شانۆی ژوور.. زاهیر عەبەڕەش

بە گوێرەی ئینسکلۆپێدیای نیشتیمانی، شانۆی ژوور chamber play بریتیە لە شانۆیەکی بچووک، کەشانۆی تێدا نمایش بکرێت، شانۆییەکە لە ئەکتەری کەم پێک هاتووە و هەروەها بینەرێکی کەم بەشداری بینینی نمایشەکە دەکەن. دیکۆرێکی زۆر کەمی هەیە، ئەم جۆرە شانۆیە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە سوید و ئەڵمانیا پەیدابوو.
بە کورتی ئەمە بە واتایی، ژمارەی ئەکتەرەکان کەمن کە ڕۆڵ دەبینن/ هەڵبژارنی شوێنێکی بچوک بۆ نمایش یان چالاکیەکە هونەرییەکە/ هیچ دیکۆر و سینۆگرافیایەک و تەکنیکێکی زۆر بەکار نایەت/ فۆکەس لە سەر دەق و پەیوەدنی بینەرو ئەکتەرە/ لەسەر بناغەی دیالۆگ و هەست و سۆزە جیاوەزەکان بنیات نراوە.
لەم پێناسەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە شانۆی ژووە دیقەتی قوڵی لەسەر مرۆڤە، مرۆڤ لە ناوەندایە، نەک دەنگ، ڕووناکی و کاریگەرییە سەرنج ڕاکێشەکانی سەر تەختەی شانۆ.
ئینسایکلۆپیدیای ئازادیش بەم شێوەیە پێناسەی شانۆ ژوور دەکات : شانۆی ژوور، شێوازێکە بۆ گونجاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکان لەگەڵ شانۆ بە بەکارهێنانی زۆرترین ڕێژەی دەقی ڕەسەنی بەرهەمەکە و لەو شوێنە بچوکەی بۆی پێشنیارکراوە.
زاراوەی شانۆی ژوور لە ڕووی مێژووییەوە لە میتافۆری مۆسیقای ژوورەوە هاتووە کە تیایدا ئەنسەمبڵێکی بچووک لە ژوورێکدا پرۆڤەیان دەکرد، پەیوەندیەکەی هاودەمی و ئەزموونێکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەکتر هەبوو ، هەندێک جاریش نمایشی بچوکیان دەکرد، ئەم جۆرە هاودەمی و نزیکیە لە موسیقاوە گواسترایەوە بۆ شانۆ بۆ ئەوەی نزیکایەتییەکی هاوشێوە لە نێوان ئەکتەرەکان و بینەردا دروست بکات.
لە هەندێ وەسفی پێناسەی تردا ئینگلیزەکان بۆ خۆیان کردویانە ، دەڵێن شانۆی ژوور ڕێگایەکە بۆ گونجاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکان لەگەڵ شانۆدا. بە شێوەیەکی تر شیاکاری بۆبکەین واتە بەشێکی زۆری دەقە ڕەسەنەکەی نووسەر ماوەتەوە کە نووسیوێتی. واتای ژمارەیەکی کەمی ئەکتەر و نزیکی لە بینەر ئەبێتە هۆی کە ئەکتەر یان گێرەرەوە دەبێتە بەشێک لە ڕووداوەکان ( پلۆت). ئەگەر بە شێوەیەکی تر شیاکاری بۆ ئەم پێناسەیە بکەین واتە بەشێکی زۆری دەقە ڕەسەنەکە نووسراوەکەی نووسەر ماوەتەوە. کاتێکیش تەرکیز لەسەر دەق و پەیوەندیەکانە، ئەکتەریش لە بینەر نزیک دەبێتەوە و هاودەمییەک دروست دەبێت، لەم حاڵەتەدایە دیالۆگەکان و هەست و سۆزە جۆراوجۆرەکان دەبنە ناوەند. ئینتیما کردارێکی چڕ و سەرنجە قوڵەکەیەتی.
ئەم فۆرمە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا سەریهەڵدا، بە کاریگەرییەکانی دیداکتیکی شانۆ و تیۆری هونەرە نمایشییەکان، کە گێڕانەوە دەبێتە بەشێک لە نمایشی شانۆیی. لە هەندێک وڵات بە نموونە ئەمریکا لە پراکتیکدا زاراوەی شانۆی ژوور وەک مۆدێلێکی فێستیڤاڵ/ بەرهەمهێنان بۆ نمایشکردنی دەقە کلاسیکییەکان بە شێوەیەکی کەسی و هاودەمی و ئینتیمی و بینەری بەشدار بەکاردەهێنن، بە گرنگیدان بە چیرۆک گێرانەوە لە نزیک بینەرەوە، نەک کاریگەرییە گەورەکانی شانۆ دەوڵەتیە گەورەکان.


مینیمالیسم (Minimalist)

لە مێژووی ئەدەبیات و هونەر، زۆر شێواز و ڕەنگ و میتۆدی جیا هەن کە هەریەکەیان هەوڵی خۆیان هەیە بۆ تێگەیشتن و پیشاندانی مرۆڤ و جیهان. یەکێک لە ئەو شێوازانەی کە لە سەدەی بیستەوە زۆر گرنگی پێدرا، مینیمالیسمە، ئەم شێوازە بە شێوەیەکی دیار لە ئەدەبیات و شانۆدا دەرکەوت، مینامالیزم هەوڵ دەدات بە کەمترین توخم، قووڵترین واتا بگەیەنێت. مینیمالیسم تەنها فۆرمێکی ڕوکەش نییە، بەڵکو شێوازێکی بیرکردنەوە و بینینی جیهانە و ڕێگایەکە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی مرۆڤ لە سنورێکی دیاریکرا و نزیکایەتی و هاودەمیدا. لێرەدا دەتوانین بڵێین:مینیمالیستی واتا ساده‌کردنەوە تا سنووری پێویست، بە شێوەیەک کە هەموو شتێکی زیاد، ڕازاندنەوەی زۆر، یان وردەکاری ناپێویست لابدرێت.

مینیمالیسم لە ئەدەبیاتدا:
ئێمە نەک تەنها شانۆی مینیمالیزم یان مینیمالیزمان لە شانۆدا هەیە، بەڵکو مینیمالیزم لە ئەدەبیاتیشدا هەیە کە بریتییە لە شێوازی نووسینێک کە تێیدا نووسەر هەوڵ بدات، کەمترین وشە بەکاربهێنێت، بۆ گەیاندنی قووڵترین واتا. خاسیەتەکانیشی بریتیە لە، بەکارهێنانی ڕستەی کورت و ڕاستەوخۆ، وەسف و ڕازاندنەوە بەشێویەکی زۆر کەم هەبێت، نەوتنەوەی وردەکاری زۆر، خوێنەر خۆی واتاکان تەواو دەکات، نووسەر هەموو شتێک ڕوون ناکاتەوە بەڵکو بەشێک لە واتا بەجێدەهێڵرێت بۆ خوێنەر. زۆر جار لە ئەدبیاتی مینیمالیزم هەندێک شتی کەم دەوترێت بەڵام هەستەکان زۆر قوڵن.

پەیوەندیی مینیمالیسم بە شانۆی ژوور (Kammarteater)
ئەگەر لە پێناسەی شانۆی ژووردا پێ لەوە دابگیرێت کە ژینگەیەکی پێشنیارکراوی مینیمالیستی Minimalist هەبێت ئەی مینیمالیزم چییە؟ لە کورترین پێناسەیدا مەبەست: تەرکیزکردنە لەسەر ئەوەی کە بەها بۆ ژیان زیاد دەکات و لابردنی ئەوەی تر. لە مانا گشتی و گەورەکەی شانۆدا دەتوانینن بەم شێوەیە ڕیز بەندی بکەین. کاتێک دەڵێین شانۆی مینیمالیستی، مینیمالیسم لە ئەدەبیات و شانۆدا شێوازێکە بۆ گوتنی زۆر شت بە کەمترین توخم. شانۆی ژوور خۆی لە بنەڕەتدا مینیمالیستییە، لەبەر ئەوەی کە شانۆی ژوور:
ــ شوێنی نیشاندانی بچووکە.

  • هەموو وشەیەک بە ڕوونی دەبیسترێت
  • هەموو زۆرگوتنێک زۆر زوو بەدیار دەکەوێت
    *هەموو قسەیەکی ناپێویست کاریگەری دروست دەکات
    ــ ژمارەی ئەکتەرەکان کەمن.
    ــ دیکۆر زۆر کەم و سنووردارە.
    ــ نێوانی ئەکتەرو بینەر زۆر نزیکە.
    *بینەر هەمووی وردەکاری دەنگ ، هەناسە هەموو ئێفێکتێک دەبیستێت
    لەبەر ئەمە، شانۆی ژوور پێویستی بە:
    ــ کرداری قوڵ هەیە
    ــ هەست و سۆز
    ــ زمانێکی چڕ و مانا دار
    ــ بێدەنگی لە نێوان دیالۆژەکاندا، بێدەنگی دەبێت بە بەشێک لە نمایشەکە.
    ــ لە مینیمالیستیەکەی شانۆی ژووردا هەموو جوڵەیەک مانادارە.
    لە شانۆنامەکانی ستریندبێرگ کە تایبەتە بە شانۆی ژوور، توێژینەوەیەکی دەروون شیکاریە لە نمایشەکانیدا.
    لای تادیۆس ڕۆزڤێچی پۆلۆنی پیشاندانی هەستەکانی دوای جەنگە.(١)
    مینیمالیسم لێرەدا دەبێت بە ئامرازێک بۆتوێژینەوەی دەروونی کاراکتەر وپیشاندانی پارچە تیکشکێنراوەکانی مرۆڤ.
    ــ بەکارهێنانی کەمترین توخم.
    ــ سادەیی لە شێوە، زمان.
    ــ گرنگی دان بە ناوەڕۆک نەک ڕازاندنەوەی دیکۆر و سینۆگرافیا و جل و بەرگ
    ــ ژمارەی ئەکتەرکان کەمە.
    ــ دیکۆر زۆر سادەیە (هەندێجار تەنها کورسیەکە)
    ــ زمان کورت و ڕاستەوخۆیە.
    ــ بێدەنگی و وەستان (صمت) گرنگن.
    ــ سەرنج لەسەر دۆخی دەروونی و بیرکردنەوەی کاراکتەرە.
    ــ هەموو شتێک بۆ ئەوەیە بینەر بیر بکاتەوە، نە بۆ سەرسامکردنی چاو

شانۆی ئەبسورد:
شانۆی ئەبسورد وەڵامدانەوەیەک بو بۆ سیستەمی بەها فیکری و جوانیناسییەکان و کە لە دوای دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی دوو جەنگی جیهانی لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا، لە پاڵیدا چەمکی شانۆی ژوور وەک شۆڕشێک و هەوڵێکی نوێ و ڕژد (جددی) بوو بۆ گۆڕین و پەرەپێدانی چەمکی نەریتی شانۆ. کە دەکرێت بڵێن لە سەدەی بیستەمدا زیاتر ئەم چەمک و زاروەیە سەریهەڵدا. شانۆی ئەبسورد بزووتنەوەیەکی دراماتیکیی و ژانرێکی شانۆیی دوای جەنگی جیهانی دووەهەمە کە لە ساڵانی (چلەکان- شەستەکان) کە لە ڕێگەی دیمەن و گرێی نالۆژیکی و دیالۆگی بێمانا و کارەکتەرەکانی گیریخواردوو لە بارودۆخی بێهودەیدا، بێمانایی و ئاژاوەگێڕییەکانی بوونی مرۆڤ نیشان دەدات، ژانرێکی شانۆییە کە بەدواداچوون بۆ بوونگەرایی و بارودۆخی مرۆڤ دەکات. لەو بیرۆکە و بیر و باوەڕە دەکۆڵێتەوە، کە ژیان یان ئامانج بۆ خۆی مانایەکی سروشتی نییە. زۆر جار بەرەوپێشچونی دیمەنەکان و کارەکتەرەکان شوێن و ئاراستە واقعییەکان ڕەتدەکاتەوە. هەندێک جاریش لەو شوێنە کۆتایی دێت کە دەستی پێکردووە. ئەمیان بێکت لە شانۆیی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە ئاماژەی پێ دەدات. جەخت لەسەر بێهودەییەکەی دەکاتەوە، هەندێک جار وشەی کلێشە و دووبارە بەکار دەهێنێت کە ئاماژەیە بۆ شوێن و سوڕانەوەیان لە نائومێدی.
لە شانۆی ئابسورددا، زۆرجار بەستراوەتەوە بە بیرۆکەکانی بوونگەراییەوە، بەتایبەتی لە بەرهەمەکانی ئەلبێرت کامۆدا. ئەم فۆرمەی شانۆ، ژیان وەک بێمانا و نالۆژیکی و دووبارەبوو نیشان دەدات. لەبەر ئەوە ڕووداوەکان چارەسەری ڕوونیان نییە. کارەکتەرەکان ناتوانن بە تەواوی لە یەکتری تێبگەن. زمان توانا و ئەرکی خۆی لەدەست دەدات بۆ دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەقینە.

شانۆنامەنووسانی وەک ساموێل بێکێت، یوجین ئیۆنێسکۆ و جان جینێت بە نوێنەری ناوەندی ئەم نەریتە شانۆییە دادەنرێت.
ئەبسورد تیشک دەخاتە سەر تێکچوننی پەیوەندیەکان، کە ئەم خاڵەیان مرۆژک زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە لە تێکستەکانیدا. یەکێک لەتەوەرە گرنگەکان تەوەری بوونە، کە سەرنج دەخاتە سەر گۆشەگیری و بێهودەیی و ململانێ بۆ دۆزینەوەی مانا. ئەم تەوژمە کاریگەری لەسەر شانۆی ئەزموونی هەبووە. نووسەرانی سەرەتای ئەم تەوژمە پیش ئەوە نووسەرێکی شانۆیی یان ئەدەبی بن، فەیلەسوف بوون. شانۆش کورترین و باشترین ڕێگا بوو بۆ گوزارشت کردن لە خەیاڵ و فکر و ئەندێشەکانیان، کە وای لە بینەرانی کرد کە واقیع و هونەری نەریتی بخەنە ژێر پرسیارەوە، کە بەدواداچوون بۆ بوونگەرایی و بارودۆخی مرۆڤ دەکات
مینیمالیسم و ئابسوردیسم.
هەرچەندە مینیمالیسم و ئابسوردیسم هەردووکیان لە سەدەی بیستەمدا بڵاوبوونەوە، بەڵام بیرۆکە و ئامانجیان جیاوازە.
مینیمالیسم هەوڵ دەدات مانا بسەلمێنێت، بەڵام بەکەمترین شێوە، لە دیالۆگ و دوورکەوتنەوە لە وەسف، دوورکەوتنەوە لە زیادە ڕەوی. لەبەرامبەردا ئابسوردیسم جیهان و ژیان وەک شتێکی بێمانا، بێ‌ لۆژیک پێشان دەدات.
و ڕووداوەکان دووبارە دەبنەوە بەبێ گۆڕان. هەندێك جاریش زۆر قسە کردن بۆ پیشاندانی بێ مانایەتی ژیانە. جووڵە و کردار لە شانۆی ئەبسورددا زۆر جار دووبارە دەبنەوە و ئەنجامیان نییە. بێدەنگی، وەک توخمێکی مینیمالیستی دەبێت بە بەشێکی گرنگ لە شانۆکەدا. لە مینیمالیزم و ئەبسوردیسمدا بێدەنگی ئەو شتانە دەڵێت کە زمان ناتوانێت بیڵێت.
دیکۆر هەم لە شانۆی ئەبسورددا هەم لە مینیمالیزمدا زۆر سادەیە. بۆ نموونە لە فەزای شانۆکەدا، شتەکان کەم دەبێتەوە، بۆنموونە پیشاندانی دارێک یان کورسییەک ئەوە جیهانێکی بێ‌کات و بێ شوێن پیشان دەدات. ئەم مینیمالیسمە یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی سەرنجی بینەر بۆ ناو هەست و بیرکردنەوە.
زمانیش لە شانۆی ئەبسورددا بە شێوەی مینیمالیستی بەکاردێت، گفتوگۆکان، کورتن و زۆرجاردووبارە دەبنەوە و واتای ئاشکرایان نییە، ناتوانن پەیوەندییەکی ڕاستەقینە دروست بکەن. لە شانۆیی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆی بێکتەوە، زمان دەبێت بە نیشانەی شکستی پەیوەندیی مرۆڤ. لێرەدا، مینیمالیسمی زمان واتا کەم‌ قسە نییە بۆ مانا، بەڵکو قسەی کەم ‌مانایە بۆ نیشاندانی بێمانایی.
هەرچەندە، ئەبسوردیزم و مینیمالیزم هەردووکیان نزیکایەتیکەی زۆریان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازییەکی تەواو ڕوونیشیان هەیە، چونکێ، مینیمالیزیزم پەیوەندی بەوەوە هەیە چۆن دەنووسرێت، چۆن کار دەکرێت، دەتوانین بڵێین شێوازە.
بەڵام ئەبسوردیزم پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چێ دەوترێت واتە، ناوەڕۆک و فەلسەفەیە. ئەو پەیوەندییە تووند و تۆڵەی ئەبسورد و مینامالیزم کە پێکەوە گرێیان دەداتەوە ئەوەیە کە شانۆییەکی ئەبسورد ئەوەیە کە زۆر جار شانۆی ئەبسورد بە شێوازی مینیمالیستی نووسراوە. شێوازی نووسین مینیمالیستیە. بەڵام هەموو مینیمالیسمێک ئەبسورد نییە، و هەموو ئەبسوردێکیش پێویست ناکات مینیمالیستی بێت.

دەرئەنجام: شانۆی ژوور پێویستی بە زمانێکی کەم، قووڵیی دەروونی، و هەست وبێدەنگی هەیە، چونکە دراماکە لەسەر ڕازاندنەوەی ڕوکاری دەرەوە دانامەزرێت، بەڵکو لەسەر ژیانی ناوخۆی مرۆڤ و نزیکبوونی توندی نێوان ئەکتەر و بینەر دادەمەزرێت. مینیمالیسم شێوازێکە کە مرۆڤ ناچار دەکات بۆ وردبینی، بۆ گوێگرتن لە بێدەنگی و بۆ تێگەیشتن لە شتانی نەنوسراو و نەوتراو.
(١) تادێوس ڕۆزێڤیچ Tadeusz Różewicz (9211 ــ 2014) یەکێک بوو لە بەناوبانگترین شانۆنامەنووسانی سەدەی بیستەمی پۆڵەندا، بە زمانی مینیمالیستی، ئەدەبی بوونگەرایی دوای جەنگ ناسراوە، ئەزموونەکانی شەڕیش کاریگەرییان لەسەر تەواوی نووسینەکانی هەبووە. ئەو پێی وابوو زمان دوای جەنگ زیانێکی زۆری پێگەیشتووە و چیتر ناتوانێت هەڵگری ئایدیالی گەورە بێت
(٢) ئەوگوست ستریندبێرگ August Strindberg (1849–1912) لە سوید لەدایک بووە، یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین شانۆنووسانی ئەورووپای سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم. یەکێک لەو نووسەرانەیە کە بەردەوام شێوازی نووسینی خۆی دەگۆڕی، لە شاڵی ١٩٠٧ چوار تێکستی بۆ شانۆی ژوور نووسی لە ساڵانی ١٩٠٧ تا ١٩١٠ . پرسی مرۆڤ، پەیوەندی ژن و پیاوکێشە دەروونیاکان لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە.

زاهیر عەبەڕەش




ده‌رباره‌ی ڕێکخراوی “یه‌کێتیی بێکاران” (گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نه‌وزاد مه‌دحه‌ت (گۆران عه‌بدوڵا)

ئامادەکردنی: سالار ڕەشید

: ئەم گفتوگۆیە لە کتێبی
مێژوویه‌ک له ‌یاده‌وه‌ریدا (دیدار سه‌باره‌ت به‌ مێژووی چه‌پ و کۆمۆنیزمی نوێ له‌ کوردستاندا)
بڵاوکراوەتەوە ……

” یه‌کێتیی بێکاران لە کوردستان ” یه‌کێک بوو له‌و ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌رییانه‌ی ده‌یه‌ی نه‌وه‌تی سه‌ده‌ی ڕابردوو، که‌ به‌ ده‌سپێشکه‌ریی ئه‌فرادی کۆمۆنیستیی هاته‌ دامه‌زراندن و سه‌رباری هه‌ر که‌موکوڕییه‌ک که‌ هه‌یبووبێ، خاوه‌ن‌ کێش و قورساییه‌کی به‌رچاو بوو له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا و خاوه‌نی 20000 ئه‌ندام بوو. ئه‌م ڕێکخراوه‌ ته‌نانه‌ت له‌ هاوکێشه‌ی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانیشدا جێگای هه‌ڵوێسته‌ و له‌سه‌ر وه‌ستان بووه‌ و له‌ ئاستی باڵای ئه‌و حیزبانه‌دا قسه‌ و باس له‌سه‌ر چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵیدا و چۆنیه‌تی پیلان دانان له‌دژی بووه‌ به‌ مه‌سه‌له‌.
بۆ تاووتێکردنی ئه‌م ڕێکخراوه‌، گفتوگۆیه‌کی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ ڕابه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ “نه‌وزاد مه‌دحه‌ت” ساز ئه‌که‌ین.


پرسیار: له‌ چاوپێکه‌وتنی هاوڕێیانێکی ئاگادار له‌م ڕێکخراوه‌، باسی ئه‌وه‌ کراوه‌، که‌ ناوکی سەرەتایی “یه‌کێتیی بێکاران” لە شاری هەولێر له‌ یەکەمین کۆبوونەوە لە باخچەی گڵکەند لەڕۆژی 30. 06. 1992 دروست بووه‌، که‌ نزیکه‌ی 50 که‌سێک تێیدا به‌شدار بووه‌. واته‌، ئه‌و مێژووه‌ به‌ ڕۆژی دامه‌زراندنی ئه‌و ڕێکخراوه‌ ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی تۆ ئاگادار بیت، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ له‌ گڵکه‌ند بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و ڕێکخراوه‌ کۆ ببنه‌وه‌، بیرۆکه‌ی ئه‌م کاره‌ چۆن چه‌که‌ره‌ی کرد و کێ بوون ئه‌وانه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ی بۆ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ ئاگادار کرده‌وه‌؟

وه‌ڵام:

من بەدیاریکراوی نازانم پێش ٣٠/٦/١٩٩٢ چەند گروپ و کەسایەتی لەبارەی درووستکردنی وەها ڕێکخراوەیەک قسەیەکیان هەبووبێت یان لەو بارەوە کارێکیان ئەنجام دابێت.من بۆ خۆم لە ڕێی هاوڕێیەکەوە ئاگادارکرامەوە کەوا بڕیارە کۆبونەوەیەکی کراوە سەبارەت بە دیاردەی بێکاری ببەسترێت لە باخی گڵکەندی شاری هەولێر.
بەڵام دڵنیام لەوەی دروستکردنی هەر رێکخراوێک ، گروپێک، حزبێک یان هەر کارێکی تری بە کۆمەڵ، خەڵکانێک هەبوونە ئەگەر خاوەن بیرۆکەکەش نەبوبن، بەڵام سەرەتایەک بوونە بۆ گەیاندنی ئەو بیرۆکەیە، خەڵکیان کۆکردۆتەوە ، شوێنێکیان دیاری کردووەو…. تاد.
سەبارەت بە مێژووی ٣٠/٦ و کارەکانی پێش ئەو مێژووە، وەکوو کێشەیەک لە ئامادەکردنی یەکەمین ڕاپۆرتی یەکێتی بێکارانی هەولێر کە بۆ یەکەمین کۆبونەوەی گشتی ڕێکخراوەکە ١ ئامادەکرابوو . لەنووسینەوەی ئەو ڕاپۆرتەدا کاک عەبدوڵڵا سلێمان ئاماژەی بەوە دابوو کەوا ئەوو چەند کەسانێکیتر خاوەنی بیرۆکەی وەها رێکخراویك بوون.هەروەها ٢/٦/١٩٩٢ وەکوو دەستپێکی ئەو کارە نیشان کردبوو، بەڵام لیژەنی باڵای یەکێتی بێکاران بە زۆربەی دەنگ ٣٠/٦/١٩٩٢ بە رۆژی دامەزراندنی یەکێتی بێکارانی هەولێر دایە قەڵەم. بۆیە تەئکید لە پاشناوی هەولێر دەکەمەوە چوونکە تا ئەو کاتە هیچ ڕێکخراوێکی تری بێکاران لە کوردستان دروست نەبوبو. من بۆ خۆم بروام بەوە نییە قسەو کارە لاوەکییەکانی خۆمان بکەینە بار بەسەر شانی مێژووەوە، ئەکرێت هەموو کەسێک لەو بارەوە یادەوەری و کارەکانی خۆی بنوسێتەوە ، بەڵام ئەوانە نابنە مێژووی بزوتنەوەکە، چوونکە دڵنیام کاری ترو کەسانی تریش هەبوونە قسەیەک یان کارێکیان کردبێت لەو بارەوە.

پرسیار: یەکێتی بێکاران لە کوردستان کەی و چۆن پێکهات؟

وەڵام:

پاش درووست بوونی یەکێتی بێکارانی هەولێر، لە سلێمانیش هەوڵەکان بەردەوام بوون بۆ درووست بونی وەها ڕێکخراوێک، ئەوەبوو لە ٦/١١/١٩٩٢ بەیانی دروست بونی یەکێتی بێکارانی سلێمانی بڵاوکرایەوە. هەردوو یەکێتێکە پەیوەندی توندوو تۆڵ و بەردەوام لە نێوانماندا هەبوو.
پاش گەشتن بەو بروایەی کە دەبێت هەردوو یەکێتێکە لە ڕێکخراوێکی سەرتاسەری رێکبخرێت، لیژنەی باڵای یەکێتی بێکارانی سلێمانی کە پێک هاتبوون لەم بەڕێزانە ( حاجی ئەنوەر، ئەنوەرساڵح ، ئەکرەم چاوشین،وەستا سابیر و دیدار) سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ لیژنەی باڵای یەکێتی بێکارانی هەولێر کۆبونەوە کە پێکهاتبوون لەم کەسانە( جەمال چاوشین، عەبدوڵڵا سلێمان، عەبدولرەحمان مەولود، گۆران عەبدوڵڵا ،وەستا محەمەد،سالار سۆفی،سیروان عەلی،یوسف بەکر، جاسم محەمەد) پاش سێ ڕۆژ لە گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزم و چۆنیەتی سەرتاسەری بونەوەی رێکخراوەکەو کارەکانی، ئەوەبوو لە ٦/١/١٩٩٣ بە هەڵبژاردنی ٩ ئەندام بۆ لیژنەی باڵا، یەکێتی بێکاران لە کوردستان پێکهات و لە ١٠/١/١٩٩٣ راگەیاندنەکە بڵاو کرایەوە.

پرسیار: ئه‌وه‌نده‌ی‌ من بزانم، بنیاتنانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ نه‌خشه‌ و پرۆژه‌ی هیچ سازمان گرووهێکی چه‌پ و کۆمۆنیستی ئه‌و ده‌مه‌ نه‌بوو، به‌ڵام دواتر هه‌ر یه‌که‌ له‌وانه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو، که‌ نفووزی خۆی له‌نێویدا په‌ره‌ پێ بدات و به‌جۆرێک کاریگه‌ریی له‌سه‌ر دابنێ که‌ خۆی مه‌به‌ستێتی. ڕا و بۆچوونی تۆ له‌م ڕووه‌ چییه‌؟

وه‌ڵام:
گروپ و ڕێکخراوە چەپەکان وەکوو ڕێکخراو لە سەیرکرێک زیاتر نەبوون لە سەرەتادا، وەخاوەنی هێچ پرۆژەو پلانێکیش نەبوون لەو بارەوە، تەنانەت هەندێک لە کەسایەتییە باڵاکانی ئەو گروپانە پێیان وابوو ئەوەی دەکرێت هێزوکات بە فیرۆ دانە، چونکە کەسی بێکار بەو پێیەی خاوەنی کارێک نییەو کەوتۆتە دەرەوەی پرۆسەکانی بەرهەمهێنانەوە بۆیە هێزێکی بێکاریگەر و پرشو بڵاون لە کۆمەڵگەدا.
وەکوو تاکی سەربەخۆ لەهەموو گروپە چەپو کۆمۆنیستێکان بەشادارییان هەبوو. بەتایبەت رەوتی کۆمۆنیست کەلەو سەردەمەدا خاوەنی تەشکیلاتی عەلەنی خۆی بوو. ئەو کاتەی رێکخراوەکە گەشەی کردوو بوبەهێزێکی دیارو بەرچاو لە کوردستاندا، ئیتر بوبە جێگای ساغکردنەوەی هەموو ئەو تیۆرو قسەو باسانەی کە ساڵانێک بوو کرابوون، یان لە کتێبەکان خوێندرابوونەوە، ئەوە سەرباری گواستنەوەی مەحفەلیزم بۆ ناو رێکخراوەکە. بە کورتێکەی بووبە حەقلی تەجروبەی بێ تەجروبەکان.

پرسیار: ڕایه‌ک هه‌یه‌، پێی وایه‌، هاتنه‌کایه‌وه‌ی ئه‌م ڕێکخراوه‌ به‌رهه‌می بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی کرێکارانی بێکار نه‌بووه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ سه‌ره‌نجام به‌وه‌ بگات، که‌ ‌ پێکهێنانی ئه‌م ڕێکخراوه‌ زه‌مینه‌ی بابه‌تیی نه‌بووه‌! ئایا تۆش هه‌مان بۆچوونت هه‌یه‌، وه‌یان پێت وایه‌ زه‌مینه‌ی بابه‌تیی بۆ په‌یدابوونی ئه‌و ڕێکخراوه‌ له‌ ئارادا بووه‌ و ئه‌وه‌ ئه‌سڵه‌ که‌ کێشه‌یه‌ک له‌ئارادا بووه‌ یان نا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و کێشه‌یه‌ نه‌گه‌ییشتبێته‌ ئاستی بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌رچاو و هه‌ستپێکراویش؟

وه‌ڵام:
ئەوە ڕاستە یەکێتی بێکاران لە ئەنجامی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بێکارییەوە کە خاوەنی دەیان خۆپیشاندان ونارەزایەتی جۆراو جۆر بوبێت نەهاتە بوون، بەڵام بە دڵنیایەوە ئەوە دەڵێم دروسترین و جوانترین بریارێک کە مارکسیستە نوێیەکانی کوردستان دابێتیان لە پەیوەند بە زیندوترین و بەرچاوترین کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە، دوو بریار بووە کە بە کرداریش چوونە پشتی، یەک کێشەی کوشتنی بەلێشاوی ژنان بوو، دوو کێشەی بێکاریبوو . دەکرێت وەک دوو خاڵی پرشنگدار لە مێژووی مارکسێکانی کوردستان تۆماربکرێت.
بێکاری تا ئەوپەری دڵرەقی خۆی دەستی نابووە بیناقاقای زۆربەی خەڵکی کوردستان. کۆمەڵگە هەمووی بەسەریەکدا کەوتبوو، نەک هەر کارگەکان، زۆربەی دام و دەزگا خزمەتگوزارێکان یان داخرابوون یان بە چوار پێنج مانگ جارێک مووچە دەدرایە کارمەندەکانی. دەسەڵاتی کوردی نەک هەر خەریکی چارەسەرکردنی ئەو ئەزمە قوڵە نەبوو، بەڵکوو بەشێک بوو لە قوڵکردنەوەی ،چ بە ئاودیووکردنی کارگەو ئامێرەکان، چ بەتاڵانبردنی سەروەتو سامانی گشتی بۆ پرکردنی گیرفانی بەرپرسەکان و چەکدارکردنی حزبەکانیان.

ئەگەر ئەم لەشکرە لە بێکاران خۆی رێک نەخستبوو یان پەرچەکرداری بە کۆمەڵی نەبوو، دەبێت ئەوەمان لەبەر چاوبێت کە دەیەی هەفتاو هەشتاکان لە عێراقدا نەک هەر سرینەوەی شێوەکانی رێکخراوبوون بوو لە دەرەوەی دەسەڵات، بەڵکو سرینەوەشی بوو لە عەقڵیەتی بەشرەکان. بارودۆخێک سیاسەتی بەعس خوڵقاندبووی لە نێو خەڵکدا کە هەمیشە وەک و تاک بیر لە چارەسەرو وەڵام بە کێشەکان دەکرایەوە. یەکێتی بێکاران سەرباری ئەوەی هەوڵی خۆی خستبووەگر بۆ چارەسەرکردنی ژیانی بێکاران ، لە لایەکیتریشەوە دەیویست ئەو ئەقڵیەتی نارێکخراوبونە تێک بشکێنێت و وەسیلەیەکی نوێی خەباتکردن بخاتە بەردەستی کۆمەڵگەی کوردستان. هیچ کەسانێکی ئازادیخوازو مرۆڤ دۆست ناتوانێ بێدەنگ و دەستەوەستان دابنیشیت لە بەرانبەر مەرگی لەسەرخۆی کۆمەڵگەکەی. ئێمەش لەو بەرەیەبووین کە نەمانتوانی بێدەنگبین.

پرسیار: ئه‌گه‌ر ئامانجی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌م ڕێکخراوه‌ بریتی بووبێت له‌: “کار یان بیمه‌ی بێکاری”، ئایا له‌و بار و دۆخه‌دا که‌ حکوومه‌تی به‌عس له‌ کوردستان پاشه‌کشه‌ی کردبوو، کارگا و کارخانه‌کان له‌کار که‌وتبوون، کوردستان دوو جار له‌ژێر گه‌مارۆی ئابووریدا بوو، ده‌سه‌ڵاتێکی دواکه‌وتوو، یانی، به‌ره‌ی کوردستانی ژێرخانی کوردستانی تاڵان و ئاودیو ئه‌کرد… چه‌ند زه‌مینه‌ی گونجاو و له‌بار بۆ ئه‌و ئامانجه‌ فه‌راهه‌م بوو؟ پاشان ده‌پرسم: ئه‌م ڕێکخراوه‌ توانی کارێک بۆ کرێکارانی بێکار بکات؟

وه‌ڵام:
کاری گونجاو یان بیمەی بێکاری زۆرتر وەک دروشمێکی ستراتیژیانەی بێکاران نمایش دەکرا ، کەئەوە خواستی هەموو کۆمەڵگەیەکی تەندروستە. یەکێتی بێکاران کاری خۆی لە چوار چێوەی ئەو دروشمە قەتیس نەکردبووەوە. ئێمە بۆ کەمترین دەسکەوت بۆ بێکاران دەرگای زۆرێک لەو ڕێکخراوە خێرخوازیانەی دەهاتنە کوردستان دەکوتا، کەم تا زۆرێک دەستکەوتمان هەبوو بۆ خەڵکی بێکار. بەڵام لە بەرانبەر ئەو هەموو خەڵکەی خۆی ناونوس کردبوو وە چاوەروا نیان هەبوو، دەتوانین بڵێین دەستکەوتەکان هیچ نەبوون.
ئێمە بۆ بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بێکار لە ١٩/٦/١٩٩٣ بریاری خۆپیشاندانمان دا لەسلێمانی وە لە هەولێریش بەڕێخستنی کۆبونەوەی نارەزایەتی.

ئەو بانگەوازەمان تەواو دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی سەغڵەت کردبوو، هەواڵی خۆپیشاندانەکەمان بە شێوەیەک دەنگی دابووەوە ،ڕۆژنامەی عراق لە ژمارە ٥٢٦٣ لە ١٨/٦ بە سەردێرێکی دیار نووسیبوی (سبەی یەکێتی بێکاران دژ بە پارتە بە کرێگیراوەکانی ئەمریکا لە کوردستان خۆپیشاندان دەکات) . لە سلێمانی لە رۆژەکانی ١٦ و ١٧/٦ دانیشتن لەگەڵ مەڵبەندی یەکێتی و بەرەی کوردستانی و پارێزگاری سلێمانی كاک جەمال عەبدول کرا ، مەڵبەند رایگەیاند کە مل بە داواکاری بێکاران نادات، سەرباری فشارێکی زۆر بۆ سەر ئەندامانی بێکاران ، دەستەیەک لە هاورێیانی لیژنەی باڵایان پاش دەرچونیان لای پارێزگاری سلێمانیەوە رفاندبوو،پاش ئەوەی ئاگادار کرابوونەوە کەوا خۆپیشاندانەکە ناکرێت ،لە پاش چەند کاتژمێرێک لە گلدانەوە ئازادکرابوون.

لە هەولێریش دەزگای ئاسایش تەواوی شاری چنیبوو چەندین ئەندامی یەکێتێکەمان لە کاتی بڵاوبوونەوەی بەیانامەدا لە لایەن ئاسایشەوە دەسگیرکرابوون،لە دانیشتنمان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر(کاک عەبدولموهەیمەن بارزانی) من و کاک عەبدولرەحمان وەکوو لیژنەی سەرپەریشتکەر ، پاش ٢ سەعات لە گفتوو گۆو بەڵیندان لەلایەن پارێزگارەوە، بەوەی ئەگەر گەنم مایەوە لە پاش ئەو ناوانەی کە مەجلیسی وزەرا رەوانی کردووە ئەوە بەڵێن بێت لە (١ – ٧٠٠٠) بەش بیدەم بە بێکاران، تەنانەت لە قسەکانیدا چەندین جار تەئکیدی دەکردەوە کەوا درۆ ناکات. دیارە ئامادەییەکی باش هەبوو بۆ خۆپیشاندان، بەڵام بە هۆی ئاڵۆزی بارو دۆخەکەوە لە دانیشتنێکدا بە ئامادە بوونی ئەم هاورێیانە ( شاپور عەبدولقادر ، قابیل عادل ، سیروان عەلی، د.ئەمین ، سەردار حەمید، عەبدوڵڵا سلێمان، عەبدولرەحمان مەولود و من )بریاری دواخستنی خۆپیشاندانەکەمان دا،دیارە پێش ئێمە هاورێیانمان لە شاری سلێمانی ئەو بریارەیان دابوو. رۆژی ١٩/٦ کۆمەڵێکی بەرچاو لەو بێکارانەی ئاگاداری دواخستنی خۆپیشاندانەکە نەبوبون لای بنکەی بێکاران ئامادە ببون.

لە درێژەی هەوڵدانمان بۆ چارەسەری کێشەی بێکاری و رێگرییەکانی حکومەتی هەرێم لە پێش رێکخراوەکەمان، لیژنەیەکی سێ کەسی کە پێکهاتبوو لە ( جەمال چاوشین ، عەبدولرەحمان و من ) دانیشتنێکمان لەگەڵ کاک کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ٢٣/٧/١٩٩٣ ئەنجام دا ، لەو دانیشتنەدا سێ داواکاریمان خستە بەردەستی کاک کۆسرەت ١- وەزیری ناوخۆ کاک (یونس مەولود ڕۆژ بەیانی) مۆڵەتی هۆڵ گرتنی پێنەدەداین بۆ یادکردنەوەی یەکەمین ساڵ ڕۆژی یەکێتی بێکاران . سەبارەت بە خاڵی یەکەم، راستەو خۆ لەبەرچاوی ئێمەدا تەلەفۆنی بۆ کاک یونس کردو مۆڵەتی هۆڵەکەی بۆ وەرگرتین. خاڵی دووەم پەیوەست بوو بە قانونی جەمعیاتەوە کە پەیوەند بو بە مۆڵەتپێدانی کاری رۆژنامەو رێکخراوەکانەوە . بۆ ئەو خاڵەش دوو هەزار دیناری پێداین بۆ وەرگرتنی مۆڵەت بۆ رۆژنامەی دەنگی بێکاران . خاڵی سێیەم کێشەی کار پەیداکردن بوو بۆ بێکاران . سەبارەت بەم خاڵە بەڵێنی گەرانەوەی(٢٣٣) کرێکاری پێداین بۆ سەرکارەکانیان کە لەسەردەمی بەعس بە بیانۆی جۆراو جۆر لەسەر کارەکانیان دوورخرابونەوە ،وە دامەزراندنی ٣٠ بێکار.( بەڵام ئەم بەڵێنانە هەر لە خانەی بەڵێن مانەوە و نە چوونە خانەی کردارەوە). هەروەها داوای ئەوەی لێکردین کەوا پێشنیاری خۆمان لە مەر کێشەی بێکارییەوە پێشکەشبکەین، ئەوەبوو لە ١/٩/١٩٩٣ عەبدولرەحمان مەولود و من یاداشتنامەیەکان ئامادەکردو لە دانیشتنێکدا بە بەشداری هاورێیانی سلێمانی (کاژاو جەمال و فەرەیدون حەمە ساڵح) پێشکەشی کاک “کۆسرەت ڕەسوڵ”مان کرد. دیارە زۆری پێباشبوو وە بەڵێنی ئەوەی دا کەوا بیخاتە بەردەستی مەجلیسی وزەرا. بەڵام ئێستاشی لەگەڵدابێت هەواڵێکمان لەو یاداشتە نەبیستەوە. ئەم کارانەو چەندین پرۆژەی ترمان خستە بەر دەستی نەک هەر دەسەڵاتدارانی کوردستان ، بەڵکوو ئەو ڕێکخراوە خێر خوازییانەی کە لە کوردستان کاریان دەکرد. بەڵام ئەنجامەکەی وەڵام نەدانەوەو خۆ دزینەوەبوو لە داخوازێکانمان.

پرسیار: زۆر جار ڕه‌خنه‌ له‌ سازمان و گرووهه‌کان، پاشانیش له‌ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق ئه‌گیرێ، که‌ ده‌خاڵه‌تیان له‌ کاروباری ئه‌م ڕێکخراوه‌دا کردووه‌! به‌ بڕوای تۆ، سازمان و حیزبه‌کان مافی ده‌خاڵه‌تکردنیان نییه‌؟ ئه‌گه‌ر نییانه‌، بۆچی؟ ئه‌گه‌ر هه‌یانه‌، چۆن؟

وه‌ڵام:
وشەی دەخاڵەت خۆی لە خۆیدا مانای هێز دەبەخشێت، یان بە مانایەکیتر هەست بە وجودی هێز دەکەیت لە پشتیەوە و خۆشت لێدەبێتە ژمارەیەکی بێحیساب. ئەوە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانە بە مافی خۆیانی دەزانن کەی و چۆن بیانەوێ دەخاڵەت لە وردو درشتی کۆمەڵگە بکەن. هەرچی شتە بە عەقڵی بەشەرەکانیشەوە لە دەرەوەی دەستێوەردانی ئەوان نییە ،دیارە ئەوکارەش لە ژێر ناوی جۆراو جۆردا ئەنجام دەدەن، کۆتایەکەشی بە رۆبۆتکردنی کۆمەڵگەیە لە خزمەت ستراتیژییەکی تایبەتدا.
من بروام بە هیچ شێوەیەک لە دەخاڵەتکردن نییە ، ئەوەش نەک هەر بۆ ئەحزاب و گروپەکان ، تەنانەت بۆ دەوڵەتیش. لەهەر وڵاتێکدا کە پابەندی بنەماکانی دیموکراسیبێت ڕێ بە خۆی نادات دەخاڵەتی کاری رێکخراوەکان بکات،تەنها ئەو رێکخراوانەی کە بودجە لە دەوڵەت وەردەگرن ، دەوڵەت بۆی هەیە تەنها داوای لیستی ئەو کارانەی کە ئەنجام دروان لەگەڵ چۆنیەتی سەرفکردنی بودجەکە. بۆی نییە ئۆرگان دروست بکات و ئۆرگان هەڵبووەشێنێتەوە.

من کە رێکخراوەیەکی سەربەخۆم بۆ هیچ لایەنێک نە رەوایە و نە مافی ئەوەشی هەیە دەخاڵەت لە کارەکانمان بکات. ئەگەر خۆیان بە هاوخەبات و هاوبیر دەزانن، یان هەر نزیکایەتییەکی تری هەیە، دەتوانێت بە شێوەیەکی رەسمی و لە کەناڵەرەسمێکانی خۆیەوە کۆمەک بکات یان پێشنیارو بۆچوونەکانی خۆی بگەیەنێت. نەوەکوو بێتە ناو رێکخراوەکەت و لەژێر پەردەی یارییە دیموکراسێکاندا نەیارە فیکرییەکانی خۆی وەلابنێت. ئەگەر نا ئەوا ئەم رێکخراوە قەتیس دەمێنێتەوە لە نێوان کۆمەڵێ خەڵکی تایبەت و هاوفکردا، لە کۆتایشدا بە گوێرەی گەورەو بچوکبونەوەی گروپ و سازمانە سیاسێکە ئەمیش گەورەو بچوک دەبێتەوە ، واتە ئەو ئامانجەی بۆی دروست بووە لە بنەرەتدا ، لەدەستی دەدات.

پرسیار: زۆر جار باسی سه‌ربه‌خۆبوونی ڕێکخراوێک ئه‌کرێت، به‌ باوه‌ڕی تۆ سه‌ربه‌خۆبوونی ڕێکخراوێک ده‌بێ چۆن بێت؟ ئایا ده‌کرێ بڵێین، “یه‌کێتیی بێکاران” ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ بوو؟

وه‌ڵام:
پێم وایە وەڵامی بەشی یەکمی ئەم پرسیارەم لە وەڵامی پرسیاری پێشوتردا داوەتەوە. بەڵام بۆ وەڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکە دەڵێم ، یەکێتی بێکاران رێکخراوێکی سەربەخۆبوو لە دەسەڵات و پاشکۆی هیچ حزبێکی سیاسی نەبوو بە شێوەیەکی فەرمی. بەڵام بەو پێیەی کە زۆربەی هەڵسوراوەکانی کەسانی مارکسی و چەپ بوون بۆیە هەر زوو دەسەڵات و کۆمەڵگە ئێمەیان بە بەشێک لە رەوتی کۆمۆنیست و پاشان حککع دایە قەڵەم. دیارە دەسەڵات بە مەبەستەوە ئەو کارەی دەکرد، ئەوەش بە مەبەستی دابرانمان لە کۆمەڵگە. ئێمە سەربەخۆبوونی خۆمان لە هەموو دەزگایەک پاراستبوو بەڵام نەمانتووانی سەربەخۆیبوونی خۆمان لە دەخاڵەتەکانی حککع بە شێوەیەکی ئسوڵی بپارێزین. دیارەئەو بۆچونەی کە لەپشت دەخاڵەتکردنی کادرەکانی حککع وەستابوو دوو خاڵ بوو:
١- ئەم حزبە خۆی بە حزبی کرێکاران دەزانی، هەر بۆیە حەقی مامۆستایی بوونی خۆی بەسەر هەموو تەیفەکانی تری کۆمەڵگەدا بە رەوا دەزانی.
٢- ئەو تەسەورەی کە پێی وابوو رێکخراوە کرێکارێکان لە دەسەڵاتی بۆرژوازی سەربەخۆن نەک لە ئەحزابی کرێکاری.
لە سۆنگەی ئەو خاڵانەوە رەوایەتی بە خۆی دابوو دەخاڵەت لە وردو درشتی کارەکانمان بکات، هەر لە دروستکردنی ئۆرگانەکانمانەوە تا دەگاتە هەڵبژاردنەکان و گێرانی مەراسیمەکان.
دیارە لەلایەکی تریشەوە خودی کەسە ناسراوەکانی رێکخراوەکەمان زمانی نووسین و وتاردانمان هیچ جیاوازییەکی نەبوو لەگەڵ وتارە سیاسییەکانی حککع.
ئەم بەد حاڵیبوونە لە سەربەخۆبوون و پایەکانی کاری رێکخراوەی جەماوەری ،لەو لاشەوە بەربەست و پلانەکانی دەسەڵات لەبەرانبەرمان و وەڵام نەدانەوە بە داخوازێکانمان، کێشەکانی ناو رێکخراوەکەی گەورەتکردەوە، تاگەیاندی بە دوولەت کردنی یەکێتی بێکارانی سلێمانی.

پرسیار: ئه‌گه‌ر کرێکارێکی بێکاری کارا و دڵسۆز، ئه‌گه‌ر بهاتبایه‌ کۆمۆنیست یان سه‌ر به‌ یه‌کێک له‌ سازمانه‌ کۆمۆنیستییه‌کانی ئه‌و ده‌مه‌ نه‌بووایه‌، نه‌خشه‌ی‌ له‌ پشته‌وه‌ بۆ دانراو بۆئه‌وه‌ی ده‌نگ نه‌هێنێ و نه‌توانێت بچێته‌ ڕابه‌رایه‌تیی ئه‌و ڕێکخراوه‌وه‌، ساز ئه‌کرا؟

وه‌ڵام:
لە هەولێر هیچ کەیسێکی لەو بابەتەمان بۆ نەهاتە پێش، کەس هەبوو هیچ پەیوەندییەکی بە دونیای کۆمۆنیستییەوە نەبوو کەچی ئەندامی لیژنەی باڵا بوو.

پرسیار: گۆڤار و بڵاوکراوه‌کانی “یه‌کێتیی بێکاران” چی بوون؟ چه‌ند ژماره‌ی لێ ده‌رچوو؟ نووسه‌رانی کێ بوون؟ باسه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی چی بوون؟ چۆن ده‌نووسرانه‌وه‌، به‌ده‌ست یان به‌ چاپ؟ تیراژیان چه‌ند بوو؟ شێوازی بڵاوکردنه‌وه‌یان چۆن بوو؟ ئایا ئه‌وانه‌ شتێکی وه‌ک ئه‌رشیف لێ ماوه‌ته‌وه‌؟

وه‌ڵام:
یەکێتی بێکارانی هەولێر رۆژنامەیەکی مانگانەی هەبوو بەناوی دەنگی بێکاران، یەکەمین ژمارەی لە ئابی ١٩٩٢ بڵاو کرایەوە و لە ژمارە ٧ وە بو بە زمان حاڵی یەکێتی بێکاران لە کوردستان ، ١٨ ژمارەی لێدەرچوو لەگەڵ چەند پاشکۆیەک. دەستەی نووسەرانی لەسەرەتادا ئەم کەسانە بوون ( جەمال چاوشین، عەبدوڵڵا سلێمان، عەبدولرەحمان مەولود ، جاسم محەمەد و من) . پاش سەرتاسەریبوونەوە هاورێیانی سلێمانیش بەشداربوون لەو هاورێیانەی کە لەیادمدا ماون فەرهاد فەرەج ، ئازاد، سەلام مارف و چەندان هاورێی تر ، بەڵام زیاتر وەک نووسین. تایپکردنی هەموو ژمارەکان لەسەر شانی من بوو. وەکوو نووسین زۆربەی هەڵسوراوانی بێکاران بەشدار دەبوون لە نووسین و دارشتنی هەواڵدا، دەکرێت لەو بارەوە بۆ زانیاری زیاتر بگەرێینەوە بۆ ژمارەکانی دەنگی بێکاران.

بەرەو ئایار:
بەناوی کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایارەوە دەرمان دەکرد. لە ١٤/٤/١٩٩٣ یەکەمین ژمارەی دەرچوو، پاشان چەند ژمارەیەکی تریشی بەدوادا هات . دەستەی بەرێوەبردنەکەی پێکهاتبوو لەم کەسانە: ( یوسف ، سەڵاح ، گۆران). لە نیسانی ١٩٩٤ بەهەمان شێوەی ساڵی رابردوو بەرەو ئایارمان دەرکرد، دەستەی بەرێوەبردنەکەی پێکهاتبوو لەم کەسانە:(عەبدولرەحمان ، سەردار،گۆران).

هەواڵنامەی خۆپیشاندان:
لەلایەن یەکێتی بێکارانی سلێمانییەوە دەردەکرا، تایبەت بوو بە خۆپیشاندانی ١٩/٦ کە بریاربوو بکرێت. دڵنیا نیم چەند ژمارەی لێدەرچوو ،بەڵام یەکەمین ژمارەی لە ٢١/٦/١٩٩٣ بڵاوکرایەوە. نووسەرەکانی (سەڵاح، ئەنوەر، کاژاو، عەبدولرەحمان) دەستەی بەرێوەبردنی دیاری نەکرابوو.

ڕێگای کرێکاران:

زمانحاڵی (یەکێتی کرێکاران لە کوردستان”فدراسیۆن”) بوو، ئەم رێکخراوە لە ٨/٧/١٩٩٤ لەئەنجامی یەکگرتنی چەند رێکخراوەیەکی تری کرێکاران لەگەڵ یەکێتی بێکاران، ئەم رێکخراوەیە پێکهات. ژمارە ١-٢ی رێگای کرێکاران لە نۆڤەمبەری ١٩٩٤ بڵاو کرایەوە، بەو پێیەی ناوی دەستەی نووسەران نەنوسراوە دڵنیا نیم لەوەی دەستەی نووسەرانەکەی لە کێ پێکهاتبوو، بەڵام سەرنووسەرەکەی کاک عەبدولرەحمان مەولود بوو.

پرسیار: لایه‌نه‌ به‌هێز و لاوازه‌کانی په‌یوه‌ندییه‌کانی‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، حیزبه‌کان و ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان چی بوون؟

وه‌ڵام:
لە هاوکێشە سیاسییەکاندا ئەگەرخاوەن هێزبیت، لایەنی بەرانبەر ئامادەی دانیشتن و گفتوگۆکردنی هەیە لەگەڵت. کە هێزت نەبوو دەبێت ئاستێکی باڵا لە دبلۆماسیەت لە خۆت پیشان بدەیت. ئەو کاتەی هێزمان روولەسەر بوو کۆمەڵێ دەرگا بەروماندا کرابوونەوە،چ وەک دەسەڵات ، یان حیزبە نزیکەکانی بە دەسەڵات. ئێستاش لەو بروایەدام دەکرا سودی زیاتر لەو پەیوەندیانە وەربگرین، بەڵام بەو زمان و دونیابینیەیی هەمان بوو، زۆر زوو وامان کرد دەرگاکان دابخرێن بەرووماندا، بەشێک لە کێشەکانمان ئەوە بووە نە جێگاو و رێگای خۆمان دەزانی لە نێوەندی سیاسی، نە زمانی گفتوو گۆو سیاسەتکردنمان گۆرانی بەسەردا دەهات،ئەوەندەی ببوینە کۆیلەی موفرەداتە سیاسێکان ئەوەندە زمانمان نەکردبووە ئامرازێک بۆ چوونە پێشەوەی کارەکانمان.سەبارەت بە ریکخراوە جەماوەرێکانیش بە شێوەیەکی گشتی پەوەندێکانمان باش بوو، بە تایبەتی کۆمەڵەی ئاوارەکانی کورستان لە هەولێر کە لەسەر دەستی هاورێیان شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل تەیب ٢ و شوان داودی لە ساڵی ١٩٩١ دامەزرا. ئەم هاورێیانە دەورو نەخشێکی زۆریان هەبوو لە ناساندنی رێکخراوەکەمان بە خەڵکانی ئاوارەو دەوڵەمەندکردنمان بە دەرس و تەجرەبەکانی خۆیان سەبارەت بە کاری رێخراوەی جەماوەری. دەتوانین بڵێین کۆمەڵەی ئاوارەکان یەکەمین رێکخراوەی جەماوەری سەربخۆ بوو لە کوردستان درووست بوو.

پرسیار: شه‌ڕی ناوخۆ بۆ بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌کان خێری دایه‌وه‌، ئه‌ی بۆ “یه‌کێتیی بێکاران” چۆن بوو؟

وه‌ڵام:
شەڕ گەرانەوەی کۆمەڵگەیە بۆ خاڵی سفر، دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بەسەر بەرەکانی خێر و شەردا. لە شەڕدا بەشەرەکان حەوسەڵەی گوێگرتنیان نییە، تورەو خۆپەرست دەبن ، عەدالەت و عەدالەت خوازی دەبێتە مەقوەلەیەکی سواو بێناوەرۆک. دوو شت دەتوانێت لەو سەردەمەدا جێگاو ڕێگات پتەوبکات لە ناو کۆمەڵگەدا ،ئەویش چەک و پارەیە. ئێمە هیچ یەک لەوانەمان نەبوو. سەروەتی ئێمە قسەکردن و ئەو ئۆتۆریتەیە بوو کە لە ئاکامی کارەکانمانەوە لە کۆمەڵگە پەیدامان کردبوو. خێر بۆ ئێمە ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی خەڵک بوو، رۆشنە لە شەردا ئەوانە نەک هەر لەدەست دەچن ، بەڵکوو بە چەند فرسەخیش کۆمەڵگە لەو ئاسۆیە دوور دەکەوێتەوە.

ئێمە لەکاتی شەڕی ناوخۆدا سەرباری لە دژ وەستانەوەی ئەو شەڕە بە نووسین و کۆرو کۆبوونەوەکانمان ، بە بەشداری لەگەڵ کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، پارتی کاری سەربەخۆ، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و رێکخراوەی تێکۆشان ، دوو خۆپیشاندانی شکۆدارمان دژ بە شەری ناوخۆ بەرپا کرد لە شاری هەولێر .لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەکە ،زیاتر لە پێنج هەزار خەڵک ئامادەبوون و بە شێوەکی زۆر مۆدێرنانە لای بنکەی بێکارانەوە دەستی پێکرد و بەناو بازاری شێخ ئەڵڵادا تێپەری و لای کۆتری سەلام وەستا، بریار بوو هەر لەوێدا نوێنەری لایەنەکان قسە بۆ خۆپیشاندەران بکەن. پاش خوێندنەوەی ناوی لایەنەکانی بەشداربوو لە خۆپیشاندانەکە لە لایەن لیژنەی بەرێوەبردنی خۆپیشاندانەکە، لە پڕ خۆپیشاندەران درایە بەر دەستڕێژی گولەی بیکەیسی و هەر لەوێدا دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی (خالد خەلیل حەمەد ئەمین و حەمید حوسێن) گیانیان لە دەستدا و ( رەفعەت ساڵح ، خزر سۆفی مامەند ، جەوهەر ئەنوەر عەبدولجەبار، عومەر قاسم قادر ، مەعروف سوارە مەولود و جەوهەر جەعفەر حوسێن) بە توندی بریندار بوون. بۆ مێژوش ئەوە دەڵێم هەر لەو کاتەدا کە خۆپیشاندەران خەڵتانی خوێن کرابوون ، رادیۆی حزبی شوعی لە هەولێر و لەسەر زمانی کاک کەریم ئەحمەدەوە خۆپیشاندەرانیان بە ئاژاوەگێڕ لە قەڵەم دا.

پرسیار: له‌ناوچه‌ی بادینان نه‌تان توانی کارێکی ئه‌وتۆ بکه‌ن! هۆکاره‌که‌ی چی بوو؟

وه‌ڵام:
بادینان بۆتە حەسارەکەی شێرزاد حەسەن و پارتیش دەوری باوکەکە دەگێڕێت ، وەک چۆن لە شوێنێکی ئەو رۆمانەدا باوک دەڵێت (گوێ بگرن… بۆ دوا جار… لێره‌ له‌م حه‌ساره‌ی من، نه‌ کوڕ ژن دێنێ و نه‌ کچ ده‌توانێ شوو بکا، ئه‌وه‌ی خۆی به‌ کچی من داده‌نێ ده‌بێ له‌نێو تاریکی ژووره‌که‌شی دا حورمه‌تی خۆی و من و ئه‌م حه‌ساره‌ رابگرێت… )٣ نە ئەوانەی پێش ئێمە توانیان کارێک لە دەرەوەی بەرژەوەندێکانی پارتی بکەن لە ناوچەی بادینان، وە نە ئەوانەی دوای ئێمە. پاش هەوڵ و تێکۆشانەکانی هاورێ ” نەزیر عومەر”و کۆمەڵی هەڵسوراوی تر لە دەڤەری بادینان بۆ دروستکرندی رێکخراوەیەک بۆ بێکاران ،توانرا لەو بارەوە بەیاننامەیەک دەربکەن بە ناوی ” لیژنەی کاتی یەکێتی بێکارانی دهۆک” لە ٢٢/٥/١٩٩٣(بەیاننامەکە بە زمانی عەرەبی بوو). ئەوە بوو پاش ماوەیەکی کورت و لە ٢٥/٨/١٩٩٣ هاورێ نەزیر دەرفێندرێ و لە ٢٨/٨/١٩٩٣ تەرمەکەی لەسەر ڕێی سمێڵ زاخۆ دەدۆزرێتەوە. بۆیە هیچ کارێکمان لەو بارەوە نەچووە پێشەوە لەو ناوچەیە.

پرسیار: ئه‌و ده‌مه‌ “یه‌کێتیی بێکاران” له‌گه‌ڵ مام جه‌لال کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان ساز کرد، ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر داوای کێ بوو؟ له‌لایه‌ن “ی. ب” کێ بوون ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان تێدا کرد؟ ئایا به‌شدارییه‌که‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ڕابه‌رایه‌تیی ئه‌م ڕێکخراوه‌ بوو؟ باسه‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ چی بوون؟

وه‌ڵام:
یەکێتی بێکاران لە هەوڵی بەردەوامی خۆیدا بۆ لابردنی تەنگەژەکانی پێش کاری ڕێکخراوەکە و چاککردن و باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی بێکاران، هەوڵی جۆراو جۆرمان دەخستە گر لەو بارەوە. ئێمە نامەمان بۆ زۆربەی کەسایەتی و حزبە سیاسێکان رەوان کرد، وە زۆرێکیش لەو لایەنانە لە ئاستی باڵادا دانیشتنیان لەگەڵ کردین.یەکێتی نیشتمانی پێش ئەو دانیشتنەی مام جەلال ئێمە چەندین دانیشتنی ترمان لە ئاستە جۆراو جۆرەکاندا کردبوو لەگەڵیان. لەوەڵام بە نامەکەماندا مام جەلال وەڵامی داینەوەو خۆی کاتێکی بۆ دیاریکردین. ئەم هاورێیانە بەشداربوون لە دانیشتنەکەدا( حاجی ئەنوەر، عەبدولرەحمان مەولود، ئەکرەم چاوشین، کاژاو جەمال و فەرەیدون حەمە ساڵح) قسەکانی مام جەلال بە شێوەیەکی تووند و یەکلایەنە لەسەر سەربەخۆبوونی یەکێتی بێکاران ببوو، ئەو پێیوابوو کە ئەم رێکخراوە سەبەخۆ نییەوە سەربە کۆمۆنیزمی کرێکارییە. لە قسەیەکیدا وتبووی ئەگەر ئێوە سەربەخۆبن من ئامادەم کۆمەکتان بکەم تا ئەوەی چەکیشتان بدەمێ. لای هاورێیانی ئێمەوە زیاتر هەوڵدرابوو دۆخی قسەو باسەکان بەلای بارو گوزەرانی بێکاراندا بروات، بەڵام مام جەلال کەمتر دەرفەتی بە هاورێیانی ئێمە دابوو بۆ قسەکردن.

پرسیار: سه‌ره‌نجام ئه‌م ڕێکخراوه‌ دووله‌ت بوو، هۆی دووله‌تبوونه‌که‌ی چی بوو؟ ئایا کاریگه‌ریی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ یان کاریگه‌ریی عه‌بدوڵای موهته‌دی و کۆمه‌ڵه‌ بوو؟ وه‌یان نه‌خێر، ئه‌وانه‌ سه‌ربار بوون و خۆی له‌ خۆیدا زه‌مینه‌ی دووله‌تبوونی ئه‌و ڕێکخراوه‌ فه‌راهه‌م بوو؟

وه‌ڵام:
لە پرسیارەکەتدا، ئەو ناوو لایەنانەی وەک کاریگەری نەگەتیڤانە لەسەر رێکخراوەکە ناویانت ریز کردووە، دەبوایە ناوی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش لەو ریزەدا بووایە، چوونکە لە راستیدا ئەوانیش تەرەفێکی کاریگەر بوون لەو کێشەیە و قوڵکردنەوەی نەک چارەسەر کردنی. ئەوان تا مەنسوری حیکمەت رەخنەی توندی لە هاورێیانی حككع نەگرت بەهۆی تەرفداریان بۆ بەشێک و دژایەتی بەشەکەی تر و بە ئایدیلۆژیکردنی کێشەکان، بە نەفەسێکی درێژەوە خەریکی قوڵکردنەوەی کێشەکان بوون.

دیارە بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەو خەتەی کە بەخەتی کۆمەڵەی دەزانن خەتێکی زۆر لاوازبوو پێشم وانییە توانای ئەوەی هەبوایە بێکارانی سلێمانی دوولەت بکات، بەڵام دونیای سیاسەت وایە کاتێک خۆت لە ئەزمەدا بیت دوژمنەکەت هەرچەندە بچوکیشبێت ، تۆ گەورەی دەکەیت بۆ رەوابوونی شەرەکەت، لەوکێشەیەشدا هەروا کرا. بەشێک لە کادرەکانی حککع بە لاسایکردنەوەی مەنسوری حیکمەت لە جیابوونەوەکەی لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، چۆن سێ هێڵی دیاریکرد لە ناو حیزبدا ئەمانیش سێ هێڵیان لە ناو “ی ب ک” دیاری کرد وەک ( ١- هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاری ٢- هێڵی ناوەند ٣- ناسیونال چەپ) ئیتر دەبوایە خۆت یەکلابکەیتەوە، وەک ئەوەی کادرێکی باڵای حککع بە منی وت (تا ئێستا تۆ لەبەرانبەر کێشەی نێوان هەڵسوراواندا وەسەتییت دەبێت خۆت یەکلا بکەیتەوە لەگەڵ کام تەرەفیت!).
کاریگەری کۆبونەوەکەی مام جەلال ئەوە بوو، کاتێ لە چاوپێکەوتنی برادەرانی ئێمە لەگەڵیدا ، راستەوخۆ پێیوتبون کە ئێوە سەربە کۆمۆنیزمی کارگەرین ، ئەگەر سەربەخۆبن من ئامادەم یارمەتیتان بکەم ، ئەو قسەیە بیانوویەکی زیاتری دایە دەستی بەشێک لە هەڵسوراوانی”ی ب ک” بۆ دژایەتیکردنی “حککع”و قوڵکردنەوەی کێشەکان تا چوونە دەرەوەی بەشێکیان لە یەکێتی بێکارانی سلێمانی ٤ و دروستکردنی رێکخراوەیەکی تر بە ناوی : ” رێکخراوەی بێکاران”.

بەڵام بەڕای من هەموو رێکخراو و ئۆرگانێکی سیاسی و جەماوەری، ئەو کاتەی لە پایە کۆمەڵایەتێکەی خۆی دادەبرێت و پێشرەوی ناکات لەکارەکانی و دەکەوێتە دۆخێکی بەستەڵەکییەوە لە ڕووی پایەکۆمەڵایەتیکەیەوە، ئیتر دەکەونە وێزەی یەکترو تاوانبارکردنی یەکتر بە تۆمەتی جۆراو جۆر. کێشەو بێتەجروبەییەک لە مەر سەربەخۆبوون و ناسەربەخۆبوون و چۆنیەتی میکانیزمی رێکخستنی رێکخراوەیەک بۆ بێکاران و شێوەی کارکردنی لەگەڵ دەسەڵاتدا یەخەی پێگرتبووین وای کردبوو لەشوێنێکیتر و جیاوازتر لەو سەنگەرەی کە بریار بوو لێوەی شەربکەین خەریکی شەر بوین لەگەڵ یەکتر. ئێمە بەهەمان سونەتی حزبەکانی ناو بەرەی کوردستانییەوە خەریکی دابەشکردنی کۆمەڵگە بووین لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژییەت. ئێمە ساڵانێکی پێشتر لەگەڵ بوونی رای جیاواز و ململانێی فکریشەوە ، چوونکە لە حاڵەتی هەڵکشاندا بووین ، جیاوازە فکرێکان دەست و پێی نەدەگرتین و کەسیش بیری لە جیابونەوە نەدەکردەوە.

پرسیار: ئه‌و به‌شه‌ی که‌ جیابوونه‌وه‌ “ڕێکخراوی بێکاران”یان پێک هێنا. ئایا ئه‌م هاوڕێیانه‌ توانییان نموونه‌یه‌کی باشتر پیشان بده‌ن؟ وه‌ سه‌ره‌نجام ده‌سکه‌وتێکی زێتر بۆ کریکارانی بێکار به‌ده‌ست بهێنن؟

وه‌ڵام:
من زۆر ئاگاداری وردەکارییەکانی کاری ئەو رێکخراوەیە نەبووم ، بەڵام وەک لۆژیک لەوە دڵنیام ئەگەر کارێکی باشتر و زیاتریان لە یەکێتی بێکاران بکردبایە ئەوا لە ١/٩/١٩٩٥ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئیعلانی یەکگرتنەوە نەدەکرا لەگەڵ یەکێتی بێکاران لە کوردستان، واتە گەرانەوەیان جارێکیتر بۆ ناو هەمان رێکخراوەی پێشوو.

پرسیار: سه‌ره‌نجام هه‌ردووک ڕێکخراو پووکایه‌وه‌! بۆچی؟

وه‌ڵام:
وەک وتم ئەو دوورێکخراوە لە ١/٩/١٩٩٥ یەکیانگرتەوە .
ئەو واقیعەتە سیاسی و ئابورییەی لەسەردەستی یەکێتی و پارتی لە کوردستان زاڵکراوە ، وەزیاتر لە دوو دەیەیە دەستیان بەسەر وردوو درشتی سەرچاوە ئابورییەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا گرتووە ،بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حیزبی خۆیان. کاردانەوەی کارەکانیان واقیعەتێکی نالەباری لەسەر زەمینەی کوردستان بەرهەم هێناوە ،بونی ئەو سیاسەتە نەخوازراوە وایکردووە کارکردن لەدەرەوەی بازنەی ئەو دوو حیزبە ئاسان نەبێت .یەکێتی بێکارانیش وەک دەیان رێکخراو و رۆژنامە و گروپی تر کە بە هیواو ئومێدی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکیی تەندروست و یەکسان ، بە شۆرو شەوقێکی بێ وێنەوە ،لەسەر ئەرکو ماندوبوونی خۆیان دەستیان دایەکار، کەچی دەسەڵات بەوپەری خوێن ساردییەوە مامەڵەیان دەکات ، سەرکوتیان دەکات یان پشتگوێیان دەخا. لەدەستێکی تریشەوە دەیان ڕێکخراوەی بێناوەرۆکی خۆی بە پارەو ئیمکاناتی بە تاڵانبراوی کۆمەڵگە ، بۆ بەلارێدابردنی خەڵک قوت کردۆتەوە.

پرسیار: ده‌رس و ئه‌زموونه‌کانتان بۆ بێکارانی ئێستا چین؟ ئایا پێت وایه‌، له‌ ئێستادا پێویستی ڕێکخراوێکی هاوشێوه‌ی ئه‌و ده‌مه‌ له‌ئارادایه‌؟

وه‌ڵام:
من بەکورتی چەند خاڵێک سەبارەت بە بەشی یەکەمی پرسیارەکەت دەستنیشان دەکەم . پێم وایە خاڵگەلێکی گشتگیرو بنەرەتین بۆ هەموو رێکخراوەیەکی جەماوەری فرە بۆچوون و فکری جیاواز ئەم چەند خاڵە وەک بنەمایەک لەبەر چاوبگرێت لە پرۆسەی کارکردنیدا:
١- خۆپاراستن و خۆ دورگرتن لە ئایدیۆلۆژیگەرایی لە کاری رێکخراوەکەدا.
٢- هەمیشە لە سۆنگەی بەرژەوەندێکانی ڕێکخراوەکەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەو رێگرییەکانی بەردەم رێکخراوەکە بکرێت.
٣- بارنەکردنی ڕێکخراوەکە بە کارگەلێک کە ئەرکی ئەو نییە.
٤- پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی لە بریارو هەڵبژاردنەکاندا.
٥- قبوڵکردنی ڕای جیاواز و گەڕان بە دوایی خاڵی هاوبەشدا لە پێناو کاری باشتر و راگرتنی یەکگرتوویی ریزی ڕێکخراوەکەدا .
٦- رێگەگرتن لە هەموو رێکخراوو لایەنێک لە دەخاڵەتکردن لە کاری رێکخراوەکەدا ،ئەوەش لە پێناو راگرتنی سەربەخۆی تەواوی رێکخراوەکە و لەبەر یەکنەترازانی.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت دەڵێم: بەو شێوازەی پێشومان نا ، بەڵام بە جیاواز لەو شێوەو میکانیزمەی لە زهنیەتی ئێمەدا بوو بۆ کاری وەها رێکخراوێک. ئێمە ئەوکاتەی ی ب ک درووستکرد، بێتەجروبەییەکی زۆرمان هەبوو لەو مەیدانەدا، چوونکە رێکخراوەیەکی لەو شێوەیە بۆ بێکاران ئەزموونێکی زۆر نوێ بوو ، نەک هەر لە کوردستاندا بەڵکو لە ناوچەکەشدا بەگشتی. هەر وەهاکوردستان لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردابوو ، چ لە رووی سیاسییەوە وە چ لە رووی ئابورییەوە.
کێشەیەک لە دونیایی بیرکردنەوەی ئێمە هەبوو، وە تا رادەیەک ئێستاش بەردەوامی هەیە ئەوەیە، هەر ڕێکخراوەیەک درووست دەکەین ، جا ئەو رێکخراوە لەهەر بوارێکدا بێت زیاتر بارگاوی دەکرێت بەکاری سیاسی ، پێیوایە دەبێت لەهەموو بوارەکانی کۆمەڵگە قسەی هەبێت وە گوتارەکانیشی هیچ جیاوازییەکی نابێت لەگەڵ حزبێکی سیاسیدا. بۆیە ئەگەر ئەمرۆ رێکخراوەیەک بۆ بێکاران دروست بکەم لە کوردستان، راستەوخۆ پشت بە ئەزموونی وڵاتێکی وەک کەنەدا یان هەر وڵاتێکی تری ئەوروپا دەبەستم کە بیمە کۆمەڵایەتییەکان تێیدا جێگیرکراوە ، لەگەڵ چۆنییەتی کارکردنیان لەو بوارەدا . بوونی رێکخراوەیەک بۆ بێکاران تا ئەو کاتەی کار و سەرمایە لە ئارادایە، زەرورەتێکی حەیاتییە بۆ کرێکاران و بێکاران . بێکار ئەوکاتەی بێکارە واتە کارەکەی لەدەست داوە یان تازە بەدووای کاردا دەگەرێت، لەهەردوو بارەکەدا پێویستی بە ئۆرگانیزاسیۆنێک هەیە رووی لێبکات:
١- بۆزانینی هۆی لەدەست دانی کارەکەی.
٢- دەستنیشان کردنی توواناییەکانی.
٣- ئاسانکاری لە چۆنییەتی گەران بە دووای کاردا.
رێکخراوێکی لەم چەشنەش راستەوخۆ دەبێت پەیوەندی هەبێت بەدەوڵەتەوە، بۆ کار ئاسانی کاری رێکخراوەکە و پاڵپشتیکردنی لە بوارە جیاجیاکاندا، بۆ نمونە کرێکار بۆ ئەوەی بیمەی هەبێت دەبێت دەوڵەت بە یاسایەک هەموو بوارەکانی کارکردن ناچار بکات کەڕێژەیەکی دیاری کراو لە کرێی کرێکار بگەرێتەوە بۆ سەندوقی بێکاری کە ڕاستەو خۆ لە لایەن دەوڵەتەوە هەم پشتیوانی لێبکرێت و هەم بەڕێوە ببرێت.

————————————-

نەوزاد مەدحەت (گۆران عەبدوڵڵا) لە ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. لەسەرەتای ساڵی 1980 دا دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و پاشان ئەندامی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست. یەکێک بووە لەو دەیان کۆمۆنیستەی کە “حککع”یان پێک هێناوە و لەساڵی 2002 دەستلەکار دەکێشێتەوە.
بڕوانامەی دیپلۆمی لە ( وێب پەیج دیزاین) هێناوەو لەساڵی (2002)ەوە ماڵپەڕی دەنگەکانی دامەزراندووە. ئەندام و دامەزرێنەری ڕێکخراوی پەیوەندی کوردی دژی جینۆسایدە. ئێستاش دانیشتووی شاری تۆرۆنتۆیە لە کەنەدا.
————————————-
پەراوێز:
١-
لە ١١/١٢/١٩٩٢ یەکەمین کۆبوونەوەی یەکێتی بێکارانی هەولێر لە قوتابخانەی ئەیوبیەی سەرەتایی بەسترا
٢-
هاورێیان قابیل عادل تەیب و شاپور عەبدولقادر لە ٢٨/٤/١٩٩٩ لە ناو بنکەی یەکێتی بێکاران لە شاری هەولێر بەدەستی چەند چەکدارێکی ئیسلامی تووندرەو تیرۆرکران.
٣-
ڕۆمانی “حەسار و سەگەکانی باوکم” نووسینی : شێرزاد حەسەن
٤-
یەکێتی بێکاران لە کوردستان دوولەت نەبوو ، ئەوەی دوولەت بوو یەکێتی بێکارانی سلێمانی بوو. چوونکە لە راستیدا ئەوکێشەیە بەو گەرموو گوریەی سلێمانی نەگەشتە هەولێر.




چاوپێکەوتن لەگەڵ نۆم چۆمسکی سەبارەت بە بەهاری عەرەبی

لە ئەرشیڤەوە ….

نۆم چۆمسکی تەمەن ٨٢ ساڵ،ناسراوترین بیرمەندی سەردەمی ئێمە، زمان زان و فەیلەسوف، رەخنەگرێکی توند لە سیاسەتە دەرەکییەکانی ئەمریکاو ئابورێکەی. سیدا نۆرچ لە ٢٢-٦-٢٠١١ ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ سازداوە لە ژێر ناوی ” ڕۆژئاوا لە دیموکراسیبوونی دونیای عەرەب دەترسێ”

ئامادەکردنی: Ceyda Nurtsch
وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

پرسیار: بەڕێز چۆمسکی زۆر کەس پێیان وایە کە دونیای عەرەب نەگونجاوە بۆ دیموکراسیەت. پێت وانیە ڕووداوەکانی ئەم دوواییە ئەو بۆچوونەی پوچەڵ کردبێتەوە؟

چۆمسکی: ئەم بۆچوونانە هەر لەسەرەتاوە خاوەنی هیچ بنەمایەک نین. جیهانی عەرەبی و ئیسلامی مێژویەکی دووروو درێژی هەیە لەگەڵ دیموکراسی، بەڵام ئەو هەوڵانەی لەمەڕ دیموکراسییەوە دەکران، هەمیشە لەلایەن ڕۆژئاواوە لەبار دەبران. لەساڵی ١٩٥٨ لە عێراق شۆرش روویدا، ئێمە دڵنیانین بەتەواوی ئەو شۆرشە بەنیازی چیبوو، پێدەچی رووەو بنیاتنانی دیموکراسییەت هەنگاوی نابێ، بۆیە ئەمریکا هەستا بە رێکخستنی کودەتا بەسەر شۆڕشەکەدا. لەم بارەوە سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ” دوایت ئیزنهاوەر”لەو سەردەمەدا لە گفتوگۆیەکی ناوخۆیدا باسی لەهەڵمەتێکی رق کرد دژبە ئەمریکا لە جیهانی عەرەبیدا، ئەمەش لە لایەن دەسەڵاتەوە بەڕێناخرێ، بەڵکو راستەو خۆ لە لایەن خەڵکەوەیە. لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوایەتی هەستا بە ئامادەکردنی یاداشتنامەیەک لەو بارەوە،دەتوانرێت ئەو یاداشتنامەیە لەسەر تۆری ئینتەرنێت وەدەست بهێنرێت. ئەم یاداشتنامەیە باس لەوەدەکات و دەڵێ: هەستێک هەیە لە جیهانی عەرەبی کەوا ئەمریکا ڕێگرە لەبەرانبەر گەشەکردن ودیموکراسیەت لە جیهانی عەرەبیدا، وەیارمەتی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان دەکات لە پێناو دەستگرتن بەسەر نەوتدا. یاداشتنامەکە دەڵێ ئەو هەستە ڕاستە، وەدەبێت ئەمریکا هەر ئەوکارە بکات.

پرسیار: ئەمە مانای وایە کەوا دیموکراسییەتی ڕۆژئاوا ڕێگرە لە پێش هاتنە کایەوەی دیموکراسیەت لە جیهانی عەرەبیدا؟

چۆمسکی: نامەوێ بچمە درێژەی باسەکەوە، بەڵام بەڵێ، ڕێک تا ڕۆژی ئەمرۆ ئەو کارەیان کردووە. بەردەوام شۆرش هەبووەلە پێناوی دیموکراسیەتدا، بەڵام سەرکوتکراوە لەلایەن دیکتاتۆرەکانەوە کە بەهرەمەندن لە پاڵپشتییەکانی ئێمە بە یارمەتی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بە شێوەیەکی سەرەکی. بە دڵنیاییەوە دیموکراسییەت نابێت کاتێک تۆ هەمووت وێران کردبێت . بەهەمان شێوە ئەتوانی هەمان بۆچوون بڵێیت سەبارەت بە ئەمریکای لاتین خاوەنی زنجیرەیەک لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری مرۆڤ کوژو درندە. تا ئەو شوێنەی ئەمەریکا باڵادەستی هەیە بەسەر ناوچەکەدا، پێش ئەویش ئەوروپا، کەواتە دیموکراسییەت بنیات نانرێت، لەبەر ئەوەی دەڕوخێنرێت.

پرسیار: کەواتە بەهاری عەرەبی بەلای تۆوە جێگای سەرسورمان نەبوو؟

چۆمسکی: لەراستیدا پێشبینیم نەدەکرد، بەڵام پاشخانێکی دورودرێژی هەیە. با میسر وەربگرین. ئەو گەنجانەی دەستیان دایە رێکخستنی شۆرش لە ٢٥ی جانیوەری ناویان لە خۆ نا بزووتنەوەی ٦ی ئاپرڵ ، هۆیەک هەیە بۆ ئەو ناوە. ئاپرێڵی ٦ ساڵی ٢٠٠٨بریار بوو گرنگترین و گەورەترین بزووتنەوەی کرێکاری لە کارگەی رستن و چنینی مەحەلای میسر بەڕێ بخرێت، کە گەورەترین ناوەندی پیشەسازییە، بەمانگرتن و خۆپیشاندان لەسەراسەری وڵاتدا پشتیوانی لێکرا، کەچی بەتوندترین شێوە لەلایەن دەسەڵاتەوە سەرکوتکرا. ئێمە لە ڕۆژئاوا ئەم کارانە نابنە جێگای سەرنجمان تا ئەو شوێنەی دەسەڵات توانای کۆنترۆڵی جەماوەری هەیە، کەواتە ئەو کارانە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە لە ڕۆژئاوا! بەڵام میسرێکان ئەمە لە بیر ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە ئەڵقەیەکە لەو زنجیرە خەباتە بەردەوامەیان کە لە بەشێکیاندا سەرکەوتنیان تیایدا بەدەست هێناوە. چەند توێژینەوەیەکی باش هەیە لەو بارەوە. توێژەری ئەمریکی” Joel Beinen ” لە زانکۆی ستانفۆردی ئەمەریکییە، کۆمەڵێ کاری لە بارەی بزووتنەوەی کرێکاری میسرەوە ئەنجام داوە،وە کۆمەڵێ وتاریشی لەو بارەوە هەیە کە لە کۆن و نوێیەکانیدا باس لەوەدەکات کە کرێکارانی میسر خەبات بۆ دیموکراسییەت دەکەن.

پرسیار: جۆرج بۆشی پێش ئۆباما لەڕێی سیاسەتەکانیەوە بانگەشەی ڕووخاندنی دیکتاتۆرەکانی دەکرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دۆمینۆ ئەفێکت “domino effect ” * ناوی دەبرد و بە ڕۆژهەڵاتێکی نوێ و ئازادی ناو زەدە دەکرد. پێت وایە هیچ پەیوەندییەک هەیە لە نێوان سیاسەتەکانی جۆرج بۆش و ڕووداوەکانی ئێستادا؟

چۆمسکی: لەڕاستیدا بابەتی سەرەکی لە مێژووی شەڕی سارددا بابەتی دۆمینۆ ئەفێکت بوو بۆ : کوبا، بەرازیل، ڤێتنام…. هێنری کیسنجەر ئەوەی بە ڤایرۆس شوبهاندو پێیوابوو دەکرێ تەشەنەبکات. کاتێک کیسنجەر و نیکسۆن پلانی ڕوخاندنی “ئەلەند” ** یاندا کە بەشێوەیەکی دیموکراتیانە لە شیلی هەڵبژێردرابوو-( لەئێستادا ئێمە هەموو ئەو بەڵگەنامانەمان لەبەردەستدایە) کیسنجەر بە شێوەیەکی تایبەت وتی، دەکرێت ئەم ڤایرۆسەی شیلی وڵاتانی ترو تەنانەت ئەوروپاش بگرێتەوە. لەڕاستیدا خۆی و برجنێف ڕازیبوون لەسەر ئەوە، وە هەردوکیان لە دیموکراسی دەترسان. کیسنجەر وتی دەبێ ئەم ڤایرۆسە ڕابماڵین. ئەوکارەشیان کردوو تێکیان شکاند.
ئەمڕۆش هەروا، بۆش و ئۆباما تۆقیون لە بەهاری عەرەبی. هۆیەکی ژیرانەشیان هەیە بۆ ئەو ترسە، ئەوان دیموکراسیان ناوێ لە دونیایی عەرەب. ئەگەر بۆچوونی جەماوەری عەرەب کاریگەری هەبێت لەسەر دەسەڵاتی سیاسی، ئەوە ئەمریکاو بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتدا تووڕ هەڵدەدرێنە دەرەوە، هەر بۆیە تۆقیون لە بونی دیموکراسیەت لە ناوچەکەدا.

پرسیار: ڕۆژنامەنووسی ناسراوی بەریتانی” ڕۆبرت فیسک” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لەم دووایانەدا رایگەیاند کەوا ئۆباما و سیاسەتەکانی هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر رووداوەکان نەبووە…

چۆمسکی: ئەوبابەتەم خوێندەوە، بابەتێکی زۆرباشبوو. ڕۆبرت فیسک ڕۆژنامەوانێکی بە سەلیقەیەو زۆر باش شارەزای ناوچەکەیە. پێموایە مەبەستی لە چالاکوانەکانی ٦ی ئاپرێڵە کە بەتەواوی گوێ بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نادەن و پشتیان لێکردووە. ئەوان دەزانن وڵاتە یەکگرتووەکان دوژمنی ئەوانە. لە ڕاپرسییەکدا لە ٩٠%ی خەڵکی میسر پێیان وایە کە ئەمەریکا خراپترین هەرەشەیە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لەم چوار چێوەیەدا ئەمە مانای وانییە وڵاتە یەکگرتووەکان کاریگەری نەبێت، چوونکە خاوەنی هێزێکی گەورەیە.

پرسیار: ڕەخنەیەک هەیە سەبارەت بە ڕۆشنبیرانی عەرەب کە زۆر بێدەنگ و خۆپارێزن. ڕۆشنبیری عەرەب دەبێت چ ڕۆڵێک بگێرن لەمڕۆدا؟
چۆمسکی: ڕۆشنبیران بەرپرسیارێتیەکی تایبەتیان هەیە. ئێمە پێیان دەڵێین ڕۆشنبیر چوونکە ئەمان جیاوازن نەک لەبەر ئەوەی زیرەکترن لە کەسانی تر، بەڵکو خاوەن پایەو توانایەکی تایبەتن بۆیە بەرپرسیارێتیەکی زیاتریان دەکەوێتە سەرشان. ئەمە بۆ ڕۆشنبیرانی دونیای عەرەب و هەموو شوێنێکی تریش هەروایە.
——————————————————-
پەراوێز:

* “domino effect ” بە زمانی ئینگلیزی دۆمینۆ ئەفێکت واتا کاریگەری دۆمینە بە ” تیۆری دۆمینە” ش دەناسرێت و ناوی دەهێنرێت، دەستەواژەیەکی زانستی سیاسییە و لە هەمانکاتدا زاراوەیەکی سیاسیشە کە لە ساڵانی پەنجاکانەوە هەتاوەکو کۆتایی هەشتاکان ناوی دەهێنرا واتە لەسەردەمی شەری سارددا. ئەم زاراوە سیاسییە زۆرتر لەبەرانبەر هەژموونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا بەکار دەبرا، بەتایبەت لەو سەردەمەدا دەسەڵاتی کۆمۆنیستی لە جیهاندا روولەگەشەبوو. بۆیە سیاسەتمەدارانی ئەمەریکاو رۆژئاوا پێیان وابوو ئەگەر ڕێ لەمە نەگیرێت ئەوا وەک کەوتنی پوولی دۆمینە وڵاتەکانی دونیا دەروخێن و دەسەڵاتی کۆمۆنیستی جێگایان دەگرێتەوە. (وەرگێر)
** “ئەلەند” سلڤادۆر ئەلەند یەکەمین کەسی مارکسی بوو بەشێوەیەکی دیموکراسیانە لە مارسی ١٩٧٣ لە وڵاتی شیلی لە ئەمریکای لاتین لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرا و لە کودەتایەکی سەربازیدا بە پشتیوانی ئەمریکا لە ١١-٩-١٩٧٣ کوژرا. (وەرگێر)

سەرچاوە:
qantara.de
ئەم بابەتە لە ژمارە 5 ی گۆڤاری کۆنسێپت بڵاو بۆتەوە.




گفتوگۆ لەگەڵ “یاسەمین مازەر”* سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


لە ئەرشیڤەوە……


ئامادەکردنی: ڕۆژ ئەحمەد و گۆران عەبدوڵڵا

پرسیار: ئەو هۆکارانە چین کە وایانکرد ئەمڕۆ ئیسلامیزم وەک باشترین ئەڵتەرناتیڤی سیاسی قبوڵبکرێت لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە؟

یاسمین: قبوڵکردنەکە بۆ چەند هۆکارێکی ڕوون دەگەڕێتەوە ، پارتە چەپ و ڕێکخراوە سکولارو نوێخوازەکان زۆر زیاتر و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژتر چەوسێندراونەتەوە و سەرکوتکراون لە لایەن دەسەڵاتەدیکتاتۆرە جۆربەجۆرەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستەوە. بەڕاستی زۆر زیاتر لە ئیسلامیەکان بەربەستیان هاتۆتە بەردەم لە ڕابردوودا، جونکە ئیسلامیەکان هەمیشە توانیویانە بەردەوام بن لە چالاکی سیاسی و فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندیەکانیان، ئەمە لەڕێگای بیانووی ئاینی و خۆشاردنەوەیان لە مزگەت و لەناو حوجرەکاندا. دوای ئەوەش ئیسلامییەکان لەلایەن چەندین گەورە بازرگانی دەوڵەمدەوە پاڵپشتیان لێکراوە، وەک کۆمپانیا مەزنەکانی نەوت لە وڵاتانی کەنداو ، ئەمش وایکردووە یارمەتییەکی ئابووری خەیاڵی و لە ژمارە نەهاتوویان لەبەردەستدابێت، بۆ پروپاگەندەکردن لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. سەرباری ئەمانەش لە ڕابردوودا هێزە ئیمپریالیستەکانی جیهان هەمیشە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییان لەگەڵ ئیسلامییەکاندا هەبووە و هەوڵی هێشتنەوەی ئەو پەیوەندییەیان داوە و لەکاتی پێویستدا لە دژی هێزە سۆسیالیست و سکولارەکانی ناوچەکە بەکاریان هێناون. هەروەها چونکە زۆربەی دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بن عەڵی و موبارەک کە خەڵک زۆر ڕکی لێیان دەبووەوە، وەبە سکولار یان نیمچە-سکولار ناسرابوون، هەنووکە زۆر سانا توانییان خەڵک بەوە قەناعەت پێ بێنن کە بە حساب ئەوە سکولاریزم و دیموکراسی عەلمانییەکانە بەرپرسە لە بڵاوبوونەوەی هەژاری و نەداری و نایەکسانی لە ناوچەکەدا. ئیسلامییەکان بۆ بنبڕکردنی ئەو کێشانەش لە ناو خەڵکدا مژدە و پەیمانی گەڕاندنەوە دەدەن بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی ‘ئیسلام’کە بێگومان مژدەیەکی ناڕاست و هەڵەیە. لەلایەکی دیکەوە، دەکرێت ئەم باڵفروانییەی ئیسلامیزمی ئێستا زۆر زیاتر شیبکەینەوە و تێبگەیەین، ئەگەر تەماشای گەشەسەندنی سەرمایەداریش بکەین لە ناوچەکەدا و چۆن ئەو دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەی درووست کردووە لە نێوان خەڵكی ناوچە شارییەکان و خەڵكی لادێ و شارۆچکەکاندا. ئەوەی دووەم چەوەساوەترن، مەبەستم خەڵكی لادێ و شارۆچکەکانە کە لە هەمانکاتدا بەشدارن لە بەرهەمهێنانی سەرمایە، بەو جووتیارانەشەوە کە تازە بوونەتە شاریی و لە رۆخی شارەکان نیشتەجێن و لە ناو خانووی قوڕ و کەلاوەکاندا لە تەنیشت بینای تازە سەرمایەدارەکانەوە ژیان بەسەر دەبەن. لە ڕاستیدا، ئەمانە زۆر بێبەشترو چەوساوەترن لە چینی کرێکاری شارەکە. هەروەها چونکە شمەکە نوێیەکانی ئەم کۆمەڵگایانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ گەشەی سەرمایەداریدا هاتوون و تێکڕا ڕۆژئاوایین، دانیشتوانی ئەم چینە هەژارەش کە لە چینی کرێکار هەژارتر و چەوساوەترن ئیرەیی چیانەیەتیان هەیە، ئەمان ئیرەییەکیان لە دڵدایە بەرامبەر ئەو چینە کۆمەڵایەتیەی وڵاتەکەشیان کە بۆتە “ڕۆژئاوایی” بە شمەک و کەلوپەلە نوێکان کە لە بازاڕی سەرمایەی گۆڵۆباڵی ئەمڕۆوە وەدەست هاتووە. لەم نێوەندەدا و لە بەرامبەر ئەوەی چارەسەر بۆ ئەم ئیرەییە بدۆزنەوە، مزگەوتەکان و هێزە ئاینییەکان ڕۆڵێکی زۆر شەیتان ئاسا دەگێڕن بەوەی دێن ئەم هەستە دەگۆڕن بۆ کینەیەکی توندڕەوانە لە هەموو شمەکێک کە مۆدێرن و شاری و شارستانیە. بزووتنەوە ئیسلامێکان هەڵدەستن بە بانگەشەی بەدیلی ئیسلامی بۆ ئەو بارودۆخە، واتە گەڕاندنەوە بۆ ١٤ سەدە لەمەوپێش ، کە لە روانگەی ئایینییەوە هەژاران و چەوساوەکان هەلێکی زۆر و چانسێکی زۆرتریان لە دنیای ئێستایان هەیە بەوەی کە بگەنە بەهەشت و لە چەوساندنەوە ڕزگاریان بێت. بە دڵنیایشەوە لەو وڵاتانەی کە ئیسلام دەسەڵاتی سیاسی تیادا گرتووە وەکو ئێران ، دەرکەوتووە کە فەڕمانڕەوایی بە یاسای شەریعە هیچ یەکسانیەک درووست ناکات و بە پێچەوانەوە هەژاری و نەبوونی زیاد دەکەن و جیاوازی نیوان هەژاران و دەوڵەمەندەکانیش زۆر بەرفراونتر دەبێت. لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامیەکاندا گەندەڵی و هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگەش زۆرجاران زۆر زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ئەو ڕژێمەی پێشتر لە سەر دەسەڵات بووە لەو وڵاتانەدا.

پرسیار: سەندیکا کرێکارییەکان شۆڕشی میسریان بەرپاکرد و ئیخوان موسلمینیش شۆڕشەکەی بۆخۆی برد. باشە ئەمە بۆ ڕوویدا، واقیعیەتی کۆمەڵگەی میسری بوو چەپی ڕەت کردەوە یان کەشی سیاسی لە میسری دوای موبارەک، دەستی ڕۆژئاوای تیا بوو و کە وایکرد هەلومەرجەکان لە قازانجی هاتنەمەیدانی سیاسەتی نوێخوازانە نەبن؟

یاسمین : لە میدیای باوەوە زۆر کەم گوێت لەو هەواڵ دەبێت دەربارەی کرێکارانی میسر و ڕۆڵی بزووتنەوەی کرێکاری میسر، بەڵام ڕاستیشە، بەهۆی نەبوونی ئازادییە سیاسیەکانەوە و ئەو کیشە ئابووریانەی دووچاری وڵاتەکە بۆتەوە چینی کرێکاری میسری لە گۆڕەپانی سیاسی میسریدا ڕٶڵێکی دیاری نەبوو، بەڵام ڕاستەوخو لەگەڵ ڕووخانی موبارەک لە میسر زنجیرەیەک مانگرتن نمایشی توانایی سیاسی چینی کرێکاری میسریان کرد. لە هەموویان بەناوبانگتر و دیارتر، مانگرتنی گشتی مانگی ٩ ی ساڵی ٢٠١١ بوو، کە بەتەواوەتی حکومەت و ئەنجوومەنی سەربازی میسری ئیفلیج کرد و هەندێک پێیان وایە کە ئەو مانگرتنە، “ڕێگای کردەوە بۆ کێشمەکێشەکانی مانگی نۆڤێمبەر” لە میسر. بەپێ قسەکانی کەمال عەباس، سەرۆکی سەندیکا کرێکاریەکان و ڕێکخراوی خێرخوازی خزمەتگوزارییە کرێکاریەکان لە میسر، ” هەنووکە کەس ناپرسێت ئەرێ ئەوە کێیە ماندەگرێت، لە میسر پرس ئەوەیە کێ مانناگرێت؟”. مانگی ٤یش شەپۆلێک مانگرتنی بەخۆوە بینی، یەکێک لەوانە مانگرتنەکەی کرێکارانی کۆمپانیای دوورینی (شبین القوم) بوو لە باکوری قاهیرەی پایتەختی میسر ، کە خاوەن و ئیدارەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە هێزە سەبازیەکانی بانگێشتکرد بۆ شکاندنی مانگرتنەکەو بەسەر کرێکارەکاندا دەسترێژیان کرد تا بڵاوەیان پێبکەن و هیڵی مانگرتنەکەیان پێبشکێنن. سەربازەکان دەیانترساندن بەوەی کە دەستگیریان دەکەن گەر مانگرتنەکەیان کۆتای پێنەهێنن. کرێکارەکانی ئەو کۆمپانیایە بۆ ماوەی ٣٥ ڕۆژ کارگەکەیان داگیرکرد و لەناویدا دانیشتن وەک نارەزایەتی دەربڕین لە دژی فەرمانی دەرکردنیان لە کار. هەر لە هەمان مانگدا شەپۆلی مانگرتنەکان ئەوەندە بەربڵاوبوو کاریگەریان کردە سەر بەڕێوەبەردنی کەناڵی سوێس. ئەو شوێنانەی دیکەش کە مانگرتن و ڕٶشتنەدەرەوە و دەسهەڵگرتنی جەماوەری کرێکارانی بەخۆوە بینیوە لە ١٢ مانگی ڕابردووددا: کرێکارانی بنکەی گازی شارەوانی ناوچەی دەلتا بوون، فەرمانبەرانی ناو وەزارەتی هاوکاری کۆمەڵایەتی بوون لە شاری خەڵکا، فەرمانبەرانی وەزارەتی باج ، فەرمانبەرانی ئیداری لە ئوفیسەکانی وەزارەتی داد، مامۆستایان، کرێکارانی ڕستن و چنین لە ئەسویت هەروەها شۆفێری شەمەندەنەفەرەکان ، لیستی ناوەکان هەتابێت درێژ دەبێتەوە. هەموو ئەو مانگرتنانەش تێکڕا لەسەر موچەی مانگانە و کێشە ئابوورییەکانی دیکە بوون و، حکومەتە نوێیەکەی میسریش بە سەرکردایەتی ئیسلامییەکان هیچ لە توانایدا نییە بتوانێت وەڵام بەو کێشانە بداتەوە و چارەسەریان بکات و ئابووری ئەو وڵاتە بەرزبکاتەوە، بۆیە بێگومانم لەوەی کە ساڵی ٢٠١٢ بەردەوامی ئەو مانگرتنانە بەخۆوە دەبینێت.


پرسیار: گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن هێزە ئیسلامییە سیاسییەکانەوە تاچەندە کاریگەریان دەبێت لەسەر مافەکانی ژنان و و ئازادییە مەدەنییەکانی خەڵكی ناوچەکە؟

یاسمین: پێموایە نابێت ئەو هەڵەیە بکەین کە هەموو ئەحزابە ئیسلامییەکان بەیەکچاو تەماشا بکەین. ئەگەر قسە لە سەر پارتە ئیسلامییەکانی ئیخوان موسلمین و
حزبی نورە لە میسر بێت، ئەوە کاریگەری نێگەتیڤیان دەبێت لەسەر مافی ئازادییەکانی خەڵك بە گشتی و ژنانیش بە تایبەتی. وەلێ لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ئەم حیزبانە تادێت بە ئەسپایی بەڵام بە دڵنیاییەوە پەیوەندیان باشتر و توندتر دەبێت لەگەڵ هێزە سەربازییە نێوخۆییەکان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەکو ئێمە پێشبینیمان کرد، ئەم هێزانە بە پێچەوانەی هەموو داخوازیەکانی شۆرشەوە ڕەفتار دەکەن و هەنگاو دەنێن. ئاخر ئیخوان موسلمین و حزبی نور بایکۆتی ئەو خۆپیشاندانانەی کۆتایی مانگی ١٢ی پار ساڵیان کرد، کە لە دژی دەسەڵاتی سەربازی لە قاهیرە بەرێوە دەچوون، تەنانەت یەکێک لە نوێنەری ژنانی حزبی ئازادی و عەدالەت لە دژی ئەو خۆپیشاندانە یەک ملیۆنیەی ژناندا لە دژی دەسەڵاتی سەربازی گوتی ئەو خۆپیشاندەرانە “هێزی دەرەکی” یارمەتی داون و هانی داون خۆپیشاندان بکەن، ئەوان ڕاستەوخۆ پاڵپشتی دەسەڵاتی سەربازییان کرد، بەڵام لەهەمانکاتتدا، بە پێچەوانەی ئەوانەوە، حزبی ئەلوەسەت کە حزبێکی میانڕەوە چووە ناو خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریرەوە و ڕاستەوخۆ بەشداری کرد لە خۆپیشاندانەکەدا و پاڵپشتی داواکانی ژنانی میسری کرد. لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، حیزبوڵلا نەک هەر بایکۆتی خۆپیشاندانی ژنانی دەکرد، بەڵکو بەوەوە نەدەوەستان و هێرشیان دەکردە سەر خۆپیشاندانەکان و بە زنجیر دەکەوتنە گیانی ژنان.

پرسیار: باشە ئەمڕٶ زۆرێک پێیان وایە کە ئەمجارەیان ئەمریکا و هێزە سیاسییەکانی وڵاتانی ڕٶژئاوا بە دڵسۆزییەوە سەرقاڵی بەرزڕاگرتنی “دیموکراسی”ین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بە بۆچوونی ئێوە مێژووی ئەمریکاو سەرقاڵ بوونی بە “دیموکراسی” لە مێژووی ناوچەکەدا چیمان پێ دەڵێن؟

یاسمین: ئەمریکا و ڕٶژئاوا بە گشتی پاڵپشتی تەواوەتیان کردووە لە هەموو دیکتاتۆرەکانی خۆرهەڵاتی ناوەراست هەتا دوا ساتی ڕووخانیان. شای ئێران لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرا هەتاوەکو ئەو ڕٶژەی ئێرانی بەبجێهێشت. لە میسریش بەهەمانشێوە، موبارەک هەتاوەکو هەفتەیەک بەر لە ڕووخانی لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری لێدەکرا، ئەو کاتەش کە ڕووخێندرا، ئەمریکا تەئکیدی لەوە دەکردەوە کە پاڵپشتی خۆی لە موبارەک کەمناکاتەوە هەتاوەکو یارمەتی کرد هێزە سەربازییەکان و ئەفسەرە باڵاکانی هەمان دەسەڵات دەسەڵات سیاسی بگرنە دەست لە لە میسر، ئەو دەسەڵاتەی هەنووکە زۆرینەی میسرییەکان رکیان لێ دەبێتەوە. ئەمریکا و رۆژئاوا تەنها یارمەتی ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانە دەدەن کە لە دژی ئەو دیکتاتۆرانەن کە زۆر گوێڕایەڵی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا نین، وەکو قەزافی ، ئەسەد و خامەنەیی . نابێت لە بیریشمان بچێت هەر ڕێنەکەوتنێک کە ئەم دیکتاتۆرانە هەیانە لەگەڵ ئەمریکادا پەیوەندی بە دژە-ئیمپریالیزمەوە نییە، با ئەو هەڵەیەش نەکەین.
بە بڕوای من هەر کەسێک لە سەر کاریگەری ئەو خەیاڵپڵاویەدایە کە ئێوە باسی دەکەن، پێویستە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دووبارە خوێندنەوەی مێژووی ڕٶڵی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، کە هەمیشە پاڵپشتی تەواوەتی هێزە ئیسلامییە سیاسییەکانیان کردووە و ئێستاش لەو سیاسەتەیان هەر بەردەوامن لە ناوچەکەدا و هەمیشەش وەک تاکە دۆستی باوەڕپێکراویان تەماشای ئیسلامییە سیاسیەکان دەکەن. ئاینترین دەوڵەتی ناوچەکە شانشینی عەرەبی سعودییە لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەی کەنداو، کەچێ ئەمریکا بانگەشەی “دیموکراسیکردن” ناکات لەو وڵاتانەدا، دواجار کێ بوو پاڵپشتی ئیخوان موسلمینی کرد، هەر ئەمرکیا بوو، یان کێ بوو یارمەتیدا حکومەتی شیعەی چەلەبی و جەعفەری و مالیکی بێنە سەر دەسەڵات لە عێراق، بێگومان هەر ئەمریکا بوو.

پرسیار: چ جۆرە لێکچونێک دەبینین لە نێوان ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ و میسر و تونسی ئێستادا؟

یاسمین: بە دڵنیاییەوە کۆمەڵێک لێکچون هەیە، لەهەمانکاتدا جیاوازیش هەن. لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا چەند لایەنێکم وەڵامداوەتەوە لەسەر فراوانبوونی دەسەڵاتی ئیسلامیزم، وە ئەوە ڕێک لێکچوونەکەی ئێستایە لەگەڵ ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ و ڕێک وەکو یەکن. بۆ نموونە ئەوەی زۆر لێکدەچێ ئەوەیە کە لە غیابی ڕێکخراوێکی شٶڕشگێری کرێکاران شۆرشەکە ڕفێندراوە و لەلایەن هێزە توندڕەوەکانەوە ئاراستە دەکرێت. هێشتا من پێموایە لە میسرو تونس ئێشتاش زووە بۆ ئەوەی کە پێشبینی تەواوەتی بکەین بۆ داهاتوو، چونکە مانگرتن و خۆپیشاندانەکان لە بەردەوامیدان. دەربارەی تونس نازانم، بەڵام میسر چینێکی کرێکاری بەهێز و توکمەی هەیە و بزووتنەوەی خۆپیشاندانەکانی لاوانیش لە تێکۆشان ڕاناوەستن.

پرسیار: وڵاتانی کەنداوی عەرەبی ئێستا پاڵپشتی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئۆپۆزسیۆن و خۆپێشاندەران لە سووریا ، کەچی لە بەرامبەر، خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەکان لە وڵاتە عەرەبیەکانی دیکەدا هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو. چی وایکردووە ئەم وڵاتانە هێندە پێگەیەکی سیاسی ناتەبایان هەبێت لەسەر ئەو ڕووداوانەی لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە و ڕوودەدەن؟

یاسمین: پێش هەموو شتێک لە کتێبەکانی زانستی جوگرافیادا کەنداوی فارسیە نەک کەنداوی عەرەبی . هۆکارگەلێکی زۆر هەن بۆ وڵاتانی کەنداو پشتگیری لە خۆپێشاندەرانی سووریا بکەن لەبەرئەوەی سووریا لەسەر “لیستی ڕەشە” و ئەو لیستەیە کە دەمێکە ڕەتیان کردۆتەوە. سووریا زیاتر لە ئێرانەوە نزیکە، وڵاتانی کەنداویش دەمێکە جەنگێکی بانگەوازنەکراویان هەیە لەگەڵ سووریا، جەنگێک کە بە هێزی سێهەم بەرپایان کردووە لە دژی یەکتری و زیاتریش پەیوەندی بە پێکدادانی جیاوازییەکانی سوونە و شیعەوەیە.

پرسیار: دوای ئەم شۆڕشانە داهاتووی ناوچەکە چٶن دەبینیت بۆ کەمە ئایمیی و نەتەوەییەکان، وەک قبتیەکان لە میسر و کوردەکان لە سووریا؟

یاسمین: پێم وانییە قبتییەکان پێویست بکات لە هیچ بترسن، لەبەرئەوەی خەڵکی میسر بە گشتی دژیان نین، بە هەوادارانی پارتە ئیسلامیەکانیشەوە، ئەوە هێزەکانی ئاسایش بوون کە لە ڕابردوودا خوازیار بوون کیشە بنێنەوە لە رێگای کوشتنی قبتیەکان لە ڕێی دەستڕێژکردن بەناو خۆپیشاندانەکانیاندا. بۆ سووریاش، پێم وا نیە هەنووکە کورد و مەسیحیەکان لە سووریا مافێکی ئەوتۆیان هەبێت لە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بەڵام بە بۆچوونی من مافەکانیان زۆر زیاتر لێ زەوتدەکرێت و بوونیشیان زۆر زیاتر لە مەترسیدا دەبێت، گەر حزبە توندڕەوە توندە ئیسلامییەکان دەسەڵات بگرنە دەست لە سووریا ، ئەوانەی کە وڵاتانی کەنداو پشتگیریان ئێستا لێدەکەن.

پرسیار: ئەی ڕووخاندنی ئەسەد لە سووریا تاچەند کاریگەری دەکاتە سەر ئەو پێگە بەهێزەی ئێران لە ناوچەکەدا هەیەتی، وە چۆن کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر بزووتنەوە سیاسییە شیعەکانی دیکەی ناوچەکە، بۆنموونە حیزبوڵڵلا لە وڵاتی لوبنان؟

یاسمین: حیزبوڵڵا لە لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٩ ەوە هەوڵی ئەوە دەدات خۆی لە ئێران بە دوور بگرێت، بەشێکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرکردایەتی حیزبوڵلا لەگەڵ باڵی ریفۆرمخوازی ئێرانیدا ڕێکن وەک (موسەوی و خاتەمی و کەروبی)، هەروەها کێشەی خۆشیان هەیە لەگەڵ حکومەتی ئێستای ئیراندا. بۆ سووریاش ، هیچ گۆمانێکی تیادا نییە کە تا ئێستا وەک تاکە دۆستی ئێران لە ناوچەکەدا ماوەتەوە ، بۆیە ڕووخانی کاریگەری زۆر دەکاتە سەر پێگەی ئێران هەروکو پێشتریش باسم کرد، ئێستا زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پاڵپشتیکردنی وڵاتانی کەنداو و سعودییە بۆ خۆپیشاندەرانی سووریا لە دژی ئەسەد، وەک ئەو جەنگە بانگەوازنەکراوە دەبینین کە ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو لە دژی ئێران بەرپایان کردووە.

پرسیار: هەستی دژە-ئەمریکایی لە دنیای عەرەبیدا بەڵگە نەویست بوو، کەچی لە لیبیا داوایان لە ئەمریکاو هێزەکانی ناتۆ کرد تا بچنە وڵاتەکەیان و یارمەتیان بدەن بۆ سەروژێرکردنی ڕژێمەکەیان. ئێستا لە سووریاش هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و ڕاپەڕیوان داوای ئەو “یارمەتییە” دەکەن لە ناتۆ و ئەمریکا. چی ئەم هاوکێشە سیاسییەی دنیای عەرەبی وا خێرا گۆڕی؟

یاسمین: هیچ شتێک نەگۆڕدراوە، قسە لەسەر دوو سیناریۆی زۆر جیاوازە لە ڕاستیدا، ئۆپۆزسیۆن بوون بەرامبەر دیکتاتۆری دڕندە و سەرکوتگەر کە لە هەمانکاتدا هاوپەیمانی ئەمریکان جیاوازە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنێک لە دژی ئەو وڵاتانە کە سەربەخۆترن لە بریارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەک قەزافی و ئەسەد، بۆیە لە ڕاستیدا هاوکێشەکە وەکوخۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

پرسیار: زۆرێک لە چەپەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دژی بەشداریکردنی ناتۆ بوون لە لیبیا و بەگشتی لەڕێی ناڕەزایەتی جەماوەری دژی جەنگەوە ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان پیشاندا. لێرەدا دەپرسین ئەگەر هەمان سیناریۆی شۆرشگێرانە سەراسەری ئێران بگرێتەوە و هەمان داواکاری لەلایەن خەڵکەوە خۆی دووبارە بکاتەوە ، بۆ نموونە ئێرانییەکان داوای یارمەتی و بەشداری ناتۆ بکەن، پێتوانیە ئیدی چەپ لە ڕٶژئاوا پێویستە بەخۆیاندا بچنەوەو دووبارە بیرێك بکەنەوە لەم پێگەی بەناو “دژە-ئیمپریالیزم”ە . چونکە ئەگەر لەکاتێکی ئاوادا دژی بەشداری ناتۆ بن، ئەم پێگەیە دژی بۆچوونی خەڵكە و بێگومان قوربانیە مرۆییەکانیش بێئەژمار دەبن، وانییە؟

یاسمین: خۆی ئەم باسە لە ئێرانەوە دەستی پێکردووە و بەدڵنیایشەوە زۆر کەسی خەیاڵاوی هەن کە بڕوایان بەم بۆچونە شێتانەیە هەیە و پێداگری لەسەر ئەم بیرۆکە پوچانە دەکەنەوە. بەڵام پێویستە چەند بابەتێکیان بیرخەینەوە:
ئەو خۆپیشاندانانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا ڕوودەدەن تەنها دژی دیکتاتۆری نین، بەڵکو بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ نایەکسانی و کیشە ئابووریەکان و یاسا ئابوورییە وێرانکەریەکانی لیبراڵیزمی نوێ، بێکاری فراوان و ئەو جیاکاریە گەورەیە کە لە نێوان هەژاران و خوداپێداواندا درووستی کردووە، وە لەم ڕوانگەیەوە کۆماری ئیسلامی ئێران و سوریای ئەسەد و موبارەک هیچ جیاوازییەکیان نییە. ئەمانە هەموویان دەرەنجامی کۆمەڵێك بە ناو “چاکسازی” و گۆڕانکاری ئابووری بوون کە لەلایەن (سندوقی دراوی جیهانی) (IMF) و (بانکی مەرکەزی ) پێشنیارکرابوون و بۆ ئەو وڵاتانە دیاریکران. دیکتاتۆریەت تەنها پێویستیەکی سیاسیە بۆ ڕاگرتنی ئەو سیستەمە ناعەدالەتە ئابوورییە. بانگکردنی ناتۆ بۆ گۆڕینی کۆماری ئیسلامی ئێران دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆی وێرانکەرە کە لە عێراق بینیمان، گۆڕینی کۆمەڵێک دیکتاتۆر بە کۆمەڵێک دیکتاتۆری دیکە. ئێران زۆر خوازیاری ئەوەیە کە هێرشی سەربازی بکرێتە سەر و جەنگی سەربازی بکات، ئەمە وەک پلانێک بۆ مانەوەی خۆی، کۆماری ئیسلامی ئێران هەر جوڵانەوەیەکی لەوشێوەیە بەگەرمی بەخێرهاتن دەکات، چونکە لە قازانجی مانەوەیدایە. بەڵام بە هەرحاڵ، دوای شۆرشێ ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ و زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە دیکتاتۆری ئیسلامی، زۆر زۆر کەمن ئەو ئێرانیانەی ئەمڕۆ باوەربکەن بە تێڕوانینێكی هێندە گەمژانە. بە داخەوە، ئەوە زۆرێک لە ڕێکخراوە کوردیەکانی ئێرانن ئەو باوەڕەیان هەیە، چونکە هەموو قورساییەکی خۆیان لەدەستداوە لەبەرامبەر ئەمریکا، کە زیاتر بەهۆی قبوڵکردنی یارمەتی داراییەوەیە لە تاڵەبانی، کە دیسانەوە دەبێت بڵێن “سوپاس بۆ ئەمریکا” کە ئەویش هاتە سەر حکوم.

————————–
* یاسەمین مازەر بەڕەگەز خەڵکی ئێرانە و ئێستا نیشتەجێی ئەوروپایە . سەرۆکی بەشی خوێندنی زانستەکانی تیۆر و بزووتنەوە سۆسیالیستەکانە لە زانکۆی گلاسگۆ لە سکۆتلەند . سەرنووسەری گۆڤاری Critique (کریتیک)ە لە بەریتانیا ، کە گۆڤارێکی ڕەخنەیی فیکری سۆسیالیستیە و لەگەڵ چەند پرۆفیسۆرێکی دیکەی مارکسیستی بەریتانی سەرپەرشتی بڵاوکردنەوەی دەکەن. لە پاڵ کاری ڕٶژنامەگەری ئەکادیمیدا، نووسەرێکی دیاری دژە- جەنگە و لەسەر “پیشەسازی و سیاسەت و مێژوو” چەندین کتێب و گوتاری ئەکادیمی بڵاوکردۆتەوە بە زمانی ئینگلیزی لەگەڵ نووسەرانی بەریتانیدا . دوای هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر و درووستبوونی ئەو ترسەی کە ئەمریکا بچێتە ئێران لە دوای داگیرکاری ئەفگانیستان و عێراق، یاسەمین ڕێکخراوی دژە- جەنگی پێکهێنا بە ناوی “دەست لە خەڵكی ئێران هەڵگرن” Hands Off The people Of Iran . ئەمڕٶ هەندێك لە ئەندام پەرلەمانە چەپەکانی وڵاتی بەریتانیا پشتگیری ئەو کەمپینەی دەکەن، هەروەها چەند کەسایەتیەکی ناودارو دیاری بواری میدیایی جیهانیش وەک نۆم چۆمسکی و ڕۆژنامەنووس ژۆن پیڵجەر وکێن لۆچ کەدەرهێنەری سینەمای بەریتانیەو و براوەی خەڵاتی کانە هاوپشتی فەرمی خۆیان بۆ ئەو ڕێکخراوە دژە – جەنگە دووپاتکردۆتەوە. یاسمین نووسەرێکی بەردەوامی هەفتەنامەی ویکلی ۆرکەرەیشە “Weekly Worker “، کە لە لەندەن دەردەچێت .


لە ژمارە 5ی گۆڤاری کۆنسێپت بڵاوکرایەوە.




گفتووگۆی دەنگەکان لەگەڵ نووسەرو ڕۆشنبیر هەندرێن سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیاو بەکرێگیراوانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان

دەنگەکان: پاش سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ڕوسیا و گۆڕینی هەڵوێستی تورکیا لەبەرانبەر ڕژێمی سوریا و قسەکردن لەسەر هاوپەیمانی لەگەڵ ئێراندا، نیگەرانییەکی قوڵی لای خەڵکی کورد درووستکرد بەتایبەتی لە کوردستانی باشورسەبارت بە چارەنووسی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد لەڕۆژ ئاوا. ئێوە ئەم سیاسەت گۆرینەی تورکیا و ئەم نیگەرانییە چۆن لێکدەدەەوە؟

هه‌ندرێن: خۆت ده‌زانی له‌و هه‌فته‌یه‌دا چ له‌ مێدیایه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و چ له‌ مێدیایه عه‌ره‌بییه‌کاندا،( هه‌ڵبه‌ت له میدیایه‌ خۆشه‌کانی‌ باشووردا، وه‌ک هه‌میشه‌، ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌ کرچ و کاڵی کاوێژ ده‌کرێنه‌وه‌) ، زۆر راڤه‌ و راپۆرتی جیاواز سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی هه‌ڵوێستی تورکیا له‌به‌رانبه‌ر رووسیا و ئێران و سوریادا، بڵاوکراونه‌ته‌وه، به‌ڵام، گه‌ره‌که‌ له‌ لای هه‌ر کوردێک، ئه‌گه‌ر سه‌ر و دڵی به‌ قه‌د چۆله‌که‌یه‌کیش بێت، ئه‌وه‌ی بۆ روون بێت، که‌ تورکیا، دوای ئه‌وه‌ی که‌ به هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌ دێزه‌ییه‌ی که‌ له‌ ئاستی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌دا په‌یڕه‌وی ده‌کرد، نه‌ک هه‌ر به‌وه‌ نه‌یتوانی رێگه‌ له‌ سه‌رکه‌وتنی کورد له‌ رۆژئاڤا بگرێت، به‌ڵکه‌ له‌ناو تورکیاشدا تووشی داته‌پین بوو.
بۆیه‌ دوای ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ی یه‌په‌گه‌ له‌ منبه‌ج و پشتگیری هاوپه‌یمانه‌کان له‌ په‌یه‌ده‌، حکومه‌تی ئاکاپه‌، ئۆردۆغان بێجگه‌ له خواردنی ئه‌و ژه‌هره‌، واته‌ مل شۆڕکردن و ده‌سته‌ودامێنی رووسیا و ئێران و ئه‌سه‌دبوون، هیج رێگه‌یه‌کی تری بۆ نه‌مایه‌وه‌.
که‌واته په‌نابردنی تورکیا بۆ ئه‌و زه‌لیلییه‌، له‌ داخی سه‌رکه‌وتنه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی بزاڤی کورد بوو له‌ رۆژئاڤا. تورکیاش، جا ئۆردۆغان حکومی بکات یان حیزبێکی تر، بۆ رێگه‌ گرتن له‌ سه‌رکه‌وتنی کورد له‌ رۆژئاڤا و به‌ تایبه‌تیی و به‌ گشتیی به‌شه‌کانی تریش، ئاماده‌یه‌ هه‌رچی کاری گه‌وادیی و سووکایه‌تییه‌ له‌ ده‌وڵاتانی ده‌روبه‌ر و دونیا قبووڵی بکات.‌ لێره‌دا پێویسته‌ ناکا جه‌وهه‌ری ده‌وڵه‌تی تورکیای فاشی شیبکه‌ینه‌وه‌، به‌مجۆره‌ ئه‌و هه‌ڵوێست گۆڕینه‌ی تورکیا نه‌ مه‌ته‌ڵه‌ و نه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌شه‌.
لێ سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانی کوردی باشوور، که‌ کۆمیدیا و تراژیدییه‌که‌ لێره‌دا ده‌ستپێده‌که‌ن، په‌یوه‌ندی به‌و عه‌قڵییه‌ته‌ خێڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ چ له‌ رابردو و چ له‌ هه‌نووکه‌شدا قه‌ده‌ری‌ کۆمه‌ڵگه‌ و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌کانی به‌ڕێوه‌ ده‌بات.
گه‌ره‌که‌ ئه‌وه‌ بۆ هه‌موو که‌سێک روون بێت، که‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی و رۆشنبیریی کوردییدا به‌ گشتیی، مه‌به‌ستم له‌ تاکه‌که‌س نییه‌، عه‌قڵی خێڵ ئاراسته‌ی کردووه‌، که‌ ئه‌مه‌ش ئاشکرایه‌، چونکه‌ تا هه‌نووکه‌ش کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی باشوور خێڵه‌کییه‌ و بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی و رۆشنبیرییشی هه‌میشه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوورییه‌کانی خیڵ بیری کردۆته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ک چۆن له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا مرۆڤی کورد‌ چاره‌نووسی ژیانی خۆی به‌ سه‌رۆک خێڵ و که‌سه‌ به‌هیزه‌کاندا به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش تا هه‌نووکه‌ش بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی له‌ باشوور هه‌میشه‌ چاره‌نووسی خۆی به‌ ئه‌مه‌ریکا و زلهێزه‌ ده‌ره‌کییه‌کاندا به‌ستاوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش مه‌ته‌ڵ نییه‌، به‌ڵکه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیی و کولتوورییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی خیڵه‌. تشتێکی روونه‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک عه‌قڵی خێل و نه‌ریتی باو و قه‌زا و قه‌ده‌ر حکومی بکات، نه‌ خاوه‌ن عه‌قڵی ئازاد و بزۆک ده‌بێت و نه‌ پشت به‌ وزه‌ی مرۆڤی خۆشی ده‌به‌ستێت، به‌ڵکه‌ هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێی هیزی سه‌رووی خۆیه‌تی، چونکه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی خێڵ و نه‌ریتسالاردا، ئه‌وه‌ هوشیاریی و ئیراده‌ی تاکه‌که‌سه‌کان نین بڕیار ده‌ده‌ن، به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ هێزی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌ بڕیار له‌سه‌ر ژیان و داهاتووی مرۆڤه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌دات.
ئه‌وه‌ی باسی ده‌که‌ین، نه‌ تیۆرییه‌کی تازه‌یه‌ و نه‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی نه‌زانراو، به‌ڵکه‌ راستییه‌. بۆیه‌، ویڕای کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی باشوور به‌سه‌ر دونیا و گۆڕانکارییه‌کانی، به‌ ئابوورییبوونی ژیانیشی، وێڕای بوونی ئه‌و هه‌موو پسپۆڕ، چاودێری سیاسیی، له‌شکرێک له‌ رۆژنامه‌نووس و فه‌یله‌سووفه‌شی که‌ له‌ ژماردن به‌ده‌رن، به‌ڵام چونکه‌ ئه‌و دیارده‌ ئابووریی ته‌کنیکییه، واته‌ ماددییه‌، ‌‌ کولتووری له‌گه‌ڵ نه‌بوو، واته‌ لایه‌نی مه‌عنه‌ویی له‌گه‌ڵ نه‌بوو، بۆیه‌‌ سیسته‌می بیرکردنه‌وه و عه‌قڵی نه‌گۆڕی ته‌نیا رووی ده‌ره‌کیی، مۆده‌ و مۆدێلی رووکه‌شی گۆڕی. به‌مجۆره‌ که‌ خه‌ڵک و چینی سیاسیی و رۆشنبیر ته‌نگاو ته‌نگه‌تاو ده‌بن، هیچێک له‌و دیارده‌ رووکه‌شه‌ ماددیی و مه‌عنه‌ویانه‌ی که‌ هاتوونه‌ته‌ ناو ژیانییه‌وه‌، نابنه‌ روانگه‌ بۆ بینینی خۆیی و رووداوه و گۆڕانکارییه‌کانی دونیا. ‌هه‌ر بۆیه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی باشووردا که‌ تشتێک له‌ دۆخی کورد یان دونیا رووده‌دات، په‌نا ده‌باته‌وه‌ به‌ر هێزی ده‌ره‌کیی، ئه‌مه‌ریکیی، بۆ نموونه‌ له‌ کاتی هێرشی داعش بۆ شنگال و مه‌خموور. هه‌روه‌ک له‌ به‌رده‌م ئه‌و ته‌نگژانه‌ی که‌ ئێستا مرۆڤی کورد له‌ باشوور هه‌یه‌تی، هه‌میشه‌ به‌وه‌ سێبووری خۆی ده‌داته‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ قه‌ده‌ری ئێمه‌یه‌ و خودا بۆ نووسیوین، بۆیه‌ ئه‌و ته‌نگژانه‌ی خۆی خستۆته‌ ده‌ست بڕیاری خودا. له‌ کاتێکدا سه‌ده‌ترین په‌یامی دینیش نازانێ که‌ ده‌ڵێ، “له‌ تۆ حه‌ره‌که‌ت، له‌منیش به‌ره‌که‌ت”!
له‌ روانگه‌یه‌وه‌ خه‌ڵکی سیاسیی و فه‌یله‌سووفه‌کانی باشووری کوردستان، ناتوانن له‌وه‌ تێبگه‌ن، که‌ بزووتنه‌وه‌ی باکوور و رۆژئاڤا، جا هه‌ریه‌ک له‌ ئێمه‌ دۆست یان دژی په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌/هه‌په‌گه‌ و یه‌په‌گه‌ بین‌، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین، که‌ ئه‌وان نه‌ریتێکی نوێیان له‌ سیاسه‌تکردن به‌رهه‌مهێناوه‌، ئه‌مه‌ش، بۆ هه‌ر یه‌ک له‌ ئێمه‌، خراپ یان چاک‌ بێت، بۆ هه‌موو دونیاش روونه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بڕوایان به‌ عه‌قڵ و توانای مرۆڤ، خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ک ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵ و هێزه‌ ده‌ره‌کییه‌کان. ئه‌مه‌ راستییه‌که‌ به‌ڵگه‌ و زۆری گوتنی ناوێت.
له‌ بیرکردنه‌وه‌ی بزاڤی باکوور و رۆژئاڤادا، نابێت هیچ تشتێک مه‌حاڵ بێت، هه‌روه‌ک ده‌بێت ئه‌و بزاڤه‌ی ئه‌وان پشت به‌ ئیراده‌ی خه‌ڵک و خۆیانه‌وه‌ ببه‌ستێت. بۆیه‌ هه‌په‌گه‌ و یه‌په‌گه‌، به‌ پێچه‌وانه‌‌ی ته‌واوی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی و حیزبه‌کانی باشوور و رۆژهه‌ڵاتیش، نه‌ کوردایه‌تی نه‌ریتییه‌ و نه‌ له‌ داکۆکیکردن له‌ سنووری کوردستان یان سنووری به‌شێکی کوردستاندا ده‌گیرسێنه‌وه‌، به‌ڵکه‌ بۆ یه‌که‌م جاره‌ بزاڤی کورد، هێزی سیاسیی کورد، هێرش بۆ ده‌ڤه‌ر و سنووری ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بکه‌ن. بۆ نموونه، سه‌رنجی‌ گرتنی منبه‌ج و حسه‌که‌ و … له‌ لایه‌ن یه‌په‌گه‌وه بدیرکردنه‌وه و ئیراده‌ی یه‌په‌گه‌ و هه‌په‌گه‌/ په‌یه‌ده‌ و په‌که‌که‌شه‌‌‌، تورکیا تووشی ده‌سته‌ودامێنی پۆتین و ئه‌سه‌د و ئه‌یاتوڵایه‌کان کرد.
دواجار ئه‌وه‌ی ده‌بێ بگوترێت، گریمان به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی ئه‌و هێزانه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و راده‌یه‌ی که‌ گه‌له‌کۆمه‌کیی له‌سه‌ر رۆژئاڤا بکه‌ن، به‌مه‌ش ره‌نگه‌ یه‌په‌گه‌/په‌یه‌ده‌، تووشی زیان و گه‌مارۆدانێکی سه‌خت بێت، به‌ڵام، ئه‌وه‌نده‌ی من له‌ جه‌وهه‌ری یه‌په‌گه‌، په‌یه‌ده‌ و په‌که‌که‌ گه‌یشتبم، مه‌حاڵه‌، وه‌ک نووسه‌ر و سیاسیی و رۆژنامه‌نووس و فه‌یله‌سووفانی باشوور و رۆژهه‌ڵات پێیان وایه‌، وه‌ک ئه‌زموونه‌ سیاسییه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی باشوور، پایدۆزی له‌ خه‌بات بکه‌ن و ده‌سته‌وه‌ستاو دانیشن تا قه‌ده‌ر و قودره‌تی ئه‌مه‌ریکا یان هێزێکی تری ده‌ره‌کیی به‌هانایانه‌وه‌ بێت. نه‌خێر، ده‌بێ تێبگه‌ین، ئۆردۆغان هه‌رچی هێزی رق و کینه‌ی مێژووی تورکیای هه‌یه‌ که‌ له‌ به‌رانبه‌ر به‌ کورد کۆی کردوونه‌ته‌وه‌، ناتوانێ نه‌ پایه‌ و هێزی یه‌په‌گه‌ له‌ ئێستا و داهاتووی سوریا په‌راویز بخا و نه‌ ده‌شتوانێ به‌و عول عولیی و گه‌لحۆییه‌ی خۆیه‌وه‌، ئاشتبه‌تاڵ به‌ په‌که‌که‌ بکا، چونکه‌ ئه‌وانه‌ خاوه‌ن ئیراده‌ی عه‌قڵیی مرۆڤیی و نه‌ریت رووخێنن.
به‌ کورتی بزاڤی سیاسیی باکوور و رۆژئاڤا، ده‌ستپێکی مێژوویه‌کی نوێن؛ مێژوویه‌ک‌ ئه‌زموونی رابردووی کوردیی، که‌ له‌سه‌ر هێزی ده‌ره‌کیی ده‌ژیا، به‌جێهێشتووه‌ و خه‌ریکی تۆمارکردنی ئه‌زموونێکی نوێیه‌. ئه‌مه‌ راستییه‌که‌،‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ عه‌قلی نه‌ریتیی و خه‌ڵێکییه‌وه‌ سه‌یری بکه‌ین، گه‌ره‌که‌ ئه‌گه‌ر سوودیشی لێوه‌رنه‌گرین، به‌ڵام تێیبگه‌ین.


دەنگەکان: بەڕای ئێوە فاکتەری سەرەکی چوونی ئەردۆغان بۆ ڕوسیاو دانیشتنەکانی لەگەڵ ئێراندابە تەنها بۆ وەستانەوەیە لە بەرانبەر پێشڕەوییەکانی یەپەگەو یەپەژەن لە کوردستانی ڕۆژ ئاوا؟ ئەی پێتان وانییە ئەمە وەرەقەیەکی فشار بێت بۆ سەر ئەمریکا و ئەوروپا کە کەمتر گوێگری سیاسەتەکانی تورکیا بوون سەبارەت بە بارو دۆخی سوریا؟


هەندرێن: راسته‌ ئۆردۆغان دواجار ئه‌و خواسته‌ی که‌ هه‌یبوو له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وڕوپاوه‌ پشتگیری لێ نه‌کرا، که‌ بریتی بوو له‌وه‌ی په‌یه‌ده‌ وه‌ک تێرۆریست بناسێنن و پشتگیریی له‌ دروستکردنی زونێک به‌ناوی ئۆردوگا بۆ په‌نابه‌رانی سوریا بکه‌ن، که ئه‌مه‌ریکا و‌ ئه‌وروپاش ده‌یانزانی بۆ دژایه‌تی سه‌رکه‌وتنه‌کانی کورد له‌ رۆژئاڤا و هه‌روا یارمه‌تیدانی داعشه‌ بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر کورد.
خۆت ده‌زانی، تورکیا ده‌مێکه‌ ده‌زانێت که‌ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وڕوپا وه‌ڵامی خواسته‌کانی ناده‌نه‌وه‌، به‌ڵام تورکیا ده‌یویست به‌ رێگه‌ی فشاری په‌نابه‌رانی سوریا و یارمه‌تیدانی داعش به‌ دژی کورد، مه‌ترسی کورد له‌ خۆی دووربخاته‌وه‌.
به‌ڵام له‌وه‌ش گرینگتر، ئۆردۆغان دوای ئه‌و کوده‌تا و زیادبوونی هێرشه‌کانی په‌که‌که‌ بۆ سه‌ر سوپای تورکیا له‌ لایه‌ک و له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌، گرتنی منبه‌ج و پلانی یه‌په‌گه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا بۆ گرنته‌وه‌ی ره‌قه‌ و ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ سه‌ربازیی و پشتیوانییه‌ به‌رچاوانه‌ی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وڕوپا بۆ یه‌په‌گه‌، که‌ ئه‌مانه‌ش به‌یه‌که‌وه‌ گرێدانی کانتۆنی عفرین و جه‌زیره‌ و کۆنترۆڵکردنی سنووری نێوان تورکیا و سوریای نزیکرده‌وه‌، ئۆردۆغانی تووشی هێستریا، چاو تاریکبوون کرد، بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بتوانێ وه‌همی به‌هێزیی و خه‌لافه‌تیی رژێمه‌که‌ی نیشانبدات، که‌ دوای کوده‌تا و په‌راوێزبوونی له لایه‌ن‌ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وڕوپاوه‌ تێکشکان، ناچار بوو رووبکاته‌وه‌ رووسیا و ئێران و سووریا، چونکه‌ ئه‌و وا تێده‌گا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ رووسیا و ئێران و ئه‌سه‌د ئاشت بێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌توانێت به‌ پشتیوانی ئه‌وانه‌وه‌ هه‌م هێزی یه‌په‌گه‌ تێکبشکێنێ و هه‌میش ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وڕوپاش ناچار بکات چیتر پشتیگری کورد نه‌که‌ن و پشتیگیری ئه‌و بکه‌ن.
به‌ڵێ، ئۆردۆغان، وه‌ک به‌رده‌وامییه‌ک له‌ مێژووی ده‌وڵه‌تی تورکیا و بوونی له‌ ناتۆدا، بواری هه‌ڵبژاردنی مانۆڕی سیاسیی و سه‌ربازی زۆر له‌ به‌رده‌مدایه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێ ئه‌و وه‌همی خه‌لافه‌تیی و به‌هێزی ده‌وڵه‌تی تورکییه‌ به‌ده‌ست بێنێته‌وه‌، که‌ خه‌ریکبوو ته‌واو لاواز ده‌بێت. وێڕای ئه‌مه‌ش، 27/8 یه‌لدرم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توررکیا له کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ جۆن بایدندا به‌ ئاشکرا گوتی تورکیا له‌ سوریادا حه‌ساسییه‌تی به‌ دوو بابه‌ت له‌ سوریا هه‌یه‌ ئه‌وانیش، یه‌ک پارچه‌یی خاکی سوریا و بوونی سه‌ربه‌خۆیی‌ هیچ ئێتنیکێک، که‌ مه‌به‌ستی کورده‌. چونکه‌ سه‌ربه‌خۆیی و هه‌ر ده‌ستکه‌وتێک که‌ کورد هه‌یبێت، مه‌ترسییه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی تورکیا.
که‌واته‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا تێکچوونی په‌یوه‌ندی تورکیا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وڕوپادا، هۆکاری کوردی رۆژئاڤا بووه، بۆیه‌ ئاشتبوونه‌وه‌ی ئۆردۆغان‌ ‌له‌گه‌ڵ رووسیا و ئێران و سووریا، له‌ پێناو رێگه‌گرتنه‌ له‌و مه‌ترسییه‌ی که‌ ئه‌و هه‌ستی پێده‌کا، ئه‌ویش به‌هێزبوونی پایه‌ی کورده‌ له‌ سووریا، که‌ ده‌زانێت ئه‌و به‌هێزبوونه‌ی کورد له‌ رۆژئاڤادا، کوردستانی باکووری به‌ ته‌واوی له‌ ده‌ست ده‌چێت. له‌وه‌ش بترازێ، تورکیا ده‌یویست به‌ رێگه‌ی داعشه‌وه‌ کورد له‌ رۆژئاڤادا بشکێنێ، به‌ڵام‌ زانی ئه‌و خه‌ونه‌شی نه‌هاته‌دی، ئیتر ناچاربوو له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ ئاشت بیته‌وه‌.

دەنگەکان: ئەمرۆ تورکیا بەڕاشکاوی و مەیدانی دەستی بە هێرشەکانی خۆی کوردووە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە و یەپەژە، بەڕای ئێوە ئەم هێرشانە تاکوێ بڕ دەکات و ئایا خەڵکی ڕۆژ ئاوای کورستان بە هەمان هەناسەی شەری داعشەوە شەڕی تورکیا دەکەن؟ ئەی بەرەی ئازادیخواز لە ئەوروپا و ئەمریکا هەڵوێستیان چی دەبێت؟ قسەیەکیش هەیە دەڵێن لایەنی کوردیش هەیە بەشدارە لە هێرشەکانی تورکیادا، ئەی بۆ ئەمە دەڵێن چی؟

هەندرێن: پێشتر گوتمان ئامانجی سه‌ره‌کی له‌و که‌ین و به‌ینانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ روووسیا و ئێران و ئه‌سه‌د و ئه‌مه‌ریکاش، هێرشکردنه‌ بۆ سه‌ر کورد له‌ رۆژئاڤادا، چونکه‌، ئه‌گه‌رچی ئۆدرۆغان ده‌یه‌وێ وا نیشانبدات که‌ هێرشی بۆ جه‌رابلوس به‌ دژی داعشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ راستییه‌که‌ نییه‌، راستییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ داعش به‌شێکه‌ له‌ سه‌ربازی ئاکاپه‌، بۆیه‌ هێرشی تورکیا به رێگه‌ی ئه‌و هێزه‌ داعش ئاسایه‌ی که‌ ئۆردۆغان به‌ناوی سوپای ئازاد سازی کردوون، بۆ سه‌ر جه‌رابلوس، رێگه‌گرتنه‌ له‌و‌ پرۆژه‌ی یه‌په‌گه،‌ که‌ به‌ستانه‌وه‌ی کانتۆنه‌کان و پچڕاندنی په‌یوه‌ندی داعشه‌ له‌گه‌ل تورکیادا. تورکیا که‌ بینی یه‌په‌گه‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانی یه‌په‌گه‌ خه‌ریکه‌ ئامانج ده‌پێکێ، بۆیه‌ تورکیا به‌ گرتنی جه‌رابلوس، که‌ گرتنێکی کۆمیدیی بوو، چونکه‌ داعش بۆی چۆلکرد. راستییه‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ داعش بوو به‌ به‌شێک له‌و سوپای ئازاد و ئاکه‌په‌یه‌، تا به‌ یه‌که‌وه‌ دژی یه‌په‌گه‌ بوه‌ستنه‌وه‌
من وه‌ک گوتم، یه‌په‌گه‌ و خه‌ڵکی رۆژئاڤا وه‌ک چۆن به‌ رووی داعش بوونه‌ته‌وه‌، به‌ گوڕتر و بوێرانه‌تر به‌ به‌ رووی سوپای تورکیا به‌ناو سوپای ئازاد ده‌بنه‌وه‌. وه‌ک بینیمان، خه‌ڵکی کۆبانێ چۆن به‌ منداڵ و پیره‌وه‌ هاتنه‌ پێش سوپای تورکیا. بۆیه، به‌ رای من، تورکیا گوایه‌ هاتووه‌ ئه‌و مێرده‌زمه‌یه‌، واته‌ سه‌ربه‌خۆیی رۆژئاڤا و یه‌په‌گه‌ تێکبشکێنێ، به‌ڵام له‌ دواجاردا تووشی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ک ده‌بێته‌وه‌ که‌ به‌ ئاسانی لێیده‌رباز نابێت، یان کورد واته‌نی، بۆ ریش چووه‌، سمێڵیشی له‌سه‌ر داده‌نێت، چونکه‌ له‌ لایه‌ک یه‌په‌گه‌ خاوه‌ن هێزێکی گه‌وره‌ی ئه‌زموونداری شه‌ڕه‌ و دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ش، خاوه‌ن چه‌کی قوڕس و پێشکه‌وتووه، هه‌روه‌ک خاوه‌ن هێزێکی جه‌ماوه‌رییشه‌. راسته‌ به‌ هۆی ناهاوسه‌نگی سه‌ربازیی له‌ نێوان یه‌په‌گه‌ و سوپای تورکیادا، ره‌نگه‌ یه‌په‌گه‌ و خه‌ڵک زیانی به‌ربکه‌وێت، به‌ڵام تورکیا ناتوانێ له‌ میرده‌زمه‌ی یه‌په‌گه‌ رزگاری بێت. من وای ده‌بینم، سوپای تورکیا له‌ناو تورکیا و له‌ رۆژئاڤادا تووشی هێرشی سه‌ختی یه‌په‌گه‌ و هه‌په‌گه‌ ببێته‌وه‌، له‌ ئه‌وڕوپاشدا ناڕه‌زایی و خۆنیشاندانی کورد رێکبخرێن. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ کاتێکو و رووسیا زانییان ئه‌و هێرشه‌ی تورکیا بۆ سه‌ر داعش نییه، ‌ ‌به‌ڵکه‌ به‌ دژی کورده‌، ناتوانن بێده‌نگ بن. هه‌ر ئه‌مڕۆ، 30.8، ئه‌مه‌ریکا و ناوه‌نده‌ سیاسییه‌کانی وه‌ک فه‌ڕه‌نسا، راسته‌وخۆ تورکیایان له‌وه‌ ئاگادار کرده‌وه‌، که‌ ئه‌وان به‌وه‌ رازی نین تورکیا هێرش بکاته‌ سه‌ر کورد. به‌ره‌ی ئازادیخواز و ناوه‌نده‌ سیاسییه‌کانی ئه‌وڕوپا و ئه‌مه‌ریکاش ده‌زانن که‌ ئه‌وه‌ی به‌ راستی شه‌ڕی داعش ده‌کا، یه‌په‌گه‌یه‌ و ده‌مێکیشه‌ ده‌زانن تورکیا ده‌ستی له‌گه‌ڵ داعش هه‌یه‌، بۆیه‌ بڕوا ناکه‌م پشتگیری تورکیا بۆ لێدانی یه‌په‌گه‌ بکه‌ن. هه‌ر ئه‌مڕۆ بینیم، ئه‌و ئه‌مه‌ریکییانه‌ی که‌ هاتبوونه‌ ریزه‌کانی یه‌په‌گه‌، گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا و خۆنیشاندانیان ساز کردبوو دژی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌ پشتگیریکردنی تورکیادا. دواجار به‌و کاره‌ تورکیا ده‌که‌وێته‌ دۆخێک که‌ خۆزگه‌ به‌ نه‌هاتنی بخوازێت.
به‌ڵام گه‌ره‌که‌ یه‌په‌گه‌ کارتی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و رووسیا به‌کار بهێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا و رووسیا به‌ ئاشکرا دژی تورکیا نه‌وه‌ستنه‌وه‌، له‌ گرتنی ره‌قه‌دا به‌شداری نه‌که‌ن، چونکه‌، ئه‌گه‌ر تورکیا وه‌ک جه‌رابلوس له‌ ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ داعش رێکنه‌که‌وێت، واته‌ داعش تورکیای چۆڵ نه‌کا ، ئه‌مه‌ریکا به‌ بێ یه‌په‌گه‌ ناتوانێ داعش له‌ ره‌قه‌ ده‌ربکات.
سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نی کوردی له‌ به‌شداریکردنی له‌گه‌ڵ سوپای تورکیادا، ئه‌وه‌ راسته‌، دیاره‌ که‌ ئه‌و هێزه‌ کوردییانه‌ی که‌ به‌ قه‌د تورک و داعش دژی یه‌په‌گه‌ن، ئاماده‌ن ببن به‌ کۆیله‌ و غولامی خه‌لیفه‌ ئۆدۆغان و سیخوڕ و به‌کرێگیراوی به‌ناو سوپای ئازادی سوریا، ئه‌و لایه‌نه‌ کوردییانه‌ به‌شێکیان له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌کرێگیراوی ئۆردۆغانن و به‌شێکیشیان سه‌ر به‌ ئه‌نه‌که‌سه‌ن.
هه‌رچه‌ند ئۆردۆغان و حکومه‌ته‌که‌ی هاوکات له‌گه‌ڵ هێرشکردنه‌ سه‌ر جه‌رابلوس و رۆژئاڤادا به‌ ئاشکرا رایگه‌یاندووه‌، که‌ دژی فیدرالیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردن له‌ سوریا و عێراقیش، که‌چی ئه‌نه‌که‌سه‌ و لایه‌نه‌کانی تری کورده‌ مورته‌زه‌قه‌کان ئاماده‌ن ئه‌و که‌واسوورییه‌ بۆ ئۆردۆغان بکه‌ن.
خۆتان ده‌زانن، یه‌لدرم زۆر به‌ ئاشکرایی باسی هۆکاری بانگهێشتکردنه‌که‌ی کاک مه‌سعوود بارزانی کرد، که‌‌ به‌ کورتی گوتی ئه‌و هاوکاریمان ده‌کا له‌ گرتنی سنووری نێوان باشوور و رۆژئاڤا و لێدانی یه‌په‌گه‌دا. ئه‌و قسانه‌ی یه‌لدرمی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌ کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانه‌ییه‌که‌یدا سه‌باره‌ت به‌و دیداره‌یان له‌گه‌ڵ کاک مه‌سعوددا، بابه‌تێک نییه‌ لێکدانه‌وه‌ی زۆری بوێت، روون و ئاشکرا مه‌به‌ستی لێدانی یه‌په‌گه‌ بوو.
راستییه‌که‌ی خه‌ونی ئۆردۆغان ئه‌وه‌یه‌، به‌ لای که‌مییه‌وه‌ کۆبانێ و ئه‌و شوێنه‌ سنوورییانه‌ بگرێت و بۆ فریودانی رای گشتی جیهان و ناوچه‌که‌ش، ئه‌و مورته‌زه‌قه‌ کوردانه‌ له‌وێ دابنێ، به‌و شێوه‌یه‌ ده‌یه‌وێ ئه‌و نیشانبدات که‌ تورکیا دژی کورد نییه‌، به‌ڵکه‌ دژی یه‌په‌گه‌یه‌ که‌ تێرۆریستن و سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌و کوردانه‌ی که‌ تورکیا وه‌ک کۆیله‌ بۆ دژی یه‌په‌گه‌ به‌کاریان ده‌هێنێت، بێجگه‌ له‌ کۆیلایه‌تی هیچ ده‌ستکه‌وتێکی دیکه‌ له‌ ئۆردۆغان نابینن.

Aug 28,2016