ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان و بانگەوازێک بۆ کردنەوەی لقی (IBBY) لە کوردستان.. زیاد ڕەشاد قادر

پێشەکی
ڕۆژی 2ی نیسانی هەموو ساڵێک، وەکوو ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان لەلایەن یەکێتیی نێونەتەوەییی کتێبی لاوان (IBBY)ەوە دیاری کراوە، لەو ڕۆژەدا ئاهەنگ و ڕێوڕەسمی تایبەت لە دونیادا ساز دەکرێت. ئەو ڕۆژە، واتە 2/4 هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی نووسەری بەناوبانگ “هانس کریستیان ئەندەرسن”، هەر بۆیە دوو ساڵ جارێک هەر لەو ڕۆژەدا خەڵاتێکی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان دەبەخشرێت. سەرەتا با بەکورتی تیشک بخەیەنە سەر ژیان و بەرهەمەکانی “ئەندەرسن”، ئەوجا دێینە سەر ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان، پاشان بزانین (IBBY) چییە و کەنگی دامەزراوە و کاری چییە، دواتر قسە لە زەروورەتی هەبوونی لقێکی نیشتمانیی (IBBY) لە کوردستان و دەستپێشخەرییەک بۆ ڕێکارەکانی کردنەوەی ئەو لقە ڕادەگەیەنین.

هانس کریستیان ئەندەرسن (1805ــ1875)
هانس کریستیان ئەندەرسن (Hans Christian Andersen) لە 2ی نیسان لە شاری ئۆدێنسەی دانیمارک لەدایک بووە، ئەو لەنێوان ساڵانی (1805ــ1875)دا ژیاوە. بە یەکێک لە دیارترین نووسەرانی چیرۆکی ئەفسانەیی دادەنرێت. ئەندەرسن ڕۆمان و شانۆنامە و شیعری نووسیوە، بەڵام بەهرەکەی لە بواری چیرۆکی فۆلکلۆری و ئەفسانەییەکاندا گەیشتووەتە ترۆپک.
ئەندەرسن لە خێزانێکی هەژاردا پێگەیشتووە، بەڵام لە تەمەنی زووەوە بە گوێگرتن لەو چیرۆکانەی کە بابی بۆی دەخوێندەوە و ئەو هەقایەتە ئەفسانەییانەی دایکی بۆی دەگێڕایەوە، پاشان لەڕێگەی خوێندنەوە و خۆماندووکردنەوە، توانیویەتی خۆی زیاتر بەهرەمەند بکات، بەجۆرێک ببێتە ئەو کەسە ناسراوە، کە زۆرێک لە چیرۆکەکانی بکرێنە فیلم و شانۆنامە و فیلمی کارتۆنی. کەس نەیدەزانی ئەم کوڕە ھەژارە، ڕۆژێک دێت دەبێتە نووسەرێکی بەناوبانگ لە چیرۆکی منداڵاندا، بەجۆرێک لە ماوەی ژیانیدا نێزیکەی 156 بەرھەمی نووسیوە. لە ساڵانی دوای ژیانیشیدا ناوبانگێکی جیھانی پەیدا کردووە. چیرۆکەکانی ئەندەرسن وەرگێڕدراونەتە سەر زیاتر لە 125 زمان . بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە وەک چیرۆک و فیلمی کارتۆنی بە زمانی شیرینی کوردییش (سۆرانی و کرمانجی) بینیومانە و خوێندوومانەتەوە، وەک؛ قورینگ، کەمانچەژەن، کیژگۆکە شقارتەفرۆشەکە، چەرخ و فەلەک، مراوییە ناشیرینەکە و بەرازەوان… کە بە سۆرانی لەلایەن پیرەمێرد و عەزیز گەردی…، بە کرمانجییش لەلایەن نەسرین ڕۆژکان و ڕۆژان حازم… و چەند نووسەرێکی دیکەوە کراونەتە کوردی.
لە ساڵی 1867 شاری ئۆدێنسە، کە زێدی نووسەرە، ڕێزی لە ئەندەرسن ناوە و نازناوی “ھاووڵاتیی شانازی”ی پێ بەخشیوە، ئێستاش لە شاری کۆپنھاگن، پەیکەری “کیژکۆگە شقارتەفرۆشەکە” کە ناوونیشانی یەکێک لە چیرۆکەکانیەتی، لە کەنار دەریاکە داندراوە و بووەتە ھێمایەکی نیشتمانی بۆ دانیمارک.

لە ڕۆژی جیهانیی کتێبدا چی دەکرێت؟
لە ساڵی 1967ەوە ڕۆژی جیهانی کتێبی منداڵان لە 2ی نیسانی هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێت. لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیادا، لەو ڕۆژەدا چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، وەک؛ ئەنجامدانی چالاکیی خێزانیی تایبەت بە خوێندنەوە، لە ڕێگەی تەرخانکردنی کاتێکی دیاریکراو و داواکردن لە هەر ئەندامێکی خێزان کە باس لە چیرۆکێک یان کتێبێک بکات کە خوێندوویەتییەوە و لەگەڵ ئەوانی تردا گفتوگۆی لەسەر بکات. کتێب کردنە دیاری بۆ منداڵان، یان داشکاندن بۆ کتێبی منداڵان، بە ئامانجی هاندان بۆ خوێندنەوە و ڕێگەخۆشکردن بۆ دایباب، تا لەگەڵ منداڵەکانیان بچنە کتێبخانەکان و کتێبی گونجاو هەڵبژێرن. بانگەوازی کۆکردنەوە و کردنە دیاری کتێب لە سەنتەرە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندندا و بەخشینیان بەو ڕێکخراوە خێرخوازییانەی کە کار لەسەر بابەتی پەروەردەیی و نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکەن. پۆشینی جلی تایبەت لەلایەن منداڵانەوە، کە گوزارشت لە پاڵەوانی ناو ئەو کتێبانە دەکات کە دەیخوێننەوە، یان پۆشینی جلی کەسایەتییە دڵخوازەکانی ناو چیرۆکەکان. هەروەها هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە سوود و بایەخی خوێندنەوە لە پێگەیاندنی هەر منداڵێکدا، بەتایبەت سوودە دەروونییەکانی وەک؛ دروستکردنی هەستی ئەرێنی، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و فشار، پاراستنی تەندروستیی مێشک، خۆپاراستن لە ئەلزەهایمەر و لەبیرچوونەوە…
لەو ڕۆژەدا بەشێوەیەکی گشتی، ئەوە دەچرپێندرێتە گوێی منداڵ و دایباب و سەرپەرشتیارانیان، کە کتێب تەنێ کۆمەڵێک لاپەڕەی بەیەکەوەگرێدراو نییە، کە بە پیت و وشە ڕەش کراوە و چاپ کراوە، نا، بەڵکوو دەلاقەیەکە بۆ ڕوانین بەسەر دونیایەکی پڕ لە پرسیار، فراوانکردنی ئاسۆی خەیاڵ و گەشەکردنی بیرۆکەی نوێیە. منداڵ لەڕێگەی کتێبەوە، فێری ڕێزگرتن و قەبوڵکردنی جیاوازییەکان دەبێت، کتێب وا لە منداڵ دەکات ئازاد و ئازا بێت، بەهۆی کتێبەوە ڕابردووی دەناسێت و وانەی لێ وەردەگرێت، لەوڕۆدا دەژیێت و پلان و بەرنامەی هەیە بۆ سبەینێ. منداڵ لە خوێندنەوەی کتێبەوە فێر دەبێت کە چۆن ڕووبەڕووی بارودۆخە سەختەکان ببێتەوە، بۆ نموونە چۆن مامەڵە لەگەڵ لەدەستدانی ئەزیزێکیدا بکات. خوێندنەوەی کتێب یارمەتی منداڵ دەدات، کە فێری کەلتوور و شێوازی ژیانی نوێ ببێت.
لە دونیای تازە و سەردەمی دیجیتاڵی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، کە منداڵان لەگەڵ شۆڕشی زانیاری و دونیای ئاپ و شاشەکاندا دەستەویەخەن، کتێب وەک ڕزگارکەرێک دەردەکەوێت بۆ گەڕانەوە بۆ قووڵایی بیرکردنەوە. خوێندنەوە توانای ڕەخنەگرتن، چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن، جگە لەوە، ئەو ساتانەی دایباب و منداڵ پێکەوە کتێب دەخوێننەوە، نەک تەنیا زمانی منداڵ بەھێز دەکەن، بەڵکوو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانیش قووڵتر دەکەنەوە.
(IBBY) ھەر ساڵەو لە 2ی نیساندا لقی یەکێک لە وڵاتەکان دیاری دەکات بۆ ئامادەکردنی پەیامێکی ڕەسمی تایبەت بەم بۆنەیە. ئەم پەیامە لەلایەن نووسەر و وێنەکێشانی ناوداری ئەو وڵاتەوە ئامادە دەکرێت، کە وەک کارێکی سیمبولیکی بۆ بەکەلتوورکردنی خوێندنەوە لە ناو نەوەی نوێدا، لە سەتان ناوەند و کتێبخانە و قوتابخانە و سەنتەری پەروەردەیی لە جیهاندا دەخوێندرێتەوە.
دەستڕاگەیشتن بە کتێبی باش و کوالێتیی بەرز بە زمانی دایک و پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی، مافێکی بنچینەیی ھەر منداڵێکە. هەرچەندە بەداخەوە، لە بەشێک لە گۆشە و کەنارەکانی ئەم جیهانە، لەبەر چەندین هۆی وەک؛ جەنگ، قەیرانی سیاسی، ھەژاری… بەشێکی منداڵان لەم مافە بێبەشن. ئەوجا ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان دەرفەتێکە بۆ ڕاگەیاندنی ئەم ڕاستییە و ھاندانی دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بۆ دابینکردنی کتێب بۆ ھەموو منداڵێک، چ لە ڕۆژهەڵات بن، یا ڕۆژئاوا، لە باکووری گۆی زەوی بن یا لە باشوور.
منداڵانی ئەوڕۆ، کاراکتەر و بەڕێوەبەر و بەرپرس و سەرکردەی دواڕۆژن، ئەگەر کۆمەڵگایەکی تەندروست و پێشکەوتوو و ئیشکەر و بەرهەمهێن و لەخۆبوردوومان دەوێت، پێویستە بە کتێب ئاشنا بن و خوێندنەوە لەلایان ببێتە کەلتوور و لە گەنجینەی مەعریفە و زانست دوور نەبن.

لە کوردستان لەو ڕۆژەدا چی بکرێت؟
ڕاستە لقی (IBBY) تا ئێستا لە کوردستان نییە، بەڵام ئەمە ڕێگر نییە لەوەی چ لەسەر ئاستی تاک (نووسەر، وێنەکێش، وەرگێڕ، پەروەردەکار…)، چ لەسەر ئاستی دەزگا و دامەزراوە (ڕێکخراو، کتێبخانە، زانکۆ، بڵاوکراوە، میدیا…ی تایبەت بە منداڵان) کۆمەڵێک چالاکیی گەورە و جوان ئەنجام بدرێت، لەوانە؛ تەرخانکردنی کۆمەڵێک بەرنامەی تایبەت لە میدیا، ئەنجامدانی ئاهەنگ و ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ بەرزاڕاگرتنی کتێب و ڕۆڵی کتێب لە ژیان و پاشەڕۆژی منداڵدا، بەخشین و کردنە دیاری کتێب، داشکاندنی نرخی کتێبی منداڵان لەو ڕۆژەدا، چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی کتێبی باش و کوالێتیی بەرز، بەتایبەت ئەو کتێبانەی کە منداڵان فێری ڕاستگۆیی، میهرەبانی، دەستپاکی، دڵسۆزی و قەبوڵکردنی جیاوازییەکان دەکەن، تەنانەت ئەوانەی منداڵان ڕادێنن لەسەر چۆنیەتی دەربڕینی توڕەیی یان دڵتەنگی. هەروەها دانان و ئامادەکردنی پۆستەر و پۆستکاد و گرافیک و پارچە ڤیدیۆی گونجاو بەو ڕۆژە لە سۆشیالمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەنجامدانی پێشبڕکێی خویندنەوەی کتێب و خەڵاتکردنی سەرکەوتووان، دانان و پەرەپێدانی کتێبخانەی گەڕۆکی منداڵان، کارکردن لەسەر دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی ناوەندەکانی خوێندن و ئەنجامدانی فیستڤاڵی ساڵانە بۆ بەکەلتوورکردن و خۆشەویستکردنی خوێندنەوە لای منداڵ و هتد…

(IBBY) چییە؟
بۆرد یان ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی کتێب بۆ لاوان (International Board on Books for Young People) کە بە (IBBY ) دەناسرێت، ڕێکخراوێکی قازانجنەویستە و لە ساڵی 1954 لە شاری زیورخی سویسرا دامەزراوە. دەتوانین بڵێین ئەم ڕێکخراوە وەک پردێکی پەیوەندیی جیهانی وایە، لەپێناو بەیەکگەیشتنی ئەو نووسەر و کەسە چالاکانەی لە سەرانسەری دونیادا خەریکی پێشخستنی کتێبی منداڵانن. ئەم دامەزراوەیە کار دەکات بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ منداڵان لە هەر شوێنێکی دونیادا، تا دەستیان بە کتێب بگات. هەروەک هانی بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی کتێبی باش و کوالێتیی بەرزی منداڵان دەدات، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە ئاستی چاپ و بڵاوکردنەوە تێیاندا لاوازە، هەروەها بە جۆرێک لە جۆرەکان گەرەکیەتی پشتیوانی ئەو کەسانە (نووسەر، نیگارکێش، پەروەردەکار، دەزگای چاپ و کتێبخانەکان…) بکات، کە بۆ منداڵان و ئەدەبیاتی منداڵان کار دەکەن.
یەکێکی دیکە لە بەناوبانگترین چالاکییەکانی (IBBY) ئەوەیە؛ کە دوو ساڵ جارێک خەڵاتی هانس کریستیان ئەندەرسن دەبەخشرێتە نووسەر و وێنەکێشێک، کە بەرهەمەکانیان خزمەتێکی شایستەی بە ئەدەبیاتی منداڵان کردبێت. ئەم خەڵاتە بە “خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی منداڵان” دادەنرێت و گەورەترین ڕێزلێنانە لەم بوارەدا. هەر وەک ڕێکخراوەکە لە ڕۆژی 2ی نیسانی هەموو ساڵێک، کە ناو نراوە بە ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان (کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی هانس کریستیان ئەندەرسن)، دروشم و پۆستەری تایبەت بە جیهاندا بڵاو دەکاتەوە.
لە چالاکییەکانی دیکەی ئەو ڕێکخراوە؛ دەرکردنی گۆڤارێکی زانستی و ئەدەبیی تایبەتە بە ناوی (Bookbird)، کە تێیدا لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ ئەدەبیاتی منداڵانی جیهان دەکرێت، بەجۆرێک گۆڤارەکە دەبێتە ژێدەرێکی بایەخدار و باوەڕپێکراو بۆ پسپۆڕانی ئەم بوارە. ئەمە جگە لەو چالاکییە خێرخوازییانەی ئەنجامی دەدات، بەتایبەت لە کاتی جەنگ و کارەساتە سروشتییەکاندا، کە پرۆژەی چارەسەری بە کتێب یان چارەسەری بە خوێندنەوە (Bibliotherapy) ئەنجام دەدات. بەو باوەڕەی کە کتێب دەتوانێت یارمەتی منداڵە زیانلێکەوتووەکان بدات، بۆ تێپەڕاندنی قەیران و شۆکە دەروونییەکان.
هەرچەندە (IBBY) ڕێکخراوێکی ناحکومییە، بەڵام لەلای یونسکۆ و یونیسێفەوە پێگەیەکی ڕەسمی هەیە. ڕێکخراوەکە وەک داکۆکیکارێک بۆ کتێبی منداڵان ڕۆڵی خۆی هەیە، هەروەها پابەندە بە بنەماکانی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی 1990 پەسەند کراوە، کە پەروەردەی گشتی و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ڕاستەوخۆ یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی مافی منداڵ. هەروەها (IBBY) هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و دامەزراوەی کتێبی منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، لەم سۆنگەوە بەشداری لە پێشانگای کتێبی منداڵان و پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی کتێبدا دەکات.

ڕێکخراوەکە لقی لە کوردستاندا نییە
(IBBY) لقی لە 80 وڵاتی جیهاندا هەیە، کە هەر لقێک لە وڵات یان هەرێمەکەی خۆی دەستەیەک لە نووسەر و وێنەکێش و دامەزراوەی وەک کتێبخانە و زانکۆ و ناوەندی ئەکادیمی نوێنەرایەتیی دەکەن و بەڕێوەی دەبەن. هەرچەندە ساڵانێکە ڕێکخراوەکە لە بەشێکی وڵاتانی ناوچەکە، وەک؛ تورکیا، ئێران، ئوڕدەن، میسر، لوبنان، ئیمارات و فەلەستین… لقی هەیە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا لقی نییە.
کردنەوەی لقێکی نیشتمانی لە ڕێکخراوی (IBBY)، هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەر وڵات یان هەرێمێک، کە بیەوێت ئەدەبیاتی منداڵان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسێنێت. ئەمەش کۆمەڵێک ڕێکار و مەرجی سەرەکی هەیە، وەک؛ هەر لقێک کە دەکرێتەوە پێویستە نوێنەرایەتی گشت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەدەبیاتی منداڵان (نووسەران و وێنەکێشانی بواری منداڵان و بڵاوکراوەکان و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و کتێبخانە گشتییەکان و کتێبخانەی قوتابخانەکان و مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرانی بواری پەروەردە و ئەدەب…)ی ئەو وڵات یان ناوچەیە بکات.
هەر لقێکی نیشتمانی دەبێت ساڵانە بڕێک پارە وەک ئابوونەی ئەندامێتی بداتە ڕێکخراوەکە، بڕی ئەم پارەیە جێگیر نییە و بەپێی باری ئابووریی وڵاتەکە و قەبارەی چالاکییەکان دەگۆڕێت، هەر وەک زۆر جار بۆ ئەو ناوچانەی باری ئابوورییان لەبار نییە، ئاسانکاریی پێویست دەکرێت. سوودەکانی هەبوونی لقێکی ڕێکخراوەکە لە هەر وڵات یان هەرێمێک زۆرن، لەوانە؛ پاڵاوتن و پێشنیازکردنی نووسەر و وێنەکێشەکانی بۆ خەڵاتی هانس کریستیان ئەندەرسن، چونکە تەنیا ئەو وڵاتانەی لقی فەرمییان هەیە دەتوانن کاندیدایان هەبێت بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە جیهانییە. هەر لقێکیIBBY دەتوانێت دوو ساڵ جارێک باشترین کتێبەکان (نووسین، نیگارکێشان، وەرگێڕان) بنێرێت بۆ ئەم لیستە جیهانییە کە لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی منداڵان نمایش دەکرێت. هەروەها هەر لقێک مافی هەیە بەشداری لە کۆنگرە جیهانییەکانی ڕێکخراوەکە بکات و نوێنەری خۆیشی بۆ ئەو کۆنگرە دەورییە بنێرێت، کە دووساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون لەگەڵ شارەزایانی جیهان. ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا لقی ڕێکخراوەکە لە هەرێمی کورستاندا نییە!

زەروورەتی هەبوونی لقی (IBBY) لە کوردستان
هەوڵدان بۆ کردنەوەی لقی (IBBY) لە هەرێمی کورستان، تا بتواندرێت وەکوو پێویست ئەدەبیاتی منداڵان و کتێبی منداڵان بەرەو پێش ببردرێت لەلایەک و لەلایەکیدیش، کوردستان لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونەکانی دونیا لە ئەدەب و ڕۆشنبیریی منداڵان دوا نەکەوێت و هەموو ئەو ماف و ئەرک و رۆڵ و کاریگەرییەی هەر لقێک هەیەتی، کوردستانیش لێی بێبەش نەبێت، بۆیە جێی خۆیەتی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ نووسەر و وێنەکێش و چالاکانی بواری منداڵان، دەست بکەن بەو ڕێکارانەی پێویستن، بۆ کردنەوەی لقی کورستانی ڕێکخراوەکە.
بۆ دڵنیابوونیش لەوەی ئاخۆ تا ئێستا لقی ڕیكخراوەکە لە عێراقدا هەیە یاخود نا، ئێمە لە چەند ناوەندێکی عێراقییەوە زانیاریی ئەوەیان پێداین، کە بەڵێ لقی لە عێراق هەیە، پاشان کە بەدوای کار و چالاکییەکانی لقەکە و مێژووی دامەزراندنیدا گەڕاین، هیچمان دەست نەکەوت، دواتر کە لە ماڵپەڕی ڕەسمیی (IBBY) سۆراخمان کرد و ناوی هەموو ئەو هەرێم و وڵاتانەمان وەرگرت کە ئەندامن و لقیان هەیە، دەرکەوت تا ئێستا عێراق چەند ڕێکخراوێکی لۆکاڵیی هەیە کە لە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان و هەندێک بۆنەی دیکەدا، کۆمەڵێک چالاکیی هاوشێوەی چالاکییەکانی (IBBY)یان هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی تا ئێستا لقی نیشتمانیی ڕێکخراوەکە لە عێراقدا نییە. بۆیە بۆ هەرێمی کوردستان هەلەکە لەبارترە داوای کردنەوەی لقی کوردستانی ڕێکخراوەکە بکات، ئەمە لە کاتێکدا، ژمارەیەک هەرێم، یان قەوارە کە دەوڵەتی سەربەخۆی داپێدانراو نیین و لقیشیان هەیە، نموونەی ئەو هەرێم و قەوارانەش؛ هەرێمەکانی کەتەلۆنیا و باسک و دەسەڵاتدارێتیی فەلەستینن.
دیارە بۆ ڕەزامەندی وەرگرتن بۆ کردنەوەی هەر لقێک، پێویستی بە توانای ماددی و مەعنەویی کۆمەڵێک کەس و دەزگای خەمخۆر و پەرۆش بۆ ئەدەب و کتێبی منداڵان هەیە، هەروەها پێویستی بە چەندین ڕێکاری کارگێڕی و بەدواداچوون و هەماهەنگی هەیە، کە هەر هەموویان لە کوردستاندا هەن، هەر لە نووسەر و وێنەکێش لە بواری ئەدەب و ڕۆشنبیری منداڵان، تا گۆڤار و تەلەڤزیۆنی تایبەت بە منداڵان و تا ناوەندە ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تا کتێبخانە و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و هتد… لە هەمووشی گرنگتر کورد وەک گەلێکی خودان ناسنامە و مێژوو و زمانی تایبەت بە خۆی و خاوەن کەلەپوورێکی گەورە لە ئەدەبیات بەگشتی و ئەدەبی منداڵان بەتایبەتی، هەرێمی کوردستانیش وەک خاوەن قەوارەیەکی دەستووری، تەواوی مافی بەئەندامبوون و کردنەوەی لقی نیشتمانیی ڕێکخراوەکەی هەیە و لە ئێستادا هەموو زەمینەیەک گونجاو و لەبارە، بۆیە تەنیا خەمخۆری و هەماهەنگیی ئەو کەس و دەزگایانە پێویستن.
لێرەوە بەندە وەک نووسەرێکی ئەدەبی منداڵان و خاوەن ژمارەیەک کتێبی چاپکراوی منداڵانە و چالاک لە بواری ڕۆژنامەنووسیی منداڵان، سەرەتا داوا لە هاوڕێ و هاوکارە دڵسۆزەکانم لە نووسەران و نیگارکێشانی بواری منداڵان دەکەم، بێن پێکەوە بۆردێک بۆ ئەو پرسە دابمەزرێنین، پاشان لەگەڵ ئەو دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدار و خەمخۆر و نیشتمانییانە بکەوینە گفتوگۆ، تا هەرچی زووە فۆرمی داواکاری بۆ کردنەوەی لقی نیشتمانیی ڕێکخراوەکە بدەینە IBBY و ئەو بابەتە بکرێتە خەمی ئەمساڵی دڵسۆزانی کتێبی منداڵان.
لە چاوەڕوانی هەماهەنگی و بەدەمەوەهاتنی دڵسۆزان و پەرۆشانی پاشەڕۆژی منداڵانین، بەو هیوایەی لە مانگی نیسانی ساڵی 2027 لقی کوردستانی ڕێکخراوەکە سەرپەرشتیی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان بکات.

زیاد ڕەشاد قادر

تێبینی
بۆ نووسینی ئەم بابەتە، جگە لە ماڵپەڕی سەرەکیی (IBBY) بەناونیشانی (www.ibby.org)، هەروەها بۆ دڵنیابوون لە هەندێک زانیاری، سوود لەم سەرچاوانەی خوارەوەش وەرگیراوە:
1ــ هانز ئەندەرسن، قورینگ، عەزیز گەردی لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی، چاپخانەی الحوادث، بەغدا، 1979.
2ــ کەمانچەژەن، وەرگێڕانی لە تورکییەوە: پیرەمێرد، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، 2012.
3ــ ئەندەرسن، بەرازەوان، وەرگێڕانی: عەزیز گەردی، چاپخانەی الحوادث، بەغدا، 1979.
4ــ هانس کریستیان أندرسن، قصص ،حکایات خرافیة، ترجمة: دنی غالي و ستي غاسموس، دار المدی للثقافة والنشر، ط1، 2006.
5- فريق ليالينا، طرق الاحتفال باليوم العالمي لكتاب الطفل، موقع: MSN، شباط 2025.
6ــ سامر سليمان، كتب يعشقها الاطفال في اليوم العالمي لكتاب الطفل، موقع: ثقافة وفن، 2أبريل 2022.
7-Hans Christian Andersen, Çîrokên Andersen, wergêr: Nesrîn Rojkan, çapxaneyê Morî, Stenbol, 2020.
8-H. C. Andersen, Pelatînk, wergêr: Rojan Hazim, çapxaneyê: Xanî & Bateyî, kopnahgin, 1995.




شیعر بۆ منداڵان/ جەژنی بەفر.. زیاد ڕەشاد قادر

بەم زستانە
لەم کوێستانە
بە ئەسپایی
وا داباری
بەفری جوان بەدەم سەماوە
… … …
خاک سپیپۆش
بەزمێكی خۆش
جەژنی بەفرە
چێژ وەربگرە
قەت دونیا وا نەخەمڵاوە
… … …
وا هاوڕێیان
لە گۆڕەپان
کۆمەڵ کۆمەڵ
شەڕەتۆپەڵ
گەرم دەکەن بە هەراوە
… … …
دیە و کارین
وا دابارین
بەسەر یەکتر
شەڕە بەفر
نییە دۆڕاو و براوە
… … …
لە خوێندنگە
من و شەنگە
شیرین شیرین
ستران دەچڕین
لە خۆشیی بەفر و سەرماوە.

زیاد ڕەشاد قادر/ هەولێر




کتێبی “ئەدەب و هونەری منداڵان”.. زیاد ڕەشاد قادر

ناساندن و هەڵسەنگاندن

ئەدەب و هونەری منداڵان، ناوونیشانی ئەو کتێبەیە لە سازدانی دیمانە و ئامادەکردنی هەردوو بەڕێزان د.هاوژین سڵیوە و ڕۆستەم خامۆش، کتێبێکی قەبارە گەورەی ٥٥٢ لاپەڕەییە و بە تیراژی ٥٠٠ دانە لە ساڵی ٢٠٢٢ چاپ کراوە، لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوە و پەخشی کۆیەیە و لەلایەن سەڵاح شێخ شەرەفەوە پێشەکیی بۆ نووسراوە.
کتێبەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت، بەشی یەکەم کە لە لاپەڕە ٢٣ تاکوو لاپەڕە ٢٧٦ی کتێبەکەی گرتووە، تێیدا لێدوان لە ٦٣ کەس لە نووسەر و مامۆستا و دەروونناس و نیگارکێش و مۆسیقار و گۆرانیبێژ و کاریکاتێریست و کەسایەتی دیکەی چالاکی بواری ئەدەب و هونەری منداڵانە وەرگیراوە لەبارەی شازدە تەوەری جیا جیای کە بریتیین لە: {ڕۆڵی فۆلکۆر لە ئەدەبی منداڵان، ئەدەبی منداڵان، شیعری منداڵان، چیرۆکی منداڵان، ڕۆمانی منداڵان، شانۆی منداڵان، نووسین بۆ منداڵانی باخچە، نیگارکێشی منداڵان، کاریکاتێری منداڵان، میوزیک و گۆرانیی منداڵان، فیلمی کارتۆنی منداڵان، ڕۆژنامەنووسیی منداڵان، ڕۆژی جیهانیی منداڵان، کتێب و گۆڤاری منداڵان، وەرگێڕان لە ئەدەبی منداڵان، بەرنامەی منداڵانە لە ڕادێۆ و تیڤیدا}. هەرچی بەشی دووەمە لە لاپەڕە ٢٩٢ تاکوو لاپەڕە ٥٤٣ی کتێبەکەی داگیر کردووە، چاوپێکەوتنە لەگەڵ ٣٦ کەسایەتیی بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەدەب و هونەری منداڵان.
بەگوێرەی ئاگاداری و دیتنی ئێمە ئەم هەوڵە ناوازەی ئەو دوو بەڕێزە، بەو قەبارە گەورە و بەرفراوانییە، هەوڵێکی داهێنەرانەیە و یەکەم جارە لە نێوەندی ئەدەبی منداڵانی کورددا، لە ڕێگەی بەسەرکردنەوەی ئەو هەموو کەسایەتییەوە لە هەموو پارێزگاکانی باشووری کوردستان و بەشێکی نووسەر و چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تاراوگەنشینیشی تێدایە و ژمارەیەک بابەتی گرنگ بخرێتە بەر باس و گەنگەشەکردن، لە نموونەی مژارەکانی ئەدەبی منداڵان بە شیعر و چیرۆک و ڕۆمانەوە، هەروەها بە قسەکردن لە شانۆ و نیگارکێشی و کاریکاتێر و میوزیک و فیلمی کارتۆنی و وەرگێڕانەوە، بە باسکردنی لایەنەکانی وەک کتێبی منداڵان و ڕۆژنامەگەریی منداڵان بە بەرنامەی ڕادێۆیی و تەلەڤزێۆنییەوە.
دیارە ئەمەش بۆ کۆششی زۆر و لێهاتوویی و ماندووبوونی هەردوو دانەری کتێبەکە دەگەڕێتەوە، کە جگە لەو کتێبەیان هەر یەک لەو دوو نووسەرە پاشخانێکی دەوڵەمەندیان لە بواری ئەدەبی منداڵاندا هەیە. ئەوەتا د.هاوژین سڵیوە جگە لە نووسین و چالاکییە ڕۆشنبیری و ئەکادیمییەکانی لە مەیدانی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی گشتیدا، هەوروەها لە بواری ئەدەبی منداڵاندا هەوڵی جوانی لە شیعر و چیرۆک و وەرگێڕاندا هەیە. سەبارەت بە مامۆستا ڕۆستەم خامۆشیش ساڵانێکە خۆی بۆ کاری نووسینی دەقی منداڵانە و ڕۆژنامەگەریی منداڵان یەکلا کردووەتەوە و بە هەق جێپەنجەشی لەم بوارەدا دیار و بەرچاوە.
بۆیە ئەگەر بە لایەنە جوان و درەوشاوەکانی ئەو کتێبەدا بچین، لەلایەک جگە لەوەی بە چەند ڕستە و پەرەگراف و لاپەڕەیەک تەواو نابێت، لەلایەکی دی بە ئەرکی ئەو نووسینەی نابینین ڕۆڵ و پێداویستی و بایەخی ئەو کتێبە ڕیز بکەین و بنووسین. بەڵکوو بۆ ئەوەی هەردوو ئەو نووسەرە بەڕێزە و تەواوی ئەوانەمان کە قسە لە ئەدەب و هونەری منداڵان دەکەین بە هەموو ڕشتە و بەشەکانییەوە، بەرهەم و بابەتی باشتر و بەپێزتر و ناوازەتر بنووسین و لەپاڵ گەڕان لەدوو زمانێکی پاراوتر و بیرۆکەی جوانتر و داهێنانی گەورەتر و خزمەتی زێتر بە لایەنی سەلیقە و پەروەردەی منداڵ بین و بابەتی ڕەخنە و دەرخستنی خەوش و کێماسییەکانی هەر دەق و بەرهەمێک زەق بکەینەوە وکاری جددی لەسەر بکەین. بۆیە لێرەوە لەپاڵ دەستخۆشی و ئافەرین و بارەکەڵڵای زۆرم بۆ ئەو کۆشش و شەونخوونی و ماندووبوونەیان، بە داوای لێبوردەنەوە لە چەند خاڵێکدا پەنجە دەخەینە سەر ئەو نەنگی و ناتەواوی و ناهاوسەنگییەی بە دیدی ئێمە لەو کتێبەدا هەیە.
یەکەم: هەرچەندە ئامادەکارانی کتێبەکە لە پێشەکیدا دەڵێن: “پرسیارمان بۆ چەندین کەسی دیکەش ناردبوو و داوامان لێ کردبوون کە وەڵاممان بدەنەوە، بەڵام ئامادە نەبوون وەڵاممان بدەنەوە، هەبوو بەڵێنی پێداین و دواتر لە بیری چوو…هتد”. (ئەدەب و هونەری منداڵان، ل١٣). من نازانم ئەوانەی وەڵامیان نەداونەتەوە و کێن و چەند کەس بوون، بەڵام ئەوە دەزانم کۆمەڵێک نووسەر و چالاکی بواری ئەدەبی منداڵان پێشی زۆرێک لەوانەی لەم کتێبەدا قسەیان هەیە، بە نووسین و کتێب وچالاکیی هونەری پشکدارییەکی گەورەیان لە پێشخستنی ئەدەب و هونەری منداڵانی کورد کردووە، ئەوەتا ئەگەر سەرەڕای هەر سەرنج و تێبینییەک لەسەر بەرهەمەکانیان، بۆ نموونە هەر کە بتەوێت سەرچاوەیەک لەسەر ئەدەبی منداڵانی کورد ببینیت و بخوێنیتەوە، ناچاریت بەشێکی ئەو نووسەرە کوردانەی کە کتێبەکانیان جێگەی باوەڕن و زانیاریی ورد وگرنگیان تێدا دەست دەکەوێت، پێکهاتوون لە مامۆستایان حەمەکەریم هەورامی، ناهیدە ئەحمەد، فازڵ مەجید مەحموود… یان هەر کە بتەوێت لەسەر ڕۆژنامەنووسیی منداڵان سەرچاوە پەیدا بکەیت، ناچاریت بۆ کتێبە ناوازەکەی د.ئیدریس عەبدوڵڵا بگەڕێیتەوە، کە دێیتە سەر گۆرانیی منداڵان کەسایتیی هونەرمەند سەڵاح محەمەد ناسراو بە مام عەوڵا وەک سیمبولێک دەبیندرێت. کەچی هیچێک لەو ناوانەی باس کران لەو کتێبەدا حزووریان نییە. ئیدی پێدا وەرە زۆر قەڵەم و نووسەری دیکەی لە نموونەی فەهمی کاکەیی، محەمەد فەریق حەسەن، محەمەد عەبدوڵڵا ئامێدی، حوسێن بەفرین، موحسین ساڵح حەسەن، مەدحەت بێخەو، محەمەد گۆران ناسراو بە بابە گەورە، سەید ئەحمەد بەرزنجی، جەمال گردەسۆری، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، بڕوا موحەممەدی و زۆرانی دی کە هەر یەکەو بە نووسین یا وەرگێڕان جێدەستیان لە پێشخستنی ئەدەبی منداڵانی کورددا هەیە.
دووەم: ناهاوسەنگییەکی زەق و بەرچاو لە بایەخدان بە تەوەرە جیاوازەکانی نێو کتێبەکە هەیە. بۆ نموونە بۆ پرسێکی گرنگ و ئاوکێش و قسەهەڵگر و پڕ مشتومڕی وەک (ڕۆڵی فۆلکۆر لە ئەدەبی منداڵاندا)، زۆر بەکورتی چاوپێکەوتن تەنیا لەگەڵ یەک کەسایەتی کراوە و تەنیا لاپەڕە و نیوێکی بۆ تەرخان کراوە، کەچی لە بەرانبەردا بۆ باسی شیعری منداڵان قسە و بۆچوونی حەفت کەسایەتی وەگیراوە و حەڤدە لاپەڕەی بۆ تەرخان کراوە. بۆ تەوەری چیرۆکی منداڵان چاوپێکەوتن لەگەڵ هەشت کەسایەتی کراوە و بیست و شەش لاپەڕەی کتێبەکەی بۆ تەرخان کراوە. هەروەها لە هەندێک بەش و فایلدا نووسەرێک پرسیارباران کراوە، لە هەندێکێش پرسیارێکی کورتیلە و وەرامێکی دوور و درێژی چەند لاپەڕەیی بەرچاو دەکەوێت، بۆ نموونە لە یەکێک لە تەوەرەکان نووسەرێک بەبێ ئەوەی هیچ پرسیاری لێ بکرێت، کەچی وەرامێکی پێنج لاپەڕەیی نووسیوە! لە باسێکدا کە بە حسێب باسی وەرگێڕانە و قسە لەسەر وەرگێڕان دەکرێت، کەچی بە ڕستەی “چۆن ئاشنا بووی بە جیهانە جوان و ڕەنگاڵییەکەی منداڵان” پرسیاری لێ کراوە.
سێیەم: بەشێک لەو کەسایەتییانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە، چەند جارێک و لە چەندین تەوەری جودادا قسە و لێدوانیان هەبووە، کە ئەمە زەحمەتە بۆ یەک کەس لە هەموو ئەو بوارە جۆراوجۆرە بۆچوونی زانستی و ڕای دروست بخاتە ڕوو. بۆ نموونە نووسەر هەیە لەو کتێبەدا حەفت جار چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە و تێیدا جگە لە قسەکردن لەبارەی شیعر وچیرۆک و ڕۆمانی منداڵان، هەروەها لەسەر فیلمی کارتۆنی و بەرنامەی ڕادێۆ و تەلەڤزێۆنی و نیگاركێشیی منداڵانیش وەک شارەزایەک لێدوانی داوە، نووسەری دیکە هەیە جگە لەوەی لە سێ مژاری جودادا لێدوانی لێ وەرگیراوە، دواتر لە تەوەری دووەمی کتێبەکەدا چاوپێکەوتنی بەرفراوانی لەگەڵدا کراوە.
چارەم: مەرج نییە ئەوەی شیعری جوانی نووسی بۆ منداڵان لە هەمان دەمدا لە باسکردنی خەسڵەتەکانی شیعری منداڵان لێزان و زیرەک بێت، هەر وەک دەشێ کەسێک با لە مەیدانی ڕەخنەی ئەدەبی منداڵاندا بلیمەتیش بێت و هەر بۆ ئەوە باش بێت دەقی داهێنانکارانە و دەقی سواوی پێ لێک جوێ بکەیتەوە، بەڵام ڕەنگە هەر ئەو کەسە بۆخۆی نەتوانێت شیعر یان چیرۆکێکی جوان و سەرکەوتوو بنووسێت. ئەوجا بەشێک لەو بەڕێزانەی لێدوانیان لێ وەرگیراوە، یان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە بەم تەرز و شێوەیەن. بۆ نموونە کەسێکت هەیە چەند دەقێکی جوانی بیانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، چ پێویست دەکات بە پرسیارکردن لە باسی شانۆ یان کاریکاتێری منداڵان تووشی هەڵە و قسە فڕێدانی بکەیت. یان کابرا چەند شیعرێکی بۆ منداڵان نووسیوە، چ لازم بە پرسیار لە تایبەتمەندی و بەهای چیرۆکی منداڵان بەسەری بکەیتەوە، یاخود کابرا لە دەروونزانیدا پسپۆڕە، ئاخر لەکوێ ورد و درشتی ڕۆمانی منداڵان و مێردمنداڵان شی بکاتەوە؟
پێنجەم: باوەڕ ناکرێ هیچ کەس نکوڵی لەوە هەبێت پرسیار دانان بۆ کتیبێکی بەو قەبارە گەورەیە و بەو هەموو بوار و بابەتە جۆراوجۆرە کارێکی ئاسان بێت، بگرە ڕەنگە هەندێک جار دانانی پرسیاری ورد و ئامانجدار لە وەرامەکان قورستر و ماندووکەرتر بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش مادام هەردوو نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەڕێز شانیان داوەتە بەر وەها پرۆژەیەکی گەورە، دەبوو لە پرسیارکردن وردتر بن، هیچ نەبێت لێرە و لەوێ تووشی پرسیاری دووبارە نەبنەوە. من لێرەدا تەنیا دوو نموونە دێنمەوە. یەکێکیان لە تەوەری شیعری منداڵاندا لە یەکەم پرسیاردا هاتووە: “تایبەتمەندی شیعری منداڵان چییە و دەبێ چۆن بۆیان بنووسرێت”.لە کۆتا پرسیاری هەمان تەوەریشدا هاتووە: “بە بیر و ڕوانینی تۆ دەبێت شیعری منداڵان چۆن بێت لەڕووی ڕووخسار و ناوەرۆکەوە”. ئێ جا چونکە هەردوو پرسیار یەک شتن، بۆیە کە وەرامەکەش دەخوێنیتەوە، هەمان شتن بە کەمێک جیاوازیی لە وشە و دەربڕیندا. یان لە پرسیارێکدا هاتووە: “تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی منداڵان چییە” دوای ئەوە نووسراوە: “ئەی خاسیەتەکانی چین”. کە ئەمە وەک ئەوە وایە بە کەسێک بڵێیت ئەرێ تەمەنت چەندە، پاشان پێی بڵێی ئەدی چەند ساڵیت!
شەشەم: ئەو کارەی ئەو دوو بەڕێزە ئەنجامیان داوە، کارێکی جوانی ڕۆژنامەگەرییە، نەک شرۆڤە و توێژینەوە، دیارە لە ئیشی ڕۆژنامەگەریشدا، وەک چۆن ڕۆژنامەنووس دەتوانێت ئەو وەرامانەی وەریدەگرێتەوە ناوونیشانی گونجاوی بۆ دابنێت و ئەو ڕستە و پەرەگرافەی بە باشی دەزانێت زەقی بکاتەوە و بیکاتە مانشێت، بە هەمان تەرز بۆی هەیە بە کورتکردنەوە و ڕێکخستن و مۆنتاژ و لادانی هەندێک ڕستە و پەرەگرافی زیادە و ناپێویست بە چاوپێکەوتنەکاندا بچێتەوە، ئەمە بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر گەیاندنی پەیام و ڕا و بۆچوون و دونیابینیی ئەو نووسەر یان چالاکە هەبێت کە دیمانەی لەگەڵ ساز دراوە. بەڵام ئامادەکارانی کتێبی ئەدەب و هونەری منداڵان پێناچێت ئەو مافەیان بە خۆیان دابێت بە وەرامەکاندا بچنەوە، بۆیە لە هەندێک لاپەڕەدا قسەی دووبارە و درێژدادڕیی ناپێویست بەدی دەکرێت. بۆ نموونە لە یەكێك لە چاوپێکەوتنەکان تەواوی پرسیار و وەرامەکان شەش لاپەڕەی کتێبەکەی گرتووە، بەڵام هەر لەو چاوپێکەوتنە برای چاوپێکەوتن لەگەڵ کراو، هاتووە پرۆفایلی خۆی لە پێنج لاپەڕەدا خستووەتە ڕوو، ئەوانیش دەق وەکوو خۆی داینناوە! یان کە پرسیار لە نووسەرێک کراوە و بۆ نموونە باسی نووسینی چیرۆکی منداڵانی لێ کراوە، کەچی ئەو لەناو وەرامەکەیدا بێ ئەوەی بە خۆی زانیبێت کەوتووەتە ناو قسەکردن لە وەرگێڕان، ئەمانیش هاتوون دیسان قسەکەیان دەق بەبێ هیچ کەم و زیادکردنێک داناوە!
حەفتەم: لە بەشێک لە بەرسڤی ئەو بەڕێزانی لێدوانیان لێ وەرگیراوە یان دیمانەیان لەگەڵ ساز دراوە، هەندێک قسە و بڕگە و پەرەگراف بەرچاو دەکەوێت. هەر بەڕاستی سەیر و نامۆیە، ئەوجا ئەگەر ئامادەکاران مافی سانسۆرکرنی ئەو قسانەشیان پێ نەدرابێت، وەها پێویست بوو لانی کەم داوا لەو نووسەر و چالاکە بکەن کە بەو بۆچوون و قسەیەیدا بچێتەوە و تەواو لێی دڵنیا بێت ئەوجا بڵاویان کردبایەوە. بۆ نموونە شاعیر هەیە لە لێدوانێکیدا گوتوویەتی: “شیعری مناڵان ئەبێ کورت بێت لە چوار دێر کەمتر و لە شەش دێر زیاتر نەبێ” لە کاتێکدا وەها باشە شیعری منداڵان کورت بێت بەڵام بە چ بەڵگە و بیرکردنەوە و پێوەر و لۆژیکێک هەر دەبێ لەنێوان شەش دێر و چار دێردا بێت! یان هەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەقی منداڵانە پێویستە بەشێوەی ئاکادیمیانە بنووسین! یان هەیە ڕایگەیاندووە کە “مامۆستا قانع و مامۆستا هەژار لە ڕۆژهەڵاتدا لەو شاعیرانەن کە ڕاستەوخۆ بەرهەمی ئەدەبیان بۆ منداڵان خولقاندووە”. هەروەها گوتراوە ” ئەحمەدی خانی چیرۆکی بۆ منداڵان داناوە”… ئەمەو چەندین قسە و لێدوانی دیکە کە زەق دیارن کە زانیاریی هەڵە و نەگونجاون و پەیوەندییان نییە بە دید و بۆچوونی جیاوازی ئەم و ئەو لەسەر مەسەلەیەکی دیاریکراوی ئەدەبی منداڵان.

زیاد ڕەشاد قادر




سەودا.. شیعر- زیاد ڕەشاد قادر

گشت ژیان و سوڕی تەمەن بەقوربانی نیگایەكت
دونیا هەمووی دەگۆڕمەوە بە شیرینیی لیقایەكت
تۆ كە خۆت ساقی و سوراحی و مەی و نەی و پەیمانە بیت
ئاوازی چی ساز و عوودە سەدەقەسەری سەدایەكت
لەم سارا وشك و بێ تینە، ئاسمانە لێڵ و خەمگینە
بۆ هەرچی دەرد و برینە، بەسە وەشتی دەوایەكت
ئەگەر عالەم لە ئاست بانگی مەعشووقی خۆی خۆی نەبان كا
من هەر بە یەك پێ دێم بەدەم دەنگ و بانگ و نیدایەكت
با هەر كۆڵانی ژین سارد و كووچەی زەمەن زەمهەریر بێ
چ باكمە، چ پەروامە، مادام هەمە پەنایەكت
چی سەروەتی سەر زەمینە، پیرۆزی ئەو دەڵاڵانە
من ئەو دەمە شاد و شاهم، كە بوومەتە گەدایەكت
كەسانێ شێت و شایەرن بۆ باڵای لەیلای ئارەزوو
ئەی بۆ من بۆ عیشقی پاكت بەدڵ نەیكەم سەنایەكت
یارت جودایە لە یاری ڕەشەخەڵك و ڕیابازان
بۆیە لەسەری هەڵچنە زیاد كۆشكی هیوایەكت

زیاد ڕەشاد قادر
هەولێر، نیسانی 2022




له‌ (ماڵی باران)ه‌وه‌ تا (خه‌یاڵی مناڵانه‌) … زیاد ڕه‌شاد قادر

گه‌شتێك به‌نێو شیعره‌كانی (ئه‌مین محه‌مه‌د)دا

زیاد ڕه‌شاد قادر/ ماسته‌ر له‌ ئه‌ده‌بی كوردی/ زانكۆی یوزنجو یل، توركیا

پوخته‌
له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد له‌ كوردستانی عێراق ده‌ركه‌وتووه‌ و سه‌ره‌تا به‌ شیعر و سروودی منداڵان ده‌ستی پێكردووه‌، یه‌كێك له‌و ناوانه‌ی ده‌ستیله‌ پێشخستنی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورددا هه‌بووه‌ به‌ شێوه‌زاری كرمانجیی ناوه‌ڕاست له‌ كوردستانی عێراقدا، (ئه‌مین محه‌مه‌د)ی شاعیره‌، . ئه‌مین محه‌مه‌دی شاعیر له‌ ساڵی (2008)ه‌وه‌ ده‌ستی به‌ نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعری منداڵان كردووه‌، له‌و شه‌ش دیوانه‌ شیعره‌ی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، نێزیكه‌ی به‌ هه‌موویان (100) تێكستی شیعری ده‌بن و به‌شێكیان كراونه‌ته‌ گۆرانی، ئه‌مین محه‌مه‌د وه‌ك زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری شاعیرانی پێش خۆی و هاوسه‌رده‌می خۆی سه‌ره‌تا به‌ شیعری گه‌وران ده‌ستی پێكردووه‌، پاشان هاتووه‌ته‌ سه‌ر بوار و بابه‌تی منداڵان. له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵ ده‌درێت له‌ زمان و فۆرمی ئه‌و شاعیره‌ قسه‌ بكرێت، هه‌روه‌ها په‌یام و ناوه‌رۆكی تێكسته‌كانی بخرێته‌ به‌ر باس، هه‌روه‌ك ئه‌و سیما و ڕه‌گه‌زانه‌ی ئه‌و شاعیره‌ له‌ شاعیرانی به‌ر له‌ خۆی جودا ده‌كاته‌وه‌ شرۆڤه‌ بكرێت.

یه‌كه‌م: كورته‌یه‌ك له‌ ژیانی
(حه‌مه‌ ئه‌مین محه‌مه‌د ئیسماعیل) ناسراو به‌ (ئه‌مین محه‌مه‌د) له‌ ساڵی (1962) له‌ شاری سلێمانی له‌ باشووری كوردستان له‌ دایك بووه‌، تا ئاماده‌یی خوێندووه‌، جگه‌ له‌ چاپكردنی دیوانێكی شیعری بۆ گه‌وران به‌ناوی (هه‌ڵوێست) له‌ ساڵی (1991)، هه‌روه‌ها تا ئێستا شه‌ش به‌رهه‌می بۆ منداڵان به‌ چاپ گه‌یاندووه‌ ، كه‌ سه‌رجه‌میان شیعرن، به‌ ناوه‌كانی (ماڵی باران) له‌ ساڵی (2010)، (هاوڕێی نوێ‌) له‌ ساڵی (2011)، (خه‌ونی چۆله‌كه‌) و (هه‌نگه‌ وردیله‌)ش له‌ ساڵی (2011)، (گۆرانیی هه‌وره‌كان) و (خه‌یاڵی مناڵانه‌) له‌ ساڵی (2012). گه‌لێك له‌ هۆنراوه‌كانی (ئه‌مین محه‌مه‌د) ئاوازیان بۆ دانراوه‌ و كراون به‌ گۆرانی بۆ منداڵانی كوردستان.

دووه‌م: به‌رهه‌مه‌كانی
1- ماڵی باران

كۆشیعری (ماڵی باران) به‌ تیراژی هه‌زار دانه‌ له‌ سلێمانی و له‌ ساڵی (2010) چاپ كراوه‌، سه‌رجه‌می شیعره‌كانی ئه‌م دیوانه‌ له‌ ساڵی (2009)دا نووسراون، (ماڵی باران) له‌ (22) ده‌قی شیعری پێكهاتووه‌، له‌م بیست و دوو تێكسته‌دا ته‌نیا یه‌ك شیعریان (10) بڕگه‌یی و دووانیان (14) بڕگه‌یین، ئه‌وانی دیكه‌ پێنج دانه‌یان (8) بڕگه‌یین و چوارده‌ شیعریشیان به‌ كێشی (7) بڕگه‌یی نووسراون. زۆربه‌ی شیعره‌كانیش كورتن، له‌ حه‌فت به‌یت و هه‌شت به‌یت پێكهاتوون.

2 – هاوڕێی نوێ‌
كۆشیعری (هاوڕێی نوێ‌)، له‌ ساڵی (2011) چاپ كراوه‌ و ده‌ ده‌قی شیعریی له‌خۆگرتووه‌، چوار شیعریان له‌سه‌ر كێشی (7) بڕگه‌یی و شه‌ش شیعریشیان له‌سه‌ر كێشی (14) بڕگه‌یی واته‌ (7+7)ن، شیعره‌كانی نێو كتێبی (هاوڕێی نوێ‌) له‌ هه‌ردوو ساڵی (2008) و (2009) نووسراون.
3 – خه‌ونی چۆله‌كه‌
ئه‌م كۆشیعره‌ش له‌ ساڵی (2011) چاپ كراوه‌، له‌ (22) تێكستی شیعریی پێكدێ و حه‌ڤده‌ شیعریان له‌سه‌ر كێشی (7) بڕگه‌یی و پێنج شیعریشیان له‌سه‌ر كێشی (8) بڕگه‌یین، ته‌واوی شیعره‌كانی نێو ئه‌م دیوانه‌ له‌ ساڵی (2010)دا نووسراون.
4 – هه‌نگه‌ وردیله‌
كتێبی (هه‌نگه‌ وردیله‌) له‌ (6) شیعری منداڵانه‌ پێكهاتووه‌ و تایبه‌ت بۆ منداڵانی باخچه‌ی ساوایان نووسراوه‌، ئه‌م كتێبه‌ له‌ ساڵی (2011) چاپ كراوه‌. له‌و شه‌ش شیعره‌دا، سێ‌ شیعریان له‌ كۆشیعری (گۆرانیی هه‌وره‌كان)یشدا بڵاو كراونه‌ته‌وه‌.
5 – گۆرانیی هه‌وره‌كان
كۆشیعری (گۆرانیی هه‌وره‌كان) له‌ ساڵی (2012) چاپ كراوه‌، ئه‌م دیوانه‌ (22) ده‌قی شیعریی تێدایه‌، كه‌ شازده‌ شیعریان له‌سه‌ر كێشی (7) بڕگه‌یی و چوار شیعریان له‌سه‌ر كێشی (8) بڕگه‌یی و دوو شیعریشیان له‌سه‌ر كێشی (10) بڕگه‌یی (5+5) هۆنراونه‌ته‌وه‌.
6 – خه‌یاڵی مناڵانه‌
ئه‌م دیوانه‌ش له‌ ساڵی (2012)دا به‌ چاپ گه‌یشتووه‌، (16) ده‌قی شیعریی تێدایه‌، له‌و شیعرانه‌ یازده‌یان له‌سه‌ر كێشی (7) بڕگه‌یی، دوو شیعریان له‌سه‌ر كێشی (8) بڕگه‌یی، دوو شیعری دیكه‌یان له‌سه‌ر كێشی (14) بڕگه‌یی (7+7) هۆنراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها تاكه‌ شیعرێكیان له‌سه‌ر كێشیش (16) بڕگه‌یی (8+8) نووسراوه‌.

سێیه‌م: گه‌شتی شیعریی ئه‌مین محه‌مه‌د
ئه‌مین محه‌مه‌د له‌ شیعره‌كانیدا هه‌موو ده‌م له‌ جوڵه‌ و گه‌ڕان و سه‌فه‌ردایه‌، شیعره‌كانی ئه‌و هه‌موو ده‌م باڵ ده‌گرن و ده‌فڕن، گه‌ڕان و جوڵه‌ و پیاسه‌ و سه‌فه‌ر نه‌ ته‌نیا بۆ كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و شار و سه‌رزه‌مینێكی دیكه‌ی ئه‌م دونیایه‌، به‌ڵكو گه‌ڕان و سه‌فه‌ری ئه‌مین محه‌مه‌د له‌گه‌ڵا منداڵاندا بۆ سه‌ر لوتكه‌ی شاخه‌كان و پشتی هه‌وره‌كان و چوونه‌ لای مانگ و ئه‌ستێره‌یه‌، ڕۆیشتنه‌ بۆ نێو ڕووبار و قووڵایی ده‌ریا، قسه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵا هه‌ور و هه‌ڵم و خوڕه‌ و تاڤگه‌ و شه‌پۆل و نمه‌ی باران و كلووی به‌فر و گڤه‌ی با، ئه‌و به‌ منداڵان ده‌ڵێ‌ وه‌رن با هاوڕێی سوێسكه‌ و فیل و مه‌یموون و ورچ و هه‌نگ و په‌پووله‌ بین.
زۆر ده‌م له‌سه‌ر زاری منداڵانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات و گه‌ره‌كییه‌تی له‌گه‌ڵ خۆردا بدوێ و بچێته‌ پشتی هه‌وره‌كانه‌وه‌:
وه‌ره‌ خۆره‌كه‌
ببه‌ به‌ هاوڕێم
ده‌ی ده‌ی خێراكه‌
وا من چاوه‌ڕێم
تا ده‌گاته‌:
تا ئاسمانی به‌رز،
پشتی هه‌وره‌كان
به‌ره‌و خۆرنشین
ئه‌ڕۆین ئێواران
(ماڵی باران، ل6)
شیعره‌كانی ئه‌مین ده‌یانه‌وێ‌ گه‌شت بكه‌ن بۆ نێو قووڵایی ده‌ریا و له‌گه‌ڵ باڵنده‌ ئاوییه‌كاندا به‌ناو ڕووباردا بڕۆن:
به‌ناو ڕووباردا ئه‌ڕۆم
ئاوی زه‌ریاكان ئه‌خۆم
وه‌ك باڵنده‌ی ناو ئاوم
له‌سه‌ر شه‌پۆل وه‌ستاوم
(ماڵی باران، ل13)
ئه‌و له‌گه‌ڵ ئاوی كانیدا هه‌ڵده‌قوڵی و ده‌بێته‌ هه‌ڵم و شانبه‌شانی (با) ده‌چێته‌ سه‌ر لوتكه‌ به‌رزه‌كان و تا تۆقی ئاسمانێ‌ ڕاناوه‌ستێ‌، پاشان له‌گه‌ڵ هه‌وره‌كاندا جارێكی دی دێته‌وه‌ لای منداڵان:
من ئاوی كانیم ته‌قیوم
له‌ژێر زه‌وی هه‌ڵقوڵیوم
ده‌ سه‌یرم كه‌ن ئێوه‌ی مناڵ
ڕونم وه‌كو چاوی قرژاڵ
(ماڵی باران، ل14)
له‌و شوێنانه‌ش كه‌ له‌سه‌ر زمانی میزه‌ڵان و په‌پووله‌ و هه‌نگیش بۆ منداڵان قسه‌ ده‌كات، هه‌ر ئاره‌زووی فڕین و سه‌فه‌ر و ڕۆیشتن ده‌كات، ئه‌وه‌تا له‌سه‌ر زمانی میزه‌ڵانه‌وه‌ ده‌بێژێ‌:
ووتی بێزارم لێره‌
ده‌چم بۆ لای ئه‌ستێره‌
(ماڵی باران، ل18)
هه‌روه‌ها ئه‌مین محه‌مه‌د كه‌ له‌ (فیل، سوێسكه‌، چۆله‌كه‌، توتكه‌، بۆقیله‌، ورچه‌بۆر، مشك، پشیله‌، مریشكه‌سپی، هه‌نگ، په‌پووله‌، مه‌یموون، ماسی و تیمساح) ده‌دوێ‌، وێنه‌ی شیعری ناوازه‌ی ئه‌وتۆ پیشان ده‌دا، هه‌ر ده‌ڵێی وا مریشكه‌سپی و جوجه‌ڵه‌ وردیله‌كانی له‌به‌رده‌مت وه‌ستاون، هه‌ر وه‌كوو ئه‌وه‌ وایه‌ مه‌یموونێكی جوانكیله‌ له‌به‌رچاوت بێ‌ به‌ دره‌ختدا هه‌ڵبگه‌ڕێ‌، یا سوێسكه‌یه‌كی بۆر و خنجیلانه‌ ببینی، خۆی و به‌چكه‌كانی به‌ جیكه‌ جیك بڕۆن به‌ ڕێگادا، یا بۆقیله‌یه‌ك خۆی باسی زه‌لكاو و قیڕه‌ی خۆیمان بۆ بكات، هه‌ر وا ده‌زانی په‌پووله‌ و هه‌نگ وا به‌ زمانی حاڵ له‌گه‌ڵ گوڵێكدا قسه‌ ده‌كه‌ن و داوای لێ‌ ده‌كه‌ن ماڵی باخیان پیشان بدات:
گوێم لێ‌ بوو به‌یانی زوو
په‌پووله‌ و هه‌نگ دوو به‌ دوو
ده‌یان پرسی له‌ گوڵێ‌
ڕێگای باخیان پێ‌ بڵێ‌
(ماڵی باران، ل24)
ئه‌مین محه‌مه‌د له‌ شیعری (ماڵی باران)دا، كه‌ یه‌كێك له‌ كۆشیعره‌كانیشی به‌ ناوه‌وه‌ كراوه‌، پێچه‌وانه‌ی ڕێسا و نه‌ریتی باو، ناڵێته‌ منداڵان با چاوه‌ڕێ‌ بین باران له‌ ئاسمانه‌وه‌ بێته‌ خوارێ‌ و چه‌تر هه‌ڵده‌ین، ناڵێ‌ كه‌ باران باری، ئاو زۆر ده‌بێت و سوودی هه‌یه‌ بۆ ڕووه‌ك و گیاندار… به‌ڵكو داوا له‌ منداڵان ده‌كات له‌گه‌ڵیدا بچن بۆ ماڵی باران، ده‌ستی (با) بگرن و بچن بۆ ئه‌و شوێنه‌ به‌رزه‌ی ماڵی به‌فر و ته‌رزه‌ و بارانی لێیه‌:
ئێوه‌ش وه‌رن مناڵان
ده‌چین بۆ ماڵی باران
به‌فر و باران و ته‌رزه‌
ماڵیان له‌ شوێنی به‌رزه‌
هه‌ور ماڵی بارانه‌
دڵگیره‌ و فراوانه‌
ده‌ی با ده‌ست بگرین به‌ (با)
به‌ره‌و ئاسمان بمانبا
له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌گه‌ڕێین
(با) ڕووی له‌كوێ‌ بوو له‌وێین
ئای خۆ دڵۆپه‌ی باران
وا سه‌ر گۆنامی ته‌زان
(ماڵی باران، ل16)
تۆڵه‌ و دوژمنایه‌تی و یه‌كدی خواردن و یه‌كتر قڕكردن و كه‌یف پێكنه‌هاتن، له‌ فه‌رهه‌نگی شیعریی ئه‌مین محه‌مه‌ددا بوونی نییه‌، ئه‌و ده‌یه‌وێ‌ هه‌مووان هاوڕێ و دڵسۆزی یه‌كتر بن، به‌ده‌م یه‌كه‌وه‌ بچن و سروودی خۆشه‌ویستی بچڕن، هاوكاری یه‌كدی بكه‌ن و نوقڵی ته‌بایی ببه‌شنه‌وه‌، له‌ شیعری (ژیان له‌ دارستاندا) له‌سه‌ر زمانی ماره‌وه‌، به‌ سمۆره‌ و ڕێوی و به‌چكه‌كانی ده‌ڵێ‌ لێم مه‌ترسێن، ده‌بمه‌ هاوڕێتان:
ماریش كاتێ‌ ئه‌وه‌ی بینی
وه‌ستا له‌به‌ر پێكه‌نینی
وتی بۆ ترسان به‌م شێوه‌؟!
هاتووم ببمه‌ هاوڕێی ئێوه‌
(گۆرانیی هه‌وره‌كان، ل4)
له‌ شیعری (ئاشتبوونه‌وه‌)دا، كارژۆله‌ له‌گه‌ڵ بێچووی گورگ و ڕێویدا، هه‌موو كێشه‌كانیان تێپه‌ڕاندووه‌ و پێكه‌وه‌ ده‌ژین و باسی مافی هاوسێیه‌تی و ئاشتی و ته‌بایی و دڵپاكی ده‌كه‌ن:
كارژۆله‌ی بزنه‌ كێوی
لای بێچووی گورگ و ڕێوی
وه‌ستاون له‌به‌ر ده‌رگا
له‌به‌رده‌م ماڵی گورگا
ده‌ڵێن ئێمه‌ سێ‌ هاوڕێین
له‌م دارستانه‌ هاوسێین
به‌ ئاشتی و به‌ ته‌بایی
كه‌وتوینه‌ به‌زم و شایی
(خه‌ونی چۆله‌كه‌، ل3)
له‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ قه‌شه‌نگه‌ی ئه‌مین محه‌مه‌ددا، گیانداران له‌ كاتی پرسیار و پێویستیدا یارمه‌تی یه‌كدی ده‌ده‌ن، وه‌ك له‌ شیعری (كه‌روێشكه‌ گردیله‌)دا، كه‌روێشكیك بێچووه‌كه‌ی بزر ده‌كات، بۆیه‌ ده‌چێ‌ له‌ سمۆره‌ پرسیار ده‌كات، ئه‌ویش ده‌ڵێ‌ لای ئێمه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ بێچووی من پێكه‌وه‌ن. هه‌روه‌ها له‌ شیعری (ژیان له‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی تردا) خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێ‌ كه‌ گورگ و مه‌ڕ ببن به‌ هاوڕێ‌، مشك و پشیله‌ش له‌باتی شه‌ڕ، دیلانێ‌ بكه‌ن:
گورگ و مه‌ڕ ده‌بن به‌ هاوڕێ‌
ئه‌و شوانه‌ و ئه‌م ده‌له‌وه‌ڕێ‌!
پشیله‌ ڕه‌شه‌ و مشكه‌ بۆره‌!
دیلانێ‌ ده‌كه‌ن به‌ نۆره‌؟!
(خه‌ونی چۆله‌كه‌، ل18)
هه‌روه‌ها ئه‌و له‌ شیعره‌كانی (قازه‌ سپی)، (بوكه‌ڵه‌كانم)، (تابلۆی ئاشتی)، (فیلێكی بچكۆلانه‌)، (گه‌مه‌ی پشیله‌ و مشك)، (هاوڕێیه‌تی) و (تینوێتی)…دا، له‌سه‌ر زاری منداڵ و بووكه‌ڵه‌ و گیاندارانه‌وه‌، ئه‌وه‌ پاته‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ گه‌ره‌كیه‌تی قاز و توتكه‌، جوچكه‌ و پشیله‌، چۆله‌كه‌ و ڕێوی، ورچ و توتكه‌ سپی، فیل و چۆله‌كه‌، مشك و پشیله‌… ببن به‌ هاوڕێ‌ و هاوده‌م و هاوكاری یه‌كتری و به‌ خۆشه‌ویستی و ته‌بایی پێكه‌وه‌ بژین و یاری بكه‌ن و ڕێز له‌ مافی یه‌كتری بگرن و ڕێسای دیموكراسی په‌یڕه‌و بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر فایه‌ق بێكه‌س له‌ شیعری (شێر و مار)دا، كه‌ كوڕ هاوار بۆ باوكی ده‌بات تا له‌ مار ڕزگاری بكات، باوكی ماره‌كه‌ له‌توپه‌ت بكات، وه‌ك ده‌ڵێ‌:
كوڕ ده‌ستی كرد به‌ هاوار
باوكه‌كه‌ی كرد خه‌به‌ردار
كه‌وته‌ فریای ده‌ست‌وبرد
ماره‌كه‌ی له‌ت‌وپه‌ت كرد
ئه‌مه‌و ئه‌گه‌ر له‌ زۆرێك له‌ شیعری ئه‌وسا و ئێستای منداڵاندا، مار و دوپشك و قه‌له‌ڕه‌ش و ڕێوی… هێمای خراپه‌ و شه‌ڕانگێزی و فێڵ و دووڕوویی بن، به‌ڵام ئه‌مین محه‌مه‌د پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گوتاره‌ باوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ شیعری (بوكه‌ سووره‌)دا كه‌ مارێك ده‌یه‌وێت هێرش بۆ زه‌ڕنه‌قووته‌كان بێنێ‌ و بیانڕفێنێ‌، ئه‌و نایه‌ت قسه‌ به‌ مار بڵێ‌ یان له‌توپه‌تی بكات، یا هه‌ڕه‌شه‌ی لێ‌ بكات، به‌ڵكو ته‌نیا بۆ پاراستنی زه‌ڕنه‌قووته‌كان به‌ دارێك ماره‌كه‌ له‌سه‌ر دره‌خته‌كه‌ دێنێته‌ خوارێ‌:
خۆم زانیم بوكه‌ سووره‌
له‌ بێچووه‌كانی دووره‌
كه‌ بینیم په‌شۆكاون
له‌ هێلانه‌ خزاون
وتم ها، چی ڕویداوه‌
بۆ جریووه‌تان نه‌ماوه‌؟
وتیان ئه‌ها، ئه‌و ماره‌
هاتووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م داره‌
ده‌یه‌وێت هێرش بێنێ‌
زه‌ڕنه‌قوته‌ بفڕێنێ‌
منیش خێرا سه‌ر كه‌وتم
بۆ لایان به‌ڕێكه‌وتم
ئیتر یه‌كسه‌ر به‌ دارێ‌
ماره‌كه‌م هێنا خوارێ‌
(خه‌ونی چۆله‌كه‌، ل13)
شاعیر ده‌زانێ‌ منداڵان به‌گشتی ئه‌گه‌ر به‌ گیاندارێكیش نامۆ بن یا لێشی بترسێن، به‌ باسكردن و ناوهێنان و لێ‌ نێزیك بوونه‌وه‌ و هاوڕێیه‌تیكردنیان، ئه‌و ترس و نامۆییه‌ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ باسی گیانداران و قسه‌كردن له‌سه‌ر زمانی گیانداران، پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ ده‌قه‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌ددا گرتووه‌ و له‌پاڵ گیانداری ماڵیدا، له‌گه‌ڵ كێوییه‌كانیشدا هاوڕێیه‌تی په‌یدا كردووه‌، وه‌كوو چۆن باسی باڵداره‌كان ده‌كات، گیانداره‌ ئاوییه‌كانیشی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌، بۆیه‌ ناو و قسه‌ و به‌سه‌رهاتی (چۆله‌كه‌، فیل، سه‌گ، سوێسكه‌، مه‌یموون، په‌پووله‌، هه‌نگ، مریشك، ورچ، مشك، پشیله‌، بۆق، ئاسك، سمۆره‌، ڕێوی، مار، كۆتر، به‌رخ، قاز، ماسی، تووتی، په‌ڕه‌سێلكه‌، گورگ، بزن و كارژۆڵه‌)ی نووسیوه‌ و به‌ منداڵانی ئاشنا كردوون.
ئه‌مین محه‌مه‌د له‌و شوێنانه‌ش كه‌ زه‌می گیاندارێك یا حاڵه‌تێك ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ به‌ نه‌رم و هێمنی ناسكه‌گله‌ییه‌كی لێ‌ ده‌كات، وه‌كوو ئه‌وه‌ وایه‌ مامۆستایه‌ك به‌ فێرخوازێكی خۆشه‌ویستی خۆی بڵێ‌ ئااای وا نابێ‌… ئه‌ها به‌ توتكه‌كه‌ی ده‌ڵێ‌:
توتكه‌ گوێ‌ قوته‌ی جرپن
بۆچی ده‌وه‌ڕیت به‌ من
(ماڵی باران، ل10)
یا كه‌ وه‌سفی مه‌یموونه‌كه‌ی ده‌كات، به‌ ته‌نزه‌وه‌ به‌ لاسار و چه‌توونی ناو ده‌با و ده‌ڵێ‌:
وه‌رن سه‌یری ئه‌م مه‌یمونه‌
چه‌نده‌ لاسار و چه‌توونه‌
هه‌ر خه‌ریكی ڕاو ڕاوێنه‌
زۆر حه‌زی له‌ بازبازێنه‌
(ماڵی باران، ل19)
دیسان به‌ گاڵته‌وه‌ به‌ ورچه‌بۆر ده‌ڵێ‌ چاوچنۆك و تێرنه‌خۆر، پاشان هه‌ر خۆی به‌وه‌ وه‌سفی ده‌كات كه‌ خاوه‌نی دیمه‌نێكی دڵگیره‌:
هه‌ی هه‌ی وا هات ورچه‌ بۆر
چاوچنۆكی تێر نه‌خۆر
لانه‌ی هه‌نگ ئه‌شێوێنێ‌
هه‌نگوینی ئه‌چۆڕێنێ‌
تا ده‌گاته‌:
سه‌یری ئه‌و ورچه‌ پیره‌
دیمه‌نی چه‌ند دڵگیره‌….
(ماڵی باران، ل26)
هه‌روه‌ها له‌ شیعری (گه‌مه‌ی پشیله‌ و مشك)یش، نه‌رمه‌گله‌ییه‌ك له‌ پشیله‌ ده‌كات و به‌ (پشه‌ی كه‌ڕ) ناوی دێنێ‌، كه‌چی له‌ دێره‌كانی دیكه‌ی شیعره‌كه‌دا، به‌ (پشه‌ چاوشین) گاسی ده‌كات. كه‌ زۆر له‌ گورگ توڕه‌ ده‌بێ‌ و پێی ناخۆشه‌ ئازاری كه‌روێشكه‌كه‌ی بدات، دیسان وه‌ك ئه‌وه‌ی شۆخی له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌رێكی بزۆك بكات، ده‌ڵێ‌:
گورگی چه‌په‌ڵ و نه‌وسن
واز بێنه‌ له‌ هاوڕێی من
هه‌سته‌ كه‌روێشكه‌ ڕاكه‌
ئێستا هه‌لێكی چاكی
(خه‌یاڵی مناڵانه‌، ل5)
به‌شی زۆری دیكه‌ی شیعره‌كانی له‌ وه‌سفی ئه‌و گیاندارانه‌ی بوونه‌ته‌ كاراكته‌ری نێو شیعره‌كانی به‌ (چاو بزی گوێ‌ قوتیله‌)، (كه‌روێشكه‌ خه‌پان)، (چه‌نه‌باز)، (بزێو) و (وردیله‌)ی ناویان هاتووه‌.
به‌شی زۆری شیعره‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌د وه‌ربگێڕدرێنه‌ سه‌ر هه‌ر زمانێكی دونیا، دیاری و دۆستی منداڵانن و چێژی لێ‌ ده‌بینن و له‌گه‌ڵ وشه‌ و ڕسته‌كانیدا ئاوێته‌ ده‌بن، هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌سته‌ و وشه‌ و ده‌سته‌واژانه‌ی ئه‌و به‌كاری دێنێ‌، چۆن بۆ منداڵێكی كوردستان جێگه‌ی بایه‌خ و تێڕامانن، ئه‌وهاش منداڵانی نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ ده‌توانن ئه‌و چێژ و سوود و كاریگه‌ری و بایه‌خه‌ ببینن، لێ‌ به‌شێكی شیعره‌كانی شاعیر، تایبه‌تن به‌ منداڵانی كوردستان و ته‌نیا بۆ خۆشه‌ویستی خه‌ڵك و خاك و ئاڵا و نیشتمانی كورده‌واری نووسیویه‌تی، چونكه‌ خۆزگه‌ی ئه‌و و هه‌مووان ئه‌وه‌یه‌ كوردستان ئازاد بووایه‌، چونكه‌ خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێ‌، خۆری ئازادی له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی وڵات هه‌ڵبێت، خۆرێك تیشك و پرشنگی دوایی نه‌یه‌ت و هیچ په‌ڵه‌هه‌ورێك نه‌توانێ‌ ڕێگه‌ی لێ‌ بگرێ‌، خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێ‌ ببێته‌ مامۆستا و سۆراخی ناو و نه‌خشه‌ی كوردستان بكات:
چاوم گێڕا به‌سه‌ریانا
به‌ دوای ناوی كوردستانا
هه‌ر له‌ نه‌خشه‌كه‌ ڕامابووم
به‌ دیارییه‌وه‌ حه‌په‌سابووم
ده‌مووت نیشتمانم كوێ‌ یه‌!
بۆ نایبینم له‌هیچ جێ‌ یه‌؟!
(خه‌ونی چۆله‌كه‌، ل19)
ئه‌و وه‌ختێ‌ باسی كۆلاره‌كه‌یشی بۆ منداڵان ده‌كات، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ جوانییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ كه‌ ڕه‌نگی كۆلاره‌كه‌ی وه‌كوو ڕه‌نگه‌كانی په‌رچه‌می كوردستان له‌ زه‌رد و كه‌سك و سپی و سۆر پێكهاتوون. ده‌مێ‌ له‌گه‌ڵ بابه‌نوئێلیش ده‌ئاخفێت، له‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی نه‌خشه‌ی كوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهاندا دیار نییه‌، به‌ بابه‌نوئێل ده‌ڵێ‌ گوێم لێ‌ بگره‌ من كوردم و كوردستانیم، نیشتمانم دابه‌شی سه‌ر وڵاتان كراوه‌:
ورد گه‌ڕاوم له‌سه‌ر نه‌خشه‌
تۆم نه‌بینیوه‌ بمبه‌خشه‌
وڵاتی تۆ ناوی چییه‌؟
ئه‌ی بۆ ناونیشانی نییه‌؟
بابه‌ نوئێل گوێ‌ بگره‌ لێم
تا پێت بڵێم كێم و له‌كوێم
كوردم خه‌ڵكی كوردستانم
دابه‌شی سه‌ر وڵاتانم
(گۆرانیی هه‌وره‌كان، ل6)
ئه‌مین محه‌مه‌د له‌ شیعره‌كانیدا، به‌ ده‌گمه‌ن نه‌بێ‌ ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی به‌خۆی نه‌داوه‌ به‌ منداڵان بڵێ‌ وا بكه‌ن و وا بڕۆن و ئه‌م كاره‌ مه‌كه‌ن و ڕه‌فتارتان پێویسته‌ وابێ‌ و هتد… وه‌ك له‌ ناوه‌ڕۆكی زۆرێك له‌و شیعرانه‌ی ئه‌وسا و ئێستا بۆ منداڵان نووسراون به‌و زمان و شێوازه‌ منداڵ ده‌دوێنن، ته‌نانه‌ت ئه‌و شیعرانه‌یشی كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێو خانه‌ی شیعری په‌روه‌رده‌یی و فێركارییه‌وه‌، زمانێكی ناڕاسته‌وخۆی تێكه‌ڵا به‌ ئه‌ندێشه‌ و خه‌یاڵ و یاریی منداڵانه‌ی به‌كار هێناوه‌. ئه‌و به‌ منداڵان ده‌بێژێ‌ تا خۆر ئاوا نه‌بێت ئه‌ستێره‌ ده‌رناكه‌وێت، قسه‌یان بۆ ده‌كات سوودی كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت چه‌نده‌ پێویسته‌ له‌م چه‌رخه‌دا، له‌ چێژ و بایه‌خی ته‌ندروستیی شیر و گوێز ده‌دوێ‌، له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ ده‌نووسێ‌ كه‌ یاسا چه‌نده‌ پێویسته‌ بۆ ڕێكخستنی ژیانی كۆمه‌ڵ. باسی سوڕی ژیانی بۆق، هه‌ڵهێنانی جوچكه‌، چێكردنی هێلانه‌ له‌لایه‌ن چۆله‌كه‌، سروشتی ژیانی تووتی، ڕه‌نگ و شێوه‌ی شه‌مامه‌ و هتد… ده‌كات، به‌ڵام نایكاته‌ فه‌رمانكردن و وه‌عزدان و وانه‌ی بیركاری و زانست. ئه‌وه‌تا له‌ شیعری (ئاوی كانی)دا له‌سه‌ر زاری ئاوه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ژێر زه‌ویدا هه‌ڵقوڵاوه‌ و كه‌ تیشكی خۆریش لێی ده‌دا، ده‌بێته‌ هه‌ڵم و ده‌بێته‌ هه‌ور، دوایی جارێكی دی دێته‌وه‌:
من ئاوی كانیم ته‌قیوم
له‌ ژێر زه‌ی هه‌ڵقوڵیوم
ده‌ سه‌یرم كه‌ن ئێوه‌ی مناڵ
ڕونم وه‌ك چاوی قرژاڵ
هاوڕێی كێڵگه‌ و باخچه‌ی شارم
من بێچوی ده‌ریا و ڕوبارم
كه‌ تیشكی خۆر گه‌رمم ده‌كا
ده‌بم به‌ هه‌ڵم و با ده‌مبا
ده‌چمه‌ ناو هه‌ورێكی سپی
ملی ڕێ‌ ده‌گرین به‌ كپی
ورد، ورد، ده‌ڕۆین به‌ ئاسمانا
به‌سه‌ر لوتكه‌ی به‌رز و جوانا
كاتێ‌ هه‌ور ده‌گرمێنێ‌
به‌ لێزمه‌ دامده‌بارێنێ‌
ده‌بم به‌ لافاو له‌و كێوه‌
ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لای ئێوه‌
(ماڵی باران، ل14)
ئه‌مین محه‌مه‌د له‌ گه‌شتی شیعره‌كانیدا له‌گه‌ڵ منداڵانی هاوڕێی، لای له‌ وه‌رزش كردووه‌ته‌وه‌ و شیعری بۆ ڕۆژی جیهانیی منداڵان و ڕۆژی جه‌ژن و یادی له‌دایكبوون و سه‌ری ساڵی نوێ‌ گوتووه‌، هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستیی دایك و شاری سنه‌ و جوانیی كتێبخانه‌ و دونیای مۆسیقا و كۆلاره‌ و بووكه‌شووشه‌… به‌ وشه‌ی ناسكی ئه‌وتۆ لێیان دواوه‌ ده‌یان هێنده‌ له‌كن منداڵ خۆشه‌ویستتری كردوون، هه‌روه‌ها بۆ جوانیی سروشتی كوردستان و دیمه‌نی باخ و خوڕه‌ی تاڤگه‌ و هاژه‌ی ڕووبار و بڵندایی شاخ و ناسكی په‌لكه‌زێڕینه‌… شیعری قه‌شه‌نگی نووسیوه‌. پێی خۆشه‌ منداڵان هاوڕێی هونه‌ر و شیعر و گۆرانی بن، به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی نیگار و فڵًچه‌ و بۆیه‌ و ڕه‌نگ و ده‌فته‌ری وێنه‌ و پیشانگا ده‌كات، وێنه‌ی خۆر ده‌كێشێت كه‌ ڕه‌نگی زه‌ردی زێڕینه‌ و پرشنگ ده‌دات و تیشكه‌كانی په‌رش و بڵاون، له‌ بۆیه‌ و په‌ڕێكی سپی وێنه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد دروست ده‌كات و له‌ پیشانگا هه‌ڵیده‌واسێ‌، نیگاری دره‌ختێك ده‌كێشێت كه‌ با ده‌یله‌رێنێته‌وه‌ و پاساری بۆ لای ده‌فڕن و ده‌یكه‌ن به‌ هێلانه‌، جوجه‌ڵه‌ و پشیله‌ پێكه‌وه‌ ده‌خاته‌ تابلۆیه‌ك و ده‌خوازێ‌ بێ‌ كێشه‌ و هه‌را بن و به‌ ئاشتی بژیێن.
خوێندن و چوونه‌ قوتابخانه‌ و ڕێزگرتن له‌ مامۆستا و خۆشویستنی هۆڵی وانه‌ و كه‌لوپه‌لی قوتابی لای ئه‌مین محه‌مه‌د پێگه‌ی تایبه‌تییان هه‌یه‌ و بۆیه‌ هه‌موو ده‌م به‌ تام و چێژه‌وه‌ باسی زوو له‌ خه‌و هه‌ستانی سبه‌ینان و خۆگۆڕین بۆ چوونه‌ فێرگه‌ و جانتا به‌ شان دادان و چه‌تر هه‌ڵگرتن و ڕاوه‌ستان له‌ گۆڕه‌پان و نووسینی دارا و به‌شداری كردن له‌ چالاكیی خوێندنگه‌ ده‌كات، له‌ به‌شێكی شیعری (ئاماده‌كاری)دا ده‌ڵێ‌:
ئاماده‌م خۆم گۆڕیوه‌
پۆلی یه‌كم بڕیوه‌
جانتاكه‌م هه‌ڵده‌گرم زوو
جا ده‌چم بۆ پۆلی دوو
ده‌فته‌ری وێنه‌م پێیه‌
له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك بۆیه‌….
(گۆرانیی هه‌وره‌كان، ل20)
ئه‌و ئه‌گه‌رچی له‌ ژیانیدا كاری مامۆستایه‌تی نه‌كردووه‌، به‌ڵام له‌ شیعره‌كانیدا زۆر به‌ هه‌ست و ڕۆح و سایكۆلۆژیای منداڵ ئاشنایه‌ و دووریش نییه‌ وه‌كوو باوكێك كه‌ خاوه‌نی چه‌ند منداڵێكه‌، له‌نێویشیاندا لیلۆ، یاره‌مه‌تیده‌ر بووبن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ جیهانی منداڵان نێزیكتر بكه‌وێته‌وه‌، خۆیشی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ئه‌وه‌ی نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ر شیعرێك بنووسێ‌ سه‌ره‌تا به‌ (لیلۆ)ی كیژی پیشان ده‌دا، وه‌ك ده‌ڵێ‌: “به‌ر له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌موو شیعره‌كانم بۆ (لیلۆ)ی كچم ده‌خوێنمه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌لایه‌وه‌ قورس بێ‌ گۆڕانكاری تێدا ده‌كه‌م، چونكه‌ به‌ بۆچوونی من، منداڵ باشترین فلته‌ر و تاقیگه‌یه‌”.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بینین له‌ زۆرێك له‌ شیعره‌كانی (ئه‌مین)دا، (لیلۆ) بووه‌ته‌ كاراكته‌ری نێو ده‌قه‌كان، وه‌ك له‌ شیعری (حه‌وزی مه‌له‌)دا ده‌ڵێ‌:
وه‌ره‌ سه‌یری كه‌ (لیلۆ)
دیاریم هێناوه‌ بۆ تۆ
حه‌وزی مه‌له‌م هێناوه‌
وا له‌ حه‌وشه‌ دامناوه‌
(خه‌یاڵی مناڵانه‌، ل4)
هه‌روه‌ها له‌ شیعره‌كانی (چۆله‌كه‌)شدا ده‌ڵێ‌:
چووه‌ ناو دارستانێ‌
ڕۆژێ‌ لیلۆ به‌ خه‌یاڵ
بۆ گرتنی چۆله‌كه‌
دوور كه‌وتبوه‌وه‌ له‌ ماڵ
(هاوڕێی نوێ‌، ل8)
هه‌موو شیعره‌كانی ئه‌مین بۆ منداڵی كچ و كوڕ نووسراون، ته‌نیا چه‌ند شیعرێكی نه‌بێ‌، كه‌ یه‌كێكیان تایبه‌ته‌ به‌ منداڵی كچ و باسی قردێله‌ له‌سه‌ردان و گواره‌ له‌ گوێكردن و پابوج له‌ پێكردن و ملوانكه‌ و نینۆك بۆیه‌كردنی تێدایه‌:
دایكم گوێچكه‌ی بۆ سمیوم
جوتێ‌ گواره‌ی بۆ كڕیوم
پاپوجێكم له‌ پێدایه‌
له‌م شاره‌دا بێ‌ هاوتایه‌
جانتاكه‌شم ده‌كه‌مه‌ شان
پڕ له‌ ته‌وقه‌ و ملوانكه‌ی جوان….
(ماڵی باران، ل15)
شیعرێكی دیكه‌ی به‌ ناوی (بوكه‌ڵه‌كانم)، ئه‌ویشیان زێتر بۆ منداڵی كچ ده‌ست ده‌دات، كه‌ له‌ سه‌ر زاری منداڵێكه‌وه‌ ده‌ڵێ‌:
دوو بوكه‌ڵه‌م هێناون
به‌رامبه‌ر یه‌ك دامناون
یه‌كێكیان ورچه‌ بۆره‌
چاوی وه‌ك تیشكی خۆره‌
ئه‌ویتر توتكه‌ سپی
به‌ بێ‌ ده‌نگی و به‌ كپی…
(خه‌ونی چۆله‌كه‌، ل21)
له‌ به‌رانبه‌ریشدا شیعرێكی دیكه‌ی هه‌یه‌ زێتر مۆرك و تایبه‌تمه‌ندیی منداڵانی كوڕانی پێوه‌ دیاره‌، چونكه‌ باسی یاریی دوو گۆڵی ده‌كات، كه‌ یارییه‌كه‌ پتر تایبه‌ته‌ به‌ كوڕان:
پاشان ده‌بووین به‌ دوو به‌ش
بۆ یه‌ك مه‌به‌ستی هاوبه‌ش
ئه‌ویش یاری كردنبوو
تۆپ به‌ره‌و گۆل كردنبوو…
(ماڵی باران، ل28)
منداڵ له‌ هه‌ر دۆخ و ژینگه‌ و شوێنێك بێ‌، هه‌ر منداڵه‌ و كۆمه‌ڵێ‌ حه‌ز و خولیای هه‌یه‌ كه‌ جوێیه‌ له‌ هی گه‌وران، زمان و سروشت و سایكۆلۆژیای خۆی هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ هه‌ندێ‌ بابه‌تدا ڕه‌نگه‌ منداڵانی شار له‌ لادێ‌ جوێ‌ بن، یا ئه‌و كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌ستانه‌ی له‌به‌رده‌ستیانه‌ وه‌كوو یه‌ك نه‌بن، یا ئه‌و ژینگه‌ و ده‌وروبه‌ره‌ی كه‌ لێی گه‌وره‌ ده‌بن و پێده‌گه‌ن هاوچه‌شن نه‌بێ‌، بۆیه‌ وه‌ك له‌ پاڵ ده‌قی تایبه‌ت به‌ منداڵی كوڕ و ده‌قی تایبه‌ت به‌ منداڵی كچ، ده‌قی وایشمان هه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌یان وان بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ی بۆ منداڵان ده‌نووسرێن به‌شی خه‌ڵكی گوند و شاری تێدا بێ‌، ئه‌وا به‌شێكیان پتر مۆرك و تایبه‌تمه‌ندیی گوندییانه‌ یا شارییانه‌یان پێوه‌ دیاره‌، تێكسته‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌دیش له‌و هاوكێشه‌یه‌ به‌ده‌ر نیین، چونكه‌ زۆرینه‌ی شیعره‌كانی چۆن بۆ منداڵانی شارن، به‌ هه‌مان شێوه‌ش ڕوویان له‌ منداڵی گونده‌، چه‌نده‌ باسی ژینگه‌ و دۆخ و كه‌شی شارن، ئه‌وهاش له‌ هی لادێ‌ ده‌دوێن، چه‌ند شیعرێكی كه‌می نه‌بێت خوێنه‌ر زۆرتر وا هه‌ست ده‌كات تایبه‌ت بۆ منداڵی شار گوترابن، یا زێتر تایبه‌ت بن بۆ منداڵی گوند، بۆ نموونه‌ له‌ شیعری (چۆله‌كه‌)دا باسی دارستان ده‌كات، له‌ شیعری (په‌لكه‌زێڕینه‌)شدا ئه‌و شوێن و سروشت و ژینگه‌یه‌ی لێی ده‌دوێ‌ گوندییانه‌یه‌ نه‌ك شاری:
له‌ وه‌رزی به‌هارانا
له‌ناو سروشتی جوانا
تیشكی زێڕین و باران
تێكه‌ڵ ده‌بن له‌ ئاسمان
(خه‌یاڵی مناڵانه‌، ل3)
له‌ شیعری (شه‌مامه‌)شدا دیسان شوێنی ڕوداوی نێو ده‌قه‌كه‌ (بێستان)ه‌، كه‌ شتێكی سه‌یری لێیه‌ و ناوی شه‌مامه‌یه‌، ئه‌مه‌و له‌ چه‌ند شیعرێكی كه‌می دیكه‌دا كه‌ باسی كێڵگه‌ و دارستان و ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وای گوندی تێدایه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ش به‌ منداڵی شار نامۆ نیین، ته‌واوی شیعره‌كانی دیكه‌ی شاعیر بۆ منداڵانی ده‌شت و شار گونجاو و ئاسانن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باسی شار و باخچه‌ و یارییه‌كانی شاریش بكات، وشه‌ و زاراوه‌ و بڕگه‌ و وێنه‌یه‌كی تێدا نادۆزیته‌وه‌ له‌كن منداڵانی گوند قورس و نامۆ بێت.

چواره‌م: زمان و فۆرمی شیعری ئه‌مین محه‌مه‌د
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌ر له‌وه‌ی شیعر بۆ منداڵان بنووسێ‌، شیعری ئازادی بۆ گه‌وران نووسیوه‌، بۆیه‌ خۆڕاهێنان له‌سه‌ر كێش و سه‌روایه‌ك كه‌ بۆ منداڵ له‌بار و گونجاو بێ‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ره‌تا بۆ ئه‌و قورس بووبێ‌، له‌م باره‌وه‌ مامۆستا حسێن به‌فرین ده‌ڵێ‌: “به‌ڵام ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی به‌و دنیایه‌ رابێت (زۆر زانی یه‌كی) به‌كارهێنا بوو ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو بۆ وه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌و په‌لكێشی‌و سه‌ركێشی یه‌ی له‌سه‌ری راهاتبوو سه‌ره‌تا به‌وه‌ها (كێش‌و سه‌روا)یه‌ك (كه‌ دواتر ئه‌یبینن) خۆی هێور ئه‌كرده‌وه‌و خۆی رام ئه‌كرد تا له‌وێوه‌ خوویه‌ك بۆ خۆی دابین بكات، واته‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ چوونه‌ سه‌ر (جووت كێش‌و جووت سه‌روا) بۆ ئه‌و نه‌ئه‌هات‌و گران بوو به‌ڵكو سه‌ره‌تا به‌م جۆره‌ ده‌رگای كرده‌وه‌:
كاتێ باران ئه‌بارێ
چه‌تره‌كه‌م خۆشه‌ویسته‌
له‌سه‌ر سه‌رم ڕای ئه‌گرم
چونكه‌ ئه‌وم پێویسته‌
له‌ چه‌ند شیعرێكدا (ئه‌مین) درێژه‌ی به‌و شێوازی (كێش‌و سه‌روا)یه‌دا تا دواتر ورده‌ ورده‌ له‌سه‌ر جووت كێش ‌و جووت سه‌روا ڕاهات”.
زمانی شاعیر كوردییه‌كی په‌تی و ڕه‌وانه‌، ڕسته‌ی كورت و مانادار به‌كار دێنێ‌، ده‌گه‌ڕێت كام په‌یڤ ناسك و شیرینه‌ ده‌یئاخنێته‌ نێو شیعره‌كانی، هه‌ر به‌یت و كۆپله‌یه‌كی ئه‌و، وێنه‌یه‌كی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ڕوون و جوانن، مه‌گه‌ر ئه‌و وشه‌ زۆر باوانه‌ی كه‌ له‌ زمانانی دیكه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ نێو زمانی كوردی و ئێستا وه‌كوو وشه‌یه‌كی كوردی له‌ نووسین و ئاخاوتندا به‌كار دێن، ده‌نا شاعیر هیچ وشه‌یه‌كی ناكوردی له‌ سه‌رجه‌می شیعره‌كانیدا نابینرێن. به‌ تێكڕاییش وشه‌گه‌لی (خه‌ون و خه‌یاڵ و هاوڕێیه‌تی و گه‌شت و خۆشه‌ویستی…) له‌ تێكسته‌كانیدا به‌رده‌وام پاته‌ ده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ گه‌لێك شوێنیشدا ده‌سته‌واژه‌ی (خله‌خل، گڕوگاڵ، باسكه‌وباسك، باعه‌باع، قاقا، به‌خ به‌خ، جیك جیك، ورد ورد، هه‌ی هه‌ی..، هاها…) ده‌دا به‌ گوێی خوێنه‌ردا و لاسایی ده‌نگی منداڵ و گیانداران ده‌كاته‌وه‌:
ها، ها له‌سه‌ر سه‌هۆڵا
له‌ دارستانی چۆڵا
شانی بۆ ئه‌له‌قێنێ‌
ئه‌ڕوا و خۆی ئه‌خلیسكێنێ‌
(ماڵی باران، 26)
ئه‌و كه‌ ده‌یه‌وێت وێنه‌یه‌ك به‌ وشه‌ بكێشێت، له‌و كامێرامانه‌ پڕۆفیشناڵ و به‌ئه‌زموونه‌ ده‌چێ‌، هه‌م كامێراكه‌ی ورد و ئۆرگیناڵه‌، هه‌م خۆی ده‌زانێ‌ كام گۆشه‌ هه‌ڵده‌بژێرێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌سمی ئه‌و دیمه‌نه‌ بگرێ‌ و له‌ به‌ر چاو و زه‌ینی ته‌ماشاكه‌ردا بمێنێته‌وه‌ و كاریگه‌ر بێ‌، ڕه‌نگه‌ دۆزینه‌وه‌ و به‌كارهێنانی وشه‌ی ناسك و قه‌شه‌نگ و مۆسیقی سانا بێ‌، وه‌لێ‌ به‌كاربردنی له‌ شوێنی خۆیدا و دانانی له‌ ڕسته‌ی گونجاودا و پێدانی ڕیتم و ئاوازێكی شاعیرانه‌ له‌ ده‌ست ئه‌مین محه‌مه‌د و ئه‌وانه‌ دێت، كه‌ له‌گه‌ڵ شیعر و جوانی و خه‌یاڵی منداڵانه‌دا ده‌ژیێن، با ببینین له‌م شیعره‌دا چۆن وه‌سفی تاڤگه‌ ده‌كات و وێنه‌ی كه‌ف و خوڕه‌ و هاژه‌ و جریوه‌ ده‌گرێ‌ و به‌ سه‌یركردنی گه‌ڵای ته‌ڕ و پرژه‌ی ئاو خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌كات:
ئه‌وه‌تام له‌ باخێكا
له‌ دامێنی شاخێكا
جۆگه‌یه‌ك ئاوی سازگار
وه‌كو تاڤگه‌ دێته‌ خوار
كه‌فی سپی وه‌ك زیوه‌
ورد، چاوم تێبڕیوه‌
خوڕه‌ و هاژه‌ و جریوه‌
ده‌نگیان لێ‌ هه‌ڵبڕیوه‌
گه‌ڵای ته‌ڕ و پرژه‌ی ئاو
سه‌رسامیان كردووم ته‌واو
(خه‌ونی چۆله‌كه‌، ل8)
هه‌رچه‌نده‌ تا ئاستێكی زۆر ڕیتم و ئاوازی شیعره‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌د خۆش و سووك و منداڵانه‌ن، لێ‌ هه‌ندێ‌ جار لێره‌ و له‌وێ‌، به‌هۆی ته‌واو ڕه‌چاو نه‌كردنی كێشی نیوه‌ دێره‌كان، هه‌ر ئه‌وه‌تا خوێنه‌ر هه‌ستی پێده‌كات سووكه‌ له‌نگییه‌ك دروست ده‌بێ‌، ئه‌وه‌تا له‌شیعری (بۆقیله‌)دا، كه‌ به‌ كێشی حه‌فت بڕگه‌یی نووسراوه‌، كه‌چی له‌ نیوه‌ دێری سێیه‌مدا ده‌بێته‌ هه‌شت بڕگه‌:
هه‌رچه‌ند به‌ به‌چكه‌ ماسی
سه‌ره‌تا منتان ناسی
به‌ڵام سه‌رمێكوته‌م ناوه‌
ماڵم له‌ناو زه‌لكاوه‌
(ماڵی باران، ل30)
هه‌روه‌ها له‌ شیعری (هاوڕێیه‌تی)شدا، كه‌ شیعره‌كه‌ له‌سه‌ر كێشی حه‌فت بڕگه‌یی نووسراوه‌، به‌ڵام نیوه‌ دێری شه‌شه‌م به‌ ته‌نیا له‌ هه‌شت بڕگه‌ پێكدێ‌:
كۆتره‌كه‌مم هێناوه‌
لای پشیله‌كه‌ دامناوه‌
ده‌ڵێم میوانه‌ لای تۆ
ئاگاداری به‌ مه‌یخۆ
بۆ تۆ ده‌زانیت من چیم
خۆ من پشیله‌ی ڕاستی نیم
(گۆرانیی هه‌وره‌كان، ل18)
وه‌ك ده‌بینین ته‌نیا له‌و نیوه‌ دێره‌ی كه‌ ده‌ڵێ‌ (خۆ من پشیله‌ی ڕاستی نیم) له‌ هه‌شت بڕگه‌ پێكدێت.
ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ڕێنووسیشه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌مین محه‌مه‌د هه‌وڵی داوه‌، سه‌ر له‌ منداڵ نه‌شێوێنێ‌ و زێتر په‌یڕه‌وی ئه‌و ڕێنووسه‌ بكات، كه‌ له‌كن زۆرینه‌ی خوێنده‌واری كورده‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێ‌ و زۆریش خۆی پاراستووه‌ له‌وه‌ی دوو شێواز یا پتر له‌ جۆرێك ڕێنووس به‌كار بێنێ‌، خۆ ئه‌گه‌ر وردتر له‌گه‌ڵ بابه‌تی ڕێنووسدا مامه‌ڵه‌ی كردبا باشتر و جوانتر ده‌بوو. له‌ خواره‌وه‌ به‌شێك له‌و كه‌لێن و ناته‌واوییانه‌ی له‌ بواری ڕێنووسدا، كه‌ له‌ كۆشیعره‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌ددا به‌ر چاو ده‌كه‌ون، ده‌خه‌ینه‌ ڕوو:
له‌ شیعری (خه‌ونی چۆله‌كه‌)دا، بۆ هه‌ردوو وشه‌ی (جریوه‌) و (بینیوه‌) دوو (و)ی نووسیوه‌:
ده‌ستی كرد به‌ جریووه‌
وتی خه‌ونم بینیووه‌
(خه‌ونی چۆله‌كه‌، ل9)
له‌ شیعری (بێچوه‌ پشیله‌)دا، بۆ وشه‌ی (ون) دوو (و)ی نووسیوه‌، وه‌ك ده‌ڵێ‌:
بۆ خۆت لێ‌ وون كردووه‌
لێره‌ به‌جێت هێشتووه‌؟
(خه‌ونی چۆله‌كه‌، ل7)
هه‌ر له‌و شیعره‌دا،(بێچوو)ی به‌ (بێچو) نووسیوه‌! هه‌روه‌ها له‌ شیعری (په‌ڕه‌سێلكه‌)دا، بۆ وشه‌ی (سوور) یه‌ك (و)ی نووسیوه‌، به‌ڵام بۆ (دوور) دوو (و)ی به‌كار هێناوه‌:
خنجیلانه‌ی گه‌ردن سور
جار جارێك ده‌فڕێ‌ بۆ دوور
(خه‌ونی چۆله‌كه‌، ل7)
له‌ هه‌مان ده‌مدا له‌ شیعری (بوكه‌ سووره‌)دا، (بووك)ی به‌ (بوك) نووسیوه‌، كه‌ چی بۆ (سوور) ته‌واوی به‌كار هێناوه‌ و دوو (و)ی نووسیوه‌، هه‌ر له‌و شیعره‌دا دیسان (جریوه‌)ی به‌ (جریووه‌) نووسیوه‌! هه‌روه‌ها بۆ (ده‌نووك، سووك) یه‌ك (و)ی به‌كار هێناوه‌ و به‌ (ده‌نوك، سوك)ی نووسیوه‌، كه‌چی له‌ شوێنی دیكه‌دا، (ده‌نووك)ی به‌كار هێناوه‌، ئه‌مجاره‌ (بچووك)ی به‌ (بچوك) نووسیوه‌. له‌ دوو نیوه‌ دێری به‌دوای یه‌كداهاتوودا بۆ(چه‌توون) دوو (و)ی به‌كار هێناوه‌، كه‌چی بۆ (مه‌یموون) یه‌ك (و)ی نووسیوه‌! هه‌روه‌ها بۆ (بیوتایه‌، زیوین) دوو (و)ی به‌كار هێناوه‌ و نووسیویه‌تی (بیووتایه‌، زیووین)!
ده‌سته‌واژه‌كانی (جوان بوو) و (ئاسان بوو) به‌ (جوانبوو) و (ئاسانبوو) نووسیوه‌، (كردن بوو) و (بردن بوو)ی كردووه‌ته‌ (كردنبوو) و (بردنبوو)، كه‌چی وشه‌كانی (كوێیه‌) و (جێیه‌) و (نوێیه‌) و (پێیه‌) (برسییه‌) و (نییه‌) و (ئاساییه‌) و (لاساییه‌) و (لێیه‌) و (له‌وێیه‌) و (چاوه‌ڕێیه‌)ی، به‌ (كوێ‌ یه‌) و (جێ‌ یه‌) و (نوێ‌ یه‌) و (پێ‌ یه‌) و (برسی یه‌) و (نی یه‌) و (ئاسایی یه‌) و (لاسایی یه‌) و (لێ‌ یه‌) و (له‌وێ‌ یه‌) و (چاوه‌ڕێ‌ یه‌) نووسیوه‌! هه‌روه‌ها (ئاشتیخواز)ی به‌ (ئاشتی خواز) نووسیوه‌ و (په‌لكه‌زێڕینه‌)ی كردووه‌ته‌ (په‌لكه‌ زێڕینه‌)، كه‌چی بۆ (ڕه‌نگاوڕه‌نگ) و (گورجوگۆڵ بم)، هاتووه‌ (ڕه‌نگاو ڕه‌نگ) و (گورج و گۆڵبم)ی نووسیوه‌! خۆزگه‌ بۆ (ئاسكه‌ بچكۆله‌) باعه‌باعی به‌كار نه‌هێنایه‌، چونكه‌ (باعه‌باع) بۆ مه‌ڕ به‌كار دێت.
وشه‌نامه‌ی شیعره‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌د هه‌موو ئه‌و وشانه‌ن كه‌ سه‌ر به‌ فه‌رهه‌نگی منداڵانن، زۆر ده‌گمه‌ن نه‌بێ‌ وشه‌یه‌ك نادۆزیته‌وه‌ كه‌ تێگه‌یشتنی بۆ زارۆكان قورس و نامۆ بێ‌، جار جاره‌ نه‌بێ‌ هه‌ندێ‌ وشه‌ی وه‌كو (چه‌خماخه‌، خه‌ڕه‌ك…)ی نووسیوه‌، كه‌ منداڵ یا منداڵانی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ كرمانجیی خواروو ده‌ئاخفن، باش لێی تێناگه‌ن.
له‌ هه‌ندێ‌ شوێنیش بۆ ڕیكخستنی سه‌روای شیعره‌كانی، خۆی ناچار كردووه‌ هه‌ندێ‌ وشه‌ به‌كار بێنێ‌، ئه‌م وشانه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌پێناو جوانكاری و ئاوازداریی شیعره‌كان به‌كارهاتوون، لێ‌ هه‌ندێ‌ جار له‌سه‌ر حسێبی مانا و ڕه‌وانیی زمانن، بۆ نموونه‌ له‌ شیعری (فریاگوزار)دا ده‌ڵێ‌:
منیش جارێك له‌ جاران
بوم به‌ فریاگوزاران
به‌سواری پشتی كه‌شتی
ده‌ریا گه‌ڕام به‌ گشتی
(خه‌یاڵی مناڵانه‌، ل21)
ڕوونه‌ لێره‌دا ته‌نێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌كی هاوسه‌روای (جاران) بدۆزێته‌وه‌، وشه‌ی (فریاگوزاران)ی به‌كار هێناوه‌، ده‌نا كورد ده‌ڵێ‌ (بووم به‌ فریاگوزار) نه‌ك (بووم به‌ فریاگوزاران). له‌ شیعری (مریشكه‌ سپی)شدا، كه‌ دێته‌ سه‌ر باسی یه‌كێك له‌ جوجه‌ڵه‌كان، له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێ‌ (شیرینه‌) ده‌ڵێ‌ (شیرینن)، بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌روا بێ‌ له‌گه‌ڵ (بیبینن):
یه‌كێكیان په‌ڕ له‌ پێ‌ یه‌
زۆر جوانه‌ حه‌زم لێ‌ یه‌
به‌دیاریه‌وه‌ وه‌ستاوم
ون نابێ‌ له‌به‌ر چاوم
ئێوه‌ش وه‌رن بیبینن
چه‌نده‌ جوان و شیرینن
(ماڵی باران، ل25)

ئه‌نجام
ئه‌مین محه‌مه‌د كه‌ نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری (1991)ه‌ و دوای نێزیكه‌ی بیست ساڵ له‌ ڕاپه‌ڕین وه‌كوو قه‌ڵه‌مێكی به‌گوڕی ئه‌ده‌بی منداڵان ده‌ركه‌وتووه‌ و به‌رده‌وامه‌، ڕاسته‌ سه‌رده‌می ده‌ستدانه‌ نووسینی ئه‌مین محه‌مه‌د نه‌ له‌ سه‌رده‌می (زێوه‌ر) و (بێخود) ده‌چێ‌، كه‌ تازه‌ بناغه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر پێ‌، نه‌ هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می (گۆران) و (كاكه‌ی فه‌للاح) و (فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مین)ه‌، كه‌ ده‌كاته‌ قۆناغی دوای چله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، نه‌ وه‌كوو وه‌ختی نووسینی (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) و (ڕۆسته‌م باجه‌لان)ه‌، به‌ڵكو ئه‌و شاعیری دوای ڕاپه‌ڕینه‌ و دروستتر زێتر له‌ بیست ساڵ دوای ڕاپه‌ڕین خۆی ده‌كات به‌ دونیای منداڵاندا، وه‌ك ڕوونیشه‌ سه‌رده‌می پاش ڕاپه‌ڕین، سه‌رده‌می هاتنه‌دی ئازادی و چاپ و په‌خش و میدیا بوو، ڕاپه‌رین ده‌روازه‌یه‌ك بوو بۆ كرانه‌وه‌ به‌ڕووی دونیای ده‌ره‌وه‌ و ده‌ست به‌كاربوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ڕِێكخراو و سه‌نته‌ری تایبه‌ت به‌ منداڵان و ده‌رچوونی ژماره‌یه‌كی زۆریش له‌ گۆڤار و بڵاوكراوه‌ی تایبه‌ت به‌ منداڵان، له‌ هه‌مان ده‌مدا تێكه‌ڵاوی و هاتوچۆی ده‌ره‌وه‌ و هاورده‌كردنی كتێب و سه‌رچاوه‌ی تازه‌ی گه‌لانی دیكه‌… هه‌روه‌ها به‌هۆی تێكه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و دامه‌زرانی چه‌ند نێوه‌ندی ئه‌كادیمی و زانستی و زمانه‌وانی، هه‌موو ئه‌وانه‌ وای كرد نووسه‌رانی دوای ڕاپه‌ڕین به‌ زمان و شێواز و ڕوئیای تازه‌وه‌ بنووسن، له‌نێویشیاندا شیعر و ئه‌ده‌بی منداڵان گۆڕانكاری و پێشڤه‌چوونێكی زۆری له‌ڕووی چه‌ندایه‌تی به‌خۆوه‌ دی، له‌ ڕووی چۆنایه‌تیشه‌وه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌رداهات، ئه‌مانه‌ هه‌موو یارمه‌تیده‌ر بوون تا ئه‌مین محه‌مه‌د وه‌ك ده‌نگێك له‌ دونیای ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد جودا له‌ نه‌وه‌ی پێش ڕاپه‌ڕین به‌ده‌ربكه‌وێت، ئه‌و له‌نێو جه‌نجاڵی و قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆری نووسین و بڵاوكراوه‌ی منداڵان ده‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ هه‌موو ده‌م وه‌ك ده‌نگێكی جیاواز و تایبه‌ت ده‌ربكه‌وێت، له‌و چه‌ند به‌رهه‌مه‌ی كه‌ له‌ چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا چاپی كردوون ده‌یه‌وێ‌ وه‌ك هاوڕێ‌ و دڵسۆز و ئه‌ویندارێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ منداڵ بكات و بۆ ئه‌وه‌ ده‌كۆشێت له‌ به‌كاربردنی هه‌ر وشه‌ و ڕسته‌ و په‌ره‌گرافێكدا، خزمه‌ت به‌ منداڵ و ئه‌ده‌بی منداڵان و وشه‌ و شیعر و جوانی بكات.
شاعیر له‌ ساڵی (2008)ه‌وه‌ ده‌ستی به‌ نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعری منداڵان كردووه‌، له‌و شه‌ش دیوانه‌ شیعره‌ی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، نێزیكه‌ی به‌ هه‌موویان (100) تێكستی شیعری ده‌بن و به‌شێكیان كراونه‌ته‌ گۆرانی، به‌ سه‌یركردن له‌ فۆرمی شیعره‌كانی ئه‌مین محه‌مه‌د، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌ كوردییه‌كی پوخت و پاراو ده‌نووسێت، چه‌ند وشه‌ و واژه‌یه‌كی كه‌م نه‌بێ‌ ده‌نا هه‌ر منداڵێك كه‌ به‌ شێوه‌زاری كرمانجیی خواروو ده‌نووسێت و ده‌په‌یڤێت به‌ سانایی تێیده‌گات. سه‌رجه‌می شیعره‌كانی له‌سه‌ر كێشی په‌نجه‌ی خۆماڵین و به‌شی زۆریشیان له‌سه‌ر كێشی حه‌فت بڕگه‌یین، هیچ شیعرێكی ئازادیشی نه‌نووسیوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ قافیه‌ش، ئه‌مین محه‌مه‌د پتر جووت قافیه‌ی به‌كارهێناوه‌. شیعره‌كانی وی كورتن و هیچ شیعری درێژی نییه‌ منداڵ وه‌رس بكات و توانای خوێندنه‌وه‌ی نه‌بێ‌. ده‌رباره‌ی ناوونیشانیش، جگه‌ له‌ شیعره‌كانی (گه‌مه‌ی مشك و پشیله‌، پشیله‌یه‌ك ده‌یه‌وێ بفڕێت، ژیان له‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی تردا) هه‌موو شیعره‌كانی دیكه‌ی ئه‌مین محه‌مه‌د هه‌ر وه‌ك ناوونیشانی دیوانه‌كانی كورتن و زۆربه‌یان له‌ یه‌ك وشه‌ یان دوو وشه‌ پێكهاتوون، هیچێك له‌ ناوونیشانه‌كان به‌ ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كان نامۆ نیین و دروست گوزارشت له‌ وشه‌ و وێنه‌كانی نێو شیعره‌كان ده‌كه‌ن. هه‌موو شیعره‌كانی ئه‌مین به‌رواری نووسینیان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، لێ‌ له‌وه‌دا له‌گه‌ڵ شاعیرانی پێشوو هاوشێوه‌یه‌ كه‌ شیعره‌كانی جودا نه‌كردووه‌ته‌وه‌ بۆ چ ئاستێكی ته‌مه‌ن گونجاون، ئه‌گه‌رچی ئه‌و شیعرانه‌ی كه‌ له‌ (هه‌نگه‌ وردیله‌)دا بڵاوی كردوونه‌ته‌وه‌، هه‌م وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێداون، هه‌م به‌ خوێندنه‌وه‌ی په‌یام و ناوه‌رۆكی شیعره‌كان ده‌رده‌كه‌ێت بۆ منداڵانی باخچه‌ی نووسیوه‌.
ئه‌مین محه‌مه‌د وه‌ك زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری شاعیرانی پێش خۆی و هاوسه‌رده‌می خۆی سه‌ره‌تا به‌ شیعری گه‌وران ده‌ستی پێكردووه‌، پاشان هاتووه‌ته‌ سه‌ر بوار و بابه‌تی منداڵان. گوتاری شیعریی ئه‌م شاعیره‌ دووره‌ له‌ ئامۆژگاری و وه‌عزدان بۆ منداڵ، ئه‌و نه‌ك هه‌ر هاوڕێی په‌پووله‌ و چۆله‌كه‌ و كه‌روێشكه‌، به‌ڵكو مار و گورگ و ورچیش ناڕه‌نجێنێ‌ و واده‌كات منداڵ خۆشیانی بوێت.

——————————————–

سه‌رچاوه‌كان

یه‌كه‌م: به‌ كوردی (كرمانجیی خواروو)
أ: كتێب

1- ئه‌حمه‌د قه‌ره‌نی، شیعری فێركردن له‌ ئه‌ده‌بی كوریدا (نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م)، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2007.
2- ئه‌مین محه‌مه‌د، ماڵی باران، چاپه‌مه‌نی په‌یڤ، سلێمانی، 2010.
3- ئه‌مین محه‌مه‌د، هاوڕێی نوێ‌، به‌ڕێوه‌به‌رێتیی خانه‌ی سمۆره‌ بۆ ڕۆشنبیریی منداڵان، چاپخانه‌ی پیره‌مێرد، سلێمانی، 2010.
4- ئه‌مین محه‌مه‌د، خه‌ونی چۆله‌كه‌، به‌ڕێوه‌به‌رێتیی خانه‌ی سمۆره‌ بۆ ڕۆشنبیریی منداڵان، چاپخانه‌ی پیره‌مێرد،سلێمانی، 2011.
5- ئه‌مین محه‌مه‌د، هه‌نگه‌ وردیله‌، له‌ بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی سمۆره‌، چاپخانه‌ی پیره‌مێرد، سلێمانی، 2011.
6- ئه‌مین محه‌مه‌د، گۆرانیی هه‌وره‌كان، له‌ بڵاوكراوه‌كانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد، ده‌زگای چاپ و په‌خشی حه‌مدی، سلێمانی، 2012.
7- ئه‌مین محه‌مه‌د، خه‌یاڵی مناڵانه‌، زنجیره‌ كتێبی منداڵان، چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری، هه‌ولێر، 2012.
8- حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامی، ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد (لێكۆڵینه‌وه‌.. مێژووی سه‌رهه‌ڵدان)، له‌ چاپكراوه‌كانی كۆڕی زانیاری كورد، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، به‌رگی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2005
9- حه‌مه‌كه‌ریم هه‌ورامی، ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد دوای ڕاپه‌ڕین (لێكۆڵینه‌وه‌.. نرخاندن، میكانیزمه‌كان)، له‌ بڵاوكراوه‌كانی كۆڕی زانیاری كورد، چاپخانه‌ی ده‌زگای ئاراس، به‌رگی دووه‌م، هه‌ولێر، 2007.
10- حیۆم جینۆت، په‌یوه‌ندییه‌كانی دایك و باوك به‌ منداڵه‌كانیانه‌وه‌ (منداڵه‌كه‌ت به‌م جۆره‌ په‌روه‌رده‌ بكه‌)، وه‌رگێڕانی: سه‌ڵاح سه‌عدی، دار المعرفه‌، به‌یروت، (ناوی چاپخانه‌ و ساڵی چاپكردنی به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌).
11- زیاد ڕه‌شاد قادر، زمان و میدیا (چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر لایه‌نی ڕێنووس و زمان له‌ میدیاكانی هه‌رێمی كوردستاندا)، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2013.
12- زێوه‌ر (دیوان)، ئاماده‌كردنی: مه‌حموود زێوه‌ر، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، هه‌ولێر، 2003.
13- زێوه‌ر، گه‌نجینه‌ی مه‌ردان و یادداشتی ڕۆژانی ده‌ربه‌ده‌ری، محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم پێشه‌كی و په‌راوێزی بۆ نووسیوه‌، چاپخانه‌ی (شركه‌ مگبعه‌ الادیب البغدادیه‌)، به‌غدا، 1985.
14- زێوه‌ر (دیوان)، به‌شی یه‌كه‌م، له‌ بڵاوكراوه‌كانی نامه‌خانه‌ی زێوه‌ر، كتێبخانه‌ی مه‌عاریف، به‌غدا، 1958.
15- سۆزان جمال، سایكۆلۆژیی منداڵ، به‌ڕێوه‌به‌رێتیی گشتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، ناو و شوێنی چاپكردنی له‌سه‌ر نییه‌، 2006.
16 – سروودی كوردی (كۆمه‌ڵێك سروودی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی)، ئاماده‌كردنی: فه‌رهاد فایه‌ق، له‌ بڵاوكراوه‌كانی كتێبخانه‌ی به‌ختیاری، چاپخانه‌ی پیره‌مێرد، چاپی چواره‌م، 2004.
17- فازڵ مه‌جید مه‌حموود، شیعری منداڵان له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا، نامه‌ی ماسته‌ر پێشكه‌شكراو به‌ زانكۆی سلێمانی، 2000.
18- گۆران (دیوان)، محمدی مه‌لا كریم كۆی كردوه‌ته‌وه‌و ئاماده‌ی كردوه‌و پێشه‌كی‌و په‌راوێزی بۆ نووسیوه‌، له‌ بڵاوكراوه‌كانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری عێراق، به‌غدا، 1980.
19- له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، دیوانی منداڵان (شیعرو چیرۆك بۆ منداڵان)، له‌ بڵاوكراوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕووناكبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیی كه‌ركوك، چاپی سێیه‌م، كه‌ركووك، 2013.
20- له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، گه‌رده‌لوولی سپی، له‌ چاپكراوه‌كانی كۆڕی زانیاری كورد، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد، به‌غدا، 1978.
21- ناهیده‌ ئه‌حمه‌د، سه‌ره‌تایه‌ك ده‌رباره‌ی سه‌هه‌ڵدانی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2005.
22- نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د، منداڵ‌و ئه‌ده‌ب (لێكۆڵینه‌وه‌)، چاپی سێیه‌می ئه‌لیكترۆنی، 2007.
ب: ڕۆژنامه‌ و گۆڤار
23- حسێن به‌فرین، (ماڵی باران) له‌ چاوی (شیعری مناڵانه‌)وه‌، به‌شی یه‌كه‌م، ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ‌، ژماره‌ (675)، له‌ (18/3/2010).
24- حسێن به‌فرین، (ماڵی باران) له‌ چاوی (شیعری مناڵانه‌)وه‌، به‌شی دووه‌م، ڕۆژنامه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ‌، ژماره‌ (676)، له‌ (25/3/2010).
25- حسێن به‌فرین، (ماڵی باران) له‌ چاوی (شیعری مناڵانه‌)وه‌، به‌شی چواره‌م، ڕۆژنامه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ‌، ژماره‌ (678)، له‌ (8/4/2010).
26- زیاد ڕه‌شاد قادر، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مین محه‌مه‌د، ، گۆڤاری (په‌یامی ڕاستی)، ژماره‌ (103)، زستانی (2016).

ج: پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی:
27-ttps://ckb.wikipedia.org/wiki/%D9%85%D9%86%D8
%A7%DA%B5

دووه‌م: به‌ زمانی كوردی (كرمانجیی سه‌روو)
أ: كتێب

28- Doç.Dr. Abdurrahman Adak, Destpêka Edebiyata Kurdî ya Klasîk, Weşan: Nûbihar, Çapa Duyem, Stembol,2014.
29- Çîrokên Ezopî, ji îngilîzî: Sidîq Gorîcan, weşanên Sîtan, Wan, 201388- Ehmedê xanî, Nûbara biçukan, Wergêr ji tîpên erebî: z. KAYA, Weşanên Roja Nû, Stochholm, 1986.
30- Kamêran Silêman Botî, Ferhenga Kamêran, Weşanxaneya Spîrêz, Çapxaneya Wezareta Perwerdayê/Hewlêr, Çapa êkem, 2006.
31- Umîd Demîrhan, Ferhenga Destî, Çapxane: Akademî, Çapa Duyem, Rezber, 2007.

ب: پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی:
32 – www.wikipedia.org
33- www.feminkurd.net

سێیه‌م: به‌ زمانی عه‌ره‌بی
أ: كتێب

34- جون ایكن، كیف تكتب للاگفال، ترجمه‌: كاڤم سعدالدین، الگبعه‌ الاولی، الناشر دارالپقافه‌ الاگفال، بغداد، 1988.
35- عمر محمد الگالب (د.)، ادب الاگفال فی العراق،الناشر دارالپقافه‌ الاگفال، الگبعه‌ الاولی، بغداد، 1989.
36- نجیب الكیلانی (الدكتور)، ادب الاگفال فی چو‌و الاسلام، مۆسسه‌ الرساله‌، الگبعه‌ الپالپه‌، بیروت 1991.
37- نزار وصفی اللبدیی (الدكتور)، أدب الگفوله‌ واقع و تگلعات (دراسه‌ نڤریه‌ تگبیقیه‌)، دار الكتاب الجامعی، گ1، الامارات، 2001.
38- هدایه‌الله احمد الشاش، التربیه‌ العملیه‌ للگفل، دار السلام للگباعه‌ والنشر والتوزیع والترجمه‌، الگبعه‌ الپانیه‌، القاهره‌، 2007.
ب: پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی
39 -http:// www.startimes.com/f.aspx?t=30933133.
40 -https://ar.wikipedia.org/wiki /%D8%A3 %D8%AF% D8%A8_ %D8%A 7%D9%8 4%D8% A3%D8 %B7%D9 % 81%D8%A7%D9%84




هه‌قه‌ ئیدى بزانم … زیاد ڕه‌شاد قادر

من كه‌ به‌یانییه‌ك له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستم و
بزه‌ى شه‌رمنى شاگوڵ نابینم
ئه‌وسا تێده‌گه‌م
چ خه‌مگینه‌ باخى ژیان بێ ئاوازى گوڵ
من كه‌ هێواره‌یه‌كى نارنجى
به‌ بێ حزوورى شیعر به‌سه‌رمدا تێده‌په‌ڕێ
هه‌نگینێ ده‌زانم
چ كاره‌ساتێكه‌ غیابى خه‌یاڵ له‌م ڕۆژگاره‌دا
من بوونه‌وه‌رێكى سه‌یرم سه‌یر
تا مانگ چارشێو نه‌خاته‌ سه‌ر ڕووخسارى
له‌ سیحرى دره‌وشانه‌وه‌ حاڵى نابم
تا ئه‌و كاته‌ى
په‌لكه‌زێڕینه‌ له‌سه‌ر شنگ و تاقه‌تى خۆیه‌تى
ناچم سیڵفییه‌كى له‌گه‌ڵ بگرم
واى له‌ من
پێش وشكبوونه‌وه‌ى له‌على ئاونگ
به‌دیار پیربوونى گوڵه‌ جۆیه‌كه‌وه‌
ناچم پێى بڵیم سوبحت به‌خێر بووكى به‌هار
من له‌مه‌ودوا ده‌بێ به‌ جۆرێكى تر بڕوانم
ده‌بێ به‌ چه‌شنێكى دیكه‌ جوانى ڕاڤه‌ بكه‌م
گه‌ره‌كه‌ ناوه‌ ناوه‌ به‌ ته‌یرولحوب بڵێم
ڕه‌حمه‌ت له‌وه‌ى ئه‌م گۆرانییه‌ خۆشه‌ى فێر كردى
پێویسته‌ له‌مه‌ودوا جار جار
بچرپێنمه‌ گوێى دار قه‌زوان
چییه‌ ئه‌وڕۆ له‌ هه‌موو ڕۆژێك جوانترى
ده‌بێ زوو زوو به‌هانه‌یه‌ك بدۆزمه‌وه‌ و
به‌ په‌نگوینه‌ ڕه‌نگپه‌ڕیوه‌كه‌ى باخچه‌ى ئاژه‌ڵان بڵێم
ئۆه ئه‌وڕۆ ڕه‌نگت زۆر خۆشتره‌ له‌ دوێنێ
ده‌بێ له‌مه‌ودوا واز له‌م ته‌بیعه‌ته‌ وشكه‌م بێنم
چى تێده‌چێ ئه‌گه‌ر
له‌ بزه‌كردن بۆ چقڵیش كه‌مته‌رخه‌م نه‌بم
ته‌نانه‌ت له‌ نزاى خێر بۆ هاتنه‌ سه‌ر ڕێى هیدایه‌تى گورگیش
ڕه‌زیلى نه‌كه‌م
هه‌قه‌ ئیدى ئه‌زموونى ژیان ئه‌وه‌نده‌ى فێر كردبم
تا دڵى ڕه‌نجاوى گه‌ڵایه‌ك چاك نه‌كه‌مه‌وه‌
چاوم نه‌چێته‌ خه‌و
هه‌قه‌ ئیدى فێر ببم
له‌باتى تاكێ نه‌عل
به‌ دوو قسه‌ى خۆش
سیسركه‌ له‌ ماڵه‌كه‌م بكه‌مه‌ ده‌ره‌وه‌
هه‌قه‌ ئیدى ئه‌گه‌ر هاوڕێكه‌م
قسه‌یه‌كى تاڵیشى پێ گوتم
ئه‌وه‌نده‌ ئازایه‌تیم تێدا هه‌بێ بڵێم
كه‌ خۆت ئه‌وه‌نده‌ شیرینى
قسه‌یه‌كى تاڵیش پێویسته‌ بۆ هاوسه‌نگى ژیان
هه‌قه‌ ئیدى بزانم
ئه‌م دونیایه‌ كه‌ پێنج و دوو ڕۆژێكه‌
دڵى دڵشكێنه‌كانیش نه‌شكێنم
له‌گه‌ڵ جه‌فاكاره‌كانیش جه‌فا نه‌نوێنم
هه‌قه‌ ئیدى بزانم
وه‌ك چۆن ژیان ئه‌و ئاهه‌نگه‌ چراخانه‌ نییه‌
كه‌ من ده‌مه‌وێ
وه‌لێ ئه‌وه‌نده‌ش جه‌نگه‌ڵستانێكى تاریك نییه‌
كه‌ هه‌ندێ جار بیرى لێ ده‌كه‌مه‌وه‌

زیاد ڕه‌شاد قادر
هه‌ولێر