاری گرفت هاتووەکان هەموو ئەو بەهاو نرخانەیە کە قوتابخانە دەبێت بینای بکات و بیگوازێتەوە بۆ ناو ژیان.

هەرمامۆستایەک گەر ئەم چەند دێڕانە بخوێنێتەوە و پرسیار لە خۆی دەکات، یان وە پێویستە پرسیار لەخۆی بکات، ئەی باشە بە چ میتۆدێک باس لەم بەهایانە بکەین، تۆک وەک مامۆستایەک میتۆدەکەی تۆ جیاوازی لەگەڵ میتۆدەکەی ئەوی تردا چییە؟ . من دڵنیام کە لە کوردستان زۆر بەکەمی یان ڕەنگە هیچ مامۆستایەک ئەم پرسیارەی بە مێشکدا نەیەت، چونکە زۆربەی خوێندگاکان مامۆستاکان و تەنانەت سیاسەتی پەروەردەیی، تەنها گواستنەوەی زانیاری لە قوتونراوی مامۆستایە بۆ خوێندکارو، ئەویش کۆپی زانیاری مامۆستا دەکاتەوە، بەهیچ شێوەیەک خوێندکار زانیاری بەرهەم ناهێنێتەوە.




فێستیڤاڵی شانۆی ئەمازیغی … زاهیر عەبەڕەش

هونەرو کولتور چەندێک پرۆسەی بینین، بیستن، هەستپێکردن ومەعریفەیە هێندەش پرۆسەیەکی بەیەکگەیشتنی تاکەکانە ودروستکردنی دیبەیت وخوڵقاندنی کەشێکی کۆمەڵایەتیە. کورترین رێگایە بۆ ئاوێتەبوون و تێکەڵاوبوون، دروستبوونی دیالۆگە بەتایبەتی سەر وەختێک کە فێستیڤاڵێکی هونەری دەبینیت.

پەیمانگای رۆشبیری ئەمازیغی لە وەزارەتی کلتوری ووڵاتی مەغریب و ئاسمانی تافۆکات بۆ داهێنان، چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئەمازیقی لە شاری کازابلانکا لە ڕۆژانی 6 ی سێبتەمبەری 2018 لە رۆژینی 6 ی سێپتەمبەر تا 10 ی سێپتەمبەر لە ووڵاتی مەگریب لە بەڕێوە برد، کە تێدا چەند بەرهەمێکی شانۆیی پێشکەش کراو، لەگەڵیشیدا هەندێک وارکشۆپ و کۆڕو و سیمینار هەبوو. بڕیاروابوو کە کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی کورد بەشداری ئەم فێستڤاڵەبن بەڵام بەداخەوە، کە نەیانتوانی بوو لەبەر بێ سپۆنسەری و هیچ دامودەزگایەکی کوردستان هاوکاری مادی نەکردوون لەم وەرزی قاتوقڕیەدا. بۆ ئەوەی حزوریان هەبێت و بەرهەمەکەیان نمایش بکەن.

گەلی ئەمزیقی ئاڵایەکی تایبەت بەخۆی هەیە کە بریتیە لە رەنگی شین و سەوز زەرد، کە هێمایە بۆ رەنگاکانی باشوری ئەفریقا. رەنگی ئاسمان و دەریاـ رەنگی شاخ و دارستان ـ رەنگی بیابان. پیتی Z بەرەنگی سور بەزمانی ئەمازیغی لەناوەراستی ئاڵاکەیاندایە ، لە ووشەی ئەزورانەوە هەتووە بەمانای رەگ IZURAN دێت. ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا لە مەحفەلە هەرەوەزیە هونەریەدا، ئەوەبوو. کێشەی گەلی ئەمازیغی تەواو وەک کێشەی گەلی کوردستان بوو بەتایبەتی کوردستانی باکور. هەتا ئێستا بەدوای شوناسی خۆیانەوەن. ئایا ئەوان گەلێکی سەربەخۆن یان بەشێکن لە ووڵاتی عەرەب.؟

ــ لە فێستیڤاڵەدا نەک تەنها شانۆکاران، بەڵکو موفەکیرو رۆشنبیرانی گەلی ئەمازیقی هاوکارێکی ڕژدی ئەم فێستیڤاڵە بوون، بە گێرانی سیمینارو کۆڕ لەبارەی شوناس و گەلی ئەمازیقی، کە ئەوەش نیشانەیەکی دڵخۆشکەرەرەیە، دەتوانرێت رۆشنبیرانی کوردستانیش لە فێستیڤاڵ و مەحفەلە هونەریەکاندا هاوکارێکی جدی هونەرمەندان بن، یەکێک لەو ڕۆسنبیرانە ئەحمەد عصید بوو کە رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو. باسەکانی بەناوی ئیشکالیەتی زمان و شوناس بوو. کە هەتا ئێستاش گەلی کورد هەمان ئیشکالیەتی هەیە. بەدیدی ئەو شوناس و تێگەیشتن دوو دیوی یەک دراون و زمان تەفاعولیان لەگەڵ دەکات.

کێشەی هەندێک لە شانۆکارانی کوردیش ئەوەیە کە بە باس لە شانۆی کوردی دەکەن بەو مانایەی کە دەبێت جلی کوردی یان بە زمانی کوردی بدوێن، بۆ ئەوەی خەسڵەتەکانی شانۆی کوردی دیاری بکەن، کە هەمان ئیشکالیاتی هەندێک لە شانۆکارانی ئەمازیغ بوو. بەڵام زۆر جار زمان تەنها گوزارشت کردنە. لەهەمووی گرنگتر تێگەیشتنە بە دید و تێروانینی کوردی یان ئەمازیغیەوە بۆ پرسەکان زمان تەنها تەفاعولیان لەگەڵ دەکات، لەشانۆدا تەنها یەک زمان نابینرێت بەڵکو چەند زمانێکمان هەیە، هەر بەشەو بە تەنها زمانی خۆی هەیە، وەک زمانی جەستە، زمانی موسیک، زمانی تێکست، زمانی ئاماژە، زمانی رووناکی و هتد. بەڵام لە باس و کۆڕو سیمینارەکاندا لە لایان رۆشنبیرانو موفەکیرانی ئەمازیغی راستکردنەوەیەکی تەواوی ئەو تێگەیشتنە هەبوو.

لە مێژووی ئەمازیغیدا کچ و کوڕ بەرامبەر یەک ڕاوەستاون و شیعریان بەرامبەر بەیەکتری ووتووە ، شیعریان بەسەر یەکتردا هەڵداوە، زۆر جارانیش ژنان سەرکەوتوو تربوون پیاوانیان لەکۆڕی شیعریدا بەزاندووە. کاتێکیش فتوحاتی ئیسلام ئەو ناوچانە دەگرێتەوە و بەزەبری شمشێر ئەمزیغیەکان موسوڵمان دەبن، ئەو کلتوری کرانەوەیەی کە هەیان بووە بەرەو نەمان دەچێت. لەبەر ئەوە تێگەیشتننیان دەبێت لەو دیدگای کرانەوە و بە هەند وەرگرتنی مافەکانی مرۆڤ بێت، ئەوەش بەواتای تۆ دەبێت تێگەیشتنێکی خۆتت هەبێت بەرامبەر بە بابەتەکان، یەکەم وەک مرۆڤێک وەک تاکێک دووەم وەک ئەمازیغیەک یان وەک کوردێک. کێشەی شانۆ و تەنانەت سینەمای کوردی ئەوەنیە بەزمانی کوردی و بە ئاخاوتنی کوردی بەرهەمەکانمان پێشکەش بکەین بەڵکو گواستنەوەیەتی لە لادێوە بۆ شار بۆ مەدەنیەت . لە سیمینارەکادا باس لەوە دەکرا کە عەرەبەکان بەگەلی ئەمازیقیان دەوت ئەوانە فۆلکلۆریان هەیە باسی فۆلکلۆری ئەمازیغیان دەکرد.

لەبەر ئەوە هونەرمەندان و شانۆکارانی ئەمازیغ ئەرکێکی قورستریان کەوتۆتە سەرشان ئەویش بزوتنەوەیەکی هونەری شوناس خوازیە. لەو دیدە داگیرکاریە ڕزگاریان بێت کە کلتوری گەلێک وەک فۆلکۆر سەیر بکرێت. هەروەک چون وڵاتانی سەردەستی کوردستان، ماف و مێژووی گەلێکیان تەنها لە هەڵپەڕکێ، خواردن، جلوبەرگ و فۆلکلۆری کوردیدا قەتیس کردبوو. وە هەموو نەتەوەیەک کە دەیەوێت لەسەر پێی خۆی رابووەستێت خوازیاری سەربەخۆیی ژیانی کلتوری خۆیانن، زۆر جار نەتەوە لە رۆحی گشتی خەڵکەوە دروست دەبێت نەک زمان و خاک، لەسەر هەردوو نەتەوەی کورد و ئەمازیغی پێویستە گەشە بەرۆحی گشتی بدەن، راستە خاک و زمان پێویستی پێکهاتەی نەتەوەو دەوڵەتە. بەرێوەبردنی کاری بەکۆمەڵی هاوبەش لە ڕبردوودا خواستی درێژەپێدان پێی ئێستاکەش مەرجە سەرەکیاکانن بۆ بۆ دروستبوونی نەتەوە. نموونەشمان زۆرن لەو پێکهاتانە.

ــ ئەو تێگەیشتنەی کە عەرەب بۆ شانۆی ئەمازیغی هەیبوو، هەندێک لە هونەرمەندانی کورد بۆ خۆی هەیبوو، بەو شێوەیە شانۆی کوردی ناوزەندو وێنا دەکرد. وای دەبینی ئەگەر کارەکتەرەکانی لە لادێ بن، نەخوێندەواربن و بەزمانی کوردی بئاخفێن، ئەوا شانۆی ڕەسەنی کوردیە. نموونەیەک دەهێنمەوە کە فیلمی زەڕ کە لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی ساڵی پار نمایشکرا، بەزمانی کوردی نمایش نەکرا. ئەکتەرەکان جلو بەرگی لادێ و تەزبیحیان بەدەستەوە نەبوو لەگەڵ ئەوەشدا تا سەر ئێسقان بەدوای شوناسی کوردیدا دەگەڕا. شار بەمەبەستی ئەوەی ژن، گەل پاڵەوان بێت وەک سوبجەکت بێت.

باس لە ئازدیەکانی تاکو مافی مرۆڤ بکەیت. پەڕینەوە لە دێوە بۆ شار بە مەبەستی ئەوەی جارێکی تر گەلی کورد یان ئەمازیغی وەک قوربانی سەیر نەکرێت، ژن لە تێکستەکانیاندا تەنها وەزیفەی گریان نەبێت. یان هەموو زەخت و پاڵەپەستۆکانی دەرەوەیان بەردەوام کاری تێبکات و تەواو پاسیڤ بن وخۆیان هیچ توانایەکی کردەییان نەبێت، وەک ئێستای گەلی کوردی باشور. ئەوە بە مانی ئەوە نیە کە ئێمە وەک کورد و ئەوان وەک ئەمازیغیەکان دەرگای رۆشنبیری بەسەر خۆماندا دابخەین و کەڵک لە هیچ ژیار وکلورێکی تر وەرنەگرین. یەکێکل لەو هەڵانەی ئەم دوونەتەوەیە کردیان دەرگا داخستن بوو بەڕوی دونیادا.

صعید لەباسەکەیدا باسی ئەوەی کرد، گەلی ئەمازیق سەرەرای ئەو ژیارە مێژووییەی هەیبووە، یەکێک لە خاڵە نەرێنیەکان ئەوەبوو، بۆ کاردانەوەی دژی مییلەتی عەرەب پەنایان بردە بەر چیاکان و تەنانەت منداڵەکانیان نەدەبردە بەر خوێندن، وایان دەبینی ئەوە کلتوری ئیسلام و عەرەبە، هەروەک ئێمە چۆن نەماندەهێشت لە گوندەکاندا قوتابخانە بکرێتەوە. لە کۆمەڵگای وەرزێریدا کە کلتوری بەرز لە پاوانی گروپێکی تایبەتیدا بووە، دەرەبەگ و ئاغاکان خۆیان دەکرد بەخاوەنی کلتور، بەڵام لە کۆمەلگای پیشەسازیدا کلتور لەسەر بنەمای خوێندەواری و پەروەردەو فێرکردنە بەشێک لە ئیمتیازەکان بۆ گروپی کەمایەتی لەبەرچاو نەگیراوە و لە هەموو کۆمەڵگادا پەرەی پێدراوە.لەبەر ئەوە شانۆی کوردی و ئەمازیقی پێویستی بە پەڕینەوەهەیە.

ــ یەکێکی تر لەو خاڵانەی تر کە دەمەوێت هەڵوێستەی لەسەر بکەم دوای دروستبوونی مێژووی ولاتانی عەرەب، بە بەپێی یاسا نمایشکردن و شێعرنوسین بە زمانی ئەمازیغی قەدەغەکرابوو. جارێکی تر شانۆ بەزمانی ئەمازیقی لە ساڵەکانی سەرەتای دووهەزارەکاندا لەدایکبووە، لەناو سەندیکاو کۆمەڵەرۆشینبیریەکاندا سەری هەڵدایەوە. جێی خۆشحالی بوو کە هەم گەلی ئەمازیغی و هەم رۆشبیرو هونەرمەندەکانیان تێگەیشتنێکی تەواویان بۆ پرسی گەلی کوردستان هەیە، ئەوان بەخۆیان دەڵێن کوردەکانی مەگریب و بە ئێمەش دەڵێن ئەمازیغیەکان. بۆ ساڵی ئایندە خولێ پێنجەمی فێستیڤاڵ وەک هاوکارێک و هاوبەشێکی خۆیان منیان وەک ئەندامی لیژنەی فێستڤاڵ دەستنیشان کرد. بە هیوام بتوانین ئێمەش هاوکاریان بین




نیگای پیاو … زاهیر عەبەڕەش

نیگای پیاو
the male gaze

…………….

فیلم بۆ خۆی ژیانە بەڵام لە فۆرمێکی چڕکراوەدا، کە لە نێوان مەرگەسات و بەختیارییدا ئەمسەرو ئەوسەر دەکات. لەم کورتکردنەوەی ژیانەدا فیلمسازان دەبێت پارچەکانی ژیان وا کۆ بکەنەوەو سازی بەدەن بۆ ئەوەی لە دونیایەکدا بژین، جیهانێک دروست بکەین کە رەگەزەکان وەک یەک مامەڵەیان لەگەل بکرێت.
ژن لە ٪53 مرۆڤایەتی پێکدەهێنن و، 2٪3 ی کاری هەموو جیهان ژن رایدەپەڕێنێت و، بەڵام ٪10 ئابووری جیهان لای ژنە و ، ٪1 ی دەسەڵاتی لە سیاسەتدا هەیە. فەرهەنگ و هەوڵدانی فێمینزم کاریگەریەکی بێسنووری لەسەر رەوت و کاکردن و تێۆری فیلم داناوە. یەکێک لەو چەمکانەی کە فێمینیستەکان لە فیلمدا باسی لێدەکەن چەمکی نیگای پیاوە (the male gaze) . . بەڵام ئێمە ئامارو کارکردن و ئاراستەی بابەتەکەمان ژن بوونە لە فیلمدا، تێراوانین و کارردنی ژن و پیاوە لە بواری فیلمسازیدا. بە گوێرەی توێژینەوەیەکی St. Lawrence univeristy ئەمەریکی ، پاڵەوانی سەرەکی فیلمەکان ، پیاو دوو هێندەی ژن رۆڵی سەرەکی دەبینن . لە فێستیڤاڵی ئۆسکاردا، لە 92 فیلم کە دەسنیشان کراوون بۆ باشترین فیلم لە هەموو بەشەکانی فیلمسازیدا ، تەنها 22 لەسەدی لە ژن پێکهاتبوو، ئەمە لە کاتێکدا بەگوێرەی ئاماری Motion Picture Association of America رێژەی چوونی ژنان بۆ سینەما لە پیاوان زیاترە، بێگوومان مەبەست لە ئەمریکاو ئەوروپایە، جا ئەگەر رێژەی جوونی ژن بۆ سینەما زیاتر بێت وەک لە رێژەی پیاو، ئەی دەبێت خستنەرووی کێشەی ژن چەند بێت؟ ئەی رۆڵگێران و کارەکتەرەکانیان لەسەدا چەندی ئەو رێژەیە پێک دەهێنن؟

لەتیۆری فێمینیستیەوە نیگای پیاو بەواتای ئەوەیە کاتێک فلیم چیکەرێک کارەکتەرێکی پیاو (هێترۆ سێکسوێلی)لە دیمەنێکی رۆمانسی و سێکسوالیدا دروست دەکات خەیاڵ و بیری بینەر بۆ ئەوە دەبات کە راستەخۆ و ئۆتۆماتیکی کارەکتەری ژن دەبێت ئوبجەکت و کاری لەسەر دەکرێت و پیاویش بە سوبجەکت و کار دەکات . کارەکتەری ژن نەبینراوە. فێمینستەکان بانگەوازی ئەوە دەکەن کە دەڵێن بەکاڵاکردنی ژن لە فیلمەکاندا سەدان و هەزاران جار روویداوە بێ ئەوەی هیچ رەنگدانەوەیەکی بۆ مێشکی ئێمە هەبووبێت.، هیچ رەخنەگرو و توێژەرەوەیەک کاردانەوەیەی بۆ ئەم بەکاڵاکردنی ژنە هەبێت و بیری بۆ ئەو لایەنە چووبێت.

جا هۆکاری گرنگ لەم تێروانینەدا چییە؟ بۆ بەوشێوەیە ژن لە فیلمەکاندا پیشان دەدرێت؟ هۆکارەکەی چییە کە لە فیلمەکاندا ژن بۆ دامرکاندنەوەی ئارەزوەکانی پیاو پیشان دەدرێت؟ بە بۆچوونی ئەوان یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان، کە رۆڵی ژن ئوبجەکتیڤە واتە هیچ بکەرێک نیە، ئەوەیە کە رێژەی فیلم سازانی ژن لە بواری فیلم دروستکردندا لە سەدا چوارە. بە واتای لەسەدا نەوەد و شەشی فیلم چێکەران پیاوان. هەر ئەوەشە وای کردووە تێروانینی پیاو زاڵبێت کاریگەری هەبێت بەسەر بواری فیلمسازیدا. بێگوومان ئەو کارەکتەرە ژنەی کە لە فیلمەکاندا پیشان دەدرێت، وێنەی پیاوە بۆ ژن کە دەبێت وابێت، نەک ژن خۆی چۆنە، بەو شێوەیە پیشان بدرێت. ئەو وێنەیەش وێنەیەکی کامڵ نیە بۆ ژن بە تێروانین و بۆچوونی فێمینستەکان. ئەوە نیگای پیاوە لە کێڵگەی فیلمدا بۆ ژن و بابەت.

سروشتی مرۆڤیش ئەوەیە کە چ پیاو چ ژن حەز دەکەن لەش و لاری ژن زیاتر ببینین وەک لە لەش و لاری پیاو. ئەوان لە دڵەوە خوازیاری ئەوەن و بانگەواز بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو نا یەکسانیە پەیوەست و هەڵسوراوبێت لە رووی بایلۆژیەوە نەک لە کلتوری ئەو گەلە خۆیەوە. ئەوان دەڵێن فیلم دەتوانێت بۆچوونی خەڵک ئاراستە بکات ، دووبارە بوونەوەی پیشاندانی ژن بە شێوەیە دەبێت بە کلتوور، نەک بە تەنها وەک میزاج و هەوەسی فیلم چێکەرەکە ئەژماری بکەین. بەداخەوە ئەو پەردۆکساڵە شتێکی دەگمەن نییە کە هەمیشە ژن بابەت نیە. لە پرۆسەی دروستکردنی فیلمدا، چەمکی نیگای پیاودا (.the male gaze)، بە واتای بەکاڵاکردنی جەستەی ژن و کاراکردنی جەستەی پیاو. فێمینستەکان پێیان وایە بەداخەوە ئەم جۆری کاردنە و لە ناو جەرگەئ ئەوروپاشدا هەیە و، جۆرێکە لە پارادۆکساڵ، کە نزیکە لە کۆمەڵگاو کلتوری رۆژهەڵاتییەوە. لەفیلمە ئەکشن و فیلمەکانی هۆلیودا هەمیشە ژن تەواو کەری پلانەکانی پیاو بوون، لە کۆتایی فیلمەکەدا ژندەبێتە قوربانی بۆ ئەوەی پیاو بگاتە ترۆپی ئامانجەکەی خۆی.

هەر بەگوێرەی ئاماری Motion Picture Association of America رێژەی چوونی ژنان بۆ سینەما لە پیاوان زیاترە، بێگوومان مەبەست لە ئەمریکاو ئەوروپایە، کە لە ساڵی 2012 لە کۆی 100 فیلم تەنها 28 ی ئەکتەرە سەرەکیەکان ژن بوون، هەر لەو ئامارەدا لە ٪57 ی ئەو بیست و هەشت لەسەدا کە رێژەکەیان ژن بوو تەمەنیان لە نێوان 13 ــ 20 ساڵان بوون. هەروەها لە کۆی ٪60 ی ئەو ژنانەی کە لە فیلمەکاندا نیشان دەدران بە بەرگی ووروژێنەرو سێکسیە پیشان دەدران و لە نیگای پیاوەوە بۆ جەستەی ئەوان و وەک کاڵای سێکسی پیشان دەدرا

بێگوومان ئەم چەمکە قسە باسێکی زۆری لەسەرەو بەردەوام لە گۆڤار و رۆژنامەکانی ئەوروپادا دیبەیت و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. بەڵام ئێمەی کورد و، فیلمی کوردی تا ئێستا لە ژێر خاڵی سفری چەمکی نیگای پیاوداین (the male gaze). دەبێت چەند ساڵی ترمان پێویست بێت، بۆ ئەوەی بگەینە خاڵی سەرو سفری ئەم چەمکە؟ ئەوەش لە بەرئەوەی فیلمی کوردی لە دروستبووندایە. نەمانتوانیە دیمەنێکی رۆمانسی یان سێکسوالی لە فیلمی کوردیدا دروست بکەین.

ئەوەی کە هەیە، لەو چه‌ند درامایه‌ی که‌ پیشاندراون له‌و فیلمانەی کە کوردستاندا بەرهەم هاتوون هه‌میشه‌ له‌ خولقاندنی نموونەی ژن بێ تێروانین، بێ خه‌ون و بی حه‌سره‌تن. ژن له‌و بەرهەمانەدا هه‌ڵگری هیچ خه‌ونێک نیه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندیه‌کی عاتیفییان پێکه‌وه‌ هه‌یه، یان دایک یان به‌ وه‌زیفه‌ی دایکایه‌تی هه‌ڵساوه‌.
له‌ فیلم و دراماو تەنانەت شانۆی کوردیدا پاڵه‌وانی ژن نادۆزیته‌وه‌، که‌ له‌گه‌ڵ ناراستیه‌کانی کۆمه‌ڵگادا و چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م ناراستیانه‌ رووبه‌روو بێته‌وه، یان خاوه‌نی ناسنامه‌ و ئیندڤیژوه‌لی خۆی بێت. یان زۆر به‌سه‌ربه‌ستانه‌‌ داوای ئاره‌زوه‌کانی ناخی خۆی بکات. یان بێ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کی عاتیفیان هه‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بتوانن ئینسجام و رێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌موو توخم و ره‌گه‌ز و چینێکی کۆمه‌ڵگادا بیبینین.

نیگای پیاو بۆ ژن لە بەرهەمە کوردیەکاندا لەوه‌دا قه‌تیس کراوه‌ که‌ وه‌زیفه‌ی کاره‌کته‌ری ژن گریان بێت به‌سه‌ر تراژیدیادا، یان لاواندنه‌وه‌ بێت بۆ مه‌رگی کوره‌که‌ی، براکه‌ی یان بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌گری. یان ده‌ست خۆشی له‌ کوره‌که‌ی کردووه‌ که‌ له‌ خه‌باتی چه‌کداری ‌حیزبایه‌تیدا بەشداربووە. راسته‌ گه‌لی کورد هه‌میشه‌ مێژوویه‌کی له‌ کاره‌سات و تراژیدیا هەبووە، به‌ڵام چ سودێکی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌و کاره‌سات و تراژیدیایه‌ نه‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ خاڵی ووشیاری و دا‌هێنان، بۆ هه‌ڵکۆڵین له‌و نه‌ریته‌وجارێکی تر ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ ئاماژه‌و سیمبوڵ وفۆرمێکی ئیستاتیکی.

هەمیشە بینەریش بەر کارەکتەری کارا و سوبجەکت دەکەوێت کە ئەویش وێنەی ئەو پیاوەیە کە پیشان دەدرێت. بینەریش بە هەمان شێوە لە چاویلکەی نیگای پیاوەوە سەیری فیلمەکە دەکات و، دەیکات بە کولتوری خۆی.
زۆر کەس باوەریان وایە جەخت لەوە دەکەنەوە کە نیگای پیاو کاریگەری زیاترەو و هەژموونی هەیە لە کلتووری ئێمەدا، لە تیڤی و زنجیرە تەلەفیزیۆنیەکان فیلم و تەنانەت ریکلامەکانیشمان، تۆ سەیری ریکلامەکانی تەلەفیزیۆنە کوردیەکەن بکە، تەنانەت ریکلام بۆ هەر حەب و دەرمان، چا، خواردنەوە سەوزە و میوەیەکیش بکەن دەڵێن بۆ سێکس باشە. سوودی بۆ سێکس هەیە، بێگومان، مەبەست لەسێکسیش، سوبجەکتی پیاوە. و پیاو لە شوێنەدا وەک بکەر و هێز دەردەکەوێت. بابەتی ژن و پیاویش پەیوەستە بەو کۆمەڵگا خۆیەوە. کەم بایەخ کردنی ژن، پەیوەندی بە چەمکی کلوری و مێژووی کۆمەڵگاوە هەیە. ئەو دەردە نەک هەر لە بواری ئەدەبی و هونەری فیلم سازی گرتۆتەوە، بەڵکو میدیای کوردی، تەواو لە چاویلکەی پیاوەوە سەیری هەموو رووداوەکان دەکات، ئەوەتا میدیاو رۆژنامەکانی کوردی سەرقاڵ بووە بە سمت و کەفەڵ و سنگ و مەمکی کیم کارداشیان kim kardashian
هەندێک ریکلام یان فیلم کە لەش و لارێکی پیاو دەبینین ماسولکەی هەیە، سێکس دەبێت کاڵا و پیاو وەک بکەر دەردەکەوێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر ژن خاوەنی خاوەنی ماسولکە بێت، لە بابەت بوونی خۆی دوور دەکەوێتەوە.




کولتور و وڵاتی تونس …. زاهیر عەبەڕەش

رۆژی 6 جونی ئەمساڵ بە سەردانێکی هونەری سەفەری وڵاتی تونسم کرد، وڵاتێک پڕ لە ئەتەکیەت، دەتوانرێت جیاوازتر لەهەموو وڵاتە عەرەبیەکان ببینرێت. من بۆخۆم کە بیر لە پرۆسەی دیمۆکراتی و رۆژهەڵاتی ناوین دەکەمەوە، دەڵێم ئەو دوانە( دیموکراتیەت و رۆژهەڵات) زۆر زەحمەتە پێکەوە هەڵبکەن، وەک دوو هێڵی تەریب وان هەرگیز بەیەک ناگەن، هەرچەندە تونس دەکەوێتە کیشوەری ئەفریکاوە، بەڵام وەک وڵاتێکی عەرەبی ئەژمار دەکرێت.
دیمۆکراتیەت و مینتاڵیەتی و وڵاتانی عەرەبی بە کوردستانیشەوە دووشتی زۆر دژ بەیەکن. بەڵام کە مرۆڤ سەردانی وڵاتی تونس دەکات و بە ووردی رۆ دەچێتە سیستەمی کارکردن، سیستەمی پەروەردە وخوێندن، سیستەمی فەرهەنگی و کلتوری و، سیستەمی کۆمەڵایەتی. ئەو سەرنجەی سەرەوە دەکەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە. هەرچەندە من گەشتەکەم بۆ مەبەستێکی هونەری بوو، بەڵام بە فزولیەتی خۆم حەزم دەکرد زیاتر لەسەر ئەو وڵاتەو یاساکانیشی بزانم. لە یاسای وڵاتدا تەواو مافەکانی ژن فەراهەم کراوە.
لە یاسای ئەوە وڵاتەدا هەموو قسەیەکی ناشرین و تەنانەت جوێندان بەژن، وەک توندو تیژی بەرامبەر بەژن حیساب دەکرێت، ئەوەش سزادانی لەسەرە. ژن و پیاو دەتوانن بەبێ پرۆسەی هاوسەرگیری پێکەوە بژین و منداڵ دروست بکەن بێ ئەوەی یاسا ریی لێبگرێت.
ژنان هەر بەرگێک بپۆشن ئازادن، هیچ کەسێک بۆی نیە بەلادەر لە دابوو نەریت تۆمەتباری بکات. ئەمساڵ سەدو هەشتا مزگەوت داخران، بەهیچ شێوەیەک نوێژ لەو مزگەوتانە ناکرێت، ئیمامی مزگەوتەکەش بێکار کراو لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە ئیمام و خەتیبی ئەو مزگەوتانە نەچوونەتە ژێر باری یاساکانی دەوڵەت و خەڵکیان تەکفیر کردووە و سوکایەتیان بە ژن کردووە.

بەیاسا قەدەغەیە لە شوێنە گشتیاکاندا و تەنانەت لەشوێنی کارکردنیشدا نوێژ بکرێت. لەو وڵاتە مزگەوت، کلێسا و سینەگوگە(واتە مەعبەدی جولەکەکان) لە شەقامێکدان و هەر دیانەتەو ئازادانە مەراسیمی سرووتە دینیاکانی خۆی دەکات.
یەکێک لەشتە سەرنجراکێشەکان بۆ من ئەوەبوو کە گرنگیەکی زۆر دەدرێت بە پەروەردەکردنی منداڵ. وەزارەتی فەرهەنگ و کلتوری ئەو وڵاتە لە هەموو ناوچەکاندا و بەتایبەتی لە ناوچە هەژار نشین و مییللیەکاندا خانەی فەرهەنگی کردۆتەوە. تیشکێکی زۆر دەخرێتە سەر پێگەیاندنی تواناو بەهرەی منداڵان.
دەوڵەت بودجەیەکی باشی تەرخان کردووە بۆگەشە پێدانی تواناکانی منداڵان. لەهەموو گەرەکاکاندا بەهێزکردنی خولی زمانی فەرەنسی، گرووپی شانۆیی، سەما، موسیک و گۆرانی هەیە، کە لەلایەن دەوڵەتەوە کۆمەکی دارای دەکرێن و بەردەوامیش چالاکیان هەیە.
ئەو هەفتەیەی کە من لەوێ بووم لە پایتەختەکەی کە نزیکەی ملێۆنێک و دوسەد هەزار دانیشتوانەکەیەتی، نزیکەی بیست نمایشی شانۆی هەبوو، بە دەیان کۆنسێرتی موسیک و گۆرانی پێشەکش دەکران، سەرەرای ئەوەی کە لە هەموو کوچەو کۆڵانەکانیش نمایشی شانۆی پێشکەش دەکران ، گرووپی سەما و مۆسیک چالاکیان دەنواند.

تونس

لە یەکێک لە فەرهەنگ خانەکانی گەرەکی هەژار نشنینی حلق الوادي شانۆکار سەمیرە بوعمود بانگێشتی فەرهەنگخانەیەکی کردم، وتی بابرۆین بۆ فەرهەنگی خانەی حلق الوادي بۆ ئەوەێ موحازەرەیەک لەسەر رووناکی شانۆیی بۆ منداڵان بڵێمەوە، کاتێک گەیشتینەنە ئەوێ کاتژمێر دەی شەو بوو، تەنها گەنجێکی لێبوو هاوکاری سەمیرە بوو شارەزاییەکەی زۆر لە نەخشەو رووناکیدا هەبوو. پاشان وردە وردە خەڵکەکە هاتنە ژوورەوە، بۆ ماوەی کاتژمێرێک و نیو باسی چۆنێتی رووناکی کرا، پەیوەندی رووناکای بە دیکۆر و جۆری ئەو ئامێرو گلۆپانەی کە بەرکار دەهێنرێن لەسەر شانۆ.
موحازەرەکە بەشێوەیەکی تەفاعولی بوو زیاتر منداڵان وتوو وێژیان دەکرد، پرسیاریان دەکرد. منداڵان وەڵامی پرسیاری گەورەکاناین دەدایەوە، تێرامانیان هەبوو. نایشارمەوە، ئەوەی لەو شەوەدا لەو منداڵانەو لەو مامۆستایە و لەوگەنجە لەسەر رووناکی چۆنێتی بەکارهێنانی ئامێرەکان و تەوزیفکردنی رەنگ جیاوازیەکانی ڤۆدیل و شانۆی سێبەرو کلاسیک فێربووم، لە ماوەی پێنج ساڵی خویندنی پەیمانگام لە کوردستان ئەوەندە فێر نەبووم.

آنس العبیدي چالکوانێک و هونەرمەندێکی دیاری بواری شانۆ و سینەمایە لە یەکیك لە گەرە هەژار نشینەکان لەگەڵ هونەرمەندێکی تری بواری موسیک و شانۆ، صاڵح حمودة دوکانێکی لاکۆڵانیان کردووە بە شانۆ، تەواو هەموو کەل و پەلو پێویستیەکانی شانۆی تیا هەیە، گروپێکی هونەری شانۆ و موسیک و سەمایان دامەزراندووە بە ناوی المسرح المسار. ئەو گەرەکە میللەیان ناوناوە (حومتنا فنانە) بە واتای گەرەکەکەمان هونەرمەندە.
ئەوەی جێی بایەخی من بوو، بە منداڵ، گەنج و لاو پیر، دایک و باوکان هەموو بەخێزانی بەشداری چالاکیەکان دەبوون، رۆڵیان دەبینین. موسیکیان پێکەوە دەژەنی. هەموو گەرەک بەشداربوون. هەندێک لاویان هەبوو لە گەرەکەدا کە لەسەر خراپەکاری لە خانەی چاکسازی حکوم درابوون. ئەم گرووپە داوایان لە دەوڵەت کردبوو کە هەرزەکارانی ئەو گەرەکە کە بە هەر هۆکارێکەوە بێت سجن کراوە و کە لە خوار تەمەنی هەژدا ساڵیەوەیە و لە خانەی چاکسازی حکومداراوە، ئەم گروپە هاوکاریان بکەن و بیانگرنە خۆیان. لای ئەوان فێری هونەری نواندن، فێری ژەنینی ئامێرەکان، گۆرانی و سەما ببن، فیری هاوکاری و یارمەتی دانای خەڵکانی تر بکرێن. ئەم هەرزەکارانە لای گروپی (المسار) هەموو جۆرە هونەرێکیان بە تیۆری و پراکتیکی دەخوێندن و پاشان نمایشیان دەکرد. هەر ئەوان دەشبوون بە پاسەوانی چالاکیەکانی تر. بە واتایەکی تر بەهۆی چالاکای هونەریەوە جارێکی تر سیقەیان بۆ دەگارایەوەو دەهاتنەوە ناو کۆمەڵ، کاتێکیش بەرهەمێکی جوانیان پێشکەش دەکرد، لای خەڵک و دانیشتوانی گەرەک خۆشەویستر دەبوون.

ئەو جۆری کارکردنەش تەواو گونجابوو لەگەڵ ئامانجی ئەو میتۆدەی کە من زۆرجار بەکاری دەهێنم بەناوی شانۆی سەکۆ بەڵام چۆنێتی کارکردنمان جیاواز بوو. ئامانج ئەوەیە مرۆڤ زیاتر مرۆڤ دۆستانەتربێت. ئازادتربێت. خوشەویستی زیاتربێت.
ئەو شەوەی کە گەیشتمە تونس کچە هونەرمەندی شانۆ سەمیرە بوعمود وهاوکارەکانی بە ئوتۆمۆبیل کاتژمێر دوو نیوی شەو لە فرۆکەخانەی قەرتاج چاوەرێیان دەکردم. سەمیرە دەرچووی زانکۆیە بەشی شانۆ، وەک دەرهێنەرو ئەکتەر کار دەکات دەزگایەکی هونەری تایبەت بەخۆی هەیە. بۆ رۆژی دوای یەکێک لە ئەکتەرە کۆمیدیەکانی سینەماو شانۆ بەناوی توفیق بەحری هات بۆ لام، پاشان ووتو وێژێکی هونەری بەناو بازاردا بە ئۆتۆمبیل گەشتێکمان کرد، لە قاوەخانەیەک لاماندا و قاوەمان خواردەوە ووتووێژێکی زۆرمان لەسەر هونەورو ژیانی سیاسی وڵاتانی عەرەبی و کوردستان و شۆرشی فەرەنسی ئەوەی بهاتایە بە بەخەیاڵماندا قسەمان لەسەر دەکرد هتد. پاشان ووتی پێم خۆشە ئەم شەو داوەتی نمایشێکتان بکەم کە خۆی دەوری پاڵەوانی دەبینی لە نمایشەکەدا، کە ڤۆدڤیلێک بوو بە ناوی (لمدک ) واتە گەمژە.

لەکاتی چوونەدەرەوەدا مەسافەیەکی زۆرمان بری، بینیم لەدواوە کەسێک کە دیار بوو رایبکردووە بە شوێنماندا کێشای بە سەر شانمدا بە فەرەنسی ووتی ( بەرێز تۆ ئەم جانتایەت لەبیر کردبوو) ئەو کات بیرم کەوتەوە کە جانتاکەم بیر چووبوو لە قاوەخانەکە. هەرچەندە من حاڵی نەبووم لە پێشدا، پاشان سەمیرە پێی وت کە ئەم میوانەمان زمانی فەرەنسی نازانێت، ئەوجا کورە گەنجەکە بە زمانی عەرەبی دواو وتی تۆ لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەیت دەبێت رێزت بگرین. بەراستی لە شوێنی خۆم واقم وورما بۆ تاکە جارێکە لە وڵاتێکی عەرەبیدا خەڵک بە ئەتەکێتەوە هەڵس و کەوت بکات، دەستپاک بێت وهونەرمەندەکانی خۆیانیان خۆش بووێت.

تۆفیق بەحری کاتژمێر نۆی شەو بە ئۆتۆمۆبیل هاتەوە شوێمناندا من و سەمیرە چوین بۆ نمایشەکەی، بەهای چونە ژورەوە بۆ بینینی نامیشەکە بە بیستو پێنچ دیناری تونسی بوو کە یەکسانە بە دە دۆلاری ئەمەریکی. کاتژمێری یانزەی شەو نمایش دەستی پێکرد، بینەر زۆر بە جۆش و خرۆشە تامەزرۆی دەرکەوتنی ئەکتەر تۆفیق بەحری بوون، ئەوکاتە زیاتر بۆم دەرکەوت کە ئەو کەسە ئەکتەرێکی دیارە ، لەراستیدا، توانایەکی نواندنی کۆمیدی بێئەندازەی هەبوو.
یەکیکی تر لەو خاڵانەی کە بۆ من جێی سەرنج بوو کە دەتوانرێت سیاسەتی کلتوروفەرهەنگی لە کوردستان کەڵکی لێبینێت، چۆنێتی هاوکاری و کۆمەکردنی گرووپە شانۆی و نمایشە شانۆیەکانە. چۆنێتی هاوکاری کردن دەوڵەت دوو شێوەیە یەکێکیان پێیدەوترا دەوڵەتی، ئەویتر یان زاتی. لە پاڵ ئەمانشدا چەندها شەریکە هەبوو کە هاوکاری مادی دەزگا و گروپەهونەریەکانیان دەکرد.
هاوکاری دەوڵەتی: ئەوەیە کە راستەوخۆ دەوڵەت کۆمەکی زۆری ئەو بەرهەمە شانۆیانە دەکات کە بە تایبەتی نووسەرو دەرهێنەرەکەی تونسی بن. ئەوەش بۆ بەرەوپێش بردنی کاری نوسینی تێکستی شانۆی تونسیە، پاڵیشیدا بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی دەرهێنەر لەو وڵاتەدا زۆر بن و پشت بە دەرهێنەری فەرەنسی یان وڵاتانی تر نەبەستن.

هاوکاری زاتی: ئەوەیە کە ئەو گروپە زۆربەیان تونسی بن گرنگ نیە نوسەرەکە تونسی بێت یان دەرهێنەرەکە. ئەوەش لەرێگای فەرهەنگخانەکانەوە هاوکاری دەکرێت. یان سەرۆکی ئەو گروپەداوای هاوکاری لە هەندێک شەریکەی هونەری دەکات. مەرجی هاوکاری حوکمەت لەرێی فەرهەنگ خانەکانەوە ئەوەیە کە رەنگە لە ساڵێکدا 20 نمایش بکات، دەوڵەت شوێنی نمایش و پێشکەشکردنی بۆ دیاری دەکات بەڵام لەیەک شوێن نا، بەڵکۆ دەبێت هەر جارەی یان هەرهەفتەی لە گەرەکێک کە فەرهەنگ خانەی تێدایە نمایش بکەن وە بەتایبەتی لە گەرەکە هەژار نشینەکان. واتە نمایش تەنها لە هۆڵێکدا و بە چەند رۆژێک نمایشکردن قەتیس ناکرێت، بەردەوام لە جوڵەدان، وە هەر فەرهنگی خانەیەک لە هەفتەیەکدا چەند نمایشێکی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت، هار جارەی گروپێک نمایش دەکات. خەڵکەکە بەردەوام نمایش دەبینێت
جۆری سێەم: شەریکەی هونەری هەیە کە هەم کاری ریکلام و بڵاوکردنەوەش دەکات هەم فیلم و زنجیرەی تەلەفیزیۆنی بەرهەم دەهێنێت هەم شانۆش نمایش دەکەن. ئەم شەریکانە، خۆیان دەستنیشانی ئەکتەر، دەرهێنەرو نوسەر دەکەن. بەشداران کرێی خۆیان مانگانەی خۆیان وەردەگرن و دەزگا هونەریەکە رۆژی نمایش و شوێنی نمایش چەند رۆژ بەردەوام بێت دەستنیشان دەکات. وە هەر هەفتەی لە شوێنێکیش نامیش دەکەن، بەتایبەتی گەرەکە دەوڵەمەندەکان.

لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە هەر بابەتێک، نمایشێک بەرهەمەکەی ئاراستەی پێگەیاندنی منداڵان بێت، مەلەفی ئەو گروپو نمایشە دێتە سەرەوە بۆ وەرگرتنی کۆمەکەی دارایی
لەم گەشتەشمدا هەندێک هاورێ و تازەو ئەکتەرو دەرهێنەری تازەم ناسی لە پێش هەمویانەوە سەمیرە بوعمود، کەسێکی میهرەبان و ئەکتەرێکی وریاو دەرهێنەرێکی جدی بوو، توفیق بەحری ئەکتەرێکی تا بڵێی وریاو زیرەک. گۆرانی بێژ و مامۆستای ئەدەبی فەرنسی سامیە بوقرة و بیلالی هاوسەری و شانۆکار انس العبیدي.

زاهیر عەبەڕەش