دەسەڵات و دەوڵەت و چین: دوو بەرەی سەرەکی خەباتی ئەنارکییەکانە.. زاهیر باهیر

ئێمەی ئەنارکستی کوردزمان زۆر جار لەگەڵ مارکسیستەکاندا بەرکەوتنمان دەبێت. ئەوان ئەنارکستەکان تۆمەتبار دەکەن کە کێشەی سەرەکی ئەم سیستەمە بە پرسی سەرەکی دەوڵەتەوە دەبەستنەوە و بایاخیان بۆ پرسی ئابووری و ململانێی چینایەتی نییە.
ئەم تۆمەتە کە ئێمە ڕووبەرووی دەبینەوە نوێ نییە. ئەنارکستەکان هەر لە کۆنەوە لە لایەن زۆرێك لە مارکسیستەکانەوە ئەم تۆمەتەیان دراوەتە پاڵ. بێ گومان ئەمەش تاکە تۆمەتێك نەبووە بەڵکو تۆمەتی باوەڕنەبوون بە ڕێکخستن و گێرەشێوێنی و گرتنەبەری توندوو تیژی و زۆر تۆمەتی دیکە کە هیچ کام لەم تۆمەتانە دروست نین و تا ئێستاش بێ بەڵگە ماونەتەوە.
بۆ ئەوەی بچمە ناو باسەکەوە پێویستمان بەوەیە کە بنەماکانی ئەنارکیزم و مارکسیزم لەم بارەوە بپشکنین، ئەو کاتەش لە وەڵامی پرسیارەکاند یاخود ئەرگویمێنتەکاندا بە قووڵبوونەوە لەو مەسەلەیە دەکرێت تەواوی بنەمای هەردوو بیرۆکەکە بکەوێتە ڕوو، ئیدی خوێنەر خۆی دەتوانێت حوکم بدات و ڕەنگە پرسیارگەلێکی زۆریشی لا دروست ببێت.
مارکسیستەکان باوەڕیان بە بوونی دەوڵەت هەیە بە پاساوی بوونی چینەکان، ئەم پاساوەش بڕوای ئەوەیان پێدەدات کە ناتوانرێت پێش هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی چینایەتی دەوڵەت هەڵبوەشێنرێتەوە. بەڵام بنەماکانی ئەنارکیزم پێداگری بە تەنها لەسەر پرسی دژایەتی دەسەڵات و دەوڵەت و ناوەندگەرایی و ڕێکخستنی هیرراشی ناکات، بەڵکو پرسی ئابووریی و ململانێی چینایەتی و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیش لە خۆی دەگرێت.

بەڕای من دەبێت قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە زۆر بە وردی و بە بەڵگەوە بێت تاکو غەدرێك و بەکەمگرتنێك لە ئەنارکیزم و بنەماکانی و بزوتنەوەی ئەنارکستی، نەکرێت.
ئاشکرایە مارکسیستەکان بە گشتی پێداگریی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن کرێکارانەوە دەکەن و بوونی دەوڵەتی کرێکاریی یاخود “دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا” بە شێوەیەکی کاتیی بۆ ئەوان زەروورە. لای ئەوان بوونی ئەو دەوڵەتە ڕێگایەکە یا ئامرازێکە بۆ تێپەڕکردنی قۆناخی سۆشیالیزم بەرەو کۆمۆنیزم . واتە داڕمانی سەرمایەداری و لابەلاکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، بە تێپەڕینی ئەم قۆناخە ڕوودەدات کە وردە وردە دەوڵەت لەبەرچاو وندەبێت و کۆمەڵگە پێدەنێتە قۆناخی کۆمۆنیزمەوە.
پێداگرتنی ئەنارکستەکان لە دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵاتدا ڕاستییەکی نکوڵی لێنەکراوە. ئەمەش هۆکاری بوونی بیانووە لای مارکسیستەکان تاکو ئەو تۆمەتە بخەنە پاڵ ئەنارکستەکان، گوایە ئەنارکستەکان ئایدیالستین نەك واقیعیی. ئەوان هەموو تێکۆشانی ئەنارکستەکان لە چوراچێوەی دژە دەسەڵات و دژ بە دەوڵەتدا دەبینن، نەك ململانێی چینایەتی و تەواوی پرنسپڵەکانی دیکەی ئەنارکیزم کە بزوتنەوەی ئەنارکستی بە درێژایی مێژوی، خەباتی بۆ کردووە.
خاڵێکی گرنگی تێڕوانینی مارکسیستەکان بۆ کێشەی چیانیەتی و کاتێك باس لەم ململانێیەش دەکەن قسەی ئەوان لەسەر بە تەنها ململانێی نێوانی کرێکاران و سەرمایەدارانە، یاخود کار و سەرمایە و ئەمەش زۆرجار لە بازنەی کرێکارانی پیشەسازیدا بەندکراوە. هاوکاتیش بناخەی هەموو ڕووداوەکانی مێژووش بۆ ئەو ململانێە دەگێڕنەوە. تەنانەت مێژوی ململانێی بەشەرییەت بە پلەی یەکەم بۆ مێژوی کێشەی نێوانی چینەکان دەگێڕنەوە، پرسی هیرراشی/ پلەبەندی کە بەردی بناخەی دروستبوونی چینەکانە فەرامۆش دەکەن وەکو ئەوەی مێژووی ململانێ لە مێژوی چینەکانەوە دەستی پێکردبێت. لای ئەوان بەلابەلاکردنەوەی پرسە چیانیەتییەکە، پرسی هیرراشی/ پلەبەندیش میکانیکیانە، ئۆتۆماتیکی نامێنێت و حەل دەبێت .

ئەو تێڕوانینەی ئەوان، نکوڵی کردنە لەو راستییە کە مێژوی ململانێی نێو کۆمەڵگەکان هەمو وەخت لە نێوانی چەوساوان و چەوسێنەراندا نەبووە، بەڵکو مێژوی بەیەکادان و شەڕە گەورەکان زیاتر لە نێوانی خودی چەوسێنەران و دەسەڵاتداران ودەوڵەتەکاندا بووە. هەموو جەنگەکانیش جەنگی دەسەڵات بوون نەك جەنگی چینایەتی، کێشەکانی نێو کۆمەڵگە، کێشە چینایەتییەکان وەکو تاکتیکێك بۆ ستراتیجییەتی بەدەستهێنانی جۆری جیاوازی دەسەڵات بەکارهێنراوە وەکو دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتیی … تد. بە واتایەکی دیکە مێژوی ململانێیکان هەر بە تەنها لە نێوانی کار و سەرمایەدا نەبووە، بەڵکو لە نێوانی خودی زاڵمان و دەسەڵاتداران و تیرە و هۆز و دەوڵەتاندا بووە. ئەم جەنگانەش بە هەزاران ساڵ پێش سەرهەڵدانی چینی کرێکاری پیشەسازی یاخود کرێکارانی هەندێك بەشی تر بوونیان هەبووە .
وەکو پێشتر وتم، مارکسیستەکان لە تۆمەتەکانیاندا کە دەیدەنە پاڵ ئەنارکستەکان نە کاتی خۆی بەڵگەیەکیان هەبووە و نە ئێستاش. زۆربەی ئاراستە یا نەریتە ئەناکستەکان نەك هەر بە قووڵی قسەیان لەسەر خەبات و ململانێی چینایەتی کردووە، بەڵکو زۆر چالاکانەش بەشدارییان کردووە وەکو ئەنارکۆ-سەندیکالیزم، ئەنارکیزمی کۆمەڵگەرایی، ئەنارکیست کۆمۆنیست. لەمەش زیاتر خودی بیرمەندانی ئەنارکستی وەك باکۆنین، کرۆپتیکن، مالاتێستا، گۆڵدمان و بێرکمان بەو پەڕی توانا و هێزی خۆیانەوە پشتیوانی بزوتنەوەی کرێکارانیان کردووە.
ئەنارکستەکان لە وەڵامی مارکسیستەکاندا سەبارەت بە دەسەڵات و دەوڵەت و دەوڵەتی کاتیی وتویانە و دەڵین ئەوەی لای ئەوان ناوی دەوڵەتی شۆڕشگێڕی لێنراوە لەناوناچێت، بەڵکو چینێکی نوێی حوکمڕانان دروست دەکاتەوە. دروستی ئەم قسەیەش بە عەمەلی و فیعلی لە دەوڵەتی بەلشەفی و هەموو دەوڵەتە کۆمۆنیست و بەناو سۆشیالیستەکاندا سەلمێنرا، هەر ئاواش سەبارەت بە خولقاندنی چینێك یا تۆێژاڵێکی نوێی دەوڵەتداران و لە پرسی ناوەندگەرایی و تێشکانی بزوتنەوەی کرێکارانیشەوە ئەوە سەلمێنرا. مێژوو سەلماندی کە دەوڵەتە سۆسیالیستییە ناوەندگەراییەکان بوونەتە دەسەلاتی بیرۆکراسی تاکڕەو لەبری دروستکەری کۆمەڵگەیەك کە کرێکاران تێیدا ئازاد بن.
ئەنارکیستەکان پێیان وایە خودی پلەبەندیی خۆی مەترسیدارە و دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی زاڵبوو بەرهەم دەهێنێتەوە. ڕزگاریی دەبێت لە ڕێگەی ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆییەکان و فیدراسیۆن و سەندیکا شۆڕشگێڕ و کۆموونە دیموکراسییە ڕاستەوخۆکانەوە ڕووبدات نەك لە ڕێگەی “دەوڵەتێکی شۆڕشگێڕی کاتییەوە.”
لێرەدا دوو خاڵی گرنگ هەیە :

یەك: ئەنارکستەکان دەزانن کە هیچ جۆرە گریمانێک نییە بۆ بوونی ئازادی تاك و کۆمۆنێتیەکان و کۆمەڵگەکان و یەکسانی ئابووری و دادوەری کۆمەڵایەتی لە هیچ قۆناخ و لە نێو هیچ جۆرە کۆمەڵیکدا ئەوەندەی دەسەڵات هەبێت ئیتر شێوەی دەسەڵات و ناوەرۆکەکەی هەرچی بێت. مێژو بە سەدان بەڵگەی لەم بارەوە نیشان داوە. کەواتە بوونی دەسەڵات ئەو پایەیە کە تەواوی نەبوونی ئازادیی و مەحرومی نایەکسانی ئابووری و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و زوڵم و زۆر لەسەری ڕاوەستاوە. لە بارێکی ئاوادا هەتا پایە سەرەکییەکە نەڕوخێت ئەوانی دیکە هەرەس ناهێنن .

دوو: ئەو گۆڕانکاریانەی کە دەکرێت و دەبێت بکرێن وەکو گۆرانکاری کۆمەڵایەتی، جەماوەریی، دەبێت ڕەگووڕیشەیی بێت لەم بارەدا دەبێت لە بنەوە و لە نێوەندی هەموو توێژاڵە کۆمەڵایەتییەکان دەستی بۆ ببرێت نەك لە سەرەوە. ئەم بابەتەش لای ئەنارکستەکان ڕوونە و دەزانن چۆن مامەڵەی دەکەن. هەرچی مارکسیستەکانە دەیانەوێت ئەو پرسانەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان لە ڕێگەی دەوڵەتی وەك دیکتاتۆرێتی یاخود دەوڵەتی کرێکاری و پڕۆلیتارییەوە چارەسەر بکەن. بە حسابی ئەوان کرێکاران لە دابینکردنی دەوڵەتدا دەبێتە خاوەنی ئیدارە، خاوەنی هێز و یاسا ئەو کاتە سەراپای کێشەکان حەلکردنیان زۆر ئاسانە.
مێژوو نیشانی داوە لەوەتەی دەسەڵات دروست بووە کە دواتریش لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا خۆی تۆکمە کردووە تا ئێستاش هیچ کاتێك دەسەڵاتێك، حکومەتێك نەبووە لە بری حەلکردنی کێشەکان زەقتر و تۆختری نەکردبێتەوە، لە سای ئەو دەوڵەتەدا هەمیشە خەڵکانێك هەبوون ئەگەر کەمایەتیش بووبن لەو مافانە بێ بەش و سەرکوت کراو بوون، زوڵمیان لێکراوە.
کەواتە بەرنامە و پلانی مارکسیستەکان و بنەماکانی مارکسیزم نەك هەر ناتوانێت پرسی ناکۆکی چینایەتی لابەلا بکاتەوە بەڵکو ئەو دەسەڵاتەشی کە دەیگرێتە دەست بەرەو توندوتیژی و دیکتاتۆرییەت دەبات، ئەمە چ جای ئەوەی بەرەو پوکانەوەی بەرێت و بگاتە دوا مەنزڵ کە کۆمۆنیزمە.

دوو پرسیار لێرەدا لەبارەی شێوازی ئابووری و شێوازی دەسەڵات دێنە پێشەوە کە کامیان چەقی کێشەی چینایەتین؟ ئایا دەسەڵاتگرتنە دەست بە پلەی یەکەم دێت و لەوێوە کێشە ئابوورییەکە و ململانێی چینایەتی لابەلا دەبێتەوە یاخود لە ڕێگەی نەهێڵانی دەسەڵات و دەوڵەت لە شانی ململانێی چیانیەتیەوە؟

بەڕای من ئەم دوو پرسییارە تەواکەری یەکدین، بێ کێشەی چینایەتی نایەکسانی ئابووری ڕوونادات. هەر ئاواش پرس و نایەکسانی ئابووریش لەسەر پایەی دەسەڵات وەستاوە، ئەوە نایەکسانییە کە دەسەڵاتی دروست کردووە ، ئەوەش دەسەڵاتە کە نایەکسانی دروست کردوە و دەیپارێزێت و بەردەوامیی پێدەدات. زۆر بە جوانی لە وێنەیەکی هەرەمیدا دەتوانین ئەمە ببینین. لەو وێنەیەدا دەتوانین بڵێین بنچینەی دەسەڵات لە بنی هەرەمەکەوەیە و ئابوری و پرسی ئابووری بە هەموو گرفتەکانییەوە لە لوتکەی هەرەمەکەدایە. ئا لەم بارەدا چەندێك لوتکەی هەرەمەکە بشکێنرێت، مادام بنچینە و دیوار و پایەکانی هەرەمەکە بە پێوەن هیچ درز و شکستێکی نەهێناوە ئەوە دواتر دەتوانرێت هەمان شتی لەسەر دروست بکرێتەوە بەڵام رەنگە لە شێوەیەکی دیکەدا بکرێت، چونکە پرسە چینایەتی و کێشە ئابوورییەکە هەر لەوێن و ئەوەی کە گۆرراوە جۆری دەسەڵاتەکەیە بۆ دیکتاتۆرییەت، دیمۆکراتییەت، لیراڵ، نیو-لیبراڵ، دەسەڵات و دەوڵەتی کرێکاری، پرولیتاریی .
وەکو وتم ئەم دوو پرسە تەواوکەری یەکترین بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت نەك هەر لە یەکیان دابڕیت بەڵکو چارەسەریشیان بێ یەك هەرگیز لابەلانابنەوە. ئەمەش خەباتی دوولایەنەی بەسەر ئەنارکستەکاندا سەپاندووە، واتە خەباتی دژە دەسەڵات و دەوڵەت و خەباتی چیانیەتی کە هەردووکیان لە شانی یەکدییەوە دەڕۆن بەڵام ئەوەش ڕاستییە کە هەتا دەسەڵات هەبێت پرسە ئابوورییەکە وەکو خۆی بە کێشەیی دەمێنیتەوە .
ئەم دوو لایەنەی خەبات لای ئەنارکستەکان هەردوکیان چەقی کێشەکانن. گەر کێشەی دەوڵەت و دەسەڵات چارەسەر نەکرێت ئەوە کێشەی ئابووری وەکو خۆی دەمێنێتەوە کە کێشەی ئابووریش وەکو خۆی مایەوە ئەوە کێشەی چینایەتیش وەکو خۆی دەمێنیتەوە، کە کێشەی چینایەتیش وەکو کێشە مایەوە، بە دڵنیاییەوە لەوێدا ڕاناوەستێت و کێشەکان گەورەتر دەبن و شەبەقی نێوانی چینەکان و کەلێنەکان فراونتر دەبن وەکو لەئێستادا بە باشی دەیانبینین.

دەسەڵات و دەوڵەت ئەو پایە گەورەیە کە سیستەمەکەی لەسەر ڕاگیراوە، سیستەمەکەش ئەو دامەزراوەیە کە لە ڕێگەی دەوڵەتەوە دەپارێزرێت و گەشە دەکات و زیاتر ڕیشەی خۆی لەناو کۆمەڵگەدا دادەکوتێت. سەرمایەداری بە بێ بوونی دەوڵەت نە هێزی هەیە و نە دەسەڵات، ئەوە دەوڵەتە کە ئەو هێزەی دەداتێ کە بەردەوام بەهێزتر بێت لە ڕێگەی یاسا و پۆلیس و سووپا و تۆڕی سیخوڕی و میدیا و دادگە و دامەزراوەکانی خوێندن و پەروەردەوە و پارێزگاری لێدەکات.
گەر دەوڵەت و هێز و یاساکانی نەبن هەرگیز هیچ کۆمپانیایەك، هیچ کارگە و دامەزاراوەیەکی سەرمایەداری ناتوانێت لە بەرانبەر مانگرتن و دەستبەسەراگرتن لە لایەن کرێکاران و بەکارهێنەرانییەوە بۆ ماوەیەکی زۆر کورتیش دەوام بکات. ئەوە یاسا و هێز و هەژموون و کۆنترۆڵی دەوڵەت و دەسەڵاتە کە ڕێگە نادات گۆڕانکاری ڕووبدات، سنور بۆ چالاکی و ئازادییەکان دادەنێت و دژ بە یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەوەستێتەوە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بڵێم گەر چی ئەنارکستەکان و مارکسیستەکان لەگەڵ چەمکی کۆمەڵگەی ناچیانیەتی، سۆشیالیستی یەکدەگرنەوە بەڵام چەقی جیاوازی و ناکۆکییەکانیان لە هەنگاوی یەکەم بۆ بەدیهێنانی ئەو کۆمەڵگەیە دروست دەبێت. لێرەدا دەبینین جیاوازییەکی گەورەیان هەیە کە لای یەکێکیان کێشەکە بە بەردەوامی دەمێنێتەوە و گەورە دەبێت و لای ئەوی دیکەیان لە ڕیشەوە حەل دەبێت. لای مارکسیستەکان خەباتی چینایەتی پێویستی بە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت هەیە، لای ئەنارکستەکانیش دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت ستەمێکی نوێ دروست دەکات و خیانەت لە شۆڕش دەکات.

زاهیر باهیر
حوزەیرانی 2026




ئەرێ بە ڕاست نەخشەی ناوچەکە گۆڕرا یاخود دەگۆڕرێت؟.. زاهیر باهیر

دوای هێڕشە ترۆریستییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 07/10/2023 و وەڵامدانەوەی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسرائیلی بە جینۆسایدکردنی خەڵکانی غەزە خەیاڵێك لە مێشکی گەلێك لە ڕۆشبیران و سیاسییەکان و ئەکادیمییەکاندا ماخۆلانی بوو کە گوایە نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕێت. ئەم بیر و بۆچونە لەناو هەندێکیاندا کە هەرە دیارەکەیان خانمی مامۆستای زانکۆ و بە ناو شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا ‘خاتوو شاڵی’ تا ئەو ڕادەیە دەڕۆیشت کە هیچ گومان و لێکدانەوەیەکی بۆ ڕای پێچەوانە نەدەهێڵایەوە .
لە ڕاستیدا خاتوو شاڵی ئەوەندە بە جوانی و ئاسانی و وردەکاری و بەڵگەی نادروستەوە باسەکەی دەکرد و ڤیدۆی لەسەر دەکرد ، کە ئەوانەمان باوەڕمان پێی نەبوو هەر زۆر زۆر کەمینە بوین . ئەو ڤیدۆیانەی ئەو و قسە و خیتابی سیاسییەکان و نوسین و وتاری ئەکادیمیەکان و ڕۆشنبیران بە ڕوودانی شەڕ ڕەحمەت بەسەر کورددا دەبارێت کارێکی زۆریان کرد لەسەر شۆردنەوەی مێشکی تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی تا ئەو ڕادەیەی کە خەیاڵپڵاوی و کەلەپووتی جێگە بە هەموو ڕاستی دروستییەك لە مێشکیاندا لێژبکات و جێگایان بگرێتەوە .
پاش ئەم هەموو ماوەیە ئەوەی ئاشکرایە گۆرانکاراییەکی وا لە ناوچەکەدا ڕوی نەداوە جگە لە هێنانی بەشێکی داعش بۆ حوکمڕانی سوریا، ئەو نەخشەیەی کە لە خەیاڵی ئەو توێژاڵە کۆمەڵایەتییەی سەرەوە داڕێژرابوو نەك هەر ڕووی نەدا، بەڵکو ڕووش نادات چونکە بەرژەوەندی ئێستای ئەمریکا و ڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوانی دیکەیان ئەوە ناخوازێت . تورکیا و ئێران و عێراق و سعودییە و میرنشینەکانی کەنداو وەکو خۆیان مانەوە و ئەوەی زەرەرمەندی سەرەکی و هەمیشەیی بوو نەگبەتەکانی فەلەستین بوون . هەرچیش پەیوەندی بە بارودۆخی کوردەوە هەیە ئەوەندەی من مێژوی کوردم خوێندبێتەوە هەرگیز بارودۆخی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا وەکو ئێستا خراپ و مەترسیدار نەبووە . بە خوێندنەوەیەکی خێرای بارودۆخی بەشەکانی کوردستان دەکرێت ئەوەی کە وتوومە ڕوون بکەمەوە.
باشووری کوردستان : لام وایە دەربارەی کوردانی باشوور زۆر ئاشکرایە کە ناکۆکی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی کوردستان لەسەر پشکی پارە و پایە و پلە و دەسەڵات هەرگیز ئەوەندە خراپ نەبووە . ئەوە بیست مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕی هێشتا دیوەخانی چەلەحانییەی دەمهەراشان و چەنەبازان و مشەخۆرانی پەڕلەمانتاری دەنگپێدراو نەکراوەتەوە تاکو بەردەوام بن لە هەڵخەڵەتاندن و درۆ کردن لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا. هاوکاتیش هەموان دەزانن کە هیچ کام لەو حیزبانە بە حیزبە موعارەزەکانیشەوە هیچ کامیان نە خاوەنی ڕاوبۆچوونی خۆیانن و نە خاوەنی بەرنامە و پلانیان. ئاشکرایە کە ئێران و تورکیا و ئەمریکا بۆیان دادەنێن و هەڵیاندەسوڕێنن.
ڕۆژئاوای کوردستان: بە داخەوە کە بە دەردێك چووە و دەچێت کە نەك هیچ بەهایەك بۆ ئەوانەی کە دروشـم بوون وەکو : خۆسەری و فێمێنزم و کۆنفیداراڵیزمی دیمۆکراتیك و ئیکۆلۆجی و ئابووری هەرەوەزییانە نییەو نەماوەتەوە، بەڵکو ئەمانە تا نەمانیان کاڵ بووەنەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا حکومەتەکەی جۆلانی و ئەمریکا پێی رازی نین و دەیانەوێت هەسەدە و پەیەدە لەوە زیاتریش سازش بکەن. لەمەش خراپتر تا ئێستاش کەسمان نازانین چارەنوسی ڕۆژئاوا بەرەو کوێ دەڕوات.
باکوری کوردستان: تاکە هەنگاوێکی گەورە کە نرابێت بێ دەنگکردنی چەکەکانی پەکەکەیە کە گەورەترین خزمەتی بە کوردی سێ پارچەی کوردستان کردووە . جگە لەمە پرسی کورد لە باکوردا لە ماوەی ئەم 16 مانگەدا هەنگاوێك نەچۆتە پێشەوە.
ئۆجەلان چەند پێشنیارێکی تاکلایەنانەی بێ گەڕانەوە بۆ قەندیل بۆ دەوڵەتی تورکیا کرد بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی دیاری نیە و نەبووە. ئەم پێشنیارەی ئۆجەلان کە پەکەکە و هەرە زۆرینەی ڕۆشنبیران و ئەکادیمی و سیاسییەکان بە پرس و پرۆسەی ئاشتی دایانە قەڵەم زیانێكی گەورەی بە متمانە دا و تۆوی بێ هیوایی و بێ بڕوایی لە دڵی کوردانی هەموو پارچەکاندا چاند. لەوێش وەکو ڕۆژئاوا هەموو پرسی کورد لەو دروشمە بریقەدارانەی پەکەکەوە هاتۆتە سەر سێ خاڵی سەرەکی کە مورات قەریلان لەم ڕۆژانەدا بەیانی کرد : یەکەم: ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دیاریکردنی پێگەیەکی سیاسی و یاسایی بۆی وەک نوێنەری سەرەکیی کورد.
دووەم: داننان بە بوون و ناسنامەی گەلی کورد بە شێوەیەکی فەرمی لە ناو دەستوور و یاساکانی تورکیادا.
سێیەم: دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ گەڕانەوە و تێکەڵبوونی دیموکراسییانەی چەکدارەکان (گەریلا) بە ژیانی مەدەنی و سیاسییەوە.
ئەم سێ مەرجە یاخود داخوازیانە کە هیچ نین بۆ بزوتنەوەیەکی وەکو پەکەکە کە ئەو هەموو قوربانییەیان داوە ، لە ئێستادا لانی زۆری یا لانی باڵای داخوازی پەکەکەیە. کەچی دەوڵەتی تورکیا بەوەش ڕازی نییە و دەیەوێت کە پەکەکە بێ چەند و چوون ، بێ یەکدی بینین و وتووێژ خۆی لە چەك داماڵێت و خۆی ڕادەستی دەوڵەت بکات. دەوڵەتیش بە گوێرەی یاسای ” تاوان و تێوەگلانیان” لە کێشەی “تیرۆریزم و تیرۆریستیدا” مامەڵەیان بکات. هەرچیش سەرکردەکانیشیانە لەبەرخاتری خاترداران ڕێگایان پێبدرێت کە بچنە وڵاتێکی ئەوروپی یا وڵاتانی دیکە بەو مەرجەی کە دەستبەرداری سیاسەت ببن.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان : نە ئێستا و نە ئایندەش کەس نازانێت حیزبە موعاریزەکانی ئەوێ چارەنوس و دواڕۆژیان چییە و چی دەبێت . سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ئەمەریکا کە لە ڕێگەی تۆم باڕاك-ەوە جێبەجێ دەکرێت دوور نییە کە پێداگری و فشاری زۆر لەسەر حکومەتی هەرێم دابنێت کە سەران و بەرپرسانی ئەو حیزبانە ڕادەستی ئێران بکرێنەوە، یاخود ڕێگەیان پێبدرێت بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بڕۆن. ئەمە گومانێکی چاوەرواننەکراو نییە کاتێك سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا و لە تورکیا و لە عێراق و ڕێکەوتنی لەگەڵ ئێراندا دەبینین .
هاوکاتیش مەترسی بوونەوەی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران کە کورد زەرەرمەندی زیاتر دەبێت گریمانی ڕوودانی زۆرە تا ئەو کاتەی حکومەتی ئێران ئاوا بمێنێتەوە کە زۆربەی گرفتەکانی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن لە ملی ئەودایە، هاوکاتیش هیچ ئاشتەواییەك لە نێوانی ئێران و ئیسرائیلدا نییە .
لەسەر بناخەی ئەوانەی سەرەوە ناکرێت لەسەر بۆش و بێ بەڵگە و لە کاتێکیشدا کە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبینین گەشبین بین بەرانبەر بە بارودۆخەکە. لەبەر ئەوە وا هەست دەکەم کە بارودۆخی کورد لە هەر چوار پارچەکەدا نادیارە و لەو پەڕی خراپیدایە. لێرەشدا تەنها سیاسییەکان و سەرانی پارتەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان دەبێت بەرپرسیاری ئەم مەترسییە هەڵگرن و لۆمەی خۆیان بکەن نەك ئەمریکا و حکومەتەکانی دەر و دراوسێ و عێڕاقیش .

زاهیر باهیر
18/06/2026




لە گریمانی هاتنی ڕەزا شا بۆسەر حوکم.. زاهیر باهیر

لە گریمانی هەرەسهێنانی حوکمی ئاخوندەکانی ئێران زۆربەی خەڵك و هەندێکیش لە چەپەکان نیگەرانن و بێ هیوان لە باشبوونی بارودۆخەکە لە سای حکومەتی نوێدا، بە تایبەتیش ئەگەر ڕەزا شا بێت. بە گوێرەی ئەزموونەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە عێراق و ئەفغابستان و لیبیا و تازەکیش سوریا، نیگەرانییەکان جێگەی خۆیەتی.
بەرای من گەر چی نیگەرانبوون لە گریمانی هاتنی ڕەزا شا دروستە، بەڵام ئەم خراپتر نییە و نابێت لە حوکمی ئاخوندەکان. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە من خوازیاری شەڕ بم و لەگەڵ هێڕشی ئەمریکادا بم بۆسەر ئێران. بەڵام حەقیقەتێکیش هەیە ئەویش ئەوەیە لەم سەردەمەدا کە حکومەتێك لە بەڕێکردنی سیاسەتی فاشیانەی خۆی بە کوشتنی سەدان هەزار کەس سڵناکاتەوە، ئەوە دەگەیەنێت کە زۆر زەحمەتە لە ڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەوە حکومەتەکە بڕوخێنریت.
بۆچی هاتنی شا خراپتر نییە لە مانەوەی ڕژێمی ئێستا؟
یەك: لە سای حوکمڕانی ئاخوندەکاندا بارودۆخی ئێران وەکو هەموان دەزانن زۆر زۆر خراپ بووە ، کوشتن و بڕین و لە سێدارەدان بوەتە چالاکی ڕۆژانەی ئەو ڕژێمە. ئازادییەکانی ژنان بە تەواوی تەسککراونەتەوە تا ئەو ڕادەیەی کە خودی ژنان چی تر ئەوەیان پێ قەبوڵ ناکرێت و لە هاوپشتیان کەمتر چاوەڕوانی لایەن و کەسانی دیکە دەکەن.
دوو: ڕوخانی ڕژێم ، فەزای هەناسە هەڵکێشانێکی ئازادانە گەر بۆ کاتییش بێت دەخولقێنێت. حکومەتی نوێ ئاوا بەو ئاسانییە و بەو کوتوپڕییە ناتوانێت سەقامگیر بێت بۆیە دەرفەتێك بۆ خەڵکی دەڕەخسێت کە خۆیان ڕێکبخەن لە ڕێکخراوی جەماوەرییانە و نقابەکان و یەکێتی و یەککەوتنی ژنان و دروستکردنی دەیەها گروپی دیکە لە بواری ژینگە، ئابوری ، ئازادی و مافی مرۆڤ، کاروباری کۆمەڵایەتی و دژایەتیکردنی زوڵم و زۆر و برسێتی و گرانی و گەندەڵی. ڕوودانی خۆپیشاندان و گرتنی کۆڕ و سمینیاریش دەستکەوتێکی دیکەیە، دەرگای ئازادی ڕٶژنامەوانی و نوسین و چاپخانە و بڵاکراوەگەلێکی بێ شومار دەخاتە سەرپشت .
سێ: گەڕانەوەی متمانە و باوەڕ بەخۆبوون لە هەڵتەکاندنی ڕژێمێکی 47 ساڵەدا کە گەر ڕژێمی نوێ هەمان ڕێگای ڕژێمە کۆنەکە بگرێتە بەر هەر وا بە ئاسانی بەسەریدا تێناپەڕێت.
چوار: ڕۆیشتنی ڕژێمی ئێران کۆتاییهێنانە بە گروپە تیرۆریستەکانی دیکەی سەر بە ئێران لە وڵاتانی دراوسێی و عەرەبی دا. وەستانی تیرۆرکردنی کەسانی نەیارە بە ڕژێم لەناو خودی ئێران و دەرەوەی ئێراندا. هاوکاتیش کاتێك کە ئەم قەڵاو قوتبی شیعەیە تێدەشکێت، قوتب و قەڵای سوونە کە سعودییە ئەو بەها گەورە و بنکە سەربازییەی چی تر پێویست نییە . لەگەڵ ئەمەدا بازاڕی کڕینی چەك و تەقەمەنی و کەرەسەکانی دیکەی جەنگ تا ڕادەیەك ئەو بایاخەی جارانی بۆ سعوودیە و ئیسرائیلیش نامێنێت و سست دەبێت ، واتە کێشمە کێشەکانی ناوچەکە تا ڕادەیەك دەڕەوێتەوە.
پێنج: ڕوخانی ئێران هاوکارییەکی گەورە دەکات لە ڕۆیشتنی ڕژێمی عێراق دا، یا هەر هیچ نەبێت ئەوەندە لاوازی دەکات کە چی تر ناتوانێت ئەوەی کە ئێستا دەیکات بەردەوام بێت لەسەری .
شەش: بارودۆخی تورکیا گرفتاوی دەبێت ، خۆ ئەگەر لە هێڕشی ئەمریکا بۆسەر ئێران ، ئێران بە مووشەکەکانی بتوانێت بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە تورکیادا زیانی گەورەی پێبگەیەنێت، پشێویەکی گەورە لە تورکیادا دەنێتەوە، کە ڕەنگە ببێتە خاڵی تەقینەوەی هاتنە سەر شەقامی خەڵکی، کە ئەمەش لە قازانجی نەك تورکیا و کوردە بەڵکو بەشێکی زۆری ناوچەکەشە کە ڕژێمی ئاکەپە بەرەو لاوازکردن دەبات.
حەوت: نەك رەنگە ببێتە هۆی باشبوونی بارودۆخی کورد لە ئێراندا، بەڵکو کارایی باشیش لەسەر هەرێمی کوردستان و کوردانی باشوور دادەنێت ، هەر هیج نەبێت مەترسی بۆمباردکردن و تیرۆرکردنی نەیارانی ڕژێمی ئاخوندەکان لەو پارچەیەی کوردستاندا نامێنێت ئەو کاتە ڕژێمی نوێش لەو زێدەڕەویانەی کە کراون بە هاتنە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە دەکشێتەوە خاڵی پێش هاتنی ئاخوندەکان بۆ سەر حوکم و گوندنشینەکانی سەر سنوریش ئاسایشی بۆ دەگەڕێتەوە..
هەشت : ڕەنگە ڕوخانی ڕژێمی دینی و مەزهەبی ئێستا بە هۆی ئەو ئەزموونە خوێناوییەی کە هەیبووە و ئەو کارەساتانەی کە بەسەر هاووڵاتانی ئێرانیدا هێناوێتی، ڕێگر بێت لەوەی کە جارێکی دیکە ڕژێمی ئاینی و مەزهەبی لە ئێراندا دروست ببێتەوە .
بە بۆچوونی من ئەوانەی سەرەوە تا ڕادەیەکی زۆر خەباتی کرێکاران و چەوساوانی ئێران دەباتە پێشەوە، ڕێگە خۆشکەرێك دەبێت بۆ روودانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و لە ڕیشە دەرهێنانی زوڵم و زۆر و برسێتی و نادادوەری کۆمەڵایەتی.

زاهیر باهیر
22/02/2026




چەمکی دەوڵەتی تورك، حکومەتی تورك، پۆلیسی تورك، میتی تورك ، جێندرمەی تورك.. زاهیر باهیر

ئەو چەمکانەی سەرەوە هەر هەموویان چەمکێکی ڕایسستانەیە زۆرێكیش لەوانەی کە بەکاریدەهێنن لەبێ ئاگاییانەوەیە یا لە نەزانینی زمانەوەیە . بێ گومان کەمایەتییەکی زۆر کەمیش هەیە زۆر بە باشی ماناکەی دەزانن و بە لێکدانەوەی مەبەستی خۆیان بەکاریان دەهێنن.
من لە مانگی یەکی 2016 بە وتارێك سەبارەت بەم زمانە ڕایسستیانە و هەڵەکانی پەکەکە زیاتر لە 12 لاپەڕەم نوسیوە. هاوکاتیش ئەوەشم ڕوونکردۆتەوە کە ئەم زمانە هەر زمانی پەکەکەیە نەك ڕۆژئاوا، میدیای ڕۆژئاوای کوردستان بەم زمانە ڕایسستیانە نە قسە دەکات و نەدەنوسێت و نە بانگەشە دەکات .
باشە ئێمە دەزانیین کە سەرکردەکانی پەکەکە کوردیی سۆرانی بەحاڵ دەزانن بەڵام خۆ نوسەران و ڕۆشنبیران و زۆرێك لە فەیسبوکوانانی کوردی سۆرانی زمان، ڕەنگە ماناکەی بزانن ، کەچی هەر بەکاری دەهێنن، یاخود لەبەر ئەوەی کە سەرکردەکانی پەکەکە یا میدیای پەکەکە ئەم زمانە بەکاردەهێنێت ئیتر ئەمانیش دەبێت دوای کەون.

بۆچی بەکارهێنانی ئەو چەمکانە ڕایسستانەیە؟

یەك: گەرچی ئامارێکم لە دەستدا نییە بەڵام وەکو دەیزانین و مێژوی کۆمەڵگەی تورکیا دەزانین خودی میللەتی تورك لەوێ ئەگەر کەمایەتیش نەبن ئەوە نیوەی میللەتانی تورکیان. کەواتە دەوڵەت ، بە تەنها دەوڵەتی تورک نییە هی هەموانە ، زۆرێك لەو کەمایەتییانە دەنگیان بەو حکومەتە داوە و دروستیان کردوە.

دوو: دەم پارتی کە بەشدارە لە پەڕلەمان و حکومەتدا هەرە زۆرینەیان کوردن ، نەك تورك ، خۆ ئەگەر هیچ نین پەڕلەمان هی ئەوانیش نییە، ئەی خێرە لەوێن؟

سێ: دڵنیام کە زۆرێك کە لە پایە گەورەکانی حکومەتدا یا دەوڵەتدا کار بەدەستن کوردن وەکو هاکان فیدان کە دوژمنی سەر سەرختی کوردە ، وەکو عومەر چلێک کە قسەکەری فەرمی ئاکەپەیە وەکو زۆرێكی دیکەیان کە پێویست ناکات لێرەدا ناویان بهێنم . ئەمە جگە لەوەی خۆ خودی ئەردۆگان تورك نییە، نەك هەر ئەوە بەڵکو ئەو 3 کەسەکەی دیکە کە خۆیان کاندید کرد لەگەڵ ئەردۆگان بۆ سەرۆک کۆمار هیچیان تورک نەبوون .

چوار: هاووڵاتیانی تورکیا هەر نەتەوە و کەمایەتییەك بن دەبێت خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بکەن ، هەروەها لە بەشەکانی وەکو پۆلیس و دەزگە سیخوڕییە هەستایارەکاندا کارمەندن، یاخود لە بەشەکانی خزمەتگوزاریدا ، لە دادگە و پەروەردە و تەندروستی و وەرزش تد کورد هەیە . کەواتە تۆ بتەوێت و نەتەوێت ئەوانە لە خزمەتی دەوڵەتی تورکیادان بەو جۆرەی کە پێویست دەکات .

پێنج : تۆ چۆن دەزانیت ئەو پۆلیسەی ، ئەو سەربازەی ، ئەو سیخوڕەی میت کە کوژراوە تورکە ؟ تەماشای پێناسەکەیت کردووە؟ کونییەکەیت بینیوە؟

شەش : ئەی هەر ئێوە نین کە دەڵێن 20 ملیۆن کورد لە تورکیادا هەیە ؟ ئەی ئەم 20 ملیۆنە، با بڵێین 14 ملیۆنیان هێشتا لەناو توکیادان، بە چی دەژین ؟ پارە لەکوێ وەردەگرن و دەیگۆڕنەوە باج بە کێ دەدەن ؟ قازانج بە کێ دەگەیەنن ؟ پاسپۆرت و پێناسە لە کێ وەردەگرن؟ خزمەتی پۆلیسی بۆ کێ دەکەن ؟ غەیر هەمووی بۆ ئەو دەوڵەتەیە !! کەواتە تۆش بەشێکی لەو تورکانەی ، ئازەریانەیت ، ئەو عەرەبانەی کە لە تورکیا دەژین حکومەت و دەوڵتتان ڕاگرتووە !! کەواتە وەکو ڕاگرتن ئەرکەکەی هەر تورک نایکات بەڵکو هەموو هاووڵاتیەکی تورکیا ، هەموو پێکهاتەکانی کە میللەتی تورکیایان پێكهێناوە ، دەیکەن .

حەوت : کە تۆ دەڵێیت دەوڵەتی تورك، وجود بۆ خۆت دانانێت ، بوونی خۆت لەوێ ڕەت دەکەیتەوە ، ئاخر چۆن خاكێك دەبێت بێ میللەتێك؟ گەر حکومەت یا دەوڵەت بە تەنها تورکە تۆ بەشدار نیت و وجودت نییە لە تورکیا و لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی تورکیادا نییە ، ئیتر بە چ هەقێك تۆ هەڵدەکوتیتە سەری و شەری لەگەڵدا دەکەیت ؟

هەشت: ئەگەر وەڵامیشت بۆ ئەم خاڵانە ئەوەیە کە کورد لەوێ تەتریك کراون، واتە کراون بە تورك ، کەواتە تۆش دەستورەکەی دەوڵەتی تورکیا پشتڕاست دەکەیتەوە کە کورد نییە لەوێ!!

بێ گومان خاڵی دیکەش هەیە ، بەڵام ئەمانە سەرەکییەکانن لای من. تکایە بوەستە لە بەکارهێنانی زمانی ڕایسستی ، تکایە پێش ئەوەی وتار بنوسیت و ڕاگەیاندن بڵاوبکەیتەوە و ببیتە ڕۆژنامەنووس بڕۆ فێری زمانی کوردی ببە ؟ یا هەر مەبەست ئەوەیە تۆوی ڕایسستی بچێنیت وەک چۆن تورکە ، عەرەبە ڕایسستەکان هەمان شت دژ بە تۆ دەکەن.

زاهیر باهیر
28/01/2026




چەند تێبینییەك سەبارەت بەم بارودۆخەی ئێستای ڕۆژئاوا.. زاهیر باهیر

ڕۆژئاوا و سوریا و دەوڵەتانی دراوسێ بە بارودۆخێکی ئێکجار ئاڵۆزدا دەڕۆن ، بۆ ئێمە زۆر زەحمەتە کە بتوانین بە تەواوی سەری لێدەرکەین . ئەوەی کە لە ئێستادا دەیزانین و ڕوونە لامان، بوونی ئەجەندەیەکی شاراوەیە لە لایەن ئیئسرائیل و ئەمریکاوە، یاریکەرەکانی ناوچەکە بە تورکیا و حکومەتی سوریای داعیشەوە لە یارییەکی خۆێناویدا دەردەکەون و خوێنەکەش لە جەستەی ڕۆژئاوای کوردستان دەچۆڕێت .
هەموان دەزانین کە چی ڕویداوە و هەر یەکەشمان ڕەنگە پێشبینییەکی جیا و تایبەت بە خۆمانمان هەبێت دەربارەی ئەم گەمە خوێناوییە. من لێرەدا تەنها قسە لەسەر ئەو خاڵانە دەکەم کە تێبینیم کردوون .
یەك: شەپۆلی ڕایسیزم: شەپۆلێکی فراوانی ڕایسیزم و قەومچێتی تا ڕادەیەك فەزای هەموو ناڕەزایی و خۆپیشاندان و ڕووبەری میدیا و سۆشیالمیدیای گرتۆتەوە . ئەم شەپۆلەش پشکی هەرە زۆری کوردانی باشوور بە تایبەت ئەفەنییەکانی پشتی کۆمپیوتەر و کوردچییەکان، لە ناویشیاندا زیاتر خەڵکانی شارە حەیاتەکەیە ، شاری ڕۆشنبیری و یاخیی.
بە ئاشکرا ئەمە لەو ڕووبەرانەی کە لە سەرەوە باسم کردن دیارن و لە فەیسبووك و وەتساپیشدا بە دەیەها ڤیدۆ دەنێررێت لەوانەی کە چۆن مامەڵەی کوردانی ڕۆژئاوا و جەنگاوەرانیان لە لایەن خەڵکانی غەزە و شۆڤێنیسستەکانی عەرەب و داعشەکانی جۆلانییەوە دەکرێت، یاخود پارچە هەڵبەستی ڕایستیانە و فاشیانە دەنێررێت . هاوکاتیش بە دەیەها ڤیدۆی تر هەن کە لە لایەن خەڵکانی عەرەب و تورکەوە پشتگیری ڕۆژئاوا دەکەن کەچی کەمتر بایاخیان پێدەدرێت و زۆر بەدەگمەن دەستاودەستیان پێدەکرێن .
ئەمەی کە ڕوودەدات زۆر مەترسیدارە، لە کاتێکدا ئەم مەیلە ڕایسستانە لەناو خەڵکانی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستاندا نییە ، گەر هەش بیت هەر زۆر دەگمەنن . ئەم جۆرە بە ناو چالاکییانە شتێك نییە جگە لە بەنزین کردن بە خۆشکردنی ئاگری شەڕی کورد و عەرەبدا نەبێت.
دوو: داوای لابردنی تۆم باڕاك: زۆرن ئەو کەسانەی کەوا دەزانن کە ئەوەی ڕووی داوە لە ڕۆژئاوا و سوریادا سیاسەتی خودی تۆم باڕاك، نێردەی ئەمەریکایە. ئەوانە پێیان وایە بە جێگرتنەوەی ئەو بە کەسێکی دیکە، ئەوە لە قازانجی کورد دەبێت دۆخەکە دەگۆڕێت. ئەوە راستە کە تۆم باراك بە بنەچە عەرەبی لوبنانییە و ڕەنگە مەیلێکی کەمی بەلای عەرەبدا لە پرسە بچووکەکاندا هەبێت، بەڵام ئەو تەنها نوێنەرایەتی سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریکی لە سوریا دەکات و سیاسەتەکانی ئەمەریکا جێ بەجێدەکات و ناتوانێت سەرپێچی بکات . بەڵگەش بۆ ئەمە: بوونی فرماندە گەورە سەربازییەکانی ئەمریکییە کە لەوێن، هەروەها کەسانی گەورەی دەزگەی سیخوڕی سی ئای ئەیە، خۆ ئەگەر تۆم باڕاك سیاسەتی ئەمەریکا پێچەوانە بکاتەوە ئەوان بێ دەنگ نابن. دوای ئەوە کە بەندیخانەکانی هەسەدە کە سیخناخ بوون لە گیراوانی داعش و خێزانیان، کاتێك کە لەلایەن سوپای داعشی سوریاوە هێڕشیان کرایە سەر هەسەدە و پاسەوانانی بەندیخانەکان هێزەکانی ئەمریکایان لێ ئاگەدارکردنەوە ، بۆچی ئەو هێزە ئەمریکییە هیچ نەهاتنە دەنگ و بەداواکەی هەسەدەوە نەچوون؟
سێ: ترامپ بزنسامانە و سیاسی نییە: زۆرێک لە ڕۆشنبیران و فەیسبووکوانی کورد سەبارەت بە خراپی هەڵوێستی ترامپ بە ڕۆژئاوا و کورد دەڵێن ترامپ بزنسمانە نەك سیاسی و کەسانی سیاسی ئاوا ئیدارە بەڕیوە نابەن . ئەم کەسانە هیچ جۆرە زانیارییەکیان نە لە سیاسەت و نە لە ئابوریش نییە. ئەمان تێناگەن کە سیساسەت و سیاسەتکردن رەنگدانەوەی ئابوورییە و بۆ بەرژەوەندی ئابووریانەیە ، وەکو ئەوەی کە سەرانی پێشوی ئەمەریکا لەسەر پەنجەی بزنسمانە گەورەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان نەسوڕابێتنەوە!! .
ئیدارەی سیاسی هیچ نییە جگە لە پارێزەری ئابووری و هەیمەنەی ئابووری ، گەورەیی و هەیمەنی هەر وڵاتێك بە بەهێزی ئابوورییەکەیەوەیە، هەر لەبەر ئەوەیە کە سیاسەت و بەرنامەی پەروەردە و پێگەیاندن و هەوڵی حکومەتەکان بۆ گەشەی ئابوورییە، تەنانەت سوپاکەی لە خزمەتی ئەوەدایە. ترامپ هەم سیاسییە و و هەم بزنسمانێکی گەورەیە بڕیارە سیاسییەکانی کە دەیدات ڕەنگدانەوەی دۆخی ئابوورییە و بۆ پاراستن و سوودگەیاندنی زیاتری ئابووریانەیە بە سامانداران و کۆمپانیا گەوەرکان.
چوار: کارایی ئەم ڕووداوە لەسەر بەناو پرۆوسەی ئاشتی : بێ گومان ئەمەی کە ڕوودەدات کارایی زۆر خراپی لەسەر کوردانی باکور و پەکەکە و خودی ئۆجەلان دەبێت . هەسەدە بربڕە پشتی ڕۆژئاوا و باکوری تورکیا بوو . ئەوەندەی کە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەریی لای ئەردۆگان و ئاکەپە گرنگ بوو بە دەیەکێکی ئەوە پەکەکە نە لایان گرنگ بوو نە مەترسیشیان لیی هەبوو . پەکەکە لە ژێر ڕکێفی دەوڵەتی تورکیادایە هەموو کاتێك حکومەتی تورکیا دەیانتوانی و دەتوانن شەڕی بکەن ، وەکو کردویانە و سێ کوردستانیشیان پیوە وێران کرد . ئەردۆگان و ئاکەپە خۆیان دەیانزانی بزوتنەوەی چەکدارانەی پەکەکە لە 2015 وە گەورەترین خزمەتی بە دەوڵەتی تورکیا کردووە و بچوکترین خزمەتی بە کورد و کوردستانەکان نەکردووە.
ئەردۆگان و ئاکەپە ڕۆژئاوایان ئەوەندە بە گرنگ و مەترسیدار بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا زانیوە گەر لەبەر هاوپەیمانی ئەمەریکا لەگەڵ هەسەدەدا نەبوایە و ئەو هاوپشتی و پشتگیرییەی کە ڕٶژئاوا هەیبوو نەك هەر لە کوردستانەکاندا، بەڵکو لە زۆر وڵات لە جیهانیش دا، ئەوە تورکیا بە هەموو شێوەیەك لێی دەدا و کۆتایی پێدەهێنا گەر چی تا ئێسا درێغی نەکردووە هەر کات هەلی بۆ ڕێکەوتبێت گورزی گەورەی لێوەشاندووە.
بە بڕوای من ڕوودانی ئەمەی کە ڕوویداو گەر ئاوا بڕوات، کۆتایی بەو بەناو پرۆسەی ئاشتییە دەهێنێت و ئۆجەلان یا فەرامۆش دەکرێت یاخود دەبێت ئەوە بکات کە ئەوان دەیانەوێت . هەسەدە هێزێکی گەورە و پاڵپشتێکی مەعنەوی زۆر گرنگ بوو بۆ ئۆجەلان ئێستاش هەر گرنگە، هەر شکستییەك بۆ هەسەدە شکستیەکی گەورەیە بۆ ئۆجەلان و پەکەکە.
پێنج: لۆمەکردنی ئەمەریکا: هەرە زۆرینەی کورد و هەندێكیش لە چەپە سیاسییەکانی ئەوروپا وعەرەب و حکومەتەکان لۆمەی ئەمریکا دەکەن کە گوایە بێ وەفا بوو لەگەڵ کورددا و کورد ئەو هەموو قوربانییەی داوە بۆ لەناوبردنی داعش و نەهێڵانی چالاکی تیرۆریستیانەیان و پاراستنی هاووڵاتیانیان لە ئەوروپا و ئەمریکا و هەندێك وڵاتانی دیکەی دونیادا.
ئەمانەی کە خاوەنی ئەم بۆچوونانەن ئەو پرسیارە ناکەن چ گرێبەستێك هەبووە لە نێوانی هەسەدە و ئەمریکادا؟ ئەوەی کە تۆزێك بە ئاگا بێت لە بارودۆخەکە دەزانێت کە ئەمریکا هەر لە سەرەتاشەوە هیچ بەڵێنێکی بە هەسەدە و کوردانی ڕۆژئاوا نەداوە. ترامپ خۆی وتی ” کورد ئازایە و شەڕکەری باشن، هاوکاری ئێمەیان لە لەناوبردنی داعش دا کردوە ، ئێمەش هەقی خۆیانمان داونەتێ ، یارمەتیمان پێداون و پارەمان داونەتێ” تۆم باراك-یش ئەوەی دووپات کردووە بەڵام بە جۆرێکی دیکە کە وتی ” ئێمە چی تر ئێشمان بە هەسەدە نەماوە و ئێستا حکومەتێك هەیە کە هاوپەیمانمانە لە شەڕ دژ بە داعش دا”
ئەمەریکا نەك هەر ئەوەی کرد بەڵکو هات کورد و بەخۆدانی کوردانی لە ڕۆژئاوای پارچە پارچە کرد . ئەو هات تەنها پەیوەندی بە هەسەدەدوە کرد و کاری لەگەڵ ئەواندا دەکرد و دوو بەشەکەی دیکەی ڕۆژئاوای ‘ئیدارەی خۆسەریی و خودی پەیەدەی ‘ فەرامۆش کرد، ئەمە لە کاتێکدا کە هەسەدە سوپای پارێزەری ئیدارە خۆسەییەکەیە و پەیەدەش پلاندانەر و نەخشە کێشێتی .
ئەمریکا هەرگیز ئەمەی نەشاردۆتەوە کە ئەوان هاوپیمانن لەگەڵ هەسەدەدا نەك لەگەڵ پەیەدە و ئیدارەی خۆسەرییدا . ئەم سیاسەتەی ئەمریکا کە هەر سێ بەشەکەی ڕٶژئاوا هەر لە سەرەتاوە قەبوڵیان کردووە گۆڵکردنێك بوو لێیان و زۆر زۆر مەترسیدار بوو بۆیە بوو بە هۆکارێك لە ڕوودانی ئەوەی کە ئێستا رووی داوە.
زۆرێك لە ئێمە ئەوەمان زانیوە و دەزانین کە پاڵدان بەئەمریکا و وڵاتانی غەربەوە هیچ جێگای متمانە نین و ئەوان نەك هەر بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن بەڵکو زۆربەیان مێژوییەکیان نییە لە ڕزگارکردنی هیچ نەتەوە و هاوکاری هیچ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەدا، بگرە مێژوویەکی خۆێناویشیان هەیە .
بەداخەوە ئێستا دەبینین هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە سوریا دووبارە دەبێتەوە . ئەو هەموو قوربانییە لە ئەفغانستان درا ، ئەو هەموو پارەیە سەرف کرا بۆ ئەوەی تالیبان لە دەسەڵات بخرێت، بەڵام ئەوە بوو هێنانیانەوە بۆ سەر حوکم ، ئەمە لە کاتێکد لە لایەن ترامپەوە لە هەڵپەی هەڵبژاردنەکەیدا بە خاڵێکی گەورەی لاوازی بایدن و ئیدارەکی دانا. ئێستاش هەمان شت لە سوریا دووبارە دەبێتەوە ، بەڵام ئەمەی سوریا زۆر زۆر مەترسیدارە کە جێنوسایدی بەدواوەیە ، ڕەنگە شەڕی عەرەب و کوردی لێبکەوێتەوە، تیشکی ئەم ئاگرە وێرانکاریەی ئەم شەڕە ڕوو لە عێراق و ڕەنگە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بکات.
ئەمە ئەو پلان و ئەجەندەیە کە ئەمەریکا و هەندێك لە دەوڵەتانی غەربیش بەدەستیانەوە. کاتی ئەوە هاتووە کە وانەیەکی گەورە وەرگرین مەبەستم تەنها هەر لە ڕۆژئاوا نییە. دەبێت ڕۆڵی گڵاوی حیزبایەتی و سەرکردە پەرستی و جەنگی چەکدارانە مەگەر تەنها بۆ بەرگری لە خۆمان نەبێت ، ڕەت بکەینەوە. کاتی خۆڕێکخستنی خۆمانە لە دەرەوەی حیزب و هەژموونی سەرکردە و ڕابەر و بیرمەند ، کاتی خۆهۆشیار کردنەوەمانە. با هیتاف و دروشمی بریقەداری بژی و بڕوخێ و بیرکردنەوە لە نیگای سۆزەوە لاوەخەین و بە مێشکمان ، نەك بە سۆزەوە بیربکەینەوە، سوود لە خوێندنەوەی مێژوو سەبارەت ڕۆلی خوێناوی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان ببینین . تەنها ئەوە ڕێگەیەکە کە دەکرێت لە ئایندەدا بیگرینە بەر . هاوکاتیش لە ئێستادا دەبێت بە هەموو جۆرێك لە جۆرەکان ڕاوەستین دژ بە زوڵم و زۆر و جێنۆسایدی نەتەوەیەك ، دژ بە هێزە تاریکەکان کە دەیانەوێت ڕەوڕەوی عەجەلەی مێژوو بەدوادا لەژێر پەردە و بە ناوی دین و پوچگەرایی و شۆڤێنێت و فاشیزمەوە بگێڕنەوە، ڕێگە ڕاستەکەمان لێ هەڵە بکەن و بەو ئاراستەیەدا بمانبەن کە خۆیان دەیانەوێت.

زاهیر باهیر
22/01/2026




کاتی ئەوە هاتووە پەنجە بخەینە سەر برینەکانمان.. زاهیر باهیر

کاتی ئەوە هاتووە پەنجە بخەینە سەر برینەکانمان و هەوڵی ساڕێژکردنیان بدەین پێێش ئەوەی توشی نەزیفی خوێن ببین .
ئایا دەکرێت بزنی نێر بدۆشرێت؟ ڕەنگە!! بەڵام ناکرێت متمانە بە ئاشتی و بەدیهێنانی ئەو دروشمانە بکەیت کە لە لایەن پەکەکە و لە ڕۆژئاوادا هەڵکراوە ئەوەندەی ئەردۆگان و حیزبەکەی لەسەر حوکم بن .
دەوڵەتی فاشی تورکیا و هاوکارانی نەك هەر ڕێگە لە دروستبوونی ئاشتی و ئاشتەوایی دەگرن لە تورکیادا، بەڵکو نابێت حکومەتی داعشی سوریاش لە قسە و پلانی تورکیا سەبارەت بە پرسی کورد بە گشتی و دەسەڵاتی هەسەدە و خۆسەریی بەتایبەتی، دەرچیت .
ئەوەی دەبینرێت هەر لە سەرەتای ئەم مانگەوە سوپای حکومەتی داعشی سوریا وردە وردە بە هاوکاری تورکیا و بێ دەنگبوونی ئەمریکا و ئەوەی پێی دەوترێت کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتی لە هێڕشی بەردەوامدان دژ بە هەسەدە و پاکردنەوەی ئەو شوێن و ناوچانەی کە لەژێر قەڵەمڕەوییاندایە .
بە گوێرەی دوا هەواڵی بی بی سی ئەمڕۆ سەعەت 5 ی بەیانی زوو و ڕۆژنامەی گاردیان سوپای سوریا دەستیان بە سەر ئەو شوێنانەدا گرتۆتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوون ، بەنداوی مەسروورییەت [ لام وایە ئەوە ناوەکەیەتی] و کێڵگەی نەوتی ڕەسافە و سوفیانیان خستۆتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. هاوکاتیش خێڵە عەرەبەکانی ئەو دوو شوێنە ڕایان گەیاندووە کە چاوەڕوانی ئۆکەی لە حکومەتی سوریاوە دەکەن بۆ شەڕکردن دژ بە هێزەکانی هەسەدە.
بەداخەوە کە بارودۆخەکە زۆر زۆر مەترسیدارە و لەوە دەکات کە هەسەدە قوربانییەکی زۆر بدات گەر بەردەوام بێت لە شەرەکە. بەڕای من بۆ ئەوەی کە کورد تۆزێك کیانی بۆ بمێنتەوە و کەمترین کوشتار و قوربانیدان رووبدات، دەبێت لە هەموو شوێنە عەرەب نشینەکان بێ تەقە بکشێتەوە ، پێش ئەوەی دەریان بکەن بە قوربانییەکی زۆرەوە.
نکوڵی ناکرێت لە ئازایەتی و قوربانیدانی جەنگاوەرانی هەسەدە، بەڵام دەبێت تێ بگەن کە شەڕی ئێستای داعش جیاوازە لە شەڕی پێش دوو ساڵ لەمەوبەریان ، ئێستا داعش خاوەنی تانک و درۆن و فڕۆکەی جەنگی و هاوپشتی ڕاستەوخۆو ئاشکرای تورکیایە بە ئۆکەی یا لانی کەم هەڵبژاردنی بێ دەنگی ئەمەریکا. ئەمە جگە لەوەی کە خێڵە عەرەبەکان چی تر لەگەڵ هەسەدەدا نامێنن و دەبنە دوژمنیان.
لە کۆندا هیچ وانەیەك وەرنەگیراوە هەر کەسیش قسەیەکی واقیعیانەی کردبێت یا تاوانبار کراوە بە پارتی یا دۆستی ئەردۆگان . سەبارەت بەوانەشی وەکو من و کەسانی دیکە کە دۆستی نزیکی ڕۆژئاوا بوین ڕا و بۆچوونەکمان بە هەڵە وەرگیراوە جارو باریش قسەی بێ سەرروبەرەمان بەرانبەر کراوە و فەرامۆش کراوین.
بۆ نموونە من خۆم لە ساڵی 2018 و پێشتریش ئەمانەم وتووە :
هەڵەیە هێزی بەرگری بکرێت بە هێزی هێڕشبەر .
هەڵە بوو کە یەپەژە و یەپەگە لە هێزی بەرگریی خۆبەخشەوە و کرایە هێزی نیزامی ژێر سەرکردایەتی پەیەدەو ببێت بە بەشێکی هێزی ئەمەریکی .
هەڵەیە کە ئەمەریکا تەنها پەیمانێکی سەربازی لەگەك هەسەدەدا هەیە بەڵام هیچ ناسینێکی بۆ ئیدارەی خۆسەیی و پەیەدە نییە.
هەڵە بوو کە شەڕەکەیان فراوان کرد بەرە و خاك و شار و شارۆچکەکانی عەرەبیان برد و داوایان لێبکەن ئەوەی خۆیان دەیانویست ئەوانیش ئەوە بکەن. دەبوایە هەسەدە وازیان لە عەرەبەکان بهێنایە خۆیان ئەو شارانە بگرن ، گەر پێویستیشیان بە هەسەدە هەبوو ئەو کاتە هەسەدە یارمەتییان بدات .
هەڵە بوو شەڕ بۆ ڕزگارکردنی رەقە و تەبقە بکەن چونکە دەبوایە وەکو من وتم بزانن مانەوەی هەسەدە و ڕۆژئاوا بە مانەوەی داعشەوەیە ، کە داعش نەما ڕۆژئاواش بە هیچ کیانێکییەوە نامێنێت .
من لە 2018 و 2019 دەدا وتومە کە لە دوا قۆاناخدا تەنها ئەوەی کە کورد دەستی دەکەوێت لە ڕۆژئاوادا مافی ڕۆشنبیری و خۆێندن و پەروەردە و مافی کولتوری و دەستکەوتنی هەندێك پلە و پایەی ئیداری دەوڵەتییە .
هەڤاڵانی پەکەکە کە لێمەوە نزیكبوون هەموویان ئەم ڕاستیانە دەزانن و پێچەوانەم وەڵامیان داومەتەوە. من بۆ ڕاستی و دوستی قسەکانم دەکرێت تەماشای پۆستەکان و وتاررەکانم بکەن . تەنانەتە من بە نامە گۆڕینەوە لە گەڵ دوو سەرکردەی پەکەکە کە بەداخەوە یەکێکیان بوو بە قوربانی هێڕشی درۆنی تورکیا ئەمانەم باس کردووە .
من هەمیشە پێداگریم لەسەر ئەوە کردوە کە لە بری دانی ئەم هەموو قوربانییە، زەروورە گەر هەتا لە ناوچەیەکی زۆر بچوکیشدا بێت، ئەوەی کە لە ڕۆژئاوادا بانگەشەی بۆ دەکرێت وەکو هەرەوەزییەکان، فێمەنیزم و ژینگە و ئیکۆلۆجی دەبێت کاری لەسەر بکرێت و ببێتە نموونەیەك بۆ شوێنەکانی دیکە ، نەك بە فراوانکردنی دەسەڵات و شوێنگرتنی زیاتر و کارکردن لەسەر کاڵبوونەوەی ئەو دروشمانە.
ئەوەی ماوەیەوە بیڵێم ئایا لێرەوە کورد دەرس وەردەگرێت لە هەڵەکانی ؟ خودی خۆم باوەڕم پێی نییە.

زاهیر باهیر
18/01/2026




ترامپ و سیاسەتەکانی.. زاهیر باهیر

دۆناڵد ترامپ ئەو گەمژەیە نییە کە زۆرینەی میدیاکان و سۆشیال میدیاکانی جیهان پێمان دەڵێن. ڕاستە پێشبینکردن لە بڕیار و ڕەفتارەکان و سیاسەتەکانی زۆر گرانە بەڵام ئەو وەکو بزنسمانێك و سیاسییەك ئەو قسەیەی کە دەیکات زۆربەی کات دەیگەیەنێتە جێ، ئەو بڕیارەی کە دەیدات دەیخاتە مەیدانی کردنەوە، کابرایەكە زۆر وەخت یەك ڕووە و ئەوەی لە دڵیدا بێت دەیخات سەر لێوانی.
جیاوازی ئەم لەگەڵ سەرۆکەکانی پێش خۆیدا ئەم وەکو ئەوان ئەجەندەی شاراوەی نییە. ئەوان کەمتر بزنسمان و زیاتر گۆێگر لە کۆمپانیاکان و بزنسامانەکان بوون. ئەم، بزنسامانە و گوێ کەمتر لە کۆمپانیا و بزنسمانەکان دەگرێت. بەڕای من سیاسەتەکانی سەبارەت بەم سیستەمە و بەردەوامیدان پێی تا ڕادەیەك دروستە و خزمەتی بەرژەوەندی گەورە کۆمپانییەکانی ئەمەریکا و جیهان دەکات و بە دروستکردنی جەنگ و پشێوییەکان، سەرقاڵکردنی خەڵکی و میدیا و وەشاندنی زەربەی گەورەی لە بزوتنەوەی کرێکاران و چەوساوەکان دەدات. ئەو دەزانێت کە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی وەکو یو و ئێن و ناتۆ ڕۆڵیکی ئەو تۆیان نەماوە و ئەو هۆکار و زەمانەی کە لە پێناویدا دروست بوون تێپەریون و تەنها پارەیەکی زۆر لەسەر ئەمەریکا دەکەوێت .
ئۆکرانیا و سیاسەتی ئەو:
گەر تەماشای سیاسەتی ئەو بکەیت سەبارەت بە ئۆکرانیا واقیعانە دەڕوانێتە بارودۆخەکە ئۆکرانیا شەڕەکەی دۆڕاندووە و حکومەتی بەزیویش ناتوانێت هیچ مەرج و بەندێك بەسەر حکومەتی براوەدا بسەپێنێت، لەبەر ئەوە هەتا زووتر سوڵحی لەگەڵدا بکات ئۆکرانیا سوودمەندتر دەبێت. ترامپ دەزانێت کە ناتۆ ناتوانێت بە ڕاستەوخۆیی بکەوێتە شەڕەکەوە، دەشزانێت وڵاتانی ئەوروپا و حیزبەکانی کە دەسەڵاتیان لە دەستدایە لاوازن زۆر جاریش دیل و چاو لەدوای دەنگدانی کۆمەڵ و کۆمۆنێتی ئیسلامییەکانن.
چین و ڕوسیا:
ترامپ دەزانێت کە چین لە ململانێی و شەڕێکی نەبڕاوەدایە بۆ هەیمەنەکردنی بەسەر جیهاندا و گرتنەوەی جێگەی ئەمریکا، ئەوەش دەزانێت کە ئەمەریکا هەرچییەك بکات ئەم جەنگە ئابووریی و باڵادەستەی ئایندە لە چین ناباتەوە ، بەڵام دەزانێت و دەتوانێت دوای بخات.
ترامپ زیرەکانە پەنجەی خستۆتە سەر ئەو هۆکار و خاڵانەی کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کەم پێشڕەوێتی چین و خاوکردنەوەی کێبڕکییەکە ڕابگرێت یاخود گرفتی گەورە و قوڵی بۆ دروست بکات. ئەو دەزانێت کە ئەمریکا پێویستی بە نەوت نییە نە لە ئێستا و نە لە ئایندەشدا، هاوکاتیش دەرك بەوە دەکات کە چین پێویستی بە نەوتێکی زۆرە، کە ئەوە وزەی سەرەکییەتی بۆ بەهێزکردنی ئابوورییەکەی ، بە واتایەکی دیکە بۆ لاوازکردنی ئابوری ئەمەریکا .
ڕوسیاش وەکو ئەمریکا پیویستی بە نەوت و غاز نییە بەڵام نەوت و غاز سەرچاوەیەکی گەورەی ئابوورین و چەکێکیشن بۆ بردنەوەی شەڕەکانی و لە وابەستە کردنی هەندێك وڵات بەخۆیەوە مانەوەیان لەژێر ڕەحمەتی پوتین دا ، کە نەوتیان دەوێت بەڵام بە نرخێکی هەرزان .

ڤێنزویلا:
ترامپ بەوەی کە کردی لە ڤێنزویلا و دەستبەسەرگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی بوو بۆ خستنە بازاڕی ڕۆژانەی چەند ملیۆن بەرمیلێك نەوت. کردنی ئەمە لە بازاڕدا زەربەیەکی گەورە دەدات لە ڕوسیا بە دابەزینی نرخەکەی، واتە خراپکردنی بارودۆخی دارایی و ئابوورییەکەی. ئەو کاتە ڕوسیا بۆ پڕکردنەوەی ئەو زەرەرەی کە لە فرۆشتنی نەوتدا دەیکات باجەکەی دەخاتە سەر مییللەتەکەی، بە بڕینی تێچووەکانی دامەزاراوە و شوێنە خزمەتگوزارییەکانی، بە بەرزکردنەوەی نرخی پێداویسییەکایی ژیانی خەڵك ، بە بڕینی یاخود کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەو کەسانەی لە ڕوسیادا پێویستیان بە یارمەتی دارایی هەیە، هەڵئاوسانی دراو و بەرزکردنەوەی بڕی سوو لەسەر قەرزی خەڵک و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان و گرانبوونی هاوردەکردنی هەر کەرەسە و کوتاڵ و شمەکێك بۆ ناو ڕوسیا. ئەمانە و زۆری تر کارایی زۆر خراپ و جددیان لەسەر ئابوری دەبێت و بە ڕاستەخۆش لەسەر سیاسەتی دەوڵەت و بەڕێوبردنەکەی .
سەبارەت بە چینیش بێ گومان چینیش زەرەرمەند دەبێت و کارایی خۆی دادەنێت لە سەر کێبڕکێی لەگەڵ ئەمەریکا و هەیمەنەی ئابووری لەسەر ئەو وڵاتانەی کە وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
ئەوەی کە ترامپ کردنی لە ڤێنزویلا هەر ئەوە نییە کە باسم کرد کە هەندێك لە میدیای ناوچەکە و جیهانی باسی دەکات . ترامپ دەزانێت کە ڤێزویلا نەك هەر دڵ و خۆێنبەرەکانە لە جەستەی هەندێك لە وڵاتانی دەرودراوسێ و وڵاتانی دیکەشدا، بەڵکو ڤێنزویلا وەکو سێنتەرێکی کۆمەککار و هاوکار و ژیانەوەی هەندێك وڵاتە کە لەوانە کوبایە کە لە سەدا 95 وزەی لە ڤینزویلا وەردەگرێت، کۆڵۆمبیایە وڵاتانی دیکەیە تەنانەت وڵاتانی کاریبیان وەکو توباگۆ و ترینداد کە مامەڵەی بازرگانی سەرەکییان لەگەڵ ڤێنزویلادا هەیە .
ئەمە جگە لەوەی کە ترامپ کردی، سیستەمی BRIC)) ‘ بریكBrazil, Russa, India ، China’ ، کە لە ێستادا 11 وڵات ئەندامن بەڵام ڤێزویلا ئەندام نییە گەرچی داوای کرد کە ببێتە ئەندام بەرازیل ڤیتۆی کرد لەبەر ئەوەی وەرگرتنی ئەندامانی نوێ دەبێت هەر هەموو ئەندامان ڕازی بن. سیستەمی وڵاتانی’ بریک’ لێدان و خستەکاری دراوێکە کە ئەو 11 دەوڵەتەی لەناو ئەو سیستەمەدا دەتوانن بازرگانی و لە ڕوی دیکەشەوە بەکاری بهێنن ، ئەمەش دەبێتە لاوازی بەهای دۆلار و داشکانی بەهاکەی و کەمکردنەوەی ڕەواجی لە جیهاندا. گەر بارودۆخەکە بە گوێرەی ویست و پلانی ترامپ بڕوات وڵاتانی ‘بریک’ بە هەبوونی سیستەمی دراوی کە هەمویان پێوەی پەیوەست دەبنەوە گەر هەڵنەوەشێنێتەوە ئەوە زۆر لاوازی دەکات و دوای دەخات .
ترامپ، حسابی بۆ بکەین یا نەیکەین، هەرچۆن ڕاو بۆچونمان هەبێت ، خۆشمان بوێت یا نا ، بەڕای من کابرایەکی زۆر زیرەکە و دەزانێت چی دەکات . ئەو دەیەوێت ئەمەریکا وەکو پێشتری بمێنێتەوە، دەیەوێت ئابووری ئەمەریکا و پێگە و پایەکەی هەر وەك جاران بمێنیتەوە ، دەیەوێت گەشەی ئابووری ئەمریکا لەسەر هاووڵاتیانی بە ڕادەیەکی کەم و لەسەر کۆمپانیا گەورەکان و سامانداران بە جۆرێکی زۆر ڕەنگبداتەوە ، دەیەوێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ساماندارانی هەر ئاوا بە باڵادەستی بمێننەوە .

ڤەنزوێلا و کوبا و کۆڵۆمبیا و ئەمەریکا:
ڤەنزوێلا لە مێژوودا بەپێی ڕێککەوتنە دوولایەنە درێژخایەنەکان، دابینکەری سەرەکی نەوت و سووتەمەنی کوبا بووە، زۆرجار لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکانی وەک پشتگیری پزیشکی و هاوکاری تەکنیکی. بەپێی داتاکانی بازرگانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کوبا لە ساڵی 2022 بە بەهای نزیکەی 161 ملیۆن دۆلار کاڵای ڤەنزوێلای هاوردە کردووە و نەوتی خاو و بەرهەمە سووتەمەنیەکان لە پۆلی باڵادەستن.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ڤێنزوێلا و کۆڵۆمبیا لە ساڵی 2022 وە جارێکی دیکە گەشەی کردۆتەوە: ئامارەکانی ساڵی 2024 لە نێوان مانگەکانی یەکەم و تەمموزی 2024، بازرگانی دوولایەنە گەیشتە نزیکەی 607 ملیۆن دۆلار، کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2023 بە ڕێژەی 36.5% زیادیکردووە. ئامارەکانی ساڵی 2025 لە مانگی یەک تا حوزەیرانی 2025، کۆی گشتی بازرگانی نزیکەی 564 ملیۆن دۆلار بووە، کە بە نزیکەیی 13 % لە چاو ساڵی ڕابردوودا زیادیکردووە. لە مانگی یەکەوە تا ئەیلوولی 2025 قەبارەی بازرگانی بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 863 ملیۆن دۆلار، کە نزیکەی 8.3 % زیادیکردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024.
زۆربەی ئەو فراوانبوونە لە هەناردەکردنی کۆڵۆمبیا بۆ ڤێنزوێلا وەک خۆراک، کەلوپەلی بەکاربەر، ماددە کیمیاییەکان و پلاستیکەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. هەناردەی ڤێنزوێلا بۆ کۆڵۆمبیا زۆر بچووکتر دەمێنێتەوە و کاڵاکانی وەک بەرهەمی ئاسن و پۆڵا، ئەلەمنیۆم و هەندێک سووتەمەنی لەخۆدەگرێت. بەکورتی کۆی بەهای بازرگانی لەگەڵ کۆڵۆمبیا ئێستا بە سەدان ملیۆن دۆلارە لە ساڵێکدا، هاوسەنگییەکە بە شێوەیەکی زۆر بەرەو هەناردەکردنی کۆڵۆمبیا ملی ناوە. بازرگانی دوولایەنە لە بەرزبوونەوەدایە لەگەڵ بوژانەوەی یەکگرتنی ئابووری سنووربەزێن لە دوای ساڵی 2022.

ڤێنزویلا و وڵاتانی کاریبیان
ڤێنزوێلا لە مێژوودا ڕۆڵێکی بەرچاوی ئابووری و سیاسی لەو وڵاتانەدا هەبووە، بە تایبەت لە ڕێگەی بەرنامەکانی وزەی ئیمتیازاتی وەک پترۆکاریبەوە. پیترۆکاریب ڕێککەوتنێک بوو کە ڕێگەی بە دەوڵەتانی کاریبی دەدا نەوتی ڤێنزوێلا بە مەرجی لەبار بکڕن (درێژمەدای قەرز و دواخستنی پارە) و بۆ زیاتر لە دە ساڵ بزوێنەرێکی سەرەکی بازرگانی ناوچەیی بوو. بەڵام ئەم بەرنامەیە بەهۆی سنوورداربوونی بەرهەمهێنانی ڤێنزوێلا و پرسە ئابوورییە فراوانترەکانەوە تا ڕادەیەکی زۆر ڕاگیراوە.
لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دا، هەناردەی ڤێنزوێلا بۆ ئاروبا و کوراساو نزیکەی شەش ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە.
پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتی ترینداد و تۆباگۆ لەژێر کاریگەری هەردوو ئاسۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوکاری وزەدا بووە، هەروەها تەحەددای دیپلۆماسی و لۆجستیکی ئەم دواییە.
ترینداد و تۆباگۆ بەدوای پەرەپێدانی هاوبەشی گازی سروشتی لەگەڵ ڤەنزوێلادا بوون (بۆ نموونە، هاوبەشی کێڵگەی غازی هاوبەشیی)، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بازرگانی پەیوەندیدار بوو بە وزە لە داهاتوودا، هەرچەندە ئەم جۆرە پڕۆژانە ڕووبەڕووی پاشەکشەی ڕێکخراوەیی و سیاسی بوونەتەوە. بە گشتی بازرگانی لەگەڵ ترینداداد و تۆباگۆ لە ڕووی ناوچەییەوە بەرچاوە بەڵام لە ئاستەکانی ڕابردوو کەمترە و لەم دواییانەدا سنووردار بووە.
گایەنا لە ساڵی 2019 (نوێترین ئاماری ورد لەبەردەستدایە)، ڤێنزوێلا نزیکەی 9 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کاڵای هەناردەی گایەنا کردووە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتەکانە. لە هەمان ساڵدا گایەنا نزیکەی بەهای 74 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی هەناردەی ڤێنزوێلا کردووە و برنجیش وەکو بەرهەمی سەرەکی.

ترامپ و گرینلاند
ترمپ ئەوەندە گەمژە نییە وابزانێت کە چین یا ڕوسیا دێن ئەو دوورگەیە داگیر دەکەن و مەترسی بۆ سەر ئەمەریکا دروست دەکەن . بێ گومان ئەمە باش دەزانێت ، بەڵام ئەو دەیەوێت گەر لە داهاتوودا پێویستی کرد ئەو ڕێگایە لە پاپۆڕەکانی چین و روسیا بگرێت هاوکاتیش گێچەڵێك بە ئەوروپا و سەرکردەکانیشی بکات .
ئەو زۆر زیرەکانە کات و تاکتیکەکانی هەڵدەبژێرێت تاکو مەبەستەکانی پێ بپێکێت. هەموان دەزانن کە ترامپ دوو شتی دەوێت یەك سوکایەتیکردن بە ئەوروپا و سەرکردەکانی و ملکەچکردنیان بۆ باڵادەستی ئەمەریکا ، باشترین تاکتیکیش کە بەکاری هێنا زیادکردنی ڕێژەی گومرگ بوو لەسەر هاوردەی وڵاتانی ئەوروپا بە کردنی سازشێکەوە کە هێشتا بە قازانجی ئەمەریکا و کەسایەتی خودی ترامپ گەرایەوە .
ئەوی تر بایاخدانە بە ڕوسیا و خۆشکردنی پەیوەندییە لەگەڵیدا ، ئا لەم بارەدا دەیەوێت هەرچۆن هەبێت شەڕی نێوانی ڕوسیا و ئۆکرانیا بوەستێنێت ، ڕێکەوتنێك بکات لە نێوانییاندا کە بە بەرژەوەندی ڕوسیا و ئەمریکاش بگەڕێتەوە .
هەوڵی زۆری دا بەڵام سەرکردە شەڕخوازەکانی ئەوروپا بە تایبەت بریتانیا و ئەڵمانیا هێشتا پێداگری لەسەر ڕێکەوتنێك دەکەن کە بە قازانج و براوەی ئۆکرانیا و خۆیان بگەڕێتەوە ، خودی ترامپ-یش هیچ چارێکی بۆ نەماوەتەوە جگە لەوەی کە ڕووداوەکان کاتێک بخولقێنێت تاکو ئەوان بخاتە هەڵوێست و پێگەیەکی زۆر ناسك و لاوازەوە کە ڕازی ببن بەوەی کە دەیەوێت و دەیکات کە ڕێکەوتنی ڕوسیا و ئۆکرانیایە بەو جۆرەی کە خۆی دەیەوێت، هەروەها خاوەندارێتییە لە گرینلاند . لەم حاڵەتەشدا یا دەبێت ویستەکانی ترامپ بەدەست بێت یاخود ترامپ لە شەڕو ڕێکەوتنی ئۆکرانیا و روسیادا دەکشێتەوە ، گەر ئەمەش ڕووبدات ئەوروپا هیچ توانایەکی نابێت کە هاوکاری زیاتری ئۆکرانیا بکات و ئۆکرانیا بەسەرکەوتن بگەیەنێت، ئیدی ڕوسیا وردە وردە شوێنی زیاتر لە ئۆکرانیا داگیر دەکات ڕێکەوتنی دواتری هەردوو وڵات گرانتر دەبێت لە ڕێکەوتنیشایاند سیاسییەکانی ئەوروپا ئەو سوکایەتییە قەبوڵ دەکەن و شەرمەزار دەبن .
پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە ئایا ئەوانە بۆ ترامپ دەچێتە سەر و دەتوانێت جێگە بۆ چین و هەژموونی چین چۆڵ نەکات؟ ئەم پرسیارە وەڵامەکەی داهاتوویەکی نزیك دەیداتەوە.

زاهیر باهیر
16/01/2026




ڕاپەڕینەکەی ئێران لە قۆناغێکی زۆر ناسکدایە.. زاهیر باهیر

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەماوەی دوازدە ڕۆژی ڕابردوودا لە 31 پارێزگای ئێراندا کە 150شار و 600 و شارۆچکە پەیوەست بوون بە خۆپیشاندانەکانەوە. ڕاپۆرتەکان وای رادەگەیەنن کە چەند شارۆچکەیەك و شاری عەبادان چی تر لەژێر کۆنترۆڵ و ئیدارەی حکومەتدا نەماوە و کەوتونەتە ژێر دەسەڵاتی خەڵکەوە.
ئەو ناڕەزایەتییەی کە لە 27 ی مانگی ڕابوردووەوە دەستیپێکرد، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی دراوی نیشتمانییەوە بوو. ئەم پێشهاتە وایکرد کە لای حکومەت قورستر بێت تاکو چارەسەری ئەو نیگەرانیانە بکات کە لەلایەن هاوڵاتیان و خۆپیشاندەرانەوە وروژێنراون. جگە لەوەش حکومەت کۆتایی هاتنی نرخی ئاڵوگۆڕی پاڵپشتیکراوی بۆ هاوردەکاران ڕاگەیاند، بڕیارێک کە پێشتر بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی بەقاڵی.
دوێنێ شەو ، پێنج شەمە، ناڕەزاییەکان فراوانتر و کاریگەر تر و شاری گەورەی وەك تاران و مەشهەدی بەخۆوە گرتووە کە هەموو ئەوە دەڤەرانەی سەرەوە و گەلێك لە شار و شارۆچکەکانی گرتۆتەوە. بە سەدان هەزار کەس هاتوونەتە سەر شەقامەکان. هاوکاتیش لە زۆربەی شار و شارۆچکە گەورەکانی کۆردستان، خەڵکی مانگرتنیان کردووە و دووکان و قوتابخانە و خەستەخانە و شارەوانی شوێنە خزمەتگوزارییەکان و ئەوانی دیکە هەر هەموویان داخراون و خەڵکی لەسەر شەقامەکان بوون . گەرچی دەسەڵات هێڵی ئینتەرنێتی لە خەڵکی بڕی، بەڵام هێشتا وێنە و ڤیدۆکانی ئاپورەی خەڵکی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە لایەن پۆلیس و پاسادارەوە، دزەیان بۆ سۆشیال میدیا کرد .
ئەوەی مایەی دڵخۆشییە تا ئێستا خەڵکانی ڕاپەڕیو لە لایەن هیچ لایەن و پارتییەکەوە کۆنترۆڵ نەکراون و تا ئێستا سێنتەرێکی نییە ، گەرچی ڕەزا پەهلەوی دەیەوێت خاوەندارێتی لێبکات ، لە دوورەوە پەیام دەنێرێت و فرمان دەردەکات بەڵام ئەو لە ناو ئێراندا پێگەیەکی بەهێزی نییە. زۆربەی هاوکاران و لایەنگرانی ئەو لە وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدە و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەن .
ئەمەی کە دوێنێ شەو ڕوویدا تەکانێکی گەورەی بە خۆپیشاندان و ئارەزاییەکانی خەڵکی دا، ڕاپەڕینەکەی خستە قۆناخێکی سەخت و ناسکەوە. لەوە دەکات ئا لێرەوە هەنگاوەکانی داهاتوی ئەم راپەڕینە مەزنە دیاری بکرێت و ناکرێت هەر لەم شێوەییەی ئێستادا بمێنیتەوە یا ئەوەتا بەردەوام دەبێت بەڵام بە گوژمی بەهێزتر و بە ژمارەی زۆرتر و بە شداری شاران و شارۆچکەی فرەترەوە ، یاخود بەرەو خامۆشی بڕوات . من هەرگیز ناڵێم شکست دەهێنێت، چونکە ناکرێت شکست بهێنێت لە کاتێکدا هەر ئەمان خۆیان یاخود ئەوانەی لە دوای خۆیان دەکەون بە سەر خەزێنەیەکی گەورە لە ئەزموونی زیاتر . هاوکاتیش کەمێک لە داخوازییەکانیان دێتە دی، بە جۆرێکیش لە جۆرەکان بنکەنی ڕژێمی کردووە و درزی گەورەی تێخستووە کە بە تەکانێکی تر دەستەبەری هەرەسهێنانی ڕژێمەکە دەکات . ئەمە جگە لەوەی کە سروشتی ڕاپەڕین و شۆڕش هەر ئاوایە.
با ئەوەشمان لە بیر نەچێت خەڵکی لە بەرانبەر ڕژێمێکی فاشی سەرکوتکەر ڕاوەستاون، ڕژێمێک کە هیچ بەزەیی و سۆز و دەستگێڕانەوەیەکی نییە لە بەرانبەر ئەم خەڵکە مەزنەی ئێراندا ، کە لە ئێستادا خەڵکی ئەو پەڕی بوێرییان نیشانداوە کە لە چەند شوێنێکدا تەنانەت هەیکەلی قاسمی سڵێمانیان شکاند و بە پێلەقە چوونە سەری ، کە ئەو بە پاڵەوان و پلاندانەر و نەخشەکێشی نەك پێشەوەچونی خودی ئێران دەناسرا، بەڵکو هەناردەکردنی هاوکاری و هەموو جۆرە سەپۆرتێك بۆ گروپانی تیرۆریستی ئیسلامی لە وڵاتانی دیکە بوو .
لە لایەکی دیکەوە ڕژێم باش دەزانێت کە خەڵکی عەرشی حوکمڕانییانی لەرازندووە لەوە دەکات هەرەسی پێبهێنن بۆیە هەموو جۆرە تاکتیك و فێڵ و سەرکوتکردنێك دەگرنە بەر لە پێناوی مانەوەیاندا. ئەوەی زانراوە لە ڕێگەی ‘ هەنگاو’ کە ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤە تا ئێستا ژمارەی قوربانییەکان 45 کەسن، زیاتریش لە 200 بریندار هەیە و هەروەها زیاتریش لە 2400 کەسیش دەستگیر کراون.
لێرەدا ڕاستیەکی دیکەش هەیە ئەویش، هێشتا قەوارەی ڕاپەڕیوان ئەوەندەی ڕاپەڕینی ‘ژن، ژیان ، ئازدایی’ یاخود قەبارەی بزوتنەوەی گرین-ی 2009-2010 گەورەتر و فراوانتر نییە. ئەوەش راستییە کە ئەو دوو بزوتنەوەیە بە تایبەت ‘ژن ، ژیان ، ئازادیی’ ، هەنگاوی گەورەی نا، تا ڕادەیەك جڵەوی دەسەڵاتدارانی ئێرانی شل کرد و وانەیەکی باشی پیدان و هاوکاتیش ورە و بوێری و متمانەی جارێکی دیکە بۆ خەڵكی ئێران گەڕانەوە . لەمانەش گرنگتر بناغەیەکی دروستکرد بۆ ئەم ڕاپەڕینەی ئێستا. جیاوازییەکەی ئەمەی ئێستا و ئەو کاتە ئەوەیە کە ئێرانی ئێستا پاش شەڕە دوازدە ڕۆژییەکەی لەگەڵ ئیسرائیلدا زۆر لاواز بووە ، هاوکاتیش خەڵکی بوونەتە خاوەنی ئەزموونێکی زیاتر لە گردبوونەوەیان و لە گۆڕینی تاکتیکەکانیان لە بەرانبەر پۆلیس و بەسیج و پاسداراندا.
ناتوانرێت پێشبیی دروستی ئەم ڕاپەرینە بکرێت کە ئایا لێرەدا تەواو دەبێت، یاخود هەرەس بە ڕژێمی ئێران دەهێنێت؟ بەڵام دەکرێت پێشبینی ئەوە بکرێت ئەگەر خەڵکی لە ئێراندا هەر گۆڕانکاری دەم و چاوەکانیان بوێت ، گۆڕینی ئەم دەسەڵات بە یەکێکی دیکە ، کۆتایی چەوساندنەوە و دەردەسەریی و نەبوونی و ئازادی و برسێتیەکەی ئەم 47 ساڵەی ژێر حوکمی ئاخوندەکان و پێشتریش حوکمی شا-یان لەسەر دەمێنێت .
دەی با بەهیوابین کە خەڵکی لە ئێراندا ئاراستەیەکی دیکە دەگرنە بەر کە هەموو ئەو جێگۆڕکیانەی ئەم دەسەڵات بەو دەسەڵات ڕەتبکەنەوە و خۆیان بتوانن کاروبار و ژیانی خۆیان بە خۆیان بەڕێوەبەرن دوور لە هەموو دەسەڵاتێکی ناوەندی و ناناوەندیی . بگەنە ئەو قەناعەتەی کە ئازادیی هەموان لە درەوەی دەسەڵات و حکومەت و دەوڵەتدا دەستبەر دەبێت و، تا هەمووانیش ئازاد نەبن ئازادی تاک و لایەن بەدی نایەت، ئەمەش هەر لە سای ڕێکستنی ئاسۆیانەی خودی خەڵکەکە خۆیەتی و گەڕانەوەی هەموو بڕیارەکان بۆ خۆی خۆی خاوەنی سەروەری خۆی بێت و نە بەندیی کەس بێت نە کەسیش بەندی بێت .

زاهیر باهیر
09/01/2026




خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەردەوامن لە ئێران.. زاهیر باهیر

خۆپیشاندان و نارەزاییەکانی ئێران پێیان نایە ڕۆژی پێنجەمەوە نزیکەی سی شار و شارۆچکەی گرتۆتەوە. هاوکاتیش جێندرمە و پاسدار بە شێوەیەکی دڕندانە ڕووبەروویان بوونەتەوە سەرکوتکردن و کوشتن و گرتن و ڕفاندنیان بەردەوامە.
تا ئێستا ئامارێکی ورد نییە و کەس نازانێت چەندێك کوژراون یاخود بریندارن و گیراون یا ڕفێنراون. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە خەڵکەکە سنوری خۆپیشاندان و ناڕەزاییان شکاندووە بووەتە ڕاپەڕین. هەر ئاواش سنوری داخوازییە ڕۆژانەییەکانیان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی تێچوی پێداویستییەکانی ژیانیان ، بە هاتنەخوارەوەی نرخیان بەرەو سنوری سیاسیانە هەنگاوی ناوە بۆ دروشمی ” بڕوخێ ڕژێم ” ” بۆ دەرەوە دیکتاتۆر ” ” ژن ژیان ئازادی ” و زۆری دیکەی گرتووە بەخۆوە.
لەو لاشەوە سەرۆك کۆمار ، پزیشکانی، هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی هێمنانە کپیان بکاتەوە ، گوایە “گوێبیستی داخوازییەکانیانە ، گرفتەکانیان حەل دەکات دەیەوێت نوێنەرەکانیان ببینێت و قسەیان لەگەڵدا بکات” . بەڵام وەکو فەرهاد ناوێك کە خوێندکاری زانکۆیە وتی ” مەگەر کەسێك ساویلکە بێت باوەڕی بەوان هەبێت ، ئەوان گەر دەیانەوێت گوێمان لێبگرن ، بۆچی ئەمان کوژن لەسەر شەقامەکان ، بۆچی بەندییەکان ئازاد ناکەن ، بۆچی ژیانی خەڵکی ناگۆڕن … دەمانەوێت لەبەرچاومان گوم بن ..”
خوێندنەوە و شیکارێکی زۆر دەکرێت بۆ بارودۆخەکە کە زۆرێک لەوانە گەشبین نین تا ئەو ڕادەیەی کە دەڵێن ڕەنگە ئەنجامەکەی خراپتر بێت. پاساویشیان بۆ قسەکانیان نموونەکانن کە لەم ساڵانەی پێشتر و ئێستادا بینراون و دەبینرێن وەکو عێراق ، میسر ، لیبیا ، سوریا … یا هەندێك لە چەپەکان و مارکسییەکان پاساویان ئەوەیە” گۆڕینی حوکمێك بە حوکمێکی دیکە ژیانی کرێکاران و خەڵکانی زەحمەتکێش چارەسەر ناکات و باری گرانی خۆیان لەسەر شانی خۆیان دەمێنێتەوە” .
بێ گومان ڕاپەڕینەکان هەر وەکو چۆن دیاریکردنی ڕوودانەکەی پێشبینی ناکرێت هەر ئاواش ئەنجامەکانیان گەر بمانەوێت بە بەرنامە و ویست و ئامانجی ئێمە بێت ئەوەش ڕوونادات . ئەوەی ڕوونە ڕەوڕەوەی مێژوو بەکەس ناوەستێنرێت و گۆڕنکارییەکان ڕێچکەی خۆیان زۆربەی جار بێ ویست و ئارەزوی ئێمە دەگرن.
گەر ڕاپەڕینی ئێران سەربکەوێت بە بۆچوونی من گۆڕانکاری گەورە نەك هەر لە ئێراندا روودەدات بەڵکو ڕەنگە لە ناوچەکەشدا ڕووبدات.
یەك: دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئیرادە و متمانەی خەڵکی بۆ خودی خۆی کە کاتێك دەتوانن کە ڕژێمێك کە 47 ساڵە لەسە حوکمە و هەموو جومگەکانی ژیانی خەڵکی لە هەموو بوارەکاندا کۆنتۆرڵ کردووە بگۆڕن، بێ گومان دەتوانن دەسەڵاتدارانی ئایندەش ئاسانتر بگۆڕن . خەڵکی لە ئێراندا دەبنە خاوەن ئەزموونێکی گەورەتر کە دەکرێت لە هەموو جیهاندا بە تایبەت ناوچەکەدا نموونەیەك بێت و بەرچاو بگیرێت.
دوو: گۆڕانکاری لە ئێراندا بناخەی گۆڕانکاری لە عێراقدا دادەنێت چونکە وەکو زانراوە لە عێراقدا ئێران حوکم دەکات و کۆنترۆڵی هەموو شتێکی کردوە و پارەیەکی زۆری عێراقی بۆ ئێران و موالییەکانی سەر بە ئێران تەرخان کردوو.
سێ: مەترسی هێڕشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران چی تر نامێنێت ئەگەر وەختیش بێت ، بەمەش نەك هەر زەرەری گیانی و ڕۆحی لە هیچ لایەک بەم شەڕە نادرێت، بەڵكو بۆ ماوەیەكیش ئاسایش بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە کە لە روودانی هەر شەڕێكدا لەگەڵ ئێراندا عێراق زەرەرمەندی سەرەکی دەبێ لە هەموو رویەکەوە، لە پلەی دووهەمیشدا وڵاتانی دەرو دراوسێ.
چوار: ئەو جەمسەر گەورەیەی شیعەو سوونە کە بەرانبەر بەیەک لە حوکمدا وەستاون یەك لە ترسی ئەوی تریان خۆی زیاتر پڕ چەک دەکات و برەو بە کۆمپانیای چەك و تەقەمەنی وڵاتانی پێشكەوتوی پەیشەسازی دەدەن، جەمسەرێکیان گەر بۆ کاتیش بێت لە حوکمدا نامێنێت . ئەمە جگە لە دروستکردنی گروپ و ڕێکخراوی چەکدارانە لە وڵاتانی دیکەدا لە بەرانبەر بەیەك کە شەڕی بەوەکالەت دەکەن. بە گۆڕانی ڕژێم لە ئێراندا تا ڕادەیەك ئەو کرژییە گەر بە کاتیش بێت نامێنێت و خاو دەبێتەوە.
پێنج: هاوکاری لۆجیستکی و ئایدۆلۆجی و سەربازی و دارایی حیزبەکانی پاشکۆی دەسەڵاتدارنی ئێران نامێنێت و بەمەش حیزبەکان لاواز دەبن .
شەش: لاوازبوون و کەنارکەوتنی حیزبە نەتەوەییەکان و حیزبە دەسەڵاتخوازەکانی دیکەی ئێران ، کە ئەمەش خاڵێکی زۆر ئیجابییە .
حەوت: ئەزموونی 47 ساڵەی ئێرانییەکان لەگەڵ ئەم ڕژێمەدا ، گریمانی کەمتر هەیە تاکو رژێمێکی دیکەی دینی دوای ئەمان دروستببێت ، لەو بارەشدا بارودۆخی ژنان لە ئێراندا لە زۆر ڕووەوە تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو باشی دەگۆڕێت .
هەشت : ئەوە ئاشکرایە هەمیشە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکان لەسەر داخوازی ژیان و بەرزبوونەوەی نرخ و نەبوونی ئازادی ڕوودەدەن نەك بۆ ئامانجێکی دوورتری ئەوەی کە چەپ و مارکسییەکان دەیانەوێت کە دروستبوونی حکومەتی کرێکاری و دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریە. دەبێت ئەوە تێبگەین کە خەڵکی دەستەبەرکردنی نان و پیداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی دەخاتە پێش سەراپای دروشمی بریقەداری حیزب و ڕێکخراوە دەسەڵاتخوازەکانەوە. ناکرێت خەڵکی بە سکی برسییەوە ، بێ عیلاج و توانای ناردنی منداڵیان بۆ قوتابخانە چاوەڕوانی حکومەتێکی باشتر ، کرێکاری، یاخود دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیاتاری بکەن کە کەی ئەوان گەیشتنە دەسەڵات ئەو کاتە هەموو شتێكیان بۆ بەدەست دەهێنن.
بێ گومان ئەوانەی سەرەوە خاڵی سەرەکی پۆزەتیڤن لە گۆڕینی ڕژێمی مەلاکان و ئاخوندەکان لە ئێراندا خاڵی زۆری دیکەش هەن کە پێویست ناکات باسیان بکرێت.
هاوکاتیش دەکرێت کە ڕاپەڕینەکە خامۆش بکرێت چ لە ڕێگای کۆنترۆڵی حیزبەکانەوە کە گریمانێکی لاوازە ، یان لە لایەن وتووێژی دەسەڵاتدارانەوە لەگەڵ چەند کەسێک لە خۆپیشاندەران بە ناوی نوێنەرانی خۆپشیاندەرەکان کە لە دەرەوەی کۆبونەوەی جەماوەری و دیمۆکراتی راستەوخۆ وەکو نێردەیەك هەڵدەبژێرێن. مەترسییەکی دیکەی گەورەش هەیە کە دەستوەردان و کردنی پاگەندەی گەورە و بڵاوکردنەوەی ڤیدۆ و ڕاگەیاندن لە لایەن ئەمەریکا و سەرانی ئەوروپا و ڕوسیا و ئیسرائیلەوە ، کە کارایی ئەمە زۆر بە خراپ لەسەر خۆپیشاندەران دەشكێتەوە ، بە باشی و بەسوودیش بۆ حوکمرانانی ئێران دەگەڕێتەوە.

بەڕای من و ڕەنگە زۆری دیکەش، سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە زۆر پۆزەتیڤانەیە. لە کاتێکدا کە خەڵکی لە ئێراندا وەکو پێشتر وتوومە زۆر هۆشیارن و خاوەنی ئەزموونی زۆر گەورەن چۆن لە بەناو شۆڕشی 1978 و 1979 دا کرێکاران و خەڵکی خۆیان توانییان خۆیان ڕێکبخەن ، ئێستا باشتر دەتوانن و بە ئەزموونێکی زیاتری ناو خودی ئێران و ناوچەکە و جیهانیشەوە خۆیان لە ڕێگەی ئەنجومەنە ئاسۆییە ناهیراشییەکانی شوێنەکانی سەر کار و زانکۆکان و شەقامەکان و گەڕەکەکان لە ڕێگەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە بڕیارە گرنگ و زەروورییەکانیان بدەن و دەستەجەمعیانە بۆ جێ بەجێکردنی کار بکەن و بۆ ژیانیان کاری هەرەوەزییانە ڕێکبخەن .
کردنی ئەمانە زەروورییە و ژیانیش لە کردنیاندا خەڵکی فێر دەکات کە دەکرێت کۆمۆنێتی سۆشیالیستی / ئەنارکستی بچوك و گەورە دروست بێت و ببنە نموونەیەك بۆ شوێن و ناوچەکانی دیکەش .
دەی با بە هیوابین کە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بتوانن ئەو هەنگاوانە بنێن .

زاهیر باهیر
01/01/2026




ئایا بزوتنەوەی کرێکاران، بزوتنەوەی سۆشیالیستی، ئەنارکستییە؟.. زاهیر باهیر

سۆشیالیستە دەسەڵاتخوەازەکان و کۆمۆنیستەکان تا ڕادەیەکیش هەندێك لە ئەنارکستەکان وا دەزانن ئەم دوو بزوتنەوەیە یەکن و یەك ئامانجیان هەیە . من لەم وتارەدا دەمەوێت ئەو جیاوازییە بەیان بکەم و ئەو جۆرە تێگەیشتنە روونبکەمەوە. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە هێزی کرێکاران کە شەرەیانی ئابووری وڵاتیان بەدەستەوەیە فەرامۆش بکرێت، نا ، بەڵکو دەتوانین بڵێین کە شۆڕشی سۆشیالیستی/ ئەنارکستی بە بێ بەشداریکردنی چینی کرێکاران و ڕۆڵە گەورەکەیان هەرگیز ڕوونادات .
من لێرەدا دەمەوێت بڵێم دەکرێت ئەوە بزانین کە کرێکاران، لە جەوهەردا، (پۆتێنشەڵی) بەو واتایەی کە دەخوازرێت و داوایان لێدەکرێت شۆڕشگێڕ نین. بزوتنەوەی کرێکاران بزوتنەوەیەکی نقابییە سەراپای داخوازیییەکانیان لە واقیعی چەوساندنەوەی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوان هۆڵیدەی زیاتر، کرێی زیاتر و سەلامەتی باشتری سەر کار، مافی دروسکردنی سەندیکا، کورتکردنەوەی کاتژمێری سەر کار، باشترکردنی ژیانیان، هەلومەرجی باشتری سەر کار و مۆڵەتی زیاتر و هەندێك مافی خێزانی دیکە، کرێکاران ئەمانەیان دەوێت و خەباتی بۆ دەکەن. زیاترین داخوازییان بەشداریکردنیانە لە ئیدارەی کارگە و کۆمپانیاکاندا و دەستکەوتنی پشکە. بەواتایەکی دیکە کار لەسەر ڕتوشکردن و ڕیفۆرمکردنی سیستەمی سەرمایەداری و مانەوەی دەکەن، ئەمە بارودۆخی کرێکاران بووە لە کۆن و ئێستاشدا. بێ گومان لە ئێستادا ئەم بارودۆخە باشتر دەبینین بە تایبەت توێژاڵێکی کرێکاری ئۆرۆستۆقراتی لەناو کرێکراندا دروست بووە کە کرێکارانی پیشەسازییە گرنگەکان و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانن.
تا ئێستاش خەباتی کرێکاران خەباتی ئابووریانەیە نەك سیاسیانە، خەباتی نقابیانەیە نەك حیزبییانە، دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت نییە، بەڵکو خۆگونجاندن و ڕەواییبوونی خۆیەتی لە سای سیستەمەکەدا بەڵام بە ژیانێکی باشترەوە. کرێکاران دەتوانن حکومەتەکان، دەوڵەتەکان لە ماوەیەکی کەمدا بگۆڕن بەڵام ناتوانن و کاری ئەوانیش نییە کە هەرەس بە سیستەمەکە بهێنن و بیگۆڕن .
بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی/ سۆشیالیزمی/ ئەنارکستی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاراندا زۆر جیاوازن. ئەمان لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە و سیستەمی سەرمایەداریدان، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی و ناپلەبەندیی.
توخم و حیزبە کۆمۆنیستەکان/ سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەکان خۆیان باش دەزانن کە کرێکاران شۆڕشگێر نین بە واتای لەناوبردنی سیستەمەکە و دامەزراندنی سۆشیالیزم/ کۆمۆنیزم، هەر بەو هۆکارەشە ئەوان خۆیان بە دینەمۆی شۆڕش دەزانن و لە هەوڵی گواستنەوەی هۆشیاری سیاسی و شۆڕشگێڕانەدان بۆ ناویان . چونکە ئەمان تەواو پێجەوانەی ئەوان، کرێکاران، بیر دەکەنەوە بە گرتنەدەستی دەسەلات، گوایە ئەمان ڕیفۆرمیان ناوێت و لە ڕێگەی ئەو دەسەڵاتەوە دەتوانن کۆمەڵ بەرەو کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناپلەبەندیی ببەن .
ئەمان بارودۆخی کرێکاران باش دەزانن کە شادەماری ئابووری وڵاتیان لە دەستدایە و دەتوانن ژیان بوەستێنن، قازانج ڕاگرن، دەوڵەت و سسیستەمەکەی سست بکەن، ئەمانیش دەیانکەنە پەیژەیەك بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات هەر وەکو چۆن پێشتر کردویانە و ڕووی داوە.
ئەوەی لای من ڕوونە: یەك: کرێکاران هۆشیاری چینایەتییان هەیە چونکە هەن، بوونی هەر کەس و هەر زیندەوەر و گیانلەبەر و هەر لایەنێك بوونی هۆشیاریش بە گوێرەی ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، هۆشیاریش بە مەبەستی پاراستن لە خۆ و مانەوە و بژێوییان و خوودبەرژەوەندییە. دوو: وەکو لەسەرەوە وتم شۆڕش هەرگیز نابێت گەر کرێکاران بەشداری نەکەن و قوفڵ لە بەرهەمهێنانی زیاتر و قازانجی زیاتر نەدەن. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئەوان دەتوانن یا دەیانەوێت سیستەمەکە، سیستەمی کاری کرێگرتە هەڵوەشێننەوە، ئەوە کاری ئەوان نییە و بەدەرە لە ئەجەندەی خەباتکردنیان. سێ: ئەوەش دەزانم لە ڕووی مێژووییەوە زۆرێك لە بزووتنەوە سۆسیالیستیەکان، پارتەکان لە ڕێکخستنەکانی چینی کرێکارەوە گەشەیان کردووە و هەر بەهۆی ئەوانییشەوە چینی کرێکاران ئاشنا بوون بە سۆشیالیزم و ئایدیاکە و لە نێویاندا تەشەنەی کردووە.
لە مێژوودا گەلێك ڕاپەڕین و ڕووداو دەبینین کە بە دڵنیاییەوە کرێکاران تێیاندا بەشداری گرنگیان کردووە، ئەمانەش بوونەتە نموونەیەك کە هەمیشە سۆشیالیست و کۆمۆنیستی دەسەڵاتخواز و بڕێك لە ئەنارکستەکانیش ئاماژەی پێدەدەن و دەیکەنە بەڵگە کە گوایە ڕاپەڕین و شۆڕشەکان کە بوون، ئەوە دەسەلمێنن کە بزوتنەوەی کرێکاران و بزوتنەوەی سۆشیالیستی یەك شتن شۆڕش شۆڕشی کرێکارییە. نکوڵی ناکرێت ئەمە ڕای کارل مارکس-یش بووە هەر ئەو هۆکارەش بووە کە ئەو دڵی بە قۆناخی سەرمایەداری و پێشەوەچوونی تەکنەلۆجیا خۆش بووە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی ژمارەی کرێکارانی پیشەسازی و هەر ئاواش دەبنە دینەمۆی شۆڕش چونکە لە ڕووی جۆرێتیشەوە[ نەوعییەت] دەگۆڕێن، ئەو دەسەڵاتەشی کە دروستی دەکەن دەوڵەتی دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریایە.
من بە پێویستی دەزانم بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەم نموونە گرنگەکانی بزوتنەوە کرێکارییەکان کە لە کۆتایی چەرخی نۆزدە و سەرەتای چەرخی بیستدا ڕوویان داوە بهێنمەوە. لێرەدا پەنا بۆ هەندێك ئامار دەبەم لە ڕونکردنەوە و گەیاندنی مەبەستەکەم سەبارەت بە ژمارەی کرێکارانی ئەو وڵاتانە و ئەندام و لایەنگرانیان بۆ ڕێکخراو و پارتەکانی ئەو سەردەمە.
یەك: کۆموونی پاریس :
کۆموونی پاریس لە ساڵی 1871 روویدا و بۆ ماوەیەی 72 ڕۆژ دەوامی کرد. لەم ماوەیەدا زۆرێك لە بڕیار و دامەزراوە سەرمایەدارییەکانیان هەڵوەشاندەوە وەك کارکردنی شەوانە، قەدەخەکردنی کارکردنی منداڵان، بەکارهێنانی خانووبەرە خراپەکان، کۆمەڵایەتیکردنی موڵك و ماڵ و گۆڕینی وەزارەتە کۆنەکان بە 10 کۆمیسیۆنی جێبەجێکردن کە هەر کۆمیسیۆنێك هاوشێوەی وەزارەتێك بوو لەگەڵ زۆر خاڵی گرنگتری دیکە. کرێکارە شۆڕشگێڕەکان بە زۆری لەژێر هەژموونی بلانکییەکان و سۆشیالیست و ئەنارکستەکاندا بوون. ئەم ئەزموونە زۆر جار لەلایەن مارکسیستەکانەوە وەك یەکەم هەوڵی جددی چینی کرێکار بۆ لەناوبردنی سەرمایەداری ئاماژەی پێدەکرێت.
ئەو ئیدارەیەی کە لەوێ دروست بوو لەبەر ئەوەی تەنها 72 ڕۆژ دەوامی کرد ئیدارەیەکی تەواوی کرێکاران نەبوو هەروەها بیرۆکراتیانەش نەبوو لەبەر ئەوەی کۆموون زۆر تەمەنی کورت بوو. دەسەڵاتی یاسادانان-جێبەجێکاری ئەنجومەنی کۆموون- بوو، کە لە 26ی ئازاری 1871 هەڵبژێردرا. کۆی گشتی ئەندامانی هەڵبژێردراو 92 ئەندام بوون بەڵام ژمارەی ئەوانەی کە لە ڕاستیدا خزمەتیان کردووە لە هەر کاتێکدا 79 ئەندامی چالاك بوون. ژمارەی کرێکارانی نێو ئەنجوومەنەکە نزیکەی 30- 40 ئەندام بوون. ژمارەیەکی دیکەش لە مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان و کارمەندان و دوکاندارە بچووکەکان گروپێکی تر بوون کە لە ئەنجوومەنەکاندا بەشداربوون. لە شانی ئەمانیشەوە پیشەییەکانی وەکو پارێزەران، پزیشکان کەمینەیەکی بچووک بوون زۆرینەیان پاشخانی چینی کرێکارییان یاخود چینی ناوەڕاستی خوارەوەیان هەبوو کە زۆرێکیان داهاتیان لەڕادەبەدەر کەم بوو.

ژمارەی دانیشتوانی ئەو کاتەی پاریس لە نێوانی 1.8 بۆ 2 ملیۆن بوون ، بەڵام شەڕ و برسێتی و دەرکردن زۆر کەمیکردنەوە . لەگەڵ ئەوەدا لایەنگرانی کرێکاران بۆ کۆمارییەکان/ جاکۆبینەکان کە (کۆمارییە سوورەکان)شیان پێدەوترا 400 هەزار – 500 هەزار کرێکار بوون. سۆسیالیستەکان، بلانکویستەکان (سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان) خاوەنی 200 هەزار – 250 هەزار ئەندامی کرێکار بوون هاوکاتیش ئەندامانی نیونەتەوەیی یەکەم، کە بە ‘ ئای دەبڵی ئەی’ش ناسرابوو، هەردووك لایەنی وەکو مارکسیستەکان و سەر بە پرۆدۆنییەکانیانی لەخۆگرتبوو. ئەمانیش لە پاریس لە ساڵی 1871 دا 65 هەزار بۆ 70 هەزار ئەندمیان هەبوو. کۆمۆنیست و مارکسیستەکان کەمینەیەکی بچووک بەڵام کاریگەر بوون. ئەنارکیستەکان لە ڕووی فیکرییەوە گرنگ و کاریگەر بوون بەتایبەت پرۆدۆنییەکان بەڵام لە ڕووی ژمارەییەوە باڵادەست نەبوون. بەشێکی زۆری کرێکارانی پاریس کۆماریی و چەپ و سۆسیالیست بوون، لەگەڵ هیچ پارتێکی ستراکتۆردا هاوتەریب نەبوون.

دوو: بزوتنەوەی چینی کرێکران و شۆڕشی بەلشەفیکەکان:
شۆڕشی بەلشەفی ڕووسیای ساڵی 1917 کە سۆڤێتات ( ئەنجوومەنی کرێکاران ) دامەزرا و دەست بەسەر کارگەکاندا گیرا و بوونە بەشێك لە بزوتنەوەی بەلشەفیکەکان. هۆکارەکەش ئەوە بوو کە پارتی بەلشەفەیك لایەنگر و ئەندام و چالاکوانێکی زۆریان لە ناو کرێکاراندا هەبوو ئەمەش وای کرد کە لەلایەن زۆرێك لە کرێکارانەوە پشتیوانی لێبکرێت بۆ ڕوخاندنی حکومەتی کاتی ئیدی خاوەندارێتی تایبەتی پیشەسازی گەورە کۆتایی هات، هەمووی بووە موڵکی دەوڵەت.
با سەرنجێك لە ئامارەکان بدەین سەبارەت بە ژمارەی کرێکاران لە روسیا و بەشداریکردنی سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئەنارکستەکان لە شۆڕشی 1917 دەدا.
قەبارەی چینی کرێکارانی ڕووسیا لە ساڵی 1917دا نزیکەی 3 ملیۆن کرێکاری پیشەسازی بوو. بە کرێکارانی گواستنەوە و بیناسازی و جۆرەکانی دیکەی کرێکاران، ژمارەکە هەڵدەکشێت بۆ 4.5 بۆ 5 ملیۆن. بەڵام پرۆلیتاریای پیشەسازی کە مارکسیستەکان مەبەستیانە لە چینی کرێکار، لە دەوروبەری ٣ ملیۆندا بوو.
هاوکاتیش لایەنگرانی پارتی بەلشەفی لە ناویاندا 40-60% بووە، خودی پارتەکەش خاوەنی150 هەزار بۆ 200 هەزار ئەندامی کرێکاری بووە لەکۆی 350 هەزار ئەندام . ئەمە تا ئۆکتۆبەری 1917. مەنشەفیکەکان بە ڕێژەی لەسەدا 10 بۆ لە سەدا 20 ئەندامی کرێکارییان هەبووە. بێ گوومان پارت و ڕێکخراوی تریش هەبوون ئەوانیش ئەندامی کرێکارییان هەبووە . ئەنارکستەکانیش بە بڕی لە سەدا 5 کرێکاری پیشەسازی و کرێکارانی دیکەش کە زۆرترین چالاکییان لە پترۆگراد کرۆنشتاد و ئۆکرانیا بووە کە لایەنگریان بوون مەزەندەکراوە بە لە 5%ی کرێکاران.
ئەمەی کە ڕووی دا لە لە ڕوسیادا ڕووداوێکی مێژووییە کە حیزبی بەلشەفی توانی بزووتنەوەی چینی کرێکاران و جەماوەری ڕووسی بەکاربهێنێت و بەهۆیانەوە بگاتە پایەی دەوڵەت.
سێ: شۆڕشی ئەڵمانیای 1918-1919
لەو شۆڕشەدا ئەنجومەنی شۆڕشگێڕی کرێکاران لە سەرانسەری ئەڵمانیا دروست بوو کە ئامانجیان گۆڕینی سەرمایەداری بە کۆمارییەکی ئەنجومەن (“Räterepublik”) بوو، بەتایبەت لە هەندێك ناوچەی وەك باڤاریا کۆماری سۆسیالیستییان ڕاگەیاندو ئامانجیان ڕوخاندنی سەرمایەداری بوو بەڵام هەر زوو شکستی هێنا.
ژمارەی کرێکارانی ئەڵمانیای ئەو کاتە کە زۆر لە ڕووسیا پیشەسازیتر بوو نزیکەی 12 بۆ 14 ملیۆن بوو کە زۆرێكیان دابەش بووبوون بەسەر سۆشیالدیمۆکرات کە گەورەترین ڕێکخراوی کرێکاران بوو، پارتی سۆشیالدیمۆکرت-ی نوێ و یەك دوو ڕێكخراوی تر کە نزیەکەی 6 بۆ 8 ملییۆن کرێکار لایەنگرانی ئەم پارت و ڕێکخراوانە بوون. ئەنارکستەکانیش کە وەکو ڕوسیا و ئیسپانیا بەهێز نەبوون کرێکارانی لایەنگری ئەمان لە 50 هەزار بۆ 150 هەزار کرێکار بوون .
چوار: شۆڕشی ئیسپانیا 1936-1937
توخم و لایەن شۆڕشگێڕەکانی ئەم شۆڕشە(CNT–FAI)ەکێتییە ئەنارکۆ-سندیکالیستەکانئێإ ئەی ئای- لە ساڵی 1927 لە ئیسپانیا دروستبوون زۆر نزیك بوون لە سی ئێن تی یەوە هەروەها نقابەی گشتی کرێکاران کە لە ساڵی 1888 دروست بوو(UGT) (. ئەمان ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەداری و دەوڵەت بوو ئەوەندەشی بۆیان کرا کارگە و کێڵگە و وەسیلەکانی هاتووچۆ و گواستنەوەیان بەکۆمەڵ کرد. لەم شۆڕشەدا ئاشکرایە کە ئەنارکستەکان و توخمە سۆشیالیستەکانی دژە دەوڵەت و دەسەڵات ڕۆلی هەرە گەورەیان هەبوو کە بەشێکی زۆری کەتەلۆنیا و ئەراگۆن لە ژێر کۆنترۆڵی و ئەواندا بوو. ئەمە گەورەترین هەوڵی چینی کرێکارە ئەنارکیستییەکان بوو بۆ لەناوبرددنی سەرمایەداری لەو شوێنانەی کە سەرکەوتنیان تێدا بەدەست هێنابوو، بەڵام بەداخەوە لە لایەن هێزی یەکگرتووی فرانکۆ و ململانێی ناوخۆیی و شەڕەوە شۆڕشەکە شکستی هێنا.
قەبارەی چینی کرێکاریکارانی ئیسپانی 1936-1937 کە کەمتر پیشەسازی بوو بەراورد بە ئەڵمانیا و بەریتانیا ژمارەیان لە نێوانی 2.8 بۆ 3.2 ملیۆن کرێکار بوون. هەروەها بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی کرێکاری گوندنشین بوون کە بە کرێ کاریان دەکرد و جوتیارانی بێ زەوی بوون. ژمارەی هەر هەموویان دەچووە 5.5 بۆ 6 ملیۆن کرێکار.
ئەندامانی سی ئێن تی لەناو کرێکاراندا لە نێوانی 1.5 ملیۆن بۆ 2 ملیۆن بوو واتە بەڕێژەی سەدی لە سەدا 70 بۆ 80ی کرێکاران بوون. هەروەها لایەنگرانیشیان زۆر بوو کە بەوان و ئەندامەکانەوە ژمارەیان لە نێوانی 2.5 بۆ 3 ملیۆن کرێکار بوون بە تایبەت لە کەتەلۆنیا و بەرشەلۆنا و ئاراگۆن و بەشێكیش لە مەدرید.
گەورەترین گروپی شۆڕشگێڕ لە نێو چینی کرێکارانداFAI (فیدراسیۆنی ئەنارکیستی) بوون کە 70 هەزار بۆ 100 هەزار چەکداری هەبوو کە نزیکەی هەموویان کرێکار بوون.

پێنج: سۆڤێتاتەکانی 1919 ی هەنگاریا
لە هەنگاریا لە ساڵی 1919 دا ئەنجوومەنی کرێکاران لەسەر دەستی حزبە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستەکاندا دامەزرا کە ئامانجیان ڕووخاندنی سەرمایەداری و دروستکردنی کۆمارێکی سۆسیالیستی بوو. ئەمەش دروست بوو بەڵام تەنها 133 ڕۆژ دەوامی کرد دواتر لەلایەن هێزەکانی ڕۆمانیا و هێزی ناوخۆوە تێشکا.
قەبارەی چینی کرێکارانی هەنگاریا لە ساڵی 1919دا دوای جەنگی جیهانی یەکەم و داڕمانی نەمسا، کە بۆ ماوەیەکیش مەرجەرستانیان پێ دەوت، بەشە پیشەسازییییەکەی لە شارەکان ژمارەیان 800 هەزار بۆ 1 ملیۆن بوو . هەنگاریای ئەو کاتە هێشتا لە ڕووی کشتوکاڵییەوە باڵادەست بوو. ئەو کرێکارانەی کە لە کشتوکاڵ و کێڵگەی جوتیارانی بێ زەوی، کاریان دەکرد ژمارەیان 1.5 – 2 ملیۆن بوون. سیاسەتی زاڵ لەوێ سیاسەتی سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان بوو، ئەنارکستەکان کەم و ناڕێکخراو بوون لەوێ.

کرێکارەکان بەسەر کۆمۆنیستەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکاندا دابەش بووبوون لە سەرەتای ساڵی 1919 دا پارتی سۆشیالدیمۆکرات 500 هەزار بۆ 600 هەزار ئەندامی هەبوو، بە کرێکاران و جوتیارانی بێ زەوییەوە هەر هەمووی دەچووە 800 هەزار بۆ 1 ملیۆن ئەندام .
هەرچیش پارتی کۆمۆنیستی هەنگاریا بوو لە ساڵی 1918 دامەزرا، لە ئازاری 1919دا بە فەرمی 30 هەزار بۆ 50 هەزار ئەندامی هەبوو بەڵام لەگەڵ کەمی ئەندامەکانیدا کاریگەری زۆری هەبوو. ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە لایەنگریان بوون 100 هەزار بۆ 150 هەرزار کرێکار بوون.

ئەنجامگیریی

لەم نموونانەی سەرەوە بە گوێرەی ئەو ئامارانە ئەوە دەردەکەێت کە ڕێکخراو و پارتی سۆشیالدیمۆکرات و پارتی بەلشەفی و سۆشیالیستەکان و نقابەکان و ئەنارکستەکان پێگەیەکی زۆر کارا و فراوانیان لەناو کرێکاراندا هەبووە. ئاشکراشە کە ئەم پێگە و هێزە زۆرە لەناو چالاکییەکان و بزوتنەوەکانی ئەو لایەنانەدا ڕەنگی داوەتەوە و زۆر بەهێز بوون بۆیە توانیویانە هەژموونێکی گەورەیان لەسەر کرێکاران هەبێت. بە ئاماژەکردن بەو ئامارانەی سەرەوە لە هەندێك وڵاتدا کرێکاران و ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکان وا ئاوێتە بووبوون کرێکاران پارتەکان بوون و پارتەکانیش کرێکاران بوون. ئەمەش ئاوای کردووە کە بزوتنەوەی کرێکارانی ئەو سەردەمە لە هەموو ئەو نمونانەی کە لە سەرەوە هێنامنەوە پاشکۆ و وابەستەی ئەو ڕێکخراو و پارتانە بوون کە لە سەرەوە ناونوسم کردون و بارگاوی بووبوون بە ئایدیا و پرنسپڵەکانی سۆشیالیزم و ئەنارکیزمیش تاڕادەیەك لە هەندێك شوێندا.

ئەی لە ئێستادا؟ ئەوەمان کە تۆزێك بە ئاگا بین یاخود کرێکار بین دەزانین کە کرێکاران و بزوتنەوەکەیان ئەوەند لاوازە کە تەنانەت ناتوانن بەرگری لەوانەش بکەن کە لە دوای ناوەڕاستی چەرخی پێشوودا بەدەستهێنراون. ئیتر دەبێت قسە لەسەر داڕمانی سیستەم و هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە چۆن بکەن ؟ ئاسان نەنەبوو کە ئامارێکی متمانەپێکرا و ڕونم دەستبکەوێت بۆ زانینی ژمارەی کرێکارە سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئەنارکستەکان لەناو ڕیزەکانی کرێکاران لەو وڵاتانەی کە ناوم لە سەرەوە هێنان بەڵام ئەوەی کە لەناو کڕیکارانی ئێستادا دەیبینین بە دەگمەن کەسانی هەڵگری ئایدیای سۆشیالیستی یا ئەنارکسستی لە ناو ڕیزەکانیدا بەرچاو دەکەوێت.

دەتوانین بڵێین بیناکردنی کۆمەڵی سۆشیالیستی لای خودی کرێکارانی ئێستا خەوە و لای ئەوانەشمان کە وادەزانین کە ئەوە ئەرك و وەزیفەی کرێکارانە خەیاڵە.

زاهیر باهیر
کانونی یەکەمی 2025




کتێبی کورد و ئیسرائیل و کورتە خوێندنەوەیەك*.. زاهیر باهیر

کورد و ئئسرائیل، شۆڕشی ئەیلول و موساد ، یا وەکو وەرگێڕ خۆی دەڵێت ئەوەی نابێ بگوترێ…دەبێ بگوترێ ، کتێبێکی قەوارە زل، 521 لەپەڕەییە ئەو کتێبە بوو کە زۆر وێڵی بووم بۆیە کە گەڕامەوە بۆ کوردستان ئەم هاوینە لە ناو کۆمەڵە کێبێکدا، ئەو یەکێکیان بوو کە کتێبخانە بە کتێبخانەی سلێمانی بە دوایدا گەڕام بەڵام دەستم نەکەوت، دواجار چومە کتێبخانەی یادگار لەسەر شەقامی پیرەمێرد، ئەویش نەیمابوو بەڵام وتی بە چاپی گەیاندۆتەوە چەند هەفتەیەکی دیکە چاپی نوێی پێدەگات و کۆپیم بۆ دادەنێت .
لە ڕۆژەکانی کۆتایی سەفەرەکەمدا لە بۆنەیەکی خێزانیدا لەتەك کاك ‘ هاوبیر مامۆستا ئەنوەر برزو ‘ کەوتینە یەك و قسەکردنمان لەسەر کتێب و کتێبی مێژوویی باش بوو. ئیدی ئەو ناوی کتێبەکەی لێوەرگرتم و وتی بۆت پەیدا دەکەم . دوای دوو ڕۆژێک پێش گەڕانەوەم سەرم لە کتێبخانەی یادگار دایەوە چاپی دووەمی کتێبەکە گەیشتبووە دەستیان. کاك یادگار دانەیەکی پێشکەش کردم هەر کە گەڕاشمەوە بۆ ماڵی باوکم کۆپییەکی دیکەی کتێبەکە لەسەر مێزەکە دانرابوو، دوایی بۆم دەرکەوت کە کاك هاوبیر بۆی ناردبووم . بەم شێوەیە من بوومە خاوەنی دوو کۆپی لەو کتێبە نازدارە و بۆ ئەمەش زۆر زۆر سوپاسی بێ پایانی کاك یادگار و کاك هاوبیر دەکەم.
بە گەیشتنەوەم بە لەندەن دەستم بە خوێندنەوەی کتێبەکە کرد، بەڵام خوێندنەوەی چ کتێبێك، کتێبێك پڕ لەو نهێنیانەی کە زۆربەی زۆرمان نەمانزانیوە و نایزانین، ئەو کەسە کەمانەشی کە زانیویانە بە هۆکارێك بێ دەنگییان لێ کردووە و ئێمەشیان لەو مێژووە گرنگە بێ ئاگا کردووە. کتێبێك کە پڕاو پڕ لە ڕاستی مێژووی بزوتنەوەی کوردی 1961 و چالاکی و جموجوڵی بارزانی، ڕۆڵی گرنگی وڵاتانی دەوروبەر و ئەمریکا و ئیسرائیل و بە ئاشکرا و بە نهێنی. کتێبێکی مێژوویی گرنگ کە ئەوەی بیەوێت بە جددی و بە ڕاستی لە مێژوی بزوتنەوەی 1961 ی کورد و کەسە چالاکەکانی نێوی چ لە کوردستان و چ لە دەرەوەی کوردستان بە ئیسرائیلیشەوە بزانێت نابێت ئەو کتێبە نەخوێنێتەوە.
لە ڕاستیدا من خۆم یەکەمجار بە ناوی ئەو کتێبە لە ڕێگای قسەکردن و بیننی کاك فوئاد مەجید میسری و کتێبە بە نرخەکەی ‘ مێژوویەکی تر’ ئاشنا بووم دواتریش لە ڕێگای کتێبی ‘ کوردی عێراقی و شیعەی لوبنانبی شای ئێرانەوە’ باشتر ئاشنا بووم. هەموو ئەمانە تامەزرۆی خوێندنەوەی ئەو کتێبەیان لا زیاتر کردم .
بێ گومان زۆرێکمان دەلێین ئێمە لە مێژوونوسانی ئێستادا درۆ و نادروستی لە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی کە بە بەرچاومانەوە ڕوویان داوە دەبینین ، ئیتر چۆن بە مێژویەك کە لە لایەن کەسێکی بێانەوە نوسراوەتەوە باوەڕ بهێنین؟ پرسیارێکی ماقوڵ و بەجێیە بۆیە دەبێت هەموو کتێبێکی مێژویی یا سیاسی بە چاوێکی ڕەخنەییەوە بخوێنرێتەوە. من لە وەڵامی ئەو بەڕێزانەدا دەڵێم دوو هۆکار هەیە تاکو ئێمە ئەم مێژووەی کە لەم کتێبەدا نوسراوە بە ڕاست وەریگرین .
یەك : ئەم کتێبە لە لایەن کاك ‘کارزان غەفور’ەوە وەرگێڕراوە. کاك کارزان هەر وەکو وەرگێڕ کتێبەکەی نەکوردانووە بەڵکو هەموو هەڵسوکەوتێك، جالاکییەك، قسە و باسێک، گەشت و سەردانێک، دیمانە و نوسینێك کە لە ئەسڵی کتێبەکەدا کە بە زمانی عیبری نوسراوە بووبێت، کاك کارزان تێبینی خۆیی لەسەر داوە و بۆ ئێمەی خوێنەر و وەکو ئەمانەتێکی مێژوویش بە دەورکردنەوە و پشکنینی دەیەها سەرچاوە لەسەر هەمان بابەت و ڕووداو ساغی کردۆتەوە، ڕاستی و دروستی هەموو ئەوانەی کە باسم کردن سەلماندووە. کەهیچ دڵەڕاوکێ و گومانێکی تێدا نەهێڵاوەتەوە زۆر بە زمانێکی سادەی کوردی پەتی وەریگێڕاوە.
دوو: ئەم کتێبە لە لایەن ‘ شلۆمۆ نەكدیمۆن’ەوە نوسراوە کە نوسەر و ڕۆژنامەنوسێکی دیاری ئیسرائیلە و لە هەر هەموویدا پەنای بەو دۆکۆمێنتانە بردووە کە دیارە زۆرێکیان لەبەر دەستدا بوون. ئەمیش هیچ مەبستێکی وەکو پارە و پلەی لە پشتەوە نەبووە تاکو ئەم هەموو وەختە لە خۆی بگرێتەوە و کون و کەلەبەری پەیوەندی ئیسرئیل بە بزوتنەوەی کوردییەوە بپشکنێ و بیخاتە سەر کاغەز، دواتریش نە ئەو و نە ئیسرائیلییەکان ڕەنگە قازانجێکیان لە سەرکەوتنی بزوتنەوەی کوردی بەدەست نەهێنابێت و بە مەبەستێکی تایبەتی نەبووبێت، ئەوەتا لە بەرانبەر کۆمەکی پێشکەشکراوی ئیسرائیل بە کورد، بەرپرسێکی حیزبێکی ئاینیی ئیسرائیلیش دەڵێت ” من پێم وایە، کۆمەکەی ئێمە بە کوردان لەو سۆنگەوەیە، دەمانەوێ دەستی یارمەتی بۆ کەمینەکان لە خەباتەکەیاندا درێژ بکەین ” ئا لێرەدا ئیسحاق ڕابین ، سەرۆکی حکومەت، وەڵاامی دەداتەوە و دەڵێت ” چونکە جوولەکەین” .
هاوکاری ئەمان تەنها بۆ یەك شت بووە: کە ئیسرائیلییەکان لە ناوچەکەدا تەنها بوون، وەکو دەوڵەت نوێ بوون و شەپۆلی بزوتنەوەی بەناو شۆڕشگێرانەی ئەو سەردەمە کە لایەکی دونیای گرتبووەوە دژ بە ئیمپریالیزمی ئەمەریکا و بریتانیا و داژیەتیکردنی دەوڵەتی ئیسرائیلی و هاوکاتیش یەککەوتنی هێزەکانی بڕێك لە دەوڵەتە عەرەبییەکان و یەکگرتنی سوریا و میسر و پەلکێشکردنی عێراقیش بۆ ناوی، ئەمانە هەموویان لە بەرژەوەندی ئیسرائیل نەبووە. ئەمانیش پێویستیان بە بەرەیەك هەبووە کە دژایەتی دەوڵەتی عێراق بکەن و سەرقاڵی بکەن بەو شەڕ و شۆڕەوە تاکو نەیپەرژێتە سەر ئیسرائیل یا کەمتر بیپەرژێتە سەری.

بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە ئەم حەقیقەتە زۆر بە باشی دەردەکەوێت چونکە ئەوەندەی ئیسرائیلییەکان پێداگرییان لەسەر بەهیزبوونی بزوتنەوەی کوردی کردووە لە لاوازبوونی عێراق هیچ لایەکی دیکە نەیکردووە، گەر بە بارێکی دیکەدا بێڵێم ئەوەندەی کە ئیسرائیل بۆ ئەو بزوتنەوەیە دڵسۆز و هاوکار و یارمەتیدەر بووە هەرگیز هیچ کوردێکی کوردستانەکان جگە لە خودی کامەران بەدرخان و دکتۆر عیسمەت شەریف وانلێ کەسی تر وا نەبووە . گەر تەماشای ئەم سیاسەتەی ئیسرائیل بکەیت لە پێناوی مانەوەی خۆیدا چی کردووە و چی پێشکەش بەو بزوتنەوەیە کردووە، زۆر دەچوێنرێت بە سیاسەتی کۆنی ئێرانی سەردەمی نیوەی یەکەمی چەرخی پێشوو کە هەر لەو کاتەوە تاکو ئێستا بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر خۆیان، نانەوەی کووکە و شەڕ بووە لە وڵاتانی دەوروبەریان . ئەم تاکە سیاسەتە بۆ ئەم دوو وڵاتە جیاوازە ، لە دوو کاتی جیاوازدا و لە شوێنی جیاوازدا زۆر لەیەکچوون.
کەواتە لەبەر ڕۆشنایی ئەو دوو هۆکارەی سەرەوەدا، دەکرێت ناوەرۆکی ئەم کتێبە بە ڕاستی و دروستی وەربگرین و شتێکی لێوەفێر ببین و ڕەنگە هەندێك ڕاو بۆچوونیشمان لەسەر چالاکییەکانی ئەو بزوتنەوەیە و سەرکردەکانی و ڕێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەستپێکردنەوەی شەڕی دوای دانوستانی ساڵی 1974 و دواتر ئاشبەتاڵیش بە باش یا بە خراپ بگۆڕێت ، تەنانەت لەسەر خودی مستەفا بارزانیش .
بائێستاش بێمە سەر ئەو خاڵە گرنگانەی کە من لە خوێندنەوەی ئەو کتێبەدا دەرکم پێکردوون. زەرووە کە بڵێم بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە زۆر خۆشحاڵ بووم کە شتی نوێی لێوە فێر بووم و گەیاندمییە ئەو قەناعەتەی کە تاکە وڵاتێك ویستیبێتی کە کورد لە باشووردا لەو زوڵم زۆرەی حکومەتە یەکبەدوایەکەکانی عێراقدا ڕزگاری بێت هەر ئیسرائیل بووە وە لە ئێستەشدا لە باشور و لە باکور و لە ڕؤژئاواش ئەگەر ئیسرئیل پشتگیری کورد دژەچەوساندنەوە و زوڵم و زۆرێك کە لەسەری هەیە نەیکات ،ئەوە وڵاتێکی دیکە نییە ئەوە بکات و بەخۆشی ناکرێت.

ئەو خاڵە گرنگانەی کە لەو کتێبەدا لای من گرنگ و جێگەی سەرنجدان بووە ئەمانەن:
یەك: پەیوەندی کورد و ئیسرائیلییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک پێشتر لە ڕوودانی بزوتنەوەی 1961 ئەویش لە ڕێگەی دکتۆر کامەران بەدرخانەوە ( میری کوردان) ئەو زۆرێك لە کەسە بە تواناکانی جوولەکە کە لە پلە و پێگەی جیا جیای حکومەتەکانی ئەوروپا و ئەمەریکادا بوون دەناسی و پەیوەندی پێیانەوە هەبوو هەروەها ئاگەداری نوسراوەکانی هێرتزل بووە. ئەو خۆشی وەکو ئەکادیمییەکی وانەبێژ لە زانکۆی سۆربۆنی پاریس، تواناو و لێهاتووی زۆری هەبووە. دواتریش هاوسەرگیری لەگەڵ هاوڕێیەکی کە لەگەڵ خۆیدا قوتابی بووە کردووە، ئەو کچە لە خێزانێکی دارا و دەوڵەمەند بووە ئەمەش توانایەکی دیکەی بە میری کوردان داوە. ئەم دوو هۆیە تواناو لێهاتوییی خۆی و دارایی لە ڕێکەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچەدا، هاوکاری گەورەیان کردووە لە پەیوەندی بەدرخان و جوولەکە و ئیسرائیلییەکاندا . ئەو دەرکی بە توانا و دڵسۆزی و کاری نەکردەی جوولەکەکان بۆ بنیانانی دەوڵەتیان و دواتر پارێزگاری لێکردنی کردووە، هەر لەبەر ئەوەش ئەوانی بە نمونەیەکی باڵا و سەرکەوتو بە کورد و خودی کەسی بارزانی ناساندووە .
هاوکاتیش کەسە ناودار و بە تواناکانی ئیسرائیل و جوولەکە هەمیشە بە بەدرخانیان وتوە دەبێت متمانە بکەنە سەر خۆتان و نابێت پشت بە ئەمریکا ببەستن .
بەدرخان بەڕادەیەك نزیك و دۆستی ئیسرائیلییەکان بووە هەندێك جار پێشنیاری گرنگی هەم بە قازانجی ئەوان هەم کوردیش بۆ کردون. لەوانە کردنی کودەتا لە سوریادا بە هاتنی حکومەتێک کە سەر بەئیسرائیل بێت و ئۆتۆنۆمیش بۆ کورد مسۆگەر دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی لاوازی عێراق و دەستڕانەگەیشتنی بە ئیسرائیل. گەر چی ئەم پێشنیارە لە خوارەوە پەسەند کراوە بەڵام لەسەرەوەی حکومەتی ئیسرائیلەوە ڕازی نەبوون وتراوە ” ئیسرائیل پشتگیری کوودەتا ناکات “
بەدر خان نەك هەر لە سوریا و عێراقدا هەوڵی جددی بۆ کورد و ئۆتۆنۆمی بۆ کورد داوە بەڵکو لە ئێرانیش، لێرەشدا پەیام و قسە لە نێوانی ئەو و شاو دەستە و دایەرەی پادشایەتی گۆڕراوەتەوە . شا دڵخۆش بووە بە کورد، ئامادەبووە کە بەدرخان، میری کوردان، بکاتە سەرۆكی ناوەندێکی زمان و ژیاری کوردی لە زانکۆی تاران بەڵام لە‌ژێر هەل و مەرجی قورسدا، ئەمەش لای میر قەبوڵ نەکراوە .
کاتێکی دیکە شا ویستویەتی بەرخان کۆنترۆڵ بکات و لە چالاکی بخات بۆیە ئۆفەری زەوی و خانوەکەی پاریسی بەدرخان و هاوسەرەکەی بە یەك ملیۆین دۆلار کردووە بەو مەرجەی میری کوردان بچیتە تاران لەوێ نیشتەجێ ببێت . ئەو دەڵێت ئەو ئۆفەرە لە 10 قات لە نرخە ڕاستینەکەی خۆی زیاتر بووە، بەڵام میری کوردان ڕازی نەبووە چونکە دەیزانی گەر لە تاران دانیشێت ئیتر یانی کۆتاییهاتنی هەموو چالاکی و جموجووڵەکانی دەبوو.
دوو: بارزانی و کەسایەتی بارزانی:
لەم کتێبەدا لە کەسایەتی مەلا مستەفا زۆر زیاتر شارەزا دەبیت سەبارەت بە خەمڵاندنی بارودۆخەکە و پێشبینییەکانی و چالاکی و لێزانین لە مامەڵەکردن لەتەك ڕؤژنامەنوس و نوسەرە بێیانەکانەوە هەروەها گەورە سیاسییەکانی ئیسرائیلش.
بارزانی ئەوە نەبووە کە کاتی خۆی جەلالییەکان بە ئێمەیان دەناساند کە کەسێکی نەزان و نەخوێندەوار و عەشایەرە. بە خوێندنەوەی دیمانەکانی نێو ئەم کتێبە بۆت دەردەکەوێت کە ئەو کابرایەکی زۆر سیاسی بووە، زۆر زانا و دووربین بووە زۆر دڵسۆزتر و ڕاستگۆ تر بووە لە هەموو ئەو کەسانەی دەوروبەری خۆی و نەیارەکانیشی کە ئەو دیعایانەیان بۆ دەکرد. ئەو زۆر دڵسۆز بووە بە ئەوەی کە باوەڕی پێی هەبووە وابە ئاسانیش نەدەکەوتە بەر سازشکاری و سازش لە بەرانبەر ئێرانییەکان و عێراقییەکان و تەنانەت ئیسرائیلییەکانیشدا .
لەو کتێبەدا زۆر دیمانە و دیدار لەگەڵ ئەو دا کراوە هەڵسەنگێنراوە ، کە یەکێکیان بە ناوی شمیدت ئاوا وەسفی بارزانی دەکات ” ئەو هێمای شؤڕشەکەیە ، ئەقڵی جێبەجێکارێتی، سەرکردە و سەربازی و سیاسییەکەیەتی ، دڵ و ئارەزوی شۆڕشەکەیە ، پیاوێکی زۆر خۆشەویست و هاوکاتیش زۆر ترسناکە لەناو کورداندا.” ئەم پەسنە، نزیکەی لای هەموو ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە بارزانییان لە نزیکەوە دیوە وەک یەك وایە ، “ڕەفتارە سادەکەی و مامەڵە دۆستانەکەی و زۆرزانییە خۆرهەڵاتییەکەی” سەرنجی ڕاکێشاون، هەمووشیان پێیان وا بووە کەسێکی سەقامگیر و نیازباشە ، لەوەش دڵنیا بوون ، ئەو پیاوە هەرگیز هیچی بۆ خودی خۆی ناوێ. ئەم کەسانە زیاتری لەسەر دەڕۆن دەڵێن ئەو بە ڕۆژنامەنوسانی دەگووت:” من ژەنڕاڵ نیم ، تەنها مستەفام ، پلە و پایە هیچی بۆ من گرنگ نییە ، من تەنها کوردێکی سادەم. بەڵام کەس ئازایەتی ئەوەی نەبوو تەنها بە ناوی خۆیەوە بانگی بکات.”
لەگەڵ ئەو وەسفەی سەرەوەشدا مەلا مستەفا کابرایەکی زۆر دیکتاتۆر و توندوتیژ و بکوژ بووە لەگەڵ ئەوانەی کە هاودەنگ و هاوڕای نەبوون. ئێمە هەموومان باش مێژووی خوێناوی ئەو دەزانین کە تەنانەت ئامادە بوو کوڕەکەی خۆی بکوژێت، دەستی بە خوێنی دەیەها بارزانی و کەسانی نزیک و خزمی خۆیان وەکو حەمە ئاغاو مێرگەسووری و کوڕەکانی و تەنانەت سەرکردەکانی کوردانی ئێران کە دژ بە شا و حوکمەکەی ڕاوەستابوونوە سوورن. ئەو کابرایەکی مەرکەزی بووە دەبوایە خۆی لە سەرەوەی سیاسەتەکان حیزبەکەیەوە بوایە ، ڕاو بۆچوونی خۆی دەسەپاند. ئەو گەر چی سەرۆکی حیزب بووە بەڵام هیچ وەخت پلان و پرس و ڕاوێژی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و لیژنەی ناوەندی پارتەکەی نەکردووە و تەنانەت شەیریشی نەکردووە. سەرقاڵی بارزانی بە ئیسرائیلییەکانەوە زۆر زیاتر بووە لە سەرکردەکانی خۆی. بەڵکو ئەو چەند کەسێکی زۆر نزیکی خۆی هەبووە، هەمیشە لەگەڵ ئەواندا و زۆر جاریش بە ئامادەبوونی نوێنەرەکانی ئیسرائیلیش دانیشتوەو پرس و ڕای پێکردون . ئەوانەش ئیدرس و مەسعود و دکتۆر مەحمود و سامی و شەکیب عەقراوی و کەسێك بە ناوی ‘ ئازاد’ و سێ وچوار کەسێکی دیکە بوون. لەم بارەشدا نەك هەر خودی بزوتنەوەکەی بەڵکو ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبەکەشی بێ ئاگا بوون لە زۆربەی پلان و بڕیارەکانی بارزانی.

بارزانی زۆرزان و زیرەك بووە هەر بە هۆی ئەوەوە چەند جارێك لەو تەڵە و داوانەی بۆی نراوەنەتەوە ڕزگاری بووە. زۆر زۆر بە گومان بووە لە ساواكی ئێرانی و شا هەمیشە زانیوێتی کە ئەوان بەکاریان دەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبوایە لە پلانەکانیا ڕاوێژی بە ئێرانییەکان بکردایە چونکە دەیزانی ئەگەر ئێران ڕێگربێت ئەوە ئیسرائیلییەکانیش چەندێك بیانەوێت هاوکارییان بکەن ناتوانن چونکە ئێران تاکە ڕێگەی گەیاندنی هاوکاری ئیسرائیل و ئەمەریکا بووە. ئەم حەقیقەتەشی هەمیشەش بە ئیسرائیلییەکانی وتووە ، بەڵام چاریشی نەبووە. زۆر متمانەی بە ئیسرائیلییەکان کردووە و لە دڵسۆزی ئەوان بێ گومان بووە، بەردەوامیش دیاری بەهاداری بچوکی بەو نوێنەرانە بەخشیوە . ئیسرائیلییەکانیش زۆر ڕاستگۆ بوون لەگەڵیدا.
بە ئاگایی بارزانی وای لەوە کردووە کە بزانێت چەندێك ئەم بزوتنەوەیە و حکومەتی عێراقی میللەتەکەی هیلاك کردووە کە گرانی و نەبوونی و دەردو بەڵاو ڕەو و کوشتن و بڕین ڕوی تێکردون ، جگە لەمەش ئەو هێزەکەی خۆشی زۆر باش دەناسی کە خۆڕاگر و هەمیشەیی نین، بۆیە هەمیشە ئامادە بە وتووێژ لەگەڵ حکومەت بووە، گەرچی گومانیشی هەبووە کە ناگاتە ئەنجام ، لەم بارەشدا زۆربەی وەخت وتووويژی هەندێك لەوانەی کە لە سەرەوە ناویان هاتوە کردوە. ئەمەش وەکو خۆی دەڵێت هۆکار بووە بۆ وەستانی شەڕ لەگەڵ حکومەتدا و چوون بەدەم بانگەشەی ئاگربەستی و ڕێککەوتنەوە .

سێ: ئیسرائیلییەکان: ئیسرائیلییەکان ئەوەندەی دەستیان بە پشتی ئەم بزوتنەوەیە بوە مەگەر دایكێک ئەوەندە دڵسۆز و خەمخۆری کۆرپەکەی بووبێت . ئەوان بە بەردەوامی نوێنەریان دووان یان سیان لای بارزانی بووە، ئەم نوێنەرانە لە هەرە نوخبە بەتوانا و پلاندانەر و خاوەنئەزموونی گەورەی سەرباری و پەیوەندی دیبلۆماسی بوون، ئەمە جگە لە هاوکاری و پەیوەندی بەرپرسی موساد لە ئێران لەگەڵ هەم نوێنەرەکانیان و هەم لەگەڵ بارزانیش دا .

ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا سەبارەت بەوان لە ناو بزوتنەوەکەدا هەرگیز ئەرك و فەرمانی خۆیان بەسەر بارزانیدا نەسەپاندووە ئەگەر پلانێکیشیان بۆ دانابێت، بارزانی ڕازی نەبووبێت ئەوان پلانەکەیان خستووەتە لاوە ، یاخود کە بارزانی پرسی پێکردوون دەربارەی وتووێژی لەگەڵ عیراقییەکاندا ئەمان لە وەڵامدا پێیان وتووە چی بە باش دەزانیت بۆ گەلەکەت ئەوە بکە.
کورد کە لە شاخی هەندرێن دا گەورەترین سەرکەوتنیان بەدەستهێنا ئەوە پلانی ئیسرائیلییەکان بووە بە بەشداری کردنی خۆشیان . دوای ئەو سەرکەوتنەش پلانێکی تریان بۆ شەڕی زۆزك بۆ بارزانی دانا کە ئەگەر بارزانی ئەوەی بکردایە ڕەنگ بوایە ئاڕاستەی شەڕەکە بگۆڕایە، بەڵام نەی کرد .
بارزانی ئامادەی هەموو شتێک بووە بەڵام سنورداریی هێڕشەکانی کردووە، لە هەندێك جاردا گوێی بۆئیسرائیلییەکان ڕانەگرتووە لە ترسی بەهێزی عێراق و تۆڵەکردنەوەی سوپاکەی هەر لەبەر ئەوەش بارزانی پلانەکانی ئیسرائیلی بە تەواوی جێ بەجێ نەکردووە، هەمیشە لە تۆڵەی دوای تێشکانی خراپی سوپای عێراق ترساوە وتویەتی دواتر ئەوەی لە توانایاندا هەیە دەیکەن بەرانبەرمان .

بارزانی هۆکارێکی دیکەشی هەبووە بۆ وتووێژ لەگەڵ حکومەتی عێراق دا ئەویش خراپی بارودۆخی ئابووری کوردستان بووە : گەمارۆی ئابووری و برسێتی و نەبوونی و تد، ئەمەشی لە ئیسرائیلییەکان نەشاردۆتەوە پێی وتون ” ئەو ژەنڕاڵەی شکستمان پێ دەهێنێ ، ژەنڕاڵێکی سەربازی نییە ، بەڵکو ژەناڵێکی ئابوورییە ، ئەو ژەنراڵە وامان لێدەکات هەموو جەنگەکە بدۆڕێنین” ئیسرائیلییەکانیش باوەڕیان پێکردووە ویستویانە یارمەتی بارزانی بدەن بە هێنانی پسپۆڕ لە چاندنی دەغڵ و دان و بە خێوکردنی مریشك و پەلەوەردا لەبەر بوونی ئابڵوقەدانی عێراق. لەگەڵ باوەڕبوونیش بە بارودۆخی خراپی ئابووری کەچی هێشتا بارزانی پێداگریی لەسەر هاوکاری زیاتری چڕو پڕی سەربازیی ئیسرائیلی کردووە زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە.
کوردەکان پلانەکانی ئیسرائیلیان بە تەواوی جێ بەجێ نەکردووە ئیسرائیلیەکانیش گەرچی سەرسام بوون بە ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگە ، بەڵام زۆر بە باشیش ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە و دەیانزانی کە کوردەکان ناتوانن شەڕی مۆدیرن بکەن و لە شاخەکان بێنە خوارەوە، ئەوان لە شەڕە کلاسیکییەکاندا بوێر و ئەزمووندارن . ئەم ئەزموون و تێگەیشتنەی ئیسرائیلییەکان لەگەڵ کورداندا ئیسرائیلییەکانی وا لێکردووە کە تانکیان نەدەنێ ، نوێنەری ئیسرائیل لە کوردستان کە بارودۆخەکە بۆ ئیسحاق ڕابین باس دەکات ، ئەوە دەڵێت ، “گەر کوردەکان لە شاخەکان بێنە خوارەوە ئەو پێشنیار دەکات کە ئیسرائیل تەنکیان پێبدات”

هەندێك لە سەرچاوەکان دەڵێن موساد هاوکار و ڕۆڵی لە دروستکردنی پاراستندا هەبووە، بەڵام مەسعود بارزانی ئەمە بە درۆ دەخاتەوە، بەس بەڵگەی زیاتر دەبینرێت لە دروستکردنی ئەو دەزگە سیخوڕییە تۆکمە و بە توانایە ڕۆڵی گەورەی مووسادی تێدا بینراوە.
دوای ئەوەی کە میری کوردان بە هۆکاری جیا جیا لەو نێوەندگیری و پەیوەندییە دیبلۆماسییەی کە هەیبووە سەبارەت بە پێشەوەچوونی پرسی کورد بەتایبەت لە عێراقدا دەکشێتەوە ، دکتۆر عیسمەت شەریف وانلێ ئەو ڕۆڵە دەگرێتە دەست. ئیدی ئەوە کە لە پێوەندی نێوانی بارزانی و ئیسرائیل دا ڕۆڵ دەبینێت ، تەنانەت کۆمەڵی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی -شی زۆر جار بینیوە هەر ئەمەش بوو کە لە دوایدا بارزانی باوەڕی پێی نەما. بە گوێرەی ئەو کتێبە دەکرێت بڵێین دکتۆر وانلێ زمانبەدییشی دژ بە دکتۆر کارمەران بەدرخان لای ئیسرائیلییەکان کردووەو لە کۆبونەوەیەکدا پێی گوتون :” بەدرخان لە یارییەکە چووەتە دەرێ، بەدرخان کەسێکی ئەرستۆکراتە و بە کەڵکی کاریکردەیی نایەت، چیتر نوێنەرایەتی هیچ لایەنێکی فەرمی ناکات. کۆمەڵێک بابەتیشی خستەڕوو، تا ئێستە و دوای ئەو هەموو ساڵانە نهێنی ماونەتەوە.”
هاوکاری ئیسرائیلییەکان تا ئەو ڕادەیە بووە کە ئامادە بووە دەستەیەکی تایبەتی کورد لەسەر ئەرك و تێچوونیان بچێتە ئیسرائیل بۆ بەشداریکردنیان لە خولی جیا جیادا و ڕاهێنان لە بواری جیا جیادا. ئەمە جگە لە کردنەوەەی خولی ڕاهێنان لە ناو خودی کوردستان و لە هەمەدانی ئیرانیشدا .
ساڵی 1965 هەر لەو ساڵەدا پاش چوونی دکتۆر وانلێ بۆ ئەمریکا بارزانی زۆر بەباشی سیاسەتی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی خوێندۆتەوە، زیرەکانە دەرکی بەوە کردووە کە هیچ دەوڵەلتێك یان نەتەوەیەك ناتوانێت بژی و بەردەوام بێت بێ هاوکاری یەكێك لە لایەنە گەورەکەی جیهان، بەڵام ئەو باوەڕی بە سۆڤییەتی ئەو کاتە نەبووە وتویەیتی کە ئەوان فکری ئەمان پەسەند ناکەن . بۆیە بەلایەوە باش و ئاسایی بووە کە ئەمەریکا یارمەتییان بدات .
پێشبینییەکەی بارزانی تا ڕادەیەك دروست دەرچوو کاتێک کە دڵشکاو بوو لە هاوپەیمانێتی شورەوی و عێراق چەکدارکردنی عێراق بە نوێترین کەرەسە و تەقەمەنی حوکومەتی عێراق، بێ ئەوەی بەعسییەکان ئەمە بەو بڵێن. ئەو کە ئەمەی لە گەڵ ئیسرائیلییەکاند باس دەکرد ئەوان کەمتر باوەڕیان بەوە هەبوو . بەڵام ئەم دەیوت” عێراق ئەو چەکەی بۆشەڕی ئێران نییە ، هەروەها بۆ شەڕی ئیسرائیلیش نییە ئەوە هەر بۆ کوردێتی ” قسەکانی ئەو دروست هاتنە دی کە هاوپویمانییەکەی ڕوسیا نەك هەر نەیتوانی کورد بپارێزێت لە دەست حکومەتی فاشی سەدام بەڵکو خودی شیوعییەکانی سەربەخۆشی بۆ نەپارێزرا و کردنییە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان .

لە 15ی نیسانی 1965 لیڤی ئاشکۆلی سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا ، گۆڵدا مائیری وەزیری دەرەوە و ئیسحاق ڕابینی سەرۆکی ئەرکان و سەرۆکی مووساد ئامادەی بوون، دۆزی کوردان و ئەو پرۆسە تایبەتییەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات خستە ڕوو. ئامادەبووان لەسەر ئەوە کۆك بوون پێویستە ( پێشەنگی بدرێتە دۆزی کوردان).
لەم کتێبەدا هاتووە کە زۆرێك لە هەواڵەکانی هاوکارییەکانی ئیسرائیل بۆ بارزانی دەگەیشتەوە حکومەتی عێراق ، بۆ موسادیش ئەمە پێشبینی کراو بوو بە حوكمی زانینی بابەتی خیانەت لە یەکتر لەناو کورداندا کە مێژوویەکی درێژی هەیە ئەگەر چی ژمارەی شاندەکەش زۆر کەمیش بێت . ئەمەش دروست وابوو باشترین نموونەش رادەستبوونەوەی عەزیز عەقرای بوو کە هەموو شتێکی گەیاندەوە حکومەتی عێراقی.

کردنەوەی خوولی جیاوازی فێربوون بۆ پێشمەرگەکان چەند جارێك بووە کە یەکێکیان لە هەمەدانی ئێران بووە و کۆمەڵێک پێشمەرگە بەشدارییان کردووە . لەوێدا نوێنەری باڵای موساد کە زۆر نزیك بووە لە بارزانیەوە وەختێکی زۆریشی لە کوردستاندا سەرف کردووە ، تێبینی ئەوەی کردووە کە ” سەرەڕای نەخوێندەوای بەربڵاو لەناو کوردانیشدا ، کەچی ئاستی وەرگرتن و تێگەیشتنیان لە فێڕخوازە ئێرانییەکان باشترە “
ئیسرائیلییەکان تەنانەت دکتۆری تایبەتی دانیان لە ئیسرائیلەوە بۆ بارزانی هێناوە لەبەر ئەوەی ئەو دانئێشەکەی هەراسانی کردووە و نەشی دەویست کە دکتۆری عێراقی ببینێت چونکە بەگومان بوو لێیان. ئەمە جگە لەوەی کە ئیسرائیلییەکان خەستەخانەی سەیاری لە گەڵ دوو دکتۆر و نێرس دا هێاوە بۆ گەڵالە بە هەموو کەرەسەی پێویستەوە. هاوکاتیش خولی فێربوونی سەرەتایی [ ئیسعافاتی ئەوەلی ] لەوەش زیاتریان بۆ هەندێك پێشمەرگەر کردۆتەوە و فێری دەرزی لیدانیان کردون .
کیسەنجەر لە کتێبەکەیدا دەڵێ: ” بڕیاری ڕێگریکردن لەوەی کوردەکان لە کاتی جەنگی 1973دا شەڕ دژی عێراقییەکان ئەنجام بدەن بە کۆدەنگی درا لە نێوانی هەواڵگریی ئەمریکا و ئێران و شادا چونکە کوردەکان شکستیان دەهێنا، هەموو لایەنەکانیش لەسەر ئەم مەسەلەیە هاوڕا بوون .”

چوار: ئێرانییەکان :

ئێران وەکو وڵاتتێکی دراوسێی جیا مەزهەب لە حکومەتە یەکبەدوایەکەکانی ئەو کاتەی عێراق، هەم وەکو ناحەزی سەرەکیش بە هۆی دراوسێیەتی و کارایی دانەوەی ئەوەی لەعێراق دا ڕوودەدات هەژموونی خۆی لەسەر ئیران دەبێت ، هەمیشە گرفتێکی سەرەکی شا بووە . هەر لەبەر ئەمەش پارە و وزەیەکی زۆریان لە دەزگە جیاوازاەکاندا سەرف کردووە بۆ ئاشکرابوون لە مەیل و نێت و سیاسەتی حکومەتەکانی عێراق.
لە لایەکی دیکەشەوە درێغیان نەکردووە لە دروستکردن و هاندانی هەر جۆرە ناڕەزایەیتیەك لە عێراق دا دژ بە حکومەت جگە لە هەوڵ و بزوتنەوەی شیوعییەت. زۆر نوسراوە و زۆر وتراوە، زۆر زانراوە لەسەر هاوکاری حکومەتی ئێران بۆ بزوتنەوەی 1961ی کوردی لە کوردستان دا. ئەو هاوکاری و یارمەتیدانەش هەر هەمووی لە پێناوی لاوازکردنی عێراق بووە بە دروستکردنی هەموو گێچەڵێك بۆی. هاوکاتیش هەرگیز نەیان ویستوە کە ئەو بزوتنەوەیە بگاتە هیچ کوێیەك. هاوکارییەکان بە شێوەیەك ڕێکدەخرا و پارسەنگی بۆ دادەنرا نە بززوتنەوەکە کۆتایی پێ بێت و نە ئەوەندەش گەورە بێت کە بتوانێت شتێك بکات بە شتێك.

ئێران ئەم تاکتیکەی لای ئیسرائیلییەکان و لای ئەمەریکییەکان و دۆستەکانی دیکەشیان نەشاردۆتەوە. کاتێ لەو دیدارەی شای ئێران لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆندی پاریس دا ئەنجامی داوە دەڵێ: ” ئێمە پاڵپشتی سەربەخۆیی کوردانی عێراق ناکەین ، بەڵام دەخوازین کوردەکان هەموو مافەکانی خۆیان وەربگرن ، کوردەکان لە عەرەبەکان جیاوازن .”

لە وەڵامی کەسایەتیییەکی پلەباڵای ئێرانی لە وەڵامی پرسیاری کەسایەتییەکی ئیسرائیلیدا سەبارەت بە دۆخی کوردان ، بەرپرسە ئێرانییەکە گوتوویەتی: ” ئێمە دەخوازین ئاگری یاخیبوونی کورد لە عێراق نێڵەی بێت، بەڵام نامانەوێت کڵپە بسێنێت و ببێتە ئاگرێکی زەبەلاح.” لە کاتێکیش کە دانوستاندن بوو لە نێوانی بارزانی و عێراق دا ، ئێرانییەکان جامی غەزەبیان بەسەر بارزاندیدا ڕژاندووە ، کاتێك کە نوێنەری ساواك دوو ساڵ بوو لەوێ بوو ڕای حکومەتەکەی خۆی ڕوون کردۆتەوە و وتی : ” مادام دانوستان لەنێوان عێراق و کوردان لە گۆڕێدایە، هیچ پێویستییەك بۆ مانەوەی نێرەدی ئێران و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا نەماوە و شتێکی وایان پێ نییە بیکەن .”
نوسەری کتێبەکە دەڵێت بارزانی لەوە زۆر توڕە بوو وتی ” بۆچی ئێرانییەکان لەوە تێناگەن ، هۆکاری سەرەکی قەبوڵکردنی ئەو دانوستاندنە دۆخی خراپی ئابووریمانە . ئەگەر ئەوان هاوکاری پتریان پێشکەش بکردینایە ، ئەگەر ئێمە متمانەمان بە کۆمەکی ئێرانییەکان هەبایە ، لە شەڕ بەردەواوم دەبوین ، ئەو یارمەتیانەی ئەوان دەماندەن ، مەمرە و مەژییە.”
ئێرانییەکان هەمیشە ڕایان وابووە پێویستە ” کۆلکەدارەکە ئاگراوی بمێنێتەوە، بەڵام ئاگەدار بین سەرنەکێشێ بۆ ئاگرێکی گەورە.”
کرۆن کە کەسێکی پلە بەرزی موسادی ئیسرائیل بووە و لە ئێران بوووە و ناو بەناو سەریشی لە بارزانی داوە لە نامەیەکیدا کە بۆ ئیسرائیلی ناردووە دەنوسێت: ” ئەوان( ئاماژەیە بە ئیڕانییەکان ) گوتیان بارزانی تەنها وەك ئامرازێکی سیاسی تەماشا دەکات، هەر هێندەی ئەو ئامرازەش لە کار کەوت ئیتر پێویستە لەناو ببرێت. هەموو ئەو فشارانەش خراونەتە سەری ئامانج لێیان ئەوە بووە ، لە شوێنی دروستی خۆیدا دابنرێت و لەوەش دڵنیا بکرێتەوە و خۆشی بەوە بزانێت تەنها ئامرازێکە و لەبەردەم دەرگاکان ڕاوەستاوە تا خێرێکی پێبکرێت، پێویستە پێشوەخت بەوە بزانێت، تا بزانێت چۆن ڕەفتار بکات .”

دوای شەڕبوونەوە و ڕێکەوتنی ئێران و عێراق لە 6ی ئازاری 1975 دا دەستبەردانی ئێران لە بزوتنەوەی کوردی، ئیسرائیلییەکان و ئەمریکییەکانیشی تووشی شۆك و داچڵەکین کرد . لەم بارەوە بەرپرسێکی موساد بە ناوی(ب) لەگەڵ بەرپرسێکی ساواك قسە دەکات دەڵێ زۆر سەرم سووڕما و دۆش دامام بەرپرسەکەی ساواك وتی ” وا پێدەچێت ئێوە لە بریتانییەکانەوە فێری چونێتی بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆرییەت نەبووبن، پێویستە لەگەڵ کوردەکان وەک کرێگرتە کار بکەیت، کاتێك ئیشەکەیان تەواو دەبێت ، چیرۆکەکەشیان کۆتایی دێت.
پێشی گووت: باشتر وایە ئیسرائیل پاڵپشتی ڕێکەوتنەکە بکات ، چونکە کێشەی سەرەکی ئیسرائیل عێراقە ، بۆیە بەرژەوندییەکی وا دەخوزێت پشتیوانی ئەو دەستکەوتەی ئێران بکات لە شەتتولعەرب بەدەستی هێناوە . کاتێکیش (ب) ناڕەزایی لەسەر ئەو قسانە دەربڕی پیاوەکەی ساواك پێی گوت : لاوازی ئیسرائیل لەوەدایە هەستو سۆز تێکەڵ بە سیاسەت دەکات. نابێت پێشکەشکردنی یارمەتی بە کەمینەکان خۆی لە خۆیدا ئامانج بێت ، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنانی سازش لە زۆرینە، لە نموونەکەی ئێمەشدا لە عێراق .
سیاسەتی باش ئەو سیاسەتەیە، دەزانێ چ کاتێك دەبێت واز لە یارمەتیدانی کەمینە بهێنێ، بۆ ئەوەی زۆرترین سازش بە زۆرینە بکەی .”
لە کتێبەکەدا هاتووە کە دەستبەجێ ( ب) پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە کردووە ، هەروەها بە سەرۆکی مووسادیشەوە ، لەو کاتەدا جێگری ئەو کاتەی سەرۆکی موساد دەڵێت : هەواڵەکە دەتگوت هەورە برسکەیە لێمان دەدات.
هاوکاتیش سەرۆکی موساد بە پەلە ئیسحاق ڕابینی سەرۆکی حکومەتی ئاگەدار کردەوە ئەویش لە 9ی ئازاردا لە بەردەم حکومەتەکەیدا ڕایگەیاند : ” ئێران و عێراق گەیشتونەتە ڕێکەوتنێك، ناوەرۆکەکەی پشتهەڵکردنە لە کوردەکان.”

پێنج ئەمەریکا:
لە کاتێکدا سوپای عێراق دوودڵ بوون لەوەی شەڕ بکەنەوە بارزانی بڕیاری دا لە هێڕشبردندا دەستپێشخەری بکات . ئەمە لە ئارشێڤی سی ئای ئەی دا پارێزراوە کە لە نامەیەکدا بۆ شا لە لایەن بارزانی-یەوە نێرداراوە و ئەمریکییەکانیش دەستیان کەوتوە . نامەکە لە 17ی تەموزی 1973دا دابوو . بارزانی داوای لە شا کردووە کە هاوکارییەکان زیاد بکات لەوە ناکات کە حکومەتی عێراق مەرجەکانی 11ی ئازار جێ بەجێبکات بۆیە ئەوان پێشبنی شەڕ بوونەوە دەکەن .
کە حکومەتی عێراق شەڕ دەستپێدەکاتەوە ئەمەریکییەکان لە سەرەتادا بە بارزانییان ڕەگەیاند کە سوپای عێراق ق حکومەتەکەی دوو دڵن لەوەی شەڕ بکەنەوە، بەڵام بارزانی بڕیاری دا لە هێڕشکردن دەستپێشخەری بکات، بەڵام بارزانی دەڵێت ” بەرپرسێکی سی ئا ئەی پێی وتم ئێمە پاڵپشت لە ئامانجەکانت دەکەین ، حکومەتی عێراق ناخوازێت ڕێز لە پەیمانەکانی خۆی بگرێت، پیلان دادەنێ هێڕشێکی سەختتان بکاتە سەر، حکومەتی ئەمەریکاش ئامادەی تەواوی تێدایە یارمەتیت بدات، ئەگەر ئێستە هێڕش بکەیت بەهەموو هێزێکمانەوە لەگەڵت دەبین”
” بارزانی دەڵێت کاتێکیش لەو بەرپرسەم پرسی هاوکارییەکانمان چۆن پێدەگات؟ گوتی: لە ڕێی ئێرانەوە. پێم گوت: بەڵام ئێرانییەکان دۆستی کورد نین ، پێی گوتم : لە هیچ مەترسە، بارودۆخی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی خۆمانە. من نە هێڕشم دەکرد و نە ئەوکاتەش ئامادەی هێڕش بووم، ئەگەر ئەو ئامادەییەی بەرپرسەکەی سی ئای ئەی نەبوایە.”
بارزانی زۆر گەشبین بوو بە وەڵامەکەی سی ئای ئەی ، بە دوای ئەو گەشبینییەدا بە گوێرەی قسەی دکتۆر بەجمەدین کەریم بارزانی هەمویانی کۆکردۆتەوە پێی گوتوون کە شەڕ دەبێتەوە عێراق بە چەکی کیماوی لێیان دەدار . ئەوانیش بۆ پارستنی خۆیان ئەو کەرەسانەی کە ڕێگری لەو چەکە دەکات کۆیان کردۆوتەوە، بەڵام بارزانی پێی وتوون عێراق بە هەرچی لێیان بدات ئەمانیش هەمان شت دژی بەکاردەهێنەوە. بە تانک لێیان بدات بە تانك وەڵامی دەدەنەوە ، بە فڕۆکە لێیان بدات ئەمانیش بە فڕۆکە وەڵامیان دەدەنەوە. دیارە بارزانی بە تەواوی باوەڕی بە قسەکانی ئەمەریکیەکان کردووە .
ئەمەریکییەکان حەزیان دەکرد کە شەڕەکە بەردەوام بێت دژ بە عێراق چونکە زۆر لە فراوانبوونی هەژموونی ڕوسیا لە ناوچەکەدا دەترسا. لە هەوڵەکانی بارزانی بۆ هاوکاری ئەمریکا بۆی ، ئەمریکاییەکان ئامادە بوون ، بەڵام کێشەکە ئەوە بووە کە تاکە ڕێگەیەك کە ئەمرییکییەکان هەموو شتێك بگەیەننە دەستی کوردان ئێران بووە، ئێرانیش سنورەکانی داخستووە و ئامادەش نەبووە کە ئەوی ئەمەریکا دەیویست بیکات، لای ئەوان وەکو پێشتر وتبوویان ” چیرۆکی کوردان تەواو بوو. “
…………

  • گەر دەتەوێت ئەم کتێبە نایابە بکڕیت ئەوە تکایە سەردانی کتێبخانەی یادگار لەسەر شەقامی پیرەمێرد، بەرانبەر مزگەوتی بن تەبەق بکە . بەڕاستی خوێندنەوەی گرنگ و سوودمەندە

Zaherbaher.com




پێ دەچیت پرۆسەکەی باخچەلی و ئەردۆگان بۆ بەڕێکردن وەخت بووبێت.. زاهیر باهیر

ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی 9 مانکە لای پەکەکە و کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر بە پرۆسەی ئاشتی ناسراوە و لای ئاکەپە و باخچەلی بە پرۆسەی تورکیای ‘ناتیرۆر’ ئێستاش بە پرۆسەی ‘چارەسەر’ ی ناسراوە تەنها لەبەر بوونی دەرفەتێك بوو بۆ پارێزگاریکردن لە حکومەتی تورکیا لەسەروبەری شەڕی حەماس و ئیسرائیل و کلک وگوێکردنی میلیشیاکانی ئیڕان و لاوازکردنی خودی ئێرانیش .
ئەمانە و ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە ترس و لەرزێکی زۆری خستە دڵی دەوڵەتی تورکیاوە کە ئەو بارودۆخە ئەویش لێی ڕزگار نابێت کە لە کاتێکیشدا دەیەها بیانو هەیە بۆ لابردنی حکومەتی ئاکەپە و گۆڕانکاری لە ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ولاتدا.
ئەمە هۆکار و پاڵنەری تەواو بوو بە دانی ئەو وەهمە بەناوی قسەکردن لەسەر پرۆسەی ئاشتی، نەك باوەڕی تەواوی ئاکەپە و باخچەلی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی دەستور و حوکمڕانی و لابەلاکردنەوەی کێشەی کورد لە باکوری کوردستاندا.
بەڵام ئایا ئەو خەونەی ئۆجەلان و هەندێك لە سەرانی قەندیل و خۆشباوەڕانێکی زۆری نێو پەکەکە و کوردانی باشوور ڕوودەدات؟
بەڕای من ئەگەر بمانەوێت بۆچونێکمان لەو بارەوە هەبێت دەبێت تەماشایەکی ڕووداوەکانی سەرەتا و ئەم دوواییە بکەین. ئاشکرایە هەر لە سەرەتاوە تاکو ئێستا دەوڵەتی تورکیا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە شتێکی ئاوا بە ناوی ئاشتی و ئاشتەواییەوە لە ئارادا نییە، ئەوەی کە هەیە تەنها نەهێشتنی تیرۆرە لە تورکیادا. بە بەردەوامیش ئەمە لەلایەن هەندێك لە بەرپرسان و گەورە دەسەڵاتدارانی تورکیاوە تا ڕادەیەك ڕۆژانە پشتڕاستدەکرێتەوە، ئاوی گوێمان بەوە دادەن و بیرمان دەهێننەوە نە دەستور دەگۆڕێت و نە ئۆجەلان بەردەبێت و نە پرۆسەکەش بە خواست و مەبەستی کوردان دەبێت.
لە لایەکی ترەوە جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماس گەر بۆ کاتییش بێت وەستاوە ، ئیسرائیل جارێکی دیکە بەم زوانە هێڕش ناکاتەوە سەر ئێران. پێگەی تورکیاش نەك هەر لەبەهێزبووندایە لە ناوچەکە و لە مەیدانی سیاسەتی ئەمریکی دا بەڵکو بووە بە دانەر و رێکخەر و جێبەوبەجێکەر سیاسەت و سێبەری حکومەتی سوریاش کە ڕەنگدانەوەی کتومتی سیاسەتی حکومەتی تورکیایە .
نزیکبوونەوەی تورکیا و ئەمریکا و چوونی ئەبوجۆلانی بۆ ئەمەریکا و بەشداریکردنی لە پرسە هەرە گرنگەکاندا بە هاوبەشی و هاوکاری فیدان هاکان کە بە گوێرەی میدیا فەرمییەکانیش بارودۆخۆکە لە قازانجی تورکیا و حکومەتی سوریایە .
لەلایەکی دیکەوە بە ناچاری ڕازیبوونی هەسەدە بە مەرجەکانی تورکیا و سوریا و ئەمریکا بە تێکەڵبوونەوەیان و بوون بە بەشێك لە سوپای سوریا لەگەڵ وەرگرتنی هەندێك پلەوپایەی سوپایی و ڕەنگە ئیدارەییش. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەبێت قوربانی بدرێت بەو ئیدارەیەی کە لە ڕؤژئاوادا هەیە و هەڵبووەشێتەوە و ببێتە بەشێك و پاشکۆی دەوڵەتی سوری ، واتە دەستبەرداربوونی تێزی : خۆسەریی ، ئیکۆلۆجی ، فێمینیزم ، کاروباری هەرەوەزی ، ئەکادیمیاکانی کە لەوێ بە ناوی جیاوەزەوە هەن ، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە و پڕۆگرامی خۆێندن و چاوخشاندەنەوە بە پڕۆگرامی زانکۆکان و بێ گومان لابردنی وێنەکانی ئۆجەلان و کۆتاییهێنان بەو سروودانەی کە لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرا و دەوترایەوە یا لە کۆبوونەوەکاندا دووبارە دەکرانەوە، ئەمانە و لەپاڵ کردنەوەی مەداریسی زۆری دینی و مزگەوت و کارگەی بەرهەمهێنانی کەسانی زۆر توندڕەو و تیرۆریست .
ئەمانە هەمووی ئاوێکە دەکرێن بەدڵی حوکمڕانانی تورکیا و ڕەواندەنەوەی مەترسییەکانی ئەم یەك دوو ساڵەیان سەبارەت بە لە کارکەوتنیان.
لەبەر ڕۆشانی ئەوەی کە لە سەرەوە وترا دەتوانین بڵێین گەر هەموو ئامانج و ویستی تورکیا لە ڕۆژئاوا و لە سوریا نەهاتبێتە دی ، ئەوە دەکرێت زۆرێك لەوانە بێت کە ویستویانە .
ئالەم بارەشدا تورکیا پێویستی بە پرۆسەیەك بە ناوی ئاشتییەوە نامێنێ بە تایبەت لە ئێستادا، کە لە کاتێکدا هێشتا زۆرێك لە تورکەکانی ئەوێ بەهەژمونی بەکارهێنانی زمانی ڕایسستی و فاشتی دەوڵەت دژی پەکەکە ، ڕاهێنراون، دەکرێت لە ماوەیەکی دیکەدا بە تەواوی کۆتایی بەو پرۆسەیە بێت ، لەوانەشە کە لێبوردنێیکی گشتی بۆ چەکدارانی پەکەکە بەڵام نەك سەران و کەسە دیارەکانی دەرکرێت .
ئەوەی کە وام لێدەکات کە من ئاوا بۆچونێکم هەبێت، ئەوە لێکدانەوەی وردی بارودۆخی ناوچەکە و سیاسەتی ئەمەریکا و گۆڕانکاری گەورە بەسەر ئایدیا و مانیفێستەکیی ئۆجەلان و باس نەکردنی هیچ جۆرە پێشەوەچونێكی ئەم پرۆسەیە و خەریکبوونی ئەو بە ناردنی چەند پەیام و ڕاگەیاندنێکی سارد و سڕ و بێمزەڕاتانە و خۆنەدان لەم پرۆسەیەیە. هەرەها ڕووداوەکانی ئەم هەفتەیە و ئاشکرابوونی باشتری نێتی تورکیا و ئەبوجۆلانی و ئەمەریکا، هەر هەموو ئەمانە وامان لێدەکات کە بڵێم پێدەچێت ئەوەی لای ئێمە پێیی دەوترێت پرۆسەی ئاشتی وەهمێک بووبێت کە لە ئێستادا وەرناگێڕرێتە سەر واقیع.
بەداخەوە ئەمجارەش وەکو هەموو جارانی پێشتر لەوە دەکات سەرکردان و ڕابەرانی کورد نەیانتوانی گەمەیەکی سوودمەند لە بارودۆخێکی ناوازە و لە مەیدانی سیاسەتێکی بێ سەروبەرەی ئەمەریکادا بکەن. ئیتر نازانیین ئەمەش بە شکستێکی دیکە کۆتایی دێت یا بە سەرکەوتنێکی زۆر لاوەکی . دووبارە بەداخەوە کە ‘دەم پارتی’ ش یا كلاویان نراوەتە سەر یاخود هەموو شتێك دەزانن نایانەوێت بیدرکێنن، یا بەمەبەسێك ئاڵاون لە پرۆسەیەکی وا گەورەوە کە زۆر لەبەردانی سەرۆکە گیراوەکانیان گەورەترە.

زاهیر باهیر
12/11/2025




بایکۆت بۆچی؟.. زاهیر باهیر

بایکۆتی هەڵبژاردن کارێکی ڕەوایە ، چالاکییەکی کەسی و دروستە شێوەیکەی ناڕازایی گرنگە . ئەوانەی کە بایکۆت دەکەن دیارە هەر یەکەیان بۆچون و بیانوی خۆیان هەیە. من دژ بە بەشداریکردنی هەڵبژاردانم ، واتە بایکۆتی دەکەم لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

یەك: هەڵبژارنی گشتی گەورەترین درۆی مێژوییە. یەکەم جار کە هەڵبژاردن کراوە ساڵی 1708 بووە لە بریتانیا دواتر لە ساڵی 1792 لە فەرەسا بووە. هەر لەو کاتەوە تا ئێستا کۆت و زنجیری پێمان توندتر دەبێت لە سای هەڵبژاردنیشدا گۆڕانێکی وا کە سیستەمەکە لەبەر بەرژەوندی خۆی و تێکۆشانی خەڵکی نەبێت بەسەر ژیانماندا, بە بەراورد بە تێپەڕینی ئەم هەموو ساڵانە نەهاتووە. هەڵبژاردن هەر درۆیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو لەوە خراپتر ئەو هەژموون و کاریگەرە خراپەیەتی کە بۆ ماوەی 517 ساڵە خەڵکی پێ دەگەمژێرێنری بووەتە باشترین وەسیلە و دەزگە بۆ مانەوەی سیستەمی کۆیلەیەتی و لێدانی بزوتنەوەی ڕاستەقینەی خەڵکیش .

دوو: گەر هەڵبژاردن شتێکی بگۆڕیایە ، بێ گومان هەر زوو یاساخ دەکرا. لە ڕەدەڵ و بەدەڵی حیزبەکان و هاتنە سەرحوکمیان چەند گۆڕانکارییەکی بچوك دەکرێت، بەڵام گۆڕانکاری بنەڕەتی نا، ئەو گۆڕانکاریانەی کە هەڵبژاردن دەیانکات گۆڕانکاری سەرەکی نیین لە ئاستی داخوازییە سەرەکییەکانی خەڵک و پێداویستییەکانیاندا نیین .
دەوڵەت و سامانداران و حوکمڕانان ئەوەندە گەلحۆ و گەمژە نیین گەر بزانن ئەوەی کە هەیانە لە سامان و دەسەڵات و دەستڕۆیشتن لە دەستیان دەچێت ئەوە هەر زوو ڕێگایان لە هەڵبژاردن دەگرت.

سێ: دەبێت ئەوەو بزانین کە هیچ وڵاتێك ، هیچ دەوڵەتێك سەربەخۆ نییە لە هیچ ڕویەکەمەوە بە مەسەلەی ئابووریشەوە ، سیستەمەکە هەموویانی بە یەکەوە واگرێ داوە و بەستوونیەتەوە، پێویستیان بە یەکدییە.
هەر لەبەر ئەمەش چەندێك دروشم و ئامانجی کاندیدەکان بریقەدار و قەشەنگ بێت، ناتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن ، ناتوانن لە پاشکۆیی دەرودراوسێ و ولاتانی دیکە دەرچن . پرسی بازرگانی و ئاڵووێڵ و قەرزو قۆڵە و هاوکاری و یارمەتی یەکدی دەبێتە ئەو ڕێگرییە کە هەرگیز ناتوانن بە بێ یەك بژین و بمێننەوە. پرسی ئابووری ئەو پرسەیە کە ئەمڕۆ هیچ وڵاتێك بە ئەمەریکاشەوە ناتوانێت سەربەخۆیانە بژی، خودئیکتیفایی خۆیان مەحاڵە و هەمیشە پێویستیان بە دەوڵەتان و دەزگە دراوییەکانی جیهان دەبێت .

چوار: دەنگدان هۆکارێکی ‘ شەرعییە’ و بایکۆتکردنی تاکە ڕێگایەکە کە خەڵکی بتوانێت دەنگی ناڕەزایی خۆیان هەڵبڕن و سزای ستەمکارانی پێبدەن ویژدانی خۆشیانی پێ ساف بکەن . ئەو حیزبانەی کە هەڵپەی گرتنەدەستی دەسەڵاتیانە زۆر باش لە دەنگنەدانی خەڵکی تێدەگەن.
ئەمڕۆ لە بریتانیا لیژنەی Think Tank ، بیرکردنەوەی پۆڵایانە ( گەر وەرگێڕانەکە بگونجێ] دروست بووە تاکو لە هۆکاری سایکۆلۆجی و سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی بکۆڵنەوە و لە دەنگنەدانیان لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەم پرسە دەوڵەتی بریتانی و ئەوانەی کە لە پشتەوە بەڕێوەی دەبەن هەراسان کردووە و هەستیان بەم شکستەی دەنگدان کردووە ، کە وردە وردە کەشفبوونی درۆ گەورە مێژووییەکەیە ، بۆیە بە ملیۆن پاوەند تەرخان کراوە تاکو ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.

زاهیر باهیر
01/11/2025




سیستەمی ئەمریکی بە شێوەیەکی خراپ تێشکاوە*.. بێرنی ساندەرز.. و: زاهیر باهیر

با بۆ چرکەییەك هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژین و دۆناڵد ترەمپ، جیمی کیمێل، نەتەوە یەکگرتووەکان، چارلی کیرک، غەززە، داخستنی دەرگای دامەزاراوە حکومییەکان و ئەو قەیرانانەی دیکە لەبیر بکەین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە. با لەبری ئەوە باسی ئەو واقیعە بکەین کە میدیای کۆنترۆڵکراوی کۆمپانیاکان و سیستەمی سیاسی کۆنترۆڵکراوی کۆمپانیاکان زۆر باسی ناکەن.
ئەوەی ئێمە لە ئێستادا شاهیدین گەشەکردنی دوو ئەمریکایە. یەکێک بۆ چینی ملیاردێردو ئەوی تریان بۆ هەموو کەسێکی تر. لە ئەمریکایەکدا دەوڵەمەندترین خەڵک بە شێوەیەکی قێزەون دەوڵەمەندتر دەبن و هەرگیزا و هەرگیز ئاوا باش نەلواوە بۆیان. لە ئەمریکایەکیاندا کەسانی ساماندار زەنگینتر دەبن و پرە لە سامان و تەماح و دەوڵەمەندییەکی خەیاڵاوی کە وا دەکات بڵێیت کە سەردەمی زێڕین و زۆر بێگەرد دەرکەوتووە. هاوکاتیش ئەمریکای دووەم هەیە – ئەمریکایەک کە زۆرینەی خەڵک بۆ ژیانیان ئەم مووچە دەیانداتە دەست ئەو مووچە و هەوڵدەدەن بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە زۆر سەرەتاییەکانی ژیان، وەك خۆراک، چاودێری تەندروستی، خانووبەرە و پەروەردە لە دەستەویەخەدابن.
ڕاستییە سادەکە ئەوەیە کە پێشتر لە مێژووی ئێمەدا ئەوەندە کەس خاوەنی ئەوەندە سامان و دەسەڵات نەبووە کە لە کاتێکدا زۆرێک لە بێ هیوایی ئابووریدا دەژین. لە ئەمریکای یەکەمدا، پیاوێک – ئیلۆن ماسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە، کە خاوەنی زیاتر لە 480 ملیار دۆلارە، خاوەنی سامانی زیاترە لە 52%ی خێزانەکانی ئەمریکایە. دواتریش ماسك 290 ملیۆن دۆلاری بۆ هێنانی ترەمپ بۆ ناو کۆشکی سپی خەرج کرد، کە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەوە زیاتر لە 180 ملیار دۆلار دەوڵەمەندتر بوو. ئەوەش بەدەستهێنانێکی زۆر باشە لەسەر وەبەرهێنانەکەی. بەڵام وادیارە هەر ئەوە بەس نییە بۆ ماسک. بۆ ئەوەی مۆتیڤێکی وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار هەبێت، دەستەی کارگێڕی تێسلا پێشنیاری کرد کە پاکێجی مووچەی یەک تریلۆن دۆلاری پێبدرێت، تریلۆنێك دۆلار ئەگەر هەندێک ئامانجی بەدیهێنا.

جێف بیزۆس چوارەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە و سامانەکەی 232 ملیار دۆلارە. دەتوانێت بە کەشتی بەرەو ڤێنس بە یەختەکەی کە 500 ملیۆن دۆلارە سەوڵ لێدات بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی کە 50 ملیۆن دۆلار تێچوویەتی. لەوێ ئەڵقەیەکی 3-5 ملیۆن دۆلاری بە هاوسەرەکەی بەخشی – چونکە لەنێو ئەم شتانەی تردا ، ڕێژەی باجی فیعلی کە لەسەر ئەوە تەنها 1.1% .

مارک زوکێربێرگ، سێیەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە، سامانەکەی 258 ملیار دۆلارە. ئەو 110 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ کڕینی 11 خانوو لە شاری پالۆ ئاڵتۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بۆ دروستکردنی یەکەیەکی تایبەتی خۆی، هەروەها 270 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ زیاتر لە 2300 ئەکر زەوی لە هاوایی لەگەڵ بنکەرێکی ژێرزەمینیی 5000 پێی چوارگۆشە و سێ یەخت کە بەپێی زانیارییەکان بەهای زیاتر لە 530 ملیۆن دۆلارە.
لاری ئێلیسۆن، دووەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان – کە سەرمایەکەی 377 ملیار دۆلارە – لەم دواییانەدا لە یەک ڕۆژدا نزیکەی 100 ملیار دۆلار دەوڵەمەندتر بوو. خاوەنی دوورگەیەکی تایبەتە لە هاوایی لەگەڵ بەلەمێکی فڕۆکەی جێت، ئێستاش دەوترێت هەوڵی کڕینی کۆمپانیا گەورەکانی میدیای وەک وارنەر برۆس و سی ئێن ئێن دەدات.
تەنها ئەم چوار پیاوە بەیەکەوە سامانیان زیاترە لە 1.3 تریلۆن دۆلارە. بەڵام ئەوە بە تەنها هەر ئەوان نین. ئێستا 1%ی ئەوانەی کە لەسەرەوەی کۆمەڵەوەن خاوەنی سامانی زیاترن لە 93%ی خەڵکەکەی کە لە خوارەوەی کۆمەڵن. ئەو 1%یە لە جیهانێکدا دەژین کە بە تەواوی لە ئەمریکییە ئاساییەکان دوورخراوەتەوە. ئەوان سواری میترۆی قەرەباڵغ نابن بۆ ئەوەی بچنە سەر کارەکانیان، یان لەناو قەرەباڵغی هاتوچۆ ناکەونە ناو ترافیکەوە بۆ ئەوەی بگەنە ماڵەوە. ئەوان بە فڕۆکەی تایبەت و هێلیکۆپتەر کە خاوەنیانن دێن و دەچن. لە سەرانسەری جیهان لە کۆشکەکاندا دەژین، منداڵەکانیان دەنێرن بۆ نوخبەترین قوتابخانە ئەهلیەکان و لە دوورگەکانی خۆیان پشوو دەدەن. ئەوان بۆ خۆشی خۆیان ، چەند ملیۆنێك دۆلار خەرج دەکەن بۆ ئەوەی بە کەشتییە موشەکییەکانی خۆیانەوە بفڕن بۆ بۆشایی ئاسمان.

هەر ئەوە نییە پاشان ئەمریکای تریش ، دووهەمیش، هەیە، کە زۆرینەی ڕەهای گەلەکەمان تێیدا دەژین. بۆ ئەوان ئابووری تەنیا تێشکاو نییە، بەڵکو لە داڕماندایە. لەم ئەمریکایەدا سەرەڕای زیادبوونی بەرفراوانی بەرهەمهێنانی کرێکاران، کرێی هەفتانەی ڕاستەقینە بۆ کرێکاری ئاسایی ئەمریکی ئەمڕۆ کەمترە لە چاو زیاتر لە 52 ساڵ لەمەوبەر. لەم ئەمریکایەدا، خەڵک توانای سەردانی پزیشکیان نییە (ئەگەر ئەوەندە بەختەوەر بن پزیشێکێك بدۆزنەوە) . لەمانەش زیاتر لە نیوەی داهاتە سنووردارەکانیان بە کرێ یان سلفەی عەقاری خانووەکانیان دەدەن و ناتوانن تێچووی گرانبەهای چاودێری منداڵان بدەن یان منداڵەکانیان بنێرن بۆ کۆلێژ.
لەم ئەمریکایە نرخی سەوزە و میوە و خواردنە تەندروستەکانی تر بۆ زۆر کەس لە دەرەوەی بودجەیانە . بۆ زۆربەی ئەمریکییەکان سیستەمەکە تەنها تێنەشکاوە، بەڵکو لە ڕووخاندایە و تادێت لە ژیانی جیهانی سێیەم دەچێت. هەموو کەسێک پێویستی بە چاودێری تەندروستی هەیە. بەڵام ئەمڕۆ زیاتر لە 85 ملیۆن ئەمریکی تەئمینی تەندروستییان نییە یان تەئمینەکەیان زۆر کەمە و لە سای حوکمداریی ترامپدا بە بڕی 15 ملیۆینی دیکە ئەم ژمارەیە زیادی کردووە ئەمەش ئەو پرۆژەیەی ترامپە کە پێی دەڵێن پرۆژەی، یا لائیحەی گەورە و جوان.

هەموو کەسێک پێویستی بە خانووبەرەیە ، بەڵام ئەمڕۆ نزیکەی 800 هەزار ئەمریکی بێ ماڵ و حاڵن و زیاتر لە 20 ملیۆن ماڵ زیاتر لە 50%ی داهاتە سنووردارەکانیان بە کرێ یان سلفەی عەقاری خانووکانیان دەدەن. لە ساڵی 2000 وە تێکڕای کرێی خانوو زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و نرخی خانویەکی مامناوەندی بۆ زیاتر لە 435 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
هەموو کەسێک پێویستی بە پەروەردەیەکی شایستە هەیە. بەڵام ئەمڕۆ سیستەمی چاودێری منداڵانمان تێشکاوە و بە شێوەیەکی باوەڕ پێنەکراو گرانە. زۆرێک لە قوتابخانە حکومییەکانمان وێرانن و مامۆستایان کەم مووچە و کەم بەهان و خوێندکارانی ئەمریکی لە بیرکاری و زانست و خوێندنەوە بە بەراورد لەگەڵ هاوتەمەنە نێودەوڵەتییەکانیان لە دواوەن. خوێندنی کۆلێژ بۆ ملیۆنان کەس ناتوانرێت و قوتابخانە پیشەییەکان شکست دەهێنن لە ڕاهێنانی ئەو کارمەند وکرێکارانەی کە زۆر پێویستمانە. هەموو کەسێک پێویستی بە خانەنشینییەکی مسۆگەر و پارێزراو هەیە. بەڵام نزیکەی نیوەی کرێکارە بەتەمەنەکان هیچ پاشەکەوتێکی خانەنشینییان نییە و هیچ بیرۆکەیەکیان نییە کە چۆن هەرگیز بە هیچ پارچەیەکی کەرامەت و ڕێزەوە خانەنشین دەبن. هاوکات 22%ی کەسانی بەساڵاچوو هەوڵدەدەن بە داهاتێکی کەمتر لە 15 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا بژین.

بەسە بەس
وەک دادوەری دادگای باڵا لویس براندیس لە ساڵی 1933 دا وتی: دەتوانین دیموکراسی لەم وڵاتەدا هەبێت یان دەتوانین سامانێکی گەورەمان لە دەستی کەم کەسەکاندا چڕبێتەوە، بەڵام ناتوانین هەردووکیانمان هەبێت. ئەو هۆشدارییە لەمڕۆدا پەیوەندیدارترە. لەم ساتەوەختە سەرەکییەی مێژووی ئەمریکادا، دەبێت حکومەتێک و ئابوورییەک دروست بکەین کە بۆ هەمووان کار بکات، یان بەردەوام دەبین لە خلیسکان بۆ ئۆلیگارشی – کە چینی ملیاردێر حکومەتەکەمان و ئابووریمان و داهاتوومان کۆنترۆڵ دەکات. با بە هاوئەمریکییەکانم بڵێم: دەزانم ژیانی ڕۆژانە دەتوانێت کاریگەری هەبێت، بەڵام نابێت ڕێگە بە خۆمان بدەین کە بکەوینە نائومێدی. ئەگەر ڕێگە نەدەین لە لایەن ترەمپ و هاوپەیمانەکانی ئۆلیگارشیەوە دابەش بین، دەتوانین ئەو ڕێگایە بگۆڕین کە لەسەری دەڕۆین. هەڵبژاردنەکە ڕوونە. با پێکەوە بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بوەستین.

Bernie Sanders
و: زاهیر باهیر
…………….
*بۆ زانینی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە ئەمەریکا بە پێویستیم زانی کە ئەم وتارە وەرگێرمە سەر زمانی کوردی کە لە 24ی سێبتەمبەردا لە لایەن بێرنی سێندەر، سێنەتای ئەمەریکی ، لە ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی دا بڵاوی کردۆتەوە. دیارە من لەگەڵ ئایدیای ئەودا نیم کە بە گۆڕینی حکومەت دەکرێت خەڵکی لەو بارودۆخە ڕزگاری ببێت.




مەنهۆڵ.. زاهیر باهیر

هەرچەندە من نازانم بۆچی ناوی فلیمی مەنهۆڵ کە لە ڕۆژی ٣١ی تەموزەوە تا ئێستا لە ‘ ستی سینەما’ نمایش دەکرێت نووسەر و دەرهێنەرەکەی ئەو تایتڵەیان پێ بەخشیوە و دیارە ئەکتەرەکانیش پەسەندیان کردووە، بەڵام بینینی فلیمەکە گەر بە وردی سەرنجی بدەیت و دوای بکەویت، گەر تۆزێك بە ئاگا بیت لە بارودۆخی ئێستای کوردستان، لە گووزەرانی ژیانی دانیشتوان، لە نەبوونی موچە و کەمدەرامەتی کاسبکاران، لە زیادکردن و گرانبوونی وزەی نیشتمان ، لە نەبوونی ئاوی خواردن و گرانی نرخی تکتی چارەسەری نەخۆشان، لە بنیاتنانی ٢٠٠ ستی هەر لە سلێمانیدا بۆ پارە و سامان ، لە بوونی ئەو هەموو توندو و تیژییەی بەرانبەر ژنان، هاوردەکردنی دەرمان و خواردنی ئێکسپایەر و لێ نەپرسینەوە لە باشی کواڵەتی و ساخکردنەوەیان و بازرگانیکردنی بەسەر ژیانی خەڵکەوە، لە نەبوونی خزمەتگوزاری و سەلامەتی ڕێگاوبان و شەقامەکان ، زۆری بۆنی بەنزین و گاز و دووکەڵی سەیارە و پیسی وخۆڵبارین و بەپرسی ژینگە گوێنەدان… زۆری دیکە نە تووشی شۆک و نە بێ ئاگایش دەبیت لە بەکارهێنانی ئەو تایتڵە.
هەموو ئەمانە دروستیی بەکارهێنانی تایتڵی مەنهۆڵی ئەو فلیمەت بۆ پشتڕاست دەکاتەوە. بۆمن ئەو تایتڵە: مەنهۆڵ ، مەنهۆڵی زێرابی کوردایەتی، مەنهۆڵی دەسەڵاتی خۆماڵی ، مەنهۆڵی حکومەتی کوردی و حوکمڕانێتی بەرەی نیشتمانی …. بەرەی ئۆپۆزۆسیۆنی کوردی … مەنهۆڵی ئەو زێرابانەی سەرەوەیە کە دەرهێنەری ئەو فلیمە لە ڕێگای هەندێك لە باشترین ئەکتەری کوردەوە نمایش دەکرێت کە هەڵدانەوەی ئەو مەنهۆڵەیە ، ئاوەڵاکردنی سەری ئەو زێرابەیە، بەباکردن و بە بۆنکردنی بۆنی پیسی کوردایەتی و حوکمڕانێتی کوردانە و خۆماڵیانەیە.
لەم فلیمەدا بە شێوەیەکی جوانی ناوازە، بەڵام ئازاراوی، زۆرێك لە گرفتەکانی کۆمەڵی کوردی لە لایەن ئەو ئەکتەرە بە توانایانەوە تا ئەو ڕادەیەیەی تێیاندا هەبووە تا ڕادەی پەرستن دەپەرسترێ ، هەر ئاواش تاڕادەی ڕک و کینە و قێزەوەندی دەبوغزێنرێت پیشان دراوە، کێشەی بینەران و ئەوانەشی کە نەیان بینیوە تێیدا وێنە کێشراوە، گرفتی بەدی و خراپی بژێوی تا ڕادەی فرۆشتنی پارچەیەك لە ئۆرگانی جەستە بۆ پێدانی پارەی دکتۆر و عیادە و پشکنین، ڕۆڵی مافیا، درۆ و دانی پارە بە زانیاری هەڵە، نەبوونی بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتیی، دڵڕەقی و بێ بەزەیی باوك، دڵنەرمی و بەڕەحمی و میهرەبانیی، بێ مرۆیەتی و دڕەندەیەتی خاوەنخانوو، بەکارهێنانی بارخواریی و قۆستنەوەی هەژاری و نەدارایی تەنانەت بۆ سێکسیش، نیشاندانی مەسەلی دروستی پێشینان ” تێر ئاگای لە برسی نییە” جەوهەر و هەناو و دڵی دەسەڵات کە زۆر بێ باکانە دێت و دەچیت و کردنی خۆی ” بە کەڕەی شەربەت” لە هەموو ئەو گرفتە کۆمەڵایەتیانە کە هاووڵاتیانی تووشی بوون، ڕاستتر کە تووشی کردون … زۆری تر.
ئەم فلیمە ئەوەندە بەهای هەیە، ئەوەندە جوان چووەتە ناو گرفتە کۆمەڵاتییەکانەوە، ئەوەندە کارامانە و سەرکەوتوانە ئەکتەرەکانی ڕۆڵی خۆیانیان تێیدا دەبینن شیاوی ئەوەیە کە هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی کوردی بیبینن . لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە زۆر پێویستە کە لەسەر هەموو شاشەی سینەمەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا و ئەمەریکا بەژێرنوسی زمانەکانی دانیشتوانیانەوە نیشان بدرێت تاکو هەر هیچ نەبێت بەڵگەی ئەوە بداتە دەست کە دەسەڵات خۆماڵی و بێگانە، لیبراڵ و مافیا ، دیمۆکراتی و دیکتاتۆری تەنها و تەنها هاووڵاتیانیان هەر بۆ دەنگدان دەوێت، تاکو فەرماندەرەکانی خۆیان، ستەمکارەکانیان، هەڵبژێرن ، تاکو ڕوتیان بکەنەوە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی و سەپاندنی هەموو کارەساتێکی جەرگبڕانە بە هەڵگیرسانی جەنگ و بێ کاری و بێ خانووبەرەیەتی تا ڕادەی کڕینی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە پارە و پایە و پلە، نیشاندەدات.
بۆ دروستیی هەموو ئەوانەی سەرەوە کە نوسراوە، هیوادارم خۆتان بە بینینی فلیمەکە ئەو ڕاستییەتان بۆ بسەلمێت کە ڕەنگە خۆتان لە ژیانی ڕۆژانەتاندا زۆر جار بەرکەوتنتان هەبووبێت.

زاهیر باهیر
١١/٠٨/٢٠٢٥




خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ چەند چەمکێك.. زاهیر باهیر

1 ئیمپریالیزم باڵاترین پلەی سەرمایەدارییە
ئەم چەمکە لە لایەن لینینەوە هاتە ناوەوە. لە ساڵی 1916 دا لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا کاتێك کە لە سویسرا بووە بە ساڵێك پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 ئەم کتێبەی نوسیوە. لینین لە نوسینی ئەم کتێبەدا سوودێکی زۆری لە شیکردنەوە ئابوورییەکانی مارکس بینیوە.
ئەو تۆێژینەوانەی کە لینین کردونی و لە دووتوێی ئەم کتێبەدا ئامادەی کردوە بنەماکەی چەند خاڵ و ڕوداوێکی گەورە بووە لە قۆناخەکانی ئیمپریالیزم کە لای ئابووریناسان و مێژوو نوسەکان تایتڵی جیا جیای پێدراوە. بە گوێرەی پێناسەکانی ئەوان نەتەوەیەکی بەهێز یا ڕاستتر دەوڵەتێکی بەهێز لە ڕێگەی کۆنترۆڵی سیاسیی، ئابووریی، یان سەربازییەوە کاریگەری خۆی بەسەر ولاتانی یا ناوچە لاوازەکاندا درێژدەکاتەوە، کە زۆرجار بریتییە لە کۆلۆنیکردن و بەکارهێنان و تاڵانکردنی سەرچاوەکان و باڵادەستیی بەسەر دانیشتوانی ناوخۆییدا.
ئیمپریالیزم لە مێژوویەکی درێژدا بە شێوەی جۆراوجۆر بوونی هەبووە، بەڵام ئەو زاراوەیە زۆرترین پەیوەندی بە قۆناغی سەدەی پازدە تا بیستەمەوە هەیە. لەوانەش ئیمپراتۆریەتەکانی سەرەتایی وەك ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی و فارس و چین بە داگیرکردنی خاکەکان فراوانتر بوون.
لای لینین ئەم وشەیە فراوانتر بووەوە مەبەست لێی ڕوونکردنەوەی هۆکارە ئابووری و سیاسییەکانی ئیمپریالیزم بوو و چۆن بووە هۆی ململانێ جیهانییەکانی وەك جەنگی جیهانی یەکەم. لینین دەیگوت ئیمپریالیزم پەرەسەندنێکی سروشتی سەرمایەدارییە، کە قۆرخکاری و سەرمایەی دارایی زاڵ بوون و لە ڕێگەی فراوانبوونی کۆلۆنیالیزمەوە بەدوای بازاڕی نوێدا دەگەڕان.
لینین ئیمپریالیزم بە “قۆناغی قۆرخکاری سەرمایەداری” پێناسە دەکات، کە بازرگانی و بانکە گەورەکان زاڵن بەسەر ئابوورییەکاندا و بەدوای بازاڕ و سەرچاوەی نوێدا لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێن.
لینین پێنج تایبەتمەندی سەرەکی ئیمپریالیزم دەستنیشان دەکات:
یەك : کاپیتاڵیزم چڕبوونەوەی بەرهەمهێنان و سەرمایەی قۆرخکاری دروست دەکات کە کۆنترۆڵی تەواوی پیشەسازییەکان دەکات.
دوو: یەکگرتنی سەرمایەی بانکی و پیشەسازیی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئۆلیگارشییە داراییەکان.
سێ: هەناردەکردنی سەرمایە (وەبەرهێنان لە بازاڕەکانی دەرەوە) گرنگتر دەبێت لە هەناردەکردنی کاڵاکان.
چوار: پێکهێنانی قۆرخکاریی سەرمایەداریی نێودەوڵەتی کە جیهان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن.
پێنج: دابەشبوونی خاکی جیهان لە نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکاندا تەواو دەبێت و ناکۆکی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لینین لەو سەردەمەدا بە هاوکاری نوسینەکانی مارکس لەسەر پرسی ئابووریی، دەرکی بەوە کردووە کە سەرمایەداریی بەرەو مۆنۆپۆڵی دەچێت و بزنسە بچوکەکان لە لایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە لووش دەدرێن، پرسی دراو و دەزگە دراوییەکان دەبێتە کاردانەوەیەکی حەتمی دیاردەی کاپیتاڵیزم. جەوهەری کاپیتاڵیزم بەیەکادان و ململانێی نێوانی کۆمپانیاکان و خاوەن سامانەکانە و ئەمەش بەرەو خولقاندنی چەوساندنەوە و جەنگی گەورەی دەبات. لینین جەنگی جیهانی یەکەمی بە بەرەنجامی راستەوخۆی ململانێی ئیمپریالیزم لەسەر کۆڵۆنییەکان و سەرچاوەی کەرەسەی خاو و بازاڕ زانیوە.
ئەوانەی سەرەوە کورتەیەکن لەوەی کە لینین پێناسەی ‘ ئیپمریالیزم باڵاترین قۆناخی سەرمایەدارییە’ بەسەر کاپیتاڵیزم دا بڕیوە، پێشبینی ئەوەشی کردووە کە ئەمە کۆتا قۆناخی ئابووری کاپیاڵیزمە و هەرەس دەهێنێت و سۆشیالیزم دروست دەبیت. بە کورتی تێبینییەکەی لینین ڕەخنەیە لە ئیمپریالیزمی سەرمایەداریی، کە نیشانی دەدات چۆن قۆرخکارییە ئابوورییەکان دەبێتە هۆی هەژموونی جیهانی و چەوساندنەوەی بێ ڕەحمانە و شەڕ. بەم شیوەیە بیرۆکەکانی لینین کاریگەرییان لەسەر بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالیزمەکان و شۆڕشە سۆسیالیستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو.
بێگومان ئەوەی کە لینین لێرەدا وتویەتی تێبینی و پێشنیارکردن بووە بۆ ساڵانی ئایندەی پاش سەردەمی خۆی هەر وەك چۆن ئێمە دەتوانین هەندێك پێشبینی گەر چی وەکو خۆشی دەقاو دەق دەرنەچیت بۆ ئایندە دەکەین.

ئایا ئەو چەمکەی لینین دروست بووە؟

پێش ئەوەی بێمە سەر وەڵامی پرسیارەکە دەبێت ئەوە بڵێم مارکسییەکان وەکو دینییەکان ئایدۆلۆجین ئەوەی کە وتراوە بۆ سەردەمێکی پێشوو لە قۆناخێکی تایبەتی کۆمەڵدا پاش ئەم هەموو ساڵانە، ئەوان هەر ئەوانە دەڵێنەوە و باوەڕیان وایە کە ئستاش ئەو پێناسەیە بۆ کاپیتاڵیزمی سەردەم هەر دروستە. گرفتی گەورە لای ئەوان وەکو دینییەکان شرۆڤە، قسە و چەمك هەموی لە زەمان و لە شوێن و واقیعی خۆی دادەبڕن.
گەر تەماشای واقیع و کاپیتاڵیزمی سەردەم و ئەو پێشەوەچون و گۆڕانکارییەی کە بە خۆیەوە بینوە بکەین، هەڵەی ئەو چەمکەی دەرخستووە و لە ئێستادا کردویەتییە چەمکێکی مردوو. هەڵوەشاندنەوەی ئەم چەمکە لە هەنووکەدا گران نییە چونکە ئەو پاسا و بەهانانە بۆ سەلماندنی چەمکەکەی، ئێستا دەتوانرێت وەکو راستییەك یاخود هەڵەیەك بزانرێت .
لەوانە لینین باوەڕی وابووە کە سەرمایەداریی هەرەس دەهێنێت و سۆشیالیزم دێتە کایەوە هەر بۆیە دوای ئیمپریالیزم قۆناخێك یاخود هەنگاوێکی دیکە نییە تاکو سەرمایەداری بینێت، بەڵام ئەوە دەبینین کە سەرمایەداریی بە کردنی چەند ریفۆرمیکی وەکو گرتنەبەری سیاسەتی خزمەتگوزاری و جیهانگیریی و نوێکردنەوەی تەکنیکی نوێ، دروستکردنی تەکنەلۆجیای نوێ تا ڕادەیەکی زۆر لەبری هەرەسهێنانی، خۆی زیاتر بینا کردووە .
پاساوێکی دیکەی لینین ئەوە بوو کە سەرمایەداریی قۆرخکردنە، بەڵام هاتنی سیاسەتی نیولیبرالیزم و گڵۆباڵی بازرگانی و مامەڵە و ئابوری دیجیتاڵی و دروستکردنی جۆرەها جەنگی کورت و درێژخایەن، نەك هەر ئەوەش بەڵکو توانی خۆی مۆدێرەنایز بکات و نەك هەر سیاسەتی قۆرخکردن بگرێتە بەر بەڵکو کۆمپانیا گەورەکانیش لە ململانێیەکی زۆر گەورەدا بن تاکو بازاڕی نوێ دروست بکەن و بازارە کۆنەکانیش ئەوەی کە سوودی بمێنێت مۆدێرەنایزی بکەن .
بنەمایەکی دیکەی لینین بۆ چەمکەکەی وەبەرهێنانی بێیانە و فراوانبوونی بوو کە هەندێك جار بە زۆر و لە ڕێگەی داگیرکردنەوە بووە، بەڵام لە ئێستادا دەیبینین کە هەندێك لەو مامەڵە و بازرگانیانە خۆبەخشانەیە و کە جاری وا هەیە کە دەوڵەتەکان لەژێر فشاری یەکدیدا ئەوە ناکەن هەر وەکو چۆن لە ئێستادا چەندەها مامەڵەی بازرگانی و گرێبەستی پیشەسازی لە نیوانی هەندێك لە دەوڵەتەکاندا هەن و بەردەوامیش ئەوە روودەدات. جگە لەمانەش دەوڵەتەکان بە بەکارهێنانی کۆمەڵێك فۆرمیلەی وەکو بەرزکردنەوە و دابەزینی ڕێژەی سوو و هەڵئاوسانی پارە و هەروەها دانانی گومرگ (تاریف) ئەمانەش ڕۆڵی خۆیان هەیە لە لایەك لەسەر بەهای دراویان و لە لایەکی دیکە لەسەر پرسی بەرهەمهێنا و مامەڵەی بازرگانیی.

خالێکی دیکەش هەیە کە ڕەچاوکردنی زۆر گرنگە لەگەڵ بوونی چەوساندنەوە و دەستی هەرزانی هێزی کار، ئەویش ئەوەیە کە ئێستا زۆربەی وەبەرهێنانەکان و دروستکردنی پرۆژە جیاوازەکان لە ڕێگای گرێبەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە لەگەڵ دەوڵەتانی کە پرۆژەکانیان دەوێت، یاخود لە نێوانی خودی دەوڵەتەکاندا هەن. ئەمڕۆ هیچ وڵاتێك ناتوانێت سەراپای پرۆژەکانی بە کۆمپانیاکانی خۆی یاخود خودی دەوڵەتەکەیەوە بکات و بکرێت، بەڵکو پەنا بۆ کۆمپانیا گەورەکان یاخود دەوڵەتەکانی دیکە دەبات تاکو ئەو پرۆژانە جێ بەجێبکرێن.
بۆ نموونە گەلێك لە دەوڵەتەکانی ئەفریقا لە ڕێگای چین و کۆمپانیا چینییەکانەوە پرۆژەکانی وەکو ڕێگا و بان و پرۆژەی سەد و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان و پرۆژەی گەورەتری دیکە دەکەن. ئەمە جگە لەوەی کە خودی دەوڵەتەکان لە ڕێگای قەرزی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانقی نێو دەوڵەتییەوە گەرچی گرێبەستەکانی نیوانیان زۆر سەخت و قورسە ئەمە دەکەن. ڕاستە کردنی هەندێك پرۆژە یاخود قەرزکردن ناچارییە و دەبێت بکرێت بەڵام تا رادەیەکی زۆریش خۆبەخشانەیە نەك بەزۆر پێیان بکرێت و دەوڵەتێك بێت داگیریان بکات سەروەت و سامانیان بەتاڵان ببات و ئەم پرۆژانەیان بۆ ئەنجام بدات .

لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم ئەوەی لینین وتونی هەندێك ڕاستیان تێدایە وەکو مانەوەی هەژموونی وڵاتە زلهێزەکان و جەنگ و چەوساندنەوە و کە تا ئێستاش ئەوانە هەر بەردەوامن لەگەڵ ئەوەشدا سەرمایەداریی خۆی گونجاندووە و گەشەی زیاتر و زۆری کردووە، سەلماندوویەتی کە خۆڕاگرترە لەوەی لینین پێشبینی دەکرد. لە کاتێکیشدا کە هەژموونی ئابووریی هێشتا بوونی هەیە، بەڵام ئاڵۆزترە و بەهێزترە لەوەی کە لینین پێشنیاری کردووە.
بەڕای من ئیمپریالیزم باڵاترین قۆناخی سەرماییەداریی نییە ، سەرمایەداریی ئەو قۆناخەی تێپەڕاند و گەیشتە قۆناخی جیهانگیریی. جیهانگیریی و ئیمپریالیزم دوو قۆناخی زۆر لە یەکدی جیاوازن و پێناسەشیان زۆر جیاوازە هەر وەکو چۆن ڕێڕەوی گەشەکردنشیان جیاوازە. ئیمپریالیزم قۆناخێك بووە بەڵام قۆناخی باڵاترین نەبو، کاتێك کە ئێمپریالیزم هەبوو عەولەمە نەبوو ، کە عەولەمەش هات ئیتر ئیمپریالیزم وجودی نەما

2 تیۆری سێ جیهانەکە
بەرای من ئەم تیورە بە تەواوی بەوەی سەرەوە پەیوەست دەبێتەوە، واتە بە پرسی ئیمپریالیزمەوە، گەر چی ساڵانێکی زۆر بەینیان بووە، چونکە بە بڕوای لینین نەك ئیمپریالیزم دوژمنی سەرەکی چینی کرێکارانە، بەڵکو دوژمنی سەرسەختی گەلانی کۆڵۆنایزکراویشە بەوەی کە داگیری کردون و ڕەنج و سامانی سروشتی و ناسروشتیانی بە تاڵان بردووە، ڕێگەی هەموو جۆرە سەربەخۆییەك و پێشکەوتنێکیان لێ دەگرێت. وێڕای ئەوەی کە لینین چەمکی جیهانی سێی بەکارنەهێناوە بەڵام خودی تیۆرەکە هەر ئەو ناوچە و وڵاتەن دەگرێتەوە کە کاتی خۆی بەشی زۆریان لە لایەن وڵاتە ئیمپریالیزمەکانەوە داگرکراون و چەوساونەتەوە و لە جەوهەریشدا بناخەی تیۆری سێ جیهانەکەیە.
لەم بارەشدا لینین باوەڕی ئاوا بووە کە دەبێت خەباتی ڕزگاری نەتەوەیی دەستبەکار بێت ئەو خەباتەش سەرومڕ بێت و کرێکارانی خودی وڵاتیش دەبێت پایەی گەورەی ئەو خەباتە بن شانبەشانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی. بۆ ئەمەش لینین چەند تێکست و باسی گرنگی نوسیوە لەوانە”‘ مافی چارەنووسی گەلان (1914–)” ئەو لێرەدا دەڵێت گەلانی ستەملێکراو مافی جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە جەختیش لەوە دەکاتەوە کە مارکسیستەکان پێویستە پشتگیری ئەم مافە بکەن لە هەمان کاتدا بانگەشە بۆ یەکێتی پرۆلیتاریا بکەن. ئەو جەختی لەسەر گرنگی پرسی نەتەوە چەوساوەکان کردووەتەوە، لەوانە گەلانی ئاسیا بووە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە زلهێزە ئیمپریالیستەکان.
لینین جارێکی تر لە نوسینی ” شۆڕشی سۆسیالیستی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان (1916)”‘ – لێرەدا زیاتر پەیوەندی نێوان شۆڕشی سۆسیالیستی و خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی ڕوون دەکاتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بژاردەی مافی چارەنووسیی مافێکی دیموکراسییە کە یارمەتی یەکخستنی کرێکاران دەدات لە سەرانسەری گەلاندا. ئەمەی لە مانگی دووی ئەو ساڵەدا نوسی . لینین لەو نوسینانەدابە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان لەسەر بزووتنەوە ڕزگارییە نەتەوەییەکان، دژە ئیمپریالیزم و ڕۆڵی گەلانی ستەملێکراو لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی جیهانیدا نووسیوە، لەو گەلانەش کە بەرهەمەکانی لینین باسی لە خەباتی ڕزگاری خەباتی ڕزگاریخوازییانی کردووە گەلانی ئاسیا و ئەفریقا و گەلانی دیکەی کۆلۆنایز کراو بوون.

کاتێکیش کە کتێبی ‘ ئیمپریالیزم باڵاترین قۆناخی سەرمایەدارییە 1917’ نووسی، دووبارە باسی ڕۆڵی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی لە ئاسیادا کردەوە. ئەم بۆچوونەی لینین و بانگەشەکردنی بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و چارەنووسی نەتەوەیی لەگەڵ زۆرێك لە بزووتنەوە دژە کۆلۆنایزکردنی ئاسیادا هاتەوە.
دواتر لە ساڵی 1920 دا لینین جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر ئەم باسە و لە “تێزەکان لەسەر پرسیارە نیشتمانی و کۆلۆنیالیزمەکان” کە لە کۆنگرەی دووەمی نێونەتەوەیی کۆمۆنیستدا پێشکەش کران. لێرەدا دووبارە تێڕوانینی لینینیان خستەوەڕوو کە کۆمۆنیستەکان دەبێ پشتگیری لە بزووتنەوەکانی دژە کۆلۆنیالیزم و ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بکەن.

ئەوانەی سەرەوە کۆمەڵە نوسێنێک بوون کە لینین لەسەر بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی نوسیوێتی، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو نوسینانەشدا لەو بارەوە، کەچی هێشتا ئایدیای تیۆری ‘ سێ جیهانەکە’ لە سەردەمی خۆیدا ئەو گەشەیەی نەکرد بۆ ئەوەی ببێتە تیۆرێکی تا ڕادەیەك جیهانیی، بەڵام بناغەی بەهێزی بۆ ئەو تیۆرە دانا، تیۆرەکەش بە قۆناخ و هەوڵی جیا جیادا تێپەڕی و گەشەی کرد بۆ تیۆری سێ جیهانەکە.

تیۆری سێ جیهانەکە دواتر وەکو چەمکێکی سیاسی و ئابووریی لە سەردەمی پێش و دوای جەنگی سارددا سەریهەڵدا، سەرەتا لە ساڵانی 1950 و 1960 سەری هەڵ دا. تیۆرەکە سەبارەت بەو وڵاتانە بوو کە نە لەگەڵ بلۆکی ڕۆژئاوایی (ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەرکردایەتی ناتۆ) هاوتەریب بوون و نە لەگەڵ بلۆکی ڕۆژهەڵاتیی (یەکێتی سۆڤیەتی جاران و هاوپەیمانەکانی) نەبوون، بەڵکو ئەم گەلانە زۆرتر کۆلۆنییەکانی پێشوو بوون لە ئەفریقا، ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵیان دەدا ڕێڕەوی سیاسی و ئابووری سەربەخۆی خۆیان دروست بکەن.
چەمك یا زاراوەی “جیهانی سێیەم” بۆ یەکەمجار لەلایەن ئەلفرێد سەوڤی، دیمۆگرافیای فەرەنسی، لە ساڵی 1952دا هاتە ناوەوە. ئەو جیهانی سێیەمی بە ‘ئیستەیتی سێ’ ( Third Estate ) بەراورد کردوو. ئەم زاروەش لە فەرەنسای چەرخی نۆزدە و پێش شۆڕش بە مانای خەڵکانی کۆمۆن، نۆرمەڵ ، ئاسایی یاخود ‘خەڵکی باو’ وتراوە، ئەم وڵاتانەی بە ئیستەیتی سێ بەراورد کرد کە خراونەتە پەراویزەوە و چەوسێنراونەتەوە پێویستیان بە راپەڕین هەیە.
پاشان گەشەسەندنی سیاسی و ئایدیۆلۆژی تیۆری جیهانی سێیەم کەوتە قۆناخێکی دیکەوە کە بە نزیکییەوە پەیوەستە بە سەرکردە و بیرمەندانی بزووتنەوەی بێ لایەنەکان ‘ ‘Non-Aligned Movement(NAM) و خەباتەکانی دژە ئیمپریالیزم. بەم مەبەستەش سەرکردەکانی ئاسیا و ئەفریقا لە ساڵی 1955 لە کۆنفرانسێك لە ئەندەنوسیا بۆ پێشکەوتن و هاوکاری و دژایەتیکردنی کۆلۆنیالیزم کۆبوونەوە. لە ساڵی 1961دا بزووتنەوەی بێ لایەنەکان (NAM) بە فەرمی لە شاری بەلگراد لە یوگۆسلاڤیا دامەزرا. بەم شێوەیە جیهانی سێیەم بوو بە هێمای بەرخۆدان و دژە ئیمپریالیزم و خواستی نەزمێکی نوێی جیهانی.

ڕۆڵی دروستبوونی حیزبی شیوعی چینی و بزوتنەوەکەیان بە ڕابەرایەتی ماوتسی تۆنگ و سەرکەوتنیان لە ساڵی 1949 دا ناکرێت لێرەدا فەرامۆش بکرێت چونکە ڕۆڵی خۆی هەبوو لەسەر پەیوەستبوونەوەی تیۆرەکانی ماوتسی تۆنگ بە بیرۆەکەی نەتەوایەتی دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم بە تێزەکانی لینینەوە. لێرەدا ئەم تیۆرە هاندەری گەورەی بزووتنەوە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی دیکە و گەشەپیدانی تیۆری سێ جیهانییەکە و کەوتنە قۆناخێکی نوێوە، بووش بە مانیفێستی ئەو بزوتنەوانەی کە لە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردووەوە پەیڕەوی لێکرا .

کرۆکی تیۆری سێ جیهانەکە

لەو کاتەوە واتە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا تیۆری سێ جیهانی لە فۆرم و ناوەرۆکدا مانایەکی گەورەی پیدرا و زۆرێك لە پارتە کۆمۆنینستەکان و ئەوانەشی کە لەژێر ناوی دیکەدا بوون بەڵام هەر کۆمۆنیست بوون بەم شێوەیە گوزارشتیان لە جیهان دەکردو هەر لەسەر ئەو ڕێڕەوە تاکتیك و ئامانجی خۆیان و بزوتنەوەکەیان دیاری دەکرد. دیدی ئەمان بۆ جیهان مەبەستێکی دیکەی دیاریکرد و پێناسەیەکی نوێی بۆ جیهان کرد. جیهانی یەکەم: زلهێزەکان (ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت) کە تیۆرەکە بە دوو ئیمپریالیزمی جیهانی ناساندنی. جیهانی دووەم: وڵاتانی گەشەکردوی پیشەسازیی کە وڵاتانی ئەوروپا و گەلێك لە وڵاتانی دیکە دەگرێتەوە، واتە وڵاتانێك لە نێوانی ئەو زلهێز و وڵاتانی پیشەسازیی دواکەوتوو وەك وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی کە بە وڵاتانی جیهانی سێیەم درانە قەڵەم.
بە گوێرەی ئەم تیۆرە ناکۆکی سەرەکی لای ئەو حیزبانە بە چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە ناکۆکی نێوانی وڵاتەکەیانە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە ئیمپریالیزمەدا بەسەرەکی دەزانی. ئا لەم بارەشدا پێیان وابوو کە جیهانی سێیەم هێزی سەرەتایی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەیە.
فراوانبوونی تیۆرکە و زیانی ئەو تیۆرە گەیشتە ئەو رادەیەی کە بووە پێوەرێك بۆ پێناسەکردنی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانە، کە هەر لایەك دژ بە ئیمپریالیزم خەباتی بکردایە ئەوە شۆڕشگێڕ بوو لەمەش خراپتر لەم تیۆرە خەفەکردن و لێگەڕان لە بوژوازی و دەسەڵاتی بەناو نیشتمانی بوو، گرنگی نەدان بەو ململانێیەی کە هەبووە یاخود هەیە لە نێوانی بورژوازی و سەرمایەدارانی ناوخۆی وڵاتدا، کە گوایە ئەوانە سەرمایەداری خۆماڵین پشتگیریکردنیان یانی گەشەکردنی ئابوری نیشتمان لە ڕوی پیشەسازییەوە ئەمەش بە واتەی گرنگبوون و زۆربوونی ژمارەی کرێکاران و وڵاتبردنە بەرەو سەرمایەداریی کە قۆناخێك بە گوێرەی ئەو تیۆرە نزیکترمان دەکاتەوە لە شۆڕشی سۆشیالیستیی.
دوو لایەنی هەر زۆر خراپی ئەم تیۆرە ئەوەیە کە لە هەندێك وڵاتدا حیزبە کۆمۆنیستە پرۆ ڕوسییەکان پشتگیری دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی خۆیان دەکرد بە هۆی نزیکییانەوە لە ڕوسیا و لەو لاشەوە کە ئەمان وڵات بەرە و سەرمایەداری دەبەن یا لە هەندێك وڵاتی وەکو عێراق دا وایان لە جەماوەرەکەیان و خەڵکی دەگەیاند کە وڵات دەتوانێت لە ڕێگای دەوڵەتی دیمۆکراسی یا گەلیی یاخود دیمۆکراتی گەلیی، لە ڕێگەی گەشەکردنی ناسەرمایەدارییەوە بگاتە سۆشیالیزم .

لایەنێكی دیکەی خراپی ئەم تیۆرە ئەوەیە کە تا ئێستاش لەناو چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و حیزبەکانی دیکەی وەکو ‘سۆشیالیست وەرکەر پارتی’ کاتێك کە شەڕی نیوانی دوو دەوڵەتی وەکو عێراق و ئێرانی هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوو هەبوو، ئەمان لایەنگری ئێران بوون بە پاساوی ئەوەی گوایە ئەمەریکا ئیمپریالییزمە و ئێران بەرگریی لە خۆیی و نیشتمانی دەکات، ئەمان پشتگیری ئێرانیان دەکرد . ئەم هەڵوێستە بە ئاشکرا لە ‘ سۆشیالیست وەرکەر پارتی’ ئەو کاتەی بریتانیادا دەبینرا.
لەم شەڕانەی ئیستاشدا وەکو شەڕی نێوانی ڕوسیا و ئۆکرانیا ، ئەم چەپانە پشتگیریی دەوڵەتی ئۆکرانیا دەکەن لەبەر ئەوەی کە ڕوسیا ناکۆکی سەرەکییە و ئیمپریالیزمە . هەروەها لە شەڕی حیزبوڵا و حەماس و گروپەکانی دیکە دژ بە ئیسرائیل، چەپەکان هەمان هەڵوێستیان هەیە و لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەدان و دژ بە ئیسرائیلن، لەبەر ئەوەی پایە و بنکەیەکی گەورەی سەربازیی ئەمریکایە. هاوکاتیش هەر بە گوێرە ئەو تیۆرە ‘ تیۆری سێ جیهانییەکە’ ئەمان پشتگیری وڵاتانی وەکو ڤێزیلا و کوبا و هەندێكی دیکە لەوڵاتانی ئەمەریکای لایتن دەکەن کە لەژێر دەسەڵاتی حیزبە چەپەکاندان کە ئەمەریکا دژایەتییان دەکات .

بەم شێوەیە تیۆری سێ جیهانەکە بووەتە پێوەرێك لای ئەم چەپانە لە بوونی جەنگی نیوان دەسەڵاتەکاندا هەڵوێستیان ئاوایە کە کامیان لەگەڵ ئەمەریکادایە ، یاخود نزیکە لە ئەمەریکاوە.

بەڕێکردنی ئەم تیۆرە لە هەر بوارێکدا لەوانەی سەرەوە کە باسم کردن تییۆرێکە لە خزمەتی سسیتەمی سەرمایەداریدایە، دابەشکردنی کرێکاران و کردن بە دوژمنی یەکدییە و لەتکردنی تێکۆشان و خەباتیانە. سەرەڕای ئەمەش هەر بەکارهێنانی چەمکی ئیمپریالیزم لە ئێستادا هەڵەیە و زەربەیەکی گەورە دەدات بە بزوتنەوەی کرێکاران و جەماوەر .
لە ئێستادا هەموو جیهان سەرمایەدارییە گەرچی دابەشبوون بەسەر وڵاتانی پیشەسازی گەشەکردوو وڵاتانی ناگەشەکردوی پیشەسازیی ، شەڕی نیوانی دەوڵەتەکانیشیان شەڕی پاوانەکردن و لێدانە لە بزوتنەوەی کرێکاران، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لێدانە لە بزوتنەوەی سۆشیالیستی ئیتر گرنگ نییە ئەو دەوڵەتانە لە ژێر هەر ناوێکدا بن و هەر حیزبێك حوکمیان بکات و ئیدیعای چی دەکەن. پاساوی پۆلینەکردنی سەمایەدارییە بە ئیمپریالیزم و سەرمایەداریی ، کە دەکرێت لێرەدا ئەو شرۆڤەیەی بۆ بکەین کە بەشەکەی سەرمایەداری کە ناوی ئیمپیریالیزمە بەشە خراپەکەیەتی و ئەوانی دیکەیان بەشە باشەکەیەتی.

لە ڕاستیدا خەباتی هەمووان دەبێت لێدان بێت لە سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی ناوخۆ، خەباتە دژ بە قەڵا پۆڵاینەکەی سیستەمەکە کە ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ هەرەسهێنانی خودی سیستەمەکە، نەك پشتگیریکردنی دەوڵەت لە شەڕەکانیدا بەڵکو یاخیببونە بە هەر شێوەیەك کە خەڵکی لەسەر ئاستی تاك و کۆمەڵ دەتوانێت بیکات. پرسی تەواوی خەباتیش یەکاڵاکردنەوەی کێشەی نیوانی دەوڵەتی سەرمایەداری و کرێکاران و چەوساوەکانی دیکەیە، لابەلاکردنەوەی کێشەی کاری کرێگرتەیە و تێشکانی پایە هەرە گەورەکەی سەرمایەدارییە کە دەوڵەتە .
بەداخەوە کە ماکی تیۆری سێ جیهانی تا ئەمڕۆش هەر ماوە و ڕۆڵی گەورەی خۆی دەبینێت لە دابەشکردن و هەڵخەڵەتاندنمان بە متمانەبوون بە ڕژێمی نیشتمانی و شەڕی رەوا و دژ بە ئیمپریالیزم و قەڵاگەورەکەی سەرمایەداریی .

بەڕای من چەمکی ئیمپریالیزم کە هەندێك لە ئەنارکستەکانیش بەکاری دەهێنن هەڵەیە. ئەوە دابەشکردنی سەرمایەداری و دەوڵەتانی سەرمایەدارییە وەکو وتم بەسەر باش و خراپدا، کەرتکردنی چینی کرێکار و جەماوەر و بزوتنەوەکانیانە، شێواندنی دروستی ئەو بیرۆکەیە کە ناسینی کاپیتاڵیزمە وەکو سیستەمێکی جیهانیی و بزونتەوە دژەکەشی هەر جیهانییە. گەڕانەوەیە بۆ تیۆری سێ جیهانەکە و بەکارهێنانیشی بەرگریکردنە لە جەنگی نێوانی دەوڵەتانی سەرمایەداریی بە ڕەوایەتیدانە بە یەکێکیان و بە شەیتانکردنی ئەوی تریان. کردنی ئەمەش گەر بە هۆشیارییەوە بێت یا ناهۆشیاریی زەرەرێکی زۆر دەگەیەنێت بە بزوتنەوەکەمان هەر وەکو گەیاندویەتی .

3 دەوڵەت-نەتەوە

پێناسەی باوی دەوڵەت-نەتەوە وا هاتووە کە زۆرینەی دانیشتووان هاوبەشی زمان، کولتوور، ئیتنیکین، یان پاشخانێکی مێژوویی هاوبەشیان هەیە. خاکێك و ناوچەیەکی جوغرافی هەیە کە سنورەکانی دانی پێدا نراوە لەگەڵ حکومەتێك کە سەروەری (کۆنتڕۆڵ)ی بەسەر ئەو خاکە و خەڵکی ناوەوەیدا هەبێت. دەسەڵاتێکی ناوەندی هەیە کە یاساکان جێبەجێ دەکات و وەکو دەڵێن ڕێکوپێکی و ئاسایش دەپارێزێت. هەروەها دانپێدانان لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە وەك قەوارەیەکی سەربەخۆ لەلایەن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە و بوونی نێردە و دیپلۆماسی.
سەرەڕای ئەوانەی سەرەوە گوایە ئەم دەوڵەت-نەتەوەیە کۆنترۆڵی تەواوی کاروباری ناوخۆ و دەرەوەی خۆی دەکات و لەو بارەوە سەربەخۆیە. هەر ئاواش ناونوس کراوە کە دەوڵەت-نەتەوە سەرکەوتنێکی نەتەوەییە و قەوارەیەکی سیاسی بە هاوبەشی خەڵکەکەی هەیە لە شوناسی کولتووریی، زمانەوانیی، یان نەتەوەیی .
لەمانەی سەرەوەش زیاتر لەسەر دەوڵەت-نەتەوە دەوترێت کە هاووڵاتیانی لە هۆکارەکانی وەك زمان یان ڕەچەڵەكی هاوبەشدا تاڕادەیەك یەکسانن. بیرۆکەکە ئەوەیە کە سنوورە سیاسییەکانی دەوڵەت لەگەڵ سنوورە کولتوورییەکانی نەتەوەدا یەکدەگرنەوە. گوایە هەست بە خاوەندارێتی لە وڵات و حوکمڕانیدا دەکات، دەتوانێت سەقامگیری و یەکێتی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بپارێزێت.

بەڵام ئایە وایە؟

ئەمڕۆ لە واقیعدا لە هەر دەوڵەت- نەتەوەیەك لە جیهاندا بڕوانین، پرسیاری ئەوەمان لا دروست دەکات کە ئایا ئەم چەمکە کە لە لایەن دەسەڵاتداران و پارتە نەتەوەیی و نیشتمانی و سۆشیالدیمۆکراتیەکانەوە تەنانەت لە لایەن هەندێك لە چەپەکانیشەوە بەکاردەهێنرێت ڕاستە؟ ئایا دەوڵەتێك هەیە لەژێر ناوی دەوڵەتی نەتەوەدا؟ تا کەی ئەم بیرۆکەیە سێبەری خۆی بەسەرماندا دەکێشێت تەنها لەبەر ئەوەی لای ئەکادیمیان و ئابووریناسان و ڕۆشنبیران کە لە خزمەتی سیستەمەکەدان باشترین بژاردەیە؟

بەڕای من زۆر بەڵگە هەن کە ئەو زاراوەیە، زاروەیەکی نادروستە بەڵام من لێرەدا پەنا بۆ سێ خاڵی گرنگ دەبەم کە بەڵگەن بۆ ناردروستی ئەو چەمکە.

یەك: هیچ دەوڵەتێك و هیچ وڵاتێك لەم سەردەمەی ئێستەدا سەربەخۆ نییە وەکو سەربەخۆیی ئابووری کە سەربەخۆیی سیاسیش دروست دەکات. تەنانەت دەوڵەتێکی گەورەی وەك ئەمەریکا و یابان و ئەڵمانیا و بریتانیا و هەموو ئەوانی دیکە هەر هەموویان بە جۆرێك لە جۆرەکان، زۆر یا کەم پاشکۆی ئەوانی دیکەن لە ڕوی ئابووریی و تەنانەت هەندێكیان لە ڕوی سیساسیشەوە.
لەم بارەدا پێویست ناکات پەنابەرم بۆ ئامار چونکە ئەوە ئاشکرایە کە بازرگانی نێوانیان و بەشداریکردنیان لە ڕێکخراوە بازرگانی و گرێبەستە ئابووری و پیشەسازییەکان ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. هەر کەسێك کە پێویتسی بە کاڵایەك هەبێت کە دەچێتە بازاڕ یاخود بە گەڕانێك لە ئینتەرنێت بۆی دەردەکەوێت کە چەندەها جۆر لە هەمان کاڵا هەن و لە وڵاتانی دیکە هێنراون بۆ وڵاتەکەی ئەو.
کەواتە نە دەوڵەت و وڵاتان سەربەخۆن و نە دەشتوانن بە سەربەخۆیی بمێننەوە، ئەمە خەسڵەت و تایبەتمەندی پێشەوەچوونی سەرمایەداری و گڵۆبەڵایزەیشنە، ئەگەر هەر دەوڵەتێكی سەردەم و هەر وڵاتێك گەر بیانەوێت لەو بازنەیە بێنە دەرەوە ئەوە گەر هەرەسیش نەهێنن وردە وردە دەپوکێنەوە.

دوو: دەوڵەت-نەتەوە کە بەشی گرنگ و پایەکەی کە حکومەتەکەیە چیانیەتییە، کەواتە نوێنەرایەتی چینێك و توێژاڵێکی تایبەتی دەکات کە لە زۆربەی ئەو دەوڵەت و وڵاتانەشدا نوێنەرایەتی کەمینەیەکی زۆر کەم لە دانیشتوان دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە دانیشتوان و هاووڵاتیانە مەرج نییە کە بە پێناسەیی نەتەوەیی، لە نەتەوە ئەسڵییەکەی خودی وڵاتەکە بن. لێرەشدا دەبینین کە دەوڵەت-نەتەوە پارێزگاری لە بەرژەوەند و قازانجی کۆمپانیا زەبەلاح و سەرمایەدار و ساماندارە گەورەکان دەکات بە جیاوازی بوونی ڕەگەزیی و جێندەیی، نەك پارێزگاری زۆرینەی کۆمەڵگە کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و چەوساوەکانن.
بە گوێرەی ئەوە سەپاندنی زاراوەی دەولەت-نەتەوە بەسەر دەوڵەتەکاندا هەر بە هۆی ئەوەی کە زمانی فەرمی زمانی نەتەوە سەرەکییەکەیە هەڵەیە. دوای ئەوەش ئەمڕۆ بە هۆی گڵۆبەڵایزەیشنەوە کولتوری ڕەسەنی نەتەوەکان تا ڕادەیەك بەرەو لاوازی و لەناوچوون ڕۆیشتون و دەڕۆن.

سێ: ئەوەی کە لە پێناسەی دەوڵەت-نەتەوەدا کراوە کە خاوەنی کولتور و ڕۆشنبیری زمانی هاوبەشن، ڕاستی تێدا نییە. هەموو ئەو دەوڵەتانە بێ لە نەتەوە سەرەکییەکەی وڵاتەکە، ئەوانەی کە لە ئەسڵدا لەوێ بوون، کەمایەتی نەتەوەیی یاخود ئیتنیکی لێیە و لە هەندێکیاندا لەو کاتەوەی کە لەو وڵاتە گیرساونەتەوە چەند وەچەیەکیان خستۆتەوە. ئەم کەمایەتییەیانە خاوەن کولتور و نەریت و ڕۆشنبیری و دین و ئاینی خۆیانن و نە لەگەڵ نەتەوەی سەردەستدا نە لەگەڵ کەمایەتییەکانی دیکەدا شەیر ناکرێن، ڕەنگە ڕێز لە هی یەکدی بگرن بەڵام شەیر ناکرێن.
لەگەڵ وتنی ئەوەی سەرەوەشدا، نکوڵی لەوە ناکرێت کە بریتانیا زمانی فەرمی ئینگلیزییە و لە ئەڵمانیا ئەڵمانی، هەر ئاوا لە وڵاتەکانی دیکەشدا کە هاوبەشەو هەمووان بەکاریدەهێنن، بەڵام ئەم زمانە خەڵکانی نائینگلیز بە ویست و ئارەزوی خۆیان فێرنەبوون و یا وەریان نەگرتووە، بەڵکو ناچارییە و سەپێنراوە بەسەریاندا کە دەبێت ئەو زمانە بزانن. خوێندن و نوسین و قسەکردن و کارکردن و شانۆ و مامەڵەی بازاڕ بە زمانە فەرمییەکەیە نەك خودی زمانی زکماکی کۆمۆنێتییە نائینگلیزەکان.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە زۆرێك لە دەوڵەت نەتەوەییەکاندا وەکو ئێران و عێراق و هیدستان و سریلانکە و تورکیا و چین و ڕوانداو کۆنگۆ و زۆری تر توێژاڵی حوکمڕانی سەرەکی نەتەوەی سەردەست سیاسەتی هەڵاواردی و سەرکوتکردنی ئەوانی دیکە بە کوشتن و گرتن و ڕاونان و دوورخستنەوەیان و یاساخکردنی زمان و کولتور و دینیان بەکاردەهێنێت.

ئا لێرەدا ئەوە ڕوونە کە دەوڵەت- نەتەوە شەیری بنەما سەرەکییەکان ناکات و ئەو چەمکانەی سەرەوە بۆی پێناسە کراوە، بەسەریدا جێ بەجێ نابێت. لێرەدا دەردەکەوێت کە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە هەر وەکو ناوێکی بێ ناوەرۆك یا ناوێکی هەڵخەڵەتێنەرە نە حەقیقەتێك. سەرمایەداری بە مەبەست ئەم چەمکەی بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا دابڕیوە، لە زۆر ڕووشەوە سوودمەند بووە لەوە و هاوکاتیش کردویەتییە ویردی سەرزمانی چەپەکان و بزوتنەوە نەتەوەییەکان کە لەژێر ئەو دروشمەدا بۆ ئەو مەبەستە خەباتی ئاشتیانە و چەکدارانە بکەن، کە لە بوونی بزوتنەوەی چەکداریشدا هەر خودی سیستەمەکە براوە و سوودمەندی یەکەم بووە . کەواتە لە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیەدا سەرمایەداریی لە هەموو ڕویەکەوە قازانجی کردووە.

4 پیاوی سپیی/ پیاوی سپی پێست

چەمکی پیاوی سپی لەدیدی ڕەگەز و کولتور و پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە وەکو زۆرێك لە چەمك و دیاردەکانی دیکە بە تێپەڕینی زەمەن و قۆناخە مێژوویەکانی مرۆڤایەتی ئەویش گۆڕانکاری تا ڕادەیەك بەسەردا هاتووە.
شارستانییە کۆنەکان (وەک یۆنانیەکان و ڕۆمانییەکان) مرۆڤەکانیان بەپێی “ڕەگەز” بە مانای مۆدێرن پۆلێن نەدەکرد. ئەوان زیاتر مرۆڤیان بە کولتوور و زمان و جوگرافیا جیا دەکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دان نراوە بە جیاوازییە جەستەییەکان وەك ڕەنگی پێست، هاوکاتیش ئەمە لای ئەوان بە مانای پلەبەندی کۆمەڵایەتی و سیستمیی نەبوو، وەکو چۆن دواتر بەو واتایە بەکارهێنرا.

ئەوەی کە زانراوە زاراوەی “پیاوی سپی پێست” بە گشتی ئاماژە بووە بۆ پیاوێك کە پۆلێن دەکرێت وەک سەر بە گروپی ڕەگەزی سپی پێست بێت. ئەم چەمکە زۆرجار پەیوەندی بە کەسانی بە ڕەچەڵەك ئەوروپیەوە هەیە. بە تێڕواننی مێژویی بۆمان دەردەکەوێت کە ماناکە تەنیا بایۆلۆژی نییە چونکە لە ڕێڕەوە مێژووییەکەیدا پەیوەست بووە یاخود پەیوەستە بە پلە و پایەی کەسەکە لەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییەدا کە تێیدایە.
وەکو پرسی ڕەگەزیی، ئەم چەمکەش لە قۆناخەکانی ژیاندا مۆدێرین و گونجاو کراوە تاکو ڕەنگدانەوەی تەواوی هەبێت لەسەر پلە و پایە کۆمەڵایەتییەکە. بۆ نمونە ئەمە لە سەردەمی کۆڵۆنایزکردنی وڵاتان و گەلاندا و کردنی بازرگانی کۆیلە لە سەدەکانی 17 و 18 دا بیرۆکەی ‘ ڕەگەز’ دەستی پێکردووە و پەرەی سەندووە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کۆیلەکردنی ئەفریقییەکان و ئاوارەبوونی گەلانی ئەسڵی ” ڕەسەن ” وڵاتەکە . لەگەڵ وتنی ئەوەشدا کەچی هێشتا کۆچبەرانی ئێرلەندی و ئیتاڵی و ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکادا بە تەواوی بە “سپیپێست” نەدەزانران و ئەو تایتڵەیان پێنەدەدرا.
زۆرجار کۆلۆنی ڤێرجینیا (لە ئێستادا ئەمریکا) وەك یەکێك لە یەکەم شوێنەکان ناودەبرێت کە لە کۆتاییەکانی ساڵانی 1600 دا “سپیپێستی” بە شێوەیەکی یاسایی بەکارهێنرا بۆ دروستکردنی دابەشبوون لە نێوان ئەوروپییە هەژارەکان و ئەفریقییە کۆیلەکراوەکان.
بێ گومان یاسا هەمیشە ئامرازێکی کاریگەر بووە گەلان و چین و توێژاڵی باڵادەست توانیویانە بەکاریبهێنن بۆ ئەوەی کە ویستویانە، هەموو زوڵم زۆر و سەرکوتکردن و کۆیلایەتی و تەنانەت لە ئێستاشدا بەکەمگرتنی ژنان لە زۆر وڵاتاندا بۆ بەرژەوند و سوودی ئەو توێژاڵ و چینانە بە یاسایی کراون. لە کۆنیشدا یاسا و سیاسەتەکان لە شوێنەکانی وەک ئەمریکا و کۆلۆنیەکانی ئەوروپا، ئیمتیازاتی یاسایی بۆ خەڵکی “سپیپێست” بۆ مافەکانیان دروست کردوەو لە بەرانبەر دوورخستنەوەی ئەوانی دیکەدا. لێرەدا بە گوێرەی ئەو یاسا و سیاسەتانە پلەبەندیی ڕەگەزیی بۆ پاراستنی دەسەڵات و ڕەوایەتیدان بە نایەکسانی برەوی پێدرا.

بە کورتی دەکرێت بڵێم زاراوەی مرۆڤی ” سپی پێست” لە بەستنەوەیدا بە پرسی ڕەگەزییەوە بە پلەی یەکەم لە کاتی کۆلۆنیالیزم و کۆیلایەتیدا داهێنراوە. یارمەتی جێبەجێکردنی سیستەمی ئیمتیاز و دەسەڵاتی بۆ ئەوروپییەکان و نەوەکانیان دا. ڕەگەز لە ڕوی کۆمەڵایەتییەوە بەو شێوەیەی کە بەکارهێنراوە لەلایەن کۆمەڵگاکانەوە، دروستکراوە و لەسەر بنەمای بایۆلۆژیانە نییە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوەدا، ئایا دەکرێت ئێمە لە ئێستادا بیرۆکەی سپیپێستێتیی یاخود چەمکی پیاوی سپی بەکاربهێنین؟

لە کاتێیکدا لەو کۆمەڵگایانەی کە ئەو چەمکە بەکارهێنراوە پەیوەست بوە بە ئیمتیاز و پلە و پایەی کۆمەلایەتی و سیاسی و ئابوورییەوە بەکارهێنانی ‘ چەمکی پیاوی سپی/ سپیپێست ‘ لای من هەڵەیە هەر هیچ نەبێت لەبەر دوو هۆکار:
یەك: لەناو ئەو کۆمەڵانەی زۆرینەی ‘ پیاوی سپی یا ژنی سپی / سپی پێست بە ملیۆنەها لە ژنان و پیاوانی ‘سپی ‘ ، سپی پێست، هەن کە بارودۆخی ژیان و پلە و پایەی کۆمەڵایەتییان لە کەسانی ڕەشپێست و ڕەنگی پێستەکانی دیکە باشتر نییە . ئەوانیش وەکو زۆرێکی کۆمەڵ بەدەر لە پێست و نەتەوە و هاووڵاتیبونیانەوە چەوساوە و ستەملێکرا و پەراوێزخراون، بە ڕادەیەك کە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوورییان لەگەڵ ئەوانەی دیکە کە سپی یاخود سپیپێستن لە لایەن هەمان سیستمی ئابووری و سیاسییەوە دەچەوسێرێنەوە خەباتیان یەکیان دەخات دژ بە چەوسێنەران و دەوڵەتەکەیان و یاسای دەوڵەتەکەیان.

دوو: لە ئێستادا زۆرێك لەوانەی کە ڕەشپێسیتن پلە و پایەی بەرزی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییان هەیە و هەبووە، هەر بۆ نموونە ڕوشی سوناك سەرەکوەزیرانی بریتانیا بووە کە خۆی بە ڕەگەز هیندییە، یاخود یەکەم وەزیری سکۆتلەند هەمەزە یوسف کە بە ڕەگەز پاکستانییە، سەرۆکی حیزبی تۆری ئێستا ( موحافیزینی ) بریتانیا ڕەشپێستە، نەدیم زەهاوی کە کوردی عێراقە ماوەیەك وەزیری دارایی بریتانیا بوو. ئەمە جگە لەوەی بە دەیەها ئەندام پەڕلەمان لە پەڕلەمانی وێست منستەر و سکۆتلەندە و وێڵس دا کە سپیپێست نین هەن دەسەڵاتی سیاسییان هەیە و خاوەن دەنگ و ڕەنگن لە وێنەکێشانی سیاسەتی حیزب و وڵاتەکەیاندا .
بێ گومان ئەمەی کە وتم نەك هەر بۆ بریتانیا بەڵکو بۆ سەراپای وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی سکەندناڤیش ڕاستە.
کەواتە لێرەدا پرسی ڕەگەزیی و ڕەجەڵەکیی ناکرێت وەکو دیاردەیەکی بایۆلۆجی تەماشای بکەین بەڵکو دەبێت وەکو پرسێکی باڵادەستی و بوونی پلە و پایەی سیاسی و ئابوریی ببینین تەنانەت دەکرێت بڵێین ئەوانە نە ڕەگەزیان هەیەو نە نەتەوە و نە وڵات، پاسپۆرتی ئەوان سەرەوەت و سامانەکەیانە کە ئەو پێگە کۆمەڵایەتیەی بۆ دروست کردون. ئەم چەمکە بە تەواوی ڕەتدەکرێتەوە بەتایبەت کاتێك دەتوانێت قورسایی مێژوویی هەڵبگرێت، کاتێک لە چوارچێوەی داینامیکی دەسەڵات، یان چەشنە چەقبەستووەکاندا بەکاردەهێنرێت.
لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ناتوانرێت نکولی ئەوە بکرێت کە ڕەگەز پەرستی و گرفتی ڕایسیزم هێشتا گرفتێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئەم وڵاتانە نییە کە لە راستیدا مانەوەی و بەهێزبوونی هۆکاری سیاسی و یاسایی و ئابووری خۆی هەیە کە دەوڵەت بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گەشەی پێدەدات بۆ دابەشکردنی خودی هاووڵاتیان و خەڵکەکەی لە پێناوی بەرژەوەدندی خۆیدا.

5 شەڕی چیانیەتی یاخودی شەڕی دەسەڵات

پێش سەدەی نۆزدەهەم بە شێوەیەکی بەرفراوان زاراوەی “جەنگی چینایەتی” بەکارنەدەهێنرا، بەڵام بیرۆکەی ململانێی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان چەند سەدەیەك بوو بوونی هەبووە. بۆ نموونە لە ئەوروپای سەدەی ناوەڕاستدا ڕاپەڕینەکانی جووتیاران، وەك ڕاپەڕینی جووتیارانی ئینگلیز لە ساڵی 1381 و شەڕی جووتیارانی ئەڵمانیا (1524- -1525)، وەک ململانێی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەیەکدا نیشان دراوە گەر چی زمان و چەمکی “جەنگی چینایەتی” بە ڕوونی بەکارنەهێنراوە.
لە فەرەنسەشدا لە سەردەمی شۆڕشی (1789 –1799)، بیرمەندان و شۆڕشگێڕانی ئەو سەردەمە زاراوەیەکیان بەکاردەهێنا کە نزیك بوو لە چەمکی “جەنگی چینایەتی” .

زاراوەی “جەنگی چینایەتی” بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن پیێر جۆزێف پرۆدۆنی ئەنارکست و بیرمەندی سۆسیالیستی فەرەنسی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا بەکارهێنرا. ئەو یەکێك بوو لە یەکەم کەسەکان کە بە ڕوونی باسی شەڕی نێوان چینەکانی کرد نەک تەنها “خەباتی چینایەتی”. پرۆدۆن کە لەسەر بیرۆکەی شەڕی نێوان چینەکان نووسیویەتی، ململانێ ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان کرێکاران و سەرمایەدارەکان بە جۆرێك لە شەڕ وەسف دەکات.
بەڵام بیرۆکەی “شەڕی چینایەتی” وەک چەمکێکی ئاشکرای ململانێی توندوتیژ، یاخود شۆڕشگێڕانەی نێوان چینەکان دواتر لەلایەن مارکسیستەکان و سۆسیالیستییەکانی دیکەوە بە تایبەتی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا فراوانتر کرا و قسەی زیاتری لەسەر کرا ، ئیتر بە ئاشکرا دەرکەوت کە شەڕی چینایەتی بە بیرۆکەی دەسەڵاتخوازی و دەسەڵاتدارێتی دەبینرێت.
کارل مارکس و فریدریك ئەنگڵس بە پلەی یەکەم دەستەواژەی “خەباتی چینایەتی” کلاسنکامپف بە زمانی ئەڵمانی ((Klassenkampf بەکارهێناوە نەك جەنگی چینایەتی، بەڵام لە کاتی باسکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڕشگێڕانەشدا ئاماژەیان بە شەڕی چینایەتی کردووە. ئەو زمانەش لە سەرەتادا لە کتێبی مانیفێستی کۆمۆنیست (1848)دا، دەرکەوتووە و نووسیویانە مێژووی هەموو کۆمەڵگە “مێژووی خەباتی چینایەتییە” و ئەم خەباتە دواجار دەبێتە هۆی ڕووخاندنی بۆرژوازی لەلایەن پرۆلیتاریا. خودی ئەنگڵس لە هەندێک نامە و وتاردا لە کاتی باسکردنی شۆڕشدا، لەوێدا ڕوونتر ئاماژەی بە “شەڕی چینایەتی” داوە.

میخائیل باکونین-ش ، ئەنارکیستی ڕووسی، زۆرجار بیرۆکەی شەڕی چینایەتی بۆ وەسفکردنی کردەوەی شۆڕشگێڕانەی توندوتیژانە دژی دەوڵەت و سەرمایەدارەکان بەکاردەهێنا. لە سەروبەری کۆمونەی پاریس (1871) و پاش کۆمونە ئیتر بە ڕوونی و دیاریکراوی دوای ئەو ڕووداوە بەکارهێنانی زمانی “جەنگی چینایەتی” لە نێو شۆڕشگێڕاندا چەسپاند، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتداری فەرەنسا بە شێوەیەکی دڕندانە ڕاپەڕینەکەی کۆمونەی پاریسی سەرکوت کرد.

مارکس و ئەنگلس هەروەها بیرمەندە مارکسییەکانی دواشیان شەڕی چینایەتییان وەکو دیاردەیەکی ڕاستەقینە کە بارودۆخی ماددی دەجوڵێنێت دەبینی . هەموو ئەوان بە خودی مارکس و ئەنگلسیشەوە هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە بۆرژوازی (چینی سەرمایەداریی) و پرۆلیتاریا لە بنەڕەتدا بەرژەوەندی دژ بەیەکیان هەیە و ئەوەش پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ناکۆکی نێوانیانی زەق کردۆتەوە.
هەموو ئەوان ئامانجی پڕۆلیتاریان بەستۆتەوە بە دەسەڵاتگرتنە دەستی سوڵتە بۆ بنەبڕکردنی جیاوازییە چینایەتییەکان و هەڵوەشاندنەوەی خودی چینەکانیش.

لە زۆر حاڵەتدا تیۆری شەڕی چینایەتی بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر، جەماوەریبوون، بەکاردەهێنرا، بەڵام زۆرجار دەرئەنجامەکەی دروستکردنی دەسەڵاتێکی نوێ بوو نەک هەڵوەشاندنەوەی ڕاستەقینەی چینایەتی بوو. زۆرجار سەرکردە شۆڕشگێڕەکان پێویستیان بە پشتیوانی جەماوەریی هەبووە، بۆیە پاساودانی شەڕی چینایەتییان بەکارهێنا بۆ ئیلهامبەخشین بە کرێکاران و جوتیاران.
بەڕای من پێناسەکردنی شەڕەکانی کە لە مێژوودا ڕویداوە بە شەڕی چینایەتی، شەری چینایەتی نەبوون بەڵکو شەڕی دەسەڵات و دەسەڵاتگرتنەدەست بوون بەڵام هەمەیشە بەرگێکیان لەو بەرگانە یاخود نایەکسانی ئابووری و چەوساندنەوە کراوە بە بەردا و هێزی بزوێنەر بوون تاکو شەڕەکان جەماوەریی بکرێن. ئەوە ڕاستییە زۆر کەس بەشداری ئەم شەڕانەیان کردووە نەك هەر ئازاریان چێشتووە و کەمئەندام بوون بەڵکو قوربانییان بە گیانی خۆشیان و خێزانیشیان داوە، بەڵام شەڕەکە لە جەوهەرداململانێی دەسەڵات دەرئەنجامەکەی لە قاڵب دا، خەبات و ڕاپەڕین و شۆڕشەکان دەستەبژێری نوێیان بەرهەمهێناوە نەك کۆمەڵگەی بێ چینایەتی ڕاستەقینە. هەر لەبەر ئەوە کاتێك دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان لە پێشینەی کارەکانیانەوە بووە لەبری بەدەستهێنانی یەکسانی ڕاستەقینەی چینایەتی.

ئەو شەڕ و جەنگانەی کە بەرگی دیکەی بەبەردا کراوە، زۆر جار بە جەنگی چینایەتی ناوی براوە وەکو شۆڕشی فەرەنسا (1789-1799) کە جاکۆبینەکان ئەرستۆکراسییان ڕووخاند بەڵام لە کۆتاییدا نوخبەیەکی نوێیان دامەزراند، دواتریش ناپلیۆن دەسەڵاتتی وەرگرت.
شۆڕشی ڕووسیا (1917)ی بەلشەفییەکان نموونەیەکی دیکەیە لەو شەڕانەی دەسەڵاتە پاش موتربەکردنی بە پرس و خەباتی چینایەتی، ئەوە بوو لە سەرەتا وەک شەڕێکی چینایەتی درایە قەڵەم، بەڵام لە ڕاستیدا شەڕی دەسەڵات بوو. بازنەی ئەو شەڕی دەسەڵاتە لە دواییدا ئەوەندە تەسك بووەوە دەسەڵاتی حیزبیشی لەوێ تێپەڕان و بووە تەنها دەسەڵاتی ناوەندی حیزبی بەلشەفی. دواتریش شۆڕشەکەی حیزبی کۆمۆنیستی چینیی، بەسەرۆکایەتی ماوتسیتۆنگ – کە لە سالی 1949 سەرکەوت ململانێ و خەباتی دەستەبەرکردنی خودی دەسەڵات بوو.

دەتوانین ئاماژە بە نموونەی کۆن لەم بارەیەوە بکەین وەکو شەڕی نێوانی ئیمپراتۆرییەتی صەفەوی و عوسمانیی، شەڕەکانی هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرئیل دا ، 1967 و 1973، شەڕەکانی خواروی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، شەڕی فۆکلەند، شەڕی ئێران و عێراق ، هەردوو شەڕەکەی کەنداو و تەنانەت شەڕی ئیستای حەماس و حیزبوڵا لەگەل ئسرائیل داو شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاش. ئەوە ئاشکرایە کە هەموو شەڕە چینایەتییەکان، دینیەکان، قەومییەکان، شەڕی دەسەلات بوون تەنانەت شەڕی بەرگریکردن لە خۆ جەنگی دەسەڵاتە چونکە ڕێگە نەدراوە کە دەسەڵاتی دەرەکی جێگای دەسەڵاتە ناوخۆییەکە یا خۆماڵییەکە بگرێتەوە.

ناکرێت هچ کام لەم جەنگانە بە جەنگی چینایەتی دابنرێن بەڵکو جەنگی دەسەڵات و دەسەڵاتوەرگرتن بوون، ئیدی ئەوە گرنگ نییە لایەك هێڕشی کردۆتە سەر لاکەی دیکە و لاکەی دیکە بەرگری لە خۆی کردووە، تەنانەت بەرگریکردن لە خۆ بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتە بووە کە هەبووە .

وەکو لە سەرەتای ئەم خاڵەدا وتم پرۆدۆن و باکۆنین-یش لەسەر شەڕی چینایەتی یا خەباتی چینایەتی یاخود توندوتیژی چینایەتی قسەیان کردوە بەڵام هەرگیز قسەی ئەوان لەسەر جەنگی دەسەڵاتخوازیی نەبووە. هەر ئاواش کە ئەنارکستەکان گەرچی باوەڕیان بە خەبات و جەنگی چینایەتی هەیە بەڵام لە پێناوی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیدا نەبووە و نییە. لای ئەوان خەباتی سیاسی نە وەسیلەیەکە و نە پردێکە بۆ دەسەڵاتی سیاسی، یاخود بۆ باڵادەستی چینێك لە چینەکان، بەڵکو پرد و وەسیلەیەکە بۆ لەناوبردنی باڵادەستی هەموو چینەکان، لە ڕیشە هەڵکێشانی هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی. کەواتە دەکرێت بڵێین لە هەردوو مەیدانەکەدا، لە مەیدانی تیۆری و مەیدانی پراکتیکی تەنها ئەوان بوون و ئەوانن کە خەباتی چینایەتی و جەنگی چینایەتییان بۆ دەسەڵات بەکارنەهێناوە و نەویستووە.

بە پرسیارێك کۆتایی بە ئەم خاڵە دەهێنم و دەپرسم ئەگەر سەراپای شەڕەکان شەڕی چینایەتی بووە نەك دەسەڵات، دەی بۆچی هیچ کام لەو شەڕانە جیاوازی چینایەتی و دەسەڵاتی لەناو نەبردووە ؟ بۆچی پرسی چینایەتی قوڵتر و دەسەڵاتیشی وەکو دەوڵەت بەهێز و بەهیزتر کردووە ؟

Zaherbaher.com
Zaher Baher
نیسانی 2025




دەڵێن کە ئەمەریکا دەپژمێت جیهان تووشی هەڵامەت دەبێت.. زاهیر باهیر

لە ڕاستیدا نەك هەر ئەمەریکا بەڵکو یەكێك لە هەرە ساماندارە ملیاردەرەکانی دونیا وەکو ئێلون مەسك بۆ نموونە بپژمێ وڵاتانێکی زۆر تووشی هەڵامەت دەبن .
مەبەست لەم پەندە ئەوەیە کە ڕاگەیاندنێك لە ئئیدارەی ئەمەریکییەوە دەدرێت کارایی خۆی لەسەر بۆرسە و بازاڕی دونیا و دراوەکانی وەکو پاوەند و دۆلار و یورۆ ئەوانی دیکەش بە دوایدا، دادەنێێت .
دۆناڵد ترامپ پێش دەستبەکاربوونی هەڕەشەی ئەوەی کرد کە گومرگ لەسەر کاڵای هاوردەی چەند وڵاتێك زیاد دەکات گوایە لە بەرژەوەندی ئابووری و ئەمەریکایە و پارەیەکی باشیش دەخاتەوە ناو خەزێنەی ئەمریکییەوە .

پێرێ و دوێنی بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی لە سەدا 25 ی گومرگی لەسەر کەنەدە و مەکسیکۆ و هەروەهاو لە سەدا 10 شی لەسەر هاورردەی چین و وڕاوەی ئەوەش دەکات کە لە سەدا 10 ش لەسەر هاوردەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاس دابنێت .
ئەمەش پێی دەوترێت جەنگی بازرگانیی ، یاخود جەنگی ئابوریی، کە ئەوەی زیاتر لە کۆمپانیا گەورەکان و حکومەتەکان زەرەرمەند دەبێت داینشتوانن ، هاووڵاتییانی خودی وڵاتەکە خۆیەتی . زیادکردنی گومرگ ئەو وشەیەی کە ترامپ وتی ئەو وشەیەی لە فەرهەنگی زمانەوانییدا لە هەموو وشەیەکی دیکە پێ خۆشترە.

لەم ڕەدەڵ و بەدەڵەدا دوو خاڵی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت:
یەك : بە هێزیی و بەیەکەوەگرێداراوی سیستەمەکە لەسەر ئاستی دونیا کە چەندێك یەکگرتووە و چۆن چووە بەناو یەکدا و بوونەتە پاشکۆی یەکدی بە شێوەیەك کە هەموویانی بەیەکەو گرێداوە.
دوو: هاوکاتیش بێ هێزی و لاوازی ئەم سیستەمان بۆ دەردەکەوێت کە بە ڕاگەیاندنێك چۆن بەشێك لە بەهای دراوەکان دادەبەزێ و بازاڕ و ئابوری وڵاتانێک لاواز و لاواز تر دەبێت .
کاتێک کە دۆناڵد ترامپ پرسی زیادکردنی گومرگی لەسەر هاوردەی ئەو وڵاتانە دانا لە ماوەیەکی کەمدا هەژموونی خۆی لەسەر بازاڕ و بەهای دراوەکان و پشکی کۆمپانیاکان دانا هەر بۆ نموونە : FTSE 100 بەڕێژەی لە سەدا 1.4 و Nikkei لە یابان بە لە سەدا 2.8 پشکەکانیان هاتنە خوارەوە ئەمە هەر لە کۆتایی ڕۆژی دووشەمەدا. پشکی Wall Street لە سەدا 2 دابەزی، Nasdaq لە سەدا 1.2 دابەزی FTSE 100 لەندەن لە سەدا 1 پشکەکانی دابەزین، DeepSeek بە ڕێژەی لە سەدا 5 دابەزی. کۆمپانیای ڤالیۆی فەرەنسی کە دابینکەری پارچەی ئۆتۆمبێلە بە ڕێژەی 8% دابەزینی بەخۆیەوە بینی. نرخی پاوەند بە ڕێژەی لە سەدا 0.6 لە بەرانبەر دۆلاردا بەهاکەی دابەزی و بەڵام لە بەرانبەر یورۆدا بە ڕێژەی لەسەدا 0.5 سەرکەوت .
تەماشای ئەو ئامارانەی سەرەوە بکە و بزانە چی ڕوویداوە بە بڕیارەکانی ترامپ . بەڵام وڵاتانی مەکسیکۆ و کەنەدە و چین هەرەشەیان کرد وتیان ئەوانیش بە ڕۆڵی خۆیان گومرگ لەسەر هاوردەی کاڵای ئەمەریکی دادەنێن ئیتر هەر دوێنێ درەنگێك ترامپ بڕیاری دواخستنی بڕیارەکەی پێشتری بۆ ماوەی مانگێك لەگەڵ کەنەداو مەکسیکۆ ڕاگرت تاکو وتوێژی لەسەر بکەن ، لەبەر ئەوە ئەمڕۆ تۆزێك ئارامیی بۆ بازاڕ و بۆ هەڵبەز و دابەزی دراوەکان و بەرز و نزمبوونەوەی پشکەکان گەڕایەوە .
بێ گومان گەر بڕیارەکەی ترامپ بخرێتە کارەوە و پەل بهاوێژێت بۆ ولاتانی ئەوروپاو بریتانیا و وڵاتانی دیکە ئەوە ڕۆڵی کاریگەر لەسەر ئابووریی دادەنێ واتە ژیانی خەڵکی ئێکجار گران دەبێت و کولفەی ژیان زۆر زیاتر بەرزدەبێتەوە.

بۆچی؟

بەرزبووەنەوەی گومرگ لەسەر ناردنە دەەرەوەی کاڵاکان واتە هاوردەیان بۆ ئەمەریکا و ولاتانی دیکەش بە ڕۆڵی خۆیان کردنی هەمان شت ، دواجار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە واتە زیادبوونی کولفەی ژیان. بۆ چارەسەری ئەمەش دەوڵەتەکان فۆرمیلەیەکی ئامادەکراوی هەمیشەییان هەیە ئەویش بەرزکردنەوەی سووە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای پارەکەیان . بەرزکردنەوەی سووش دەبێتە هۆی بەربوونەوەی ڕیژەی سەراپای سووی قەرزەکان و سلفەی عەقار هەموو سەلفەکانی دیکە . ئەمەش یانی جگە لە خراپتتربونی ژیانی خەڵکیش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وەبەرهێنان، واتە زۆرێك لە سەرمایەداران دروستکردنی پرۆژەی نوێ و تەواوبوونی پرۆژەکانی ئێستایان رادەوەستێنن. ئەنجامەکەشی یانی کەمکردنەوەی کرێکاران یا لانی کەم کەمکردنەوەی کرێیان. ئیتر بەم شێوەیە ئەم بڕیار یا ئەم کارە کارایی لە سەر ئەوی تر دادەنێت تاکو ڕیفۆرمێکی دیکە دەکرێت لە سیتمەکەدا با ئەوانە هەڵدەوەشێتەوە یا بانقەکان لە پێدانی قەرزدا ڕێژەی سوو دادەبەزێنن.

ئەی ئەگەر گرفتەکە بە جۆرێکی دیکە ڕووبدات؟

واتە گرفتەکە لەسەر دەستی دەسەڵاتداران و سەرمایداراندا نە خولقێت، بەڵکو لە هەندێك لە کۆمپانیا گەورەکانی وەکو ئەمازۆن و تێسلا و ئەوانی دیکە و بۆرصەکاندا کرێکار و کارمەندەکانیان مانبگرن و دەست بەسەر کۆمپانیاکاندا بگرن ، بێ گومان گرفتی ئابووری یا دەتوانرێت بوترێت قەیرانی ئابووری سیتەمەکە پاش ئەوەی ئەم چالاکییە ڕاستەوخۆیە دەگوێزرێتەوە بۆ شوێنەکانی دیکە و نێو کۆمپانیا و کارگەکان و بۆرصەکانی دیکە ، قەیرانە ئابوورییەکە دروست دەبێت .
قەیرانەکە بە جۆرێك دروست دەبێت کە هەرگیز سەرمایەداران و دەوڵەتەکان توانای چارەسەرییانی نییە و دەبێت بەری بۆ شل بکەن تاکو قەیرانەکە بە ئاقاری دروستی خۆیدا دەڕوات و شتێکی دیکە دێنێتە دی.
بەداخەوە کە لە ئێستادا ئاسۆی ئەو گریمانە لە هیچ شوێنێکی دونیاوە دەرناکەوێت ، بەڵام کەسیشمان ناتوانین پێشبینییەکی تەواوی داهاتوو بکەین بزانیین ئایا ڕەوتی ژیان بەرە و باشتر دەڕوات یا خراپتر ، ئەوە ڕوودەدات یاخود ڕوونادات .

زاهیر باهیر
04/02/2025




کتێبی توێژینەوەی مێژوویی و خوێندنەوەیەکی کورت.. زاهیر باهیر

‘مێژووی بزوتنەوەی بەرگری کورد بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستان’ ، کتێبێکی 310 لاپەڕەییە لە قەوارەیەکی مامنەوەندیدا لە لایەن مامۆستا ئەحمەد عەلی هەورامییەوە پارەکە کەوتە بەردەست خوێنەری کورد.
پێشەکی من زۆر سوپاسی بەڕێز مامۆستا ئەحمەد دەکەم کە لەو دوورەوە منی بە ناردنی کتێبەکەی وەکو دیارییەك بەسەرکردەوە، هاوکاتیش داوای لێبوردنی لێدەکەم کە لە خوێندنەوەی دواکەوتم .
بێ گومان ئەم کتێبە یەکەم بەرهەمی مامۆستا ئەحمەد نییە، گەر تەمەنیش بواری بدات ، کە هیوای ئەوەی بۆ دەخوازم، بەرهەمی تریشی دەبێت ئەو هەر لە سەردەمی گەنجێتیەوە تا ئێستا دەیان وتاری لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانی ئێستا و پێشتریش لە سەردەمی بەعس-دا نوسیوە سەبارەت بە سیاسەت و مەسەلەی پەروەردە و مافی منداڵان و مافی گەلانی چەوساوە و مێژوی ڕووداوەکان. تا ئێستا پێنج کتێبی سەبارەت بەوانەی سەرەوە بە چاپ گەیاندووە. لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا وەکو مامۆستایەکی بە ئەزموون و سەرکەوتو و خاوەن هەڵوێست بەردەوام ڕۆڵی خۆی هەبووە. تەنانەت لە ئێستاشدا کە تەمەنی هەڵکشاوە ڕێڕەوی خۆی بەرنەداوە و کۆڵی لە تێكۆشان نەداوە و ئەندامی ناوەندی ئەنجومەنی باڵای خانەنشینی مامۆستایانە.
خودی ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە و بەردەوامبوونیشی وەکو کەسێکی کارا و چالاک لە کۆندا ماوەیەكیش لە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی و نقابەی مامۆستایان، شاهیدی توانا و قەڵەمی بوێرانە و شارەزایی نموونەیین لە مێژوی بزوتنەوە کۆنەکانی کورد و بزونتەوەی ئەم دوایەی کورد لە شاخ و مێژوشیان لە شار.
سەرەڕای ڕەخنە و کەم و کوڕییەکانی ئەم کتێبە هەرکەس دەیخوێنێتەوە بۆی دەردەکەوێت کە نوسەر لە نوسینی ئەم کتێبەدا زۆر ماندوو بووە بە پشکنینی سەرچاوەیەکی زۆر و دۆکۆمێنتێکی بێ شوومار لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی کەسانی دیبلۆماسی و کاربەدەست و سیاسیی و دەسەڵاتدارانی حکومەت چ لە عێراق و ناوچەکە و چ لە ئەوروپا و ئەمەریکا و ولاتانی دیکە. دەکرێت بە کورتی بڵێین ئەوی وشەیەکی لەو بوارانەدا نوسیبێت یاخود وتبێت کە مامۆستا ئەحمەد مەبەستی بوون، ئەم بە ئاگا بووە و وەکو خۆیان و لە شوێنی خۆیاندا بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسە و نوسینەکانی وەکو بەڵگەیەك بۆ ناو کتێبەکەی گواستراونەتەوە.
هیچ گومان لەوەدا نییە کە ئەم کتێبەی مامۆستا ئەحمەد دەکرێت وەکو سەرجاوەیەك لە هێنانەوەی بەڵگە سەبارەت بە ڕووداوەکان و مێژووی کۆنی کورد و ئەم دواییەی، بە بەروار و ناوی کەسەکان و شوێنی ڕاگەیاندنەکانەوە بەکاربهێنرێت. ئەوە ڕاستییە گەر بڵێم ئەو ئاماژەی بە هەندێك دۆکۆمێنت و قسە و ڕاگەیاندنی سیاسەتمەداران کردووە کە دڵنیام زۆرێکمان نەمان بیستون .
مامۆستا ئەحمەد هەر لە سەر بزوتنەوەی کوردی لە کۆن و نوێدا قسە ناکات، هەر لەسەر ئەو پەیمانانەی ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی و عوسمانی قسە ناکات کە سەبارەت بە ڕێکەوتنیان کە زیاتر لەسەر حسابی کورد بووە، بەڵکو قسە لەسەر زمان و کولتور و ژنانی چالاک و ئازادیخوازی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش دەکات.
کتێبەکە پەلی بۆ زۆر لایەنی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکور و کورد لە سۆڤییەت و خودی عێراق و دۆستەکانی کورد لە جیهان و دۆخی هەرێم و ناوچەکە و تا دەگاتە کارایی جەنگی غەززە و ئیسرائیل لەسەر چارەنووسی عێراق کێشاوە.
لەسەر هەموو ئەمانە مامۆستا ئەحمەد قسەی کردووە و ڕای خۆشی دەربڕیوە. لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە دەتوانیت بۆچوون و ڕوانگە و چارەسەری کێشەکانی کورد و لێکدانەوەیان لای مامۆستا ئەحمەد بزانیت.
سەرەڕای ئەوانەی کە لە سەرەوە وتم، دەتوانم بڵێم هێشتا کتێبەکەی مامۆستا ئەحمەد بی کەموکوڕی نییە، بگرە لە هەندێك ڕووەوە لەبەر ڕۆشنایی تایتڵی کتێبەکە و کەسایەتی مامۆستا ئەحمەد وەکو کەسێك کە ماوەیەك شیوعی بووە و وەکو لە لاپەرەی پێشودا ئاماژەم پێداوە بە بەردەوامیش لەسەر مافی منداڵان و گەلان و چەوساوان نوسیوێتی و بە جۆرێك لە جۆرەکانیش خەباتی بۆ کردون و تا ئەم ساتەش کەسێکی چالاک و بە ئاگایە لە بارودۆخەکە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەندێك کەموکوڕی دەبێت دەستنیشان بکرێت.
تایتڵی کتێبەکە ” بزوتنەوەی بەرگری کورد بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستان” سەبارەت بە و بەرگریکردن و بەگژاچوونەوەی دەسەڵات و دەوڵەتە جیاجیاکان زۆر گرانە بۆ زۆرێکمان بە خۆشمەوە بتوانین بە بەڵگە و دۆکۆمێنتی فرە ڕەنگ و فرە زمانەوە ئەوە بسەلمێنین کە ئایە بزوتنەوەکانی کۆنی کورد کە دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەك بەرگریی بووە لە میللەت یاخود ڕاستکردنەوە و هاندانیان بووە لە لایەن دەوڵەتان و دەسەڵاتدارانەوە دژ بە دەوڵەتان و دەسەڵاتدارانی دیکە. بۆیە من لێرەدا من خۆم نادەم لەو لایەنە فرە ڕەهەند و ئاڵۆزەی کتێبەکە.
ئەوەی کە دەکرێت و گرنگە لێرەدا قسەی لەسەر بکرێت و تێبینی لەسەر نوسینەکەی مامۆستا ئەحمەد دابنرێت، ئەو لاپەرانەی ئەم کتێبەیە کە بۆ بزوتنەوەی کوردی ئەیلوولی 1961 تەرخانی کردوون. من دەڵێم ئەو تایتڵە رەنگە بزوتنەوەی ئەیلول و ئەم دوایەشش قەرزار بکات بۆیە دەکرێت جێی تێڕامان بێت لای زۆرێك لە خوێنەری کتێبەکەی مامۆستا ئەحمەد سەبارەت بەم بزوتنەوەیە دەکرا زۆر بە زەقی وەکو مێژوی خودی بزوتنەوەکە و هەم وەکو ئەزموونداریی خۆی و بە ئاگایی، لەسەری بنوسیایە، چونکە گەر لە سەرەتادا گەلێك لە پەیوەندی و هاوکاری بزوتنەوەکە لە لایەن دەوڵەتان و لایەنەکانەوە و چونێتی دروستبوونی شاراوە بووبێت، بەڵام ئییستا ئەوەی کە لەژێر بەرەدا بوو هەمو هاتۆتە سەر بەڕە.
بزوتنەوەی ئەیلول نەك هەر بزوتنەوەیەکی بەرگری لە میللەتی کورد نەبووە، بەڵکو بزوتنەوەیەکی وێرانکاری و ڕێگر لە هەموو چەشنە پێشکەوتن و ئازادییەك بووە و هەر لە سەرەتاوە پەیوەندییەکی زۆر گەرمی لەتەك دەزگە سیخورییەکانی دەوڵەتانی دەر و دراوسێ بە ساواکی ئێرانی و موسادی ئیسرائیلی و تا دەگاتە سی ئای ئەی ئەمریکاشەوە هەبووە، لە هەندێك حاڵەتیشدا بەکارهێنراوە. دەتوانین بڵێین بزوتنەوەی کوردی، کوردی بە قڕان دا، لاو و کەسانی کامڵ و دڵسۆزی بۆ هیچ، بە کوشت دا و نیشتمانیانی بە وێرانکردن دا، بە هاوکاری بەعس کیمیابارانی هەڵەبجە و گەرمیان و سێوسێنان و شوێنەکانی دیکە و ئەنفالی بەدناوی بەسەر هێنان .
لام وایە ئەوەی بزوتنەوەی ئەیلول بە بەرگریی و بزوتنەوەیەکی پێشکەوتنخواز و شۆڕش دەزانێت، ئەوە چاوپۆشیکردنە لە لایەنە خراپەکان و مێژووە ڕەشەکەی و غەدرێکی گەورەشە هەم لە کورد و هەم لە خودی مێژووش .
لایەنێکی دیکەی ئەم کتێبە کە شیاوی باسکردنە ئەوەیە کە مامۆستا ئەحمەد بە هەر هۆکارێك بێت خۆی لە زوڵم و زۆر و تیرۆر و کوشتن و بڕینی نێو بزوتنەوەکە هەر لە سەرەتایەوە تا هاتنەوەیان بۆ شار و بەڕێکردنی هەمان سیاسەت، بواردووە. مێژووی بزوتنەوەی کوردایەتی مێژوویەکی ڕەشە هەر لە سەرەتایەوە (1961) تاکو ئێستا نەك هەر دەستی بەکوشتنی چالاکوانانی ڕۆژهەڵات و ڕادەسستکردنەوەیان بە ڕژێمی ئەو کاتەی شا و مامەڵە و مامەڵەکاری لە سەر حسابی ئەمان و کردنی شەڕی نێوخۆ و قەسابخانەکانی کانی ماسی و پشتئاشان و شەڕی دوایشیان لەگەڵ پەکەکە و تیرۆرکردنی کەسانی نێو ڕیزەکانی خۆشیان، ئەم بزوتنەوەیە درێغی نەکردووە.
بەداخەوە مامۆستا ئەحمەد بەسەر هەموو ئەمانەدا بازی داوە، لە خاڵی ” شۆڕشی ئەیلول 1961-1975 ” واهەست دەکەم کە نوسەر لە ناکۆکیدایە لەگەڵ خۆیدا لە پێشەکی کتێبەکەدا لاپەڕە 8 دەڵێت ” مێژووی ڕاپەڕین و بزوتنەوەکانی گەلی کورد دەری خستووە کە مێژووی هیچ نەتەوەیەك بە ئەندازەی نەتەوەی کورد دووبەرەکی و بێگانە پەرستی تێدا نەبووە. وەکو سەرکردەکانی کورد لەشکری بێانی داگیرکەری وڵاتەکەیان پەلکێش کردبێ بۆناو خزاکی ولاتەکەیان شانازی بە سوپای داگیرکەری نیشتمانەکەیانەوە کردبێ بۆ لێدانی نەیارەکانی خۆیان ، ئەم خەیانەتە و بێ هەڵوێستییە لەسەرانی کورد دا ڕوویداوە ” هەر ئاوا لە لاپەرە 185یشدا لە بەشی ‘ مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە ‘ دەڵێت ” مێژووی ڕابوردوی گەلی کوردستان سەلماندی کە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەناوی شەرعیەتی شؤڕشگێڕی لە شاخ و شەرعیەتی دەسەڵات لە شار بەرپرسن لە هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر گەلی کوردا هاتووە لە باشووری کوردستاندا ….ڕوودانی مەرگەساتی کوشندەی کیمیا باران و ئەنفال کە تەنها فاشستەکانی بغداد خولقێنەری نەبوون و وێران کردنی هەزارەها گوند و باخ و کانیاو و ڕاگواستنی سەدەها خێزان بۆ ئۆردۆگا زۆرە ملێکان و تاڵان کردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان ” پرسیار ئەوەیە کە ئایا دەکرێت بزوتنەوەیەکی ئاوا بە شۆڕش ناوببرێت یا تەنانەت بە بزوتنەوەی بەرگریش؟ کە دواتریش ئەو هەر پێداگری لە سەر ئەوە دەکات و بەناوی ‘ شوڕشی نوێوە’ ناونوسی بزونتەوە تازەکە دەکات.
لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا مامۆستا ئەحمەد شتێکی وای سەبارەت بەو ” شۆڕشە” باس نەکردووە زیاتر باسی عێراق و بەیاننامە و ڕێکەوتنی 11ی ئازار دەکات. ئەمەش کەلێنیکی مێژوویی گەورەی لە کتێبەکەیدا دروست کردووە. ناکرێت ‘ مێژووی بزوتنەوەی کورد و بەرگری لە کوردستان’ بنوسیتەوە بە پەڕاندنی وردەکارییەکانی بزوتنەوەی ئەیلولی 1961 و ئاشبەتاڵی و هەستانەوەی دوای ئاشبەتاڵەکە. هەر لە درێژەی ئەو باسەدا مامۆستا ئەحمەد باس لە سەرهەڵدانەوەی بزوتنەوەی کوردستان دەکات ( شۆڕشی نوێ و گوڵان و بەرەی کوردستان ) بێ ئەوەی بە وشەیەکیش باس لە ڕۆڵی ‘کۆمەلە’ بکات کە دینەمۆی دروستکردنەوەی بزوتنەوەی چەکداریی بووە و ڕۆڵی سەرەکییان بووە، قوربانییەکی ئێکجار گەورەشیان داوە، ئەوان بڕبڕەپشتی بزوتنەوەکە بوون .
لەگەڵ ئەوەشی کە مامۆستا ئەحمەد باسی ئەوانەی سەرەوەی نەکردووە و ڕەخنەی جددی لە بزوتنەوەکە نەگرتووە، بەڵام لە لاپەڕەکانی کۆتایی کتێبەکە دا، وەکو پێشتر ئاماژەم پێداوە، لە بەشێکی دیکەدا درێغی لە ڕەخنەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم نەکردووە و دەستی لێ نەپاراستوون. هاوکاتیش دەکرێت بڵێین کە مامۆستا ئەحمەد وەکو کەسێکی زۆر وریا و خاوەن ڕابوردوویەکی پاك و بە ئەزموون و پڕا و پڕ لە زانیاری چۆن دەرکی بەوە نەکردووە کە ئەمەی لە هەردوو زۆنەکەدا دەگوزەرێت و میللەتیان بێ کەرامەت و ڕووت و ڕەجاڵ کردوە، درێژەی سیاسەتی شاخیانە؟
نوسەر کە باسی ڕوخاندنی ڕژێمی صەدام و دەوری کورد دەکات، هاتنی ئەمەریکییەکان و هاپەیمانەکانی بە ڕزگارکەر دەزانێت و دەڵێت عێراقیان ئازاد کرد. کتێبەکەی نوسەر ئەوەندە تازەیە هاڵاوی لێهەڵدەسێت کە پاش 20 ساڵ نەك هەر بۆ نوسەر بەڵکو بۆ هەموو کوردێك و عێراقییەك دەرکەوت کە ئەوە داگیرکردن بوو، ئەوە وێرانکردنی عێراق بوو، ئەوە سەرهەڵدانەوەی کینە و ڕق و جەنگی نەبڕاوەی نێوانی شیعە و سوونە و دروستبوونی چەندەها گروپی تیرۆریستی بوو، کە لەم ناوەندەشدا نەك هەر کورد وەکو میللەت قازانجی نەکرد بەڵکو ئەو دەستکەوتانەشی کە لە سەردەمی صەدام دا هەیبوون هەمووی لە دەستچوو. ئەوە ساڵانێکی دوور و درێژە خەباتی جددی خەڵکی لە کوردستاندا بۆ بەشێکی کەمی ئەوانەیە، نەك هەمووشی. دیارە کە من ئەمە دەڵێم مەبەستم بەرگری لە ڕژێمی پێشوو نییە و ناڵێم ئەو ڕژێمە باش بووە، بەڵام بە بەڵگەوە دەڵێم ئەوانەی کە میللەت لە سەردەمی صەدام دا هەیان بووە لە سای حوکمی خۆماڵیدا لە دەستیان داوە، ڕاستییەکی ئاشکران.
هەر لە لاپەرەی دواتردا، لاپەڕە82 دەڵێت ” .. بەڵام ئێستا کوردەکان، لەناوخۆیاندا یەکگرتوون و لە بەغداد دەورێکی هاوسەنگی گرنگ دەگێڕن پێگەیان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیدا دیارە” من تێناگەم مامۆستا ئەحمەد بە چ بەڵگەیەك ئەوە دەڵێت چونکە ناتەبایی کورد لە نێو خۆیاندا کە جاری وا هەبووە لە لێواری شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی گەڕاوەتەوە، ئەو یەکێتییە کامەیە و کامە بووە؟ ئەوەندەی من بە مێژووی کورد شارەزا بم نەك هەر لەم سێ دەیەی دواییدا بەڵکو هیچ وەخت کورد یەککەوتوو نەبووە و شەڕی دەسەڵات و دەسەڵاتخوازیی ئەوەندەی دیکە کوردی داغان کردووە و بە سەدەها هەزار کەس لەو ڕێگەیەدا بوونەتە قوربانی.
هەر لەو لاپەڕەیەدا نوسراوە ” جگە لەوەش ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ڕووی دیمۆکراسییەوە ئەزموونێکی سەرکەوتوو بووە و ئەمەریکا دەیەوێت ئەو نموونەیە لە شوێنەکانی تری عێراق و تەنانەت لە هەندێ وڵاتانی ناوچەکە پەرە پێ بدات”
ئەم برگەیەی نوسەر پێویستی بە بەرپەرچدانەوە نییە، چونکە لە مێرد منداڵێکەوە تاکو خودی مامۆستا ئەحمەد ئەوە دەزانێت هەرچی پێی بڵێیت دیمۆکراسی لە کوردستاندا نە لەسەردەمی شاخ و نە لەسەردەمی شار و حوکمڕانییاندا نەبووە . پێویست ناکات ئاماژە بە قۆرخکردنی دەسەڵات و گەندەڵی و دزی و دروستبوونی مافیا و کوشتن و بڕینی ئەوانەی دەنگیان لە دژیان هەڵبڕیوە بکەم، ئەمە جگە لە هێنانی لەشکر و سیخوری ڕژێمی دەرودراوسێ بۆ ناو کوردستان. ئەمەی کە مامۆستا ئەحمەد نوسیوێتی نەك هەر لەگەڵ لاپەرەکانی کۆتایی کتێبەکەیدا نایەنەوە بەڵکو دژیشن بە یەك .
دوو لاپەڕە دوای ئەوە، واتە لاپەرەی 84 نوسەر نوسیوێتی ” کوردستانی عێراق هەرچەندە بەناو بەشێکە لە عێراق بەڵام لە کردەوەدا سەربەخۆیە هەرچەند کە پەیوەندی سیاسی و ئابووری لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی هەیە” من نازانم مامۆستا ئەحمەد چ پیوەرێك و پێناسەیەکی بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەیە؟ هەرێمێک کە لە خۆیدا دووبەش بێت، دوو هێزی پێشمەرگە، دووهێزی سیخوڕیی هەبێت، دوو هێزی دژە تیرۆری هەبێت، نەتوانێت مووچەی مووچەخۆران بدات، نەتوانێت پارێزگاری لە خاك و میللەتەکەی بکات، لە ترس و لەرزی هێڕشی داگیرکاری حکومەتی ناوەند و ئێران و تورکیا و میلیشیاکانیاندا بژی، نەتوانێت پێگەیەکی نێودەولەتی هەبێت، نەتوانێت سیاسەت و ئابوورییەکی تا ڕادەیەك سەربەخۆی هەبێت، ڕۆژانە سەدان خەڵک لە دەستی بێ کاری و گرفتەکانی دیکە بەرەو ئەوروپا مل دەنێن … دەبێت سەربەخۆییەکەی کامە بێت؟ سەیرە هەر نوسەر لە لاپەڕە 126 دەڵێت ” ئەمڕۆ پێشمەرگە بە سەرکەوتنەکانی بۆتە سومبولی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەرچەندە کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە زۆربەی وڵاتان وەك….. “
لە لاپەڕەی 127دا لە باسی دوەری پاڵەوانانەی پێشمەرگە لە لاوازکردنی داعش دا و گرنگیدانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان، مامۆستا ئەحمەد بە بێ بەڵگە دەنوسێت ” ئەم گرنگیپێدانەی هاوپەیمانان بۆ کورد لە ئاستی تەکنیکی تێپەڕاند و کوردی کردە شەریك و هاوبەشی ڕاستەقینەی ستراتیژی بۆ بەرقەراربوونی ئارامی و ئازادی گەلانی ناوچەکە کە هاوتەریب هێزەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵی تێدا دەبینن و دەبێتە هاوسەنگی ئەو ستراتیژە. ڕووداوەکانی ناوچەکە بەتایبەتی شەڕی دژی داعش بەڵگەی ڕاستییە لەوەی کوردستان چووەتە ناو نەخشەی سیاسی وجوگرافی ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا دەبینین زۆر لە وڵاتان باس لەوە دەکەن کورد مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە لە کۆمەڵگەی نیونەتەوەییدا. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کوردستان بەرەو ئایندەیەکی ڕۆشن هەنگاو بنێت” لە کاتێکدا کە مامۆستا ئەحمەد ئەمەی نوسیوە خۆی لەوێ دەژی و خۆی بە وردی ئاگەداری بارودۆخەکەیە و ڕۆژانەش دوای هەواڵ و رووداوەکانیش دەکەوێت، دەبێت بپرسین ئەو بە چ بەڵگەیەك گەیشتۆتە ئەو سەرەنجامە؟
هەڵەی ڕێزمانی گرفتێکی دیکەی سەرەکییە لە نوسینی ئەم کتێبەدا هەر وەك لە سەراپای وتار و کتێبە کوردییەکانی دیکەدا هەیە. زۆر زەحمەتە کتێبێك بخوێنیتەوە بێ هەڵە بێت، هۆکاری ئەمەش من لە وتار و نوسینی دیکەدا پەنجەم بۆ ڕاكێشاون. لێرەد هەر ئەوەندە دەڵێم پاشاگەردانی کۆمەڵی کوردی لە کوردستانی باشووردا، پرسی زمان و ڕێزمانی کوردیشی گرتۆتەوە، ئێستا سەردەمی فێربوونی زمانی دایك نییە، سەردەمی فێربوون و بایاخدانە بە زمانە بێگانەکان.
هەڵەکانی ئەم کتێبە زۆرن کە هەندێکیان سەرەکین و هەندێکیشیان لاوەکین . بەڕای من سەرەکییەکان وەکو نوسینی وشەی ‘وڵات’ کە بە دوو واو ‘ ووڵات’ نوسراون ، وشەی ‘ داگیرکردنی’ بە ‘ داگیر کردنی’ ‘ وێڕانکردنی’ بە وێران کردنی ‘ نوسراوە ، لە چەشنی وشەی ئاوا دووبارەبوونەوە زۆرن. بێ گومان رەنگە بەشێکی هەڵەی ڕێزمانی بکەوێتە ئەستۆی چاپخانەکان چونکە زۆر جار فۆنتەکان دەگۆڕێن و دەبنە هۆی ڕوودانی ئەو هەڵانە، دەنا باوەڕ ناکەم مامۆستا ئەحمەد هەڵەی ئاوا گەورە بکات.
سەرەڕای ئەوانەی سەرەوە کە وتم سەبارەت بەم کتێبە، بێ گومان هەندێك خاڵی دیکە هەن کە جێگای سەرنج و روونکردنەوەن بەڵام ئەوەی لە لای من مەبەست بوو ئەو خاڵە سەرەکیانەی سەرەوە بوو کە ڕۆشنایم خستە سەریان .
لە کۆتاییدا دەڵێم، لەگەڵ دیاریکردنی هەندێك لە کەلێنەکانی نێو ئەو کتێبە هێشتا خوێندنەوەی سوود و بایاخی تایبەتی خۆی هەیە بۆ خوێنەری جددی، بۆیە هیوادارم ئەوانەمان کە تاقەت و حەوسەڵەی خوێندنەوەمان هەیە و بە هەر مەبەست و بۆ هەر مەبەستێك بێت کاتێك بۆ خوێنینەوەی تەرخان بکەین.

زاهیر باهیر
کانونی دووەم 2025




چەمکی ئیسلامی سیاسیی.. زاهیر باهیر

ده‌سته‌واژه‌ی ئیسلامی سیاسی ‌ و ئیسلامی توندڕه‌و ئه‌و ده‌‌سته‌واژه‌یه‌ که‌ له‌ نێو نوسه‌رانی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورددا خۆی سه‌پاندووه‌ و بووه‌ته‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌کی باو. ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ بۆ یەکەم جار لە لایەن سەمیر ئەمین-ی ئابووریناسەوە بەکارهاتووە، دوای ئەوە لە‌ لایه‌ن چه‌په‌کان و کۆمۆنیسته‌کانه‌وه‌.

بەڕای من بەکارهێنانی چەمکی ئیسلامی سیاسیی لە نوسین و ئەدەبیاتدا نەك هەر چەمکێکی هەڵەیە، بەڵکو چەواشەکارییەکی گەورەشە لای چەپەکان و ئیسلامییەکان هەتا ئەوانەش کە لە نەزانینیەوە بەکاریدەهێنن. بە باوەڕی من ڕاستترین چەمك لەبری ئەو چەمکە باوە بەکارهێنانی چەمکی ‘ ئیسلامی دەسەڵاتخوازە’. بۆ بەڵگەی قسەکەم ئەم پاساوانەم هەیە:

یەك: موسڵمانان ده‌شێت کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و دنیاییه‌کانیان وه‌کو کێشه‌ و ڕووداوێکی سیاسی ‌ ببینن، به‌ڵام مه‌رجیش نیییه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتخواز و تووندڕه‌و بن، به‌واتایه‌کی دیکه‌ ئه‌وان ده‌توانن به‌رخوردی کێشه‌کانیان وه‌کو کێشه‌یه‌کی سیاسی بکه‌ن بێ ئه‌وه‌ی‌ خوازیاری ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش بن و ده‌وڵه‌تی بۆ بکه‌نه‌ ئامانج. ئه‌وان ده‌توانن سیاسی بن به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌ سیاسسیه‌کانیش بن، واته‌ کێشه‌کان بکه‌نه‌ کێشه‌یه‌کی سیاسی، نه‌ك خۆیان بکەنە کەسانێکی سیاسیی .
دوو: هه‌بوونی توندڕەوی و کار و کاردانه‌وه‌ی له‌ سه‌رجه‌می بواره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌بینرێت و هه‌ر وه‌کو چۆن سیاسییه‌کی حیزبیی ئه‌و سروشه‌ی تیادایه‌ که‌ توندوتیژ بێت هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌کرێت هه‌موو باوك یا دایکێکی سه‌ره‌کخێزان، سه‌ره‌کخێڵ، سه‌ره‌کگوند، سه‌ره‌كشارێکیش . … تا ده‌گاته‌ هه‌موو سه‌ره‌کان و سه‌رۆکه‌کانی دیکه‌ش وه‌کو ” ئیسلامی سیاسیی یا موسڵمانه‌ سیاسییه‌کان”، تووندڕه‌وبن.
سێ: هۆکاری تووندڕه‌وێتی له‌و بوارانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا و سیاسییبوونی ناو حیزبایه‌تیی، مه‌یلی ده‌سه‌ڵاتدارێتییه، خوازیاری ده‌سه‌ڵاته، ده‌نا بۆ سه‌ره‌كخێزانێك ده‌یه‌وێت تووندڕه‌و بێت له‌ ئاستی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌یدا؟ به‌ هه‌مان شێوه‌ مامۆستایه‌کی قوتابخانه له‌ ئاستی قوتابییه‌کانیدا، مه‌لایه‌کی حوجره ‌و قوتابخانه‌ی دینیی له‌ ئاستی فه‌قێ و خوێندکاره‌کانیا، به‌ڕیوه‌به‌ری ئۆفیسێك، کۆمپانیایه‌ك، کارگه‌یه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر کارمه‌ندو کرێکاره‌کانیا ….به‌م شێوه‌یه‌ تا ده‌گاته‌ دوا پله‌ که‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت و وڵاته‌. ئه‌مانه‌ هه‌موویان ده‌یانه‌وێت کۆنترۆڵی ئه‌وانه‌ی که‌ ‌له‌ژێڕ ڕکێفیاندان بکه‌ن، واته‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیانیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، کاتێكیش ده‌زانن که‌ بۆیان کۆنترۆڵ ناکرێن و ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ریاندا ناشکێت په‌نا بۆ تووندوتیژی و داپڵۆسین ده‌به‌ن. که‌واته‌ ده‌توانین بڵێین که‌ مه‌یلی ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌ تووندوتیژی ئه‌نجامده‌هێنێت.
دیاره‌ لێره‌دا دووجار ئامرازه‌کانی تووندوتیژی و داپڵۆسین به‌کاردێت: له‌ سه‌ره‌تادا بۆ کۆنترۆڵ و به‌ده‌ستگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاته‌ ئیدی هه‌ر جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێك بێت، له‌ کۆتاییشدا واته‌ که‌ ده‌سه‌ڵات وه‌رگیرا، دیسا‌نه‌وه‌ تووندووتیژی به‌کارده‌هێنرێته‌وه‌ بۆ پاراستن و مانه‌وه‌ی هه‌یبه‌ت و کارایی ده‌سه‌ڵات.
چوار: سیاسەت و کردنی سیاسەت تاکتیکە، بەڵام دەسەڵات ستراتیجە، ئامانجە. هەرچی حیزبی دونیان و ڕابەر و سەرکردە لە چەپەوە بۆ ڕاستیان، لە دینییەوە بۆ عەلمانی هەوڵی یەکەم و کۆتاییان بۆ دەسەڵات و دەستبەسەراگرتنی دەسەڵاتە، نەك شتێکی دیکە، وەکو ئەوەی کە خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن.

پێنج: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دروستبوونی ئسلام و بڵاوبوونەوەی ئەم دینە هەر لە سەرەتای موحەمەدی پەیامهێنەرەوە بۆ دەسەڵاتگرتنەدەست بووە وە تا ئێستاش کە هەمەموو گروپ و حیزبە ئیسلامییەکان کە شەڕی دەرەوە و ناوەوەی خۆیان دەکەن، هەر بۆ دەسەڵاتە. هەموو هێڕشەکانی سەردەمی موحەمەد و خەلیفەکانی ڕاشیدین و ئەمەوی و عەباسیی، سەفەوی و عوسمانیی/ شیعە و سوونە هەر هەمووی لەبەر خاتری دەسەڵات بووە نەك دینداریکردن .
خودا، خودایەك کە ئەو هەموو دەسەڵات و ئیمکانییەتەی هەبووەو هەیە، بە گوتەی خۆیان، چ پێویستییەکی بەم ئیسلام و موسڵمانانە هەبووە و هەیە کە شەڕی بۆ بکەن و دەوڵەتی بۆ دروست بکەن گوایە بۆ بڵاکردنەوەی دینی ئیسلام و زیادکردنی ئۆمەتی موحەمەد، بەڵام مێژوی ئیسلام هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا ئەوە نیشان دەدات بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتگرتنەدەست بووە.

شەش: حیزبەکان هەر هەموویان بە مەبەست ئەم چەمکە بەکاردەهێنن، نایانەوێت چەمکی ئیسلامی دەسەڵاتخواز بەکاربهێنن. هەر ئاواش‌ به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ لایه‌ن چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانیشه‌وه‌ به‌ هۆشیارییه‌وه‌ ‌ به‌کارده‌هێنرێت که‌ لێره‌شدا غه‌درێك یا زوڵمێکی گه‌وه‌ره‌ له‌ ‘ ئیسلامی سیاسی’ یا موسڵمانانی سیاسی، وەکو خۆیان ناویان دەبەن، ده‌که‌ن وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ ‌ ئه‌و‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ ته‌نها هه‌ر به‌سه‌ر ئه‌واندا بسه‌پێت، نه‌ك خۆیان و لایه‌نه‌کانی دیکه. ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ له‌ به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌سته‌واژەیەدا و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ده‌رکردنی خۆیان له‌ نێو هێزو ده‌سته‌ داپڵۆسێنه‌ر و تووندڕه‌وه‌‌کانی دیکەیه‌ و ئارایشکردنی ڕووی خۆیانه‌ به‌ ده‌مامکی ئازادیخواز و مافخواز و مافناس.
بەو هۆیەوە ئه‌‌گه‌ر ئه‌م لایه‌نانه‌ ده‌سته‌واژه‌ی ئیسلامی یا موسڵمانانی ده‌سه‌ڵاتخواز ، به‌کار بهێنن ئه‌وه‌ بێ هیچ گومانێك خۆیان پێش لایه‌نه‌کانی دیکه‌ ده‌گرێته‌وه، چونکه‌ ئه‌وانن که‌ باس له‌ ده‌سه‌ڵاتی دیمۆکراسیی، نیشتمانیی، مه‌ده‌نیی، پڕۆلیتاریی، کارگه‌ریی،گه‌لیی، کۆمۆنیستیی، ده‌که‌ن هه‌ر وه‌کو چۆن ئیسلامه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کانیش خوازیاری ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌تن، چونکه‌ ئاشکرایه خاڵی ناوکۆیی هه‌ردوولایان، باوه‌ڕی پته‌ویانه‌ به‌ ئایدۆلۆجییه‌ت و مه‌یلیانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازی و سه‌رکوتکردن، که‌ هیچ لایه‌کیان له‌وی دیکه‌یان ئه‌و مه‌سه‌له‌یه که‌متر وه‌رناگرن .

زاهیر باهیر

24/01/2025




چەند سەرنجێك دەربارەی دیدارەکەی دەم پارتی بۆلای ئۆجەلان.. زاهیر باهیر

پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێم کە گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە بزوتنەوەی چەکداریی پەکەکە هەمیشە لە قازانجی خودی کەیسەکە خۆیەتی و بە سوودی نەك هەر کوردستانی باکور و تورکیا دەگەڕێتەوە تەنانەت کارایی ئەرێنی زۆریش لەسەر ڕۆژئاوا و باشوور و ڕۆژهەڵاتیش بەگوێرەی خودی کێشەکانیان دادەنێت .
گفتوگۆ و ئاشتەوایی پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەتا گەر پەکەکە سازشیش بکات هیشتا لە قازنجی خۆیان و لایەنەکانی دیکەن کە لەسەرەوە باسم کردن .

ئەوەی کە من لێرەدا دەینوسم ڕەنگدانەوە و پەیوەندی بە بارودۆخی هەنوکە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەم دوو سێ هەفتەیەدا ڕویداوە هەیە. بەگۆڕینی بارودۆخەکە بێ گومان شیکردنەوە و ڕای جیاواز دێتە ئاراوە.

سەرنجەکان:

یەك: زۆر زۆر بە دەگمەن ڕێدەکەوێت کە لایەنی براوە یا باڵادەست داوای گفتۆگۆ و وتووێژ لە لایەنە لاوازەکەی بەرانبەری بکات. ئەمەش یانی تورکیا کە ئێستا لایەنێکی باڵادەستە و گەورترین سەرکەوتنی لەم ڕووداوانەی ئەم دواییەدا تاکو ئێستا بەدەستهێناوە، کە دەیەوێت گفتۆگۆ لەتەك پەکەکەدا بکات دەبێت جێی گومان و تێرامان بێت .
تا ئێستا ئاراستەی ڕووداوەکان و هەڵوێستی هاوپەیمانانی هەسەدە سەبارەت بە ئەردۆغان و هاوکارانی ئەو کە مەترسیدارترین هەڕەشە دەکەن هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ ڕۆژئاوا و کورد تێدا نابینرێت.
لەگەڵ وتنی ئەوەشدا نابێت پەکەکە یا ئۆجەلان گفتۆگۆ ڕەتبکەنەوە دەبێت ئەوە رەچاو بکەن کە بارودۆخی تورکیا و ناوچەکە گۆڕاوە و بەرەوگۆڕانکاری زیاتر ، بەڵام نەك بە قازنجی کورد ئەوەی کە تا ئێستا دەیبینین، دەڕوت .

دوو: ئۆجەلان کە 27 ساڵە دیلە و بەندە و ژمارەی دیدارەکانی کەس وکار و پارێزەرانی بۆ لای، لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێت ، هاوکاتیش ئەو مامەڵە ناشینرینەی کە حکومەتی فاشی تورکیا لەگەڵیدا دەیکات ڕێگرن لەوەی کە ئەو وەکو دیلێك ، بەندییەك ئازادانە بیربکاتەوە و ڕای ڕاست و دروستی خۆی بڵێت و بینێرێت بۆ قەندیل.
لەبەر ئەو هۆکارانە دەبێت هەمو قسە و پەیامێکی ئۆجەلان بخرێنە ژێر پرسیا و شیکردنەوەیەکی زۆر وردەوە ، کە لە زۆر حاڵەتدا نابێت بە هیچ شێوەیەك حسابیان بۆ بکرێت .

سێ : سەرانی پەکەکە و گرفتی سەرەکی : بە درێژایی ئەم 27 ساڵە پەکەکە نەیتوانیوە کە سەرکردەیەك یا خود چەند ڕابەر و سەرۆکێك بەخۆی پەروەردە بکات و بتوانن بێ لە گەڕانەوە بۆ ئۆجەلان و پەیام و پێشنیارەکانی ئەو، هیچ جۆرە بڕیارێك بدات چ سەبارەت بە تورکیا و چ بە کوردستانەکانی دیکە بە تایبەتی هەرێمی باشوور و ڕۆژئاوا .

سەرانی پەکەکە ئەوەندەی لە کێبڕکێی دانی دیمانەدان لەناو یەکدیدا ئەوەندە لە کێبڕكێی دانی پێشنیارێك، پێشنیازێك ، بۆ چارەسەری کێشەکەیان لە نێوانی خۆیاندا نین . هەر بۆیە کە یەکێکیا دیمانەیەك دەکات دەبێت بە زووترین کات ئەوانی دیکەش دیمانەی خۆیان یا نوسینی خۆیانیان هەبێت . ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە پەکەکە هەر وەک چۆن ناوەندێکی بڕیار و جێبەجێکاریی خۆیان نییە، هەر ئاواش ناوەندێکی یەکگرتوشیان بۆ نوسینی ، شییکردنەوەی ، دیمانەیەكی فەرمی پەکەکە نییە.
خودی ئەمەش ئەو گرفتەی بۆ پەکەکە دروستکردووە کە لە پرسی ئاشتی و ئاشتەواییدا هەر دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئۆجەلان، و ئۆجەلانیش ئەوە حاڵییەتی واتە دیل و بەند کە ڕەنگە لەژێر هەندێك فشاری ناوەوە و دەرەوەدا ڕا و بۆچونی هەڵە بدات ، کە سەرەنجام بە زیانی هەموو لایەك بگەڕێتەوە. خۆ ئەگەر بە وردی تەماشای ئەو پەیامە بکەین کە بە نوێنەرانی دەم پارتیدا ناردویەتییە دەرەوە دەبینین کە پەیامێکی ئێکجار و سادو و ساکار و لاوازە و وەکو پەیامێك وایە بۆ ئاشتەوایی نێوانی دوو کەسی ئاسایی شەڕکەر، یا ڕەنجاندنی دڵی نێوانی دووکەس بێت تاکو ئاشتببنەوە ئاوایە .
بەڵگەیەکی دیکە بۆ ئەوەی کە قەندیل و سەرانی پەکەکە نە ناوەندن و نە خاوەن بڕیار ئەوەیە ئەگەر تەماشای پەیامەکانی ئۆجەلان بکەیت ئەوە دەلێت ئەو ” خاوەن بڕیارە و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە ” ئەمەش یانی پێگەی سەرەکی لە پرسی کوردی باکورداد بۆ خۆی داناوە، ئەوە کە ناوەندە ، ئەوە کە بڕیار دەرە ، نەك قەندیل و سەرانی بەناو فەرمی ئێستای پەکەکە .

ئۆجەلان لەم پەیامەیدا نە داخوازییەکی سیاسی هەیە و نە مەرجی هەنوکەیی بۆ ئەردۆغان و حکومەتەکەی و حکومەتی نوێی سوریاش هەیە. هەر ئاواش هیچ پێشنیارێکیشی تێدا نییە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و هەسەدە و پەیەدە و هەرێم و حیزبەکانی باشووریش. ونبوونی ئەم پەیامانە و زۆری دیکەش جێی دڵەڕاوکێ و بێ متمانەییە بە ئۆجەلان و پەیامەکانی ئێستای .
دیارە من ناڵێم کە ئۆجەلان هەڵوێستی خۆی شل کردوە بۆ تۆرکیا، یا مێشکی داوەتە دەست حوکمڕانانی تورکیا ، بەڵام پەیامێکی ئاوا سادە و ساکار ماستێکە و بێ موو نییە .

لە کۆتاییدا دەڵێم دەبێت پەکەکە خۆیان گەر بتوانن لەبەر ڕۆشنایی رووداوەکانی ئێستا و بارودۆخی تایبەتی خۆیان و هێز و ئایندەیان و ڕەچاوکردنی پێگە و سوودی هەرێمی باشوور و پرسی ڕۆژئاوا و هەسەدە و کوردانی دیکەی دەرەوەی هەسەدە، هەڵسەنگاندن بکەن. ئەمانن کە لە مەیدانەکەدان نەک ئۆجەلان، ئەمانن حکومەتی تورکیایان بێزار کردووە نەك ئۆجەلان، ئەمانن پادارن و ئۆجەلان بێ پا. هاوکاتیش سەرنجی پەیامەکان و ڕا و بۆچوونی ئۆجەلان لەسەر دیمانە و دیدارەکانی ئێستا و ئایندەی لەگەڵ تورکیا یا هەر لایەنێکی دیکە، دەبێت زۆر بە وردی بدەن.
دەکرێت تێڕوانینی ئەمان بۆ ئۆجەلان وەکو ڕابەرێك، سەرکردەیەکی ڕۆحی بێت نە سەرۆکێکی بڕیاردەر ، هەرچەند دەبوایە پەکەکە ئەمەی هەر لە سەرەتاوە بکردایە ، ئێستا لەم کاتە ناسکەشدا هەر درەنگ نییە.

زاهیر باهیر
29/12/2024




بەرنجامی جەنگی ئیسرائیل و حەماس هەر ئەوە نییە کە ڕوویداوە و دەیبینین.. زاهیر باهیر

ئەو جەنگەی نێوانی ئیسرائیل و حەماس گۆڕانکاری گەورە و گرنگی لە ناوچەکەدا کرد کە تا ئێستا کۆتایی نەهاتوە. ئەمەی کە ڕوویدا بەڕای من کۆتایی پرۆژە گرنگەکە نییە کە لێکدانەوەی جیا جیای بۆ دەکرا، بەڵکو چەند دیاردە و ڕووداوێکی دیکەیشی یە دوای خۆیدا هێناوە یا دەیهێنێت، کە تا ئێستا بۆ زۆربەمان ناڕوون و شاراوەیە .
هاتنی ئاخوندەکانی ئێران بۆ سەر حوکم لە کۆتایی هەفتاکانی چەرخی رابوردوودا گەر چی لە لای زۆرێك لە چەپەکانی جیهان بە شۆڕش ناوزەدە کرا بەڵام لە ڕاستییدا نەك هەر شۆڕش نەبوو بەڵکو ڕەدیەکی گەورە بوو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و کولتوری خەڵکی ئێراندا. هەندێك لەو ئاڵوگۆڕانەش تا ڕادەیەك ناوچەکە و بگرە هەندێك شوێنی دیکەی جیهانیشی گرتەوە.
هاتنی ئەوان بۆسەر حوکم و جەنگیان لەگەڵ عێراق دا باشترین چەک بوو بۆ لێدانی بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵکی لە ئێراندا و تا ڕادەیەك لە عێراق -یشدا. هەناردەکردنی بەناو شۆڕش بۆ وڵاتانی ناوچەکە دروشمێکی زۆر جددی گەورە بوو کە لەلایەکەوە بووە هۆی داکوتان و بەرقەراربوونیان لە حوکمکردنیاندا بە هەناردەکردنی قەیرانەکانیان و سەرقاڵکردنی ئێرانییەکان بە جەنگەوە و پرزە لێبڕینیان، لە لایەکی دیکەشەوە کاراساتێکی گەورە بوو کە بەسەر گەلانی عێراق و ناوچەکەشدا هات.
حوکمڕانی ئەمان پەیامێکی گەورەش بوو بۆ سعودییە کە ڕابەر و پێشڕەوایەتی سوونەی جیهان بوو. ئا لەم بارەدا ئێران و سعودییە کەوتنە بەرانبەر بەیەك کە هەر یەکەیان نوێنەر و ڕابەری لایەنێکی ئیسلام بوون، ئیڕان شیعە و سعودییە سوونە. بۆ ئەمەش پێویستیان بە دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوی نوێ بوو لە هەر شوێنێک بۆیان بکرایە، هاوکاتیش بەهێزکردنی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کە وجوودیان هەبوو.
پێویست ناکات من دەستنیشانی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بکەم کە بە هاوکاری و پارەی هەردولایان لە عێراق و شوێنی تریشدا دروست کران. لە لایەکی دیکەوە بەشداریکردنیان لەو جەنگەی کە لە ئەفغانستان دژ بە ڕژێمەکەی نەجیبوڵا کردیان کە بە وەکالەتی ئەو حیزب و لایەنانە کران کە هەردوولایان هاوکاری کۆمەڵەکانی خۆیانیان دەکرد.

جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماس جگە لەوەی کە تا ئێستا چی بەدوای خۆیدا هێناوە و چی لەناو بردووە و چی خولقاندوە، دوو دیاردە یاخود ڕووداوی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی گەورەشی بە دوای خۆیدا هێنا کە کارایی خۆیان لەسەر خودی وڵاتەکانیان و ناوچەکەش دادەنێن و هەر ئاواش لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا یاخود ئەوەی کە خۆیان بە ‘ کۆمۆنێتی نێودەوڵەتیی’ ناوی دەبەن. ئەو دوو دیاردەیەش :

یەك: وەکو ئاشکرایە تورکیا گەر ڕۆڵی سەرەکی نەبووبێت لەوەی کە ئێستا لە سوریا خولقاوە ئەوە یەکێك بووە لەو لایەنانەی کە ڕۆڵی سەرەکی بووە. هەر لەبەر ئەوەش تا ئێستا لەو جەنگەی ئیسرائیل و حەماس و ئەمەی کە ئێستاش ڕووی دا ئەو براوەی دووهەمە ئەگەر یەکەم نەبێت دوای ئیسرائیل.
ئەوەی کە ڕوویدا هاوکێشەی هێزی لە ناوچەکەدا گۆڕی. نکوڵی ئەوە ناکرێت کە ئێران زەرەرمەندی یەکەم بوو هێشتاش لە زیانەکانی داهاتووش دەرباز نەبووە و پاشەکشەی گەورەی کردووە و لە پاشەکشەی زیاتریشدایە . ئەو چی تر توانای بەڕێکرن و هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستەکانی ناو عێراق و حیزبوڵا و حەماس و حوسیەکان و گروپگەلی دیکەی نەما و بۆ هەمیشە ڕژێمی ئاخوندەکان ئەو ئیرادە و توانا و وزەیەیان لە دەست دا پاش بنکەنکردنی بناخە دەرەکییەکانی حوکمەکەیان لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی.
ئێران چی تر ناتوانێت بەردەوامی بە سیاسەتی پێشتریان بدەن ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەو ململانێ گەورەیەی کە بناخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ئەو چەند سەدەیەی نێوانی شیعە و سوونە لەسەر دەستی ئیمپراتۆرییەتی صەفەوی و عوسمانی دا ، لانی کەم بۆ چەند دەیەیەکی دیکە بەم شێوەیەی کە لەم چوار دەیەیەی پێشوودا بینمان خەفە کرا و ئەو کارەسات و نەهامەتییە گەورەیەی کە ئەم ماوە درێژە کە تا ئەم ڕۆژانەش میللەتانی ئەم ناوچەیە بە دەستییەوە دەیانناڵاند ، لە کۆڵ کرانەوە، دیارە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ململانێی نێوانی گروپە سوونییەکان لە داهاتوودا ڕوونادات. بە هاتنی ئەم بارودۆخەش ئەو پرۆژانەی کە ئێران بە هاوکاری دەوڵەتانی دیکە بە دەستیوە بوو بیکات وەکو هیلالی شیعیی ئەوەش بەسەر چوو.

دوو: گۆڕانکارییەکی گرنگی دیکە کە ڕویداوە، کە نازانینن تا چەندێك دەوام دەکات ، دۆڕانی پێگە و پلەی دینی و ڕابەرایەتی تەرەفی سوونیی سعودییە. ڕووداوەکانی ئەم دوایە ڕۆڵی ئێرانی وەکو دەوڵەتێکی چالاك لەو بوارەدا نەهێڵاو ئێستا ئەو ڕۆڵ و چالاکی و هێزە بە دەوڵەتی تورکیا و لە بری پاشای سعودییە بە خەلیفەی عوسمانی، ڕەجەب ئەردغان، شوێنی دەگیرێتەوە.
لەمەولا ئەوە تورکیایە کە ڕابەرایەتی تەریقە و نەهجی سوونیی دەکات، ئەردۆغانە ڕۆڵی پیاوە ئەفسانەییەکە، سوڵتانەکەی سوونە و سوونەگەریی دەبینێت، ئیتر ڕێکخراوە ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکان و زانکۆ ئیسلامییەکان بە ئەزهەر و کۆمەڵە دینیەکان و زاناکان بە یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیهانیشەو لە لایەن ئەردۆغانەوە هاوکاری دەکرێن بە تایبەت لە کاتێکدا کە دکتۆر عەلی قەرەداخی بووە کەسی یەکەم لەو دەزگەیەدا، ئەوانیش بە ڕۆڵی خۆیان خزمەتی سوڵتان دەکەن.

زاهیر باهیر
20/12/2024




ڕاگەیاندنەکانی لایەنە جیا جیاکانی سوریا و سەرنجێك.. زاهیر باهیر

وەکو دەبینرێت رووداوەکان زۆر بە خێرا تێدەپەڕن و ڕاگەیاندنی جیا جیا لە گەلێك لە لایەنەکانەوە ڕادەگەیەنرێت .

لەو ڕاگەیاندنانە:
” دوێنێ سێشەممە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند، “پابەندبونی پتەومان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لەسەرتاسەری سوریا هەیە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ئامادەیی خۆمان نیشانده‌ده‌ین بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو لەشاری کۆبانێ، ئامانجیش له‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌، بۆ چارەسه‌رکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیایە، مه‌زڵوم عه‌بدى ئەوەشیخستەڕوو، ئامادەین بۆ دوبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا”.
مەزڵوم عەبدی پێشنیار دەکات لەپێناو سەرکەوتووی پڕۆسەی ئاگربەست لە سوریا، لە ژێر سەرپەرشتی ئەمریکا ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو لە کۆبانێ پێکبهێنرێت.

” مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، وەک دووپاتکردنەوەیەک بۆ پابەندبوونمان بە راگرتنی شەڕ لە تەواوی ناوچەکانی سوریا، ئامادەین بۆ پێکهێنانی ناوچەی لەچەک داماڵراو لە شاری کۆبانێ.”

ئەوەشیخستەڕوو ” ئامادەین بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا.”

مەرهەف ئەبو قەسرە فەرماندەی سەربازیی ده‌سته‌ى تەحریر شام کە ناسراوە بە”ئەبو حەسەن ئەلحەمەوی”، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسیی هەڕەشەی ئەوەیکردوە “ئەو ناوچانەی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر دەستی “هێزەکانی سوریای دیموکرات” (هەسەدە)دایە، دەخرێتە ناو ئیدارەی نوێی سوریا، ده‌شڵێت:”هەموو جۆرە فیدڕاڵییەتێک ڕەتدەکەینەوە”.

ئەبو قەسرە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس كه‌ لەشاری لازقییە ئەنجامیداوە وتویەتی:”گەلی کورد یەکێکە لەپێکهاتەکانی گەلی سوریا، بەڵام کێشەکە لەسەرکردایەتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە”.

ئه‌وه‌شى وتوه، “پەیامی ئێمه‌ ڕونە، سوریا دابەشنابێت‌و هیچ جۆرە فیدراڵییەتێکی تێدا دروستنابێت”.
“ئەو ناوچانەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی (هەسەدە)دان، ان شا‌ء الله دەخرێنە ناو ئیدارەی نوێی وڵاتەوە”.

ئەبوو قەسرە لەسەر قسەکانی دەڕوات و دەڵێت “دروستکردنی دامەزراوەیەکی سەربازیی کە هەموو کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژێر ئاڵاکەی کۆبکاتەوە، هەنگاوی داهاتوو، دەبێت دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد لەهەر وڵاتێکدابێت دەبێت هەموو یەکە سەربازییەکان لەژێر چەتری یەک دامەزراوەدابن”.
ئەنەکەسەش مەرجی خۆیان هەیە بۆ دانیشتن و جۆرێك لە یەكکەوتن لەگەڵ هەسەدەدا ، قسەکەریان، نەواف رەشید، ئاوا دەڵێت “مەزڵووم عەبدی خۆی وەکو نوێنەری کورد و رۆژئاوای کوردستان بناسێنێت و بڵێت من نوێنەری کوردم و لە رۆژئاوای کوردستانم، نەک نوێنەری منبج و رەققە، هەروەها دەبێت مەزڵووم عەبدی بە تورکیا بڵێت، ئەوان پەکەکە نین، هەروەها دەبێت بە روونی پێیان بڵێت کە ئەوان دژی تورکیا نین.”
لە لایەکی دیکەوە ئەمەش هەیە کە دەستەی تەحریری شام بە دەمی ڕایانگەیاندوو ” تەحریری شام ناوچە کوردیەکانی بەفەرمی خستەوە ڕیزی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتیی دیمەشەوە. بەمەش بۆشایی ئەو گرژیانەی نەهێشت کە پێشتر لەسەردەمی ئەسەد دا هەبوو.
تەحریری شام ئەم هەنگاوەی بە دژی هێرشەکانی تورکیا نا و ئەمریکا پشتیوانیی دەکات”.
سەرنجی من:
ئەمانە بڕێکن لەو ڕاگەیاند و قسانەی کە لەم یەک دوو ڕۆژەدا کراون کە هیچ کام لەمانە تەنانەت ئەوەی مەزڵوم کۆبانی-ش مایەی دڵخۆشی نیە و هیوایەكی گەش بۆ ڕۆژائاوا نییە.
هەموومان دەزانین دەستەی تەحریری شام یەک دەستە یا یەك گروپ نین تاکو پابەند بن بە قسە و لێدوانی سەرکردە سەرەکییەکەوە کە ئەبو موحەمەد جۆلانییە ، مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم هەتا ئەگەر جۆلانی-یش با بڵێین هەڵوێستی گۆڕا بێت بەرانبەر ڕۆژئاوا گروپەکانی دیکە هەمان هەلوێستی ئیسلامگەرایی توندو تیژیان هەیە ، دیدو کرداریان بەرانبەر بە کورد بە گشتی و ڕۆژئاوا زۆر دوژمنانەیە.
من ڕام وایە ئەبو موحەمەد جۆلانی شەڕی چەکدارانە لەگەڵ ڕۆژئاوا ناکات بەڵکو شەڕی ئیداری لەگەڵدا دەکات، بە یاسا نەك بە چەك، واتە بوونی ڕۆژئاوا بە بەشێکی نەبچراو لە سوریا ، لەو بارەشدا هەموو سەرۆکایەتی سەراپای دەزگە ئیدارییەکان، هەموو خزمەتگوزارییەکان، هەموو قوتابخانە و خەستەخانەکان و شارەوانییەکان دەکەونەوە ژێر دەسەڵاتی مەرکەزی و هەسەدە و ئیدارەی ئێستای ڕۆژئاوا هیچ ڕۆڵێکیان نامێنێت و خۆی لە خۆیدا هەڵدەوەشێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ، ئەو بەرنامەی خۆیندن و پڕۆگرمانەی کە لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا لە ڕؤژئاوای ئێستادا هەیە هەر هەموی هەڵدەوەشێتەوە و دەبێت یەك پلان و یەك مەنهەجی خوێندن و پەروەردە لە هەموو سوریادا هەبێت ، تەنانەت هەموو وێنەکانی ئۆجەلان و ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە هەر هەمووی فڕێ دەدرێت، هەموو سرودەکانی کوردایەتی و ئەوەی کە بە ئۆجەلان و سەرۆكدا هەڵدەدرێت نەك هەر نامێنێت بەڵکو حەرامیش دەکرێت .
چەمکی فیدراڵییەت و کۆنفیدراڵیزم ، پرسی ژنان و فێمێنیستی، پرۆژەی ئیکۆلۆجی و ژینگە دۆستی هەر هەمووی هەڵدەوەشێتەوە و بەتاڵ دەبێتەوە . لە لایەکی دیکەوە ئابوری ئەوێ و پرسی کۆمەڵایەتی و دەزگەی داد دادگا و یاسا چی تر لای هەسەدە و ئیدارەی ڕۆژئاوا نامێنێت ، ئەو عەقد کۆمەڵایەتییەی کە ئیدارەی ڕۆژئاوا ساڵێك لەمەوبەر نوێی کردەوە گەرچی خراپترو دواکەوتوترە لەوەی پێشتری 2014 ی ، ئەوەش نە کاری پێدەکرێ و نە لە هیچ شوێنێك دەڕوات ، چونکە حکومەتی نوێی ئیسلامی باوەڕی بە فیدراڵیەت نییە ، باوەڕی بە یەکێتی سوریا و ئیسلام هەیە ، ئەو لەژێر سیاسەت و ڕێنمایی و پلانی تورکیادا دەڕوات و تورکیاش سیاسەتی نەگۆڕ و پلانی دۆززەخی بۆ کورد لە هەموو شوێنێکدا هەیە .
ئابووری ڕۆژئاوا کە لە دەستی ئیدارەکەی ئێستادا هەیە بە هەر ناوێکەوە بێت : هەرەوەزیی ، حکومیی ، خۆسەریی … هەر هەمووی دەبێت بە گوێرەی یاسا بگەڕێتەوە ژێر دەستی حکومەتی مەرکەزی و ئەو سەرپەرشتی بکات .
بەڵام من باوەڕم وایە عەفرین لەژێر دەستی تورکیا دەردەهێنرێت و تورکیا پاشەکشەی لێدەکات ، بەڵام ئەردۆگان مەرجی هەیە لەسەر حکومەتی نوێی سوریا ئەویش دژایەتیکردنی ڕۆژئاوا و هەسەدەیە ، ئەردۆگان هەنگاوێك ناچێتە دواوە ئەگەر دوو هەنگاو قازانجی تێدا نەبێت . ئەوەش گرنگە کە بڵێین لە هەموو سیاسەتەکانی حکومەتی نوێی سوریا، ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا پشتگیری لێدەکەن. هەسەدە و ڕۆژئاوا ئەو پێگە گرنگەی نامێنێت و هەر وەکو بە لاوازبوون و نەمانی داعش لە سوریا هەنگاوی یەکەم بوو بۆ لەناوچوونی خودی هەسەدە و ڕۆژئاوا. ئەمان چی تر پێویستیان بە هەسەدە وەکو جاران نامێنیت .
بەداخەوە کە من زۆر ڕەشبینم لە بارودۆخی نوێ ، ڕەشبینییەکەشم هۆکار و پاساو و بناخەی خۆی هەیە . لەو بارەشدا ڕۆژئاوا ، هەسەدە دەبێت ئایندەی خۆیان دیاری بکەن. ئایا ڕازی دەبن بەوەی کە لە سەرەوە وتم یاخود شەڕدەکەنەوە؟ کە شەڕکردنیان دۆڕاندنی خۆیان و وێرانکردنی هەموو ڕۆژئاوا و ڕەنگە پەلیش بهاوێت بۆ باشووریش .
هیوادارم ڕەشبینییەکانی من بێ بنەما و بێ ئایندە بن.

زاهیر باهیر
18/12/2024




ئەرۆدۆغان جەنگە سەرەکییەکەشی بردەوە.. زاهیر باهیر

ئەردۆغان ئەو پیاوە سیاسییە بە ئەزموونە لە فێڵ و پاشقوللێدان لە دۆست و دووژمنانی. ئەو پیاوەی کە لەوەتی حوکمڕانی دەکات هیچ گرەوێك، هیچ شەڕیکی نەدۆڕاندووە. سیاسییەكی موحەنەك کە لە سیاسەتەکانیدا هەمیشە براوە بووە.
خودی سیاسەت یانی فێڵ و تەڵەکە و بەکارهێنانی تاکتیکی زیرەکانە لە بەرانبەر نەیاراندا و لەدەستنەدانی هیچ جۆرە هەلێک یاخود خولقاندن و قۆستنەوەی هەموو دەرفەتێك لە پیناوی خۆی و حیزب و دەسەڵاتەکەیدا.
ئەردۆغان توانیوێتی دووسەرە یاری بکات و بزانێت چۆنیش یارییەکە دەباتەوە ئیتر ئەوەی بەلاوە گرنگ نەبووە کە هەڵوێستی جیا جیا و ناکۆك و سازشکارانە و هەزیلانەش لە بەرانبەر دوژمنانیا ببێت . ئێمە ئەمەمان لەگەڵ ڕوسیا و ئەمەریکا و تەنانەت ئەم دواییە کە لەگەڵ سوریاشدا کردی لێ بینیوە.
بێ گومان ئەردۆغان ئەمانەی بە هاوکاری پێگەی وڵاتەکەیی و بوونی تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە و ئەو زەمینە لە بارەی مەوقیعی تورکیا و بوونی وەکو وڵاتێکی کشتیاری و گەورە، کردووە. هەر هەموو ئەمانە هاوکار بوون بۆ بردەنەوەی گرەوەکانی، هاوکاتیش ناتوانرێت نکوڵی لە توانا و زیرەکی و لێزانی خۆشی بکرێت .
با هەر تەماشایەکی مێژوی ئەردۆغان لەم 15 ساڵەی ڕابوبوردوودا بکەین تاکو ئەو حقیقەتانەی سەرەوە بە بەڵگەوە ببینرێت.
لە ئاگربەستییەکەی پێش ساڵی 2015 لەگەڵ پەکەکە هەستی بەوە کرد کە لە ڕاستیدا ئەو ئاگر بەستییە پەکەکە و پرسی کوردانی باکور و ڕۆژئاوای زۆر بردۆتە پێشەوە و بەهێزیان دەکات و گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە تاووتوێی ئەوە دەکرا کە پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە لایەن کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتییەوە دەربهێنرێت. هەر لەو کاتی ئاگربەستییەشدا ڕۆژئاوا بووە چەقی ئازادیخوازانی بەشێکی زۆری دونیا، بووە جێگەو پێگەی زۆرێك لە کۆمۆنیست و سۆشیالیست و ئەنارکیست و نقابەییەکان. ئەردۆغان هەستی بەوە کرد کە ئەمە مەترسی زۆر گەورە لە سەر تورکیا و وجودیی دروست دەکات . ئەوە بوو کوژرانی دوو پۆلیسەکەی لە باکوری تورکیا لە ساڵی 2015 کە گوایە لە لایەن پەکەکەوە بووە قۆستەوە و پەکەکەی لە تەموزی ئەو ساڵەدا خستە ناو داوەکەیەوە، داوی شەڕکردنەوە.
بێ گومان ئەردۆغان دەیزانی کە بەمە چی بەدەستدەهێنێت. دەیزانی کە دەتوانێت پێداگری بکات لەسەر ” تیرۆریستیی پەکەکە” ، دەتوانرێت هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بە پەکەکەوە گرێبدرێتەوە، لەو بارەشدا هاندانی دەوڵەتانێك کە پێی دەوترێت کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی دەدات تاکو ڕێگری لێنەکەن لە هێڕشکردنە سەر ڕۆژئاوا.
کاتێک پەکەکەشی ئاڵان لەو شەڕەوە لەناو خودی تورکیاشدا ئەوەی بۆنی پەکەکەی لێهات یا دەگیرا یا دەبوایە ڕایبکردایە ، لەولاشەوە هەلی بۆ ڕێکەوت کە تەواوی ئیدارەی شارەوانییەکانی کوردستانی باکور هەڵبووەشێنێتەوە و سەرۆکی و ئەندامانی شارەوانییەکان و تا گەیشتە ئەندامانی پارتەکەی دەمیرتاش بە خۆشی و هاوسەرۆکی پارتەکەی و زۆری تریش دەستبەسەر بکات. لەمانەش زیاتر هەندێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی کە دیارترینیان دیاربەکر ( ئامەد) بوو وێران کرد . ئەو دەیزانی کە شەڕ لە قازانجێتی و ئاگربەستی لە زیانی.
بە سەپاندنی شەڕ بەسەر پەکەکەدا نەك هەر ئەو هەلەی دەستکەوت بۆ کردنی ئەوانەی سەرەوە، بەڵکو بەشێکی لە باشووری کوردستانیشی وێران کرد.
سەرکەوتنێکی دیکەی ئەردۆغان، بەهێزکردنی گروپە تیرۆریستەکان بوو کە لە هەموویان بەهێز تر و دڕندەتریان داعش بوو بەریدانە گیانی عێراق و هەرێمی کوردستان و سوریا و ڕۆژئاوا. هاوکاتیش خۆی لە لای ئەوروپا و ئەمەریکا بە دژە تیرۆر نیشان دەدا و کۆنتراکتی گەورەشی لەگەڵ یەکێتی ئەورپادا بەست بۆ ڕێگرتن لە ڕووکردنە پەنابەرانی سوری و عێراقی بۆ ئەوروپا، بەمەش پارەیەکی مشەی دەست کەوت.
لەمانەش زیاتر ئەو کودەتایە بوو کە لە تورکیادا ڕویدا کە تا ئێستاش نەزانراوە کە ئەوە کودەتای حەقیقی بوو یاخود دەستکردی خودی ئەردۆگان خۆی بوو تاکو ‘ گوڵانییەکان’ و هەرچی لە بەشی سوپا و پۆلیس و ئیدارە دەوڵەتییەکاندا هەبوون دووربخاتەوە ئەوانەشی کە دەیویست دەستبەسەریان بکات بەو بیانوەوە کردنی و هیچ گریمانێکی کردنی کودەتای ئایندەی نەهێڵایەوە .
سیاسەتێکی دیکەی ئەردۆغان ئەوە بوو گەر چی تورکیا ئەندامی ناتۆیە بەڵام ئەو لەو بەینەدا بەگوێرەی پێویستی خۆی و حیزبەکەی یاری دەکرد، هەم ئەندامێکی کارا بوو هەم دژ بە سیاسەتی ناتۆ دەجوڵایەوە کە لە هەردوکیاندا سەرکەوتوو بوو. لەگەڵ ڕوسیا پەیوەندییەکی گەرم تا کڕینی تەیارەی جەنگی و لەگەڵ ئەمەریکا و ناتۆش دا دۆست . ئەو سیاسەت وای لێکرد کە لە لایەکەوە لەگەڵ ناتۆ و کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی بێت و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ڕوسیا و ئێران و چین دا پەیوەندی گەرموگوڕی هەبێت. سیاسەتەکەی ئەو تا ئەو ڕادەیە فڕوفێڵاوی بوو کە لە ساڵی 2018 دا عەفرینی داگیر کرد و هەموو ئەو لایەنانە : ڕوسیا ، ئەمەریکا ، ئێران بە ئاگا بوون، تا ئێستاش هیچ لایەك قسەیەك ناکەن و دەنگێك هەڵنابڕن لەو کوشتار و وێرانکاری و کاولکردنەی ئەو شارۆچکەیە و دەوروبەری کە میلیشیاکانی ئەردۆغان لەوێ دەیکەن .
لەجەنگی ئیسرائیل و غەزە و دواتر لوبنان و ئیران، ئەو هەڵوێستانەی کە هەیبوون بەرانبەر بە هەر هەموویان کە لای هەموومان ئاشکرایە کەچی لە سەریان هیچ سزایەك نەدرا ، هیچ سەرزەنشتێکی بەهێز نەکرا ، هیچ ئابرووچونێکی پێ ڕەوا نەبینرا، بۆیە وەکو بەرزەکی بانان لەم سیاسەتەشی بە سەلامەتی دەرچوو.
بۆ درێژە دان بەم سیاسەتە و مانەوەی لە حوکمدا توانی بارودۆخی سوریا و پەیوندی لەگەڵ روسیا و ئێران و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاش ڕابگرێت ، بەڵام لە راستیدا کڵاوی کردە سەر هەر هەمویان بە داعش و پەکەکەشەوە. کورد وتەنی هەموویانی کردە کوڕەی سێو لەباخەڵ.
ئەردۆغان ئەمەی ئاوا بەرێکرد تا هەفتەیەك لەمەوبەر کە هێزی دەستەی ئەحرار شامی گەر بە هاوکاری ئەمەریکا و ئیسرائیلیش نەبووبێت ئەوە بە بە ئاگایی ئەوان بووە ، کردە گیانی سوریا و هەرەسی بە حوکمی نیو سەدەی خێزانی ئەسەدهێنا .
ئەوەی کە ڕوویدا لە سوریا:

ئەمەی کە ڕوویداوە بە دڵنیاییەوە تورکیای لە پشتەوەیە گەرچی ڕەنگە پلانەکانی ئایندە بە گوێرەی ویستی ئەردۆگان نەڕوات بەڵام ئەو یەکێکە لە سوودمەندەکان و بە ئاسانی ناتوانرێت لە مەیدانەکە بکرێتە دەرەوە.
ئەمەی کە ڕوویدا پلانێکی زۆر گەورە و نهێنییە و ئێمە بەوردەکارییەکانی نازانیین بەڵام بەشداربووانی ئەم گەمە خوێناوییە دەمێکە پلانی بۆ دادەڕێژن کە ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد هەر بەو ئاسانییە نەبووە و نییە. بۆ نموونە ڕوسیا چۆن بەوە رازی بوو کە دەستبەرداری سوریا ببێت کە لە ناوچەکەدا قەڵایەکی بوو لەگەڵ ئیراندا. ڕەنگە ڕێکەوتنێک لەم بارەوە لەگەڵیدا کرابێت کە دوور نییە لەسەر حسابی ئۆکرانیا و گەلی نەگبەتی ئۆکرانیی بێت ، چونکە سیاسەت و سیاسەتمەداران ئەمەند بێ حورمەتن نە پەیمان ، نە ڕاستگۆیی و نە دڵسۆزی و نە دۆستایەتی و نە دووژمنایەتی هیچ کات ئەمانە لای سیاسەتچییەکان مەحاڵ و عەیبە نییە.
لێرەدا دەکرێت بڵێین ئیسرائیلیش ئەگەر سوودمەندی یەکەم دوای ئەردۆغان نەبێت ئەوە بە دڵنیاییەوە لەو کەمتر سوودمەند نییە. خۆی یەکێکە لە پلاندانەران و نەخشەکێشی ئەوەی کە ڕویداوە بۆیە دەکرێت شتێك لەو سنورەی سوریا بۆ ئاسایشی خۆی ببڕێت. هاوکاتیش هەر کەس لە سوریادا حوکمڕانی بکات خۆ لە داعش مەترسیدارتر نابێت و داعیشیش بە درێژای دروستبوونییەوە تا ئێستا هیج زیانێکی بۆ ئیسرائیل نەبووە ، تەنانەت پشتگیریی حەماسیشی نەکرد نە لە کۆناو نە لەم دوایەشدا.

ئەی ڕۆژئاوا؟

ئایندەی ڕۆژئاوا نادیارە، لە ڕاستیدا لە ئێستادا وا دەرناکەوێت کە مەترسی لەسەر بێت ، بەڵام ئەمە سەرەتایە و هێشتا پرۆژەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل و غەرب و ڕوسیا و تورکیا هیچ دیار نییە ، دوای ئەوەش هێشتا دەستەی تەحریری شام جێ قوونی خۆیان لەسەر تەختی حوکمڕانی گەرم نەکردۆتەوە ، هێشتا هێزیان کۆ نەکردۆتەوە ، هێشتا پلانی تەواوی حوکمیان نەکێشاوە، هێشتا حکومەتیان تەشکیل نەکردووە، هێشتا کێشەکانی نێو خودی گروپەکانی ئەو هێزە قوڵنەبوەتەوە .
قسە و راگەیاندنەکانی ئەم ڕۆژانەی دەستەی تەحریر و ئەبو موحەمەد جۆلانی نابێت بە هییچ شێوەیەك جێگای متمانە و بڕوا بێت . ئەمانە هەموی قسە و هەڵوێستی هەموو هێزێکە کە هێشتا پرژ و بڵاون و دەسەڵاتیان لە دەستدا نییە، یاخود لاوازە و پێویستی بە ماوەیەك هەیە ، هێشتا جێی خۆی نەکردۆتەوە . تا ماوەیەکی دیکەش شتێکی ئاوا لە سیاسەتی ئەمان و شێوازی حوکمکردنیان ناڕووندەبێت. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە هەندێك لەم گروپانە پاشماوەی داعش و قاعیدەن یاخود لەوان هاتوونەتە دەرەوە، ناکۆکی گەورە لە نێوانیاندا هەیە و لە سەر دەسەڵاتیش ناکۆکییەکان گەورەتر دەبن هاوکاتیش تورکیا وەکو هێزێکی پشت و پەنا بۆیان دەمێنتەوە.
خاڵێکی دیکەش هەیە ئەویش بوونی بۆمبێکی ئامادەکراوی کاتییە لە ڕۆژئاوا کە بوونی کەمپی هۆڵە. وەکو دەزانین ئەم کەمپە کەسانێکی زۆری داعش یاخود سەر بە داعش لەوێن لەو بارەشدا باوەڕ ناکەم کە ئەبو موحەمەد جۆلانی دەستبەرداری ئەم کەمپە ببێت ئیتر بە ئاشتی بێت یا بە شەڕ، بۆیە گریمانی ئەوە هەیە هەسەدە ناچار بکات کە دەستبەرداری ئەو چەند هەزار کەسە لەوێ ببێت کە خودی ئەمەش مەترسییەکی دیکەیە کە ڕەنگە وەکو هێزێک بیانەوێت تۆڵەی خۆیان لە هەسەدە بسەنن.
لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوە ناکرێت وا بزانرێت کە ڕۆژئاوا و هێزەکانی مەترسییان لەسەر نییە و ئەگەر هەشبێت ئەوە ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەیان پارێزن. هەتا ئەردۆغان و حیزبی ئاکەپە لەسەر حوکم بن هەمیشە ئایندەی رۆژئاوا نادیار دەبێت هەرگیزیش ناتوانرێت پشت بە ئەمەریکا و غەرب بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ببەسترێت . بەرژەوندییەکانیان لە هاوپەیمانەکانیان گرنگتر و لەپێشترە.

زاهیر باهیر
08/12/2024




قەی رانی حکومەتەکانی ئەوروپا.. زاهیر باهیر

حکومەتەکانی ئەوروپا هەر لە ئەڵمانیاوە تاکو فەرەنسا ، بریتانیا ، پۆڵۆنیا ، هەنگاریا زۆری تریشیان لە قەیرانێکی سیاسی گەورەدا دەژین و ڕەنگیشی لەسەر بارودۆخی ئابووریشیان داوەتەوە، هەندێکیشیان قەیرانە ئابوورییەکە قەیرانی سیاسیشی بۆ دروست کردوون .
بەڕای من هەردوو قەیرانەکە، هەردوو پرسەکە واتە پرسی سیاسی و پرسی ئابووری تەواوکەری یەکدین و ئەمیان بەویانەوە بەستراوەتەوە و هیچ کام لەم دوو قەیرانە بێ ئەوی دیکەیان زەحمەتە بوونی هەبێت.
دەتوانم بڵێم لەم جارەدا قەیرانە سیاسییەکە قەیرانە ئابوورییەکەی خولقاندوە. ب قسەی من لەسەر قەیرانی ئابووریی تەواوی سیستەمەکە نییە ، بەڵکو ئەو قەیرانە ئابووریەیە کە لەسەر هاووڵاتیان و دانیشتوانیانەو باجەکەی دەدەن، لە کاتێکدا حکومەت یاخود حکومەتی جێگرەوە وەکو خۆی دەمێنتەوە کە دەکرێت کورد وتەنی بڵێین بۆ هاووڵاتیان هەمان تاس و هەمان حەمام دەبێت.

چۆن قەیرانە سیاسییەکە قەیرانە ئابوورییەکەی خوڵقاندوە؟

جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا لەلایەن ناتۆ و تەواوی وڵاتانی ئەوروپای سەر بە بلۆکی سەرمایەداری غەربی هەروەها زۆرێکیش لە ئابووریناسان و ڕۆشنبیرانی ڕؤژئاوا و کوردیش وا پێشبینییان دەکرد کە لە ماوەیەکی کەمدا ڕوسیا تێدەشکێ و مونافیسەکانی و دوژمنەکانی هەر لەو ماوە کەمەدا ئەوەی کەی دەیانخواست بەدەستیدەهێنن و ئەو کاتەش دەکەونە دابەشکردنی غەنیمەکە.
بەڵام جەرەیانی ڕووداوەکان تەواو تەواو پێچەوانەی خواستی ئەوان کەوتەوە تا ئەو رادەیەی کە لە هەفتەی پێشوودا زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ڕاگەیاندنێکیدا ، کە پێدەچێت ئەوە حەلی دۆناڵد ترامپ بێت ، دەریبڕی کە ئامادەیە بە کردنی گەورەترین سازش، ئەویش دەستبەردار بوونی بەشێك لە خاکی ئۆکرانیایە بۆ ڕوسیا بە شێوەیەکی کاتیی. سەبارەت بە بەشە داگیرکراوەکانی تری لە ئایندەدا لە ڕێگەی دیالۆگ و چالاکی دیبلۆماسیانەوە دەستیان دەکەوێتەوە بەڵام بەو مەرجەی کە لە ئێستادا ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆدا قەبوڵ بکرێت.

درێژەدانی ئەم جەنگە نەك هەر درزێکی گەورەی خستە ناو دەوڵەتانی ئەوروپا و کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتییەوە، بەڵکو ئەو قەیرانە ئابوورییەی ئێستاشی دروست کرد کە بووە هۆی دەرکردنی وەزیری دارایی ئەڵمانیا لە لایەن چانسڵەی ئەڵمانیاوە ، ئێستاش متمانە سەندنەوە لە میشێڵ بارنیەر (Michel Barnier ) سەرەک وەزیرانی فەرەنسا کە بە 331 دەنگ توانرا ناچاری دەست لە کار کێشانەوەی بکەن. ئەمەش دووەم جارە لە ساڵی 1962وە لە فەرەنسەدا ڕوودەدات لە دوای متمانە سەندنەوە لە حکومەتەکەی جۆرجس کۆمپیدۆ .

چۆن قەیرانە ئابورییەکەی فەرەنسا لەسەر دەستی قەیرانە سیاسسیەکەیدا ڕویدا و بۆچی قەیرانی ئابوورییە؟

دوای ئەوەی بە بڕیاری ئیمانوێڵ ماکرۆن هەڵبژاردنیێکی کتوپڕ لە حوزەیران دا کرا تاکو چی تر بیانویەك لە حوکمڕانییەکەیدا بۆ متمانە پێکردنی لە لایەن فەرەنسییەکان و بەرە و لایەنەکانی دیکەوە نەمێنێتەوە ، لەو هەڵبژاردنەدا هیچ حیزب و لایەنێك ئەوەندە دەنگیان نەهێنا تاکو حکومەت پێكبهێنن. دواتر هەرچۆن بوو میشێڵ بارنیەر کرا بە سەرۆك وەزیران . ئەمە لە کاتێکدا کە ئابوری وڵات بەرەو خراپتر دەڕۆیشت و دەبێت چارەسەرێك بکرێت .
بێ گومان چارەسەر لە لای حکومەتی لیبراڵ و نیولیبراڵ بۆ پڕ کردنەوەی بوجە و نەکردنی قەرزی دیکە تەنها دوو تا سێ چارەسەرە: زیادکردنی باج، کەمکردنەوەی مەسروفات لە خزمەتگوزارییەکانی وەکو بەشی تەندروستی و خوێندن و پارکەکان ، بەشی هاتوچۆ و بەشی خانوو بەرە و دەستە و دایەرەکانی دەوڵەتیی، هەروەها کەمکردنەوەی یاخود بڕینی بیمەکان . هەر هەموو ئەمانەش لەسەر کرێکاران و هەژاران و خەڵکە ئاساییەکە دەکەوێت نەك دەوڵەمەندەکان و چینی باڵادەست .

لەم بارەدا میشێڵ بارنیەر بۆ پڕکەکردنەوەی 60 ملیار یورۆ ، بە پشتی بڕگەی 49.3 لە دەستوری فەرەنسەدا دەتوانێت ئەوانەی سەرەوە بکات بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەڕلەمان . هاوکاتیش دەستور ماف دەدات بە پەڕلەمان کە ئەگەر ڕازی نەبوون ئەوە دەتوانن متمانە لە سەرەکوەزیران و حکومەتەکەی بسەننەوە. ئەم بڕیارەی سەرەك وەزیران و کاردانەوەی پەڕلەمان بووە هۆی دەستکێشانەوەی خۆی و حەلبوونی حکومەتەکەی.
زۆرێك لە ئابووریناسان و سیاسییەکان قسەیان لەسەر ئەوە کردوە کە لە ئەمساڵدا فەرەنسا سەقامگیر نەبووە. ئێستاش دەڵێن ماوەیەکی دیکەی دەوێت تاکو ئەو سەقامگیرییە خۆی دەسەپێنێت.

باری ئابووری بریتانیا لە فەرەنسە باشتر نییە و ئەمانیش وەکو پێشتر باسم کردوە کە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی کە لە موچەدا هەبوو کاتێک کە حیزبی کرێکاران هاتە سەر حوکم هاتن چەند ڕیفۆرمێکیان کرد و بە تەماشن لە ساڵی ئایندەدا زیاتر بکەن. ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵ لە هەژاریدا دەژی و نزیکەی 11 ملیۆن کەسیش هەر لە هەژاریدا دەژین کە زۆرێکیان ئییشیش دەکەن، خزمەتگوزارییەکان لە کەمبوونەوەدان و نرخی وزە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 9 سەرکەوتووە. هەڵئاوسانی پارە دابەزی بەڵام لە مانگی ڕابوردووەوە سەرکەوتەوە ، ڕێژی سوو تا ئێستاش هەر زۆر بەرزە کە کارایی خۆی لەسەر وەبەرهێنان و هەژراکردنی زیاتری خەڵك لە دانەوەی سلفەی عەقار و بەرزبوونەوەی کرێ و قەرزی سەیارە و پێویستی ماڵ داناوە . بەڵام لەبەر ئەوە حیزبی حوکمڕان هێشتا لە مانگی هەنگوینیدایە زۆر کەمتر میدیا و نقابە لێی دەخوێنن. هاوکاتیش حکومەت خۆی پابەندی هاوکاری دارایی ئۆکرانیا بە بڕی 3 ملیار پاوەندساڵانە تا ساڵی 2030 کرد.

بار و دۆخی ئابووری پۆلۆنیاش لەمانی دیکە باشتر نییە ئەمە جگە ناڕەزایەتی خەڵکەکەی بە هۆی ئەوەوە. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی مافی ژنان لە دەرهێنانی کۆرپەلەدا گرفتێکی سیاسی گەورەیە بۆ دەسەڵات . هەنگاریا ، گەر چی ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی دڵی بۆ روسیا دەسوتێ و نزیکە لە ڕوسیاوە ئەمەش سەریەشەیەکی دیکەیە بۆ یەکێتی ئەوروپا.

ئەم بارودۆخە ئابوری و سیاسییە لە ئەوروپادا لەوە ناکات کە بەرە و باشی بڕوات بە هاتنی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ کە لە شەڕی باج و مامەڵەی بازرگانییدایە لە گەڵ تەواوی ئەورپا و چین و کەنەدا و مەکسیکۆ و هەروەها وڵاتانی بریکس(BRICS ) کە 38 کە وڵاتگەرلێکی زۆرن. ترامپ بڕیارە لە یەکەم ڕۆژی حوکمکردنیا لە سەدا 25 گومرگ لەسەر مامەڵەی بازرگانی لەسەر مەکسیکۆ و کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپی دابنێت و لەسەر چین بە لە سەدا 10 زیاتر و لەسەر وڵاتانی بریکس لە سەدا 100 تاکو دراوی بریکس جێ بە دۆلار شلۆق نەکات . هەموو ئەمانە هێمای خراپتربوونی ئابووری ئەوروپا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەیە .

لە لایەکی دیکەوە بوونی شەڕی ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان و ئێران و ئێستاش کە ئەم بارودۆخە تازەیە لە سوریا خولقاوە و لەوە دەکات کە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوینی تێوە بگلێ، ئابووری چەند وڵاتێك تا ڕادەیەك بەرەو داڕمان دەبات و هێشتاش نازانین چی دەبێت .
هەموو ئەمانە قەیرانە ئابوورییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپی و هەندێك لە وڵاتانی دیکە قوڵتر دەکاتەوە، ئەم قەیرانەش ئەم حکومەتانە بەرەو قەیرانی سیاسی گەورە دەبات .

زاهیر باهیر
07/12/2024




توێژینەوەیەك بۆ کۆنفرانسی لوتکەی 29 بۆ پرسی ژینگە.. زاهیر باهیر

لە ڕۆژی دوو شەمەوە ، 11/11/2024 کۆبونەوەی ساڵانەی چاکسازی ژینگە بۆ دوو هەفتە دەستی پێکردووە. نزیکەی 60 هەزار کەس لە نوێنەرانی دەوڵەت و بڕیاردەرانی سیاسی و وەربەهێنەرانی سەرمایە و ( سەرمایەدادار) و لۆبی چی و کەمپەینکارانی هەندێك لە دەوڵەتەکان لە 200 دەوڵەتەوە لە ئاستی نوێنەرایەتی جییاوازاد بەشداری دەکەن.
تا ئیستا ئەو کۆبونەوانەی کە کراون نەتوانراوە بە کۆی گشتی بگەنە چارەسەرێکی بنەبڕیی لە کێشەی ژینگەدا ، کەش و هەوادا. لەم وتارەدا پەنجە بۆ هەندێك لە کارەساتە سروشتییەاکان بە هۆی تێکچوونی ئاو و هەواوە و هۆکارەکانی و دوای ئەوە تا ئێستا چی کراوە و چی دەبێت بکرێت ڕادەکێشم. هەروەها ئەو پرسەش دەخەمە ڕوو کە ئایا ئەم کۆبوونەوانە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە بەرهەمدەهێنن و دەتوانن چارەسەری گرفتی ژینگە و ژیان بکەن، هاوکاتیش وەڵامەکەی بەجێدەهێڵم بۆ خودی خوێنەر خۆی.

ئەمانە هەندێك نموونەن کە وەکو بەڵگەیەك دەیخەمە بەردەم خوێنەر. لە ماوەی 30 ساڵەی دروستبوونی ئەم کۆنفرانسەدا وڵاتانی وەک چین، هیندستان و کۆریای باشوور بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش هێزی ئابووری خۆیان زیاد کردووە – ئەمەش یانی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ، کە بە گازی ژەهراوی پێناسە کراوە.

بڕینەوەی دارستانەکان کە ڕۆڵی کاریگەری هەیە لەسەر پاککردنەوەی ژینگە سەرەڕای پەیماندانی 140 وڵات بۆ کۆتاییهێنان بە لەناوچوون و بڕینەوەیان، مانگێک لەمەوبەر ڕاپۆرتێکی جیهانی دەریخست کە خواست لەسەر گۆشتی مانگا و سۆیا و زەیتی خورما و نیکل ئەوەندە زۆرە ڕێگری لە هەوڵەکانی وەستاندنی بڕینەوەی دارستانەکان و وێرانکردنیان دەکات.

شیکارییەك دەریدەخات لە ساڵی 2023 دا لەناوچوونی دارستانەکانی جیهان زیادیکردووە، و زیاترە لەو کاتەی کە 140 وڵات سێ ساڵ لەمەوبەر بەڵێنیان دابوو تا کۆتایی ئەم دەیە، واتە تا ساڵی 2030 ، دەبوایە بڕینی دارستانەکان ڕابگیرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی 6.4 ملیۆن هێکتار (16 ملیۆن دۆنم) دارستان لە ساڵی 2023 دا تێکدراوە. تەنانەت دارستانی زیاتریش بە بڕی 62.6ملیۆن هێکتار وێرانکراوە بەهۆی دروستکردنی ڕێگاوبان و داربڕین و ئاگرکەوتنەوە کە زیانی گەورەی لە دارستانەکان داوە.

لە لوتکەی کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکان Cop26 ( کۆنفرانسی 26 )لە ساڵی 2021 بەگشتی هەموان ڕازیبوون کە بڕینەوەی دارستانەکان تا ساڵی 2030 ڕابگیرێت. لە ڕاگەیاندنێکدا لە هەڵسەنگاندنی دارستانەکان ئەمساڵ لەلایەن هاوپەیمانی توێژینەوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە بڵاوکرایەوە، لەو ڕاگەیاندنەدا پێشکەوتنەکانی بەرەو ئەو ئامانجە خستە ڕوو. لەوێدا بە بەکارهێنانی هێڵی بنەڕەتی تێکڕای دارستانبڕین لە نێوان ساڵانی 2018 و 2020 ، بۆی دەرکەوت کە پێشکەوتن بە شێوەیەکی بەرچاو نەڕۆیشتۆتە پێشەوە سەبارەت بە بڕینی دارستان، لە ساڵی 2023 دا نزیکەی 50% زیاتربووە .

لە لایەکی دیکەشەوە هیچ نیشانەیەك نییە بۆ وازهێنان لە سووتەمەنی بەردینی بەڵێندراو بەجێگرتنەوەی کەرەسە پاکەکان، چونکە دەردانی گازی ژەهراوی پلەیەکی بەرزی نوێی تۆمارکردووە سەرەڕای بەڵێنەکانی کۆنفرانسی Cop28 ی ساڵێک لەمەوبەردا. بە پێچەوانەوە سووتانی خەڵوز و نەوت و گاز لە ساڵی 2024دا بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوەدا.

لە کۆنفرانسی Cop28 ساڵی 2023 لە دوبەی ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ” تێپەڕینی قۆناخی سووتەمینی خەڵووزی بەردینی ” کرا، بڕیارێکی ئەوەندە گرنگ بوو کە ستایشی کرا بەو پێیەی هیچ کام لە 27 لوتکەی پێشوو داوای سنووردارکردنی هۆکاری سەرەکی گەرمبوونی جیهانیان نەکردبوو.

ئەمانە و زۆری تر بەڵگەی ئەوەن کە بڕی کارەکان بەو شێوەیەی کە زەروورە جێ بەجێبکرێت ناکرێت بۆیە گردبووانی ئەم کۆنفراسە و حکومەتەکانیان دەکەونە بەر ڕەخنەی جددی شارەزایان و چالاکوانانی ژینگە و ئەوانەی دیکە کە بە تەنگ ژینگەوە دێن .

ئەم هەڵوێستەی ئەوان و زۆری تر جێگای سەرسوڕمان نییە لە کاتێکیشدا ئەوانەی کە پشکی گەورەی ژینگە پیسکردنیان دەکەوێتە ئەستو، ئەوانەی کە تا ئێستاش مۆڵەتی هەڵکۆڵینی زەوی دەدەن بۆ دۆزینەوەی غاز و نەوت ، ئەوانەی کە بارەگاو بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکانی نەوتیان لێیە، ئەوە ئەوانن کە قسە لەسەر کێشەی ژینگە دەکەن و بڕیارە گرنگەکان دەدەن تاکو بۆ دانیشتوان زیانبەخش نەبێت .
ئەمەش تەواو وەکو ئەوە وایە کە لە وڵاتێکدا کە حکومەتەکەی سەرکوتی هاووڵاتیانیی زۆر دڕندانە دەکات قسە لەسەر ئازادی ڕا و بۆچوون بکات و کۆنفراسنی مافی مرۆڤ لەوێ بگێڕێت و بەرنامەی بۆ دابنرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت ، یا کۆنفرانسی خەڵکە هەرە زەنگینەکە بێت و قسە لەسەر زكبرسیان بکات.

شاری باکۆ، پایتەختی ئازەربایجانە، خانەخوێی ئەمجارەی ئەم کۆبوونەوە گەورەیەیە، خۆی خاوەنی سامانێکی زۆری غاز و نەوتە بەو ڕادەیەی کە لە سەدا 90ی هەناردەی داهاتی بۆ دەرەوە سامانی وزەیە ، تەنانەت ئیسرائیل لە سەدا 40 پێداویستی وزەی لەوێ دەکڕێت لە بەرانبەر فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان ، چالاکوانی ژینگە و هەر کەس و لایەنێکی دیکە کە دژ بە دەسەڵاتی ئازەربایجان بن ، بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ دژ بە ئەرمەنییەکان و داگیرکردنی خاکیان و بەدیلگرتنی هاووڵاتانیان . ئیسرائیلیش ئەو وزەیەی کە لەوێ دەیکڕێ لە ئێستادا بۆ بەردەوامیدانی شەڕە نەگریسیەکەیەتی دژ بە فەلەستینییەکان و خەڵکی لوبنان. ئەمە نەك هەر ئیسرائیل بەڵکو هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا سووتەمەنی بەردینی لە ئازەربایجان دەکڕن و بڕیاریشە کە بڕی ئەم هاوردەیە لە ساڵی 2027 دا دووقات بکەنەوە.
ئەوەشی کە دەبێتە مایەی دڵگرانی و تووڕەبوون ئەوەیە کە سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئەلییڤ (Ilham Aliyev ) خۆی و خێزانەکەی ملیارەها دۆلاریان لە سەروەت و سامانی سروشتی وڵاتەکە بەدەستهێناوە، منەت نە لە سروشت و نە لە کەس دەزانێت بە بەشداربووانی کۆنفراسەکەی وت “نەوت و غازی ئازەربایجانی دیارییە لای خوداوە” و ڕوونیکردەوە کە دەرهێنانی نەوت بەردەوام دەبێت. لە چالاکییەکەدا وتی: “وەک سەرۆکی Cop29 ( کۆنفرانسی 29)، بێگومان ئێمە داکۆکیکارێکی بەهێز دەبین بۆ گواستنەوەمان لە سووتەمەنەی بەردینی بەرەو ژینگەی پاك و سەوز، ئێمە ئەوە دەکەین.” …“بەڵام لە هەمان کاتدا، دەبێت واقیعبین بین”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “نابێت وڵاتان تاوانبار بکرێن [بەهۆی ئەوەی نەوت و غازیان هەیە] و نابێت تاوانبار بکرێن بۆ هێنانی ئەو سەرچاوانەی بۆ بازاڕ، چونکە بازاڕ پێویستی پێیەتی. خەڵک پێویستی پێیان هەیە”، ڕاگەیاندنەکەی بۆ بەشداربووانی کۆنفرانسەکە پەیامێکی زۆر ڕوون و ئاشکرابوو.

دەی لە دەوڵەێکی ئاوادا کە خانەخوێی نوێنەرانی ئەو هەموو وڵاتانەیە و بەو پاشخانە پیسەوە سەبارەت بە ژینگە و مافی مرۆڤ گرانە کارێکی زۆر باشی لێ سەوز ببێت. ناکرێت تۆ بانگەشەی ژینگەپارێزی بکەیت بەڵام هاوکاتیش دانیشتوانت لە کارەساتدا بن کە پرسی ژینگە واتە دادپەروەری و سەلامەتی ئازادیی هەموانە. جگە لەوەی کە سەرۆك خۆی هیچ پلانێکی نییە بۆ کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن . لەمەش سەیرتر لە کاتێکدا کە ئەم کۆبونەوەیە بۆ کێشەی ژینگەیە لە ئازەربایجان کەچی سنوری زەمینی و ئاوی بۆ ڕێگرتن لە هاتنی دۆستانی ژینگە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەم کاتەدا لەوێ داخراوە. تاکە ڕێگایەك بۆ ئەوەی بەشداربووان بگەنە کۆنفرانسەکە ڕێگەی ئاسمانییە ، کە خودی ئەمەش پیسکردنی زیاتری ژینگەیە .
جگە لەو زانیاریانەی سەرەوە بەپێی ئەو زانیاریانەی کە هاوپەیمانی چالاکوانانی Kick Big Polluters Out شیکارییان کردووە، لانیکەم 1773 لۆبی چی خەڵوز و نەوت و گاز ڕێگەیان پێدراوە بچنە ناو ئەم گردبوونەوەیەوە.

لەم ڕۆژانەدا گروپێك لە شارەزایان و پسپۆڕانی ژینگە نامەیەکیان ئاڕاستەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ، لەو گروپەدا کەسە ناودارەکانیان بریتین لە بان کی مون سکرتێری گشتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و ماری ڕۆبنسن سەرۆکی پێشووی ئیرلەندا و کریستیانا فیگێرس بەرپرسی پێشووی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان و زانای ناوداری کەشوهەوا یۆهان ڕۆکسترۆم. لە نامەکەیاندا ئەوان ڕاشکاوانە وتویانە ” سیاسەتی کۆبونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چی تر لەگەڵ ئامانجەکاندا ناگونجێن . پێویستمان بە گۆڕانکارییە کە لە دانوستانەوە بمانبات بۆ جێبەجێکردن “

ئەفریقا 40%ی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوەی جیهانی لەبەردەستدایە بەڵام تەنها 2%ی وەبەرهێنانە جیهانییەکانی بۆ خۆی ڕادەکێشێت. بەهۆی ئەوەی 20 لە کۆی 38 وڵاتی ئەفریقا کەمداهاتن و قەرزاری زۆرن و سوویەکی زۆر کەوتۆتە سەر قەرزەکانیان کە دەبێت ساڵانە بە قیست بیدەنەوە.

بۆچی پرسی ژینگە گرنگە و دەبێت بکرێتە خالی سەرەکیی؟

پێموایە ڕوونکردنەوە و بەڵگەی زۆری ناوێت بۆ فەرامۆش نەکردنی ژینگە و دەرککردن بە کارایی باش و خراپی لەسەر ژیانی تاکەکان و خودی کۆمەڵگەکان. ژیان و ژنگە دوو جەمسەری بەیەکەوە بەستراون و هەرگیز لە یەك دانابڕێن. خراپبوونی ژینگە یا وێرانکردنی ژینگە بە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانەوە، ژیان بێ پاراستنی ژینگە بوونی نابێت، کە لە کاتێکیشدا تێکدانی دەستکردی مرۆڤە، هەر ئاواش دەکرێت کە خودی مرۆڤ چاکسازی تێدا بکات.
گەر تەماشای هەر ئەم یەك دوو ساڵە بکەین بە ڕوونی و ئاشکرا خراپبوونی ژینگە و کاردانەوەی لەسەر وڵاتان و کۆمەڵگەکانی زۆر خراپ کەوتۆتەوە.
هەندێك لە گەلانی ئەفریقا بەهۆی کارەساتی خراپی کەش و هەواوە تا 5%ی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان لەدەست دەدەن، لەکاتێکدا هەندێکیان تا 9%ی بودجەی نیشتمانی خۆیان بۆ ئەوەی بەسەر دەرئەنجامەکانیدا زاڵ بن دەخەنە لاوە.
دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی مەزەندە دەکات کە ئەفریقای باشووری بیابانەکان تەنها لە ماوەی دەیەی داهاتوودا ساڵانە پێویستی بە 30 -50 ملیار دۆلار دەبێت تەنها بۆ دابینکردنی تێچووی پاراستنی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ڕووبەڕووی کارەساتی بێ وێنەی پەیوەستبوو بە کەش وهەوا دەبنەوە. ئاشکراشە ناتوانرێت هەژاری کەم بکرێتەوە، برسێتی نەهێڵرێت و کۆمەڵگەیەکی ئاوەدان و خۆڕاگر بنیات بنرێت بەبێ چارەسەرکردنی کەش وهەوا.

ڕاپۆرتێکی مانگی پێشوو سەبارەت بە بەکارهێنانی زۆپا و ئامرازەکانی دیکەی غاز دەریخستووە کە ساڵانە 40 هەزار ئەوروپی دەکوژێت توێژینەوەکە دەڵێت ئەو گازە زیانبەخشانەی پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکانەوە هەیە، نزیکەی دوو ساڵ لە ژیانی مرۆڤ کەم دەکەنەوە. لە هەر سێ ماڵێک لە یەکێتی ئەوروپا، یەک ماڵ بە غاز خواردن دروست دەکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە 54%ی ماڵەکانی بەریتانیا و زیاتر لە 60% لە ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ڕۆمانیا و هەنگاریا غاز بەکاردهێنن. ئەمەش دەبێتە هۆی دەردانی مادەی زیانبەخش کە بۆری هەوا هەو پێدەکات.

لافاوەکەی مەغریب کە لە مانگی ڕابردوودا بوو 18 کەس گیانیان لەدەستدا و کاریگەرییەکانی لافاوەکە ئەو ناوچانەی زیاتر گرتەوە کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە زیانیان بەرکەوتبوو.
هەر دوو هەفتە لەمەوبەر بوو کە کە لە ڤالانسیا لە ئیسپانیا بە هۆی لافاوەوە 220 کەس گیانیان لە دەست دا و 80 کەسیش هێشتا چارەنوسیان نەزانراوە. دوای ئەوەش چەشنی هەمان لافاو مەلەگا-شی هەر لە ئیسپانیا گرتەوە و زەرەری شمەك و کاڵای زۆری بووە.

لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە باغلان لە ئەفغانستان لانیکەم 315 کەس بوونە قوربانی و زیاتر لە دوو هەزار ماڵیش وێران بوون. نزیکەی هەزار و 600 کەس بریندار بوون و سەدان کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون. هەروەها لافاوێکی خێرا لە پارێزگاکانی دیکە لە سەرانسەری ئەفغانستان وێرانکارییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لانیکەم 50 کەس لەو لافاوەدا گیانیان لەدەستدا. ئەفغانستان هەمیشە تووشی کارەساتی سروشتی بووە. لە نێوان وڵاتانی کەمداهاتدا، بە پێی یەکێک لە ڕاپۆرتەکان، لە ڕووی ژمارەی مردن بەهۆی ئەوانەوە لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 2015 ئەفغانستان پلەی دووەمی لە نێو ئەو وڵاتانەدا بەدەستهێناوە. بێ گومان لە ئەفغانستاندا هەر کارەساتی سروشتی یەخەی نەگرتوون بەڵکو مێژووی درێژی شەڕی چەکداری وڵاتەکە دۆخەکەی ئەوەندەی تر خراپتر کردووە.

لەم ساڵانەی دواییدا بەرزبوونەوەی چڕبوونەوەی زریانی زۆر گەورەمان دیوە کە زیاتر وێرانکاری بەدواوە بووە، وەکو زریانی وێرانکەری وەک ‘هێلین’ . بۆچی؟ چونکە دەردانی گازی گەرمخانەیی زەریاکە گەرم دەکات. خەمڵاندنێکی سەرەتایی ئەوەیە کە گەرمبوونی جیهانی بووەتە هۆی بارانبارینی 50% زیاتر لە کاتی زریانی ‘هێلین’ لە بەشێک لە جۆرجیا و باشوور و کارۆلینای باکوور لە ئەمەریکا. هەروەها ڕەنگە کاریگەری زریانەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەویەوە خراپتر بووبێت، چونکە هەڵمبوونی دەرئەنجامی ئەوە ڕێگەی بە زریانەکە داوە بۆ ماوەیەکی زیاتر و زیاتر بەهێز بێت. بەڵام زۆربەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان – و زۆربەی وەڵامە سیاسییەکان – ئەم کارەساتەیان وەک ئەوەی شتێکی هەڕەمەکی سروشت بێت، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کەشوهەوای توند لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا 2 ملیار دۆلاری لەسەر ئاستی جیهان تێچووە. ئەمریکا زۆرترین زیانی ئابووریی بەرکەوتووە، ڕاپۆرتەکەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی دەریخستووە، دوای ئەویش چین و هیندستان دێن.
شیکارییەکانی 4000 ڕووداو و کارەساتی توندی پەیوەست بە کەش وهەوا، لە لافاوێکی خێرا کە ماڵەکان لە چرکەیەکدا دەشواتەوە تا وشکەساڵی سووتانی هێواش کە بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر کێڵگەکان تێکدەدات، دەرکەوتووە کە زیانە ئابوورییەکان تەنها لە دوو ساڵی ڕابردوودا 451 ملیار دۆلار بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕەوتێکی وردە وردە بەرزبوونەوەی تێچووی ڕووداوە توندەکانی کەش و هەوا لە نێوان ساڵانی 2014 و 2023دا دەرکەوتووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی لە ساڵی 2017 کاتێک وەرزێکی چالاکانەی زریانەکان ئەمریکای باکووری گرتەوە. ئەمەریکا زۆرترین زیانی ئابووری له ماوه ی 10 ساڵدا بەرکەوتووه ، ئەم زیانە به 935 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، چین به 268 ملیار دۆلار و هیندستان به 112 ملیار دۆلار. هەریەک لە ئەڵمانیا و ئوسترالیا و فەرەنسا و بەرازیل لە ڕیزبەندی 10 باشترینەکاندا بوون.

توێژینەوەیەک لە مانگی ڕابردوودا دەریخستووە، تێکچوونی کەش و هەوا هۆکاری زیاتر لە نیوەی ئەو هەزاران کەسە بووە کە بەهۆی گەرماوە لە هاوینی سووتێنەری ئەوروپادا لە ساڵی 2022دا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ئەگەری ئاستی زۆری بارانبارینی دوو هێندە زیاد کردووە کە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا ناوەڕاستی ئەوروپای گرتەوە.
حیسابکردنی دەردانی گازی ژەهراوی ساڵی 2024 لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەی کە تا مانگی تشرینی یەکەم بەردەستە و خەمڵاندنەکانی مانگەکانی کۆتایی ساڵ، کە لە ڕابردوودا ورد بوون. زیاتر لە 37 ملیار تەن گازی ژەهراوی لە ساڵی 2024 دا دەردەدرێت کە دەکاتە نزیکەی 4 ملیۆن تەن لە خولەکێکدا. دەردانی گازی ژەهراوی ساڵانە بە ڕێژەی زیادبوونی 2.4%، سەردەکەوێت ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی لە چین و شوێنەکانی دیکە. سووتانی نەوت بەڕێژەی 0.9% زیادیکردووە، بەتایبەتی بەهۆی گەشتە نێودەوڵەتییەکانەوە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دەردانی خەڵوز بە ڕێژەی 0.2% بەرزبێتەوە.

زۆربەی دەردانی گازی ژەهراوی لە دارستانبڕین لە بەرازیل و ئەندەنوسیا و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆوە دێت. پڕۆفیسۆر جولیا پۆنگراتز، لە زانکۆی میونشنی ئەڵمانیا دەڵێت: “بەشێکی زۆری ئەم دەردانی گازی ژەهراوییانە لە ئەنجامی هەناردەکردنی کاڵاکانەوە بۆ باکووری جیهانییە، بۆ نموونە فاسۆلیای سۆیا لە ئەمریکای باشوورەوە دەچێتە چین و ئەوروپا”. ئاوا پێشبینی دەکرێت کە ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی لە هەردوو سووتەمەنی بەردینی و دارستانبڕین لە ساڵی 2024 دەگاتە بەرزترین ئاستی.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای هاتووچۆ و ژینگە کە ڕێکخراوێکی هەڵمەتی گواستنەوەی پاکی ئەوروپییە، فڕۆکە تایبەتەکان تا 14 هێندە پیسکەرترن، بۆ هەر سەرنشینێك، لە فڕۆکە بازرگانییەکان و 50 هێندەی شەمەندەفەرەکان پیسکەرترن.

ڕۆماین یۆئالێن، لە ڕێکخراوی گۆڕینی نەوتی نێودەوڵەتی، وتی” لە Cop28، هەموو وڵاتان بەڵێنیان دا کە لە سووتەمەنی بەردینی تێپەرن بەرەوە ئامرازە پاکەکان ملبنێن، بەڵام لەسەر زەوی واقیع ئێمە شایەتحاڵی پێچەوانە بووین: پڕۆژەی نوێی نەوت و گاز لە سەرانسەری جیهان پەسەند دەکرێن، بە سەرپێچییەکی تەواو وە لە زانستی کەش وهەوا” وتیشی ” لە کۆنفرانسی29 (Cop29) ، پێویستە ببینین وڵاتان بە [بەڵێننامە] دێنە سەر مێزەکە کە کۆتایی بە فراوانبوونی سووتەمەنی بەردینی بهێنن و وزەی نوێبووەوە خێراتر بکەن… خانەخۆی ئێستای بەرنامەی Cop29، ئازەربایجان، پلانی هەیە لە دەیەی داهاتوودا فراوانکردنی گەورەی بەرهەمهێنانی غاز بکات”.

داتا نوێیەکان کە لە کۆنفرانسی کەش وهەوای ئەمجارەی ( Cop29) نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئازەربایجان بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی دەردانی گەرمکردنی هەسارەکان لە خەڵووز و نەوت و گاز لە ساڵی 2024 بە ڕێژەی 0.8% بەرز دەبێتەوە جیهان بۆ ئەوەی هەر چانسێکی هەبێت بۆ پابەندبوون بە ئامانجی پلەی گەرمی 1.5سەدی و سنووردارکردنی زیادتر کاریگەرییە دراماتیکییەکانی کەشوهەوا لەسەر خەڵک لە سەرانسەری جیهان.

لە لایەکی ترەوە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دەردانی سووتەمەنی بەردینی لە ساڵی 2024 نزیکەی 8% زیاتر بێت بە بەراورد بە ساڵی 2015 کە ئەو ساڵەی ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس واژۆکرا.

تا ئێستا چی کراوە و چی دەکرێت:

بە گەڕان بە دوای زانیارییەکان و چاودێریکردنی دەوڵەتەکان لە هەڵوێستیاندا بەرانبەر بە چارەسەری ژینگە دەکرێت هەندێك لە بەرنامەی چاکسازی ببینین.
سەرۆکی بەرازیل و سەرۆکی کۆڵۆمبیا ، ئەوان مەیلی خۆیان لە کەمکردنەوەی بڕینی دارستانەکان نیشان داوە. بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی سەرچاوە جیهانییەکان، لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2023، بەرازیل بە ڕێژەی 36% و کۆڵۆمبیا بە ڕێژەی 49% کەمکردنەوەی بڕینی دارستانەکانی بەخۆیەوە بینیوە. هەردووکیان پابەندن بە بە وەستانی بڕینەوەی دارستانەکان تا ساڵی 2030. ئەم دوو سەرۆکە لە ژێر کاریگەری وەزیرە ژینگە دۆستەکانیان دابوون وەکو : مارینا سیلڤا لە بەرازیل و سوزانا محەمەد لە کۆڵۆمبیا.

سەرەکوەزیرانی بریتانیا، کیری ستارمەر ڕۆژی سێشەممە، 12ای مانگ سەبارەت بە کەش و هەوا ڕایگەیاند کە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو ئامۆژگارییانەی کە لەلایەن زاناکان و ڕاوێژکارە سەربەخۆکانیەوە بە حکومەت دەدرێت. ئەو وتی بریتانیا بەڵێن دەدات ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە ڕێژەی 81% کەم بکاتەوە بە بەراورد بە ئاستی ساڵی 1990 تا ساڵی 2035. هەروەها باجی خستۆتە سەر فڕؤکەی جێتی کەسیی کە دەوڵەمەندەکان بۆ گەشت و کاریان بەکاریدەهێنن.

بڕیاریشە ئۆکسفام ڕاپۆرتێک بڵاوبکاتەوە کە پێشنیاری ئەوە دەکات زۆرینەی خەڵکی بەریتانیا پشتگیری لە باجی زیاتر دەکەن لەسەر فڕۆکە تایبەتەکان و سوپەر یەختەکان بۆ یارمەتیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەش و هەوا. هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەم ڕاپرسییە کە لەلایەن YouGov ەوە ئەنجامدراوە، پشتگیرییەکی بەهێزی گشتی نیشان بدات بۆ زیادکردنی باج لەسەر دەوڵەمەندترین کەسانی بەریتانیا بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها زیادکردنی باج لەسەر ئەو بازرگانیانەی لەو کەرتانەی زۆرترین دەردانی گازی ژەهراوی بەرهەمدەهێنن.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، لە ساڵی 2021 دا نزیکەی 89.6 ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو دابین کراوە. بەڵام دارایی جیهانی کەش و هەوا بە شێوەیەکی ناڕێژەیی سەرنجی لەسەر کەمکردنەوە دەمێنێتەوە. نزیکەی 90%ی دارایی کەش و هەوا بەرەو کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی دەڕوات نەک پشتگیریکردنی

یەکێتی ئەوروپا ڕێسایەکی گەورەی پێشنیار کردووە کە فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە قەدەغە دەکات کە پەیوەندییان بە بڕینەوەی دارستانەکانەوە هەیە، وەک قاوە، شوکولاتە، چەرم و مۆبیلیات. بەڵام لە 3ی تشرینی یەکەمدا کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری دواخستنی ساڵێکی کرد “بۆ قۆناغ بە قۆناغی سیستەمەکە” دوای ناڕەزایەتی وڵاتانی وەک ئوسترالیا، بەرازیل، ئەندەنوسیا و کەناری عاج. هەر ئەو سەرچاوەیە وتی: “ئەم پاڵنەرە تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی فشارە سیاسییەکانەوەیە، و ئەوە شەرمەزارییە کە ئێمە ناتوانین پشت بە هەوڵە خۆبەخشییەکان ببەستین – ئەوان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی زۆر کەمیان بەدەستهێناوە.”

لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا لەوە دەکات ئەوەی کە کراوە هاتنە سەرحوکمی ترامپ ئەو لایەنە باشانە بسڕێتەوە . ئەو بەڵێنی داوە کە کەرتی وزە ڕێکبخات و ڕێگە بە پیشەسازی نەوت و گاز بدات و ئەمریکا لە ڕێککەوتنی کەش وهەوای پاریس بهێنێتە دەرەوە، کە لەو پەیمانەدا وڵاتان پابەندکرابوون هەنگاو بنێن بۆ دوورکەوتنەوە لە خراپترین کاریگەرییەکانی قەیرانەکە. بەڵام لەکاتێکدا ترەمپ هەوڵدەدات پێشکەوتنەکان پێچەوانە بکاتەوە. ” سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی جیهان ڕۆژی چوارشەممە وتی: ئێمە زێڕی شلمان لە هەموو وڵاتێکی جیهان زیاترە.”

شارەزایان دەڵێن خولی دووەمی ترەمپ دەتوانێت وێرانکەرتر بێت، چونکە لەلایەن دەسەڵاتێکی دادوەری کۆنەپەرستەوە یارمەتی دەدرێت و چەکدار دەکرێت بە نەخشەی وردی سیاسەتی وەک بەڵگەنامەی پڕۆژەی 2025 کە لەلایەن دامەزراوەی میراتی ڕاستڕەوەوە بڵاوکراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی داهاتووی ترەمپ لە ئێستاوە فەرمانی جێبەجێکردن دادەڕێژێت بۆ سڕینەوەی سیاسەتەکانی کەش و هەوا و کردنەوەی زەوییە پارێزراوەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز.
شیکارییەکی مانگی حوزەیران هۆشداریدا لەوەی کە پاشەکشەی داهاتووی ترەمپ دەتوانێت تا ساڵی 2030 4 ملیار تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن زیاد بکات بۆ بەرگەهەواوە کاتێک بەراورد دەکرێت لەگەڵ بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی بایدن. ئەوە “دەبێتە سزای لەسێدارەدان بۆ هەسارەکەمان”، جەیمی میندێن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاتژمێری سفر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە باکۆ لە ڕۆژی دووشەممەدا، 11ی مانگ ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو یاریزانی گەورەی ناو ڕینگەکە ئەمریکا و چینن و چینیش تازە گەرەنتی وەرگرتووە کە سەرۆکی ئەمریکا بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو گۆڕانی کەش و هەوا لەگەڵ خۆیان ناهێنێتە ئاراوە و ئەوەش مانای شتێکە و لەسەر چین ئاسانتری دەکات، کە ئەوەش ناتوانێت یارمەتی نەدات و هەندێک کاریگەری نەبێت.”

سوید باج لەسەر فڕین کەمدەکاتەوە سەرەڕای ئەوەی دان بەوەدا دەنێت کە دەردانی گازی ژەهراوی زیاد دەکات ئەم بابەتە زیاتر لە 1 مانگە کەمپەینکاران ڕەخنە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی باج دەگرن کە لە ساڵی 2018 دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە لەنێو بەرزبوونەوەی بزووتنەوەی ‘شەرمەزاری فڕین’.
باجی فڕین کە ئامانجی کەمکردنەوەی پیسبوونی فڕۆکەوانییە، لە ساڵی 2018 دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بزووتنەوەی “شەرمەزاری فڕین” (flygskam) کە لەلایەن گرێتا تونبێرگەوە ناوبانگی دەرکرد. بەڵام لە بودجەی ساڵی داهاتوودا کە چەند ڕۆژێک لەمەبەر پێشکەش کرا، هاوپەیمانی ڕاستڕەوی میانڕەو کە پشت بە پشتیوانیی دیموکراتەکانی ڕاستڕەوی توندڕەوی سوید دەبەستێت، ڕایگەیاندووە کە لە 1ی تەمموزی 2025 وە باجەکە چیتر جێبەجێ نابێت. پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە نرخی بلیتەکانی سوید بە بڕی 80 کرۆن (5.93پاوەند) بۆ گەشتە ئەوروپییەکان کەم بکاتەوە و 325 کرۆن (24.9 پاوەند) بۆ گەشتەکانی دەرەوەی ئەوروپا.

ئەی دەبێت چی بکرێت بۆ پاراستنی ژینگە و ژیان ؟

بێ گومان وەکو لە سەرەوە وتم پرسی ژینگە و ژیان دوو پرسی ئەمەندە بەیەکەوە گرێدراون کە لەیەکدابڕینیان کۆتایهێنانی ژیانە. پرسێکیشە کە لە هەموو تاکێکی کۆمەڵ هەر لە منداڵێکەوە تاکو گەورەساڵێک و تا دەگاتە بزنسمان و بەرپرسان و سیاسییەکان و دەسەڵاتداران و دەوڵەتان هەم ڕۆڵی پیسکردنیان هەیە و هەم ڕۆڵی ڕاگرتنی ژینگە و پاراستنی لە پیسبوون و بەدوورگرتنی لە کاردانەوەی خراپ هەیە.
کەواتە تاکەکانی کۆمەڵیش بەسروشتی خۆیان دەتوانن و دەکرێت ڕۆڵی گرنگ لە ژینگەدا ببینن. لە کوڵانی کترییەکەوە بۆ چایەك، قاوەیەك کە تۆ یەك پیاڵەت پیویستە، یەك قاوەت پێویستە، کەچی بەشی سێ چا، سێ قاوە کترییەکە دەکوڵێنیت، لە کاتی وەرگرتنی دووشێك، لەفڕێدانی پارچەیەك کاغەز، بنێشتی دەم، لەبەرکردنی جۆری جل کە لە شۆردن و وشکردنەوەیدا لەسەر ژینگە کارایی دادەنێت ئەگەر هەر زۆر کەمیش بێت ، لە کڕین و بەکاهێنانی سەیارەدا و جۆری سەیارە، لە خۆگەرمکردنەوە و فێنککردنەوەدا، بەم شێوەیە تا دەگاتە جۆری ئەو خواردنەی کە دەخورێت بەتایبەت خواردنی گۆشت و وازنەهێنان لێی.
ئەمانەی سەرەوە تەنها چەند نموونەیەكی بچوك و باون کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبینەوە کە تاكی کۆمەڵ دەتوانێت ڕەچاویان بکات و ستایەڵی ژیانی خۆی بگۆڕێت.

هەر ئاواش بزنسمانەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و دەوڵەت ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە پیسکردنی ژینگەدا هەر وەکو لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، هاوکاتیش دەکرێت ڕۆلی گرنگیان هەبێت لە پاكڕاگرتنی ژینگە و پاراستنیدا .
زۆر بەرنامەی سەرەکی کردەیی هەیە بۆ سنوردارکردنی گەرمی ژینگە لە ئاستی پلەی 1.5 سەدیدا کە کردن و جێبەجێکردنیان گران نییە، گەرچی ئێمە ئەوە دەزانین هەتا ئەو کاتەی بزنس و دەسەڵات و دەوڵەت هەبێت هەرگیز کێشەی ژینگە چارەسەر نابێت چونکە دەبێت پێ بنێینە سیستەمی ئیکۆلۆچییەوە لە ژیانماندا، کۆمەڵ بکەینە کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجی، بەڵام دەکرێت کارەساتەکان ئەهۆنتر بکرێنەوە.
لە ئێستادا وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان بۆ ئەوەی خۆیان لە ڕوودانی کارەساتە سروشتییەکان بپارێن لانی کەم پێویستیان بە یەک ملیار دۆلار (750 ملیار پاوەند) ساڵانە تا 2035 هەیە تاکو یارمەتیان بدات لە بڕینی گازە گەرمخانەییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کەش وهەوای توند.
بەرازیل کە ئێستا سەرۆکایەتی گروپی 20 دەکات هەوڵ دەدات بۆ دانانی باجێك بە ڕێژەی لە سەدا 2 لەسەر ملیاردەرەکان. ئەم باجە کاریگەری خۆی دەبێت . ئەم بیرۆکەیەی بەرازیل پاڵپشتی دەکات، دەتوانێت ساڵانە 200-250 ملیار دۆلار بەدەستبهێنێت.
زۆر شتی دیکە کە کردنیان ئاسانە وەکو دانانی باجی بەرهەمهێنانی پلاستیک کە لە بەرهەمهێنانی پلاستیک لە پۆلیمرەکانەوە وەردەگیرێت نەک لە مادەی ڕیسایکل کراو، دەتوانێت ساڵانە 25 بۆ 35 ملیار دۆلار بەدەستبهێنرێت ئەگەر بۆ هەر تەنێك باجی 60 بۆ 90 دۆلاری لەسەر دابنرێت.
باجدان لەسەر ئەو کەسانەی کە زۆرجار گەشت دەکەن و بلیتی سەفەری بزنس کڵاس دەکڕن دەتوانێت ساڵانە تا 164 ملیار دۆلار داهات بەدەستبهێنێت، ئەمەش بەپێی ئەو پلانەی کە دیزاینی بۆ دەکرێت.
پێشبینی دەکرێت دەردانی گازی ژەهراوی لە دووەم گەورەترین پیسکەری کە ئەمریکایە، کەمێک کەم ببێتەوە، خەڵوز بەردەوام دەبێت لە دابەزین بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی 120 ساڵدا، بەڵام بەهۆی زیادبوونی سووتانی غازەوە قەرەبوو دەکرێتەوە. ڕێژەی دەردانی گازی خەڵوز لە یەکێتی ئەوروپادا هێندەی تر خێراتر دادەبەزێت و ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە ڕێژەی 3.8%. بەڵام سووتانی خەڵوز لە هیندستان لە زیادبووندایە بەهۆی گەشەسەندنی بەهێزی ئابوورییەکەیەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بە ڕێژەی 4.6%..

توێژینەوەکانی گروپی فشاری ئۆیل گۆڕان ئینتەرناشناڵ کە 12ی مانگ بڵاوکرایەوە، دەریدەخات وڵاتانی دەوڵەمەند دەتوانن لە ساڵێکدا پێنج ملیار دۆلار لە تێکەڵەیەک لە سامان و باجی کۆمپانیاکان و خەفەکردنی سووتەمەنی بەردینی بەدەستبهێنن. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێوشوێنە سادەکان دەتوانن پێنج هێندە زیاتر پارە کۆبکەنەوە لەوەی وڵاتانی هەژار داوای دەکەن.

باجی سەروەت و سامان لەسەر ملیاردێرەکان دەتوانێت 483 ملیار دۆلار لە جیهاندا بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا باجی مامەڵەی دارایی دەتوانێت 327 ملیار دۆلار کۆبکاتەوە. باج لەسەر فرۆشتنی تەکنەلۆژیای گەورە و چەک و هەندێك کەرەسەی زۆر ناپێویستی دیکە 112 ملیار دۆلاری دیکە دەهێنێت و دابەشکردنەوەی 20%ی خەرجییە سەربازییە گشتیەکان بەهای 454 ملیار دۆلار دەبێت ئەگەر لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ بکرێت.

وەستاندنی یارمەتییەکانی سووتەمەنی بەردینی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی 270 ملیار دۆلار لە پارەی گشتی لە جیهانی دەوڵەمەنددا، و نزیکەی 846 ملیار دۆلار لە ئاستی جیهانییدا. باج لەسەر دەرهێنانی سووتەمەنی بەردینی لە جیهانی دەوڵەمەنددا بەهای 160 ملیار دۆلار دەبێت، لە ئاستی جیهانیشدا 618 ملیار دۆلار دەبێت.

ئەمانە و زۆری دیکە دەکرێت ببنە بریاری کۆنفرانسی ئەمساڵ ، کۆنفراسنی 29 و بەشێکی زۆریشیان جێبەجێ بکرێت . ئەم کۆبوونەوەیە بڕیارە ڕۆژی هەینی، 22ی مانگ تەواو بێت بەڵام زۆربەی وەخت درێژ دەبێتەوە بۆ ڕۆژانی شەمە و بەیانی یەکشەمەش. بەشداربووان بەتەمان لەم دوو هەفتەیەدا واتە لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەوە تا کۆتایی دانوستانەکان سەبارەت بە دارایی کەش وهەوا کۆتایی پێبێت. بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان ( گەشەنەکردوی ئابوورییەوە) بێزارن، پێیانوابوو پێشکەوتنێک بە ئەنجام نەگەیشتووە.

وڵاتە هەژارەکان دەیانەوێت لانیکەم یەک ملیار دۆلار لە ساڵێکدا یارمەتیان پێبدرێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوای توند. کێشەکە ئەوەیە کە وڵاتانی دەوڵەمەند هێشتا ژمارەیەکیان دانەناوە بۆ ئەو یارمەتییە، دوای ئەوەش پلانی دابەشکردنی ئەو پارەیە نەکراوە.
لەم بارەشەوە توێژینەوەیەك کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئابووریناسانی پێشەنگەوە ئەنجامدرا، پێشنیاری ئەوە دەکات کە بۆ ئەو مەبەستە دەکرێت نزیکەی 500 ملیار دۆلار لە کەرتی تایبەتەوە بێت، نزیکەی 250 ملیار دۆلاریش لە بانکەکانی گەشەپێدان و فرەلایەنەکانی وەک بانکی نێودەوڵەتییەوە بێت. ئەوان بۆیان دەرکەوتووە کە دابینکردنی ڕاستەوخۆی یارمەتی و قەرز لە وڵاتانی پێشکەوتووەوە بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو پێویستی بە دوو هێندە زیاتر هەیە لە کاتێکدا ئەمڕۆ نزیکەی 40 ملیار دۆلارە. بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە هێشتا وڵاتانی زۆر دەوڵەمەند و داهاتی بەرزتر لەسەر ئەوە ڕازی نەبوون.

زاهیر باهیر

19/11/2024

Zaherbaher.com




بۆ ئەوانەی کە ئەمەریکییەکان بە گەمژە دەزانن.. زاهیر باهیر

لە سەروبەری هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ-دا سەدەها وتار و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە نوسراوە و کراوە سەبارەت بە دەنگدانی ئەمریکەییەکان بە ترامپ لەبری هارس ، بەتایبەت ژنان کە ترامپ بە دوژمنی ژنان ناسراوە.
بەڕای من هیج گەلێك/ نەتەوەیەك ، هیچ تاکێک گەمژە نییە کە بەرژەوەندی خۆی نەزانێت ، بە دڵنیاییەوە گەر لە ڕۆشبیران و توێژەرەوە سیاسییەکان زیرەکتر نەبن ئەوە لەوان کەمتر نین . ئەمە نەك هەر بۆ ئەمەریکیەکان و کورد ڕاستە بەڵکو بۆ هەموو میللەتێك ڕاستە . دروستیی ئەمەش لەوەدایە کە ئەوەی ڕا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێك یا حیزبێك دەدات تەماشای بەرژەەوندی خۆی دەکات. لەوانە بەرژەوەندی ئابووریی ، پاشخانی خێزانی و کۆمەڵایەتی ، دینی ، کولتور ، تێروانین لە ڕابوردو و ئێستا و بەتایبەت داهاتوش . زۆرن ئەو هۆکارانەکەی کە بنەمای دەنگدانن.
قسەی من زیاتر لەسەر ئەمریکییەکانە کە ڕۆژانە لە ماڵپەڕە کوردییەکان و پەیجەکانی فەیسبووکدا دەیبینین کە چۆن نوسەر و پۆستنوس و دیمانەکار بە خەڵکی ئەمەریکیدا دەڕشێنەوە ، بە بێ ئەوەی کە دوی بارودۆخی ژیانی خەڵکی ئەوێ کەوتبێت، بێ ئەوەی زمانێکی دیکە زیاتر لە کوردی بزانێت ، بێ ئەوەی پەنا بۆ ئامارێك بەڵگەیەك بۆ پاڵپشتکردنی قسە و بۆچوونەکانی ببات.
وەکو وتم خەڵکی بە هۆکاری جیا جیا دەنگ دەدات و سەرۆکێك یا حیزبێك هەڵدەبژێرێت . لەو هۆکارانەی کە من لەو وتار و توێژینانەوە لێیان حاڵی بووم زۆرن کە بڕێکیان سەرەکین و ئەمانەن: لە سەدا 45 خەڵکی ئەمەریکی بار و دۆخی ژیانیان لە 4 ساڵ لەمەوبەر باشتر نییە، ڕێژەی هەڵئاواسانی پارە بەرزە . هەردوولایان واتە ترامپ و هارس پەنایان بۆ ملیاردەرەکان دەبرد بۆ هاوکاری داراییان بۆ بەردەوامیدان بە کەمپەینەکەیان . کەمپەینەکەی ترامپ یاخود مانیفێستەکەی زۆر ڕوون و ئاشکرا و بێ شاردنەوە بوو : لەسەر پرسی ئیسرائیل و فەلەستییەکان، لەسەر شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا ، لەسەر پرسی ژنان و لەباربردنی کۆرپەلە ، لەسەر پرسی ترانس و هاوڕەگەزخوازان ، لەسەر کەسانی پەنابەر و کۆچبەر ، لەسەر پرسی باخ و گومرگ ، لەسەر پرسی پەیوەندی نێودەوڵەتی و سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان ، لەسەر پرسی ناتۆ، لەسەر دەرکردنی زۆرێك لە کەسانی مشەخۆر و ناپێویست لە کۆشکی سپی و شوێنی تردا ، لەسەر پرسی ژینگە … لەسەر هەر هەمووی هەلوێستی ترامپ روون و ئاشکرابوو ، بەڵام مەرجیش نییە هەموویان جێ بەجێبکات.
هەرچیش کەمپەینی هارس بوو ، هەڵویستێکی ڕونی لە کێشە و شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین نەبوو ، بەم هۆکارەش بڕێکی زۆری دەنگی لەناو کۆمۆنێتی عەرب و موسڵماناندا بە تایبە لە ولایەتی موشیگاند لە دەستدا . لە پرسی ئۆکرانیادا هەنگاوێکی جیاواز لە بایدن لە چونێتی کۆتایهێنانی ئەم شەرە دۆڕاوەی ئۆکرانیا نەبوو ، بە دەگمەن قسەی لەسەر ژیانی خەڵکی دەکرد و لە سەر پێداویستییەکانیان. هەڵوێستێکی شلۆق و سەقەتی هەبوو لەسەر ناتۆ و لەسەر سەرۆکی تورکیا و عێراق و سعودییەوە و ئێران و زۆر شوێنی دیکە. شتێکی نوێی کاربڕ یا کردەیی لە بەرنامەکەیدا نەبوو.
خەڵکی دێت لبە زۆری لەو ڕوانگەیەوە دەنگ دەدات نەك لە ڕوانگەی ڕەنگی پێست و تەمەن و سەر بە چ پارتێکە. دوای ئەوەش خەڵکی دابەش بووە بەسەر توێژاڵی جیاجیادا کە لەو پەناگەیەوە قسە دەکات و ڕادەدات. هەروەها دین لە ئەمەریکادا بەهێزە بۆیە زۆرێ لە ژنان لەگەڵ لەباربردنی کۆرپەلەدا نین ، لەگەڵ پرسی هاوڕەگەزخوازو ترانس و جێندە ئایدێنتەتی و هاوسەرگیری لە نێوانی هەمان ڕەگەزدا نین .
دوای ئەمەش خەڵکی ژیانی زۆر خراپ بووە ئەویش بە هۆی شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیاوەیە بۆیە ئەمان دەیانەوێت شەڕەکە بوەستێت ، ئۆکرانیا زەوی و هەیبەتی دەدۆڕێنێت، یا نایدۆڕێنێت لای ئەوان شتێك نیە ، کوردواتەنی کچی خۆیان ناکەنە قوربانی کوڕی خەڵکی . بزنسی بچوك و دەستگێڕ و هەتاهەندێك لە کۆمپانیا گەوەرەکانیش دەیانەوێت کە گومرگ لەسەر هاوردەی دەرەوەی ئەمەریکا بەتایبەت وڵاتی چین کە مەترسی لەسەر ئابووری ئەمەریکا داناوە زۆر بەرز بێت تاکو ئەو دەرگایە بەسەر چین داخەن بۆ ئەوەی کاڵاکانی خۆیان سەرف بکەن . مووچەخۆر نایەوێت باجی لەسەر بەرزبکرێتەوە. دایکان و باوکان نایانەوێت ئەمەریکا شەڕێکی دیکە دروست بکات یاخود بئاڵێت لە شەڕێکی دیکەوە تاکو منداڵەکانیان لە دەست بدەن و هاوکاتیش ئەوەندەی دیکە ژیانیان گرانتر بێت . نایانەوێت کولتوری ئیسلامی بەسەریاندا زاڵببێت و ژیانیان لێ تاڵ بکرێت ، ویلایەتەکانیش وەکو سعودییەو و ئێران و ئەفغانساتان و پاکستان و عیراق و … تدی لێبێت، خەڵک شەریعە و مەحکەمەی ئیسلامی ناوێت .
هەموو ئەمانەیە کە لە ئەمەریکادا دەنگی بۆ ترامپ زیاد کرد تاکو بە هارس . جا پرسیارەکە ئەمەیە ئایا ئەمەریکییەکان دەبەنگ و گەمژەن یاخود ئەوانەمان کە هیچ نازانین و لە خۆمانەوە دەنوسین و ئەم نەتەوە و ئەو کەس ئەو لایەن بە گەمژە دەزانین ؟ ئایا خودی خەڵکی خۆی بەرژەوەندی خۆی دەزانێت یا ئێمە کە لەدەرەوەی ژیانی ئەوانین؟
ئەم پرسە لە کورستانیشدا هەر وا بووە خەڵکانێک کە دەنگیان بە یەکێتی یا پارتی یا نەوەی نوێ ، یا ئیسلامی داوە گەمژە نەبوون و نین ، خۆیان بەرژەوەندی خۆیان لەمن لە کەسانی دەرەوەی من باشتر دەزانن . خەڵکی زیرەکن لە پێگەی ئابووری و دارایی و ئەوانەی سەرەوە کە باسم کردن دەنگ دەدەن .
نموونەیەکی بچوك : پێش هەڵبژاردنەکەی کوردستان لە یەكێک لە تەلەفونەکانما بۆ دایکم ، لێم پرسی دایە دەنگ بە کێ دەدەیت؟ لە وەڵامدا وتی دەنگ بە باڤڵ و یەکێتی . وتم بۆچی دایە؟ وتی باڤڵ دەستی هەموو مافیاکانی کورت کردۆتەوە هەموویان چونەتەوە پێستەکەی خۆیانەوە ، دوو: وتی باڤڵ لەگەل حکومەتی عێراق دا ڕێکەوتووە موچەی خانەنشینی چوارقات کردوە . وتی من خانەنشینەیەکەم نزیکە 50 دۆلار بووە ئێستا دەبێت بە 200 دۆلار ، بۆیە دەنگی پێدەدەم . دەی قسەیەکی بۆ من نەهێڵایەوە گەرچی من پێم نەدەوت دەنگ مەدە یا دەنگ بە لایەنێکی دیکە بدە. ژنێکی نەخوێندەواری نزیکەی 85 ساڵ لە من باشتر بیردەکاتەوە تاکو گەر پێی بلێم نا دەنگ مەدە یا بەم و بەوی بدە . دیارە هەموو کەسێك وەکو دایکی من وریایە بە بەرژەوەندی خۆی و هەر لەو پێگەیەوە دەنگ دەدات .

زاهیر باهیر
10/11/2024
Zaherbaher@com




پەکەکە نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدات.. زاهیر باهیر

چەند ڕۆژێکە دەنگۆی وتووێژی نێوانی پەکەکە و حکومەتی تورکیا لە ئارادایە. پێناچێت ئەمە کاری ئەم چەند ڕۆژە بێت بەڵکو لانی کەم پێشینەیەکی چەند هەفتەیی هەیە. بەم بۆنەشەوە توێژەرەوانی کورد و ناکورد زۆری لەسەر دەنوسن و هەندێکیشیان خەنجەر لە کا دەدەن. هەندێك لە سەرانی پەکەکەش کۆمێنتی خۆیان داوە و ئەوانی دیکەش بە دوای ئەماندا دێن هەر وەکو پێشتر دیتومانە.
بۆ من هۆکاری ڕوودانی وتووێژەکە و کێ قسە دەکات و کێ دیمانە دەکات هیچ گرنگییەکی نییە، ئەوەی گرنگە ئەمە دەرفەتێکە و هاتۆتە پێشەوە کە پەکەکە دەبێت لەم بار و دۆخەدا بیقۆزێتەوە هەتا ئەگەر ئەنجامێکیشی نەبێت چونکە هەر هیچ نەبێت پشوویەکی باش دەبێت بۆ خودی پەکەکە خۆی و بۆ کوردستانی باکور و باشور و تا رادەیەکیش ڕۆژئاواش . پشوویەك دەبێ کە چی تر کەسە دەرکەوتوو چالاکەکانی نێو پەکەکە و ڕۆژئاوا لە تورکیادا راونانرێن و ناگیرێن، پشوویەکە هەر ئاواش تا ڕادەیەك ئاسایش بۆ باشووری کوردستانیش دەگەڕێتەوە، هەر هیچ نەبێت دۆستان و ئەندامانی پەکەکە ترسی تیرۆرکردنیان چ لە ڕێگەی تیرۆری چەکەوە یاخود درۆنەوە نابێت . پشوویەك دەبێت کە بارودۆخی یەکێتی نیشتمانیش تا ڕادەیەك ئاسایی دەکاتەوە و فڕۆکەخانەی سلێمانیش گەر بۆ وەختییش بێت دەکرێتەوە .
سوود و قازانجی ئەم هەلە ئەوەندە زۆرە کە لیستێکە و من نامەوێت بیکەمە مەبەست و کرۆکی بابەتەکەم. لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ئەوە دەبینم کە رەنگە زۆرێك هەبن لە ناو خودی پەکەکە هەتا بە سەرکردەکانیشیانەوە ڕاگرتنی شەڕ و وتووێژکردن پەسەند نەکەن، بەڵام لێرەدا دوو خاڵی گرنگ هەیە بۆ هەردوولا ، ئەوانەی کە لەگەڵیدان و ئەوانەشی کە دژن پێی دبێت رەچاو بکرێن.
یەك: ئایا پەکەکە لەو کاتەوەی، واتە مانگی تەموزی 2015 وە کە ئەردۆگان شەری بەسەردا سەپاندن چ هەنگاوێکیان ناوە؟ چەندێك زەرەریان بە حکومەت و دەوڵەتی تورکیا گەیاندووە ؟ چەندێك پرسی کورد لەوێ چووەتە پێشەوە؟ کوردان و کوردستانی باشوور و باکور و ڕۆژئاوا و تا ڕادەیەکیش تەنانەت ڕۆژهەڵاتیش، چەندێك لەم شەڕە نابەرانبەرییەدا سوود یا زییانیان بینیوە؟ چەندێك پێگەی هەردوولایانی واتە دەوڵەتی تورکیا و پەکەکەی لە ‘نێو کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی’ بەهێز یا لاواز کردووە؟ ئەمانە و پرسیارگەلێکی دیکە دەبێت بکرێت و خودی کەسەکە تاو وتوێ بکات پێش دانی بڕیارەکەی.
بێ گومان بۆ پرسیارەکان وەڵامی جیا جیامان دەبێت ئەویش دەکەوێتە سەر ئەوەی کە ئایا ئێمە لە سەرچاوەی سۆز و ویست و حەزی خۆمانەوە لێکدانەوەی بۆ دەکەین یاخود لە واقیع و بارودۆخی ناوچەکە و تا رادەیەکیش جیهانەوە تەماشای دەکەین؟ بۆ من کە هەر لە 2015 وە دژ بەو شەرە بووم و چەندەها وتارم بە کوردی و بە ئینگلیزی لەسەری نوسیوە و دەیەها پۆستیشم لە فەیسبووکدا کردوە چونکە هەمیشە بە دوور لە سۆز و حەزی خۆم قسەم کردووە، بەڵکو بە تێڕوانین لە واقیع و پشتبەستن بە بەڵگە و زەمینەی بزوتنەوەکە لە باکور و تورکیا و هەژمون و لێکەوتەی ئەو بزوتنەوەیە چ نەرێنی یاخود ئەرێنی لەسەر بزوتنەوەکەی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا دادەنێت. من لەو دەلاقەیەوە تەماشام کردووە و هەڵوێستی خۆمم لێ وەرگرتووە،
ڕەتکردنەوەی وتووێژ لە هەلوێستی هێز و ئاسۆڕوونی و بوونی بەربیینیەکی باشتر لە پاشەڕۆژێکی نزیکتردا، رەنگە لۆژکانە بێت. بەڵام لە کاتێکدا کە بزوتنەوەیەکی چەکدارانەت هەبێت و ئەرکی سەرەکی تەنها بەرگریکردن بێت لە خۆی و باشترین چالاکی ئەو کەمپەینی ڕزگارکردنی بە تەنها ئۆجەلان، بێ لە هاوەڵەکانی لە بەندیخانە و ڕۆژانە و هەفتانە دەیان کەسانی چالاک و دۆست و ئەندامانت لە دەست بدەیت و نە لە باشووردا بتوانیت ئازادانە بسوڕێیتەوە و جالاکییەکانت بکەیت و هەمیشەش لە مەترسی تیرۆی درۆن و چەشنەکانی دیکەی تیرۆر بیت و هاوکاتیش دەسەڵاتی کوردیش ئەوە پارتییە دەست لەگەڵ هەموو لایەکدا تێکەڵ دەکات دژ بە پەکەکە ، خاك ، میللەت، سامان هەڕاج دەکات هەر بۆ ئەو مەبەستە ، یەکێتیش ڕێگا نادات کە هچ چالاکییەک دژ بە تورکیا و دەوڵەتی تورکیا بکرێت ، بەڵکو ڕێگا دەدات ، راستەوخۆ بێت یا ناڕاستەوخۆ تورکیا کێی بوێت لە زۆنەکەیدا تیرۆری بکات یا بیفڕێنێت ، ئەمانە و زۆر زۆری تر. باشە لە حاڵەتێکی ئاوادا وتووێژ ئەگەر هەر بە مەبەستی دانی پشوویەكیش بێت باشتر نییە لەو شەڕە دۆڕاوە؟ بە درێژایی شەری 9 ساڵ و وادەبێتە 4 مانگیش لەگەل حکومەتی تورکیادا پەکەکە و کورد زیانی نەکردبێت قازانجی نەکردووە ، جەماوەرێتییان گەر نەهاتبێتە خوارەوە نەچۆتە سەرەوە … ئیتر بۆچی وتووێژ نەکرێت؟؟ دوای ئەوە وتووێژە بە سەر نەگرتنیشی چ زیانێکی هەیە و دەبێت؟
دوو: مەرجەعێتی ئۆجەلان: مەرجەعیەیەت ئەو سەرچاوەیە کە بۆ حەلی گرفتەکان و دانی بڕیارە سەرەکییەکان لایەنەکان و کەسەکان دەگەڕێنەوە بۆی. مەرجەعییەت یانی پیرۆزکردنی ئەو سەرچاوە و بڕیار و لێکدانەوەکانی ، یانی نابیناکردنی هەر هەموو ئەوانی دیکەی ئەو حیزبە، ئەو بزوتنەوەیە ، یانی بە مەبەست و بەدەستی خۆت نابینا و نەبان لە واقیع و ڕاستییەکان دەکەیت ، یانی خۆڕادەستکردنی کەسانێك کە دەکرێت ئامۆژگاری و بڕیارەکانیان نادروست بن ، یانی نەفیکردنی کەسایەتی خۆت و هەڵپەساردنی مێشکت، یانی وابەستەیی بە کەسێك بە ڕایەك و بڕیارێك گەرچی پێشوەخت دەزانیت کە هەڵەیە….تد .
دیارە من هەر بە تەنها مەبەستم پەکەکە و دۆستان و هەوادارانی پەکەکە نییە ، بەڵکو هەموو حیزب و ڕابەر و سەرکردەکانە ڕۆحانی یاخود ناڕۆحانی لە هەر هەموو ناوچەکەدا. دەرد و پەتای پیرۆزیی و پیرۆزکردنی ڕابەر و سەرکردە و بوون بە مەرجەعییەت هەر پەکەکەی نەگرتۆتەوە بەڵکو هەموو حیزبەکانی ناوچەکەی لە کۆن و نوێدا گرتۆتەوە، هەر تەماشای بارزانی باوك و کوڕ، جەلال تاڵەبانی، سەرکردە و ڕابەرەکانی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان و حیزبوڵا و حەماس و … تد گرتۆتەوە کە ناکرێت و نەگونجاوە ڕا و بڕیاری ئەو ڕابەر و سەرکردانە بە هەند وەرنەگیرێت و ڕەتبکرێنەوە.
سەبارەت بە پەکەکە و ئۆجەلان، ڕاستە ئۆجەلان بە جەستە بەندە بەڵام بە هزر و هەڵوێست و نوسینەکانی گەورەترین هەژموونی خۆی بەسەر پەکەکەدا زاڵ کردووە، نەك هەر سەرکردەیەکی کۆن و کارامەی پەکەکەیە بەڵکو ڕابەرێکی ڕۆحیشیانە . ئۆجەلان بە مێژوی خەباتی ناو شار و شاخ و بەندکردنی بۆ ئەم هەموو ساڵانە، لای پەکەکە و دۆستەکانی لە هەموو کورستانەکاندا پیاوێکی ئەفسانەییە و پیرۆز کراوە ، پیرۆزکردنیشی سەرچاوەی ڕەتکردنەوە و پەسەندکردنی ئەوەی دێتە پێش و ئەوەی ڕووی داوە، بۆیە قسە و بڕیارەکانی ئۆجەلان ئەوەندە سەنگ و قورسایی خۆیان هەیە ڕەتکردنەوەیان دەچێتە خانەی مەحاڵەوە .
پەکەکە وەکو حیزبێکی قوچەکەیی و ئیدۆلۆجیست و خاوەن دسپلینێکی تووند و تۆڵ کە تا ئێستاش تینیۆتی بە قسە و نوسینەکانی ئۆجەلان دەشکێ و ئاوی حەیاتیانە، لێبڕین و وشکبوونی ئەو ئاوە کارەسات بەسەر پەکەکەدا دێنیت، بیرمەندی یەکەم و ڕەسەنی پەکەکەیە و نەك هەر ئەوەندە بەڵکو پەکەکە ئەوەندە بڕوای بە خودی ئۆجەلان و نوسینەکانی هەیە کە لابەلاکردنەوەی کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دووتوێی مێشك و لاپەڕەی کتێبەکانی ئەودا دەبینین.
قسەکەی ‘دەوڵەت باخچەلی’ سەبارەت بە پرسی کورد لە تورکیادا ڕاستە، کە نە لە ئەدەنەیە و نە لە قەندیل بەڵکو لە ئیمڕاڵییە ، چونکە پەکەکە ناتوانن لە بڕیارەکانی ئۆجەلان دەرچن چونکە ئەوەندەیان پیرۆز کردووە و لە ئاسمانە ناکرێت بێهێننە سەرزەوی ، ناتوانیت قسەی بشکێنیت و خۆت کافر و مولحید بکەیت ، خۆت بێ حورمەت و تڕۆ بکەیت. ئەوە، ئەوە بڕیاری سەرەکی تا ڕادەی ئاگربەستی و وتووێژ و ڕێکەوتن و هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان و واژۆی دوا دەستنووسی بڕیار و پلانەکان دەکات . قسەی دووهەمی باخچەلی، ئەمەشیان هەر ڕاستە کە دەڵێت با ئۆجەلان بەر بێت و قسەی لەگەڵدا بکرێت . باخچەلی زۆر بە باشی پەکەکە و ڕۆڵ و هەژموونی ئۆجەلان لەسەر پەکەکە و قورسایی بڕیارەکانی دەناسێت، ئەوەندە گەمژە نییە قسە فڕێ بدات . ئەو کە دەڵێت با ئۆجەلان بێت دژایەتی خۆی بۆ تیرۆریزم بەیان بکات بەو مەبەستە نییە کە ڕۆشنبیر و نوسەری کورد و سیاسییەکان شرۆڤەی بۆ دەکەن . ئەو دەڵێت با وتووێژی لەگەڵدا بکرێ، با بێتە دەرەوە لە بەندیخانە و ڕووبەڕوو دانوسستاندنی لەگەڵ بکرێت. ئەو دوای ئەمانە ئەو داخوازییە لە ئۆجەلان دەکات کە دژ بە تیرۆریزم و تیرۆر بوەستێتەوە . ئۆجەلان دەزانێت کە پەکەکە گەر لە کۆندا لە کاری تیرۆریستیدا گلابێت ، ئەوە ئێستا پەکەکە تیرۆریست نییە ، ئەوە حکومەتی تورکیایە کە بە درێژایی دروستبوونی فاشست بووە و لە ئێستاشدا دەوڵەتێکی فاشست و تیرۆریستییە.
من زۆر دەمێکە وتومە گەرچی ئۆجەلان بەندە بەڵام بیرکردنەوەی، تێڕاوانینی بۆ پرسی کوردی تورکیا و داهاتوی پەکەکە لەم بارودۆخەدا و تێپەڕینی قۆناخی جەنگی چەکداریی زۆر لەوانەی لە قەندیل دانیشتوون و بە حساب لە دەرەوەن و بەند نین، باشتر و دروستترە . ئۆجەلان ئاگربەستی دەوێت، ئەو یەکلاکردەنەوەی پرسی کوردی لە تورکیا بە وتووێژ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەوێ نەك لە ڕێگەی بزوتنەوەی چەکدارییەوە، بزوتنەوەی چەکداری کوتانی ئاسنی ساردە، ئەگەر لەو کوتانەشدا پرژێکی لێ ببێتەوە سەروگوێلاکی ئەوانە دەگرێتەوە کە دەیکوتن نەك دووژمنەکانی. بزوتنەوەی چەکداری ڕۆڵی بەسەر چووە هەڵوەشاندنەوەی و جێگرتنەوەی بە خەباتی جەماوەریانە و ڕووکردنە شەقامەکانی شار و بۆ هەموو ئەو حیزبانە، بە پیرەوەچوونی پەڕلەمان لەڕێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەزاری خێرە و دەی بەرکەت. بەرنامەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکرات کە جۆزیف پرۆدۆن و مورەی بوکچین باسیان کردووە لە ڕێگەی حیزب و بزوتنەوەی چەکداررییەوە ناکرێت، بگرە حیزب تەگەرە و گەورەترترین بەربەست و دوژمنی سەرسەختی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتن.
ئەمەی کە ئێستا پەکەکە دەیکات نە بەرخۆردانە و نە جەنگی بەرەنگارییە و نە سوودیشی هەیە ، ئەمە شەر لە بەتاڵی باشترەی مەسەلە کوردییەکەیە. گرنگ نییە حیزبەکان، بزوتنەوەکان چ دروشمێك بەرز دەکەنەوە و چ بانگەشەیەك دەکەن و چەند شەهید دەدەن؟ گرنگ ئەوەیە کە ئایا لە زەمینەی واقیعدا چ گۆڕانکارییەك دەکەن؟ ئایا ئەوەی کە دەیکەن کەمتر زیانبەخشە لە بەرانبەر ئەوەی کە بەدەستی دەهێنن؟ جەماوەرییبونیان لە شەڕێکی نەبڕاوەی بێ دەستکەوتدایە یاخود هێنانی خۆشگوزەرانی و ئازادیی و دادەوەری کۆمەڵایەتی و تا ڕادەیەك هەنگاونان بۆ جۆرێك لە یەکسانی؟
پەکەکە پێویستی بە چاوخشاندنەوە بە سیاسەتی ئەم نۆ ساڵەیدا هەیە ، گەر لەم سات و وەختەدا نەتوانن ئەوە بکەن، ئەگەر ئەم دەرفەتە کە ئێستا ڕەنگە بێتە دی هەر هیچ نەبێت دەتوانن سوودی لێببینن و بەخۆیاندا بچنەوە.
تکایە تۆش، قەڵەم بەدەستی کورد خەنجەر لە کا مەدە ، تۆ گەر باوك و دایکی ئەو کوڕ و کچە گەنجانە نیت لەو شەڕەدا گیانی خۆیان دەکەنە قوربانی، خۆ ڕەنگە خۆت باوك یا دایك بیت . تکایە قسەی زل مەکە و هانی بەردەوامییدانی شەڕ بدەیت و خۆتیش مێشێك میوانت نەبێت و بە هیچ جۆرێك پریشکی ئەو شەڕە تۆ و خێزان و ئازیزانت نەگرێتەوە. ئەوە ئەو پەڕی بەدڕەوشتییە.

زاهیر باهیر
24/10/2024




کۆبونەوەی ساڵانەی دەزگە دراوییەکانی سەرمایەداریی چارەسەری گرفتەکانی ناکات.. زاهیر باهیر

لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی ساڵانەی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی ، بانقی جیهانی و نوێنەری بانقی مەرکەزی ئەوروپا و وەزیرەکانی دارایی وڵاتانی ئەوروپا لە واشنگتۆن دی سی سەبارەت بە هەندێك گرفتی سەرەکی جیهان دەکرێت. لە ڕاستیدا گرفتی سەرەکی جیهان خودی سیستەمەکەیە کە ئەم دەزگە دراویانە خۆیان بەشێکی گەورەی سیستەمەکەن لەتەك پایە سەرەکییەکەی کە دەوڵەتەکانن.

ئەوەی کە خاڵی سەرەکییە و پێشبینی دەکرێت کە لەم کۆبوونەوەیەدا قسە و باسی لەسەر بکرێت چەند پرسێکین. لەوانە ژینگە و تێكچوونی ئاو و هەواو ڕوودانی تۆفان و لافاو لە زۆر شوێن، تەنانەت لە وڵاتانی کە دەکەونە ناوچەی نیمچە بیابانەوە هەروەها بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تا ئەو ڕادەیەی کە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی زۆر لەو شوێنانەی کە پلەی گەرما زۆر زۆر بەرز دەبێتەوە.
بە گوێرەی بۆچوونی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە گرفتی سەرەکی سیستەمەکە سێ گرفتن: گەشەنەکردنی ئابووری، کە گوایە ئەمە گرفتی سەرەکییە و جیهان پێوەی دەناڵێنێت . گرفتی دووەم گرفتی قەرزارییە کە 146 دەوڵەتی جیهان بە دەوڵەمەند و هەژارییەوە بە ڕێژەی جیا جیا قەرزارن. گرفتی سێیەم وەکو لە سەرەوە وتم گرفتی ژینگە و تێكچوونی کەش و هەوایە.

گەشەنەکردن: ڕاپۆرتەکانی کە لەسەر گەشەی ئابووریی دراون دەڵێن لە سالی 2008وە دوای ڕوودانی قەیرانە داراییەکە وڵاتە دەوڵەمەندەکان دووچاری دابەزینی گەشەی ئابووری هاتوون و ئەمەش گرفتی دروست کردووە.
لە ڕاستیدا گرفتی گەشەنەکردن یاخود دابەزینی گەشەی ئابووریی وڵاتان لە سای سیستەمی هەنووکەدا دوو گرفتی گەورە دروست دەکات : یەك: گرفتی بە دواهاتنی قەیرانەکان و وابەستەی قەیرانەکان، واتە قۆرتەکانی . دوو: دابەزینی گەشەی ئابووریی یانی بوونی بەتاڵەی زیاتر ، زیادبوونی نرخی پێداویستییەکانی ژیان ، یانی کەمبوونەوەی دانی تەکس ( باج) واتە نوقسانی لە بوجەی دەوڵەتدا. نوقسانی بوجەی دەوڵەتیش یانی کەمکردنەوەی بیمەکان و بڕینی پارەی خزمەتگوزارییەکانی وەکو قوتابخانە و خەستەخانە و شارەوانی بە هەموو بەشەکانییەوە هەروەها نەدانی یارمەتی و هاوکاری نەکردنی ولاتانی لێقەوماو و لەمەش زیاتر یانی قەرزکردنی زیاتر لە لایەن حکومەتەکانەوە، کەواتە بوون بەژێر قەرزی نەتەوەیی زیاترەوە.

قەرز و قەرزاریی: بە هۆی ئەوەی سەرەوە و تەماحی زۆری خاوەنکار و کۆمپانیاکان لە کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتردا دەوڵەت ساڵانە قەرز دەکات، قەرزیش دانەوەی هەیە و دانەوەکەشی بە ڕێژەیەکی بەرزی سووە کە دەبێت دەوڵەت بیداتەوە گەر نەیداتەوە ئەوە سووەکە دەچێتە سەرەوە و کەڵەکە دەبێت.
لەم بارەدا با سەرنجی هەندێك لەو وڵاتانە لە کۆی 146 وڵاتی قەرزار بدەین کە قەرزەکانیان وەک پێوەرێک، بە ڕێژەی داهاتی نیشتمانی لێکدەدرێتەوە، کە لە ئەوروپا و ئەمەریکا بە (GDP) ناودەبرێت، کە پێوەری بەردەوامیی قەرزەکان بە گوێرەی ئەوە دەخەمڵێنرێت.

ڕێژەی قەرزەکانی ئیتاڵیا بەرامبەر بە داهاتی ناوخۆیی (GDP) لە سەرووی 130% دایە، لە کاتێکدا ڕێژەی قەرزی ئەمریکا لە 124%دایە. یۆنان ڕێژەی قەرزەکەی نزیکەی 160% و ژاپۆن ڕێژەی قەرزەکەی زیاتر لە 260 %. بریتانیا لەم دواییەدا قەرزەکەی چووە سەرووی 100%وە. صندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات قەرزی گشتی جیهانی تا کۆتایی ئەمساڵ 100 تریلۆن دۆلار تێپەڕێنێت.
هاوکاتیس ئەو ڕاپۆتە هەڵسەنگاندنێکی پێشوەختیشی بۆ گەشەی ئابووری هەندێك وڵاتی گروپی حەوت کردووە لەوانە دەکرێت ئەمساڵ بەریتانیا سێیەم خێراترین ئابووری هاوبەش بێت لە گروپی حەوتەمدا، هاوتەریب لەگەڵ فەرەنسا و لە پشت ئەمریکاوە کە لە ڕێڕەوی گەشەکردنیدایە بە ڕێژەی 2.8% و کەنەدا کە پێشبینی دەکرێت بە ڕێژەی 1.3% گەشە بکات. ئیتاڵیا بە ڕێژەی 0.7% ، گەشەسەندنی ئابووری ژاپۆن بە 0.3% . گەشەسەندن لە ئەڵمانیا سفر دەبێت ئەو لە ئێستادا لە ململانێیەکی سەختدایە لەگەڵ ئابوورییەکەیدا.
ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی خێرخوازی دژە هەژاری گەشەپێدانی دارایی نێودەوڵەتی (DFI) دەریدەخات کە ڕێژەی دانەوەی قەرزەکان لە 42%ی تێچووی خزمەتگوزارییەکانە. واتە ئەگەر بڕ یار بێت کە 100 دۆلار بۆ خزمەتگوزارییەکان تەرخان بکرێت لە سەدا 42ی ئەمە دەدرێتەوە بە قەرزەکە. ئەمە لە لیستی 146 دەوڵەتەکەدا کە وڵاتانێکین کە تا ڕەدەیەك دەەوڵەمەندن بەڵام لە وڵاتانی ئەفریقادا ئەم بڕە قەرزە دەچێتە لە سەدا 55 ی خەرجی خزمەتگوزارییەکان کە دەدرێتەوە بە بانقی جیهانیی.

لەگەڵ ڕێژەی بەرزی قەرزکردندا کە لە کۆتایی ئەمساڵدا دەچێتە 100 تریلۆن دۆلار، کە وڵاتە دەوڵەمەندەکان زیاتر قەرزارن، پرسیارەکە ئەوەیە کە پارەی ئەم قەرزە بۆ کوێ دەڕوات؟ بێ گومان بەشێکی بۆ جەنگ و بەرپاکردنی جەنگە هەروەها بەشێکی تری بە گەندەڵی دەڕوات ، بەشێکیشی بە هاوکاری هاووڵاتانێك کە خودی دەوڵەت و سیستەمەکە ئەو بارودۆخەی خولقاندووە، ئەمە جگە لەوەی کە خودی دەوڵەت و ئیدارەکانی بیرۆکراتین. هەر ئەو هۆکارانەیە و هەندێکی دیکە کە دەبینین بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی بانقی جیهانی 700 ملیۆن کەس لە جیهاندا ڕۆژانە لەسەر تەنها 2 دۆلار و 15 سێنت دەژین. هەر هەمان ڕاپۆرت ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە زیاتر لە 3 دەیەی دەوێت تاکو ژیانی ئەو 700 ملیۆن کەسە لە جیهاندا لە قۆناخی هەژاری ڕەها دەربکرێت. لەسەدا 44 ی دانیشتوانی جیهان کە دەکاتە 3 ملیار، ڕۆژانە لەسەر کەمتر لە 6 دۆلار و 85 سێنت دەژین.
سەبارەت بەبەرزکردنەوەی ژیانی ئەو 3 ملیار کەسەش ئەوە چیرۆکێکی جیاوازە ئەگەر ئامانجەکە گواستنەوەی داهاتی ئەو 3 ملیار کەسە بێت بۆ سەرووی 6.85 دۆلار لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بۆشاییەکی دیکە دروست دەکات لە ژیانی خەڵکدا کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە ڕێژەی 46% لە سەرووی ئاستی ساڵی 2019دا.
ئەی چارە؟

بێ گومان بۆ هەموو گرفتێك چارە هەیە چونکە ڕوودانی گرفت لە روودانی هۆکارێکەوە یا ڕووداوێکەوە ڕوودەدات. بەڵام لە دید و بوونییەی سەرمایەداری و سەرمایەدارانەوە و ئەو چارەسەرانەی کە بۆی دادەنێن هەرگیز چارەسەرێکی یەکلاییکەرەوە نییە . حەلی یەکلاییکەرەوە خودی سیستەمەکە هەڵدەتەکێنێت و دژ بە ئامانجی ئەوانە کە بەردەوامیدانە بە سستەمەکە و زیاتر چەسپاندنی.
هەر بۆ نموونە هەموو ئەو قەرزانە کە لە لایەن بانقی جیهانی و دەزگە دراوییەکانی دیکەوە دراون هەمووی بە مەرجی قورس دراون کە کەمەری دانیشتوانی وڵاتە هەژارەکانی شکاندووە، بە برسی کردنیان، بە بەرزرکردنەوەی نرخی پیداویستییەکانی ژیانیان، بە بەتایبەتیکردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت…تد . هەر خولقاندنی ئەم بارودۆخەیە کە زۆرێك لە ئابووریناسەکان لە ناو خودی ئەو دەزگە دراوییانەدا و لە دەرەوەیان بیر لە کوژاندنەوەی ( هەڵوەشادندنەوەی) ئەو قەرزانە دەکەن و جەدەلێکی گەورەی لەسەرە. تا ئێستا دەزگە دراوییەکان و کاربەدەستانیان بەمە ڕازی نین چونکە ئەمە کارێکی زۆر قورسە گەرچی ئەوان لە ڕێگای بەرزی ڕێژەی سووەکانەوە دەمێکە بڕی پارە ئەسڵییەکە کە بە قەرز داراوە وەرگیراوەتەوە.

لەمانەش زیاتر کۆمپانیا گەورەکانی وەکو نەوت و خەڵوزی بەردینی و سەیارە و گۆشت بە هەموو جۆرەکانییەوە و سوپەرمارکێتەکان و ئەوانی تریان هەرگیز نەك هەر ئامادە نابن کە دەستبەرداری زیاتری قازانجیان ببن بەڵکو بە هیچ شێوەیەکیش ناتوانرێت لغاو بکرێن . کردنی قازانجی زیاتریش لەسەر حسابی هەژارکردنی زیاتری دانیشتوانە ، لەسەر حسابی تێکدانی ژینگەیە و هەڵکەندنی خەڵکانێکی زۆر لە ڕێ و شوێن و زێدی خۆیان ، کەمکردنی داهات و زیاتربوونی هەژاری و بەتاڵەییە ، ئەمەش یانی ئەو وڵاتانەی کە توشی ئەم نەهامەتییە دەبن کە هەرە زۆرینەیان وڵاتانی هەژارن دەبێت چاوەڕوانی هاوکاری و یارمەتی بن، ئیدی وەکو خێر یاخود وەکو قەرزێك کە بەهۆی دانەوەیەوە کە سووەکەی بەرزە هەتا ماون دەبێت پێوەی بناڵێنن.
لە لایەکی دیکەوە صندوقی دراوی نێو دەوڵەتی باوەڕی وایە لەکاتێکدا ترەمپ خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە5ی ئەم مانگە ئامادە دەکات، پلانەکانی بۆ سەپاندنی باجی بەرچاو ( گومرگ) بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکاندا خستۆتە ڕوو، سیاسەتێک کە پێدەچێت زنجیرەیەک ڕێوشوێنی تۆڵە سەندنەوە بێت. پێشبینی دەکرێت لێرەدا چین بە ئامانجی سەرەکی بگیرێت، هەرچەندە کاڵاکانی یەکێتی ئەوروپاش لەبەر چاویدان، واتە ئەوانیش دەکرێت هەمان چارەنووسیان هەبێت. ئەم نیگەرانیەی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی گریمانی خراپتربوونی بارودۆخەکە زیاتر دەکات تاکو باشبوونی .
کەواتە تەنها چارەسەرێك هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی ئەم سیستەمەیە و جێگرتنەوەیەتی بە سیستەمێك ژیانی مرۆڤەکان مەبەستی بێت ، سیستەمێك کە پارە و هەموو چەشنەکانی خاوەندارێتی بە خاوەندارێتی دەوڵەتیشەوە لەناو بەرێت و بەخاوەندارێتی گشتی جێگەی بگیرێتەوە، ئابووری کۆمەڵگە چەك و بنەمای خۆشگوزەرانی ژیانی خەڵکەکەی بێت لەبری ئەوەی وەکو چەك و بنەمای برسیکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایەو چەك و تەقەمەنی جەنگ دژ بە دانیشتوان بەکاربهێنرێت.

زاهیر باهیر
23/10/2024

………………
تێبینی : هەموو ئامارەکان لە دوو ئابووریناسی بریتانییەوە : Phillip Inman, Larry Elliott وە وەرگیراون .




گرنگی و بایاخی دەنگنەدان، بۆیکۆتی دەنگدان.. زاهیر باهیر

کاتێك لەگەڵ خەڵکدا لەسەر ئەوەی سەرەوە دەدوێت ڕووبەڕوی دوو پرسیار یاخود دوو وەڵام دەبیتەوە. یەکەم: بۆیکۆت هیچ ناگۆڕێت و دەچێتە گیرفانی حیزبەکانەوە و لەو بارەشدا لایەنە هەرە خراپەکە سوودمەند دەبێت . دووەم: ئەی ئەگەر بۆیکۆت بکرێت جێگرەوە چییە؟
بەڕای من ئەو بۆچوونانە هەردوکیان هەڵەن نە چارەیە و نە گۆڕانکارییەکیش دەکات ، چونکە چارە ئەوە نییە کە ئێمە دەنگ بە لایەك بدەین ، شەر لە بەتاڵی باشتر نییە، شەڕێك نییە یەخەی گرتبێتین و گەر نەیکەین تیادەچین و زەرەرمەندی هەمیشەیی دەبین . لە ڕاستیدا لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لە نێوان هەموو ئەو بەربژێر و حیزبانەدا تەنها دوو بژاردەمان هەیە خراپ و خراپترین. لەو بارەشدا ئێمە دەنگ بە خراپەکە دەدەین تاکو خراپترینەکەمان لە کۆڵ ببنەوە .
گومان لەوەدا نییە کە لەناو ئەو بەربژێرانەدا کەسانی زۆر باش و دڵسۆزیان تێدایە بە هەموو نێت و ئاوەزی خۆیانەوە وا هەست دەکەن کە ئەوان دەتوانن گۆڕانکاری بکەن. بەداخەوە کە ئەو برادەرانە ئەوەند هۆشیاریان نییە و قووڵ نەبوونەتەوە لە کێشە محەلییەکان و جیهانییەکاندا. ئەوان ئیدراکی ئەوە ناکەن کە تۆ هەر جۆرە حکومەتێك دامەزرێنیت ناچاریت کە ببیتە پاشکۆی ئەم سیستەمە ، پاشکۆی ئەوەی کە پێی دەلێن کۆمۆنێتی نێودەوڵەتیی . بۆیە لەو بارەدا دەبێت ئەوە بزانین ئەو کەسە باشانەش کە خۆیان بەربژێر کردووە دەبنە پاشکۆ و سیستەمەکە زۆر بە باشی دەیانگۆڕێت بەو جۆرەی کە پێویست بکات . ئەوان دەبنە برغویەکی سلاك، لەکار کەوتوو، کەبێ ئەو برغوانەش پێچکەی عەرەبانەی سیستەمەکە لەڕۆیشتندایە . ئەمە جگە لەوەی کە ئەوانیش دەبنە بەشێك لە داپڵۆسەر و سەرکوتکەری ئەو چین توێژاڵانەی کە پێشتر داوای دەنگدانیان لێدەکەن و گوایە ‘ئەم و ئەمان’ جیاواز دەبن لەوانەی کە ئێستا دەسەڵاتدارن .
بۆیکۆت هەڵوێستە ، لە ساتە وەختێکی ئاوادا هەڵوێست و هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەیە کە بەرهەمی دەبێت ، ڕسوایی و نابەدڵی و نادڵسۆزی و زوڵم و زۆری ئەنجامی پرۆسەکە و سیستەمەکە نیشان دەدات . بۆیکۆت هەنگاوی یەکەمە بۆ گۆڕانکاری گەورە لە سیستمەکەدا ، هەرگیز شۆڕش ڕوونادات بێ هەنگاوە بچووك و پێشەکییەکانی. هەرگیز ساوایەك بێ نانی هەنگاوی زۆر بچوك فێر نابێت یا ڕانایەت لەسەر نانی هەنگاوی گەورە و دواتریش ڕاکردن .
بۆیکۆت یانی پێشەوەچوونی هۆش و گۆشی خەڵکی کە گەورەترین مەترسی لەسەر دەستەبژێر و حوکمڕانان دروست دەکات کە بە هۆش خۆیان دەهێنێتەوە کە ئەوان ڕووبەری مەترسی گەورە بوونەتەوە .
ئێمە خۆمان لە ناهۆشیاریمانەوە تەقدیری بۆیکۆت ناکەین بەڵام سیاسەتمەداران و دەوڵەتمەداران زۆر باش دەیکەن ، ئەوان دەزانن چ مەترسییەك ڕووبەروویان دەبێتەوە . هەر ئەمەشە کە بە ملیۆن پاوەند و دۆلار و یورۆ لەو هۆکارەدا سەرف دەکرێت کە بۆچی خەڵك دەنگ نادات؟ ئەوان ناوەرۆك و حەقیقەتی بۆیکۆت تێدەگەن، ڕووکەشانە نایبینن ، یا وەکو دیاردەیەکی ئاسایی هەڵوێستی دەنگدەر نایبینن ، ئەوان ئەو دیوی کارەساتەکان و دیاردەدەکان دەخوێننەوە کە بۆیکۆت چەکەرەکردنی دەربڕینی چالاکی ناڕەزایەتی و دروستبوونی هۆشیارییە ، دەزانن کە چ مەترسییەکە بۆیان ، مەترسیی بە هۆشهاتنەوەی جەماوەری ناڕازییە .

زاهیر باهیر
27/09/2024




یەکێتییە ڕاستەقینەکان!.. زاهیر باهیر

دوای ئەوەی کە بەرانبەر مەلابەختیار کرا و داخستنی دەزگەی ڕاگەیاندکانی لە لایەن یەکێتییەوە، چەندەها کەسی ناوداری کۆن و نوێی ناو یەکێتی هاتنە سەر خەت و هەر یەکە بە چەشنێك ناڕەزایی خۆیانیان بەرانبەر ئەو کارەی پاڤێڵ تاڵەبانی دەربڕی.
ئەوەی کە ئاشکرابوو هەندێکیان بە جۆرێك قسەیان دەکرد کە ئەمان یەکێتییە ڕاستەقینەکەن نەك ئەوانەی کە ئێستا سەرکردایەتی یەکێتی دەکەن .
ئاماژەکردن بەم قسەیە و بە هەڵوێست و ڕابەرایەتی جەلال تاڵەبانی بۆ ئەوان لە دوو هەڵویستەوە بوو. یەکێکیان لە هەڵوێست و پێگەی نەزانی و بێ ئاگایی لە کوشتار و تیرۆرەکانی یەکێتی بەرانبەر بە هەڤاڵانی خۆی و نەیارانیێتی. ئەوی دیکەیان نەوێری و بودەڵەیییە کە لە پێاوی مانەوەی تەنها پێستەکەیاندا کردیان. گەر چی ئەمان هەر هەموو هەڵوێستەکانی یەکێتی لە شاخ و لە شاریش دەزانن کەچی بەو جۆرە قسەیان دەکرد یا ئێستاش دەیکەن کە یەکێتی پێشتر پەیڕەوی دیمۆکراسی و وتووێژ و ڕەخنە و ڕەخنەگرتن لە سەرکردایەتی کردووە و ڕێزی لە ڕا و بۆچوونی جیاواز گرتووە و زۆر مرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ هەموو ئەو دیاردانەدا کردووە .
ئایا بەڕاست ئەمە وایە؟ ئایا یەکێتی ناڕاستەقینە و ڕاستەقینە هەبووە و هەیە؟
ئەگەر ئەم برادەرانە مەبەستیان لە یەکێتی ڕاستەقینە باس لەو یەکێتییە کە دوای دروستبوونی دایە شاخ ، بابزانین بەڕاستی یەکێتی کە لە شاخ و شار بووە لە سەردەمی جەلال تاڵەبانید چۆن بووە؟ ئایا راستەقینە بووە و ئەمەی ئێستا ساختەیە یا ناڕاستەقینەیە؟ ئایا ئەم برادەرانە ئەوە نازانن هەڵسوکەوت و سیاسەتی ئێستای یەکێتی درێژە پێدانی سیاسەتەکەی “ڕەحمەتییە” ، مام جەلال و نەوشیروان؟
باشە ئەوە یەکێتی نەبوو کە ئەوەی کردیان بە ئاش شتێکی دیکە نەما بیکەن؟ ئەی هەر یەکێتی نەبوو کە هەڤاڵەکانی خۆی بە تەور دادەپڵۆسی؟ ئەی یەکێتی نەبوو چەندێکی دیکەی لە هەڤاڵانی خۆی کوشت یاخود دانی بە کوشت لەوانە ڕێبوار و دەزگیرانەکەی؟ ئەی یەکێتی نەبوو لە ساڵانی هەشتاکاندا چووە سەر شیوعییەکان و قەسابخانەی لێدروست کردن؟ ئەی لایەك ما کە یەکێتی شەڕی لەگەڵیاندا نەکردبێت و لێی نەکوشتبێتن ؟ ئەی ئەوە کێ بوو کە هەڤاڵ جووجەڵە و صدیقەفەنی و نوری حەمەعەلی و ئەندازیار فەتاحە قەڵەو و برایمئ حەمەخورشە و عەلی بۆسکانی و چەندەهای دیکەی تیرۆر کرد ؟ ئەی هەر یەکێتی نەبوو کە هێڕشیان کردە سەر کۆمۆنیستەکان و سیانیان لێکوشتن تەنانەت دەیانویست کە جەنازەکانیشیان نەدەنەوە؟ ئەی هەر یەکێتی نەبوو کە هەڕەشەی لە کەسانێك دەکرد کە تەنها و تەنها جیاوازی ڕاو بۆچوونیان هەبوو وەکو فوئادی مەجید میسری و کەسانی دیکە تا گەیشتە سەر دوو هاوڕێی ئێمە لە گروپی کار؟ ئەی لە شاریشدا دەستیان بە خوێنی ڕؤژنامەنوسان سوور نەبوو؟ ئەمانە و دەیەها نموونەی دیکە.
باشە برادەران کە ئێوە ئەو یەکێتییە بە دروست و ڕاستەقینە دەزانن ، بە خۆتان بزانن و نەزانن ئەگەر ئێوەش دەستان لە خوێنی ئەو کەسانەدا نەبوو بێت، لە کردنی ئەو هەڕەشانەدا نەبووبێت ئەوە بە دڵنییاییەوە ئەوە ئێوە شەریکە تاوانی یەکێتین و تاوانبارن .
لەمەش زیاتر ئەی هەر ئێوە نین و نەبوون کتێب و بیرەوەری و یادەوەری خۆتان نوسیوەتەوە کە هەر هەموی باس لە خراپی و کاری تیرۆریستیانەی یەکێتی دەکات؟ لێرەدا ناکرێت دوو هەڵوێستی جیاوازی تەنانەت دژ بە یەکیشتان هەبێت .
یەکەمیان نوسینی ئەو یادەوەری و بیرەوەریانەیە دژ بەو یەکێتییەی کە ئێستا خۆتان بە ڕاستەقینەی دەزانن و خۆتان بە بەشێکی گرنگی دادەنێن ، کەواتە دەبێت بە ئاشکرا ئەم هەڵوێستەتان ڕەت بکەنەوە و سەرزەنشتی خۆتان بکەن بۆ نوسینی ئەوانە . خۆ ئەگەر ئەوانەی کە نوسیوتانە و وتوتانە باوەڕتان پێی هەیە و ئێستاش پێداگریی لەسەر دەکەن، ئەوە نابێت باس لە یەکێتی ڕاستەقینە بکەن چونکە بە وتنی ئەوە تاوانبارکردنی خۆتانە.
یەکێتی نیشتمانی و پارتی هەر لە سەرەتای دروستبوونیانەوە تاکو ئەم چرکەیە یەکێك لە ڕەشترین لاپەڕەکانی مێژویان لە مێژوی کورد دا تۆمار کردووە .
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ، برادەران ئێوە لە چ بەرەیەکن ؟ چ هەڵوێستێک وەردەگرن ؟ چ قسەیەك دەکەن و کامیان هەڵدەبژێرن؟ قسە و ڕستە و چیرۆکی نێو کتێب و بیرەوەییەکانتان ، یاخود قسە و بانگەوازییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی پێشترتان؟ ناکرێت خورمژتان بوێت، ناکرێت بڵێن هەردوو هەڵوێستەکەتان ڕاست و دروستە .
بۆ ئەوەی تۆزێك متمانەتان لای دۆستانتان و خەڵکانی ئاسایی بمێنیت باشترە خۆتان ساخبکەنەوە.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
19/09/2024




ناتۆ و ئەمەریکا نیگەرانن سەبارەت بە ئەگەری دۆڕانی شەرەکەیان بە ڕوسیا.. زاهیر باهیر

پاش 22 مانگ شەری وێرانیکاری و بەکوشتدانی دەیەها هەزار لە سەربازان و خەڵکانی مەدەنی و ئاوارەبوونی چەند ملیۆن کەس و خاپورکردنی نزیکەی هەموو بەشە خزمەتگوزارییەکانی ئۆکرانیا، ئێستا ناتۆ و ئەمەریکا نایشارنەوە کە مەترسی تێشکانیان لە جەنگەکەی نێوانی ناتۆ و ڕوسیادا هەیە.
سەرۆکی ناتۆ ستۆڵتنبێرگ، Jens Stoltenberg ، ڕۆژی شەمە، 02-12، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەڵمانی کەناڵی ARD وتی: ” شەڕەکان بە قۆناغ پەرەدەسەنن…. دەبێت لەکاتی باشی و خراپیدا پشتیوانی ئۆکرانیا بکەین.” درێژەی بە قسەکانی داسو وتی “پێویستە ئامادەش بین بۆ هەواڵی ناخۆش”، هۆشداری زیاتری دا و وتی.: ئەمە لە کاتێکدا کە کیێڤ بەردەوامە لە بەرگریکردن لە دژی لەشکرکێشی سەرتاسەری ڕووسیا.
لێدوانەکانی ئەو لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا مشتومڕ لەسەر تەقەمەنی و یارمەتییە داراییەکان بۆ ئۆکرانیا دەکەن، کە هەندێك لە وڵاتان کەمتر دەربەستن و هەندێکی تریشیان بە هۆکارێك لە هۆکارەکان هاوکاریکردنی زیاتری ئۆکرانیا هەر ئاوا ئاسان نابینن . هەروەها مۆسکۆ هەنگاوی زیادکردنی سەربازەکانی ناوە. ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا ڕۆژی هەینی فەرمانێکی واژۆکرد بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازەکان بە ڕێژەی نزیکەی 170 هەزار سەرباز بۆ کۆی گشتی یەک ملیۆن و 300 هەزار سەرباز.
هاوکاتیش جەنڕاڵێکی باڵای ئۆکرانیا دانی بەوەدا ناوە کە بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی ڕووسیا گەیشتووەتە بنبەست و ئاسۆی “پێشکەوتنێکی قووڵ و باش” بەدوور دەزانرێت.
لە لایەکی دیکەوە جۆ بایدن لە ململانێیەکی گەورەدایە لەگەڵ کۆنگریس، لایەنە کۆمارییەکان دا بۆ دابینکردنی پارە و چەك و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا، لەبەرئەوەی کە زۆرێك لە پیاوانی کۆنگریس دژ بەوەن و لەگەڵ قسەکەی ترامپ-دان کە هەمیشە دەیوت ” یەکەم ئەمەریکا” واتە لە هەموو شتێکدا دەبێت ڕەچاوی ئەمەریکا بکرێت.
لە ئێستادا لە لایەن کۆشکی سپییەوە هەوڵێکی زۆر دەدرێت سەبارەت بە دەربازبوون لە بەهانەی وەستانی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا چونکە دەبێت کۆنگریس ڕەزامەندی لەسەر بدات . کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی کۆنگرێس کرد و پێشبینی کرد کە ئۆکرانیا بەم زووانە زەمینەی لە شەڕی خۆیدا لە دژی ڕووسیا لەدەست دەدات بێ ئەوەی جارێکی دیکە یارمەتی دارایی لەلایەن ئەمریکاوە پێ بدرێتە.
شالاندا یۆنگ ، Shalanda Young ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجە وتی: “دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە بەبێ کردەوەی کۆنگرێس، تا کۆتایی ساڵ، سەرچاوەکانمان تەواو دەبێت بۆ کڕینی چەک و ئامێری زیاتر بۆ ئۆکرانیا و دابینکردنی ئامێر لە کۆگا سەربازییەکانی ئەمریکا . ” ئەمە ناوەرۆکی نامەکەی یۆنگ بوو بۆ سێنەتاکانی کۆنگرێس. ئاماژەی بەوەشکردووە، “هیچ کارێکی ئەفسوناوی بۆ دابینکردنی ئەم ساتەوەختە لەبەردەستدا نییە. ئێمە پارەمان تەواو بووە – و نزیکە لە کاتمان”.
ئەم نامە ئاگرینەی شالاندا یۆنگ پێشینەی هەبوو، ئەویش لە 5ی مانگی ئۆکتۆبەردا کۆشکی سپی داوای لە کۆنگرێس کرد کە پڕۆژە یاسایەکی تەواوکەری بودجەی 106 ملیار دۆلار پەسەند بکات کە هاوکاری ئۆکرانیا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە هیندستان و زەریای هێمن دەکات و لە هەمان کاتدا ئاسایشی سنووریش بەهێز دەکات. بەڵام ئێستا دانوستانە دوولایەنەکان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە وەستاون.
لە نامەکەیدا، یۆنگ پێشبینی کردووە کە” لەدەستدانی پاڵپشتی دارایی ئەمریکا، ئۆکرانیا لە بەرەکانی شەڕدا بەچۆکدا دەهێنیت، نەک تەنها ئەو دەستکەوتانەی ئۆکرانیا بەدەستی هێناوە دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو ئەگەری سەرکەوتنە سەربازییەکانی ڕووسیا زیاد دەکات”
هەر لەم سات و وەختەشدا سەرۆك ژێلێنیسکی لە لایەن جۆ بایدنەوە داوای لێکرابوو کە قسە بۆ سێنەتارەکانی ئەمەریکا بکات تاکو ڕاستەوخۆ لە خۆیەوە بیبیستن کە شەڕەکە لە چ قۆناخێکی مەترسیدایە. بەڵام دوێنێ، 06/12 ، لە دیمانەیەکدا ژێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا پەیامەکەی / قسەکردنەکەی بۆ سێنەتارەکانی ئەمەریکا هەڵوەشاندەوە کە بە تەما بوو داوای بڕێکی نوێ لە هاوکاری و کۆمەك بۆ ئۆکرانیا بکات بۆ جەنگەکەی لەگەڵ ڕوسیادا. ئەمە لە کاتێکدا کە کۆنگریس هاوکاری دەیەها ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا هەڵوەشاندەوە.
گەلێکمان دەمانزانی کە ناتۆ لە ئەم جەنگەدا دەدۆڕێت ، گەرچی دۆڕوای سەرەکی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا و ڕوسیایە، و لە کۆتاییدا دەبێت سازش بۆ پوتین بکات. من یەکێك بووم لەو کەسانە کە لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری 2021 دا بە وتارێکی درێژ پاش توێژینەوەیەك لەسەر باری ئابووری ڕوسیا و ئەوروپا و ئەمەریکا ئاماژەم بە تێشکانی ناتۆ کردووە .
ناتۆ و ئەمەریکا وایان دەزانی بە دەستپێکردنی شەڕەکە ، یەك: پرۆتێست و ڕاپەڕین لە ڕوسیادا ڕوودەدات . دوو: سوپای ڕوسی دێتە قوڵایی ئۆکرانیا و دەوروبەری کییڤ ، ئەو کاتە گەمارۆ دەدرێن و هەڵگەڕانەوەی بەشێك لە سوپاکەی ڕوسیا مسۆگەرە و تێشکانیان شتێکی حەتمی دەبێت . سێ : ناچاربوونی یا ناچارکردنی پوتین بە بەکارهێنانی چەکی ناوکیی ، کە هەر دەستی کردەوە ئەو کاتە ئەمان لە ماوەی چەند خولەکێکدا هەموو ڕوسیای بەسەردا خاپوور دەکەن.
ئەمە لێکدانەوەی ئەوان بوو ، خۆ ئەگەر بەهانە و پاساوی چەنگەکە ئەوە بێت کە خۆیان دەیانووت ئەوە بێ گومان دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا و ناتۆ ناشیترین و نەزانترین بوون و ئەحمەقییەتی سیاسەتمەدا و دەوڵەتمەدارەکانیش هەر وەکو چۆن توێژنەوەی نادروستیان هەبوو و بە هەڵەداچوون لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا و تەنانەت ڤێنزویلاشدا ، هەر ئاواش لە شەڕی ڕوسیادا.
بەڵام ڕەنگە مەبەستی ئەو پاساوە فەرمیانە و هێنانەوەی بەڵگە و بڕێکی زۆر لە زانیارییەکانی هەڵگیرسانی شەڕ تەنها بۆ گەمژاندنی ئێمەی ” هاووڵاتیانێن” بووبێت، دەنا لە پشتی پەردەوە پلانی داڕێژراوی پتەو تر هەبوو . ئەویش هەر هەڵگیرسانی جەنگ / شەڕ یەکێكە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی خۆیان و هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکانیان و لەباربردن و شکستهێنان بە بزوتنەوەی کرێکاران و چەوساوەکانی وڵاتەکانیان .
ئەوەی ئاشکرایە ئێمە لەگەڵ دەوڵەتەکان و سیاسەتمەدارەکاندا هەمیشە لەشەڕداین، شەڕی تەسكکردنەوەی ئازادییەکانمان، شەڕی بەرزبوونەوەی تێچوی ژینمان ، شەڕی خراپکردنی بارودۆخی دەرونیمان و زۆری تر . ئەمانە لەدۆخی بە ناو ئاشتیدا کە لە پاڵیا دەکرێت پەتایەکیشمان وەکو پەتای کۆرۆنا بۆ دروست بکەن ، یاخود قەیرانێکی داراییمان بۆ دروست بکەن، ڕوودەدات . خۆ لە دۆخی شەڕییشدا ئەوە ئاشکرایە تەواوی زیندەوەرانی دوولاقی ئەم سەرزەمینە لانی کەم جارێك جەنگیان دیووە کە چ کارەساتێكیان بۆ دەهێنێت.

زاهیر باهیر
07/12/2023




شەپۆلی هاتنەوە سەر حوکمی حیزبە ڕاستڕەوەکان *.. زاهیر باهیر

ئەرجەنتین ، دووەم وڵاتی ئەمەریکای لاتنین دوای بەرازیل ، ڕۆژی یەکشەمە ، 19ی مانگ حیزبی ڕاستڕەو بە سەرۆکایەتی Javier Milei هەڵبژاردەنەکەی بە ڕێژەی نزیکەی لە سەدا 56 دەنگی بەدەستهێنا ، لە بەرانبەریشیدا حیزبی چەپ لە سەدا نزیکەی 45 دەنگی هێنبا . ئەوەی کە لە ئەرجەنتین ڕوویدا بە گوێرەی قسەی لیبراڵەکان و ئابووریناسەکانیان گەڕانەوەی توندوتیژی و ڕاستڕەوێتییە بۆ ئەرجەنتین و لێدانە لە دیمۆکراتییەت کە لە ساڵی 1983 وە گوایە بەردەوام بووە.
ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە کە هەڵئاوسانی پارەکەی لە سەدا 140 سەرکەوتووە و بەهای دراوەکەی لە سەدا 90ی لە ماوەی 4 ساڵدا لەدەست داوە و 3 ساڵە بەهۆی وشکە ساڵییەوە بەروبومێکی ئاوایان نەبووە . بەڕێژی لە سەدا 40ی خەڵکەکەی کە 45 ملیۆن کەسن لە هەژاریدا دەژین کە دەکاتە 2 کەس لە 5 کەس هەر وەها قەرزاری 44 ملیار دۆلاری صندوقی دراوی نێودەوڵەتییە.**
حکومەتی پێشوو دوای زنجیرەیەك پاشەکشە و هەڵاوسانی زۆر نرخی ئاڵوگۆڕی بە یەک پێسۆ بۆ دۆلار جێگیر کرد. ئەم ستراتیژە کە بە گۆڕانکاری ناسراوە، لە ساڵی 2002 وازی لێ هێنرا دوای ئەوەی پاشەکشەی قووڵ و ناڕەزایەتی توندوتیژی شەقامەکان دژی سنووردارکردنی کشانی بانکەکان وایکرد کە نەتوانرێت بەردەوام بێت.
وڵاتانی دیکە – پەنەما و ئیکوادۆر – بەم ڕێگایەدا ڕۆشتوون بەڵام هەرگیز یەکێکیان بەقەد ئەرجەنتین گەورە و پایەدار نییە کە وەك ئەرجەنتین ئەندامی گروپی جی 20ی وڵاتانی پێشەنگی پێشکەوتووی پیشەسازی بن.
ئێستاش یەكێك لە ڕیفۆرمەکانی سەرۆکی هەڵبژاردوو لە شانی هەڵوەشدندەوەی یاسای لەباربردنی کۆرپەلە، هەڵوەشاندنەوەی بانقی مەرکەزی ئەرجەنتیەنە و گۆڕانی دراوی پێسۆیە بە دۆلاری ئەمەریکی.
ئەم بڕیارەی سەرۆك ئاسان نییەو چارەسەری کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەرجەنتین ناکات هەر هیچ نەبێت لەبەر سێ هۆکار:
یەکەمیان: ئەوەیە کە ئەرجەنتین و ئەمریکا ئابوورییەکی زۆر جیاوازن و بۆیە ئەوەی ڕەنگە سیاسەتی دراوی دروست بێت بۆ ئەمەی دووەمیان ڕەنگە سیاسەتێکی هەڵە بێت بۆ یەکەمیان. وڵاتان دەبێت وریا بن لە دەستبەرداربوون لە ئازادی دانانی ڕێژەی سوودی خۆیان و دابەزینی بەهای دراوەکانیان.
کێشەی دووەم: زیاتر پراکتیکییە: ئەرجەنتین دۆلارەکانی لە کوێوە دەستدەکەوێت؟ لە ئێستادا بانکی ناوەندی نزیکەی هیچ یەدەگێکی دۆلاری ئەمریکی نییە کە باسی بکات، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی سەرمایەی جیهانی نییە بۆ بەدەستهێنانی ئەو پشکانەی کە پێویست دەبن بۆ بەردەوامبوونی ئابووری. لە ڕووی تیۆریەوە Javier Milei دەتوانێت داوای قەرز لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بکات، بەڵام ئەگەری دەستکەوتنی کەمە. ئەرجەنتین لە ئێستاوە گەورەترین قەرزدەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتییە و 44 ملیار دۆلاری قەرزدارە کە دەکاتە 35 ملیار پاوەند. سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گومانی هەیە لەوەی کە ئایا بە دۆلارکردنی دراوی ئەرجەنتین لە کورتخایەندا دەتوانرێت یان نا. پیسۆی دراوی ئەوێ پێویستی بە دابەزینی بەهایەکی بەرچاو دەبێت پێش بە دۆلارکردنی. هاوکاتیش دراوێکی لاوازترە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و هەڵاوسانی پارە زیاتر بەرز دەکاتەوە.
سێیەم: تەنانەت ئەگەر چارەسەرێک بۆ کێشە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە وازهێنان لە پێسۆ بدۆزرێتەوە، چارەسەری شۆکی سەرۆکی نوێ دەتوانێت تاڕادەیەک بە خێرایی لە ڕوویدا بتەقێتەوە. دۆلارسازی ڕێگایەکی یەکلایەنەیە – قومارێکی سیاسیانەیە کە هیچ دەرچوونێکی نییە کە دەتوانێت ئەرجەنتین لە ڕێڕەوێکی ناپایەداردا قفڵ بکات و ئابوورییەکەی بخاتە خوارەوە.
Javier Milei بەڵێنی داوە پێداچوونەوە بە هەموو ئەم دەستکەوتانەدا بکات، تەنانەت پێشنیاری ڕیفراندۆمی کردووە سەبارەت بە یاسایی بوونی لەباربردنی کۆرپەلە. پارتەکەی لە ئێستاوە کار لەسەر کەمکردنەوەی باج دەکات هەر کە مانگی داهاتوو دەستبەکاربوو، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ڕەنگە ئەفسەرانی دیکتاتۆری زیندانیکراوی ئەرجەنتین بێتاوان بکات. لە میانی دیبەیتێکی سەرۆکایەتیدا وتی کە سەربازیی تەنها بە “زیادەڕەوی” تاوانبارن.
ئەوەی کە وەڵامی ڕیفۆرمەکانی سەرۆکی نوێ دەتاوە بزوتنەوەی کرێکارانی نقابییە کە ئەرەجەنتین خاوەنی بە هێزترین نقابەی ڕادیکالە و ڕۆڵی خۆی هەیە لە ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی حکومەتەکاندا.

…………………
*ئەوە زیرەکی سەرمایەدارن و ئابووریناسەکانیان کە حیزبە دەسەڵاتخواز و دەسەڵاتدارەکانیان کردووە بە دوو بەشەوە : چەپ و ڕاست بەلام لە ڕاستیدا جیاوازییەکی کەم لە نێوانی ئەم دوانەدا هەیە و دەبێت کە دێنە سەر حوکم. دیمیۆکراتییەت و دیکتاتۆرییەت تەواوکەری بەڕێکردنی سیاسەتی حیزبەکانان.
**بۆ نوسینی ئەم پۆستە لە چەند وتارێکی ڕؤژنامەی گاردیانی بریتانی سوودمەند بووم .

زاهیر باهیر
22/11/2023




چۆن ئیسرائیل یارمەتی گەشەی حەماسی بۆ دەیان ساڵ دا.. نوسینی: Aysha Khan و Ismat Mangla*

شیکاریی: حەماس چییە و بۆچی ساڵانێکە ئیسرائیل بە ئەنقەست بوونی ئەوی چالاک کردووە؟
نوسینی : Aysha Khan و Ismat Mangla*

و: زاهیر باهیر

ئێمە دەزانین کە گرووپی چەکداری فەلەستینی حەماس بەرپرسیارە لە کوشندەترین هێرش بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە مێژووی ئەم دواییەدا کە زیاتر لە هەزار و 300 کەسی کوشتووە و زیاتر لە 200 کەسیشی بە بارمتە گرتووە.
حەماس لە ساڵی 1987 لە غەززەی داگیرکراو دامەزراوە، کە کورتکراوەی بزوتنەوەی بەرەنگاریی ئەلئیسلامییە (بزووتنەوەی بەرخۆدانی ئیسلامی) – ئەو گروپە چەکدارەیە کە ئەمڕۆ کۆنترۆڵی سیاسی بەسەر غەززەدا هەیە. ئەوەی ڕەنگە نەتزانیبێت ئەوەیە کە هەمان ئەم گروپە لە ڕاستیدا بەشێکی لەلایەن خودی ئیسرائیلەوە دروستکراوە. لە کاتێکدا ڕەنگە وەک تیۆرییەکی پیلانگێڕی دەربکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا نهێنییەکی کراوە و بە باشی بەڵگەدارە کە ئیسرائیل ساڵانێکە یارمەتی دارایی و پشتگیریکردنی حەماسی داوە.
گێرشۆن هاکۆهین، Gershon Hacohen, ، هاوکارێکی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ساڵی 2019 دا وتی: پێویستە ڕاستییەکان بڵێین. ئاماژەی بەوەشکردووە، ستراتیژی ناتانیاهۆ ڕێگریکردنە لە بژاردەی دوو دەوڵەت، بۆیە حەماس دەکاتە نزیکترین هاوکاری خۆی. ” بە ئاشکرا حەماس دوژمنە، بە شاراوەیی هاوپەیمانێکە.” تێگەیشتن لە ستراتیژی ئیسرائیل لەم کارەدا دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت لە خوێندنەوەی دێڕەکانی قسەکانی حکومەتی ئیسرائیل سەبارەت بە بەربەرییەتی حەماس. هەروەها یارمەتی ڕۆشنکردنەوەی دیدگای نەتانیاهۆ دەدات بۆ ناوچەکە — و کۆتای دوایارییەکە.

ستراتیژی ئیسرائیل بۆ پەرتکردن و داگیرکردن

” بە پەشیمانییەکی زۆرمەوە ، حەماس دروستکراوی ئیسرائیلە.”

ئەڤنەر کۆهین، Avner Cohen ، بەرپرسی کاروباری ئایینی ئیسرائیل لە غەززە لە کاتی سەرهەڵدانی حەماسدا، لە وتارێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ساڵی 2009دا بە ناوی ” ئیسرائیل چۆن یارمەتی زاوزێکردنی حەماسی دا” دەڵێت حەماس لە سەردەمی یەکەم ڕاپەڕین دا/ ئینتیفازە لەدایک بووە، کاتێک فەلەستینییەکان لە ساڵی1987ەوە دژی داگیرکەرەکانیان ڕاپەڕینەوە، ئەم گروپە لەلایەن شێخ ئەحمەد یاسین-وە پەنابەرێکی مەشلول تا ڕادەیەك نابینا دامەزراوە و لە کەمپێکی پەنابەرانی غەززە گەورە بووە. لەوێدا، یاسین یارمەتی پێکهێنانی لقێکی فەلەستینیی ئیخوان موسلیمینی دابوو، ئەو بزووتنەوەیە بەناوبانگ و کاریگەرەی کە لە میسر دامەزرابوو و پشتگیری لە ئیسلامێکی سیاسی دەکرد – هەندێکجار پێی دەگوترا “ئیسلامیزم”. ئەم گرووپەی کە بنکەکەی لە غەززە دامەزراند – موجەمەع ئەلئیسلامیە، پێشخانێك بۆ حەماس – لە ساڵی 1973 وەک ڕێکخراوێکی خێرخوازی موسڵمانان کە زانکۆ و کتێبخانە و مزگەوت و قوتابخانەکانی دامەزراند.
یاسین و بزووتنەوە تازەپێگەیشتوەکەی هاوپەیمانێکی چاوەڕواننەکراویان لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دۆزیەوە. فەرمانڕەوا نوێیەکانی غەززە سنووردارکردنی پێشوویان بۆ چالاکوانانی پەرەپێدانی ئیسلامی سیاسی شلکردەوە؛ بە فەرمی موجەمەع ئەلئیسلامیای وەک خێرخوازی و دواتر وەک کۆمەڵە تۆمار کرد؛ ڕێگەی بە ئەندامەکانی دا پەیامەکەی بڵاوبکەنەوە و نیازپاکی بنیات بنێن بە پەرەپێدانی تۆڕێک لە دامەزراوە ناوخۆییەکان و چووە دواوە کاتێک گروپەکە شەڕی لەگەڵ ڕکابەرەکانی کرد کە عەلمانییەکانی فەلەستین بوون.
بەم شێوەیە سیاسەتیان لە چەند دێڕێکدا گرد دەبێتەوە “هەر کەسێک بیەوێت دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین پووچەڵ بکاتەوە، دەبێت پشتگیری لە بەهێزکردنی حەماس و گواستنەوەی پارە بۆ حەماس بکات . ئەمە بەشێکە لە ستراتیژییەکەمان کە دابڕانی فەلەستینییەکانی غەززەیە لە فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا.”
دوای ئەوەی ئیسرائیل لە ساڵانی شەستەکاندا کەرتی غەززەی لە میسر داگیرکرد و دەستی بەسەردا گرت، حکومەتی ئیسرائیل تامەزرۆی لاوازکردنی هێزی سیاسی ڕابەرایەتی فەلەستین بوو . لەو کاتەدا ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی ناسیۆنالیستی عەلمانی (PLO ) و کەسایەتیی پێشەنگی ئەو ڕێکخراوە یاسر عەرەفات لە پارتی فەتح بوو. ئیسرائیل وەکو پێشبینی دەکرس بە بەدوای ئەندامانی PLOوە بوو، کە زۆرێکیان سەرسەختانە دژی ئیسرائیل بوون. لەم نێوەندەدا، ئیسرائیل بە ڕێزگرتن لە ستراتیژی سیاسەتی کۆلۆنیالیزمیی پەرتکردن و حوکمڕانیی، لە تەك ئەوەشدا ئیسرائیل لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستیکرد بە چالاککردنی گروپە تازەپێگەیشتوەکەی یاسین.
ئەم بزووتنەوە سیاسییە ئایینییە لەو کاتەدا لە پەراوێزی سیاسەتی فەلەستین دا بوو، بەڵام بە پارەی ئیسرائیل، کاریگەرییەکەی گەشەی کرد و لە کۆتاییدا گۆڕا بۆ حەماس وەك ئەوەی ئەمڕۆ دەیزانین.
ئەوە حاڵەتێکی کلاسیکی کارادانەوەی سلبی بوو ، نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی: ” ئەزموونی ئیسرائیل دەنگدانەوەی ئەزموونی ئەمریکایە، کە لە کاتی جەنگی سارددا وەک هاوپەیمانێکی بەسوود لە دژی کۆمۆنیزم چاوی لە ئیسلامییەکان بوو. ” … ” هێزەکانی دژە سۆڤیەت کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکران دوای لەشکرکێشی مۆسکۆ بۆ سەر ئەفغانستان لە ساڵی 1979، دواتر گۆڕا بۆ قاعیدە.” سیاسەتی ئیسرئیل ڕەنگدانەوە ئەوە سیاسەتەی ئەمەریکا بوو . لە ڕاستیدا تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، ڕێکخراوی فەلەستین، PLO ، دەستی بە کارکردن کردبوو بۆ سازانێکی دوو دەوڵەتیی و حەماسیش لە غەززە بە ڕوونی بووبوو بە هێزێکی چەکداری بەهێزی دژە ئیسرائیل کە پشتیوانییەکی بەرچاوی لەلایەن گەلی فەلەستینەوە بەدەستهێنابوو. ئیسرائیل دەستی کرد بە هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی ئەو ئەهریمەنەی کە یارمەتی دروستکردنی دابوو – بەڵام زۆر درەنگ بوو.
زیندوو ڕاگرتنی حەماس و چارەسەرێکی دوو دەوڵەتی بە مردوویی

بۆ دەیان ساڵە ئیسرائیل سەرکوتی حەماس دەکات لە غەززە لەوانە هەڵمەتی هێرشی ئاسمانی بەردەوام، تیرۆرکردنی ئامانجدار، گەمارۆیەکی دەیان ساڵە ، لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا، زۆرجار بەسوود بۆ بەهێزکردنی پشتیوانی گروپەکە گەڕاوەتەوە. بەڵام لەوەش ترسناکتر ئەو شێوازەیە کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل تا ئەمڕۆش بەردەوام بوون لە چالاککردنی حەماس بە ئەنقەست .
دوای هێرشەکەی ئەم دواییەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، نەتانیاهۆ سوێندی خوارد کە هەموو ئەندامێکی ئەو گرووپە ” کەسێکی مردووە.” بەڵام ناتانیاهۆ بە شێوەیەکی ستراتیژی ئاسانکاری بۆ ملیۆنان دۆلار بۆ حەماس کردووە بە ڕێگەدان بە قەتەر کە یارمەتی نەختینەیی بە غەززە بدات – کە دەیزانی پارە نەختینەکە دەچێتە دەستی سەرکردایەتی حەماس.
لە ساڵی 2009ەوە ستراتیژی سیاسی نەتانیاهۆ لە دەوری زیندوو ڕاگرتنی حەماس و لێدان دەسوڕێتەوە — تەنانەت ئەگەر ئازاری گەلەکەی خۆیشی دابێت. لە کاتێکدا ئیسرائیل و نەتانیاهۆ لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بە قسە بەدواداچوون بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتیی دەکەن، کە حەماس بیانوویەکی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ دوورکەوتنەوە لە شوێنکەوتنی چارەسەرێک. ئەم واقیعەش نە تیۆرێکی پیلانگێڕییە، نە بە تایبەتی بە باشیش شاراوەیە. لە ڕاستیدا ناتانیاهۆ و چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئاشکرا باسیان لەوە کردووە.

“ستراتیژی ناتانیاهۆ ڕێگریکردنە لە بژاردەی دوو دەوڵەت، بۆیە حەماس دەکاتە نزیکترین هاوکاری خۆی. حەماس بە ئاشکرا دوژمنە و بە شاراوەییش هاوپەیمانێکە.”
لە کۆبوونەوەی حزبی لیکود لە ساڵی 2019دا، نەتانیاهۆ بە دڵخۆشییەوە بە هاووڵاتیانی خۆی گوت: ” هەرکەسێک بیەوێت دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین پووچەڵ بکاتەوە، دەبێت پشتگیری لە بەهێزکردنی حەماس و گواستنەوەی پارە بۆ حەماس بکات. ئەمە بەشێکە لە ستراتیژییەکەمان — دابڕانی فەلەستینییەکانی غەززە لە فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا.” هەروەها بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی هەواڵگری ئیسرائیل کە لەلایەن گۆڤاری +972 لە 30ی تشرینی یەکەمدا بڵاوکراوەتەوە، هێندەی تر ڕوونی دەکاتەوە. لەوێدا بە فەرمی ئاماژە بە بژاردەی کۆنتڕۆڵکردنی غەززە لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینەوە وەک خراپترین دەرئەنجامی ئەگەری دەکەن – چونکە ئەوە “یەکێک لە بەربەستە ناوەندییەکانی ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی” لادەبات.
لەڕاستیدا ناتانیاهۆ مەبەستی ئەوە بووە کە فەلەستینییەکان لە ژێر دوو گرووپی دەسەڵاتداردا بە دابەشکراوی بمێننەوە: دەسەڵاتی فەلەستین کە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە سەرکەوتوو بووە لە کەرتی ڕۆژئاوا و حەماسی میلتەنت لە غەززە. ( دەسەڵاتی فەلەستین بە سەرۆکایەتی پاشماوەی PLO وەک دەزگایەکی خۆبەڕێوەبەری کاتیی دروست بوو کە مەبەست لێی خۆشکردنی ڕێگا بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین بوو، بەڵام ئەوە ڕووی نەداوە.) تا ئەو کاتەی ئەم دوو گرووپە دابەش بوون، ئیسرائیل پاساوی هەیە بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین نەکات بە بیانوی ئەوەی کە ئەو گرووپە نوێنەرایەتی هەموو فەلەستینییەکان ناکات. حەماس بە پێچەوانەی سەرکەوتنی دیپلۆماسی دەسەڵاتی فەلەستین بۆ ئیسرائیل بووەتە دوژمنێکی گونجاو. لە چاوپێکەوتنێکیدا لە ساڵی 2015دا، بێزالێل سمۆتریچ، Bezalel Smotrich ، وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕوونیکردەوە کە شەڕەنگێزی حەماس و بەو هۆیەوە ناشەرعییەتی لەسەر شانۆی جیهانی، نیعمەتێکە بۆ ستراتیژی سیاسی حکومەتەکەی.
سمۆتریچ وتی: ” دەسەڵاتی فەلەستین، PLO ، بارگرانییە، حەماسیش سەرمایە.” وتیشی ” ئەوە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە، کەس دان بەودا نانێت، کەس لە [دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان] پێگەی پێنادات، کەس ڕێگەی پێنادات بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بخاتەڕوو”.
هاوکاتیش زۆرێک لە هاوڵاتیانی ئیسرائیل توڕە بوون لەوەی کە چۆن فێڵەکانی نەتانیاهۆ هەموویان دەخاتە مەترسییەوە و زیاتر لە 1300 هاوڵاتی وڵاتەکەیان دەکوژرێت.
ستوونی ئەم دواییەی ڕۆژنامەی هارێتس کە یەکێکە لە گەورەترین ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیران ئەرك دەخاتە ئەستۆی سەرۆكوەزیران خۆی سەبارەت “دوکتورینە سیاسییە وێرانکەر و چەواشەکارەکەیەوە کە پێیوابوو بەهێزکردنی حەماس لەسەر حیسابی دەسەڵاتی فەلەستین، PA، بۆ ئیسرائیل باش دەبێت”. ستوونی دیکەی ئەم دواییەی هارێتز باس لەوە دەکات کە چۆن “هاوپەیمانی” ناتانیاهۆ و حەماس و ” قەسابخەنەی ” 7ی مانگی ئۆکتۆبەر یارمەتی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەدات بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی .” ڕۆژنامەی تایمزی زۆر کۆنەپارێزی ئیسرائیلی ، ئەویش دوای هێرشەکانی حەماس، لە بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکیدا بە ناونیشانی “بۆ ساڵانێک، نەتانیاهۆ پشتگیری حەماسی دەکرد ئێستا بە ڕووی ئێمەدا تەقێنرایەوە.”
هاوکاتیش وەک ئەندامی پێشووی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل، IDF، بێنزی ساندەرز، Benzi Sanders ، ڕوونی دەکاتەوە، هەڵمەتی نوێی بۆردومانی نەتانیاهۆ و فراوانکردنی هێرشی زەمینی تەنها بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردن و بەردەوامکردنی حەماس — و ڕێگری لە چارەسەرکردنێکی دادپەروەرانە بۆ ئەم قەیرانە دەکات.
…………….

*ئایشە خان و عیسمەت مانگلا هەردووکیان سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەنالیست نیوزن.




ئایندەی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا بەرەوکوێ؟.. زاهیر باهیر

پێشبینیکردنی کۆتایی جەنگەکە کارێکی ئاسان نییە چونکە هۆکار و بەرئەنجامەکەی یاخود ڕوودانی کارەساتێکی سروشتیی….هەر کام لەمانە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن.
پش ١٩ مانگ تێپەڕین بەسەر دەستپێکردنیدا هێشتا جەنگەکە بەردەوامەو ڕوسیا لە پێگەی بەهێزی ئابووری و سەربازی خۆیدایە. کەمکردنەوەی دەرهێنانی نەوتی خۆی و داخوازی زیاتری نەوت لەلایەن چینەوە، لە ئێستادا کاریگەری خۆی لەسەر بازاڕی وزە بەتایبەتی و ئابووری ئەوروپا بەگشتی داناوە و دادەنێت . هەنووکە نرخی بەرمیڵێك نەوت لە بازاڕدا ٩٤ دۆلارە و واپێشبینیش دەکریت کە بەم زووانە بۆ ١٠٠ دۆلار سەربکەوێتت.
لەمانەش گرنگتر درزکەوتنە نێو ئەندامانی ناتۆ و هەڵوێستی ئەمەریکا و کەنەدە وڵاتانی دیکە، سەرانی ئۆکرانیای بێ ئومێد کردووە. ماوەیەکی کورت لەمەوبەر بوو کە سارکۆزی کۆنە سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند: ئەوروپا ڕوسیای پێویستە. هەروەها وتیشێ “دیپلۆماسی و گفتوگۆ و دانوستان” “تاکە ڕێگان” بۆ چارەسەرکردنی شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، دەبێت ئۆکرانیا سازش لەسەر ئەو زەویانەی کە داگیرکراون لەتەك ڕوسیادا بکات.
هاوکاتیش لە کۆبونەوەی گروپی ٢٠ لە هیندستان ، ڕاگەیاندنێكی هاوبەش ڕاگەیەنرا بەهیچ شێوەیەك نەتوانرا نەك هەر سەرەکۆنەی ڕوسیا سەبارەت بە داگیرکردنی ئۆکرانیا بکرێت، بەڵکو بە ڕاستەوخۆش نەتوانرا باسی شەڕەکە بکرێت. ڕوسەکان و دۆستەکانیان ئەمەیان بە سەرکەوتن دانا. لەڕاستیشدا شلۆقی و لاوازی هەڵوێستی بەرەی ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوای تۆمار کرد لە بەرانبەر بەرەی لایەنگری ڕوسیا یاخود بێ لایەنیی هەندێك دەوڵەت ، کە خودی ئەو بێلایەنییە بە لایەنگیریی ڕوسیا هەژمار دەکرێت.
لەمانەش زیاتر کاتێك کە دادگەی نێودەوڵەتی بڕیاری دەستگیرکردنی پوتین-یان ڕاگەیاندووە کە ئەمەش سەفەر و هەڵسوڕانی پوتین-ی تەسك کردۆتەوە، کەچی هەر لەو کاتەدا ‘لۆلە’ سەرۆکی بەرازیل وەکو تەحەدایەك لە بەرەی ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند کە پوتین دەتوانێت بەشدای دانیشتنی لوتکەی گروپی ٢٠ لە ساڵی ئایندەدا کە بڕیارە لە بەرازیل بگیرێت بکات بێ ئەوەی ترسی گرتنی ببێت. ئەمەش گرفتێکتی گەورە بۆ بەرەی ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دروست دەکات . ئەو کاتە یا دەبێت ئەوان بەشداری بکەن، بەشداری کردنیشیان یانی ئەو پەڕی سازش لەتەك پوتین-دا و دابەزینی شکۆ و کەسایەتی و ڕەواجنەبوونی بڕیارەکانیانە. ئەگەر بەشداریش نەکەن یا ئەوەتا کۆبوونەوەکە یا ناکرێت یا بە نیوەناچڵ دەکرێت بەهایەکی نابێت و بڕیارەکانی بێ بەجێهێنان و سەپاندن دەمێنێتەوە. حاڵەتی سێیەم گواستنەوەی کۆبوونەوەکەیە بۆ وڵاتێکی دیکە کە پوتین نەتوانێت بەشداری بکات لەو بارەشدا بەرەی دووەم واتە لاینگرانی ڕوسیا ڕەنگە بەشێکیان بەشداری نەکەن.
لە لایەکی دیکەوە دەم و قسەی ئەمەریکییەکان سەبارەت بە بڕیارە پێشینەکانیان وەکو جاران نەماوە و تا ڕادەیەك خاو بوونەتەوە گەرچی تا ئێستا ٤٣ ملیار دۆلاریان هاوکاری سەربازی کردووە بێ لە ملیارەهای دییکە وەکو هاوکاری مرۆیی.
ڕەنگە سوورنەبوونی ئیدارەی ئەمەریکی لە هاوکاری ئۆکرانیا ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی خودی ئەمەریکییەکان بێت کە چی تر نایانەوێت هاوکاری سەربازی ئۆکرانیا بکرێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ئەوە نیشان دەدات لە سەدا ٥٥ ئەمەریکییەکان دژ بە هاوکاری ئۆکرانیان و لە سەدا ٥١ پێیان وایە کە ئەمریکا زۆری کردووە ، تەنها لە سەدا٤٨ دەڵێن دەبێت ئەمریکا زیاتر هاوکای ئۆکرانیا بکات.
لەمانەش مەترسیدار بۆ ناتۆ و دەوڵەتانی ئەوروپا هاتنەوەی دۆناڵد ترامپە بۆ سەر حوکم لە ساڵی ئایندەدا، کە بڕیاری داوە بە هاتنەوەی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا شەڕەکە دەوەستێنێت. هەرچی سەرەك وەزیرانی بریتانیە ، ڕیشی سوناك، لە ئێستادا بێ دەنگە.
ئەنجامگیریی
پاش ئەوەی کە پێشبینییەکانی ئەمەریکا و دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە کۆتاییهاتنی پوتین و دەسەڵاتەکەی نەهاتە دی وەکو ڕاپەڕینی ڕوسییەکان چۆن لە هەندێك لە وڵاتە عەرەبییەکاندا لە سەردەمی ” بەهاری عەرەنی”دا ڕووی دا هەروەها هاتنە ناوەوەی سوپای ڕوسی بۆ ناو قوڵایی ئۆکرانیا و ئاسانبوونی گەمارۆدانی و کردنی کوشتارگەلێکی زۆر شکستیهێنا لە سوپای ڕوسیا. کە ئەمانە ڕووی نەدا، ئیتر دەبێت بیر لە ڕێگایەك بکرێتەوە کە هەرچۆن هەبێت هەیبەت و شکۆی ئەمەریکا و ناتۆ لەوە زیاتر نەشکێت بە جۆرێك لە جۆرەکان ئاوێك بکەن بەم ئاگرەدا و بیکوژێننەوە. لە ئێستادا بۆی دەمی گەلێك لە دەوڵەتە ئەندامەکانی ناتۆ وتووێژکردنە لەگەڵ ڕوسیا و قەبوڵکردنی هەر هیچ نەبێت کرایمیا و یەك دوو دەڤەرێکی دیکەی ئۆکرانیایە گەر بە وەختیش (کاتیی) بێت بە فەرمی بەشێك بن لە ڕوسیا . هاوکاتیش ڕوسیا ڕێگە بدات کە ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا.

ئەم سازش و سازشکاریانەش تەنها و تەنها دەبێت لە ڕێگای سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی تورکیا و هیندستان و چین و سعودییە و هەنێك وڵاتانی دیکەوە دەبێت .
لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە کە بۆ زۆربەمان ناڕوونە ئەویش: ئایا دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمەریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا ئەوندە گەمژەو نەزانبوون لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ڕوسیادا، هەر وەکو لە عێراق و ئەفغانستان و سوریا؟ یاخود ویستی ئەوان ئەوەبوو کە ئێستا ڕوودەدات ، ئەمە پلانیان بووە و هەر بە پلانیش دەڕوات؟
من بۆ خۆم لام ڕوون نییە کە کامیان هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکەیە، کە ڕەنگە هەردوکیان بێت. بەڵام ئەوەی کە لام ڕوونە جەنگەکە کارەساتی بۆ گەلی ئۆکرانیا هێنا و گرانی نەبوونیی و بێ کاری بۆ هەموو هەژارانی دونیا بە جۆرێك لە جۆرەکان هێنا. هاوکاتیش گەورەترین سەرمایەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و بێ ئومێدی لە بنیاتنانی دونیاکی باشتر لە ئایندەدا هێنا. هەژاری و بێ کاری و گرانی و وێرانکاری و ڕاگوێزکردن و تەسكبوونەوەی ئازدییەکانی خەڵك و فروانکردنی تەوقی دەوڵەت و بەدەستڕاگەیشتنی پارەیەکی مشە بۆ کۆمپانیا گەورەکان …هەموو ئەمانەی هێنا.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
١٨/٠٩/٢٠٢٣




مارکس و ئەنارکیزم.. بەشی یازدەیەم و کۆتایی.. و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

VI
بەشی یازدەیەم و کۆتایی

کاتێک شۆڕش لە ئیسپانیا لە ساڵی 1873دا هەڵگیرسا، ئەندامانی نێونەتەوەیی کە نزیکەی هەموویان ئەنارکیست بوون، داواکاریی حزبە بۆرژوازییەکانیان پشتگوێ خست و ڕێڕەوی خۆیان بەرەو دەستبەسەراگرتنی زەوی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیان بە ڕۆحییەتی شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە پەیڕەو کرد. مانگرتنی گشتی و یاخیبوون لە ئەلکۆی، سان لوکار دی بارامێدا، سێڤییل/ ئەشبیلییە ، کارتاجێنا (Alcoy, San Lucar de Barrameda, Seville, Cartagena ) و شوێنەکانی دیکە سەری هەڵدا، کە هەر دەبوایە بە خوێنڕشتن کپبکرێنەوە. بەندەری کارتاجێنا زیاتر درێژەی کێشا بە مانەوەی لە دەستی شۆڕشگێڕاندا تا دواجار کەوتە ژێر هێڕشی ئاگرینی کەشتییە جەنگییەکانی پرۆسیا و ئینگلیز. لەو کاتەدا ئەنگڵس هێرشێکی توندی کردە سەر باکونینیستەکانی ئیسپانیا لە ڤۆڵکسستات (Volksstaat ) و بەهۆی ئامادەنەبوونیان بۆ یەکخستنی هێزەکانیان لەگەڵ کۆمارییەکان. ئەگەر ئەنگلس تەمەنی بواری بدایە ، دەبوایە چۆن ڕەخنەی لە قوتابییە کۆمۆنیستەکانی لە ڕووسیا و ئەڵمانیا بگرتایە!!
دوای کۆنگرەی ئاهەنگگێڕانی ساڵی 1891 کاتێک سەرکردەکانی بەناو “گەنج/لاو” لە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی دەرکران، بە هەمان تۆمەت کە لینین دەبوو بیکات، دژی “هەلپەرستەکان” و “کاوتسکییەکان”، پارتێکی جیاوازیان لەگەڵ ڕۆژنامەکەیان دێ سۆسیالیست (Der Sozialist ) لە بەرلین دامەزراند. لە سەرەتادا بزووتنەوەکە لە ڕادەبەدەر دۆگماتیک بوو و بیرکردنەوەی نزیك بوو لە بیرکردنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمڕۆ. بۆ نموونە ئەگەر کەسێك کتێبی پارلەمانتاریزم و چینی کرێکاری تێستلەر (Teistler ) بخوێنێتەوە، ئەوا هەمان بیرۆکەکانی کتێبی ‘ دەوڵەت و شۆڕشی’ لینین-ی دێنە سەر ڕێی. وەك بەلشەفییکە ڕووسییەکان و ئەندامانی پارتی کۆمۆنیسی ئەڵمانی، سۆشیالیستە سەربەخۆکانی ئەو سەردەمە بنەماکانی دیموکراسییان ڕەتکردەوە، هەروەها بەشداریکردنیان لە پەڕلەمانە بورژوازییەکانا لەسەر ئەساسی بنەما ڕیفۆرمخوازەکانی مارکسیسزم، دایەدواوە.
کەواتە ئەنگڵس چی دەگوت سەبارەت بەم “گەنجانە/لاوانە” کە وەک کۆمۆنیستەکان دڵخۆش بوون بە تۆمەتبارکردنی سەرکردەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات بە خیانەت لە مارکسیزم؟ لە نامەیەکی بۆ سۆرجی (Sorge ) ، ئەنگڵسی بەساڵاچوو لە ئۆکتۆبەری 1891 بەم شێوە میهرەبانییە بۆی دەنوسێت “بەرلینییە نەخۆشەکان لەبری ئەوەی وەک تۆمەتکار بمێننەوە، تۆمەتبار کراون، و وەک ترسنۆکە بێ هوودەکان ڕەفتاریان کردووە، ئەگەر بیانەوێت هەر کارێک بکەن، ناچاربوون کە لە دەرەوەی حیزب کار بکەن. بێ گومان لە نێویاندا دەستە و دیمەنی پۆلیس و کریپتۆئانارکیست هەن کە دەیانەوێت لە نێو گەلەکەماندا کار بکەن. هاوشان لەگەڵ ئەوان ژمارەیەک گەوج و خوێندکاری هەڵخەڵەتێنراو و کۆمەڵێکی جیاوازی بێ ئەدەب لە جادووگەر هەن . بە گشتی نزیکەی دوو سەد کەسن.”
بەڕاستی سەرنجڕاکێش دەبێت بزانین ئەنگڵس بە چ وەسفێکی جوان ڕێزی لە “کۆمۆنیستەکانی” ئەمڕۆمان دەگرت، لەگەڵ ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن “پارێزەری بنەما مارکسیستەکانن”.

VII
تایبەتمەندیکردنی / کاراکتەرایزکردنی میتۆدەکانی سۆسیال دیموکراسی کۆن مەحاڵن. لەو بارەوە لینین یەک وشەی نییە بیڵێت و هاوڕێ ئەڵمانییەکانیشی تەنانەت کەمتریان هەیە. دەبێ زۆربەی سۆسیالیستەکان گێڕانەوەی ئەم وردەکارییەیان لەبیر بێت بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی مارکسیزمن؛ هەرکەسێک زانیاری لەسەر مێژوو هەبێت لەگەڵیان هاوڕا دەبێت. ئەوە مارکسیزم بوو کە کاری پەرلەمانیی بەسەر چینی کرێکاردا سەپاند و ئەو ڕێگایەی دیاری کرد کە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی پەیڕەوی لێکرد. تەنها کاتێك کە تێگەیشتن لەمە هەبوو، مرۆڤ تێدەگات کە ڕێگای ڕزگاری کۆمەڵایەتی وێڕای دژایەتی مارکسیزم دەمانگەیەنێتە خاکی بەختەوەری ئەنارکیزم.

تەواو

و: زاهیر باهیر




مارکس و ئەنارکیزم*-9-.. و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر
IV
بەشی نۆیەم

بە دڵنیاییەوە ئەرکی لینین کارێکی ئاسان نەبوو: لە لایەکەوە ناچار بوو سازشی بوێرانە بەرامبەر بە مەیلی دژە دەوڵەتی ئەنارکیستەکان بکات، لە لایەکی دیکەشەوە دەبوو نیشانی بدات کە هەڵوێستەکەی بە هیچ شێوەیەک ئەنارکیستی نییە، بەڵکو تەنیا مارکسیستییە. وەک دەرئەنجامێکی حەتمی ئەمە، لای هەموو مرۆڤێکی خاوەنلۆژكی دروستبیرکەرەوە، کارەکانی پڕن لە هەڵە. نموونەیەك نیشان دەدات کە جەختکردنەوەیە لەسەر خواستێك ئەوەندەی بکرێت تاکو مەیلێکی گوایە دژە دەوڵەت لە مارکسدا بخاتە بەرچاو. بۆ ئەمەش لینین ئەو بڕگە بەناوبانگەی مارکس کە لە ‘ شەڕی ناوخۆ لە فەرەنسادا’ نوسیوێتی دەهێنێتەوە کە مارکس پەسەندی ئەوە دەکات کە کۆمۆن دەستی کردووە بە لە ڕەگ هەڵکێشانی دەوڵەتی مشەخۆر. بەڵام لینین ئەوەی بە بیر نەهێنایەوە کە مارکس بەو قسەیەی کە بە ئاشکرا لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر وتوویەتی، ناچار بووە بۆ لایەنگرانی باکونین سازش بکات، کە ئەو کاتە لە دژی ئەوان سەرقاڵی خەباتێکی زۆر سەخت بوو.
تەنانەت فرانز مێهرینگ (Franz Mehring ) کە ناتوانرێت گومانی هاوسۆزی لەگەڵ زۆرینەی سۆسیالیستەکاندا لێ بکرێت، لە دوایین کتێبی کارل مارکسدا ناچار بوو دان بەوەدا بنێت کە ئەمە سازشێك بوو ، کە دەڵێت: “ بە هەر حاڵ چەندێك هەموو وردەکارییەکانی ئەم بەرهەمە ڕەنگە دروستی تیدا بێت ، بەڵام گومانی تیا نیە فکری ناوەرۆکەکەی ناکۆکە بە هەموو ئەو بۆچوونانەی کە مارکس و ئەنگڵس چارەکە سەدەیەك پێشتر لە دوای مانیفێستی کۆمۆنیستەوە بانگەشەیان بۆ دەکرد.”
باکۆنین ڕاست بوو کاتێ کەو وتی ” دیمەنی راپەرینە شۆڕشگێریە چەکدارییەکەی بزوتنەوەی کۆمیۆن هێندە کاریگەر بوو تەنانەت بیرو باوەڕی مارکسییەکانیش کەوتبووە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ناچاربوون دان بە کار و ڕەفتارەکانی کۆمیۆندا بنێن و پشتیوانی لێبکەن ، بگرە لەوەش زیاتر لە دژی قەناعەت لۆژیك و باوەڕی خۆیان وەستانەوە و خۆیان دایە پاڵ کۆمیۆن و ڕێباز و ئامانجەکانیان پەسەند کرد. ئەمە گەمەیەکی کەڕنەڤاڵی کۆمیدی بوو کە وەك کارێکی گەوجانە و و نا ئاسایی هاتبێتە پێش چاو بەڵام پێویست بوو، چونکە شۆڕشەکە جۆش و خرۆشێکی ئاوای هێنابووە کایەوە ئەگەر مارکسییەکان هەوڵیان بدایە دەست بە بیرو باوەڕی ڕەق و تەقیانەوە بگرن و خۆیان پەراوێز دەکرد و دەکەوتنەبەر تانە و پشتتێکردنی خەڵک و دادەبڕان دەچوونەوە ناو خەڵوەتگەی ئایدۆلۆژیای خۆیانەوە. “**

درێژەی هەیە
………………………………..
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .
**باکۆنین لێردا وتویەتی ” They tried to retreat into the ivory tower of their dogma ” لەبەر ئەوەی ئەمە تێرمێکە ، منیش بەو شێوەیە سەرەوە وەرمگێڕاوە.




مارکس و ئەنارکیزم*-8- و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

بەشی هەشتەم

هەر وەک چۆن سەرکەوتنی ئەڵمانیا لە ساڵی 1871 و ڕووخانی کۆمۆنەی پاریس هێماکانی (ئیشارەتەکانی) نەمانی نێونەتەوەیی ( ئەنتەرناسیۆنالی) کۆن بوو، بە هەمان شێوەش شەڕی گەورەی ساڵی 1914 ئاشکرابوونی مایەپوچیی سۆسیالیزمی سیاسی بوو.
پاشان شتێکی شاز ڕویدا و هەندێکجاریش شتی نامۆ ڕوویانداوە ڕاستیشە، کە تەنها لەڕووی نەفامی ( جەهل) تەواوەوە و بە ئاگا نەبوون لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی کۆن دەتوانرێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە.
بەلشەفیکە سەربەخۆکان، کۆمۆنیستەکان و ئەوانی دیکە، بە بەردەوامیی میراتگرانی سۆسیال دیموکراتە کۆنەکانیان بە گزیکەرێکی شەرمەزارکەرانە بە بنەماکانی مارکسیزم تۆمەتبار دەکرد. ئەوانیان تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە بزووتنەوەی سۆسیالیستییان لەناو زەلکاوی پارلەمانتاریزمی بۆرژوازیدا گیر کردووە، هەڵوێستی مارکس و ئەنگڵسیان بەرامبەر بە دەوڵەت بە هەڵە لێکداوەتەوە، ئا لەم جۆرە قسانە. لینین، سەرکردەی ڕۆحی بەلشەفیکەکان، هەوڵیدا بنەمایەکی تۆکمە بە تۆمەتەکانی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی ‘دەوڵەت و شۆڕش’ بدات، کە بە بڕوای قوتابییەکانی لێکدانەوەیەکی ڕاستەقینە و پاك و پەتی بووە بۆ مارکسیزم. لینین بە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی تەواو ڕێکوپێک لە وەرگیراوەکان بانگەشەی ئەوە دەکات و نیشانی بدات کە “دامەزرێنەرانی سۆسیالیزمی زانستی” لە هەموو کاتێکدا دوژمنی دیموکراسی و زەلکاوی پەرلەمانی بوون و ئامانجی هەموو هەوڵەکانیان نەمانی دەوڵەت بووە.
مرۆڤ نابێت لەبیری بکات کە لینین تەنیا لەم دواییانەدا ئەمەی زانی ئەویش کاتێک پارتەکەی بە پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەکانەوە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر، خۆی لە کەمینەدا بینیەوە. تا ئەو کاتە بەلشەفیکەکان هەر وەک پارتەکانی دیکە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا بە وریاییەوە کردبوو تاکو لەگەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسیدا ناکۆك نەبن. ئەوان لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر-ی ساڵی 1917دا بە بەرنامەیەکی گەورەوە بەشدارییان کرد بەو هیوایەی زۆرینەیەکی گەورە بەدەستبهێنن. بەڵام کاتێک بۆیان دەرکەوت کە سەرەڕای هەموو ئەوانە، لە کەمینەیەکدا ماونەتەوە شەڕیان دژی دیموکراسی ڕاگەیاند و ئەنجوومەنی دامەزرێنەریان هەڵوەشاندەوە، ئەو کاتە لینین کتێبی ‘دەوڵەت و شۆڕشی’ بۆ پاساودانی هەڵوێست و کەسایەتی خۆی ، دەرکرد.

درێژەی هەیە..
………………………..
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .




مارکس و ئەنارکیزم*-7- و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

III
بەشی حەوتەم

لە 20ی تەمموزی 1870 کارل مارکس بۆ فرێدریك ئەنگڵس-ی نووسی ” فەرەنسییەکان پێویستیان بە لێدانێك/زەربەیەك هەیە. ئەگەر پرۆسییەکان سەرکەوتوو بن ناوەندگەرایی دەسەڵاتی دەوڵەت یارمەتیدەر دەبێت بۆ ناوەندگەرایی چینی کرێکاری ئەڵمانی. زیاتریش لەوە، باڵادەستی ئەڵمان ناوەندی کێشکردنی بزووتنەوە کرێکارییەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە فەرەنساوە دەگۆڕێت بۆ ئەڵمانیا. هەروەها مرۆڤ دەبێت بزووتنەوەکە لە ساڵی 1866 بە ئەمڕۆ بەراورد بکات بۆ ئەوەی بزانێت چینی کرێکاری ئەڵمانی لە ڕووی تئیۆری و ڕێکخستنەوە لە فەرەنسییەکان باڵاترە. باڵادەستبوونی بەسەر فەرەنسییەکان لەسەر شانۆی جیهانی بە هەمان شێوە بە مانای زاڵبوونی تئیۆری ئێمە بەسەر تئیۆری پرۆدۆن و هتد دێت”.
مارکس ڕاستی دەکرد: سەرکەوتنی ئەڵمانیا بەسەر فەرەنسادا بۆ مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری ئەوروپی بە مانای ڕێڕەوێکی نوێ بوو. سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕ و لیبڕاڵی وڵاتانی لاتین فڕێدرا و جێگایان بۆ دەوڵەتگەرایی وتئیۆرییەکانی مارکسیزمی دژە ئەنارکیستی جێهێشت. بەمەش گەشەسەندنی ئەو سۆسیالیزمە زیندووە و داهێنەرەی ڕاگرت، ئەوەش بەهۆی دۆگماتیزمێکی گاڵتەجاڕی نوێوە ڕوویدا کە ئیدیعای زانینی تەواوی واقیعی کۆمەڵایەتی دەکرد، لە کاتێکدا ئەم ئیدیعایە زیاتر نەبوو لە تێکەڵەیەکی دەستەواژەی تیۆلۆژی/ لاهوتیی و زۆربڵێیی قەدەریانە/ جەبریانە و دەرکەوت کە گۆڕی هەموو بیرکردنەوەیەکی سۆسیالیستی ڕاستەقینە بوو.
هاوکات لەگەڵ بیرۆکەکاندا، شێوازەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستیش گۆڕانکارییان بەسەردا هات. لەبری گروپە شۆڕشگێڕەکان بۆ پاگەندە و ڕێکخستنی خەباتی ئابوریی، کە لەوەدا نێونەتەوەییەکان کۆرپەی کۆمەڵی ئایندە و ئۆرگانە گونجاوەکانیان بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕکردن دەبینی، کەچی بووە هاتنی سەردەمی حزبە سۆسیالیستەکان و نوێنەرایەتی پەرلەمانیی پرۆلیتاریا. وردە وردە پەروەردەی سۆسیالیستیانەی کۆن کە کرێکارانی بەرەو داگیرکردنی زەوی و وەرشەکانی کارکردن ( وۆرک شۆپەکان) دەبرد لەبیرکرا، جێگەی بە دیسیپلینێکی نوێی حزبیی کە وەك باڵاترین ئایدیالی خۆی سەیری گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی دەکرد گیرایەوە.
نەیاری گەورەی مارکس، میخایل باکونین، بە ڕوونی گۆڕانی لە هەڵوێستەکەدا بینی و بە دڵێکی گەورەی خەمبارەوە پێشبینی ئەوەی کرد کە لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئەوروپادا بە سەرکەوتنی ئەڵمانیا و ڕووخانی کۆمون دەستپێدەکات. باکۆنین لە ڕووی جەستەییەوە ماندوو بوو، ڕەنگی مردوو لە دەم و چاوی نیشتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم چەند دێڕە گرنگانەی لە 11ی تشرینی دووەمی 1874: بۆ ئۆگارێڤ (Ogarev ) نووسی:
“بیسمارسکیزم کە میلیتاریزم و دەسەڵاتی پۆلیسی و قۆرخکاری داراییە لەژێر ناوی دەوڵەتی نوێدا لە یەك سیستەمدا خۆی گرتۆتەوە ، هەموو شوێنێك داگیر دەکات. بەڵام ڕەنگە لە دە یان پانزە ساڵدا پەرەسەندنی ناجێگیریی ڕەگەزی مرۆڤ جارێکی دیکە ڕۆشنایی بخاتە سەر ڕێگاکانی سەرکەوتن. ” لەم بۆنەیەدا باکونین هەڵەی کرد، نەیتوانی حیساب بکات کە نیو سەدە دەخایەنێت تاوەکو بیسمارکیزم لەناو کارەساتێکی ترسناکی جیهانیدا تێدەشکێت.

درێژەی هەیە
……………………………………
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .




مارکس و ئەنارکیزم*.. و: زاهیر باهیر- بەشی شەشەم

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر
III
بەشی شەشەم :

بۆ نموونە نووسینە سیاسییەکانی مارکس لەم قۆناغەدا، ئەو بابەتەی کە لە ڤۆروارتس (Vorwaerts ) ی پاریس بڵاوی کردووەتەوە، نیشانی دەدات کە چۆن لە ژێر کاریگەری بیرکردنەوەی پرۆدۆن و تەنانەت بیرۆکە ئەنارکیستەکانیشیدا بووە.
ڤۆروارتس (Vorwaerts ) گۆڤارێکی دەوری بوو کە لە پایتەختی فەرەنسا لە ساڵی 1844 لە ژێر سەرپەرشتی هاینریش بێرنشتاین (Heinrich Bernstein ) دەردەچوو، سەرەتا تەنیا لە دیدی تێڕوانینییەوە لیبڕاڵ بوو، بەڵام دواتر دوای بزربوونی ئانالێس جێرمانۆفرانسایز، (Anales GermanoFrancaises ) بێرنشتاین (Bernstein ) پەیوەندی بە بەشداربووانی کۆنەوە کرد بەم جۆرە هاوکارانی پێشوی ڕازی کرد بە پەیوەندیکردن بە بزوتنەوەی سۆشیالیستییەوە. ئیتر لەو کاتەوە ڤۆروارتس (Vorwaerts ) بوو بە زمانی فەرمی سۆسیالیزم و بەشداربووانی زۆر لە دوا بڵاوکراوەکەی ئەی ڕوج (A. Ruge ) لە نێوانیاندا باکونین، مارکس، ئەنگڵس، هاینریچ هاین، (Heinrich Heine ) جۆرج هێرویگ (Georg Herwegh ) و هتد بە بەشداریکردنیان نوسینەکانیان بۆ نارد.
مارکس لە بڵاکراوەی ژمارە 63 دا (7 August 1844) بەرهەمێکی جەدەلسازیی بەناوی “تێبینی ڕەخنەیی لەسەر وتارەکەی ‘پاشای پرۆسیاو و چاکسازی کۆمەڵایەتی’ ’” بڵاوکردەوە. لەوێدا لێکۆڵینەوەیەکی لە سروشتی دەوڵەت کرد و بێتوانایی تەواوەتی دەوڵەتی نیشاندا لە کەمکردنەوەی نەهامەتی کۆمەڵایەتی و سڕینەوەی هەژاریی. ئەو بیرۆکانەی کە نووسەر لە ڕەوتی وتارەکەیدا دەیخاتە ڕوو، بە تەواوی ئەنارکیستن و بە تەواوی لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەدا دەگونجێن کە پرۆدۆن و باکونین و بیرمەندەکانی دیکەی ئەنارکیزم لەم پێوەندییەدا خستوویانەتە ڕوو. خوێنەران بۆ خۆیان دەتوانن لەم بڕگەیەی خوارەوە لە لێکۆڵینەوەکانی مارکس حوکم بدەن:
” دەوڵەت …. هەرگیز سەرچاوەی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان لە ‘دەوڵەت و سیستەمی کۆمەڵگەدا’ دا نابینێت. لە و شوێنەی حیزبە سیاسیەکان هەبن، لە ڕاستیدا هەر حیزبێک ڕەگی هەموو خراپەیەک لە حیزبە موعاریزەکەدا دەبینێت لەبری خۆی ، کە حزبێکی دژبەرە و لە حوکمڕانی دەوڵەتدا وەستاوە. تەنانەت سیاسەتمەدارە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕەکان نەک لە سروشتی جەوهەریی دەوڵەتدا ئەو خراپەیە دەبینن بەڵکو لە فۆرمێکی دەوڵەتی دیاریکراودا بەدوای ڕیشەی خراپەکاریدا دەگەڕێن، کە ئارەزووی ئەوە دەکەن بە فۆرمێکی دەوڵەتی جیاواز جێگەی بگرنەوە.
” لە ڕوانگەی سیاسییەوە دەوڵەت و سیستەمی کۆمەڵگە دوو شتی جیاواز نین. دەوڵەت سیستەمی کۆمەڵگەیە. ئا لەو بارەدا دەوڵەت دان بە بوونی کەموکوڕی کۆمەڵایەتیدا دەنێت، هۆکارەکانیان یان لە یاساکانی سروشتدا دەبینێت، کە هیچ دەسەڵاتێکی مرۆیی ناتوانێت فەرمانی پێبکات/ دەستی تێوەردا، یان لە ژیانی تایبەتدا کە وابەستەی دەوڵەت نییە، یان لە چالاکییە نابەجێیەکانی ئیدارەدا، کە وابەستەی ئەوە نییە. بەم شێوەیە ئینگلتەرا هۆکاری هەژاریی لە یاسای سروشتدا دەبینێت کە بەهۆیەوە ژمارەی دانیشتووان دەبێت هەمیشە لە سەرچاوەکانی بژێوی ژیانیان، زیاتر بن. لە لایەکی ترەوە ئینگلتەرە هەژاری بە ئیرادەی خراپی هەژارانەوە دەبەستێتەوە، هەروەک چۆن پاشای پرۆسیا بە هەستی نامەسیحی دەوڵەمەندەکان ڕوونیدەکاتەوە و هەر وەک چۆن ڕیکەوتنامە/پەیمان بە عەقڵیەتی دژە شۆڕشگێڕانەی گوماناوی خاوەن موڵکەکان لێکیدەداتەوە یاخود دەیبەستێتەوە . بۆیە ئینگلتەرە سزای هەژاران دەدات، پاشای پرۆسیا ئامۆژگاری و لۆمەی دەوڵەمەندەکان دەکات و ڕێکەوتننامەکە سەری خاوەن موڵکەکان دەبڕێت.
“لە کۆتاییدا، هەموو دەوڵەتێک لە کەموکوڕییە بەڕێکەوتەکان یاخودلە کەمووکوڕییە ئەنقەستەکانی[ بە مەبەست] ئیدارەدا بەدوای هۆکارەکەدا دەگەڕێن، هەر بۆیەش بەدوای چارەسەری نەخۆشییەکانیدا لە ڕێوشوێنەکانی ئیدارە و ئیدارەداندا دەگەڕێت. بۆچی؟ ڕێک لەبەر ئەوەی ئیدارە و ئیدارەدان ڕێکخستنی چالاکی دەوڵەتن.”

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی ئێرەبکەن..
درێژەی هەیە
………………….

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .




مارکس و ئەنارکیزم*.. 5- نوسینی : Rudolf Rocker.. و: زاهیر باهیر

ساڵی 1925

بەشی پێنجەم

چی لە پشت ئەم جۆرە پەرادۆکسەوەیە؟ ئەوە شتێکە کە نوێنەرانی بەناو سۆسیالیزمی زانستی هێشتا ڕوونیان نەکردووەتەوە. لە زاراوەی واقیعیدا تەنیا یەک وەڵام هەیە: مارکس ویستی ئەو سەرچاوەیە بشارێتەوە کە خۆی تێیدا نوقم بووە. هەموو ئەوانەی لێکۆڵینەوەیەکیان لە پرسەکە کردووە و هەست بە زەبری وەلای حیزبی [ پارتیزان] ناکەن، دەبێ دان بەوەدا بنێن کە ئەم ڕوونکردنەوە خەیاڵیی نییە.
با دووبارە گوێبیستی ئەوە بین کە مارکس سەبارەت بە گرنگی مێژوویی پرۆدۆن دەیڵێت. دەتوانین ئەمە لە لاپەڕەی 52ی هەمان بەرهەمدا بخوێنینەوە:
“پرۆدۆن نەک هەر لە بەرژەوەندی پرۆلیتاریاکاندا دەنووسێت، خودی خۆی پرۆلیتاریایە، کرێکارە . کارەکەی مانیفێستێکی زانستی پرۆلیتاریای فەرەنسییە”.
لێرەدا، وەک دەبینرێت، مارکس بە تەواوی و بە دەقیقی دەڵێت کە پرۆدۆن لایەنگر و بانگدەری سۆسیالیزمی پرۆلیتاریایە و کارەکانی نوێنەرایەتی مانیفێستێکی زانستی لە پرۆلیتاریای فەرەنسی دەکەن. لە لایەکی ترەوە لە ‘مانیفێستی کۆمۆنیستدا’ دڵنیامان دەکاتەوە کە پرۆدۆن جەستەیەکی کۆنەپەرستی سۆسیالیزمی بۆرژوازییە. ئایا دەکرێت پارادۆکسێکی تیژتر هەبێت؟ ئێمە کێین باوەڕ بە مارکسی ‘خێزانی پیرۆز’ یان نووسەری’ مانیفێستی کۆمۆنیست’؟ بکەین ، وە چۆن ئەم ناکۆکییە / ناتەباییە ڕوودەدات؟ ئەوە پرسیارێکە کە ئێمە دووبارە لە خۆمانی دەکەینەوە و بە سروشتیش وەڵامەکەی وەک پێشووترە: مارکس ویستی تەنها ئەوەی قەرزاری پرۆدۆن بوو لە هەمووانی بشارێتەوە و هەر وەسیلەیەك بۆ پاساوی ئەو مەبەستە قبوڵکراو بوو. ناتوانرێت گریمانی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکە هەبێت؛ ئەو وەسیلانەشی کە مارکس دواتر لە کێبڕکێی خۆیدا لەگەڵ میخایل باکونین بەکاری هێنان، بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ئەو لە هەڵبژاردنەکەیدا زۆر وردبین نەبووە .
“ ناکۆکی یا پارادۆکسی نێوان ئامانج و نیازپاکی ئیدارە، لەلایەک و ئامراز و گریمانەکانی، لە لایەکی ترەوە ناتوانرێت لەلایەن دەوڵەتەوە هەڵبوەشێنرێتەوە بەبێ ئەوەی ئەمەی دووەمیان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە لەسەر بنەمای ئەم ناکۆکییە دامەزراوە. دەوڵەت لەسەر ناکۆکی ژیانی گشتی و تایبەتی، لەسەر ناکۆکی نێوان بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی تایبەت دامەزراوە. لێرەوە ئیدارە دەبێت خۆی لە چالاکیەکی فەرمی و نەرینیدا قەتیس بکات، لە کاتێکدا ژیانی مەدەنی و کارەکەی دەست پێدەکات ئا لەوێدا دەسەڵاتی ئیدارە کۆتایی دێت. بەڕاستی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەرئەنجامانەی کە لە سروشتی ناکۆمەڵایەتی ئەم ژیانی مەدەنییەوە سەرهەڵدەدەن، ئەم خاوەندارێتییە تایبەتە، ئەم بازرگانییە، ئەم پیشەسازییە، ئەم یەکدی تاڵانکردنانەی بازنە جیاوازەکانی هاووڵاتییان، لە لایەن ئەم هەموو دەرئەنجامانەوە ڕووبەڕوو دەبنەوە کە بێ توانایی یاسای سروشتیی ئیدارەکەن. بۆ ئەم پارچە پارچەبوونە، ئەم نامۆراڵییە، ئەم کۆیلایەتییەی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەو بناغە سروشتیەیە کە دەوڵەتی مۆدێرن لەسەری وەستاوە، هەروەک چۆن کۆمەڵگەی مەدەنی کۆیلایەتی ئەو بناغە سروشتییە بوو کە دەوڵەتی کۆمەڵگەی کۆن لەسەری وەستابوو. بوونی دەوڵەت و بوونی کۆیلایەتی لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. دەوڵەتی کۆن و کۆیلایەتی کۆن ئەم دژبەرە کلاسیکە ڕاست و ڕێکانە لە یەکترەوە نزیکتر نەبوون لەوەی کە دەوڵەتی مۆدێرن و جیهانی بازرگانی مۆدێرن بوویانە، ئەمانە ناکۆکن لەگەڵ باوەڕی مەسیحییەتدا” ****these hypocritical Christian opposites.
ئەم لێکدانەوەیە کە لە بنەڕەتدا ئەنارکیستییە بۆ سروشتی دەوڵەت، کە لە چوارچێوەی پەروەردەیییدا دواتر لە مارکسدا زۆر سەیر دەردەکەوێت، کە بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەنارکیستی پەرەسەندنی سۆسیالیستی سەرەتایی مارکس. ئەو بابەتەی کە باسی لێوە دەکرێت ڕەنگدانەوەی چەمکەکانی ڕەخنەی پرۆدۆنە لە دەوڵەت، ڕەخنەیەک کە بۆ یەکەمجار لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا هاتووە کە ‘ موڵکییەت چییە؟’ ئەو کارە نەمرە کاریگەری یەکلاکەرەوەی لەسەر پەرەسەندنی کۆمۆنیستیی ئەڵمانەکان هەبوو، بەبێ گوێدانە ئەو ڕاستییە مارکس هەموو هەوڵێک دەدات لە بەکارهێنانی شێوازە بێ نرخەکان بۆ نکۆڵیکردن لە ڕۆژانی سەرەتای چالاکییە سۆسیالیستییەکەی. بێگومان لەمەدا مارکسیستەکان پاڵپشتی مامۆستاکەیان دەکەن و بەم شێوەیە ڕوانگەی مێژوویی هەڵە بۆ پەیوەندییە سەرەتاییەکانی نێوان مارکس و پرۆدۆن وردە وردە بنیات دەنرێت.
بە تایبەتی لە ئەڵمانیا کە لەوێ پرۆدۆن تاڕادەی نەناسراو وابوو، تەواوی چەواشەکارییەکان لەم ڕووەوە توانای بڵاوبوونەوەیان هەیە. بەڵام تا مرۆڤ زیاتر بەرهەمە گرنگەکانی نووسەرانی سۆسیالیستی کۆن بناسێت، زیاتر تێدەگات کە سۆسیالیزمی زانستی چەندە قەرزاری ئەو “یۆتۆپیاییانە”ن کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەبیرکرابوون بەهۆی “ناوبانگ”ی گەورەی قوتابخانەی مارکسی و هۆکارەکانی دیکە کە لە سەرەتاوە بێ ئاگایانە ئەدەبیاتی سۆشیالیستی لەبیرکران. یەکێک لە گرنگترین مامۆستاکانی مارکس و ئەو کەسەی کە بناغەکانی گەشەسەندنی دواتری ئەوی دانا، کەسێکی تر نەبوو جگە لە پرۆدۆن، ئەو ئەنارکیستەی کە لەلایەن سۆسیالیستە یاساییەکانەوە ئەوەندە سووکایەتی پێکرا و بە هەڵە تێیگەیشتبوون.

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی ئێرەبکەن..
درێژەی هەیە
…………………………………….
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .
…………………………………
**** These hypocritical opposites [ ئەمانە ناکۆکن لەگەڵ باوەڕی مەسیحییەتدا] ئەمە دەستەواژەیەکە ، تێرمێکە کە مارکس لە کاپیتاڵدا بەرانبەر دەزگەکانی سەرمایەداری بەکاریهێناوە، پێیان دەڵێت ئەو باوەڕ و دڵسۆزی و یەکسانی و بایاخە ڕەوشتیانەی کە لە ئاینی مەسیحیدا هاتوون و ئێوە باوەڕتان پێیەتی و بانگەشەیان بۆ دەکەن لەتەك کار و رەفتارتاندا نایەنەوە بۆیە بە بێ هەڵوەشاندنەوەی ئێوە هیچ یەکێك لەوانە بەدینایەت .




مارکس و ئەنارکیزم*-4- نوسینی : Rudolf Rocker

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

بەشی چوارەم

مارکس وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕینیش زایتونگ، (Rheinische Zeitung ) کە یەکێکە لە ڕۆژنامە پێشەنگەکانی دیموکراسی ئەڵمانیا، لەو ڕێگایەوە بە گرنگترین نووسەرانی سۆسیالیستیی فەرەنسا ئاشنا بوو ، هەرچەندە خۆی هێشتا پشتگیری لە دۆزی سۆسیالیستی نەکردبوو. پێشتر باسمان لەوە کردووە کە لە نوسێنێکیدا ئاماژە بە ڤیکتۆر کۆنسیدرانت و پیێر لیرۆکس و پرۆدۆن (Victor Considerant ، Pierre Leroux ، Proudhon) دەکات و گومانی تێدا نییە کە کۆنسیدرانت و پرۆدۆن ئەو مامۆستایانە بوون کە ئەویان بۆ سۆسیالیزم ڕاکێشاوە. بێ هیچ گومانێک، کتێبی موڵکیەت چییە؟ کاریگەرییەکی سەرەکی بوو لەسەر گەشەکردنی مارکس وەك سۆسیالیستێك. بەم پێیە لە گۆڤاری دەوریدا باسی پرۆدۆنی ئیلهامبەخش بە “خۆڕاگرترین و ژیرترین نووسەرانی سۆسیالیستی” ناودەبات[7 ] . لە ساڵی 1843دا کە سانسۆری برۆسسیا ‘ ڕینیشە زایتونگی’ (Rheinische Zeitung) بێدەنگ کرد، مارکس وڵاتی بەجێهێشت و هەر لەو قۆناغەدا بوو کە بەرەو سۆسیالیزم هەنگاوی نا. ئەم گۆڕانکارییە لە نامەکانیدا بۆ نووسەری بەناوبانگ ئارنۆڵد ڕوج (Arnold Ruge) تێبینی کراوە و تەنانەت زیاتریش لە بەرهەمەکەیدا بە ناوی “خێزانی پیرۆز، ڕەخنەیەك لە ڕەخنەی ڕەخنەگرانە” کە بەیەکەوە لەگەڵ فرێدریك ئەنگڵس بڵاویکردووەتەوە، تەواو دیار و بەرچاوە. کتێبەکەی ساڵی 1845 ی بە ئامانجی جەدەلکردن لە دژی ئەو مەیلە دەرکەوت کە بیرمەندی ئەڵمانی برۆنۆ باوەر (Bruno Bauer ) [8 ] سەرۆکایەتی دەکرد. سەرەڕای بابەتە فەلسەفییەکان، کتێبەکە باسی ئابووری سیاسی و سۆسیالیزمیشی کردووە و بە تایبەتیش ئەم بەشانەن کە لێرەدا پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە.

لە هەموو ئەو بەرهەمانەی مارکس و ئەنگڵس چاپیان کردووە، ‘ خێزانی پیرۆز’ [The Holy Family ] تاکە بەرهەمە کە وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی دیکە و سۆسیالیستە ئەڵمانییەکان چاپیان نەکردووەتەوە. ڕاستە، فرانز مێهرینگ، [Franz Mehring ] جێبەجێکاری ئەدەبییاتی مارکس و ئەنگڵس، بەهاندانی حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانی، لەگەڵ نووسینەکانی دیکەی ساڵانی سەرەتای خۆیان وەك سۆسیالیستە چالاکەکان ‘خێزانی پیرۆزیان’ بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمە دوای شەست ساڵ لە دەرچوونی بۆ یەکەمجار ئەنجامدرا. هەروەها هۆکارێکی دیکەش بڵاوکردنەوەکەیان بۆ کەسانی موتەمەکین و پسپۆڕان بوو، بەو پێیەی کڕینی بۆ کرێکار زۆر گران بوو. جگە لەوەش، پرۆدۆن ئەوەندە نەناسراو بوو لە ئەڵمانیادا، تەنیا زۆر کەم کەس دەرکیان بەوە کردووە کە کەلێنێکی گەورە لە نێوان ئەو بۆچوونانەی کە مارکس لە یەکەم جاردا لە سەر ئەو و نوسینەکانی دەریبڕیون و ئەو بۆچوونانەی کە دواتر هەیبێ.
لەگەڵ ئەوەشدا کتێبەکە بە ڕوونی گەشەسەندنی سۆسیالیزمی مارکس و ئەو کاریگەرییە بەهێزە نیشان دەدات کە پرۆدۆن بەسەر ئەو گەشەسەندنەدا هەیبوو. لە کتێبی ‘خێزانی پیرۆزدا’ مارکس دان بەوەدا دەنێت کە پرۆدۆن هەموو ئەو شایستەیانەی/ تایبەتمەندییانەی هەیە، کە دواتر دەکرا مایەی بایاخ و ڕینمایی بێت بۆ مارکسییەکان.

با بزانین لەم بارەیەوە لە لاپەڕەی 36دا چی دەڵێت:
“هەموو دیراسەکان لەسەر ئابووری سیاسی، موڵکییەتی تایبەتی بە شتێکی ئاسایی وەردەگرن و حاشا هەڵنەگرە، ئەم بنەما بنەڕەتییە بۆ ئەوان ڕاستییەکە جێی مشتومڕ نییە کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زیاتری بۆ تەرخان ناکەن، لە ڕاستیدا ڕاستییەکەی کە قسەی لەسەر دەکرێت تەنها “ڕێکەوتە ” ، وەک ئەوەی’سەی’ (Say ) ساویلکانە دان بەوەدا دەنێت [9 ] . بەڵام پرۆدۆن لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەگرانە دەکاتە یەکەم لێکۆڵینەوەی یەکلاکەرەوە و بێبەزەیی و لە هەمان کاتدا زانستیی لەسەر بنەمای ئابووری سیاسیی، موڵکییەتی تایبەتیی. ئەمە ئەو پێشکەوتنە زانستییە گەورەیە کە کردوویەتی، پێشکەوتنێک کە شۆڕشێک لە ئابووری سیاسیدا دەکات و بۆ یەکەمجار زانستێکی ڕاستەقینەی ئابووری سیاسی دەکاتە مومکین . کتێبەکەی پرۆدۆن ‘ موڵکییەت چییە’ بۆ ئابووری سیاسی مۆدێرن هێندەی کارەکانی’ سێیس’ گرنگە کە ‘ سێیەم ئیستەیتە’*** (The Third Estate )بۆ سیاسەتی مۆدێرن”.
جێگای سەرنجە کە ئەم قسانە بەراورد بکەین لەگەڵ ئەوەی کە مارکس دواتر لەبارەی بیرمەندی گەورەی ئەنارکیستەوە دەیگوت. لە کتێبی ‘خێزانی پیرۆزدا’ سەبارەت بە کتێبەکەی پرۆدۆن ‘موڵکییەت چییە؟’ دەڵیت یەکەم شیکاری زانستییە بۆ مەڵکییەتی تایبەتیی و ئەوەی کە ئەگەری دروستکردنی زانستێکی ڕاستەقینەی لە ئابووری نیشتمانییەوە کردەوە. بەڵام لە نامە مەشوورەکەی کە بۆ مردنی پرۆدۆن بۆ سۆزیالدێمۆکرات-ی نوسی ،( Sozialdemokrat ) هەمان مارکس ئیدعای ئەوە دەکات کە لە مێژوویەکی زانستی تەواوی ئابووریدا ئەو کارە بەدەگمەن باسکردنێک هەڵدەسەنگێنێت.

درێژەی هەیە..
…………………………..
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

*** پێش شۆڕش، کۆمەڵی فەرەنسی بەسەر سێ ڕیزبەندی / پۆلینە یان ئیستەیتەکانی پاشایەتیدا دابەش بوو بوو – ئیستەیتی/ پۆلینەی یەکەم ( قەشە و کاهین و ڕۆحانییەکان)، ئیستەیتی/ پۆلینەی دووەم ( نوبەلاکان / ئەشراف) و ئیستەیتی/ پۆلینەی سێیەم( خەڵکانی ئاسایی ) کە دژ بە پاشایەتی و دەسەڵاتداران بوون کە نزیکەی 27 ملیۆن کەس ژمارەیان بوو، واتە لەسەدا 98ی دانیشتوانی فەرەنسای ئەو کاتە. ئەم ئیستەیتە کە لەو دوانەی تر ژمارەیان زیاتر بوو بەڵام لەبەرچاو ون بوون واتە لە ڕوی سیاسییەوە حسابیان بۆ نەدەکرا، نوێنەرایەتی نەبوو لە حکومەتدا و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر حکومەت نەبوو. ئەندامانی ئیستەیتی سێیەم لە سواڵکەر و کۆڵبەری تێکۆشەرەوە تا دەگاتە پیشەکاران و کرێکارانی شار؛ لە دوکاندار و چینی ناوەندی بازرگانییەوە تا دەوڵەمەندترین جوتیاران و دوکانداران و بازرگانانی بچوك. سەرەڕای قەبارەی گەورەی ئەم بەشە و گرنگی بینینی ڕۆڵیان لە ئابووریدا، تاڕادەیەك هیچ ڕۆڵێکی لە حکومەت یان بڕیاردانی ڕژێمی ئەو کاتەدا نەبوو. بێزاری و ناڕەزایی و ئازارەکانی ئەم بەشە لە خەڵکی، بوونە هۆکاری سەرەکی شۆڕشی فەرەنسا.
[7] Rheinische Zeitung, 7 January 1843.
[8] B. Bauer : بی.باوەر یەکێک بوو لە ئەندامە بەئەمەکەکانی بازنەی بەرلین “ئازاد”، کە کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی بیری ئازادی ئەڵمانی (نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم) لەوێدا دەبینرا. کەسایەتییەکانی وەک فۆیەرباخ، نووسەری کتێبی جەوهەری مەسیحیەت، کە بەرهەمێکی قووڵی بێدینیە، یان ماکس ستێرنەر، نووسەری کتێبی ئیگۆ و خۆی. بیری پاوانخوازانەی کارل مارکس لەگەڵ بیرکردنەوەی ئازادی بی.باوەر و هاوڕێکانیدا لە بەیەکداداندا بوو. لە نێویاندا نابێت ئی.باوەر لەبیر بکەین، کە کتێبەکەی Der Kritik mit Kirche und Staat [ڕەخنەیەک لە کەنیسە و دەوڵەت] بوو بە تەواوی، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە چاپی یەکەم 1843 دەستی بەسەردا گیرا و سووتێنرا . چاپی دووەم (بێرن، 1844) بەختی باشتری هەبوو. بەڵام نووسەر خۆی نا، بەهۆی بیرۆکە دژە دەوڵەت و دژە کڵێساکانیەوە تەنها سزای بەسەردا سەپێندرا و زیندانیکرا. (تێبینی سەرنوسەر.)
[9] J. B. Say, ئابووریناسێکی ئینگلیزی ئەو سەردەمەیە کە بەرهەمە تەواوبووەکانی ماکس ستێرنەر وەریگێڕاوە بۆ زمانی ئەڵمانی. فۆبیای کارل مارکس بۆ بیرمەندی ئەنارکیستی فەرەنسی (وەک دەزانین هەژاری فەلسەفەی ڕەخنەیەکی بەردەوامە لە فەلسەفەی هەژاری پرۆدۆن) یان بۆ ئازادبیرانی ئەڵمانی (کتێبی بەرفراوانی بەڵگەنامەکانی سۆسیالیزم هەوڵێکی بێهودە و پێکەنیناوییە بۆ ئەوەی کەمێک لە(زە ئیگۆ و خۆی – ماکس شتێرنەر)، هەروەها دژی ئەم کۆمەڵناسە ڕاپەڕیوە، کە لەو کاتەدا زۆر باسی لێدەکرا لەلایەن هەر کەسێکەوە کە ڕەخنەی لە دەوڵەت بوو و هەوڵی ڕزگاربوون لە ستەمکارییەکەی دەدا.
(تێبینی سەرنوسەر)
………………………………




مارکس و ئەنارکیزم*.. نووسینی : Rudolf Rocker.. ٣..و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

بەشی سێیەم:

هەموو ئەوانەی بە جددی لە گەشەکردنی مارکس وەک سۆسیالیستێک لێکۆڵینەوەیان کردووە، دەبێت دان بەوەدا بنێن کە کارەکەی پرۆدۆن ” موڵکییەت چییە؟” ئەوە بوو کە مارکسی بۆ سۆسیالیزم قەناعەت پێکرد.  ئەوانەشی کە زانیارییەکی وردیان لەسەر وردەکارییەکانی ئەو پەرەسەندنەی مارکس نییە، هەروەها  ئەوانی دیکە کە دەرفەتی خوێندنەوەی بەرهەمە سۆسیالیستییە سەرەتاییەکانی مارکس و ئەنگڵسیان نەبووە، ئەم بانگەشەیە لە شوێنی خۆیدا نییە و دوورە لە ڕاستییەوە.  چونکە مارکس لە نووسینەکانی دواتریدا بە توندی و بە گاڵتەجاڕیەوە باس لە پرۆدۆن دەکات و ئەمانە هەر ئەو نووسینانەن کە سۆسیال دیموکراتەکان جار دوای جار هەڵیانبژاردوون بۆ بڵاوکردنەوە.

لەم ڕێگایەوە وردە وردە ئەو باوەڕە دروست بوو کە مارکس هەر لە سەرەتاوە نەیارێکی تیئیۆری پرۆدۆن بووە و هەرگیز هیچ خاڵێکی هاوبەش لە نێوانیاندا نەبووە.  ئەگەر ڕاستی بڵێین، مەحاڵە باوەڕ بەوە بکرێت، ئەگەر نا هەرکاتێک مرۆڤ سەیری ئەوەی مارکس بکات کە دەربارەی پرۆدۆن لە بەرهەمە بەناوبانگەکەیدا ” هەژاری فەلسەفە” لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا، یان لە نامەی کۆچی دوایی پرۆدۆندا کە لە سۆزیالدێمۆکرات (Sozialdemokrat ) لە بەرلین بڵاوکراوەتەوە، ماوەیەکی کەم دوای مردنی پرۆدۆن، لەسەر پرۆدۆن نووسیویەتی،جێی سەرنجن.

مارکس لە کتێبی (هەژاری فەلسەفە)دا بە خراپترین شێوە هێرش دەکاتە سەر پرۆدۆن، بچووکی دەکاتەوە بۆ هیچ، بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە بیرۆکەکانی پرۆدۆن بێ بەهان و نە وەک سۆسیالیستی و نە وەک ڕەخنەگرێکی ئابووری سیاسی ناویان دەبات.

مارکس نوسیوێتی “مۆنسیۆر پرۆدۆن، بەدبەخت بووە کە لە ئەوروپادا بە شێوەیەکی تایبەت بە هەڵە لێی تێگەیشتوون.  لە فەرەنسا هەقێتی کە ئابووریناسێکی خراپ بێت، چونکە بە فەیلەسوفێکی باشی ئەڵمانی ناوبانگی دەرکردووە. لە ئەڵمانیا هەقێتی فەیلەسوفێکی خراپ بێت چونکە ناوبانگێکی زۆری هەیە کە یەکێکە لە بەتواناترین ئابووریناسەکانی فەرەنسی.  ئێمە وەکو ئەڵمانیەك و هاوکاتیش ئابووریناس، خوازیارین ناڕەزایەتی  بەرامبەر بەم دوو  هەڵەیە دەربڕین.” 4]]

مارکس لەوە زیاتریش ڕۆیشت بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، پرۆدۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بیرۆکەکانی ئابووریناسە ئینگلیزییەکەی ‘برەی’ (Bray)دزیوە، نووسیوێتی:

” ئێمە باوەڕمان وایە کلیلی هەموو کارەکانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی مۆنسێۆر پرۆدۆنمان لە کتێبەکەی برەی (Bray ) دا [5 ] دۆزیوەتەوە”

جێگای سەرنجە کە مارکس ، خۆی کە زۆرجار بیرۆکەی ئەوانی دیکەی بەکارهێناوە و مانیفێستی کۆمۆنیستەکەی’ لە ڕاستیدا تەنها کۆپییەکیمانیفێستی دیموکراسی’ ڤیکتۆر کۆنسیدرانتە کەچی کەسانی دیکە بە دزیکردن  تۆمەتبار بکات.  بەڵام با بەردەوامبین. لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا’ مارکس پرۆدۆن وەک کارەکتەری کۆنەپەرست و بۆرژوازی وێنا دەکات [6]. هەروەها لە پرسەنامەکەی کە بۆ سۆزیالدێمۆکرات (1865) نووسیویەتی، دەتوانین ئەمانەی خوارەوە بدۆزینەوە:

 لە مێژوویەکی زانستی پوختی ئابووری سیاسیدا، ئەم کتێبە ، واتە( موڵکییەت چییە؟) بەدەگمەن شایەنی باسکردنە.  بە کارە هەژێنەرەکانی وەك ئەمە،  بەتەواوی هەمان ڕۆڵ لە زانستەکاندا دەگێڕن کە لە جیهانی ڕۆماندا دەیگێڕن.”

مارکس لە  نامەکەی کە سەبارەت بە مردنەکەی نوسیوێتی هەمان ئیدیعا دووپات دەکاتەوە کە پرۆدۆن وەک سۆسیالیست و ئابووریناسێک بێ بەهایە، بۆچوونێک کە پێشتر لە کتێبی هەژاری فەلسەفەدا’ دەنگی دابوووە.

تۆمەتەکانی کە لە لایەن مارکسەوە  ئاراستەی پرۆدۆن کراون تێگەیشتنیان  زەحمەت نییە، تەنیا دەتوانن ئەو باوەڕە بڵاوبکەنەوە، یان باشتر ئەو قەناعەتە، کە بە هیچ شێوەیەک هیچ زەمینەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەو و ئەو نووسەرە گەورە فەرەنسیەدا نەبووە.  لە ئەڵمانیا پرودۆن تا ڕادەیەکی زۆر نەناسراو بووە.  چاپە ئەڵمانییەکانی بەرهەمەکانی پرۆدۆن کە لە دەوروبەری ساڵی 1840 دەرچوون کۆپی چاپکراویان نەماون.  تاکە کتێبی پرۆدۆن کە بە زمانی ئەڵمانی دووبارە چاپکراوەتەوە، کتێبی موڵکییەت  چییە؟ و لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت دەستاو دەست پێکردنیشی سنوردار بوو.  ئەمەش توانای مارکس دەگەیەنێت لەسەر سڕینەوەی هەموو شوێنەواری گەشەسەندنی سەرەتایی خۆی وەک سۆسیالیستێك.  لە سەرەوە بینیمان کە چۆن هەڵوێستی مارکس بەرامبەر بە پرۆدۆن لە سەرەتاوە تەواو جیاواز بووە و ئەنجامگیرییەکانی کە دواتر دێن  پشتگیری ڕاگەیاندنەکانمان دەکەن.

درێژەی هەیە..

و: زاهیر باهیر

……………………………………

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

[4] Marx: The Poverty of Philosophy, foreword.

[5] Bray: Labour’s Wronszs and Labour’s Remedy, Leeds, 1839.

[6] Marx and Engels: The Communist Manifesto, page 21.




مارکس و ئەنارکیزم*/2.. و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

بەشی دووەم :

مانیفێستی کۆمۆنیستیی کە وەک یەکێک لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی سۆسیالیزمی زانستی دادەنرێت و ناوەڕۆکەکەی لە نووسینەکانی “یۆتۆپیا”یەکەوە وەرگیراوە، چونکە مارکسیزم فۆریەی (Fourier ) لەگەڵ سۆسیالیستە یۆتۆپیاکان پۆلێن کردووە. ئەم پێچواندنە یەکێکە لە بێ بەزەییترین پەرادۆکەسەکانە، ئەمەش بە دڵنیاییەوە بەزەحمەت شایەتحاڵی بەهای زانستی مارکسیزمە. ڤیکتۆر کۆنسیدرانت یەکێک بوو لە باشترین نووسەرانی سۆسیالیستیی کە مارکس پێی ئاشنا بوو: تەنانەت لە ڕۆژانی پێش ئەوەشی ببێتە سۆسیالیست ئاماژەی پێدەکرد . لە ساڵی 1842دا ڕۆژنامەی Allgemeine Zeitung هێرشی کردە سەر Rheinische Zeitung کە مارکس سەرنوسەری بوو و تۆمەتباری کرد بەوەی کە خۆشیی بە کۆمۆنیزمدا دێت. پاشان مارکس لە مانشێتی ڕۆژنامەکەدا وەڵامی دایەوە و بەم شێوەیە ڕایگەیاند: “کارەکانی وەک ئەوانەی لیرۆکس، کۆنسیدەرانت (Leroux, Considerant ) و لە سەرووی هەمووشیانەوە کتێبە دزەپێکراوەکەی پرۆدۆن، (Proudhon ) ناتوانرێت بە هیچ مانایەکی ڕووکەشانە ڕەخنەیان لێ بگیرێت؛ پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی درێژخایەن و ورد هەیە پێش ئەوەی مرۆڤ دەست بکات بە ڕەخنەگرتنیان” [3]
گەشەسەندنی فیکری مارکس زۆر لە ژێر کاریگەری سۆسیالیزمی فەرەنسیدا بوو؛ بەڵام لە نێو هەموو نووسەرانی سۆسیالیستی فەرەنسا، ئەو کەسەی کە بەهێزترین کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەکانی هەبوو، پی.جەی پرۆدۆن (P. J. Proudhon ) بووە، تەنانەت ئاشکرایە کە کتێبی پرۆدۆن ‘موڵکایەتی چییە**؟’ (What is Property? ) وایکرد مارکس پێشوازی لە سۆسیالیزم بکات. تێبینییە ڕەخنەگرانەکانی پرۆدۆن لەسەر ئابووری نەتەوەیی و مەیلە جۆراوجۆرەکانی سۆسیالیستیی جیهانێکی تەواو نوێی بەڕووی مارکسدا کردەوە و مێشکی مارکس-ی زۆرتر سەرسام کرد، لە سەرووی هەمووشیانەوە، بە تیئیۆری زێدەبەها وەک ئەوەی سۆسیالیستی ئیلهامبەخشی فەرەنسی داینابوو. دەتوانین سەرچاوەی عەقیدەی [دۆکتەریین] زێدەبەها، ئەو “دۆزینەوە زانستییە” گەورەیەی کە مارکسیستەکانمان زۆر شانازی پێوە دەکەن، لە نووسینەکانی پرۆدۆندا بدۆزینەوە. لە سایەی ئەوەوە بوو کە مارکس بەو تیئیۆرییە ئاشنا بوو کە مارکس لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانی دواتری سۆسیالیستەکانی ئینگلیز: برەی (Bray ) و تۆمپسۆن (Thompson ) گۆڕانکاری تێدا کرد.
تەنانەت مارکس بە ئاشکرا گرنگیی زانستییە گەورەکەی پرۆدۆنی ناسی و لە کتێبێکی تایبەتدا، کە ئەمڕۆ تەواوی کۆپیی ئەو چاپە نەماوە، بەرهەمەکەی پرۆدۆن کە ‘موڵکییەت چییە؟’ ناودەبات بە” یەکەم مانیفێستی زانستی پرۆلیتاریای فەرەنسی” ئەم بەرهەمە لەلایەن مارکسیستەکانەوە چاپ نەکرایەوە، وەریشنەگێڕدرایە سەر زمانەکانی تر، گەر چی نوێنەرانی فەرمی مارکسیزم هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ پەخشکرنی نووسینەکانی مامۆستاکەیان بە هەموو زمانێک. ئەم کتێبە لەبیر کراوە و هۆکارەکەشی ئەمەیە: چاپکردنەوەی دووبارە ئەو قسە بێمانا و بێ پەیوەندییەی هەموو ئەو شتانەی کە مارکس دواتر لەبارەی ئەو بیرمەندە (پرۆدۆن) دیارەی ئەنارکیزمەوە نووسیویەتی، بۆ جیهان ئاشکرا دەکات.

مارکس نەک هەر لە ژێر کاریگەری بیرۆکە ئابوورییەکانی پرۆدۆن بوو، بەڵکو هەستیشی بە هەژموونی تیئیۆرییە ئەنارکیستەکانی سۆسیالیستی گەورەی فەرەنسییش کرد و لە یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەو سەردەمەدا بە هەمان شێوەی پرۆدۆن هێرش دەکاتە سەر دەوڵەت.
درێژەی هەیە
…………………………..
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

و: زاهیر باهیر

——————————–

**موڵکییەتت چییە؟ ناوی کتێبە مەشوورەکەی پرۆدۆنە . موڵکییەت لێرەدا بە مانا کوردییەکەی نایەت کە تەنها بە زەوی و خانو دەوترێت ، بەڵکو لای پرۆدۆن وشەیەکی گشتگیرە و هەموو چەشنەکانی موڵك و موڵکایەتی دەگرێتەوە بە سامان و سەرمایە و …. واتە هەموو خاوەندارێتییەکی تایبەت .

[3] Rheinische Zeitung, number 289, 16 October 1842.




مارکس و ئەنارکیزم*.. نوسینی : Rudolf Rocker.. بەشی یەکەم.. و: زاهیر باهیر

I

بەشی یەکەم:

چەند ساڵێک لەمەوبەر پاش ماوەیەکی کەم لە کۆچی دوایی فرێدریک ئەنگلس، ئێدوارد بێرنشتاین، یەکێک لە دیارترین ئەندامانی کۆمەڵەی (کۆمۆنێتی) مارکسیستی ، بە چەند دۆزینەوەیەکی سەرنجڕاکێش، هاوەڵەکانی سەرسام کرد. بێرنشتاین گومانەکانی خۆی سەبارەت بە دروستی لێکدانەوەی ماتریالیستی بۆ مێژوو هەروەها لە تئیۆری مارکسیستی زێدەبایی/ زێدەبەها و چڕبوونەوەی سەرمایە ئاشکرا کرد. ئەو تا ئەو شوێنە هێڕشی کردە سەر شێوازی دیالێکتیکی و بەو ئەنجامە گەیشت کە قسەکردن لەسەر سۆشیالیزمێکی ڕەخنەگرانە مەحاڵە. بێرنشتاین پیاوێکی وریا بوو، تا دوای مردنی ئەنگلسی بەساڵاچوو، دۆزینەوەکانی لای خۆی دەهێڵایەوە و بڵاوی نەدەکردنەوە، تەنیا ئەو کاتە ئاشکرای کردن کە ئەنجامی ترسناکی لەسەر گوێ لەمشتەکانی مارکسیستی هەبوو. تەنانەت لەگەڵ ئەو خۆ پاراستنەشدا هەر نەیتوانی ڕزگاری بێت، چونکە لە هەموو ئاراستەیەکەوە هێرشی دەکرایە سەر. کاوتسکی کتێبێکی دژی گومڕابوونی جیاوازی ڕا و بۆچوونی بێرنشتاین نوسی و لە کۆنگرەی هانۆڤەردا ئێدوارد بێرنشتاینی هەژار ناچار بوو ڕایبگەیەنێت کە گوناهبارێکی لاواز و مردووە و ملکەچی بڕیاری زۆرینەی زانستی دەبێت.

هەموو ئەوانەی بێرنشتاین وتبوونی هیچ ئاشکراکردنێکی نوێی نەهێنابووە ئاراوە. ئەو، ئەو سەرەنجامانەی کە لە بەرامبەر بناغەکانی فێرکاری مارکسیستیدا داینابوو، پێشتر بوونیان هەبووە کە کاتێک هێشتا خۆی نێردراوێکی دڵسۆزی کەنیسەی مارکسیستی بوو. ئارگیومێنتەکانی کە باسی لێوە دەکرا لە ئەدەبیاتی ئەنارکیستییەوە تاڵان کرابوون، بەڵام تاکە شتێک کە شایەنی سەرنج بوو ئەوە بوو کە یەکێک لە ناسراوترین سۆسیال دیموکراتەکان بۆ یەکەمجار بەکاریان بهێنێت. هیچ کەسێکی ژیر نکۆڵی لەوە ناکات کە ڕەخنەکانی بێرنشتاین لە ئۆردوگای مارکسیزمدا نەیتوانی کاریگەرییەکی لەبیرنەکراو دروست بکات: بێرنشتاین لە گرنگترین بناغەکانی ئابووری میتافیزیکی کارل مارکسی دابوو و سەیر نییە کە بەڕێزترین نوێنەرانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس تووشی شڵەژان بوون .
هیچ کام لەمانە ئەوەندە جددی نەدەبوون ئەگەر وەکو ڕاستییەك لە ناوەڕاستی قەیرانێکی گرنگتردا نەهاتنایە. نزیکەی سەدەیەك مارکسیستەکان لە پێشنیارکردنی ئەو بۆچوونە نەوەستاون کە مارکس و ئەنگڵس دۆزەرەوەی ئەو شتە بوون کە پێی دەوترێت سۆسیالیزمی زانستی. هەر ئاوا جیاوازییەکی دەستکرد لە نێوان ئەو کەسانەی کە پێیان دەوترێت سۆسیالیستی یۆتۆپیایی/خەیاڵیی و سۆسیالیزمی زانستی مارکسیستەکان داهێنرا، جیاوازییەك کە تەنها لە خەیاڵەکانی ئەمانەی دووەمیاندا، ماکسیستەکان، بوونی هەبوو. لە وڵاتانی ئەڵماندا ئەدەبیاتی سۆسیالیستی لەلایەن تیئیۆری مارکسیستییەوە قۆرخ کراوە، کە هەموو سۆسیال دیموکراتێک ئەوە بە بەرهەمی پوخت و تەواو ڕەسەنی دۆزینەوە زانستییەکانی مارکس و ئەنگڵس سەیری دەکات.
بەڵام ئەم وەهمەش لەبەرچاو ون بوو : لێکۆڵینەوە مێژووییە مۆدێرنەکان لە دەرەوەی هەموو پرسیارێک ڕوونیان کردەوە کە سۆسیالیزمی زانستی تەنیا لە سۆسیالیستە کۆنەکانی ئینگلیز و فەرەنسییەوە هاتووە و مارکس و ئەنگڵس تەبەنییان کردووە کە لە هەڵبژاردنی مێشکی ئەوانی دیکەدا شارەزا بوون. دوای شۆڕشەکانی ساڵی 1848 کاردانەوەیەکی ترسناک لە ئەوروپادا هاتە ئاراوە: ‘هاوپەیمانیی پیرۆز’ دەستی کرد بە نواندنی تۆڕەکانی لە هەموو وڵاتێکدا بە مەبەستی هەناسەچنینی ( خنکاندنی) بیری سۆسیالیستیی، کە ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەندی وای لە فەرەنسا، بەلجیکا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ئیتالیا بەرهەمهێنابوو. ئەم ئەدەبیاتە نزیکەی تەواو لەم سەردەمە تەمومژاویەدا فەرامۆشکراو لەبیرچوونەوە. زۆرێک لە بەرهەمە گرنگەکان لەناوبران تا کورتکرانەوە بۆ چەند نموونەیەك کە پەناگەیەکیان لە ئارامیی هەندێک کتێبخانەی گشتی گەورە یان کۆکراوەی هەندێك کەسی تایبەتدا دۆزیەوە.

ئەم ئەدەبیاتە تەنها لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا دۆزرایەوە و لەم سەردەمەدا ئەو بیرۆکە بەپیتانەی کە لە نووسینە کۆنەکانی ئەو قوتابخانانەدا دەبینرێن کە دوای فۆریە و سانت سیمۆن (Fourier ، Saint Simon ) هاتوون، یان بەرهەمەکانی کۆنسیدرانت، دیماسی، مێی (Considerant, Demasi, Mey) و چەندانی دیکە ، مایەی سەرسوڕمانن. ئەوە هاوڕێی کۆنمان دبلیو تچەرکێسۆف (W. Tcherkesoff) بوو کە یەکەم کەس بوو کە نەخشێکی سیستماتیکی بۆ هەموو ئەم ڕاستیانە هێنایە ئاراوە: ئەو نیشانیدا کە مارکس و ئەنگڵس داهێنەری ئەو تیئۆریانە نین کە لە مێژە بە بەشێک لە وەصیەتنامەی فیکری خۆیان دادەنرێت . [1] تەنانەت لەوە زیاتریش ڕۆیشت کە بیسەلمێنێت کە هەندێک لە بەناوبانگترین بەرهەمە مارکسییەکان، بۆ نموونە وەکو مانیفێستی شیوعیی /کۆمۆنیست، لە ڕاستیدا تەنیا وەرگێڕانی ئازادانەیە لە فەرەنسییەوە لەلایەن مارکس و ئەنگلسەوە. تچەرکێسۆف (Tcherkesoff ) سەرکەوتنێکی بەدەستهێنا کاتێک بانگەشەکەی سەبارەت بە مانیفێستی کۆمۆنیستەکان لەلایەن ئاڤانتی،( Avanti ) ئۆرگانی ناوەندی سۆسیال دیموکراتەکانی ئیتالیا،[2] دانیان پێدا نا، دوای ئەوەی نووسەر دەرفەتی ئەوەی هەبوو کە بەراوردکاری لە نێوان مانیفێستی کۆمۆنیست و مانیفێستی دیموکراسیدا لە نووسینی ڤیکتۆر کۆنسیدرانت (Victor Considerant) بکات، کە دەرکەوتنی پێنج ساڵ پێش بڵاوبوونەوەی نامیلکەی مارکس و ئەنگڵس بوو.

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

………………………………….

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

[1] W. Tcherkesoff: Pages d’Histoire socialiste; les precurseurs de l’lnternationale.
[2] The article, entitled “Il Manifesto della Democrazia”, was first published in Avanti! (Year 6; number 1901, of 1902).
درێژەی هەیە
……………………………………………………………




پێشکەوتنی ” زیرەکی دەستکرد” دەتوانێت شارەستانییەت لە ماوەی بیست ساڵدا بەرەوە نەمان بەرێت*.. زاهیر باهیر

ئەمە قسەی دکتۆر جێفری هنتن-ە، Geoffrey Hinton ، کە بە باوکی ڕۆحی زیرەکی دەستکرد ناونراوە . دکتۆر هنتن کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەکە لەو بوارەدا کار دەکات و لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی دیکەدا کاریان لەسەر ‘ زیرەکی دەستکرد’ ” Artifical Intelegence ” دەکرد لەم ڕۆژانەی پێشوودا لەو پرۆژەیە لە گووگڵ پاشەکشەی کرد.
هۆکاری پاشەکرشەکردنەکە بە دێڕێک خستە بەرچاو ئەویش گەیشتنێتی بەو قەناعەتەی کە پشێەوەچونی ‘ زیرەکی دەستکرد’ مەترسیدارە لە سەر ژیان و کۆمەڵ کە دەگاتە پلەی زیرەکتر لەوەی کە دروستی کردووە ، واتە لە خۆیان .
بە کشانەوەی لەو پرۆژەکەی گووگڵ دەنگ و سەدایەکی گەورەی دروست کرد کاتێك کە جیهانی بە ئاگاهێنایەوە لە مەترسی دیجیتەڵ زیرەکیی . ئەم ئاگەدارکردنەوە وای لە هەر یەك لە ئیلون میسك، کۆشکی سپی و بێرنی سەندێرس ” Elon Musk ، White House ، Bernie Sanders ” کرد داوای یارمەتی و کۆمەکی لێبکەن، بەڵام ئەو رەتیکردەوە.
ئەو کە لەم ماوە زۆرەدا بە تایبەت لە ساڵی 2018 و بە یارمەتی هاوکارەکانی زۆر بە چڕی و بێ ماندووبوون لە پێشەوەبردنی ‘ زیرەکی دەستکرددا’ گەیشتە قەناعەتی ئەوەی کە مێشکی دیتجیتەڵی ڕەنگ مێشکی بایۆلۆجی سەرکوت بکات ، واتە پێشی بداتەوە.
دکتۆر جێفری هنتن کە خۆی بە سۆشیالیست دەزانێت ڕەنگە وەڵامەکەی بۆ کەسان و لایەنانی بەدەسەڵات قەناعەتکەر نەبێت و نەیانەوێت بیبیستن. لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی گاردیاندا وتی ” حکومەتی ئەمریکا بە ناچاری نیگەرانییەکی زۆری سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی هەیە . مەیلی منیش ناکۆکە لەگەڵیانا………بۆ نموونە، دڵنیام کە وەزارەتی بەرگری پێی وایە کە تاکە دەستی سەلامەت بۆ ئەم شتانە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خۆیەتی ، تاکە گروپێك لە خەڵك کە لە ڕاستیدا چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن”
دکتۆر هنتن درێژەی بە قسەکانی داو وتی ” من سۆسیالیستم ” بوو وتی “پێموایە خاوەندارێتی تایبەتی میدیا و ‘ ئامرازەکانی حیسابکردن’ ، باش نیین”.
“ئەگەر لە چوارچێوەی سیستەمێکی سەرمایەداریدا سەیری ئەوە بکەیت کە گووگڵ چی دەکات، ئەوا بەو شێوەیە بەرپرسیارانە ڕەفتار دەکات کە چاوەڕێی دەکەیت. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەوڵدەدات زۆرترین سوود بۆ هەموو خەڵک بەدەستبهێنێت، بەڵکو لە ڕووی یاساییەوە پابەندە بە زۆرترین سوود بۆ خاوەن پشکەکانی، ئەوەش شتێکی زۆر جیاوازە.”

ئەو بە بەردەوامی لە دیمانەکانیدا کە پرسیاری زیاتری لێدەکرێت وەڵامی زیاتر دەداتەوە. کاتێك کە پرسیاری ئامۆژگاری لێدەکەرێت قسەیەکی وای لا نییە و دەڵێت “من کەسێکی سیاسی نیم ” “من تەنها کەسێکم کە لەناکاو ئاگادار بوومەوە کە مەترسی ئەوە هەیە شتێکی بەڕاستی خراپ ڕووبدات. خۆزگە چارەسەرێکی جوانم هەبوایە، وەک: ‘تەنها واز لە سووتاندنی کاربۆن بێنە و باش دەبیت.’ بەڵام ناتوانم چارەسەرێکی سادەی ئاوا لەو جۆرە ببینم.”
درێژە بە قسەکانی دەداو دەڵێت ” لەماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا هەوڵم داوە مۆدێلی کۆمپیوتەر دروست بکەم کە بتوانێت شتەکان فێربێت کەمێک وەک شێوازی فێربوونی مێشک، بۆ ئەوەی باشتر تێبگەم کە مێشک چۆن شتەکان فێردەبێت، بەڵام بەم نزیکانە بڕیارمدا کە ڕەنگە ئەم مۆدێلە گەورانە لە ڕاستیدا زۆر باشتر بن لە مێشک…… “پێویستە ئێستا زۆر بیر لەوە بکەینەوە، و ئەگەر شتێک هەبێت کە بتوانین بیکەین. هۆکاری ئەوەی کە من ئەوەندە گەشبین نیم ئەوەیە کە هیچ نموونەیەک نازانم کە شتە زیرەکترەکان لەلایەن شتە کەمتر زیرەکەکانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێن……..- پێویستە لە خەیاڵی ئەوەدا بیت کە لە ئێمە زیرەکتر بێت بە هەمان ڕادە کە ئێمە لە بۆقێك زیرەکتر بین. ئەوە زۆر باشە کە بڵێین: ‘باشە، مەیانبەستنەوە بە ئینتەرنێتەوە ’، بەڵام هەر ئەوەندەی قسەمان لەگەڵ دەکەن، دەتوانن وامان لێبکەن شتەکان بکەین.”
” “ئەم شتانە یارمەتی حکومەتە دەسەڵات سەپێنەرەکان دەدەن لە لەناوبردنی ڕاستییەکان، یان دەستکاریکردنی دەنگدەران.. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، لە دۆخێکدا کە ئەمریکییەکان تەنانەت ناتوانن ڕازی بن کە چەکی هێرشبەرانە نەدەن بە کوڕانی هەرزەکار، ئەوە شتێکی قورس نییە بیری لێبکرێتەوە.”
” لە ئۆڤاڵدە، Uvalde ، [کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 2022ی 21 کەس لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە تەکساس کوژران]، 200 پۆلیس هەبوون کە نەیاندەوێرا لە دەرگایەکەوە تێپەڕن، چونکە کابراکەی دیوەکەی تر تفەنگی هێرشبەری هەبوو و تەقەی لە منداڵان دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانن بڕیار بدەن کە چەکی هێرشکردن قەدەغە نەکەن . ئا لەم بارەدا سیستەمێکی سیاسی تەواو ناکارامەی لەو جۆرە، سیستەمێکی دروست نییە بۆ ئەوەی ناچار بێت مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا بکات”.

مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد
بە گوێرەی دیمانە و قسەکانی جێفری هنتن کە من هەنێکیانم لە سەرەوە داناوە کە خودی ئەویش لە هەموو کەس باشتر لە وردەکاری و وەزیفەکانی ‘ زیرەکی دەسکرد’ دەزانێت گەر بەو شێوەیە بێت کە ئەم دەیڵێت زۆر بەترسیدارە. ئەم مەترسییەش زیاتر دەبێت ل کاتێکدا کە کار بەو بکرێت ئەرک و وەزیفەکانی و توانای فراونتر دەبێت ، لە حاڵەتێکی ئاوادا مەترسییەکانیش گەورەترن .
دکتۆر هنتن لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت ” حکومەتە دەسەڵات سەپێنەرەکان گەورەترین ئاڵای سوورن کە ئەوە پیشان دەدات کە مرۆڤایەتی ناتوانێت دەستی بە مەترسییەکانی ‘ زیرەکی دەستکرددا ‘ بگرێت پێش ئەوەی درەنگ بێت.”

پێشبڕکێی ‘زیرەکی دەستکرد’ لە ئێستاوە کەمبوونەوە بەرهەم دەهێنێت. ڕۆژی سێشەممە، 02/05، کۆمپانیاکانی پەروەردە کە لە بۆرسەکانی لەندەن و نیویۆرک بازرگانی دەکەن، سەدان ملیۆن دۆلاریان لە بەهایان سڕراوەتەوە، دوای ئەوەی کۆمپانیای چێگ ” Chegg ، کۆمپانیایەکی ئەمریکی کە یارمەتی ئۆنلاین دەدات بە خوێندکاران بۆ کاری نووسین و بیرکاری، ڕایگەیاند کە ChatGPT کاریگەری لەسەر گەشەی کڕیاران هەیە.

ترسەکان سەبارەت بە دەرئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی پەرەپێدانی ‘ زیرەکی دەستکرد’ کۆنترۆڵنەکراو، بووە هۆی ئەوەی لە مانگی ئازاردا نامەیەک بڵاوبکرێتەوە – کە واژۆکارەکانی بریتی بوون لە ئیلۆن ماسک و ستیڤ وۆزنیاک، هاوبەشی دامەزرێنەری ئەپڵ – کە داوای وەستاندنی دروستکردنی ” زیرەکی دەستکرد بکەن” لانیکەم بۆ شه‌ش مانگ . پرسیاری ئەوەش کراوە کە ئایا پێویستە “هەموو کارەکانی کە بە ئۆتۆماتیکی دەکرێن دووربخەینەوە، لەوانەش ئەوانەی کە بەدیهێنراون”.

کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ، WEF ،کە ڕێکخراوێکە لە پشتی کۆبوونەوەکانی داڤۆسەوەیە ، لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکەن گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان لەوانەش’ زیرەکی دەستکرد’ ببنە هۆی جۆرە پشێوییەكی “بەرچاو” لە بازاڕەکانی هەلی کاردا. کۆمپانیای WEF ڕاپرسییەکی لە زیاتر لە 800 کۆمپانیا کردووە کە 11.3 ملیۆن کرێکار و کارمەندیان هەبووە، 25%یان ڕایانگەیاندووە کە پێشبینی دەکەن’ زیرەکیی دەستکرد’ لەدەستدانی هەلی کار دروست بکات، هەرچەندە 50% ڕایانگەیاندووە کە پێشبینی دەکەن گەشەی هەلی کارەکان هان بدات. لە مانگی ئازاردا، گۆڵدمان ساشە ڕایگەیاندبوو، پێشکەوتنەکانی ئەم دواییە لە بواری ‘ زیرەکی دەستکرددا’ دەتوانێت ببێتە هۆی ئۆتۆماتیکیکردنی نزیکەی 300 ملیۆن فولتایم کار، واتە جێگایان بگرێتەوە کە ئەمەش بەشی پارێزەران و ئەدمین لەنێو ئەو کەسانەی کە کاراییان لەسەر دادەنێت دەگرێتەوە.
لە کاتێکدا کە ‘زیرەکی دەستکرد’ لەوانە کە دروستیان کردووە زۆر زیرەكتر بێت ئیتر کۆنترۆڵکردنیشی زۆر گران دەبێت بۆیە مەترسییەکان هەر لەو ئاستەدا کە لە سەرەوە و لە لایەنکانی دیکەی ژیاندا دەردەکەوێت ئاسان نابێت. وێڕای ئەوانەش کە ئەو لیدوان و شیکردنەوانە بۆ بارودۆخی زیرەکی دەستکردە کە تا رادیەك هێشتا لە سەرەتادایە ، دیارە بە تێپەڕبوونی زەمەن و کاری زیاتر لەسەر دروستکردنی و پڕۆگرماکردنی زیاتری مەترسییەکانیش گەورەتر دەبن .

بەشەرییەت بەرەو کوێ؟

ئەمە پرسیارێکە کە کەس ناتوانێت بە دەقیقی وەڵامی بداتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمومان مافی ئەوەمان هەیە کە ڕای خۆمان و پێشبینیمان بخینە بەرچاو.
من وا پێشبینی دەکەم کە لە ماوەی چەند دەیەیەکی دیکەدا زۆربەی کارەکان جگە لەهەندێك کاری دەستی کە دەگمەن دەبن هەمووی لە لایەن ڕۆبۆت و ‘ زیرەکی دەستکردەوە’ ئەنجام دەدرێت. بە واتایەکی دیکە ژمارە و ڕێژەی کرێکاران بەرەو کەمی و کەمتر دەڕوات . لەو حاڵەتەشدا توانای کڕینی خەڵکی زۆر کەم دەبێتەوە بۆ ئەو کاڵایانەی کە لە بازاڕدا دەبن . کاتێك کە کاڵا پێویستی بە سەرفبوون هەیە کڕین هەیە بەڵام زۆربە کاریان نییە ، دەوڵەت گەر لەناونەچێت دەبێت بڕێك پارەی شیاو بۆ هاووڵاتیانی زامن بکات تاکو پێی بژین بە کڕنیی کاڵاکان و پێداویستییەکانیان .
لەو بارەشدا نرخی پیداویستییەکان و کاڵاکان زۆر زۆر هەرزان دەبن چونکە خاوەنکار و کۆمپانیاکان بڕی تێچوونی کاڵاکانیان ئێکجار کەم دەبێتەوە . هۆکارەکەش نەدانی کرێ و مووچەی کرێکارە، نەدانی پارەی نەخۆشی و هۆڵیدەیی و خانەنشینی بیمەکانی، و کە ئێستا کرێکاران و کارمەندان شایستەین .
هاوکاتیش دەوڵەت ڕێژەیەك کە بتوانێت بیمەی ئەم هەموو خەڵکە بەتاڵەی پێبداتەوە باج لەسەر کاڵاکان و خاوەنکار و کۆمپانیاکان و قازانجیان دادەنێت .
لە کۆتاییدا ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە زۆر زەحمەتە بتوانین پێشبینی ئایندە بکەین و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵ و بەڕیوەبردنی لە سای سیستەمی سەرمایەداریدا کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، کرێکارانی زیندوو بە مردوو دەگۆڕێت، زۆر زۆر زەحەمەتە.

*سەرچاوەی ئەم نوسینە لە چەند وتارێکی ڕؤژنامەی گاردیانەوە وەرگیراوە

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
04/05/2023




بۆچی جیهان دەبێت تێبینی پەیوەندی نێوانی سعودییە و چین و هاوپەیمانەکانی بکات و.. و: زاهیر باهیر

بۆچی جیهان دەبێت تێبینی پەیوەندی نێوانی سعودییە و چین و هاوپەیمانەکانی بکات و ئەمە چۆن پەیوەندی بە تایوانەوە هەیە

نوسینی: Andrew MacLeod
و: زاهیر باهیر

کابینەی سعودیە لەم دواییانەدا بڕیاری پەیوەستبوون بە Shanghai Cooperation Organisation (SCO) ، ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای بە سەرۆکایەتی چین پەسەند کرد. ئەمەش دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی کە ڕیاز [پایتەختی سعودیە] بە هەموو وزەی یەدەکییەوە لە شەڕی ئۆکرانیا هەڵبژاردنی لایەنەکان دیاری بکات. بەشێکی ئەم کارەی سعودیە بەهۆی ڕەتکردنەوەی مامەڵەکردنە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە لە لایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کە برینداری کردووە، لە ڕووسیا و چین نزیک دەبێتەوە، بەتایبەتی کە چینییەکان نێوەندگیری نزیکبوونەوەیان لە نێوان شانشینی سعودییە و ئێراندا کردووە.
SCO لە ساڵی 1996 هاتە ژیانەوە و خۆی وەک “شەنگەهای پێنج” لە کۆماری گەلیی چین، کازاخستان، گرگیستان، ڕووسیا و تاجیکستان پێکهێنا. لە ساڵی 2001 ژمارەکە زیادی کرد بە هاتنی دەوڵەتی ئاسیای ناوەڕاست و ناوی خۆی گۆڕی بۆ SCO کە ڕێکخراوێکی هاوکاری سەربازی و سیاسی و ئابوورییە. لەو کاتەوە زۆربەی دەوڵەتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست پەیوەندییان پێوە کردووە زائیدەن مەنگۆلیا وەک چاودێرێک و هاوکاتیش لە شێوەیەکی ڕەخنەگرانەدا. لە ساڵی 2017دا، پاکستان و هیندستانیش هاتنە ناوەوە.

لە ساڵی 2023دا SCO نزیکەی 50%ی دانیشتوانی جیهانی لە دەوڵەتانی ئەندام و دەوڵەتانی چاودێر یاخود هاوبەش/شەریك گرتەوە، هەروەهاو نزیکەی 30%ی ئابووری جیهانیش لە حاڵەتی ئاسایی بە پێوانەی دۆلاری پوخت. کەمێک زیاتریش لە 40% لە purchasing power parity (PPP) ، هاوسانی هێزی کڕین . ئەمەش پێوەرێکە کە هێزی ئابووری دەپێوێت کە بەپێی تێچووی کاڵاکان لە وڵاتێک یان کۆمەڵێک وڵاتدا ڕێکخراوە.

ئەمە لە کاتێکدا G7 ، گروپی 7 ، نوێنەرایەتی ژمارەیەک دانیشتوانی زۆر کەمتر دەکات و تەنها نزیکەی 27%ی ئابووری جیهانی دەگرێتەوە بە گوێرەی پیوەری هاوسانی هێزی کڕین ، PPP.
. ڕیکخراوی هاوکاری شەنگەهای، SCO کاریگەری ئابووری زیاتری هەبووە لە G7 و لە ساڵی 2021دا نوێترین کۆمەڵەی مانۆڕی سەربازی هاوبەشیی خۆی ئەنجامدا. لە ئێستاشدا سعودیەی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی سامانەکان بەشداری دەکات. SCO زۆرجار مانۆڕی سەربازی هاوبەش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام دەدات و مانۆڕی داهاتووش لە کۆتایی ساڵی 2023دا پلانی بۆ دانراوە. ئەم مانۆرەی داهاتوو سەرنجڕاکێش دەبێت بزانین سعودیە چۆن بەشداری سەربازی دەکات.
ئەم نزیکبوونەوەیە لە پەکین بە تایبەتی گرنگە بەو پێیەی کە چین لەم دواییانەدا متمانەی دیپلۆماسی خۆی بەهێزتر کردووە بە کەوتنە نێوانی سعودیە و ئێران و نزیکبوونەوەیان.
ناکۆکییە جۆراوجۆرەکانی ئێرانییەکان و عەرەب یەکێك لەو هۆکارانە بووە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران بە ناسەقامگیری و پارچەپارچەیی ماونەتەوە و نەتوانن بەخوردێکی ناوچەیی بۆ کێشەکانیان ببیننەوە.
بەشێک لە ستراتیژیی فراوانتر
شەڕی کارەساتبار لە یەمەن تەنیا نموونەیەکە. ئەو بەیەکادانە شەڕێکی بە وەکالەت بووە لە نێوان سعودییەکان و ئێرانییەکان بۆ پاوانەکردنی ناوچەکە. لە کاتێکدا کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە لە ئێران کەمترە، بەشێک لە ستراتیژیەتی سعودیە ئەوە بووە کە نرخی نەوت بە شێوەیەکی دەستکرد نزم بهێڵێتەوە، باشترە لە خوار 65 دۆلاری ئەمریکی (52 پاوەند) بۆ هەر بەرمیلێک بێت کە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەوە ئەو نرخە بێت کە ئێران پێویستی پێیەتی بۆ هاوسەنگکردنی بوجەکەی.
کەواتە، شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە کە ڕاستەوخۆ دوای تێکەوتنی چینییەکان بۆ ڕێککەوتنی ئێران/سعودیە مامەڵەی ئۆپێک، کارتێلی نەوت، ڕووی دا کە هەردوو وڵات ئەندامین و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ڕاگەیاند. بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە ئەنجامدا کە فشارەکانی هەڵاوسانی پارە لەسەر ولاتانی ڕۆژئاوا دەهێڵێتەوە بەڵام ئابووری ڕووسیا وەکو ئاو دەڕوات.
زۆرێک لە ڕۆژئاوا پێیان وایە زۆرینەی جیهان دژی شەڕی پوتینن لە ڕووسیا و دەیانەوێت سزاکانی سەر ڕووسیا کاراییان هەبێت. هەرچەندە یەکەی هەواڵگری ئابووریناس تازە شیکارییەکی بڵاوکردۆتەوە کە دەریدەخات پشتگیریکردن لە ڕووسیا لە جیهانی پێشکەوتوودا گەشە دەکات، بەشێکی بەهۆی یادەوەرییەکانی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپیەوەیە.
هەژموونی چینی گەشە دەکات
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی چین، Xi Jinping ، شی جینپینگ، جەنگی ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادەی ڕۆژئاوا، بەکارهێنانی تەقەمەنی مەخزەنەکان هەروەها هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ئەو چەکانەی ڕۆژئاوا بە ئۆکراینییەکانی دەدات، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدا نزیک دەبێتەوە لە ئامانجی ڕاگەیەندراوی دەوڵەتەکەی ‘شی’ کە بریتییە لە یەکگرتنەوەی چین لەگەڵ دوورگەی تایوان.
هیندستان وەک ئەندامێکی SCO و Quad (هاوپەیمانی شل و شێوای ئوسترالیا، هیندستان، ژاپۆن و ئەمریکا)، ئەو کارە دەکات کە بە باشترین شێوە دەیکات – یاری بە هەردوو لای شمشێرەکە دەکات. سەرۆکوەزیران نارێندرا مودی، کاتێک لەم دواییانەدا پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا هیندستان زیاتر بەرەو جەمسەری کاریگەری چین ڕاکێشراوە، یان جەمسەری ئەمریکا، وتی: “ئێمە جەمسەری سێیەم دروست دەکەین.”
وە لەکاتێکدا کە هەموو ئەمانە دەگوزەرێن ئوسترالیا، بەریتانیا و ئەمریکا هاوبەشی نوێی ئەمنی خۆیان لە ئاوکوس (Aukus ) ڕاگەیاند، چاوێکیشیان لەسەر گریمانی ململانێی چین بوو لەسەر تایوان.
فراوانکردنیSCO لای چین مەشقکردنی ئەم دواییەی ماسولکەی دیپلۆماسی خۆی، هەمووی بۆ پشتگیری لە ئامانجەکەیەتی کە وەک زلهێزێکی جیهانی سەیر بکرێت – و ئامادەکردنی هاوپەیمانییەکانیەتی بۆ ئامانجە ستراتیژییە ڕاگەیەندراوەکەی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ تایوان.

ئەمە بۆ تایوان مانای چییە
لەم دواییانەدا پەکین بیری جیهانی خستەوە کە لە ساڵی 1971، بڕیارنامەی 2758ی نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەی ئەوی وەک حکومەتی یاسایی چین پشتڕاستکردەوە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان، پێدەچێت فراوانبوونی SCO، و مشتومڕ لەسەر ڕۆڵ و مانای بڕیارنامەی 2758 گرنگتر بێت.
ڕۆژێک پێش پەسەندکردنی بڕیارنامەی 2758ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1971، خاکی دانپێدانراوی چین هەردوو چین و تایوانی لەخۆگرتبوو. دەبوو هەردووکی بگرێتەوە چونکە حکومەتی تایوان حکومەتی نێودەوڵەتی دانپێدانراوی هەموو چین بوو. بڕیارنامەی 2758 حکومەتی دانپێدانراوی لە تایپەیەوە [Taipei پایتەختی تایوان ] گۆڕی بۆ پەکین، بەڵام هیچ لێدوانێکی لەسەر سنوورەکانی خاکی چین نەدا و هەربۆیە سنوورەکان نەگۆڕاون.
دەستووری تایوان هێشتا ئیدیعای چین دەکات، و هێشتا “بڕگەی ئینتقالی” بۆ هەڵبژاردنەکان تا یەکگرتنەوە لەخۆدەگرێت. یەکگرتنەوە ئامانجێکی دیاریکراوە لە دەستووری تایواندا. دوو پارتە سیاسییەکەی تایوان بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە یەکگرتن لەگەڵ چین، یان سەربەخۆیی لە چین.

چین لە ڕێگەی SCO و ئامرازەکانی دیکەوە هاوپەیمانەکانی ڕێكدەخات بۆ پشتگیریکردن لە هەڵوێستی خۆی لەسەر تایوان لەکاتێکدا خیتابەکانی خۆی گرنگتر دەگەیەنێت. لە کۆتایی هەفتەی 8ی نیسانی 2023دا مەشقی سەربازی لە دەوروبەری دوورگەکەدا ئەنجامدا، دواتر ڕایگەیاند کە لە 16ی نیساندا هاتنی کەشتییەکان لە ناوچەیەکی باکووری تایوان قەدەغە دەکات بەهۆی “ئەگەری کەوتنەخوارەوەی داروپەردووی موشەکی”.
ئەمریکا هاوپەیمانە سەرەکییەکانی بەهێزتر دەکات کە دەتوانن لە ڕێگەی ناتۆ و ئاوکوسەوە (Aukus ) پشتگیری لە هەڵوێستی خۆیان بکەن لەسەر تایوان بەڵام پشتگیرییەکان لە جیهانی گەشەسەندوودا دزەدەکات ، لە کەمبوونەوەدایە..
ئێستا جیهان زیاتر ئاڵۆزتر بووە.




بانقی مەرکەزی بریتانیا چۆن چارەسەری هەڵئاوسانی دراوەکەی دەکات؟.. زاهیر باهیر

بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەت هەڵئاوسانی پارە لە بریتانیا لە مانگی ئازار-دا بەڕیژەی لە سەدا 10.1 و بڕی تێکڕای بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیانیش بە ڕێژەی لە سەدا 19.2 سەرکەوتووە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە واقیعدا زۆر لەوە بەرزترە. ئا لەم بارەشدا بانقی مەرکەزی بریتانیا هەر وەکو هەموو بانقە مەرکەزییەکانی وڵاتانی دیکە و چارەی تەواوی ئابوورییناسەکانی لیبراڵ و نیولیبراڵ یاریکردنە بە چەند فۆرمیلەیەك بۆ چارەسەری بارودۆخی خراپی ئابووریی.
بێ گومان یاریکردن بەو فۆرمیلانە لە پێناوی هێنانە خوارەوەی هەڵئاوسانی پارەدا بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی نییە بەڵكو تاوانێکی گەورەیە کە لە هەقی دانیشتوانی بریتانیا بە ناوی ئیدارەدانی ئابوورییەوە دەکرێت. هۆکاری تاوانەکەش هەر زۆر ڕوونە چونکە چارەسەکردن نییە کێشەکان لە دۆخێکی خراپەوە بۆ دۆخێکی خراپتر دەبەن.

فۆرمیلەکانی بانق کە لە ئیدارەدانی هەڵئاوسانی پارەدا یارییان پێدەکات چەند دانەیەكە لەوانە:
یەك : هەوڵی داشکاندنی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە یاخود بەرزبوونەوەی بۆ چارەسەری خراپی ئابووریی :-
بۆ داشکاندنی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە، بانق ڕێژەی سوو بەرزدەکاتەوە . ئەمەش بەهای دراوی پاوەند بەرزدەکاتەوە. گوایە بەمە چی تر خەڵکی لە قەرزکردن وکڕینی شت دەوەسێتێ و ئەو کاتەش نرخی کاڵاو شمەکەکان بەرزنابنەوە و سەقامگیر دەبن . هەروەها ئەوانەی پاشەکەوتیان هەیە قازانج دەکەن ، کە بە گوێرەی ئەوە پاشەکەوتەکەیان لە بانقدا دەچێتە سەرەوە. تاکو ئێستا بانقی مەرکەزی 11 جار سووی بەرزکردۆتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتوودا جارێکی دیکەش ڕێژەی سوو بەرز ببێتەوە.
کاتێک بەهای دراوەکە بەرزدەبێتەوە هەناردەی وڵات دەکوژێت چونکە توانای کڕینی کاڵاکان لە لایەن خەڵکان و کۆمپانیاکانی وڵاتانی دیکەوە کەمتر دەبێتەوە . هەرئاواش سەرمایداران قەرز ناکەن بۆ پرۆژەی نوێ و لە پرۆژە نوێیەکانیشیاندا ئەو قازانجەی جاران ناکەن بۆیە ئەمانیش بە ڕۆڵی خۆیان دێن کرێکاران دەردەکەن و کرێش بۆ ئەوانەی کە دەمێننەوە دادەشکێنن. سەرەنجام خەزێنەی دەوڵەتیش کەمدەبێتەوە بە هۆی نەدانی باجەوە لە لایەن کرێکارانی دەرکراەوە و هاوکاری کردنیان بە بیمەی بێ کاریی.
بەم شێوەیە بازار سست دەبێت و کاڵاکانش بێ فۆرشتن دەمێننەوە. ئەمجارەیان بانق هەوڵ دەدات یارییەکە بە دیوەکەی دیکەیدا بکات، ئەویش دابەزاندنی سووە .
دابەزاندنی سوو یانی دابەزاندنی بەهای دراوەکە ، شکانی بەهای دروایش یانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەك لە بازاڕدا، کەمبوونەوەی قازانج لەسەر پاشەکەوت، هەروەها گرانی هاوردەکردنی کاڵای وڵاتانی دیک ، هاوکاتیش زیادکردنی هەناردەی وڵات بۆ دەرەوە . پرۆسەکەش گەڕانەوەیە بۆ خاڵی یەکەم.
دوو: کۆنترۆڵکردنی نرخ:
ئەم یاریکردنەش بە حساب کارایی دەبێت لەسە ر سەقامگیربوونی ئابووریی. بەڵام ئەمە تەنها دەوڵەت دەتوانێت کە نەهێڵێی نرخی وزە : کارەبا و غاز و هەروەها بەنزین و گازۆیل و بەرهەمی کۆمپانیا و کارگەکان بەرز ببێتەوە تاکو بە نرخی کاتی خۆی بفرۆشرێت بۆ پاراستنی بەهای دراو و ڕاگرتنی هەڵئاوسانی پارە لەو ئاستەی کە بانق دەیەوێت .
کردنی ئەمە کارێکی ئێکجار زەحمەتە تا ڕادەی مەحاڵ. کۆمپانیاکان ، کارگەکان، سوپەرمارکێتەکان هەرگیز نایانەوێت ڕێژەی قازانجیان گەر لە ساڵانی پێشتر زۆرتر نەبێت، کەمتر ببێت . لەم بارەشدا پرسی کۆنترۆڵکردنی نرخیش ناتوانێت دادی هەڵئاوسانی پارە بدات.
لە ئێستادا لە بریتانیا نرخی نەوت هاتۆتە خوارەوە ، هاتنەخوارەوەی نرخی نەوت یانی هاتنە خوارەوەی نرخی غاز و بەنزین و گازۆیل ئەمەش لە ڕاستیدا دەبێت پارەی غاز و کارەبا دابەزێنێت . هاوکاتیش دەبێت نرخی کەرەسەکانی ژیان بێتە خوارەوە چونکە گرفتی گواستنەوەی شمەك و کاڵا کەمتری تێدەچێت هەروەکو تێچوی بەرهەمهێنانیشیان کەمدەبێتەوە. لەگەڵ ئەم ڕاستییەشدا کە حکومەتی بریتانیا و ئابوورییناسەکانیش دەیسەلمێنن کەچی نرخی کاڵاو پێداویستییەکانی ژیان بەرزتربووەتەوە . ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە هێنانەوەی پاساوی شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیا گوایە بووەتە هۆی بەربوونەوەی پێداویستییەکان بە تەواوی ڕاست نییە بە تایبەت لە کاتێکدا کە بڕی نرخ بە ڕێژەی لە سەدا 19.2 سەرکەوتووە کە ئەم ڕێژەیە لە بریتانیادا بەرەزترینە لە 46 ساڵ لەمەوبەرەوە.
سێ: کۆنترۆڵکردنی کرێ و مووچە:
لە ساڵی 1975 دا هەڵئاوسانی پارە لە بریتانیا سەرکەوت بۆ ڕێژەی لە سەدا 25 هاوکاتیش کرێ و موچەی کرێکاران کە کاری دەستی و جەستەیی دەکەن بە ڕێژەی لە سەدا 31.7 بەرزبووەوە. هەر ئاواش تێکڕای بەرزبوونەوەی ڕێژەی مووچە و کرێ بە ڕێژەی لە سەدا 28 سەرکەوت. لە ساڵی 1976 دا کە حیزبی [ لەیبەر] حوکمی دەکرد سەرەکوەزیران ، هارڵد وڵسن، داوای لە نقابە کرد کە دەبێت بەرزکردنەوەی کرێ و موچە لە حەدێکدا ڕاگیرێت. ئەم مامەڵەیەی نێوانی حکومەت و نقابە لە ساڵی 1977 هەرەسی هێنا و نرخ ئەوەندە بەرزبووەوە کە لە ساڵی 1979 دا شەپۆلی گەورەی مانگرتنەکان دەستیپێکرد و کۆتایی بە حکومەتەکەی حیزبی کرێکاران هێنا و حیزبی موحافیزین بە سەرۆکایەتی مارگرێت تاچەر هاتە سەر حوکم .
ئێستاش سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئێرە ، ئەندرو بەیلی ، داوا دەکات کە دەبێت کۆنترۆڵی کرێ و مووچە بکرێت بۆ هێنانە خوارەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە. داوا لە کرێکاران دەکات کە داوای زیاکردنی مووچە نەکەن گوایە زیادی مووچە هەڵەکەی چەند دەیەی پێشو، واتە هەفتاکان، دووبارە دەکاتەوە. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە سامانداران ئەوە دروست دەکەن بە کڕینی کاڵای ناپێویستی گرانبەهای وەکو یاخت و فڕۆکەی تایبەتی و سەیارە و خانوی زۆر گرانبەها نەک کرێکارێك کە هەرچەند موچەکەی بۆ زیاد بکرێت دوای باجدان لە ساڵێکدا ناچێتە 1000 پاوەند.
کەواتە کۆنترۆڵکردنی کرێ و مووچە هەر بۆ کرێکارانە و درۆیەکی گەورەیە کە زیادکردنی موچەیان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە.

چوار: بەرزکردنەوەی باج:
گوایە بە بەرزکردنەوەی باج پارەی زیاتر بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە و هەروەها داهاتی خەڵکانی ئیشکەر کەمتر دەبێتەوە بەمەش توانای کڕینی کاڵا و شمەکیان کەمتر دەبێت ، خودی ئەمەش ڕێگا دەگرێت لە بەرزبوونەوەی نرخ ، بەرزنەبوونەوەی نرخیش یانی بەرزنەبوونەوەی هەڵئاواسانی پارە . بێ گومان ئەمەش حەل نییە ئەمڕۆ بە هۆی : یەك: لەبەر ئەوەی خەڵکی بۆ 2 ساڵ لە سەردەمی کۆرۆنادا گەشتی نەدەکرد و لە دەرەوە نانی نەدەخوارد یاخود زۆر کەم وەکو ئامارەکان نیشانی دەدەن بڕی ئەو پارەیەی کە لە لایەن دانیشتوانەوە خەزن کراوە لە نێوانی 200 بۆ 250 ملیار پاوەندە . ئێستاش کە کۆرۆنا نەماوە خەڵك بڕێکی زۆری پارەکەی سەرف دەکات کەواتە هەتا باج-یش بەرز ببێتەوە هێشتا خەڵکی هەر پارەی هەیە . دوو: بەرزبوونەوەی باج وەکو وتم یانی کەمبوونەوەی داهاتی خەڵك ، ئەمەش یانی دابەزینی ڕێژەی کڕین ، دەستگرتنەوە لە پرۆژەی خزمەتگوزاری و ئابووری . سەرئەنجامی ئەمەش یانی مەوجدانەوەی کاڵاکان لە بازاردا، مەوجدانەوەی ئەم کاڵایانەش یانی کەمکردنەوەی کرێ و دەرکردنی کرێکاران . کەواتە دووبارە دەگەڕێینەوە سەر ئەو خاڵەی کە لە سەرەتادا دەستمان پێکرد.
هەر بەو سادەیەی سەرەوە دەبینین کە خودی ئابوورییەکە بناخەیەکی پفەڵ و بۆشی هەیە، جگە لەوانەشی باسمکردن بە پژمەی ساماندارێکیش گرفتی بۆ دروست دەبێت. ئەم تڕە کەڵەکی و یاریکردنە بەو فۆرمیلانە چارەسەری کێشەکە ناکەن.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
23/04/2023




ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟-2.. زاهیر باهیر

2-2

هەشت: هەڵاواردن/ جیاوازی و پرسی ڕایسیزم و مامەڵەی ژنان لە لایەن کۆمپانیاکان و پۆلیسەوە:
بریتانیا بە گشتی و لەندن بە هۆی هەبوونی ئیتنیکئیەکی زۆری فرە نەتەوە کە لە زۆربەی وڵاتانەوە ڕویانکردۆتە بریتانیا، لەندەن بە شارێکی کۆسمۆپۆلێتی دادەنرێت. گەرچی خەڵکانی ڕەشپێست و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی خۆیان توانیویانە جێگای خۆیان بکەنەوە و بەشداری بکەن لە بزنس و لە سپۆرت و لە بواری میدیا و کۆمیدی و پەروەردە و تەندروستی و بوارەکانی دیکەدا و کلتوری ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازای و هەڵاواردنێکی زۆریان لەگەڵدا دەکرێت بە تایبەت بەرانبەر خەڵکانی ڕەشپیست و خەڵکانی ئاسێوی. جیاوازی و هەڵاواردن و بەکەمگرتنی ئەوانەی کە لە سەرەوە باسمکردن زۆربەی لایەنەکانی ژیانییانی گرتۆتەوە چ لە دەستکەوتنی کار و بەرزکردنەوەی پلەیان و چ لە دانی کرێ و موچەدا لەگەڵ خەڵکانی سپیپێست و خەڵکە ئەسڵییەکەدا جیاوازییان دەکرێت.
ئەم جوداکاری و جۆری مامەڵەیە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ژیانی ڕەشپێستەکان و ئیتنیکییە جیاوازەکاندا هەبووە و هەیە تا ئەو ڕادەیەی کە ژمارەی بێ کاری و یاخود کاری خراپ لە ڕوی وەختی چوونە سەر کار و لە ڕوی شوێنی سەر کارەوە و نیشتەجێبوونیان لە شوێنی خراپ و خراپ مامەڵکردنیان لە لایەن خاوەنخانووەکانەوە هەروەها پۆلیسیشەوە، ئەمانەی هەموو گرتۆتەوە.
بەڵگەکان و ئامارەکان ئەوەندە زۆر و حاشا هەڵنەگرن کە تەنانەت خودی حکومەت و میدیا و پۆلیس- یش لەم دواییەدا نەیانتوانی نکوڵی لێبکەن و سەلماندیان.
مامەڵەی پۆلیس بەو ڕادەیە خراپە لەگەڵ ژنان و هاوڕەگەزخواز و ترانسەکان [ ئەوانەی کە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن] و هەروەها خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکییەکان تا ڕادەی ئەوەی کە پۆلیس تاوانبار کراوە بەوەی کە دەزگایانە ڕایسستن و سێکسیستن ، واتە دامەزراوەی پۆلیس لە ڕوی دەستورییەوە ڕایسستن . تا ئەو ڕادەیەی تەنانەت هەندێك لە پەڵەمانتارەکان و پایەبەرزان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیە دەکەن و دروستکردنەوەی لە شێوەیەکی دیکەدا.
ڕاپۆرتیێکی نوێ کە لە مانگی مارتدا کە ماوەی چەند مانگێکە کاری لەسەر دەکرێت لەسەر داوای خودی حکومەت، نیشانی دەدات کە زیاتر لە 1500 پۆلیس تۆمەتبارن بە توندوتیژی دژی ژنان لە ماوەی تەنها شەش مانگدا. هەر ئەم ڕاپۆرتە بەدواچونی لە هەموو لایەنەکانی کاروباری پۆلیسەوە کردوە و دەڵێت ئەو کەیسانەی داخراون لە سەدا 70 کەیسەکانی خراپی مامەڵەی پۆلیس بوون کە 136 کەیس بوون داخراون. لە سەدا 91 کەیسەکانی سکاڵاو گلەیی بوون کە 290 کەیس بوون فڕێدراون، واتە لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە. سەبارەت بەم پێشێلکردنەی مافی خەڵك تەنها 13 پۆلیس بە هۆی نادروستی مامەڵەیانەوە، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە بەڵام کەسیان دەرنەکراون .
ڕاپۆرتەکە ئاماری وردی تر دەدات، ڕایگەیاندووە لە سەرانسەری ئەو 40 هێزی پۆلیسەی کە زانیارییەکانیان لەبەردەستدا بوو، 428,355 کەیس دەرئەنجامێکی تۆمارکراویان هەبوو، بە واتایەکی دیکە سکاڵاکان تۆمارکراون، ڕێژەی ئەو پۆلیسانەشی کە تۆمەتبارکراون هێزی پۆلیس تەنها بە ڕێژە لە سەدا 6 لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە . لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پۆلیس کێشەی لەگەڵ بەڵگەکاندا هەبووە، یاخود قوربانییەکان لەبەر هۆیەك لە دۆسیەکە کشاونەتەوە.
ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر توانی ئەم ئامارە بە ساڵی 2018 بەراورد بکات . لە بەراوردەکەدا ئاشکرای کرد کە لە ساڵی 2018ەوە نزیکەی 80 ئەفسەری پۆلیس لە 22 هێز لە ئینگلتەرا و وێڵس ڕووبەڕووی ڕێکاری دیسپلینیی بوونەتەوە بەهۆی پەیوەندی سێکسی نەشیاو یان بەرکەوتنی سێکسی لەگەڵ قوربانییەکان و شایەتحاڵان و گومانلێکراوەکاندا. بارو دۆخەکە بەو ڕادەیە خراپە کە لە ئێستادا هەفتانە دوو تا سێ پۆلیس ڕووبەڕووی دادگایکردن دەنبەوە.
ئەوە نەبێت پۆلیس هەر مامەڵەی ژنان و دانیشتوان ئاوا نادروست بکات، بەڵکو پۆلیس هاوەڵانی خۆشیان هەر ئاوا مامەڵە کردووە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا دەرکەوتووە کە نیوەی پۆلیسی ڕەشپێستی بەریتانیا بەدەست ڕووداوی مامەڵەی ناشیرین و ڕایسستییەوە لەلایەن هاوکارە پۆلیسەکانیانەوە دەناڵێنن. دەرکەوتووە کە لە سەدا 49% هەستیان بە دوورخستنەوە لە گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکان یان چالاکییەکان و کارەکانیانەوە کردووە بەهۆی ڕەگەز یان نەتەوەوە خراپ مامەڵە کراون. بەڵام بۆ ئەوانەی گلەیی و مامەڵە ناشیرینەکانیان ڕاپۆرت کردووە بۆ ڕێژەی بۆ لە سەدا 70 بازی داوە.
سەبارەت بە سیاسەت و مامەڵەی پۆلیس –یش دەربارەی خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکی لێرەدا هەر بە کورتی چەند ئامارێك و بەڵگەیەك دەخەمە بەرچاو.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پشکنین و تاقیبکردن و توێژینەوەی مانگی مارتی ئەمساڵ کە 363 لاپەڕەیە پڕە لەو کارانەی کە بە وتەی تۆێژەرەوەی ڕاپۆرتەکە کە خودی پۆلیس بۆ پاراستنی ئاسایش و کەرامەتیان دانراون ، کەچی خۆیان بکەری ئەوانەن . لانی کەم لە سەدا یەك پۆلیس تاوانبارکراوە بە شکاندنی دووجاری ستاندەری پۆلیس، هەروەها گلەییەکان و سکاڵاکان 400 ڕۆژی خایاندووە بۆ لابەلاکردنەوەیان.
پۆلیس هەمیشە چاوی لەسەر گەنجانی ئاسێوی و ڕەشپێستەکانە و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە کە یاسای وەستان و پشکنین چۆنیان بوێت بیسەپێنن. لەم بارەدا پۆلیسیش درێخی نەکردوە لە مامەڵەی جوداخوازیی، کردەوەی ناشیرین و گوێنەدان بە سکاڵای کەسی وەستێنرا و یا پشکێنراو کە زۆر جار بە گرتنیان هەر لە ناو ڤانەکەدا کەسی گیراو گیانی لە دەستداوە، یاخود لە مەرکەزی پۆلیس بە بەستنەوەی و ڕاگرنتی لەسەر دەم، گیانی دەرچووە ، ئەمە جگە لەوەی کە گەلێك لە کەسانی گەنجی ڕەشپێستیان کوشتوە بە بیانوی ئەوەی چەکی پێییە دواتریش دەرکەوتووە کە بێ تاوان بووە.
وەستان و پشکنین کچانی گەنجی ڕەشپێستیشی گرتۆتەوە . بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێوە کە لە لایەن کۆمیساری منداڵانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە کچانی ڕەشپێست سێ هێندە زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە لەلایەن پۆلیسیەوە ڕابگێرین ڕوتیان بکەنەوە و بیانپشکنن. لەم بارەدا سەدەها کەیس هەیە کە لێرەدا ناکرێت باسیان بکەم .
هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2018، 110 منداڵ و گەنجانی مێینە تووشی ڕوتکردنەوە، واتە داماڵینی پۆشاك لە لایەن پۆلیسەوە بوونەتەوە کە زۆریان کچانی گەنجی رەشپێست و ئیتنیکییەکان بوون، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ڕێگەی داواکاری ئازادی زانیارییەوە بەدەست هاتوون و لەلایەن کۆمپانیای ئازادی لێکۆڵیەنەوە شیکراونەتەوە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی، نزیکەی نیوەی (47%) ئەوانەی کە تووشی ئەم مامەڵە ناشیرینە بوونەتەوە ڕەشپێست بوون. لە نێوانی کچانی گەنجی تا تەمەن 19 ساڵ و سەروتر بە ڕێژەی لە سەدا 36 ڕووبەڕووی ئەو پشکنین و ڕووتبوونەوەیە بوونەتەوە .
دۆزینەوی ئەم بەڵگە و ئامارانە کە لە ڕاپۆرتێکی کۆمیساری منداڵاندا دەرکەوتووە منداڵانی ڕەشپێست 11 هێندە زیاترە لە هاوتەمەنە سپیپێستەکانیان کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕادەگیرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت .
بێ متیمانەیی خەڵکی بە حکومەت و پۆلیس و دادگا بە ڕادەیەکە کە تەنها 20%ی دەنگدەران متمانەیان بە حکومەت هەیە بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی ڕووبەڕووی تاوانەکان ببێتەوە و کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا 71% متمانەیان بە حکومەت نییە. تەنها 27% متمانەیان بە دادگا و سیستەمی دادوەری هەیە بۆ کەمکردنەوەی تاوان و تەنها 31% متمانەیان بە پۆلیس هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی تاوان.

نۆ : ئازادیی و دیمۆکراتی لە بریتانیادا:

گەر بە دیقەتەوە لەبەشەکانی پێشتری ئەم وتارە بڕاوانیت ڕەنگە دەرك بەوە بکەیت ئەو هەموو شتانەی کە ڕووی داوە و ڕوودەدات بناخەکەی نەبوونی ئازادیی و دیمۆکراتیەتە.
ئازادیی و دیمۆکراتییەت هەر ئەوە نیە کە لە 4 یا 5 ساڵدا جارێك بچیت زاڵمەکانی خۆت هەڵبژێریتەوە و زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی بیت لە کارەکەت. ئازادی و دیمۆکراتی لە سای سەروەری دەسەڵات و چینایەتی و کۆمەڵی هیرراشیدا هەر جۆرە دەسەڵاتێك بێت لە خێزانەوە تاکو دەوڵەت خەیاڵێکی خۆش و بابەتێکی تامەزرۆیە.
لەگەڵ ئەوەشی کە وتم هەندێك ئازادیی بە ڕەهایی هەیە لەوانە ئازادیی ئەوەی کەخۆت یەکەمیت و خەڵکی دیکە دووەم ، واتە خۆت گرنگیت و دەرەوەی خۆت لە پلەی دووهەمدا. ئازادیی هاندانی تاک سەبارەت بە ڕەهایی و خۆشی و باشی ئەم سسیتەمە گوایە ئەمە دوا قۆناخی بەشەرییەتە. هاندانی تاکی کۆمەڵە کە هۆگری شۆپینگ و بازارکردنی ڕۆژانە ببن، کە وەکو مادەی هۆشبەر وایە کە ئالودەی بوویت زۆر زەحمەتە لێی ڕزگارت بیت، بەمەش ببنە کۆیلەی خاوەنکار و بانقەکان و بەهۆی قەرزار بوونیانەوە. ئەم خووە بەردی بناغەیییە بۆ نەهامەتیەکانی کە بەسەر تاکدا دێت کاتێك کە دەکەوێتە بەر هێڕشی بێ رەحمانەی بەرردەوامی ڕێکلامەکان و کارایی بازاڕ و کێبڕكێ لەگەڵ هاوتەمەن و دراوسێ و خزم و کەسی خۆی کە ئەم نابێت لەوان کەمتر بێت.
وەکو لە سەرەوە وتم پرسی ئازادیی و دیمۆکراتی نە لەویوە دەستی پێکردوە و لەوێشدا کۆتایی دێت. بۆیە هەموو دامەزارەوەیەك لەم وڵاتەدا، هەموە شتێك هەموو بڕیارێك و هەموو یاسایەك جێگای هەڵوێستە و تێڕامان و پرسیارە.
من بە بەردەوامی لەسەر ئەم بابەتەم بە بەڵگە و بە ئاماریشەوە نوسیوە. بۆیە هەر لێرەدا تەنها هەندێك شت دەڵێم .
ئەم ولاتە لەسەر ئەساسی کۆڵۆنایزکردنی دەیەها وڵات و ملیۆنەها کۆیلە و زوڵم و زۆری پاشا و دام و دەزگەکەی بنیاتنراوە. ژمارەی هێنانی کۆیلە و بازرگانی کردن پێیانەوە لە نێوانی ساڵانی 1640 وە تا 1807 3.1 ملیۆن کۆیلە بووە کە دەسگیرکراون و هەندێکیا بۆ کۆڵۆنییەکانی دیکە گوازراونەتەوە کە لە مانە تەنها 2.7 ملیۆنیان ژیاون ئەوانی دیکەیان بە هۆی بارودۆخی نێو پاپۆڕ و ژینگەی نوێیان و خراپی مامەڵەی سەروەرانیان گیانیان لەدەستداوە .
ئەم وڵاتە دایکی پەڕلەمان و شۆڕشی پیشەسازی بووە. هۆکاری برسیکردن و قڕکردنی ملیۆنەها خەڵکی بووە. لەوانە لە وڵاتانی کاریبیا و ئەفریقا و دە ملیۆن لە پەنجاب و ملیۆنانی دیکەی ئیرلەندەییەکان و کوشتن و بڕینیێکی زۆر بووە . خاوەنی ئەزموونی گەورەی تاڵانی و شەڕ و دزینی سەرەوەت و سامانی نەتەوەکانی دیکە بووە. بە مشتێك خەڵكەوە بەڵام بە عەقڵێکی گەورەوە سەروەری ئەم دونیایە بوون و تایبەتمەندی خۆیان و زمان و خاکیان تا ئەم سەردەمەش هەر وایە و پاراستووە . پاش تێپەربوونی 3 چەرخ بەسەر کۆیلایەتی و بڕیاری قەدەخەکردنی لە سالی 1807 داو هەڵوەشاندنەوەی بازرگانی کۆیلایەتی لە ساڵی 1832 دا، هێشتا ئەم وڵاتە بە عەمەلی پۆزشیان بۆ وڵاتانی کۆڵۆنایزکراو نەهێناوەتەوە و ئامادە نین قەرەبووی ئەو وڵاتانە بکەنەوە گەرچی لەژێر فشارێکی گەورەی کەمپەین بە قەرەبووکردنەوە و دانی پارە بە نەوەکانی ئەو وڵاتانە کە “کاریکۆم” کە کورتەی کەمپەینی کاریبیان کۆمۆنیتییە بەم کارە هەڵساوە.
وڵاتێك ئەوە پاشخانەکەی بێت ئاسان نییە تەنانەت بە تێپەڕینی چەند چەرخێكیش پێشبینی تێپەڕکردنی تەواوی ئەوەی کە کۆن کردویەتی بیکات. لە ئێستاشدا دەزگەی سیخوڕی و هێزی پۆلیسی و عەقڵی سیاسی ڕۆڵی گەورەی لە بەڕیوەبردن و سەرکوتکردنی خەڵکان و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانیاندا هەیە.
لە ساڵی 1968 وە لانی کەم تاکو کۆتایی 2010 ، 139 پۆلیس وەکو سیخوڕ بە پلانی داڕێژراوی سەروی خۆیانەوە دزەیان کردۆتە ناو زیاتر لە 1000 گروپی چەپ و ژینگە و ئەنارکست و سۆشیالیست وەرکەر پارتیی و سەراپای کەمپەینە جۆراوجۆرەکانەوە. هەندێك لەمانە خۆیان ئەوەندە نزیک کردۆتەوە بونەتە برادەری نزیکی کچە گەنجەکانی ئەو گروپانە و باوکی منداڵیان و پاش ماوەیەك کە جاری واهەبوو چەند ساڵێکی خایاندووە و لەبەر چاو ونبوون. ئەمانە ئەوەندە چالاک بوون کە زۆر جار ئامادەکاری و دابینکردنی ڤان و پۆشاکی پێویست و کەرەسەی تریان کردوە بۆ چونە ناو خۆپیشاندان و پرۆتێست و یاخود کردنی چالاکیەیەك تا وای لێهاتوە ڕۆژانە متمانەی زیاتریان پەیدا کردووە .
ئەم سیخوڕانە تەنها ناوی یەکەمی خۆیان لای چالاکوانەکان ئاشکرا بووە ناوی دووانی و سیانییان گۆڕاوە کە زۆر جار ناوی منداڵانی مردوو بووە .
لە دوای ساڵی 2012 وە دەرکەوت کە چی ڕویداوە بەو هۆیەوە ئەو ژنانەی کە پەیوەندی جنسیان هەبوو لەگەڵ سیخوڕەکاندا و یا باوکی منداڵیان بوون کەمپەینێکی گەورەیان کرد بە هاوکاری هەموو چەپەکان و نقابییەکان و زۆرێك لە ئەکادیمییەکانیش دەوڵەتیان ناچار کرد کە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەو بارەیەوە بکرێت. بۆ ئەمەش دادگا و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد بۆ قۆناخی 1968 تا 1982. دواتریش لە ڕؤژی 21/04/2021 وە دەستی پێکردەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی ساڵانی دواتر. ئەگەرچی زۆرێك لە کەیسەکان برانەوە بەڵام چاوەڕوانی دوا بڕیار و تەواوبوونی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دەکرێت تا ساڵی 2026 بخایەنێت.
سەبارەت بە ئازادییەکان بە بەردەوامی لە کەمبوونەوەدان. ئەمەش لۆژکانەیە کە لە کاتێکا ژیانی خەڵکی ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبیت و سەرەنجامیش ناڕەزایی و خۆپیشاندان و جار و باریش کاری توند و تیژ دەکرێت، دەوڵەت لە بری ڕادەستبوون بە داخوازییەکانی خەڵک لەڕێگای بەکارهێنانی یاساوە بەرگری دەکات لە خۆی و لەو چین و توێژەڵانەی کە نوێنەرایەتییان دەکات و دژ بە داخوازی خەڵکی دەوەستێتەوە. بۆیە یاساکانی دژ بە ئازادیی ساڵانە بڕگەی زیاتری دەخریتە سەر و گەر بۆشاییەکی تێدا بیت پڕدەکرێنەوە ، توند تۆڵ دەکرێنەوە.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ بریتانییەکان لە پرسی ڕادەربڕین ڕووبەڕووی دەرگیرییەکی زۆر دەبنەوە. ئەو توێژینەوەیە بەریتانیا لە پلەی سێیەمی پێوەرەکانی جیهانی دەربڕینی ئازاددا داناوە کە زۆر نزیکە لە وڵاتانی وەکو ئیسرائیل، شیلی، جامایکا و بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو دەوڵەتەکانی دیکەی ڕۆژئاوای ئەوروپا، هەموویان لە پێش بەریتانیاوە بوون لەو پێوەرەدا کە لەلایەن گروپی داکۆکیکاری Index on Censorship کۆکراوەتەوە.
لەم وڵاتەدا پۆلیس دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە گرتن و ڕاوەستاندنی خەڵکی و گرتن و دەستبەسەرکردنی تاکەکانی کۆمەڵ کە پێویستی بە هیچ بیانویەك نییە. دەتوانێت بە پشتی بڕگەیەکی یاسایی گردبوونەوەیەکی چوار کەسی بڵاوەپێبکات و هەر ئاواش دەتوانێت بە بڕگەیەکی دیکە بە هۆی وێنەی کەسێکی وەکو گێڤارا کە لەسەر تی شێرتەکەتە بتگرێت و سوکایەتیت پێبکات. دەتوانێت ڕێگات پێبگرێت و نەهێڵێت بگەیت بە خۆپیشاندان و ناڕازاییەکاندا و دروشم و لافتە و مێگە فۆن و قەڵەم و کاغەز هەرچیت پێبە دەستی بەسەردا بگرێت.
ئەو کەسانەی کە دەگیرێن وەکو لەم دوایەدا ڕوویان دا ڕێگایان پێنادرێت کە بەرگری لە خۆیان بکەن و سزایان دەدرێت گەر قسە بکەن و چالانجی دادوەر بکەن، لەو بارەدا دادوەر دەتوانێت سزاکەی بۆ زیاد بکات. کەسە چالاکەکانی سەر شەقام و ناو نقابەکان و ناو کۆمۆنێتییەکان ناویان لە لیستی ڕەشدا هەیە و پۆلیس زۆر جار ئەم لیستە دەفرۆشێتەوە بە کۆمپانیاکان گەر یەكێك لەمانە داوای کاری کرد نایاندرێتی. ئەم لیستە بە لیستی ڕەش بەناوبانگە.
ئازادیی مانگرتنی کرێکارانی نقابەکان زۆر زیاتر لە سەردەمی مارگرێت تاچەر تەسكتر بووەتەوە. لە سەردەمی ئەودا کە یاسای دژە نقابە دانرا کرێکاران هاوپشتی هاوەڵە کرێکارەکانی کە ماندەگرن قەدەخە کرا، پێش دەستپێکردنی مانگرتن نقابە دەبوایە 2 هەفتە پێش ئەوە خاوەنکاری ئاگەدار بکردایەتەوە تاکو خۆی بکەوێت و کرێکار لە نوسینگەی تایبەتەوە بهێنێت بۆ شکاندنی مانگرتنەکە ، خاوەنکار بۆی هەبوو کە نقابە بەرێتە داداگە و مانگرتنەکەی پێ هەڵوەشێنێتەوە ، هەروەها حکومەت مافی گرتنی سەرانی نقابە و سڕکردنی دارایی نقابە لە بانقەکاندا کردە یاسا گەر پێویستی کرد . ئەمانەو زۆری تر لە بڕگەی یاسای دژە نقابەدا هاتووە.
یاسای دژە نقابە بەردەواومە لە ئێستاشدا لائیحەیەك لەبەردەستی ئەنجومەنی پیران و پەڕلەماندایە کە ئەوەندەی دیکە گرفتی بۆ مانگرتنی کرێکاران زیادکردووە. بە گوێرەی ئەو لائیحەیە کرێکارانی ئاگر کوژانەوە، مامۆستایان و بەشی هاتووچۆو خەستەخانەکان و پەساپۆرت و سەر سنورەکان و گەلێکی تر کە دەبیت لە کاتی مانگرتنیاندا ژمارەی تەواو لە کرێکارەکان لە ڕۆژانی مانگرتن دا دابین بکەن. سەرپێچیکردنیش لەمە لێپێچیەنەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت تا ڕادەی دەرکردن. ئەمە جگە لەوەی کە ڕێژەیەكی بەرز دانراوە کە ئەگەر ڕێژەی ئەوانەی کە دەنگ بە مانگرتنەکە دەدەن لەوە کەمتر بیێت ئەوە مانگرتنەکە یاسایی نییە و نابێت بکرێت.
ئەم یاسایە ئەوەندە توندوتیژە بەرانبەر بە کرێکاران تا ئەو ڕادەیەی کۆمەڵێک لە پارێزەرانی باڵای دامەزراوەکان ڕایانگەیاندووە، یاسا نوێەکەی ڕیشی سوناک دژی سەندیکاکان، بەریتانیا دەکاتە یەکێک لە سەختترین وڵاتەکانی جیهانی دیموکراسی کە تێیدا مانبگرێت و ڕەنگە پابەندبوونەکانی پەیماننامەکان پێشێل بکات.

دە: پرسی ژینگە:

باوەڕ ناکەم کەس نکوڵی ئەوە بکات کە ئێستا ژینگە باشتر و پاکژتر و کەم گرفتتر بێت لە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی رابوردوو. ئەو کارەساتە سروشتیانەی کە سروشتی نین بە بەردەوامی لەم وڵاتەدا دەیانبینین هەمووشی بە هۆی گۆڕینی کەش و هەواوەیە کە لەم چەند ساڵەی ڕابورددودا کاردانەوەیان زۆر بە ئاشکرا دەبینین. بوونی ئەم کارەساتانەش وایکردووە کە بزوتنەوەیەکی گەورەی ژینگە و ئیکۆلۆجی لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە کە بریتانیاش پشکی شێری خۆی بەرکەوتوە.
سەرەڕای گۆران لە کەش و هەوادا بە دروستکردنی کارەسات، کۆمپانیا زەبەلاحەکانیش درێغیان لە پیسکردنی ژینگە نەکردوە کەڵەکەکردنی پارەی زیاتر و زیاترکردنی پارەی پشکی پشکدەران ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە خراپبوونی ژینگەدا. هاوکاتیش ژمارەی فڕینی فڕۆکەکان و گەورەکردنی فڕۆکەخانەکان و خستنە ناو بازاڕی ژمارەیەکی زۆر لە سەیارەوە هەروەها دەستگرنتەوەی حکومەت لە فەندی ئامرازەکانی هاتووچۆی کەرتەکانی دەوڵەت هەر هەموو ئەمانە ئەوەندەی تر ژینگەیان پیس کردووە کە ساڵانە زیاتر لە 5 هەزار منداڵ و مێردمنداڵ بە نەخۆشی ڕەبووە گیان لەدەست دەدەن بەو ڕادەیەی کە خەڵکی ناچار بووە کەمپەینی گەورە بکات دژ بە سەیارە و دانانی یاسای ژینگە و خەڵك پارێزیی.
ئەوە ڕاستییە کە زۆر کات سیاسییەکان و کاربەدەستان و گەورە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکان قسە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخەی کە خۆیان هێناویانە بەسەر ژینگە و خەڵکیدا دەکەن و ساڵانە لوتکەی گردبوونەوەی گەورەی نێودەوڵەتیشی بۆ دەگرن بەڵام مەگەر هەنگاوی بچوك لەو بارەوە بە کردەوە نرابێت، دەنا شتێکی ئاوا نەکراوە. من لێرەدا بۆ بەڵگەی قسەکانم لینکی وتارێکیم کە لە مانگی نۆڤەمبەری پاردا لە ژێر ناوی” کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن” نوسیوە سەبارەت بە لوتکەی گردبوونەوەی پارساڵی ” ژینگە دۆستاندا” لە دامێنی ئەم وتارەو دایدەنێمەوە . هیوادارم گەر بە دوای ڕاستیدا بۆ ئەم بەشەی وتارەکەم دەگەڕێیت بە بەڵگەوە، بیخوێنیتەوە.

ئەنجامگیریی:
دیارە ئەوەی کە من نوسیومە لە سەرەوە کورتەیەکی هەر زۆر کورتی ئەوانەیە کە لەم وڵاتەدا، بریتانیا، ڕوویان داوە و ڕوودەدەن کە من بۆ ئەمە زیاتر لە 30 وتار و ڕاپۆرت و توێژینەوەم بۆ خوێندۆتەوە و بەرپرسم لە هەموو وشە و ئامارێك کە لەم وتارەدا هاتوون.
ئەوەی کە لێرەدا نوسراون تەنها ڕووداو و بارودۆخ و کەلێن کەلەبەرەکانی نێو کۆمەڵی بریتانییە تا 31/03/2023 . وەکو زانراوە مانگی نیسان مانگی سەرەتای ساڵی دارایی نوێیە، ساڵی 2023 ، کە سەر لەنوێ باج و خەراج و زیادکردنی نرخی تەلەفون و کارەبا و غازو باجی سەر خانوو کرێی خانوو و سەرکەوتنی نرخی بیتاقەی هاتووچۆ و سەفەر و زۆری تر لە کولفەی ژیانی خەڵکی بۆ جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە. بە واتایەکی دیکە ژیانی دانیشتوانی بریتانیا خراپتر دەبێت نەك باشتر.
گەشەی ئابوری بریتانیا ساڵی 2022 لە دامێنی گەشەی ئابووری زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا و یابان و چین و ئەمەریکا و هیندستانەوە بووە. بە گوێرەی راپۆرتی ئەم ڕۆژانەی صندوقی دراوی نێودەوڵەتیی، ئەمساڵ گەشەی ئابووری بریتانیا بە ڕێژەی لە سەدا 0.3 دەبێت. ئەم ڕێژەیەش لە دوای وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا و فەرەنسا و سوید وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و سکەندناڤیاوەیە .
لەو باجانەی کە لەم مانگەوە زیادکراون باجێکە کە شارەوانییەکان لەسەر خانووەکان دایدەنێن، کە پێی دەڵێن کەنسڵ تەکس. ئامارە نوێیەکان و نامەکانی شارەوانی بۆ دانیشتوانی خانووەکان نیشانی دەدەن کە تێکڕای ئەو باجە ” کەنسڵ تەکس” لە یەکی مانگی نیسانەوە بە ڕێژەی 99 پاوەند زیاد دەکات و بۆ یەکەمجارە 2 هەزار پاوەندی تێپەڕاندووە.
هەر ئاواش لەم هەفتەیەدا دەرکەوت کە نرخی کەرەسەی مارکێتەکان لە بەریتانیا بەرزترین ئاستی تۆمارکراوی دیکەی تۆمارکردووە کە 17.5% بووە و تێکڕای پارەی ساڵانەی بازاڕیی ماڵان بە ڕێژەی 837 پاوەند بەرزکردووەتەوە بۆ 5617 پاوەند.
کڕیارانی برۆد باند و تەلەفونی دەستی [مۆبایل فۆن] ڕووبەڕووی زیادبوونی نرخ لە گرێبەستکانیاندا دەبنەوە کە لە زۆر حاڵەتدا لە نێوان 14% بۆ 17% – لە پارەی گرێبەستی مانگانەیان لە مانگی نیسانەوە بەرزدەبێتەوە.
توێژینەوەیەکی Centre for Economics and Business Research ، سەنتەری توێژینەوەی ئابووری و بازرگانی، پشکنینی لە مانگی ڕابوردوودا کردووە باسی ئەو تێچوونە زیادانەی کردووە کە ڕووبەڕووی سێ ماڵی ئاسایی دەبنەوە کە داهاتی ساڵانەیان لە ئاستی جیادایە : 12,570 پاوەند، 50,270 پاوەند و 125,140 پاوەندە. ئەو ڕاپۆرتەش ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە ژیانی خەڵکی لە ئەم مانگەوە گرانتر دەبێت .
ئەمە لە کاتێکدا ئاستی موچەی ژیانکردن بۆ کرێکارانی تەمەن 23 ساڵ و سەروتر لە 10 پاوەندەوە بۆ 10.42پاوەند بەرزدەبێتەوە ئەمە لە کاتێکدا کە بە گوێرەی پشکنین و تاقیبکردنی نقابەی مەرکەزیی تێچوی ژیانی خەڵکی 67 پاوەند لە مانگێکدا زیادی کردووە، ئەمە بێ لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و باج و بیتاقەی هاتووچۆ و کرێی خانوو و سلفە عەقار و مەسرەفەکانی دیکە.
هەر ئاواش بە گوێرەی توێژینەوەکانی KPMG، کە کومپانیایەکی گەورەیە و خاوەن 22 ئۆفیسە لە بریتانیا و 14 هەزار کارمەند و کرێکار کاری بۆ دەکات لە تازەترین توێژینەوەدا دەڵێت نیوەی بەکاربەرانی بەریتانیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە بژاردەی [ ئیختیاری] خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە، نزیکەی دوو لەسەر سێیان ئەوەیان هەڵبژاردووە کە ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ خواردن لە دەرەوە خەرجی دەکەن کەمبکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدا ماڵەکان لەگەڵ بەشێکی زۆری زیادبوونی تێچوی ژیان و بەرزبوونەوەی کرێ یا سلفەی عەقار و وزە دەجەنگن کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ڕاپرسییەکەی 3000 بەکاربەری گرتۆتەوە. هەروەها دەرکەوتووە کە لە 49%یان پلانیان کەمکردنەوەی خەرجییە لە شتە ناپێویستیەکان لە کاتێکدا کە ئەو هاوکارییەی کە حکومەت بۆ وزە دەیکرد لە سەرەتای مانگی تەموزدا کۆتایی دێت ئەمەش وایان لیدەکات کە لە 30% پاشەکەوتەکانیان بەکاردەهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گرفتە.
هەر ئەو توێژینەوەیە دەریخستووە تا ئێستا ئەمساڵ 55%ی بەکاربەران خەرجییە ناپێویستەکانیان کەمکردووەتەوە، بەتایبەتی لە خواردنی دەرەوەدا. نزیکەی یەک لەسەر سێ (34%) وتوویانە کە ئەم مانگە پاشەکەوت بەکاردەهێنن بۆ یارمەتیدانی دابینکردنی تێچووی سەرەکییان.
پاش خستنەرووی ئەو هەموو ئامار و بەڵگانە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی دانیشتوانی بریتانیاوە کە بار و گوزەرانیان نەك هەر ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت بەڵکو مانگ بە مانگ ئەمە ڕوودەدات لە سای دەوڵەتێکی پایەداری کۆنی وەکو بریتانیا و پەڕلەمانێنی چەند سەدەیەك بە تەمەن و لوتکەی ئابووری لیبراڵ و نیولیبراڵ، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چی تر دەتوانرێت / دەکرێت کار لەسەر باشکردن و ڕیفۆرمکردنی ئەم سیستەمە بکەین تاکو ژیانمان باشتر بیت؟
هیوادارم وەکو چۆن من بە بەڵگە و ئامارەوە کە زیاتر لە 30 وتار و ڕاپۆرت و توێژنیەوەم بۆ خوێندۆتەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە و دواتریش بێ ئومێد بووم هەر ئاواش کەسانێک هەبن بە بەڵگەوە پێمان بسەلمێنن کە پێچەوانەکەی ڕاستە و کارکردن لە چاککردنی سیستەمەکەدا زەروورە و چارەسەرێکی دیکە نییە.

کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن *

zaherbaher.com
زاهیر باهیر
16/04/2023




ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟- بەشی یەکەم.. زاهیر باهیر

١-٢

سەرەتایەك :
ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری لەسەر بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە. بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون.
ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو. گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات.
……………………..
ئەگەر پێشکەوتنی سەرمایەداریی باشبوونی بارودۆخی هەژاران و چەوساوەکان بوایە، ڕەنگە ئێستا ئێمە لە شوێنێکی دیکە بوینایە. هەرگیز ناتوانین لە جەوهەری پرسەکان بگەین چارەیان بۆ دەستنیشان بکەین گەر لە واقیعەوە ڕەچاویان نەکەین، چونکە ئەوەی زادەی هزر و ئەزموون و مێژووە واقیعە، نەك پێچەوانەکەی. کەواتە ئەوە واقێعە کە فکر دەڕەخسێنی و ئەزموونەکانیش بەڕێدەکات. هەر ئاواش ئێمە دەبێت لە واقیعەوە چارەسەرەکان هەڵهێنجین نەك فکر بەباڵای واقیع ببڕین.
لە تەمەنی سەرمایەداریدا هەرگیز ئەوەندەی ئێستا ئەم سیستەمە نەچۆتە پێشەوە و جیهانیی نەبۆتەوە. بۆ ئەمە پێویست بە بەڵگە و ئامار ناکات چونکە ڕاستییەکان لەژیانی خۆمان و خێزانەکانماندایە، خزاوەتە هەموو بەشەکانی ژیانمان لە پەروەوەردەی خێزانی و پەروەردەی ناو دایەنگا و باخچەی ساوایان و خوێندنی سەرەتایی تا دەگاتە خوێندنی باڵا و تافی کارکردنمان و خانەنشینی و مردنیشمان.
بەچاوخشاندنێك بە ڕابوردوو و ئێستاماندا لە زۆر ڕووەوە نابینم کە ژیانمان کارئاسایی بۆ کرابێت، بەختەوەری و ئارامیی و ئاسایش لە ناومان و لە دڵ و دەرونماندا چەکەرەی زیاتری سەندبێت. نەك هەر ئەوە، بەڵکو ساڵ بە ساڵ ژیانمان خراپتر و قورستر و گرفتەکانمان قوڵتر و فشاری دەرونی و کۆمەڵایەتیمان فرەتر دەبێت .
قسەی من لەسەر ژیانە لە بریتانیادا کە لە دوای ئەمەریکاوە ئێرە سێنتەری گەورەی ئەم سیستەمەیە کە لە هەموو ڕویەکەوە لێرە سەقامگیرتر و چەسپاوترە تاکو وڵاتانی دیکە. بینینی جیاوازییەك لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەورپا و وڵاتانی سکەندناڤیا پەیوەندی بە کولتوری تایبەتی خۆیانەوە و گەشەنەکردنی سەرمایەداریانەیانە بە ڕادەی بریتانیا.
سەبارەت بە پرسی ژیان لە بریتانیا باشتر بووە یا خراپتر، دەبێت هەموو یا هەر هیچ نەبیت لایەنە سەرەکییەکانی ژیانی دانیشتوانەکەی بگرین بە بەراورد بە 30 تا 40ساڵ لەمەوبەر. لەم بارەیەشدا با ئامار و بەڵگەکان، خۆیان بدوێن.

یەك : تێچوونی ژیان:
ژیان و گوزەران بەو ڕادەیە گرانبووە کە بەراورد لەگەڵ داهاتی تاکەکان و خێزانەکاندا ناکرێت. نرخی غاز و کارەبا بەڕێژەی لە سەدا سەد چوەتە سەرەوە و بەنزین و گازۆیل-یش بە ڕادەیەکی زۆر بەرچاو سەرکەوتوە.
لیرەد ناکرێت نکوڵی لە دوو ڕوودای گەورە بکەین کە کاراییان لەسەر ژیانی بریتانییەکان زیاتر لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا داناوە. یەکەمیان دەرچونی بریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا کە ئەمە تا ڕادەیەك گرانی لەسەر خەڵکی دروست کردوە و هەر لە سەرەتاوە بەهای دراوی بریتانیای بەڕێژەی لە سەدا 18 شکاند. دووهەمیان شەڕی نێوانی ناتۆ و ڕوسیایە لەسەر خاکی ئۆکرانیا، ئەمەش کارایی خۆی لەسەر نرخی پێداویسیتیەکانی ژیان داناوە.
لەگەڵ ئەو دوو ڕاستییەشدا دەتوانین بڵێین پێش هاتنی پەتای کۆرۆنا و هاتنەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و جەنگی ناتۆ و ڕوسیا نرخی هەموو شتێك لەبەرزبووەنەوەدا بوون، بەڵام نەك وەکو ئێستا. ئەوەشی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە نرخ زۆر بە ئاسانی و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەچێتە سەرەوە بەڵام هەرگیز نایەتە خوارەوە یا ناگەڕێتەوە ئەو کاتەی پێش بەرزبوونەوەی.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە تێکڕای نرخی پێداویستییەکان لە سەدا 18 زیادی کردەوە. بۆ نموونە نرخی فاصۆلیای نێو قوتوو بە ڕێژەی لە سەدا 35 و سۆسی تەماتە بە ڕێژەی لە سەدا 39 و شۆربای تەماتە لە سەدا 73 و شامپۆ لە سەدا 21 و شامپۆی دەستشۆردن لە سەدا 25 بەرزبوونەتەوە لەپاڵ بەرزبوونەوەی نان و شیر و پەنیر و ماست و هێلکە و ڕۆن و گۆشت و خوێ و شەکر و قاوە و چا و هەموو چەشنەکانی میوە و کەرەسەکانی خواردنی ڕووەکی تا دەگاتە خواردن و خواردنەوە لە دەرەوەی ماڵ و سەفەرکردن.
لە توێژینەوەیەکی پارتی کرێکاران لێرە، هەندێك ڕاستیان سەبارەت بە ژیانی خەڵکی خستۆتە بەرچاو. لەو ڕاپۆرتەدا پارتی کرێکاران ڕایگەیاندووە، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2019وە، تێچووی خانووبەرە و سووتەمەنی و کارەبا بە بڕی 1480 پاوەند بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا خواردن و خواردنەوە غەیرە کحولیەکان 700 پاوەند زیادیکردووە. تێچووی گواستنەوە 800 پاوەند بەرزبووەتەوە، کەلوپەلی ناوماڵ و خزمەتگوزارییەکان 360 پاوەند زیادی کردووە و تێچووی جل و بەرگ و پێڵاو بە ڕێژەی 140 پاوەند بەرزبووەتەوە.
بەم شێوەیە قورسی ژیان ئاوای کردووە کە ژمارەی سێنتەرەکانی بەخشینەوەی کەرەسەکانی خواردن گەیشتۆتە 3000 . ئەم سێنتەرانە لە نێوانی ساڵی 2021 و 2022 دا دەستگرۆیی 800 هەزار منداڵیان کردووە بە بەخشینی کەرەسەی خواردەمەنی. 2.1 ملیۆن کەس بە هاوکاری ئەم سێنتەرانە دەتوانن بژین کە لە کاتێکدا زۆرێکیان کار دەکەن : مامۆستان ، نێرسن، پاککەرەوەی شەقامەکان و ئۆفیسەکانن، ئەوانەی کە بێ بوونی کۆنتراکت کاردەکەن.
راپۆرتێکی نوێی نقابەی مامۆستایان کە ڕاپرسییان کردووە لە نێو 8 هەزار مامۆستادا، لە نێوانی ئەو مامۆستایانەی کە تەمەنیان 29 ساڵ و کەمترە، هەر لە سێ مامۆستایان لە ئینگلتەرە یەکێکیان ژەمێکی خواردن دەبوێرن بۆ ئەوەی بتوانن پێدا ڕابگەن. هەروەها لە هەر پێنج مامۆستا یەکێکیان کاری دووەم دەکات لەبەر ئەوەی مووچەکەی ناتوانێت لەگەڵ تێچووی ژیاندا بڕبکات.
لە ئێستادا 14.4 ملیۆن کەس لە هەژارییدا دەژین کە 4.2 ملیۆنیان منداڵن. 9.7 ملیۆن لە کەسانی پێگەیو ، [سەرو 18 ساڵەوە] یا ژەمی خوادنیان کەمکردۆتەوە یاخود ژەمێك نانخواردنیان تەرك داوە تاکو بتوانن بەو داهاتەی کە هەیانە بژین . لە 10 کەس 6 کەسیان توانای کڕینی پێداویستیە سەرەتاییەکان کە جەوهەرین بۆ ژیان نییە.
بەرزبوونەوەی کەرەسەکانی خوادن و خواردەمەنی لە پاڵ بەرزبووەنەوەی بیتاقەی هاتووچۆدا کارایی گرنگی خۆی لە سەر تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵ داناوە چ لە ڕوی داراییەوە و چ لە رووی دەرونییەوە.
ئەوە نەبێت هەر تاکەکانی کۆمەڵ بەدەست ئەم بارو دۆخەوە بناڵێنن ، لە راستیدا زۆرێك لە بزنسە بچوکەکان و ناوەنجییەکانیش مایەپووچ بوون. هەر بۆ نموونە 150 پەب [ شوێنی خواردنەوە] لە مانگی یەکەوە لێرە داخراوە لەبەر ئەوەی کە پارەی کارەبا ئەوەندە چووەتە سەرەوە نادرێت . ئەمە بە بەراورد بە داخستنی 32 پەب لە هەمان مانگی ساڵی ڕابووردوودا. پارەی وزە لە 13 هەزار پاوەندەوە بۆ 37 هەرزار پاوەند سەرکەوتوە. لە چاوپێکەوتنێکدا خاوەن پەبێك دەڵێت لە مانگی یەکی ساڵی پاردا پارەی کارەبا 460 پاوەند بووە، بەڵام هەر هەمان مانگی ئەمساڵ بووە 2100 پاوەند. ئەمە لە باسی پەبێكدا بوو کە مێژوی بۆ 150 ساڵ دەگەرێتەوە. مەترسی ئەوە هەیە هەتا کۆتایی ساڵ، 2000 پەب دابخرێت کە دەبێتە هۆی بێ کار بوونی 25 هەزار کەس کە لە کاتێکدا لەهەموو ساڵی 2022 تەنها 386 پەب داخراون .

دوو: کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ژنان:
هەژاری سووتەمەنی لە ئێستادا 7.5 ملیۆن ماڵی لە بریتانیادا گرتۆتەوە 14 ملیۆن کەسیش لە جۆرە خانویەکدا دەژین کە ستاندەردی ژیانیان تێدا نییە بە هۆی بوونی شێ و کەڕو و دزەی ئاو و نەبوونی تەواوی ئامرازەکانی گەرمبوونەوە و نەبوونی هەواکێش لە ژوور و مەتبەخەکانیاندا. هاوکاتیش 271 هەزار بێ خانووبەرەن یا لە ئوتێلی خراپدا دانراون، یاخود لە هۆستڵ و خانوی زۆر خراپی خاوەنخانووەکان. ئەمە جگە لەوەش کە ژمارەیەکی زۆرێش لە سەر شەقامەکان و دووتوێی دوکان و ژێر چادری دوکانەکان و تونێلبانەکاندا ژیان دەبەنە سەر.
بێ کاریی بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزیوە بەڵام ئەوانەی کە کار دەکەن بەشێکی زۆریان نیمچە کار ٠ پارتتایم، کار دەکەن. کرێکار و کارگەرێکی زۆر هەن کە ژمارەیان چەند ملیۆنێکە کە کرێکەیان لە خوار لانی کەمی کرێوەیە. یەك ملێون و 600 هەزار کەس هیچ جۆرە گرێبەستێکیان لەگەڵ خاوەنکاردا نییە کە لێرە پێیان دەڵێن لەسەر زیڕۆ کۆنتراکتن.
جیاوازی نێوانی کرێ و موچەی نێوانی پیاوان و ژناندا لە کەرتە تایبەتییەکاندا ، ئەهلییەکاندا ، لە نێوانی لە سەدا 15 بۆ لە سەدا 18یە. نیو ملیۆن ژن زیاتر لە پیاوان لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوە مووچەیان پێدەدرێت و 13%یان لەسەر گرێبەستێکن کەپێی دەلێن زیڕۆ کۆنتراکت. زیاتر لە 2 ملیۆن ژن لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوە مووچەیان پێدەدرێت، کە دەکاتە 14%ی سەرجەم ژنانی کرێکار، لەکاتێکدا 1.4 ملیۆنن کە لە (9%)ی پیاوانن. بە گشتی لە 60%ی هەموو ئەو کارانەی کە مووچەیان لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوەیە، لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن. شیکارییەکانی نقابەی مەرکەزی بریتانیا ئاشکرای دەکات، ژنان دوو مانگ بەخۆڕایی کاردەکەن و جیاوازی مووچە بە ڕێژەی 15% یە دوای ئەوەی ژنان منداڵیان دەبێت، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش فراوانتر دەبێت. بەپێی شیکاری هەمان داتای فەرمی نقابە ژنان بە تێکڕا ساڵانە مووچەیان 29 هەزار و 684 پاوەندە، لەکاتێکدا پیاوان تێکڕای مووچەی ساڵانەیان 35 هەزار و 260 پاوەندە.
بەهۆی نایەکسانی کرێ و موچە لە نێوان ژنان و پیاواندا کردنی کەمپەینی گەورە و چالاك ساڵی 2017 حکومەت ناچار کرا بەوەی کە بڕیارێك دەرکات کە دەبێت شەفافییەت لەو پرسەدا هەبێت و پێویستە مووچە لە ڕێکلامەکانی کاردا ئاشکرا بکرێت وەک ئەوەی لە هەشت ویلایەتی ئەمریکادا ڕوودەدات. سکاندیناڤیەکان هەموو تۆمارەکانی باجی داهات بڵاودەکەنەوە. بڕیارەکە ئەوە بوو ئەو 10،000 کۆمپانیا گەورەیەی کە ژمارەی کرێکارەکانیان 250 کرێکار یاخود زیاترن دەبێت هەموو ساڵێك بە ڕاپۆرتێک موچە و کرێی هەردوو رەگەزەکە بخەنە ڕوو. مەبەستیش لەم ڕاپۆرتە هەوڵی کەمکردنەوەی جیاوازی کرێ و مووچەی نێوانی ژنان و پیاوان و چارەسەرکردنی بوو، بەڵام پاش تێپەڕینی 6 ساڵ بەسەر ئەم بڕیارەدا هێشتا ئەو کەلێنە گەورەیە هەر بەردەوامە.
هەفتانە دوو ژن بۆ سێ ژن لە لایەن مێرد و برادەر و کەسانی نزیك و ناسیاویانەوە یا نەناسیاوەوە دەکوژرێن. لانی کەم هەموو دوو یا سێ ڕۆژ جارێك منداڵێك ، گەنجێک کەسێكی لە سەرو 18 ساڵەوە دەکوژرێت کە زۆربەیان لەسەر کێشەی مەوادە هۆشبەرەکانن .
ڕادەی بەرزبوونەوەی سووی بانق لە مانگی دیسەمبەری 2021 وە تاکو ئێستا 11 جار بەرز بووەتەوە کە لە ئێستادا بەڕێژەی لە سەدا 4.75 . ئەم بەرزبووەنەوەش کارایی و زەحمەتێكی زۆری لەسەر ئەوانەی سلفەی عەقاریان لایە ، یاخود قەرزی بانق بۆ پێداویستییەکانی ژیانیان، یان کرێچین و خاوەنخانوو کرێیان لەسەر بەرزدەکاتەوە هەیە. لە مانگی ئۆکتۆبەری پارەکەوە، تاکو 09/02/23 733 خانوو لە لایەن بانقەوە دەستیان بەسەردا گیراوە ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی لە سەدا 134 لەچاو ساڵی پێشوودا بەرزبووەتەوە.
دەبێت ئاماژەش بەوە بکەم کە کاتێك مارگرێت تاچەر هاتە سەر حوکم ڕێژەی باج لە سەدا 60بوو لەسەر ساماندارانی گەورە و ەهەندێك لە کۆمپانیاکان بەڵام لە بەهاری 1988 نایجڵ لۆوسۆن کە وەزیری دارایی ئەو کاتە بوو بودجەی بەهاری ساڵی 1988ی خۆی بەکارهێنا بۆ ڕاگەیاندنی بەخشینێکی گەورە، ڕێژەی سەرەوەی باجی داهات لە 60% بۆ 40% کەمکردەوە و ڕێژەی باجیشی لە سەر کرێکاران و فرمانبەران کە پێی دەڵێن باجی بنەڕەتی لە 27% بۆ 25% کەمکردەوە.

سێ: بەشی تەندروستی و چارەسەر:
سیستەمی تەندروستی نیشتمانی کە لە دوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووهەمەوە دروست بوو لە ساڵی 2010 وە کە حیزبی موحافیزین هاتنەوە سەر حوکم لە لێواری هەرەسهێناندایە. لە ئێستادا 161 هەزار نێرس و زیاتر لە 5000 دکتۆری دیکە پێویستن تاکو شوێنە بەجێهشتوەکان پڕ بکەنەوە. ئەو فشارە زۆرەی کە لە سەرێتی و بیرۆکراتییەتی خودی سیستەمەکە و دەستگرتنەوە لە دانی پارەی زیاتر و داخستنی چەند بەشێکیان وەکو بەشی فریاکەوتن و کوتوپڕی [ ئیمێرجنسی ] و بەشی منداڵبوون لە جەند خەستەخانەیەك و گواستنەوەیان بۆ خەستەخانەیەکی دیکە و کۆنتراکتی گرانبەها لەگەڵ خەستەخانە ئەهلییەکاندا و زیادنەکردنی موچەی دکتۆر و نێرس و کارمەندان و هەبوونی شاغیرێکی ئێکجار زۆر کارەساتی گەورەی دروستکردووە تا ئەو ڕادەیەی کە تا مانگی نۆڤمبەری ساڵی ڕابوردوو 7.2 ملیۆن کەس لە لیستی چاوەروانی بینینی دکتۆری پسپۆڕ و نەشتەرگەرییدا بوون. بە گوێرەی ڕاپۆرتی خودی خەستەخانەکان لەم دواییەدا لە سەدا 71 ی دکتۆرەکانی خێزان کارەکەیا بە کارێکی زۆر زۆر سترێس دەزانن کە لە سترێسیدا لە لیستی 10 وڵاتی ئەوروپی و سکەندەناڤیا و کەنەدە و ئەمەریکا، لە سەری سەرەوەن. راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە لە 4 خەستەخانە لە 10 خەستەخانەی ئینگلتەرەدا هەندێك جیهازی کۆن بەکاردەهێنریت لەوانە جیهازی ئەشیعە کە 37 ساڵە بەکار دێت . لە 69 خەستەخانە 30 دانەیان بۆ نمونە سکانە و تەنوورییەکە کە بەکاری دەهێنن 10 ساڵ کۆنە. ساڵی پارەکە 511 نەخۆش لە ئینگلتەرە بە هۆی دواکەوتنی ئیسعافەوە کە ماوەی گەیشتنی بە نەخۆش تا 15 کاتژمێری خایاندووە پێش ئەوەی بگەنە بەردەستی دکتۆر مردوون کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2021 تەنها 220 نەخۆش بوون. هەر لە ساڵی 2022 چواریەکی ئیسعافەکان یەک سەعاتیان ویستووە تاکو بگەنە نەخۆشەکان و بیانگەیەننە بەشی چارەسەری کتوپڕی ، ئیمێرجنسی، کە ژەمارەی نەخۆشە کان 17،720 نەخۆش بوون .
بە هۆی ئەو بارودۆخەی کە بەشی تەندروستی تێیدایە ڕێژەی ڕەزامەندی خەڵکی بە رادەیەك هاتۆتە خوارەوە کە لە 40 ساڵی پێشوووەوە ئەوە نەبینراوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێک لە سەدا 42ی خەڵکی لە بەتەنگەوەهاتنی دکتۆری خێزان ناڕازین ، لە دکتۆری دان بە ڕێژەی لە سەدا 42 سەبارەت بە بەشی ئیمێرجنسی لە سەدا 40 ی نەخۆشەکانی کە لەوێ چارەسەریان بۆکراوە ناڕەزامەندییان لە خزمەتگوزارییەکان ڕاگەیاندووە.

چوار: بەشی کشتوکاڵی و خودکیفابوون:
لە زۆربەی وڵاتاندا کە هێشتا دەستی سیاسەتی لیبراڵ و نیولیبراڵ و بازاڕی ئازادی پێ نەگەیشتبوو وەکو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقا و وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و تەنانەت ڕوسیای پێش هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوش لە زۆر رووەوە بە تایبەت لە پرسی دانەوێڵە و میوە و سەوزە و کەرەسەی شلە و شلەمەنیدا تا ڕادەیەك خودکیفا بوون زۆر کەمتر پێویستیان بە وڵاتانی دەرەوە دەبوو. تەنانەت لادێکان و گوند نشینەکان لە گەلێك وڵاتدا بە عێراق و کوردستانیشەوە مەگەر هەر پێویستیان بە نەوت و چاو شەکر بوبێت و بگرە شارەکان پابەند بوون بە لادێکانەوە نەك پێچەوانەکەی .
ساڵانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکان وڵاتانی وەکو میسر و ئەردەن ئەوەندە دانەوێڵەیان هەبوو هەناردەی درەوەیان دەکرد. گەشەی بە گووڕی سەرمایەداری وگشتگیریبونەوەی لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاند ئیتر وردە وردە ئەو وڵاتانەی کە بەشی خۆیانیان هەبوو لەوە ڕوتکرانەوە و بوونە وابەستە کە لە کاتێکدا بە هۆی پێشکەوتنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی کشوکاڵەوە دەبوایە بەروبووم زیاتر بوایە .
هەمان دەرد بەسەر بریتانیاشدا هاتووە. لە ساڵانی چلەکانی چەرخی ڕابووردوودا زۆربەی پێداویسیتیەکانی خۆی دەفع دەکرد هەر لە دانەوێڵە و گۆشت و بەروبومە شیرەمەنییاکانەوە تا دەگەیشتە میوە و سەوزە و هەموو شتیێکی دیکە کە لە لایەن کێڵگەوانەکانەوە دابین دەکران. بەڵام لە کۆتایی هەفتاکانەوە بریتانیا لە ڕوی بەروبومی کشتوکاڵییەوە ڕوو لە کزی و کەمییە تا ئەو ڕادەیەیە دانەوێڵە هاوردە دەکات. پەنیر و ماست و گۆشت و ماسی سەوزەو میوە و کەرەسەکانی دیکەی چێشتلێنانیش لە وڵاتانی دیکەوە دەهێنێت هەر لە وڵاتانی ئەورپاوە تا دەگاتە کەنەدەو ئەمەریکا و ئۆسترالیا .
هەر چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بوو کە بریتانیا کەوتبووە قەیرانی گەورەی نەبوونی سەوزە و میوە و کەرەسەی زەڵاتە وەکو خەیار و تەماتە و بیبەر و کەرەسەکانی دیکە کە زۆربەیان لە ئیسپانیا و مەغریب و تونسەوە دەهێنرێت. ئەم گرفتە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و بەفر و بارانەوە بوو کە بووە بەتاڵبوونی ڕەفەکانی شۆپە گەوەرەکان، ئەوانەشی بوونیان هەبوو نرخەکانیان دوو قات سەر کەوتبوون.
هاتەنە دەرەوەی بریتانیاش لە یەکێتی ئەوروپا نەك هەر نرخی پاوەندی لە سەرەتادا بە ڕێژەی لە سەدا 18 شکاند و 5 ساڵ دوای ئەوەش واتە لە ساڵی 2021 دا هێشتا بەهای داشکانی پاوەند بە ڕیژەی لەسەدا 15 بوو، هەر ئاواش نرخی ئەو کەرەسە و پێداویستیانەی کە لەوێوە هاوردە دەکران بە گوێرەی شکانی بەهای پاوەند، نرخیان بەرزبوونەوە. خودی ئەمەش جارێکی تر کارایی خۆی لەسەر گرانی و خراپبوونی ژیانی خەڵکی دانا.

پێنج: شارەوانییەکان :
بریتانیا دابەش بووە بەسەر شارەوانید، لەندەن بە تەنها دابەش بووە بەسەر 32 شارەوانیدا. شارەوانی لەم وڵاتەدا تا ڕادەیەك وەکو حکومەتێکی خۆجێی وایە زۆربەیان لە لایەن یەكێك لە حیزبەکانەوە کۆنترۆڵکراون و هەشیانە ڕێژەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان تێکەڵەیەکە لە ئەندامانی حیزبەکان. شارەوانییەکان بەرپرسن لە زۆر پرس کە لەو گەڕەکە یا لەو شارۆچکەیەدا هەیە هەر لە پرسی خانوبەرە و قوتابخانەکان و چاککردنی شەقامەکان و هاوکاری ئەوانەی کە بێ لانە و بێ جێگان. بەرپرسن لە سێنتەرەکان و کتێبخانەکان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان [ سۆسیاڵ سێرڤس] و بەشی پیران و هەندێك لە خانەی پیران و پارکەکان و پاکوخاوێنی و شەقامەکان و کۆکردنەوەی باجی شۆپ و باڕ و چێشتخانەکان و ئەوانەی دیکە.
یەكێك لەو بەشە گرنگانە خانووبەرەیە . دوای جەنگی جیهانی دووهەم خانوویەکی زۆر زیاتر لە پێشتر لە بریتانیا بە تایبەت لە لەندەندا دروستکراو بوونە موڵکی شارەوانییەکان. لە دوای ساڵانێکی زۆریش ژمارەیەك جەمعیە بەناوی هاوزینگ ئەسۆسییەشنەوە دروستبوون و ئەوانیش کەوتنە خانو دروستکردن وەکو موڵکی خۆیان و دانەوەیان بە کرێ. ساڵانە ئەوەندە خانوو دروستدەکرا کە بە زیادبوونی ژمارەی نەوەی نوێدا ڕابگات بەڵام بە هاتنی مارگرێت تاچەر ساڵی 1979 زۆر شت گۆڕران و کرانە ئەهلی.
لەو گۆڕانکاریانە مەسەلەی خانوشی بەر کەوت. بۆ ئەمە تاچەر سیاسەتی ” مافی کڕینی ” خانوەکانی شارەوانی دانا کە یەكێك بوو لە ڕیفۆرمەکانی بە داشکاندنی نرخەکەی لە نرخی بازاڕ. بە هاتنی حکومەتەکانی دیکە ڕێژەی داشکاندنی نرخی خانووەکانی شارەوانی بۆ خودی کرێچیانی تا لە سەدا 50 سەرکەوت. ئەم سیاسەتە چەند کاردانەوەیەکی خراپی هەبوو: یەك: کرێچی شارەوانییەکانی کردە کرێچی بانق بە وەرگرتنی سلفەی عەقار. دوو: ئەمەش وای کرد کە کرێکاران بە جۆرێك لە جۆرەکان ببەستێتەوە بە بانقەوە کە بۆ مانگرتنی سەر کاریان لە پێناوی مافی ڕەوایاندا وا بەئاسانی بڕیاری مانگرتن نەدەن لەبەر ئەوەی کاتێك کە ناتوانن سلفەی عەقارەکەیان بدەنەوە بانق مافی دەستبەسەراگرتنی خانوەکە و مەزاتکردنی بە نرخێکی هەرزان هەیە . سێ: بەمە سەرمایەگوزارییەکی گەوەرەی بۆ بانقەکان دروست کرد و دەوڵەمدنتری کردن و بە چەشنێکی دیکە ژیانی خەڵکی پێوە بەستنەوە. چوار: ئەوەندەی کە خانوش دەكڕران لە لایەن کرێچیەکانەوە نیوەی ئەوەش دروست نەدەکرایەوە بەم هۆکارەش ژمارەی نێو لیستی ئەو کەسانەی کە چاوەڕوانی خانوی شارەوانییان دەکرد دەچووە سەرەوە و ماوەی چاوەڕاوانی کردنیش زیاتر دەبوو لەو لاشەوە کرێی خانوی لەسەر کرێچییەکان گرانتر و گرانتر دەبوو. هەر ئەم سیاسەتە ڕێژەی بەتاڵەی کەمکردەوە چونکە ئەوانەی کە لە خانووەکاندا دەژیان و بەتاڵە بوون، ئیتر هەوڵی ئەوەیان دا هەرچۆن هەیە و هەر کارێك دێتە پێشەوە بیکەن تاکو خانووەکانی کە نیشتەجێبوون تێیدا لە شارەوانی بکڕنەوە.
ئەم سیاسەتە بە هاتنی حیزبی کرێکاران [ لەیبەر] یش هەر بەردەوام بوو تاکو وای لێهات کە ئێستا خانووکانی شارەوانیی و هاوزینگ ئەسۆسییەشن ژمارەیان زۆر هاتۆتە خوارەوە. . لە سەردەمی مارگرێت تاچەردا نزیکەی 5 ملیۆن کەس لە خانوی شارەوانیدا لە ئینگلتەرە و لە وێڵس دەژیان . لە ساڵی 1981 دا 321،66 خانوو هەر بە تەنها لە ئینگلتەرەدا فرۆشران. لە سالی 1982 ژمارەکە سەرکەوت بۆ 174،697 خانوو. لە ساڵی 2012/2013 دا 3،744 و لە ساڵی 2014/2015 شدا 16،519 خانوی تر فرۆشران .
سیاسەتەکە لەمەدا نەوەستا بەڵکو لەبەر ئەوەی کە حکومەتی مەرکەزی پارەی تەواو نادات بە شارەوانییەکان، شارەوانییەکانیش ناچارن ئەو خانوانەی کە نزیکەی 60 ساڵ و 70 ساڵە دروست بوون و کۆن بوون پێویستیان بە دەستکاری و چاککردنەوە هەیە ناتوانن چاکیان بکەن . لەبەر ئەمە کۆمپانیای گەورە لە وڵاتانی دیکەی وەکو کەنەدا و ئۆسترالیا و ئەمەریکاوە دێن ئەو خانوانە کە لە بلۆکێکدان ڕەنگە زیاتر لە 200 فلات بن لە شارەوانی دەکڕنەوە و بە ڕیکەوتنێك کە بڕێک پارەی باش بە شارەوانی دەدەن و ژمارەیەکی زۆر کەمی ئەو خانوانە بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان بدرێنەوە بە شارەانی و شارەوانیش بیداتەوە بەوانەی کە پێشتر تێیدا بوون یاخود ئەو خێزانانەی کە لە لیستی چاوەڕوانییدان سەرەیانە. ئەوەشی کە دەمێنێتەوە هەموو فلات و خانوی سەردەمیانە دەبن و کرێی هیچ کامیان لە دوو هەزار پاوەند و سێ هەزار پاوەند لە مانگێکدا کەمتر نابێت ئەمە جگە لە دانی پارەی ئاو و کارەبا و غاز و تەلەفون هەروەها خزمەتگوزاری دیکە وەکو دانانی سکوێرێتی و پاککردنەوە و پارێزگاریکردن لە مەسعەد و پارەی باخچەوان و هەندێك کولفەی دیکە.
بێ گومان ئەم سیاسەتە سیاسەتێکە کە بە هۆی نەدانی پارەی تەواو بە شارەوانییەکان بە ناڕاستەوخۆ هانیان دەدات کە دەبێت ئەو خانوانە کە پارەی چاککردنەوەیان نییە بیفرۆشن بەو کۆمپانیایانە بە پارەکەشی دەفعی پێداویستییەکانی دیکەیان بکەن، کە بەمەش نەك هەر کەمکردنەوەی ڕۆڵی شارەوانییەکانە، بەڵکو لیستی سەرەی چاوەروانکردنی خانوەکانی شارەوانی زۆر درێژکردۆتەوە، هاوکاتیش هەل و بوارێکی باشیش خرایە بەردەمی کۆمپانیاکان بۆ کەڵەکەکردنی پارەی زیاتر.
سیاسەتێکی دیکەی خراپی مارگرێت تاچەر سەبارەت بە خانوو بەرە ئەوە بوو لە ساڵانی هەشتاکانی حوکمڕانییەکەیدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو ڕێساکانی بیناسازیی داڕشتەوە. ئەم سیاسەتە لە بەڵێنی وەزیرێکیدا بەناوی مایکل هێسلتاین ئاوا داڕێژرا “زۆرترین خۆڕێکخستن” و “کەمترین دەستوەردانی حکومەت”. ئەمەش بە زمانی ئینگلیزی بە سادەیی یانی بۆ کۆمپانیاکانی بەجێبهێڵن با کاروباری خۆیان بەڕێوەببەن.. ئەم سیاستە لە سەردەمی دەیڤید کامیرۆن لە ساڵی 2012 فراوانتر و خراپتر کرا کە بەڵێنی ساڵی نوێی دا کە “کلتوری تەندروستی و سەلامەتی بۆ هەمیشە بکوژێت”. ئەمەش بە واتای دەستپێکردنی بەشێکی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە سەلامەتی دانیشتوان و بیناکان لە کارەساتی ئاگر کەوتنەوە و لافا و گەرمی و ساردی زۆر ، دەپاراست کە ناو بەناو پشکنینی سەلامەتییان بۆ دەکرا.

شەش: خوێندن و پەروەردە:
لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا ژمارەیەکی زۆری دایەنگای دەوڵەتی باخچەی منداڵان هەبوون یا ئەوەتا بەلاش بوون یاخود پارەیەکی زۆر کەمیان لەسەر دانرابوو. ئەوانەی ئیشیان دەکرد دەیانتوانی کە ساواکانیان و منداڵانی پێش تەمەنی خوێندن لەوێ دابنێن، کاتێکیش کە دەوام تەواو دەبوو هەر کراوە بوو بە بێ دانی پارە تاکو ئەو کەسانەی کە درەنگ لە کارەکانیان دەبونەوە فریای بردنەوەی منداڵەکانیان بکەون. لە ئێستادا زۆربەی زۆری دایەنگا و باخچەی منداڵان بوونەتە ئەهلیی ئەوانەشی کە ئەهلی نین نرخیان چووەتە 600 بۆ 800 پاوەند بۆ مانگێك. ئەهلەییەکان زۆر لەمە زیاترە، سەرەڕای ئەوەش هەتا کاتژمێری 3.30 پاشنیوەڕۆ کراوەن ئەو دایک و باوکانەی کە کار دەکەن تا کاتژمێری 5 و 6ی ئێوارە، دەبێت زیادە پارە بدەن بۆ ئەو دوو کاتژمێرە .
هەر لەو سەردەمەدا قوتابیانی قوتابخانە سەرەتاییەکان خزمەتی باشتریان دەکرا لەبارەی خواردنەوە و هاوکاری پۆشینی پۆشاکی قوتابخانەیان دەکرا و گەشتی قوتابخانەیان خۆڕایی بوو کە دەگەیشتنە زانکۆ ئەوەشیان لەسەر حسابی دەوڵەت بوو و پێویستی نەدەکرد کە خۆیان هیچ بدەن. بە هاتنی تاچەر بۆ حوکم وردە وردە کرا بە قەرز بۆ زۆرێك لە قوتابیان. لە ئێستاشدا ئەوەی کە دەچێتە زانکۆ دەبیت قەرز بکات بۆ هەقی وانەبێژ و کتێب و پێداویستییەکانی تر و گرتنی خانوو گەر لە دەروەی شوێنی نیشتجێبوونی خێزانەکەی بیت . لانی کەم قەرزی خوێندکارێکی زانکۆ بۆ 3 ساڵ لە سەرو 50 هەزار پاوەندەوەیە .
خودی قوتابخانەکانیش گرفتگەلێکی زۆریان هەیە وەکو گەرمکردن و ساردکردەنەوەیان، بوونیان لە شوێنی زۆر قەرەباڵخ و سەر شەقامەکاندان، سەرەڕای ئەمەش زۆربەیان چاککردن و نوێژەنبوونەوەیان دەوێت. قوتابیانیش گرفتی زۆر گەورە رووبەڕویان دەبێتەوە وەکو هەڵگرنتی چەقۆ و چەقۆکێشی لە قوتابخانەکاندا و هێنانی مادە هۆشبەرەکان و فرۆشتنیان لە قوتابخانە کە سەرچاوەی گرفتە کۆمەڵایەتییەکانە لەپاڵ گرفتی ژیاندا، ئابووریی. ئەم گرفتانە ئەوەندە زۆرن و کاریگەرن زۆرێك لەو قوتابخانەی کە لە گەرەکە هەژارەکاندان پۆلیسیان تێدایە و پۆلیسیش ئۆفیسی خۆی هەیە.

حەوت : گەندەڵی و ئابرووچوون :
دەسەڵاتخوازی و خودی دەسەڵاتداریی سەرچاوەی گەندەڵییە. حیزبەکانی بریتانیا بە تایبەت موحافیزین کە لە دەسەڵاتدان بە بەردەوامی ئابڕووچونی زۆریان لێدەردەکەوێت . من لێرەدا پەنجە بۆ هەندێکیان ڕادەکێشم . ڕوشی سوناك-ی سەرەكوەزیران پێش ئەوەی کە بۆ سەرەكوەزیرانی بریتانیا هەڵببژێرێت دەرکەوت لە سامانی 630 ملیۆن پاوەندی ژنەکەی باجی پیویستی نەدراوە تا ئاشکرا نەبوو و ناچار نەکرا باجەکە نەدرا.
لە ئاهەنگێکدا [ پارتی] ، ژمارەیەك لە کەسە نزیکە ناودارەکانی لیز تروس ڕۆژێك پێش ئەوەی ببێتە سەرەكوەزیرانی بریتانیا، کە هیشتا وەزیری دەرەوە بوو لە یەكێک لە خانووە دڵگیرەکاندا، دوای ئاهەنگەکە بڕێك ماتریاڵی سپی دۆزرایەوە کە شوێنەواری مادەی کۆکاین-ی پێوەدیار بوو .
ئابڕووچوونەکانی بەرپرسانی حیزبی موحافیزین بەردەوامە. قسەکەری ڕیشی سوناكی سەرەکوەزیران لە کۆتایی مانگی دیسەمبەردا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پەڕلەمانتارەکانی کە لە کاتێکدا بە کاری پەڕلەمانی دەنێرێنە وڵاتان شەوانە لە ئوتێلەکاندا کاری سێکسی لەگەڵ ژنانی لەشفرۆشدا دەکەن و خواردنەوەیەکی زۆر دەخوۆنەوە و دوای ئەوەش دیاری بەهادار وەردەگرن .
زۆرێك لە ئەندام پەڕلەمانەکان کاری دووهەم دەکەن دەرکەوت کە بە هەموویان لەو کارەدا 15.2 ملیۆن پاوەندیان دەستکەوتووە . ترێزە مەی کۆنە سەرەک وەزیران هەر بە تەنها بە بڕی 2.5 ملیۆن پاوەندی پەیداکردووە ئەمە لە سەرو موچەی پەڕلەمانتارییەکەیەوە. بۆریس جۆنسۆنی کۆنە سەرەکوەزیرانیش دوای دەستکێشانەوەی لە کارەکەی لە مانگی سێبتەمبەرەوە تاکو مانگی مارتی ئەمساڵ 2.5 ملیۆن پاوەندی بە وتنەوەی موحازەرە لە ئەمەریکا و شوێنی دیکە دەستکەوتوە کە لە هەندێکیاندا سەعاتی 30 هەزار پاوەندی پێدراوە. ئەمە جگە لە ئوتێلی بەلاش و گواستنەوەی بە بەلاش بۆ هۆڵی موحازەرەکە و نانخواردنی و لە هەندێکیشیا پارەی بیتاقەی تەیارەشی بۆ دراوە. بێ گومان دیاری بەها و داوەت و داوەتکاری و پارە لە لایەن بزنسەوە هەر باس ناکرێت ، ئەمە بێ لەوەی کە هەندێکیان خاوەنپشکن لە بزنسەکاندا.
لە بەرانبەر پەڕلەمانتارەکانی حیزبی موحافیزین دا، حیزبی لەیبەریش [ حیزبی کرێکاران] کە لە دەرەوەی دەسەڵاتە 2.1 ملیۆن پاوەند داهاتی کاری دووهەمیان بووە، هاوکاتیش حیزبی لیبرڵ دیمۆکرات بە بڕی 171 هەزار پاوەند کاری دووهەمیان کردووە.
ئەوە هەر باسی سەردەمی کۆرۆنا ناکرێت کە ئێستاش ناتوانرێت جێگای زیاتر لە 12 ملیار پاوەند بکرێتەوە لە سەرجەمی ئەو 37 ملیار پاوەندەی کە بۆ کەرەسەی خۆپاراستن و سێنتەرەکانی پشکنین و پۆشاکی دکتۆر و نێرس و پاککەرەوەی زەوی و جیهازەکان و شتی دیکە بەکارهێنراوە . هاوکاتیش هەندێك نوسینگە و کۆمپانیای بچوك کە دۆست و ناسیاوی بەرپرسان بوون پارەی خەیاڵییان پێبەخشراوە لەبری کڕینی هەندێك کەرەسەدا. لە ئێستاشدا یەك دوو لە وەزیرەکان وەزیفەکەیان هەڵپەسێرراوە و لێپێچینەوەیان لێدەکەن .
نەدیم زەهاوی ، کوردەی لای خۆمان، کە چەند پلە و پێگەیکەی گرتە دەست لەوانە وەزیری پەروەردە و ڕۆشنبیری و وەزیری کۆرۆنا و دواتریش وەزیری دارایی بریتانیا کە ئەم پۆستە لە گرنگیدا لە دوای پۆستی سەرەکووەزیرانەوە دێت ، دەرکەوت کە بڕی تەواوی باجی نەدابوو لە لایەن دائیرەی باجەوە ئاگادارکرایەوە بەڵام هێشتا ئەو هەر نکوڵی لە گەندەڵێتی خۆی دەکرد. دواتر لەژێر فشاری میدیا و حیزبەکانی دەوەوەی دەسەڵات ناچارکرا کە دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە.
شێوەیەکی دیکە لە گەندەڵی کە باوە لەناو هەردوو حیزبەکەدا کە دێنە سەر حوکم مەسەلەی واستە قەبوڵکردنە، دانانی کەسانی نزیك لە خۆیانە، تێوەگلانە لە کارێکەوە بۆ وەرگرتنی پۆست. باشترین نمونە لێرەدا سەرۆکی دەزگەی بی بی سی یە کە تا ئێستاش ئەو مەسەلەیە هەر بەردەوامە. یاخود بەخشینی پارەیە کە پێی دەلێن دۆنەیشن، کە دەدرێت بە حیزبەکان، کاتێکیش کە حیزبەکان دێنە سەر حوکم ئەوان ئەوەیان لەبەرچاوە و پێگەی هەستیار و گرنگیان تا دەگاتە پێگەی وەزیریی دەدرێتێ. ئەمە جگە لە پرسی دەڵاڵی کە بە ئینگلیزی پێیدەڵێن لۆبیکردن لە لایەن بزنسمانە گەوەرکان و کۆمپانیاکانیانەوە.
گەندەڵی یاسایش هەیە ، واتە خودی یاساش هاوکاری گەندەڵی و گەندەڵکاران دەکات بە هەبوونی بۆشایییەك یاخود دانی دەرفەت بۆ نەدانی باج. لە ئێستادا 169 ملیار پاوەند لە دەرەوەی بریتانیا لەو وڵات و شوێنانەی کە باجی لەسەر نادرێت یاخود هەر زۆر زۆر کەمە، لەوێ خەوێنراوە و پارەی دیکەی دێتە سەر، کە حکومەت دەسەڵاتی سزادانی خاوەنەکانیانی نییە چونکە خودی کارەکە یاساییە .
ئەمانەی سەرەوە چەند نموونەیەك بوون لە سەدەها نموونەی زیندوو لە کۆن و لە ئێستاشدا .

درێژەی هەیە…

زاهیر باهیر

16/04/2023




هەڵوێست لە کاتی خۆیدا دەبێت وەرگیرێت، بڕیار لە کاتی خۆیدا دەبێت بدرێت.. زاهیر باهیر

هەڵوێست ، بڕیار، قسە هەر هەموو ئەمانە دەبێت لە کات و شوێنی خۆیاندا بن، نە درەنگ و نە زوو، گەر وانەبێت ئەوە سوودیان نابێت، بەڵکو زۆر جاریش بە زیان دەگەڕێنەوە. ئەمەی کە دەییڵێم نەك هەر لە کار و کاردانەوەی حیزبەکان و بزوتنەوەکاندا ڕاستن بەڵکو لە کاروبار و کاردانەوەی یاخود ڕووداوە کەسییەکانیشدا هەر ڕاستن. کورد دەڵێت کنر و ماست بە وادەی خۆیان.
لە دوای بوومەلەرزە گەورەکەی تورکیا و سوریا پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، یەكلایەنانە ئاگربەستییان ڕاگەیاند وەکو هەڵوێستێکی مرۆیانە و نییازباشیی، دواتریش هەر یەك لە سەرکردەکانی پەکەکە لەم بارەیەوە، لێدوانیان لەسەر ئاگربەستییەکە دا. لەم ڕۆژانەشدا جەمیل بایك هاوسەرۆکی کەجەکە ڕونتر لەو بارەوە ڕایگەیاند و هەڵوێستی ئاگربەستییەکەی و دانوستاندنی لەگەڵ حکومەتی تورکیا بە چەند مەرج و بەندێکەوە بەستەوە.
من لێرەدا ستایشی ئەو هەڵوێستە دەکەم ، نەك هەر دەڵێم کارێکی زۆر باشە و هەنگاوێی ئیكجار سوودبەخش و گەوەرەیە ، بەڵکو دەشلێم گەر پەکەکە نەیانتوانیایە لە مانگی تەمووزی ساڵی 2015د خۆیان بپارێزن لە داوەکەی ئەردۆگان لە هەڵگیرساندنەوەی شەڕەکەدا، ئەوە دەبوایە هەر لەو ساڵەدا ئەم هەنگاوە گەورە و گرنگەیان بنایە و بۆ هەمیشە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ، نەك ڕادەستبوونەوەیان، ئیدی گرنگ نەبوو تورکیا حسابی بۆ دەکرد یا نەیدەکرد.
ناکرێت تۆ بەردەوام بیت لە یارییەك کە هیچ هیوایەکی سەرکەوتنی تێدا نەبێت هەتا ئەگەر بە زۆریش بەسەرتا سەپێنرابێت. ناشکرێت بەردەوامی بدەیت بە بزوتنەوەیەك کە بە درێژایی 8 ساڵی رابووردوو تاکە سوودێکی لە زیان زیاتر نەبووبێت.
من لێرەدا نامەوێت جارێکی دیکە خۆم دووبارە و دەبارە بکەمەوە سەبارەت بە بزوتنەوەی چەکداریی، بەتایبەت بزوتنەوەکەی پەکەکە، زۆرم لەسەر ئەمە نوسیوە و زۆریش پاساوی بێ سەروبەرەی بوونی ئەو بزوتنەوە چەکدارییەم بیستوە. زەرەر و زیانی بوونی بزوتنەوەکەم لە زۆر پۆست و وتاردا نوسیوە. ئەوەی کە لەم نوسینە کورتەدا دەمەوێت بیڵێم دوو خالە:
یەك: ئایا ئاگربەستی ئێستا کارایی لە سەر بڕیاری ئاکەپە و خودی کەسی ئەردۆگان دادەنێت؟
ڕاگەیاندنی ئاگربەستیی، ئاشتەوایی، کاتیی بێت یاخود دائیمیی لە هەموو ڕویەکەوە کورد واتەنی هەزاری خێرە و دووهەزاری بەرەکەت، بەڵام هەرگیز ئەردۆگان و حکومەتەکەی نەك وەڵامی ئەرێیانەیان نابێت بەڵکو هەر ئاوڕیشی لێنادەنەوە. هۆکارەکەشی ڕوونە یەك: زۆر زۆر درەنگە، پاش 8 ساڵی دوورودرێژی وێرانکاری و قوربانی زۆر. دووش : حکومەتی فاشی تورکیا دەزانێت کە بڕیارەکەی پەکەکە لە لاوازییانەوەیە نەك لە بەهێزییانەوە. لە حاڵەتی ئاواشدا وەکو مێژوو پێماندەڵیت سازش لە هەڵوێستی لاوازەوە تەنها کەوڵەکەت دەپارێزێت.
دوو: بۆچی ئەردۆگان و حکومەتەکەی بەدەم بانگەشە مرۆیانەکەی پەکەکەوە ناچن؟
ڕایسزیزم و فاشیزم و ڕیگرتن لە ئازادیی و مافە ڕەواکانی کورد بە مافی فەرهەنگ و زمان و سیاسەتی و کولتورییەوە سیستماتیکییە واتە کراوە بە سیستەم و ئەمەش هەر لەسەر دەمی ئەتاتورکەوە تاکو ئێستا هەر ئاوا هاتووە. ڕوونتر ڕایسیزم و فاشیززم لە تورکیادا پایەیەکی گەورەی ڕاگرتنی حکومەتە یەک بەدوایەکەکانی تورکیا بووە هەر ئەم هۆکارەش بووە کە چارەسەری پرسی کورد لەوێ لە لولەی تفەنگەوە نەکراوە و ئێستاش ناکرێت و پایەکە درز پێنابات، بەڵکو بەهێزتری دەکات .
جەنگ دابڕان و دورخستنەوە لە یەکدی، کوشتن و ماڵوێرانکردن و نیشتمان و سروشت خاپورکردن، چاندنی ڕك و کینەی زیاتر، زۆری تر دەخولقێنیت، ئەمەش لە درەوەی ویست و خواستی کەسان و سەرکردەکانی بزوتنەوە چەکدارییەکەیە، جونکە ئەمە سروشتی بزوتنەوە و شەڕی چەکدارییە لە هەر شوێنێکدا ڕوویدابێت هەر ئەمەی بەستۆتەوە.
ئەوەندەی جەنگ، بە تایبەت جەنگێك بەهۆی بزوتنەوەی نەتەوەییەوە هەڵگیرسابێت، ئەوەندەی حکومەتەکە بەهێز دەکات، ئاشتی ئەوەندە بەهێزی ناکات. بەهێزکردنی دەوڵەتی عەسکەرتاریی بەهۆی بوونی دەسەڵات و دروستکردنی دەیەها دەزگەی تیرۆر و سەرکوتکردن و سیخوڕی و میدیا و قەڵەمفرۆش لە تەك بوونی ساماندا دەیهێنێتە ئاراوە و کارێکی زۆر گران نییە. نمونە لەو بارەوە حکومەتەکانی کۆنی عێراق ، ئێران ، سوریا ، ئیسرائیل، سریلانکە، کۆڵۆمبیا …تد کە بزوتنەوەی چەکداریی هەمیشە سوودمەندو و بەهێزی کردون.
زۆر جاریش جەنگ دەبێتە زەروورەی وەختیی/هەنووکەیی بۆ دەوڵەت کە لە کاتێکدا دەکەوێتە قەیرانەوە، بە حساب، بۆ لاوازکردنی قەیرانەکە دروستکردنی جەنگ زۆر زەروورە لەو نموونانەش کە لە 50 ساڵی رابوردوودا بووە ، جەنگی ئێران و عێراق ، هێڕشی بریتانیا بۆ سەر دوورگەی فۆكلاند، داگیرکردنی کوێت لە لایەن صەدامەوە، بەرپەرچدانەوەی توندی وەحشیانەی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینیەکان… تد
هەر ئاواش حوکمڕانانی ئێستای تورکیا بەردەوامیدانی شەرەکەی لەگەڵ پەکەکەدا هەناردەی قەیرانە وبە قازانجیانە و بە ملیار دۆلار بزوتنەوەیەکی ئاوا دەکڕن [ تکایە مەبەستم ئەوە نییە کە پەکەکە ئەیجنتی ئەوانە و کڕراوە] چونکە هەرچی خواست و ئامانجی ئاکەپە و لەسەرو حیزبەکەشەوە ئەردۆگان و فاشییەکان و گورگەبۆرەکانی تورکیایە دەچنێتەوە.
بزوتنەوە چەکدارییەکەی پەکەکە بۆ ئەوان ئەو پەیژەیەیە کە دەتوانن پێیدا هەڵزنێن بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان، ئەو پاساوەیە بۆ مانەوەیان و وەسفکرنیان بە دژە تیرۆر و تیرۆریسیت لە لایەن ئەوەی کە ناونراوە کۆمێنێتی نێودەوڵەتیی، ئەو خێرەیە کە زۆرێك لە کارگەکانی دروستکردنی چەك و تەقەمەنی و تانک و فڕۆکەی جەنگی بەکراوەیی دەهێڵێتەوە و کرێکارەکانیان بێ کار نابن، ئەو بیانوەیە کە کوردستانی باکور و بەشێك لە کوردستانی باشووریشی پێ خاپوور بکات، هەدەپە و ڕۆژئاواشی پێ لاواز بکات، ئەو دەستەیە کە سەرکوتی نەیارانی نێوخۆشی پیدەکات بە هەر پاساوێك کە حکومەت دەیەوێت، ئەو فیتنەییە کە نێوانی ڕەش و ڕوت و چەوساوانی کورد و تورکی پێ تێكدەدات و دووبەرەکی دەخاتە ناویانەوە خۆشی سوودمەند دەبێت، ئەو بانگەشەی هەڵبژاردنەیە کە دەنگی زیاتر بۆ ئاکەپە بە ناوی جەنگ دژ بە تیرۆ و تیرۆریستان و بەکرێگیراوانی بێیانەوە دەهێنێت، تا ئەو ڕادەیەی بە هۆی میدیای دەوڵەتییەوە بە ڕشتنی ژەهری بڕواهێنانی خەڵکی بەو پاگەندانە.
بەردەوامی شەڕی پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیادا هەمیشە مایەی زیادبوونی دەنگدان بووە بە حکومەتەکانی تورکیا، ئەگەر ئەمجارەش ئاکەپە هەڵنەبژێررێتەوە هۆکارەکە وەستانی جەنگی یەکلایەنەی پەکەکە نییە بەڵکو بوومەلەزەکەیە کە تا ڕادەیەك لەسەر ئاکەپە دەکەوێت.

06/03/2023




دەستێوەردان و پیلانگێڕیی دەوڵەتی بریتانیا لە سەرانسەری جیهان لە ساڵی 1945ەوە.. زاهیر باهیر

چەند ساڵێك لەمەوبەر خوێندنەوەیەکم بۆ کتێبی ” جەنگە نهێنییەکانی بریتانیا” لە نوسینی T.J Coles .[ لە خوارەوە لینکەکەی دادەنێم] کرد. ئەو پەرتوکە گەلێك ڕووداو و جەنگ و هەوڵی نانەوەی شەڕی نێوخۆ / ئەهلی زۆر بە ڕوونی و بە دۆکۆمێنتەوە ئاشکرا کردووە.

لەم ڕۆژانەشدا برادەرێك وتارێکی دوورو درێژی بە زمانی ئینگلیزی بۆ ناردم ئاماژە بە بابەتی جەنگ و پیلانی دەوڵەتی بریتانی دەکات و لاپەڕەکانی مێژوی ڕەشی دەوڵەتی بریتانیای عوزما لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە لە جیهاندا هەڵدەداتەوە.
دوای خوێندنەوەی وتارەکە بە پێویستم زانی وەکو تەواوکەری خوێندنەوەی کتێبەکەی سەرەوە چەند بڕگەیکی گرنگی لێهەلبژێرم و بۆ زمانی کوردی وەریگێڕم .
بەڕای من زۆر گرنگە کە خەڵکی لەم مێژووە بە ئاگا بێت و بزانێت کە بریتانیا و ئەمریکا ئەوەی کە دەیڵێن سەبارەت بە مافی مرۆڤ و مافی گەلان و یەکسانیی، هیچ بناغەیەکی دروستی نییە و ئەم دوو وڵاتە لانی کەم لە 150 ساڵی ڕابووردووەوە مێژویەکی ئاوایان نییە کە بانگەشەی دەکەن و خۆیانی پێوە هەڵدەکێشن . بگرە بەشێکی زۆری مێژوویان پڕ بووە لە ڕاووڕوت و دڕندەیەتی و خوێنڕشتن و داگیرکاریی و خاپورکردنی وڵاتانێك کە بە جیهانی سێیەم ناسرابوو زائیدەن ئیرلەندەی سەروو [ باکور] وهیندستانی 175 لەمەوبەر.
……………………
ئەمەی خوارەوە بەشێکی زۆر کەمی ئەو مێژووەیە :

بەریتانیا لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە زیاتر لە 80 جار هێزە چەکدارەکانی بۆ شەڕ لە 47 وڵاتدا جێگیر کردووە. زنجیرەیەك بووە لە شەڕە دڕندەکانی بۆ کۆلۆنایزکردن و ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان تا گەیشتۆتە هەوڵی پشتگیریکردنی حکومەتە لایەنگرو دۆستەکانی، یاخود ڕێگریکردن لە نائارامییە مەدەنییەکان سوپای بەریتانیا لە جیهانی دوای جەنگدا زۆر زیاتر لەوەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی لەبیر دەکرێت یان باوەڕیان پێدەکرێت، هێزی سەربازی بەکارهێناوە یان هەڕەشەی بەکارهێنانی کردووە.
دۆکۆمێمنتە نهێنییەکان کە ئێستا دەکرێت هەندێکیا ئاشکرا بکرێن دەریدەخەن لە ساڵی 1945ەوە 83 دەستێوەردانی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیای لە 47 وڵاتی جیاوازد بە بەڵگەوە ئاشکرا کردووە.

سەرنجڕاکێشترینی بەکارهێنانی هێزی بەریتانیا لەشکرکێشییە ئاشکراکان یان هەوڵە چەکدارییەکان بووە بۆ ڕووخاندنی حکومەتەکان وەک لە Guiana بەریتانیا (ئێستا Guyana) لە ساڵی 1953، میسر لە ساڵانی 1950، عێراق لە ساڵی 2003 و لیبیا لە ساڵی 2011.

شەڕەکانی دژ بە کۆڵۆنایزکردن لە ساڵانی 1950 و 1960 – لە کینیا، مالایا، عەدەن و قوبرس – بەکارهێنانی بەربڵاوی ئەشکەنجەدان و زۆرجاریش ئۆپەراسیۆنی زیانبەخش بۆ ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بۆ کۆنترۆڵکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لەخۆگرتبوو.
لە مالایا لە نێوان ساڵانی 1948 بۆ 1960 هێزەکانی بەریتانیا سەدان هەزار کەسیان لە کەمپە تەلبەندکراوەکاندا پێچاوەتەوە و بەندکردووە و ناوچە گوندنشینەکانیان بە توندی بۆردومان کرد و پەنایان بۆ پڕوپاگەندەی بەرفراوان برد بۆ سەرکەوتن لە ململانێکاندا.
دڕندەیی برریتانی لە شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی ‘ماو ماو’ لە کینیا کە داوای سەربەخۆیی خۆیانیان دەکرد، بووە هۆی مردنی دەیان و ڕەنگە سەدان هەزار کەس، زۆرجاریش بەهۆی برسێتییەوە لە ئۆردوگاکانی زۆرەملێ ئەمە ڕووی داوە.
جێگیرکردنی هێز وەک ڕۆتینێک لە ماوەی دەیان ساڵدا بەردەوام بووە، بەتایبەتی بۆ پشتگیریکردنی ڕژێمە پەسەندکراوەکان، خوازراوەکانی بریتانیا. بەردەوامیش هێزی چەکدارییان ڕەوانە دەکرد لەوانە بۆ عومان (1957)، نیاسالاند (ئێستا مالاوی، 1959)، برۆنی Brunei ، ئەنگویلا (1969) و ئوردن (1970) بۆ بەهێزکردن و داکۆکیکردن لە حکومەتەکانی دۆست و لایەنگری بریتانیا کە بەهۆی سەربەخۆیی یان بزووتنەوە جەماوەرییەکانەوە هەڕەشەیان لێدەکرا.

لە ساڵی 1964 هێزەکانی بریتانیا یاخیبوونی سوپای لە سێ وڵاتی یەک لە دوای یەکدا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا – کینیا، ئۆگاندا و تانزانیا – دابەزاند بۆ پاراستنی حکومەتەکانی کە لایەنگر و دۆستی ی بریتانیا بوون ، هەر زوو دوای ئەوەی سەربەخۆبوون.
لە ساڵانی1945- 46 هێزەکانی بریتانیا دەستوەردانیان لە ڤێتنام و ئەندەنوسیا کرد بۆ دامەزراندنەوەی کۆنترۆڵی فەرەنسی و هۆڵەندییەکان لەوێ.
لە ڤێتنام بریتانییەکان سووپا بەزیوەکەی ئیمپراتۆری ژاپۆنیان چەکدار کرد تاکو شەڕ لەگەڵ هێزەکانی لایەنگری سەربەخۆیی بکەن.
هەر لەو سەروبەرەدا بوو کە هێزەکانی بریتانیا هەوڵیان دا دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی کۆمۆنیستی کە لە ئەلبانیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی باڵتیک سەریان هەڵدابوو بکەن، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکان هەر هەموویان شکستیان هێنا و نەیانتوانی ڕێگری لەم وڵاتانە بکەن کە نەکەونە ژێر کۆنترۆڵی کۆمۆنیستەکانەوە.
لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، حکومەتی مارگرێت تاچەر گەورەترین ئۆپەراسیۆنی نهێنی برریتانیای دوای جەنگ تا ئێستا ئەنجامدا، لە پشتیوانیکردنی جەنگاوەرانی موجاهیدینەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان.

42 کودەتای بریتانیا لە ساڵی 1945ەوە

دۆکۆمێنتە ئاشکرابووەکان دەریانخستووە کە بریتانیا لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە زیاتر لە 40 هەوڵ وپلانی لابردنی حکومەتە بیانییەکانی لە 27 وڵاتدا داوە یاخود جێبەجێ کردووە. لەم هەوڵ و پلانانەدا دەزگا هەواڵگرییەکان و دەستێوەردانی سەربازی نهێنی و ئاشکرا و کاری تیرۆرکردنی بەخۆوەگرتووە.
ڕەنگە ناسراوترین کودەتا کە لەلایەن تۆڕی سیخوڕی بریتانیاوە لە دوای ساڵی 1945ەوە ئەنجامدرابێت، ڕووخاندنی حکومەتی ئێران بووبێت کە بە شێوەیەکی دیموکراسی لە ساڵی 1953دا هەڵبژێردرابوو کە بە ئۆپەراسیۆنێک کە لەگەڵ سی ئای ئەی پلانی بۆ دانرابوو. ئەمە جگە لەوەی بریتانیا هەر لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە لانیکەم 41 هەوڵی دیکەی ڕووخاندنی حکومەتەکانی داوە.
ساڵی 1953 لە ڕاستیدا ساڵێکی سەرقاڵیی بوو بۆ پلاندانەرانی کۆشکی سپی هەر لەو کاتەدا لە لابردنی محەمەد موسەدەق لە حوکمڕانی، پاپۆڕێکی چەکداریان نارد بۆ ڕووخاندنی حکومەتی هەڵبژێردراوی دیموکراتیک لە گویانای [Guiana ] بەریتانیا، بە سەرۆکایەتی ناسیۆنالیستی جەماوەری چێدی جاگا [Cheddi Jagan].
هاوکاتیش لە دەوڵەتێکی دیکەی ئەمریکای لاتین کە گواتیمالا بوو، ئۆپەراسیۆنی پڕوپاگەندەی دژە حکومەتیان بەرەوپێش دەبرد. ئەو هەڵمەتەی بریتانیا زەمینەی بۆ ڕووخاندنی حکومەتێکی قەومی دیکە و حکومەتێك کە هەڵبژێردرا بوو، لە سەردەمی جەیکەبۆ ئاربێنزدا [Jacobo Arbenz] ئامادە کرد کە ئەندازیاری سی ئای ئەی بوو لە ساڵی1954دا.
وەک ئەوەی ئەم هەموو هەوڵ و پیلاگێڕیانە بەس نەبێت، کارمەندانی نهێنی بەریتانیا لەو کاتەدا سەرقاڵی پلاندانان بوون بۆ لابردن و تیرۆرکردنی سەرۆکی میسر، جەمال عەبدولناسر لە پلانی جۆراوجۆردا، دوای ئەوەی ناسر دەسەڵاتی گرتە دەست لە شۆڕشێکی ناسیۆنالیستی ساڵی 1952دا .

زاهیر باهیر
22/01/2023

http://www.zaherbaher.com

جەنگە-نهێنییەکانی-بریتانیا




کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن*.. زاهیر باهیر

سەرمایەداران و سیاسییەکان و دەوڵەتمەداران لە دانانی پلان و پڕۆگرامی گەمژاندنی گەلەکەیاندا زۆر زیرەکن. بۆ ئەمەش بەگوێرەی گرفتەکان و گەورەیی و بچوکییان کار لەسەر ئەو پلانانە دەکەن. کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەواش یەکێكە لەو پلانانە بەڵام نەك هەر هاوکاری کەمکردنەوەی پیسی ژینگە ناکات بەڵکو خودی پرۆسەکە و کۆبونەوەی ئەو هەموو کەسە پیسخۆر و پیسڕەفتارانە لەو وڵاتەدا، ژینگە ئەوەندەی دیکە پیس دەکات.
کۆبوونەوەی ئەمساڵ لە ڕۆژی 06/11 کە بیستوحەوتەمین جارە، دا لە شاری شەرم ئەلشێخ، میسر، بە بەشداری زیاتر لە 44 هەزار کەس کە لە 176 وڵاتەوەن و نزیکەی 140 لە سەرۆکانی ئەو وڵاتانە دەستیپێکرد و نزیکەی دوو هەفتەی خایاند. هاوکاتیش زیاتر لە لایەن 630 لۆبیچی کۆمپانیا و پیشەسازییە سەرەکییەکانەوە دەوریان گیرا و دەیانەوێت کارایی خۆیان بۆ بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیانەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن لەسەر بەشداربوانی کۆبونەوەکە دابنێین.
ئەوەی کە حوکم دەکات، ئەوەی فرمان دەدات، ئەوەی لە پشتی حوکمرانی و دەسەڵاتەوەیە کۆمپانیا گەورەکانن بە هەمو جۆرێکیانەوە، ملیۆنەر و ملیاردەرەکانن هەر ئەمانیشن کە ڕۆڵی سەرەکییان لە پیسکردن و ژەهراویکردنی ژینگەدا هەیە، هەر ئەمانن هۆکاری وشکەساڵی و لافاو و تۆفان و زریان و گەرمای لە رادەبەدەری هاوینان کە لە زۆر شوێندا دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و لە دەستدانی زۆر زیندەوەر بە مرۆڤیشەوە و سوتانی دارستان و جەنگەڵەکانیش.
ئەوە ڕاستیە کە هەموو ئەم زاتانە لەژێر فشاری خەڵک و گروپەکانی دۆستی ژینگە و بەرگری لە کەش و هەوا دەیانەوێت هاوسەنگییەك لە نێوانی پاراستن و پاکی ژینگە و بزنسدا، بە واتایەکی دیکە لە نێوانی ژینگە و زیاتری پارە و قازانج و سەرمایەدا بکەن، بەڵام کۆبوونەوەکانی پێشتر و بڕیارەکانی حیزبانی حاکم و ڕاگەیاندنەکانی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران سەبارەت بە هەڵکشانی پشکی قازانج و سەرمایەیان جگە لە پیسترکردنی زیاتری ژینگە و وێرانکردنی، پێچەوانەیەکمان ناداتە دەست . تێگەیشتنی ئەمەش ئاسانە : بزنس لغاو ناکرێت ، سەرمایە و سامان سنوری نییە و ڕاناگیرێت، هاوسەنگی لە نێوانی بزنس و ژینگەدا نییە و ناکرێت و بە دوو ئاراستەی دژ بەیەك دەڕۆن و بۆ هەمیشەش لەیەکدی دوور دەکەونەوە.
بێ گومان زۆربەی زۆری کۆمپانیاکان و سامانداران و سەرمایەداران ئەوروپی و ئەمەریکی و کەنەدەیی و هیندی و چینین کە ئەم کارەساتە بۆ خەڵکی دەخولقێنن. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە کارەساتەکە بەسەر وڵاتانی دەرەوەی خۆیان دەهێنن زیاتر لە خۆیان.
با داتاکان خۆیان بدوێن:.
داتا نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ساڵی 2030 ساڵانە نزیکەی 2 تریلۆن دۆلار (1.75 تریلۆن پاوەند) پێویست دەبێت بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی ئابووری دواکەوتوو بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاربۆن و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی تێکچوونی کەش و هەو. ئەو پارە نەختینەیە پێویست دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتانی هەژار بتوانن لە سووتەمەنی بەردینی (Fossil fuel ) دوور بکەونەوە و وەبەرهێنان لە وزەی نوێبوونەوە و تەکنەلۆژیای تری کەمکاربۆن بکەن و ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی کەش و هەوای ناجۆر و توند ببنەوە. ئەمە ڕاپۆرتێکە کە بە هاوبەشی لەلایەن حکومەتی بەریتانیا و میسرەوە ڕاسپێردرا بوو تاکو لە لوتکەی کەش وهەوای نەتەوە یەکگرتووەکانی Cop27 پێشکەش بکرێت .
ئەم بڕە پارەیە زەروورە بۆ گەشەی ئابوورییەك کە لەسەر بناخەی کەمی کاربۆن و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەرهێنانی ملیارەها کەس لە هەژاری و ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. هەروەها بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی قەیرانی کەش و هەوا، بۆ نموونە لە ڕێگەی دروستکردنی ژێرخانی بەهێزتر و پاراستنی وەک دیواری دەریا و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.
تەواوی کیشوەری ئەفریقا بەرپرسیارە لە کەمتر لە 4%ی دەردانی گازی ژەهراوی مێژوویی جیهانی، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ئەفریقا قورسایی قەیرانی کەش وهەوا لە ئەستۆ دەگرن. ئەمە زیانێکی گەورەیە بە کۆمەڵی ئەو وڵاتانە و ئابوورییان.

زاهیر باهیر
نوڤەمبەری 2022
سەرمایەداران و سیاسییەکان و دەوڵەتمەداران لە دانانی پلان و پڕۆگرامی گەمژاندنی گەلەکەیاندا زۆر زیرەکن. بۆ ئەمەش بەگوێرەی گرفتەکان و گەورەیی و بچوکییان کار لەسەر ئەو پلانانە دەکەن. کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەواش یەکێكە لەو پلانانە بەڵام نەك هەر هاوکاری کەمکردنەوەی پیسی ژینگە ناکات بەڵکو خودی پرۆسەکە و کۆبونەوەی ئەو هەموو کەسە پیسخۆر و پیسڕەفتارانە لەو وڵاتەدا، ژینگە ئەوەندەی دیکە پیس دەکات.
کۆبوونەوەی ئەمساڵ لە ڕۆژی 06/11 کە بیستوحەوتەمین جارە، دا لە شاری شەرم ئەلشێخ، میسر، بە بەشداری زیاتر لە 44 هەزار کەس کە لە 176 وڵاتەوەن و نزیکەی 140 لە سەرۆکانی ئەو وڵاتانە دەستیپێکرد و نزیکەی دوو هەفتەی خایاند. هاوکاتیش زیاتر لە لایەن 630 لۆبیچی کۆمپانیا و پیشەسازییە سەرەکییەکانەوە دەوریان گیرا و دەیانەوێت کارایی خۆیان بۆ بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیانەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن لەسەر بەشداربوانی کۆبونەوەکە دابنێین.
ئەوەی کە حوکم دەکات، ئەوەی فرمان دەدات، ئەوەی لە پشتی حوکمرانی و دەسەڵاتەوەیە کۆمپانیا گەورەکانن بە هەمو جۆرێکیانەوە، ملیۆنەر و ملیاردەرەکانن هەر ئەمانیشن کە ڕۆڵی سەرەکییان لە پیسکردن و ژەهراویکردنی ژینگەدا هەیە، هەر ئەمانن هۆکاری وشکەساڵی و لافاو و تۆفان و زریان و گەرمای لە رادەبەدەری هاوینان کە لە زۆر شوێندا دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و لە دەستدانی زۆر زیندەوەر بە مرۆڤیشەوە و سوتانی دارستان و جەنگەڵەکانیش.
ئەوە ڕاستیە کە هەموو ئەم زاتانە لەژێر فشاری خەڵک و گروپەکانی دۆستی ژینگە و بەرگری لە کەش و هەوا دەیانەوێت هاوسەنگییەك لە نێوانی پاراستن و پاکی ژینگە و بزنسدا، بە واتایەکی دیکە لە نێوانی ژینگە و زیاتری پارە و قازانج و سەرمایەدا بکەن، بەڵام کۆبوونەوەکانی پێشتر و بڕیارەکانی حیزبانی حاکم و ڕاگەیاندنەکانی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران سەبارەت بە هەڵکشانی پشکی قازانج و سەرمایەیان جگە لە پیسترکردنی زیاتری ژینگە و وێرانکردنی، پێچەوانەیەکمان ناداتە دەست . تێگەیشتنی ئەمەش ئاسانە : بزنس لغاو ناکرێت ، سەرمایە و سامان سنوری نییە و ڕاناگیرێت، هاوسەنگی لە نێوانی بزنس و ژینگەدا نییە و ناکرێت و بە دوو ئاراستەی دژ بەیەك دەڕۆن و بۆ هەمیشەش لەیەکدی دوور دەکەونەوە.
بێ گومان زۆربەی زۆری کۆمپانیاکان و سامانداران و سەرمایەداران ئەوروپی و ئەمەریکی و کەنەدەیی و هیندی و چینین کە ئەم کارەساتە بۆ خەڵکی دەخولقێنن. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە کارەساتەکە بەسەر وڵاتانی دەرەوەی خۆیان دەهێنن زیاتر لە خۆیان.
با داتاکان خۆیان بدوێن:.
داتا نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ساڵی 2030 ساڵانە نزیکەی 2 تریلۆن دۆلار (1.75 تریلۆن پاوەند) پێویست دەبێت بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی ئابووری دواکەوتوو بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاربۆن و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی تێکچوونی کەش و هەو. ئەو پارە نەختینەیە پێویست دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتانی هەژار بتوانن لە سووتەمەنی بەردینی (Fossil fuel ) دوور بکەونەوە و وەبەرهێنان لە وزەی نوێبوونەوە و تەکنەلۆژیای تری کەمکاربۆن بکەن و ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی کەش و هەوای ناجۆر و توند ببنەوە. ئەمە ڕاپۆرتێکە کە بە هاوبەشی لەلایەن حکومەتی بەریتانیا و میسرەوە ڕاسپێردرا بوو تاکو لە لوتکەی کەش وهەوای نەتەوە یەکگرتووەکانی Cop27 پێشکەش بکرێت .
ئەم بڕە پارەیە زەروورە بۆ گەشەی ئابوورییەك کە لەسەر بناخەی کەمی کاربۆن و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەرهێنانی ملیارەها کەس لە هەژاری و ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. هەروەها بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی قەیرانی کەش و هەوا، بۆ نموونە لە ڕێگەی دروستکردنی ژێرخانی بەهێزتر و پاراستنی وەک دیواری دەریا و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.
تەواوی کیشوەری ئەفریقا بەرپرسیارە لە کەمتر لە 4%ی دەردانی گازی ژەهراوی مێژوویی جیهانی، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ئەفریقا قورسایی قەیرانی کەش وهەوا لە ئەستۆ دەگرن. ئەمە زیانێکی گەورەیە بە کۆمەڵی ئەو وڵاتانە و ئابوورییان.

زاهیر باهیر
نوڤەمبەری 2022
سەرمایەداران و سیاسییەکان و دەوڵەتمەداران لە دانانی پلان و پڕۆگرامی گەمژاندنی گەلەکەیاندا زۆر زیرەکن. بۆ ئەمەش بەگوێرەی گرفتەکان و گەورەیی و بچوکییان کار لەسەر ئەو پلانانە دەکەن. کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەواش یەکێكە لەو پلانانە بەڵام نەك هەر هاوکاری کەمکردنەوەی پیسی ژینگە ناکات بەڵکو خودی پرۆسەکە و کۆبونەوەی ئەو هەموو کەسە پیسخۆر و پیسڕەفتارانە لەو وڵاتەدا، ژینگە ئەوەندەی دیکە پیس دەکات.
کۆبوونەوەی ئەمساڵ لە ڕۆژی 06/11 کە بیستوحەوتەمین جارە، دا لە شاری شەرم ئەلشێخ، میسر، بە بەشداری زیاتر لە 44 هەزار کەس کە لە 176 وڵاتەوەن و نزیکەی 140 لە سەرۆکانی ئەو وڵاتانە دەستیپێکرد و نزیکەی دوو هەفتەی خایاند. هاوکاتیش زیاتر لە لایەن 630 لۆبیچی کۆمپانیا و پیشەسازییە سەرەکییەکانەوە دەوریان گیرا و دەیانەوێت کارایی خۆیان بۆ بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیانەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن لەسەر بەشداربوانی کۆبونەوەکە دابنێین.
ئەوەی کە حوکم دەکات، ئەوەی فرمان دەدات، ئەوەی لە پشتی حوکمرانی و دەسەڵاتەوەیە کۆمپانیا گەورەکانن بە هەمو جۆرێکیانەوە، ملیۆنەر و ملیاردەرەکانن هەر ئەمانیشن کە ڕۆڵی سەرەکییان لە پیسکردن و ژەهراویکردنی ژینگەدا هەیە، هەر ئەمانن هۆکاری وشکەساڵی و لافاو و تۆفان و زریان و گەرمای لە رادەبەدەری هاوینان کە لە زۆر شوێندا دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و لە دەستدانی زۆر زیندەوەر بە مرۆڤیشەوە و سوتانی دارستان و جەنگەڵەکانیش.
ئەوە ڕاستیە کە هەموو ئەم زاتانە لەژێر فشاری خەڵک و گروپەکانی دۆستی ژینگە و بەرگری لە کەش و هەوا دەیانەوێت هاوسەنگییەك لە نێوانی پاراستن و پاکی ژینگە و بزنسدا، بە واتایەکی دیکە لە نێوانی ژینگە و زیاتری پارە و قازانج و سەرمایەدا بکەن، بەڵام کۆبوونەوەکانی پێشتر و بڕیارەکانی حیزبانی حاکم و ڕاگەیاندنەکانی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران سەبارەت بە هەڵکشانی پشکی قازانج و سەرمایەیان جگە لە پیسترکردنی زیاتری ژینگە و وێرانکردنی، پێچەوانەیەکمان ناداتە دەست . تێگەیشتنی ئەمەش ئاسانە : بزنس لغاو ناکرێت ، سەرمایە و سامان سنوری نییە و ڕاناگیرێت، هاوسەنگی لە نێوانی بزنس و ژینگەدا نییە و ناکرێت و بە دوو ئاراستەی دژ بەیەك دەڕۆن و بۆ هەمیشەش لەیەکدی دوور دەکەونەوە.
بێ گومان زۆربەی زۆری کۆمپانیاکان و سامانداران و سەرمایەداران ئەوروپی و ئەمەریکی و کەنەدەیی و هیندی و چینین کە ئەم کارەساتە بۆ خەڵکی دەخولقێنن. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە کارەساتەکە بەسەر وڵاتانی دەرەوەی خۆیان دەهێنن زیاتر لە خۆیان.
با داتاکان خۆیان بدوێن:.
داتا نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ساڵی 2030 ساڵانە نزیکەی 2 تریلۆن دۆلار (1.75 تریلۆن پاوەند) پێویست دەبێت بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی ئابووری دواکەوتوو بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاربۆن و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی تێکچوونی کەش و هەو. ئەو پارە نەختینەیە پێویست دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتانی هەژار بتوانن لە سووتەمەنی بەردینی (Fossil fuel ) دوور بکەونەوە و وەبەرهێنان لە وزەی نوێبوونەوە و تەکنەلۆژیای تری کەمکاربۆن بکەن و ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی کەش و هەوای ناجۆر و توند ببنەوە. ئەمە ڕاپۆرتێکە کە بە هاوبەشی لەلایەن حکومەتی بەریتانیا و میسرەوە ڕاسپێردرا بوو تاکو لە لوتکەی کەش وهەوای نەتەوە یەکگرتووەکانی Cop27 پێشکەش بکرێت .
ئەم بڕە پارەیە زەروورە بۆ گەشەی ئابوورییەك کە لەسەر بناخەی کەمی کاربۆن و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەرهێنانی ملیارەها کەس لە هەژاری و ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. هەروەها بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی قەیرانی کەش و هەوا، بۆ نموونە لە ڕێگەی دروستکردنی ژێرخانی بەهێزتر و پاراستنی وەک دیواری دەریا و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.
تەواوی کیشوەری ئەفریقا بەرپرسیارە لە کەمتر لە 4%ی دەردانی گازی ژەهراوی مێژوویی جیهانی، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی ئەفریقا قورسایی قەیرانی کەش وهەوا لە ئەستۆ دەگرن. ئەمە زیانێکی گەورەیە بە کۆمەڵی ئەو وڵاتانە و ئابوورییان.

بە هۆی گۆڕان و خراپی کەش و هەواوە لە سەرانسەری ئەفریقا، پێشبینی دەکرێت کەمیی ئاو لەم دەیەدا تا 700 ملیۆن کەس ئاوارە بکات و150 ملیۆن کەسی لە ئەفریقا خستۆتە بەردەم مەترسی برسێتییەکی زۆرەوە.
قۆڕنی ئەفریقا ( The Horn of Africa ) خراپترین وشکەساڵی لە ماوەی 40 ساڵدا بەخۆیەوە دەبینێت، زیاتر لە 50 ملیۆن کەس بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن، دڵنیا نین لە کوێوە ژەمی داهاتوویان دێت. سەرباری ئەوەش 116 ملیۆن ئەفریقی لەم دەیەیەدا ڕووبەڕووی مەترسی توندی خراپی کەش و هەوا دەبنەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکانەوە.
فرۆشتنی شوێنە سروشتییەکان کە خەڵکە ئەسڵییەکەی لێدەژین بە پارەیەکی ڕەمزی یا هەر وەکو خەڵاتیی بە کۆمپانیا گەوەرە بێیانەکان یاخود ساماندارانی نێوخۆ، خەڵکەکەی وڵاتی کینیای توشی نەگبەتی گەورە کردۆتەوە. هەر بۆ نموونە پرۆژەی کێڵگەی بای دەریاچەی تورکانە لە باکووری کینیا لەسەر خاکی خەڵکە ئەسڵییەکەی دروستکراوە دوای ئەوەی 40 هەزار دۆنم زەوی ڕادەستی کۆمەڵەیەکی وەبەرهێنەران کرا بەبێ ئەوەی ڕاوێژ بە کۆمەڵگە شوانکارییە ئەسڵییەکەی بکرێت کە بۆ سەدان ساڵ – ئەگەر هەزاران ساڵ نەبێت – بە شێوەیەکی بەردەوام لەسەر زەوییەکە ژیاون و کشتوکاڵیان کردووە. ئەم پرۆژەیە، پرۆژەی نوێکردنەوەی وزە گەورەترین پڕۆژەی ئەفریقایە، بووەتە هۆی کۆچی زۆرەملێ، ململانێ، توندوتیژیی جێندەری، نائاسایشی ئاو و خۆراک و هەروەها تێکچوونی نەریتی کولتووری و زمان بەهۆی لێشاوی کرێکارانی بیناسازییەوە.
ئەمەی کە دەکرێت تەنها گواستنەوە بەرەو پێشەوەچوون نییە، ئەمە “دەستبەسەرداگرتنی زەوییە” جۆن تینگۆی تەمەن 47 ساڵ لە بزووتنەوەی خەڵکە ئەسڵییەکە بۆ پێشخستنی ئاشتی و گۆڕینی کاریگەری ململانێکان لە باکووری کینیا وای وت ” ئەگەر تۆ مافە سەرەتاییەکانی خەڵک پێشێل بکەیت و کۆمەڵگاکان هیچ سوودێکی لێنەبینن، هەرگیز ناتوانرێت دادپەروەرانە بێت.”
سەرمایەدارانی ئەفریقا و زۆرێك لە دەسەڵاتداران لارییان نییە بەوەی کە کۆمپانیاکانی گاز و نەوت لەوێ دەست بەکاری پشکنین و دەرهێنانی نەوت و غاز دەکەن ، چونکە ئەوان دەڵێن کە ئەو پارەیە پێویستە بۆ چارەسەری نەخۆشی و فراوانکردنی خەستەخانە و زیادکردنی ژمارەیان، هەروەها بۆ کردنەوەی قوتابخانە و نەهێڵانی نەخوێندەواری. لە بەرانبەر ئەمەدا زۆرێک لە شارەزایان و چالاکوانانی کەش وهەوای ئەفریقا دژی فراوانبوونی گاز لەم کیشوەرەدا قسە دەکەن. ئەوان دەڵێن پێناچێت هەژارانی ئەفریقا هیچ سوودێک لەم غازە ببینن، کە پێدەچێت لەلایەن کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانەوە هەناردە بکرێت بۆ دەرەوەی وڵات بۆ بەرزترین نرخ، قازانجەکانیش دەگوازرێنەوە بۆ دەستەبژێرانی وڵاتەکان. هاوپەیمانییەك کە لە دەیان گروپی کەشوهەوای ئەفریقا پێکهاتووە لە نامەیەکی کراوەدا لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا بە ناوی “Don’t Gas Africa” نووسیویەتی: “هەنگاونان بۆ غاز لە ئەفریقا مەترسیدار و کورتبینییە”.
وڵاتێکی دیکە لە ئەفریقا کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆیە کە خۆی نزیکەی سێ دەیە لە جەنگ و ململانێی سەختدا بوە و بەرگەی گرتووە ، لەو وڵاتەدا ساڵانە تا پێنج هەزار منداڵ دەبنە سەرباز. ئەمە نەبێت ئەم وڵاتە هەژار بێت، بەڵکو وڵاتێکە پڕە لە کانزای بێئەندازە و چارەسەری کەش و هەوای داهێنەرانە. دووەم گەورەترین دارستانە باراناوییەکانی جیهان دوای بەرازیل و ئەندەنوسیا ئەوێیە. کۆگایەکی گەورەی کۆبالت، مس و ئەلەمنیۆمی تێدایە – ئەوانە ئەو کانزایانەن کە پێویستن بۆ گۆڕانکارییە سەرەکییەکان کە پێویستمانە بۆ وزەی نوێبووەوە و ئابووری دیجیتاڵی. دارستان و جەنگەڵەکانی کۆنگۆ توانای هەڵمژینی نزیکەی 1.2 ملیار تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان لە ساڵێکدا هەیە کە دەکاتە لابردنی لە 4%ی دەردانی گازی ژەهراوی جیهانی.

لە پاکستان لە سەرەتای ئەمساڵدا، لافاوێکی توند سێیەکی تەواوی وڵاتەکەی ژێرئاو خست و زیاتر لە هەزار و 700 کەسی کوشت. بانکی نێودەوڵەتی کۆی زیانەکانی ئابووری بە هۆی ئەوەوە مەزەندە دەکات بە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار (26 ملیار پاوەند) . هەروەها ئاوەدانکردنەوەشی 16 ملیار دۆلاری دیکەی تێدەچێت. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم وڵاتە تەنها بە 0.3%ی دەردانی گازی ژەهراوی جیهانی بەشداری کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک کینیا و سۆماڵ، ناچارە بە ڕێژەی ئەو گازە گەرمخایەنانەی کە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بەرەڵای دەکەن پارەبدات . لەمەش زیاتر، ئەم وڵاتانەی کە ئاوا باجی سەرەکی وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوو دەدەن سەرچاوەیان نییە بۆ ئەوەی پارەی ئەو زیانانە بدەن کە بەسەریاندا دەسەپێنرێت.
بەڵام کاتێک ئەڵمانیا لە ساڵی 2021دا تووشی لافاوێکی ترسناک بوو، حکومەت توانی دەستبەجێ 30 ملیار یورۆ ( 26 ملیار پاوەند) تەرخان بکات بۆ ئەوەی پارە بدات بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارۆچکە و ژێرخانانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە لەناوچوون. کەچی وڵاتی پاکستان ناچار بووە پشت بە بانگەوازێکی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان ببەستێت کە تەنها بڕی لە 34% پارەی بۆ دابین دەکرێت. مۆزەمبیق ناچار بوو قەرزێکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەربگرێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە پێدانی پارەی چاکبوونەوە لە دوای زریانەکەی ‘ ئیدای ‘ ساڵی 2019، ئەمەش وڵاتەکەی زیاتر پاڵنا بەرەو خراپتر بە ناڕەحەتی قەرزەکانیەوە کە لە بەرزبوونەودایە.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شێهباز شەریف کە بەشداری لە کۆبونەوەکەدا کرد سەرەڕای داتاکانی سەرەوە ئاماژەی بەوەشکردووە” لافاوە کارەساتبارەکان کاریگەرییان لەسەر 33 ملیۆن کەس هەبووە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵەکانمان بوون. بارانبارینەکە حەوت جار زیاتر لە تێکڕای بارینی بارانی پێشتر بووە کە لە باشوووردا باریون. ئێمە هەوڵێکی زۆرمان دا بەڵام هێشتا لافاوەکان ئەوەندە گەورە و تووڕە بوون زیاتر لە 8,000 کیلۆمەتر ڕێگا کانزاییەکانیان هەڵتەکاند و زیانیان زیاتر بە 3,000 کیلۆمەتر هێڵی شەمەندەفەرەکانمان گەیاند. هەروەها 4 ملیۆن دۆنم زەوی بەرهەمهێنەریان شۆردەوە، پاکستانیان وێران کرد” وتنی ئەمانە، دانیشتوانی هۆڵەکەی سڕ و بێ دەنگی کرد.
بەشێکی زۆری ئەم هەژارییە لە دەرەقەت نەهاتنی کارەساتە سروشتییەکانن، میراتی دەرهێنانی کانزا بەهادارەکانن و تاڵانکردنی کۆلۆنیالیزمن کە لەلایەن وڵاتانی دەوڵەمەندەوە وایکردووە وڵاتانی وەک پاکستان، کینیا و مۆزەمبیق بێ سەرچاوەی پێویست بتوانن لە بەرامبەر گۆڕانی توندی کەش و هەوادا ڕوبەڕو ببنەوە. لە کاتێکیشدا ئەم وڵاتانە پارەی چارەسەرکردنی ئەنجامکارییەکانی ڕووداوە توندەکانی کەش وهەوایان نییە، بۆیە هیوایەکی کەم هەیە بۆ ئەم وڵاتانە تاکو لە چەند دەیەی داهاتوودا بژین.

وەکو لە سەرەتادا پەنجەم بۆ ڕاکیشا دروستکردنی ئەم کارەساتانە دەستکردن نەك خواکرد، دەستکردی کۆمپانیا گەورەکانن، سامانداران و سەرمایەدارانن. بێ گومان زۆرێك لە بزنسەکان لە بچوکیانەوە بۆ گەورەیان تا دەگاتە گواستنەوەی میوە و خواردەمەنییەکانمان بە ترێلە و بە پاپۆڕ و بە فڕۆکە لە وڵاتانی دوورەدەستی وەکو ئەمەریکای لاتین و ئەفەریقا و خۆرهەڵاتی ناوین و ئەوانی دیکە، ڕۆڵی سەرەکییان لە پیسبوون و ژەهراویبوونی ژینگەدا هەیە. من لێرەدا تەنها ئاماژە بە سێ دانە لەو بزنسە گەورانە دەدەم :

یەك: کۆمپانیا گەورەکانی وەکو نەوت و غاز :

کۆمپانیاکانی نەوت و گاز پلانیان بۆ گەشەکردنی سووتەمەنی بەردینی ‘ترسناک’، هەیە ڕاپۆرتێك نیشانیدەدات توێژینەوەکانی کە لە لوتکەی کەش و هەوای Cop27 بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن پلانەکان بەختی هێشتنەوەی گەرمبوونی جیهان بۆ پلەی 1.5ی سەدیی پووچەڵ دەکەنەوە.
شیکارییەکی نوێش دەریخستووە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز پلانیان هەیە بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنانیان بە شێوەیەکی ترسناک کە لە ئەنجامدا ئەگەر ئەوە سەربگرێت 115 ملیار تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەنە دەرەوە. ئەمەش هاوتایە بەدەردانی زیاتر لە 24 ساڵ گازی ژەهراوی لە ئەمریکا. ڕاپۆرتەکە دەریخستووە کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو کۆمپانیاکانی نەوت و گاز پلانیان هەیە بۆ ئیستغلالکردنی زیاتری سووتەمەنی بەردینی، کە لە ساڵی 2020 وە 160 ملیار دۆلاریان بۆ گەڕان بەدوایدا خەرج کردووە.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا بڵاوکرایەوە، کە سەرکردەکان ئاگادارکراونەتەوە کە کەمکردنەوە و پەلەکردن لە دەردانی کاربۆن پێویستە بۆ ئەوەی کارەساتی کەش و هەوا ڕوونەدات. بەڵام لەو توێژینەوەیەدا دەرکەوتووە کە 655 لە کۆی 685 ( لە سەدا 96) ی کۆمپانیاکانی گەڕان و بەرهەمهێنان پلانی فراوانکردنیان هەیە، کە لە ساڵی 2021 وە بە ڕێژەی لە سەدا 20 زیادیکردووە.
ڕاپۆرتێکی نوێی هاوکاریکردن لە زیان و خەساراتەکان دەریخستووە کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022دا، تەنها بە شەش کۆمپانیای سووتەمەنی بەردینیی، پارەی پێویستیان بەدەستهێناوە بۆ دابینکردنی کۆی تێچووی کەش و هەوای خراپ و ڕووداوەکانی پەیوەست بە کەش و هەوا لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان [ لە ڕوی پیشەسازییەوە] – و لە سەر و ئەوەشەوە نزیکەی 70 ملیار دۆلار (61 ملیار پاوەند) قازانجی نەختینەیان بۆ دەمێنێتەوە. تەنانەت سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە باجی داهات لەسەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سووتەمەنی بەردینیی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان و خەساراتەکان دانرێت.

بە گوێرەی شیکارییەکانی گروپی ژینگەپارێزی ئەڵمانی Urgewald کە لەسەر بنەمای بنکەیەکی زانیارییە، توێژینەوەکەی لەسەر ئاستی کۆمپانیاکانە کە بەرپرسیارن لە 95%ی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە جیهاندا. داتاکانی ئەو شیکارییە هەڵسەنگاندنی ئەوە دەکەن کە ئایا چالاکییەکانی کۆمپانیایەک هاوتەریبن لەگەڵ سیناریۆی دەردانی گازی ژەهراوی لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە کە پاك و پلە سفر بێت لەو گازە ژەهراییە . فیۆنا هاوک لە گروپی Urgewald دەڵێت: “ئەنجامی حیساباتەکانمان بەڕاستی ترسناکە: پلانەکانی فراوانکردنی کورتخایەنی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز لەگەڵ دەردانی گازی ژەهراوی پاکدا بە پلەی سفر ناگونجێت کە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی نێودەوڵەتییەوە پێشکەش کراوە.”.. “هێشتنەوەی ئەم سەرچاوانەی نەوت و گاز لە زەویدا کەمترین شتە بۆ ئەوەی چارەسەری دۆخە خراپەکە بکرێت کەبەدەستهێنانی پلەی گەرمی 1.5 سەدیی بێت.”
ئەو پلانانەی کەش و هەوا کە لەلایەن زۆرێک لە کۆمپانیاکانی نەوت و گازەوە بڵاوکراونەتەوە، لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە کۆبوونەوەی Cop27 ڕۆژی سێشەممە، 15/11 ، سەرزەنشت کران. . ئەو وتی : ” ئەوەی پێیان دەوترێت ‘بەڵێنی پلەی سفر’ لە پاککردنەوەی ژینگە لە و گازە ژەهراوییە کە بەرهەمە سەرەکییەکانی [خەڵوز، نەوت، گاز] لە خۆیانی دەگرن ، هەسارەکەمان ژەهراوی دەکەن، ڕاست نییە. بەکارهێنانی بەڵێنی ساختەی پلەی‘سفر’ لە پاککردنوەی ژینگەدا بۆ داپۆشینی فراوانبوونی گەورەی سووتەمەنی بەردینی، جێگەی سەرزەنشتکردنە. ئەم پەردەپۆشکردنە ژەهراوییە دەتوانێت جیهانەکەمان بەرە و خراپی کەش وهەوا پاڵبنێت”.

دوو: پیشەسازیی سەیارە و سەیارە دروستکردن:

داخوازی زۆر لەسەر سەیارە و بوونی خودی سەیارە وەکو زەروورەیەکی سەرەکی بە تایبەت لە کاتێکدا کە منداڵت هەبیت و لە شارۆچکەیەکدا بیت کە ئامرازە گشتییەکانی گواستنەوەی وەکو پاس و میترۆ و قیتار وەکو پێویسیت نەبێت ، یاخود کار و شوێنیی ئیشت دوورەدەست بێت.
گەورەترین کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا پلانیان کردووە بۆ دروستکردنی 400 ملیۆن ئۆتۆمبێلی زیاتر، کە لەگەڵ هاتنە خوارەوەی پلەی گەرمی بۆ 1.5 سەدییدا نایەتەوە. لەوانە تۆیۆتا و ڤۆڵکسواگن و هۆندا/کیا لەسەر ڕێڕەوی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی بەنزین و گازۆیل بەردەوام دەبێت .
توێژەرانی زانکۆی تەکنەلۆژیای سیدنی (UTS) و زانکۆی زانستە کارپێکراوەکانی پیشەسازی لە بێرگیش گلادباخ و گرینپیسی،Greenpeace ، ئەڵمانیا ، بەراوردیان کردووە بەو ڕێژەیەی کە جیهان پێویستی بە وەرگرتنی ئۆتۆمبێلی دەردانی گازی ژەهراوی بە پلەی سفر هەیە لەگەڵ ئەو ڕێژەیەی کە کۆمپانیا گەورەکانی ئۆتۆمبێل پلانیان بۆ داناوە و مۆدێلی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنن جیاوازە.

لە ڕاپۆرتی ئەو توێژینەوەیەدا هاتووە: “بودجەی کاربۆنی 53 Gt ڕێگە بە فرۆشتنی 315 ملیۆن ئۆتۆمبێلی دیکەی ICE [بزوێنەری سووتانی ناوخۆیی] تا ساڵی 2022.دەدات” هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش پشتراستکراوەتەوە “ لە هەمان کاتدا پێشبینیکراوە کە فرۆشتنی سەیارەی کە بە بزوێنەری سوتانی ناوخۆیی کاردەکات لە نێوان لانیکەم 645 ملیۆن بۆ 778 ملیۆن ئۆتۆمبێلدایە. ئەمەش زیادبوونی 105% بۆ 147% بە فرۆشتنی سەیارەیەکە کە لەگەڵ 1.5 پلەی سەدیدا دەگونجێت”.

سێ: ئاژەڵداریی و پیشەسازی گۆشت و شیرەمەنییەکان:

ئاژەڵداری و کێڵگەکانی، farms ، سەرچاوەیەکی دیکەی دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنن و ڕۆڵی گەورەیان هەیە لەسەر گەرمکردنی زەوی و پیسکردنی ژینگە ئەمە جگە لەوەی کە پانتاییەکی گەورەی فراوان بەکاردەهێنرێت بۆ بەخێوکردنیان.
بەخێوکردنی ئاژەڵ، کە توێژینەوەیەکی ئەم دواییە لە گۆڤاری Sustainability دەیخەمڵێنێت، لە نێوان 16.5% بۆ 28%ی هەموو پیسبوونی گازی گەرمخایەنی ، ” دووەم ئۆکسیدی کاربۆن”، پێکدەهێنێت. مەودای بەرفراوانی ئەم ژمارانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم بابەتە چەندە خراپ پشتگوێ خراوە. وەک لە هەمان توێژینەوەدا دەردەکەوێت، ئەو ئامارە فەرمییە (14.5%)، کە لەلایەن ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، بە ڕوونی هەڵەیە، هەموو کەسێکیش لەو بوارەدا دەیزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا کەم هەوڵی نوێکردنەوەی دراوە.
لە ماوەی 20 ساڵدا تا 2018 بەکارهێنانی گۆشت لە جیهاندا بە ڕێژەی 08% زیادی کردووە. توێژینەوەیەک لە کتێبی ‘ سیاسەتی کەش و هەوادا’ مەزەندە دەکات کە تا ساڵی 2030 ئەو گازە گەرمخایەنە لە بەخێوکردنی ئاژەڵدا، دەکرێت کە نیوەی تەواوی بودجەی کاربۆنی جیهان بۆ ئەوە بەکاربهێنین ئەگەر بمانەوێت خۆمان لە بەرزبوونەوەی زیاتر لە پلەی 1.5 ی گەرمبوونی جیهانی بەدوور بگرین.
کارایی پیسکردنی ژینگە بەم هۆکارە تەنانەت گەر لە ئێستاشدا ڕێگری لێبکرێت هێشتا بۆ ماوەیەکی دوورو و درێژ کارایی خۆی هەر دەمێنێت.
شیکارییەکی جیهانی هەر لەو بوارەدا بە داتاوە دەریدەخات کە تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆ پیسبوونی گازی گەرمخایەن لە هەموو کەرتێکی دیکەدا نەهێڵرێت، تا ساڵی 2100 بەرهەمهێنانی خۆراک بەپێی ڕێڕەوی ئێستای، بودجەی جیهانی کاربۆن دوو سێ هێندە زیاتر دەشکێنێت و دەبێت زیاتر پارە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێت. ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی بەخێوکردنی ئاژەڵییەوەیە کە 57%ی گازە گەرمکەرەوەکانی سیستەمی خۆراک پێکدەهێنێت، هەرچەندە تەنها 18%ی کالۆریەکان دابین دەکات. چونکە بەخێوکردنی ئاژەڵ گەورەترین سەرچاوەی دروستکردنی غازی میسانە، CH4 ، لە جیهاندا کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دەردەچێت.
پڕۆفیسۆر جۆرج مۆنبیت وانەبێژی زانکۆ، خاوەنبەرنامەی ژینگە لە تی ڤی دا هەروەها ڕێکخەری کەمپەینی گەورە بۆ بەرگریی لە ژینگە کە چەند دەیەیەکە لەو بوارەدا چالاکی دەکات و خاوەنی جەندەها کتێبە دەڵێت ” هێزی کولتووری کەرتی ئاژەڵداریی زۆر لە هێزی ئابوورییەکەی زیاترە ، چونکە پەیوەندیمان بە خۆراکەوە زیاتر کەسییە تاکو پەیوەندیمان بە سەرچاوەی وزەوە. زۆربەی سووتەمەنی بەردینی لە دوورەوە بەکاردەهێنرێت بۆ نموونە کاتێک کارەبا بەکاردەهێنین، کە گڵۆپەکان دادەگیرسێن بیر لەوە ناکەینەوە کە لە کوێوە هاتووە، بەڵام سەبارەت بەو خواردنانەی دەیخۆین بیرکردنەوە و هەستێکی زۆر دەکەین.”

ئەنجامگیریی:
بێ گومان ئەوەی سەرەوە سەرەتایەکی زۆر کورتە لەسەر پرسێکی ئێکجار گەورە و بە بایاخ کە هەزاران کتێب و وتاری لەسەر نوسراوە بێ لە کۆڕ و بەرنامە و تاقیکردنەوەی بە کرداریی . لەگەڵ ئەوەشدا بە گوێرەی داتاکانی سەرەوە دەکرێت زۆر شت بسەلمێنرێت یا هەر هیچ نەبێت هەلی بیرکردنەوەمان پێدەدات کە تێفکرینێك لە پەیوەستبوونەوەی خراپیبوونی ژینگە و سروشت لەتەك کۆمپانیا زەبەلاحەکان و سیستەمی هەنووکەییدا. ئەمەش بە ئاسانی نیشانی دەدات کە گرێدانەوەیەك لە نێوانی گەرمبوونی زەوی و کارەساتەکانی کە کەش و هەوای خراپ دەیهێنن ئاشکرایە.
لەگەڵ ئەو هەموو وردەکاری و ئامارانەدا لەسەر ڕۆلی کۆمپانیاکان کە ڕۆلی سەرەکییان لەو بارەیەوە هەیە بەڵام ڕۆلی تاکیش هەم لە پیسکردن و هەم لە ڕێگرتن لێی و کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەو خۆ، هەیە. ئەمەش هەر لە پیسنەکرنی ژینگە و کاری زۆر بچوكی وەکو کردنی دوشێکی کورت بەئاوی شلەتێن، کوڵاندنی ئاو لە کترییەكدا بە قەدەر ئەوەی کە دەتەوێت، زۆر گەرمنەکردنی ماڵ و کەمتر بەکارهێنانی ئامرازەکانی فێنککردنەوە، دانەگیرسانی گڵۆپ لە کاتی ناپێویستدا، بەکارنەهێنانیی سەیارە مەگەر لە کاتی زەرووریدا، کەمکردنەوەی سەفەر بە سەیارە و دەیەها کاری بچوکی دیکە تا دەگاتە وازهێنان لە گۆشت بە هەموو چەشنەکانییەوە. ئەمانە هەمویان ڕۆڵی خۆیان هەیە وێڕای ئەوەی کارێکی بچوکیشن . کەواتە مرۆڤەکانیش وەكو تاك لە ڕەفتار و کرداری ڕۆژانەیان و شوێنی نیشتەجێبوون و کارکردنیان بە ڕۆلی خۆیان دەتوانن و دەکرێت کە کارایی ئەرێیانەی خۆیان لەسەر ئەم پرسە گەوەرەیە دابنێن.
ئەو شیکردنەوە و داتایانە پێمان دەڵێن کە هەندێك لە بەشداربووانی خودی کۆبوونەوەکە خۆیان بە گومانن کە لەم جۆرە کۆبوونەوانەدا چارەسەری ئەو کێشە گەورەیە بکرێت. ئەویش لەبەر ئەوەی :
یەك: ئەزموونی کۆبونەوەی ساڵی 2009 لە کۆپنهاگن-یان هەیە کە بڕیار بوو ساڵانە 100 ملیار پاوەند یارمەتی وڵاتانی هەژار بدرێت ، بەڵام نەدرا. لە کۆبونەوەی Cop26 کە پارەکە، 2021 ، لە شاری گلاسکۆی بریتانیا گیرا و چەندەها بڕیاری زۆری تێدا درا و بەڵام هەندێکیان یا جێ بە جێنەکران یاخود زۆر کەمیان کران.
هەر بۆ نموونە بریتانیا کە ڕازی بوو بە بەرنامە و بڕیارەکانی لوتکەی ساڵی پار کەچی ژێر بەژێری دەوڵەت نزیکەی 100 مۆڵەتی داوە بە کاری پشکنین و شەقکردن و هەڵکۆڵینی زەوی بۆ گەڕان بەدوای نەوت و غازدا. قسەش لەسەر ئەوە هەیە کە کانی خەڵوزی ‘ کامبریا’ بکاتەوە لەبەر ئەوەی کە ڕەنگە ئەم زستانە بریتانیا گرفتی کارەبای هەبێت . ئەمە لە کاتێکدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی 2021دا ڕایگەیاندبوو کە هیچ پڕۆژەیەکی نوێی سووتەمەنی بەردینی ناتوانێت لە ساڵی 2022 بەرەو پێشەوە بچێت واتە گەشەتر بکات ئەگەر جیهان ڕووبەڕووی گەرمبوونی جیهانی و خراپتربوونی کاریگەرییەکانی لەسەر ملیارەها کەس ببێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە لە بریتانیا ساڵانە بڕێك لە بودجە تەرخان دەکرا بۆ وڵاتانی هەژار . بەڵام ڕیشی سوناك کە وەزیری دارایی بوو ئەو بڕە پارەیەی لە کاتی پەتای کۆرۆنادا کە لە سەدا 0.7 ی داهاتی نیشتمانی بوو، هێنایە خوارەوە بۆ لە سەدا 0.5 .
ئەڵمانیاش لەگەڵ ئەوەی کە هەوڵێکی ئێکجار زۆری داوە کە وڵات لە سەرچاوەی وزەی کانە خەڵوزەکان و سێنتەرە نوەوەییەکان ڕزگار بکات و هەڵیانی پەساردووە ، بەڵام بە هۆی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە کە گوایە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبا ڕەنگە پەنا بەرێتەوە بۆ بەکارهێنای سەرچاوەی خەڵوز لە وزەدا.
دوو: هەر لە سەرەتای گرتنی لوتکەدا، هەندێك لە بەشداربووان کە بە جددی دەیانەوێت شتێك بکرێت کەمتر هیوایان هەبوو بەوەی کە کۆبوونەوەکە ئەو مەبەستەی کە بۆی ئەنجام دراوە بپێکێت.
هەر بۆ نموونە، Alok Sharma ی پەڕلەمانتاری بریتانیا کە پارساڵ دانرا بە سەرۆکی Cop26 لە گلاسگۆ نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە چارەسەری کەش و هەوا لە کۆبوونەوەکەدا. ئەو وتی ” ئەوانەمان کە هاتووین بۆ میسر بۆ ئەوەی پلەی گەرمی 1.5سەدیی بە زیندووی بهێڵینەوە و ڕێز لەوە بگرین کە هەر یەکێکمان لە گلاسکۆ لەسەری ڕێککەوتبووین، ئێستا ناچار بووین بێ وەستان شەڕ بکەین بۆ ئەوەی ئەوە ڕابگرین، بۆ ئەوەی لەسەر یەکێک لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی گلاسکۆ کار بکەین بنیاتی بنێین، ئەویش بانگەوازکردنە بۆ لایەنەکان بۆ بەسەرکردنەوە و بەهێزکردنی پلانی نیشتمانی خۆیان سەبارەت بە دەردانی گازی ژەهراوی”.

هەر ئاواش وایل ئەبولمەگد، دیپلۆماتکاری میسری بەرپرسی بەڕێوەبردنی دانوستانەکان لە کۆبونەوەی ئەم لوتکەیەدا وتی: “بەیاننامە و بەڵێنی سیاسی لەبەردەم کامێراکاندا دەدرێت، بەڵام لە ژوورەکانی دانوستانەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ بۆ دژایەتیکردنی. ئەم [هەڵوێستە ئەرێنییە بە ئاشکرا] بەهایان نابێت تا وەرنەگێڕدرێنە ژوورەکانی دانوستان و تا ئێستاش وا نەبووە”.
عەبولمەگد وتی: “ناتوانین بەردەوام بین لەسەر ڕێگای دژایەتیی”، جیابوونەوە لە نێوان ئەوەی لە کایەی گشتیدا ڕوودەدات و ئەوەی لە ژوورەکانی دانوستاندا ڕوودەدات ناتوانێت بەردەوام بێت. پێویستە هەموومان ڕۆحی سازش نیشان بدەین”.
ئەو بەردەوام بوو لە قسەکانی وتی ” پێشکەوتن لە بواری دارایی کەش و هەوا کلیلە. بەڵێن بە وڵاتانی تازەپێگەیشتو دراوە کە لە ساڵی 2020 وە ساڵانە 100 ملیار دۆلار دابین بکرێت، تاکو یارمەتیان لە کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و گونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی کەش وهەوای توند بدات، بەڵام هێشتا ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەکراوە. ئەو 100 ملیار دۆلارە تەنانەت لە بەشێکی کەمی ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە نزیک نابێتەوە، ئەو ژمارانە لە تریلیۆنەکاندان ، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەستبوون بەوەوە زۆر گرنگە و سروشتێکی ڕەمزییە، نیشاندانی متمانە و دروستکردنی متمانەیە.”

هەر لەو بارەیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لە سەروبەندی دانوستانەکاندا ڕایگەیاند کە کەلێنێك لە نێوان وڵاتە دەوڵەمەندەکان کە بوونەتە هۆی قەیرانی کەش و هەوا و شکستهێنایان لە کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی لەسەر هەژاران، کە بەدەست کاریگەری و کەمی سەرچاوەی دارایی بۆ پاراستنی خۆیان دەناڵێنن .
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی شاندی Cop27ی گرینپیس ئینتەرناشناڵ، یاب سانۆ، قسەکانی ڕەنگدانەوەی بێزاری گشتی بوو کە وتی: “سەرۆکایەتی Cop27 کە پێداگریی لەسەر کانزاکان دەکات سەبارەت بە دۆزەخی کەش و هەوا، کەچی لە سەرەتادا نەیتوانی تەنانەت باسی سووتەمەنی بەردینی بکات، ڕەشنووسی دەقەکە دەستبەرداربوونە لە بەرپرسیارێتی بۆ ئەو مەرامەی کە زۆرێک لە وڵاتان دەریانبڕیوە کە دەبینن کە لانی کەم نەوت و گاز و خەڵوز بۆ قۆناغێك زیاد دەکرێت. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەو ئینکارییە بهێنرێت، دەبێت تەمەنی سووتەمەنی بەردینی بەخێرایی کۆتایی پێبهێنرێت”.
ئەمانە هەمووی لە کۆبونەوەی لوتکەدا وترا کە هەر لەو دانیشتنەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە 55 کۆمپانیا لە سەرانسەری میسردا بەدوای سەرچاوە نوێیەکانی نەوت و گازدا دەگەڕێن.

سێ: وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوو کە هۆکاری ئەم کارەساتانەن ئامادە نین بە گوێرەی بەرنامەی ‘ قەرەبووکردنەوەی زیان و زەرەرکردن یاخود زیان و خەسارە / وێرانکردن’ ، Loss and Damage ، برۆن واتە ئامادە بن کە قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە بۆ وڵاتانێکی هەژار کە بەشێکی زۆر کەمی دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان بەردەکەوێت . لە مەش زیاتر بۆ ئەوەی بەربەستی ئەم کارەساتانە بکرێت پیویستە ساڵانە تا ساڵی 2030 دوو تریلۆن دۆلار بخرێتە لاوە بۆ هاوکاری و کۆمەكی ئەو وڵاتانە. بە بێ بوونی ئەم یارمەتی قەرەبووکردنەوەیە ئەو وڵاتانە ناچارن داوای قەرز لە صندوقی دراوی نێودەوڵەتی بکەن کە ئەو قەرزەش پابەندە بە مەجی زۆر قورسەوە کە وڵاتەکە هەژارتر دەکات، کە لە بارێکی ئاواشدا دەبێت ئەوانیش بیر لە دانەوەی قەرزەکە بکەنەوە زیاتر لەوەی لە هەوڵی بەربەستکردنی کارەساتەکانی کە کە ش و هەوای خراپ بۆیان دەهێنێت ببن.
پاش مشتومڕ و دەستشکانەوەی زۆر ڕۆژی هەینی، 17 ی مانگ، یەکێتی ئەوروپا ئامادەیی سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی وڵاتانی هەژاری لێقەوماو دەربڕی بەڵام مەرجداری کردووە. دەشیانەوێت پشکنین و لێکۆڵینەوەیەکی زۆری ئەو وڵاتە لێقاومانە بکەن ئەمە ساڵێکی لانی کەم دەوێت ، سندوقێک کە لە ماوەی دوو ساڵدا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها بژاردەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک کە بزانێت ئایا دەتوانێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی دیکەی ئێستا وەک بانکی نێودەوڵەتی کاربکات.
لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە دانوستانکارانی G77 کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، سەرسام نەبوو بە پێشنیارەکەی یەکێتی ئەوروپا و وتی “هەوڵێکی پێشبینیکراوی یەکێتی ئەوروپایە بۆ تێکدانی گروپی جی 77 لە گفتوگۆکاندا. بێگومان، ئەوە پێشکەوتنێک نییە. ئەوان تەنیا هەڵوێستی دانوستانکاری ڕەسەنی خۆیان دووبارە دەکەنەوە بۆ ئەوەی لای بەشداربووان وەک سازشێک دەربکەوێت لە کاتێکدا زۆر باش دەزانن کە سازش نییە. بە تەواوی ناڕاستگۆییە”
هەتا دواساتی تەواوبوونی کۆبونەوەکە کە شەمە شەوەکەی،19 ی مانگ، ئەمەریکا و چین ئامادە نەبوون پابەندی پێشنیارەکەی یەکێتی ئەوروپا بن کە لە کاتێکدا وەکو چۆن دوو دەوڵەتی سەرەکی پیشەسازی جیهانن، هەر ئاواش دوو وڵاتی سەرەکین لە پیسکردنی ژینگە و ژەهراویکردنیا. دوای بەردەوامیدانی دانیشتنەکە کە 40 سەعات لە وەختی خۆی زیاتری برد لە بەرەبەیانی یەکشەمەدا ئەوانیش بە جۆرێك لە جۆرەکان رازی بوون، بەڵام ئەوە دیار نییە کەی ئەو پارەیە دەدرێت و کێ دەیدات و بە کێ دەدرێت.
چوار: لە کۆبونەوەکەدا بە هیچ شێوەیەك ئاژەڵداریی و کێڵگەکانی کە ئاژەڵیان تێدا بەخێو دەکرێت کە هۆکاری بەشێكی زۆری گەرمکردنی زەوین بە دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەر ووکو پێشتر باسم کرد لە بەرنامەی کۆبوونەوەی لوتکەکەدا نەبوو. بزنسی نەوت و غازی کۆمپانیا گەورەکان گەرچی قسەی لەسەر کراوە بەڵام نەتوانراوە کە ناچاربکرێن لە دەرهێنانی بەرهەمەکانیاندا تەکەنەلۆجیای بێ لایەن واتە کە کارایی خراپی لەسەر ژینگە دانەنێت پەیڕەو بکەن . ئەمە لە کاتێکدا کە نرخی غاز بەرزە کەچی هەر بە تەنها پێنج کۆمپانیای سەرەکی نەوت و گاز تا ئێستا لەمساڵدا زیاتر لە 170 ملیار دۆلار قازانجیان کردووە.
پێنج: سێ لەو وڵاتانەی کە کارایی خراپیان لەسەر ژینگە هەیە کە ڕوسیا و چین و هیندستانن، سەرۆکەکانیان بەشدارییان نەکرد. لە بارێکی ئاوادا نوێنەرەکانیان ئەگەر ڕازیش بووبێتن بەو بریارانە ، ڕەنگە کۆتا بڕیار نەبێت لە لایەن ئەوانەوە بۆیە گریمانی هەڵوەشاندنەوە یاخود دواکەوتنی هەیە.
شەش: دواقسە و بۆچوونی هەندێك لە کەسایەتییەکان سەبارەت بە کارایی کۆبونەوەکە: بە پێویستی دەزانم ڕاگەیاندنی چەند کەسێك لەوانە کە خۆیان بە دۆستی ژینگە دەزانن و کەسانی دیارن، لەسەر ئەنجامگیرییەکانی ئەم کۆبونەوەیە بخەمە بەردەستی خوێنەر.
ئەلۆك شارمەی پەڕلەمانتاری بریتانیا و کۆنە سەرۆکی لوتکەی 26 ی پارەکە، ڕای وایە کە بەڵێننامەکانیان لاوازن و شەڕەکە لەسەر مانەوەیە بەو پابەندبوونەیان کە لە گلاسکۆ لەسەری ڕێکەوتوون. ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە و دەڵێت “ لەم کۆبوونەوەدا وەرگرتنی ئاستی دەردانی گازی ژەهراوی لە ساڵی 2025، وەک زانست پێمان دەڵێت پێویستە، بەڵام لەم دەقەدا [تێکست] نییە. بەدواداچوونی ڕوون لەسەر قۆناغ بە قۆناغی کەمکردنەوە و دابەزاندنی خەڵوز لەم دەقەدا نییە. پابەندبوونێکی قۆناغ بە قۆناغ بۆ لەناوبردنی هەموو سووتەمەنی بەردینیی، لەم دەقەدا نییە. قەرەبووکردنەوەی خەسارەکان زەرووییە هەروەها بڕی کەمکردنەوەی دەردانی ئەو غازە لەبری وەستانی لە ئاستێکدا. ئەگەر ئاوا نەکەین ئەمە وەکو كڕینی جلی نوێ وایە بۆ دراوسێ لە دوای تەماشاکردنی خانووکانیان کە دەسوتێن ، چونکە دەنکە شقارتە گڕدراوەکەت لە دەست کەوتۆتە خوارەوە”

ماری ڕۆبنسن، سەرۆکی گروپی سەرکردە پیرەکانی پێشووی جیهان، کۆنە سەرۆکی پێشووی ئێرلەندا و دووجار نوێنەری کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی: “جیهان لە لێواری کارەساتی کەش و هەوادایە. پێشکەوتنەکان لەسەر [کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی] زۆر خاو بووە. ئێمە لە لێواری جیهانێکی وزەی پاکداین، بەڵام تەنها ئەگەر سەرکردەکانی جی 20 لە ئاست بەرپرسیارێتیەکانیاندا بژین و قسەکانیان بپارێزن و ئیرادەیان بەهێز بکەن. ئەرکەکە لەسەر ئەوانە”
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا و وتی: “هەسارەکەمان هێشتا لە ژووری فریاکەوتندایە. پێویستە ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو دەردانی گازی ژەهراوی کەم بکەینەوە – و ئەمە پرسێکە کە ئەم لوتکەیە باسی نەکردووە. جیهان هێشتا پێویستی بە بازدانێکی زەبەلاح هەیە لەسەر تەماحی کەش و هەوا”.
لۆڕێنس توبیانا، یەکێک لە ئەندزیارانی ڕێککەوتنی کەش وهەوای پاریسی ساڵی 2015، کە ئێستا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی کەش و هەوای ئەوروپایە ئاماژەی بەوە کردووە، “کاریگەری پیشەسازی سووتەمەنی بەردینیی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەرکەوتووە”… “ئەم کۆبونەوەیە پێداویستییەکانی لە دەوروبەری ئەو وڵاتانە لاواز کردووە کە بەڵێنی نوێ و گەورەتریان لەبارەی کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوییەوە داوە. لە دەقی [گرێبەستەکەدا] هیچ باسێک لە کۆتاییهێنان بە قۆناغ بە قۆناغی سووتەمەنی بەردینی نەکراوە، و ئاماژەیەکی کەم بە ئامانجی گەیشتن بە پلەی گەرمی 1.5 سەدیی کراوە”. ئەو وتیشی ” سەرۆکایەتی میسر دەقێکی خستە بەردەست کە بە ڕوونی دەوڵەتە پترۆ نەوت و گازەکان و پیشەسازییەکانی سووتەمەنی بەردینی دەپارێزێت کە ئەم ڕەوتە ناتوانێ ساڵی داهاتوو لە ئیمارات بەردەوام بێت”.
ئێد میلیباند، شادۆ سکرتێری گۆڕانی کەشوهەوا و دابەزینی پلەی گەرمی بۆ سفرە لە حیزبی لەیبەر بە پەرلەمانتارانی ڕاگەیاندووە کە ” Cop27 شکستی هێنا لە پرسە سەرەکییەکەی هێشتنەوەی گەرمبوونی جیهانی بۆ تەنها 1.5یسەدیی لە سەرووی ئاستی پیشەسازییەوە”

لە بەشداریکردنی دانەوەی وەڵامی پرسیارەکاندا وتی ” پێویستە ڕوون بین، لەسەر پرسە چارەنووسسازەکەی هاتنەخوارەی پلەی گەرمی بۆ 1.5 پلە، ئەم لوتکەیە شکستی هێنا. ئێمە لە ئێستاوە کاریگەرییە کارەساتبارەکانی یەک پلەی گەرمبوونەوە دەبین هاوکاتیش لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە ببنەوە، زۆرێک لە سەرکردەکان یاری دەکەن لە کاتێکدا جیهان دەسوتێت، سەرەنجامی ئەوەش بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمە لە ئێستادا لەسەر ڕێڕەوی گەرمبوونێکی کارەساتباری 2.8 پلەین”
هەروەها وتیشی ” پێویستە ڕاستیەکان بڵێین. ئەگەر کارێکی جیاواز و خێرا نەکەین، میراتێکی ترسناک بەجێدەهێڵیین. بەم پاشخانەوە هیچ وڵاتێک ناتوانێت پشتی خۆی بخورێنێت هەر وەکو هەر وڵاتێک کە خۆی بە پێشەنگی کەش و هەوا دەزانێت، بەرپرسیارێتی و دەرفەتێکمان لەبەردەمدایە بۆ دانانی پلانێکی خێرا لە ساڵی داهاتوودا و دەسەڵاتی ئەخلاقیمان لە دانوستانەکاندا پەیوەستە بەوەوە.”

…………………
*نوسینی ئەم وتارە بەرهەمی خوێندنەوەی زیاتر لە 20 وتار و توێژینەوەیە. بە پێویستم نەزانی لە دامێنی وتارەکەوە ئاماژەیان پێبکەم ، بەڵام هەر خوێنەرێك بە گومانە لە ئامار و بەڵگەکان دەتوانێت لە مێسنجەرەوە یاخود بە ئیمەیل ئاگادارم بکاتەوە تاکو هەندێك لەو سەرچاوانەی بۆ بنێرم.

زاهیر باهیر
نوڤەمبەری 2022




مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان لە تورکیا بۆ زیادکردنی کرێ و مووچە لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی پارە *.. و: زاهیر باهیر

نوسینی : Hassan Yildirim
19/09/2022

و: زاهیر باهیر

مانگرتن و پرۆتێستەکان بۆ کرێی زیادە لە تورکیا لەگەڵ زیادبوونی هەڵاوسانی پارە لەگەشەدایە. ملیۆنان کەس لە تورکیا لە هەژارییەکی قووڵدا دەژین و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە ململانێیەکی گەورەدان، لە کاتێکدا نرخی خۆراک و وزە بە بەردەوامی لە بەرزبوونەوەدایە و هێرشکردنە سەر بارودۆخی ژیانی چینی کرێکارانیش لە زیادبووندایە.

لە مانگی ئابدا ڕێژەی فەرمی هەڵاوسانی دراوی ساڵانەی تورکیا بۆ 80% بەرزبووەوە. ڕێکخراوی ENAG کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی توێژینەوەیە، هەڵاوسانی دراوی تورکیای بە ڕێژەی 181% تۆمار کردووە. بەگوێرەی ماڵپەڕی ئابووریی بازرگانی، هەڵاوسانی فەرمی دراوی تورکیا لە پلەی چوارەمی جیهاندایە لە دوای زیمبابۆی، سۆدان و سووریاوە.
بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی دراوی تورکی بەشێکە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە جیهاندا کە بەهۆی چاپکردنی بەرفراوانی پارە لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە لە سەروبەری پەتای کۆڤید- 19 دا لە سەرانسەری جیهاندا بۆ یارمەتیدانی سوپەر دەوڵەمەندەکان هەروەها بەهۆی شەڕی ناتۆ و ڕوسیاوە لە ئۆکرانیا خراپتر بووە. هەر ئاواش بەهۆی سیاسەتی دارایی حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارەوە کە بەرگریی لە قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکان لەسەر حسابی پێداویستییە سەرەتاییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات زۆر خراپتر بووە.
چینی دەسەڵاتدار باری سەرەکیی قەیرانەکەی بەسەر چینی کرێکاراندا سەپاندووە. لە کاتێکدا بەهای لیرەی تورکی لە دابەزیندا بەردەوامە، هاوکاتیش بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی هەموو کاڵاکانیش بە تایبەت پێداویستییە سەرەتاییەکان لە بەرزبوونەوەدایە. بەم هۆکارە توانای کڕینی کرێکاران تەنانەت بە زیادبوونی مووچەشیانەوە هێشتا بە بەردەوام لە خوار هەڵاوسانی دراوەوە هەرەس دەهێنێت، تا ئەو ڕادەیەی “سنووری برسێتی” خەرجی مانگانەی خۆراکی خێزانێکی چوار کەسیی لە تورکیا زیاترە لە لانی کەمی مووچە کە لە مانگی تەموزدا بە ڕێژەی کەمتر لە 30% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 5500 لیرەی تورکی .

کۆنفیدڕاسیۆنی سەندیکاکانی لایەنگری حکومەت، تورک-ئیس، ڕایگەیاند داهاتی حەدی هەژاریی، واتە ئەو بڕە پارەیەی دانراوە وپێوەرە بۆ ڕادەی هەژاریی، لە کۆتایی مانگی ئابدا بۆ 22 هەزار و 440 لیرە بەرزبووەتەوە و ڕادەی برسێتی (خەرجی مانگانەی خۆراك بۆ خێزانێکی چوار کەسی) بۆ 6 هەزار و 890 لیرە هەڵکشاوە.

لانی کەمی مووچە بووەتە تێکڕای مووچەی ملیۆنان کەس لە تورکیا. بەپێی راپۆرتێکی مانگی کانوونی دووەمی 2021 ی کۆنفیدڕاسیۆنی سەندیکاکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن، دیسک، 64%ی سەرجەم کرێکارانی تورکیا (12.5 ملیۆن کرێکار) لەسەر لانی کەمی مووچەن یان کەمێک زیاترە، هەروەها لە سەدا 70ی کرێکارانی کەرتی تایبەت مووچەیان تەنیا لانی کەمی مووچەیە.

سەرەڕای ئەوەی سەرەوە 3.4 ملیۆن کرێکار (18٪ی سەرجەم کرێکاران) داهاتیان کەمترە لە لانی کەمی مووچە، زۆرینەی زۆریان پەنابەر و کرێکاری کۆچبەرن کە ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی دڕندانە بوونەتەوە. بەپێی راپرسییەک کە لە مانگی ئازاری رابردوودا لەلایەن جەمعییەی مافی بەکاربەرانەوە ئەنجامدراوە، لە 90%ی دانیشتوانی تورکیا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ملیۆنان کرێکار تا دێت ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان دابین بکەن. لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو خێزانانەی کە تەنها بە هاوکاری و کۆمەکی کۆمەڵایەتییانە توانیویانە پارەی کارەبایان بدەن بۆ دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریدا، تورکیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی وزەی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی ئاماری یۆرۆنیوز، نرخی جوملەی غازی سروشتی لە كۆمپانیای دەوڵەتی توركیا (بۆتاس) بەڕێژەی 1330% بەرزبووەتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە بەڕێژەی 997% لەسەر بەشی پیشەسازی و بەکارهێنەرانی، هەروەها بە ڕێژەی 216% بۆ بەکارهێنانی لە لایەن دانیشتوانەوە کارایی خۆی داناوە.
لە 1ی ئەیلولەوە نرخی غاز بەڕێژەی 20.4% و نرخی كارەباش بەڕێژەی 20% لە سەر خێزانەكان بەرزبوونەتەوە. لە کاتێکدا ملیۆنان کەس پرسیار دەکەن کە چۆن دەتوانن لەم زستانەدا ماڵەکانیان گەرم بکەنەوە. هەروەها جارێکی دیکەش لە کارگە پیشەسازییەکانیشدا غاز بە ڕێژەی 50.8% و کارەبا بە 50% زیادی کردووە، ئەمەش دەریدەخات کە بەرزبوونەوەی نوێی نرخی وزە نرخی نزیکەی هەموو کاڵاکان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانیشەوە بەرزدەکاتەوە.
لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی دراودا، زیادبوونی مووچە زۆر بە خێرایی کاریگەری خۆی لەدەست دەدات. ” لە مانگی تەموزدا لانی کەمی مووچەیان بە بڕی 1250 لیرە بەرزکردەوە . ئێمە گوتمان شتێکی باشە بەڵام دواتر هەموو شتێکی دیکە زیادی کردووە “. کرێکارێکی کانزا لە هاس چەلیک بە ڕۆژنامەی ئێڤرێنسێلی وتووە.
لەلایەکی دیکەوە، نورەدین نەباتی، وەزیری دارایی و وتەبێژی بۆرصەی بانکی تورکیا، بە شانازیی و خۆهەڵکێشانەوە دەڵێت: “سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، کە بە دەستێوەردانی ڕووسیا لە 24ی شوبات دەستیپێکرد و بەردەوامە تا ئێستا، کە لە جیهاندا کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر کۆی گشتی هەبووە بەڵام تورکیا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە.” بەپێی ئامارەکانی دەزگای ڕێکخستن و چاودێری بانکی (BDDK) قازانجی کەرتی بانکی تورکیا لە شەش مانگی یەکەمدا بەڕێژەی 400% زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و گەیشتووەتە 169 ملیار لیرە.

لەگەڵ چڕکردنەوەی دژە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی لە لایەن چینی دەسەڵاتدارەوە و هاتنی پەتای کۆرۆنا و شەڕی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ململانێی چینایەتیش چڕتر دەبێتەوە.
شەپۆلی مانگرتنە کێوییەکانی مانگەکانی یەکەمی ئەمساڵ لە مانگی ئابی ڕابردووەوە هێزی خۆی وەرگرتەوە و وزەی پێداوە. لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ڕادیکالبوونی کرێکاراندا، کرێکارانی TPI Composite و Standart Profil توانییان کۆمپانیاکان و سەندیکاکان ناچار بکەن بە کردەوەی وۆک-ئاوت (جۆرێک لە مانگرتنی بە کۆمەڵە لە وەستان لە کارکردن، بەدەر لە خواستی سەندیکاش]، داواکارییەکانیان قبوڵ بکەن. هەروەها لە مانگی ئەیلولدا شەپۆلێکی مانگرتن و ناڕەزایەتی نوێ دەستی پێکرد. یاریدەدەری پزیشکی نەخۆشخانەکانی زانکۆ لە 15 و 16ی ئەیلولدا لە سەرتاسەری وڵات مانیان گرت، دوای ئەوەی کە لە “ڕێسای نوێی پارەپێدانی زیاتر” بەدەرکران و ئەوانی نەگرتەوە. لە وەزارەتی تەندروستی بۆ زیادکردنی مووچەی زیاتر ئەمساڵ پزیشكان و كارمەندانی تری تەندروستی لە توركیا چەندین جار لەسەر ئاستی وڵات مانیان گرتووە.
هاوکاتیش 562 هەزار کرێکاری شارەوانی بە گرێبەستی لاوەکی و وەختیی لە سەرانسەری تورکیا داوای گەرەنتی کردنی کارەکانیان بە گشتی دەکەن، واتە ببنە کرێکاری ئەو شوێنەی کە کاری لێدەکەن نەك لە ڕێگای گرێبەستییەوە. لەسەر بانگەوازی کۆمەڵەی کرێکارانی گرێبەستی لاوەکی شارەوانی (TABIB)، کرێکاران ڕۆژی یەکشەممە لە ئەنقەرە خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست. ئەوان داوای دڵنیایی کار و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ئیجباری و زیادکردنی موچە بەگوێرەی ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینەی دراو و وەرگرتنی پارەی پاداشتی 52 ڕۆژە دەکەن کە بە هەموو کرێکارانی کەرتی گشتی دەدرێت. تەنانەت مامۆستایانی قوتابخانە ئەهلییەکان کە بە کەمترین مووچە و بێ گەرەنتی کار دەکەن، لە بزوتندان و داوای مووچەیەکی بنەڕەتی یەکسان بە مووچەی قوتابخانە حکومییەکان دەکەن. هەروەها مامۆستایانی قوتابخانە حکومییەکان دژایەتی ” پیشەی مامۆستایەتیی/ فێرکردن بە یاسا”، دەکەن کە پابەندیان بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە و ملکەچی “پلیکانەی پیشە/ کار” دەکات.

پارتە بۆرژوازییە ئۆپۆزسیۆنەکان بە سەرۆکایەتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە ڕەخنە لە حکومەتی ئەردۆغان دەگرن لەسەر تێچووی ژیان واتە گرانی ژیان، بەقەد ئەو پارتە دەسەڵاتدارە کە کۆنترۆڵی شارەوانییەکان دەکات، دوژمنایەتی چینی کرێکار دەکەن. لەم دواییانەدا یڵماز بویوکەرسن، سەرۆکی شارەوانی جەهەپە لە شاری ئێسکیشەهیر، ئەو کرێکارانەی کە داوای بەرزکردنەوەی پارەیان کردووە، سەرزەنشت کرد و بە “ئیستفزازیی” ناوی بردوون و هەڕەشەی دەرکردنیان دەکات.

کرێکارانی شارەوانی کادیکۆی کە لە لایەن جەهەپەوە شارەوانییەکە بەڕێوەدەبرێت لە ئەستەنبوڵ بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لە دانوستانە گرێبەستییەکان کە دوو هەزار و 300 کرێکار تێیدا بەشدارن، مانگرتن دەکەن. .ئەگەر سەندیکای Genel-Is کە لایەنگر و پەیوەندیدارە بە DISK ، لە کۆتا خولەکدا نەیانفرۆشێت، ئەوە مانگرتنەکە لە دوو مانگی تردا دەست پێدەکات.

لە ساڵی 2021دا مانگرتنێک لە شارەوانی کادیکۆ بوو لە سازشێکی خراپی نێوان سەندیکا و خاوەنکاردا، سەندیکا مانگرتنەکەی فرۆشت بێ ئەوەی خودی کرێکاران بەوە ڕازی بن. لە ماوەی ئەو مانگرتنە کورتەدا، شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ کە لەلایەن جەهەپەوە بەڕێوەدەچوو و ئەکرێم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانییەکە کە لە لایەن پارتە ساختە چەپەکانەوە پشتیوانی لێکرابوو، هەوڵیدا بە بەکارهێنانی کرێکارانی ئیزراب شکێنی کۆکردنەوەی زبڵ و پیسایی، مانگرتنەکە بوەستێنێت.

بە هۆی فشاری سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆوە لەسەر ڕێکخراوی IBB 43 کرێکار کە بەهۆی “لێکۆڵینەوەی ئەمنی” یەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، لە ئێستادا لەبەردەم شارەوانیدا بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان و داوای گەڕاندنەوەیان دەکەن

لە ڕاگەیاندنێکیاندا سەندیکای جێنەل- ئس سەبارەت بە دانوستانەکانی گرێبەست لە شارەوانییەکانی قەزای ئیزمیر هۆشداری داوە لەوەی کە ئەگەری هەیە لە چەند شارەوانییەک مانگرتن هەبێت. گفتوگۆ و قسەکردن لەسەر مانگرتن لە ناو 294 کرێکار لە دیکیلی، 1400 کرێکار لە بوجا، 1580 کرێکار لە بۆرنۆڤا و 1250 کرێکار لە بایراکلی بەردەوامە.
لێدوانەکانی سەندیکاکانی دیسک و جێنێل-ئیس جەخت لەسەر پێویستیی ڕێککەوتنێک لەگەڵ خاوەنکارەکاندا بەبێ مانگرتن دەکەنەوە. جێنەل-ئیس خیانەتی لە دەنگەکانی مانگرتنەکانی ئەم دواییەی کرێکاران کردووە کە دەنگیان بە مانگرتن دا لە زۆرێک لە شارەوانییەکان کە جەهەپە بەڕێوەی دەبەن؛ لە زۆر شوێندا یارمەتی سەپاندنی بەرزبوونەوەی ڕێژەیەك لە کرێ دەکەن کە زۆر لە خوار ڕێژەی هەڵاوسانی فەرمی دراوەوەیە.

ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیانە کە کەرتەکانی کرێکاران دەیکەن گەورەن هەمیشە بەشێکن لە بزووتنەوەی گەشەسەندوی نێونەتەوەیی چینی کرێکاران. لە هەموو شوێنێک کرێکاران ڕووبەڕووی هەمان کێشە و داواکاری بەپەلە دەبنەوە کە لە سەرمایەداری و شەڕەوە سەرهەڵدەدەن. زیادکردنی مووچەی ئاسایی بە ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینەی دراو بۆ کۆتاییهێنان بە زێدە تێچووی ژیان. هەروەها بە نیشتمانیکردنی کۆمپانیاکانی وزە، چاودێری تەندروستی تایبەت و دامەزراوە پەروەردەییەکان لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگ و خەرجییە سەربازییەکان.

خەبات بۆ ئەم داخوازییانەی سەرەوە پێویستی بە یەکخستنی هەموو کرێکاران لە شوێنی کاردا هەیە، لەسەر ئاستی نیشتمانی و جیهانی، بەبێ گوێدانە سەندیکای سەر بە کۆمپانیا و دەوڵەت. هاوپەیمانی نێونەتەوەیی کرێکارانی کۆمیتەکانی کریکاران و کارگەران (IWA-RFC) ئامرازەکانی بەشداریکردن لەم خەباتە نێونەتەوەییەدا بۆ کرێکاران دابین دەکات.
داوا لە هەموو کرێکارانی تێکۆشەر دەکەین پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ دروست کردنی ئەو جۆرە لیژنانە لە شوێنی کارەکانیان.
…………………

*ئەمە نوسینێکی گرنگە دەربارەی بارودۆخی ئابووری و سیاسی تورکیا کە لە ڕاستیدا ئەم زانیارانە زۆر گرنگ و دەگمەنن کە ئێمەی خوێنەری کورد لێی بێ ئاگاین .

……………..
لینکە ئینگلیزییەکەی نوسینەکەی نوسەر

https://www.wsws.org/en/articles/2022/09/20/stri-s20.html




هەموو نەگبەتیەکان لە پشتی بوونیی دەوڵەتەوەن کە ئامرازی سەرەکی سیستەمەکەیە.. زاهیر باهیر

22/10/2022

کەمن ئەوانەمان کە لە ڕۆڵی سەرەکی دەوڵەت هەر لە دروستبوونییەوە، بەردەوامبوون و پاراستنی خۆی تا دەگاتە لابرددن و هەڵوەشاندنەوەی، تێدەگەین.
دەوڵەت لە هەر جۆرێکدا بێت بە هەر ناوێكەوە بێت ئەو ئامرازە هەرە سەرەکییەی سیستەمەکەیە کە ڕاگریی و بەردەوامدان و بەرقەراربوونی خودی سیستەمەکە دەپارێزێت. ئەو دامەزراوەیە کە تەواوی وەزیفەکانی سیستەمەکەی لە خۆیدا گردکردۆتەوە، ئەو دەزگەیەیە کە بێ ئەو نەك کارگەیەکی بچوك تەنانەت کۆمپانیایەکی زەبەلاحیش لە بەرانبەر بەگژاچوونەوەی کرێکارەکانیدا ناتوانێت بۆ هەفتەیەك خۆی بگرێت، ئەو ئیدارەیە کە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئابورییەکانی بە خۆوە و بە یەکدیشەوە گرێداوەتەوە. ئەو هەیکەلە قوچکەییە کە لە سەروی مرۆڤەکانەوە خۆی ڕاگرتووە و بۆ ناو هەموو بەشەکانی کۆمەڵ و کار شۆڕبووەتەوە لەسەر بەرهەمی کار و خوێنی میللەت دەژی . ئەو قەڵایەیە کە پەنای سامانداران و خاوەنداران و زۆرداران و چەوسێنەران و …تد دەدات . دەوڵەت ئەو کەلە زلەیە کە دەیەوێت پارسەنگی هەموو چین و توێژاڵە کۆمەلایەتییەکان بە جۆرێك لە جۆرەکان ڕاگرێت، گوایە دەیەوێت ئارامیی و ئاسایش و دادوەری کۆمەڵایاتیی و هەلی یەکسانی و ئازادیی هەموان بپارێزێت. ئەو دامەزراوەیە کە پۆلیس و سوپا و تۆڕی سیخوڕیی لە خۆیدا کۆکردۆتەوە، ئەو دەزگەیەیە کە دەتوانێت کارئاسایی بۆ مامەڵەی ئابووریانە و سیاسیانە و بازرگانیانە لەڕێگای دیپلۆماسییەت و دانانی یاسا و ڕێسا و ڕۆڵەکانەوە لە سەر ئاستی نیشتمانی و جیهانیی بۆ تەواوی خاوەنداران و سامانداران و بازرگانان بکات. دەوڵەت ئەو برا گەورەیەیە کە دوژمنی میللەتەکەیەتی و دۆست و هاوپەیمانی هاودەسەڵاتان و دەوڵەتانی دیکەیە، دوژمنی ژیان و ژینگەیە.
دەوڵەت، زەبەلاحیی و ڕۆڵە مێژووییەکەیەتی کە وای کردووە کە لە پشت هەموو کارەساتەکانی بەشەرییەتەوە بێت و سەرچاوەیان بێت.
من لێرەدا نامەوێت لە ڕۆلی دەوڵەت بدوێم ئەوەی سەرەوەم هەر وەکو کورتە ناسینێکی دەوڵەت نوسیوە تاکو لەوێوە گەر بە کورتیش بێت بچمە سەر ئەوەی کە دەمەوێت بیڵێم .
ئەوانەمان کە تۆزێك لە ڕۆڵی دەوڵەت بزانن ئەوانەی سەرەوە بە باشی دەزانن بۆیە دەزانن گەر خەبات دژ بە دەوڵەت نەبێت هەرگیز نە دەتوانرێت و نە لۆژکیشی تێدایە کە دژایەتی سیستەمەکە بکرێت. ئەوانەشمان کە ئەو ڕۆڵە گەورەی دەوڵەت نازانین یاخود نایبینن با هەر تەماشای دەسەلاتی هەرێم پایە و مەوقیعەکەی بکەین. بۆ نموونە لە هەر تێگیرانێکماندا لە لایەن ئێرانەوە، تورکیاوە یاخود هەر وڵات و دەوڵەتێکی دیکەوە بێت یەکسەر پرسیار دەکەین و توڕە دەبین و دەڵێین بۆچی دەوڵۆتکەکەی هەرێم هیچ هەڵوێستێکی نییە؟ بۆچی ڕێگا بە تورکیا، بە ئێران، بە حکومەتی مەرکەزی دەدات کە ئەوە بکات؟ بۆچی پەیوەندی نابڕێت لەگەڵ تورکیا و ئێراندا؟ بۆچی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بە بێ ڕەزامەندی هیچ دەوڵەت و دەرو دراوسێیەك و ئەوروپا ڕاناگەیەنێت؟ زۆری تر لەم پرسیار و تەگبیرانە بۆ دەسەڵاتی کوردی دەکرێت.
کردنی ئەم پرسیار و تەگبیرانە لە دەسەڵاتداران مایەی بێ ئاگایی وەزیفەکانی دەوڵەتە کە لە سەرەتای ئەم نوسینەدا پەنجەم بۆ ڕاکێشان. دەوڵەت بە بێ ئەرك و فرمانەکانی کە دەستنیشانم کردون بێ گومان کە بێ پرسی ئێمەیە، ناتوانێت ئیدارەی میللەتەکەی بدات یا ڕاستتر کۆنترۆڵیان بکات. گەر بێت و ئەو وەزیفانە بە جێنەهێنێت، ئەو ئەرکانە نەگرێتە ئەستۆی ئەوە بوونی وەکو هەیکەلێکی مردوو دەبێت و دەمێنیتەوە.
بوونی دەوڵەت و مانەوەی مەحاڵە گەر لە پەیوەندیدا نەبێت لەگەڵ دەوڵەتانی دەر و دراوسێی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و ئەوروپا و هەتا جیهانیشدا. ئەمڕۆ وڵاتێك لەم دونیایەدا نییە بە ئەمریکا و وڵاتانی گەشەکردووی ئابووری دیکەشەوە سەربەخۆبێت. هیچ وڵاتێك نییە ئابوورییەکی سەربەخۆی هەبێت. ئەمەریکا بەو گەورەیەی خۆی وابەستەیەکی گەورەی وڵاتانی دیکەیە زۆر زیاتر لە عێراق و ئێران بەوەوە . ئەو وڵاتانەی کە پێشتر تا ڕادەیەك ڕەنگە لە ڕوی ئابوورییەوە سەربەخۆ بووبێتن کەمبوون و ڕەنگە لە ئەفەریقادا بووبێتن بە دانیشتوانێکی زۆر کەمەوە کە بنەڕەتی ژیانی کۆمەڵایەتیان مانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە کۆنەکە و تا ڕادەیەك ژیانی کۆمەڵایەتی و هەرەوەزیانەیان بووە.
گەر تەماشای داهات و بەرهەمی هەندێك وڵاتان بکەیت، بۆ نموونە بریتانیا لەساڵانی 50 کانی چەرخی ڕابووردوودا زۆر زیاتر سەربەخۆیی پێوە دیاربووە لە زۆرێك لەبەروبوومی کشتوکاڵی لە سەرجەمی چەشنی دانەوێڵەکان تا دەگاتە جۆری گۆشتەکان تاکو ئێستای. ئەردەن، میسر 70 ساڵ لەمەوبەر پێویستیان بە هێنانی نەك گەنم نەبوو بەڵکو هەناردەیان دەکرد کەچی ئێستا بە بێ هاوردەی گەنمی دەرەوە برسێتی تێیدا بڵاودەبێتەوە.
بە کورتی خەسڵەتی سەرمایەداریی ئاوای کردووە کە دونیای لە لایەکەوە کردووە بە یەك و بێ یەك نەتوانن بژین هاوکاتیش چەوساندنەوە و برسێتی و نەبوونی و جەنگ بە هەموو جۆرەکانی و هەڵکەندنی بەشەرەکانیشی بۆ بەررژوەندی خۆی خولقاندووە تاکو بە بەردەوامی لە دژایەتی یەکدیدا بن و بمێننەوە .
هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لە وڵاتانی وابەستەی دیکە، ڕەنگە لە زۆر رووەوە بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە هەمومان دەیزانین زۆر وابەستەتر بێت لە وڵاتان یاخود دەوڵەتانی دیکە، بێ گومان شوێن و جوگرافیای کوردستان و بەستنەوەی میللەتەکەی بە دەوڵەتانی ترەوە، ئەمانەش بۆخۆیان ڕۆڵی وابەستەبوونی زیاتری هەرێمی خولقاندووە.
وڵاتێك کە لەسەر دەریا نەبێت وڵاتێك لە ناوەوە بەستراوەتەوە بە عێراق و دەوڵەتی عێراقییەوە ، لە دەرەوەی خۆشی بە سنوری تورکیا و سوریا و ئێڕانەوە، ئەمەش یانی هەناردە و هاوردەی هەموو شتێك تەنانەت فڕینی فرۆکە بۆ فڕۆکەخانەکانی دەبێت بە ڕێکەوتن و ڕەزامەندی ئەو دەوڵەتانە بیت، ئەمە جگە لە بوون و وەرگرتنی هەڵوێستی سیاسی جیاواز لە وڵاتانی دیکە، ئەگەر هەیبێت، بۆ خۆی کێشەیەکە. لە وەها حاڵەتێکدا حکومەتی هەرێم باری زۆر خوارەو دەستی لە ژێر باری دەوڵەتانی دیکەدایە. بە واتایەکی دیکە دەبێت قوربانی بە زۆر شت بدات تا دەگاتە قوربانیدانی خاك و هاووڵاتیانی خۆشی بۆ حکومەتانی دراوسێ تاکو بوون و بەرژەوەندی خۆی کە بوون و بەرژەوەندی حیزب و دۆستەکانێتی بپارێزێت. گەر ئەمە تێڕوانینمان بێت نابێت لامان سەیر بێت کە دەستی دەوڵەتی ئێران و تورکیا و هەتا دەسەڵاتی مەرکەزیش ئاواڵابێت بۆ لەناوبردنمان، بەڵکو حکومەتی هەرێم خۆشی بەرگری لە هاووڵاتیانی ناکات.
لەگەڵ وتنی ئەوانەشدا جیاوازییەکی کەم لە هەندێك ڕووەوە لە نێوانی دەوڵۆتکەکەی کوردستان و دەوڵەتانی دیکەدا دەبینین. بەهێزیی وابەستەیی حکومەتی هەرێـم بەو دەوڵەتانەوە و بە قوربانیکردنی میللەتەکەی و قەبوڵکردنی هەموو سازش و خراپییەك جگە لەوەی کە لە بڕگەکانی پێشوودا ناوم هێنان ڕەنگە پەیوەندی بەو گرێبەستە سیاسی و ئابوورییە نهێنانەوەش بێت کە لای ئێمە تا ئێستا شاراوەن کە بوونی هەڵوێستێك لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە بەرانبەریان ئیمتیازی ئێکجار گەوەرە و دەسەڵاتیشیان لە دەست بچێت.
ئەنجامگیریی:
جیاوازی هەیە لە نیوانی دەوڵۆتکەی کوردستان و عێراقدا، هەر ئاواش جیاوازی لە نیوانی دەوڵەتی عێراقی و ئێرانی و تورکی و ئەورپاوە لەڕوی گەشەی ئابوورییەوە ، لە ڕوی پێشەوجوونی پیشەسازییەوە هەیە، کە ئەم گەشەیەش بە خەستی لەسەر سیاسەتی دەوڵەت هەر دەوڵەتێك بێت ڕەنگ دەداتەوە. واتە هێزی سیاسەت و دیپلۆماسییەتی دەوڵەت لە هێزە ئابوورییەکەیدا خۆی چڕکردۆتەوە، چەندێك لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێز بێت ئەوەندەش لە ڕوی سیاسییەوە بەهێز و دامەزراو دەبێت . لەگەڵ بوونی ئەو بەهێزی و گەشەی ئابوورییەیدا و بەرژەوەندییەکانی بەڵام پرسیارێك لەسەرە ڕێیەتی : قازانجی ئەو گەشە ئابووریە و بەرژەوەندییەکەی بۆ کێ و بۆ چ چینێكە؟*
لەگەڵ وتنی ئەوەشدا هێشتا ئەو دەوڵەتانە ناتوانن لە وابەستەیی دەرچن. لەم شەڕەی ڕوسیا و ئۆکرانیادا بە باشی گرێدراوییان بە یەکەوە و بەڵگەی وابەستەیی هەموویان بەوی تریانەوە دەردەکەوێت. ئابلوقەی ئابووری لەسەر یەکدی و بایکۆتی کاڵای یەکدی گومانێكی سەبارەت بەو ڕاستییە نەهێڵاوەتەوە . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هەتا دەوڵەت و دەوڵەتداریی بمێنێت وابەستەیی دەمێنێت هەرگیز خودکیفایەت [ئیکتیفای زاتیی ] وجودی نابێت، نەك لەبەر ئەوەی کە ناتوانرێت ئەوە ڕووبدات یاخود ڕوودانی مەحاڵە، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە دەوڵەت و کۆمەڵەکان لە چوارچێوەی سیستەمێکدان کە مەبەستی سەرەکی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵکەکەی نییە بەڵکو قازانج و سەرمایەیە. ئەوەشی کە ئەمە دەستەبەر دەکات ڕووت و ڕەجاڵی کۆمەڵ و بەردەوامبونێتی، ڕوودانی جەنگ و گرانی و بێ کاری و لیستێك لە نەگبەتییەکانی ترن.
بۆ ڕزگاربوون لە وابەستەیی، ڕزگاری تەواوە لە دەسەڵات و دەوڵەت و دەوڵەتمەداریی و کۆمەڵی قوچکەیی. واتە ڕزگاربوونە لە پایە هەرە سەرەکییەکەی سیستەمەکە و پایەکانی دیکە و هێزە تاریکەکان کە لە خزمەتی مانەوەی سیستەمەکەدان.
ڕزگاربوونە نەك هەر لە دەوڵەت بەڵکو لە کۆمەڵی مەدەنی هەنووکە و ڕێکخستنەوەی، کە زۆرێك لە چەپەکان و خەڵکانی دەرەوی ئەوانیش ئاواتەخوازی کۆمەڵی مەدەنی و دەوڵەتی لیبراڵن. کۆمەڵی مەدەنی یانی کۆمەڵێك کە یاسا سەرەوەر و باڵادەست بێت بۆ چەوساندنەوەی کرێکاران و هەژاران، بۆ زیادکردنی سەرمایە و سەرمایەداران، بۆ هەموو ئەوانەی کە پێشتر باسم کردن. کۆمەڵی مەدەنی یانی کۆمەڵێك کە تاکەکانی دەست بە كڵاوەکەی خۆیەوە بگرێت و هەقی کەسی نەبێت، کۆمەڵی مرۆڤی دابڕاو لە یەکدی و مشتە لە گوێی خاوەنکار و دەوڵەت. کۆمەڵی مەدەنی یانی کۆمەڵی پێشکەوتوی تەکنەلۆجیای پیشەسازیی و کردنی فەردەکانی بە ڕۆبۆت، بوونی یاسای خراپتر لە دانانی باجی زۆر لەسەر خەڵکانی ئاسایی و زەحەمەتدانی زیاتریان لەسەر کار و ناڕەحەتکردنی زیاتری ژیانیان، کە زۆر بە چڕی پاشکۆ و وابەستەیە و دوورە لە سەربەخۆییەوە ، دوورە لەبەیەکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و هاودەردی و هاوخۆشی یەکدییەوە.
ڕزگاربوون لە وابەستەیی سەربەخۆییە لە دەستەبەرکردنی بەیەکەوە ژیانی کۆمەڵایەتیی و بە کۆمەڵیکردنەوەی ئابوورییە، بە خولقاندنی یەکسانی و ئازادیی بۆ هەموان و دادوەری کۆمەڵایەتیی و دۆستایەتی ژیان و ژینگە، بە هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە بە دابینکردنی تەواوی پێویستییەکانی تاک، بە دروستکردنەوەی مرۆڤ و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵ ، بە دابڕانی مرۆڤ و کۆمەڵ لە هەموو خەسڵەتێکی نەگریسی مرۆڤ و کۆمەڵی هەنووکەی ژێر سایەی دەسەڵات و سیستەمەکە.

……………..
*لە 9/04/2014 وتارێکم لەژێر ناونیشانی ” ئایا پەرەسەندن و پێنانە کۆمەڵگەی مەدەنی بە واتای ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی ھاوڵاتییەکانێتی؟ لەو وتارەدا پەنجەم بۆ ئەوە ڕاکێشاوە ، بۆیە بە پێویستی نازانم کە چی تر لەسەر ئەوە بنوسم . گەر دەتەوێت وتارەکە ببینیت ، تکایە کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە :
http://www.zaherbaher.com




داڕمانی ئابووریی بریتانیا نەك بە گۆڕینی دەموچاوەکان بەڵکو بە گۆڕینی حیزبەکانیش زەحمەتە چارەسەر بکرێت.. زاهیر باهیر

ئەوەی کە ئەمڕۆ بە ناوی ئابوری لیبراڵ لە زۆرێك لە وڵاتاندا پیادەدەکرێت، ئابووریی نییە بەڵکو جەنگێکی سەرانسەرییە کە بەرانبەر بە دانیشتوانەکەی بەڕێدەکرێت. جەنگی ڕووتانەوە و چەوساندنەوە و برسسیکردنی زۆرینە و هەڵکەندنی زۆرێك لە زێدی خۆیان و باوباپیرانیان و دروستکردنی جەنگێکی ڕاستەوخۆی کوشتن و بڕین و وێرانکارییە.
ئابوورییەك کە لەسەر خۆێن و جەنگ و کوشتن و بڕین بژی و بەردەوام بێت ئەمە چ ئابوورییەکە؟ ئابوورییەك کە بۆ کەمایەتییەکی ئێکجار کەم خێرێکی زۆر بداتەوە نەك بۆ هەموان ، چ ئابوورییەکە؟ ئابوورییەك چەند فۆرمیلەیەکی وەکو بەرزکردنەوەی بەهای پارە و دابەزینی، زیادکردنی ڕێژەی سوو و کەمکردنەوەی، هەڵئاوسانی پارە و دابەزاندنی بیسوڕێنێ و بەڕێی بکات، چ ئابوورییەکە؟ ئابوورییەك کە بە پژمەی کەسێكی زۆر دەوڵەمەندی وەکو ڕۆبێرت مەردۆك ، جۆرج سۆرۆ، ئێلون میسك ، جێف بیزۆس و بیڵ گەیت و هەندێکی تریان بدات لە تایەك لە دارایی وڵاتان، چ ئابوورییەکە؟، ئابوورییەك کە تەنها 4 وشەی بەسە لەلایەن ئەو زاتانەی سەرەو بۆ داڕمانی: ” ئەم سیستەمە هەرەس دەهێنێت” ، دەبێت چ ئابووریەك بێت؟
بریتانیاش یەکێکە لەو وڵاتانە خاوەنی ئەو چەشنە ئابوورییە و لەم جەنگەدایە. دوای قەیرانە داراییەکەی ساڵی 2008 تا ئێستا بارودۆخی ژیانی دانیشتوانی بریتانیا لە خراپیدایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش بەرەو خراپتر دەڕوات کە لە ئێستادا گەیشتۆتە لوتکە. هەر بەهۆی ئەو بارودۆخەوە لە شەش ساڵدا چوار سەرەك وەزیری سەر بە هەمان حیزب هاتوون و ڕۆیشتوون .
لەگەڵ ئەوەشدا باری ژیانی خەڵکی بریتانی بەرەو خراپ و خراپتر ڕۆیشتووە. کولفەی ژیان بە ڕێژەی لە سەدا 10 کە ئابووریناسەکان و حکومەت پێیدەڵێن هەڵئاوسانی پارە سەرکەوتووە ، لیستی بینینی دکتۆری پسپۆڕ و داخڵبوون بە خەستەخانەکان لە 6 ملیۆن کەسەوە لە مانگی نیسانەوە بۆ 7 ملیۆن کەس سەرکەوتووە، کولفەی منداڵ لە حەزانەدا، باخچەی منداڵاندا سێیەک و دوو لەسەرسێی داهاتی خێزان دەبات ، بەهای پاوەند لە ساڵی 1976 وە وەکو ئێستا دانەبەزیوە، بەرزبوونەوەی غاز و کارەبا بە ڕێژەی لە سەدا 84 لە سەرەتای ئەم مانگەوە سەرکەوتنی زیاتریش لە ساڵی نوێدا، ئەوانەی کە سلفەی عەقاری 200 هەزار پاوەندیان لەسەرە کە تا ڕادەیەك کەمە، وا پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2024 بڕی سلفەکەیان بە بڕی 5 هەزار و 100 پاوەند سەرکەوێت، کرێی خانووش بە ڕادەیەك لەبەرزبوونەوەدایە کە زۆرێك چی تر ناتوانن بیدەن، مەرکەزی خۆراك بەخشینەوەکان هەفتانە زیاتر قەرەباڵغ دەبن و خۆی داوە لە ملیۆنێك کە بەشێكی زۆریان کار دەکەن.
بە هاتنی سەرەك وەزیرانی نوێ ، لیز ترووس، و دەستەو تاقمەکەی ئابووری وڵاتی بەرەو داڕمان برد. سیاسەتەکانی حکومەتی نوێ لە ئابووریدا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەیانیان کرد هەر لە دژایەتی ژینگە، هەڕەشەی زیاتری سەرکوتکردنی خەڵکی و سنوردارکردنی زیاتری ئازادییەکان لە ڕێگای یاساوە، هەڵوەشاندنەەوەی لە سەدا 45 باج لەسەر داهاتی زیاد لە 150 هەزار پاوەند کە بڕیار بوو لە مانگی نیسانی ساڵی ئایندەوە بکەوێتە کار، هێڵانەوەی باج لەسەر کۆمپانیاکان کە لە ئێستادا بە ڕێژەی لە سەدا 19 یە کە ئەمیش بڕیار بوو لە مانگی نیسانی ساڵی ئایندەدا ببێتە لەسەدا 25 ، زیادکردنی بەشدارایکردنی بیمەی نیشتمانیی، هەڕەشەی دەستگرتنەوەی سەرفکردنی پارە لە خزمەتگوزارییەکاندا، هەندێکی دیکە لەم سیاسەتانە وای کرد کە بەهای پاوەند هاڕە بکات و هاوکاتیش کارایی زۆر خراپی لەسەر تەواوی ئابووریی دانا. هەموو ئەمانە ڕۆژانە لە سەر ژیانی ئاسایی هەرە زۆرینەی خەڵك ڕەنگدەداتەوە.
بۆ چارەسەری ئەو بارەی کە خولقێندارا و بۆ ئەوەی بەهای پاوەند زیاتر نەشكێ، بانکی مەرکەزی بەدەم حکومەتەوە هات وبڕیاری دا کە بۆ ماوەی دوو هەفتە بایی 65 ملیار پاوەند ‘بۆند’ی [ لام وایە بە کوردی کۆمپیالە و سەنەدی کۆنی خۆمان دەگرێتەوە] کڕی بۆ فرۆشتنەوەی . ماوەی ئەو دوو هەفتەیەیە کە بۆی دیاریکرابوو تا ڕۆژی هەینی هەفتەی پێشوو بوو، 14/10 تەنها بایی 7 ملیار بۆند کڕڕا و نرخی پاوەندیش هیچ نەچووە سەرەوە و یارمەتی حکومەتیشی نەدا لە ئارمکردنەوەی بازاڕ و بۆرصەدا. ناچار سەرەك وەزیران وەزیری دارایی کە برادەر و هاوپەیمانێکی زۆر نزیك و دێرینی خۆی بوو دەرکرد و کەسێکی دیکەی کردە وەزیری دارایی .
ئایا دانانی وەزیری دارایی نوێ ئەم گرفتە لابەلا دەکاتەوە؟
بە بڕوای من گرفتەکە نەك هەر بە گۆڕینی دەموچاوەکان، بەڵکو بە گۆڕینی حیزبەکانیش لابەلا نابێتەوە. ڕاستە سەرەك وەزیران وەزیرێكی نوێی داناوە و بڕێك ئایدیای هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان و هەرەها لە گەلێك لەو سیاسەتانەی پەشمیان بووەتەوە بەڵام پەشیمانبوونەوە و هەڵپەساردنی بڕیارەکانی بۆ ئایندە، نە یارمەتی بەردەوامبوونی حوکمی دەدات و نەچارەسەری گرفتەکانیش دەکات، چونکە 40 ملیار پاوەند دەبێت جێگای بۆ بکرێتەوە و پڕ بکرێتەوە کە نازانرێت لە کوێوە هاتووە.
لەم وڵاتانەدا لەبەرئەوەی حکومەت لەسەر پارەی باج دەژی ناتوانێت و ناکرێت بڕیاری هاوکاری کەرتێکی خزمەتگوزاریی وەکو پەروەردە، تەندروستیی، هاتوو چۆو ئەوانی دیکە بدات، یاخود باج لەسەر لایەنێك بهێنێتە خوارەوە یا بیمەکان زیاد بکات ئەگەر بە گوێرەی ئەو پارەیە، پارەی بۆ دیاری نەکرابێت و سەرچاوەی هاتنی ئەو پارەیە یا ئەو بڕە باجە داشکاوە بەیان نەکرابێت.
چارەسەرکردنی ئەم 40 ملیارەش کە ڕەنگە بڕێك بەهای پاوەند بەرزبکاتەوە و ئابووریش تۆزێك ببوژێنێتەوە. بەڵام نانی ئەم هەنگاوە بۆ وەزیری نوێی دارایی یاخود هاتنی حیزبی لەیبەر بۆ سەر حوکم زۆر زەحمەتە چونکە پەیداکردنی ئەم 40 ملیار پاوەندە بە ڕای من تەنها لە یەكێك لەم چوار ڕێگایەوە دەکرێت .
یەکەم: کەمکردنەوە و بڕینی بەشێك لە بیمەکان و پارەی شارەوانییەکان و خزمەگوزارییەکانی کە لە سەرەوە دەستنیشانم کردن. ئەمەش گرفتی زیاتر دروست دەکات هەر لە زیادبوونی ژمارەی بەتاڵە و بوون بە بارێکی قورس بەسەر دەوڵەتەوە و کەمبوونەوەی توانای کڕینی کاڵاکان، واتە هێواشکردنەوەی نشونمای ئابووریی ڕۆیشتن بەرەو قەیران.
دووەم: زیادکردنی باج لەسەر سامانداران و کۆمپانیاکانی بزنس و سەپاندنی باج بە سەر ئەو سەرمایانەی کە لە وڵاتانێك دانراون و باجیان لەسەر نییە. ئەمەش ناکرێت و مایەی قەبوڵ نییە لە لایەن ئەو لایەنانەوە.
سێیەم: چاپکردنی پارەی زیادە لە لایەن بانقی مەرکەزییەو هەر وەکو لە سەردەمی کۆرۆنادا کرا لەژێر ناوی quantitative easing ، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری قەرزی نەتەوەیی کە دانەوەی دەوێت .
چوارەم: بەدەوڵەتیکردنی کەرتە تایبەتییەکانی وەکو وزە و ئاو و هاتووچۆ و هەندێکی دیکەیان. کردنی ئەمەش پێویستی بە قەرەبووکردنەوە هەیە و پارەیەکی زۆری دەوێت و گرفتێکی زۆریش بۆ دەوڵەت لە ئێستادا دروست دەکات، بۆیە کردنیان زۆر زەحمەتە.
بێ گومان ئایندەیەکی نزیك وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و داهاتوی ئابووری بریتانیامان بۆ دەردەکەوێت .

زاهیر باهیر
17/10/2022




ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵکی ئێران.. زاهیر باهیر

هەڵچوون و هاتنە سەر شەقام و ڕاپەڕینی خۆبەخۆیانەی خەڵكی لە ئێراندا ڕودواێکی سەیر و سەرسوڕهێنەر و ڕێکەوت نییە. ئەوەی مێژوی نزیکی ئێران بزانێت ئەوە ڕەچاو دەکات کە لە قۆناخ و ساڵە جیاجیاکاندا ئەم بەرەنگارییە خۆڕسکیانە بەتایبەت دوای هاتنەوەی شا و لابردنی دکتۆر موصەودەق و ئیدارەکەی ، بەردەوام بوە جۆش و خرۆشی خەڵکی فشاری خۆیان داناوە.
ئەوەشی کە پێی دەوترێت شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 لەڕاستیدا ” شۆڕش” ی ئەوان نەبوو. ئیسلامییەکان بە چەند هۆکارێك بەری ئەو ڕاپەڕینەیان چنییەوە و لەو کاتەوە بوونەتە خاوەندەسەڵات تاکو ئێستا. هۆکاری بوون بەخاوەنی ڕاپەڕینەکە ئەو زەمینە لە بارە بوو کە ساڵەهایەکی دوور و درێژ بوو کە خەڵکی لەژێر دەسەڵاتی شادا بێبەش بوون لە ئازادیی و نان و دادوەری کۆمەڵایەتیی و نایەکسانێتی و زەبروزەنگی ساواك و سوپا و پۆلیسی ئێران کە باڵی کێشابوو بەسەریانا. هەموو ئەمانە لای چەوساوەکانی میللەتی ئێران بە هەمووییانەوە پەنگیان خواردبووە. ئەمانە بوونە هۆی دەربڕینی ناڕەزایی و هاتنە سەر شەقام و پەلاماردانی پیاوانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی و هاوکاتیش زۆرێك لە کرێکاران لە شوێنی خۆیاندا خۆیان ڕێکخست و مانگرتن و چالاکییان دەستپێکرد .
هەموو ئەمانە ئەو زەمینە لەبارە بوون کە ئاخوندەکان بە هاوکاری ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەزگە سیخوڕییەکانیان گونجا و برەویان بە بزوتنەوە ئیسلامییەکە دا تا هێنانەوەی خومەینی بە ناچاریی. ئەویش بە قبوڵکردنی شەیتانی بچوك، کە باشترە لە شەیتانی گەورە ، یاخود ڕیگرتن لە مەترسییەکی گەورە بە قووتکردنەوەی مەترسییەکی بچوك زۆر باشتر بوو.
دواتریش خولقاندنی جەنگێکی هەشت ساڵەی وێرانکەر و بکوژی ملیۆنەها لە خەڵکی ئیرانی و عێراقی و کەمئەندامبوون و هەڵکەندنی ملیۆنەهای دیکە لە جێ و ڕێی خۆیان و بەهێزکردنی ڕۆحی قەومی و دینی و مەزەهەبی بووە هۆی دامرکاندنەوەی ناڕەزاییەکانی خەڵکی و سەرکزکردن و کپبوونەوەیان. هەر ئاواش هەناردە کردنی قەیرانەکانی خودی ڕژێم و ناو خودی ئێران و کۆمەڵ. هەموو ئەمانە بوونە هۆی سەقامگیربوونی دەسەڵاتی ئاخوندەکان و بەردەوامبوونیان.
بەڕوودانی هەموو ئەوانەی سەرەوەش ئێران نەبووە ئاشی ئاوکەوتوو، نەبووە سەرزەمینی ئاشتیی و ئازادیی. هەر دوای جەنگ ناڕازایی خەڵکی وردە وردە دەرکەوتەوە بە تایبەت لە سەرەتای ئەم چەرخەدا. لە هەمویان گرنگتر و بەهێزتر بزوتنەوەی سەوز [ گرین]ی ساڵی 2009 بوو. دواتریش خۆپیشاندان و ناڕەزاییە گەورەکانی ساڵانیی 2016 تا 2019 لەسەر زیادبوونی نرخی پیداویستییەکانی ژیان بەتایبەت نرخی وزە . ئەمەش وزەیەکی زیاتری بە خەڵکی دا و لە پاڵیشیا تەکانێك بە دەوڵەت و لاوازبوونی.
هەموو ئەم چالاکی و ناڕەزاییانە لە ڕێگای پاسدار و پۆلیس و هێزی پۆلیسی مەدەنییەوە توانرا زۆر بێ ڕەحمانە و خۆێناویانە تا ڕادەیەک دامرکێنرێتەوە. هاتنی دەردی کۆرۆناش خەڵاتێك بوو بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتداران کە ڕێگرییەکی زۆری لە دەربڕنیی ناڕەزایی و گردبوونەوەی خەڵکی کرد، بەڵام نەیتوانی چۆڕایی بە ناڕەزاییەکان و بزوتنی خەڵکی بهێنێت. خەڵکی ئەوەندە پڕ و توڕەیە لە دەسەڵات بەو هۆکارانەی کە هەموان دەیزانین وەك گرانیی ، نەبوونی کار و ئازادیی و چارەسەری تەندروستی، دابەزینی بەهای تومەن و زەبر و زەنگ و سەرکوتکردن، نادادوەریی کۆمەڵایەتیی، نایەکسانیی، بوونی ئێران وەکو بەندیخانەیەکی داخراو و زۆری تر. هەموو ئەمانە هەمیشە هۆکارێك بوون بۆ تەقینەوەی خەڵکی و هاندەرێك لە هاوبەشیکردنی دەرد و ئازاریان تاکو بە یەکەوە لە ڕێگای خەباتەوە ساڕێژی بکەن دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت.
ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵکی ئێران کە زۆربەیان گەنجن و سەربەخۆن لە حیزبەکان زیاتر لە 50 شار و شارۆچەکەی ئێرانی لە 31 دەڤەردا گرتۆتەوە. تا ئەمڕۆ 50 کەس قوربانیی بوون، و نزیکەی 600 کەس برینداربوون و بە هەزاران کەسیش دەستبەسەر کراون.
کوژرانی دڕاندانەی ‘ژینا ئەمینی’ هۆکاری سەرەکی نەبووە و نییە بۆ ڕاپەڕینی ئەم خەڵکە. کوژرانی ‘ ژینا’ تەنها بیانوویەکە بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی بەڵام تایبەتمەندی و بایاخی گرنگی خۆی هەیە لە یەککەوتنی خەڵک و تێپەڕاندنی سنوری نەتەوەیی و دینیی و مەزهەبی و ناوچەگەریی و تیرەگەریی. خودی ئەمەش ئەوە دووپات دەکاتەوە کوشتنی کەسێك، کوشتنی هەموانە، سەرکوتکردنی لایەنێك و ڕەگەزێك هی ئەوانی دیکەشە، یەکێتی چەوساوەکان و سەرکوتکراوانیش لێرەدا ئەو پردە نەپساوەیە کە دەکرێت ئامانجی دوور و نزیکی خەڵکی لەو وڵاتەدا بەدەستبهێنێت.
یەكێك لە خەسەڵەتەکانی ئیران ڕۆڵی کەم و کەمی هەژموونی حیزبە سیاسییەکانە لەسەر خەڵکی و بزوتنەوەکەیان. بە واتایەکی دیکە حیزبە سیاسییەکان ئایا بە
هۆکاری لاوازی خۆیان بێت، یاخود هۆشیاری جەماوەر، نەیانتوانیوە وەکو عێراق و باشوور خەڵکی بکەنە گوێ لەمستەی خۆیان و بە فرمانی ئەوان هەڵچن و دامرکێنەوە . لە ئێستادا هیچ حیزبێکی ئێرانی لە کورد و فارس و بەلوج و عەرەب و ئیتنکییەکانی دیکە نەیانتوانیوە بزوتنەوەکەی ئەم چەند ڕۆژە بخەنە ژێر ئاراستەی خۆیان و کۆنترۆرڵی بکەن .
لەگەڵ ئەوەشی کە وتمان ئەوە نەبێ مەترسی ئەو حیزبانە بەسەر بچێت یاخود دەستوەردانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی دەزگە سیخوڕیی و تەنانەت هاوکاریکردنی حیزبەکانیشەوە ، ڕوونەدات .
وێڕای ئەو مەترسییانەش من لام گرنگە کە هاوپشتی و هاوکاری خۆمان لەگەڵ ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوە ڕابگەیەنین و ئومێدی سەرکەوتنیان بۆ بخوازین. هاوکاتیش من وەکو خۆم لەوە بە ئاگام کە لە کاتێکدا خەڵکی نەتوانێت کە خۆی لە شوێنی سەر کار و زانکۆ و گەڕەك و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکاندا سەربەخۆوانە،، ئاسۆیانە ڕێکبخات و مانگرتنی سەرانسەری کرێکاران کە شادەماری ئابووری ئێرانیان لە دەستدایە ڕوونەدات، زۆر نزیکە خەباتی ئەم خەڵکە ڕاپەڕیوە بە گورگان خواردوو بدرێت و دەسەڵاتێکی ستەمکار بە دانەیەکی دیکەی ستەمکار بگوڕریت . لەگەڵ ئەمەشدا هەڵتەکاندنی ڕژێمی ئاخوندەکان زۆر گرنگە چونکە دەرگایەکیش لەسەر ڕاپەڕینی خەڵکانی عێراق دەکاتەوە و حیزبە دینی و مەزهەبیەکان و حیزبە کوردییەکانیش لە عێراقدا هەروەها ڕژێمی ئەسەد و حیزبوڵای لوبنان و حەماسی فەلەستییش زۆر لاواز دەکات. هاوکاتیش کارایی نەرێنی خۆشی لەسەر دەوڵەتە فاشییەکەی تورکیاش دادەنێت . هەموو ئەمانە خاڵی ئەرێیایەنەی سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکەیە ئەمە جگە لە گەڕانەوەی ڕۆحی بوێری و پشتبەستن و متمانە بەخۆکردن.
خاڵێکی دیکە لەم ڕاپەڕینەدا کە زەروورە پەنجەی لەسەر دابنرێت ڕەتکردنەوە و پوکانەوەی پاگەندەی نەتەوەچییەکانی باشوورە کە گوایە ‘ ژینا ئەمینی’ لەبەرئەوەی کە کورد بووە ئەشکەنجە دراوە و کوژراوە، کە ئەمە هیچ جۆرە ڕاستییەکی تێدا نیە. بوونی دەسەڵاتەکان لەسەر شەقام ، لە خاڵێکی پشکنینیندا ، لە شوێنەکانی دیکەدا ئاوا کار ناکەن. زوڵمی زۆر و سیاسەتی دەسەڵاتی ئاخوندەکان گشتگیرییە و تەجاوازی سنورەکانی قەومییەت و ڕەگەز و ئیتنیکییەت تەنانەت مەزهەبییەتیشی کردووە دەکات.
سەرکەوتوو بێت خەباتی رەوای چەوساوانی ئێران
ئازادیی بۆ ژنان و سەرکەوتن بۆ یەکێتی ژنان و پیاوانی چەوساوە.
نەنگی و تێشکان بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتخوازن.
سەرکەوتوو بێت خەباتی لۆکاڵی و نێونەتەوەیی چەوساوەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی جەنگ و چەوساندنەوە و کاری کرێگرتە : سەرمایەداریی .

23/09/2022

زاهیر باهیر




دەسبەسەریی و دیلیی قەرز.. زاهیر باهیر

زۆرن ئەو وڵاتانەی کە بە ڕەهن لە لایەن دەزگەی دراوی نێودەوڵەتی و بانقی جیهانی و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاواوە گیراون. ئەم وڵاتانە لەژێر مەرجی قورس و پابەندبوونێك کە لێدەرچوونی نییە وەکو دیلێك دەناڵێنن و کۆتێك کراون کە ناتوانن بیپسێنن.
ئەمریکا و بریتانیا هەر بە جەنگی کوشتن و بڕین نەنیشتونەتە وێزەی هەندێك نەتەوە و وڵات، بەڵکو جەنگێکی دیکە کە چەپی کەمە لەو جەنگەی تر، بەڵام درێژخایەن و کاریگەرتر بە سەپاندنی هەل و مەرجی سەختی خۆیان بۆ تاڵانکردنی سەرەوەت و سامانی ئەو وڵاتانە و زێدە قازانجی کۆمپانیاکانیان و کۆنترۆڵکردنیان لە ژێر ناوی دانی قەرز و هاوکاری و ئاوادانکردنەوە و پێشەوەجونەوە، بە ناوی چەندەها پرۆژەوە کە یەکێکیان ” ڕێکخستنەوەی هەیکەلی دامەزراوەکانی وڵاتە…” ئا لەو ڕێگایانەوە ئەو جەنگەشیان بەرپاکردووە.
هەندێك لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتینی و ئەفەریقا دووچاری ئەو قەرزە نەدراوە و و نەبڕاوەیە بوون، زۆربەشیان لە ڕێگای ئەو بڕە سووەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە دوو جار و سێ جار ئەو قەرزەیان داوەتەوە، بە واتایەکی دیکە ئەمان بە درێژی نیمچە تەمەنێك هەر سوویان داوەتەوە لە بری قەرزە ئەسڵییەکە.
بانکەکان، دەزگە دراوییەکان و بازرگانەکان لەلایەن گروپی حەوتەوە، G7 ، ‘ئازاد کراون’ و ئۆکەیان لەو ڕاو و ڕووتەدا بۆ کراوە. ئەمان لە چین تاوانبارترن سەبارەت بەوەی کە بەسەر ئەو وڵاتانەدا هێناویانە و دەیهێنن.
زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر کەمپەینێك لە ژێر ناوی ” دادوەری قەرز ” یا ڕاستتر دادوەری لە قەرزدا ڕاگەیانرا. لە ڕێڕەوی ئەم کەمپەینەدا زانیاری زۆر کەوتە بەرچاو لە ناوی وڵاتەکان و بڕی قەرزەکان و ڕێژەی سوو و هەل و مەرجی سەپێنراو. لەوانە حکومەتەکانی ئەفریقا سێ ئەوەندەی قەرزی بانکەکانی رۆژئاوا و بەڕێوەبەرانی سەروەت و سامان و بازرگانانی نەوت و دوو هێندە زیاتریش سوودیان لێ وەردەگیرێ.
وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەم لایەن و دەزگایانە بە هەڵە تەنها وڵاتی چینیان بە هۆکاری شکستهێنانی پێشکەوتن لە داڕشتنەوەی قەرزەکاندا تاوانبار کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستییەک لەمەشدا هەیە کە ماوەیەکە چینیش پەلی کوتاوە بۆ وڵاتانی ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتین و ئێستاش ئاسیای ناوەڕاست و هەندێکیش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەوانە عێراق.
پرۆژەکانی چین لەم وڵاتانە زیاتر پرۆژەی قورسی ڕێگا و بان و دروستکردنی فڕۆکەخانە و بەنداو و تونێل و پردن، کە ئەمانیش هەل و مەرجێکی قورسیان داناوە بۆ بەرخستنی سەرمایەکەیان لەدەسکەتنی قازانجی زیاتر لەو بوارانەی سەرەوەدا.
ڕێکخراوی دادوەری قەرز حیسابی کردووە کە 12%ی قەرزی دەرەکی حکومەتەکانی ئەفریقا قەرزاری قەرزدەرانی چینن و ئەمە لە کاتێکدا 35% قەرزاری قەرزدەرانی ڕۆژئاوان. نیوەی 22 وڵاتی ئەفریقی کە زۆرترین قەرزیان لەسەرە، زیاتر لە٪ 30 قەرزاری قەرزدەرە تایبەتەکانن، واتە کۆمپانیاکان، لە کاتێکدا تەنها شەش وڵاتیان بە هەمان ئاست قەرزاری چینن.
بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، پەتای کۆرۆنا و قەرزی دەرەکیی وڵاتانی کەم داهات، پاڵنەر بوون بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی 50 ساڵدا، نزیکەی دوو لەسەر سێی وڵاتان تووشی ناڕەحەتی قەرزەکان بوون یان مەترسیی نەدانەوەی قەرزەکانیان لەسەرە. لەشکرکێشی ڕووسیاش بۆ سەر ئۆکرانیا نیگەرانی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە بەهۆی کارایی شەڕەکە لەسەر نرخی خۆراک و کاڵاکان.

نموونەیەك لەو وڵاتانەی ئەفەریقا وڵاتی زامبیایە کە یەکێکە لە دیلەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی. پەتای کۆرۆنا ئازارە ئابوورییەکانی زامبیای ئاڵۆزتر کرد، کە هۆکارەکەی بۆ چەندین ساڵ خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی بوو، کە وڵاتەکەی لە نەدانەوەی قەرزەکانیدا کۆڵەوارتر کرد. زامبیا بەهۆی بونی گەندەڵی و کەمی داهات و پەتای کۆرۆنا بە دەست قەرزەکانییەوە دەناڵێنێت ، نەك هەر ئەوە بەڵکو ناتوانێت بڕی سووەکەش بداتەوە، بۆیە داوای لە صندوقی دراوی نێودەوڵەتی کرد بە دانی قەرزێکی دیکە کە لەسەر قەرزە کۆنەکەی کەڵەکە دەبێت . پاش هێنان و بردنێکی زۆر و حساب و کیتابێکی بێ ئەندازە ئەم دەزگەیە رەزامەندی دەربڕی کە بە بڕی 1.3 ملیار دۆلار (1.1 ملیار پاوەند)، قەرزی پێبدا لە کاتێکدا ئەم وڵاتە لە هەوڵێکی سەختددایە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئابوورییەکەی کە تووشی قەیران بووە، بە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی 2020 دا نەیتوانی قیستی قەرزە دەرەکییەکانی بدات.
بێ گومان دانی ئەم قەرزە نوێیەش کە ڕۆژی 5شەمە، 01/09 ڕاگەیاندرا و چەند مانگێکە دانوستانی لەسەر دەکرێت بارو دۆخی ئابووریی زامبیا باش ناکات چونکە دانی ئەم قەرزەش کۆمەڵێك مەرجی پێوە بەستراوەتەوە کە نیوەی ئەم قەرزە نوێیە بۆ دانەوەی قەرزەکانیێتی بە قەرزدەرەکانی کە بریتین لە فەرەنسا و بریتانیا و چین ، سەرەنجامیش پاڵ بە بەردەوامبوونی سیاسەتی دەستگرتنەوە ، تەقەشوف، دەنێت و کە فشارێکی زۆر دەخاتە سەر خەڵکی زامبیا، هەر ئاوا قەیرانەکە بۆ چەندین ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
خەڵکی زامبیا لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەست بڕینی زۆری خزمەتگوزارییە گشتیەکانەوە دەناڵێنن، کە خەرجییەکانیان لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021 بە ڕێژەی 21% دابەزیوە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش تێچووی قەرزی تایبەتە کە سوودێکی زۆرە، بە پلەی یەکەم لەلایەن قەرزدەرەکانی تایبەتەوە وەک کۆمپانیای بلاک ڕۆک، BlackRock وەستاوە بۆ ئەوەی قازانجی گەورە بەدەستبهێنێت ئەگەر بە تەواوی بدرێت”.

هاتنەوەی هەناسە بە زامبیا بە دانی قەرز کە پێرێ 5شەمە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بڕیارە دەستبەجێ پارەی 185 ملیۆن دۆلار وەربگرێت. دوای چەند مانگێک لە دانوستانەکانی نێوانیان، قەرز بە قەرزدەرە سەرەکییەکانی زامبیا دەبێت بدرێنەوە کە بریتین لە فەرەنسا و بەریتانیا و چین. نزیکەی نیوەی قەرزەکانی وڵاتەکە بۆ قەرزدەرەکانی تایبەتی ڕۆژئاوایە. لەگەڵ ئەوەشدا صندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیاندنێکیدا لۆمەی زامبیا دەکات و دەڵێت ” گەشەکردن زۆر نزم بووە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەکانی هەژاری و نایەکسانی و بەدخۆراکی کە لە بەرزترین ئاستی جیهاندان”
بە دڵنیاییەوە ئەو هۆکارانەی سەرەوە کە لەسەر زامبیا ڕۆڵیان هەبووە لەسەر سەرجەمی وڵاتانی گیرۆدەبوو بە قەیران لە ئەفریقا و وڵاتانی دیکەدا، کارایی خۆیان داناوە وەکو قەیرانی گەندەڵی ، ئیدارەدانی زۆر خراپ، خراپی ژینگە و کەش و هەوا، جەنگی ناوخۆ ، کە هەر هەموو ئەمانە سەرچاوەکەی دەسەڵاتە و دەوڵەتە کە دەوڵەت و دەسەڵاتیش هەموو ئەو نەگبەتیانە لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن.

زاهیر باهیر
03/09/2022
Zaherbaher.com




هەژاریی سووتەمەنیی لە بریتانیادا… زاهیر باهیر

بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ لە مانگی جێنیوەری ساڵی تازەدا دوو لەسەر سێی خێزانەکانی بەریتانیا تووشی هەژاریی سووتەمەنیی دەبن.

ڕووداوەکان دەستەواژەی نوێ لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. هەژاریی سوتەمەنیی دەستەواژەیەکە کە گوزارشت لە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەمنییەکان تا ڕادەیەکی ئێکجار زۆر دەکات.  ئەم دەستەواژەیە بە دروستی  بەسەر  دووبەش لە سێ بەشی خێزانەکانی بریتانیادا جێ بەجێدەبێت .

بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە و تێچوی ژیانی دانیشتوانی بریتانی  لە پاڵ وشکەساڵیی و لە  تەك ئەمانەشدا تورەقیکردنی زیاتری توێژاڵی دەستەبژێری نێو کۆمەڵ بە هەڵتۆقینی ملیۆنەری زیاتر و زیادبوونی ملیاردەرەکانیش بۆ 177 دانە، هەموو ئەمانە بوونەتە سەر ویردی زمانی ڕۆژنامەکان و بەشێکی زۆری دەنگوباسەکانی ڕادیۆێ و تی ڤییەکان.

ئەوە نەبێت پێش ڕوودانی ئەم بارودۆخە بڕێکی زۆری خەڵکی لە بریتانیا ژیانێکی شایستانەیان هەبووبێت . من پێشتر لە زۆر ڕووەوە باسی ژیانی ئێرەم کردەوە لێرەدا تەنها هەر یەك دوو نموونەیەك دەهێنمەوە: دوو لەسەر سێی ئەو گەورانەی کە کار دەکەن لە هەژارییدا دەژین ڕێژەکەش لە ئێستادا لە بەرزبوونەوەدایە، 5 ملیۆێن کە کرێکارن لە شوێنی جیا جیادا لە هەژارییدا دەژین، ئەمە جگە لەوەی تێکڕای مووچە کە بە گوێرەی ڕادەی هەڵاوسانی پارە  ڕێکخراوە یا دیریدەکرێت، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، 2022، کەمتر بووە  لە مانگی شوباتی 2008.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ 45 ملیۆن کەس لە بەریتانیا لە مانگی یەکی [ جێنیوەری] ساڵی نوێدا بە هۆی هەڵكشانی نرخی سووتەمەنییەکان : غاز وکارەبا تا دەکاتە بەنزین و گازۆییل بە ڕادیەك دەبێ کە ئەو بڕە خەڵکە کە لە چوارچێوەی خێزانییدا گرد دەبنەوە دەکاتە 18 ملیۆن خێزان کە ڕووبەڕووی هەژاریی سووتەمەنیی دەبنەوە.

ڕاپۆرتەکە هەژارییەکە وردتر دەکاتەوە و کارایی زیاتری لەسەر هەندێك توێژاڵی کۆمەڵایەتی پتر دەردەخات.  هەر بۆ نموونە دەڵێت لە نێوانی کەپڵێکی خانەنشینکراو بە ڕێژەی لە سەدا 86.4   و لە سەدا 90.4 لە سەر خێزانانی یەكباڵ ، ئەوانەی کە بێ مێردن یا بێ ژنن کە دوو منداڵ یا زیاتریان هەیە ، کارایی خۆی دادەنێت.

هەر ئاواش ڕاپۆرتەکە لە سەر ناوچەکانی یا دەڤەرەکانی بریتانیاش ڕێژەی ئەم هەژاریی سوتەمەنییەی تۆمار کردووە. لە سەدا 57.9 خانەوادەکانی کە لە خواروی ڕۆژهەڵاتی بریتانیا دەژین ڕووبەڕووی ئەو قەیرانە دەبنەوە.  ئەمەش  بە بەراورد بە لە سەدا 70.9 لە دانیشتوانی میدلاند و لە سەدا 76.3 لە دانیشتوانی ئیرلەندەی باکوردا.

ئەم توێژینەوەیە دوای بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە بە ڕێژەی لە سەدا 10.1 لە مانگی تەموزدا کراوە و واش پێشبینی دەکرێت کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەچیتە لە سەدا 10.8 کە ئەم ڕێژەیە لە بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پاوەندی بریتانیدا لە  40 ساڵ  لەمەوبەرەوە نەبینراوە. ئەوەش مەزەنە دەکرێت کە لە کۆتایی ئەمساڵدا بگاتە لە سەدا 13 .  هەر لەبەر ئەوەشە هەرچەند مووچە و کرێش بەرزببێتەوە تەنانەت بە ڕادەی لە سەدا 10ش هێشتا هەر موچەکە هیچ زیادی نەکردووە، بەڵکو نوقسانی بە ڕێژەی لە سەدا 3 هەیە.

هەندێك لە دامەزراوەکان، دەسگەکانی وەکو دەسگەی تەندروستی متمانەپێکراوی خەسستەخانەکان لە ئینگلەنددا،  لە سەروبەری ئەم ژیانە قورسەدا کۆمەك بە کارمەندەکانیان دەکەن بۆ ئەمەش بەرپرسانی نەخۆشخانەکان  باوەڕیان وایە کە یارمەتییەکانیان  ‘بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە’ و ڕووبەڕوویان دەبێتەوە دەبێت لەبەرانبەریدا بووەستنەوە .

دەسگەکانی نەخۆشخانەکان لە هەندێك شار و ناوچەدا بڕیاریان داوە کارمەندەکانیان کە زۆر هەژاران 500 پاوەندیان پێبدرێت و بۆیشیان هەیە کە منداڵەکانیان لە چێشخانەکەی سەر کاردا بە یەك پاوەن ژەمی نانی نیوەڕۆ بخۆن.  لە شاری لێستەر لە سەدا 29 ی ستافەکانیان موچەیەکی هەژارانە وەردەگرن کە پێش لێبڕینی باج تەنها 23،177 پاوەندە.  لە هەندێك شوێنی تر 2 ملیۆن پاوەندیان داناوە بۆ یارمەتی ئەوانەی کە بە هۆی گرانی نرخی بەنزینەوە ناتوانن بچنە سەر ئیش.

هەواڵی خراپتر وەکو دەسگەی  سیستەمی پیشەسازی و دارایی  دەڵێت  لە ساڵی دارایی داهاتوودا – 2023-2024 – ئەگەری زۆرە قەرزکردن بە ڕێژەی 23 ملیار پاوەند زیاد بکات، چونکە حکومەت پێویستی بە بەرزکردنەوەی یارمەتییەکان و خانەنشینی دەبێت بەگوێرەی ڕێژەی هەڵاوسانی بەرزتر بە تێچووی 4 ملیار پاوەند و هەروەها دانەوەی 54 ملیار پاوەند بە سووییەکی بەرز لەسەر  قەرزەکانی کە پەیووەستن بەهەڵکشانی هەڵئاوسانی پارەوە  لەسەر بۆندەکان.]  وشەی بۆند-ی ئینگلیزی ڕەنگە زیاتر لە کوردیدا بە کۆمپیالە بێت] .

وەکو زانراوە سیستەتی سەرمایەداریی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان یاری بە هەندێك فۆرمیلەی ئابووریانە دەکات بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو، زیادکردن و داشکاندنی ڕێژەی باج ، گرتنەبەری سیاسەتی دەستگرتنەوە [ تەقەششوف]،  کەمکردنەوە و زیادکردنی بەهای دراوەکەی، ڕێگەدان بە هەڵئاوسانی دراوەکەی یاخود کۆنترۆڵکردنی هەڵئاوسانەکە.  لەگەڵ ئەم دەستکاریکردنانەشدا، لە کردنی هەر یەکەیاندا کارایی نێگەتیڤانەی لەسەر ئەوی تریان و سەرجەمی ئابوریش هەیە . ئەمەش ڕاستییە و دەکرێت لەو دوو سێ دێڕەی سەرەوەی دەسگەی سیستەمی پیشەسازی و دارایی ئەم وڵاتەدا کە ئاماژەم پێدا بیبینین .

حکومەت بۆ حەلی ئەم کێشەیە سەبارەت بە نرخی غاز و کارەبا کە لە مانگی یەکی ساڵی نوێدا دەچێتە 4،500 پاوەند، کە 3582 پاوەند زیاترە لە ساڵی پار ئەم وەختە کە بە ڕێژەی سەدییش دەکاتە لە سەدا 82 . ئەم زیادکردنە لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا دەچێتە 5456 پاوەند، چارەسەرێکی داناوە.

 بۆ قەرەبووکرندنەوەی ئەم زیادەیە حکومەت لە مانگی ئایاردا بڕیاری دا کە هەموو ماڵێك 400 پاوەندی پێبدرێت و ئەوانەشی کە زۆر دۆخی داراییان خراپە 600 پاوەندی زیاتریان پیبدرێت.  ئەمە بریاری وەزیری دارایی پێشتر بوو، ڕوشی سوناك،  کە ئێستاش یەکێکە لە دوو بەربژێرەکەی سەرۆکی وەزیران. بەربژێرەکەی دیکەیان ژنێکە بە ناوی لیز تروس ئەو نایەوێت ئەمە بکات دەلێت باشترین کۆمەك بۆ هاووڵاتییان دابەزینی ڕێژەی باجە، کە لەم بارەدا تەنها ساماندارەکان سوودمەند دەبن.  بۆ نموونە گریمان موچەی کرێکارێك 30 هەزار پاوەندە کە 12 هەزاری، باجی لەسەر نییە دەکەوێتە سەر حاڵەتی خیزانیی ئەو کەسە.  ئالیرەدا گریمان باج  بە ڕێژەی لە سەدا 3 دابەزی کە ئەمە مەحاڵە، لەو حاڵەتدا دەکرێت کە کابرای/ ژنی باجدەر 540 پاوەندی بۆ بگەڕێتەوە کە ئەمەش هیچ نییە. 

هاوکاتیش حیزبی لیبراڵ و پارتی لەیبەر [ کرێکاران] داوا لە حکومەت دەکەن کە فشار بخاتە سەر کۆمپانیاکانی وزە کە ئەم بەرزکردنەوە و زیادە نرخە هەڵپەسەرێت. هەرچیش پارتی سەوز هەیە داوای بە دەوڵەتیکردنی کۆمپانیاکان دەکات.

ئەمە لە کاتێکدا کە ە تێکڕای قازانی کۆمپانیا گەوەرەکانی نەوت و وزە وەکو شێڵ و بی پی و ئێکسۆن مۆبیل و چیڤرۆن و ئەوانی دیکەیان لە ماوەیەکی کەمدا خۆی لە 50 ملیار پاوەند داوە.  سەرکەوتنی موچە  و خەڵاتی بەڕێوەبەرە گەرەوکان و جێ بەجێکەرانی کۆمپانیا گەوەرەکان و دەسگەر دراوییەکان بە ڕادیە سەرکەوتووە کە لە ساڵی 2008 وە ئەمە نەبینراوە .

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەوەش هەلوێستی حکومەتی بریتانییە و کە کاتێکیش دەبینین لە شوێنەکانی دیکەی جیهاندا وردەکارییەکانی هەڵبژاردەیەکی بەدیل دەبینرێت: سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی ئیسپانیا بیتاقەی شەمەندەفەری بە خۆڕایی ڕاگەیاند  هەروەها بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکان (شانبەشانی باجی زیاتری لەسەر بانکەکان) ڕاگەیاند، لە کاتێکدا سەرۆکی نیوزلەندە ،جاسیندا ئاردێرن، کرێی گواستنەوەی گشتی نیوزلەندای بە ڕێژەی 50% کەمکردەوە. لە فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کۆمپانیایPDF کردە کەرتی دەوڵەتیی و پارەی وزەشی بە نزمیی هێشتەوە.

وەکو دەبینرێت لەو وڵاتانە و وڵاتانی دیکە هەندێك کارئاسانی و کردنی کۆمەکی بچوك بۆ هاووڵاتیانیان کراون و لێرەش ئەو هاوکارییە بچوکەیە  بە بارودۆخێکی زۆر خراپتریشەوە لە دانیشتوانی ئەو وڵاتانە ، دانیشتوانی بریتانیا شتێكیان لە بەردەمدا نەماوەتەوە جگە لە بەرەنگاربوونەوە و بەگژاچونەوەی سیاسەتی کۆمپانیاکان و حکومەت.  هەر لەبەر ئەمەش هەڵمەتێك لەژێر ناوی ” پارە مەدە” واتە پارەی قایمەی غاز و کارەبا مەدە.  ئەم کەمپەینە تا ئێستا زیاتر لە 200 هەزار کەس واژۆی کردووە ئەگەر ئەم ژمارەیە بگاتە یەك ملیۆن، پارەدەری کارەبا و غاز لە مانگی ئۆکتۆبەردا و هاوکاتیش ئەگەر حکومەت زیادبوونی ئەم پارەیە هەڵنەپەسێرێت ، خەباتی ڕاستەوخۆ بەکاردەهینرێت نە کۆمپانیاکان و نە حکومەتیش ناتوانن شتێک بکەن لە هەقی خەڵکی چونکە ئاشکرایە نە ملیۆنێك کەس دادگایی دەکرێ و نە دەتوانرێت بیشیانگرن و نە دەکرێتیش کارەبا و غازیان لێببڕن و یا خود دەست بەسەر خانەنووەکانیان بگیرێت ئەو کاتە نەك هەر دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیاسەتە بەڵکو ڕەنگە بیبیتە ڕوخاندنی حکومەتیش. 

ئەمە ئەزموونی سەرەتای نەوەداکانی چەرخی پێشووە کە حکومەت باجێکی شەخسی زۆری لەسەر دانیشتاوان کە لە سەرو 18 ساڵەوە بوون لە ژێر ناوی پۆڵ تەکس دانا .  دواتر هەلمـەتێك ڕێکخرا کە پارە نەدرێت و هەرکەسیش درا بە دادگا بە هەزاران کەس لەبەردەم دادگادا ناڕەزاییان دەردبڕی، هەر کەسێك کاربەدەستانی حکومەمەت بهاتنایەتە سەری و شڕە و پڕەی ماڵەکەیان ببردایە بە جارێك سەدەها کەس ڕێگربوون لێیان . بۆ کۆکرندەوەی ئەم باجە هەموو ڕێگە چارەکانی حکومەت و شارەوانییەکان شکستیان هێنا بۆیە سەرەنجام خودی باجەکە شکستی هێنا و حکومەتەکەی مارگرێت تاچەریش هەرەسی هێنا.   لە ئێستاشدا لەوە دەکات هەمان شت دووبارە ببێتەوە.

ئەمەش هۆکارێکی گرنگە کە حیزبە موعاریزەکان و هەندێكیش لە کۆمپانیاکان لۆبی حکومەت دەکەن بۆ هەڵپەساردنی زیادبوونی نرخی کارەبا و غاز، چونکە ترسی دووبارە بوونەوەی ئەزموونەکەی پۆڵ تەکسیان هەیە کە گریمانی زۆر هەیە لە ڕوودانی چونکە هەژارییەکی زۆر لە ئارادایە و ڕەنگە سەراپای شۆپەکان و کۆمپانیاکان تاڵان بکرێن .

زاهیر باهیر

20/08/2022
Zaherbaher.cm




قەڵەم بەدەستانی کورد و پەکەکە و چالاکی و هەردوو لایان… زاهیر باهیر

جێگای داخە کە زۆرێك لە قەڵەم بەدەستانی کورد بە ناوی دڵسۆزی بۆ پەکەکە و باکور و ڕۆژئاوای کوردستنانەوە گەورەترین خزمەت بە دەوڵەتی تورکیا و لە سەرویانەوە ئاکەپە و ئەردۆگان دەکەن.
ئەمانیش وەکو میدیای دەوڵەتی تورکیا و میت بەڵام بە وتار و نوسین و بە مەبەستی جیاواز تەواوکەری سیاسەتی ئێستای ئاکەپەن. ئامانجی سەرەکی بەناوی بەرگرییکردن لە کورد و باکور و باشوور دنەی شەڕی بەردەوامی نێوان پەکەکە و تورکیا دەدەن، هانی ڕشتنی خۆێنی زیاتر و سوتانی جەرگی دایکان و باوکانی گەریلاکانی پەکەکە دەدەن، ئەمانە خەنجەر لە کا دەدەن ، بەنزین بەسەر ئاگری کڵپەسەندووی چەند دەیەیەك دەکەن کە چی تر تین و گەرمی گڕەکەی کارایی نەماوە و کاتی کوژاندنەوەیەتی و گۆڕین و بەکارهینانی ئەو وزە و تینە لە کە ناڵێکی دیکەی تێکۆشانەوە: خەباتی جەماوەریانەی سەرانسەری تورکیا.
ئەمانە خەریکی ئەو کارە قێزەوندەن، کاری هاندان و بەردەوامیدانی بە خوێنڕشتن بە کوشتاری بە کۆمەڵ ، بە وێرانکردنی خاك و نیشتمان و ژینگە کە لە لە کاتێکدا زۆربەی ئەم ئەفەندییە قەڵەم بەدەستانە لە دەرەوەی کوردستان دەژین و لە تەڕ دەخۆن و لە وشک دەنون . زۆریان لەم وڵاتانەدا بەردێك ناخەنە سەر بەردێك و وەکو تەڕاح لێیکەوتوون و جار بە جار بۆ دەستخۆشی لێکردنیان و لایك و کۆمنێنت و وتارەکانیان پۆستێکی قەبیح یا وتارێکی بێ ناوەرۆك و بێ بەڵگە بۆ بەردەوامیدانی شەڕ دەنوسن کە گوایە ڕێگەی سەرەکی ڕزگاری کوردە.
گەر بەڕاستی دەتانەوێت دۆستی کورد بن، ڕاستگۆ بن، بە ویژدان بن با هەڵوێستتان هاریکاری و ڕەخنە بێت . پەکەکە و بزوتنەوەی ڕۆژئاوا زیاتر لەوەی کە پێویستیان بە هاوپشتی و دەستخۆشی هەبێت، پێویستیان بە ڕەخنەی جددییە، پێویستیان بە سەرەکۆنە لەسەر سیاسەتی هەڵە و چالاکییەکانیانە کە تەنها کوشتن و بڕینی زیاتر دەهێنیت نەك ڕزگارکردنی بستێك زەوی.

لام وایە وەختی ئەوە هاتووە کە بوەستین لە لایکباران و دەستخۆشی ‌هێڕشی هەسەدە لە کوژرانی چەند سەربازێکی لەشکری تورکیا کە زۆر نزیکە کوردیش بن نەك تورك .

هاوکاتیس ئایە وەختی ئەوە نەهاتووە کە پەکەکە پێداچونەوەیەك بە سیاسەتەکانی خۆیدا بکات؟

دیارە ئەوەی کە من دەیڵێم پێشنیار نییە بۆ پەکەکە چونکە حیزب بە سەرکردە و بە بنکردەوە هەرگیز خۆیان بە هەڵە نازانن و و بە قسەی کەسیش ناکەن. ئەم تێڕوانینەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەمیشە سەرکردەکان و ڕابەرانی حیزب خۆیان لە هەموو کەس بە باشتر و بەتواناتر و زیرەکتر و ئاوەزدارتر دەبینن. کاری ئەوان کۆنترۆڵکردنی ئەندامان و کەرتکاریی نێوانی هاووڵاتیان و ململانێی دەسەڵات و کورسییە.

ئەوەی کە دەیڵێم دەربڕینی سەرنج و هەڵوێست و خوێندنەوەیەکە. پەکەکە بە بارودۆخێکی ئێکجار سەختدا تێدەپەڕیت کە هیچ حیزبێکی کوردستانیی و عێراقیی لەو بارودۆخە مەترسیدار و نادیارەی ئایندەدا ناژین.* پەکەکە لە قەیرانێکدایە کە تەنها و تەنها مەگەر هەڵبژاردنی حوزەیرانی ساڵی ئایندە بە گۆڕانی ئاکەپە ڕزگاری بکات ئەویش بە دەستپێکردنەوەی وتووێژ. بێ گومان ئەمەش هۆکاری زۆری هەیە بەڵام هۆکاری هەرە سەرەکی لەو قەیرانەی کە پەکەکە تێیدا دەژی و شکستی تەواویش بە ڕۆژئاوا دەهێنێت هەر وەکو چۆن بە هەدەپەی هێنا من لە دوو خاڵێ سەرەکیدا کۆی دەکەمەوە. ئەو دوو خاڵەش :

یەکەم: پەکەکە هیچ جۆرە پێداچونەوەیەك بە سیاسەتەکانی خۆیدا ناکات.
بڕوانە لە تەموزی2015 وە پەکەکە هەزار کەسی زیاتر لێکوژراوە، کوردستانی باکور وێران بووە، تورکیاش بە پاساوی بوونی پەکەکە لە باشووردا ناوچەیەکی تەواوی وێرانکردووە ژیان و سروشتی لە هەزاران دانیشتوی بناری قەندیل سەندۆتەوە، لەو لاشەوە هەرکەسێكی بوێت بە بێ ترس و بەو پەڕی ئازادییەوە دەیکوژێت. هاوکاتیش ئەم حەوت ساڵ شەڕەی نێوانی پەکەکە و ڕژێمی تورکیا نەك هەر کێشەی کوردی باکوری بستێك نەبردۆتە پێشەوە بەڵکو ئەوەندە زەرەری لێداوە کە هەگیزا و هەرگیز نایەنەوە جێگای خۆیان.
لەمانەش سەیرتر ئەو دیمانە و قسە بێ سەرو بەرانەی سەرکردەکانی پەکەکە وپەیەدە، ڕۆژئاوا دەیکەن جێگەی تێڕامانە کە کەسێك 40 بۆ 50 ساڵ لە حیزب و بزوتنەویەك بیت کەچی قسە لە هەوادا بکات!!! لەمانەش خراپتر کەسێك نییە لەناو پەکەکەدا چالەنجیان بکات؟ چەپڵەلێدەرەکانی دەرەوەی پەکەکەش هەر دەستخۆشی دەکەن و هانی شەڕ دەدەن بێ ئەوەی خۆیان لەسەفەر و گەشتی تورکیا و کڕینی کاڵای تورکی و تورکیا و سەیرکردنی دراما توڕەهاتەکانی تورکیا دوور بگرن!!
پرسیارەکە ئەوەیە ئایە وەختی ئەوە نەهاتووە کە پەکەکە تەنها بۆ دەقەیەك بیر لەوە بکاتەوە کە بەم شەڕە چییان بەچی کردووە؟ خەڵکی مامەڵەیەك دەکات، ڕەدەڵ و بەدەڵێك دەکات، دوکانێك دادەنێت، کە پاش ماوەیەکی کەم کە دەزانێت زەرەری لێدەکات ئیتر بیر لە چارەسەرێکی دیکە دەکاتەوە.

دووەم: ئەم ڕووداوە جەرگبڕانەی کە یەك بە دوای یەکدا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا ڕوویان داوە و ڕوودەدەن کە لەڕێگەی درۆنەکانی تورکیاوە ڕوودەدات یاخود لە ڕێگەی تیرۆرکردنەوە. لە هەموو ئەم ڕووداوانەدا پەکەکە پەنجە بۆ پارتی و دەزگەی سیخوڕی پارتی ڕادەکێشێت بێ گومان ڕەنگە بەشێکی کاری هاوبەشی نێوانی دەزگەی سیخوڕیی پارتی و میتی تورکیا بێت. بەڵام دەکرێت لە کاری تیرۆرکردنی درۆنەکاند ، دوو خاڵ ڕەچاو بکرێت:
یەکەم: کوشتارەکان پێشوەخت پلانی بۆ کراوە ئەوە نییە کەسێك پەیوەندی بە بەشی سەربازیی تورکییەوە کردبێت یا بە میت ڕابگەیەنێت . بەڵکو ئاگەدارکردنەوەکە زۆر وردەکاری تێدایە تەنانەت میت یاخود بەرپرسانی درۆنەکان پێشوەخت تەواوی پلانەکانیان پێدەدرێت و دەزانن : کەی ئەم سەیارەیە دەردەچێت، چەندکەسی تێدایە، لە کوێ دەوەستن ، مەنزڵگەیان کوێ و کوێیە.
گەر ئەمانە نەبێت چۆن درۆنێکی تورکی دەتوانێت سەیارەیەك لە ڕێی کەلار بکاتە ئامانج. گەر وا نەبێت چۆن دوو کەس لە ئەزمڕ لەناو دەیەها کەسدا دەکوژرێت؟ گەر پلانی پێشوەخت نەبێت چۆن لە دەروازەی موسڵدا درۆن تەعین دەبێت و هەڵدەکوتێتە سەر سەیارەیەك؟ گەر وا نەبێت چۆن مام زەکی و دیار غەریب دەبنە قوربانی بە درۆن یا ئامرازێکی دیکە؟ گەر پلانەکە زانراو نەبێت چۆن 3 لە ژنانی شەرڤانان کە یەکێكیا جێگری سەرەکی مەزڵوم کۆبانییە هەر ئاوا بە ئاسانی دەکوژرێن؟ چۆن ژنێکی دیکەی خاوەن ئەزموون و مێژوی تێکۆشان لە کەمپێکی خەڵکانی ڕۆژئاوادا لە عەربەتدا نەك شوینانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دەکوژرێت؟ چؤن هەر لەم مانگەدا ئەو قوربانیانە دەدرێت بە تایبەت کەسی وەکو ڕێزان جاوید؟ کە هەڵسو کەوتی ئەم هەڤاڵە و جێگرەکەی مەزڵوم کۆبانی و کوشتنی مام زەکی و دیار غەریب و ئەوانی تریان.. کە جوڵەی ئەمان زۆر دیاریکرا و نهێنی بووە و لە دانیشتنێکی تایبەتیدا باس کراوە و بڕیاری لەسەر دراوە. بە داخەوەم کە کاتێك دەڵێم لە ئایندەدا زۆری تریشی بە دوادێت.
ئەوانەی کە دەمێننەوە فەرماندەکانی قەندیلن نەك لە بەر ئەوەەی کە سەر بە دەوڵەتی تورکیان بەڵکو لەبەر ئەوەی کە مانەوەیان پێویستە بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ ، جەنگێکی ماڵکاولکەر، شەڕێکی نیشتمان وێرانکەر، جەنگێکی بێ مایە و بێ دەسکەوت کە 3 کوردستانی بە خۆیەوە کاولکردووە .

دووەم: ئامانجی تیرۆرکردنەکان هەڵبژاردەیە و قوربانییەکان یەکیی یەکین و کوردانی ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتن، نەك کوردی باشوور. باشە چۆن دەکرێت کە یەکێکی وەکو زەکی چەلەبی، ڕێگای پێبدرێت نزیکەی ساڵێك لە حیواردا بێت لەگەڵ میتی تورکیدا؟!!. ئەمە جێگای سەرنج و تێڕامانی وردە دیارە ئەم کابرایە ئەوەندە ساویلکە بووە کە باوەڕی نەبووە کە دەیکوژن، یاخود بەو پەیوەندییەی کە هەیبووە لە خشتەیان بردووە کە بێ خەم بێت ناکوژرێت. زەكی دەبوایە هەر لەیەکەم حیوارەوە ژمارەکەی بگٶڕیایە و ئیحتیاتی وەرگرتایە. ئێمە نازانین چی وتراوە و چی نەوتراوە، بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەو حیوارە بۆ من زۆر قسە هەڵدەگرێت و زۆر وردەکاری دەردەخا. تکایە وا مەزانە کە من زەکی تاوانبار دەکەم بە هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ مییت-دا.

ئایا ئەی قەڵەم بەدەستانی کورد ، ئەی پیاوان و ژنانی هەلهەلەکێشی جەنگ و دەستخۆشی لێکەری پەکەکە ئەی ئەندامانی ڕیزەکانی خوارەوەی پەکەکە و پەیەدە هەرگیز ئەو پرسیارەتان لە خۆتان کردووە کە بۆچی دەوڵەتی تورکیا ئۆجەلان بەرنادات؟
دەوڵەتی تورکیا نایەوێت ئۆجەلان بەربدات لەبەر ئەوەی کە دەزانێت ئۆجەلان زۆر دەمێکە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە شەڕی چەکداریی لە قازانجی کورد نییە و دەبیت بە هەر نرخێك بێت بوەستێت. دەزانێت گەر ئۆجەلان بەر ببێت ئیتڕ شەر وشەڕکەران دەوەستێنێت ، نەک هەر ئەوەش زۆرێك لە سەرانی پەکەکەش وەدەر دەنێت و نزیکیشە کە دادگاییان بکات .
دەسەڵاتدارانی تورکیا دەزانن بوونی بزوتنەوەی چەکداریی پەکەکە گەورەترین سوودیان پیدەگەیەنێت، هۆکاری سەرەکی مانەوەیانە، هاندەرێکی باش و بیانوویەکی چاکە بۆ وێرانکردنی تەواوی کوردستانی باکور ، هۆکارێکی گرنگە لە ڕوونەدانی مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندان و پرۆتێستی زۆر گەورە لە تورکیا، چونکە میدیا و پاگەندەی تورکیا توانوێتی کە هاووڵاتیانی ئاسایی تورکیا بگەیەننە ئەو قەناعەتەی دووژمنی سەرەکی ئەوان ” تیرۆریزم و تیرۆریستانە ” کە هەڕەشە لە کییانی گەلی تورك و دەوڵەتەکەیان دەکەن .
وەستانی ئەم شەڕە هەتا زووتر بێت سوودمەندترە ، ئاگربەستی یەكلایەنانە بۆ هەمیشە، باشترین خزمەتێکە کە پەکەکە بیکات بە خۆی و مانەوەی و بە میللەتی کورد و بە چینی کرێکاران و هەژارانی تورکیاش. کاتی ئەوە هاتوە کە دەستبەرداری چەك ببن دەبێت ئەوە تێبگەن کە ئەزموونەکان و ڕووداوەکان و گۆڕانی بارودۆخەکە بزوتنەوەی چەكداری و چەکبازیی توڕداوەتە زبڵدانی مێژووەوە.

زاهیر باهیر
14/08/2022
…………………………..

*لە 31/12/2017 ئەم وتارەی کە لەم لینکەدا هاتووە بە هەردوو زمانەکە، کوردی و ئینگلیزی، لەسەر پەکەکەم بڵاوکردۆتەوە. تکایە گەر خوازیاری بیبینی کلیکی لەسەر بکە.

*https://zaherbaher.com/2018/01/10/%d9%be%db%95%da%a9%db%95%da%a9%db%95-%d8%a8%db%95%d8%b1%db%95%d9%88-%da%a9%d9%88%db%8e-%d9%85%d9%84-%d8%af%db%95%d9%86%db%8e%d8%9f/

Zaherbaher.com




دوو ڕاپۆرتی گرنگ لەسەر کاردانەوەی کەمکردنەوەی هەناردەی غازی ڕوسیا… زاهیر باهیر

دوای کەمکردنەوەی غازی ڕووسی بە ڕێژەی لە سەدا 80 لە ڕێگەی بۆری نۆرد ستریم یەک-ەوە و بڕیاری کۆمیسۆنی یەکێتی ئەوروپی لە سەر خەزنکردن و دەستەگرتنەوە بە غازەوە بە ڕێژەی لە سەدا 15 لە ئێستادا کاردانەوەکەی زۆرە و پێشبینی زۆر واقیعیانە دەکرێت  کە من دەمێکە کردوومن.

بۆ ئەمەش دوو راپۆرت یا دوو وتاری گرنگی ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی  ئەو ڕاستیانە دەردەخات.  منیش بە پێویستم زانی کە بیخەمە بەردەم بینەرانی ئەم پۆست و نوسینە.

ڕاپۆرتی یەکەم:

ڕاپۆرتی یەکەم یاخود وتاری یەکەم سەبارەت بە ئەڵمانیایە کە هەر لە ئێستاوە لە 3 شاری گەورەیدا خەریکن بڕیارەکەی کۆمیسۆنی یەکێتی ئەوروپا جێ بەجێدەکرێت.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە هانۆڤەر یەکەم شاری گەورەیە کە ڕێوشوێنی پاشەکەوتکردنی وزە دەستپێدەکات  و بەرلین ڕوناکی مۆنۆمێنتەکان دەکوژێنێتەوە.  هانۆڤەر لە باکووری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەمە بووە یەکەم شاری گەورە کە ڕێوشوێنی پاشەکەوتکردنی وزە ڕابگەیەنێت، لەوانە کوژاندنەوەی غازی ئاو گەرمکردن و دوشکردن و حەمامەکانی باڵەخانە و ناوەندەکانی کات بەسەربردن کە لەلایەن شارەوانی شارەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.

شارەکانی ئەڵمانیا خەریکی کوژاندنەوەی ڕوناکی شوێنەوارە گشتیەکان و گرتنەوەی  نافورە و سەپاندنی دوشێکی سارد بەسەر مەلەوانگە و هۆڵە وەرزشییەکانی شارەوانییەکاندان.  ئەمانە لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا  پێشبڕکێ دەکات بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەی خۆی لە بەرامبەر قەیرانی غازی ڕووسیا کە لە ئارادایە.

بیناکانی شارەوانییەکان لە پایتەختی ویلایەتی ساکسۆنی خواروو تەنها لە 1ی تشرینی یەکەمەوە  تاکو  31ی ئازار گەرم دەکرێن، کە پلەی گەرمی ژوورەکە لە 20C (68F) زیاتر نەبێت، هەروەها بەکارهێنانی یەکەکانی تەندروستی گەڕؤك [مۆبایل] و گەرمکەرەوەی پانکە قەدەغە دەکرێن.  بڕیارە ئەم بڕیاری کەمکردنەوەی وزە و دەستگرتنەوە بە غازەوە دایەنگە و باخچەی منداڵان و  قوتابخانە و خانەی چاودێری و نەخۆشخانەکان نەگریتەوە.

   بەلیت ئۆنای سەرۆکی شارەوانی شارەکە لە پارتی سەوز وتی: “دۆخەکە پێشبینی نەکراوە”. هەموو کاتژمێرێکی کیلۆوات ئەژمار دەکرێت، و پاراستنی ژێرخانی گرنگ دەبێت لە پێشینە بێت.”

شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، شەوی چوارشەممە نزیکەی ٢٠٠ شوێنەواری مێژوویی و بینای شارەوانییەکان لە تاریکیدا داپۆشران، چونکە شارەکە بە مەبەستی پاشەکەوتکردنی کارەبا سپۆتلایتەکانی کوژاندەوە.   ئەو شوێنەوارانەی پێشتر لە شەودا ڕووناک دەکرانەوە بریتین لە ستوونی سەرکەوتن لە پارکەکەی تیرگارتن، کڵێسای یادەوەری لە بریتشایدپلاتز و مۆزەخانەی جولەکەکان، چی تر وەکو جاران نابن.

دوێنی ڕۆژی 5شەمە حکومەتی ئەڵمانیا ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە نرخی غاز زۆر زیاتر دەبێت لەوەی کە پێشبینی دەکرا.  بۆ ئەمەش وەزیری ئابووری ڕۆبێرت هەبیسك وتی ”   هێشتا ناتوانین بڵێین لە مانگی نۆڤەمبەردا نرخی غاز چەند دەبێت، بەڵام هەواڵە تاڵەکە ئەوەیە کە بە دڵنیاییەوە چەند سەد یۆرۆیەك لەسەر هەر  هەر ماڵێک زیاد دەبێت

سەرەڕای بەکارهێنانی غاز بۆ کاروباری ئاسایی،  ئەڵمانیا لە سەدا 15 غازەکەی بۆ وزەی کارەبا بەکاردەهێنیت کەواتە کەمی غاز ڕەنگە لەسەر ئەڵمانیا زیاتر بکەوێت تاکو هەندێك وڵاتی دیکە.  لە ساڵی پاردا 2021،  14 وڵاتی ئەوروپی لە سەدا 50ی غازی پێویستیان لە ڕوسیا وەرگرتووە.

شاری میونیك / میونیخ لە باشووری ئەڵمانیا، ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند کە ڕوناکی هۆڵی شارەوانییەکەی لە گۆڕەپانی مارینپلاتز دەکوژێنێتەوە، کە بەزۆری تا کاتژمێر ١١ی شەو ڕووناک دەکرێتەوە و تەنها ئاوی سارد لە ئۆفیسەکانی شارەوانییەکاندا هەیە هەروەها شەوانە نافورەکان دەگرنەوە.

شارەوانی شاری نورنبێرگ سێ لە چواری مەلەوانگەی ناوەوەی خۆی دادەخات کە لەلایەن شارەکەوە بەڕێوەدەبرێن و تا 25 ی ئەیلول لیدۆکانی دەرەوەی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.

ڕاپۆرتی دووهەم:

لە راپۆرتی دووهەمدا زۆر نهێنی گەورە و نیگەرانی قووڵ ئاشکرادەبێت و چی تر لە لایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانەوە ناتوانرێت بشاررێتەوە.

بەهۆی ئەوەی کە چی تر خەڵکی لە ئەڵمانیا نایانەوێت ئابلوقەی ئابووری و سزای ئابووری ڕوسیا بدرێت [ وەکو ئەوەی ڕوسیا بە سزاکان بڕوخێت ] ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئاسۆی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئەڵمانیا لە پاییزی ئەمساڵدا لەسەر نرخی بەرزکردنەوەی غاز دەبینێت.

هەروەها  ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی چاویان لەسەر و سەرنجیان لەسەر توندکردنەوەی هەژموونی  ئێستای سزاکانە بۆیە پێشنیاری توندڕەوتر دەخەنە ڕوو و پێیان وایە  ڕەنگە 20 وڵات بەشداربن لە تێپەڕاندنی سزاکانی کە ئێستا بەسەر ڕووسیادا سەپێنراون.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دەڵێت ”  لە ئۆکرانیا پوتین بە مووشەک و تانک شەڕ دەکات، لە ئەوروپا بە نرخی غاز شەڕ دەکات

لە لایەکی دیکەوە   ئاندری یەرماک، ڕاوێژکاری سەرەکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، بە ڕوونی ئاگادارە لەوەی کە ڕەنگە ڕای گشتی چۆن بگۆڕێت و دەڵێت هەڵە دەبێت ئەگەر ڕێگە بدرێت شەڕەکە بەرەو زستان بکێشێت.   ئەو پێیوایە دەبێت ئەمساڵ شەڕەکە یەکلایی بکرێتەوە.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەریتانیا کە دۆستێکی نزیکی ئۆکرانایە و دنەی زیاتری دەدات بۆ شەڕ و ماڵوێرانکردنی زیاتر ، تەنانەت پشتگیری سیاسیی ئەم چی تر وەکو پێشتر نابێت و لە لەرزیندا دەبیت ئەگەر قائیمەی غاز لە مانگێکدا سەرکەوێت بۆ 500 پاوەند، چونکە مەترسی ناڕەزایی گەورە دەکرێت  کە ” فەوزای” یەکی گەورە دەبێت .  ئەمە لە کاتێکدا لە ڕوسیا ئەم مەترسیانە یا نییە یاخود کەمە چونکە  مەرج نییە  پوتین  گوێ لە ڕای گشتی بگرێت؛ ئەو خۆی دیکتاتۆرە و خاوەنبڕیارە.

ئێستا ئەوروپا بۆ جێگرەوەی وزەی ڕوسیا هاوار بۆ سعودییە و جەزائیر و عێراق و قەتەر و کازاخستان و نایجیریا دەبات .

ئەڵمانیا کە لە ئێستادا  مشتومڕ لەسەر هەڵەکانی ڕابردووی سیاسەتی دەرەوەی دەکات و مێرکڵ تاوانبار دەکات بەوەی کە ئەڵمانیای بە پاشكۆیی رووسیا هێڵاوەتەوە، واڵتەر ئیشینگەر، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەڵمانیا، ڕۆژی پێنجشەممە وتی” لە سیاسەتی ئەمنی، لە سیاسەتی ڕووسیا، لە سیاسەتی وزەدا، ئێمە لە زەمینەی سفرداین و دەبێت لە سفرەوە دەست پێ بکەین.

هەر ئەو هەندێك سیاسی دیکە دەڵێن گەر ئەم بار و دۆخە بەردەوام بێت چی   تر ئەڵمانیا وڵاتێكی پیشەسازی پێشکەوتوو نابێت .

هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاوا هاتووە هەناردەی غازی ڕووسیا لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بە رێژەی نزیكەی چارەكێك كەمیكردووە، بەڵام داهاتەكەی بۆ 11.1 ملیار دۆلار (9.1 ملیار پاوەند) بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەراورد بە 3.6 ملیار دۆلار پێش جەنگەکە.  ئەمە وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە کە ئەگەر ڕوسیا هەر ئاوا بە کەمی غاز هەناردەی ئەوروپا بکات خۆی مایەپوچ نابێت؟  لە ڕاستیدا ئێمە زۆر بێ ئاگاین لە وریایی و زۆڵێتی پوتین .  ئەو زۆر باش دەزانێت بەردەوامیدان بە جەنگەکە بە قازانجی ئەو و زیانی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا دەگەڕێتەوە.

ئێستا ئەوروپا بیر لە هێنانەکایەی یاسای نیشتمانی دەکاتەوە و  بیگرێتە بەر  کە ڕێگە بە حکومەتەکان دەدات لە تەجمیدکردنی [بەستنی] سەروەت و سامانی کەسیی ئۆلیگارکەکانی ڕووسەوە لەوێوە دەستیان بە سەردا بگرن..

زاهیر باهیر

29/07/2022

Zaherbaher.com




بەرگری لە ئازادیی… بانگەوازێك… زاهیر باهیر

ئازادیی تۆ بەندە بە ئازادیی کەسانی دیکەوە، تیرۆر و کوشتنی کەسانی دیکە ، کوشتن و تیرۆری تۆش بە دووی خۆیدا دەهێنێت. ئاگرە سوورە لە خۆت بە دوور نابێت، ئەوەی ئازادی نەیارانی فکریت سەرکوت بکات ، هی تۆش دەکات، ئەوەی کە دەستی بە خوێنی نەیارانی فکریتا بچێت ، دەستی بەخوێنی تۆشدا دەچێت
ئەوەی کە لە ئێستادا باشوری کوردستان خۆشبەختانە لێی بێ بەشە تەنها جەنگی ئەهلییە کە هیوادارم ئەوە ڕوونەدات. تێڕوانینێکی سەرپێیانە مێژووی هەرچی دەردەسەری و نەهامەتییەکانە هەر لە وشکەساڵی و بێ بارانی و بێ ئاوی و خۆڵبارین و بێ موچەیی و گرانیی و بێ ئیشیی و ڕەوکردن و بوونی پەتا و نەخۆشی جۆرا و جۆر و نەبوونی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین و هێڕشی مووشەکی حەشدی شەعبی و موشەكباران و بۆمبارانی دەوڵەتی ئێرانی.. تا دەگاتە کوشتنی کەسان و دۆستانی سەر بە ڕۆژئاوا و پەکەکە لەناو شاردا لە ڕێگای میتی تورکی بە هاوکاری بەکرێگیراوانییەوە، هەروەها هێڕشی درۆنەکانی تورکیا و کوشتنی هەر کەسێك بیانەوەێت لە هەر شوێنێکدا… هەر هەمو ئەمانە لە یەك چاوتروکاندا بەیادت دێنەوە و هەر هەمووی بە زیادەوە لە کوردستاندا هەیە و بەداخەوە گەر بیشڵێم خەڵکی لەوێ دەستوپەنجەی خۆیانیان لەگەڵدا نەرم دەکەن و لای زۆرینە بووەتە بارودۆخێکی ئاسایی و بە خێرای دێن و بە خێراییش گوزەر دەکەن. وەڵامیش یا پرسە گرتنە یاخود ” هیچ ناکرێت”.
ئەمە ئەو بارودۆخەیە کە خەڵكی کوردستان تێیدا دەژین. بەڵام ڕاستە هەندێك لەوانە کە ناونوسم کردون ڕەنگە چارەسەرکردنیان ئاسان نەبێت بەتایبەت کارەساتە سسروشتییەکان، یاخود ڕەنگە لەتەك هەندێك لەوانەدا ڕاهاتبێتین . بەڵام ناکرێت چی تر لەگەڵ کارەساتی گەورەتردا ڕابێین و بە ئاسایی وەریگرین.
‌هێڕشی درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا ناکرێت قەبوڵ بکرێت، دەکرێت کە ڕابوەستێنرێت. گەر لەم قۆناخەیدا ڕانەوەستێنرێت کارەساتی دیکەشی بەدوادادێت. هەر بە کوشتنی دۆستان و لایەنگرانی ڕۆژئاوا و پەکەکە و پەیەدەوە ناوەستێت دوایش سەرەی تۆش دێت.
ئەو کەڵەگاییەی کە دەوڵەتی تورکیا دەیکات بەسەر باشووری کوردستانەوە کە بە ئارەزوی خۆی کەی بیەوێت دیتەوە ناوەوە و کێی بوێت دەتوانێت تیرۆری بکات مەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیڵ لەگەڵ سوریادا بیکەن.
تۆیەك کە خۆت بە چەپی رادیکال و سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئازادیخواز دەزانیت، گەر لەگەڵ پەکەکە و ڕۆژئاواشدا نەیەیتەوە هێڕشی درۆنەکانی تورکیا لات، نابێت ئاسایی بێت ، دەبێت ئەوە بزانیت ئازادیی تۆ بەندە بە ئازادی ئەوانی دیکەوە، تا زۆربەی زۆری ئازاد نەبێت ، ئازادیی راستەقینە مەحاڵە. دانیشتن و نەکردنی هیچ کەمپەین و چالاکییەکی راستەوخۆ لە خزمەتی مانەوەی بارودۆخە هەنوکەییەکەدایە.
کوشتن و تیرۆری کەسانی سەر بە پەکەکە ، سەر بە پارتی ، بە یەکێتی ، بە ئیسلامی و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان یاخود هەر لایەنێکی دیکە کارێکی نامرۆیانە و قیزەوەندە ئیتر لە هەر ڕێگایەکەوە بێت تا دەگاتە تیرۆرکردنی بە درۆن.
بەڕای من دەتوانرێت زۆر شت بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێڕشانەی دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای خەباتی ڕاستەوخۆ و کاری مەیدانییەوە. کۆکردنەوەی واژۆ و ڕێپێوانی سەر شەقامەمان و ڕێگرتنی شەقامەکان و دابڕینیان لە یەکدی…جگە لەو ڕێگا و بانانەی کە تەنکەری نەوت و شمەکی دیکەی بە قاچاخ پێدا دەڕوات، هەر هەموو ئەمانە چالاکییەکی بێ بەرهەمن، لەبری پەیداکردنی هاوپشتی و گیانی هاوخەباتیی، ڕەنجاندنی خەڵکی ئاسایی دروست دەکات ، سنوری دوورخستنەوەیان لە ڕیزەکانی ناڕەزاییکەران دیاریدەکات، توڕەبوون و نەیاریی خۆی بە خۆپیشاندەران پەیدا دەکات.
با کار لەسەر چالاکی کاریگەرانە بکەین. ئیمە لە هەر کوێیەك بین خاوەندرۆنەکان و وێرانکەرانی کوردستان و بکوژانی ڕا و بۆچونی جیاواز لەوێن بە خۆیان و بەژەوەندەییەکانیانەوە. ئەمڕۆ گرنگە لە هەر شوێنێك بین بە جیاوازی بیر و بۆجونمانەوە بی ئەوەی یەکدی کۆنترۆڵ بکەین ، بێ ئەوەی سەرمایەی سیاسی لێ دروستبکەین ، بێ ئەوەی ڕای خۆمان بەسەر یەکدیدا فەرز بکەین دەتوانین چەند جالاکییەکی گرنگ ئەنجام بدەین.
وەرن ئێمە لە لەندەن لە بری ڕێپیوانی سەر شەقامەکان و بەزایەدانی وزە و وەختمان با چالاکی مەیدانی ئەنجام بدەین بە زەرەر گەیاندن لە ئابووریی دەوڵەتی تورکیا و پایەکانی، کۆمپانیاکانی، شۆپەگەورەکانیان، بەرژوەندی بزنسمانە گەورەکانی و زۆر شتی دیکە هەیە کە لە تواناماندا هەن بیانکەین بێ ئەوەی کە مەترسی لەسەر ژیانی خۆمان دروست بکەین . هەر یەك لەوانە لە هەموو شوێنیکی دیکەی ئەوروپا بە تایبەت لە پایتەخت وشارە گەورەکانیا هەن و دەتوانرێت هەمان شت بکرێت.
هەرچیش سەبارەت بە باشوورە هەمان ئەو کەس و لایەنانە دەتوانن زیاتر بکەن و کارایی زیاتریش دابنێن . بۆ من نییە کە بڵێم چی بکەن، چونکە من لەوێ ناژیم دڵنیام ئەوان زۆر باش دەزانن کە چ جۆرە جالاکییەك زەربە لە ئابووری تورکیا لە ڕوی بازرگانی و هەروەها لە بوارەکانی میدیا : لە بەرنامەی زاڵی تورکی و بڵاونەکردنەوەی درامە بێ سەر و بەرکان و بونی پەیمانگا و کۆمپانیا و تد هەر ئاواش چالاکییەك کە کارایی لەسەر پەڕلەمانی کوردستان و سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی، دادەنێت تاکو فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا.
ئیتر کاتی هاتنی هەنگاوی عەمەلییە و خۆڕزگارکردنە لە پرسەدانان لاواندنەوی شەهید [ ئەو وشە و دەستەواژە بێ ناوەرۆکە] و کۆکردنەوەی واژۆ و گرتنی پشتی مایکرۆفۆنەکان و کردنی قسەی هەلەق و مەلەق .
تکایە گەر کەسێك لە لەندەن ئامادەی ئەو جۆرە چالاکییە با لە ڕێگای فەیسبوکەوە پەیوەندیم پێوە بکات.

زاهیر باهیر – لەندەن

21/06/2022




ئایا بەرزکردنەوەی ڕیژەی سوو چارەسەری کێشە سەرکییەکانی ئابووریی بریتانیا دەکات؟… زاهیر باهیر

ڕۆژی 5شەمە،16/06/2022، لیژنەی سیاسەتی دراوی بانکی کە لیژنەی چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی ئابووری بریتانیایە لە بانقی مەرکەزی ئینگلەند جارێکی دیکەش بڕیاری بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو-یان دا. ڕێژەی سوو لە بریتانیا کە بۆ ماوەی 13 ساڵ هەر هەمان ڕێژە بوو تاکو کۆتایی ساڵی پار، 2021 ، بە بڕیارێك لە لایەن ئەو لیژنەیەی سەرەوە لە بانقی مەرکەزیی بەرزکرایەوە بۆ ڕێژەی لە سەدا 1.25 گوایە ئەمە بۆ چارەسەری هەڵئاوسانی پارەیە واتە بەرزبوونەوەی تێچوی ژیانی خەڵکی لە بریتانیا.
لە ڕاستیدا ئابوورییناسەکانی ئەم سیستەمە پینەو پەڕۆی زۆریان لایە بۆ چارەسەری بارودۆخی ئابوریی هەر لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو و دابەزاندنی کە هەژموونی لەسەر بەرزی و نزمی بەهای دراوی وڵاتەکە هەیە تا دەگاتە گرتنەبەری سیاسەتی دەستگرتنەوە [ تەقەشوف].

سوود و زیانی بەرزکردنەوەی بەهای پاوەند لە بریتانیادا:

بەرزکردنەوەی بەهای دراوی هەر وڵاتێك لەوانە بریتانیاش، چەند قازانجێکی هەیە:
یەکەم: لە بواری بازرگانیدا واتە هەناردە و هاوردە. کاڵا هەناردەکانی بریتانیا لە دەرەوە بە گرانتر دەفرۆشرێت و ئەمەش وا دەکات پارەی زیاتر بێتە ناو بریتانیاوە. هاوکاتیش مەترسی کەمکرنەوەی کڕینی کاڵاش هەیە بە هۆی گرانبوونییەوە بە هۆی بەرزبوونەوەی دراوی ئێرەوە . لە هاوردەی کاڵادا هەلێك دەڕەخسێنیت کە کاڵای هاوردە هەرزانتر لە پێشتر دەستبکەوێت کە ئەمەش دەکرێت لە لایەکەوە پاشەکەوتی بڕێك پارە لە کڕینی هەمان کاڵادا کە پێشتر کڕراون بکرێت ، هەر ئاواش دەکرێت کە لەناو خۆدا بە هەرزانتر بفرۆشرێتەوە.
دووەم: پاشەکەوتکردنی پارە: بەرزبوونەوەی بەهای پاوەند یا هەر دراوێك لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی بڕی سووەوە یارمەتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بە دەستهێنانی زیاتری سوو لە پارەی پاشەکەوت کراودا، دەدات. هاوکاتیش مەترسی ئەوە دروست دەکات کە ئەوانەی پاشەکەوتی زۆریان هەیە لە بانقەکاندا نەیخەنە گەڕ لە لایەکەوە مانەوەی لە بانقدا قازانجەکەی زیاتر دەبێت ، لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی ناسەقامگیریی ئابووری و باری سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتەوە وەکو ئیستای بریتانییا.
بێ گومان ڕێژەی سوو کە لەلایەن بانقی مەرکەزییەوە دادەنرێت، بانقەکانی وڵات سیاسەتی تایبەتی خۆیان هەیە لە بەکارهێنان و بەجێهێنانی ئەو بڕیارە بۆیە هەر بانقە و لە بانقێکی دیکە جیاواز سەبارەت بە ڕێژەی سوو لەسەر پاشەکەوت، قەرز ، سلفەی عەقار ..تد، لەگەڵ مشتەرییەکانی مامەڵە دەکات.
بە گوێرە ڕاپۆرتێك کە توێژینەوەی لەسەر چەند بانقێك کردووە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو هەندێك لە بانقەکان ڕێژەی سوویان لە ساڵی 2020 دا تەنها لە سەدا 0.1 بووە هەندێکی دیکەیان لە سەدا 0.01 بووە. دوای ئەم بڕیارەی ڕۆژی 5شەمە هەندێك لە بانقەکان دەڵێن ڕێژەکە بۆ لە سەدا 0.06 و هەندێکی دیکەیان بۆ 1.1 و باشترینیان بۆ 1.15 بەرزدەکەنەوە.

سێیەم: گوایە بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو کە دەبێتە هەڵکشانی بەهای پاوەند ئیدی توانای کڕینی کڕێار بەرزدەبێتەوە و سەرەنجام ئابووریی گەشە دەکات. ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر ئاوا دەرناچێت .

چوارەم: لە مەسەلەی کردنی سەفەر و هۆڵیدەی بۆ وڵاتانی دەرەوەی بریتانیا بە ڕادەیەکی ئێکجار کەم گەشتکەران لە ڕێگای گۆڕینەوەی بڕێکی زۆری پاوەند بە دۆلار قازانج دەکەن ، یورۆ یاخود هەر دراوێکی دیکە تۆزێك زیاتر دەکڕریت لە چاو پێش بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو.

زیانەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو :

یەکەم : لە بواری قەرزی ئاسایی و سلفەی عەقاردا: بێ گومان ئەم بەرزبوونەوەیە کارایی نەرێیانەی خۆی لەسەر دانەوەی قیستی قەرزەکان و دانەوەی پارەی عەقار دادەنێت . بۆ نموونە گەر تۆ قەرزی 10 هەزار پاوەندت بە ڕێژەی سووی لە سەدا 1 کردبێت بۆ چەند ساڵێك ، ئێستا کە ئەو ڕێژەیە دەچێتە سەرەوە تۆش لێرەدا دەبێت پارەی زیاتر بدەیت کە ئەمەش کارایی خۆی لەسەر داهاتت دادەنێت.
بە گوێرەی هەمان توێژینەوەی کە لە سەرەوە باسم کرد ئەگەر خانویەک 150 هەزار پاوەند پارەی بانقی تیادابیت کە ڕێژەی سووەکەی لە سەدا 2.25 بووە و گرێبەستەکەی یا دانەوەی بۆ ماوەی 20 ساڵ، لە ئێستادا ئەو سووە بۆ لە سەدا 2.50 بەرزدەبێتەوە بەمەش مانگانە لەسەر ئەوەی کە سلفەعەقارەکەی کردووە 18 پاوەند زیاتر دەکەوێت. بی گومان بڕی ئەم قیستە کەمترینە چونکە نرخی خانوو لە بریتانیا دوو دەیە زیاترە کە لە فڕیندایە و دەکەوێتە سەر شار و شوێنەکە. ئایا لێرەدا دەکرێت بڵێین توانای کڕینی کڕیار بەرزبووەتەوە؟

دووەم: قەرز و کارتی بانق: پێشتر باسی قەرزی شەخسیم کرد کە بە ڕاستەوخۆ لە بانقی وەردەگریت. ئەمڕۆ کڕین و ئۆردەرکردنی زۆرێك لە کاڵاکان لە ڕێگای کارتەکانی بانقەوەن. ئەم کارەش بە تەلەفون یاخود ڕاستەوخۆ یا لە ڕێگای ئۆنلاینەوەیە ئەنجام دەدرێت. هەموو ئەو کارتانەش بڕی سوویان لەسەر دانراوە کە لەکاتی دیاریکراودا گەر پارەکە نەدرێتەوە ئەوەی کە دەمێنێتەوە دەبێت لە مانگی ئایندەدا سووی لەسەر بدرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کڕین لەلایەن کڕیارەوە.

سێیەم: نرخی خانوو و زەوی: بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو کارایی خۆی بە باش و بە خراپ لەسەر بازاڕی خانووبەرە و زەوی لە کڕینیانا دادەنیت. بازاڕی خانووبەرە لە بریتانیادا ماوەیەکی زۆر زۆرە لە هەڵکشاندایە هەلێکی دەوڵەمەندبوون و سامان کەڵەکەکردنێکی بێ وێنەی بۆ هەندێك ڕەخساندووە بی ئەوەی تنۆکێك ئارەقی بۆ بڕیژێت یا خود تاکە ڕۆژێك بکوژیت جگە لە بەسەربردنی ڕۆژانی تەواوکردنی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و چاککردنی خانووەکە تاکو بە پارەیەکی باش بیفرۆشیتەوە یاخود بەکرێ بدرێتەوە.

نزمی ڕێژەی سوو لە ماوەی 13 ساڵی ڕابوردوودا ئەم بازاڕەی تا ئەو ڕادەیە گەرم کرد کە هەندێك لە ئابووریناسان وایان پێشبینی دەکرد و ئێستاش هەر دەیکەن کە بازاڕی خانوو و بەرە بە خراپی هەرەس دەهێنێت و هەرەسهێنانیشی دەبێتە هۆی هەرەسی ئابووریی بریتانیا و هاڕەی دراوەکەی.
لە ئێستادا کە بڕی سوو دەچێیتە سەرەوە دیارە بڕی پارەی سلفەی عەقاریش لەسەر خاوەنخانووەکان دەچێتەسەرەوە ، بەڵام خاوەنخانوو ئەم سووە زیادەیە دەداتەوە بە ملی کرێچییەکانیدا و کرێی خانویان لەسەر زیاد دەکات. لە ئێستادا هەر لە ئینگلەنددا بە تەنها 11 ملیۆن کڕێچی هەیە کە پارە بە خاوەنخانوو دەدەن . جگە لەمەش خاوەنخانوو پارەی زیاتر قەرز ناکات بۆ چاککرنی خانووەکە یاخود پێداویستییە هەرە زەروورییەکانی خانووەکە، هەر ئاواش خەڵك ناخاتە کارەوە بۆ ئەو مەبەستە. ئایا بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو لەم بوارەشدا توانای کڕین لە لایەن کڕیارەوە دەباتە سەرەوە یاخود دایدەبەزێنێت؟

بۆچی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو چارەسەری ئابووری بریتانیا و قورسی گرانی دانیشتوانەکەی ناکات؟

ئەگەر بە کردنی بڕێك قازانج یاخود سوودمەندبوونی کەم وەکو لەسەرەوە نیشانم دا وا بزانین ئەمە چارەسەرە و کێشەکان لابەلا دەکاتەوە، ئەوە بێ گومان دەکەوینە هەڵەوە.
من لە سەرەوە سوود و زیانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو-م ڕوونکردەوە و پەنجەشم خستە سەر ئەو بوارانەی کە دەیانگرێتەوە. بەڕای من گەر ئەوە وەکو چارەسەرێکی بنەڕەتیش بگرین هێشتا کێشە و گرفتەکان چارەسەر ناکات. لە مەدایەکی تۆزێك دووردا زیانبەخش دەبیت هەر لەبەر ئەوەش ئەم گەمەیە تێكدەدرێتەوە و پێچەوانەکەی دەگیرێتە بەر، واتە دابەزاندنی ڕێژەی سوو هەر ئاواش بەهای پاوەندیش.
ئەم چارەسەرانە بە هەر بارێکیاندا بێت چارەسەرێكن کە لەسەر بنەمای چارەسەری هۆکارەکان یاخود ڕوودانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە بەرچاو نەگیراوە .
بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو کە چەند هۆکار و ڕووداوێك بنەماکەین لە بریتانیا دەستیان لێنەدراوە. لەو هۆکار و رووداوانە: قەیرانی دارایی 2008 ، دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، نەبوونی تەواوی کرێکارانی بێگانە بۆ کۆکردنەوەی بەروبومی کشوکاڵی کێڵگەکان، هاتنەخوارەوەی بەهای پاوەند بە ڕێژەی لە سەدا 15 پەتای کۆرۆنا، قەیرانی وزە کە پێشتر پەیوەندی بە ڕوسیاوە نەبووە، دابەزینی توانای کڕین لە لایەن خەڵکەوە، تێكچوونی ژینگە زۆر بە خراپی لە هەندێك وڵاتدا کە سەرچاوەی هەندێك کەرەسەی بناغەیی ژیانن بە هۆی هەڵکشانی پلەی گەرمییەوە بەرووبومیان کەمی کردووە. هەروەها زیادبوونی کەلێنی نێوانی سامانداران و کرێکاران و چەوساوان و باقی خەڵکە ئاساییەکە کە لە 350 کۆمپانیادا لە بریتانیا،سەرۆکی کۆمپانیاکان یا بەڕێوەبەری جێ بەجێکار موچەو داهاتی ساڵێکیان لە 700 هەزار وە بۆ نزیکەی 7 ملیۆن پاوەند سەلمێنراوە. ئەمە بڕە پارەیە زیاترە لە 100 جار لە موچە یاخود داهاتی کرێکارێکی ئاسایی، ئێستاش شەڕی روسیا و ئۆکرانیا .
هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ گرانیی، بۆیە ناکرێت کە لە سەرەوە دەستکاری شتێك بکرێت ئیتر وا بزانرێت کە کێشەکە چارەسەر کراوە. ڕیشەی گرفتەکان قوڵترن و چارەسەری بنەڕەتییان دەوێت. بی گومان ئەوە نەبێت دەوڵەت و بەرپرسان ئەمانەی کە من وتومن نەیزانن. ئەمەی کە دەیکەن لە نەشارەزایی و نەزانینیانەوە نییە ، بەڵکو ئەمە چارەسەرێکە کە ئێمە پێی دەڵێین پینە و پەڕۆکردن کە تەنها بە لەقە لەق بەردەوامی بە سیستەمەکە و بە ژیانی مەمرە و مەژی زۆرینەی خەڵکی دەدات.
ئاخر لە وڵاتێکدا کە هەڵئاوسانی پارە ڕێژەکەی سێ مانگی دیکە وا پێشنیار کراوە بگاتە لە سەدا 10 و 11 ، لە وڵاتێکدا نرخی گۆشت و ڤێجیتەبڵ [ سەوزە و کەرەسە نەباتییەکان] بە ڕێژەی لە سەدا 15 چووبێتە سەرەوە، لە وڵاتێکدا کە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە تەنها پارەی دانی وزە، یاخود قائیمەی وزە ، لە ساڵێكدا لەسەر مالێکی ئاسایی بە بڕی 1500 پاوەند زیاد بکات ، ئەمە جگە لەوەی کە لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە بە ڕێژەی لە سەدا 54 بەرزکرایەوە !! …ئایا ئەو پینەو پەڕۆیەی کە لە 16/06 دا کرا بە زیادکردنی ڕێژەی سوو چۆن دەتوانێت ئەم گرفتە بنەڕەتیانە لابەلابکاتەوە؟ ئاخر بێ دەستبردن بە هۆکارەکانی دروستبوونی بارودۆخی هەنووکەیی و چارەسەرکردنیان چۆن دەکرێت کێشەکان لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ڕێژەی سووەوە لابەلابکرێنەوە!!

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
18/06/2022




ئەوە جەنگی ئابوورییە کە کارایی زیاتری هەیە نەك جەنگی سەربازیی… زاهیر باهیر

مێژوو و ئەزموونەکان پێمان دەڵێن جەنگ، هەر جۆرە جەنگێك بێت دۆڕاوی سەرەکی زۆرینەی دانیشتوان و هاووڵاتیانن لە خەڵکە هەژار و ئاساییەکە. کۆتایی هەموو جەنگێکیش بە سەرکەوتنی لایەنێك لە هەڵگیرسێنەرانی جەنگ کۆتایی دێت و دۆڕانی ئێمە. جەنگی نێوانی دەسەڵادارن، دەوڵەتەکان هەر جۆرێك بن جەنگێکی ڕەوا نییە و پشتگیرکردنی هەر لایەکیان هەڵە و نادروستە.
لە جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیادا، لە لابەلاکردنەوە و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی جەنگەکە پێشبینییەکانی هەردوو لا بە هەڵە دەرچوون. پوتین وا پێشبینی دەکرد کە لە دوو هەفتەدا یاخود لە مانگێکدا دەتوانێت ئۆکرانیا داگیربکات و دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بۆ مەرامەکانی خۆی ملکەچ بکات. ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ناتۆش وایان پێشبینی دەکرد کە ڕوسیا لە ماوەیەکی کەمدا تێدەشکێی و قۆناخی سەردەمیش لە قۆناخی مەترسی ڕوسیا و شەڕی سارد و گەرم تێدەپەڕێنن و پشتی وڵاتانی وەکو چین و بێلەڕوس و ئێران و سوریا و وڵاتە دۆستەکانی دیکەی ڕوسیا دەشکێنن. بەڵام واقیع پێچەوانەی بیرکردنەوە و تاکتیکەکانی هەردوولایان ڕۆیشت.
ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە چەکی گەمارۆدانی ئابووریی و فشار خستنە سەر ڕوسیا و تەریککردنی زیاتری، بە زەرەری ئەمەریکا و ئەوروپا و سەراپای جیهان گەڕایەوە زیاتر لەوەی کە ببێتە چەکێك بۆ چۆکدادانی ڕوسیا و کشانەوەی لە ئۆکراینا و ڕازیبوونی بە مەرجەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی* .
شەڕەکە سەد ڕۆژی تێپەڕاند و ئامارەکان و بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن ئەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تا رادەیەکیش ئەمەریکایە کە لە پێگەیەکی لاوازی ئابووریدان، کە بە دوایدا لاوازی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتیان دێت. هەر ئەمەشە کە ئێستا هەر هەموویان ڕازین بە وتووێژ و دانوستاندن بەڵام لە هەڵوێستی بەهێزیی ئۆکرانیاوە نەك لەم پێگە لاوازەی ئێستایدا تاکو هەژموون و کرێدتی خۆیان و ئۆکرانیاش بپارێزن . بەڵام وڵاتێک چەند شار و شارۆچکەیەکی داگیرکرابێت زۆریکش لە ئۆفیس و کۆمپانیا و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی وێرانکرابێت و لە سنوری دەریای ڕەشەوە ئابلوقە درابێت، چۆن دەکرێت کە بەهێز بکرێت بۆ کاتی وتووێژ؟
هەر هەموویان بە نهێنی ئەوە دەدرکێنن کە چارەیەکیان نییە جگە لە سازشکردن و وتووێژ لەگەڵ پوتین –دا ، بەڵام تەنها ئەمریکایە و هەندێك لە ئابووریناسەکان و ڕۆژنامەنوسەکانن کە بە ئاشکرا ئەوە دەلێن.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا هێنری کیسنجەری کۆنە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکی و سیاسەتمەدار وتی ” ڕەنگە کۆتایی شەرەکە بەوە بێت کە ئۆکرانیا بڕێك لە خاکەکەی لەدەست بدات” بایدن و ئەوانی دیکەش نایشارنەوە کە تاکە ڕێگایەك وتووێژ و دانوستاندنە. ڕۆژی سێ شەمە، 31/05 ، جۆ بایدن بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی وت ” داگیرکردنی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی دێت بەڵام ئەمریکا دەبێت چەک و تەقەمەنی بەرچاو دابین بکات بۆ ئەوەی بەرزترین کاریگەری لەسەر مێزی دانوستانەکان بدات بە ئۆکرانیا”.

ئەم وەرچەرخانە لە بۆچوون وهەڵوێستدا چۆن ڕووی دا؟
لە کاتێکدا زیاتر لە 40 دەوڵەت هاوکاری و هاوپشتی ئۆکرانیایە، بە سەدەها ملیار دۆلار هەم وەکو کۆمەکی مرۆیی بۆ ئۆکرانییەکان و هەم وەکو دانی چەك و تەقەمەنی قورس بە سوپای ئۆکرانیا دراوە. ئەمە جگە لە سەرفکردنی وەخت و پارەی دیکە لە ڕاهێنانی بڕێک لە سەربازانی ئۆکرانیا لەسەر بەکارهێنانی چەکە نوێیەکانی کە لە ئۆکرانیا و پۆڵۆنیا و لە بریتانیا بەڕێدەکرێت بە چونی پسپۆڕ و شارەزایانی وڵاتانی ناتۆ بۆ ئەو وڵاتانە.
لە سیاسەتی بۆیکۆتی نەوت و غازی ڕوسی، ڕوسیا نەك هەر زەرەری نەکردووە بەڵکو بە هۆی فرۆشتنیانەوە بڕی قازانجی نەوت و غازی، بەرزتر بۆتەوە. بە گوێرەی ئامارێکی نوێ لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵداساڵی 2022 دا، پوتین شانازی بە زیادە حیسابی ئێستاوە دەکات کە بە بڕی ٩٦ ملیار دۆلار (٧٦ ملیار پاوەند) – بەهای غاز و نەوت زیادی کردووە کە سێ ئەوەندەی ژمارەی هەمان ماوەی ساڵی 2021 دەکات.
کاتێک یەکێتی ئەوروپا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا قەدەغەکردنی بەشێکی خۆی لە هەناردەکردنی نەوتی ڕووسیا ڕاگەیاند، ڕوسیا بەمەش زەرەری نەکرد بەڵکو قازانجی کرد، چونکە تێچووی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ڕوسیا سوودێکی دیکەی دارایی بەدەستبهێنێت.
ڕووسیا هیچ کێشەیەکی نییە لە دۆزینەوەی بازاڕی جێگرەوە [بەدیل] بۆ وزەکەی، هەناردەی نەوت و گاز بۆ چین لە مانگی نیساندا زیاتر لە سەدا 50 لە بەرانبەر ساڵانی پێشترا زیادی کردووە. هەروەها هیندستان هەر لە سەرەتاوە دوو ئەوەندەی ساڵانی پێشو نەوتی لە ڕوسیا کڕیوە و دایناوە لەبەر ئەوەی پێشبینی ئەم بارودۆخەی دەکرد. کڕینی نەوتی ڕوسیا لە لایەن هیندستانەوە و دەوامدان بە سیاسەتی ئاشتی لەگەڵ ڕوسییادا ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوای لە هیندسستان نیگەران کرد . هەر زوو وەزیری دەرەوەی بریتانیا خۆی گەیاندە هیندستان و ویستی دەسەڵاتدارانی ئەوێ بە هەڵوەشاندەنەوەی ئەو سیاسەتە ڕازی بکات . بەڵام نەك هەر ئەوان ڕازی نەبوون کورد وتەنی کچی خۆیان نەکردە قوربانی کوڕی خەڵکی، بەڵکو جوابێکی ئاواشیان پێدان سڕیان کردن و جارێکی دیکە نەتوانن ئەو داوایە لە حوکمڕانانی هیندستان بکەن.
سەرباری ئەمانەش سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مەزەندە دەکات ئەمساڵ ئابووری بە ڕێژەی لە سەدا 8.5 دابەزێت بەهۆی داڕمانی هاوردەکردن لە ڕۆژئاوا. بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە لە وڵاتانی گروپی 7 دا [G7 ] کێشەیەکی ترە. لە بەرواری 18/05/22 ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لەو وڵاتانی گروپی 7 دا ئاوا بووە: بریتانیا بە ڕێژەی لەسەدا 9، [بەرزترین ئاستی لە ماوەی 40 ساڵدا ] ئەمەریکا لە سەدا 8.3 ، ئەڵمانیا لەسەدا 7.14 ، کەنەدا لە سەدا 6.8 و ئیتالیا لەسەدا 6 ، فەرەنسا لە سەدا 4.8 ، یابان لە سەدا 1.2 .
هەڵئاوسانی پارەش یانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی خەڵك کە هەر هەموو شتێك گران بووە و گرانتریش دەبێت . هەر بۆ نموونە لە بریتانیادا کە نرخی غاز لە مانگی نیسانەوە بە ڕێژەی لە سەدا 54 سەرکەوت، لە مانگی ئۆکتۆبەردا ئەم ڕێژەیە زیاتر سەر دەکەوێت دوای ئەوەی کە گرێبەستی نێوانی حکومەت و کۆمپانیاکانی غاز لەسەر وەستانی بەرزبوونەوەی نرخ لە ڕادەیەکدا ، کۆتایی دێت ، ئەو کاتە وا پێشبینی دەکرێت کە ماڵێکی ئاسایی نرخی غازیان لە نێوان 700 بۆ 800 پاوەند لە ساڵێکدا زیاتر بدەن.
لە ئەنجامی جەنگەکەدا، ئابووریی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی قۆناغێکی گەشەسەندنی خاو یان نەرێنی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی زیاتری پارە دەبێتەوە. ئابووریناسەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە بارودۆخەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکانی چەرخی پێشوو کە هەڵئاوسانی پارە زۆر سەرکەوت. لە لایەکی دیکەوە بەڕیوەبەری بەرنامەی جیهانی خۆراک دەڵێت: “لە ئێستادا، سایلۆکانی دانەوێڵەی ئۆکرانیا پڕن. ئەمە لە کاتێکدا44 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەرەو برسێتی دەچن “
یەکێتی ئەوروپا نەك هەر پێشنیاری ڕاگرتنی دانی پارەی بە ڕوسیا لەلایەن وڵاتانی نزیک لە ڕووسیاوە کردووە، بەڵکو یەکێتی ئەوروپا دژایەتیشیان دەکات. بەڵام ئەمە کارێکی لۆژیکانە نییە چونکە هەندێك لەو وڵاتانە زۆر پشت بە سووتەمەنی بەردینی دەبەستن؛ ئەڵمانیا 12%ی نەوتەکەی و 35%ی غازەکەی لە روسیا دەکڕێت، هۆڵندە لە سەدا 15 ، ئەو ئامارانەش لە هەنگاریا زۆر زیاترن. ڕەنگە سزاکان زیانیان بە توانای قەرزکردنی ڕووسیا گەیاندبێت، بەڵام تەنها بەرزبوونەوەی لە سەدا 70ی نرخی غازی جیهان، هاوسەنگیی [باڵانسی] پارەی ڕووسیای زیاد کردووە. زیادەی مامەڵەی بازرگانی ڕوسیا بە گوێرەی حیسابی ئێستای، بەپێی بانکی ناوەندییەکەی، لە ئێستا لە سێ هێندەی ئاستی پێش شەڕەکە، زیاترە.
ئەمانە هەموی تا ڕادەیەك دەمان گەیەنێتە ئەو ڕاستییە کە سزادانی ڕوسیا بە ئاشکرا زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنێت لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپا کە ئەو سزایانە دەسەپێنن. ئەم گەمارۆیە نرخی دانەوێڵەکانی بە ڕێژەی لە سەدا 48 بەرزکردۆتەوە بە بەراورد بە ساڵی 2019، ئەمەش بازاڕەکانی وێران کردووە، بەتایبەتی لە سەرانسەری ئەفریقادا. هاوکاتیش بەهای ڕۆبڵ گەر چی لە سەرەتادا شکا بەڵام ئێستا هەڵساوەتەوە و بەرزیش بووەتەوە. ڕوسیا لەو گەمارۆیەی کە لە سنوری ئۆکرانیا لەسەر بەندەرەکانی دەریای ڕەشی داناوە کە ناهێڵێت دانەوێڵە و بەرهەمەکانی دیکەی ئۆکرانیا هەناردەی وڵاتانی دیکە بکرێت ، روسیا گەنمەکەی خۆی بەو نرخەی کە دەیەوێت دەیفرۆشیێت . کەواتە هەندێك لە زەرەر و زیانەکانی شەڕەکە هەر خودی شەڕەکە و سزادانەکانی ڕوسیا، خۆیان قەرەبووی ڕوسیا دەکەنەوە. بە واتایەکی دیکە ڕوسیا جەنگەکە بە پارەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات.
لەم ماوەیەدا ئەمەریکا و ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆیان سەلمێنرا کە چی دی ئەم شەڕە لە ڕێگای جەنگی سەربازییەوە نابرێتەوە و ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆکرانیا چی تر ناتوانن هاوکاری ئۆکرانیا بکەن. دەبێت بیر لە کردنی سازش و وتووێژ لەگەڵ پوتین-دا بکەنەوە و بایدن لە ڕۆژی دووشەممە، 23/05 گەیشتە ئەو قەناعەتە و ڕایگەیاند کە ئەمریکا “سیستەمی موشەکی کە توانای گەیشتنە ناو ڕوسیای هەیە ” بۆ ئۆکرانیا نانێرێت. . لەوەدەکات پاش قسەکردنی نێوانی پوتین و سەرکردەکانی فەرەنسا وئەڵمانیا کە ڕۆژی شەمە، 28/05 بۆ 80 خولەك ئەنجام درا کە لەو تەلەفونەدا پوتین هۆشداری لە بەردەوامی گواستنەوەی چەکی ڕۆژئاوایی ئەمەریکی بۆ ئۆکرانیا داوە. لەوە دەکات ئەو هەڕەشەیەی پوتین هەڵوێستی بایدن-ی گۆڕیبێت کە وڕاوەی ئەوەی دەکرد کە سیستەمی موشەکی دوور هاوێژی مەدای 165 کیلۆمەتری بۆ ئۆکرانیا بنێرێت. تا ئێستا تەنها ئەو موشەکانە دراون بە ئۆکرانیا کە مەدای هاویشتنیان لە 70 کیلۆمەتر تێپەڕ ناکات ئەویش بەو مەرجەی کە نەنرێت بە ناو ڕوسیاوە.

ئەنجامگیریی

ئەوەی کە ئێستا ڕوونە بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە بەردەستدایە ئەوەیە کە جەنگی جیهانی سێیەم ڕوونادات گەرچی ڕەنگە ئەم شەڕە ماوەیەکی دیکەش هەر بەردەوام بێت. ئۆکرانیا بە تەواوی وێران بووەو ئاوەدانکردنەوە و بیناکردنەوەی لە ئێستادا بە بڕی زیاتر لە تریلیۆنێك دۆلار خەمڵێنراوە ، نزیکەی 11 ملیۆن کەسی ئاوارە بووە کە بەشێکیان لە وڵاتانی دیکە بوونەتە پەنابەر. هاوکاتیش لەوە ناکات کە پوتین بە بێ مەرج لە ئۆکرانیا بکشێتەوە و ئەوروپاش بۆیان دەرکەوت کە گەمارۆ و سزا ئابورییەکانی کە لەسەر ڕوسیایان دانا زیاتر لەسەری خۆیاندا شکاوەتەوە، ئەنجامی ئەمەش لە لایەن هاووڵاتیانیانەوە بە هیچ شێوەیەك قەبوڵناکرێت و ئەمە جەنگێکی ئابوورییە دژ بە خەڵکی و تەحەمول ناکرێت و سەرەنجام دەبێتە هۆی پرۆتێستی گەورە و ڕاپەڕینیش، بۆیە دەکرێت کە ئەوروپا ئەم شەڕە کۆتایی پێ بهێنێت و سازش لەگەڵ پوتین-دا بکەن لەسەر حسابی زەوی و خاك و گیانی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا.
گەر ئەمەش ڕووبدات کە گریمانی زۆری هەیە ، بێ گومان پوتین لەم جەنگەدا براوە دەبێت و چی تر ئەمەریکاو سەرکردەکانی ئەوروپا ناتوانن بە هیچ تەماشای بکەن، هاوکاتیش بەها و ئەرزشی ناتۆ و پێشبڕكێی چەک لە لایەن ئەمەریکاوە وەکو پێشتر نامێنێت.

*تکایە بۆ زانیاری لەسەر گەمارۆ و سزای ئابووریی تەماشای ئەم لینکەی خوارەوە بکە کە من لەو وتارەی ناوەڕاستی مانگی مارت-دا پێشبینی سەرەنجامی گەمارۆ و سزا ئابوورییەکانم لەسەر ڕوسیا کردووە.

زاهیر باهیر
04/06/2022
Zaherbaher.com




ئایا دەکرێت ئەم سیستەمە لە ڕێگای ریفۆرمەوە چاكبکرێت؟… زاهیر باهیر

پێش هاتنە سەر باسەکە دەبێت ئەوە بڵێێم بە هەزاران پەرتووك و توێژینەوە و وتار لەسەر ئەم بابەتە نوسرەاون و بە دەیەهاش بڕوانامەی دکتۆرای لەسەر وەرگیراوە. لەبەر ئەوە ئەمەم نوسینە نەك ڕەنگە جێگای ڕەزامەندی گەلێك نەبێت، بە دڵنیایییشەوە مایەی قەناعەتکردن بە هیچ کەسێکیش نییە بەڵام دەکرێت پرسیار لای خوێنەر بورووژێنێت.
هەمیشە سێ جۆر تێڕوانینی جیاواز هەبووە بەرانبەر بە سیستەمی مەوجوود. تێڕوانینی یەکەم کە تێڕوانینێکی باو و سەردەمیانەیە نوێنەرایەتی ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە گۆڕانکاریی ڕەت دەکەنەوە و ڕادەستی سیستەمەکە بوون. تێروانینی دووەم دەزانن کە ئەم سیستەمە کەم و کوڕی هەیە و بەڵام تا ئێستا ئەمە باشترین سیستەمێکە لای ئەمان کە بەشەرییەت بە خۆیەوە دیوە. بە ڕای ئەمان دەکرێت بە بەردەوامی لە نێو هەناوی خۆیدا ڕیفۆربکرێت و باشتر ببێت. بۆ ئەمەش باوەڕيان بە هەڵبژاردن و گروپی فشاریی و جۆرە چالاکییە چاکسازییەکان هەیە ، کە دەتوانین ناوی لایەنی ڕیفۆرمیستیان لێبنێین. لایەنی سێیەم کە کەمایەتییەکی زۆر کەمن و لە لایەن زۆرینەوە بەڵگە و پاساوەکانیان ڕەتدەکرێتەوە ، ئەمانەش ئەو کەس و لایەنانەن کە باوەڕیان بە گۆڕانکاریی سەرەکی/ بنەڕەتیی واتە هەڵتەکاندنی تەواوی سیستەمەکە و گۆڕینی بە سیستەمێك کە کۆمەڵی ناچیانیەتی و ناپلەبەندییە.

من خۆم لە لایەن و کۆمەڵی سێیەمدا دەبینمەوە. ڕەنگە نەتوانم جێگرەوەیەکی دروست بخەمە بەردەمی هەموو ئارگویمێنیتکەران چونکە کەسێك نییە کە بتوانێت گوزارشت لە کۆمەڵی ئایندە بکات جگە لە پێشبینی ئەوەی کە مرۆڤایەتی ناکرێت هەتا هەتایە لە سای ئەم سیستەمەدا ژیان بکات بە ڕیفۆرمیش ئیسڵاح ناکرێت. بەڵام دەتوانم بە بەڵگەو بە ئامارەوە گوزارشت لە باش و خراپی کۆمەڵ و سیستەمی سەردەم بکەم .
هاوکاتیش گرانە بۆ من کە قسە لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و کەنەدە بکەم، بەڵام بۆ قسە لەسەر بریتانیا گرفتێك لەوێدا نابینم.
بریتانیا کە خاوەنی یەکەم شۆڕشی پیشەسازی و دایکی سیستەمی پەڕلەمانی جیهانی و یەكێكە لە وڵاتە گەوەرکان کە کۆڵۆنایزی گەلێك و ڵات و نەتەوەی کردووە ، هەر ئاواش دووم یا سێیەم وڵاتی ئەوروپا و شەشەم وڵاتی دونیاییە لە دەوڵەمەندی و پێشکەوتنی پیشەسازیییەوە، دەکرێت نموونەی زیندوو و واقیعیمان بداتە دەست لە ژیانی کۆمەڵەکەی و ئاراستەو بەردەوامبوونییەوە.
من لەم نوسینەدا هەوڵدەدەم زۆرێك لە لایەنەکان و دەزگە خزمەتگوزارییەکان و ژیانی خەڵکەکەی هەر زۆر بە کورتی بە ئامار و بەڵگەوە بخەمە بەردەم ئەوانەی کە ئەم وتارە دەبینن تاکو، گەر بیانەوێت، ژیان لە سای سیستەمەکەدا وەکو خۆی ببینن.

یەکەم: ژیان بە گشتی لە بریتانیا: ژیان لێرە ڕۆژ بە ڕۆژ گران و گرانتر دەبێت . گرانییەك کە بریتانیا لە دوای حەفتاکانەوە و هەندێك لە توێژەرەوانی بواری ئابوریی دەڵێن لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، ئەم وڵاتە نەیدیوە بە خۆیەوە. من لە زۆرێك لە پۆستە فەیسبووکییەکانما و لە نوسینەکانی دیکەمدا باسم کردووە. کەلێنی نێوانی سەرمایەداران، سامانداران لەگەڵ خەڵکەکەی تردا لە گەوەرەبوندایە، داهاتی خەڵکی لە داکشاندابووە زۆر لە پێش شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە. پێش شەڕەکە بانقی ناوەندی بریتانیا ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2023 دا داهاتی خەڵکی دەگەڕێتەوە ڕادەی داهاتی ساڵانی پێش 2010 وە، واتە پێش قەیرانە داراییەکە. بی گومان لە ئێستادا دەتوانین بڵێین بە هۆی ئەم جەنگەوە لە ساڵی 2023 دا ئەمە ڕوونادات. هەندێك لە ئابووریناسەکان دەڵێن لە ساڵی 2030 دا داهات بە داهاتی پێشس سەردەمی قەیرانی دارایی 2008 ڕێکدەبێتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم ڕۆژانە کە ڕاپرسی لەسەر کراوە لە بریتانیا 2 ملیۆن خەڵکی پێگەیشتوو [ڕوشد] ناتوانن کە هەموو ڕۆژێك خواردن بخۆن بە هۆی گرانییەوە، واتە هەر لە 7 کەسی ڕوشد یەك کەس . ئەم گرفتە لە مانگی جێنیوەری ئەمساڵەوە بە بڕی لە سەدا 57 زیادی کردووە .
وەزیرەکان بۆ حەلی ئەم بارودۆخە ناهەموارە چارەسەری سەیر سەیریان پێیە بۆ نموونە وەزیری هاتوچۆ پێشنیاری ئەوە دەکات کە پشکنینی ساڵانەی سەیارە ببێتە هەر دوو ساڵ جارێک گوایە ئەمە بۆ هەر سەیارەیەك 23 پاوەند دەگێڕیتەوە، بێ گویدانە پرسی سەلامەتی ڕێگاوبانی هەموان. وەزیری پەروەردە، نەدیم زەهاوی، کە کوردە پێشنیاری ئەوەی کردووە کە ساڵێك زووتر منداڵ لە قوتابخانە وەرگیرێت و تەمەنی چوونە قوتابخانە نزمبکرێتەوە، گوایە ئەمە پارەی ساڵێكی دایەن و دایەنگا بۆ دایکان و باوکان دەگێڕێتەوە.
لە ساڵی 2010 و تاکو ئێستا حکومەت بە بڕی لە سەدا 60 بودجەی شارەوانییەکانی کەمکردۆتەوە ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی سێنتەری گەنجان، کتێبخانە گشتییەکان، کەمکردنەوەی پاسە لۆکاڵییەکان و گۆڕینی ڕێڕەویان، کارایی لەسەر ریسایکلین داناوە هەروەها لەسەر هونەر و کولتوریش.

کەلێنی نێوانی توێژاڵی دەستەبژێر [ ئێلیت] و کرێکاران بە ڕادەیەکی ئێکجار زۆر فراوانتر بووە. بە گوێرەی توێژینەوەیەك و ڕاپرسییەك کە ساڵێك زیاتر پێش لە ئێستا کراوە ژمارەی جێ بەجێەکەرانی هەندێك لە کۆمپانیاکان [ بەڕێوەبەرە گەورەکان] کە 350 کەسن بڕی موچەیان 53 جار ز یاترە لە کرێکارێکی ئاسایی. لەم ژمارەیە 43 بەڕێوەبەریان موچەیان 100 جار زیاترە لە کرێکارێکی ئاسایی. موچەی ساڵانەیان لە 15.5 ملیۆن پاوەندەوە تا دێتە سەر 8 ملیۆن، ئەوەیان کە موچەی لەوانی دیکە زیاترە جێ بەجێکاری کۆمپانیای ئەسترا زینیکە-یە.
دووەەم: وزەو سووتەمەنی: غاز و کارەبا و بەنزین و گازۆیل بە گشتی لە هەموو ئەوروپا بەرزبوونەتەوە بەڵام لە بریتانیا بە ڕادەیەکە کە جێگای باوەڕ نیە. لە سەرەتای مانگی نیسانەوە غاز بە ڕێژەی لە سەدا 54 چوەتە سەرەوە و لە مانگی ئۆکتۆبەریشدا دووبارە سەردەکەوێتەوە لەبەر ئەوەی کە بڕیارەکەی حکومەت لە سەر دانانی نرخی غاز بەسەر دەچێت و ئەو کاتە کۆمپانیاکان لە بەرزکردنەوەیدا ئازاد دەبن. ئەمە لە کاتێکدا کە بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم چەند ڕۆژە کۆمپانیای پیترۆلی بریتانی لە ماوەی 3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 5 ملیار پاوەندی قازانج کردووە کە دووقاتی ساڵانی پێشووە بۆ هەمان ماوە، 3 مانگ. هەر ئاواش کۆمپانیای ‘ شێڵیش’ ش بۆ هەمان ماوە 7.3 ملیار پاوەندی قازنج کردووە. نرخی بەنزین و گازۆیل لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا 30 پێنس زیادی کردووە .

ڕاستە بەشێكی گرانبوونی ئەمانە و سەراپای پێداویستییەکان هاتنە دەرەوەی بریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا و بوونی شەڕەکە و بەردەوامبوونێتی. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانەش نەبوایە ژیان ساڵانە سەختتر دەبێت . هەڵئاوسانی پارە لە مانگی ئازاردا لەسەدا 7 بوو کە زیاترە لە 30 ساڵ لەمەوبەر و وا پێشبینی دەکرێت کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا سەرکەوێت بۆ لەسەدا 10. هەموو ئەمان لانی کەم داهاتی ساڵانەی خێزانێکی ئاسایی بە بڕی 1500 پاوەند دابەزاندووە.
ڕاستییەك هەیە کە ڕێژەی بێ کاریی زۆر نزمە بەڵام ئەوە بە هۆی ئەوەوەیە کە خەڵکێکی زۆر ناچارن کارێك بکەن کە کرێیان لە خوار لایەنی کەمی کرێوەیە، نزیکەی ملیۆنێك کەسیش وێڕای کارکردنیان بەڵام موچەیان ئەوەندە نزمە بە یارمەتی سێنەتەرەکانی خواردن بەخشینەوە دەژین. ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو لەوانەی کە کار دەکەن لەسەر سیستەمی زیڕۆ کۆنتراکت-ن واتە بێ گرێبەستیی و هیج جۆرە مافێکیان لە پارەی نەخۆشی و نەخۆشی منداڵیان و هۆڵیدەیی و خانەنشینیەوە نییە ، هەموو چرکەیەکیش خاوەنکار بۆی هەیە دەری بکات و ئەمڕۆ کاری پێدەکات و بەیانی نایەوێت. هاوکاتیش خەڵکێکی زۆر خۆیان تۆمار کردووە کە کار بۆ خۆیان دەکەن تاکو لە فشار و هەراسانکردنی دەزگەی سۆشیال ڕزگاریان بێت و هیچ نەبێت یەك دوو دانەیەك لەو بیمانەی کە وەری دەگرن بەردەوام بێت.

سێیەم : بەشی تەندروستیی: لە ماوەی ئەم 30 ساڵەی دواییدا هەموو کارئاساییەك بۆ کردنەوەی خەستەخانە و عیادەی تایبەت کراوە تا ڕادەی فەرامۆشکردنی هەندێك بەشیان. هەندێك لە بەشەکانی خەستەخانەکانیش وەکو بەشی چارەسەری کتوپڕی و بەشی منداڵبوون کە کاتی خۆی لە هەموو خەستەخانەیەکدا هەبوون ئەوە چەند ساڵێکە کە هەر بە سێ خەستەخانە یەکێك لەو بەشانەی تێدایە . بەشی ئیسعاف و فریاکەوتن کەرتی دەوڵەوتی و کەرتی تایبەتی بە هاوبەشی بەڕێوەی دەبەن. کەرتی تایبەتی لەمەدا پارەیەکی خەیاڵی بەدەست دەهێنێت. لە سەر و 6 ملیۆن کەس لە ئینگلەنددا ، لە لیستی چاوەڕوانی خەستەخانەدان بۆ وەرگرتنی چارەسەر. خەستەخانەکان نزیکەی 5 هەزار دکتۆر و 40 هەزار نێرسی دیکەیان پێویستە. زۆر جار نەخۆش لە بەشی ئیمێرجنسی 24 کاژێر و هەندێك جاریش 48 کاژێر چاوەروان دەکات تاکو بگوێزرێتەوە بۆ قاوشەکان ، هەندێکیش کە داوای ئیسعاف دەکەن چەند سەعاتێك چاوەڕانی دەکەن تا ئیسعاف دەگات.
لە بواری دانسازیشدا ورەدە وردە لە سای حکومەتی موحافیزین و حکومەتی لەیبەردا زۆرێك لە عیادەکان کرانە کەرتی تایبەتی. لە ساڵی پارەوە زیاتر لە 2000 دکتۆری ددان کەرتی دەوڵەتییان بەجێهێلاوە ، ژمارەیان 23،733 دکتۆر بووە لە کۆتایی ساڵی 2020 و دابەزیوە بۆ 21،544 . لە ئێستادا وا خەمڵێنراوە کە 4 ملیۆن کەس لە بریتانیا بێ دکتۆری ددانن. لە هەندێك ناوچەدا بۆ 100،000 کەس تەنها 32 دکتۆری ددان هەیە.

چوارەم: پرسی خانووبەرە و بێ جێگا و ڕێگایی: کێشەی خانووبەرە و بێ جێگایی و بێ ڕێگایی لە ساڵی 1979 وە کە مارگرێت تاچتەر هاتە سەر حوکم ئەم گرفتە لە گەورەبوون و فراوانبوودایە . هۆکاری سەرەکی بۆ ئەمە دروستنەکردنی ژمارەی خانوی تەواو بوو لە لایەن حکومەتی موحافیزینەوە، هاوکاتیش تاچتەر یەكێك لەو ڕیفۆرمانەی کە کردی سیاسەتی Right to Buy بوو واتە مافی کڕین. بۆ پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ئەو کەسانەی کە لە خانوەکانی شارەوانی و خانوەکانی جەمعییەکانی خانووبەرەدا دەژییان، مافی کڕینی خانوەکەیان پێدارا بە داشکاندنی 15 هەزار پاوەندی ئەو کاتە . لە ساڵی 2015 دا ئەم برە پارەیە واتە خەڵاتە بەرزبووەوە بۆ 50 هەزار پاوەند. بێ گومان ئەم سیاسەتە نەك هەر وای کرد کە ژمارەی ئەو خانوانە کەمببێتەوە و سەرەی دەستکەوتنیان بچێتە سەرەوە و بەڵکو ئەمە دانیشتوانی خانووەکان بوونە خاوەن خانوو و بەستنیەوە بە خاوەنکارەوە کە لە کاتی مانگرتندا جاران یەک جار بیریان لێکردبێتەوە ئێستا دەبێت جەند جارێك بیر لە مانگرتن بکەنەوە چونکە بە مانگرتنیان یانی بێ پارەییان ، ئەمەش یانی نەدانی سلفەی عەقارەکەیان بە نەدانیشی لە لایەن بانقەوە دەست بەسەر خانووەکەدا دەگیرا. هاوکاتیش بانقی پێ دەوڵەومەندتر کرد بە هێنانی سلفەوەرگری زیاتر بۆ کڕینی خانووەکانیان.

بێ گومان هۆکاری دیکەش هەن بۆ ئەمە هەر وەکو کەمکردنەوەی بیمەی خانوو کە لە لە کاتێکدا دانیشتوان کاریان بکردایە، هاتنی خەڵکی زۆر بۆ ئەم وڵاتە و کڕینی خانوویەکی زۆر لە لایەن نەك هەر دەوڵەمەندەکانی ناوخۆ بەڵکو دەوڵەمەندەکانی شوێنەکانی تریشەوە وەکو دەوڵەمەندانی وڵاتانی کەنداو. ئەمانە هەموی کارایی خۆی لەسەر زیادکردنی کەسانی بێ خانوو و ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان شەو و ڕۆژ بەسەر دەبەن دانا. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ڕێژەی ئەوانەی کە لە سەر شەقامەکان دەژین لە ساڵی 2010 وە تا ئەمساڵ بە ڕێژەی لە سەدا 38 زیادی کردووە.
پێنجەم: منداڵان لە سای حوکمی لیبراڵدا: لەم کۆمەڵە بەناو مەدەنییەدا منداڵان و ژنانی تەنهاباڵ [ واتە هەر خۆی لە تەك منداڵەکانیدا دەژی] و کەمئەندامان و خانەنشینان گەورەترین باج دەدەن. لێرە بە گوێرەی ڕاپۆرتی فەرمی نزیکەی 3 ملیۆن منداڵ لە هەژاریدا دەژین ، بە هاتنی ئەمساڵیش 350 هەزار منداڵی دیکە لەو لیستەدا ناونوسکران . خراپی ژیان و گێرمە و کێشەکانی، ژیانی خێزانی هەڵوەشاندۆتەوە و ئیدمانبوونی زۆرێك بە مادە هۆشبەرەکان و خراپ مامەڵکردنی منداڵان تا ڕادەی لاقەی جنسی کە بەشێکی لە لایەن خودی خێزانەکە و دەور و بەرە نزیکەکەیانەوەیە، هەموو ئەمانە وای کردووە کە زۆرێك لەم منداڵانە کە ژیانێکی زۆر خراپیان هەیە یاخود مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت ببرێنە بەشی خزمەتگوزاری سۆشیال یاخود شوێنی بە ئاگابوون لە منداڵان . بەڵام هەندێك لەم منداڵانە لە تەمەنی مێردمنداڵییاندا ڕووبەڕوی گرفتی گەورەی وەکو مادە هۆشبەرەکان و شەڕ و چەقۆ وەشاندن دەبنەوە ئیتر دەنێرێنە شوێنێك کە پێی دەڵین Custody [ بەشی ئاگالێبوون – ڕیعایە] هەم بۆ گەورەکردن و هەم بۆ پەروەردەکردنیشیان بۆ ڕزگارکردنیان لەو گرفتانەی کە هەیانە.
بە گوێرەی راپۆرتی دیوانی محاسەبەی نیشتمانی [The National Audit Office ] کە لە ساڵی 2021 دەریکرد دەڵێت نیوەی لەسەدا 53 ئەو منداڵانەی کە لە بەشی کەستەدی-ن لە گروپە ئیتنیکییەکانن . پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ژمارەی ئەوانەی کە لە کەستەدین لە ساڵی 2024 دووقات ببێتەوە.
هەفتە نییە لە شارێک لە شارەکانی بریتانیا چەندەها کەس بە چەقۆ یاخود گولە نەکوژرێن لە ژن و گەنج و تا دەکاتە پیرە پیاو و پیرێژن ، بەشێك لەمانە مێردمنداڵانن کە بە هۆیەك لە هۆکارەکان ئاڵاون لە مادە هۆشبەرەکانەوە و لە لایەن گەوەرەکانی دەڵاڵ و قاچاخچی ئەو مادانە، ئەو منداڵانە بەکاردهێنرێن. بە گوێرەی ئامارێکی نوێ تاوانکردن بە ڕێژەی لە سەدا 14 سەرکەوتووە. کوشتنی ژنان لە لایەن مێرد و برادەر و کەسانی ناسیاویانەو ڕووداوێکە کە هەفتانە لانی کەم دوو ژن دەبنە قوربانیی.

شەشەم: دیمۆکراتیی و ئازادیی: کە باس لە دیمۆکراتی دەکرێێت وادەزانرێت هەر هەموو دەزگەکان لە هەموو بوارەکاندا بە هەڵبژاردنە بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هەڵبژاردنە تەنها بۆ ئەندام پەرلەمان و ئەندامانی شارەوانییە کە نە نوێنەرایەتی گەل دەکەن و نە نوێنەرایەتی کۆمۆنێتییەکە بەڵکو نوێنەرایەتی دەنگدەران دەکەن . ئەوەی کە گرنگە بە هیچ شێوەیەك دەنگی لەسەر نادرێت کە ئەویش ئەو سیاسەتە سەرەکیانەیە کە حکومەت دەیکێشێت بۆ نموونە لە دروستکردنی شەڕ و داگیرکردنی وڵاتانی دیکە ، بڕین و کەمکردنەوەی بیمەکان ، فرۆشتنی خانوەکانی شارەوانی ، دانانی یاساو ڕیساکان ، کەمکردنەوە و زیادکردنی باج و دانانی ڕاوێژکارەکانیان . لە لایەکی تریشەوە دانانی دادوەر و سەرۆکی پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکان و سەرۆكی بانق و بەڕیوەبەرە گەورەکانی کۆمپانیاکان و دەزگەکانی دیکە بە دەنگدان نییە.
سەبارەت بە ئازادیی-ش لەم وڵاتەدا هیچ جۆرە ئازادییەك نییە کە کاراییەکی کەم لەسەر سییاسەتی دەوڵەت دابنێت تەنانەت ئەو گروپە فشاریانەش کە دروستدەبن بە هەموو شێوەیەک لەژێر چاودێری پۆلیس و دەزگەی سیخوریدان. پۆلیس لەم وڵاتەدا دەسەڵاتی رەهای هەیە ، ئازادیی نییە لە خۆپیشاندان و پرۆتێست و مانگرتندا. کەسە چالاکە نقابییەکان یا چەپەکان و سۆشیالیست و ئەنارکستەکان لەژێر جاودێری سەر و مڕی پۆلیسدان لە کات داواکردنی ئیش دا یاخود گواستنەوە بۆ ئیشێکی تر شوێنی کاری تازە بەهۆی پۆلیسەوە کونییەی کەسەکەی لە لایە و بەو شێوەیەش ئەو کەسە لە وەرگرتنی کارەکە مەحروم دەبێت .

هەر لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە بۆ نزیکەی 40 ساڵ زیاتر دەزگە سیخوڕییەکان و پۆلیس چاودێری 1150 گرپی چەپەکان کردووە و چوونەتە ناویانەوە. لەم ماوەیەدا 131 پۆلیس تێکەڵاوی گروپەکانی ژینگە و چەپەکان و ئەنارکیستەکان بوون بۆ سیخوڕیکردن بەسەریانەوە. ئەمەش لە سەرەتای ئەم چەرخەوە دەرکەوت و ئێستا پاش داوا قەیدکردنی ئەو کچە گەنجانەی کە پێیان هەڵەخەڵەتان و منداڵیان لێدروستکردن و دواتر خۆیان ون کرد ، لە سەریان لە پارەکەوە لیپرسینەوە و لەگەڵ پۆلیس و بەرپرسانیان بۆ ئەم مەسەلەیە دەکرێت. هێشتا ئەو لێکۆڵینەوەیە بەردەوامە و دووبارە بۆ بەشێکی دیکەیان لە ڕۆژی سێ شەمەوە، 09/05/ وە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردۆتەوە.
من پێشتر بە دەیەها بەڵگە و ئامارەوە بە وتار و پۆستی فەیسبوکی ئەمەم خستۆتە بەردەم خوێنەر.

حەوتەم: گەندەڵی و ڕسوایی [ فەزیحە]: ئەو گەندەڵییەی کە لەم وڵاتەدا هەیە وێرای هەبوونی میدیا و سۆشیال میدیایەکی چالاك و لایەن و دەزگەی وەچ دۆگ و هۆشیاریی خەڵکەکە لەم وڵاتەدا هەیە، رەنگە ئەم گەندەڵییە هەر لەو وڵاتانەدا هەبێت کە کاتی خۆی کۆڵۆنی بریتانیای عوزما بوون وەکو عێراق و پاکستان و هیندستان و نایجیریا و … بەڵام تەنها جیاوازییەکە لێرە و لەوێ بە یاساییکردنی دزی و گەندەڵییە بەناوی کردنی لۆبیی-یەوە. من لەسە رئەمە لە ساڵی 20111 دا وتارێکی دوور و درێژم نوسی بەڵام لەو کاتەوە گەندەڵییەکان زیاتری کردووە نەك کەمتر وەکو کڕینی خەڵاتی مەلیکە کە حیزبەکان بە تایبەتی حیزبی موحافزین کەسەکان هەڵدەبژرێت، کڕینی پلەی نۆبڵ و Sir خاتوون / خانم و پایە ی حکومەیی، وەرگرنتی کۆنتراکت و قۆنتەرات ، بە تایبەت لەو کاتەوەی کە پەتای کۆرۆنا سەری هەڵداوە بە دەیەها ئابڕوچوون و گەندەدڵی لە حکومەت دەرکەوتووە.

هەشتەم : پرسی ژینگە: باوەڕ ناکەم کەس بتوانێت بەرگریی لە سەلامەتی ژینگە کە سەلامەتیی هەموو گیانلەبەر و زیندەوەرێكە بە مرۆڤیشەوە لە سای ئەم سیستەمە و دەوڵەتەکانییەوە لە هیچ شوێنیکی ئەم دونیایەدا بکات و ژینگەش پارێزراو بێت . ڕووداوە سروشتیەکانی وەکو سەرکەوتنی پلەی گەرمیی تا ڕادەی ئاگرکەوتنەوە و وشککردنی هەموو شتێك وەکو چۆن پارەکە لە کوردستاندا ڕویدا ، لافاو و تۆفان ڕوداوێکن کە بە بەردەوامی ڕوودەدەن و ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر و بە دەوامتر ڕوودەدەن. باوەڕ ناکەم کەسێك هەبێت نکوڵی لەمە بکات . ئەم بارودۆخەش مرۆڤ کردە نەك خوا کرد، سەرەنجامی سیستەمی چیانیەتی و باڵادەستی و سەروەریی و بزنسە و دەوڵەت ناتوانێت لغاوی بزنس و تەماحی کەڵەکەی زیاتری سەرمایە بکات و ژمارەی سامانداران مەحف بکاتەوە لەبری زیاترکردنیان. .

ئەنجامگیریی
من لێرەدا لەو کەسانە پرسیار دەکەم کە لەم وڵاتە و وەکو ئەم وڵاتەدا دەژین کە ئەگەر ئەم هەموو گیروگرفتەی هەبێت و ساڵ بە ساڵیش خراپتر دەبیت ئایا دەکرێت ئومێدی ئایندەی باشتری لیبکەیت؟ دوای ئەوەش لەو کاتەوەی کە من لەم وڵاتەدا دەژیم فرمانداریی هەر سێ حیزبە سەرەکییەکە : پارتی موحافیزین ، پارتی کرێکاران [لەیبەر] پارتی لیبراڵ دیمۆکرات هەر هەموویانمان بینی لەگەڵ پارتی سەوزی ئەڵمانی کە جیراڵد شرۆدە-ی سەرۆکی پارتی سەوزی ئەوێ بووە چانسلەر، ئێستا سەرۆکی پرۆژەی Nord Stream ئەندامێکی چالاکی بۆردی Gazprom یشە. ڕاستە ‘پارتی کرێکاران’ لێرە [ بریتانیا] کە هاتە سەر حوکم چەند ڕیفۆرمێکی کردووە وەکو زیادکردنی بیمەی منداڵان و دانانی جۆرێکی دیکە لە بیمە بۆ هاوکاری زیاتری ئەوانەی پێویستیان پێیەتی و بەرزکردنەوەی بڕێکی کەم لە داهاتی خانەنشینان بەڵام هاوکاتیش سسیتەمی کاری هاوبەشی کەرتی دەوڵەت و کەرتی تایبەتی دانا، فرۆشتنی خانووەکای شارەوانی زیاتر کرد ، بەپشتی دەوڵەتی ئێرە ئەمەریکا شەڕی ئەفغانستان کرد و عێراقی داگیرکرد، مەنحەی قوتابییانی زانکۆی بڕی و کردی بە قەرز جگە لە تۆێژاڵێکی زۆر کەم کە دەکرێت بە بەلاش زانکۆ تەواو بکەن. قەرزی قوتابییانی زانکۆ کە ساڵانە لە 9 هەزار پاوەندەوە دەسیتپیدەکات پارەیەکی ئێکجار زۆرە کە بڕێکیان تا کۆتایی ژیانیان ڕەنگە نەتوانن ئەو پارەیە بدەنەوە.

با واز لە هەموو ئەو ئامار و ئاماژانە کە من لەم وتارەدا پەنام بۆ بردوون بهێنین و بیانخەینە سەبەتەی خۆڵەوە و پشتی پێنەبەستین ، بەڵام حەقیقەتێك هەیە ، واقیعێك هەیە و تەرجومەی ژیانیحاڵی کۆمەڵ دەکات کە ساڵ بە ساڵ بارودۆخی بژێوی و سیاسی و کۆمەڵایەتمییان خراپتر دەبێت. من نامەوێت لیستی ئەوانە بکەم چونکە هەموومان ئەوە لە ژیانا دەبینین. بەڵام دەکرێت پرسیارێکی دیکە بکەین هەر لەو واقیعەوە، گەر ژیانی خەڵکی باشتر بووبێت بە تێپەڕینی 12 ساڵی ڕەبەق کە 3 هەڵبژاردنی گشتی بەڕێکرد و پاش فشارێکی زۆری گروپە فشارییەکانیش ئەی بۆچی لە هەلبژارادنی ئەندامانی شارەونییەکانی ڕۆژی 5 ی ئەم مانگە [ ئایار] دەنگدەر سزای حیزبی حاکمیان دا نزیکەی 400 کورسییان لەدەست چوو؟ بڵیی خەڵکی بە هەڵە ئەمەیان کردبێت؟ یاخود بێ عەقڵ بووبێتن و هەستیان بە باشبوونی ژیانیان نەکردبێت پاش تێپەربوونی ئەم هەموو ساڵە؟ بۆچی خەڵك بە بەردەوامی لەسەر شەقامەکانن سەبارەت بە پرسی ژینگە ، ئازادیی ، کوژرانی ژنان ، قورسبوونی ژیان ، چاكسازی لە خەستەخانە و قوتابخانەکان، خانوو بەرە و بێ جێگا و ڕێگایی..؟
حوکمڕانانی بریتانی نەك هەر لە باشکردنی ژیانی هاووڵاتیانیانا شکستیان هێنا بەڵکو لە سیاسەتی دەرەوەیان و باشکردنی ژیانی هاووڵاتیانی وڵاتەکانی دیکەش لە ڕێگای گۆڕیینی رژێمەکانیانەوە شکستێکی ئێکجار گەورەیان هێنا : نموونەی زیندوو عێراق ، سوریا ، لیبیا ، ئەفغانستان . ساڵانە لە ئەفغانستان 4.5 ملیار پاوەندیان سەرف کردووە بەڵام لە کۆتاییدا تالیبانیان هێنایەوە سەر حوکم.

بێ گومان دەبێت ئەوەش بزانرێت ئەوانەی کە دێنە سەرحکوم جێ بەجێکەری فرمانەکان و پیدوایتستییەکانی بزنسن بۆ سەرمایەی زیاتر بە کردنی داخوازییەکانی بزنس بە یاسا بۆ هەژارکردنی هاووڵاتیان و کەلەبچەکردنی “یاسا شکێنان” .
لایەنگری لە دەوڵەت و سیستەم بە دانی لەسەدا 80 موچە بۆ ئەو کرێکارانەی کە کاریان لە سەردەمی کۆرۆنادا، دەکەنە دەسکەگوڵی دەوڵەت و باشی دەوڵەتمان پێدەفرۆشنەوە. لە ڕاستیدا ئەوە سەراپای دەوڵەتەکانی ئەوروپا هەمویان هەمان سیاسەتیان بەکار‌هێنا. مەسەلەکەش لە مرۆڤدۆستی و دڵسۆزی و وەلایان بۆ کرێکاران نەبوو بەڵکو لەبەر خاتری خۆیان و پاراستنی دەوڵەت و سیستەمی کاریکرێگرتە بوو. دەتوانیت چاوەڕوانی چی بکەیت کە 28 ملیۆن کرێکار لە بریتانیادا بکەیتە بەتاڵە و فڕێیان بدەیتە سەر جادە ، جگە لە پرۆتێست و ڕاپەڕین و دەستبەسەراگرتنی هەموو سوپەرمارکێت و کارگەکان و دەزگە دەوڵەتی و کەرتە تایبەتییەکان؟ 28 ملیۆن کرێکار لانی کەم 40 ملیۆن کەس بە موچە و کرێی ئەوان دەژین. ئەمە جگە لەوەی گەر موچە نەبێت خەڵك چۆن قەرزی بانق و سلفەی عەقار و کرێی خانوو قیستی کۆمپانیای تەئمین و پارەی غازو کارەبا و سوتەمەنی بداتەوە ، ئایا بزنس لە دەوڵەت خۆش دەبێت لە حاڵەتی ئاوادا؟ بێ گومان نا.
بۆ ئەمە دەوڵەت 5.2 ملیار پاوەندی سەرف کرد کە لەمە 3.5 ملیاری چوونە لای کەسان و کۆمپانیا و بزنسی ساختە کە هەندێکیان هەر وجوودیان نەبوو. حکومەت لەم بڕە پارەیە 2 ملیار پاوەندی ئەو قەرزەی سڕییەوە چونکە خۆشیان نەیاندەزانی چۆن سەرفیان کردووە . ئەوەشی کەماوەتەوە لە غەر غەرەدایە. ئەمە هاوکارییەکەی دەوڵەت بوو .

زاهیر باهیر
10/05/2022
Zaherbaher.com




لیبراڵ، فاشیی، چەپی دەسەڵاتخواز… زاهیر باهیر

چەمکێك نییە ناوی حکومەت و دەوڵەتی دیمۆکراتی بێت مەگەر لە لای لیبراڵەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکان و چەپە دەسەڵاتخوازانی ئەنتی فاشیی. حکومەت یا ڕاستتر دەوڵەت کە مانایەکی فراوانتر و هەمە لایەنە دەگەیەنێت هەموویان لە ناوەرۆکد یەكن کە داپڵۆسەر و سەرکوتکەر و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی کەمایەتییەکی زۆر کەم و سیستەمی کاری کرێگرتە و کۆیلایەتییین. بۆ ئەمەش دوو جۆر، دوو شێواز لە حوکمڕانیی بە گوێرەی پێویستییان، دەگرنەبەر . شێوازێکیان ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە زۆرێك لە ئەوروپا دەیبینین کە ناوی دەوڵەتانی دیمۆکراتیی و مەدەنی و پێشکەوتوویان بەسەردا بڕاوە ، شێوازی دووهەمیان سەرکوتکردن و کوشتن و بڕینە ئاشکراکەیە، کە لە ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ناوین وڵاتانی دیکە دەیانبینین.
ئەم دوو شێوازە وەکو وتم خزمەتی دەسەڵات و مانەوەی دەکەن کە پەیوەستە بە مانەوەی سیستەمەکەوە بۆ ئەمەش حکومەتەکان یا دەوڵەتەکان پۆلینە کراون: ئەمیان فاشییە و ئەویان لیبراڵە و ئەوی تریان چەپە. ئەوەی کە لیبراڵ دەکاتە فاشی و ” دەوڵەتی فاشیی” دەکاتە لیبراڵ و چەپ، تەنها و بە تەنها بڕ و ئاستی بەرگریکردنە [ مقاوەمەیە]. لە هەر شوێنێك بەرگریی و بەگژاچونەوەی خەڵکی بۆ دەستپێوەگرتنی مافەکانیان و بەدەستهێنانی مافی زیاتر و یەکسانی و دادوەری کۆمەڵایەتی، بەردەوام بوو، ئەوە کام لەو دەوڵەتانە چەپن و لیبراڵێکی باشن بێ سێ و دوو دەبنە دەوڵەتێك یا خود حکومەتێکی فاشییی لە بەرانبەریانا. لەم بارەیەوە بە دەیان نموونەمان هەیە.
لەلایەکی دیکەوە ئەم بەرە فاشیی و لیبراڵ و چەپی دەسەڵاتخوازە، بە بەردەوامی لە بەهێزکردنی یەکدیدان. ئەوەی کە پێی دەوترێت فاشیی، لیبراڵ و چەپ بەهێز دەکات و هاوکاتیش چەپ و لیبراڵیش فاشی و فاشییەت بەهێز دەکەن، کە لە ناوەرۆکدا هەمویان ئامانجی سەرەکییان دەستگرتنە بەدەوڵەتەوە و پارێزگارییە لە سیستەمی مەوجوود، بۆیە هیچ جیاوازییەکیان لەو بارەو نییە .
هەر با تەماشای فەرەنسا بکەین ئەوەی ئیمانوێل مایکرۆنی هێنایە سەر حوکم لیبراڵەکان نەبوون بەڵکو لی پان و حیزبەکەی بوون کە بووە هۆی یەکگرتنی چەپ و نقابە و لیبراڵ و سۆشیالدیمۆکرات لەژێر دروشمی ئەنتی فاشیدا و لە مەترسی هاتنە سەرحوکمی فاشییەتدا دەنگ بە ماکرۆن درا و هێنرایە سەر حوکم . پاش 4 ساڵ حوکمڕانی ماکرۆن نەك هەر هیچی نەکرد بۆ کرێکاران و کۆمۆنێتی ئەو نەتەوانەی کە لەوێ جێگیر بووبوون بە موسڵمان و غەیرە موسڵمانەوە، بەڵکو زۆر شتی خراپتری کرد و ویستی بیکا وەکو ریفۆرمی کار و سەر کار، لێدان لە نقابەی کرێکاران ، بەرزکردنەوەی ساڵی تەمەنی خانەنیشیکردن ، زیاتر فشار و بەستدانان بۆ سەر موسڵمانان ڕێگرییکردن لێیان بە بەکارهێنانی یاسای دژە تیرۆر، هەموو ڕێگرییەك لە کۆچبەران و پەنابەران و زۆری تر، لەگەڵ ئەمانەشدا هێستا بۆ 4 ساڵی دیکە ئەم کابرایە هەڵدەبژێرێتەوە و دێتەوە سەر حوکم . بۆچی؟ چونکە چەپ و نقابە و سۆشیالدیمۆکرات پێیان باشترە کە دەنگ بە شەیتانی بچوك بدەن تاکو شەیتانی گەورە، دەنگ بۆ مەترسی کەمتر یا بچوکتر بدەن تاکو لە بۆ مەترسی زیاتر یا گەورە تر.
بەم شێوەی ئەنتی فاشیی کە ئایدۆلۆژیی هەناوی چەپەکان و دروشمی سەرەکییانە ڕۆڵی خراپی خۆیان لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا بینیوە و دەبینن. بۆ نموونە لەم جەنگەی ئەمڕۆی ڕوسیا و ئۆکرانیادا، پشتگیری لە حکومەتی ئۆکرانیا دژ بە ڕوسیا دەکەن لە ژێر ناوی ئەنتی فاشییەتدا، ئەنتی ئیپریالیزم دا ، هەندێکیشیان پشتگیری لە پوتین و دەوڵەتی ڕوسیا لەژێر ناوی ئەنتی ناتۆ ، ئەنتی غەرب ، ئەنتی سەرمایەدارییدا، دەکەن.
بە کورتی ئەوانەی کە ئەنتی فاشین و ئەنتی ئیمپریالیستین مەرج نییە ئەنتی سەرمایەداریی بن ، بەڵام هەمو ئەنتی سەرمایەدارییەك بێ هیچ جۆرە گومان و دڵە ڕاوکێیەك دژ بە فاشییەت و بە ڕایسسیزم و هەموو جۆرەکانی جەنگن، چونکە دەزانن ڕەگ و ڕیشەی و ئەوانە لە خودی سیستەمەکەدایە، پێچەوانەی ئەوان، ئەنتی فاشیی، کە ئاوا تێدەگەن کە جەنگ و بێ کاری و نایەکسانی و نادادوەری کۆمەڵایەتی هی دەوڵەت و حکومەتی خراپن، گرفتەکە حکومەت و دەوڵەتی خراپن نەك خودی سیستەمەکە.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
23/04/2022




سزا و گەمارۆی ئابووریی و کاراییان لەسەر کامیان؟… زاهیر باهیر

پێش ئەوەی بێمە سەر باسەکە سێ خاڵی گرنگ هەن. یەکەم: سزا و گەمارۆی ئابوریی لە سەرەتادا هێچ ڕۆڵێکی نییە لەسەر وڵاتی سزادراو. پرۆسەیەکی درێژ خایەنە و هەندێك جاریش ڕك و کینەی دانیشتوانی وڵاتی سزادراو دژ بە بەدەوڵەت یا دەوڵەتانی سزادەر دروستدەکات. گەرچی بازرگانانی جەنگ هەر کە تەقە دەستی پێکرد ئەوان زۆربەی کەرەسەکان لە ئەمبارەکاندا خەزن دەکەن و ئەوەشی کە بەدەرەوەیە هەر دوای ڕۆژێك نرخەکەی بەرز دەکەنەوە. دووەم : سزای ئابووریی کە بەسەر وڵاتانی گەشە نەکردوی پیشەسازییدا دەسەپێنرێت زۆر جیاوازە لەو سزایەی کە کۆمەڵێك لە وڵاتان بەسەر وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوو دەیسەپێنن، هەر ئاواش کاراییان دوولایەنەیە . سێیەم: هەر لایەك ئەو سزایە بەسەر هەر لایەکی دیکەدا بچەسپێنێ باجەکەی دانیشتوانی وڵاتی سزادراو دەیدات نەك حوکمڕانانی وڵاتەکە. باشترین بەڵگەش سزادان و گەمارۆخستە سەر عێراق، ئێران، ڤێنزویلا، کۆریای باکور و زیمبابۆیە .
لەم نوسینەدا مەبەستم پەیوەندی ئاڵووێر و بازرگانی نێوانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا لەگەڵ روسیادایە بە هۆی ئەم شەڕەی کە هەیە. هەر ئاواش قسەکە لەسەر سزادانی وڵاتانی پیشەسازیی پێشکەوتووە لەسەر وڵاتێکی دیکە کە تا ڕادەیەك ئەویش خاوەن پیشەسازیی پێشکەوتوە کە ڕوسیایە. لێرەدا سزای ئابوریی و گەمارۆدانی ئابوریی و ئابورییانە دوولایەنەیە واتە لەسەر دانیشتوانی هەردولا دەکەوێت، ئەویش بە گوێرەی ئاستی گەشەی پیشەسازییەوە و ڕێژەی هەناردەکردن و هاوردەکردنی شمەك و کاڵاکانە لە نیوانیانا .
بۆڕونکرننەوەی ئەوە چەند داتایەکی نوێ کە سەبارەت بە بازرگانیی نێوانیانە دەخەمە ڕوو، ئەو کاتە دەتوانین ئەنجامگیرییەك بکەین .
بەگوێرەی داتاکان، لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2021 سەرجەمی هەناردەی ڕوسیا بۆ جیهان 388.4 ملیار دۆلار بوە کە بە شێك لەو وڵاتانە ئەم 5 وڵاتەن: چین بە بڕی 112.4 ملیار دۆلار، ئەڵمانیا بە بڕی 46.1 ملیار دۆلار، هۆڵندە بەبڕی 37 ملیار دۆلار، ئەمەریکا بە بڕی 28.8 ملیار دۆلار و تورکیا بە بڕی 25.7 ملیار دۆلار. ئەوەی ڕوسیا هەناردەی بۆ ئەم وڵاتانە دەکات نەوتە و غازە و بەرهەمهێنراوی کیمیاوییە و مەعدەنە. لەسەرجەمی هەناردەی ڕوسیا لەسەدا 53 ی نەوتە و غازە وەبەرهەهێنراوی کیمیاوییە. لە سەدا 13 هەناردەی ڕوسیا دەچێت بۆ وڵاتانی CIS ، واتە ئەو 11 وڵاتەی کە کاتی خۆی لە فەلەکی یەکێتی شورەویدا بوون.
بێ لەوانەی سەرەوە ڕوسیا ئەمانەش هەناردە دەکات : جۆ ، ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە، مریشک، شیر و پەنیر ، گۆشتی بەستوی بەراز ، پێویستی کارەبایی و کەرەسەی میکانیکی و تەختە. ڕوسیا و ئۆکرانیا پێکەوە سێیەکى هەناردەى گەنمى جیهان‌ و 80%ى ڕۆنى زەیت دابیندەکەن ئەمەش وای کردوە هەر لە ئێستاوە لە بۆرصەی جیهانیدا گەنم نرخەکەی بە ڕێژەی لە سەدا 50 زیادی کردووە.

بازرگانی ئەمەریکا و ئەورروپا لەتەك ڕوسیا:
بازرگانی و ئاڵووێر و خزمەتگوزاریی و کاڵای نێوانی ئەمەریکا و ڕوسیا لە ساڵی 2019دا تەنها 34.9 ملیار دۆلار بووە کە لەمەش هەرناردەی ئەمەریکا بۆ ڕوسیا 10.9 ملیار دۆلاربووە و هاوردەی 24 ملیار بووە، کەواتە نوقسانی [ عەجزی] ئەم ئاڵووێرە بۆ ئەمەریکا 13.1 ملیار دۆلار بووە ، بە زمانی ئاسایی یانی هەناردەی ئەمەریکا بۆ ڕوسیا کەمتر بووە لە هاوردەی. هەر لەو ساڵەدا، 2019 دا ، ئەمریکا 26 هەمین دەوڵەتی مامەڵەی بازرگانیی ڕوسیابووە، کە 28 ملیار دۆلار بووە. لە هەناردەکردندا ڕوسیا بۆ ئەمەریکا لە ساڵی 2019 دا، 40 هەمین وڵات بووە، بەڵام لەهاوردەی کاڵادا لە لایەن ئەمەریکاوە هەر لەو ساڵەدا، ڕوسیا لە ڕیزبەندی 20 دا بووە، کە بە بەهای 22.3 ملیار دۆلاربووە. سەبارەت بە نەوت و وزەش ئەمریکا لە سەدا 5 نەوت و وزەی لە ڕوسیا هاوردە کردووە.
لە لایەکی دیکەوە BlackRock کە گەورەترین کۆمپانیای ئیدارەدانی سامانە لە جیهاندا کە بارەگاکەی لە نیو یۆرکە و سامانی 10 تریلۆن دۆلاری لە ژێردەستدایە، ئەم کۆمپانیایە 17 ملیار دولاری لە کاری سیکوێرێتیدا لە ڕوسیا لە دەست چووە، بە هۆی هەڵپەساردنی سامانییەوە لە 28/02 دا.
هەرچیش سەبارەت بە ئەوروپایە ، لە ساڵی 2021 دا بازرگانی و ئاڵووێر لە نێوانی ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپیدا 257.5 ملیار یورۆ بووە. بڕی هاوردەی ئەوروپا لە ڕوسیا 158.5 ملیار یورۆ بووە کە بریتی بووە لە نەوت و غاز و وزە و کانزاکان و تەختە و پۆڵا و ئاسن هەروەها سەمادی کیمیاوی. هەر ئاواش لە ساڵی 2021 دا ڕوسیا پێنجەم شەریکی ئەوروپا بووە لە هەناردەدا و سێهەم شەرییکی هاوردەی ئەوان بووە. سەرجەمی هەناردەی ئەوروبا بۆ ڕوسیا لە ساڵی 2021دا بایی 99 ملیار یورۆ بووە کە بریتی بووە لە مەکائین و پارچەکانی و سەیارە و داو و دەرمان و ئالەتی ئەلەکترۆنی. لێرەشدا بە ئاشکرا دیارە کە مامەڵەی بازرگانی ئەوروپا لەتەك ڕوسیادا لە عەجزدا بووە، هەناردەی ئەوروپا بۆ ڕوسیا زۆر کەمتر بوە لە هاوردەی.
هەرچیش بریتانیایە تا ئێستا سزای زیاتر لە 350 ڕوسیی کە زیاتر لە 50 کەسیان ئۆلیگارگییەکان و خێزانەکانیانن و بڕی گشتی داهاتیان دوای باج 100 ملیار دۆلارە. لە لایەکی دیکەوە حکومەت بە بڕی سەدەها ملیۆن پاوەن لە کاڵای زۆر گرانبەها و ناوازە [لەکشەری] بلۆك کردووە. ئەمە لە کاتێکدا ساڵی پار، 2021 ، بریتانیا بایی2.6 ملیار پاوەند کاڵا و شمەکی بە ڕوسیا فرۆشتووە، 400 ملیۆن لەمە پارەی فرۆشتنی سەیارەی دانسقە و تایبەت دروستکراو، بووە. لەگەڵ ئەوەشدا بە گۆێرەی داتاکان بریتانیا بازاڕێکی بچوك بووە بۆ كڕینی سەیارە لە لایەن ڕووسەکانەوە، کە نیشانی دەدات کە شتێك زیاتر لە 10 هەزار سەیارە بە ڕوسیا فرۆشراوە، کە لە کاتێکدا بڕی بەرهەمهێنانی سەیارە لە بریتانیا بەهاکەی 850 هەزار پاوەند بووە.
کاردانەوەی جەنگەکە و سزا ئابوورییەکان لەسەر دانیشتوانی بریتانیا زۆر گەورەیە هەر لە مانگی ڕابوردوودا، مانگی شوبات، نرخی خۆراك و خوردن لە سەدا 20 گرانتر بووە بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵێك لەمەوبەر. کولفەی ژیان لە بریتانیادا لە پایزدا بە ڕێژەی لە سەدا 10 دەچێتە سەرەوە. هەر بە گوێرەی ئەو ئامارانە ژیان ئەوەندە گران دەبێت کە 23.4 ملیۆن خەڵك لە بریتانیا بۆ ئەوەی بژین دەبێت دەست بە جیهازەکانی گەرمکردنەوەی خۆیانەوە بگرن و هاوکاتیش کەمکردنەوەی هەندێك لە کەرەسەی خواردنی بنەڕەتی کە لە خۆیانی بگرنەوە.
بێ گومان کشانەوەی کۆمپانیای پیترۆڵی بریتانی لەژێر فشاری حکومەتی بریتانیا و کۆمپانیاکانی دیکە لەژێر فشاری حکومەتەکانی تردا هەر وا بە ئاسانی بەسەرماندا تێناپەڕێت و دەبێت ئێمەی باجدەری بریتانیا ئەم باجە قورسە بدەین . ئەم باجەش دێتە سەر ئەو باجەی کە ماوەیەك لەمەوپێش نرخی غاز و وزەیان بۆ ساڵێك لانی کەم بە 700 پاوەند خەمڵاند لەسەر هەر ماڵێك یا بزنسێك.
سەرەڕای ئەمانەش نوقسانی بوجەی بریتانیا لە 2019 دا گەیشتە 140 ملیار پاوەند بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ئێستا پێشبینی دەکرێت ئەم نوقسانییە [عەجزە] بە هۆی ئەم جەنگەوە زیاتر هەڵکشێت کە ئەمە لە کاتێکدا لەسالی 2000 دا تەنها 40 ملیار پاوەند و لە 2010 دا 98 ملیار بووە. لەم بارەشەوە، مارك کەنری کۆنە سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئینگلەند ماوەیەك لەمەوبەر وتی ” بریتانیا سەبارەت بە ئیدارەدانی عەجزی میزانییەکەی متمانە دەکاتە سەر بەڕەحمیی ساماندارانی بێگانە” . گرانیی لە لایەکەوە و نوقسانی میزانییە ، بە بڕوای ئابوورییناسەکان هەڵئاوسانی پارە لە پایزدا دەباتە سەروی لە سەدا 8 .
هاوکاتیش حکومەتی بریتانیا دەڵێت ” ئەوەی لە توانامانا بێت دەیکەین بۆ پارێزگاریکردن لە بەکاربەر و خەڵك” بەڵام چۆن دەتوانێت ئەمە بکات ؟ ئەی ئەگەر نەیکرد چی ڕوودەدات؟ بێ گومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ڕەنگە لە ئایندەدا دەستمان بکەوێت.

ئەنجامگیریی:
بە گوێرەی ئەو داتانەی سەرەوە غاز و نەوت بەشی سەرەکی هەناردەی ڕوسیایە بۆ ئەوروپا کە دەکاتە لە سەدا 31 بۆ ئەڵمانیا و ئەوروپا، بریتانیا لە سەدا 7 بۆ ئەمەریکا لە سەدا 5 . لە ئێستادا کە نرخی نەوت لە بەرزبووندایە بێ گومان لە قازانجی ڕوسیایە نەك بریتانیا و ئەوروپا کە تا ئێستا جێگرەوەی نەوت و وزەی ڕوسیایان نییە. گرانبوونی زیاتری غاز و وزەمەنیی زۆر لەسەر دانیشتوانی ئەوروپا و بریتانیا دەکەوێت. هەمان شتیش بۆ هاوردەکردنی سەمادی کیمیاوی کە کێڵگەوانەکان بە پلەی یەکەم زیانیان لێدەکەوێت و لە پلەی دووهەمیشدا بەکاربەران. باشە لەم بارە ناهەموارەدا کاردانەوەی ئەوروپییەکان و بریتانییەکان چییە و چۆن دەبێت؟ ئەی حکومەتەکانیان چۆن چۆن چارەسەری ئەم کێشە گەورەیە دەکەن؟ کاتێك کە لە پایزدا ئاو و هەوا دەگۆڕێت.
لە ڕاستیدا زۆر گرانە کە ئەوروپا و بریتانیا جێگرەوەی بڕی نەوتی هاوردەی ڕوسیا وا بە ئاسانی پڕ بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەوە بکرێت زیادکردنی بڕی دەرهێنانی نەوتی زیاترە لە لایەن دەوڵەتانی ئۆپیکە وە کە خودی ڕوسیا کارایی خۆی لەسەر هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپیکدا هەیە وەکو ئێران و لیبیا و ڤێنزویلا، خودی ئەمانیش لایەنگری ڕوسیان، تەنها وڵاتێك کە بیەوێت ئەو بڕە زیاتر بکات کە ئەویس دەبێتە شکاندنی پەیمان و ڕێکەوتنی نێوانیان، سعودییەیە . چارەیەکی دیکە هەیە کە ئەویش لابردنی سزا و گەمارۆی ئابووریی ئەمەریکا و ئەوروپایە لەسەر ئێران. رەنگە ئەم روداوانەی ئەم ڕۆژانە هەنگاوی یەکەم بێت بۆ ئەوە، لەوانە گەرمکردنەوەی وتووێژ و بەردانی نازەنین زەگهاری ڕەتکلیف لە بەرانبەر نزیکەی 400 ملیۆن پاوەن کە ئەمەریکاش رازی بوو بەوە کە وەکو بڕێك بۆ کاروباری مرۆڤانە دەبێت سەرفبکرێت.
شتێکی دیکەش هەیە ئەویش دابەزینی بەهای ڕۆبڵە، دراوی ڕوسیا ، کە لە دەستپێکردنی جەنگەکەوە شکاوە بەڵام لە هەناردەی کاڵادا هێشتا هەر قازانج دەکات .
لە مەسەلەی هەناردەی دانەوێڵەدا لە کاتێکدا کە بە ڕوسیا و ئۆکرانیا سێیەکی دانەوێڵەی دونیا زامن دەکەن زۆرێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها و باکوری ئەفەریقا متمانەی سەرەکییان لەسەر دانەوێڵەی ڕوسیا و ئۆکرانیایە. بۆ نمونە لەسەدا 40 ی پێویستی دانەوێڵەی یەمەن لە ڕوسیادا دەڕوێنرێت، هەر ئاواش میسر گەورەترین هاوردەی دانەوێڵەیە کە لە سەدا 70ی گەنمی لەوێ دەهێنیت. ئەمە کارەسات دەهێنێت. ئایا ئەم وڵاتانە لێدەگەڕێن کە میسر و یەمەن و وڵاتانی دیکە گەمارۆ ئابووریییەکە بشکێنن و ئاسانکاریشیان بۆ دەکەن؟ یاخود حکومەتانی ئەوروپا و بریتانیا قەرەبوی ئەوەیان بۆ دەکەنەوە؟ هەر بارێکیان بێت ڕوو لە باشی نییە بۆ ئەم حکومەتانە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ڕوسیا وڵاتێکە کە قەرزەکەی ئێکجار کەمە کە هەتا دوو مانگ لەمەوبەر تەنها 38 ملیار دۆلار قەرزار بوو، کە لە چاو بریتانیادا هەر هیچ نییە، وێڕای ئەمەش متمانەی، کرێدتی، 650 ملیار دۆلاریشی هەیە، کە بڕێکیان نەختینەن و بڕێکی تریان ئاڵتون و ئەڵماس و کانزای گرانبەهای دیکەن .
لە لایەکی دیکەوە ئایا ئەو کۆمپانیانەی کە مامەڵەی بازرگانی و ئاڵووێر لەتەك روسیادا دەکەن تاکو چەندێك دەتوانن تەحەمولی ئەوە بکەن کە پەیوەست بن بە سزادانی ئابوری ڕوسیاوە وەکو کۆمپانیاکانی نەوت، مەکدۆناڵدا، کۆکاکۆلاو، بیبسی بێرگەرکینگ ، ستاربێرکس، کارتە بانکییەکان، ماستەرکارت، هەرە گەورە کۆمپانیای جیهان ‘ بلاك ڕۆك ‘ کە هەر لە ئێستادا 17 ملیار دۆلاری لە ڕوسیادا لە دەستداوە.
ئەوەی کە لێرەدا دەردەکەوێت ئەوروپا و ئەمەریکا و کۆمپانیا گەورەکانیانە کە زیاتر پاشکۆی ڕوسیان، نەك پێچەوانەکەی. لە لایەکی دیکەشەوە مەتریسیەکی دیکەش لەسەر کۆمپانیاکانی ئەوروپا و ئەمەریکا کە لە ڕوسیان، هەیە. ڕوسیا ئێستا بیر لە دەستبەسەراگرتن و خۆماڵیکردنی کۆمپانیا و کارگە نزیکەکانی ئەوروپا کە لەوێ هەن ، بێ هیچ قەرەبووکردنەوەیەک، دەکاتەوە .
ڤلادیمێر پوتین چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وتی ” کرملین دەتوانێت ڕێگایەکی یاسایانە لە دەست بەسەراگرتنی کۆمپنایا جیهانییەکان بدۆزێتەوە …دەتوانێت ئیدارەیەی دەرەکی بدۆزێتەوە بۆ گواستنەوەی ئەمانە بۆ هەر کەس بیەوێت کاریان لەسەر بکات … یاسا و بازاڕی کافی هەیە بۆ ئەمە” هاوکاتیش دیمەتری میدڤیدیڤ-ی کۆنە سەرۆکی ڕوسیا وتی ” وەڵامی گونجاو” هەیە بۆ سزا و گەمارۆی ئابوریانەی کە لە سەریانە لەوانە ” دەست بەسەراگرتنی سەرەوت و سامانی بێیانە و گریمانی خۆماڵی کردنیان” دواتر ئەوەشی بۆ وتەکانی زیادکردو وتی ” هۆکارەکانیان هەرچۆن بێت ، کۆمپانیا بێیانەکان دەبێت لەوە بگەن گەڕانەوەیان بۆ بازاڕەکەمان ئاسان نابێت”
گەرچی ئەمانە هەڕەشەن لە ئێستادا بەڵام ڕوسیا ڕەنگە بتوانێت بیانکاتە کردار و ئەوەی کە دەیەوێت بیکات، ئەمەش زۆر گران نییە بۆ ڕوسیا کە لە کاتێکدا ڕوسیا دەتوانێت سەرپێچی ئەو یاسا و برگە یاسایانەی بازرگانی و بزنسانەی نێوانی خۆیان و کۆمپانیا بێیانەکان بکات، چونکە لە حاڵەتی ئاوادا ئەوروپا و ئەمەریکا چی تر دەتوانن بکەن جگە لە سزا و گەمارۆی ئابوریانەی زیاتر؟ کە ئەمانەش هەموویان کراون.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر
19/03/2022




دووڕویی و نیفاق و بێ مۆراڵی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و حیزبە موعاریزەکانیان بە ڕاست و چەپیانەوە… زاهیر باهیر

بە بەردەوامی تورکیا خەڵک دەگرێت و شار و شارۆچکەکانی کوردستانی باکور و دێهاتەکانی سەر سنوری باشوریش وێران دەکات ئەی ئەم دیمۆکراتخواز، ئەم مرۆڤە دڵسۆز شیوەنکەرانە بۆ مافی مرۆڤ لە کوێ بوون؟ ئەی کە تورکیا عەفرینی داگیرکرد بۆچی یەکێکیان زەلەیەکیان بەرانبەر بە تورکیا نەکرد؟ نەك هەر ئەوەش کاتێك کە ئێمە لە بەرانبەر ماڵی سەرۆك وەزیرانی ئێرە, بریتانیا، بۆ دوو هەفتە پرۆتێستمان دەکرد، ئەو ڕۆاژانە بوو کە ئەردۆگان هات بۆ ئێرە بۆ دڵنیابوونی بریتانیا لە هاوپشتی تورکیا و کڕینی چەك و تەقەمەنی. بۆ بەخێرهاتن و پێشوازی لە ئەردۆگان، سەرۆک وەزیرانی ئێرە، ترێزە مەی, لە تی ڤی دا وتی ” کوردە تیرۆریستەکان” هەموومانی کرد بە تیرۆریست. ئەمە هەڵویستی حکومەتی ئێرە بوو .
لە لایەکی دیکەوە ئەو هەموو منداڵ و گەنجە لە فەلەستین دەکوژرێت هیچ دەوڵەتێك، هیچ حیزبێکی موعاریز کە لە جاوەڕوانی دەسەڵات گرتنەدەستدایە، نەیانتوانی سەر زەنشتێکی ئیسرائیل بکەن. هەر ئاواش هەمان شت لە بەرانبەر حکومەتی سعودییە کە لە کوشتنی ئەو هەموو خەڵکە بێ تاوانەدا کە هەر لە قوتابخانەیەکدا ژمارەیەکی ئێکجار زۆری منداڵ کوژران بەرپرسیارە ، ئایا کەس لە دەسەڵاتداران سیسیاسییە دەسەڵاتخوازەکان هێچیان وت؟
دوێنێ شەو ، 10/03 ، نەدیم زەهاوی دەڵاڵی نەوت و گەندەڵێکی حیزبی موحافیزین کە وەزیری پەرەوەردە و ڕۆشبیریی بریتانیایە و کە ڕەنگە خۆشی کاندید بکات بۆ سەرەكوەزیرانی بریتانیا کەی جێگایان بە بۆریس جۆنسۆن لەق کرد، لە دیمانەیەکی چەناڵ فۆڕ، 4 ی ئێرەدا بەرگری لە پەنابەرەکانی ئۆکرانیا دەکرد بەزەیی بەواندا دەهاتەوە و دەەیوت دەبێت دەرگایان بۆ بکەینەوە، کەچی ئەم کابرایە کە خۆی کوردە ئەو هەمو کوردە دەربەدەر دەبێت ئاو نوقمی دەکات و قاچاخچی دەیانکوژێت و دەستیاندەبڕێت و پۆلیسی سەر سنورەکان تێیان هەڵدەدەن و سوکایەتییان پێدەکەن نقەی لێوە نەهات!! هاوکاتیش حکومەت ڕۆژ بەڕۆژ ئاسانکاری بۆ پەنابەرانی ئۆکرانیا دەکات تا ڕادەی ئەوەی کە هەر ئۆکرانییەك لێرە تەنانەت ڤیزەی موەقەتیشی هەبێت دەتوانێت خێزانەکەی و کەسە هەرە نزیکەکانی بگەیەنێتە ئێرە . ئەمڕۆ هاوکاری پەنابەرانی ئۆکرانیا زیاتر بوو. حکومەت بڕیاری دا ئەوانەشی کە خوێندکارن لێرە یاخود ڤیزەی موەقەتیان هەیە و کاردەکەن دەتوانن کەس و کاریان بهێنن بۆ ئێرە، لەوەش زیاتر هەموو هاووڵاتییەکی بریتانی کە پەساپۆرتی بریتانی هەبێت دەتوانێت داوەتی ئۆکرانیان بکات و بیگەیەننێتە ئێرە تەنانەت گەر پەساپۆرتیشی لە سەر سنورەکانی پۆڵۆنیا و فەرەنسا بێت و پەساپۆرتیشی نەبێت.
حکومەتەکانی ئێرە بە لەیبەر و موحافیزین و لیبراڵەوە، لەگەڵ میدیای ئەم وڵاتەدا هەڵوێستێکی زۆر باشیان نەبووە دەربارەی پەنابەرانی ناسپیپێست، واتە بۆر و قاوەیی و ڕەش و ئەسمەر. با لێرەدا چەند نمونەیەك بهێنمەوە : یەکێك لە پەڕلەمانتارەکانی حیزبی موحافزین پێشنیاری بۆ مارگرێت تاچەری کۆنە سەرەك وەزیرانی بریتانیا، کرد ” خەڵکی ئێرە بەڕاستی دەترسێت کە ئەم وڵاتە، ڕەنگە بە خەڵکانێك غەرق بێت کە کولتوری جیاوازیان هەیە” لە دانیشتنێکی پەڕلەماندا دەیڤد کامیرۆنی کۆنە سەرۆك وەزیران بۆ ئەوەی جێرمی کۆربنی سەرکردەی حیزبی لەیبەر [ کرێکاران] لەگەڵ وەزیری دارایی کە سێبەری وەزیری دارایی بوو، تاکو لەبەرچاوی خەڵکیان بخات وتی ” وتی ئەمان کۆمەڵێك کۆچبەریان لە بەندەری کالیس دیوە… کە دەتوانن بێن بۆ بریتانیا”. ئەمانەش هەندێك لە تایتڵی یەکەم پەیجی ڕۆژنامەکانی بریتانیا بوون ” سیاسەتی نەهێڵانی پەنابەران لە ئێستا توند ڕاگرن “… سوپا بنێرن بۆ کالیس “
ئیڤێت کوپەر کە پێش هاتنی حیزبی موحافزین بۆ حوکم وەزیری ناوخۆ بوو ، بەڵام لە ساڵی 2015 دا کە سێبەری وەزیری ناوخۆ بوو لاینگری ئەوە نەبوو کە پەنابەران بە ڤیزە بگەنە بریتانیا، هاوکاتیش کاتێک کە بانگەشەی نەدانی بیمەکان بۆ پەنابەران کرا و دواتر جێبەجێ کرا ئەو ئەمەی لا ئاسایی بوو . لە ئێستاشدا حیزبی لەیبەر بە ڕابەری نوێیانەوە کیری ستارمە، Keir Starmer پێشنیاری ئەوەی بۆ کراوە کە ” قوتابخانەکان لە منداڵانی بێیانە کە ئینگلیزی قسە ناکەن غەرق بوون ” ئەمە بانگەشەی هەوڵی مەنعکردنی منداڵانی پەنابەران و کۆچبەرانە لە قوتابخانەکاندا.

دەوڵەتە ئەوروپییەکان کە ڕوسیا ڕسوا دەکەن لەبەر ئەوەی چەکی گەرمیی [ حەراری] بەکارهێناوە و لە غەم و مەترسی ئەوەدان کە ڕوسیا ڕەنگە چەکی کیمیاوی بەکاربهێنێت، بەڵام هەر ئەم دەوڵەتە ئاشتیخواز و دیمۆکراتییانە بە دەیەها جار تورکیا چەکی کیمیاوی بەرانبەر بە گەریلاکانی قەندیل و شوێنەکانی دیکە بەکارهێناوە و چەندەها بەڵگە هەیە، تەنانەت چەکی کیمیاوی منداڵانیشی گرتەوە، کەچی ئەمان خۆیان نابینا و کەڕ کرد و هەر ئامادەش نین کە باسی بکەن چجای سزادانی تورکیا.

لە لایەکی دیکەشەوە تورکیا لە سەرێکەوە سەرەکۆنەی ڕوسیا دەکات بۆ شەڕەکە و لە سەرەکەی دیکەشەوە ئامادەش نییە پەیوەندی ئابووریانە لەگەڵیدا ببچڕێنێت. ئەردۆگانیش دەیەوێت خۆی بکاتە کەسێكی ئاشتیخواز و موسڵیح بە ناوبژیکردنیان و داوەتی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو لایانی بو وتوو وێژی لە تورکیا کردووە. سیاسەت چ قەشمەرە و سیاسسیەکان چ قەشمەرجاڕێکن.

من پێشوازی لە هەموو ئەم وڵاتانە دەکەم بۆ کردنەوەی سنور و دەرگایان بۆ پەنابەران و لێقەوماوانی ئۆکرانیا بەڵام دەبوایە دووڕوو نەبوونایە هەر ئاوا هەڵوێستێکیان هەبوایە و هەبێت لە بەرانبەر مرۆڤە پەنابەرە بۆر و ڕەش و قاوەییەکانیشدا، بەڵام جێگای داخە کەئەمە هەڵوێسییان نییە و بەڵگەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە وەرگرتنی ئۆکرانییەکان لەبەر ” جاوی شینیان و پرچی زەردیان و سپیپێستیان و هەڵگری دینی مەسییحییان ئەوروپییبوونیانەوەیە کە دەرگایان بۆ خراوەتە سەر پشت”

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
11/03 /2022




کۆنگرەی ژینگە و دیموکراتی و بەرکوڵێك.. زاهیر باهیر

پاش پسکە پسکی دوو ساڵ و لە خشتەبردنی هەندێك کەسی دڵسۆز و پرس و ڕا بە هەندێك لەسەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، حیزبێکی نوێ سەری لە هێلکە جوقان. لە راستیدا دوکانێکی سیاسەتبازیی بۆ ڕامکردنی هەرچەند بکرێت لە خەڵکی داما و و بێ هیوای کوردستان، کرایەوە ، دوکانێك گەر چی بەناو نوێیە بەڵام کەلوپەلی کۆنەی پێیە، نۆژەنی جەلالییەت و نەوشیوانییەت دەکاتەوە، دەیەوێت مێشکی گەنجانمان بە فکری کۆنی بەسەر چوو، زاخاوبداتەوە.
خەڵکینە بە ئاگا بن، زمانی شیرین و قسەی بریقەدار و دروشمی ڕەونەقدار، لەخشتەتان نەبەن، لەبیرتان بێت شکستێکی دیکەتان نەوشیروان ئاسا، بەسەردا نەهێنن، جارێکی تر بێ هیوا و بێ ئومێدتان نەکەن ، هەمان کەسانی جارانن و تەنها دەم و لەفزیان گۆڕیوە، هەمان ئیدۆلۆجیە و تەنها ڤێرشنەکەیان گۆڕیوە.
بەڵێ کۆمەڵێك لە کۆنە جەلالی و کۆنە دەهۆڵلێدەرانی بەناو بزوتنەوەی گۆڕان، پیاوانی کۆنی بەوەفا و بەئەمەکی نەوشیروان، لە دیمەنێکی تردا، لە ژێر ڕوپۆشێکی دیکەدا، دەیانەوێت بەردەوامی بدەنەوە بە پەتا و کارەساتی کورداییەتی ، بە سیاسەتی لیبراڵ، بە پێناسەی ” ئەخلاق” کە دەزانین کە سیاسسی دەسەڵاتخواز هەرگیز ئەخلاقی نەبووە و نییە ، بە مژدەی حکومەتی باش ، کە دەزانین حکومەتی باش هەر نییە.

من لێرەدا هەر بەرکوڵێك لەم ڕاگەیاندنەی ئەم چەند ڕۆژەی پێشویان دەکەم کە لە دروستبوونی حیزبی کۆنگرەی ژینگە و دیمۆکراتیی، ئاگەداریان کردینەوە. ڕاگەیاندنەکەیان پەیامێکی گرنگە زۆر بە کورتی و بە چڕو پڕی هەر هیچ نەبێت چەند خاڵێکی گرنگیان دەربڕیوە و ئەوە هەدەفیانە کە بۆ من مایەی ڕەخنە و لەسەر نوسینە و بە ئەرکی سەرشانی هەموو ئازادیخواز و سۆشیالیست و شیوعییەکی دەزانم کە هەر لە ئێستاوە لە هەوڵی پوچکردنەوەی زیاتری پوچگەراییەکانی ئەم حیزبەدا بین، پێشئەوەی ئەمانیش بەرەو شکستێکی ترمان بەرن وەکو چۆن جەلالیەت و مەلایەت و نەوشیروانییەت کردیان و بەردەوامن لە کردنیا.
من لێرەدا تەنها چەند خاڵێك لەو ڕاگەیاندنەیان دەگرم، هەر کاتیش پەیرەو و پڕۆگرامیان کە کاڵایەکی بەسەرچووە کەوتە بازاڕەوە، ئەو کاتەش بە گوێرەی توانا و وەختم لەسەری دەنوسم .

لەم ڕاگەیاندنەدا “…. کار بۆ ئەوە دەکات ئەو فۆرمە کوشندەو کلاسیکییە تێپەڕێنین، کە حیزب بۆ ئەوەی هەبێ دەبێت: عەمیلی وڵاتێک بێت، پارەو پرۆژەی ناشەرعی و بارەگای گەورەی هەبێت..”
دروستبوونی هەر حیزبێك لە کوردستاندا لە هەوڵی دەستەبەرکردنی دەسەڵاتدا بێت لەناو ئەو هەموو حیزب و ڕێکخراوانەی دیکە کە هەندێکیان خاوەنی هێزی گەورەی جەکدارن دوای ئەوەش وڵاتێکی وەکو کوردستان کە بەشێکە لەعێراق و عێراق-یش وەکو یاری گوریس گوریسێنە لە لایەکەوە تورکیا ڕای دەکێشێت و لە لایەکی دیکەوە ئێران و لەولاشەوە دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا و هی ناوچەکە… ئایا لە بارودۆخێکی ئاوادا ئەوە قسەی خەڵکانی ئاوەزدارن کە لە ڕاگەیاندنەکەیانا ئەوەی سەرەوە بڵێین؟ ئایا یەکێتی و پارتی هەتا ئیسلامییەکانیش حەز ناکەن کە سەربەخۆ بن؟ بۆچی بە خۆشی خۆیان و ئارەزوومەندییان چونەتە پال ئێران یا تورکیا یاخود دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و بریتانیا و ئەمەریکا؟ ئێوەیەك کە دەوڵەت و دەسەڵاتتان بوێت ئایا دەکرێت هەر لە دەرەوەی دەسەڵاتیش چجای لە دەسەڵاتدارێتیدا سەربەخۆ بن؟ ئایا دەتوانن راگەیاندنی نەك هەر توند و تیژ بەڵکو مرۆڤ و ژینگە دۆستانەش بە بەردەوامی دژ بەو دەوڵەتانە بڵاو بکەنەوە؟ ڕەنگە بۆتان بکرێت بەلام ئایا لە وەها کردنێکدا شانسێکی هاتنە دەسەڵاتتان دەبێت؟!!
بەڕیزان ئەم قسانە قسەی بۆشن، بێ بەڵگەن و قسەی خەڵکانی مایەپوچن، پلانی ئایندە لەسەر قسەی ڕووت، نەبوونی شارەزایی لە مێژوو، دەرکنەکردنی واقیعی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ، بێ ئاگایی لە سیاسەت و دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتیی-ن. دەکرێت بڵێن ئیوە کەمتر پاشکۆ دەبن، ئێوە کەمتر پیاوی دەوڵەتانی دەوروبەر و دەزگە سیخوڕییەکانیان دەبن، ئەمەیان ئامەننا بە هەرحاڵ بەڵام ئا بەو خەستییە و شەدەی بخەنەسەر جێگای باوەڕ نییە ، مەگەر لای کەسە ساویلکەکان.

“… کارکردنە لە سەر خولقاندنی فەرهەنگێکی نوێی سیاسی و کەرامەت و خۆناسین و لێبوردەیی؛ کارکردنە لە سەر کاری هەرەوەزی مرۆڤە ئازاو دڵسۆزەکانی ئەم وڵاتە، لە پێناو بنیاتنانی داهاتوماندا”
کردنی ئەم جۆرە قسانە، ناردنە دەرەوەی ئەم جۆرە پەیامانە، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتیت، زۆر ئاسانە. بەڵام کە تۆ چویتە دەسەڵات تاکە فەرهەنگێك کە هەیە و ئەوانی دیکە کەلادەخات فەرهەنگی بازاڕی ئازادە ، فەرهەنگی سیاسەت و ئابوریی لیبراڵ و نیو-لیبراڵە . سەراپای پڕۆگرامی پەرەوەردە و پێگەیاندن لە قوتابخانە و خوێندنی باڵا و زانکۆکانا ئەوەیە، کە تاکی خۆپەرست، خزمەت بە دەوڵەت و بە سیستەمەکە دروستدەکات. چ حیزبێك هاتۆتە دەسەڵاتەوە کە کەرامەتی بووبێت؟ ئەخلاقی بووبێت؟ چ خۆخۆییەکی یا پێناسەیەکی جگە لە دەزگەیەکی مشەخۆری سەرکروتکەری دژ بە میللەت هەبێت ؟ چ حکومەتێك ئەمڕۆ لە دونیادا هەیە کە کار لەسەر پرۆژەی هەرەوەزی بکات؟ کێیان هەن لە خزمەتی بازاڕدا نەبن؟ نەبووبنە برغویەكی دشخوراوی [سلاكبوو ] ئەم سیستەمە کە بە بوون و نەبوونی ئەوانەوە سیستەمەکە هەر بەردەوامە و ئاراستەی خۆی بەرنادات. چ دەسەڵاتێک هەیە کە مرۆڤدۆستی و مرۆڤە دڵسۆزەکانی وڵاتی خۆیان بناسن؟ دڵسۆزی بەكێ؟ تاکو ئێوە ئاوابن؟!!! .
لەمانەش زیاتر ئێوە هەر پێشوەخت قسەکانتان لەسەر پرسی هەرەوەزی هەڵوەشانۆتەوە. ئێوەیەك کە باوەڕتان بە حکومەتی باش و پرۆسەی هەڵبژاردن و دامەزراوەی پەڕلەمان هەیە و سەربەستکردنی سەرمایەداران هەیە، باشە پیمان ناڵێن ئەمانە لەگەڵ کاری هەرەوەزیدا چی کۆیان دەکاتەوە؟ باشە ئێوە چۆن دەسەڵات، سەرمایەداران و تەراتێنکردنیان لە دونیای بازاڕی ئازاددا لە دەروازەی سیاسەتی ئابوری لیبراڵ نیو-لیبراڵەوە لەگەڵ کاری هەرەوەزیانەدا جوتدەکەن؟ لە کوێی دونیادا ئەمە هەبووە [ دیارە من باسم لە هەندێك کەس یا خود کۆمۆنێتییەك نییە هێشتا هەر هەرەوزیانە دەژین ]
“…ئەم مانیفێستە پێمان دەڵێت: حكومەتێکی باش و بەهێزو دیموکرات و دادپەروەر لە هەناوی پارتێکی سیاسی باش و بەهێز و دیموکرات و دادپەروەرەوە دێتە دەرێ، هەروەک پارتێکی لەم جۆرەش لە هەناوی تاک و کۆمەڵگەیەکی هوشیارو بەهێزو دیموکراتەوە دێتە دەرێ.”
ئەمەی کە ئێوە دیڵێنن هەموو حیزبەکانی دونیا هەمان شت دەڵێنەوە و دەڵێن و هەموشیان خۆیان بە دادپەروەر و دیمۆکرات دەزانن و ئەوانەی ئێوەشیان دەوێت . ئادەی پێمان بڵێن حیزبێکی دەسەڵاتدار، دیکتاتۆرێکی سەرۆك لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا بە خۆی وتوە: من دیکتاتۆرم، پیاوکوژم، سەرکوتکەرم؟ … هەر هەموویان هەمان دروشم و قسە و ئامانجی ئێوەیان هەبووە، بەڵام ئایا دەسەڵات کە خۆی لەسەر بناخەی زوڵم و زۆر و سەرکوتکردن و کوشتن و بڕین خۆی ڕاگرتووە، دەتوانێت ببێتە حکومەتێکی باش؟ دەتوانێت ببێتە ” باوکی میللەت”؟
سەیرە کە ئێوە خۆتان لە کردنی حیزبایەتی و مێژوی حیزبەکان، با هەر بڵێین لە کوردستانا، غافڵ دەکەن ، خۆتان بێ ئاگا و نەزان دەکەن. دەی ئەگەر ئاوا نییە تاکە حیزبێکی باش کە لە کوردستاندا کە لە شاخ و شاردا بووبێت، پارتێکی سیاسی باش و بەهێز و دیمۆکرات و دادپەرروەر بووبێت؟!! . مرۆڤدۆستی، ژینگە دۆستی و ژیاندۆستی، دادپەروەری و دیمۆکراتی نەك هەر لەناو حیزبدا نییە بەڵکو خودی حیزب و دامەزراوەی حیزب تەواوی کار و کارنامەیان دژ بەوانەیە کە نوسیوتانە.

ئەوە ڕاستە تاکی باش کۆمەڵی باش دەداتە دەست ، بەڵام کۆمەڵی باش هەرگیز دەسەلاتی باش ناداتە دەست ، چونکە سروشتی خودی دەسەڵات باش نییە، ئیتر ئەو دەسەڵاتە بە دەست هەر کەس و لایەن و حیزبێکەوە بێت. دەسەڵات باش و باشترینی نییە بەڵکو خراپ و خراپترینیان هەیە. دەسەڵاتێك نییە کە لەسەر بناخەی زوڵم و زۆر و مەحرومکردنی زۆرێك لە هاووڵاتیانی، دانەمەزرابێت ، دەسەڵاتێك نییە هەر ڕەنگ و دەنگێکی هەبێت، کاتێك بەرانبەری وەستایتەوە، گیان و نەریت و سروشتی کوشتن و بڕین و داپڵۆسین لە هەناویدا نەبێت.
بەڕێزان، کەرەسەکانی کە دەتانەوێت حکومەتی باشی پیدروستبکەن شتێکی نوێ و جیاوازمان لەوەی کە نەوشیروان موستەفا دەیویست دروستی بکات، ناداتە دەست . ئەویش ئابوری لیبراڵی دەویست، دۆستی بازاڕی ئازاد و مونافەسەی شەریفانە بوو ، ئەویش خەڵکانی تەکنۆکراتی دەویست لە حوکما، ئەویش خەڵکی شیاوی بۆ شوێنی شیاو دەویست . بەڵام خۆشتان زۆر باش دەزانن دواتر ئەو لەسەر دانانی مودیر ناحێیەك کە بۆ گۆڕان بێت، شەڕی لەتەك پارتی و یەکێتیدا دەکرد . باشە بەشێکی ئێوە لەو قوتابخانەوە هاتون و بەو سیاسەتە پەروەردە کراون هەمان شت دەلێنەوە، ئیتر بۆچی خۆتانمان لێدەگۆڕن و گوایە شتێکی نوێترمان بۆ دروستدەکەن؟ ئیتر چۆن دەتوانن پێمانبڵین کە ئێوەش شکستێکی گەورەتر بەسەر ئەم میللەتە هەژارەدا ناهێنن؟
“….. داوای سەربەستکردنی سەرمایەداران لە ژێر چەپۆکی گروپەکانی دەستڕۆیشتوی خاوەن بەرژەوەندی تایبەت دەکات، داوای ئابورییەکی بەهێزی خۆژێنی ژینگە دۆست و دادپەروەری هەژار دۆست و ئازادی یاسایی دەکات”.
دەبێت سوپاسگوزاریان بین بۆ ئەم بڕگەی مانیفێستەکەیان کە ئەو ڕاستییەیان لێنەشاردوینەتەوە کە ئەوانیش کۆنترۆڵ و سزای سەرمایەداران ناکەن و نادەن. واتە خوێنمزژان و دز و جەردەی ئابوریی، لە قاچاخچییەکانی هێنانی کەرەسە و پێداویستییەکان ، کە بەشێكیان بەسەرچوون، لە دروستکەرانی قوتابخانە و خەستەخانە و جادەکان و خانو و شوقەکان، لە کردنەوەی کارگە و کارخەنە بۆ چەوساندنەوەی کرێکاران و هەژاران و نەبوونی هەل و مەرجی سەلامتییان و زۆری تر … هەموو ئەم خوێنمژانە لە دەستی حیزب و حکومەت دەردەهێنن و ئازادیان دەکەن، واتە بەرەڵایاندەکەنە گیانی هاووڵاتیانی کوردستان، هەر وەکو دەسەڵات و حیزبەکان کردویانە، تاکو بە ئارەزوی خۆیان سەرمایەی خۆیان دروستبکەن بێ لێپرسینەوە و سزادانێك، چونکە ئازادیی و سەربەستییان پێدراوە.

ئاخر ئەگەر ئابووری وڵات ئابووری قاچاخچێتی و زەربەدان بێت لە هاووڵاتیان بۆ پەیداکردنی زیاتری سەرمایە لە لایەن سەرمایەدارانەوە لە چوارچێوەی بازاڕ-ئازاددا، دەی چۆن دەکرێت کە ژینگە دۆست بێت، مرۆڤدۆست بێت، هەژارپەرست بێت؟ کەسێک لەم دونیایەدا، نەك هەر ئێوە بەڕێزان، دەتوانێت ئەوەمان بۆ ڕونبکاتەوە کە بزنس و ژینگە دۆستی، دژ بەیەك نین؟ ئەی نابینن کە ژینگە چۆن وێران بووە لە سای دەوڵەت و سیاسییەکان کە کارئاسانی بۆ بزنس و سەرمایەداران دەکەن بۆ چڕکردنەوەی زیاتری بازاڕی ئازاد؟ ئایا وێرانبوونی ژینگە لای ئێوە، حورمەتداران، مرۆڤکردە یاخود خوداکردە؟ ئێوەیەك کە بانگەشەی سەربەستی سەرمایەداران دەکەن، کە یانی بانگەشەی وێرانکردنی ژینگە لە هەر بوارێکدا کە بتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ مەبەستی کەڵەکەکردنی سەرمایە ، پاوانە بکرێت بۆ سوود و قازانجی سەرمایەداران. بەداخەوەم کە دەڵێم ئەمەش هەر قسە فڕێدانە لە هەوادا و باجی لەسەر خەڵکانی ساویلکە و کەسانی دەسەڵاتخواز لەسەر نییە.
بەڕیزان ئەمەی ئێوە ئاڵتەرناتیڤ بۆ بارودۆخی کوردستان و هیچ شوێنێکی ئەم دونیایە، نییە. ئاڵتەرناتیڤی دروست و واقیعانە دەستبەرداربوونی حیزب و حیزبایەتی و دەسەلات و دەسەڵاتخوازییە، دەستبەرداربوونی ڕادەستبوونی حوکمە ئیدی لە هەر ڕێگایەکەوە بێت ، چوونە دەرەوەی مشەخۆران و بازرگانانی سیاسی و ئابوری و دەسەڵاتدارانی پیاوکوژ و داپلۆسەرە لەم کایەیە، لەم یارییە قێزەوەندە خوێناوییە. ئەوەی کە دروستە بکرێت لای خەڵکی خۆی ، خۆڕێکخستنییەتی لە هەموو شوێنێکی ژیانیا، سەر کاریا، خوێندنیا، نێو خێزان و گەڕەك و شەقام شوێنەکانی دیکەیە ، لە گروپ و رێکخراوی ئاسۆیانەدا ، دەستکردنە بە کۆبونەوە جەماوەرییەکان و دانی بڕیارەکان لە لایەن خودی خەڵکەکە خۆیەوە و هەوڵی بەڕیوەبردنی خۆیانە و دەستبەکاربوونی ژیانی هەرەوەزییانەیە.
“….. ئێمە نامانەوێ بە شێوە کلاسیکییەکە بە بڵاوکردنەوەی بەیانێکی کتوپڕ پارتێکی سیاسی رابگەیەنین، چاویشمان لەوە نییە ببینە بەشێک لەم سیستمە حکومڕانییە شکستخواردو و داڕزاوە، هێندەی مەبەستمانە پێش هەر شتێک بیرو باوەڕو تێگەیشتنمان رابگەیەنین و بگاتە هاووڵاتیان و خۆیان رۆڵیان هەبێ لە گفتوگۆو دروستبوون و گەشەو بەردەوامیماندا.”
لەم بڕگەیەدا ئەم برادەرانە پسکە پسکی دووساڵەیان لەگەڵ ئەم و ئەودا پشتڕاستکرۆتەوە ، ئەمەشیان هەر قسەیەکی بێ مانایە وەکو ئەوانەی دیکەیان. باشە هەرگیز شتی ئاوا هەبووە کەسێك شەو خەوتبێت و بەیانی زوو حیزبێکی ڕاگەیاندبێت؟ باشە حیزب جەماعییە یا تاکڕەویانەیە ؟ ئەوەندەی بزانین حیزب ڕێکخراوی سیاسیانەی خەڵکە بە جەماعی، هەر لەبەر ئەوەش ناکرێت تۆ حیزبێك ڕابگەیەنیت بێ کردنی پسکە پسك و قسە لەگەڵ کەسانێکدا کە لەڕێی گفتوگۆ و ئەزمونەوە نزیکی و دووریان لە ڕاو بۆچنتەوە، نەبێت. حیزبێك نییە لە دونیادا و نەبووە کە یەکسەر بەیانێکی کتوپڕی لە دەربڕینی پارتێکی سیاسیدا، بڵاوکردبێتەوە ، تەنها ئەوەی کە جیاوازە ماوەکەیە کە چەندی ویستووە بۆ ئەوەی کە بە ئاشکرا خۆی ڕابگەیەنێت.
ئەوەش دەزانین کە ئێوە بۆچی ناتانەوێت لە حوکمڕانییەکی شکستخواردو و داڕزاو ببنە بەشێك ، ئەویش ، نەك ئەوەی کە خۆتان دەیڵێن، بەڵکو لەبەر چەند هۆیەكە:

یەکەم: دەسەڵاتدارانی هەرێم چی تر لەسەرتان ناکەن و پێویستیان بە ئێوە نییە، هەندێكتان کاتی خۆی لە ناو بە ” حیزبی گۆڕاند” بوون چەند بە پەرۆشەوە ویستتان لەگەڵ یەکێتیدا ڕێكبکەون بەڵام ئەوان بەو مەرجانەی ئێوە ڕازی نەبوون و قەبوڵیان نەکردن .
دووەم: ئێوە هەندێکتان کە لە دەسەڵاتدا بوون ئیتر لە پلەی باڵا یا خوارتر بەشێكبوون لە گەندەڵی و خراپەکارییەکانی دەسەڵاتی هەرێم. ناکرێت نەزانن گەر بە هەمان پۆشاکەوە بچنەوە ناو ئەو دەسەڵاتە ، خەڵكی نە حسابتان بۆ دەکات و نە بە دڵسۆزی خۆیان و میللەتان دەزانن، لەبەر ئەوە پێویستە جلە پیس و پۆخڵەکانی پێشترتان فڕێ بدەن و جۆرێکی نوێ بپۆشن و بە دەمامکێكی ترەوە بێنەوە ناو خەڵك.
سێیەم: ئێوەیەك کە بەشێکتان لە دەسەڵاتدا بوون بەشێکی کەمی کێکەکەتان پێدەدرا، بەڵام ئێوەش هەمویتان دەویست. ئێستا ئێوە دەزانن دەستبەسەراگرتنی هەموو کێکەکە لە م ڕێگا تازەیەوەیە، ئەگەر میللەت باوەڕتان پێبکات و دەستتان لە دەسەڵات گیربێت ، تا ڕادەیەك ڕەنگە ڕووبدات.
بەڕێزان، ئەمە قومارێکە و دەیکەن پێشتر دۆڕاندوتانە و ئێستا دەتانەوێت بیبەنەوە، بەڵام من دڵنیاتان دەکەمەوە ئێوە تۆوی شکستی خۆتانتان هەر لەم سەرەتایەدا، لەهەناو و لەبنهەنگڵی خۆتانا چاندووە.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
07/12/2021




هێڕشەکانی داعش لە بەرژوەندی دەسەڵاتدارانی هەرێمە.. زاهیر باهیر

بە داخەوە کە چڕبوونەوەی هێڕشەکانی داعش لەم ماوەیەدا بووە هۆی بە قوربانیدانی کۆمەڵێك چەکداری ڕەش و ڕوت، کە ئەوەی پاڵیان پێوەدەنێت کە خۆیان بدەنە کوشت و منداڵ و خێزانیان و ئازیزانیان لەدوای خۆیان بە ئازارەوە، سەرگەردان بکەن، بژێوی ژیانیانە دەنا کەسێکیان نییە کە باوەڕی بە کوردایەتی و پاراستنی خاك و نیشتمان و نیشتمانیبوون، بێت.
هاوکاتیش زۆرێك لە ڕۆشنبیران و نوسەران و ئەهلی فەیسبوك نەك هەر گلەیی لە حیزبەکانی دەسەڵاتدار و سەرانی کورد، دەکەن ، بەڵکو هێڕشیشیان دەکەنە سەر و بە خائینیان دادەنێن کە لە کاتێکدا ئامادەنین هیچ جۆرە ئاسانکارییەك بۆ چەکدارەکانیان لە بەرانبەرر هێڕشی داعش-دا بۆ بکەن. لەوانەش ناردنی چەکی باش و سەیارەی هەمەر و ئامادەبوونی ئیسعاف لە کاتی زەرووریدا بۆ گواستنەوەی برینداران یا هەر هیچ نەبێت راهێننانی دووان لە چەکداران لە سەنگەرەکانیانا دەربارەی ئیسعافاتی ئەوەلی و زیادە موچە یاخود هەر هیچ نەبێت پێزانین و سوپاسگوزاریەکیان .
لە ڕاستیدا ئەوانەی سەرەوە کارێکی ئاسانە و تێچونێکی زۆریشی تێناچێت لە بەرانبەر بەهیزکردنی هێڵی پێشینەی جەنگ و بەرەی شەڕ دژ بە داعش.

بەڵام بۆچی ناکرێن؟
دەسەڵاتدارانی کوردی باشوور زۆر زیرەکن و خۆیان دەزانن چی دەکەن . ئەوان ئەو جۆرە ئەرکانە یاخود تاکتیکانە بەکارناهێنن لە پێناوی بەرگریی یاخود پارێزگاری لە ستراتیجیان، بەڵکو ئەوان ئەو تاکتیکانە دەکەنە قوربانیی لە پێناوی ستراتیجییەتیانا.
ستراتیجێتی دەسەڵاتداران مانەوەیانە لە حوکمڕانیدا، مانەوەشیان لە حوکمڕانیدا یانی هەر بە تەنها بوونی دەسەلاتی سیاسی نییە بەڵکو دەسەڵاتی ئابووری و فەرهەنگی و کولتوریی و پێگەی کۆمەڵایەتی و نێو خێزانی و پاراستنی ئەجەندەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا و ئەمەریکایە. بۆ ئەمەش ئەوان پێویستیان بەوە هەیە کە خۆیان لە مەترسی خۆپیشاندان و پرۆتێستی گەورە کە ڕەنگە کۆتاییەکەی بە ڕاپەڕین بێت ، بپارێزن .

دەسەڵاتداران چۆن ئەمە دەکەن؟

هەموو حکومەتەکانی سەر زەمین بە تایبەتی حکومەتەکانی وەکو وڵاتانی ڕۆژائاوا و ئەمریکا و کەنەدە و ڕوسیا، لە کاتێکدا کە ڕووبەڕوی مەترسییەك دەبنەوە بۆ لە خشتەبردنی هاووڵاتیانیان و بەلاڕێبردنیاندا و سەرنجنەخستنە سەر داخوازییە هەنووکەییەکانیان، دیمەنێکیان بۆ دەهێننە پێشەوە کە پلانیان لە کردنیا، پێشوەخت کردوە.
دیارە ئەم بەلاڕێبردن و لە خشتەبردنە لە کوردستانا جیاوازە تاکو با بڵێین وڵاتێکی وەکو بریتانیادا ، چونکە هەر یەکەیان بە جۆرێك لە جۆرەکان کە پێویست بکات ئەو تاکتیکە بەکاردەهێنن. بۆ نموونە تۆنی کلیف-ی کۆنە پەڕلەمانتاری حیزبی کرێکارانی بریتانیا دەڵێت: کەسایەتی مارگرێت تاچەر سەرەکوەزیرانی ئەو کاتەی بریتانیا ئەوەندە دابەزیبوو هاتە خوارەوە بۆ لە سەدا 17 ئیتر ئەوە نەنگی بوو بۆی . بۆیە باشترین کارێك بۆ بەرزکردنەوەی کەسایەتی و پاراستنی حوکمەکەی هات کێشەی دوورگەی فۆکلەندی لە تەك ئەرجەنتینا کردە بەهانەیەکی زۆر گەوەرە و لە 02/04/1982 دا شەڕی هەڵگیرسان. دوای بردنەوی ئەم شەڕەش کە ڕاپرسی کرایەوە لەسەر کەسایەتی تاچەر ، رادەی کەسایەتی ئەو بۆ لە سەدا 67 بەرزبووەوە .
هەر دوور نەڕۆین جەنگی ئێران و عێراق بووە هۆی درێژبوونەوەی رژێمی ئاخوندەکانی ئێران کە لە سای ئەو جەنگەدا نەك هەر خەڵكێکی زۆری ئێرانیان گەمژاند بەڵکو هەموو موعارەزەی ناو ئێرانیشیان تێشکان و ئیدۆلۆجی دەسەڵاتخوازی ئیسلامیان برەو پێدا و چەندەها حیزب و هێزیان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بۆ دروستکرد. ئەمە جگەلەوەی کە ئەمەریکایان بە مەترسی گەورە لەسەر نەتەوەکانی ئێران، زەقکردەوە تاکو تێکۆشان دژ بە ئەمریکا سەراپای نەهامەتیەکانی کە دانیشتوانی ئێران رووبەڕووی بووبوونەوە، خەفەبکرێت.
لە ئەمەریکا لە هێڕشی ڕاستڕەوەکان بۆ سەر کۆشکی سپی لە دیسەمەبەری ساڵی پێشوودا و زەقکردنەوەی ئەم کێشەیە کە تا ئیستاش بە بەردەوامی لە ناو میدیاو سەنەتای ئەمەریکیدا باس دەکرێت و لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دانراوە کە بە دەیەها ملیۆن دۆلاری تێدەچیت، ئەمانە هەمووی بۆ خەفەکردنی کێشە سەرەکەییەکانی خەڵکی ئەمریکی بوو بۆ داپۆشینی ئەو کێشانە و لابردنی سەرنجی هاووڵاتیان بوو بە سەرنجڕاکێشانیان کە گوایە پرسی ” دیمۆکراسی” لە مەترسیدایە و ئەمە کێشەی سەرەکی هاووڵاتیانی ئەمەریکەییە .
من دەتوانم دەیەها نموونەی جۆرا و جۆر لە زۆر وڵاتدا بۆ هەمان مەبەست بهێنمەوە، بەڵام لێردا دەوەستم و دەگەڕێمەوە سەر کوردستان .

ئەی لە کوردستاندا ئەمە چۆن دەکرێت؟

لە کوردستاندا بۆ لابردنی مەترسی و لە ڕێلادانی خەڵکی ، ” خودا” داعشی داوە . پێشتر بەعس بوو کە هەر خەڵکی گلەیی لێبەرز دەبووەوە ، بەوە دەمکوتدەکران کە حکومەتەکەیان ساوایە، دەبێت خەڵك ئەوە لەبیرنەکەن. بەڵام ئێستا کە داعش هەیە ئەمان بە هەموو شێوەیەک مەترسی لە کاتی کردنی ئەم هێڕشانەدا بە خەڵکی دەفرۆشنەوە کە گەورەترین مەترسی لەسەر کوردستان و قەوارەکەی هەیە، بۆیە هەر بەرپرسێك لە لایەکەوە سەبارەت بەو مەترسییە لاوەکییە کە دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی و بە تێچونێکی کەم چارەسەر بکرێت ، ڕاگەیاندن دەدات. ببینن:
“مەسرور بارزانی: داعش بۆتە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان.”
” قوباد تاڵەبانی: زۆربونی ھێرشەکان سە‌لمێنە‌ری ئە‌وە‌ن كە‌ مە‌ترسی ئەو داعش هێشتا زیندوە”
نابێت باوەڕ بەمانە هیچی بکرێت شلکردنی جڵەوی داعش و توندکردنەوەی بە دەستی خۆیانە [ تکایە واتێمەگە کە بڵێم ئەمان بەشێکن لە داعش و پەیوەندی گەرموگوڕ و راستەوخۆیان هەیە] بەڵام هەر بیهێننەوە بەرچاوی خۆتان ، باشە بۆچی کە لە ئێستادا کە خۆپیشاندانی گەورەکراون و هەن، هێڕشی داعش لە زۆر لاوە بەردەوامە؟!!
گەر ئەمە بۆ تۆ خاڵێك نەبێت، لای من فەرامۆش ناکرێت، جێگای بیرکردنەوە و تێڕامانە.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر
05/12/2021




لە قاڵبدانی منداڵ.. زاهیر باهیر

پەروەردە و قوتابخانە بەهرەی سروشتیی لە منداڵان دەسەننەوە. شتێك نییە جگە لە قاڵبدانی منداڵان، ئاوەز و تێفکرینیان سنوردار دەکات ، مەیلی سروشییی و داهێنانیان کۆنترۆڵ دەکات ، ئازادیی و ژیانی سروسشتیانەیان لێ زەوت دەکات، دەیانکاتە دوژمنی یەکدی، گیانی بەریەککەوتن و کێبڕکێیی نێوانیان زیاددەکات، سەرەنجام مەخلوقێك دەبن کە زیاتر خزمەتی بازاڕ دەکەن تاکو کۆمەڵ. خۆشەویستییان بۆ پارە و موڵکییەت و کەڵەكەکردنی سامان بەردەوام زیاتر دەبێت لە خۆشەویستییان بو دەوروبەریان. مەخلوقێك دەبن کە چینی حوکمڕان بۆ خولقاندنی جۆرێك لە کرێکار پێویستی پێیان دەبێت، کە لەڕاستیدا قوتابخانە و پەروەردە بەگشتی دەبێت ئاراستەی هاوکاریکردنی تەواوی ئازادیی تاک بکات.
زۆرێك لەوانەی کە داهێنەربوون، خزمەتی کۆمۆنێتییەکە و خەڵکیان کردووە یا خوێندەوارییەکی کەمیان هەبوووە، یاخود لە قۆناخێك لە قۆناخەکانی ژیانی خوێندنیانا چی تر نەیانتوانیوە لەگەڵ قوتابخانەدا هەڵکەن و لێی هەڵهاتوون.
گەر منداڵان بە جۆرێکی دیکە لە قوتابخانەی مۆدێرینی هاوچەرخ [ نەك مۆدێرنی سەردەمی ئێستا] بخرێنە بەر خوێندن و پەروەردە بکرێن، بە داهێنان و دەستپێشکەری خۆیان زۆر جیاواز دەبن لەوەی ئێستایان و بە دڵنیاییشەوە کۆمەڵی ئایندە کە ئەوان تاکە هەر هۆشیارەکانین زۆر جیاواز دەبێت لەمەی ئێستا. بەڕای من منداڵان فێری شتەکان نەبن بەڵکو فێری مانای شتەکان ببن.
ئێمە نمونەمان زۆرە لەو منداڵانەی ئەو بەهرە و توانایەیان لە بوارێکدا و لە سەردەمێکی خوێندندا تێدا دەرکەوتووە بەڵام بە حوکمی پەروەردە و پڕۆگرامی باو و خزمەت بە سیاسەت و بە کوڵتوری دواکەوتووی کۆمەڵ ڕیگایان لێگیراوە و کراونەتەوە بە قاوغەکەی خۆیانا. وەکو دەیڤد گرەیبەر دەڵێت ” دەزگەکان جەنگیان بەرانبەر بە خەیاڵ و بیرکردنەوە بەرپاکردووە، ئەوان قەوارەی خەیاڵ و بیرکردنەوەمان بۆ دادەنێن لە ڕێگایەکەوە کە بە سیستەمێکی تایبەتی سوودمەند بێت”
فرەنسیسکۆ فیرەر، Francisco Ferrer ، کە ئەنارکستێکی کەتەلۆنیای ئیسپانی بووە لە 31/05/1906 دا بە تاوانی بەشداریکردن لە پیلانی کوشتنی 26 کەس بریندارکردنی زیاتر لە 100 کەسی تر لە زەماوەندی پاشادا، ڕۆژی دواتر گیرا و دوای ماوەیەك بەردرا بەڵام دووبارە گرتیانەوە لەسەر ئەوەی کە یە كێکی زۆر چالاك بووە و لە پشتی ڕاپەڕینەکانی ئەو چەند ساڵەوە بووە ، ئیتر دووبارە ئەو پرسەی پێشتریشی بۆ زیندوکرایەوە لە تەمەنی 59 ساڵیدا لە 13/10/1909 ڕەمی دەکرێت. ئەو وەختێکی زۆری خۆی بۆ پەروەردە و قوتابخانەی مۆدیرن بەکاردەبات. بۆ ئەمەش چەند ساڵێک بە هەوڵێکی زۆر لە بەرشەلۆنە لە 08/09/1901 دا بە هاوکاریی خەڵکانی بە توانای دیکە توانیوێتی ئامانجەکەی بپێکێت. یەکەم بڵاوکراوەکەی [ نەشرە] قوتابخانەکەش لە 30/10/901 دا دەرکرد کە ئیتر بوو بە بڵاوکراوەیەکی مانگانە. ئامانجی ئەم بڵاکراوەیەش ئافراندنی پلاتفۆرمێك بوو بۆ گەشەپێکردنی تئیوری پەروەردەی ماقوڵ. گەر چی زۆربەی وتارەکان دەربارەی پرسی پەروەردە و پیداگۆگی بوو، بەڵام هاوکاتیش زانستی کۆمەڵایەتیی و [ سۆشیال ساینس] فێمەنیزم و زانستی تاوان [ کریمۆلۆجی] و ئاین و مێژو و چینەکان و پاکوخاوێنی و داوودەرمان… گەلێکی تر لەم بابەتانە دەگرتە خۆی. بەداخەوە کە ئەم بڵاوکراوەیە لە 31/05/1906 وەستا بە گیرانی خودی فرانسیسکۆ فیرەر بە داخستنی قوتابخانەکەش.
فیرەر ئەوەندە باوەڕی بە توانا و دەستپێشکەری و خۆ خۆیی منداڵ هەبووە لە یەکێک لە قسەکانیا دەڵێت ” من پێمباشترە ئازادیی خۆخۆیانەی منداڵم هەبێت کە هیچ شتێک زیاتر لە زانیارییەکی لەفزی/دەمیی و زیرەکییەکی شێواو، نازانن، ئەمەم لا پەسەندترە لە کەسێك کە ئەزموونگەری پەروەردەی ئەم سیستەمە هەنوکەییەی هەبێت”
ئێما گۆڵدمانیش لە وتاری ” منداڵ و دووژمنەکەی” کە سیستەمی پەروەردەی ترەدیشنەڵ ڕەخنە دەکات دەڵێت” سیستەمەکانی پەروەردە لە فایلەکانا گردکراونەتەوە، ناونوس و بەژمارە کراون. ئەو سیستەمانە نوقسانی تۆوی بە پیت و بەهێزیان هەیە کە لە زەوی بە پێزدا دەچێنرێت، تاکو منداڵان وا لێبکات کە گەشەی باڵا بکەن، سیستەمەکان پارچە پارچە و زەرەرمەندن و توانای بە ئاگاهاتنەوەیان لە خۆبەخۆیی کاراکتەرەکە نییە” لە وتارێکی دیکەیدا دەڵێت” پەروەردە پرۆسەی دەرهێنانە نەك چونە ناوەوەیە، لێوەرگرتنە نەك پێدان، نیشانگرتنە لە گریمانی/ شانسی بەجێهێڵانی منداڵەکە کە ئازاد بێت لە گەشەکردنی خۆخۆییدا، ئاراستەی تواناکانی خۆبە بەخۆی بکات و لقەکانی زانیاری کە خۆی ئارەزوی خوێندنی دەکات، هەڵبژێرێت”
سەبارەت بە لێهاتوویی و داهێنان و بیرڕۆشنی منداڵە قوتابییەکانی کە لەو قوتابخانەیەدا دەیانخوێند لە کتێبی ‘ پەروەردەی ئەناکستانە و قوتابخانەی مۆدێرن ‘ ی فرانسیسکۆ فیرەر دەیەها نموونە لە دەمی منداڵانی بە ڕەگەز و تەمەن جیاوازەوە دەگێڕێتەوە وەکو بەڵگەی نیشاندانی ئاوەز و ڕۆشنفکریی و موبادەرەی زۆر جوان کە هاوکات بەو شێوەیەی گونجاوە لەگەڵ ئارەزو ویست ودەستپێشکەری و داهێنانیاندا .
بۆ بەرچاوخستنی خوێنەر چەند دانەیەک لە نوسین و هەڵوێستی ئەو قوتابییە مندالانەم هەڵبژاردووە و دەیخەمە پێش چاوی خوێنەر.
• کچێکی 9 ساڵ بە تێڕوانینی خۆی ئەمەی نوسیوە ” تاوانبار حوکمی مردن دەدرێت، ئەگەر بکوژ شایانی ئەم سزایە بێت، ئەوەی کە حوکمی کوشتنی ئەم دەدات و ئەوەشی کە دەیکوژێت، هەردوکیان بکوژن. کەواتە ئەگەر لۆژکانە تێیبروانین دەبێت ئەوانیش بمرن ، ئا بەم شێوەیە مرۆڤایەتی کۆتایی دێت. لەبری ئەوەی سزای تاوانبارێك بە تاوانێکی تر، بدرێت، باشترە کە ئامۆژگارییەکی باشی بکەین تاکو جارێکی تر دووبارەی ئەوە نەکاتەوە. لە سەروو ئەمەشەوە ئەگەر ئێمە هەموومان یەکسانبین ئەوە نە دز و بکوژ دەبێت و نە هەژار و دەوڵەمەند، بەڵکو هەموان یەکسان دەبن لەتەك هەبونی خۆشەویستی و ئازادیی..”

• کوڕێکی 12 ساڵ سەبارەت بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی دەنوسێت و دەڵێت ” ئەو، کە ڕاستگۆ و دڵسۆز نییە بە ئاشتیانە ناژی ، ئەو هەمیشە لە مەترسی کەشفبوونی ئەوەدایە. کاتێك کە کەسێك دڵسۆزە و ئەگەر یەکێك هەڵەیەکی کرد بانگەشەی دڵسۆزی ویژدانی پاكدەکاتەوە. ئەگەر یەكێك لە منداڵیدا درۆی کرد، کاتێك کە گەورە دەبێت درۆی گەورەتر دەکات کە زیانی زیاترە. کەیسیش هەیە کە کەسەکە دەبێت ڕاستگۆ و دڵسۆز نەبێت . بۆ نموونە، یەکێك لە پۆلیس هەڵهاتووە و دێتە ماڵەکەمان، دواتر پرسیارمان لێدەکرێت ئەگەر ئێمە ئەومان بینیوە ، پێویستە نکوڵی لێبکەین، پێچەوانەکەی خیانەتە و ترسنۆکییە…”

• کچێکی 13 ساڵ سەبارەت بە تێڕوانینی توندڕەوێتی کە کاراکتەرێکی خراپە و لە وڵاتێکی دواکەوتووەوەیە توێژینەوەی بۆ دەکات هۆکارەکەی دەدۆزێتەوە، دەنوسێت ” توندڕەوێتی سەرەنجامی حاڵەتی بێ دەربەستییە [ئیهمالییەت] و دواکەوتویەتییە کە ژنێك خۆی لەوێدا دەبینێتەوە. ئا لەو بارەدا کاسۆلیك نایەوێت کە ژنەکە خۆی ڕۆشنبیربکات چونکە ژنەکە هاوکاری مەبادیئەکانایانە،…………”

• سەبارەت بە قوتابخانەی تێکەڵاو ، كچان و کوڕان، کچێکی 13 ساڵان دەنوسێت ” قوتابخانەی تێکەڵاو کە بۆ هەردوو ڕەگەزەکەیە، بە پلەیەکی باڵا زەروورییە. کوڕ کە لە شانی ئەوەوە دەخوێنێت و کاردەکات و یاریدەکات وردە وردە فێڕی ڕێزلێگرتن و یارمەتی دانی کچەکە دەبێت، هەمان شتیش بۆ کچ. بەڵام ئەگەر بە جیا لە یەکدی پەروەردەبکرێن، بە کوڕ بوترێت کە کچ هاوەلێکی باش نییە و خراپترە لەو ، ئیتر کوڕ ڕێز لە ژنان ناگرێت کاتێك کە ئەو پیاوێکە وەکو ئامرازێکی یاریکردن [لەعابە] یاخود کۆیلەیەك حساب بۆ ژن دەکات، ئەمە ئاوایە بۆیە لە ئەمڕۆدا ژنان بەهایان هاتۆتە خوارەوە. کەواتە دەبێت ئێمە هەموومان کار بۆ بیناکردنی قوتابخانەی هەردوو ڕەگەزەکە بکەین لە هەر شوێنیکدا دەکرێت، لە شوێنێکیشدا کە ناکرێت دەبێت هەوڵی لابردنی ناڕەحەتی و تەگەرەکانی بدەین.”.

• کچێکی 11 ساڵ سەبارەت بە جەنگ و جیاوازی نێوانی چینە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێیدا دەوڵەمەند لەسەر کاری کەسانی دیکە و مەحرومکردنی هەژاران دەژی، دەنوسێت ” لەبری یەکدی کوشتن لە جەنگەکانا و ڕك و کینە بەرانبەر بە یەکتری بە هۆی جیاوازی چینایەتییەوە. بۆچی پیاوان بە ئاگاییەوە خۆیان بۆ کار و دۆزینەوەی شتی باش بۆ مرۆڤایەتی، خۆیان تەرخان ناکەن؟ پیاوان دەکرێت یەکبگرن لە خۆشەویستی یەکدیدا و برایانە بژین ….”

• کوڕێکی 10 ساڵ سەبارەت بە قوتابخانەکە و قوتابییەکان نوسیوێتی ” کۆبوونەوەمان لە ژێر بنمیچێکدا [سەقفێکدا] ئارەوزی فێربوونی ئەوەین کە نایزانین بێ جیاوازی چینایەتیی، ئێمە خوشک و براین و بە هەمان ئامانج ئاڕاستە دەکرێین….. پیاوی جاهیل بەتاڵە ، تۆزێك یاخود هەر هیچ چاوەڕوانی لێدەکرێت. ئەو ئاگەدارمان دەکاتەوە کە وەخت بە زایە نەدەین وامان لێدەکات کە لەوەوە سوودببینین لە دواترا خەڵاتمان دەدرێتێ …..ئێمە هەرگیز سوودی قوتابخانەی باش لەبیرناکەین و مامۆستاکانمان، خانەوادەکانمان کۆمەڵەکامان کە دەمانەوێت بەختەوەرانە بژین، شەرەفمەند دەکەین “

• قوتابییەکی کچی 10 ساڵ فەلسەفانە سەبارەت بە هەڵەی بەشەرییەت دەدوێت و کە بە بۆچونی ئەو دەکرێت ئەو هەڵانە لە ڕێگای ئامۆژگاریی و نێتباشییەوە مرۆڤەکان خۆی لێنەدەن ” لە نێو هەڵەکانی بەشەرییەتدا دووڕوویی و خۆپەرستی و غروور هەیە. ئەگەر پیاوان ، بە تایبەتی ژنان باشتر ئامۆژگاری بکرێن هەرەەوها ئەگەر ژنان بە تەواوی یەکسان بن بە پیاوان، ئەم هەڵانە بزردەبن. ناکرێت باوکان و دایکان منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە دینییەکان کە ئایدیای درۆیان تێدا دەچێنن، بەڵکو بیاننێرن بۆ قوتابخانەی ماقوڵ کە لەوێ وانەی لە سەرو سروشتەوە فێرنابن، کە بوونی نییە یاخود دروستکردنی جەنگ بەڵکو ژیان لە هاوپشتی و کارکردن بە جەماعیی فێردەبن….”

• سەبارەت بە کۆمەڵی هەنوکەیی کچە قوتابییەکی 9 ساڵ دەنوسێت ” کرێکاران، بۆ تۆی خوشەویست بۆ ئەو کارانەی کە لە وەکالەتی کۆمەڵەوە دەیانکەیت ، کە دەبێت پێزانین و تەقدیربکرێن لە بەرهەمهێنانی هەموو ئەو شتانەی کە بۆ کۆمەڵ زەروورن، نەك بۆ دەوڵەمەند کە کرێیەکی مەمرە و مەژیت پێدەدات، پارەی ژیانت پێنادات، چونکە ئەگەر تۆ کارت نەکردایە ئەوان دەبوایە خۆیان ئەو کارەیان بکردایە.”

• قوتابییەکی 9 ساڵانی کوڕ، دەلێت ” دەبێت زەوی بۆ کرێکاران هەروەها بۆ هەموو کەسانی دیکە بێت. سروشت پیاوانێکی نەخولقاندووە تاکو هەموو شتێکیان هەبێت . دەبێت زەوی بکێڵرێت بێ ئەوەی کە کەسانێک کاری تێدا دەکەن بچەوسێنرێنەوە و ئەوی دیکە میوەکەی یا بەرەکەی بخوات. کرێکار لە ماڵێکی بچوك و تاریكدا دەژی ، تۆزێك خواردن دەخوات ئەویش جۆری خراپە و وەکو بورجوازی سەیارە لێناخوڕێت……پاشان کە کرێکاران زۆرن و بە زۆرری، یاخود باشترە بوترێت ئەوەی کە ئارەزوی دەکەن دەتوانرێت یەکسەر دەستیان بکەوێت…”

• کچە قوتابییەکی 11 ساڵ دەڵێت ” کە کار زیاتر دەبێت ئیتر زیاتر حسابی بۆ دەکرێت ، هۆکارێك قۆرخی دەکات، زانست سەردەکەوێت ، هەروەها چینەکانی کۆمەڵیش بزردەبن . بەرپرسێتی پیاو ئەوەیە ئەوەی کە دەکرێت بیکات، ئیتر لە ڕێگای کاری دەستییەوە / جەستەییەوە بێت یاخود کاری زهنی…………”

• قوتابییەکی کوڕی 12 ساڵ دەڵێت ” کێ چێژ لەبەری کار دەبینێت؟ دەوڵەمەند. دەوڵەمەند باشی چییە؟ ئەم پیاوانە بێ بەرهەمن . ئەوانی دیکە تەنها بە هەنگ بەراورددەکرێن… جگە لەوەی کە سمارتن چونکە مشەخۆران دەکوژن.”

• کچێکی 12 ساڵ دەنوسێت ” .. کرێکار کۆیلەی بورجوازییە … کاتێك کە دەوڵەمەند چێژ لە ژیانی خۆیان دەبینن، پیاسە لە باخەکانیانا دەکەن ، هەر ئاواش کرێکاران هەن منداڵەکانیان داوای نانیان لێدەکەن ، بەڵام هیچیان نییە بیاندەنێ. بۆچی ئەمە ڕوودەدات، چونکە دەوڵەمەند هەمووی دەخوات.”

• کچیکی 12 ساڵ نوسیوێتی ” ئەی کرێکاران ئێوە مەسافەکان بە ڕێگای قیتارەکان نزیکدەکەنەوە ، ڕەنگە ڕۆژێك بێت توانای ئەوەتان هەبێت کە سنورەکان بسڕنەوە کە نەتەوەکانی لە یەکدی دابڕیوە. ئێوە زۆر بەخێر هاتن بۆ ئێرە چونکە لەتەك قیتاری سەرزەوی پیشەسازی گەشەدەکات و فراوان دەبێت ئەو کاتەش خەڵك لەگەڵ وڵاتە دوورەکانا بەیەکەوە دەبەسترێنەوە. “

• کوڕێکی 12 ساڵ دەنوسێت ” هەژاری ڕێکخستنی کۆمەلایەتی، زۆر ناڕەوایانەی نێوانی پیاوانی خولقاندووە ، لەوە کاتەوەی کە دوو چین لە پیاوان هەیە… ئەوانە کە کاردەکەن و ئەوانەی کە نایکەن . …کاتێك کە مانگرتنە پاسەوانە مەدەنییەکان لەبەردەم دەرگەکانی کارگەکان ئامادەن بە بەکارهێنانی ڕووپۆشەکەیان ، باشتر نەبوو لەبری ئەوە مامەڵەی بە سوودیان هەڵبژاردایە؟..

• کچێکی 12 ساڵ دەڵیت ” .. سەبارەت بە کرێکار دەبێت ڕێزی لێبگیرێت وەکو هەموو پیاوێك ڕێزی لێبگیرێت، هەروەها بۆ مافەکانی دەبێت سەرکەوێت بێ ئەوەی کە سوکایەتی پێبکرێت یاخود ڕقیان لێهەڵبگیرێت ئەو دەبێت خۆی پەروەوەردە بکات.”

• کچێکی 13 ساڵ دەنوسێت ” چەوساندنەوەی پیاو لەلایەن پیاوەوە کارێکی بێڕەحمانەیە، نامرۆڤانەیە و دڕندانەیە………..ئەو ڕۆژە دێت کاتێك کە کرێکاران یەکدەگرن و داوادەکەن کە بورجوازییەت بۆ هەمیشە شەڕەنگێزی چەوساندنەوە بوەستێنێت.”

• کچێکی 14 ساڵ دەنوسێت ” گەڕان مافی هەموو پیاوێکە بۆ پەیداکردنی ئەوەی باشە و بە سوودە بۆ خۆی و بۆ هاوەڵانی بکات ، ئەوەندەی بکرێت یارمەتیان بدات هاوبەشی خەم و ناخۆشییەکانیان بکات . ئەوەی کە ئەمە نەکات شایستەی ئەوە نییە کە بە مرۆڤ بانگبکرێت. هاوپشتی ، برایەتی ، یەکسانی گەورەترین ئیلهامی ئایندەیە”

بەرەنجام:
ئەمانە چەند نموونەیەکن لە دەیەها نمونەی کە لەو کتێبەدا هاتوە. ڕەنگە هەندێک لەو نموونانە کە من وەرمگێڕاون مانای تەواو نەدەنەدەست ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەوانە نوسینی منداڵانن هەر بە داڕشتن و شێوەی دەربڕینی ئاسایانەی خۆیان نوسراوەنەتەوە هەر وەکو لە ئینگلیزییەکەدا هاتون، منیش وەکو خۆیان بە ناڕونی وەرمگێڕاون، نەدەکرا بیانکەمە دەقی مرۆڤێكی گەورە و نوسەرێکی باش.
ئەوەی گرنگە لەو نمونانەدا هەستکردنە بە توانا و بەهرەی ئەو منداڵانە کە هەندێك قسەیان لە هی گەورەیەکی ئەزموومدار، دەچێت. ئەمە جگە لەوەی کە ئەو سەردەمە چونکە بزوتنەوەی کرێکاران بەهێز بووە کارایی خۆی لەسەر گەورە و بچوکی خێزانە کرێکارەکان دادەنا هەر لەبەر ئەمەشە کە نابێت سەرسام ببین بەو کورتە نوسینانەی ئەو منداڵانە کە سەراپای قسەکانیان ڕەنگدانەوەی ژیانی نێوخێزانی و کۆمەڵایەتیان بووە. هەموویان منداڵانی خێزانە کرێکارەکان بوون ، نەك هی خێزانێکی چینی مامناوەندی یاخود چینی باڵا .
ئەوەی کە هەستی پێدەکەین جیاوازی منداڵانی سەردەمی کۆن و منداڵانی ئێستایە لەڕووی هۆشارییەوە کە زۆر کەلێنێکی گەورە لە نێوانیانا هەیە. دیارە منداڵانی ئێستا بە گشتی چابوك و زیرەکن لە بەکارهێنان و شارەزاییانا لە تەکنەلۆجیای نوێی سەردەمدا. ئەوان بازاڕییکردن و ڕێکلامەکانی کە سەبارەت بە کاڵای نوێ و ئالەتی نوێنن ، هەست و بیر هۆشیانی داگیرکردووە. ئەمان زیاتر سەرسامن بە کەسە مەشوورەکانی یانەکانی وەرزش، جەستە جوانەکان و ئەوانەی کە لەسەر شاشەی تی ڤییەکان یاخود کرتە ڤیدوێییەکان دەردەکەون . وەکو لە سەرەتادا وتم ئەم وەچانەی ئێستا بوونەتە کۆیلەی بازاڕ، بەهۆکاری ئەوانەی سەرەوە هۆشیاری و توانا و بەهرەی ئەمان لە کێشە چیانیەتیی و کۆمەڵایەتییەکانا دەرناکەوێت و ڕەنگناداتەوە. لە کاتێکیشدا کە بزوتنەوەی کرێکاران لەوپەڕی لاوازیدایە، هەر ئاواش لەسەر ژیانی منداڵانی چینی کرێکاران و هەژاران ڕەنگیداوەتەوە.
لەگەڵ هەبوونی هەموو ئەمانەشدا پیداویستی بوونی قوتابخانەی مۆدێرن بەو مانایەی کە منداڵان لە کەش و هەوایەکی ئازادانەی ئاوادا پەروەدردە ببن کە هەموو توانا و دەستپێشکەری و پێشنیار و سەلیقەکانی خۆیانی تێدا گەشە بکات و بەرەو پێشەوە بڕوات بەرپرسێتی کۆمەڵی ئایندەیان بکەوێتە ئەستۆ، نابێت فەرامۆشبکرێت.

بەڕای من ئێمە هەموومان دەبێت جەنگێکی بێ ڕەحمانە دژ بە ڕەوتینیات بکەین کار لەسەر فێرکردنی خۆمان یەکەم لە تەك ئەزموونگەری خودی خۆمانا، بکەین و دواتریش هاندانی هەمان ڕیفۆرم بین لە قوتابخانەکانا. لە باشترین بوار و ڕێکەوتێکی باشیشا گەر بکرێت و گریمانی هەبێت قوتابخانەی مۆدێرنی لەو جۆرە کە دەمانەوێت بکرێتەوە، گەر چی تا ڕادەیەك ئەمە کارێکە ئێکجار ئەستەمە کە توانای داراییەکی زۆری دەوێت هەم لە بەیەکادان و بەرکەوتنیشدا دەبێت لەگەڵ ڕژێمی سیاسی و پەروەردەی ئەو ڕژێمەدا.

خەسڵەتی گەورەی ئەم جۆرە پەروەردەیە جیاکردنەوەیەتی لە پەرروەردەی دینی / ئاینی کە بە ڕۆشنی تیشک دەخاتە سەر مێشك لە ڕێگای بەڵگە و دەلیلە زانستیەکانەوە چونکە ئەو پەروەردەیە بە بەردەوامی بە سەلماندنی ئەزموونەکانەوە، خۆی بنیاتدەنێ و ڕاستییەکان دەگەیەنێت.
گرنگە لە پەروەردەی ئاوادا مامۆستاکان کار لەسەر بەتواناکردنی قوتابیە لاوازەکان/کەمتواناکان بکەن لەبری وەسف و سەنای زۆری قوتابییە زیرەکەکان و هیچ جۆرە چیرۆکێك کە باس لە بتەکان بکات، باسیان بۆ قوتابیان نەکرێت، هەر ئاواش مامۆستا دەبێت خۆی بپارێزێت لە پرسیارکردن کە هەمیشە لە هەمان قوتابی دەکات. بەڵکو لە قوتابییەکانی دیکە دەبێت بکرێت تاکو ئەوانیش متمانە بەخۆیان پەیدا بکەن، دەبێت مامۆستا ئەوەندەش بە ئاگا بێت کە منداڵ هەست نەکات کە بۆ زۆربەی کات پرسیار لەو دەکات، نەبا قوتابییەکە گومانی خراپی لا دروست بێت و دواجار ئەوەش کاردانەوەی خراپتری لەسەر دروست بکات. کەواتە پەروەردە دەبێت بۆ بەتوانا و بەهێزکردنی بیرکردنەوەی سەربەستانە بێت، هاوکاتیش دەبێت جیاوازی لە نیوانی وتنەوەی وانە و پەروەردەدا بکرێت.

…………………………………..

زاهیر باهیر
03/12/2021




کاتێك مرۆڤەکان وەکو چەکەکان، مامەڵەیان پێدەکرێت!.. زاهیر باهیر

ئەوەی سەرەوە تایتڵی وتارێکی ئەم ڕۆژانەی ڕۆژنامەی گاردیان بوو. ئەو تایتڵە نەك هەر بۆ کۆچبەرانی کورد لە باشوردا یاخود کورد و عەرەبی سوریی تەنانەت بۆ کۆچبەرانی وڵاتانی لیبیا و مەغریب و ئەفغانستانیش هەر ڕاستە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە هەموو شتێك، هەموو پەیوەدنییەك، هەموو مامەڵەیەك لەنێوانی یەکێتی ئەوروپا و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەی سەرەوە کەوتۆتە مامەڵەی پارە و تێچون و کێبڕكێی دەنگهێنانی حیزبەکان بۆ وەرگرتنی دەسەڵات.
ئا لەم بارەدا، لە هەندێكیانا تا ڕادەیەك گونی وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی و ئەوروپای ڕۆژئاوا بە تایبەتی ، لە لایەن حوکمڕانانی وڵاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوین ، یا ئەفەریقا ، یاخود ئاسیای ناوەڕاستەوە گیراوە، بێ گوێدانە هۆکاری کۆچی خەڵكی یاخود ئاساسیش و سەلامەتی و پاراستنی ژیانیان و مامەڵە لەگەڵیانا وەکو مرۆڤ.
بۆ سەلماندنی قسەکەم با هەر دوو سێ نمونەیەك بهێنمەوە. هەر با دوور نەڕۆینن تەماشای ئاکەپەی حکومەتی تورکیا بکەین، بزانە چۆن ڕەجەب ئەردۆگان زۆر هۆشیارانە و زانایانە و لە کاتی خۆیدا پەنابەران بەکاردەهێنیت هەم بۆ پرسی دارایی و هاوکاری تورکیا هەم بۆ سەپاندنی داواو ویستەکانی لە یەکێتی ئەوروپا. لای هەموان ئاشکرایە کە ئەردۆگان پارەیەکی مشەی نەك هەر وەکو بەرتیل بۆ گلدانەوەی لێشاوی پەنابەران کە دەیانویست بەرەو ئەوروپا هەڵبێن، وەرگرتووە، بەڵکو لەو پارەیەش دەخوات کە یەکێتی ئەوروپا وەکو میزانێیەك بۆ پەنابەرانی ئۆردوگاکانی نێو تورکیای، داناوە.

حکومەتی مەغریب ڕێگری لە خەڵکی پەنابەر و کۆچبەر بۆ ئیسپانیا دەکرد لە بەرانبەر یارمەتینەدایی ئیسپانیا بە بزوتنەوەی سەربەخۆی بیابانی ڕۆژئاوا. بەڵام لەو کاتەوەی کە ئیسپانیا ڕێگای بە سەرۆکی ئەو بزوتنەوەیە داوە کە بۆ چارەسەری کۆرۆنا بگاتە ئیسپانیا، ئیتر مەغریبیش لە تۆڵەی ئەوەدا ڕێگای داوە بە خەڵکی خۆیان یاخود دەرەوەی وڵاتی خۆیان کە بچن بۆ ئیسپانیا. لە لیبیا یەکێتی ئەوروپا پارەدەدات بە حکومەت و کۆمپانیاکان کە پاسەوان و گاردەکانیان چاودێری کەناری دەریاکان دەکەن تاکو هەر کات هەر بەلەمێكی پەنابەر، گروپێك ویستی ڕزگاری بێت و بگاتە ئیتالییا، فەرەنسا ، ئیسپانیا ، ئەم گارد و پاسەوانانە بیانگرن و بیانگێڕنەوە بۆ ئۆردۆگاکانیان کە لێی هەڵاتوون .

لە ڕووداوەکانی ئەم دوایەشدا، هەڵاتنی کوردەکان و خەڵکانی دیکەیە و ڕوکردنیانە لە ئەوروپا لە ڕێگای بێلەڕوسەوە. لەوێش حکومەتی بێلەڕوس وەکو چەکی فشاری سیاسی بەکاریاندەهێنێت و دەیەوێت مامەڵەیان پێوە بکات بۆ گەیەشتنیان بە پۆڵۆنیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا .
ئیتر بەم شێوەیە پەنابەری سەرلێشێواو و نەگبەت بووەتە چەکێکی سیاسی، دارایی ، فشارێکی کۆمەڵایەتی لە لایەن هەندێك حکومەتەوە لەسەر حکومەتانی وڵاتانی ئەوروپا، واتە زیاتر لەوەی وەکو مرۆڤی لێقەوماو و سەرگەردان بناسرێن، کەچی بە صەفەقەیەکی باش، یا بازرگانییەکی باش مامەڵەیان پێدەکرێت و لەسەر بڕی پارەی ڕێکەوتنی ئەم مامەڵەیە داهاتوی ئەم پەنابەرە کڵۆڵانە، دیاریدەکرێت.
لەم ڕەوەوە من شتێکم لەسەر ئەم پەنابەرر و کۆچبەرانە نەوتووە، چونکە من بە مافی خۆمی نازانم کە بڵێم وەرن یاخود مەیەن ، نازانم ئەو زروفەی کە ئەوانی پاڵپێوە ناوە بە تایبەتی ، چییە. ئەوە بڕیاری خۆیانە بەڵام ئەوەندە دەزانم کە هەر هەبوونی پارە و ماڵ و سەیارەی باش هەموو شتێك نییە، و مرۆڤ بەختەوەر ناکات. ژیانی پڕ لە ئاسایش و سەلامەتی و بوونی ئازادیی و پەیوەندی مرۆڤانە و ڕێزگرتن لە کەسایەتی مرۆڤەکان و نەبوونی غەدر و کەڵەگایی و باندیی سیاسی و دارایی و مسۆگەرکردنی داهاتوی منداڵانت و زۆری دیکە لەم مافە سەرەتاییانە ، نەك هەر زەروورن بەڵکو دەبێت خەبات و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانیان بکرێت. کەواتە نیشتمان هەر ئەوە نییە کە لێی لە دایكبویت، بەڵکو ئەوانەی سەرەوەیە و زۆری تریش، دەنا تاکە پێڵاوێکی دڕاو ناهێنێت ، ئاڵاکەت کلێنکسێك کە قونی پێ پادەکەیتەوە ناهێنیت ، نەك هەر شایانی ڕشتنی خۆێنت و بەرگریلێکردنی نییە ، بەڵکو شایانی ئەوەش نییە کە تاکە تنۆکێك عارەقیشی لە پێناودا بۆ بڕێژیت .
هاوکاتیش ئەوەش دەزانم وەکو زۆرێک لە ئێمە بە گەیشتنیشیان بەم وڵاتانە و مانەوەیان و زامنکردنی ژیانیشیان ئیدی لە هەر ڕێگایەکەوە بێت هەر بەختەوەەریان ناکات و ئاسوودە نابن. هۆکاری ئەمەش زۆرە گەر چی گەلێکیان ناوکۆییە ، بەڵام هەندێکیان ، لە شوێنێکەوە کەم تا زۆر بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێت.
بێ تاقەتی و غوربەت و هەست بە تەنهایی، بە هاوەڵێتی هەتا هەتایی دەمێنێتەوە، فاکتەری سەرەکیش، دابڕانە. دابڕانە لە خودی خۆت، دابڕانە لە سروشتی خۆت و خودی سروشت، دابڕانە لە پەیوەندی و بەهای مرۆیانە ، دابڕانە لە مافی بوونی ئۆتۆنۆمی تاك.
ئەمە خاڵی ناوکۆیی نێوان پەنابەران و کۆچبەران و هاووڵاتیانی وڵاتەکانن. بەڵام ئێمەی کورد پاشخانێکی دیکەشمان هەیە ، ئەویش مێژوی لانی کەم نزیکمان نیشانی دەدات، کە ئیمە هەمیشە وەکو قوربانییەك، وەکو زەلیلێك، نەگبەتێك تەماشامان کراوە و حسابمان بۆ کراوە. لەم ڕەوکردنەشدا هەر ئاوا دەبینرێین. ئێمە تەنها یەکجار قوربانی نەبوین، جێگای بەزەیی و خێر و سەدەقە نەبوین ، بەڵکو مایەی چاولێکردن و ستایشش و نمونەیەکی باش و مرۆڤانە بوین ، کە تەواوی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتە گەورەکانی دیکە لەپاڵ ڕۆژهەڵاتی ناوین –د تا ڕادەیەك پاراست لە تەشەنەکردنی فکر و ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی ، ئەویش جەنگی کۆبانی بوو، کە بەهۆی کوڕ و کچە گەنجەکان و هاوکاری و یارمەتی مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازنی دونیاوە ئەو مێژووەیان دروستکرد . ئەوە تاکە ڕوداو بوو کە ئێمە وەکو قوربانی نەناسراین ، جێگای بەزەیی نەبوین ، زەلیل و کەنەفت نەبوین ، بەڵکو ملبەرز ، مرۆڤدۆست ، نموونەیی بوین .

سەیرە زۆر سەیرە ئێمە بەهەندێك کولتور، روداو ڕاهاتوین، باکمان پێی نییە ، ڕاکردن ، کۆچکردن [ دیارە ئەمە سەرزەنشتی کۆچبەران و پەنابەران نییە] بەمانە ڕاهاتوین ، گەرچی کۆچکردن جۆرێکە لە یاخیبوون کە خەڵکی هەڵیدەبژێرێت ، بەڵام گەر تەماشا بکەین ئەوەی کە ئەمڕۆ بەسەر ئەو کۆچبەرە کوردانە لە سەر سنوری بێلەڕوس و پۆڵۆنیا دێت کە ئەو پەڕی نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت ، ئەمە جگە لە چەشتنی سەرما و برسێتی و تینوێتی و ڕوتوڕەجاڵی و لە دەستدانی خۆیان یاخود منداڵیان و سوکایەتی قاچاخچی لە پێشترا و دواتریش و ئەو ژیانە مەمرە و مەژییەی کە دەیبەنەسەر بە گەیشتتینیان بۆ ئەوروپا تاکو وەڵامێکی ئەرێیینیان دەستدەکەوێت . ئەمانە ئەوەمان دەداتە دەست کە ئێمە گیانی بەرگریکردنمان نییە یاخود زۆر کەمە ، هێزی ڕاوەستانمان لەسەر پێی خۆمان نییە ، دەنا دەیەکێکی ئەوەی کە لەو سەر سنورانە دەچێژین و پێماندەکرێت، بە بەگژاچونەوەی دەسەڵات و خەبات لە پێناوی ئەوانەی کە ئێمە وادەزانین کە گەیشتینە ئەوروپا دەمانبێت ، بکەین بە دڵنیاییەوە بێ لە دەستدانی ئەو هەموو پارەیە کە دەیدەینە قاچاخچی و مەسرەفی ڕێگا، دەتوانین گۆڕانکاری گەورە بکەین . بەڵام ئێمە مرۆڤانی تێشکاوین، زەلیلین، ڕەوکەرین، هەڵهاتوین .
ئەمەی سەرەوە ئەوە ناگەیەنێت کە دەبێت کۆچبەران ئەوە بکەن بە تایبەت کەمن خۆم لە کوردستانا نیم بە ڕەواشی نازانم داوای ئەوەیان لێبکەم . بەڵکو ئەمە تەنها فکرەیەکە لای من کە قابیل بە بیرکردنەوەیە، نە شتێکی دیکە.

زاهیر باهیر
18/11/2021
Zaherbaher.com




لوتکەی کۆنفرانسی بەرگریی لە ژینگە.. زاهیر باهیر

بڕیارە ڕۆژی 1شەمە، 31/10/2021 ، بۆ ماوەی 10 ڕۆژ کۆنفرانسێك لە شاری گڵاسگۆی سکۆتلەندە لەسەر پرسی ژینگە و باشکردنی، بگیرێت. لەم کۆنفرانسەدا وا خەمڵێنراوە کە 124 وڵات بە سەرۆك و دەستوپێوەندەکانیان و بزنسمانە گەورەکانیانەوە کە هەر هەمووی دەگاتە نزیکەی 30 هەزار کەس بریارە بەشداری بکەن. هاوکاتیش پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە زیاتر لە 100 هەزار کەس لەوێ پرۆتێست بکەن .

بەڵام ئایا ئەم کۆنفرانسە هیوابەخشە؟
ئەزموونەکانی ژیان لە سای دەوڵەت و ئیدارەکەیی و بزنس و بزنسمانەگەورەکاندا، تا ئێستا ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە هەتا دەوڵەت و بزنس و بزنسمان و سامانداران هەبن هەرگیز کێشەی ژینگە نەك هەر چاك ناکرێت بەڵکو خراپتریش دەبێت.
بزنس و دەوڵەت و ژینگە دوو هێڵی تەریبین بە یەك و هەرگیز بەیەکدی ناگەن ، هەر یەکەشیان دەکرێت ، لە سەر حسابی ئەوی تریان گەشە بکات. بزنس ژینگە دادەڕزێنێی و ڕوتکردنەوە و برسیبوونی خەڵکانی کە لەسەر ئەو ژینگەیە هەن، ئەركێتی و لە ئەستۆی دەگرێت.
ئەوەی کە لەو 10 ڕۆژەدا ڕوودەدات نۆشکردنی خواردنەوەی نایاب و خواردنی بەلەزەت و دەمەتەقێی نێوان تاوانبار و خۆێنمژ و شەڕهەڵگیرسێنەر و بکوژ و برسیهێنەرەکانن، نەك بنەبڕکردنی کێشەی ژینگە . لە باشترین حاڵەتدا ئەوان تەنها دەیانەوێت کە هاوسەنگییەك لە نێوانی بزنس و تەماحی بزنس و ژینگەدا بکەن و دابنێن، ئەویش لەبەر خاتری بەردەوامبوونی زوڵم و زۆر و پاوانەکردنی دونیا و کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە .
لە نێو ئەو سەرۆکانەی کە بەشداریناکەن لەم کۆنفراسەدا سەرۆکی چین و سەرۆکی روسیایە ، کە هەردوو وڵات کارایی گرنگیان هەیە لەسەر پیسکردنی ژینگە. چین لە سەدا 27 ی دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی دونیا پێكدەهێنێت کە دوو ئەوەندەی دروستکردنی ئەو غازەیە کە لە لایەن ئەمەریکاوەیە و چوارقاتیش هیندستان.
زۆرێك لە سەرۆکی بانقە گەورەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و خەڵکە ساماندارەکان بەشداری دەکەن . کە لەوانە ، هەر بۆ نموونە ؛ سەرۆکی بانقی جیهانی، David Malpass ، کە لە ساڵی 2016 دا لە ئیدارەکەی ترامپ-دا دەستبەکار بووە، بەشداردەبیت . ئەم کابرایە پێش ئەوەی کە دۆناڵد ترامپی ئەنتی ژینگە لە ساڵی 2019 دا هەڵیبژێرێت بۆ سەرۆکی بانقەکە، خۆی دژ بە ڕیفۆرم بوو لە ژینگەدا. دەیڤد لە ساڵی 2020 دا بە گوێرەی راپۆرتەکان ، ئەو نکوڵی لەوەدەکرد کە گەرمی جیهان [ گڵؤبەڵ وەرمینگ، global warming ] دەستکردی پیاو بێت [ مەبەستی ئەوەیە کە خۆی و ئەوانی دیکە سوچێکیان نییە لە خراپبوونی بارودۆخی ژینگەدا]. هاوکاتیش بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دیکە بانقی جیهانی لە ئێستادا هاوکاری و یارمەتی ئەندەنوسیا دەکات لە پرۆژەی زیاتری fossil fuel لەو وڵاتەدا .
هەر بە تەنها ئەو کابرایە نییە کە ئەم راگەیاندنانە دەدات و بە عەمەلیش کار لەسەر وێرانکردنی زیاتری ژینگە و دانیشتوانەکەی دەکات. زۆربەی زۆری سەرۆکی کۆمپانیاکانی دیکە و گەلێكیش لە سیاسییەکان و بازرگانەکانیش هەمان ڕاو بۆچوونیان هەیە . جا ئایا دەکرێت لە کۆنفرانسێكدا کە بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگە تەرخان کرابێت ، کە ئەمانە پلاندانەر و چاککەری بن ، چاوەڕوانی یاخود هیوایەکی باشی لێبکرێت ؟ من بەش بەحاڵی خۆم زۆر بێ ئومێدم، هەر زۆریش.

Zaherbaher.com

29/10/2021




کارایی گۆشت لەسەر تەندروستی و ژینگە.. زاهیر باهیر

گۆشت بە هەموو جۆرەکانییەوە ئەوەندە بزنسێکی گەورەیە ژینگەی بۆ وێرانکراوە و بە سەدەها توێژەروە و زانایانی بەرگریکەریش لێی، بۆ بەکرێگیراوە. هاوکاتیش توێژەروان و زانایانێك کە لە ڕاستی مەترسی گۆشت هەم بۆ سەر تەندروستی و هەم لەسەر سروشت و کۆمەڵ هەن و لە هەوڵێکی زۆردان بۆ گەیاندنی ئەو حەقیقەتە. ئا لەم بارەیەوە بە سەدەها وتار و نامیلکە و کتێب نوسراون .

لەم ڕۆژانەشدا ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی هەر زۆر بە کورتی هەندێك ئاماری لەسەر پرسی گۆشت و خواردنی بڵاوکردەوە، بۆ نمونە لە ئەوروپادا نزیکەی یەك ملوێن کەس لە بزنسی گۆشتدا کاردەکەن زۆربەشیان لە هەلومەرجێکی زۆر خراپدا ئەم کارە دەکەن. زۆرێك لەم کرێکارانە کرێکارە کۆچەرەکانن واتە بێیانە، کە لە سەدا 40 بۆ 50 کرێ کەمتر لەو کرێکارانە وەردەگرن کە ڕاستەوخۆ لە لایەن کۆمپانیاکانەوە خراونەتە کارەوە. ئەو پارەیەی کە خراوەتە ئەم بزنسەوە 190 ملیار پاوەندی ستێرلینییە. یەکێك لەو کۆمپانیانە لە هۆڵندەیە و گۆشت دەنێرێتەدەرەوە، پار ساڵ بایی 7.5 ملیار پاوەند گۆشیان هەناردەکردوو. لە سەدا 90 هێزی کاریش لەوێ کرێکارە بێیانەکانن / کۆچەرەکانن کە کۆنتراکتیان کاتییە و هەر کات بەڕیوەبەری یاخود ئیدارەی کۆمپانیاکە بیەوێت دەتوانێت دەریان بکات و هیچ مافێکیشیان پێنەدا. هۆکاری کارکردنی کرێکارانی بێیانە لەم بوارەدا ئەوەیە کە خەڵکی لۆکاڵ نایانەوێت لە بزنسی گۆشتدا کار بکەن بە هۆی خراپی هەلومەرجی سەر کارەکەوە.

گاردیان باس لەوە دەکات کە بریتانییەکان خواردنی گۆشتیان بە بڕی لە سەدا 17 لە ماوەی دەیەیەکدا، کەمکردۆتەوە بەڵام هێشتا ئەمە کافی نییە و دەکرێت کە ئەم ڕێژەیە بۆ مەبەستی تەندروستی و بۆ ژینگەش زیادبکرێت بۆ لە سەد30 دەنا هاووڵاتیان زەرەرمەند دەبن.
لە بریتانیا نەخۆشییەکانی وەکو جۆری نەخۆشی دڵ و شەکرە و قۆڵۆن و لەبیرچونەوە و هەندێك جۆری شێرپەنجە، خواردنی گۆشت ڕۆڵێکی گەوەرەی لەسەریان هەیە. هەر لەبەر ئەمەشە کە حکومەت ستراتیجییەتی دە ساڵی ئایندەی کەمکردنەوەی گۆشتە بە بڕی لە سەدا 30 .
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە جۆنڕاڵی Lancet Planetary Health بڵاوکراوەتەوە لە نێوانی ساڵانی 2008/09 بۆ 2018/19 بڕی بەکارهێنانی گۆشت لە ڕۆژێکدا لە 103 گرامەوە کەمبوەتەوە بۆ 83 گرام. تووێژینەوەکە وردتر دەبێتەوە تا ئەو رادەیەیەی کە دەڵێت لە خواردنی گۆشتدا 13.7 گرام لە گۆشتی پرۆسەکراودا 7 گرام کەمکراوەتەوە و هاوکاتیش لە گۆشتی سپیدا بە 3.2 گرام زیاتر بەکارهێنراوە.
توێژینەوەکە خاڵێکی سەرسوڕهێنەری خسۆتە ڕوو، ئەویش ئەوانەی کە لە نێوانی ساڵانی 1980کان و 90کان لە دایکبوون گۆشتخۆرێکی سەیرن ، هەروەها ئەوانەشی کە لە دوای 1999 وە لە دایکبوون تاکە گروپێکن بە تێپەڕبوونی زەمەن زیاتر گۆشیان خواردووە . هاوکاتیش نەوەی نوێ ئەوانەی کە 19 ساڵ و منداڵترن ژینگە و پاراستنی ژینگەیان لا زۆر مەبەستە و کەمکردنەوەی گۆشتخواردن لایان زۆر گرنگە.
توێژینەوەکە نیشانی دەدات کە خواردنی 70 گرام زیاتر لە گۆشت لە ڕۆژێکدا مەترسی لەسەر تەندروستی دروستدەکات، بە دوورکەوتنەوە لە گۆشت و دەستکەوتنی پرۆتینی تەواو خواردنی نیسك و دانەوێڵە و چەرەسات و فاسۆالیا و لۆبیا و زۆری تر لە چەشنی خواردنە ڕووەکیەکان یارمەتیدەرێکی گەورەن لە هەموو ڕویەکەوە.

کارایی گۆشت لەسەر ژینگە:
لە توێژینەوەیەکی دیکەدا ئاوا بەرچاو خراوە کە نزیکەی لە سەدا 60 ی غازی گرینهاوس [Greenhouses ] لە ئەنجامی پرۆسەکردنی خوراکەوەیە، لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنانی گۆشت لە جیهان دووجار دەبیتە هۆی پیسکردن، هەر ئاوا خۆراکێكیش کە لە ڕووەک پەیدادەکرێت. ئەمەش بە هۆی پەروەردەکردنی ئاژەڵەوە بۆ مەبەستی خواردن. ڕژێمی خواردن بە بەرهەمهێنانییەوە و بە بەپیتکردنی بە هۆی مادەی کیمیاوییەوە و گواستنەوەیەوەی گۆشت و شیرەمەنییەکان لە ساڵێکدا نزیکەی 1.7 ملیار تەن مەتری لە غازی گرینهاوس دروستدەکات. هەر بە تەنها ئەمەریکا لە سەدا 35ی ئەو غازە دەردەکات .
بەخێوکردنی ئاژەڵ و سەربڕینیان زۆر زۆر خراپە بۆ ژینگەیەك کە بۆ بەرهەمهێنانی سەوزە و خواردنی ڕوەکی و میوەیە. بەکارهێنانی بەرهەمی بەراز و ئاژەڵەکانی تر و هەروەها گیانلەبەرەکانی دیکە بە بڕی لە سەدا 57 بەرپرسیارن لە دانەوەی غازی دووەم ئۆکدسیدی کاربۆن لە بەرانبەر هەموو خواردنی بەرهەمهێنراودا. توێژینەوەکە دەڵێت لە سەدا 29ی دەرکردنی یا دانەوەی ئەو غازانە لە ئامادەکردنی خواردەمەنی ڕوەکیەوەیە.
پەروەردەکردنی ئاژەڵ پانتاییەکی گەورەی زەوی دەوێت کە ئەمەش دەبێت دارستان و جەنگەڵەکانی بۆ ببڕیتەوە هەر ئاواش ئامادەکردنی پانتاییەکی گەورەتر بۆ ئامادەکردنی خۆراکیان. بۆ بەرهەمێنانی گۆشت پیویست بە بە ئامادەکردنی خواردنی زیاتر بۆ ئاژەڵ هەیە و ئەمەش یانی زیادکردنی غازی دووم ئۆکسیسد. بۆ بەرهەمهێنانی یەك کیلۆ لە دانەوێڵە 2 کیلۆ غازی گرینهاوس دروستدەبێت بەڵام بۆ بەرهەمهێنانی یەك کیلۆ گۆشتی گوێرەکە 70 کیلۆ دانەوەی غاز دروستدەبێت.
زانەکانی ئەو بوارە باوەڕیان وایە لە مەسەلەی گۆشتخواردندا دەبێت بیر لە گۆڕینی ستایەلی ژیان بکرتێتەوە، دەڵێن گۆشتخواردن بووەتە ئەو کولتورە کە لە ئێستادا هەر یەکێك لەم سەرزەوییە 3 مریشك خواردنێتی.
ڕاپۆرتێکی بەشی کشتوکاڵ و خۆراك لە UN دەڵێت لە سەدا 14ی دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرهەمی گۆشت و شیرەمەنییەوە دێت هەروەها گۆڕانی ژیگەش پشکی گەوەرەی بەردەکەوێت لە برسێتیدا. هەر ئەو ڕاپۆرتە دڵنیایی ئەوە دەکاتەوە کە سێیەکی خۆراك لە جیهاندا لە مەترسیدایە ئەگەر بەرهەمەهێنانی گرینهاوس کە بڕێ زۆر لە غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، دەداتەوە، لەم بڕەی ئێستای زیاتر ببێت.
ئەمە کورتەیەکی ئەو توێژینەوانە بوو کە توێژینەوەیەکی مەیدانی بووە کە لە 200 وڵاتدا بەڕێکراوە و دەرکەوتووە کە ئەمەریکای لاتین زیاترین پشکی دانەوەی غازی بەردەکەوێت بەهۆی خواردنی گۆشتەوە، بەدوای ئەوێشدا خواروی ڕۆژەهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و پاشان ولاتی چین، دێت . خواردنی گۆشت بە هۆکاری گۆڕانی کولتور و تا ڕادەیەك باشبونی ژیانی خەڵکەوە لە هیندستان و لە چین-دا لە نێوانی گەنجانا لە هەڵکشاندایە.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
15/10/20




لە مەزاتخانەی هەڵبژاردندا.. زاهیر باهیر

” نوێنەرەکانی” میللەت ئەمجارەش داوامان لێدەکەن بیانخەینەوە سەر کورسی دەسەڵات ، بیانبەینەوە بەر ناز و نیعمەت ، بیانکەین بە توێژاڵێکی باڵادەستی سەرو خۆمان، بۆ دەستدرێژیکردنە سەرمان و خواردنی مافەکانمان، بۆ خواست و مەبەستی تایبەتی، نەک ئێمە، بەڵکو خۆیان.
ئەمڕۆ مەزاتخانەیەك لە عێراق و کوردستاندا دانراوە، بەڵتەچییەکان، ناشیرترین و فێڵبازترین کەسانی ” نیشتمان” لەو مەزاتخانەیەدا خۆیان هەڕاج دەکەن، بە نرخێکی گەلێك گران ، نەك هەرزان . نرخێکە کە تۆ ئومێد و توانا و ویژدان و خواستی خۆتی بۆ 4 ساڵ یاخود زیاتر پێدەفرۆشی، ویژدانی خۆت لەدەستدەدەیت، قسە و متمانەی خۆت لە بەین دەبەیت، دواتریش پەشیمانیت دادت نادات.
ئێمە لە بەرانبەر ئەزموونێكی تێشکاوی نەك هەر کوردستانیی یاخودی عێراقیی بەڵکو جیهانی شکستخواردووداین ، ئێمە لەبەردەم گەورەترین درۆی مێژووییداین ، درۆیەك کە چەند سەدەیەکە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا چەندبارە دەبێتەوە، هاوکاتیش ئەم پرۆسەیە لە عەوێزەی گۆڕانکارییە لاوەکییەکانیشدا نەهاتووە. لە باری چاککردنی ژیانی خراپی خەڵکیدا نییە، گەندەڵیی، نەبوونی ئازادیی و دادوەری کۆمەڵایەتی و نایەکسانی بنەبڕ ناکات، کێشەی چینایەتی و پلەداریی [ هیرراشییەتی] نێو کۆمەڵ چارەسەرناکات ، کێشەکانی وەکو بێ خانووبەرەیی، بەتاڵەیی، گرانی پێداویستییەکانی ژیان، زوڵم و زۆر، هەڵاواردن و جودایی نێوان نەتەوەکان، ڕەگەزەکان دەستکاری ناکات.
لەم پرۆسەیەدا ئێمە نوێنەرانی بزنس و سامانداران و هەڵدەبژێرین، خزمەتکاران و پارێزەرانی دەوڵەت و سیستەمەکە، هەڵدەبژێرین، ئەوانەی کە دەستنیشانیان دەکەین تەنها ئەوانەن کە بەجێهێنەری یاخود جێبەجێکاری فرمانەکانی هێزە ڕەش و تاریکەکانن، بەجێگەیاندنی ئەجەندە شاراوەکانی کۆمپانیا زەبەڵاحەکان و بانقەکان و هەرە ساماندارانی جیهانین، ” نوێنەر” ەکانی ئێمە تەنها فرمانە سەپێنراوەکانی ئەوان شەرعیەت پێدەدەن، بۆمان دەکەنە یاسا و یاساکەش دەئاڵێتە گەردنمان و سڕمان دەکات، توانامان دیاریدەکات، ڕوانگە و بیرکردنەوەمان نا کارا دەکات.
گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لەوێوە و بە هۆی ئەو ” نوێنەرانەمانەوە” ناکرێن گەر ئەوانە بکرانایە هەر دەمێك بوو هەڵبژاردن یاساخ کرابوو. ئاخر دەچێتە ئاوەزی کێوە کە خەڵکانی دەستڕۆیشتوو پرۆسەیەك بۆ تۆ ڕەواببینن، کە خۆیان زەرەرمەند بکات؟!!
لە ماوەی 4 ساڵ یازیاتر ئەوەی کە ئێمە هەڵیان دەبژێرین تەنها پەنجە هەڵبڕین و دەنگدانە بە هەندێك کێشە و پرسی لاوەکی ، هەموومان ئەوانەمان بینیوە. ئەوەی کە گرنگە و دێتە پێشەوە لەو ماوەیەدا کە ئەو ” نوێنەرانە” متمانەیان پێکراوە، هیچیێك لەو پرسە سەرکەییانە ناهێرێنە ناو دیوەخانەکە، لە پشتی ئەمانەوە قسەی لەسەر دەکرێت و دەرگای بۆ ئاوەڵا دەکرێت، یاخود هەر بە ئۆتۆماتیکی پرسەکان خۆیان بەڕێدەچن، زۆریان ڕەنگە لە تەمەنماناد هەر نەزانیین، چی کراوە و چی بووە.
سەرەڕای ئەوانەش ئەوەی کە دەسەڵاتی فیعلی هەیە پۆلیسێكە لەسەر شەقام، سەربازێکە ئەمنێکە لە خاڵی چاودێری و پشکنینا، بەڕیوەبەری قوتابخانە ، خەستخانە دائیرەیەکە ، سەرۆکی کۆمپانیا یا بانقێکە، دادگایە، سەرۆکی پۆلیسە ، ئەمنە ، جێنڕاڵێکی نێو سوپایە، سەرۆکی خێزانێکە یا تیرەیەك یا هۆزێکە. هەرچی بێتە سەر تەختی فرمانداریی یا هەر کەس بە ” نوێنەرت” هەڵبژێریت ئەم دەسەڵاتانەی سەرەوە کە بەشێکی زۆر کەمن ناگۆڕێن و بگرە مەترسیدارتریش دەبن.

ئەی جێگرەوە [بەدیل] چییە؟
بەدیل دەنگنەدانە و گەیاندنی پەیامە بە دەسەڵاتداران کە کورد وتەنی ” ئەو خورمایەی ئەوان خواردویانە، دەنکەکەی لە گیرفانی ئێمەدایە” . دەنگنەدان پلەی هۆشیاری سەرەتایی خەڵکە ، هەنگاوی گرنگی یەکەمە.
هەنگاوی دووهەم خۆڕێکخستنمانە لە شوێنی خۆێندن و سەرکار و گەڕەك و گوندە. تاوو توێکردنی ئەم ئەزموونە شکستخواردوەیە، دۆزینەوەی ڕێگای نوێیە لە بەرگریکردنی لە خۆمان و لە بەدەستهێنانی ویست و داواکاریەکانمانا، پشتکردنە پارتەکان و بازاڕکردن بۆ شتە ناپێویستییە زیادەکانە، بەگژاچوونەوەی نەریت و خویەکە کە ئێمە هەموومان پێی نەیارین، بەڵام ناچارکراوین، ئەو خوو نەریتانەی خەسڵەتی جیهانگیرییە . کردنی کۆبوونەوەی فراوان و قسەکردنە لەسەر کێشەکانمان و دانی بڕیارەکانە بە دەستەجەمعی لە ڕێگای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە. کە هەموو کەس مافی دەنگدان و قسەکردن و لێدوانی لەسەر تەواوی پرسەکان و کێشەکان هەیە تا ئەو ڕادەیەی کە ڕای تاکە کەسێکیش کە گەنجێکی 14 یا 15 ساڵ بێت وێرای جیاوازی ڕاو بۆچونی دەکرێت، زۆر بە هەند وەرگیرێت. کردنی کاری هەرەوەزییە و کۆمەك و یارمەتی هەرەوەزیانە ، ژیانی هەروەزیانەیە. ژینگە دۆستی و پاراستنی و ژیانی هارمۆنیانە لەگەڵ سروشتدایە، کردنی کۆمەڵە بە کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجیی.
ئەوەی کە گرنگە لەو کۆبوەنەوە گشتیانەدا ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە نوێنەرایەتییەکە، واتە ڕەتکردنەوەی بیرۆکراییەت. ئەوەی کە بەڕیوەدەبرێت و دەبێتە سیستەم لەوێدا بوونی ‘ نێردەرە’ یاخود ‘ ڕاسپێرەر’ واتە وەڤد یاخود مەندوب کە ئەرکی ئەمان لە ناردنیانا بۆ هەر شوێنێک تەنها گەیاندنی ڕاسپاردەکانە و هێنانەوەی وەڵامە بۆ کۆبوونەوەکانی خەڵکی، لەمە زیاتر هیچ مافێکیان نیە بە سازشکردن یا قەبوڵکردنی شتێك، یا خاڵێك لە دەرەوەی ئەوەی کە پێیان وتراوە یا ڕاسپێرراوە.
ئەمانە ڕێگا سەرەتاییەکانن، من دەڵیم راستەکانن لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانمانا. چارەسەری سەرەکی لەوێوە هەنگاو دەنرێت بە بڕیار و ڕازیبوونی هەموان لە کۆبونەوەکانا ، کە خۆیان باشتر لە خەڵکانی دەرەوەی خۆیان، دەیزانن.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
06/10/2021




فەلەستینی ئازاد: یانی چی؟* مازن کەمالمازن.. و: زاهیر باهیر

ئازادیی بۆ فەلەستین!! کێ دەتوانێت بڵێ نا… تەنانەت مستەر بایدن-یش بە گوێرەی بۆچوونی تایببەتی خۆی ئەم داخوازییە پەسەنددەکات … بەڵام بۆچی بە تەنها بۆ فەلەستینییەکان؟ وەڵامی ئەوەش ئاسانە: چونکە خەڵکێکی سەرکوتکراون … بەڵام لە ڕاستییدا ئەمە یانی چی؟ ئایە ئەمە یانی ئەوەی کە حوکمی خاكدەکات دەبێت فەلەسەتینییەکان بن نەك ئیسرائیل: حوکمڕانانی: پۆلیس ، پاسەوانی بەندیخانەکان، دادوەرەکان، لە سێدارەدەران، ئەوانەی کە گەمە بەڕای گشتی دەکەن، دەستەبژێرانی ئابووریناس و ئەوانەی لە بەشی داراییدا کاردەکەن….تد دەبێت فەلەستینی بن … ئەوەش ” دەسەڵاتێکی شەرعیانەیە” کە پەسەندی عەرەب بەسەر ” هاووڵاتیانی” دیکەدا دەکات، کە عەرەبن، بە تایبەتیش موسڵمانن، کە دەتوانن خراپەکاریی و کەڵەگایی بەسەر غەیرە-عەرەب و دراوسێیانی غەیرە موسڵمان یاخود تەماشاکەران، بکەن….
مرۆیانە نییە داوا لە فەلەستینییەکان بکەیت دوای چەند تەمەنێك کە خراپەیان بەرانبەر دەکرێت و تا ڕادەیەك لە لایەن هەموو کەسێکەوە یارییان پێدەکرێت، ئیتر جوولەکە یا موسڵمان بێت ، ئیسرئیلی یاخود عەرەب بێت، کە ئاوا بیرنەکەنەوە…
وەسفی تۆ بۆ ئەم بارودۆخە، دەکرێت ئازادیی بوونی دەوڵەت بێت ئەگەر تۆ یەكێك لە سوودمەندەکانی ڕێکخستنی نوێی بەرتەلەکان بیت. بەڵام ئەوانەی کە لە بەندیخانەکاندان، لە خانووە سەر بە پووش و لەوحگیراوەکانا دەژین ، لە جۆرەکانی کامپە زۆرەملێییەکانی وەکو خەستەخانەکانی نەخۆشی دەرونی و عەقڵیی، ئایا هەمان شتە یاخود خراپتر….؟
باوەڕت بێت یا نا، سەرکوتکردنی خەڵکی لە لایەن حەماسەوە خراپترە و زۆر دڕندانەتر لە هی ئیسرائیل…… فەلەستینیییەکان دەتوانن ناڕەزایی دژ بە سەرکوتکردنی ئیسرائیل بکەن، بەڵام نەك دژ بە حەماس .
پاش قوربانیدانی یەك ملیۆن کەس بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، وەکو گەنجێکی جەزائیری وتی، ئەم گەنجانەی جەزائیر زیاتر قوربانیدەدن بۆ دەربازبوون لە دەوڵەتە سەربەخۆیەکەیان، تاکو بگەنە خاکی سەرکوتکەرەکەی پێشتریان و دووبارە ببنە فەرەنسی.
ئەوە خاڵێکی کۆڵۆنالیزم نییە، خاڵێکی گەورەیە دژ بە دەوڵەتەکە، هەموو دەوڵەتەکان، هەموو جۆرەکانی ، لێگەڕێن با ” ئازاد” بێت یا نا، ” کۆڵۆنی” بێت یا نا ….
ئیسرائیل دەوڵەتی داگیرکەرە؟ کێ هەیە نکوڵی ئەوە بکات!!
بەڵام ئایا کەسێك دەتوانێت خەیاڵی ئەوە بکات یاخود ئەوە بلێت کە دەوڵەت داگیرکەر نییە، کۆڵۆنیال نییە؟ بی گومان دەتوانین ….. هەموو دەوڵەتە ” لاوازەکان” خۆیاندەپارێزن لە هێڕشکردنە سەر دراوسێکانیان و خۆیان دەگرن لە داگیرکردنی نەتەوەکانی دیکە کە دەتوانن سەرکەوتوانە بەرگری لە خۆیان بکەن …..بەڵام بۆ بەدبەختی کەسێك ناتوانێت بڵیت و دڵنیابێت کاتێك کە بەهێزتر دەبن لە دراوسێکانیان، چۆن ڕەفتاردەکەن……کێ دەتوانیت دڵنیابێت لەوەی پیاوانی دەوڵەتی ئازادی فەلەستین، یاخود جێنراڵەکان هەوڵی داگیرکردنی درواسێیانی عەرەب و غەیرەعەرەب، ئەگەر بتوانێت، نادات.
لە وشەیەکدا: دەوڵەتی فەلەستینی یانی ئازادیی نییە، تەنانەت خۆشگوزەرانی باشتریش نە بۆ فەلەستینییەکان، هەتا بۆ دراوسێکانی هەموو کەسی دیکە، نییە ….
دواوشە بۆ خەڵکانی گەنج کە عاشقی نەژاد، نەتەوە، دین …تد ی دایك و باوك و باپیرانیانن و ئاوا بیردەکەنەوە کە باشترە لە وانی دیکە و شایستەی سەرکەوتن و کۆنترۆڵکردنی هەموو کەسێکی دیکەن، تۆ زۆر ئەلتەرناتیڤی گونجاوت هەیە کە لێیان هەڵبژێریت، بەڵام ئەنارکیزم یەکێك نییە لەوانە!!!
مازن کەمالمازن

  • – ئەمە وتارێکی مازن کەمالمازنە، ئەنارکیستێکی چالاکی سوریایە کە سەبارەت بەم شەڕەی دوایی لە نێوانی فەلستینییەکان و ئیسرائیلد لە 06/05/21 ڕوویدا، نوسیوێتی. منیش بە هۆی بەهێزیی و باشی وتارەکەوە لە ئینگلیزییەوە کردومە بە کوردی.

24/05/2021
و: زاهیر باهیر




دەوڵەت و دەسەڵاتی بزنس.. زاهیر باهیر

ماوەیەك لەمەوبەر لە دەمەتەقێیەکی درێژدا لەگەڵ برادەرێکی زۆر نزیکمدا، کە ئەنارکیست نییە، ئەو باوەڕی وابوو ئایندەی بەشەرییەت جۆرێك لە سۆشیالیزم دەبێت، بەڵام نەك ئەو جۆرەی کە ئەنارکیستەکان دەیانەوێت.
برادەرەکەم بۆچوونی وابوو کە پێویستیی دەوڵەت وردە وردە لە کەمبوونەوەدا دەبێت، تا ڕادەی پێویستی نەبوون، تاکو ئەوەی کە کۆمەڵ چی تر لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەنابرێت. پاساوی برادەرەکەم ئەوە بوو کە ئەندامانی کۆمەڵ خۆیان زۆر بە ئاگا دەبن، هۆشیاردەبن و بەرپرسیاردەبن کە یەك ئاگای لەوی تر دەبێت و ئاگاشیان لە کۆمەڵ دەبێت. کۆتایی قسەکانی بەوە هێنا ” مادام کۆمەڵ لە لایەن ئەندامەکانیەوە بەڕێوەدەبرێت ئیدی دروستکەرانی یاسا ناپێویست دەبن” .
بێ گومان ئەنارکیستەکان قسە لەسەر سۆشیالیزم دەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی پلانبۆکراو نا، ئەوەندە هەیە کە کۆمەڵ، کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناقوچکەیی دەبێت. ئەنارکیستەکان نەخشەی داهاتوی کۆمەڵ ناکێشن کە چۆن ببێت و چۆن بەڕێوەببرێت. ئێمە وا بیردەکەینەوە و کاری هاوبەش بۆ دروستکردنی کۆمەڵێك دەکەین کە لە لایەن هەمووانەوە کۆنترۆڵبکرێت، بەڕیوەببرێت. لەو کۆمەڵەدا کەسێکی بەرپرس نابێت کە هەیمەنەمان بکات و بمانچەروسێنێتەوە، کۆمەڵێک دەبێت، بێ بەڕێوەبەر، بێ خاوەنخانوو، بێخاوەندارێتی تایبەتی و بێ حکومەت. ئێمە بە وردی و درێژی باسی ئایندە ناکەین، ئەوە کاری ئەوانەیە کە لەو کۆمەڵەدا دەژین، کە چۆن ڕێکیدەخەن، چۆنیش خۆیان بەڕێدەخەن.
لێرەدا چەند پرسیاێکی سەرەکی و بنەڕەتی دێتە پێشەوە. ئایا ڕۆڵی دەوڵەت لەناو دەچێت کاتێك کە کاپیتاڵیزم بەهێزتر دەبێت؟ ئایا دەوڵەت وردە وردە لەخۆیەوە وندەبێت یاخود خۆی هەڵدەوەشینێتەوە؟ ئایا تیئوری نیولیبراڵ شکستیهێنا لە کەمکردنەوەی هەندێك یاخود هەموو وەزیفەکانی دەوڵەت ؟ ئەگەر ئاوایە، بۆچی لە ئێستادا بەهێزیی دەوڵەت لە هەموو سەردەمەکانی پێشتری دەبینین؟ بێ گومان زۆر پرسیاری دیکەش سەبارەت بەم بابەتە، هەن.
با هەر بە کورتی لە مێژوی نوێی دەوڵەتەوە، لیبرالیزم، تئیوری نیولیبرالیزمەوە دەستپێبکەین. زۆرێك لە ئێمە دەزانن مێژوی دەوڵەت کۆنە، لانی کەم دەگەڕێتەوە بۆ 10،000 ساڵ، ڕەنگبێت درێژتریش، بە قۆناخی جیا جیادا تێپەڕیوە و گەشەی کردووە هەر ئاواش وەزیفەکانیشی جیاواز بووە بەگوێرەی ئەو کۆمەڵەی کە لێوەی سەری دەرهێناوە. دەوڵەت وەختێکی زۆری ویستوە تا گەیشتوە بەم شیوە مۆدیرنەی ئێستای.
دەوڵەت بە هەر قۆناخێکدا تێپەریبێت لە ڕوی مێژووییەوە یاخود وەکو ئێستای، هەمیشە ململانێی گەورەی لەگەڵ بزنسدا هەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ لایەکیان ناتوانن بە بێ ئەوی دیکەیان بژین، بەڵام هەر یەکەیان بۆ بەرژەوەندی خۆی دەیەوێت ئەوەی دیکەیان بخاتە ژێرفرمانییەوە.
لە ئێستادا دەوڵەت وا دەبینرێت کە وەزیفەکانی خۆی بەرجەستەکردووە، لە جەوهەریدا باوەشی بە ئابووریی لیبراڵ و تیئوری نیولیبراڵدا کردووە. لە کاتێکدا کە دەوڵەت بەتەواوی ناگونجێت لەگەڵ بەشەکانی بزنسدا بە گشتی و لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانا بەتایبەتی ، کۆمپانیا گەورەکان هەمیشە لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکدان بۆ ریفۆرمکردنی دەوڵەت بۆ بەرژەوندییەکانیان و گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
یەكێك لە هەوڵە سەرەکییەکان کە بۆ ڕیفۆرمکردنی سیستەمی ئابوریی لە چەرخی ڕابوردوودا، درا ، نیولیبرالیزم بوو. گروپێك لە لیبراڵەکان ویستیان کۆمەك بە شێوازی بازاڕی ئابووریی بکەن، پڕۆگرامێکیان لە کۆبوونەوەیەك کە لە پاریس لە ساڵی 1938 دا کرد، دانا. لەوانەی کە نوێنەربوون دوو پیاو کە پێناسەی ئیدۆلۆجییان دەکرد ، Ludwig von Mises و Friedrich Hayek بوون. ئەوان باوەڕیان بە دەرفەتدانی تاك بوو، بە بڕوای ئەوان حکومەت بەربەستێکی گەورەیە لە ڕاوەستانی گەشەی تاكدا. هاوکاتیش نیولیبراڵ خۆشحاڵە بە تاك و تاکگەرایی دژ بە ” بەدەستی جەمعی کۆمەلایەتییە” وەکو چۆن مارگرێت تاچتەر وتی. لە ساڵی 1944د Friedrich Hayek لە Road to Serfdom جەدەلی ئەوەی دەکرد ” پلانەکانی حکومەت کە تاك و تاکگەرایی تێدەشکێنێت، بێ هوودە بەرە و کۆنترۆڵی تۆتۆلیتاریانە ملدەنێت”
لە ساڵی 1947 دا Friedrich Hayek یەکەم ڕێکخراوی دروستکرد کە کاری بڵاوکردنەوەی دۆکتەرینی نیولیبراڵیزم بوو، کە لە ڕووی داراییەوە لە لایەن ملیۆنەرەکان و دەزگەکانیانەوە، کۆمەکی پێکرا.
دۆکتەرینی نیولیبرالیزم زۆر چڕو پڕ بوو لەبارەی ئامانجی ئازادکردنی کەرتە گەورەکانی بزنس لەدەست دەوڵەت بۆ بەتایبەتکردنیان، بوو. بەکورتی دیدی Hayek ئەوە بوو کە حکومەت بەری مونافەسە نەگرێت دەربارەی مۆنۆپۆلیکردن. ئیدۆلۆجی نیولیبرالیزم پوکانەوەی دارایی لەگەڵ خۆیدا هێنا، کارەساتی ژینگە، هەتا داڕمانی هێواشی کەرتی گشتی تەندروستی و پەروەردە و فێرکردنیشی گرتەوە. بە ڕوونی هەڵگیرسانی جەنگ بوو لە هەموو بەرەکانا دژ بە کۆمەڵ، ئەمەش نەك هەر قەیرانی ئابووریی خولقاند، بەڵکو قەیرانی سیاسیشی دروستکرد .
لە لایەکی ترەوە ، سیاسەتی ئابووری کینزیی هەبوو ، ئەم سیاتەش لە لایەن ئابووریناسی بریتانییەوە، John Maynard Keynes لە ساڵانی 1930 کانا کێشرابوو. تئیورەکەی کینز وەڵامێك بوو بە قەیرانە مەزنەکەی بریتانیا، کە ئەو زۆر بە توندی ڕەخنەی لە تئیورەکانی ئابووریی پێشتر، کرد، کە ئەو بە “classical economics ” ئابووریی کلاسیکیانە، ناوی دەبردن. ئەو باوەڕی وابوو کە دەستتێوەردانی حکومەت بۆ مۆدیرەکردنی پرسی گەشە و داڕمان لەچالاکی ئابوورییدا، زەروورە.
لە سەراپای 1950 کانا، هەژموونی کینز لە پلەی باڵادا بوو ، ئەوەش کاتێک گەشە و پێشەوەجوونی ئابووری سەرمایەداریی لە سەرا بوو کە بڕی گەشەی ئابووری و کەمی بەتاڵە، لە باڵادا بوو. ئەمەش لای سەرۆکی پێشینەی ئەمریکا ڕیجارد نیکسۆن، وا دەنگی دایەوە کە بڵێت ” ئێمە ئێستا هەموومان کینیزین “.
سیاسەتەکانی کینز زۆر بڕیان نەکرد. لە کۆتایی ساڵانی 1960 کانا گۆڕانێکی گەورە ڕوویدا و پارسەنگەکە گۆڕا هەوەها ئەوەش دەرکەوت کە ئاڕاستەی ئابووریی بەرەو بەتایبەتکردنی کەرتە ئابوورییەکان دەڕۆیشت. بە گوێرەی قسەی ئەم دوو ڕۆژنامەوانە لە بەشی ئابووریدا Larry Elliott و Dan Atkinson ” ساڵی 1968 ساڵێکی گرنگ بوو کاتێك کە پاوەر ئاڕاستەی خۆی گۆڕی بەرەو کەرتە تایبەتەکانی وەکو یاریکەران بە دراو” سیاسەتە ئابوورییەکانی کینز بە فەرمی لە ساڵی 1979 دا، حکومەت دەستبەرداری بوو، بەم شێوەیە سیاسەتەکانی کینز درزی تێکەوت و تێشکا و قەیرانی ئابووریش قوڵتر بووەوە. ئا لەو کاتەدا Milton Friedman وتی ” کە وەختی هات تۆش دەبێت بیگۆڕیت…چونکە جێگرەوەی ئامادکراو هەبووە کە هەڵیبژێریت”
کاتێك کە مارگرێت تاچتەر و ڕۆناڵد ڕێگن دەسەڵاتیان گرتەدەست، ئیتر تەواوی پاکجەکە، هەر زوو بە دوویدا دێت : کەمکردنەوەی بڕی زۆری باج لەسەر دەوڵەمەندەکان ، تێشکانی نقابەکان، ئاوەڵاکردنی دەستی بزنس بە شلکردنی یاساکان، بەتایبەتیکردنی کەرتەکانی دەوڵەت . هەموو ئەمانەش هاوپشتییان لێکراو کۆمەکیان پێکرا لە لایەن دامەزراوە فرەجۆرەکانی وەکو صندوقی دارایی نێودەوڵەتان، بانقی جیهانی ، پەیمانی ماستریخت و ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی ، بەم شێوەیە سیاسەتی نیولیبراڵ سەپێنرا بێ بوونی ڕەزامەندی دیمۆکراتیانە. لەوەش ئاشکراتر ئەم سیاسەتانە لە لایەن پارتەکانی کە خۆیان بە چەپ دەزانی، قۆزرایەوە، لە ناویانا پارتی کرێکارانی بریتانیا و پارتی لیبراڵدیۆمکرات. ئەمەش چاوەڕوانکرابوو، وەك جۆن مەیجەر کاتێك هەڵبژێررا بۆسەرەکوەزیرانی بریتانیای لە ساڵی 1992 دا وتی ” 1992 سۆشیالیزمی لە بریتانیادا کوشت ….. بردنەوەکەمان یانی لە نێوانی ساڵی 1992 و 1997 دا پارتی کرێکاران دەبێت بگۆڕێت”
قوتابخانەی/ زانکۆی شیکاگۆ کە بە کوڕانی شیکاگۆش ناسراوە، پاکجێكی بۆ چەند وڵاتێك ئامادەکردبوو ، لەوانە : میسر و وڵاتانی ئەمەریکای لاتینی بەتایبەتی وڵاتی چیلی. Hayek لەیەکەم سەردانیدا بۆ ئەوێ کە یەکەم ولات بوو پلان و پڕۆگرامە نوێیەکە بە تەواوی جێ بەجێکرا، ئەو بە ڕۆژنامەوانە چیلییکانی وت ، گریمانی ئەوە هەیە و دەکرێت کە ” دیکتاتۆر لە ڕێگای لیبراڵانەوە فرمانداری بکات” ئەو ئەوەی پێباشترە ” دیکتاتۆرێکی لیبراڵ لە حکومەتێکی دیمۆکرات کە لیبرالیزمی پێباش نەبێت. پەسەندکردنی تایبەتیم بەرەو دیکتاتۆرییەتی لیبراڵ ڕۆیشتنە، نەك بەرەو حکومەتێکی دیمۆکرات کە بەتاڵ بێت لە لیبراڵیزم”
هەر ئاواش نابێت سەرسام بین کاتێک Friedman و Hayek دڵخۆشانە باوەشیان بە سیاسەتەکانی نیولیبراڵدا کرد هەر ئاواش Naomi Klein لە کتێبی The Shock Doctrine’دا نوسیوێتی ” تئیوری نیولیبراڵ لایەنگری بەکارهێنانی قەیرانەکانە بۆ سەپاندنی سیاسەتە نەخوازراوەکانە کاتێك کە خەڵکی بۆچوون و هۆشیان لە ئاراستەی خۆی لایداوە. بۆ نموونە: دوای کودەتاکەی پینۆشێت لە چیلی و شەڕی عێراق و باوبۆڕفتانەکەی کاترینا، کە فریدمان ئاوا باسی دەکات ” دەرفەتێكە کە ڕیفۆرمی رادیکالانەی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن بکەیت” .
دوای نزیکەی 40 ساڵ، قەیرانی دارایی 2008 و ڕکودە گەورەکە، نیولیبراڵزمی لە سکە لادا و هێز و توانای خۆی لەدەستدا و هەرەسیهێنا. لەو کاتەدا هەندێك لە حکومەتەکان و ئابووریناسەکان ویستیان بگەڕێنەوە سەر حەلەکانی کینزی ئابووریناس، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی چەرخی 21 . ئەمانە نەیاندەتوانی یاخود نەیاندەویست کە تێبگەن یاخود هەر ئەو ڕاستییەیان فەرامۆش کرد کە حەلەکانی چەرخی رابوردوو ناتوانێت گرفتەکانی ئەم چەرخەی ئێستا چارەسەربکات. هۆکاری ئەمەش ڕوونە کە گرفتەکان گرفتی بناخەیی خودی سروشتی سەرمایەدارییە ، ئیتر هەر ناو و هەر شێوەیەك وەرگرێت، ئەو حەلانە چی دی کار ناکەن.
نیولیبراڵیزم درێژەی کێشا و کارایی خراپی داناوە، لە هەر شوێنێك بەجێگەیەنرابێت کارەساتی گەورەی بۆ ئەو شوێنە هێناوە. یەکێک لەو وڵاتانە ئەمەریکایە، کە دەیتایەك ئاوای نیشاندەدات ” لە سەردەمی نیولیبراڵدا کەلێنی سامانی نێوانی ڕەگەزەکان باشترنەبوو. لە ساڵی 1979دا بڕی کرێی سەعاتی کاری هەفتانەی کەسێکی ڕەشپێست لە ئەمەریکا لە سەدا 22 کەمتر بووە لە هی سپی پێستێك . لە ساڵی 2015 دا ئەم کەلێنە چووە لە سەدا 31. سەبارەت بە ژنێکی ڕەشپێست جیاوازی کرێ لە 1979 دا تەنها لە سەدا 6 بووە بەڵام لە 2015 دا ئەمە بازی دا بۆ لە سەدا 19. خاوەندارێتی خانوو یەکێك بووە لە ڕێگا سەرەکییەکان کە خێزانەکان بە تێپەڕینی وەخت سامانیان لێی دروستکردووە، بەڵام خاوەندارێتی خانوو لە نێوان ئەفریقییەکانی ئەمەریکادا لە ساڵی 2017 دا زۆر کەمتر بووە لە سەردەمی شۆڕشی مافی مەدەنی، لەو کاتەی کە هەڵاواردنی ڕەگەزایەتی یاسایی بووە” . بارودۆخەکە ئەوەندە خراپ بووە کە زانا سیاسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ” ئەمریکا چی تر بە دیمۆکراتی یاخود کۆماریی ناناسرێت ، بەڵکو بە ئۆلیگارکی – حکومەتی دەوڵەمەندەکانە و لە لایەن دەوڵەمەندانەوە و بۆ دەوڵەمەندانە”
هەندێك ئابورییناس لەوانە Paul Krugman جەدەلی ئەوەی دەکرد کە بارودۆخی ئابوریانە وەکوە ئەوەی سەردەمی بەشی یەکەمی چەرخی بیستە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوەدا دەتوانین ببینینن کە حکومەت و دەزگەی بزنس لە هەموو وڵاتێك لە زۆر ڕووەوە تێکەڵن و بەیەکەوە بەستراونەتەوە و پاشکۆی یەکن . یەکێتیان زۆر بەهێزترە تاکو کەرتکارییان، بەیاکادان و بەرکەوتنیان شتێك نییە زیاتر لە هەوڵێك نەبێت لە یەکگرتنیانا دژ بە کۆمەڵ. ئەوان لە یەکدی جیاناکرێنەوە، بەڕێوەبەرە گەورەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان، سەرکردە سیاسییەکان، کەسە فەرمییەکانی حکومەت هەموویان لە هەمان چینی کۆمەڵایەتییەوە هاتوون.
دەوڵەت پایەی سەرەکی سیستەمەکە و ئابورریەکەیەتی، کار لەسەر بەجێگەیاندنی وەزیفەکانی بزنس و زیادکردنی قازانجیان دەکات. ئەوە حکومەتە کە شێوەی، فۆرمی چالاکیەکانی بزنس و ژینگەیەکی گونجاو و بەکار بۆ بزنس دەخولقێنێت. ئامانجی بزنس دروستکردنی قازانجە لە کاتێکدا ئامانجی حکومەت دابینکردنی سەقامگیریی و گەشەی ئابووری و زامنکردنیانە. بزنس هەژموونێکی گەورەی لەسەر حکومەت هەیە کاتێک کە بزنس سەرمایەگوزاریی بە قورسی لەسەر پرۆژە گەورە و فراوانەکان دەکات.
حکومەت بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ یاسا و ڕووڵەکانی بەسەر دەزگەکانی بزنسدا دەسەپێنێت کە دەتوانن چی بکەن و چی نەکەن تاکو هەژموونی خۆی لەسەر سیاسەتی ئەم دامەزراوانە دانێت لەگەڵ پرس و بڕی باج دا.
ئامانجی سەرەکی بزنس دروستکردنی قازانجە و حکومەتیش هەموو شتێکیان دەخاتە بەردەست، تەنانەت حکومەت یارمەتییان دەدات لە دامەزراندنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکان. ئەمەش بە هاندانی تەماح لە ناوچە کەم گەشەکردووەکانی وڵاتەکە.
حکومەت و سیاسییەکان دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی ئایندەدا بێنەوە دەسەڵات ، پێویستیان بە کۆمەك و یارمەتی بزنس هەیە. بۆ ئەمەش ئەمان دەیانەوێت کۆمپانیا گەورەکان ڕازی بکەن و ئەوانیش دەیانەوێت ڕۆڵ و هەژموونیان لە حکومەتدا هەبێت.
کۆمپانیا زەبەلاحەکان و بزنسەکانی دیکە زۆر باش دەزانن کە دامەزراوەیەك بتوانێت پاریزگاریان لێبکات و دەوامیان پێبدات حکومەتە، دەوڵەتە. ئەوان دەزانن کە پۆلیس ، یاسا، دادگا، سوپا، تۆڕی سیخوڕیی و هەروەها سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، تەواوی ئەمانە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدان. زۆر باش دەزانن کە کاتێك نابووت دەبن، دەوڵەت فریایان دەکەوێت و ڕزگاریان دەکات، کاتێکیش کە رووبەڕووی هەڕەشە لە لایەن کرێکاراکانیانەوە دەبنەوە ، دەوڵەت هەموو ڕێگایەك دەگرێتەبەر بۆ پاراستنیان.
دەوڵەت، حکومەت و بزنس یەکدییان پێویستە. لە ئابووری گڵۆبەڵی ئەمڕۆدا بزنسمانەکان هیزێکی گەورەن لە پشتی ئابوورییەوە هەروەها دەوڵەتیش ماوەیەکی ئێکجار درێژە کە ئەویش هێزێکی زۆر گەوەرەیە لە ئابوورییدا.
هەر لەبەر ئەمەشە ئەنارکیستەکان پەیگیریی لەوە دەکەن کە تێکۆشان دژ بە سیستەمەکە، خاوەندارێتی تایبەتی لە حکومەتدا و دەرەوەی حکومەت و دەستەبژێر، زەروورە و خەبات بۆ کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ئاسۆیی ڕوودنادات بێ خەبات کردن دژ بە دەسەڵات و پاوەر و دەوڵەت.

زاهیر باهیر
مارتی 2021
Zaherbaher.com




ئێمە بۆچی عاجزین لە گەیاندنی پەیام و فکرمانا؟.. زاهیر باهیر

دیارە لێرەدا زۆر هۆکار هەیە، من هەر پەنجە بۆ 3 دانەیان ڕادەکێشم:
یەکەم : کولتورە ، کە کولتوری کۆمەڵایەتییە: ئیسلامی بێت ، خێڵەکی بێت یاخود بازاڕ-ئازاد، بمانەوێت و نەمانەوێت بەربەستن . هەر ئەمەشە کە کردنی شۆڕش لە بواری کولتورییدا بە قەدەر شۆڕشی ئابووریی گرنگە . هەر شتك کرا بە کولتوور زۆر زەحمەتە کە دڕی پێبدەیت، کولتور بەربەستێکی گەورەیە . گەلێك لە ئێمە ئەوەندە میکانیکیانە پەیوەندی نیوانی ژێرخانی کۆمەڵ [ ئابووریی] و سەرخانی کۆمەڵ [ کولتور، فەرهەنگ ، سیاسەت ، ڕؤشبیریی …. تد ] دەبینین، ئیتر وا دەزانین کردنی شۆڕشی ئابووری کافییە و سەرخانەکەش ئۆتۆماتیکی دەگۆڕێت .
بەڵام ئەوە وا نییە ئەو سەرخانە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕەگو ڕیشەکەی لە ناخی نەوەکانی ئەو سەردەمەدا دەمێنێتەوە، دەبێت کاری بۆ بکەین و کاری لەسەر بکەین. ئەگەر کار لەسەر ئەوە نەکرێت ئەو عەقڵیەتەی کە هەیە لە مەدایەکی کەمدا ناگۆڕێت و وردە وردە دەچێتەوە سەر هەمان ڕێچکەی پێشوو و بەڕۆڵی خۆشی کار لەسەر ژێرخانەکە دەکاتەوە و هەوڵی گۆڕینی دەداتەوە.
دووهەم: سەرەڕای ئەوەی کە کولتوور تا ڕادەیەك ڕێگرە لێمان، هاوکاتیش ئێمە فکرمان بە حیزبیانە کردووە کردوومانە بە سیاسەتێکی تەواو ، نەك جەماوەریکردنەوەی. کەی توانیمان فکرمان جەماوەریانە بکەین ئیتر ئێمە پێویستمان نە بە حیزب و نە بە هیچ جۆرە ڕێکخراوێکی قووچکەیی نامنێنت ، بەڵکو کارکردنە لەسەر جەماوەر و جەماوەریش بە دەوری خۆی کاردانەوەی لەسەر ئێمە کە بەشێکین لێی، دەبێت، ئەو کاتەش ئێمە بە گوێرەی ئەوەی کە بارودۆخەکە یارمەتی دەدات هەڵدەسوڕێین ئاوێتەی جەماوەر دەبین.
سێیەم: لاوازی گەیاندنی پەیامەکانمانە: ئێمە لاوازین لە گەیاندنی پەیامەکانماندا، ئێمە نازانین چۆن گفتووگۆ لەگەڵ خەڵکیدا بکەین و پەیوەندییان لە تەكدا ببەستین، واتە کۆمینەکەیشنمان ، لاوازە. ئێمە شێوازی بەخوردی موسڵمانان و خەڵکانی ئاسایمان ، نادرووستە: هێڕش دەکەینە سەر موسڵمانانی ئاسایی، جەدەل لەسەر بوونی خودا دەکەین ، جەدەل لەگەڵ ئەواندا لەسەر ئاسمان و ئەو دونیا دەکەین ، ئێمە لەبری ئەوەی کە بەرەو یەککەوتن لەگەڵ ئەواندا بڕۆین و داوایان لێبکەین و جەدەلی ئەوەیان لەگەڵدا بکەین کە کێشەکانی ئێمە لەسەر زەوین، هەروەها حەلەکەشی ، کەچی دێین دووریان دەخەینەوە دەیانخەینە بەرەی نەیارەوە، دێین قسە لەسەر شتێك دەکەین و دەمانەوێت ئەوەی پێبسەلمێنین کە خودا نییە ، بەهەشت و دۆزەخ نییە ، ئەگەر هەبێت 72 تان، تەنها کارتان دانی لەزەتی جنسیە بە پیاوێك. ئێمە نەفی ئەوان دەکەینەوە کە کاریان لەگەڵدا بکەین سەبارەت بە پرسە بناخەییە هەمە چەشنەکانی ڕۆژانە کە کارایی لەسەر ژیانی ئەوان زۆر زیاترە تاکو هەندێکمان.
لە ڕاستیدا ئێمە ناکۆکی سەرەکیمان لەگەڵ ئەوان و دینەکەیانا هەیە نەك لەگەڵ سیستەمەکە، دین بە ئەسڵی نەخۆشیەکە دەزانین، نەك ئەعرازەکانی. ئێمە دەبێت کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سیستەمەکە بکەین کە دین و هەموو پووچگەراییەکی دیکە لە ئیفرازاتی سیستەمەکەیە.
ئێمە دەبێت دژ بە دەوڵەت و هەموو جۆرێکی دەسەڵات بین ، چونکە هەمیشە دەسەڵات و دەوڵەتن لایەنگری دین و پوچگەرایین وێڕای ئەوەی کە گوایە دینیان لە دەوڵەت جیاکردۆتەوە. بریتانیا زیاتر لە 30 دادگای شەریعەی ئیسلامی هەیە ، بڕێکی زۆر لە ئەندمانی خانەی لۆردان کە بڕیارەکان دەکەنە یاسا ، ئیمتیازی لۆردایەتی بەوان بەخشراوە و ڕۆڵیان هەیە لە چەسپاندنی یاساکانا ، دەیاها قوتابخانەی دینی هەیە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە دامەزراوەی پەروەردە و ڕؤشنبیریئ ئەم ولاتەوە نییە ، ڕۆژانە هەر بە تەنها بی بی سی زیاتر 10 خولەك پەیامی دینی بڵاودەکاتەوە بۆ نموونە بی بی سی ڕادیۆ 4 لە پێش 6 ی بەیانییەوە پەیامێکی دینی ئیدی ئیسلامی یا مەسیحی یا دینی جووەکان بڵاودەکاتەوە.
ئەمەیە خاڵە لاوازە سەرەکییەکانی ئێمە ، دەەبێت کاریان لەسەر بکەین ، ئەگەر نەیەکەین، شکست بە دوای شکستدا دەچنیننەوە.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
15/02/2021




ئەوە شکستی ئێمەیە ، نەك ئازایەتیی و ڕادەی هۆشیاریی ئەوان.. زاهیر باهیر

دوو سێ ڕۆژە ڕووبەری فەیسبوك بەو کۆمەڵە کچانەی کە باڵاپۆشی ئیسلامین، داگیرکراوە. هەر یەك لە لایەکەوە پۆستێك دادەنێت و هێڕشدەکاتە سەر خودی کچەکان و هەم ڕێکخراوە ئیسلامییەکە و هاوکاتیش دەسەڵات لە کوردستانا.
من ڕاو بۆچونێکی زۆر جیاوازم لە هەر هەموو ئەو برادەرانە هەیە ، من خۆم بەشبەحاڵی خۆم کرێدت دەدەم بە ئیسلامیەکان کە توانیویانە لە سەروی هەزار کچی گەنجەوە باڵاپۆش بکەن، مێشکیان بۆش بکەن، ئاوەزو تیفکرینیان پێ لەدەستبدەن . بەڕاستی من سەرسامی توانا و هەوڵی جددی و تێکۆشانی ئەوانم کە توێژاڵێك لە نیوەی کۆمەڵ کە ئافرەتن و بەبیروباوەڕێك پڕە لە وەهم و ئومێدی ئاسمانیی پاشەڕۆژ و پوچگەرایی، کە تاکە مافێکی ڕەوای بۆ ژنان نەهێڵاوەتەوە و تیایدا نییە، کەچی ئەمان توانیویانە بەو فکرە دژ بە ژنە هەڵیانبخەڵەتێنن، بڕوایان پێبێنن بە فکری خۆیان بۆ خۆشگوزەرانی ئەم دونیاشیان بۆ ئەو دونیاشیان.
دەبێت ئێمە پێ لە شکستی و نەتوانایی، نەدارایی خۆمان بنێین ، ئێمەی ئەنارکیست و سۆشیالیست و کۆمۆنیست و چەپ، بێ تواناین، جددی نیین لە گەیاندنی هزرمانا، لە لێدوان و مشتومڕی فکریدا، لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیمانا ، ئێمە سیاسەت دەکەین، نەك کۆمەڵایەتی بوونەوە، نەك کاری جەماوەریی، ئێمە خەریکی دەستەگەرین، دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوی قوچکەین، لەسە پرسە ئیدۆلۆجییەکان و چەمکە سیاسییەکان خەریکی دەمەدەمەین. ئێمەین کە بە قسە هیچمان نەهێڵاوەتەوە و بەڵام بە کرداریش نەك هەر هیچمان پێناکرێت بەڵکو زۆربەمان پێچەوانەی ئەوە دەکەین کە قسەی لەسەر دەکەین .
گلەیی لە دەسەڵاتدەکەین کە ڕێگایان پێدەدا، هیچ قسەیەك ناکا . باشە ئێمە چیمان دەوێت؟ دەمانەوێت دەسەلات لەسە باڵاپۆشیکردنی خۆیان کە ڕەنگە یا زۆربەیان بە ئازادیی خۆیان ئەمەیان کردبێت، لەسەر هەلگرتنی فکری ئیسلامی، لەسەر ئەوەی کە بە خواستی خۆیان پەیوەندی دەکەن بە ڕێکخراوێکی سیاسی ئیسلامییەوە، ڕێگیان لێبگیرێت، هەڵیانواسێت ، بیانگرێت و بیانئاخنێتە کونجی بەندیخانەکانەوە و لاقەی جنسیی بکرێن و بکوژرێن؟ ئایا ئەمانە کارێکی ڕەوان ؟ ئایا ئەمانە خواستی خەڵکانی شیوعی و سۆشیالیست و ئەنارکیستە کە داوا لە دوژمنەکەی بکات کە خەڵکی لەسەر بۆچون و پۆشین وپەیوەندی سیاسیی بگیرێن، تیرۆربکرێن، دەمیان بدورن؟ … من خۆم ئەمانە بەڕاست نازانم.
هاوڕێیان ئەوە مەیدانێکە چەندێك ئەوان دەتوانن ئەسپی خۆیانی تیادا تاودەن وێرای ئەوەی کە ئەوان پارەیان هەیە و ڕەنگە دەسەڵاتدارانیش هاوپشتیان بێت، ئێمەش دەتوانین، خۆ ئەو مەیدانە بۆ ئێمەش هەیە با بەو پانییەش نەبێت کە بۆ ئەوان هەیە ، با ئێمە نەتوانین لە سەرو هەزار ناباڵا پۆشەوە کە تەنها لەچکیان بەسەرەوەیە ، ناڵێم بیانکەن بە کۆمۆنیست ، سۆشیالیست /ئەنارکیست دەی سەد لەو کچانە قەناعەت پێبکەن تاکو لەچکەکەیان فڕێبدەن .
هیچ لایەنێك لەو لایەنانەی کە ناویانم هێنا 15 ئافرەتیان نییە ، دەستانخۆش و پیرۆزتان بێت لایەنە ئیسلامییەکان کە هەزارانتان هەیە.
ئێمە سەدیەکێکی شیوعییەکانمان پێناکرێت کە لە کاتێکدا پارتی دوو ئافرەتیان هەبوو ناهیدە شێخ سەلام و مارگرێت بەڵام ئەوان بە هەزارانیان هەبوو بە دەیەهایان لە بەندیخانەکان بوون و دینەمۆی حیزبی شیوعی بوون ، ئەوان بە هەڵسوکەوتی جوان و مامەڵەی باشیان و پەیوەندی کۆمەڵایەتییان ئەو هەموو ژنانەیان کردبووە شیوعی، نەك بە هۆی زۆر خوێندنەوەیان و خوێندەواریان ، ئەوان شیوعییەتیان لە سیاسەت دەرکردبوو کردبوویانە خەباتی مەیدانیانە، جەماوەرییانە. ڕاستە ئەو زەمانە گۆڕاوە ، بەڵام هاوکاتیش بەو بارەشدا کە لە بەرژەوەندی ئێمەشە هەر گۆراوە .

Zaherbaher.com
13/02/2021




خودی پەڕلەمان خۆی مەهزەلەیە و ڕوودانی مەهزەلەش تێیدا، ئاساییە.. زاهیر باهیر

زاهیر باهیر
16/01/2021

هێڕشی ئەم دواییە بۆ سەر کۆنگریسی ئەمەریکا نە مایەی سەرسامبوونە و نە تێرامانیش. ئەوەی کە لە 6 ی ئەم مانگەدا لە کۆنگریسی ئەمەریکا ڕوویدا ڕووداوێکی تازە نەبوو و کۆتا رووداویش لەو جەشنە نابێت . هێڕشی خەڵکی ئیتر ڕاستڕەوەکان بووبێت یاخود چەپەکان بۆ سەر بینای پەڕلەمان لە زۆربەی وڵات ڕوویداوە لەوانە پۆڵۆنیا، یۆنان ، بولغاریا ،ئیسرائیل ، ئۆکرانیا، بەلەڕوس، ئۆگەندە و ولاتانی دیکە.
لە وڵاتانێکیشدا کە ئەمە ڕووینەداوە وەکو بریتانیا لەبەر ئەوە بووە ئەمان پێشوەخت بە هەزارەها پۆلیس و ئەسپسوار و سەگیان هێناوە، لە ئاسمانیشەوە هەمیشە دوو کۆپتەرێك بەسەر پەڕلەمان و ماڵ و ئۆفیسی سەرەكوەزیرانەوە چاودێرییان کردووە، دەنا چەندەها جار لە لایەن خۆپیشادەرانەوە بۆ شکاندنی دەرگای پۆڵاینی بەردەم ماڵی سەرەکوەزیران ، هێڕشکراوە، بەڵام شکستیانهێناوە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەشی کە لە چەندەها وڵاتا شەڕە بۆکس و شەرە کورسیی لە نێوانی پەڕلەمانتارەکانا ڕویداوە لەوانە پۆڵۆنیا، ئیسرائیل، تورکیا، عێراق، کوردستان .. تد. خودی پەڕلەمان خۆی مەهزەلەیە و دەکرێت مەهزەلەش تێیدا رووبدات.
ئەوەی کە ئەم روداوەی کۆنگریسی ئەمەریکای گەورە کردووە و کردۆتە ویردی سەرزمانی میدیا بە تایبەت میدیاکانی ئەمەریکا و ئەوروپا، ئەوەیە کە دەیانەوێت پیمان بلێن لە وڵاتێکی دیمۆکراتی وەکو ئەمەریکادا ناکرێت ئەوە ڕووبدات !!! ئەوە شکاندنی حورمەت و قودسییەتیی پەڕلەمانە، ئەوە سوکایەتیکردنە بە پیاوانی کۆنگریس کە نوێنەرانی گەلن، ئەوە تێپەڕاندنی هێڵی سوورە و کۆتای سنوری ئازادیی تاکە، ئەوە بڤەیە و گوناحی کەبیرەیە.
لە حەقەتدا ئەوەی کە لەوێ کرا مەترسی نەبوو بۆسەر دیمۆکراتییەت، چونکە خودی پرسی دیمۆکراتیی، لەوێ بزرە و بوونی نییە. هاوکاتیش هەڕەشەیەکیش نەبوو بۆ سەر دەسەڵاتی ئەمەریکی و پەیامێكی جەرگبڕانەش نەبوو بۆ دونیا و حکومەت و دەوڵەتەکانی . هەرچی دەسەڵاتداران هەن لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە بن خۆیان زۆر باش دەزانن دیمۆکراتی وجودیی نییە و باس لێوەکردنی بۆ گەمژاندنی دەنگداران و هاووڵاتیانیانە، ئەوان دەزنن کە دیمۆکراتییەت تەکسییەکە و کە گەیاندنییە مەنزڵ کاریان پێی نامێنێت و دەتوانن ئیزنی بدەن.

ئایا خودی دیمۆکراتی وجوودی هەیە؟
قسەی سیاسییەکان و بزنسمان و خاوەنسامان و میدیا شتێکە و واقیعیش شتێکی دیکەیە. دیمۆکراتیی و کۆمەڵی دیمۆکراتی و حکومەتی دیمۆکراتی لای ئەمان هەر لایەنی هەڵبژاردنی حوکمڕانان دەگریتەوە، کە لەو هەڵبژاردنەدا هەژاران و چەوساوان شتێك ناکەن و مافێکیان نییە جگە لە جێبەجێکردنی فرمانی فرماندەران، جگە لە مافی هەڵبژاردنی چەوسێنەران، زاڵمان و بکوژانی خۆیان.
ئەم جۆرە لە حوکمکردن لە پیلانی کودەتای سوپایی و دەسەڵاتی ڕەهایی پادشایی بۆ باڵادەستان و دەستەبژێران، چینی بورجوازیی، زۆر ئارامبەخشتر و بەرهەمهێنەر تر و کەم مەسرەفترە و توانای باشتریشی هەیە لە مێشكشۆردنەوەی هاووڵاتیانا. ئەم پرۆسەیە بەردەوامە و دەگاتە مەنزڵی خۆی بی ئەوەی هاووڵاتیی چی تر ڕای وەرگیرێت تا خولی هەڵبژاردنی ئایندە مەگەر ڕاپرسییەکی [ ڕیفرۆندەمێك] گشتی بێتە پێشەوە. ئیتر هاووڵاتیان ، دەنگدەران بێ ئەرك و زانیاریی دەمێننەوە، ئەوەی کاندیدەکان و دەوڵەت دەیشارنەوە لێیان، ئەو ڕاستییەیە کە دەنگدانی ئەوان و دەنگنەدانیان یاخود زۆربە بەشداری بکەن یا نەیکەن، گرفتێك نییە لەم درۆ گەورەیەدا، چونکە ئەوان ڕۆڵیان بەڕێکردنی پرۆسەکەیە و تاج لەسەرنانی ئەمانە. ئەوەی کە حوکم دەکات سوپایە ، دەستەبژێرەکانن، خاوەنسەرمایە و بزنسمانەکانن، کۆمپنایا گەوەرەکان و بەڕێوەبەرە گەورەکانن، پۆلیس و تۆرە سیخوڕییەکان و دەسگەدراوییەکانن، دداگا و دادوەرەکانن، نە پەڕلەمانتارەکان .

پەڕلەمانتارەکان، بەڵتەچییەکان یاخود چەواشەکەرەکان، هەرچییان ناودەنێیت، تەنها لەوێن بۆ پەسەنکردن و بەڕێکردنی ئەو بڕیارانەی کە ناونوسم کردن، تاکو شێوە و ناوەرۆكی یاساییان پێبدەن و ئەم نوێنەرانەی گەل پەسەند و مۆری بکەن.
لە سەراپای دونیادا ئەو ڕاستییە سەلمێنراوە کە بڕیارە گرنگەکان، چارەنوسییەکان، تەنانەت زۆرێکیش لە بڕیارە بچوکەکان هەرگیز ناچنەوە بەردەمی دەنگدەران. بۆ نموونە بڕیاری هێڕشی ئەمەریکا و بریتانیا و وڵاتانی دیکە بۆ داگیرکردنی عێراق. لەمەدا پرس بە کەس نەکرا. بڕان و کەمکردنەوەی بیمەکان و فرۆشتنی سامان و موڵککەکانی دەوڵەت کە بە موڵکی گەل ناوزەد دەکرێت، دەنگدەر و هاووڵاتیان بێ خەبەر دەبن لێی تاکو لە میدیاکانەوە دەیبیستن. دانانی سەرۆکی پۆلیس و دەسگەی سیخوڕی و سەرۆکی بانق و دەزگە دراوییەکانی دیکە و سەرۆکی دادگا و بەڕیوەبەرە گەورەکان نەك ئەمانەش ناگەڕێننەوە بۆ پرسی خەڵکی بەڵكو ناشخرێنە بەردەم پەڕلەماناتارەکان، نوێنەرەکانمان.
بە کورتی ئەوەی کە پەیڕەو دەکرێت ناوی بێ ناوەرۆکە.

ئایا حکومەتێكی دیمۆکراتی بوونی هەبووە یاخود بوونی هەیە؟
دەتوانین پرسیارەکە بە جۆرێكی تر بکەین ئایا دیمۆکراتیی و دیکتاتۆرییەت هەر یەك شت نین؟
ئەوەندەی من بەبیرم بیت و بزانم حکومەتێك نییە کە ئەگەر بۆ جارێكیش بووبێت توندوتیژی بەرانبەر بە هاووڵاتیانی، دەنگدەرانی، بەکارنەهێنابێت. حکومەتێك نییە و نەبووە کە هەر یەك دیوی هەبووبێت واتە هەر دیکتاتۆریی یا دیمۆکراتیی، حکومەتێك نەبووە و نییە کە سروشتەکەی دیمۆکراتیانە بووبێت یا خود پەنای بۆ یەك لایەنی حوکمڕانی لە دیمۆکراتی یا دیکتاتۆریی، بردبێت ، نەشکراوە کە یەك شێوازی حوکم بەکاربهینن .
زانینی هۆکاری لۆژکیانەی ئەمەش هەر زۆر ئاسانە. حوکمڕانیی دەبێت بەسەر کۆمەڵە خەڵكێكدا بکرێت، بۆ ئەوەشی کە حوکمکراون، فرمانپێکراون، لەهێڵ دەرنەچن، سنور نەبەزێنن، وەلایان بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی هەبێت. هەر لە خەت لایان دا و وەلایان نەبوو ئەوە دەکرێت کە حکومەت توندووتیژییان بەرانبەر بەکاربهێنیت ، بۆ ئەمەش حکومەت، دەوڵەت پێویستی بە جیهازی سەرکوتکردن لە پۆلیس و سوپا و سیخوڕ هەیە.

حکومەت، دەوڵەت، یا نییە یاخودی دیمۆکراتی نییە و نابێت ، دەوڵەتیش یا بەهێزە یا لە داڕمانایە زۆر جاریش بۆ بیناکردنەوەی خۆی بە هێزێکی دیکەوە. ئەوەی کە حکومەت، دەوڵەت هەیەتی سروشتی دیکتاتۆریانە، فاشستیانەی خۆیەتی کە گۆڕانیی بۆ نییە و بەسەریدا نایەت. هەرچیش دیمۆکراتییەکەی و دیکتاتۆرییەکەیەتی مەیلە، شێوازی حوکمە، کە جاری وا هەیە پێویستی بە نواندنی تۆزێك نەرم و نییانی و کردنی چەند چاكسازییەکی لاوەکیانە هەیە، ئا لەم بارەدا وامان پێدەناسێنن کە دەوڵەت دیمکراتییە. کاتێکیش کە مانەوەی خۆی پێویستدەکات، تووند و تیژی بەکاربهێنێت و سەرکوتی هاووڵاتییان بکات، حکومەت و دەوڵەتمان بە دیکتاتۆریی پیدەناسرێنرێت.

پەلاماری لایەنگرانی ترامپ بۆ سەر کۆنگریس، ئەمانە کێن و بۆچی؟
ئێستاش با لێرەوە سەرنجێکی حوکمی ترامپ لە ئەمەریکادا بدەین و دواتریش پێگە جەماوەرەییەکەی .
مێژوویەکە کە حوکمکردنی ئەمەریکا لە نێو پارتی کۆماریی و پارتی دیمۆکرات-دا دەستی دەستی دەکات. ئەم پارتانەش چ دیمۆکرات و چ کۆماری هیچیان دیمۆکراتی نین بەڵام هەر کامەیان شوناسنامەیەکیان بۆ خۆیان وەرگرتووە و جەماوەری خۆیان گەرچی گۆڕانی بەسەردا دێت، بەلام هەیانە. یەکێکیان حیزبی دەسڕۆیشتوان، بزنسمانان و سەرمایەدارانن. ئەوی تریان ئاوا ناوی ڕۆیشتووە و لە میدیای فەرمیشدا بە دیمۆکراتی دادەنرێت. میدیا و خۆیان وا لە خەڵکی دەگەیەنن کە دیمۆکراتییەکان نەك هەر دۆست، بەڵکو حیزبی ڕەشپێستان و خەڵکانی بێگانە و کرێکاران و هەژارانە.
بەلام لە ڕاستیدا جیاوازییەکی زۆر جەوهەری لە نێوانیاندا نییە. لە حوکمی هەر یەکەیانا گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتە بنەڕەتییەکانی ئەمەریکا، چی لە ڕووی سیاسییەوە یاخود کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە تا ڕادەیەك هەر نایە. دۆست و دوژمنەکان، دۆست ودوژمنی هەردوولان، زەرەر و قازانجی ئەمەریکا هەرچی بێت هی هەردوکیانە.
پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لەوێ پارەیەکی هێکجار خەیاڵی تێ دەچێت، ڕەنگە باوەڕ نەکەیت کە کولفەی هەڵبژاردنی ڕابوردوی ئەمەریکا لە نێوانی هەر هەموویانا 14 ملیار دۆلاری تێچووە، چەند پارەیەکی خەیاڵییە دوو ئەوەندەی هڵبژاردنی 2016 بووە.

لە هەڵبژاردنیشدا هەموو شتێک بۆ هێنانی دەنگ، دەکرێت، هەموو درۆ و دەلەسەیەك ڕەوایە ، هەموو بوختان و لەکەدارکردنێك بۆ زڕاندی یەکدی ئاساییە، ئەوەی لەژێر بەڕەی پەنجا ساڵ لەمەوبەری جەنگی ئەمەریکادا بۆسەر ڤێتنام، هەیە، دەهێنرێتە سەر بەڕە . باشترین کاتە بۆ میدیای ئەمەریکا بۆ دۆزینەوەی کارە ئابڕووچوەکانی کاندیدەکان و گاڵتەجاڕیی دیمانەی ڕادیۆ و تی ڤییەکانیان.
دۆناڵد ترامپ لە هەردوو هەڵبژاردنەکەی 2016 و 2020 کەوتە مەعرەکەیەکی زۆر نابەرانبەر و مەترسیدارەوە لەگەڵ میدیا و نەیارەکانیا، بەڵام هێشتا لە 2016 دا هەر بردییەوە. لە 2020 دا وێڕای ئەوەی کە میدیای ئەوروپی و ناوخۆی ئەمەریکا زۆر دژایەتییان کرد، کە بەشی هەرە زۆری ئەوەبوو کە لە هەقەتدا ترامپ زۆر بە جوانی وەکو خۆی ڕواڵەت و جەوهەری سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەتی ئەمەریکای نیشاندەداین ، کە بووە هۆی خولقاندنی بزوتنەوەی جەماوەری گەورە، مانگرتن ، خۆپیشاندان کە ماوەیەکی زۆر زۆر بوو ئەمەریکا ئەوەی بە خۆیەوە نەدیبوو. هاوکاتیش پرسی کۆرۆناش زەربەیەکی زۆر گەورەی لێدا بەڵام هێشتا توانی 74،222،958 دەنگ لە بەرانبەر جۆی بایدن-دا 81،283،098 بهێنێت کە بە ڕێژەی سەدیش ترامپ لەسە 46.8 و بایدن 51.3 دەنگیانهێنا. لە ڕاستیدا جیاوازی نێوانی دەنگەکانیان 7 ملیۆن تۆزێك زیاتر بوو، بەڵام بە بەراورد بە هەڵبژارردنی 2016 ترمپ 11 ملیۆن زیاتر دەنگی هێنا.

ئەمە گەورەترین هەڵبژاردن بووە لە مێژوی 140 ساڵەی ئەمریکادا کە زیاتر 159 ملیۆن کەس دەنگیان داوە. ئەم ژمارە گەورەیەی کە دەنگییان بە ترامپ دا زۆربەیان کرێکاران و هەژارانی ئەمەریکا بوون تەنانەت بەشێك لە پێستڕەشەکانیش دەنگیان بۆدا. ڕاستە خەڵکی ڕاستڕەو و فاشستەکانیش دەنگیان بۆ دا بەڵام ئەمانە هەرگیز زۆرینە نەبوون، زۆرینەی دەنگدەرانی ترامپ وەکو وتم کرێکاران و خەڵکانی هەژار و ئاسایی ئەمەریکا بوون . ئەمەش بە گاڵتە نەبوو لەبەر ئەوەی لە 3 ساڵی یەکەمی حوکمیدا، ژیانی ئەمەریکییەکان بە بەراورد بە جۆرج بوش و هەتا ئۆباماش باشتر بوو. بۆ نموونە: ئابوری ئەمەریکا بە ڕێژەی لەسەدا 2.5 هەڵکشا، ژمارەی بەتاڵە لە دابەزیندا بوو تا گەیشتە ڕێژەی لە سەدا 3.5 ، داهاتی خەڵکی بە بڕی 6000 دۆلار ساڵانە سەرکەوت، لانی کەمی کرێی بۆ کرێکارانیێك کە سکیڵیان نەبوو یاسیکیڵێکی کەمیان هەبوو بەرزکردەوە، بەڵام ئەمانە هەر لە 3 ساڵی یەکەمی حوکمیدا پێش هاتنی کۆرۆنا. ئەمە جگە لەوەی ترامپ خۆی بە دوور گرت لە شەر لە تەك کۆریای باکور، ئێران، ڕوسیا ، کشانەوەی بەشێك سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستان و لە عێراق و گەڕاندنەوەی سەربازان بۆ ناو کەسوکاریان و سازشکردن لەگەڵ تالیبان، هەروەها دوو سەرکردەی گەورەی تیرۆریستیشی ، بەغدادی و قاسمی سولێمانی ، لەناو برد کە سەراپای حوکمدارانی ئەوروپا و میدیا دژ بەمە وەستانەوە. ئەمانە هۆکار بوون بۆ جەماوەریبوونی ترامپ و هاتنی خەڵك بۆ سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن .

ئەگەر تێبینی بکەین ئەوە دەبینین لە زۆر وڵاتی ئەوروپی و ئەمەریکادا بە گوێرەی داخوازی و پێویستی سەرمایە، کاپیتاڵیزم ، لە چەند ساڵێکدا چەپ و پارتە کرێکارییەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکان دێنە سەر حوکم و لەو چەند ساڵەدا کە خەڵك بۆی دەردەکەوێت کە گۆڕانکاری گرنگ ڕوونادات جارێ تر حیزبە ڕاستڕەووەکان هەڵدەبژێرنەوە ، کە لە حوکمی ئەوانیشدا دەستیان لە بنی هەمانەکەوە دەردەچێت دووبارە دەگەڕێنەوە سەر هەڵبژارردنی چەپەکان. ئێستا دەینینین کە وەرزی هاتنی حیزبە ڕاستڕەو ڕایسستەکانە ، تەماشا بکەن هەر لە بریتانیاوە تاکو ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئەمەریکا و سوید و بەرازیل فلیپین، یۆنان و پؤڵۆنیا ڕاستڕەوەکان لە حوکمدان. دووریش نییە حوکمی چەند ساڵی ئایندە چەپەکان دووبارە وەکو دەیەی یەکەمی ئەم چەرخە، بێنەوە سەر حوکم .

ئیتر ئاوایە و ئەمەش جێی سەرسوڕمان نییە و ژیان لە سای سیستەمی پەڕلەمانتارییدا گۆرانکاری جددی ڕوونادات. هەر ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی کارایی لەسەر زۆربوونی شەپۆلی ڕایسستانە و ڕاستڕەویی و هەژموونیان ، دادەنێت.
لەسەردەمی فرمانداری چەپەکاندا ، سۆشیالدیمۆکراتەکانا ، حیزبە کرێکارییەکانا لەبەر ئەوەی کە گۆڕانکاری سەرەکی ڕروونادات، گرانی و بەتاڵەیی و بێ خانووبەرەیی و قەرزاریی و هەژاری زیاتردەبێت لەپاڵ هاتنی زیاتری پەنابەران و کۆچبەرانا … ئەمانە هەمووی دەبنە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی ڕایست و فاشت و مەیلی ڕایسیزمانە و فاشیزمانە . تەنها جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە سەردەمی چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و حیزبە کرێکارییەکاندا ئەمانە دەچنە ژێرزەمینەوە و خەباتی خۆیان دەکەن و جارو باریش بۆ نیشاندانی هێز و بازوویان دژ بە پەنابەران و کۆچبەران دێنە سەر شەقامەکان . لەسەردەمی حوکمی ڕاستڕەکانیشا ئەمان لەژێرزەمین دێنە دەرەوە و دەکەونە خەباتی ئاشکرایی و دەوڵەتیش بە ناڕاستەوخۆ پشتگیرریان دەکات.

Zahebaher.com




ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکان، سەلەفییەکان دەزانن چۆن جەماوەریی بن .. زاهیر باهیر

ئەوەی ئاشکرایە ئیسلامی دەسەڵاتخواز، سەلەفیی، زۆر زیرەکانە و عەمەلیانە و مۆدیرانانە کاری ڕێکخستن و جەماوەرییبونی خۆیان دەکەن. ئەوان هەموو لایەنە لاوازەکانی کۆمەڵی کوردی لە باشوور بۆ مەبەستی خۆیان دەقۆزنەوە، هەموو کەناڵەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردەهێنن. ئەوەی لە کوردستاندا بژی ئەم ڕاستییە زۆر باش دەزانێت.
کەناڵی نوێی ئەوان بۆ برەودان بە بیر و باوەڕ و پەیامیان ، نزیكبوونەوەیە لە ئافرەتە هونەرمەندەکان، ئارایشکارەکان، ئافرەتانی کە مۆدێلی کچە گەنجەکانن ، ئافرەتانێك کە بە هەر مەبەستێك بێت کچانی گەنج و هەتا ئافرەتانی جەحێڵیش دەبنە پاشکۆیان و ئەوان دەبنە کەسایەتیەك لایان.

لە ئێستادا ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکان، سەلەفییەکان، ڕوویانکردۆتە ئافرەتانی نمایشکار . ئیدی ئەمان ئەوان بەکاردەهێنین ئەوانیش ئەمان ، هەردوولایان زۆر وریایانە و کارامانە ئەو گەمە قێزەوەن و لە خشتەبردنی کچانی گەنج ، دەکەن. هەردوولایان دەزانن ئەوی دیکەیان درۆدەکات، نە کچی مۆدێل و نمایشکار دەبێتە سەلەفی و نە سەلەفیش باوەڕی بە نمایشکار هەیە و ئامادەشە لەتەکیا هاوسەرگیریی بکات.

ئەی کەواتە سەلەفییەکان بۆ ئەم گەمە بێزراوەیە دەکەن؟ وەڵامەکە ئەوەیە لە بازاڕی سەرمایەداریدا هەموو شتێك کاڵایە و هەر کاڵایەش بە گوێرەی کواڵەتی و شێوە و بەهای خۆی، نرخی لە کۆمەڵدا هەیە . کچان و ئافرەتانیش هەر لەو بازاڕە و لەو کۆمەڵەدا بوونەتە کاڵایەك کە هەموو لایەك سەلفیەکان، سیاسییەکان، بازرگانەکان، دەوڵەمەندەکان لە ململانێیەکی ناشیرین نامۆراڵدان لەسەر ئەم کاڵایە . ئەم کاڵایە لەم سەردەمەی کۆمەڵدا، لەم سیستەمەدا بەهۆکاری جیا جیا زۆر هەر یەکجار زۆریش ڕەواجی هەیە. سەلەفییەکان، ئیسلامییە دەسەڵاخوازەکان بۆ مەبەستی سێکیسی وەکو بازرگانەکان و سیاسییەکان و دەوڵەمەندەکان، لەم کاڵا زیندووەوە، کاڵا مرۆڤییەوە، نزیکنابنەوە بەڵکو بۆ مەبەستی سیاسییە، بۆ مەبەستی ستراتیجی ئایندەیە کە گرتنەدەستی دەسەڵاتە.

چۆن؟ سەلەفییەکان دەتوانن پارەی باش بەم مۆدێلانە، بەم ئارایشکارانە، بدەن. دەتوانن سێنتەرێك، ساڵۆنێکیان لە فلاتێکدا، لە خانوویەکی بچوکی دوو سێ ژووریدا، بۆ دابنێن، لە ژووری چاوەڕوانیدا بە دەیەها کتێب و سەرچاوەی دینیی، ڕاگەیاندنی خۆیان دابنێین تاکو کچانی گەنج و ئافرەتانی هاتوو و دانیشتوو، بیخوێننەوە. هەر ئاواش لە ژورێکی دیکەدا وەکو ژووری ئامادەکاریی بۆنمایشکاریی دوو ئافرەتی بە توانای فکری سەلەفی بە ناوی یارمەتیدەری خانمی مۆدێل ، خانمی نمایشکار بەدەمکردنی هەندێك ڕتووشەوە کچە یا ئافرەتی هاتوو، سەرەگرتوو، …بخاتە نێو لێدوان و باس و خواس لەسەر ئیسلام و ڕاگەیاندن و کتێبە “پیرۆزەکان” ەوە کە ئەمەش کارێکی ئاسانەو زەمینەش لەبارە بۆ ئەمە.
بۆ کردنی ئەمەش سەلەفییەکان مەناعەتیان نییە ئەو سێنتەرە، ساڵۆنە، بۆ ماوەی چەند مانگێك بەلاش بکەن بۆ ئەوانەی کە دەچن، تاکو دەنگێکی باش بداتەوە .

من لێرەدا ڕەخنەی ئەو کچ و ژنانە ناکەم کە دەچن ئارایشتکردن و جوانکردنی خۆیان، چونکە ڕیشە و هۆکاری ئەمە کۆمەڵەکەیە، بوونی سیستەمی بەکاڵابوونی هەموو شتێکە، بوونی کولتورێکە کە ڕێگەخۆشکەرە و زەمینەسازی برەودانە بەوە، بۆیە بەڕای من شۆڕشی کولتوریی ئەوەندەی شۆڕشی ئابووریی گرنگ و زەروورە، ئەم دوو شۆڕشە، ئەم دوو گۆڕانکارییە یەك بە ئەوی دیکەیان گرێدراوەتەوە، بێ کردنی هەردووکیان ئەستەمە هیچ گۆڕانکارییەك بکرێت یا لانی کەم بتوانرێت بەردەوامیی پێبدرێت بە تایبەت گۆڕان لە کولتوری سەردەمدا، کولتوری بازاڕی ئازاددا، ئابووریی لیبراڵد. شۆڕشی ئابووریی بێ شۆڕشی کولتوریی ناکرێت. بەندکردنی، فەرامۆشکردنی پرسی کولتوریی، شکست بە لابەلاکردنەوەی پرسە ئابوورییەکە دەهێنێت. گەر بۆچوونمان ئاوابێت ئەگەر کێشەی ئابووریی لابەلابکرێتەوە، ئیتر کولتوری کۆمەڵایەتی سەردەمیش بە بیانوی ئەوەی کە گوایە سەرخانی کۆمەڵە..، لابەلادەبێتەوە، تەنها لە قاڵبی پاگەندەدا دەمێنێتەوە و لەخشتەبردنی خەڵکییە و دەستبەردانە لە هەر گۆڕانکاریییەکی سەرەکیی.

زاهیر باهیر
26/11/2020

Zaherbaher.com




ئایا بەڕاست ” بزوتنەوەی گۆڕان” ی ئێستا جیاوازی هەیە لە “گۆڕانی” سەردەمی نەوشیروان موستەفا؟ .. زاهیر باهیر

کەم نین ئەوانەی کە لە ” بزوتنەوەی گۆڕان” وازیانهێناوە یاخود ئەوانەی کە هیشتا لە ناوەوەن و گازەندە و گلەیی ئەوەیانە کە “گۆڕان” گۆرانی سەردەمی کاك نەوشیروان نییە .
ئەوانەی کە ئەمە باوەڕیانە یا ساویلکەن یاخود نایانەوێت لە قودسییەتی نەوشیروان موستەفا بهێننەخوارەوە، یاخود بەرژەوەندیان لەم قسە و بۆچوونانەدا هەیە و بە پاساوی مانەوەیان، کە گوایە دەکرێت گۆڕانکاری لەو بزوتنەوەیەدا بکرێت، بەردەوامن تیایدا.
لە ڕاستیدا مێژوی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لە دروستبوونییەوە تاکو ئێستای ئەوەی نیشانداوە و دەدات کە هیچ گۆرانکارییەك بەسەر ئەو بزوتنەوەیەدا نەهاتووە و هەر وابووە چ لەسەردەدمی نەوشیراوان موستەفا و چ لەسەردەمی کوڕەکانی و سەید عومەر-یشدا. هەر بۆ ڕاستی قسەکانم بە بەڵگەوە، تەنها لە چەند لایەنێکی “بزوتنەوەی گۆران” لە سەردەمی نەوشیروان و دوای ئەویش، دەدوێم.
یەکەم: پێکهاتەی ” گۆڕان ” : ئەوانەی کە گۆڕانیان دروستکرد و یا هاتنە ناو گۆڕانەوە، لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی-یەوە هاتوون، کە نەك هەر لە ڕێکخراوێکی گەندەڵەوە هاتوون، بەڵکو خۆشیان یا گەندەڵبوون یاخود بە جۆرێك لە جۆرەکان لە گەندەڵییەوە ئاڵابوون. ئەمە جگە لەوەی کە نەوشیروان موستەفا کەسی دووهەمی یەکێتی بووە، خاوەنی هەموو دەسڕۆییەك [ صەلاحییەت] بووە لە دانانی کەسەکاندا بۆ ئیدارەکان و پۆستەکان . ئەو کەسی سەرەکیش بووە لە دانانی بەرنامە و پلان و سیاسەتی یەکێتیش . ئەوانی دیکەشیان سەرکردەو بەرپرسی گەورە بوون لە یەکێتی نیشتمانی-دا خاوەنی پۆست و پلەو پایە بوون یاخود ئەندامی مەکتەبی سیاسی یا سەرکردایەتی یەکێتی بوون. کەواتە ناکرێت بە کەسەکانی ناوەوەی ڕێکخستنێکی شکستخواردوو کە ساڵەهایەکی دووروو درێژ لە شکستدا بوون ، لەڕێکخراوێکی دیکتاتۆر و گەندەڵ و مشەخۆر بوون، چاوەڕوانی شتێکی نوێی ئاوایان لێبکرێت کە جیاواز بێت لەو پێگەیەی کە لێوەی هاتوون. بە کورتی زۆرینەی کەسانی سەرکردەی ” بزوتنەوەی گۆڕان” و خوارەوە و جەماوەەرەکەیان هەمان کەسانن کە ساڵەهایەكی درێژ یا ڕؤڵی گەوەررەیان هەبووە یاخود چەپڵە لیدەربوون.
دووەم: پرسی گەندەڵیی و چارەسەری: گوایە ئەم کێشەیە خاڵێکی سەرەکی بوو بۆ دروستکردنی ئەو بزوتنەوەیە. ئەوەی ئاشکرایە کەسە سەرەکییەکانی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لەناو خودی یەکێتی-دا وەکو باسدەکرێت لە هەوڵی بنەبڕکردنی گەندەڵیی-دا بوون بەڵام نەیان توانی تەڵە پوشێكیش بگۆرن . کاتێکیش کە ڕێکخستنێکی نوێشیان دروستکرد خۆشیان یا بوونە گەندەڵ یاخود لە گەندەڵییەوە ئاڵان. جەنگی ئەمان لەتەك یەکێتی و پارتی-دا بۆ بەرژەوەندی ئەو میللەتە هەژارە نەبوو بەڵکو شەڕی پشکی کوسییەکانی هەرێم و بەغدا و پلە باڵاکانی دیکەی وەکو پارێزگار و بەڕیوەبەریئ گشتی شوێنە هەستیارەکان و بەشە خزمەتگوزارییەکان بوو. کەواتە دروشمەکەی ئەوان کە لەناو یەکێتدا و لە سەرەتای دروستکردنی بزوتنەوەکەیاندا، کە هەمیشە دەیانوتەوە ” خەڵکی شیاو بۆ شوێنی شیاو” درۆیەکی شاخداربوو.
سێیەم: پرسی ماڵباتیی و بنەماڵەیی : ئەمەش خاڵێکی دیکەی ئەجەندەکەی نەوشیروان موستەفاو و هاوەڵەکانی بوو کە هەمیشە پەنجەیان تاوانیان بۆ خانەوادەی تاڵەبانی و بارزانی ڕادەکێشا. بەڵام کە بزوتنەوەکەیان، خۆی گرت و پێگەی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی بەهێز بوو، نەوشیروان موستەفا و کەسە نزیکەکانی نەیانتوانی جیاوازییەك دروستبکەن، نەیانتوانی خۆیان لە قوتابخانەی کوردایەتی و بۆگەناوی فکری قەومی بهێننە دەرەوە، نەك هەر نەیانتوانی گەنجاێکی متمانە بە خۆ و ڕزگار بوو لە قودسییەتی سەرکردە و حیزب ڕزگار بکەن، بەڵکو پێچەوانەکەی دروست بوو، لە مردنی نەوشیروان موستەفادا ئەمە باشتر دەرکەوت،. هەڵسوکەوتی نەوشیروان و بڕیای تاکڕەوانەی ئەو و وەسییەتنامەکەی، میراتگریی منداڵەکانی، ئەمانەیان سەلماند.
چوارەم دارایی و بوجەی گۆڕان: نەوشیروان موستەفا هەر لە سەرەتادا زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری لە لایەن تاڵەبانی-یەوە پێبەخشرا، هاوکاتیش سەرچاوەی داهاتی ئەمان وەکو یەکێتی کردنەوەی پرۆژە و پیتاکی خەڵکانی دەوڵەمەند و خاوەن پلە و پایەی کۆمەڵایەتی بوون. کاتێکیش کە مشەخۆریی و گەندەڵی لەناو ڕیزەکانی-دا تەشەنەی کرد ئیدی نەك هەر ئەو پارانە بەشی نەدەکرد بەڵکو کەوتنە داخستنی ڕۆژنامە و کەناڵەکەیان و کەمکردنەوەی بەشە پارەی بەشەکانی دیکەش. کاتێکیش کە نەوشیروان مرد، سەنا و پیاهەڵدانی بە باوکی هەژارانی بۆ کرا کە گوایە لە دوای خۆی تەنها چەرخێک و پاکەتێك جگەرەی بەجێهێڵاوە، بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە نەوشیروان بە ملیۆن دۆلاری لە پاڵ موڵك و خانووو کارگەی لە دوای خۆی بۆ منداڵەکانی بەجێهێشت . لە ئێستاشا وەکو دەوترێت منداڵەکانی جێگای باوکیان گرتۆتەتەوە و دەسەڵاتی تەواویان هەیە و ” بزوتنەوەی گۆڕان” یان، کۆنترۆڵکردووە . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمانیش هەمان ڕێچكەی ماڵباتی تاڵەبانی و بارزانییان گرتەبەر.
پێنجەم : پرسی ئابووریی و بەرهەم‌هێنان: ڕاستە ” بزوتنەوەی گۆڕان” لیژنەیەکیان یا ژوورێکی تایبەتییان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردبوو کە جۆرەها لێکۆڵینەوەی ئابووریانەی تیادا دەکرا و ڕاپۆرتی لەسەر دەدرا و وتاری لەسە دەنوسرا، بەڵام لە ڕاستیدا بەرنامەی ئەمانیش جیاواز نەبوو لە سەراپای حیزبە لیبراڵەکانی دوونیا بە یەکێتی و پارتیشەوە . چەقی ڕیفۆرمی ئابوریانە لای ئەمانیش بەخێرهاتنی بازاڕی ئازاد و باوەشکردنەوە بۆ کۆمپانیا گەوەرەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە بەگەڕخستنی پارە و سەرمایەگوزاریی لە پرۆژە گەورەکانا، بوو، کردنی کەرتەکانی کە موڵکی دەوڵەت بوون بە کەرتی تایبەتی … هەر هەموو ئەمانەش سەرەنجام گەر بیشکرانایە بەتاڵەی زیاتر و بەرزکردنەوەی نرخی پیداویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵکی و بێ خانوو و سەرەپانی خەڵکی و زۆر شتی دیکەی بە دووی خۆیدا دەهێنا. بۆ ئەمەش لەپاڵ گورجکردنەوەی یاساکان و دانانی یاسای نوێ زەروورەی جێبەجێکردنیان لەسەر خەڵك بە زۆر و بە خوایشت زەروور بوو لە سەپاندنیا. لە سەرپێچیکردنی خەڵکیشا بەرانبەر بە دەسەڵاتی حکومەت و کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەرانی کارگە و شوێنەکانی دیکەی سەر کار، بەو یاسایانە پشتیان دەشکانن. بەم جۆرە کۆنترۆڵکردنی دانیشتوانی کوردستان بە یاسا لە پێناوی دەوڵەمەندبوونی توێژێکی کەمی کۆمەڵ، دەبووە ئەرکێکی گەوەرەی سەرشانیان.
خاڵێکی جیاواز کە هەیان بوو لەتەك پارتی و یەکێتی-دا دانانی خەڵکی تەکنۆکرات بوو لە شوێنەکانا، بەڵام ئەمانە هەر تئیوری و پاگەندەی حیزبی بوو چونکە دەرکەوت لە هەر شوێنێکدا کە پێیاندرابێت کەسانی حیزبی خۆیان یا خود ئەو لایەنانەی کە لە گەڵیانا لە بەرەیەکدا بوون داناوە، بێ ئەوەی کە بچوکترین ئەزموونیا لە بواری کارەکەدا هەبووبێت.
شەشەم: پرسی کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیی: لە ڕاستیدا ئەوەی کە بۆ ئێمە ئاشکرا بوو ” بزوتنەوەی گۆڕان” بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی و پەروەەردەیی زۆر جیاوزی لە پارتی و یەکێتی نەبوو. ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی کە لەناو کۆمەڵدا هەبوون و هەن بە هیچ کام لە بەرنامەکانی هیچ لایەکیان لابەلانەدەبووە. کۆمەڵێك تا بیناقاقەی لە گواوی خێڵایەتی و عەشایەرگەریی و دین و شەریعەتی ئیسلامی کە پایەیەکی سەرەکی کۆمەڵی کوردستان بن و گلابێت، یەکیش تەواوکەری ئەوی تریان بێت لە حەلکردنی کێشەی بوونی زوڵم و زۆر و چەسپاندنی دادوەریی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئازادیی تاك و بیروڕا و یەکسانی خەڵکی و لەناوشیاندا یەکسانی جێندەیی، نەك هەر ئەستەم بوو کە بە بەرنامەکەی ئەو بزوتنەوەیە ئەم کێشانە بنەبڕبکرێن، بەڵکو کارێکی نەکردەش بوون. لە کۆمەڵێکی ئاوا قوچکەییدا، لە ئابووریەکی قۆرخکراودا، لە هەبوونی فەرهەنگ و پەروەردەیەکی دواکەوتودا کە زۆر خراپتر لە سەردەمی بەعس، مەحاڵە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەراپای ئەو کێشانە بکرێت کە کۆمەڵ لە هەموو بوارەکانا ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
سەبارەت بە پەروەردە و پێگەیاندن و ڕۆشبیریی و چارەسەری تەندروستی ، لەبەر ئەوەی ئەمانیش بەرنامەیەکی لەیەکچووی لایەنەکانی دیکەیان هەبوو، لە ئاوا حاڵەتێکدا زۆر مەحاڵە کە بتوانێت هەنگاوێکی نوێ بنێت. ئەمە جگە لەوەی هەر یەك لە پرسی پەروەردە و پێگەیاندن و پرسی چارەسەری تەندروستیی بە توندی گرێدراونەتەوە بە پرسەکانی ئابووریی و سیاسەتی حیزب و دەوڵەت و دین نەریت و تەواوی سەروبەندی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ناتوانرێت و ناکرێت باس لە ئازادیی ژنان بکرێت لە وڵاتیکدا کە دین و شەریعە و عورف و عادەتی خێڵەکیانە نەك هەر پێوەری باشی و خراپی تاکەکانی کۆمەڵ بێت، بەڵکو ئامرازی حوکمکردنیش بێت. ناتوانرێت قسە لەسەر پرسی چارەسەری بەلاش و خوێندنی خۆرایی بکرێت بەڵام هاوکات بنەمای ئابووری وڵات لەسەر بناخە و ڕێڕەوی ئابووری لیبراڵ بێت. کەواتە سەراپای پرس و کێشەکان وەکو ئەڵقەکانی زنجیرێك زۆر مەحەکەمانە بە یەکەوە گرێدراون.
تۆوی شکستی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لەناو ڕەحمی خودی دروستبوونی خۆیدا چەکەرەی کردبوو، ئیدی ئەوە گرنگ نییە کە سەرکردەیەکی حەکیم یا نورانی، بە ئەزوموون، نێتباش…. ڕابەرایەتی بکات یا نەیکات، چونکە سیستەمی سەردەم نەك تەواوی سەرکردەکان بە باش و خراپیانەوە، بەڵکو حکومەتەکانیشیان دەکاتە بورغوویەکی سواوی چەرخی سییستەمە. سیستەمەکە بە بێ ئەو و بە ئەوەوە ، بەباشی دەسوڕێت خۆی دەچەسپێنێت.
ئەوەی کە بەربەستی دروستی سیستەمەکەیە هەوڵدان و کارکردنە لە دەرەوەی خودی سیستەمەکە، ڕێنەکردنە لەسەر نەزم و ڕەوتی ئەو ، ڕێکخستنی خودی جەماوەر خۆیەتی بە دوور لە هەژموونی سەرکردە و حیزب و دین و نەریتی دواکەوتووانە. کارکردنی دەستەجەمعیانەی خەڵكە کە خۆیان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیانن و دەتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن، نەك حیزب و سەرکردەکان و ئەوانەی کە لە فەلەکی سیستەمی مەوجوددا، دەسوڕێنەوە و بە ئومێدن کە گۆڕانکاری تیادابکەن .

21/11/2020
Zaherbaher.com




ئایا مستەفا کازمی جێگای ئومێدە؟ … زاهیر باهیر

هەڵسەنگاندنی ئێستای کەسایەتی کازمیی و هەڵپە و قسە و وتار و کردەوەکانی بێ ڕەچاوکردنی هاتنی هەڵبژاردنی نوێ و پاشخانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و پێگەی ئەو لە حکومەت و ئاڵانی لە بارودۆخێکەوە کە لە هەقەتدا یەکجار ئاڵۆز و زەحمەتە، کارێکە کە یەکلایەنانە حوکم بەسەر ئەودا دەدین .
حوکمکردنی عێڕاق لە سەردەمێکی ئاوادا کە کۆمەڵی عێڕاقی و ئیدارەکەیی و بوونی حیزب و ڕێکخراوێکی زۆر و دەستتێوەردانی لە لایەن ئێران وئەمەریکا و هەژموونی وڵاتانی دیکەش لە سەری، هەر ئاوا کارێکی ئاسان نیە . لە کاتێکدا کازمی نە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی، نە تائیفی، نە دینیی بەهێز، نە حیزبیی ئاوای نییە و هاوکاتیش خاوەنی هیزێکی چەکداریی گەورەش نییە. نەبوونی ئەمانەش ئەوەندەی دیکە ئەرك و گەیشتنی پەیامەکانی کازمی یا بەدەستهێنانی ئامانجەکانی کازمی سەختتر دەکات.
گەر تەنها کارایی حکومەتی ئاخوندەکانی ئێران و دەستتێوەردانیان لەسەر عێراق بوایە، بۆ کازمی ئاسان بوو کە جۆرێك لە ڕێککەوتن لە سەر بناخەی پرۆتۆکۆڵی نێوانی دوو وڵاتی دراوسێ، دوو دەوڵەتی جیاواز یا خود هاوشێوە و هاوبەرژەوەند، جۆرێك لە ڕێکەوتن زامن بکات. بەڵام گرفتەکە زۆر لەمە گەورەترە. هەژموونی ئێران و داخوازییەکانی ئێران لەسەر حکومەتی عیراق لە ڕێگای ڕاستەوخۆ و پەیوەندی نێوانی سەرانی دوو حکومەتەوە یاخود دوو حیزبەوە نییە بەڵکو لە لایەن کۆمەڵێك حیزبەوەیە کە هەر یەکەیان بە جیا لەویتریان داخوازی و مەرجی خۆی لەسەر حکومەت هەیە.
ئا لەم بارو دۆخەدا کازمی ناتوانێت لەتەك صەدرییەکان، مالیکییەکان، خزعلییەکان، عامرییەکان، کەتائیبی حیزبوڵا و … تد هەر هەموویان بگاتە سەرەنجامێك. هۆکاری ئەمەش ئاشکرایە چونکە ئەو لایەنانەش نە لەناو خۆیانا ڕێکن و نە بەرژەوەندی میللەتیشیان دەوێت .
کەواتە پرسەکە پرسی هەڵبژاردنی کەسەکان نییە و سەرەنجامیشش بە گوێرەی نێتباشی و چالاکیی و پەیام و ویستەکانی ئەو کەسە نایەتەدی. ڕەنگە کازمی لە زۆر ڕووەوە لە مالیکی و حەیدەری و عەبدولمەهدی باشتر بیت، بەڵام ئەم باشییەی ئەم تەنها دەچێتە قاڵبی حوکمڕانێکی خراپ کە چەند جیاوازییەکی لە تەك حوکمڕانێکی خراپتر، هەیە و دەبێت. گەر بە ڕونتر قسە بکەم خەڵکی عێراق بە کوردیشەوە لە نێوانی دوو هەڵبژاردەدان کە ئەویش خراپ یا خراپتر.
لەو کاتەوەی کە عێراق وەکو دەوڵەت دامەزراوە، باوەڕ ناکەم هەرگیز بە بارودۆخێکی ئاوا ئاڵۆز و شیواو و ” بێ خاوەن” دا، تێپەڕیبێت. عێراقی سەردەمی صەدام حوسەین خراپ بوو، لە هەندێك ڕووەوە زۆریش خراپ بوو ، بەڵام بەم ڕادەیەی ئێستا نەبوو کە هەموو لایەك و هەموو دەوڵەتێك و هەموو دەسگەیەکی سیخوڕی ئا بەو ئازادییە تەراتێنی خۆیانی تیادابکەن. لە سەردەمی صەدام-دا هێزێکی چەکدار جگە لە هێزی کوردی کە ئەویش بەو لاوازییە، لە ئارادا نەبوو، ئیدارەیەکی دیکتاتۆر ، سەرکوتکەر، بەڵام پارێزەری خاك و ” نیشتمان” بوو، ئاسایشی ناسیاسی هەبوو ، موچە و کار و یاخود بژێوی، ئاو کارەبا و غاز، تا ڕادەیەك هەبوو ، عیزەتی نەفس و دانەڕمانی کەسایەتیی تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵ، هەبوو ، پەیوەندی کۆمەڵایەتیی، شتێك لە ویژدان مابوو… گەلێك شت مابوون ، ئەوەی کە نەبوو مافی سیاسیی و ئازادیی و نەبوونی دەربڕینی ڕا و بۆچون و دروستکردنی ڕێکخراو و پارتی دژ بە بەعس و هەندێکی دیکە بوون ، کە نەبوون.
لە ئێستادا ئەوانەی کە لە سەردەمی صەدام حوسەین، هەبوون، هیچیان نەماون، بەڵکو سەربارێکی گەورەشی هاتۆتە سەر کە ئەوەندەی دیکە عێراقی خراپ کردووە. وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوەم : ئایا کازمی وێڕای باشی و نێتباشی خۆی، دەتوانێت بەشێکی زۆر لەو کەموکوڕییانەش بنەبڕ بکات، چەند ڕیفۆرمێکی سەرەکی بکات؟ بەڕای من زۆر زۆر زەحمەتە. پرسیارێکی تر: ئایا دەبێت دەنگی بۆ بدەین؟ من وەکو خۆم باوەڕم بە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی بناخەیی لەسەر دەستی کەسانی کارێزما و حیزبەکان و کوردەتای سەربازیی و کودەتای حیزبی و سیستەمی هەڵبژاردن نییە. هاوکاتیش ناتوانم ئامۆژگاری دانیشتوانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە بە دەنگدان یا نەدانی دەنگ بکەم. بەڵام ڕاستییەك هەیە کە گەلی عێراق ئەزموونێکی دوورو درێژی حیزبایەتی و حوکمڕانی هەیە، هەر ئاواش ئەزموونی هاتنی کەسان و لایەنی جیاواز لە ساڵی 2005 وە. ئەمانەش تا ڕادەیەك ئەوەی سەلماندووە کە گۆڕانکارییەکان لە ڕێگای دەستا و دەستکردنی دەسەڵاتەوە نایەنە دی. ڕەنگە باشترین ڕێگا بۆیان بڕوا کردنە سەر خۆیان و سەندنەوەی هەموو متمانەیەك لە سیاسییەکان و حیزبەکان دەسەڵاتخوازان و وڵاتانی دەرودراوسێ و ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕؤژئاوایە. گەر بکرێت خۆیان هەوڵی خۆڕێکخستنی خۆیان بدەن و هەموو کاروبارەکانی خۆیان دەستەجەمعیانە، بە هاوڕا و هاریکاری یەکدی بەڕیوەبەرن. ئەمە تاکە بژاردەیە و تاکە حەلە.

زاهیر باهیر
13/08/2020
Zaherbaher.com




نامەیەکی مارکس بۆ پرۆدۆن و وەڵامی پرۆدۆن* … و: زاهیر باهیر

برۆکسل
05/05/1846

خۆشەویست پرۆدۆن:

لەو کاتەوەی کە پاریس-م بەجێهێشتوە لەبیری ئەوەدام کە نامەت بۆ بنوسم بەڵام بارودۆخەکە، کە بەدەر بوون لە کۆنترۆڵم، بەربەستبوون لە نوسینیا. زیادەسەرقاڵی و بێزاریم و هاوکاتیش گواستنەوەم بۆ خانویەکی دیکە، ئەمانە هۆکارەکانی بێدەنگیم بوون، تکایە باوەڕم پێبکە.
وێڕای هەموو ئەوانەش ئێستا بە هاوکاری دووان لە برادەرەکانم ، فردریك ئەنجلس و فلیپ جیگۆت ، Philippe Gigot ، (کە هەردوکیان لە برۆکسلن) ، کۆمیتەیەکم لە بەردەوامبوونی نامەگۆڕینەوەدا لەتەك کۆمۆنیستە ئەڵمانییەکان و سۆشیالیستەکانا ڕێکخستوە نەك هەر تەنها بۆ مەبەستی لێدوان لە پرسە زانستییەکان، هەر ئاواش بۆ پێداچوونەوەی نووسینە فرە خوێنەرەکان و پڕوپاگەندەی سۆشیالیستیی، وەکو ئامرازێێك بۆ کەڵکوەرگرتنی لە ئاڵمانیا. ئامانجی سەرەکی نامە گۆڕینەوەکانمان هەرچۆن بێت بۆ پەیوەستبوونەوەی سۆشیالیستە ئاڵمانەکانە لەگەڵ سۆشیالیستە فەرەنسی و ئینگلیزەکانا بۆ ئاگەدارکردنەوەی بێیانەکان لە بزوتنەوەکانی سۆشیالیستیی لە ئەڵمانیا و هەروەها بەئاگاهێنانەوەی ئەڵمانەکانیش لە ئەڵمانیا سەبارەت بە گەشەکردنی سۆشیالیزم لە فەرەنسا و ئینگلتەرەدا. ئا لەم ڕێگایەوە جیاوازییەکان دەتوانرێت ڕۆشناییان بخرێتە سەر، لەم بارەشدا کەسەکان دەتوانن ئاڵوگۆر لەبارەی ئایدیاکان و ڕەخنەی بێ لایەنانەیان دەستگیربێت. ئەمە هەنگاوێکە کە بزوتنەوەی سۆشیالیستیی دەبێت لە دەربڕینە ئەدەبییەکانیا بینێت تاکو لە سنوردارێتی نەتەوەیی ڕزگاری ببێت. هەروەها لە چالاکی و کاری ئێستادا بە دڵنیاییەوە زۆر بە سوودە بۆ هەموو کەسێك کە بە ئاگابێت لەم پرسانە کە لە دەرەوەن ئەوەندەی کە بە ئاگان لە پرسەکانی نێو وڵاتانی خۆیان.
نامەکانمان هەر بە تەنها بۆ کۆمۆنیستەکان لە ئەڵمانیا، نییە، بەڵکو بۆ سۆشیالیستە ئاڵمانەکانیشە لە پاریس و لەندەنیش. لە ئێستاشدا پەیوەندیمان لەتەك ئینگلیزەکانا دروستبووە. سەبارەت بە فەرەنساش ئێمە هەموومان باوەڕمان وایە لە خۆت باشتر کەسێکی دیکە نادۆزینەوە. خۆتیش ئەوە دەزانیت ئینگلیز و ئەڵمانەکان ڕێز و تەقدیری تۆ زیاتر لە پیاوانی وڵاتەکەی خۆت دەگرن.
ئا لێرەدا تۆ مەبەستەکە دەبینیت، کە ئافراندنی گۆڕینەوەی نامەکانە بەڕێكوپێکی و زامنکردنی ڕێگاکانی دووکەوتنی بزوتنەوەی سۆشیالیستییە لە وڵاتانی جیا جیادا تاکو بەرەنجامێکی دەوڵەمەند و هەمە چەشنەی ئاوای هەبێت کە هیچ تاكێك ناتوانێت بە تەنها بەخۆی، بەدەستیبهێنێت.
گەر تۆ پێشنیارەکانمان پەسەندبکەیت، پارەی پوولی نامەکانی کە پێت دەگات و هەروەها ئەوانەشی کە دەینێریت، لای ئێمەوە دەدرێت، چونکە ئەو پارەیەی کە کۆکراوەتەوە لە ئەڵمانیا حسابی دانی پارەی ئاڵوگۆڕکردنی نامەکانیشن لە هەردوو لاوە.
لە ناردنی نامەکانتا تۆ ئەم ئەدرێسە لۆکاڵییە بەکاردەهێنیت: M. Philippe Gigot, 8 rue Bodenbrock. . هەر هەمان ئەدرێسیشە بۆ ناردنی ئەو نامانەی کە لە برۆکسل-وە دەنێررێت.
پێویستم بەوە نییە ئاماژە بەوە بکەم کە هەموو نامە ئاڵوگۆڕکراوەکان لە لایەنی تۆوە، دەبێت تەواو زۆر نهێنیانە بن، چونکە پێویستە زۆر بە ئاگا بین لە کەشفنەکردنی برادەرکانمان لە ئەڵمانیا.
تکایە بە زویی وەڵامبدەرەوە، هەروەها متمانەی دڵسۆزی برادەرایەتیمان قەبوڵ بکە.

دڵسۆزی خۆت
کارڵ مارکس

……………………………………………..

*بەداخەوە ئەوەی کە لە ئەدەبیاتی مارکسیی و ئەنارکییستیدا دەردەکەوێت تەنها ئەم نامەیە و وەڵامەکەی پرۆدۆنە بۆ مارکس، نەك هەر لە زمانی ئینگلیزیی بەڵکو لە زمانی ئیتالیی و فەرەنسیشدا. کاتێکی زۆرم بۆ دۆزینەوەی نامەکانی دیکەی نێوانیان، تەرخان کرد بەڵام لەم دوانەی کە لەبەردەستدایە چ نامەیەکی دیکەیانم بەرچاو نەکەوت. تەنانەت دوو هاوڕێم ئەرشێف و ئەدەبیاتی ئەم دوو ئاراستە سیاسییەی لە ئەدەبیانی ئیتالی و فەرەنسی-دا پشکنی، ئەوانیش هیچی دیکەیان لەم دوو نامەیە زیاتر نەبینی.
جێگای سەرسوڕمانە، چونکە نامەکانی هەردوکیان ئاماژە بەوە دەکەن کە نامەی دیکە لە نێوانی هەردوکیاندا ئاڵوگۆڕ کراون. دوای ئەوەش ناکرێت لە ماوەی 19 ساڵدا ( 1846 تاکو 1865 ) کە پرۆدۆن مردووە نامەی دیکە لە نێوانیانا نەبووبێت.
هۆکاری دەرنەکەوتنی نامەکانی دواتریان زۆر ناڕوونە. رەنگە بگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێك کە لەوانە ڕەنگە بە هۆکارێك ئەو نامانە لە ئەرشێف دەرهێنرابێتن و لەناوبرابن ، یاخود ڕەنگە هەر لە سەرەتادا ئەرشێف نەکرابن ، ڕەنگیشە هۆکاری دیکە هەبێت کە بۆ من لە ئێستادا، ئاشکرا نییە.
دیارنەمانی نامەکانی دیکەی نێوانی مارکس و پرۆدۆن هەرچی هۆکارێکی هەبێت جێگای داخە و شاردنەوەی شاکارێکی هزریی گرنگی ئەم دوو مەزنە پیاوەن کە هەر یەکەیان سەبارەت بە هزر و ڕێڕەوی خۆیان، ڕۆڵی گەورە و شوێنی دیاریکراوی خۆیان هەبووە و هەیە. وەرگێڕ.

…………………..

خۆشەویستم مۆنسیۆرا مارکس
Lyon, 17 May 1846

بە خۆشحاڵییەوە قەبوڵمە کە یەکێك بم لە پێگەیشتوانی نامەکانت، کە ئامانجەکانی و ڕێکخستنی لای من زۆر بە کەڵکن. لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم بەڵێن بدەم کە زوو زوو یاخود بە درێژی بنوسم : جۆرەکانی سەرقاڵیم لەتەك سروشتی تەمەڵیانەمدا لە خزمەتی ئەم هەوڵانەدا، نیین. هەروەها دەبێت ئازادیش بم لە هەبوونی بەهرە [ توانا] دیاریکراوەکانا کە لە بڕگە جیاوازەکانی ناو نامەکەتا پێشنیارکراون.
پێش هەموو شتێك، گەرچی ئایدیاکانی من سەبارەت بە ڕێکخستن و دەرکپێکردن ئا لەم کاتەدا کەم تا زۆر بە جۆرێك لە جۆرەکان لابەلابونەتەوە، لانی کەم ئەوەی پەیوەندی بە پرنسپڵەکانەوە هەیە، من باوەڕم وایە هەر وەکو چۆن ئەرکی هەموو سۆشیالیستەکانە ئەرکی منیشە کە بۆ ماوەیەك پارێزگاری لە فۆرمێکی ڕەخنەیی بکەم یا بەگومان بم لێی. بەکورتی بە ئاشکرا و بێ شاردنەوە دەیکەمە پیشەیەك، تا ڕادەیەك بە ڕەهایی دژی دۆگاماتیزمی ئابورییم.
ئەگەر ئارەزوومەندی وەرە با بەیەکەوە یاسا کۆمەڵایەتییەکان بپشکنین، هەروەها چونێتی کارکردنی ئەم یاسایانە کە چۆن ناسراون و پرۆسەی یاساکانیان کە چۆن لە کەشفکردنیا سەرکەوتوو دەبین، بەڵام بۆ خاتری خوا دوای لە بەینبردنی هەموو دۆگما پێشینەکان، کارێ ئاوا مەکە کە خەون بە مەزهەبیکردنی یا تەلقینکردنی خەڵکەوە ببینین، ڕێگە مەدە کە بکەوینە ناکۆکییەوە وەکو هاووڵاتیەکەت، مارتن لۆسەر، کە لاهوتی [ تیوێلۆجی] کاسۆلۆکی ڕووخان هاوکاتیش لەتەك حەرامکردن و بە نەعلەتبونا، بینای بناخەی لاهوتی پرۆتستانی دانا. لە سێ چەرخی رابوردوودا کاری سەرەکی ئەڵمانیا سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوەی کارە خراپەکەی مارتن لۆسەرە، با لەوە نەگەڕێین مرۆڤایەتی سەرقاڵی پاککردنەوەی هاوشێوەی ئەو بێ سەروبەرەییە [فەوزایە] بن کە ئەنجامگیریی هەوڵەکانی ئێمەن.
لە قوڵایی دڵمەوە دەستخۆشی هزرت دەکەم لە پێناوی ڕۆشنایی خستنەسەر هەموو ڕا و بۆچوونەکانتا، بەڵام لێگەڕێ با بەردەوامبین لەسەر کاری باش و گفتوگۆیەکی دڵسۆزانە، با نموونەیەك لە فێربوون و دووربینیی و لێبوردن و هەڵکردن بدەینە جیهان، بەڵام با ئاوا نەکەین کە ئەوە بگەیەنێت کە ئیمە لە پێشەوەی بزوتنەوەکەین خۆمان بکەینە سەرکردەکانی کە پێداگریی لەسەر بۆچونی نوێی خۆمان بکەین. با بانگەواز نەکەین و نەبینە پەیامبەری ئاینێکی نوێ، هەتا ئەگەر ئەوە بیشبێتە دینێکی لۆژکانە، ئاینێكی ئاوەزدار. وەرە با بەیەکەوە کۆبینەوە و هانی هەموو ناڕەزاییەکان بدەین، با هەموو جۆری تایبەتمەندییەکان، هەموو بیرۆکە تەصەوفییەکان، با هەرگیز پرسیار بە گرفت و هیلاکەتی نەزانین و وەرنەگرین ، هەر کاتێکیش کۆتاییمان بە هەموو ئەرگویمێنتەکانمان هێنا، ئەگەر پێویستی کرد وەرە با لە سەرەوە دووبارە بە پاراویی و ڕەوانیی و هەروەها بەدەم گاڵتەکردنەوە، دەستپێبکەینەوە. بەو هەلو مەرجە بە خۆشییەوە لە کۆمەڵەکەتانا [جەمعییەکەتانا] دەبم ، دەنا نا.
هەروەها من هەندێك تێبینم لەسەر بڕگەیەکی نامەکەت هەیە : لە سەر و بەری چرکەی چالاکییدا/کارکردندا. پێدەچێت تۆ هێشتا هەر ئەو بۆچوونەت هەبێت کە هێچ ڕیفۆرمێك لە ئیستادا بە بێ ئەگەری کردنی کودەتایەیەکی سەرەکی، بە بێ ئەوەی کە پێشتر پێی دەوترا شۆڕش، نییە، بە ڕاستیش ئەمە هیچ نییە جگە لە زەبرێك [ شۆك] نەبێت. ئەو بۆچوونە بە گوێرەی تێگەیشتنی من، کە بە لێبوردنەوە دەڵێم، کە هاوکاتیش ئامادە و ئارەزوومەندیی وتووێژکردنیشیم، کە خۆم بۆ ماوەیەکی زۆر شەیرم کردووە، بەڵام خوێندنەوەکانی ئەم نزیکانەم ئاوای لێکردم کە بە تەواوی دەستبەرداری ببم. باوەڕم وایە بۆ سەرکەوتنمان پێویستمان بەوە نییە، هەرلە بەر ئەمەش سەرەنجام پیێویست ناکات چالاکی شۆڕشگێڕانە وەکو ئامرازەکانی ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی، تەرحبکەین، چونکە ئەوە وادەردەکەوێت کە هەر بە ئاسایی بانگەشەیەکە بۆ بەکارهێنانی هێز، بۆ کارێکی هەڕەمەکی و خراپکاریی، بە کورتی ئەوە ناکۆکییە. من خۆم گرفتەکە ئاوادەبینم : بە هێنانەوەی بۆ خودی کۆمەڵ لە ڕێگای ئاوێتەبوونی ئابورییەوە سەبارەت بەو سامانەی کە لە ڕێگای ئاوێتەبوونێکی دیکەی ئابوورییەوە لە کۆمەڵ سەندراوەتەوە. بە مانایەکی دیکە ، لە ڕێگای ئابووری سیاسییەوە بۆ گۆڕین و پێچەوانکردنەوەی تیئوری موڵکایەتی دژ بە خودی موڵکایەتیی، لەو ڕێگایەی کە ئێوە، سۆشیالیستە ئەڵمانەکان، ناوی دەنێن کۆمۆنێتی ، کە منیش لە ئێستادا بەخۆم ڕادەبینم کە ناوی ئازادیی یاخود یەکسانیی لێبنێم .. هەروەها باوەڕم وایە لە ماوەیەکی کورتدا ڕێگاکانی لابەلاکردنەوەی ئەم کێشەیە دەزانم، لەبەر ئەوەش سوتاندنی موڵکیەت بە ئاگرێکی هێواش پەسەند دەکەم لەبری ئەوەی کە هێزی نوێی پێببەخشم لە ڕێگای دروستکردنی شەوی St Bartholomew’s * بۆ خاوەنموڵکەکان.

ئەو پەڕی دڵسۆزت
پییەر جۆزیف پرۆدۆن

  • شەوی St Bartholomew ، قەڵاچۆکردنی پرۆتستاتەکانی پاریس بوو لە فەرەنسا، کە لە شەوی 24 لەسەر 25 ی مانگی ئابی 1572 دا ڕوویداوە. پیلانەکە لە لایەن Catherine de Médicis داڕێژرا و لە لایەن نۆبڵە کاسۆلیکە ڕۆمانەکان و هاووڵاتیانی دیکەوە جێ بەجێکرا. ئەوە خولی ڕووداوێك بوو لە زنجیرەیەك لە بەیەکادانی جەنگی ئەهلی نێوانی کاسۆلیکە ڕۆمانەکان و پرۆتستانتەکانا، هەتا کۆتایی چەرخی شانزدەی خایاند، ئەو کاتە لابەلا بووەوە.

…………………………………..
Zaherbaher.com




بۆچونێك دەربارەی قەوارە و ناقەوارەیی هەرێمی کوردستان … زاهیر باهیر

من لێرەدا وەڵامی ئەو پرسیارە نادەمەوە ئایا هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی وەکو ئەوەی کە ئێستا هەیەتی بمێنێت یاخود هەڵوەشێتەوە، باشترە؟ ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێت بیخەمە بەردەم خوێنەرانی ئەم وتارە، تەنها ورووژاندنی پرسیارگەلێکە تاکو خۆیان سەرپشك بن لە وەڵامیانا.
پێشەکی دەمەوێت کارئاساییەك بۆ خۆێنەر بکەم تاکو بتوانن وەڵامێکی لۆژکیانە بە پرسەکە بدەنەوە یاخود هەر هیچ نەبێت ببێتە مایەی تێڕوانینیان، بۆ ئەمەش من بە کورتی شتێك دەربارەی قەوارەی هەرێم و پارێزەری قەوارەکە کە حکومەتی هەرێمە، لە چەند رویەکەوە دەخەمە ڕوو.
یەکەم: ئێمە ئامارێکی پشتبەستراومان لەبەردەمدا نییە سەبارەت بە قەوارەی ئێستتای کوردستان و ئەو زەوی و خاکەی کە ئێستا لەژێر سای دەسەڵاتدارانی هەرێمدایە هەر لەو کاتەوەی کە بوونەتە حوكمڕان واتە ساڵی 91/92 وە. هەندێك دەڵێن ئەوەی کە ماوەتەوە بەڕێژەی لە سەدا 24 لە چاو ساڵی 1975، ساڵی ئاشبەتەڵ. هەندێکی دیکە زۆر ڕمڵی زیاتر لەوە لێدەدەن، بەڵام هەندێك لایان وایە کە لە ئێستادا ئەو خاك شوێنانەی کە بە فیعلی دەتوانرێت بوترێت کوردستانە و لەژێر فرمانداریی ئەم حیزبانەدایە لە سەدا 40 زیاتر نییە. کەواتە لێرەدا قەبارەی ڕاستیی کوردستان گوومە و ئاشکرا نییە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە لە هەڵگیرساندنەوەی شەڕی 1974 وە، کورد چ لە ڕووی خاکەوە و چ لە ڕووی زەرەرو و زیانی گیانیی و ماڵداریی و ئاژەڵداریی و سروشتەوە لە زەرەردایە و ئەم زەرەرمەندییەش سنووریی نییە و ناشتوانرێت پێشبینی کۆتایەکەی بکرێت.
دووەم: لە ڕووی ئابوورییەوە: ئاشکرایە کوردستان لە ڕوی ئابوورییەوە لەو کاتەوەی کە خاوەنی حکومەت و بوونی خۆیەتی، لەبری چونە پێشەوەی زیاتر، لە خاپووربون و کاولیدایە. ئەوەشی کە 30 ساڵ و پێشتریش هەبووە هەمووی لەدەستچووە. ئاشکراشە پارێزەرانیی ئەم قەوارەیە لە ماوەی ئەم زەمەنە دوورو و درێژەی دەسەڵاتیانا شکستێکی گەورەیان هێنا و بەروبوومی وڵات بە هەموو چەشنەکانییەوە هەر لەبەروبوومی سروشتی و کشتیاریی تا دەگاتە پیشەسازیی هەڕاج و تاڵان کراون و هەر بەردەوامیشە، بێ ئەوەی تاکێکی کورد بچوکترین سوودی لێ وەرگرتبێت. تائێستاش متمانەی کۆمەڵی کوردی لەسەر هاوردەی وڵاتانی دەرودرواسێی و وڵاتانی دیکەیە. خەڵکی بێ بەشە لە مووچە و بژێوی ، هیچ پرۆژەیەك لە کوردستانا جگە لە دروستکردنی هەندێك بەنداو و هەڵکەندنی بیری نەوت و دروستکردنی مۆڵ و هوتێل و هەندێك ڕیگاو شەقامی بێ کەڵك و نازەرووریی و دروستکردنی شووقە و ڤییەلای گرانبەهای نوێ لەژێر ناوی گوندی جیا جیادا، هیچی دیکە نەکراوە. سەروەت و سامانی وڵات بە ئاشکرا دزراوە و دەدزرێت. ئەمە جگە لەوەی کە دەستەیەك بازرگانی چاوچنۆك بە بەشداری و ئاسانکاریی هەندێك لەبەرپرسەکان دروستبوون و تورەقییان کردووەو زۆرێك لە شادەماری لایەنی هاوردەی بەرهەم و پیداویستییەکانی خەڵکیان لەتەك ناردنە دەرەوەی نەوت و شمەکی دیکە، بازاڕیان قۆرخ کردووە. کە لەم بارەشدا ئەوەی ئەو بازرگان و بەرپرسانە مەبەستیان نەبێت و بە تەنگەوەی نەیەن کۆمەڵی کوردی و کواڵەتی ئەو کاڵا و شمەکانەیە کە دەهێنرێنە ناوەوە هەر لە کەل و پەل و پیداویستی دیکە تا دەگاتە دەرمان کەرەسە زەروورییەکانی تری بەشی خۆپارێزی و تەندروستی، کە زۆربەیان بەسەرچوون.
سێیەم: لەبارەی سەربازیی و بەرگرییەوە: ئەم قەوارەیە خاوەنی سووپایەکی یەکگرتوی نیستمانیی نییە ، ئەوەی کە هەیەتی چەند هێزێکی میلیشیایی جیا جیاو سەر بەحیزب و سەر بە خانەوادەکانن. جێگای داخە ئەو میلیشیانەش گەرچی زۆربەیان خەڵکانی هەژار و باش و بێ زەررەرن بەلام بە خۆیان بوونێکی سەربەخۆیان نیە بۆیە وەکو داشی دامە یارییان پیدەکرێت، بەیانی هەر کام لە خاوەنەکانیان دەتوانن بیانکەن بە گژ هەر لایەنێکدا کە بیانەوێت. وەکو وتم ئەمانە چەکدارانی حیزب و خانەوادەن نەك کوردستان و خەڵکەکەی، بۆ پارێزگاری ئەوان لەوێ نین، بەڵکو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەرانی حیزب و خانەوادەکان و کۆمپانیا گەورەکانی ناوخۆ و دەروەی کوردستانن.
چوارەم: لە ڕووی سیاسییەوە: کۆمەڵە خەڵكێك ، چەند حیزبێك بە ڕاستەوخۆ و ناڕەستەوخۆ حوكمڕانن کە هەموان دەزانن هەر لایەیان سەر بە یەکێك لە دەوڵەتانی دەرودراسێن و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی و ئەمەریکا و وابەستەی بڕیارە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەوانن. پەڕلەمانێکی گاڵتەجاڕی بێ ئیرادە و بێ بڕیار و بێ کار و گەندەڵی هەیە ، کە کەسێك ناتوانێت پاساوی بوونی بکات.
لە سەرێکی دیکەشەوە کوردستان بووەتە مەیدانی تۆڕە سیخوڕەکانی ئێران و عێراق و تورکیاو سعودییە و وڵاتانی دیکە. ئیدی سی ئای ئەی و موسادی ئیسرائیلی و میتی تورکیی و ئێم ئای سکسی بریتانیی و ئیتڵاعاتی ئێرانی و وڵاتانی تر تەراتێنی تیادا دەکەن. ئەم دەسگە سیخوڕییانە ئەوەندەی لە کوردستان نوسینەگە و چالاکی ئاشکرایان هەیە لە وڵاتانی خۆیاندا نەك ئەوەندەیان نییە بەڵکو ئەوەندەش ئازاد نین .
کوردستان قەوارەیەکە کە ڕۆژانە لە لایەن عێراق و ئێران و تورکیاو بۆردماندەکرێت ، لاقەدەکرێت، مرۆڤەکانی دەکوژرێت و ماڵدارییەکانی لەناودەبڕێت سروشتەکەی وێراندەکرێت. پارێزەرانی ئەم قەوارەیە نەك هەر قسەیەك ناکەن بەڵکو خۆشیان دەستیان لەگەڵدا تێکەڵدەکەن بۆ هێنانی ئەم کارەساتە بەسەر گەلەکەیانا.
پێنجەم: لە ڕوی کۆمەڵایەتییی و ڕووەکانی دیکەوە: کە باس لە ڕوی کۆمەڵایەتی قەوارەی هەرێم دەکەم مەبەستم هەموو لایەنە کۆمەڵایەتییەکانە هەر لە ڕؤشبنیریی و پەروەردە و فەرهەنگیی و کولتوریی و هونەر و وێژە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خوو و نەریتی مرۆیانە. لەم پەیوەندییەدا پرسی ژنان ، ڕایسیزم ، دین و ئاینیش دەگرێتەوە، کە لە سەراپای هەر یەکێك لەوانە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە خراپەکە ، بە خەستی ڕەنگدەداتەوە.
لە هیچ کامێك لەم لایەنانەوە شتێکمان نییە کە بڵێی هی میللەتەکەیە و تایبەتمەندی خۆی پاراستووە لەم قەوارە ” نیشتمانییەدا” . پەروەردە و ڕۆشنبیریمان هێشتا سەردەمی بەعس و خێڵەکی بەجێ نەهێڵاوە ، تەنانەت هیچ هەنگاوێکیشی بۆ نەنراوە. خزمەتگوزارییەکان نەك هەر لەڕووی قەوارەیانەوە بەڵکو لەڕوی بەڕیوەبردنیشیانەوە هەرەسیان هێناوە، کولتورمان ڕەنگدانەوەی کولتوری بازاڕی ئازادە و هەڵسوکەوتی ئەکتەرەکانی هۆڵی ودوو کردنی هەموو شتێك بە مرۆڤەکانیشەوە بە کاڵایەك لە بازاڕدا بەتایبەت ئافرەتانمان. بایاخدان بە فێربوونی زمانی کوردی زۆر لە دامێنی گرنگیدانەوەیە لە بەرانبەر زمانی تورکیی و ئینگلیزی-دا. دوای ئەمەش خوا هەڵناگرێ نوسەر و ڕۆشنبیرەکانیشمان درێغییان نەکردەوە لە وێرانکردن و شێواندانی زمانی کوردیی بە قەرزکردنی وشە و دەستەواژەی زمانەکانی وەکو ئینگلیزی. ئەمە جگە لەوەی کە زۆرێك لە ماڵپەڕە کوردییەکان و دوکانەکان و هوتێلەکان و چێشتخانەکان و شوێنەوار و گەشتوگوزراییەکان و تەنانەت عیادەی دکتۆرەکانیش بە ناوی ئینگلیزی یا نیوە کوردی و نیوە ئینگلیزییەك نوسراون کە زۆر کات خۆشیان ماناکەی نازانن . ئەمانە هەمووی کراوە و دەکرێت بێ هەبوونی چاودێرییەك، لێپرسینەوەیەك ، بە تەنگەوەهاتنێکی زمان و فەرهەنگی کوردیی.
لە لایەکی دیکەوە ئەوەندەی کە گرنگی بە دروستکردنی مزگەوت دراوە ئەوەندە گرنگی بە کردنەوەی خەستەخانەو قوتابخانە نەدراوە. لە کاتێکدا کە پەتای کۆرۆنا ئەوەی سەلماند نەك هەر مزگەوتەکان و دین نامان پارێزن، بەڵکو نێوەندیی بڵاوکردنەوەی پەتای ڕۆحیی و جەسەدیشن.
لە ئەمڕۆی کوردستانا چارەسەر نییە ، مووچە نییە، ئازادیی نییە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نییە، هەر هەمووشیان دەسەڵات لێیان بەرپرسیارە. ڕاستە لەسەردەمی بەعسدا دەممان دەگیرا بەڵام سکمان لە برسا نەی دەقۆڕان ، چارەسەر هەبوو، گرانی بەو رادەیە نەبوو، گەندەڵی زۆر کەمتر بوو، ئەوەی کە نەبوو ئازادیی بوو . ئەئ ئێستا لە سای پارێزەرانی ئەم قەوارەیەدا؟
کەواتە کرۆکی پرسەکە ئەوەیە، قەوارەیەك کە لەلایەن پارێزەری قەوارەکەوە لە هەموو ئەو ڕوانەوە کە لە سەرەوە باسم کردن ئاوا ئەتك کرابێت؟ دانشتوانەکەی ئاوا بارودۆخی هەموو لایەنەکانی ژیانیان خراپ بووبێت، ئاڵهای سەردەمی صەدام حوسەین بکەنەوە، ئایا ئەمە چی دەگەیەنێت؟ قەوارەیەك ئازادیی تێدا نەبێت، تۆپی ئێرانی و تەیارەی دەوڵەتی تورکییە هەر کەسێکیان بوێت، هەر بنکە و بارەگایەکیان بوێت لەهەر شوێنێکدا بێت بتوانن بیپێکن و بێ ئەوەی پارێزەی قەوارە ” حکومەتی هەرێم” تەنانەت بە ساردێکیشەوە سەرزەنشتێکیشیان بکات، ئایا ئەم وڵاتە قەوارەی هەیە؟ یاخود ئەمە هەر قەوارەیەکە لە مەیدانی ساخکردنەوەی ململانێ نێوانی ولاتان و تیرۆرکردنی نەیارەکانیانا؟ قەوارەیەك بەو دەوڵەمەندییە کە هەموان دەیزانین بووەتە سەرچاوەیەکی خێر و بەرەکەت و بەسەر ئێران و تورکیا و ولاتانی دیکەدا، ڕژاوە ، بەڵام ئایا دانیشتوانی ئەم قەوارەیە جگە لە کوێرەوەریی چی دیکەیان لەم هەموو سامانە، چنیوەتەوە؟ ئا لەم بارەدا دانیشتوانی ئەم قەوارەیە لەبەردەم سێ گریمانان، ڕازیبوون بەم قەبارەیە، ڕادەستکردنەوەی بە حکەموتی بەغداد یاخود ڕەتکردنەوەی هەردوکیان و بنیاتنانی قەوارەیەکی نوێ؟ وەڵام لای خوێنەر و دانیشتوانی قەوارەکەیە.

زاهیر باهیر
10/07/2020
Zaherbaher.com




ئایا دۆناڵد ترامپ هەرەشە و مەترسییە؟* … زاهیر باهیر

بە دڵنیاییەوە مەترسییە، بەڵام بۆ كێ؟ پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت ئەوە بڵێم کە مێژوو تا ئێستا چەند ڕاستییەکی سەبارەت بە شۆڕش فێرکردوین کە ناکرێت فەرامۆشیان بکەین.
یەکەم: مێژوو نیشانیداوین کە پارتە سیاسییەکان هەر لە چەپەوە و کۆمۆنیستەوە تا دەگاتە سۆشیالیستی دەسەڵاتخواز ناتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتیی لەم سیستەمەدا بکەن. لە ڕاستیدا ئەوان چەندەها ئاستتەنگیی وەکو پارێزگاریکردن و درێژکردنەوەی تەمەنی سیستەمەکە، دروستدەکەن.
دووەم: شۆڕش نە لە ڕێگای کودەتای سەربازیی و نە لە ڕێگای پیلانی سیاسییەکانەوە دەکرێت.
سێیەم: مێژوویەکی دوور و درێژمان سەبارەت بە سیستەمی پەڕلەمانتاریی هەیە کە شکستیهێناوە لە هێنانی گۆڕانکاری بنەڕەتدا.
چوارەم: مێژوو ئەوەشی نیشانداوە کە هەژاریی بە تەنها ناتوانێت بناخەیەك بێت بۆ ڕوودانی شۆڕش. لە ڕاستیدا لەوەش زیاتر مێژوو ئەوەی تۆمار کردووە کە هەژاریی خەڵکی زیاتر دەکاتە پاشکۆی دەوڵەت و کۆمەڵە خێرخوازییەکان لەبری ئەوەی متمانە بکەنە سەر خۆیان و خەبات بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن.
لە خەباتی چینی کرێکارانی بریتانی ئامارەکان ئەوەمان دەدەنەدەست کە ژمارەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان و مانگرتنەکان زۆر لە دابەزیندا بووە لە سەردەمی حوکمی پارتی لەیبەر [ پارتی کرێکاران] * . خودی ئەمەش پرسێکە کە بە دەگمەن جیاوازییەك لە هەل ومەرجەکانی سەر کار و ژیاندا هەبووە لەو کاتانەشدا کە حیزبی موحافزین لەسەر حوکم بوون.
لەگەڵ ئەوەشدا نکوڵی ئەوە ناکرێت کە هەندێك ڕیفۆرم لەسەر دەستی چەپ و سۆشیالدیمۆکراتەکانا کاتێك کە لە حوکمدا بوون ، کراون، کە بە ڕادەیەکی کەم ژیانی چینی کرێکارانی باشکردووە. بەڵام ئەم ڕیفۆرمانە کرێکاران تەنها بۆ ماوەیەکی کەم سوودیان لێوەرگرتووە. لە ماوەی درێژخایەندا ئومێدێکی ساختەیان دەداتێ، وایان لێدەکات کە زیاتر وابەستە بە پارتە سیاسییەکان ببن لە کردنی گۆڕانکاریید. بە واتایەکی دیکە زەرەرمەندیان دەکات، وایان لێدەکات بڕوا بەخۆیان لەدەستبدەن کە بتوانن گۆڕانکارییەکان بکەن. هەر ئاواش دەماخیان دەشواتەوە کە گوایە ئەمەیە دیمۆکراسیی. ئەو وەهمە بە خەڵکی دەدات ئەمە جۆرێکی جیاوازی دەسەڵاتە و جۆرێکی جیای حکومەتە. بە خەڵکی دەلێت دەوڵەت هەیە دیمۆکراسییە و دەوڵەتیش هەیە دیکتاتۆرە. بەڵام لە راستیدا بوونی حکومەت/ دەوڵەتی دیمۆکراسی یاخود دیکتاتۆریی هەر هەمان شتە. دەوڵەت ناوی هەرچیبێت لە نێو سیستەمەکەدا کۆنترۆڵ و لاقەی خەڵکەکەی دەکات. بە بەکارهێنانی ئامراز و دەسگەکانی لە حوکمی دیمۆکراتیی و دیکتاتۆرییەتا هەرکامیان حوکممان بکەن، هەر وەکو یەکن.
کاتێك کە دیکتاتۆرەکان و پارتە ڕاستڕەوەکان لە دەسەڵاتدان، ڕاستییەك هەیە کە ئازادیی نییە یاخود زۆر کەمە. هاوکات پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوانی خەڵکی زۆر توندوتۆڵە، هاوپشتییەکی زۆر باش هەیە، هەرەوها هاوکاریی و بەتەنگەوەهاتن و بەدەم یەکدیچوونیشەوە هەیە. هەر ئاواش هێڵی جیاکەرەوە لە نێوانی هاوکاران و هاوپشتانی حکومەت و دەوڵەت و ئەوانەی کە دژ بەوان دەجەنگن ، زۆر ئاشکرایە. زیاتریش لەوانە متمانە و یەکێتی لە نێوانی خەڵکیدا هەیە و تا ڕادەیەکیش هەمووان پاگەندەکانی دەوڵەت و میدیاکەی، ڕەتدەکەنەوە. زۆرێك لە ئێمە ئەم ئەزموونگەرییەمان لەسای حوکمی صەدام حوسەین-دا هەیە ، هاوڕێیانی وڵاتانی دیکەش هاوبەشی ئەم هەست و بۆچونە دەکەن.
با سەرنجێکی ئەمەریکا بدەین لەسای حوکمی سەرۆك ترامپ-دا، کە یەکێکە لە هەر دەسەڵاتدارەکانی جیهان. من لەم کورتە وتارەدا پیویستم بەوە نیە کە بچمەوە بە تۆماری کارەکانی سێ ساڵ لەمەوبەری ترامپدا ، کە ئەو زۆربەی وەخت بە ڕاستی و ڕەوانی، بێ شاردنەوەی مەبەست، بە ڕاشکاوانە ئەوەی باوەڕی پێبووە وتوویەتی و کردویەتی. لە ڕاستیشدا ئەوەی کە وتویەتی سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەمەریکا چ لە ناوخۆو چ لە دەرەوە، بێ پێچ پەنا بەڕێیکردوون.
ئەو ئێمەی باشتر بە سروشتی سیستەمی سەرمایەداریی ناساندووە. ئەو زۆر ڕوونە کە چارەی زانستی گۆڕینی ژینگەی ناوێت، زۆریش کراوەیە بەرانبەر بە خۆشەویستی خۆی بۆ خەڵکانی دەوڵەمەند و دەستەبژێرەکان و هاوکارییەکی تەواوی کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەکات. هەرگیز ڕك و کینەی بەرانبەر بە هەژاران و نقابە و چەپەکان و کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان و ئەنارشییەکان نەشاردۆتەوە. ئەو ڕاشکاوانە وتویەتی دەستێوەردانی ئیدارەکەی لە سوریا و عێراق-دا بۆ سامانی نەوتە. ئەو بەردەوام سەرەکۆنەی بەرگرییکەرانی مافی مرۆڤ و یەکسانی کردووە. هەڵوێستی بەرانبەر ئیسرائیل و پاشا و میرەکانی کەنداو و سەرۆك جەیر بۆلسەنارۆی بەرازیل و سەرۆکی فلیپین، ڕوون و ئاشکرا، دۆستانە بووە و دۆستانەیە. ئەو کابرایەکی دیپلۆماسی وەکو سیاسییەکانی بریتانیاو ئەوانەی دیکەی وڵاتانی ئەوروپا نییە، کە شتێك دەڵێن و کەچی شتێکی دیکە دەکەن. ئەو دژ بە هەڵوێستی دووڕووانەی کۆنگریسی وڵاتەکەشێتی. ئەو نیشانمان دەدات کە دەوڵەت و تەواوی ئیدارەکانی ڕەنگدانەوەی بزنسن و لەگەڵیدا ڕۆژدەکەنەوە. پێمان دەڵێت بزنس و سیاسەت جیابوونەوەیان نییە و جیاش ناکرێنەوە. ئەم لیستە درێژەی هەیە بەڵام من لیرەدا دەوەستم .
کەواتە پرسیارەکان لێرەدا ئەمانەن: كێ سیستەمی سەرمایەداریمان بە ڕاستی وەکو خۆی نیشاندەدات؟ ترامپ یاخود سەرکردەکان و سیاسییەکانی بریتانیا و وڵاتانی ئەورپای ڕۆژئاوا؟ کێ لە هەقەتا وەکو ئەو قسەی دڵی خۆی دەکات و پێماندەڵێت ئەم سیستەمە سیستەمی ئێمە نییە و بۆ ئێمە نییە و سوودیشی بۆ ئێمە نییە بەڵکو تەنها سوود بەو و ئەوانەی وەك ئەون کە لەسەرەوە ناویانم هێنان دەگەیەنێت؟ بەڕاستی کێ لە ماوەی درێژخایەندا دووژمنی سەرمایەدارییە و خزمەتی بزوتنەوەی کرێکاران دەکات و پاڵ بە خەڵکەوە دەنێت بۆ مانگرتن و ناڕەزایی و تەنانەت ڕاپەڕینیش دژ بە سیستمەکە؟ ترامپ، یاخود سەرکردەکانی دیکە کە بەبەردەوامیی لە هەوڵی ڕتووشکردن و جوانکاریی سیستەمەکەدان وەکو سیستەمێکی دیمۆکراتیی، تاکو خەڵکی دڵخۆش بە ڕیفۆرمەکان، بکەن ؟
لە ڕاستیدا سەرۆك ترامپ باشترین ژینگەی بۆ ڕاپەڕین لە ئەمەریکا خولقاندووە بە سەپاندنی هەموو ئەو سیاسەتانەی کە لە خزمەتی دەوڵەمەندەکانان. لەسای سەرکردایەتی ئەودا دڕندەیی پۆلیس زیاتری کردووە ، نایەکسانیی تەشەنەی کردووە ، نادادەوەری کۆمەڵایەتی زیاتر لە برەودایە ،ڕێژەی هەژاریی زیاتر هەڵکشاوە ، هەروەها ڕك و کینەی زۆر لە موسڵمانان و بەرابنەر بە کۆمۆنێتی هاوڕەگەزخوازان و فێمەنیستان و ئەوانەی کە خوازیاری گۆڕینی ڕەگەزی خۆیانن، زۆر زیادی کردووە.
لە ئێستادا لە ئەمەریکا ئەم ژینگەیە هەیە و خەڵکی بێزاربوون لێی. کوژرانی جۆرج فلۆید، بەداخەوە، تەنها خاڵی تەقینەوە بوو نەشتێکی دیکە بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی.
سەرۆك ترامپ ڕەنگە شۆڕشی نەخولقاندبێت، بەڵام بە دڵنیانیەوە بزوتنەوەیەکی دروستکردووە، نەك هەر بە تەنها لە ئەمەریکا بەڵکو لە وڵاتانی ئەوروپاش، بە تایبەتی بریتانیا. کوژران و ناوی جۆرج فلۆید تەنها سومبەلێك بوو بۆ ڕاپەڕین . Black Lives Matter ، “ژیانی ڕەشپێستان گرنگە”، تەنها بزوتنەوەی ڕەشپێستان و بە تەنهاش بۆ ئەوان نییە، بەڵکو بزوتنەوەی ملیۆنەها خەڵکییە لەم سەر زەمینە. بزوتنەوەی هەموانە لە جیهاندا کە لەسەر دەستی دڕندەیی دەوڵەت بۆ ماوەیەکی یەکجار درێژ، خەڵکی دەیچێژێت، کە بریتییە لە سیاسەتی دەستگرتنەوە” تەقەشوف” ، نایەکسانیی، نادادوەریی کۆمەڵایەتیی، بێ کاریی، جەنگەکان، هەڵکەنرانی خەڵکی لە نێو کۆمەڵ و زێدی باوباپیرانیی، بێ ماڵیی و بێ خانوویی و بێ دەرەتانیی و زۆری دیکە.
بەدڵنیاییەوە بزوتنەوەکە هەموو شتێك لابەلا ناکاتەوە، بەلام هەندێك لە ڕواڵەتەکانی ژیان دەگۆڕێت. لە ڕیگای بەکارهێنانی چالاکی ڕاستەوخۆوە، زۆر بە خێرایی ئەم بزوتنەوەیە توانی ئەوەی کە لۆبییکردن و واژۆ کۆکردنەوە و گلەیی و پرۆتێستە ترادیسوێنییەکان و چەلەحانێکیانی نێو دیوەخانەکانی پەڕلەمان، نەیتوانی لە ماوەی چەند دەهەیەکدا بەدەستیان بهێنێت، ئەم بزوتنەوەیە لە ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە، بەدەستیهێنا. سروشتی کردنی پرۆتێستی گۆڕی، سیاسەتی مانەوە و کەرەنتینەکردنی لە ماڵدا تێشکان، مۆڵەت و پرسی پۆلیسی فەرامۆشکرد و خستییە لاوە هەروەها گوێشی نەگرت بۆ سیاسییەکان. هەموو بەرپرسیارییەکانی خستە سەرشانی خۆی، هاوکاتیش گیانی کردەوە بەبەری ئەو بزوتنەوانەی کە پێش سەردەمی کۆرۆنا لە جیهاندا لە ئارادا بوون.
لە بریتانیا پرۆتێستەکان توانی زۆر شت بگۆڕێت: هێنانەخوارەوەی هەندێك لە پەیکەرەکانی پیاوانی ڕایسست و بازرگانانی کۆیلە لە شوێنە گشتییەکاندا. لەمەش زیاتر چالاکوانان دەوڵەت و میدیایان ناچارکرد کە دان بە ڕاستینەی ڕەنگدانەوەی هەمە “موڵتی” کوڵتوورگەریی کۆمەڵی بریتانی بنێن. هەڵمەتەکان ” کەمپەین” داخوازای پڕۆگرامی خۆێندنی قوتابخانەکان و دانشگاکان دەکات بۆ ئەوەی ڕۆڵی مێژوویی ڕەشپێستەکان بخوێنرێت و ببێتە پرۆگرام. هەروەها داوا لە مۆزەخانەکان دەکرێت کە تۆماری ڕۆڵی بریتانیا لە بازرگانیکردن بە کۆیلەوە، بکات.
لەگەڵ ئەوانەشی کە لە سەرەوە وتم ، ئەگەر خەڵکی گۆڕانکاریی بنەڕەتییان لە ژیانیانینا بوێت ، ڕژانە سەر شەقام و چنگاوشبوونی پۆلیس، ئەوانە کافیی نییە. پێویستمان بە بەکارهێنانی ئەم تاکتیکە کەمتر هەیە. پێویستمان بەوە هەیە کە قورسایی و چەقی خەباتمان و ئەزموونگەریمان و زانیاریمان و هەوڵەکانمان بخەینە سەر ڕێکخستنی خۆمان لە گەڕەکەکانا، لە شەقامەکانا، لە زانکۆکانا، لە کارگەکانا، لە ئۆفیسەکانا، لە کێڵگەکانا و شوێنەکانی دیکەی سەر کار. پێویستمان بەمانە هەیە بیکەین ئەویش لە ڕێکخراوە جەماوەریی و گروپە ئاسۆییە بێ سەرکردەکانا تاکو خۆمان بۆ فشارخستنە سەر دەوڵەت و دەسەڵات ئامادەبکەین، دواپاڵی پێوەنێین بۆ ئەوەی بە خۆمان ژیانی خۆمان ڕێکخەین و گۆڕانکاری ڕاستەقینە بکەین . هەنگاوی یەکەمیش خەباتکردنە بۆ بەدەستهێنانی شارەوانیی ئازاد و جێگرتنەوەی شارەوانییە گەندەڵە بیرۆکراتییەکان.

زاهیر باهیر
04/07/2020

*ئەم وتارە لە لە سەرەتادا بە زمانی ئینگلیزی نوسیومە و پێش دە ڕۆژ لەمەوبەر لە ماڵپەرە ئەنارکیستەکانا بڵاومکردۆتەوە.
*http://isj.org.uk/why-are-there-so-few-strikes/*
Zaherbaher.com




ئایا ئەردۆگان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی دروستدەکات؟ … زاهیر باهیر

 بەربڵاوی هێڕشەکانی ئەردۆگان  بە ناردنی سەرباز و میلیشیاکانی بە سەرێك بۆ لیبیا و ڕۆژاوا و بە سەرێکی دیکە بۆ باشوور هەرەها هەڕەشەکانی بۆ سەر قوبرس و یۆنان بەردەواومە.  ئەم کارانەی ئەردۆگان کارادانەوەیەکی زۆری لێکەوتۆتەوە و هاوکاتیش دەرگایەکی گەورەی خستۆتە سەر پشت بۆ لیداوان و قسەکردن لەسەریان.  لە نێو سیاسییەکانی کورد و ڕۆشبیر و قەڵەمبەدەستەکانیدا، هەموان لەسە ئەوە ڕێکن کە ئەردۆگان بە دوای دروستکرنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوەیە.  بێ گومان هەر کام لەمانەش بەڵگەی خۆیانیان پێیە و لەو بەڵگانەش هەڵپەی ئەردۆگانە کە هەیتێکی لە لیبیایە و هەیتێكی لەو شوێنانەی دیکەیە کە پێشتر ناوم هێنان.

بۆچونی من تەواو پێچەوانەی بۆچونی ئەوانەی سەرەوەیە .  من لام وایە ئەردۆگان ئەوەندە ساویلکە نییە کە بیەوێت ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی دروستبکاتەوە ، بەڵکو ئەوەی کە دەیکات لە پێناوی بەرژەوەندییەکانیدایە لەو شوێنانەی کە خۆی بۆ دەکوتێت.  بۆ نموونە لە لیبیا سێ پرسی گەورە هەیە بۆ دەستتێوەردانی لە لیبیا. یەکەم: لە سەردەمی قەزافیی –دا کۆمپانیاکانی تورکی بیناکردن و بیناکردنەوەی گەلێك پرۆژەی گەورەیان لە ئەستۆ گرتبوو کە لە  زۆربەیانا دەستبەکار بوون ، هەندێكیشیان تەنها کۆنتراکتەکانیان واژۆ کرابوو.  کە قەزافی ڕوخا هەموو ئەو پرۆژانە وەستان و ئەوەشی کە واژۆیان لەسەر کرابوون هەر وەکو خۆیان ماونتەوە. دووەم: مەسەلەی نەوتە کە هەموان دەزانن کە لیبیا وڵاتێکی دەوڵەمەندە لە نەوت و سامانی غازی سروشتتیدا ، ئەویش بەشی خۆی دەوێت و لە لایەن حکموتەکەی فەیاز ئەل سەراج-وە لە پاداشتی هاوکاریکردنی دژ بە هێزی خەلیفە حەفتار، پشکێکی لە نەوت پێدەدرێت . سێیەم: ئەردۆگان دوور بینە و نایەوێت میسر کە دژ بە ئیخوانەکانە ڕۆڵی لە لیبیادا، هەبێت ، چونکە لە ئایندەدا بە زەرەری ئەردۆگان و حیزبەکەی ئاکەپە دەگەڕێتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە لیبیا بوەتە پرسێکی ناوچەیی و جیهانیی.

لە تەك یۆنانا کێشەی ئاوی هەیە و هەروەها گەڕان بە دوای نەوتدا .  لەتەك قوبرس-دا کێشەیەکی 46 ساڵییە  کە لە ساڵی 1974 وە بەشە تورکییەکەیان لە قوبرس بچڕیوە و دەوڵۆتکەیەکیان بۆ دروستکروە کە تەنها هەرخۆیان دانیان پیادا ناوە و پەراوێزکەوتووە و لە هەژارییدا دەژی.  سەرۆکی ئەو بەشە تورکییە و بەشی زۆری تورکەکانیش ئەوە دەزانن کە کڵاویان لەسەر نراوە بە ناوی چیاکردنەوەی دەسەڵات و زەوییەوە لە کۆمەڵی قوبرسیی، کە زەرەور و زیانێکی زۆریان لێکردووە ، چەند جارێک هاتوونەتە سەر ئەوەی کە ڕێکبکەونەوە لە گەڵ حکومەتی مەرکەزیی قوبرسدا بەڵام ئەردۆگان هەڕەشەیە و فشارێکی گەورەیە و بەو هۆکارە ئەوە ڕونادات و ئەردۆگانیش نایەوێت تورکەکانی ئەوێ بچنەوە سەر وڵاتی قوبرس و ببنەوە بە بەشێك لەو کۆمەڵە.

هەرچیش دەستتێوەردانی ئەردۆگان لە ڕۆژاوادا هەیە و هێڕشکردن و داگیرکردنەکانی، هۆکارەکانی لای هەموان ڕوونە و پێویست ناکات لەسە ئەمە درێژ دادڕی بکەم.

سەبارەت بە داگیرکردنی باشوریش ئەردۆگان نایەوێت یا ڕاستتر ناتوانێت و ناکرێت کە باشوور داگیر بکات .  هۆکاری ئەمەش یەکجار زۆرن.  لەوانە ئەو، پێویستی بەوە نییە کە لە کاتێکدا والی خۆی لە باشووردا هەبێت، هەموو بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە هەموو ڕویەکەوە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی باشوردا پارێزراو بێت ، چی سیاسی، ئابووریی ، فەرهەنگیی و ڕۆشنبیریی و کولتوریی و زۆری تر .  ئەردۆگان پێویستی بەو سەریەشەیە نییە کە بێت هەولێر و زاخۆ و دهۆك [ ئەگەر بیشتوانێت] داگیر بکات و بە سەدەها بنکەی سەربازیی دانێت  و پارەیەکی خەیاڵی سەرفبکات و هەمیشەش لە دڵە ڕاوکێی کوژرانی سەرباز و ئەفسەرانیا بێت و خۆی بخاتە ژێر لۆمەی دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ڕوسیا و جەماوەری سەرشەقامەکانی ئەوروپا و کوردستان، دژایەتی بکەن.  هاوکاتیش کوردستان بەشێکە لە عێراق ، عێراق-یش دەوڵەتە بە هەموو کەموو کوڕییەکەوە کە ناکرێت وا بە ئاسانی لەشكری وڵاتێکی دیکە بێت داگیری بکات. خودی عێراقیش بە تەنها موڵکی خۆی نییە بەڵکو موڵکی ئێران و ڕوسیا و  ئەمەریکا و خەڵکی عەرەبی ناوخۆو هەموو عەرەبەکانی دەرو دراوسێ و جیهانە ، هیچ لایەك لەو لایانە بێ دەنگ نابن لە داگیرکردنی ئەو سێ شارەی کوردستان .  دوای ئەوەش کوردستان[ باشوور] هەر بریتی نییە لە هەولێر و زاخۆو دهۆك، کوردستان وڵاتێکی پان و بەرینە، سەرێکی لە سوریایە سەرێكی لە ئێرانە.  تورکیا چۆن دەتوانێت داگیری بکات ؟!! تورکیا  هەموو کوردستانی بە بێ تەقە ، ئابوریانە ، داگیرکردووە ئیتر بۆچی دەیەوێت  بە هێزی سەربازیی داگیری بکات کە زەرەرێکی گەورەی لیدەکات ، تەنانەت دەبێتە هۆی ڕووخانی، هەر خەڵکەکەی خۆی دژی دەچێتە سەرشەقام ، چونکە ئەوەی کە لە هێزی دابینکردنی سەربازەکانیا سەرفیدەکات لە باشووردا،  لە قووتی خەڵکی لە تورکیای دەگرێتەوە.  داگیرکرنی کوێت لەلایەن صەدامەوە باشترین نمونەیە، گەر صەدام نەچوایەتە کوێتەوە، ڕەنگبوایە ئێستاش لە سەر  حوکم بمایەتەوە.

دەوڵەتی تورکییە هێڕشێکە کردویەتی خۆشی دەزانێت کە سەرکەوتن بەدەستناهێنێت، بەڵام دەبێت بیکات هەم بۆ قورتاربوونی کاتیی لە هەندێك ئەزمەی، هەم کردنی بەناو جەنگی ” تیرۆریزم” و ڕازیکردنی ڕاستڕەو و فاشییەکانی ناو کۆمەڵی تورکیا.  ڕەنگە لەشکری تورکیا بۆ ماوەیەك بمێنێتەوە بەڵام مانەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە باشوردا نە بۆی دەکرێت و نە ئەوەش پلانێتی . ئەوە ڕاستییە کە ئەردۆگان و هەندێك لەو وەزیرەکانی ڕاگەیاندنی سەیر سەیر و مەترسیدارانە دەدەن ، بەڵام ئەوانە جەنگی میدیاین و دەبێت زۆر باوەڕیان پێنەکەین .

ئەوەش ڕاستییە کە ئەردۆگان کۆشکێکی گەورەی لە ستایەڵی کۆنی ئیمپراتۆرییەتی  عوسمانیی دروستکردوە و پاسەوانەکانی بە جل و پۆشاکی سەردەمی عوسمانییەوەن ، بەڵام ئەمانە هیچ نین و بەڵگە نین بۆ ئەوەی کە ئەو دەەیەوێت دەوڵەتی عوسمانیی دروستبکات.  ئەمە تەنها بۆ دروستکردن و ڕاگرتنی شکۆی خۆیەتی، بۆ خۆڵکردنە چاوی ئەوانەن کە خەون بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە دەبینن و خولیای گەڕانەوەی ئەو سەردەم و زەمانەیان و ڕاکێشانیانە بەرەو ئاکەپە ، دەنا ئەردۆگان ئەوەندە گێل نییە پاش 103 ساڵ بیەوێت ئەوە بکات.   

دەسەڵات و دەسەڵاتداران زۆر زیرەکن و تاکتیکی زۆر سەیر و سەمەرە بەکاردەهێنن لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا کە ئەمەش تەنها لەسەر حسابی گێلێتی بەشێك لە گەلە.  بۆ نموونە تەماشای صەدام بکەن لە ڕۆژەکانی جەنگی ئیران و عێراقدا گەڕایەوە بۆ دین ، هەر خودی جەنگەکەشی بەناوی قادسییەوە ناونا تاکو  جەماوەر بۆ مەبەستی خۆی هەڵخەڵەتێنێت. ئومەی عەرەبی و عروبەی بەکاردەهێنا تاکو هاوپشتی بۆ خۆی لە جەنگی لەتەك کورد و هەم لەتەك ئێرانیشدا، پەیدا بکات . هەر ئاواش نمونەی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیماناناوە مانەوەیان و  جەنگیان لە ئەفغانستان ، لە لیبیا ، لە سوریا  بە ئێمە دەلێن جەنگی ” دژە تیرۆرە” بەڵام ئایا وایە؟ وەڵام لای خۆتانە بە بەڵگە و دۆکۆمێنتەوە.

هێڕشی دەوڵەتی تورکییە بۆ سەر باشوور، هێڕشە بۆسەر پەکەکە چونکە پەکەکە لە بەشی باشووردایە ، هێڕشیشە بۆسەر یەکێتی و پارتی تاکو زیاتر بیانکاتە پاشکۆی خۆی و ئامادەی هەموو جۆرە سازشێك بن، تاکو پێگەیان لەناو جەماوەری کوردیدا ئەوەندەی تر لاوازبێت و ڕسواتر بن.

ئەوەی کە ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە پاگەندەی داگیرکردنی باشوور و مانەوەی  تورکیا لەوێ، ئیدی  هەرکەس ئەو پاگەندانە بکات : پەکەکە ، سیاسییەکان ڕۆشنبیران یا ئەهلی فەیسبوك، بە گەوەرەترین زیان لەسەر جەماوەری باشوور دەگەڕێتەوە، پاگەندەیەکی ترسناکە و جگە لە ناڕاستییەکەی، ورە و بەرهەڵستی و دژایەتیکردنی لەشکری تورکیا  بە جەماوەر ناهێڵێت و ئەوەندەی تر دەیانتەپێنێت.   ئەم پاگەندانە خەڵکی دەکاتە کۆیلەیەکی بێ بیرکەرەوەی چاولەدەمی حیزب و ڕۆشنبیر و کادیرانی زانکۆ و پسپۆڕەکان و  سیاسییەکان و لەدەستدانی هەموو توانا و هێزێکی خۆی.

Zaherbaher.com  
27/06/2020
زاهیر باهیر      




ئەوەی کە چالاکی ڕاستەوخۆ لە ڕۆژێکدا دەیکات جۆری خەباتەکانی دیکە لە 10 ساڵدا نایکەن… زاهیر باهیر

بزوتنەوەیBlack Lives Matter کە لە دوای کوشتنی جۆرج فلۆید لە ئەمەریکا، دەستیپێکرد ئەوە بۆ 3 هەفتەیە بەردەوامە. ئەم بزوتنەوەیە گەر گۆڕانکاری گەورەش نەکات بەڵام توانی بزوتنەوەکانی خەڵکی لە گەلێك وڵاتا ببوژێنێتەوە، کە لە ڕاستیدا ئەمە هەر بیانویەك نەبوو لە هاوپشتی و کۆمەك بۆ بزوتنەوەکەی ئەمەریکا. بەڵکو هانی خەڵکی دا کە لە زۆر وڵاتا بڕژێنە سەرشەقامەکان دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت ، دژ بە نادادپەروەری کۆمەڵایەتیی، نایەکسانیی، نەبوونی ئازادیی، دژ بە هەڵاواردن، فاشییەت و ڕایسیسزم، بێ کاریی ، جەنگ ، سیاسەتی دەستگرتنەوە[ تەقەشوف]، گرانبوونی هەموو شتێك، کەرەنەتینەکردنی هەموو خەڵك … دژ بەمانەو زۆری تر لەمانەیە .

لە بریتانیا کە تا دوێنێش خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەردەوامبون و لەوە دەکات هەر بەردەوامبێت گەیشتە قۆناخێکی نوێترەوە کە قۆناخی بەکارهێنانی خەباتی یاخود چالاکی ڕاستەوخۆیە.

دەیەها ساڵ زیاترە چەپ و حیزبە چەپەکان لە ڕێگای کەمپەینی واژۆو و چەڵتە چەڵتی نێو هۆڵی پەڕلەمان و دیمانەکردن و نوسینی سەدەها وتار دژ بە ڕایسیسزم و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و زۆر پرسی تر کرا، بەڵام نەیانتوانی تاکە هەناگاوێك پرسەکە بەرنە پێشەوە، تاکە پەیکەرێکی کەسانی جەنگخواز و تاوانبار و کەسانی ڕایسست و بازرگانانی کۆیلە و کۆیلایەتی ، پەیکەری جێنڕاڵە بەرژەوەندخوازەکانی جەنگ ، سمبولەکانی کۆڵۆنیالیزم داگرنەخوارەوە… نەیانتوانی تاکە پەیکەرێکی دەغەڵی سمبولیی ئەوەی کە مرۆڤایەتیی قێزی لیدەکاتەو لابەرن.

ئێستا لە بریتانیا لە ماوەی تەنها 2 ڕۆژدا چالاکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای سەدەها هەزاران کەسەوە کە بەشی هەرە زۆریان لاوان و گەنجانن کە تەمەنیان لە خوار سی ساڵەوەیە ئەو کارانەی کە دەبوایە دەوڵەت لە دوای ساڵی 50 کانی چەرخی ڕابوردووە بیکردایە ، ئێستا کەوتە سەرشانی ئەم گەنجانە.
دەوڵەت و پۆلیس و سیاسییەکان، کە هەر لەو کاتەوە باس لە سیاسەتی بەیەکەوە ژیان و دژ بە ڕایسیسزم و دانی هەلی کارکردن و خۆێندن و خانووبەرە چارەسەری تەندروستیی و ژیان .. بۆ هەموو کەس، لەژێر ناوی “ڕەخساندنی هەل بۆ هەموو کەسێك بێ هیچ جۆرە جیاوازیەك ” دەکەن، کەچی هێشتا زۆر یا کەم کۆمەڵ وەکو خۆیەتی. لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە باسم کردن و لەپاڵ ئەو هەموو خولی هەڵبژاردن وهاتنی چەپ و ڕاست ولیبراڵ بۆ سەر کورسی دەسەڵات کەچی هێشتا هەموو ئەو پرسانەی کە ناوم هێنان یا هەر وەکو خۆی بەرەوڕوومان وەستاون یاخود زۆر بە کەمی گۆڕانکارییان تێدا کراوە.

لە ئێستادا بزوتنەوە Black Lives Matter لە بریتانیا گەیشتۆتە ئاستی پاکتاوکردن و ڕاماڵینی پەیکەرەکانی کە بووبوونە ڕەمزی سەربەرزی بریتانیا و مێژوی کۆڵۆنیالیزم سوکایەتیکردن بە خەڵکانی ڕەشپێست و ڕەنگجیاوازی تر و خەڵکای ئیتنیکی.
ئەم پێشەوەچوونەش ڕۆژی یەکشەمە لە شاری برستڵ بە هێنانەخوارەوەی پەیکەری Edward Colston دەستیپێکرد کە لە چەرخی هەژدەدا بازرگانی بە هێنانی 100 هەزار پێستڕەش لە ئەریقا و کاریبیانەوە، کردووە، کە نزیکە 14 هەزاریان منداڵ و ژن بوون کە چەند هەزارێکیان ەکە لە ڕێگا تەحەمولی ناو پاپۆڕی گواستنەوەیان لە دەریادا نەکردووە گیانیان لەدەستداوە و لاشەکانیان بوون بە خۆرراکی ماسی و گیانلەبەری ئاویی. پاش ڕاکێشانی پەیکەرەکە بۆ قەراخی ئەو ڕوبارەی کە لە برستڵ دا هەیە و خستیانە ناو ئاوەکە هەر وەکو چۆن ئەو خەڵکانەی کە بە کۆیلەیی دەگوازرانەوە و تەحەمولیان نەدەکرد بە مردوویی و نیوە مردوی خرانە ناو دەریاوە.

دوێنێ ، رۆژی 3شەمە، 09/06 خۆپیشاندانەکان لە زۆر شاری بریتانی دەستیپێکرد. لە هەر شارێك مشتیان لە یەكێك لەو پەیکەرانە گرت کە زانراوە بازرگانێتییان بە کۆیلەوە کردوە یاخود ڕۆڵێکیان هەبووە. یەکێك لەم پەیکەرانە کە لە شارەوانی تاوەرهاملێت بوو لە ڕؤژهەڵاتی لەندەن بەناوی Robert Milligan ، خۆپیشاندەران ویستیان بیهێننە خوارەوە، لە کاتێکدا کە لە ساڵی 2010 وە خەڵکی واژۆ بۆ لابردنی و هاتوچۆی پەڕلەمانتار و دیمانەی میدیای بۆ دەکەن بەڵام هیچ نەکرا . دوێنێ کە خەڵکی بەخۆی بڕیاری خۆیدا کە بیڕوخێنێت ئەو پەیکەرە قێزەوەندە کە ڕەمز بوو بۆ دەسەڵات و دەوڵەتی بریتانی بیهێننە خوارەوە. بەڵام بۆ ئەوەی دەوڵەت و سیاسییەکان و پۆلیس لەوە زیاتر ڕسوا نەبن و بەیاکدانیش لە نیوانی پۆلیس و خۆپیشاندەرانا دروست نەبێت و کە دەبووە خۆپیشاندانی سەرومڕ شارەوانی خۆیان بڕیاریان دا کە بە ” حورمەتەوە” پەیکەرەکەبهێننە خوارەوە.
لە شاری ئێدنبرەی سکۆتەلەندە و شاری ئۆکسفۆرد کە چەندەها لەو پەیکەرانەی لێیە ئێستا دەسەڵات بە تەمایە بە ” حورمەتەوە” لایان بدات. لە زانکۆی ئۆکسفۆردی شاری ئۆکسبفۆرد کە دوێنی زیاتر لە چەند هەزار خۆپیشاندەرێك بۆ هەمان مەبەست کۆبونەوە و دەیانویست کە چەند پەیکەرێکی لێیە بە تایبەت پەیکەری Cecil Rhodes. کە دەستی هەبووە لە بازرگانی کۆیلایەتییدا ، بهێننە خوارەوە، بەڵام پۆلیس ڕێگای نەدا و ئەوانیش ئێستا بانگەشەی خۆپیشاندانێکی چڕو پڕیان بۆ ڕۆژی هەینی 12/06 کردووە کە گەر تا ئەو کاتە زانکۆی ئۆکسفۆرد و شارەوانی ئۆکسفۆرد پەیکەرەکە لانەدەن ئەوان بیهێننە خواروە.
ئەمانەی کە دەکرێ هەمووی هەنگاوی شۆڕشگێڕانەیە بە هۆکاری پرسنەکردن و مۆڵەت وەرنەگرتن لە پۆلیس ، موجازەفە بە ژیانی خۆیان لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بەکارهێنانی چالاکی ڕاستەوخۆ، ڕماندنی ی سومبلەکانی کە جێگای شانازی دەسەڵات و دەوڵەت و چینی سەروەر و باڵادەست و دەستەبژێرن . ئەمە جگە لەوەی لە ئەمڕۆوە داخوازی خەڵکی زیاتربووە لەوانە داوا دەکرێت کە پرۆگرامی خۆیندن و پەروەرردە لە زانکۆکانا بگوۆڕێن و ڕەنگدانەوەی قۆناخی ئێستای ژیانی خەڵکی بێت نەك سەردەمی کۆیلایەتیی و مێژوی هێز و باڵایی ئیمپریالیزمی بریتانیی. هەروەها ئەو شوێنانەی یا ئەو هۆڵانەی کە بە ناوی ئەم تاوانبارانەوە ناوبراون تەنانەت ناوی شەقامەکانیش، ئەمانە هەمووی دەبێت بگۆڕێن.
ئەمانە هەمووی لە ئێستادا هەنگاوی شۆڕشگێڕانەن هاوکاتیش دڵنیامان لە تەکانێك لە پێشەوەچوونی بزوتنەوەی خەڵکی، دەکەنەوە، کە زەحمەتە گەڕانەوەی بۆ هەبێت.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر
10/06/2020




خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەمەریکا بەرەو کوێ؟ … زاهیر باهیر

ئەوەی کە لە ئەمەریکا ڕوودەدات نە ڕوداوێکی سەرسوڕهێنەرە و نە تازەیە و نە کۆتایی ئەم جۆرە کاردانەوەیەی خەڵکیشە. حکومەتە یەك بەدوایەکەکانی ئەمریکا ناتوانن نە فێری وانە وەرگرتن لە ناڕەزاییەکانی پێشتری خەڵکەکەی ببن, نە دەشتوانن دەسگەی دەوڵەت لە پرسی رایسیزم و فاشیزم و نایەکسانی و بەتاڵەیی خەڵکەکەی و زوڵموزۆری پۆلیس و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی،پاکبکەنەوە.
ئەمەی کە ڕوودەدات لە ماوەی 50 تا 60 ساڵەی ڕابوردووە چەند جارێکی دیکەش ڕوویداوە ، چەندجارێکیش لە لایەن دەوڵەتەوە بەڵێنی درۆ بە خەڵکی دراوە ، کە گوایە جارێکی تر ئەمە ڕووناداتەوە چارەسەری بنەبڕیی، بۆ دادەنێن.
بێ گومان قسە و درۆی سیاسیی هەرگیز بروای نابێت پیبکرێت ئەمە چ جای ئەوەی کە ئەوان باس لە گۆڕانی ڕیشەیی ناکەن کە زەمینەسازیی ئەو ڕوداوانەیە. ئەوان دەیانەوێت ئەوە بە خەڵکی بگەیەنن ئەمانەی کە ڕوودەدات کاری مرۆڤێکی، دەستەیەکی، بەڕیوەبەرێکی ، فرماندەرێکی خراپە، نەك دەوڵەت و حکومەتەکەی و دەستورەکەی.
زیاتر لە شەش شەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵکیی لە ئەمەریکا لە زیاتر لە 15 دەڤەریدا / هەرێمیدا بەردەوامە. لە ئەمڕۆوە لە چەندەها شاردا هێزی تایبەتی و سەربازیان هێناوەتە سەر شەقامەکان بۆ سەرکوتکردن و دامرکاندنەوەی خۆپیشاندەران. ترامپ پەیتا پەیتا هەڕەشە دەکات و خۆپیشاندەران بە ” ئاژاوەچی و بەڵتەچی و تێکدەر و ئەنارکیست ” ناو دەبات . بی گومان پەیامەکانی نەك هەر ناتوانێت بچوکترین کارایی ئاشتەوایی بگەیەنێت ، بەڵکو خەڵکی زیاتر ڕکئەستورتر و تووڕەتر لە دەوڵەت و حکومەت دەکات. هەر لەبەر ئەمەش ژمارەی خۆپیشاندەران و بەیەکادانەکان لەگەڵ پۆلیس-دا لە زیادبووندان، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هەردوو لاو دەسگیرکردنی زیاتر لە 4500 گەرچی گرانە کە ژمارەیەکی تەواو ڕاستت دەستبکەویت بە هۆی ئەوەی کە کە لە چەندەها شاری گەورەدا خۆپیشاندانەکان بەردەوامە.
ئایا کوشتنی تاکە کەسێك ئەوە دەهێنێت؟
ئەوەی کە لە ئەمەریکا روودەدات لەسەر پرسی کوژرانی تاکە کەسێك نییە. پرسەکە زۆر زۆر لەوە گەورەترە. خەڵكانی ڕەشپێست و ئیتنیکییەکان ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەوێ پێکدەهێنن، ئەمەریکای ئێستا بە هاوکاری و کاری وزە پڕوکێنی باوك و دایك باپیران و نەنك و و باپیرە گەوەرە و دایەگەورەی ئەمان دروست بووە. لەگەڵ ئەوەشدا پشکی زۆری بێ کاریی ، بێ خانووبەرە، هەڵوەشاندنەوەی خێزان ، قەرەباڵخی نێو بەندیخانەکان، بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان، نەبووەکان، هەڵواردن و بەکارهێنانی ئاڕاستە و مەیلی ڕایسسیتانە بەرانبەریان….. بەر ئەمان دەکەوێت.
هەموو ئەمانەیە کە خەڵکی خستۆتە سەر شەقامەکان و توندووتیژی بەکاردەهێنن و بێ متمانە ببن بەرانبەر نەك هەر پۆلیس بەڵکو سەرۆکی شارەوانیەکان و هەموو بەرپرسێك تا دەگاتە سەرۆکی دەوڵەت.
خەڵکانێک کە ئەم هەموو ماوە دوورودرێژە زوڵموزۆریان لێدەکرێت ڕووبەرووی ئەوانەی سەرەوە دەبنەوە کە ناوم هێنان، و بەڵێنی درۆیان پیدەدرێت و گوێیان لێ ناگیرێت و قسەیان ناڕوات ، ئیتر جگە لە توندوتیژی دەکرێت چ ڕێگایەکی دیکە بگرنەبەر تاکو وەکو هاووڵاتییەکی سپیی ئەمەریکی تەماشایان بکرێت؟ داخوازییەکانی ئەمان نە گۆڕینی سیستەم بووە و نە گۆڕینی حکومەت ، بەڵکو باشکردنی ژیانیان بووە لە هەموو بوارەکاندا، داخوازییەك بووە کە هەر هیچ نەبێت وەکو هاووڵاتیەکی سپی پێست تەماشایان بکرێت .
کە ئەمانە هیچی نەکرێت ، هەڵبژاران هیچ نەگۆڕێت ، کەڵەکەی زیاتری سەرمایە و بوونە بەهێزترین و دەوڵەمەندترین وڵاتی چیهانی ، خێرێکی بۆ ئەمان تیادا نەبێت .. ئایە بێ لە گرتنەبەری توندوتیژی تاکو ئاوڕیان لێبدرێتەوە لای ئەوان، ڕیگا چارەیەکی دیکە هەیە؟
ئەم هاوپشتیی و خەمخۆرییە بۆچی بۆ کورد ناکرێت، ئەی کورد مرۆڤ نییە؟
دوێنێ ڕۆژی یەکشەمە، 31/05 ، لە هەندێك وڵاتی وەکو بریتانیا ، ئەڵمانیا ، دانیمارك خەڵکێکی زۆر هاتنە سەر شەقام و بەردەم سەفارەتی ئەمەریکی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و توڕەیی خۆیان بەرانبەر بە دەوڵەتی ئەمریکی.
بۆچی بۆ کورد ناکرێت ؟
دەبیت لە یەك شت تێبگەین ئەویش زۆر جار کە خەڵکی دێتە سەر شەقام پەیوەندی بە ڕەوایی و ناڕەوایی پرسسەکەوە نییە [ دیارە پرسی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا پرسێکی یەکجار رەوایە ] بەڵکو زۆر جار میدیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و دەیانجوڵێنێت.
هەر میدیایە ڕووداوەکان بە باش و خراپ بڵاو دەکاتەوە ، هەر میدیایە کە رەوایەتی ناڕەوایەتیی بە کەیسەکان دەدات. میدیاش میدیای ڕژیمە و ئیدی لە ئەمەریکا یا ئەوروپا ، هەر وڵاتێکی دیکە بێت هەتا بە وڵاتانی عەرەبیشەوە، کە زیاتر پشگیریی جۆرە پرسێك دەکەن کە لە بەرژەوەندی دەوڵەتەکان و سیستەمەکە بێت.
دەوڵەتی تورکیا کە ئەو پەڕی دووژمنایەتی کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستان دەکات و هاوکات خۆشی ئەندامی ناتۆیە و دۆستی دەوڵەتانە ، لەم لاشەوە پەکەکە و یەپەگە و یەپەژە بە هێز و زەبری میدیا کراونەتە تیرۆریست، حکومەتی تورکیش بە دیمۆکراتیی ، ناکرێت لێرەدا میدیا پرسی کورد یاخود ئەو هەمو کارەساتەی کە بەسەر کوردستانەکانا هاتووە بە ڕەوا نیشان بدات و بە سۆزەوە باسی بکات. هەر لەبەر ئەمە، یا هەر باسی ناکات و دەیشارێتەوە ، یاخود زۆر بە کەمی ، یا کە باسی دەکات دەیشێوێنێت. لەبەر ئەم هۆکارە پرسی ئێمەی کورد کش و ماتە ، هەر ئەمەشە کە لە ئەوروپادا ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە بۆ ئێمە ناکرێت.
با ئەوەش بڵیم کە ئێمە خۆشمان لە ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوە نەك هەر پشتگیری خەڵکی وڵاتەکانی کە لێی دەژین لەو کێشانەی کە هەیە و بەشی زۆریشی خۆمان دەگرێتەوە، بەڵکو پشتگیری پرسەکەی خۆشمان ناکەین.
ئەمەی کە لە ئەمەریکا ڕوودەدات و میدیای ئەوروپی زۆر بە گەرمی باسی دەکەن و پیشانی دەدەن ، ئەمانە بە پلانە چونکە سەرمایەدارانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە دەیانەویت ترامپ ئاوا تڕۆ بیت گەر لە ێستادا دەست لەکار نەکێشێتەوە دڵنیایی ئەوە بکەن کە لە مانگی نۆڤەمبەردا هەڵنەبژێرریتەوە . ئەمان دەزانن ترامپ بەو سیاسەتانەی کە بەڕێیدەکات زەربەیەکی گەورە لە سەرمایەداران و سیستەمەکە دەدات وەکو ئەمەی کە ئێستا ڕوودەدات لە ئەمەریکا.
ئەمەریکا بەرەو کوێ؟
وەکو وتم ئەمەی کە روودەدات نە جاری یەکەمە و نە دواجاریش دەبیت، هاوکاتیش ئەم خەڵکە نە ڕوخانی دەولەتی دەوێت و نە تێشکانی سیستەمەکە. لە بە ئومێدترین حاڵەتدا لابردنی ترامپە ، کە ئەمەش کەمتر چاوەڕواندەکریت.
ئەمەریکا و سیستەمەکەی بەمە ناڕوخیت، ڕەنگە دەمووجاوەکان بگۆڕێن بەڵام خودی سیستەمەکە هەر لەوێ دەمێنتەوە. سستەمی سەرمایەداریی کە ئەمەریکا لە سەری سەری هەڕمەکەیدایە پێکهاتەیەکی هەرەمیی ئابووری و سیاسی و کوڵتوری و فەرهەنگی و پەروەدەیی و بازاڕییە [ مارکێت] . بەشە سیاسییەکەی کە حکومەتە و خەڵکی دەیەوێت بیرۆخێت ، هەرە بەشە لاوازەکەی سەرمایەدارییە ، بۆیە بە ڕوخانی حکومەتێك هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، چونکە قەوارە ئابورییەکە و ئەوانەی دیکەی کە ناوم هێنان ساخ و سەلامەتن، هەیکەلەکە وەکو خۆی ماوەتەوە تەنها ڕیزێك دوو ڕیزی لێڕوخاوە ، دروستکردنەوە ئەوەش ئاسانە .
خەڵکی گەر خۆی ڕێکنەخات لە ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆییەکانا، گروپە ئاسۆییە ڕادیکالەکان لەسەرکار و لە گەڕەک و لە شەقامەکان و لە زانگۆکاناو هەوڵی گۆڕینی بنەرەتی لە بنەوەی کۆمەڵ و بە پەلکێشان بۆئەو لایەنانەی کەو وتم ، گەر ئەمانە نەکرێت گۆرانکاری بنەڕەتی بەدیناهێنرێت.
لەگەڵ وتنی ئەوانەشدا ، مانای ئەوە نییە کە دەبیت ناڕەزایی خەڵکی لە پێناوی داخوازییە ڕەواکانیانا ڕەتبکرێنەوە، بە پێچەوانەوە هاوکاری و هاوپشتی و کۆمەكپێکردنیان کار و ئەرکی هەموو کەسێکی چەپ و سۆشیالیست وکۆمۆنیست و نقابیی و ئەنارکیستەکانە.
من دڵنیام ئەو خۆپیشاندانانە کە ڕوودەدات زۆر شت دەگۆڕێت نەك هەر بە فشاری خۆپیشاندەران، بەڵکو بە فشاری بزنس و بریتانیاش بۆیە هەندێك شت کە ڕوویانداوە تا ئێستا ، رەنگە جارێکی دیکە روونەدەنەوە. ئەم خۆپیشاندانانە ، دەرسی خۆی نەك هەر بە دەوڵەتی ئەمەریکا دەدا، بەڵکو بە بریتانیا و وڵاتانی دیکەش. پێیان دەڵێت چی تر ژیان ئاوا ناڕوات و خەڵکی گۆرانکاری لە زۆر بواری ژیانیا دەوێت.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
01/06/2020




ئەوانەی کە هەمیشە قوربانی دەستی جەنگ و قەیرانەکانن … زاهیر باهیر

کۆرۆنا کە قەیرانێکی ئابووریی قووڵی دروستکردووە و بریتانیا لە دوای ساڵی 1932 وە بەخۆیەوە نەبینوە هەر وەکو هەمو قەیرانەکانی دیکە زیاتر لە سەری کرێکاران و هەژاران و خەڵکانی ئاساییدا شکاوەتەوە و دەشکێتەوە. هەمیشەش لە قەیران و جەنگەکانا ئافرەتان و پیر و پەککەوتە و منداڵان لە ڕیزی پێشەوەی قوربانییەکانەوە بوون.
ئەمڕۆ لە بریتانیا و لەسەردەمی کۆرۆنەدا دیسانەوە زیاتر لە هەمووان ئافرەتانن کە پشکی شێری ئەم قوربانییە پێکدەهێنن نەك لەیەك لاوە بەڵکو لە زۆر لایەنەوە.
لە کاتێکدا کە یاسای یەکسانی لە کرێ و موچەدا لە بریتانیا لە 29/05/1970 بڕیاری لەسەردرا، دەبوایە ئەو بۆشاییەی موچە یاخود کرێی کە لە نیوانی ڕەگەزیی پیاوان و ژناندا هەیە وردە وردە بنەبڕ بکردایە، کەچی پاش 50 ساڵ هێشتا لە زۆربەی شوێنەکانی سەرکاردا ئەو بۆشاییە بە ڕێژەی لە سەدا 15 هەر ماوە.
لە قەیرانە داراییەکەی 2008 دا کە هەتا دەستپێکردنی کۆرۆنا-ش لە بریتانیا هەر بەردەوامبوو، لە سەدا 86 ی کارایی بڕینی بیمەکان و دەرکردنی کرێکاران لە کارەکانیان، لەسەری ژناندا شکایەوە.

هاتنی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووریی بە دوایدا ئەوەشی کە لە 50 ساڵی رابوردوودا کرا، لەوە دەکات گەر هەمووی لە دەست نەچێێت ئەوە بەشی زۆری لە دەستبچێت.
ئەمڕۆ ئافرەتان لە بەشی باڕ و کۆفی شۆپ و چێشتخانەکان و هۆتێلەکان و شوێنەکانی بەشی گەشتیاریی و هێڵەکانی فڕین و خزمەتگوزارییدا لە سەدا 67 کۆی پیاوانی کرێکاران پێکدەهێنن، لە کاتێکدا کە کۆرۆناش ئەم بەشەی زۆر باش کوتاوە لەوە ناکات هەتا بەهاری ساڵی ئایندە، 2021 ، دۆخەکە بگەڕیتەوە باری ئاسایی، کەواتە لێرەشدا هەر ژنانن کە باجی گەورە دەدەن.
ژنان لە بەشەکانی باخچەی منداڵان و پەروەردە و تەندروستی و بەتایبەتی دایەنگاکانا [ ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی تەمەن بچوك] کاری سەرەکی دەکەن. هەر لەم بەشی ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی بچوك، ڕیژەی کارکردنی ژنان لە سەدا 97 . بەشێکی ئەمانەش کارەکانیان لەدەستدەچێت پاش ئەوەی کە دایکانی ئەو ساوا و منداڵانە لە کارەکانیان دەردەکرێن یاخود ناچاردەکرێن کە کارەکانیان بەجێبهێڵن ئەو کاتە خۆیان ئاگایان لە ساوایان و منداڵەکانیان دەببێت.
کولتوری خاوەنکار لە کەرتی تایبەتیی-دا ، نادەوڵەتیی، وایکردووە کەمتر ئافرەتانیان وەرگرتووە، کاتێکیش کە وەریشیان گرتوون بە پارەی کەمتر لە پیاوانی هاوەڵکاریان، بووە ، ئەویش لەبەر ئەوەی ئافرەتان بە حوکمی بوون بە دایك یا دیکبوونیان ئەگەریی لەسەر کار دواکەوتنیان هەیە ، دووگیان دەبن ، منداڵیان نەخۆش دەکەوێت ، توندووتیژییان بەرانبەر بەکاردەهێنرێت، هەموو ئەمانەش یانی بزربوونیان لەسەرکار و بەرهەمهێنانی کەم . لەم ساتە وەختەشدا باشترین بیانوو هەیە بۆ خاوەنکار کە ژنان لەسەر کار دەرکەن ، یاخود لە ئایندەدا وەریاننەگرن. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ، ساڵانە 54000 ئافرەت هەر بەو هۆکارانەوە لەسەر کارەکانیان دەردەکرێن.

توندوتیژی دژ بە ژنان لە بریتانیادا بووەتە شتێکی ئاسایی هەفتەی لە 2 بۆ 3 ئافرەت لە لایەن هاوژینەکانیانەوە، یاخود برادەرە کوڕەکانیانەوە یا لە لایەن کۆنە مێردو کۆنە بۆیفرێند و یا لە لایەن خێزانەکانیانەوە، دەکوژرێن .
لەم سەردەمی کۆرۆنایەشدا بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو وەختێك زیاتری کردوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمی ڕۆژی 09/04 لەو کاتەوەی کە کۆرۆنا دەستیپێکردوە ڕێژەی پەیوەدنیکردنی ئافرەتان بە هێڵی هاوکاریی و کۆمەكپێکردنەوە سەبارەت بە تووندووتیژی کە بەرانبەریان بەکارهێنراوە، بە ڕێژەی لە سەدا 26.88 لەچاو پێشترا زیادیکردووە.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دیکە لەوەتی کۆرۆنا هاتووە لە سەدا 47 ژنان کارەکانیان لەدەستداوە و لە سەدا 14ی دیکەیان نێرداراونەتە ماڵەوە بە موچەی لە سەدا 80 ی سەر کاریان ، بەڵام زەمانەتی گەرانەوەیان بۆ سەر کارەکانیان کەمە.
لە سەدا 69 ئەوانەی کە کار دەکەن و موچەکەیان کەمە ژنانن، کە تەنها یەک لە دە کەسیان دەتوانن لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجامبدەن و ئەوانی دیکەیان کارەکانیان وەکو کاری پاککردنەوە و کار لە باڕ و دووکان و سوپەرمارکێت و شوێنەکانی دیکەدا و شۆفێری پاس و کاری شەمەنەفەرەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی ، دەبێت ڕۆژانە لەسەر کار ئامادەبن ، ئا لەم بارەشدا کە لە ئێستادا لە بریتانیا شوێنەکانی سەرکار داخراون، بەشی زۆری ئەوانیش کاریان نییە.
ئەمانە هەمووی بەڵگەن کە قوربانییەکانی دەستی هاوردەکانی کۆرۆنا، بەشی هەرە زۆریان ئافرەتانن، بۆیە دەتوانین بڵێن کۆرۆنا ڕێسەکەی 50 ساڵ لەمەوبەری لە بریتانیا کردەوە بە خوریی.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر
30/05/2020




دەوڵەتی بریتانی و دەسکەوتەکانی بە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا … زاهیر باهیر

بە دڵنیاییەوە قۆناخی کۆرۆنا تێدەپەڕێت و ژیانیش بە جۆرێك لە جۆرەکان دەڕوات. دوای کۆرۆنا ئابووریی بۆ ماوەیەك دەبوژێتەوە. خەڵکی لە خواردنەوە و کڕینی پۆشاك و گەشت و چونەدەرەوەی شەوانی هەینی و شەمە و ڕۆژانی یەکشەمە، هەروەها ڕۆژەکانی دیکەی پشوودا، هەقی ئەم ماوەیەش کە لە ماڵەوە دەسبەسەرکراوە، دەکاتەوە. هەموو شوێنێك جمەی دێت زۆر قەرەباڵختر دەبێت لە پێش سەردەمی کۆرۆنا.
شۆپەکان و بازاڕ و باڕ و چێشتخانە و کۆفی و چاییخانە و دەلاکخانە و جوانکاریخانە و قومارخانەکان،پارکەکان و سینەما و شانۆکان، هیچیان بەرناکەون لەو لاشەوە نرخی بیتاقەی سەفەر و گەشتکردن و شوێنە گەشتیارەکان لە بەرزبوونەوەدا دەبێت . هەلێکی چاكیش دەداتە دەست خاوەنی ئەو شوێنانەی سەرەوە کە نرخی کەرەسە و پیداویستییەکان، سەربخەن کە هاتنەخوارەیان مەحاڵ دەبێت.
ژیان ئاوا بۆ ماوەی شەش مانگ ، ساڵێك، زیاتر کەمتر بەڕێدەچێت و خەڵکیش کورد وتەنی وەکو ئەوە وا دەبێت نەبای دیتبێت و نە باران. دوای ئەوە جارێکی دیکە وردە وردە بازاڕ و بازاڕیکردن و کاروباری بینا و ڕێگاو بان و ئەوانی دیکە هێواش دەبێتەوە و بڕی بەتاڵەش بەرزدەبێتەوە و باخەڵی کڕیاریش دادەتەکێتەوە. ئەو کاتەش ڕەنگە سەرمایەداریی بەدووی شتێکی دیکەدا بگەڕێت تاکو جارێکی تر خەڵکی بخاتەوە قاوغەکەی خۆی و ئەوەی بیەوێت بەسەریاندا بیسەپێنێت. ئەمەی کە دەیڵێم هەر گریمان و بۆچوونە کە پێشبینیکردنی ڕوداوەکانی داهاتوو تا ڕادەیەك ئاسان نییە.
بەڵام ئەوەی کە لەئێستادا ئاشکرایە ئەوەیە کە دەوڵەت و سەرمایەداران و کۆمپانیا گەورەکان لەم بارودۆخە، سوودمەند و براوە دەبن. من لێرەدا ئاوا هەستدەکەم کە دەوڵەتی بریتانی لەم کارەساتەی کە بەسەرمان هاتووە ئەم دەسکەوتانەی بەدەستهێناوە یا دواتر بە ەستیدەهێنێت:
• ماشێنی پاگەندەی دەوڵەت لە هەموو کاتێك بەهێزترە و لە هێڕشدایە بۆسەرمان تا ڕادەیەکی زۆر توانیوێتی کۆنترۆڵی هەموو کەس بکات. بەردەوام دەسەڵاتداران و سیاسییەکان لە میدیادا پەیتا پەیتا ئەوە دەدەن بە گوێمانا کە هەر هەموومان لە بەرانبەر کۆرۆنادا ” وەکو یەکین و لە یەك کەشتیداین و کۆرۆنا یەکسانیانە کاریی خۆی دەکات”. دوای ئەوەش لەبەر ئەوەی کە لە ئێستادا تەواوی هەموو جۆرە کۆبونەوەکان لەسەر ئۆن لاین دەکرێت ، زۆرر بە ئاسانی لە لایەن و پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و هەرکات بیانەوێت ورد و درشتی کۆبونەوەکان دەزانن.

• سیاسەتی دەستبەسەرکردنی خەڵکی لە ماڵەکانیانا و وەستانی جمووجوڵی خەڵکی بەداخستنی بازاڕ و قەدەخەکردنی خەڵکی لەچوونە دەرەوەیان و چوونە سەر کاریان ، بزنسە بچوکەکان و ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن تێدەشکێنێت. بەمەش دەرفەتێکی باشتر بۆ کۆمپانیا گەورەکان دەڕەخسێنێت. زۆرێك لەمانە مایەپوچی تەواو دەبن ئەوەندە هەژار دەکەون کە ئەگەر پێشتر ژیانێکی مامناوەندیانەیان هەبووبێت ، بەڵام لەمەولا ئەوانیش دێنە ڕیزەوە .

• دەوڵەت لەم کاتەدا هەندێك بڕیاری گرنگی دا کە یەکێکیان دانی لە سەدا 80 ی موچەی کرێکاران و کارمەندانە. بە واتایەکی دیکە لە سەدا 20 ی کرێ و موچەیان بۆ ماوەی 3 مانگ بە فەرمی کەمکراوەتەوە، وەکو ئەوەی کە ئەم کارەساتە ئەوان خولقاندبێتان، هاوکاتیش بۆ ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن بڕیارێکی دەرکردەوە گەر چی گەلێك ئاڵۆزە، ئەوانیش شتێك پارەیان پێدەدرێت. بەم شێوەیە دەوڵەت هەموو کەسێکی کردە پاشکۆی خۆی و موچەخۆری خۆی.

• ماوەیەکی زۆرە کە دەوڵەت لە هەوڵی ئەوەدایە کە سیستەمی پارەی کاش، واتە کڕین و ڕەدەڵ و بەدەڵکردنی شت بە پارەی نەختینە، لانی کەم کەمبکاتەوە. ئەم کارەش بە حسابی دەوڵەت بۆ لێدان بوو لە ئەوانەی کە بە ڕەش کاردەکەن و مافیا و قاچاخچین و زۆرر شتی تر ، کە دەبێت هەموو شتێك لە ڕێگای حسابی بانقییەوە یاخود بە کارتی بانق مامەڵەی پیوە بکرێت . ئەمەش کارئاسایی بۆ دەوڵەت دەکات گەر بیەوێت یاخود دەزگە سیخوڕییەکانی و پۆلیس بخوازن دەتوانن سەرچاوەی پارەکە و ئەو کەسانەشی کە ڕەدەڵ و بەدەڵیان بە پارەکەوە کردووە بدۆزنەوە. لەو بارەدا دەتوانن تەنانەت بزانن کە تۆ چ ڕۆژنامەیەك و چ کتێبێک دەکڕیت و دەیخوێنیتەوە ئابوونە یاخود کۆمەك بەکێ دەکەیت و بە چەندیش کردوتە. لێرەشدا ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان سواڵدەکەن، یاخود ئەوانەی کە کونی تونێلبانەکان و لۆچی دووکانەکان جێگایانە چونکە بێ خانوو بەرەن ، زەرەرمەندی یەکەم دەبن.

ئەم سیستەمە ڕەنگە لەدوای قۆناخی کۆرۆنا بە ئاسانی و بە رەوتینی جێ بەجێ بکرێت بێ ئەوەی حکومەت هەوڵی بۆ بدات. لە ئێستادا ئەوەی کارتی بانقی هەبێت لەترسی لێوەتوشبوونی کۆرۆنا، پارەی کاش بەکارناهێنێت و کارتەکانی، بەکاردەهێنێت.

• تەقدیری هەرزانبەهای دروستکرد بە چەپڵەلێدانی خەڵکی وەکو پرسێکی هاوپشتی بۆ کارمەندانی بەشی تەندروستی، کە نە پێنسێك لەسەر چەپڵەلێدەر دەکەوێت و نە پێنسێکیش دەچێتە گیرفانی دکتۆر و نێرس و کارمەندانی بەشی تەندروستییەوە. ئەمە لە کاتێکدا کارمەندان پێویستیان نەك هەر بەهاوکاریی دارایی زیاتر هەیە و دەبێت موچەکانیان بەرزبکرێنەوە کە لە ماوەی 10 ساڵدا بەڕێژەی لە سەدا 1 سەرکەوتووە، بەڵکو پێداویستی خۆپاراستنیشیان لە نەخۆشی کۆرۆنا پێنادەن.
لە ڕۆژی 5شەمەشەوە ، 09/04 ، لە لایەن هەندێك خەڵکەوە داوایەك بڵاوکراوەتەوە کە جۆرێکە لە باجدانە لەسەر خەڵکی. داوا لە خەڵکی دەکرێت کە خۆ بەخشانە یەکی 5 پاوەند ببەخشن تاکو یارمەتی دەزگەی بەشی تەندروستیمانی پێبدەن، وەکو ئەوەی کە ئێمە لە وڵاتێکی زۆر هەژاردا بژین . کۆکردنەوەی ئەم پارەیەش لە ڕێگای دەزگەیەکی خێرخوازیەوە یاخود چەند دەزگەیەکی خێرخوازییەوە، گوایە دەگەیەنرێتە بەشی تەندروستمیان .

• دوای شکستهێنانی سیاسەتی ئابووریی لیبراڵ و نیو-لیبراڵ و بازاڕی ئازاد ، لە ئێستادا دەوڵەت هەوڵدەدات کە دەستتێوەردان بکات، بە مانایایەکی دیکە کۆنترۆڵ یاخود ڕەشمەی ئابووریی بگرێتەوە.
ماوەیەکی زۆرە هەندێك لە سیاسییەکان و ئابووریناسەکان باس لە تئیورەکەی ئابوورییناسی ناوداری بریتانی، جۆن کینز، John Keynes دەکەن و بە باشی دەزانن کە لە بواری ئابووریدا دەوڵەت جێ بەجێی بکات. جەوهەری تئیورەکەی ئەم ئابوورییناسەش، ئەمەیە : دەبێت دەوڵەت مەەسروفاتەکانی زیاتر بکات. چۆن ؟ بە زیادکردنی توانای کڕینی کرێکاران بۆ زیاتر کڕینی کاڵاکان. باشە ئەم یارییە گڵاوە چۆن کاری خۆی دەکات؟
گومان لەوەدا نییە کە بە چەند هۆکارێک ئەم یارییەش شکستدەهێنێت . من تەنها یەك هۆکاری ئەساسیی دەڵێم کە ئەویش وەکو زۆر شتی تر کە ئابوورییناسانی لیبراڵ دەیکەن ئەمەش یارییەکی سیاسیانەیە نە چارەسەریی گرفتە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵ . بۆچی؟ جونکە بە دەستێك باخەڵی کرێکاران بەتاڵ دەکات و بە دەستەکەی دیکە پری دەکات.

• لە کاتێکدا بەشێکی زۆری کرێکاران و کارمەندان بەهۆی ئەم بارودۆخەوە لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجامدەدەن، دوای کۆرۆناش زۆربەیان لەگەڵ ئەم تەرزەی ژیانیانا و لە ڕوی پارەی هاتووچۆ و سەلامەتی ڕێگا و وەخت گەڕانەوە و کەمکردنەوەی مەسرەف لە خۆڕێکخستن و نوێکردنەوەی پۆشاك و ئاگابوون لە منداڵان، گەر هەیان بێت ، ڕادێن . دواتر ئەوە دەبینن ئەمە باشترە بۆیان، لەبەر ئەمەش ڕەنگە ئەمە ببێتە شێوازێکی باویی کارکردن و زۆر لەو کرێکارانە نەگەڕێنەوە بۆ کارکردن لە ئۆفیسەکانیانا، هاوکاتیش ئەمەش خاوەنکار سوودی لیدەبینێت کە چۆڵکردنی هەندێك لە ئۆفیسەکانی دەبێت کە لێرەشدا پارەی کرێ و ئاو و کارەبا و غازی بۆ دەگەڕێتەوە. لەمەش گرنگتر بۆ خاوەنکار، دەتوانێت دەستبەرداری هەندێك لە تەکنیکشن و پاسەوانی بیناکە و سکوێرێتی و کرێکارانی صیانە و ..تد ببێت .
خاڵیکی دیکەش ئەوەیە کە لەم هەل و مەرجەدا کرێکاران پەیوەندییان لەگەڵ هاوکاران و خەڵکانی دیکە و تێکەڵاوبوونیان بە خواردنەوەی بیرەی دوای سەر کار و ئاهەنگی ڕۆژی لە دایکبوون و…. زۆری تر لە ئەمانە لە دەستدەدەن . لەمەش خراپتر کە لە دەستی دەدەن چالاکی و گەرموگوڕی پەیوەندی نقبیانەیانە. لە م بارەشدا کارکردن لە ماڵەوە تا ڕادەیەك خۆی و نقابەکەی زەرەرمەند دەبن ، نقابە و ڕۆڵەکەی لاواز و لاوازتر دەبێت، بە مانایەکی دیکە خاوەنکار سوودمەند دەبێت.
کاری خراپتری وەکو ئەمە ڕەنگە لە بوارەکانی دیکەدا ڕووبدات . بۆ نموونە لە پێش ئێستادا هەندێك جار کە گرفتی تەندروستیت هەبوو لەبری ئەوەی دکتۆر بیبینیتایە بە تەلەفون قسەی لەگەڵتا دەکرد، گەر زۆر پێویست بوایە ئەوە کاتت بۆ دادەنرا کە بچویتایە بتبینیایە. لە دوای قۆناخی کۆرۆنا لەوە دەکات کە ئەمە ببێتە سیاسەتی بەشی تەندروستیی و ببێتە کارێکی رەوتین ئیتر دکتۆر تۆ نابینێت گەر زۆر زۆر پیویستی کرد ئەو کاتە کاتت بۆ دەکات تاکو بیبینیت . بی گومان ئەمەش بە قازانج بۆ دەوڵەت یاخود بۆ بەشی بەڕێوەبەرانی تەندروستی دەگەڕێتەوە چ لە بچوککردنەوەی ئۆفیسەکانا و چ لە کەمکردنەوەی دکتۆر و کارمەندانی تەندروستیدا.

• سەراپای ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندان و بزوتنەوانەی کە هەبوون کۆرۆنا لەناوی بردن. لە بریتانیا لائیحەیەکیان بە ناوی کۆرۆناوە کردە بریار کە دەسەڵاتێکی یەکجار زۆریان دا بە پۆلیس و هەندێك لە ئازادیی خەڵکیان کەمکردەوە. ئەم بریارەش بۆ دوو ساڵە گەرچی هەموو 6 مانگ جارێك پیایدا دەچنەوە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەی سەرەوەشدا هاوکاتیش ئاسۆیەکی ڕونیش هەیە:
کۆرۆنا و دەستبەسەرکردنی خەڵکی لە ماڵیاندا لایەنی ئەرێینیشی هەیە کە ئەویش هەستانەوەی هەست و خۆشەویستی و بەرپرسیاریبوونە بەرانبەر بە یەکدی ، پشتبەستن و هاوکاری یەکدی ، لێپرسینەوە و دروستکردنەوەی پەیوەندی مرۆیانەی بێ بەرانبەریی لەتەك یەکدی ، کە زۆر دەمێکە سیستەم و میدیاکەی ئەوانەی سەرەوەی لە خەڵک کردۆتە نەك هەر دیاردەیەکی نەیار و نەخوازراو، بەڵکو گومانداریشی کردون.
دەوڵەت نایەوێت ئەو هەست و هاوکارییە لە نێوانی تاکەکانی کۆمەڵدا هەبێت. تەفروتونابوونی تاك هەر کەس بۆخۆی، لە قازانجی ئەوە، دوورکەوتنەوە و بڕواکردنە سەر دەوڵەت و بەرپرسان و سەراپای دەزگەکانی لە سوودی ئەوە. کەمکردنەوەی متمانەی تاك، خەڵکی بە خۆی، یانی متمانە بوون و گەورەبوون و بەهێزبوونی ڕۆڵی دەوڵەت، بۆیە دەوڵەت هەمیشە لە هەڵپەی ئەوەدایە.
میدیای فەرمی کە زمانحاڵی سیستەم و دەوڵەتە لە هەوڵ و کۆششی ئەوەدا بووە : کە تۆ بۆ خۆت بژیت ، هەقی کەسی دیکەت نەبێت ، خۆت یەکەمیت و خەڵکانی دیکە دووەم و سێیەم، دەوڵەت بەرپرسە لێت و بیمەی بۆ بڕیویتەوە، سەدەها دەزگەی خێرخوازی هەیە و دەرفەتی یارمەتیدانیان بۆ ڕەخساندویت، گەر پێویستت پێیان هەبوو…..
ئەوەی کە لەم بارودۆخە نالەبارەدا بەڕێ دەچیت خۆشبەختانە دروستبوونی هەزاران گروپن کە بێ بەرانبەر لە هاوکاری و کۆمەککردنی یەکدی و خەڵکیدان. ئەو گرووپانە کارو پیداویستی گەورە نیشاندەدەن و پێی هەڵدەستن هەر لە تەلەفونکردن و قسەکردن لەتەك ئەو سەدەها پیر و پەککەوتە و خەڵکانی خاوەنپێداویستی تایبەتی تاکو ئارامیی و متمانە و پەیوندی نێوانی مرۆڤەکان بگێرنەوە ، ئەمە جگە لە هاوکاری دەرمان وخۆاردەمەنی و شۆپینکردن بۆیان ، تا دەگاتە شیوەیەك لە خۆڕێکخستن و یەکدی ناسین و کردنی قسە و باس و گرفتەکان لەگەڵ یەکتر .
ئەمە ئاسۆیەکە کە گزنەیەك لە هەتاو لێوەی سەردەهێنێ و ڕەنگە ببێتە هیوایەك بۆ شتی گەورەتر، بە دووکەوتنی خەڵکی بۆ گۆڕانکاری و گلان لە بزوتنەوەیەکەوە کە هەر هیچ نەبێت هەنگاوێکی گەورە بێت لە کورتکردنەوەی دەستی دەوڵەت و دەسەڵاتداران.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر
12/04/2020




ئەوە دەوڵەت و دەسەلاتن کە موبادەرەکانیان لە خەڵکی سەندۆتەوە*… زاهیر باهیر

ئافاتی کۆرۆنا وای کردوە کە خەڵکی تا ڕادەیەك لە ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانیانا و ڕێکێخستنەوەی ژیانی خۆیان و دەوروبەریشیانا، متمانە بکەنە سەر خۆیان.
ئەم چەند نموونەیەی خوارەوە ئەوە نیشان دەدەن کە خەڵکی بە داهێنانەکانیان ئەوە دەسەلمێنن گەر سەرچاوەکانی سامانە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکانیان لە چنگا بێت زەرووربوونی دەوڵەت و دەسەڵات پاساوێکی نامێنێت.
ئەمانەی خوارەوە تەنها چەند داهێنانێکی خەڵکییە لە شوێن و وڵاتانی جیاوازدا :

• لە بریتانیا بە هەزارەها گرپی هارریکاریی بێ بەرانبەریی دامەزراون، Mutual Aid، لە یارمەتیدانی خەڵکانێك کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە.

• لە شاری وەوهان-ی چین کە لەوێوە گوایە کۆرۆنا سەریدەرهێناوە ، پاش ئەوەی کە دەوڵەت قەدەخەی ئامرازەکانی هاتوچۆی کەرتی دەوڵەتی کرد تاکو هەموو کەس لە ماڵەوە بمێننەوە، خەڵکەکەی هاتن قیتاری سەیارەیان دروستکرد لە گواستنەوەی خەڵکیدا بۆ خەستەخانەکان و هێنانەوەیان.

• لە شاری جیهانسبێرگی جنوبی ئەفەریقا خەڵکی هاتن تیمی تاقمی پێداویسییتییان دروستکرد بۆ یارمەتیدانی ئەو خەلکانەی کە خانوویان نییە ، واتە لە چواردیواری بەناو خانوویەکی لە تەنەکە و مقەبا و پوشوو و پەڵاش دروستکراودا دەژین. لەو پێداویستیانە : دیتۆڵی تەعقیمکردنی دەست ، کاغەزی تەوالێت ، بتڵی ئاوی پاك و خواردەمەنی. لە شاری کەیپ تاون ئەوانەی کە شارەزاییان لە کاروباری نەخۆشی چارەسەرکردندا هەبوون گروپیان دروستکرد لە گەڵ شوێندا، گەر کاتێك کە خەستەخانەکان پڕ بوون و نەیاتوانی چی تر نەخۆش وەرگرن ، ئەمان بە دەوری خۆیان ئەو کارە ئەنجام بدەن .
• لە ئەمەریکا گروپ بۆ یارمەتی کارمەندانی دکتۆر و نێرس خەستەخانە، دروستبووە، کە خۆیان وەختیان نییە تاکو پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن . هەر لەوێ منداڵێکی 8 ساڵان گروپێکی دروستکردووە کە یارییەکان نیشانی منداڵان دەدات و بە یەکەوە دەیکەن . گروپی دیکە دروست بووە تاکو یارمەتی منداڵانی ئەو دایك و باوکانە بدات کە کە باوك و دایکیان زۆر سەرقالی کاری دیکەن.

• لە نەرویچ گروپێك لەوانەی کە لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە درروستبووە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی کە ئەو کارانە بە خەڵکانێك کە تا ئێستا ساغن ناکرێت چونکە مەترسیدارە بۆئەوان کە بیکەن و لە کردنیا ڕەنگە توشی کۆرۆنا ببن.

• لە بولگاریا گروپ دروستبووە بۆ پێدانی کۆفی بەیانیانا و هەروەها بە قسە یارەمەتیدانی کەسانێك کە گرفتیان هەیە. ئەو کارەش بە ئینگلیزی پێی دەلێن counselling . لە پراگ گروپێك لە قوتابیان دروستبووە کە لای منداڵانی دکتۆر و نێرس و کارمەندانی خەستەخانەکان دەمێننەوە کە خۆیان لەسەر کارن .

• لە شاری دوبلن لە ئیرلەندە لە بلۆکێك خانوو یاری ‘ بینگۆ’ کە پێی دەڵێن ” balcony bingo ” لە ڕێگای فەیسبووکەوە دروستکردوە کە بە هەزاران کەس تیایدا بەشدارن .

• لە شاری بریستۆڵ-ی بریتانیا گروپێك لە ئافرەتان دروستبووە کە کاریان پەیداکردنی داوودەرمانە بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

• لە لاتیڤیا بە هەمان شێوە گروپی جیا جیا دروستکراون بۆ مەبەستی جیا جیا.

• لە وڵاتی فلیپین دیزاینەری پۆشاک دوکانەکەی گۆڕیوە بۆ دروستکردنی پێداویستییەکانی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا.

• لە یەك هەفتەدا گروپێك لە دکتۆر و تەکنیشنەکان و پسپۆڕان توانییان لە ماوەی هەفتەیەکدا جیهازی هەناسەوەرگرتن و بوژانەوەی سییەکان دروست بکەن کە تێچونی تەنها 370 دۆلاری ئەمەریکییە بە هاوکاری کۆمۆنێتییەکان.
*ئەم زانیاریانە لە وتارێکی نوسەر و چالاکوانی ناسراوی ژینگە George Monbiot کە لە ڕؤژنامەی گاردیانی 31/03/2020 ، وەرگیراوە بەڵام تایتڵی وتارەکەی ئەو جیایە .

01/04/2020
Zaarifbaher.com




ئەوەی دەمانەوێت داخستنی بەردەوامی پەڕلەمانە نەك هەموو شوێنێك … زاهیر باهیر

ترسی من ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە ، چونکە ئەم قۆناغەش وەکو هەموو قۆناغە ناڕەحەتەکانی دیکە تێدەپەڕێت و ژیان ئاسایی دەبیتەوە. ترسی من دەستنانە بیناقاقەمانە لە لایەن حکومەت و دەوڵەتەوە، دواچۆڕی ئازدیی تاکایەتی و پەیوەوندییە کۆمەڵایەتییەکانمانە ، کۆتاییهێنانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانمانە، درێژەکردنەوەی کاتی سەر کار و خراپکردنی زیاتری بەند و مەرجەکانی سەر کارمانە، لێدانی لانی کەم دوو ساڵی تری بزوتنەوەکەمانە، و زۆری تر لەمانە.
لە بریتانیا تەنها یەك هەنگاومان ماوە بۆ قەدەغەکردنی تەواوی هاتووچۆ. دوێنی شەو، 23/03 پەڕلەمانتارە بەڕیزەکانمان بە ڕاست و چەپ و میانڕە و کۆنەپارێز و لیبراڵەوە … بڕیاری تێپەڕاندنی یاسای ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ ئەنجوومەنی کۆمۆن، دا ، کە یاسایەکی وەکو ئینگلیز دەلێت دراکۆنیان، بەمەش دوا بزماریان لە کفنی ئازادیی تاك و کۆەمەڵ دا. هەموو پاوەرێك درا بە پۆلیس و گەر پێویستیش بکات [ کە بەڕای من بە زووترین کات ئەوەش دەکەن] دەیەها هەزار سەرباز بکێشنە ناو شارەکانەوە بە تایبەت لەندەن. لە ئەمڕۆوە ئیتر تۆ تەنها لە ڕۆژێکدا یەکجار دەتوانیت بچیتە دەرەوە ئەویش بۆ وەرزش یاخود بۆ بازاڕییکردن، تەنها بۆت هەیە لەگەڵ یەکێك، کە لە ماڵەکەدا بەیەکەوە دەژین، ئەویش بەو مەرجەی ماوەیەك [ مەسافیەك] لە نێونتانا هەبێت . گەر وانەکەیت بە ئاسانی پۆلیس دەتگرێت و سزاشت بۆ دەبڕێتەوە. هەمو دوکان و بازاڕێك جگە لە سوپەر مارکێت و دەرمانخانە کردنەوەیان قەدەخەیە و کردنەوەی هەر دوکانێکی دیکەی هەژاران، دەسگێڕەکانی سەر عەرەبانەکان، هەر هەمووی قەدەخەیە و دووبارە پۆلیس دەتوانێت پێت دابخات و سزاشت بدات.
ئەم بڕیارەش بۆ 2 ساڵە و هەموو 6 مانگ جارێك حکومەت پێیدا دەچێتەوە. دوو ساڵیش عەیامێکە، تەمەنێکی درێژە لە تەمەنی چاوەڕوانی هەژاران و ئەوانەی کە پڕن لە دەسەڵات و دەوڵەت و زۆرداریی و نادادپەروەری و نایەکسانیی.
ئامۆژگاری دەوڵەتیش بە تەنها ” لە ماڵەوە بمێنەرەوە” ئەمە لە کاتێکدا کە سەرەکوەزیران ئەوەی پشتڕاستکردەوە ” … هیچ دەزگەیەکی تەندروستی لە جیهانا نییە کە پیایدا بگات، لێرە قەرەوێڵەی تەواو بۆ ئەوانەی کە لەحاڵەتی زۆر خراپدان نییە، ماشێنی پاککردنەوە و ژیانەوەی سییەکان کافی نییە، ژمارەی دکتۆر و نێرس و … تد کەمن و بە گوێرەی پێویست، نییە ”
سەرەكوەزیران ڕاستدەکات، ئەمڕۆ لە هەموو خەستەخانەکانی بریتانیا بۆ 61 ملیۆن کەس تەنها 8175 لەو ماشینە هەیە، کە لە کاتێکدا 30 هەزار پێویستە. لە ئێستادا تەنها 5000 داواکراوە و ئەویش لە 2 هەفتەی دیکەدا گوایە ئامادە دەبێت.
ئەوەی کە دوێنی شەو دیمانەی کەنالی 4 ی تی ڤی لەندەنی لە هەواڵەکانی کاهژێری 7 دا، بینبێت کە لەگەڵ وەزیری تەندروستی و دکتۆر و نێرس کرا و دواتر ڕاپۆرتی خەستانەیەكیش خوێنرایەوە لەسەر ئەوەی کە لێرە هیچ ئامادەکارییەك نەکراوە. تەنانەت بڕێك لە دکتۆر و نێرسەکان لەسەر حسابی خۆیان پیداویستی خۆپاراستنیان کڕیوە. ئەو کاتە بۆت دەردەکەوێت کە حکومەت و چەندێك مشورخۆری هاووڵاتییەکانێتی. ئەمانە لە لایەکەوە منی گریان و لەلایەکیشەوە ڕقی ئەستور کردم.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا پەڕلەمانتارێکی گەواد [ بە مانا کوردییەکەی نا] نایەتە جواب لێیی و بڵێت ئاخر قوربان بۆچی؟!! ئەوە ئێوەن کە 10 ساڵی ڕەبەقە لەسەر حوکمن واتان لێکردوە؟ پەنجە بکات بە چاویدا بڵێت مردنی هەر کەسێك لەم خەڵکە، جەنابت و حیزبەکەت و هاوڕێ دەوڵەمەند و ساماندارەکانت ئایا بەرپرس نین لێێ؟ لە لایەکی تریشەوە خەڵکی ئەم وڵاتە جوڵەیەك ناکەن و لەبەردەمی ڕەحمەتی دەوڵەت و حکومەتدا دانیشتون ئەوەندەی جگەرە و بیرە و جنس و فوتبۆڵیان هەبێت، ئیدی نان هەیە یا نییە، جار بەجەهەنەم ، ئازادیی قەدەخە دەکرێت یا ناکرێت ؟ جا چییە؟ پەیوەندی بە منەوە چییە؟ خۆ من سیاسەت ناکەم و داخڵ بە سیاسەتیش نابم؟
خەڵکی کەمتر تێدەفکرن کە ئەمە سەرنجامێکی زۆر خراپ و ساڵانێکی ڕەش دەهێنێت. پاش ساڵێکی دیکە سەرمایەداریی هەڵدەسێتەوەو ئەوەی کە نەیتوانیوە لەم ماوەیەدا بیکات ، دەیکات. لە کێشە داراییەکەی 2008 دا سەرمایەداری و دەوڵەتەکانی زۆر بە چاکی و باشی بۆ قازانجی خۆیان قۆستیانەوە . من لێرەدا هەر یەك دوو نموونەیەك دێنمەوە. یەکەم: ناساندنی پلانی ” زیڕۆ کۆنتراك’ واتە کارکردن بێ عەقدە هەر وەکو مەیانی کارکردنەکەی سلێمانی 60 و سەرەتای 70 کان کە بەنا و مقاویل دەهاتن کرێکاریان لەوێوە دەبرد. بەڵام لە ئێستادا مەیانەکە گۆڕاوە بە تێکستی تەلەفونی و پێتدەڵێت “وەرە بۆ کار، یاخود ئەمڕۆ مەیە ، یا چی تر پێویستمان پێت نەماوە”. دووەم: بە پاساوی دەسستگرتنەوە و بوونمان لە قەیراند، هەندێك لە بیمەکان بڕان و ئەوەشی کە ماوەتەوە بەدەستهێنانیان زۆر گرانە و کەمتریشە لە جاران. لە ناساندنی ئەمەشدا تا ئێستا چەندەها کەس خۆی کوشتووە لەبەر ئەوەی لیژنەی پزیشکی بڕیاری داوە ئەم کەسانە شایانی پێدانی ئەو بیمەیە نین ، ئیدی بیمەکە نەخۆشی یا پەککەوتەیی یاخود بێ کاریی، هەر کامیا بێت.
سێیەم: سڕکردنی موچەی هەموو کرێکاران و کارگەران و فەرمانبەرانی کەرتی دەوڵەتیی بە دکتۆر و نێرسەکانیشەوە کە ئێستا لە لایەن حکومەتەوە بە ” پاڵەوان” دەناسرێن و سوپاسیان دەکەن. بە نیسبەت کەری تایبەتیشەوە پارەیەکی کەم بە درێژکردنەوەی وەختی سەر کار و هەلومەرجی خراپی سەرکار .
ئەوەی سەرەوە تەنها 3 خاڵن لە دەیەها خاڵی هێڕشی دەوڵەت و سەرمایەداران بۆ سەرمان. بۆیە لەم قەیرانەی ئێستاشدا من بەش بەحاڵی خۆم چاوەڕوانی خرپترکردنی بارودۆخی ژیانمان دەکەم لەبری باشتری لە هەموو ڕوویەکەوە.
بە گوێرەی ئەزموون و خۆشم و خوێندنەوە و تێفکرینی زۆرم، گەیشتومەتە ئەو بەرەنجامەی گەشەکردنی سەرمایەداری و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زیادبوونی ژمارەی کرێکاران نەك هەر بزوتنەوەکە ناباتە پێشەوە بەڵکو دوایشی دەخات ، ئەمە لە ئێستادا ئاوایە. هەر ئەمەشە کە دەبینیت ڕاپەڕین و ناڕەزایی و هەوڵی شۆڕش لە وڵاتانی دواکەوتوی پیشەسازیدا زۆر ترن تاکو ئەم وڵاتانە. گەر یەكێك پێم بڵێ ئەی ئەوە نییە لە فەرەنسا هەیە کە وڵاتێکی پیشەسازیی پێشکەوتووە؟ لە وەڵامدا دەلێم کە نەریت و خو و مێژوی شۆڕشگێرانەیە کە بەرگریی و بەگژاچونەوە دروستدەکات، نەك بەپیشەسازیکردنی وڵات و پێشەوەچوونی تەکنەلۆجیا. خۆشبەختانە ئەوە لە یۆنان و فەرەنسادا هەبوو ، بەڵام حکومەتی چەپی Alexis Tsipras ئەوەی لە یۆنانا نەهێڵاو ، جەنگی کۆرۆناش ڕەنگە کۆتایی بەوەی فەرەنساش بهێنێت. هیوادارم ئاوا نەبێت.

زاهیر باهیر
24/03/2020




ئێمە لە بریتانیا لەبەردەم جەنگی هەمە جۆرەداین … زاهیر باهیر

مەترسی کۆرۆنا بۆ ئەم سەرەدەمەی ئیستا کەسەردەمی پێشکەوتوترین تەکنەلۆجیا و زانستە ، مەترسییەکی یەکجار گەورەیە و هیچ کەسێكمان چاوەڕوانمان نەدەکرد کە بەم شێوەیە یەخەمان بگرێت. ئابووریمان داڕمێنێت، ژیانمان لێهەراسان بکات ، خوشەویسستمانمان لێببات ، پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان کۆتا بکات، بڕوا و متمانەمان بە خۆمان و بە زانستیش ئاوا لەق بکات.
ڕووداوەکان بە پەلە دێن و دەڕۆن، بڕیارەکانیش لەوان بە پەلەتر دەدرێن، ترس و نیگەرانی خەڵکیش خراپتر کارایی خۆیان دادەنێن، ژیانمان بارگران دەکەن، دەروونمان شێواوتر دەکەن.
ئێمە لە بریتانیا نەك هەر لەبەردەم جەنگی ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنەداین، بەڵکو لەبەردەم جەنگی سایکۆلۆجی حکومەتیشداین، کە بەردەوام لە دەماندنی هەمانەی پڕ لە ترساندنی خەڵکی و دڵەڕاوکێدایە. هاوکاتیش لەبەردەم جەنگی بژێوی و مانەوەمانداین، گەر کار وەکو ئەم هەفتەیە بڕوات و کەمەپەینی ترساندنی خەڵکی هەر بەردەوامبێت، بە تایبەت لە لەندەن دەبینین خەڵکی لەبەر بێ نانیی، بێ بوونی کەرەسەی پێداویستیی بە هەموو چەشنەکانیییەوە، بەدیارچاومانەوە، دەمرن. ئای کە سوێیەکی سەختە، ئای کە دیمەنێکی لە یاد نەچوو و هاوکات خەمناکە.
ئەوەی کە زیاتر کارایی دەروونیی و نیگەرانیی تاك و کۆمەڵایەتی دروستکردووە، خودی هاتنی کۆرۆنا نییە ، بەڵکو هەنگاوەکانی حکومەتە کە دەینێت، گفتار و کردار و بڕیارەکانێتی کە دەیدات، کە کەمپەینی بەردەوامی تۆقاندنە. بەمەش کە دەیکات تا ئێستا دوو دەستکەوتی بەدەستهێناوە: توانیوێتی کۆنترۆڵی خەڵکی بکات ، هەروەها خەڵکی وابەستە بە دەوڵەت بکات.
‘تۆنی بێن’ کۆنە پەڕلەمانتاری بریتانیا و چەپ و سۆشیالیستی بەناوبانگی ئەم وڵاتە لە یەكێك لەو 10 خاڵە گرنگەی کە وتوونی، ئەمە یەکێکیانە” ” وا تێدەفکرم کە دوو ڕێگا هەیە کە خەڵکی پێ کۆنترۆڵدەکرێت، یەکەمیان تۆقاندن و ترساندنی خەڵیکیی ، دووەهەمیان، تێشکاندن یاخود وێرنکردنیان”.
لە ڕاستیدا ئێمە تۆقێنراوین و ئەم تۆقینەش سەرەنجام تێکماندەشکێنێ و دوای کارەساتی کۆرۆنا گەر بەخۆماندا نەیەینەوە، دەبێت شوکرانەبژێری دەوڵەت و خاوەنکاربین و بە هەموو شتێك ڕازیبین هەر لە کرێ و موچەی کەمەوە، کەمبوونەوەی مافەکان و ئازادییەکانمان و مەرج و بەندی خراپی سەرکارمان تا دەگاتە زۆری تر.
نکوڵی لەوە ناکرێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوای سەردەمی جەنگی جیهانی دووهەمەوە مەترسیدارترین ڤایرۆسە. ئەوەشی کە وای لێکردووە لە بریتانیا مەترسیدار بێت ئەوەیە کە 10 ساڵ زیاترە حکومەتی موحافیزین بە بیانوی قەیرانی ئابوورییەوە کە وەکو پاساوێکی سیاسیی، سیاسەتی دەستگرتنەوەیان [ تەقەشوف] بەسەرمان سەپاندوە. ئەمەش کارایی خراپی لەسەر بەشی تەندروستی ئەم وڵاتە بە خراپی دروستکردووە، هەر لە تەرخاننەکردنی پارەی تەواو و بەتایبەتیکردنی هەندێك لە بەشەکانی لە کەرتی دەوڵەتییەوە و ڕێگادان بە دکتۆرە باشەکان کە نیوەکار کاربکەن و نیوەی دیکە لە کلنیکە یا خەستەخانە ئەهەلییەکانا، بڕی نەخۆشی زۆر کە بەشێکی بەهۆی نەدارایی و نەبوونی پارەی تەواو بۆ خۆپاراستن لە سەرما و گەرما و تد تا ڕادەی گۆڕینی یاسای بەشی تەندروستی کە لەتەك ستاندەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانا نایەتەوە. لەمانەش زیاتر هاتنەدەرەوەمان لە یەکێتی ئەورپا کە دڵەڕاوکێیەکی زۆری بۆ دکتۆر و نێرس و کارمەندەکانی تری کە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە هاتوون، دروستکرد زۆربەیان ناچارکران کە بەجێمانبهێڵن و بچنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان. ئەمانە هەمووی وای کرد کە ئێـە نوقسانی 50 هەزار نێرس و 5 هەزار دکتۆرمان لە بەشی تەندروستیدا، لە ئێستادا هەیە.
بەم جۆرە بەشی تەندروستی لێرە نە ئامادەکاری و نە دەرمانی تەوا و نە قەرەوێڵەی کافی و نە ئامراز و جیهازەکانی کە لە ئێستادا زەروورن ، هیچیانی نییە. ئەمە جگە لەوەشی کە تا ئێستاش دکتۆر و نێرس و کارمەند و کرێکارانی پاککەرەوەی بیناکان کە بەرەی پێشەوەی ئەم جەنگەن پشکنینی [ تێست] ئەم پەتایەیان بۆ نەکراوە. ئەمەش تاوانە کە کاتێك دکتۆرێك ، نێرسێك چارەسەری تووشبووان دەکات کەچی خۆی لە هەبوونی ئەو پەتایە دڵنیا نەبێت!! لە دڵەڕاوکێ و نەبوونی متمانە بەخۆیدا، بێت.
هۆکاری نەپشکنینیش تەنها بڕی پاەیە کەهەر پشکنینێك 20 پاوەندی تێدەچێت. ئەمەش بە دەوری خۆی بواری دروستکردنی پارەیەکی خەیاڵی بۆ کلینک و خەستەخانە ئەهلییەکان ڕەخساندوە، کە ئەوان ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە کە لە بەرانبەر 250 پاوەند تا 370 پاوەند ئەوان ئەم پشکنینیە دەکەن.
ئەمە بێ لەوەی تا ڕادەیەك لە دوێنێوە ، 21/03 ، ژیانیان لە لەندەندا وەستاندووە بە داخستنی باڕ و نادی و کۆفی شۆپ و چێشتخانە و سینەما و شانۆ و یانەکانی وەرزشکردن و مەلەکردن و تد . ئەوە ڕاستە کە دەوڵەت پێرێ، 20/03 ، بریاری دا ئەوانەی کە لەو بەشانەدا کاردەکەن لە سەدا 80 موچەکەیان وەردەگرن کە خودی ئەمەش ئینگلیز پێی دەڵێت، Pay cut ، واتە موچە/کرێ بڕین بە ڕێژەی لە سەدا 20 کە لە کاتێکدا کرێکاران و هەژاران هیچ ڕۆڵێکیان لە ڕوودانی ئەم ئافاتەدا، نەبووە.
هاوکاتیش لەم بڕیارەی حکومەتدا شتێکی بۆ ئەوانەی کە بە بێ عەقد کار دەکەن [ زیڕۆ کۆنتراکت ] کە زیاترن لە 600 هەزار، هەروەها ئەوانەی کە بزنسی بچوک یاخود کار بۆخۆیان دەکەن، تێدا نییە ئەمە جگە لە بارودۆخی زیاتر لە 5 ملیۆن خانەنشینکرا و زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵ کە لە هێڵی برسێتیدا دەژین.
ئەو بڕیارە کە دەوڵەت دوێنێ دای لەبەر چاوی کاڵی کرێکاران نەبوو بەڵکو لەبەر دانەڕمانی ئابووریی بوو کە یارمەتی خاوەنکار و خاوەنکارگەو کۆمپانیاکانی دا. چونکە گەر هەموو ئەم کرێکارانە بێ پارە و موچە بچنەوە ماڵەوە ناتوانن بژین و دواتر زەمینە بۆ هاتنە سەر شەقامی خەڵکی و تێكشکاندنی هەرچی هەیە لە بینای دەوڵەتی و کۆمپانیا و بانق و بوغازەی گەورەی خواردن و کەلەوپەل و بردنی هەرچی تیادا بێت، کە لەم زروفەدا زۆر ئەستەم دەبێت بۆ دەوڵەت کە بتوانێت ئاسایش بۆ ناو شار بگێڕێتەوە و هاوکاتیش مولزەم دەبێت بە قەرەبووکردنەوە.
هەرچی بزنسە زەرەر ناکات ڕەنگە قازانج و سوود بێتە خوارەوە بەڵام ئەوەتا دەوڵەت 330 ملیار دۆلاری بۆ تەخانکردون، باجی لەسەر هەڵپەساردوون ، بڕێك پارەی کرێکارەکانیان بۆ دەدات، خۆشیان لە دائیرەی تەئمین شتێك پارە وەردەگرنەوە.
لە نانی ئەم هەنگاوەدا حکومەتیش بە ڕۆلی خۆی قازانج دەکات هەم بزنس و هەم بڕێك لە کرێکارانیش رازیدەکات و خۆی شیریندەکات و هەڵبژاردنی داهاتووش مسۆگەر دەکات. لە لایەکی دیکەشەوە کار لەسەر دابڕینی پەیوەندی خەڵکی دەکات کە بە هێچ شێوەیەك نەچنە دەرەوە و لە ماڵەوە بن مەگەر کاری یەکجار زەرووریان هەبێت، ئێمەشی ئاوا ترساندووە کە گەر دراوسێیەکت پێویستی بە یارمەتی تۆ بێت ، نە هەموو کەسێك ئامادەیە بچێت بە دەمییەوە نە هەموو دراوسێیەکیش متمانە بە یارمەتیدەرانی دەکات لە ترسی ڤایرۆسەکە، نەبا بۆی بەریت .
لەمانەش ترسناکتر ، کە رەنگە لە هەفتەی داهاتووە بێت، قەدەخەکردنی خەڵکییە هەر لەژێڕ بیانوی کەمکردنەوەی مەترسیی ڤایرۆسەکە و یارمەتی دانی بەشی تەندروستی. کە خەڵکی ناچارە بیگرێتە بەر چونکە ئەمان زەمینەسازییان هەفتەیەکە بۆ ئەمە کردووە بە وتنی ئەوەی کە ئەم دەردە تاکو بەهاری ساڵی ئایندە دەخایەنێت ، 4 کەس لە 5 کەسی ئەم وڵاتە تووشی دەبن کە بە ڕێژەی سەدی لە سەدا 80 ی دانیشتوانی بریتانی، لە 5 کەس 4 کەس بە ژمارەش 7.9 ملیۆنیان داخڵی خەستەخانە دەبن، ئەگەریی ئەوە هەیە ژمارەی قوربانییان لە نێوانی 318،660 و 531،100 کەس بن. ئایا شتێکی دیکە دەمێنیت کە لەمە زیاتر نیگەرانت بکات، بتتۆقێنێت، بێ وررەت بکات ڕادەستی تەنهایی و بێ چارەیی و بێ کەسییی بێ ئومێدیت بکات؟
ئەوەی کە دەوڵەت هەوڵی بۆ نەداوە، بچوکترین ئامادەکاریی بووە لە بەرانبەر ئەم پەتایەدا کە 3 مانگە لە ئارادایە : لەوانە هیچ جۆرە سوودێکی لە ئەزمون و توێژینەوە و زانیارییەکانی چین وەرنەگرت، تا ئێستا دەمامك و دەسکێش بۆ کارمەندانی خەستەخانە نییە، دەرمانی تەواو نییە، ماشێنی یارمەتیدانی ژیانەوەی سییەکان کەمە، پێشوەخت کۆنتراکتێك لە تەك هەندێك ئوتێلدا نەکراوە بۆ کردنی بەشێکیان بە خەستەخانە گەر پێویستی کرد ، یارمەتی شارەوانییەکان بە بڕێکی زیاتر پارە نەکراوە کە ئەوان یارمەتی کەسانی پەککەوتە و پیر و منداڵان کە پێویستیان بە پێداویستی تەواو هەیە…تاکو شتێك ئەرك لەسەر خەستەخانەکان، کەمببێتەوە . لە مانەش گرنگتر لە 3 ساڵی ڕابووردووە 50 هەزار نێرس و 5،500 دکتۆر خانەنشینکراون و یاخود کاریان لە بەر فشار و باری تەندروستییان بەجێهێڵاوە ، حکومەت لە دوێنێوە، 21/03 وە داوایان لیدەکات کە بگەڕێنەوە ” بەشی تەندروستی پێویستی پێتانە” . کاتێك کە ئەمانە نەکراون کەچی هێشتا بێ ئابڕوانە لەبری هێنانەوەی پۆزش و بەڵێندان بە کردنی هەموو شتێك و دڵنەواییکردنمان ، دێن دەمان تۆقێنن تاکو تێمانبشکێنن .
سەرەڕای ئەمانەش، ئێمە لەژێر هەرەشەی نەبوونیشداین، نەبوونی نان و سەوزە و میوە و وشکەداین، گەلێك لە سوپەرمارکێتەکان ڕەفەکانیان بەتاڵە ئەوەشی کە هەیە بڕێك دانراوە کە ناتوانیت لەوە زیاتر بکڕیت، شیر و پەنیر و گۆشت و ماسی و هەندێك خواردنی دیکە لە قەیراندان. لەو لاشەوە کێڵگەوانەکان و خاوەنکێڵگەکان باڕەیا لێ هەستاوە کە دەرەقەتی بازاڕ نایەن بە هۆی ئەو تۆفان و زریانەی کە ئەمساڵ بووە ئێستاش بە هۆی کۆرۆناوە کە لە وەرزی بەرهەم ڕنین و کۆکردنەوەیدا هاتنی 60 هەزار کرێکار لە وڵاتەکانی دیکەوە، لەدەستدەدەن. هەر بە گوێرەی راپۆرتێکی دیکە، کێڵگەکان زیاتر لە 80 هەزار کرێکاریان دەوێت ئەمانە لە کوێوە بهێنن؟!! بۆیە لاتان سەیر نەبێت کە کۆمەڵەی کێڵگەوان و خاوەنکێڵگەکان داوا لە دەوڵەت دەکەن کە ” سوپای زەوییان” بۆ بنێرێت ، واتە سەرباز بنێرن بۆ کارکردن لە زەوییەکان.
جگە لەوەی سەرەوەش بەهۆی سیاسەتی ئابوری لیبراڵ و بازاڕ و گڵۆبەلایزیشنەوە و گۆڕینی کەش و هەواوە لە بریتانیا ساڵ بەسەڵ بەرهەمی کشتیاری و کێڵگەکانی ئێرە لە کەمبوونەوەدا دەبێت. لەم بارەشدا بازاڕ متمانە دەکاتە سەر بەرووبوومی هاوردە لە ولاتانی وەکو ئیسپانیا و یۆنان و تورکیا و ئەفەریقاوە ئەمەش بە هۆی دەردی کۆرۆناوە گرفتێکی گەورەی دروستکردووە کە ئێستا بەشێك لەو وڵاتەنە یا خۆیان توشی ئەو دەردە بوون یاخود لە چاوەڕاونیی هاتنی ئەو ئافاتەدان.

زاهیر باهیر
22/03/2021
Zaherbaher.com




ئایە دەکرێت لۆمەی خەڵکی بکەین لە ڕانەپەڕینیان دژ بە دەسەڵات؟ … زاهیر باهیر

زۆرێك لە نوسەران و ڕۆشنبییران و ئەهلی فەیسبووك سوکایەتییەکی زۆر بە دانیشتوانی کوردستان دەکەن کە گوایە ترسنۆکن، هیچوپوچن، هەر شایستەی ئەو ژێردەستی و زۆرداری و نەبوونییەن. هەندێکیشیان ئەهۆنانە و دەیانکەن بە مەڕ و پێویستبوونیان بە شوان.
من ڕایەکی زۆر جیاوازم لەو کەسانە هەیە و هەرگیزیش ڕێگا بەخۆم نادەم ئەگەر خۆم، یامنداڵەکانم لە پێشەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانەوە، نەبم و نەبن ، بێم و بانگەشەیەکی ئاوا بکەم و هاوکاتیش تاوانباریان بکەم بە نەکردنی کارێك لەوانەی سەرەوە.
بەڕای من ئەوەی کە لە کوردستانا دەگوزەرێت هەمان شتە کە لە سەراپای وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکی و کەنەدا و ئۆسترالیا و وڵاتانی دیکەدا دەگوزەرێت. بە بەراوردیش بە دەوڵەمەندی ئەم وڵاتانە و ئەو جۆری ستاندەرەی کە ژیانی خەڵکی لێرە پێویست دەکات، زەمینەی ڕاپەڕین هەیە. لەم وڵاتانەش زۆر داخوازیی و پرس هەیە کە خەڵکی دەبێت ڕۆژانە بۆی بچێتە سەر شەقام و تەنانەت لە وڵاتێکی وەکو بریتانیا و ئەمەریکادا زۆر ڕەوایە کە خەڵکی بە هەموو چەشنەکان دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵات بکات بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکانیان.
بەهەر حاڵ ئەوەیان پرسێکی دیکەیە و من زیاتر دەمەوێت لەسەر کوردستان [ باشور ] بدوێم و هۆکاری ئەوەی کە بۆچی خەڵکی ئامادەی ڕاپەڕین نییە، قسە بکەم. گومان لەوەدا نییە کە بارودۆخێکی یەکجار خراپ لە کوردستانا دەگوزەرێت و دانیشتوانی ئەوێ زۆر زیاتر لە ئێمەیەك کە لە دەرەوەی ئەوان دەژین دەزانن و هەر ئەوانیشن کە زیاتر لە هەموو کەسێکی دیکە باجەکەی دەدەن .
بەڕای من هۆکارێك هەن کە خەڵكی لە کوردستانا ڕاناپەڕن و قەبوڵی ئەو بارودۆخە دەکەن. ئەو هۆکارانەش:
یەکەم: تێکەڵەیەکی کولتوریی خێڵایەتی و دینی: ئەمە ڕێگرێکی گەورەیە لەوەی کە خەڵکی بە خۆیدا بێتەوە و بیەوێت چارەسەری زامەکانی خۆی بکات و پەنا بۆ شتێك لایەنێکی دیکە، نەبات. ئەو کولتورە دینی و خێڵەکییە هەمیشە لەخزمەتی دەسەڵات و سەرەوەریی و باڵادەستیدا بووەو یارمەتی مانەوەی ئەوانی داوە و کاری داخوازیکردن بووە لە هەژاران و بە قەبوڵکردنی ئەو بارودۆخە ، نەبا خوا خراپەی خراپتر بدات ، کە ئەمەش لەڕێگادایە.
دووەم: کۆمەڵی کوردی: لانی کەم کۆمەڵی کوردی لە ساڵی 1946 وە تاکو ئێستا ڕێگای پینەدراوە کە بە مێشك و عەقڵی خۆی بیر بکاتەوە یاخود متمانە و بروا بکاتە سەر خودی خۆی ئەوەش بەشێکی بە هەبوونی هەمە چەشنە و زۆرینەی پارتی سیاسیی کە هەموو هەوڵ و کۆششیان لە پێناوی دەسەڵاتا بووە. بۆ ئەمەش ئەوان شەڕی فکری و سەربازیی مەیدانییان کردووە بۆ زیادکردنی پانتایی هەژموون و دەسەڵاتیان. هەر بەم هۆکارەشەوە ئەوان هەمیشە لە ڕواندنی تۆوی ئیدۆلۆجییەتی خۆیانا بوون لەو شوێنانەدا. هەموو ئەمانەش وای لە خەڵکی کوردستان کردووە کە بڕوا و متمانە بکەنە سەر ئەوان ، لەبری خۆیان .
سێیەم: سیستەمی پەروەردەی خێزانی و ڕۆشنبیریی و فەرهەنگیی : ئەمانەش کەهەر هەموویان لە سەر بناخەیەکی قوچکەیانە دامەزراون ، کار و هەوڵیان لە پێناوی دروستکردنی تاکی ئازاددا نەکردووە. تاکێكیان دروستنەکردوە کە بناخەیەکی پتەوی خۆ خۆیی و سەربەخۆی ، هەبێت بەڵکو لەبری ئەوە تاکێکیان دروستکردووە کە دوای کولتوری کۆمەڵایەتی [ بەشە خراپەکەی] و دینی و وابەستەیی و نامۆیی، ببێت.
چوارەم: ئەو بارودۆخە تایبەتییەی کە کوردستانی تیادایە : ئەو بارو دۆخە تایبەتییە کە کە کوردد لەوێدا پێیدا تێپەڕیوە و هەر لە کارەساتی شەڕی نەگریسی کوردایەتی و ڕاگوێزینی زۆرە ملیی و کوشتن و بڕین لە سەر دەستی حکومەتە یەکبەدوایەکەکانی عێراقدا و کیماوی و ئەنفال و مانەوە لە بەرانبەر هەڕەشەی گەورەتری حکومەتانی دەوروبەر : عێراق، ئێران ، تورکیا .. ئەمان هەمووی وبوونی بارێك لە ئەزموون بۆ خەڵکی وای لێکردوە کە دەڵێت ڕەنگە هەر ” دەستی لینەدەین، باشتر بێت” . بی گومان میدیای دەسەڵات و حکومەتی هەرێم و حیزبەکانیش هەمیشە بەوە خەڵکی کوردستانیان ڕاگرتووە و ترساندووە.
پێنجەم : فاشییەتی دەسەڵات : حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتەکەی هەر وەکو هەموو دەسەڵاتێکی دیکە دڕندە و فاشین لەسەرکوتکردنی خەڵکیدا. دەسەڵات هەر کات کار بگاتە سەر ئەوەی جێگایان پێ لەق بکرێت بە هیچ شێوەیەك دەستناپارێزن لە کوشتن و بڕین و هەموو شێوەیەکی تۆقاندن و تیرۆر دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیو بەکاردەهێنن. خەڵکی لە کوردستانا ئەمەیان بیینوە و دەیبینن و ناکرێت هەر وا بە ئاسانی سنگی خۆیان و منداڵیان بنێنە بەر گولەی دەسەڵاتەوە.
شەشەم: خودی بارودۆخی کوردستان: ڕاستە ئەمڕۆ بارودۆخی کوردستان خراپە بەڵام هێشتا بە بەراورد بە خەڵکی بەغدا و باشور و ئێران و میسر و هیندستان و پاکستان و نایجیریا و خواروی ئەفەریقا و زۆری تر لە ولاتانی دونیا، بارودۆخی خەڵکی لە کوردستان زۆر لەوان باشترە . ئیتر خەڵکی بە جۆرێك لە جۆرەکان ژیانی خۆی دەبر کردووە و ئەو برسێتی و ڕەشوڕووتییەی کە لەو شوێنانەی کە ناوم هێنان، هەیە ، لە کورستاندا ئەوەندەی من بزانم، نییە. دیارە ئەمەس ئەوە ناگەیەنیێت کە دەبێت برسێتی و نەبوونیی، شۆڕش و ڕاپەڕین دروستبکات، بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت ڕۆڵی خۆی هەیە.
شەشەم : ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیست و ئەنارکیستەکان: لە ڕاستیدا چەپ و کۆمۆنیستەکان ڕۆڵێکی ئەو تۆیان نەبووە لەناو خەڵکیدا. شەڕی نێوخۆیی خۆیان لەسەر دەسەڵات و پلەبەندیی نێو حیزبایەتی و شەڕی ئیدۆلۆجیانە کردونی بە چەندەها بەش و کەرتەوە کە ناتوانن دەورێکی ئاوایان لە کوردستانا هەبێت هەم لە پشتگیری خەڵکی و هەم لە بەشداری خۆیشاندانەکانا، لە هەر ڕووداوێکدا کە دێتە پێشەوە.
هەرچیش ئەنارکیستەکانە ئەوانیش پێگە و سەنگێکیان لە کوردستانا نییە تا ئێستاش قورسایی سەرەکی خراوەتە سەر کردنی هەڵمـەتی ڕۆشنگەریی سەبارەت بە ئەنارکیزم و ناسینی و گواستنەوەی ئەزموونەکانی دەرەوە بۆ ئەوێ. بە پلەی دووهەیش بانگەشەی دروستکردنی گروپی خۆجێیی ئاسۆیانە و ڕێکخراوی جەماوەریی ناقوچکەیی و کردنی کاری هەرەوەزی، دەکەن . ئەمە جگە لەوەی کە ئەنارکیستەکان باوەڕیان بە حیزب و ڕۆلی حیزب و سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی هیچ جۆرە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینێك نییە. ئەوەی کە ئەوان باوەڕیانە بەشداریکردنە و چالاکبوونە لەو ڕووداوانەدا و گواستەنەوەی ئەزموونەکانە و متمانەپێکردنی تاکە و دروستکردنی وەرکشۆپە بۆ لەیەکدییەوە فێر بوون و هاوبەشکردنی ڕۆشنبیریی و بەهرەی شەخسی [تالەنت] و سەلیقە و توانایە . هاوکاتیش ڕێگەگرتن ، گەر بکرێت ، لە حزب و حیزبییەکان و کەسانی ناودار و ئیدۆلۆجیا بۆ کۆنترۆڵکردنی خەلكی و لە قاڵبدانیان بە مەبەستی بەکارهێنانیان بۆ بەرژوەندی تایبەتی حیزبیان و کەسایەتییەکان و دەوڵەتانی دەرودراوسێ و ناوچەکە.
ئالێردا پێ لەوە دەنێم کە بەشێكی نەبوونی جوڵەی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە سەر ئەستۆی ئێمە هەموومان کە دەکرێت لۆمەی خۆمان بکەین ، نەك خەڵکی کە نەمان توانیوە ئەو پێگە و سەنگەمان هەبێت چونکە لە ڕاستیدا هۆکارێکی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە وەکو پێویست چالاك نین و نەمانتوانیوە و ناتوانین ، فکر و مەبادیئەکانمان بە باشی و بە ڕوونی بگەیەننیە خەڵکی .

زاهیر باهیر
04/03/2020
Zaherbaher.com




موقتەدا صەدر نە خیانەتکارە و نە ساویلکە و نە شۆڕشگێڕ … زاهیر باهیر

بەداخەوە کە خۆپیشاندەران و زۆرێك لە خەلکانی دیکە هەر لە سەرەتاوە موقتەدا صەدریان بە پشت و پەنای خۆپیشاندەرانی عێراق زانیوە و کاتێکیش کە هەڵوێستی ئەو و کۆمەڵەکەی ئاشکراتر دەبێت بە خیانەتی دەزانن و توشی بێ چارەیی دەبن .

لە ڕاستیدا صەدر و حیزبەکەی ئەوەندە دۆستی خۆپیشاندەران بوون کە بتوانن کۆنترۆڵیان بکەن و ئەو کاتەش موزایەدەی سیاسییان بەسەرەوە بکەن یا وەکو دەڵێین سەرمایەی سیاسییان لێدروستبکەن .

شیعەبوون و شیعایەتی مەرجەعییەت و پێگەی تایبەتی خۆیان هەیە و شتێك نییە لای ئەوان کە لەسەرەوەی ‘ شیعایەتی’ بوونیان و مەرجەعێتەکەیانەوە بێت. کاتێك لای ئەوان ، نەتەوایەتیی و نیشتمانچێتی و حیزبایەتی و شۆڕشگێڕێتی دەگاتە دووڕیانێك کە لەگەڵ مەزەهەبگەریی و مەرجەعییەتی ئەواندا ناڕوات ، ئیدی ئەو خەسڵەتانە دەبێت ببنە ئامرازی خزمەتکاری دین و مەزهەبەکەیان چی تر شتێك لەوانەی سەرەوە نامێنێت تاکو ببێتە بنەما و پرنسپڵ و گڕیدانەوەیان بە لایەنێكی نامەزهەبی ئامانججیاوازەوە. بێ گومان قسەی من لەسەر ‘تاك’ ی شیعە ، نییە کە وەکو هەموو تاكێکی دیکە لە هەر مەزهەب و دین و نەتەوەیەك ، دەکرێت هەڵوێستی یاخیبوون و بەگژاچونەوەیان هەبێت .

شیعەکان و شیعایەتی ئا لەم خەسڵەتەدا هاوبەشن لەتەك یەهودییەت و جولەکەبوونی ئەرسەدۆکسیدا، کە ئەوانیش لەوێدا کە دێتە سەر ئەو پرسە کە لە لایان سەرەکییە، ئیدی دەستبەرداری شت و لایەنەکانی دیکە دەبنەوە . دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە قسەکەم لەسە گشتە، نەك ‘تاك’ و هەڵوێستی تاك.
ئەمڕۆ لە عێراق-دا چەندەها جۆر لە ڕەوت و فەسائیلی شیعە و سەرکردە و ڕابەر هەیە و بە دڵنیاییەوە ململانێ و ناکۆکی زۆر هەیە لە نێوانیانا کە هەموو ئەمەش وەکو لە هەموو دین و مەزهەب و نەتەوەیەکدا، هەیە، زیاتر ناکۆکی و ململانێکەیان لەسەر دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتییە، بۆیە کە کاتێك دێتە سەر پرسە هەرە گەورەکە کە شیعایەتی و مەرجەعێتیانە و ڕووبەڕووی مەترسی دەرەکی دەبنەوە هەموو ئەو ناکۆکیی و ئامرازانەی کە بۆ دژایەتیکردنی یەکدی بەکاریان هێناوە ، دەخەنە لاوە و دەبنەوە بەیەك و هاوپەیمانە کۆن و دێرینەکانیان بەرەڵادەکەن و دەیانفرۆشن.

هەر ئەم هۆکارەشە چی دی موقتەدا صەدر ئامادە نییە کە پشتگیریی ڕاپەڕیوان بکات لە عێراق-دا نەك لەبەر ئەوەی کە کە لە لایەکەوە کەوتوونەتە بەردەم مەترسی ڕاپەڕیوان، بەڵکو پشتگیریکردنیان تا ئێستا وەکو ئامرازێك ، تاکتیکێك وابووە بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز و دەسەڵاتی زیاتر. لە کاتێکدا کە صەدر ماوەیەکی زۆرە لە نێوانی عێراق و ئێران-دا دێت و دەچێت ڕەنگە ئەو ئیمتیاز و دەسەڵاتەی مسۆگەر کردبێت هاوکاتیش بارودۆخی حوکمی شیعە لە ئێران و عێراق و لوبنان -یش زۆر شلوق و لەرزۆکە. ئەم شلۆقی و بارە دژوارەش لەو سێ وڵاتەدا ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆ و کارایی کاریگەری لەسەر لایەن و فەسائیلە جیاوازەکانی نێو شیعەکان لە هەر سێ وڵاتەکەد،ا هەیە. بە واتایەکی دیکە کە پایە و کۆڵەکەکانی ژێر سەقفەکە هەرەسی هێنا ئیتر هەر دار و پەردووە لە نێو تەپووتۆزی خۆیدا نوقمی سەر زەوی دەبێت.

لەناوبردنی قاسمی سولێمانی و موهەندیس-یش کە دوو پایەی گەورەی هەردوو ڕژێم بوون، لەناوبردنیان تا ئەو ڕادەیە کارایی خۆیان لەسەر لاوازی هەردوو ڕژێم دانا کە بە دەگمەن تیاماندا هەبووە، دەرکمان بەو ڕاستیە کردبێت. تەنانەت زۆرێك لە سیاسی و ڕۆشنبیرانی کورد و توێژەرەوە سیاسیەکانی ناوچەکەش وایاندەزانی کە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە، کە لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستدەردەچێت کە سەرەنجام چۆك بەئێران دادەدات بۆسەر مێزی وتووێژ و سازش.
هەڵوێستی ئێستای صەدر و لایەنەکەی تەنها وەلابوونی تەواو و ڕاستگۆیی و بە ئەمەکێتی ئەوان دەردەخات بۆ شیعەگەریی و مەرجەعییەتەکەی.

Zaherbaher.com

26/01/2020




لیبیا و دەستتێوەردانی وڵاتان … زاهیر باهیر

تەماشا بکە دەبینیت ئەم سیستەمە خەڵکی چۆن بێ بەها و سووك کردووە. بوون بە پیاوی خەڵک، حیزب ، سیخووڕی دەولەتی، بەکرێگیراوانی وڵاتان کە ئینگلیز پێی دەڵێت mercenaries کە کورد پێیدەڵێت “جاش”. ڕەنگە تا ڕادەیەکی کەم لە هەندێکیانا جۆرێك لە دڵسۆزی تیادابێت، یا هۆکارێکی دیکەی هەبێت بەڵام بەشی زۆری بژێوی و بارخواری ژیان و بێدەربەستیی و نەبوونی هۆشیاریی ، دڕندەیی بێت. ئاخر کابرایەك هەڵکوتێتە سەر ماڵ و خاك و گەلێکی دیکە و ئەوەی کە پێیبکرێت بیکات، بێ ئەوەی بیناسێت و غەدرێك تاوانێکی بەرانبەر کردبێت …نازانم چ ناوێكی لێدەنێیت؟!!

من لێرەدا زیاتر دەمەوێت قسە لەسەر بەکرێگیراوەکانی دەوڵەتی تورکیا کە ناویان ‘سوپای ئازادیی سوریا’یە، بکەم.
ئەمڕۆ لیبیا وەکو سوریا ئەمیش بوەوەتە مەیدانی لابەلاکردنەوەی کێشەی نێوانی دەوڵەتەکان لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی. حکومەتی ویفاقی لیبی کە لە لایەن ئیتالیا و قەتەر و تورکیا و ڕێکخراوی یو ئێن و هەندێك لە وڵاتانی دیکەوە پشتگیری لێدەکرێت و خەلیفە حەفتار-یش لە لایەن میسر و ئەردەن و ئەمارات و روسیا و فەرەنساوە لایەنگریی و کۆمەکی پێدەکرێت، کێشەیەكی یەکجار گەورەیان بۆ ئەو خەڵکە هەژارەی لیبیا دروستکردووە، کوشتارگەلێکی بێشووماری تیادا دەکرێت.
تورکیا بۆ کەمکردنەوەی ئەزمەکانی نێو خۆی بریاری دا کە کۆمەك بە حکومەتەکەی لیبیا، ویفاق، بکات بۆ ئەمەش لە 24/12 دا 300 چەکداری لەو بەکریگیراوانەی ‘سوپای ئازادیی سوریا’ نارد ، لە 29/12 دا 350 بەکرێگیراوی تری نارد و لە 05/01/20 دا 1350ی دیکەی ناردووە .

بۆچی ئەمانە بەکرێگیراون؟

ئەمانە هیچ مەبدەئێك و مرۆبونێکیان لا نییە لە هەر شوێنێك بکرێت بەکرێبگێرێن ئەوان بێ دوودڵی دەچن و شەڕ دەکەن . بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی نوێی رۆژنامەی گاردیانی ئەمڕۆ 15/01/20 ئەم بەکرێگیراونە عەقدێکیان لەتەك یو ئێن-دا بەستووە بۆ پشتگیریکردن لە حکومەتی لیبیا، کە هەر بەکرێگیراوێك 2000 دۆلاری ئەمەریکی موچەی بێت کە لە کاتێکدا کە تورکیا شەڕی دژ بە کوردی پێدەکردن مانگی 450 بۆ 550 لیرەی تورکییان وەردەگرت کە بە پاوەندی بریتانی دەکاتە 52 بۆ 72 پاوەند.

هاوکاتیش تورکیا واژۆی ئەوەی کردووە بۆ یو ئێن کە پارەی تێچونی چارەسەری بریندارانیان سەرفبکات و پارەی گێڕانەوەی تەرمی کوژراوانیشیان بۆ سوریا، دەدات.
کاتێك ئەم بەکرێگیراوانە دانیشتوانی شوێنی دیکەن ئەوەندەی ئامادەبن کە خەڵکانی نەیاری حیزبەکەیی و دەوڵەتەکەی بۆ بکوژن، ، لە لایەن ئەردۆگانەوە گرەنتی ئەوەیان پێدراوە کە بکرێنە هاووڵاتی تورکیا.

لە سۆدانیش ئەو بەکرێگیراوانەی کە شەڕیان لە دارفۆرد دەکرد و سکی ژنان و منداڵانیان هەڵدەدڕی ، ئێستا کە لە سۆدان شەر نییە ئەوانیش بە 3000 کەسیانەوە ئەوە چەند مانگێکە گەیشتونەتە شاری بنغازی بۆ شەڕکردن دژ بە جەنڕاڵ خەلیفە حەفتار. بەرپرسێکی لیبی بە گاردیانی وتوە ” ئەوەندە گەنج لە سۆدانەوە هاتووە کە توانای دابینکردنی ژیان و پێداویستی ترمان نییە بۆیان” .

کۆماندەکانی ئەمانە بە تەمان دوای ئەوەی کە عەقدەکەیان لەگەڵ لیبیا و یو ئێن دا تەواو دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سۆدان و شەڕ دژ بە حکومەتی تازە بکەن . لە دیمانەیەکیانا لەتەک ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانییدا، یەکێك لەم کۆماندانە دەڵێت ” من دەزانم ئێمە مێسینەرین [ بەکرێگیراو] ین شەڕکردنمان نە ڕێز و نە شەرەفی تیادایە … بەڵام ئەمە کاتییە و دوای تەواوبوونی موهیمەکەمان دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە ” یەکێكی دیکەیان وتی ” چەکداربوون و شەڕکردن وەکو بەکرێگیراو، تاکە ڕێگەیەکە بۆ پەیداکردنی سامانێك کە دواتر بتوانین شەڕ دژ بە دەوڵەتی سۆدان بکەین ” … ” باوەڕمان وانییە کە عومەر بەشیر تەواو بووبێت.. ئێمە ئێستا لە لیبیاین بەڵام مەعرەکەی دیکە لە سۆدان چاوەڕوانمان دەکات..” یەکێکی دیکەیان لە تەڕابلوس، وتی ” وەختی دیاریکراومان لێرە نییە … تەنها چەك و تەقەمەنی و لۆجستکی میللتەریی بەدەستدەهێنین بۆ گەڕانەوەمان بۆ سۆدان” کۆماندەیەکی تر وتی ” تۆ خۆت دەیزانی کە ئێمە کارێکی وامان نییە بۆیە جاری واهەیە کە دەبێت خەڵك بڕفێنین و بە قاچاخ بیانگەیەنیینە شوێنی پێویست” .
ئەمە ئەو دونیایەیە کە ئێمە تێیدا دەژین دونیای حیزبایەتی ، دونیای بەکرێگیرا و سوپا و پۆلیس و سیخووڕ و دونیای حکومەت و دەولەت ، دونیای چینایەتی و کۆمەڵی قووچکەیی. ئەمە ئەو سیستەمەیە کە ئێمە لە سایدا دەژین بارودۆخێکی ئاوا دەخولقێنێ تاکو کەسانێك بەکرێبگیرێن مانگی بە 100 دۆلار، کەمتر یا خود زیاتر و بێنە سەر خاك و ماڵ ومنداڵت و بتکوژن بێ ئەوەی بتناسن ، بێ ئەوەی هیچ ناکۆکییەکی لەتەکتا هەبووبێت ، یا خراپەیەکت بەرانبەری کردبێت.

15/01/2020




ڕيکێبڕكێی نێوانی ئێران و ئەمەریکا لەسەر عێراق … زاهیر باهیر

ئەوەی کە تا ئیستا و لەم ڕۆژانەشدا لە نیوانی ئێران و ئەمەریکادا ڕوودەدات بۆ ڕوودانی جەنگی نێوانی ئەم دوو وڵاتە نییە. ڕوودانی ئەم جەنگە گریمانێکی زۆر زۆر کەمی هەیە. بەیەکادانی ئەمەریکا و ئێران هۆکارەکەی شکستهێنانی ئەمریکایە لەسەردەستی ئێران لە ناوچەی ڕۆژائاوای ناوین-دا. سیاسەتی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا و سەراپای ناوچەکەدا فەشەلێکی گەورەی هێنا و پاشەکشەیەکی گەورە بوو لە سیاسەتی دەرەویدا. ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵە ئەوە نیشاندا تاکو ئەم ڕژیمەی ئێران بەردەوام بێت سیاسەتی ئەمەریکا لە شکستا دەبێت. ئێران دەزانێت چۆن یارییەکانی لە ناوچەکەدا زیرەکانە دەکات.
سیاسەتی ترامپ لە بەرپاکردنی جەنگدا نەك هەر لەتەك ئێران-دا بەڵکو کۆریای باکور و لەتەك ڕوسیا و شوێنەکانی دیکەشدا خۆپاراستنە. ترامپ ئەو کابرا گەمژەیە نییە کە لە لایەن ڕۆشنبیرانی کوردەوە ناونوسکراوە و هەروەها لە لایەن میدیای ئەوروپاشەوە بووەتە گاڵتەجار. ترامپ بۆ جەنگی لەگەڵ ئێران-دا لانی کەم سێ هۆکار ڕەچاو دەکات:
یەکەم: جەنگی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا و لە ئەفغانستانا وەکو لە سەرەوە باسمکردن شکستیهێنا و زیانێكی دارایی و ڕۆحی گەورەی بە ئەمەریکا گەیاند . ترامپ دەزانێت شەڕ لەگەڵ ئێراندا شەڕێکی نەبراوەیە و سەختترین شەڕ دەبێت لە دوای جەنگەکەیان دژ بە ڤێتنامییەکان و هاوکاتیش پانتایی ئەم جەنگە هەموو ناوچەی خۆراوای ناوین دەگرێتەوە ، هێشتا برانەوەشی نادیار دەبێت.
دووەم: ترامپ دەزانێت خەڵکی ئەمەریکا ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ جەنگەکانی پێشودا هەیە و بە کردنی جەنگێکی دیکە ڕازی نابن.
سێیەم: ترامپ لە ئەمساڵدا هەڵبژاردانی سەرۆکایەتی لەبەردەمدایە و لە کاتێكدا کە ئەگەری زۆر هەیە بۆ خولی دووهەم بێتەوە سەر کار، نایەوێت ئەو هەلە لە دەست خۆی بدات .
ئێرانیش زیرەکانە خوێندنەوەیەکی باشی بۆ ئەمەریکا و بە تایبەت سیاسەتی ترامپ هەیە. ئەوانیش دەزانن کە ترمپ ئارەزوی شەر دژ بەوان ناکات بەڵام هاوکاتیش نایانەوێت کە عێراق-یان لەژێر چنگ دەرچێت. هەر ئەمەشە جار و بار بە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ نمایشی هێزی سەربازی و مەعنەوی خۆیان دەکەن و ئامادەشن بە هەر نرخێك بێت ڕژێمی شیعەیی ئێستای عێراق بپارێزن .

ئەمەی کە ئێستا ڕووی داوە و ڕوودەدات لە قازانجی ئێرانە زیاتر تاکو ئەمەریکا، بەڵام بێ گومان زەرەری عێراقییەکان. ئێران دەزانێت کە ئەمەریکا تا ڕادەیەك دەستەپاچەیە لە کردنی ئۆپەراسوێنێ گەورەی ئاوادا کە ئێران ملکەچ بکات لانی کەم بە هەڵوێستەکانی ئێستای نەك هاتنە ڕیزییەوە. ئێران دەزانێت کە لەم ڕووبەڕووبوونەوەیدا لەگەڵ ئەمەریکادا لە دوو لاوە قازانج دەکات: یەکەم: دروستکردنی کەلێنێکی گەورە لە نێوانی ڕژێمی عێراق و ئەمەریکادا و هاوکاتیش هێزە پاشکۆکانی و لایەنگرەکانی خۆی لە ناو حکومەت و ناو حەشدی شەعبی و پۆلیس و دەزگەی ئەمنی بەمە تاقیدەکاتەوە .

خۆ ئەگەر بتوانێت بەردەوامی بدات بەمە لە تەک هاوکارانی لەناو عێراق-دا کە ئێستا لە هێڕشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکادا بەردەوامن بەمە دەتوانێت شەڕەکە یاخود چەقی فشار لەسەر خۆی لابدات و بیخاتە سەر بەیەکادانەکانی نێوانی عێراق و ئەمریکا چونکە ئەمەریکا هەر وا بەو ئاسانییە ڕازی نابێت کە هێزە سەرکوتکەرەکانی عێراق کە وەکو بینیمانن چەندێك درندانە بەرانبەر خۆپیشاندەران وەستاونەتەوە کەچی لە بەرانبەر ئەمەی کە ڕوودەات، تەنها تەماشاکەرێکن و هیچی تر . دواجار ڕژێمی عێراقی دەبێت خۆی لە نێوانی ئێران و ئەمەریکادا ساخبکاتەوە ، ناکرێت وەکو کەری نێو جۆگە لە هەردووبەر بلەوەڕێ [ بێ سوکایەتی بە گوێدرێژ چونکە هەمەیشە گوێدرێژ خزمەتی زیاتری بە هاووڵاتیان لە هەموو سیاسی وپەڕلەمانتار و هێزە سەربازییەکان، کردووە] .

لە لایەکی ترەوە گەر ئەم ڕووداوانە پەرە بسەنێت و بەردەوام بێت دەبێتە هۆی پەرت و بڵاوەکردنی خۆپیشاندەران و ساردبوونەوەیان ، ئەمەش ئامانجێکی دیکەیە کە ئێرانییەکان زیاتر لە ڕژێمی عێراقی، بەدەستیدەهێنن.
ئەم دوو هێزە، ئێران و ئەمەریکا، لە ملانملانێدان لەسەر عێراق، ئەمەش دەبێت زوو یاخود درەنگ لابەلا ببێتەوە ئیتر بە هەر چەشنێك بێت.

زاهیر باهیر
01/01/2020
Zaherbaher.com




ڕۆژئاوا لە نێوانی قڕکردن و سازشکردنا … زاهیر باهیر

ڕۆژئاوا بە بارودۆخێکی یەکجار سەختدا تێدەپەڕێت، سەرەنجامەکەی هێشتا نادیارە بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا ئاشکرایە بژاردەی یەكێك لەو دوانەی سەرەوەیە.
ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات لە ڕۆژئاوا پاشخانی ئاڵۆزی خەباتی کوردانی ڕۆژئاوا و پێکهاتەکانی دیکەیەی هەیە و دەگەڕیتەوە بۆ شەڕی ڕەوای بەرگریی جەنگاوەرانی کۆبانی و هاتنە ناوەوەی ئەمەریکا وەکو یارمەتیدەر و کۆمەكکەر.
ئەوەی کە لە مێشکی مندا هەرلە سەرەتاوە تا ئێستاش چەسپبووە، هاتنی ئەمریکا دوای ئەوەبوو کە زانرا کۆبانی ناکەوێت و هاوکاتیش ڕێگایەکی دیکە نەبوو بۆ لەباربردنی ئەو ئەزموونە ساوایەی ڕۆژائاوا، جگە لە نزیکبوونەوە و هەوڵدانی کۆنترۆڵکردنی نەبێت بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە ئامانج و ستراتیجییەتی ئەمەریکا.
زەمینەی دروستبوونی ئەو واقیعەش نەبوونی هاوپشتی و هاریکاری نێونەتەوەیی چەپ و نقابیی و کۆمۆنیست و سۆشیالیت و ئەنارکیستەکانی جیهان بوو وەکو پێویست. هاوکاتیش ڕوونەدانی جۆرێك لە ڕاپەڕین لە وڵاتانی دەرودراوسێ و ناوچەکەدا دژ بە حوکمڕانەکانیان، بوو.

بەڕای من ئەمەریکا بە پلان هاتە ناوەوە و پلانەکەش بە بەشداریکردنی و تورکیا و ڕوسیا و قەتەر و سعودییەو و تەنانەت حکومەتی هەرێمیش، بوو. نەدەکرا ئەزموونێكی ئاوا سەکەوتوانە لە شوێنێکی ناوچەیەکی بارگاوی بە چەندەها گرفت و دەوڵەمەند بە چەندەها سامانی سروشتی قەبوڵبکرێت. ئەزمونێك کە چەندەها لایەنی گرنگی وەکو کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکرات و خۆسەریی و پرسی ئیکۆلۆجی و ئافرەتان و پێکەوە ژیانی بە هارمۆنی پێکهاتەکانی دیکەی ڕۆژئاوا و کردنی دین بە پرسێكی خودی شەخسی و بیرکردنەوە و کارکردن لەسەر کاری هەرەوەزیی … هەموو ئەمانە ئامانج و پایەکانی بزوتنەوەی ڕۆژئاوا بوون، چۆن دەکرێ و دەکرا قەبوڵبکرێت.!!!!
ئەمانە بەردی بناخەی پیلانە گەورەکەی ئەو لایەنانەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان دژ بە ڕۆژاوا دانا.

پلاندانانی ئەم پیلانەش هەر ئاوا ئاسان نەبوو. بۆ ئەمە ئەمەریکا لە پەیەدە نزیك بووەوە نەك لەبەر ئەوەی کە پەیەدە هێزێكی سیاسی بە هێز بوو و پێگەیەکی گەورەی هەبوو، بەڵکو بە هێزیی سەربازیی یەپەگە و یەپەژە و کە دواتر بوون بە هەسەدە، بوو. ئەمەریکا ئەوەشی دەزانی کە تەنها ڕێگایەك بۆ ئەوەی ئەو هێزە چەکدارە خۆبەخشەی کۆمۆنێتییەکە، تا ڕادەیەك بکەوێتە ژێر ئاراستە و ڕێڕەوی ئەوانەوە ، تەنها و بە تەنها بە حیزبی پەیەدە دەکرا و دەکرێت. کەواتە هەنگاوی یەکەم ڕێکەوتن بوو لەتەك پەیەدە، دووهەم دەرهێنانی هێزی یەپەگە و یەپەژە بوو لە هێزی خۆبەخشی کۆمیتییەکە و بەرگریی لە کۆمۆنێتییەکە و بردنیان بەرەو هێزێکی گەورەی دیسپلینی حیزبی و هێڕشبەر بۆ ئەو شوێنانەی کە پەیەدە و ئەمەریکا نەخشەیان بۆ دەکێشان. بە گەوەرەکردنی ئەم هێزە و گۆڕینی ئاڕاستەیی و بەردەومدان بە شەڕەکە و دابینکردنی ژیانیان و جلوبەرگیان و چەك و تەقەمەنیان ئەوەندەی دیکە نەك پەیەدە و هێزەکەی خستە باوەشی ئەمریکاوە بەڵکو دووریشی خستنەوە لە بیناکردنەوەی ڕۆژئاوا لە بناخەوە هەر لە ڕووی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتوریی و فەرهەنگیی و کار و ئەرکی دیکەشەوە.

ئەمە هەنگاوی سێیەمی پێكهێنا. لە هەنگاوی چوارەمدا کە ئیدی ئامانجی ئەمەریکا و ستراتیجییەتی لە تەواوبووندا بوو فراوانکردنی شەڕەکە و ناردنی دەیەها بارگە و بنەی سەربازیی و زیادکردنی دانەجیڕەی دەوڵەتی تورکیا لێیان و دوورخستنەوەیان لە پەیوەندییان لەتەك ڕوسیا و کەمکردنەوەی پاڵپشتی نێونەتەوەییی لێیان هەموو ئەمانە پرۆسەی بزوتنەوەکەی گۆڕی بە بەرژەوەندی ئەمەریکا نەك ڕۆژاوا. هاوکاتیش دەرکنەکردنی پەیەدە، یاخود فەرامۆشکردنی ئەوەی کە مانەوەی ڕۆژاوا بەستراوە بەمانەوەی داعشەوە بە تایبەت پاش نەبوونی کۆمەکی نێونەتەوەیی و ڕوونەدانی ڕاپەڕین لە وڵاتانی دەروودراوسێ، کە هەر سەرکەوتنێك بەسەر داعش-دا نزیكبونەوەیان بوو لە لێواری قەبر.

بەم شێوەیە پەیەد ئەوەندە بەهێز و گەورە بوو هاوسەنگی خۆی لە تەك تێڤدەم و ئیدارە خۆسەرییەکە، لەدەستدا، ئیدی گەڕانەوە بۆ خودی خەڵکەکەی لە بڕیارە گەورە و یەكلایکەرەوەکانا، هەرگیز بە خودی خەڵکی ڕۆژاوا،ڕەوانەبینی.
هەموو ئەمانە هەر وەکو چۆن داعش-ی لاواز کرد، پەیەدەشی لە روی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەوە لە ڕۆژاوادا لاوازکرد. ئیدی ئەو هاوپیەیمانییە بێ بەند و مەرجەی کە پەیەدە لەتەك ئەمریکادا بەستبووی، لە هەفتەی پێشودا هەرەسی هێناو ڕۆژئاوای بەرەو ئەم بارودۆخە برد.
وەکو لەسەرەوە وتم چەند هۆکارێکی سەرەکی هەبوون لەبردنی ڕۆژاوا بەرەو ئێستای، بەڵام سەرکییەکەیان هۆکارە ناوخۆیی، یا ناوەکییەکە بوو. ئەوەش پەیەدە بوو کە سسیاسەتی هەڵەی نەخشە دەکێشا جگە لە سیاسەتی ” نە ئاشتی و نەشەڕ” لەتەك سوریادا کە سیاسەتیێکی زۆر سەرکەوتوانە بوو. کە تەماشای ئەزموونی ناوچەکە بەگشستی و کوردیش بە تایبەتی دەکەیت ئەوە دەبینیت بۆ ئەوەی هەر گەلێك شکستێك بهێنیت، ئەوە پێویستت بە حیزبێكە. بەواتایەکی دیکە لە پشتی هەموو شکستێکەوە حیزبێك خۆی مەڵاس داوە.

لە ئیستادا ئەوەی کە کوردان و پێكهاتەکانی دیکە لە ڕۆژاوا ڕووبەڕووی دەبنەوە قڕکردنیانە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە هیچ لایەنێكیش ناتوانێت بیوەستێنێ گەر بیشوەستێ، درەنگ دەوەستێ ، کاتێکە کە کار لەکار ترازاوە و کارەسات قەوماوە. بۆیە لەو دوو بژاردەی سەرەوە ” قڕبوون یاخود شازشکردن” بژاردەی سازشکردن بە خاتری قڕنەکردن لەم بارودۆخەدا، بژاردەیەکی ژیرانەیە. ڕێکەوتنی پەیەدە لەتەك سوریا بە نێوەندگەریی ڕوسیا، تاکتیكێکی زۆر چاکە کە ئاراستەی شەڕو بارودۆخەکە دەگوڕێت. لەبەر ئەوەی کە پەیەدە لە پێگەیەکی لاوازەوە ئەو ڕێکەوتنەی کردووە، ناتوانین پێشبینی بەدەستهێنای زۆر داخوازی بکەین و پرسی کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیك و ئیکۆلۆجی و کۆموونەکان و ئەوانی تر دەبنە خەون . بەڵام لە ئێستادامیللەت لە قڕکردن دەپارێزێت .

هاوکاتیش من پێشبینی ئەوە دەکەم کە ڕێکەوتنەکە دەبێتە وەستانی شەڕەکە چونکە زەحمەتە ڕێگە بە شەڕی نێوانی تورکیا و سووریا بدرێت، پێشبینی دوەهەمم، بەردەوامبوونی شەڕەکەیە کە ئەو کاتە پێدەچێت خۆپیشاندان و ناڕەزایی ومانگرتن لە تورکیادا دروستبکات و ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ڕوخاندنی حکومەتی ئاکەپە .
بریا پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش لە 1975 دا بژاردەی قڕنەکردنی کوردی هەڵبژاردایە لە بری بەرژەوەندی خۆی و ئاغا لۆکاڵی جیهانییەکانی، هەروەها یەکێتی نیشتمانیش، بزوتنەوەی کوردی دروست نەکردایەتەوە میللەتیان بە هاوکاری بەعس بە قڕدان نەدایە هەم لە دۆخی شەڕ و هەم لەدۆخی ئاشتی ئێستاشا.

15/10/2019
Zaherbaher.com




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! -11- مۆری بۆکچین … و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی شازدە:

وەهم و ئەفسانەی پارت/ حیزب

شۆڕشەکان و ڕاپەڕینەکان بایاخی تێبینی و سەرنجدانن نەك بە تەنها لەبەر ئەوەی قۆناخێکی سەرەتاییان هەیە کە زۆر دیارە بێ سەروبەرەیە، بەڵکو ڕەوتێکی خۆڕسکیشی هەیە لە ئافراندنی شێوەکانی خۆبەڕێوەبەریی شۆڕشگێڕانە کە خۆی دەیەوێت. کەرتە پاریسییەکانی 1793-1794 بەرچاوترین فۆرمەکانی خۆبەڕێوەبەریی بوون کە توانرا لە لایەن هەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە لە مێژوودا، ئافریندەبکرێت. [15]. لیژانەکان یاخود ” سۆڤێتاتەکان”ی کرێکارانی پترۆگراد کە لە ساڵی 1905دا دروستیانکرد زۆر نزیکییان لە فۆرم و شێوازدا لە تەك ئەواندا، واتە کەرتە پاریسییەکاندا، هەبوو. گەرچی ئەم لیژان و سۆڤێتاتانە کەمتر دیمۆکراتی بوون لە کەرتە پاریسییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە لە ژمارەیەك لە شۆڕشەکانی ئەم دواییەدا دەردەکەوتنەوە. ئەوەتا دەبینین کە فۆرمێك لە شۆڕشی خۆبەڕیوەبەریی، ئەنجوومەنەکانی کارگەکان بوون کە ئەنارکیستەکان لە شۆڕشەکەی ئیسپانیای 1936 دا، دروستیانکردن. دواتریش کەرتەکان وەکو ئەنجوومەنەکانی قوتابییان و کۆمیتەکانی چالاکیی لە ڕاپەڕین و مانگرتنە گشتییەکەی مانگی ئایار و حوزەیرانی پاریسی 1968 دا دەرکەوتنەوە. [16].

ئا لەم بارەدا دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین کە پارتی ” شۆڕشگێڕ” لەم ئاڵوگۆڕ و گەشەکردنەدا چ ڕۆڵێك یاریدەکات. هەروەکو لە سەرەتادا بینیمان ڕۆڵێکی سەرکوتکەریان بینیوە، ئەوەش ڕۆڵی ” پێشڕەو” نەبوو. ئەم پارتە لە هەر شوێنێکدا هەژموونی خۆی بەکاربهێنێت ئامانجی هێواشکردنەوەی تەوژمی ڕووداوەکانە، نەك ” کۆمەك و هاوکاریی” هێزە شۆڕشگێڕەکان، ئەمەش بە ڕێکەوت نییە. خودی پارتیی خۆی پێكهاتەیەك یاخود قەوارەیەکی قووچکەیانەیە و هێڵێكە کە ڕەنگدانەوەی تەواوی ئەو کۆمەڵەیە کە خۆی بانگەشەی دژبوونی دەکات.

گەرچی بە تیئوریی بانگەوازێکی یاخود ئیدیعایەکی دیکە دەکات بەڵام ئۆرگانێکی بورجواززییە، دەوڵۆتکەیەکی بچوکە، لەگەڵ هەبوونی جیهاز و کادیرەکانیا کە وەزیفەیان گرتنەدەستی دەسەڵاتە، نەك هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات. ڕیشەی پارتیی لە قۆناخی پێش شۆڕشدایە، هەموو ئەو فۆرمانەی کە بەخۆیەوە دەیگرێت و تەکنیکەکان و عەقڵییەتیی، بیرۆکراتیانەیە. ئەندامەکانی لە قوتابخانەی گوێڕایەڵیی و چەمك و فکرە بەسەرچوەکان لە عەقیدەی وشكهەڵاتوو لەتەك ڕێز و سەرسامبوون بە سەرکردە، دەخوێنن.

سەرکردەکانی پارتیی-ش بە ڕۆڵی خۆیان زادەی قوتابخانەی خوو و نەریتی کۆماندارانن [ ئەوامیر] ، ڕابەرێتی، دەسەڵاتدارێتی، گەمە و نێرجسییەتن. ئەم بارودۆخە خراپتردەبێت کاتێك کە پارتی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەماندا دەکات. لە سەروبەری کەمپەینەکانی هەڵبژاردنا پارتی پێشڕەو لەسەر مۆدێلی فۆرمی بورجوازیی مەوجود دەڕوات، تەنانەت هەمان ئامراز و جیهازیش بۆ هەڵبژاردنی بەکاردەهێنێت.
کاتێکیش کە بەرەو هەڵمەتی [کەمپەینی] هەڵبژاردنەکان دەچێت لە ڕاستیدا بارودۆخەکە ڕووبەڕوی مەترسییەکی ئێجگار گەورە دەبێتەوە لە کاتێکدا کە حیزب دەبێتە خاوەنی چاپەمەنییەکی بەرفراوان، چەند بنکەیەکی گرانبەها، کۆمەڵێك بڵاوکراوەی دەوریی بە سەنتراڵی کۆنترۆڵکراو لە گەڵ پێکهێنانی ئامێرێکی مووچەخۆردا- بە کورتیەکەی. بیرۆکراتیەتێك کە هەڵگری بەرژەوەندی مادییەکانە.

کاتێکیش کە پارتیی گەورە و بەرفراوان دەبێت مەسافەی نێوانی سەرکردایەتی و خوارییەوە هەڵدەکشێت و گەورەتردەبێت، سەرکردەکانی نەك بە تەنها دەبنە ” شەخسیات” بەڵکو پەیوەندییان لەتەك باری ژیانی ئەوانەی خوارەوەدا، نامێنێت. گروپە لۆکاڵییەکان کە دروست زروفی خۆیان باشتر لە سەرکردە دوورەدەستەکانیان،دەزانن، ناچارن کە بۆچون و ڕوانگەی خۆیان بکەنە قوربانی وەرگرتنی ئامۆژگاری و ڕێنمایی لە سەرەوەی خۆیان.
سەرکردایەتی بێئاگاش لە هیچ زانیارییەکی ڕاستەوخۆ و لە گرفتە لۆکاڵییەکان، بە هێواشی و بە حیکمەتەوە وەڵامدەداتەوە. گەرچی داخوازیەکەی ئەوان لە لایەن سەرکردەکانەوە ” گەورە دەبیینرێت” بۆ نیشاندانی ” کارامەییەکی گەورەی تیئوریستیانە” بەڵام کارامەیی و لێهاتوویی سەرکردە کە بەسەر پەیژەی هەرەمییدا بۆ سەرکردایەتی سەردەکەوێت، کەمدەبێتەوە.
چەندێك زیاتر نزیك لەو پلەیە دەبیتەوە کە بڕیارە سەرەکیی و گرنگەکانی تیادا دەدرێت، ئەوەندە زۆرترین تەحەفوز لە سروشتی پرۆسەی بڕیاردانەکانا دەکرێت، چەندێك زۆر بیرۆکراتییەت و ناپەیوەستبوونەوە دەبنە ئەو فاکتەرانەی کە ڕۆڵی خۆیان دەبینن، ئەوەندە زیاتر لەبەرچاوگرتنی هەیبەت و شەخسییەت دەبینرێت و ئەمەش زیاتر جێگای دەستپێشخەریی و ئەندێشە دەگرێتەوە، هەروەها زیاتریش خۆتەرخانکردن بە شتی بێبایاخەوە لە جێگای ئامانجەکانی شۆڕش، جێی سەرنج دەبێت.

کاتێك کە پارت-حیزب لە ڕوانگەی شۆڕشگێڕییەوە بێتوانا و ناچالاک دەبێت، ئەوەندەش زیاتر لە ڕێگای قوچکەیی و کادیرانی و نێوەندەوە [ مەرکەز] بەدووی کەفائەت و چالاکییەوەیە. گەرچی هەمووکەس لە حیزبدا لەشانی یەکەوە هەنگاودەنێن، بەڵام فرمانەکان [ئەوامیرەکان] ئاسایانە هەڵەن، بە تایبەت کاتێك کە ڕووداوەکان بە پەلە دێن و دەڕۆن و دەچنە پێشەوە و شێوازێكی چاوەڕواننەکراو وەردەگرن، هەر وەکو چۆن لە هەموو شۆڕشەکانا ڕوودەدەن.
پارت تەنها لە یەك ڕووەوە چالاك و کارایە ئەویش لە قاڵبدانی کۆمەڵە لە ڕوانگەی شێوازی قووچکەیی خۆیەوە ئەگەر شۆڕش سەرکەوتو بێت. بەوەش بیرۆکراتیتەت، مەرکەزییەت و دەوڵەت دروستدەکات و کار لەسەر چەسپاندنیان دەکات. لە هەوڵی بیناکردن و ڕاهێنانی ئەو زەمینە کۆمەڵایەتییانەدایە کە پاساوی بوونی ئەم جۆرە کۆمەڵانە دەکات. لەبری ئەوەی کە ” هەڵوەشێتەوە” کەچی دەوڵەت کە لە لایەن ” پارتی شکۆدارەوە” دەپارێزرێت، پارێزگاری لەو هەموو بارودۆخە دەکات کە “دابینی” وجودی دەوڵەت و هەروەها ئەو پارتی-یەی ” پاسەوانێتی”، دەکات.

لە لایەکی دیکەشەوە ئەم جۆرە پارتە لە کاتی سەرکوتکردنا زۆر باریخوارە، بورجوازییەت تەنها ئەوەندەی بەسە کە سەرکردایەتییەکەی دەستبەسەر بکات بۆ تێشکانی بزوتنەوەکەی. بە گرتنی سەرکردەکانی یاخود خۆشاردنەوەیان پارتی توشی شەلەل دەبێت و کەس نامێنێت بۆ ئەندامانی گوێڕایەڵ و وەلاکارانیی تاکو وەلای بۆ بەرن، ئیدی وەکو ئەو ماسیانە کە بە هۆکارێك دەکەونە قەراخی ڕوبارەوە سەرگەردان و سەرلێشێواو و بارخوارن. ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە نەك بە تەنها لەبەر هۆکاری سەرکوتکردن بەڵکو لەبەر هەژاریی و نەبوونی سەرچاوەکانی ناوخۆش.
ئەو باس و خواسانەی کە پێشتر باسکران سەرەنجامی گریمان نیین ،بەڵکو ئەوە وێنەیەکی ئاوێتەی سەراپای حیزبە مارکسییە جەماوەرییەکانی چەرخی ڕابوردووە هەر لە پارتە سۆشیالدیمۆکراتەکان و کۆمۆنیستەکان و هەروەها حیزبە ترۆتسکییەکەی سیلۆن ( کە پارتێکی جەماوەری کەم هاوتا بووە) [ لەوە ناکات بوکچین زانیاری لەسەر حیزبە شیوعییەکان، کۆمۆنیست و دیمۆکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەبووبێت، دەنا دەیتوانی ئەمانیش بۆ بەڵگەکانی زیاد بکات- وەرگێڕ] .
قسەکردن لەسەر ئەوەی کە شکستی ئەم پارتانە لە وەرنەگرتنی جددیانەی مەبادیئە مارکسیەکاندایە، تەنها داپۆشینی پرسیارێكە: بۆچی ئەم شکستە هەر لە یەکەم جاردا، لە سەرەتادا ڕوویدا؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم پارتانە هاوبەشیی کۆمەڵی بورجوازییان هەڵبژاردووە و لەبەرئەوەی کە لەسەر هێڵ و بنەماکانی بورجوازیی، پێکهاتبوون یاخود ڕێکخراو بوون، هەر لە دروستبوونیانەوە میکرۆبی خیانەتیان هەڵگرتووە.
درێژەی هەیە
…………………………………………
15– بڕوانە ” شێوازەکانی ئازادیی” [نیویۆرك ، جێنیوەری 1968 ] 16– لەتەك بەخۆنازینێکی زۆردا، کە بەشێکی بە هۆکاری بێدەربەستییەوە [ ئیهمالییەت] بوو، ژمارەیەك لە گروپە مارکسییستەکان بەکردەوە ناوی یاخود لەقەبی ” ” شووراکان/ سۆڤێتاتەکان”یان، بەسەر ئەو شێوازانەی سەرەوە لە خۆبەڕێوەبەریی، دەردەبڕی. هەوڵدان بۆ دانانی هەموو ئەم شێوازە جیاوازانە لەژێر تاکە ناوێکدا یاخود تاکە لەقەبێك تەنها کارێکی نەزانانە و کوێرانە نەبوو، بەڵکو بە مەبەستیش بوو. لە ڕاستیدا شووراکان ئاستی کەمی دیمۆکراتی بووون لە شێوازە/ فۆرمە شۆڕشگێڕەکان، بەلشەفیکەکان زیرەکانە بەکاریانهێنان بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دەستی پارتەکەیان. شووراکان وەکو کەرتە پاریسییەکان یاخود ئەنجوومەنەکانی قوتابییانی ساڵی 1968ی فەرەنسا لەسەر بناخەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ نەبوون. نەک هەر ئەوە بەڵکو لەسەر بناخەی خۆبەڕێوەبەریی ئابووریانەش، وەکو لە کۆمیتەکانی کارگە ئەنارکیستییەکانی ئیساپانیا [ بوکچین مەبەستی ئیسپانیای 1936 بۆ 1939یە- وەرگێڕ] نەبوون. لە هەقەتا شووراکان پەڕلەمانی کرێکاران، ڕێکخراوێکی قوچکەیانەیان دروستکرد کە نوێنەرەکانیان لە کارگەکانەوە و دواتر لە یەکینەکانی میلیتەرییەوە هەروەها جوتیارانی گوندەکانەوە دەهێنا.




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! -10- مۆری بۆکچین … و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی دە:

وەهم و ئەفسانەی پارت/ حیزب
.
شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن حیزبەکان و گروپەکانەوە یاخود کادیرەکانەوە بەرپا نابێت. شۆڕشەکان سەرئەنجامی هێزێ ڕۆچوی مێژووە و ناکۆکییەکانە کە بەشێکی گەورەی دانیشتوان چالاک دەکەن، ئیدی شۆڕشەکان دەردەکەون و رەوودەدەن. ئەو شۆڕشانە سەرهەڵدەدەن نەك بە تەنها لەبەر ئەوەی کە ” جەماوەر” دەبینن کە کۆمەڵی مەوجود ( وەکو ترۆتسسکی جەدەلی دەکات) قەبوڵناکرێت [تەحەمولناکرێت]، بەڵکو لەبەرئەوەش کە گرژییەکانی نێوان واقیع و ئەوەی کە ئەگەری کردنی هەیە، هەروەها لە نێوانی چی هەیە و چی دەتوانرێت بکرێت، ئەمانەن کە ڕۆڵدەگێڕن لە ڕوودانی شۆڕشدا. بە تەنها ناهەمواریی و نەبوونیی و برسێتیی شۆڕش بەرهەمناهێنن، زۆر جار ئاوایە، بەڵکو بێ ئومێدیی، ڕووخان، یاخود خراپتر، تایبەتمەندییە خۆییەکان، ململانێی خودی کەسایەتی لە پێناوی مانەوەدا، ڕۆڵیان هەیە.
وەزن و بایاخی شۆڕشەکەی 1917 ی ڕوسیا لە مێشکی ئەوانەی کە دەژین وەکو مۆتەکەیەکە چونکە بە زۆری بەرهەمی ” بارودۆخە تەحەمولنەکراوەکان” بوو لە ناهەمواریی و وێرانکاری جەنگی ئیمپریالیستیانە. ئەو شۆڕشە هەرچی خەونێکی هەبووبێت لە لایەن جەنگێکی ئەهلی خوێناوییەوە، برسێتیی و نەبوونیی و خیانەتەوە لەناوبرا. ئەوەی کە دەرەنجامی شۆڕشەکە بوو بە تەنها وێرانکردنی کۆمەڵێکی کۆن نەبوو بەڵکو تێشکانی هەبوونی هەرچی ئومێدێکیش، بوو، کە بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێکی نوێ، بوون.

شۆڕشەکەی ڕوسیا زۆر خراپ شکستیهێنا، شوێنی حکومەتی قەیسەری بە سەرمایەداریی دەوڵەتی گرتەوە. [13] بەلشەڤیکەکان بوونە قوربانیی تراجیدیانەی ئیدۆلۆجییەکەی خۆیان و لە پاکتاوکردنەکەی ساڵانی سییەکانا، ژمارەیەکی زۆریان بە ژیانی خۆیان باجەکەیان، دا. هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی هەر حکمەتێکی عاقڵانە لەم شۆڕشە نوقسانە ناتەواوەدا، جێگای پێکەنینە. [ بوکچین لێرەدا مەبەستی ئەوەیە کە گەنجە چەپە نوێیەکان نابێت چاوەڕان و باوەش بۆ مارکسیزم-لینینزم بکەنەوە لە بزوتنەوەکەیانا، چونکە ئەوە کارەساتێکی مێژویی بوو، دەسەڵاتخوازانە و تۆتالیتارستی، بوو، تۆوی ئەمەش لە خودی مارکسیزمدا و لە کۆمەڵی ئەو سەردەمەدا چانرابوو. چەپە نوێیە ئەنارکیستەکان دەبێت خۆیانی لێبپارێزن- وەرگێڕ.
لە زاری جانێت بهێڵ، برادەر و هاوکاری بوکچین] ئەوەی کە دەتوانین لە شۆڕشەکانی ڕابوردووەوە فێربین ئەوەیە کە بزانین هەموو شۆڕشەکان لە چیدا هاوبەشن و هەروەها سنوورە دیاریکراوەکەیانە بە بەراورد لە تەك گریمانێکی گونجاوی زۆر و گەورەدا کە لە ئێستادا لای ئێمە ئاشکرایە. جەوهەری خەسڵەتەکان و دیمەنی شۆڕشەکانی ڕابوردوو ئاوابووە کە خۆبەخۆیانە/ خۆڕسکیانە دەستیانپێکردووە. ئەمەش ڕوونە گەر هەر کەسێك بیەوێت قۆناخی دەستپێکردنی شۆڕشی فەرەنسای ساڵی 1789 و شۆڕشەکانی 1848 و کۆمونەی پاریس و شۆڕشی 1905ی ڕوسیا و سەرەوژێڕکردنی حوکمی قەیسەر لە ساڵی 1917 و شۆڕشی هەنگاریای 1956 یاخود مانگرتنی گشتی 1968ی فەرەنسییەکان، بپشکنێت، کە لە هەر هەموویانا دەستپێکردنی قۆناخەکان بە گشتی وەك یەك بوون: قۆناخێکی خرۆشانی خۆبەخۆیانە تەقیوەتەوە و بەرەو بازی جەماوەریانە، ملیناوە. ئەو گوڕ و بازدانانە گەر سەرکەوتووبووبێت یا نا، پەیوەستە بە ورە و بڕیار و پلانەکانەوە، هەروەها ئایا کە هێزەکانی دەوڵەت بەرانبەر بە خەڵك دەجەنگن یا نا.
“پارتی شکۆدار” کاتێك کە هەیە هەمیشە لە دوای ڕووداوەکانەوە هەنگەشەلکێیەتی. لە مانگی شوباتی 1917 دەدا بەشی ڕێکخستنی پیترۆگرادی پارتی بەلشەڤیك دژ بە بانگەشەی مانگرتنەکان، وەستایەوە، ئەوەش بە دەقیقی سەر لە ئێوارەی پێش شۆڕش بوو کە چارەنوسی تەزاری دیاریکرد و حکومەتەکەی ژێراوژوور کرد، بەڵام خۆشبەختانە کرێکاران ” ڕێنماییەکانی” بەلشەفیکەکانی فەرامۆش کرد و مانگرتنی خۆی کرد. لەو ڕووداوانەی کە بە دوای یەکدا هاتن و شۆڕشی تیادا ڕوویدا هیچ کەس زیاتر لە پارتە ” شۆڕشگێڕەکان'” سەرسامتر نەبوو ، لە نێوانیشیانا پارتی بەلشەفیك، بوو، هەروەکو Kayurov سەرکردەی بەلشەفیك، وتی: “بەڕەهایی[موتڵەقەن] هیچ دەستپێشخەرییەکی ڕێنماییانە لە پارتییەوە دەرنەچوو….ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پیترۆگراد گیران و نوێنەری کۆمیتەی ناوەندیی، هاوڕێ Shliapnikov, نەیتوانی هیچ ئامۆژگاری و ڕێنماییەك سەبارەت بە هاتنی ڕۆژەکانی دوایی، بدات”.
[3] ڕەنگە نەبوونی ڕێنماییەکی ئاوا مایەی خۆشبەختی بووبێت چونکە پێشئەوەی کە کۆمیتەی پیترۆگراد بگیرێن هەڵسەنگاندنی کۆمیتەکە بۆ بارودۆخەکە و ڕۆڵی خۆیان ئاوا غەمگینانە بوو ئەگەر کرێکاران دووی ئامۆژگاری و ڕێنماییەکانی کۆمیتە بکەوتنایە، کاتێك کە شۆڕش ڕوویدا گومان لەڕوودانی دەکرا. دەتوانرێت هەمان جۆر لەم حیکایەتە سەبارەت بە پێشوەختی 1917 هەروەها ئەوانەی کە بەدوایدا هاتن بوترێت، یەکێك لەوانە بە شاهید هێنانەوەی ئەم نزیکانەی ڕاپەڕینی قوتابیان و مانگرتنی گشتی مانگی ئایار و حوزەیرانی 1968 ی فەرەنسایە، ئەمە کاتێک کە خواست و مەیلێکی لەبار هەبوو بۆ لەبیرکردنی نزیکەی دەرزەنێك لە ” مەرکەزێتێکی بە شدەت” لە ڕێکخستنی بەلشەفیكئاسا کە لەکاتی خۆیدا لە پاریس هەبوون.

بەدەگمەن باس لە هەر یەکێك لەو گروپە ” پێشەنگانە” دەکرێت کە تا ڕۆژی 7 ی ئایار کاتێك کە شەڕی شەقامەکان بە جددی دەستیانپێکرد ڕقیان لە راپەڕینی قوتابیان دەبووە. گەنجە ترۆتسکییە شۆڕشگێڕە شیوعییەکان [The Trotskyist Jeunesse Communiste Révolutionnaire ] نەبێت کە جگە لەوان کە بە تەنها دووی دەستپێشخەرییەکانی بزوتنەوەکەی 22 ی ئازار کەوتن. [14].
هەتا ڕۆژی 7 ی ئایار هەموو گروپە ماوییەکان ڕەخنەیان لە ڕاپەڕینی قوتابییان دەگرت کە گوایە ڕووکەش و پەراوێزکەوتوو بێ بایاخن. فییدراسوێنی قوتابییانی شۆڕشگێڕی ترۆتسکییەکان، Trotskyist Fédération des Étudiants Révolutionnaires ، قوتابیان و مانگرتوانیان بە ” سەرکێش” [موغامیر] ناودەبرد و لە ڕۆژی 10 ی ئایاردا لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە قوتابییان بەست و مەتاریسەکان بەجێبهێڵن، ئەوە باسی پارتی کۆمۆنیست ناکرێت کە بێ گومان ڕۆڵیکی خیانەتکارانەیان بینی. ماوییەکان و ترۆتسکییەکان وەکو دەستبەسەرکرابێتن ئاوابوون، دووربوون لەوەی کە ڕۆڵێ ڕابەرایەتیکردنی ئەو بزوتنەوە پۆپلیستییە بگێڕن.
بە پێچەوانەوە، زۆرێك لە گروپە بەلشەفیکەکان لە زانکۆی Sorbonne بێئابڕوانە گەمەی تەکنیکیانەیان لەناو ئەنجوومەنەکانی قوتابیانا، بەکاردەهێنا و لە هەوڵی ” کۆنترۆڵکردنیا” لە چوارچێوەی شێواندن و ڕوخاندنیا بوون، کە ئەمەش تەواوی لیژنەکەی وێراندەکرد.
دواتریش بۆ تەواوکردنی ئەم جۆرە کارانە هەموو ئەو گروپە بەلشەفیکانە سەبارەت بە پێویستی بووونی ” نێوەندگەرایی سەرکردایەتی” چەڵتە چەڵتیان بوو، کاتێکیش کە بزوتنەوە جەماوەرییەکە هەرەسیهێنا بزوتنەوەیەك بەدەر لە ” ئامۆژگاریی و ڕێنمایی” ئەوان و زۆر جاریش دژ بەوان، دەرکەوت.

درێژەی هەیە …….
…………………..
13- ڕاستییەك کە هەرگیز ترۆتسکی تێینەگەیشت ئەوە بوو کە هیچ وەخت ئەو دووی سەرەنجامی چەمکەکەی خۆی ” پێکەوە پێشکەوتن” “combined development ” لە بەرانبەر دەرنجامە لۆژکیەکانی خۆی ، نەدەکەوت. ئەو ئەوەی ( دروستدەبینی) کە تەزاری [ قەیسەری] ڕوسیا ، لە پرۆسەی پێشکەوتنی بورجوازییە ئەوروپاییەکانا لە دواوە بوو یاخود دواکەوت، کە بارودۆخەکەی ڕوسیای ئەو کاتە هەر لە سەرەتاوە بە زەروورە داخوازی زۆرترین گەشەی پیشەسازی و فۆرمبوونی چینایەتی دەکرد لەبری دووبارەکردنەوەی پرۆوسەی سەرتاسەری گەشەی بورجوازی. ئەو فەرامۆشی ڕەچاوکردنی ئەوەی کرد کە ڕوسیا بەهۆی ئاژاوەی ناوخۆی زۆر گەورەوە، هەڵوەشاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە تەنانەت پێشی سەرمایەداریی شوێنەکانی دیکە لە ئەوروپا بداتەوە. ترۆتسکی خەوێکی موغناتیسی قوڵی بە فۆرمیلەی ” خۆماڵیکردنی خاوەندارێتی، یەکسانە بە سۆشیالیزم” دەبینی، ئەو شکستی هێنا لە دەرککردن بەوەی کە خودی سەرمایەداریی ئیحتیکاریی مەیلی یەکگرتنی لە تەك دەوڵەت یاخود ئاوێتەبوونی بەو هەیە، ئەوەش بە هۆکاری بونی جەدەلییەتی نێو خودی خۆیەوە.

بەلشەفیکەکان فۆرمە ترادیسوێنەکانیان لە ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی بورجوازی، پاککردەوە ( کە تا ئێستاش ئەو فۆرمانە لە ئەمەریکا و ئەوروپا لە گەشەکردنی سەرمایەداری دەوڵەتییدا، دەستبەکارن)، ئەوان بێ مەبەست زەمینەیان بۆ گەشەکردنی دەوڵەتێکی سەرمایەداریی ” پوخت و ڕووت” سازکرد کە دەوڵەت لەو زەمینەیەدا لە کۆتاییدا دەبێتە چینێکی دەسەڵارتدار.
بە هۆی نەبوونی پاڵپشتیی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئەوروپاوە، شۆڕشی ڕوسیی بوو بە دژە شۆڕشێکی ناوخۆ، ڕوسیای شورەویی بوو بە فۆرمێکی سەرمایەداریی دەوڵەتیی کە “سوودی بە سەرجەمی خەڵکەکە نەدەگەیاند”. پێچواندنەکەی لینین سەبارەت بە ” سۆشیالیزم ” و سەرمایەداریی دەوڵەتی لە سای ستالین-دا بووە ڕاستییەکی زۆر ترسناك. مارکسییەت چجای کرۆکە مرۆییەکەی شکستیهێنا لەبەرئەوەی دەرکینەکرد و تێنەگەیشت کە چەندێك چەمکە ” سۆشیالیزم” کەی لە قۆناخی دوایی خودی کاپیتاڵیزم نزیکدەبێتەوە یاخود نزیکایەتی هەیە، شکستیهێنا، بە گەڕانەوەی بۆ شێوازی بازرگانی لەسەر ئاستی پیشەسازی باڵا.

شکستهێنان لە تێگەیشتنی ئەم پێشەوەچوونە، بزوتنەوەی شۆرشگێڕی سەردەمی بەرەو ڕاچەنینی تیئوریانە، بێ ئومێدیانە، برد، کە کەرتکاری نێوانی ترۆتسکییەکان سەبارەت بەم پرسە، شاهیدن. [3] Quoted in Leon Trotsky, The History of the Russian Revolution (Simon & Schuster; New York, 1932), vol. 1, p. 144. 14- بزوتنەوەکەی 22ی ئازار دینەمۆیەك بوو لە کڕوکی ڕووداوەکانا کاری دەکرد، وەکو سەرکردایەتیی، فرمانی دەرنەدەکرد، بەڵکو پاڵنەر و جوڵێنەربوو، ئازادانە شانۆگەرییەکەی بۆ ڕووداوەکان بەجێدەهێشت. ئەم شانۆ ئازادە ڕێگای بە قوتابییان دەدا لە ڕێگای هێزی بزوێنەری خۆیانەوە بەرەو پێشەوە ملبنێن، چونکە نەدەتوانرا لەبەر هونەری جەدەل و مشتومڕی نێو ڕاپەڕین، دەستبەرداری ببن. لە ڕاستیدا بە بێ ئەوە هیچ بەست و مەتاریسێك لە ڕۆژی 10 ئایاردا نەدەبوو ، ئەویش بەدەوری خۆی خاڵی تەقینەوەی مانگرتنی گشتی کرێکاران بوو.




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!!-9- … مۆری بۆکچین …. و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin

بەشی نۆ:

ئەم خۆئامادەکردنە بۆ ئایندە و ئەم ئەزموونە لەتەك کۆمەڵی ئازادی پاش قۆناخی کەمیی شمەك و پێداویستییەکان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕەنگە وەهمێك بێت ئەگەر داهاتوو کار لەسەر جێگرتنەوەی کۆمەڵیێکی چینایەتی بە یەکێکی دیکە بکات، ئەمە خاڵێکی بناخەییە و مشتومڕ هەڵناگرێت. بەهەرحاڵ ئەگەر ئایندە کۆمەڵێکی ناچینایەتی دروستبکات لەسەر تێکدانی یا ڕوخاندنی کۆمەڵی چینایەتی، ئا لەو بارەدا ” ئامرازی” گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە چییە؟ ئەوە دەقا و دەق بەشی زۆری کۆمەڵە کە لە ترادیسۆێنە جیاوازەکانی چینەکانەوە دێن کە تێكەڵن لە هێزێکی شۆڕشگێڕانەی هاوبەشەوە بە هەڵوەشاندن و حەلکردنی دەزگە و دامەزراوەکان، شێواز و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان، بەهاکان و ستایەڵەکانی ژیان کە زاڵن بەسەر ستراکتوری چینایەتی باودا.

هەر ئاواش زیاترین گەشەکردنیش لەنێو توخمە گەنجەکانن، نەوەیەك کە ناسراون بەوەی کە قەیرانی گەورەی ئابوورییان نەدیوە هەروەها کەمتر و کەمتریش ئاشنان بە چیرۆکی وەهمی دابینکردنی مەتیریاڵەکان، ئەوەی کە لە نێوانی نەوەی سییەکانا بەربڵاو بوو.

ئەگەر ئەوە ڕاستی بێت کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەبێ کۆمەکی چالاکانە یا نەرێیانەی [ پاسیڤانە] کرێکاران، سەرناگرێت، هەر ئاواش ڕاستیەکی کەمتر نییە لەوەی کە شۆڕش بەدینایەت بە بێ کۆمەکی چالاکانە یاخود ئەرێیانەی کێڵگەوانەکان و فەنی [ تەکنیشن] و میهەنییەکان و شارەزایان. لەمەش زیاتر شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕوونادات بە بێ کۆمەك و هاریکاریی گەنجان، لاوان، لەوانەی کە چینی حوکمڕان هێزی چەکداریی لێدروستکردوون. ئەگەر چینی حوکمڕان هێزە چەکدارەکەی لە دەستدا بمێنێتەوە، ئەوە شۆڕش دەدۆڕێت، ئیدی مەسەلەیەك نییە چەندێك کرێکاران بانگەشەی کۆمەکردنی دەکەن. ئەم ڕاستییەش نەك هەر بە تەنها لە شۆڕشی ئیسپانیای سییەکاندا، بەڵکو لە هەنگاریای پەنجاکان و چیکۆسلۆفاکیای شەستەکانیشدا، دەرکەوت.

شۆڕشی ئەمڕۆ بە گیانە سروشتییەکەی خۆی و هەوڵدانی تەواوکردنی پرۆسەکەی، بە تەنها هاریکاریی و هاوپشتیی کۆمەکی کرێکاران و سەربازان، بەدەستناهێنێت، بەڵکو هەموو خەڵکانی دیکەش لە سەربازان و کرێکاران و تەکنیشنن و کێڵگەوانان و زانایان و شارەزایان و هەتا بیرۆکراتەکانیش، ڕادەکێشێت و دەیانهێنیتەڕیزەوە. بە فەرامۆشکردنی کتێبە تاکتیکییەکانی ڕابوردوو شۆڕش لە ئایندەدا کەمتر دووی هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوە دەبێتەوە و ڕوو لە زۆرترین مەیدانی ئەو خەڵکە گوماناویانە، بەدەر لە ” پێگەی چینایەتییان” دەکات.
بە هەبوونی هەموو ئەو ناکۆکییانەی نێو کۆمەڵی بورجوازی شۆڕش بە پیت و وزە دەبێت، نەك هەر بە هەبوونی ناکۆکییەکانی ساڵانی 1960 کان و 1917. ئا لەم بارەدا شۆڕش سەرنجڕاکێشە بۆ هەموو ئەوانەی کە هەست بە بارگاویبوونی بەکارهێنان و چەوساندنەوە، برسێتی و نەبوونییان، ڕایسیسزم و ئیمریالیزم و هەروەها ئەوانەی کە ژیانیان بێ ئومێدیی پێوەدیارە بەهۆی پیشەی بەکاربردنی شمەك و پەراوێزکەوتن، یاخود هەژموونی ماسمیدیا و فشاری خێزانی و قوتابخانە و سوپەرمارکێت و باڵادەستی سیستەمەکەش لە سەرکوتکردنی جنسیانەش، دەکەن.

ئا لێرەدا فۆرمی شۆڕش ئاوای لێدێت کە فۆرمێکی ناچینایەتی، ناخاوەندارێتی، ناقوچکەیی لەتەك تەواوی ئازادییدا لەخۆی دەگرێت. بە دەمکوتان لە ئەم پێشەوەچوونە شۆڕشگێڕییە لە ڕێگای ئەم ڕەچەتە زەرەربەخشەوە لە مارکسیزم سەبارەت بە زۆربڵێیی دەربارەی ” بەرەی چینایەتی” هەروەها ” ڕۆڵی چینی کرێکاران ” کەڵەکەبوونی کاری زیاترە لە وێرانکردنی ئێستا و ئایندەدا بەهۆی ڕابوردووەوە.

گەشانەوەی ئەم ئیدۆلۆجییە مردووە، بە زۆربڵێیی سەبارەت بە ” کادیران” و ” پارتی پێشڕەو” و ” دیمۆکراتی مەرکەزیی” و هەروەها ” دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا” ئەمانە بەشێکن لە دژەشۆڕش. ئەمە ئەو گرفتەیە کە لە ” پرسی ڕێکخستن” دا هەیە، ئەمەش بەشداریکردنیکی گرنگە لە لینینیزم تادەگاتە مارکسیزم، ئێستا پێویستە چەند سەرنجێکی ئاراستە بکەین .

و: زاهیر باهیر

درێژەی هەیە




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! … 8… مۆری بۆکچین

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی هەشتەم:

کرێکار دەبێتە شۆڕشگێڕ نەك بە زیاتریبوونی بە کرێکار، بەڵکو بە لەکارکەوتنی ، بەداماڵینی خۆی لە ” کرێکارێتی ” کە کاری کرێگرتەیی ناهێلێت. ئەمە هەر بە تەنها کرێکار ناگرێتەوە، بەڵکو کێڵگەوان، قوتابییان، ئەوانەی کاری نوسینگەی ئیداریی دەکەن، سەرباز، بیرۆکرات، پسپۆڕ و شارەزایان، هەروەها مارکسیستەکانیش دەگرێتەەوە. کرێکار کەمتر ” بورجوازیی” نییە لە هەر یەک لەوانەی کە ناویان هات . ” کاریکرێگرتەییەکەی- کرێکارێتیی” نەخۆشییەکی کوشندەیە کە بە دەستییەوە دەناڵێنێت، موسیبەتێکی کۆمەڵایەتیی چەسپاوە بۆ خۆگەیاندنە تاك. لینین لە کتێبی دەبێت چی بکرێت؟ ئەمە تێگەیشتووە بەڵام ئەو دزەی بەمە کرد بۆ ناو قوچکەییە کۆنەکە لەژێر ئاڵایەکی سوور و هەروەها هەندێك قسەکردن و نوسین و دەربڕینی تەکنیکیدا. کرێکار هەنگاوی شۆڕشگێڕبوونی دەنێت کاتێك کە کارە ” کرێگرتەییەکەی- کرێکارێتیی ” لەناودەبات.

کاتێك کە کرێکار لێرەوە و لە ئێستادا بێز لە پلەی چینایەتییەکەی دەکاتەوە، کاتێك کە بە تەواوی لەو تایبەتمەندییانەی کە مارکسیستەکان نرخ و بەهایان لەسەر داناون کە ئەخلاقی کارکردنە، کە کاراکتەری کەسایەتییەتی کرێکارە کە لە زەبتوڕەبتی پیشەسازیانەوە ئەنجامیگرتووە، ڕێزگرتنی قوچکەییە، گوێڕایەڵیی سەرکردەکانە، سیفەتی بەکاربردنی شمەكە، پاکیی و خاوێنیی و دەسستپاکییە، …کاتێك کە لەمانە خۆی دادەماڵێت، ئیدی ئا لەم بارەدا کرێکار تا ئەو پلەیە شۆڕشگێڕدەبێت کە خۆی لە پێگەی چینایەتی خۆی دادەماڵێ و پلەی هۆشمەندی ناچینایەتی بەدەستدەهێنێت تاڕادەی خۆحەلکردنیی و ڕەتکردنەوەی خۆی وەکو کرێکار بەشێوەیەکی جوان و نایاب، بە پساندنی سەراپای ئەو زنجیرەی کە خەسڵەتە چینایەتییەکەیەتی، ئەو خەسڵەتانەی کە بە هەموو سیستەمەکانی پاوانخوازییەوە گرێیداوەتەوە، هەرەها دەستبەرداری ئەو بەرژەوەندییە چینایەتییانە دەبێت کە کردویەتی بە کۆیلە بۆ بەکاربردنی [ ئیستهلاك] ی شمەك و دانیشتن و سووچگرتن لە ڕاگرتنی حساباتی تێچوی شمەك لە ژیاندا [11] ئەوەی کە لە کارگەکانی ئەمڕۆدا هەیە و دەبینرێت دەرکەوتنی کرێکارە گەنجەکانە کە حەشیش دەکێشن ، دەربڕینی بێزارییە لە کارەکانیان، هاتنە سەر کار و ڕۆیشتنەوەیەتی، درێژبوون و درێژکردنەوەی قژیانە، داخوازی زیاتری کاتی خۆشبەسەربردنە لەبری پارەی زیادە، دزیی، هەراسانکردنی کەسانی ناوداری دەسەڵاتدار، مانگرتنی کوتوپڕیی، [ لێردا مەبەستی بوکچین لە مانگرتنی هەڕەمەکییانەیە واتە بێ خۆڕێکخستنی خۆیان – وەرگێڕ] و هەڵگەرانەوە و بەگژاچونەوە بەڕوی هاوەڵە کرێکارەکانیانا.

لەوێدا تەنانەت بەڵێنی زیاتر هەیە لە پەروەردەکردنی ئەم جۆرە گەنجانە لە خوێندگای بازرگانی و قوتابخانە باڵاکانا، کە جێگا بە گەنجان دەدرێت تاکو پاشەکەوتی [ئیحتیاتی] کرێکارانی پیشەسازیی بۆ ئایندەش بخرێت. پەروەردەکردنیان بەم شێوەیە تا ئەو ڕادەیەی کرێکاران، قوتابییە میهەنییەکان و قوتابیانی خوێندنی باڵا ستایەڵی ژیانیان پەیوەستبکەنەوە بە چەند جۆرێك لە ڕواڵەتەکانی بێ سەروبەرەی کوڵتوری گەنجانەوە. ئایا پرۆلیتاریا لە هێزێکی پارێزەری گوێڕایەڵی دامەزراوە بۆ هێزێ شۆڕش دەگۆڕێت؟ .
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، جۆرە هەڵوێستێکی ئاوا لە تازە بارودۆخێکدا دەردەکەوێت کاتێك کە مرۆڤ ڕووبەوڕووی گۆڕانکاری لە کۆمەڵی چینایەتی سەرکوتکەرەوە کە لەسەر بناخەی کەمیی مەتریاڵەکان، کەرەسەکان، بۆ کۆمەڵێکی ئەزموونگەریی ناچینایەتی کە لەسەر بناخەی زۆریی/ زۆرێتی ماتریاڵەکان، دەگوێزرێتەوە. ئەو کاتە لە هەڵوەشاندنەوەی ستراکتوری چینایەتییە ترادیسوێنەکەوە جۆرێکی نوێ لە مرۆڤ دەخولقێت بە ژمارەیەکی زیاتریش : کە شۆڕشگێڕن. ئەم شۆڕشگێڕییە تەنها دەست بە بەرانبەركێی [ چالەنج] ژینگەی ئابوریی و سیاسیی کۆمەڵی قوچکەیی ناکات ، بەڵکو خودی قوچکەیی خۆیشی. ئەمەش بە تەنها پرسی پێویستی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرزناکاتەوە، بەڵکو هەوڵدەدا لەتەك نەریتی شۆڕشگێرانەشدا بژی تاکو ئەو ئاستەی کە ئەمە لە کۆمەڵی مەوجووددا ئەگەری کردنی دەبێت.[12] . شۆڕشگێڕ تەنها هێڕشناکاتە سەر فۆرمێك/شێوازێك کە لە ڕێگای میراتی[ بۆماوەیی] پاوانخوازییەوە دروستبووە، بەڵکو فۆرمە نوێیەکانی ئازادیی-ش گەشە پێدەدات کە بزوتنی خونچەکانی لە ئایندە وەردەگرێت .

درێژەی هەیە.
……………………………..

11– ئا لەم بارەدا، هەنگاونانی کرێکارانە لە نزیکبوونەوە لە گواستنەوەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی جۆرەکانی مرۆڤگەلێك کە مێژوویان بە زۆرترین تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕییەکانەوە، خستەبەردەست. بەگشتی ” پڕۆلیتاریا” لە قۆناخەکانی گواستنەوەدا شۆڕشگێڕترین بوون، کاتێك کە کەمتر بەدەنیان لە لایەن سیستەمی پیشەسازییەوە ” پرۆلیتاریایی کراوە ” .
بە وردی سەرنجدان لە شۆڕشی کلاسیکیانەی چینایەتی کرێکاران، لە پیترۆگراد و بەرشەلۆنە، لەوێ دەبینرێت کە کرێکاران ڕاسستەوخۆ خۆیان لە پاشخانی جوتیاریانە ڕووتکردۆتەوە. کرێکاران لە پاریس دا، هێشتا لە پیشەگەریی، یاخودا لە پاشخانی پیشەگەرییەوە بەرجەستە بووبوون. ئەم کرێکارانە ڕووبەڕووی کێشەی گەورەتری ڕاهاتن لەتەك هەیمەنەی پیشەسازیدا بووبوونەوە بۆیە سەرجاوەیەکی بەردەوام بوون لە هێزێکی کۆمەڵایەتی و شۆڕشگیڕی ناسەقامگیر.
بە پێچەوانەی ئەوەوە جێگای سەرسوڕمانە کە چینی کرێکاران کە بە میراتی پیشەی کرێکارییان بۆ ماوەتەوە مەیلیان ناشۆڕشگێڕییە. تەنانە لە نموونەی کرێکارانی ئەڵمانیادا کە مایەی دڵخۆشی مارکس و ئەنگلس، بوون، وەکو مۆدێلێکی کرێکارانی ئەوروپی، زۆرینەیان پاڵپشتی ڕاپەڕینی Spartacists ی 1919 یان، نەکرد [ ڕاپەڕینی Spartacists یاخود جێنیوەری، لە ئەڵمنایا لە نێوانی ڕۆژانی 05/01 و 12/01/1919 ڕویدا و کرێکاران بانگەشەی مانگرتنی گشتییان کرد ، لەو بارەدا لە هەندێك شوێندا بووە شەڕی چەکداریش – وەرگێڕ] . ئەوان بەشێکی زۆری سۆشیالدیمۆکراتە فەرمییەکانیان، گەڕانەوە بۆ کۆنگریسی ئەنجوومەنەکانی کرێکاران، هەروەها لە ساڵانی دواتریشدا بۆ ڕایستاخ ، بە بەردەوامیش پشتگیریی پارتی سۆشیالدیمۆکراتیان، تا ساڵی 1933 دەکرد. 12– ئەم ستایەڵە شۆڕشگێڕییە ڕەنگە لە کارگەکان و لە شەقامەکان بەرەو پێشەوە بچێت هەر ئاواش لە قوتابخانەکان و ئەو شوێنانەی کە دەتوانرێت بۆ شەوێك تیایدا هەڵبکەیت، لە قەراغی شار و شارۆچکەکان و گوێ ئاوەکان… ئەمانە لە جەوهەریدا تەحەدایە ” پاگەندەیەکە بۆ کردنی کارێك” ی شەخسی کە دژە بە هەموو عورف و نەریت و دەزگەکان هەروەها بیروباوەڕی هەیمەنەکردن. لەتەك نزیکبوونەوەی کۆمەڵ لە دەروازەی سەردەمی شۆڕشگێڕانە ، ئیدی کارگەکان ، قوتابخانەکان هەروەها گەڕەکەکان دەبنە مەیدانی حەقیقی ” شانۆگەریی” ” شانۆیەکی ” شۆڕشگێڕانە کە کرۆکێکی زۆر جددی بۆ ئامانجێك تیادایە.
مانگرتنەکان لەو بارودۆخەدا دەبنە دەردێکی کوشندە داخوازی بە خاتری بەرژەوەدنی خودی خۆی دەکا لە شکاندنی سیما و ڕوکاری دەرەوە لە ڕەوتینیات، کاژێر بە کاژێر تەحەدای کۆمەڵ دەکات بۆ تێشکانی مەزاجی حاڵەتی سروشتی بورجوازی . ئەم مەزاجە نوێیەی کرێکاران، قوتابیان و خەڵکانی گەڕەك بۆ چرکەی حەقیقی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە کارێکی پێشمەرجی زیندوانەیە.
دەربڕێنێکی زۆری هۆشیارییە، داخوازی ” خۆبەڕێوەبەری” یە، لێرەدا کرێکاران ڕەتیدەکەنەوە کە بەڕێوەببرێن، ڕەتیدەکەنەوە کە سەر بە چینێکن. ئەم پرۆسەیە زۆر بە ئاشکرا لە ئیسپانیا لە شۆڕشی ساڵی 1936 دەرکەوت کاتێك کە کرێکاران لە زۆربەی هەموو شار و شارۆچکەیەك بانگەشەی مانگرتنیان کرد ” بۆ دۆزەخ..” لە دەربڕینی سەربەخۆییانا، لە ژیریی بە ئاگابوونەوەیانا، بۆ شکاندنی نەریتی نیزامی کۆمەڵایەتی و مەرجەکانی ژیانی بورجوازیی. هەر ئاواش هەمان شت سیما و خەسڵەتێکی جەوهەریانە بوو لە مانگرتنی گشتی 1968 لە فەرەنسا.




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! … مۆری بۆکچین-7- و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin

بەشی حەوتەم:

پرسیارێك کە دەبێت بپرسین لە ئەم دواڕۆژانەی مێژوودا ئایا شۆڕشی کۆمەڵایەتی کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی کۆمەڵێکی ناچینایەتیدایە دەتوانێت لە ناخی بەیەکادانی نێوانی چینە تەقلیدییەکانا سەرهەڵبدات؟ یاخود ئەم جۆرە شۆڕشە دەکرێت تەنها لە حەلبووون یا بۆگەنکردنی چینە تەقلیدییەکانەوە سەرهەڵبدات، یا بەڕاستی دەکرێت لەسەرهەڵدانی تەواوی “چینێک” کە جەوهەرەکەی ناچینایەتییە، چینێکی گەشەکردوی شۆڕشگێڕن؟ لە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا بە گەڕانەوە بۆ ئەو جەدەلە فراوانەی کە مارکس بۆ کۆمەڵی مرۆڤایەتی گەشەی پێدا وەکو گشت، دەتوانین فێری زیاتر بین، زیاتر لەو مۆدێلەی کە وەکو نمونەیەك لە دەرەبەگایەتی بۆ کۆمەڵی سەرمایەداریی قەرز کرد.
هەر وەکو چۆن پەیوەندارێتی خزمایەتی خێڵە سەرتاییەکان هەنگاوی جیای بەرەو نێو چینەکان نا، هەر ئاواش لە ڕۆژانی سەردەمی ئێمەشدا مەیل و ڕەوتی چینەکان بەرەو حەلبوون بۆ کولتورێکی نوێی گەورەتر کە لق و پۆپی لێدەبێتەوە، دەڕوات، کە شێوەی فۆرمەکانی پەیوەندی ناسەرمایەداریی دەگرێتە خۆ. لەوێدا ئەم گروپانە چی دی پابەندی تاکە ئابوورییەک نین یاخود پێگەیان ئابوورییەك نیە، لە ڕاستیدا هەموویان ڕەنگدانەوەی ئاراستە و ئامانجی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیین بۆ تێپەڕاندنی ئابووریی توێژاڵەکانی نێو کۆمەڵ کە نوقسانی ئابوررییان هەبووە…لەم بارەشدا ئەوان کە لە کەتواردا لە کولتوری مەدەنیانەوە سەردەگرن و لە کەرەسەی خاوی نادیاری چالاك پێكدێن، لە بزووتنی پڕکردنەوەی کۆمەڵی نوقسانی ئابوریی بەرەو کۆمەڵی دوای نوقسانی ئابووریی.

پرۆسەی هەڵوەشاندەنەوەی [ حەلبوونی] چینەکان دەبێت بە هەموو ڕەهەندەنکانییەوە ڕەچاوبکرێن و تێگەیشتنی لێبکرێت. دەبێت لێرەدا وشەی پرۆسێس، “process” جەختی لەسەربکرێتەوە : چینە تەقلیدییەکان لەناوناچن ، هەر ئاواش ململانێی چیانیەتیش، چونکە هەر تەنها شۆڕشی کۆمەڵایەتییە دەتوانێت ستراکتوری چینی باڵادەست و هۆکارەکانی بەیەکادان ڕاماڵێت. خاڵێك کە لێرەدا هەیە ئەوەیە کە تێکۆشانی تەقلیدی چینایەتی دەوەستێت تاکو بنەما و ناوەرۆکی شۆڕشگێرانەی خۆی ئاشکرا بکات وەکو فسیۆلۆجی [ زانستی وەزیفەکانی ئۆرگانەکان- وەرگێڕ] ، لە کۆمەڵی باودا، نەك وەکو ژانی لە دایکبوونی منداڵ.

لە ڕاستیدا تێکۆشانی تەقلیدیانەی چینایەتی، کۆمەڵی سەرمایەداریی سەقامگیردەکات بە ” ڕاستکردنەوەی” لە خراپکارییەکانی سیستەمەکە، وەکو ( کرێ، کاژێری سەر کار، هەڵئاوسانی پارە، کارکردن…تد). لە کۆمەڵی سەرمایەداریی دا نقابەکان خۆیان بۆ خەباتی دژ بە” مۆنۆپۆلی” ڕیکدەخەن دژ بە مۆنۆپۆلی [ ئیحتیکاریی] پیشەسازیانە دەوەستنەوە، هەروەها ئاوێتەدەبن بە ئابووریی توێژاڵی بازرگانییەتی وەکو موڵکدارێتی. لە چوارچێوەی ئەم موڵکایەتییەدا بەیاکادانەکان زۆر یا کەم دەردەکەون، بەڵام وەکو گشت، نقابەکان سیستەمەکە بەهێز دەکەن و خزمەتی مانەوەی دەکەن.

بۆ بەهێزکردنی ئەم ستراکتوری چینە، کرێکاران، بە قسەکردنی بەردەوام و دووبارەبوونەوە و خۆشحاڵبوون بە ” ڕۆڵی چینی کرێکاران” بۆ پاڵپشتکردنی [تەعزیزکردنی] خەباتی تەقلیدیانەی چینایەتی بە لێدانی لەزگەی ناوەرۆکی ” شۆڕشگێڕیی” ، بۆ نەخۆشخستنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەسەردەمی ئێمەدا بە ” شکۆدارکردنی کرێکار یا چینی کرێکاران کە نەخۆشییەکی درێژخایەنە ” “workeritis” [ کرێکارێتی- کاری کرێگرتە] کرۆکی کۆنەپەرستییە.
بۆ چەند جار مارکسیستە مەزهەبییەکان دەبێت بیریان بخرێتەوە کە مێژووی تێکۆشانی چینایەتیی مێژووی دەرد و نەخۆشییە، مێژووی برینەکانە کە کە لەلایەن گرنگی و بەناوبانگیی ” پرسی کۆمەڵایەتیی” بە گەشەکردنی یەكلایەنانەی مرۆڤ لە هەوڵدانیا بۆ بەدەستهێنانی کۆنترۆڵی سروشت لەلایەن پیاوانی هاوەڵ و برادەرییەوە؟ ئەگەر بەرهەمی لاوەکی ئەم نەخۆشییە، تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بووبێت، ئەوە بەرهەمە سەرەکییەکان، سەرکوتکردن، ڕشتنی خوێنی مرۆڤ و هەروەها ترس و خۆفی شێواندنی ڕۆحی خودی مرۆڤە.
کاتێك کە دەردەکە دەگاتە کۆتایی، کاتێك زامەکە، برینەکە لە هەرە قوڵاییەکەیدا دەوەستێ و دەست بەساڕێژبوونەوە دەکات، ئیتر پرۆسەکە ئاشکرا دەبیت و بەرەو تەواوبوون دەڕوات، ناوەرۆکە شۆڕشگێڕییەکانی تێکۆشانی تەقلیدیانەی چینایەتی وەکو تیئورێکی بنیاتنەرانە و هەروەها وەکو حەقیقەتێکی کۆمەڵایەتیی، ماناکانی خۆیان لەدەستدەدەن. ئیدی پرۆسەی حەلبوون و هەڵوەشانەوە و ڕووبەڕوووی نەك هەر ستراکتوری تەقلیدیانەی چینەکەدا، دەبێتەوە، بەڵکو بە خێزانی باوکسالاریی، شێوازی پەروەردەکرنی دەسەڵاتخوازانە، هەژمونی دین، دەزگەکانی دەوڵەت و هەروەها نەریتەکانی کە لەسەر چەوساندنەوە و وازهێنان و ڕەتکردنەوە و هەستکردن بە تاوان و ژێوانبوونەوە لە هەست بە تاوانبارێتی [موعەزەبیی] و لەتەك سەرکوتکبوونی جنسیانە.

هەر هەموو ئەمانە دەگۆڕێت. پرۆسەی تەفکیك و حەلبوونی نائاوێتەبون لە کراسێکدا ئیدی تا ڕادەیەكی زۆر سەراپای چینە تەقلیدییەکان، بەها و دەزگەکان، هەموویان دەگرێتەوە. بەم شێوەیە پرسە نوێییەکان، شێوازی خەباتکردن و هەروەها فۆرمگەلێك لە ڕێکخراوەکان و بانگەشەی بەرخوردێکی نوێی تەواو بۆ تیئوریی و پراکتیكکردنی بەکردەیی، دەخولقێنێت.
ئەمە بە شیوەیەکی هەستپێکراو و کۆنکرێتیانە چی دەگەیەنەێت؟ باشە با بەراوردی هەردوو بەرخوردەکە بکەین، مارکسیستەکان و شۆڕش. مەزهەبی مارکسیانە داوامان لێدەکەن بە نزیکبوونەوەمان لە کرێکار یا باشتر ” چوونە” ناو کارگە … بە گرنگییدان بە کرێکاێك بە ” فەزڵ و ڕێزگرتن ” تا هەر یەکێکی دیکە. ئەمە بە هەدەفی چی؟ تاکو کرێکار بکاتە ” چینێکی هۆشمەند” ، با لە دیدی چەپی جارانەوە دەستنیشانی نمونە هەرە نیاندەرتاڵییەکان بکەین، یەکێك سەری یەکێکی تر چاك دەکات، خۆ رازاندنەوە بە بەرگی سپۆرتی سەردەم، وازهێنان لە حەشیشە کێشان بۆ جگەرە و بیرە، بە شێوازی نوێ سەماکردن، رەفتارکردن و گوفتارکردن لە شێوەی ‘ توند و ڕەق’،دا پەیرەوکردنی سەروسیمایەکی بێ کەیفو ووشکو خۆبەزلزان. [10]
بەکورتی ، دەتوانرێت بوترێت کە یەکێك ئاوا دەبێتە کرێکار لە خراپترین ئەم شێوازە کاریکاتێرییەدایە ” پیتی بورجوازییەکی گۆڕێنراوە ” بە دڵنیاییەوە بورجوازییەکی لەیەکهەڵوەشاوەیە. ئەمەش وەکو ئەوەیە کە کەسێك لاسایی کرێکار دەکاتەوە هەر بە قەدەر ئەوەی کە کرێکار لاسایی ماستەرەکانیان دەکەنەوە. لەژێر ناوی گۆڕانی قوتابیی دا بۆ ” کرێکار” گاڵتەجاڕییەکی زەرەرمەند خۆی حەشارداوە ، یەکێك دەیەوێت ئەو زەبتوڕەبتەی کە ژینگەی کارگە کە لە مێشکیا چەسپاندویەتی بەکاربهێنێت بۆ زەبتوڕەبتی کرێکاران بۆ ناو ژینگەی حیزب. یەکێك هەوڵی بەکارهێنانی ڕیزی کرێکاران کە بۆ پیشەسازیی قوچکەییان هەیە بۆ هاوجوتبوونی، زەواجی کرێکار لەتەك پارتی قوچکەیی. ئەم پرۆسە بێزراوە ئەگەر بێتو سەرکەوتووبێت گۆڕانێك دەبێت لە جێگرتنەوەی قوچکەییەك بە قوچکەییەکی دیکە، ئەمەش بەناوی پەرۆشبوونەوە بەدەستدەهێنرێت، گوایە ئەمان بەتەنگ داخوازییە ئابوورییە ڕۆژانەکانی کرێکارەوەن .
تەنانەت تیئوری مارکسیی ڕازییە بە دابەزینی پلەی کرێکار بۆ ئەم وێنە و شێوەی بێ بەهایی و کەمکردنەوەیە. ( دەکرێت وەکو تەحەدایەك بەوان، تەماشای هەر کۆپییەکی چەپەکان سەبارەت بە شرۆڤەی پرسی قەومی یا نیشتمانی لە لایەن ئەوانەوە، بکەیت. هیچ شتێک ئەوەندەی ئەم جۆرە موحازەراتانە کرێکار بێزار ناکات .) لە کۆتاییدا کرێکار بایی ئەوە زیرەکە تاکو بزانێت کە چ ئەنجامێکی باشتری لە تێکۆشانی ڕۆژانەی چینایەتیدا لە ڕیگای بیرۆکراسییەتی نقابەوە تاکو لە ڕێگای بیرۆکراسی پارتی مارکسیستانەوە، بەدەستدەهێنێت.

ساڵانی چلەکان [ بوکچین مەبەستی چلەکانی چەرخی بیستەمە-وەرگێڕ] ئەمەی لە شیوەیەکی زۆر دراماتیکانەدا دەرخست کە لە ماوەی ساڵێك یادوواندا بەدەگمەن ناڕەزایی لەلایەن کەسان و ئەندامانی ئاسایی ڕێکخراوەکانەوە، دەبینرا. نقابەکان سەرکەوتوبوون لە دەرپەڕاندنی هەزارەها لە ” مارکسیستەکان” کە زیاتر لە دەیەیەك کاری زۆر گرنگ و سەختیان لە بزوتنەوەی کرێکاراندا دەکرد، تەنانەت لە ڕیکخراوی کۆنی نێونەتەوەیی، CIO ، هەڵزنان بۆ پلەی سەرکردایەتیش .

و: زاهیر باهیر
درێژەی هەیە.
….
………………………………………
10- لەم خاڵەدا پێشبینییەکانی چەپی کۆن بۆ وێنە و ڕواڵەتی مرۆڤە سەرەتایەکەی خۆیان [ نیاندەرتاڵ] ئاوایە کە بە بۆچونی خۆیان بە کرێکاری ئەمەریکی دەچوێنن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم کڵێشە و ڕاوڵەت و چواندنە زۆر نزیکە لە کاراکتەری کەسێکی بیرۆکراتی نقابەوە یاخود کۆمیسەریی ستالینیی.




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!!… مۆری بۆکچیین -6- و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی شەشەم:

پرسیاری گرنگ کە لێرەدا ڕووبەڕومان دەبێتەوە: ئایا دەتوانین شرۆڤەی گواستنەوە لە کۆمەڵێکی چینایەتیەوە بۆ کۆمەڵێکی ناچیانیەتی لە ڕێگەی هەمان جەدەلەوە کە نموونەیەکە بۆ گواستنەوەی کۆمەڵێکی چینایەتی بۆ یەکێکی دیکە،بکەین؟ ئەمە گرفتی یا هەڵەی کتێبێکی خوێندنی قوتابخانە [تێکستبووك] نییە کە حوکمی هزرێکی لۆژکانەی موجەڕەد بخوازێت یاخود لەخۆ گرتبێت، بەڵکو ئەمە پرسێکی کۆنکرێتی حەقیقییە بۆ سەردەمی ئێمە. جیاوازییەکی گەورەی قووڵ هەیە لە نێوانی گەشەکردنی بورجوازی لەسای فیوداڵیزم-دا و گەشەکردنی پڕۆلیتاریا لەسای سەرمایەداریی-دا ، ئیتر ئایا مارکس شکستی هێنا لە پێشبینیکردنیا، یاخود هەرگیز ڕوون نەبووە لای. بورجوازی کۆنترۆڵی ژیانی ئابووریی کردووە زۆر پێشئەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بگرێتە دەست و بووەتە چینێکی پاوانکار سەبارەت بە کەرەسە و ماتریاڵەکان، کولتوور، هەروەها ئایدۆلۆجییشەوە پێشئەوەی بانگەشەی هەیمەنەی سیاسیانە بکات. بەلام پڕۆلیتاریا هێشتا کۆنترۆڵی ئابووریی ژیان ناکات.

وێڕای گێڕانی ڕۆڵیکی نکوڵی لێنةکراو لە پرۆسەی پیشەسازیدا، تەنانەت کرێکارانی پیشەسازیی زۆرینەی دانیشتوان یاخود هاوووڵاتیان نین و پێگەی ستراتیجیی ئابوورییانەیان لە لایەن cybernation و تەکنەلۆجییە پێشکەوتووەکانی دیکە کەمبوەتەوە، وەکو خۆی نەماوە.[7]. ئالێردا داخوازی جۆرێك لە چالاکی باڵای هۆشمەندی لە پڕۆلیتاریا دەکرێت لە بەکارهێنانی دەسەڵاتا بۆ گەیشتن بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی. بەڵام تاکو ئێستا بەدەستهێنانی ئەم هۆشیارییە لە لایەن ئەو ڕاستییەوە کە ژینگەی کارگە یەکێکە لە باشترین دامەزراوە و سەنگەری بواری ئەخلاقی سەر کار، لە سیستەمێکی قوچکەیی لە بەڕێوەبردنا، لە گوێگرتن و وەلابونا بۆ سەرکردەکان، هەروەها لەم سەردەمە تازەیەشدا پابەندبوون بە بەرهەمهێنانی کاڵای نازەرووریی وەکو چەكوتەقەمەنی، لە لایەن هەموو ئەمانەوە هۆشـمەندیی کرێکاران بلۆك کراوە. کارگە نەك هەر خزمەت بە ” زەبت و ڕەبت” و ” یەکگرتن” هەروەها ” ڕێکخستن” ی کرێکاران دەکات، بەڵکو بە شێوازێکی مۆدێلانەی کە بورجوازی دەیخوازێت دەیکات.
لە کارگەدا بەرهەمهێنانی سەرمایەداریانە نەك هەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرمایەداریی-دا لەتەك هەر ڕۆژێکی کارکردندا نوێدەکاتەوە هەروەکو مارکس تێبینی کردووە ، هەروها ئاوەز و بەها و ئایدۆلۆجییەکانی سەرمایەداریش نوێدەکاتەوە.
مارکس وەکو پێویست هەستی بەم حەقیقەتە کردووە بۆ بینینی هۆکارەکان کە زۆر ناچاریین، زیاتر لەوەی کە بە تەنها فاکتی چەوساندنەوە و یاخود بەیاکادانەکان بن بە خاتری کرێ و کاژێرەکانی سەر کار بۆ هاندان و پاڵنانی پڕۆلیتاریا بۆ چالاکی شۆڕشگێڕانە. مارکس لە تیئوری گشتی کەڵەکەبونی سەرمایەدارییدا، هەوڵی داوە باسی جەور و بێ بەزەیی، بابەتێتی یاساکان کە پڕۆلیتاریا ناچاردەکەن بۆ گێڕانی ڕۆڵی شۆڕشگێڕیی، بکات . مارکس لەسەر ئەو ئەساسە گەشەی دا بە تیئورە بەناوبانگەکەی شیکردنەوە و گەشەکردنی ئابووریی لەبارەی هەژاریی، نەبوونی لەڕووی ئابوورییەوە: ململانێی نێوانی سەرمایەداران ناچاریان دەکات کە هەر یەکەیان نرخی شمەکەکانیان، کاڵاکانیان بهێننە خوارەوە، ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی درێژە بە بەردەوامی داشکاندنی کرێ و هەروەها هەژاریی ڕەهایی کرێکاران، دەدات. بەم جۆرە کرێکاران ناچاردەبن کە شۆڕش بکەن چونکە لە تەك پرۆسەی کێبڕکێ و نێوەندگەرایی سەرمایەدا ” برسێتی و نەبوونی و ناڕەحەتی خەڵك ، سەرکوتکردن، کۆیلایەتیی، سوکایەتی و شکۆشکاندن” تەشەنەدەکات.[8]
بەڵام سەرمایەداریی وەکو سەردەمەکەی مارکس نەماوە، ئەو بە نوسینەکانی لە نیوەی چەرخی نۆزدەدا، نەدەکرا بە فکریی ئەو کاتەی پێشبینی یاخود دەرکی تەواوی سەرەنجامەکانی [ عاقیبەت] نێوەندگەرایی سەرمایە و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای بکردایە. چاوەڕوانیی لە مارکس نەدەکرا کە پێشبینی ئەوە بکات کە سەرمایەداریی نەك هەر بە تەنها لە قۆناخی بازرگانێتییەوە گەشەدەکات بۆ قۆناخی پیشەسازیی پاوانخواز و پاوانکار لەو سەردەمەی خۆیدا و… بەهۆی یارمەتی دەوڵەتەوە لە مۆنۆپۆڵایزکردنی مامەڵەکانا [ ئیحتیکارکردنیان] بۆ قۆناخی کێبڕکێی باڵای یەکینەکانی پیشەسازیی .. تێپەڕیدەکات، بەڵکو بە هۆی نێوەندگەرایی سەرمایەش، سەرمایەداریی گەڕایەوە بۆ ئەسڵی بازرگانێتییەکەی بە هاوکاریی دەوڵەت لە فۆرمی مۆنۆپۆڵیدا بەڵام لە باڵاترین ئاستی پێشکەوتن و دەستپێکردنەوەی. ئابووریی بەرەو ئاوێتەبوون لەتەك دەوڵەت ملدەنێت سەرمایەداریش دەست بە “پلانی” پێشکەوتنی دەکات لەبری وازلێهێنانی بە تەواوی بۆ هاوبەشیی و هەژموونی کێبڕکێی هێزەکانی بازاڕ. بەدڵنیاییەوە سیستەمەکە خەباتی چینایەتی کلاسیکیانە هەڵناوەشێنێتەوە ،بەڵکو هەوڵی دەستەمۆکردنی [ئیحتیواکردنی] دەدات، بۆ ئەمەش سەرچاوە تەکنەلۆجییە مەزنەکان بەکاردەهێنێت بۆ لووشدانی، هەرسکردنی [ ئیستیعاب] زۆرترین لە کەرتە ستراتیجییەکانی چینی کرێکاران.

ئا بەم شێوەیە هاندان و پێداگرتن لەسەر تیئوری هەژاریی ئابوریی، هۆشمەندی کولکرد [ پێچەوانەی تیژ] لە ئەمەریکا خەباتی تەقلیدیانەی چینی کرێکاران لە گەشەکردنیا بۆ جەنگی چینایەتی شکستی هێنا و بە تەواوی لە چوارچێوەی ڕەهەندی بورجوازیدا تەوقی خوارد و مایەوە. لە ڕاستیدا مارکسیزم لە لایەن فۆرمە هەرە پێشکەوتووەکانی بزوتنەوەی سەرمایەداریی دەوڵەتیییەوە، بووەتە ئیدۆلۆجی بە تێبینیکراوی ڕوسیا. زۆر گرانە باوەڕهێنان بەوەی کە مێژو پێچەوانەی نیشاندا کە ” سۆشیالیزمی” مارکسییانە دەرکەوت کە بووە بەشێکی گەورە لە سەرمایەداریی دەوڵەتیی کە مارکس لە پێشبینیکردنیا لە دایەلێکتیکی سەرمایەدارییدا، شکستی هێنا. [9 ]. لەبری ئەوەی پڕۆلیتاریا گەشەبکات بۆ چینێکی شۆڕشگێر لە ڕەحمی سەرمایەدارییدا، بەڵکو دەرکەوت بووە ئۆرگانێك لە لاشەی کۆمەڵی بورجوازیی.
درێژەی هەیە
……………………
7 – ئەمە ئەو خاڵەیە کە شرۆڤەی ئەوە دەکات کە گەر کەسێک بیەوێت لە فکرەی ” پڕۆلیتارێتی” خۆی ڕزگار بکات، کە هیچ شتێکی نییە بیفرۆشێت جگە لە هێزی بازوی. ئەوە ڕاستییە کە مارکس ئاوا پێناسەی پڕۆلیتاریای لەم تێرمەدا کردووە ، بەڵام هاوکاتیش مارکس لە دووتوێی دیالێکتیکی مێژووییەوە لە گەشەکردنی پڕۆلیتاریای ڕوانیوە. پڕۆلیتاریا لە چینێکی چەوساوەی بێ موڵکییەتەوە گەشەدەکات و لە قۆناخی پڕۆلیتاریای پیشەسازیدا پێشکەوتوترین فۆرم بەخۆیەوە دەگرێت، کە ڕەنگدانەوەی زۆرترین فۆرمی گەشەی سەرمایەیە… مارکس لە ساڵانی کۆتایی ژیانیا ڕقی لە کرێکارە پاریسییەکان دەبووەوە کە بە زۆری غەرقی بەرهەمهێنانی کاڵا کەمالیاتییەکان بووبوون وەکو ” کرێکارانی ئەڵمانمان ” ..باشترین ڕۆبۆتی ئەوروپا بوون گوایە لە جیهانا، وەکو پڕۆلیتاریای ” نموونەین، مۆدێلن”.

8- هەوڵی لێکدانەوەی تیئورەکەی مارکس سەبارەت بە هەژاریی و نەبوونیی، وەکو تێزێکی جیهانیی لەبری نیشتمانی (وەک مارکس کردی) فێڵێکی تەواوە. لە پلەی یەکەمەدا ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە واقیعدا ئەم تیئورە ئاوا دەبینێت کە بە ئاسانی لە هەوڵی خۆپاراستنی وەڵامی ئەو پرسیارەدا بێت: کە بۆچی هەژاریی و نەبوونیی ئەوەی کە مارکس باسی کردووە لە ناو قەڵای بەهێزی پیشەسازی سەرمایەداریدا دەرنەکەوت، کە ئەمانەش ئەو شوێنانەن کە خاڵی سەرهەڵدانی تەکنەلۆجیای کافی و گونجاون بۆ کۆمەڵی ناچینایەتیی؟ بە گوێرەی ئەم تئیورە ئەگەر ئێمە هیواکانی خۆمان لە جیهانی کۆڵۆنییدا بە ” پڕۆلیتاریا” بسپێرین ئەم هەڵوێستە مەترسییەکی کەتواریانە دەشارێتەوە: کە جێنویسایدە.
ئەمەریکا و هاوپەیمانە نوێیەکەی کە ڕوسیایە، هەموو ئامراز و تەکنەلۆجییایەکیان هەیە کە دەتوانن بۆمبارانی وڵاتانی دونیای گەشەنەسەندوی ئابووریی، پێبکەن، تا ڕادەی ڕادەستبوون. هەڕەشەیەکی شاراوە لە ئوفقی مێژووییەوە هەیە کە گەشەکردنی ئەمەریکایە بەرەو ئیمپریالییەکی فاشی ڕاستی لە جۆری نازییەت. ئەمە قسەیەکی تەواو بێ مانایە کە بڵێی ئەم وڵاتە ” پڵنێکە لە وەرەقە”، ڕاستییەکە ئەوەیە، کە ئەمەریکا پڵنێکی حەراری ئەتۆمییە هەروەها چینی حوکمڕانی ئەمەریکی کەمتر کولتوریی خۆگرتنیان[ سەبر] هەیە و هەتا توانای زیاتری لە ئەڵمانیا هەیە بۆ ئەنجامدانی کارە نامرۆییەکان .

9- لینین باش هەستی بەوە کرد و ئاوا وەسفی “سۆشیالیزم” ی کرد کە ” شتێک نییە جگە لە دەوڵەتی سەرمایەداریی مۆنۆپۆلی تاکو هەموو خەڵك سوودمەند بکات” گەر بیر لە ناوەرۆکەکەی بکەیتەوە ئەمە دەربڕینێکی یەکجار نائاساییە، هەروەها پڕیشە لە ناکۆکی.




پەیامەکانی ئەم دواییەی ئۆجەلان و چەند سەرنجێك* … زاهیر باهیر

من هەر نەك تەواو پشتگیریی پەیامەکەی ئۆجەلان دەکەم، گەر چی ئەم پەیامە زۆر درەنگکەوت، بەڵکو هیواداریشم کە ناوەرۆكی پەیامەکە بکەوێتە کار.
لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی شەڕەوە لە باکور, من بە پەیامەکانی سەر فەیسبوك و وتار و نوسینەکانم و وتووێژ و قسەکردنم، نەك هەر لەگەڵ ئەو شەڕەدا نەبوم بەڵکو ئەوەندە دژی بووم بە تەواوکەری سیاسەتی دەوڵەتی فاشی تورکیام زانیوە لە وێرانکردنی باکور و بەشێکی باشوور و لاوازکردنی پێگەی بزوتنەوەی ڕۆژاواش.
پەیامەکانی ئۆجەلان زۆر هەر یەکجار زۆر درەنگ هات، لەگەڵ ئەوەشدا گەر سوودێکیشی نەبێت، ئەوە نیشان دەدات کە کورد لە باکور خوازیاری شەڕ نیین، ئەمە جگە لەوەی کە هەڵوێستی ڕوونی ئۆجەلانیش، کە ماوەیەکی درێژبوو لە گومانا مابوەوە لای ئێمە، ئێستا بە ڕاشکاوانە ئاشكرایکرد کە شەڕ و بەردەوامیدان بە شەڕ نامانگەیەنێتە هێچ شوێنێك و ئەوەشی کە بە ئاشتی بەدەستهێنراوە و بەدەستدەهێنرێت، بە شەڕ لەدەستچووە و لەدەستدەچێت.
سەرەڕای گرنگی و بەبایاخی خودی پەیامەکان بەڵام هشێشتا دەلاقەیەك کراوەیە تاکو لەوێوەی چەند سەرنجێگی گرنگی لەسەر بدرێت و ڕەنگە سەرسامبوننیشمان بڕەوێنێتەوە.

ئایا ئۆجەلان لەگەڵ شەڕدا بوو؟

من هەرگیز باوەڕم بەوە نەبووە کە ئۆجەلان لەتەك شەڕدا بووبێت. ئەوەی ئاگەداری هەڵوێستی ئۆجەلان و خوێندنەوەی نوێی ئۆجەلان بۆ بارودۆخەکە بێت و لە نزیکەوە پرۆژەکەی ئۆجەلان کە یەکسانی جێندەیی و کۆنفیدرالیزمی دیمۆکرات و ئیکۆلۆجیە، بزانێت، دەرك بەوە دەکات یا ئەو دروشم و پرۆژانە بەتاڵ و بێ گیانن یاخود دەبێت حیزب و بزوتنەوەی چەکداریی پەلبەستبکرێت تاکو ئەوانە جێبەجێبکرێت.
ئۆجەلان سیاسسیەکی گەمژە نییە. ئەو بە وردی و زۆریش بەوردی خوێندنەوە و توێژینەوەی لەسەر کوردستان و ناوچەکە کردووە، ئەو دەزانێت بوونی حیزب هەر جۆرە حیزبێك، هەروەها هەبوونی شەڕ لەگەڵ هەر لایەن و دەوڵەتێکدا، نەك هەر لەتەك پرۆژەکەیدا نایەتەوە بەڵکو دژیشن پێی. واتە لە هەر شوێنێک شەڕ و بەردەوامدان بە شەڕ هەبێت، ئەوە قسەکردن لەسەر ئەو پرۆژەیە قسەی ڕووتە و قسەش ناچێتە گیرفانی کەسەوە و هەوڵەکانیش لەو بارەدا نەزۆكدەبن . هەر ئەمەش بوو کە جەدەلی گەورەی لە کۆنفرانس و دانیشتنە گەورەکانی ڕیزەکانی پەکەکە دروستکرد و هەمیش ئاشتیخوازیی و ڕاگرتنی شەڕی یەکلایەنەی لەگەڵ خۆیدا هێنا.

نامەکانی ئۆجەلان چ پەیامێك دەدەن؟
یەکەم: لە نامەی یەکەمدا هاتووە ” ئەو دەتوانێت تەواوى کێشەکان چارەسەر بکات و کۆتایى بە ئەگەرى شەڕ بهێنێت لەماوەى یەک هەفتەدا” وردکردنەوەی ئەم پەیامە ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەو تاکە کەس و مەرجەعی باڵایە بۆ دانی بڕیارە گرنگەکان و دەتوانێت بێ پرس و تەدبیری سەرانی پەکەکە ئەم کێشە گەورەیە لابەلابکاتەوە. پرسی دیمۆکراتییەت لێرەدا بزرە. یاخود ئەو دەزانێت کە سەرانی پەکەکە یا زۆرینەیان لەگەڵ شەڕدان و لای ئەوان شەڕ ئەگەر وێرانکاریش بێت لە دانیشتن باشترە، لەم بارەشدا پێویست بەوە ناکات کە پرسیان پێبکات بەڵکو بڕیاری خۆیی و سەپاندنی باشترین حەلێکە.

دووەم: گەلێك لە ئەندامانی پەکەکە هەتا لە پلەی باڵادا و لایەنەگرانیشی زۆر بەگەرمی پێشوازی ئەم بانگەوازەی ئۆجەلان دەکەن، بە هەنگاوێکی زۆر باش و دروستی دەزانن و شیکردنەوەی ئەرێیانەی بۆ دەکەن ئەمەش بۆ من یانی ڕەخنەکردنی شەڕەکەیە و گۆڕینی تاکتیك و ستراتیجییەتی پەکەکەیە. ئا لەم بارەدا دوو پرسیار دێتە پێشەوە. یەکەم: باشە خۆ ئەم برادەرانە دەنگ و ڕەنگ وەزنیان لەناو پەکەکەدا هەیە و لە دەرەوەی بەندیخانەشن کە دەبێت بارودۆخەکە باشتر ببینن، کەواتە بۆچی دوای زیاتر لە 4 ساڵ ئەمان هەست بەوە دەکەن کە پێویستە شەڕ ڕاگیرێ و پرۆسەی ئاشتیی بەگەڕ بکەوێت و ئەم شەڕە یەکجار زەرەرمەندە نەکەن و ئەم هەمووکەسە نەبنە قوربانی و ئەم هەموو شوێنە وێران نەکرێن و ئەم هەموو خەڵکە لە زێدی خۆیان هەڵنەکەنرێن و ئەم هەموو دەسکەوتە گەورەیەی کە بەدەستهێنرابوون لە دەستنەچن؟! باشە پاساوی بەردەوامیدان بەم جەنگە وێرانکاریییە چی بوو؟ ئایا بستێك بزوتنەوەی پەکەکە و کێشەی کوردی باکوری بردە پێشەوە یاخود بۆ سی ساڵ بردییە دواوە؟ ئایا ئەمە لێدان بوو لە پرسی کورد لە باکور و لە بزوتنەوەی جەماوەریی لە خودی باکور و تورکیا، یا دەستکەوت بوو؟ دووەم: ئەی بۆچی لە کاتێکدا کە من و زۆرێکی ترمان کە دۆستی نزیک و هاوپشتی کوردانی باکور و ڕۆژاواین و هەر لە سەرەتاوە دەمانزانی وەڵامی ئەردۆگان بە شەڕی چەکداریی بە دەردی ئێستای کورد ناخوات، کەچی لە باشترین حاڵەتدا ناڕەزاییدەربڕین بوو بەرانبەر بۆچونەکانمان و شەڕەکەیان بە شەڕی بەرگریی دەدایە قەڵەم و لە خراپترین حاڵەتیشدا جار جارە تاوانبارکردنمان بوو بەوەی کە خودی ئەو برادەرانە خۆیان ئارەزوویان دەکرد؟
ئەنجامگیریی:
ئەوە ڕاستیە کە ئاکەپە و خودی ئەردۆگان و تەواوی دەوڵەتەکەی لە قەیرانێکی گەورەدان، بەڵام هەر وەکو پێشتریش وتوومە پەکەکەش لە قەیرانێکی زۆر گەورەدایە**. ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵە ئەوەی سەلماند کە سیاسەتەکانی ئەردۆگان لە بەرانبەر دۆست و دوژمنەکانیا، یەکجار سەرکەوتووبووە و سیاسییەکی بە توانا و بە ئەزموونە و حساباتی وردی دوورمەدا بۆ هەموو هەنگاوەکانی دەکات. ئەو ئەوەندە زیرەکانە هەنگاوەکانی ناوە،کڵاوی لەبانسەری هەمویان ناوە هەر بە داعش و بە حکومەتی هەرێم و بەشێکی زۆری گەلی تورکیا و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و و وڵاتانی دەرودراوسێش..

چەندێك ئێمە لە سۆز و ویست و ئارەزووەوە دژ بە دەوڵەتی فاشی تورکیا،بنوسین و قسە بکەین ئەو ڕاستییە ناگۆڕیت کە تورکیا لە پێگەیەکی بەهێزدایە و پەکەکەش لە پێگەیەکی زۆر لاوازدایە. ئۆجەلان ئەم ڕاستییە دەزانێت ئەگەر ئاگربەستییەك نەکرێت ئەوە تورکیا بەو پرۆژەیەی کە پلانی بۆکردووە زۆرێك لە ڕۆژاوا داگیردەکات کە دژ بە خواست و یستی کوردە لەبەرئەوە ڕاگرتنی شەر و سازشکردن لە تەك دەوڵەتی تورکیادا باشترین پلانە تاکو هەرچۆن هەیە لە ماوەیەکی دوورو درێژدا بتوانرێت ئەوەی کە پێش شەڕەکە بەدەستهاتبوو، بەدەستبێتەوە، لە ماوەیەکی زۆر درێژتردا بتوانرێت هەوڵی جێ بەجێکردنی پرۆژەکەی ئۆجەلانیش بدرێت.

ئەمە جگە لەوەی کە ئاگربەستی پەکەکە و وتووێژ لە تەك دەوڵەتی تورکیادا، مەترسی هێڕشی تورکیا بۆسەر ڕۆژاوا دەڕەوێنێتەوە و ڕەنگە پرسی کشانەوەی هێزی تورکیا لە عەفرین لە قۆناخی دووەمی وتووێژدا بخاتە سەر مێزی دانوستاندن لەتەك تورکیادا. سەرەڕای ئەمانەش نەبوژانەوەی داعشیش ئەگەری ڕوودانی دەبێت. زیاتریش لەمانە هێڕشی تۆپ و تەیارەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر قەندیل و دێهاتەکانی بناری و هەروەها هاوپەیمانێتی تورکیا و ئێران و حکومەتی هەرێم ڕەنگە عێراقیش لە پلانی هێڕشکردنیان بۆسەر پەکەکە، ئەگەر کاتیش بێت، لەباربچێت.
بەڕای من ئاکەپە و ئەردۆگان پەلەیان نییە یا رەنگە زۆر بە جددی ئەو بانگەوازەی ئۆجەلان وەرنەگرن، ئەوەش لەبەر بەهێزی پێگەیان و لاوازی پەکەکە کە لەم بارەدا ڕەنگە پیویست بێت کە فشار بخریتە سەر ئاکەپە تاکو بە پیر ئەو بانگەوازەوە بچێت، دیارە جۆری ئەم فشارانەش زۆرن و لە زۆر کەناڵەوە دەتوانرێت بخرێنە سەر دەوڵەتی تورکیا. هاوکایش ئەگەر تورکیا هەر ئامادە نەبێت، وەستانی شەڕ، یەکلایەنە لای پەکەکەوە، هێشتتا لە سەدا هەزار لەو شەڕە دۆڕاوە باشترە لەبەر ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە ناونوسم کردن.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر – لەندەن
16/08/2019

—————————————————————————————————
*مەبەست لە نامەکانی ئۆجەلان : یەکەم نامە لە ڕۆژی 08/08/19 لە ڕێگای پارێزەرەکانییەوە. نامەی دووهەم، ڕۆژی 12/08 بوو کە لە ڕێگای موحەمەدی برایەوە ناردییە دەرەوە.
**http://zaherbaher.com/2019/05/08/دەبێت-پەکەکە-ئەم-هەلە-لەدەستنەدات-پێش
http://zaherbaher.com/2018/01/10/پەکەکە-بەرەو-کوێ-مل-دەنێ؟




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! … مۆری بۆکچین -5- … و: زاهیر باهیر

گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!!
By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی پێنجەم:

ئەفسانەی پڕۆلیتاریا

لێگەڕین با هەموو تەڵاش و پەڵاشەکانی ئیدۆلۆجێتی ڕابووردوو بخەینە لاوە و بێینە سەر ڕەگو وڕیشەکانی گرفتەکە. بۆسەردەمی ئێمە بەشدارییکردنە هەرە گەورەکەی مارکس لە هزری شۆڕشگێڕانەدا جەدەلی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، بووە. مارکس سەرخەتی بزوتنەوەی گەورەی لە کۆمەڵی کۆمۆنیزمی سەرەتایی، بە تێپەڕبوونی بە خاوندارێتی تایبەتیی تاکو کۆمۆنیزم لە باڵاترین فۆرمیا کە کۆمەڵێکی کۆمۆنوێڵییە، کێشاوە و ئەم کۆمەڵەی ئایندەش لەسەر ئازادبوونی تەکنەلۆجیا یاخود تەکنەلۆجیای ئازادانە، خۆی دەگرێت. بە گوێرەی قسەی مارکس ئا لەم بزوتنەوەیەدا مرۆڤ کە لە لایەن سروشتەوە پاوانخواز کراوە، تیدەپەڕێت بۆ پاوانخوازیی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە و لە کۆتایشدا پاوانخوازیی سروشت لە لایەن مرۆڤەوە و دواتریش پاوانخوازی کۆمەڵایەتیش، تێدەپەڕێنێت [5]. لە دووتوێی ئەم جەدەلە گەورەیەوە مارکس دایەلێکتیکی خودی سەرمایەداریی پشکنییوە کە سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە کە دوا “قۆناخی” مێژووییانەیە لە پاوانخوازی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە. ئا لێرەدا مارکس هەر ئەوە نییە تەنها بەشداریکردنی قووڵی بۆ هزری شۆڕشگێرانەی سەردەم، کردبێت ( بەتایبەت لە شیکردنەوە نایابەکەی سەبارەت بە پەیوەندی نێوانی کاڵا، شمەكەکان) بەڵکو عەرزی ئەو ڕێگری و بەربەستە زەمەنی و و شوێنیانەش دەکات کە ڕۆڵیان گێڕاوە و ڕۆڵیش لە داخستن و بەندکردن و سنووردارکردنمان لە سەردەمی ئێمەشدا، دەگێڕن .

جددیترین گرفت و بەربەست لەم هەوڵەی مارکس-دا لەوێوە سەر دەردەهێنێت کە شرۆڤەی قۆناخی گواستنەوەی سەرمایەداریی بۆ سۆشیالیزم، لە کۆمەڵی چینایەتییەوە بۆ کۆمەڵی ناچینایەتیی، دەکات. زۆر گرنگە کە جەخت لەسەر ئەم شرۆڤەیە سەبارەت بەو تێگەیشتنە بکرێتەوە، کە تا ڕادەیەك بە تەواوی بەراوردێکی لێكچوانەیە لە گواستنەوەی قۆناخی فیوداڵیزم و بۆ سەرمایەداریی …ئەویش لە کۆمەڵێکی چینایەتییەوە بۆ کۆمەڵێکی چینایەتی دیکە، لە سیستەمێکی موڵکدارییەوە بۆ سیستەمێکی دیکە. بە گوێرەی ئەو شیکردنەوەیە، مارکس ئەوەی خستەڕوو وەکو چۆن بورجوازی لە هەناوی فیوداڵیزم-دا گەشەیکردووە سەرەنجامی هۆکاری جیابوونەوەی شارۆچکە و دەوروبەرەکەی ( زۆر بە دیاریکراوی لە نێوانی پیشەگەریی و کشتیاریی دا ) هەر ئاواش پڕۆلیتاریای مۆدیرن لەناو هەناوی سەرمایەدارییدا بە هۆی سەرەنجامی گەشەکردنی تەکنەلۆجیای پیشەسازییەوە، گەشەی کردووە. پێماندەڵێن ئەم دوو چینە، بەژەوەدنییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان گەشە پێدەدن، بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییە شۆڕشگێڕییەکەیان پاڵیان پێوەدەنێت کە دژ بە کۆمەڵە کۆنەکە بن کە لێوەی هاتوون. ئەگەر بورجوازی توانیبێتی کۆنترۆڵی ژیانی ئابووری زۆر پێش ئەوەی کۆمەڵی فیوداڵیزم هەڵگێڕێتەوە، کردبێت، هەر ئاواش پڕۆلیتاریاش بە ڕۆڵی خۆی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانەی لە ڕێگای ئەو ڕاستییەوە کە ” بە زەبتوڕەبتە ، یەکگرتووە، ڕێکخراوە”، لە ڕێگای سیستەمی کارگەوە ، بەدەستدەهێنێت[6]. لە هەردوو حاڵەتەکەدا گەشەی هێزی بەرهەمهێنەر ناگونجێت لەتەك سیستەمی تەقلیدی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانا. بەم شێوەیە پرۆسەکە تەواوبوو [ تەکامول] و ئیدی هەڵوەشانەوە دەستیپێدەکات و کۆمەڵی نوێ جێگای کۆمەڵە کۆنەکە دەگرێتەوە.

درێژەی هەیە
…………………………….
5- لەبەر هۆکارە ئیکۆلۆجییەکان ئێمە فکرەی ” پاوانەکردنی سروشت لە لایەن مرۆڤەوە ” لە دەربڕینێکی سادەدا کە چەرخێك لەمەوبەر لە لایەن مارکسەوە بەکارهێنراوە، پەسەند ناکەین. سەبارەت بە مشتومڕکردن لەسەر ئەم کێشەیەش”Ecology and Revolutionary Thought.” ببینە.
6 – سەیرە کە مارکس قسە لەسەر ” پاوەری / دەسەڵاتی ئابوریی” پڕۆلیتاریا دەکات. لە ڕاستیدا ئەمەی کە ئەو دەیڵێت دەنگدانەوەی ئەنارکۆ- سەندیکالیستەکانە، کە هەڵوێستێكە مارکس زۆر شێلگیرانە دژی بوو. مارکس دەربەستی ” دەسەڵاتی ئابووریی” پڕۆلیتاریا نەبووە بەڵکو دەربەستی دەسەڵاتی سیاسیان بووە بە تێبینیکراوی کە پڕۆلیتاریا دەبنە زۆربەی دانیشتوان. ئەو قەناعەتی وابووە ئەوەی کە لە پلەی یەکەمدا کە کرێکارانی پیشەسازیی بەرەو شۆڕش دەبات هۆکارە ڕێگرییە مەتیریاڵەکانە [ مادییەکان] کە بە دووی مەیلی گردبوونەوە یاخود کەڵەکەبوونی سەرمایەدا دێت کە لە لایەن سیستەمی کارگەوە ڕێكدەخرێت و لە لایەن ڕەوتینیاتی پیشەسازییەوە زەبت و ڕەبت دەکرێت ئەوان دەتوانن کە نقابە و لەسەرو ئەوەشەوە پارتە سیاسییەکانیش دروستبکەن ، کە لە هەندێك وڵاتا ناچار دەبن کە مێتودەکانی یاخیبوون بەکاربهێنن. لە وڵاتانی دیکەش ( ئینگلیز ئەمەریکا و لە ساڵەکانی دواتریشا فردریك ئەنجلس فەرەنسەشی بۆ زیاد کرد ) ڕەنگە لە ڕێگای هەڵبژاردن و بە یاساییکردنی سۆشیالیزم بگەنە دەسەڵات. پارتی پێشکەوتووخوازی کار کارامە و خاوەن خەسڵەتی خۆی بوو لە تەحەدای خوێنەردا، ئالێرەدا ئەم پارتە یا چاودێری و تێبینییەکانی مارکسیان وەرنەگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی یاخود بە زەقیی واتاو لێکدانەوەکانی مارکسیان دەشێوان .




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! … مۆری بۆکچین -4- … و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر

بەشی چوارەم:

بەکورتی ئیمە داوامان لێدەکرێت کە بگەڕێینەوە بۆ ڕابوردوو بە لە بەینچونمان لەبری گەشە و ژیانمان بۆ ناچارکردنی هەژاندنی واقیعی ژیانمان. ئەم داوالێکردنەش بە ئومێدی هیوا و بەڵێنەکانیان لە فکرە کۆنە بەسەرچووە مردووەکانی تەمەنێكی پێشینەی بەدوور لە ئێستادایە. داوامان لیدەکرێت کە کار بەو پرنسیپانە بکەین نەك بە تەنها لە ڕوی تیئورییەوە بەسەرچوون بەڵکو بە هۆی پێشکەوتنی خودی کۆمەڵەکە خۆشییەوە. مێژوو نەوەستاوە لەو کاتەوەی کە مارکس و ئەنگلس و لینین و ترۆتسکی مردوون، هاوکاتیش تەنانەت سادەترین ئاراستەش کە وێنە کێشراون لە لایەن بیرمەندەکانەوە بە دوایاندا نەهاتووە … هەرچۆنێك زیرەك و چاک بووبێتن، هێشتا فکر و ئاوەزیان ڕیشەکەی لە چەرخی نۆزدە و یاخود سەرەتای ساڵانی چەرخی بیست دایە.

ئێمە خودی سەرمایەدارییمان دیوە کە ئەدای گەلێك وەزیفە دەدات و بەجێیان دەهێنێت ( لەوانە گەشەکردنی تەکنەلۆجیا بۆ کۆمەكکردن بە زیادکرنی کەرەسەکانی ژیان) کە ئەمە بە مەرجێکی سۆشیالیستی، دانراوە، ” خۆماڵیکردنی ” موڵکییەت و یەککەوتنی یاخود ئاوێتەبوونی دەوڵەت لەگەڵ ئابوریی لە هەر شوێنێکدا کە زەرووری بووبێت، بینیوە . چینی کرێکارانیشمان بینی کە بە ” بریکاری یاخود دینەمۆی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە” دادەنران کەچی بێ لایەنکراون کە تا ئێستاش هێشتا لەتەك هەیکەلی بورجوازیدا لە ململانێدان بۆ کرێی زیاتر، کاژێری کەمتری سەر کار هەروەها بیمە ” جوزئییەکان، لاوەکییەکان” . ئاشکرایە کە ململانێی چینایەتی بە واتا کلاسیکییەکەی بەسەرنەچووە، بەڵکو کرێکاران چارەنوسی زیاتر تالوکەیی و هیلاکەتیان چێشتووە بە خۆگونجاندنیان و بەشداریکردنییان لە سەرمایەداریدا.

خەباتی شۆڕشگێڕانە لە ناو وڵاتانی سەرمایەداریی پێشکەوتوودا بەرەو زەمینەیەکی نوێی مێژوویانە، چووە، بووە بە خەباتی نێوانی نەوەیەك لە گەنجان، لاوان کە قەیرانی درێژخایەنی ئابوورییان، کولتور، بەها و بەنرخێتی قییەم، هەرەوها دەسگەکانی نەوەی کۆن لە کۆنەپارێزان کە دید و سەرنجیان لەسەر ژیان بە هۆی کێشەی کەمی پێداویستیەکانەوە و تاوان و سازشکردن و ئەخلاقی سەر کار و هەروەها هەوڵدان بۆ زامنکردنی کەرەسەکانی ژیان، هیچ کام لەمانەیان نەدیوە.
دوژمنەکانمان تەنها دامەزاراوە بورجوازییە بەرچاوەکان و جیهازەکانی دەوڵەت نین، بەڵکو هەڵوێست و دیدەگایەکن کە کۆمەك و یارمەتیان پێدەدرێت لە نێوانی لیبراڵەکانا، سۆشیالدیمۆکراتەکانا، ئەوانەی کە دووی ماسمیدیای بۆگەن کەوتون، پارتە ” شۆڕشگێڕەکانی” ڕابوردوو کە ڕەنگە دەردەدار و زەرەرمەند بن بەقەدەر ئەوانەی کە دووی مارکسیزم وەکو دین کەوتوون، هەروەها کرێکارانێك کە لە ڕێگای ڕێکخستنی قوچکەیانەی کارگەوە هەیمەنەکراون، لە ڕێگای ڕەوتینیاتی پیشەسازییەوە، هەروەها لەڕێگای ئەخەلاقی سەر کارەوە. هەموو ئەمانە دوژمنمانن.

خاڵێك کە لێرەدا هەیە یاخود گرفتەکە ئەوەیە کەرتبوون و دابەشبوونەکان لە ئێستادا هەموو ڕیزەکانی چینە کلاسیکییەکانیشی گرتۆتەوە، ئەمانە کۆمەڵێك گیروگرفتیان ورووژاندووە کە هیچ کام لە مارکسییەکان کە مەیل و ئاشنایەتی و نزیکییان هەیە لەتەك ئەو کۆمەڵانەی کە بە قۆناخی نوقسانیی پێداویستییەکانا تێپەڕیون، ناتوانن پێشبینی بکەن.

بەکورتی ئیمە داوامان لێدەکرێت کە بگەڕێینەوە بۆ ڕابوردوو بە لە بەینچونمان لەبری گەشە و ژیانمان بۆ ناچارکردنی هەژاندنی واقیعی ژیانمان. ئەم داوالێکردنەش بە ئومێدی هیوا و بەڵێنەکانیان لە فکرە کۆنە بەسەرچووە مردووەکانی تەمەنێكی پێشینەی بەدوور لە ئێستادایە. داوامان لیدەکرێت کە کار بەو پرنسیپانە بکەین نەك بە تەنها لە ڕوی تیئورییەوە بەسەرچوون بەڵکو بە هۆی پێشکەوتنی خودی کۆمەڵەکە خۆشییەوە. مێژوو نەوەستاوە لەو کاتەوەی کە مارکس و ئەنگلس و لینین و ترۆتسکی مردوون، هاوکاتیش تەنانەت سادەترین ئاراستەش کە وێنە کێشراون لە لایەن بیرمەندەکانەوە بە دوایاندا نەهاتووە … هەرچۆنێك زیرەك و چاک بووبێتن، هێشتا فکر و ئاوەزیان ڕیشەکەی لە چەرخی نۆزدە و یاخود سەرەتای ساڵانی چەرخی بیست دایە.

ئێمە خودی سەرمایەدارییمان دیوە کە ئەدای گەلێك وەزیفە دەدات و بەجێیان دەهێنێت ( لەوانە گەشەکردنی تەکنەلۆجیا بۆ کۆمەكکردن بە زیادکرنی کەرەسەکانی ژیان) کە ئەمە بە مەرجێکی سۆشیالیستی، دانراوە، ” خۆماڵیکردنی ” موڵکییەت و یەککەوتنی یاخود ئاوێتەبوونی دەوڵەت لەگەڵ ئابوریی لە هەر شوێنێکدا کە زەرووری بووبێت، بینیوە . چینی کرێکارانیشمان بینی کە بە ” بریکاری یاخود دینەمۆی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە” دادەنران کەچی بێ لایەنکراون کە تا ئێستاش هێشتا لەتەك هەیکەلی بورجوازیدا لە ململانێدان بۆ کرێی زیاتر، کاژێری کەمتری سەر کار هەروەها بیمە ” جوزئییەکان، لاوەکییەکان” . ئاشکرایە کە ململانێی چینایەتی بە واتا کلاسیکییەکەی بەسەرنەچووە، بەڵکو کرێکاران چارەنوسی زیاتر تالوکەیی و هیلاکەتیان چێشتووە بە خۆگونجاندنیان و بەشداریکردنییان لە سەرمایەداریدا.

خەباتی شۆڕشگێڕانە لە ناو وڵاتانی سەرمایەداریی پێشکەوتوودا بەرەو زەمینەیەکی نوێی مێژوویانە، چووە، بووە بە خەباتی نێوانی نەوەیەك لە گەنجان، لاوان کە قەیرانی درێژخایەنی ئابوورییان، کولتور، بەها و بەنرخێتی قییەم، هەرەوها دەسگەکانی نەوەی کۆن لە کۆنەپارێزان کە دید و سەرنجیان لەسەر ژیان بە هۆی کێشەی کەمی پێداویستیەکانەوە و تاوان و سازشکردن و ئەخلاقی سەر کار و هەروەها هەوڵدان بۆ زامنکردنی کەرەسەکانی ژیان، هیچ کام لەمانەیان نەدیوە. دوژمنەکانمان تەنها دامەزاراوە بورجوازییە بەرچاوەکان و جیهازەکانی دەوڵەت نین، بەڵکو هەڵوێست و دیدەگایەکن کە کۆمەك و یارمەتیان پێدەدرێت لە نێوانی لیبراڵەکانا، سۆشیالدیمۆکراتەکانا، ئەوانەی کە دووی ماسمیدیای بۆگەن کەوتون، پارتە ” شۆڕشگێڕەکانی” ڕابوردوو کە ڕەنگە دەردەدار و زەرەرمەند بن بەقەدەر ئەوانەی کە دووی مارکسیزم وەکو دین کەوتوون، هەروەها کرێکارانێك کە لە ڕێگای ڕێکخستنی قوچکەیانەی کارگەوە هەیمەنەکراون، لە ڕێگای ڕەوتینیاتی پیشەسازییەوە، هەروەها لەڕێگای ئەخەلاقی سەر کارەوە. هەموو ئەمانە دوژمنمانن.

خاڵێك کە لێرەدا هەیە یاخود گرفتەکە ئەوەیە کەرتبوون و دابەشبوونەکان لە ئێستادا هەموو ڕیزەکانی چینە کلاسیکییەکانیشی گرتۆتەوە، ئەمانە کۆمەڵێك گیروگرفتیان ورووژاندووە کە هیچ کام لە مارکسییەکان کە مەیل و ئاشنایەتی و نزیکییان هەیە لەتەك ئەو کۆمەڵانەی کە بە قۆناخی نوقسانیی پێداویستییەکانا تێپەڕیون، ناتوانن پێشبینی بکەن.

درێژەی هەیە
……………………………………..




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!!-3- مۆری بۆکچین …و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر

بەشی سێیەم:

سنوری مێژوویی مارکسیزم

ئەو بیرۆکەیەی لای کەسانێك، کە پیاوێك [ بوکچین مەبەستی مارکسە – وەرگێڕ] کە گەورەترین بەشداریکردنی تیئورییستیانەی لە نێوانی ساڵانی 1840 و 1880 کرد، توانیبێتی تەواوی جەدەلییەتی [دیالەکتیکێتی] سەرمایەداریی، “ببینێت” ،ئەوە لە حەقەتدا نەفیکردنەوەی ئاوەزە، لۆژیکە. ئەگەر هێشتا بمانەوێت زیاتر لە دیدی مارکس تێبگەین، هەر ئاواش دەتوانین زیاتر لە هەڵە حەتمییەکانی پیاوێك کە نەدەکرا خۆی لێبپارێزێت فێربین کە هی سەردەمی کەمیی و نوقسانی کەرەسەکان [ مەتیریاڵ] و تەکنەلۆجیا بوون، کە بەدەگمەن بە وزەی کارەبا کاریکردووە، ئەمانەش توانای مارکسیان سنووردارکردبوو.
لە ئێستادا ئێمە دەتوانین فێربین لەوەی کە چەندێك جیاوازی لە نێوانی سەردەمی ئێمە و ئەوەی کە مێژوو بەڕێیکردووە، هەیە، هەروەها ناسین و پێزانینی ئەو ئیمکانییەتەی کە لە ڕوی نەوعییەتەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، کە چ جۆرێک لە پرسە دەگمەنەکان و شیکردنەوە و بەکردەکردنیان، لە بەردەممانا داناوە. ئەگەر بمانەوێت شۆڕشێك بکەین نەك لەباربردنێکی دیکەی مێژووییانە، دەبێت بە ئاگا بین لە هەموو ئەمانە کە ناومان هێنان.

گرفتەکە ئەوە نییە کە مارکسیزم ” مێتودێکە” کە دەبێت لەگەڵ ” بارودۆخە” نوێیەکەدا بگونجێنرێت، یاخود ” neo-Marxism ” دەبێت گەشەی پێبدرێت تاکو سنووردارێتیی ” مارکسیزمی کلاسیکیانە” تێپەڕێنێت. کۆششی ڕزگارکردنی ڕەچەڵەکی یاخود ئەسڵی مارکسیزم بە پێداگرتن یا سەپاندنی مێتودەکانی لەسەر سیستەمەکە یاخود بە زیادرکردنی وشەی ” نوێ – neo ” بۆ سەر وشە پیرۆزەکە [ مەبەستی بوکچین ووشەی مارکسیزمە -وەرگێڕ] ئەوە تەواو نادیار [ غامض] و فێڵێك دەبێت، زیاتر لەوەش، ئەمەش کاتێك ئەگەر دەرنجامە پراکتیکەڵەکانی سیستەمەکە بە شێوەیەکی تەواو لەگەڵ ئەم کۆشش و هەوڵانەدا، ناکۆک بن[3]. دەی ئەمەش دەقاو دەق بارودۆخی شرۆڤەکردنی مارکسیستیەکانی ئەمڕۆیە.

مارکسیستەکان بڕوا دەکەنە سەر ئەو فاکتە کە سیستەمەکە شیکردنەوەیەکی نایابی سەبارەت بە ڕابوردوو خستۆتە بەردەست، ئەمە لە کاتێکدا بە ئەنقەست فەرامۆشی هەڵخەڵەتاندنی تەواوی ڕواڵەتەکانی مامەڵەکردنی ئێستا و ئایندەش دەکەن. مارکسیستەکان پەنا بۆ یەکێتی نێوانی ماتریاڵی مێژوویی و شیکردنەوە چینایەتییەکەی مارکس دەبەن کە لەوێوە شرۆڤەی مێژوو کراوە و دید و تێگەیشتنی ئابووریی لە کاپیتاڵ کە گەشەی سەرمایەداریی پیشەسازیی تیادا خراوەتە بەردەست، هەروەها نایابێتی شیکردنەوەکانی مارکس سەبارەت بە شۆڕشەکانی سەرەتا و ئەو بەرەنجامە تاکتیکیانە کە مارکس بینای کرد بێ ئەوەی بزانرێت و دەرك بەوە بکرێت کە جۆرەکانی کێشە نوێیەکان کە لە ئێستادا هەن، هەرگیز لە ڕۆژانی ئەودا [ مارکس] نەبوون .

ئایا بەڕاستی ئەو گرفتە مێژووییانە و ئەو مێتودانەی شیکردنەوەی چینایەتی کە لەسەر تەواوی بناخەی کەمیی، نوقسانیی پیداویستییەکان کە حەتمی بوون [خۆپاراستن لێیان نەدەکرا] ، کراوە دەتوانرێت لە سەردەمێکی نوێ لە زۆری هەبوونی ئیمکانیاتەکانا شەتڵ بکرێت؟ ئایا لۆژکیانەیە شیکردنەوەی ئابوورییەك کە بە پلەی یەکەم چەقی لەسەر بیدایەتی یا سەرەتای سیستەمی ” ململانێی ئازادانە” ی سەرمایەداریی پیشەسازیی گرتووە، دەتوانرێت بۆ سیستەمی بەڕیوەبردنی سەرمایەداریی بگوێزرێتەوە کاتێك دەوڵەت و مۆنۆپۆڵییەکان یەکدەکەون و ئاوێتەی یەکدی دەبن بۆ یاریکردن بە ئابووریی ژیان؟ ئایا ماقوڵە کە ستراتیجییەت و تاکتیکانەی بەرهەمهێنەر لە فۆرمیلەی سەردەمێك بێت کاتێك کە پۆڵا و خەڵووز بەشێك دەبن لە بناخەی پیشەسازیی تەکنەلۆجیا، بتوانرێت بگوێزرێتەوە بۆ سەردەمێك کە لەسەر بنەمای ڕادیکالانەی سەرچاوەکانی وزە و ئەلەکترۆنەکان و cybernation خۆی گرتووە؟
لە دەرەنجامی ئەم گواستنەوەیەدا، لای ئەمان دەکرێت تێکستە تیئورییەکان کە چەرخێك لەمەوبەر فریاڕەس بوون بگۆڕرێن بۆ چاکەتێکی بەبەراکراوی ئەمڕۆ. هەر بەو هۆکارەش ئێمە داوامان لێدەکرێت کە قورساییمان بخەینە سەر چینی کرێکاران وەکو ” بریکارێك” لە گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەدا لە کاتێکدا کە سەرمایەداریی بە بەرچاوەوە ڕاوەستاوە و بەرگریی لەبوونی خۆی دەکات و شۆڕشگێڕان لە نێو هەموو ئەو توێژاڵانەی نێو کۆمەڵدا بە تایبەت گەنجان، بەرهەمدەهێنێت.
ئێمە داوامان لێدەکرێت ئەو ” قەیرانە درێژخایەنە ئابوریی”یەی کە بە بەرچاوەوەیە بکەینە ڕێپیشاندەری [دەلیلی] مێتودە تاکتیکییەکانمان، گەرچی ڕاسستییەك هەیە ئەوە بۆ ماوەی سی ساڵە هیچێك لەم ئەزمانە، ڕووینەداوە[ 4]. داوامان لێدەکرێت کە “دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا” پەسەند بکەین،… ” سەردەمێکی گواستنەوەی ” درێژ، کە وەزیفەکەی تەنها سەرکوتکردنی دژە-شۆڕش نییە، بەڵکو لەسەرو هەموویەوە بۆ گەشەپێدانی تەکنەلۆجیایە بۆ زیادکردنی کەرەسەکان– لە کاتیکدا ئەم تەکنەلۆجیانە لە ئێستادا لەبەردەستایە.

داوامان لێدەکرێت کە ئاراستەی ” ستراتیجییەت” و ” تاکتیکەکانمان” بەرانبەر برسێتی و نەبوونیی هەروەها بارودۆخی هەژاریی ئابووریی، بکەین، لە کاتێکدا کە هەست و سۆزی شۆڕشگێڕیی زادەی بێ بایاخی و ناگرنگی ژیان لە سای مەرجەکانی یا بارودۆخی زیادیی ماتیریاڵەکاندایە.
داوامان لێدەکرێت کە پارتە سیاسییەکان، ڕێکخستنە نێوندگەرییییەکان، قووچکەیی هەروەها دەستەبژیرە ” شۆڕشگێڕەکان” دروستبکەین لەتەك دەوڵەتێکی نوێ لە کاتێکدا دەسگە سیاسسییەکان هەموو چوون یەك بۆگەنیان کردووە، ئەمانە هەمووی لە کاتێکدا کە نێوەندگەریی، دەستەبژێرێتی و دەوڵەت، بوونەتە جێگای پرسیار تا ئەو ڕادەیەی کە پێشتر هەرگیز لە مێژوی کۆمەڵی قوچکەییانەدا ئەمە نەبووە.

درێژەی هەیە.
……………………………………..
تێبینییەکان:
3 – پێش هەموو شتێك مارکسیزم تیئوریێکی پراکتیکانەیە، یاخود خستنە بەردیدی پەیوەندییەکانە لە پێگەیەکی دروستەوە و لە بە کردەکردنی تیئوەکە. ئەمە تەواوی واتای تەحەولە دیالەکتیکییەکانی مارکسن، ئەمەشی لە بابەتی ڕەهەندگەراییەوە وەرگرتووە( لە کاتێکدا هیگلییە لاوەکان هێشتا لە هەوڵی ئەوەدابوون ڕوانگەی هیگل سنووردار بکەن) لە ڕەخنەیەکی فەلسەفییەوە بۆ چالاکییەکی کۆمەڵایەتی، بۆ ناو خودی بابەتەکە خۆی. ئەگەر تیئوری و پراکتیك لەیەك جیاببنەوە ، ئەمە کوشتنی مارکسیزم نیە، بەڵکو ئینتیحارێتی. هەوڵ و کۆششی شێوێنەرە دووکەوتەکانی مارکس کە بە ئاگا بوون لە مارکس، دەیانویست سیستەمەکە بە زیندویەتی لەگەڵ تێکەڵەیەك لە ڕێكخستنەوە و دروستکردنەوە و نیوە ناچڵییەك لە ” مەعریفەیەکی” بەدەستهێنراو بهێلنەو، وەکو ” à la Maurice Dobb و George Novack کردیان کە ئەمەش سوکایەتی و هێنانەخوارەوەی ناوی مارکسە، تۆز و غوبارێکی پیسی بێزراوە لەسەر هەموو شتێك کە مارکس باوەڕی پێی بووە .
4 – لە ڕاستیدا مارکسیستەکان ئەم ڕۆژانە زۆر بە کەمی قسە لەسەر ” قەیرانی درێژخایەنی سەرمایەداریی ” دەکەن… وێڕای ئەو ڕاستییەی کە ئەم چەمکە خاڵی بناخەیی و بەیەکەوەگرێدراوی تیئورە ئابورییەکەی مارکس پێكدەهێنێت.




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!! … مۆری بۆکچین-2- و: زاهیر باهیر

By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر
بەشی دووەم:

ئەم هەوڵ و پەرۆشیی و بەدووچوونە لە ڕابوردویەك کە زەمانەت و ئاسایشی هەبووە، ئەم کۆششە لە دۆزینەوەی بەهەشتێك لە بڕوایەکی دۆگمایی بێ ڕۆحدا، لە ڕێکخستنێکی هیرراشیانەی جێگرەوەی بیر و هزرێکی خولقێنەر و پراکتکردنێکی زیندووانەدا، ئەمانە تاڵترین بەڵگەن بۆ زانینی ئەوەی کە زۆرێك لە شۆڕشگێڕان کەمتر دەتوانن لە ” خۆشۆڕشگێڕکردنی خۆیان و شتەکانا ،” تاکو لە بە شۆڕشگێڕکردنی تەواوی کۆمەڵ. ڕەگی قوڵی مەیلی کۆنەپارێزێتی لە “شۆڕشگێڕان”ی باڵی پێشکەوتوخوازی پارتی کار، PLP [1] تا ڕادەیەکی زۆر بەڵگەی ئازاراوین ، کە سەرکردە و ڕابەری دەسەڵاتخواز و هیرراشییەت شوێنی باوكسالاریی و بیرۆکراسی قوتابخانە دەگرێتەوە ، زەبت و ڕەبت [دسپلینی] لە بزوتنەوەکەدا جێگای زەبت و ڕەبتی کۆمەڵی بورجوازی دەگرێتەوە، کۆدی دەسەڵاتخوازانەی جەماوەری گوێگری سیاسیانە جێگەیی دەوڵەت دەگرێتەوە، پەیامی بیروباوەڕی ” مۆراڵی پڕۆلیتاریانە” جێگەی نەریتی ئەخلاقی کارکردن و puritanism دەگرێتەوە [puritanism : دەستەیەك لە ئینگلیزە پرۆستانتەکان بوون لە چەرخی شازدە و حەڤدەدا بەدوای پاکێتی/ پوختەییدا (نقییەتی) دا دەگەڕان تاکو کەنیسەی ئینگلەند لە هەڵسوکەوت و خووی ڕۆمانە کاسۆلیکییەکان پاکبکەنەوە ..- وەرگێڕ] توخم و دیاردەکانی کۆمەڵی [کۆمەڵگە] چەوساوە لە فۆرمە نوێیەکاندا دووبارە دەردەکەوێتەوە کە خۆی لە ئاڵایەکی سوورەوە پێچاوە، بە وێنە و تابلۆی ماوتسیتۆنغ و ( یاخود کاسترۆ یا گێڤارا) دیکۆر و نەخشێنراون، هەروەها بە ” کتێبە سوورە” بچوکەکە لەگەڵ پەیام و دەستەواژەی دیکەی پیرۆزدا، زەخرەفەکراوە.

زۆرینەیەك لە خەڵك کە ئەمڕۆ لە PLP دان ، شایستەی ئەوەن. ئەگەر ئەوان بتوانن لەتەك بزوتنەوەیەکدا بژین بە دروشمە تایبەتییە گاڵتەجاڕییەکانیانەوە کە لەتەك لەقتەکانی تەپڵدا بروات [2 ] ، ئەگەر ئەوان لە توانایاندایە کە گۆڤارێک بخوێننەوە کە پرسیاری ئەوە دەکات ئایا مارکۆس ” پۆلیس بووە یا پۆلیسێکی نابەرپرسیار ” ، ئەگەر ئەوان قەبوڵی ” زەبت و ڕەبتێك” بکەن کە بۆ ئاستی یاریکەرێکی یاری پۆکەر دایانبەزێنێت کە لە دەمووچاویا هەست و جوڵەی نەخوێنرێتەوە، بە بەرنامەیەکی ئۆتۆماتیکی پڕۆگرام کرابێت، ئەگەر ئەوان بتوانن لە ناشیرینترین تەکنیكەکانی ( تەکنیکەکانی کە لە زێرابی پرۆسەی بزنسی بورجوازیی و پەڕلەمانتاریزم) لە هەڵخەڵاتاندنی ڕێکخراوەکانی دیکە، بەکاربهێنن، ئەگەر بتوانن هەموو چالاکییەك و خودی بارودۆخەکە کە تەنها تەشەنە بە گەشەکردنی پارتییەکانیان دەدات، لە کار بخەن – هەتا ئەگەر ئەمە بەزاندن و تێشکانی خودی چالاکییەکانی خۆیان بێت- ئەگەر ئەمان بتوانن هەموو ئەمانە بکەن ، ئەو کاتە ئەوان قێزەوەن و بێزراون. بۆ ئەو کەسانە کە هەموویان ‘سوورن’ و خۆیان بە سوور دەزانن، باسی هێڕشکردنە سەریان وەکو ڕاوکەرانی ‘سوور’ ببینن، ئەمە شێوازێکە لە شێوازەکانی McCarthyism بەڵام بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە [McCarthyism هەڵمەتێکی بەهێز بوو دژی ئەوانەی کە گوایە کۆمۆنیستن لەناو حکومەتی ئەمەریکا و دەزگەکانی دیکەدا، ئەم هەڵمەتەش لە لایەن سێنەتەر جۆزیف مەکاسییەوە لە نێوانی ساڵانی 1950 بۆ 1954 ، دەستیپێکرد.

زۆرێک لەوانەی کە تۆمەتبارکران خرانە لیستی ڕەشەوە و کارەکانیان لە دەست دا، گەر چی بەڵگەیەك نەبوو کە ئەوانە سەر بە پارتی کۆمۆنیستبوون] . ئا لێرەدا دەتوانین هەمان داڕشتنەوەی بڕگە شیلاوییەکەی ترۆتسکی سەبارەت بە ستالینیەت بەکار بهێنین کەدەلێت: ئەوانە نەخۆشی سفلیسن، pallidum ن لە بزوتنەوەی ڕادیکالانەی لاوانی ئەمڕۆدا، بۆ ئەم نەخۆشییەش تەنها چارەسەرێك هەیە ئەویش بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیکە نەك لیدوان و مشتومڕ.
پەرۆشیی ئێمە لێرەدا بۆ ئەو شۆڕشگێڕە شەریفانەیە کە ڕوویانکردۆتە مارکسیزم، لینیننزم، یاخود ترۆتسکیسزم، لەبەرئەوەی ئەوان زۆر بە جددی دووی دیدێکی کۆمەڵایەتی مەحکەم، هەروەها ستراتیجییەکی کارا و هەژموندار لە شۆڕشدا، کەوتوون . هەروەها ئێمە نیگەرانین دەربارەی ئەوانەی کە سەرسامن بە چەکی تیئوری ئایدۆلۆجی مارکسییەت و لە بزریی [غیابی] جێگرەوەیەکی زیاتر مەنهەجیانە، بەخێرایی دەستبەرداری دەبن.

ئیمە بانگەوازی ئەوانە دەکەین کە وەکو برا و خوشکی خۆمان دەیانبینین و داوای لێدوان و مشتومڕێکی جددیانە و هەڵسەنگاندێکی هەمەلایەنانەی تەواو دەکەین. ئێمە باوەڕمان وایە کە مارکسیزم دەستەوەسانە و دەستنادات بۆ ئەم سەردەمەمان نەك لەبەر ئەوەی کە زۆر دیدمەند و شۆڕشگێڕانەیە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە دیدمەندیی و شۆڕشگێڕیی تەواوی [ کافیی] تیادا نییە. ئێمە باوەڕمان وایە کە مارکسیزم بۆ سەردەمی کەمیی یاخود نوقسانیی پێداویستییەکان لەدایك بووە و ڕەخنەیەکی یەکجار چاك و نایابی سەردەمەکە بووە بەدیاریکراوی لە سەرمایەداریی پیشەسازیی، بەڵام بۆ لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێ، دامەزراو و تەواو نەبووە و پێشبینییەکان تەنها یەكلایەنانە و جوزئیانە بووە. کێشەی ئێمە ئەوە نییە کە مشتومڕی “لاوەخستنی” مارکسیزم بکەین یا بانگەشەی ” لەکارکەوتنی” بکەین، بەڵکو دەمانەوێت لە ڕووی جەدەلییەوە[دیالیکتی] تێپەڕی بکەین، هەر وەکو چۆن خودی مارکس فەلسەفەی هییگلییەکانی، ئابوریی ڕیکاردۆکانی، تاکتیکی بلانکییەکان و شێوازی ڕێکخستنەکانیانی، تێپەڕاند. ئێمە پێویستە ئەرگویمێنتی قۆناخێکی پێشەوەچوو لە سەرمایەداریی، بکەین، زیاتر لەوەی کە مارکس چەرخێك لەمەوبەر لە تەکیا کردویەتی، هەروەها قسە لەسەر قۆناخێکی پێشکەوتووتر لە تەشەنەکردنی زیاتری تەکنەلۆجیا بکەین، لەوەی کە ئاشکرایە مارکس توانیبێتی پێشبینی بکات.

هەر لەبەر ئەمەش ڕەخنەی نوێ زەروورییە کە ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی بانگەوازی مۆدێکی نوێی تێکۆشان و خەباتکردن دەکات یا داخوازی جۆرێك لە ڕێکخستن، لە پاگەندە و جۆری ژیان، دەکات. بۆ ئەم بارودۆخە تازەش چۆن ئارەزوو دەکەیت ناوی لێ بنێ، بەڵام ئێمە ئەم بەرخوردە نوێیەی پاش سەردەمیی کەمیی، نوقسانیی پێداویستییەکان بە ئەنارکیزم ناودەبەین، ئەم ناولێنانەش بە هۆی ژمارەیەک هۆکاری زەروورییەوە هەڵدەبژێرین و بەڵگە موقنیعەکانی ڕوونکردنەوەی ئەمەش، لە لاپەڕەکانی دواترا دەخەینەڕوو .
درێژەی هەیە
…………………………………………………………………………..
تێبینییەکان:
1- ئەم چەند دێڕە کاتێك نوسراون کە باڵی پێشکەوتووخوازی پارتی کار (PLP) هەژموونێکی گەورەی لەسەر SDS هەبوو. گەر چی لە هەنووکەدا ئەم پارتە زۆری هەژموونی خۆی لەسەر بزوتنەوەی قوتابییان لەدەستدا بەڵام ئەم ڕێکخستنە هێشتا نموونەیەکی باش لە مێنتەڵێتی و بەها لەناو چەپی کۆنا، پێشکەش دەکات. ئەو باس و خواسەی سەرەوە بە هەمان شێوە ڕاستە بۆ گروپە مارکسیی- لینینییەکان، هاوکاتیش ئەم پەڕەگرافە و ئاماژەکردنەکانی دیکەش بۆ باڵی پێشکەوتووخوازی پارتی کار لە جەوهەردا نەگۆڕاون.

2- بزوتنەوەی نقابەی شۆڕشگێڕ بەشێك بوو لە ڕابتەی کتلەی کرێکارانی شۆڕشگێڕ لە شاری دیترۆیت- ئەمەریکا، کە لە ڕاستیدا بزوتنەوەیەکی حیلاویی بوو.




گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!!…موری بۆکچین-١-

گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!!
By Murray Bookchin
و: زاهیر باهیر

بەشی یەکەم:

لە ئێستادا هەموو بەرماوە خراپەکانی ساڵانی سییەکان وەکو قسەی گوواوی ” هێڵی یا ڕیزی چینایەتیی”، ” ڕۆڵی چینی کرێکاران” ، ” کادیرانی بە ئەزموون” ، ” پارتی پێشڕەو” هەروەها ” دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا”، سەریهەڵداوەتەو. هەموو ئەمانە چڕتر لە سەردەمی پێشتر و لە فۆرمێکی خراپ و ناتەندروستا هاتوونەتەوە ئاراوە. باڵی پێشکەوتوخوازی پارتی کار (The Progressive Labor Party ) PLP ، بە تەنها نموونەیەك نییە لەم بوارەدا، بەڵکو خراپترینیانە. دەتوانرێت بۆنی هەمان گوو لە لقە جیاوازەکانی SDS ،سۆشیال دیمۆکرات و مارکسییەکان و یانە سۆشیالیستەکان لەناو بینای زانکۆکانا، بکرێت، ئەوە هەر باس لە گروپە ترۆتسکییەکان و یانەکانی سۆشیالیستی نێونەتەوەیی و گەنجانی دژ بە جەنگ وفاشیزم، هەر مەکە.

لانی کەم لە ساڵانی سییەکانا ، ئەو کاتەی کە ئەمەریکا بەهۆی قەیرانێکی گەورەی ئابوورییەوە کە قوڵترین و درێژترین قەیران بوو لە مێژوودا پەکیکەوتبوو [ئیفلیجبووبوو]، ئەم قسەو باسانە بەهەرحاڵ. ئەو کاتە تەنها هێزگەلێکی زیندوو کە لە گۆڕەپانەکەدا دەبینران و بەگژ دیوارەکانی کاپیتاڵیزمدا دەچوونەوە ڕێکخستنە گەورەکەی کۆمیتەی رێکخراوی کرێکارانی کارگە بوو، کە بەشێك بوون لە نێونەتەوەیی CIO کە مەیل و ئاڕاستەی جەنگاوەریی ڕادیکالیانەیان هەبوو.
ئەوان لە پشت مانگرتنە ئاشکرا و گەورەکانەوە بوون، لەگەڵ پۆلیسدا لە ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناویدا بوون. ژینگەی سیاسییانە لە سەراپای دونیادا بە هۆی پریشك و ڕۆشنایی وزەی جەنگی ئەهلی ئیسپانیاوە تینی تێزایەوە، کە دوا شۆڕشی کلاسیکیانەی کرێکاران بوو، کاتێك بوو کە هەر هەموو شانەیەکی ڕادیکال لە چەپە ئەمەریکییەکان دەتوانرا لە ڕێگای تابوورە میلیشیاکانی خۆیانەوە لە مەدرید و بەرشەلۆنە خۆیان ببیننەوە.

ئەوە 30 ساڵ پێش ئێستا بوو [ بوکچین ئەم تێزەی لە ساڵی1969 نوسیوە کە بەندێکە لە کتێبی Post Scarcity Anarchism – وەرگێڕ ] . ئەوەش ئەو کاتە بوو کە هەرکەس بیتوانیایە هاواری دەکرد ” سێکس بکە، نەك شەر بکە” ئەمەش ناوازە دەبینرا، بۆیە دواتر هاوارەکە گۆڕرا بۆ ” کار، ئیش ئافریندە بکە نەك شەڕ” هاواری سەردەمێك بوو کە بارگاوی بوو بە نەبوونی و شتکەمی. ئەمە لەکاتێكدا بوو کە بەدەستهێنانی سۆشیالیزم پێویستی بە ” قوربانیدان” و هەروەها ” قۆناخی گواستنەوە” بوو بۆ ئابوورییەك کە دەستەبەری زۆریی کەرەسە [مەتیریاڵە] پێداویستییەکانی بکردایە. بۆ منداڵێکی هەژدە ساڵان لە ساڵی 1937 دا [ بوکچین مەبەستی خۆیەتی کە لەو ساڵەدا تەمەنی 18 ساڵ بووە -وەرگێڕ] تێگەیشتنی یاخود چەمکی cybernation بۆ ئەو وەکو فەنتاسیایەکی زانستی کێویانە وابووە، فەنتاسیایەك بوو وەکو بە بەراورد بە گەشتکردن بۆ فەزا، بووە.

ئەو منداڵە هەژدە ساڵە ئێستا پێی ناوەتە تەمەنی پەنجا ساڵییەوە، ڕەگەکانی لە سەردەمێکی دوور کە زۆر جیاوازە لەم واقیعەی ئێستای ئەمەریکا، داکوتاوە. خودی سەرمایەدارییش لەوکاتەوە گۆڕاوە، شێوازگەلێکی جیاوازی چەسپیوی زیاتری وای بەخۆوە گرتوە کە سی ساڵ لەمەوبەر پشبینکردنیان گرانبوو. کەچی ئێستا داوامان لێدەکرێت کە بگەڕێینەوە بۆ ” ڕیزی چینایەتی یا هێڵی چینایەتیی” و ” ستراتیجییەکان” و ” کادرەکان” و هەروەها شێوازێك لە ڕێکخستنی ئەو سەردەمە دوورە کە ئەمەش فەرامۆش کردن و خۆدزینەوە و خۆبەدوورگرتنە لە پرسە نوێیەکان و گریمانەکان، کە سەریان هەڵداوە.

بۆ خاتری …؟ باشە ئێمە کەی دەتوانینن بزوتنەوەیەك ئافریندە بکەین کە ئایندە ببینێت لەبری ڕابوردوو؟ کەی دەتوانین لەوەوە فێربین کە دێتە دونیاوە نەك لەوەوەی کە دەمرێت؟ لێرەدا دەکرێت ستایشی مارکس بکەین، کە ئەو هەوڵی دەدا لە ڕۆژی خۆیدا ئەوە بکات. ئەو لە بزوتنەوە شۆڕشگێرییەکەی سالانی 1840 و 1850 هەوڵی دا کە ڕۆحێتی ئایندەگەریی، ببزوێنێت. “ترادتسوێنی هەموو نەوە مردووەکان وەکو کابوسی خەو قورسایی خۆی لەسەر مێشکی زیندووەکان، داناوە ” [مارکس لە هەژدەی برۆمێر- لویس بۆناپارت ] ” وادەردەکەوێت کاتێك کە خۆیان سەرقاڵکردووە بە شۆڕشگێڕکردنی خۆیان و شتەکانەوە لە خولقاندنی شتێکا کە بە تەواوی نوێیە، ڕێك ئا لەم سەردەمی قەیرانی شۆڕشگێڕییەدا ئەوان پەشۆکاوانە داوای ڕۆح و ئیلهامەکانی ڕابوردوو بۆ خزمەتکردنی خۆیان بە قەرزکردنی ناوەکانیان، دروشمی جەنگەکانیان و نەریتیان، دەکەن، تاکو نواندن و نمایشی نوێی مێژوی جیهان ئا لەم وەختە بەسەر چووەدا بەم زمانە موزەیەف و سەپێنراوە، پێشکەش بکەن. بەم شێوەیە Luther ماسکی Apostle Paul پۆشی و وێنە و کڵێشەی شۆڕشەکەی 1789 بۆ 1814 ئاڵان لە خۆیەوە جارێك وەکو کۆماری ڕۆمانەکان و جارێکیش وەکو ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانەکان ، شۆڕشەکەی 1848 بۆ خۆی شتێکی باشتری لە ساتێرێک پێنەبوو، هەر ئاواش شۆڕشەکەی ساڵی 1789 و ترادیسۆنەکەی 1793 تاکو دەگاتە 1795…. شۆڕشی کۆمەڵایەتی چەرخی نۆزدە ناتوانێت وێنەی تابلۆکان لە ڕابوردوو بکێشێت، بەڵکو تەنها لە ئایندە دەتوانێت.

ناتوانێت دەستبەکاربێت پێشئەوەی پوچگەراییەکان کە پەیوەستن بە ڕابوردووە لەخۆی دانەماڵێت.. . شۆڕشی چەرخی نۆزدە بۆ ئەوەی بگاتە ئامانج و ناوەرۆکی خۆی، دەبێت لێگەڕین مردووەکان، مردووەکان بنێژن. لەوێدا بڕگەکە جەوهەر و ناوەرۆكەکەی تیێپەڕان، بەڵام لێرەدا جەوهەر و ناوەرۆکەکە بڕگەکە تێدەپەڕێنێت.” 18ی برۆمێر- مارکس.
لە کاتێکدا کە بەرەو چەرخی بیستوویەك دەچین ئایا گرفت و کێشەکانی ئەمڕۆ جیاوازییەکیان هەیە لەتەك سەردەمی پێشوودا؟ جارێکی دیکەش مردووەکان دێنەوە نێوانمان و گاڵتەجاڕیانە ڕێدەکەن، خۆیان بە ناوی مارکسەوە دەناسێنن، ئەو پیاوەی کە ویستی مردووەکانی چەرخی نۆزدە بنێژێت. بەم جۆرە شۆرشی ئەمڕۆمان هیچی باشتری پێ ناکرێت جگە لە لاسایی کردنەوەی شۆرشی ئۆکتۆبەر لەگەڵ جەنگی ئەهلی 1918 – 1920 بە یارمەتی و هاوکاریی ‘هێلی یا ڕیزی چینایەتی’ یەکەیەوە لەگەڵ ‘پارتە بۆلشەڤیکەکەی و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاکەشییەوە. ئەمەش بە جەختکردنەوە لەسەر نەریتی ئیلتیزامی ئەخلاقیانە لەژێر دروشمی ‘دەستەڵاتی سۆڤیەت’ دا، بەڕێدەچێت.

تەواوکردنی هەموو لایەنەکانی شۆڕشی ڕۆژانێك کە تیایدا دەژین ، سەرەنجام دەتوانێت پرسە مێژووییەکەی ” پرسی کۆمەڵایەتی” کە زادە و لەدایکبووی سەرەدەمی نەبوونیی و کەمیی پێداویستییەکان و پاوانکردن و کۆمەڵی هیرراشیەتە/ قووچکەییە، لابەلابکاتەوە. ئەمەش بە دووکەوتنی ترادیسوێنی شۆڕشە بچوکە تەواونەبووەکان کە یەكلایەنانە بوون و لە ڕابووردوودا ڕوویانداوە و و ماونەتەوە بۆ ئێستا، کە تەنها شێوازی ” پرسی کۆمەڵایەتیی” سیستەمێك بە یەکێكی پاوانخوازی هیرراشی دیکە، گۆڕیوە. لە کاتێکدا کە خودی کۆمەڵی بورجوازیی لە پرۆسەی یەکاڵابوونەوەی [ هەڵوەشاندنەوەی] چینە کۆمەڵایەتییەکاندایە، ئیدی سەقامگیری بە خۆی داوە، ئێمە گوێمان لە داخوازییە بێفەڕە بەتاڵەکانی، وەکو ” ڕیزی یا هێڵی چینایەتی” دەبێت.

لە سەردەمێکدا کە سەراپای دەسگە سیاسییەکانی کۆمەڵی هیرراشی کە پێدەنێنە سەردەمێکی بۆگەنی قوڵەوە، ئا لەو کاتەدا ئێمە گوێبیستی داخوازییە بێکەڵکەکانی وەکو ” پارتێکی سیاسیی” و ” دەوڵەتێکی کرێکاریی” دەبین. لە کاتێکدا کە هیرراشییەت/ قوچکەیەت دەبنە جێگای پرسیار، گوێدێری داخوازی ” کادیران” و ” پێشڕەوان” و ” ڕابەران و سەرکردان” دەبین. لە کاتێكدا کە نێوەندگەرایی و دەوڵەت گەیونەتە حەدی خاڵی تەقینەوە لە مێژووی نەرێیانەیاندا، ئێمە گوێمان لە داخوازی توڕەهاتی: “بزوتنەوەیەکی نێوەندگەرایی” و ” دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” دەبێت.

درێژەی هەیە…..




پاوانکردن / هەیمەنە … زاهیر باهیر

پاوانکردنی [هەیمەنە] تاك بۆ تاکی دیکە بناخەیەك بوو بۆ پاوانکردنی چینێك بۆ چینی دیکە یا بۆ چینەکانی دیکە ، ئەمیش بە ڕۆڵی خۆی بەردی بناخەی دەوڵەتی دانا بۆ پاوانکردنی هەموو کۆمەڵ.
دەرککردن بەوەی سەرەوەش من دەگەیەنێتە ئەم سەرەنجامە :
یەکەم : کۆمەڵی هیرراشیەت / قوچکەیی بناخە بووە بۆ دانانی کۆمەڵی چینایەتی. واتە سەروەرێتی و باڵادەستی یەکەم قۆناخی کۆمەڵ بووە نەك سەروەرێتی چیانیەتی کە لە ڕێگای ئابوورییەوە [ ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە] بووە. بەم پێوەدانەش لەناوبردنی کێشەی چینایەتی مەرج نییە یەکسەر کێشەی باڵادەستی و سەرەوەریی کۆمەڵی قوچکەیی لەناو بەرێت.
دووەم: ئەگەر هیرراشیەت دایکی کێشەی چیانیەتیی بێت کەواتە هیرراشییەت چوارچێوەیەکی گەورەیە و کێشەی چینایەتیی بەشێکە و بەشێکی گەورەیە لێیی . لەم بارەشدا بە لابەلاکردنەوەی کێشەی چیانیەتی کە بەشێکی گەورەیە لەناو ئەو چوارچێوەیەدا مەرج نییە کێشەی تەواوی چوارچێوە گەورەکە کە باڵادەستیی و سەروەرییە ، یەکسەر لەبەین بچێت.
سێیەم: ئەوەی کە ئەم کۆمەڵەی هێڵاوەتەوە هەبوونی ئەو شێواز و ناوەرۆکەیە کە ڕێکخستنی تەواوی دەزگە و دامەزراوەکانی ناو کۆمەڵە کە لە بنەوەی کە بە خێزان دەستپێدەکات تاکو سەری سەرەوە کە دەوڵەتە لەسەر بناخەی هیرراشیانە / قوچکەییانە دامەزراوە کە پایە و ڕاگری گەورەی سیستەمەکەیە . لای من ئەوەی کە زەبت و ڕەبتی تاکەکان دەکات و بەو شێوەیەیە دەیانهێڵێتەوە زەبت و ڕەبتی کار و سەر کار نییە، بەڵکو گوێڕایەڵیی و بەجێهێنانە.
چوارەم: مەرج نییە کە مێژوی بوونی کۆمەڵ ، مێژوی تێکۆشانی یاخود ململانێیی چینەکان یاخود چینایەتیی بووبێت. یاخییبوون، ملنەدان ، بەگژاچونەوەی سەروەرێتیی ، باڵادەستیی ، سەپاندنی ڕاو فرمان [ئەمر] ، هەموو ئەمانە زۆر پێش یاخیبوون سەبارەت بە ململانێی چیایەتی کەوتووە و ڕۆڵی خۆی بینیوە .

زاهیر باهیر – لەندەن
03/07/2019




دەوڵەت … نووسینی جۆزیف پرۆدۆن-11

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:
بەشی یازدە، کۆتایی:


بەرەنجام:

دەوڵەت دەستورێك، دامەزراوەیەکی دەرەکییە لە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی.
دەستورەکە لە پرنسپڵدا وای فەرزدەکات کە کۆمەڵ ئافریندەی مێشك و ئاوەزە، بێبەشە لە خۆڕسکێتی، لە بە تەنگەوەهاتن، لە یەکێتی، بەم هۆکارەش خەڵکی بۆ کاروبارەکانیان پێویستیان بە هەڵبژاردنی دانەیەك یا زیاتر لە بەربژێرەکان هەیە، یاخود نوێنەرایەتیکردنیان لە ڕێگای میراتیی و جێگرتنەوەوە، ئەمە گریمانێکی ناڕاستە کە بناخەی گەشەسەندنی ئابووریی کۆمەڵ هەروەها ڕێکخستنی مافی گشتی دەنگدان هاودەنگن لە نیشاندانیی ئەم ناڕاستیەدا.
دەستورەکەی دەوڵەت لەوە زیاتریش دەسەپێنێت لە ئامانجیا کە دووژمنایەتی یاخود حاڵەتی جەنگ جەوهەرییە و بارودۆخێکە مرۆڤایەتی ناتوانێت خۆی لێ لادات، ئەو هەلومەرجەیە کە جیاوازی نێوانی بەهێز و لاوازی زەروور کردووە، دەستوەردانی زۆرەملەی دەسەڵاتە بۆ کۆتاییهێنان بە خەبات و تێکوشانیان بە بەکارهێنانی کۆی هەموو جۆرە داپڵۆسین و سەرکوتکردنێك. ئێمە لەم بارەدا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەین کە پەیامەکەی دەوڵەت کۆتایی هات لە ڕێگای دابەشکردنی کار و هاریکاریی ئەوانەی لە پیشەسازییدا کار دەکەن. ئارەزوومەندی و داخوازی خۆشگوزەرانیی و هەروەها یەکسانی دابەشکردن لە سەرمایە و لە سیستەمی باج، ئازادیی و دادوەریی کۆمەڵایەتیی، ئەمانە دڵنیاییەك مسۆگەردەکەنەوە کە زیاترە لە هەر شتێك لەوانەی کە دەتوانن لە لایەن دین و دەوڵەتەوە دەستبکەوێت. هەرچیش سەبارەت بە گواستنەوەی ئەرێینانەی دەوڵەتە، ئێمە وای دەبینین کە وەکو خەیاڵێکی ناکۆکە لە لایەن ترادیسۆنی حکومدارێتی بە مەیلی شۆڕشگێڕانە و توانای زیاتر پەسەندکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان. لە هەموو حاڵەتێکدا دەڵێین ئەوە ئازادییە بە تەنها کە دەسەڵات ڕێکدەخاتەوە کە لە هەنووکەدا هاوتایە یا یەکسانە بە دەرکردنی تەواوی دەسەڵات.

وەک سەرەنجام، یان شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بوونی نییە، یان ھیچی دیکە نابێت حکومەت ھەبێت، ئەوەش چارەسەری ئێمەیە بۆ گرفتی سیاسی.
…………………………………………………………………………………..

*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




دەوڵەت … نووسینی جۆزیف پرۆدۆن … 10 — و: زاهیر باهیر

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:


بەشی دە:

با لەمە گەڕێین، میتافیزیقیا وازلێبێنین و بگەڕێینەوە بۆ مەیدانەکانی ئەزموون ، تاکو ئەوەی کە پێویستمانە بە Louis Blanc و Pierre Leroux بڵێین.
تۆ وا نیشانیدەدەیت و دڵنیایی ئەوە دەکەیتەوە کە دەوڵەت، حکومەت، دەتوانێت و دەشبێت سەراپای خۆی لە پرنسپەکانیا، لە جەوهەریا، لە کردار و ئەدایا، لە پەیوەندیا لە تەك هاووڵاتیانا، بگۆڕێت. ئاشکراشە بە کردنی ئەم کارەش ئیدی دەوڵەت وەکو دەوڵەت نابووت [موفلیس] دەبێت و دەوڵەتێکی ساختە دەبێت. بە قسەی ئێوە دەکرێت دەوڵەت سەرچاوەی سەرەکی متمانە بێت، کە لە کاتێکدا دەوڵەت بۆ چەند چەرخێك دوژمنی مەعریفە بووە و هەتا لە ئێستاشدا هەر دوژمنی مەعریفەی سەرەتایی و ئازادیی چاپەمەنی و ڕۆژنامەوانییە.

وەزیفەیەتی کە گوایە بە فەرمی مەعریفە بۆ هاووڵاتیان دابینبکات، ئەمەش دوای ئەوەی کە دەستبەرداری بازرگانی، پیشەسازیی، کشتیاریی هەرەها هەموو ماشێنەکانی بەدەستهێنانی سامان، دەبێت، تاکو بە خۆیان گەشەبکەن بە بێ یارمەتی دەوڵەت، هەتا زۆر جار وێڕای بەرگرییکردن و بەرهەڵستیی دەوڵەت، ئەمە ڕوودەدات. ئەو، هەموو ئەمانە ئیدارەدەدات تاکو دەستپێشخەری لە هەر هەموو بوارەکانی کاردا بکات وەك چۆن لە دونیای فکرەکانا دەیکات، ئەمەش واتای دووژمنایەتیکردنی ئەبەدی ئازادیییە، دەخوازرێت ئازادیی هەر بۆ خودی خۆی[خودی دەوڵەت] نەبێت، بەڵکو ئازادیی ڕاستەوخۆ ئافریندە بکات. ئەمە گۆڕانێکی زۆر جوانی دەوڵەتە کە بەڕای ئێوە شۆڕشی هەنوکەییە .

ئەمە زانیاری ناردروستی ئەم دوو پیاوەیە دواتریش دوو ئیلتزام بەدووی یەکدیدا دەسەپێنن: لە پێگەی یەکەمدا، بۆ بنیاتنانی ڕاستیی گریمانەکانتان بە نیشاندانی شەرعییەتە تەقلیدیەکەی و دەرخستنی تایتڵە مێژویەکانی هەروەها گەشەسەندنە فەلسەفییەکەی، لە جێگای دووهەمدا خستنە پراکتیکییەوە.

ئێستا ئەوە دەردەکەوێت کە هەردووکیان: تیئورییەکەش و عەمەلییەکەش لای ئێوە گریمانن، کە بە فەرمی بە خۆی ئایدیایەکی ناکۆکە و ناکۆکیشە لەتەك ڕاستییەکانی ڕابوردوو و هەرئاواش زۆر ناکۆکە لەتەك مەیل و نەزعەکانی بەشەریییەت، کە ئەسڵبوون و ناکۆکیان لەسەر نەبووە.

ئێمە دەڵێین تیئورەکەت لە خودی خۆیدا پڕن لە ناکۆکی، هەر لەو کاتەوەی کە خۆی ئاوا دەردەخات کە ڕای ئازادیی دروستکردنی دەوڵەت، دەدات، ئەمە لە کاتێکدا کە پێچەوانەی ئەوەیە کە خودی دەوڵەت ڕیگای ئازادیی بدات. لە ڕاستیدا ئەگەر دەوڵەت خۆی بەسەر ویست و ئارەزووما بسەپێنێ، ئەو کاتە دەوڵەت سەروەرە و منیش ئازاد نیم ، تیئورەکەت ناتەواوە و کورتی هێناوە.

تیئورەکەت ناکۆکە لەتەك ڕاستییەکانی ڕابووردوودا ، ئەمە ئاشکرایە هەر وەکو خۆتانیش دانی پیادادەنێن کە هەموو شتێك لە مەیدانی چالاکییەکانی مرۆڤەوە بەرهەمدەهێنرێت بە لایەنە پۆزێتیڤەکەیەوە، لە باشەوە تا دەگاتە کاراکتەرێکی جوان، ئەوە بەرەنجامی ئەو ئازادییە تەواوەیە کە سەربەخۆ لە دەوڵەت پیادەدەکرێت، هەروەها تا ڕادەیەکی زۆر هەمیشەش لە دژایەتی دەوڵەتایە کە ئەمەش بە ڕاستەوخۆ بەرەو پێشنیاری ڕوخاندنی سیستەمەکەتان دەڕوات. ئازادیی لە خودی خۆیدا کافییە و پێویستی بە دەوڵەت نییە.

لە کۆتاییدا دەڵێین تیئورەکەت بە مانیفێستی مەیل و ڕێڕەوەکانی سیڤەڵایزەیشن [ مەدەنییەت ] ناکۆکە، لەبری بەردەوامی ئیزافەکردنی زیاتری ئازادیی تاك و ڕێز و حورمەتیان و بەکردنی ڕۆحی هەموو مرۆڤێك بە گوێرەی ڕوانگەی کانت، لە وێنەیەك لە کڵێشەیەك لە سەراپای مرۆڤایەتی، کە لەو بارەدا هەر یەکەش ڕۆحی جەماعیانەی لەخۆگرتووە. تۆ کەسێك کە تایبەتمەندی خۆی هەیە ژێردەستەی کەسێکی دیاری مەشووری دەکەیت، تۆ ‘تاك’ ڕادەستی گروپەکە دەکەیت، تۆ هاووڵاتیی لە دەوڵەتا نوقم دەکەیت.

ئەمە مافی تۆیە و تۆیت کە هەموو ئەو ناکۆکییانە بسڕیتەوە بە گوێرەی ئەو بنەمانەی کە هەتە بۆ باڵادەستی ئازادیی و هەروەها بۆ دەوڵەتیش. ئێمە ئەوانەین کە هەر بە سادەیی نکوڵی لە دەوڵەت دەکەین، ئەوانەیین کە بە جددی بەدووی هێڵەکانی ئازادییەوەین و بە دڵسۆزیمانەوە بۆ پراکتیکی شۆڕشگێڕانە دەمێنینەوە- بۆ ئێمە نییە کە ناڕاستێتی گریمانەکانت نیشانبدەین، ئێمە چاوەڕوانی بەڵگەکانتین. دەوڵەتی سەروەر وجودی خۆی لە دەستداوە تۆ هاوڕای ئێمەیت و دانت بەوەدا ناوە. سەبارەت بە دەوڵەتی خزمەتکاریش نازانین ئەوە ڕەنگە چۆن ببێت، ئێمە باوەڕی پێناکەین چونکە وەکو دووڕویی باڵادەستیی و سەروەرییە. دەوڵەتی خزمەتکار لای ئێمە لەوە دەکات کە هەر هەمان شتبێت وەکو خزمەتکارێتی دۆستێك [عەشیقەیەك] ، کە ئێمە خوازیاری نین.

لەبەر ڕۆشنایی فکری ئێستامانا لامان باشترە کە ئازادیی لە هاوسەرگیرییەکی شەرعیدا دروستببێت. ئەگەر دەتوانیت شرۆڤەی ئەوە بکە کە دوای هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت لە ڕێڕەوی ئەم خۆشەویستییەوە بۆ ئازادیی، ئێمە لە کۆتاییدا بۆچی بۆ هەمان خۆشەویستی بگەڕێینەوە بۆ دەوڵەت؟ هەتا ئەو کاتەی تۆ ئەم گرفتە لابەلا دەکەیتەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە دەربڕینی ناڕەزاییی دژی هەموو حکومەتێك، هەموو دەسەڵاتێك ، هەموو پاوەرێك، ئێمە هەڵوێستمان بەردەوام دەبێت بەرانبەر هەموویان و دژ بە هەموویان دەبین، لە پێناوی ڕێز و حورمەتی ئازادییدا. ئێمە پێتان دەڵێین کە ئازادیی لای ئێمە ئێستا بە دەستهێنراوە، ئەوە تۆی کە ڕۆڵی یاساکانی Melior est conditio possidentis دەزانیت. ئێستا کاتێتی کە پێناسە و سەردێرەکانی خۆت بۆ ڕێکخستنەوەی حکومەت دیاری بکەیت، دەنا حکومەت نییە.

درێژەی هەیە….
……………………….
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




دەوڵەت … نوسینی جۆزیف پرۆدۆن

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:
بەشی نۆ:
111- سەبارەت بە چارەنوسی نادیاری یاخود شاراوەیی دەوڵەت.

دوا فەرەزییەی ئارەزوومەندانی دەوڵەت لە هەڵکشانایە، یەکێك لە دیمۆکراتە ساختەچییەکان [موزەیەفەکان] دەڵێت ئەو بیانوەی کە پاساوی پێدەدرێت کە دەوڵەت هەتا ئێستا هەر تەنها ڕۆڵی مشەخۆریی بینیوە لە تەك زۆرداری و زوڵمدا، ڕاست نییە و ناکرێت ئەوە بە تەنها هۆکارێك بێت لە نکوڵیکردنی و ڕەتکردنەوەی ڕۆڵیدا، چونکە ڕێڕەوی دەوڵەت وەکو ئۆرگانێکی بنەڕەتییە لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنان، لە ئاڵووێڵکردنا[ تەداول]، دەستپێشخەری [موبادەرەکردن ] ئازادیی و یەکسانییە.

لای ئەوان [ لای Louis Blanc و Pierre Leroux – وەرگێڕ] دەوڵەت هەر بۆ ئازادیی و یەکسانییە . دەوڵەت متمانە و پشتیوانە [ ڕەسیدە].

بەڵام لە ڕاستیدا بازرگانیی ، کشتوکاڵ / کشتیاریی و هەروەها پیشەسازیی و پیشەسازییکردن دەوڵەتە.
کەناڵەکان، هێڵی ئاسنینی شەمەنەفەرەکان، کانەکان [ مەناجم] ، کۆمپانیاکانی بیمە [تەئمین]، هەروەها فرۆشیارەکانی تووتن و پۆست ئۆفیسەکان، هەموویان دەوڵەتن .
پەروەردە وپێگەیاندنی گشتی دەوڵەتە.
دەوڵەت لە دۆخی باشییدا هەموو خەسەڵەتە نەرێینەکانی دەشارێتەوە و خۆی بە خەسڵەتی ئەرێیانە دەپۆشێت و دەپێچێتەوە، خۆی لە سەرکوتکەرەوە، لە مشەخۆرەوە هەروەها لە کۆنەپارێزییەوە [موحافیزکارەوە] کە هەمیشە وابووە دەگۆڕێت بۆ ڕێکەخەرێك، بۆ بەرهەمهێن و خزمەتکار کەواتە ئەوە فیوداڵیزمە و خۆی نوێکردۆتەوە، دەزگەی هەڕەمیی جەمعییەکانی پیشەسازییە و خۆی ڕێکخستووە و پۆلینەی خۆی بەگوێرەی فۆرمیلەیەکی بەهێز کردووە کە نهێنی ئەوە Pierre Leroux هێشتا لەبەرچاومانی شاردۆتەوە.

بەم شێوەیە ڕێکخەرانی یاخوازیارانی دەوڵەت سەبارەت بە دەوڵەت هیچ شتێکیان لا نییە، تەنها لە گریمانێکەوە دەڕۆن بۆ گریمانێکی دیکە گوایە دەوڵەت دەتوانێت سروشتی خۆی بگۆڕێ و وەرچەرخاندن لە خۆیدا بکات. ئەمەش وەکو ئەوەیە کە قسە لەسەر گۆڕانی شەیتان بە سەرۆکی مەلائیکەکان، بێت، بە تێپەڕینی چەند چەرخێکی ژیانی، دەوڵەت لە ڕێگای خوێن و سەربڕینەوە وەکو دڕندەیەکی کێوی، ئیتر دەتوانێت خۆراکی ئینجانە و ڕوەکەکان و ئاسکەکان بدا، بەرخەکان ئاوس بکات. ئەمە وانەی Louis Blanc و Pierre Leroux سەبارەت بە دەوڵەت، وەکو زۆر دەمێك لەمەوبەر وتومانە هەموو ئەمانە نهێنی سۆشیالیزمن.

” وشەکانی سەرپەرشتیکەر [وەلی ئەمر]، بە دەستودڵیی، حکومەتی خۆتەرخانکەر، ئەمانە لای ئێمە وەکو دروشمێکە، ئەو وشە قوڵمانایانە قسەی نێو ‘ ئینجیلە- بایبڵ’ ن. باشە کێ لە ئێوە دەبێتە پێشڕەو و کێ دەبێتە خزمەتکاری هەموان . هەرچی ئێمەشین ڕقمانە لە بێبەشبوون [مەحرومبوون]، گەندەڵیی، حکومەتی داپلۆسەر کە خەڵکی وەکو نێچیرێك ناچار بە ڕاوکردن لەلایەن خۆیەوە دەکات. ئێمە سەرسامی ئەوانەین کە بەدەستودڵن بەشێکی زیندوون لە مرۆڤایەتی، ئێمە خۆشحاڵ نین بەوانەی کە وەکو بەشێك لە مردوانن. ئێمە یاخیدەبین و دەچینەوە بە گژ بێ ڕێزیی و سوکایەتی و جەردەیی کە لە ئایدیاکانی دەوڵەتی سەروەرن، ئێمە چەپڵە لێدەدەین بۆ ئەوانەی کە بەر دەگرن، بەرهەمدەهێنن و بەڕێزن کە لە ئایدیاکانی دەوڵەتی خزمەتکارن. لەوەش باشتر باوەڕێکە و هەزار جاریش خۆشەوەیستترە لە ژیان – باوەڕەکەمان لە بەرەوڕووبونەوە و دواقۆناخی گواستنەوەی دەسەڵاتدایە ، ئەوەش ڕێڕەوی سەرکەوتنە لە دونیای کۆنەوە بۆ دونیای نوێ. هەموو حکومەتەکانی ئەوروپا ئەمڕۆ لەسەر ئایدیای دەوڵەتی سەروەر ڕاوەستاون ، بەڵام بێ ئومێدانە سەما دەکەن ، سەمای مردن ”
Nouveau Monde,” November 16, 1849.
Pierre Leroux باوەڕدارێکی پەیگیرە بەم ئایدیانە، ئەوەی کە خوازیارێتی، ئەوەی کە ئەو وانەی لەسەر دەڵێتەوە، ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکات ئەوە نۆژەنکردنەوەی دەوڵەتە، بەڵام ئەو پێی نەوتوین ئەم نۆژەنکردنەوە لە کوێ و لەلایەن کێوە بکرێت و چۆن کارا بێت، هەر وەکو چۆن خۆازیار و بانگەشەی نۆژەنکردنەوەی کریستانەتی دەکات بێ ئەوەی هێشتا باوەڕەکەی پێناساندبێتین و بانگەوازی دەلیلی مەزهەبەکەشی کردبێت.
ئێمە پێچەوانەی Pierre Leroux و Louis Blanc ، باوەڕمان وایە کە تیئوری وەلی ئەمریێتی، بە دەستودڵیی، خۆتەرخان کردن، بەرهەمهێنان، دەستپێشخەریی، ڕێکخراوییبوون، ئایدیای لیبراڵ و دەوڵەتی گەشەکردوو، هەموویان خەیاڵیە [ یوتۆپیا] وەهمێکی تەواوی پوختی [ نقیی] ڕوانگە و بینینی فکر و ڕۆشنبیریی هەردوکیانە. ئێمە وای دەبینین Pierre Leroux و Louis Blanc هەر یەکەیان وەکو پیاوێكن کە لە سەر ئاوێنەیەك ڕاوەستابێت و پێچەوانە ڕواڵەتی خۆی ببینێت و وانیشانی دەدات کە ئەم ڕواڵەتە ڕۆژێك دێت دەبێتە ڕاستینە و جێگای ( لە دەربڕینەکەمان بمانبەخشن) وێنە سروشتییەکەی دەگرێتەوە.

ئەمە ئەوانەیە کە ئێمە لەم دوو پیاوە جیادەکاتەوە، کە بەهرە و خزمەتەکانیان، لە وتنی هەرچییەکدا هەیە، ئێمە هەرگیز خەومان بە نکوڵی لێکردنیانەوە نەبینیوە، بەڵام ئیمە بە سووربوونیان یا پێداگرتنەکەیان [عینادی] کە لەسەر وڕێنەکانیان دەیکەن، دڵگرانین. ئێمە بڕوامان بە دەوڵەتی خزمەتکار نییە ئەم چەمکە بۆ ئێمە چەمکێکی ناکۆکییانەی ئاشکرایە.
خزمەتکار و سەروەر لە دەوڵەتدا، یاخود دەوڵەتی سەروەر و دەوڵەتی خزمەتکار چەمکێکی هاومانان، هاوشێوەن و تەواوکەری یەکدین هەر وەکو چۆن ئەم چەمکە زۆر یاخود کەم بۆ یەکسانییش بەکاردەهێنرێت. خاوەنموڵك، دارا ، لە ڕێگەی سوودی سەرمایەوە خوازیاری زۆرتر و نایەکسانییە؛
کۆمونیزم، بەگوێرەی بنەمای ” هەر کەس بە گوێرەی پێویستییەکانی”، بە کەمتر
لە یەکسانی بواردەدات: نایەکسانیی هەمیشەیی؛ لەبەرئەوەیە کە ئێمە نە
کۆمونیستین و نە دارا.
بە هەمان شێوەش هەرکەس دەڵێت دەوڵەتی سەروەر ئەوە باس لە زەوتکردنی دەسەڵاتی گشت/ خەڵک دەکات، هەرکەسیش باس لە دەوڵەتی خزمەتکار دەکات، ئەوە باس لە نوێنەرەکانی دەسەڵاتی خەڵک دەکات، کە خەڵک هەمیشە نەیارن بەم دەسەڵاتە، چونکە دەسەڵات هەر دەسەڵاتە و هەمیشەش دەسەڵاتێکی دەرەکییە، دەسەڵاتێکی زاڵمە کە پێویستیش بکات ناتوانرێت بگۆڕرێت، دەسەڵاتێکە ناگوێززرێتەوە بۆ هاووڵاتیان ، هەمیشەش زۆر یا کەم ئازادیی تیادا نییە . ئەمە ئەو هۆکارەیە کە ئێمە دژی دەوڵەتین .

درێژەی هەیە
……………………….
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




دەوڵەت — 8 — نوسینی جۆزیف پرۆدۆن

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:

بەشی هەشت:

Jean Jacques ئایدیایەکی خەمخۆرانەی هەبوە سەبارەت بەجنسی مرۆڤ دەربارەی جەوهەر و بوونی، پێگە و کامڵێتی، ئاراستە و داهاتویان. ئەو ئاوای دەبینێت کە کیتلەیەکی گەورە لەو تاکانەی کە بە زەروورە بەهۆکاری نایەکسانی هێزی جەسەدی و ڕۆشنبیرییەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکی بەردەوام لە ڕێگای ڕوتکردنەوە لە لایەن کاری ئاڵووێڵکرنەوە، یاخود زۆرداری و زاڵمی کەمایەتییەکەوە، بوون. ئەم بیرۆکەیە کە ئەو دەیگێڕێتەوە بەڵگەی فەلسەفەیەکی کۆنەپەرستانەیە ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی بەربەریزم، کاتێك کە توخمە ڕاستینەکانی ڕژێمی کۆمەڵایەتی ونبوون و بەجێهێڵراون بۆ بلیمەتەکانی یاسادانەر ئیتر ئەو کاتە هیچ مێتودێکی کارکردن، یاخود چالاکیکردنێك ئەوە لە هێز ناپارێزێت کاتێك کە دەسەڵاتێکی باڵادەستی هەڕەشەکەر و تۆڵەسەنەرەوە دەردەکەوێتەوە کە لای هەمووان ئاشکرایە کە ئەو دەرکەوتنە سەرەنجامی تێکچونی ڕابوردووە، پەڵە یا لەکەیەکی بنەچەیییە[ئەسڵی]. بە گوێرەی تەواوی بیرکردنەوەمان وای دەبینین دەزگە سیاسییەکان و دادوەرییەکان وەکو دەستەواژەیەکی ڕوون هەروەها فۆرمیلەیەکی کۆنکرێتی لە ئەفسانەی شکستیی و تێشکانن، سڕی قوربانیدان و قودسییەتی گەڕانەوە و تۆبەکردنن. زۆر جێگای سەرسوڕمانە کە دەبینرێت خۆ بەسۆشیالیستزانەکان دووژمن یاخود مونافسەکانی کڵێسە و دەوڵەتن، کۆپی ئەوانە دەکەنەوە کە قسە بە دین دەڵێن یا کوفر دەکەن کە سیستەمی نوێنەرایەتییە لە سیاسەتا و عەقیدە شکستخواردووەکەی دینە.

لەو کاتەوەی ئەمانە لەسەر مەزهەب[دۆکتەرین] زۆر قسە دەکەن، ئێمە بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوە دەکەین، ئەو قسانە هی ئێمە نین. لە ڕوانگەی ئێمەوە هەلومەرجە مۆراڵییەکەی کۆمەڵ بەگوێرەی هەلومەرجە ئابورییەکە بە هەمان پێوانە گۆڕانی تیادا دەکرێت [ مۆدیفای دەکرێت] و باشدەکرێت. مۆراڵی کێویانە، بێدەربەستیی و خەڵکانی ناچالاك هەردووکیان یەكشتن، خەڵکانی کارگەر و هونەرمەندان شتێکی دیکەن. سەرەنجامیش زەمانەتە [ گرەنتیی] کۆمەڵایەتییەکان کە یارمەتی سەرکەوتنی لایەنی یەکەم دەدەن زۆر جیاوازترن لەوانەی کە لە لایەنی دووهەمدا سەرکەوتن دروستدەکەن. لە کۆمەڵێکدا بەهۆی گەشەسەندنی ئابورییەکەیەوە کە تا ڕادەیەك خۆڕسکانە دەگوێزرێتەوە، لەوێدا چیتر لاواز و بەهیز نییە، ئەوەی هەیە تەنها کرێکارانن کە توانا و هێزیان، ئامرازی مەیلی بەردەوامبوونیانە لە ڕێگای هاریکاری پیشەسازییان و زامنێتی ئاڵوگۆڕ [ تەبادول] بۆ هاوتابوونیان. دڵنیاییکردنەوەی ماف و فرمانی هەر یەکێك بەنابەدڵیی، خەیاڵێکە دەتباتەوە بۆ ئایدیای حکومەت و دەسەڵات کە بێ هیواییەکی قوڵ لە ڕۆحەکاندا دەداتە دەست، ئەوەی کە دەمێکە بە پۆلیس و قەشایەتی و پایەکانی ترسێنراوە: سادەترین پشکنینێك لە خەسڵەتەکانی دەولەت کافییە بۆ نیشاندانی نایەکسانیی لە سامانا، هەبوونی داپڵۆسین و چەوساندنەوە، جەردەیی، هەژاریی و نەبوونی کە میراتی ئەبەدیمان نیین. بۆ ئەوەی ئەمە تێپەڕینین یەکەم دەبێت ئەم جۆری نەخۆشی پێستە [leprosy] لە ڕیشە دەربهێنرێت، دوای چەوساندنەوەی سەرمایەداریی، یەکەم تاعونیش کە دەبێت پاکتاو بکرێت، دەوڵەتە.
لە ڕاستیدا بودجە لە نێو دەستێکدایە، کە ئەویش دەوڵەتە.

دەوڵەت بریتییە لە سوپا ڕیفۆرمخواز ئایا دەتانەوێت کە سوپا داکۆکی لە ئێوە بکات؟ ئەگەر ئاوایە، ئایدیاکەت سەبارەت بە ئاسایشی گشتی، ئایدیای قەیسەرەکان و ناپلیۆنییەکانن. ئێوە کۆماریی نین، بەڵکو ئێوە زاڵم و زۆردارن .
.
دەوڵەت پۆلیسە، پۆلیسی شار، پۆلیسی دەرەوەی شار، پۆلیسی سەر دەریاکان و ناو جەنگەڵەکان. ڕیفۆرمخواز، ئایا پۆلیس-ت پێویستە؟ کەواتە ئایدیاکەت بۆ فرمانداریی و ڕژێمە، سەرچاوەکەی Fouché’s, Gisquet’s, Carussidière’s هەروەها M. Carlier’s. یە،ئیدی ئێوە دیمۆکراتی نین. ئێوە سیخوڕن .
دەوڵەت سیستەمێکی تەواوی قەزاییە، دادوەریی لە ئاسایش –دا ، دادگاکانی نێوانی خاوەنکار و کرێکاران بۆ ناکۆکییەکانیان، لە نموونە و هەنگاوی یەکەمدا، دادگاکانی ئیستیئناف، دادگا لە بواری هەناردەکردن و بوارە بازرگانییەکان، دادگای هەڵوەشانەوە ” نەقز” [ نەقز: کە جۆرێك لە دادگاکانی چەرخی هەژدەبووە- وەرگێڕ] ، دادگای باڵا، ئەنجوومەنی شارەوانی، ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەنجوومەنەکانی جەنگ. ڕیفۆرمخواز، ئەم هەموو دەزگە و سیستەمی قەزاییەتان پێویستە؟ گەر وایە ئایدیاکەتان سەبارەت بە داد و دادوەریی لە M. Baroche’s, M. Dupin’s, هەروەها Perrin Dandin’s وەرگرتووە. ئیوە سۆشیالیست نین، بەڵکو ئێوە ئەوانەن کە زۆر بە باشی لایەنگریی ڕووکەشییە فەرمییەکانن.

دەوڵەت خەزێنەیە، بودجەیە. ڕیفۆرمخواز، ئێوە ئارەزوی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی باج نین؟ کەواتە ئایدیاکەتان سەبارەت بە سامانی گشتی هی M. Thiers’s کە بە بیرکردنەوەی ئەو بودجە هەرە گەورەکان، باشترینیانن. ئێوە ڕێکخەری کار نین، بەڵکو ئێوە پیاوانی فەرمی کۆکەرەوەی باجن و پارێزەری یاسان. دەوڵەت، ئۆفیسی یاخود خاڵی گومرگە. ڕیفۆرخواز، ئایا ئێوە بۆ پاراستنی ‘کار’ ی نیشتمانی / نەتەوەیی ، پێویسستان بە فرمانی جیاواز و toll-houses هەیە؟[ toll-houses هێمایە بۆ قەداسەتە ئەرسەدۆکسەکانی کۆن سەبارەت بە حاڵەتی ڕۆح یەکسەر لە دوای مردن- وەرگێڕ] . کەواتە ئایدیاکەتان سەبارەت بە مامەڵە و بازرگانیی و سوڕەکانی، هی M. Fould’s و M. Rothschild’s. هەر ئاوا ئێوە نێردراوێکی/ پەیامهێنەرێکی برایانە، نین ، بەڵکو ئێوە جولەکەن.[ لە مێژوودا جولەکە بە زەنگین و ساماندار ناسراون خەڵکێکی زۆر لەژێر زەبروزەنگی دانەوەی سوو بە جولەکەکان دەیانناڵاند. ڕەنگە زۆربەمان چیرۆکی شایلۆکی شکسپیرمان بیستبێت کە نمونەیەكە لە دەیەها نموونە لە جولەکە سووخۆرەکان- وەرگێڕ].

دەوڵەت کۆی قەرزی گشتیە، قەرزی خەڵکە، سکەی پارەیە، صندوقی پڕیی پارەیە، خەزانەی پاشەکەوتکردنی دراوە …تد. ڕیفۆرمخواز ئایا ئەمانە بناخەی زانستەکەتانە؟ کەواتە ئایدیاکەی ئێوە سەبارەت بە ئابووریی کۆمەڵایەتیی هی MM. Humann, Lacave-Laplagne, Garnier-Pagès, Passy, Duclerc, و پیاوی چل تاجاننMan with Forty Crowns ، ئێوە Turcaretن [Turcaret: کۆمیدیایەك بوو بۆ یەکەم جار لە لایەن Alain-René Lesage لە پاریس لە ساڵی 1709 دا پێشکەش کرا -وەرگێڕ] .

دەوڵەت بریتییە لە هەموو ئەمانە، بەڵام دەبێت بیوەستێنین. بە ڕەهایی شتێك نییە، شتێك نییە لە دەوڵەتا کە باش بێت، لەو دامەزراوە هەرەمییەوە هەر لە تەپڵی سەرییەوە هەتا بەری پێی بیگریت، شتێکی نییە کە خراپ نەبێت، خراپ بەکار نەهێرابێت، کە ڕیفۆرم ناکرێن، بەڵکو مشەخۆرێکە دەبێت لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵکەنرێت، ئامرازێکی زوڵم و زۆردارییە کە دەبێت تێكبشکێنرێت. کەچی ئێوە بە ئێمە دەڵێن دەبێت پارێزگاری لێبکەین بۆ فراوانکردنی وەزیفەکانی، یاخود زیادکردنی دەسەڵاتی. ئێوە بڕۆن ئەوە بکەن، ئێوە شۆڕشگێڕ نین، ئەوەی ئێوە بۆ شۆڕشگێڕانی ڕاستینە لە جەوهەردا سادە و ساکار و لیبراڵییەتە. ئێوە سەرسوڕهێنەرن ،حیلەباز و فاڵچین، ئێوە فزولین.

درێژەی هەیە
……………………………………..
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.

خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.

درێژەی هەیە
…………………………..




دەوڵەت … نوسینی جۆزیف پرۆدۆن…و: زاهیر باهیر …. بەشی7

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:

بەشی حەوت:

ئەوە ئاشکرایە . دەوڵەت نوێنەری کۆمەڵە و لە دەرەوەی کۆمەڵ ڕێکخراوە بۆ پاراستنی لاواز لە بەرانبەر بەهێزا، بە واتایەکی دیکە، بۆ پارێزگاری ئاشتی نێوانی ناڕازییەکان و ئەوانەی پاریزگاری لە نیزام دەکەن . وەکو بینیمان زۆری نەویست کە Louis Blanc مەبەست و هۆکاری بوونی دەوڵەت و ئامانجی ئاشکرا بکات، کە دەتوانرێت شوێنەوار یاخود سەرچاوەکەی لایGrotius, Justinian, Cicero لای هەموو ئەو نوسەرانەشی هەر کات لەسەر مافی گشتی نوسیبێتیان، بدۆزێتەوە. ئەوە ترادیسۆنی Orphic-ە [ ئەو ناوەیە کە دراوە بە کۆمەڵێك خەڵکی ئیماندار کە پراکتیکیان کردوە، ئەسڵی ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵی یۆنانی کۆن و کۆمەڵی هێلینستییەکان-وەرگێڕ] کە پەیوەستە بە Horace وە [ پێشەنگی شاعیران لە سەردەمی Augustus. –وەرگێڕ] .

[ ئەمەی خوارەوە کۆپلەیەکە لە هەڵبەستەکانی بە زمانی لاتینی، منیش وەرمگێڕا بۆ ئینگلیزی و لە ئینبگلیزییەوە کردومە بە کوردی . ڕەنگە هیچ مانایەکی ئاوا نەدات بۆ خوێنەر، بەڵام من نەمویست فەرامۆشی بکەم- وەرگێڕ] :-

ئاژەلی جەنگەڵەکان پیرۆزن بۆ خوداکان .
کوشتن و پەیڕەوی سیستەم و جۆری خواردن Orpheus ڕادەوەستێنێت
دەڵێن ئەو، شێر و پڵنگی ماڵیی کردووە و کۆنترۆڵی هێڕش و دڕندەییانی کردووە
دەستنیشانکردنی Amphion و Thebes citadel
دەنگی وەکو تاری ئامرازەکانی مۆسییقا و جوڵاندنی بەردەکان،بووە بەمە دەیویست نوێژکەران بەرەو سەرسامبوون بەرێت

Orpheus” وەکو کەسێکی ئاسمانی، وەکو ئیلاهییەك، یاخود وەرگێڕێكی ]موتەرجیمێكی[ خوداکان، بانگەشەی پیاوانی لە ناوجەرگەی دارستان و جەنگەڵەکانەوە کردوە و مێشکی پڕ کردون لە ترسی وێنەی کوژراوان و گۆشتی مرۆڤی مردووان. ئەم کارەشی سەرەنجام ئەو شۆرەتەی داوەتێ، کە ئەو شێر و پڵنگەکانی ماڵیی و دەستەمۆکردووە هەر وەکو دواتر بە Amphion, دۆزەرەوەی Thebes وتراوە [Thebes : ناوی یۆنانییە بۆ شارێکی کۆنی میسر، شوێنەوارەکەی کەوتۆتە سەر ڕوباری نیل ، 420 میل لە خواروی قاهیرەوە – وەرگێڕ] وتراوە، بەهۆی دەنگە کاریگەرییە بە سۆزە شیعراوییەکەیەوە بەردەکانی جوڵاندووە و بەهۆی سیحری نوێژەکەیەوە پێشڕەویی کردوون بۆ ئەو شوێنەی کە خۆی ویستویەتی”

ئەو سۆشیالیزمەی کە ئێمە دەیزانین و دەیناسین داخوازی و هەوڵی ئەندێشەی زۆریی خەڵکانێکی دیاریکراوی ناوێت. بەڵام ئەوان بەتەواوی لاسایی ئەفسانە کۆنەکان دەکەنەوە، کۆپی مەزهەبی کاسۆلۆکیی دەکەن ، هاوکاتیش خوتبەی دژایەتکردنیشی دەدەن، ئەوان هەڵدەزنێن بە دەسەڵاتا و لاسایی دەسەڵاتداران دەکەنەوە و دواتر لەتەکیانا دەکەونە غەرامیات، دوای ئەوەش بە هەموو هێزی خۆیان دەقیڕێنن: ئازادیی، یەکسانیی، برایەتیی، بەم شێوەیە سوڕەکە کۆتایی دێت. ئیدی یەکێك بە وەحیدار دەردەچێت، یەکێك بوەتە ڕیفۆرمکەر، یەکێ دی دیمۆکراسیی و موسڵیحی نوێکەرەوەی کۆمەڵایەتیی، یەکێ تر ناونراوە کاندیدی وەزارەت لە گەشە و پێشەوەچوونا- نا نا، تەنانەت یەکێکیش هەیە بۆ سەرۆکی دیکتاتۆرییەتی کۆمارییش.
کەواتە بە دانپیانانی Louis Blanc ، دەسەلات زادە و لە دایکبوی بەربەریەتە، ڕێکخراوی دەوڵەت شاهیدی دڕندەیی و توندوتیژی حاڵەتێکن لە نێوان پیاوانی سەرەتای سروشتییەکانا- بە نەبوونی تەواوی بازرگانی و پیشەسازیی[ پرۆدۆن بە تەوسەوە ئەمە بە لویس بلانك دەڵێت –وەرگێڕ]. بۆ ئەم وەحشگەرییەش دەوڵەت دەبوایە هەڵوێستی هەبوایە و ڕاوەستایە دژ بە هێزی هەر یەك لە تاکەکان و کاردانەوەی هەبوایە، ئەمەش بە باڵادەستبوونی هێزێکی توانادار لە غیابی ئارگویمێنتێکی دیکەدا هەر دەکرا، تاکو ئارەزووەکانی مەیسەر بکات. کەواتە دەستوری دەوڵەت، وەکو ئێستا وتمان دوژمنێکی سەرسەختی کۆمەڵایەتییە، گورگە و لە پێستی پیاودایە. خودی Blanc Louis خۆی ئەمە دەڵیت بە دابەشکردنی مرۆڤەکان بەسەر بەرەی بەهێز و لاوازدا، ئەو کاتە وەکو وەحشییە کێوییەکان لەناوخۆیانا لەسەر خواردنەکانیان، ناکۆكدەبن، ئەویش[ لویس بلانك] ئەو کاتە نێوندگیرییان بە دەوڵەت، دەکات.

کاتێك کە دەوڵەت بێ سوود و بێ کەڵك دەبێت، کە خودی دەوڵەت بەتاڵە لە بابەت، لەئامانجی بوونیی و هەروەها مۆتیڤەکەشی، ڕۆژێک دێت لە بەرانبەر هەر عیلەتێك کە دەوڵەت هۆکارێتی، ئیدی هەرچییەك بێت، دەبێت خۆی لەو سەرە ڕێگایەدا لابەرێت. نابێت کۆمەڵ نە لاواز و نە بەهێز لەخۆی بگرێت، بۆ ئەوەی نایەکسانیی و نەتوانایی جەسەدی و ڕۆشنبیریی نەتوانێت ببێتە هۆکاری جەردەیی و سەرکوتکردن، تاکو تاك سەربەخۆیی مسۆگەربکات و پێویستی بە پاراستن نەبێت. کەواتە دەوڵەت زیاتر خەیاڵییە تاکو ڕاستیی.

ئێستاش ئەمە دەقی ئەو ئوتروحەیە کە ئەمڕۆ دەوامی پێدەدەین.

هێز کە نەرمیی و ڕەقی مۆراڵەکان دیاریدەکات ، وردە وردە جێگای یاسای ماف بە ڕۆڵی یاخود بە یاسای هێز، دەگرێتەوە، کاریش کە سەرنجام دەستەبەری ئاسایش دەکات، هەنگاو بە هەنگاو ئازادیی و یەکسانیی لە پلەیەکی بەرزتر زیاتر لە دین و دەوڵەت و کار، ئافریندە دەکات. لێرەدا یەکەم کاری بازرگانیی و پیشەسازیی، دوای ئەو زانست کە ڕۆحی پێدەدا، لە دوا قۆناغ و شیکردنەوەدا هونەرە، کە دەیکاتە گوڵی نەمر. دین بە بەڵێن و هەڕەشەکانییەوە، دەوڵەتیش بە لەشکر و دادگایەوە سۆزی دادگەریی دەدەن ، کە ئەوە زۆر لاواز بووە لای پیاوانی سەرەتایی، کە تەنها هەڕەشەیەکی سزادەرانەی ڕوونە بۆ وێرانکردنی مێشكەکان. لای ئێمە پیشەسازیی، زانست ، وێژە ، هۆنەر، هەموو گەندەڵبوون، هەر وەکو Jean Jacques وتویەتی ئەم سزادانە لە شوێنی دیکەدا دەیانبینینەوە ، ئێمە لە دابەشبوونی موڵکییەتا، لە ئامراز و ماشێنەکانی پیشەسازیی، لە گەشەکردنی ئیسراف و کەمالیاتا[ زیادەپێویست] ، دەیانبینین، لە ئاوەژوکردنەوەی ئارەزووەکانا یاخود لە دەستبەسەراگرتنی ئارەزوویەكی سەپێنراو بەسەر هەموو پێداویستییەکانی کاردا. پاش بەربەریەتی سەردەمە دێرینەکان، دوای هاتن و سزای توێژاڵ و دەستوری فیوداڵی لە کۆمەڵی سەرەتاییدا، دوا توخمی کۆیلایەتی، هێشتا وەکو سەرمایەیەك مابوو. دواتر ئەم سەرمایەیە ڕێگای خۆی ونکرد، کرێکاران، بازرگان، میکانیك، کێڵگەوان، پیاوانی زانست، هونەرمەند، چی تر پێویستیان بەوە نەما لە لایەن ئەو سەرمایەوە بپارێزرێن. ئەوەی کە هەر یەك لەمانەی پاراستوە بەهرە و سەلیقەی [مەوهوبەکەی] بووە، زانیارییەکەی بووە، بارودۆخە پیشەسازییەکەی بوووە. پاش دەستبەرداربوون لەو سەرمایەیە، بەردەوامبوونی دەوڵەت زۆر دوورە لە پارێزگاری و پاراستنی ئازادیی-یەوە، ئەو تەنها دەتوانێت سازش بە ئازادیی-یەوە بکات .

درێژەی هەیە

…………………..
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




دەوڵەت … نوسینی جۆزیف پرۆدۆن….6

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:
بەشی شەش:

لە ڕاستیدا لۆژکی نەیارەکانمان تێناگەین، قەبوڵی پرنسپێك دەکەن بێ ئەوەی گرفتی سەرەنجامەکەیان هەبێت، بۆ نموونە یەکسانی لە سیستەمی باج دانا، پەسەنددەکەن کە دەزانن باج لەسەر سەرمایە، لە بەرانبەریا جەماوەرییەتیەکی دژ بە خۆیان دروستددەکات، بێ ئەوەی پاساو و متمانەیان بە خۆیان هەبێت. بۆ هەموو ئەمانەی کە دەیکەن هاوشێوەیەك، قسەیەك، بیانویەکیان هەیە. هانی دەست هەڵگرتن لە کاپیتاڵ و ئازادکردنی کار دەدەن، ئەوەی کە دەمێنێتەوە لێرەدا کاتێك کە دژایەتی دەرەنجامی ڕەسمکردنی سیاسەتەکانی حکومەتە کە سەبارەت بە بیناکان ڕودەدات، ئەوان پرۆتێست دژیان دەکەن. ئەوان بەردەوامن لە قسەکردن لەسەر سیاسەت و حکومەت، بەبێ ئەوەی بپرسن ئایا حکومەت لەگەڵ ئازادیی پیشەسازیی و یەکسانییدا، دێتەوە، ئایا گریمانی زانسستی سیاسەت هەیە، کاتێك کە پێویستی بوونی سیاسەتێکی ئابووریی هەیە؟ لە کاتێکدا ئەو خانووبەرانەی کە ئەوان بە بێ دوودڵی هێڕشی دەکەنەسەر بێ گوێدانە بەهای کۆنییان [ ئەنتیك] ، کەچی هاوکات لەبەردەم دەسەڵاتا وەکو پاسەوانەکانی کڵێسە لەبەردەم نهێنی موقەدەس-دا دەنوشتێنەوە. حکومەت بۆ ئەوان زەروورییە و شیاوی گۆڕین نییە، مەبدەئی مەبدەئەکانە، هەمەیشەییە، ئەبەدییە.

بە مسۆگەری ئێمە دڵنیایی خۆمان بۆ پەسەندکردنی پێشنیارەکە نادەین و بەڵگەمان هەیە، چونکە وەکو هەر کەسێکی دیکە دەزانین کە بە چ مەرجێك پێشنیارێک دەخرێتە بەردەست. تەنها ئەوە دەڵێین پێش ئەوەی بگەینە بڕیارێك سەبارەت بە دەستورێکی نوێی دەوڵەت، ئێمە دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین کە لە سۆنگەی ڕیفۆرمە ئابوورییەکانەوە کە شۆڕش بەسەرمانا دەیسەپێنێ ئایا خودی دەوڵەت نابێت هەڵوەشێتەوە؟ ئایا ئەم کۆتاییەی دەزگە سیاسییەکان سەرەنجامی بەجێهێنان و مانای ڕیفۆرمی ئابووریی نییە؟ هەروەها ئێمە پرسیار دەکەین ئایا لە ڕاستیدا لە دوای تەقینەوەی شوبات، پاش یاسای مافی دەنگدانی گشتی، پاش بانگەشەی هێزی بێ هاوتای جەماوەر، هەروەها ڕادەستکردنی حەتمی دەسەڵات بۆ خواست و خودی جەماوەر، هێشتا ئەگەریی حکومەتێك، هەر جۆرێك بێت، هەیە؟ ئایا حکومەتێكی دائیم وەکو جێگرێك [ئاڵتەرنەتیڤێك] ناخرێتە شوێنی؟ ئیتر ئەو حکومەتە کوێرانە جێگیربێت بە هەڵخەڵەتاندن و پێچەوانکردنەوەی فرمانی جەماوەر، یاخود بە ئەنقەست هەڵخەڵەتێەرانە بێت هەر وەک چۆن حکومەتە کاتییەکە [موەقەت] کردی، کە دیماگۆگییەکان لە هەموو سەردەمێکدا کردویانە .

لانی کەم پرسیاری ئەوە دەکەین کام لە بڕگە [صیغە ] و خەسڵەتە جیاوازەکانی دەوڵەت دەبێت بمێنێتەوە و جەختیان لەسەر بکرێتەوە؟ ئەی ئەوانەی کە لە دەوڵەت لادەبرێن و هەڵدەوەشێنرێتەوە کامانەن؟ دەبێت ئەوە بزانین هەر وەکو ڕەنگە پێشبینی دەکرێت، لەو بڕگە و خەسڵەتانەی ئێستای، تاکە یەك دانەیان نییە کە بتوانێت ڕیفۆرمی ئابووریی بپارێزێت. ئەمە زۆر زەروورییە کە دانی پیادا بنرێت، بە ئاماژەدان بە بەهێزیی ئەم ڕوونکردنەوە نەرێینەدا [نێگەتیڤەدا] کەلە هەلومەرجێکی نوێی کۆمەڵدا بوونی هەیە، دەوڵەت هیچ نییە و ناشتوانێت هیچیش بێت. بە کورتییەکەی تەنها ڕێگایەك بۆ ڕیكخستنی حکومەتێکی دیمۆکراتی، هەڵوەشاندنەوەی خودی حکومەت خۆیەتی.

لەبری ئەم شیکردنەوە ئەرێینە [پۆزەتیڤ] و کردەیی [پراکتیکەڵ] و کەتوارییە سەبارەت بە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕیی، ئایا خۆ بە پەیامبەرە زانەکانمان دەزانن چ ڕێڕەوێك، ئاراستەیەك دەگرنە بەر؟ ئەوان دەڕۆن ڕاوێژ بە Lycurgus, Plato, Orpheus, دەکەن لەتەك هەموو قسە و وتە خورافییەکانان، ئەوان پرسیار لە کەسە ناسراو و مەشورە قەدیمییەکان دەکەن، بانگ و داوا لە کەسە دوورەدەستەکانی چەرخە کۆنەکان دەکەن بۆ چارەسەکردنی کێشەکان کە هەر زۆر مۆدێرنن، دواتریش وەڵامێکی غەریبمان لەدەماخی بریسکاوییانەیانەوە پێدەدەن.
زیاتریش لەوە: ئایا لێرەدا نابێت ئەم زانستەی کۆمەڵ و شۆڕش لە هەنگاوی یەکەمدا هەموو کێشەکان لابەلابکاتەوە لەبەرئەوەی کە زانست لە جەوهەردا عەمەلییە و یەکسەریش دەستبەکارە؟ گومانیش لە زانستی دەرکەوتوی کۆنا نییە، بەڵام لەسەروی هەموو پێشکەوتنێکی بینراوەوە کە لە وێدا گەشەکردن، جێگای خۆی دەگرێت لە شێوەیەک لە شێوەکانی نەفیکردنەوەی خودی مەنهەجە تەقلیدییەکە.

اا. سەبارەت بە کۆتایی، یاخود بابەتیی دەوڵەت

ئێستا ئێمە ئایدیای دەوڵەت و بەرچاوبوونە سروشتییەکەی کە بە تەواوی لەسەر بناخەی فەرەزییەت دادەنرێت بینیمان، کە لانی کەم پڕ لەگومانە کە لە ڕوی جەسەدەییەوە، نەبوونی کاراکەتەرییەوە، ڕۆشنبیرییەوە، ئەخلاقییەوە بۆ جەماوەر بێکەڵکە. ئێستاش دەکرێت هەمان ئایدیا سەبارەت بە جەوهەریی دەوڵەت و ئامانجی بسەلمێنین کە بابەتێکە بەبەرچاوەوەیە و لەسەر فەرەزییەکی دیکە قەرار دەگرێت، بەڵام هێشتا قسەکردن لەسەری، مەحاڵ ترە تاکو ئەوەی یەکەم بەهۆی هەبوونی دژمنایەتی هەمیشەیی ئەو [دەوڵەت] لە تەك مرۆڤایەتیی-دا، فەرەزییەك کە خودی دەوڵەت خۆی سەرەنجامی عەقیدەیەکی [ دۆگما] سەرەتایی شکستخواردوەوە یاخود لە خەتا و تاوانێکی ئەسڵەوە، سەرچاوەی گرتووە.

بەردەوام دەبین لە ئاماژەکردن بە “Le Nouveau Monde:”

” Louis Blanc پرسیار دەکات چی ڕوودەدات ” ئەگەر ئێمە فەرامۆشی هەرە ڕۆشنبیترین یاخود هەرە بەهێزترین کەسانێك کە بەست و گرفت دەخەنە بەردەم گەشەکردنی هێزی یەکێك کە کەم هێزە یاخود کەم ڕۆشنبیرە؟ ئازادیی خاپوور دەبێت.
“چۆن ئەم تاوانە دەوەستێنرێت؟ بە ناوبژیکردن، نێوەندگیریی یا خۆهەڵقورتاندن [تەدەخول] لە نێوانی داپڵۆسەر و داپڵۆسراوا، چەوسێنەر و چەوساوە؟ هەموو دەسەڵات بۆ خەڵك.
“ئەگەر جەیمس، پیتەر-ی چەوسانەوە ، زوڵمی لێکرد ئایا سی و چوار ملیۆنەکەی پیاوانی کۆمەڵی فەرەنسی دەبێت هەموو ڕاکەن و بەهانای پیتەر- ەوە بچن بۆ پاراستنی ئازادیی؟ نیشاندانی یا کردنی شتێکی ئاوا گاڵتەجاڕیی و جێگای پێکەنینە.
” ئەی کەواتە چۆن کۆمەڵ تەدەخول بکات؟
” لە ڕێگای ئەوانەی کە هەڵبژێرراون تاکو ببنە نوێنەر بۆ ئەم مەبەستە.
” بەڵام ئەم نوێنەرانەی کۆمەڵ، ئەم خزمەتکارانەی خەڵک، ئەمانە کێن؟ دەوڵەتە.
” ئەگەر بەم شیوەیە بێت کەواتە دەوڵەت بۆخۆی کۆمەڵە، وەکو کۆمەڵ ئەدا دەکات، بۆ وەستاندنی – چی ؟ سەرکوتکرن، بۆ پاراستنی – چی ؟ – ئازادیی”.

درێژەی هەیە.
………………..
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.

خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .

لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




شۆڕش یا نییە یاخود شۆڕشی خەڵکە، زوڵملێکراوانە … زاهیر باهیر

پێشئەوەی بچمە سەرباسەکە دەبێت ئەوە بڵێم کە شۆڕش لای من گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە بۆ کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ئاسۆیانە [ ناقوچکەیی] ، کە کۆمەڵی سۆشیالیستییە. هەروەها ئەم وتارە گرێدراوی وتارەکانی دیکەمە بەتایبەت ” بزوتنەوەی خەڵکیی زۆر زەروورە بە هاوپشتی چینی کرێکاران
http://www.emrro.com/bizutneweyxelkiy.htm هەروها ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن؟ http://www.emrro.com/ayakirekaranc.htm ”
تێگەیشتنی من و ئەزموونەکان و بینین و چاودێریی ڕوداوەکان هەموو ئەمانە دەمگەیەننە سەرەنجامێک کە شۆڕش، شۆڕشی خەڵکە ، داپلۆسراوانە نەك بە تەنها کرێکاران .

ئەگەر ئێمە ئەنارکیزم بە مێتودێکی کردەیانە بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوەی ڕووداوەکان و بارودۆخەکە بە ڕەچاوکردنی فاکت و دیتنی واقیع نەك لە ڕێگای تێکستەکانەوە، بزانین، ئەوە بۆ من ناوازەیە کە باوەڕم وابێت کە شۆڕش تەنها لەسەر دەستی کرێکارانا ڕوودەدات و چینی کرێکاران دینەمۆی جەوهەرین و ئەو هێزەن لە گۆڕانی کۆمەڵدا بۆ سۆشیالیزم.
لەمەش زیاتر لەکاتی سەرهەڵدانی سیستەمی چینایەتیی و کۆمەڵی هەرەمییەوە کە بەدووی کۆمەڵی سەرەتایی کۆمۆنوێڵ دا هاتووە، زەروورەی شۆڕشیشی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. هەر ئەمەش هۆکاری ڕوودانی ڕاپەڕین و شۆڕشەکان بوون لە هەموو دونیادا. وەختێك هەبووە کە ڕاپەڕین و شۆڕش لە ئەوروپا و ئەمەریکادا لە چەرخەکانی پازدە و شازدە و حەڤدەدا و هەتا پێشتریش چڕبووەتەوە کاتێك کە خەڵكی خۆیان لە ڕێگای ئەنجوومەنەکانیانەوە، بە بەکارهێنانی خەبات و چالاکی ڕاستەوخۆ توانیویانە ئامانجی ڕاپەڕین و شۆڕش و بەگژاچوونەوەکانیان بهێننە دی.

ئەم چەند دێڕەی سەرەوە پرسیارێکی سەرەکی و بناغەییمان لا دروستدەکات. بۆچی بەشەرییەت دەبێت چاوەڕوانی کاپیتاڵیزم یاخود هەر سیستەمێکی دیکەی چینایەتی بکات،تاکو شۆڕش وادەی خۆی بێت ئەو کاتە لە هەوڵی بەجێگەیاندنییا بێت؟ بۆچی ئایندەی شۆڕش دەبێت بە پێشەوەچوون و گەشەکردنی چینی کرێکارانەوە گرێبدرێتەوە؟
لە کاتێکدا کە لە واقیعدا ئێمە ئەوە دەبینین کە سەرمایەداریی بە کۆمەکی هێزە تاریکەکانی و گەشەکردنی تەکنەلۆجیا، بەهێزتر دەبێت، بەڵام هاوکاتیش چینی کرێکاران لاوازتر دەبێت تا ڕادەی ئیفلیجیی. بە تێڕوانینی واقیع دەتوانین ئەوە ببینین کە چینی کرێکاران بووەتە ئۆرگانێكی خۆگونجێنەر لەناو جەستەی کۆمەڵی بورجوازییدا.

کەواتە ناکرێت لە ڕابووردوودا بژین ، کاتێك کە دەمانەوێت خەبات دژی سیستەمی هەنووکەیی کە لە سایەیدا دەژین بکەین، دەبێت تاکتیك و ئامرازەکانی تێکوشانە تەقلیدییەکان کە کارانین و چیتر هیچ بەدەستناهێنن ، بگۆڕین.
دەبێت ئەوە بزانین کە پێناسەی چینی کرێکاران لە هەنووکەدا زۆر جیاوازە لە سەد یا دووسەد ساڵ لەمەوبەر. دەبێت لەوەش حاڵی ببین کە گەشەی تەکنەلۆجیا بۆ ئاستێكی زۆر پێشکەوتوو هەنگاوی ناوە و ڕۆبۆتی دروستکردووە کە لە ماوەیەکی دیکەدا کرێکاران بەرەو مەحفبوونەوە دەبات. لە چەند دەهەیەکی دیکەدا لە زۆر شوێندا ڕۆبۆت شوێنی کرێکار دەگرێتەوە. لەو بارەدا ئەوانەی کە هێشتا باوەڕیان وایە کە چینی کرێکاران ئێمە ئازاد دەکات، ئەو کاتە ڕەنگە ئەوان ئومێدی ئەوە بکەن کە ڕۆبۆت لە بری کرێکارەکان ئەرکی بەدیهێنانی کۆمەڵی سۆشیالیزم ، بگرنە ئەستۆ و ئازادمان بکەن، گەر ئەمەش باوەڕیان بێت لەبری بەرزکردنەوەی دروشمی ” چینی کرێکاران یەكبگرن “…دەکرێت ئەمە بگۆڕێت بە ” ڕۆبۆتەکان یەکگرن “.

واقیعی ژیان تەنها ئەوەمان نیشان نادات ، بەڵکو لە ڕاستیدا دەشیسەلمێنێت کە کرێکاران لە قوتابییان، بەتاڵە ، خانەنشیکراوان، کەمئەندامان کەر کار ناکەن، کێڵگەوان و جوتیاران، کاسبکارێك کە کاسبی بۆخۆی دەکات و خەڵکی ناچەوسێنێتەوە ، شۆڕشگێڕتر نیین. دەتوانین ئەوەش تێبینی بکەین کاپیتاڵیزم پیر نەبووە و لە قەیرانا نییە ، بەڵکو زۆر گەنجە و ڕەنگە ساڵانێکی دوور و درێژی مابێت ، مەگەر ئێمە خۆمان ، خۆمان ڕێکخەین و کارایانە و جددیانە جەنگی دژ بکەینەوە.

هەر وەك چۆن پێناسەی چینی کرێکاران تا ڕادەیەك وەکو جاران نەماوە هەر ئاواش پێناسەی کاپیتاڵیزمیش . جیهانگیریی [ گڵۆبەڵایزەیشن ] کاریگەریی لەسەر چینی کرێکاران لەڕوی چەندایەتی و چونایەتییەوە داناوە و گۆڕیوێتی، هەروەها کاپیتاڵیزمیشی گۆڕیوە . بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم خاڵە تکایە ئەو لینکەی سەرەوە ببینە . جیهانگیریی کاپیاڵیزمی بەرەو پێشەوە بردووە و بەهێزتری کردووە بەڵام چینی کرێکارانی بەرەودواوە بردووە و لاوازکردوە.

یەكێك لە کاراییەکانی سەرمایەداریی لە سەر هەموو چینەکانی ناو کۆمەڵ، یەکێتی چیانیەتییانی هەڵوەشاندەوە، هەروەها لەناو خودی چینی کرێکارانیشا. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە لە ئێستادا نەك هەر مانگرنتی گشتی نابینین، بەڵکو لەناو ڕیزەکانی هەمان کرێکاری بەشە جیا جییاکانی ناو هەمان کۆمپانیا یەکڕیزی و یەکێتی کرێکاران نابینین لە کاتێکدا کە کار و پیشەکانیان تەواوکەری یەکترین.

گەرچی کاپیتاڵیزم یەکێتی نێوانی چینەکان و یاخود یەکێتی ناو خودی چینەکە خۆی، تێکشکاندوە، بەڵام هاوکات هەمان بارودۆخی لە نێوانی گەلێك لە توێژاڵەکانی نێو چینە جیاوازەکاندا خولقاندووە کە ئەو بارودۆخە هاوبەشە لە نێوانی بەشێك لە کرێکاران و جوتیاران و ئەوانەی کە پێیان دەڵێن پیتی بورجوا و هەتا توێژاڵێکیش لە چینی ناوەندی، هەیە. ئەم بارودۆخەش بووەتە زەمینەیەکی ناوکۆیی بۆ تێکۆشانی هاوبەشیی و بەیەکەوەیی هەموویان دژ بە دوژمنەکەیان کە سیستەمەکە و دەوڵەتەکانێتی. ئەم توێژاڵانەن کە دەبنە دینەمۆی شۆڕش. لە کاتێکیشدا هەر یەکەیان سەر بە چینێکی جیاوازن لە کۆمەڵدا و زۆرینەی خەڵک پێکدەهێنن بەم هۆیەوە چالاکیی و داخوازییەکانیان ڕەنگدانەوەی سەراپای کۆمەڵە.

لە کۆمەڵی هەنووکەییدا، لەهەر شوێنێك بڕوانین دەبینین هەموو بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لە ڕاستیدا بزوتنەوەی خەڵکن. زۆر دوورن لەوەی کە بتوانین ناودێریان بە بزوتنەوەی کرێکاران بکەین . هەندێك لە باشترین نموونە لەو بارەدا وڵاتانی ” بەهاری عەرەبی” یە، بزوتنەوەی خەڵکە لە ئێران و کوردستان و عێراق ، هەندێك لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و هەندێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا هەتا دەگات بە رووداوەکانی ئێستای وەکو بزوتنەوەی پەسەك زەردەکان و بزوتنەوەی یاخیبووان لە مەحفبوونەوە [ئینقرازبوون] و پاراستنی ژینگە لە بریتانیا و وڵاتانی دیکەدا.

لە ئێستادا خەباتکردن سەبارەت بە ” تاکە کێشەکان” لای خەڵکی بووەتە پرسێکی گرنگ و زەرووری لایان. ئەم تاك کێشەیانە پرسی زۆر جەماوەرین و لای خەڵكی زۆر مەبەستن ئیدی پرسی ژینگە بێت، پەنابەر و کۆچبەران ، خانووبەرە و کێشەی سەرەپانان، ڕایسیزم و فاشیسزم، پرسی چارەسەر و تەندروستیی ، پەروەردە و پێگەیاندن، فێمەنیزم تا دەگات بەوانی دیکە ، هەموو گرنگن. تێکۆشان بۆ لابەلاکردنەوەی ئەم کێشانە خەڵکی لە هەموو بەش و لایەنەکانی ناو کۆمەڵەوە بێ گوێدانە جیاوازی چینایەتییان، دین و ئاینیان ، ئیتنیکییان، کاریان، بەشداری دەکەن و چالاکی خۆیان دژ بە دەوڵەت و سیستەمەکە دەوام پێدەدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوەشمان لا ڕوون بێت کە خەباتی لابەلاکردنەوەی تاك کێشەکان دەبێت گرێبدرێتەوە بە سیستمەکە و دەوڵەتەوە. ڕەگ و ڕیشەی هەر کام لەو کێشانە لە خودی سیستەمەکەدایە و ناتوانرێت ئامانجیان بە تەواوی بپێکن ئەوەندەی ئەم سیستەمە بەردەوام بێت لە بوونیا. من باوەڕم وایە ناتوانین چارەسەری ئەم تاك کێشانە بۆ چینی کرێکاران بەجێ بهێڵین کە لە کاتێکدا ئەوان توانای بەرگرییکردنیان لە مافەکانی خۆیان نییە.
شۆڕش ، شۆڕشی کۆمەڵایەتییە ، ئابووورییە ، سیاسییە ، ڕۆشنبیرییە و کولتورییە. لەبەر ئەوە دەبێت لە بنی کۆمەڵەوە لە هەموو کوچەو کۆڵانێکەوە، نەك هەر بە تەنها لە کارگەکانی کرێکاران و شوێنەکانی دیکەی سەرکارەوە سەرهەڵبدات. دەبێت بزوتنەوەیەکی جەماوەریی بێت نەك بە تەنها هی کرێکاران، دەبێت هەموو کێشەکان لە کۆمەڵدا لابەلابکاتەوە نەك بە تەنها کێشەی نێوانی کرێکاران و بەڕێوەبەرانی کارگەکان، دەبێت شۆڕشێکی مرۆڤانە بێت نەك بە تەنها شۆڕشی چینی کرێکاران بێت.

ئەگەر چینی کرێکاران دینەمۆی شۆڕش بن، ئەمە یانی ئەوان پێشڕەوی ئیمە دەکەن و دەبنە ڕابەر و سەرکردە . ئەگەریش سەرکردایەتی ئێمە بکەن ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە بۆشایی لە نێوانی سەرکردە” چینی کرێکاران” و “ئێمەی” بنکردە ، دروستدەبێت، ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی لە ڕاستیدا بەرەیەکی هەرەمیی و چینایەتی دەخولقێنێت.
کەواتە کۆمەڵی سۆشیالیستیی بە تەنها لە ڕێگای چینی کرێکارانەوە کە کەمایەتی کۆمەڵن بنیات نانرێت. ئەوان نابێت دەسەڵاتدار بن بەسەر ئێمەوە. ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت ئەوە کۆنترۆڵی تاك و کۆمەڵ دەکەن و سەرەنجامیش سیستەمی چینایەتی و هەرەمیی لە ژیانا بەردەوام دەبێت .

زاهیر باهیر- لەندەن
ئایاری 2019

Zaherbaher.com




دەوڵەت … نووسینی جۆزیف پرۆدۆن …5

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:

بەشی پێنج:

ئێمە بنیاتی ئەم مەنهەجی دڵنیایکردنەوەیەمان لە دوو ڕێگاوە، ناوە: یەکەم ، لە ڕێگای مێژویی و مێتودی نێگەتیڤانەوە، ڕونیدەکەینەوە کە هیچ دامەزراوەیەك لە دەسەڵات، هیچ ڕێکخستنێك لە هێزێکی جەماعی لەو دامەزراوەوە و لە دەرەوەی، لە ئیستا و دواتریش، گریمانێکی لای ئێمە، نییە. ئەم ڕونکردنەوەیەمان لە ” دانپیانانی شۆڕشگێڕێکەوە” هەڵێنجاوە، لە تیلاوەی کەوتن و تێشکانی هەموو حکومەتەکانا کە لە ماوەی شەست ساڵدا لە فەرەنسا، بە دوای یەکدیدا هاتوون، کە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی خۆیانیان، خستەڕوو. لە کۆتایشدا ئیشارەتی بە فەلاکەتچوون و مردنی دەسەڵات لە سەردەمی گەندەڵیی Louis Philippe لە حکومەتە وەختییە دیکتاتۆرە تەمەڵ و خامۆشەکەی، خستەڕوو، هەروەها لە سەردەمی سەرۆکایەتی حوکمی بێ بایەخی جێنرال Cavignac و Louis Bonaparte دیسانەوە دەرکەوت.

لە پلەی دووهەمدا ئێمە ئوتروحەکەی خۆمان دەسەلمێنین ئەویش
بە ڕاڤەکردنی کە چۆن لە ڕێگای ڕیفۆرمی ئابوریانەوە، لە ڕێگای هاریکاریی شوێنە پیشەسازییەکان و ڕێکخستنی دەنگدانی گشتییەوە ، ئیدی خەڵکی لە خۆڕسکییەوە دەگاتە کاردانەوە و هۆشمەندیی و چالاکیکردن. چی تر لە ختوکەدان و حەماسەوە نا، بەڵکو بە پلان لە پارێزگاریی لە خۆی بەردەوامدەبێت بە بێ سەروەرەکان [ ماستەرەکان] و خزمەتکارەکان، بە بێ نوێنەر و مەندوبەکان هەروەکو چۆن بە بێ ئەرستۆکراتەکان، بە سەربەخۆیی تەواو بۆ تاك تاکو بەخۆی کار و چالاکی بکات. بەم شێوەیە بیرۆکەی کەسیی، بیرۆکەی من، درێژ و گشتی دەکرێتەوە، هەر وەك چۆن تاکە کەسی من هەیە، هەر بەو جۆرەش بونێکی کۆمەڵیی و کۆمەکیی من هەیە. چ لەم یاخود لەوی تردا، کردار و هۆشیاری و رۆح و سروش و دەرون و ژیان کە نە ناوەرۆك نە پرنسپیان دیار و زانراونین، بنەڕەتییەکانیان نازانرێت و لە جەوهەریشیا پێشبینی ناکرێت، ئەمانە بەرەنجامی ڕاستی ژیانە و لە جمووجوڵ و بزێوی بونەوەرێکی ڕێکخراودا، سەرهەڵدەدەن. سایکۆلۆجییەتی نەتەوەکان و مرۆڤایەتی وەکو سایکۆلۆجێتی مرۆڤە و ئەگەری ئەوەی هەیە کە ببێتە زانست. ئەمە ئەو ڕونکردنەوەیە کە لە بڵاوکردنەوەکەمانا سەبارەت بە سووڕەکان [دەوران] و کرێدت، هەروەها لە چاپتەری چواردە لە مانیفێستەکەی La Voix du Peuple” کە پەیوەستە و گرێدراوە بە دەستورەوە، پەنای بۆدەبەین.

کاتێك کە Louis Blanc و Pierre Leroux دەبنە داکۆکیکەری دەوڵەت – کە دەستورو و دامەزراوەی دەرەکییە بەدەر لە دەسەڵاتی گشتی / خەڵك – ئەمان بەمە تەنها دووبارەبوونەوەی چەند فۆرمێکی جیاوازی ناوازە و سەرسوڕهێنەر بەرهەمدەهێننەوە کە تا ئێستاش بۆ خۆیان ئاشکرانەبووە کە ئەوە چیرۆکێکی خەیاڵییە لە نوێنەرایەتی حکومەت کە تەواوی فۆرمیلەکەی و دەربڕینەکەی هێشتا پادشایەتی دەستورییە. ئایا ئێمە شۆڕشی شوبات-مان بۆ بەدەستهێنانی ئەم وەرچەرخان و ناکۆکییە کۆنەپەرستانەیە کرد؟

بۆ ئێمە ئاشکرا و ڕوونە، خوێنەران ئێوە چی دەلێن؟ ئەوە پرسیارێکە و تا ڕادەیەك دەست بە ڕۆشنکردنەوەی خۆی دەکات. هەر وەکو وتمان ئەو مێشک لاوازانە هیشتا بەتوانان لە فۆرمیلەکردنی ئایدیایەك، بیرۆکەیەك لە دەوڵەت، ئەوان باش دەزانن و تێدەگەن ئەگەر زەروور بێت کۆمارییەکان دەتوانن داخوازی بکەن. پاش شۆڕشی ئابووریی کە سەراپای پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت ئەوان بۆ پارێزگارییکردن لە دەزگەیەك، بۆ ڕازیکردنی غروری خۆ بە مرۆڤیزانیی دەوڵەت لەسەر حسابی دوو هەزار ملیۆن ساڵانە ، ئەمان پێداگریی لەم ئۆرگانە، دەزگە مشەخۆرە دەکەن کە ناوی حکومەتە. مەندوبە شەریفەکانی لۆکسەمبەرگ، ئەوانەی کە دیاریکران بۆ دانیشتن لەسەر کورسی نازداری نووبەلاکان، خۆیان لێگۆراوە و خۆیان بە سیاسیی دەزانن و ناوی خۆیان بە ئازا و بوێر دەبەن، وادەزانن تەواوی تێگەیشتنیان لە شۆڕش هەیە. گومان لەوەدا نییە کە ئێمە چی دی ناترسین ئەو توانایەی کە هەمانە لە ڕۆشنبیرترین و بەهێزترن، پاش هەڵوەشاندنەوەی حکومەت کە بێ سوود و بێ کەڵكە و زۆریش تەکلیفدارە، ڕەنگە زۆرداری لە فەوزادا دروستبکەین [ پرۆدۆن بە تەوسەوە ئەوەی لویس بلانك و هاوەڵەی دەڵێتەوە- وەرگێڕ] . ئێمە نکوڵی لە دەوڵەت و حکومەت دەکەین، ئێمە بەهەمان هەناسە و تینەوە پێداگریی لە ئۆتۆنۆمی خەڵکی و زۆرینەکەی دەکەین. چۆن دەکرێت ئێمە هەڵگری حوکمی زۆرداران بین، تموحی وەزیریمان هەبێت ، کێبڕکێی Louis Blanc و Pierre Leroux بکەین؟

درێژەی هەیە
………………………………..
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.

………………………
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




زۆرێك لە نهێنییەکان لە ئێمە شاراوەبوون بەڵام وردە وردە دەردەکەوێت …زاهیر باهیر

سەبارەت بە ڕازییبوونی ئەردۆگان لە دیداری ئۆجەلانا لە لایەن پاریزەرەکانییە وە وردە وردە هەندێك ڕاستی لە سەرچاوە باوەڕپێکراواکانەوە دەکەوێتە ڕوو. بەڵام ئەوەی کە من لەو سەرچاوانە تێگەیشتوم ، بە گوێرەی هەبوونی ناکۆکییەکان لە گێڕانەوەی ڕووداوەکەانا، ئەوەیە کە ئەمەی ڕوویدا هیچ پەیوەەندییەکی بە فشاری مانگرتوانەوە لە نانخواردن نەبووە ، چونکە نەك دیکتارۆرێکی وەك ئەردۆگان گوێنادات بەوە بەڵکو حکومەتە دیمۆکراتییەکانی ئەوروپا و ئەمەریکاش حسابی بۆ ناکەن. هەروەها هیچ پەیوەندییەکیشی بە پێداگرتنی ئەردۆگان لەسە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی ئەستەنبول نییە ، بەڵام گومانی تیادا نییە گەر پرۆسەی ئاگربەستی و بەدویشیدا ئاشتی بێتە کایەوە، بەڕای من ئاکەپە سوودمەند دەبێت لەوە بە بردنەوەی ئەستەنبول . ڕاستییەکی دیکەش ئەوەیە کە هەتا پارێزەرەکانی ئۆجەلان ئەویان نەدیت ، ئەردۆگان ئیعلانی ڕۆژی دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردنەکەی ئەستەنبولی نەکرد. پێشتر ئەردۆگان ورە وری ئەوەی دەکرد بەڵام بە پەیامەکەی ئۆجەلان ئیتر دڵنیابوو کە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکەی ئەستنەبول ، دڵنیایی بردنەوەی هەڵبژاردنەکەی دەکات.
بە گوێرەی یەکێك لە هەرە سەرچاوە باوەڕپیکراوەکان کە ئەل-مۆنیتەرە کە لە ڕۆژی 06/05 دا وتارێكی بەناوی : بۆچی تورکیا ڕێگای دا کە ڕابەرە زیندانییەکەی کورد پارێزەرەکانی ببینێت پاش ماوەیەکی درێژ؟ نوسەرەکەی Amberin Zaman کە زۆر باوەڕپێکراوە و لەو ناوچەیەدا زیاتر لە 5 ساڵە کاری هەر ئەوەیە، زۆر خاڵی خستۆتە ڕوو.
من لە دامێنی ئەم پۆستەوە لینکەکە کە بە ئینگلیزییە دادەنێم ئەوەی کە ئینگلیزی دەزانێت گەر بخوازێت دەتوانێت سەردانی بکات ، هاوکاتیش تەنها خاڵە گرنگەکانی لێهەڵدەبژێرم و دەیخەمە بەر دیدی خوێنەر.
• تۆری سیخوری میت لەم ماوەیەدا کۆماندۆ مەزڵوم کۆبانی بینیوە کە کەسێکی نزیکە لە ئۆجەلانەوە . یەکەم دانیشتنیان 10 ڕۆژ لەمەوبەر واتە 10 ڕۆژ پێش نوسینی ئەم وتارە ، 06/05 ، بووە . کۆبانی کە لە ناو پەکەکەدا ئاوا ناسراوە بەڵام ناوە ئەسڵییەکەی خۆی فەرهات عەبدی ساهین-ە . حەفتەی پێشتر دوای یەکەم بینین دووبارە دانیشتنیان کردۆتەوە ، دوای ئەوەش لەگەڵ ئۆجەلانا لە ئیمڕاڵی پاشان دووبارە لەگەڵ کۆبانی [ساهین] کە پێشی دەوترترێت Cilo دووبارە بۆتەوە .
• ڕۆژنامەنوسەکە دەڵێت ” سەرچاوەکە بەردەوام بووە لە قسەکانیا، وتی کە دانیشتنەکان مانگێك لەمەوبەر دەستی پێکردووە لە ڕێگای نێوەندگیریی ئەمەریکاوە . بێ گومان هەموویان لە ئێستادا نکوڵی لیدەکەن . دێنیی ئیمرالی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە نییە ، کورد کۆمەك بە موعارەزە دەکات لە هەر دووبارەبوونەوەیەکی هەڵبژاردنا”
• دەڵێت نەکرا بگەینە هێزی سوریای دیمۆکرات بۆ بە فەرمیڕاگەیاندنی قسەی زیاتر بەڵام کۆبانی بە ئەل-مۆنیتۆر وتووە دانیشتنمان لەگەڵ میت-د نوێنەری ڕەسمییان، لە مانگی ئازاردا لە سوریا کردووە لە کاتێکدا کە قسە لەسەر ئاشتی لەلایەن ئۆجەلان و حکومەتی تورکیاوە بەردەوام بووە. کۆبانی هەفتەی پێشو ئەوەشی پشتڕاستکردۆتەوە کە وتووێژ ” وتووێژی ناڕاستەوخۆ” لە نێوانی تورکیا و هێزی سوریای دیمۆکراتا بووە ” لە ڕێگای نێوەندگیرێکەوە ” . دەرکەوت ئەویش نوێنەری ئەمریکا لە سوریا، جیم جێفری، بووە. ئەو بە تەمایە کە مامەڵەکە لە نێوانی ئەنقەرە و کۆبانیی-دا بکات سەبارەت بە پێشنیاری زۆنی سەلامەتی بۆ نێوانی تورکیا و باکوری سوریا لە ساڵی پارەوە .
• ئەو ڕۆژەی کە ئۆجەلان پارێزەرەکانی بینیوە جێفری لە تورکیا بووە . بەڵام کۆبانی وتویەتی دانوستانەکە بەو مەرجە دەکرێت کە تورکیا لە عەفرین بکشێتەوە .

http:// https://www.al-monitor.com/pulse/originals/2019/05/ocalan-calls-calm-sdf- xxxxxxxxxxxxxx
https://www.al-monitor.com/pulse/originals/2019/05/ocalan-calls-calm-sdf-
xxxxxxxxxxxxxx

زاهیر باهیر
10/05/2019




دەبێت پەکەکە ئەم هەلە لەدەستنەدات پێش ئەوەی ئەردۆگان دژیان بەکاری بهێنێت … زاهیر باهیر

هەواڵی گەورەی ئەمڕۆی سۆشیالمیدیا چوونی پارێزەرەکانی ئۆجەلان بوو بۆ ئیمراڵی .
ئۆجەلان لە 27/07/2011 مافی دیتنی پارێزەر و هەڤاڵەکانی. هەواڵەکەی ئەمڕۆ، هەواڵێکی گرنگ و خۆشە هیچ نەبێت گیانی سەدەها کەس لە مانگرتوان کە بۆ ڕزگارکردنی ئۆجەلان لە دۆخی بەندکردنی تەنهاییە، بەردەوامە بۆ شکاندنی مامەڵەی نامرۆڤانەی دەوڵەتی فاشی تورکیا.
لەگەڵ ئەوەشدا کە هەواڵێکی گرنگ و باشە نە ئاهەنگێڕانی دەوێت و نە پیرۆزباییکردن لە خۆو نە شتێکی دیکە . بەڵکو ئەوەی کە گرنگە بەکارهێنانی ئەم دەرفەتەیە بە گەڕانەوەی بە قازنجی کوردانی باکور و تورکیا هەمووی . ئەوەی ئاشکرایە ئەردۆگان زیرەکترین و فڵێڵبازترین سیاسیی سەردەمە و کردنەوەی ئەم دەرگایەش لەسەر ئۆجەلان بۆ قازنجی خۆیەتی و نابێت پشت نە بە حکومەتی ئاکەپە و نە بە دامەزراوەی دەوڵەتی تورکیا، ببەسرێت، ئەوان نایانەوێت وا بە ئاسانی کێشەی کورد لابەلابکەنەوە.

ئەزموونەکان دەبێت فێریان کردبێتین کە ئەردۆگان زەروورە بەم وەرچەرخانە، گەر بزانێت شەر لە قازانجێتی ئەوە بەردەوامی پێدەدات . لە شەڕەکەیا توانی تەواوی ئەو بەرنامەی کە هەیبوو بیخاتە کار کە سەپاندنی شەڕ بوو بەسەر پەکەکەدا هەم بۆ وێرانکردنی زیاتری کوردستان و هەڵکەندنی دانیشتوانی و هێنانەوەی شارەوانییە ئازادەکان بوو بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەت و گرتنی زۆرێك لە ئەندامان و دۆستانی هەدەپە بە هاوسەرۆك ئەندام پەڕلەمنانتارەکانیشیانەوە و کوشنتی خەڵکانێکی زۆرو گرتنی گەلێکی تر و هاندانی ئەوروپا و ئەمریکا لە دەرنەهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆریستان، پەکخستنی پرۆژەکانی دیکەی کورد لە باکور و .. . ئیدی شتێك نەما لە باکوردا کە ئەردۆگان و حکومەتەکەی بە گوێرەی پلانە داڕێژراوەکەی، نەیانکردبێت . ئێستاش بەم بڕیارە تازەیەی کە داوێتی شتێك نییە بەڵکو پێویستیێتی چونکە لە تەریكبوونی تەواودایە، ئەمەریکا و ئەوروپا بە هەڵوێستەکانی دڵخۆش نین و پەسەندی ناکەن، هێزی موعارەزە گەورەتر بوووەتەوە ، ئەستەنبول و ئەنقەرەی دۆڕاندووە، لە ڕوووی ئابووریەوە داکەوتووە، سیاسییەنیش خەریکە ڕوت و ڕەجاڵ دەبێت. لەبەر هەموو ئەمانە ئێستا پێویستی بەوە هەیە کە ڕێگا بدرێت کە ئۆجەلان ببینرێت و تا ڕادەیەکیش رەنگە بیەوێت فشەدانوسانێك لەتەك پەکەکەدا بکات، لەبەرئەوەی کە لە ئێستادا ئەمە لە قازانجێتی .

ئەی پەکەکە دەبێت چی بکات؟

پەکەکە دەبێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە، هەموو جۆرەکانی شەڕ بوەستێنێت تەنانەت ئەگەر یەکلایەنانەش بێت و ئەردۆگان هیچ هەنگاوێکی زیاتر نەنێت . دەکرێت ئەم هەلە بۆ پەکەکە ببێتە دەسبەرداربوونی بزوتنەوەی چەکداری و گواستنەوەی خەباتی هەم بۆ قۆناخی خەباتی جەماوەریانە و هەم بۆ شار و شارۆچکەکان و هاوکاری و کاری هاوبەشیی لە تەك کرێکاران و زەحمەتکێشانی تورکیا و ئەو ڕێکخراوە سۆشیالیستیانەی کە لەوێ هەن بکات . پەکەکە دەبێت چی تر بیانوو بە ئاکەپە نەدات لە وێرانکردنی زیاتری کوردستانی باکور و کوشتن و بڕین و ماڵکاولکردن و گواستنەوە و هەروەها بۆمباردکردنی خۆیان لە قەندیل و ئەو بەشەی باشووریش.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە پەکەکە ئەوە تێبگات کە شەڕ ، شەڕو ماڵکاولیی و وێرانکاریی دەهێنێت و هەمیشەش بە قازانجی دەوڵەت و حکومەتەکەیی و چین و توێژاڵی باڵادەست و بە زەرەری کوردستان و کوردانی باکور و خەڵکانی هەژار و کرێکارانی تورکیا تەواو دەبێت و پێگەی ڕایسسیزم و فاشیزم بەهێز و بەهێزتر دەکات . ئیدی کاتی بای بایە لە بزوتنەوەی چەکداریی و سەرقاڵبوون بە کارو خەباتی جەماوەریی و چالاکی جەماوەریانەوە و کارکردنی جددی لەسەر پرۆژەی دیمۆکراتیکی کۆنفیدراڵیزم و پرۆژەی خۆسەریی و پرسی هاوسانی جێندەیی و کێشەی ئیکۆلۆجی.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر – لەندەن
06/05/2019




دەوڵەت …4… نوسینی جۆزیف پرۆدۆن

دەوڵەت*:
نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:
بەشی چوار

ئێستاش هەر ئەو چەمکی بەجەماعییبوونەیە، کە لە ژیانیانا،لە چالاکییانا، لە یەکێتییانا، لە خودی تاکایەتییانا، کەسایەتییانا – لەناو کۆمەڵیشا وەکو کەسێك سەراپای مرۆڤایەتی دەبینرێت، وەکو ئەوەی کە هەموو مرۆڤایەتی تاکێك بێت-. ئەمە ئەو چەمکەیە، ئەو تێگەیشتنە کۆمەڵایەتی و بوونی مرۆڤایەتییە کە ئەوان باسی لێوە دەکەن و ئێمە ئەمڕۆ نکوڵی لێدەکەین و ڕەتیدەکەینەوە ، هەر بەو هۆکارەشە کە نکوڵی لە دەوڵەتیش دەکەین، نکوڵی لە حکومەت دەکەین و لە کۆمەڵ وەدەری دەنێین، کاتێك کە شۆڕشی ئابووریانە ڕوودەدات هەموو دەستورەکانی دەسەڵاتە پۆپیلەرەکە، ئیتر ئەو دەسەڵاتە لەناو خودی جەماوەرەوە یاخود دەرەوەی جەماوەرەوە بێت ، لە ڕێگای میراتگەریی پادشاییەوە، بێت، یا دەزگەی فیوداڵییەوە، یاخود نوێنەری دیمۆکراتیانەوە، بێت، ڕادەماڵی و ڕەتی دەکاتەوە. بە پێچەوانەی ئەوانەوە[ پرۆدۆن مەبەستی نەیارەکانێتی- وەرگێڕ] ، ئیمە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەین کە خەڵك ، کۆمەڵ، جەماوەر، دەتوانێت و دەیەوێت کە حوکمڕانی خودی خۆی بکات ، کاری خۆی بکات، ئەدای خۆی هەبێت، گەشە بکات و بە پێوە ڕاوەستێ وەکو مرۆڤ، بۆ دەربڕین و ئاشکراکردنی خۆی بەباشی، لە پەروەردە و ڕۆشنبیرییدا هەروەها لە مۆراڵی تاکێتیدا، بە بێ یارمەتی و هاریکاری ئەم هەموو قسەکەرانەی کە پێشتر زۆردار بوون و ئێسستا ئەرستۆکراتن، کە ناو بەناو خۆیان بە نوێنەریان نیشاندەدەن. ئەم نوێنەرانە خۆیان گەندەڵن یاخود لە حوکمکردنی خەلکیدا، گەندەڵ بوون، ئەوانەی کە بە ئاسانی و بە سادەیی پێیان دەڵێین ختوکەدەرانی جەماوەر، دیماگۆگییەکان .

لە دوو وشەدا:
ئێمە هەردك دەوڵەتیش و حکومەتیش ڕەتدەکەینەوە چونکە دڵنیایی ئەوە دەکەینەوە (کە هەرگیز پیاوی دەوڵەت باوەڕی پێنەکراوە، یاخود بڕیاری لەسەر نەدراوە) کە خۆڕسکیانە لەناو جەرگەی جەماوەرەوە و چالاکی و کردەی خودی جەماوەر بێت.
لەبەر ئەمەش ئێمە ئەنارشییەت پەسەند دەکەین کە هەر وەکو بەڵگەکان نیشانی داوە لە نێو ئەوانەی کە وتراوە ئەنارشی باڵاترین سنوری ئازادیی و ڕژێمێکە کە مرۆڤایەتیی دەتوانێت بەدەستی بهێنێت. ئەنارشی حکومەتی خودی خەڵکییە و لە خۆیانەوە و بۆ خۆیان بێ دەستوەردانی پاشاکان ، ئەرستۆکراتەکان یاخود دیماگۆگییەکان، خۆبەڕیوەبەریی فۆرمیلەیەکی ڕاستینەی کۆمارییە. Voix du Peuple, Dec. 3 1849

بە کورتی:

ئێمە نکوڵی حکومەت و دەوڵەت دەکەین، پەیگیریی و دڵنیایی ئەوە دەکەینەوە کە خوازیاران و دروستکەرانی دەوڵەت هەرگیز باوەڕیان بە شوناسنامەی کەسایەتی و سەربەخۆیی[ئۆتۆنۆمی] خەڵك، جەماوەر، نەبووە .
ئێمە پێداگریی لەوە زیاتریش دەکەین کە هەموو دەستورێکی دەوڵەت هیچ ئامانجێکی نییە جگە لە بەکێشکردنی کۆمەڵ بەرەو بارودۆخی ئۆتۆنۆمی کە فۆرمێکی جیاوازە لە هەموو شێوەکانی دەوڵەت هەر لە حوکمی پادشایەتی ڕەهاوە تا دەگاتە نوێنەرایەتی دیمۆکراسیی، کە هەموویان هەلومەرجێکی کاتییان هەیە، نالۆژکانە و هەروەها پێگەیەکی ناجێگیریشیان هەیە. هەموویان یەك بەدوای یەکدیدا دێن قۆناخێك یاخود هەنگاوێك بەرەو ئازادیین، ئەوان جەولەکانی پەیژەی سیاسین بەسەر کۆمەڵانەوە کە بەرەو خودهۆشمەندی و خۆدروستکردن دەڕۆن و کۆمەڵ بەرەو ئەو ئاراستەیە دەبەن.
.
لە کۆتاییدا دڵنیاییی لەوە دەکەینەوە ئەم ئەنارشییەی کە ئێمە باسی دەکەین و کە ئێستا دەیبینین بەرزترین پلەی ڕێکخستن و ئازادییە کە لەوێدا مرۆڤایەتی دەیگاتێ، فۆرمیلەیەکی ڕاستینەیە لە کۆماریی، کە ئامانجی بەرەو شۆڕشە یاخود بەرەو ئەوەی شوبات داوامان لێدەکات، کەواتە لە نێوانی کۆماریی و حکومەتا و لە نێوانی دەنگدانی گشتی و دەوڵەتا، ناکۆکی هەیە .

درێژەی هەیە
…………….
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




دەوڵەت … 3 … نوسینی جۆزیف پرۆدۆن … و: زاهیر باهیر

نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON

بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:

بەشی سێ:

گەر تەماشای پێناسە دەستکردەکەی Louis Blanc سەبارەت بە دەوڵەت لە وەرگێڕانەکەیدا، بکەین، هەر بە تەنها وشەی زۆردار و زۆردارانەی چوار جار بەکارهێناوە: زۆرداریی تاکە کەسێك یا تاکێك ، زۆرداریی هەندێك، هەروەها زۆرینە ، ئا بەمجۆرە، تەنها یەکجار نەبێت کە ناوی دەسەڵاتی خەڵکی هێناوە کە لە لایەن بەربژێرەکانیانەوە خزمەتیان دەکرێت، ئەویش تاکو دەستخۆشی لێبکرێت و چەپڵەی بۆ لێبدرێت. بەگوێرەی قسەکانی Louis Blanc هەموو دەوڵەتەکان زۆردارن تەنها دەوڵەتی دیمۆکراتیی نەبێت.

ئەنارکییەکان لێرەدا مامەڵەیەکی جیای تایبەت و غەریب دەکرێن، ئەوەش دەسەڵاتی ئەو کەسەیە کە یەکەمجار هاتووە. لای ئەو: زۆر یان کەم ئاوا ڕویدا کە ئەو یەکەمین کەسە ڕۆشنبیرترین و بەهێزترین زۆردار بێت لە حوکمڕانیی بێ سەروبەردا. دەی چی دێوەزمەیەکە [مۆنستەر] ئەوەی یەکەم جار کە هاتووە؟ ئەمە کێیە ، ئەم کەسی یەکەمجارە کێیە؟ کە زۆر یا کەم ڕوویدا کە ڕۆشنبیرترین و بەهێزترین کەس بێت کە مومارەسەی زۆردارییەکەی لە فەوزادا دەکات؟! . پاش هەموو ئەمانەش کێیە کە ڕەوایی حوکمی ئەنارکیی بدا بەسەر ئەم حکومەتە کاریزمای هەموو خەڵكدا، کە وەکو دەزانین خزمەتێکی زۆر باش لە ڕێگای بەربژێرەکانیانەوە دەکات؟ چەندێك جێی شادییە کە دڵنیابیت لەوەی لە یەکەم زەربەدا خۆمان بەتەختکراوی لەسەر زەوییەکە دەبینینەوە. ئای چەند قسەزانە، بەزمانە پاراو و ڕەوانەکەی قسە دەکات، سوپاس بۆ خودا کە لە چەرخی نۆزدەهەمدا ئافریندەی کردیت [ پرۆدۆن مەبەستی لویس بلانکە – وەرگێڕ] بۆ بەیانکردنی ئەو یارمەتییە بەسوودانە، بۆ ئەو چەشنە لە گەمژەیی کە ناوی مەندوبی چینی کرێکارانت لە خۆت ناوە ، دەنا هەر لە یەکەم جاردا کە هەر پەنجەت قەڵەمی گرت لەژێر باوبۆرانی ، زریانی هسسدا، hisses ، بە هیلاکەت دەچویت .

کەواتە دەوڵەت چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بدرێتەوە. لیستی فۆرمە جیاوازەکانی دەوڵەت کە Louis Blanc پاش ئەرستۆ، Aristotle ،ئامادەی کردوون ، هیچی فێر نەکردوین. هەرچیش سەبارەت بە Pierre Leroux –ە، ئەوە ناهێنێت کە سەرنجی لێبدەین، گەر پرسیاری لێبکەین، ئەو پێمان دەڵێت پرسیارەکە ناهینێت بەرجاو بگیرێت، دەوڵەت هەمیشە هەبووە و هەمیشەش دەبێت- ئەمەش دوا هۆکار و بیانوە لەلایەن کۆنەپارێزان و پیرەژنەکانەوە. [ پرۆدۆن وشەی پیرەژنەکانی بەو مەبەستە بەکارهێناوە کە چۆن کاتی خۆی لای خۆمان وشەی سەر ئاسنینەکان بۆ پیرێژنە خراپەکان بەکاردەهێنرا – وەرگێڕ]

دەوڵەت دەستوور و دامەزراوەیەکی دەرەکییە لە هێزە کۆمەڵایەتییەکە.

بە گوێرەی ئەم دامەزراوە و دەستوورەکەی کە هێزی دەرەکیی و باڵادەستییە، خودی خەڵکی خۆیان بەڕێوەنابەن. هەر بە گوێرەی ئەم دەستورەش لە هەنووکەدا تاکە کەسێك، چەند کەسێك، یاخود بە هەڵبژاردنی بڕێك لە خەڵك یاخود لە ڕێگا و بوونی نەریتی مانەوە بەمیراتیی، میراتگریی، ئەمان فرمانداریی لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانا دەکەن، هەروەها لەتەك ئەمەشدا سازش و دانوستاندیش، دەکەن. هەر هەموو ئەمانە لە ڕێگای خۆیەوە و بە ناوی خۆیەوە واتە بە ناوی دەوڵەتەوە دەکات. بە وشەیەك، دەوڵەت وەکو باوكێك لە بەجێهێنانی هەموو کاروبارەکانی نێو خێزانێك، یاخود میراتگرێك [واریس] ، بەڕێوەبەرێك، یا وەکیلێك وایە. ئەو، هەموو ئەم دەسەڵاتانەی وەکو دەسەڵاتێکی گشتی و ڕەها کە شیاوی گۆڕان و وەرگرتنەوە نییە لێی، لە خۆیدا گردکردۆتەوە.

ئەم دەستوور و دامەزراوە دەرەکییە لە دەسەڵاتی جەماعی، کە یۆنانییەکان ناویarchê,، – باڵادەستیی، سەروەریی، دەسەڵات، حکومەت-یان لێ ناوە کە لە سەر ئەم گریمانە[ فەرەزییە] خۆی ڕاگرتووە : خەڵکێك ، کە بە جەماعیین، کە ئێمە ناوی کۆمەڵی لێدەنێین، ناتوانن حوکمی خۆیان بکەن و بەخۆیان بیر لە ئەنجامدانی کاریان بکەنەوە، دەربڕین لەخۆیان بکەن یا خۆیان بەیانبکەن بە بێ یارمەتیی، وەکو بونەوەرێك لە هەبوونی کاراکتەری کەسایەتیی خۆیان، دەکرێت ئەم یارمەتییەیان پێببەخشرێت.

هەر لەبەر ئەمەش گەر کارەکانی ئەم خەڵکە، کۆمەڵە، مەیسەر ببێت دەبێت نوێنەرایەتیی لە لایەن یەکێك یاخود زیاتر لە تاکە کەسێکەوە، لەژێر هەر تایتڵێكدا بێت، بکرێن، لەو بارەشدا ئەمانە وەکو واریس، سەرپەرشتیکەرێك [وەلی ئەمر] حسابیان بۆ دەکرێت کە نوێنەرایەتبوونی خەڵکەکە و خواستیان بەجێدەهێنن. بە گوێرەی ئەم گریمانە دەسەڵاتی جەماعیی مەحاڵە، یاخود دەسەڵات بە جەماعیی، کە لە جەوهەردا دەگەڕێتەوە بۆ جەماوەر بۆ بەیانکردنی حاڵی خۆی و ئەدادانی چالاکییەکانیی بە ڕاستەوخۆ، بێ نێوەندگیریی ئۆرگانێك، ئەم دەسەڵاتەی خەڵك کە بە سەراحەت و بە ئاشکرا دروستبووە، ناتوانێت بێتەدی و بێتە قسە. ئەمە ڕاڤەکردنی دەستورەکەی دەوڵەتە کە لە هەموو فۆرمە جیاوازەکانا، ئاوا دێتەوە کە ئەو بە جەماعییبوونە، یاخود ئەو بەکۆمەڵییە بە تەنها لە مێشكدا، یا هەر بە قسە لای ئەوان بوونی هەیە، کە ناتوانێت خۆی بەرجەستە بکات، هەست بە پاراستن و مانەوەی خۆی بکات، خۆی لە حوکمی پادشایەتی بپارێزێت، یاخود لە غەزەبی تەختی ئەرستۆکراتی یا لە نوێنەری دیمۆکراتیان، خۆی قورتار بکات، سەرەنجامیش هەموو ئەو مانیفێستە تایبەتمەندانە، شەخسییانە، خواستەکانی جەماوەر یاساخ دەکەن .

درێژەی هەیە
……………………
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.
خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .

لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.

Zaherbaher.com

و: زاهیر باهیر




ژینگە ، بزنس ، دەوڵەت و پەیوەندی نێوانیان … زاهیر باهیر

پەیوەندی نێوانی دەوڵەت و بزنس پەیوەندییەکی ئەوەندە بەیەکەوە گرێدراوە هەروەکو تەواوی پەیوەدنییەکانی نێوانی ئۆرگانەکانی لەشی مرۆڤن کە دابڕانیان لەیەکدی و لەکار کەوتنی یەکێکیان ئەوانی دیکەشیان ناتەندروست و گرفتاوی دەکات. دەوڵەت چشتێك نییە جگە لە پارێزەر و پارێزگاری بزنس ، هەر بۆیەش نوێنەرانێك کە لە پلە و پایەی دەوڵەتدان خزمەتکار و بەرژەوەندەپارێزی بزنسن و ڕیگاخۆشکەری فراوانبوونی بزنسس و سوودی بزنسن، ئیدی گرنگ نییە کە ئەوە لەسەر حسابی مرۆڤ و کۆمەڵ و ژینگە بێت یا نەبێت.
ئەوە من نیم کە دەڵێم ژینگە و بزنس بە دوو ئاراستەی نەك هەر پێچەوانەی یەکدی دەڕۆن، بەڵکو دژ بەیەکیش دەڕۆن، بەڵکو ئەوە واقیعە و بەڵگەو ئامارەکانن کە ئەوە دەخەنە ڕوو.

گەر بمانەوێت پلەی گەرمی بە بڕی 1.5پلەی سێنتیگرەیت بهێنینە خوارەوە ئەوە دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە ساڵی 2025 دا بەڕیژەی لە سەدا 20 دابەزێت و لە ساڵی 2050 دەبێت بە ڕیژەی لەسەدا 55 دابەزێت. بەڵام هاوکات ئێکسۆن مۆبایەل کە یەکێکە لە کۆمپانیانی نەوت و غاز، پلانی ئەوەی کردوە کە لە ساڵی 2025 بڕی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی بە ڕێژەی لە سەدا 25 زیاد بکات . دیارە ئەمە هەر هەوڵی ئەم کۆمپانیایە بە تەنها نییە، مادام کێبڕكی بناخەی مان و نەمان و دروستکردنی زیاتری قازانج و سەرمایەیە، ئەوە کۆمپانیاکانی دیکەش یا دەبێت ئامادی لووشدان و مایەپوچی بن یا دەبێت ئەوانیش لە هەمان هەوڵدا، بن.

گەلێك هەن دەڵێن کە دەوڵەت دەتوانیت ژینگە بپارێزێت بۆ ئەمەش زۆر شت دەتوانێت بکات ، بەمەش دڵخۆشن . منیش دەڵێم راستە کە دەوڵەت دەتوانێت هەندێكی شت بکات ئەوانەی کە تا ڕادەیەك لە توانایدا هەیە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون یا خود خاپورکردنی ژینگە کە بەدوایدا خاپوربوونی کۆمەڵ دێت. لەوانە : هەمو سەیارەیەك بکاتە کارەبایی، باجی زیاتر لەسەر بزنس و کۆمپانیاکان دانێت، هەموو کەرەسەیەکی پلاستیکی یاساخ بکات، هەموو کەرەسەیەکی بەکارهێنراو دەکرێت ریسایکل بکریتەوە، غەرامەی تاك و خێزان بکات کە سەرپێچی لە ئەو یاسایانە بکات کە خۆی [ دەوڵەت] دایناوە ، نەناردنی زبڵ و کەرەسە بەسەرچوەکان و ماوەکان بۆ وڵاتانی بەناو جیهانی سێیەم و بەکارهێنانی سۆلە پاوەر [ وزەوەرگرتن لە گەرمی و تیشکی هەتاو ] و دانانی وزەی سروشتی بە شیوەکانی دیکە ،وەکو پانکە گەورەکانی سەر عەموودەکان لەو شوێنانەی کە ‘با ‘ دەیانگرێتەوە، دانانی یاسایەك کە بینای مۆدیرن لەسەر ڕێڕەوی ژینگە پارێزیی دروستبکرێت، کەمپەینی هۆشیارکردنەوەی خەڵک بە پرسی ژینگە …. تد بەڵام هەر ئەمانە گەر دەوڵەت بیانکات کە ناتوانێت پارەیەکی یکەجار خەیاڵی تێدەچێت دەبێتە هۆی موفلیسبوونی. بۆ نمونە حکومەتی بریتانی لە ساڵی 2010 وە بۆ ئێستا تەنها و تەنها 70 ملیۆن پاوەندی تەرخانکردووە هێشتا ئەمەش بەکارنەهێنراوە کە هەر ئەم پارەیە ڕەنگە تەنها کافی بێت بۆ دانانی 800،000 محەتەی چارجکردنەوەی سەیارەی کارەبایی .. نەشتێکی دیکە .

بەڵام ئایا دەوڵەت دەتوانێت فڕۆکەخانەکان دابخات کە گەورەترین هۆکاری پیسکردنی ژینگەن؟ ئایا دەتوانێت پلانی گۆشتنەخواردن و گرنگی دان بە خواردنی نەباتیی بدات کە ئەمە نەك هەر ژینگە و تەندروستی باش دەبەخشێت پارەیەکی خەیاڵیش بۆ بودجەی دەوڵەت لە چارەسەرکردنا دەگێڕێتەوە بەڵکو ئاوێکی زۆر دانەوێڵەیەکی زۆر سەوزایی و دارستانێکی زۆر ڕزگاریان دەبێت لە هەڵپاچین و بنەبڕکردنی بۆ پاکژ و لەوەڕگای گاو گوێلك و ئاژەڵ؟ ئایا دەوڵەت دەتوانێت دەستی سوپەرمارکێتە گەورەکان کورتبکاتەوە لە هێنانی کەرەسەی خواردن و خواردنەوە لە وڵاتە دوورە دەستەکانەوە کە بەمە نەك هەر ژینگە بە پاکی ڕادەگیرێت بەڵکو قەتڵ و عامی ڕێگاش کەمدەکاتەوە؟ ئایا دەتوانێت بدات لە قازانجی کۆمپانیا نەوتی و غازییەکان و پیشەسانییەکان کە لە کاتێكدا کە هەر ساڵی پار ، 2018، لە چاو ساڵی 2016 دا 124،837، 199 ملیۆن دۆلار لە لایەن ئەوانەوە هەر لە لۆبیکردنا سەرفکراوە کە ئەم برە پارەیە لە ساڵی 2016 دا 100 ملیۆن دۆلار بووە. ئایا دەوڵەت دەتوانێت بانقەکان کۆنترۆڵ بکات کە بە پارە یارمەتی پیشەسازی و کۆمپانیا گەوەرەکان نەدات؟ بۆ نموونە لە ساڵی 2016 دا 33 بانقی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی دەزگە دراوییەکانی ئەمەریکا بە1.9 تریلۆن دۆلار دەسگرۆیی کۆمپانیای نەوتی و غازی و کۆمپانیا گەوەرەکانی پیشەسازییان کردووە. ئایا دەوڵەت دەتوانێت ئەو کارگە گەورانەی کە پۆشاك دروست دەکەن بیان کات بە کاررگەیەك کە زیڕۆ کاربۆن بن ؟ !!!
هەڵبەت زۆر لایەنی تریش هەیە کە باسی لێوە بکەین بەڵام من لێرەدا دەوەستم و لام وایە کە ئەوەندە کافییە بو سەرنجدانمان لە ژینگە، بزنس، دەولەت و پەیوەندی نێوانیان .

زاهیر باهیر – لەندەن
30/04/2019




دەوڵەت*: -2 – نوسینی جۆزیف پرۆدۆن … و: زاهیر باهیر


نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر
بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:
بەشی دوو:

Louis Blanc و Pierre Leroux دڵنیایی لەسەر پێچەوانەکەی دەکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی توانای ئەم دووانە لەناو سۆشیالیستەکانا دیارە، ئەمەیان لە سیاسییەکانەوە بۆ ماوەتەوە، ئەمانە پیاوانی حکومەت و دەسەڵاتن، پیاوانی دەوڵەتن.

بۆ ئەوەی جیاوازییەکان لابەلابکەینەوە دەبێت ئێمە دەوڵەت وەکو پرسێك بەرچاو بگرین، نەك لە ڕوانگەی کۆمەڵە کۆنەکەوە کە ئاساییانە و بە زەروورە بەرهەمیهێناوە، بەڵام ڕووبەڕووی نەمانی دەبێتەوە، بەڵکو لە دیدی کۆمەڵە نوێیەکەوە کە ئاوایە و دەشبێت ئەنجامی کردنی ئەو دوو چاکسازییە بنەڕەتییە و بەیەکەوەگرێدراوی وەکو سیستەمی متمانە و ڕەسید [ کرێدت] و باجگەریییە، ئەو کێشانە لابەلابکرێنەوە.

سەبارەت بەمەی دووهەم کە دەوڵەتە، گەر ئێمە ئێستا ئەوە بسەلمێنین کە خودی دەوڵەت بە سروشتی بە تەواوی لەسەر گریمانێکی بێ بنەما ڕاوەستاوە، لە پێگەی یا هەنگاوی دووەمدا لە خودی پلان و وجودیی دەوڵەتا هیچ پاساوێك بۆ هەبوونی و پاراستنی نادۆزرێتەوە کە زیانبەخش نەبێت. لە گریمانی دووهەمیشدا دەوڵەت لە هەردو بارەکەدا یەکسانە بە درۆ و دواتریش هۆکارەکانی بۆ بەردەوامبوونی، تەنها دەتوانێت پەنا بۆ گریمانێک وەکو دوانەکەی دیکە بەرێت کە ئەمەش هەر بێ بنەمایە، بەم جۆرە کە ئەم سێ خاڵە، سێ لایەنە،[ پرۆدۆن مەبەستی ئەو 3 لایەنەی دەوڵەتە کە لێرەدا هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی قسەی لەسەر دەکرێت – وەرگێڕ] ڕوونکرانەوە پرسەکە/ کێشەکە لابەلا دەکرێتەوە و دەوڵەتیش ناپێویست و لە زیادە حسابی بۆدەکرێت، سەرەنجامیش ئامرازێکی زەرەرمەند و شتێکی مەحاڵ دەبێت، بوونیی حکومەت لەخۆیدا ناکۆكە.

لێگەڕین با بە تەواوی شیبکەینەوە:

1- سەبارەت بە سروشتی دەوڵەت:
Louis Blanc پرسیار دەکات “دەوڵەت چییە؟”
وەڵام دەداتەو و دەڵێت:
” دەوڵەت لەسای تەختی پادشایەتیی –دا دەسەڵاتی تەنها پیاوێکە ، حوکمی زۆردارانەیە و جەوری تاکە کەسێکە.
“دەوڵەت لەژێر فرمانداریی ئۆلیگارکیدا، دەسەڵاتی ژمارەیەکی کەمی پیاوانە، حوکمی زۆردارانەیە و جەوری چەند کەسێکە .
“دەوڵەت لەسای فرمانداریی ئەرستۆکراتەکانا، دەسەڵاتی چینێکە، حوکمی زۆردارانەی زۆرینەیەکە.
“دەوڵەت لەسای فرمانداریی ئەنارکییەتا، دەسەڵاتی ئەوەی یەکەم جار هاتووە کە وا ڕێکەوت هەرە ڕۆشنبیر و بەهێزەکەیە، حوکمی زۆردارانەی بێ سەروبەرەیە[ فەوزایە].
“دەوڵەت لەسای دیمۆکراتەکانا دەسەڵاتی هەموو خەڵکە کە لە لایەن بەربژێرەکانیانەوە خزمەتیان دەکرێت، حوکمی سەردەمی ئازادییە”

لەم پێناسەیەی Louis Blanc بۆ دەوڵەت لە بیست وپێنج هەزار یاخود سی هەزار خۆێنەری خۆی، ڕەنگە دە کەسیان ئەم پێناسەیەیLouis Blanc یان، بۆ دەوڵەت، لەلا تەواو و لابەلاکەرەوە نەبێت و لە دوای مامۆستاکەیانەوە نایڵێنەوە: کە دەوڵەت دەسەڵاتی کەسێکە، هەندێکە، یاخود زۆربە ، هەمووان، یاخود ئەوەی یەکەمجار هاتووە. بەگوێرەی وشەکان دەوڵەت بە یەکێك لەم ئامرازانە وەسفکراوە : پاشایەتیی، ئۆلیگارکیی، ئەرستۆکراتیی، دیمۆکراتیی یاخود ئەنارکیی. نێردراوەکانی [مەندوب] لۆکسەمبەرگ کە خۆیان باوەڕیان وایە کە فێڵ و دزییان لێکراوە – بەوەی کە ئاوای دەبینن گەر کەسێك بیەوێت ڕایەکی جیاواز لەوان دەربڕێت سەبارەت بە مانا و ئاڕاستەکانی شۆڕشەکەی شوبات.- لە نامەیەکدا کە بڵاوکرایەوە شەرەفمەندیان کرودم کە ئاگەداریان کردمەوە کە وەڵامەکانی Louis Blanc زۆر سەرکەوتوانە بوو کە من ناتوانم شتێکم لە وەڵامیا هەبێت.

لەوە دەکات هیچ کام لە هاووڵاتییە نێردراوەکان هەرگیز دیراسەی یۆنانییان نەکردبێت. گەر بیانکردایە ئەوەیان دەبینی کە مامۆستاکەیان، برادەرەکەیان، Louis Blanc ، لەبری پێناسەکردنی دەوڵەت تەنها هاتووە وشەکانی یۆنانیی، وەکو: monos ، یەک دانە، aligoï ، هەندێك یا چەند دانەیەك، aristoï, ، گەورە یاخود مەزن، demos ، خەڵك، هەروەها privative a ، یانی نا، نەخێر-ی بۆ فەرەنسی وەرگێڕاوە. ئەرستۆ بە بەکارهێنانی ئەم چەمکە [کۆنسێپت] شیاوانە فۆرمەکانی دەوڵەتی جیاکردۆتەوە، کە پێناسەی بە بەکارهێنانی وشەی archê ، [ وشەیەکی کۆنی یۆنانییە کە بۆ دەسەڵات یا یەکەم شوێنی دەسەڵات بەکارهێنراوە-وەرگێر] بە واتای دەسەڵات، حکومەت، دەوڵەت، کردووە و چواندووە. داوای لێبوردن لە خوێنەرمان دەکەین، ئەوە هەڵەی ئێمە نییە ئەگەر زانستی سیاسەت لە لۆکسەمبەرگ نەیتوانیبێت توێژینەوەی سەرچاوەی وشە بکات، کە لەو ڕێگایەوە دەزانرێت مانای ئەم وشانە لە ڕێڕەوی مێژوودا، گۆراون.

درێژەی هەیە
……………
*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.

خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




دەوڵەت*: .. نوسینی جۆزیف پرۆدۆن

نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON
و: زاهیر باهیر

بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:

شۆڕشەکەی مانگی شوبات[ پرۆدۆن مەبەستی شۆڕشی شوباتی 1848 – وەرگێڕ] دوو پرسیی سەرەکیی ورووژان: یەکەم ئابووریی: پرسی کار و موڵکییەت، ئەوی تریان سیاسییە: پرسی حکومەت یاخود دەوڵەت-ە

لە پرسیی یەکەمدا، پرسە ئابوورییەکە، سۆشیالیستە دیمۆکراتەکان لە جەوهەردا تا ڕادەیەکی زۆر هاوڕان و لە تەك یەکدیدا دێنەوە، ئەوان دان بەوەدا دەنێن پرسەکە داگیرکردن و بەشکردنی موڵکییەت نییە، بگرە کڕینەوەیشیان نییە . تەنانەت پرسیاریی دانانی باجی بێ ئابڕوانەی زیادەش لەسەر چینە ساماندار و خاوەنموڵکەکانیش نییە کە لە کاتێکدا تەجاوازی بنەماکانی ناسینی خاوەندارێتییان، کە لە دەستوورا ناسراوە ، کردووە، کە ئەمەش تەنها خزمەتی ئاوەژووکردنەوەی ئابووریی گشتی دەکات کە بارودۆخی پڕۆلیتاریا خراپ دەکات. ڕیفۆرمە ئابوورییەکە لە لایەکەوە پێكهاتووە لە مونافەسەکاریی و سەرەنجامیش زیانگەیاندن بە سەرمایە [کاپیتاڵ] بە لەدەستدانی داهاتەکەی، بە واتایەکی دیکە بەم ڕیفۆرمە چونیەککردنی توانای هەموو کەسەکان بۆ هەمان ئاستی کار و توانای کرێکار لە ڕوی داهاتیانەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، هەڵوەشاندنەوەی سەراپای سیستەمی هەبوونی باجەکانە ، کە تەنها لەسەری کرێکاران و پیاوانی هەژارادا دەشکێنەوە ئەمەش بە شوێنگرتنەوەیان بە تاکە باجێك لەسەر سەرمایە کە لە قیستی بیمەی تەئمین، دەچێت.

لای Louis Blanc و Pierre Leroux بە کردنی ئەم دوو چاكسازییە گەورەیە، ئابووریی کۆمەڵایەتی لە سەرەوە بۆ خوارەوە ڕێکدەخرێتەوە، پەیوەندی نێوان بازرگانی و پیشەسازیی پێچەوانە دەبێتەوە، قازانجەکانیش کە ئێستا بۆ سەرمایەدارە بۆ کرێکاران دەگەڕیتەوە. مونافەسەش کە لە ئێستادا بێ سەروبەر و تێکدەرانەیە، دەبێتە ئامرازێکی بنیاتنەر و بەردار، چی تر بازاڕ پێویست نییە ، کەسانی کارگەر و خاوەنکار بەیەکەوە بە خۆشییەوە پەیوەستدەبنەوە، ئیدی لەمەولا ترسێك لە داکشان [رکود] و هەڵپەساردن نابێت و نامێنێت. ڕژێمێکی نوێ بنیاتدەنرێت، دامەزراوە کۆنەکان یا هەڵدەوەشێنرێنەوە یاخود دروستدەکرێنەوە.

بەم شێوەیە ڕەوتی شۆڕشگێڕانە دیاریکرا و مانا و ئامانجی بزوتنەوەکەش زانرا. هەرچییەکیش کە ڕەنگە لە هەنگاوە کردەییەکانا [عەمەلی] دەرکەوێت، چاکسازییەکە چارەسەریدەکات. بە گوێرەی ئەم پرنسپانە و لەسەر ئەم بنەمایانە ئیدی شۆڕشەکە هیچ پرسێکی دیکەی نابێت و دواتر کێشەی ئابووریی ڕەنگە ئاوا حسابی بۆ بکرێت کە لابەلاکراوەتەوە.

هەرچی سەبارەت بە کێشە سیاسییەکەشە، لەتەك کێشەکەی پێشترا، ‘ئابوورییەکە ‘، دوورە لەوەی وەکو یەک بن، کە ڕزگاربوونە لە حکومەت و دەوڵەت لە ئایندەدا . ئا لەم خالەدا تەنانەت باسی حکومەت و دەوڵەت، لای ئەوان نەکراوە، ئەم گرفتە لە لایەن ویژدانی گشتییەوە و زیرەکی و هۆشیاریی جەماوەرەوە لەبیرکراوە، یاخودهەر تێبینی نەکراوە. بەو شێوەیەی وەکو بینیمان شۆڕشی ئابووریی تەواوکرا، بەڵام ئایا حکومەت، دەوڵەت دەتوانێت لە بوونیا بەردەوامبێت؟ پێویست بە بەردەوامبوونی دەکات؟. لێرەدا هیچ کەسێك نە لە دیمۆکرات و نە لە دەرەوەی ئەوان زاتی [ جورئەت] ئەوە ناکات پرسیاریی بکات، کەواتە ئەوە هێشتا کێشەیە، گرفتە ، ئەگەر ئێمە توانیمان لە کارەساتە نوێیەکان قورتاربین، دەبێت ئەوەی ئایندەش لابەلابکرێتەوە.

ئێمە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەین، هەر تەنها ئێمەشین کە دڵنیایی دەکەینەوە کە لە شۆڕشی ئابوورییدا، ئەوە لەلای ئێمە بڕاوەتەوە، کە دەوڵەت بەتەواوی دەبێت وجودی نەمێنێت، ئەم لەبەینچونەی دەوڵەتیش بەرەنجامی زەروورەتێکە لە ڕێکخستنی سیستەمی پشتیوانە ” ڕەسید” (credit ) و چاکسازی سیستەمی باجگەریی کە کارایی لەسەر ئەم جووتە نۆژەنکردنەوەی [ ئابووریی و سیاسیی ] حکومەت دادەنێت،[ سیستەمی باجگەریی و پشتیوانە “کرێدت” لەو سەردەمەی فەرەنسەدا قورساییەکی یەکجار زۆری لەسەر خەڵکی دانابوو و سزادانی جێبەجێنکەکردنەکەی زۆر سەخت بووە، هەبوونی ڕەسید گرنگ بووە کە بوونی دارایی بووە لە شێوەی جیادا، بێ بوونی ئەم ڕەسیدە نە مافی دەنگدان و نە مافی تر هیچیان نەبووە – وەگێڕ] ئیدی یەکەم، حکومەت دەبێتە ناپێویستیی [ بێ کەڵک] دواتریش بوونی مەحاڵ دەبێت، هەر ئاواش هەمان شت بۆ توێژاڵە خاوەندارە فیوداڵەکان، سووخۆرەکان، دەستوری پاشایەتی ڕەها، دەزگە قەزاییەکان،…تد پێشبینی دەکرێت، ئەمانە هەمووی لەژێر ناوی ئازادیی لە پەروەردە و ڕۆشنبیرییدا ناونووسکراون، بەڵام کاتێك کە خودی ‘ئازادیی’ دەگات، هەموو ئەوانە بە تەواوی دەکەون و لەبەرچاو وندەبن.
بە پێچەوانەی ئەوانی دیکە، کە لە ڕیزی پێشەوەیان ئێمە جیایان دەکەینەوە،Louis Blanc و Pierre Leroux ن، کە لە دوای شۆڕشە ئابوورییەکەوە، مانەوە و بەردەوامبوونی دەوڵەت بە زەرووری دەزانن، بەڵام لە فۆرمێکی ڕێکخراودا، بینای بکەنەوە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەن ئەمانەوە نە پرنسپڵێك هەیە و نە پلانێکیش بۆ ڕێکخستنەوەی دەوڵەتەکە.

پرسی سیاسیانە لای Louis Blanc و Pierre Leroux لەبری لەناوبردنی دەوڵەت لە ڕیشەوە و دیارکردنی و بەستنەوەی بە پرسی ئابورییەوە کە پرسێکە و تا ئەمڕۆش هەر پرسە، ئەوان داکۆکی لە فراوانکردنی بەرتەلەکانی دەوڵەت، دەسەڵات، دەسەڵاتدارێتی، حکومەت، دەکەن. ئەوان تەنها ناوەکان دەگۆڕن، بۆ نموونە لەبری دەوڵەتی سەروەر[master-State ] دەڵێن دەوڵەتی خزمەتکار [servant-State ] وەکو بڵێی گۆڕینی وشەکان کافییە بۆ گۆڕینی شتەکان! سەرەڕای ئەمەش، دەربارەی ئەم سیستەمەی حکومەت هیچ شتێك نازانرێت وەك سیستەمێکی دینی لە بۆشایی ئاسمانا خۆی ڕادەگرێت و هیچ دەربارەی نازانرێت، تقوسە دینییەکەی و ڕواڵەتی لەسەر زەوی و لە بەهەشتا، نەزانراوە.

لەئێستادا پرسیارێك هەیە کە لە هەنووکەدا سۆشیالیست دیمۆکراتەکانی لەم مەسەلەیە و لە کێشەکانی دیکەدا دابەشکردووە وەکو ئایا دوای حەلبوونی بەکردەوەی پرسی کار و سەرمایە، دەوڵەت هەر دەبێت بمێنێتەوە و بەردەوامبێت ؟ بە مانایەکی دیکە ئایا دەبێت هەر دەوڵەتمان وەکو ئەوەی کە ئێستا هەمانە ببێت، ئایە دەستورێکی سیاسی بەجیا لە دەستورە کۆمەڵایەتییەکە دەبێت؟.
وەڵامی ئێمە پێچەوانەیە، ئێمە پێداگریی لە سەر ئەوە دەکەین هەر کە کار و سەرمایە دیاریکرا و کێشەکە لابەلاکرایەوە، کۆمەڵ لەسەر پێی خۆی ڕادەوستێ، ئیدی چی تر پێویستی بە حکومەت نابێت. ئێمە لەبەر ئەوە زیاتر لە جارێك بانگەشەی ئەنارشیبوونی خۆمانمان کردووە. ئەنارشیەت هەلومەرجی بوونی کۆمەڵێکی پێگەییوە [ ڕوشدە]، هەر وەك چۆن قوچکەیی/ هەرەمیی هەلومەرجی کۆمەڵی سەرەتایی بووە[ پرۆدۆن لێرەدا مەبەستی سەرهەڵدانی قوچکەییە پێش بەرەوچوونی کۆمەڵی سەرەتایی بۆ کۆمەڵی چینایەتیی- وەرگێڕ]، بەردەوام پێشەوەچونێک، بەردەوام وەرچەرخانێك لە کۆمەڵی مرۆڤایەتییدا لە قوچکەییەوە بۆ کۆمەڵی ئەنارشیی هەیە.

درێژەی هەیە.
……………..

**لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.
پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R. Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.

خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگەداری ئەوە بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .

لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.




بزوتنەوەی خەڵکیی زۆر زەروورە بە هاوپشتی چینی کرێکاران … زاهیر باهیر

نزیکەی چوار دەیەیە هاوپشتی چینی کرێکاران بەتایبەتی کرێکارانی کەرتە پیشەسازییەکان و کۆمپانییە زەبەلاحەکان بۆ بزوتنەوەی خەڵکی کە ماوەیەکی زۆرە لە ئارادایە, یا نەبینراوە یاخود زۆر دەگمەن بوووە.
ئەم دیارەدیە زۆر بە ئاسانی دەبینرێت. با هەر دوور نەڕۆین تەماشای بزوتنەوەی سەوزی حوزەیرانی 2008ی ئێران، ئەوەی پار کە هێشتا هەر ناو بەناو دەردەکەوێتەوە، بکەین ، هەروەها ولاتانی ” بەهاری عەرەبیی”ش. هەر ئاواش ئەم دیاردەیەمان لە ئەردەن و بەحرەین و خۆپیشاندان و پرۆتیستە گەورەکەی گازی پارکی تەقسیمی تورکیا، ساڵی 2013 و فەرەنسای 2005 یش، بینیوە کە بێ پشتوپەنای کرێکاران ماونەتەوە .

لەو هەموو خۆپیشاندان و پرۆتێستانەی عێراق–یش بە کوردستانیشەوە کە هەر لە داگیرکردنەکەی 2003 وە سەری هەڵدا، تەنانەت ئەمانەی ئەم دوایەی مانگی تەموز و سێبتەمبەری شاری ‘بەسرە’ی ساڵی پار، 2018، لێرەش هاوپشتی کرێکارانمان نەبینی. لە وڵاتانی بلۆکی شەرقی کە سەر بە شورەویی جاران بوون ، خۆپیشاندانێك و پرۆتێستێکی زۆر لەم ساڵانەی دواییەدا هەتا ئەم دوایەش دەرکەوتن بەڵام هێشتا هەر کرێکاران وەکو پێویست پشتگیرییان نەکردن . لەمانەش گرنگتر ئەوەی فەرەنسایە کە لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەری پارەکەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە ، چینی کرێکاران هەر خەریکی کاری خۆیان و کەڵەکەکردنی سەرمایەن بۆ خاونکارەکان و خاوەنکۆمپانیاکان .

پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، جیهانگیریی [گڵۆبەلایزەیشن/ عەولەمە] و قەبارە و جۆرێتیی [ کواڵەتی] چینی کرێکاران لەم چەرخەدا ، هەموو ئەمانە دەبوایە ئێمەی بەرەو شۆڕشی سۆشیالیستیی ببردایە یاخود لانی کەم هارکاریی و هاوپشتی ئەو بزوتنەوانەی خەڵكییان بکردایە کە بە بەردەوامی و لە زۆر شوێنی ئەم دونیایەدا ڕوویانداوە و ڕوودەدەن.
بەڵام مەخابن ئەوەی کە لەم چوار دەیەیەدا دەیبینین، چینی کرێکاران یا هاوپشتییان نەکردون یاخود هەر زۆر کەم. من وای دەبینم کە زەمینەی هەنووکەیی پیشەسازیی ، تەکنەلۆجیای نوێ و پێشکەوتوو، جیهانگییریی ، هەمو ئەمانە دەبوایە ئامادەکاریی بۆ شۆڕش بکردایە.

گرفتەکەش هەر ئەوە نییە کە شۆڕش ڕووینەداوە ، بەڵکو خودی بزوتنەوەی کرێکارانیش لە زۆرێك لە وڵاتانا هەر بوونی نییە. هەلومەرجی ئێستایی کرێکاران گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە خۆی بەدوور لە بزوتنەوەی خەڵکی بگرێت. پرسیار دەکرێت بۆچی تا ئێستا شۆڕش ڕوینەداوە؟ من لێرەدا هەوڵنادەم کە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە چونکە من لە هەندێك لە وتارەکانی پێشترما خۆم لە قەرەی وەڵامەکەی داوە. بەڵکو من لێرەدا هەوڵدەدەم ئەو بارودۆخەی کە گەمارۆی کرێکارانی داوە، بەم نوسینە گەر کورتیشە، لێکبدەمەوە، ئەمەش بەگوێرەی بۆچوون و تێگەیشتن و ئەزموونەکانی خۆمن .
من باوەڕم وایە ئەم هەڵوێستەی چینی کرێکاران کە پاڵپشتی بزوتنەوەی خەڵکی ناکات زۆر بە توندی گرێدراوەتەوە بە جیهانگیرییەوە [ گڵۆبەلایزەیشن] . بۆ من ئەوە ئاشکرایە بە فراوانبوونی شەپۆلی جیهانگییریی، بە گەیششتنە وڵاتانی زیاتر، چینی کرێکاران لاواز و لاوازتر بوون . بۆ سەلماندنی ئەمەش دەکرێت سەرنجی ئەم دوو خاڵەی خوارەوە بدەین:

کەی جیهانگییریی دەستیپێکرد؟ بە واتایەکی دیکە لەکەیەوە چینی کرێکاران لاواز و لاوازتر بووە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لە نێوانی ئابوورییناسان و مێژووناسەکانا ڕایەکی هاوبەش و یەکگرتوو نییە سەبارەت بە سەردەمی یاخودی مێژووی دەستپێکردنی جیهانگییریی. هەندێکیان دەیگێڕنەوە بۆ سەرەتای چەرخی نۆزدە. هەندێکی دیکەیان بۆ چەرخەکانی شازدە و حەڤدە، بەتایبەت بۆ یەکەم ئیمپایەری پورتوغالیی و ئیسپانییەکان ، دواتریش بۆ ئیمپایەری ‘دەچەکان’ و بریتانییەکان کە دەستیان بە کۆڵۆنایزکردنی وڵاتان، کرد. ئەم گروپە باوەڕیان وایە ئەمە لە سەرەتای چەرخی حەڤدەدا، بەدیاریکراوی پاش دامەزاندنی کۆمپانیا فرە قەومییەکەی کە ناوی کۆمپانیای بریتانی لە ڕۆژەهەڵاتی هندستانا بوو، کە لە ساڵی 1600 دا، دامەزرا ، ئەمە سەرەتای جیهانگییریی بووە.

لەگەڵ ئەم ڕایانەدا زۆرێكیش کە لەم بوارەدا کاردەکەن ئەوە دەسەلمێنن کە جیهانگییریی سەردەمیانە [مۆدێرنانە] لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەستیپێکردووە.. ئەمەش کاتێك کە ڕێگادراوە کە کاڵای هەرزان لە بەرهەمێنانا و بەکارهێنانی هێزی بازووی هەرزان، کەوتە بەردەست ، ئەم دیاردەیە زۆر یا کەم ، پاڵنەرێك بوو بۆ پێشەوەچوونی ئابووریی هەنگاوێك زیاتر.
کاپیتاڵیزم لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە پێی نایە قۆناخێکی نوێوە و هاوکاریی جیهانگییریی کرد. ئەمەش سەرەتایەك بوو بۆ دۆزینەوە و و دامەزراندنی کۆمەلێك دامەزراوەی جیهانیی. یو ئێن [United Nation ] ، فراوانبوون و زیادبونی ژمارەی کۆمپانیای فرەنەتەوەیی لە ئەمەریکا و ئەوروپا ، ڕیکەوتنی یا پەیمانی گشتی لەسەر گومرگ و بازرگانیی General Agreement on Tariffs and Trade (GATT),] ، پەیمانی/ڕێکەوتنی ئازادی بازرگانیی باکوریی ئەمەریکا، [North American Free Trade Agreement (NAFTA) ] ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیی[World Trade Organization (WTO)] ، پەیمانی ماستریخت [Maastricht Treaty ] و لە کۆتایشدا یەکێتی ئەوروپا [European Union]. تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو کە نرخی یاخود تێچوونی بازرگانی کەمکردەوە ، بڕی گوومرگ و سنووریی زۆنی بازرگانیی لابرد یا هەر زۆر کەمیکرندنەوە ، هەموو ئەمانە هاوکار و یارمەتیدەری ئەو دامەزراوانە بوون کە لە سەرەوە باسمکردن.

ئاڵوگۆڕکردنی زانست و پێشکەوتنی لەسەرجەمی دونیادا ، تەکنەلۆجیا و بەرهەمەکان ، ماسمیدیا، پێشەوچوون و تەشەنەکردنی هاتووچۆی جیهانیی ، پەیوەستکردنەوەیی تەلەفونیی و بەشەکانی ئەلەکترۆنیی ڕۆڵێکی یەکجار گرنگ و کاربڕیان لە جیهانگیریی سەردەمدا ، گێڕا.

بۆچی جیهانگیریی ، چینی کرێکارانی لەبری چالاکبوون پاسیڤکرد؟

ئەوانەی کە لەسەرەوە پەنجەم بۆڕاکێشان سوود و زیانی خۆیان بە چینی کرێکاران گەیاند. بەڵام بەڕای من بۆ سەرمایە و سەرمایەداریی زۆر زیاتر تاکو چینی کرێکاران، بەسوودتر بوون.
من بۆ وەلامی ئەو پرسیارەی سەرەوە دوو هۆکاری سەرەکی دەبینم:
یەکەم: جیهانگییریی سەردەم بەهەر شوێنێك گەیشتبێت تەواوی ستراکتوریی چینی کرێکارانی گۆڕیوە. ئەوەی کە بۆ کرێکاران ماوەتەوە و هاوبەشە تەنها ناوەکە و فرۆشتنی هێزی بازوو و مێشکیانە ، نە زۆر نە کەم. ئێمە ئەم دیاردەیە لە بریتانیادا زۆر بە ئاشکرا دەبینین. کرێکاران لەسەر کار بۆ توێژاڵی جیا جیا و بەهەلومەخی جیا دابەشکراون. ئیدی چی تر یەکێتی چینی کرێکارانی، تەنانەت لە هەمان کۆمپانیادا یا کارگەدا ، یا هەمان سۆپەرمارکێتا، یاخود لە خەستەخانەکانا، شارەوانییەکانا، بەهۆی دامەزراندنی کەرتی جیاوازەوە ،لەناوبردووە ، لانی کەم تا ئێستا.

کەرتی ئای تیی ، بەرهەمهێنان، کەرتی دۆزینەوەی بازاڕی فرۆشتن ، ڕێکلامە، بەشی دامەزراندنی کرێکار و کارمەند، ئەدمین ، کرێکارانی سەر کاسەکان ، کرێکارانی پاراستن و پاککەرەوە و پاسەوانی شوێنەکانی سەر کار ، تەکنیشنەکانی پاراستن و چاککەرەوەی ئامرازەکان و ماشێنەکانی کار… ئەمانە چەند کەرت و بەشێکن لە هەمان کۆمپانیادا، کارگەدا یا لە شارەوانییەکان و خەستەخانەکان و ..تد . ئەم کرێکارانە و ستافەکانی دیکە کە لەو شوێنەدا کاردەکەن هەلومەرجی کار و سەر کاریان و موچەیان جیاوازە. ئەمەش هۆکارێکە کە بە دەگمەن دەیبینینن کە کارمەند و کرێکارانی کۆمپانیایەك یاخود کارگەیەك بەیەکەوە مانبگرن بۆ هاریکاریی کرێکارنی دیکە و هەتا بەشێكی خودی کرێکارانیش لە بەشەکانی کۆمپنایەکە یا شارەوانییەکە کە لە مانگرتنان .

گومانیش لەوەدا نیە کە لێرەدا نقابەش ڕۆلێکی گەورە یاریدەکات بە ڕازیبوونی دابەشکردنی کرێکاران بەسەر چەند نقابەیەکی جیاوازدا . ڕەنگە یەكێك بلێت ئەوە لە بریتانیادا بەهۆی یاسای دژە نقابەوەیە بۆیە کرێکاران ناتوانن هەڵوێستیان هەبێت. بەڵام لە ڕاستیدا گەر کرێکاران لە بناخەدا بەهێز و یەکێتییان هەبوایە، چالاکی جددیان دژی مارگرێت تاچەری سەرەکوەزیرانی ئەوکاتەی بریتانیا ، بکردایە، کە ئەو بوو یاسای دژە نقابەی چەسپاند ، هەرگیز تاچەر زاتی ئەوەی نەدەکرد کە ئەم یاسایە بخاتە گەڕ. تاچەر ئەمەی کرد لەبەرئەوەی کە کرێکاران خۆیان لاواز ، بەش بەش، بێ ورە، بوون، مرۆڤگەلێکی نەیار بە خۆشیان بوون. بێ گومان ئەمە نەدەکرا گەر نقابەی مەرکەزیی و پارتی کرێکارانی بریتانیی یارمەتیدەری تاچەر نەبوونایە.

مێژوی کرێکاران لە چەرخەکانی هەژدە و نۆزدەدا، تەنانەت لە نیوەی چەرخی بیستی-شدا ئەوە دەسەلمێنێیت کە چینی کرێکاران زۆر چالاک و یەکگرتوو بوون لەو سەردەمانەدا. هۆکاری ئەمەش، لای من ، تەنها دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرمایەداریی وەکو ئەم دواییە پێشنەکەوتبوو و جیهانگییریی سەردەمیانەش نەهاتبووە کایە. هەنووکە بە پێشکەوتنی تەکنەلۆچیا و قەبارە و جۆرێتیی چینی کرێکاران کە شۆڕشگێڕە پێشەنگ و قەدیمەکان لە نێوانیشیانا کارل مارکس-ش ڕایانوابووە کە ئەو مەرجانە دەکرێت بەس بن بۆ ڕوودانی شۆڕش. ئەی بۆچی ڕووی نەدا ؟ وەڵامی پرسیارەکە بۆ خودی خوێنەر بەجێدەهێڵم .

فاکتی دووەم، جیهانگییریی جوتێك پێشکەوتنی لەتەك خۆیدا هێنا: یەکەم: زۆرێك لە بەڕیوەبەرانی ناونجیی درووستکرد ، هەروەها ڕۆبۆت، زۆرینەیەك لە خەڵک کە ئێستا لە بەشەکانی وەکو : کڕینی شمەکی جیا جیا [ دووکان و بوغازە و سوپەرمارکێتەکان]، بەشی هاتووچۆ، گەشتکردن ، بەشەکانی دیکەی وەکو : باڕەکان، شوێنەکانی دیکەی خۆاردنەوە، هوتێل، قاوەخانە، چێشتخانە، جۆرەکانی دیکەی خواردەمەنی، هێنایە ئاراوە . هەندێك لە ڕاپۆرتە نوێیەکان ڕێژەی سەدیی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کەلەم شوێنانەی سەرەوە کاردەکەن بە لە سەدا 26 ی سەرجەمی کرێکارانی بریتانیای خەمڵاندووە . هاوکاتیش بەگوێرەی تازەترین ڕاپۆرتی نقابەی مەرکەزیی بریتانیی تەنها 2.6 ملیۆن کرێکار لەبەشەکانی پیشەسازییدا کاردەکەن.

کاری پیشەسازیی واتە کارکردن لە کارگە و کارخانەکانا لە ساڵەکانی حەفتاکانی چەرخی ڕابووردووەوە بەشێکی بچوکی ئابوریی بریتانیا پێکدەهێنن. دووەم: جیهانگییری بە ڕۆڵی خۆی بێکارییەکی یەکجار زۆر، پەنابەر و کۆچبەر ، خەڵکانی هەژار هەر زۆر هەژار، کرێکارێکی زۆر بە بە پارەیەکی یەکجار کەم کە هیچ زەمانەت و ئایندەیەکیان لەسەر کارەکانیان، نییە ، دروستکردووە. تا ڕادەیەك لە هەموو شوێنێکی ئەم دونیایەدا نەك هەر بەتەنها لە ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی پیشەسازیی گەشەکردوو، ئەم دیاردەیە دەبینین. جیهانگییریی کارێکی وای کردوە کە خەڵکێکی زۆر لەدامێنی کۆمەڵ-دا بژین و پەرواوێز بکەون.

خەڵکانی فەرامۆشکراو، پەراوێزخراو کە من لەگەڵ سەرجەمی کرێکارانا بە چینی پڕۆلیتارییان دەزانم و دەناسم کە: بێکاران ، خانەنشیکراوان، قوتابی و خوێندکاران، پیاوان و ژنانی تەنیا باڵ لەگەڵ منداڵەکانیانا کە کار دەکەن یا لەسەر بیمەکانن ، ئەوانەی لەسەر بیمەکانن ، کەمئەندامان و خەڵکانی خاوەنپێداویستی تایبەتیی، دەسگێڕەکان، خاوەندووکانە بچووکەکان .. تد . هەرە زۆرینەی پڕۆلیتاریان ، ئەمانە لەم جیهانەدا لەسەر هێڵی برسێتی دەژین و هەندێکیشان لە خوار ئەو هێڵەوە ژیان دەبەنەسەر. دەتوانین پەنجە بۆ زۆرێك لە وڵاتە جیا جیاکانی بەشەکانی جیهان یا کیشۆرە جیاوازەکانی دونیا ڕاکێشین کە نزیکەی نیوەی دانیشتوانیان داهاتی ڕۆژانەیان یا تاکە دۆلارێکی ئەمریکییە یا دوو دۆلارە.

ئەم خەڵکانە لە ڕووی ئابوورییەوە، کۆمەڵایەتییەوە، داراییەوە باری ژیانیان زۆر خراپترە لەو کرێکارانەی کە کەم تا زۆر کارێکیان هەیە و داهاتیان باشترە لەوان، هاوکاتیش گەلێکیان شوێنیێك ، خانویەكیان هەیە کە تیایدا دەژین گەر چی بە کرێش بێت. بەم جۆرە ئێمە دەبینین کە پڕۆلیتاریا بەشە زۆرەکەی کۆمەڵن لە هەر شوێنێکی ئەم دوونیایەدا، بن، ئەمانە ئەو خەڵکانەن کە ژیانیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و بێ چارە ماونەتەوە. ئەمانە ژیانێکی ناڕەحەت دەچێژن ، ژیانیان کولەمەرگییە . خۆشبەختانە زۆرێك لەمانە لەپێناوی باشکردنی ژیانیانا لە خەباتدان دژ بە دەوڵەت و بە سیستەمەکە. هەر ئەم هۆکارەشە واتە زۆرینەی پڕۆلیتاریا لە کۆمەڵدا، کە من باوەڕم وایە یا شۆڕش نابێت یاخود دەبێت شۆڕشی پڕۆلیتاریا و کۆمەڵایەتیی، بێت ، نەك بە تەنها شۆڕشی چینی کرێکاران.

لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ، مانای ئەوە نییە کە چینی کرێکاران ڕۆڵیکی کەمدەبیننن لە شۆڕشی سۆشیالیستیی-دا . لە ڕاستیدا شۆڕش بێ بەشداریکردنی ئەوان و هاوپشتییان کە زۆر زەرووری و بناخەییە، مەحاڵە، چونکە یا بزوتنەوەکە ، ڕاپەڕینەکە ڕەنگە بەرەو جەنگی ئەهلی بڕوات ، یاخود لەلایەن ڕاستڕەوە توندڕەوکانەوە ، یا لە لایەن گروپە ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکانەوە وەکو ئەوەی کە لە ” بەهاری عەرەبی”دا بینیمان ، کۆنترۆڵدەکرێت. ئەمە جگە لەوەی لە حاڵەتی بەشدارینەکردنی کرێکاراندا، ئەگەری ئەوەش هەیە زۆر درێژە بکێشێت کە لەم بارەشدا خەڵکیی هیلاك و بێ ئومێد و پەردەوازە دەبێت و دواتریش لە لایەن دەوڵەتەوە بزوتنەوەکە تێدەشکێت.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر – لەندەن
04/01/2019




واز لە نادییە مورات بهێنن ، بەسە هێڕشکردنە سەری …. زاهیر باهیر

17/12/2018
هەر وەکو چۆن کاتی هەلبژاردنی بۆ خەڵاتی ئاشتی بە نوسین وەسف و سەنایەکی یەکجار زۆری بۆ کرا، لە ئێستاشا بەهۆی جمووجووڵیییەوە و بینینی زۆرێك لە کەسان و سەرکردەو سەرۆكەوە هێڕشێکی یەکجار زۆری دەکرێتە سەر. هێڕشبەرەکان لە پێگەی جیاوازاوە هێڕشی دەکەنە سەر :
• نادییە جلی کوردی لەبەر ناکات.
• نادییە بە کوردی قسە ناکات .
• نادییە سوپاسگوزاریی یەپەگە و یەپەژە ناکات کە مایەی سەلامەتی زۆرینەیەك لە ئێزیدییەکان بوون .
• نادییە خۆی بە عەرەب دەزانێت.
• نادییە بە بینییی ئەم و ئەو خزمەتی دووژمنانی کورد دەکات نەك کورد و ئێزیدییەکان .
• نادییە لەگەڵ جەلادەکانیا کۆ دەبێتەوە.
• نادییە تەنانەت پشتیشی لە ئێزیدییەکان کردووە .
• نادییە …. نادییە … تا ئەو ڕادەیەی کە هیچ جۆرە شەخسیەتێکیان بۆ ئەم ئافرەتە نەهێڵاوەتەوە بەوەی کە خۆیان ویستویانە تاونباریان کردووە.
گرفتی کوردی ئێمە ئەوەیە کە دەیانەوێت هەموو کەس وەکو چۆن خۆیان حەز دەکەن دەبێت وابێت، خۆی چۆن ئارەزوو دەکەن دەبێت کەسانی بەرانبەریشی ئەوە بکەن ، ئەوە لەبەر بکەن ، ئاوا قسە بکەن ، ئاوا هەڵسوکەوت بکەن ، ئاو جل لەبەر بکەن ، تەنانەت ئاوا نان و ئاویش بخۆن .
بەداخەوە کە ئەم جۆرە لێکدانانەوە کە وردیاندەکەیتەوە دەبنیت چؤڕ چۆڕ دیکتارۆریەتی لێدەچؤڕێت. لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە کە کە ئەم قسانە لە لایەن هەندێك کەسەوە دەکرێت کە خۆشیان بە ئازایخواز دەزانن، بەڵام ئامادەنین کە ئازادی بە ئافرەتێك بدەن پاش چێشتنی ئەو هەمو نەهامەتی و قوڕبەسەییە چی دەوێت و چی بە باشدەزانێت بۆ ئێزیدییەکان بیکات .
نەگەبەتیەکە ئەوەیە کە ئەم کەسانە ئەوە تێناگەن کە نادییە ئافرەتێكی سادە و ساکارە ، ڕەنگە هەر خوێنەواریشی نەبێت ، لە سیاسەت و دیبلۆماسییەت و بازرگانی سیاسەت نازانێت، نادییە ئەندام و پاڵێوراوی هیچ حیزبێكی سیاسی نییە تاکو بە زمانی ئەوان قسە بکات و لە قاڵب و سنوری ئەوان نەیەتە دەرەوە . ئاخر نادییە دەیەوێت ئەوەی کە خۆی پێ باشە بۆ ئێزیدییەکان ئەوە بکات .
نادییە کە خێڵی بارزانی دیتووە ، یا بەرهەم ئەحمە یاخود چاوشلۆ . نەهاتووە سازشێکی گەورەتر لەو حیزبانە لەو بەرانە کەلەگەل ئێران و تورکیا و عێراق و ئەمەریکا و ڕوسیا کردویانە ئەم زیاتر بکات ، ئەم نەهاتووە بە شان وباڵی هیچ کام لەوانەدا، بێت ، تەنها و تەنها داوای یارمەتی و هاریکاری لێکردون بۆ شەنگاڵ و ئێزیدییەکان .
چی لەوە باشتر هەیە کە ئەو یەک ملیۆن دۆلاەرکەی کە وەری گروتووە دەیکاتە خەستاخانەیەك بۆ لێقەوماوان و قوربانیانی دەستی داعش ؟ خۆ دەیتوانی بیبەخشێتەوە بەسەر کەس و کاریا یا بیداتە پەپەگە و یەپەژە؟ چی لەوە باشتر هەیە کە بە چاوشلۆ و ئۆغڵۆ و مۆغڵۆ بڵێت ئەوە هەڵەیە کە ئێوە هێڕش دەکەنە سەر مەخموور و شەنگاڵ ؟ تا ئێستاش نە پارتی و نە یەکێتی و نە گۆڕان و نە بەرهەم صاڵەح و نە عێراق و نە ئیسلامی نە هیچ وڵات و سەرکردەیەکی ئەم دونیایە ئەو هەنگاوە بچوکەی نادییەیان نەناوە .
یەپەگە و یەپەژە و پەکەکە و من تۆ کە وەکو کارێكی مرۆیانە و ئەرکێكی باوەڕبوون بە مافی مرۆڤ لەسەر قەتڵ و عامی ئێزیدییەکان هەڵمانداوەتێ و بەرگرییمان لێکردون ، بۆچی دەبێت چاوەڕوانی پاداشت و مەدح سەنا بکەین ؟ من تێناگەم کەسێك کە ئەرکی خۆی بەجێدەهێنێت بۆچی دەبێت چاوەڕانی پاداشت بکات؟!!
تکایە ئازادیی لەو ئافرەتە مەسەننەوە و ئەو خۆی قوربانی دەستی سیاسەت و فاشییەتی ناوچەیی و جیهانییە ، لە هەموو کەس زیاتر پێویستی بە دەسگرۆییکردن و یارمەتیدان هەیە.




منیش حەەزم دەکرد، زۆریشم حەز دەکرد … زاهیر باهیر

لەو پۆستانەی کە لە فەیسبوك دایاندەبەزێنم سەبارەت بە کرێکاران و بزوتنەوەکەیان و هەندێك بڕگە و ڕاگەیاندنی مارکس ، زۆرێك لە هاوڕێ و برادەرکانم لەبری ئەوەی وەڵامێکی کەتوارانەم بە بەڵگەوە، نەك لە بڕگەی کتێبەکەناوە بدەنەوە ، دێن بەوەی کە خۆیان دەیانەوێت تاوانبارم دەکەن.
ئەوان ئەوە تێناگەن کە منیش وەکو ئەوان دڵسۆزی کرێکاران و چەوساوەکان و بزوتنەوەکەیانم ، بەڵام دوی واقیع کەوتوم و دەکەوم لە بینینی شتەکانا، نەك عەوداڵی حەز و خەیاڵی خۆم و بڕگەی ناو کتێبەکان . بۆ ئەمەش لێرەدا دەڵێم:
• منیش حەزم دەکرد چینی کریکاران و بزوتنەوەکەیان وەکو ئەوە وابوایە کە مارکس باسی کردون ، بەڵام بە داخەوەم کە لە واقیعدا ئەوە نابینم.
• منیش حەزم دەکرد کە ئەوە ڕاستبوایە کە کرێکاران چینێکی یەکگرتون و ئامادەگی شۆڕشیان تیادایە. چینی کرێکاران گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سەردەمی مارکس- وە بەسەردا هاتوە . لە سەردەمی ئەواندا کرێکاران چینێك، توێژاڵێکی چیانیەتی بوون ، هەل و مەرجی کارکردنیان وەك یەك بوو ، تا ڕادەیەك مووچەیان، مافەکانیشیان لە کارگەیەکد وەك یەك بوو . بەڵام ئیستا کرێکاران هەر لە خودی کۆمپانیایەکدا دابەشکراون لانی کەم بەسەر ئەم بەشانەدا: کرێکاران بەرهەمهێن، ئای تی ، پارێزگاری تەکنیکەڵی ماشینەکان، بەشی ڕێکلامە و گەڕان بەدووی بازاڕا، بەشی ساخکردنەوەی کاڵا،حەرەس و پاکەرەوەی بینا و ناو کۆمپانیاکە، بەشی مامەڵەکردن لە تەك خەڵك تەنها لە ڕێگای تەلەفونەوە، بەشی پۆست و گەیاندنی بەرهەمەکان بە شوێنی خۆیان، بەشی ئەدمین ….. هەر یەك لەمانە هەلومەرجی کارکردنیان جیاوازە هەر بەو شێوەیەش موچە و مافەکانی دیکەیان جیاوازە … لانی کەمیش دابەشبوون بەسەر 3 تا 4 نقابەدا…. ئەمانە هەمووی وایان کردووە کە کرێکارانی تەنها کۆمپانیایەکیش، شارەوانییەك [ کەلە شارەوانییەکانا کرێکاران دابەش بوون بەسەر زیاتر لە 10 بەشدا] زۆر زەحمەتە بتوانن بە یەکەوە مانگرتنێك ئەنجام بدەن من خۆم بە درێژایی 23 ساڵ جەند جارێك ئەمەم بینیوە… ئیدی لەوە گەڕێ کە کرێکارانی شارێك یا چەند کۆمپانیایەك بەیەکەوە چالاکییەك ڕێکبخەن.

• منیش حەزم دەکر کە هەموو خەڵك کرێکاران بوونایە ، بەڵام بە داخەوە کە وا نییە چونکە لە نێوانی کرێکاران و بەڕێوەبەرەکان و دەستەبژێر و پیاوانی دەوڵەتا چەندەها توێژاڵی دیکە هەن، وەکو: بێ کاران ، خانەنشینکراون ، قوتابی ، کەمئەندام و خاوەنپێداویستی تایبەتی ، ئەوانەی لەسەر سۆشیالن، پەڕلەمانتارەکان ، دکتۆر و ڕاوێژکاری تەندروستی و پارێزەرە گەوەرەکان، کاسبکاران ، میدڵ مەنیجەر [ بەڕیوەبەرە ناوەنجییەکان ] ، ئەوانەی کە لە بۆرسەکانا کار دەکەن ، یاخود لە بانقەکانا بەڵام بە پارەیەکی باش زۆری تر کە ئەمانە ژمارەیان زۆر زیاترە لە ژمارەی کرێکاران . بۆ ئاگاداریت ژمارەی کرێکارانی پیشەسازی لە بریتانیادا بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نقابەی مەرکەزی ئەمڕۆ، 12/12/18 تەنها 2.6 ملیۆن کرێکاران ، کە دەیەیەک لەمەوبەر دووقات بوون . ئەوانەی کە دەڵێن کە کرێکاران بەشی هەرە زۆرینەی کۆمەڵی وڵاتان پێكدەهێنن بێ بەڵگە و لە خۆشەویستیانەوە بۆ کرێکاران قسە دەکەن . منێکیش کە بە بەڵگەو ئامارەوە قسە دەکەم ڕقم لە کرێکارە و دووژمنی کرێکارانم و دژایەتی مارکس دەکەم….
• منیش حەزم دەکرد کە بزوتنەوەی کرێکاران لە ئان و دەقەی بنیاتنانی کۆمەڵی سۆشیالیستی دا بوایە بەڵام بە داخەوە کە دەڵێم بزوتنەوەی کرێکاران لەو پەڕی پاشەکشە و تێشکاندایە . لە سەرەتای 80 کانەوە تا ئێستا لە پاشەکشەدایە و نەك هەر نەیتوانیوە لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا شتێكی نوێ بەدەستبهێنێت بەڵکو زۆربەی ئەوانەشی کە بەدەستهاتبوو لێیان سەنرایەوە. بە واتایەکی دیکە جەنگی کرێکاران چەند دەیەیەکە، تەنها جەنگی بەرگرییە نەك هێڕشبردن.

• منیش حەزم دەکرد وەکو مارکس وتویەتی کە کرێکارن لە حیزبی خۆیانا خۆیان ڕێكبخستایە ، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێکخراوی سروشتی کرێکاران حیزب و ڕێكخراوی سیاسی نییە بەڵکو نقابەیە ، واقیع پێمان دەڵێت کە خەباتی کرێکاران خەباتی ئابووریانەیە نە سیاسیانەو نە دەسەڵات . ئەوەی کە کۆمەڵی سۆشیالیسی دەخوازێت و دەیەوێت بزوتنەوەی کرێکاران فەزای ئابووریی تێپەڕێنن و ببنە چینێکی سیاسی و دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا دروست بکەن، ئەانە توخمە چەپ و کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانە لەناو کرێکارانا ، نەك خودی چینی کرێکاران.
• منیش حەزم دەەکرد کە ئەزمەکەی ئێستاو پێشتریش ئەزمەی سەرمایداریی بوایە ، بەڵام بە داخەوە ئەزمەی ئێمەیە ، خەڵکە ، جەماوەرە . من ئەمەم بە وتار و بە پۆست بە ئامارەوە ڕونکردۆتەوە.

زاهیر باهیر – لەندەن
13/12/2018




جەنگی دەڤەری ئیدلیب جەنگی یەکاڵاکردنەوەیی ئایندەی ڕۆژاوایە * …. زاهیر باهیر

ئەسەد و هاوپەیمانانی لە خۆئامادەکردندان بۆ جەنگی ئایندەی ئیدلیب، پێدەچێت ئەم جەنگە یا لەم مانگەدا یاخود سەرەتای مانگی ئایندەدا دەستپێبکات. واچاوەڕاندەکرێت کە جەنگەکەش بەبردنەوەی ئەسەد و ڕژێمەکەی کۆتایی بێت و کارەساتیش بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن وێن لە دانیشتوانی دەڤەری ئیدلیب بهێنیت کە کە1.6 ملیۆنیان زۆر دەمێکە پێویستیان بەهاوکاریی ڕیکخراوە مرۆدۆستەکانن و ئەوان بژێویان بۆ دابین دەکەن .
ئیدلیب نزیکە لە حەڵەب و حومس و حەماوە ، قەڵایەکی سەختی زیاتر لە 60 هەزار دژ بە ڕژێمی ئەسەد و 10 هەزار جیهادییە . ئەسەد پاساوی ئەم هێڕشەی بۆ سەر ئیدلیب بەوە دەداتەوە کە ئیدلیب پڕە لە تیرۆریست.

گەرچی جەنگی ئیدلیب وادەبینرێت کە جەنگێکی بچووکە، بەڵامی ڕوودانی جەنگێکی ئاوا کە ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا و ئەسەد و هاوپەیمانەکانی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بەشداردەبن ، گومانی نەهێڵاوەتەوە کە جەنگێكی زۆر گەورەیە. ئاشکراشە هەر یەك لەم لایەنانە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لەوێ و لە ڕۆژهەلاتی ناوین-دا هەیە. هەرچی ئەسەدە بە بەزاندنی هێزەکانی دژ بەخۆی، بە هێزە تیرۆریستەکانیشەوە، دەیەوێت تەواوی سوریا بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی. هەروەها دەیەوێت دەستیشی کراوە بێت لە بەرانبەر ڕۆژاوادا ئیتر بە سازش و وتووێژ بێت بەسەپاندنی بەندومەرجی خۆی بەسەریانا، یاخود بە سەرکوتکردنیان بێت. تورکیاش کە هەر لە سەرەتاوە بە هۆی چەند هۆکارێك درێخی لە کۆمەك و هاریکاریی موعارەزەی سوریا و گروپە تیرۆریستەکانی نێو ئەو موعارەزەیە نەکردووە، بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هەیە. ئەمریکا و ڕوسیاش دوو هێزی سەرەکین لە ناوچەکەدا و بە حساب دوژمنی یەکدین، دەستەوەردان و هێڕشە سەربازییەکانیان تەنها بۆ سوودی ئابوری و دارایی و سیاسیی و پارێزگاریکردن و بەرگرییە لە دەسەڵاتی دۆستەکانیان لە ناوچەکەدا.

بارودۆخی ڕۆژاوا و ئایندەی لە سیناریۆی جەنگی ئیدلیب دا زۆر ئاڵۆزە. بە بۆچونی من پێگەی ڕۆژاوا لە مانگی تەموزی 2015 وە بە بەردەوامی لە لاوازیدایە ، لەو کاتەوەی کە ئەردۆگان شەڕیکی دڕندانەی دژ بە کوردی باکور و بە پەکەکە هەڵگیرسان و ناچاری کردن کە لەو شەڕەوە بگلێن. لە لایەکی تریشەوە پەیەدە کە لە شانی ئەمەریکاوە جەنگی دژ بە داعشی ڕاگەیاند، چەند هەڵەیەکی کوشندەی کرد. ئەم دوو ڕووداوە دوو هۆکاری سەرەکی بوون کە هەرگیز نە لە بەرژەوەندی ڕۆژاوا و نە لە بەرژەوەندی باکوری کوردستان نەبوون. من لە وتارێکمدا کە ماوەیەك لەمەوبەر نوسیومە پەنجەم بۆ هەڵەکانی پەیەدە ڕاکێشاوە کە ڕۆڵی خۆیان هەبووە لە لاوازبونی ڕۆژاواو ملنانی بەرەو شکست. بۆ تەماشاکردنی ئەو وتارە تکایە کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

http://zaherbaher.com/2018/04/17/عەفرین-و-سیاسەتەکانی-پەیەدە
جەنگی ئیدلیب زوو بێت یا درەنگ ڕوودەدات و جەنگێکی کاربڕ دەبێت بۆ دوو زلهێزەکە و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا هەروەها بۆ ڕۆژاواش. لە ئێستادا ئەمەریکا دژ بەم جەنگەیە چونکە دەبێتە هۆی خولقاندنی ” کارەساتی مرۆیانە” . کۆشکی سپی لە ڕۆژی 04/09 دا بەیانی کرد ئەگەر ئەسەد چەکی کیمیاوی بەکاربهێنێت ، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ” لەسەرخۆ و لەجێی خۆیدا” وەڵامیان دەبێت.
پرسیارەکە ئەوەیە ئەی کاتێک کە تورکیا عەفرینی داگیرکرد و بە سەدەهای لە خەڵکانی بێ گوناهی مەدەنی قەسابی کرد بۆ ” کارەساتی مرۆیانەی نەخولقاند”؟ لە ئیدلیب-دا ڕەنگە ئەمەریکا تەنها دەربەستی گروپە تیرۆریستەکان بێت زیاتر لە دانیشتوان و خەڵکە ئاساییەکەی ، چونکە دەیەوێت یارییە خوێناوییەکە کۆتایی نەیەت تاکو تەواوی پلان و ئامانجەکانی بچنێتەوە.

ڕۆژاوا: خۆبەڕێوەبەرییەکانی ، هێزەکانی سوریای دیمۆکرات و پەیەدە لەم جەنگە و کۆتایی جەنگەکەشدا ناتوانرێت فەرامۆش بکرێن. ناشتوانرێت ڕۆژاوا هەر ئاوا وەکو ئەوەی هەیە بەجێبهێڵرێت. ڕۆژاوا لەبەردەم گریمانگەلێکی زۆردایە . ئەگەر ئەسەد لەم جەنگەدا سەرکەوێت ، کە وەکو چاوەڕواندەکرێت، پێگەی کوردانی ڕۆژاوا لاوازتر دەبێت. لەم بارودۆخەدا ئەسەد لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدا دەبێت و ئەم سەرکەوتنە بۆ ماوەیەك زەمانەتی مانەوەی لە دەسەڵاتا، دەکات. ئا لەم حاڵەدا دەتوانێت مەرج وبەندەکانی خۆی بەسەر پەیەدە و هێزەکانی سوریای دیمۆکراتا ، کە لە پێگەیەکی لاوازدا دەبن ، بسەپێنێت، هەروەها گریمانی زۆری هاریکاریی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات لەم شەڕەدا هەیە ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەیەدە لە تەك ڕژێمدا لە دانوسان و وتووێژدایە. هەر وەکو دەیبینین پەیەدە و هێزەکانی سوریای دیمۆکرات لە بارودۆخێکی یەکجار ئاڵۆزدا دەبن. کاتێك کە ئەو هێزە لە هاوشانی سوپای ئەسەدەوە بەشداری ئەم شەرە دەکەن ، ئەمەش دژ بە بەرژەوندی ئەمەریکایە، بەڕوودانی ئەمەش لەوانەیە کە پەیەدە و هێزەکانی سوریای دیمۆکرات لەلایەن ئەمەریکاوە کەلا بخرێن و هاوکاتیش ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەمە هۆکار و هاندەرێك بێت بۆ تورکیا تاکو هێڕش بکاتە سەر ڕۆژاوا ، یا لانی کەم چەند شارۆچکەیەك کە لەسەر سنورن و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکاندان، داگیر بکات .

ئەگەر لەم جەنگەدا ئەسەد نشوست بێنێت، دیسانەوە لە بەرژەوەندی ڕۆژاوا نابێت، چونکە تێشکانی ئەسەد یانی سەرکەوتنی تورکیا و بەهێزبوونی، بەمەش تورکیا لە پێگەیەکی باشترا دەبێت بۆ هێڕشکردنە سەر ڕۆژاوا هەروەکو ئەوەی کە لە عەفرین کردی.
سەرنجامی جەنگی ئیدلیب هەرچۆن بێت، زۆر گرنگ دەبێت بۆ ڕۆژاوا و ئایندەی کەلە کاتێکدا ئەم ئایندەیە گرێدراوە بەو هێزانەی کە لە سەرەوە ناونوسم کردن. ڕەنگە بارودۆخەکە بەو ڕادەیە ئاڵۆز بێت زۆر زەحمەت و گران بێت کە کوردانی ڕۆژاوا بتوانن پارێزگاری و بەرگریی لە پرنسپڵەکەیان کە دروستکرنی ‘ کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک ‘ ە بکەن.

ئەوەی کە ڕۆژاوای بە زیندوویەتی هێشتۆتەوە ، وەکو پێشتریش وتومە ، بەردەوامبوونی جەنگی داعش و مانەوەی خودی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیکەیە و هەرەوەها ئابڵوقەی ئابوریی و داراییە کە لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە بەسەریدا سەپێنراوە . کاتێكیش کە ئەمە دەلێم مانای ئەوە نییە کە ڕۆژاوا هەرەس دەهێنێت. بەڕای من کورد لە ڕۆژاوادا توانیوێتی خۆی بسەلێنێت و گەلێك لە پرسە سەرەکییەکانیان لابەلا کردۆتەوە، هەر لەبەر ئەمەش ناتوانرێت هەر بەو ئاسانییە لە لایەن هیچ کام لەو هێزانەوە پەراوێز بخرێن. من باوەڕم وایە لە کۆتاییدا ڕەنگە جۆرێك لە دانوساندن لە نێوانی ڕوسیا و ئەمەریکادا سەبارەت بە ڕؤژاوا و سوریا و ڕژێمەکەی، بکرێت . ململانێی پرسی دەسەلات و پاوانەکردن لە نێوانی ئەو دووزلهێزە و هاوپەیمانەکانیانا لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ئەسەد یاخود حکومەتی ئایندەی سوریا ناچار دەکەن کە جۆرێك لە ئۆتۆنۆمی و هەندێك مافی کوڵتوریی و ڕؤشنبیریی بدەن بە کورد لەوێ. ئەم مافانەش زۆر دوورن لە دروستکرنی ‘ کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیك’ کە ئامانجی سەرەکی ڕۆژاوا بوو.

زاهیر باهیر – لەندەن
17/09/2018

Zaherbaher.com

*ئەم وتارە ناوەرۆکی وتارە ئنگلیزییەکەیە کە لە ڕۆژی 05/09 دا سەبارەت بە هەمان بابەت نوسیم. ئەوە لێرەدا لینکە ئینگلیزییەکەی ئەم وتارە دادەنێم :
http://www.anarkismo.net/article/31124




تیرۆریزم مەترسیدارە، بەڵام سیاسەت لە تیرۆریزم مەترسیدارترە


زاهیر باهیر- لەندەن

01/07/2018
———————–

ئەمە یەكێک بوو لە قسەکانی ‘ئاریان’ کاراکتەرە سەرەکییەکەی فلیمی 16/03 /1988 هەڵەبجە کە پاش پێدانی چەندەها خەڵاتی گەورە، دوێنیش، 30/06/2018 لە سینەمایەکی ڕؤژهەڵاتی لەندەن، بەتایبەتی نمایشکرا. منیش یەكێك بووم لە بینەرانی کە لەلایەن هاوڕێی دێرینمەوە ‘عەتا موفتی’ داوەت کرابووم ، سوپاس بۆ ئەو.
گەرچی من مێژوم لەگەڵ فلیم بەتایبەت کە لە سینەماشدا نمایشبکرێت هەر یەکجار کەمە بەڵام ئەوەی کە دوێنی 30/06/2018 نمایشکرا لای من بەهێزترین فلیم بوو . ڕووە تەکنیکییەکەی بەجێدەهێڵم بۆ شارەزایان بەڵام من هەر زۆر بەکورتی چەند خاڵێکی گرنگ دەخەمە بەردەمی هاوەڵانی فەیسبوك و خوێنەرانی ، تاکو پاساوی ڕاکەی خۆم بدەم:
• ئەم فلیمە ڕۆحی بەرگریکردن و بەگژاچونەوەی زوڵم و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی نیشانی بینەرانی دەدات و پێیان دەڵێت گەر مرۆڤ ، کۆمەڵ پێداگریی لەسەر مافی رەوای خۆیان بکەن بە متمانەوە قسەبکەن و نەکەونە داو و تەڵەی دوژمنانیانەوە ، بەدڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبن. دوژمنەکانمان ڕاستە بەدەسەلاتن و لەڕوی چەك و تەکنیکەوە زۆر باڵادەستن ، بەڵام هاوکات گەمژەن و لاوازن، چونکە ئەوان مۆتیڤی بنەڕەتی بۆ کردنی کارەکەیان تەنها پارە و پایە و پلەیە، نەشتێکی دیکە. لەوەش گرنگتر ئەوە دەردەخات کە تیرۆریستی سەرەکی، دەسەڵاتداران و دەوڵەتانن و تاکی تیرۆریست و کۆمەڵی تیرۆریستان زۆر جار خۆشیان قوربانین و لە پلەی دووهەم و سێهەمدا دێن لەچاو تیرۆریزمی سەرەکیی کە دەسەڵاتداران و دەوڵەتانن .

• ئەم فلیمە هەموو لایەنەکانی یا مەیدانەکانی: کۆمەڵایەتی ، سیاسی، ئابوریی ، کوڵتوریی، ڕایسیسزم ، ناو بەندیخانە و دەرەوەی بەندیخانە ، هاوکاریی [ سۆڵیدارێتی ] نێوانی هەندێك لە بەندییەکان و هەڵسوکەوتی پۆلیس و دەسگە سیخوڕییەکان لەگەك ” تیرۆریست” ەکان و پلانیان و تەنانەت پیلانگێڕانیش بۆ دروستکردنی شەڕ و ئاژاوە لەناو بەندیخانە بۆ کوشتنی ‘تاوانبار’ یالانی کەم بارکردنی بە بەڵگەی زیاتری تاوانبارێتی ، پێلانگێڕان دژی یەکدی لە هەمان تۆڕ و دەزگەی سیخوڕی و پۆلیسیی و کردنی هەموو کارێکی خراپ لە پێناوی دەسەڵات و پارە و بەکارهێنانی مرۆڤ و بە قوربانیکردنیان بەخاتری دەسەڵات و پارە، گەمژەیی سیاسییەکان و پۆلیسی لێپرسینەوە و ڕق و کینە یا جەهالەتیان کە هەر کەس لە ڕۆژهەلاتی ناوین-ەوە بێت ئەوە تیرۆریستە، دەستی لە بینیایەتی و زۆر بە قینەوە توندیکردووە لە دیوارەکە و دەڵێت ” …دەتکوژم..تۆ کوڕەکەی منت کوشتوە لە عێراق … ئێوە هەمووتان تیرۆریستن …” . بڕێك لە سەربازنی ئەمەریکی یاری کۆنکەن دەکەن ، سپییەکیان یەک بۆکس لە دەمی کابرای ڕەش دەدات و ئەوەیش ” تۆ هەمووکات ئەوە دەکیت ..” بێگومان دەیکات و بەردەوام دەبێت لەسەری ، چونکە بەرگریی لەخۆ و بەگژاچونەوە نییە .. ئیتر چی هەیە بیوەستێنێ لە هاویشتنی بۆکسێکی دیکە؟ ئەم فلیمە ئەمانە و زۆری تری لەمانە بەیەکەوە گرێدابووەوە تەواو تێی دەگەیانیت کە چەندێك پەیوەستن بەیەکەوە و بە بێ یەك لە سیستەمی پارە و دەسەڵاتا ، هەرگیز ناتوانن جیا ببنەوە.
کاتێك کە کاراکتەرە سەەکییەکە ‘ئاریان’ ڕوودەکات بەندییە گەنجەکەی تر و دەڵێت ” تۆ لە سیاسەت دەزانیت..تێدەگەیت؟ … ئەوە سیاسەتە کە منی کردووە بە تیرۆریست لە پێناوی پارە و دەسەڵاتا … تۆشی کردووە بە دز و لێرە ژیان دەبەیتەسەر هەر لەبەر ئەوەی کە بەشی خۆتت نەبووە بژیت …” دزەی گەنج هۆشیار دەبێتەوە و دواتر گوڵی بۆ دەدزێ و دەیبات بۆی … ئەوەندە نزیكدەبنەوە تا ئەو ڕادەیەی گەنجەی دز مەدالیایەکی بۆ دروست دەکات کە کارەکتەری سەرەکی فلیمەکە کە خۆی قوربانی دەستی کارەساتی کیمیابارانەکەیە ، خۆی لەو مەدالیایە تێناگات . دزەی گەنج بە درێژی بۆی باس دەکات ” ئەوەیان ڕۆژی 16/03 یە … ئەوەیان ساڵەکەیە …. ئەوەیان ڕۆژی جەژنی ساڵی نوێی کوردە ….”
نەك هەر ئەمە بەڵکو هاریکاریی و متمانەی نێوانی کاراکتەرە سەرەکییەکە و برادەرە کچەکەی ‘ هێلن’ کە کە دووگیانە بە منداڵێکیان هەر زیاتر بەهێز دەکات لەبری ڕوخاندنیان بە تایبەت دوای پپیلانی پۆلیس بۆتێوەگلانی ‘هێلن’ برادەرەکەی، و بە دانانی بۆمب و دروستکردنی دۆکۆمێنتی ساختە لەسەر ‘هێلن’ تاکو ئەوە نیاشانبدات کە ئەمیش بەشداری ئەو ” تاوانەیە” کە ‘ برادەرە تیرۆریستەکەی ‘ گوایە 46 کەسی کوشتووە . هەلبەستنی قسە بەناوی ‘هێلن’ وە گێڕانەوەی بۆ برادەرەکەی کە گوایە ئەو پێی لە تاوانبارێتی ‘ تاوانبار’ ناوە .
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا پۆلیس هەرگیز نەیتوانی درزێکی بچوکیش بخاتە نێوانیانەوە متمانەیان بە یەکدی لەق بکات . هێلن : ” ئەو تیرۆریست نییە ، ئێوە تێناگەن ئەو خۆی قوربانییە … من دڵنیام کە ئەو پاکە … ئێوە هەرکەس لە ڕۆژەڵاتی ناوینەوە بێت بە تیرۆریستی دەبینن….” ” بڵی … پێمان بڵێ … مستەر ئەپڵ –ی برادەرت [ سێو] چی دەکات لەم سێوانە ئەو نایانخوات ..” ..ئاریان… سێو ناخوات … تەنها بۆنیان دەکات چونکە ژارەکەی قوربانییەکانی هەڵبجە بۆنی سسێوی لێدەهات …. ئەو دەیەوێت هەمیشە بیر لەوە بکاتەوە ” لێپرسەوەکە ڕوودەکاتە لێپرسەوەکەی هاوەڵی دەڵێت ” تێگەیشتین ..ئێستا تێگەیشتین ..”

• دوای تەواوبوونی فلیمەکە لە دەرەوە هەندێك برادەر ڕایان وابوو کە ئەو فلیمە ڕاستە لەڕوی ناوەرۆکەوە بەهێز بوو بەڵام یا هەر هیچ پەیوەندی نەبوو بە هەڵەبجەوە یاخود زۆر کەم . بەڵام لای من خاڵی سەرەکی سەرکەوتنی ئەم فلیمە و وەرگرتنی ئەو پاداشتانەش کە وەریگرتووە ، ئەوەیە، ئەو خاڵەیە ، کە ئەمە ڕەنگە شێوەیەكی نوێ بێت لە نمایشکردنی فلیم و پێنانە قۆناخێکی نوێ بێت لە هونەری سیینەمایی و شانۆییدا، کە لێرەدا تۆ پێویست ناکات قوربانی بە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕودانی ڕووداوەکان لە پێناوی گێڕانەوەیەکی موجەڕەدی سەدبارەکراوی ڕووداوەکە، بدەیت و بیکەیتە قوربانی . بۆیە لێرەدا ، لەم فلیمەدا، ئەوەی دەرکەوت کە چۆن “تاوانەکان و تاوانبارەکان” دەبەستێتەوە بە پاشخانی خێزانیی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی و سیاسیی کاراکتەر و ڕوداوەوکانەوە . ئەوە گرنگە کە سیاسەت وەکو خۆی نیشانبدەیت ، وەکو لەم فلیمەدا نییشاندرا ، کە چەند قێزەوەندە، کە چ گەمەیەکی بێ ڕەحمانە و خوێناویانەیە… کە بە ملیۆنەها کەس بوونەتە و دەبنە قوربانی دەستی گڵاوی سیاسەت. ئەمەیە هەقەتی سیاسەت و سیاسییەکان هەر بۆیە ‘ئاریان’ کاراکتەرە سەرەکییەکەی فلیمەکە دەڵێت ” تیرۆرزم مەترسیدارە ،بەڵام سیاسەت لە تیرۆریزم مەترسیدارترە” منیش دەڵێم تیرۆریزم بناخەکەی سیاسەتە ، نەك بە پێچەوانەوە .




ئەردۆگان-یش وەکو دۆناڵد ترامپ مەترسییەکی گەورەیە … زاهیر باهیر

ئەم سیستەمە کەسانی زۆر مەترسییدار دروستدەکات ، بەڵام مەترسیدارترین، خودی سیستەمەکە خۆیەتی، هاوکاتیش دەتوانێت خەڵکی بێ توانا و بێ کەڵک و بێ ئیرادە بکات و تەنانەت دەتوانێت بیشیانکاتە کۆیلە. بێ گومان ئەمانەش لەڕێگای هێزە تاریکانەوە دەکات، کە میدیا یەکێکیانە.
میدیا کە بەشێکە لەم سیستەمە ، کاری ئەو جوانکردن و ناشیریکردنی سەرانی دەوڵەت و خەڵکانی بەتوانا و ناودارە هەروەها دەتوانێت بە خراپ یا باشیش ناونوسیان بکات. ئەمەشی کە میدیا دەیکات خزمەتێکی باشی سیستەمەکەیە بە بەردەوامبوونی و پاراستنیشی. ئەم خزمەتەش لە چەند ڕێگایەکەوە دەکات کە یەکێکیان هەوڵدانێتی لەگەڵ خەڵکی بۆ فەرامۆشکردن یاخود چەواشەکردنیان لە کێشە و گرفتە سەرەکییەکانیان.
کردنی ئەم کارەش زۆر چاکە بۆ دەوڵەتێکی وەکو بریتانیا تاکو هاووڵاتیان و دانیشتوانی چی تر گرنگی و بایاخ بە کێشە سەرەکییەکانیان کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبنەوە نەدەن کە کێشەی سیستەمی تەندروستی، پەروەردە و پێگەیاندن ، خانووبەرە و کێشەی بێ جانووبەران[ سەرەپانان] ، پەنابەران و کۆچبەران، ڕایسسیزم و سیستەمی هاتوچۆی شەمەنەفەر و دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا … کە ئەمانە هەندێکیانن.
ئەوەتەی دۆناڵد ترامپ هاتۆتە سەر حوکم ، میدیا لە زۆر شوێندا لە هەوڵی نابووتکردنی ئەو و بە خراپناساندنی ئەوە کە مەترسیدارترین کەسی ئەم دونیایەیە و بە جۆرەها شت بەدناوی دەکات. گومان لەوەدا نییە کە زۆرێك لەوانەی کە میدیا ئەم کابرایەی پێ سواغ داوە ڕاستە ، بەڵام ئەم سیسستەمە ناوبەناو کەسانی ئاواشی پێویستە.

ئایا دۆناڵد ترامپ بەڕاستی مەترسییە بۆ جیهان؟!

زۆرێك لە سیاسەتەکانی ترامپ هەر لە سەرەتاوە تاکو ئێستا نەك هەر هەڵەن بەڵکو زۆریش نامرۆڤانەن . لەوانە بڕین و کەمکردنەوەی پارە و کۆمەنەکردنی هەژارانە لە سیستەمی چارەسەر و تەندروستی، سیاسەتی ڕایسستی سەبارەت بە پەنابەران و کۆچبەران و تەنانەت زیارەتکەرانی ئەمەریکاش ، بەردەوامبونی سیاسەتی ” جەنگی دژە تیرۆر” کەمکردنەوەی هەل و ئازادیی منداڵ لەباربردن ، کشانەوە لە پەیمانی پاریس سەبارەت بە ژینگە، کەمکردنەوەی باج لەسەر خەڵکانی دەوڵەمەند و کۆمپانیا زەبەلاحەکان ، کشانەوەی ئەمەریکا لە پلانی ڕوتکردنەوەی ئیران لە چەکی ناوکی ، گواستنەوەی سەفارەتی ئەمریکی لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم وەکو هێمای ناساندنی ئەوێ بە پایتەختی ئیسرائیل، هەروەها جەنگی مامەڵە و بازرگانی بەرانبەر بە ئەوروپا و کەنەدا و چین و ئۆسترالیا و مەکسیکۆ.
ترامپ کابرایەکی تووندڕەو، ڕەگەزپەرست ، دژ بە ئیسلام ،لایەنگری هەلاواردن و پێشداوەریی ، هەروەها دەکرێت فاشستیش بێت.

گەلێك لە ئێمە بەهۆی ئەوانەی سەرەوە ئاوا هەستدەکەین کە ترامپ مەترسیدارترین کەسە لەسەر جیهان و هەڕەشەش لە ئاشتی جیهانی دەکات. لە ڕاستیدا دەکرێ و دەتوانێ، بەڵام وشەی ” دەکرێ و دەتوانێ” زۆر جیاوازە لەوەی کە لە ئێستادا ” دەکرێ و دەیکا” . هاوکاتیش ئێمە دەبێت لەوە تێبگەین کە ئەو کابرایەکی لاواز و بێ تواناشە لەبەرئەوەی لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە هاتۆتە سەر حوکم و هاوکاریی و کۆمەكپێکردنی دەتوانرێت لە لایەن سامانداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە، سنووردار بکرێت و پاوەری ترامپ تەنها دەتوانرێت بۆ شەش ساڵی دیکە درێژبکرێتەوە ، ئەمە لە کاتێکدا کە تەنها ئەگەری مانەوەی لە حوکما بۆ تەنها دووساڵی دیکە هەیە چونکە جێگای گومانە هەتا ئەگەر خۆشی بیەوێت، هەڵببژێرێتەو. لەگەڵ هەموو ئەوانەی سەروەدا ترامپ هەرچۆنی بوێت نەك هەر ناتوانێت نەخشەی جیهان بگۆڕێت، بەڵکو هی خۆراوای ناوینی-شی بۆ ناگۆڕێت.

ئەی ئەردۆگان؟ ئایا ئەو کەمتر هەڕەشە و مەترسییە لەسەر جیهان، یاخود لانی کەم لەسەر خۆرهەڵاتی ناوین؟
با پێشەکی ئەردۆگان و سیاسەتەکانی و حیزبەکەی ، ئاکەپە، بەوانەمان کە بە باشی نایناسن، بناسێنم، دوای ئەوە حوکمکە بۆ خودیی خوێنەر خۆی بەجێدەهێڵم.
هەر لە سەرەتاوە ئەردۆگان توندڕەو بووە ، لە پاشخانێکی ئیسلامیەوە هاتووە و ئەو خودی خۆی وەکو : موحافیزکارێکی دیمۆکرات ، وەسف کردووە . ئەردۆگان لە نێوانی ساڵانی 1994 بۆ 1998 سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبول بووە. دواتر لە دەسەڵات ڕوتکرایەوە و بە هۆی ئارەزوی هەڵبەست و سەوابیتی دینیەوە. بەهۆی یەكێک لە خوتبەکانی ساڵی 1998 یەوە کە برەوپێدان و پێشخستنی دینی ئیسلامی بوو، لە پایە و پلەی سیاسی ، قەدەغەکرا.
ئەردۆگان ئاکەپەی لە ساڵی 2001 دا دروستکرد و توانی سێ هەڵبژاردنی گشتی لە ساڵی 2202 ، 2007 و 2011 بباتەوە و لە ساڵی 2003 وە ببێتە سەرەکوەزیرانی تورکیا و لە ساڵی 2014 شدا بووە سەرەککۆمار.

هەر وەکو ترامپ ئەردۆگاون-یش ڕەگەز پەرست، لایەنگری هەڵاواردن و پێشداوەرییە ، توندڕەو ، ڕایسستە . ئەو توندڕەوێکی دینیە ، نەتەوە پەرستە و بە دڵنیایشەوە دیکتاتۆرێکی دڕندە و فاشستە. خۆیی و دەزگە سیخوڕییەکەی ، میت، بە هاوکاری قەتەر و ئەمریکا، خولقێنەری داعشن.
ئەو کار لەسەر فراوانکردنی دەسەڵاتی ئاکەپە و بوژاندنەوەی خەلافەت دەکات و خەونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەبینێ . زۆر دڕندانانە دەست لە سوریا و عێراو وەردەدا و دەیەوێت ڕۆڵی سەرەکی لە ناوچەکەدا ببینێت بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی .
ئەردۆگان دەسەڵاتی بە جۆرێكی ئاوا خراپ بەکارهێنا نەك هەر شەڕی دژی پەکەکە بەڵکو دژی هەموو کورد لە باکوردا هەڵگیرسانەوە دوای کوژرانی دوو پۆلیس لە حوزەیرانی 2015 دا کە لە لایەن پەکەکەوە ڕەتکرایەوە کە ئەوان ئەو کارەیان کردبێت. چالاکییەکانی ئەندامان و هەوادارانی هەدەپە و پەکەکەی یاساخکرد و بە هەزارانیان لە بەندیخانە توندکران کە زۆرێك لە سیاسییەکان و پەڕلەمانتارەکان-یشن ، کە لە ناویانا هەردوو سەرۆکەکەی هەدەپەی تیادایە . لە مانگی تەموزی 2015 وە تاکو ئێستا خەڵكێکی زۆر لەسەر دەستی سوپاکەی ئەردۆگانا کوژرا و برینداربوون ، زیاتر لە 400 هەزار کەس لە شوێنەکانیان هەڵکەنراون و ژمارەیەکی زۆر لە شارۆچکە و گوندەکان وێرانکراون.

ئەردۆگان بیانوی کودەتاکەی مانگی تەموزیی 2015 ی بۆ بەندکردنی هەزاران کەس لە بەشی سووپا و سیاسییەکان و خەڵکانی سیڤل-ی وەکو دادەوەر و یاساناس و پارێزەر و مامۆستا و برینپێچ و ئەکادیمی و ڕۆژنامەنوس ، بەکارهێنا و هاوکاتیش هەزاران کەسی دیکەی لەسەر کارەکانیان دوورخستەوە. لە 16/04/2017 دا ڕیفرۆندەمێکی بۆ دەستکاریکردنی دەستوری تورکیا کرد تاکو 18 پێشنیازەکەی لە تەعدیلکردنی دەستوری تورکیدا،بکات کە یەکێکیان گۆڕینی سیستەمی سەرەكوەزیران بوو بە سیستەمی سەرەککۆماریی .
لە سای ئەم سیستەمە نوێیەدا ئەردۆگان دەکرێت بە سەرەککۆماری تورکیا تا ساڵی 2029 بمێنێتەوە. لە 20/01 ی ئەمساڵدا بڕیاری هێڕشکردن و داگیرکردنی عەەفرین-ی داو پاش 58 ڕۆژ دوای شەڕێکی خوێناوی لە ڕۆژی 18/03 دا توانرا داگیربکرێت . لەم چەند هەفتەی پێشوشدا هەڵبژاردنی گشتی تورکیای لە مانگی نۆڤەمبەری 2019 وە پێشخست بۆ 24/06 ی ئەمساڵ لەبەر مەترسی دەرنەچونی خۆیی و حیزبەکەی گەر هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا بەڕیوە بچوایە.
لەکاتێکدا کە هێشتا ئەو کۆمەك بە گروپە تیرۆریستەکان دەکات بەتایبەت داعش چ بە پارە و بە چەك و چ لە ڕێگای دیکەوە ، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ژیانی خەڵکانی ئاسایی ئەمەریکا و بریتانیا و تەواوی ئەورروپا و عێراق و پاکستان و ئەفغانستان هەروەها لەسەر پرسی ئاشتەوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ تاکو زیاتر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە ، بۆ تورکیا ، ناوچەکە ، ئەوروپا و ئەمەریکا، مەترسیدارتر دەبێت.

پرسیارەکە لێرەداس ئەوەیە : پیاوێك لەگەڵ ئەم ڕیکۆردە خراپە و ئەم کاراکتەرە ناوازەیەدا ، بۆچی هێشتا لە دیدی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا و ئەمەریکاوە مەترسی، نییە؟ بۆچی لە هاتنیا بۆ بریتانیا لە ڕۆژی 13/05 دا، ڕووبەڕووی سەدەها هەزار خۆپیشاندەر و ناڕەزاییکەران نەبووەوە؟
لە ڕاستیدا دەبوایە ئاوا پێشوازی لێبکرایە ، دەبوایە لەلایەن خۆپیشاندەرانی توڕەوە بەو دروشمانەی کە شایستەیین ، بەخێرهاتنی لێبکرایە ، بەڵام میدیا و دەوڵەتی بریتانی ئەوەیان نەدەخواست بۆ ئەوەی سەرەکوەزیرانی بریتانیا و ئەردۆگان خەجاڵەت و شەرمەزار نەبن. میدیای بریتانی هەر وەکو نەریتی هەمیشەییان بێ دنگییان کرد هەر وەکو چۆن بە دەگمەن دڕندەکاریی و وێرانکاریی ئەرردۆگان و حیزبەکەیان کە بۆ ماوەیەکی یەکجار درێژ دژ بە کورد و خەڵکانی جالاکی دیکەی تورکیا ، ڕوماڵ کردووە.

سەبارەت بە سەرەکوەزیرانی بریتانیا و حکومەتەکەشی ئەوانەی کە ڕویداوە و ڕودەدات لە وڵاتی تورکیا بە کورد و تورك خەڵکانی دیکەشەوە ، گرفتێك نییە و نەبووە بۆ ئەم دەوڵەتەی بریتانیا، بۆیە بزنس لەتەك ئەردۆگان و حکومەتەکەیدا بەردەوام و ئاساییە. لە ڕاستیدا کودەتا تێشکاوەکە و سەرکوتکردنی کورد و خەڵکانی دیکە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە سوودمەند بووە بۆ حکومەتی بریتانی. هەر بۆیە لەو ڕۆژەدا لە هاتنی ئەردۆگاندا کاتێك کە ترێزە مەی-ی سەرەکوەزیران کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانییان بەست ، بەڵێنی کۆمەكکردنی بە ئەردۆگان دا و کوردیشی بەگشتی بە تیرۆریست بە هەموو بریتانیا ناساند . لە لایەکی دیکەشەوە مامەڵەی بازرگانی چەك و تەقەمەنی لەتەك تورکیادا بەردەوامە و لە ساڵی 2016 وە حکومەتی بریتانی زیاتر لە بڕی 1 ملیار پاوەند لە چەکی قورسی بە تورکیا فرۆشتوووە.

بۆ ئەوانەمان کە پێشتر نەیاندەزانی ، با ئێستا باش بیزانن کە لە قازانجی دەوڵەتی بریتانی نییە کە ئەردۆگان و سیاسەتەکەی سەرزەنشت بکات چونکە تورکیا یەکێکە لە ئەندامە بەهێزەکانی ناتۆ و هاوپەیمانێکی گەورە و گرنگە بۆ ئەمان لە جەنگی ” دژە تیرۆردا” هاوکاتیش شەریکێکی باشە لە مامەڵەی ئایندەی بازگانی کاتێك کە بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دێتە دەرەوە ، کە ئەمە ناتوانرێت پشتگوێبخرێت.

بەم هۆکارانەی سەرەوە هەلوێستی بریتانیا و میدیاکەی بەرانبەر بە ئەردۆگان و حکومەتەکەی، بێ دەنگیی بوو ، هاوکاتیشش خۆپیششاندانەکەی ڕۆژی 15/05 دژ بە هاتنی ئەردۆگان بۆ بریتانیا تەنها بەجێهێڵرا بۆ کەمێك لە کورد و تورك و هەندێکیش لە چەپ و نقابی و سۆشیالیت و ئەنارکیستەکان، کە لە حاڵەتێکی ئاواشدا من هیچ سەرسام نیم .

زاهیر باهیر- لەندەن
ئایاری 2018




عەفرین و سیاسەتەکانی پەیەدە … زاهیر باهیر

عەفرین یەکێکە لە دەڤەرەکانی ڕۆژاوای کوردستان کە هەتا 17/03/2018 یەكێك بوو لە سێ کانتۆنە خۆسەرییەکەی ئەوێ کە دەستی چەپەڵی حەوت ساڵەی جەنگی ناوخۆی سوریای پێ نەگەیشتبوو. عەفرین یەکێك بوو لە شوێنە هەرە ئاسایشەکانی سوریا تاکو 20/01/18، ڕۆژی داگیرکردنی لە لایەن دەولەتی فاشی تورکیاوە. بە هۆی بەرقەراربوونی ئاسایش و دووربوونی لە شەڕ نزیکەی 200 هەزار کەس لە حەڵەب و شار و جێگاکانی دیکە لەوێ نیشتجێ بووبوون . ئەم خەڵکانە لەوێ زۆر دڵخۆش بوون چونکە ئازادیی و ئارامیی و ئاسایش و یەکسانیی و ڕێز و مرۆڤبوونی خۆیان دۆزییەوە.

هۆکارێکی زۆر هەبوون بۆ دەوڵەتی تورکیا بە هێڕشبردنە سەر عەفرین و داگیرکردنی. هەرە گرنگەکانیان : تێشکانی سەربازیانەی داعش، کە شەڕیان دژی سوریا و کوردان و هێزەکانی ڕۆژاوا لە وەکالەتی تورکیاوە دەکرد ، نزیکێتی عەفرین و تێکەڵاوی و هەمەجۆرەی هاووڵاتیانیی ، پلانی ئەردۆگان لە گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بە بردنی عەرەبە پەنابەرەکانی سوریا کە ئێستا لە تورکیان و نیشتەجێکردنییان لەوێ ، هەروەها نزیکی عەفرین لە ‘ئیدلیب’ ەوە ئەمەش یانی باڵادەستبوونی تورکیا بەسەر ڕێگاوبانی نێوان تورکیا و ئیدلیب-دا بۆ ناردنی چەك و زەخیرە و پێداویستییەکانی دیکە بۆ هێزە تیرۆریستەکانی سەربەخۆی . ئەمە جگە لەوەی کە هەواڵێکی پشتڕاستنەکراوەش لە ئارادایە کە مامەڵەیەك لە نێوانی سوریا و تورکیادا کراوە ، بە گوێرەی ئەو مامەڵەیە تورکیا بە ڕەزامەندی ئەسەد عەفرین داگیربکات ، لە هەقی ئەمەشدا ئەردۆگان دەستبەرداری یارمەتی و کۆمەك بەو هێزانەی لە ڕۆژهەڵاتی غۆتان و سەربەون، ببێت ، تاکو ئەسەدیش بتوانێت کۆنترۆڵی بکاتەوە .

هەر هۆکارێك هانی ئەردۆگانی دابێت لە هێڕشبردنە سەر عەفرین و داگیرکردنی ، من باوەڕم وایە کە ناکرێت لەوێ بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بمێنێتەوە، لە کۆتاییدا وەکو کارتێکی فشار لەسەر ئەسەد بەکاری دەهینێت بۆ کردنی ڕەردەڵ و بەدەڵێك کە بە سوودی دەوڵەتی تورکیا، بشکێتەوە.
لە بەرەبەیانی 19/03/2018 پاش جەنگێکی پاڵەوانانەی 58 ڕۆژیی و نەبەردەییەکی کەم وێنەی ئەم سەردەمە ، سوپای دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی، پاش دانی باجێکی یەکجار گەورە توانییان بچنە سێنتەری عەفرین. هاوکاتیش 1500 جەنگاوەریی هیزی دیمۆکراتی سوریا گیانیان بەخت کرد و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون و 400 کەسیش لە دانیشتوان بوونە قوربانی و نزیکەی 2 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون و 150 هەزار کەسیش سەرگەردان و ماڵوێران بوون و عەفرینیان بەجێهێشت.

ئەوە سێ ساڵە ئەردۆگان توانیوێتی سەرکەوتوانە یارییەکی باش بکات و نزیکەی هەموو لایەنەکان بەکاربهێنێت هەر لە : داعش و ڕاگرتنی پەیوەندی دیبلۆماسیانەی باش لەگەل زۆرێك لە وڵاتانی دەرودراوسێ، تەنانەت عێراق و ئێرانیش. لە لایەکی تریشەوە بە باشی هاوسەنگیی نێوانی ڕوسیا و ئەمەریکای ڕاگرتووە هەروەها ئەوروپاشی غافڵ کردووە بە بەکارهێنانی کارتی پەنابەران هەم بە کێشانەوەی پارە لێیان و هەم بە هەڕەشەی کردنەوەی سنور بۆیان بەرەو وڵاتەکانیان . بەڵام زیرەکترین سیاسەتی ئەردۆگان ڕاکێشانی پەکەکە بوو بۆ ناو مەیدانی جەنگ و شەڕکردنەوە . ئەردۆگان دەیزانی کە گرتنەبەری سیاسەتی ئاشتی و پرۆسەی ئاگربەستی و هەوڵی ئاشتەوایی نە لە بەرژەوەندی خۆیەتی و نە حیزبەکەی ، ئاکەپە، بەڵکو زیاتر لە بەرژەوەندی پەکەکە و کورد بوون. ئەردۆگان بە بەڕێکرنی شەڕ و ناچارکردنی پەکەکە کە وەلامی بداتەوە باشترین تاکتیکێك بوو بۆ بەدیهێنانی ستراتیجییەکانی کە لاوازکردنی هەدەپە و وێرانکردنی شار و شارۆچکە و گوندەکانی باکور بوو.

گەرچی سیاسەتەکانی ئەردۆگان تاکو ئێستا زۆر سەرکەوتوبوون و بەسوود گەڕاونەتەوە بۆ خۆیی و حیزبەکەی، بەڵام هاوکاتیش ئەمەریکا لە زۆرێک لە سیاسەتەکانی دڵگرانبووە وەکو : نزیکبوونەوەی لە ئێران و ڕوسیا و نیگەرانکردنی عێراقی هاوپەیمانی لە شەڕ دژ بە داعش و تا ڕادەیەك هەڕەشەی بەردەوامی لە کورد کە هێشتا ئەمەریکا لە شەڕی داعش دا بە تەواوی ئامانجەکانی نەپێکاوە . بێ گومان ئەمانە هەمووی جێگای نیگەرانییە بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا کە لە کاتێکدا تورکیا ئەندامێکی بەهیزی ناتۆیە ، بەڵام ئەمەریکا دەسەووەستانە لە بەرانبەر تورکیادا و ناتوانێت هیچ بکات، ئەردۆگانیش ئەم ڕاستییە دەزانێت بۆیە شووڵی لێهەڵکێشاوە . هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە لە تورکیا بزوتەنەوەیەك نییە تاکو ئەمریکا وەکو ئامرازێك دژ بە ئەردۆگان بەکاری بهێنێت ، یا حیزبێکی بەدیلی ئاکەپەش نییە ، هەرەوەها هیچ هیوایەکیشی بە کودەتای سەربازیش بە تایبەت لەم وەختەدا نییە .
زۆرێك لە نوسەران وئەکادیمییەکان و سیاسییەکان و تەنانەت خەڵکانی ئاسایی پشتیوانی ڕۆژاواش لۆمەی ئەمەریکا و دەوڵەتە یەکگرتووەکان[ یو ئێن] و بریتانیا و سەرجەمی ئەوروپا دەکەن لە بێدەنگی ئەم وڵاتانە لە بەرانبەر دڕندەیی و هێڕشی ناڕەوای سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین و هاووڵاتیانی . ئەم خەڵکانە بڕوایان وایە کە ئەو وڵاتانە دژەخونییان بە هەقی ڕۆژاوا کردووە ، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ڕۆژاوا بوو داعشی بەزاند و هەڕەشەی هێڕشی ئەوانی لەسەر جادەکان و شوێنە گشتییەکانی ئەو وڵاتانە ، کەم و کەمتر کردەوە . پرسیاری ئەمان ئەوەیە کە بۆچی ئەوان بێ دەنگییان ، هەڵبژاردووە؟ بۆچی ئەم وڵاتە بەهیز و گەورانە پاداشتی کوردیان بە وەستانی سوپای تورکیا لە کوشتن و بڕینی خەڵکانی مەدەنیی و وێرانکردنی ماڵ و ژینگەیان و هەڵکەندنیان لە زێدی خۆیان ، نەدایەوە ؟
لە بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی ئەو دەوڵەتانە لەبەرانبەر تورکیا من نە سەرسام و نە تاسیش بردومییەتەوە. ئێمە هەموومان دەبێت باشتر پێگەی ئەم وڵاتانە و هەڵوێستیان بزانین، بە تایبەتی ئەمەریکا و بریتانیا و مێژوویان . ئەم دوو وڵاتە یاخوود هەر مێژووییان نییە یاخود بە دەگمەن پارێزگارییان لە مافی مرۆڤ کردووە و نەتەوەیەکیان کە ژێردەستەی هاوپەیمانەکانیان بووبێت، ڕزگار کردبێت . لە هیچ وەخت و شوێن و سەردەمێکدا پشتگیرییان لە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیست و سۆشیالیست ئەوە هەر لە ئەنارکیست گەڕێ، نەکردووە. مێژوویان ئەوە نیشان دەدات کە هەمیشە لە بەرژەوەندی خۆیان کاریان کردووە و بەردەوامیش لە شانی دەوڵەتە دیکتاتۆر و داپڵۆسەرەکانەوە بوون ، ئیدی لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بووبێتن . ئەوە ئەمانن کە پێشوەخت پلانی جەنگ دەکەن و پیلان دەگێرن و دەبنە هۆکاری ژیانێکی تا سەر ئێسقان قورس و پڕ لە شەڕ وشۆڕ و گرانی و ناڕەحەتی بۆ زۆربەی زۆری خەڵکی لە زۆربەی وڵاتانا.

دەبێت ئەوەش بزانین کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ململانێیەکی سەخت لە نێوانی زلهێزەکانا هەیە . هاتنەناوەوەی ئەمەریکا لەم شەڕەدا کە واناسراوە کە بۆ کۆمەکی کورد بووە لە کۆبانی، بەڵام لای من ئەوە دوا هەل بوو بەدەست ئەمەریکاوە کە جێ پێیی لە ناوچەکەدا، لەق نەبێت. هاتنەناوەوەی ئەمەریکا تەنها و تەنها دەرفەتێك بووە بۆی تاکو لە ناوچەکە بەتەواوی فڕێنەدرێتە دەرەوە.
من هەمیشە بڕوام وابووە ئەوە ڕۆژاوا نەبووە کە پێویستی بە ئەمەریکا و ڕوسیا بووبێت ، ئەوە ئەوان بوون کە پیویستیان بە ڕۆژاوا و هێزەکانی بووە، بەتایبەتیش کاتێك کە کورد لەوێ، توانی خۆی بسەلمێنێ . کاتێك کە ئەمەریکا لە کۆبانی داخڵ بە جەنگ بوو ، زیاتر شتێکی سمبولی بوو هەروەها هۆکارێکی مەعنەوی بوو کە متمانە و ڕۆحی شەرڤانانی بەرزکردەوە . ئەمەریکا هەرگیز بە جددی لە کۆبانی-دا شەری دژ بە داعش نەکرد ، هەرگیزیش نەی ویستووە کە لە ناویان بەرێت، بەڵکو پلانییی خۆی هەبوو وەکو لە دواییدا دەرکەوت. لە ڕاستیدا هاتنە ناوەوەی ئەمەریکا ئەوەشی ، کە داعش وێرانی نەکردبوو ئەو کردی . پێش هاتنەناوەوەی ئەمەریکا تەنها لە سەدا 30 کۆبانی وێران بووبوو لەسەر دەستی داعش دا، بەڵام کە ئەوان هاتن ئەو ڕێژەیە بۆ لە سەدا 70 بەرز بووەوە . من هەرگیز گومانم نەبووە لەوەی کە ئەمەریکا بە ئەنقەست و بە مەبەست ئاوا کۆبانی وێرانکرد تاکو کۆبانی و ڕۆژاوا لە ڕوی ئابوریی و سیاسییەوە بە جۆرێك لاواز بکات تاکو لەبەردەم کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوادا بۆ ئاوەدانکردنەوەی، چۆک دابدات.
پاش چەند مانگێك لە بەزینی داعش لە کۆبانی، ئاشکرا بوو کە سوریا و ڕۆژاوا بوونە زۆنی شەڕ و مەیدانی جەنگینی هێزەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا. ئەو جەنگین و شەڕەش، شەڕێکی ستراتیجی سیاسی و ئابوریی و ململانێی سەربازیی نێوانی ئەم دوو زلهێزە بوون. ئا لەم قۆناخەدا هەردوکیان ، ئەمەریکا و ڕوسیا، بەدوای گروپ و لایەندا وەکو وەکیلێك دەگەڕان کە شەڕ لەبری ئەوان بکەن. پەیەدە لە ناو ئەو لایەن و گرپانەدا بوو، ئەو دەیویست کە هاوسەنگی ئەمەریکا و ڕوسیا ڕاگرێ ، بەڵام نەیتوانی بە باشی یاری بکات و دواتر خۆی بە ئەمەریکادا هەڵسپارد و ئایندەی ڕۆژاواشی خستە دەستی ئەوەوە.

ئەم هەڵوێستەی پەیەدە، ڕوسیاو سوریا و ئێران و حیزبوڵا و تورکیاش کە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە ، بێ تاقەت کرد.
ئا لەم ژینگەیەدا تەنها براوەیەك ئەردۆگان بوو کە بە باشی و لێزانی یارییەکانی تا ئەم دەقەیە کردووە و دۆڕاوی سەرەکی کوردانی ڕۆژاوا بوون.

ئایا پەیەدە سیاسەتی دروستی پیادەکرد یا ڕاستتر یارییەکی ئاوا سەرکەوتوانەی کرد تاکو پارێزگاری لەو دەسکەوتانە بکات کە لە ڕۆژاوادا بەدەستهێنراون؟

پێشئەوەی بێمە سەر ئەم خاڵە دەخوازم ئەوە بڵێم کە من لە گەلێك نوسینمدا لەسەر ڕۆژاوا و باکورد دواوم و لە سەرەتای ساڵی 2015 شەوە بە بەردوامی لە وتارەکانم و پۆستەکانی فەیسبوکمدا لە هەڵوێستی ڕەخنە و هاریکارییەوە ڕەخنەم لە سیاسەتەکانی پەکەکە و پەیەدە گرتووە. گەر کەسێک دەیەوێت ئەوە بزانێت، تکایە با هەر تەنها سەرنجی ئەو پێنج وتارەی خوارەوەم لەو لینکانەی پێینی وتارەکەدا بدات.
بەڕای من پەیەدە سێ کارتی یاخود سێ هەڵبژاردەی لە دەستا بوو کە ئەمانەش: هاوپەیمانی لەتەك ئەمەریکا ، یا ڕوسیا ، یاخود سەربەخۆ و بێ لایەن بمێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە هەر یەك لە ڕوسیا و ئەمەریکا تەنها یەك کارتیان لە دەستا بوو. پەیەدە دەیتوانی سەربەخۆ بمێنێتەوە و نەبێتە بەشێك لە شەڕی ئەمەریکا و ڕوسیا و داعش. دەیتوانی زۆر نزیک کار لە تەك تێڤدەم و ئیدارە خۆسەرییەکان بکات لە زامنکردنی کۆمەك و هاوپشتی زیاتری نێونەتەوەیی بۆ پاراستن و دروستکردنەوەی ڕۆژاوا . هاوکاتیش کار لەسەر یەپەگە و یەپەژەش بکات و زیاتر بەهێزیان بکات تاکو ببنە هێزێکی سەربەخۆ لە خودی پەیەدەش. بە واتایەکی دیکە تاکو یەپەگەو یەپەژە بۆ بەرژەوەندی تەواوی ڕۆژاوا کار بکەن نەك بە تەنها پەیەدە. پەیەدە دەبوایە لەگەڵ قسە گرنگەکەی ئۆجەلانا بوایە و ئەوەی بە عەمەلی بکردایە کە دەڵێت ” ئەگەر هێزی دونیامان هەبێت ، هێڕش ناکەینە سەر هیچ کوێ، گەر هەموو دونیاش هێڕشمان بکاتە سەر ، ئێمە بەرگریی دەکەین و تەسلیم نابین ”
بە بۆچونی من پەیەدە هیچ جۆرە بەهانە و بیانویەكی نەبوو لە فراونکردن و دەسبەسەراگرتنی خاك و ناوچەی زیاترا بە هێڕشکرنە سەر داعش. دەسبەسەراگرتنی خاکی زیاتر لە داعش و ڕزگارکردنی شوێنی زیاتر یانی کوژرانی زیاتری جەنگاوەران، هێنانی هەڕەشەی زیاتر و خولقاندنی بارودۆخی نائارام لە لایەن تورکیا و ئێران و ڕوسیا لە ڕۆژاوادا ، زیاتر بڕواکردنە سەر ئەمەریکا لەبارەی پارە و چەك و تەقەمەنی و خواردەمەنی و زەخیرەی تر ، بە واتایەکی دیکە زیاتر پاشکۆ بوون بە ئەمەریکا و کەمتر ئاوڕدانەوە لە دروستکرنەوەی ڕۆژاوا لە ڕوی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە.

کەواتە پەیەدە چ هەڵەیەکی کرد؟

بە داخەوە کە دەڵیم لە ڕۆژاوادا پەیەدە بە تەنها ئەندازیار و پلاندانەر و کڵێشەکێشی سسیاسەتەکانە و هەموو پلانەکان لە دەستی ئەو دان بێ گەرانەوە بۆ خەڵکانی ڕۆژاواو ئۆرگانەکانیان/ ئەنجوومەنەکانیان . لە ڕاستیدا هەمو بڕیارەکان وەکو هەر پارتێکی سیاسی ئەم دونیایە لە لایەن دائیرەیەکی زۆر تەسك ، خەڵکانێکی هەر یەکجار کەم ، لە لایەن سەرکردەکانەوە، لە ژورێکی تاریکدا ، دەدرێت. لە سەردەمی شەڕی کۆبانیییەوە پەیەدە هەڵەی سیاسی گەورە و ئیلتیزاماتی نابەجێی کردووە . بەڕای من ئەمانە بزوتنەوەی خەڵکی زەرەرمەند کردو لەبری بردنە پێشەوەی بزوتنەوەکە بەرەو دواوەی بردوە . ئەمانەی خوارەوە هەندێکن لەو سیاسەتە هەڵانە:
ڕێکەکەوتن لە تەك ئەمەریکادا: من لە سەرەوە هۆکارەکانی هاتنەناوەوەی ئەمەریکام باسکرد و باسی پەیەدەشم کرد کە سێ کارتی لە دەستدایە . پەیەدە پێویستی بەوە نەبوو کە بە قوڵی و ڕۆچون هەڵوێستی ئەمەریکا و کۆمەکی بە هەر بزوتنەوەیەك یا پاڵپشتکردنی هەر حکومەتێك لە دوونیادا، بخوێنێتەوە . لانی کەم بۆ سەدەیەك دەچێت کە ئاشکرایە ئەمەریکا لە لایەن زۆرێك لە ئێمەوە دەزانرێت کە هێزێکی تاریك و ڕەشە . لە هەقەتا هەر بزوتنەوەیەك سەر بە ئەمەریکا بێت زۆر ناجەماوەریی دەبێت و بە گومانەوە تەماشا دەکرێت ، هیچ ئایندەیەکیشی لە دەرەوەی ئەمەریکا و بەررژەوەندی کۆمپانیا زەبەلاحەکان نابێت. دەبوایە ئەمە زۆر ئاشکرا بوایە و لە لایەن هێزە پێشکەوتوەکانی ڕۆژاواوە و بە ڕۆشنی ڕەجاو بکرایە.
کاتێك کە حکومەتی مەرکەزی [ بەغداد] لە ڕۆژی 16/10/2017 دا هێڕشی کرد سەر کوردستانی باشوور بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکییەکان بوو، هەرەوەها داگیرکردنی عەفرینیش، هەردوکیان ئەوەیان سەلماند کە متامەنکردن و بڕواکردنە سەر ئەمەریکا ، هەڵەیە. بە دڵنیاییەوە ئەمریکا بۆ کورد پشتی تورکیا و عێراق و ئێران و هەتا حکومەتی ئایندەی سوریاش نادات لە زەوی . ئەم دوو نموونەیە ئەوەی سەلماند ئەوانەی کە ئاوایان دەبینی کە پەیەدە دەبێت پشت بە ئەمەریکا ببەستێت ، هەڵە بوون .

یەپەگە و یەپەژە

ئەم دوو هێزە لە سەرەتادا خۆبەخش و بچوک بوون هاوکاتیش لە بەرگریی ڕۆژاوادا زۆر کاریگەر بوون. پەیەدە وردە وردە ئەوانی بەهێز و گەورە و قەبە کرد و کاری ئەوان و ستراتیجییەتی ئەوان کە بەرگرییکردن بوو گۆڕی بۆ هێزێکی هێڕشبەر و وەلای ڕەها بۆ پەیەدە و سەرکردەکانی پەیەدە لەبری ئەو خەڵکەی ڕۆژاوا کە لێوەی هاتوون. یەپەگە و یەپەژە لە جەنگی دژ بە داعشش دا لەژێر فەرمانی هاوبەشی پەیەدە و سوپاسالاری ئەمەریکادا بوون ، کە هەردوو لایان بە هاوکاریی و وتووێژی نێوانیان لە هێڕشبردنا بۆ سەر داعش لەسەر زەوی و لە ئاسمانا، ڕۆڵیان هەبوو.

بەردەوامبوونی شەڕ دژ بە داعش

پەیەدە لەتەك ئەمەریکییەکانا پێداگرییان لەسەر شەڕی داعش دەکرد ، کە لە کاتێکدا دوای کۆبانی داعش مەترسی ڕاستەوخۆ و سەرەکی لەسەر ڕۆژاوا نەبوو، لانی کەم کە داعش لەشەڕی لایەن و گرپەکانی دیکەدا تێوەگلابوو . مەترسی سەرەکی ئەم دواییە لە ڕۆژاوادا کە داعش بەرەو لاوازبوون دەڕۆیشت دەوڵەتی سوریا و تورکیا بوو لە تەك گرنگی نەدان بە بیناکردنەوەی ڕۆژاوا لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریی و کوڵتوریی و پەروەردە و ڕۆشنبیریی و هونەریی، بوون .
دەوامدان بە شەر دژ بە داعش، یانی گۆڕهەڵکەندن بوو بۆخۆیان، لاوازکردنی یەپەگە و یەپەژە و لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لێیان ، پێویستبوون بە کۆمەك و یارمەتی زیاتری ئەمەریکا و قوڵکردنەوەی ڕك و کینە و دوژمنایەتی ئەردۆگان، ئەسبەقییەتدان بە شەڕ دژ بە داعش زیاتر لە کارکردن لەسەر بیناکردنەوەی ڕۆژاوا، کەمتر بایاخدان بە هەرەوەزییەکان بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی لە ڕۆژاوادا ، لەبیرکردنی یا نەبوونی وەخت و وزەی دارایی و بەشەریی لە بەردەوامیدان بە شۆڕشی ئابوریی و کوڵتوریی و پەروەردە و ڕۆشنبیریی و هونەریی . هەموو ئەمانەی سەرەوە و زۆری تر کرانە قوربانی شەڕی داعش .

ئەنجومەنی پارتە کوردییە ئۆپۆزیشنەکانی سوریا ، ئەنەکەسە

پارتە کوردییە ئۆپۆزیشنەکانی سوریا هەرگیز ڕەگێکی قوڵیان لەناو کوردانی ڕۆژاوادا نەبووە و هیچ وەخت جەماوەریی نەبوون و پاشخانێێکی پاک و دڵسۆزییان لە نێو کوردانی ڕۆژاوادا نەبووە . لەگەڵ وتنی ئەوانەشدا، مانای ئەوە نیە کە ئەوان هەژموونیان لەسەر خەڵکی نەبووبێت و نەتوانن وەکو هێزێك لە بەرانبەر پەیەدە و خەڵکی ڕۆژاوا و بزوتنەوەکەیانا ڕاوەستن. ئەنەکەسە هەرگیز نەیدەتوانی بزوتنەوەیەك ڕێكبخات ، ئیدی لە شۆڕش گەڕێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەیانتوانی و دەتوانن کە زەرەر بە بزوتنەوەکە بگەیەنن، وەکو وتراوە ” گەر نەتوانن شۆڕش دروستبکەن ، بەڵام دەتوانن تێکی بدەن ” بە تایبەت کاتێك کە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە و بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە، کە هەموو کۆمەك و هاریکارییەکیان پێدەکرێت ، سەرەڕای ئەمەش ئەنەکەسە پەیوەندییەکی بەهێزی لەتەك توکیا و ڕەنگە لە تەك هەندێك لە دەوڵەتانی ناوچەکەش هەبێت.
لە بارودۆخێکی ئاوادا بەرای من هەمیشە پەیەدە دەیتوانی کە جۆرێك لە سازش لەتەك ئەم پارتانەدا بکات. پەیەدە دەکرا هەندێك سازشی سیاسیانەیان لەگەڵدا بکات جگە لە ڕێگەپێنەدانی هێزێکی سەربازی تایبەتی سەربەخۆ لە دەرەوەی کۆنترۆڵی یەپەگە و یەپەژە و دواتریش هێزی دیمۆکراتی سوریا. ئەگەر پەیەدە پەیوەدنییەکی باشی لەگەڵیاندا هەبوایە دەکرا کارایی لەسەر هەڵوێستیان دابنێ و ئەوانیش بە ڕۆلی خۆیان کارایی لەسەر پارتی و ڕەنگیشە ئەو هەژموونەشیان لەسەر تورکیا هەبوایە، یاخود لانی کەم دەکرا کە ئەنەکەسە بێ لایەن کرێت و تەماشاکەرێك بێت لەبری یاریکەرێك .

دواپلان و دواپرۆژەی ئەمەریکا

کاتێك کە ئەمەریکییەکان داوایان لە پەیەدە کرد کە 30 هەزار پاسەوانی شەڕکەر لە سەر سنورەکان بۆ پاراستنی، دابینبکات ، پەیەدە دەبوایە ئەم داخوازییەی ڕەتبکردایەتەوە . دەبوایە ئەوەی بزانیایە کە ئەمەریکا هەرگیز نایەوێت سوپای دیمۆکراتی سوریا گەورەتر بێت ، گەر چی هەر هێزێك کە لە دەرەوەی خودی خۆی گەورە ببێت ، بە ئاسانیش بچوکدەکرێتەوە یاخود هەر لەناو دەبرێت. کارێکی گران نەبوو کە پەیەدە دەرکی بەوە بکردایە کە قەبوڵکردنی ئەم پرۆژەیە داوە و دەوڵەتی تورکیا زۆر بێزار و توڕە دەکات و پلانی داگیرکردنی عەفرین ، کە ماوەیەکە باسی لێدەکات، پێشدەخات.
کاتێك کە لەشکری تورکیا لە 20/03/2018 بۆ سەر عەفرین دەستی پێکرد ، پەیەدە لەبری هانابردن بۆ ئەمەریکا، دەبوایە بە جددی ئاگەداری ئەمەریکییەکانی بکردایەتەوە کە تورکیا بوەستێنێت و هێزەکانی بکشێنێتەوە ، یاخود ئەمان لە شەڕی هاوبەشی دژ بە داعش پاشەکشە دەکەن و دەچن بەدەم هێزەکانی عەفرینەوە دژ بە سوپای داگیرکەری تورکیا . گەرچی پەیەدە ئەمەی کرد بەڵام زۆر درەنگ بوو بۆیە نە کارایی لەسەر هێزەکانی ئەمریکا دانا و نە بە هاناوە چونێکی کاریگەر بوو بۆ هێزەکانی عەفرین.

پرسیارەکە ئەمەیە بۆچی پەیەدە هەڵەی بە دوای هەڵەدا کرد یاخود بەردەوام بڕیاری هەڵەی دەدا؟

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ئاسانە و ئەویش ئەوەیە کە پەیەدە هەرگیز لە دانی بڕیارە گەورەکانیا نەگەڕاوەتەوە بۆ خەڵکی ڕۆژاوا. پەیەدە پرنسپڵەکەی ئۆجەلان-ی فەرامۆش کرد سەبارەت بە دانی هەموو بڕیارەکان کە دەبێت لە لایەن خودی خەڵکییەوە، بێت. پەیەدە مێژویەکی درێژی لە بڕیاردانی تاکلایەنی و نەگەڕانەوە بۆ خەڵك و پرسنەکردن پێیان، هەیە. تەنانەت لە ساڵی 2015 شدا کە لەتەك ئەنەکەسە لە وتووێژیدا بوو کە لەوێدا سازشێکی گەورەی کرد بەوەی کە ئامادە بوو کە 40 لە کورسییەکانی ئیدارە دیمۆکراتییە خۆسەرییەکانی ڕۆژاوا بە ئەنەکەسە ، ببەخشێت، بێ ئەوەی کە پرس بە خەڵکانی ڕۆژاوا بکات ، گەرچی لە کۆتاییدا ئەنەکەسە ئەم بەخشینەی ڕەتکردەوە.
من دڵنیام لە بەڕێکردنی ئەم سیاسەتانەدا گەر پەیەدە بگەڕایەتەوە بۆ ڕای خەڵکی لە گروپە خۆجێییەکان ، کۆمونەکان و ماڵی گەل-دا دەیتوانی ڕۆژاوا لە داگیرکردن و ژیانی زۆرێك لە خەڵك لەوێ بپارێزێت، یاخود لانی کەم ئەوان بەرپرسیا نەدەبوون لەوەی کە بەسەر عەفرین – دا هاتووە و ئەوەشی کە لە داهاتووشدا ڕەنگە بەسەر ڕۆژاوادا بێت.

دەتوانین چی لە هەموو ئەمانەوە فێر بین ؟

تاکە وانەیەك کە دەکرێت فێربین ، دەبێت متمانە و بڕوا بە پارتە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان نەکەین چونکە پارتەکان هەمیشە نوێنەرایەتی کەمایەتییەکی هەر یەکجار کەم لە خەڵکی نێو کۆمەڵ دەکەن. ئەم پارتانە لە دائیرەیەکی زۆر بچوکی تەسك لە ژورێکی تاریکدا، بڕیارەکان دەدەن. بەهێزبوونی پارتە سیاسییەکان هەمیشە لەسەر حسابی بزوتنەوە جەماوەرییەکان دەبێت و هەر ئاواش وردە وردەش بزوتنەوەکە بەرەو لاوازی و لاوازی زیاتر دەڕوات .
هەروەها دەبێت ئەوە بزانین کە دروستکردنی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك یا خود کۆنفیدراڵیزم کاری ملیۆنان خەڵکە لە هەموو کەرتەکانی کۆمەڵ-دا نەك کاری پارتە سیاسییەکان. دواوانەش کە دەبێت بەرچاوی بگرین ئەوەیە کە دەبێت هێزی چەکداریی تەنها بۆ بەرگرییکردن لە خۆمان و دەستکەوتەکانمان بەکاربهێنێن نەك بۆ هێڕشبردنە سەر لایەن و خاكی خەڵکی دیکە.
Zaherbaher.com
http://zaherbaher.com/2016/02/23/%d9%87%d9%87%e2%80%8c%da%b5%d9%88%db%8e%d8%b3%d8%aa%d9%85%d8%a7%d9%86-%d8%a8%d9%87%e2%80%8c%d8%b1%d8%a7%d9%86%d8%a8%d9%87%e2%80%8c%d8%b1-%da%95%db%86%da%98%d8%a7%d9%88%d8%a7-%d8%af%d9%87%e2%80%8c/

http://zaherbaher.com/2016/07/14/%da%95%db%86%da%b5-%d9%88-%da%a9%d8%a7%d8%b1%db%8c%da%af%d9%87%e2%80%8c%d8%b1%db%8c%db%8c-%d8%b3%db%8c%d8%a7%d8%b3%d9%87%e2%80%8c%d8%aa%d9%87%e2%80%8c%da%a9%d8%a7%d9%86%db%8c-%d8%a6%d9%87%e2%80%8c/

http://zaherbaher.com/2016/11/09/%d8%a8%d9%87%e2%80%8c-%d8%a8%db%86%da%86%d9%88%d9%86%db%8c-%d9%85%d9%86-%d8%b3%db%8c%d8%a7%d8%b3%d9%87%e2%80%8c%d8%aa%db%8c-%d9%be%d9%87%e2%80%8c%db%8c%d9%87%e2%80%8c%d8%af%d9%87%e2%80%8c-%d9%84%d9%87/

http://zaherbaher.com/2017/05/18/%d9%86%d8%b2%db%8c%d9%83%d8%a8%d9%88%d9%88%d9%86%db%95%d9%88%db%95%db%8c-%d9%be%db%95%db%8c%db%95%d8%af%db%95-d8%a8%db%95-%d8%a6%db%95%d9%85%db%95%d8%b1%db%8c%da%a9%d8%a7-%d9%88-%d9%be%da%95%da%86/

http://zaherbaher.com/2018/01/10/%d9%be%db%95%da%a9%db%95%da%a9%db%95-%d8%a8%db%95%d8%b1%db%95%d9%88-%da%a9%d9%88%db%8e-%d9%85%d9%84-%d8%af%db%95%d9%86%db%8e%d8%9f/

زاهیر باهیر – لەندەن
ئازاری 2018




عەفرین ؟ دەبێت زۆر بوێرانە پەنجە لەسەر زامەکان دانێیین، بەسە لۆمەی ڕۆڵی دەرەوەی خۆمان!!

زاهیر باهیر – لەندەن
—————

عەفرین نە کەوتووە و نە دۆڕاوە و نەپرسە و ماتەمینیشی دەوێت ،شەڕڤانانی نەبەرد بە هەموو بەشەکانییەوە لەگەڵ خەڵکی ئازا و بوێری عەفرین-دا دووەم گەورەترین داستانی نەبەردیی و جەنگیان دوای شؤڕش لە کەتەلۆنیا دژ بە فاشیزم و بەڕبەریییەتی نەك هەر دەوڵەتی تورکیا بەڵکو ناتۆ و ” کۆمێنێتی نێودەوڵەتی” تۆمار کرد. ئیسپانیای 1936 لە عەفرین-دا دووبارە بووەوە .

عەفرین ئەستێرەیەکی گەشاوەی مێژووی بەرەنگاربوونەوە بوو لە ناو سەراپای بەرگرییەکانی دیکەدا کە مێژوو نیشانی داوە بە تایبەت دوای نەبەردەکانی شؤڕشی کەتەلۆنیا کە بە هاوبەشی کرێکاران و زەحەمەتکێشان و ئەنارکیستەکان و سۆشیالیستە نادەسەڵاتخوازەکانا ڕویدا.
عەفرین مێژوویەکی بۆ خۆی دروستکرد کە هەتا مێژووی بەشەرییەت بەردەوام بێت ، ناو و شۆرەی خۆڕاگریی و بەرگریی و دژایەتی فاشیزمی دەوڵەتیی و سیستەمی سەرمایەداریی ، بۆ خۆی تۆمار کرد . پەنجاو هەشت ڕۆژی بەرخۆدان ، نەك دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی هێنایە لەرزە و هەشەکۆ بەڵکو ” کۆمێنێێتی نێودەوڵەتی” ش ، بۆیە کەسێك ناتوانێت لۆمە و سەرزەنشتی شەڕڤانان و عەفرینییەکان بکات.

عەفرین ئەو پارچە زەوییە بوو کە نەك هەر لە سوریادا جیاواز بوو ، بەڵکو لە هەموو ڕؤژاوای ناواین-دا تاك و جیابوو . حەوت ساڵی ڕەبەق دوور لە شەڕی کوشتن و بڕین و کاولکاریی نێوانی دەوڵەتی سوریا و ” موعارەزە ” و نێوانی خودی گروپەکانی ” موعارەزە” بوو ، حەوت ساڵی ڕەبەق توانی هێڵێک لە نێوانی خۆی و شوێنەکانی دیکەدا بکێشێت. عەفرین ئەو پارچە زەوییە بوو کە زیاتر لە 200 هەزار سوریی لەوێ مرۆڤایەتی خۆیان ، یەکساێتی نێوانیان، ئاشتی و ئاشتەوایی و ڕێز و حورمەتی خۆیانیان تیادا دۆزییەوە .
ئەوەی کە جێگای لؤمەیە ، ئەوەی کە شایانی پرسە بۆ دانانە ، ئەوە سەرکردەکانی پەیەدە و سیاسەتە هەڵەکەیانە ، ئەوە ئەوانن کە دەبێت نەك بە خۆیانا بچنەوە بەڵکو دەبێت لێپرسینەوەی چڕ و پڕیان لەگەڵدا بکرێت و سزایەکی وابدرێن کە بۆ هەمیشە دووربخرێنەوە لە مەیدانی خەباتی جەماوەریی ڕۆژاوا، نەك هەمان شکست دووبارە ببێتەوە .

تاکە وانەیەك و دواوانەیەك کە لە عەفرین وەرگیرێت ئەوەیە: هەرگیز متمانە بە ڕابەر و سەرکردە مەکە ، هەرگیز پشت بە حیزب مەبەستە و باوەڕی پێ مەکە ، حیزب و سەکردە هەمیشە پلانی خۆیان هەیە و لە پشتی جەماوەرەوە بێ گەڕانەوە بۆیان ، لە وتووێژو سازش-دان. لە پرسی عەفرین و هەر هەموو ڕۆژاوادا ، سەرکردەکانی پەیەدە دژایەتییەکی گەورەی ئۆجەلان و هزری نوێی ئۆجەلان-یان کرد ، هاوکاتیش گەورەترین خزەمەتیان بە ئاگاوە یا بێ ئاگاوە بووبێت ، بە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا کرد بە هاوپشتتیان بۆ ئەمەریکا ، کردنی هێزی خۆبەخشی بەرگریی یەپەگە و یەپەژە لە ڕۆژاوا بە هێزێکی هێڕشبەری پارێزەری بەرژەوەدنییەکانی ئەمەریکا ، بە بەردەوامبوونی شەر لەگەڵ داعش لە ڕەقە و مەنبج و جەڕابلوس و شوێنەکانی دیکە ، بە قەبوڵکردنی پرۆژەکەی ئەمەریکا کە دروستکردنی هێزێکی 30 هەزارکەسی بۆ پاراستنی سنورەکان ، بێ ڕەچاوکردنی مەترسی هێڕشی تورکیا و هاندانی بۆ شەڕێکی ئاوا، لە لایەن پەیەدەوە ، نەتوانایی کردنی یارییەک وەکو ئەردۆگان تاکو بتوانن ، لە مەیدانەکەدا بمێننەوە و ئەوەی کە بەدەستهاتووە ، بیپارێزن. زۆر هەڵەی سیاسیانەی دیکە ، هەن بەڵام لە ئێستادا هەر ئەوانە باس دەکەم .

21/03/2018




بۆچی هێزەکانی سوریا لە عەفرین بێ دەنگن، بۆچی ئەمەریکاش بێدەنگە؟ … زاهیر باهیر

هاتنی هێزەکانی سوریا بۆ عەفرین گەلێکی دڵخۆش و بە ئومێد کرد، وایان دەزانی کە سوریا دەکەوێتە شەڕ لەگەڵ تۆرکیادا.
بێ گومان ئەم شیکردنەوە و لێکدانەوەی هەرە هەرە زۆربەی ڕؤشنبیرەکان و سیاسییەکانی ڕۆژاوا و باشوور و لایەنەکانی دیکە هەر وەکو زۆربەی کات هەڵە دەرچو.
هەر لەسەرەتاوە ڕوسیا لەو پلانەی سوریا ناڕازی بوو لەبەر ئەوەی نزیکەی 2 ساڵ لەمەوبەر ڕوسیا دەیویست کە کوردەکان تەواوی عەفرین بە سوپای سوریا بسپێرن و ئەم داخوازییەی ڕوسیاش لەسەر بناخەی نزیکایەتی پەیەدە بە ئەمەریکاوە هاتە کایەوە .

شەڕی نیوانی ڕوسیا و ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە هاوکاری هەندێك لە دەوڵەتەکانی کەندا و، بەدوای وەکیل دا دەگەڕان کە ئەو شەڕەی پێبکەن هەر هەموو هێزەکانی سوریا لە سوپای سوریای ئازدەوە بۆ گروپە تیرۆریستەکان و تاکو پەیەدە لەم جەنگەوە ئاڵان ئیدی شەڕەکە بوو بە شەڕی نێوان ئەمان و ڕوسیا و ئەمەریکاش تەماشاکەر و هاندەر و گەرمکەری شەڕەکە.

بێ گومان دەبوایە دەرکمان بەوە بکردایە کە هەرگیز ڕوسیا نایەوێت سوریا و تورکیا کەهاوپەیمانی ئەون دەستیان بچێت بە خوێنی یەکدیدا، ئەمە وای لەوە کرد کە سوریا هەندێك لە جەیشی شەعبی لەگەڵ بڕێک چەک و تەقەمەنی سوك و قورس دا ڕەوانەی عەفرین بکات. سوریا بەمەی کە کردی دوو نیشانی شکاند ، یەکەم : ڕوسیای قایل کرد بەوەی کە ئەو بە گوێرەی پلانی ئەو دەڕوات هەروەها پەیەدەشی قایل کرد کە سوریا بۆ پاراستنی سنورەکانی دەگەڕێتەوە و دژ بە سوپای تورکیا دەجەنگێ. دووهەمیش: گەر عەفرین نەکەوێت ئەوە ئەوان بارو بنکەی خۆیا لەوێ داناوە و کارئاسایی دەکات بۆ گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ ئەوێ هاوکایش لەم قۆناخەدا ئەوان تەماشاکار دەبن .

ئەگەر عەفرینیش کەوت ئەوە ئەوان لەوێن و دوای سوڵحی دوەلی بە کشانەوەی تورکیا ئیدی بە ئاسانی سوریا بە تەواوی دەگەڕیتەوە بۆ عەفرین .
تا ئێستا ئەردۆگان لەم گەمە سیاسییەدا سەرکەوتو بووە ، گونی هەموو لایەکی گرتوە : ئەوروپا، سوریا ، ڕوسیا ، ئەمەریکا و داعش و گروپە تیرۆریستکانی دیکە . ئەمەریکا ناتوانێت هیچ شتێک بکات دژ بە تورکیا چونکە نایەوێت تورکیا لە ناتۆ دەرچیت و بکەوێتە بەرەی ڕوسیاوە . ڕوسیاش لە ئێستادا تورکیا بۆ ئەو لە سوریا گرنگترە دەیەوێت بەلای خۆیدا، تورکیا ڕاکێشێت. ئیتر ئا لێرەدا کێشەی کورد و سەنگی کورد لە سوریادا ، گرنگی هاوسەنگیی سوریا و تورکیان نابێت بۆ هیچ کام لە ئەمەریکا و ڕوسیا.

زاهیر باهیر – لەندەن
16/03/2018




کۆنفیدراڵیزم، کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك و ڕۆژاوای کوردستان … زاهیر باهیر

زۆرێك لە دینەکان و ئایدۆلۆجییەکان لە چەپەوە بۆ ڕاستیان لە بەرانبەر گرفت و کێشەکانی کۆمەڵ-دا وەستاونەتەوە ، بەڵام هیچ کامێان نەك هەر نەیانتوانیوە ئەو کێشانە لە بەین بەرن، بەڵکو بارودۆخەکەشیان خراپتر کردوە.
لە کاتیێکدا کە کێشەکان بەردەوامن و وەکو خۆیان ماونەتەوە ، هەر لەو کاتەوە گروپەکان، پارتە سیاسییەکان و تاکەکانیش بە ئایدیا و بیردۆزی جیا جیاوە هاتونەتە پێشەوە . کۆنفیدراڵیزم، یاخود کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ،یەکێکە لە ئایدیای چارەسەرەکان .
ئایدیای فیدراسوێن و کۆنفیدراسوێن دەگەڕیتەوە بۆ چەند چەرخێك لەمەوبەر. یەکێك لەوانەی کە زۆری لە سەر فیدراسوێن و کۆنفیدراسوێن نوسیوە جۆزیف پرۆدۆن، (1809-1865) بووە ، بەتایبەت سەبارەت بە کەنەدا و سویسرا و ئەوروپا. . تێگەیشتنی ئەو بۆ ئەو دوو چەمکە و شیکردنەوەکانی بۆیان ، تەواو جیاواز بووە لەوەی کە ئەو سەردەمە قسەی لەسەر دەکرا.

کاتێك کە ئەو چاودێریی و گوێڕایەڵی لێدوانەکانی سەبارەت بە ئەوروپا دەکرد، تێبینی ئەوەی دەکرد کە زۆر جیاوازن لە ئایدیا و تێگەیشتنەکانی ئەو بۆ ئەو دوو تێزە. پرۆدۆن سەبارەت بە لێداون و بۆچونە باوەکانی ئەو سەردەمە، کۆمێنتی خۆی هەبووە ” ئەمەی کە ئەوان دەیڵێن وادەردەکەوێت کە ئەوان هیچ تێناگەن جگە لە هاوپەیمانێتی هەموو دەوڵەتەکانی کە لە ئێستادا لە ئەوروپادا هەن بە سەرۆکایەتی کۆنگریسێکی دائیم ، ئیتر دەوڵەتەکان گەوەرە بن یا بچوك لای ئەوان گرنگ نییە . ئەوانیش بەو مەبەستە قسەی لەسەردەکەن کە هەر دەوڵەتێک فۆرمێك لە حکومەت کە پێی بکەوێت و بۆی باشبێت دەگرێت بە خۆیەوە . ئێستاش کە هەر دەوڵەتێك بە گوێرەی بڕی دانیشتوانەکەی و قەبارەی گەورە و بچوکی دەڤەرەکەی دەنگی لە کۆنگریس هەیە و دەنگدەدەن، دەوڵەتە بچوکەکان لێرەدا هەر بە زوویی دەخزێنە ناو دەوڵەتە گەورەکانەوە کە پێی دەوترێت کۆنفیدراسوێن …”1 تێبینی و پەیامەکەی ئەو کاتەی پرۆدۆن بۆ کاتی خۆشی و ئێستاش هەر ڕاستە . لە ڕاستیدا یەکێتی ئەوروپای کۆنفیدراسوێن دەزگەیەکی بیرۆکراتیانەیە و یەکگرنتی دەوڵەتەکانە و زۆریش کۆنفیدراسوێننیکی نادیمۆکراتیانەیە ، “مافی یەکگرتن و یەکێتی، هاوکاتیش مافی ئازادبوون لەبڕیاردانی جیابونەوە و کشانەوە لەو یەکێتییە لە پێش هەموو شتێکەوەیە بە هەموو مافە سییاسسییەکانیەوە ، بە بێ ئەم مافانە کۆنفیدراسوێن هیچ نییە جگە لە ناوەندگەراییەکی مکیاجکراو نەبێت”1
باکۆنین و کرۆپتیکین و خەڵکانی دیکەش سەبارەت بەو تێزەی سەرەوە نوسیویانە بەڵام کەسیان ئەوەندەی مورەی بوکچین-یان( 1921-2006) لەو بارەوە نەنوسیوە و ئەوەندەی ئەو لەم پرسەدا قوڵنەبونەتەوە.

بوکچین هەر بە نوسین لەم تێزە نەدوواوە ، لە ڕاستییدا پرسی کۆنفیدراڵیزمی بە پرسی سۆشیال ئیکۆلۆجی، ناناوەندگەراییەوە بەستۆتەوە و بڕوای وابووە کە بنیاتنانی شارەوانی ئازاد و ئازادیخوازانە بناغەکەیەتی . بوکچین هەر بە تەنها تئیورزان نەبووە ، ئەو لەپێناوی چەمکەکەیی و باوەڕیی-دا زۆر بە پەرۆش و چالاک و ماندوونەناس بووە. ئەو کاتانەی کە لە ژیاندا بووە ، بەتایبەت لە ساڵانی 1980 کانا لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە تیئورەکەی بخاتە کارەوە/ پراکتیزەوە. بوکچین زۆر چالاك بووە لە بواری ئەوەی کە خۆی باوەڕی پێی هەبووە ، ڕێکخەر و بزوێنەری ئایدیاکە بووە و خۆیی بۆ تەرخان کردووە ، لەم بارەوە ئاوا لەسەر چالاکیەکانی ئەو نوسراوە ” بوکچین لە شارەکانی Vermont وەکو Burlington لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ئایدیاکانی، پڕۆژەی [ شارەوانی ئازادیخواز] بخاتە کار ەوە ، ئەویش بە کار و چالاکیکردن و هاوکاریی لەتەك کۆمەڵێ لە پارتی سەوز لە باکوری ڤێرمۆنت لەگەڵ هەندێك لە پارتی سەوزی بێرلنگتن لە شارەوانی ئەوێ بۆ سەپاندنی دیمۆکراسی. بوكچین لەم چالاکیەدا بەردەوام بووە تاکو ساڵی 1990 کە لە سیاسەت خۆی خانەنشین کردوە . ئایدیاکانی ئەو لە کتێبی بیناکردنەوەی کۆمەڵدا کە لە ساڵی 1989 دا و لە کتێبی The Murray Bookchin Reader 1997 بە کورتی چڕکراوەتەوە”2
لای بوکچین بنیاتنانی شارەوانی ئازاد بناخەی بنیاتنانی کۆنفیدرالێزمە، ئەڵتارنەتیڤێکە/جێگرەوەیەکە بۆ دەوڵەت-نەتەوە . ئەو وای هەست دەکرد شارەوانی ئازاد بۆ گەیشتن بە کۆمەڵی ناچینایەتی و کۆمەڵێکی ئازاد، زەروورییە . کاتێك کە بوکچین ویستی پڕۆگرمەکەی شارەوانی ئازاد یاخود شارەوانی ئازادیخواز بخاتە چوارچێوەی چالاکیی ئەنارکیستەکانەوە ، ئەمە بووە هۆی ناکۆکی لەتەك ئەنارکیستەکانا، کە لای ئەو بێزارییەکی دروستکرد ” بوکچین لە کۆتایی نەوەدەکانی چەرخی ڕابوردوودا لە ئەنارکیزم دابڕا و لە دوا وتاری ، The Communalist Project (2003), بەدیاریکراوی باسی شارەوانی ئازادیخوازانی کرد کەپێکهاتەیەکیی سەرەکییە لە کۆمۆنەڵیزم، Communalism *. بوکچین بڕوای وابوو کە کۆمۆنیڵیستەکان وا بڕوایانە کە شارەوانی ئازادیخوازان دوو پەیام دەگەیەنێت هەم بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێکی لۆژك/ ژییر هەروەها بناخەیەکیشە بۆ دامەزرانی ئەو کۆمەڵە “2
جانێت بێڵ-ی برادەری دێرینی بوكچین، کە نزیکەی 8 ساڵێک پێکەوە ژیاون، لە کتێبی Ecology or Catastrophe سەبارەت بە گرنگی و بایاخی شارەوانییەکان و کۆنفیدراڵیزم بۆ بوكچین، دەڵێت ” لە دیدی بوکچین – ەوە شارەوانییەکان کە دیمۆکراتیزە کراون هەروەها کۆنفیدراسوێنی شارەوانییەکان وەك جێگرەوەیەکی دەوڵەت-نەتەوەن و کۆتایی و قەڵایەکن بۆ سۆشیالیزم. بوکچین ئایدکان و ئەرگومێنتەکانی کە بە شارەوانی ئازادیخوازان، ناودەبرد، هەمووی بە کامیلی لە فۆرمی یاخود کتێبی The Rise of Urbanisation and the Decline of Citizenship [ هەڵکشانی شارنشینێتی و داشکانی هاووڵاتییبوون] کە لە ساڵی 1986 دا بڵاوی کردۆتەوە، خستۆتە ڕوو”3
لەم بەشەی ئەم وتارەدا هەوڵدەدەم پێناسەی چەمکی کۆنفیدراڵیزم لە دیدی بوکچین و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ، کە تێزەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانە، بکەم و ئاوڕێکی خێراش لەوەی کە لە ڕۆژاوادا بەدەستهێنراوە بدەمەوە.

گەرچی بوکچین ئایدیا و پلانی بۆ جێبەجێکردنی تئیورەکەی لە واقیعدا هەبووە، هاوکاتیش ئەوەی زۆر باش دەزانی کە مەحاڵ و خەون دەبێت لە بیناکردنی شارەوانی ئازادیخواز و کۆنفیدراڵیزم لە شارە زەبەلاحەکانی کە هەن لەسەر بناغەی مێنەتەڵێتی و پەرەوەردە و ڕۆشنبیری باو و ئەو کوڵتورەی کە ئێستا لەناو خەڵکدا هەیە و هەروەها بە هۆی سروشتی ناوەندگەرایی کۆمەڵی -شەوە . بوکچین دەرکی بەوە کردبوو کە دروستکردنی شارەوانی ئازادیخواز داخوازی جۆرێکی جیاواز لە پەروەردە و خۆپێگەیاندن و ڕێکخستن، دەکات و ئەوەشی دەزانی کە ناوەندگەرایی یەکێکە لە ڕێگرە سەرەکییکەکان . بیرکردنەوەی ئەو سەبارەت بە شارەوانی ئازایخواز ئاوا نمایشکراوە ” بوکچین هەر لە ساڵی 1950 کانەوە لایەنگر و پێداگربووە لەسەر دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ یاخود ئەنجوومەنی دیمۆکراتی . ئەو سروشی لە نوسینەکانیی H.D. Kitto هەرەوەها Alfred Eckhard Zimmern وەرگرتووە. سەبارەت بە چەمکی کۆنفیدراسوێنیش، بوکچین لەژێر هەژموونی بیردۆزان و بیرکەرەوانی ئەنارکیستەکانی چەرخی نۆزدەدا بووە. ئەو شارەوانی ئازادیخوازانی بە دیدی یۆتۆبییانەوە لەبارەی ناناوەندگەرایی [ ئۆتۆنۆمی] بە گچکەکردنەوەی شارەکان، هەروەها بە قەبارەی مرۆڤەکانەوە لەشانی کۆمۆنێتییە ئیکۆلۆجییەکانەوە و دیسانەوە بە تێزی شۆڕشی شارنشینیەوە، گرێداوە “2
جانێت بێڵ لەگەڵ ئەوەی سەرەوەدا نایەتەوە. لە نامەیەکیدا کە 09/12/2017 بۆی ناردوم ، ئەو هۆکارەکان کە هەژموونی خۆیان لەسەر بوکچین داناوە ، بەم جۆرە بۆمنی نوسیوە ” ئەوەی کە سروشی بیرکردنەوەی بوکچینی بۆ کۆنفیدراسیوێن ، هێناوە جۆزیڤ پرۆدۆن و باکۆنین و ئەوانی دیکە نەبوون ، بەڵکو چیرۆك و چالاکیی نقابەی CNT ئیسپانی ( Confederation Nacional del Trabajo ) لە ئیسپانیا بوو . کتێبەکەی The Spanish Anarchists تەرکیز لەسەر هەیکەلی سی ئێن تی وەکو کۆنفیدراسوێنێك، دەکات . ئەو لەو کتێبەیدا لە هەوڵی خستنەڕوی ئەوەدایە کە پێچەوانەی تۆمەتەکانی کە مارکسییەکان داوێناتە پاڵ ئەنارکیستەکان بیسەلمێنێت ، کە لە ڕاستیدا ئەنارکیستەکان دەتوانن خۆیان ڕێکبخەن، ئەوان بنیاتنانی کۆنفیدراسوێن و دامەزراندنی قەوارەی [ هەیکەلی] لە خوارەوە بۆ سەرەوە هەڵدەبژێرن”
وێڕای ئەوەی کە بوکچین باوەڕی بە ناناوەندگەرایی و کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجی هەبووە ، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی وا نەبووە کە ئەوەی سەرەوە بتوانرێت بەبێ کۆنفیدراڵیزم بەدەستبهێنرێت ، کە تۆڕێکە لە ڕێگایەوە شارەانییەکان دەتوانن یەکبگرن و هاریکاریی یەکدی بکەن بە هاوبەشکردنی دەرامەت و داهاتیان لە نێوانی خۆیاندا لەسەر بناخەی بەگوێرەی پێویستییەکانی تاک و خودی کۆمۆنێێتیەکان. لەگەڵ ئەوەشدا هاوکات ئەو باوەڕی وابووە کە هەر یەکە لە شارەوانییەکانی ناو تۆڕەکە لە کێشانی سیاسەت و کاروباری نێوخۆیانا، پێویستە ئازاد بن و ئۆتۆنۆمی خۆیان هەبێت. پێناسەی بوکچین بۆ کۆنفیدراڵیزم ” کۆنفیدراڵیزم لەسەرو هەموویەوە تۆڕێکە بۆ ڕێکخستنی کاروباری ئیداریی شارەوانییەکان کە ئەندامەکانیان یاخود نێرراوەکانیان [ وەفد] لە ڕیگای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە لە نێو ئەنجوومەنە دیمۆکراتییەکانا لە شار و شارۆچکە و گوندە جیاجیاکانا و گەرڕەکەکانی شارە گەورەکانا،هەڵدەبژێرن . ئەندامانی ئەم لیژانەی کۆنفیدراسوێنەکە لە شێوەیەکی زۆر توند و بێ لادان لە داخوازییەکان، دەستڕۆیشتنیان [ صەلاحییەت ] پێدەدرێت، لە نزیکەوە چاودێرییان دەکرێت. کەی پێویست بوو بانگدەکرێنەوە، بەرپرسیار دەبن لە بەرانبەر ئەنجوومەنەکانا کە دەستنیشانییان کردون یا هەڵیانبژارادوون بۆ ئامانجی هاوکاریی یەککەوتن و ئیدارەدانی سیاسەتەکان و کاروبارەکان کە لە لایەن خودی ئەنجوومەنەکانەوە فۆرمیلە کراون”4
ڕووبەڕووبوونەوەی دروستکردنی کۆنفیدرالیزم داخوازی دروستکردنی شارەوانی ئازادیخواز دەکات کە کار لەسەر پایە سەرەتاییەکانی وەکو ناناوەندگەرایی، ئیکۆلۆجی کۆمەڵایەتی [ سۆشیال ئیکۆلۆجی]، پەیوەستبوونەوە و فێمەنیزم کە ئەرکگەلێکی زۆر گرنگن . هەر یەك لەم پایانە بەستراون بە یەکدییەوە کە هیچ کامیان بێ ئەوی دیکەیان ناکرێت و کارا نابن. بوكچین ئەمەی زۆر بە باشی ڕونکردۆتەوە کە دەڵێت ” قسەکردن لەسەر دروستکردنەوەی کۆمەڵ و پەیوەدندیمان لەتەك دونیای سروشتیانەدا ، گوایە تەنها دەتوانرێت لە ڕێگەی ناناوەندگەراییەوە یاخود لۆکاڵیزمەوە یاخود خودی خۆڕاگریی خودئیکتیفاییەوە، هەر لە فەزای ناتەواوی چارەسەرەکانا دەمانهێڵێتەوە”4 وێرای ئەمەش بوکچین پێداگریی لەسەر ئەوە دکات کە ناناوەندگەرایی و خودئیکتیفایی بە تەنها مانای ئەوە ناگەیەنێت کە کارێکی دیمۆکراتیانە بێت و لە توانای چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆمەڵ-دا سەرکەوتوو بێت لە ئامانجەکەیدا ، هەر بەم هۆکارەش بەردەوام دەبێت و دەڵێت ” ڕاستییەکی گرفتاوییە کە دەرك بەوە نەکەین ، کە ناناوەندگەرایی، خودئیکتیفایی بە تەنها خۆیان و لە خودی خۆیانا بە زەروورە بە پرۆسەیەکی دیمۆکراتی بناسین . شارە نموونەییەکەی Plato [قوتابییەکەی سوقرات و مامۆستاکەی ئەرستۆل] لە کۆمارەکەیدا لە ڕاسستیدا وا کڵێشە کێشرابوو کە خودئیکتیفا بێت، بەڵام خودئیکتیفابوونەکەی تەنها بۆ پاراستن و بەردەوامبوونی جەنگاوەرەکانی و هەروەها نوخبە فەلسەفییەکەی، بوو. بەڕاستیش ئیمکانێتی پاراستنی خودئیکتیفابوون پابەندە بە تواناوە، هەر وەکو لە بەرگرییکردنی شاری Sparta [شارێکی گەورەی یۆنانییە کۆنەکان] لە بەرانبەر هەژموونی ” گەندەڵیدا” لە دەرەوەی کولتورەکان، دەیبینین ( کە کاراکتەرێکە و دەتوانم بڵێم هێشتا لە زۆر کۆمەڵی داخراوی ڕۆژهەڵاتا دەردەکەوێت).

هەر بە هەمان پێوەر ناناوەندگەرایی لە خودیی خۆیدا زەمانەتی ئەوە ناکات کە کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجیمان دەداتە دەست. کۆمەڵێکی ناناوەندگەرایی زۆر بە ئاسانی لە شانی هیراشیەتێکی ئەوپەڕی ڕەق و تەقدا. دەکرێت هەبێت. بەرچاوترین نموونە ئەوروپا و فیوداڵیزمی ڕۆژهەلاتە. ڕیزبەندی هیراشیانەی کۆەمەڵایەتی کە تیایدا ئەمیرەکان و دوقەکان و بارۆنییەکان لە پلە و پێگەی باڵادا نیشتوون و دانیشتوانی کۆمۆنێتییە ناناوەندگەرییەکان [ ئۆتۆنۆمییەکان] بەڕیوەدەبەن . لەگەڵ هەموو ڕێزێکمدا بۆ fritz Schumacher ، بچوك مەرج نییە کە جوان بێت……ئەگەر ئێمە ستایشی ئەم کۆمۆنێتییانە بکەین هەر لەبەر ئەوەی کە ناناوەندگەریین ، یا خودئیکتیفایین یاخود بچوکن یا ” تەکنەلۆجیایەکی ماقوڵ و بەجێ ” بەکاردەهێنن ئەو کاتە ئێمە ناچاردەبین کە فەرامۆشی ئەو هۆکارەش بکەین کە لە ڕوی کوڵتورەوە وەستاو و مەنگن ، ئەمە جگە لەوەی هەر بە ئاسانیش لە لایەن دەستەبژێرە دەرەکییەکانەوە پاوان بکرێن “4
بوکچین کە باسی لە کۆنفیدراڵیزم کردووە لە ڕووی سیاسییەوە وەکو جێگرەوەیەك بۆ دەوڵەت-نەتەوە دایناوە. ئەو دەیزانی کە لە کاتێکدا کە دەوڵەت دەزگاو سیاسەتی خۆی هەیە ، هاوکاتیش ئابوریی سەرمایەداریی لە ڕێگای دەزگەکانییەوە وەکو هێزی سەربازیی و پۆلیسیی و سیخوڕیی و دەزگای دیکەی وەکو : کەنیسە و مزگەوت و بانق و دەزگە دراوییەکانی دیکە و میدیا و دادگا، ئابورییەکەی لەو ڕێگایانەوە دەسەپێنێت و کۆمەڵ کۆنترۆڵ و هەیمەنە دەکات .

بوكچین باوەڕی وابوو کە کۆنفیدراڵیزم لە رێگای شارەوانییە ئازادیخوازەکانەوە دەبێت دەزگەکانی خۆی بخولقێنێ ، کڵێشەی سیاسەتەکانی خۆی بکێشێ، ڕؤشنبیریی و پەروەردەی خۆی بەکاربێنێ، ئابووریی خۆی دروست بکات ، تاکەکانی کۆمەڵ یاخود هاووڵاتیانی توانادار بکات . ئابەم شێوەیە بوكچین جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە و وتویەتی ” کاتێك کۆنفیدراڵیزم وەکو مەبادیئەکانی یاخود بنەماکانی ڕێێکخستنی کۆمەڵ دەگاتە ئەو پەڕی پێشکەوتنی ئەو کاتەی کە خودی ئابووری کۆنفیدرەڵایز کرا [ واتە کە ئابوریی ئازاد کرا لە لایەن کۆنفیدراسوێنەکەوە و خاوەندارێتی لێکرا- زاهیر] ئەویش کێڵگەکانی ناوچەکە ، کارگە و کارخانەکان هەروەها ئەو پرۆژانەی کە پێویستن بۆ کۆمەڵ، بخرێنە ژێردەستی شارەوانییە لۆکاڵەکانەوە ، ئیدی ئەمە تەواوی کارەکەیە . کاتێك کە کۆمۆنێتیەکە بچوك یا گەورە لە تۆڕێكی گرێدراو و یەکگرتوودا لەتەك کۆمۆنێتییەکانی دیکە، دەستدەکەن بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی خۆیان، ئەوە ئەنجامدانی کارەکەیە”4
جانێت بێڵ لە کتێبەکەیدا: The Politics of Social Economy, Libertarian Municipalism لە بەندی 11 دا بە زمانێکی ئاسانتر و پاراوتر هەوڵیداوە کە باشتر ئایدیاکانی بوکچین سەبارەت بەو کۆپلەیەی سەرەوەی ئەو، ڕونبکاتەوە و شرۆڤەیان بکات. ئەو دەڵێت ” کۆنفیدراسیوێن تۆڕێکە کە تیایدا چەند لایەنێکی سیاسیانە بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەکی گەورەتر لە هەموویان، یەکدەگرن . وێڕای ئەوەی کە لایەنێکی گەوەرەتر لە پرۆسەی هاوپەیمانێتییانا دروستدەبێت ، بەڵام لایەنە بچووکەکان لەناو ئەو هاوپەیمانێتییەدا خۆیان هەڵناوەشێننەوە و گۆڕیان گومنابێت ، بەڵکو لەبری ئەوە، ئازادیی و شوناسنامە و سەروەرێتی خۆیان، گەرچی لەو هاوپەیمانێتییەشدان، هەر دەپارێزن.”5
شتێکی ئاشکرایە و خاڵێکی سەرەکییە گەر خەڵکی لە ڕووی ئابورییەوە بە گوێرەی پێویستییەکانیان یەکسان نەبن، ئەوە لە ڕوانگەی سیاسسیشەوە جیاوازی گەورە لە نێوانیانا دەردەکەوێت و ئەو کاتەش بەیاکادان و شەڕوشۆڕ لە نێوانیانا سەر هەڵدەدا. هاوکاتیش ئاشکرایە کە یەکسانی ئابووریی ڕوونادات ئەگەر خودی خەڵکی خۆیان کۆنترۆڵی ئابوورییان نەکەن. ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئابووریی بەهیچ شێوەیەك نابێت لە دەستی خاوەندارێتی تایبەتییدا بێت، یاخود لە دەستی دەوڵەتا کە ناوی خاوەندارێتی خەڵکی/ کەرتی گشتی لێنراوە ، یا بەهاوبەشی لە دەستی خاوەندارێتی دەوڵەت و خاوەندارێتی تایبەتدا ، ببێت، بە واتایەکی دیکە ئابوری تێکەڵە لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی . جانێت بێڵ لە هەمان کتێبدا Libertarian Municipalism لە بەندی 12 دا ، لە بەشی بە شارەوانیکردنی ئابووریی [Municipalaised Economy ] کە تەرخانی کردووە بۆ ئەو جۆرە ئابوورییەی کە کۆمۆنێتییەکە پێویستێتی جیاوازی ئەو جۆرە ئابوورییە دەکات لە جۆرەکانی دیکەی ئابووریی، کە لە کۆمەڵانێکدان کە لە سەر بناغەی کۆمەڵی چینایەتی خۆیانیان گرتووە. ئەو دەڵێت :

” شارەوانی ئازادیخوازان گەشە بە فۆرمێك لە خاوەندارێتی گشتی دەدات ، کە لە ڕاستیدا گشتییە. سیاسەتی ئابوریانەی شارەوانی ئازادیخوازان، پێشنیاری جۆرێك لە ئابوریی دەکات کە نە خاوەندارێتی تایبەتی لێدەکرێت ، نە پارچە پارچەش دەکرێت بۆ هەرەوەزییە گچکەکان و نە خۆماڵیکردنیش دەبێت، بەڵکو ئابورییەکە، کە شارەوانیانە [ واتە ئازادکراوە – زاهیر] کراوە و خراوەتە ژێر دەسەڵاتی کۆمێنێتییەکەوە “خاوەندارێتی گشتی” و هەر لە لایەن ئەویشەوە کۆنترۆڵدەکرێت.”
” ئەم بەشارەوانیکردنەی ئابوریی [ئازادکردنی ئابوریی – زاهیر] یانی ” خاوەندارێتی” و بەڕێوەبردنی ئابوریییەکە لە لایەن هاووڵاتیانی کۆمۆنێتییەکەوە، موڵکەکان بە هەردك جۆرییەوە: زەوی و کارگەکانەوە، چی دی موڵکی تایبەتیی نابن و خاوەندارێتی تایبەتییان لێ ناکرێت بەڵکو دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی تەواوی هاووڵاتییان لە ئەنجوومەنەکانیانا. لەم بارەدا هاووڵاتیان بە کۆمەڵ ، هەموان، ” خاوەندارن” بە سەرچاوەکانی سامانی ئابوریی کۆمۆنێتییەکانیان و خۆیان فۆرمیلەیان دەکەنەوە و ڕەزامەندی لەسەر سیاسەتی ئابوریی بۆ کۆمۆنێتییەکە، دەدرێت. ئەوە ئەوانن نەك بیرۆکراتەکان و سەرمایەدارەکان، کە سەبارەت بە ژیانی ئابوریی ، بڕیارەکان دەدەن……… لە کۆمەڵێکی ماقوڵی/ ژیریی ئەنارکیستیدا نایەکسانی ئابوریانە لە ڕێگای گێڕانەوەی سامان ، موڵکییەتی تایبەتی و هەروەها ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بۆ شارەوانی، لەناودەچێت، بەهۆی بە شارەوانیکردنی ئابورییەوە، [ ئازادکردنی ئابوورییەوە زاهیر] سەرچاوەکانی سامانی چینی خاوەندار لە لایەن خەڵکانی ئاساییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەخرێتە ژێر چنگی کۆمۆنێتیەکەوە تاکو بۆ بەرژەوندی هەموان بەکاربهێنرێت. “5

چەمکی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك:

عەبدوڵا ئۆجەلان سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان ، پەکەکە، پێش سەردەمی بەندکرنی و لەسەردەمی بەندیی-دا بیری لە بزوتنەوەی پەکەکە و لێکدانەوەی بۆ کردووە ، هەروەها شیکردنەوەی بۆ هەرەسهێنانی شورەویی ئەو کاتەو بلۆکی وڵاتانی کۆمۆنیستی لە ڕۆژهەڵاتا، کردووە. هاوکاتیش ئەزموون و ئایدۆلۆجی هەر هەموو پارتە کۆمۆنیستەکانی لە جیهاندا لە گەڵ یەکدیدا بەتایبەت ئەوانەی خۆرهەڵاتی ناوین بەیەکەوە گرێدەداتەوە و شاهیدی دەستکەوتەکانیان بوو، کە لە زەمینەی واقیعدا ، هەموو شتێك بوو جگە لەوەی کە ئەوان بانگەشەیان بۆ دەکرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانی ئۆجەلان لەبەندیخانەدا خۆئاشناکردنی بوو بە ئایدیاکانی مورەی بوکچین . ئۆجەلان لە ڕێگای پارێزەرەکەیەوە چەند جارێك نامەی بۆ بوكچین ناردوە تاکو لە ئایدیاکانی ئەو باشتر تێبگات بۆ ئەوەی لەگەڵ چەمکەکانی پەکەکەدا بیانگرێتە بەرچاو، بەڵام بوکچین لە کۆتایی ژیانی و لەسەر پێخەفی مردن، بووە، هەر لەبەر ئەوەش نەیتانیوە بچێتە گفتوگۆیەکی زۆر جددیەوە نە بە پەیام و نە بە نوسین .

لەسەرەتای ئەم چەرخەدا ئۆجەلان بە تەواویی تێگەیشت کە پرۆژەکەی بوکچین سەبارەت بەئەنجومەنەکانی هاووڵاتییان و پرسی کۆنفیدراڵیزم، دروستترین چارەسەرن بۆ هەموو نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەییەکان کە لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەژین. دوای ئەم تێگەیشتنە ، ئۆجەلان ئایدیای دەوڵەت-نەتەوەی ڕەتکردەوە. لە ڕاستیدا ئەو ئێستا باوەڕی وایە دەوڵەت-نەەتەوە ڕەگوڕیشەی گرفتەکانە زیاتر لەوەی کە چارەسەربێت ، ئەو وای دەبینێت کە ئەوە دەوڵەت-نەتەوەیە کە تا ئێستاش کارەسات بۆ خەڵک دەهێنێت. دەنوسێت “ئەگەر دەوڵەت-نەتەوە بڕبڕەپشتی سەرمایەداریی مۆدێرن بێت ، بە دڵنیاییەوە قەفەسێکە بۆ کۆمەڵە سروشتییەکە………دەوڵەت-نەتەوە لەژێر ناوی کاپیتاڵیزم-دا کەویکرنی/ ماڵیکردنی کۆمەڵ دەکات و کۆمۆنێتییەکە لە سروشتە بناغەییەکانی نەیار/ غەریب دەکات”6
ئۆجەلان باوەڕی وایە نەك هەر نەتەوەکان ئایندەیان لەژێر سایەی دەوڵەت-نەتەوەدا نییە ، بەڵکو تاکەکانیش – هاووڵاتیان- ئایندەیان نیییە مەگەر خۆیان لەتەك جۆرێك لە مۆدێرێنیتی کۆمەڵ-دا بگونجێنن ” هاووڵاتیبوون لەسایەیدا [ سایەی دەوڵەت-نەتەوە -زاهیر] هیچ پێناسەیەکی نییە بەڵکو ڕوودانی گۆڕانکارییەکە لە خاوەندارێتی تاییبەتی کۆیلایەتییەوە بۆ کۆیلایەتی دەوڵەت”6
ئۆجەلان دەیزانی کە ڕیشەی گرفتەکان لە گەلێك کۆمەڵدا ، وەکو کۆمەڵی کوردیی، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی کە لێوەی هاتووە، کامانەن. لای ئۆجەلان تەنها ئەوە بەس نەبوو کە بە تەنها دەوڵەت-نەتەوە ڕەتبکاتەوە ، ئەو باوەڕی وایە لەتەك ئەوەشدا خەڵکی دەبێت تەرکیز بکاتە سەر گرفتێکی سەرەکی دیکە کە لە کۆمەڵدا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژە هەیە، کە پرسی ژنانە. ئۆجەلان زۆری لەسەر کۆمەڵی کۆن [قەدیم] خوێندۆتەوە ، هەر لەکاتی یەکەم مەدەنییەتەوە پێش 10 هەزار ساڵ هەروەها ڕۆڵی ژنان لەو کۆمەڵانەدا هەر لەو سەردەمانەوە . بەو خوێندنەوە قوڵە، ئەو دەرکی بەوە کرد کە کەهەموو پرسەکان، کێشەکان هەر لە دەوڵەت-نەتەوەوە لە ڕێگای چەوساندنەوە و بەکارهێنان و کۆیلەکردنەوە تا دەگاتە کێشەی ژنان و یەکسانی جێندەیی زۆر بە توندی بە یەکدییەوە گرێدراونەتەوە هەر لەبەر ئەوەش ناتوانرێن بەجیا چارەسەربکرێن. لە ڕاستیدا ئۆجەلان وابیردەکاتەوە کە چەوساندنەوە و بەکارهێنان لە کۆیلەکردن و سەرکوتکردنی ژنانەوە دەستپێدەکات ” بەبێ کۆیلەکردنی ژنان هیچ کام لە جۆرەکانی دیکەی کۆیلایەتی نەیدەتوانی بوونی هەبێت ، ئیتر لە بەردەوامبوون و گەشەکردنی خودی کۆیلایەتی بگەڕێ…..بەبێ سەرکوتکردنی ژنان سەرکوتکردنی سەرجەمی کۆمەڵەکە مەحاڵ بوو یاخود پێشبینی نەدەکرا”6
ئۆجەلان زۆر بە جددی کێشەی ژنانی وەرگرتووە تا ئەو ڕادەیەی وای بیردەکردەوە کە ژنان نەتەوەیەکی کۆڵۆنایزکراون. چەمکەکانی ئەو سەبارەت بە ژنان ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە ئەو چەند پەرۆشی پرسی ژنانە، جەختکردنەوەی لەسەر بەشداریکردنی ژنان لە یەکەم تێگەیشتن و هەنگاونانی خەباتکردنا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان و هەروەها سەراپای گرفتەکانی کۆمەڵیش، بناغەیین. ئۆجەلان بە کەتواریی کاری لەسەر ئەمە کردوە کاتێك کە لە شاخ بووە توانیوێتی زۆرێك لە ژنان تێکەڵاوی بزوتنەوەی پەکەکە بکات، نەك هەر لە کورد ، تەنانەت لە غەیرە کوردیش . بە تێپەڕبوونی زەمەن ئۆجەلان زیاتر لە ڕۆڵی ژنان ئاگابووەوە ، نەك هەر بە تەنها لە جەنگینیانا بە چەك دژی دەوڵەت ، بەڵکو جەنگینیان دژ بە دەوڵەت لە ڕێگای جیاوازەوە بۆ دروستکردنی کۆمەڵێکی نوێ لەسەر بناغەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ” کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك بۆ کوردستان دەوڵەت-نەتەوە نییە ،…….بەڵکو سیستەمێکی دیمۆکراتیانەی خەڵکییە بە بێ دەوڵەت”6

بۆچی ئۆجەلان ئەوەندە پێداگریی لەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك کردووە؟ پێناسەی ئۆجەلان بۆ ئەو چەمکە چییە؟
ئۆجەلان لە شوێنێکدا پێناسەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیكی لە چەند وشەیەكدا کورتکردۆتەوە ” دیمۆکراسیی ، ئیکۆلۆجیی ، کۆمەڵی ئازادیی جێندەیی….. یاخود دیمۆکراسی بە بێ دەولەت” 7
ئەو باوەڕی وایە سەرمایەداریی لە سەر 3 پایە دروستبووە و خۆی گرتووە: سەرمایەداریی مۆدیرین، دەوڵەت-نەتەوە، پیشەسازییبوون [ پیشەسازیکردنی وڵات – زاهیر]. ئەو باوەڕی وایە کە خەڵکی خۆیان دەتوانن ئەمانە واتە ئەو 3 پایەیە بە ” دیمۆکراسی مۆدیرانانە، نەتەوەی دیمۆکراسی، ئابووریی کۆمونانە [ بە هاوبەشیکردنی ئابوریی – زاهیر] لەتەك پیشەسازی ئیکۆلۆجیانە [ وڵات ئیکۆلۆجیانە پیشەسازی بکرێت – زاهیر]” 7 جێگابگرنەوە.

ئایدیای کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك لای ئۆجەلان خۆڕێکخستنی خودی خەڵکی خۆیەتی بۆ بەڕێوەبردنی خۆی. ئەو ئەم پلانە بە کاری خەڵکە ڕەشووڕووتەکەی خوارەوە دەبینێ کە لە ڕێگای دەستەجەمعییەوە، بڕیارەکان سەبارەت بە کاروبارەکانیان لە لایەن خۆیانەوە دەدرێت ، نەك لە دەرەوەی خۆیان، ئەویش لە ڕێگای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە کە لەوێدا کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت یاخود هەر ئیدارەیەکی دیکەی پاوانخواز ڕەتدەکاتەوە. ئەو نوسیوێتی ” کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیك نموونەیەکی واقیعیانەیە بۆ خەڵکانی سەرکوتکراو. کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی دەوڵەت-نەتەوە نییە. لە لایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ ناکرێت. هاوکاتیش کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک بە کوڵتورکردنی ڕێکخستنی پێشنیارکراوی نەتەوەی دیمۆکراسییە. کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك لەسەر بناغەی بەشداریکردنی جەماوەرە ، پرۆسەی بڕیادانەکانە کە کۆ کۆمۆنێتیەکان دەیدەن”6 ئۆجەلان بەردەوام دەبێت لەسەر قسەکانی و دەڵێت ” [ کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ] .. دەتوانێترێت بە ئیدارەیەکی سیاسی نادەوڵەت یاخود دیمۆکراسی بە بێ دەوڵەت ناوزەد بکرێت. پرۆسەی بڕیاردانی دیمۆکراسییانە نابێت چەواشەیی دروستبکات لەتەك ئەو پرۆسانەی کە ناسراون بە دیمۆکراسی لەلایەن ئیدارە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئیدارەی دەوڵەتەکان تەنها ئیدارەی دەوڵەتین بەڵام دیممۆکراسییەت، فرمانڕەوایی دەکات. دەوڵەتەکان لەسەر بناخەی دەسەڵات/ هێز دامەزراون ، بەلام دیمۆکراسی لەسەر بناغەی بڕیاری هەرەوەزی / بەکۆمەڵی کە هەموویان لەسەری ڕێککەوتون و ڕیکن، بنیاتنراوە”6
تائێستا پێناسە و دیدی کۆنفیدراڵیزم لە لایەن بوکچینەوە و هەروەها پێناسە و ڕوانگەی ئۆجەلان-یشم سەبارەت بە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك، باس کردووە. ئێستاش با بزانیین چ وێکچونێک و جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو چەمکەداو هەروەها لە دیدی ئەم دوو کەسەدا هەیە؟ . بەڕای من هەردوو تێزەکە و دید و ڕوانگەی بوكچین و ئۆجەلان زۆر نزیکی و وێکجوون، هاوبەش دەکەن. ڕەنگە ئەوان هەردوکیان دوو چەمکی جیاوازیان بۆ تێزەکانیان هەڵبژاردبێت ، بەڵام مانا و ئامانج لای هەردووکیان یەکە.

چەند جیاوازییەکی لاوەکی لە نێوانیئانا هەیە وەکو ئەوەی ئۆجەلان کۆنفیدراڵیزم-ی کردووە بە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك. هەروەها لە بری بەکارهێنانی شارەوانییە ئازادیخوازەکان ئۆجەلان ناوی جیا جیای بۆ ئەو ئیدارانە هەڵبژاردووە وەکو ئەوانەی کە لە ڕۆژاوادا پیادەکراون. ئەوەندەی من ئۆجەلانم خوێندبێتەوە ئەوە تێگەیشتوم تیئورەکەی – کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك- وەکو چارەسەرێك بۆ بەیەکادانەکان و گرفتەکانی نێوان نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەکانە تایبەتن بەو ناوچەیەی کە ئەو سەری لێوەدەرهێناوە . بەڵام بوکچین زیاتر لە ئۆجەلان ڕۆیشتووە و باوەڕی وایە کە کۆنفیدراڵیزم چارەسەرە بۆ سەرجەمی مرۆڤایەتی و ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە پاوانخوازیی سەرمایەداریی لە هەموو لایەکەوە. لەبەر ئەمەش کۆنفیدراڵیزم لای بوکچین چارەسەرە بۆ گرفت و کێشەکانی خەڵکی کە لە جیهاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە نەك هەر بە تەنها لە ناوچەیەکدا یاخود لە چەند وڵاتێکدا.

جیاوازییەکی دیکەش هەیە . ئۆجەلان لە شیکردنەوە و توێژینەوەکەی بۆ مێژوی مەدەنیانەی مرۆڤ، چەوساندنەوە و کۆیلایەتی، ئەو باوەڕی وایە کە کۆیلایەتی لە کۆیلەکردنی ژنانەوە دەستی پێکردووە و هیراشییەتیش لە پاوانخوازیی پیاوانەوە بۆ ژنان دستی پێکردووە ، گەر چی لە شوێنێکی دیکەدا لەگەڵ بوکچین-دا دێتەوە کە دەڵێت ” من بە بەردەوامی ئەوەم خستۆتە ڕوو کە کۆمەڵی باوکسالاریی لە ” شامان” [ شامان پیاوانی ریشچەرم و دەمڕاستی خاوەن کەسایەتی بوون – زاهیر ] شێخە بەتەمەنە خاوەن ئەزمونەکان ، سەرکردە سەربازییەکان، بووە. ڕەنگە کارێکی ژیرانە بێت ئاوڕێك لە بنەما نموونەییەکان بۆ کۆمەڵێکی نوێ لەناو ئەم جۆرە گەشەکردنەدا بدەینەوە لەشانی ” کۆمەڵێکی نوێ”وە کە مەبەستمانە تاکو بزانین کە بارودۆخێك هەبووە بۆ سەرهەڵدانی سیستەمی هیراشی/قوچکەیی لەناو خێڵەکانا. بەم شێوەیە دابەشبوونە زەروورییەکە گەیشتە دواکڵێشەی، ئەمەش لە کاتێكدا کە سیستەمی هیراشی تەشەنەی بە فۆرمیلەکردنی / پێكهێنانی چینێکی سابیت و هەروەها ڕێکخراوی شێوە دەوڵەتی ، کرد”8
پرسی سیستەمی هیراشیی/ قوچکەیی ڕۆحی تئیورەکەی ئۆجەلانە وەکو شارەوەانی ئازادیخوازان بۆ بوکچین، گەرچی هەردووکییان هیراشییەت بە بە بناغەی کۆمەڵی چینایەتی دەزانن . ئاشکرایە کە بوکچین زۆر قوڵتر لە ئۆجەلان لە كێشەی هیراشی و کۆمەڵی هیراشیانە ڕۆچووە، زیاتر و قوڵتر لە ئۆجەلان سەبارەت بەوەی کە چۆن پاوانخوازیی لە نێو سەرانی خێڵەکان و ، سەرانی خێزان و بەتەمەنەکان و هەروەها لە پاوانکردنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە ، پێش کۆمەڵی چیانیەتی، بوونی هەبووە. ” بە گوێرەی کارل مارکس ” یەکاسانییەکانی نێو کۆمەڵە سەرەتاییەکان ” بە گەشەکردنی چینە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەرەسی هێنا، کە لەوێدا ئەوانەی کە خاوەنی سامان و موڵك بوون هێزی کاری ئەوانەیان بەکارهێناوە کە هیچیان نەبووە. بەڵام بە تێڕوانینی مێژوی هاوچەرخ ، بوکچین ئەوە تێگەیشت کە شیکرردنەوەی چین بە تەنها لە خۆیدا شرۆڤەی تەواوی چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی ناکات. کۆتاییهێنان بە کۆمەڵی چینایەتی پەیوەندی نێوانی باڵادەستان و ژێردەستان چارەسەرناکات …… بوکچین پێداگریی لەسەر زەروورەی نە‌هێڵانی نەك بە تەنها چینەکانی نێو کۆمەڵ بەڵکو هیراشییەتی نێو کۆمەڵیش ، کردووە….. هیراشیەت و پاوانخوازیی[هەیمەنە] لە دیدی بوكچینەوە لە ڕوی مێژوییەوە پایەی داپڵۆسین و سەرکوتکردن بووە و هەر لەوێوە پەیوەدنییەکانی چینایەتی بناغەیان گرتووە”9
لەگەڵ ئەو شرۆڤەیەی کە لە وێکچوون و جیاوازیەکانی نێوان بوکچین و ئۆجەلان کردومە، جانێت بێڵ باوەڕی وایە کە تئیورەکەی ئۆجەلان زۆر یان کەم هەمان ئەوەی بوكچینە و ئۆجەلان تئیورەکەی بوکچینی خستۆتە کارەوە . لەیەکێك لە بۆنەکانا ئەو دەڵێت ” من وا بیردەکەمەوە کەبوکچین ساوایەکی بووە و ئۆجەلانیش کردویەتی بە منداڵێك”10 ئەو لەسەر قسەکانی بەردەوامدەبێت و دەڵێت ” ئۆجەلان هەندێك لە مۆدێلە ئۆریجانەڵەکەی[ ئەسڵی] بوکچینی گۆڕیوە. بوکچین ئەنارکست بووە بەو شێوەیە ئەو دژی هەموو جۆرەکانی هیراشی بووە هەر لە : هیراشی نەژادیی، جێندەیی، سێکسی پاوانخوازیی لە لایەن دەوڵەتەوە تا دەگاتە پەیوەندییە شەخسییەکان. مستەر ئۆجەلان جەخت لەسەر هیراشی جیندەیی و گرنگیی ئازادی ژنان دەکات. ئەوەش یەکێکە لە گەورەترین گۆڕانی تئیوریی کە من بزانم “10
سەرەڕای ئەم لێکچوون و جیاوازیانە ، بەڕای من جیاوازییەکی دیکەی گەورە لە نێوانی دیدی بوکچین و ئۆجەلاندا هەیە . بوكچین باوەڕی وایە دروستکردنی شارەوانییە ئازادیخوازەکان بناغەی بنیاتنانی کۆنفیدراڵیزمە.

دروستکردنی کۆنفیداراڵیزمیش بە تەواوی بەندە و متمانە دەکاتە سەر پەروەردە و پێگەیاندن ، ڕێکخستن و بەشداریکردنی خەڵکی. ئۆجەلانیش باوەڕی وایە ئەو بەشداریکردنە کاری خودیی خەڵکی خۆیەتی و دەبێت لە ڕێگای کۆبونەوەی جەماوەریی/ ئەنجوومەنەکانەوە بێت بۆ لێدوان و گفتوگۆکردنی پرسە هەنووکەییەکان و ئەوانەشی کە پەیوەندییان بە بارودۆخەکەوە هەیە ، بڕیارەکانیش دەبێت بە کۆمەڵ/ هەرەوەزیانە بدرێن. بۆ بەڕیکردنی ئەمەش ئەو پێشنیاری ئامرازی دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ و چالاکی ڕاستەوخۆ دەکات.

گەرچی لای ئۆجەلان ئامانج هەر هەمان ئامانجی بوکچینە وەکو پێشتر خستمە پێشچاو، بەڵام ڕێگای گەیشتن بە قۆناغەکە لە لایەنێکەوە یاخود لانی کەم ئەوەی کە لە ڕۆژاوا و لە باکور دەتوانین بیبینین ، جیاوازە. تاکو ئەم چرکەیە ئۆجەلان سەرۆك و ڕابەری پەکەکەیە و سەرۆک و ڕابەری ڕۆحیی کوردانی باکور و ڕۆژاوایە و هەروەها زۆرێک لە کوردانی باشور و ڕۆژهەڵاتیش . ئەوە ڕاستیە کە ئۆجەلان پەیوەندی بە حیزبەکەی و خەڵکەکەیەوە کردووە کاتێ کە لە بەندیخانەوە دەیتوانی بیکا . ئەو هەوڵی زۆریدا بۆ ڕازیکردنیان بۆ گۆڕانی پەکەکە بۆ بززوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی. بەرەنجامی ئەوەش لێدوان و گفتوگۆیەکی زۆری لە ساڵی 2012 وە خستەوە، دوای ئەوەش سەبارەت بە ئایدیای ڕەتکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوە ، پابەندبوون بە ئاگربەستییەوە ، هەروەها گفتوگۆکردن دەربارەی ئەنارکیزم . لەگەڵ ئەوەشدا پەکەکە نەگۆڕا بەوەی کە ئێمە و ڕەنگە ئۆجەلانیش، دەیویست.
کاتێک کە پەیوەندی نێوانی ئۆجەلان و دەرەوەی لە مانگی نیسانی 2015 دا بڕا و بارودۆخێکی نوێ لە باکوردا بە هۆی هێڕشی ناڕەواو فاشیانەی دەوڵەتی تورکیاوە نەك هەر بۆ سەر پەکەکە بەڵکو هەموو کورد لەوێ، پەکەکە زیاتر میلیتەرایز / عەسکەرتاریی بوو ، لەبەر ئەمەش بۆ پەکەکە گرنگتر بوو بایاخ بەبەرپەرچدانەوەی دەوڵەت بدات تاکو بەردەوامبوون لەسەر پرۆژەکەی پێشتری. لە ڕۆژاواش زۆر یا کەم هەمان شت ڕویدا، بەڵام لەوێ لەبری شەڕ دژ بە سوپای ئەسەد ناچارکرا بەوەی کە بەرگریی لە کۆبانی و شوێنەکانی دیکە بکات لە بەرانبەر داعش دا** جێگای گومان نییە کە لەسەردەمی شەڕ لە هەر وڵاتێکدا، بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی/ جەماوەریی لاواز دەبێت و بزوتنەوەی سەربازیی بەهێزتر . هەر بەو شێوەیەش لە باکور و ڕۆژاواشدا پەکەکە و پەیەدە لەسەر حسابی بزوتنەوە جەماووەرییەکە زیاتر بەهێز بوون.

ئالیرەوە من دەرنجامی ئەوە دەکەم کە لە باکور و ڕۆژاوادا جوتێك حیزبی هیراشی بە زەبتوڕەبت لە پشتەوەی دروستکردنی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکن لە هەردوو کوردستانا . هەر بەو هۆیانەی سەرەوە ئەمانە ئەو پارتیانەن کە بڕیارە گرنگ و گەوەرەکان دەدەن ، پلان دەکەن، کڵێشەی سیاسەت دەکێشن و گفتوگۆ و سازش لەگەڵ دوژمنانیان و دەوڵەتەکانا دەکەن ، هەر ئەمانن کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدن. بە دڵنیاییەوە ئەمانەش کێشە و پرسی زۆر گەورەن کە داهاتوی کۆمەڵی ڕۆژاوا و باکوریی پێوە بەندە. بەداخەوە و بۆ بەدبەختیی، پارتە سیاسییەکانن کە ئەم بڕیارانە دەدەن لەبری خودی خەڵکەکە لە کۆبونەوە و ئەنجوومەنەکانی خۆیانا لە ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە.

لای بوکچین هۆکار و ئەرکی دروستکردنی شارەوانییە ئازادایخوازەکان و کۆنفیدراڵیزم کاری خەڵکەکەیە یاخود “هاووڵاتیانە” وەکو ئەو ناوی خەڵکی بە هاووڵاتیان دەبات، بەلام لای ئۆجەلان و پەکەکە لانی کەم لە حاڵی حازردا، ئەرك و ئامانجی پارتە سیاسییەکانە.
لە بەشی کۆتایی ئەم وتارەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە. ئایا ئەوەی کە لە ڕۆژاوادا هەیە لە ئێستادا کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە ؟
وەڵامی ئەم پرسیارە یەکجار قورسە بۆ من چونکە من لە وەرگرتنی زانیارییەکانما تەنها متمانەم کردۆتە سەر ئەوەی کە لەسەر ڕۆژاوا دەستم دەکەوێت، ئەویش دووکەوتنی دەنگوباس و هەواڵە لە ڕادوێ و تیڤی ، ماڵپەرەکان ، سۆشیاڵ میدیا بەتایبەتی فەیسبوك و چوونە کۆبونەوەکانە.
بۆ وەلامدانەوەی ئەم پرسیارە و تێگەیشتن لە هەموو لایەنەکانی کە پەیوەندی بە ئایندەی رۆژاواوەیە پێویستم بە کردنی چەند توێژینەوەیەکی بنەڕەتی هەیە . ئەم کارەش چونە شار و شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژاوایە ، قسەکردنە و دیمانەکردنی خەڵکێکی زۆرە لە زۆربەی مەیدانەکان و لە پلە و پایە جیاوازەکانی هەموو کەرتێکی کۆمەڵی ڕۆژاوادا. بینینی کۆمونەکانە و بەشداریکردنی کۆبونەوەکانیانە و دووکەوتنی بریارەکانیانە . بینینی هەرەوەزییەکان و شیکردنەوەی هاوسەنگی هێز و دەسەڵاتەکانە لە نێوانی بزوتنەوەی تێڤدەم و پەیەدە و هەروەها لە نێوانی ئەوان و ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریی، خۆسەرییەکەیە لەگەڵ کردنی زۆر کاری تر.

هەموومان تێبینی ئەوەەمان کردووە کە زۆرێك نوسراو لەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك لە ڕۆژاوادا ، هەیە. زۆربەی زۆری ئەم نوسینانە پۆزەتیڤانە و هاوپشتیانەیە بۆ ڕۆژاوا، هەموویان یەکدەگرنەوە کە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك لەوێ دروست بووە یاخود لە دروستبووندایە.
بە بروای من گرفتی سەرەکی زۆربەی ئەو نوسینانە پەراوێزخستنی شتە سەرەکییەکانیانە ، ڕووداوەکانە لە بەرانبەر ڕۆڵ و هەژموونی پەیەدەدا کە تا ڕادەیەك لەیاد کراون. ‌هاوڕێیانێك کە ئەم نوسینانەیان نوسیوە یاخود لەبیریان کردووە یا نەیان ویستووە ئەوە بڵێن کە دروستکردنی کۆنفیدراڵیزم و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ئەرکی ئەنارکیستەکانە. ئەنارکیستەکانن نەك پارتە سیساسییەکان کە دەبێت بەشداری بکەن و لە ڕێگای بزوتنەوە جەماوەرییەکەوە لە پرۆسەی دروستکردنی کۆنفیداراڵزم، کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکەوە بگلێن چونکە هەندێك کێشەو پرس دێنە پێشەوە کە دەببێت لە ڕێگای شارەوانی ئازادیخوازەوە کە بناغەی کۆمەڵی ئازادە، لابەلابکرێتەوە. بوکچین دەنوسێت ” پێش سەردەمی کۆمەڵی چینایەتی ” گەرچی ناکرێت ئیمە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ( یاخود کۆمۆنیلیزم ) ببینین کە پەیوەست بە ئەنارکیزمەوە نەبێت چونکە ئەوان [ئەنارکیستەکان – زاهیر] زۆر بە دووی ترادیسۆنی ئەنارکیزمی کلاسیکییەوەن “4 .

لە پرسی ڕۆژاوادا زۆر پرسیار هەیە کە بکرێت زۆرێکیش لە کێشە یەکلایینەکراوەکان هەن، کە دەبێت قسەیان لەسەر بکرێت. وەکو : ئایا هەموو کەسێك ئازادە لە بەشداریکردن لە سیاسەتا و بەشداریکردن لە کۆبونەوەکانا کە بڕیارەکانی تیادا دەدرێت ؟ ئایا ئەو کێشانە کە لە سەرەوە دەستنیشانم کردن و ئەو بڕیارانەی کە دەدرێن ئایا بە دەستەجەمعی لە کۆبونەوە جەماوەرییەکانا لە ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە دەدرێن؟ ئایا هەرەوەزەییەکانی هەنوکە بەڕاستی لە لایەن کۆمیۆنەکانەوە خاوەنداری لێدەکرێت یاخود ئیدارە خۆسەرییەکە یان جۆرێك لە تێکەڵەیە لە خاوەندارێتی تایبەتی و گشتی ، هەروەها ئایا هەموو کەس دەتوانێت کە ببێتە ئەندام لەم هەرەوەزەزییانەدا بە پشتگوێخستنی ئەوەی کە ئەوانە کێن و جیاوازییان چییە ، هەروەها چۆن بەرهەمی ئەم هەرەوەزیانە دابەشدەکرێت؟ ئایا کۆمونەکان و ‘ماڵەکانی گەل’ لە ڕاسیتیدا گروپ یا ڕێکخراوێکی هیراشی نین؟ بۆچی سەرۆك و هاوسەرۆکیی لە پلەکانی خۆیانا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ دەمێننەوە؟ ئایا سەرۆکی ئیدارە خۆسەرییەکە و ئەوانەی کە لە پلەیەکی بەرزی تێڤدەم و کۆمونەکاندان لە ڕێگای دیمۆکراسی ڕاستەوخۆوە هەڵدەبژێرێن یاخود هەر دادەنرێن؟ چەندێك بە جددی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك کار بەرەو بەدیهێنانی کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجیانە دەکات و تا ئێستا چی لەو بارەوە بە دەستهێنراوە؟ لە ڕاستیدا پرسیارگەلێکی زۆری تر سەبارەت بە لایەنەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك هەیە و دەبێت قسەیان لەسەر بکرێت و وەڵامەکانیان تاووتوێی بکرێن.

بە بۆچونی من ئەوانەمان کە تا ئیستا دەربارەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك نوسیومانە وەڵامی زۆرێک لە پرسیارکانمان نەداوەتەوە یاخود کاری تەواومان لەسەر ئەم پرۆژەیە نەکردووە.
من هەندێك لەو هاوڕێیانە دەناسم کە لە سەر ئەم پرسە وتاریان نوسیوە زۆر لە ڕۆژاوا نەماونەتەوە تاکو سەبارەت بە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵەکەی بزانن و توێژینەوەی تەواو لەسەر ئەم پرسە بکەن. ئەو کەسانەشی کە بۆ ماوەیەی زۆر لە ڕۆژاوا ماونەتەوە ئەو هاوڕێیانە بوون کە پەیوەندییان بە یەپەگە و یەپەژەوە کردووە .
لەگەڵ هەموو ئەوانەی سەرەوەشدا ، ئەبێت لەسەر ئەوە پێکبێین کاتێك کە دەنوسین و توێژینەوەی ڕۆژاوا دەکەین نابێت ڕۆژاوا پەراوێز بخەین لەو بارودۆخەی کە دەورەی داوە . دەبێت بە باشی دوژمنەکانی ڕۆژاوا لە ناوەوەی سوریا و دەرەوەی ببینین، هەروەها بەردەوامبوونی لە شەڕییدا دژ بە داعش و بە ڕژێمی ئەسەد ، تورکیا و ئەگەری شەڕی داهاتوش کە ڕەنگە عێراق و ئێران و تورکیا یەکبگرن دژ بە پەکەکە ، نەدەینە لاوە.
سەرەڕای هەموو ئەوەی کە باسمکردن دەبێت دان بەو ڕاستییەشدا بنێین کۆمەك و هاوپشتیی نێونەتەوەیی کارا و بەهێز لە لایەن چەپ و کۆمۆنیست و سوشیالیست و نقابی و ئەنارکیستەکانەوە نەبوو هەروەها هەمان یاخود لەو چەشنە بزوتنەوەیە لە هێج وڵاتێکی دراوسێ یا لە ناوچەکەدا ڕووی نەدا . ئەگەر بارودۆخی ڕۆژاوە جیاواز بوایە لەوەی کە هەر لە 2015 وە پێیدا دەڕوات و ئەو هەلو مەرجانەی کە باسم کردن بهاتنایەتە کایە ، ڕەنگبوایە ڕۆژاوا وەڵامی هەموو پرسیارەکانی منی بە بارێکی پۆزەتیڤانە بدایەتەوە و نموونەیەکی باشتری بدایەتە دەستمان.

زاهیر باهیر – لەندەن
شوباتی 2018
Zaherbaher.com

*Communalism ئەم چەمکە هی بوکچینە ، وەکو چەمکێکی سیاسی فەلسەفی بەکاری هێناوەو گەشەی پێکردووە و وەکو خۆبەڕیوەبەرییەك یاخود سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی کە کۆمونەکان بە ئازادیی و سەربەخۆیی خۆیانەوە لە فیدراسوێنێکدا یەکبگرنەوە پەیڕەوی مەبادیئەکانی خاوەندارێتیی بکەن و بیخەنە پراکتیکەوە .
**ئەم وتارە پێش هێڕشی دەوڵەتی فاشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ، ڕەشنوسەکەی نوسراوە .

———————————–

سەرچاوەکان

Anarchist and Radical Texts/The Anarchist Sociology of Federalism
2 Libertarian municipalism – Wikipedia https://en.wikipedia.org/wiki/Libertarian_municipalism

3 Biehl J. Ecology or Catastrophe, The life of Murray Bookchin, Oxford University Press 2015, P 227

4 The Meaning of Confederalism | The Anarchist Library https://theanarchistlibrary.org/library/murray-bookchin-the-meaning-of-confederalism.pdf
5 The politics of Social Economy, Libertarian Municipalism. Biehl, J. P 110 and 118 https://drive.google.com/file/d/0B6YOyGNakE86b3RLY2RZN0dySUE/view?usp=sharing
6 http://www.freeocalan.org/wp-content/uploads/2012/09/Ocalan–Confederalism.pdf
7 Democratic Confederalism – ROAR Magazine
8 Abdullah Ocalan, Capitalism and unmasked gods and naked kings: Manifesto for a Democratic Civilization, Volume ll (page 110). Published New Compass Press, Porsgrun, Norway and International Initiatives edition, Cologne, Germany 2017
9 The Murray Bookchin Reader. Edited by Janet Biehl (page 75) https://archive.org/details/themurraybookchinreader
10 Golphy O. Rojava’s democratic confederalism: the experiment of an American theory. 2016. https://www.reddit.com/r/syriancivilwar/comments/4fxpd5/rojavas_democratic_confederalism_the_experiment/




پەکەکە بەرەو کوێ مل دەنێ؟ … زاهیر باهیر

پەکەکە لەوەتەی دروستبووە بە بارودۆخی یەکجار ناهەموار و سەختدا تێپەڕیوە ، بەڵام هەرگیز وەکو ئێستای نەبووە. باشترین قۆناغی تێکۆشان و خەباتی پەکەکە ئەو سەردەمانە بووە کە ئاشتی یائاگربەستی یەکلایەنانەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا، ڕاگەیاندووە. ئەمەش ئەو سەردەمە بووە کە پەکەکە کەشی داوەتەوە، کوردیش لە باکوردا ، بۆ ماوەیەك حەواوەتەوە . هەر ئەو ماوەیەش باشترین هەل و دەرفەتێك بووە بۆ پەکەکە کە چەق و نیشانە لەسەر شار و شارۆچکەکان بگرێت بۆ خۆڕێکخستنەوەی خۆی لە شێوەیەکی باشترا.

ئەوانەش یەکێك بوون لەو کارە باشانەی کە پەکەکە توانی لە سەردەمی ئاگربەستیدا، بیکات. لە ڕاستیدا، لەم قۆناغەدا[ قۆناغی ئاگربەستی] پەکەکە توانی پەیوەندی زیاتر بگرێت چ لە ناو خۆی تورکیادا و چ لە دەرەوەی تورکیا، کۆمەك و هاوپشتییەکی مەزن لە لایەن زۆرێك لە چەپەکان و نقابەییەکان و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و تەنانەی ئەنارکیستەکانی دونیاوە ، دابین بکات. لەمانەش زیاتر ، پەکەکە ئەو هەلەی قۆستەوە بۆ لێدوان و مشتومڕی نێوان ئەندام و لایەنگرانی سەبارەت بە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی / جەماوەریی و ڕەتکردنەوەی ئایدیای دەوڵەت-نەتەوە . بە کورتی پەکەکە لەناو خۆیدا لە لێواری گۆڕانکارییەکی گەورەدا بوو ، لە تێپەڕاندنی قۆناخێك لە هێزێکی سەربازییەوە بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی ، لە جەنگی گەریلاوە بۆ بەرگریی یاخیانەی مەدەنیانە، لە بزوتنەوەیەکی چەکدارییەوە بۆ بزوتنەوەیەکیی جەماوەریی .

هەموو ئەم گەشەکردن و پێشەوەچونانە زۆر بەباشی کاریان لەسەر کرا و کاریانکرد، تەنانەت ڕۆژاوای کوردستانیش لێی سودەمەند و بەهرەمەند بوو. ئەم کارە باشانە هەتا مانگی نیسانی 2015 ی خایاند، ئەو کاتەی کە ئەردۆگان هەموو پەیوەندییەکانی ئۆجەلانی بە دەرەوەی خۆی بڕی . قۆناغی نێوانی نیسان و حوزەیرانی هەمان ساڵ ، قۆناخێ دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیریی بوو، قۆناخێکی ناسک بوو نەك هەر لە باکوردا بەڵکو لەسەرجەمی تورکیاشدا. لە 20/07/2015 هێڕشێکی تیرۆریسیانە گەنجانی باڵی چەپ و سۆشیالیستی کە لە شارۆچکەی ‘سروس؛ گردبوبوونەوە سەبارەت بە پێشکەشکردنی کۆمەك و هاوکاری بە کۆبانی ، کردە نیشانە و 33 گەنج گیانیان بەختکرد و 104 ی دیکەش بریندار بوون . بە دوای ئەمەشدا تیرۆرکردنی دوو پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا، کە پەکەکەی تیادا تاوانبار کرا ، هات. ئەردۆگان و دەزگە سیخوڕییەکەی ‘ میت ‘ بە خۆشییەوە چوون بەرەوپیری ئەم ڕووداوە و بە دەرفەتێکی باشیان زانی بۆ ناچارکردنی پەکەکە لە شەڕێكی نەخوازراوەوە و دواتریش شکاندنی ئاگربەستی .

هەر لەو کاتەوە پەکەکە لە قەیراندایە بەتایبەت کە پێشوازیی لە بانگەوازەکەی دەوڵەتی تورکیای بە وەڵامدانەوەی شەر بە شەڕ، کرد . ئیتر ئەردۆگان هەر جەنگی دژی پەکەکە ڕانەگەیاند بەڵکو دژی هەموو کورد لە باکورا، بەو پەڕی دڕەندەییەوە و جەختکردنەوە لەسەر بەکارهێنانی هەموو ئامرازێکی جەنگیی دژ بە کورد ، ئەمەش لە کاتێکدا کە هێزەکانی دەوڵەت ڕووبەڕوی بەرگریی خەڵکی و شەڕی سەرشەقام دەبوونەوە لە زۆرێك لە شارۆچکەکانا. پەکەکەش بانگەشەی بەرگرییکردنی زیاتری دەکرد دژ بە هێزە سەربازییەکانی دەوڵەت ، ئەم بەرگرییەشی بە ” بەرگریی لەخۆی پۆزەتیڤانە” ناو دەبرد، بەلام لە ڕاستیدا ئەم بەرگرییە ، بەرگریی خۆبەزێن و خۆلەناوبردن ،بوو ، چونکە دەوڵەتی تورکیا هەر بە شەڕکردن دژ بە پەکەکە و کورد لە تورکیادا نەوەستا ، بەڵکو جەنگەکەی بەربڵاوتر کرد و دەستدرێژیشی کردە سەر کوردستانی باشووریش، کە ڕۆژانە یا هەفتەی چەند جارێك فڕؤکە جەنگییەکانی شاخەکانی قەندیل و دەورو بەرەکەی و گوندەکانی بناری شاخیان بۆردومان دەکرد ، کەئەمەش بووە هۆی کوشتنی چەندەها هاووڵاتی گوندەکان و ئاژەڵ و گیانلەبەرەکانیان لەتەك وێرانکردنی خاك و ژینگەکەشیاندا.

ئامادەیی پەکەکە بە تێوەگلانی لەو شەڕە ناڕەوایەی دەوڵەتی تورکیا پاساو و بیانویەکی باشی دایە دەستی دەوڵەتی تورکیا کە بە تەواوی دەستی خۆیناویی ئاوەڵا بکات لە وێرانکردنی شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان و کوژرانی هەرکەسێك کە بەربەرەکانی دەسەڵاتی بکردایەتەوە، بە بەکارهێنانی هەر ئامرازێكی بکوژ و داپڵۆسێنەر. سەرەنجامیش زۆربەی ئەنجوومەنەکانی شارەوانییەکانی باشوری هەڵوەشاندەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی هەدەپە و خەڵکیدا بوون . زیاتر لە 2000 کەس گیانیان بەختکرد، 11 ئەندام پەڕلەمان گیراون کە لە ناویاندا هەردوو سەرۆکی پارتی هەدەپەی تیادایە ، زیاتر لە 134 ئەندامی شارەوانییەکان گیراون ، 500،000 کەس ڕاگوێزراون یاخود ناچار بە ڕاگوێزان کراونەتەوە ، تەواوی شاری ‘سور’ ، شارە مێژووییە دێرینەکەی نێو ئامەد وێران کرا. لە نێو “کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی” و “ئەنجومەنی گەلان”یش ، ئەمەریکا و بریتانیا و فەرەنسا وئەڵمانیا لۆمەی پەکەکەیان کرد و پێداگرییان لەسەر تیرۆریستی پەکەکە دەکرد . میدیاکەشیان سەرەڕای هێڕشکردنە سەر پەکەکە ، زۆر بە ئاستەم تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیای ڕوماڵ دەکرد یاخود هەر نەیان دەکرد.
هەموو ئەمانەش لەگەڵ بۆردمانکردنی قەندیل و گوند و گوندییەکانی بناری قەدنیل و کوژرانی خەڵکە هەژارەکە ، بەدیار چاوی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا و حکومەتی ئەمەریکاوە بوون . لەگەڵ هەموو ئەم تاوانانەشا هێشتا ئەوە تورکیا بوو کە پشتگیریی وکۆمەكی پێدەکرا و تەنانەت حکومەتی بریتانیا بەردەوام بوو لە فرۆشتنی چەکی قورس و تەقەمەنی بە ئەردۆگان .

دوای ماوەیەك پەکەکە شەڕی شەقامی [ شەواریع] ڕاگرت بەڵام زۆر درەنگ بوو چونکە ئامانجەکەی دەوڵەتی تورکیا هاتە دی، کە تاکتیکەکەی پەکەکە شکستی هێنا و باجێکی یەکجار هەر یەکجار گەورەی بە کورد دا . لەگەڵ ئەو خەسارە گەورەیە و ئەو شکستەدا جێی تێڕامانە تاکو ئەم ساتەش ئەوەندەی من بەئاگا بم کەسێك ، سەرکرەدەیەك لە پەکەکەدا بەرپرسیاریی گەڕانەوەی بارودۆخی کوردستانی بۆ ساڵانی 80 سەرەتاکانی 90 هەڵنەگرت، سەبارەت بەو تاکتیکە خۆکوژییەی کە پەکەکە بەکاری هێنا و گۆڕینی ستراتیجییەکەی لە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتییەوە بۆ بزوتنەوەی چەکداریی، کەس سەرززەنشت نەکرا و سزا نەدرا . لەمەش خراپتر بۆ ئێمەیەك کە خۆمان بە هاوپشت و کۆمەککار و دۆستی ڕۆژاوا و باکور دەزانیین جگە لە لێدانی چەپڵە و پیاهەڵدان و دەستخۆشی ، بێدەنگیمان بەرانبەر ئەم وەرچەرخانەی پەکەکە ، هەڵبژارد.

بە بۆچونی من لەو کاتەوە پەکەکە لە قەیرانێکی گەورەدا دەژی و لە ئێستادا ڕووبەڕوی دوو هەڵبژاردە دەبێتەوە: یەکەم : یان گەڕانەوە بۆ جەنگی تەواوی ساڵانی 80 و سەرەتای 90 کان، واتە لە کوێوە دەستی پێکرد بۆ ئەو شوێنە، هەڵبژاردنی ئەمەش بەدڵنیاییەوە هێج شتێك بەدی ناهێنێت جگە لە قوربانیدانی زیاتر و وێرانکردنی کوردستان و لاوازکردنی پرسی کورد و بەهێزکردنی دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانی . دووەم: چەکدانانی بەشێكی زۆریان و کشانەوەیان بەرەو قەندیل و سەر سنور و هاوکاتیش بانگەشەی وەستانی شەڕ دژ بە تورکیا بکەن ، ئیدی تورکیا قەبوڵی بکات یا نەکات کێشەیەك نییە. ئەمە دەکرێت بە هەنگاوی یەکەم ناوی ببرێت تاکو گیانێک بە پەکەکە و کوردی باکوردا بێتەوە. دوای ئەمە هاندانی لایەنگران و هاوکارانی لە شار و شارۆجکەکانی هەموو تورکیا تاکو ببنە ناوەندەکانی خەبات و تێکۆشان بۆ پێکهێنانی بزوتنەوەیەکی جەماوەریانە. ئەم هەڵبژاردەیە تاکە ڕێگایەکە ئەگەر پەکەکە بیەوێت لەم قەیرانەی ئێستای دەرچێت و شتێك بۆ کوردانی باکور بکات.

من بەشبەحاڵی خۆم ڕام وایە ئەم هەنگاوە بۆ پەکەکە یەکجار گرانە چونکە لە مانگی تەموزی ساڵی 2015 وە ، پەکەکە لە ڕوی ئایدۆلۆجیی و ئەوەی کە پێشتر دەیویست بەدەستی بهێنێت لە گەڕانەوەدایە و لە پرنسپەکانی ئۆجەلان ڕۆژ بە ڕؤژ دووردەکەوێتەوە کە هەرە سەرەکییەکەیان بیناکردنی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە . هەروەها لە ئێستاشدا سەکردەکانی پەکەکە ، بەتایبەت سەرکردە سەربازییەکان قسە و زمانی جیایان لە ئۆجەلان هەیە و ڕەنگە لە کەمایەتییەکی یەکجار کەمی نێو پەکەکەش، لە کاتێکدا کە باس لە دەوڵەتی کوردی و ، یەکگرتنی ڕیزەکانی کورد و موئتەمەری گەلی کورد و زۆری تر لەم خیتابە قەومییانە،دەکەن.

لە باشوری کوردستان کە پەکەکە لە ڕوی فکریی و سەربازییەوە زۆر بەهێزە و زۆرێك لە بارگە و بنکەکانیان لەوێیە تەنانەت لە ماوەی 20 ساڵی ڕابوردودا تاکە گروپێكی لۆکاڵییان دروست نەکردووە جگە لە دروستکردنی ئەنجومەن لە خەڵکانی چەند گوندێكی بناری قەندیل و ئەوەی شەنگالیش ، کە دەتوانم بڵێـم ئەوەی شەنگال بارودۆخەکە سەپاندی بەسەریانا کاتێك کە لە بەرانبەریانا، پارتی و هێزەکەی هەبوون. تەنانەت ئەمان کاریان لەسەر پێناساندنی ئەزموونە گەورەکەی ڕۆژاوا و باکور، بۆ کوردی باشور نەکرد . یارمەتی و کۆمەکیان بە لایەنگران و کەسانی خۆیان لە باشور نەکرد سەبارەت بە دروستکرنی هەمان شت کە لە ڕۆژاوا و باکور کراون، جگە لە پەروەردەکردنیان بۆ چەك هەڵگرتن و پەیوەندی بە ڕیزەکانیانەوە وەکو شەڕکەرێك.
ئەوەی کە پەکەکە لە باشوردا دەیکات لای من یا هیچ شتێك کۆی ناکاتەوە یاخود زۆر کەم لەتەك فکریی نوێی ئۆجەلان-دا، دێتەوە.
لە ڕۆژی 23/12/2017 سەرکردەی پەکەکە و هاوسەرۆکی کەجەکە ، جەمیل بایك، لە دیمانەکەی لەتەك کەناڵی ڕوناهی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای باشوری کوردستان کە لە ساڵی 2015 وە لە قەیرانێکی گەورەدایە و خۆپیشاندان و ناڕەزییەکانی ئەم دواییەی بەخۆیەوە بینی ، بایك وتی تاکە ڕێگایەك لە دەرچون لەم قەیرانەی ئیستا ” .. ێکهێنانی حکومەتێکی نوێی دیموکراتی دەبێتە چارەسەر بۆ کێشەکانی باشوری کوردستان”* . ئەمەی لە کاتێکدا وت کە دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ ئەو کە قسە لە سەر ڕەگوڕیشەی کێشە و گرفتەکان بکات و هەروەها قسە لەسەر حەلی ئەو کێشانە بکات بە گرێدانەوەیان بە هزریی نوێی ئۆجەلانەوە کە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە . ئەو زۆر باش دەزانێت ئەوەی کە وتی بە هیچ جۆرێك حەل نییە چونکە ” حکومەتی نوێ” تەنها لە پارتە سیاسییەکانی ئێستا پێك دێت کە لە کاتێکدا هەموویان هەتا بیناقاقایان لە گەندەڵیدا نوقم بووە و هەر لایەکیشسیان پیاوی لایەنێكن: ئێران، تورکیا یا سعودییە و قەتەر. ئەم حیزبانەش ئەوەیان سەلماند کە پارتی سیاسی هەرگیز ناتوانێت خۆشحاڵی و ئازادیی و یەکسانی بۆ خەڵکەکەی بهێنێت.

لە ڕؤژی 28/12/2017 مورات قەریلان فەرماندەی سەربازی پەکەکە لە و دیمانەیەی کە لەگەڵ کەناڵی چرا کردی وتی ” …ئێمه‌ ده‌ڵێین له‌لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه‌ کۆمسیۆنێک دروست بکرێت، ئه‌م کۆمسیۆنه‌ له‌ هه‌موو ڕێکخراوه‌ سیاسى و مه‌ده‌نییه‌کان و هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کى فراوان دروست بکرێ… **.” ئەوان پێشنیاریان بۆ ئەو قەیرانە هەیە کە کوردی باشور تێی کەوتووە . ئەو باوەڕی بە دروستبوونی کۆمیسوێنێك هەیە کە کۆبونەوە لەگەڵ خەڵك لە هەمو شوێنێکدا بکات تاکو بزانێ چییان ئەوێت. بەڵام لە ڕاستیدا مورات قەریلان و تەواوی حیزبەکانیش زۆر باش دەزانن کە خەڵکی چییان دەوێت ، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە خەڵکی ناتوانن داخوازییەکانیان لە سای ئەو حیزبانە و حکومەتی هەرێم –دا بەدەست بهێنن . ئەم قسانەی مورات قەریلان بێ سەروبەرەیە ، لەبری ئەم قسانە دەیتوانی کۆمەك و هاوپشتیی پارتەکەی بخستایەتە بەردەستی خەڵکی لە خۆڕێکخستنیان سەربەخۆ و بەدەر لەحیزبە شکستخواردووە کان ، هەر وەکو خەڵکی لە ڕۆژاوای کوردستانا کردی کە کاری جددی بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی کە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە . گەر دیقەت لە هەردوو دیمانەکە بدەین ئەوەش دەبینین کە ئەم دوو سەرکردەیەی پەکەکە لە نێوخۆیانا هاوڕا نەبوون سەبارەت بە ” حەلکردنی ” ئەو کێشانە.
کەواتە پەکەکە بەرەو کوێ مل دەنێ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، بەڵام ئاڕاستەی ئێستای پەکەکە نە سوودمەندە بۆ خۆیی و نە بۆ کوردیش . بەهەرحاڵ ، من دڵنیام زۆر ناخایەنێ ، داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

Zaherbaher.com
* http://rojnews.net/haber/23465/.html
http://rojnews.net/haber/23662/.html**

زاهیر باهیر – لەندەن
31/12/2017




کوردانی تاراوگە دەبێت بەشداریی لە کەمپەینی کێشە لۆکاڵی و نەتەوەییەکانا بکەن … زاهیر باهیر –لەندەن

کۆچکردن و پەنابەریی کورد بۆ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکا و وڵاتانی سکەندناڤی و وڵاتانی دیکە ، بە زۆری دەگەڕیتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانی دووهەم . کورد کەمایەتییەکی زۆر کەم بوون بەبەراورد بە زۆرێك لە نەتەوەکانی دیکە لە کۆچکردنیانا تاکو ناوەڕاستی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوو.
شەپۆلی تەواوی ڕەوی کورد بۆ ئەو وڵاتانەی سەرەوە لە سەراپای کوردستانەکانا کەم و زۆر لە هەمان وەختا کراوە. لە باشووری کوردستانا لە دوای ئاشبەتاڵی بزوتنەوەی کوردیی/کوردایەتیی لە ئازاری سالی 1975 دا ، لە ڕؤژهەڵاتی کوردستانا لە دوای بەناو شۆڕشی ئێران و لە باکوری کووردستانا دوای بزوتنەوەی پەکەکە و لە ڕۆژاوای کوردستانا لە هەشتاکانا دەستی پێکرد بەڵام بە هێواشی، هەتا سەرهەڵدانی ” بەهاریی عەرەبی ” .
بەداخەوە کە ئامارێکی ئاوا نییە کە ژمارەی کۆچبەران و پەنابەریی کوردی لەسەرجەمی ئەو وڵاتانەی ناونوسم کردن و وڵاتانی دیکە ،نیشان بدات تاکو ژمارەیەکی کەتواریمان بداتە دەست. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کوردانی باشورو و باکور زۆربەی کۆچبەران و پەنابەرانی کورد لەناو هەموو کوردانی تاڕاوگەدا پێكدەهێنن.

کوردانی تاڕاوگە گیروگرفتێکی زۆری هاوبەشیان [کۆمۆن] لەتەك سەراپای کۆچبەران و پەنابەرانی نەتەوەکانی دیکەدا، هەیە. لەمانە: کێشەی زمان ، خانووبەرە، کار، خەمی خێزانی بەجێماویان. هاوکاتیش هۆکاری سەرەکی هاوبەشی نێوان هەموویان لە ڕەوپێکردنیان بۆ ئەم ولاتانە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هۆکاری سیاسییە. زۆرینەیان لەدەست بەندیکردن ، سەرکوتکردن ، نەبوونی ئازادیی و ڕاونانیان، بووە. بەرپاکردنی جەنگ دژ بە نەتەوەکانیان لەلایەن ڕوسیا و ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە ، یاخود ملکەچکردنی حکومەتەکانیان هەر لە لایەن ئەو وڵاتانەوە تاکو ئارەزو و داخوازییەکانیان بەجێبهێنن، هۆکارێکی سەرەکین . هەموو ئەو گرفتانە تا ئێستاش لە نێوانی هەموو کەمایەتییە نەتەوەییەکانا ، هاوبەشن و لە ئارادان .
گەر تەماشای تەواوی ئەفەریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوین ، ئاسیا ، خواروی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و هەندێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و باشووریی ئەمەریکا، بکەین تێبینی ئەوە دەکەین کە ئەمە ڕاستییە.

لە کاتێکدا هۆکارەکانی ڕەوکردنیان دەزانین بە تایبەت هۆکاری سیاسی و جەنگ بووە بۆ بەجێهێڵانی وڵاتەکەیان و نیشتەجێبوونیان لەم وڵاتانە ، پرسیارێکی گرنگ سەرهەڵدەدا. بۆچی ئەم خەڵکانە لەم وڵاتانەی کە ئێستا تیایدا نیشتەجێن، تێکەڵاو بە سیاسەت نابن ؟ ڕەنگە هۆکارێکی زۆری جیاواز هەبێت، وەکو: هەموویان پاشخانێکی سیاسییان نییە ، هەموویان کێشەی ئاوارەیی و چێشتنی ژیانی ناخۆشییان نابەستنەوە بە کێشەی سیاسی و سیستەمی هەنوکە و حکومەتەکانی وڵاتی نیشتەجێبوونیانەوە ،دەرك بەوە ناکەن کە ڕەنگە ئەوانە هۆکار بن ، یاخود ڕەنگە ترس بێت لە هەر جۆرە هێڕشێك، سەرکوتکردن لە لایەن هەر لایەك و دامەزارەوەیەك بە حکومەتی ولاتانی خۆشیانەوە کە لێوەی هاتوون، زۆرێک لە کێشەی خێزانی ، بڕوا بەخۆ نەبوون ، کێشەی کۆمەڵایەتی، تا ڕادەیەك هۆکارن . لە ڕاستیدا دەکرێت هەر یەك لە ئەمانە کێشەیەك بێت لە بەشداریینەکردنیان لە سیاسەتا لێرە . بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا هەر هۆکارێك بێت، هەر پاساوی بەشدارینەکردنی لانی کەم خەڵکانێکی زۆر کەمیان نادات لەو کێشانەی کە ئەمڕۆ لەم وڵاتانەدا هەیەو سەرودڵی ئەوانیش و خێزانیشیان دەگرێتەوە.

ئاوارە و کۆچبەران لە هەر کوێیەکی ئەم دونیایەوە هەڵهاتبن بۆ ئەم وڵاتانە ، لە کاتێکدا کە هۆکاری ئاوارە بوونیان هاوبەش و چونیەکن ، بەهەمان شێوەش دووژمنەکانیشیان هەر هەمان دوژمنە . هۆکاری ئەو هەموو نەگبەتییەی کە بەسەر ئەوان هاتووە دەولەتە لە ئەوروپا و ئەمەریکا و ڕووسیا و ئەوانی دیکە لەتەك دەوڵەتانی ناوچەکانی خۆشیان کە لێوەی هاتوون. ئەوە ئەم دەوڵەتانەن کە جەنگی جیاواز جیاواز دەخولقێنن ، لەشوێنی خۆیان هەڵیاندەکەنن، کۆمەك و هاوکاریی گروپە تیرۆریستەکان و حکومەتە دیکتاتۆر و فاشییەکانی وڵاتان و وڵاتانی کە لێوەی هاتوون بە هەموو شێوەیەك، لە داپڵۆسینیانا، دەکەن. ئەوە ئەم دەوڵەتانەن کە بازرگانی چەك و تەقەمەنی لەگەڵ حکومەتەکانیانا دەکەن ، ئەمانن کە سەرچاوەکانی ژیانیان لێ دزیون، ئەمانن کە داخوازی جێ بەجێکردنی سیاسەتەکانی دەزگە دراوییەکانی نێو دەوڵەتی و کۆمپانیا گەوەرەکان دەکەن و کۆمەکیان پێدەکەن کە بچنە ئەوێ و تاڵانیان بکەن ، دیسانەوە هەر ئەمانن کە کار لەگەڵ کۆمپانیا گەوەرەکانا دەکەن بۆ وێرانکردنی زەوییەکانیان و کۆمۆنێتییەکانیان، . هەر ئەمانن کە هۆکاری خاپوری وڵاتیان و ڕاونان و ئاوارەکردنیانن، کەچی دەرگاشیان بەڕوودا دادەخەن . ئەی کەواتە بۆچی ئەم خەڵکانە ، خەڵکانی کۆچبەر و پەنابەر هێشتا هەر بێدەنگن، توڕەیی و هیوایان وەرناگێڕنە سەر چالاکییەکی بەرهەمهێنەر؟ پێشتر من پەنجەم بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە چەند وەڵامێک ، ڕاکێشا، بە دڵنیاییەوە هۆکاری دیکەش کە من لە ئێستادا پەییان پێنابەم، هەیە.

وەکو وتم ئەوانەی سەرەوە تەنها هۆکارێك نین بۆ ئاوارەبوونی کورد و کەمە نەتەوایەتییەکانی تر، تاکو هانیان بدات دژی دووژمنە سەرەکییەکانیان، بجەنگن کە سیستەمەکە و هێزە تاریکەکانن . هۆکاری تر هەن، کە ڕەنگە هەندێك لەمانە ڕۆژانە ڕووبەرووی ببنەوە ، وەکو : نەژادپەرستی ، ناشیرین مامەڵەکردنیان ، هەڵاواردن ، نایەکسانی و نادادوەریی کۆمەڵایەتیی.

لەم وتارەدا من تەنها جەخت لەسەر کورد لە تاراوگەدا دەکەمەوە سەبارەت بە چالاکییەکانیان و ئاڵانیان بە سیاسەتەوە ، ئەمە لە کاتێکدا زۆرێكیان زۆر چالاکن لە کێشەی کورددا. بەڵام ئەو چالاکیانەیان فراوان ناکەن و گرێی نادەنەوە بە خەبات و تێکۆشانیانەوە دژ بە دەوڵەتانی ئێرە کە تیایدا دەژین هەروەها لە کۆمەککردن و هاوکارییکردنی کەمپەینەکانی کە سەبارەت بە کێشە لۆکاڵی و نەتەوەیییەکانن.

ئیمە هەموومان دەزانین کە کۆمۆنێتییەکانمان لە بریتانیا لەژێر فشار و مەترسییەکی زۆر گەورەدان لە لایەن تەواوی لایەنەکانەوە کە لە دەسەڵاتدان : پارتی لەیبەر [کرێکاران] ، کۆنەپارێز [ موحافزین] و حوکمی هاوبەشی لیبراڵ و کۆنەپارێز. ئێمە لەژێر ئەم مەترسییەداین تا ڕادەی لە دەستدانی شووناسنامەشمان ، ئازادیی سیاسی تاکە کەسیمان، لەدەستدانی ئەوەی کە باو باپرانمان بەدەستیان هێناوە. بەڕاستی ئیمە لە بەردەم لە دەستدانی نزیکەی هەموو شتێکداین . با هەر تەنها تەماشای مێژوی ئەم سێ دەیەیە لە بریتانیادا بکەین، کە ئەمە هەندێکیانە: لە تەسککردنەوەی قەبارەی ئازادییەکانمان، دانانی زیاتر لە 15 ملیۆن کامیرای چاودێریکردنمان، سیخوڕیکردن بەسەرمانەوە لە شێوەی جیاجیادا، سەرکوتکردن و هەراسانکردنمان لە ڕێگایی پۆلیسەوە ، دەرکردن و جێ بەجێکردنی زۆرێك لە یاسا لەژێر ناوی یاسای ” دژە تیرۆردا” ، هێڕشکردنە سەر نقابە و مافەکانی کرێکاران ، گۆڕانە بەردەوامەکانی یاسا و بڕگەکانی سەراپای بیمە و مافی خانوبەرەو خزمەتگوزارییەکان، هاتنەسەرەوەی ژمارەی کەسان و خێزانی بێ خانووبەرە، فرۆشتنی خانووەکانی شارەوانی ، زیاتر کردنی قوتابخانەی ئەکادیمی ، داخستنی بەشی منداڵبوون و فریاکەوتن (تەواریی) لە گەلێك لە خەستەخانەکانا و هەوڵی بە تایبەتی کردنی خەستەخانەکانی دەوڵەت و درێژبوونەوەی لیستی چاوەڕوانی بینینی دکتۆرەکان و کاری نەشتەرگەریی ، هەڵوەشانەوەی پارەی خوێندنی خوێندکارانی زانکۆکان و کردنیان بە قەرز، زیادکردنی پارەی کارەبا و ئاو و غاز، سەرخستنی تەمەنی خانەنشینبووون ، زیادبوونی ئاستی پیسیی ژینگە، دانانی یاسای زیڕۆ گرێبەست بۆ ئەوانەی کە کار دەکەن [ واتە نەبوونی هیچ مافێک] ، هەبوونی 6.5 ملیۆن کرێکار کە هەقدەستیان لەژێر لانی کەمی کرێوەیە، نزیکەی 4 ملیۆن منداڵ لە هەژارییدا، دەژین . نزیکەی 600 هەزار کەس لەسەر بەخشینەوەی خواردن دەژین کە بەشێکیان کاریش دەکەن . بە کورتی ئێمە کۆیلایەتی مۆدێرنمان هەیە و ئەم لیستە دەتوانرێت بۆ دەیەها خاڵی دیکەش درێژبکرێتەوە.

ئەو گرفتانەی سەرەوە هەموویان یا زۆربەیان کارایی خۆی لەسەر کوردانی بریتانیا وەکو هەموو کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکە هەیە . ‌هۆکاریی هەژموونیشی بە هۆی بوونی : قەوارەی گەورەیی خێزانییان ، گرفتی زمان، تێنەگەیشتن لە کارکردنی سیستەمی ئەم وڵاتە ، هەبوونی گرفتی خێزانی لێرە و لەوێ، نەخۆشی سایکۆلۆجی و دەروونی و نەخۆشی دیکە بە هۆکاری بارودۆخ و پاشخانی سیاسیانە و کۆمەڵایەتی و زۆرێکی تر .
بۆ هەر کام لەو کێشانەی کە لەم وڵاتەدا هەیە و لەسەرەوە ناوم هێنان لە هەموو شارەوانییەکان لە لەندەن و لە شارە سەرەکییەکانی بریتانیا گروپگەلێکی زۆر دروستکراوە و دەستبەکاربوونی کەمپەینێکی بێ ئەژماریش دژ بە هێڕشەکانی حکومەت و کۆمپانیا گەورەکان ، ڕێکخراوە . ئەم گروپانە دژ بە دەوڵەت و کۆمپانیا گەوەررەکانن بەو ئامراز و ڕێگایانەی کە خۆیان پێیان باشە ، لەم تێکۆشانانەدا هەندێکیان زۆر سەرکەوتوو بوون . لێرەدا ئەوە دەبینین کە هیچ گومانێك نییە سەرکەوتنەکانی هەر کەمپەینێك لەو کەمپەینانە زۆر سووودبەخشترن بۆ کۆمۆنێتی کوردی و کۆمۆنێتی کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکەش زۆر زیاتر لە خەڵکە بنەچەییەکەی [ ئەسڵییەکەی ] بەهۆکاری بارودۆخی تایبەتییەوە.

کورد لەو ولاتانەی کە ئێستا لێی نیشتەجێن باشترە بەشداریی لەو کەمپەینانەدا لەڕیزی خەڵکانی دیکەوە بکەن. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە خۆیان لە پەراوێزیی ڕزگار بکەن ، وەختی ئەوەیە کە ڕؤڵیکی گەورە لە کەمپەینە لۆکاڵییەکان و وڵاتا بگێڕن ، کاتی ئەوەیە کە کێشەکانی خۆیان بەخەڵکی ئیرە لە ڕێگەی چوونە ناو کۆبونەوەکان و بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزاییەکان بناسێنن و هاریکاریی و هاوکاریی خۆیان پێشکەش بە خەڵکە لۆکاڵەکە بکەن و هەمان شتیش بەدەستبهێننەوە.
کورد لێرە دەبێت کێشەکانی خۆیان لە ئاستی لۆکاڵ و وڵاتدا هاوبەش بکەن بیکەنە کێشەیەکی لۆکاڵیی و وڵات. کردنی خۆپیشاندان بە تەنها بۆ کێشەی خۆیان و هەر بە تەنها خۆیان ، یاخود گردبوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایی تەنها بۆ کێشەی خۆیان و بەخۆیان ، کردنی نەڕە نەڕ و قاو و قیژ ، بەرزکردنەوەی چەند دروشم و وێنەی ئەم ڕابەر و ئەو سەرکردە بە تەنها، کافی نییە . گەر چاوەڕوانی ئەوە بکەن بە تەنها کردنی ئەوانە و هەر بە خۆیان ، وا بزانن ئەم چالاکییانە تەواو و بەسن کە لە لایەن میدیا و دەسەڵاتدارانەوە ببیسترێت، بە دڵنیاییەوە نایان گەیەنێتە ئەو ئامانجەی کە هەیانە.
ئەگەر دەیانەوێت دەنگیان لە لایەن خەڵکەوە ، لە لایەن دەوڵەت و دەسەڵاتە لۆکاڵییەکانەوە ببیسترێت ، ئەوە دەبێت تێکەڵ بە کۆمەڵی ئێرە ببن تاکو سۆز و کۆمەك و هاریکارییان حاسڵ بکەن . ئەوە ڕاست نییە کە چاوەڕوانی خەڵك بکەیت کە یارمەتیت بدات بەڵام خۆت هیچ یارمەتییەك نەدەیت ، ئەمە لە کاتێکدا دەزانین کە هەموو کەسێك بەری بردەنەوەی کەمپەینەکان دەچنێتەوە .
لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ئەمە مانای ئەوە نییە کورد لێرە کێشەکانی خۆیان پشتگوێ بخەن و چەق لەسەر ئەو کێشانەی کە لێرە هەن ، ببەستن . بەڵام ئەمە ڕاستییەکە گەر بتەوێت کۆمەک و هاریکاریی زیاتر بەدەستبهێنیت ، دەبێت لە چالاکییەکانی ئەو وڵاتەی کە لێی نیشتەجێیت بەشداریی بکەیت . خەڵکانی کورد دەبێت دەرک بەوە بکەن کە هاوکارانی دوژمنەکانیان لە وڵاتانی خۆیان ، دەوڵەتە لێرە و کۆمپانیا گەورەکانە . چەندێك دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکان لێرە لاواز بن ، حکومەتی وڵاتانی خۆشیان لاواز دەبن و کەیسەکانی ئەمانیش بەهێزتر دەبێت سەرکەوتنیش بەسەردوژمنەکانیانا خێرا تر دەبێت.

بایاخنەدانی کورد بە کێشە سیاسییەکانی لۆکاڵی و وڵات نەك هەر لە بریتانیادا کێشەیە ، من لە ڕێگای هاوڕێیان و برادەرانەوە ئەوە دەزانم هەمان کێشە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەسکەندناڤیا و ئەمەریکا و وڵاتانی تریش ، هەن ، کە بە دەگمەن خەڵکی کورد بەشداریی چالاکییەکان دەکەن ئەگەر بزانن ئەو چالاکییانە ، سەبارەت بە کێشەکانی خۆیان و وڵاتانیان نییە .
لێرە ، لە بریتانیا، بەتایبەتی لە لەندەن کە من بۆ ماوەیەکی درێژە لێی دەژیم، ئەوە دەزانم کە زۆرێك لە شارەوانییەکان، کورد تیایدا ژمارەیەکی گەوەرە پێکدەهێنێت لە نێوانی کۆچبەران و و پەنابەرانی نەتەوەکانی دیکەدا. لەو شارەوانییانە کێشەی گەورە گەورە هەیە و کوردیش ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ ڕووبەڕوی دەبێتەوە، کەچی هێشتا کورد لەوێدا بێ دەنگە و چاوی تەنها خستۆتە سەر شتە تایبەتییەکانی خۆی، وەکو ئەوەی کە ئەو گرفتانە هیچ پەیوەدندییەکیان بەوانەوە نەبێت.

Zaherbaher.com
ئۆکتۆبەری 2017




براوە و سوودمەندی سەرەکی لە پرۆسەی ریفرۆندەمدا … زاهیر باهیر

قسەی من لەسەر ئەوە نییە کە ئایا مەسعود بارزانی خۆی گەمژە بوو، خەڵەتا یا خەڵەتێنرا، ئەوە باس و خواسێکی دیکەیە.
بەڕای من ئەوەی کە قازانجی تەواوی کردو براوە بووە ئەردۆگان و ئاکەپە و میتی تورکیی بوو ، هەر وەکو هەمیشە لەم سیاسەتەشیانا زۆر سەرکەوتوو بوون. دوور نییە کە ئەوان لە پشتی بارزانی-یەوە نەبووبن و هانیان نەدابێت تاکو ئەوەی کە ئەوان ویستیان و دەیانەوێت سەر بگرێت. ئەردۆگان و میتی تورکی زیرەکترین کەس و دەزگەی سیخوڕیین کە توانیویانە و دەتوانن چەندە سیناروێ دروستبکەن لە پێناوی بەرژەوەدنی خۆیان و مانەوەیانا .

مێژوی نزیکی ئەوان ئەمەی سەلماندووە هەر لە دروستکردن و یارمەتی دانی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە و فشارهێنان بۆ ئەوروپا بە کردنەوەی دەرگای پەنابەر بەڕویانا و زیرەکانە یاریکردن لە نێوانی ئەمەریکا و ڕوسیا و ئیسرائێل و وڵاتانی کەنداو و عێراق و ئێران و هەتا سوریاش. تەڵەدانان بۆ پەکەکە و ئاڵاندنیان لە شەڕەوە تاکو توانا و وزەیان کەم کەنەوە و شارەکانی کوردستان خاپور بکەن و جەماوەرێتی پەکەکەش لە تورکیا و ئەوروپا کەمبکەنەوە و لە لیستی ڕەشی تیرۆریزمەکان ، نەسڕرێتەوە و قۆستنەوەی کودەتاکەی فەتحوڵا گوڵەن بە قازانی خۆیان و كڵاو نانە بان سەری داعش و زۆری تر.

ئێستاش بە تیری ڕیفرۆندەم چەندەها نیشانێان شکان : بارزانییان پێ سووك و سەلێم کرد، قەوارەی هەرێم بچوکتر دەکرێتەوە ، ڕق و کینەی نێوانی کورد و عەرەبیان زیاتر کرد.
لەگەڵ ئێران وعێراق-دا بەرەیەکی نوێیان دروستکرد بۆ بەگژاچونی کورد، لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا پەیوەندییەکەی بە هێزتر دەبێت ، لەگەڵ جامعەی ئەزهەردا ڕێکتر دەبێت، توورکمانەکانی کەرکوکی باشتر کردە خۆی ، پێگەی خۆی لای ڕوسیا باشتر بەهێز دەکات سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت و سوكکردنی گەمارۆی ئابوریی لەسەر کوردستان وەکو مەرجێك لەسەر ڕوسیا، هەروەها لای ئەو کۆمپانیا بێگانانەی کە لە کوردستانا هەن هەمان شتە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشی کە وتم ، هێشتا بارزانی چەند کارتێکی بەدەستەوەیە گەر بیەوێت ژیرانە بەکاریان بهێنێت ، واتە وەکو خەنجەرەکەی کابرا هەر هەڵیکێشێ بەڵام نەیوەشێنێ، لەوانە:
هەڕەشەی جددی بە دەرکردنی سەرجەمی کۆمپانیا تورکییەکان لە کوردستانا، یاساخکردنی گەشت بۆ تورکیا، قەدەخەکردنی هەموو زنجیرە دراما و سینەماییەکانی تورکیا، نەرم کردنی پێیەك بۆ سەردانی قیبلەی کوردان، قەندیل، لەلایەن کوڕەوە یا زاواوە، هەڕەشكردن لە تورکیا کە بنکە سەربازییەکانیان، دەبێت لەوێ هەڵگیرێن و بکشێنەوە بۆ تورکیا، چاودێریکردنی سیخوڕەکانی میت و هەراسانکردنیان و تەسكکردنەوەی بواریی چالاکییان ، سازشکردنی تەواو لەگەڵ یەکێتی و ئیسلامی و ” گۆڕان” و ئامادەبوون بە هەموو مەرجێکیان جگە لە وازهێنان لە سەرۆکایەتی هەرێم، هەڕەشەی داخستی زانکۆ و مەعهەدە تورکییەکان و ناردنەوەی مامۆستاکانی .

بۆ ئەوەشی ئەمانە بکرێت پێویستی بە 10 ملیار دۆلارە بۆ ماوەی 6 مانگ تاکو بژێوی خەڵکی لە کوردستانا باشبکات و خەڵکی تەحەمولی کاردانەوەی تورکیا بکات. 10 ملیار دۆلاریش بۆ خێزانی بارزانی و تاڵەبانی وەکو 10 دینارە بۆ هەر یەکێك لە ئێمە.
ئەمانە هەندێك کارتن کە لە دەست بارزانیدایە گەر بتوانێت عاقڵانە بەکاریان بهێنێت ، ئەو کاتە ئەردۆگان و تورکیا هیچ چارێکیان بۆ نامێنێتەوە جگە لە سازشکردن نەبێت

زاهیر باهیر – لەندەن
09/10/2017




هەمانەی دەماندن … زاهیر باهیر

حیزب هەر ناو و ناوەرۆك و هەر ئامانجێکی هەبێت ، چی دیکە نییە جگە لە هەمانەی دەماندنی فشە و درۆ و پاگەندە، ئامرازی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و چەواشەکردنیی جەماوەرەکەی و خەڵکانی دەرەوەشێتی .
تکایە تەماشای ئەم لینکەی خوارەوە بکەن و هەڵوێستی هەدەپە و قسە بێ سەروبەرەکانی زمانحاڵەکەی ‘ عوسمان بایەدەمیر ببینن’، لەسەر کۆچی دوایی تاڵەبانی . پێشتریش قسە و ڕاگەیاندنەکانی ‘ کەچەکە’ و ‘ پەیەدە’ شمان بینی، سەبارەت بە مردنی نەوشیروانیش و مردنی ئێاتای تاڵەبانی-ش.

من هەرگیز لە لەگەڵ جەنگدا نیم تەنانەت لە نێوانی ئەمەریکا و بریتانیاشا، چونکە دەزانم ئەوەی کە لە هەموو ڕوویەکەوە باجەکەی دەدات خەڵکە ئاساییەکەیە ، جا ئیدی من چؤن دەتوانم لە بەرەی خوازیاری شەڕ و بەیەکادانی وڵاتانی دراوسێ و نێو حیزبە کوردییەکانیش بم . بەڵام هەلوێست و قسە قۆڕەکان و بێ بنەماکانی ئەمانە دەگاتە ئاستی كڵاودانان لەسەرمان و هەڵخەڵەتاندنمان ئەو کاتەش کەس تەحەمولی ناکات. دیارە من ناڵێم با پەیەدە و پەکەکە و کەچەکە و ….. پەیامی پرسەنامە نەنێرن یا لە کۆچی دوایی نەوشیروان و جەلال تاڵەبانی و بەیانی بارزانی-دا بەشدار نەبن ، بەڵام کورد دەڵێێ هەموو شتێ بە خوێ و خوێش بە مانا. مرۆڤ دەکرێت دۆست و دووژمنی واقیعیانە ببینێ و هەڵسەنگێنێ ، نە زیادەڕەوی پێوە بکات و نە نوقمی ئەرزیشی بکات .

ئاخر هەر زۆر بە کورتی بۆچی دەبێت مام جەلال لە دڵی 40 ملیۆن کورددا بژی؟ بۆچی دەبێت سەرۆکی هەموو کورد بووبێت؟ ڕۆڵی گرنگی مام جەلال چی بوو؟!!!!! کام یەکڕیزی کوردی پاراستووە؟!! ئەو نەیتوانی یەکڕیزی یەکێتی نیشتمانی-ش بپارێزێت.
مام جەلال لە ڕؤژی بەرپرسبوونیوە لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە دەگەڕێتەروە بۆ کۆتایی پەنجاکانی چەرخی پێشوو تا ڕؤژی 17/12/2012 کە لە گفت و کردار کەوت ، مێژوەکەی شاهیدی فاشیلبوونی خۆی و سیاسەتەکانی دەدات. من لێرەدا تەنها هەندێکیان ڕیز دەکەم :

• ڕۆڵی سەرەکی ئەو لە هەڵگیرسان و بەشدارییکردنی بزتوتنەوەیەك کە هەر لە سەرەتای دروستبونییەوە تا ئێستای بە زیانی کورد و قازانجی نەیاران ، تەواو بووە.
• جیابوونەوەی لە پارتی .
• پاڵدانی بە حکومەتی بەعسەوە .
• بەشداریکردنی لە دروستکردنی کۆمەڵەی مارکسی –لێنینی / کۆمەڵەی ڕەننجدەران، ڕؤڵی لەوێدا.
• دروستکردنی یەکێتی نیشتمانی.
• گەرموگوڕی و سیاسەتکردنی لەگەڵ حکومەتانی ئێران و سوریا و تورکیا بێ ئەوەی بتوانێت بەردێك بخاتە سەر بەردێك بۆ کوردانی ئەو بەشانە.
• دروستکردنی دەسەڵاتی کوردی بە هاوکاریی پارتی ، کە جگە لە نەگبەتی و نەبوونی و ناخۆشی چی تری بۆ کورد نەهێنا.
• شەڕە ناوخۆییەکانی نێوانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ حیزبی شیوعی و لایەنەکانی دیکە لە شاخ و دواتریش کە هاتنەوە شار.
• تەسلیمبوونی بە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە ساڵی 2003 و بێ ئەوەی پێداگریی لەسەر لابەلاکردنەوەی کێشەی کەرکوك و ناوچە ناکۆکان، بکات.
• ئەو چەند ساڵەی کە سەرەكکۆمار بوو نەیتوانی قسەیەکی جددی لەتەك حکومەتی عێراق و بەرەکانی سونە و شیعە لە سەر کەرکوك و ناوچە ناکۆکان بکات و ڕێگای دا کە مادەی 140 وەکو خۆی بمێنێتەوە.
• کێشەکانی ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی لە سای ئەودا قوڵتر بووەوە ئەو بەرپرسی سەرەکی بوو، کە لەو بارەشدا تەنها خەڵکە ئاساییەکەی کوردستان زەرەری لێکرد.
• کە لە شاخ و لە شار بوون بە ئاگەداری ئەو بە سەدەها ژن بە بیانوی جیا جیاوە کوژران و بوونە قوربانی..
• بناخەی گەندەڵی و مەحسوبییەت و واسیتە و خێڵگەریی و تیرەگەریی وشێخگەریی و ناوچەگەریی دانا و دیوەخانانەی بۆ سەرانیان بڕییەوە.
• داڵدەی ئەنفالچیان و کیمیاباران و موستەشارەکانی هەموو دا، بەمەش دوو پەنجەی بۆ قوربانییەکانی دەستی ئەو تاوانبارانە ، بەرزکردەوە.
• کەرتە دەوڵەتیەکانی خزمەتگوزاریی بە ئاگەداری و ڕەزامەندی ئەو بەرەو فەرامۆشکردن ڕؤیشتن و کەرتی تایبەتی و کۆمپانیای دەرەکی و ناوخۆیی تایبەتی لە برەودا بوون . جگە لە کردەنەوەی دەیەها زانکۆ و پەیمانگای بێ کەڵکی ئەجنەبی.
• بەئاگەداریی و ڕەزامەندی ئەو هەرچی دەزگە سیخوڕییەکانی وڵاتانی دەرودراوسێ و زلوڵاتانی جیهانییە ، لەناو کۆمەڵی کوردستانا تەراتێن دەکەن، گەر هاووڵاتیانی کوردیش تیرۆر بکەن ، دەستخۆشییان لێدەکرێت و کراوە ، لەبری لێپێچینەوە.
• ژینگە و سروشتی کوردستان وێرانکرا بە بەدەرهێنانی نەوت و لێدانی بیرە نەوت و خستنە بازاڕ و سەرجادەی سەیارەیەکی یەکجار زۆری بێ شومار.
• ئازادی تاك ڕێكخراوە کۆمەڵایەتییەکان ڕؤژ بە ڕۆژ لە کەمبوونەوەدا بوون ، تا گەیشتە کوژارانی چالاکوانان و ڕؤژنامەنوسان.

http://rojnews.net/haber/20542/.html




بەڵێ هاوڕێ هەژێن، چینی کرێکاران شۆڕشگێڕ نین … زاهیر باهیر

لە مانگی پێشوودا ، مانگی ئاب، وتارێکم لەژیر ناوی ” ئایا کرێکاران چینێکی شؤڕشگێڕن ؟” نوسی . لە ڕۆژی 24/08/2017 هاوڕێ هەژێن بە ڕەخنەیەکی هەمە لایەنەی دووروو درێژ وەڵامی دامەوە. کە لق و پۆپێکی یەکجار زۆری لێکردۆتەوە و ئەسڵی مەبەستەکەی تیادا فەرامۆشکراوە. من هەوڵدەدەم بە چڕوپڕی و بە کورتی سەرنجی خۆم دەربارەی ڕەخنەکەی هاوڕێ هەژێن ، کە زیاتر خۆڕۆشنکردنەوەیە، دەربڕم . هیوادارم کە بتوانم ئەمە بکەم .
پێش ئەوەی بێمە سەر ڕەخنەکەی هاوڕێ هەژێن دەبێت ئەو بنەمایانە دەستنیشان بکەم کە هاوڕێ ڕەخنەکانی لەسەر بنیاتناون ، کە بەڕای من ئەمانەن:
یەکەم : پێناسەکردنی ” کرێکاران و پڕۆلیتاریا” لەو پێناسەیەدا کە ئەو کردویەتی بۆ کرێکاران منیش هاوڕام و پێشم وایە ئەوەی لە وتارەکەی مندا هاتووە کە لێکدانەوەی فەرهەنگی دانشگەی ‘کامبریجە’ بۆ چەمکی کرێاکاران، تەواو نییە، هەروەها پێناسەی مارکسییەکانە کە من تا ڕادەیەکی زۆر لە تەکیدا هاوڕام . کەواتە لیرەدا هاوڕی هەژێن پێناسەیەکی کردووە بۆ کرێکاران و پڕۆلیتریا ، کە من لە زۆربەیا هاوڕام . تەنها جیاوازییەك بۆ من لە نێوانی پڕۆلیتاریا و چینی کرێکارانا دەبینم ئەویش ئەوەیە پڕۆلیتاریا کە من زیاتر وشەی چەوساوان ، کاردار و بێ کار-یسن بۆ دادەنێم، هەر لە دێر زەمانەوە دەگرێتەوە بەڵام کرێکاران هەموو چەوساوان ناگرێتەوە. کەواتە چەوساوان لەتەك دروستبووی کۆمەڵی قوچکەیی و دواتریش کە ئەمە بەرەو کۆمەڵی چینایەتی چووە ، هەبووە تاکو ئەمڕۆ . بەڵام چەمکی کرێکاران بە چەمکە ئاشکراو نوێیەکەی لای هەموو بیرۆدۆزەکان مێژوی ڕەنگە بگەڕیتەوە بۆ کەمتر لە 1000 ساڵێك یا شتێك زیاتر .

دووەم: هاوڕێ هەژێن لە خواست و ویستی خۆیەوە تەماشای چینی کریکاران دەکات ، نەك وەکو ئەوەی کە هەبوون و هەن . هەر ئەمەش هۆکار بووە بەوەی کە هاوڕێ زیاتر ڕەخنەیەکی ئەکادیمیانە نەك واقیعانە و مەیدانانە لە وتارەکەی من بگرێت. کەواتە ئەو نە سەرنجی بەدیقەتی لە وتارەکەم داوە، نە وەکو سەرنجیش تێبینییەکانی خۆی دەربریوە . بەڵگەشم بۆ ئەوەی کەوتم، ئەوەی کە ئەو نوسیسوێتی ڕەخنەیە، نەك بە خوێنەری بسەلمێنێت کە کرێکاران شۆڕشگێڕن گەرچی سەرباسی ڕەخنەکەی سەلماندنی شۆڕشگێڕێتی کرێکارن . هەر بە هۆی ڕەخنە گرتنیشەوە، هەندێك لە بڕگە و نوسینەکانی من شێوێنراون [ دیارە من ناڵێم کە ئەو بە ئەنقەست ئەمەی کردوە بەڵکو بە وردی وتارەکەی منی نەخوێندۆتەوە و هەر لەبەر ئەوەش بڕگەکانی نێو وتارەکەی بە یەکەوە گرێنەداوە] من لە دوایدا بە بەڵگەوە دەگەڕێمەوە سەر ئەو شێواندنە.
دەبێت ئەوەش بڵێم کاتێک کە رەخنەکەیم خۆێندەوە ، توشی تێڕامان و سەرسوڕمانی کردم، چونکە من و هاوڕێ هەژێن بە حوکمی نزیکی فکریی و پەیوەندی پتەومانەوە زۆر جار لێدوان لەسەر زۆر باس دەکەین . هەرگیز هەستم نەکردووە کە من و ئەو سەبارەت بە ڕۆلی کرێکاران ، ناڵێم پێناسەی کرێکاران ، هیچ ناکۆکییەکمان هەبووبێت، هەمیشەش شؤخیمان بە پیرۆزکردنی کرێکار کردووە . پۆستەکانی ئەو لەسەر فەیسبوك شاهیدی قسەکانی منن کە ئەو چۆن ڕۆڵی کرێکارانی بینوە لە کۆمەڵدا، نەك هەر ئەوە بەڵکو ڕۆڵی تاکەکانی کۆمەڵیش بە گشتی . من لێرەدا نامەوێت نموونە بهێنمەوە ئەوە کاری خودیی خوێنەرە گەر گومانی لەم سەرنجانەی من هەبێت، با خۆی بچێت جارێکی دیکە پەیجە تایبەتییەکەی خوەیی هاوڕێ هەژێن و پەیجەکەی ‘ ئازادییخوازان’ یش بەسەرکاتەوە. لە ڕاستیداس من ئێستا نازانم بۆچی هاوڕێ، کرێکارانی لابۆتە شؤڕشگێڕ!! ئەمە بۆ من ئەوەندە نوێیە، کە لە مانگێک کەمترە.

بۆ ئەوەی کە چوارچێوەی سەرنجەکانی من ڕەخنەکانی ئەو بگریتەوە ، ئەوە دەچمە باسەکەوە . هەوڵ دەدەم تەنها لە هەر خاڵێکی ئەو من ئاماژە بە دێڕێك یا چەند دێڕێكی بکەم ، تاکو زیاتر سەری خوێنەری پێوە نەیەشێنم و خۆشم لە درێژدادڕی و ڕێزنەگرتن لە وەخت ، بپارێزم .
هاوڕێ هەژێن دەڵێت ” ھیچ دوو کەس و ئەندامانی ھیچ خێزانێك و ئەندامانی ھیچ گروپێك و کرێکارانی ھیچ کێڵگە و کارگە و …تد ناتوانن وەك یەك شتەکان ببینن و وەك یەک بیربکەنەوە و وەک یەک ھوشیار بن و وەك یەك ھەموو دیوەکانی پرسێك ببینن………. و ھەر کەس پاگەندەی ئەوە بکات چینی کرێکار ١٠٠% یان ھەموو کرێکاران شۆڕشگێڕن، ئەوا خەریکی پەرجووکردن و جادووکردنە لە کرێکاران. ” باوەڕناکەم کە من شتێکی دیکەم وتیبێت . منیش وتومە چینی کرێکاران وەکو ‘ گشت’ شؤڕشگێڕ نین و هەرگیزیش نەبوون . منیش بۆیە وتومە ئەوانەی کە شؤڕشگێڕبوون کرێکارە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکان بوون ، نەك هەر هەموویان . دیارە من مەبەستم لە شۆڕشگێڕی، نێت و هەوڵ و خەباتی هەڵتەکاندنی سیستەمەکەیە و بنیاتنانی کۆمەڵی ناقوچکەیی و ناچینایەتییە . ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە منیش هەستم بەوەی هاوڕێ کردوەو کە هیچ وەخت کەسەکان لە بیرکردنەوە و قسەو کارکردنیانا وەکو یەك نین ؟ [ من دەتوانم ئەمە بە شێواندنی قسەکانم، ناو بەرم ]
هاوڕێ دەڵێت ” بەڵام ئەگەر بڕیابێت ڕادەی ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆڕێکخستن و چالاکی و بەشداریکردنی چین و توێژەکان لەنێو ڕاپەڕینەکان و پاشکاراییەکانی ڕاپەڕینەکان بەراوردبکەین، ئەوا کرێکاران لە ھەموو چین و توێژەکانی دیکە شۆڕشگێڕترن، شۆڕشگێڕترن نەک لەبەرئەوەی کە مارکس ئاوای دیاریکردووە یان ئێمە خۆمان بە کرێکار دەزانین، نەخێر، لەبەرئەوەی کە گۆڕانی سیستەمی چینایەتی لە ھەموو چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵی چینایەتی، بە قازانجی کرێکارانە، لەبەرئەوەی کە کرێکار بە گوێرەی ھەستیاری پێگەی لەنێو بەرھەمھێنان، ڕاگری چەرخی بەرھەمھێنان و سووڕانی کۆمەڵی چینایەتییە”
ڕاستە ناڕەزایکردن بە هەموو چەشنەکانییەوە یاخیبوونە لە زوڵم زۆر و چەوساندنەوە ،بەلام ئەمە مانای ئەوە نییە کە کرێکاران کە بۆ پولێك زیاتر ناڕەزایی دەکەن، یا دەیانەوێت ئەوەی کە لە دەستیاندایە لە دەستیاندەرنەچێت ، شۆڕشگێڕێتی بێت ، بەو مانایەی کە ئەمان دەیانەوێت کۆمەڵ بەرەو کۆمەڵی سۆشیالیستی بەرن . ئەمانەی کە ئەمان دەیکەن خەباتکردنە ، یاخوبوونە ، هاوکاتیش مەرج نییە هەموو یاخی بونێک شۆڕشگێڕی بێت، جەردە و مافیاکان یاخین و دژی دەوڵەت و یاساکەشین، بەڵام شۆڕشگێڕ نین [ تکایە با خوێنەر وا تێنەگات کە من کرێکاران لەگەڵ مافیادا هاوتادەکەم ] . دوای ئەوە من نازانم هاوڕێ بۆچی ‘ کرێکاران’ لە باقییەکەی دیکەی جیادەکاتەوە کە دەڵێت ‘ لە گۆڕانی سیستەمی چینایەتییدا’ بۆ دەبێت کە زیاتر بە قازنجی کرێکاران بێت تاکو کابرایەکی بێ کار، قوتابی، پەكکەوتە ، خانەنشیکراو؟ [ کرێکار لای من ئەوەیە کە کار دەکات، چونکە ئەو کاتە هێزی بازوی دەفرۆشێت و قازانج لەو ڕێگایەوە بۆ سەرمایەداریی دروستدەکات، بەڵام کە بێ کار دەکەوێت یا خانەنشین دەکرێت، لێرە بە کرێکارێکی پەکککەوتە یا بێ کار ناوترێت کرێکار ، دەکرێت بڵێی کۆنە کرێکارەکە، من ئەمانە ناو دەنێم چەوساوەکانی، بێدەرەتانەکانی ، هەژارەکانی ناو کۆمەڵ کە هاوەڵ و هاودەرد و هاوئامانجی کرێکارانن ]
هاوڕێ دەڵێت” … پرسیارەکە ئاوا بووایە ‘ئایا ھەموو کرێکاران / ئایا ھەر کەس کرێکار بێت شۆڕشگێڕە؟’،..” من ئەو تایتڵەی هاوڕێ بۆ سەروتارەکەم بە گونجاو نازانم ، چونکە وتارەکەی من زۆر شتی دیکەی گرتۆتە خۆی و ویستوشمە وەکو چین باس لە کرێکاران بکەم ، واتە وەکو گشت نەك وەکو ئەفرادەکانی ناو چینی کرێکاران، کە قسەکردن لەسەر تاك و بەشێکیان گرفتێکی زۆر دروستدەکات. .
هەر لەو بڕگەیەدا هاوڕێ دەڵێ ” “. ئەگەر چینی کرێکار و کرێکاران شۆڕشگێڕ نین، ئەدی چین؛ دژەشۆڕش، ھەلپەرست، ھاوبەرژەوەندی چەوسێنەرانی خۆیان و …تد ؟ ” باشە من لە کوێی وتارەکەمدا وتومە کرێکاران دژە شۆڕشن؟ ئەمە شێواندنی نوسینەکەی منە . ناکرێت هاوڕێ هەژێن ئەوە بە من ببڵێت چونکە ئەو من دەناسی کە هەر ڕەش و سپی نابینم. قسەی من لە سەر شۆڕشگێڕێتییە ، من کرێکاران بە دژە شۆڕش نازانم مەرج نییە ئەوەی کە شۆڕشگێڕ نەبێت ئیتر دژە شۆڕش بێت ، توێژاڵێکی زۆر لەو نێوانەدا هەن کە نە شۆڕشگێڕن و نە دژ بە شۆڕشیش. دیسانەوە دەبێت ئەوە بڵێمەوە کە پێناسەی شۆڕش بۆ من شۆڕشی کۆمەڵایەتییە کە کۆمەڵی سۆشیالیستی بەرهەم دەهێنێت .
وەکو لە سەرەتاشدا وتم ، لەتەك هاوڕێ هەژێن-دا دێمەوە کە پێناسەکەی ‘کامبریج’ ناڕاستە . بەڵام لەوەی کە کەسێك بە پارچە کاردەکات ، یا کاری دروستکردن و چاکردنی خانوو دەکات، یا تەنانەت هەر دیکۆرەیشن دەکات، من سەرنجی خۆمم هەیە . لێرەدا ئەو کەسەی کە ئەو کارە دەکات مەرج نییە کە کرێکار بێت چونکە لەو کەسانە زۆرن کە کەسانی دیکە دەگرن بە پارەیەکی کەم و دەیانچەوسێننەوە. کە بەڕای من ئەوانە کرێکار نین ، خاوەن بزنسی بچوکن هەر وەکو چۆن کابرا دوکانێکی هەیە بەڵام یەکێك یا دووانی تر کاری بۆ دەکات ، گەرچی هاوکات خۆشی هەر کاردەکات بەڵام من ئەو بە کرێکار نازانم . خاڵێکی دیکەش لێرەدا هەیە ئەویش بوونی پشکە ‘ سەهم’ لە دووکانێکد، لە شوێنێکی سەر کاردا وەکو لە شۆپی جۆن لویس- بریتانی ( John Lewis ) دا کە دەستمایەکەی ملیار پاوەنە و هەزاران کرێکار و فەرمانبەرریی هەیە بەڵام ، کەسەکانی کە کاری تیادا دەکەن ‘ پشکیان’ هەیە سەرەڕای موچەکەشیان ، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕ ناکەم هیچ جۆرە بڕیارێکی گەورە یا بچوکیان لەدەستدا بێت . ئەمە تۆزێك ئاڵۆزە ، بەڕاستی سەرمایەداریی لە هەموو ڕویەکەوە هەوڵ دەدات کە کەسەکان هەرچی بن گەندەڵیان بکات ، مێشکیان بشواتەوە.
سەرنجی من بۆ گۆڕینی چینی کرێکاران ، ئەوەی کە هاوڕێ باسی دەکات، تا ڕادەیەك یەکە ، پێگەی کرێکاران نەگۆڕاوە و نەبوونەتە بورجوازیی . بەڵام هاوکات لە زۆر لایەنی دیکەوە کرێکاران گۆڕاون ، هەم ژیانیان ، چوونێتی کارکردنیان ، ئامرازەکانی کارکردنیان ، بەشبوونیان بە گوێرەی شارەزایی و تایبەتمەندیی کارەکانیان ، ئەو نەقابانەی کە ئەندامن تیایاندا، شوێنی ژیانیان، هەژموونی میدیا لەسەریان، بایاخدان بە بازاڕییکردنی زۆر، هەروەها بوون بە کۆیلەی بانق و …گەلێکی دیکە کە هەر هەموو ئەمانەش بمانەوێت و نەمانەوێت کارایی خۆیان لەسەر بیرکردنەوە و ئامادەبوونیان بۆ کردنی چالاکییەکی بچوك تا گەورە ، داناوە . هەر کەس بخوازێت کە بزانێت چۆن ئەمانەی سەرەوە کرێکاریان، گۆڕیوە من دەتوانم دەیەها نموونەی بخەمە بەردەست.
هاوڕێ دەڵێت ” ئەگەر کەسێك ھەبێت و ئاوا بیربکاتەوە، کە زۆری ھەژمار شۆڕشگێڕی کەسەکان و چینەکان دیاریدەکات، بەبێ گومان گرفتی بیرکردنەوە و دیتن و خاڵیبوونی پاشخانی زانیاریی ھەیە”
بەدڵنیاییەوە نە من و نە ئەنارکیستانی دیکەش ئاوا بیرناکەنەوە ، چونکە لە کایەی شؤڕشدا ژمارە بڕیار نادات بەڵام ڕەنگە سەرەنجام دیاریبکات، بۆ نموونە ئەگەر شۆڕش شۆڕشی بە تەنها کەمایەتییەکی کۆمەڵ بێت، بۆ نموونە با بڵێین تەنها کرێکارانی پیشەسازیی ، ئەوە نەك هەر شۆڕشەکە ناتەواوە بەڵکو بەری شۆڕشەکەش هەر بۆ کەمایەتییەکە دەمێنیتەوە و گۆڕانکاریی بنەڕەتی و جددی ناکرێت.
لە لاپەڕەیەکی دیکەدا هاوڕێ هەژێن دەڵێت ” کرێکاران چینێکی یەکگرتوو نین؟ ئایا ھیچ چینێک تەنانەت بۆرجوازیش ھیچ کات یەکگرتوو بووە، تاکو کرێکاران یەکگرتوو بن؟ ئایا مامۆستایان، فەرمانبەران، جوتیاران، خانەنیشینان، خوێندکاران، دوکانداران، دەڵاڵان، سەربازان، سیخوڕان، …”
باسەکەی من لەسەر کرێکارانە ، نەك بورجوازی ، هاوکاتیش ئەوە دەڵێم کە سەرکەوتن لە یەککەوتن و یەکگرتندایە . دڵنیام لەوەی کە هاوڕێ هاوڕامە لەمەدا. دوای ئەوەش ، بورجوزازی و کرێکار پەرستەکان و ناحەزانی ئەنارکیزم هەرچی دەڵێن، ئازادن ، بەڵام واقیع پێجەوانەی ئەوان قسەی کردوە لە ڕابوردووش و لە ئێستاشدا.
” من ھەرگیز لەتەك ئەوە یەکناگرمەوە، کە کرێکاران کەمینەیەکی ناکار بن، ھەر ئاوا لە چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانی دیکە نایەکگرتووتر و بێدەنگتر و ملکەچتر نین.” بەداخەوە ئەمە حەقیقەتەکەیە و واقیعیش تا ئێستا هەر ئەوەی پیشانداوەو بورجوازی لەمان یەکگرتووترن ، ئەی ئەگەر وانییە دەوڵەت بۆ لە خزمەتی کۆمپانیاکاندایە ، من بە دەیەها نموونەت بۆ دەهێنمەوە کە بورجوازی لە بریتانیادا زۆر یەکگرتووترن تاکو کرێکاران ، هەڵبەتە ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە و شێوەی تایبەتی کارکردن لەسەر یەکگرتنی نێو خۆیان هەیە.
ئەوە دەسەلمێنم کە کرێکاران و ڕۆڵیان لە ئەرجەنتینا زۆر زیاتر و بەبایەختر بوو تاکو یۆنان و زۆرێك لە شوێنەکانی دیکە ، گەرچی لە ئەرجەننتیناش کرێکارە سۆشیالیستەکان و چەپەکانی ناو حیزبەکان و ئەنارکیستەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو . هەرچی یۆنان بوو ڕۆڵی چەپ کاریگەر بوو ، ئەو بارودۆخەی لە یۆنانا خولقابو لە ڕوی خراپییەوە ، کەلە کاتێکدا بزوتنەوەی ئەنارکیستەکان و سۆشیالیستەکان زۆر بەهێز بوون، گەر لە هەر وڵاتێکی ڕۆژاوی دیکە بوایە جگە لە وڵاتانی پیشەسازییە گەشەکردووەکان ، شؤڕش بەرپا دەبوو بەڵام چەندێك دەوامی دەکرد ئەوە دەکەوتە سەر هاریکاریی نێونەتەوەیی. بەلام بەداخەوە کە لە یۆنانا گەورەترین تێشکانی بەدەستهێنا .

لە خاڵێکی دیکەدا هاوڕێ هەژێن دەڵێت ” بۆ من وەک خوێنەر نازانم پەیوەندی “دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا” وەك دروشمی چەپ و وردەبۆرجوازی چ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و نەبوونی چینی کرێکار” ھەیە؟”
هاوڕێ گیان من وتارەکەم پەیووەستکردۆتەوە بە چەمکەکەی مارکسەوە بۆ شۆڕش کە لە کاتێکدا ئەو ‘ دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتایا’ بەو ئامرازە دەزانێت کە بەرەو کۆمەلی سۆشیالیستیمان دەبات، ئەو چینی کرێکاران تا ئەو ڕادەیە بە شۆڕشگێڕ دەزانێت کە ڕژێمیان پێدەگۆڕێت و دەوڵەتێکی پڕۆلیتاریان، پێ دادەمەزرێنێ . بەڵام من وتومە ئەوە هەرگیز پلانی چینی کرێکاران نییە و ناشبێت. دیارە ناڕوونی ئەو خاڵە لە کاتێکدا دەردەکەوێت کە خۆێنەر تەواوی وتارەکەم بەیەکەوە گرێنەداتەوە و بە پارچە پارچەیی بیبینێت.
” ؟ چۆن بەبێ گوێدانە پاشخانی چینایەتی بەشداری تێکۆشان دەبین، ھاندەرەکان چین، بێجگە لە ناڕەزایەتی بەرانبەر پێگە و پاشخانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیمان؟”
پرسیارەکەی هاوڕێ هەژێن دروستە گەر هەر هەموو کەسێك بە کرێکار بزانین بەڵام لای من هێشتا خەڵکی لە کۆمەڵدا دەکرێن بە سێ چینەوە کرێکاران ، پڕۆلیتار ، چینی ناوەڕاست کە پڕۆفیشناڵەکانن ، چینی باڵادەست و دەستەبژێر . دوای ئەوەش گەر شۆڕش بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی بزانین کە هەرە زۆرینەی خەڵکی بەشداریدەکات و بە قازانجی هەموان دەگەڕێتەوە ، ئەوە تەنانەت کەسانێیك کە پێگەی چینی کرێکارانیشیان ، نییە بەشدارن لە هەنگاوە شۆڕشگێڕییەکانا.
هاوڕێ هەژێن دەڵێت ” بەبۆچوونی من، ھەم گوتەکە [ مەبەستی گوتەکەی مارکسە- زاهیر] ڕاستە و ھەم ئەنجامگیرییەکەشی. چونکە کرێکاران وەك خوارترین چینی کۆمەڵ و سەختی ڕۆڵ و گرنگی ڕۆڵی چینایەتییان دەبنە شۆڕشگێڕ و زیاتر لە ھەموو چین و توێژێکی دیکە خوازیاری گۆڕانی ئاوا سیستەمێك دەبن”
لیکدانەوەی من بۆ چەمەکەی مارکس ئاوایە کە نوسیومە ، ئەو سەرنجامگیرییەشم لە واقیعدا کردوە ، کە کرێکاران لە هەوڵی باشکرنی ژیانی خۆیانان، نەك گۆڕینی سیستەمەکە بەو سیستەمەی کە من و تۆ دەمانەوێت. دوای ئەوە وەکو باسم کردوە کرێکاران زۆر باشتر دەژین لە بێکاران ، لە خانەنشینکراوان لە قوتابییان [ دیارە ئەمانە من هیچیان بە کرێکار دانانێم بەلام بە پرۆلیتاریا، کە چەوساوە و بێدەرەتان و هەژارن ] ئا لەم بارەدا باری ژیانی کرێکاران لەمانەی کە من ناونوسم کردووە خراپتر نییە ، هەر لەبەر ئەمەشە کە من کرێکاران لە قوتابیان و ئەوانی دیکە بە شۆڕشگێڕتر نازانم، هەر بۆیەش من چەمکەکەی مارکس لەگەڵ خۆیدا بە ناکۆك دەبینم . سەرەڕای ئەمانەش تۆ ئەوەت لەبرکردووە کە تەنها بارودۆخی خراپی ژیان نابێتە خولقاندنی نە شۆڕش و نە شۆڕشگێڕێتیش گەر هۆشمەندی لەگەڵدا نەبێت. گەر وابوایە لە گەلێك وڵاتدا دەمێك بوو شۆڕش کرابوو.
” من ئاوا لە دێری یەکەمی ئەو پەڕەگرافە تێدەگەم، کە ‘ تێکۆشانی ئابووریی ھیچ نییە و نیگەتیڤە’، ‘کۆششی ڕامیاریی و تێکۆشان بۆ دەسەڵاتی ڕامیاریی پۆزەتیڤە’. دیسان ‘تێکۆشانی سەندیکا نیگەتیڤە’ و ‘ئەگەر لە شانی پارتییە ڕامیارییەکان بووایێن، شۆڕشگێڕ دەبوون’ . ‘ کرێکاران بە قسەی مارکس دەکەن، لەبەرئەوە خەریکی سەندیکان'”
هاوڕێ هەژێنن غەدرێکی یەکجار زۆرم لێدەکات چونکە ئەمە شێواندنی مەبەستەکە و نوسینەکەی منە ، من لە کوێدا وتومە کە ئەوانە هیچ نین؟ ، ئەی باشە گەر هیچ نین لای من، بۆچی من هاریکاریی و هاوکاری ئەو لایەنانە دەکەم کە بۆ پولێك زیاتر ناڕەزایی دەکەن ؟ یاخود هی ئەوانە دەکەم کە غەدریان لێدەکرێت؟ من لەکوێدا وتومە کە دەسەڵاتی ڕامیاریی پۆزەتیفە ؟ گەر خوێنەر بییەوێت مەبەستەکەم پێچەوانە بکاتەوە ئەوە زۆر لەوە زیاتریش دەتوانێت بکات کە تۆ دەیڵێیت . هەموو کەس دەتوانێت شتێك لە وتاری کەسێکی دیکەدا دەربێنی و بە ئارەزوی خۆی بە لاڕێدا بیبات و بە خواستی خۆی قسەی لەسەر بکات . من هەر ئەوەی پێشتر دەڵێمەوە کە وەڵامەکان لای من ڕەش و سپی نین ، تاکو ئەوەی کە کرێکاران دەیکات بخرێنە خانەی نێگەتیڤییەوە ، بەڵام زۆربەیان ئامانجیان لابردنی سیستەمەکە نییە کە من وتۆ دەمانەوێت.
دیارە لە هەندێك حاڵەتیشدا موچە و باری دارایی ناکرێتە پێوانەی شۆڕشگێڕێتی و ناشؤڕشگێڕێتی. ئا لێرەدا هەموومان نمونەی یەکجار زۆرمان لەبەردەستدایە هاوکاتیش ئەگەر دەنگدان بۆ پارتە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان کە تا ڕادەیەک کرێکاران و نقابەکان بە خۆیان و نوێنەری خۆیانیان، دەزانن ، هەنگاوێکی پێشکەوتوانەو شۆڕشگێرانە بێت ، بەڵام کە نایەنە سەر حوکم لەبەئەوەیە دەنگی تەواوی کرێکاران و پڕۆلیاتاریای وڵات ناهێنن، ئیدی بە هەر هۆکارێك بێت، بەڵام دڵنیام هۆکارەکەی ئەوە نییە کە کرێکاران، سیستەمی کرێگرتەیی ڕەتدەکەنەوە ، بەڵام دەبینن کە ئەم حیزبانە پێچەوانەکەی دەکەن.
هاوڕی هەژێن پرسیار دەکات و دەڵێت ” ئایا دادپەروانەیە کرێکارێکی کورەخانە یان پۆڵاسازی و بارکردن ڕۆژانە ھەشت سات کار و چەند سات ھاتووچۆی کار و سووکایەتی خاوەنکار و سەرکاریگەر…تد ھێندەی بیمەی بێکاری یان بیمەی کۆمەڵایەتی و دەرمانی و خانەنشینییەکەی من وەربگرێت، کە بەیانی تاکو ئێوارە لەنێو فەیسبووک خەریکی وڕێنەکردنم؟”
ئێ باشە من لە کوێدا وتومە ئەوە دادپەروەریانەیە؟ نیشانەی پرسیارکردنەکەی ئەو وا دەگەیەنێت کە من ئاوام وتبێت. قسەی منیش هەر ئەوەیە ئەوەی گەر پێگەی ئابوریی باشتر بێت ، گۆڕینی ئەو بارودۆخە بۆ ئەو کەمتر واقیعیانە ترە تاکو بێ کارێك ، قوتابییەك، پەککەوتەیەك یا خود خۆت وتەنی کەسێکی سەر فەیسبوکی وەکو تۆ ….
هاوڕێ هەژێن دەڵێت ” بە بۆچوونی من، ئەگەر لێنینیستێك یان ئەندامی پارتییەکی چەپ بیگوتایە ” گەر داخوازییەکانیان لە داخوازی ئابوورییانەوە بچیتە قاڵبی داخوازیی سیاسیانە.” ھیچ شاییشتەی لۆمە نەدەبوو، بەڵام بۆ کەسێك کە ھەردەم خەریکبێت خۆی لەو ئاراستەیە جیاواز نیشانبدات، ئیدی ناکرێت کەمگرتنی تێکۆشانی ئابووریی و بەرزنرخاندنی “تێکۆسانی ڕامیاریی”
ئەمەی کە هاوڕێ هەژێن دەیڵێت هەڵگێڕانەوەی قسەکانی منە ، من گەر ئەو نەناسم دەکەومە گومانەوە لە هۆکارەکەی. هەر لەبەر ئەوە دەڵیم کە بە دیقەت وتارەکەمی نەخوێندۆتەوە یا هەر دەوەن بەئشکردنە. من ڕام وایە کە هەمو ناڕەزاییەكی ئابوریانە ، لەسەر کێشەی خانوبەر ، کێشەکانی قوتابییان ، هاریکاری پەنابەران و کۆچبەران و هەموو جۆرە کەمپەینێکی دیکە لە پێناوی باشکرنی ژیانی گروپێکدا ، گەر ‘ بە سیاسی نەکرێت’ دەچێتە خانەی کاری کۆمەڵە خێرخوازییەکانەوە ، چونکە تۆ پەیامێکت نابێت جگە لە چاککردنی حاڵی ئەوان نەبێت بێ ئەوەی پەیامی ئەوە بدەیت کە دەبێت ئەو کێشەیە ببەسترێتەوە بە سیستەمەکەوە ، ڕەگو ڕیشەکەی بگریت . گەر وا کێشەکە نەبینیت و مامەڵەی لەگەڵدا نەکەیت بەڕای من ئەوە لە قازانجی سیستەمەکە دەگەڕیتەوە . من لە وتارێکمدا کە بە ئینگلیزی نوسیم ، پەنجەم بۆ ئەمە ڕاکێشا ، گەلێك کۆمێنتی باشم بۆ هات و گەلێکیش لێدوانم بە ئیمەیل لەتەك هاوڕێیانی ئینگلیزی زماندا کرد . داخوازی ئابوریانە گەر نەکرێتە داخوازی سیاسیانە ، ئەوە لە سنورێکی تایبەت تێپەڕناکات و ئەو پرسە هەر لەوێدا لەبار دەچیت چونکە کرێکاران یا هەر کەرتێکی دیکە لە هەوڵی خۆڕێکخستنا نابن ، تاکو بەرگریی باشتر بکەن لە هێڕشی ئایندە. [ بە سیاسیکردنی کێشەیەك یا بەستنەوەی بە سیاسەتەوە مانای داخوازیکردنی دەسەڵات نییە.]
” توخمە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانی نێو کرێکاران کێ بوون، مەگەر کرێکار نەبوون؟” ئەوانە کرێکارە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانن . ئایا خوێنەرێك هەیە کە بگاتە ئەو قەناعەتەی کە من باس لە بورجوازی بکەم. سەرنجی هاوڕێیانە ئەوە بوو گەر ناڕۆشنییەك لەو بڕگەیەدا هەبوایە، دەبوایە ئەو کە من دەناسێت و دەزانێت ڕام چۆنە ، لە ڕەخنەکەیدا بینوسیایە ” گەر چی من دەزانم کە ڕای زاهیر ئاوا نییە بەڵام بۆ خوێنەر ناڕۆشنە” . لەمە ڕۆشنتر چییە کە من نوسیومە ” توخمە … نێو کرێکارەکان ” باشە ئەمە ئەوە ناگرێتەوە کە ئەو توخمانە خۆیان کرێکارن ، نە شتێکی دیکەن . وەکو پێشتریش وتم هەر کەس ئەو پرسیارەی بکردایە دەبوایە هاوڕێ نەیکردایە چونکە ئەو ڕای من دەزانێت هەم کوردییەکەشی زۆر لەوەی من باشترە.

” بەدوا داچوونی شۆڕش بوون و سۆشیالیزم زادەی بزووتنەوەی کرێکارییە نەك کەلەسەری ڕۆشنبیرانی وردەبۆرجواز… ئەگەر ئێستاش سەڕەرای ھەموو شکستەکان و نائومیدییەکان، لە دەرەوەی…”
بۆچوونی من لەسەر ئەوەی سەرەوەی هاوڕێ جیاوازە من دەقاو دەق ئەوە بە ڕای مارکسیانە دەزانم [ من دڵنیام کە هاوڕێ هەژێن مارکسیانە ناڕوانێت ، بۆیە ئەو بڕگەیەی ڕونکردنەوەی دەوێت] . من وای دەبینم کە شۆڕش بوون و سۆشیالیزم زادەی بزوتنەوەی بەشەرییەتە لەو کاتەوەی کە کۆمەڵی هیراشی و دواتریش کە گەشەی کرد بۆ کۆمەڵی چینایەتی، نەك کرێکاران.
کێشەی من لەگەڵ مارکس و مارکسییەکانا ئەوەیە کە ئەوان شۆڕشی سۆشیالیستی بە کرێکارانەوە و بە تایبەتیش کرێکارانی پیشەسازییەوە دەبەستنەوە چونکە ئەوە تیورە ئابورییەکەی مارکسە و هەموو ژیانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کرد تاکو بیسەلمێنێ : شۆڕشی سۆشیالیستی هەر دەبێت لە سەر دەستی کرێکارانا بێت، بۆ ئەمەش دەبێت وڵات پیشەسازیی بکرێت، پڕۆلیتاریا زیاتر بێت ، تەکەنەلۆجیا پێشتربکەوێت ، دونیا بە عەولەمە بکرێت و لەم شتانە. من لەم بارەیەوە لە کۆتایی وتارەکەم و لە وتارەکانی تریشما چ بە کوردی و چ بە ئینگلیزی زۆرم لەم بارەوە نوسیوە ، گەر کەسانێ دەیانەوێت بزانن بۆ من لەگەڵ ئەو برگەیەدا نیم بابێن تەنها دوا دوو بڕگەی کۆتایی وتارەکەم ” ئایا چینی کرێکاران شؤڕشگێڕن؟” بخوێننەوە ، ئەو کات هۆکارەکانی من دەزانن . لیرەدا تەنها ئەوە دەڵێم ئەوەی مارکس بۆ گەیشتن بە کۆمەڵی سۆشیالیستی وەهمە، بەڵام وەهمەکەی مارکس لە لایەن سەرمایەدارییەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە هاوکاری بەلشەفی و پارتە کۆمۆنیستیەکانی تری دونیا کرا بە واقیع .

هاوڕێ هەژێن دەڵێت ” لێرەدا ھەم ھەست بە ستەمکردن لە کاڕڵ مارکس بەوەی ھەموو خەتاکان بخرێنە سەرشانی ئەو و ھەم ستەمکردن لە خودی کرێکارانی کۆمونیست دەبینم. تاکو..”
ئەوەی کە من نوسیومە ستەمکردن لە مارکس، نییە ، من هەموو نەهامەتی چەرخی ڕابوردومان سەبارەت بە بزوتنەوەی کرێکاران و سۆشیالیستی دەگەڕینمەوە بۆ لینین و حیزبی بەلشەفی وە لینین، هاوکاتیش تیورەکانی لینین لە هەموو بوارەکانیا بە کارل مارکسەوە گرێدەدەمەوە . لینین شتێکیی نەکردوە بەدەر بێت لە روانگەی مارکس . من هەوڵدەدەم کاتێک کە قسە لەسەر پرسەکان بکەم بیانگێڕمەوە بۆ ڕەگوڕیشەیان . کەواتە لای من ئەسڵی سەرچاوەکە مارکسە ، دوای ئەوەش ئەوەندەی مارکس ناسراوە و فکر و تیورەکانی ئەو کارایی خۆی داناوە و دایدەنێت لەسەر سۆشیالیست و چەپ و هەندێکیش لە ئەنارکیستەکان ، ئەوەندە بیردۆزەکانی دیکە کە هاوڕێ هەژێن ناونوسی کردون دایان نەناوە . بۆ کەسێکی وەکو هاوڕێ هەژێن کە نزیکە لە منەوە پێشموایە سەرجەمی پۆست و وتارەکانم ڕەنگە بخوێنیتەوە ، دەبوایە لە مەبەستی من باشتر بگەیشتایە و لەو پرسیار و برگەیە، خۆی بپارستایە.
کاتێکیش کە قسە لەسەر هەر یەک لەو بیردۆزانە دەکەین ، مەسەلە سەرکۆنەکردن و تەشقەلەکردن نییە پێیان ،بەڵکو پشکنینی واقیعە کە ئایا ئەو شتانە بە عەمەلی ڕوویداوە یا هەر لە منداڵانی خۆیاندا لەبارچوون ، بەڕای من تیورەکەی مارکس کاتی خۆشی تیورێکی نەزۆك بوە ،دەنا بە درێژایی 160ساڵ بەرێکی دەدا.
” گۆڕانکارییەکان چی بوون، خۆیی و پووکانەوە و ملکەچبوون و سوپاسگوزاری کۆیلەوارانە بۆ سیستەمی سەرمایەداری، یان گۆڕانکارییەکان بابەتی بوون و بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی بە ھەموو شێوەیەك تیرۆرکراوە؟ ھەموومان گۆڕانکارییە بابەتییەکان دەبینین، بەڵام ھەموومان ھۆکارەکان نابینین و ناکرێت بەبێ خوێندنەوە و دەستنیشانکردنی (خۆییبوون یان بابەتیبوون)ی ھۆکارەکان”
من لێرەدا هاوڕێ هەژێن بە ناکۆك دەزانم لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر لەهەمان ڕەخنەدا وتی، هەروەها لە زۆرێک لە پۆسەتەکانیشیا، کە لەو بوارەدا دەدوێن . لێرەدا باس لە تییرۆرکردنی بزوتنەوەکە دەکات. باشە ئەگەر تیرۆرکرابن لە لایەن کێوە و بە بەکارهێنانی چەکی کێ تیرۆر کراوەن؟ لای من ئەوە ڕاستییە کە ئەوەندەی لە لایەن چەپەکان و کۆمۆنیستەکانەوە تیرۆرکراون ئەوەندە لەلایەن سسەرمایەداریەوە، نەکراون . لە لایەکی دیکەشەوە هاوڕێ هەژێن لە هەندێك لە پۆستەکانی سەر فەیسبوکیدا ئەو، خەڵک ، خۆمان ، لۆمە دەکات کە بوینەتە هەموو شتێك ، تەنانەت بە سیخوڕیش بۆ پاراستنی ئەم سیستەمە.
” بەڵام شکانەوەی جەنگ و کوژرانی خەڵك بە قازانجی کرێکاران، ناتوانم بڕوابکەم، چونکە ئەوانەش دەکوژرێن یان خودی کرێکارانن، یان منداڵانی کرێکاران و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوانن. خۆ بڕواناکەم قوربانیانی جەنگ سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و منداڵانی ئەوان بن، تاکو کرێکاران پڕشکی ئاگری جەنگیان بەرنەکەوێت و بە ق….”
لێرەدا واهەست دەکەم کە بۆ چەندینجارە ڕاو وتارەکەی من شێوێنراوە . چونکە من نەم وتووە کە ئەو جەنگانە لە قازانجی کرێکارانە ، بەڵکو پێچەوانەکەیم وتووە، دوای ئەوەش من نەم وتوە کە کرێکاران بە ئەنقەست دەچنە جەنگەەوە دژ بە کرێکارانی وڵاتەکانی دیکە. من وتومە کە پێگەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی کریکاران سیسیتەمەکە بەهێزتر دەکات ، ئەوە کرێکارانن کە قازانج و سەرمایە زیاتر دەکەن ، چەك و تەقەمەنی دروست دەکەن . کەواتە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کرێکاران پارێزگاریی سیستەمەکە دەکەن . 8 تاکە ساڵ جەنگی نێوانی عیراق و ئێران بەردەوام بوو لەم وڵاتەی بر یتانیادا ڕۆژێك نقابە مانی نەگرت دژی ، ئەوەندەی من بزانم لە هیچ وڵاتێکی ئەوروپای خۆرئاوادا ئەوە ڕوی نەدا. ئەوەیە کەمن دەڵێم کرێکاران لەم وڵاتانەدا ژیانی خۆیان لەسەر ژیانی کرێکاران و چەوساوانی دیکەی دوونیا بنیاتنراوە و دەنرێت. من و هاوڕێ هەژێن پێشتر قسەمان لەسەر ئەمانە بە درێژی کردووە و هەردووکیشمان هاواڕا بوین .
” زۆر بەداخەوە، چ ھوشیارانە و چ ناھوشیارانە، چ خوازراوانە و چ ناخوازراوانە، ھاوڕێ زاھیر لەنێو ئەو چەند دێڕە خەریکە جەنگ وەك زادەی سرووشتی سیستەم و سەروەریی چینایەتی و وەك پێداویستی لە سووڕھێشتنەوەی بازار و وەك ئامرازی کوشتنی بەرەنگاری و تێکۆشانی پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی، دەیگۆڕێت بۆ خواست و قازانجی کرێکاران؟”

لێرەدا مەبەستەکەی من لەو پەڕەگرافە بەو لایەنەدا براوە کە تاکو خوێنەر خوێندنەوەی هەڵە بۆ نوسینەکەی من بکات، یا بەو بارەدا دەخرێتە دەمی خوێنەر . من ئەوەم وتووە ، کە ئەوەی ئەم سیستەمەی راگرتووە و بەهێزی کردووە و بوەتە هۆی جەنگ و ئەم کارەساتانەی کە دەیبینین خولقاون ئێمەین ، خۆمانین ، ئێمە بەشە سەرەکییەکەین لە سیستەمەکە کە سەرمایەدارییە چ لە ڕوی چەندایەتییەوە و چ لەڕوی چونایەتییەوە ، ئێمە بناخەی سەرەکی دروستکەری ئەم کۆمەڵ و سیستەمین، بورجوازی، سەرمایەداریی بە بێ ئێمە نەیان دەتوانی و ناتوانن جەنگ، ڕەوکردن ، ماڵکاولکردن ، وێرانی دروستکردنی سەرمایە و ..هتد دروست بکەن . هەڵبەت هاوڕێ ڕاست دەکات کە خودیی سیستەمەکە و سەروەری چینایەتییە [ بەڵام سەروەری چینایەتی بەوانەی سەروە دروست دەکرێت] ، کە دونیای بەم حاڵە گەیاندوە ، باوەڕ ناکەم کە من ڕایەکی جیاوازام لەو هەبێت ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەوە کێیە کە ئەو سیستەمەی بەهێزکردووە ؟ ئەوە کێیە کە ئەو قودرەت و توانایەی داوەتە دەست سەرمایەداریی ، بورجوازیی، تاکو ئەو جەنگ و نەهامەتیانە ڕووبدەن ؟ وەڵامەکەی: ئێمەین ، بێ دەربەستییە لە ڕێکنەخستنی خۆمانا ، نەبوونی یەکێتیمان ، غائیببوونی ڕۆحی شؤڕشگێڕانە ، ئیدی بە هەر هۆکارێك بێت. من ویستومە جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە نەك ئەوەی کە هاوڕێ هەژێن [ ناتوانم بڵێم هەڵیگێڕاوەتەوە] بەڵام دیقەوتی لەسەر نەداوە.
هاوڕێ هەژێن پرسیارێکی زۆر جوان دەکات ، من ئەوەم قەبوڵە لە دەمی خوێنەرێکەوە بەڵام نەك خۆیەوە چونکە ئەو من دەناسێت و دەبێت وەکو خوێنەرێکی وردا لە مەبەستی من گەیشتبێت لە نوسینی ئەوەدا . دەڵێت ” بۆ من وەك خوێنەرێك، ئەو پرسیارە دێتە پێش، پەیوەندی ئەوەی ئەنارکیزم چییە و چی نییە، بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران” چییە؟ ئەوەی ئەنارکیزم ھزرە ….”

بۆ ئەمە من دەڵێم بەڵێ هەندێك لە ئەنارکیستەکان پێ لەسەر شۆڕشگێڕێتی کرێکاران دادەگرن و بە چەدمکی کرێکارانی وڵاتانی پیشەسازیی گەشەکردوو، دەبینرێت، کە ئەم جۆرە تێڕوانیینە کورت دەهێنێت چونکە ئەی چی دەڵێن سەبارەت بەو وڵاتانەی وەکو لای خۆمان و ئەفەریقا و ئەمریکای لاتین و .. هتد ، کە کرێکارن بە تێگەیشتنی ئەوان هێشتا هەر کەمایەتییەکی زۆر کەمە ، کە لەو بارەدا ئەوە دەداتە دەست من، کە شۆڕش هەر شۆڕشی کرێکارانە نەك هی سەراپای کۆمەڵ و کۆمۆنێتییەکەن. بەڕای من ئەمە خاڵی جیاکەرەوەی نێوانی ئەنارکیستەکان و مارکسییەکانە بە خودیی مارکسیشەوە و خاڵی لێکترازانیانە . حەز دەکەم خوێنەر ئەوە بزانێت من نامەوێت ڕەخنە لە حیزبی کۆمۆنیستی کارگەریی بگرم گەر پەنجە بۆ بنج و بناخەی یا سەرچاوە تیورییەکەی کە لینینە ، ڕانەکێشم ، من ناتوانم ڕەخنە لە لینین بگرم ، گەر بەڕاستی پەیوەستی نەکەمەوە بە مارکسەوە . لە کاتێكدا کە مارکس و ڕۆحی مارکس و تیورەکەی تا ئێستاش زاڵە و لە خزمەتی سەرمایەدارییدایە هەر ئاواش دەمێنێتەوە. لای من بەشێك لە خەباتی ئەمڕۆ دەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی چەمکە ئابوریی و سیاسییەکانی مارکسەوە دەستپێبکات ، گەرچی ڕەنگە کەسانێکی زۆری ئەنارکیست لەمەدا لەگەڵما نەیەنەوە [ ئەمە بۆ ئێمەی کورد زەروورییە چونکە هەموان دەبینین تازە کتێبی سەرمایەی مارکس دەکرێت بە کوردی و وانەی لەسەر دەوترێتەوە یاخود کتێبەکانی لینین و ترتسکی دەکرێنە کوردی و خەڵکیان پێ دەبەنگدەکرێت] . بەڵام ئەوە ئاشکرایە چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و کۆمۆنیست و سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەکان تا ئێستا هەژمون و کارایی خۆیان هەیە و لە هەموو هەنگاو و کارو پلانێکیانا پەنا بۆچەمکەکانی مارکس و لینین دەبەن. هاوڕێ هەژێن خۆی باش دەزانێت گەلێك لە مارکسییەکان ناتوانن یەك لاپەڕە بنوسن گەر پەنا بۆ قسەیەك ، بڕگەیەکی مارکس ، ئینجلس ، لینین، ترۆتسکی نەبەن . بۆیە دەڵێم لە پاڵ کارەکانی دیکەمدا ئەوەش بەشێك دەبێت لە کارم، من ئازادم لێرەدا چۆن بیر لە مارکسی و ماکسییە-لینینییەکان دەکەمەوە ئەوەندەی پرسەکەم نەبەم بەڕێی درۆکردن و بوختانکردن و شکاندنی کەسایەتییەکانیان، هەر ئاواش هەموو هاوڕێیانی دیکەش بەهەمان شێوە ئازادن . ئەوەشی کە بە من دەڵێت ڕوانگەی من بۆ چینی کرێکارن و کۆمەڵی ئایندەی سۆشیالیستی ، ڕاست نییە، فەرموو با لە شوێنیکدا [ مەبەستم هاوڕێ هەژێن نییە بەڵکو ئەو خۆێنەرانەیە کە ئەو ناوی هێناون ] ڕۆشناییان بخەینە سەر. بەڵام گەر ئەو هاوڕێیانە ئامادە نەبن ئەمە بکەن بە هەر هۆکارێك ، کەچی خۆم و ئەنارکیزمیش تاوانبار بکەن لەژێر لێوەوە ، ئەوەیان دەسەڵاتی من نییە.

جەمکی پڕۆلیاتاریا بەو شێوەیەی کە هاوڕێ بەکاری هێناوە و لە تەك ئەوەشی کە دەمێنێتەوە جگە لە باڵادەستان و دەستەبژێر ، من ناکۆکیم لە گەڵیدا نییەو هەر ئەوانەن کە شۆڕش دەکەن . دەبێت ئەوەش بڵێم گەر شۆڕش بە تەنها هەر هی کرێکارانێک بێت کە لەسەر کارن ، بە واتایەکی دیکە گەر ئەو کرێکارانە خۆیان بە تەواوی خەڵکانی دیکە لەناو کۆمۆنێتییەکە، کۆمەڵەکە ، دەڤەرەکە ، بەندنەکەنەوە و تەنها خۆیان دەستبگرن بەسەر کارگە و کارخانەکان و مەزرەعەکانا و شورای کرێکاران یا کۆمیتەی کرێکاران دروستبکەن ، ئیتر ئەو کاتە خۆیان بەرهەمهێنەر و دابەشکەر و بڕیادەر دەبن ، بەدەر لە سەرجەمی خەڵکانی دیکە ، سەرەنجامەکەی دروستکردنی دەسەڵاتە ، نە شتێکی تر .
” … چونکە تەنیا لەنێو ئەو بیرکردنەوە و تێڕوانینە، “جیھانی سێیەم” شۆڕشگێڕ نییە و پڕۆلیتاریای تێدا نییە. ئەوەی داڕێژەرانی ئەو تیئۆرییە چی دەڵێن، چ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و کرێکاران و سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران” ھەیە؟ کێ گوتوویەتی کاتی شۆڕش نەھاتووە؟”

ئەوەی کە لەو دوو کەوانەدا هاتوە، ڕای من نییە ، ئەوە ئەو تیورەیە کە بوو بە چەمكێك، ئەسڵەکەی بۆ مارکس دەگەڕیتەوە نەك بۆ سیتالین و لینین. هەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە کە مارکس بە دەق ئاوای وتووە ، بەڵکو لە لێکدانەوەی چەمەکەکانی ئەوەوە مارکسییەکان گەیشتنە قەناعەتی هەبوونی ئەو 3 جیهانە. ئەمەش لە دابەشکردنی قۆناخی هاتنی کۆمەڵەوە بە 5 کۆمەڵ، دیارە ئەوە ڕاستە لە هەر یەکێکیانا چەوساندنەوە بووە واتە چەوسێنەر و چەوساوە هەبووە ، هیراشییەت بەردەوام بووە بەڵام ئەمانە لە هەر قۆناخێکیانا شیوازێکی جیاوازی بەخۆوە گرتووە . ئا لەم بارەدا مارکس و مارکسییەکان کۆمەڵی سۆشیالیستی ڕەتدەکەنەوە ئەگەر کۆمەڵەکە بە قۆناخی سەرمایەداریی پێشکەوتوودا، تێنەپەڕێت. ئەمە جگە لەوەی کە ئەوانییش و مارکسیش هیچ بایاخێکیان بۆ کێشەی هیراشییەت نەبووە . داوای لێبوردن دەکەم کە دیسانەوە دەبێت سەری خوێنەری پێوە بییەشێنم چونکە هەم لەم سەرنجانەدا باسم کردووە هەم لە وتارەکانی دیکەشمدا بە درێژی لەوە دواوم . مارکس و مارکسییەکان چینی کرێکاران بە دینەمۆی شۆڕش دەزانن ، بۆ ئەمەش باوەڕیان بە چەندایەتی کرێکارانە، بە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و سەرمایەداریی گەشەکردوو هەبووە، ئەویش بۆ دوو هۆ: یەکەم : تاکو چڕبوونەوەی (ئیستیقتابی) چینایەتی دروست بێت. دوو: مارکس باوەڕی وابووە کەمی بەرهەم و خواردن کێشەی گەورەی کۆمەڵ بووە ، بێ گومان لای ئەو گەشەکردنی سەرمایەداریی هەردوو کێشەکە مەیسەر دەکات . لەبە ئەوەش سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمیان کردوە بە دوو بەشەوە . ئەو تێڕوانینەی مارکس و مارکسییەکان هەم چەمکی 3 جیهانی داهێنا و هەم کۆمەڵی سۆشیالیستیشی پلە بەند کرد و بەستییەوە بە کۆمەڵانێك کە سەرمایەداریی تیایدا گەشەیسەندووە . کە بەڕای من کۆمەڵی سۆشیالیستی سەرنجامی هەبوونی زەمینەی بونی چەوساندنەوە و هەبوونی پلەبەندی هیراشیانەیە ، هەر لەبەر ئەمەش هەر لە سەرەتای دروستبوونی کۆمەڵی چینایەتییەوە ، خەبات بۆ کۆمەڵی سۆشیالیستی بووەتە پێویستی و ئامانج.

کێشەی ئیکۆلۆجی هەرگیز نەبووەتە کێشەیەکی بناخەیی لای مارکس ئەوەندەی لای پرۆکتکین و بوکچین بووە ، بگرە بە پێچەوانەوە مارکس باوەڕی وابووە کە دوو ململانێ هەیە. یەکەمیان ململانێی نێوانی چنیەکان و دووەم ململانێی نێوانی بەشەرییەت و سروشت ، ئەو بۆ ئەمە ڕای وابووە بۆ ئەوەی بەشەرییەت خۆی ڕزگار بکات دەبێتب پاوانەی سروشت بکات . کێشەی ژینگە و ئیکۆلۆجی بەداخەوەم کە بڵێم ، زۆرینەی کورد بە چەپ و کۆمۆنیست و ڕاستییەوە ، تەقەی سەریان دێت و نەبوەتە بەرنامەیەکی سەرەکی لایان ، کە لای من کێشەی ئیکۆلۆجی بەشێکی گەوەرەی شۆڕشە.
سەرنجی من بۆ پەڕەگرافەکەی دوای ئەوەی سەرەوە. من هەرگیز نەم وتوە کە کرێکاران دژە شۆڕشن ، من باس لە ئێستاو ڕابوردوو دەکەم کە ڕاستییەک هەیە کە ئەویش ئەوەیە کە کرێکارن خۆیان گونجاندووە لەگەڵ سیستەمەکەدا ، هاوکاتیش دڵنیام کە لە ئایندەدا زۆربەیان ئاوا بێ دەربەستانە نامێننەوە.

” بەڵام (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) یان (کۆمەڵایەتییبوونی شۆڕش) بە واتای ھەموو خەڵك نییە، بەڵکو بە واتای بزووتن و گۆڕانە لە دەرەوەی نەخشە و قاڵبی ئایدیۆلۆجی پارتییەکان و ڕامیاران، خۆبەخۆیی خەڵك،..”
لەگەڵ ئەو بڕگەیەی سەرەوەدا من گرفتێكم نییە بەڵام لە پرۆسەی شۆڕشدا لە بەرهەمی شۆڕشدا گەر هەموو شتێک بە کۆمەڵایەتی نەکرێت ، ئەوە توێژاڵێك دەبێتە هەموو شتێك . من پێشتر ئەمەم ڕونکردۆتەوە لەبەر ئەوە خۆم دووبارە ناکەمەوە .
لە کۆتایدا دەڵێم من زۆر سوپاسی هاوڕێ هەژێن دەکەم بۆ ڕەخنەکەی ، گەرچی من نازانم هەموو خوێنەرێکی بابەتەکەم هەر وەکو ئەوی دەخوێنێتەوە ، یا نا، بەڵام ، هاوڕێ هەژێن ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندم تاکو من خۆم باشتر ڕۆشنبکەمەوە، نەکا خوێنەرانی دیکەش هەمان ئەنجامگیریی لە وتارەکەم بکەن .

زاهیر باهیر – لەندەن
02/09/2017
————————————-
*خوێنەری بەڕیز گەر خوازیاری خوێندنەوەی وتارەکەی من و ڕەخنەکەی هاوڕێ هەژێن-یت، تکایە سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکە :
Anarkistan.com




ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن ؟ … زاهیرباهیر

وەڵامی ئەم پرسیارە لە وتارێکی ئاوا کورتدا ئاسان نییە، ڕەنگە چەند کتێبێکی بوێت بە تایبەت گەر بمانەوێت ئامارێکی زۆر و ڕۆڵی کرێکاران لە خەباتیانا و لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا و ئوسترالیا ، بەرچاوبخەین .
پێش ئەوەی بچمە ناو کرۆکی بابەتەکەوە دەبێت پێناسەی چەمکی کرێکار یاخود چینی کرێکاران ، بکەم . بۆ ئەمەشیان پێ لەوە دەنێم کە کارێکی ئاسان نییە.
” بە گوێرەی فەرهەنگی ئینگلیزی دانشگای کامبریج چینی کرێکاران گروپێکی کۆمەڵایەتین کە پێکهاتون لە خەڵکانێك پارەیەك پەیدا دەکەن ، زیاتر هەقدەستیان بە گوێرەی کاژیری کارکرندیانە ، یاخود ڕۆژانەیە ، ڕاشکاوانە ئەوانەن کە کاری جەستەیی دەکەن……………چینی کرێکاران ( هەرەوەها چینی کارگەر و پڕۆلیتاریا) ئەو کەسانەن کە بە مووچە، کاردەکەن ، بە تایبەت لە کاری دەستیدا لە پیشەکاندا کە شارەزاییان هەیە و لە کاری پیشەسازییدان. کارەکانی چینی کرێکاران لەوانەش ئەوانەی کە کاری دەستی لە کەرتی پیشەسازیدا دەکەن ، هەندێکیشیان کاری زهنی و لەتەك ئەو کارانەی کە خزمەتگوزارین”

پێناسەی گشتی چینی کرێکاران ، لە لایەن مارکسیەکانەوە سۆشیالیستەکانەوە ئەوانەش دەگرێتەوە کە هیچیان نییە بیفرۆشن جگە لە هێزی بازوویان، هێزی کاریان و شارەزاییان . ئا لەم بارەشدا هەردوو گروپ: کرێکارانێك کە کاری جەستەیی و ئەوانەشی کە کاری زهنیی دەکەن، کاری دەستیی و فکریی بە هەموو جۆرەکانییەوە دەگرێتەوە. لای ئەمان تەنها ئەوانە ناگرێتەوە کە داهاتیان لە خاوەندارێتی بزنس و ئەوانەی کە کرێکارانی دیکە بەکاردەهێنن.
زۆر ئاشکرایە ئەو دونیایەی کە مارکسی تیادا دەژیا یەکجار گۆڕاوە، هەر ئاواش خودی چینی کرێکارانیش و پێناسەکەشی. ئەوەی کە لە کۆمەڵدا تا ئێستا نەگۆڕاوە و هەیە چینی کرێکارانن، چینی ناوەنجی و چینی باڵای نێو کۆمەڵن.
لە کاتێکدا کە زۆرینەی مارکسییەکان و سۆشیالیستەکان و هەندێکیش لە ئەنارکیستەکان باوەڕیان وایە کە پاڵپێوەنەری یاخود دینەمۆی بردنمان بەرەو کۆمەڵی سوشیالیستی ، کرێکارانە ، هەر لەبەر ئەمەش پێناسەکردنی چینی کرێکاران هێشتا پێویستە. پێناسەکردنی چینی کرێکاران لە پێناسەی جیاوازدا ، ڕەنگە سەرەنجامێکی جیاوازمان لە کۆمەڵی جیاوازی ئایندەدا بداتەدەست.
زۆرێك لە ئێمە بڕوامان وایە کە زۆربەی زۆری کۆمەڵ کرێکارن. بەم پێوەدانەش کرێکاران ، خانەنشینکراوان ، بێکاران، ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن، یا تەنانەت قوتابیان و ئەو کەسانەشی کە پارەیەکی مشە وەردەگرن ، کە هەندێکمان بە چینی ناوەنجییان لە قەڵەم دەدەین، هەموو ئەمانە دەگرێتەوە .

ئەگەر ئەو پێناسەیەی سەرەوە بۆ چینی کرێکاران وەرگرین ، دەگەینە ئەو سەرەنجامەی کە چیینی کرێکاران چینێکی یەکگرتوو نین، ئامانجەکانی هەر بەشێکیان لە ئێستادا جیاوازە و یەکگرتنیشیان لە ڕادەی مەحاڵدایە. ڕەنگە ئەمەش هۆکارێك بێت کە هاوکاری و کۆمەك و هاریکاریی لە نێوانیاندا نابینین، هەر ئەمەشە کە تێشکان بەدوای تێشکانا، چارەنوسیانە.
ئەگەر هەموان لەسەر ئەوەش یەکبگرینەوە کە چینە کرێکارە تەقلیدییەکە لەتەك کرێکارانی دووکانەکان و فرمانگاکان و بەشی خواردنەوە و خۆراك و کرێکارانی سەر کێڵگەکان ، کە بەمانە هەموویان دەوترێت کرێکار، هێشتا هەر ڕووبەڕووی گرفت دەبینەوە. ئەمانە بەشێکی کەمی کۆمەڵن هەر لەبەر ئەمەش گرانە کە باوەڕ بێنین لە ڕێگای ئەمانەوە کۆمەڵێکی ناچینایەتیمان بۆ دێتە بەرهەم .

هەروەها بە هۆکاری جیاوازی هەلومەرجی کارکردنیان و ئەندامبوونی نقابەی جیاواز هاریکاریی و یەکێتی نێوانیان یەکجار سەخت دەبێت.
پێشئەوەی کە زیاتر بڕۆم ، دەبێت پرسیاری ئەوەش بکەم ئەی شۆڕش چییە؟ ئایا چەند چاکسازییەکی سەرەکییە؟ تێکۆشانی چینایەتییە و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە بمانگوێزێتەوە بۆ ژێر دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا؟ بەزۆر هێنانە خوارەوەی حکومەتە و دانانی یاسای کۆمەڵایەتیی؟ یاخود گۆڕانکاریی و گواستنەوەی کۆمەڵە بۆ کۆمەڵێکی ناقوچکەیی و نا چینایەتی لە ڕێگای تێکۆشانی هەرە زۆرینەمان بێ گوێدانە پاشخانی کۆمەڵایەتیمان ؟
بە بۆچوونی من شۆڕش ، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە ، پرۆسەیەکی دووروو درێژە کە بەرەو ئایندەمان بەکێش دەکات. لێرەدا ڕەنگە لەتەك مارکسییەکان و کۆمۆنیستەکانا کە بانگەوازی کۆمەڵی سۆشیالیستی دەکەن ، یەکبگرینەوە، بەڵام ڕێگا و ڕێڕەومان بۆ گەیشتن بەو مەبەستە ، جیاوازە.
پێناسەمان بۆ چینی کرێکاران هەر کامێك بێت لەوانەی سەرەوە ، هەمو بەڵگەکان لە زەمینەی واقیعدا ئەوە نیشان دەدەن ، کە چینی کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕ نییە. بەڕای من هەرگیزیش شۆڕشگێڕ نەبوون.
ئەگەر واتای شۆڕش گۆڕینی کۆمەڵی هەنووکەیی بێت بۆ کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناقوچکەیی ، ئەوە ئەرکی سەرشانی چینی کرێکاران نییەو هەرگیزیش نەبووە.

مارکس قسەیەکی یەکجار ڕاست و بایاخداری کردووە کە وتوویەتی” ئەوە هۆشیاریی مرۆڤ نییە کە بڕیاری بوونی دەدات ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ، بوونە کۆمەڵایەتییەکەیەتی کە بڕیاری هۆشیاریی دەدات” . من وا هەستدەکەم مارکس پێچەوانەی ئەم قسەیەی خۆی هەنگاو دەنێت کاتێک پەیگیریی دەکات کە شۆڕش ئەرکی سەر شانی چینی کرێکارانە . چینی کرێکاران هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە و ئێستاشی بەدەمەوە بێت، خەبات و تێکۆشانەکەی ئابوورییانە بووە نەك سیاسیانە و وەرگرتنی دەسەڵات. دیارە ئەمەش هۆکارێکە کە کرێکاران خەبات و تێکۆشانی خۆیانیان بە نقابەوە گرێداوەتەوە و کەمتر لەشانی پارتە سیاسییەکانەوە بوون . کرێکاران کارو خەباتیان بە گوێرەی قسەکانی مارکس دەکەن ، هەر لەبەر ئەمەش هۆشیاریی ئەوان ئەو بازنەیە نابەزێنێت و نایانبات بەرەو خەباتکردن بۆ دروستکردنی کۆمەڵی ناچینایەتی و دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا. ئەوان نە دژ بە دەوڵەتن و نە دەوڵەتی پڕۆلیتاریاشیان دەوێت. بەدانی ئەم ڕۆڵە گرنگە بە کرێکاران و بارکردنیان بەمە ، مارکس عادیل نەبووە. ئەمە جگە لەوەی کە لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ دێتەو پێشەوە ئەویش ئەوەیە ئەگەر کرێکاران چینێکی شؤڕشگێڕن ئیتر مارکسییەکان بۆچی حیزبی بۆ دروستدەکەن تاکو هۆشیارییان بکەنەوە و ڕێکیان بخەن؟!! تەنانەت خودی مارکسیش لە چەند شوێنێکدا فتوای حیزبی کرێکاریی داوە .

شرۆڤەی من بۆ ئەم پەیامەی مارکس ئەوەم دەداتە دەست کە چینی کرێکاران نابێت و ناکرێت زیاتر شۆڕشگێڕ بن لە خانەنشینان، قوتابی و خۆێندکاران، بێکاران، پەککەوتوان کە لەسەر بیمەی پەککەوتەین و هەروەەها ئەوانەشی کە لە سەر جۆرێك لە بییمەکانن. ‌هۆکارەکەش ڕوونە ، ئەویش ئەوەیە ، ئەوانەی کە کرێکارن ، داهاتەکەیان زۆر باشترە لەوانەی کە لەسەرەوە ناونوسم کردن . بەڕاستیش هەر ئەمەش هۆکارەکەیە کە ئەو جۆرە خەڵکانەی سەرەوە زۆر چالاکترن. ئەوە ئەوانن کە بەشداریی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان دەکەن و بە کێشەکانی نێو کۆمۆنێتییەکە تێکەڵ دەبن . ئەوە ئەوانن کە هاوکاریی و هاریکاریی بە کرێکارانی مانگرتوو بۆ داخوازییەکانیان، دەکەن ، لە کاتێکدا هاوەڵە کرێکارەکانیان هەر لەو کارگەیە یا لەو فرمانگایە یا لەو شۆپە بەردەوامن لە کارکرنیان و چییان پێبوترێت ئەوە دەکەن.
ئەوە ڕاستییە کە چینی کرێکاران توانا و پاوەری ئەوەیان هەیە بە هاوکاریی یەکدی لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت بهێننە خوارەوە بە کردنی چالاکی جیا جیا. دەتوانن سیستەمەکە لە کار بخەن ، بەڵام ئەوە ئامانج و ئاڕاستەشیان نییە . جێی سەر سوڕمان نییە پارتی موحافیزین لە بریتانیادا دەتوانیت ڕووبەڕووی نقابە ببێتەوە و بیاندات بە دادگە ، گەر داخوازییەکانیان لە داخوازی ئابوورییانەوە بچیتە قاڵبی داخوازیی سیاسیانە.

مێژوی خەباتی چینی کرێکاران لە سەر ئاستی دونیا ئەوەی نیشانداوە ئەوانەی کە ویستویانە کە سیستەمەکە و کۆمەڵ بنەرەتیانە بگۆڕن چینی کرێکاران نەبوون و ئەوانیش نابن. بەڵکو ئەوانە توخمە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانی ناو کرێکاران و ناو کۆمەڵ بوون . ئەم ڕاستیەش لە ڕوسیای 1905 و شوباتی 1917 و ئیسپانیای 1936 و 1937 بە باشی دەرکەوت کە بەشی زۆریان سۆشیالیست و ئەنارکیستەکان بوون. ئەوە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکان بوون کە دینەمۆی بزوتنەوەکان بوون ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە ، ئەوان بوون کە بازنەی داخراوی خەباتی ئابوورییانەیان شکاند و بەرەو ئامانجی کۆتایی ملیان نا. بە کورتی سنوری خۆیان بەزاند.

سەرەتای ئەو بیرۆکەیە کە چینی کرێکاران شۆڕشگێڕن و دروستەکەریی کۆمەڵی سۆشیالیستین ، مارکسە ، بەڵام لە ژیان و واقیعدا تیورە ئابوریی و سیاسییەکەی خزمەتی دوژمنانی کرێکاران کە کاپیتاڵیزمە، کردووە، نەك سۆشیالیزم . کتێبی کاپیتاڵ هیچ وەخت بایاخی بۆ کرێکاران نەبووە ئەوەندەی کە بۆ ئەوانەی کە خزمەتی کاپیتاڵیزم دەکەن، گرنگبووە و گرنگە. لە وتارەکەی مانگی ئۆکتۆبەری پارەکەدا من خۆم لەم بوارە داوە، گەر کەسێك بخوازێت با بفەرموێت ئەمە لینکەکەیەتی: http://zaherbaher.com/…/%da%86%d9%87%e2%80%8c%d9%be-%d9%88…/

ئەوە ڕاستییە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە دونیا گۆڕنکاریی گەوەرەی بەسەردا هات و بزوتنەوەی کرێکاران تا دێت لاواز و لاوازتر دەبێت. ماوەیەکی یەکجار دوورو درێژە کە چینی کرێکاران لە هەموو دونیادا هیچی وایان بەدەست نەهێناوە. نەك هەر ئەوە ، بەڵکو لە بارێکیشدا نەبوون و نین کە تەنانەت پارێزگاریی لەوانەش بکەن کە پێشتر بەدەستهێنراون.
لە سای سیستەمی هەنووکەییدا ، چینی کرێکاران ئەوەیە کە بووکچین وەسفیان دەکات ” ……. مارکسییەت لە دەستپێشکەری دایلێکتی کاپیتاڵیزم، دا نوشستی هێنا . پڕۆلیتاریا لەبری ئەوەی گەشە بکات بۆ چینێکی شؤڕشگێڕ لە ناو منداڵدانی کاپیتاڵیزم دا ، دەرکەوت کە بوو بە ئۆرگانێك لەناو خودیی لاشەی بورجوازییدا” The Muurray Bookchin Reader, Edited by Janet Biehl, Page 131-132
لە ڕاستیدا چینی کرێکاران سیستەمەکەیان زیاتر بە‌هێز کرد، پارێزگارییان لێکردووە و باشتریشی دەپارێزن . كرێکاران هەر وەکو هەموو کەسێکی، یا کەرتێکی دیکە لە ناو کۆمەڵ، تەنانەت پۆلیس و سەربازیی و تۆڕە سیخوڕییەکان ، خزمەتی ئەم سیستەمە، دەکەن.
ئەوە چینی کرێکارانە کە سامان دروستدەکات ، هەروەها قازانج و پارێزگاریی لە جەنگ، لەهەر شوێنێك ڕووبدات ، دەکات. ئەو جەنگەی کە دەبێتە هۆی کوشتنی خەڵکانێکی زۆری بێ گوناح و مەزڵوم و ژینگەکەشیان وێراندەکات. پێگەی کرێکاریی، هۆشیارانە یا ناهۆشیارانە بە بەرهەمهێنانی زیاتری قازانج و سامان بزوتنەەوی خەڵکی تێدەشکێنێ ، لە ناویاندا کرێکارانیش لە پارچەکانی دیکەی جیهان . پێویست ناکات تاکو بڵێین بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە کرێکاران تەنها دەربەستی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیانن، هەتا ئەگەر ئەوە لەسەر حسابی کوشتنی خەڵکی و هاوەڵە کرێکارەکانیشیان بێت لە وڵاتانی دیکەدا.

ئێمە پێویستە تەماشای ڕاستییەکان و بەڵگەکان بکەین، زیاتر لە بینین و پەنابردن بۆ تێکستی ناو کتێبەکان کە زیاتر لە 150 ساڵە نوسراون . پێوستمان بە زیندوان هەیە نەك مردوان لە هەڵسەنگاندن و شرۆڤەکردنی بارودۆخی ئێستادا.
دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچیت کە ئەنارکیزم هزرە نەك ئایدۆلۆجی سڕبوو، ڕێڕەوی ژیان و بەڕێکردنێتی، مێتودێکی بەکردەوە و زیندوانەیە لە هەڵسەنگاندنی ڕوداوەکان و بارودۆخەکان بەڕۆچونی ناو واقیعەکە ، نەك نێو کتێبەکان .
گەر وای دابنێین کە پڕۆلیتاریا تاکە چینێکە کە بەرەو سۆشیالیزممان دەبات ، ئەمە چی دەگەیەنێت؟ جگە: لە تەسککردنەوەی شۆڕش بۆ تەنها کۆمەڵی یا وڵاتانی پیشەسازیی ، نەك لە وڵاتانی دیکە ، ئەمە فەرامۆشکردنی ڕاستی بزربوونی پرسی دادوەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادیی و نەبوونی ئاسایشن لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا، کە هەموو ئەمانە بنەمای شۆڕشن و زەمینەی دروستکردنی کۆمەڵی سۆشیالیستی/ئەنارکیستین ، یانی پێ لێنان و سەلماندنی ئەوەیە کە لە کۆمەڵانی پێش سەرمایەدارییەوە کە لە کاتێکدا کێشەی چینایەتی و کۆمەڵی هەرەمی هەبوون ، بە گوێرەی ئەو ڕایەی سەرەوە بەڵام لەگەڵ هەبوونی ئەوانەشدا هێشتا شۆڕشی سۆشیالیستی زەرووریی نەبووە ، ئەمەش هەر لەبەر ئەوەی کە چینی کرێکاران و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لەو کۆمەڵانەدا نەبوون . دیسانەوە یانی پشتگوێخستنی پرسی کۆمەڵی قوچکەیی/هەرەمیی کە ئاشکرایە کە ئەم کۆمەڵە قوچکەییە بەرایی و دەستەبەریی هێنانەکایەی کۆمەڵی چینایەتیی بووە . یانی بەبایاخ وەرنەگرتنی کێشەی ئیکۆلۆجی وەکو پرسێکی سەرەکی شۆڕش .

شۆڕش ، شۆڕشی کۆمەڵایەتییە ، شۆڕشی سەرجەمی کۆمۆنێتییەکەیە نەك بە تەنها شۆڕشی پڕۆلیاتاریا لە ناو کۆمۆنێتییەکە و لە ناو خودیی کۆمەڵدا. جۆرێکە لە شۆڕش کە زۆر و کەم هەر هەموو کەسێك لە کۆمۆنێتییەکە و لە کۆمەڵ بێ گوێدانە جیاوازی پێگە و زەمینەی ژیانیان ، لە ڕێگای جیا جیاوە لەم شۆڕشەدا بەشداریی دەکەن . لە ڕێگای خۆڕێکخستنیانەوە لە گروپە ڕادیکالە سەربەخۆ ناقوچکەییەکانا، لە شانی یەکەوە و بەهاریکاریی و هاوکاریی یەکدی خەبات و تێکۆشانیان، چالاکییەکانیان دەکەن و لە ڕێگای دروستکردنی کۆنفیدراسوێنەکانەوە لە ڕێگای بەگژاچونەوەی دەستەجەمعیانە و جەنگکردن دژ بە سیستەمەکە خەباتیان یەکدەخەن .

Zaherbaher.com

زاهیرباهیر –لەندەن
19/08/2017




ڤێنزویەلا و دوو تێبینی … زاهیر باهیر

ڤێنزویەلا ئەو وڵاتەی کە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات و دواجاریش چاریکی نییە جگە لە ڕادەستبوونی خۆی نەبێت بە هێزی موعارەزەی ئێستا کە سەر بە ئەمەریکاو وڵاتانی ڕۆژاوایە و چارەنوسیشی تەسلیمبوونە بە سیاسەتی ئابوریی نیو-لیبراڵی ئەوان .
سەردەمی ‘هیگۆچافیز’ بەتایبەت تا ساڵانی 2009 و 2010 ڤێنزویەلا وڵاتێک بوو کە ژیانی هەرە زۆرینەی خەڵکەکەی لە هەموو ڕویەکەوە باشتر بوو نەك لە وڵاتانی دیکەی ئەمەریکای لاتین ، بەڵکو لە هەموو وڵاتانی دونیاش.
لەو وڵاتەدا بێکاری نەمابوو ، خویندن و چارەسەری نەخۆشی بەلاش بوو ڕێژەی بڕی بەرکەوتنی خەڵکەکەی لەبەرانبەر دکتۆردا لە سای سیاسەتی نەوت دان بە کوبا لە بەرانبەر دکتۆرا، لە هەموو شوێنێکی دیکە کەمتر بوو، ڕیژەی مردنی منداڵانی ساوا و ئافرتانی دووگیان ساڵ بەساڵ کەم دەبووە، ڕیژەی نەخوێندەواری بە تەواوی هاتە خوارەوە تەنانەت ئەوانەشی کە تەمەنیان 80 ساڵ و لەسەر و ئەوەشەوە بوون فێری خویندنەوە و نوسین کران . ‘چافیز’ خۆی بە دوو پاسەوانەوە زۆر جار سەردانی شوێنە هەژارەکان و شوێنەکانی سەرکار و شوێنی دیکەی دەکرد تاکو بزانێت ژیانیان چۆنە و داخوازیشیان چیبە ، ئەمە جگە لەوەی هەموو ڕۆژانێکی یەکشەمەش بەرنامەیەکی لە ڕادوێدا هەبوو بۆ پرسیاری خەڵکی و وەڵامدانەوەیان. وڵاتێك بوو کە بەندیی سیاسیان نەبوو.

بە تێپەڕینی وەخت و مردنی ‘چافیز’ و دواتریش لەکارکەوتنی کاسترۆ و مردنی، کە پایەیەکی گەورە بوو بۆ چافیز و ڕژێمەکەی هەروەها هاتنی قەیرانی ئابووریی و قوڵبوونەوەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری خۆی لەسەر وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت کە ڤێزویەلاش یەکێك بوو لێیان، دانا، ئیدی ژیانیش لەوێ گۆڕا. بارودۆخی خەڵکی بەرەوخراپی ڕۆیشت ، بەتاڵە زیادیکرد ، ئاستی بژێوی و ژیانی هاووڵاتیانی هاتە خوەارەوە ، تاوانکردن چووە سەرەوە تا ئەو ڕادەیەی کە ڤێنزویەلا بەو وڵاتانە دەژمێررێت کە زۆرتریین هاووڵاتی تیادا دەکوژرێ و بەرەو خراپتریش دەڕوات.
لێرەدا دەبێت تێبینی ئەوەش بکەین کە چەندێك ئەم بارودۆخە لە خراپی و داڕامانا بێت ، ئەوەندەش لە بەرژەوەندی موعارەزیە کە زۆر بە باشی و بە پشتی ئەمەریکا و میدیای ئەمەریکا و بریاتانیا زۆر چاك ئەوەی کە ڕوویدا و ڕوودەدات ئەم موعارەزەیە وریایانە ، قۆستییەوە و بەکاریهێنا تا ئەو ڕادەیەی کە زیاتر لە مانگێکە خەڵکانێكی زۆر دەکەونە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەرانبەر بە حکومەتی هەنووکە ،دەردەبڕن و تا ئێستاش نزیکەی 100 کەس لەوێدا کوژراوە بێ لە برینداربووان و گرتنی کەسانی دیکەو سەرکردەکانی موعارەزە . لە دوێنی شەوەوە ، 07/08 ، بارودۆخەکە بەرە و خراپتر ڕۆیشتووە پاش ئەوەی کە دەستەیەکی چەکداری ، کە من باوەڕم وایە ئەوە ناوکێکە بۆ دروستکردنی جەنگی ناوخۆ ئەگەر حکومەتی ئێستا دەست لەکار نەکێشیتەوە یاخود لانی کەم بانگەشەی هەلبژاردنی گشتی نەکات، هەڵیان کوتایە سەر سەربازگەیەك .
لە هەفتەی ڕابوردوودا کە ڕاپرسی گشتی لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوور و تەعدیلکردنی کرا بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەرۆکی حکومەتەکەی، کە بەرەو دیکتاتۆرییەتی دەبات، ئەوەندەی دیکە بارودۆخەکە خراپتردەکات، هاوکاتیش سیاسەتی دووفاقەیی بێ شەرمانەی ئەمەریکا و بریتانیا بە تەواوی دەرخست .

ئەوەی کە ئاشکرایە دەستتێوەردانی ئەمەریکایە لە کاروباری ناوخۆی ڤێنزویەلا و یارمەتیدانی موعارەزە و توندکردنەوەی خەڵکەکەی لە ڕێگای میدیاوە دژ بە نیکۆلاس مادورو و حکومەتەکەی .
ئەمەریکا دەڵێت کە حکومەتی ئەوێ کۆنترۆڵی هەموو شتێکی کردووە و حکومەتێکی بیرۆکراسی، دیکتاتۆرییە و ڕێگا نادا کە موعارەزە بێتە سەر حوکم ئەمە لە کاتێکدا کە حکومەتی ئەوێش وەکو هەموو حکومەتە ” دیمۆکراتییەکانی ” دیکە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە جڵەوی دەسەڵاتی گرتۆتە دەست.
کاتێك کە ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکا دەبینین، گەر بە ئاگا نەبین لە سەراپای سیاسەتی ئەمەریکا ، بەهەڵەدا دەچین و دەکەوینە داوەکەیانەوە. بەلام کاتێك کە دەبینین تورکیا چی دەکات نەك هەر بە کورد بەڵکو بە سەرجەمی موعارەزەی ئەوێ و ڕاپرسیشی کرد لەسەر فراوانکردنی دەسەڵاتی و کردنی ڕەفتار فاشیانە و درێژکردنەوەی سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب بۆ ساڵی 2029 و پەیوەندی گەرمی لەتەك داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستەکانی دیکە و یارمەتیدانیان و زۆری تر لەمانە کەچی نە ئەمەریکا و نە بریتانیا، هیچیان سەرزەنشتیشیان نەکرد، ئیدی لەوەی گەڕێ کە دژایەتی بکەن و یارمەتی موعارەزەی ناوخۆی تورکیا بدەن و هانیانبدەن .

یاخود هەڵوێستی ئەمەریکا لە وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعودییە نەك هەر سادەترین دیمۆکراتیەت و ئازادیی لەوێدا نییە بەڵکو دەستی لە کوشتنی هەزارەها هاووڵاتی یەمەنی و وێرانکردنی خاکەکەشیانا، هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە کارگەی دروستکەری گروپە تیرۆریستەکانی دونیایە ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریکا و بریتانی هیچی پێناڵێن، بگرە کۆمەکیشی پێدەکەن و بارگە و کۆنتراکتی چەك و تەقەمەنی و تەیارەی جەنگیشی لەگەڵدا دەبەستن . لە هەڵوێستیانا بەرانبەر حکومەتی کینیاش کە لە هەڵبژاردنەکەی 2007 دا زیاتر لە 1200 کەس کوژرا و لە سەرو 2000 کەسیشەوە بریندار کران کەچی بۆ ئەمان ” یار باقی و سوعبەت باقی” بەردەوام بوو. هەر دوور نەڕۆین ئەمەریکا و بریتانیا هەردوکیان ، هیچ هەڵوێستێکیان بەرانبەر حکومەتی هەرێـم نەبووە سەبارەت بەوانەی کە تیرۆرکراون یا دەکرێن. ئە ئەمەیە سیاسەتی دووفاقەیی بریتانیا و ئەمەریکا هەر لەبەر ئەمەش دەبێت زۆر بە ئاگاوە تەماشای هەڵوێستی دەستتێوەردانیان یا هاریکارییان لەگەڵ هەر گروپێکی موعارەزەی هەر وڵاتێکدا، کە هەیە، بە هێزەکانی ڕۆژاواشەوە ، بکەین .

تێبینی دووهەم لەسەر ڤێنزویەلا ئەوەیە کە ئەمیش چووە ڕیزی ئەو زنجیرە وڵاتانەی کە لە لایەن چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و حیزبە کرێکارییەکانەوە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست. لەم بارەشدا ئەو ڕاستییەی جارێکی تر سەلماندەوە کە هەرچەند ڕادیکال و پەیامەکانت ، مانۆفێستەت، مرۆڤانە و سۆشیالیستانە بێت، بە گرتنە دەستی دەسەڵات، وردە وردە ئەو دروشمانەت کاڵ دەبنەوە تا ئەو ڕادەیەی کە دەسەڵات دمەکەی دیکەی دەخاتە گەڕ کە دیکتاتۆرییەت و کوشتن و گرتنی موعارەزەکەی دەبێت.
بە خاوەندرێتی کردنی دەوڵەتیی کەرەسەکانی بەرهەمهێنان و کۆمپانیاکان ، کە بە پرۆسەی کەرتی گشتی، واتە موڵکی گەل ناسراوە ، لەناو دونیای سیستەمی هەنووکەدا یا ئەوەتا دەبێت لەناو بچیت، یاخود خۆی ڕادەستی کاپیتاڵیزم بکات. هۆکارەکەش ئاشکرایە کە بۆچی ، ئەویش هەرچەند دەوڵەتەکە بەناو ڕادیکاڵ و سۆشیالیست بێت بەڵام هێشتا بە سەدەها ئەڵقەوە بە سەرمایەداریی دونیاوە گرێدراوەتەوە و گەر لەو بازنەفدیە دەرچێت ، لە لایەن کۆمپانییە گەورەکان و دەزگە دراوییەکانەوە بە ئاسانی لووش دەدرێت.
ئەم ڕوداوو و ئەزموونەی ڤێنزویەلا مێژویەکی درێژی هەیە کە هەر لە سەردەمی هاتنی بەلەشەفییەوە لە ڕوسیا بۆ دەسەڵات، تا ئێستاش هەر بەردەوامە.

هەر ئەم هۆکارەش بوو کە بیردۆز، یا بیریارە ئەنارکیستەکان لەسەردەمی مارکس دا زۆر لە خۆبڕاوانە جەدەلی ئەوەیان لە گەڵ مارکس و هاوڕڕێکانیان دەکرد کە سۆشیالیزم لە ڕێگای گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە جا بە هەر بیانو و پاساوێك بێت، نایەتە کایەوە.
ئەنارکیستەکان بۆ خۆلادان لەم گرفتە و بنەبڕکردنی دەسەڵات و کۆمەڵی قووچکەیی و چەوساندنەوە، دژایەتی هەموو جۆرەکانی دەسەڵاتیان کردووە و دەکەن، باوەڕیان بەوە هەبووە و هەیە کە دەبێت هەموو شتێک لەلایەن خودی خەڵکەوە خاوەندارێتی لێبکرێت و خۆیان خاوەنی بڕیارەکانی خۆیان بن و خۆشیان جێبەجێکەری بن لە ڕێگای کارکردن بە هەرەوەزیی و ژیانی هەرەوەزیانەوە ، واتە بە کۆمەڵایەتیکردنی هەموو شتێک و بەشداریکردنی هەموو کەسێك و لێپرسینەوەش لەلایەن هەمووانەوە.


زاهیر باهیر – لەندەن
08/08/2017




خودی پرۆسەی ڕیفرۆندەم دیمۆکراتیانە نییە … زاهیر باهیر

با لەوەی گەڕێین کە کێ ڕیفرۆندەم لە کوردستانا دەکات و بۆ چ مەبەستێك و ئەنجامێك دەیکات . من لام وایە ئەمە لای زۆربەی زۆرمان ڕوون و ئاشکرایە.
ئەوەی کە گرنگە بیزانین ئەوەیە کە خودی پرۆسەی ڕیفرۆندەم ، پرۆسەیەکی دیمۆکراسیانە نییە ، ئاخر وەرەقەی هەڵبژارادن تەنها دوو هەڵبژاردەت بداتە دەست و تەنها یەك وەڵامیشت پێڕەواببینێت، دەبێت دیمۆکراتییەکەی لە کوێدا بێت؟!! کە لەم بارەدا هیچ وەخت وردەکارییەکان و زەرەر و زیانەکانی سەرنجامەکەیت پێناڵێت . ئەمە جگە لەوەی کە ئەو ڕیفرۆندەمانەی کە لە جیهانیشدا کراون، ئەوەندەی کە من ئاگەداربم لێیان ، یا خواستی دەوڵەتەکان بووە ، یا حیزبەکانی ناوەوە و دەرەوەی پەڕلەمان بووە ، ئەوانیش وەکو هەموان دەزانین نمایندە و نوێنەرانی بزنسن و دەوڵەتەکەشیان یا ئەو دەوڵەتەشی کە موعارەزە دەیەوێت دروستی بکات، بەشێکی یەکگرتوی سیاسەتی لیبراڵ و ئابوریی نیو-لیبراڵ دەبن. کەواتە ڕیفرۆندەم لەلایەن گەلەوە کە هەرە زۆرینەیە نە بڕیار دەدرێت و نە لێدوانی لەسەر دەکرێت و نە لەسەر دەستی ئەوانیشدا ئەنجامدەدرێت.
ڕەنگە دۆستان و خوازیارانی ڕیفرۆندۆم پێمانبلێن ، ئەمە ڕاستە بەڵام ڕیفرۆندەم پێشوەخت کەمپەینی بۆ دەکرێت و هەردوو بەرەکەش ماف و ئازادی خۆشیان بە تەواوی هەیە لە دەربڕینی مەبەستی خۆیان و ئەوەی کە دەدیانەوێت بیگەیەننە جەماوەر یاخوود هاووڵاتیان .
بەڵام ئەم دۆستانە ئەوەیان لەبیردەچێت کە جگە لە میدیا کێی تر پەخشی ڕاوبۆچونی هەڵمەتکەرانی ڕیفرۆندەم دەکات. لەم بارەشدا گەر میدیا دەوڵەتی بێت ئەوە هەمیشە بەلای دەوڵەتدا دایدەشکێنێت ، واتە بە ناڕەستەوخۆ لەگەڵ ئەو لایەنە کەمپەینەدایە کە دەوڵەتی لە پشتەوەیە . خۆ ئەگەر میدیای ئەهلیش بێت ، تایبەتی/ کۆمپانیا بێت، ئەوە بە پارە دەکەوێتە گەڕ ، بەرەیەك لە هەڵمەتکەران گەر پارەی تەواویان نەبێت بۆ بەکارهێنانی میدیا بۆ مەبەستەکەیان ، ئەوە مەبەستەکەیان یا پەیامەکانیان ناگاتە بەرچاو و بەرگوێی جەماوەر. کەواتە لێرەدا کە شتێك بە پارە بەڕیوە برا، ئیتر دیمۆکراسییەتی تیادا نامێنێت.
دووهەم: لە بریتانیادا، ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا دوو ڕیفرۆندەممان بینی یەکەم سکۆتلەند و دووهەم ئەمەی بریتانیای 23/06/2016 ، کەواتە ئێمە ئەزموونی ڕیفرۆندەمممان لەبەر چاوە و کەمەپەینێکی چڕوپڕیش لە هەردووکیانا لە لایەن هەردوو کەمپەکەوە بەڕێوە چوو تا گەیشتنە ڕادەی سوکایەتیکردن بە کەسایەتی لایەنەکانیش .
من لێرەدا تەنها باس لەمەی 23/06/2016 دەکەم کە بۆ مەبەستی مانەوە یا دەرچون لە یەکێتی ئەوروپا کرا . ڕاستە کەمپەینێكی چڕوپڕ کرا بەڵام هەرگیز خۆیان نەدا لە خاڵە سەرەکیەکان بەتایبەت لە لایەن کەمپی دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا ، ئەسڵەن هەر کەمپەینەکە لەسەر بناخەی درۆ و ساختە دروستکرا و بۆشیان چووە سەر و وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچون ، کە ڕەنگە گەر ئەمە لە هەندێك وڵاتانی تردا بکرایە، ئەوانەی کە ڕؤڵی سەرکییان هەبوو لەوێدا و ئێستاش هەر ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە ئیدارەی دەوڵەتدا ، ببرانایەتە دادگاو سزای پێویست بدرانایە .
ئەمان پێیان وتین کە بە دەرچون لە ئەوروپا دەتوانرێت مانگانە 350 ملیۆن پاوەند پاشەکەوت بکرێت و ئەمەش بدرێتە سیستەمی چارەسەر و تەندروستی و ئەو قەیرانەی کە هەیە دەفعی بکات . وتیان بریتانیا دەبێتە خاوەنی بڕیاری خۆی و لە پاشکۆی بڕیارەکانی برۆکسل دەردەچێت. وتیان کە ئیتر سنور بۆ پەنابەران و کۆچبەران دادەنرێت، سنوریان لێدەبەسترێت و خەڵکانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەلات و شوێنەکانی دیکە دەنێرنەوە. لە هەر هەموویا درۆیان کرد.

بەڵام پێیان نەوتین : کە نرخی پاوەن هەر ئەو شەوە گەر خەڵک بۆ دەرچون لە ئەوەروپا دەنگ بدات بە ڕێژەی لە سەدا 18 دەشکێت، پێیان نەوتین، کە نرخی میوە و سەوزەو بەروبومی ئاژەڵ کە دەهێنرێن بۆ ئەم ولاتە لە ئەورپاوە بە ڕێژەی لە سەدا 13 بۆ لە سەدا 35 دەچێتە سەرەوە [ دەکەوێتە سەر ئەوەی کە هاوردە دەکرێت] ، ئەوەیان شاردەوە کە لە ساڵی 2014 دا 260 هەزار کەس هاتۆنەتە ئەم وڵاتەوە بۆ کارکردن بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2015 بووە بە 280 هەزار کەس . پێیان نەوتین بە ناردنەوەی خەڵکی بۆ وڵاتانی خۆی سیستەمی تەندروستیمان { خەستەخانەکان و کلینیکەکان ] هەرەس دەهێنێت و تەواو دەبێت بەهۆی ئەوەی کە لە سەدا 60 دکتۆر و نێرس و کارمەندان، خەڵکانی وڵاتانی دیکەن . پێیان نەوتین كە کێڵگەکانی بریتانی متمانەی لە سەدا 70 چنەرەوەی بەروبوومی کشتوکاڵییان، لەسەر خەڵکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن ، ئەوەیان شاردەوە بە هاتنە دەرەوەمان لە یەکێتی ئەوروپا هاوردەی ئەوێ بۆ ئێرە کەمتر باجی لەسەر دەبێت وەك لە هەناردەی ئێرە بۆ ئەوێ ، پێیان نەوتین کە مەنحەی کێڵگەوانەکان دەبڕێت و دەوڵەتی بریتانیاش ئەو هەقەیان بۆ ناکاتەوە . ئەوەیان باش ڕووننەکردەوە بە هاتنە دەرەوە لە ئەوروپا ژینگە خراپتر و پیستر دەبێت و ئیدی بریتانیا لە گەڵ ستاندەری ئەوەروپادا ناڕوات و خواردەمەنی ئۆرگانیك و نائۆرگانیك لە یەکتری جیا ناکرێنەوە [ واتە وەرەقەی لەسەر دانانێن تاکو ببینرێت کە ئۆرگانیك یا نائۆرگانیك ] گەلێك خاڵی دیکە کە هاووڵاتیانی بریتانی لێی بێ ئاگا بوون . ئەمە جگە لەوەی بەشێکی زۆری خەڵك لێرە زیاتر تەماشای بەرنامەی دیکە دەکەن وەك لە ئەخبار و کەمپەینی هەڵبژاردن ، هەروەها زیاتریش ڕۆژنامە ڕایسست و سێکسییەکان و ئەوانەی کە بابەتی باش باس ناکەن دەخوێننەوە . بەڕاستی لەم وڵاتە خەڵکانێکی زۆر کەم گوێ لە دەنگوباس دەگرن و ڕۆژنامە باشەکان دەخوێننەوە.
ڕیفرۆندەم کاتێك دیمۆکراتیانەیە کە خەڵکی خۆی بیکاتە پرسی خۆیی و دواجاریش لە سێنتەرەکانی گەڕەك و سەرکار و شوێنەکانی دیکەدا لێدوان و قسەی لەسەر بکات و تاووتوێی بکات و بڕیاری لەسەر بدات ، نەک پرۆسەیەکی دەوڵەتی و حیزبە سیاسییەکان بێت و میدیای دەوڵەت و کۆمپانییە زەبەلاحەکانیش بانگەشەی بۆ بکەن.

زاهیر باهیر
لەندەن – 26/07/2017




ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌ش له‌ ئاسمانی سیسته‌می په‌روه‌ده‌ و پێگه‌یاندنی منداڵانمانا، به‌داخه‌وه که‌‌ گوێی ڵێ نه‌گیراوه‌

زاهیر باهیر – لەندەن
26/10/2017 *
…..

فوئاد قه‌ره‌داخی مامۆستا و په‌روه‌ردکار، ڕۆشنبیر و نوسه‌ر و سوشیالیست ، نه‌ك هه‌ر جێ په‌نجه‌ی به‌ ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و سیاسه‌ت وساڵانێکی دوورودرێژی مامۆستایه‌تی و په‌روه‌رده‌کردنی منداڵان و کارکردن له‌ سێنته‌ری ڕاهێنان و خه‌مخۆری مامۆستایان و یه‌کێتی مامۆستایان و نقابه‌ی مامۆستایان و خستنه‌به‌رده‌می چه‌نده‌ها پێشنیار له‌ ئامۆژگاریکردنی وه‌زیران و به‌ڕیوه‌به‌ره‌ باڵاکانی بواری پێگه‌یاندن و ڕؤشبیری و گه‌لێك له‌مانه‌ زیاتر، دیارە . به‌ڵی نه‌ك هه‌ر جێ په‌نجه‌ی له‌و بورانه‌دا دیاره‌ به‌ڵکو کارێکی یه‌کجار جددیشی له‌ باره‌ی په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندنی منداڵانه‌وه‌، کردوه‌.
فوئاد قه‌ره‌داخی هه‌ر له‌ ساڵی 1972 وه‌‌ بیری له‌ گۆڕینی سیسته‌می خۆوێندن و په‌روه‌رده ‌کردۆته‌وه‌‌ هه‌ر بۆیه‌ له‌و کاته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ بارودۆخی سیاسی و که‌سی و خێزانی خۆی ڕێگای پێدابێت‌ ده‌ستی کردوه‌ به‌ نوسینی وتار له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کانی ده‌وڵه‌ت و گۆڤاره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کانی یه‌کێتی مامۆستایانا. خولیای بردنه‌سه‌ر و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزه‌ له‌ گۆڕینی سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌ و بایاخ و گرنگیدان به‌ منداڵان و ده‌رونناسییان و پێداویستییه‌کانیان و په‌روه‌رده‌کردنیان له‌ ڕێگایه‌کی ڕاسته‌وه‌، گه‌لێکی دیکه‌ له‌مانه‌ ، بووه‌ . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نه‌ك به‌ ده‌یه‌ها وتاری گرنگ و به‌پێزی نوسیوه‌ به‌ڵکو چه‌ند کتێبێکیشی نوسیوه‌.

له‌ سه‌ردانه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌مدا بۆ کوردستان که‌ کۆتایی مانگی نیسانی ئه‌مساڵ، بوو ، [نیسانی 2016 ] وه‌کو هه‌مو جارێك ، دێنی هاوڕێی دێرین و که‌سی نزیکم، کاك فوائاد قه‌ره‌داخی کرد . دوای ده‌مه‌ته‌قێ و قسه‌کردنێکی زۆر له‌ کۆتاییدا دوو په‌رتوکی خۆی که‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندنی منداڵ و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ سیسته‌می خۆێندنی هه‌نووکه‌یی ،بوون، پێشکه‌شکردم .
به‌ڵام تا مانگی پێشوو ، مانگی ئه‌یلول، بواری خوێندوه‌یانم نه‌بوو . من پێشتر هه‌ندێك له‌ وتاره‌کانی کاك فوئادم، که‌ له‌ فه‌یسبووکدا ، بڵاوی کردوونه‌ته‌وه‌،‌ بینیبوو. به‌ڵام هه‌رگیز سه‌رنجی به‌ قه‌ده‌ر ئه‌م وتارانه‌ی که‌ له‌م دوو په‌رتووکه‌دا هه‌یه‌ ، ڕانه‌کێشاوم .

من لێره‌دا نه‌ له‌و ئاسته‌دام که‌ سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌و ڕؤشنبیری له‌ کوردستانا هه‌ڵسه‌نگێنم و نه‌ له‌ ئاستی هه‌ڵسه‌نگاندنی نوسینه‌کانی کاك فوئادیش-دام. به‌ڵام نایشارمه‌وه‌ ، که‌ ئه‌و دوو په‌رتووکه‌م ته‌واو کرد ، وه‌کو خه‌یاڵ و خه‌و بوبێت، لام ئاوابوو، پێشتر هه‌رگیز نه‌ده‌گه‌یشتمه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ باوه‌ڕ به‌وه‌ بهێنم ، که‌ که‌سێك ئه‌وه‌نده‌ کارامه‌ و مێشكکراوه‌ له‌ کۆمه‌ڵێکی داخراوی وه‌کو کوردستاندا هه‌بێت، که‌ ئه‌وه‌نده‌شی من بزانم کاك فوئاد نه‌چووه‌ته‌ هیج وڵاتێکی دیکه و‌ ئه‌وروپی بۆ وردبووه‌نه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ و لاساییکردنه‌وه‌ی سیسته‌مێکی ئاوا له‌ کوردستاندا. به‌ڕاستی ده‌بێت مایه‌ی خۆشحاڵی و ده‌ستخۆشی و پێزانین بێت که‌ ئێمه‌ که‌سێکی وه‌کو فوئاد قه‌ره‌داخی-مان هه‌یه‌ و نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده شاره‌زایه‌ له‌و بوراه‌دا به‌ڵکو زۆر به‌ جددیش هه‌وڵی بۆ داوه‌ ، به‌ڵام‌ به‌داخه‌وه‌ نه‌گوێی بۆ ڕاگیراوه‌ و نه‌ قه‌دریشی زانراوه‌ و نه‌ ئه‌و هه‌موو زانیاری و پێشنیار و هه‌وڵه‌شی ڕێزی لێگیراوه‌ و کاری پێکراوه‌.
مه‌خابن گه‌لۆ ، ئێمه‌ ده‌مانتوانی به‌ لانی که‌م 3 ده‌یه‌ سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده‌ وڕؤشنبیریمان ، ئه‌گه‌ر کاربه‌ده‌ستان و فرمانڕه‌وایان ، گوێیان له‌و بگرتایه‌ ، ببردایه‌ته‌ پێشه‌وه‌. به‌ڵام دیسانه‌وه‌ ده‌ڵێم به‌داخه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر خۆی وه‌کو که‌سێکی ناسراو و خاوه‌نئه‌زموون فه‌رامۆشکراوه‌ ، به‌ڵكو بایاخیش نه‌درا به‌ ئامۆژگاری و لێکۆڵینه‌وه‌ و هه‌وڵه‌کانیشی . پرسیاره‌که‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، به‌م کاره‌ کێ زه‌ره‌ر ده‌کات ، نه‌ خۆیی و نه‌ منداڵه‌کانی به‌ڵکو نه‌وه‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، که‌ ئێستاش هه‌ر ده‌بێت له‌ سێبه‌ری په‌روه‌رده‌ی به‌عس-دا پێبگه‌ن ، که‌ گه‌وه‌ره‌ش ده‌بن کۆپیییه‌کی کۆنه‌کان ده‌رده‌چنه‌وه‌.

هه‌ر که‌س به‌ ته‌نها هه‌ر ئه‌و دوو کتێبه‌ بخوێنێته‌وه‌ بۆی ده‌رده‌که‌وێت ، گه‌ر ئه‌و کابرایه‌ له‌ ئه‌وروپادا بوایه‌ ( هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و کاته‌ ئه‌و بۆ منداڵی ئه‌وێی ده‌نوسی ، چونکه‌ ده‌یزانی که‌ ده‌بێت چی بنوسێت) به‌رهه‌مه‌کانی له‌ باره‌ی په‌روه‌رده‌ و فێرکاریدا بۆ چه‌نده‌ها زمان وه‌رده‌گێررا. به‌ڵام ئینگلیز وته‌نی ” پیاوێك به‌ هه‌ڵه‌ له‌ شوێنێکی هه‌ڵه‌ له‌ وه‌خت و سه‌رده‌مێکی هه‌ڵه‌” . ئەوە فوئاد قەرەداخی-یە
له‌ بریتانیا زۆر له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ و فێرکردن ده‌نوسرێت به‌ڵام زیاتر بواری په‌روه‌رده‌یی منداڵه‌کان و ده‌روونناسیانه‌ ، بزنس و ئاماده‌کردنیانه‌ بۆ بزنس، ڕێزگرتن له‌ کوڵتوری سه‌قه‌تی ئێمه‌مانانه‌ ، یادکردنه‌وه‌ی پوچگه‌رایی و بۆنه‌ی توره‌هات و گوێگرتن له‌ به‌هاو سه‌رکه‌وتنی جه‌نگ و کوشتارگه‌لێك که‌ به‌ ملیۆن خه‌ڵکی تیادا بووه‌ به‌ قوربانی ، نه‌ك ئاماده‌کردنیان و تێگه‌یاندنیان بۆ داخوازییه‌ زه‌روورییه‌کانی کۆمه‌ڵ و تاکه‌کانی .
په‌رتوکێک، که من بزانم له‌‌ سه‌ر په‌روه‌رده‌ نوسرابێت و بۆ چه‌ند‌زمانی ئه‌وروپی غه‌یری ئه‌وروپی وه‌رگێڕرابێت ، کتێبه‌که‌ی پاولۆ فرێرییه‌ که‌ له‌م دوایه‌شدا کاک جیهاد حه‌مه‌که‌ریم کردی به‌ کوردی وکاك فوئادیش پێشه‌کییه‌کی تێر و ته‌سه‌لی بۆ نوسیوه‌ . من وه‌رگێڕانه‌که‌ی هاوڕێ جیهاد و ئینگلیزییه‌که‌شیم خوێندوه‌، بڕوا بکه‌ن ئه‌و کتێبه‌ به‌ ده‌یه‌کێکی وتار و نوسینه‌کانی کاك فوئاد سوودبه‌خش و گرنگ نییه‌ . من لێره‌دا نامه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و‌ کتێبه‌ بدێم چونکه‌ من به‌ نامه‌یه‌کم بۆ هاوڕێی دێرینم، جیهاد ، که‌ کۆپییه‌کیم بۆ کاك فوئادیش نارد ، ڕای خۆمم له‌سه‌ر کتێبه‌که‌، ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌لیم خۆزگه‌ کاك جیهاد و ئه‌وانه‌ی دیکه‌مان که‌ به‌ ته‌نگ په‌روه‌رده‌ و فێرکردنه‌وه‌ دێین کارمان له‌سه‌ر پرۆژه‌که‌ی کاك فوئاد بکردایه‌ و تاکو له‌ پرۆژه‌یه‌کی سه‌رکاخه‌زی فه‌رامۆشکراوه‌وه‌ بکرایه‌ته‌ ‌ پرۆژه‌یه‌کی کارا و زیندوو . جێگای داخه‌ نه‌ك هه‌ر باڵاده‌ستانی په‌روه‌رده ‌و فێرکردن ئه‌و پرۆژه‌یان پشتگوێ خست ، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانی ئه‌و کتێبانه‌ی کاک فوئاد له‌ کتێبخا‌نه‌ی په‌روه‌رده‌ وقوتابخانه‌کانی سه‌ره‌تایی و بنچینه‌یی دانێن و هه‌ر هیچ نه‌بێت داوا له‌ مامۆستاکان به‌ جددی بکرێت که‌ بیخوێننه‌وه‌ . ئه‌مه‌ش که‌ نه‌کراوه‌ جێگای که‌سه‌رێکی گه‌وره‌یه و ده‌بێت باجه‌که‌ی بده‌ین.‌ به‌ڵام ئێستاش هه‌ر زووه و نه‌چووه‌ و بچێ،‌ چونکه‌ هیچ گۆڕانکارییه‌ك بۆ گۆڕینی په‌روه‌رده ‌و سیسته‌می خوێندن نه‌کراوه‌ ، بۆیه‌ ده‌توانرێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی کاك فوئاد کاری جددی له‌سه‌ر بکرێت تاکو بخرێته‌گه‌ڕ پێش ئه‌وه‌ی که‌ دوو نه‌وه‌ی دیکه‌ش به‌ سه‌قه‌تی په‌روه‌رده‌ بکرێت. ‌

*خوێنەری بەڕێز من ئەم وتارەم لە 26/10/2016 دا نوسیوە . بە تەواوبوونی ناردم بۆ کاك فوئاد تاکو ڕای وەرگرم . ئەو لە وەڵامدا ئەم پەیامەی بۆ ناردم کە دەیبینیت. لەبەر ئەوە وەستام لە بڵاوکردنەوەی بەڵام ئیتر بیانویەك نابینیم لە دواخستنی زیاتری، بۆیە بڕیارم دا کە بڵاوی بکەمەوە.
برای بەڕێزم کاک زاهیر بەهیوای خۆشیتانم .. ببورە لەدواکەوتنی وەڵامەکەم بەهۆی کێشەی کۆمپیوتەرەوە . دەستەکانت خۆش بۆ نووسینەکەت ، سوپاسی هەستت دەکەم . لەڕاستیدا هیچ شتێکی وەهام نەکردووە ، زوربەی کاتەکان زرووف رێگرم بووە ، بارودۆخەکە ئەولەویاتی نوێی هێناوەتە پێشەوە کەژیانی خەڵک گرنگترینیانە .پڕۆسەی خوێندن لە داڕماندایە ، هەتا ئەم دەسەڵاتەش هەبێت ئومێد بە چاکبوونی نییە ، بۆیە گۆڕانکاریی پەروەردەیی لەهەموو کاتێکیتر زیاتر پەیوەستە بە گۆڕانکاریی سەرلەبەری ئەم کۆمەڵگایەوە ، لەبەر ئەوە هەر ریفۆرمێک سەرەنجامەکەی سەرنەکەوتن دەبێت . بەڕای من بڵاوکردنەوەی نووسینەکەت دوابخەیت بۆ هەلومەرجێکی لەبارتر ، ئەگەر هەر ویستیشت وەک دەنگێک کەهەست بەکەمووکووڕییەکان دەکات بڵاوی بکەیتەوە ، ئەوا دوو گۆڕانکاریی تێدابکەیت باشە : ١) هەرچی مەدحێکی منی تێدایە لایبەریت ، هەوڵەکانم وەک کەسێکی ئاسایی پەروەردەیی باس بکەیت ، ٢) ئەو بڕگەیەی لێ لاببەیت کە پەیوەندی بە پاولۆ فرێرییەوە هەیە چونکە هەرگیز من لە ئاستی ئەودا نیم ، ئەو کەسێکی گەورەی پەروەردەییەو ، من تەنها دەتوانم لە بواری پەروەردەدا قوتابییەکی ئەو بم . لەگەڵ ئەوپەڕی رێزو خۆشەویستیم .
لە وەڵامیدا منیش ئەم پەیامەم بۆ ناردەوە:

یەکەم : من حه‌ز ده‌که‌م واز له‌ ته‌وازوعی بێنین پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی که‌ڵچه‌ره‌وه‌ کاربکه‌ین که‌ له‌مانه‌ش پێزانینی ئه‌رکو دڵسۆزی خه‌ڵکییه‌ که‌ له‌ ژیاندان نه‌ك که‌ مردن ، ئه‌و کاته‌ ستایشیان بکه‌ین و کتێبیان له‌سه‌ر ڕه‌شبکه‌ینه‌وه‌ ، من زۆر ڕقم له‌م نه‌رێته‌یه‌ چونکه‌ ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر بێ ماناشه‌ به‌ڵکو زه‌ره‌رمه‌ندیشه‌ . له‌مه‌نانش گرنگتر به‌ڵکو ئه‌م نوسینه‌ ببێته‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌ تۆ له‌ لایه‌ن که‌سانێکه‌وه‌ که‌ ئێستا ده‌یانه‌وێت شتێك سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندان بکه‌ن و تاکو خۆت له‌ ژیانتا ماویت ، بتوانن بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆ خۆت ده‌رباره‌ی ئامۆژگاریی و شیکردنه‌وه‌ی قوڵتری مه‌به‌ستی نوسینه‌کانت. سه‌باره‌ به‌ داواکارییه‌که‌ت ، بمبه‌خشه‌ که‌ من ناتوانم به‌ قسه‌ت بکه‌م . دووهه‌م : من که‌ ئه‌مه‌م نوسیوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خزمایه‌تی و که‌سایه‌تی و هاوڕێیه‌تییه‌ وە ‌ نییه‌و تۆ شایسته‌ی زۆر زۆریت نه‌ك چه‌ند دێڕێك که‌ له‌لایه‌ن منه‌وه‌ ده‌نوسرێت که‌ خوا ده‌زانێت چه‌ند که‌س ده‌یخوێنێتەوە . سێیەم : تۆ له‌ باولۆ باشترت نوسیوه‌ ‌ باولۆ کادیری حیزبه‌ زیاتر له‌ په‌روه‌رده‌کار، موحازه‌ره‌ی حیزبی وتوته‌وه‌ له‌بری کارکردن له‌سه‌ر ته‌واوی په‌روه‌رده‌ی منداڵان ، گه‌ر شتێكیشی له‌و بواره‌دا کردبێت ، هه‌ر بۆ ته‌رویزی فکری حیزبییانه‌ بووه‌ نه‌ شتێكی دیکه‌ . به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ باولۆی کرد به‌ ناسراو ئه‌و کتێبه‌ی نه‌بوو به‌ڵکو ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌ گه‌وه‌ره‌ی که‌ له‌ لایه‌ن ماشێنی حیزبییه‌و بۆی ده‌کرا که‌ زیاتر له‌ سه‌ده‌ها حیزب له‌ جیهاندا پشتگیری ده‌کرد . به‌ڵام تۆیه‌کی که‌م ده‌رفه‌ت له‌ وڵاتێکی خاپورکراو و کۆمه‌ڵێکی داڕزاوو و کۆمه‌ڵێ حیزبی به‌ خوێنی سه‌ریی یه‌ك تینوو بوو ، نه‌ك هه‌ر خۆت بویته‌ قوربانی به‌ڵکو مێتودی په‌روه‌ده‌کارییه‌که‌شت بوه‌ قوربانی ، ده‌نا تۆ ئه‌گه‌ر له‌ باولۆ به‌تواناتر نه‌بیت دڵنیابه‌ به‌ پێی ئه‌وه‌ی که‌من له‌سه‌ر هه‌ردووکتانم خۆێندۆته‌وه‌ ، که‌متر نیت . که‌ بڵاوم کرده‌وه‌ – دوای وه‌ڵامه‌که‌ی تۆ سه‌باره‌ت به‌ هه‌لومه‌رجی به‌ ده‌ره‌فه‌ت- ، ده‌توانم تێبینییه‌که‌ی تۆ له‌ دامێنی نوسینه‌که‌وه‌ وه‌کو خۆی دانێمه‌وه‌ ، که‌ ئه‌مه‌ش وه‌کو ڕێکه‌وتنی نێوانی کابرای کورده‌ی ده‌ستومۆچی سوار و پیاده‌که‌ی ، لێده‌که‌ین . هیوام خۆشی و ته‌ندروستی باشه‌ بۆت .




ئایا ئابووریی و حوكمی لیبراڵ کۆمەك بە بارودۆخی کوردستان، دەکات؟ … زاهیر باهیر

ئەوەی ئاشکرایە ئابوورییناسان، ڕؤشبیران و سیاسییەکانی کوردستان بە پێچەوانەی شەپۆلەکەوە مەلەدەکەن. ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتانی جیهانا بە تایبەت ئەوروپادا بزوتنەوەیەك لە ئارادایە ، گەرچی ناتوانیین ناوی بزوتنەوەی سۆشیالیستی لێبنێین، بەڵام دەتوانیین ناوی بزوتنەوەی دژە سیاسەتی دەستگرتنەوەی ( تەققەشوف) لێنبێین، کە بەرهەم و ڕێڕەوی سیاسەتی حکومەت و ئابوریی نیو-لیبراڵە . ئەوە تەنها لە هەندێك وڵاتانی عەرەبی و کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکەدایە کە دەقاو دەق پێچەوانەی ئەوەی سەرەوە دەبینین، کە ئەویش دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانە بۆ چەسپاندنی ئابووریی نیو-لیبراڵ.

ئەوەندەی من بە ئاگا بم حوکمی لیبراڵ و ئابورییەکەی کۆمەك و یارمەتی بە هیچ وڵاتێك نەکردووە، نەك هەر ئەوە بەڵکو هێنەری نەگبەتی و بەتاڵەیی و گرانی و سیاسەتی دەسستگرتنەوە ( تەقەشوف) بووە لەو شوێنەی کە تیایدا بەڕێکراوە.
ئەوانەشی کە دەیانەوێت هەمان شیوازی حوکم و کۆمەڵ لە کوردستان کۆپی بکەن ، ئیدی گۆڕان بێت یا هەر لایەنێکی دیکە بێت لە دوو حاڵەتەوەیە . یەکێکیان کە بێ ئاگاییە لەوەی کە ئەم بەرنامەیە چی بەسەر ئەو نەتەوە و وڵاتانەدا هێناوە کە تیایدا جێبەجێکراوە ، یاخود شارەزایی تەواویان هەیە و کەچی لەتەك ئەوەشدا هەر پێداگریی لەسەر دەکەن، کە ئەمەش بێ هیچ مەرج و بەندێك کارەکەیان دەخاتە خانەی تاوانکارییەوە و خۆشیان دەخاتە ڕیزی تاوانبارانەوە .

ئەو کەسانەی کە لایەنگر و داکۆکیکەرن لەسەر دروستکردنی حوکمی لیبراڵ و ئابوریی لیبراڵ ، هاوکاتیش بە ئاگان لە دانانی کارایی و هەژموونی ئەو سیاسەتە لەسەر خەڵکی، بێ بەزەییترین کەس و دوژمنترین کەسن بە خەڵکانی هەژار و نەدارای کوردستان ، ئیتر ئەم کەسانە پێگە و پلە و پایەی حیزبی و حکومیی و کەسایەتییان ، هەرچییەك بێت.
ئەو ئابورییەی کە ئێستا لە کوردستانا خەڵکی لە سایەیدا دەژی و دەناڵێنێ بەڕێکردنی تەنها بەرایی سیاسەتی ئابوریی لیبراڵە، بەڵام لە شێوەی ڕاو و ڕووت و دزییەکی ئاشکرای یاسایی نەکراودا . لە کاتێکدا حوکمی لیبراڵ و ئابووریی نیو-لیبراڵ ، بە تەواوی دەچەسپێ، ئەو کاتە بارودۆخی خەڵکی لە کوردستانا، خراپتر دەبێت .

ئەو حوکم و ئابورییەی کە’ گۆڕان ‘ و نەوشیروان موستەفا پێش مردنی، پێیان لەسەر دادەگرت و شەڕیشیان لەتەك یەکێتی و پارتیشدا، لەسەری دەکرد ، شتێك نەبوو و نییە جگە لە بە یاساییکردنی گەندەڵی و دزی و ڕاوو و ڕوتەکان، هەر وەکو چۆن لە وڵاتانی پەیڕەوکەرانی ئەو سیاسەتەدا هەیە، بە دیاریکراویش بریتانیا.
بریتانیا کە دایکی سیستەمی پەڕلەمانی دونیایە و خاوەنی شۆڕشی پیشەسازیی چەند چەرخێك پێش ئێستایە و حکومەتی مەدەنیی و ئابوریی نیولیبراڵ بەرنامەیەتی و پێنجەم وڵاتی دونیاشە لە دەوڵەمەندییدا،لەبەڕێکردنی ئەوەی کە لە کوردستانا داخوازی بۆ دەکرێت، وەکو نمونەیەکی زیندوو دەهێنمەوە.
بۆ ئەمەش من هەر زۆر بە کورتی کەمێك لە ڕاستییەکان بە ئامارەوە دەخەمە بەردەستی خوێنەری کورد. دەڵێم هەر زۆر زۆر بە کورتی چونکە حوکمی لیبراڵ و ئابووریی لیبراڵ سەدەها کتێبی لەسەر نوسراوە و هێشتا سەدەهای دیکەش بەڕێوەیە.

من لێرەدا هەر ڕاستییەکان دەخەمە پێشچاو و پرسیار دەکەم، ئیتر با خوێنەر خۆی بڕیاری خۆی بدات . ئایا تۆ دەتەوێت ئابوورییەك لە کوردستانا لەسەر نموونەکەی بریتانیا بەڕێبکرێت کە زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵ بە هەژاری ژیان دەبەنە سەر؟!! 600 هەزار کەس لەسەر بەخشینەوەی خواردن دەژین؟!! لە سەرو 1 ملیۆن کرێکارەوە لەگەڵ خاوەنکارەکانیانا زیڕۆ ( سفر) گرێبەستیان هەیە؟!! واتە خاوەنکار هەر کاتێك بیەوێت دەتوانێت دەریان بکات و هیچ ماف و بەرتەرەیەکیشی نییە ، ئەمڕۆ کاری هەیە بەڵام بەیانی مسۆگەر نییە. زیاتر لە 6 ملیۆن کرێکار کرێی سەر کاریان لە خوار بڕی لانی کەمی کرێوەیە؟!! ڕێژەی خەڵکانی کە لەسەر جادە دەژین یاخود لە خانووی زۆر خراپدا دەژێن لە ساڵی 2010 وە تاکو پارەکە، 2016 ، بە ڕێژەی لە سەدا 38 چووەتە سەرەوە؟!! هاوکاتیش لە سەدا 40 ی موچە لە لەندەنا دەچێت بۆ کرێی خانوو.

دەتەوێت لە ژێر سیستەمەێکدا بژیت کە هەموو هەفتەیەك 2 ئافرەت دەکوژرێت؟!! 138 هەزار ئافرەتی تر ساڵانە بەهۆی فشاری لێدان و بریندارکرن و سوکایەتی پێکردنیانەوە لە دەست مێردەکانیان یاخود هاوجووتەکانیان ڕادەکەن و پەنا بۆ پەناگاکان دەبەن؟!! 14 ملیۆن کامیرای چاودێریکردن بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی 2015 ، -کە ئەو ژمارەیە لە ئێستادا سەرکەوتووە بە هۆی هەبوونی مەترسی تیرۆریستەوە- هەیە، کە هەر کەمتر لە 5 کەسمان کامیرایەکمان بەردەکەوێت؟!! ئەمە جگە لە کامیراکانی شۆپینگ سێنتەرەکان و نێو دووکانەکان.. دەتەوێت کە کرێکاران بۆ ئەوەی کە نقابەیەك دروست بکەن دەبێت بە گوێرەی چەند بەند و مەرجێك بێنەوە؟!! … مافی هاریکاریی و هاوکاریی هاوەڵە کرێکارەکانی دیکەیان لە کۆمەکی پارە کۆکردنەوە و بەشدارییکردنیان لە ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانیانا… نەبێت؟!! دەتەوێت سیستەمێك دروست بێت ڕۆڵی لە مردنی ملیۆن خەڵکدا هەبێت؟!! ژمارەی ئەوانە کە بە تەنها لە وێڵس و ئینگلەندا بە نەخۆشی لەبیرچونەوە دەمرن 59،199 کەسە ،هەروەها مردن بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە ساڵانە 143،638 کەسە؟!! لە سای ئابورییەکدا بژیت کە ژمارەی ئەوانە کە لە زۆر هەژاریدا دەژین بەم زوانە ژمارەیان دەگاتە 17،7 ملیۆن کەس؟!! بەگوێرەی لیستی جێگا پلەی بریتانیا لە ڕیزبەندی وڵاتانی دیکە لە بارودۆخی کرێکارانا ، بریتانیا لە خانەی 103 دایە دوای ئەو ڤێنزویلا دێت کە لە خانەی 104 دایە گەزەو زیفەی خۆرئاوای فەلەستین ، لە خانەی 105 دان ….
جەوهەری سیاسەتی ئابوریی لیبراڵ گردکردنەوەی زیاتری پارەیە لەلایەن کۆمپانیا گەورەکان و بانقەکان و دەستەی دەستەبفژێرەوە.

پایەکانی حکومەت و ئابووری لیبراڵیش : حکومەت و خەڵکی کە بەکاربەرن لەگەڵ کۆمپانیاکانا. کە حکومەت دەست لە سەرفکردنی پارە لە هەموو بوارەکانی وەکو بیمە و خزمەتگوزاریی دەگرێتەوە ، ئیتر خەڵكیش دەست بەوەی کە هەیانە ، واتە سەرفکردنەوە دەگرنەوە ، کە ئەمەش ڕوویدا، ئەو کاتەش کۆمپانیاکان دەست بە سەرمایەگوزاریی یاخود خستنەگەڕی سەرمایەوە دەگرن ، لێرەشەوە خەڵکانی زیاتر بەتاڵە دەبن و کرێ دەشكێ و نرخ بەرزدەبێتەوە. بەم شێوەیە ئەم سوڕە بەردەوام دەبێت و هەژاریی و نەبوونی خەڵکیش لە برەودا،


زاهیر باهیر – لەندەن
13/06/2017




شیینکردن یاخود ڕشانەوە !! … زاهیر باهیر

کەسانێکی زۆر لە ناوەوەی گۆڕان و دەرەوەشی بە کۆچی دوایی نەوشیروان، زۆر خەمبار بوون. هەمیشە هەر وابووە ئەوەندەی کورد بە سۆز ( عاتیفە) قسە دەکات چارەکێکی ئەوە بە هۆش و بیرکردنەوەوە قسە ناکات ، ئەمە جگە لەوەی پیاهەڵدانی کۆچکردوان و بە شان و باڵ هەڵدانیانا و گەیاندنیان بە کەشکەلانی فەلەك زیاتر کولتورمانە، لەوەی بڕوا و باوەڕ پێبوونمان، بێت . هەر ئەو کوڵتورەشە کە ڕەرخنەگرتن ، لە هەڵسوکەوتی “سەرکردەو ڕابەر و سەرۆك” و ڕێڕەوەکەیان، کاتێك کە دەمرن قەبوڵ ناکرێت. ئەم ڕەخنانەش لە لایەن بەرانبەرەکانییەوە ، بە هەر هۆکارێك بن، هەرس ناکرێن و دەئاخنرێنە خانەی تەهیوین و تەحقیر و تەخوین و ڕێز نەگرتن لە کوڵتور و مرۆڤانی کۆچکردوو . ئەمانەمان لەم ڕۆژانەدا لە لایەن گەلێك کەسەوە بینی تەنانەت هەندێك برادەر ڕووبەڕووی هەڕەشەش لە لایەن ” کوڕانی گەلەوە ” لە فەیسبوکدا، کە دیارە کۆمەڵێكن لە گۆڕان ، بوونەوە.

ئەم جۆرە ئیرهابی فکرییە لە لایەن ئەو دەستەیەوە و لەلایەن دەستەی نوسەرانیی ڕؤشنبیریش گەر لای ئەوان پاساوەکەی هەرچی بێت ، لای خەڵکانی وەکو من نەك هەر قەبوڵ نییە، بەڵکو هیچ کەسی دیکەش نابێت قەبوڵی بکات .
کەسانی ڕؤشبیری لیبراڵ کە هەم خۆیان بە ڕۆشنبیر و بە پسپۆر لە زمانناسی و زمانزانی و هەمیش بزنسمان، دەزانن، کە هێڵنجدەدات و دەڕشێتەوە دژ بە کۆمۆنیستەکان و یەخەی ئەنارکیستەکانیشی گرتۆتەوە. ئەم ڕؤشنبیرە ڕێگای بەخۆی داوە و ئەوەی ناشیرینە وتویەتی .
ئاخر ناکرێت کە تۆ پێگەیەکی فکریت نەبێت ، هەڵوێستێکی عەمەلیت نەبێت ، تۆ لەو پەڕی لایەنگیریی نەوشیروان موستیەفا و گۆڕانەوە ببیتە ڕەخنەگریان و دواتریش لە دوای مردنی نەوشیروان ببیتە دۆستایان و ئاوا بڕشێیتەوە بەرانبەر هەرکەسێك کە ڕەخنەی لە ڕابوردوو و ئێستاو ئایندەی نەوشیروان و گۆڕان گرتبێت!!!.

ئاخر کاکی نوسەر تۆیەك نەتوانیت یەك بڕگە، تەنها یەك بڕگە ، بنوسیت و ئەوەندە کۆڵەواربیت لە زمانا، بێ ئەوەی چەندەها وشەی عەرەبی و ئینگلیزی تێکەڵاو نەکەیت!! هاوکاتیش تۆ خۆت بە پسپۆڕ لە زمانی کوردیدا بزانیت!!.
ئاخر تۆیەك کە لە ماوەیەکی کەمدا خاوەنی 3 هەڵوێستی جیا بیت ، چۆن دەتوانیت خۆت بە توێژەرەوە و شیکەرەوەی بارودۆخی کوردستان بزانیت!!، با نەك هەر ماستەر بکەیت لە هەر بوارێکدا، تەنانەت ، با پڕۆفیسۆریش بێت [ کورد زۆر پڕؤفیسۆر بە گرنگ دەزانێت ] . ئاخر مەگەر گێلە خوێنەر باوەڕ بەوە بهێنن کە تۆ لە بواری زمان و بواریی توێژینەوەی سیاسی و بارودۆخی کۆمەڵاییەتیدا شارەزایت هەیە .
ئاخر تۆیەك لە پۆستێکدا دەستخۆشی لە قەتڵ و عامکەرانی قەسابخانەکەی پشتئاشان و قەڕناقان ، بکەیت ، کەچی لەولاوە بۆ کوردانی باشور و باکور و ڕۆژاو فرمێسك هەڵڕێژیت و بپاڕێیتەوە و دژایەتی دیکتاتۆرییەت و فاشیەت بکەیت!!، دیسانەوە مەگەر هەر گێلە نوسەر و گێلە خوێنەوارەکان باوەڕت پێبکەن تۆ وەك کابرایەکی دیمۆکراتی و دۆستی دادوەریی کۆمەڵایەتیی بناسن و ئەو وتارانەشی کە دەیاننوسیت ، لە متمانە و قەناعەتتەوە ، لێت وەرگرن !!

تۆیەك کە وەکو من هیچ نیت ، کەچی بەو پەڕی مەغروریی و ڕازییبوون لە خۆوە، هەڕەشە لە برادەرەکانی فەیسبوکت دەکەیت کە گەر ئاوا بن ….. تۆ ‘ ئەنفرێندیان ‘ دەکەیت [ تەنانەت لەمەشدا نەتتوانیوە بە کوردی بنوسیت ] وەکو ئەوەی برادەرایەتیی و هاوەڵگرتنی فەیسبووك بە پارە ڕابگیرێت ، کە تۆ برادەرەکانت لە برادەرایەتی خست ئیتر ، موچەکانیان لای تۆوە دەبڕێت!!
تۆ ڕەنگە لە بزنسەکەتا سەرکەوتو بیت ، چونکە دەزانین بزنس و دەوڵەمەندبوونیی لەسەر چ بناخەیەك دروست دەکرێت، بەڵام لەم سیانەی دیکەیانا : توێژینەوە و زمانناسی و مرۆڤدۆستی ، بەداخەوەم کە دەڵێم سەرکەوتوو نیت .

زاهیر باهیر- لەندەن
30/05/2017




نزیكبوونەوەی پەیەدە بە ئەمەریکا و پڕچەککردنی یەپەگە و هاوپەیمانەکانی جێگای نیگەرانییە:


زاهیر باهیر –لەندەن
13-05/2017

هاوکێشە سەربازیی و سیاسییەکان و دۆستایەتی و نەیارێتی لە نێوانی هێزەکانی ڕۆژاوادا لە بەرانبەر ئەمەریکا و ڕوسیا و تورکیادا بەبەردەوامی لە گۆڕاندایە. دینەمۆی ئەم گۆڕنکارییەش زۆر بە کەمی پەیوەندی بە داعش و هێزی ئەوانەوە هەیە ، بەڵکو زیاتر پەیوەستە بە پاوانخوازیی و بەرژەوەندییەکان و مل ملانێ لەسەر دەسەڵات لە نێوانی ئەمەریکا و ڕوسیا و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەشەوە.
ئەوەی کە لە ئێستادا دەبینرێت گەیشتنی بە لێشاوی چەکی قورس و سووکە لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ هێزی سوریای دیمۆکرات، کە ئەمەش هۆکاری زۆری هەیە . وێڕای جیاوازی ئەو هۆکارانە، بەڕای من بۆ ئێمەیەك کە هاریکاریی ڕۆژاوا دەکەین دەبێت ئەمە جێگای نیگەرانییەکی یەکجار زۆرمان بێت ، لەبری شادومانیمان . ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانە:

یەكەم: ئەمەریکا لەسەردەمی ئۆبامادا، لە بەرانبەر ڕوسیادا بەرەو لە دەستدانی نفوس و کێشی سیاسی دەبووەوە، کە ئەمەش کارێکی نەشیاوە لە ئەمڕۆدا. چونکە ئەمەریکا هەتا بۆی بکرێت لە هەوڵی ئەوەدایە کە خۆی گەورەی مەیدانەکە بمێنێتەوە ، لێرەشدا بۆ ئەوەی کە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت پشتگیرییکردنی هێزە کوردییەکانە لەوێ، ئەویش نەك لەبەر بەرژەوەندی کورد ، بەڵکو تەنها خودی خۆی.

دووەم: بۆ دەستەمۆکردنی هێزە کوردییەکانە و لەدەستدانی شۆرەتی باشیان و ناوبانگی ئازادیخوازانەیانە کە سەراپای جیهانی پڕکردبووەوە . هەروەها ئەمەریکا دەیەوێت کە بیانکاتە هێزێكی ئەساسی لە ئێستادا بۆ بەدەستهێنانی مەبەست و ئاماجەکانی، کە ئەمەش باشترین ڕێگایەکە بۆ ناجەماوەییبوونیان و بێ شۆرەتکردنیان.

سێیەم: دابڕینی ئەو هێزەیە لە پەکەکە و کەمکردنەوەی هەژموونی پەکەکە لەسەر ڕۆژاوا. ئەمەریکا کار لەسەر بچڕاندنی تەواوی پەیوەندی یەپەگە لەگەڵ پەکەکە دەکات.

چوارەم: دەبێتە هۆی تووندکردنەوەی تورکیا لە کورد و دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ لە ڕۆژاواو هێڕشی دڕندانەی دیکە بۆ سەریان و هەروەها بۆ سەر قەندیل و شەنگاڵیش .

پێنجەم: چڕکردنەوەی شەڕەکە و لاوازکردنی هێزە کوردییەکانە هەم بەدانی قوربانی زیاتر و هەمیش بە لەدەستدانی ئەو شۆرەت و ناوبانگەی کە هەتا ئێستا هەیان بووە . ئەمە جگە لەوەی کە شەڕی داعش و گەورەکردنی قەبارەی هێزی سوریای دیمۆکرات، لەلایەکەوە زیاتر دەیانکاتە وابەستەی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە لایەکی دیکەوە ئامانجی لەناوبردنی داعش دەکاتە ئامانجی سەرەکی، کە ئەمەش لەسەر حسابی بێ هێزکردن و پێشنەکەوتنی کۆنفیدراسوێنەکان دەبێت. چەندێکیش ئەم هێزە سەرکەوتنی زیاتری سەربازیانە بەدەستدبهێنێت و شوێنی زیاتر بگرێت، ئەوەندە زیاتر پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی ، لە ڕۆژاوادا لەدەستدەدات. هەروەها گەورە بوونی قەبارەی هێزی سوریای دیمۆکرات و پەیەدە لەسەر حسابی خۆسەرییەکان و بزوتنەوەی تێڤدەمە.
بە گوێرەی ئەوەی کە دەیزانین ژمارەی شەڕکەرانی هێزی سوریای دیمۆکرات ٥٠ هەزار کەسە. ئەگەر تەنها لەم ژمارە زۆرە تەنها ١٠ هەزاریان خەریکی کارکردن بوونایە لە کێڵگە کشتیارییەکان و هەرەوەزییەکان و دروستکردنی قوتابخانە و خەستەخانە و خانووبەرە بوونایە، ئێستا ژیان لە ڕۆژاوادا شتێکی دیکە دەبوو.

شەشەم: پاش ئەوەی کە دەرکەوت بزوتنەوەیەکی وەکو ڕۆژاوا لە ناوچەکەدا ڕوینەدا وەکو پشتوپەنایەك بۆیان هەروەها هاریکاریی و کۆمەكی نێونەتەوەیییش نەگەێشتە ئاستێكی کاریگەر، ئیتر مانەوەی ڕۆژاوا و هێزەکانی بەستراوەتەوە بە مانەوەی داعشەوە . کەی داعش نەما ئەو کاتە سەرەی ڕۆژاوا دێت، یاخود لەو پەڕی باشیدا کورد لە ڕۆژاوادا دەبێت ڕازی بێت بەوەی کە بۆی دیاری دەکرێت ، نەك بەوەی کە خۆی دیاریدەکات، ئەمە نەك هەر لە ڕوی داخوازییەکانەوە بەڵکو لە ڕوی بوونی سیاسیی و پەیوەندی دیبلۆماسیشی لە تەك دەوڵەتانی دەوروبەر بەتایبەت حکومەتی هەرێـم و تورکیا و سوریای ئێستاو داهاتووش.

حەوتەم: هەبوونی داعش وەکو هێزێك لەوێدا هاوکێشەیەك دادەنێت بۆ پێگەی سیاسی و سەربازیی کورد. دوای بەزاندنی داعش لە موسڵ و لە ڕەقە ، وەکو پێشتریش پێشبینیم کردووە لێدانی هێزەکانی ڕۆژاوا و پەکەکە ئەو پەڕی چاوەڕونکراوە کە ئەمەش ڕەنگە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود ئەیلول- دا ڕووبدات ، لەو بارەشدا ئەگەریی هاتنەناوەوەی ڕاستەوخۆی تورکیایە بە هاوکاریی پارتی . ئەم شەڕەش ماوەیەکی زۆرە لە لایەن توورکیا و وڵاتانی ناوچەکە و بارزانی و بە ئاگەداری ئەمەریکاو بریتانیا پلانی بۆ کێشراوە و کارەساتیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
هەشتەم: نزیکبوونەوەی پەیەدە و هێزی سوریای دیمۆکرات دەبێتە هۆی تووڕەبوونی ڕوسیا، ئەمەش ڕەنگە سەرنجامەکەی گۆڕانی هەڵوێستی سوریا بێت لەژێر داوای ڕوسیادا، گەر ئێستاش نەبێت ، ڕەنگە لە ئایندەدا. ڕەنگبوایە گەر پەیەدە ئەو نزیکبوونەوەی لە ڕوسیاوە بوایە باشتربوایە چونکە ڕوسیا هاوپەیمانێکی زیاتر متمانە پێکراوە تاکو ئەمەریکا. هەروەها لەوە دەکات کە ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و زیاتریش گوێ بۆ ڕوسیا دەگرێت. ئا لەو بارەدا دوای وەستانی شەڕ ئەسەد لەژێر فشاری ڕوسیادا لە ڕۆژاوا دەگەڕا، تاکو ئایندەیەکی باشتری هەبێت ، باشتر لەوەی کە ئەمەریکا و ڕۆژاوا ڕەنگە بۆی دیاریبکەن.
بەڕای من لە دوای جەنگی کۆبانی و ڕزگارکردنی گوندەکانی ئەو دەڤەرە، دەبوایە یەپەگە و یەپەژە هەر لە هەڵوێستی بەرگریی-دا بمانایەتەوە، لە بری هێڕشکاریی. دوای ئەو جەنگە پاڵەوانانە و هاتنەناوەوەی ئەمەریکا و ڕوسیا، شەڕەکە لەشەڕی هێزەکانی ڕۆژاوا و پەیەدە تا ڕادەیەکی زۆر دەرچووە و بووە بە شەڕێ ڕوسیاو ئەمەریکاو تورکیا و سوریا. هاوکاتیش پەیەدە دەبوایە باشتر مامەڵەی گۆڕانکارییەکان و هاوکێشەی هێز و بەرژەوەندی ڕۆژاوای بکردایە . هەروەها دەبوایە پەیەدە دەسەڵاتی زیاتری بۆ تێڤدەم و خۆبەڕێوەبەرییەکان بهێڵایەتەوە تاکو ئەوان بەزۆرینە بڕیار لەسەر شەڕ و ئاشتی بدەن.
ئێستا بە ئاشکرا دەبینین کە سروشت و ئاڕاستە و جەوهەری شەڕەکە گۆڕاوە و بووەتە شەڕی زلهێزەکان و هەندێك لە وڵاتانی ڕۆژاواو حکومەتەکانی ناوچەکە بە هەرێمیشەوە. ئەم شەڕەش شەڕی پاوانخوازیی و بەرژەوەندی سیاسیی و ئابووریی هەموو ئەو لایەنانەیە، نەك کورد لە ڕۆژاوادا.
بۆ بەدبەختی، ئەم بارودۆخەی ئێستا ، لەوە ناکات سەرەنجامێکی باشی هەبێت. لەوە دەکات کە داعش لە موسڵ و ڕەقە دەرکران ئەو کاتە شەڕەکە بکەوێتە ڕۆژاوا و شەنگاڵ و قەندیل. وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد ئەمە پلانە و لە لایەن بارزانی و تورکیاوە بە ئاگەداریی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەڵمانیا و ڕەنگە ئێرانیش لێی بە ئاگابێت.

Zaherbaher.com




بانگەوازێک بۆ کوردانی بریتانیا سەبارەت بە بەرگرتن بەم شەڕەی کە بەڕیوەیە:


زاهیر باهیر – لەندەن

هەمووان دەزانن بە گوێرەی هەواڵەکانی میدیا و سۆشیاڵ میدیا ، شەڕێکی سەختی ناڕەوا دژ بە شەنگال و هەموو کورد بەڕیوەیە. شەڕێكە وەکو سەراپای شەڕەناڕەواکانی دیکەی کە مێژوو تۆماری کردون، لە بەرژەوەندی کەسمان نیە ، جگە لە بازرگانانی جەنگ و حکوتەکانی ناوچەکەو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و زلهێزەکانی دیکە و کارگەکانی دروستکردنی تەقەمەنی، شەڕێکە برسێتی و نەهامەتی و کۆچکردن و وێرانی و گەڕانەوەی کۆمەڵ و تاکەکانی بۆ پێڕەوکردنی وەهمەکان و سەرچاوەی خولقێنەری ڕایسیزم فاشیزم ئەگەر بۆ کاتیش بێت، هەموو ئەمانە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
ئێمەی کورد جگە لە فەلەستینییەکان ڕەنگە ئەزموونی نەگریسی هەموو جۆرەکانی جەنگمان لە نەتەوەکانی دیکە بە ‘ کشمیرییەکانیشەوە’ ، زیاتر هەبێت. ڕاستە گەلێکمان گەنجین و لە نێو خودی بارودۆخی جەنگدا نەژیاوین ، بەلام تا ئێستاش لەژێر سێبەرەکەیدا دەژین و شەڕ کارایی گەوەری خۆی لە سەر داناوین، هەر هیچ نەبێت، بە لە دەستدانی یاخود ونبوونی کەسێکی خۆشەویستمان.
ئەم شەڕەی کە بەڕیوەیە ، بەڕیوەیە و دوای “ڕزگارکردنی ” موسڵ دەست پێدەکات، بە تەنهاش هێڕش نابێت بۆسەر شەنگال و یەزیدییەکان . پلان و ئەجەندەی پارتی و دەوڵەتی تورکیای ئاغایان ، ئاشکرا و ڕوونە و بەشێکی هێڕشەکە بۆسەر قەندیل دەبێت و بەشەکەی دیکەشی بۆسەر کوردانی ڕۆژاوا و خۆسەرییەکانیان دەبێت ، بەتایبەت جەزیرە.
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بێ دەنگی بشکێنین، کاتی ئەوە هاتووە چالاکی کاریگەر ئەنجامبدەین ، کاتی ئەوە هاتوە ” پێشخواردنی کەوڵەکە ” بکەوینە خۆمان ، نەك دوای “خواردنی” بکەوینە پەلەپڕوزێ. کاتی ئەوە هاتووە وێڕای جیاوازیی بیرو بۆچون و هەبوونی ڕەخنەمان لە پەکەکە و ئینتیمای سیاسییمان بۆ گروپ و ڕێکخراوە سیاسییەکان ، لە لیژنەیەکدا، گروپێکدا، کەمپەینێکدا، کە نە کەس سەرۆکی بێت و نە چالاکییەکانیشی بەسەرا بسەپێنرێ و نە بە ڕای تاکە کەسیش ئەنجامبدرێ، خۆمان کۆکەینەوە.
بەڵێ وەختی ئەوەیە کە یەکبگرین قسە لەسەر ئەوەی کە دەکرێت بۆمان ، بکەین، تاکو بەر بەم شەڕە ڕاگرین، گەر نەشتوانین ڕاشیگرین ، خۆ نابینە جێگای گلەیی خۆشمان و بەدەر لە خۆشمان.
ئەوانەی کە ئامادەن کاری جددی و چالاکی جددی بکەن کە هیچ نەبێت بەرهەمێكی بچوکیشی هەبێت، تکایە لە ڕێگای ناردنی پەیامێکی شەخسییەوە بە فەیسبووک ئاگەدارم بکاتەوە تاکو ڕاوێژ لەسەر کات و ڕۆژ و شوێن بکەین بۆ یەکەم دانیشتنمان .
ئەمەی کەمن دەیڵێم پێشنیارە و من هیچ نیم و سەر بە هیچ لایەنێکی دەسەڵاتخواز نیم چاوەڕوانی پەیداکردنی سەرمایەی سیاسیش، نە بۆ خۆم و بۆ ئەوەشی کە باوەڕم پێی هەیە ناکەم، خۆشتان بە کردەوە ئەمەتان بۆ دەردەکەوێت.

زاهیر باهیر – لەندەن




تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بەکاری هەروەزی… نووسەر زاهیر باهیر

کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .
لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.

لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە. 7


دەنگەکان- سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

زاهیر: من ناوم زاهیر باهیرە و بە قەولی وتوان لە دایکبوی ساڵی 1952م . لە تەمەنی 14 ساڵییەوە تێکەڵاوی سیاسەت بووم و سەرەتا لەگەڵ جەلالییەکان بووم. لەتەمەنی 18 و 19 ساڵییدا جەلالییەتم بەجێهێشت و تا کۆتایی 1985 لە چەند ڕێکخراو وگروپێکی مارکسی- لێنینی- دا کارم کردووە . کاتێک کە لە گروپی مارکسی-لینینی عێراقییەکانا بووم، ( کار) لەو چەند ژمارەی ڕۆژنامەی ‘ کار’ دا کە دەرمانکرد وتارم نوسیوە.
لە سەرەتای نەوەدەکانەوە باوەڕم بە مارکسییەت بە تایبەت پرسی دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیاتاریا و دەوڵەت بە گشتی ، نەماوە. هەر لەو سەردەمەدا جاروبار لە گۆڤاری ‘ دواڕۆژدا’ وتارم دەنوسی .
لە ساڵی 2000 وە بیرکردنەوە و خویندنەوە و کارکردنم لە لەندەن کە لە ساڵی 1988 دا دەستیپێکرد و ئەزموونم لەگەڵ کرێکران و ڕێکخراوە چەپە سیاسیەکانی بریتانیا، گەیاندمی بە هزری ئەنارکیستی ‘ ئەنارکیزم’ . هەر لە سەرەتای 2000 وە لە گەڵ دوو سێ هاوڕێی دیکە کە هەڵگری هزری ئەنارکیستی بوون، گۆڤاری ‘ژیڵەمۆ’ و ‘دالیان-مان دەردەکرد، کە چەند ژمارەیەکیان لێدەرچوو.
لە ساڵی 2005 یشەوە ناو بەناو لە ماڵپەڕی ‘ئەنارکیستان’ هەروەها لە هەندێك لە ماڵپەڕە کوردییەکانا دەنوسم. لە هەندێك لە گروپە خۆجێییە سەربەخۆ ناهیراشییەکانی لەندەنا ، هەڵسوڕاوێکی چالاکم. پەیوەندی توند و پتەوم لەتەك ئەنارکیستە کوردەکان و زۆرێك لە ئەنارکیستانی دیکە لە ئەوروپا و ئەمەریکاو گەلێك وڵاتانی دیکەدا هەیە.

دەنگەکان – “بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

زاهیر: من ناتوانم بڵێم ئەمڕۆ بزوتنەوەیەك هەیە بەناوی ‘ بزوتنەوەی هەرەوەزی ‘ یەوە. لێرە و لەوێ چەند کارێکی هەروەزیانە دەکرێت ، بەڵام بەو مانایەی کە بزوتنەوەیەکی چوست و چالاکی هەرەوەزیانە ، بێت، وجودی نییە و ڕەنگە چەندەها ساڵی دیکەش بخایەنێت بۆ دەرکەوتنی ئاوا بزوتنەوەەیەك.
کارو چالاکی دەستەجەمعیانە ، کە هێشتا خۆی نەگرتبێت و نەبووبێتە خوو و نەرێتی کۆمەڵایەتی و کنەی لە دەوڵەت و پرۆژە کشتوکاڵی و پیشەسازییە مەوجوودەکان لەگەڵ مارکێت، نەکردبێت ، هەرگیز ناتوانرێت ، ناوی ‘ بزوتنەوەی هەرەوەزی ‘ لێبنرێت.

دەنگەکان – بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

زاهیر: لە ڕاستیدا ئەمە پرسیارێکی فرە ڕەهەندە و وەڵامێکی دووروو درێژی دەوێت. بۆ ئەوەی کە خۆم لەو درێژدادڕییە ڕزگار بکەم ، بە کورتی دەڵێم: دەکەوێتە سەر چونێتی دروستکردنیان، دەستە و هێزی هەڵسوڕێنەریان و کۆمەڵ و تاكی کۆمەککار پێیان و قەتیسبوونی یا نەبوونی پرۆژەکە لە بوارێکدا یا سنوردارکردنی ، ئیدی لە شوێنێکدا یا لە پرۆژەیەکدا و هەروەها ئامانجی ئەو کارە، واتە ئایا دەکرێت ئەوە ببێتە ئاراستەیەکی خودی ژیانی خەڵکی و جێگای خۆی لە شوێنە جیاجیاکانا بکاتەوە؟ ئایا ئاراستەی جێ لەقکردن بە دەسەڵاتی خاوەن زەوی خاوەن کومپانیا ، دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازانی دیکە، دەگرێتە خۆی؟ هەروەها بڕیارەکان کێ دەیدەن و چۆن دەدرێن . ئەمانەو گەلێك خاڵی دیکە ڕەوتی ئەرێیانە یا نەرێیانەی هەرەوەزییەکان و داهاتوویان، دیاری دەکات کە ئایا ڕیفۆرمیین یاخود جێگرەوەی بازاڕ و ئەم شێوە ژیانەی ئێستای ئێمەن؟

دەنگەکان – بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە ؟

زاهیر: وابزنم تا ڕادەیەك وەڵامی ئەم پرسیارەم لە وەڵامی پرسیاری پێشترا، داوەتەوە . لێرەدا تەنها ئەوەندەی بۆ زیاد دەکەم کە بڵێم دوو خاڵ ڕۆڵی گەوەرە دەبینن سەبارەت بە ئاراستەی هەروەزییەکان لە خزمەتنەکردنی سیستەمەکەدا. یەکەمیان: بە سیاسیکردنی هەرەوەزییەکانە ، دیارە لێرەدا مەبەستم بە حیزبیکردن و ئاڵانی لە سیاسەتی سەردەمەوە نییە ، بەڵكو مەبەستیم ئەوەیە کە ئایدیای مرۆڤانەی لە پشتەوە بێت ، واتە بەشداربوانی هەرەوزییەکان دەبێت ئەوە بزانن کە ئەمەی ئەمان ئایدیایەك یا کارێکی نوێ نییە ، لە سەردەمی زۆر کۆندا هەموو شتێك هەروەزیانە کراوە و ژیانیش بە گشتی هەروەزییانە بووە، بەڵام بە تێپەڕینی زەمەن و دەرکەوتنی دەسەڵات و دەوڵەت ، ئەم ژیانەیان لێزەوت کراوە و شێوازێکی تری ژیانیان پێڕەوابینراوە. ئەمە سروشی سروشتیانەی خودی مرۆڤ خۆی بووە لە سەرانسەری شوێنە جیاوازەکانی دونیا و نێو گروپ و کۆمەڵ و نەتەوە جیاوازەکانا .
کەواتە گرنگە لێرەدا هەرەوزیکاران ئەوە بزانن کە کارکردنی هەرەوەزییانە هەموو شتێك نییە ، بەڵکو دەبێت هەنگاو بەرەو ژیانی هەروەزییانەش بنرێت ، واتە خەڵکی بە گوێرەی توانای خۆی کار لەهەرەوەزییەکانا بکات و بە گوێرەی پێداویستیشی، لێی وەرگرێت. ئەمە تاکە ڕێگایەکە کە خۆی بەدوور لە خزمەتی سیستەمەکە و مانەوەی سیستەمەکە بگرێت.
دووهەم: سەربەخۆییبوونی هەرەوزییەکان و بەدوورگرتنیان لە بەسەرا سەپاندنی ئەجەندەی ئاشکراو نهێنی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و کەسانی دەستڕۆیشتوو چ لە بواری ئابوریی و چ لە بواری بەرپرسیی سیاسی و میلتەریی-دا. بۆ ئەمەش هەرەوەزییەکان پێویستیان بە هاوکاریی و کۆمەكی هەمو کەسانی ئازادیخواز و مرۆدۆست و بێ تەماح لە هەموو بارەیەکەوە هەیە هەر لە کۆمەكی پارە و تەرخانکردنی چەند هەفتەیەك بە کارکردن لە هەرەوەزییەکانا ، هەتا بۆ ئەوانەشمان کە لە دەرەوەی کوردستان دەژین ، لە تەك ئەمانەدا هەبوونی ماڵپەرێك لەگەڵ کردنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانا بۆ پاگەندەکردن و بە نموونەییکردنی هەرەوەزییەکان و بەدەستهێنانی کۆمەك و هاریکاریی لە شوێن و لایەنەکانی دیکەوە. ئەمە جگە لە بەیەکەوەستنەوەی یاخود گرێدانەوەی هەرەوەزییەکان لە شوێنە جیاوازەکانا ، هەم بە کۆمەكکردنی یەکدی لە بەرهەمەکانیانا و دەفعکردنی پێداویستییەکانیان ، هەم بۆ مەبەستی فێربوون لەیەکەوە و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکانیان .
بێ گومان زۆر زەروورە کە هەرەوەزییەکان هێڵێکی جیاواز لە نێوانی خۆیان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانا بکێشێت. من لە پۆستێکی سەر فەیسبووکدا هەر بە کورتی بە چەند خاڵێك جیاوازیی نێوانیانم ڕوونکردۆتەوە. بۆ زانیاری لەسەر ئەوە، تکایە خوێنەری بەڕێز کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
http://zaherbaher.com/2016/09/24/%d8%ac%db%8c%d8%a7%d9%88%d8%a7%d8%b2%db%8c-%d9%86%db%8e%d9%88%d8%a7%d9%86%db%8c-%d9%87%d9%87%e2%80%8c%d8%b1%d9%87%e2%80%8c%d9%88%d9%87%e2%80%8c%d8%b2%db%8c-%d9%88-%d8%ae%db%8e%d8%b1%d8%ae%d9%88%d8%a7/

دەنگەکان – کەسانێک پێیان وایە ئەم کارە هەرەوزێیانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچەدا کاری دەسەڵاتەو دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەمە چۆبن دەبینن؟

زاهیر: ئەم جۆرە ڕایانە لای من غەریب نین . ئەمە ڕای زۆرێك لە ئەو کەسانەیە کە کورد وتەنی، دەیانەوێت ” لە قونەوە ئەسپەکە لغاو بکەن” . ئەمانە سیاسی و برادەرە حیزبییەکانن کە دەیانەوەێت لە سەرەوە کۆمەڵ بگۆڕن ، ئەمەش ئاشکرایە هەرچی هەوڵێك کە ویستویەتی لە سەرەوە کۆمەڵ بگۆڕێت ، بە هەقەت شکستی هێناوە و تاکە هەوڵێك نییە کە سەرکەوتوو بووبێت. هەروەها ئەوان دەیانەوێت گۆڕانکاری سیاسی لە ڕژێمدا بکەن نەک گۆڕانکاری ئابوریی و سیاسی و کولتوریی و ڕؤشنبیریی و هتد لە کۆمەڵدا، بکەن ، کە بۆ ئەمەش دیسانەوە مێژو بەڵگەی زۆری پێداوین کە گۆڕانکاریی لە ڕژێـم-دا هیچ لە باروودۆخەکە ناگۆڕێت.
من پێموایە ، ئێمە لە ئێستادا دەبێت کارێکی کاریگەرانە بکەین و بەدوور بین لە ڕوبەڕووبونەەوەی ڕاسستەوخۆی دەوڵەت و دەسەڵات. واتە کاری ئێمە لە ئێستادا کنەکردنە لە دەوڵەت و دەسەڵات و لە ڕێگای کاریگەریانەی ئابوریانەوە، نەك سیاسیانە . بەڕای من ئەگەر ئەو هەرەوەزیانەی خانەقین بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕۆن کە پێشتر پەنجەم بۆ ڕاکێشا، کارێکی یەکجار گەورە و گرنگ دەبێت کە لێرەدا پێویستە دەستخۆشی لە هاوڕێ سەلام و هاوڕێیانی دیکە بکەین و کۆمەکیشیان بە شێوەیەك لەو شێوەیەی کە لە سەرەوە باسمکردن پێبکەین.

دەنگەکان – چۆن دەتوانین هەرەوەزییەکان بە ئەڵتەرناتیڤ ببیمین، ئەو گۆرانە پۆزەتیڤانە چین کە هەرەوەزییەکان وەك ڕەتکەرەوەی کردەوەیی سیستەمە چینایەتییەکە نیشاندەدەن، چ کاراییەکیان لەسەر خێراکردن و بەهێزکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی گشتی دەبێت ؟

زاهیر: من لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشوودا وەڵامی ئەمەم داوەتەوە . لێرەدا تەنها پێ لەسەر ئەوە دادەگرم : یەکەم فراونکردنی بوارەکانی هەرەوەزییەکان ، دیارە ئەمەش متمانە دەکاتە سەر کۆمەك و هاوکاری ئێمە هەر هەموومان . دووهەیش هەروەزییەکان هەر بۆ کارکردنی دەستەجەمعییانە نەبن ، بەڵکو دەبێت بەرهەمی هەرەوەزییەکانیش لە لایەن هەموانەوە بە گوێرەی پێویستی بەشداربووانی هەرەوەزییەکان، بچێنرێتەوە . بڕێکیش لە داهاتی هەرەوەزییەکان بۆ کڕینی پێداویستی هەرەوەزییە کشتوکاڵییەکان و نوێکردنەوەی ماشێن و ئامرازە کۆن و پەرپوتەکانی کارگەکان، هەروەها کردنەوەی چێشتخانەیەك بۆ بەشداربوانی هەرەوەزییەکان و خێزانەکانیان ،تەرخان بکرێت . دەبێت ئەوەش بڵێم پێویستە بڕێك پارە لا بدرێت بۆ گەشتی پیرو پەککەوتان و منداڵان، هەر هیچ نەبێت لە ناوچەکەدا. ( دیارە ئەمە ئامانجێکی تۆزێك دووری هەرەوەزییەکانە)، نەك لە ئێستادا ، کە لە سەرەتادان.
گەر ئاراستەی هەررەوەزییەکان بەو شێوەیە بڕوات ، ئەوە گومان لەوەدا نییە کە کارایی خۆی لەسەر ئەو لایەنانەی کە دەستنیشانتان کردوون ، پۆزەتڤانە ، ددادەنێت و بە زووترین کات گەشەدەکات ، بێگومان وەکو پێشتر وتم بۆ ئەوەی ئەم کاراییە بە تەواوی ڕۆڵی خۆی ببینێت ، ئەوە دەبێت کە لە تۆڕێكی کۆمەڵایەتیدا یا جۆرێك لە فیدراڵیەتی ئابوریانەدا کە لەو قۆناخەدا گەیشتۆتە ئەوەی کە قەوارەیەکی سیاسیشی ببێت ، خۆیان کۆبکەنەوە .

دەنگەکان – چ ئاسۆ و ئامانجێك لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

زاهیر: من ماوەیەکی زۆرە هاتوومەتە سەر ئەو ڕاو قەناعەتێك کە ڕوودانی شۆڕش لە وڵاتانی پیشەسازی گەشەنەکردوودا یا خود کەمتر گەشەکردوودا ، بەختی ڕوودانی زیاتری هەیە تاکو ئەم وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتوانە. بۆ ئەمەش ماوەیەک لەمەوبەر وتارێکم نوسی، کە لینکەکەی لێرەدا، دادەنێم. لەم وتارەدا هۆکار و پاساوی بیرۆکەکەم خستۆتە پێشچاو . هەر لەبەر ئەمەش نامەوێت لێردا خۆم دووبارە بکەمەوە . بەڕای دروستکردنی هەرەوەزییەکان هەنگاوی یەکەم و بەردی بناخەی ئەو شۆڕشەن.
http://dengekan.ca/archives/1261

شتێکی تر هەیە کە حەز دەکەم خوێنەری لێ بە ئاگا بهێنمەوە، ئەویش ئەوەیە کە زیاتر لە 100 هەرەوەزی لە ڕؤژاوای کوردستاندا هەیە ، گەرچی من گەلێك کەموو کوڕییان دەبینم، بەڵام ئەزموونێکی چاکن و جێگای دەستخۆشی و لێوەفێربوونە.

دەنگەکان – لە ڕووی مێژووییەوە، ئایا بزووتنەوەی هەرەوەزی لە ناوچەی لەدایکبوون و ژیانی خۆت هەبووە یان بەخۆت تاکو ئێستا لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوی ؟

زاهیر: بەڵێ لە ساڵەکانی پێش شەستەکانی چەرخی ڕابوردوودا، هەموو کارەکانی لادێکان، گوندەکان ، لە سەرجەمی بوارەکانی ژیاندا ، هەرەوزیانە بووە و خەڵکی بە خۆشییەوە کۆمەکی یەکدییان کردووە و کارە هاوبەشەکان و تایبەتییەکانی خۆیانیان ڕاپەڕاندووە. بەڵام بەداخەوە ، جگە لە کاسەی داروسێ و گێڕانی شایی و شین نەبێت ، ژیان لە ڕوی دابەشکردنی بەرهەمەوە ، بە بیرەوەری من وجوودیی، نەبووە .
لەو ساتەوەی، واتە لە ساڵی 1961 وە کە هاتینە سلێمانی ، لە نێو هیچ هەرەوەزییەکدا نە ژیاوم و نە کاریشم کردووە .


دەنگەکان – ئایا هەروەزییەکان تەنیا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتین، یان واوەتر لەوە دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی باوی بۆرجوازییانەی ئێستا؟

زاهیر: بێگومان دەتوانرێن ببنە شێوازی تەواوی ژیانی خەڵکی و کۆمۆنێتییەکان و تەواوی کۆمەڵ. لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشترا سەرنجی خۆمم بە زیادەوە سەبارەت بەم خاڵە، داوە .

دەنگەکان – ئایا هەر ئێستا هیچ ئەزموونێکی کردەیی و جێکەوتوو یان پەرەسەندوو لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

زاهیر: بەڵی لە ڕۆژاوا و تا ڕادەیەکیش لە باکوری کوردستان ، پێش دەستپێکردنەوەی شەڕ ، ئەو ئەزموونە هەیە و هەبووە . لە سوریاش هەتا ئەم چەند مانگەی پێشوو لەشاری Daraya هەرەوەزییەکان بەردەوامبوون و خۆبەڕێوەبەریش هەبووە کە بە کۆمەكی ئەنارکیستەکانی ئەوێ بە تایبەت هاوڕێ عومەر عەزیز ، کە لە بەندیخانەی ئەسەددا لە ژێر ئەشکەنجەدا ، گیانی بەختکرد ، هەبوو . هاوڕێ عومەر زۆر بە قوڵی لەسەر هەرەوەزییەکان و جۆری چالاکییان و تەشەنەکردنیان نوسیوێتی و لەگەڵ هاوڕێکانیدا قسەو باسی لەسەر کردووە. ئەوانەی کە ئنگلیزی دەزانن دەتوانن لەم لینکەدا ئەو زانیاریانە ببینن:
ucl-saguenay: Experience autonomous municipalities in the Syria war.

هەروەها لە میسر و لە ئسرائیلیش هە یە . بەڵام لە هەرێمی کوردستانا ، تەنها ئەوەی خانەقین ، دەبینین ، کە ئەویش زۆر لە سەرەتادایە.

دەنگەکان – چ پێشنیار و وانەیەك، ئەزموونێكت هەیە کە بیخەیتە سەر ئەزموونی تاکو ئێستای ئەو هەرەوەزییانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن؟

زاهیر: لە وەڵامی ئەم پرسیارەتانا دەڵێم لە ئێستادا دەبێت کارەکان بۆ ئەو هاوڕێیانە خۆیان بەجێبهێڵرێت و دەبێت بریارەکانیش لە لایەن خۆیانەوە بدرێت، چونکە هەر ئەوانن کە کارەکان دەکەن و دەشزانن لە چ بوارێکدا بیکەن ، بۆیە ڕەنگە هەر پێشنیارێك بۆیان . بچێتە خانەی دەستتێوەردان و چەواشەکردنی ئەوانەوە، یاخود نەرێیانە لەسەر ئەزموونەکەیان بشکێتەوە . جگە لەمەش هێشتا من زانیارییەکی ئاوام نییە کە تاکو بزانم ئەوان بە تەواوی چیدەکەن و لە چ بوارێکدا کەمووکوڕییان هەیە تاکو من پێشنیاریان بۆ بکەم . لە هەنووکەدا گەر بکرێت کۆمەكی پارەیان پێبکەین و هانیانبدەین و دەستخۆشییان لێبکەین، لە هەموو شتێك ، گرنگترە .

دەنگەکان – دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە ؟

زاهیر: وێرای دەستخۆشی لەو هاوڕێیانە هیچ پەیامێکم نییە و لە جاوەڕوانی زانیاریی زیاتردام .




سوودو قازانجی کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کان و په‌یوه‌ندی دیبلۆماسیانه‌ی ده‌وڵه‌تان، هیچ وه‌خت باکی به‌ مافی مرۆڤ نییه‌

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
10/12/2016

ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین-دا و له‌ ئه‌فگانستان و ڵاتانی دیکه‌ ده‌گوزه‌رێ ، ‌ ملێونه‌ها خه‌ڵکی بێچاره‌ی کردۆته‌ قوربانی، که‌ به‌شی زۆریان منداڵان و ئافره‌ت و پیر و په‌ککه‌وتوانن. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ئێستادا به‌ به‌رچاوه‌وه‌یه‌ و ڕۆژانه‌ میدیاکان ده‌یانهێننه‌وه‌ یادمان ، سوریا و یه‌مه‌نن.
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکه‌ له‌ بریتانیا به‌هۆی ئه‌و ڕاپۆرت و ده‌نگوباسانه‌ که‌ له‌سه‌ر یه‌مه‌ن ده‌گوترێت و کوشتنی خه‌ڵکانێکی زۆر و قوربانیبوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ منداڵان که‌ زۆرێکی ئه‌م قوربانیانه‌ به‌ فڕۆکه‌ و چه‌کی عه‌ره‌بی سعوودییه‌ . ئاماره‌کانی ڕۆژنامه‌ی گاردیان که‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی وه‌رگرتووه‌ نیشانی ده‌ده‌ن ، له‌ سه‌دا 60 ی ئه‌و2067 ی که‌ بوونه‌ته‌ قوربانی له‌یه‌مه‌ن له‌ مانگی ته‌موزی پاره‌که‌وه‌، خه‌ڵکانی سیڤلن. ( که‌ ئه‌م ئاماره‌ زۆر که‌متره‌ له‌ ئاماری حه‌قیقی ) بۆ ئه‌مه‌ش سعوودییه‌ به‌رپرسیاره‌. هه‌روه‌ها له‌ مانگی جێنیوه‌ری ئه‌مساڵدا هه‌ر ڕاپۆرتی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێت، که‌ 119 هێڕشی ئاسمانی کراوه‌ته‌ سه‌ر یه‌مه‌ن هه‌ر هه‌موویان مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی به‌زاندووه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملێون که‌س ده‌ربه‌ده‌ربوون . ‌ هه‌موو ئه‌م هێڕشانه ‌و هۆکاری خه‌ستکردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌که‌ و کوژرانی خه‌ڵکانی زیاتر ، خودیی سعوودییه‌‌ ، چه‌که‌کانی سعودییه‌ش بریتانین ، سعودییه‌ به‌ تایبه‌تی و که‌نداو به‌ گشتی بازاڕێکی گه‌وره‌ی فرۆشتنی چه‌کن بۆ بریتانیا .

ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌نگوباسێكی گه‌وره‌ی له‌ لایه‌ن میدیای ئێره‌وه‌ ( بریتانی) دروستکردووه‌ هاوکاتیش بوووه‌ته‌ سه‌ریه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌ بۆ حکومه‌تی ئێره‌ که‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا ‘ تیرێزه‌ مه‌ی ‘ سه‌ره‌کوه‌زیرانی ئێره‌ چوو بۆ سه‌ردانی که‌نداو و له‌وێ پاشای سعودییه‌ و ئه‌میری به‌حره‌ینی دیت و وه‌لای بریتانیای بۆیان دووباره‌ کرده‌وه‌ .
هه‌ر له‌م کاته‌شدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا ، ‘ بۆریس جۆنسۆن’ هه‌فته‌ی ڕابوردوو له‌ کۆنفرانسه‌که‌ی ‘ڕۆم ‘ پایته‌ختی ئیتالیا، باسی له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی سعودییه‌و و ئێران کرد ، که‌ له‌وێدا شتێكی جاوه‌ڕوانننه‌کراو و نه‌شیاو ، بوو، که‌ بۆ که‌سێکی وه‌کو ئه‌و که‌ نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌ته‌که‌ی ده‌کات. وتی ” سیاسیی هه‌ن که‌ دین ده‌شێوێنن و به‌خراپ به‌کاری ده‌هینن، په‌ڵه‌ی جیاوازی هه‌مان دین به‌کارده‌هێنن تاکو ئامانجه‌ سیاسییه‌کانیان فراوانتر بکه‌ن . ئه‌وه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین گرفته‌ سیاسییه‌که‌ی هه‌ر هه‌موو ناوچه‌که‌ ، تراژیدیاکه‌ش بۆ من ئه‌وه‌یه‌ که‌ لێره‌دا تۆ ئه‌م شه‌ڕانه‌ت به‌ وه‌کاله‌ت هه‌یه و هه‌موو وه‌ختێکیش هه‌ر شه‌ڕه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا – ئایا ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رکردایه‌تییه‌کی به‌هێز له‌ناو خودی ئه‌و وڵاتانانه‌دا نییه.” درێژه‌ به‌ قسه‌کانی ده‌داو ده‌لێت ” هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ که‌ سعوودییه‌ و ئێران و هه‌موو که‌سێک ده‌چنه‌ ناوه‌وه‌ و هه‌روه‌ها چه‌واشه‌کاریی ده‌که‌‌ن و کێشه‌کان ده‌شێوێنن و ڕۆڵی شه‌ڕه‌کان به‌ وه‌کاله‌ت ده‌گێڕن” ‌ ‌
گه‌رچی ‘بۆری جۆنسۆن’ ئه‌م قسانه‌ی کرد به‌ڵام نه‌ دانی به‌وه‌دا نا که‌ چۆن و سعوودییه‌ ئه‌و ئاگره‌ خۆش ده‌کات و به‌ چه‌کی کێش؟ نه‌ حه‌لێكیشی هه‌بوو و هه‌یه‌ بۆ ئه‌و کێشه‌یه‌ ، ته‌نها وه‌کو قسه‌ ده‌رپه‌ڕاندنێك بوو، نه‌ شتێکی دیکه‌. بێ گومان ئه‌م قسانه‌ پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی حکومه‌تی بریتانی بوو که‌ هه‌رگیز ناخوازن به‌ ئاشکرا ڕه‌خنه‌ی هاوپه‌پیمانه‌کانیان بکه‌ن ، چونکه‌ ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ گرنگه‌ ” بزنس به‌رده‌وام بێت و بۆ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌دنی له‌ ته‌کیانا ئاسایی بێت” ئیدی ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ چه‌ندێك له‌ دانیشتوانی بێتاوانی وڵاتان ده‌کوژرێت. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌روازه‌ی کۆمپانیا چه‌كفرۆشه‌کان دانه‌خرێن و کرێکاره‌کانمان بێ کار نه‌بن تاکو سه‌ریه‌شه‌ بۆ حکومه‌ت دروستنه‌که‌ن و جارێکی دیکه‌ش ده‌نگیان بۆ بده‌نه‌وه‌ بییانکه‌نه‌وه‌ به‌مڵۆزمی گیانی خۆیان.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌دا که‌ تێبینی بکرێت ، هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات و کۆمپانیاکان بێ باك و بێ منه‌ت بن له‌ کوژرانی خه‌ڵکانێکی زۆر و وێرانکردنی وڵاتانی دیکه‌ و ژینگه‌که‌شیان ، به‌ڵکو هاوڕێ کرێکاره‌کانیشمان ده‌ستیان هه‌ر به‌و خوێنه‌ ، له‌ پێناوی بژێوی خۆیاندا و له‌ده‌ستنه‌دانی کاره‌کانیانا ، هه‌ر سووره‌.
کرێکاره‌کانمان که‌ له‌ ‌لایه‌ن چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانه‌وه‌‌ ده‌په‌رسترێن و ده‌یانه‌وێت جڵه‌وی شؤڕشیان بده‌نه‌ ده‌ست و بیانکه‌نه‌ مڵۆزمێکی دیکه‌ به‌سه‌رمانه‌وه‌ ، کاتێك که‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست ، هه‌میشه‌ له‌ دامێنی بێ کاران و قوتابیان و خانه‌نشینکراوان و پیر و په‌كکه‌وتوانه‌وه‌ن له‌ هه‌ڵوێستی شؤڕشگێڕییانا و په‌رۆشییان و بایاخیان بۆ شۆڕش.‌. نه‌‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ش ، به‌ڵکو جاری وا هه‌یه‌ ، به‌ چه‌ند میلێکیش له‌ دوای سه‌رکرده‌ و هه‌ندێك له‌ په‌ڕله‌مانتاره‌ ‌ چه‌په‌کانیشه‌وه‌ن.

نموونه‌ لێره‌دا، له‌ بریتانیا، زۆرن، به‌ڵام من ته‌نها هه‌ر دوو نموونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌‌. یه‌که‌م: ئه‌مساڵ له‌ کۆنفرانسی پارتی کرێکارانی بریتانیا که‌ ‘جێرمی کۆربن’ سه‌رۆکێتی و کابرایه‌که‌ که‌ ڕابوردوویه‌کی زۆر پاك و پڕ له‌ خه‌بات و تێکۆشانی هه‌یه‌ و زۆریش دژی چه‌کی نوه‌وی و ئوستوله‌ حه‌ربییه‌کانی بریتانییه‌‌ و هاوکاتیش دۆستی ژینگه‌یه هه‌ر وه‌کو هه‌موو وه‌ختێکی دیکه‌ی دژی نوژه‌نکردنه‌وه‌ و چالاککردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌، وه‌ستایه‌وه‌.

له‌ کۆنفرانسه‌که‌ پێشنیازێکی پێشکه‌ش، کرد تاکو ‌ په‌ڕله‌مانتاره‌کانی حیزبه‌که‌ی دژ به‌و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌نگبده‌ن که‌ نزیکه‌ی 37 ملیار پاوه‌ندی تێده‌چێت و گه‌ر‌ ئه‌م پاره‌یه‌ش له‌ پرۆژه‌ی باشتردا سه‌رف بکرێت باشتره‌ . جێرمی کۆربن ویستی ئه‌مه‌ بکاته‌ بڕیارێك و یه‌که‌م: له‌ په‌ڕله‌ماندا ده‌رنه‌چێت ، دووهه‌میش: گه‌ر ده‌رچوو و جارێکی دیکه‌ که‌ حیزبه‌که‌ی ( حیزبی کرێکاران) هاته‌ سه‌ر حوکم په‌یوه‌ستی ئه‌م بڕیاره‌ بێت. به‌ڵام مه‌خابن، له‌بری پشتگیریکردنی، ‌ هێڕشێکی گه‌وره‌ی کرایه‌ سه‌ر، چونکه‌ گه‌وره‌ترین نقابه‌ی کرێکاران Unite له‌ بریتانیا، دژی وه‌ستایه‌وه‌ و که‌ گوایه‌ کرێکاره‌کانیان، ئه‌ندامه‌کانیان، بێ کار ده‌بن . دوای ئه‌وه‌ش زۆرێك له‌ په‌ڕله‌مانتاره‌کانیش به‌ جێگره‌که‌ی خۆشییه‌وه‌ ، دژی ‘جێرمی’ وه‌ستانه‌وه‌ ، له‌م حاڵه‌ته‌دا جێرمی ناچارکرا که‌ ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان ئازاد بکرێت له‌ ده‌نگدانا له‌سه‌ر ئه‌و‌ کێشه‌یه‌ له‌ په‌ڕله‌ماندا و هاوکاتیش بابه‌ته‌که‌ بۆ کۆنفرانسێکی دیکه، هه‌ڵبگیرێت تاکو‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت.
دووهه‌م : ماوه‌یه‌کی زۆره‌ که‌ حکومه‌ت ده‌یه‌وێ پلاتفۆرمێكی دیکه‌ی هه‌ڵفڕین و نیشتنه‌وه‌ی فڕۆکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین فڕۆکه‌خانه‌ی بریتانیا، هیسرۆ ( Heathrow ) بکرێته‌وه‌ ، که‌ ئێستا هه‌ر دوانه‌ و بزنس پێویستی به‌ زیاتر ‌ هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌م پێشنیاره‌شدا چه‌نده‌ گروپی خۆجێی له‌ دانیشتوانی ده‌و‌رو به‌ری فڕۆکه‌خانه‌که‌ دروستبوون بۆ دژایه‌تیکردنی کردنه‌وه‌ی پلاتفۆرمی نوێ، هه‌م له‌به‌ر پیسکردنی زیاتری ژینگه‌ و‌ هه‌م ده‌نگه‌ ده‌نگی زیاتری فڕۆکه‌کان، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا له‌ لایه‌ن ژینگه‌ دۆستان و ‌ چه‌پ و سۆشیالیست و ئه‌نارکیسته‌کانیشه‌وه‌ ‌ پشتگیرییان لێده‌کرێت.

له‌م کێشه‌یه‌شدا ‘جێرمی کۆربن’ هه‌ر وه‌کو هه‌میشه‌ دژ به‌م جۆره‌ کارانه، ڕاوه‌ستایه‌وه‌ و ویستی ئه‌مه‌ش ببێته‌ بڕیارێك تاکو ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی پارتی کرێکاران ده‌نگ دژ به‌و پێشنیاره‌ بده‌ن و نه‌بێت به‌ یاساو جێبه‌جێ بکرێت. به‌ڵام دیسانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هه‌مان نقابه ‌و نقابه‌یه‌کی دیکه‌ و به‌هاوکاریی هه‌ندێك له‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌کان دژایه‌تی بڕیاره‌که‌ی سه‌رکرده‌ی پارته‌که‌یان کرا. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێش که‌ پێشنیاره‌که‌ چووه‌ وتووێژی نێو په‌ڕله‌مان و ده‌نگی له‌سه‌ر درا و بوو به‌ بڕیار و جێبه‌جێ ده‌کرێت . هۆکاری ئه‌وه‌ش که‌ نقابه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌دا بوون چونکه‌ وتیان ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی زه‌مانه‌تی پاراستنی کاری کرێکاره‌کان و دانانی کرێکاری دیکه‌ش‌ . ته‌نانه‌ت له‌م کێشه‌یه‌دا هه‌ڵوێستی ئه‌ندام په‌ڕله‌مانتاره‌‌که‌ی ئه‌و‌ گه‌ڕه‌که‌ که‌ خۆی له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه‌ هاتووه‌ و سه‌ر به‌ حیزبی موحافیزینیشه‌ ، چاکتر بوو له‌ نقابه‌کان ، که‌ ئه‌و له‌ دژی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و پێشنیاره‌ بوو به‌ بڕیار و جێبه‌جێده‌کرێت ، ده‌ستی له‌کار له‌ وه‌زیفه‌که‌ی کێشایه‌وه‌.

Zaherbaher.com




بۆچی ئه‌گه‌ری شۆڕش له‌ وڵاتانی ئابووریی که‌م گه‌شه‌کردوو زۆر زیاتره‌ تاکو وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتوو؟ *

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
28/11/2016

پێشه‌کی ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم چه‌مکی شۆڕش لای من شۆڕشی سۆشیالیستی/ ئه‌نارکیستیییه بۆ‌ به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵی ناچینایه‌تی ، ناهیراشیی، نه‌ شتێکی دیکه‌ که‌ چه‌په‌کان و کۆمۆنیسته‌کان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن .‌‌
پێشکه‌وتنی سه‌رمایه‌داری و پێنانی قۆناخی گڵۆبه‌ڵازه‌یشن، زیادبوونی ژماره‌ی کرێکاران تا ڕاده‌ی زۆرینه‌ی کۆ‌مه‌ڵ، ڕوودانی قه‌یرانه‌ یه‌کبه‌دوایه‌که‌کانی ئابووریی که‌ به‌ قه‌یرانی سه‌رمایه‌د‌اریی ناسراوه‌ ، سه‌رجه‌می تیوره‌ کۆنه‌کانی، که‌ خودی ئه‌مانه‌‌ ده‌سته‌به‌ری ڕوودانی شۆڕشبن، هه‌ڵوه‌شانده‌وه . به‌داخه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر شۆڕش ڕوی نه‌دا، به‌ڵکو گه‌ر زه‌مینه‌ی شۆڕشیشی له‌ وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتوودا له‌‌بار نه‌بردبێت ، ئه‌وه یه‌کجار دوای خستووه‌.
سه‌رمایه‌داریی له‌ ڕێگای ململانێی نێو توێژاڵه‌کانی خۆیی و دروستکردنی چه‌نده‌ها لقی دۆست به‌خۆی له چه‌په‌کان، سۆشیالیستان، ئازادیخوازان و فێمه‌نیستان و دۆزینه‌وه‌ی بۆشاییه‌ك له‌ جیهاندا بۆ که‌ره‌سه‌ی هه‌رزانبه‌ها و به‌رهه‌مهێنانی کاڵا و هه‌روه‌ها له‌ده‌ستابوونی وه‌ره‌قه‌ی ناشیوناڵیزم و نه‌ژادپه‌رستی و دینی و مه‌زهه‌بی و ناوچه‌گه‌ریی که‌ بیانکاته‌ زه‌مینه‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی هه‌مه‌جۆره‌ی نێوانی مرۆڤه‌کان، توانیوێتی به‌رده‌وامبێت و ده‌توانێت خۆشی نۆژه‌نبکاته‌وه. لێره‌شدا ئه‌وه‌ ده‌سه‌‌لمێنێت که ‌سه‌رمایه‌داریی ” گۆڕهه‌ڵکه‌نی خۆی” نییه ، به‌ڵکو گۆڕهه‌ڵکه‌نی ئێمه‌یه‌ و توانیویشێتی که‌ خۆی له‌ قه‌یرانه‌کان بپارێزت و به‌سه‌ر ئێمه‌یدا بدات‌.‌

نه‌ك هه‌ر ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ڵکو سه‌رمایه‌داریی له‌م وڵاتانه‌دا ئامرازه‌کانی مانگرتن و ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان که‌ ساڵه‌هایه‌کی دوورو و درێژ وه‌کو چه‌کێك له‌لایه‌ن کرێکاران و خه‌ڵکه‌وه‌ دژی خاوه‌نکار و سیسته‌مه‌که‌ ، به‌کارده‌هێنرێن، ئێستا‌ ماڵیکردوون و سواون و چیتر داخوازییه‌کانی کرێکاران و خه‌ڵکی ناهێننه‌‌ دی و له‌ ‌به‌رژه‌وه‌ندی سیسته‌مه‌که،‌ ده‌شکێنه‌وه‌‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ وتاره‌کانی پێشترمدا به‌ درێژی له‌سه‌ر لاوازی و زه‌بوونی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران به‌ به‌ڵگه‌ و به‌ ئاما‌‌ه‌روه،‌ قسه‌م کردووه‌ ، ( بڕوانه‌ Zaherbaher.com ) لێره‌دا خۆم له‌ دووباره‌کردنه‌وه‌ ده‌پارێزم و یه‌کسه‌ر ده‌چمه‌ ناو کرۆکی باسه‌که‌مه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ دوو جۆر تێڕوانین و لێکدانه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕوودان و سه‌رکه‌وتنی شۆڕش هه‌یه‌ :
یه‌که‌م: شۆڕش له‌ ڕێگای پارتی پێشڕه‌وی چینی کرێکارانه‌وه، له‌ ڕێگای کو‌ده‌تای حیزبییانه‌ و سه‌ربازییه‌وه‌ یاخود له‌ ڕێگای ریفۆرمی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانتارییه‌وه‌، واته‌ له‌سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ بۆ بنه‌وه‌ی‌ . که‌ هه‌موویان یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌نه‌ده‌ست. خودی ئه‌زموونه‌کانیان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا ئه‌وه‌یان سه‌لماند که ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ نه‌ك هه‌ر شکستیان هێنا، به‌ڵکو کاره‌سات و بێ هیوایشیان بۆ خه‌ڵکی هێنا. دیسانه‌وه‌ ئه‌وه‌شیان ده‌رخست سه‌پاندنی چه‌مکی نێو کتێبه‌کان به‌سه‌ر واقیعدا، هه‌ڵه‌یه‌ و کاره‌سات ده‌خولقێنێ .
دووهه‌م‌: شۆڕش له‌ ڕێگای خۆڕێکخستنی ئاسۆییانه‌/ناهیراشیا‌نه‌ له‌ گروپه‌ خۆجێییه‌کانا، کۆمیته‌ و لیژنه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ ڕادیکاله‌ سه‌ربه‌خۆکانا و له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا: کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووریی، سیاسیی ، ڕؤشنبیریی و په‌روه‌ده‌یی ، ئابووریی، ژینگه‌ و ئیکۆلۆجیی و هتد. دروستکردنیان له‌هه‌موو شوێنه‌کانی سه‌رکار و بازاڕ و خۆیندنگا و دانشگادا، خه‌ڵکی به‌ خۆیان له‌ بنی کۆمه‌ڵه‌وه‌ خۆیان ڕێكده‌خه‌ن. ئه‌م گروپانه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئاماده‌کاریی ده‌که‌ن و خه‌باتیان بۆ دابینکردنی پێداویستییه‌ جیاجیاکانی ژیانه‌ و ڕۆڵی تاك و سه‌ربه‌خۆییبوونی به‌هێز ده‌که‌ن. دواتر هه‌وڵی به‌دیهێنانی بزوتنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی لۆکاڵی، نه‌ته‌وه‌یی، وڵات ده‌ده‌ن، که‌ له‌ ڕێگای تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه، ئه‌نجوومه‌نه‌کانی خه‌ڵکییه‌وه‌ له‌ گه‌ڕه‌ك و شار و شارۆچکه‌دا،‌ خۆیان به‌یه‌که‌و‌ه‌ په‌یوه‌ستده‌که‌نه‌وه‌ و هاریکاری کاره ‌هاوبه‌شه‌کانیان ، چالاکییه‌کانیان به‌گرتنه‌به‌ری دیمۆراسی ڕاسته‌وخۆ و له‌ ڕێگای چالاکی ڕاسته‌وخۆوه‌ ، ئه‌نجامده‌ده‌ن. به‌مشێوه‌یه‌ هه‌نگاوی کاریگه‌رانه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ که‌ به‌هێزکردنی خۆو ده‌سه‌ڵاتوه‌رگرتن و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ و که‌وتنه‌ به‌رانبه‌ر و به‌ربه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌کانێتی. کردنی ئه‌مانه‌‌ش و‌رده‌ ورده‌ نزیکردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌که‌یه‌ له‌ خودی ستراتیجییه‌ته‌که‌ی، که‌ خاڵی لابه‌کاکردنه‌وه‌یه‌.
به‌ تێگه‌یشتنی من پرۆسه‌ی شۆڕش له‌ ڕێگای دووهه‌مه‌وه‌ گریمانی زیاتری هه‌یه‌ ، کاتێك که‌ زه‌مینه‌کاری بۆ ده‌ستبه‌کارکردنی ئه‌م شۆڕشه‌ له‌ بنی کۆمه‌ڵه‌وه له‌سه‌ر پارچه‌ زه‌وییه‌کی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌، که‌ ناوی نیشتمانی لێنراوه‌، ده‌کرێت ، ئیدی هێدی هێدی ته‌ك به‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌کانی ، واته‌ ناوه‌ند ( مه‌رکه‌ز/ سێنته‌ر) ، هه‌ڵده‌چنێت. له‌م بارودۆخه‌شدا نالۆژکیانه‌ و کارێکی ناعه‌مه‌لیانه‌ش ده‌بێت، گه‌ر ڕوانینمان بۆ شۆڕشی جیهانی ، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بێت.
به‌ڕای من کاتێك که‌ ئێمه‌ ده‌وڵه‌ت وه‌کو ناوه‌ندی سه‌ره‌کی، ده‌بینین که‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی له‌ وڵاتێکدا، هه‌یه‌، کارێکی پراکتیکانه‌ و ئاوه‌زانه‌شه‌ گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی دونیاش هه‌مان دیدمان بۆ وڵاته‌ هه‌ره‌ پێشکه‌وتووه‌کانی پیشه‌سازیی وه‌کو ئه‌مه‌ریکا و که‌نه‌دا و ئۆسترالیا و یابان و ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژاوا، هه‌بێت وه‌کو سێنته‌رێك ، مه‌رکه‌زێك، که‌ به‌ خۆیان و ده‌زگه‌ دراوییه‌کانیانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاێکی یه‌کجار زۆریان له‌ ده‌ستدایه‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش تا ڕاده‌ی ڕابه‌ریکردنی سیاسی و ئابووریی سه‌رجه‌می وڵاتانی که‌مترگه‌شه‌کردوی دونیا که‌ وه‌کو چه‌ند بنکه‌یه‌كه‌ بۆیان، ده‌بینرێت. ئاله‌م حاڵه‌ته‌شدا ڕوخانی ئه‌و مه‌رکه‌زه‌ به‌ گوێره‌ی باوه‌ڕ به‌ تیوری ” شۆڕش له‌ بنی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ” هه‌ر ده‌بێت له‌ وڵاتانی ڕاگر و پارێزه‌ری گه‌وره‌ده‌وڵه‌تانه‌وه‌، ده‌ستپێبکات ، نه‌ك له خودی وڵاتانی مه‌رکه‌ز، خۆیانه‌‌وه‌ . ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت که‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی و هه‌ندێك چالاکی ڕاسته‌وخۆ له‌ گه‌وره‌وڵاتاندا، ڕوونادات . به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ کاتێکدا که‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و کۆیله‌یه‌تی و نایه‌کسانی و نادادپه‌روه‌ری و جه‌نگ،بوونیان هه‌یه‌ و به‌رده‌وامه‌ ، هه‌ڵبه‌ته‌ دژه‌که‌شی به‌رهه‌مده‌هێنێت ، به‌ڵام کاتێك که‌ ئه‌م چالاکیانه‌ هه‌ر له‌و ئاسته‌ ڕوکه‌ش و ته‌سکه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌، کاتیك که‌ خه‌ڵكی خۆی ڕێكناخات و پلانی دووهه‌می نییه‌ ، کاتێك ئه‌م ئامرازانه‌ ته‌نها بۆ حاسڵکردنی داخوازییه‌کی هه‌نووکه‌یانه‌یه‌ و کاتییه‌، ئه‌‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ سه‌رجه‌می چالاکییه‌کان کاردانه‌وه‌یه‌ له‌ پێناوی پارێزگاریکردن له‌وانه‌ی که‌ پێشتر به‌ده‌ستهێنراون – ‌ نه‌ك هه‌رگیز ناتوانێت گۆڕانکاری گه‌و‌ره‌ به‌ده‌‌ستبهێنێت به‌ڵکو بێ هیوایی و بێچاوه‌ڕوانی داهاتوویه‌کی باشتر، ده‌ده‌نه‌ ده‌ست خه‌ڵکی.
مانه‌وه‌ی ئه‌م مه‌رکه‌زه‌ به‌هێزه‌ له‌ سای مانه‌وه‌ی وڵاتانی گه‌شه‌نه‌کردوی یاخود که‌متر گه‌شه‌کردوی پیشه‌سازیییه‌وه‌یه‌، که‌ زه‌مینه‌یه‌کی هه‌مه‌ جۆره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌ سوودیان بۆ ئه‌و مه‌رکه‌زه‌ جیهانه‌ییه‌ ده‌سته‌به‌ر کرده‌وه‌ . کاتێك که‌ پاشكۆیه‌تی ئابووریی و سیاسیی ناوه‌ند (مه‌رکه‌ز) بۆ لۆکاڵ نه‌ما و پاشكۆیه‌تی ئه‌مانیش بۆ ئه‌وان نه‌ما، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ کاتێك که‌ ده‌ستێكی ئابووریی و سیاسی بۆ‌ یارمه‌تی و هاوکاریی مه‌رکه‌ز ، کورتکرایه‌وه‌‌ ، کاتێك که‌ بناخه‌ ده‌تلیسێته‌وه‌ ، ئیدی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری بنیاتنراوه‌ هه‌ره‌س ده‌هێنیت.
جوتێك بنه‌مای سه‌ره‌کیی که‌ له نێو کۆمه‌ڵی وڵاتانی پیشه‌سسازی پێشکه‌وتوودا ونن، به‌ڵام له‌ نێو کۆمه‌ڵی ولاتانی بێهێزی پیشه‌سازیدا، بێ هیچ جۆره‌ دوودڵییه‌ك، بۆ به‌ڕێکردنی پرۆسه‌ی شۆڕش، هه‌ن. ئه‌و دوو بنه‌مایه‌ زه‌مینه‌سازیی ئه‌و شۆڕشه‌ خۆشده‌که‌ن و ئاماده‌کاری بۆده‌که‌ن. ئه‌وانه‌ش ئه‌م دوانه‌ن :
یه‌که‌م: په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی:

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رمایه‌داریی به‌ته‌واوی خۆی نه‌خزاندۆته‌ هه‌موو کونج و که‌له‌به‌رێکی ژیانی هاووڵاتییانه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی نێوانی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ تاڕه‌ده‌یه‌کی زۆر په‌یوه‌ندییه‌کی مرۆڤانه‌یه‌ و شمه‌کی نییه‌. ده‌زگه‌کانی ده‌وڵه‌ت بۆ یارمه‌تی هه‌ژاران و ئه‌وانه‌ی که‌ کاریان پێناکرێت به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت ، یاخود هه‌ر وجودی نییه‌ یا هه‌ر وه‌کو شتێکی ڕه‌مزی وایه‌. له‌ بارودۆخێکی ئاوادا کاره‌ساته‌ سروشتییه‌کان و مرۆکرده‌کان و چه‌شنه‌کانیان، ده‌که‌ونه‌‌ سه‌رشانی خه‌ڵکی خۆی که‌ له‌ ڕێگای یارمه‌تی و هه‌ره‌وه‌زی و هاوکاری به‌ یه‌کدی، هه‌موو پێداویستی خۆشی و ناخۆشییه‌کانیان ڕاده‌په‌ڕێنن و متمانه‌ی ته‌واو‌ ده‌کرێته‌ سه‌ر خودی کۆمۆنێتییه‌که‌ زیاتر له‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌زگه‌ کۆمه‌كکاره‌کانی . له‌و‌ێ، هێشتا ناوکێکی مرۆڤانه‌ی سه‌رده‌می کۆمۆنێتییه‌ کۆنه‌کانی، تاڕه‌ده‌یه‌ك ژیانی به‌ کۆمه‌ڵیی، تیادا ماوه‌ته‌وه‌. قسه‌وباس له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ڕوداوه‌کانی ڕۆژانه‌ قسه‌و‌باسێکی به‌رده‌وام و نیگه‌رانییه‌کی زۆری خه‌ڵکه‌که‌یه‌تی. له‌ کۆمه‌ڵێکی ئاوادا به‌ستنی په‌یوه‌ندی نێوانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له‌سه‌ر کار، له‌ گه‌ڕه‌ك و گوند و خویندنگا و دانشگاو ته‌واوی دامه‌زاراوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه و لێدوان و مشتومڕكردن له‌سه‌ر سیاسه‌ت و بابه‌ته‌ ڕۆژانه‌یه‌کان و هه‌نووکه‌ییه‌کان ئاسانه‌ و متمانه‌کردنیش به‌یه‌ك و خۆبه‌ستنه‌وه‌ به کاره‌ هاوبه‌شییه‌کانی نێوانیان، به‌ ئاسانی په‌یڕه‌و ده‌کرێت. بێ گومان ئه‌م شێوه‌ ژیانه‌ له‌ گونده‌ بچوکه‌ دووره‌ده‌سته‌کانی لادێکان تاکو گونده‌ هه‌ره‌ قه‌ره‌باڵخه‌کانی ده‌وروبه‌ری شار، له‌ شارۆچکه‌کاندا تاکو شاره‌کان ، له‌ شاره‌کاندا تاکو شاره‌ گه‌وره‌کان ، زۆر دیارتر و کرده‌تره‌ و خۆڕێکخستنیش تیایاندا ئاسانتره ‌و ده‌ستکردنیش به‌ کاری هه‌ره‌وه‌ز‌ی و ژیانی هه‌ره‌وه‌زیانه‌ و به‌ کۆمه‌ڵیی ژیان ، عه‌مه‌لی تره‌ .
دیاره‌ گه‌لێك خه‌سڵه‌تی پۆزه‌تیفی دیکه له‌پاڵ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا‌ له‌و شوێنانه‌دا هه‌ن و هانده‌ر و ده‌سته‌به‌ری خۆڕێكخستنی خودی خه‌ڵکه‌که‌ی، ده‌کات، که‌ ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ و ئه‌م خاڵه‌ پۆزه‌تیڤانه‌ ، له‌ نێو کۆمه‌ڵی وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتوودا ، یا هه‌ر ونن،‌ یا خود زۆر لاوازن‌.

دووهه‌م: لاوازی و بێ هێزی حه‌ڵقه‌ی سه‌رمایه‌داریی :

ئاشکرایه‌ پێکانی ئامانج، به‌ده‌ستهێنانی سه‌رکه‌وتنی ئاسان به‌هاوکاری ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌، هه‌میشه‌ له‌و حه‌لقه‌ و شوێنانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات که‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی ، لاوازه‌ . لای هه‌موانیش ئاشکرایه‌ که‌ حه‌لقه‌ی لاوازی ئه‌م سیسته‌مه‌ ئه‌و شوێنانه‌یه‌ ، ئه‌و وڵات و کۆمۆنێتیانه‌یه‌ ، که‌ هێشتا ئه‌و بنه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ که‌ باسمکردن تێیاندا ، مه‌وجودن. به‌واتایه‌کی دیکه‌ حه‌لقه‌ی لاوازی ئه‌م سیسته‌مه‌ وڵاتانی گه‌شه‌نه‌کرد و یا که‌متر گه‌شه‌کردوی پیشه‌سازین که‌ هێشتا ده‌ستی نه‌گریسی سه‌رمایه‌داریی به‌ ته‌واوی پێنه‌گه‌یشتوه‌، هێشتا کاری له‌ کار نه‌ترازاندووه‌ ، هێشتا نه‌یتوانیووه‌ مرۆڤه‌کان ، له‌ مرۆیییه‌وه‌ بکاته‌ ڕۆبۆت ، ئه‌و مرۆیانه‌ی که‌ هێشتا ته‌واوی قسه‌ و باسه‌کانیان له‌سه‌ر‌ دوامۆدیڵی هه‌مه‌جۆره‌ی کاڵاکان و به‌کارهێنانیان، نییه‌ و له‌ خه‌سڵه‌تی مرۆیانه‌ی خۆیانی نه‌شۆردوونه‌ته‌وه‌ .
له‌م شوێنانه‌دا هه‌وڵدان و ئاماده‌کاریی هه‌ره‌وه‌زییانه‌ ، هه‌وڵی ژیانی به‌ کۆمه‌ڵانه، تاڕاده‌ی هاوبه‌شیکردنی ‌هه‌موو پێداویستییه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانی ژیان، ئاسانه‌‌. له‌ شوێنێکی ئاوادا گونده‌کان ، گه‌ڕه‌که‌کان، شارۆچکه‌کان، شاره‌کان که‌متر ده‌بنه‌ وابه‌سته‌ی شاره‌ گه‌وه‌ره‌کان و شمه‌کی هه‌مه‌جۆره‌ی هاورده‌ی شاری گه‌وره‌ و که‌متریش وابه‌سته به‌ بازار-ئازاد و شاره‌وه‌ ده‌بن.
هه‌ر وڵاتێک له‌و وڵاتانه‌ی که‌ ده‌که‌ونه‌ نێو ئه‌و بازنه‌ی سه‌ره‌وه ( بازنه‌ی وڵاتانی پیشه‌سازی گه‌شه‌ نه‌کردو) ، گه‌ر خودی خه‌ڵکی خۆی، خۆبه‌ڕیوه‌به‌ریی بکات ، ده‌توانن سه‌راپای پێداویستییه‌کانی ژیان و سه‌رجه‌می ئامراز و که‌ره‌سه‌ سه‌ره‌کییه ساکاره‌کانی بواری کشتیاری و پیشه‌سازیی‌، دابین بکه‌ن، به‌ خۆیان ژیانی ئه‌ندامانی کۆمۆنێتییه‌کانیان مه‌یسه‌ر بکه‌ن . ئه‌و پێداویستیانه‌شی که‌ ناتوانرێت له‌ گوندێکدا، له‌ شارۆچکه‌یه‌کدا یا خود شار و ده‌ڤه‌رێکدا به‌ده‌ستبهێنرێت، ده‌توانرێت له‌ ڕێگای ئاڵوگۆڕی شمه‌كه‌کانه‌وه‌ به‌هۆی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ ، یاخود له‌ ڕێگای ئه‌نجوومه‌نه‌کانی گه‌له‌وه‌ له‌و شوێنانه‌دا، به‌ده‌ستبخرێن. گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ وڵاتێك نییه‌ له‌و بازنه‌یه‌دا ، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ژار و نه‌دار بێت، نه‌توانێت هاووڵاتییانی ، بژێنێت . ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و‌ وڵاتانه‌ی هه‌ژار و پاشکۆ بۆ گه‌وه‌ره‌وڵاتانی جیهانی، کردووه،‌ هه‌بوونی چاوچنۆکان و ده‌سته‌بژێر و گه‌نده‌ڵان و دامه‌زرانی کۆمه‌ڵ و وڵاته‌ له‌سه‌ر بناخه‌ی چینایه‌تی، هه‌ره‌می/ هیراشییه‌ت و پیاده‌کردنی به‌رنامه‌و سیاسه‌تی نیولیبراڵی گه‌وه‌ره‌وڵاتان و پارێزه‌رانی کۆمه‌ڵی چینایه‌تی و قوچکه‌ییه‌ .
له‌م پرۆسه‌یه‌دا، پرۆسه‌ی بنکه‌نکردنی قه‌ڵاکانی سه‌رمایه‌داریی، پرۆسه‌ی ڕووتکردنه‌وه‌ی‌ پێگه‌و خوانی چه‌و‌سانه‌وه‌ و زۆرداری ، پرۆسه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی وابه‌سته‌یی یه‌ك بۆ یه‌کدی ، پرۆسه‌یه‌کی خاو و هیواش و درێژخایه‌نه‌،‌ به‌ڵام به‌ بڕشت و سه‌قامگیره‌. سه‌رکه‌وتنی ته‌واو و به‌رده‌وامبوونی ئه‌مه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ڕوودانی هه‌مان شۆڕش لانی که‌م له‌ یه‌کدوو وڵاتێکی ده‌وروبه‌ردا و هه‌روه‌ها پاڵپپشت و هاوکاری ئازادیخوازان و دژه‌ده‌سه‌ڵاتخوازانی دونیا.
ژیانی نێو کۆمه‌ڵی سته‌مکاری و نایه‌کسانی ، ژیانی نێو ونبوونی دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌بوونی ئازادیی ، ژیانی نێو کۆمه‌ڵی هیراشی و چیانه‌یه‌تی ، چشتێکی دیکه‌ی بۆ ئێمه‌ نه‌هێڵاوه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌ کاردانه‌وه‌، له‌ ڕێگای: یه‌که‌م: دانیشتن و پاڵدانه‌وه‌ و خۆدانه‌ ده‌ستی قه‌زاو قه‌ده‌ر. دووه‌م: چاوه‌ڕوانی حیزبی پێشڕه‌و و کوده‌تای حیزبیانه‌ و سه‌ربازیی و هه‌ڵبژاردن، درۆ گه‌وره‌که‌‌ی مێژوو ، که‌ ئه‌مانه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری ڕێگای یه‌که‌م مه‌ترسیدارترن‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ وه‌همێكی زۆر به‌ خه‌ڵکی ده‌ده‌ن و دیسانه‌وه‌ چاوبه‌ستێکی گه‌وره‌ش له‌خه‌ڵکی ده‌که‌ن. سێیه‌م: ئه‌وه‌ی‌ که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسکرا.
*هه‌وێنی نوسینی ئه‌م وتاره ده‌گه‌ڕیتیه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی که‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کم له‌ ڕۆژی 08/05/2015 دا به‌یه‌که‌وه‌ کردمان بۆ ئامه‌د، باتمان ، حه‌سه‌نکه‌یف، ماردین، وان ، جۆڵه‌مێرگ و گه‌وه‌ڕه‌ له‌ باکوری کوردستان.‌

Zaherbaher.com

‌ ‌ ‌




به‌ بۆچونی من سیاسه‌تی په‌یه‌ده‌ له‌ به‌شداری کردنی هێڕشی گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌ ‘ دا هه‌ڵه‌یه‌ … زاهیر باهیر

وه‌ك چۆن پێشتر له‌ گرتنی ‘ مه‌نبه‌ج’ پێشبینی هه‌ڵه‌ی به‌شداریکردنی په‌یه‌ده‌م کرد ، ئێستاش پێشبینی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی په‌یه‌ده‌ له‌ گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌ ‘ دا ده‌که‌م. به‌ڕای من شه‌ڕڤانانی ڕۆژاوا نابێت به‌شداری له‌ هێڕشی گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌ ‘ دا، له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی خواره‌وه، بکه‌ن‌:
• ده‌بێته‌ هۆی قوربانیدانێکی زۆر و شه‌ڕیش له‌ پێناوی ” شه‌ر دژی داعش ” ( که‌ قسه‌ی صاڵه‌ح موسلیم له‌ ستۆکهۆڵم ) هه‌ڵه‌یه‌ ، که‌ له‌ کاتێکدا کردنی شه‌ڕ‌ی داعش له‌ ئێستادا بۆ ئێمه‌ ، زه‌روور نییه‌.
• له‌ ئێستادا هێزه‌کانی ڕؤژاو ده‌بێت کار له‌سه‌ر به‌هیزکردنی خۆسه‌رییه‌کانی ناوخۆ بکه‌ن ، به‌تایبه‌ت کارکردن له‌ بواری بیناکردنه‌وه‌ی کۆبانی و هه‌ره‌وه‌زییه‌ ئابورییه‌کاندا، تاکو گه‌شه‌ به‌ ئابوری ڕۆژاوا بدرێت و که‌متر ببێته‌ پاشکۆی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ئه‌وروپا.
• شه‌ڕ به‌ گشتی و شه‌ڕی داعشیش به‌تایبه‌تی پێداویستییه‌کی یه‌کجار زۆری ده‌وێت‌، که‌ ئه‌مه‌ش له‌ توانای هێزه‌کانی ڕۆژاوادا نییه‌ و ده‌بێت ئه‌مریکا و ” وڵاتانی هاوپه‌یمان” بۆیان دابین بکه‌ن . ئه‌مه‌ش یانی نزیکخستنه‌وه‌ی زیاتریان له‌ ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانیان ، که‌ لێره‌شدا زیاتر زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن وه‌ك له‌وه‌ی سوودبه‌خش، بن .
• به‌رده‌وامبونیان له‌ شه‌ڕدا ده‌بێته‌ هۆی لاوازبوونیان ، که‌ ئه‌مه‌ش ئامانجی سه‌ره‌کی تورکیا و ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانیان ، ده‌هێنێته‌دی . وه‌کو زانراوه‌ و تێبینی کراوه‌ ، لاوازبوون ده‌تخاته‌ بارێکی خراپ و ناهه‌مواره‌وه‌ تا ڕاده‌ی قایلبونت به‌ مه‌رج و به‌نده‌کانی دوژمن و ناحه‌زانت.
• ‌هێڕشکردنه‌ سه‌ر ‘ ڕه‌قه‌ ‘ له‌ کاتێکدا که‌ هێشتا موسڵ نه‌گیراوه‌ته‌وه‌ ، له‌ تاکتیکی جه‌نگدا کارێکی سه‌رکه‌وتوانه‌یه‌ به‌وه‌ی که‌ به‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی جه‌نگ له‌ دووژمنت ده‌که‌یته‌وه‌ تاکو هێز و توانای دوژمن، که‌رت که‌یت. به‌ڵام ئه‌م تاکتیکه‌ سه‌ره‌نجام به‌ زیان له‌سه‌ر ڕۆژاوا ده‌گه‌ڕیته‌وه‌. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ئێستادا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ تورکیا و بارزانی و هه‌تا ئه‌مه‌ریکاو ڕه‌نگه‌ عێراق و ئێرانیش بیانه‌وێت ، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هێزی داعش ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ناو ناچێت بیانکه‌نه‌وه‌ به‌ سوریادا، به‌تایبه‌ت به‌شه‌ کوردستانییه‌که‌ی . ئا له‌م حاڵه‌ته‌دا کاتێك که‌ به‌شێکی زۆری شه‌ڕڤانان به‌ شه‌ڕی ڕه‌قه‌وه‌ هیلاك و سه‌رقاڵن، بۆ هێزه‌ په‌رته‌وازه‌کانی داعش ئاسانه‌ که‌ ئه‌وه‌ی بۆیان پلانکراوه‌ له‌ ڕۆژاوادا ، بیکه‌ن .
• ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا نه‌ ڕه‌چاوی کێشه‌ی کورد له‌ ڕۆژاوا ده‌کات و نه‌ نێتی باشیشی سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ هه‌یه‌ . ئه‌مه‌ریکا که‌ له‌ ئێستادا ده‌یه‌وێت شه‌ڕ دژی داعش بکات هیچ هێزێکی باشتر و کارامه‌تری له‌ شه‌ڕڤانان، له‌ سوریادا، بۆ ئه‌م کاره‌ ده‌ستناکه‌وێت . هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ که‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ تورکیادا سازشبکات تاکو ئه‌و هێزانه‌ به‌شداری شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌ ‘ بکه‌ن . ئه‌مه‌ریکا هیچ وه‌خت پشتی تورکیا و عێراق و هه‌تا ئێرانیش بۆ کورد نادات له‌ زه‌وی . دوای گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌’ گریمانێکی زۆر هه‌یه‌ که‌ نۆره‌ی شه‌ڕی دژ به‌ شه‌ڕڤانان بێت ، ئا له‌م حاڵه‌ته‌‌شدا بارودۆخه‌که‌ زۆر خراپ ده‌بێت و تاکه‌ ڕێگایه‌ك که‌ بمێنێته‌وه‌ له‌به‌رده‌م په‌یه‌ده‌دا، بۆ مانه‌وه‌ ، سازشکردنه‌ له‌ته‌ك ئه‌مه‌ریکاو و بارزانیدا،‌ داخوازییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و بارزانیش له‌سه‌ر داوای توکیایه‌ . ڕودانی ئه‌م گریمانه‌ش ‌ دژ به‌ هزر و ستراتیجییه‌تی ئۆجه‌لان و که‌مینه‌یه‌کی که‌می نێو په‌که‌که‌یه‌.
• دوژمنایه‌تی نێوانی خێڵه‌ سونییه‌ عه‌ره‌به‌کان و کورد به‌ گشتی و شه‌رڤانانی ڕۆژاوا خه‌ستتر ده‌بێته‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ قازانجی ناحه‌زان و دوژمنانی ڕۆژاوا ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ ، نه‌ك خودی ڕۆژاوا خۆی .

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
09/11/2016




گێڕانه‌وه‌ی مێژوو، یاخود چه‌واشه‌کردنی خوێنه‌ر … زاهیر باهیر

دووهه‌فته‌ له‌مه‌وپێش برا و دۆستی 44 ساڵه‌م له‌ په‌ناو بیانوی پۆستێکمدا* که‌ ‌ لینکه‌که‌ی له‌ خواره‌وه‌ داده‌نێم، هێڕشێکی زۆری کردۆته‌ سه‌ر خۆم و هاوڕێیانی سه‌کۆی ئه‌نارکیستانی کوردزمان و هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیسته‌کان له‌سه‌رده‌می جه‌نگی ناوخۆی ئیسپانیا . له‌و وتاره‌دا ئه‌نارکیسته‌کانی کردوه‌ به‌ مرۆڤکوژ و وێرانکار و فاشی ڕه‌فتار.
پێشه‌کی ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم گه‌رچی شتێکی وا گه‌وره‌ نه‌بووه‌ له‌ نێوانی من و ئه‌ودا من تێناگه‌م که‌ ئه‌م دۆسته‌ی من بۆ ” شه‌ڕی ئه‌و دۆڵه‌ ده‌هێنێته‌ ئه‌م کۆڵه‌” به‌ ڕاست و به‌ چه‌پدا، که‌وتۆته‌ به‌خشینه‌وه‌ی ‌ تۆمه‌ت و کردنی پاگه‌نده‌ی خراپ‌.
من له‌م کورته‌ وه‌ڵامه‌دا ، سه‌باره‌ت به‌ خۆم و نوسینه‌کانم ، خۆم له‌ هێڕشکردن ده‌پارێزم و به‌رگریش له‌ خۆم ناکه‌م، به‌ڵكو ده‌یهێڵمه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی که‌ حوکمی خۆیان بده‌ن . من هیچ وه‌خت نه‌ك له‌گه‌ڵ هاوڕێ و براده‌ر، به‌ڵکو ئه‌وانه‌شی که‌ نایانناسم شه‌ڕی که‌سی ناکه‌م. دونیای خه‌باتی من که‌ دژی ئه‌م سیسته‌مه‌یه‌ ، له‌گه‌ڵ سیسته‌مه‌که‌دایه‌، نه‌ك تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌ سه‌رکرده‌کانیشه‌وه‌. به‌ڵام پێشئه‌وه‌ی بچمه‌ سه‌ر کرۆکی باسه‌که‌ با له‌ شتێکدا ڕاستی بکه‌مه‌وه‌ ، گه‌ر چی ئه‌و کوردییه‌کی زۆر باشده‌زانێت به‌لام نوسیوێتی ئه‌و ” موراقه‌به‌ ناکات ، چاودێری ده‌کات ” به‌ڵام هه‌ردوو وشه‌که‌ هه‌ر یه‌كشتن ، یه‌که‌میان عه‌ره‌بییه‌ و دووه‌میان کوردییه‌ .
…. بابه‌ ئیشته ‌‌ که‌س گوتوویه‌تی**:
ئیشته‌ که‌س گوتوویه‌تی ئه‌نارکیزم له‌گه‌ڵ ئایندا دێته‌وه‌، که‌س گوتوویه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیسته‌کان له‌وێ وایان کردوه‌ یا نه‌ ، که‌س گوتویه‌تی سه‌کۆی ئه‌نارکیستان شانیان وایه‌ و باڵیان وایه‌، ئیشته‌ که‌س گوتویه‌تی ……؟
ئه‌م دۆسته‌ی من ڕكوکینه‌که‌ی به‌رامبه‌رم به‌و ڕاده‌یه‌یه‌ ته‌نها به‌ ته‌سه‌وراتی خۆی له‌سه‌ر پۆسته‌که‌ی من قسه‌ده‌کات‌. فه‌رموون با خوێنه‌ر کرته‌ی لینکی پۆسته‌که‌ی من بکات و بیخوێنێته‌وه‌ و بۆخۆی حوکم بدات. من خۆم چه‌ند جارێك پۆسته‌که‌مم خوێنده‌وه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ نوسینه‌که‌ی ئه‌ودا هیچ په‌یوه‌ندییه‌کم بۆ نه‌به‌سترا. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵکو گه‌ر خوێنه‌ر دیقه‌تی لێبگرێت بۆی ده‌رده‌که‌وێت که‌ من به‌ناوی ئه‌نارکیسته‌کانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ ناوی ‘سه‌کۆ’ شه‌وه، قسه‌م نه‌کردووه‌.‌ من نوسیومه‌ “..له‌ دیدی منه‌وه‌ …” چونه‌ک من ئه‌وه‌ ده‌زانم نه‌ ئه‌نارکیزم ئایدۆلۆجییه‌ تاکو خاوه‌ن ده‌ق بێت و حوکم بدات ، نه‌ ده‌شکرێت له‌سه‌ر هه‌موو شت وه‌کو حیزبی و ئایدۆلۆجیسته‌کان ، ئه‌نارکیسته‌کان یه‌ك ڕایان هه‌بیت یا هاوڕابن، هاوکاتیش که‌سیش مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ مافی ئه‌نارکیستبوون و نه‌بوون ببه‌خشێته‌وه‌.
لێردا ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم من مافی خۆمه‌ له‌سه‌ر هه‌ر شتێك بنوسم که‌ ده‌مه‌وێت‌، ئه‌وه‌نده‌ی: یه‌که‌م خوێنه‌ر چه‌واشه ‌نه‌که‌م و به‌ به‌ڵگه‌وه‌ بدوێم. دووهه‌م وتاره‌کانم ڕه‌گه‌زپه‌رستانه و ڕه‌یسیستانه‌ ‌ نه‌بێت، بۆیه هه‌تا ئیرهابی فکریشم له‌سه‌ر بێت،‌ من هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بم له‌سه‌ر نوسین. ‌.
ئه‌م دۆسته‌ی من واچاوه‌ڕوان ده‌کات که‌ من و هاوڕێکانم شتێك بنوسین که‌ ده‌قاو ده‌ق له‌گه‌ڵ نوسینی بیریاره‌ کۆنه‌کانی ئه‌نارکیزمدا، بێته‌وه‌. جوانی ئه‌نارکیزم و فراونبیریی ئه‌نارکیسته‌کان له‌وه‌دایه‌ ، که‌ ئه‌مان جیاوازن له‌ مارکسییه‌کان و کۆمۆنیسته‌کان یاخود موسڵمانه‌کان ، بۆ ئه‌وه‌ی پاش نزیکه‌ی 180 ساڵ ئه‌نارکیسته‌کان بێن بۆ حه‌لی کێشه‌کانی ئێستا دوو توێی کتێبه‌کانی که‌سانێك که‌ ئێسقانیشیان نه‌ماوه‌، بگه‌ڕێن ، یا وه‌کو موسڵمانه‌کان پاش ئه‌م هه‌مو ساڵانه‌ تازه‌ به‌ تازه‌ بێن قورئان بکه‌نه‌ ده‌ستوری تاك و به‌ڕیوه‌بردنی کۆمه‌ڵ. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین نه‌نارکیزم ئایدۆلۆجی نییه،‌ به‌ڵکو هزره‌ ، هزریش به‌ به‌رده‌وامیی‌ له‌خۆ تازه‌کرنه‌وه‌دایه‌ .
به‌ ڕیش نییه‌ به‌ ئیشه‌ :
ئه‌و دۆسته‌م نوسیوێتی که‌ ” ئه‌م براده‌رانه‌ له‌ په‌نجه‌ی ده‌ست تێناپه‌ڕن” من نازانم ئه‌و به‌ چ پێوه‌رێك و به‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌م قسه‌یه‌ فڕێ ده‌دات . ڕاستییه‌ك هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت هه‌موو خوێنه‌ر بیزانێت ، که‌ ئێمه‌ خۆشمان نازانین ‘ سه‌کۆ ‘ چه‌ند که‌سی له‌ ده‌وره‌. هۆکاری ئه‌مه‌ش ڕون و ئاسانه‌ ، چونکه‌ ئێـمه‌ نه‌ حیزبین و نه‌ ڕێکخراوین و نه‌ ئابوونه‌ ده‌ده‌ین و نه‌ سجلی ئه‌ندامان‌ و پاڵێوراوان و لاینگرانمان هه‌یه ‌و نه‌سه‌رکرده و‌ به‌رکرده‌ش. دوای ئه‌وه‌ش ئیمه‌ یه‌ك که‌س بین و هه‌زار که‌س مه‌سه‌له‌یه‌ک نییه‌ چونکه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌یارێکی هزرین. زیاتریش له‌مه‌، بانگه‌وازی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات و پاگه‌نده‌ی ڕزگارکردنی کۆمه‌ڵمان نه‌کردوه‌ تاکو که‌سێك پێمان بڵێت، ئێمه‌ هیچین یا هیچنین.
ئێمه‌ خۆمان فشنه‌کردۆته‌وه‌ و خۆشمان باشده‌ناسین، ده‌زانین کاری هه‌نووکه‌یی ئێمه‌ کاری ڕۆشنگه‌ریییه‌ ، داکۆکی و ناساندنی هزری ئه‌نارکیزمه‌ له‌ کوردستاندا ، که‌ بێ هیچ زیاده‌ڕه‌وییه‌كیش ده‌ڵێم ڕۆڵێکی که‌م تا زۆرمان هه‌ر بینوه. ‌ بۆ نموونه‌ له‌ته‌ك زه‌مینه‌ی‌ زاتی و بابه‌تییه‌کانی کوردستان‌، هه‌ند‌ێك له‌ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له‌ باشوور، خۆیان به‌ ئه‌نارکیزم ئاشناکردووه‌ و کار له‌سه‌ر ناساندنی زیاتری ده‌که‌ن. ئێستا به‌ ده‌گمه‌ن به‌رگوێت ده‌که‌وێت که‌ ئه‌نارکیزم وه‌کو جاران به‌ فه‌وزه‌وی یا فه‌وزا ناوببرێت. ئه‌مه‌ش له‌ سای هه‌وڵی هاوڕێیانی ‘سه‌کۆ’ و هاوڕێیانی دیکه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ‘سه‌کۆ’ یه.‌‌
باشه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هیچ نین بۆچی له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ری پاره‌که‌وه‌ ئه‌کاونتێکی ‘سه‌کۆ’ داخراوه‌ و هه‌موو به‌ڵگه‌ داواکراوه‌کانیش ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌می تیمی فه‌یسبووك که‌چی هێشتا ئاماده‌نین بیکه‌نه‌وه‌؟ باشه‌ بۆچی ناو به‌ناو له‌ لایه‌ن فه‌یسبووکه‌وه‌ تیرۆری فکری ده‌کرێین، هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا دوو په‌یجی دیکه‌ی ‘سه‌کۆ’ و ئه‌کاونتی دوو هاوڕێ تیرۆرکران؟ باشه‌ بۆچی ئه‌و خۆی خه‌ڵکیمان لێ هانده‌دات که‌ گوایه‌ ئێمه‌ مه‌ترسین؟

تا خاوه‌نماڵ دزی گرت ، دز خاوه‌نماڵی گرت:
به‌ڕاستی جێی سه‌رنج و هه‌ڵوێست ‌و پرسیاره‌ ، کابرایه‌ك خۆی 5 ساڵ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ” گۆڕاندا” بوو ، ئاگه‌داریشم له‌ نزیکه‌وه،‌ که‌ پاره‌یه‌کی یه‌کجار زۆریشی له‌و ڕێگایه‌دا سه‌رف کردبێت، که‌ له‌ کاتێكدا که‌ مه‌ترسی گۆڕان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ لای ئێمه‌ی ئه‌نارکیستان ئاشکرا بوو ، که‌ چۆن سواری کۆڵی ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵکی ده‌بێت و ده‌یقۆزێته‌وه‌. من یه‌که‌م که‌س بووم هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌و حیزبه‌وه‌ ‌ وتارێکم له‌ژێر تایتڵی ” نه‌وشیروان موسته‌فا پێشئه‌وه‌ی خۆی له‌ گوناهه‌کانی پاکبکاته‌وه‌ ، داوای به‌یعه‌تمان لێده‌کات!!” . ئه‌و دۆسته‌م ‌ خۆی ئاگه‌داره‌ و داوای لێکردم که‌ نه‌ینێرم بۆ بڵاوکردنه‌وه‌. سه‌مه‌ره‌که‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م دۆسته‌ی من زۆر به‌ ڕاشکاوانه‌ ‌ ‌ به‌ مافی خۆی و به‌ ڕه‌وای ده‌زانێت که‌ به ‌خه‌ڵکی بڵێ ئه‌مانه‌ مه‌ترسیدارن و بووه‌ به‌ خێرخوازێك تاکو له‌و مه‌ترسییه‌ به‌ئاگایان بهێنێته‌وه‌ و بیانپارێزێت.
ده‌بێت مه‌ترسی له‌ هزرێكدا ، له‌ که‌سانێکدا یاخود له‌ بزوتنه‌وه‌یه‌کدا، که‌ دژی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و پله‌و پایه‌ و هیراشییه‌ت بێت و بۆ ‘کۆمه‌ڵێکی’ به‌تاڵ له‌وانه‌ خه‌بات بکات، چی بێت؟!!. مه‌ترسی له‌ حیزبایه‌تیدایه‌، له‌و بزوتنه‌وه‌ی که‌ ئه‌و بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ نه‌ك خۆی بۆته‌رخانکردبوو به‌ڵکو ده‌نگیشی له‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ی که‌ دژی بوون ، دابڕیبوو، یا ساردبوبووه‌وه‌.
ئه‌وه‌ حیزبه‌کان و بزوتنه‌وه‌کانیانه‌ که‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و خودی کۆمه‌ڵ دروستده‌که‌ن، نه‌ ئه‌نارکیزم و نه‌ ئێمه‌ی ئه‌نارکیستان.
ئه‌و دۆسته‌م ماڵی ئاوا بێت ، بڕوانامه‌ی ‘ نیازپاکیمان’ ده‌داتی به‌ڵام هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وه‌ره‌ی کرده‌وه‌ که‌ هه‌ر ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ش‌ به‌ حیزبیه‌کان وڕابه‌ره‌کانی وه‌کو لینین و ڕه‌نگه‌ چه‌کداره‌ ئاساییه‌کانی داعشش ، ببه‌خشێت . بۆ نموونه‌ باسی له‌ لینین کرده‌وه که‌ ‘ نیازپاك’ بووه‌ و که‌ به‌ڕای ئه‌و ئه‌‌وه‌شی لێده‌رچوو ‌ که‌ بینیمان . ئه‌زموونه‌کان وانیشانی ده‌ده‌ن که‌ به‌ گشتی، ئه‌ندامانی حیزبه‌کان ، ڕابه‌ره‌کانیان و بزوتنه‌وه‌کانیشیان ‘نیاز پاك ‘ نین، هۆکاره‌که‌شی ڕونه‌. ئه‌وان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ داخوازی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن و بۆگرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت خه‌بات ده‌که‌ن ، هه‌ر هه‌مووشیان لێره‌دا دوو شت ده‌زانن . یه‌که‌میان: له‌ سه‌رکه‌وتنی حیزبیانا پایه‌ و پله‌ به‌ده‌ستده‌هێنن. دوو‌هه‌میش هه‌موویان پێشوه‌خت ده‌زانن که‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تیان ده‌وێت ، ئه‌وه‌شیان لاڕونه‌ که‌ نه‌هامه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی و ده‌رده‌سه‌رییان ، سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته و پایه‌‌کانی مانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته‌ش زوڵم و زۆر و کوشتن بڕین و ڕاو و ڕووته‌ ‌.

• وتنه‌وه‌ی قسه‌ی دووژمنانی ئه‌نارکیزم و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی: ‌
له‌م خاڵه‌دا من زۆر له‌سه‌ری ناڕۆم ، چونکه‌ یه‌که‌م: ئه‌و دۆسته‌ی من ‌ که‌ باس له‌ ڕه‌فتارفاشێتی ئه‌نارکیسته‌کانی سه‌رده‌می جه‌نگی ئیسپانیا ده‌کات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌رچاوه‌کانی نه‌خستۆته‌ به‌رچاو، گه‌رچی ئه‌وه‌ زۆر ئاسانه‌ سه‌رچاوه‌ هه‌یه‌ له‌وه‌ خراپتریشی بۆ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبه‌ستووه‌. دووهه‌م: من لێره‌دا نامه‌وێت قه‌ناعه‌ت به‌ خه‌ڵك بکه‌م که‌ قسه‌کانی ئه‌و دۆسته‌ی من ناڕاسته‌، گه‌ر که‌سێك به‌هه‌ر بارێکیاندا ئه‌و پرسه‌ی مه‌تڵه‌ب بێت ، ده‌توانێت له‌ چه‌ند خوله‌کێکدا پشکنینێك له‌ گووگڵدا بکات. ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ‌ جۆرج ئۆرێڵ سه‌رچاوه‌یه‌‌کی ناسراو و ئه‌مینه‌ و خۆشی له‌ ته‌ك ئه‌نارکیسته‌کاندا به‌شداری شه‌ڕی دژ به‌‌ فاشییه‌کانی فرانکۆ و ستالینی کردووه‌. په‌رتوکێكی له‌و باره‌وه‌ له‌ژێر ناوی The Homage to Catalonia نوسیوه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ عه‌ره‌بیش وه‌رگێڕرابێت، گه‌ر که‌سێك بخوازێت، ده‌توانێت چاوێکی پیادا بخشێنێت. سێیه‌م: ئه‌و باس له‌ 80 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌کات که‌ دونیایه‌کی دیکه‌ بوو، نه‌ك هه‌ر له‌ ئیسپانیا به‌ڵکو له‌ هه‌موو شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا، من دڵنیام که‌ ئه‌و زۆر باشده‌زانێت که‌ قه‌شه‌ و که‌نیسه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پایه‌یه‌کی گه‌وره‌ و به‌هێزی ده‌وڵه‌ت بوون، که‌نیسه‌ و ده‌وڵه‌ت وا ئاوێته‌ بووبوون که‌ ڕۆڵیان له‌ دژی هه‌ژاران و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشدا، له‌ یه‌کدی جیا نه‌ده‌کرانه‌وه‌.
له‌ ڕاستیدا به‌ گوێره‌ی قسه‌ی جۆرج ئۆرێڵ و نوسه‌رانی دیکه‌ش ئه‌و که‌نیسانه‌ی که‌ له‌به‌رده‌م ده‌بابه‌و تۆپه‌کانی ستالین و فرانکۆدا ، هیشتا به‌پێوه‌ مابوون، ئه‌نارکیسته‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتون و وه‌کو باره‌گای شؤڕش له‌ بواری داڵده‌دان و چاره‌سه‌رکردنی خه‌ڵك و چێشتخانه‌ی هه‌ره‌وزیی، به‌کاریانهێناون.

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
20/10/2016
‌……………………………………………………………………………
لینکی پۆسته‌که‌ی من:

http://www.penusakan.com/Article-2456

**هاوڕێیه‌کی که‌رکوکیم گێڕایه‌وه،‌ ‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ی که‌ کوردایه‌تی له‌ بره‌ودا بوو، له‌ شۆڕیجه‌ی که‌ركوك که‌ زۆربه‌ی دوکانداره‌کان تورك بوون، خۆپیشاندان به‌ سرودی “ئه‌ی ڕه‌قیبه‌وه‌ ده‌کرا …..که‌س نه‌ڵێت کورد مردووه‌” . ئه‌مه‌ جارێ نه‌بوو به‌ڵکو به‌رده‌وام بوو که‌ خۆپێشانده‌ران به‌به‌رده‌م دوکانه‌کاندا ده‌هاتن و ده‌چوون و ئه‌ی ڕه‌قیبیان ده‌وته‌وه‌. ڕۆژێکیان حاجییه‌کی دوکانداری تورکمان ده‌گاته‌ تینی و خوای نامێنێت ، هه‌ڵده‌سێته‌‌ سه‌ر پێ و ده‌ستی ده‌خاته‌ به‌ر که‌له‌که‌یی و به‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێت ” بابه‌ ئیشته‌ ‌ که‌س گوتوویه‌تی کورد مردووه‌؟”




تێگه‌یشتنی من له‌‌ ئه‌نارکیزم و هه‌ڵوێستی ئه‌نارکیسته‌کان له‌ به‌رانبه‌ر ئاین و هه‌ڵگرانی-دا:

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
03/10/2016

———————————-

ئاینه‌کان به‌ هه‌موو لقه‌کانیانه‌وه‌ وه‌کو هه‌موو دیاره‌دیه‌کی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هیچیان ئه‌سڵی نه‌خۆشییه‌که‌ ، نین ، به‌ڵکو نیشانه‌ی نه‌خۆشییه‌کانن، که‌ له‌ جه‌رگه‌ی سیسته‌مه‌‌که‌دا، خۆیان مه‌ڵاسداوه‌ ، شتێکی دیکه‌ نین جگه‌ له‌ ئیفرازاتی سیسته‌مه‌که‌، چاره‌سه‌ری یه‌کجاره‌کیشیان ، گه‌ر بمانه‌وێت، هه‌ر ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری سیسته‌مه‌که‌.
جه‌نگی ئه‌نارکیسته‌کان له‌گه‌ڵ خوداکانی ئاسماندا نین، جه‌نگی ئه‌وان له‌ته‌ك خوداکانی سه‌ر زه‌میندان ، ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه‌ ، کۆمه‌ڵی چینایه‌تی و هیراشی / قوچکه‌یی. جه‌نگی ئێمه‌ نه‌ جه‌نگی ئایدۆلۆجیه‌و‌ نه‌ سه‌پاندنی ئایدۆلۆجیشه‌ ، چونکه‌ خودی ئه‌نارکیزم خۆی ئایدۆلۆجی نییه‌، به‌ڵکو هزره‌ ، ئایدیایه‌ ، ئایدیاش شیاوی لیدوان و مشتومڕو زیاد و که‌می و گۆڕانکارییه‌ . جه‌نگی ئێمه‌ به‌ هاوکاریکردن و به‌شداریکردنی هه‌موو خه‌ڵکانی دیکه‌،‌ بۆ بیناکردنی کۆمه‌ڵی ناچینایه‌تی، کۆمه‌ڵی ناهیراشی / ناقووچکه‌یییه‌ ، که‌ ئه‌مه‌ش لای ئێمه‌ مه‌حاڵه‌ بێته‌ دی گه‌ر خه‌ڵکی له‌ هه‌موو کون و که‌له‌به‌ره‌کانی ژیانیاندا خۆیان ڕێکنه‌خه‌ن و نه‌ده‌ن له‌ ڕه‌گوڕیشه‌ی هیراشییه‌ت و له‌ جێی خۆیانه‌وه‌ هه‌روه‌زییانه‌ کار و خه‌بات له‌ هه‌ڵهێنانی هه‌نگاوی یه‌که‌مدا به‌ره‌و‌ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌، نه‌نێن .
ئێمه‌ی ئه‌نارکیستان وه‌کو چه‌په‌کان و کۆمۆنیسته‌کان سه‌ره‌ڕمی خه‌باتمان دژی دینه‌کان و هه‌ڵگرانیان، نییه‌، ته‌نها له‌ حاڵه‌تێکدا نه‌بێت که‌ ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتخواز بن یاخود له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بن بیانه‌وێت که‌ ڕاو بۆچون و ئایدۆلۆجیای خۆیان و ئه‌حکامه‌ دینییه‌کانیان ، به‌سه‌رماندا بسه‌پێنن، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ئازادییه‌کانمان لێبسه‌ننه‌وه‌و به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر پارێزگاری و گه‌شه‌پێدانی سیسته‌م و کۆمه‌ڵی مه‌و‌جود که‌ کێشه‌ی چینایه‌تی و هیراشییه‌ت تیایدا، له‌ پۆپه‌دایه‌.
ئازادی تاك لای ئه‌نارکیسته‌کان زۆر گرنگه‌ ، ئا له‌و حاڵه‌ته‌شدا گه‌ر هه‌ر تاکێك پراکتیزه‌ی ئاینی خۆی ، بۆ مه‌به‌ستی ئاسووده‌یی ده‌روونی که‌سیی خۆی ، بکات، لای ئه‌نارکیسته‌کان، ناسراوه‌ و کێشه‌یه‌ك له‌مه‌دا نابینێت . سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستیشمان بۆ هه‌ڵگرانی دین هه‌ر هه‌مان هه‌ڵوێسته‌ بۆ هه‌ر تاکێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ . هه‌ر که‌سێک بنه‌ماکانی ئه‌نارکیزم قه‌بوڵبکات و کار له‌ پێناویدا بکات، ده‌بێت ئاماده‌ بین که‌ له‌ گه‌ڵیان هاوکارو کۆمه‌كکاربین، وێڕای هه‌بوونی هه‌موو جیاوازییه‌کان هه‌ر له‌ نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زیی و جێنده‌یی وڕه‌نگ و پێست و ته‌مه‌ن و ئاینی و هتد.
من خۆم ئه‌زموونی باشم له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی دینداردا لێره ‌ ( له‌نده‌ن ) له‌ناو گروپه‌کانی که‌ تیایدا کارده‌که‌م، هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ له‌ گروپێکماندا که‌ ‘هارینگه‌ی سۆڵیدارێتی گروپه’‌ کابرایه‌کی‌ 84 ساڵه‌ی کۆنه‌ قه‌شه‌ کاری له‌ گروپدا ده‌کرد ئه‌و له‌ هه‌موو پرۆتێست و خۆپیشدانه‌کاندا نه‌ك هه‌ر ئاماده‌ ده‌بوو به‌ڵکو پێشوه‌خت که‌مپه‌ینی بۆ ده‌کرد ، کابرا به‌ ده‌ستێکی گۆچانه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو ، به‌ده‌سته‌که‌ی دیکه‌ی لفلێت و ڕۆژنامه‌که‌ی گروپی، دابه‌شده‌کرد و قسه‌ی له‌ته‌ك خه‌ڵکدا ده‌کرد ، که‌ به‌ مه‌رجێك له‌ لاپه‌ڕه‌ی کۆتایی ڕۆژنامه‌که‌دا ، هه‌میشه‌ 3 بۆ 4 په‌ڕه‌گرافێکی تیادایه‌ که‌ ده‌ڵێت : ئێمه‌ کێین؟’ که‌ له‌وێدا نوسراوه‌ ئێمه‌ دژی هه‌موو ده‌سه‌ڵات و هه‌بوونی هه‌موو جۆره‌ هیراشییه‌تێکین ، جالاکی و خه‌باتمان بۆ کۆمه‌ڵێکی ناچینایه‌تی و ناهیراشی و … گه‌لێکی دیکه‌. کابرایه‌ك که‌ وه‌کو من پررنسپه‌کانی ئه‌نارکیزمی به‌دڵ بێت و کاری بۆ بکات، بۆ ئیشی له‌ گه‌ڵدا نه‌که‌م؟! ، ئه‌سڵه‌ن هه‌ر شانازیشی پێوه‌ ده‌که‌م ، ئیدی با ئه‌و هه‌موو ڕۆژێک نوێژو ته‌قوای خۆی بکات. به‌داخه‌وه‌ ئێستا زۆر پیر بووه‌و توانای ئه‌و چالاکییانه‌ی نه‌ماوه‌ .‌




به‌راوردکردنی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ڕۆژاوا ڕویداوه‌ به‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ئیسپانیای سه‌رده‌می جه‌نگی ئه‌هلی، غه‌درێکی گه‌وره‌یه‌‌:

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن……….
02/10/2016
……………..

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ ماڵپه‌ڕێکی ئه‌نارکستانه‌وه‌ ئیمه‌یلێك بۆ منیش هات که‌ وتارێکی هاوڕێیه‌کی ئه‌نارکیست له‌ ئیرله‌نده‌، بوو، که‌ به‌ دوورو درێژ له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ڕۆژاوا، بوو . له‌و وتاره‌دا گه‌لێك خاڵی باشی ده‌رباره‌ی ڕۆژاو تیادایه‌ و هاوکاتیش په‌نجه‌ی خستۆته‌ سه‌ر هه‌ندێك خاڵی لاوازی . به‌ڵام له‌ هه‌مووی خراپتر ئه‌و به‌راوردکردنه‌یه‌ که‌ به‌یه‌کیان ده‌کات . هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌ستنیشانکردنی جیاوازی نێوانی دوو شت ، زۆر جیایه‌ به‌ به‌راوردپێکردنیان.
پێشئه‌وه‌ی بێمه‌ سه‌ر خاڵه‌ جیاوازه‌کانی نێوانیان ، ده‌توانم بلێم ئه‌وه‌نده‌ی که‌ من له‌ ئه‌نارکیزم گه‌یشتبێتم، خودی به‌رواردکردن له‌ هه‌ر بوارێکدا بێت هه‌ڵه‌یه‌ ، چونکه‌ ئه‌نارکیزم ڕووداوه‌کان ، دیارده‌کان به‌ ڕه‌هایی و پێرفێکتی وه‌رناگرێت و شته‌کان له‌ نێوانی ڕه‌ش و سپیدا نابینێت و ڕوودان و ڕوونه‌دانی هه‌ر شتێك به‌ ژماره‌ هۆکارێکه‌وه‌ ، گرێده‌داته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌شی که‌ کار که‌وته‌ سه‌ر به‌راوردکردن ئه‌وکات کێشه‌ی ته‌حه‌کوم و حوکمدان به‌سه‌ر ڕوداوه‌کاندا ، دیارده‌کاندا، ده‌کرێت و به هه‌ڵه‌ لێکده‌درێنه‌وه‌‌ . لای من هیچ جۆره‌ به‌راوردێك ڕاست نییه‌ ، ته‌نها ‌ به‌راوردکردنی کێشه‌یه‌کی دیاریکراو له‌ هه‌نووکه‌ و ڕابوردوودا، یاخود هه‌ڵسه‌نگانی خۆت یا که‌سایه‌تی خۆت ، بیرکردنه‌وه‌ و بۆچونت ، له‌ هه‌نووکه‌ و ڕابوردوودا ، نه‌بێت.
بۆچی به‌رواردکردنی نێوانی ئه‌و دوو بزوتنه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ ، یا شۆڕشه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌؟
• سه‌رده‌می ئیسپانیای جه‌نگی جیهانی 1936 بۆ 1939 ئه‌نارکیزم وه‌کو هزر و وه‌کو بزوتنه‌وه‌ش زۆر به‌هیز بوو. ماوه‌ی نێوانی سه‌رکوتکردنی ئه‌نارکیسته‌کان له‌ کرۆنشتان ، ئۆکرانیا له‌ سه‌رده‌ستی سوپای سوری به‌لشه‌فییه‌کاندا ، فه‌تره‌یه‌کی که‌مبوو وه‌ك له‌ ڕوودانی جه‌نگی ئه‌هلی 1936 -1939 تاکو 2014 ی ڕۆژاوا. دوای جه‌نگی ئه‌هلی ئیسپانی ، به‌ڕای من، بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی له‌ ‌ زۆربه‌ی ساڵه‌کاندا له‌ پاشه‌ كشه‌دا بووه‌ جگه‌ له‌و ساڵانه‌ی که‌ بزواتی ئه‌نارکیستانه‌ له‌ژیر ناوی ئه‌نتی کاپیتاڵیستی و دژ به‌‌ په‌یمان به‌ستنه‌ بازرگانییه‌کان و گڵۆبه‌زایشن و بانقی نێوده‌وڵه‌تی و صندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و شه‌قامه‌کان بۆ خۆمان و هه‌روه‌ها بزوتنه‌ی زاپێتێستا. ئه‌و‌ که‌لێنه‌ 75 ساڵییه‌ی که‌ له‌ نێوانی ئیسپانیا و ڕۆژاودا، که‌ زۆربه‌ی‌ وه‌خت خامۆش بووه‌ ، مایه‌وه‌،‌ بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت کارایی خۆی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی داناوه‌ .
• له‌ ئیسپانیادا حیزبه‌کانی وه‌کو حیزبی کۆمۆنیست و ڕه‌وته‌کانی دیکه‌ ڕۆڵیان له‌سه‌ر هزر و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستانی ئه‌وێ نه‌بووه‌ ، واته‌ خۆیان ڕاسته‌وخۆ به‌شدارییان کرده‌وه‌ به‌ بۆچونی خۆیان و له‌ڕێگای کۆبونه‌وه‌ و به‌کارهێنانی دیمۆکراتی ڕاسته‌وخۆه‌ ، بڕیاره‌کانیان داوه‌ و کاریان بۆ کردوه‌‌. به‌ڵام له‌ ڕۆژاوا ، ئه‌وه‌ نکوڵی ناکرێت که‌ دوو حیزبه‌ سه‌ره‌کییه‌که، په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌، ‌ ڕۆڵی دیاریکراویان له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ڕۆاژاوا هه‌بووه‌و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌.
• هاریکاریی ده‌یه‌ها هه‌زار که‌س له‌ ئه‌نارکیسته‌کان و ئازادیخوازان و مارکسییه‌کان و نقابییه‌کان بۆ شۆڕشی ئیساپانیا. هاوکات ئه‌و هاریکارییه یه‌کجار هه‌ر یه‌کجار که‌مبووه‌ بۆ ڕۆاژاوا ، که‌ هاوکاریش ‌ ڕؤڵێکی گه‌وه‌ره‌ ده‌بینێت له‌ سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژاوا و داهاتوشی .
• ئیساپانیای ئه‌و کاته‌ وڵاتێکی سه‌رمایه‌داری ئیمپریالی بوو ، واته‌ کرێکاران له‌وێ چینێکی پته‌و و کارامه‌ و خاوه‌نی نقابه‌ی وه‌کو سی ئێن تی (CNT ) بوون که‌ به‌ ده‌یه‌ها هه‌زار کرێکاریان هه‌بوو هاوکاتیش زۆر خۆڕێخراو بوون . هه‌رچیش ڕۆژاوایه‌ هه‌موومان ده‌زانیین به‌هۆی سیاسه‌تی حکومه‌تی سوریاوه‌ هه‌ر له‌ شه‌سته‌کانه‌وه‌ تا ئێستا به‌ به‌کارهێنانی سیاسه‌تی ” پشتوێنی سه‌وز” نه‌ك هه‌ر به‌ پیشه‌سازیکردنی کوردستانی ڕۆژاوا، به‌ ئه‌نقسه‌ت ، فه‌رامۆش کرابوو، به‌ڵکو دروستکردنی بیناش یاساخ کرابوو. که‌واته‌ به‌راوردی دوو وڵاتی ، دوو ده‌ڤه‌ری زۆر له‌ یه‌ك جیاواز ، که‌ یه‌کێکیان له‌ ڕوی پیشه‌سازییه‌وه‌ پێشکه‌وتوو ، ئه‌وی دیکه‌یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، زۆر هه‌ڵه‌یه‌.
• ئیساپانیا که‌ خۆی وڵاتێکی ئه‌وروپییه‌ له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ : کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی و کوڵتوری و ڕۆشنبیری و پێگه‌ی جوغرافیشییه‌وه‌ زۆر نزیکتربوو ، نزیکتره‌ ‌ له‌ ئه‌وروپاوه‌ تاکو ڕۆژاوا . به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ئه‌و نزیکبوونه‌ ، نزیکتریان ده‌خاته‌وه‌ و زانیارییه‌کان و ئه‌زموونه‌کانی ئه‌وروپا به‌ ڕوسیاشه‌وه‌ باشتر و ڕاسته‌وخۆیانه‌تر ده‌گوازرانه‌وه و ده‌گوێزرێنه‌وه‌ ‌ بۆ ئیسپانیا تاکو ڕۆژاوایه‌کی هه‌ژاری بنده‌ستی سوریا و که‌ ‌ زۆرینه‌یه‌ك له‌ خه‌ڵکه‌که‌ی ، نه‌خوێنده‌وارن.
• ئیسپانیا و ڕۆژاوا هه‌ردو‌کیان له‌ خاڵی جه‌نگی ئه‌هلی و داگیرکردن و یارمه‌تی ڕوسیا بۆ شیوعییه‌کانی ئیسپانیا، له‌ ڕۆژاوادا یارمه‌تی تورکیا و قه‌ته‌ر و سعودییه‌ بۆ داعش و زۆر خاڵی دیکه‌ ، هاو به‌شیتییان هه‌یه‌ ، واته‌ خاڵه‌ ناوکۆییه‌کانی هه‌ردوکیانن . به‌ڵام به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییه‌ی که‌ من له‌سه‌ر هه‌ردوو لایان، هه‌مه‌، دووژمنه‌کانی ڕۆاژاوا زیاترن، دڕنده‌ترن، هاوکاری مادی مه‌عنه‌وی زیاتریان له‌ دووژمنه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌نارکیسته‌کانی ئیسپانیا ، هه‌یه‌. به‌رهه‌ڵستی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کانی ناوچه‌که‌و هێزی داعش ، ڕه‌نگه‌ مێژو تا ئێستا ئه‌و گیانبه‌ختکردن و خۆنه‌ویستییه‌ی نه‌دیتبێت، هه‌ر بۆیه ش گیانبه‌ختکراوانی ئه‌مان به‌ چه‌نده‌ها جار له‌ گیانبه‌ختکراوانی ئه‌نارکیسته‌کانی ئیساپانیا ، زیاتره‌. دووژمنه‌کانی ئه‌نارکیسته‌کان له‌ ئیساپانیاندا له‌ جاو دووژمنانی خه‌باتکه‌رانی ڕۆژاودا ، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌راورد ناکرێت.
• پێش شۆڕشه‌که‌ی ئیسپانیا ، ئه‌نارکیسته‌کان خۆیان وه‌کو بزوتنه‌وه‌ به‌هێز بوون ، خاوه‌نئه‌زموون بوون، به‌ سه‌ده‌ها سه‌رچاوه‌ی ئه‌نارکیستییان له‌ به‌رده‌ستدا بوو ، ئاسۆی تێکۆشانیان ڕوون بوو، به‌هۆی هزری ئه‌ناکیستییه‌وه‌ که‌ هه‌یانبوو ده‌یانزانی چیده‌که‌ن و چیان ده‌وێت. به‌ڵام له‌ ڕۆژاوا ڕه‌نگه‌ به‌ ده‌گمه‌ن هه‌بووبێت که‌ هه‌ر ناوی ئه‌نارکیستیان/ ئه‌نارشییان بیستبێت ئیدی له‌ باقییه‌که‌ی دیکه‌ی بگه‌ڕێ. هه‌ر هه‌موو سه‌رچاوه‌کانی خۆپێگه‌یاندن و خۆڕؤشنبیرکردن و خۆڕێکخستن ، له‌ ڕؤژاوا، هه‌مووی له‌‌ کتێبه‌کان و نوسینه‌کان و موحازه‌ره‌ و ڕاسپاردراوه‌کانی به‌ڕێز ئۆجه‌لانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و وه‌رده‌گیرێ.
• له‌ ئیسپانیا بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی له‌ نێوانی دوو داهاتوودا بوو : سه‌رکه‌وتن یاخود تێشکانێك که‌ هه‌تا ئێستاش وه‌کو ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌ش له‌ ئاسمانی مێژوی تێکوشانی ئازادیخوازاندا ماوه‌ته‌وه‌و ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌زموونێکی گه‌وره‌ی گه‌لێك گه‌وره‌ی له‌ دووی خۆی به‌جێهێڵاوه‌ . هه‌رچیش ڕۆژاوا هه‌یه‌ له‌ نێوانی 3 هه‌لبژارده‌دایه‌ : یه‌که‌م: سه‌کوتکردن و تێشکانی ته‌واو چ له‌ ڕوی سه‌ربازی و چ له‌ ڕووی ئه‌وه‌ی که‌ به‌ده‌ستهێراوه‌ ( که‌ ئه‌مه‌ گریمانێكی یه‌کجار که‌مه‌) . دووهه‌م ڕۆیشتن له‌گه‌ڵ نه‌زمی نوێی سیاسه‌تی نیو لیبراڵ و بازاڕ- ئازاد به‌ دروستکردنی جۆرێک له‌ ده‌سه‌ڵاتی هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌. سێهه‌م: گرتنه‌به‌ر و خۆگرێدانه‌وه‌ به‌ هزر و داخوازیی و ئامانجه‌کانی ئۆجه‌لانه‌وه‌ و کارکردن له‌سه‌ر لاوازی ڕۆڵی حیزب و هه‌نگاونان به‌ره‌و کۆنفیدراڵیزم ، هه‌روه‌ها که‌متر ‌ باسکردن له‌ کوردایه‌تی و یه‌کگرتنی کوردان و موئته‌مه‌ری نه‌ته‌وه‌یی کورد‌.




ئایا به‌ڕاستی سیاسه‌ته‌کانی بارزانی، شکستیان خواردووه‌؟! … زاهیر باهیر

سه‌راپای نوسینه‌کانی ناو فه‌یسبووك و ماڵپه‌ره‌کان پڕن له‌و نوسینانه‌ی که‌ گوایه‌ بارزانی و پارتی سیاسه‌ت نازانن و ئه‌وه‌شی که‌ ده‌یکه‌ن شکستی خواردووه‌.
شیکردنه‌وه‌ی من بۆ سیاسه‌ته‌کانی بارزانی به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و ڕایانه‌ی سه‌ره‌وه‌ن ، له‌به‌ر:
یه‌که‌م : پێناسه‌ی سیاسه‌ت له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌، دوای ‌ سه‌رده‌می ڕۆڵی به‌سه‌رچوی خۆبه‌ڕیوه‌به‌ریی یۆنانییه‌ کۆنه‌کانی سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی یه‌که‌م و ماوه‌یه‌کیش پێشزاینی، ماناکه‌ی شێوێندراوه‌ و گۆڕراوه‌.‌ ئه‌وکاته‌ سیاسه‌ت وه‌کو نان و ئاو زه‌روری بوو بۆ ئه‌وان له‌ به‌شداریکردن له ئه‌نجوومه‌ناکانیاندا بۆ‌ ‌ لابه‌لاکردنه‌وه‌ی کاروباره‌ سه‌ره‌کییه‌کانیان به‌ لێکۆڵینه‌وه ‌و دانی بڕیار و ئه‌نجامدانی له‌ ڕیگای دیمۆکراسی ڕاسته‌وخۆوه‌ ( مشاوه‌ره‌ی هه‌موانه‌وه‌). دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وان،‌ سیاسه‌ت ئه‌وه‌ی که‌ باو بووه‌ و پیاده‌کراوه،‌ پاشقوللێدان و ساخته‌ و که‌ڵه‌ك و فێڵ بووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ، ئیدی له‌ هه‌ر بوارێکدا بووبێت . ئه‌م دیاره‌دیه‌ له‌سه‌ر ئاستی لۆکاڵی، ناوچه‌یی و جیهانیش ، گه‌ر بمانه‌وێت، به‌ ئاشکرا ده‌یبینین. به‌گوێره‌ی ئه‌م پێناسه‌یه‌ بۆ چه‌مکی سیاسه‌ت، بارزانی باشترین سیاسی کورده‌، وه‌کو وتراوه‌ ” تا ئێستا ڕوینه‌داوه‌ له‌ مێژووی کورددا” ئیدی ئه‌ی ڕؤشنبیران گله‌یی چیتان هه‌یه‌ له‌ بارزانی؟!
دوووه‌م: ده‌بێت له‌ سیاسه‌تا و کاروباری سیاسیانه‌ و ئه‌نجامدانی، دوولایه‌ن ببیینین. واته ئه‌وه‌ی ‌ ڕاده‌گوزه‌رێ‌ هه‌م ڕاسته‌ وهه‌م هه‌ڵه‌شه‌، که‌ به‌ڕای من ڕۆشنبیران و نوسه‌رانی کورد سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی بارزانی یه‌كلایه‌نانه‌ ده‌یبینن، واته‌ ته‌نها له‌ دیدی خۆیانه‌وه و‌ به‌ گو‌ێره‌ی ته‌سه‌وراته‌کانی خۆیان ده‌توانن بییبین، که‌ ئه‌مه‌ش لایه‌نێکی دیکه‌ی بینینی سیاسه‌ته‌ به‌ ‘ یه‌كلایه‌نی’
ئه‌مان ئه‌وه‌ نابینن له‌ کردنی سیاسه‌تدا هه‌رکه‌س بیکات و له‌ هه‌ر شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا بیکات و ببێت، دوولایه‌ن تیایدا به‌شدار ده‌بێت. لایه‌نی یه‌که‌م : ئه‌وه‌ی که‌ سیاسه‌ت ده‌کات ، لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداره‌. لایه‌نی دووهه‌م: ئه‌وانه‌ی که‌ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ردا ده‌کرێت ، سیاسه‌تی سیاسییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتدارانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌کرێت.
گه‌ر به‌ وردی له‌ هه‌رد‌وو لایه‌نه‌کی سیاسه‌تی بارزانی و پارتی بڕوانین، یه‌که‌م ئه‌وه‌ ده‌بینین: که‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ به‌رژه‌وندی خۆی و خێزانی و توێژاڵێکی دیکه‌ی نزیك له‌ خۆیانه‌وه‌ زۆر سه‌رکه‌وتوانه‌ بووه‌ و تا ئه‌م ساته‌ش نه‌ك هه‌ر شكستیان نه‌هێناوه‌ به‌ڵکو له‌ بره‌ویشدان‌ . دووه‌م هاوکات ئه‌وه‌ ده‌بینین: که‌ سیاسه‌ته‌که‌ی بارزانی سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نی ژێرده‌سته‌یان واته‌ گه‌ل ، یا ڕاستتر به‌شی زۆری خه‌ڵکی کوردستان که‌ زۆربه‌یان هه‌ژار وڕه‌نجده‌ر و به‌شخوراوانن، سیاسه‌ته‌کانی بارزانی بۆ ئه‌مان سیاسه‌تێکی شکستخواردوون و خراپن، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی بارزانی و هاوپه‌یمانه‌کانێتی چ له‌ کوردستانا و چ له‌ده‌ره‌وی کوردستاندیشدا.
من لێره‌دا بڕێك له‌و سیاسه‌تانه‌ی که‌ بارزانی به‌ڕێی کرده‌وه‌ که‌ بۆخۆی و هاوپه‌یمانه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانی سه‌رکه‌وتو بوون و بۆ زۆربه‌ خه‌ڵکی کورستان کاره‌سات بوون، ته‌نها لیستیان ده‌که‌م:
سیاسه‌تی په‌نجا به‌ په‌نجای فرمانڕه‌وایه‌تی، شه‌ڕی ناوخۆ به‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه‌ ، ڕێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ تورکیاو ناوچه‌که‌ و وڵاتانی ڕۆژاوا و ئه‌مریکا، ڕێگادان به‌ کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ جیاجیاکانی بێیانه‌ که‌ به‌ئاره‌زوی خۆیان سه‌روه‌ت و سامانی ولات ده‌قۆزنه‌وه‌، ڕاگرنتی هاوسه‌نگی یاخود یاریکردن به‌ په‌یوه‌ندی نێوانی هه‌رێم و حکومه‌تی ناوه‌ندیی ، مووچه‌بڕین و که‌مکردنه‌وه‌ی ، ده‌ست تێکه‌ڵاوکردن له‌گه‌ڵ تورکیا و قه‌ته‌ر له‌ هێنانی داعش ، ڕێگه‌دان به‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی تورکیا و هێڕشکرنه‌ سه‌ر په‌که‌که‌، دژایه‌تیکردنی بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژاوا و باکور ، کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو حیزبه‌ کوردییه‌کان له‌ حکومه‌تی بنکه‌ فراوان و هاوکاتیش په‌لبه‌ستن و بێده‌سه‌ڵاتکردنیان ، تڕۆکردنی په‌ڕله‌مان و په‌ڕله‌مانتاران، یاریکردن به‌ سۆز و عه‌قڵی جه‌ماوه‌ری کورد … گه‌لێکی دیکه‌ له‌مانه‌.
پرسیار بۆ نوسه‌ر و ڕۆشنبیری کوردی لێره‌دا: باشه‌ گه‌ر سیاسه‌ته‌کانی بارزانی شکستی خواردووه، ‌ ئه‌ی چۆن 24 ساڵ و نیوه‌ به‌ پێوه‌ ماوه‌؟!!

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
30/09/2016




جیاوازی نێوانی هه‌ره‌وه‌زی و خێرخوازی ، کاری هه‌ره‌وه‌زییانه‌ و خێرخوازییانه‌:

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
24/09/2016

جیاوازییه‌کانی ئه‌م دوو جۆره‌ کارکردنه‌ یا ئه‌م دوو جۆره‌ ئه‌نجوومه‌ن/ ده‌ستانه‌ / کۆمیتانه‌ زۆرن ، به‌ڵام جیاوازییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانیان ، ئه‌مانه‌ن:
• خێرخوازی زیاتر خه‌ڵکانی دینی و مه‌زهه‌بی و ‌ ڕێکخروانی مه‌ده‌نی ناحکومی پێی هه‌ڵده‌ستن و هۆکار و هانده‌ره‌کانیشیان ڕۆحی به‌زه‌یی و دڵسووتان و خزمه‌تکردنێکی به‌رچاوی سیسته‌مه‌که‌یه‌ ، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ که‌یسی ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ ناحکومییه‌کاندا به‌ ئاشکراده‌بینرێن. له‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌کاندا، کارکردن و پێکه‌وه‌ ژیان ڕۆحی کۆمه‌ك و یارمه‌تی دروستده‌کات و گه‌شه‌ی ‌ پێده‌دات ، گیانی هاوکاریانه‌ی سه‌رده‌می کۆنی مرۆڤ ده‌ژێنێته‌وه‌ و مرۆڤ ده‌گێڕیته‌وه‌ بۆ سروشته‌ سروشتییه‌که‌ی خۆی. هۆکاری کردنه‌که‌ی نه‌ پاره‌یه‌ و نه‌ به‌زه‌ییه‌ ، به‌ڵکو هۆشمه‌ندی مرۆیانه‌ و ده‌فعکردنی پێویستی یه‌کدییه‌.
• ‌ خێرخوازی، مرۆڤانی خزمه‌تپێکردوو Patronise ده‌کات ( واته‌ به‌ چاوێکی تا ڕاده‌یه‌ك سوك و بێ ده‌سه‌ڵات ته‌ماشا ده‌کرێن و خۆجیاکردنه‌وه‌ش له‌ نێوانی هه‌ردوو لادا به‌ زه‌قی ده‌بینرێت که‌ لوتبه‌رزی و زانایی و لێوه‌شاوه‌یی پێوه‌ دیاره‌. له‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌کاندا گیانی یه‌کسانی و بڕوا به‌خۆبوون و به‌ یه‌کدیبوون گه‌شه‌ پێده‌دات ، کار له‌سه‌ر دروستکردنی تاك و بایاخدان به‌کاری هه‌ره‌ووه‌زیانه‌ ده‌دات .
• له‌ کاری خێرخوازی-دا چاوبه‌ره‌وژێریی و خه‌جاڵه‌تی و خۆ به‌که‌م زانیین بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ کۆمه‌کیان پێده‌کرێت، ده‌بینرێت. له‌ کاری هه‌ره‌وه‌زی-دا ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ پوجه‌ڵده‌بنه‌وه‌، گیانی برایه‌تی و ڕۆحسووكێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت و به‌خته‌وه‌ری و شادمانی بۆ به‌شداربووان ده‌گه‌ڕینێته‌وه‌ به‌وه‌ی که‌ پشتئه‌ستورن به‌ هێز و هاوکاری یه‌کدیی و مه‌ترسی ته‌نیایی و بێ پاره‌یی و بێ هاوده‌می ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌.
• خێرخوازی خه‌ڵکانی خزمه‌تپێکراو ده‌که‌نه‌ وابه‌سته‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و تۆزه‌ هێز و ده‌سه‌ڵاته‌ش که‌ هه‌یانه‌، ئه‌وه‌شیان لێده‌سێنرێته‌وه‌ و گیانی که‌مبڕوایی و بێ هێزی و بڕواکردنه‌ سه‌رکه‌سانی دیکه‌ له‌ ده‌رونیاندا چه‌که‌ره‌ ده‌کات. له‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌کاندا ، کاری هه‌ره‌وه‌زییه‌کان تاك چالاك و ده‌ستپێشخه‌ر و خزمه‌تکاری کۆمۆنێتییه‌که‌یه و دڵه‌ڕاوکێ و دوودڵی لا دروست نابێت له‌ کاتی ڕوودانی کاره‌ساته‌ سروشتی و ناسروشتییه‌کاندا ، چونکه‌ ده‌زانێت که‌ هێزێکی له‌بن نه‌هاتوی ئاشکراو شارا‌وه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ره‌.
• هه‌رچی خێرخوازی و کاری خێرخوازیانه‌ هه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ کاره‌کانیان ته‌نها وه‌ختییه‌ ، گه‌وره‌ترین خزمه‌تیش به‌ سیسته‌مه‌که‌ و خودی ده‌وڵه‌ته‌کانی ده‌که‌ن ، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینیت کاتێك که‌ ڕوداوێك ڕووده‌دا به‌ هه‌زاره‌ها له‌ خه‌لكانی ده‌وڵه‌مه‌ند و ملیۆنه‌های دیکه‌ی خه‌ڵکانی ئاسایی که‌ ده‌که‌ونه‌ ژێر ئه‌ژموونی میدیاوه‌ ، به‌ په‌له‌ پاره‌ وخواردن و پۆشاك و خواردنه‌وه‌ و هه‌تد کۆده‌که‌نه‌وه‌ وه‌کو یارمه‌تی و کۆمه‌ك . یاخود ناو به‌ناو کۆمه‌ك بۆ وڵاتانی به‌ناو هه‌ژاری وه‌کو له‌ ئه‌فریقاو شوێنه‌کانی دیکه، کۆده‌کرێته‌وه‌ ، که‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا پاترۆنایزیان ده‌که‌ن و به‌ هه‌ژار ناویانده‌هێنن، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا هیچ وڵاتێك نییه‌ له‌م دونیایه‌دا گه‌ر سامانه‌کانی بۆ خه‌ڵکه‌که‌ی سه‌رف بکرێت و یاخود هه‌ره‌وه‌زیانه‌ کاری له‌سه‌ر بکرێت ، به‌ هه‌ژاری بمێنێته‌وه‌. له‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌کاندا ، خه‌ڵکی به‌ رؤحێکی هۆشداره‌وه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌و هۆکاری ئه‌ساسی هه‌ژاری و نه‌داریی لا ڕونه‌ و پرسه‌کان لای ئه‌مان زیاتر ده‌بێته‌ پرسێکی سیاسی و له‌ هه‌وڵی فراوانکردنی هه‌ره‌وه‌زییه‌کاندان له‌ ئاستێکی گه‌شه‌کردوی زیاتردا. ئه‌وه‌ تێده‌گه‌ن که‌ ئه‌م جۆره‌ ژیانه‌ خۆشتره‌ و به‌ ئه‌زموون تره‌ .
• ‌کاری خێرخوازی و خێرخوازییه‌کان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تیی و به‌رقه‌راربوونێتی ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ له‌ کردنی ‌ئه‌و کارانه‌دا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت باسی ڕه‌گوڕیشه‌ی پرسه‌که‌ بکه‌یت ، بۆچی ئه‌وه‌تی ئێمه هه‌ین‌ ئه‌سیوبیا و سۆمالیا و به‌نگلادش و گه‌لێك وڵاتی دیکه‌ش هه‌ر به‌ هه‌ژاری ده‌یانبینین و پێمانده‌وترێت که‌ ڕوداوی سروشتی وه‌ك بوومه‌له‌رزه‌ لافاو بێ بارانی … هۆکاره‌که‌یه‌تی نه‌ك هۆکار و بنه‌ما‌کانی سیاسی ، ئابوری یاخو د کۆمه‌ڵایه‌تی. قسه‌کردن له‌سه‌ر ‌ئه‌سڵی کێشه‌کان بڤه‌یه‌. هه‌ره‌وه‌زییه‌کان ده‌قا و ده‌ق به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ کارده‌که‌ن ، کار له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی گشتی ده‌که‌ن ، کارکردنی به‌ جه‌ماعی ده‌که‌ن، ئه‌مانه‌ش هیچیان کاتیی نیین، به‌ڵکو دائیمییه‌. کارکردن به‌ جه‌ماعی و ژیانی هه‌ره‌وه‌زیانه‌ هیج جۆره‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هه‌ژموونی گه‌وره‌ی کاره‌ساته‌ سروشتییه‌کان ناهێڵێته‌وه‌ ، هاوکاتیش که‌مبوونی به‌رهه‌م و به‌رهه‌مهێنان ، هه‌رگیز هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیانیان ناکات چونکه‌ ئه‌وان به‌و کاره‌ ده‌سته‌گه‌لییه‌ی که‌ ده‌یکه‌ن ده‌توانن ئه‌وه‌ی که‌ ده‌یانه‌ێت ، به‌ گوێره‌ی پێویستی خۆیان به‌رهه‌می بهێنن .
• جۆرێك له‌ کاری خێرخوازی کار له‌سه‌ر ساخکردنه‌وه‌ی که‌ره‌سه‌و مه‌تیریاڵی زۆر جار ئێکسپایه‌ریش، ده‌کات و که‌ ئه‌مه‌ش قازانجێکی گه‌وره‌ بۆ هه‌ندێك له‌ کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان دروستده‌کات . واته‌ کۆمپانیاکان له‌ ڕودانی کاره‌ساته‌کان و له‌ ژیانی ئاسایشدا هه‌ر قازانجده‌که‌ن، کورد وته‌نی ” باران بێت ئاشیان ده‌گه‌ڕێت و خۆشیان بێت جووتیان ده‌گه‌ڕێت” . هه‌رچی هه‌ره‌وه‌زییه‌کان هه‌یه‌ ده‌توانن متمانه‌ی ژیانیان به‌ ته‌واوی بکه‌نه‌ سه‌ر سروشت و کێڵگه‌کان که‌ هه‌ره‌وه‌زانه‌ له‌ کشتیاریکردن و به‌رهه‌مهێنانی خواردنی ئۆرگانیك ( ته‌بیعی) که‌ زۆر ته‌ندروستیانه‌یه‌. ئه‌و سروشته‌ی نه‌ك هه‌ر هه‌موو پێدایسستییه‌کی خۆراکی و پۆشاکی ژیانی تیادایه‌ و بواری چاندن و تۆوکردن و ناشتنیشی بۆ ڕه‌خساندوین ، به‌لكو چاره‌سه‌ری هه‌موو نه‌خۆشییه‌کانیشی تیادایه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ وڵاتێکی وه‌کو کوردستانی ئێمه‌دا . به‌کردنی ئه‌مه‌ش بازاڕ- ئازاد له‌و شوێنه‌دا تا ڕاده‌یه‌ك گورزێك ده‌خوات.
• له‌ ده‌سته‌ خێرخوازییه‌کان و ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌ ناحکومییکاندا به‌ ئاشکرا ته‌رکیبی هیراشیانه‌ و بیرۆکراسی کارکردنی بیرۆکراسیانه‌ ده‌بینرێت و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بناخه‌یه‌ دروستبوون ‌و کار ده‌که‌ن ، ئیدی له‌ هه‌ر شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا بێت. کاری هه‌ره‌وه‌زیانه‌ و کۆمۆنێتی و تۆڕی هه‌ره‌وازییان، به‌ ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ و له‌ بنه‌ما و بناخه‌ی هیراشییه‌ت / هه‌ڕه‌مییه‌ت ده‌دات، به‌ گرتنه‌به‌ری دیمۆکراسی ڕاسته‌وخۆ که‌ به‌ زمانی گوندنشینانی کۆن “به‌ مشاوه‌ره” کاره‌کان ده‌کرێت و ڕاده‌په‌ڕێنرێت، به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ره‌وه‌زیی و کاری هه‌ره‌وه‌زییانه‌ هیراشیه‌ت و بیرۆکراسیه‌ت هه‌ڵده‌ته‌کێنێت به‌ نه‌بوونی سه‌رکرده‌ و بنکرده‌ و مودیر و کارمه‌ند و کرێکار ، به‌ ڕێگانه‌دانی هاتنه‌خواره‌ووه‌ی فرمان بێ مشاوه‌ری ده‌سته‌جه‌معی، ‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕه‌تده‌کاته‌وه ‌و ئه‌و شێوازه‌ له‌ته‌ك هه‌ره‌وه‌زیدا ناڕوات.




چه‌پ و کۆمۆنیست ئه‌وه‌نده‌ی ڕاستڕه‌وکان زیانیان به‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی گه‌یاندووه‌

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
Sep 2016

به‌شی یه‌که‌م:

چه‌رخی ڕابوردوو دوو کاره‌ساتی گه‌وره‌ی مێژویی به‌ خۆوه‌ دیت که‌ تا ئێستاش لانی که‌م به‌شێکی زۆری جیهان به‌ ده‌ست یه‌کێکیانه‌وه‌ هه‌ر ده‌ناڵێنێت. ئه‌و دوو کاره‌ساته‌ مێژوییه‌ش یه‌که‌میان “شۆڕشی به‌لشه‌فی” و به‌ڵشه‌فیزم بوو ئه‌وی دیکه‌شیان “شۆڕشی ئێران” بوو ، که‌ له‌ ڕاستیدا هیچیان شۆڕش نه‌بوون، بگره‌ دژ به‌ شؤڕشه‌که‌ بوون.
کاره‌ساتی یه‌که‌م گه‌ر ته‌واوی دونیای به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵنه‌کردبێت ئه‌وه‌ به‌شێكی زۆری له‌ جیهان گرته‌وه‌ و نزیکه‌ی 80 ساڵی خایاند، گه‌رچی هێشتا سێبه‌ره‌که‌ی هه‌ر به‌سه‌رمانه‌وه‌یه‌. کاره‌‌ساتی دووهه‌میشیان که‌ له‌ ئێستادا له‌ جه‌نگی مه‌زهه‌بی نێوانی شیعه‌ و سونه‌ و سونه‌ و سونه‌ و ” کافراندا” درێژکراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا کۆتایی ئه‌م شه‌وه‌زه‌نگه‌ ، ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ڕه‌شه‌، له‌ هیچ شوێنێکه‌وه‌ دیار نییه‌ .‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ئێراندا ڕوویدا که‌ ناوی به‌ شؤڕش ده‌رکردووه‌ به‌ردی بناخه‌ی جه‌نگی عێراق و ئێران، ڕؤڵ و کارایی له‌سه‌ر ناوجه‌که‌ به‌ دروستکردنی حیزبی سیاسی و میلیشیاکانیانه‌وه‌ ، دروستکردنی دوو سێنته‌ری سه‌ره‌کی له‌گه‌ڵ سعودییه‌دا له‌ ناوچه‌که‌دا و پێشبڕکێی نێوانیان له‌ نانه‌وه‌ی جه‌نگی وێرانکاریدا و له‌ دایکبوونی تالیبان و قاعیده‌ و ئێستاش داعش ، دانا.
ئه‌گه‌ر چی هه‌ر یه‌ك له‌م دووکاره‌ساته‌ له‌لای زۆرینه‌ی خه‌ڵکی به‌ خودی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانیشه‌وه‌ به‌ دوو دیاره‌ده‌ی جیا، پێناسه‌ کراوه‌ و ناوهێنراوه‌ ، یه‌که‌میان به‌ چه‌پ و دووهه‌میان به‌ ڕاست ، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا هه‌ردو‌کیان دووژمنی سه‌ره‌کی بیرۆکه‌ی سۆشیالیزم/ ئه‌نارکیزم بوون و ڕێگر و دژ به‌ دروستکردنی ئه‌و‌ کۆ‌مه‌ڵه‌ بوون ، به‌ڵام هه‌ر یه‌ك له‌ پێگه‌ و دیدی خۆیه‌وه‌ دووژمنایه‌تی کردوه‌. کاتێكیش که‌ ئه‌م دوو بزووتنه‌وه‌یه‌ هه‌ردوکیان که‌م تا زۆر وه‌ك یه‌ك له‌ داهاتوی سۆشیالیزم کاریان کردبێت ، ئیدی ناوز‌ده‌کردنیان به‌ چه‌پ و ڕاست ، مانایه‌کی نامێنێت!! ئه‌مه‌ له‌ کاتێكیشدا که ‌هێڵی ناوکۆیی ئه‌م دوو بزوتنه‌وه‌یه و بزوێنه‌ری سه‌ره‌کییان ” ئایدۆلۆژیا” بووه‌ .
له‌م وتاره‌مدا، من ته‌نها زیاتر پێداگریی له‌سه‌ر کومۆنیسته‌کان و ئایدۆلۆژییه‌که‌یان که‌ بنه‌ماکه‌ی مارکیزمه، ده‌که‌م . ده‌مه‌وێت گه‌ر به‌ کورتیش بێت ئه‌و بنه‌مایانه‌ بۆ خوێنه‌ر بخه‌مه‌ڕوو‌ تاکو ئه‌وه‌ ڕونبکه‌مه‌وه‌ که‌ چۆن چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان به‌کرده‌وه‌ دووژمنی سه‌رسه‌ختی سۆشیالیزم بوون و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و دووژمنکارییه‌ له‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و ئه‌و‌ بوارانه‌شی که‌ گرتونیه‌ته‌وه‌ ‌.
چه‌په‌کان له‌ ڕابووردو و له‌ ئێستادا:
چه‌پ به‌ هه‌موو لقه‌کانیه‌وه‌ هه‌ر له‌ سۆشیالدیمۆکرات و حیزبه‌ سۆشیالیسته‌کان و ژینگه‌ و سه‌وز و حیزبه‌ کرێکارییه‌کانه‌وه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا ، نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ هیزێکی شۆڕشگێڕ و کۆمه‌ڵ به‌ره‌و گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی ببه‌ن. ئه‌و دروشمانه‌ی که‌ هه‌ڵیانگرتبوو وه‌کو ئازادی و یه‌کسانی و دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵاتیان ، کاڵبوونه‌ته‌وه‌. چه‌قی تێکۆشانی ئه‌مان له‌ وڵاتانی دواکه‌وتووی پیشه‌سازیدا‌ جه‌نگی لادێ/ گه‌ریله‌ بووه‌ و له‌ وڵاتانی دیکه‌ی پێشکه‌وتوی پیشه‌سازیشدا ، هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی بووه‌.
ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێگای جه‌نگی گه‌ریلاییه‌وه‌ تێکۆشاون، نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ شوێنێك، یا گه‌ر گه‌یشتبێتیشن فرمانڕه‌واییه‌کی باشتریان له‌وانه‌ی پێش خۆیان دروستنه‌کردووه‌. ئه‌وانه‌شیان که‌له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی ” دیمۆکراسیانه‌وه‌” ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته‌ده‌ست، نه‌یانتوانیوه‌ دروشمه‌کانیان و ته‌واوی داخوازییه‌کانی ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌نگ و متمانه‌یان پێداون ، به‌جێبگه‌یه‌نن. گومانیشی تیانییه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ نێتی گه‌لێکی ناو ئه‌م پارتانه‌ پاكبووبێت و به‌ڕاستیش بۆ ئه‌و ‌مه‌به‌سته‌ له‌ سیاسه‌ت و پارتایه‌تییه‌وه‌ ئاڵابن، به‌ تایبه‌ت که‌ گه‌لێك له‌ پارته‌ سۆشیالدیمۆکرات و کرێکارییه‌کان، ‌ که‌سانی مارکسی و لینینی دڵسۆزی تیادا بووه‌ ، که‌ زۆربه‌ی کات به‌رنامه‌ی ڕادیکالتریان له‌ مانیفێستی حیزبه‌که‌یان پێبووه‌ .
ئه‌زموونه‌ یه‌کبه‌دوایه‌که‌کانی فرمانڕه‌واییان له‌ شوێنه‌ جیاجیاکانی ئه‌م دونیایه‌دا، که‌ تازه‌ترینیان یۆنانه‌، سه‌لماندیان که‌ ئه‌مان نه‌ك هه‌ر له‌ گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی به‌ڵکو له‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌شی ‌ که‌ که‌مپه‌ینیان بۆ ده‌کرد، ده‌سته‌پاچه‌ بوون . ئه‌مان له‌بری ئه‌وه‌ی که‌ ببنه‌ خزمه‌‌تکار و پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌ڵیانبژاردوون بۆ ئه‌و شوێنه، که‌چی پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌وانه‌ن که‌ هه‌موو شتێکیان له‌وانه‌ی که‌ ده‌نگیان پێداون ، زه‌وتکردوه‌ . به‌واتایه‌کی دیکه‌ ئه‌مان ته‌نها فرمانبه‌رێكن داکۆکی له‌ یاسا و به‌رژه‌وه‌ندی بانقه‌کان و کۆمپانیا گه‌وه‌ره‌کان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و خاوه‌نزه‌وی و موڵکه‌ گه‌وره‌کان و کۆمه‌ڵی ده‌سته‌بژێر ده‌که‌ن. ئه‌مان ته‌نها بورغویه‌کی بچوکن له‌ ماشێنه‌ گه‌وره‌که‌ی سیسته‌مه‌که‌دا ، گه‌ر له‌ کاریش بکه‌ون ، ماشێنه‌که‌ کاری خۆی ده‌کات و ڕاناوه‌ستێ. ئه‌وه‌ی که‌ فرمانڕه‌وایی ده‌کات ئه‌وانه‌ن که‌ ناوزه‌ده‌م کردن به‌ یارمه‌تی یاسا و پۆلیس و سوپا و دادگا و ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌کانیان تاکو یاساکانیان بۆ بخه‌نه‌ کار.
له‌ هه‌موو حاڵه‌تێکدا ‌ ئه‌مان له‌ فرمانڕه‌واییاندا ته‌نها ده‌توانن جه‌ند ڕیفۆرمـێکی بچوك بکه‌ن و چه‌ند کێشه‌یه‌کی بچوك لابه‌لابکه‌نه‌وه‌ و به‌ ئاسته‌م ژیانی زۆرینه‌که‌ی له‌ چاو حوکمی حیزبه‌ ڕاستڕه‌وه‌ ‌کاندا ، ببه‌نه‌ پێشه‌وه‌. سه‌ره‌نجامیش وه‌همدانێکی گه‌وره‌یه‌ به‌ خه‌ڵكی به‌وه‌ی که‌ ‌ به‌ڵێنێکی گه‌وه‌ره‌یان پێده‌ده‌ن و ‌ ناتوانن بیبه‌نه‌سه‌ر و له‌و باره‌شدا بێ ئومێدیان ده‌که‌ن.
به‌م کردارانه‌یان، گومانی تیادانییه‌ ئه‌مان باشترین خزمه‌تی سیسته‌مه‌که‌ ده‌که‌ن به‌ درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵکی و باوه‌ڕهێنانیان به‌ هه‌ره‌ درۆ گه‌وره‌که‌ی مێژوو که‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه،‌ چونکه‌ ئه‌مان له‌ حیزبگه‌لێکی ئاوادا کارده‌که‌ن که‌ په‌یامیان بۆ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ تاکه‌ ڕێگایه‌ك که‌ له‌ پێشمانه‌ گرتنه‌به‌ری ڕێگای رێفۆرم و چاککردنی هێدی هێدی بارودۆخه‌که‌یه، نه‌ ڕێگایه‌کی دیکه‌، ڕێگای سێهه‌م.
به‌بۆچونی من ئه‌م که‌سه‌ سۆشیالیست و مارکسییانه‌ که‌ له‌ ناو ئه‌م حیزبه‌ کرێکاری و چه‌پانه‌دا لێبڕوانه و دڵسۆزانه‌ ‌ کارده‌که‌ن ، باشترین خزمه‌ت و کار له‌ سه‌ر درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م سیسته‌مه‌ ده‌که‌ن ، زیاتر له‌ هاوه‌ڵه‌ که‌متر ڕادیکاله‌کانیان ، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و پێگه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که‌ هه‌یانه و هه‌بوونی متمامانه‌ی زۆر له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌وه‌.
ئاماره‌کان و واقیعیش ئه‌وه‌یان پێکاوه‌ که‌ ئه‌مان کاتێك له‌ حوکمدان نه‌ك هه‌ر گیانی شؤڕشگێڕییان له‌ ناو خه‌ڵکدا مراندووه‌ به‌ڵکو گیانی به‌رهه‌ڵستاکاریی ئاسایشیان ، مراندووه‌ . له‌ شوێنێکی وه‌کو ئه‌وروپا به‌ تایبه‌ت بریتانیادا سه‌رده‌مانێك که‌ حیزبی کرێکاران له‌سه‌ر حوکمن ، ژماره‌ی ناڕه‌زاییه‌کان و مانگرتنه‌کانی کرێکاران که‌مترن له‌ سه‌رده‌مانی حوکمڕانی حیزبی تۆری ( موحافیزین) ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ مانگرتن و ناڕه‌زاییه‌کان له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵه‌کانی حه‌فتاوه‌ له‌ که‌مبوونه‌وه‌ و نوشوستیدان ( ته‌نها ساڵێك که‌ تۆزێك له‌وان نه‌چێت ساڵی 2011 بوو) .
ڕیکۆردی فه‌رمی مانگرتنه‌کان له‌ بریتانیادا له‌ ساڵی 1890 وه‌ هه‌یه‌ ، ‌ئه‌وه‌ ده‌رده‌‌‌خات‌ که‌ مانگرتنه‌کان‌ له‌ ساڵانی حه‌فتاکانه‌وه‌ به‌ره‌و که‌مبوونه‌وه‌و بێ کارایی ڕۆیشتون جگه‌ له‌ هه‌ندێك کات نه‌بێت . به‌ڵام له‌ ساڵی 1990 وه‌ ژماره‌و کارایی مانگرتنه‌کان له‌ ساڵانی پێشخۆی که‌متر بووه‌ . ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ زانیارییه‌کی زۆری تیادایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌یه‌ و هۆکاره‌کانیشی رونده‌کاته‌وه‌ گه‌رچی من ئه‌و‌ هۆکارانه‌ به‌ فاکته‌ری سه‌ره‌کی له‌م گرفته‌دا، نازانم.
http://isj.org.uk/why-are-there-so-few-strikes/

به‌شی دووهه‌م:
لای زۆرینه‌یه‌ك له‌ چه‌پ به‌ تایبه‌ت کۆمۆنیسته‌کان، شێواندنی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیسستی و هۆکاری نه‌گه‌یشتن به‌ سۆشیالیزم، له‌ ‘ستالین’ و سه‌رده‌می فرمانڕه‌وایی ئه‌وه‌وه‌، ده‌ستپێده‌کات . که‌مینه‌یه‌کیش وای ده‌بینن که‌ ستالین چشتێکی نه‌کرده‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌جێگه‌یاندنی پرۆسه‌ی ‘لیننیه‌ت’ و پراکتیزه‌کردنی بیرۆکه‌ و تیوری خودی ‘لینین’ خۆی نه‌بێت.
به‌ڵام گه‌ر به‌ وردی تاو و توێیه‌کی مێژوو بکه‌ین و به‌ بیرێکی فراوانه‌وه‌ ئاوڕێکیش له‌ واقیعی ڕابوردوو و ئێستاش بده‌ینه‌وه‌ ، ڕه‌نگه‌ تا ڕاده‌یه‌ك بتوانین گه‌لێك له‌وانه‌ی که‌ ڕویداوه‌ و لۆمه‌ی ستالین و لینین-مان له‌سه‌ریان کردوه،‌ له‌ مارکسه‌وه‌ سه‌ر ده‌ربهێنێت ، یا لانی که‌م ئه‌شکالێکمان سه‌باره‌ت به‌ مارکس لا دروستبکات.
با سه‌رنجێکی بیانوو و پاساوه‌کانی کۆمۆنیسته‌کان بده‌ین و دوای ئه‌وه‌ ئاوبه‌رێکی سه‌رچاوه‌که‌ی بکه‌ین ، بزانین له‌ کوێدا ده‌گیرسێته‌وه.
• ڕێکخستن و پارتی کرێکاران:.
ئه‌وه‌ی که‌ پاڵی به‌ ‘لینینه‌’ وه‌ ناوه‌ بۆ در‌وستکردنی پارتی شۆڕشگێڕ و کارکردنی کۆمۆنیسیته‌کان، گواستنه‌وه‌ی هۆشیاری چیانیه‌تی بووه‌ بۆ ناو ڕیزه‌کانی کرێکاران . ئه‌و‌ له‌ کرداردا باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بووه‌ که‌ هۆشـیاری چینایه‌تی له‌ زه‌مینه‌ی کارکردن و ململانێی چینایه‌تی نێوان خودی کرێکاران و بورجوازی ‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات. ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ ‘ لینین’ باوه‌ڕی به‌ کۆنترۆڵکردنی چینی کرێکاران هه‌بووه‌ له‌لایه‌ن کۆمۆنیست و پارته‌که‌یانه‌وه‌. ئه‌و باوه‌ڕی به‌‌ بزوتنه‌ه‌ی خۆڕسکی نه‌بووه‌ ، هه‌میشه‌ش ئه‌و بزوتنه‌وه‌ خۆڕسکیانه‌ی به‌ حوکمی نه‌بوونی پارتی شؤڕشگێڕی خاوه‌ن زه‌بت و ڕه‌بت و ‌ هه‌بوونی ناوه‌ندی دیمۆکراسی له‌و پارته‌دا, به‌ بێ سه‌روبه‌ره‌ و ئاژاوه، داوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م.
‘لینین’ باوه‌ڕی وابووه‌ بۆ ڕودانی شؤڕش بارودۆخی زاتی و بابه‌تی گرنگن . له‌ بارودۆخی زاتیدا بۆ شؤڕش هۆشیاری چینایه‌تی لای گرنگ بووه‌ و هه‌نگاوی گه‌وره بووه‌ چونکه‌ ‌ ئه‌و‌ هۆشیارییه‌ له‌ناو کرێکاراندا، به‌ڕای ئه‌و، ونه‌. بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌و کاری له‌سه‌ر دروستکردنی ئه‌و پارته‌ کردووه‌ و باوه‌ڕی وابووه‌ که‌ کۆمۆنیسته‌کانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی کرێکاران هۆشمه‌ندترین که‌سانێکن، ده‌کرێت پارتی پێشڕه‌و به‌و که‌سانه‌ دروستبکرێت و پێشڕه‌وایه‌تی چینی پڕۆلیتاریا، کرێکاران، بکات به‌ره‌و مه‌نزڵی کۆتایی که‌ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریایه‌، دواتریش به‌ره‌و کۆمۆنیزم .
لینین، له‌ کتێبه‌ به‌ناوبانگه‌که‌یدا ” ده‌بێت چی بکرێت؟” بناخه‌ی ته‌واوی پلان و پڕۆگرامی حیزبی به‌لشه‌فی دانا و هه‌ر له‌و‌ێدا په‌نجه‌ بۆ زه‌بتوڕه‌بتی حیزبیانه‌ ڕاده‌کێشێت و ده‌یه‌وێت بیکاته‌ ڕێنمایی “ده‌لیلی ” کارکردنی ئه‌ندامانی حیزب.
من له‌م خاڵه‌دا نامه‌وێت به‌ درێژی له‌سه‌ر ئه‌و کتێبه‌ و پلان و پڕۆگرامه‌که‌ی ‘لینین’ بڕۆم چونکه‌ پێموایه‌ ئه‌وه‌مان که‌ ڕۆژێك لینینی یا مارکسی-لینینی بووبێتین ئه‌و کتێبه‌مان نه‌ك هه‌ر خوێندۆته‌وه‌ به‌ڵکو ده‌رخیشمان کردبوو. ئه‌وه‌ی که‌ لای من گرنگه لیره‌دا، ‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بلێم لینین ئه‌مه‌ی له‌ خودی مارکسه‌وه‌ هێناوه‌ . مارکس له‌ به‌یانی شیوعی-دا له‌ به‌شی دووهه‌مدا، له‌ په‌یوه‌ندی کرێکاران و کۆمۆنیسته‌کاندا، ده‌ڵێت ” کۆمۆنیسته‌کان پارتێکی جیا دژ به‌ پارته‌کانی دیکه‌ی چینی کرێکاران دروست ناکه‌ن” https://www.marxists.org/archive/marx/works/1848/communist-manifesto/ch02.htm
له‌م دێڕه‌ کورته‌ دا ، مارکس دوو شتمان بۆ ده‌خاته‌ڕوو ، یه‌که‌م: کۆمۆنیسته‌کان و کرێکاران جیاوازن . دووهه‌م: هه‌بوون و ڕه‌وابوونی پارتی کرێکارانه‌یه‌. ئه‌و ئایدیایه‌ی که‌ ‘لینین’ سه‌باره‌ت به‌ دروستکردنی حیزب‌ هه‌یبوو ، له‌ مارکس -ه‌وه‌ وه‌ری گرتوه‌.
John Molyneuxکه‌ ئه‌کادیمی و نوسه‌ره‌ و زیاترله‌ 12 په‌رتوکی له‌سه‌ر کێشه‌ی جیاواز جیاواز هه‌یه‌ یه‌کێك بوو له‌ ڕابه‌ره‌کانی ” سۆشیالیست وه‌رکه‌ر پارتی ” برتانیا و ئێستاش له‌گه‌ڵ هه‌مان حیزب به‌ڵام له‌ ئیرله‌نده‌ کارده‌کات ،‌ یه‌کێکه‌ له‌نێو که‌سه‌ دیاره‌کان ‌ که‌ له‌ مارکس به‌باشی گه‌یشتبێت و توانیوێتی لینین به‌ مارکسه‌وه‌ په‌یوه‌ستبکاته‌وه‌ . سه‌باره‌ت به‌ زۆر مه‌سه‌له‌ له‌وانه‌ ‘ حیزب’ ‘پڕۆلیتاریا/کرێکاران’ و دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا’ و ‘ شۆڕش’ یه‌کجار زۆری نوسیوه‌ . لێره‌دا من وه‌کو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك په‌نجه‌ بۆ هه‌ندێك له‌ نوسینه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ پارتی پێشڕه‌و، ڕاده‌کێشم . ئه‌و‌ ده‌ڵێت ” به‌ڵام کاتێك که‌ یه‌کێك له‌سه‌ر تئیوره‌کانی مارکس سه‌باره‌ت به‌ پارت ده‌دوێت، بابه‌ته‌که‌ باسی پارتییه‌ سیاسییه‌کان به‌گشتی نییه، به‌ڵکو پارته‌ شۆڕشگێره‌که‌یه‌ که‌ ئامانجی ئه‌و، هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی کاپیتاڵیزمه‌- به‌تایبه‌ت که‌سێك که‌ قسه‌ له‌سه‌ر تێزی مارکسی سه‌باره‌ت به‌ پارتێکی سیاسی پڕۆلیتاریانه‌، ده‌کات، چونکه‌ ، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ دیدی ئه‌وه‌ که‌ ” به‌ ته‌نها پڕۆلیتاریا، به‌ هه‌قه‌ت چینێکی شؤڕشگێڕن” ‌ مۆلێنوکس هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌و نوسینه‌یدا له‌ شوێنێکی دیکه‌دا ده‌ڵێت ” ….له‌ ڕاستیدا مارکس زۆرجار پێشنیاری ئه‌وه‌ی کردووه‌ له‌ ته‌واوی مانای وشه‌دا، به‌ هه‌ستێکی ته‌واوه‌، ناتوانرێت کرێکاران به‌چین وه‌رگیرێن هه‌تا پارتی جیاوازی خۆیان بینانه‌که‌ن… ده‌توانین له مانیفێستی کۆمۆنیستدا ئه‌وه‌ بدۆزینه‌وه‌ که‌ ‘‌ ڕێکخستنی پڕۆلیتاریا له‌‌ چینێکدا، دواتریش له‌ پارتێکی سیاسیدا ، به‌به‌رده‌وامی غه‌مگینی/دڵه‌ڕاوکێیه‌ له‌ کێبڕکێی نێوان کرێکاران خۆیاندا’. هه‌ره‌وها له‌ بڕیاری کۆنفرانسه‌که‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌که‌م، له‌نده‌نی 1871 واهات ‘ پڕۆلیتاریا ده‌توانێت ته‌نها به‌ دامه‌زراندنی پارتێکی سیاسی جیاواز بۆخۆی، وه‌ک‌ چین، کار بکات ‘. ” له‌ درێژه‌ی ئه‌و نوسینه‌دا له شوێنێکی دیکه‌دا، به‌ ئاماژه‌کردن به‌ مارکس ده‌ڵێت ” ئه‌م خۆڕێکخستنه‌ی پڕۆلیتاریا له‌ پارتێکی سیساسیدا زه‌روورییه‌/ جه‌وهه‌رییه‌ بۆ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ له‌ هه‌ده‌فی کۆتاییدا : هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ( ئتلغاکردنه‌وه‌) چینه‌کان.”‌
https://www.marxists.org/history/etol/writers/molyneux/1978/party/ch01.htm
ڕه‌نگه‌ له‌ ڕوی تیورییه‌وه‌ پێشڕه‌وی شؤڕشگێڕ نێتی نه‌بووبێت ‌ که‌ ڕێكخراوێکی جیا له‌ چینی کرێکاران دروستبکات و له‌ چه‌قی بزوتنه‌وه‌که‌یاندا خۆی به‌ هه‌موو شتێك بزانێت. لینین و ئه‌وانی دیکه‌یان نێتیان وابووه‌ که‌ ئه‌مان تێکه‌ڵ به‌ به‌شێك له‌ چینی کرێکاران بن به‌ مه‌به‌ستی کردنی جه‌ده‌لی ململانێی چینایه‌تی و گواستنه‌وه‌ی هۆشیاری سۆشیالیستیییانه‌ بۆ ناویان. به‌ڵام له‌و ماوه‌ درێژه‌ی سه‌رده‌می مارکسه‌وه‌ تا ئێستا مامه‌ڵه‌ی پارته‌ سۆشیالیست و کۆمۆنیسته‌کانمان له‌ته‌ك کرێکاراندا بۆ ده‌رکه‌وتووه‌، که‌ هه‌میشه‌ ‌ خۆیان به‌ ده‌سته‌ی پێشڕه‌و هۆشمه‌ند و ڕۆشنبیر زانیوه‌ و له‌ حه‌قیقه‌تیشدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و له‌ ده‌سه‌ڵاتیشدا توانیویانه‌ یاخود هه‌وڵی جددیان بۆ کۆنترۆڵکردنی کرێکاران داوه‌.

به‌شی سێهه‌م:
• ده‌وڵه‌ت و ناوه‌ندگه‌رایی و ده‌سه‌ڵاتخوازیی:

وه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ وتم هه‌ندێك له‌و چه‌پ و کۆمۆنیستانه‌ نوشستی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی و نه‌گه‌یشتن به‌ قۆناغی سۆشیالیزم ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ ‘لینین’ به‌وه‌ی که‌ گوتویه‌تی و کردوویه‌تی. به‌ بۆچونی من ئه‌مه‌ی که‌ ‘لینین’ کردویه‌تی له‌ خودی ‘ مارکس و ئینگلسه‌وه‌’ وه‌ریگرتوه‌ که‌ ئه‌وانیش هه‌ردوکیان زۆر پێیان له‌سه‌ر ناوه‌ندگه‌رایی و ده‌سه‌ڵات، داگرتووه‌. له‌ نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌که‌م وه‌کو ڕێکخراوێکی جیهانی کرێکاران، هاوکاتیش سێنته‌رێك، ‌ له‌وێوه‌ فرمانه‌کان و په‌یامه‌کان بۆ خواره‌وه‌ ده‌نێررا و دروشمه‌ ئه‌مرییه‌که‌ی که‌ ” ئه‌ی کرێکارانی جیهان یه‌کگرن” بوو، که‌ له‌وێدا مارکس له‌ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و‌ ڕێکخراوه‌وه‌ بوو . هه‌ر له‌وێشدا بوو که‌ مارکس په‌یگیریی له‌ ڕێکخراوێکی ناوه‌ندگه‌رایی ده‌کرد ، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن باکۆنینه‌وه‌ ڕه‌تکرایه‌وه‌. باکۆنین باوه‌ڕی وابوو ڕێکخراوی ناوه‌ندگه‌رایی حه‌ماسی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵک و خۆڕسکییان خامۆش ده‌کات . ئه‌مه‌ش یه‌کێك بوو له‌ هۆکاره‌کانی وه‌ده‌رنانی باکۆنین و هاوڕێکانی له‌ ڕیزه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی.
مارکس باوه‌ڕی وابووه‌ پاش کۆنترۆڵکردنی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان‌ ، قۆناخێکی کاتیی، ده‌بێت، که‌ دیکتاتۆرییه‌تی پڕۆلیتاریایه‌ و ئه‌م قۆناخه‌ش بۆ تێپه‌ڕکردنی کۆمه‌ڵ له‌ سۆشیالیستییه‌وه‌ به‌ره‌و کۆمۆنیزم زه‌روورییه‌. گه‌رچی ئه‌م تیوره‌ لای مارکس له‌ ساڵی 1870 دا له‌ په‌رتوکی به‌رنامه‌ی گۆتادا خرایه‌ ڕوو ، به‌ڵام “له‌ ڕاستیدا له‌ ئایدۆلۆجیای ئه‌ڵمانیدا، تیوری دیکتاتۆریی پڕؤلیتاریای ( هێشتا ئه‌و ناوه‌ی نه‌داوه‌تێ) به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌کان، خراوه‌ته‌ڕوو “……هه‌موو چینێك ئامانجی پاوانه‌کردنه‌ به‌‌ پڕۆلیتاریاشه‌وه‌ که‌ به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فۆرمی کۆمه‌ڵی کۆنی ده‌بات به‌ ته‌واوی و به‌گشتی ، یه‌که‌مجار ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بگرێته‌ ده‌ست تاکو نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی به‌ هه‌قه‌ت وه‌کو به‌رژه‌وندی گشتی، بکات که‌ له‌ چرکه‌ی یه‌که‌مدا زۆری بۆده‌هێنرێت که‌ بیکا” لا 52 و 53 ئایدۆلۆجی ئه‌ڵمانی { له‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ وه‌رگیراوه‌} ” قۆناخی گواستنه‌وه‌ ، قۆناخی گۆڕانی شۆڕشگێڕانه‌یه‌ ” له‌ نێوانی کۆمه‌ڵی کاپیتاڵیستی و کۆمۆنیستدا” مارکس نوسیوێتی ” قۆناخی گواستنه‌ه‌وی شؤڕشگێڕانه‌ له‌میانه‌وه‌ به‌ ئه‌ویان ده‌گه‌یه‌نێت” به‌رنامه‌ی گۆتا، چاپی 1870.
لێره‌دا گرنگ نییه‌ جۆری ده‌وڵه‌ته‌که‌ چۆنه‌ و کێ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات ، چونکه‌ هه‌ر ده‌وڵه‌تێك بچوك یا گه‌وره‌ زۆر یان که‌م پێویستی به‌ سوپا و پۆلیس و دادگاو یاسا و ئیداره‌ی بیرۆکراتی و ده‌زگه‌ی سیخوڕی و ..هتد هه‌یه‌، که‌واته‌ ده‌وڵه‌تی کرێکاران / پڕۆلیتاریاش ناتوانێت خۆی له‌مه‌ بپارێزێت .
له‌ ڕه‌دی ئه‌مه‌دا باکۆنین نوسوێتی ” ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت هه‌بێت ، ئه‌وه‌ هه‌یمه‌نه‌کردنیش ده‌بێت و سه‌ره‌نجامه‌که‌ش کۆیلایه‌تی. ده‌وڵه‌ت به‌ بێ کۆیلایه‌تی ، به‌کراوه‌یی بێت‌ ‌ یاخود‌ فێڵکردن ‌، ناسه‌لمێنرێت ، ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ دووژمنی ده‌وڵه‌تین . مانای چییه‌ ‘ پڕؤلیتاریا هه‌ڵده‌کشێ بۆ چینی فرمانڕه‌وایی؟” له‌م جه‌ده‌له‌ی نێوانی مارکس و باکۆنیندا ، باکۆنیین پرسیار له‌ مارکس ده‌کات ” ئایا هه‌موو 40 ملێون ( کرێکارانی ئه‌ڵمانیا) ده‌بنه‌ ئه‌ندامانی حکومه‌ته‌که‌؟” باکۆنیین په‌رتوکی ده‌وڵه‌ت و ئه‌نارکی لا 178. مارکس له‌وه‌ڵامدا ” به‌ دڵنیاییه‌وه‌! بۆ سیسته‌مه‌ێك که‌ له‌ حوکمی خۆسه‌ری کۆمۆنێتییه‌کانه‌وه‌یه‌‌” مارکس و تێبینییه‌کانی 519 . له‌ شوێنێکی دیکه‌دا کاتێك که‌ مارکس له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پڕۆلیتاریا و جوتیاران ده‌نوسێت، ده‌ڵێت ” پڕۆلیتاریا … پێویسته‌ وه‌کو حکومه‌ت ئه‌و پێوه‌رانه‌ی که‌ پێوستێتی وه‌ریانگرێت…”
بۆ زانیاری زیاتر تکایه‌ ته‌ماشای ئه‌م لینکه‌ بکه‌:
http://www.marxisthumanistinitiative.org/alternatives-to-capital/karl-marx-the-state.html

باکۆنیین له‌ به‌رانبه‌ر خواستی مارکس و هاوڕێکانیدا بۆ ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتاری و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆچون و‌ ڕای خۆی به‌ ئاشکر وتووه، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ ده‌ڵێت ” من بێز له‌ کۆمۆنیزم ده‌که‌مه‌وه‌ له‌به‌ر نکوڵیکردنی له‌ ئازادیی هه‌ره‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌توانم پێشبینی شتێك له‌ مرۆڤ نه‌که‌م به‌ بێ‌ ئازادیی. من کۆمۆنیست نیم له‌به‌رئه‌وه‌ی کۆمۆنیزم پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرێت و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵ وه‌رده‌گرێت و ‌ده‌یداته‌ ده‌ست ده‌وڵه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ زه‌رووره‌ت ناوه‌ندگه‌رایی له‌ موڵکیه‌ت له‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا کۆتایی دێنێت، له‌ کاتێکدا که‌ من هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تم ده‌وێت” . http://www.politicalsciencenotes.com/political-ideas/comparison-between-karl-marx-and
به‌داخه‌وه‌ پێشبینیه‌که‌ی باکۆنیین سه‌باره‌ت به‌ ده‌وڵه‌ته‌که‌ی مارکس و ده‌سه‌ڵاتخوازی پارتی کۆمۆنیست “به‌لشه‌فی” نزیکه‌ی نیو سه‌ده‌ دوای قسه‌که‌ی، هاته‌ دی.
مارکس له‌ په‌رتوکی ڕه‌خنه‌ی به‌رنامه‌ی گۆتادا ، باشتر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی ڕوونکردۆته‌وه‌ ده‌ڵێت ” له‌ نێوانی قۆناخی سۆشیالیستی و کۆمۆنیزمدا قۆناخی گواستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ له‌ ڕێگای ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریاوه‌ ده‌بێت” گه‌رچی مارکسییه‌کان پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرن که‌ گوایه‌ مارکس مه‌به‌ستی له‌ ده‌وڵه‌ت نه‌بووه‌ به‌ڵکو له‌ زه‌بروزه‌نگی شؤڕشگێڕانه‌ی پڕۆلیتاریانه‌ بووه‌ . به‌ڵام به‌ ئاشکرا دیاره که‌ مارکس مه‌به‌ستی دسه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی پڕؤلیتاریا بووه‌، چونکه‌ مارکس له‌ شوێنی دیکه‌شدا پێداگریی له‌ سه‌ر هه‌بوونی ده‌سه‌ڵات و ناوه‌ندگه‌رایی ده‌کاته‌وه‌. با له‌وه‌ گه‌ڕێین که‌ مارکس و ئینجلس هه‌ردووکیان ڕازیبوون به‌ ونبوون و له‌ناوچوونی ده‌وڵه‌ت له‌ ڕێگای ده‌سه‌ڵاتی پڕۆلیتاریا و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یه‌وه‌ ، که‌ هیچ وه‌ختێك نه‌ ئاوه‌ز و نه‌ ئه‌زمونی دووروو و درێژی دروستبوونی ده‌وڵه‌تیش ، ‌ ئه‌وه‌یان نه‌ په‌سه‌ند‌کردووه‌ و نه‌ سه‌لماندویانه‌ . ده‌وڵه‌ت هه‌میشه‌ خۆی و ئامرازی به‌هێزکردنه‌وه‌ی خۆی نوێده‌کاته‌وه.
ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێك شوێندا مارکس به‌شداریکردنی له‌ هه‌ڵبژاردن و په‌ڕله‌ماندا ڕه‌وا کردوه‌ ” ئایا لایه‌نگریی به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی بورجوازیدا نه‌بوون، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی کاندیده‌کانی کرێاکران بۆ په‌ڕله‌مان؟ له‌ ڕاستیدا له‌ چه‌ند وڵاتێکی دیاریکراودا هه‌تا وا بیریان ده‌کرده‌وه‌ که‌ زۆربه‌ی په‌ڕله‌مانتاره‌کانی چینی کرێکاران ده‌توانرێت قۆناخی گواستنه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ بێت، بۆ سۆشیالیزم ” [ تکایه‌ بۆ زانیاری زیاتر ته‌ماشای تێبینی 62 له‌و لینکه‌ی سه‌رووتریانا بکه]‌
دوو مه‌سه‌له‌ لای ما رکس زۆر گر نگ بوون‌ یه‌که‌م ناوه‌ندگه‌رایی دووهه‌م به‌ پیشه‌سازیکردنی وڵات . تا ئه‌و کاته‌شی که‌ مرد ئه‌و په‌یگیری له‌سه‌ر ئه‌و دوو مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌کرد و به‌ دوو بناخه‌ی گرنگی داده‌نا له‌ بۆ بیناکردنی سوشیالیزم. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ردوکیان ( مارکس و ئه‌نگلس) نه‌ك هه‌ر لایه‌نگر و شه‌یدای ناوه‌ندگه‌رایی له‌ بواری سیاسیدا بوون به‌ڵکو‌ له‌ بواری پیشه‌سازی و ئابوریشدا هه‌ر وابوون ، خۆشیان هه‌رگیز نکوڵییان له‌م ڕاستییه‌ ‌ نه‌کردووه‌. من له‌ سه‌ره‌وه‌ باسم له‌ ناوه‌ندگه‌رایی له‌ بواری سیاسیدا کرد .
مارکس و ئینگلس ته‌ماشای ده‌سه‌ڵاتیان واکردووه‌ که‌ بناغه‌ییه‌ بۆ دسپلینکردنی پڕۆلیتاریا و گوێڕایه‌ڵی بوون . ئینگلس زۆر به‌ ڕاشکاوییه‌وه‌ ئاوا وه‌سفی کارگه‌ ده‌کات‌ ” قوتابخانه‌یه‌كی هیراشی /قوچکه‌ییه‌‌ بۆ گوێڕایه‌ڵێتی و ئه‌مرکردن” لا190 Ecology or Catastrophe, The life of Murray Bookchin, By Janet Biehl
له‌ کتێبێکی دیکه‌یدا، بووکچین ده‌ڵێت ” مارکس و ئینگلس نه‌ك هه‌ر له‌ سیاسه‌ت به‌ڵکو له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و پیشيسازیشه‌وه‌، سێنترالیست بوون. هه‌رگیز ئه‌م ڕاستییه‌یان نکوڵی لێنه‌کردووه‌، نوسینه‌کانیان و دیراسه‌کانیان له‌ته‌ك وه‌سفه‌ ڕاسته‌وخۆکانیان بۆ سیاسه‌ت، ڕێکخراوێتی، نایشارنه‌وه‌. هه‌ر زوو له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئازاری‌ ساڵی 1850 دا بوو، له‌ په‌یامه‌که‌ی له‌ کۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه‌ بۆ گروپی کۆمۆنیست) Central Council to the Communist League ، مارکس ” با‌نگێشه‌ی ئه‌وه‌ی کرد که‌ کریکاران به‌ ته‌نها تێنه‌کۆشن بۆ یه‌کتایی و تاکێتی کۆماری ئه‌ڵمانی، به‌ڵکو ده‌بێت تێکۆشانیشیان به‌ زۆری و لێبڕاوانه‌ بۆ ناوه‌ندگه‌رایی ده‌سه‌ڵاتیش له‌ ده‌ستی ‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تتدا، بێت” …. هه‌ر له‌و په‌ڕه‌گرافه‌دا به‌ به‌رده‌وامی دووباره‌بۆته‌وه‌ و ئه‌نجامگیری ئه‌وه‌ی کردووه ” هه‌ر وه‌ک له‌ فه‌ره‌نسای 1793 دا ئه‌ڵمانیای ئه‌مڕۆش که‌ به‌ ڕێگای ناوه‌ندگه‌رییه‌کی پته‌و و مه‌زبوتدا تێده‌په‌ڕێت که‌ ئه‌مه‌ش ‌ له‌ حه‌قه‌تدا ‌ مه‌هامی پارتێکی شۆڕشگێڕه‌‌” له‌ ساڵانی دوای ئه‌وه‌ش هه‌مان شت به‌رده‌وامبووه‌، که‌ جه‌نگی فرانکۆو بروسیا ده‌ستی پێکرد ، بۆ نموونه‌ ، مارکس بۆ ئینگلسی نوسی” فه‌رنسییه‌کان پێویستیان به‌ به‌زاندن هه‌یه‌. گه‌ر برۆسیه‌کان بیبه‌نه‌وه‌، ناوه‌ندگه‌رایی ( مه‌رکه‌زییه‌تی ) ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت به‌سسوود ده‌بێت بۆ سێنتره‌لایزکردنی چینی کرێکارانی ئه‌ڵمانیا”‌ لا 140 The Murray Bookchin Reader Edited By Janet Biehl.
مارکس، وه‌کو خودی خۆشی ، کابرایه‌ك بووه‌ که‌ ڕۆحی خۆسه‌پێنه‌رێتی تیادابووه‌ ، هیچ وه‌ختێك ئاماده‌ی لێدوانی له‌خۆبڕاوانه‌ و یه‌کگرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شی که‌ ناکۆکی زۆر سه‌ره‌کی له‌ ته‌کیاندا نه‌بووه‌ ، نه‌بووه‌ . هه‌ر که‌سێکیش پیداچونه‌وه‌یه‌کی په‌یوه‌ندی نێوانی مارکس و نه‌یاره‌کانی و نامه‌کانی نێوانیاندا بکات ، وه‌کو له‌ته‌ك جۆزیف پرۆدن و میخایل باکۆنین و ماکس شتێرنه‌ ‌و ئه‌وانی دیکه‌دا، کردویه‌تی ‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت.

به‌شی چواره‌م:
• چینی پڕۆلیتاریا و ته‌کنه‌لۆجیا:

ڕۆح و جه‌وهه‌ری هزری مارکس له‌ خۆئاماده‌کردندا بۆ شۆڕش و هێزه‌ بزوێنه‌ره‌که‌ی، له‌ چینی پڕؤلیتاریا و گه‌شه‌ و پێشه‌وه‌چوونی ته‌کنه‌لۆجیادا ، چڕبۆته‌وه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ که‌ سه‌رجه‌می لێکۆڵینه‌وه‌ مێژووییه‌کانی مارکس له‌سه‌ر ته‌کنه‌لۆجیا و پێشکه‌وتنی و سه‌رمایه‌داریی و که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه‌و زێده‌بایی و ململانێی نێوانی پڕۆلیتاریا و بورجوازی ، بووه‌، تاکو بیسه‌لمێنێت که‌ کۆمه‌ڵی ئاینده‌ی سۆشیالیزم له‌سه‌ر ده‌ستی کرێکاراندا دروستده‌بێت، ئه‌مه‌ش یانی سۆشیالیزم نایه‌ته‌ دی هه‌تا کۆمه‌ڵ به‌سه‌رمایه‌دارییدا تێنه‌په‌ڕێت. له‌م دیده‌یه‌شه‌وه‌ ‌ مارکس نه‌ك هه‌ر به‌هایه‌کی یه‌کجار زۆری بۆ کرێکاران له‌ کۆمه‌ڵ و ڕۆڵیاندا داناوه‌ به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتداریشیانده‌کات و ده‌یانخاته‌ پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌‌وه‌ . مارکس هیوایه‌کی یه‌کجا گه‌وره‌ به‌ کرێکاران ده‌به‌ستێت، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی وه‌کو بوكچین ده‌ڵێت ” مارکس نوسوێتی و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌رکاتێك پڕۆلیتاریا کاپیتاڵیزمی به‌ سروشتی قه‌بوڵکرد ، ئه‌وه‌ هه‌موو هیواکان بۆ شۆڕش ، ونده‌بێت”
لا285 Ecology or Catastrophe, The life of Murray Bookchin, By Janet Biehl
هاوکاتیش مارکس ئه‌وه‌ باشده‌زانێت که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌ودا کرێکاران له‌ وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌کاندا زۆر که‌مایه‌تیبوون و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتا‌نه‌شدا یا هه‌ر نه‌بوون یاخوود یه‌کجار که‌مبوون . کاتێك که‌ مارکس گه‌شه‌ی کرێکاران به‌ گه‌شه‌ی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌‌ ده‌به‌ستێت ، ئیدی ئه‌و هه‌سته‌ی خۆی ناشارێته‌وه‌ که‌ گه‌شه‌ی وڵاتان له‌ ڕوی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌ که‌ به‌ر‌هه‌مهینه‌ری کرێکارانه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر وێرانی وڵاتێکیش و پلیشانه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌شی بێت ، لای ئه‌و گرنگ نییه‌ . باشترین نمونه‌یه‌کیش ‘ کۆمپانیای ڕؤژهه‌ڵاتی هیندییه‌’ له‌ چه‌رخی 19 ده‌دا که‌ مارکس یه‌کجار دڵی پێیخۆشبوو.
جانێت له‌ لاپه‌ڕه‌ی 60 ی هه‌مان کتێبدا ده‌ڵێت، بووکچین ده‌ڵێت ” مارکس وای بینیوه‌ که‌ کاپیتاڵیزم په‌یامێکی مێژویی پێیه‌ بۆ پێشخستنی ته‌کنه‌لۆجیا بۆ ئاستێك که‌ ئیدی ده‌توانێت پێداویستییه‌کانی به‌شه‌رییه‌ت دابین بکات” دیسان هه‌ر له‌و په‌رتوکه‌دا له‌ لاپه‌ڕه‌ 190دا، نوسیوێتی ” له‌وه‌ش زیاتر، مارکسیزم په‌یگیرانه‌‌ ده‌سه‌ڵاتخواز بووه‌. مارکس و ئینگلس ته‌ماشای ده‌سه‌ڵاتیان واکردووه‌ که‌ بناغه‌ییه‌ بۆ دسپلینکردنی پڕۆلیتاریا و گوێڕایه‌ڵی بوون . ” هه‌تا مارکس کاپیتاڵیزمی واده‌بینی که‌ به‌ وێرانکردنی فۆرمه‌ ئابووییه‌کانی پێشینه‌ و گه‌شه‌پێدانی ته‌کنه‌لۆجیا ، ڕۆڵێکی مێژویانه‌ی پێشکه‌وتنخوازیانه‌ی بینیوه‌. ئه‌و وا بیریکردۆته‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵی چینایه‌تی زه‌رووره‌ی مێژوییه بۆ به‌ده‌ستهێنانی بناغه‌ی ئازادی به‌شه‌رییه‌ت …….بوکچین ‌ سه‌باره‌ت به‌م تێزه‌ و بۆچوونه‌ی مارکس ‌ ‌ ده‌ڵێت مارکسیزم ” پێشکه‌وتوترین ئایدۆلۆجییه‌ ‌ ‌ له‌ کاپیتاڵیزمی پێشکه‌وتوودا” ‌
David Graeber له‌ په‌رتوکه‌ نوێیه‌که‌ی که‌ به‌ ناوی The Utopia of Rules له‌ لاپه‌ڕه‌ی 121 و 122 دا، ئه‌ویش له‌سه‌ر بۆچونه‌کانی مارکس سه‌باره‌ت به‌ ته‌کنه‌لۆجیا و سوود ، ده‌دوێت، به‌ به‌ڵگه‌وه ‌قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك بۆچوونی ئه‌و‌ ده‌کات که‌ نه‌هاتنه‌ دی. یه‌کێك له‌وانه‌ شۆڕشکردنه‌ له‌ ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا ، ده‌یڤد ده‌ڵێت ” ئه‌رگویمێنته تایبه‌تییه‌که‌ی مارکس ئه‌وه‌ بووه‌، به‌هۆی فاکته‌ری دیاریکراوی ته‌کنیکییه‌وه‌ به‌ها(قیمه‌) و هه‌روه‌ها قازانجیش ده‌بێت له‌ کاری مرۆڤ، دروستبکرێت . به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ کێبڕکێی خاوه‌نکارگه‌کان ناچار به‌ ماشێنایزکردنی به‌رهه‌م له‌ پێناوی هێنانه‌خواره‌وه‌ی تێچووندا (کولفه‌) ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا ناو به‌ناو قازانجێکی وه‌ختی بۆ چه‌ند کارگه‌یه‌ك هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ گشتی کارایی ئه‌م ماشنیزکردنه‌ له‌ ڕاستیدا بڕی ( معه‌ده‌ل) قازانج له‌ هه‌موو کارگه‌کاندا ده‌هێنێته‌ خواره‌وه‌. ئه‌وه‌ ئێستا نزیکه‌ی دوو چه‌رخه ئابورییناسه‌کان دیبه‌یتی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن ئایه‌ به‌ ڕاستی ئه‌مانه‌ هه‌موی ڕاسته‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕاستبێت ، ئه‌ی بۆ بڕیارێکی وا‌ غه‌ریب‌ له‌ له‌یه‌ن پیشه‌سازیکه‌رانه‌وه، ناده‌ن،‌ بۆ‌ پاره‌ ناخه‌نه‌ توێژینه‌وه‌ بۆ داهێنانی کارگه‌کانی ڕۆبۆت، که‌ هه‌موو که‌سێك له‌ شه‌سته‌کاندا، پێشبینی ئه‌وه‌ی ده‌کرد، له‌بری ئه‌مه‌ ده‌ستپێکردنی گوستنه‌وه‌ی کارگه‌کانیان بۆ شوێنانی چڕی کار ، بۆ شوێنیێ ته‌کنه‌لۆجیای که‌متر، له‌ چین یاخود جیهانی باشوور، که‌ عه‌قڵ باشتر ده‌یگرێت، کرد”
ده‌یڤد هه‌ر له‌و به‌شه‌ی کتێبه‌که‌یدا له‌ لاپه‌ڕه‌ 143 دا ده‌ڵێت ” کاپیتاڵیزم له سروشتی ته‌کنه‌لۆجیدا پێشکه‌وتووه‌ وا‌ده‌رده‌که‌وێت مارکس و ئینگلس له‌ سه‌رده‌می حه‌ماسییه‌که‌یاندا بۆ شۆڕشی پیشه‌سازی له‌و ڕۆژانه‌دا سه‌باره‌ت به‌مه‌، به‌ ته‌واوی هه‌ڵه‌ بوون . یاخود زیاتر به‌ دیار‌یکراوی ئه‌وان ڕاستبوون که‌ په‌یگیرییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ که‌ ماشێنا‌یزکردن له‌ پیشه‌سازی به‌رهه‌هێناندا، سه‌رئه‌نجام کاپیتاڵیزم وێرانده‌کات، به‌ڵام هه‌ڵه‌ بوون له‌ پێشبینیکردنی ئه‌وه‌ی که‌ مونافه‌سه‌ی مارکێته‌کان خاوه‌نکارگه‌کان ناچارده‌کات که‌ به‌ره‌و ماشێنایز، مل بنێن” ‌
له‌ته‌ك ئه‌و ئه‌رکه‌ گه‌وره‌ی که‌ مارکس خستویه‌تیه‌ سه‌رشانی کرێکاران، بڕوایشی به‌وه‌ هه‌بووه‌ که کرێکاران ده‌بێت ‌ شوورا و کۆمیته‌ و ئه‌نجومه‌نه‌کانی خۆیانیان له‌ کارگه‌ و کارخانه‌کانیاندا هه‌روه‌ها له‌ شوێنه‌کانی دیکه‌شدا هه‌بێت ، وه‌کو ئه‌نجومه‌نێك، لیژنه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵات . ئه‌مه‌ش یانی ده‌سه‌ڵاتدانه‌ ده‌ستی کرێکاران و بێبه‌شکردنی باقییه‌که‌ی، دروستکردنی ده‌سه‌ڵاتێك له‌ شێوه‌یه‌کی بچوك یا گه‌وره‌دا ڕێگاخۆشکردنه‌ بۆ نه‌بوونی یه‌کسانی و دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی . بووكچین له‌و دیمانه‌یه‌ی که‌ Janet Biehl ی براده‌ری کردویه‌تی، سه‌باره‌ت به‌ کۆمیته‌ی کرێکارییه‌کان ده‌ڵێت “‌ گه‌ر کرێکاران له‌ پرۆژه‌که‌یاندا خۆیان وه‌کو هاووڵاتیان له‌بری کرێکاران نه‌بینن، که‌واته‌ ئێمه‌ ده‌رگه‌ بۆ گریمانێکی به‌هێز ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌و‌ان بانگه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ شوێنه‌کانیاندا ، له‌سه‌ر حسابی ئه‌نجوومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان، ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش یانی کێشانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ و دانی به‌ شوێنی سه‌ر کار، ئا به‌و شێوه‌یه‌ تۆ درز له‌ یه‌کێتی ئه‌نجوومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ دروستده‌که‌یت و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری زیاتری شوێنی سه‌ر کار وه‌ک‌ توخمێکی سه‌رپه‌رشتیکار له‌ په‌یوه‌ندیدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نه‌ جه‌ماه‌رییه‌که‌دا” درێژه‌ به‌ قسه‌کانی ده‌دات و ده‌ڵیت لێمگه‌ڕێ با ئاسانی بکه‌م : ” که‌ ‌ شوێنی سه‌ر کار ده‌سه‌ڵاتی زۆری هه‌بوو ، ئه‌نجوومه‌نی جه‌ماوه‌ری ده‌سه‌ڵاتی که‌مه‌- هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی که‌متر که‌ شوێنی سه‌ر کار هه‌یه‌تی ، ئه‌نجومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که ده‌سه‌ڵاتی زۆرتری ‌ هه‌یه” لا 162 The Politics of Social Ecology, Libertarian Municipalism. By Janet Biehl

سه‌باره‌ت به‌چینی کرێکاران، مارکسییه‌کانی ئه‌مڕۆ، به‌تایبه‌ت مارکسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌بێت ئه‌و‌ پێناسه‌یه‌ لای خۆیان ساغبکه‌نه‌وه‌. ‌ ئایه‌ تێگه‌یشتنی ئه‌وان له‌چه‌مکی پڕۆلیتاریا، کرێکاران، هه‌ر هه‌مان شته‌ که‌ مارکس کاتی خۆی هه‌یبووه‌؟ گه‌ر ئه‌وان هه‌مان پێناسه‌ په‌سه‌ند ده‌که‌ن ،ئه‌وه‌ له‌ته‌ك واقیعی ئه‌مڕۆ و جیهانه‌که‌یدا ناگونجێت و گریمانی شؤڕشیش، نیییه‌ . خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌موو خه‌ڵکانی دیکه‌ که‌ له‌ ئۆفیس و شۆپه‌کان و شوێنه‌کانی دیکه‌دا و به‌ بێکار که‌مئه‌ندامانه‌وه‌ و خانه‌نشینکراوانه‌وه‌ به‌ کرێکار بده‌نه‌ قه‌ڵه‌م ، یاخود وای ده‌بینن که‌ کێشه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ نێوانی له‌ سه‌دا یه‌ك و له‌ سه‌دا نه‌وه‌دونۆکه‌ی دیکه‌یه‌تی. ئا له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌وان ده‌بێت پیاداچونه‌وه‌یه‌ك به‌ بۆچونه‌ مارکسییه‌کانی خۆیاندا سه‌باره‌ت به‌ پڕۆلیتاریا، بکه‌ن.
ڕه‌نگه‌ گرنگیش نه‌بێت چ پێناسه‌یه‌ك بۆ کرێکاران ده‌که‌ن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ گرنگه‌ و من تا ڕاده‌یه‌کی زۆر دڵنیام ئه‌وه‌یه‌ که‌ چینی کرێکاران زۆر له‌ سه‌رده‌می مارکس لاوازتره‌ و هیوای شۆڕشییش له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا زیاتر بوو تا ئێستا. دیاره‌ له‌مه‌دا پێشبینییه‌که‌ی مارکس نه‌هاته‌ دی که‌وای ده‌بینی که‌ کاپیتاڵیزم گۆڕهه‌ڵکه‌نی خۆی ده‌بێت و به‌ پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیا و زۆربوونی پڕۆلیتاریاو ڕوودانی قه‌یرانه‌ یه‌کبه‌دوایه‌که‌کانی ئابوریی، ئیدی زه‌نگی لێدانی شؤڕشیش نزیکترده‌بێته‌وه‌ .
گه‌ر ته‌ماشایه‌کی واقیعیانه‌ی دونیا بکه‌ین له‌م چه‌رر‌خه‌دا و تا ئێستاش بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران و خه‌ڵکی له‌ ئاستێکی یه‌کجار نزمدان جگه‌ له‌ فه‌ره‌نسا و یۆنان . ته‌نانه‌ت هه‌وڵی سه‌ره‌کی ئه‌وانیش نه‌ك بردنه‌پێشه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌که‌یه‌ و دابینکردنی داخوازی زیاتر ، به‌ڵکو ده‌ستبه‌سه‌راگرنتی ئه‌وانه‌ی که‌ پێشتر به‌ده‌ستهێنراون ، تاکو له‌ ده‌ست نه‌چن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش من ڕام وایه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ قه‌یرانێکی یه‌کجار گه‌وره‌داین نه‌ك سه‌رمایه‌داری. له‌م باره‌شه‌وه‌ من ‌ چه‌ند وتارێکم نوسیوه‌ و دواترینیان ” ئایا‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ قه‌یرانی سه‌رمایه‌دارییه‌، یاخود قه‌یرانی ئێمه‌یه‌؟ ” http://zaherbaher.com/2016/08/18/%d8%a6%d8%a7%db%8c%d8%a7%e2%80%8c-%d8%a6%d9%87%e2%80%8c%d9%85-%d9%82%d9%87%e2%80%8c%db%8c%d8%b1%d8%a7%d9%86%d9%87%e2%80%8c-%d8%a6%d8%a7%d8%a8%d9%88%d9%88%d8%b1%db%8c%db%8c%d9%87%e2%80%8c-%d9%82%d9%87/
سه‌باره‌ت به‌ ته‌کنه‌لۆجیا و ڕۆله‌که‌ی: هه‌روه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکرد گرنگێتی ته‌کنه‌لۆجیا بۆ مارکس و مارکسییه‌کان له‌ بنیاتنانی سۆشیالیزمدا زۆر گرنگ بووه‌ ، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ هاتنی ته‌کنه‌لۆجیای پێشکه‌وتوو لای ئه‌وان پێداویستییه‌کی مێژوویی بووه‌ بۆ دروستکردنی هێزه‌ بزوێنه‌ره‌که‌ی شۆڕش، کرێکاران، هه‌م بۆ قورتاربوون له‌ کێشه‌ی که‌مبه‌رهه‌میی ، که‌ مارکس که‌مبه‌رهه‌میی به‌ نه‌بوونی ته‌کنه‌لۆجیای پێشکه‌وتووه‌ گرێداوه‌ و ئه‌و مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ به‌رهه‌م به‌شی دانیشتوان ناکات.
له‌ وردکردنه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌توانین دوو خاڵی گرنگ ڕه‌چاو بکه‌ین . یه‌که‌م : هاتنی ته‌کنه‌لۆجیا به‌ هاتنی چینی بورجوازی قۆناغی گه‌شه‌کردنی پیشه‌سازییه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ . هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ که‌ مارکس ئه‌وه‌ی که‌ بورجوازی کردویه‌تی به‌ شۆڕشی زانیوه‌ و لاینگری کردوه‌ و تا ئێستاش له‌ناو مارکسییه‌کاندا واباوه‌ که‌ بورجوازی له‌و سه‌رده‌مه‌دا چینێکی شۆڕشگێر بووه‌. دووهه‌م: که‌ ته‌واوکه‌ری خاڵی یه‌که‌مه‌ بووه‌ته‌ دانانی به‌ردی بناخه‌ی به‌شکردنی قۆناخه‌کانی به‌شه‌رییه‌ت به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم لای ما‌رکسییه‌کان ، وه‌کو کۆمه‌ڵی کۆمیۆێنه‌ی سه‌ره‌تایی ، به‌ندایه‌تی ، فیود‌اڵیزم ، کاپیتاڵیزم ، سۆشیالیزم ئه‌مجا کۆمۆنیزم. ئه‌م ڕیزبه‌ندییه‌ لای مارکسییه‌کان به‌ لینینیشه‌وه‌ زیاتر گرنگی ڕۆڵی پرۆلیتاریا و ته‌کنه‌لۆجیای دووپاتکرده‌وه‌، پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرد که‌ قسه‌کردن له‌سه‌ر کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم بۆ وڵاتانێك که‌ له‌ قۆناخی سه‌رمایه‌داری زۆر گه‌شه‌کردودا، نه‌بن ، ئه‌وه‌ خه‌و و خه‌یاڵه،‌ دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ واقیع و داخوازییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌رده‌م ، ئه‌مه‌ش کارێکی وایکرد که‌ ئه‌گه‌ر پارته‌ کۆمۆنیست و به‌لشه‌فییه‌کانی جیهان باوه‌ڕ و دروشمیشیان کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم بووبێت، به‌ڵام به‌ کاری کرده‌ کارو تێکۆشانیان بۆ به‌ پیشه‌سازیکردنی وڵات، کۆمه‌ڵ، کردووه‌ ، بۆ زیاتر کۆیله‌ کردنی کرێکاران، ڕه‌نجده‌ران. به‌شخوراوان، بووه‌ ،هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ که‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دونیادا ده‌ستیان له‌ته‌ك چینی بورجوازی، خۆیان وته‌نی ” نیشتمانی” تێکه‌ڵکردوه‌ و به‌ چینێکی شؤڕشگێڕیان داناوه‌ و پشتگیرییان لێکردووه‌ . ده‌رئه‌نجامی به‌ڕێکردنی ئه‌م سیاسه‌ت و پراکتیکه‌کردنشی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سۆشیالیستی ، دیمۆکراتی نیشتمانی ، فرمانڕه‌وایی گه‌لیی ، دیمۆکراتی گه‌لی و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی گه‌شه‌کردنی ناسه‌رمایه‌داری به‌ره‌و‌ سۆشیالیزم له‌ عێراق و هه‌ندێك شوێنی دیکه‌ به‌ ده‌ستتێکه‌ڵکردنی له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌ فاشییه‌کاندا له‌ به‌ره‌یه‌کدا.
که‌واته‌ وه‌کو کورد ده‌ڵێت ئه‌و ئاگره‌ بێ دووکه‌ڵ نییه‌. ئه‌مه‌ی که‌ له‌سه‌رده‌می ‘لینین’ و دوای ئه‌ویش په‌یڕه‌وده‌کرا ، هه‌ر هه‌مووی گه‌ر به‌ وردی بڕوانیت ‌ خودی مارکس سه‌رچاوه‌که‌یه‌تی، ورده‌ ورده‌ قسه‌ و بۆچون و تیئوره‌کانی مارکس له‌سه‌ر ده‌ستی لینین و پاشڕه‌وانیدا، گه‌شه‌ی پێدراوه و خراوه‌ته‌ پراکتیکه‌وه‌ ‌ .
به‌ بۆچونی من ئه‌و دوو خاله‌ی که ‌له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێکردن پڕۆلیتایا و ته‌کنه‌لۆجیا له‌گه‌ڵ دابه‌شکردنی پێشکه‌وتنی به‌شه‌رییه‌ت‌ به‌و قۆناغانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم، گه‌وه‌ره‌ترین زه‌ربه‌یان له‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی داوه‌ و به‌ربه‌ستێکی یه‌کجار گه‌وره‌ بوون له‌به‌رده‌میا. ئاشکراشه‌ که‌ ده‌ردی ئایدۆلۆجیا هیچ ده‌رفه‌تێکی بۆ مارکسییه‌کانی پاش مارکس نه‌هێلاوه‌ته‌وه‌ تاکو سه‌ر له‌ دووتوێی کتێبه‌کان به‌رزبکه‌نه‌وه به‌ ‌ مێشکی خۆیان تۆزێك بیر بکه‌نه‌وه‌ و بزانن ئایا ڕاستی ئه‌مه‌ له‌ که‌تواردا ده‌بینرێت یا نا؟ پرسیارێك له‌ خۆیان بکه‌ن خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕاستی تیادا بێت ئه‌وه‌ شؤڕشی سۆشیالیستی له‌ وڵاتانی پیشه‌سازی دواکه‌وتودا هه‌رگیز ڕوونادات ؟ ئه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌ چۆن ڕووده‌دات؟ هه‌نگاوه‌ عه‌مه‌لییه‌کان بۆ ئه‌م پرۆسسه‌یه‌ چین؟ له‌ هه‌قه‌تیشدا واقیعیش و ئه‌زموونه‌کانیش ئه‌وه‌یان نیشاندا نه‌ حیزب ده‌توانێت ئه‌مه‌ بکات و نه‌ ‌ پڕۆلیتاریاش ده‌توانن یه‌کبگرن و دیکتاتۆری پڕۆلیاتاریاش بنیات بنێن؟! خۆئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ڕوویدا ئه‌ی چۆن ئه‌م قۆناخی چینایه‌تییه‌ له‌ ڕێگای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ده‌وڵه‌ته‌وه‌، ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ قۆناخی بێ ده‌سه‌ڵاتیی، بێ چینایه‌تی؟ ئه‌مانه‌ و کۆمه‌ڵه‌ پرسیارێکی دیکه‌ هه‌ن که‌ بۆ مارکسییه‌کان گرانه‌ له‌ واقیعدا وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه، مه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی ته‌نها له‌ بڕگه‌ی کتێبه‌کاندا بدۆزنه‌وه‌‌ .

به‌شی پێنجه‌م:

• ته‌کنه‌لۆجیا و سروشت و ژینگه‌ و ئیکۆلۆجی: ‌

‌لایه‌نێکی دیکه‌ی خراپیی له‌ پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆجیا به‌ تێزی مارکس و مارکسیییه‌کان که‌ به‌ مه‌رجێکی سه‌ره‌کی بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی، داده‌نێن ، له‌ ڕاستیدا خاڵێکیشه‌ ‌ له‌ دژایه‌تیکردنی ژینگه‌ و ئاژه‌ڵ و ته‌واوی گیانله‌به‌رانی سه‌ر ئه‌م گه‌ردوونه‌‌ . هاوکاتیش ئه‌و بایاخ و به‌ها گه‌وره‌یه‌ که‌ خودی مارکس بۆ مرۆڤی دڕنده‌ی داناوه‌ که‌ ” به‌نرخترین سه‌رمایه‌یه‌ له‌‌ دوونیادا”!! .
ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ‘لینین’ شتێکی وای له‌سه‌ر ژینگه‌ و سروشت و بوونه‌وه‌ره‌کانی دیکه‌ی سروشت ، نه‌نوسیوه‌ ، ئه‌وانه‌شی که‌ نوسیوێتی، ئه‌ویش وه‌کو مامۆستا‌که‌ی ، مارکس، له‌ ڕوانگه‌ی پاوانه‌کردنییه‌وه‌ بۆ دابینکردنی خۆشگوزه‌رانی بۆ مرۆڤه‌کان ، یا ڕاستتر بۆ کرێکاره‌کان‌، قسه‌ و باسی له‌سه‌ر کراوه‌.
مارکس له‌سه‌ر پاراستنی ژینگه‌ و سروشت شتی نوسیوه‌ ، به‌ڵام هزر و ئایدیای به‌ کرده‌وه‌ دژایه‌تی سروشت و بوونه‌وه‌رانی دیکه‌ی جگه‌ له‌ مرۆڤ، کردوه‌. ئه‌و خواستویه‌تی که‌ مرۆڤ سروشت پاوانه‌ بکا و سه‌ری پێدانه‌وێنێ بۆ خواست و خۆشی مرۆڤ ، که‌ ئه‌مه‌ش لای مارکس ته‌نها و ته‌نها له‌ ڕێگای ته‌کنه‌لۆجیاوه‌ ده‌بێت، ئیدی له‌م باره‌دا لای ئه‌و گرنگ نه‌بووه‌ که‌ ته‌کنه‌لۆجیا سروشت و ژینگه‌که‌ی وێرانده‌کات و بونه‌وه‌ره‌کانی له‌ناوده‌بات یا لانی که‌م که‌میانده‌کاته‌ وه‌ و ڕه‌ویان پێده‌کات. هاوسه‌نگی له‌ نێوان سروشت و مرۆڤدا ، مرۆڤ و ته‌کنه‌لۆجیادا ، لای مارکس ونبووه‌ . ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی که‌ چه‌ندێك سروشت خزمه‌ت به‌ مرۆڤ ده‌کات و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی ده‌بات ، ئه‌وه‌نده‌ش مرۆڤ ده‌بێت خزمه‌ت به‌و بکات و وه‌کو سه‌رچاوه‌ی سامانێکی به‌هادار که‌ ده‌توانرێت ته‌واو یپێداویستیه‌کانی ژیان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا بۆ مرۆڤ ده‌سته‌به‌ر بکات.
ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر مرۆڤدا به‌‌ هۆی کاره‌ساته‌ سروشتییه‌کانی وه‌کو لافاو و هه‌ریکان و زیادبوونی پله‌ی گه‌رما و ڕودانی کاره‌ساتی دیکه، دێت، ‌ ده‌رئه‌نجامی دژایه‌تیکردنی سروشته‌ له‌ ڕێگه‌ی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌ بۆ که‌ڵه‌که‌کردنی زیاتری سه‌رمایه‌ ، که‌ ئه‌مه‌ش مرۆڤکرده‌ ، واته‌ کاری مرۆڤه‌ نه‌ك شێتبوونی سروشت.
ته‌کنه‌لۆجیاو چڕبونه‌وه‌ی چینی پڕۆلیاتاریا و گه‌یشتن به‌ قۆناخی سه‌رمایه‌داری هیچ وه‌ختێك و هه‌رگیزیش ته‌نانه‌ت مه‌رجی لاوه‌کیش نین بۆ بیناکردنی کۆمه‌ڵی سۆشیالیستی/ ئه‌نارکیستی . ئه‌وه‌ی که‌ بنه‌ما زه‌روور‌ییه‌کانی بنیاتنانی ئه‌و کۆمه‌ڵه، ده‌سه‌پێنێت‌، کۆ‌مه‌ڵێكی پڕ له‌ که‌مایه‌تییه‌کی ده‌سته‌بژێر، له‌ هیراشییه‌ت، له‌ باڵاده‌ستی و ده‌سه‌ڵات و پاوانه‌کردنی کۆمه‌ڵ و خێر و خۆشییه‌کانی سروشت و ناو کۆمه‌ڵ، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی زۆرینه‌یه‌کی بنده‌ست و فرمانپێکرا و ڕه‌نجده‌ر و چه‌وساوه‌ و به‌شخوراو له‌ کۆمه‌ڵدا‌ ‌. ئه‌مانه‌ش له‌ هه‌موو قۆناخه‌کانی که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمکردن ، جگه‌ له‌ قۆناخی کۆمه‌ڵی سه‌ره‌تایی کۆمۆنوێڵی، بوونیان هه‌بووه‌، ئیدی ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ له‌ سه‌رده‌مێکدا کۆیله‌، جوتیار یاخود کرێکار بووه‌ . ڕاسته‌ شێوه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌کان ، کۆمه‌ڵه‌کان گۆڕاون‌ به‌ڵام جه‌وهه‌ری چه‌وساسندنه‌وه‌کان ، که‌ له‌ ڕێی هه‌بوونی کۆمه‌ڵه‌ چینایه‌تییه‌که‌ و کۆمه‌ڵی هیراشییه‌‌وه‌ ، بووه،‌ هه‌ر ماوه‌ته‌وه‌ زیاتر وچڕتریش بووه‌ته‌وه.‌ ‌

درێژه‌ی هه‌یه‌ ‌ ‌ ‌ ‌ ‌

Sep 2016
به‌شی شه‌شه‌م و کۆتایی:

مافی چاره‌نوسی و دروستکردنی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌:
سه‌رده‌می ژیانی لاوێتی مارکس و ئینگلس و گه‌شه‌ی فکرییان وقسه‌کردن له‌سه‌ر شتگه‌لێکی زۆر، نه‌یانده‌توانی خۆیان له‌ گه‌رمه‌ی پرسی نه‌ته‌وایه‌تی و بزوتنه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، لابده‌ن . ئه‌و‌ سه‌رده‌مه‌ کێشه‌ی پۆڵۆنیا که‌ بۆ ساڵانی 1795 ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ و هه‌بوونی کێشه‌ی ئیرله‌نده‌ که‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك کۆڵۆنیالی بریتانیابووه‌ و هه‌ر له‌ ساڵی 1801 به‌ته‌واوه‌تی به‌ بریتانیاوه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ . هه‌روه‌ها جوله‌که‌ و چیك و هه‌نگاری و بولگارییه‌کان و سلاڤه‌کان . کێشه‌یه‌کی گه‌رم بوون و دواتریش که‌ شۆڕشی فێبروه‌ری 1848 ی فه‌ره‌نسا ڕوویدا ، ئیدی ئه‌مه‌ هه‌م گوڕێکی گه‌وره‌ی به‌ کێشه‌ی ‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه داو‌ هه‌م چینی بورجوازیشی لای مارکس و ئینگلس گرنگتر، کرد ، که‌ پێناسه‌ی ئه‌وان بۆ ئه‌و شۆڕشه‌ شۆڕشێکی بورجوازی دیمۆکراتیکه‌ و خه‌بات بۆ ئازادی نه‌ته‌وه‌ ده‌کات ” له‌و کاته‌دا مارکس و ئینگلس باوه‌ڕیان وابوو که‌ بورجوازی ده‌توانێت ڕۆڵی مێژوویی پێشکه‌وتوو له پاکۆدانی فیوداڵیزمدا ببینین ، وێڕای ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی ڕوونی ئه‌وه‌ ده‌رکه‌وه‌تبوو که‌ ئاماده‌یه‌ ‌ سازش له‌ته‌ك کۆنه‌ کۆمانده‌کاندا ، بکات چونکه‌ ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو که‌ هێزی چینی کرێکارانی گه‌شه‌کرد‌وو هاوپه‌یمانه‌ بۆ خه‌باتی ئه‌نتی فیوداڵ” . مارکس و ئینگلس هه‌ر لێره‌دا نه‌وه‌ستاون، کاتێك که‌ هاتنه‌ سه‌ر قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌ڵمانیا ” ئا له‌و کاته‌دا مارکس و ئینگلس که‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌ڵماینا ده‌که‌ن ، شرۆڤه‌ی ئه‌وه‌یان کرد که‌ ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ که‌ چینی کرێکاران ده‌بێت له‌گه‌ڵ بورجوازیدا به‌یه‌که‌وه‌ هه‌رکاتێك کار له‌ ڕێگای شؤڕشگێڕانه‌وه‌، ده‌کات ‌ شه‌ڕ دژی پادشایی ڕه‌ها و هه‌موو فیوداڵ و هاوشانه‌کانی و هه‌روه‌ها پیتی بورجوازی، بکه‌ن ” لێره‌دا پرسیارێك خۆی قوتده‌کاته‌وه‌ :‌ بۆچی ده‌بێت هاوپه‌یمانی بورجوازی بکات دژی پیتی بورجوا؟ ئه‌ی بۆ هاوکاری پیتی بورجوا نه‌کات دژی بورجوازی؟
http://links.org.au/node/164
بێگومان ئه‌م بۆچونانه‌ی ئه‌وان له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ سه‌ریگرتووه‌ که‌ یه‌کگرتن و پشتیوانیکردن له‌ بورجوازی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کرێکاران ده‌شکێته‌وه‌ ، به‌ تایبه‌ت له‌م قۆناخه‌دا گوایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ مه‌هامی سۆشیالیزم نزیکده‌خه‌نه‌وه‌. هه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش بووه‌ که‌ مارکس له‌ کێشه‌ی‌ هندستاندا له‌گه‌ڵ بورجوازیدا بووه‌ چونکه‌ به‌ چینێکی زانیوه‌ که‌ پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی سه‌رمایه‌داری به‌خۆی له‌ هیندستاندا هه‌ڵگرتووه‌ ، ئیدی بێ گوێدانه‌ پلیشاندنه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی .
له‌ کێشه‌ی پۆڵۆنیادا مارکس و ئینگلس که‌ په‌یگیرییان له‌ سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌نوسی کردوه‌ ئه‌و دوو فاکته‌ره‌یان ناسییوه‌ واته‌ زوڵمکه‌ر و زوڵملێکراو، نه‌ته‌وه‌ی زۆرلێکراویش ده‌بێت مافی چاره‌نوسی هه‌بێت. له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 1847 دا له‌ یادکردنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینی پۆلۆنییه‌کاندا ، له‌ کۆبونه‌وه‌که‌ی له‌نده‌ندا، ئینگلس قسه‌ی له‌سه‌ر ڕزگاری پۆلۆنیا کرد ، له‌وێدا ئه‌وه‌ی یادی بیسه‌ران، ئاماده‌بووان خسته‌وه‌ که‌ ئه‌مان وه‌کو ئه‌ڵمانیا به‌رژه‌وه‌ندیان له‌ ڕزگاری پۆڵۆنیادایه‌ جونکه‌ ئه‌مان پۆڵۆنیا ده‌چه‌وسێننه‌وه‌ و دوای ئه‌وه‌ش ئه‌ڵمانیا خۆی له‌م خاڵی عاره‌ پاکده‌کاته‌وه‌ و ئه‌ڵمانیا ناتوانێت ئازاد بێت به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی پۆلۆنیا ” نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناتوانێت ئازاد بێت ، هاوکات به‌رده‌وام بێت له‌ داپڵۆسینی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌دا”
له‌گه‌ڵ ئه‌و خیتابه‌ حه‌مه‌سییاشدا ئینگلس ئه‌و مافه‌ی که‌ بۆ پۆلؤنییه‌کان و ئه‌ڵمانییه‌کان و ئیتالییه‌کان و هه‌نگارییه‌کان که‌ به‌ ” نه‌ته‌وه‌ مێژووییه‌ مه‌زنه‌کان” ناسرابوون، ڕه‌وا بینیوه‌ که‌چی بۆ هه‌ندێک نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌ی به‌ ڕه‌وا نه‌بینوه‌ ، که‌ یه‌کێك له‌وانه‌ ‘سلاڤییه‌کانه‌’، بیانوی ئینگلس بۆ ئه‌مه‌ش ” ئه‌و تێبینی ئه‌وه‌ی کردووه‌ که‌ مه‌یلی سه‌رمایه‌داری به‌ره‌و ناوه‌ندگه‌رایی ده‌ڕوات و دروستبوونی ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌کان، ئه‌و (ئینگلس) مه‌یلی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ بچوکه‌کان له‌ دژی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بۆ هه‌بوونی ده‌وڵه‌تی خۆیان ، به‌که‌م ده‌گرت- گرتنه‌به‌ری رێگای له‌نێوبردنی سنووره‌ قه‌ومییه‌کان ڕه‌نگه‌ یه‌که‌مجار پێویست بکات به‌ زیادکردنی زاوزێ، ( واته زیادکردنی ژماره‌)- ئه‌م فاکته‌ دواتر لینین ڕه‌چاویکرد “‌ هه‌مان لینکی سه‌ره‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ ئیرله‌نده‌ش مارکس هه‌ڵوێستی جیا جیای هه‌بووه‌ کاتێك که‌ ده‌ڵێت ” بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ بڕوام وابووه‌ که‌ گریمانی ڕوخاندنی ڕژێمی ئیرله‌نده‌ییه‌کان له‌ ڕێگای چینی کرێکارانی ئینگلیزه‌وه‌ پاوانه‌کراوه‌ . دیراسه‌یه‌کی قوڵ ‌له‌ ئێستادا، قه‌ناعه‌تی پێچه‌وانه‌که‌ی پێکردم. چینی کرێکارانی ئینگلیزی هه‌رگیز شتێك به‌ده‌ستناهێنێت ، هه‌تا خۆی له‌ ئیرله‌نده‌ ڕزگار نه‌کات” هه‌مان لینکی سه‌ره‌وه‌.
له‌ نامه‌یه‌کیدا ، مارکس، که‌ له‌ ساڵی 1867 دا بۆ ئینگلسی ناردوه، ئاوا ده‌ست پێده‌کات ” وا ڕاهاتبووم که‌ لام جیابوونه‌وه‌ی ئیرله‌نده‌ له‌ ئینگله‌ند مه‌حاڵبوو…..ئێستا وا بیرده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ حه‌تمییه‌، گه‌رچی ڕه‌نگه‌ فیدره‌یشن به‌دوای جیابوونه‌وه‌دا بێت” تێبینی ژماره‌ 12 هه‌مان لینك.
ئه‌م پشکنینه‌ی مارکس و ئینگلس-م بۆیه‌ کرد‌ تاکو ئه‌وه‌ بسه‌لمێنم که‌ لینین مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی له‌ باخه‌ڵی خۆیه‌ه‌و ده‌رنه‌هێناوه‌ به‌ڵکو ئه‌م زیاتر و ڕوونتر له‌ سه‌ر پرسی نه‌ته‌وایه‌تی قسه‌ی کردووه‌ و پراکتیزه‌شی کردوه‌.
مه‌سه‌له‌ی کۆڵۆنیکردن و دژایه‌تی کردنی ئیمپریالیییه‌ت و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می لینین و نوسیسینی په‌رتوکی ” بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵات ” بوه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ و ڕێپیشانده‌ر (گایدێك) بۆ ‌ پاشڕه‌وانی خۆی هه‌ر وه‌کو چۆن کتێبی ” ده‌بێت چی بکرێت” بووه‌ گایدێک بۆ بینای حیزبی کۆمۆنیستی . ئیدی ئه‌م کێشه‌یه‌ زیاتر برایه‌ پێشه‌وه‌ و باوه‌ڕ به‌ مافی چاره‌نوسی به‌ مافی دروستکردنی ده‌وڵه‌تیشه‌وه‌ ، خرایه‌ ناو په‌یڕه‌ و پڕۆگرامی زۆرینه‌ی حیزبه‌ کۆمۆنیستییه‌کانه‌وه‌ ، گه‌رچی له‌ زۆر وه‌ختدا ئه‌م پرنسپڵه‌ ده‌کرایه‌ قوربانی په‌یوه‌ندی نێوانی شوره‌وی جاران و حکومه‌ته‌ ” نیشتمانیه‌کان” یاخود په‌یوه‌ندی نێوانی حیزبه‌ کۆمۆنیسته‌کانی ناو خودی وڵات و ” بورجوازی نیشتمانی”.
بێگومان له‌م حاڵه‌ته‌دا زیاتر ڕه‌چاوی پرۆسه‌ی گونجاندن (ته‌وافوق) له‌ نێوانی پارته‌ بورجوازییه‌کان، “بورجوازی نیشتمانی” و حیزبه‌ کۆمۆنیسته‌کاندا ، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شوره‌و‌ی جاران، کراوه و که‌متر باس له ڕۆڵی کرێکاران و دیکتاتۆرییه‌تی پڕۆلیتاریا کراوه‌.
ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ خۆی مه‌سه‌له‌یه‌که‌و چه‌نده‌ها وتاری ده‌وێ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ من ده‌مه‌وێت سه‌رنجی خوێنه‌ری بۆ ڕابکێشم ئه‌وه‌یه‌ که‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕزگاری نیشتمانیش، وه‌کو پێشتر وتم، داهێنه‌ری لینین نییه‌ ، ڕاسته‌ لینین گه‌شه‌ی به‌مه ‌داوه‌ و تا ڕاده‌یه‌ك گشتگیریی کرده‌وه‌ به‌ڵام له‌ هه‌قه‌تدا لینین ئه‌م تیوره‌ی له‌سه‌ر بناخه‌ی کێشه‌ی پۆڵۆنیا و ئیرله‌نده‌ داناوه‌ که‌ وه‌کو باسمکرد ،مارکس له‌ سه‌رده‌می خۆیدا له‌سه‌ر‌ ئه‌م دوو کێشه‌یه‌ی نوسیوه‌ و بایاخی زۆریشی پێداون .
ڕه‌نگه‌ راستی تیادا بێت گه‌ر بڵێن ئه‌گه‌ر مارکس باسێکی له‌ ئیرله‌نده‌ و پۆڵۆنیا نه‌کردایه‌ ، ئه‌وه‌ لینینیش نه‌یده‌توانی وا په‌یگیریی له‌‌ تیئورییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی بکات.
ده‌رئه‌نجام:
ئه‌وه‌ی که‌ ‘ لینین’ وتویه‌تی و کردونی شتێك نه‌‌بووه‌ که‌ مارکس قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌کردبن. لێکدانه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌کانی مارکس، لای مارکسییه‌کان به‌‌ زانست له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن، به‌ڵام به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ که‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت. ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌و باسیکردون و پێشبینی ڕوودانی ده‌کردن، ڕویان نه‌دا و‌ زه‌ره‌رێکی زۆریشی له بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیزم، دا. مارکسییه‌کان ده‌بوایه‌ پیاداچونه‌وه‌یه‌کیان به‌ ‘مارکس’ دا بکردایه‌ته‌وه‌، چونکه‌ زه‌مانی ئیستا و سه‌رده‌می مارکس زۆر جیاوازن و چینی کرێکاران گۆڕاون و ته‌کنه‌لۆجیا زۆر پێشکه‌وتوه، دوای ئه‌وه‌ش هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی مارکس هه‌یه‌ که‌ کاتی خۆشی و ئێستاش هه‌ر هه‌ڵه بوون‌ وه‌کو : مارکس هه‌میشه‌ له‌ مه‌ترسی که‌می به‌رهه‌مدا ژیاوه‌ و لای ئه‌و نه‌بوونی یا کیفایه‌تنه‌دانی به‌رهه‌م هۆکارێکه‌ له‌ به‌رگرییکردنی ئه‌و له‌ ته‌کنه‌نۆجیا و خاڵی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی سۆشیالیزمیشه‌ . دیسانه‌وه‌ په‌رستنی ته‌کنه‌لۆجیا و گه‌شه‌کردنی سه‌رمایه‌داری لای ئه‌و مه‌رجی ڕودان و سه‌رکه‌وتنی ته‌واوی سۆشیالیزمه،‌ به‌ڵام له‌ هه‌قه‌تدا ئه‌وه‌ وا نیییه‌و ژیانیش شکستی به‌و لێکدانه‌وه‌یه‌ هێنا. پێناسه‌ی ئه‌و ‌بۆ کرێکاران که‌ چینێکی شۆڕشگێڕن، گه‌ر کاتی خۆشی تا ڕاده‌یه‌ك ڕاست بوو بێت به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی کرێکاران بارودۆخییان له‌و سه‌رده‌مه‌دا‌ له‌ ئێستا، جوودا بووه‌. ڕه‌نگه‌ کاتی خۆی کرێکاران شؤڕشگێڕبووبێتن به‌ڵام ئێستا ته‌نانه‌ت له‌ شوێنێکی سه‌رکاریشدا هه‌مویان ناتوانن بۆ‌ ئه‌نجامدانی چالاکییه‌ک یه‌کبگرن ته‌نانه‌ت له‌ ته‌نها ڕۆژێکی مانگرتنیشدا. کرێکاران پارێزه‌ریی ته‌واوی ئه‌م سیسته‌مه‌ن، ئه‌وه‌ی که‌ لای ئه‌وان گرنگه‌ له‌ده‌ستنه‌دانی کاره‌که‌یانه‌ هه‌تا ئه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی کوشتنی ملیۆن که‌سانی وڵاتانی دیکه‌ و وێرانکردنی خاکیشیان بێت. ئه‌مه‌ش له‌مڕۆدا زۆر به‌ ئاشکرا ده‌بینین . دیسانه‌وه‌ کردنی کرێکاران به‌‌ چه‌قی لابه‌لاکردنه‌وه‌ی هه‌موو کێشه‌کان هه‌ڵه‌یه‌و ئێمه‌ سۆڤێتاتی کرێکارانمان ناوێت و کۆمیته‌کانی ئه‌وان ده‌بنه‌وه‌ به‌ به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵات، له‌مه‌شیاندا مارکس ده‌سه‌ڵات و ناوه‌ندگه‌رایی ویستووه‌ ، که‌ به‌ڕای من ڕاستنه‌بووه‌ . مارکس و مارکسییه‌کان باوه‌ڕیان به‌ شۆڕشی سیاسی واته‌ ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ ده‌ست ، هه‌یه‌، به‌ڵام شۆڕش ده‌بێت ‌ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی بیت و له‌ بنی کۆمه‌ڵه‌وه‌ ده‌ستپێبکات هه‌مو لایه‌نه‌کانیش بگرێته‌وه‌، ناشتوانرێت به‌ ته‌نها قسه‌ له‌سه‌ر کێشه‌ی چینایه‌تی بکه‌یت بێ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ده‌فیش له‌ هیراشییه‌تیش له‌ هه‌موو بواره‌کانی کۆمه‌ڵدا بگریت. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانرێت که‌ بایاخنه‌دان به‌ پرسی ئیکۆلۆجی، قسه‌کردن له‌سه‌ر شۆڕش مه‌حاڵه‌ . له‌ مه‌سه‌له‌ی دابه‌شکردنی قۆناغی سۆشیالیزم به‌ سۆشیالیزم و کۆمینیزم و که‌ دواتریش ‘لینین و ستالین’ باشتر و وردتر تیوره‌که‌ی ئه‌ویان نه‌خشه‌ کێشایه‌وه‌ و کۆمه‌ڵی به‌شه‌رییه‌تیان به‌ 5 قۆناغ دابه‌شکرد ‌ ، که‌ گوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵی سۆشیالیزم بنیات بنرێت ده‌بێت ئه‌م قۆناغانه‌ ببڕێت و کۆمه‌ڵ به‌ سه‌رمایه‌د‌اریدا تێپه‌ڕ بکات، به‌مه‌ش گه‌وره‌ترین زه‌ربه‌یان له‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی دا. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆی دروستبون و گرتنه‌به‌ری ڕێگای گه‌شه‌کردنی ناسه‌رمایه‌داریانه‌ ، حکومه‌تی شه‌عبی، گه‌لیی ، کرێکاریی نیشتمانی هتد. سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ندگه‌رێتی و به‌ پیشه‌سازیکردنیش بۆ گه‌یشتن به‌ سوشیالیزم، واقیع سه‌لماندی که‌ مارکس دیسانه‌وه‌ هه‌ڵه‌ بوو.