“وان”؛ وشه-پاشگرێکی پیرۆز و ڕه‌سه‌ن … نووسینی: زانکۆ یاری

لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانه‌وانی، زمان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کات و توانای زمان به‌رانبه‌ری گۆڕان ده‌پارێزێت؛ واتا دەتوانین سەدان ڕاستیی ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هتد، لە نێو زمان‌دا لەڕێگەی وردبوونەوە لە زمانی کوردی، بدۆزینەوە. زمانی کوردی، زۆربه‌ی ڕاستییه‌ مێژوویی و زمانه‌وانییه‌کانی خۆی، لە نێو خه‌زینه‌که‌ی‌دا شاردووتەوە؛ ئه‌ویش وشه ڕه‌سه‌نه‌کانی له زاراوه جیاجیاکانی‌دا که باس له مێژوویه‌کی زۆر دوور و چاندێکی پڕشکۆ ده‌که‌ن. لێرەدا له‌ڕووی ڕێزمانییه‌وه، وشەی “وان” که وشه‌یه‌کی کۆنی کوردییه و له ڕێزمان‌دا وه‌کوو پاشگرێک هەڵبژێردراوه، له‌م نووسراوه‌دا وه‌ک به کورتی چاوێکی پێ‌دا ده‌خشێنین.

له زمانی کوردی‌دا، پاشگری (Suffix) “وان” کە لە فارسی‌دا به‌شێوه‌ی “بان”، هاتووه لە بنچینەدا لە وشەی (خوا-وان)ی کوردی وەرگیراوە کە پاشان وردە‌وردە لەسەر زمان بووه‌تە “خواوەن-خاوەن” ئینجا بووه‌تە “خوداوەن-وەند” و پاشان له کوردیی ئێستادا، پێشگرێکی تری بەسەردا هاتووه و “خاوندار-خاوەنداری” و “خاوەندارێتی”ی لێ دروست‌کردووە. هەموویان لە ڕه‌گی کوردیی “وان”ه‌‌وه هاتوون. هه‌روه‌ها، پاشگری “وان” لە کورمانجی ژووری‌دا دەبێتە “ڤان”، بەم پێیە‌ش ئەم پەرەسەندنە دیالێکتییە، واتا گۆڕانکاریی فۆنتیکی (Phonetic) ئەوە دەگەیەنێت کە گۆڕان بەسەرداهاتنی لەسەرەخۆی پیتی (و W) بۆ (ڤ V) وەک لە “ئاو” بۆ “ئاڤ”دا دەبینین. بە پێی چوارچێوه و پێک‌هاته‌زانیی وشه (Morphology) بە گشتی وان و ڤان پاشگرێکە کە بکەری ناوەکە دابین دەکات. ئەم رێسایە لە زمانی کوردی‌دا گونجاوە و دەتوانین چه‌ندین نموونە وشه‌ی لێکدراو، بۆ ئەم رووداوە بێنینەوە. وه‌کوو نموونه، له سه‌ره‌تادا وشه‌ی “وان”، ئەوە ناوی دەریاچەی “وان”ت وه‌بیر دێنێتەوە. هه‌روا که ئاماژه‌ درا لە کورمانجی ژووری‌دا زۆربه‌ی “و”کان، دەکەنە “ڤ”؛ تەنیا دەریاچەی “وان” نەبێت.

ئەوەی بڵێین که لە کرمانجیی ژووری‌دا (باکوور)، “ڤان”ی پاشگر لەگەڵ “وان”ی ناوی دەریاچەی وان، یه‌ک ڕه‌گ و واتایە و ناوی “وان” واتای پیرۆزبوون دەگەیەنێت، یان ڕاستتر بڵێین واتا “خاوەنێکی پیرۆز” و بەم شێوەیە وشەی “وان” له لای باکورییه‌کانه‌وه، ڕەهەندێکی پیرۆزی هەیە. چونکوو دەریاچەی وان لەژێر چیای ئاراراتی پیرۆز و نزیک چیای جووددا هەڵکەوتووە، ئەو شوێنە پیرۆزەی کە ده‌ڵێن یەکەمین گیانه‌وه‌ران تێی‌دا هەڵکەوتوون و کەشتیی نووحی پێغەمبەریش هەر له‌وێ نیشتۆتەوە!؛ (به‌پێی تۆژینەوەی هه‌ندێک له مێژووناسان، ئەوەش واتای ئەمە دەگەیەنێت کە دەریاچەی وان دەبێ پاشماوەی ئەو بۆران و فه‌رته‌نه‌ی نووح بێ که هێشتا لەوێ ماوەته‌وە!) هۆ و نهێنیی ئەمەش کە تا ئێستا وان نەکراوە بە ڤان لای باکوورییەکان، ڕه‌نگه هه‌ر ئەم پیرۆزبوونەی دەریاچەکەیە کە بە دەسەڵاتی خواوەند گوتراوە!. ئەوەی کە زۆرتر شیاوی ڕامانە و ڕەنگە بە پێوەری زمان‌ناسی و لێکۆڵینەوەی مێژوویی سازگار بێ و بکرێت زۆرتر گرنگیی پێ بدرێت، دەتوانێت ئەم چه‌ند وشه‌ی خوارەوه بێ کە له هەمان “وان” پێک‌هاتوون:
-مێهره‌وان؛ واتا کەسێک کە “مێهر”ی هەیە. کەواتە “مهربان”ی فارسی هەمان میهرەوانی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردییه. ئاماژه: په‌ره‌ستنی مهر، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئایینی میترائیسم که یه‌که‌م ئایینی کوردی بووه.

-مەریوان: وشە یا لێکدراوی زمانیی “مەریوان”، پێک‌هاتەی دوو وشەی “مێهر” و “وان-بان” بێت کە لە ڕەوتی زەمان‌دا “بان” بە “وان” گۆڕابێت!. بەم بۆچوون و لێکدانەوە کە هەندێک شرۆڤەی دەکەن، واتای مەریوان یا “مێهربان” به‌رچاوتر و ڕوونتر و و زۆرتر شیاوی پەسەندی دەنووێنێت، چاودێر و پارێزەری “مێهر”ە. واتا شوێنی چاودێر و پارێزەری مێهرە، که مەبەست له‌و ئایینه پیرۆزه کوردییه و جێگاکه‌یه‌تی!.
-پاڵه‌وان؛ که پێک‌هاتووه له پاڵە+وان، کە بە کەسێكی به‌هێز دەڵێن بەرگری لە خەڵکی “پاڵە” بکات و خۆی بە خاوەنی پاڵان بزانێت.
-مه‌له‌وان؛ مه‌له‌وان وشه‌یه‌کی ته‌واو کوردییه. له فه‌رهه‌نگی “زانستگای کوردستان”دا، هاتووه: (malavan)، (ناو)، مه‌ڤان، مه‌لوو، ده‌ریاوان، گه‌میه‌وان؛ واتا ئه‌و که‌سه‌ی که له‌سه‌ر که‌شتی کار ده‌کاتن. له “فه‌رهه‌نگی باشوور”دا، نووسینی ئاکۆ جه‌لیلیان، چاپی چواره‌م، هاتووه: خزمه‌تکاری که‌شتی، ئاڤژه‌ن. له فه‌رهه‌نگی “زنار”دا، نووسینی حه‌مه که‌ریم عارف، بۆ ئه‌م وشه لێکدراوه نووسراوه: که‌شتیوان. واتا خودای که‌شتی.
-باخەوان؛ وشەی باخەوان لە دوو وشەی باخ+وان پێکهاتووه. باخ ناوە و وانیش پاشگرە. کورمانجییەکەی دەبێتە باخچەڤان، واتە پارێز و خاوەن و بەخێوکاری یەک‌بە‌یەک دڵی گوڵ و گیاکانی باخ. واتا بەرپرسی گوڵان، هەر ئەو باخەوانەشە کە دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێ بە هەر شێوازێک ژیان و هەرچی گیانه‌وه‌رانی باخەکەیه، کۆتایی پێ بێنێت. ئەمەش تەنیا لە دەسەڵاتی خواوەن‌دا هەیە. میناک: -ئاشەوان؛ واتا خاوەنی ئاش. -قازەوان؛ واتا پارێزەری قازان. هه‌روه‌ها نچیروان، ژیلوان و سه‌‌دان نموونه‌ی‌تر…

نووسینی: زانکۆ یاری
12 Jun, 2019

سه‌رچاوه‌کان:
-یه‌عقووبی، حوسێن، “زمان، وەرگێڕان و په‌یوه‌ندی کولتووره‌کان”، وەرگێڕانی: ئیسماعیل زارعی، چاپخانه‌ی دەزگای ئاراس، کۆلێژی په‌روەرده، سۆران، چاپی یه‌که‌م-هه‌ولێر 2007.
-موکریانی، د. کوردستان، 1977، “سیر تطور زبان کوردی و مجموعه زبان های ایرانی”، چاپی یه‌که‌م، 1394.
-فه‌رهه‌نگی “زانستگای کوردستان”، چاپی 1385، سنه.
-فه‌رهه‌نگی “باشوور”، نووسینی ئاکۆ جه‌لیلیان، چاپی چواره‌م.
-فه‌رهه‌نگی “زنار”، نووسینی حه‌مه که‌ریم عارف، 2006، هه‌ولێر.
-فه‌رهه‌نگی “کاوه”، له‌سه‌ر ئینتێڕنت-به‌ڕۆژ. (http://farhangumejuikawa.com/kawe/index.php)
-ماڵپه‌ڕی “یاگه‌ی زمانی کوردی”، به‌شی ڕێنووس. (http://yageyziman.com/Renusi_Kurdi.htm)
-Http://trovamy.altervista.org/ English: Wikitionary, (available under the CC BY-SA 3.0 license).




ساراڵ، ساڵاڵ یان ساڕاڵ؟ تێبینییه‌کی زمانه‌وانی …لێکۆڵینه‌وه: زانکۆ یاری

🔸پێشه‌کی
زمان له‌دوای پێشکه‌وتنێکی دوور و درێژ و دڕۆنگانه پێک‌هاتووه و هەر نەتەوەیەک زمان و ئه‌دەبی نەتەوایەتیی خۆی بپارێزێ، بە نەتەوەیەکی زیندوو ده‌ژمێردرێ.(۳) وادیاره که ئاخا‌وتن واتا تواناییی مرۆڤ بۆ قسەکردن که ڕووداوێکی لە نه‌کاو و کتوپڕی نییه، سروشتیه و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا پێگه‌یشتووه.
سەبارەت به هۆی پەیدابوونی زار و سەرهه‌ڵدانی زمان، زۆر شت ڕوون کراوه‌ته‌وه. هه‌ندێ که‌سێش ده‌ڵێن که له سەرەتاوە به جیاوازی دەربڕین و کۆکردنی دەنگەکان و وشەکان ده‌ست‌پێدەکات و لەگه‌ڵ بڵاوبوونەوە و فراوان‌بوونی سنووری بەکارهێنانی زمانەکه گەشه ده‌ستێنێ.(۱) کۆڵینەوە لەسەر مێژوو و ڕه‌وتی پێک‌هاتنی وشه‌کان (کە لێرەدا زمانی کوردی مەبەستە‌) زۆر شتمان بۆ ده‌رده‌خات.

🔸تێبینی
لێرەدا بۆ نموونە بەکورتی باسێک لەسەر وشەیه‌کی ڕه‌سه‌ن و سه‌رنج‌ڕاکێش ده‌خه‌ینه ڕوو که له بنه‌ڕه‌ت‌دا بۆ کوێستانێکی ناوچه‌یه‌کی کوردستان (باشووری ڕۆژئاوای شاری دیوانده‌ره) گوتراوە؛ به‌ڵام سه‌رده‌مانێکه به سێ شێوه‌ی جیاوازی ساراڵ، ساڵاڵ یان ساڕاڵ ده‌نووسرێت. له‌و ناوچه‌یه له‌ وه‌رزی به‌هاردا کوێستانەکانی‌ سه‌رسه‌وز و پڕگوڵ و کانیاو لەوێ‌دا، دیمه‌نێکی جوان پێک‌دێنێ و هەروها له‌و ناوچه‌دا ئاسه‌واره زۆر کۆن و مێژووییه‌کان وه‌ک: ته‌پۆڵکه کۆنه‌ و شێوه‌کارییه به‌ردینه‌کان دۆزراوه‌ته‌وه.
ئێستا ده‌مانه‌وێ درووستیی پێک‌هاتنی ناوی ئه‌و ناوچه‌یه (واتا “ساڕاڵ/Saral”) پشت‌ڕاست بکه‌ینه‌وه.
1-ساراڵ: سار-Sar (ن/پ)، لێره‌دا وشه‌یه‌کی فارسییه و له فه‌رهه‌نگه‌کاندا به واتای باڵنده‌ی ڕه‌شیڵه-گاوانی هاتووه(۲) که پێکه‌وه ده‌بن به “گاوانیی [ڕه‌نگ] سووری گه‌ش”. که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌وه‌و نییه.
2-ساڵاڵ: ساڵ-Sal (پ)، که لێره‌دا به‌رانبه‌ری “سال”ی فارسییه که پێکه‌وه ده‌بن به “ساڵی سووری گه‌ش!”. که دیسان ئه‌مه‌ش بێ‌واتایه و په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ هیچ شتێک نییه.
3- ساڕاڵ: تێکه‌ڵ-لە دو وشەی ساڕ و ئاڵ [ساڕ+ئاڵ] پێک‌هاتووه(٤).
(3-1): ساڕ-Sar’ (ئاوه‌ڵناو)، ئه‌م وشه‌یه له زاراوه‌کانی کورمانجیی ژوور‌دا واتا “سارد” (٥) و بۆ شوێن یان مەڵبەندێکی فێنک و سارد که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرن. له فه‌رهه‌نگه‌کانی: “کانی، فه‌رهه‌نگا کورمانجیی پاک‌سرشت-عومه‌رزاده و هه‌نبانه‌بۆرینه”ش‌دا به واتای سارد هێنراوه. هه‌روه‌ها له فه‌رهه‌نگی شێخانی‌(٦)، دوو وشه‌ی “سارد” و “شوێن” له‌به‌رانبه‌ری‌دا بۆ نووسراوه.
(3-2): ئاڵ-al: ئاوه‌ڵناوه و واتا ڕه‌نگی سووری گه‌ش یان کاڵ. “ئاڵ” له پاشگره نەناسراوه‌کانی زمانی کوردییه که له زۆربه‌ێ وشه‌کانیش‌دا به ناوه‌وه ده‌لکێت و واتای وێک‌چوونی و ڕێژه‌یی لێ زیاد ده‌کات و ده‌یکاته ناوێکی نوێ. وه‌کوو: هه‌رزاڵ-قرژاڵ-چه‌نگاڵ و هتد.
نموونه‌ واتاکانی: “ده‌نکی هه‌نار ئاڵه..”
یان:
له ئه‌شکی خوێن به‌یادی لێوی ئاڵت
که‌نارم بوو به کانی له‌عل و یاقووت.. (دیوانی سالم)

به‌س ده‌بێ به‌وه‌ش ئاماژه بده‌م که وشه‌ی “ئاڵ”، له زمانی کوردی‌دا به چه‌ند جۆری تریش تێکه‌ڵ ده‌کرێ و زۆرجاریش ڕه‌نگه هه‌مان واتای هه‌بێ؛
میناک:
1-ئاڵایی/al’ayî: [ئاڵ+ئایی]، شتی ڕه‌نگاوه‌ڕه‌نگ.
2-ئاڵبوونه‌وه/albûnewe، (ئاڵ+بوون+ه‌وه).(۷)
مه‌ته‌ڵی کوردی: “هه‌موو که‌س ددانی به تورشی ئاڵ ده‌بێته‌وه، قازی نه‌بێ به شرینی..”

🔸ده‌ره‌نجام
هه‌روا که ده‌زانن زمانی کوردی پڕه له پێشگر-پاشگری ڕەسەن یان نەناسراو که ده‌بێ بدۆزرێتەوه و لێکۆڵینەویان لەسەر بکرێ؛ له‌م باسه‌دا و‌شه‌کانی ساراڵ و ساڵاڵ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی مێژوویی-زمانی ـیان به‌و ناوچه و کوێستانه‌وه نییه و درووستی وشه‌که ده‌بێته “ساڕاڵ”. واتا: “دەشت و کوێستانی فێنک و [پڕ لە گوڵ و کانیاوی] سووری گه‌ش”. مەولەوی کورد (1882-1806) له شێعرێکی دیوانه‌که‌ی‌دا ئاماژه به‌م جوانییه‌ دەدا و ده‌فه‌رموون:
هه‌ر ساڕاڵ وه خوسووس وه‌ته‌ن بۆ
ئه‌رچی سه‌فای ڕۆح، ڕاحه‌تیی ته‌ن بۆ
به‌ڵام دووری تۆ یه‌ند زۆر ئاوه‌رده‌ن
ده‌ردێ وه ده‌روون هامده‌ردان به‌رده‌ن
وه هه‌رجا ته‌شریف تۆ ئه‌رزانییه‌ن
هه‌ر دیده په‌ی تۆ هه‌زار کانییه‌ن..

——————————————————

🔸سه‌رچاوه‌کان
۱- د. شوانی، چەند بابەتێکی زمان و ڕێزمانی کوردی، ۲۰۰۱.
۲- فەرهەنگی فارسی-کوردی کاوە.
۳- د. کاکل تۆفێق، ئاسایشی نەتەوەیی و پلانی زمان، ۲۰۰۷.
٤- ح، کاکەوەیس، لسان الکرد، ۱۹۸۷.
٥- هەژار، هەنبانە بۆرینە.
٦- فەرهەنگی فارسی-کوردی زانستگای کوردستان.
۷ـ فەرهەنگی کوردی-کوردی درنج-Dirinc.
┄┄┄❅✾❅┄┄┄

ئه‌م نووسراوه، له ڕێکه‌وتی 1ی گوڵانی 2719دا ئاماده کراوه.
zanko.yari@yahoo.co.uk




په‌یڤی سه‌ربه‌ستی؛ ژنان و کۆمه‌ڵگا … نووسینی: زانکۆ یاری

بە مەبەستی پاراستن ‌و ڕێزگرتن لە كەرامەت ‌‌و مافە سروشتییەكانی مرۆڤ و لە پێناو گەشەسەندنی مرۆڤ ‌و مرۆڤایەتی، لە پانتاییی جوگرافیا جۆراوجۆرەكانی دونیا هەوڵ ‌و تەقەلای زۆر دراوه، وه‌کوو سەرهەڵدانی هه‌ندێک له شۆڕش و خەباته مەزنەكانی مێژوو لە پێناوی ئازادی مرۆڤ و یەكسانی هەموو مرۆڤەكان. هه‌روه‌ها له مافێکی سەرەتایی، كە لە بەیاننامەی مافەكانی مرۆڤدا وەك ئەسڵی یەكەمی ئەو بەیاننامەیە هاتووە كە: “گشت مرۆڤەكان بە ئازادی لە‌دایك دەبن ‌و به‌رانبه‌ر لە نرخ ‌و پایە ‌و مافدا…”. (Universal Declaration of Human Rights) هه‌روه‌ها کۆمەڵگایەک کە ئامانجی پێشکەوتن بێ، دەبێ ڕووناکبیران و بیرمه‌ندانی به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه و بنه‌مایی له‌وه تێبگه‌ن که ئازادی ژنان، هه‌مان ئازادیی ته‌واوی مرۆڤایه‌تییه و له هەموو بوارەکاندا ڕێگای پێشکەوەتنی ژنان خۆش بکه‌ن و هاندەر بن بۆ ئەوەی میلله‌ت بگەنە لووتکەی دادوه‌ری. ده‌ره‌نجامی په‌یڤی ئازادیی ژنانیش ئەوەیه که ئه‌وان بتوانن بگەنه مافە ڕەواکانیان له کۆمه‌ڵگا.

ڕێنسانس (Renaissance)، ئەو شۆڕشە هه‌موو لایه‌نه‌‌ی کە لە ماوەی سێ سەدەدا ئۆرووپای گرتەوە و لە ئاکامدا توانی لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی کاریگەریی بەرچاوی هەبێ، توانی کاریگەری قووڵی لەسەر ڕوانینی مرۆڤ سەبارەت بە کولتوور، زانست، کۆمەڵگا، ئایین و سروشت ببێ و لە ئاکامیشدا ڕوانگەی مرۆڤ سەبارەت بە مرۆڤ، ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هات. بە سەرهەڵدانی ڕێنسانس لە شاری فلۆرانسی ئیتالیادا ڕۆڵی ژن لە گۆڕەپانی خەباتدا پێی نایە قۆناغێکی نوێ. گه‌ر ئاورێکی خێرا له‌ وێنای ژن له‌ کولتوور و ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می ڕێنیسانس‌ تاکوو ئێستا بده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین له‌ نیگاره‌کانی سه‌رده‌می ڕێنیسانسدا که‌ درێژکراوه‌ی ئه‌نتیکه‌ بووه،‌ ڕۆڵی ژن له‌ بونه‌وه‌رێکی پاک‌، ژێرده‌ست و ملكه‌چه‌وه‌ گۆڕدراوه‌ بۆ ژنێکی تر. ژنێک که‌ ده‌توانێت پابه‌ند نه‌بێ به‌ ڕۆڵه‌ خوازراوه‌کان که‌ کۆمه‌ڵگا بۆی دیاری ده‌کات،‌ ژنێک که‌ ده‌توانێت خۆی بنووسێته‌وه‌ و شێعر، ڕۆمان، مووزیک و هونه‌ر به‌رهه‌م بهێنێ.

به‌ڵام ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نۆرمی دژه‌ ژنان به‌ درێژایی مێژوو‌ هه‌ندێک هه‌ڵس و که‌وتی ژنانی مۆرال نیشان داوە و هه‌ندێکی تری خستۆتە ده‌ره‌وه‌ی مۆراڵه‌وه‌ و کاریکردووه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی وێنایه‌کی نزم بۆ پێگه‌یان. له‌ زۆر کولتووردا سیفاتی مرۆڤانه‌ و به‌هێز دراونه‌ته‌‌‌ پاڵ پیاوان و ژنان پێگه‌یه‌کی نزمیان پێبه‌خشراوه‌. بەڵام زۆرجار ده‌که‌وتنه‌ به‌ر بێ ویژدانیی کۆمه‌ڵایه‌تی. هەروەها ترادیسیۆنی نووسینی پیاوانه‌، زیندووکردنه‌وه‌ و ڕاگرتنی پیاوگه‌رایی بوو؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش‌ ژن وه‌ک بونه‌وه‌رێکی لاواز و بێده‌سه‌ڵات له کولتوور و ‌ئه‌ده‌بدا وێناکراوه‌ و ‌کورتکردنه‌وه‌ی ژن ته‌نیا بۆ تێرکردنی حه‌ز و ئیرۆتیکی پیاو بووە. ئه‌م گرنگیدانه‌ به‌ ڕۆڵه‌ خوازراوه‌کان، جۆرێک له‌ حه‌زی ماسکۆلین لای کۆمه‌ڵگا زەق ده‌کاتەوە و له‌ به‌رهه‌می کلاسیکدا به‌رده‌وام به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیی باوک‌سالارانه بووە. له‌و سه‌رده‌مه‌دا نووسه‌رانی تێکست زۆربه‌یان پیاو بوون و ئێدی نووسینه‌ ترادیسیۆنال و ستیریۆتایپه‌کان کاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ڕۆلی ژن له‌ کۆمه‌ڵگا.

لە ژیانی مرۆڤدا، بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنان ئەرکێکی پێویست و پیرۆزه و نەبوونی؛ بە مانای پەراوێزخستنی نیوەی کۆمەڵه. دەور و ڕۆڵی ژن بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی توندوتۆڵ، لە نێوان بزوتنەوەکانی دیمۆکراسی خوازی لە لایەک و ویست و داخوازییەکانی ژنان لە پێناوی خەبات و وه‌دێهێنانی مافە سروشتی و مرۆڤایه‌تییه‌کاندا لە لایەکی تر یەکێکه لە پڕبایەخترین هۆکارەکانی بەشداریی ژنان لە دیسکۆرسی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە هەر وڵاتێک. زۆرجار لە لای هزرڤانان بیرمەندان، سەدەی بیستەم سەدەی گەشەسەندن چەكەرەكردن‌ ‌و هەروەها به‌ڕێوه‌بردنی مافەكانی مرۆڤ بووه و توانیوه وەرچەرخانێكی مەزن لە ئاستی كۆمەڵگای جیهانیدا بێنێتە گۆڕێ.

لە وڵاتانی گەشەسەندوودا، بەشداریکردنی ژنان لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە. جوڵانەوەی سیاسی ژنان لە کۆمەڵگای ڕۆژاوادا، توانیویەتی ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە. لەو بوارەدا بە هەوڵ و ته‌قالای زۆر، بزوتنه‌وه‌کەیان بەرەو ڕێگایەکی درووست کاناڵیزە کراوە. لە ئازادییە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان چێژی تەواویان وەرگرتووە و توانیویانە بە خەباتی بێ وچان، تاکوو ڕاده‌یه‌کی باش مافی ئازادیی خۆیان وەدەست بێنن. به‌ڵام کاتێک کە فێمینیستەکان دەنگ هەڵدەبڕن و دەڵێن ژن دەبێ ئازاد بێ، باشتر ئەوەیە پرسیاریان لێ بکەی؛ بڵێی دەبێ لە چ شتێک ئازاد بێ؟ کەمتر کەسێک هەیە لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا (International Women’s Day)، وڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە مەبەست لە ئازادی ژن چییە؟ لە کوێی جیهاندا دەتوانین وێنەی ژنێکی ئازاد بدۆزینەوە؟ ژنێک کە بۆ دۆزینەوەی بژێوی لە قەراخی شەقامەکان لەژێر چاوی حیزی هه‌ندێک له پیاوان دەستفرۆشی بکا، یان ژنێک کە بە پاره‌یه‌کی مەمرەوبژی دەبێ لە کارگا یان ڕێکخراوێکدا کار بکا، ئازادی ژن دەبێ چ واتایەکی هەبێ؟ ئه‌و کاته‌ش که باس له ئازادیی ژن دەکرێ، وڵاتانی گەشەسەندووی کاپیتالیستی (Capitalism)، پتر لە هەمووان دڵ بۆ ژنانی لە پاشکەوتووی جیهانی سێهەم و چوارەم دەسووتێنن کە مرۆڤ دەکەوێتە بیری گوتەیەکی بەنرخی فارسی کە دەڵێ؛ دایەنی دڵسۆزتر لە دایک!.

به‌ڵام به گوته‌یه‌کی کوردی، ده‌نگی ده‌هۆڵ له دووره‌وه خۆشه و ئه‌مه‌ش زۆر ڕاسته؛ چونکوو ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که له ‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ به‌م‌لاوه،‌ جه‌سته‌ی ژن ڕووبه‌رێک بووه‌ بۆ سیێکسوالیزه‌کردن، ده‌ربڕین، چه‌وسانه‌وه‌ و به‌کاڵاکردن. سه‌ره‌ڕای ئازادبوونی ژن له‌ زۆر ڕووه‌وه‌، وێناکردنی جه‌سته‌ و فێتیشایزکردنی و به‌کاڵاکردنی ژن وەکوو سیمایه‌کی دیاری کۆمەڵگا بووه، ئه‌و ژنانه‌ش که‌ له‌م وێناکردنه‌دا جێگایان نه‌ده‌بووه‌ به‌ ژنی که‌توو-خراپ (Fallen women) ناوزه‌د ده‌کران.

دونیای ئەوڕۆ گه‌واهی پێشێلكارییەكی سیسته‌ماتیك و بەرفراوانی مافەكانی مرۆڤە كە لەسەر دەستی دەسەڵاتە دیكتاتۆر‌ و تۆتالیتێرەكانی دەخوڵقێ‌. بۆ نموونه: بوونی دیاردەگەلێکی ئابڕووبەرانە وەک خانەی گه‌نده‌ڵی بەشێوەیەکی دیار و نادیار لە پێشکەوتووترین وڵاتانی کاپیتالیستی و کەڵک وەرگرتنی ئابڕووبەرانە لە پڕووپاگەندەی بازه‌رگانی، هەموو دەرخەری ئەوەن هەتاکوو ئەو کاتەی کە سیستەمی کاپیتالیستی بوونی هەیە، پەیڤدان لەمەڕ ئازادیی مرۆڤ بە تایبەت ئازادیی ژن، گاڵتەجاڕییە… به‌ڵام له به‌ر زۆر هۆکاری سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانین بڵێین ڕۆژهەڵاتی ناڤین (Middle East) نەخۆشە و چه‌وسانه‌وه‌ و په‌راوێزخستنی ژنان له‌وێدا له ‌هه‌موو بواره‌کاندا، مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه‌.

کۆمەڵگای سوونەتی و لە حاڵ گەشەکردنی ئێمه، بە هێنانی شتی پڕوپووچ و بێ بنەما و دەمارگرژی بێ جێ، دەسەڵاتی پیاوسالاری و یاسا توندوتیژە ئایینییه‌کان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوتی ژنان، لە گەیشتن بە مافە سەرەتەییەکانی خۆیان بێ بەش کراون و هه‌روه‌ها بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەباتە پێش. لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، چەمکی ئازادی واتای تایبەتی خۆی هەیە و بە جۆرێک پیاوسالاری نەریتی بە سەریدا زاڵ بووه. دەوری ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، به‌تایبه‌ت له مێژووی ئێراندا جێگای باسی زۆره. خەباتی ژن بۆ وەدەسهێنانی مافی ڕەوا و بەرانبەر لەگەڵ پیاو، له سەردەمی مەشروتە‌دا وردە‌وردە شێوەیەکی نوێ بە خۆیەوە گرت و زۆر بوێرانە و ئازایانە لە گۆڕه‌پانی خه‌باتدا بوون. له سه‌رده‌می ڕەزاشادا،له‌دوای هاتنە سەر کورسیی حوکم، هێندێک ئاڵوگۆڕی پێک‌هێنا، بەڵام ژنان نەیانتوانی لە هەڵبژاردنه‌کاندا بەشداری بکەن و هه‌ر وەک هاووڵاتیی پله دوو سەیر دەکران!

لە کوردستان، بەتایبەت لە ئاواییه‌کاندا، بە ڕای زۆر کۆمەڵناسی کورد و غەیرە کورد، توێژه‌ری سیاسی و مێژوونوس؛ بە شانازییەوە، ژنی کورد لە چاو ژنانی نەتەوەکانی دراوسێ وەک فارس، تورک و عەرب بە درێژایی مێژوو ئازادتر بووە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی جوگرافیای کوردستان، خەباتی دوور و درێژی کورد و ژیانی کۆچەری و کوێستان و گەرمێن. چونکوو جگه لە بەخێوکردنی منداڵ و کاری قورسی ناو ماڵ، لە بەرهەمهێنان و ئاژەڵداری و کشت‌وکاڵدا، کە بناخەی ئابووری کوردستانن، شان بە شانی پیاوان کاریان کردووه. بەشداریی ژنی کورد لە کۆمه‌ڵگادا، بۆتە هۆی ئەوەیکە وەک پێویست کەسایەتیی خۆی نیشان بدا و هەر بەو پێیشەش مافی ئامادەبوونی لە کۆڕ و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بووه. کۆمه‌ڵگای کوردی له مێژه‌وه باوەڕی بە ئازادی و پاراستنی مافی ژنان بۆ وەدێهێنانی مافە سروشتی و مرۆڤایه‌تییه‌‌کانی هەبووە.

هه‌روه‌ها له ئه‌ده‌بیاتی کوردی و‌ نووسراوه‌کانیشدا ژنان پێگه‌یه‌کی به‌رزیان هه‌یه و بە درووستی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ کراوە. کچانی خێزانی كوردپه‌روه‌ر پابه‌ندبوونه به‌ کۆدی مۆراڵه‌وه‌ و تاکوو ڕاده‌یه‌ک پتر له نه‌ته‌وه‌کانی‌تر لە مافی کولتووری، ئابووری، سیاسی و کومەڵایەتیی بەرانبەر لەگەڵ پیاو کەڵکیان وەرگرتووه.

بەڵام ئەوەی گوتمان بەو مانایە نییە کە ژنانی کورد بە هه‌موو مافەکانیان گەیشتوون و زوڵمیان لەسەر هەڵگیراوە؛ ڕاستییەکەی ئەوەیە لەگەڵ ئه‌و هەموو هەوڵ و تەقالایه‌ی که ڕووناکبیران، زانایان و دڵسۆزانی کۆمه‌ڵگای کوردی بۆ بنبڕکردنی ئەو داب و نەریتە ناحه‌زه کۆمه‌ڵایەتییانە کە دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافی ژنان، ئێستاش کە سەرەتای هەزارەی سێهەمە، ژنان هه‌موو به‌شێوەیەکی تر دەچەوسێنەوە.. لە بەرانبەر کۆمەڵگا و گیروگرفتەکانی، چەکی ژنی کورد، لۆژیک و دیالۆگ و عەقڵانییە‌ته، ئەرکی سەرشانیانه و ده‌بێ چەکی خۆپەروەردەکردن و به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی زانست بە‌دەستەوە بگرن و بۆ خەباتی ڕزگاری و گەیشتن بە مافە سروشتی و مرۆڤایه‌تییه‌‌کان تێ بکۆشن. چونکوو لە سروشت و خوڵقاندا، لە باری توانای ڕۆحی و بیرکردنەوەدا، جیاوازیان لەگەڵ پیاو نییە.

بیروبۆچوونی پیاوسالاری و هه‌ندێک داب و نەریتی کۆن و دواکەوتوون کە دەبنە هۆی درووستکردنی جیاوازییەکان و نە سروشت و یەزدان، هیچ لایان جیاوازیان بۆ ژن و پیاو دانەناوە. بە هیوای ئه‌وه‌یکه؛ ڕۆژێک کە ژنان لە پێناوی خەبات بۆ وەدێهێنانی مافە مرۆڤایه‌تییه‌‌کاندا و سروشتییه‌کاندا و لە پێناوی مافی بەرانبەر سەرکه‌وتوو بن و زوڵمی مرۆڤ بۆ مرۆڤ بە‌دەستی مرۆڤ بنبڕ بکرێ و لە هیچ شوێنێك هیچ چەشنە پێشێلكارییەكی مافی مرۆڤ نەبینین، و دونیا بەو ئاواتە لەمێژینەی خۆی: “ئازادی ژیان، بۆ تەواوی مرۆڤەكان”، پەرە بدات.

———————-
له زه‌وینی گه‌مه‌کانی منداڵیدا
چنرا بێ ده‌نگ گۆڵێکی جوان
تارایان دا له ده‌ور سه‌ری و
ده‌ستیان نایه ده‌ستی پیاوێک
دواتر ئه‌و گوڵه منداڵه
بوو به گوڵێکی وه‌ڕه‌زی نێو گوڵدان… «شه‌کیلا مه‌حموودی»
———————-

سەرچاوەکان:
1-ئه‌نتۆنی، گیدنزو (2009). حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د مسته‌فا، “کۆمه‌ڵناسی”، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی ئاراس.
2-شێرکۆ، دوکتۆر به‌له‌چ (1990). کێشه‌ی کورد، حه‌مه حه‌مه‌باقی کردویه به کوردی، ته‌برێز، چاپخانه‌ی ڕه‌زایی.
3-مه‌دیحه سۆفی (2016). ئه‌مڕۆی ژنی کورد و ڕه‌هه‌نده‌کانی ئازادی، ئه‌ڵمانیا.
4-لازاریف، م. س و دیگران، (1386). تاریخ کردستان، مترجمین کامران ایمن ێ‌وه، منصور صدقی. تهران، فروغ.
5-درویش‌پور، مهرداد (2001). (جامعه‌شناس). چالشگری زنان علیه مرادن،استکهلم-سوئد، جامعه‌شناس. نشر باران.
6-میرزایی، ملکیان، (1387). محمد؛ نگاهی به وچعیت اجتماعی زنان، تاریخ دسترسی به مقاله: 20/4/97، ێ‌درس اینترنتی: Org/farpages/articles/roozna13850601.htm.
7-جاسبی، عبدالله؛ (1379)، زن در گستره اجتماع، تهران: انتشارات دفتر فرهنگ، چاپ اول.

————-
(این مطلب در هفته‌نامه فرهنگی-اجتماعی ده‌نگی کوردستان، سال چهارم، شماره 68، مرداد 1397 به چاپ رسیده است.)




لێکدانەویەک بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی پرۆسەی بەجیهانیبوون … زانکۆ یاری


لێکدانەویەک بۆ ڕەوتی پێشڤەچوونی پرۆسەی بەجیهانیبوون؛ شرۆڤەی چەمک و ڕەهەندەکانی
(به ئاماژەیەکی کورت بۆ کۆمەڵگای کوردی)

زانکۆ یاری
(نووسهر، توێژەر و وەرگێڕ)

——————————————————-

جیهانیبوون یەكێك لەو چەمكە نوێیانەی كە زۆركەس تاکوو ئێستا وەك پێویست شارەزاییان دەربارەی نیە، تەنانەت زۆرجار لێكدانەوەی جیاواز بۆ ئەم بابەتە كراوە .لەم نووسینەدا به مێتۆدێکی ئاکادیمیک بەڵام کورت، سەرەتا تیشک دەخەینه سه‌ر چەمك و واتای بەجيهانيبوون و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگا شرۆڤە دەکەین و لەگەڵ مێژوو و ڕەهەندەکانی ئاشنا دەبین. بۆیە ئەمانەوێ له چوار بەش وتارەکه درێژه بدەین، یەکەم؛ پێشەکی و تێگەیشتنێك بۆ چەمك و مێژووی بەجیهانیبوون، دووهەم؛ بەجیهانیبوون و فاكتەرەکانی، سێهەم؛ ڕەهەندەکانی بەجیهانیبوون و چوارەمیش بەجیهانیبون و کۆمەڵگای کوردی، له كۆتاییشدا دەرەنجام دەخه‌ینەڕوو.

پێشەکی و تێگەیشتنێك بۆ چەمك و مێژووی بەجیهانیبوون:

ئەوەی لەمەڕ بەجيهانيبوون، گرنگییەکی لە ڕادەبەدەری پێ بەخشیوە، خێراییی کاریگەرێتییەکانیەتی لەسەر هەموو فەزا و ڕووبەرە جیاجیاکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. ئەم دەستەواژەیە وەکوو گوتارێکی ڕۆشنبیری بوونی خۆی ئەسەپێنێ و بۆته بەشێك لەو چەمك و وشانەی که ڕۆژانه بەکار دێت و ئاماژه بۆ هێز و بوار و ڕەهەندەکانی بەجیهانیبوون و کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی دەکات و وەکوو چەمکێک ماوەیەکە خۆی خزاندۆتە نێو پانتاییەکانی ڕۆشنبیریی ئێمەوە و بۆتە مایەی ورووژاندنی زۆر باس و بابەتی جیاواز و دژ بە یەک.

له ڕووی ماناوه بەجیهانیبوون زۆر لێکدانەوه‌ى بۆ كراوه، هەندێک لايەن ده‌ڵێن که وا باشتره چەمکی (Globalism) که له دوو چەمکی (Globalization) و (Localization) پێکهاتووه و سوود وەربگرین، کەواته هه‌ر کردارێکی ناوچه‌یی کردارێکی جیهانییه و کاریگەری هەیه و به پێچەوانەوه، هەندێک تریش دەڵین ئەمه به‌جیهانیبوون نییه، بەڵکوو “جيهانی کردنه” که پڕۆژەیەکی ئەمریکییه (تەوسلی، ۲۰۱۲، ل:۱۰(. ئەگەر چی زاراوەی جیهانی Global)) پێشینەیەکی چەند سەد ساڵەی هەیە، بەڵام زاراوەکانی Globalization))، (Globalizing) و Globalize)) لە نزیکەی ۱۹٦۰ەوە پەرەیان سەندووه که قاموسی ویبستر (Webster) یەکەمین قاموسی بەناوبانگ بوو که له ساڵی ۱۹۹۰ەوه هەنديێك پێناسەی بۆ دەستەواژه‌ی Globalism)) و Globalization)) پێشکەش کرد. کاتێك باسی به‌جیهانیبوون دەکەین ئەم زاراوه‌یه پەیوەندی به کۆمەڵيك دەستەواژەوه هەيه به لانی کەمەوه دەتوانین ئاماژه به پێنج دەستەواژەوه بدەین بۆ بەجیهانیبوون که بەکار دێن:

يەكەم: Internalization)) به مانای پەرەسەندنی سەرو و نەتەوەیی پێکەوه گرێدانی دوو لایەنی وڵاتان دێت.
دووهه‌م: Liberalization)) به مانای ئازادییه واتا نەهێشتنی بەربەستەکانی نێودەوڵەتی له گواستنەوه‌ی نیوان دەوڵەتەکان تا بتوانن ئابوورییەکی جیهانی ئازاد و یکپارچه پێک بێنن.
سێهه‌م: Universalization)) به مانای گرێدانی ئامانجەکان و بەرنامه تایبەتییەکان به خەڵکی سەرتاسەری جیهان.
چواره‌م: Westernization)) ئەم دەستەواژەیه له لايەن زۆر خەڵكەوه به تایبەتی ڕەخنەگرانی ئیمپریاڵیزمی فەرهەنگی بەکار دێت کە بەمانای ڕۆژاوایی کردنی جیهان دێت.

پێنجەم: Deterritorialization))، بە مانای دژە‌فراوانخوازی دێت کە لەسەر ئەو ئاساسە (مواد) و سنورە جوگرافییەکان بەشێک لە گرینگی خۆیان لە دەست دەدەن. (مسگفی ئەحمەد، ۲۰۱۰، ل:۱۱(.
حەز و فکری بەجیهانیبوون تازە نین و بەرهەمی پێشکەوتنی بەرفراوانی مرۆڤایەتییە. میکانیزمی کردەوەی بەجیهانیبوون لە تێکشکاندنی پەیوەندییە کۆنەکان و هەڵوەشاندنەوەی باوەرە بێفایدەکاندا دەردەکەوێ. بەڵام ئەوەی كە حاشاهەڵنەگرە، بەجیهانیبوون لە هەر ڕوانگەیەكەوە و بە هەر دوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنییەوە بۆتە بەشێك لە ڕاستیی سەردەمی ئێمە. چەمکی بەجیهانیبوون و مێژووی سەرهەڵدانی ئەم چەمکه جیگای مشتومڕی زور بووه، هەندێ کەس و لایەن بڕوایان وایه که بەجیهانیبوون نزیکەی‌ 400 ساڵ مێژووی هەیه و لەگەڵ سەرهەڵدانی مۆدێڕنیسم دەسیپێکردووه. واته مۆدێڕنیته چەندین لقی هەیه و يەكێك له لقەكانی و یان تایبەتمەندییەکانی بەجیهانیبوونه.

ڕوبیرتسوۆن (Roland Robertson) پرۆسەی بەجیهانیبوون بە پێنج قۆناغ دابەش دەکات:

-قۆناغی سەرەتایی: لە ساڵی ۱٤۰۰ەوە دەسپێدەکات و لە ساڵی ۱۷٥۰ کۆتایی پێهاتووە.
-قۆناغی دەسپێک یان دووهەم: لە ئۆرووپا لە نێوان ساڵەکانی ۱۷٥۰ و ۱۸۷٥.
-قۆناغی سێهەم: پرۆسەی بەجیهانیبوون بەناوی قۆناغی هەستانەوە لە ساڵی ۱۸۷٥ تا ۱۹۲٥.
-قۆناغی چوارەم: له ساڵی ۱۹۲۰ تا ۱۹٦٥، قۆناغی هه‌ژموونییه.
-قۆناغی پێنجەمين: له ساڵی ۱۹٦۹وه دەسیپێکردووه. (گوڵحەممەدی، ۲۰۰۷، ل:٤٦)

پرسەكانی تایبەت و پەیوەندیدار بە بەجیهانیبوون، یەكێك لەو پرس و بابەتە ئاڵۆز و پڕ لە مشتومڕانەیە كە لە ڕوانگەی جیاواز و جۆراوجۆرەوە بەتایبەت لە پاش كۆتاییی جەنگی ساردەوە خوێندنەوەی بۆ كراوە. گەشانەوەی ئۆرووپا و پەل‌وپۆ هاویشتنی بۆ دۆزینەوە و داگیرکردنی ناوچەی نوێ لە جیهاندا، دواجار بە کۆلۆنیالی کردنی (Colonialism) هەموو وڵاتانی سەر گۆی زەوی، ڕۆڵێکی زۆری لە بەجیهانیکردندا هەبوو. تێکۆشانی ڕزگاریخوازی میللەتانی ژێردەستی کۆلۆنیالیزم ، هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم، دروستبوونی سیستەمی کۆمۆنیستی (Communism) و کێشەی جیهانی لە نێوان سەرمایەداری و کۆمۆنیزم، سەرەنجام ڕووخانی کۆمۆنیزم ڕۆلی مێژووییان لە قۆناغی نوێی بەجیهانیبووندا گێڕا.

ئەوەی لێرەدا جێی تێڕامانە، ئەو خوێندنەوە پارادۆکسیکاڵ یان جیاجیایانەن کە دەربارەی لایەنە جۆربەجۆرەکانی بەجیهانیبوون، لە بەردەستدان، بەڵام ئێمە ناتوانین بە شێوەیەکی ڕەها یەک لەم بیروبۆچوونانە پەسند یان ڕەت بکەینەوە، ئەمانەوێ ئاوڕێکی کورت و سەرپێیی لێ بدەینەوە له شێوە ڕوانینەکان بۆ گلۆبالیزەیشێن لە ئاست پرسی ئیتنیکەکان (ethnicity) و نەتەوەکاندا. لێرەدا دوو شێوە ڕوانینی گشتی بۆ ئەم بابەتە هەن کە بە کورتی ئەیانخەینە بەر باس؛
ڕوانگەی ڕیاڵیستی (Realism) یەک لەو دیده تایبەتانەیه، ئەمان پێیان وایە دەوڵەتەکان کاراکتەری سەرەکین لە گۆڕەپانی جیهانیدا و هیچ جۆرە کاراکتەرێکی‌تر لە سەرەوەی دەوڵەتەوە بوونی نییە. هەر ئەمەش وا دەکات دەوڵەتەکان ڕەوتی بەجیهانیبوون بە سوودی خۆیان بشکێننەوە. ڕوانینی لیبڕاڵیسمی (Liberalism) تەواو پێچەوانەی بۆچوونی ڕیاڵیستییە و پێی وایە دوڵەتەکان تاکە کاراکتەری گۆڕەپانەکە نین و هەندێ هێز و لایەنی‌تر لەدایکبوون کە بەپێی ڕادەی توانای خۆیان لە دیاریکردنی شێواز و ڕەوتی پێشڤەچوونی پرۆسەکەدا کاریگەرن.

ئەم ڕوانگەیە ئەڵێت مرۆڤ بوونەوەرێکە کە دەتوانێت بەرەو کەماڵ بڕوات، کە پێداویستی سەرەکیی ئەم کەماڵە دیمۆکراسییە (Democracy) و هۆکارگەلێک وەک میدیاکان، ئێکۆسیستەم و تکنۆلۆژیا لە دەورگێڕە گرنگ و چارەنووس‌سازەکانی جیهانی نوێن، به ڕای من وادیاره بە گشتی ڕوانینی لیبڕاڵی پۆزەتیڤ‌تر بێ. چەندین جۆرە ڕوانگە و بۆچوونی تریش بەرانبەر ئەم پرۆسەیە ئامادەییان هەیە، بۆ نموونه بۆچوونی مارکسیستەکان (Marxism) کە زیاتر لە گۆشەنیگایەکی ئابوورییەوە دەڕواننە ڕەوتی پێکهاتن و پەرەسەندنی بەجیهانیبوون و ڕەخنەی جیدی لێدەگرن، ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی کە مارکسیستەکان لە ڕابردوودا قسەیان لەگەڵ دەکرد، بریتی بوو لە ململانێی چینی باڵادەست و چینی ژێردەست.

ڕوانگەیەكی تریش هەیه که دەڵێت بەجیهانیبوون پرۆسەیەكه که پێی وایە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە ڕەوتی پێشكەوتنی خۆیدا پێی گەیشتووه و ئەمە شتێكی سروشتیە و هەموو كۆمەڵگاكان بەناچاری پێیدا تێدەپەڕن. هەندێ‌ لە خاوەنڕاكان باس لەوە دەكەن كە كۆمەڵگای فرەچەشنی جیهانی دەبێتە گوندی جیهانی كە هەموو دانیشتوانی بە ئاسانی پێكەوە پەیوەندییان هەیە‌و هەموویان لە كۆمەڵێ‌ یاسا‌ و داب‌ و نەریت و یەك شێواز (Patterns) و شێوازی ژیان پێڕەوی دەكەن ‌و یەك زمان ‌و كولتوور‌ و یەك چارەنووسیان دەبێت.

فاكتەرەکانی بەجيهانيبوون:

پرۆسەی بەجیهانیبوون لەمەڕ گۆڕانكارییە لە فەزا‌و كات. سەرەکیترین هۆكارێك كە لەم تێڕوانینە باس دەكرێ‌ چڕبوونه‌وه‌ی کات و فەزایه كە كەسانێك وەك مانوئل كاستلز (Manuel Castells) لە كتێبی سەردەمی زانیارییەكان (The Rice of the Network Society) و ئەحمەد گوڵمحەممەدی، لە كتێبی “بەجیهانیبوون، كولتوور، شوناس”دا دەیخەنەڕوو.
هه‌ندێک لايەن بۆ پرۆسەی بەجیهانیبوون به‌م فاكتەرانه ئاماژه ده‌که‌ن:
1. سەرهەڵدان و گەشەی کۆمپانیا فره ڕەگەزەكان.
2. زۆربوونی ڕۆڵی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.
3. بابەتەکانی پەیوەست به بەجبهانیبوونی پیسبوونی ژینگه.
4. بڵاوبوونەوه و کاریگهریی بازاڕەکانی دارایی جیهانی که ئه‌ویش به سێ قۆناغی: سەرمایەداری بازەرگانی، سەرمایەداری پێشەسازی، سەرمایەداری دارایی تێپەڕيوه. (ته‌وه‌سلی، ۲۰۱۲، ل:۲۲)

ڕەهەندەكانى بەجيهانيبوون:

بەجیهانیبوون خاوەنی كۆمەڵێك ڕەهەند بەشێوه و ئاستی جیاوازه و ئامانجمان ئەوەیه که بەشێوەیه‌کی کورت بەڵام زانستی تیشك بخەینه سەریان، بەڵام پێکەوە گرێدراوە کە پێکدادەچن .(Interaction) ئێستاش بوارەكانتانی شی دەكەینەوە.

بواری ئابووری

زۆرن ئەو تئۆریسیه‌نانه‌ی که سیمای سەرەکیی بەجیهانیبوون به ئابووری دەزانن و ده‌ڵێن زەق‌ترین بواره که لەسەدەی ۱۹وه دەسیپێكردووه و له هەلومەرجی ئێستادا خاوەنی دوو ڕەهەندی گەوره يه: 1-ئازادکردنی بازەرگانی نێونەتەوەیی بۆ کاڵاكان. (ئازادی بازەرگانی بۆته هۆی گۆڕینی شێوازەکانی بەرهەمهێنان لەسەر ئاستی وڵاتان و بەدوای ئەویشدا به‌ها جڤاکییەکان به‌رەبه‌ره گەشەیان کردووه. (فاخری، ۲۰۰۶، ل:۳) 2-خزمەتگوزارییەکان و ئازادکردنی شەپۆلی سەرمایه‌ی نێوەنەتەوەیی کە ئەمانەش به یارمەتی پەرەسەندنی تکنۆلۆژیا سێ دەرەنجامی لێدەکەوێتەوه ۱. زۆربوون ۲. پسپۆړی ۳. دابەشكردن (قه‌وام، ۲۰۰۹، ل:۸۹).

چەند تایبەتمەندیی بەجيهانيبوونی ئابووری:

١. بەجیهانیبوونی بازاڕه داراییەکان.
2. بلاوبوونەوەی تکنۆلۆژیا له هەموو جیهان به ئاستی جیاواز.
3. دروستبوونی هاوشيوه‌ییه‌ك له بەکارهێنانی جیهانی لەگەڵ بازه‌ڕەکانی بەکارهێنانی جیهانی.
4. جێگۆڕێ له نێوان ئابووری نەتەوەیی و ئابووری سیاسی جیهانی.
5. کەمبوونه‌وەی ڕۆڵی دەوڵەتی نەتەوه له داڕشتنی ئابووری جیهانی.
6. زاڵبوونی سەرمایه لەسەر کار و له ئەنجامدا لاوازبوونی هێزی پێشەیی و هەروەها کەسانێک که سەرمایەیان نییه. (زه‌نجانی، ۱۳۸۱، ل:۷۲(
دوکتۆر مەهدی مەفاخرى مامۆستای زانستگای تاران له كۆلێژى پەیوەندیيه نێوەدەوڵەتییەکان دەڵێت؛ جیهانگیری ئابووری دەتوانین له چوار گروپدا پۆلێن بکەین: ۱. بازەرگانی نێوەدەوڵەتی ۲. سەرمایەدانانی ڕاستەوخۆى دەرەکی ۳. ئالوگۆڕی دارایی ٤. جم‌وجۆڵی هێزی کار.

بواری سیاسی

بەجیهانی بوون كاریگەری خۆی لەسەر ئاڕاستەی سیاسی هەبووە، بەهەمان شیوەی بەپێچەوانەشەوە هەر ڕاستە ئەوەتا دەبینین كە سیاسەتی دەوڵەتانی جیهان كاریگەری زۆرییان لەسەر ئەم پرسە هەیە. له بواری جیهانیبوونى سياسيدا دەتوانين بڵێين:
-هێز تەنانەت تایبەت نییه به حکوومەت و دەوڵەتەوه.
-هێز له سنووری توند و تیژی زیاتر ڕزگاری بووه.
-هێز به شێوەی سایبرنیتکی (Cybernetics) و توڕ شی دەکرێتەوه.
-هێز پێویستی به پەیوەندی ئازاده.
-هێز بەرهەمی رێکەوتنه.
-زانست و زانیاری وەکوو ئامرازيک له خزمەت بەهەمهێنانی هێزدایه.
لەوانەیە بتوانین بلێین بەربڵاوترین بۆچوون لە پەیوەندی لەگەڵ بەجیهانیبوونی ئابووری و ئابووری سیاسی نێوەدەوڵەتی ئەوە دەبێت کە بەجیهانیبوونی ئابووری دەوڵەت لاواز دەکات و دەوڵەت توانای کونتڕۆڵ و داڕشتنی بابەتەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لاواز دەبێت و لە لایەکیترەوە هێز لە نێو کۆمەڵگا دابەش دەبێت و بەرەوە سەرمایەداری نێوەدەوڵەتی باڵ دەکێشێت و دەچێتە ژێر دەستی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان.

بەجيهانيبوونى مافەکانى مرۆڤ

ڕاگەیانراوی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (Universal Declaration of Human Rights) له ساڵی ۱۹۶۸ یەكێک بوو له‌و بابەتانه‌ی که بۆ باشترکردنی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتیان داڕشترا. ناکرێ دیمۆکراسی لە کۆمەڵگای دواکەوتووی برسی هەبێت، مافەکانی مرۆڤ لە ڕەفا و گەشەی ئابووریدا مانایان دەبێ (امارتیا سن، توسعە به مثابه آزادی).

بواری کولتوور

لە بواری كولتووری هەست بە زۆر گۆرانكاری دەكرێت و بزاڤە كولتووری و كۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتیەكان بە بەشێك لەم كۆمەڵگایە هەژمار دەكرێت. له ڕووی کولتوورییەوه بەجیهانیبوون پرۆسێسی جیاکردنەوەوه و له هەمان کاتدا یەك کردنه. ڕابرتسۆن بەجیهانیبوون وەکوو هەستی یەکبوون پیناسه دەکات، دەتوانین بڵێین کە سەردەمی شەڕی سارد و کێبڕکێی نێوان سەرمایەداری و کۆمۆنیزم ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بەجیهانی کردنی کولتوور و هەر لایەنێک هەوڵی دەدا کە ئایدۆلۆژیای خۆی لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤدا بەرجەستە بکات. (زەنجانی، ۱۳۸۱، ل:۱۱۸)

هەندێ لە بیرمەندانی سەدەی نۆزدەیەم، بەتایبەت فەیلەسووف و كۆمەڵناسانی وەك كانت و ماركس لەم بڕوایەدا بوون، كە بە تێپەڕینی كات و گۆڕانی كۆمەڵگە مرۆیییەكان دەور و كاریگەریی كو‌لتوورە جۆراوجۆرەكانی وەك ئایین، ئیتنیك و نەتەوە لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا كەمتر دەبنەوە و كۆمەڵگەی جیهانی، بێ جیاوازی و كەلێنە كۆمەڵایەتی-كو‌لتوورییەكان پێك دێ. (ئەحمەد گوڵمحەممەدی)

بواری تكنۆلۆژی
پێشکەوتنی بوارەکانی تکنۆلۆژیی و زانست و ئابووری و کولتوور، مرۆڤایەتی خستە ناو قۆناغێکی نوێ کە پێی دەگوترێ بەجیهانیبوون. تكنۆلۆژیا یەكێكە لە سەرەكیترین هەنگاوەكانی سەرهەڵدان و بەرفراوانبوونی ئەم چەمكە چونكوو خۆی لە خۆیدا گەیاندنی جیهان بەیەكتری لە ڕێگەی تكنۆلۆژیاوە دەبێت. نیکۆلاس نیگرۆپۆنتێ Nicholas Negroponte)) دەڵێت: “ئێمە ئەمڕۆ لە جیهانێکدا دەژین کە دیجیتاڵکراوە، ئەم جیهانیەش جارێ ئەمە سەرەتاکەیەتی..”.

بواری كۆمەڵايەتی

بەجيهانيبوون کاریگەری هەیه لەسەر بزووتنەوه كۆمەڵايەتيیەكان، به لانیکەم له چوار بواردا بزووتنەوه کومەڵایەتییەکان ڕەهه‌ندی جیهانیان هەیه وەکوو: بزووتنەوەکانی ژینگه، بزووتنەوەکانی ئاشتبوونەوه، بزووتنەوه کانی ژنان، بزووتنەوەکانی کرێکاری که ئامانجیان کاریگەری لەسەر دەوڵەت نەتەوەکان بووه، (دهقانی، ۱۳۸٦، ل:۱۲).

بەجیهانیبون و کۆمەڵگای کوردی:

پرسی كو‌لتوور و شۆناس یەكێك لەو پرسانەیە كە لەژێر پارادایمی (Paradigm) بەجیهانیبوونەوە گڕوتینێكی نوێی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت بۆ نەتەوە، ئایین، ئایینزا، ئیتنیك، گرووپ، ناسنامه و بزووتنەوە پەراوێزخراوەكان، بۆیە تێگەیشتن لەم پرسە ئالۆزە و كاریگەرییەكانی بەجیهانیبوون لەسەر پرسە ناسنامەیی و كو‌لتوورییەكان بۆ ئێمەی كورد كە تاكوو ئێستا خاوەن دەوڵەت نەبووینه، گرنگیی تایبەتیی هەیە. بەهەرحاڵ کۆمەڵگای کوردستانیش وەک ماڵێکه لەو گوندەی مارشاڵ مەک‌لوهان (Marshal McLuhan) لە ساڵی ١٩٦١ ناوی لێنا گوندی جیهانی (Global Village). لەو گوندەدا هەموو ماڵەکان خاوەنی مێژوو و کولتوور و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانن و پێکەوە لە دان و ستاندن دان.

دەبێ یەک بناسن. بەڵام کوردستان لەو گوندەدا لە کام پێگەیە؟ چارەنووسی چیە؟ ئێمه وەکوو کورد هەوڵمان داوە هەموو ئامێرەکانی بەجیهانیبوون بخەینه خزمەتی کێشەی خۆمانەوە؛ هەر لە سەتەلایت و تێلەڤیزیۆنەوە بگرە تا ئینتەرنێت، هەموو بوونەتە ڕووبەرێکی لەبار بۆ یەکانگیرکردنی خواستە نەتەوەییەکانمان لەگەڵ کاراکتەر و بارودۆخە نوێیەکانی جیهان و سەردەمی بەجیهانیبووندا. بەڵام بۆ گەیشتن به لووتکەی مۆدێڕنیزاسیۆن (Modernization)، ئەمە تەنیا سەرەتا و دەسپێکی کارەکانە و هێشتا کوردەواری زۆری ماوە چەمکە مۆدێڕنەکانی وەک عەقڵانییەت و دیمۆکراسی بەتەواوەتی تێکەڵی بزاڤی کولتووری و سیاسیی خۆی بکات، کە سەرەکی‌ترین ئەرکی ئێستاشمان ناساندن و بەرهەمهێنانی درووستی هەموو مەعریفە جۆراوجۆرەکانی جیهانی ڕووناکبیریی ئەم سەردەمەیە، خوێندنەوەیەک کە پێویستە شێلگیرانە و بە قووڵبوونەوەیەکی جیاواز لە پێشوو بیگەیەنینە ئەنجام. بێگومان خوێندنەوەکان و کارەکانی بزاڤی ڕۆشنبیریی کوردی بۆ چەمکێک وەک بەجیهانیبوون، لەم پێناوەدا دەورێکی گەورە و گرنگ ئەگێڕێت.

دەرەنجام:
بەجیهانیبون بۆته جێگەی بایەخی بەشێك له تۆێژەران و بابەتی لێکۆڵینەوەکان له ناوەندەکانی توێژینەوه و لێکۆڵینەوه و پێکەوه ئاڵاندنی زیاتری جیهانییه بەڵام به ژمارەیەک پرۆسەی ئاڵوز و تێکەڵاو که له بنەڕەتدا ئابووری، تکنۆلۆژی و کولتووری و ژینگه‌یی و سیاسيیه له ژێر ناوی “بەجیهانیبوون” تیۆریزه کراون. جیهانیبوون هەڵگری ڕەوتی هاتووچوی کاڵا و سەرمایه، مرۆڤ و زانیاری و بیروڕا و مەترسییه نێوەدەوڵەتییەکانه. لە لایەک جیهان لە قۆناغی گواستنەوە دایە بۆ شکڵگرتنی چەمک و پەیوەندی نوێ لە لایەکیترەوە جیهان ئاڵۆز و پێشبینی نەکراوە و ناوەندییەتی کاڵ بۆتەوە و ئیدی چیتر ئاکارەکان لەسەر بنەمای بونیاد (Structure)، یان ئایدۆلۆژیا نییە، بەڵکوو زیاتر لەسەر بنەمای کاروکاردانەوەیە (Dialectic) و دەوڵەتانی دواکەوتوو یان ئایدۆلۆژیک کێشەی زۆریان بۆ درووست بووە. لێرەدا ڕوانگەیەكی جیاوازتریش بوونی هەیە، ڕوانگەیەك كە پێی وایە لەگەڵ ئەوەی بەجیهانیبوون دەبێتە هۆی دروستبوونی كولتووری هاوبەش و تایبەتگەراییە كو‌لتوورییەكانیش Cultural particularism)) بەهێز دەكات. بەجیهانیبوون دەبێتە هۆی ئەوەی كە كۆمەڵێ‌ كولتوور‌ و شێوازی ژیان ‌و بەهای هاوبەش لە نێوان خەڵكدا درووست بێت وەكوو ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ، دێمۆكراسی، ئازادی ‌و… هتد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵگا ‌و نەتەوەكان كۆمەڵێ‌ تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن‌. بەجیهانیبوون له لایەکەوه به‌رەو نەهێشتنی ناوەندگەرایی (Centralism) له دەسەڵات ئاراستەمان دەکات و له لایەکیترەوه دەبیته هۆى سەرهەڵدانی چەندین جۆر دەسەڵاتی بان نەتەوەیی.

——————————————–
سەرچاوه‌کان:
کوردی:

1- ئه‌نتۆنی، گیدنزو: حەسه‌ن ئەحمەد مستەفا ، ”كۆمەڵناسی”، هەولێر، چاپخانه‌ی ئاراس، ۲۰۰۹.
2- د.عبدالعلی قەوام، وەرگێڕانی سەلاح جەعفەری، “جیهانیبوون و جیهانی سێهەم و ئاسایشی نەتەوایی، هەولێر، چاپخانەی هاوسەر، ۲۰۰۹.
3- عەلیڕە‌زا گەنجی و ئەوانیتر، و: عارف سه‌لیمی، “ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی تۆڕەکان”، هەولێر، چاپخانەی دەزگای ئاراس، ۲۰۰۷.
4- د. ئیسماعیل مه‌ردانی گیوی و ئەوانيتر، وەرگێڕانی: ئازاد وەلەدبەگی، بەجیهانیبوون و شۆناس و نەتەوەیی، هه‌ولێر، سەنتەری ڕووناکبیری هەتاو، ۲۰۰۶.
۵- د. سالح مەڵاعومەرعيسی، ئەتنيک‌گه‌رایی و دەوڵەتی نەتەوەیی له چەرخی بەجیهانیبووندا، هەولێر، ده‌زگای ئاراس، ۲۰۰۸.
٦- ئازاد، حەممه، “چاخی زانیاری (گەشەی کۆمەڵگه‌ی نیتوۆرک) دەروازەیه‌ک بۆ مانوێڵ کاستیلز، سلێمانی، ده‌زگای چاپ و پەخشی سه‌رده‌م، ۲۰۰۶.
۷- مەهدی مسگفی ئەحمەد، ”به‌جیهانیبوونی سیاسی و کاریگەری لەسه‌ر دۆزی کورد”، هەولێر، نووسینگەی تەفسیر بۆ بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن، 2010.

فارسی:
8- مانوئل كاستلز، عصر اطلاعات: اقتصاد، جامعە و فرهنگ (ظهور جامعە شبكە ای) جلد اول، ترجمە: احد علیقلیان و افشین خاكباز، تهران: گرح نو، چاپ پنجم 1385.
9- یورگن هابرماس، جهانی شدن و آ‌یندە دمكراسی: منظومە پساملی، ترجمە كمال پولادی، تهران: نشر مركز، 1380.
10- احمد گل‌محمدی، جهانی شدن فرهنگ، هویت، تهران نشر نی، 1381.
11- داریوش اخوان زنجانی، “جهانی شدن و سیاست خارجی”، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجه، چاپ اول، تهران، 1381.
12- دکتر مجید توسلی،”پدیده‌ای بنام جهانی شدن”، پرسمان، تیر 1386، شماره 58.
13- دکتر محمود دهقانی، “ابعاد پدیدە جهانی شدن”، مرکز تحقیقات استراتژیک، اقتصادی، سیاسی و بین‌المللی در عصر جهانی شدن، شماره ۷، سال ۱۳۸٦.
14- پژوهش نامە علوم اجتماعی، سال دوم، شمارە 2، تابستان 1387، بررسی نقش رسانە های نوین با تاكید بر ماهوارە و اینترنیت بر هویت فرهنگی دانشجویان، د. احمد آذین و كبری پیرمحمدی.
15- فصلنامە مطالعات راهبردی، پژوهشكدە مطالعات راهبردی، سال چهارم، شمارە سوم، پاییز 1380، در چیستی جهانی شدن: تاملی نظری در سمت و سرشت آهنگ جهانی، قدیر نصری.
16. Clark, John, 1997, Globalization and fragmentation, oxford university press.
17. Giddens, Antony, 1990, The Consequences of Modernity, Cambridge, London, polity press,
18. Meyer, Anna & Katrina Geschiere, 1999, globalization and Identity, Oxford, Blackwell.




ئه‌رمان رۆبن، ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی

پێشه‌کی و وه‌رگێڕانی له فه‌ڕا‌نسه‌وییه‌وه بۆ کوردی: زانکۆ یاری
به‌کالریۆسی زمان و وێژه‌ی ئینگلیزی

ئه‌رمان رۆبن (Armand Robin)،شاعێر، وه‌رگێڕ و ڕۆژنامه‌نووسی فە‌ڕانسه‌وی، ۱۹ی ڕێبه‌ندانی ۱۹۱۲ی زایینی له گوندی “پلۆگوورنێڤل”ی(1) باکووری ڕۆژئاوای ئه‌و وڵاته له‌دایکبووە. ئه‌رمان رۆبن دوایی ماوه‌یه‌ک بۆ شاری پاریس کۆچ ده‌کات، به‌ڵام ناتوانێ بۆ هه‌میشه له‌وێ نیشته‌جێ بێت و له ساڵی ۱۹۳٤دا به‌ره‌و وڵاتانی یه‌کیه‌تی شۆره‌وی ڕێده‌که‌وێت، له‌وێدا بوو بە یه‌کێک له ڕه‌خنه‌گه‌رانی دیکتاتۆری شۆره‌وی و پاشان که خۆی ئامانج و راستییه‌کانی کۆمۆنیزم ده‌بینێت، دیسانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه فه‌ڕانسه.
رۆبن له ماوه‌ی شه‌ڕی جیهانی دووه‌م و داگیرکردنی وڵاتی فە‌ڕانسه له لایه‌ن ئه‌ڵمانیا پێشکەش‌کاری ڕادیۆ بووه. له دوای خوێندنی بۆ فێربوونی زمان، به سه‌ر ۲٦ زمانی ده‌ره‌کی زاڵبووه و کتێبی چه‌ندین نووسه‌ری وه‌رگێڕاوه‌‌ته‌وه سه‌ر زمانی فه‌ڕانسه‌وی وه‌کوو: شێکسپیر (له ئینگلیزییه‌وە)، سێرگه‌ی یه‌سنین، بلۆک و بۆریس پاستڕناک (له ڕووسییه‌وه)، ئه‌ندره ئە‌دی (له مه‌جارییه‌وه)، ئادم میتسکیه‌ویچ (له له‌هستانییه‌وه)، جوزیه ئۆنگارتی (له ئیتالییه‌وه) و تۆ فۆ (له چینییه‌وه) و چه‌ند کتێبی دیکه له زمانه‌کانی؛ فلاندری (زاویه‌‌ک له وڵاتی بێلژیک)، ئه‌ڵمانی و عه‌ره‌بی، ئیسپانیایی و کالمێک (باکووری ڕۆژئاوای ڕووسیه). ئه‌‌م نووسه‌‌ره له ساڵی ۱۹٤٥دا تێکه‌ڵی یه‌کێتی ئاژاوه‌خوازی فه‌ڕانسه ده‌بێت و له‌و ماوه‌یه کتێبی شێعری “شێعره نه‌خوازراوه‌کان”(2) چاپ ده‌کات و پاشان کتێبی “وشه‌‌ی هه‌ڵه”(3) که مکانیزمی پرۆپاگه‌ندە‌ی وڵاته‌ توتالیتاریزمه‌کان تاوتوێ ده‌کات، ده‌نووسێت. له ۲۷ی خاکه‌لێوه‌ی ۱۹٦۱، رۆبن به هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی خۆناسین له لایە‌ن هێزی پۆلیسه‌وه ده‌س به‌سه‌ر ده‌کڕێ و سێ ڕۆژ دوایی ئه‌وه (۳۰ی خاکه‌لێوه‌) به شێوه‌یه‌کی نادیار و سه‌رسۆڕهێنه‌ر له نه‌خۆشخانه‌ی “پاریزانی”(4) شاری پاریس ژیانی کۆتایی پێدێت.
هه‌ندێ له به‌رهه‌مه‌کانی:
شێعر:
۱ ـ ژیان به بێ من، ۱۹٤۰ (Ma vie sans moi)
۲ ـ شێعره نه‌خوازراوه‌کان، ۱۹٤٥ Poèmes indésirables))
۳ ـ ده‌نگی دونیا، ۱۹٦۸ (Le Monde d’une voix, Éditions Gallimard)
٤ ـ پارچە شێعرە‌کان، ۱۹۹۲ (Fragments, Gallimard)
٥ ـ سووڕی له دایکبوونی وڵات، به‌شی هاوبه‌ش، دوایین چاپی؛ ۲۰۰۰ (Le cycle du pays natal, La Part Commune)
وه‌رگێڕان:
۱ ـ شێعره‌کانی ئه‌ندره ئه‌دی؛ ئاستانه، ۱۹٤٦ (Poèmes d’Ady, Le Seuil)
۲ ـ شێعره‌کانی بۆریس پاستڕناک، ۱۹٤٦ (Poèmes de Boris Pasternak)
٤ ـ (شێعره) چوارینه‌کانی ڕووسی، ۱۹٤۹ (Quatre Poètes russes)
٥ ـ شێعری بێ تە‌رجمه، ۱۹٥۳ (Poésie non traduite)
٥ ـ شێعری بێ تە‌رجمه ۲، ۱۹٥۸ (Poésie non traduite)
٦ ـ چوارینه‌کانی عومه‌ری خه‌یام، ۱۹۹٥۸ (Rubayat d’Omar Khayam)
۷ ـ هاوسه‌رانی گیلارد له (قه‌ڵای) وینزر‌ی
ئۆتلۆی شێکسپیر، ۱۹٥۸ (Les Gaillardes Épouses de Windsor et Othello de Shakespeare)
۸ ـ پاشا لیری شێکسپیر، ۱۹٥۹ (Le Roi Lear de Shakespeare)
۹ ـ نووسراوه له بیرچووە‌کان، ۱۹۸٦ (Écrits oubliés II, Ubacs)
رۆمان:
۱ ـ که‌ش و هه‌وا، ۱۹٤۲ (Le Temps qu’il fait)
ڕادیۆ:
۱ ـ له شایی جێژنی ئیسته‌ردا، ۱۹۸۲ (Pâques fête de la joie, Calligrammes)
۲ ـ شێعری بێ پاسپۆرت، ۱۹۹۰ (Poésie sans passeport, Ubacs)
وتار:
۱ ـ مرۆڤێک بێ کورته‌ چیرۆک؛ کە‌شه و هه‌وا، ۱۹۸۱ (L’homme sans nouvelle, Le temps qu’il fait)
۲ ـ شاره‌زایی له سه‌ر وشه‌ی هه‌ڵە، ۱۹۹۰ (Expertise de la fausse parole, Ubacs)
3 ـ نامه‌یه‌ک بۆ ژان گوێهنۆ، نامه‌یه‌ک بۆ یۆس سوپرویاڵ؛ دوایین چاپی له کتێب‌فرۆشی نارس، ۲۰۰٦ (Lettres à Jean Guéhenno, Lettres à Jules Supervielle, Librairie La Nerthe)

به‌شێک له شێعری “شێعره نه‌خوازراوه‌کان”
On supprimera la Foi
Au nom de la Lumière,
Puis on supprimera la lumière.
On supprimera l’Âme
Au nom de la Raison,
Puis on supprimera la raison.
On supprimera la Charité
Au nom de la Justice,
Puis on supprimera la justice.
On supprimera l’Amour
Au nom de la Fraternité,
Puis on supprimera la fraternité.
On supprimera l’Esprit de Vérité
Au nom de l’Esprit critique,
Puis on supprimera l’esprit critique.
On supprimera le Sens du Mot
Au nom du Sens des mots,
Puis on supprimera le sens des mots.
به ناوی نوور
ئیمان له ناو ده‌به‌ن،
پاشان نووریش
به ناوی ماف
ڕۆح له ناو ده‌به‌ن،
پاشان مافیش
به ناوی دادپه‌روه‌ری
خێرخوازی له ناو ده‌به‌ن،
پاشان خێرخوازیش
به ناوی برایه‌تی
ئه‌وین وەلا دەنێن،
پاشان برایه‌تیش
به ناوی ڕه‌خنە
راسی بەرەو لایه‌ک وێڵ دەکه‌ن،
پاشان ڕه‌خنە‌یش
به ناوی چه‌مکی وشه‌کان
واتای وشە بە لایەکەوە دەنێن
له دوای ئه‌وه‌ش چه‌مکی وشه‌کان.

………………………………….
په‌راوێز‌:

1- Plouguernével
2- Poèmes indésirables
3- La Fausse parole
4- Parisian

سه‌رچاوه‌کان:

1- “Armand Robin” The Anarchist Encyclopedia: A Gallery of Saints & Sinners, January 2006 Archived May 27, 2008, at the Wayback Machine., retrieved on September 27, 2008.
2- http://www.armanrobin.org/txtpi.html [accessed on August 6th, 2017].
3- http://www.Gallimard.fr/catalogue/poesie-voix.html [accessed on August 6th, 2017].


(ئه‌م وتاره له لاپه‌ڕه‌ی 46ی گۆڤاری مه‌هاباد، ژماره‌ی 199/198، ساڵی حه‌ڤده‌هه‌م/ خه‌زه‌ڵوه‌ری 2717،چاپ کراوه)




ئاورێک له شێعری «هه‌وایه‌کی نوێ»ی پۆل ئێلوار … زانکۆ یاری


پێشه‌کی و وه‌رگێڕان له فه‌ڕانسه‌وییه‌وه: زانکۆ یاری
کارناسی زمان و ئه‌ده‌بی ئینگلیزی
…….

“پۆل ئێلوار” (۱۸۹٥-۱۹٥۲) نووسه‌ر و شاعێری ناوداری فه‌ڕه‌نسی، له بنه‌ماڵه‌یه‌کی مام ناوە‌ندی له شاری “سه‌ن دێنی” له دایک ده‌بێ. خوێندنی قۆناغی سه‌ره‌تایی له خوێندنگه‌ی Colebert ته‌واو کردوه. له ته‌مه‌نی پازده ساڵی‌دا به هۆی نه‌خوشییه‌ک واز له خوێندن دێنێ و بۆ ده‌رمان ڕوو ده‌کاته کوێستانه‌کانی سوویس و ساڵ و نیوێک له‌وێ ده‌مێنێته‌وه. پاش چاره‌سه‌ر بوونی نه‌خۆشییه‌که‌ی ده‌گه‌‌ڕێته‌وه پاریس و هۆگری شێعر و ئه‌ده‌بیات ده‌بێ.

بو یه‌که‌مین جار چه‌ند کورته ‌شێعر له گۆڤاره ئه‌ده‌بییه‌کانی ئه‌و‌کاتی فه‌ڕه‌نسه‌دا بڵاو ده‌کاته‌وه. له ۱۹۱٤ ده‌یبه‌نه سه‌ربازی و له به‌شی په‌رستاری‌دا دایده‌مه‌زرێنن. له ۱۹۱۷ یه‌که‌مین ده‌فته‌ری شێعری خۆی به‌ناوی “کۆمه‌ڵە شێعرێک بۆ ئاشتی” بڵاو ده‌کاتە‌وه. ئێلوار پاش کۆتایی شه‌ڕی دووه‌م، له‌گه‌ڵ “ئاندری بیرتۆن”، “لووییی ئاراگۆن” و “فیلیپ سۆپۆ”دا ئاشنا ده‌بێ و به‌شداریی ئه‌وان ڕاگه‌یه‌ندراوی شێعری سوورئالیستی فه‌ڕه‌نسه واژۆ ده‌کا و بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی سووریالیسم داده‌مه‌زرێنن. له ۱۹۲٤دا پاش جیابوونه‌وه له هاوسه‌ره‌که‌ی “گالا” که زه‌برێکی ڕووحی بوو بۆ ئه‌و، بێزار و وه‌ڕز و یاغی سه‌فه‌رێکی دوور و درێژ بۆ ده‌وری دنیا ده‌ست پێده‌کا. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌م سه‌فه‌ره ئه‌م چه‌ند به‌رهه‌مه بڵاو ده‌کاته‌وه: “مه‌رگ بۆ نه‌مردن”، “چاوه پڕ سه‌مه‌ره‌کان” و “پێته‌ختی غه‌م” که ئه‌م به‌ر‌هه‌مه له شاکاره هه‌ره مه‌زنه‌کانی ئێلوار دێته ئه‌ژمار. بۆیه هێندێ له ڕه‌خنه‌گه‌ران له‌مه‌ڕ ئه‌م کتێبه‌وه ده‌ڵێن: هه‌ر ئه‌م کتێبه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ئێلوار بکه‌ینه نوێنه‌ری شێعری نوێی فه‌ره‌نسه.

ساڵی ۱۹٤۲له کاتی داگیرکردنی فه‌ڕه‌نسه‌دا ده‌چێته نێو حیزبی کۆمۆنیستی فه‌ره‌نسه و خه‌باتێکی شاراوه دژ به نازییه‌کانی ئه‌ڵمانی ده‌ست پێده‌کا. کۆمه‌ڵه‌ شێعری “شێعر و ڕاسته‌قینه” ۱۹٤۲،”شیاوی ژیان” ۱۹٤٤، “له جێژوانی ئه‌ڵمانی” ۱۹٤٤، له‌م که‌ش و هه‌وا پڕاوپڕ له بێ هێوایی و سامناکه‌دا خوڵقاون و له گرنگ‌ترین هه‌ڵبه‌سته سیاسییه‌کانی سه‌ر‌ده‌می خۆڕاگری فه‌ڕه‌نسه دێنه ئه‌ژمار. له ساڵی۱۹٤۸،پیکاسۆ و ئێلوار بۆ ئه‌ندامانی له کۆنگره‌ی جیهانیی ئاشتی له له‌هیستان بانگهێشت ده‌کرێن. هه‌ر له‌م ساڵه‌دایه شێعره سیاسییه‌کانی خۆی به پێشه‌کییه‌کی “لوویی ئاراگۆن”ه‌وه بڵاو ده‌کاته‌وه. “قۆقنووس” دوایین به‌ر‌هه‌می ئێلوار که له ساڵی ۱۹٥۲ و له کۆتاییه‌کانی ژیانی‌‌دا نووسراوه.

کاتی ئاشتی ده‌گه‌ڕێته‌وه ئامێزی فه‌ڕه‌نسه، ئێلوار ئیدی واز له شێعری سیاسی دێنێ. به بۆچوونی ژان ڕۆسلۆ نووسه‌ری فه‌ر‌هه‌نگی شێعری هاوچه‌ر‌خی فه‌ڕه‌نسه، پۆل ئێلوار میناک یه‌کێک له نوێنه‌رانی سوورئالیسم، ئه‌و که‌سه‌یه که به‌رین‌ترین و کاریگه‌ر‌ترین ده‌وری له سه‌ر شاعێرانی به‌ره‌ی نوێ داناوه. بابه‌تی شێعر له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه دۆزینه‌وه‌ی ڕاستییه‌کانه، ده‌نگی ئێلوار ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌موو ڕاستییه‌کانه. ئێلوار هه‌ر چه‌ند له‌و چه‌ند له‌و سلووک و عیرفانه باوه‌ی که له شێعری ئورووپایی‌دا بوونی هه‌یه به دووره و ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا دژ به “ماورائولتبعیه” ڕاده‌وه‌ستێ، به‌ڵام به ڕای هه‌ندێ له ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی فه‌ڕه‌نسه وه‌کوو “بوودلێر” ۱۸٦۷،هه‌میشه بۆن و به‌ره‌مه‌یه‌کی مه‌زهه‌ب و ئایین له شێعره‌کانی‌دا هه‌ست پێده‌کرێ که ته‌نانه‌ت ئه‌م جۆره شێعرانه‌ی له‌گه‌ڵ هێندێ له ئایه‌ته‌کانی کتێبی پێرۆز (عهد عتیق) به‌روارد ده‌کرێن.
ئێلوار له هه‌ژده‌ی نۆڤامبری ۱۹٥۲له باڵه‌خانه‌ی خۆی‌دا به هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه ماڵاوایی له ژیان ده‌کا و له گۆڕستانی “پێرلاشز”ی پاریس به خاک ده‌سپێردرێ. شێعری ئێلوار به هۆی نێوه‌ڕۆکێکی مرۆڤ دۆستانه و پڕ له ئه‌وین و ده‌ر‌بڕینی هه‌سته قووڵە ئینسانییه‌کان کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی له سه‌ر هه‌موو چینه‌کانی کۆمه‌ڵگا داناوه. ئه‌و هه‌موو کات لایه‌نگری چینی چه‌وساوه و ئازادیخوازێکی مرۆڤ په‌روه‌ر بووه. شێعری “ههوایه‌کی نوێ” که له هه‌لبه‌سته هه‌ره به‌ناو بانگه‌کانی ئه‌وه، له ساڵی ۱۹٤۱ له کاتی داگیرکردنی فه‌‌ره‌نسه به ده‌ستی ئه‌ڵمانییه‌کان نووسراوه. به قسه‌ی ئێلوار ئه‌م شێعره سه‌ره‌تا ته‌نیا شێعرێک بۆ شایی بووه و بۆ هێمن بوونی ڕووحی مرۆڤه‌کان نووسراوه، به‌ڵام دوایی‌دا دێته سه‌ر ئه‌م ڕاستییه که شێعر ناتوانێ ته‌نیا بۆ شتێکی ئاوهها بێ.

Air vif, poème de Paul Éluard
J’ai regardé devant moi…
Dans la foule je t’ai vue
Parmi les blés je t’ai vue
Sous un arbre je t’ai vue
Au bout de tous mes voyages
Au fond de tous mes tourments
Au tournant de tous les rires
Sortant de l’eau et du feu
L’été l’hiver je t’ai vue
Dans ma maison je t’ai vue
Entre mes bras je t’ai vue
Dans mes rêves je t’ai vue
Je ne te quitterai plus

“هه‌وایه‌کی نوێ”

خۆمم بینی…
له نێو جه‌ماوه‌ردا تۆم بینی
له نێو گەنم‌زاردا تۆم بینی
له ژێر (سێبەری) دارێک تۆم بینی
له کۆتایی هه‌موو سه‌فه‌ره‌کانم
له قووڵایی هه‌موو ئازاره‌کانم
له توێ توێی هه‌موو پێکه‌نینه‌کانمدا
که له ئاو و ئاگر سه‌‌ر ده‌ردێنێ
له هاوێن و زستان تۆم بینی
له خانووکه‌م‌دا تۆم بینی
له باوشی خۆمدا تۆم بینی
له خه‌و‌نه‌کانم تۆم بینی
ئێدی به‌جێت ‌ناهێڵم…

zanko.yari@yahoo.co.uk

(ئه‌م وتاره له لاپه‌ڕی 10ی حه‌وته نامه‌ی سۆران، ژماره‌ی 364،ساڵی نۆ‌هه‌م/شه‌ممه 10ی پووشپه‌ڕی 2716،چاپ کراوه)