تۆم لە خۆمدا ونکردووە … زانا سامان

ئەگەر بێیت
فنجانێک قاوە لە بالکۆنەکە دادەنێم بۆت،
ژیان ئەبەخشم بە ڕووناکی،
سەری نێرگز ئەگرم و ئەیدەم لە پرچت،
خۆم بە ژیاندا هەڵواستم و گۆرانیت بۆ ئەڵێم،
خافڵ نابم لەوەی تۆم هەیت …
تنۆک تنۆک لە خۆتدا ونم بکە و بڵێ …
ئەم شاعیرە منی نەبێ …
سەگ ئەیخوات
ئەو زووڕنایە من نەیژەنم
قیامەت هەڵئەسێت،
ئەو بارانە تەڕی نەکات
چاوی ڕیپۆق ئەیگرێت،
ئەو سەرمایە
نەیباتەوە کۆشی دایکی
ڕەقئەبێتەوە،
ئەگەر بێیت ….
باوەشێک شیعرت بۆ ئەکەمەوە
سۆزت تێدا ئەبارێنم،
وا ئەکەم جەردەواڵەش نەیەت بەلاتا،
حونجەکردنی شیعر بەس لە خۆت جوانبێت و
بە ویقارەوە دەست بۆ لاولاوەکانی خۆشنوودی ببەیت،
ئەگەر بێیت ….
سوێند ئەخۆم بە قەسیدە
خۆم لەناو تۆدا ونبکەم
وابکەم چۆلەکەکان دڵیان بە جریوە خۆشبێت،
ئاسکەکان دەربازبن لەڕاوکردن
عیشق خاڵیبێت … لە خیانەت
جوانی وەک خۆی بمێنێتەوە
دروود بۆ پاکی بکرێت.




خۆم، تا کۆتایی، خۆم … زانا سامان

بەو هەموو برینەوە چۆن بڕژێم
قەڵەم لەم ئاستەدا
گۆجبووە و
توانای دەربڕینم شۆڕدەبێتەوە هەتا
توانەوە لە وجوددا
تا خۆخواردنەوە لە تەنیایدا
هەتا نامۆبوون لە غەریبیدا،
بەو هەموو ئازارەوە …
چۆن بتوانم حیکایەتی دڵشکانی خۆم
لە توێی شیعرێکدا بنووسمەوە
ئاخر من … دەمێکە دابڕاوم
لە مێژە تەنیایم تێدا ڕوواوە و
جار نییە ڕوانینم کز نەبێت،
لەوەتەی باران هەیە
من عەزاب دەچێژم
لەوەتەی گەردوون هەیە
بەر تیشکەکانی دەکەوم
ئیتر ئاوایە …
لەوەتەی زەوی هەیە شەڵەقاوم
لەوەتەی خۆم هەم
دیاردەیەکی ساختەم بە ژیان،
ئیتر ئاوایە …
من لە گریانەوە فێربووم
نۆتەکانی قەسیدە جیابکەمەوە
لە وەرینەوە
لەمسی بارینم کرد و هێشتا
هەر لە سەرەتای وتنەوەیەکی نەوتراوم،
خەیاڵ تا دێت قۆقز دەبێتەوە
عەجەب چلۆن تێدەپەڕێت بە بوونما
تێڕامانە وردوخاشەکان،
ئیتر ئاوایە …
دەبێت خۆمبم … خۆم
خۆمبم هەتا کۆتایی ئەم شیعرە
خۆمبم تا ڕاچەنینێکی نوێ
خۆمبم هەتا ئامادەکردنی مردن
تا ونبوونێکی بەپەلە
هەتا توانەوە لەم گشتگیرییەدا
تا باڵقبوونی هەتاو
تا خەجاڵەتبوونی غەریبی
هەتا تەریقبوونەوەی تەنیایی
ئەبێت تەنیا بە تەنها خۆم بم.

زانا سامان




مانیفێستی تەنیایی ڕاگوزەر بە غەریبیدا … زانا سامان

دوور و نزیک شەقامەکانی مەستیم تەیکرد، ئەمشەو
گۆرانی دیلانم دەچڕی و
گەنجە سەرمەستە ئەڵمانەکانیش
وتنەوەی
مانیفێستی تەنیایی من،
من هەر خۆم بووم و هەر خۆیشم نەبووم
هەتا زیاتر ئەستێرەکانم بژماردبا
زێدەتر لەگەڵ ژیان ئەدۆڕام
ئێستایش ژیان
دوو هەزار و بیست ساڵی خۆیشی هەیە و
منیش وەک هەمیشە هیچ،
هیچ لکاوە بە تەمەنمەوە
لە خۆم ئاڵاوە
لەناو ژیندا هێند بەرجەستەیەکی ساردەوە بووم
دەڵێی لەکەنار دەریایەکی بەستوودا
خەوێکی تائەبەد گرتوومی،
چ نییە ئازیزانم
چ نییە …
بێتاقەتی هۆرەی مەراقیش
ئەقۆزێتەوە بۆ خۆی،
چاتر نییە …شیعرم هەر ساویلکەیەکەو
پێنووس خوێنم هەڵدەمژێت
بۆ مانەوەی
پەردە پۆشی ژیانی من.

زانا سامان




قاسدێکم وەک خۆم تەنیا …. زانا سامان

چی دەبێت … چی
بەم هەموو ڕژانەوە
بەم تێکشکانی وجووەوە بێم و
بێم و خۆمت تێدا بخوێنمەوە،
چی دەبێت چی ..
بەخۆم و بێ
ژەنەڕاڵەوە
بە خۆم و خۆم و حەمەوە٭
لە دەرگای نائومێدی بدەین و
ئیدیی
پێکەوە بڕژێین
‌پێکەوەڕا هەردووکمان
هەڵوەرێین
ئاخر کێ ناڵێ کێ ….
دەستم ناچێتە سەر شیعرێکی مەحوی
کێناڵێت‌کێ …
لە نازم حیکمەتەوە
دوور … زۆر دوور
نامەیەک ناگات
منیش بەچرپە
دڵنەوایی
٭دلاور نادەمەوە
ڕەنگە وابێت
بە خۆم و کۆڵێ نیگارانییەوە
بەخۆم و تێکشکانێکی ئەبەدییەوە
بێم و لە‌خۆمدا
ونتکەم.

زانا سامان

—————————————————–

ژەنەڕاڵ
واتا حەمە عومەر عوسمان
دلاوەر
واتا دلاوەر قەرەداغی




ڕۆژ … ئاوا نابێت ناچەمێت …. زانا سامان

من هیچ ناڵێم
ناچمەوە سەر مێژووی غەدر
کوردبوونی خۆمم خۆشئەوێ و
لایەکی دڵم پڕژانە،

من هیچ ناڵێم
خوشکەکانمان لە ڕۆژئاوا
عاشقی خاکەکەیانن
براکانمان لە ڕۆژئاوا
مەعشوقەکەیان وڵاتە،

من هیچ ناڵێم
دەستی ناپاک لەهەرکوێ بێت
دوژمنی گەل لە هەر جێ بێت
شیعری منیش
وا لەوێیە،

من هیچ ناڵێم
ڕەنگە خودا کوێچکەی کەڕ بێت
چۆن هاواری
مناڵ و دایک نابیستێ،

من هیچ ناڵێم
ئەم ئایەتەم
بۆ نیشتیمان پەخشدەکەم
ئازارێکە لە ڕۆحمایە،

من هیچ ناڵێم
چل و دوو ساڵی تەمەنمە
بەر زوڵمەتی فاشیست کەوتووم،

من هیچ ناڵێم
لە جێی قورعان
شەهیدەکان دەخوێنمەوە و
پڕ بە خۆم
لەبەریان دەکەم،

من هیچ ناڵێم
خۆشەویستی کوردستانم و
دڵم نوقمی گریە بووە
بۆ قامیشلۆ و سەرێ کانی
یان هەولێر و
مەهاباد
دیاربەکر
سوژدە ئەبەم.

زانا سامان




هەلوو تەنیایی هەلوو … زانا سامان

من لە وجوودی خۆمدا
عاریفێک بووم …
تەنیا …
بۆیە خودا
لە دەرگەی دڵمی دا و
عاشقی کردم،
لە خۆمدا ونببووم و کەچی
لە بەرەبەیانی عیشقێکدا
هاتمەوە سەر خۆم،
من وابووم …
دەبوو تەنیایی غەرقی خۆیم بکات و
لێنەگەڕێ ..
وەک ساوایەک
گڕوگانی ڕاکردن بکەم،
نەیەڵێت ..
ئەلف و بێی شیعرم
بچزێت بە عیشقێکی ئەبەدیدا
ڕێگە نەدا غلۆر ببمەوە
تا بارین
لەتوێی ڕامووسانێکی ئەبەدیدا،
بەڵام هات ….
مەعشووقێک
بەخۆی و کۆشێک موحیبەتەوە
بەخۆی و داڕشتنێکی نوێوە
بە خۆی و خۆیەوە هات،
هات و وەک بڵێی چەمێکی ڕژاو
یان بارانێکی بەلێزمە بێت
هاتوو لێرە .. لە سینەمدا
وەک دیلبەرێک …
هەناسەمی هەڵمژیی.

زانا سامان




لە سێپتێمبەردا … زانا سامان

ئایندە وەهای خواست
دەستم بچێتە گەردنی پیرۆزیی عیشقەوە،
تووند بەخۆمەوە بیوشم و
ئیدی ئاگایم
لای غەریبی و
تەنیایی دراوسێم نەمێنێت،
لە سێپتێمبەردا
خووڵقی ژنێک
لە شیعر ناسکتر
بەگەرووی قەسیدەما نووسا
تا ڕادەی بەرکەوتن
هەتا بارینێکی ئەبەدی
تا حاڵگرتنی ئەوینێکی درووست
هەتا لای خودا،
ئەو هاتوو منی بە فەقیانەی ڕۆحی خۆیەوە لکاند
مناڵیمی ئاوەدانکردەوە
لەمسی ڕابردووی کردم
تا سڕینەوەیەکی مەحاڵ،
ئەو دەڵێت:
چەند خۆشە لەگەڵ تۆ
دەربڕینی شیعر
چەند بەتامە
گوێگرتن لە ماملێی٭ ژێی دەنگت،
چەند ناسکترە
ئیسماعیل سابووریی٭
کە تۆ بۆم دەڵێیتەوە
وەهای وت ئەو …
وتی خانەنشینی ڕۆحی خۆمم کردوویت
وتی ئیتر ناترسم
باشترین پاسەوانی دڵی خۆمم هەیە،
لە سێپتێمبەردا وەهای وت
لە سێپتێمبەردا عاشق بەیەکدی بوون
لە سێپتێمبەردا بووین بەیەک.

زانا سامان

٭ماملێ، واتا مامۆستا محەمەدی ماملێ، کە دەنگم دەچێتەوە سەر ئەو زادەیەی گۆرانی کوردی
٭ ئیسماعیل سابووریی، هاوڕێی کۆچکردووم یادی بەخێر




لە ناوەڕاستی دونیادام … زانا سامان

لێرە باران …
هەر بە تەنها خۆی نییە
نمەی شیعریشە
لەژێر چەرداغی گێڕانەوەدا،
هەتاوێک هەیە
خۆر ئەیپرژێنێت
یارییەکی بزێوی مناڵی هەیە
خودا .. دەیلاوێنێ
لێرە عاشقەکان زیزنابن
لەیەکدیی
میکیاج و سووراو و سپیاو
بوونی نییە،
موجەفیفە …
شتێکی هێند قێزەونە
ژنەکان بێزی لێدەکەنەوە
لێرە شتێک نییە ناوی شۆردن بێت
جلشۆرین
قاپشۆرین
خۆشۆرین
مناڵشۆرین
تەنها شۆرتێک و هیچی تر
تەنها ڕامووسانێک و هیچیتر نا
تەنها زەردەخەنەیەکی
عاشقانەی ناو
کۆڵانە تەنگەبەرەکانی وجوود
بوونی هەیە،
خرۆشان بەدیار
بڵێی تاکەی لەو دەرگایە
ڕابمێنم و
دەردەرکەوەی
شێرکۆ تاڵیب
پوولێکی قەڵب ناهێنێت،
ئاخر هەموو شتێک خۆیەتی
بۆ نموونە:
ئاو … خوودی ئاو خۆیەتی
ماسیی … خوودی ماسیی
خۆیەتی و
دواجار …
هەموو شتەکان خۆیانن
تەنها تۆ نەبێت
تێزابی ڕژاو
بەسەر جەرگمدا
لمی پەرتبوو بە خۆتدا،
لێرە تێکەڵەیەک هەیە
لە خوودناسیی
لە بێمەکریی ژنانە
لەناز هەڵگرتنی وجوود،
لێرەم …
لە کرۆپکی دنیادا.

زانا سامان
۲۱ سێبتەمبەریی ۲۰۱۹
کارئەکتەری ناو فۆتۆکە
تۆفیق جاف




با وای دانێم … درۆ ناکەم … زانا سامان

باوا بدوێم
کە ڕەنگە ڕۆژێک
لەنێو بەستەڵەکی چیایەکدا
ڕەقداگەڕێم،
با وای دانێم …
دێم و …
لای کانییەکەی بەرماڵان
گۆرانییەکی خالقیت بۆ دەڵێم
هێشتا …
نەزاکەتی دووریت
لکاوە بە بینمدا و
لای گۆرانییەکەی سابووری
بەدەم گریانەوە ..
تا قوڵایی خوود
ئەی یاری نازدار ..
دەرد لە من و کەچی
ڕەنگە وا بێت و وا نەبێت،
با .. وای دانێم و کەچی
باوەشێکت ئەگات و
من ….
هێشتا بۆنی غەریبیم لێدێت،

با وای دانێم … درۆ ناکەم
باوابزانی نەزاکەتەکانت
تەسکینی ڕۆحم ئەدات و
گومانم نییە
وایش نییە،
باواتێبگەیت
هێشتاکە هەر …
مناڵە سالارەکەی ئەوێی گەڕەکم و
خرۆشاوێکی غەریب و
وادەزانیت هێشتاکە
لەوێم … لە کوچەی کۆڵان،
با وای دانێین … ڕژاوم
وەک ڕژانی ئاو
بەسەر پرچت دا
لە دەمی سەرشۆریندا
وەک ڕژانی ئاو
بەسەر تەرمی
ساردەوە بووی مەرگی مندا.

زانا سامان
14 سێپتەمبەری ـ2019
Hannover




خوورپەکانی مناڵی … یان گەمەی عاشقە جێماوەکان … زانا سامان

لەوێ لەژێر گڵۆپە زەردەکەی
پێش دەرگای ماڵ
خۆمان خەریکدەکەین
بەتەماشاکردنی
ئەو مێشوولە وردانەی
وەک فسفۆر دادەگیرسێن،
ئیدی بیرمان دەچێتەوە و
بیرمان بەقوڕی ڕەشدا دەچێت
ئێمە عاشقی …
یارییەکانمانین
مەلیلی گەیشتن بەیەکدیمان
تێداڕواوە،
بیرمان دەچێتەوە کە …
سەدان شەو لە خەوەکانماندا
ببووینە ژن و مێرد
لەبریی ماڵە باجێنەکەت و
بووکە شووشەکەت
ماڵێکی گەورە و
کیژۆڵەیەکی قژ زەردم
بۆ درووستکردبوویت،
لەوێ لەژێر گڵۆپە زەردەکەی
پێش ماڵ
دەمانویست خەریکی ڕاوە کوولە ببین و
کەسیشمان … بەڵێ … کەسیشمان
جورئەتی ئەوەی نەبوو .. نا
دەستیان بۆ بەرێت
هەتا لەپڕدا …
شەمشەمەکوێرەیەک خێرا
وەک کۆپتەرەکانی عێراق خێراتر
پڕی پێدا دەکردن و دەیبردن بۆ خۆی،
کچێ بڵێی هەر ئەو شەمشەمەکوێرەیە نەبێت
من و تۆی لێکدوورخستەوە
کیژۆڵە بڵێی ئەو نەبێت؟؟.

زانا سامان




با لە تەنیشت بێتاقەتییەوە ستارەیەک بگرین … زانا سامان

دەبێت بڕژێین
وەک ڕژانی ئاو
لە دەمی مناڵیدا
بۆ بە قوڕاوکردنی ژیان،
دەبێت بتۆرێین
وەک تۆرانی یەکتر
لەکاتی هەڵماتێندا
دەبێت بڕەنجێین
وەک ڕەنجانی یاری ماڵە باجێنە،
ئاخر کێ دەڵێ… کێ
من دەبمە پیاوێکی
سەنگینی تۆ و
دڵتم پێ … ڕادەگیرێت،
دەبێت بڕۆین و
لە فراوانی باخچەیەکدا
سوێند بخۆین
سوێندێکی درۆیانە
سوێند بخۆین سوێندی عیشق،
دەبێت وا بکەین …
وا بکەین پەپولەکان بهێنینە
گفتوگۆ …
وا بکەین هەر زوو
بەیانییەکی زۆر زووتر
بگەینە دوا مەنزڵی
یەکدی،
دەبێت کارێک بکەین
خۆر لەو دووری دوورەوە
ببێتە ئاشنامان و
بەیانیان …
عیشقمان بەسەردا بپژێنێ،
دەبێت وابکەین
دیلبەرا …
لای کانییەکی ‌لاچەپ
دوعا خووساوەکانمان
بۆ یەکتر
بخوێنینەوە،
لەوسەری جادەکانی مناڵییەوە
هاوار لە خۆشەویستی بکەین،
لەوپەڕی وجودەوە … خۆمان
خۆمان لە یەکدیدا بدۆزینەوە،
دەبێت کارێک بکەین
کارێک بۆ تێکەڵبوون بە …
حونجەکردنی یەکدی
بە خوێندنەوەی تەمەن
بە گوێگرتن …
لە نزاکانی تەنیایی
بە ڕژانێکی ئەبەدی
لەدەمی …
باڵقبوونی مانگدا
لە تێفکرین …
بەخەیاڵی مناڵێکی هاوبەشەوە
لەکاتی پژانی ئەویندا،
دەبێت وا بکەین …
شتێک بکەین
بێتام ڕۆبچینە ژیانەوە،
دەبێت کاری لەسەر بکەین.

پێشکەشە بە دیلبەری من کە تەنیایمی خاپوور کرد

زانا سامان
9 سێپتێمبەری 2019