خوێندنەوەیەکی جیاوازتر بۆ ڕەوشی کورد.. سامانی وەستا بەکر

ئەوەی لە ناوچەکەیا ڕووئەیا بەوجۆرە نییە کە لەلایەن زۆرێکەوە شیکاری بۆئەکرێ، هەندێک ئەیبەستێتەوە بە هۆکاری نێودەوڵەتی و هەندێکیش بە هۆکاری هەرێمی و بەشێکیش بە هۆکاری ناوخۆی، بەڵام هتچ کەسێ ئەمە ناکا بەخەتای خۆی! هەڵبەتە مەبەستم لە هاوڵانیشتمانییەکی سادە نییە، بەڵکو ئەوەی مەبەستمە لێرەیا دەسەڵاتدار و حیزب و سەرۆکە زۆرەکانە.

ناکرێ کاتێ شیکاری بۆ بابەتێک ئەکرێ، تەنها ئەو لایەنانە ببینرێ و شیکارییان لەسەر بکرێ کە کەس و لایەنەکانیتر وەک نەزان و تاوانبار و هۆکاڕی شکست باسکرێ چونکە کەیفی پێیاننایە، هەڵەی حیزب و کەسانێک کە هۆگریانە و ئولفەتی پێوەگرتوون بە سیاسی دانا و پسپۆڕی جیۆسیاسی بیانناسێنێ.

ئەگەر ڕاستەوخۆ بچینە ناو بابەتەکەوە، ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕووییا نسکۆ یان ئاشبەتاڵێکی تر بوو هاوشێوەی ئەو نسکۆیانەی کە لە ١٩٧٥ و ٢٠١٧ وە ناوبەناو کورد ئەزموونیان ئەکا بەڵام،،،

جیاوازی ئەم نسکۆیە بە بەراورد بە هەموو ئەوانەی پێش خۆی ئەکرێ بوترێ، باشترینی ناو خراپەکان بوو کە شکۆی تاکی کوردی بەجارێ نەهاڕی ، لەگەڵ خۆیا ئومێدێکی هاوپێچی شکستەکە کردووە، کە تاکی ئاواتەخوازی بەدیهاتنێتی، کە ئەویش ئەو بەڵێن و ڕێکەوتنانەیە کە گوایە لە دەستوری داهاتووی سوریایا جێگیرەکرێ، کە باشترین دەستەواژە و دەربڕێنێک بۆ ئەوە ئومێدە تەنزە باوەکەیە کە ئەڵێ” ک،ە،ر،ە مەمرە بەهاڕە”

مادەی ١٤٠، بودجەو مووچەی هەرێمی کوردستان، ڕێژە و ژمارەی کورد لە سوپای ئێراقا، پشکی کورد لە جبەخانەی سوپا…هتد لە دەستوری ئێراقا دانی پیانراوەو کاریشی پێناکرێ، چ جای بەڵێن و ڕێکەوتنێک لەگەڵ یەکێک لە ئەمیری ترسناکترین ڕێکخراوی تیرۆرستی دوێنێ و سەرۆکی وڵاتێک کە شۆڤێنی ئەرەبی ناسنامەکەیەتی و لەسەردەمێکیشا کە کورد گڵۆڵەی ڕوو لەلێژییە، ئیتر ئەبێ گەرەنتی چیبێ کە بەندەکانی ڕێکەوتنەکەی نێوان جەنراڵ مەزڵوم و ئەبو محەمەد جۆلانی دوێنێ و ئەحمەد شەرعی ئەمڕۆیا لە دەستوری داهاتووی سوریایا جێبگرێ! ئایا زۆرینەی ئەرەبی سوریا دەنگ بەدەستورێ ئەیەن کە مافی کورد لە نەبوونەوە هاوتای مافی ئەعرابەکان بکرێت؟ لە گریمانەی جێگیربوونییشی لە دەستورا ئایا کاری پێئەکرێ یان نا؟

بۆ ئەم پرسە شەقامی کوردی بووە بە دوو بەشەوە، بەشێک شیعر و شانامە بۆ جەنراڵ مەزڵوم عەبدی ئەهۆننەوە, بەشێکیش بەپاساوی جیاواز هێرشی ئەکەنە سەر، کە لە ڕاستیا هەردوو بەرەکە هەڵەن.

جەنراڵ مەزڵوم نە دەستکەوتێکی هێندە مەزنی بەدەستهێناوە کە لایەنی کەم بۆ ١٠٠ ساڵی داهاتوو کورد لە ڕۆژئاوای وڵات بە ژیانێکی شایستە وەک هاوڵاتی پلەیەک بەهرەمەندبێ لە مافەکانی، وە نە هاوشێوەی نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ و ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ئاشبەتاڵێکی ئابڕوتکێنی بەسەر کورد هێناوە کە خاکی کوردستان بخرێتەوە ژێر پۆستاڵ و ڕکێفی ئەرەبە شۆڤینستەکان و شەڕڤانان بەسەر شۆڕی بگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان.

هەڵەی جەنراڵ مەزڵوم عەبدی هەمان هەڵەی مام جەلال بوو کە نەیەتوانی خۆی لە هەژموون و کاریزمای خوالێخۆش بوو مەلا مستەفا پاکاتە، وە هەمان هەڵەی کاک نەوشیروان بوو کە نەیەتوانی لەژێر هەژموون و کاریزمای مام جەلالا بێتە دەرێ.
جەنڕال مەزڵوم زۆر خراپتر کەوتۆتە ژێر هەژموون و کاریزمای بەڕێز ئەبدوڵا ئۆجەلانەوە، کە ئەکرێ بە ئەندازیاری هەڵوەشانەوەی هەسەدە ناوزەندکرێ، بگرە جەنراڵ مەزڵوم لە کۆشکی کۆماری سوریا تەنها پەیامەکەی بەبریکاری ڕاگەیاند.

هەڵبەتە نابێ هیچ کەسێ کوێرانە و بێ ویزژدانانە ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر بەڕێز ئۆجەلان، بەڵکو ئەبێ لەبری ئەوە تێگەشتنی بۆ ئەوە هەبێ کە ڕێکەوتی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە پلانێکی هەواڵگری نێودەوڵەتیا لە شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و لەو کاتەوە تا ئێستا لە زیندانی دوورگەی ئیمڕاڵی لە تورکیا گۆشەگیرکراوە.

“باشترین کورد ئەو کوردەیە کە مردووە” ئەمە بۆچوونی باو و جێگیرە لە هزری تاکی تورکا بەرامبەر بە کورد، جا کە ئەمە بۆچوونی تورکبێ لەسەر کورد ئیتر کاتێ یەکێک لە گەورەترین ڕێبەری پارتێکی کوردی نەیاری دژی تورکیا بە زەلیلی زیندانیبێ لەلایان، ئەبێ بەرهەمی کارکردنی ٢٧ ساڵی دەسگاکانی هەواڵگری و دەرونناس و سایکۆ پسپۆڕ و هەموو پسپۆڕییەکانتر بۆ کارکردن لەسەر شتنەوەی ئایدۆلۆجیایەکی دیارکراو لە هزری زیندانییەکی دابڕاو لە هەموو زانیارییەک کە تینوویەتی بیری ئۆجەلان بشکێنێ و جێگیرکردنی ئایدیایەک کە لەبەرژەوەندی داگیرکەر ئەبێ چیبێ؟

وەڵامەکەی ڕوون و ئاشکیرایە، بێ هیچ گومانێ شکست و ئاشبەتاڵ و خۆڕادەستکردن و چەکدانان و ناوزەندکردنی بە پرۆسەی ئاشتی، بەرهەمی ئەو کارە زۆرو چڕ و مێشک شتنەوەیە ئەبێ. هەر ئەوەشنا بەڵکو ناساندنی خەباتی سەرو ٤٠ ساڵی نەتەوەیەکی ژێردەست و چەوساوە و بۆ سەرەتایترین مافی هاوڵاتی بوون بە تیرۆر و جێگیرکردن و تێپەڕاندنی لە پەرلەمان بە هاوکاری دەنگی کورد و ناساندنی بەکۆی جیهان، وە بانگەشەی ئەوەش بکرێ کە داڕێژەرەکەشی ڕێبەری یەکێک لە کاریگەرترین پارتە کوردییەکانبێ، ئیتر هیچ شڕۆڤەیەکی دژ هەڵناگرێ.

تورکیا کە بە ئمتیاز چەمکی دەوڵەت-نەتەوە جێبەجێئەکا و لەمادەی سێی دەستوری تورکیایا هاتووە، تورکیا وڵاتێکە بۆ تورکەکان و هەرکەسێ لەسەر ئەوخاکە بژی تورکە، بەڵام وایان کردووە کە بەڕێز ئۆجەلان چەمکی دەوڵەت-نەتەوە ڕەفزکاتەوە و بگرە لە داوای دەڵەتی سەربەخۆوە بۆ کوردستانی گەورە هێناویانەتە سەر “کۆنفیداڵیزمی دیموکراتیک” کە ئەم چەمکە بەکردەوە تەنانەت لە دیموکراتیترین دەلەتانی دنیایا کاری پێناکرێ، چ جای لە وڵاتێکی وەک تورکیایا کە نەک دان بەمافی کوردنانێت بگرە نەمانی کورد بە فاکتەری مانەوەی خۆیانەوە ئەبەستنەوە.

هەرئەوەشنا لە بەدبەختی کورد و ١٠٠ ساڵ دوای پەیماننامەکانی لۆزان و سیڤەر و داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە بەپێی بەرژەوەندیی باڵادەستەکان، لەم کاتەیا سەرۆکی گەورەترین و ئابوری و بەهێزترین هەژموونی سەربازی جیهان کە وڵاتی ئەمریکایە، کەسێکە کە تاکە هۆکار بۆ پشتگیری کردنی سیاسی و سەربازی لەلای دەستکەوتی ئابوریە، هەم بۆ وڵاتەکەی و هەم بۆ خۆشی، هەرئەوەشنا چەرخی چەپگەری کورد واسوڕاوە کە نوێنەری سەرۆکیش بازرگانێکی چاوچنۆک و بەرژەوەندیخوازێکی بێ ڕەوشتی ناسیاسیە کە پاڵپشتی سیاسەت و بەرژەوەندی خراپترین دیکتاتۆر و سەرکردە جیهانییەکانە و دژی فیدراڵی و مافی چارەنوسی گەلانە، چونکوم لەو ڕێیەوە چەورترین گرێبەست و دەستکەوتی مادی و کەسی بەدەستەهێنێ، دژایەتییەکی کوێرانەی کوردەکا لەسەر کۆی خاکی کوردستانی گەورە چونکوم جزدانی کورد چاوچنۆکی و گیرفانی ئەو بازرگانە چەپەڵەی بۆ پڕ و تێر ناکرێ.

لە ڕاستیا ئەمانە هەمووی بیانوون بۆ داپۆشینی ناتەبایی و یەکنەبوون و دژایەتی ناوخۆی ناو ماڵی کورد، زلهێزو بڕیاربەدەستەکان گەشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە کورد توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت یان سەربەخۆیی نییە. ئەزموونی دێگەڵە و ٣٥ ساڵ حوکمرانی باشوری کوردستان و یەکنەخستنەوەی هیزی پێشمەرگە باشترین نمونە و هۆکارێکە کە هاوپەیمانی نێودەڵەتی گەیانە ئەو باوەڕەی لە ئەگەری دروستکردنی ستاتۆیەکی سەربەخۆ لە ڕۆژئاوای وڵات، هەمان سیناریۆی نێوان پارتی و یەکێتی بە ئەگەری زۆرەوە لە نێوان هەسەدە و ئەنەکەسەیا دووبارە ئەبێتەوە هەربۆیە چۆلەکەیەکی ناودەستیان لە هەزارانی سەر دار بەلاوە پەسەندتر بوو.

سامانی وەستا بەکر
٣١-٨-٢٠٢٦ سوید-ستۆکهۆڵم




ئەسغەر فەرهادی: ئۆسكار خەونێك بوو بۆ من و سەروەریەك بۆ وڵاتەكەم.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

هەر بۆ زانین ئەكتەری ناسراوی سینەمای ئێرانی ( ئەسغەر فەرهادی) خاوەنی دوو خەڵاتی ئۆسكارە لە رۆَژهەڵاتی ناوەڕاست .
ئەو بەیەكێك لە گەورەترین و كاریگەرترین دەرهێنەر و سیناریۆنووسانی سەدەی ٢١ دادەنرێت، نەك تەنها لەئێران، بەڵكو لەسەر ئاستی هەموو جیهانیش.
بەوە ناسراوە كە دەتوانێت چیرۆكی سادەی مرۆیی وەربگرێت و بیكاتە درامایەكی ئاڵۆزی دەروونی و ئەخلاقی، كە بینەر تووشی شۆك بوون بكات.
ئەسغەر فەرهادی لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری (خومەینی شەهر) لە پارێزگای ئەسفەهان لەدایكبووە. هەر لەگەنجییەوە خولیای سینەمای هەبووە و دەستی كردووە بەدروستكردنی كورتە فیلمی ٨ ملیمەتری.
خوێندنی لە بەشی شانۆ لە زانكۆی تاران تەواو كردووە، دواتر ماستەری لە دەرهێنانی شانۆ بەدەست هێناوە.
پێش ئەوەی بچێتە نێو جیهانی سینەما، بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێرانیش كاری كردووە و سیناریۆی بۆ زنجیرە دراماكان نووسیوە.
فەرهادی بە فۆرمێكی تایبەت دەناسرێتەوە كە پێی دەوترێت (ڕیالیزمی كۆمەڵایەتی)
لە فیلمەكانیدا كاراكتەری (باش) یان (خراپ) ی ڕەها بوونی نییەو بینەر دەخاتە بەردەم دووڕِیانێكی ئەخلاقی كە نازانیت كێ تاوانبارە ، زۆربەی چیرۆكەكانیشی باس لە ژیانی چینی ناوەندی ئێران دەكەن.
زۆرجاران فیلمەكانی بە شێوەیەك تەواو دەبن كە بینەر خۆی بڕِیار لەسەر چارەنووسی كاراكتەرەكان بدات.
فەرهادی بەرهەمێكی زۆری هەیە لەوانە :.سەمایەك لە تۆزدا ٢٠٠٣ یەكەم فیلمی درێژی بوو كە چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێ‌ بردەوە.
شاری جوان ٢٠٠٤
چوارشەممە سوورە ٢٠٠٦
دەربارەی ئێلی ٢٠٠٩
جیابوونەوەی نادر لە سیمین – ٢٠١١: بە یەكێك لە باشترین فیلمەكانی مێژووی سینەما دادەنرێت.
باس لە جیابوونەوەی ژن و مێردێك و كێشەیەك دەكات كە لەگەڵ پیاوێكی ئایینی و خێزانەكەیدا بۆیان دروست دەبێت.
ڕابردوو ٢٠١٣
فرۆشیار ٢٠١٦) چیرۆكی ژن و مێردێكی ئەكتەری شانۆ دەكات ، كە ڕووداوێكی نەخوازراو ژیانیان دەگۆڕێت.
هەمووان دەزانن ٢٠١٨)
پاڵەوان ٢٠٢١
فەرهادی خەڵاتی ئۆسكار (٢٠١٢) وەك ی باشترین فیلمی بیانی بۆ جیابوونەوەی نادر لە سیمین. بە دەست هێنا .(ئەمە ش یەكەم ئۆسكار بوو بۆ سینەمای ئێران.
هەروا خەڵاتی ئۆسكار (٢٠١٧)ی وەك باشترین فیلمی بیانی بۆ فیلمی (فرۆشیار) بە دەست هێنا. فەرهادی لەو ساڵەدا ئامادەی مەراسیمەكە نەبوو وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بڕیارێكی دۆناڵد ترەمپ بۆ قەدەغەكردنی هاتنی هاوڵاتیانی چەند وڵاتێكی ئیسلامی بۆ ئەمریكا.
هەروا فەرهادی چەند خەڵاتێكی گەورەی تری بەدەست هێناوە لەوانە :
خەڵاتی گۆڵدن (گڵۆب بۆ فیلمی) بۆ فیلمی جیابوونەوە
خەڵاتی (ورچی زێڕینی) ی فێستیڤاڵی بەرلین: بۆ فیلمی جیا بوونەوە
خەڵاتی باشترین دەرهێنەر (ورچی زیوینی بەرلین) بۆ فیلمی (دەربارەی ئێلی).
خەڵاتی گەورەی دەستەی دادوەران لە فێستیڤاڵی كان بۆ فیل می “پاڵەوان ٢٠٢١.
خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فێستیڤاڵی كان: بۆ فیلمی (فرۆشیار)
خەڵاتی (سیزاری فەرەنسی) بۆ فیلمی (جیابوونەوە)
ئەسغەر فەرهادی دەربارەی ئەو خەڵاتانە دەڵێت :
بردنەوەی ئۆسكار تەنها وەرگرتنی خەڵاتێكی سینەمایی نەبوو بۆ من ، بەڵكو دەرفەتێك بوو، بۆ ئەوەی دەنگ و كولتووری دەوڵەمەندی وڵاتەكەم بگەیەنمە جیهان، كە زۆرجاران لەژێر تەمومژی سیاسیی ون دەبێت..
خەڵاتەكان لە لایەكەوە شانازییەكی گەورە بوون بۆ من وەك سینەماكارێك، لە لایەكی ترەوە، هەستم دەكرد بەرپرسیارێتییەكی گەورەتریان بۆ زێدە كردم بەرامبەر هونەری گەلەكەم .
كاتێك لەسەر سەكۆكە وەستابووم، وەرگرتنی خەڵاتەكە ، بیرم لە فیلمەكە نەدەكردەوە، بەڵكو بیرم لەو خەڵكە دەكردەوە كە ئەوان ئێستا لە جیاتی من شانازییەكەیان بەر دەكەوێ‌ ، وڵاتەكەی من لە نێو وڵاتە بەشداربووەكانی ئەو فیستیڤاڵە نێو دوڵەتیە ، چەند بەسەرفیرازی ناوی دێ‌ و چەپڵەی بۆ لێ‌ دەدرێ‌ ، ئیدی چ بەختەوەریەك هەیە لەو لەحزەیەدا شان لە شانی ئەو بەختەوەریە بدا.
بۆیە ئۆسكار چەند ئەوەندەی خەونێكی چاوەڕوان نەكراو بوو بۆ من ، سەروەریەكی گەورەش بوو بۆ وڵاتەكەم .




موجتەبا پیرزادە ئەو ئەكتەرەی بە نیگاكانی دەتكوژێ‌.. حەيدەر عەبدولرڕەحمان

زۆر ئەكتەری گەورەی وەك : شەهاب حوسەینی، هادی حیجازی نەفەر، عەلی ڕەزا كەمالی ، پانتیئا بەهرام ، مێهرداد سدیقیان ، پەردیس ئەحمەدیە ، ژیلا شاهی و چەندین ئەكتەری بلیمەتی تری درامای (پێستی شێر) لە پێشبڕكێ‌ دابوون ، كەچی (موجتەبا پیرزادە) لە دوا ساتەكاندا هات و بە بێدەنگییەكی ترسناك و نیگایەكی سارد، هەموو هاوسەنگییەكانی گۆڕی و بوو بەو پارچە تەواوكەرەی ڕیتمی دراماكەی گەیاندە لوتكەی سەركەوتن.
بەڵام كاراكتەری مەنسوور كێ بوو؟
كاراكتەرێكی سایكۆپات و ئاڵۆز بوو، كلیلی هەموو ئەو نەهامەتی و ڕووداوە تاڵانە بوون كە بەسەر (نەعیم و كچەكەی داهات، ئەگەرچی (مەنسوور) خۆشی لە ڕابردوودا ئازاری زۆری چەشتبوو، بەتایبەت لەلایەن دایكی و ئەو ژینگەیەی تێیدا گەورە بوو، كردی بەو كەسایەتیەی لە زمانی سۆزو بەزەیی شتێ‌ تێ‌ نەگا، جگە لە تۆڵە سەندنەوە نەبێت لەو ڕابووردووەی گەیاندیانە ئەو چارەنووسە ئاڵۆزە .
تایبەتمەندییە دیارەكانی مەنسوور ئەوە بوو، زۆر بە كپی و هێمنی قسەی دەكرد، تەنانەت كاتێك باسی كوشتن یان ئازاردانی دەكرد، دەنگی بەرز نەدەكردەوە، بەڵام ئەم هێمنییە لای بینەر ترسێكی زیاتر لە كوشتنی دروست دەكرد.
(پیرزادە) توانای ئەوەی هەبوو، تەنها بە نیگاكانی، هەستی ڕق، پەیامی كاراكتەرەكە بگەیەنێت، بێ ئەوەی ئەكشن یان جوڵەیەكی زۆر بەكار بێنێ‌، بەڵام ترس و لەرزێكی بێ‌ سنوور بخاتە دڵی بینەر. تۆنی دەنگی، ئەو شێوازە ساردەی لەقسەكردندا هەیبوو، وای كرد (مەنسوور) وەك مرۆڤێكی ڕۆبۆت ئاسا دەربكەوێت كە هیچ بەزەییەكی تێدا نەبێت.
ئەو تەنها بكوژێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو كاراكتەرێك بوو كە لە ڕووی دەروونییەوە شكابوو، ئەو ڕقەی بەرامبەر بە(نەعیم) هەیبوو، گواستنەوەی ئەو ڕقە ئەستوورە بوو كە لە ڕابردووی خۆی و خێزانەكەیەوە بۆی مابۆوە، هەمیشە وا هەستی دەكرد هەموو جیهان قەرزاری ئەوە، بۆیە بە ئازاردانی كەسانی بێتاوان، دەیویست جۆرێك لە دادپەروەریی سەیر بۆ خۆی دروست بكات.
(موجتەبا) توانی وێنای كەسێك بكات كە بینەر هەم لێی بترسێت، هەم بزانێت چی لە مێشكیدا دەگوزەرێت.
بۆیە زۆرێك لە ڕەخنەگران پێیان وایە كە مەنسوور لە (پێستی شێڕ) دا، یەكێكە لە باشترین و ترسناكترین خراپەكارەكانی مێژووی سینەما و درامای ئێرانی نیشان داوەو بەم ڕۆڵەش سەلماندی كە ئەكتەرێكی خاوەن توانایەكی بێ سنوورە.
ئەوەتا رەِخنەگری سینەمایی ( ئارەش خۆشخوو) دەلێت : مەنسوور كاراكتەرێكە هیچ سۆزو بەزەییەك لە چاوانی نابیندرێت.
(پیرزادە) زۆر ورد جەستەو دەنگی بەكار هێناوە، بۆ ئەوەی كەسایەتیەك نیشان بدات، كە نەخۆشی دەروونی هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا زۆر زیرەك و پلان دا ڕێژەرە، ئەو نەك هەر تەنها مەترسی بوو بۆ كاراكتەرەكانی دراماكە، بەڵكو بینەریشی تووشی دڵە ڕاوكێ‌ كرد.
(فەرهاد خالدی) نووسەرو رٍەخنەگریش دەڵێ‌ : هونەری موجتەبا ئەو ساردی و بێدەنگیەو نیگا سیحراویەكانی بوو، كە ببوو بە بەهێزترین ئامرازێكی نواندنی ئەو .
ئەگەرچی مەنسوور لە دوای نیوەی دراماكە دەركەوت ، بەڵام لە گەڵ دەركەوتنی مەنسوور هاوسەنگی دراماكە بە ئاراستەیەكی بڵندتر گۆڕا.
موجتەبا پیر زادە لە زنجیرە درامای (پێستی شێر) دا یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین و ناوازەترین نواندنەكانی خۆی پێشكەش كرد. ڕۆڵی (مەنسوور) وەك كاراكتەرێكی نەرێنی، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بینەران هەبوو، بووە یەكێك لەو كاراكتەرانەی كە بۆ ماوەیەكی زۆر لە مێشكی خەڵكدا مایەوە.
مەنسوور كاراكتەرێكی سایكۆپات و ئاڵۆزە، ئەو كلیلی هەموو ئەو نەهامەتی و ڕووداوە تاڵانەیە كە بەسەر “(نەعیم ـ هادی حیجازەفەر) و (ساحڵ) ی كچی دا دێت.
خودی مەنسووریش لە ڕابردوودا ئازاری زۆری چەشتووە، بەتایبەت لە لایەن دایكی و ئەو ژینگەیەی تێیدا گەورە بووە، ئەمەش وای لێكردووە ببێتە كەسێكی بێبەزەیی و تینوو بەتۆڵە سەندنەوە.. موجتەبا پیرزادە، بە شێوەیەكی زۆر زیرەكانە ئەم ڕۆڵەی گێڕا، زۆر بەهێمنی و ترسناكی قسەی دەكرد، تەنانەت كاتێك باسی كوشتن یان ئازاردانی دەكرد، دەنگی بەرز نەدەكردەوە.
ئەم هێمنییە لای بینەر ترسێكی زیاتری دروست دەكرد. توانی تەنها بە نیگاكانی، هەستی ڕق و شێتیی كاراكتەرەكە بگەیەنێت ، بەبێ ئەوەی زۆر بجوڵێت، ترس بخاتە دڵی بینەرەوە.
موجتەبا رۆڵێكی بچووكی بینی لە چاو ئەكتەرە گەورەكانی تری دراماكە، بەڵام كاریگەرترین رۆڵ لە دراماكە.
لە دیمەنەكانی دوایی نەعیمی باوك و مەنسووری بكوژی ساحلی كچی، دوای هەموو ئەو گەڕان و هیلاكیەی بكوژی كچەكەی، لە زیندان بە یەك دەگەن، مەنسوور دەڵێ‌ : تۆ سابری عەزیزو برا گەورەمت لە باوەشما كوشت ( بە پێكەنین ) منیش ساحلی ئازیزتم لە باوەشتا كوشت، یەك بە یەكین ..تەواو؟ دەستت بێنە با تەوقە بكەین .
بەڵام نەعیم دەڵێ‌ : ساحل تۆ كوشتت، بەڵام بكوژی تۆ منم.
مەنسوور : ئەو قسەیە دووبارە نەكەیتەوە، ئەو عاشقی من بوو، كارێكی وات كرد، من لە بەرچاوی بكەوم، سوێندم خواردبوو، بەر لە كوشتنی پارچە پارچەت بكەم.
بە پێكەنینێكی ترسناك بە نەعیم دەڵێ‌ : عەزابم دای وا نیە؟
نەعیم بەهەستێكی ئاگرین ، بەڵام بە ئەعسابێكی سارد بە مەنسوور دەڵێ‌ : بەڵێ‌ عەزابت دام ؟ ئەی دەبێ‌ من ئێستا تۆڵەی تاوانەكەت لێ‌ بستێنمەوە.
پارچە پارچەت كردم مەنسوور، بەڵام ئەوەت لە یاد نەبوو، ئەگەر یەك لەو پارچانەش بمێنێتەوە، ئەوەندە ئەگەرێ‌ تا خوێنی مناڵەكەت لێ‌ وەر دەگرێتەوە.
ئیدی لە و زیندانەدا نەعیم بۆ دوا جار ڕقەكانی بە كوشتنی مەنسوور دادەمركێتەوە.
(موجتەبا پیرزادە) ئەكتەرێكی گەنجی ئێرانییە كە بەهۆی بەهرەكەی لە بەرجەستەكردنی ڕۆڵە ئاڵۆزەكاندا سەرنجی زۆری بۆ خۆی ڕاكێشاوە، بەتایبەتی لە ساڵانی دواییدا وەك یەكێك لە دەموچاوە دیار و بەتواناكانی سینەما و درامای ئێرانی دەركەوتووە.
گرنگترین كارەكانی:
لە ساڵی ١٩٨٥ لە تاران لەدایكبووە.
دەرچووی كۆلێژی هونەر و تەلارسازیی زانكۆی (ئازاد) ی ئیسلامییە لە بەشی نواندن.
هاوسەرگیری لەگەڵ خانمە ئەكتەر (فەرناز ڕەهنەما) كردووە، هاوسەرەكەی هاوپیشەی خۆیەتی لەبواری شانۆدا.
موجتەباـ دەستپێكی كارەكانی لەسەر تەختەی شانۆوە بوو، كە ئەمەش ڕێڕەوی باوی زۆربەی ئەكتەرە سەركەوتووەكانی ئێرانە.
بەشداری لە چەندین شانۆگەریدا كردووە، كە بوونە هۆی پەرەپێدانی بەهرەكەی پێش ئەوەی ڕوو لە شاشەی سینما و تەلەفزیۆن بكات.
فیلمی (فڕۆشیار ٢٠١٦ ڕۆڵێكی كورتی (كەسایەتی مەجید) لەم فیلمەدا گێڕا كە خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنا وە، لە دەرهێنانی (ئەسغەر فەرهادی) بوو.
ئەم بەشدارییە بووە دەروازەیەكی ڕاستەقینە بۆ چوونە نێو جیهانی پیشەگەرییەوە.
فیلمی (تۆمان) ٢٠٢٠
بە یەكێك لە گرنگترین ڕۆڵە سینماییەكانی دادەنرێت، كە تێیدا كاندید كرا بۆ خەڵاتی باشترین ئەكتەری پاڵپشت لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر.
فیلمی (شەش و نیو مەتر) ئەم فیلمە سەركەوتنێكی جیهانی بەدەستهێنا و باس لە كێشەی ماددە بێهۆشكەرەكان دەكات لە ئێران. كارە درامییەكان (بەرنامە و زنجیرەكان) ناوبانگی ڕاستەقینەی لەلای جەماوەر لە ڕێگەی تۆڕەكانی پەخشی ناوخۆیی و زنجیرە تەلەفزیۆنییەكانەوە بەدەستهێنا.
زنجیرەی (سایەبان): یەكەمین ڕۆڵی سەرەكی ئەو بوو لە تەلەفزیۆن، كە لە ڕێگەیەوە ناوبانگێكی زۆری لە ناوخۆی ئێراندا پەیدا كرد.
زنجیرەی (پێستی شێر) ڕۆڵی (مەنسوور) ی گێڕا، كاراكتەرێك بوو، مشتومڕێكی زۆری نایەوە و سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا. نواندنەكەی لەم زنجیرەیەدا بە قووڵیی دەروونی و توانای بەرجەستەكردنی كەسایەتییەكی تەمومژاوی و شێواو جیادەكرایەوە، ئەمەش وایكرد لە كاتی نمایشكردنی زنجیرەكەدا ببێتە یەكێك لەو ئەكتەرانەی زۆرترین باسیان لە میدیا هونەرییەكاندا دەكرێت.
(موجتەبا پیرزادە) كاندید كرا بۆ خەڵاتی (سیمرغی بلورین) وەك باشترین ئەكتەری پاڵپشت بۆ ڕۆڵی (عەزیز) لە فیلمی (تۆمان) لە ٣٨ەمین خەڵاتەكانی فێستیڤاڵی فەجر. ستایشی زۆری ڕەخنەگرانی بەدەستهێنا بەهۆی توانای كۆنترۆڵكردنی دەربڕینەكانی دەموچاو و بەكارهێنانی زمانی جەستە بە شێوەیەكی سروشتی و دوور لە ئەكتینی دەستكرد.
زۆرێك لە ڕەخنەگران پێیان وایە كە مەنسوور لە (پێستی شێڕ) دا، یەكێكە لە باشترین و ترسناكترین (خراپەكارەكان)ی مێژووی سینەما و درامای ئێران.
موجتەبا پیرزادە بەم ڕۆڵە سەلماندی كە ئەكتەرێكی خاوەن توانایەكی بێسنوورە. مەنسوور لوتكەی بەدكاری و تێكچوونی دەروونی بوو، موجتەبا پیرزادەش بە نواندنە “سارد و بێبەزەییەكەی ،توانی ئەم كاراكتەرە بكاتە كابوسێكی ڕاستەقینە بۆ كاراكتەرەكانی ناو دراماكە و ئەزموونێكی لەبیرنەكراو بۆ بینەران.

حەيدەر عەبدولرڕەحمان




شیعری: بە بەهاران باوەڕ بکە.. فەرەیدون موشیری.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شەهلا نوری

بە بەهاران باوەڕ بکە

پەنجەرەکان بکەرەوە…
وا نەسیم
جەژنی لەدایکبوونی هەڵاڵان
دەگێڕێت،
بەهاریش
لەسەر هەر چڵێک،
لە کەناری هەر گەڵایەک
مۆمێکی هەڵکردووە!
پەڕەسێلکەکان
گەڕانەوە دەچریکێنن
بۆ سەوزەڵانی،
کۆڵان پڕ بووە
لە چریکە و دیلانێ،
درەختی گێلاس
بۆ دیاریی جەژنی هەڵاڵان
گوڵی لە ئامێز گرتووە

پەنجەرەکان بکەرەوە
ئەی یار
لە بیرت دێ؟
کە تینوێتی کێوی زەوی سووتاند
گەڵاکان ژاکان،
لە ناخی خاکدا چی کرد!
لە بیرت دێ؟
لە تاریکیی شەوە درێژەکاندا
تەزووی سەرما
چی بە ڕەز کرد ؟
لە بیرت دێ؟
نیوەشەو
بە سەرو و سینەی
گوڵە سپییەکاندا،
بای تووڕە چی کرد؟
لە بیرت دێ؟

ئێستا
باوەڕ بە موعجیزەی
باران بکە،
دڵاوایی..
لە چاوی چەمەنزاردا ببینە و
میهرەبانی لە ڕووحی نەسیمدا؛
کە لەم کۆڵانە تەنگەدا
بەو دەستە بەتاڵەوە
جەژنی لەدایکبوونی هەڵاڵان
دەگێڕێت

خاک بێدار بووەوە
تۆ بۆچ بووی بە بەرد؟
تۆ بۆچ وا دڵتەنگ بوویت؟
پەنجەرەکان بکەرەوە
بە بەهاران باوەڕ بکە




هادۆنفیڵد شارۆچکەیەک لەژێر سێبەری ترسدا(وتاری یەکەم).. باکۆ رێبوار

(ئاگاداربە سپۆیڵی تێدایە) زنجیرە فیلمی “هاڵۆوین” (Halloween) تەنها زنجیرە فیلمێکی ترسناک نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کولتووری و پایەیەکی بنەڕەتییە لە مێژووی سینەمای ژانەری ترسدا، بەتایبەتی لە داڕشتنی بنەماکانی ژانەری “سلاشەر” (slasher)، پێش هاڵۆوین فیلمی وەک “Psycho” (١٩٦٠)ی هیچکۆک بە ناساندنی بکوژە دەروونییەکان و “Black Christmas” (١٩٧٤) بە پیشاندانی کوشتاری گەنجان لە شوێنێکی داخراودا، زەمینەیان بۆ ئەم ژانەرە خۆش کردبوو، بەڵام “هاڵۆوین”ی جۆن کارپێنتەر بوو، فۆرمۆلە سەرکەوتووەکەی داڕشت: بکوژێکی دەمامکداری نزیک لە نەمر، کۆمەڵێک هەرزەکار بەهۆی هەڵسوکەوتە “نادروستەکانیانەوە” (وەک سێکس و خواردنەوە) دەکرێنە ئامانج و “کچی کۆتایی” (final girl) زیرەک و پاکیزە لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی بکوژەکە دەبێتەوە و ڕزگاری دەبێت،
ئەم زنجیرەیە، لە ساڵی ١٩٧٨ بە فیلمێکی سەربەخۆی کەم بودجەوە دەستی پێکرد، نەک هەر بە کردەوە ئەم ژانەرەی دامەزراند، بەڵکو بووە بەشێک لە یادەوەریی کۆمەڵایەتی و کابوسێکی هاوبەش بۆ چەندین نەوە لە سەرانسەری جیهاندا، چیرۆکی سادە و لە هەمان کاتدا ترسناکی مایکڵ مایەرز، ئەو بکوژە دەمامکدارەی لە تاریکی شەوانی هاڵۆویندا دەردەکەوێتەوە و بە بێدەنگی و ساردی قوربانییەکانی ڕاودەنێت، بووەتە ئایکۆنێکی نەمر لە جیهانی ترسدا، کاریگەریی “هاڵۆوین” سنووری شاشەی سینەمای تێپەڕاندووە و بووەتە بابەتی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لەبوارەکانی دەروونناسی، کۆمەڵناسی و فەلسەفەدا، ئەم زنجیرەیە پرسیارگەلێکی قووڵ و بنەڕەتی دەوروژێنێت: سروشتی شەڕ چییە؟ ئایا شەڕ هێزێکی دەرەکییە یان لە ناخی مرۆڤ خۆیدا بوونی هەیە؟ ترسی مرۆڤ لە چییە، لە تاریکی، لە نەزانراو، یان لەو ڕاستییەی ڕوخساری مرۆڤ دەتوانێت دڕندەییەکی بێ وێنەی لە پشتەوە حەشار دابێت؟ لە دڵی ئەم چیرۆکەدا، کارەکتەری لۆری سترۆد وەک “کچی کۆتایی” دەدرەوشێتەوە، لە کچێکی هەرزەکاری ترساوەوە دەگۆڕێت بۆ سیمبولی بەرەنگاربوونەوە، خۆڕاگری و ڕزگاربوون لە بەرامبەر زوڵم و توندوتیژییەکی کوێرانەدا، ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان لۆری و مایکڵ لە فیلمە جیاوازەکاندا تەنها پێکدادانێکی فیزیکی نییە، بەڵکو ململانێی نێوان ئیرادەی ژیان و غەریزەی مردنە،

چیرۆکی دروستبوونی زنجیرەفیلمی “هاڵۆوین” چیرۆکی داهێنانە لەژێر فشاری کەمیی بودجەدا، کاتێک بەرهەمهێنەر ئیروین یابلانس پەیوەندی بە جۆن کارپێنتەرەوە کرد، داوای فیلمێکی لەسەر “کوشتاری دایەنەکان” لێکرد، کارپێنتەر و دێبرا هیڵ لە ماوەی تەنها دە ڕۆژدا سیناریۆکەیان نووسی، هیڵ، بەهۆی ئەزموونی پێشووی وەک دایەن، توانی دیالۆگەکانی نێوان کچە هەرزەکارەکان بە شێوەیەکی زۆر سروشتی بنووسێت، وایکرد بینەر بە ئاسانی پەیوەندییان لەگەڵدا دروست بکات، لە بەرامبەردا، کارپێنتەر سەرنجی لەسەر بنیاتنانی ئەفسانەی مایکڵ مایەرز بوو وەک هێزێکی شەڕانگێزیی پەتی، هەڵبژاردنی جەیمی لی کێرتس بۆ ڕۆڵی لۆری سترۆد بلیمەتانە بوو؛ وەک کچی جانێت لی، ئەستێرەی فیلمی “Psycho”، بەشێوەیەکی نافەرمی نازناوی “شاژنی قیژە” (Scream Queen)ی بۆ مایەوە و پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆی لەنێوان دوو شاکارە ترسناکەکەدا دروست کرد،

بودجەی فیلمی یەکەم تەنها ٣٢٥,٠٠٠ دۆلار بوو، ئەمەش وای لە تیمەکە کرد تا ئەوپەڕی داهێنەر بن، بۆ نموونە، جلوبەرگی ئەکتەرەکان زۆربەی هی خۆیان بوو و بۆ ئەوەی هەستی وەرزی پایز دروست بکەن لەکاتێکدا وێنەگرتن لە بەهاردا دەکرا، ناچاربوون گەڵای دارەکان ڕەنگ بکەن و دواتر کۆیان بکەنەوە بۆ بەکارهێنانەوە، دەمامکی بەناوبانگی مایکڵ، لەلایەن تۆمی لی واڵاسەوە دیزاین کرا، دەمامکێکی کاپتن کێرکی زنجیرەی “Star Trek” بوو بە ١.٩٨ دۆلار کڕدرابوو، قژەکەی لێکرایەوە، کونەکانی چاوی گەورەتر کران و بە سپرا ڕەنگی سپی کرا، ئەنجامەکەی ڕوخسارێکی بێ هەست و سۆز و ترسناک بوو، خودی کارپێنتەر جەختی لەوە دەکردەوە مایکڵ هیچ هۆکارێکی نییە، ئەو “شەڕی پەتی”یە، بۆیە لە سیناریۆکەدا بە “شێوەکە” (The Shape) ئاماژەی پێکراوە، بۆ جەختکردنەوە لەسەر سروشتە نامرۆییەکەی،

یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی سەرکەوتنی فیلمەکە، مۆسیقاکەیەتی، کارپێنتەر، خۆی ئاوازدانەرێکی بەهرەمەندبوو، تەنها لە ماوەی سێ ڕۆژدا بە بەکارهێنانی سینتیسایزەرێکی سادە، یەکێک لە ناسراوترین تێماکانی مێژووی سینەمای ئامادەکرد، ئەو ڕیتمە ناسروشتییەی ٥/٤ بۆ تێمای سەرەکی بەکاریهێنا، هەستێکی نائارامی و دڵەڕاوکێی بەردەوام بە بینەر دەبەخشێت و بووەتە واژۆی دەنگی ترس، سەرکەوتنی فیلمەکە لە بۆکس ئۆفیسدا ئەفسانەیی بوو؛ نزیکەی ٧٠ ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری جیهاندا کۆکردەوە، ئەم سەرکەوتنە دەرگای بۆ زنجیرەیەک فیلمی تر کردەوە:

بودجە و داهات:
“Halloween II” (1981): بودجە ٢.٥ ملیۆن، داهات ٢٥.٥ ملیۆن دۆلار
“Halloween III: Season of the Witch” (1982): بودجە ٢.٥ ملیۆن، داهات ١٤.٤ ملیۆن دۆلار (شکستێکی بازرگانی بوو)
“Halloween 4: The Return of Michael Myers” (1988): بودجە ٥ ملیۆن، داهات ١٧.٨ ملیۆن دۆلار
“Halloween 5: The Revenge of Michael Myers” (1989): داهات ١١.٦ ملیۆن دۆلار
“Halloween: The Curse of Michael Myers” (1995): داهات ١٥.١ ملیۆن دۆلار
“Halloween H20: 20 Years Later” (1998): بودجە ١٧ ملیۆن، داهات زیاتر لە ٧٥ ملیۆن دۆلار (بووژانەوەیەکی گەورە)
“Halloween: Resurrection” (2002): بودجە ١٣ ملیۆن، داهات ٣٧.٦ ملیۆن دۆلار
ڕیمەیکەکانی ڕۆب زۆمبی: “Halloween” (2007) ٨٠.٤ ملیۆن و “Halloween II” (2009) ٣٩.٤ ملیۆن دۆلار
سێبەری نوێی دەیڤد گۆردن گرین: “Halloween” (2018) بە بودجەی ١٠ ملیۆن، زیاتر لە ٢٥٥ ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، کردییە سەرکەوتووترین فیلمی سلاشەر لە مێژوودا
“Halloween Kills” (2021): داهات ١٣١.٦ ملیۆن
“Halloween Ends” (2022): داهات ١٠٤.٣ ملیۆن دۆلار بە گشتی، تەواوی زنجیرەی هاڵۆوین زیاتر لە ٨٥٠ ملیۆن دۆلاری کۆکردۆتەوە، گەواهی دەدات لەسەر هێز و کاریگەریی بەردەوامی ئەم ئایکۆنە ترسناکە

گەشتێک بەناو زنجیرەکەدا
گەشتی خوێناوی زنجیرەفیلمی “هاڵۆوین” بە شاکارەکەی جۆن کارپێنتەر لە ١٩٧٨ دەست پێدەکات، فیلمەکە بە دیمەنێکی درێژی یەکگرتوو لە ڕوانگەی چاوی مایکڵ مایەرزی شەش ساڵانەوە دەست پێدەکات، خوشکە گەورەکەی دەکوژێت، ئەم دیمەنە بینەر دەخاتە شوێنی بکوژەکەوە و دیمەنی شەڕێکی بێ هۆکار دادەڕێژێت، پاش ١٥ ساڵ، مایکڵ (نیک کاسڵ ڕۆڵی دەگێڕێت) لە نەخۆشخانەی دەروونی هەڵدێت، کارپێنتەر بە شێوەیەکی بلیمەتانە کامێرای پانەفلیژنی بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی ترس لە بۆشاییەکانی چوارچێوەی وێنەکەدا؛ زۆرجار مایکڵ وەک شێوەیەکی تاریک لە گۆشەیەکدا دەردەکەوێت، ئەمەش هەستی چاودێریکردنێکی بەردەوام دروست دەکات، کۆتایی فیلمەکە، کاتێک دکتۆر لوومیس (دۆناڵد پڵیزنس) شەش فیشەک بە مایکڵەوە دەنێت و ئەویش دواتر دیار نامێنێت، جەخت لەوە دەکاتەوە مایکڵ تەنها مرۆڤ نییە، بەڵکو بەرجەستەبوونی “شەڕ” ە،

Halloween II (١٩٨١)
ڕاستەوخۆ لەدوای ڕووداوەکانی فیلمی یەکەمەوە دەست پێدەکات، لۆری بۆ نەخۆشخانەی هادۆنفیڵد دەگوازرێتەوە، ئەم فیلمە زۆر خوێناویترە و نەخۆشخانەکە وەک شوێنی چارەسەرکردن دەشێوێنێت و دەیکاتە گۆڕەپانێکی کوشتار، ئاشکراکردنی ئەوەی لۆری خوشکی مایکڵە، هۆکارێک دەدات بە ڕاوکردنەکەی، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو ترسە پوختەی لە بێ هۆکاربوونی شەڕەکەی مایکڵەوە سەرچاوەی گرتبوو، کەم دەکاتەوە، فیلمەکە بە تەقینەوەیەکی گەورە کۆتایی دێت، وەک هەوڵێکی نائومێدانەی دکتۆر لوومیس بۆ کۆتاییهێنان بەم کابوسە،

Halloween III: Season of the Witch (١٩٨٢)
هەوڵێکی بوێرانە بوو بۆ گۆڕینی زنجیرەکە بۆ ئەنتۆلۆژیایەک، فیلمەکە باس لە پیلانێکی کۆمپانیایەکی دروستکردنی دەمامک دەکات دەیەوێت منداڵان بکوژێت، فیلمەکە وەک ڕەخنەیەک لە کۆمەڵگەی بەکاربەر و تێکەڵکردنی تەکنەلۆژیای مۆدێرن لەگەڵ جادووی کۆندا لێکدەدرێتەوە، هەرچەندە لە کاتی خۆیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام دواتر وەک فیلمێکی “کەڵت” (cult classic) پێگەی خۆی دۆزییەوە،

Halloween 4: The Return of Michael Myers (١٩٨٨)
دوای دە ساڵ لە کۆما، مایکڵ بەهۆش دێتەوە کاتێک دەبیستێت خوشکەزایەکی هەیە بە ناوی جەیمی لۆید (دانیێل هاریس)، کۆتایی فیلمەکە شۆکهێنەرە؛ کاتێک جەیمی دەمامکێکی گاڵتەجاڕی لەبەردەکات و بە مقەستێک هێرش دەکاتە سەر دایکی ( ئەو دایەنەی هەڵیگرتبوەوە)، هاوشێوەی تاوانەکەی مایکڵ لە منداڵیدا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕەنگە شەڕی مایکڵ گوازرابێتەوە بۆ نەوەی دواتر،

Halloween 5: The Revenge of Michael Myers (١٩٨٩)
یەک ساڵ دواتر ڕوودەدات، مایکڵ زیندووە و جەیمی لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی منداڵاندایە و پەیوەندییەکی تەلەپاتی لەگەڵ مایکڵدا هەیە، فیلمەکە پیاوێکی نامۆی ڕەشپۆش دەناسێنێت بەدوای مایکڵەوەیە، ئەم فیلمە بە گشتی وەک پاشەکشەیەک لەچاو بەشی چوارەمدا دەبینرێت و نەیتوانی چیرۆکەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو پەرە پێبدات،

Halloween: The Curse of Michael Myers (١٩٩٥)
هەوڵدەدات نهێنیی پیاوە ڕەشپۆشەکە و هێزە سەرووسروشتییەکەی مایکل ئاشکرا بکات، فیلمەکە باس لە “نەفرەتی سۆرن” دەکات، نەفرەتێکی کۆنی درویدییە و لەلایەن سکتێکەوە کۆنترۆڵ کراوە، ئەم فیلمە دوو وەشانی زۆر جیاوازی هەیە (Theatrical vs. Producer’s Cut)، وەشانی دووەمیان ڕوونتر چیرۆکە ئاڵۆزەکە دەگێڕێتەوە، بەڵام بە گشتی وەک هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ زیادکردنی میتۆلۆژیایەکی ناپێویست بۆ کارەکتەرە سادەکە سەیر دەکرێت،

Halloween 20 Years Later (١٩٩٨)
هەموو فیلمەکانی دوای بەشی دووەم پشتگوێ دەخات، فیلمەکە سوودی لە سەرکەوتنی فیلمی “Scream” وەرگرت و ژانەری سلاشەری بۆ نەوەیەکی نوێ زیندوو کردەوە، لۆری سترۆد (بە گەڕانەوەی جەیمی لی کێرتس) مردنی خۆی ساختە کردووە و بە ناوی کێری تەیتەوە دەژی، فیلمەکە جەخت لەسەر ترۆمای درێژخایەنی لۆری و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی دەکاتەوە، دیمەنی کۆتایی فیلمەکە تێیدا لۆری سەری مایکڵ بە تەورێک دەبڕێت، وەک ساتێکی بەهێزی بەدەسەڵاتکردنی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو لێکدەدرێتەوە،

Halloween: Resurrection (٢٠٠٢)
بە شێوەیەکی مشتومڕاوی مردنەکەی مایکڵ هەڵدەوەشێنێتەوە، لە سەرەتای فیلمەکەدا، مایکڵ لۆری سترۆد دەکوژێت، ئەمەش وەک سوکایەتییەک بە کارەکتەرە ئایکۆنییەکە بینرا، پاشان چیرۆکەکە دەچێتە سەر گروپێک خوێندکار بەشداری لە ڕیالیتی شۆیەکی ئینتەرنێتیدا دەکەن، فیلمەکە بەهۆی چیرۆکە لاوازەکەی و دیمەنی شەڕی کاراتێی نێوان بوستا ڕایمز و مایکڵەوە، بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەخنەی لێگیرا،

Halloween (٢٠٠٧)
لە ٢٠٠٧، دەرهێنەر ڕۆب زۆمبی ڕیمەیکێکی بۆ فیلمی یەکەم دروستکرد، “Halloween” (٢٠٠٧) هەوڵدەدات قووڵتر بچێتە ناو ژیانی منداڵی مایکل مایرس و نیشانی دەدات چۆن لە خێزانێکی توندوتیژدا گەورە بووە، ئەمە پێچەوانەی دیدەکەی کارپێنتەرە، مایکڵ وەک “شەڕی پەتی” و بێ هۆکار دەبینی، فیلمی ڕۆب دڕندانەتر و خوێناویترە،

Halloween II (٢٠٠٩)
تەنانەت زیاتر دابەشکەر بوو، تیشکی خستە سەر خەون و وەهمەکانی مایکڵ و پەیوەندییە دەروونییەکەی لەگەڵ دایکی مردووی،

Halloween (٢٠١٨)
لە ٢٠١٨، سێبەری نوێ بە فیلمی “Halloween” دەستی پێکرد، هەموو بەشەکانی پێشووی جگە لە فیلمی ١٩٧٨ی پشتگوێ خست، لۆری سترۆد ٤٠ ساڵە خۆی بۆ گەڕانەوەی مایکڵ ئامادە دەکات، فیلمەکە باس لە ترۆمای نەوەکان دەکات؛ ترۆمای لۆری کاریگەری لەسەر کچەکەی کارین و نەوەکەی ئالیسن داناوە، دیمەنی کۆتایی تێیدا سێ ژنەکە پێکەوە مایکل لە ژێرزەمینێکدا گیردەخەن و ئاگری تێبەردەدەن، وەک سیمبولێکی بەهێزی یەکگرتنیان دژی ستەمکاریی نێرینە لێکدەدرێتەوە،

Halloween Kills (٢٠٢١)
ڕاستەوخۆ دوای فیلمی ٢٠١٨ دەست پێدەکات، مایکڵ لە ئاگرەکە ڕزگاری دەبێت و دەست دەکات بە کوشتارێکی دڕندانەتر، فیلمەکە جەخت لەسەر توڕەیی و ترس و کاریگەریی مایکڵ لەسەر هەموو شارۆچکەی هادۆنفیڵد دەکاتەوە، دانیشتوانی شارۆچکەکە هەوڵدەدەن خۆیان دادپەروەری بەدەست بهێنن، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئاژاوەیەکی کوێرانە، نیشانی دەدات چۆن ترس دەتوانێت کۆمەڵگەیەک لەناو ببات و خەڵکی ئاسایی بکاتە دڕندە، لە کۆتاییدا، مایکڵ کچەکەی لۆری، کارین، دەکوژێت،

Halloween Ends (٢٠٢٢)
چوار ساڵ دواتر ڕوودەدات و هەوڵدەدات کۆتاییەکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەم داستانە بنووسێت، فیلمەکە کارەکتەرێکی نوێ بە ناوی کۆری کەنینگهام دەناسێنێت، گەنجێک بەهەڵە منداڵێک دەکوژێت و لەلایەن شارۆچکەکەوە پەراوێز دەخرێت، ئەمەش وا دەکات بکەوێتە ژێر کاریگەریی مایکڵەوە، فیلمەکە لەسەر ئەم بیرۆکەیە کار دەکات شەڕ تەنها یەک کەس نییە، بەڵکو دەتوانێت وەک ڤایرۆسێک بڵاوببێتەوە، کۆری دەبێتە بکوژێکی نوێ و دەمامکەکەی مایکڵ دەدزێت، لە کۆتاییدا، لۆری و ئالیسن ڕووبەڕووی مایکڵ دەبنەوە و بۆ دواجار دەیکوژن، بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە جارێکی تر ناگەڕێتەوە، تەرمەکەی بەناو شاردا دەبەن و لەناو ئامێرێکی وردکەری ئاسندا لەناویدەبەن، وەک ڕێوڕەسمێک بۆ پاککردنەوەی شارۆچکەکە لەو شەڕەی بۆ دەیان ساڵ ئازاری دابوون، ئەم کۆتاییە، گەشتی درێژی ترس و بەرەنگاریی لۆری سترۆدی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کۆتایی پێهێنا.




زەوی سەخت و ئاسمانی دوور.. حه يدەر عەبدولڕەحمان

فیلمی (زەوی سەخت و ئاسمانی دوور) ی دەرهێنەر هەوراز محەمەد ) م لە سینەمای هەولێر بینی .
فیلمەکە دوای نمایشکردنی لە سلێمانی، دەنگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو پروپاگەندەیەکی زۆری لە سۆشیال میدیاوە بۆ کرا.
بۆیە زۆر بەتاسەی بینینی بووم.
فیلمەکە چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێشی هەیە، باس لە پیاوێک بەناو هاڕون دەکات، کە لەدەرەنجامی کۆمەڵێ کارەسات، و تاوان ، دەکەوێتە گۆشەیەکی تەسکی تەنیایی و دووچاری کۆمەڵێ نەخۆشی کوشندەی دەروونی دەبێتەوە، ، بە بەردەوامی خەونی ترسناک دەبینێ. ئارامی لێ هەڵدەگیرێ.
سەرەتا پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکەن ، گوێ لەمۆسیقا بگرێ و هاوڕێکەی دەیباتە کۆڕی تەمبوور ژەنانی یارسان و گوێ لە موزیک دەگرێ، بەڵام، مۆسیقا نابێتە چارەسەری کێشە دەروونییەکانی ئەو.
ئیدی بەدرێژایی فیلمەکە بەدوای چارەسەری دا دەگەڕێ،
پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکەن ، بچێتە لای پیرەژنێک بەناو مریەم لە کوێستانێ، بۆ ئەوەی خوێنە پیسەکەی دەستی بە خاڵ کۆڵین بگۆڕێ و دەستی تاوانکاری پاک بێتەوە ، لەو کاتەدا هاڕون تەواوی نهێنی و سەربوردەی ژیانی خۆی بۆ مریەم خان دەگێڕێتەوە ، لەکۆتاییدا دەردەکەوێ کە ئەو هاڕوونە نەخۆشە زۆر بێ ڕەحمانە کوڕە ئاشق و تاقانەکەی، مریەمی بەناو ( ئازاد) ی کوشتووەو لە دەشتێکی بەفران بار لەژێر کۆمەڵێ بەردو دار دا تەرمەکەی شاردۆتەوە.
دواتر کە تاوانەکە ئاشکرا دەبێت، مریەمی دایک و هاڕوونی تاوانبار دەچنە شوێنی گۆڕەکەو تەرمەکە دەگەڕێننەوە ئاوایی،
کە شیرینی دەزگیرانی ئازاد تەرمە گەڕاوەکە دەبینێ، بەدەم هەلهەلە لێدانەوە جلی بووکینی دەپۆشێ وئەو ئاواتەی خۆی بەدی دێنێ، زەماوەندی خۆی لەبەردەم تەرمی دەزگیرانە شەهیدەکەی دەگێڕێ، کە لە شەڕێکی براکوژیدا شەهید دەبێ.
پاش هەموو ئەو کارەساتە سیناریۆ نووس سپرایزێک بۆ بینەر دروست دەکات و لە بری نزا کردن لەخوا بۆ تۆڵە لێ سەندنەوە، لە دوا ساتدا دەگەڕێتەوە لای هاڕونی بکوژی کوڕە تاانەکەی ئەوپەڕی میهرەبانی دەنوێنێ و دەست دەکات بە تەواو کردنی نەخشانی خاڵ بۆ هاڕوون ، بە نموونەیەکی جوانی لێبوردەیی، ببە،هاڕوون دەڵێ : دوعا دەکەم خوا لە سزای تاوانەکانت بە دوورت بگرێ، بەقەد دووری ئەرزو ئاسمان
بەم هەڵوێستە ، ئەم دایکە دڵ گەورەیە ،نموونەیەکی هەرە جوان لە لێبوردەیی نیشان دەدات
فیلمەکە لە ناوەرۆکدا فیلمێکی فەلسەفی، سایکۆلۆژیە، دەیەوێ بڵێت ئەو مرۆڤانەی لە ڕەچەڵەکدا ویژدان پاکن و زەمەن ڕوو بە ڕووی گوناهو تاوانیان دەکاتەوە،، هەرگیز ویژدانیان ئارام نابێتەوە، شتێ نیە پاکیان بکاتەوە، مەگەر تەنیا وەک مریەم گوتەنی خودا ڕەحمیان پئ بکاو لە سزاکانی خۆی بەدووریان بگرێ.
دەرهێنەر بۆ گەیاندنی پەیامەکەی خۆی چەند فۆرمێکی جیا جیا بەکار دێنێ، هەندێ جار ئەو فۆرمانە لەچوارچیوە واقیعیەکەی دەر دەچن، بۆ ئەمڕۆی ئێمە، وەک ئەفسانەیان لێ دێ، بەڵام ڕەنگە ئەفسانە نەبن و لە مێژوویەکی کۆنی کوردی وەک سەردەمی مزۆبۆتامیا بوونیان هەبوو بێت، وەک دیمەنی چارەسەرکردنی نەخۆشی دەروونی ، یا چارەسەر کردنی نەمانی دەنگ و چالاکی مرۆڤ، لە ڕێگەی چاڵ هەڵکەندن و کوتانی جەستە.. وەک دیمەنی چاکردنەوەی دەنگی ئەو گۆرانی بێژەی لەژێر ئەشکەنجەو ئازار دەنگی نەمابوو، کەچی پیرە ژنەکە دەنگ و جەستەی دەگەڕێنێتەوە حاڵەتی ئاسایی خۆی.
هەندێ لەو ڕووداوانە ئەگەر وەک کولتوورو کەلەبووریش جاران لە بواری نوژداریدا بەکار هاتبن. ئەوە بەکارهێنانیان لەو سەردەمەدا ناوازە دەردەچێت.
تەنانەت لە ڕووی چارەسەرکردنی نەخۆشی دەروونیش، هەرگیز مۆسیقا لە کۆمەڵگای کوردی دا ، لەسەردەمی کۆن و نوێ دا وەک چارەسەری نەخۆشی بەکار نەهاتووە، وەک لە دیمەنی سەردانی هاڕوونی تاوانبار بۆ کۆڕی تەمبوور ژەنانی یارسان، بەڵام ئەم چارەسەرییە لەکۆمەڵگا ئەوروپیەکان کارێکی ئاسایی بووە.
دەرهێنەر ئامانجە سەرەکیەکەی تەنیا ئەوەندەیە کە بەشێک لە فیلمەکەی بۆ دەرخستنی لایەنی کولتووری چەشنی فۆرمێکی دیکۆمێنتاری لە فیلمەکەدا بەرجەستە بکات، لەو ڕێگەیەوە، بینەر ئاشنا بەو تیپە تەبوور ژەنانەی یارسان بکات لە ئێران و چەند لەچالاکییە کولتووری و فۆلکلۆریەکانیان نمایش بکات، بەمەش کەمێک لە ئەتمۆسفیرو کەش و هەوای هێڵی سەرەکی دراماکە دوور کەوتۆتەوەو بینەری بردۆتە عالەمێکی تر.
ئاراستەیەکی دیکەی فیلمەکە..ڕەهەندی خۆشەویستی یە، کە دوای هەردوو ڕەهەندی سایکۆلۆژی و کەلەپوورو فۆلکلۆر بە ڕەهەندی سێیەم دێت.
دەرهێنەر ڕووداوەکانی ئەو ڕەهەندەی خستۆتە سەر سنووری عیراق و ئێران ،لەوێ دوو ئامانج پێکەوە دەپێکێنێ:
لە یەکەمدا ژیانی پڕ لە کوڵەمەرگی کۆڵبەرەکان نیشان دەدات لەناو بەفرو ناوچە شاخاویەکان کەچۆن ژیان بەڕێ دەکەن بۆ نان پەیدا کردن.
دووهەمیان ژیانی ڕەوەندەکان کە هەمیشە بەدوای ژینگەیەکدا دەگەڕێن ژیانیان تێدا بگوزەری، دەرهێنەر ڕەهەندی خۆشەویستی لە نێوان کچێکی ڕەوەند کە چاخانەیەک دروست دەکات و دەیکات بە وێستگەیەک بۆ حەسانەوەی کۆڵبەرەکان.
دەرهێنەرئەو کچە ڕەوەندەو ( ئازاد) ی کوێستانی دەکات بە ئاشقی یەکتر.
دواتر لەو ئەشقە گەورەیە تراژییایەک دروست دەکات، کە کەمتر نەبێت لە تراژیدیای مەم و زین و شیرین و فەرهاد.
پێگەی سینەمای ئێرانی لەهەموو جیهاندا پێگەیەكی دیارو بەرچاوەو ئێستا ڕكابەری لەگەڵ زلهێزترین بەرهەم هێنەرانی سینەما دەكات لەجیهاندا.
ڕاستە كە ئەمریكاو ئەوروپا خاوەنی تەكنەلۆژیایەكی پێشكەوتوون لەسینەمادا، بەڵام ناتوانن وەك ئێران ئەو ڕۆڵە بونیاتنەرە ببینن كە پێویستە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، لە ڕووی ئایدۆلۆژیا، پەروەردە، كۆمەڵایەتی،كولتوور ..
كورد لەئێراندا بۆتە پارچەیەك لەواقیعی سینەمادا، ئەو پێشكەوتنەی بەر ئێران دەكەوێت، هەمان پێشكەوتن كوردەكانیش دەگرێتەوە، چونكە ئەوانیش بەشدارن لەو پێشكەوتنە، بەڵام كۆمەڵێ‌ هەلو مەرجی سیاسی ، ئابووری، وایان كردووە كوردەكان مخابن نەتوانن وێڕای ئەو هەموو دەسەڵاتە زۆرەی لە هونەری سینەمادا هەیانە ، وەك پێویست ببن بەخاوەنی سینەمایەكی تایبەت بەخۆیان بەناوی سینەمای كوردی، بەڵكو زۆرینەی بەرهەمەكانیان فارسین، بە دەگمەن نەبێت .
تێكەڵ بوونی كوردەكان لەگەڵ هەژموونی سینەمای ئێرانی، هەمیشە ڕێگا خۆشكەر بووە بۆ سوود وەرگرتن لەو هەژموونە زەبەللاحەی ئێرانیەكان هەیانە، لە بارەی سینەماو ڕەهەندەكانی سینەما، بەتایبەت لە ڕووی پیشەگەری سینەماو دروست بوونی كادیری سینەمایی پێشكەوتوو، لە بواری نووسینی سیناریۆ، دەرهێنان، كامیرەمانی، ڕووناكی، موزیك، نواندن و تێكڕای ڕەهەندە هونەریەكانی تر.
ئەو هونەرەی كوردەكان لەگەڵ سینەمای ئێرانی فێری دەبن، لەئەنجامدا بۆ خزمەتی سینەمای ئێرانی تەوزیف دەكرێن.
ئەوەتا كوردەكان لەچەندین فیستیڤاڵی جیهانیدا خەڵاتی گەورە وەر دەگرن، بەڵام بەناوی هونەرمەندی كورد نا، بەناوی سینەمای ئێرانی.
بۆیە كوردەكان لەهەر كوێیەك كار بكەن وەك دەرهێنەر، سیناریست، ئەكتەر، وێنەگر، یا هەر ڕەهەندێكی تر، بە شێوەیەكی سروشتی هەمان مۆرك و ستایل و فۆرمی سینەمای ئێرانیان هەگرتووە و لێیان جیا نابێتەوە،
ئەوان دەتوانن بابەتی كوردی، ئەتمۆسفیری كوردی، كولتووری كوردی بۆ سینەمای كوردی تەوزیف بكەن، بەڵام بە هونەرو توانست و كارامەیی ئێرانی .
بۆیە زۆر لەو فیلمانەی دەرهێنەرانی كورد لە كوردستانی باشووردا بە هاوكاری ستافی هونەری ئێرانی بەرهەمی دێنن، مۆركی ستایلی فیلمی ئێرانیان پێوە دیارە .
بەرهەم هێنەرانی فیلم لە كوردستاندا، لەئەنجامی ئەو قەیرانەی لەبواری كادیری خاوەن ئەزموون لەبواری پیشەسازی سینەمادا ڕوو بەڕوویان دەبێتەوە، پەنا دەبەنە بەر كادیرە ئێرانیەكان ، بە تایبەت لەوێنەگرتن ، دەنگ , موزیك ، مۆنتاژ و هەموو ئەو كارە ڕەگەزیانەی لە پرۆسەی دروست كردنی فیلمسازی دا گرنگن .
بۆیە ئێستا زۆرێك لەو دراماو فیلمانەی لەكوردستاندا ناوی لێ دەندرێت درامای كوردی، یا سینەمای كوردی، لەكۆمپانیای بازرگانی بە قۆنتەرات دەگیرین، بۆ دروست كردنی دراما، یا فیلم، تەنیا ئەو بەرهەمانە لەسەر كورد هەژمار دەكرێن، كە بەهەموو دەست كورتی و نەداری خۆیانەوە بەكادیری كورد بەرهەم دەهێندرێن
ئەوڕۆ كوردستان پرسی سینەما وەك پرسێكی بازرگانی دەبینێ، ئێستا وەك جاران بەرهەمهێنانی دراماو فیلم چەق بەستوو نیە بەیارمەتی وەزارەت و حكومەت، بەڵكو گەیشتۆتە ئاستێك كەسانی پارەدار فیلم بەرهەم دێنن، ئەو بەرهەم هێنەرانە پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی بەگرنگتر نازانن لە پرسی بازرگانی، بۆ قازانجی خۆیان بەدوای باشرین ئەو فاكتەرانە دا دەگڕێن، كە باشترین داهات بە دەست دێنێ، لەوانەش بەشداری پێكردنی ئەكتەرە كوردەكانی ئێران ، كە لە ئاستێكی بەرزی ناوداریەتین لە سینەماداو خاوەنی چەندین خەڵاتی گرانبەهان .
بەمە هەم دەتوانین بۆشاییەكی گەورە لە بواری گرفتی ئەكتەری سینەمایی خاوەن ئەزموون پڕ كەنەوە، هەم بە بەشداری ئەو ئەكتەرانە ئاستی فیلمەكان بەرز دەكەنەوە لە بازاڕدا.
گرنگتر لەوە ئەوەیە زۆر جاران سینەما دەبێتە خاڵی بە یەك گەیشتنی ئەكتەرەكان لە دەوری فیلمێكدا، كە هەر ئەكتەرەو لە پارچەیەكی كوردستاندا بێت ، بەئامانجی دروست كردنی داهێنانێكی هاوبەشی سینەمایەكی یەكگرتوو لە ژێر شوناسێكی كوردستانی .
بەڵام وێڕای ئەو چەند خاڵە ئەرێنیەی كارە هاوبەشەكان لە گەڵ ستافە ئێرانیەكان و بەشداری پێكردنی ئەكتەرە كوردە خاوەن ئەزموونەكان ، ئەم حالەتە دەبێتە كێشە بۆ دراماو سینەمای كوردی,
كێشەكە لەوەدا خۆی دەنوێنێ‌ كە ئەم پرۆسەیەی پشت بەستن بە ستافی ئێرانی دەبێتە تەقلیدێكی گشتی و دیاردەیەكی خەتەرناك بۆ ئایندەی دراماو سینەمای كوردی.
چونكە تا ستافی ئامادەكراو هەبێت لە دەرەوەی كوردستان هاوردە بكرێن ، كەس هەوڵی دروست كردنی ئەو ستافە هونەریانە نادا و بۆشاییەكانی دراماو سینەمای كوردی هەر وەك خۆیان دەمێننەوە.




مەنهۆڵ.. زاهیر باهیر

هەرچەندە من نازانم بۆچی ناوی فلیمی مەنهۆڵ کە لە ڕۆژی ٣١ی تەموزەوە تا ئێستا لە ‘ ستی سینەما’ نمایش دەکرێت نووسەر و دەرهێنەرەکەی ئەو تایتڵەیان پێ بەخشیوە و دیارە ئەکتەرەکانیش پەسەندیان کردووە، بەڵام بینینی فلیمەکە گەر بە وردی سەرنجی بدەیت و دوای بکەویت، گەر تۆزێك بە ئاگا بیت لە بارودۆخی ئێستای کوردستان، لە گووزەرانی ژیانی دانیشتوان، لە نەبوونی موچە و کەمدەرامەتی کاسبکاران، لە زیادکردن و گرانبوونی وزەی نیشتمان ، لە نەبوونی ئاوی خواردن و گرانی نرخی تکتی چارەسەری نەخۆشان، لە بنیاتنانی ٢٠٠ ستی هەر لە سلێمانیدا بۆ پارە و سامان ، لە بوونی ئەو هەموو توندو و تیژییەی بەرانبەر ژنان، هاوردەکردنی دەرمان و خواردنی ئێکسپایەر و لێ نەپرسینەوە لە باشی کواڵەتی و ساخکردنەوەیان و بازرگانیکردنی بەسەر ژیانی خەڵکەوە، لە نەبوونی خزمەتگوزاری و سەلامەتی ڕێگاوبان و شەقامەکان ، زۆری بۆنی بەنزین و گاز و دووکەڵی سەیارە و پیسی وخۆڵبارین و بەپرسی ژینگە گوێنەدان… زۆری دیکە نە تووشی شۆک و نە بێ ئاگایش دەبیت لە بەکارهێنانی ئەو تایتڵە.
هەموو ئەمانە دروستیی بەکارهێنانی تایتڵی مەنهۆڵی ئەو فلیمەت بۆ پشتڕاست دەکاتەوە. بۆمن ئەو تایتڵە: مەنهۆڵ ، مەنهۆڵی زێرابی کوردایەتی، مەنهۆڵی دەسەڵاتی خۆماڵی ، مەنهۆڵی حکومەتی کوردی و حوکمڕانێتی بەرەی نیشتمانی …. بەرەی ئۆپۆزۆسیۆنی کوردی … مەنهۆڵی ئەو زێرابانەی سەرەوەیە کە دەرهێنەری ئەو فلیمە لە ڕێگای هەندێك لە باشترین ئەکتەری کوردەوە نمایش دەکرێت کە هەڵدانەوەی ئەو مەنهۆڵەیە ، ئاوەڵاکردنی سەری ئەو زێرابەیە، بەباکردن و بە بۆنکردنی بۆنی پیسی کوردایەتی و حوکمڕانێتی کوردانە و خۆماڵیانەیە.
لەم فلیمەدا بە شێوەیەکی جوانی ناوازە، بەڵام ئازاراوی، زۆرێك لە گرفتەکانی کۆمەڵی کوردی لە لایەن ئەو ئەکتەرە بە توانایانەوە تا ئەو ڕادەیەیەی تێیاندا هەبووە تا ڕادەی پەرستن دەپەرسترێ ، هەر ئاواش تاڕادەی ڕک و کینە و قێزەوەندی دەبوغزێنرێت پیشان دراوە، کێشەی بینەران و ئەوانەشی کە نەیان بینیوە تێیدا وێنە کێشراوە، گرفتی بەدی و خراپی بژێوی تا ڕادەی فرۆشتنی پارچەیەك لە ئۆرگانی جەستە بۆ پێدانی پارەی دکتۆر و عیادە و پشکنین، ڕۆڵی مافیا، درۆ و دانی پارە بە زانیاری هەڵە، نەبوونی بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتیی، دڵڕەقی و بێ بەزەیی باوك، دڵنەرمی و بەڕەحمی و میهرەبانیی، بێ مرۆیەتی و دڕەندەیەتی خاوەنخانوو، بەکارهێنانی بارخواریی و قۆستنەوەی هەژاری و نەدارایی تەنانەت بۆ سێکسیش، نیشاندانی مەسەلی دروستی پێشینان ” تێر ئاگای لە برسی نییە” جەوهەر و هەناو و دڵی دەسەڵات کە زۆر بێ باکانە دێت و دەچیت و کردنی خۆی ” بە کەڕەی شەربەت” لە هەموو ئەو گرفتە کۆمەڵایەتیانە کە هاووڵاتیانی تووشی بوون، ڕاستتر کە تووشی کردون … زۆری تر.
ئەم فلیمە ئەوەندە بەهای هەیە، ئەوەندە جوان چووەتە ناو گرفتە کۆمەڵاتییەکانەوە، ئەوەندە کارامانە و سەرکەوتوانە ئەکتەرەکانی ڕۆڵی خۆیانیان تێیدا دەبینن شیاوی ئەوەیە کە هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی کوردی بیبینن . لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە زۆر پێویستە کە لەسەر هەموو شاشەی سینەمەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا و ئەمەریکا بەژێرنوسی زمانەکانی دانیشتوانیانەوە نیشان بدرێت تاکو هەر هیچ نەبێت بەڵگەی ئەوە بداتە دەست کە دەسەڵات خۆماڵی و بێگانە، لیبراڵ و مافیا ، دیمۆکراتی و دیکتاتۆری تەنها و تەنها هاووڵاتیانیان هەر بۆ دەنگدان دەوێت، تاکو فەرماندەرەکانی خۆیان، ستەمکارەکانیان، هەڵبژێرن ، تاکو ڕوتیان بکەنەوە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی و سەپاندنی هەموو کارەساتێکی جەرگبڕانە بە هەڵگیرسانی جەنگ و بێ کاری و بێ خانووبەرەیەتی تا ڕادەی کڕینی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە پارە و پایە و پلە، نیشاندەدات.
بۆ دروستیی هەموو ئەوانەی سەرەوە کە نوسراوە، هیوادارم خۆتان بە بینینی فلیمەکە ئەو ڕاستییەتان بۆ بسەلمێت کە ڕەنگە خۆتان لە ژیانی ڕۆژانەتاندا زۆر جار بەرکەوتنتان هەبووبێت.

زاهیر باهیر
١١/٠٨/٢٠٢٥




لە تارانتینۆوە تا نۆلان گەشتێک بە جیهانی پۆستمۆدێرندا.. باکۆ رێبوار

لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، سینەما وەک هونەر و پیشەسازی، گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەخۆیەوە بینی لەئەنجامی دروستبوونی ئەوەی ئەمڕۆ بە “سینەمای پۆستمۆدێرن” ناسراوە، ئەم جوڵانەوە هونەرییە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد و لە حەفتا و هەشتاکانی ئەو سەدەیەدا گەشەی کرد، نەک تەنها شێوەی دروستکردنی فیلمی گۆڕی، بەڵکو بنەمای فەلسەفی ئەو بیرۆکانەی ئەم هونەرەی لەسەر دامەزراوە دووبارە پێناسە کردەوە، ئەگەر سینەمای کلاسیک بە دوای یەکگرتوویی، ڕاستگۆیی، و گێڕانەوەی لینیاری دەگەڕا، سینەمای پۆستمۆدێرن بە ئاشکرا ئەم بنەمایانەی ڕەت کردەوە و لەبری ئەوە بایەخیدا بە پارچەپارچەبوون، خۆناسینی، و شکاندنی سنوورە ئیستاتیکیەکان،

پۆستمۆدێرنیزم وەک بزووتنەوەیەکی فەلسەفی و کلتووری، گرنگی تایبەت بە چەمکی نوێنەرایەتی، ڕاستی، و دەسەڵات دەدات، لە سینەمادا، ئەم هەنگاوە واتای ئەوەی بوو کە فیلمسازەکان دەستیانکرد بە پرسیارکردن لە بنەمایانەی سینەمای کلاسیک لەسەری دامەزرابوو، لەبری ئەوەی بەدوای دروستکردنی “پەنجەرەیەک بۆ دنیا”دا بگەڕێن، وەک چۆن نەریتی سینەمای کلاسیک بوو، فیلمسازە پۆستمۆدێرنەکان دەستیان کرد بە دروستکردنی کارەکان، بە ئاشکرا خۆیان وەک دروستکراو، ساختە، و “تەنها فیلم”یان ناساند،

یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سینەمای پۆستمۆدێرن بەکارهێنانی “pastiche”ـە، واتە تێکەڵکردن و لادانی شێوازە جیاوازەکان ئەمە لە “parody”ـی کلاسیک جیاوازە، چونکە pastiche بە خۆشەویستی و ڕێزەوە تەماشای کلتووری ڕابردوو دەکات، نەک بە مەبەستی گاڵتەپێکردن، نموونەیەکی گرنگی ئەم تایبەتمەندییە لە کارەکانی کوێنتین تارانتینۆدا دەبینین، بەتایبەتی لە فیلمی “Pulp Fiction” (1994)دا، تارانتینۆ بە شێوەیەکی تەواو خۆشەویستانە ئاماژە بە فیلمە crime و noir و B-movieکانی شەست و حەفتاکان دەکات، بەڵام لەهەمان کاتدا شێوازێکی تەواو نوێ و تایبەت بە خۆی دروست دەکات،

ئینتەرتێکستواڵیتی(Intertextuality) یەکێکی ترە لە چەمکە سەرەکییەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە، ئەمە واتای ئەوەیە هەموو تێکستێک، فیلمێک، پەیوەندی بە تێکستی ترەوە هەیە و مانای تەواو تەنها لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییانەوە دەست دەکەوێت، فیلمە پۆستمۆدێرنەکان بە ئاشکرا ئاماژە بە فیلمی تر، کتێب، وێنە، موزیک، و هەموو شێوەیەکی تری هونەر دەکەن، ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو لە کارەکانی کۆین برازەرزدا دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە فیلمەکانی وەک “Barton Fink” (1991) و “The Big Lebowski” (1998)دا، پڕن لە ئاماژە و ڕەوانەکردن بۆ فیلم، ئەدەبیات، و کلتووری پۆپی ئەمریکی،

ناڕاتیڤی مێتا (Meta-narrative) چەمکێکی ترە کە لە سینەمای پۆستمۆدێرندا زۆر گرنگە، ئەم جۆرە فیلمانە نەک تەنها چیرۆک دەگێڕنەوە، بەڵکو سەبارەت بە خودی پرۆسەی چیرۆکگێرانەوەش دەدوێن، ئەوان بە ئاشکرا خۆیان وەک فیلم دەناسێنن و لەگەڵ بینەردا سەبارەت بە سروشتی سینەما و نوێنەرایەتی دەدوێن، نموونەیەکی نایاب ئەمە فیلمی “Being John Malkovich” (1999)ـی چارلی کافمانە، نەک تەنها چیرۆکێکی سەیر و سەمەرە دەگێڕێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی قووڵ سەبارەت بە سروشتی ناسنامە، هونەر، ناوبانگ دەدوێت، فیلمەکە بە ئاگایی تەواو لەگەڵ ئەوە یاری دەکات ئەکتەرێکی ڕاستەقینە، جۆن مالکۆڤیچ، ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت، و ئەمەش یەکێکە لە باشترین نموونەکانی شکاندنی سنوور لە نێوان ڕاستی و خەیاڵ،

گۆڕینی سروشتی کات و شکاندنی linear narrative یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە، لەبری ئەوەی چیرۆک بەو شێوازە ئاسایییە بگێڕدرێتەوە کە سەرەتا، ناوەڕاست، و کۆتایی هەبێت، فیلمە پۆستمۆدێرنەکان زۆرجار بەشێوەی نالینیاری، بە پاشگەڕانەوە لە کات، دووبارەبوونەوە، یان تەنانەت بە شێوەی بازنەیی چیرۆک پێشکەش دەکەن، نموونەیەکی بەرچاو، فیلمی “Memento” (2000)ـی کرستۆفەر نۆلانە، ئەم فیلمە چیرۆکەکەی بە شێوەیەکی پێچەوانە دەگێڕێتەوە، واتە لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا، و ئەمەش نەک تەنها وردەکاری تەکنیکی نییە، بەڵکو بەشێکی سەرەکییە لە چۆنیەتی تێگەیشتنی بینەر لە بارودۆخی کارەکتەرە سەرەکییەکە، کە کێشەی کورتخایەنی مێشکی هەیە،

کوێنتین تارانتینۆ یەکێکە لە ناسراوترین و کاریگەرترین دیرەکتەرانی سینەمای پۆستمۆدێرن. کارەکانی، بەتایبەتی “Pulp Fiction”، نموونەی تەواوی زۆربەی تایبەتمەندییەکانی ئەم بزوتنەوەیەن “Pulp Fiction” لە سێ چیرۆکی جیاواز پێکهاتووە کە بە شێوەیەکی نالینیاری پێکەوە گرێدراون، هەر چیرۆکێک لەم سێیە ئاماژە بە ژانرێکی جیاوازی سینەمایی دەکات – ژانەری crime، mob، gangster movie – بەڵام تارانتینۆ ئەم ژانەرانەی بە شێوەیەک تێکەڵ کردووە، ئەنجامێک دروست بووە، هەم ئاشنا و هەم بێگانەیە،

دیالۆگەکانی فیلمەکە، کە پڕن لە باسی پۆپ کولتوور، فیلمی B، و ژینگەی ئەمریکی، بە ئاگایی تەواو لەگەڵ ئەوە یاری دەکەن کە بینەر چاوەڕوانی دەکات، یەکێک لە بەناوبانگترین سکینەکانی فیلمەکە، گفتوگۆکەی Vincent Vega و Jules Winnfield سەبارەت بە جیاوازی ناوی بۆرگەر لە ئەوروپا و ئەمریکا، نموونەیەکی تەواوە لە چۆنیەتی ئەوەی سینەمای پۆستمۆدێرن گرنگی بە شتە بچووک و “بێ گرنگ”ەکان دەدات و لێیان وەک ڕێگەیەک بۆ خستنەڕووی دیمەنێکی فراوانتری کلتووری کەڵک وەردەگرێت،

دەیڤید لینچ دیرەکتەرێکی ترە، کاری لە سنووری نێوان خەون و ڕاستی، هۆش و شێتی، پیشاندان و شاردنەوە دەکات، فیلمی “Mulholland Drive” (2001)ـی یەکێکە لە باشترین نموونەکانی سینەمای پۆستمۆدێرن، ئەم فیلمە بە ئاشکرا لەگەڵ چاوەڕوانی بینەر سەبارەت بە چۆنیەتی چیرۆکگێڕانەوە یاری دەکات، فیلمەکە وەک فیلمێکی ئاسایی noir دەست پێ دەکات، بەڵام دەبێتە شتێک کە زیاتر لە خەونێکی ئاڵۆز دەچێت تا چیرۆکێکی ئاسایی، لینچ بە ئاگایی ئەو سنورانە دەبڕێت کە لە نێوان “ڕاستی” چیرۆکەکە و ڕاستی دەرەکی فیلمەکە هەیە، ئەنجام ئەوەیە بینەر لە بارودۆخێکدا خۆی دەبینێتەوە، ناتوانێت دڵنیا بێت چی ڕاستە و چی خەیاڵە، و ئەمەش بە شێوەیەکی تەواو لەگەڵ چەمکە پۆستمۆدێرنەکانی سەبارەت بە نەبوونی ڕاستیەکی ئۆبژیکتیڤ دەگونجێت،

ماتریکس”ی (1999)ـی برایان واچۆفسکی فیلمێکی ترە کە بە شێوەیەکی تەواو سەبارەت بە سروشتی ڕاستی و سیمولاکرۆم دەدوێت، ئەم فیلمە بە ئاشکرا کاریگەر بووە لە تیۆرییەکانی ژان بۆدریار سەبارەت بە “سیمولاکرا و سیمولەیشن”، لە فیلمەکەدا، جیهانێک مرۆڤەکان پێیان وایە ڕاستە، ڕاستە نییە بەڵکو سیمولەیشنێکی کۆمپیوتەرییە، ئەم چەمکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو بیرۆکانەی بۆدریار سەبارەت بە ئەوە دەگونجێت کە لە سەردەمی ئێمەدا ئیتر ناتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان ڕاستی و نوێنەرایەتی، کارەکتەری Neoلە فیلمەکەدا دەبێت بە نوێنەری ئەو مرۆڤەی کە دەبێت بزانێت ڕاستی ژیانەکەی چییە، هەرچەندە ئەم ڕاستییە ترسناک و ئازاربەخش بێت،

کرستۆفەر نۆلان دیرەکتەرێکی ترە بە تایبەتی گرنگی بە کات و یادەوەری دەدات، جگە لە “Memento”، فیلمەکانی وەک “Inception” (2010) و “Interstellar” (2014) بە شێوەی جیاواز لەگەڵ چەمکەکانی کات، ڕاستی، و تێگەیشتنی مرۆڤ کار دەکەن، “Inception” بەتایبەتی دەتوانرێت وەک مێتافۆرێک بۆ خودی پرۆسەی فیلمسازی و تەماشاکردنی فیلم لێی بروانین، خەونە چەندین ئاستییەکانی فیلمەکە ڕەنگە ئاماژە بە چەندین ئاستی تێگەیشتن و بەشداریکردن بدەن کە تێدا بینەر لە کاتی تەماشاکردنی فیلمەکەدا بەسەری دەبات،

کۆین برازەرز، جۆیل و ئیتان، کارەکانیان پڕە لە ئاماژە بۆ سینەما و ئەدەبیاتی ئەمریکی، “The Big Lebowski” چیرۆکی نهێنی کتێبی “The Big Sleep”ـی ڕایمۆند چاندلەرە، بەڵام بەم جۆرەی کە هەموو شتە “گەورە” و “گرنگ”ەکانی فیلمی noir کراوەتە شتی و بچووک، دیارە برازەرزەکان بە ئاگایی تەواو ئەو چاوەڕوانیانە دەشکێنن کە بینەر لە فیلمێکی genre دەیکات،

چارلی کافمان نوسەرێکە کە کارەکانی لە سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ، هونەر و ژیان، ئایدەنتیتی کەسی و کۆمەڵایەتی کار دەکەن، “Being John Malkovich” وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، و هەروەها “Adaptation” (2002) و “Synecdoche, New York” (2008) هەموویان نموونەی ئەو جۆرە سینەمایەن بە ئاشکرا سەبارەت بە خودی پرۆسەی دروستکردنی هونەر دەدوێن، لە “Adaptation”دا، کافمان خۆی کردووە بە کاراکتەری سەرەکی فیلمەکە، نوسەرێک کە هەوڵ دەدات ڕۆمانێک بگۆڕێت بۆ فیلم و ئەم پرۆسەیە دەبێتە خودی چیرۆکی فیلمەکە،

یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سینەمای پۆستمۆدێرن پارچەپارچەکردنی کاتە، فیلمە پۆستمۆدێرنەکان لەگەڵ کاتدا بەشێوازی جیاواز یاری دەکەن، هەندێکجار ئەمە بە شێوەی نالینیاری چیرۆک وەک لە “Pulp Fiction” و “Memento”دا ئەنجام دەدرێت و بە شێوەی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکان وەک لە “Groundhog Day” (1993)دا یان بە شێوەی تێکەڵکردنی کات و شوێنی جیاواز وەک لە زۆرێک لە کارەکانی دەیڤید لینچدا، ئەم تایبەتمەندییە نەک تەنها ئامرازی تەکنیکی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەیە لە چۆنیەتی تێگەیشتنی پۆستمۆدێرن لە کات، وەک شتێک نەک لینیاری و پێشبینیکراوە، بەڵکو ئاڵۆزو کەوتووەتە ناو یەکتری، و بەندە بەچۆنیەتی بیرکردنەوە و یادەوەری،

ڕاوێژکردن لە ژانرەکان یەکێکی تری تایبەتمەندییە گرنگەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە، فیلمە کلاسیکەکان بەزۆری پابەند بوون بە یەک ژانری تایبەت – وێسترن، crime، comedy drama – بەڵام فیلمە پۆستمۆدێرنەکان سود لە چەندین ژانەر وەردەگرن، “Kill Bill” (2003-2004)ـی تارانتینۆ نموونەیەکی بەرچاوی ئەمەیە، ئەم فیلمە پێکهاتەی کۆنگ فوو، سپاگێتی وێسترن، یاپۆنی yakuza، ئەنیمەیشن و تەنانەت موزیکاڵی تێکەڵ دەکات و شتێک دروست دەکات، تەواو نوێیە بەڵام ئاشنایە

شکاندنی “دیواری چوارەم” – واتە ئەو سنوورە خەیاڵییەی کە لە نێوان دونیای فیلم و دونیای ڕاستی بینەردا هەیە – یەکێکی تری تایبەتمەندییە گرنگەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە، زۆرێک لە فیلمە پۆستمۆدێرنەکان بەشێوازی جۆراوجۆر وا دەکەن، بینەر بیر لەوە بکاتەوە، تەماشای فیلم دەکات، جارێک بە شێوەی ئاماژەکردن بە خودی پرۆسەی فیلمسازی دەبێت، وەک لە “Adaptation”دا، جارێک بە شێوەی بەکارهێنانی تەکنیکە “مێتا”کان دەبێت کە کاراکتەرەکان بە ئاشکرا سەبارەت بە ئەوە دەدوێن لە فیلمدان،

کاریگەری سینەمای پۆستمۆدێرن لەسەر بینەر فراوان و قووڵە، یەکەم ئەوەیە کە ئەم جۆرە فیلمانە داوای ئەوە لە بینەر دەکەن بەشداری چالانەی لە پرۆسەی تێگەیشتن و لێکدانەوەدا بکات، بینەری فیلمی پۆستمۆدێرن ناتوانێت بە پاسیڤی دانیشێت و فیلم تەماشا بکات، بەڵکو دەبێت بەئەکتیڤی هەوڵ بدات بۆ تێگەیشتن لە ئاماژەکان، گرێدان لە نێوان بەشە جیاوازەکان، و تێگەیشتن لە مانای قووڵی کارەکە، ئەمە بینەر دەکاتە کۆکارکەری هونەرمەند لە دروستکردنی مانادا،

دووەم، سینەمای پۆستمۆدێرن هۆکارێکی گرنگ بووە لە پەروەردەکردنی نەوەیەک لە بینەران، زیاتر هۆشیارن سەبارەت بە میکانیزمەکانی میدیا و چۆنیەتی کارکردنی، ئەم بینەرانە باشتر دەتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان ڕاستی و نوێنەرایەتی، و باشتر تێدەگەن، هەموو فیلمێک دروستکراوە و مەبەستێکی تایبەتی هەیە،

وە هەروەها کاریگەری گەورەی لەسەر چۆنیەتی دروستکردن، داشکاندن و فرۆشتنی فیلم هەبووە، ئەم جۆرە فیلمانە ئاسانتر بوون بۆ بە بازاڕکردنی نێودەوڵەتی، چونکە پڕ بوون لە ئاماژە بۆ کلتووری پۆپی جیهانی، هەروەها ئەوان بنەمایان دانا بۆ کورتەفیلم”ەکان – فیلمەکان لە ئەنجامی یەکەم ئەکادیمیان زۆر نەبوو بەڵام لەمرۆدا بینەرانی تایبەتیان دۆزیوەتەوە،

بەڵام سینەمای پۆستمۆدێرن ڕەخنەی زۆریشی لێکراوە، یەکێک لە گرنگترین ئەم ڕەخنانە ئەوەیە ئەم جۆرە فیلمانە زیاتر پشت بە زانینی پێشووتری بینەر دەبەستن، بۆ ئەوەی بینەرێک بە تەواوی لە “Pulp Fiction” یان “Kill Bill” چێژ وەرگرێت، پێویستە ئاشنا بێت لەگەڵ فیلمی crime و ئەکشنی ساڵانی شەست و حەفتاکان،

ڕەخنەیەکی تری سەرەکی ئەوەیە سەرقاڵی شێواز و وردەکاری تەکنیکییە و کەمتر گرنگی بە ناوەڕۆک و پەیامی مرۆیی دەدات، هەندێک ڕەخنەگر پێیان وایە کە ئەم فیلمانە”بەسەرخۆیانەوەن” و هەوڵ دەدەن بیسەلمێنن دەزانن، لەجیاتی ئەوەی سەرقاڵی گێڕانەوەی چیرۆکێکی باش بن،

ڕەخنەی سێیەم ئەوەیە بەهۆی پشتبەستنی زۆری بە ئاماژە و کولتووری ڕابردووەوە، بەواتایەکی تر دەگەڕێتەوە بۆ “کلتووری ڕیسایکڵ” – واتە کلتوورێک، تەنها شتی ڕابردوو دووبارە دەکاتەوە و هیچ شتێکی نوێ دروست ناکات، ئەم ڕەخنەگرانە پێیان وایە کە لە جیاتی ئەوەی داهێنەر بن، فیلمسازە پۆستمۆدێرنەکان تەنها کارەکانی کەسانی تر دەستکاری دەکەن،

لایەنگرانی سینەمای پۆستمۆدێرن وەڵامی ئەم ڕەخنانەیان هەیە، ئەوان دەڵێن یەکەم، ئەم جۆرە فیلمانە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئەو جیهانەن ئێمە تێیدا دەژین – جیهانێک پڕە لە ئاماژە، کولتووری پۆپ و میدیا بۆیە گرنگە لە سینەما ئەم ڕاستییە ڕەنگ بداتەوە، دووەم، بەکارهێنانی ئاماژە و pastiche بەهیچ شێوەیەک واتای نەبوونی داهێنان نییە، بەڵکو جۆرێکی نوێی داهێنانە کە پێویستی بە توانا و زانینی زۆرە،

لەڕاستیدا، کاریگەری سینەمای پۆستمۆدێرن لەسەر سینەمای ئەمڕۆ هێشتا بەردەوامە زۆرێک لە فیلمسازەکانی ئەمڕۆ، لە مارڤەڵ یونیڤێرسەوە تا فیلمسازەکانی ئیندی وەک ئاری ئاستەر و رابەرت ئیگرز، هەموویان بە شێوەیەک کاریگەر بوون لە ڕێگە و تەکنیکەکانیسینەمای پۆستمۆدێرن کە پەرەی پێداون،

یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی سینەمای پۆستمۆدێرن ئەوە بووە کە ئازادی زیاتری بە فیلمسازەکان داوە بۆ ئەزموونکردن لەگەڵ شێواز و ناوەڕۆک، ئەمڕۆ فیلمسازەکان ئازادن ژانرەکان تێکەڵ بکەن، لەگەڵ کاتدا یاری بکەن، ئاماژە بە کارەکانی تر بکەن، و سنوورەکانی نێوان فیلم و ڕاستی بشکێنن، بەبێ ئەوەی ترسیان لەوە هەبێت بەسەر “یاساکانی سینەما”دا بازبدەن،

هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی لە پەرەپێدانی سینەمای جیهانی هەبووە، فیلمسازەکان لە وڵاتانی ژاپۆن، کۆریا، ئەرژەنتین و فەڕەنسا کەڵکیان لە تەکنیک و ڕێگاکانی سینەمای پۆستمۆدێرن وەرگرتووە بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی سینەمای خۆیان، ئەم پرۆسەیە بووەتە هۆی دروستبوونی کارەکانی وەک فیلمەکانی پارک چان-وۆک، ئالەخاندرۆ خۆدۆرۆفسکی، و ژان-لوک گۆدار کە هەموویان بە شێوەیەک بە سینەمای پۆستمۆدێرن کاریگەر بوون،

لە کۆتاییدا، سینەمای پۆستمۆدێرن نەک تەنها گۆڕانکارییەکی تەکنیکی و شێوازی بوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە چۆنیەتی تێگەیشتنمان لە سروشتی فیلم، نوێنەرایەتی، و پەیوەندی نێوان هونەر و ڕاستی، ئەم بزووتنەوەیە پرسیاری قووڵی لەسەر سروشتی ڕاستی، ئیدەنتیتی، و مانا بەجێهێشتووە بەشێوەیەک تا ئەمڕۆش گرنگن، بەواتایەکی تر بەتوندی بیر لەوە بکەینەوە چی واتای “ڕاست” دەدات، چۆن مانا دروست دەبێت، هونەر چ ڕۆڵێک لەژیانی خۆمان و جیهان دەگێڕێت،

بەپێی ژان-فرانسۆا لیۆتار، یەکێک لە سەرەکیترین تیۆریستەکانی پۆستمۆدێرنیزم، دەڵێت ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین تێیدا “میتا-ناڕاتیڤە گەورەکان” – ئەو چیرۆک گەورانەی لە ڕابردوو مانا و ئاراستەیان بە ژیانی مرۆڤ دەدا – مانایان نەماوە، سینەمای پۆستمۆدێرن ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی ئەم دۆخەیە، لەبری ئەوەی بە دوای گێڕانەوەی چیرۆکی گەورە و یەکگرتووەوە بگەڕێت، ئەم جۆرە فیلمانە بە چیرۆکی بچووک، پارچەپارچە، و زۆرجار ناتەواو پێشکەش دەکەن، ئەوان ڕەتی دەکەنەوە وەک دەسەڵاتێکی ئاگادار قسە بکەن، لەبری ئەوە وەک پرسیارکەر و گومانکەر ڕەفتار دەکەن،

ئەم تایبەتمەندییە بە ئاشکرا لە کارەکانی هەموو ئەو دیرەکتەرانەدا دەردەکەوێت کە ئاماژەمان پێ کردن، تارانتینۆ ڕەتی دەکاتەوە یاسای ئەخلاقی و سیاسی ڕوون پێشکەش بکات، لەجیاتی ئەوە جیهانێک دروست دەکات تێیدا باش و خراپ، پاڵەوان و پاڵەوانشکێن، تێکەڵ و ناڕوون، لینچ چیرۆکەکانی بەناتەواوی دەهێڵێتەوە و ڕێگا بە بینەر دەدات خۆی ئەو مانایە بدۆزێتەوە کە دەیەوێت. نۆلان پرسیاری قووڵ لەسەر سروشتی یادەوەری، کات، و ئیدەنتیتی دەکات بەبێ ئەوەی وەڵامی ڕوون و کاتەگۆریەک پێشکەش بکات،

بە کورتی، سینەمای پۆستمۆدێرن وەک ئاوێنەیەک کاری کردووە، تێیدا سەردەمەکەمان خۆی دەبینێتەوە – سەردەمێک کە تێیدا هەموو شتەکان گومانلێکراوە، هەموو ڕاستییەک ڕەلاتیڤە، و هەموو بیرۆکەیەک کراوەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن، ئەم سینەمایە نەک تەنها ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخەیە، بەڵکو بەشداریشی لە دروستکردنی کردووە، لە ئەنجامدا، سینەمای پۆستمۆدێرن یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین بزووتنەوەکانی هونەری سەدەی ڕابردوو بووە و کاریگەری نەک تەنها لەسەر سینەما، بەڵکو لەسەر تەواوی کلتووری سەردەم هەبووە.

باکۆ رێبوار




نهێنی تەمەن درێژی هەندێ‌ زنجیرەی جیهانی لە كوێ‌ دایە؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

رۆژێ‌ لەرۆژان كە بەرامبەر زنجیرەیەكی تەلەفزیۆنی روونیشتبی ، پرسیارێك بەمێشكتا ڕابووردووە، كە ئایا بۆچی زنجیرە تەلەفزیۆنیەكانی ئێمە ئەوەندە نەفەس كورتن و بەهەزار فڕوفێلی هونەری لە تایتل و درێژ كردنەوەی دیمەن و دووبار كردنەوەی باگراوند، ئەلقەیەكی نیو سەعاتیت لە رۆژێكا بۆ تەواو دەكەن، بۆ ماوەی 30 رۆژ پانزە سەعاتێكت لە دەست دەنێن و بەڕێت دەكەن ؟
كەچی زنجیرەیەكی وەك (كوبدن لایت) لەكەناڵی (سی بی سی) كە درێژترین زنجیرەی ئەمریكیە لە مێژوودا، 18262 ئەلقەی لێ‌ دروست دەكرێ‌ و بۆ ماوەی 72 ساڵ لەنمایش كردندا بەردەوام دەبێت، بێ‌ ئەوەی رۆَژێ‌ لەرۆژان وەك بینەرێك ساردت كاتەوە، یان پەرۆشیت بۆ بینینی ئەنجامەكانی كەم كاتەوە.
هەروا كەناڵی تەلەفزیۆنی ( ئەی بی سی) زنجیرەیەكی درامای ئەمریكی بەرهەم هێناوە بەناوی ( ژەنەڕاڵ هۆسپیتەڵ) لەساڵی 1963 دەستی بەنمایش كردنی كردووەو تا ئێستا 15000 ئەلقەی لێ‌ نمایش كردووەو تا ئێستاكەش بەردەوامە لەنمایش كردن.
زۆر نموونەی دیكەش بەهەمان قەوارە، هەر یەكەو مێژوویەكی دوورو درێژیان هەیە لەبەردەوام بوون ، وێڕای گۆڕانی دەرهێنەرو نووسەرو سیناریۆ نووس و ئەكتەرەكانی .
بۆیە لەپاڵ ئەو سەرسوڕمانەی بینەر دووچاری دەبێتەوە، زۆر ئارەزووی ئەوە دەكات لەنهێنیەكانی بەردەوام بوونی ئەو نمایشانە بگات و بزانێت ئەو هۆكارانەی چین لەپاڵ ئەو بەردەوام بوونە!
بێ‌ شك زۆر هۆكاری بنەڕەتی (هونەری ، بازرگانی، كولتووری) هەن، كە تەمەنی هەندێ‌ لەو درامایان لە سەدەیەك تێدەپەڕێنێ‌ ، گرنگترینیان :

1.نوێ‌ بوونەوەی ڕووداوەكان و كاراكتەرەكان.
یەكێك لەنهێنیەكانی بەردەوام بوونیان ، كە بابەتەكانیان چەق بەستوو نین و بەردەوام لەگۆڕان دان، بەهۆی هاتنە پێشەوەی ڕوودوی نوێ‌ ، كاراكتەری نوێ‌.
هەروا ئەو زنجیرانە بەپێی تێپەڕبوونی زەمەن، كێشەی نوێ‌ دێتە پێشەوە ، كە پێویستیان بە چارەسەری نوێ‌ هەیە، لەوانەش ئەو پرسانەی پەیوەندیان بەڕەهەندە تەندروستیەكانی وەك ئایدزو كۆمەڵە پرسێكی كۆمەڵایەتی وەك خو پێوەگرتن، توندو تیژی خێزان و لێك دابڕانیانەوە هەیە.

2.سۆزی بینەر لەگەڵ زنجیرەكاندا
دوای ئەوەی بینەر ساڵانێكی زۆر لەگەڵ ڕووداوو كاراكتەرەكانی ئەو زنجیرانە دەژی، سۆزێكی تایبەتی لەگەڵیاندا پەیدا دەكات و هۆگریان دەبێت، بۆیە چارەنووسی ئەوانی بەلاوە گرنگ دەبێت و بەردەوام دەبێت لەبەسەر كردنەوەیان ، ئینجا ڕووداوەكان هەرچەند درێژ بن .

3.خۆ بەستنەوە بەسەردەم
لە گەڵ تێپەڕبوونی كات ئەو زنجیرانە تەكنیكی هاوچاخانەیان تێدا بەكار دێ، كە لایەنی هونەری و ستاتیكی بەجۆشتر دەكات و هانی بینەر دەدەن، زیتر لەجاران لەو زنجیرانە نزیك ببنەوە.
ئەو تەكنیكانە رۆڵ دەبینن لەنمایش كردنی كۆمەڵێ‌ كێشەی هاودەمی كۆمەڵایەتی وەك دەست درێژی سێكسی.
خستنە ڕووی ئەو بابەتانە پەیوەندی و وادەستەبوونی دراماو واقیع پتەوتر دەكات.

4. فۆرمی تەقلیدی
هەندێ‌ لەو زنجیرانە دەیانەوێت هەمە ڕەنگی لە فۆر مدا هەبێت، چونكە بەشێك لە بینەرانیان ئارەزووی بابەتی كلاسیكی، یان مێژوویی دەكەن ، وەك كاری خیانەت كاری، ریسواكاری، بۆیە هەندێك لەو زنجیرانە بەردەوامی بەو ئاراستەیە دەدەن لەسەر خواستی كۆمەڵێ‌ لە بینەرانیان.

5.سەركەوتنی بازرگانی
زۆر لەو زنجیرانە دەبنە سەرچاوە بۆ پەیدا كردنی رێكلامی بازرگانی و پەیدا كردنی سەرمایە.
لەبەر ئەوەی بینەرێكی زۆر بە پەرۆشەوە بە دیاریانەوە دادەنیشی ،بۆیە پرسی بازرگانی لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەردەوام بوون هەژمار دەكرێت.

6.پاشخانێكی ڕۆشەنبیریی و مێژوویی
هەندێ‌ لەو زنجیرانە دەبنە شوناسێكی كۆمەڵگاو تا دێر زەمانێك لە دیدگای كۆمەڵگا وەك شانازیەكی نەتەوەیی، یا نیشتمانی تەماشا دەكرێت.




ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا له فێستیڤاڵی فیلمی بەرلیناله.. ئامادەکردنی: مەنسوور جیهانی.

– ئیسپانیا به “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا لە حه‌فتاوپێنجه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌” له ساڵی ٢٠٢٥ ناسێندرا.

به پێی ڕاپۆڕتی ڕاگه‌یێندراویی ڕۆژنامه‌وانی ‌فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌”؛ ئیسپانیا ده‌بێته “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” Country in Focus لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا EFM لە حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌” Berlinale له ساڵی ٢٠٢٥. زۆربه‌ی فیلمسازان، وڵاتی ئیسپانیایان به شوێنێکی فیلمی ئه‌وروپی پته‌و و به‌‌هێزێکی سه‌رسووڕهێنه‌ریی نێوده‌وڵه‌تی گۆڕیوه و دابوونه‌ریتی کۆن و سه‌رکه‌وتووی فیلمه جۆراوجۆ‌ره‌کانی ئیسپانی له به‌رنامه‌ی فێستیڤاڵ، له بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا و هه‌روه‌ها له پلانه‌کانی پیشه‌سازیی به‌ڕلیناله‌دا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه.

له درێژه‌ی ئه‌و داهێنانه‌ی که له ساڵی ٢٠١٧ ده‌ستی پێکرد، بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا به پلانی “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج”، ناوچه‌یه‌کی سینه‌مایی گه‌وره‌ی له ناوه‌ندیی سه‌رنجدا داناوه. پیشه‌سازیی سینه‌ما، کاریی داهێنه‌رانه له ڕوانگه‌ی چه‌ند لایه‌نییه‌وه و هه‌روه‌ها هانده‌ریی نوێی پێشکه‌ش ده‌کرێت و ئاستی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌رز ده‌بێته‌وه. پاش ئاماده‌بوونی وڵاتانی مه‌کزیک، که‌نه‌دا، نۆڕوێژ، شیلی، باڵتیک و ئیتاڵیا، پلانی “ئیسپانیا له ناوه‌ند” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا لە فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌”؛ پێگه‌ی فیلمی ئه‌ورووپا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و ده‌رفه‌ته‌ جۆراوجۆره‌کان بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنه‌ران، بڵاوکه‌ره‌وه‌کان، سه‌رمایه‌داران و کارناسان پیشه‌سازیی سینه‌ما له ژانڕه‌ جیاوازه‌کانی له ئه‌نیمه‌یشنه‌وه تاکوو دڕام و زنجیره دڕاماکان پێشکه‌ش ده‌کات.

له درێژه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یێندراوه ڕۆژنامه‌وانییه‌دا هاتووه: فیلمسازیی ئیسپانی نیو سه‌ده‌یه که به‌رنامه‌ی “به‌ڕلیناله”ی ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه. ده‌یان فیلمی ئیسپانی که له لایه‌ن به‌هره‌مه‌نده هه‌ڵکه‌وتوو و بلیمه‌ته‌کان خوڵقاندنیان بۆ کرواه، بینه‌ران و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانیان به شێوه‌ی یه‌کسان تووشی سه‌رسووڕمان کردووه؛ ٩ فیلمی براوه‌ توانیویانه خه‌ڵاتی “ورچی زێڕین” Golden Bear باشترین خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی به‌ڕلیناله به‌ده‌ستبێنن، “ئالکاڕاس” Alcarràs به‌رهه‌مه جوانه‌كه‌ی “کاڕلا سیمۆن” Carla Simón له ساڵی ٢٠٢٢ نوێترین ئه‌وانه‌یه. “پێدرۆ ئاڵمادۆڤار” Pedro Almodóvar هه‌روه‌ها پێگه‌یه‌کی گرینگی له مێژووی به‌ڕلیناله‌دا هه‌یه، چونکه فیلمی سینه‌مایی “یاسای ئۆگره‌تی” La ley del deseo له یه‌که‌مین نمایشی جیهانیدا له به‌شی “پانۆڕاما” Panorama له ساڵی ١٩٨٧ پیشان درا و توانی خه‌ڵاتی TEDDY AWARD بۆخۆی مسۆگر بکات.

خاتوو “تریشیا تۆتێل” Tricia Tuttle به‌رپرسی ‌فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بەرلیناله‌” سه‌باره‌ت به ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” گوتی: ئێمه به تامه‌جرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی میوانان و به‌هره‌مه‌نده نوێیه‌کان له فێستیڤاڵین تاکوو پێکه‌وه جه‌ژنی پیشه‌سازیی فیلمی ئیسپانیا لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا پیرۆز ڕابگرین.

له کۆتایی ئه‌م ڕاگه‌یێندراوه ڕۆژنامه‌وانییه‌دا هاتووه: ئیسپانیا به‌بڕشته‌وه به‌ڵێن ده‌دات که په‌ره به به‌رهه‌مهێنانی فیلمی په‌یه‌دار و به‌دیجیتاڵی کردنی داهاتووی پیشه‌سازی سینه‌مای ئیسپانیا بدات. به لوتفی شه‌وقده‌ره ماڵیاتییه‌کان و کۆمه‌کی ماڵی ده‌وڵه‌ت، وڵاتی ناوه‌ندی سه‌رنج له بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا ٢٠٢٥ به ناونیشانی شوێنی وێنه‌گرتن بۆ به‌رهه‌مه‌ هاوبه‌شه‌ نێونه‌ته‌وییه‌کان، خوازیاریی زۆری هه‌یه. بێجگه له شوێنی وێنه‌گرتنه ناسراوه‌ سینه‌ماییه‌کان له شاره‌کانی مه‌درید و بارسلۆنا، ئه‌و ناوچانه‌ی که هاتووچۆی زۆریان به‌سه‌ره‌وه‌یه وه‌کوو ویلایه‌ته‌کانی باسک، کاتالۆنیا، گالیسیا، دوورگه‌کانی قه‌ناری و ئه‌ندلۆسیش؛ دڵڕفێنییه‌کانی پیشه‌سازیی سینه‌ما و هه‌روه‌ها ناوچه‌ تایبه‌تمه‌نده بێوێنه‌کانی ‌له خۆ گرتووه.

خاتوو “ته‌نجه مایسنێر” Tanja Meissner به‌رپرسی “بەرلیناله پڕۆ‌” Berlinale Pro سه‌باره‌ت به ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا له‌وبڕوایه ‌دایه: پیشه‌سازیی سینه‌ما و میدیای ئیسپانیا ناوبا‌نگی جیهانی خۆی بۆ گۆڕان به ناوه‌ندێکی ئه‌وروپی به لوتفی خوڵقاندنه به‌رچاوه‌کان، دانانی سه‌رمایه‌ی به‌مه‌به‌ست و داهێنه‌رانه‌ی ته‌کنۆلۆژیا به‌‌هێزتر کردووه و له ئاماده‌بوونێکی به‌هێزیی نێونه‌ته‌وه‌یی دایه به ناوه‌رۆکی کوالیته‌ی باش و ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌هره‌مه‌نده‌وه. ئه‌م وڵاته شه‌وقده‌ره ماڵیاتییه پێشبڕکێیانه، ڕێککه‌وته‌نامه‌کانی به‌رهه‌می هاوبه‌ش و ژێرخانی پیشه‌سازیی به‌هێز پێشکه‌ش ده‌کات.

“ئێڕنێست ئۆڕتاسۆن” Ernest Urtasun وه‌زیری که‌لتووری ئیسپانیا سه‌باره‌ت به ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا گوتی: بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا، بێگومان یه‌کێکه له به‌هێزترین پلاتفۆرمه‌کان بۆ سینه‌مای ئه‌ورووپا و ئیسپانیا به ناونیشانی “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” بۆ ئێمه ئه‌و هه‌له ده‌ڕ‌ه‌خسێنێت تاکوو به‌هره‌مه‌ندییه‌کانی پیشه‌سازیی ئیسپانیا له هه‌موو بواره‌کانیدا. له‌وانه؛ داهێنان، به‌رهه‌مهێنان، بڵاوکردنه‌وه و پێگه‌ی جیهانی‌ سینه‌مای خۆمان ده‌ربخه‌ین. له‌ڕاستیدا، ئه‌مه ئه‌رک و شانازیی وه‌زاره‌تی که‌لتووری ئیسپانیایه‌. پشتیوانی و ناساندنی پیشه‌سازیی سینه‌ما، ده‌رهێنه‌ران و به‌رهه‌مهێنه‌ران و هه‌روه‌ها ئیزنی سه‌رهه‌ڵدانی زیاتری سینه‌مای ئیسپانیا ده‌دات بۆ درێژه‌پێدانی ئه‌م ڕێگا پڕبایخه، هه‌ر وه‌کوو له ئێستادا له بازاڕه جیهانییه‌کانی فیلمدا ئاماده‌یه و بینه‌ران له سه‌رتاسه‌ری دنیا، به دیارییه‌وه داده‌نیشن.

بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا EFM لە ڕۆژانی ١٣ تا ١٩ی فێبرییه‌ی ٢٠٢٥ له چوارچێوه‌ی حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌” Berlinale لە شاری بەرلین له‌ وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەده‌چێت.

وێنەکان: مەنسوور جیهانی

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.berlinale.de/en/2025/news-press-releases/257538.html

مەنسوور جیهانی – ئیسپانیا به “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا لە حه‌فتاوپێنجه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌” له ساڵی ٢٠٢٥ ناسێندرا.

به پێی ڕاپۆڕتی ڕاگه‌یێندراویی ڕۆژنامه‌وانی ‌فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌”؛ ئیسپانیا ده‌بێته “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” Country in Focus لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا EFM لە حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌” Berlinale له ساڵی ٢٠٢٥. زۆربه‌ی فیلمسازان، وڵاتی ئیسپانیایان به شوێنێکی فیلمی ئه‌وروپی پته‌و و به‌‌هێزێکی سه‌رسووڕهێنه‌ریی نێوده‌وڵه‌تی گۆڕیوه و دابوونه‌ریتی کۆن و سه‌رکه‌وتووی فیلمه جۆراوجۆ‌ره‌کانی ئیسپانی له به‌رنامه‌ی فێستیڤاڵ، له بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا و هه‌روه‌ها له پلانه‌کانی پیشه‌سازیی به‌ڕلیناله‌دا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه.

له درێژه‌ی ئه‌و داهێنانه‌ی که له ساڵی ٢٠١٧ ده‌ستی پێکرد، بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا به پلانی “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج”، ناوچه‌یه‌کی سینه‌مایی گه‌وره‌ی له ناوه‌ندیی سه‌رنجدا داناوه. پیشه‌سازیی سینه‌ما، کاریی داهێنه‌رانه له ڕوانگه‌ی چه‌ند لایه‌نییه‌وه و هه‌روه‌ها هانده‌ریی نوێی پێشکه‌ش ده‌کرێت و ئاستی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌رز ده‌بێته‌وه. پاش ئاماده‌بوونی وڵاتانی مه‌کزیک، که‌نه‌دا، نۆڕوێژ، شیلی، باڵتیک و ئیتاڵیا، پلانی “ئیسپانیا له ناوه‌ند” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا لە فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌”؛ پێگه‌ی فیلمی ئه‌ورووپا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و ده‌رفه‌ته‌ جۆراوجۆره‌کان بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنه‌ران، بڵاوکه‌ره‌وه‌کان، سه‌رمایه‌داران و کارناسان پیشه‌سازیی سینه‌ما له ژانڕه‌ جیاوازه‌کانی له ئه‌نیمه‌یشنه‌وه تاکوو دڕام و زنجیره دڕاماکان پێشکه‌ش ده‌کات.

له درێژه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یێندراوه ڕۆژنامه‌وانییه‌دا هاتووه: فیلمسازیی ئیسپانی نیو سه‌ده‌یه که به‌رنامه‌ی “به‌ڕلیناله”ی ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه. ده‌یان فیلمی ئیسپانی که له لایه‌ن به‌هره‌مه‌نده هه‌ڵکه‌وتوو و بلیمه‌ته‌کان خوڵقاندنیان بۆ کرواه، بینه‌ران و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانیان به شێوه‌ی یه‌کسان تووشی سه‌رسووڕمان کردووه؛ ٩ فیلمی براوه‌ توانیویانه خه‌ڵاتی “ورچی زێڕین” Golden Bear باشترین خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی به‌ڕلیناله به‌ده‌ستبێنن، “ئالکاڕاس” Alcarràs به‌رهه‌مه جوانه‌كه‌ی “کاڕلا سیمۆن” Carla Simón له ساڵی ٢٠٢٢ نوێترین ئه‌وانه‌یه. “پێدرۆ ئاڵمادۆڤار” Pedro Almodóvar هه‌روه‌ها پێگه‌یه‌کی گرینگی له مێژووی به‌ڕلیناله‌دا هه‌یه، چونکه فیلمی سینه‌مایی “یاسای ئۆگره‌تی” La ley del deseo له یه‌که‌مین نمایشی جیهانیدا له به‌شی “پانۆڕاما” Panorama له ساڵی ١٩٨٧ پیشان درا و توانی خه‌ڵاتی TEDDY AWARD بۆخۆی مسۆگر بکات.

خاتوو “تریشیا تۆتێل” Tricia Tuttle به‌رپرسی ‌فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بەرلیناله‌” سه‌باره‌ت به ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” گوتی: ئێمه به تامه‌جرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی میوانان و به‌هره‌مه‌نده نوێیه‌کان له فێستیڤاڵین تاکوو پێکه‌وه جه‌ژنی پیشه‌سازیی فیلمی ئیسپانیا لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا پیرۆز ڕابگرین.

له کۆتایی ئه‌م ڕاگه‌یێندراوه ڕۆژنامه‌وانییه‌دا هاتووه: ئیسپانیا به‌بڕشته‌وه به‌ڵێن ده‌دات که په‌ره به به‌رهه‌مهێنانی فیلمی په‌یه‌دار و به‌دیجیتاڵی کردنی داهاتووی پیشه‌سازی سینه‌مای ئیسپانیا بدات. به لوتفی شه‌وقده‌ره ماڵیاتییه‌کان و کۆمه‌کی ماڵی ده‌وڵه‌ت، وڵاتی ناوه‌ندی سه‌رنج له بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا ٢٠٢٥ به ناونیشانی شوێنی وێنه‌گرتن بۆ به‌رهه‌مه‌ هاوبه‌شه‌ نێونه‌ته‌وییه‌کان، خوازیاریی زۆری هه‌یه. بێجگه له شوێنی وێنه‌گرتنه ناسراوه‌ سینه‌ماییه‌کان له شاره‌کانی مه‌درید و بارسلۆنا، ئه‌و ناوچانه‌ی که هاتووچۆی زۆریان به‌سه‌ره‌وه‌یه وه‌کوو ویلایه‌ته‌کانی باسک، کاتالۆنیا، گالیسیا، دوورگه‌کانی قه‌ناری و ئه‌ندلۆسیش؛ دڵڕفێنییه‌کانی پیشه‌سازیی سینه‌ما و هه‌روه‌ها ناوچه‌ تایبه‌تمه‌نده بێوێنه‌کانی ‌له خۆ گرتووه.

خاتوو “ته‌نجه مایسنێر” Tanja Meissner به‌رپرسی “بەرلیناله پڕۆ‌” Berlinale Pro سه‌باره‌ت به ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا له‌وبڕوایه ‌دایه: پیشه‌سازیی سینه‌ما و میدیای ئیسپانیا ناوبا‌نگی جیهانی خۆی بۆ گۆڕان به ناوه‌ندێکی ئه‌وروپی به لوتفی خوڵقاندنه به‌رچاوه‌کان، دانانی سه‌رمایه‌ی به‌مه‌به‌ست و داهێنه‌رانه‌ی ته‌کنۆلۆژیا به‌‌هێزتر کردووه و له ئاماده‌بوونێکی به‌هێزیی نێونه‌ته‌وه‌یی دایه به ناوه‌رۆکی کوالیته‌ی باش و ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌هره‌مه‌نده‌وه. ئه‌م وڵاته شه‌وقده‌ره ماڵیاتییه پێشبڕکێیانه، ڕێککه‌وته‌نامه‌کانی به‌رهه‌می هاوبه‌ش و ژێرخانی پیشه‌سازیی به‌هێز پێشکه‌ش ده‌کات.

“ئێڕنێست ئۆڕتاسۆن” Ernest Urtasun وه‌زیری که‌لتووری ئیسپانیا سه‌باره‌ت به ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا گوتی: بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا، بێگومان یه‌کێکه له به‌هێزترین پلاتفۆرمه‌کان بۆ سینه‌مای ئه‌ورووپا و ئیسپانیا به ناونیشانی “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” بۆ ئێمه ئه‌و هه‌له ده‌ڕ‌ه‌خسێنێت تاکوو به‌هره‌مه‌ندییه‌کانی پیشه‌سازیی ئیسپانیا له هه‌موو بواره‌کانیدا. له‌وانه؛ داهێنان، به‌رهه‌مهێنان، بڵاوکردنه‌وه و پێگه‌ی جیهانی‌ سینه‌مای خۆمان ده‌ربخه‌ین. له‌ڕاستیدا، ئه‌مه ئه‌رک و شانازیی وه‌زاره‌تی که‌لتووری ئیسپانیایه‌. پشتیوانی و ناساندنی پیشه‌سازیی سینه‌ما، ده‌رهێنه‌ران و به‌رهه‌مهێنه‌ران و هه‌روه‌ها ئیزنی سه‌رهه‌ڵدانی زیاتری سینه‌مای ئیسپانیا ده‌دات بۆ درێژه‌پێدانی ئه‌م ڕێگا پڕبایخه، هه‌ر وه‌کوو له ئێستادا له بازاڕه جیهانییه‌کانی فیلمدا ئاماده‌یه و بینه‌ران له سه‌رتاسه‌ری دنیا، به دیارییه‌وه داده‌نیشن.

بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا EFM لە ڕۆژانی ١٣ تا ١٩ی فێبرییه‌ی ٢٠٢٥ له چوارچێوه‌ی حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌” Berlinale لە شاری بەرلین له‌ وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەده‌چێت.

وێنەکان: مەنسوور جیهانی

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.berlinale.de/en/2025/news-press-releases/257538.html




خه‌ڵاته‌‌کانی ٢٩مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان” دیاریی کران.. ئامادەکردنی: مەنسوور جیهانی

خه‌ڵاته‌‌کانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی بیست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان” له وڵاتی کۆریای باشوور ده‌ستنیشان کران.

ڕێوڕ‌‌سمی کۆتایی بیست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان” Busan به ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی، سینه‌ماکارانی به‌شداربوو له فێستیڤاڵ، چالاکانی پیشه‌گه‌ڕیی سینه‌مایی و هه‌روه‌ها هۆگرانی هونه‌ری حه‌‌وته‌م له ناوه‌ندی “سینه‌مایی بۆسان” له شاری بۆسان له وڵاتی کۆریای باشوور به‌ڕێوه‌چوو و براوه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی “ڕه‌وته‌ نوێیه‌کان” New Currents، به‌شی “خه‌ڵاتی کیم جیسێئوک” Kim Jiseok، به‌شی “خه‌ڵاتی مێکێنات” Mecenat، به‌شی “خه‌ڵاتی سونجێ” Sonje، به‌شی “خه‌ڵاتی نێتپه‌ک” Netpac، به‌شی “خه‌ڵاتی فیپێڕشی” FIPRESCI و … دیاریی کران.

باشترین فیلمی به‌شی پێشبڕکێی “ڕه‌وته‌ نوێیه‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “ڕه‌وته‌ نوێیه‌کان” New Currents له بیست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان” که بریتی بوون له؛ “محه‌ممه‌د ڕه‌سووڵ ئۆف” Mohammad Rasoulof ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی ئێران ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “لی مێۆنگ ـ سێ” LEE Myung-Se ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی کۆریای باشوور، خاتوو “ژوو دۆنگیۆ” Zhou Dongyu ئه‌کته‌ر له وڵاتی چین، خاتوو “کاتی کۆسرۆتی” Kani Kusruti ئه‌کته‌ر له وڵاتی هیندستان و هه‌روه‌ها خاتوو “ڤاتیا کاڵۆیێرسیج” Vanja Kaludjercic به‌رپرسی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڕۆتێردام” Rotterdam له وڵاتی هۆڵه‌ندا، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئه‌م به‌شه‌ی فێستیڤاڵ، واته؛ خه‌ڵاتی نه‌قدی بڕیی پاره‌ی ٣٠ هه‌زار دولاری به فیلمی سینه‌مایی “نیشتمانی سپێده‌ی هێمنایه‌تی” The Land of Morning Calm له ده‌رهێنانی “پارک ڕی ـ وونگ” PARK Ri-woong به‌رهه‌می وڵاتی کۆریای باشوور و هه‌روه‌ها
فیلمی سینه‌مایی “ما ـ گریانی بێده‌نگی” MA – Cry of Silence له ده‌رهێنانی “ماو ناینگ” The MAW NAING به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی میانماڕ، کۆریای باشوور، سه‌نگاپوور، فه‌ڕه‌نسا، نۆڕوێژ و قه‌ته‌ر به‌خشرا.

باشترین فیلمی “خه‌ڵاتی کیم جیسێئوک”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “خه‌ڵاتی کیم جیسێئوک” Kim Jiseok له‌م ڕووداوه گرینگه سینه‌ماییه که بریتی بوون له؛ “کریستییه‌ن ژوونێ” Christian Jeune به‌رپرسی به‌شی فیلمی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “کان” Cannes له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “پڕاسانا ڤیتاناژ” Prasanna Vithanage ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی سریلانکا و هه‌روه‌ها خاتوو “شین سۆوۆن” Shin Suwon ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی کۆریای باشوور، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئه‌م به‌شه‌، واته؛ خه‌ڵاتی نه‌قدی بڕیی پاره‌ی ١٠ هه‌زار دولاری به فیلمی سینه‌مایی “گوندی ئه‌ستێره‌کانی ٢” Village Rockstars 2 له ده‌رهێنانی “ڕیما داس” Rima DAS به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی هیندستان و سه‌نگاپوور و هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی “یێن و ئای ـ لی” Yen and Ai-LEE له ده‌رهێنانی “تام لین شۆ ـ یۆ” Tom LIN Shu-Yu به‌رهه‌می وڵاتی تایوان پێشکه‌ش کرا.

باشترین به‌ڵگه‌فیلمی به‌شی “خه‌ڵاتی مێکێنات” Mecenat
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “خه‌ڵاتی مێکێنات” Mecenat، له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵ که بریتی بوون له؛ “موحسین مه‌خمه‌لباف” Mohsen Makhmalbaf ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی ئێران ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، خاتوو “ئاساکۆ فۆجیۆکا” Asako Fujioka جێگری سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “یاماگاتا” Yamagata له وڵاتی ژاپۆن و هه‌روه‌ها خاتوو “لی سووجۆنگ” Lee Soojung ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی کۆریای باشوور، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلمی کۆریایی و ئاسیایی ئه‌م به‌شه‌، واته؛ خه‌ڵاتی نه‌قدی بڕیی پاره‌ی ٧٤٠٠ دولاری به به‌ڵگه‌فیلمی “کاره‌کان و ڕۆژگاره‌کان” Works and Days له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “پارک مینسۆ” PARK Minsoo و “ئاهن کیمی هایۆن” AHN Kearny Hyun به‌رهه‌می وڵاتی تایوان و هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌فیلمی “ماڵێکی دیکه” Another Home له ده‌رهێنانی “فڕانکی سین” Frankie SIN به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی تایوان، هۆنگ کۆنگ، چین و فه‌ڕه‌نسا به‌خشرا.

باشترین کورته فیلمی “خه‌ڵاتی سونجێ” Sonje
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “خه‌ڵاتی سونجێ” Sonje له بیست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان” که بریتی بوون له؛ “لیم دائێ ـ هیوونگ” Lim Dae-hyung ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی کۆریای باشوور، خاتوو “کۆنێستانس تسانگ” Constance Tsang ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا و هه‌روه‌ها خاتوو “یاماناکا یۆکۆ” Yamanaka Yoko ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ژاپۆن، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی باشترین کورته فیلمی کۆریایی و ئاسیایی ئه‌م به‌شه له فێستیڤاڵ‌، واته؛ خه‌ڵاتی نه‌قدی بڕیی پاره‌ی ٧٤٠٠ دولاری به کورته فیلمی “یۆریم” Yurim له ده‌رهێنانی “سۆنگ جیسئۆ” SONG Jiseo به‌رهه‌می وڵاتی کۆریای باشوور و هه‌روه‌ها به کورته فیلمی”باگێک له زستان” A Garden in Winter له ده‌رهێنانی “ئه‌لئێنورێ مه‌حموودیان” Eléonore Mahmoudian و “هیرۆشی ماتسۆئی” Hiroshi Matsui به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ژاپۆن و فه‌ڕ‌‌ه‌نسا پێشکه‌ش کرا.

باشترین فیلمی “خه‌ڵاتی فیپێڕشی”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “خه‌ڵاتی فیپێڕشی” FIPRESCI فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی رخنه‌گرانی فیلم له‌م ڕووداوه هونه‌رییه‌دا که بریتی بوون له؛ خاتوو “تێرێز ڤینسێز” Teréz Vincze مامۆستای زانکۆ و ڕخنه‌گری سینه‌ما له وڵاتی هه‌نگاریا، “هسین وێنگ” Hsin Wang ڕخنه‌گری سینه‌ما له وڵاتی تایوان و هه‌روه‌ها خاتوو “سوئۆوون ڕیی” Souewon Rhee ڕخنه‌گری سینه‌ما له وڵاتی کۆریای باشوور، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئه‌م به‌شه‌یان به فیلمی سینه‌مایی “چیرۆکی نیشتمان” Tale of the Land له ده‌رهێنانی “لۆئێلۆ هیندرا” Loeloe HENDRA به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئه‌ندوونێزیا، فیلیپین، تایوان و قه‌ته‌ر پێشکه‌ش کرد.

باشترین فیلمی “خه‌ڵاتی نێتپه‌ک” Netpac
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “خه‌ڵاتی نێتپه‌ک” Netpac “تۆڕیی په‌ره‌پێدانی سینه‌مای ئاسیاپه‌سیفیک” له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵدا که بریتی بوون له؛ “ئیگاڕاشای کوهای” IGARASHI Kohei ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ژاپۆن ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “هێرمان وان ئایکین” Herman VAN EYKEN مامۆستای زانکۆ له وڵاتی به‌لژیکا و هه‌روه‌ها خاتوو “کئم میۆنگ” KIM Miyoung ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی کۆریای باشوور، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئه‌م به‌شه‌یان به فیلمی سینه‌مایی “نیشتمانی سپێده‌ی هێمنایه‌تی” The Land of Morning Calm له ده‌رهێنانی “پارک ڕی ـ وونگ” PARK Ri-woong به‌رهه‌می وڵاتی کۆریای باشوور به‌خشی.

خه‌ڵاتی “هۆگرانی سینه‌ما”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی خوێندکاران له به‌شی پێشبڕکێی “گۆشه‌ی کراوه” Wide Angle له‌م ڕووداوه سینه‌ماییه پێکهاتوو له خوێندکارانی جۆراوجۆر له به‌شه‌کانی په‌یوه‌ست به سینه‌ما له شه‌ش زانکۆ له ناوچه‌ی بۆسان، باشترین به‌ڵگه‌فیلمی کۆریایی و ئاسیایی فێستیڤاڵیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی “هۆگرانی سینه‌ما Cinephile Award به به‌ڵگه‌فیلمی “نه نیشتمانێکی دیکه” No Other Land له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “باسێل ئادرا” Basel Adra، “حه‌مدان به‌لال” Hamdan Ballal، “یۆڤاڵ ئابڕاهام” Yuval Abraham و “ڕاسێل سزور” Rachel Szor به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی فه‌ڵه‌ستین و نیپاڵ به‌خشرا.

خه‌ڵاتی بینه‌ران
خه‌ڵاتی بینه‌ران له به‌شی پێشبڕکێی “ڕه‌وته‌ نوێیه‌کان” له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵ، به فیلمی سینه‌مایی “نیشتمانی سپێده‌ی هێمنایه‌تی” The Land of Morning Calm له ده‌رهێنانی “پارک ڕی ـ وونگ” PARK Ri-woong به‌رهه‌می وڵاتی کۆریای باشوور به‌خشرا. ئه‌م فیلمه، زۆرترین سه‌رپشکی له لایه‌ن بینه‌رانی فێستیڤاڵه‌وه له‌م به‌شه‌، بۆخۆی مسۆگر کردبوو.

“بۆسان” یه‌کێک له گرینگترین فێستیڤاڵه‌کانی کیشوه‌ری ئاسیا
فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان”، یه‌کێکه له گرینگترین فێستیڤاڵه‌کانی کیشوه‌ری ئاسیا و یه‌کێکه له ٢٢ فێستیڤاڵی باوه‌رپێکراویی ئه‌نجوومه‌نی به‌رهه‌مهێنه‌رانی جیهانی فیلم “فیاپف” FIAPF له ئاستی دنیادا. ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه به پشتیوانی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ، شاره‌وانی و ئه‌نجوومه‌نی شاری بۆسان و ناوه‌ندی فیلمی کۆریا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ڕێزلێنانی “میگۆئێل گۆمێز” ده‌رهێنه‌ری ناوداری پورتوگالی
بیست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان” به نمایشی کۆمه‌ڵێک فیلم له سینه‌ماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له چه‌ندین به‌ش له‌وانه؛ ١٠ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی پێشبڕکێی “ڕه‌وته‌ نوێیه‌کان”، ١١ کورته فیلم کۆریایی له به‌شی “گۆشه‌ی کراوه”، ١٠ کورته فیلمی ئاسیایی له به‌شی “گۆشه‌ی کراوه”، ١٠ به‌ڵگه‌فیلم له به‌شی “گۆشه‌ی کراوه”، ٨ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “خه‌ڵاتی کیم جیسێئوک”، به‌شی “خه‌ڵاتی مێکێنات”، به‌شی “خه‌ڵاتی سونجێ”، به‌شی “خه‌ڵاتی نێتپه‌ک”، به‌شی “خه‌ڵاتی فیپێڕشی” و هه‌روه‌ها به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی، له‌وانه؛ ٢٨ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “په‌نجه‌ره‌یه‌ک به‌ره‌و سینه‌مای ئاسیا” A Window on Asian Cinema، ٥ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “گاڵا” Gala، ٧ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “سینه‌مای کراوه” Open Cinema، ١٧ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “دیارده‌کان” Icons، فیلمێکی ژاپۆنی و ١٧ به‌ڵگه‌فیلم له به‌شی “ویترین” Showcase، ٦ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “شه‌یدای شه‌وانه” Midnight Passion، ٦ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “له‌سه‌ر په‌رده” On Screen، ٩ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “ته‌رکیز له‌سه‌ر ڕۆحی منداڵان، فیلمی منداڵان”، ٦ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی ڕێزلێنانی “میگۆئێل گۆمێز” Miguel Gomes ده‌رهێنه‌ری ناوداری پورتوگالی، ٦ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی ڕێزلێنانی “لی سان ـ کیۆن” Lee Sun-kyun ئه‌کته‌ری کۆچکردووی کۆریایی، ٢٩ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “سینه‌مای جیهان”، ٢٣ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “سینه‌مای ئه‌مڕۆی کۆریا”، ١١ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “فلاش فۆڕوارد” Flash Forward، به‌شی “ئاکادیمیای فیلمی ئاسیایی”، به‌شی “نمایشی تایبه‌ت”، به‌شی ڤۆرکشۆپی فێرکاریی “میگۆئێل گۆمێز” و “ئان هۆی” Ann Hui ده‌رهێنه‌ری هۆنگ کۆنگی ـ چینی، به‌شی “سندووقی سینه‌مای ئاسیا”، به‌شی “بازاڕی فیلمی ئاسیا” و چه‌ندین به‌شی دیکه له ڕۆژانی ٢ تا ١١ی ئۆکتۆبه‌ری٢٠٢٤ له سینه‌ما “بۆسان” و سینه‌ماکانی دیکه‌ی شاری بۆسان له وڵاتی کۆریای باشوور به‌ڕێوه‌‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

‌https://www.biff.kr/eng/addon/10000001/page.asp?page_num=8417




به فیلمی “سنجار”ی فیلمسازی ئیسپانی چواره‌مین فێستیڤاڵی کوردی “مۆسکۆ” ده‌کرێته‌وه.. ئامادەکردنی: مه‌نسوور جیهانی

ـ به پیشاندانی فیلمی سینه‌مایی “سنجار” له ده‌رهێنانی فیلمسازی ئیسپانی “ئانا بوفاڕۆل”، چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” ده‌کرێته‌وه.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە سه‌رۆکایه‌تی مامۆستا “کەرەم گەردەن زەری” Kerem Gerdenzeri ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri – “ئینا تێدژۆڤا” Inna Tedzhoeva، به مه‌به‌ستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوه ڕه‌سه‌نه، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه “بڵینده سینەماییه‌کان”، به‌شی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم”، به‌شی پێشبڕکێی “کورتە فیلم” و هه‌روه‌ها به‌شی “شه‌ویی سینه‌مای کوردی” له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی (سیپته‌مبه‌ری) ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

له ڕێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow، فیلمی سینه‌مایی “سنجار” Sinjar له ده‌رهێنانی خاتوو “ئانا بوفاڕۆل” Anna M. Bofarul له کاتژمێر ٩ی شه‌ویی چوارشه‌مه ١٨ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٤ ‌و به ئاماده‌بوونی ئه‌م خانمه فیلمسازه ئیسپانییه، سینه‌‌ماکارانی ڕووسی، ده‌رهێنه‌ران، لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی، سینه‌ماکارانی جۆڕجیا و کوردانی دانیشتووی ڕووسیا، له سینه‌ما “پارک مۆسفیلم” Mosfilmovskaya له شاری مۆسکۆ له وڵاتی ڕووسیا پیشان ده‌درێت.

فیلمی “سنجار” تایبه‌ته به ڕووداوه دڵته‌زێنه‌کانی ساڵی ٢٠١٤
فیلمی سینه‌مایی “سنجار” تایبه‌ته به ڕووداوه دڵته‌زێنه‌کانی ساڵی ٢٠١٤، ئه‌و کاته‌ی که داعش بۆ ئه‌نجامدانی کۆمه‌ڵکوژیی هێرشی کرده سه‌ر شاری شنگاڵ. یه‌کێک له پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌م فیلمه،‌ به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ سی منداڵی ده‌چێت بۆ به‌رده‌یی، ئه‌ویدیکه له‌م چه‌رمه‌سه‌رییه ده‌رباز ده‌بێت و هه‌وڵ ده‌دات که بگه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه و سێیه‌مین که‌سیش له شاری بارسلۆنای ئیسپانیا به‌شوێن کوڕه ونبووه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕیت. ئه‌م به‌رهه‌مه سینه‌ماییه ده‌ریده‌خات که ئه‌م ژنانه، بۆ ڕزگاربوونی خۆشه‌ویسته‌کانی خۆیان تا چ شوێنێک ده‌چنه پێشه‌وه.

“شه‌وی سینه‌مای کوردی” له کۆمه‌ڵه‌‌ی هونه‌ری “لین بێرسێنێڤسکی”
بێجگه له‌وانه، له “شه‌وی سینه‌مای کوردی” ژماره‌یه‌ک له فیلمه کوردییه‌کانی ئاماده‌بوو له فێستیڤاڵ، له کاتژمێر ١١ی شه‌وی شه‌ممه ٢١ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٤ تا کاتژمێر ٦ی به‌ره‌به‌یانی یه‌کشه‌مه ٢٢ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٤ له هۆڵی “لۆمیێر” Lumiere له کۆمه‌ڵه‌‌ی هونه‌ری “لین بێرسێنێڤسکی” Bersenevsky Lane پیشان ده‌درێن.

“مۆسکینۆ” خانه‌خێوی شاکاره مۆدێڕنه‌کانی سینه‌مای کوردی
فیلمه‌کانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” له سینه‌ماکانی کۆمه‌ڵه‌ی سینه‌مایی “مۆسکینۆ” پیشکه‌ش ده‌کرێن. سینه‌ماکانی “مۆسکینۆ” Moskino له ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م فێستیڤاڵه‌دا، شاکاره مۆدێڕنه‌کانی سینه‌مای کوردیی پیشان ده‌دات. ته‌واوی فیلمه‌کان به زمانی سه‌ره‌کی و به ژێرنووسی ڕووسی نمایش ده‌کرێن.

کۆمه‌ڵه‌ی سینه‌مایی “مۆسکینۆ” Moskino له‌وانه؛ سینه‌ماکانی “مۆسکینۆ فاکێل” Moskino Fakel، “مۆسکینۆ کاسمۆس” Moskino Cosmos، “مۆسکینۆ مۆلۆدێژنی” Moskino Molodezhny و “مۆسکینۆ “سپۆتنیک” Moskino Sputnik له شاری مۆسکۆ، خانه‌خێوی ٣٨ به‌رهه‌می ئاماده‌بوو له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، له‌وانه؛ ٧ فیلمی سینه‌مایی و ٨ به‌ڵگه‌فیلمی بڵیند له به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده‌‌کان” و هه‌روه‌ها ١٤ کورته فیلمی چیرۆکی و ٩ به‌ڵگه‌فیلمی کورت له به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌کان” ده‌بن.

ئاڵووگۆڕیی و وتووێژیی نێوان که‌لتووری
ئه‌مساڵ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، به شێوه‌ی گشتیی ته‌رکیزی خستۆته‌ سه‌ر وتووێژیی نێوان که‌لتووری و هاوکاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا. ئه‌م فێستیڤاڵه له درێژه‌ی نه‌ریتی ساڵانی ڕابردوو، به‌ ناونیشانی به‌شێک له ئاڵووگۆڕیی فه‌رهه‌نگی، دیسانه‌وه فیلمسازان و لایه‌نگرانی سینه‌ما له سه‌رتاسه‌ری جیهان له یه‌کتریی کۆده‌کاته‌وه تاکوو پێکه‌وه شاکاره ڕاسته‌قینه‌کانی سینه‌مای کوردی پێشکه‌ش بکه‌ن. جوگڕافیای به‌شدار‌بووان زۆر جۆراوجۆرن، به‌رنامه‌کانی فێستیڤاڵ، فیلمه‌کان له ١٢ وڵاتی جیهان، له‌وانه؛ ئیسپانیا، فه‌ڕه‌نسا، که‌نه‌دا، هۆڵه‌ندا، به‌لژیکا، دانیماڕک، عێراق، تورکیا، ئێران، سووریا، هه‌رێمی کوردستان و … له خۆده‌گرێت.

ته‌رکیزی جوێی له‌سه‌ر فیلمه‌کانی سه‌باره‌ت به ئیزه‌دییه‌کان
ته‌رکیزی جوێی له‌سه‌ر فیلمه‌کانی سه‌باره‌ت به ئیزه‌دییه‌کان و دینی کۆنی میزۆپۆتامیای ئه‌وانه. هه‌ر ئه‌وه‌ش له چه‌مکی دیمه‌نی فێستیڤاڵیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه: هێمای سه‌ره‌کی پۆسته‌ری ئه‌مساڵ، په‌ڕیی تاووسه که هێمایه‌کی به‌هێزه بۆ خه‌ڵکی کورد، به تایبه‌ت له به‌ستێنی ئیزه‌دیسمدا، که دینی باب و باپیرانی باستانی هه‌موو کورده‌کانه که جه‌خت له‌سه‌ر گرینگی پاراستن و په‌ره‌پێدانی که‌لتووریی کوردی له ڕێگای سینه‌ما ده‌کاته‌وه.

بۆ زانیاری زیاتر:
www.moscowkff.ru

زانیارییه‌کانی فیلمی سینه‌مایی “سنجار” له ڕێگای ئه‌م لینکه‌وه دانلۆد بکه‌ن:
https://drive.google.com/drive/folders/1GDxlr4f2i8bBMGGOZlXstR5kJxg9NXco




براوه‌کانی ٨١مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” ناسێندران.. ئامادەکردنی: مەنسوور جیهانی

ـ براوه‌کانی هه‌شتا و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” Venice له وڵاتی ئیتاڵیا ده‌ستنیشان کران و فیلمی سینه‌مایی “ژووریی ته‌نیشت” له ده‌رهێنانی “پێدرۆ ئاڵمادۆڤار” خه‌ڵاتی گرینگی “شێری زێڕین”ی به‌ده‌ستهێنا.

ڕێوڕ‌‌ه‌سمی کۆتایی هه‌شتا و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” Venice به پێشکه‌ش کاری خاتوو “سڤێڤا ئاڵویتی” Sveva Alviti خانمه ئه‌کته‌ری ناوداری سینه‌مای ئیتاڵیا له هۆڵی سینه‌مایی “سالا گڕاندێ” Sala Grande له شاری ڤێنیز له وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌چوو و براوه‌کانی به‌شه جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی، له‌وانه؛ به‌شی “پێشبڕکێی سەرەکی”، به‌شی “پێشبڕکێی ئاسۆکان” Orizzonti، به‌شی پێشبڕکێی “هه‌مه‌لایه‌نه” Immersive و هه‌روه‌ها به‌شی “ئاسۆکانی ئکستڕا” Orizzonti Extra ناسێندران و خه‌ڵاتی گرینگی “شێری زێڕین” و خه‌ڵاته‌کانی دیکه‌ی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه به براوه‌کان پێشکه‌ش کرا.

براوه‌کانی به‌شی “پێشبڕکێی نێوده‌وڵه‌تی”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی نێوده‌وڵه‌تی” له هه‌شتا و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” که بریتی بوون له: خاتوو “ئیزابێل هۆپێرت” Isabelle Huppert ئه‌کته‌ری ناوداری فه‌ڕه‌نسی ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “جیمز گڕێی” James Gray ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، “ئه‌ندرۆ هایگ” Andrew Haigh نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی به‌ریتانیا، “ئاگنیسکا هۆڵه‌ند” Agnieszka Holland ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی پۆڵه‌ندا، “کلێبێر مێندۆسا فیلهۆ” Kleber Mendonça Filho ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی بڕازیل، “عه‌بدولڕه‌حمان سیساکۆ” Abderrahmane Sissako ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی موریتانی، “جۆزێپێ تۆرناتۆرێ” Giuseppe Tornatore ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی ئیتاڵیا، خاتوو “جوولیا ڤۆن هاینز” Julia von Heinz ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی ئه‌ڵمانیا و هه‌روه‌ها خاتوو “ژانگ ژیی” Zhang Ziyi ئه‌کته‌ر له وڵاتی چین؛ ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی “شێری زێڕین”
فیلمی سینه‌مایی “ژووریی ته‌نیشت” The Room Next Door له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری ناوداری ئیسپانی “پێدرۆ ئاڵمادۆڤار” Pedro Almodóvar و به‌رهه‌می وڵاتی ئیسپانیا خه‌ڵاتی گرینگی “شێری زێڕین” Golden Lion باشترین فیلمی ئه‌م ڕووداوه گرینگه‌ی به‌ده‌ستهێنا.

خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی شێری نوقره‌یی لێژنه‌ی دادوه‌ران
خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی شێری نوقره‌یی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م گه‌ڕه‌ی فێستیڤاڵ، به فیلمی سینه‌مایی “وێرمیگلیۆ” VERMIGLIO له ده‌رهێنانی “مائۆرا دێلپێرۆ” Maura Delpero به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئیتاڵیا، فه‌ڕه‌نسا و به‌لژیکا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی شێری نوقره‌یی باشترین ده‌رهێنان
خه‌ڵاتی شێری نوقره‌یی باشترین ده‌رهێنانیش به “بێردی کۆربێت” Brady Corbet بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی “برۆتالیست” The Brutalist به‌رهه‌می وڵاتی به‌ریتانیا پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ژن
خه‌ڵاتی “کاپی ڤۆڵپی” The Volpi Cup باشترین ئه‌کته‌ری ژن به “نیکۆل کیدمه‌ن” Nicole Kidman ئه‌ستێره‌ی ناوداری سینه‌مای جیهان بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “کیژۆڵه” BABYGIRL له ده‌رهێنانی خاتوو “هێلینا ڕێژین” Halina Reijn به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاو
خه‌ڵاتی “کاپی ڤۆڵپی” The Volpi Cup باشترین ئه‌کته‌ری پیاو به “ڤینسێنت لیندۆن” Vincent Lindon بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “کوڕی هێمن” The Quiet Son له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “دێلفین کۆلین” Delphine Coulin و “مۆریل کۆلین” Muriel Coulin به‌رهه‌می وڵاتی فه‌ڕه‌نسا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ
“مۆریل هاوزێر” Murilo Hauser و “هیتۆر لۆرگا” Heitor Lorega بۆ نووسینی سیناریۆی “من هێشتا لێره‌م” I’m Still Here له ده‌رهێنانی “واڵتێر سالز” Walter Salles به هاوبه‌شی خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆیان به‌ده‌ستهێنا.

خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران
خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌رانیش به فیلمی سینه‌مایی “ئه‌پریل” APRIL له ده‌رهێنانی “دێئا کۆلۆمبێگاشڤیلی” Dea Kulumbegashvili به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا، ئیتاڵیا و جۆڕجیا پێشکه‌‌ش کرا.

خه‌ڵاتی “ماڕچێلۆ ماستڕۆیانی”
خه‌ڵاتی “ماڕچێلۆ ماستڕۆیانی” Marcello Mastroianni بۆ باشترین ئه‌کته‌ری گه‌نجی نوێی به “پائوڵ کیرچێر” Paul Kircher بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “و منداڵه‌کانیش دوای ئه‌وان” And Their Children After Them له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “لۆدویک بووکێرما” Ludovic Boukherma و “زوران بووکێرما” Zoran Boukherm به‌رهه‌می وڵاتی فه‌ڕه‌نسا به‌خشرا.

براوه‌کانی به‌شی “پێشبڕکێی ئاسۆکان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی ئاسۆکان” Orizzonti له‌م ڕووداوه گرینگ و پله‌ یه‌که‌ی سینه‌مای جیهان که بریتی بوون له: خاتوو “دێبرا گڕانیک” Debra Granik ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “عه‌لی عه‌سگه‌ری” Ali Asgari ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی ئێران، خاتوو “سووده کادان” Soudade Kaadan ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی سووریا، “کریستۆس نیکوو” Christos Nikou ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی یۆنان، “تۆڤا نۆڤۆتنی” Tuva Novotny ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی سوید، “گابۆر ڕایس” Gábor Reisz ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی هه‌نگاریا و هه‌روه‌ها خاتوو “ڤالیا سانتێلا” Valia Santella سیناریۆنووس و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ئیتاڵیا؛ ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی باشترین فیلم
خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌شی “پێشبڕکێی ئاسۆکان” به فیلمی سینه‌مایی “ئه‌و ساڵه نوێیه‌ی که هه‌رگیز نایه‌ت” The New Year That Never Came له ده‌رهێنانی “بوگدان مۆڕشانۆ” Bogdan Mureșanu به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ڕۆمانیا و سیربیا به‌‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان
خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی ئه‌م به‌شه به خاتوو “سارا فریدله‌ند” Sarah Friedland بۆ ده‌ر‌هێنانی فیلمی سینه‌مایی “ده‌ستلێدانی ئاشنا” Familiar Touch به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌مه‌ریکا پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران
خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران به فیلمی سینه‌مایی “یه‌کێک له‌و ڕۆژانه‌ی که هێمی ده‌مرێت‌” One of Those Days When Hemme Dies له ده‌رهێنانی “مورات فیرات ئۆغڵۆ” Murat Fıratoğlu به‌رهه‌می وڵاتی تورکیا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ژن
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ژنی ئه‌م به‌شه‌ی‌ فێستیڤاڵیش به “کاتلین چالفانت” Kathleen Chalfant بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “ده‌ستلێدانی ئاشنا” Familiar Touch له ده‌رهێنانی خاتوو “سارا فریدله‌ند” به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌مه‌ریکا پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاو
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاوی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” به “فڕانچێسکۆ قێقی” Francesco Gheghi بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “فامیلیا” Familia له ده‌رهێنانی “فڕانچێسکۆ کۆستابیله” Francesco Costabile به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتی ئیتاڵیا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ
خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه به “ئه‌سکه‌نده‌ر کوپتی” Scandar Copti بۆ نووسینی سیناریۆی “پشوودان پیرۆز بێت” Happy Holidays به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی فه‌ڵه‌ستین، ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا، ئیتاڵیا و قه‌ته‌ر به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین کورته فیلم
خه‌ڵاتی باشترین کورته فیلم به به‌ڵگه‌فیلمی “چ که‌سێک هه‌تاویی خۆش ده‌وێت” Who Loves the Sun له ده‌رهێنانی “عه‌ڕشیا شه‌کیبا”Arshia Shakiba سینه‌ماکاری ئێرانی و به‌رهه‌می وڵاتی که‌نه‌دا پیشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی بینه‌رانی ‌به‌شی “ئاسۆکانی ئکستڕا”
فیلمی سینه‌مایی “شاهد” The Witness له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری ئێرانی “نادر ساعی‌وه‌ر”Nader Saeivar ، له نووسینی هاوبه‌شی سینه‌ماکاری ناوداری ئێرانی “جه‌‌عفه‌ر په‌ناهی” و نادر ساعی‌وه‌ر” و به ڕۆڵ بینینی خانمه ئه‌کته‌ری کورد خاتوو “مریه‌م بووبانی”، هونه‌رمه‌ندی کورد خاتوو “هانا کامکار”، “عه‌باس ئیمانی”، “غه‌زه‌ل شوجاعی”، “فه‌رید ئێشقاقی” و … خه‌ڵاتی بینه‌رانی به‌شی “ئاسۆکانی ئکستڕا” Orizzonti Extra له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” به‌ده‌ستهێنا.

خه‌ڵاتی “لۆئیجی دی لۆرێنتس” ڤێنیز
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه یه‌که‌مه‌کان” له هه‌شتا و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” که بریتی بوون له: “جیانی کانۆڤا” Gianni Canova ڕخنه‌گری سینه‌ما له وڵاتی ئیتاڵیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “ریکی دامبروز” Ricky D’Ambrose نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، خاتوو “باڕبارا پێز” Barbara Paz ده‌رهێنه‌ر، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار، ئه‌کته‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی بڕازیل، خاتوو “ته‌ێلۆر ڕۆسێل” Taylor Russell ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی که‌نده‌دا و هه‌روه‌ها “جاکۆب وۆنگ” Jacob Wong کیۆریتۆری فێستیڤاڵی فیلم و به‌رپرسی بازاڕی پڕۆژه له وڵاتی ژاپۆن؛ خه‌ڵاتی ڤێنیز “لۆئیجی دی لۆرێنتس” Luigi De Laurentiis به فیلمی سینه‌مایی “ده‌ستلێدانی ئاشنا” له ده‌رهێنانی خاتوو “سارا فریدله‌ند” به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌مه‌ریکا پێشکه‌ش کرد. ئه‌م خه‌ڵاته به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ خه‌ڵاتی بڕی پاره‌ی ١٠ هه‌زار دولاری به شێوه‌ی یه‌کسان به ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر به‌خشرا.

خه‌ڵاتی به‌شی “فیلمه کلاسیکییه‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “فیلمه کلاسیکییه‌کان”ی ڤێنیز به سه‌رۆکایه‌تی “ڕێناتۆ دی مارینا” Renato De Maria و پێکهاتوو له ٢٤ خوێندکاری سینه‌ما که له نێوان مامۆستایانی به‌رنامه‌کانی سینه‌مای زانکۆی ئیتاڵیا هه‌ڵبژێردرابوون، خه‌ڵاتی خۆیان به‌م شێوه‌یه پێشکه‌ش کرد: ‌

خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلم
خه‌ڵاتی “ڤێنیزی کلاسیک” بۆ باشترین به‌ڵگه‌فیلم له سینه‌ما به به‌ڵگه‌فیلمی “کاردانه‌وه زنجیره‌ییه‌کان” Chain Reactions له ده‌رهێنانی “ئێلێکساندێر ئۆ. فلیپ” Alexandre O. Philippe به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین فیلمی نوێژه‌ن کراوه‌کان
خه‌ڵاتی “ڤێنیزی کلاسیک” بۆ باشترین فیلمی نوێژه‌ن کراوه‌کان به فیلمی سینه‌مایی “لێره‌ هه‌نگی هه‌نگوین” Ecce bombo له ده‌رهێنانی “نانی مۆڕتی” Nanni Moretti به‌رهه‌می ساڵی ١٩٧٨ی وڵاتی ئیتاڵیا پێشکه‌ش کرا.

براوه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی “هه‌مه‌لایه‌نه”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “هه‌مه‌لایه‌نه” Immersive به سه‌رۆکایه‌تی “سێلین دایمێن” Celine Daemen، “ماریۆن بێرگێر” Marion Burger و “ئادریان لۆکمه‌ن” Adriaan Lokman دوای بینینی٢٦ کورته فیلم، خه‌ڵاته‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی گه‌وره
خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی به‌شی پێشبڕکێی “هه‌مه‌لایه‌نه” به کورته فیلمی “ئیتۆ میکیۆ” Ito Meikyū له ده‌رهێنانی “بۆریس لابه” Boris Labbé به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا و لۆکزامبۆرگ به‌خشرا.

خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ران
خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م به‌شه‌ی فێستیڤاڵ به کورته فیلمی “ئه‌ستێره‌ی ئۆتۆ” Oto’s Planet له ده‌رهێنانی “گۆنائێل فڕانسوا” Gwenael François به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی لۆکزامبۆرگ، که‌نه‌دا و فه‌ڕه‌نسا پێشکه‌ش کرا.

خه‌ڵاتی ده‌ستکه‌وتی هونه‌ری
خه‌ڵاتی ده‌ستکه‌وتی هونه‌ریش به کورته فیلمی “ئه‌نگێزه: یاری به ڕاستییه‌کان” Impulse: Playing with Reality له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “به‌ری جین مۆڕفی” Barry Gene Murphy و “مه‌ی عه‌بدوڵا”May Abdalla به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا به‌خشرا.

هه‌شتا و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” بە سەرۆکایەتی “ئاڵبێرتۆ باربێڕا” Alberto Barbera و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە بەشەکانی پێشبڕکێی، لەوانە: ٢١ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “پێشبڕکێی سەرەکی”، له‌وانه؛ به‌شی “پێشبڕکێی ئاسۆکان”، به‌شی پێشبڕکێی “هه‌مه‌لایه‌نه”، به‌شی پێشبڕکێی “هه‌فته‌ی ڕخنه‌گران” و هه‌روه‌ها به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی، له‌وانه؛ به‌شی “نمایشی بەرهەمە بڵیندەکان”، به‌شی “نمایشی تایبەت”، به‌شی “ئاسۆکانی ئکستڕا”، به‌شی نوێژه‌ن کردنی “فیلمه کلاسیکییه‌کان”، به‌شی “کالێجی سینەما”، به‌شی “باشترین ئه‌زموونه‌کان”، به‌شی “باشترینه‌کانی جیهان”، به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی “هه‌فته‌ی ڕخنه‌گران”، به‌شی “مه‌ستێر کلاس و وتووێژ له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌کانی سینه‌ما” و … لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

https://www.labiennale.org/en/news/official-awards-81st-venice-international-film-festival




كفن لەنێوان تەكنیك و ئایدۆلۆژیادا.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

ئەم ئێوارەیە، لەڕۆژی دووەمی نمایشی فیلمی (كفن) دەرهێنانی (سروشت عەبەڕەش) ئامادەبووم،
فیلمێك بینەرێكی زۆری لەگەڵ خۆیدا ڕاكێشی هۆڵەكانی سینەما كردو لەشارەكانی سلێمانی و هەولێرو بەغدا، جێگەی دانیشتنی بۆ بینەر نەهێشتەوە.
بەر لەوەی خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی بۆ فیلمەكە بكەین، دەبێ بەگشتی ڕەچاوی سێ خاڵی گرنگی ئەمڕۆی سینەمای كوردی بكەین:
یەكەم: دەرهێنەرە سینەماییەكانی ئێمە ئێستا بەعەقلێكی بازرگانی كراوەتر كار دەكەن،، لە دەسپێكی هەر پرۆژەیەكی بەرهەمهێنانی فیلم، نەخشەو پلانێكی تۆكمە بۆ فۆرم و ناوەرۆكی فیلمەكان دادەنێن، لەژێر ڕۆشنایی پێشبینیەكانیان بۆ بڕی بینەرو ئاستی بازاڕ كار دەكەن.
لەبەر ئەوەی فاكتەری ئابووری گرنگترین و بەهادارترین خاڵی جەوهەرییە بۆ بەردەوام بوونی ڕەگەزی بەرهەمهێنانی فیلم.
جگە لەوەی بەدەست هێنانی داهات بەهێزترین فاكتەرێكە بۆ هاندانی سینەماكارەكان و ئایندەی سینەما لەكوردستاندا.
هەروەها داهاتی باش، دەبێتە مایەی كۆكردنەوەی سەرمایەو گەشەی هونەری سینەما لە كوردستاندا.
دووەم: متمانە بۆ بینەر دەگێڕێتەوە، ئەو بینەرەی كە لەساڵانی ڕابووردووداو لەئەنجامی بەرهەمهێنانی فیلمی لاواز هیچ متمانەیەكی بە سینەما نەمابوو، ئێستا هەمان ئەو بینەرانەن، هۆڵی سینەماكان پڕ دەكەن و بەپارەیەكی زۆر پلیتی بینینی فیلمێكیان بەسەختی دەست دەكەوێت.
بێگومان ئەو پێشوازی لێكردنەی سینەمای كوردی، هۆكارەكەی بەرەو پێشەوە چوونی ئاستی فیلمی كوردیە بەگشتی.
خاڵێكی بنەڕەتی دیكەی گەرم بوونی بازاڕی سینەما، هانی زێتری سەرمایەدارەكان دەدا، بایەخ بە دروست كردنی هۆڵی سینەماو بازرگانی سینەما بدەن.
سێیەم: هوشیاری و كولتووری سینەما گەشە پئ دەدا، كە كۆمەڵگای كوردیش بەدیدێكی شارستانی هەڵس و كەوت لەگەڵ سینەمادا بكاو سینەما بە زەرورەتێكی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی خۆی بزانێ.
قۆناغێكی نوێ بۆ سەرهەڵدانەوەی سینەما
بەو چەند بەرهەمانەی دوایی دەردەكەوێت، كەسینەمای كوردی قۆناغە باوەكەی خۆی تێپەڕاند كە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم پشت بەحكومەت ببەستێ، بەڵكو ئێستا بەهەمان فۆرمی بەرهەمهێنانی سینەما لەجیهاندا پشت بەكەرتی تایبەتی دەبەستێت، كەرتی تایبەتیش بەر لە هەموو شتێ ڕەچاوی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەكات و هەوڵی زامن كردنی سەركەوتن دەدات لەو فیلمانەدا.
جگە لەوەش ئاراستەی ئێستای بەرهەمهێنانی فیلمەكان وەك جاران تەنیا ڕوو لەفیستیڤاڵە جیهانیەكان نیە كە هیچ كاریگەرییەكیان بۆ پیشەسازی سینەما بەجێ نەدەهێشت لە كوردستان، بەڵكو ئێستا ئاراستەكە بەرەو بازاڕە كە ئایندەی سینەمای كوردی لەسەر وەستاوە.
بەگوێرەی فیلمی كفن، كە فیلمێكی درێژی ترسە، من خۆم بۆ یەكەم جارمە فیلمێكی كوردی بە ستایلی ترس ببینم، پێشم وایە فۆرمێكی نوێیە لە سینەمای كوردیدا، لەبەر دوو هۆكار :
لەپاڵ ئەو هونەرەی دەرهێنەر بەتەكنیكی سینەمایی بەرجەستەی دەكات، بۆ دروست كردنی چەند حاڵەتێكی دەروونی، بەنیشاندانی شووشتنی مردوو، دەركەوتنی تارمایی جنۆكە، دەركەوتنی لەناكاوی ئەو تارماییانەو دیارنەمانی لەناكاویان، دەرخستنی دەم و چاوی ترسناك و شێوێنراو، هێنانە دەرەوەی تەرمی مردوو لەشەوداو زۆر دیمەنی ترسناكی دەروونی، ئاسەوارێكی نەرێنی لەڕووی سایكۆلۆژیەوە بۆ بینەر بەجێ دێڵێ، بەتایبەت بۆ ئافرەت كە خۆڕاگری بەرامبەر ترس كەمترە..
هەموو ئەو دیمەنە ترسناكانە لەپەنای چوونە ژوورەوەی دنیای جنەكان و دەرخستنی نهێنیەكانیان لەگەڵ مرۆڤدا.
كرۆكی بنەڕەتی و ئامانجی سەرەكی ئەوەیە فیلمەكە پێمان بڵێ كە لەزەمەنی عەولەمەو تەكنەلۆژیای ئەمڕۆكە تا ئێستاش پرسی جادوو نوشتەكاری هەر باوەو ئاگاتان لەوە نیە جنەكان لەناو ماڵتان دەژین و ژیانتان وێران دەكەن.
پئ دەچێ بینەری كورد، لاری نەبێت لە وەرگرتنی دیمەنە ترسناكەكان و وەرگرتنی خیتابی فیلمەكە، بە نیشانەی ئەو پێشوازیە گەرمەی لە فیلمەكەی دەكا.
لێرەدا پرسیاری ئەوەم بۆ دروست دەبێت، ئاخۆ هۆكارەكانی وەرگرتنی بینەر چین؟
بەلای منەوە دوو هۆكاری سەرەكی هەن:
1.ئەو تەكنیك و ستایلە سینەماییە چڕەی دەرهێنەر بۆ بەرجەستە كردنی دیمەنە ترسناكەكان بەكاری هێناوە، تەكنیكێكی مەقبولە لای بینەر، وێڕای هەموو دەرهاوێشتە نەرێنی و ئەرێنیەكان.
2.بابەتی فیلمەكە بابەتێكی نوێیە بۆ بینەری كورد، ڕەنگە تا ئێستا ئەو بابەتە بەدەگمەن لە سینەمای كوردی خرابێتە ڕوو، ئەگەرچی لەسینەمای توركی و جیهانیدا زۆرە.
جێگەی سوپرایزە (سروشت عەبەڕەش) بۆ بینەری كوردو سینەمای كوردی ناوێكی نوێیە، بەڵام ئەو ئەزموونەی نیشانی داین دەیسەلمێنێ كە داهێنان بەساڵانی ئەزموونی دوورو درێژ نیە، بەڵكو بەتوانست و لێهاتوویی مرۆڤە لەگەڵ پیشەكەی خۆیدا…لەوانەش لەگەڵ سینەمادا.
ئێستاش ئەگەر بمانەوێت شڕۆڤەیەكی لۆژیكی بۆ فیلمەكە بكەین، ئەوە دەبێت لەدوو جەمسەرەوە بۆی بچین.
دەرهێنەر بۆ دروست كردنی ئەو ئەتۆسفیرە ترسناكانە، هەموو ئامرازە تەكنیكیەكانی خۆی بەكارهێناوە، لەوانە ریتم و موزیك و كاریگەریەكانی دەنگ و ڕووناكی، ماسك و ئارایشت و دیكۆر، جگە لەدەرخستنی ڕیتمی بزووتنەوەی كامێراو گۆڕینی گۆشەكانی بەخێرایی بە مەبەستی بەهاوسەنگ ڕاگرتنی ڕیتمی دیمەنەكان.
لەهەموو حاڵەتێكا فۆرمی ترس لەسینەمای كوردی دا فۆرمێكی باو نیە و ( سروشت عەبەڕەش) لە شێوەدا بەرگێكی نوێ ی لەبەر كردووە،، بەڵام لە ناوەرۆكدا شتێكی ترە.
لەجەمسەری دووەمدا و لەلایەنە ئایدۆلۆژییەكەوە دەڵێین:
ئەوەی كە فڕوفێڵی ڕووناكی و ڕیتمی موزیك و ئارایشت نایشارێتەوە ئەوەیە كە فیلمەكە ئامانجی دەرخستنی، دیاردەیەكی خەتەرناكی دەروونیە، بەدروست كردنی نوشتەو جادو لەناو كۆمەڵگای كوردی، كە دەبێتە هۆی ماڵ وێرانی بۆ سەدان تاكی ئەو كۆمەڵگایە.
لێرەوە دەبێت دەرهێنەر ئاگای لەوە بێت، لەڕێگەی گوتاری ئەو فیلمە، وا دەكات خەڵكانێك بۆ هەڵڕشتنی مەرامە ژەهراویەكانیان زێتر متمانە بە نوشتەو جادوو پەیدا بكەن بۆ تۆڵەسەندنەوە لەیەكترو فیلمەكە هاندەر دەبێت بۆ پەرەسەندنی دیاردەكە نەك ڕێگری لێ كردنی.
چونكە فیلمەكە لەدیمەنێكی لاوازی حكومەتدا دەری خست كە یاساو دەسەڵات هیچیان پئ نیە بۆ ڕێگری كردن.
خاڵی دووەمی ناوازەیی لەوە دایە كە ناكرێت گەنجێكی وەك هیوا كە نوێنەرایەتی نەوەیەكی نو ێی كۆمەڵگا دەكات، كار لەسەر دروست كردنی نوشتەوجادو بكات دژی پورزایەكی خۆی.
دەرهێنەر دەسەڵاتێكی گەورەی نیشان داوە لەدروست كردنی ترس و لەم سوچەوەش چێژێكی زۆری بەبینەر بەخشیووە، بەڵام چارەسەركردنی ئایدۆلۆژی و فەلسەفی لەئاست توانستە تەكنیكیەكەدا نەبووە.
ئەو لەئاكامدا بەبینەر دەڵێ هەر كات گیرودەی ڕووداوی نوشتەو جادوو بوون، پەنا ببەن بۆ مەلاو شێخەكان.
دەرهێنەر لەكۆتایی فیلمەكە ئەو گوتارە بە ڕێگا چارەی كۆتایی دا دەنێ بۆ كێشەكە، كە بێ شك ڕێگە چارەیەكی شارستانی نیە بۆ كێشەكە، كە چارەنووسی نەخۆشیەكی گەورەی كۆمەڵایەتی ڕادەستی چەند مەلاو شێخێكی جادوكار بكەیت و هیچ ئەلتەرناتیفێكی نەدەیتێ ئەوان نەبێت.
لە كۆتاییدا سینەما خیتابی خۆی دەگەیەنێت، بەڵام ئەگەر خیتابی دەرهێنەری فیلمی كفن لەو سەردەمە پێشكەوتووەی دنیادا گەڕانەوە بێت بۆ جادوكەرەكان، ئەوە دیارە، بێ دەسەڵات بووە لە دۆزینەوەی رێگە چارەسەرێكی لۆژیكی و لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە شكست دێنێ.
ئەكتەرەكانی كفن كۆمەڵێ ئەكتتەری بژاردەو پڕ توانابوون لەبەرجەستە كردنی كاراكتەرەكانیان، بەتایبەت (چریكە عەبەڕەش) كە لەنواندن و ئەدای بەهێزی، ڕیتمی فیلمەكەی گەیاندە لوتكە.




(فیلمی کفن) بۆ ناو کفن!.. د.هەژار مەعروف

لە مانگی ٨ ی ٢٠٢٤ وە ئەم فیلمە کوردیە لە سینەماکانی کوردستاندا پیشاندەدرێ، دوای ئەوەی کەوتمە بەر لافاوی بێبەزەیی ڕیکلام بۆی، منیش پتر لە دو سەعات لە ژیانی خۆمم کرد بە قوربانی ! چی لەوە خۆشترە فیلمێک بە زمانی شیرینی کوردی ببینی!
وەک بینەرێکی ئاسایی و پزیشکێکی پسپۆڕی دەرونی ئەم سەرنجانەم لەسەر فیلمەکە هەیە، هیوادارم هونەرمەندان و فیلمدۆستان ڕەخنەگرانی سینەمایی و هونەری بچن فیلمەکە ببینن و ڕای خۆیان لەسەری دەربڕن.
لە ڕوی تەکنیکی و فۆرمەوە: بەڕاستی گرمە و ناڵە و قیژە و نەڕە نەڕ و دەنگدانەوە پەردەی گوێی بینەران و مێشکیانی ئازاردەدا ، وێنەکان زۆربەیان ترسناک و ناشیرین و غەیبی و دراکۆلایی بون، بۆیە ئەم فیلمە دەچێتە خانەی فیلمە ترسناکەکان و نابێت بلیت بە منداڵ و مێردمنداڵ و هەرزەکار بفرۆشرێ و هەر لە ڕیکلامکردن بۆیدا دەبێت ئەمە بە ڕونی بوترێ!
لە سەر شێوەی فیلمی هۆلیۆدی کە دەبێت بە خۆشی و شادی کۆتایی بێت (happy end) بۆ نمونە بە لەدایکبونی منداڵێک کە زۆر جار دەرهێنەرانی دنیا بە دەنگی گریانی منداڵێک مژدەمان دەدەنێ ، بەڵام لەم فیلمەدا بە تکانی چەند دڵۆپێک خوێن لە دامێنی ژنە پاڵەوانی فیلمەکەوە پیشانمان دەدات ، خوێن مەرج نیە نیشانەی لەدایکبونی منداڵێک بێت بەڵکو دەشێ نیشانەی لێکەوتەی نائاسایی دوگیانیەکە بێت، نەدەکرا بێ پیشاندانی خوێن بێت؟ بۆ نمونە بە پیشاندانی ژنەکەبێت لە کاتێکدا کە ژان گرتویەتی وهاوژینەکەی لە گەڵیدا وەک هاوسۆزی ماچی دەکات و نازی دەداتێ؟ مەگەر گەلی کورد لە ڕابوردو و ئێستادا و دۆخی ئیمڕۆی هەمو جیهان ڕۆژانە خوێن ناکەن بە قوڕگ و نایکەن بە دەموچاومان دا.
لە ڕوی ناوەڕۆکەوە: فیلمەکە باسی جادوکردنی ژنێک دەکات لە خوشکەکەی خۆی وەک تۆڵەی ئەوەی کە کچەکەی نەداوە بە کوڕەکەی، کچەکە دەدرێت بە کوڕێکی تر و پاش ماوەیەک بە هۆی جادوەکەی پوریەوە یان بە هۆیەکی تر دایکی دەمرێت و خۆیشی توشی نەخۆشیی دەرونی دەبێت و ژیانی ژن و میردیی بەتەواوی دەشێوێ و منداڵی نابێت وهەستی بینین و بیستنی دەشێوێ و زو زو کە لە ماڵەوە بەتەنیا دەبێت توشی ترس و تۆقان دەبێت و دیمەنی شتنی تەرمی دایکی و شیوەنی کوردانەی لەخۆدان و لاوانەوەی ژنان دەبینێ و دەبیسێ، ئەمە لە ڕوی دەرونناسیەوە پێی دەڵێن (hallucination) واتا هەستشێوان و وڕاوە.
لە فیلمەکەدا لە بری ئەوەی بیبەن بۆ لای پزیشکێکی دەرونی یا پزیشکی هەر پسپۆڕیەکی تر، دەیبەن بۆ لای مەلایەک کە ئەمیش پیاوێکی یاریدەدەری هەیە پسپۆڕە لە دەرهێنانی جنۆکە و جادو لە لەشی مرۆڤ، دەرهێنەری فیلم ئەم ڕۆڵەی داوە بە پیاوێکی ڕوخسار زۆر ناشیرین وترسناک، باشە پیاوێک ڕۆلی فریادڕەس و دوکتۆر و ڕزگارکەر ببینێ بۆ قۆز و باڵابەرزێکی وانەبێت کە خوشكی خۆی حەیرانی بێت؟ بۆ ئازاردانی دەرونی بینەر دەبێت ئەمیش وەک دیمەنە ترسناکەکانی تری فیلمەکە بێت؟ تەنیا دیمەنێکی جوان من لە فیلمەکەدا بینیم وێنەی گۆڕی دایکی کچەکەیە و چەپکە گوڵە کەی سەری!
مەلا و یاریدەدەرە دراکۆلاییەکەی بە هەندێ ئایەتی قورئان و اللە اکبر و جم و جوڵی هیستیریایی کچەکە وەک پەڕجویەک (موعجیزە) چاک دەکەنەوە و ژیان ئاسایی دەبێتەوە.
من دوای ٢٥ ساڵ ژیان و هێنانی دوکتۆرا لە دەرونناسی و کارکردن وەک پزیشکی دەرونی لە ئەڵمانیا و ١٢ساڵی تر لە ٢٠٠٩ وە لە سلێمانی بەردەوامم لە پسپۆڕییەکەمدا.
ئەوەی لە فیلمەکەدا هاتوە ڕاستە، لە کاری ڕۆژانەمدا سەدان بەسەرهاتی وام بیستوە کە بە ئێستاشەوە ڕودەدەن ، فیلمەکە لە سەر بناغەی ئەم بەسەرهاتە ڕاستەقینانە دروستکراوە، بەڵام ئایا فیلم دەبێت ئاوێنە یا کۆپیی کوتومتی وێنە و ڕوداوە ڕاستەقینەکان بێت؟ نەدەکرا لە فیلمەکەدا چارەسەرە زانستیەکە بخرێتە ڕو نەک درۆ و خەڵەتاندنی ئەوەی نەخۆشیی دەرونی بە دەرهێنانی جنۆکە و جادو و نزای شەڕ چارەسەر بکرێ ؟ یا باشتر نەبو فیلمێکی دۆکومێنتاریی پڕ زانیاریی ورد لە سەر بابەتی خەرافیات و بیری پوچ و بیبنەما و نا لۆژیکی ئاینی و نائاینی دروست بکەن و چارەسەری کێشەکەش لە ڕوی زانستیەوە بخەنە ڕو؟
وادیارە بەرهەمهێنەر و هەمو تیمی فیلمەکە باوەڕیان بە هەمو ئەو خەرافیاتانە هەبێت بۆیە دەرهێنەرناهێڵێ پاڵەوانەکەی هانا ببات بۆ گوگل و کتێب و ڕاوێژکاری دەرونی و کۆمەڵایەتی و پزیشکی دەرونی یا پزیشکی مێشك و دەمار و پسپۆڕیەکانی تر، ئەو هەر مەلایەک و جادو- دەرهێنێکی ناشیرینی بەسە کێشەدەرون- کۆمەڵایەتیەکانی ژنە پاڵەوانەکەی پێ چارەسەربکات! هەزار جار مەخابن !! ئاخ کوردی داماو!




ئامۆس گیتەی بانگەوازەکانی بۆیکاتکردنی فیلمی ‘Why War’ لە ڤێنس ڕەتدەکاتەوە؛.. وەرگێڕانی: گۆران

ئامۆس: حەماس و ئیسرائیل دەبێت و پێویستە رابەرە ڕاستڕەو توندڕەوەکانی ئێستایان وەلانێن بۆئەوەی ئاشتی بەرقەراربێت.

ئامۆس گیتەی، دەرهێنەری ئیسرائیلی بانگەوازەکانی بۆیکاتکردنی کارەکانی لەبارەی فیلمی ‘Why War’ لە ڤێنیس ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: هەردوولا لە ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین پێویستیان بە پاککردنەوەی سەرکردایەتی ئێستایان هەیە بۆ ئەوەی ئاشتی زاڵ بێت.

فیلمی ‘Why War’ کە ئەم هەفتەیە بۆ یەکەمینجار لە ڤێنیس نمایش دەکرێت، ئیلهامەکەی لە نامەنووسی سەرەتای ساڵانی ١٩٣٠ی نێوان ئەلبێرت ئەنیشتاین و سیگمۆند فرۆید وەرگرتووە سەبارەت بە پرسی سروشتی شەڕخوازانەی ڕەگەزی مرۆڤ و چۆنیەتی دوورکەوتنەوە لە شەڕ.

کارەکە دووبارە نمایشکردن و تێکەڵکردنی هەردوو کارەکتەرەکەیە لەکاتی گێڕانەوەی یاساکانیان، لەگەڵ وێنەی مێژوویی شەڕ لە هونەردا و دیمەنی چۆنیەتی مامەڵەکردنی کارەکتەرەکان لەگەڵ کاریگەرییە دەروونییەکانی ململانێکان.
ئەم فیلمە لە دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر دەستی پێکرد کە. کەلەئەنجامدا زیاتر لە هەزار کەس کوژران و بەدووایدا هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ تۆڵەکردنەوە لە حەماس دەستی پێکرد و وێرانەیی و کوشتارێکی زۆری لە خەڵکی غەزە بەدووای خۆیدا هێنا.

لەگەڵ ئەوەشدا گیتای وتی، دیدگای ئەو ئەوەیە کە دەیەوێت لەپرسی شەڕ بە شێوەیەکی گشتی بکۆڵێتەوە نەک لە ڕێگەی “پەیوەندییە سەرخۆشکەرەکەی ئیسرائیل و فەلەستین”.

“هەروەها وتی: لە ڕاستیدا فیلمەکە تیشکی لەسەر ئیسرائیل و فەلەستین نییە، هەرچەندە پێیان وایە و وابیردەکەنەوەو کە ئەوان ناوەندی جیهانن. بەڵام جیهان هیچ ناوەندێکینییە. هەسارەکە خڕە. [ئەوە] ململانێیەکی زۆر گرنگە، بەڵام.” ئەوان تاکە کەس نین لەسەر هەسارەیە”.

لە باسی فیلمەکەدا باسی لە بەشداری ئەم ئەکتەرانە کرد کە بەشدارن ئیرێن جاکۆب، ماتیۆ ئامالریک، میکا لێسکۆت، جیرۆم کیرچەر، یێل ئەبیکاسیس و کێرن مۆر. دیمەنەکان لە گەشتێکی شیعری دەچن لە ڕێی ئەو وێنانەی گیراون و خراونەتە پاڵی یەکتر لە ڤیەننا، تەلئەبیب، بەرلین و پاریس.
“هەموو شتێک لەسەر بنەمای هزری ئەم دوو بیرمەندە گەورەیە دامەزراوە. ڕەنگە کارل مارکس ئیلهامبەخش بووبێت بۆ ئەلبێرت ئەنیشتاین، چونکە کارێکی زۆر مارکسیستییە دەربارەی پارە و تەماح، یان پیشەسازی. کاری فرۆید لەسەر ڕۆحی مرۆڤە وە بۆچی ئەم ئاژەڵە زیرەکانە دەیانەوێت شەڕ بکەن”.

گروپێک لە نزیکەی ٨٠ کەسایەتیی ڕۆشنبیری ئیتاڵی لە سەروبەندی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیزدا نامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئیدانەی بەشداریکردنی فیلمی Why War – لەگەڵ فیلمێکی دیکەی ئیسرائیلی بە ناوی Gods and Men– لە بەرنامەی فێستیڤاڵەکەدا کرد و ڕایانگەیاند کە بەرهەمەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانەوە بەرهەم هێنراون کە “بەشداریکردن لە ئاپارتاید، داگیرکاری و ئێستا جینۆساید”.
گیتای کە ژیانی پیشەیی خۆی بە داکۆکیکردن لە ئاشتی و وتووێژی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان بەسەر بردووە، کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی ئیسرائیلی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڤێنیزدا پرسیاری لەبارەی ئەو پەیامەوە لێکرد، داوای بایکۆتکردنی ڕەتکردەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی داوای بایکۆتیان کردووە فیلمەکەیان نەبینیوە و بەرهەمەکەش یەک (شیکڵ) یان لەپارەی دەوڵەتی ئیسرائیلی وەرنەگرتووە، هەروەها باسی لە هەوڵەکانی کرد بەدرێژایی ژیانی بۆ بەرەوپێشبردنی دیالۆگ لەنێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان.
گیتای گەشبینی خۆی دەربڕی کە ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین ڕۆژێک دێت چارەسەر دەبێت.

دەشڵێت: ناتوانین لەبارەی مێژووەوە یەکلاکەرەوە بین… هەندێکجار خراپترین خاڵی مێژوو ڕەنگە بە بارێکی باشدا بکەوێتەوە، چونکە ئەم خەڵکە درک بەوە دەکەن کە ئەمە ڕێگەیەکی دروست نییە و ناتوانن بەردەوام بن لە کوشتنی یەکتر و وەک سەرکەوتن، ئەمە کارێکی پووچە” .
پێشنیاری کرد کە هەم بزووتنەوەی چەکداری فەلەستینی حەماس و هەم حکومەتی ناسیۆنالیستی بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ لەناوببرێن بۆ ئەوەی ئاشتی دەرفەتی هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێویستە هەردوو گروپەکە لەوە تێبگەن کە پێشنیاری ملکەچبوون بۆ حوکمڕانی حەماس پێشنیارێکی باش نییە، هیچ مافێک بۆ ژنان نابێت، نە مافێک بۆ مەسیحییەکان لە ڕۆژهەڵات، نە مافی هاوڕەگەزبازان و نە هیچ” نمونەی ئێرانی باسکرد لەوەی کە چۆن بە دوای خومەینی کەوتن و ئێستا بە هیچ رزگاریان نابێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمەی ئیسرائیلی دەبێت ڕزگارمان بێت لەو حکومەتە توندڕەو، ناسیۆنالیستی، ڕاستڕەو، ڕەگەزپەرست، ئەوتوندڕەوە ئایینیەی کە هەمانە ئەو دوو گروپە دەبێت هەندێک پاککردنەوە بکەن و دواتر ڕەنگە پردێکی نوێ دروستبکرێت. ئێستا نییە بەڵام دەبێت ئەو بیرۆکەیە بهێڵینەوە کە ڕۆژێک دێت، منیش باوەڕم وایە دێت”.
گیتای بڕیاریداوە هیچ وێنەیەک لە هەڵگیرسانی ئێستای ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین پیشان نەدات، چونکە پێی وایە ڕۆماڵکردنی هەردوولا دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزدەکات.

دەشڵێت: “ئەگەر سەیری تەلەفزیۆنی ئیسرائیل بکەیت، تەنها ئەو دڕندەییانەی لە ٧ی ئۆکتۆبەردا ڕوویدا پیشاندەدات لە چەشنی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، سووتاندنی کیبوتزیم (موجەمەع)ت پیشان دەدات، ئەگەر تۆ ئیسرائیلییەکی ئاسایی بوویتایە و ئەم وێنانەت ببینیایە، دەتگوت با هەر هەموویان بکوژین.’
میدیای لاکەی تریش وەک تۆڕە عەرەبییەکان، ئەلجەزیرە، تەنیا وێرانکردنی غەززەت پیشان دەدەن، واتە دڕندەیی و وێرانکردنی دەیان هەزار ماڵ لە غەززە و کوشتنی دەیان هەزار کەس… و کە زۆربەیان تیرۆریست نین… بەڵکووخەڵکی مەدەنی و منداڵن.
لە بابەتی درێژەدان بە شەڕەکە”. ئاماژەی بەوەشکرد: تەلەفزیۆن جەنگ درێژدەکاتەوە، بۆیە بڕیارماندا فیلمێکی دژە جەنگ دروستبکەین بەبێ وێنەی شەڕ، پێویستە ڕێگەی نوێ بدۆزینەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم هەرێمە جوانە… تەنانەت سەرەڕای برین و کارەساتەکان و… یادەوەرییە خراپەکان، پێویستە شتێکی جیاواز بنیات بنێن ئەمەی هەیە نابێت بەردەوام بێت.”

Sep 3, 2024

———————————
سەرچاوە:
https://deadline.com/2024/08/amos-gitai-why-war-venice-boycott-1236074736/




ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ ناسێندران

ئامەدەکردنی: مه‌نسوور جیهانی

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا ناسێندران.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە سه‌رۆکایه‌تی مامۆستا “کەرەم گەردەن زەری” Kerem Gerdenzeri ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri – “ئینا تێدژۆڤا” Inna Tedzhoeva، به مه‌به‌ستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوه ڕه‌سه‌نه، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه “بڵینده سینەماییه‌کان”، به‌شی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم”، به‌شی پێشبڕکێی “کورتە فیلم”، به‌شی “شه‌ویی سینه‌مای کوردی”، به‌شی “نمایشی باشترین فیلمه‌کانی ڕووسیا‌” و پێشانگای که‌لتووریی و هونه‌ریی له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی (سیپته‌مبه‌ری) ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی له‌وانه؛ به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده سینه‌ماییه‌‌‌کان”، به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه بڵینده‌کان”، به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌ چیرۆکییه‌کان” و به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان” له‌م ڕووداوه سینه‌ماییه ناسێندران که به‌رهه‌می سینه‌ماکارانی ١٢ وڵاتی جیهان، له‌وانه؛ فه‌ڕه‌نسا، عێراق، تورکیا، ئێران، سووریا، هۆڵه‌ندا، به‌لژیکا، دانیماڕک، هه‌رێمی کوردستان و … له ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونیدا په‌خش ده‌کرێن.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه سینه‌ماییه‌‌‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده سینه‌ماییه‌‌‌کان” له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow بریتین له: خاتوو “ئانجلینا نیکۆنۆڤا” Angelina Nikonova ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی ڕووسیا، که فیلمی سینه‌مایی “پۆڕتره‌یه‌ک له گورگ و بۆمه‌لێڵ” Portrait in the Twilight له‌م فیلمسازه له یه‌که‌مین به‌شداریی جیهانی خۆیدا له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڤێنیز” Venice ئاماده‌بوو و هه‌روه‌ها ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی “به‌خێر بێن بۆ ماڵه‌وه” Welcome Home و فیلمی سینه‌مایی “ئه‌رێ که‌سێک کچه‌که‌ی منی بینیوه؟” Has Anyone Seen My Girl? له کارنامه‌ی هونه‌ریی خۆیدا هه‌یه‌، خاتوو “لیانکا گریۆ” Lyanka Gryu ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ڕووسیا که به ڕۆڵ بینین له فیلمه‌کانی “منداڵانی ژێر ١٦ ساڵ” Children Under 16، “گه‌ڕاونه‌وه‌ی چه‌کداره‌کان” The Return of the Musketeers و زنجیره دڕاماکانی “باڕڤیخا” Barvikha و “سێرلۆک هۆڵمز” Sherlock Holmes ناسراوه و هه‌روه‌ها “ماکسیم دۆبرۆمیسلۆڤ” Maxim Dobromyslov به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه‌ سینه‌ماییه‌کان، به‌ڵگه‌فیلمه‌کان و زنجیره دڕاماکان له وڵاتی ڕووسیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، که له پڕۆژه‌کانی “مانای ژیان” The Meaning of Life، “ڕووسیا ـ ئۆدیسه” Russia-Odyssey و “ده‌ره‌وی وه‌رز. حیماسه‌ی لاوان” Off-season. Saga of Youth هاوکاریی کردووه.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه بڵینده‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه بڵینده‌کان” له‌م ڕووداوه سینه‌ماییه کوردییه‌دا بریتین له: “توماس سیدریس” Thomas Sideris ڕۆژنامه‌نووس، توێژه‌ر و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی یۆنان، که زیاتر له ٤٠ خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ کاری توێژینه‌وه‌ییه‌کانی خۆی له بواری به‌ڵگه‌فیلمدا به‌ده‌ستهێناوه، خاتوو “مزگێن ئه‌رسلان” Mizgin Arsalan ڕۆژنامه‌نووس و دیکۆمێنتسازی کورد له وڵاتی به‌ریتانیا، که به یه‌که‌مین فیلمی بڵیندی خۆی به ناوی “من فڕیم، تۆ مایه‌وه” I Flew, You Stayed خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلمی ساڵی له ئه‌نجومه‌نی ڕخنه‌گرانی فیلمی تورکیا، خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی فێستیڤاڵی به‌ڵگه‌فیلمی “ئامێد” Amedو خه‌ڵاتی “مریلا گالێتی” Mirella Galletti له وڵاتی ئیتاڵیا به‌ده‌ستهێناوه و هه‌روه‌ها “ئێڤان بۆلۆتنیکۆڤ” Ivan Bolotnikov ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی ڕووسیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، که ده‌رهێنانی بۆ فیلمه‌کانی “له هێڵی یاریی” On the Line of the Game، “جان باپتیست” John the Baptist و “مۆزه‌خانه‌ی پڕبه‌دڵ” The Ideal Museum کردووه و به فیلمی بڵیندی “ئازاره‌کان” Harms دوو خه‌ڵاتی له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “شانگهای” Shanghai له وڵاتی چین به‌ده‌ستهێناوه. فیلمی “پاڵمیرا” Palmyra له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌وه که له باکوور کوردستان وێنه ‌گیراوه.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌ چیرۆکییه‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌ چیرۆکییه‌کان” له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” بریتین له: خاتوو “ئێلێنا گلیکمه‌ن” Elena Glikman به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی ڕووسیا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، که فیلمه‌کانی “پیتێر ئێف. ئێم” Piter FM، “سپیتاک” Spitak، “له‌سه‌ر لێوار” On the Edge و “جاده‌ی سپی” White Road! له کارنامه‌ی هونه‌ری خۆیدایه، “فێکری به‌ڕۆشی” Fekri Baroshi به‌رهه‌مهێنه‌ر، مۆنتیر و ده‌رهێنه‌ر له هه‌رێمی کوردستان که ده‌رهێنانی بۆ فیلمه‌کانی “خه‌یاڵی دوای مردن” The Dream Before Death و “له لانه‌ی شێر” In the Lion’s Den کردووه و هه‌روه‌ها “نه‌وزاد شێخانی” Navzad Shehani ده‌رهێنه‌ری ئیزه‌دیی که خه‌ڵاتی “ژان لۆک گۆدار” Jean Luc Godard به‌ده‌ستهێناوه و به‌ڵگه‌فیلمی “کوشتن‌وبڕینی ڕه‌ش” Black Massacre سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵکوژی ئیزه‌دییه‌کانی ساز کردووه که وه‌کوو به‌ڵگه‌یه‌کی گرینگی هاوچه‌رخ، ده‌رباره‌ی ئه‌م تڕاژیدیایه له دیوانی سزای نێوده‌وڵه‌تیدا تۆمارکراوه.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان” له‌م ڕووداوه سینه‌ماییه کوردییه‌دا بریتین له: خاتوو “ڕووگه‌ش کیریچی” Rugesh Kirici ئه‌کته‌ر، ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر له باکووری کوردستان که له شانۆ و سینه‌مای کوردیدا چالاکی ده‌کات و له فیلمه‌کانی “شه‌وی دوورودرێژ” The Long Night، “بڕیاری سه‌خت” The Hard Decision، “به‌ڕوو” Acorn و “دایکی ئێلیف” Mother Elif ڕۆڵی بینیوه، “شێرۆ هینده” Shero Hinde ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له ڕۆژئاوای کوردستان که به فیلمی “ئه‌وین به‌رانبه‌ر به کۆمه‌ڵکوژی” Love in the Face of Genocide خه‌ڵاتی بینه‌رانی فێستیڤاڵی فیلمی “له‌نده‌ن” و به فیلمی “چیرۆکی شارێکی وێران” The Story of Destroyed Cities خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی فێستیڤاڵی فیلمی مه‌کزیکی به‌ده‌ستهێناوه و هه‌روه‌ها “لوقمان سوخه‌نوه‌ر”‌ Loghman Sokhanvar مۆنتێر له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، که مۆنتێری زۆربه‌ی فیلمه ناسراوه‌کانی سینه‌مای ئیران و کوردستان، له‌وانه؛ “ده‌نگی باران” The Sound of Rain، “یانه” The Team، “ته‌نیا” Tanya له ئه‌ستۆدا بووه.

پێشکه‌ش کردنی خەڵاتی بلووری “هەتاوی زێڕین”
له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، ٣٨ به‌رهه‌م پێکهاتوو له دوو به‌شی پێشبڕکێی له‌وانه؛ له به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده‌‌کان”، ٧ فیلمی سینه‌مایی و ٨ به‌ڵگه‌فیلمی بڵیند و هه‌روه‌ها له به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌کان”، ١٤ کورته فیلمی چیرۆکی و ٩ به‌ڵگه‌فیلمی کورت، بۆ به‌شداریی له به‌شی کۆتایی ئه‌م فێستیڤاڵه ده‌ستنیشان کراون و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خەڵاتی کریستاڵی “هەتاوی زێڕین”ی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه له‌گه‌ڵ یه‌کتریی ڕکابه‌ریی ده‌که‌ن.

خەڵاتی “هەتاوی زێڕین” ستایلێکی کریستاڵ، به هێمای هەتاوی زێڕینه و ئه‌م خەڵاته گرینگه له پێنج به‌شدا، له‌وانه؛ باشترین فیلمی بڵیندی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵیند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و هەروەها خەڵاتی “هاوبه‌شی له سینه‌مای کوردی”دا به براوه‌کان پێشکەش دەکرێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
www.moscowkff.ru

وێنه‌ی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”:

https://drive.google.com/drive/folders/1A-UU1u8xBHxKy782A58QcBIc3WyMC3SA?usp=share_link




فیلمه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” ناسێندران.. مه‌نسوور جیهانی

ـ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” به به‌شداری به‌رهه‌می سینه‌ماکارانی ١٢ وڵاتی جیهان له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow، ٣٨ به‌رهه‌م پێکهاتوو له دوو به‌شی پێشبڕکێی له‌وانه؛ له به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده‌‌کان”، ٧ فیلمی سینه‌مایی و ٨ به‌ڵگه‌فیلمی بڵیند و هه‌روه‌ها له به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌کان”، ١٤ کورته فیلمی چیرۆکی و ٩ به‌ڵگه‌فیلمی کورت، بۆ به‌شداریی له به‌شی کۆتایی ئه‌م فێستیڤاڵه ده‌ستنیشان کراون و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خەڵاتی کریستاڵی “هەتاوی زێڕین”ی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه له‌گه‌ڵ یه‌کتریی ڕکابه‌ریی ده‌که‌ن.

خەڵاتی “هەتاوی زێڕین” ستایلێکی کریستاڵ، به هێمای هەتاوی زێڕینه و ئه‌م خەڵاته گرینگه له پێنج به‌شدا، له‌وانه؛ باشترین فیلمی بڵیندی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵیند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و هەروەها خەڵاتی “هاوبه‌شی له سینه‌مای کوردی”دا به براوه‌کان پێشکەش دەکرێت.

بەرپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: “ئه‌مساڵ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، به شێوه‌ی گشتیی ته‌رکیزی خستۆته‌ سه‌ر وتووێژیی نێوان که‌لتووری و هاوکاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا. ئه‌م فێستیڤاڵه له درێژه‌ی نه‌ریتی ساڵانی ڕابردوو، به‌ ناونیشانی به‌شێک له ئاڵووگۆڕیی فه‌رهه‌نگی، دیسانه‌وه فیلمسازان و لایه‌نگرانی سینه‌ما له سه‌رتاسه‌ری جیهان له یه‌کتریی کۆده‌کاته‌وه تاکوو پێکه‌وه شاکاره ڕاسته‌قینه‌کانی سینه‌مای کوردی پێشکه‌ش بکه‌ن. جوگڕافیای به‌شدار‌بووان زۆر جۆراوجۆرن، به‌رنامه‌کانی فێستیڤاڵ، فیلمه‌کان له ١٢ ولاتی جیهان، له‌وانه؛ فه‌ڕه‌نسا، عێراق، تورکیا، ئێران، سووریا، هۆڵه‌ندا، به‌لژیکا، دانیماڕک، هه‌رێمی کوردستان و … له خۆده‌گرێت. ته‌رکیزی جوێی له‌سه‌ر فیلمه‌کانی سه‌باره‌ت به ئیزه‌دییه‌کان و دینی کۆنی میزۆپۆتامیای ئه‌وانه. هه‌ر ئه‌وه‌ش له چه‌مکی دیمه‌نی فێستیڤاڵیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه: هێمای سه‌ره‌کی پۆسته‌ری ئه‌مساڵ، په‌ڕیی تاووسه که هێمایه‌کی به‌هێزه بۆ خه‌ڵکی کورد، به تایبه‌ت له به‌ستێنی ئیزه‌دیسمدا، که دینی باب و باپیرانی باستانی هه‌موو کورده‌کانه که جه‌خت له‌سه‌ر گرینگی پاراستن و په‌ره‌پێدانی که‌لتووریی کوردی له ڕێگای سینه‌ما ده‌کاته‌وه. له پشته‌وه‌ی به‌ستێنی نه‌رگسیدا وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و له‌چکانه‌یه که به شێوازیی دابوونه‌ریت ژنانی کورد به‌سه‌ر خۆیانیدا ده‌ده‌‌ن. ئه‌م هێمانه، ته‌رکیز له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی که‌لتووری و دابوونه‌ریته‌کان له جیلێکه‌وه بۆ جیلێکی دیکه ده‌کات.”

لە درێژه‌ی ئه‌م ڕاگەیێندراوه ڕۆژنامەوانییه‌دا هاتووه: له به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده‌‌ سینه‌ماییه‌کان”، له‌وانه؛ فیلمی ئه‌زموونی “مووسڵ، ماڵی منه” Mosul, My Home که پیاسه‌یه‌کی تێرووته‌سه‌له به ناو داڕمانی شاری مووسڵه و له هه‌وڵدایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌کانی دوای شه‌ڕ و هه‌روه‌ها وزه‌ی شار و دانیشتوانی چه‌ند نه‌ته‌وه‌‌ییه‌ک نیشان ده‌دات. دڕامای “غه‌ریبانه له‌م خۆشبه‌ختییه ده‌ڕوانم” Transient Happiness که خه‌ساره‌ناسی قاره‌مانێکی به وێنه گرتووه. دڕامای مێژوویی “١٩٨٨”‌ به پێی ڕووداوێکی ڕاسته‌قینه و گێڕانه‌وه‌یه له کاره‌ساتی دڵته‌زێنی بۆردوومانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه له گرمه‌ی شه‌ڕیی نێوان عێراق و ئێران. حه‌ماسه‌ی خه‌مباری “ئه‌سپ” Horse سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌کانی قاره‌مانێکه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌که‌ی خۆی دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی سه‌دام حوسێن و دڕامای “مێسی به‌غداد” Baghdad Messi سه‌باره‌ت به‌ کوڕێکی ته‌مه‌ن ده ساڵانه که قاچیکی تووشی زیان بووه، و باسی ئه‌زموونی تامه‌جرۆیی نه‌کووژانه‌وه‌ی ئه‌و بۆ یاریی تۆپی پێی له عێراقی دوای شه‌ڕدا ده‌خاته‌ڕوو. هه‌روه‌ها “مه‌هسا پێکه‌نی” Mahsa Laughed سه‌باره‌ت به کۆچ به ناونیشانی ڕێگایه‌ک بۆ ڕزگاربوون له گرفته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئایینییه‌کانه و “ڕۆژ باش” Good Day چیرۆکی هه‌وڵ و تێکۆشانی ئه‌کته‌رانی شانۆی کوردستان بۆ دیسانه‌وه پێشکه‌ش کردنی شانۆیه‌ک ده‌گێڕێته‌وه که ٢٥ ساڵ پێش، ڕێگریان له نمایش کردنی گرتبوو، له ڕیزبه‌ندیی ئه‌م به‌رنامانه‌ن که له ماوه‌ی ٥ ڕۆژی فێستیڤاڵدا بۆ لایه‌نگرانی سینه‌ما په‌خش ده‌کرێن.

لە به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م ڕاگەیێندراوه ڕۆژنامەوانییه‌دا هاتووه: به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه بڵینده‌‌کان”، ئه‌و فیلمانه له خۆده‌گڕیت که دیمه‌نی بواره جۆراوجۆره‌کانی ژیانی کورده‌کان نیشانی بینه‌ر ده‌ده‌ن. به تایبه‌ت، له‌وانه؛ “کچانی خۆر” Daughters of the Sun که چیرۆکه‌که‌ی سه‌باره‌ت به هه‌وڵی ژنان و کچانی ئیزه‌دییه بۆ بووژانه‌وه‌ی ژیانی خۆیان که له لایه‌ن داعشه‌وه به دیل گیرابوون. فیلمی “کوشتن و بڕین له سه‌حرا” Desert Massacre سه‌باره‌ت به هێرشی ڕژێمی به‌عسه بۆ سه‌ر گوندی دوووکان و فیلمی “بۆ عه‌داڵه‌ت” For Justice باسی هه‌و‌ڵه‌کانی ڕۆژانه‌ی دایکێکه بۆ ئازادی کوڕه‌که‌ی خۆی که له گرتووخانه ده‌ست به‌سه‌ر کراوه.

بێجگه له‌مانه، ئه‌م پێشبڕکێیه چه‌ندین به‌رهه‌می دیکه‌ش له خۆده‌گرێت، له‌وانه؛ فیلمی “هیواکان له دار” Hopes from the Tree پاڵه‌وانه‌که‌ی بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌ست و پێیان له ده‌ست داوه، پڕۆتێزیان له دار بۆ ساز ده‌کات. “هۆنیاوانانی چیا پیرۆزه‌کان” Minstrels of the Sacred Mountains باسی چیرۆکی سه‌فه‌ری ژه‌نیارێکه له ڕێگای مێژوو و ئه‌فسانه‌کانی ئامێری عیرفانی و باستانی ته‌نبووره‌وه. ژیاننامه‌ی “مسته‌فا پاشای یاموڵکی، خه‌باتکاری عه‌داڵه‌‌ت” Mustafa Pasha Yamulki the Fighter for Justice سه‌باره‌ت به ژیانی ئه‌فسه‌رێکی پله‌داری کورده که له‌ ساڵانی ١٩٢٠-١٩١٩ ده‌بێته سه‌‌رۆکی دادگای عوسمانی له تورکیا. “پۆڕتره‌ی په‌نابه‌رێک” Portrait of a Refugee سه‌باره‌ت به چالاکێکی مه‌ده‌نی ـ سیاسی کورده که بۆ ئازادی نیشتمانه‌که‌ی خۆی، ناچار ده‌بێت فیداکاریی زۆر بکات و فیلمی “ڕووباری خه‌مبار” Sorrowful River سه‌باره‌ت به گۆرانیبێژێکی ناوداری کوردستانه که بۆ ڕزگاریی نیشتمان‌، به هونه‌ره‌که‌ی خۆی ساڵانێکی زۆره که خه‌باتی کردووه.

لە به‌شی کۆتایی ئه‌م ڕاگەیێندراوه ڕۆژنامەوانییه‌دا هاتووه: به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌ چیرۆکییه‌کان”، له‌وانه؛ ١٤ فیلم له وڵاتانی ئێران، تورکیا، عێراق، سووریا، که‌نده‌دا و هه‌رێمی کوردستان که ئه‌م به‌رهه‌مانه دڕاماکانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها ئه‌و فیلمانه‌ن که مه‌سه‌له‌کانی توندوتیژیی، له‌سێداره‌دان و تڕاژیدیا له ڕێگای هونه‌ره‌وه نیشانی بینه‌ر ده‌ده‌ن. به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان”، له‌وانه؛ ٩ پڕۆژه له وڵاتانی عێراق، تورکیا، ئێران، فه‌ڕه‌نسا و هه‌رێمی کوردستانه که زۆربه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌فیلم کورت و بڵیندانه سه‌باره‌ت به گرفته‌کانی ژنان و توندوتیژیی دژیی ئه‌وان و هه‌روه‌ها ئه‌و به‌رهه‌مانه‌یه که بابه‌ته سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووری کوردستان له خۆده‌گرێت.

ناوی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که چوونه‌ته قۆناغی کۆتایی به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده‌‌کان” و هه‌روه‌ها به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه‌کان” له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” بریتین له:

به‌شی پێشبڕکێی “فیلمه بڵینده چیرۆکییه‌‌‌کان”:
١- “مووسڵ، ماڵی منه” Mosul, My Home له ده‌رهێنانی “عه‌داڵه‌ت گه‌رمیانی” له هه‌رێمی کوردستان
٢- “غه‌ریبانه له‌م خۆشبه‌ختییه ده‌ڕوانم” Transient Happiness له ده‌رهێنانی “سینا محه‌مه‌د” له هه‌رێمی کوردستان
٣- “١٩٨٨” له ده‌رهێنانی “هه‌ژوان زه‌ندی” له هه‌رێمی کوردستان
٤- “ڕۆژ باش” Good Day له ده‌رهێنانی “ئۆزکان کۆچۆک” Ozkan Kuchuk له تورکیا
٥- “ئه‌سپ” Horse له ده‌رهێنانی “مێهدی ئه‌حمه‌دی” له کوردستان
٦- “مه‌هسا پێکه‌نی” Mahsa Laughed له ده‌رهێنانی “مێهران شیری” له کوردستانی ئێران
٧- “مێسی به‌غداد” Baghdad Messi له ده‌رهێنانی “سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه” له وڵاتانی عێراق و به‌لژیکا

به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه بڵینده‌‌‌کان”:
١- “هیواکان له دار” Hopes from the Tree له ده‌رهێنانی “حه‌یده‌ر ده‌میرتاش” له عێراق
٢- “مسته‌فا پاشای یاموڵکی، خه‌باتکاری عه‌داڵه‌‌ت” Mustafa Pasha Yamulki the Fighter for Justice له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “هۆرێن غه‌ریب” و “هه‌ردی قادر ئیبڕاهیم” له هه‌رێمی کوردستان
٣- “کچانی خۆر” Daughters of the Sun له ده‌رهێنانی “ڕێبه‌ر دۆسکی”Reber Doski له وڵاتی هۆڵه‌ندا
٤- “پۆڕتره‌ی په‌نابه‌رێک” Portrait of a Refugee له ده‌رهێنانی “پێژمان موکاری” له وڵاتی دانیمارک
٥- “بۆ عه‌داڵه‌ت” For Justice له ده‌رهێنانی “ئێلیف ئێگیت”Elif Igit له تورکیا
٦- “ڕووباری خه‌مبار” Sorrowful River له ده‌رهێنانی “زانا نه‌وزاد مه‌حموود” له هه‌رێمی کوردستان
٧- “هۆنیاوانانی چیا پیرۆزه‌کان” Minstrels of the Sacred Mountains له ده‌رهێنانی “فه‌رید ئێلهامی” له ئێران
٨- “کوشتن و بڕین له سه‌حرا” Desert Massacre له ده‌رهێنانی “نه‌به‌ز ئه‌حمه‌د” له هه‌رێمی کوردستان

به‌شی پێشبڕکێی “به‌ڵگه‌فیلمه کورته‌کان”:
١- “حه‌بیبوڵڵا” Habibullah له ده‌رهێنانی “عه‌دنان زه‌ندی” له کوردستانی ئێران
٢- “لیلی لی” Lili Li له ده‌رهێنانی “مه‌حموود چێکموکی ئه‌حمه‌د” له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا
٣- “نیشتمانی ژنانی نێژراو” Land of Buried Women له ده‌رهێنانی “ڕێکه‌وت حه‌مه تۆفیق” له هه‌رێمی کوردستان
٤- “دارتاش” The Carpenter له ده‌رهێنانی “خه‌لیل سه‌حراگه‌رد” له ئێران
٥- “ئافره‌ت” Afrat له ده‌رهێنانی “میکائیل ڕه‌حمانی” له کوردستانی ئێران
٦- “ئه‌وان له‌سه‌ر زه‌ویی …” Those on Earth… له ده‌رهێنانی “هاروون یێل”Harun Yel له تورکیا
٧- “شنه‌با‌ی کوێستان” Mountain Breeze له ده‌رهێنانی “محه‌مه‌د فه‌ره‌ج‌زاده” له کوردستانی ئێران
٨- “ژنان له‌ کوێره‌دێیه‌کان” Women from Nowhere له ده‌رهێنانی “بڵیند عه‌لی عه‌زیز” له عێراق
٩- “ئه‌ستێره‌ی سه‌ر زه‌وی” Star on the Border له ده‌رهێنانی “بێریڤان سارۆخان” له باکووری کوردستان

به‌شی پێشبڕکێی “کورته فیلمه چیرۆکییه‌‌کان”:
١- “ڕزگاربوون” Liberation له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “میلاد مه‌جیدئابادی” و “پێدڕام هۆمایوون‌نیژاد” له ئێران
٢- “تاپۆ” Tapo له ده‌رهێنانی “محه‌مه‌د ده‌روێشی” له ئێران
٣- “کۆچ” Migration له ده‌رهێنانی “سه‌رکه‌وت نیکدڵ” له کوردستانی ئێران
٤- “سێو” Apple له ده‌رهێنانی “مێهمێت ئاکرۆک”Mehmet Akaruk له تورکیا
٥- “ده‌نگهه‌ڵات” Sound Rise له ده‌رهێنانی “فریا یۆنسی” له هه‌رێمی کوردستان
٦- “سورا” Sura له ده‌رهێنانی “ئه‌وینار مه‌ولایی” له کوردستانی ئێران
٧- “تریوێت” Trivet له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “عه‌بدولڕ‌‌حیم کارابۆلۆت”Abdurrahim Karabulut و “مه‌حسوون سێلائێر” Mahsun Selayir له تورکیا
٨- “شوان” The Shepherd له ده‌رهێنانی “سه‌رحه‌ت نه‌ریمان” له هه‌رێمی کوردستان
٩- “خه‌ون” The Dream له ده‌رهێنانی “سامان حوسێن‌پوور” له کوردستانی ئێران
١٠- “سێبه‌ر” Shadow له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “محێدین مامۆ ئه‌رسلان” و “مه‌حموود خه‌لیل چه‌کمه‌کی” له ڕؤژئاوای کوردستان
١١- “سال” Sal له ده‌رهێنانی “سیروان ته‌خت فیرووزه” له وڵاتی که‌نه‌دا
١٢- “ژان” Agony له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “بورهان ئه‌حمه‌دی” و “له‌یلا باغپیرا” له کوردستانی ئێران
١٣- “سه‌ما بۆ ئازادی” Dance for Freedom له ده‌رهێنانی “سالم سه‌ڵه‌واتی” له کوردستانی ئێران
١٤- “وته‌ی کۆتایی” The Last Word له ده‌رهێنانی “محه‌مه‌د که‌میل مه‌حموود” له هه‌رێمی کوردستان.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە سه‌رۆکایه‌تی مامۆستا “کەرەم گەردەن زەری” Kerem Gerdenzeri ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri – “ئینا تێدژۆڤا” Inna Tedzhoeva، به مه‌به‌ستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوه ڕه‌سه‌نه، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵینده سینەماییه‌کان، به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، به‌شی پێشبڕکێی کورتە فیلم، به‌شی “شه‌ویی سینه‌مای کوردی”، به‌شی “نمایشی باشترین فیلمه‌کانی ڕووسیا‌” و پێشانگای که‌لتووریی و هونه‌ریی له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی (سیپته‌مبه‌ری) ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
www.moscowkff.ru

https://disk.yandex.ru/d/dc30PDNGSWlkTA

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”.




“کیسه‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن” له ده‌رهێنانی به‌همه‌ن قوبادی له ناو ٢٠ فیلمی پڕبینه‌ری جیهاندا.. مەنسوور جیهانی

فیلمی سینەمایی “کیسه‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن” له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری ناوداری کورد “به‌همه‌ن قوبادی” له ناو ٢٠ فیلمی به‌رچاو و پڕبینه‌ریی جیهاندایه.

فیلمی سینەمایی کوردیی “کیسەڵەکانیش دەفڕن” له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری به ‌ئه‌زموونی کورد “به‌همه‌ن قوبادی” کە بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا زیاتر لە 100فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی دنیادا بەشداریی کردووە و زیاتر له 50 خەڵاتی جیهانی بۆ کوردستان بەدەستهێناوە و یەکێکە لە پڕشانازیترین فیلمەکان لە مێژووی سینەمای کوردستان و ئێران، بەمدوایانە له لایه‌ن ماڵپه‌ڕیی سینه‌مایی “موڤی وێب” Movieweb له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا له ناوی ٢٠ فیلمی جیهاندا ئاماژه‌ی پێکراوه که ٢٠ ساڵ به‌سه‌ر سازکردنیان تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام هه‌ر ئێستاش تام و چێژیی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه و له لایه‌ن بینه‌رانه‌وه که‌شف ده‌کرێن و به‌رده‌وام سه‌یریان ده‌کرێت.

ناویی ئه‌و ٢٠ فیلمه سینه‌ماییه‌ی لیستی ماڵپه‌ڕیی “موڤی وێب” Movieweb بریتین له: “پێکدادان” Crash له ده‌رهێنانی “پۆڵ هاگیس” Paul Haggis، “هوتێل ڕواندا” Hotel Rwanda له ده‌رهێنانی “تێری جۆڕج” Terry George، “کاندیدای مه‌نچووری” The Manchurian Candidate له ده‌رهێنانی “جاناتان دێمێ” Jonathan Demme، “له‌ ته‌نیشت” Sideways له ده‌رهێنانی “ئێلێکساندێر پێین” Alexander Payne، “کیسه‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن” Turtles Can Fly له ده‌رهێنانی “به‌همه‌ن قوبادی”، “قه‌ڵای جووڵاوی هاوێل” Howl’s Moving Castle له ده‌رهێنانی “هایائۆ میازاکی” Hayao Miyazaki، “بلیمه‌ته‌کان” The Incredibles له ده‌رهێنانی “بڕاد بیرد” Brad Bird، “دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی زه‌ینێکی پاک” Eternal Sunshine of the Spotless Mind له ده‌رهێنانی “میشێل گێندری” Michel Gondry، “دوو به‌یانی” The Day After Tomorrow له ده‌رهێنانی “رۆلاند ئێمریش” Roland Emmerich، “ده‌فته‌ری یادداشت” The Notebook له ده‌رهێنانی “نیک کاساوتیس” Nick Cassavetes، “چیرۆکی کووسه” Shark Tale له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “راب لێتێرمان” Rob Letterman، “ڤیکی جانسۆن” Vicky Jenson و “بیبۆ بێرگڕون” Bibo Bergeron، ” C.S.A. ویلایه‌تی کۆنفدڕاسیۆنی ئه‌مه‌ریکا” C.S.A.: The Confederate States of America له ده‌رهێنانی “کوین ویڵموت” Kevin Willmott، “ناپێلئۆن دینامیت” Napoleon Dynamite له ده‌رهێنانی “جێرێد هێس” Jared Hess، “ڕزگاربوو” Saved له ده‌رهێنانی “برایان دانێلی” Brian Dannelly، “ژنی پشیله‌یی” Catwoman له ده‌رهێنانی “پیتۆف” Pitof، “چراکانی شه‌ویی هه‌ینی” Friday Night Lights له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “پێتێر بێرگ” Peter Berg و “جاش پیت” Josh Pate، “کچه به‌دفه‌ڕه‌کان” Mean Girls له ده‌رهێنانی “مارک واتێرز” Mark Waters، “هاوینی ئه‌وینی من” My Summer of Love له ده‌رهێنانی “پاوێل پاویلکۆفسکی” Pawel Pawlikowski، “ژنێکی باش” A Good Woman له ده‌رهێنانی “مایک بارکێر” Mike Barker و هه‌روه‌ها “خۆرئاوای مردووه‌کان” Dawn of the Dead له ده‌رهێنانی “زێک ئێسنایدێر” Zack Snyder.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://movieweb.com/movies-turning-20-2024-still-relevant/




پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کۆبانێ” لە ئەڵمانیا بەڕێوەده‌چێت

مەنسوور جیهانی ـ پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کۆبانێ” به یاد و بیرئانینی “ته‌ها که‌ریمی” سینه‌ماکاری کۆچکردووی کورد لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەده‌چێت.

پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کۆبانێ” Kobani بە سه‌رۆکایه‌تی “جه‌نکۆ شەریف” Janko Sharif ده‌رهێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتنی کوردyی باکووری کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئه‌ورووپا و به یاد و بیرئانینی “ته‌ها که‌ریمی” سینه‌ماکاری کۆچکردووی بانه‌یی، له ڕۆژانی ٦ تا ٨ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٤ لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی چیرۆکی، ئەنیمەیشن و بەڵگەفیلم لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەده‌چێت و به‌رپرسانی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه داوایان له سینه‌ماکارانی سه‌رتاسه‌ری جیهان کردووه تاکوو به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان له ڕێگای لینکی https://forms.gle/xAXT5b4FQ5gGuB2i6 بۆ نووسینگه‌ی ئه‌م فێستیڤاڵه ڕه‌وانه بکه‌ن.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کۆبانێ” به تامه‌جرۆییه‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نێت که ده‌روازه‌ی وه‌رگرتنی به‌رهه‌مه‌کان بۆ به‌شداری له پێنجه‌مین خولی ئه‌‌م ڕووداوه سینه‌ماییه، بۆ گه‌شت کردن له نێوان که‌لتووره جۆراوجۆره‌کانی جیهان؛ له ڕۆژی ١ی گوڵانی ٢٠٢٤ کراوه‌ته‌وه و تاکوو ڕۆژی ١ی جوولای (ته‌مووز) ٢٠٢٤ درێژه‌ی ده‌بێت.

ئه‌و سینه‌ماکارانه‌ی که خوازیاری ناردنی به‌رهه‌مه‌کانیانن، ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و لینکه‌ی که ئاماژه‌ی پێکراوه کلیک بکه‌ن و پاشان به داخڵ کردنی زانیارییه‌کان له‌وانه؛ ناوی فیلم به زمانی ئینگلیزی یا عه‌ڕه‌بی، کاتی به‌رهه‌مه‌که، زمانی فیلم، جۆری به‌رهه‌مه‌که، مێژووی به‌رهه‌مهێنان، پوخته‌یه‌ک له سیناریۆ و هه‌روه‌ها زانیارییه‌کانی ته‌‌کنیکی، ده‌نگ و … فۆڕمی ناردنی فیلمه‌که پڕ بکه‌نه‌وه و پاش واژۆی کرد‌ن، فۆڕمه‌که به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ ئیزنی پێوه‌ست ڕه‌وانه بکه‌ن.

ڕاگه‌یاندنی گشتیی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کۆبانێ”.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.facebook.com/share/p/ViB8nvW3ncGF2FbR/?mibextid=WC7FNe
https://www.facebook.com/share/p/nxSxvd57x6bz2zbW/?mibextid=K35XfP




ئادیابین لەنێوان شێوەو ناوەرۆكدا.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

سەختترین كار لەدراماو سینەمادا دەست بردنە بۆ مێژوو، كە دەبێت زۆر بەهەستیاری و بەرپرسیاریەتیەوە هەڵس و كەوتی لەگەڵدا بكەیت، هەر بەلاڕێدا بردنێكی مێژوو (بەهەر ئامانجێك) بێت، باجێكی گەورەی لەسەرە.
بەڵام ئەم هەستیارییە بەمانای ئەوە نیە، ئیدی بوێری ئەوەمان نەبێت دەست بۆ كاری مێژوویی بەرین، لەكاتێكدا ئێمە وەك گەلێكی جەزرەبە دراوو ستەم لێكراو، لەهەموو گەلانی دنیا پتر پێویستیمان بەهەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژوو و دەرخستنی ڕاستیەكان هەیە.
بەردەوام لەچەندین لاوە شەڕی دراماو سینەمامان پێ‌ دەفرۆشن و قەستی ناشیرین كردنی شوناسی نەتەوەییمان دەكەن، پارەیەكی خەیاڵی زۆریش بۆ ئەو ئامانجە نەگریسە تەرخان دەكەن، كەچی مخابن ئێمەی كورد دەستە پاچە وەستاوین بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە درامایی و سینەماییانە كە بەئەنقەست دەكرێتە سەرمان.
لە ئادیابین دا (حەسەن عەلی خان) دەستی بۆ ئەو مێژووە بردووە، بۆ ئەوەی ئەو ئاراستە شێواوەی درامای كوردی بەئاراستەیەكی تر بگۆڕێت و دوای جەلیل زەنگەنە و حەسەن عەلی كەسانێكی تر بەدوایاندا دا بێن و بەهەمان بیركردنەوە، بەردەوامی بەو سەرەتایە بدەن، كە ئەوان بەكۆمەڵێ‌ كێشەوئاریشا دەستیان پێكرد.
لە (ئادیابین) دا زۆرینەی كێشەكان بەسەر لایەنە مێژووییەكەدا شكاونەتەوە، هەندێ‌ بینەر وا هەست دەكات، لەهەندێ‌ لاپەڕەی مێژوویی دا مێژووەكەی دەشێوێندرێت و غەدر لەراستیەكان دەكرێت، ئەم غەدرەش لەسەر خۆی هەژمار دەكات و نایەوێ‌ ئەو ڕاستیانە پەردەپۆش بكرێن.
لەمەدا بینەر مافی خۆیەتی بەرهەم هێنەرو دەرهێنەر بخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەوە، لەپای ئەوەی ورد بین نەبوونە دەرهەق بەهەندێ‌ لایەنی مێژوویی، كە ساغ كردنەوەیان پێویستی بەوە دەكرد، كەسانی پسپۆر لەو بوارەدا راوێژیان پێ‌ كرابوایە.
(حەسەن عەلی خان) لەوەدا سەركێشی كردووە، كە پانتاییەكی ئێجگار دوورو درێژی مێژوویی خستۆتە چوارچیوەی یەك دراما، كە كۆی تۆماری كردنی تێدا بەگشتی ناگاتە بیست سەعاتێك و ئەو بیست سەعاتەی دابەشی سی ئەلقە كردووە، خۆی لە چەندین رووداوی گەورەی مێژووی كورد داوە، كە لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی و بەریتانییەوە دوای جەنگی جیهانی یەكەم دەست پێ‌ دەكات، لە ساڵی 1917 ەوە تا شۆڕشەكانی شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد بارزانی و شۆِشە یەك دوای یەكەكانی بارزان و روداوەكانی كۆماری مهاباد تا دەگاتە پەڕینەوە لە ئاراس:
پەڕینەوە لە ئاراس بە تەنیا پێویستی بە فیلمێكە، لەو داستانەدا و لە كاتی بەریەكەوتنی بارزانیەكان لە گەڵ ئێرانیەكان حەوت پێشمەرگە شەهید دەبن و چەندی تر بریندار دەبن، بۆ ماوەی 53 رۆژ ئینجا گەیشتنە سەر رووباری ئاراس، لە گەڵ گەشتنیان بۆ سنووری یەكێتی سۆڤیەت بارزانی دوو نامە بەدەستی میرحاج ئەحمەد بۆ ستالینی سەرۆكی سۆڤیەت دەنێرێ‌ و داوای پەڕینەوەیان لێ‌ دەكات بۆ ناو خاكی یەكێتی سۆڤیەت، دوای ماوەیەكی كورت سۆڤیەت رەزامەندی لە سەر پەڕینەوەكەدا.
حەسەن عەلی ئەو داستانە تراژیدیە گەورەیەی ئەوەندە بچوووك كردۆتەوە، خۆزگەی ئەوەی بۆ بخوازی ناوی ئاراست هەر نەبیستبوایە.
پاشان پەڕینەوەیەك بە بێ‌ نیشاندانی پێشەوای ئەو كاروانە كە مستەفا بارزانیە، شاردنەوەی مێژوویەكە كە كورد شانازی پێوە دەكات.
ئەگەر هەر یەك لەو هەموو روداوە تێكەڵاوانە بخەیتە چوارچیوەی یەك دراماو بۆ هەر رووداوێك لەو مێژووە دوورو درێژە تەنیا دیمەنێك دروست بكەیت، ئەوە دەسەڵاتت بەسەر ئەو هەموو ماوەیەدا ناشكێ‌ و كورت دێنی.
جەلیل زەنگەنە لە گەردەلوولدا بە (سێ‌ بەش) هێشتا نەیتوانی ئەو مێژووە تێر بكات و بە ناتەواوی دەستی لێ‌ هەڵگرت، بەڵام دوای ئەوەی گەردەلوول ئاسەوارێكی گەورەی لەمێژووی درامای كوردی دا بەجێ‌ هێشت، كە تا ئەو دەمەش هیچ درامایەكی مێژوویی و سیاسی نەیتوانیووە سنووری گەردەلوول ببڕێ‌.
بەگشتی مەعلومە چەند ئەوەندەی پانتایی رووداوەكان لەدرامایەكدا فرەوانتر بێت، دەسەڵات شكانی دەرهێنەر بەسەر بەرهەمدا كەمتر دەبێتەوە.. بۆیە بینەر هەست بەوە دەكات كە دەرهێنەر بە شێوەی بروسكە بەسەر مێژوودا تێدەپەڕێ‌ و ناتوانێ‌ ئەو وێستگە مێژووییانە تێر كات.
حەسەن عەلی خان ویستویەتی ئەركێكی هونەری و نەتەوەیی گەورەی سەرشانی خۆی لەم قۆناغە هەستیارو گرنگەی كوردستان بەجێ‌ بگەیەنێ‌، بەڵام كۆمەڵێ‌ كێشەی مێژوویی بۆ دروست بووە، چونكە هەوڵی ئەوەی نەداوە، پێشتر پەنا بۆ كۆمەڵێ‌ لەشارەزایانی بواری مێژوویی بەرێت و خۆی لەو كێشانە دوورە پەرێز رابگرێ‌ .
بەڵام بینەریش دەبێت لەوە بگا كە مێژوو كتێبێك نیە بۆ خوێندنەوە، بەڵكو كامێرایەكە بۆ نیشادانی وێنە.
كتێب و كامێرا هەردوكیان بەیەك ئاراستە ڕوو لەمێژوو دەكەن، ئامانجەكانیان دەڕژێتە نێو یەك سەرچاوە، بەڵام هەر یەك لەوان زمانی جیاوازو ستایلی تایبەتی خۆیان هەیە و هەر یەك بەفۆرمێك مێژوو دەگێڕنەوە.
بەڵام لەهەمان كاتدا مێژوو كتێبێكی موقەدەسیش نیە نەتوانی گۆڕانكاری لێ‌ بكەیت و جوانتری كەیت، كاتێك دەبێتە موقەدەس كە بیشێوێنی و بەئاراستەیەكی بەریت كە بۆ بەرژەوەندییەكی تایبەتی بەكاری بێنی.
دراماو سینەما لەسەردەمی ئەمڕۆكەدا بوونەتە ئەلتەرناتیف بۆ خوێندنەوەی مێژوو، چونكە هەموو بینەرێك مێژوو ناخوێنێتەوە، بەڵام زۆرینەی خەڵك دراماو سینەما دەبینن، بۆیە مەعریفەی بینەر بۆ ڕوداوە مێژووییەكان، لەدراماو سینەمادا زۆرترە لەسەرچاوەی مێژوویی وەك كتێب، ئەگەر ئەو بەرهەمە درامی و سینەماییانە لەسەر بونیاتێكی باوەڕپێكراوی مێژوویی بونیات نرابن، نەك لەسەر خەیاڵ.
هەر كات پێداچوونەوە بۆ تێگەیشتن لە مەعریفەی مێژوو بكەیت، لەوە دەگەیت كە ئەو وڵاتانەی دراماو سینەمایان تێدا تەژیە، نیوەی زێتری سەرچاوەكانی تێكەیشتنی كۆمەڵگاكانیان لەرێ‌ ی دراماو سینەماوەیە نەك كتێب.
كتێب بۆ نوخبەیەك لەكۆمەڵگایە و بۆ فێر بوونە، بەڵام دراماو سینەما بۆ جەماوەرە بەگشتی و ئامانجی سەرەكیش چێژ وەرگرتنە.
كەواتە چی بكەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئەوە بەخۆمان بدەین مێژوویەكی خاوێنی نەتەوەیی تۆمار بكەین ؟
ڕەنگە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە تەنها هەر لای دەرهێنەرەكان نەبێت، كە بەگەورەی بەرهەم ناونراون، بەڵكو ئێستاكە بەرهەم هێنەرەكان و پارەدارەكان خاوەن بڕیارن، ئەوان جڵەوی ئاراستەكردنی ئەومێژووەیان خستۆتە دەست، بێ‌ ئەوەی رێگە بەهیچ دەرهێنەرێك بدەن هیچ پرسیارێكی هەبێت.
بەرهەم هێنەر لەدرامای ئادیابین دا خاوەنی بیرۆكەی دراما كەیەو ویستویەتی وەك مەسیحیەك دەرفەتێك لەدرامادا قۆرخ بكات، لەپەنای ئەو دەرفەتەدا لایەنێك لەپەیوەندی مێژوویی نێوان مەسیحیەكان و بارزانیەكان نیشان بدات، بەسوود وەرگرتن لەو رۆَژانەی كە شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەساتەوەختێكی تەنگەتاودا لەژێر فشاری عوسمانییەكاندا پەنا بۆ قەشە (مار شەمعون) دەبات و ئەویش لەو تەنگەتاویە بەهانایەوە دێت و لای خۆی حەشاری دەدات.
ئەم هەڵوێستەی (مار شەمعون) لاپەڕەیەكی مێژوویی مەسیحیەكانە و مافی خۆیانە شانازی پێوە بكەن، بەڵام خستنە ڕووی بەو فۆرمە لاوازو سەر پێییە، لە دیمەنێكی كورتی هێمادار و نیشاندانی شێخ عەبدولسەلام بەشاردنەوەی روخسار، لەكاتێكا زۆربەی پێغەمبەرانی خوا سیمایان دەركەوتووەو دایەلۆژیان هەبووە، مانایەكی تر دەبەخشێت و لاوازی دەرهێنەر دەردەخا، لەچارەسەر كردنێكی درامی بۆ دیمەنەكە.
ئەمە لەكاتێكا خودی ئەو بابەتە گرنگە بابەتی فیلمێكی تایبەتەو هی ئەوە نیە بچووك بكرێتەوە و لەپەراوێزی دیمەنێك لە درامایەكدا بەرجەستە بكرێت.
هەولێریش بەهەمان شێوە بەخۆی و بەو مێژووە پڕ لەسەروەرییەی بچووك و كەم بایەخ كراوە، ئەو هەولێرە نیە كە لەمێژوودا دەیخوێنیتەوە، وەك لانكەی شارستانیەكان، شاری عیلم و مەعریفەو كولتوورو كەلەپوور، شارێك بەشاری هۆلاكۆ شكێن ناو نراوە، كەچی كامێرا لەكاتی رۆیشتنی عوسمانیەكان و هاتنی ئینگلیز خەڵكەكەی هەموو تێك دەقرژێن و لەترسان شار بەجێ‌ دێڵن، تەنانەت ماڵی پاشاش خۆیان بۆ ڕاكردن ئامادە دەكەن.
ئایا ئەركی كامێرا ناشیرین كردنی شارێكە یا ئەگەر ناشیرین بوو جوانتری كەیت ؟
هەولێر لەهیچ سەردەمێكا، لەسەختترین رۆژانی مێژوو، روو بە رووی هەموو ئەو ئیمپارتۆریەت و حكومەتە شۆڤینیانە بۆتەوە كە قەستی پەلاماردان و داگیركردنیان كردووە.
یەكێك لەجوانیەكانی ئەو شارە فرە نەتەوە فرە ئاینە، كەسایەتیەكانیەتی، كە لەو سەردەمەی دراماكەدا ئەستێرەی درەوشاوەی شاری هەولێر بوون، ناكرێت تۆ باس لەمێژووی نوێ‌ ی هەولێر بكەیت و كەسایەتیەكی گەورەی وەك مەلا فەندی فەرامۆش بكەیت.
لە شوێنی ئەو كەسایەتیە ناودارانەی هەولێر كەسایەتی وەهمی وەك ( مومتاز پاشا) و ( بەهجەت پاشا ) دروست بكەیت.
لەگەڵ چەندین لە پریفیسۆرو مامۆستایانی زانكۆ قسەم كرد، هەموو جەختیان لەوە كردەوە، كەسانێك لەمێژووی شاری هەولێردا نەبوونە بەو ناوە، رەنگە ئەو ناوانە لەرۆمانێكی خەیاڵی بووبن، كە هیچ پەیوەندییان بە مێژووەوە نیە.
دەكرێ‌ لەنێو ئەو هەموو زاناو داناو نیشتمان پەروەرانەی هەولێر، هەموویان فەرامۆش بكەیت و مومتاز ناوو بەهجەت ناوێك دروست بكەیت ؟.
ئایا ئەمە شێواندنی مێژوو نیە؟
كێشەی سیناریۆ
هونەری سیناریۆ لەدرامای كوردی دا، هونەرێكی ساوایەو تەمەنی دروست بوونی لەگەڵ تەمەنی سەرهەڵدانی درامایە لەكوردستاندا، كە خۆی لەنیو سەدەیەك و پتر دەدات.
هەتا ئێستاشی لەگەڵ دابێت، سیناریۆ وەك كێشەیەكی بنەڕەتی لە درامادا ماوەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو نووسەرانەی لەبواری سیناریۆدا پسپۆرن زۆر بە دەگمەنن.
لە وڵاتی ئێمەدا هۆكاری سەرەكی سەرنەكەوتنی دراما لاوازی سیناریۆیە، چونكە زۆر جاران بیرۆكەیەك دەكرێتە بنەماو لەناوەرۆكی ئەو بیرۆكەیە كاراكتەرو دیالۆگ و روداو دروست دەكرێت و ئەو پێكهاتەیە ناو دەندرێت بەسیناریۆ.
سیناریۆی ئادیابین كە لەبیرۆكەیەكی (نینۆس نەمرود)ەوە وەرگیراوەو لەلایەن (كەریم عەبدوڵڵا) نووسراوە، چەند تەوەرێكی جیا جیای مێژوویی، سیاسی، كۆمەڵایەتی دەگرێتە خۆی
تەوەری مێژوویی: هەولێر وەك شارێكی دێرینی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و پەیوەندی مێژوویی ئایینی و نیشتمانی نێوانیان دەركەوتووە، بەڵام لەشاخ داو لەگەرمەی شۆڕشەكاندا ئەو پێكهاتانە نابینین، وەك ئەوەی بوونیان نەبێت.
تەوەری سیاسی: ململانێی سیاسی ئینگلیزو عوسمانیەكان لەسەرخاكی هەولێرو سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سیاسی كوردو تراژیدیاكانی، هەر لەشۆِڕشی بارزانەوە تا داستانی پەڕینەوە لە ئاراس .
تەوەری كۆمەڵایەتی: پرسی كۆمەڵایەتی لەچەند دیمەنێكدا بەرجەستە كراون لەوانە:
دیوەخانی مومتاز پاشاو پیاوەكانی، گەشتە كەی عەزراو حوشترەكەی، پرسی خۆشەویستی فەرهادو نەرمین، ئایشێ‌ و سەلوان، ساڵح و كچە منداڵەكە، ون بوونی ساڵح و دۆزینەوەی، خانەكەی عەزیز، دوكانەكەی بەهجەت پاشاو نۆكەریەكەی فەتحیە فەندی، سیخوڕییەكانی رەشید حەمامچی، فڕێدانی مەلۆتكەكەی سەعدیە، ماڵەكەی مام جەبارو رەدوو كەوتنی كچەكەی.
هەر سێ‌ تەوەری مێژوویی و سیاسی و كۆمەڵایەتی تێك هەڵكێشی یەكتر كراون، بەڵام پێم وایە لەڕووی چێژەوە، تەوەرە كۆمەڵایەتیەكان لەدوو تەوەرەكەی تر بەچێژ تر بوون هەمیشە هۆكار بوون بۆ بەرزكردنەوەی ریتمی دراماكە، لەبەرئەوەی بابەتە كۆمێدی ورۆمانسی و كێشە كۆمەڵایەتیەكانی تێدابوو.
بەگشتی لاوازی سیناریۆ وەك لایەنێكی هونەریی نەرێنی لە دراماكەدا هەستی پێ‌ دەكرێت، وەك:
1.سیناریۆكە هێڵێكی دیاری كراوی درامی نیە بۆ رووداوەكان، بەڵكو پارچە پارچە كراون، هەر پارچەیەك جۆرە سەربەخۆییەكی خۆی هەیە، ئەمە وای كردووە دراماكە بونیاتێكی درامی بەهێزی نەبێت .
2.دیمەنەكان لێكتر نەبەستراونەتەوە بۆ ئەوەی بینەر چاوەڕێ‌ ی ئەنجام بكات.

  1. دایەلۆگەكان تێر نەكراون.
    4.لەسیناریۆكەدا گرێی درامی یا بوونی نیە، یاخود زۆر لاوازە، شتێ‌ نیە بینەر چاوەڕوانی كردنەوەی بكات .
    5.ڕەگەزی وروژاندن لاوازە، بینەر بێ‌ هیچ كێشەیەكی دەروونی دیمەنەكان تێدەپەڕێنێ‌.

    دەرهێنان :
    دەرهێنەر لەدەستپێكی دراماكەی دا بەخۆ ئامادەكردنێكی تەواوەوە ئەو دەسەڵاتە هونەرییەی خۆی نیشان داین، كاتێ‌ كۆبوونەوەی ژەنەڕاڵە سەربازیەكانی هەردوو سوپای عوسمانی و ئینگلیزی دەكرێت، بۆ ئەوەی عوسمانیەكان بە پێی ڕێكەوتن هەولێر بەجێ‌ بێڵن.
    بەستایلێكی سینەمایی و تەپڵو موزیكی سەربازی بەجۆش، چەند دیمەنێك نمایش دەكات، كە وا هەست بكەیت فیلمێكی بیانی دەبینیت و گەشبینیەكی زۆر بینەر دەگرێ‌، بەڵام لەئەلقەكانی دواتر ئەو ریتمە بە تەوژم و پڕ لەجوانكاریانە گۆڕانكارییان بەسەر دادێ‌ و لە هەندێ‌ دیمەندا بەرزو لەهەندێكی تردا نزم دەبێتەوە.
    (حەسەن عەلی خان) بەر لەوەی كار بۆ دراما بكات، ئەزموونێكی زۆری لە سینەمادا هەیە و لەچەندین ڤیستیڤاڵدا خەڵاتی سینەمایی پێ‌ بەخشراوە، بۆیە لەو درامایەدا سوودی لەو ئەزموونە وەرگرتووەو بەدیدێكی سینەمایی كاری دەرهێنانی بۆ (ئادیابین) كردووە.
    زۆر ئارەزووی كاری سەركێشی دەكات، بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەی دیمەنە سەختەكانی وەك شەڕو شۆڕو بەكارهێنانی تەقەمەنی وتەكنیك و خدعەی سینەمایی، وەك لەچەند دیمەنێكی ئادیابین دا لە شەڕی بارزاندا دەیانبینین، یاخود بەكارهێنانی فڕۆكەو تۆپباران كردنی لەهەندێ‌ دیمەنی جەنگدا، بەهۆی تەكنیك و گرافیك.
    هەروا دەرهێنەر بۆ نیشاندانی تواناو دەرخستنی ئەتمۆسفیرە سەخت و دژوارەكان، بە تایبەت لە كەشوهەوای ساردو بەفران بارین و زریاندا وێنەكانی دەگرێ‌، بۆ ئەوەی بینەر بخاتە ناوئەو ئەتمۆسفیرە سەختە، وەك دیمەنی گەڕانی مومتاز پاشاو سۆراغ كردنی هەڤالەكانی لەچیا. هەروا دەرهێنەر خۆ ئامادە كردنێكی باشی كردبوو بۆ دابین كردنی جلوبەرگ و چەك و تفاقی سەربازی و ئێكسسواراتی كلاسیكی كۆنی ئۆتۆمبیلی كلاسیكی و پەیتونەو حوشترو جلوبەرگی ئافرەتان و پیاوان و تۆپ، كە بەئاسانی دەستەبەر نابن.
    لە(ئادیابین) دا كێشە لەهونەری مۆنتاژ و دەستی كارامە نیە، چونكە هەردوو دەست رەنگین (نەجات مەولودی) و( هونەر شەهدی) بەتوانستێكی گەورەوە دراماكەیان بەرجەستە كردووە، بەڵكو كێشە لای دەرهێنەرە كە ویستویەتی لەمۆنتاژدا جۆرێك لەفێڵ لەبینەر بكات بۆ دریژ كردنەوەی كات و تەواو كردنی 30 ئەلقە.
    چونكە پێی وابووە ژمارە 30 لە بایەخ و بەهای بەرهەمەكە زێتر دەكات، بەپێچەوانەی ئەو هاوكێشەیەی دەڵێ‌ لەفەرهەنگی زانستی دا، زێدەڕۆیی وەك كەم و كورتی وایە.
    بینەر زوو درك بەبۆشاییەكە دەكات و دەزانێ‌ فێڵی لێ‌ دەكرێت، وا هەست دەكات كە دەرهێنەر لەدەست كورتی و قەیرانی دیمەنە پەنا بۆ ئەو درێژكردنەوە لاستیكیانە دەبات، كە لەئەنجامدا زۆر بەگرانی لەسەر بەهای هونەری دراماكە دەشكێتەوە.
    زۆر جاران وا رێ‌ كەوتووە ئەلقەیەكی تەواو بەدوو یان سێ‌ دیمەن كۆتایی بێت و ئەلقەكان تێر نابن، بەتایبەت لەدیمەنەكانی گەشتەكەی ( كاترین) ی دەزگیرانی (كابتن) بۆ كوردستان، كە بۆ ماوەی دوو رۆژ دیمەنەكان لێك رادەكێشران، بێ‌ ئەوەی هیچ روداوێك لە دیمەنەكاندا ببینی.
    بە بازار گەڕاندنی حوشترەكەی عەزرا، بۆ ماوەی دوو رۆژ ئەو حوشترە بە بازاڕەكانی هەولێردا رادەكێشرا.
    زەماوەندەكەی فەرهادونەرمین، كە ریتمی دراماكەی هێنایە سەر سفرو بینەر وا هەستی دەكرد بەرامبەر بە كلپێك دانیشتووە نەك دراما، جیگەی سەر سوڕمانە دەرهێنەر بەرامبەر بەو بۆشاییە گەورەیە چاوپۆشی كردبێت و چارەسەرێكی لا نەبووبێت.
    گریانی عەزیز بەرامبەر سەعدیە دوای بڕیاری بەشوودانی بەزۆری.
    جگە لەدرێژكردنەوەی لاستیكی بۆ دیمەنەكان، دەرهێنەر بۆ درێژكردنەوەی كات چەند گرتەیەك لە ئەلقەی رابووردوو دووبارە دەكاتەوە گوایە بۆ بەبیر هێنانەوەیە، كەچی درامای رۆژانە وەك هەفتانە نیە بینەر لەبیری كات و بتەوێ‌ روداوەكان بەبیر بینەر بێنییتەوە.
    بەپێی پێوەری كاتی دراما بێت، ناكرێت هیچ ئەلقەیەك لە 45 خولەك كەمتر بێت، كەچی لەو درامایە، ئەلقەی وا هەیە بەتایتلەوە ناگاتە چارەگە سەعاتێك.
    ئەمەش نیشانەی كورت هێنانی سیناریۆیە، كە هەندێ‌ جار دەرهێنەر دەستەپاچە دەمێنێتەوە لەچارەسەر كردنی، بۆیە ناچاری ئەوە دەبێت كات بدزێ‌.
    بەڵام باشتر لەدزینی كات ئەوەیە كە زۆر لەخۆت نەكەیت ژمارە 30 تەواو كەیت لەسەر حیسابی بەهای هونەری و ئاستی بەرهەم.
    خۆ دەكرێ‌ 20 ئەلقە بێت، بەڵام بە تێری، مەسەلەكە نەیاسایە نە مەرج، هیچی ترنیە زیاتر لەوەی بەو ژمارەیە پرۆپاگەندە بۆ زەخامەتی كارەكەت بكەیت .
    ئەمەش هەمدیسان كاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی بینەردا بەجی دێڵێ‌ كە دەرهێنەر بەلاواز دەبینێ‌، چونكە بەرپرسی یەكەم لەهەموو گرفتەكان تەنیا دەرهێنەرە.
    سێ‌ رەگەزی سەركەوتوو
    لەبونیاتی دراماكەدا هەر رەگەزێك كێشی خۆی هەیە، بینەر بە روونی هەست بەئاستی داهێنان و شكستی هەر یەكێكیان دەكات، بەڵام خۆش بەختانە سێ‌ رەگەزی سەرەكی بوونەتە كۆڵەگەیەكی پتەو بۆ دراماكەو بە تەواوەتی تێر كراون و مافی خۆیان داوەتە بەرهەمەكە كە بریتین لە:

  2. وێنەگرتن
    پێگەی (هاوكار فەرهاد) و ستافە وێنەگرەكەی، بەقەد پێگەی دەرهێنەر گرنگی هەیە لەو بەرهەمەدا، چونكە هەر یەك لەوان تایبەتمەندی و رۆڵی تایبەتی خۆیان هەیە لەبەرجەستەكردنی بەرهەمەكە، بەڵام وێنەگرتن بە كرۆكی راستەقینەی بەرهەم دادەندرێت وهەموو ستاتیكاو چێژێكی دراما لەوێنەوە چڕۆ دەكات.
    (هاوكار فەرهاد) بەڕێوەبەری وێنەگرتن زۆر زیرەكانە گۆشەكانی كامێراو گرتە هەستیارەكانی بژار كردووە، بەدیدێكی سینەمایی پێشكەوتووهەڵس و كەوتی لەگەڵ كامێرادا كردووە.
    فەرهاد بە ئاستی ئەو وێنەگرە بیانیانەی جاران بەخەرجیەكی زۆرەوە دەمانهێنانە كوردستان، كاری داهێنەرانەی خۆی لە گەڵ ستافێكی لێهاتوو وەك یاریدەدەر كاریان لە گەڵدا كردو بە سەركەوتوویی لێی دەرچوون، بۆیە شایەستەی ستایشن.

    2.موزیك:
    موزیك لەزۆربەی دراماكانی ئێمەدا ناتوانێت رۆحی درامی بخاتە بەر رووداوەكان، زۆر جاران موزیك دراما دەكوژێ‌ و ناتوانێت ریتمێكی هاوسەنگ بۆ وێنەو جوولە و روداو تێر كات،
    لەو بەرهەمەدا ( زانا جەبەلی) بەموزیك مۆركێكی درامی بەهێزی بەدیمەنەكان داوە، كە كاریگەری دەروونی بەسەر هەستی بینەردا بەجێ‌ بێڵێ‌.
    من لە نمەیەكی تایبەتیم بۆ زانا جەبەلی دەست خۆشیم لێ‌ كرد لە پای ئەوكارە جوانەی، زۆر دڵگران بووم كە دەیگوت لە وڵاتی ئێمەدا خەڵكانێك هەن ئەگەر هەر داهێنانێك بكەیت، بوێری ئەوەیان نیە دەست خۆشیت لێ‌ بكەن، وەك ئەوەی ئەو كەسانە بەو دەست خۆشی لێ‌ كردنە بچووك ببنەوە.

    3.رووناكی:
    رووناكی لەكاری درامیدا تەنها بۆ جوانكاری نیە، بەڵكو بەهێزترین فاكتەرێكی گوزارشت
    بەخشینە بەدیمەنەكان و ڕوخساری ئەكتەرەكان، بە تایبەت لەحاڵەتە دەروونیەكانی وەك ترس و نیگەرانی.
    بۆیە گرنگە ئەندازیاری رووناكی بەر لەوێنە گرتن دەق بخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی تێڕوانینی خۆی هەبێت لەدابەش كردنی رووناكی.
    لە (ئادیابین) دا رووناكی ررۆڵێكی كاریگەری هەبوو لەسەر جوانكردن و بەرجەستە كردنی دیمەنەكان، كە هونەركاران(محەمەد كەمال) ویاریدەدەرانی رۆڵێكی كارایان تێدا بینی.

ئەكتەرو كاراكتەر لە ئادیابین دا
بۆ بژاردەكردنی ئەكتەر لەدرامای ئادیابین دا، دەرهێنەر جگە لەئەكتەری خۆماڵی، دوو ئەكتەری ئینگلیزو دوو ئەكتەری لەرۆژهەڵاتی كوردستان بەشداری پێ‌ كردووە، هەردوو ئەكتەری ئینگلیزی(( فێڵ وێبستێر) ( سۆوفی كارل) و ئەكتەری رۆژهەڵاتی ( سومەییا ڕەزایی ) و( شەهرەزاد) جگە لە ستافێكی بە توانای ماكیاژ كە لەسێ‌ ماكێژكار پێك هاتبوون. بە پێی ئەزموونی رابووردویان توانست و پێگەی نواندنی هەر یەك لەو ئەكتەرانە توانایەكی دیاری كراویان هەبووە، بەڵام كاتێك هەست دەكەیت لەم بەرهەمەدا توانست و داهێنانێكی گەورەتر لە قەوارەی خۆیان پێیە، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر چەند خاڵێك:
1.دەسەڵاتی دەرهێنەر لەسەر راهێنانی ئەكتەرو بەرز كردنەوەی حاڵەتی هونەری و مەعنەوی.
2.بابەتی دراماكەو فەلسەفەی گەیاندنی.
3.لێوەشاوەیی كاراكتەر لەگەڵ ئەكتەرو بڕی كاریگەر بوونی بەو كاراكتەرە.
4.ئازاد كردنی ئەكتەرو فەراهەم كردنی دەرفەت بۆ داهێنان هەندێ‌ لەو ئەكتەرانە لە دیمەنێك یان دواندا دەردەكەون، كەچی لە پڕێكا دەبنە هەڵم و دیار نامێنن، بێ‌ ئەوەی پاساوێك هەبێت بۆ بەشداری كردنیان، پاساوێكیش هەبێت بۆ جێ‌ هێشتنیان.. بەگشتی زۆرێك ئەو ئەكتەرانەی لەبەرهەمەكەدا بەشداربوون، توانایەكی زێدە لە توانای خۆیان نیشانداین، بۆ بەرجەستە كردنی رۆڵەكانیان. بەڵام رۆڵی هەندێ‌ لەو ئەكتەرانە لە زەهنی بینەردا كاڵ نابنەوەو تا قەدەر حەیامێك بە زیندوویەتی دەمێننەوە.

شوكروڵڵا شێخانی:
شوكروڵڵا دەمێكی دوورە لەنواندن دوور بوو، بەڵام هەموو كات خەونی بەگەڕانەوە بۆ بەردەم كامێرا دەبینی، ئەوجارە ئەو رێكەوتە هاتە پێشەوەو رۆڵی مومتاز پاشای پێ‌ درا، كە هەڵگری ئایدیاو بیرو باوەڕێكی نەتەوەییە، هەڵوێستی جوامێرانەی نیشان داوە بەرامبەر ئینگلیزو هەمیشە هاوكارو هاوسۆز بووە لە گەڵ بزووتنەوە ئازادی خوازەكان.
لەرووی كۆمەڵایەتیشەوە كەسێكی دانا بووە لەچارەسەر كردنی كێشەكان، بەتایبەت كێشەی ژن هەڵگرتنی فەرهادی كوڕی و ئایشێ‌ ی خوشكە ژنی، كە لە بری بەكاهێنانی هێزو خوێن رشتن، بە تێگەیشتن و هوشیاری چارەسەری گونجاوی بۆ ئەو كێشانە دانا، بەمەش ئەو كاراكتەرە بووە هێما بۆ نیشاندانی لۆژیك بۆ چارەسەر كردنی كێشە كۆمەڵایەتیەكان. لە رووی نواندنیشەوە شوكروڵڵا توانی دەرفەتەكە قۆرخ بكات، بۆ ئەوەی مافی تەواو بە كاراكتەرەكەی خۆی بدات،
لە ِووی ئەداو ریتمی نواندن و جەستەوە. خوا چانسی ئەوەی پێ‌ بەخشی، كە لەو قۆناغەی تەمەنیدا، سەر بڵند بمینێتەوە بەرامبەر بە گەلەكەی، ئیدی ئەو(مومتاز پاشا)یە لەشوكروڵڵا شێخانی جیا نەبێتەوەو ببێتە ناونیشانی هەمیشەی.

زاهیر عەبدوڵڵا ( بەهجەت پاشا):

كۆنە كاربەدەستێكی عوسمانیەكان بوو، دوای هەرەس هێنانیان بەرامبەر بە ئینگلیز بەهجەت پاشا، ئەو رەواجەی جارانی نەما، هەوڵی دەدا بەسیخوری و ماستاو گرتنەوە، لای ئینگلیزەكان خۆی خۆشەویست كات و زەڕبەیەك لەمومتاز پاشای ناحەزی بدا، بە یاریدەی فەتحیە فەندی زۆر تۆڕو پیلانی بۆ پاشا داناوە، هیچ لەو پیلانانە سەری نەگرت، جگە لەوەی لای كابتن سعودی شكا، وەك خۆی گۆتەنی ڕەسیدی قڕانەكی نەما. زاهیر عەبدوڵڵا دوای كاراكتەری ( عومەر چاو چنۆك) لە درامای هەبوو نەبوودا، بۆ یەكەم جار دوای ئەو هەموو بەرهەمانەی پێشكەشی كرد، بەو رۆڵە لە(عومەر چاوچنۆك)ی تێپەڕاندو كاراكتەرێكی تر جێگەی گرتەوە، كە ببێتە هەنگاوێكی گەورە لە ژیانیدا. زاهیر لەساڵانی هەشتاكان تاوەكو ئێستاكە رۆڵی دەیان كاراكتەری دیوە، هەمیشە چاومان لەوە بووە عومەر چاو چنۆكێكی تر، بە فۆرمێكی تر دروست كاتەوە، بەڵام هیچیان ئەو ناونیشانە فەخریەیان، بەقەد بەهجەت پاشا پێ‌ نەبەخشی.
كابتن های ( فێڵ وێبستێر): كابتن حاكمی ئینگلیزی بوو لەهەولێر، جگە لەلایەنی سەربازی، بەردەوام یاداشتەكانی خۆیو خەڵكەكەی دەنووسییەوە، ئەو كەسێكی هوشیار بوو، ئەو ماوەیەی لە هەولێر بوو، ئازاری هیچ كەسێكی نەدا، جگە لە ئەدا كردنی ئەركی سەربازی، بەتایبەت لە هەرەس پێ‌ هێنانی هەوڵەكانی خورشید ئاغاو هەڕەشە چەكدارییەكانی بۆ سەر سوپای بەریتانی (فێڵ ویبیستیر) ئەكتەرێكی لیهاتوو بوو، هێزێكی كاریگەر بوو بۆ پرسی نواندن لەدراماكەدا، دەرهێنەر وێنەیەكی سروشتی و واقیعی بەڕوداوەكات بەخشی، بینەر ئارەزووی ئەوەی دەكرد،دیمەنەكانی (كابتن) زێتر بوایە، چونكە لەگەڵ دەركەوتنی هەستت بەوە دەكرد، لە بەردەم فیلمێكی ئینگلیزی دانیشتووی. سومەییە ڕەزایی: رۆڵی سەعدیە قاجاری ـ لە دراماكەدا بینی بوو، ئەو ئافرەتە بوو، كە لەرۆژە تەنگەتاوەكانی شەڕدا، دایكێك ( شەهرەزاد) كۆرپەیەكی خۆی ڕادەستی سەعدیە دەكات، كە كۆرپەكەی بەرێتە هەولێرو لەوێ‌ چارەیەكی لێ‌ بكات، ئەویش كۆرپەكە لە بەردەم ماڵی مومتاز پاشا فڕێ‌ دەدات، ئەوان هەڵی دەگرنەوەو بەخێوی دەكەن. دوای 14 ساڵ ئینجا (ساڵح) دایكی پەیدا دەبێتەوەو داوای دەكاتەوە، سەعدیە لەو رۆژەوەی عەزیزی خانچی ناسی بوو، خۆشی ویستبوو، سێبووری دنیای بە عەزیز دەهات، بە زمانی خۆی و بە دەم پاڕانەوە داوای لە عەزیز كرد بیخوازێ‌، بەڵام عەزیز هیچی بۆ پێ‌ نەكراو نەیتوانی ئەو ئاواتەی ئەو بینیتە دی. لە بری (عەزیز) فەتحیە فەندی نۆكەری بەهجەت پاشا كە پیاوێكی ڕەبەن بوو، مەراقی لێداو لە بەهجەت پاشا پاڕایەوە سەعدیەی بۆ بخوازێ‌، ئەویش لە ژێر هەڕەشەو چاو سوور كردنەوە سەعدیەی ناچار بەهاوسەرگیری كرد لەگەڵ فەتحی، بەڵام هاوسەرگیریەك بێ‌ خۆشەویستی.
تا رۆژێكیان دوای تێپەڕبوونی تەمەنێك، سەعدیە كەوتە پاڕانەوە لە فەتحی كە یەخەی بەرداو تەڵاقی بدا، فەتحیە فەندیش بۆی دەركەوت كە سەعدیە دادی نادا، ئەویش گەیشتە قەناعەت كە لەئاكامدا سەعدیە ئازاد كات.
لەدوا ساتدا سەعدیە گەڕایەوە لای عەزیزی مەعشوقی، بۆ ئەوەی كۆنە مرازەكەی حاسڵ بێت.
لەڕووی نواندنەوە ( سومەییە) باشترین ئەكتەری ئافرەت بوو لەدراماكە، ئەگەرچی شێوەزارێكی كوردی بەفۆنەتیكی فارسی هەبوو، بینەر باش تێی نەدەگەیشت، بەڵام نواندنێكی پڕ لە داهێنانی هەبوو، لە رووی ئەداو پێرفۆرمانسی نواندنەوە، كە كاراكتەرەكەی پڕ كات لە جۆش و خرۆش.

خەرمان هیرانی:
خەدیجە هاوسەری مومتاز پاشا بوو، لەسەرەتادا دژی بەهاوسەربوونی فەرهادو نەرمینی خۆشەویستی بوو، چونكە پێی وابوو فەرهاد لایەق بە نەرمین نیە، بەڵام كە فەرهادونەرمین سەری خۆیان هەڵگرت و دواتر ئاشت كرانەوەو مارە بری كران، بەختەوەر بوو. دواتر كێشەی عەیشێ‌ و سەلوان و كێشەی ساڵحی هاتە پێش زۆر ئازاری بەوە خوارد كە ساڵح دوای 14 ساڵ بەخێو كردن، شەهرەزادی دایكی رەسەنی خۆی هەڵبژارد. دەرهێنەر لەپەراوێزی كاراكتەری خەدیجەدا دەیتوانی شوێنێك بۆ هەستی نەتەوەیی و شۆِڕشگێڕیش بۆ ئافرەتی كورد لەو قۆناغەدا بكاتەوە، كارێك بكات ئافرەتیش لە خۆنیشاندانە جەماوەریەكە بەشداری پێ بكات .
بە تایبەت دوای ئەوەی خەدیجە هەستی بەوە كرد كە مومتازپاشاو مەحفوزە فەندی بە نهێنی ئەوان قسە لەسیاسەت دەكەن، خەدیجە نهێنیەكەی زانی و پاشا سەری ماچ كردو پێی گوت شانازیت پێوە دەكەم،
دەبوا ئەو ئاشكرا بوونەی سیاسەت گەرمتر بكرێت و بواری زێتر بدرێت بۆ چوونە ناو سیاسەت لە لایەن خەدیجەوە.
خەرمان هیرانی بۆ یەكەم جارە بەو ئاستە لەدرامایەكی كوردی دەركەوێ‌، دەرفەتێكی ئاوا باشیشی بۆ هەڵكەوێ‌، كە بەو ئاستە بەرزە نواندن بكاو توانستەكانی خۆی بەرجەستە بكات. ئەو لەحاڵەتە سۆزداریەكاندا تەواو دەچووە ناو رۆڵەكەی و نواندنەكەی پڕ بوو لەڕاستگۆیی ودوورلەهەڵچوون و زێدە رۆیی لە نواندندا. خەرمان دوای نواندنی لەشانۆیی ( باوك) ی سدیق عەزیز، رۆڵێكی تری نەبینیووە لەو ئاستەدا، كە ئێمە لە ئادیا بیندا بینیمان.

رزگار ئەحمەد ( فەتحیە فەندی) :
پیاوو كۆیلەی بەهجەت پاشا بوو، لەدوكانی كوتاڵ فرۆشتنەكە، بە هێنانی هەواڵی سیخوڕی خۆی لەلای بەهجەت خۆی خۆشەویست دەكردو جار جارەش نەخشەو پیلانی دژی مومتاز پاشا بۆ بەهجەت پاشا دادەنا. لە بری ئەو كۆیلایەتیە،
بەهجەت مرازی حاسڵ كردو بەزۆر سەعدیە خانی لێ‌ مارە كرد، لە كۆتاییشدا كە زانی سەعدیەخۆشی ناوێ‌ سێ‌ بەردەی لە دەست ناو تەڵاقی دا.
رزگارئەحمەد وەك هونەرمەندێكی كۆمێدی لەدرامای ( كەونەدەركە)بە كاراكتەری نوری كشمش ناسرا، ئەورۆڵە دوای تێپەڕبوونی نیو چارەگە سەدە زێتر، ئێستاش لە زەهنی بینەردا كاڵ نەبۆتەوە. رزگار ئەو رابووردووەی خۆی زیندوو كردەوە، ئەوجارە بە فۆرمێكی دیكە توانای نواندنی خۆی نیشان دایەوە.

رزگار زاهیر( فەرهاد):
رۆڵی فەرهادی كوڕە تاقانەكەی مومتازپاشای بینیبوو، لەو رۆژنەی ئینگلیز بەرەو داگیر كردنی هەولێر هەڵدەكشا، ئەو خەریكی خۆ تێكنان بووبۆ ڕاكردن، ئەو كات پێم سەیر بوو، كوڕە گەورەی پاشا بیەوێ‌ لەترسان لەگەڵ ژنان شار بەجێ‌ بێڵێ‌ ! ئەو كات لاوازی كاراكتەرەكەی فەرهادم بینی و لام سەیر بوو مومتاز پاشا نەیتوانیووە تۆزێك لەهەستی نیشتمانی بە كوڕەكەی ببەخشێ‌. دواتر كاتێ‌ فەرهادو نەرمین یەكتریان ناسی، زۆر بە لووت بەرزی و مەغروریەوە هەڵس و كەوتی لەگەڵ نەرمین دەكرد، بەڵام دواتر كە ڤایرۆسی خۆشەویستی لێیدا، نەك هەر بۆ نەرمین ڕوخا، بەڵكو خەوو خۆراكی لەخۆی حەرام كردو بە هەلەداوان هەلسوكەوتێكی هەرزەكارانەی نا مەقولی كرد، بێ‌ ئەوەی هیچ پرس و ڕایەك بەباوكی بكاو حیسابێك بۆ شكۆی خێزانەكەی بكات شەوێك كچەی هەڵگرت وڕایكرد، بە تەنیا پاساوێكی لاواز، كە دایكی بە هاوسەر گیری لەگەڵ نەرمین ناڕازی بووە!
ئەو كارە لە درامادا هەڵەیەكی گەورەیە كە رێگەیەكی نا لۆژیكی و نا شارستانی فێری خەڵك بكەیت و بە گەنجەكان بڵێ‌ ی ئەگەر ئەو كچەیان نەدایتێ‌ دەستی بگرەو ڕاكە، دوای ماوەیەك سوڵحێك بكەو وەرنەوە.
(رزگار) وەك نواندن لەهەموو بەرهەمەكانی پێشوو تری، لەوانەش لە (دوا شەودا) هەنگاوی باشتری هاوێشتووە، ئەگەرچی سیناریۆ رەسمێكی جوانی بۆ كاراكتەرەكەی نەكێشابوو، جگە لە رۆڵی ئاشقێكی سەر شێت نەبێت كە هیچ دەسەڵاتێكی نەبوو، جگە لە ڕاكردن نەبێت.
دەرهێنەر لە دیمەنەكانی كۆتایی دا فەرهادی تێكەڵ بە جەماوەرە خۆ نیشاندەرە كرد، ویستی وەك گەنجێكی شۆڕشگێڕ نیشانی بدات، بەڵام بینەر ئەوەی دەزانی كە نیشاندانی فەرهاد لە خۆ نیشاندانەكەدا تەنیا پڕكردنەوەی بۆشایی بوو، چونكە ئەو كاراكتەرە هەرگیز بە خەیاڵیش بەلای پرسی نیشتمانییەوە نەچووەو بیریشی لێ‌ نەكردۆتەوە، ئیدی كەس نەیزانی چۆن فەرهاد لەكون فەیەكونێك بوو بە شۆِڕشگێڕ !؟

تەلار هیرانی( ئایشێ):
رۆڵی ئایشێ‌ ی خوشكی خەدیجەی بینی، كێشەی سەرەكی ئەو ئەوەبوو كە چانسی هاوسەر گیری نەبوو، بۆیە ناچاری ئەوەبوو، خۆشەویستی لەگەڵا سەلوانێكی خاوەن ژن ئەنجام بدا. كاركنەرەكەی جۆرێك لە دژایەتی بۆ دروست كردووە لەبەر ئەوەی شەڕ لەگەڵ پاشا دەكا بۆ رازی بوون بەهاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكی خاوەن ژن، ئەوە دەسەلمێنێ‌ كە بڕوای تەواوی بەفرەژنی پیاو هەیە. بینەر هەست بەوە دەكا ئەو پەیوەندییەی لەنێوان سەلوان و ئایشێ‌ دا هەیە، هیچ بۆنێكی خۆشەویستی لێ‌ نایێ‌ و هیچ ڕەگو ریشەیەكیشی نیە، بەڵكو پەیوەندییەكە ئامانج تەنیا هاوسەرگیرییە.
لەو درامایەدا (تەلار هیرانی) لەدیمەنی ڕووبەڕوو بوونەوەیدا لەگەڵ مومتاز پاشا بەهێزێكی درامی كاریگەرو گربانێكی بەكوڵ دەردەكەوێ‌ كە بەبوێریەوە داوای مافی مرۆیی خۆی دەكات بۆ هەڵبژاردنی ئەو كەسەی خۆشی دەوێ‌ و لەئەنجامدا وا لەمومتاز پاشا دەكات، هیچ قسەیەكی نەبێت بەرامبەر بە ئایشێ‌ و بێدەنگ بێت . نواندن بۆ تەلار هیرانی لە دراماو شانۆدا وەك یەكە، بەڵام تواناكانی لە شانۆدا لە دراما بەهێزترە. لە دیرۆكی هونەری تەلار سەتایەك هەیە بە ناو شانۆیی ( مەرگ و كچ ) ئەو سەرەتایە هەر وەك خۆی ماوەو شتێكی تری نەهاتۆتە سەر بە قەد (مەرگ و كچ) سەنگین بێت بۆ تەلار، رەنگە ئادیابین) هەولێك بێت بۆ ئەو ئامانجە..
مەولان حەمەدەمین (عەزیز توتنچی):
پیشەی توتنچی هیچ پەیوەندییەكی بەكاراكتەرەكەی مەولانەوە نیە، چونكە ئەو خانچیە، خۆ ئەگەر عەزیز خانچی بوایە، رەنگە بۆ عەزیز نازناوێكی لێوەشاوەتر دەبوو.
ئەو عەزیز توتنچیە پیاوێكی ڕەبەن بوو، تەمەنی تەواو هەڵكشابوو، بارەگاو مەنزڵگای ئەو خانە بوو، شوێنی حەوانەوەی كاروان سەراو رێبوارانی جارانی هەولێر
پیاوی مومتاز پاشابوو، قەدەر حەیامەكی لەخزمەتی ئەودا بەسەر بردبوو، بەڵام پاشا هیچ حیسابێكی بۆ نەدەكرد، جگە لە كۆیلەیەكی گوێ‌ ڕایەڵ نەبێ‌.
ئەو خانە ببوو بەهەوارێك بۆ ناساندنی زۆر لەموسافیرەكان، لەوانەش ( سەعدیە) خان، ئەو ژنەی لەیەكەم رۆژی سەردانی بۆ خان و یەكەم لوقمەی نان خواردنیان بە یەكەوە، ئاشقی ئەو عەزیزە بەد بەختە بوو، كە پیاوێكی ڕەوشت بەرزو هێمن و لەسەرخۆ بوو، ئەوی بەخەیاڵیدا نەدەهات، لەو ڕەبەنی و بێ‌ كەسی و بێ‌ سەلواییە ئافرەت بوو،
تەنانەت لەو شەوەی سەعدیە ویستی پەردە لەسەر ناخی خۆی لابەرێ‌ و كلیلی دڵی خۆی دایە دەست عەزیز و بە ڕاشكاوی و بەدەم شەپۆلی گریانەوە داوای ئەوەی لە عەزیز كرد بیخوازێ‌، كەچی عەزیزی بێ‌ دەسەڵات بەدەم گریان و خۆخواردنەوە بێ‌ ئومێدی كردو پیێ‌ راگەیاند كە هیچی پێ‌ ناكرێ‌ جگە لە گریان و خەم خواردن نەبێت.
ئەو شەوە عەزیز خۆی بەبێ‌ دەسەڵاترین مەخلوقی خوا هاتە بەرچاوی، چونكە نەیتوانی بە هانای سەعدیەی بێكەس و بێ‌ پشت و پەناوە بێت، كە بەهجەت پاشا، هەڕەشەی بەزۆر بەشوودانی لێ‌ دەكرد.
مەولان حەمەدەمین لەرووی سروشتی مرۆییەوە زۆر لە كاراكتەرەكەی خۆی نزیك بوو، هەمان ئەو خەسڵەتە تایبەتیانەی تێدابوو كە لە (عەزیز توتنچی) دا هەبوو، بۆیە ئەوەی مەولان بناسێ‌، هەست بە جیاوازییەكی ئەوتۆ ناكات لە نێوان ئەكتەرو كاراكتەرەكەی.
ئەو لە نواندن دا ریتمێكی هێمنی دوور لەهەڵچوونی هەیە، تەنانەت لەریتمی دەنگیش هەمان ریتمی جەستەی هەیە، لە ئەدای نواندن دا بەپێی پێویست كار دەكات، ئەو سروشتی بوونە جۆرێك لەجوانی بەنواندنی عەزیز بەخشیووە.
ئەدیابین بۆ مەولان دەرفەتێكی گونجاو بوو بۆ مەولان، چونكە كامێرا و هەستیاری كامێرا بۆ فۆرمی نواندنی مەولان باشترین و نزیكترین فاكتەرێكە بۆ بەرجەستە كردنی ئەو نواندنە نەرمەی مەولان .

هەندرێن عەبدولڕەحمان ( جوامێر):
جوامێر ئەو گەنجە خوێن گەرمە بوو، یەكەم جار دوای هەرەس هێنانی عوسمانیەكان و هاتنی سوپای ئینگلیز، لەگەرمەی ژاوەژاوو شڵەژانی خەڵكی هەولێر، جوامێرمان وەك گەنجێكی ئاسنگەر بینی، بەڵام دواتر نەمانزانی بۆچی دەرهێنەر ئەو ئاسنگەریەی بەجوامێر نەهێشت و كردی بەپیاوێكی ئاغا.
جوامێر هەستێكی كوردایەتی بەرزی هەبوو، كاتێ‌ عوسمانیەكان بەتێكشكاوی بە بازاڕدا تێدەپەڕین، ئەو لەگەڵ هاوڕێیەكی سوپا گەورە تێكشاوەكەی عوسمانی چەك دەكەن ( ئەمەش جۆرە موبالەغەیەكی نا مەعقولی دەرهێنەرە بوو كە دوو گەنج سوپایەك چەك بكەن!)
لە كۆتاییدا ئەو هەستە پاك و چاونەترسیە بوو وای كرد لەخۆنیشاندانە جەماوەریە گەورەكە دەستگیر بكرێت و پاشان لەسێدارە بدرێت.
رەنگە لەش و لاری جوان و ئیلقاو دەنگی، وای لەدەرهێنەر كردبێت، هندرێن وەك ئەكتەرێك بۆ ئادیابین هەڵبژێرێ‌، بەڵام بێ‌ ئەوەی بیرۆكەیەكی دیاری كراوی بۆ دروست كردنی كاراكتەرێك بۆ ئەو ئەكتەرە هەبووبێت، تەنانەت پیشەی ئاسنگەریەكەشی لێ‌ سەندەوە.
هندرێن ئەزموونێكی تازەی لەگەڵ درامادا هەیە، پێویستی بەوە هەبوو دەرهێنەر زێتر لەوەندە چاوی لەسەر نواندنی هندرێن بێت و هانی بدات جووڵەو ئەدای نەرمتر بكاتەوەو نواندنێكی سروشتی بێ‌ گرژی ئەنجام بدات.
بەڵام لە دیمەنی لەسێدارە دانەكە، زۆر شت گۆڕاو هندرێن توانی بەرجەستەی رووداوێكی كاریگەر بكات و بینەرهەست بەو ئیرادە بەهێزو خۆراگریە شۆڕشگێڕانەییە بكات كە لە روخساری جوامێر دەردەكەوت، بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەی مردن.
بۆیە هندرێن بەو دیمەنە پاسپۆرتی پەڕینەوەی پێ‌ درا.

رووبارخالید( نەرمین )
نەرمین كچی مام جەبار بوو، ئەو كچەی دوكانێكی شیرینی مناڵانی هەبوو، ئاشقی تاك لایەنەی فەرهادی مومتاز پاشا بوو،كە هیچ مەیلی پێ‌ نەدەدا، دواتر توانی بەمەكربازی خۆی دڵی فەرهاد داگیر بكات و خەوو خۆراكی لێ‌ حەرام بكات،
لەئەنجامدا كە زانیان دایكی فەرهاد بە هاوسەرگیریان ڕازی نیە، سەری خۆیان هەڵگرت و پەنیان بۆ فاتمەخان برد.
تا رۆژێكیان فاتمەخان لەگەڵ مام جەبارو زەهرای دایكی، ئاشتی كردنەوەو زەماوەندی خۆیان گێڕا.
رووبار لەزمانی خۆشەویستی دەگەیشت، بەو زمانە قسەی لەگەڵ بینەر دەكرد.
ئەكتەرێكی رۆح سووك و شیرین بوو، نواندنێكی نەرم و بێ‌ گرێ‌ ی دەكرد، هەستت بەخۆش ویستنێكی ڕاستەقینە دەكرد بۆ فەرهاد، ئەم هەست كردنەی بینەر ئەنجامی راستگۆیی بوو لەگەڵ كاراكتەرو رۆڵەكەی خۆی.
رووبار لە ئادیابیندا لە دەرگا فرەوانەكەیەوە هاتە ژوور، چاوەڕوانی مەكەن بەوئاسانیە لێی دەرچێ‌.
زیاد كەریم ( سەلوان )
كە سەلوانی كوڕی بەهجەت پاشا بو، كاتی خۆی بێ‌ ویستی خۆی ژنێكیان بەسەردا سەپاند خۆشی نەدەویست، بۆیە بەردوام وەك راِوچیەك چاوبازی لە گەڵ ئایشێ‌ ی خوشكی خەدیجەی ژنی مومتاز پاشا دەكرد، كە باوكی هەردوكیان خوێنی یەكتریان فڕ دەكرد.
بەهجەت پاشا كە بە كەین و بەینی سەلوانی كوڕی و ئایشێ‌ ی زانی، زۆری پێ‌ خۆشبوو، وای مەزەندە كرد سەلوان هان دەداو ئایشێ‌ هەڵدەگرێ‌ و بەمەش حەیاو نامووسی مومتازی لە تورەگە دەكاو سعودی دەشكێنی.
بەڵام لە ئاخیردا وا دەرنەچوو، چونكە ئایشێ‌ و سەلوان بڕیارێكی عاقلانەیان داو بە مرازی خۆیان گەیشتن.
زیاد كەریم و كاراكتەرەكەی لەگەڵ یەك كۆك نەبوون، نەیدەتوانی ببێتە ئاشقێك و بە هەموو دەسەڵاتی خۆیەوە گوزارشتێكی راستگۆیانە لەو ئەشقە بكات،
زۆر بەلاوازی چووە بەردەم مومتاز پاشاو راستەوخۆ پێی گوت: پاشا لە دەركەی هاتیمە ژۆرێ‌، دەمەوێ‌ بمكەیە كوڕی خۆت.
دیمەن و دیالۆگەكە لەو ساتەوەختە گەرمە دەروونیەی پاشا ئەوەندە ساردو سڕو بوو، من بومایە لەجیاتی دەرهێنەر هەرگیز بەو دیمەنە رازی نەدەبووم ئەو دیمەنە مردووە وا بە سادەیی تێپەڕێ‌.




چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەده‌چێت.. مه‌نسوور جیهانی

ـ چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە سه‌رۆکایه‌تی “کەرەم گەردەن زەری” Kerem Gerdenzeri ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri – “ئینا تێدژۆڤا” Inna Tedzhoeva، به مه‌به‌ستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوه ڕه‌سه‌نه، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵینده سینەماییه‌کان، به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، به‌شی پێشبڕکێی کورتە فیلم، به‌شی “شه‌ویی سینه‌مای کوردی”، به‌شی “نمایشی باشترین فیلمه‌کانی ڕووسیا‌” و پێشانگای که‌لتووریی و هونه‌ریی له ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئه‌یلوولی (سیپته‌مبه‌ری) ٢٠٢٤ لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

به‌رپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، داوا له هه‌موو ئه‌و‌ فیلمسازانه ده‌که‌ن که فیلمیان سه‌باره‌ت به کورده‌کان و یا به ناوه‌رۆکی کورده‌کان ساز کردووه؛ تاکوو به‌رهه‌مه بڵینده سینه‌ماییه‌کان، بەڵگەفیلم و کورتە فیلمه‌کانی خۆیان بۆ به‌شداری له به‌شی پێشبڕکێی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه ‌له ڕێگای ماڵپه‌ڕی “فیلم فریوه‌ی” به ناونیشانی https://filmfreeway.com/MoscowKurdishFilmFestival بنێرن و ڕۆژی ١٠ی حوزه‌یرانی (ژوئه‌نی) ٢٠٢٤ دوایین مۆڵه‌تی ناردنی به‌رهه‌مه‌کان دیاریی کراوه.

خەڵاتی “هەتاوی زێڕین” ستایلێکی کریستاڵ، به هێمای هەتاوی زێڕینه و ئه‌م خەڵاته گرینگه له پێنج به‌شدا، له‌وانه؛ باشترین فیلمی بڵیندی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵیند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و هەروەها خەڵاتی “هاوبه‌شی له سینه‌مای کوردی”دا به براوه‌کان پێشکەش دەکرێت.

بەرپرسانی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow لە ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: “ئه‌م فێستیڤاڵه، له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا بۆته ڕووداوێکی باوه‌ڕپێکراو و خۆشه‌ویست له لایه‌ن هۆگرانی هونه‌ریی سینه‌ما. به تایبه‌ت جێگای خۆشحاڵییه که نه ته‌نیا کوردانی تاراگه و نیشته‌جێی وڵاتی ڕووسیا بوونه‌ته هۆگریی فێستیڤاڵه‌که‌؛ به‌ڵکوو ساڵی پار، سه‌رنجی زۆریی له لایه‌ن پیشه‌گه‌ڕانی سینه‌ما و هه‌روه‌ها بینه‌رانی ڕووسیاوه بۆلای خۆی ڕاکێشا. و هه‌ر ئه‌وه گرینگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌ که ئێمه له ئێستادا سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی کارێکی گرینگ و زۆر پێویستین. له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی فێستیڤاڵ، پلانێکمان داڕشت که بینه‌ران نه ته‌نیا له‌گه‌ڵ سینه‌ما، به‌ڵکوو به شێوه‌ی گشتیی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ند و جیاوازیی کورده‌کان ئاشنا بکه‌ین. له ساڵی ٢٠٢٣ توانیمان پێشانگایه‌ک له هونه‌ری هاوچه‌رخی کوردیی به‌ڕێوه‌به‌رین و ئه‌مساڵیش هیوادارین که ئه‌م ڕێگایه درێژه پێبده‌ین و بێجگه له سینه‌ما و شێوه‌کاری، مۆسیقا، هه‌ڵپه‌ڕکێی، ئه‌ده‌بیات و ته‌نانه‌ت خواردنی زۆر خۆشیی کورده‌واریش پێشکه‌ش بکه‌ین.”

لە درێژه‌ی ئه‌م ڕاگەیێندراوه ڕۆژنامەوانییه‌دا هاتووه: “ساڵی پار، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، ته‌رکیزی خستبووه سه‌ر سینه‌مای ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌و مێژوو و دابوونه‌ریته ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی که هه‌یه‌‌تی. ئه‌مساڵیش به شێوه‌ی گشتیی ته‌رکیزمان خستۆته‌ سه‌ر ئاخاوتن و وتووێژیی نێوان که‌لتووریی و هاوکاریی له‌گه‌ڵ سینه‌مای ڕووسیا. کوردەکان یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی جیهانن، هەر بەم پێیە مێژوویەکی دەوڵەمەند و فەرهەنگێکی جیاواز و جۆراوجۆریان هەیە که هەمووی ئەم تایبەتمەندییه جوانانە لە سینەمای هاوچەرخی کوردیدا خۆی دەرخستووە. فیلمه‌کانی فێستیڤاڵی کوردی “مۆسکۆ”، بینه‌رانی خۆی ئاوێته‌ی جوانناسی و به‌‌هێزبوونی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تی، دابوونه‌ریت و که‌له‌پووریی ئایینی و هه‌روه‌ها دیارده کۆمه‌ڵایه‌تیی و که‌لتووریی خه‌ڵکانی کورد ده‌کات که به‌ڕاستی خه‌زێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی سینه‌مای ڕۆژهه‌ڵاتن.”

بۆ زانیاری زیاتر:
www.moscowkff.ru

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”.




خوێندنەوەیەکی پانۆرامایی بۆ فیلمی Blade Runner.. رێباز محەمەد جەزا

سنورەکانی مرۆڤ و ئەقڵی ئامڕازی

ژانر ـ خەیاڵی زانستی ساڵی بەرهەم : ١٩٨٢ شوێنەکانی وێنەگرتن : هۆنگ کۆنگ و لوس ئەنجلوس دەرهێنانی : Radley Scott دیکۆر : لۆرانس ج یوڵ و گۆردن گۆردن کۆرینینویت زمانی : ئینگلیزی موزیک : ڤانگاڵس ماوە : ١١٢خولەک
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەم فیلمە لەلایەن Michael Deeley و چەند کەسێکی تر بەرهەمهاتوون ، یەكێکە لەوفیلمانەی زۆرگرنگن لەڕووی کێشەکانی سەردەمەو(، مرۆڤی مۆدێرن )؛ بەگشتی ئەم تەوەرەیەی قسەکردنیش ؛ کورت دەکرێتەوە بۆ دووبەش کە ئامڕازین !!
گەربەزمانێکی کڵاسیک بدوێین دابەش دەبێت بۆ هەردووجیهانی خێرو شەڕ ، سێبەرو ڕووناکی و هتد.. ئەمەش بەرەو ئەوەی دەبات تادەیکات بەڕۆبۆتێک لەجیهانی دووبارەبوونەوەکانداReplicant) ) و لێی جیاناکرێتەوە ، کە پەیوەندی بەبینایی ـ بصر ـ وەهەیە لەمرۆڤە کامڵەکاندا و بەهۆی کۆمپانیا گەورە و زەبەلاحەکانی تری جیهان و بەکارهێنانیان لە سەر هەسارەی زەوی کەلەلایەن داگیرکەرەکانی دەرەوەی زەویەوە کاری پێ دەکرێت .
ئەوەی خاڵی جیاکەرەوەی ئەم فیلمەیە لای من لەجاو ئەوفیلمانەی تردا کەبینیوومە ؛ کاڵبوونەوەی سنووری نێوان ژیری مرۆڤ و ئاوەزی ئامڕازییانەی دروستکراوە ( ناوی ڕۆبۆتە ) لەلایەن هێزێکی نادیار یان داگیرکەرێکی تر جاباناوی هەرچییەک بێت و هەرچۆنێک بێت ، گرنگ ئەوەیە بۆهەڵوەستە لەسەرکردن دەبێت ، ئەوگونجاویەیە کەلەنێوان ئەودروستکراوانەدایە .ئەوانیش بریتین لە :
یەکەمیان ئەندامیەو زیندووە ،
ئەوەی تریشیان ڕۆبۆتەو دەستبەسەرداگیراوەو ئاڕاستەدەکرێت .
گەر لەم پنتەوە بڕوانینە فیلمەکە دەبینین هەرئامڕازێک کەمرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ دەکات دوودۆخ لەچێژ دروستدەکات :
دۆخی یەکەم : وادەزانێت دەستی بەسەردا گرتووە و چەشەی دەکات ،چ لەڕووی بەکارهێنان و چ لەڕووی کارکردنەسەر ئەوانەی تر .
دۆخی دووەمیان / ئەو ئازارو نەهامەتیانەیەکە مرۆڤ بەهۆی ئەقڵی ئامڕازییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات و ناتوانێت بەردەوام بێت لەگەڵی و ناشتوانێت پاشەکشەبکات ..
لەکۆتاییدا ئەوەی دوواسەرنجی منە ، بەو پێودانگانەی باسمکردن ، ئەی کەواتە ئایندەی چێژو ئەم مرۆڤە چۆن دەبێت ؟ بەرەوکوێ ؟ چی تردەکات ؟




خوێندنەوەیەکی پانۆرامی بۆ فیلمی Rang De Basanti.. رێباز محەمەد جەزا

ئەوەندە بیرمان لە ڕابردووی خۆمان و داهاتووەنادیارەکەمان کردۆتەوە ئیتر ژیانی ئێستامان هەر وێران کردووە.

: Rang De Basant
فیلمێکی فیلمێکی بۆلیوودی نایابی ووڵاتی هندستانە ; ژانرەکەی دراما/کۆمیدیایە، ماوەی فیلمەکە دوو کاتژمێر و سی و پێنج خولەکە، وەک چۆن لەگەڵ فیلمە هیندییەکان ڕاهاتووین، بە درێژی فیلمەکانیان دەناسرێنەوە، بە پێچەوانەی فیلمە ئەمریکییەکان .
فیلمەکە بە زمانی ئینگلیزی، بریتییە لە Rang De Basanti : ڕەنگی قوربانیدان،ڕەنگم بکە.. ناوێکی جیاواز و ورووژێنەرە کە بینەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، وای لێدەکات پرسیاربکات . یەکێک لە بناغەدانەری سینەمایی ئەو ووڵاتە ئەکتەر و دەرهێنەری سینەما کە ” عامر خان ” کاری دەرهێنانی بۆکردووە دەڵێت : ” ئەوەندە بیرمان لە ڕابردووی خۆمان و داهاتووە نادیارەکەمان کردۆتەوە ئیتر ژیانی ئێستامان هەر وێران کردووە.. ” هەر بۆیە دەوترێت ڕابردوو ڕۆشت، داهاتوو نادیارە کەواتە ئەمڕۆ دیارییەکە نابێت لە دەستی بدەین.پریسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە : فیلمەکە باسی چی دەکات ؟” یان بەڕاستی چیرۆکەکەی چییە؟چونکەوەک لەبەرگەکەیدا دیارە ، هیچ پێشنیازێک ناکات و بۆ قوربانیدان تەرخانکراوە..!
بەگشتی با بەشێوەیەکی سادە و بێ سپۆیلەر باسی فیلمەکە بکەین، هەندێک وشەی نەشیاویشی تێدایەو و فیلمەکەش بەتەواوی دوورە لە دیمەنی پۆرنۆگرافی، هەروەها ئەستێرەی ناسراوی هیندی (ئەمیر خان) لەگەڵ ئەکتەرە گەنجەکانی تر بەشدارن تێیدا ، چیرۆکی فیلمەکە لە دەوری ئەوان دەسوڕێتەوە..بە سادەیی چیرۆکەکە باس لە کچێک دەکات کە لە ئینگلتەراوە دێتە هیندستان بۆ ئەوەی فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر ڕۆژنامەکەی باپیری دروست بکات .کاتێک فیلمەکەم بینی و دیمەنی یەکەم دەستی پێکرد، دڵنیا بووم کە ڕووبەڕووی شاکارێکی بێ کات بوومەتەوە لەوەی سینەمای هیندی بەرهەمی دەهێنێت ،هەرچەندە دەرهێنانی زۆر ئاڵۆز و تەکنیکی ناوازە و جیاواز بەکارهاتووە بۆ ئەوەی زیاتر ورووژێنەر بێت لە توندکردنەوەی دەمارەکانی بینەر، هەروەها بەڕای من قورسترین ئەرک لە دەرهێنانی ئەم فیلمەدا توانای دەرهێنەرە کە ڕووداوەکانی فیلمەکە بە شێوەیەکی نایاب بەیەکەوە دەبەستێتەوە، یەک لە دوای یەک و بەبێ ئەوەی بینەرتووشی دڵەڕاوکێ بکات،کارێک دەکات کەنەزانن چی ڕوودەدات، کاتێک سەیری فیلمەکە دەکەیت، بەهۆی ،دەرهێنانی دیمەنەکان بە وێنەیەکی دروست تێدەگەیت، هەرچەندە فیلمەکە لە یەک کاتدا زیاتر لە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە!
چیرۆکەکە بە شێوەیەکی زۆر ڕێکخراوو تووندوتۆڵ پێکەوە گرێدراون و چەندین مانای بەرزی مرۆڤانەی تێدایە کە لەسەر بنەماکانی هاوکاری و سۆز دامەزراوە و ناتوانرێت جیاوازی بکرێت لەلایەن ئایینێک یان نەتەوەیەکی دیاریکراوەوە، هەرچەندە بارودۆخەکە جیاواز بێت .لەم فیلمە بەرزەدا توانای ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بە شێوەیەکی جیاواز نیشان دەدرێت، هەستی هاوڕێیان بەرامبەر بە یەکتر و ڕۆحی بەتەنگەوەهاتنیان نیشان دەدا، جا بە نهێنی بێت یان ئاشکرا ، هەروەها کاریگەری خۆیان زیادەکەن لەگەڵ ئەو دیالۆگە زێڕینانەی کە ناتوانرێت لە یادەوەری بینەردا بسڕدرێنەوە و کەئاماژەن بۆ بلیمەتی نووسەر و دەقی بەهێزی فیلمەکە. هەروەها فیلمەکە چەندین مانا و تەحەدای تێدایە کە مرۆڤ دەتوانێت بیکات ئەگەر پێی وابێت : “گۆڕانکاری مومکینە و هیچ شتێک مەحاڵ نییە” … بێگومان ، ئەمەش هەرلەکاری کاست و کارەکتەرێک دەوەشێتەوە کە هەرگیز لە مێژووی بۆلیووددا دووبارە نابێتەوە.سەبارەت بە گۆرانی و سەمای هیندیش پێویستە چونکە میرات و کولتوورێکن کە دەرهێنەرەکان پێیان خۆشە لە زۆربەی فیلمە هیندیەکاندا پیشانی بدەن، بە گشتی من بە خاڵێکی نەرێنی ئەم فیلمەی نازانم، تەنانەت بە سەرچاوەی بێزارییشی نازانم چونکە ئەو دۆخ و ساتانەی کە پاڵەوانەکانی فیلمەکە ئەزموونیان کردووە ڕوون دەکەنەوەو کاریگەرییان هەیە لە فیلمەکەدا، هەروەها پەیوەندی نێوان کارەکتەرەکان بەڵگەن، لەسەر ئەوەی کەگرنگ وپێویستن.شتێکی تر کە سەرسامی کردم بەکارهێنانی گۆرانی عەرەبی بوو لە پاشخان (دەنگ بۆ هەندێک دیمەن) لە… فیلمێکی هیندی و گۆرانی عەرەبی؟ ڕاشکاوانە بڵێین یەکێکە لە دەست لێدانە نایابەکانی دەرهێنەر و دیدگای جیاوازی دەرهێنەرو جیای دەکاتەوە لە دەرهێنەرەکانی تر.لە کۆتاییدا، فیلمێکی هیندییە بە بەرزترین پێوەر و زۆردوور لە هەموو چاوەڕوانییەکانم ئەوەی تێپەڕاندووە، هەمیشە فیلمی هیندیم بە کەمتر لە فیلمەکانی هۆلیوود بینیووە بەڵام ئێستا دەڵێم: “ ئایا فیلمی هیندی؟ لە ئاستێکدا چی پێشکەش دەکات کە لە فیلمە گەورەکاندا مەحاڵە پێی بگات ؟ ئەم فیلمەش …فیلمێکی هیندیە ! بەڵام دوای سەیرکردنی تێڕوانینم بە تەواوی گۆڕا، کە ئێستا بە یەکێک لە و فیلمانەی پۆلێن دەکەم کەگرنگن ، یان کەپێشنیازی دەکەم هەمووان بیبینن … هەرچەندە فیلمەکە لە ساڵی ٢٠٠٦دایە، واتە تا ڕادەیەک بە کۆن دادەنرێت ، بەڵام گرنگەۆ،پێویستە بینەری بین.




فیلمی سینه‌مایی کوردی “خاڵا تارییا” لە شاری هه‌ولێر نمایش ده‌کرێت.. مەنسوور جیهانی

ـ فیلمی کوردی “خاڵا تارییا” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “ئایشە پۆلات” و لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش” کاتژمیر ٧ی ئێوارێ ڕۆژی چوارشه‌مه ٧ی فێبریوەری 2024 لە سینه‌ما “ئیمپایێر”ی فامیلی مۆڵ له شاری هه‌ولێر نمایش دکرێت.

فیلمی سینه‌مایی “خاڵا تارییا” (خاڵی تاریک) In The Blind Spot لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای سینه‌مایی “میتۆس فیلم” Mitosfilm بە به‌ڕێوه‌به‌ری سینەماکاری کورد “مەمەد ئەکتاش” Mehmet Aktaş و له نووسین و دەرهێنانی “ئایشە پۆلات” Ayşe Polat دەرهێنەری باکووری کوردستان، له بەرهەمهێنەری هاوبەشی کۆمپانیای “پۆنکت” و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کانی WDR و Arteو به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌ڵمانیا، له نمایشێکی تایبه‌تدا به هاوکاری ئه‌نستیتۆی “گۆته‌” Goethe-Institut ئه‌ڵمانی له کاتژمیر ٧ی ئێوارێ ڕۆژی چوارشه‌مه ٧ی فێبریوەری (شوبات) 2024 لە سینه‌ما “ئێمپایێر”ی Empire فامیلی مۆڵ له شاری هه‌ولێر پێته‌ختی هه‌رێمی کوردستان پیشان ده‌درێت.

“خاڵا تارییا” که له لایه‌ن کۆمپانیای “ئارت هوود ئینتەرتەیمنت” ArtHood Entertainment له ئاستی دنیادا بڵاوده‌بێته‌وه، له یه‌که‌مین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “به‌رکه‌وتنه‌کان” Encounters لە حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “بەرلین” Berlinale لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش کرا و کاندیدی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئەم رووداوه‌ پڕبایخ و پله‌ یه‌که‌می سینەمای جیهان بوو.

ئه‌م فیلمه کوردییه له دووهه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا له به‌شی پێشبڕکێی “نه‌ته‌وه‌یی” له چل و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئه‌سته‌نبووڵ” Istanbul نمایش کرا و توانی چوار خه‌ڵاتی ئه‌م رووداوه گرینگه سینه‌ماییه به‌ده‌ست بێنێت، له‌وانه: خه‌ڵاتی باشترین فیلم بۆ “مەمەد ئەکتاش”، خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ “ئایشە پۆلات”، خه‌ڵاتی باشترین مۆنتاژ بۆ “سه‌رحه‌ت مۆتلۆ” Serhat Mutlu و “یۆرگ ولکمار” Jörg Volkmar و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی “فیپێڕشی” FIPRESCI واته فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلم به هۆی “ته‌رکیز له‌سه‌ر جیاوازییه‌ ئه‌خلاقییه‌کان له کرده‌وه‌ی رۆژانه‌ی که‌سه‌کان و گرینگترین بایخه‌کانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا”.

فیلمی سینه‌مایی In The Blind Spot لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لە بارەی ژیانی “ئەیووب ئازیز چاپکورت”، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.

فیلمی سینه‌مایی “خاڵی تاریک” له دوایین به‌شداریی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له بەشی “سینەمای کوردی” فیلمە بڵیندەکاندا لە دەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “دهۆک” Duhok پیشاندرا و خەڵاتی باشترین سیناریۆ به‌ خاتوو “عایشە پۆلات” به‌خشرا و هه‌روه‌ها خەڵاتی “فیپەرشی” FIPRESCI واته فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلمی به‌ده‌ستهێنا.




سیناریۆی سینەما لە وشەوە بۆ وێنە… حەيدەر عەبدولرەحمان

سیناریۆ لەیشەسازی سینەمادا، لەوڵاتێكی وەك ئەمریكا، لە رووی ئابووریی و بازرگانییەوە جیاوازی نیە لەگەڵ پیشەسازی دروستكردنی كەشتی لەژاپۆن وچاندنی برنج لەچین و ناردنی دانەوێڵە لەدەریای ڕەشەوە بۆ سەراپای جیهان.
لەنێو ئەو كەرتەی پیشەسازی سینەمادا، نووسینی سیناریۆ لەڕەگەزە لەپێشەكانەو بەسەدان سیناریۆ نووس پیشەی بەردەومیان سیناریۆ نووسینە بۆ دراماو سینەما لەو وڵاتەدا، كە بەهۆی سیناریۆ نووسینەوە، لە ریزی دەوڵەمەندە گەورەكانن بەشێوەیەك پاداشتی هیچ یەكێ لەو سیناریۆ نووسانە، پاداشتیان لە ئەكتەرە هەرە ناسراوەكانی هۆلێۆد كەمتر نیە.
ئەو كۆمەڵە سیناریۆ نووسانە، كە ژمارەیان 11500 سیناریۆنووس دەبێت ، سەندیكایەكی تایبەت بەخۆیان هەیە بەناوی (سەندیكای سیناریۆ نووسەكان) كاریان سەرپەرشتی كردنی ئەو سیناریۆ نووسانەیە، لەكاتی دروست بوونی هەر كێشەیەكیش بەرگریان لێ دەكات و پارێزگاری لەمافەكانیان دەكات.
هەر بۆ نموونە لەو ماوەیەدا سیناریۆ نووسەكان، بۆماوەیەك مانگرتنیان ئەنجامدا، بۆ بەرزكردنەوەی كرێ ی بەرهەمەكانیان، بەتایبەت لەو بەرهەمە سینەماییانەی داهاتێكی زۆر بەدەست دێنن، ئەكتەرەكانیش بە تێكڕایی لایەنگیریان كردن و لەگەڵ سیناریۆ نووسەكان بۆ ماوەیەك دەستیان لەكار كێشایەوەو بەرهەمهێنانی فیلمیان ڕاگرت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە كەرتی بەرهەمهێنانی فیلم زێتر لە دووملیار دۆلار زیانی بەركەوێ.
سیناریۆ لە هەموو ڕەگەزەكانی دیكەی فیلمسازی سەخت ترەو كەمن ئەوانەی پسپۆرییان لەو بوارەدا هەیە، چونكە سیناریۆ بەهرەو زانستە، بۆیە (وارن ستیڤن )ی دەرهێنەر دەڵێت: دەرهێنەرانی ئێمە ناكرێت دەست لەكاری سیناریۆ بدەن، ئەگەر واش بكەن، ئەنجامەكەی زۆر نەرێنی بەسەریاندا دەشكێتەوە، چونكە ئەوان لەڕووی نووسینەوە توانای نووسینی نامەیەكیان نیە.
(ئۆرسۆن ویلز) لەم بارەیەوە دەڵێت هەرگیز قسە لەسەر فیلمەكانم ناكەم، چونكە قسە كردن لەسەریان كاری پسپۆرو ڕەخنەگرەكانە.
ڕەنگە زۆر لەو شاكارانەی داهێنانیان تێدا دەكرێت، بە تاكە كەسێك ئەنجام بدرێ، وەك ڕۆمان، شیعر، شێوەكاری، بەڵام سینەما كاری دەستە جەمعیەو كۆمەڵێ زانست و تەكنیك و پسۆرایەتی هاوبەشن، بۆ بەرهەم هێنان، لەوانەش كاری سیناریۆ نووسین.
لەسینەمادا هەریەك لەنووسەرو دەرهێنەر فەلسەفەو فانتازیایێكی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم، ئەوەی یەكەمیان بەلایەنە ئەدەبی و دووەمیان لایەنە هونەرییەكە، كە ئەگەر ئاوێزانی یەكتر بن و لە توێ ی كارێكی هاوبەشدا یەكتر بگرنەوە، دەتوانن ئەنجامێكی سەركەوتوو بە دەست بێنن.
ئێستا بۆ زاڵ بوون بەسەر كێشەی قەیرانی سیناریۆ، دەروازەی تری ئەلتەرناتیف دۆزراونەتەوە، كە كاری سیناریۆ نووس ئاسانتر دەكەن، سیناریۆ نووسەكان لەبری ئەوەی تەنیا پشت بەبیروبۆچوونی تایبەتی خۆیان ببەستن، بەڵكو دەتوانن فیلمەكانیان لەسەرشاكاری گەورەی ڕۆماندا داڕێژن، لەو ڕۆمانانەی پڕن لەڕووداوو وێنەی درامی.
بەمەش پەیوەندی نێوان نووسەرو دەرهێنە، هێزێكی گەورە بەدراماو فیلم دەبەخشن.
سوود وەرگرتن لەڕۆمان بەشێوەیەك دەكرێت، كە تۆوەك سیناریست بزانیت چۆن وشە بگۆڕیت بۆ وێنە، یان چۆن بونیاتی ڕۆمانەكێك هەڵوەشێنیتەوەو لەشوێنی ئەودا بونیاتێكی درامی نوێ دروست بكەیتەوە، هەتا ئەگەر لە ڕووی فەلسەفەو گوتاری سینەماییدا دەقاو دەق لەگەڵ ڕۆمان نووسدا جیاوازەكیشتان هەبێت، بەڵام لەتێڕوانینی گشتی دا یەك ئامانجتان هەبێت.
گرنگ ئەوەیە هەموو ئەو فانتازیاو گێڕانەوە دوورو درژانەی لەبۆتەی ڕۆماندا هەن بە ئامرازو كەرەستە هونەریەكان بكرێنە كارێكی وێنەیی چڕو پڕ، ئەو كات لە بری وشە دەیان كارتێكەرت دەبێت بۆ وروژاندنی بینەرو جولاندنی هەست و نەستی، بەتایبەت بەركەوتن لەگەڵ چاوو، گوێ و مێشك و هەموو هەستەكانی تری مرۆڤ.
تا ئێستا كۆمپانیا سینەماییەكان سودێكی زۆریان لەرۆمانە ناسراوەكانی جیهان بۆ سینەما وەرگرتووە، بەتایبەت رۆمانەكانی (گابریل گاریسیا ماركێز)كە بۆتە هۆی ئەوەی ماركێز ببێتە خاوەنی هەوادارێكی زۆر لەسینەمادا، كە رەنگە ژمارەیان لەژمارەی هەوادارەكانی زێتر بێت لەرۆماندا.




وێنەکانی فیلمی “به‌هه‌شتی خراپکاران” لە دەرهێنانی مەسعوود جەعفەری جه‌وزانی بڵاو کرایەوە

ئامادەکردنی: مه‌نسوور جیهانی

لە سەروبەندی یەکەمین نمایش کردنی فیلمی سینه‌مایی “به‌هه‌شتی خراپکاران” لە دەرهێنانی سینه‌ماکاری ناوداری لوڕ “مەسعوود جەعفەری جه‌وزانی” لە بەشی رکابه‌ریی “سه‌ودای سیمورغ” لە چل و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر، پەردە لەسەر وێنەکانی فۆتۆگرافیی ئەم به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ لادرا.

“به‌هه‌شتی خراپکاران” (بهشت تبهکاران) Paradise of criminals نوێترین به‌رهه‌می بلێندی سینه‌مایی سینه‌ماکاری ناوداری لوڕ “مەسعوود جەعفەری جه‌وزانی” لە بەرهەمهێنانی “فەتحوڵڵا جەعفەری جه‌وزانی” و “عەلی قائیم مەقامی” لە یەکەمین نمایش کردنی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “سه‌ودای سیمورغ” لە چل و دووهه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌ویی فیلمی فەجر ده‌چێته‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما و وێنەکانی فۆتۆگرافی “عەلی نیک ره‌فتار”، لە فۆتۆگرافەرانی سینەمای ئێران، بۆ بەشداری کردن لەم بۆنە و رووداوه‌ هونەرییەدا و به‌ ئامانجی ئاشناکردنی به‌رده‌نگه‌کان و بینەران له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ بڵاو کراوەته‌وه‌.

لە فیلمی “بەهەشتی خراپه‌کاران”دا ژمارەیەک لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی سینەمای ئێران لەوانە؛ ئەمیر حوسێن ئارمان، لادن مسته‌وفی، سەحەر جەعفەری جه‌وزانی، پیژمان بازغی، حەمید گوودرزی، ڕەزا یەزدانی، بێهنام ته‌شه‌کور، هوومه‌ن به‌رق نه‌ورد، حیسام مه‌نزوور، ڕەزا شەفیعی جەم، فەریبا موته‌خه‌سس، فەخرەدین سه‌دیق شەریف، ئیسماعیل خەلج، عەلیڕەزا جەلالی تەبار، محەمەدڕەزا هاشمی، سوهەیل بەرخورداری، حەمید موته‌قی، فەتحوڵڵا جەعفەری جه‌وزانی، مێهدی مێهریار و جەواد تووسی ڕۆڵیان گێڕاوە و هەروەها لەم به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌دا؛ ئەفسانە بایگان و فەرهاد قائمیان بە ده‌ورگێرانی خۆیان ئامادەیی و به‌شدارییه‌کی فه‌خری و شەرەفمەندانەیان هەیە.

لە پوختەی چیرۆکی ئەم فیلم و به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌دا هاتووە: که‌سێکی نووسەر و گەنج که‌ چالاکی بواری کرێکارییه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی نه‌خوازراو و بەبێ مەبەست دەبێتە دیلی پیلانەکانی تاوانباران و خراپکاران.

ژماره‌یه‌ک لە ستافی فیلمی سینه‌مایی “بەهەشتی خراپکاران” بریتین لە: دەرهێنەر: مەسعوود جەعفەری جه‌وزانی، به‌ڕێوه‌به‌ری فیلم هه‌ڵگرتن: ئەمیر کەریمی، مۆنتاژ: مێهدی حوسێنی وەند، مۆسیقا: فەردین خه‌لعه‌تبه‌ری، سیناریۆ: مەسعوود جەعفەری جه‌وزانی، فەرید موستەفەوی، دیزاینەری سه‌حنه‌ و جلوبەرگ: ئەسغەر نیژادئیمانی، دیزاینەری روخسار و ماکیاژ: مه‌هین نەویدی، دیزاین و تێکه‌ڵکردنی ده‌نگ: سەید مەحموود مووسه‌وی نیژاد، دەنگهه‌ڵگر: ئارش بروومەند، جیلوه‌ و کاریگەرییە تایبەتەکانی مەیدانی: ئارش ئاقابه‌یک، جیلوه‌ و کاریگەرییە بینراوەکان: کامیار شه‌فیع پوور، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان: بێهزاد هاشمی، وێنه‌گری فۆتۆگرافەر: عەلی نیک رەفتار، یاریدەدەرانی دەرهێنەر: عەلی مێهرئاسا، مێهدی حاجی یووسف، پارسا هاشمی، به‌ڕێوه‌به‌ر و ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن: مەنسوور جیهانی، له‌ بەرهەمهێنانی دامەزراوەی سینه‌مایی فاڕابی و کۆمپانیای سینه‌مایی جه‌وزان فیلم، بەرهەمهێنەران: فەتحوڵڵا جەعفەری جه‌وزانی، عەلی قائیم مەقامی.

فۆتۆکان: عەلی نیک رەفتار




دەرهێنەرێكی كورد نهێنیەكانی حەشاردنی سەدام ئاشكرا دەكات.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

دەرفەتێكی باش بۆمن ڕەخسا، كاتێ دەرهێنەر (هەڵكەوت مستەفا) بانگهێشتی بینینی فیلمی (حەشاردانی سەدام) ی بۆ كردم لەدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەما لەدهۆك، كە بۆ یەكەم جار بوو دوای نمایش كردنی فیلمەكە لەولاَتی سعودیە، لەفیستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمای دهۆك نمایش بكرێت .
بەسەعاتێك پێش نمایش گەیشتمە هۆڵی نمایشەكە، بەلاَم زۆر بەسەختی لەنێو ئاپۆرای خەڵكی چاوەڕوان، تیمی فیلمەكە راكێشی ژوورەوەیان كردم.
فیلمەكە لەلایەن كۆمپانیای (هەنی فیلم)ی نەرویجی بەهاوبەشی وەزارەتی رۆشنبیریی نەرویجی و تۆڕی میدیایی روداو بەرهەم هاتووە.
دەرهێنەر بەفۆرمێكی دیكۆمێنتاری، سەربوردەی ئەو پیاوە جوتیارو مەڕدارە دەگێڕێتەوە بەناو (عەلا نامیق) كە دوای ڕوخانی ڕژێمەكەی سەدام لەساڵی 20003 لەلایەن ئەمریكاو وڵاتە هاوپەیمانەكانی، بۆ ماوەی 235 رۆژ سەدام حسێنی لەكێڵگەكەی خۆیدا، لەناوچەی (دۆرە لە باشووری تكریت) حەشار داوە، لەكاتێكا (عەلا) ئەو سەركێشیە بەژیانی خۆی و خێزانەكەی دەكات، كە 150هەزار سەربازی ئەمریكی، بەتانك و فڕۆكە، لەزەوی و ئاسماندا، بەدوای دۆزینەوەی سەدامدا دەگەڕێن، جگە لەوەی ئەمریكا بڕی 200 هەزار دۆلاری بۆ هەر كەسێك تەرخان كردبوو، شوێنی خۆ شاردنەوەی سەدامیان پێ نیشان بدات.
لەو سۆنگەیەوە كە قسەو قسەڵۆكێكی زۆری لا بەلایەیی دەبارەی فیلمەكە دەكرێت و زۆرێك لە خەڵكی كوردستان فیلمەكەیان نەدیوە، پێم باش بوو، وەك چاودێرێكی سینەما پێداچوونەوەیەكی رەخنەیی بۆ فیلمەكە بكەم، بەرچاو روونیەك دەربارەی ئاستی هونەرییی فیلمەكەو شێوازی مامەڵە كردنی دەرهێنەر لەگەڵ بابەت و هەڵوێستی ئایدۆلۆژی و دەسەلاَتی هونەریی ئەو نیشان بدەم.
لە هەمان كاتدا ئەوە لەبیر خۆم ببەمەوە، كە فیلمەكە چەند خەلاَت بەدەست دێنێ ؟
چەند ولاَت داوای بینینیان كردووە؟
لەچەند فیستیڤاڵ بەشداری دەكات؟
چونكە پێم وایە زۆر جاران لەدەرەوەی ئاستی هونەرییی و فیكری و بەدەر لەو تەكنیك و تەكنەلۆژیاو قەوارە مادییەی بۆ بەرهەم هێنانی فیلمێك دەبێتە پێشبینی بۆ سەركەوتن و لە باوەش گرتنی لەلایەن ئەو دەزگا ئەكادیمیانەی فیلم هەڵدەسەنگێنن بۆ سەركەوتن لەفیستیڤاڵە نێو دەوڵەتیەكاندا، زۆر جاران پێشبینیەكان شكست دێنن و بەپێچەوانەی بۆچوونی ئەوان دەردەچن، بینەرو هەوادارانی سینەماو كۆمپانیا سینەماییەكان ئەنجامەكان بەسوپرایزەوە وەردەگرن، چونكە پێشبینیەكان پێوەرێكی جێگیریان نیە و رەنگە لەدوا چركەدا، هەموو پێشبینیەكان سەرەو ژێر ببنەوە، لەبری ئەوە كۆمەڵێ فاكتەری لابەلایی ئایینی، مەزهەبی، سیاسی، بازرگانی، ئابووری، بەپێی بەرژەوەندییە تایبەتیەكان دێنە پێشەوەو كار لەبڕیاری كۆتایی ئەو لیژنانە دەكەن.
ئەگەر دوور لەهەموو ئەو دەنگۆو هەرا نانەوە میدیاییەی بۆ فیلمی(حەشاردانی سەدام ) كراوە، دوای بینینی فیلمەكە وەك بینەر بۆت دەردەكەوێت كە میدیا زێتر لەپێویست قەبە كراوە، ئەو قەبە كردنەش كۆمەڵێ مەرامی سیاسی و ئایدۆلۆژی و فیكری لە پشتەوەیە، لە ئاستێكی نێو دەوڵەتیش دایە.

هەڵكەوت مستەفا ــــ بەپێی ئەزموونە سینەماییەكانی رابووردووی، دەرهێنەرێكە هەمیشە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت، خۆی لەتەقلیدیەت بەدوور بگرێ، سەرنجی هەوادارەكانی خۆی بەو مژارانە بەرجەستە بكات، كە دەستی دەگرن زەمینە بۆ بەرەوپێشەوە چوونی خۆش دەكەن .
وا دەردەكەوێ لەو فیلمەدا ئەركێكی قورستر لەتوانای خۆی هەڵگرتووە، كە رووبەڕووی مەترسی و هێرشی زۆری سیاسی و ئایدۆلۆژی دەبێتەوە، پرسیاری زۆر قورسی رٍووبەروو دەكرێتەوە، كە رەنگە بەرامبەر زۆر لەو پرسیارانە تووشی جۆرێك لەئاستەنگی ببێتەوە، بەلاَم ئەو لەگەڵ چاوەڕوان كردنی هەموو ئاستەنگەكان، دیارە ئامادە بووە، هەموو ئەنجامەكان قەبوڵ بكات، لەپێناو سەركەوتنی ئەو ئەزموونە تازەیەی، كە رەنگە ئەو بەلای خۆیەوە بەئەزموونێكی زۆر گران بەهای بزانێ، لەتەمەنی هونەری خۆیدا.
دەرهێنەر چۆن ئەو رووداوەی هەڵبژارد؟
هەڵكەوت ــ باس لەوە دەكات كاتێ بۆ یەكەم جار لەرۆژنامەیەكدا گوێ بیستی ناوی (عەلا نامیق) و روداوەكانی لەگەڵ سەدام دەبێت، لای خۆیەوە بڕیاری بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە دەدات، بۆیە دوو سالاَن بەدوای (عەلا) دا دەگەڕێ، تا دەیدۆزێتەوەو بەهەموو مەرجەكانی رازی دەبێت، چونكە ئەو كات پێی وابوو (عەلا نامیق) بۆ ئەو پردێكە بۆپەڕینەوە بەرەو خۆناساندنی زێترو بەجیهان بوون، لەدنیای سینەمادا.
هەر لەوێشەوە بیری لەدۆزینەوەی پشتیوانیەك كردۆتەوە، ئەو بگەیەنێتە ئەو ئامانجە، لە سەرووی هەموشیانەوە پشتیوانی ولاَتێكی وەك نەرویجی شوێنی نیشتەجی بوونی خۆی و ولاَتی سعودیە، كە كۆمەڵێ فاكتەری ئایینی، مەزهەبی، سیاسی، نەتەوەیی بەپرسی فیلمەكەی دەبەستێتەوە.
بۆیە بینەر زۆر بەحەساسیەتەوە تەماشای هەڵوێستی دەرهێنەر دەكات و دەپرسێ ،

ئایا ولاَتێكی وەك سعودیە كە ئەوەندە لەگەڵ سینەمادا كۆك نیە، چۆن پشتیوانی خۆی بۆ فیلمەكە دەربڕیوە؟
بۆچی بۆ یەكەم جار فیلمەكە لەوێ نمایش كراوە؟
ئایا دەرهێنەر لەژێر كاریگەری پشتگیری كردنی سعودیە بەو سەخاوەتە مادییە، ناچێتە ژێر باڵی خواستەكانی سعودیەو بەمەرجەكانی رازی بێت؟
تێڕوان و هەڵوێستی خودی دەرهێنەر چۆن دەبێت؟ خۆی بەكام لایەنی سیاسی دا هەڵدەواسێ؟ بەتایبەت بەرامبەر بە سەدام حوسێنێك كە زۆرێك لە گەلەكەی قات و قڕ كردووەو ئازاری زۆری پێ گەیاندون.
ئەو لەنێوان خواستەكانی سعودیە و بەرهەم هێنەرەكانی تری، وێژانی مرۆیی خۆی وەك كوردێك و دەرهێنەرێك كامیان هەڵدەبژێری؟
ئەوەی لای دەرهێنەر یەكلایی بۆتەوە و بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەكەی لاری لێ نەبووە، رووبەروو بوونەوەو زەق كردنەوەی پێشێڵكارییە نامرۆییەكانی ئەمریكایە، بەئازاردانی هاولاَتیە عیراقیەكان و گرتن و تەعزیب دانیان بەدڕندانەترین شێوازی تەعزیب دان لە گرتووخانەكانی ئەبو غرێب، دوای داگیركردنی عیراق.
زۆر لاپەڕەی شاراوەو نهێنی لای دەرهێنەرهە یە، بۆ دیاری كردنی هێڵە سەرەكییەكانی سیناریۆو رەسم كر دن و نمایش كردنی سەدام بە دەمی عەلاوە بینەر بەدوای ئەو لایەنەدا دەگەڕێ كە ریسوا كردنی ئەمریكای بەلاوەوە مەبەست بووە لە فیلمەكەدا، هەر ئەو لایەنە ئامانجی دەرخستنی سەدام و بەپاڵەوان كردنی بووە، بەتایبەت لەو دیمەنانەی (محەمەد ئیبراهیم) كۆنە سەرۆك پاسەوانی پیشووی سەدام و خودی سەدام، كاتێ نامەكەی ئەمریكا دەگەیەنێتە سەدام و مەرجەكانی ئازاد كردنی بۆ دەخاتە روو، سەدامیش رەتی دەكاتەوە.
هەر سعودیە نا هەندێ ولاَتی تری عەرەبی و ئەوروپیش دوای ئەو شكستە گەورەیەی عیراق لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە بەخۆیەوە دەیبینی، هەروا لەو هەلومەرجە سەختەی عەرەبەكان دووچاری بوون بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریكا، سۆزیان بەرامبەر بە سەدام زێتر بووەو ئەو فیلمە لەو هەلومەرجە دژوارەدا بە گرنگ دەزانن، بۆیە دەرگا بۆ فیلمەكەو هاندانی دەكەنەوە.
دەرهێنەر تێڕوانین و هەڵوێستی بەكام لادا شكاوەتەوە؟
هەر بینەرێك فیلمەكە ببینێ لەخۆی دەپرسێت ئایا دەرهێنەر گوتاری فیلمەكەی وەك بێ لایەنێك نمایش كردووە؟ یاخود بە دڵی ئەو لایەنانە كردووە، كەبۆ ئەمڕۆ سەدام بە لەپێشتر دەزانن بۆ ئەمڕۆی عیراق و ناوچەكە؟
دەرهێنەر ئەگەرچی كوردە، بەلاَم ئەو لەو كورد بوونەدا، خۆی دوورەپەرێز ڕاگرتووە ئەو ئێستا زێتر خۆی داوەتە پاڵ ئەوەی سەدام وەك مرۆڤێكی نا دكتاتۆر نیشان بدات، وەك چۆن ئەڵمانیەكان هیتلەرو تاوانەكانی وەك مۆركی شەرمەزاری بەسەر ئەڵمانیاوە دەبینن، ئەو دەرهێنەرە كوردەش نایەوێ سەدام وەك تاوانبار نیشان بدات، بەڵكو دەیەوێ بە جیهان بڵێ ئەو خۆشەویست بوو لای گەلەكەی، بۆیە سەدام لەچەندین ڤیدیۆ نیشان دەدات لەناو ئاپۆرای خەڵكەكەو شایی كردن و گەڕان بە ناویاندا، تا دوا ڕۆژانی ڕوخاندنی پەیكەرەكەی.

هەڵكەوت مستەفا لە نێوان سیاسەت و سینەمادا
لەهەموو ئەو پرسیارانە گرنگتر ئەوەیە (هەڵكەوت مستەفا) تا چەند دەتوانێ ئەمانەتی پیشەكەی خۆی بپارێزێ وەك دەرهێنەرێك و بەدیدێكی سینەمایی قوڵ بەرجەستەی ئەو ئامانجە بكات كە دیاری كردووە، بێ ئەوەی بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو تەوژمانەی قەستی ئەوە دەكەن دەرهێنەر بكەن بە داردەستێك بۆ گەیاندنی پەیامێك بۆ جیهان، دەربارەی سەدام حوسێن و كۆتایی رۆژانی دوایی چارەنووسی.
دوای بینین، فیلمەكە بەشێوازێكی سروشتی وەلاَمی هەموو ئەو پرسیارانەت دەداتەوە، كە لە مێشكت دا گینكڵیان خواردووە، بەلاَم دەبێت بەسێ تەوەری جیا شەن و كەوی فیلمەكە بكەیت، كە بریتین لە :

  1. تەوەری گێڕانەوەی عەلا نامیق
    2 .تەوەری هونەریی و تەكنیكی
    3.تەوەری نواندن و وێنەگرتنی روداوو قسەكانی عەلا.

    بۆ تەوەری یەكەم :
    ستایلی فیلمی دیكۆمێنتی پێویستی بەبەڵگە هەیە و تا بەڵگەی پێویستت لەبەردەست دا نەبێت، ناتوانی متمانەی بینەر بەدەست بێنی، بۆیە بینەر لەسەرەتای فیلمەكە تا كۆتایی گومانی لەگێڕانەوەكەی قسەكانی عەلا هەیە، كە دەرهێنەر كردویەتی بەبنەمای فیلمەكەی.
    هیچ بەڵگەیەك بەدەستەوە نیە هەموو ئەو روداوانەی نێوان سەدام و عەلا وەك خۆی تۆمار كرابێت، یان داڕشتنێكی تری بۆ نەكرابێت، بەپێی خواستی لایەنی بەرهەم هێنان و دەرهێنەر.
    دەرهێنەر لەلێدوانەكانیدا خۆی خستۆتە دەرەوەی بازنەی سیاسی و هەموو شتێكی داوەتە پاڵ عەلا، گوایە ئەو تەنیا قسەكانی عەلا وەك خۆی تۆمار دەكات، بەلاَم ئەم قسە سەرپێیانەی ئەو شتێكەو ئەوەی لەفیلمەكەشدا دەیبینین شتێكی ترە، هیچ بینەرێك بڕوا بەوە ناكا، دەرهێنەر بیروبۆچوونەكانی لەگەڵ كاراكتەری سەرەكی فیلمەكەی لێك جیا بێت، تەنانەت ئەگەر متمانەی تەواوی بەقسەكانی نەبێت ئامادەی ئەوە نابێت فیلمێك لەسەر بنچینەیەكی بەتاڵ بەرهەم بێنێ.
    ئەوەی عەلاش دەیگێڕێتەوە، هەوڵێكە بۆ پاككردنەوەی میّژووی تاوانەكانی سەدام، بەتایبەت كاتێ عەلا لەكۆتاییەكانی فیلمەكە بەئاشكرا خۆی دەاتە لایەنگیرێكی سەدام و دەڵێت سەدام دكتاتۆر نەبوو وەك دەەڵێن.
    هەروا دەرهێنەریش بەوێنە خۆی دەداتە پاڵ عەلا كاتێ روداوی دەرهێنانی سەدام لەناو چاڵەكە بەدەستی سەربازە ئەمریكیەكان دەشارێتەوە و دیمەنێكی هێمادار دروست دەكات، لەبری راكێشانی سەدام و دەرهێنانی بەبێ هۆشی، تەنیا دەستێكی سەدام بە بەرز كراوی نیشان دەدا وەك هێمایەك بۆ سەركەوتن .

    2.لایەنی هونەریی و تەكنیكی:
    دەرهێنەر لەزۆرینەی ئەو ئەرشیفانەی لەهەواڵگری ئەمریكاو عیراق بۆ فیلمەكە بەكاری هێناون، دەردەكەوێت كە سێ بەشی ئەو فیلمە دیكۆمێنتیانە لای بینەر نامۆ نین وچێژێك بەبینەر نابەخشن، لەبەر ئەوەی بینراون و خەڵكی لەدووبارە بینینەوەیان تێر بووە، ئەمە وای كردووە شتێكی نوێ لەفیلمەكەدا نەبینی، كە پێشتر نەزانرابێ و بلاَو نەبووبێتەوە، تەنانەت ئەوەی عەلاش دەیانگێڕێتەوە دەربارەی چاڵەكە هیچ شتێكی نوێ ی تێدا نیە .
    ئامانجی دەرهێنەر تەنها ئەوەندە بووە كە بەهۆی ئەو فیلمە دیكۆمێنتیانە, درێژە بەماوەی فیلمەكە بدات.
    3.تەوەری نواندن و وێنەگرتنی قسەكانی عەلا
    دەرهێنەر ویستویەتی پەردەیەكی شاراوە بەرووناكی و تاریكی بەسەر روخساری سەدام دا بكێشێ، بۆ ئەوەی رووی لەیەك نەچووی سەدام و ئەكتەرەكە بشارێتەوە، زۆربەی دیمەنەكانی لە پشتەوە، یا بەلەچەك و چاویلكەی رەشەوە، بی دەنگ و دیالۆگ گیراون، بۆ ئەوەی فۆرمی فیلمێكی بەڵگەدار بداتە فیلمەكە، بەلاَم ئەو ئەكتەرەی رۆڵی سەدامی بینیووە، ئەكتەرێكی لیهاتوو نەبوو لەو رۆڵەدا، جگە لەدوری مەودای لێك چوونیان.
    دەرهێنەر سەركەوتوو بووە لەدیاری كردنی لوكێشنەكان و لەیەك چوونیان لەگەڵ لوكێشنی راستەقینەی رووداوەكان، بەلاَم سوودی زۆری لەفیلمە بەڵگەدارەكانی هەواڵگری ئەمریكا وەرگرتووە، بە تایبەت شوێنی جوگرافی، وێنەی چاڵەكەو رووبارو مەزرەعەكەی عەلا.

    لە كۆتاییدا:
    بەگشتی دەرهێنەر ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆی عیراق و كێشەی فەڵەستین و هێرشەكانی ئیسرائیل و بێ دەسەلاَتیان بەرامبەر بەو ستەمەی دەكرێت، باری نا سەقامگیری عیراق و گەندەڵی و كۆیلایەتیان بۆ دەوروبەر، هەموو ئەو هەلومەجەی قۆرخ كردووە بۆ ئەوەی رووی ئەوەی هەبێت، تاوانبارێكی گەورە بەو فۆرم و تەكتیكە نیشان جیهان بداتەوەو جیهانیش دەرگای بۆ بكاتەوە.
    ئەمە لەرووە سیاسییەكەیەوە، بەلاَم لەرووە تەكنیكی و هونەرییەكەوە شتێكی نوێمان لە هەڵكەوت نەبینی، ئەگەرچی رەنگە ئەو ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر هاتبێتەوەو رێگەیەكی سەخت و دژواری بڕیبێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە .
    بژاركردنی ئەو بابەتە سییاسیە و ئەو فۆرم و ستایلەش دیسان هەر بۆ ئەو فۆرمێكی نوێ بوو، ئەزموونێكی دەوڵەمەندی تێدا نەبوو، بۆیە پێشتریش گوتم: خۆی لەقەرەی بابەتێكی قورس و ئاڵۆز داوە، كە بۆ ئەو هەڵگرتنی سەختە.




فیلمی سینه‌مایی کوردی “زاڵاوا” خه‌ڵاتی بیست و دووهه‌مین “جه‌ژنی حافز”ی بەده‌ستهێنا

مه‌نسوور جیهانی ـ

فیلمی سینه‌مایی کوردی “زاڵاوا” له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری کورد “ئه‌رسه‌لان ئه‌میری” خه‌ڵاتی تایبه‌تی بیست و دووهه‌مین خولی “جه‌ژنی سینه‌مایی حافز”ی بەده‌ستهێنا.

ڕێوڕه‌سمی پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌کان به براوه‌کانی بیست و دووهه‌مین خولی “جه‌ژنی حافز” دوای ساڵێک وه‌ستان، به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی “ئومید موعه‌لیم” و به به‌رهه‌مهێنانی خاتوو “ئازه‌ر مێعماریان‌” له هوتێل “ئێسپیناس پاڵاس” له شاری تاران به‌ڕێوه‌چوو و خه‌ڵاتی‌ باشترینه‌کانی سینه‌ما و ته‌له‌فیزیۆنی ئێران به سه‌رکه‌ووتوان به‌خشرا.

“محه‌مه‌دڕه‌زا عه‌لیمه‌ردانی” پێشکه‌ش کاریی ئه‌م جه‌ژنه‌ی به‌شی که‌رتی تایبه‌تی ئێران و هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ری به‌رنامه‌که‌ش له ئه‌ستۆی “عه‌لی ئۆجی” بوو.

سه‌رکه‌وتووانی به‌شه‌کانی سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆنی بیست و دووهه‌مین خولی جه‌ژنی سینه‌مایی “خه‌ڵاتی حافز” بریتی بوون له:

سینه‌ما:
باشترین فیلم: پێشکه‌ش کرا به فیلمی سینه‌مایی “دیداری تایبه‌ت” (ملاقات خصوصی) له ده‌رهێنانی “ئومید شه‌مس”
باشترین ده‌رهێنان: به‌خشرا به “ئایدا په‌ناهه‌نده” بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی “تی تی”
باشترین سیناریۆ: به شێوه‌ی هاوبه‌ش به‌خشرا به “ئومید شه‌مس”، “به‌هرام ئه‌رک”، “عه‌لی سه‌رئاهه‌نگ” بۆ نووسینی سیناریۆی “دیداری تایبه‌ت”
باشترین ئه‌کته‌ری ئافره‌ت: به شێوه‌ی هاوبه‌ش به‌خشرا به خاتوو “ئێلناز شاکردووست” بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “تی تی” و خاتوو “سه‌ده‌ف ئێسپه‌هبۆد” بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “له‌وه‌ڕگه” (علفزار)
باشترین ئه‌کته‌ری پیاو: به شێوه‌ی هاوبه‌ش به‌خشرا به “پێژمان جه‌مشیدی” بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “له‌وه‌ڕگه” و “به‌هرام ئه‌فشاری” بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی “فوسیل”
باشترین مۆسیقا: پێشکه‌ش کرا به مامۆستا “حوسێن عه‌لیزاده” بۆ ئاوازدانه‌ری فیلمی سینه‌مایی “ئاتابای” له ده‌رهێنانی خاتوو “نیکی که‌ریمی”
باشترین مونتاژ: به‌خشرا به “عیماد خودابه‌خش” بۆ مونتاژی فیلمی سینه‌مایی “بێ هه‌موو شتێک” (بی همه چیز)
باشترین به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن: پێشکه‌ش کرا به “وه‌حید ئیبڕاهیمی” بۆ وێنه‌گرتنی فیلمی سینه‌مایی “باروودۆخی مێهدی” (موقعیت مهدی)
خه‌ڵاتی ڕه‌وانشاد “عه‌باس کیاڕۆسته‌می”: به‌خشرا به “عه‌لی بێهڕاد” بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی “تێڕوانین” (تصور)
باشترین به‌ڵگه‌فیلم: پێشکه‌ش کرا به “سیاوه‌ش سه‌فاریان پوور” بۆ ده‌رهێنانی “که‌پیتانی من” (کاپیتان من)
باشترین کورته‌فیلم: به‌خشرا به “سه‌مه‌د عه‌لیزاده‌” بۆ ده‌رهێنانی “سێزده‌ ساڵی” (سێزده سالگی)
ده‌ستکه‌وتی تایبه‌تی تاکه‌که‌سی: به‌خشرا به “هادی حیجازی فه‌ڕ”

ته‌له‌فیزیۆن:
باشترین گۆرانی تیتراژی فیلم یا زنجیره‌دڕاما: به‌خشرا به گۆرانیبێژی کورد “موحسین چاووشی” بۆ خوێندنی گۆرانی “وازم لێبێنه” (رهایم کن) و “عه‌لیڕ‌ه‌‌زا قوربانی” بۆ خوێندنی گۆرانی “بێ تاوان” (بی گناه)
باشترین ڕوخساری ته‌له‌فیزیۆنی: پێشکه‌ش کرا به “عادڵ فیرده‌وسی پوور” بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌رنامه‌ی “کۆمه‌ڵه‌ی تۆپی پێی ٣٦٠”
باشترین سیناریۆی ته‌له‌فیزیۆنی: به شێوه‌ی هاوبه‌ش به‌خشرا به “جه‌مشید مه‌حموودی” و “ڕه‌زا به‌هاروه‌ند” بۆ نووسینی سیناریۆی “پێستی شێر” (پوست شیر)
باشترین ده‌رهێنانی ته‌له‌فیزیۆنی: به شێوه‌ی هاوبه‌ش به‌خشرا به “نیما جاویدی” بۆ ده‌رهێنانی زنجیره‌دڕامای “ئاکتۆر” و “جه‌مشید مه‌حموودی” بۆ ده‌رهێنانی زنجیره‌دڕامای “پێستی شێر”
باشترین زنجیره‌دڕاما: پێشکه‌ش کرا به زنجیره‌دڕامای ته‌له‌فیزیۆنی “پێستی شێر”
باشترین ئه‌کته‌ری ئافره‌ت، کۆمیدیای ته‌له‌فیزیۆنی: به‌خشرا به خاتوو “ڕۆیا ئه‌فشار” بۆ ڕۆڵ بینین له زنجیره‌دڕامای “ئانتێن”
باشترین ئه‌کته‌ری ئافره‌ت، ‌دڕامای ته‌له‌فیزیۆنی: به‌خشرا به خاتوو “هودا زه‌ینولعابدین” بۆ ڕۆڵ بینین له زنجیره‌دڕامای “وازم لێبێنه”
باشترین ئه‌کته‌ری پیاو، کۆمیدیای ته‌له‌فیزیۆنی: پێشکه‌ش کرا به “مێهران غه‌فووریان” بۆ ڕۆڵ بینین له زنجیره‌دڕامای ته‌له‌فیزیۆنی “پیکابی شین” (نیسان آبی)
باشترین ئه‌کته‌ری پیاو، ‌دڕامای ته‌له‌فیزیۆنی: پێشکه‌ش کرا به “عه‌لیڕه‌زا که‌ماڵی” بۆ ڕۆڵ بینین له زنجیره‌دڕامای “پێستی شێر”
خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ران: به‌خشرا به فیلمی سینه‌مایی کوردی “زاڵاوا” له ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری سنه‌یی “ئه‌رسه‌لان ئه‌میری”
باشترین ده‌ستکه‌وتی ته‌کنیکی و هونه‌ری: پێشکه‌ش کرا به “ئه‌میر حوسێن قودسی” بۆ فیلمی سینه‌مایی “بێ هه‌موو شتێک”.

ڕێزیی تایبه‌ت له ته‌مه‌نێک خه‌باتی هونه‌ریی:
هه‌ر له‌ ڕێوڕه‌سمی کۆتایی بیست و دووهه‌مین خولی جه‌ژنی “سینه‌مایی حافز”، ڕێزیی تایبه‌ت له ته‌مه‌نێک خه‌باتی هونه‌ریی “بێهزاد فه‌راهانی” ئه‌کته‌ری ناوداری سینه‌ما، شانۆ و ته‌له‌فیزیۆنی ئێران گیرا.

زنجیره‌دڕامای هه‌ڵبژارده له به‌رهه‌مه‌ ته‌له‌فیزیۆنی و که‌ناڵی په‌خشی خۆماڵی ساڵی ٢٠٢١:
به‌خشرا به “خاتوون” له ده‌رهێنانی “تینا پاکڕه‌وان” (ئه‌م زنجیره‌دڕامایه له به‌شی پێشبڕکێدا نه‌بوو).




“مێسی بەغدا” نوێترین فیلمی سینەمایی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفە

فیلمی “مێسی بەغدا” سێ خەڵاتی سەرەکیی لە 26مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا (Arpa International Film Festival) لە هۆلیوود لە ئەمریکا بەدەستهێنا.

“مێسی بەغدا” بووە براوەی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین سیناریۆ و لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا کێبڕکێی لەگەڵ 11 فیلمی جیهانیدا دەکرد.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا ماوەی 26 ساڵە بەردەوامە و چالاکییەکانی ئەمساڵی لە 29ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە هۆلیوودی لۆس ئەنجلس دەستپێکرد و لە 17ـی تشرینی دووەم کۆتاییهات.

“مێسی بەغدا” نوێترین فیلمی سینەمایی سەهیم عومەر خەلیفە، لە دوای بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا، خەڵاتێکی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “Schlingel” لە ئەڵمانیا بەدەستهێنا و لە 45مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی خەڵات دەکات، بەڵام بەهۆی شەڕی غەززەوە دواخراوە.

“مێسی بەغدا” لە 28مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “Schlingel” لە شاری کێمنێتس ئەڵمانیا بەشداربوو کە تایبەتە بە فیلمی منداڵان و گەنجان و لە 23 تاوەکو 30ـی ئەیلوولی 2023 بەڕێوەچوو و خەڵاتی لیژنەی دادوەری گەنجانی وەک باشترین فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.

لە حوزەیرانی ئەمساڵ، “مێسی بەغدا” بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا کردووە، لەوانە 25مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگهای کە بەربژێری سێ خەڵات بوو و لە هەمان مانگ لە 63یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی زلینە لە چیک بەشداربوو.

هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا؛ لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن. کۆمپانیای وایلد بۆنچ کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.

کورتەفیلمی “مێسی بەغدا” براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، لە 2022 وەک فیلمێکی بڵندی سینەمایی بەرهەمهێنرا و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.




فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان” به ناوه‌رۆکی هونه‌ری ـ گه‌شتیاری‌ لە شاری مەهاباد به‌ڕێوه‌ده‌چێت

مەنسوور جیهانی

یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سه‌رئاوه‌ڵای “ئاسمان” به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هونه‌ری و گه‌شتیاری‌ لە لایەن ئەنستیتۆی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” بە بەرپرسیاری “ئیبڕاهیم سەعیدی” سینەماکاری ناودار و بەرئەزموونی کورد، لە شاری مەهاباد به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئەنستیتۆی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” بە هاوکاری و پشتیوانی شاره‌وانی و کۆمیسیۆنی که‌لتووری شۆڕای شاری مەهاباد، ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و هه‌روه‌ها ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی مەهاباد؛ یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی کورته‌فیلم، سیناریۆ و فۆتۆگڕافی سه‌رئاوه‌ڵای “ئاسمان” له‌ سه‌ر ته‌وه‌ره‌‌کانی هونه‌ری و گه‌شتیاری‌ لە شاری مەهاباد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌بات.

ئه‌م فێستیڤاڵه، له‌ سه‌ر بنه‌مای بردنه‌سه‌رێی ئاستی هونه‌ری سینه‌ما و ڕۆشنبیری و که‌لتووری ناوچه‌که، ڕاکێشانی هۆگرانی گه‌شتیاریی لە شاری مەهاباد و ناوچه‌که؛ له سه‌ره‌تای مانگی سێپته‌مبه‌ری هه‌موو ساڵێک بۆ ماوه‌ی ٤ ڕۆژ له گۆڕه‌پانی سه‌ره‌کی شاری جوان و گه‌شتیاری‌ مەهاباد به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان”، به‌رهه‌مه‌ سه‌ره‌کی و لاوه‌کییه‌کان؛ هه‌موو شه‌وێک له شوێنی سه‌رئاوه‌ڵای گۆڕه‌پان و ناوچه‌ی سه‌ره‌کی شاری ‌واته “گۆڕه‌پانی مه‌نگوڕان” له ٢ سانسی پیشان ده‌درێن و به درێژایی ڕۆژیش، کۆر و کۆبوونه‌وه‌ی پسپۆڕانه و ڤۆرکشۆپی فێرکاریی به ئاماده‌بوونی مامۆستایان و کارناسانی به‌رچاو و شاره‌زای سینه‌ما و فۆتۆگڕافی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

میوانانی ئاماده‌بوو له فێستیڤاڵ و ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی که له کاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه‌‌ سه‌ردانی شاری مەهاباد و ناوچه‌ی موکریان ده‌که‌ن؛ به شێوه‌ی هاوکاتیش، له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندی و توانا فه‌رهه‌نگی و هونه‌رییه‌کانی ئه‌م ناوچه ڕه‌سه‌ن و جوانه ئاشنا ده‌بن. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه، به‌رنامه لاوه‌کییه‌کان بۆ ناساندنی که‌لتوور و ڕۆشنبیری مه‌هاباد و ناوچه‌که داڕێژڕاوه و پلانی بۆ داندراوه و به درێژایی ڕۆژ، له ناوچه جۆراوجۆره‌کانی شاری ماهاباد پێشکه‌ش ده‌کرێن.

دامه‌زراندنی ئه‌م فێستیڤاڵه، دوای ٤ ساڵ کاری کارناسی له لایه‌ن پسپۆڕانی ئەنستیتۆی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” ئاماده کراوه؛ که به هاوکاری و پشتیوانی ئه‌ندازیار “بابه‌ک ڕۆسته‌م پوور”
شاره‌وانی شاری مەهاباد و هه‌روه‌ها دکتۆر “ئاڕش شه‌هابی” سه‌رۆکی شۆڕای ئه‌م شاره، به دروشمی بردنه‌سه‌رێی ئاستی که‌لتووری شارۆمه‌ندی و له پێناو خوڵقاندنی که‌شووهه‌وای گونجاوی په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ڵکی و گه‌شتیاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

لۆگۆی یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سه‌رئاوه‌ڵای “ئاسمان”، له لایه‌ن “مه‌نسوور محه‌مه‌دی” گڕافیست و فۆتۆگڕافه‌ری ناوداری مه‌هابادی دیزاینی بۆ کراوه؛ هێمای فێستیڤاڵ، له نیشانه‌ی مێژوویی “فه‌قره‌قا” Fakhrigah و تێکه‌ڵاوێک له فیلم و وه‌رچه‌رخانی ڕه‌وان له به‌ستێنی شینایی ئاسمان، دیسانه‌وه پێناسه‌یه‌کی ساکار و مۆدێڕنه له شوناسی که‌لتووری و مێژوویی مه‌هاباده که تیایدا هونه‌ر پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. مێژووی شوێنه‌واری به‌ردینه‌ی “فه‌قره‌قا” بۆ سه‌رده‌می ماده‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه که له ته‌نیشت گوندی “ئیندرقاش” له نزیک شاری مه‌هاباد هه‌ڵکه‌وتووه.

ئەنستیتۆی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان”، ساڵی ڕابردوو؛ یەکەمین خولی فێستیڤاڵی سیناریۆنووسی “لاو” لە پێناو ناساندن و بردنەسەرێی ئاستی سیناریۆنووسی ناوچەکە، به سه‌رکه‌وتوویی و له ئاستێکی گونجاودا بەڕێوەبرد که هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌کانی ئه‌م ڕووداوه گرینگه سینه‌ماییه له ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی سه‌رتاسه‌ری ئێران و هه‌روه‌ها هه‌رێمی کوردستان، پێشوازییه‌کی بێوێنه‌ی لێکرا و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌ربڵاویی به‌دواوه بوو.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان”.




فیلمی کوردی “خاڵا تارییا” چوار خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی ئه‌سته‌نبووڵی به‌ده‌ست هێنا

  • مەنسوور جیهانی

فیلمی کوردی “خاڵا تارییا” In The Blind Spot لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش” و له دەرهێنانی سینەماکاری کورد “ئایشە پۆلات”، چوار خه‌ڵاتی له چل و دووهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئه‌سته‌نبووڵ” له تورکیا به‌ده‌ست هێنا.

فیلمی سینه‌مایی “خاڵا تارییا” In The Blind Spot لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای سینه‌مایی “میتۆس فیلم” Mitosfilm بە به‌ڕێوه‌به‌ری سینەماکاری کورد “مەمەد ئەکتاش” Mehmet Aktaş و له نووسین و دەرهێنانی “ئایشە پۆلات” Ayşe Polat دەرهێنەری باکووری کوردستان، له بەرهەمهێنەری هاوبەشی کۆمپانیای “پۆنکت” و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کانی WDRو Arteو به‌رهه‌می وڵاتی ئه‌ڵمانیا، له نوێترین و دووهه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا له به‌شی پێشبڕکێی “نه‌ته‌وه‌یی” له چل و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئه‌سته‌نبووڵ” Istanbul له وڵاتی تورکیا نمایش کرا و توانی چوار خه‌ڵاتی ئه‌م رووداوه گرینگه سینه‌ماییه به‌ده‌ست بێنێت، له‌وانه: خه‌ڵاتی باشترین فیلم بۆ “مەمەد ئەکتاش”، خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ “ئایشە پۆلات”، خه‌ڵاتی باشترین مۆنتاژ بۆ “سه‌رحه‌ت مۆتلۆ” Serhat Mutlu و “یۆرگ ولکمار” Jörg Volkmar و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی “فیپێڕشی” FIPRESCI واته فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلم به هۆی “ته‌رکیز له‌سه‌ر جیاوازییه‌ ئه‌خلاقییه‌کان له کرده‌وه‌ی رۆژانه‌ی که‌سه‌کان و گرینگترین بایخه‌کانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا”.

“ئایشە پۆلات” ده‌رهێنه‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه سینه‌ماییه، دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ؛ به شانازییه‌وه ئه‌م خه‌ڵاته پڕبایخه‌ی خۆی پێشکه‌ش به دایکانی شه‌ممه کرد که منداڵان و بنه‌ماڵه‌کانیان له لایه‌ن حکومه‌تی تورکیاوه ساڵانێکی دوور ر درێژه بێسه‌ر و شوێن کراون.

“مەمەد ئەکتاش” بەرهەمهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “خاڵا تارییا” لە وتارێکدا رایگه‌یاند: زۆر به‌خته‌وه‌رین که چالاکی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ له لایه‌ن فیلمه‌که‌ی ئێمه‌وه گرینگی ئه‌وتۆی پێدرا.

“خاڵا تارییا” که له لایه‌ن کۆمپانیای “ئارت هوود ئینتەرتەیمنت” ArtHood Entertainment له ئاستی دنیادا بڵاوده‌بێته‌وه، له یه‌که‌مین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “به‌رکه‌وتنه‌کان” Encounters لە حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “بەرلین” Berlinale لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش کرا و کاندیدی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئەم رووداوه‌ پڕبایخ و پله‌ یه‌که‌می سینەمای جیهان بوو.

فیلمی سینه‌مایی In The Blind Spot لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لە بارەی ژیانی “ئەیووب ئازیز چاپکورت”، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.

چل و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئه‌سته‌نبووڵ” به نمایشی ٥٩ به‌رهه‌م له ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی نێوده‌وڵه‌تی، بەشی پێشبڕکێی نه‌ته‌وه‌یی، بەشی پێشبڕکێی نه‌ته‌وه‌یی “کورته فیلم”، بەشی پێشبڕکێی نه‌ته‌وه‌یی “به‌ڵگه‌فیلم” و چه‌ندین به‌شی دەرەوەی پێشبڕکێی له رۆژانی ٧ تا ١٨ی ئه‌پریلی ٢٠٢٣ لە شاری ئه‌سته‌نبووڵ لە وڵاتی تورکیا به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

https://film.iksv.org/en




“کیسەڵەکانیش دەفڕن” لە دەرهێنانی “بەهمەن قوبادی” لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهان

مەنسوور جیهانی

فیلمی سینەمایی کوردیی “کیسەڵەکانیش دەفڕن” لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەن قوبادی” لە تەنیشت دەرهێنەرە ناودارەکانی سینەمای دنیا لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهاندایە.

فیلمی سینەمایی کوردیی “کیسەڵەکانیش دەفڕن” Turtles Can Fly لە دەرهێنانی سینەماکاری بەئەزموونی کورد “بەهمەن قوبادی” کە بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا زیاتر لە 100 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی دنیادا بەشداریی کردووە و زیاتر لە 50 خەڵاتی جیهانی بۆ کوردستان بەدەستهێناوە و یەکێکە لە پڕشانازیترین فیلمەکان لە مێژووی سینەمای کوردستان و ئێران، بەمدوایانە لە لایەن ماڵپەڕی سینەمایی “ستار لۆکاڵ میدیا” Star Local Media لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهاندایە کە تیایدا ناوی کۆمەڵێک شاکاری دەرهێنەرە ناودارەکانی سینەمای دنیا بەرچاو دەکەوێت، لەوانە: “ئستانلی کوبریک”، “میلیش فۆڕمەن”، “تڕێنس مالیک”، “چاڕلی چاپڵین”، “فڕانسیس فۆڕد کاپۆلا”، “ئۆلیوێر ئستۆن”، “پارک جان ووک”، “ئێرۆڵ مۆریس”، “ژان ڕێنوار” و … .

لە وتارێکدا کە لە لایەن “کاترینا سیرۆتا” Katrina Sirotta نووسەر و ڕخنەگری سینەمایی لە ماڵپەڕی “ستار لۆکاڵ میدیا” Star Local Media بە مانشێتی “30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕ” 30great anti-war movies نووسراوە، هاتووە: ئستاکێر سەبارەت بە میژووی ئەو فیلمانەی کە ناوەرۆک، شێواز و چۆنییەتی دەنگ یا هەستی زۆر قورسی دژی جەنگیان هەبێت تۆژینەوەی کرد و 30 فیلم لە باشترینەکانی جیهانی دەستنیشان کرد و گرینگی ئه‌وتۆی پێدان.

لە درێژەی ئەم وتارەدا نووسراوە: چ فیلم گەلێک یارمەتی بینەری داوە کە ئاکامەکانی شەڕ وەبیربێننەوە و بۆچی ئاشتی ئێستاش ئامانجێکی گرینگە. چونکە شەڕ بابەتێکی ناخۆشە و بەردەوام لە مێژوودا جێی باسە. ئەم 30 فیلمەی کە هەڵبژێردراون لە شیکردنەوەی شەڕی جیهانی یەکەم تەنیا چەند مانگ دوای کۆتایی هاتنی جەنگ تا ڕەخنەی شەڕەکانی ئەم دوایانە و هەروەها بیرووبۆچوونە مۆدێڕنەکان سەبارەت بە ڕووداوە مێژوویەکان لە خۆ دەگرن.

لە بەشێکی دیکەی وتاری “کاترینا سیرۆتا”دا هاتووە: ئەم فیلمانە دەریدەخات کە چۆن دەرهێنەرەکان ڕێگای جۆراوجۆر بۆ کێشانی پەتەکانی دڵ و گەیاندنی پەیامەکانی خۆیان، بە کەڵک وەرگرتن لە دڕام بۆ بە وێنەکردنی نەهامەتییەکانی شەڕ یا تەنانەت هۆگرایەتی بە کۆمیک یا کۆمێدیان دۆزیوەتەوە. ئەم لیستە ئەو چیرۆکە خەیاڵاویی، ئەو فیلمانەی کە لەسەر ڕووداوە ڕاستەقینەکان، بەڵگەفیلم، فیلمە ئەنیمەیشنییەکان و تەنانەت فیلمە موزیکییەکان لە خۆدەگرێت و دەیسەلمێنێت کە ڕێگای جۆراوجۆر بۆ پێشکەش کردنی بابەتێکی بەهێز بوونی هەیە.

لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهان، کۆمەڵێک شاکاری دەرهێنەرە ناودارەکانی سینەمای دنیا تیایدا بەرچاو دەکەوێت کە هەندێک لە داهێنەرەکانیان بریتین لە: “ئستانلی کوبریک”، “میلیش فۆڕمەن”، “تڕێنس مالیک”، “چاڕلی چاپڵین”، “فڕانسیس فۆڕد کاپۆلا”، “ئۆلیوێر ئستۆن”، “پارک جان ووک”، “ئێرۆڵ مۆریس”، “ژان ڕێنوار”، “پیتێر وایێر”، “ئابێل گانس”، “تیێری جۆڕج”، “مایکێل چیمینۆ”، “ئیسائۆ تاکاهاتا”، “ئلێم کلیمۆف”، “کۆن ئیچیکاوا”، “میخائیل کالاتازۆف”، “پیتێر دێیویس”، “پائۆل وێرهۆفێن”، “ڕۆبێرت ئاڵتمان”، “ئێدواڕد بێرگێر” و … .

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://starlocalmedia.com/lifestyles/entertainment/30-great-anti-war-movies/collection_f23095d5-7d0a-5241-9912-d4cc7ba99203.html#1




مەمەد ئەکتاش: خۆشحاڵم که “خاڵا تارییا” له باشترین فێستیڤاڵی جیهان نمایش ده‌کرێت

مەنسوور جیهانی / بەڕلین ـ

“مەمەد ئەکتاش” بەرهەمهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “خاڵا تارییا” گوتی: خۆشحاڵم که ئه‌م فیلمه کوردییه له فێستیڤاڵی به‌ڕلیناله وه‌کوو یه‌کێک له سێ باشترین فێستیڤاڵی هه‌ره گه‌وره‌ی جیهان نمایش ده‌کرێت.

“مەمەد ئەکتاش” Mehmet Aktaş بەرهەمهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “خاڵا تارییا” In The Blind Spot لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “ئایشە پۆلات” Ayşe Polat سه‌باره‌ت به به‌شداریی ئه‌م به‌رهه‌مه کوردییه له بەشی پێشبڕکێی ‘ئەنکاونتەرس’ Encounters لە 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلین” Berlinale لە وڵاتی ئەڵمانیا گوتی: “ئایشە پۆلات” چوار ساڵ پێش ئێستا چیرۆکی سیناریۆکه‌ی هێنا و به‌ڕاستی گه‌لێک زۆر حه‌زم لێکرد. سیناریۆی ئه‌م فیلمه کوردییه له‌سه‌ر گرووپێکی تاریکه که له لایه‌‌ن حکومه‌تی تورکیاوه هاتوون که هه‌ندێک مافیایین و پارێزەرێکی کوردی مافەکانی مرۆڤ ده‌کووژن و تیمێکی ڕۆژنامه‌نووسی ئەڵمانی به شوێن ئه‌م خاڵ و بواره‌دا ده‌ڕۆن و به‌دواداچوونی بۆ ده‌که‌ن. چیرۆکی ئه‌م فیلمه له لایه‌ن چاوی منداڵێکه‌وه بۆ بینه‌ر ده‌گێردرێته‌وه، یانی له چاوی منداڵێکه‌وه کاره‌کانی ئه‌م گرووپه تاریکه ده‌رده‌که‌وێت.

گوتیشی: فیلمه‌که نه ته‌نیا مژاری خۆی به‌ شێوه‌ی ته‌کنیک باس ده‌کات، به‌ڵکوو به پڕێسپێکتیوی سێ کامێڕا چیرۆکه‌که ده‌گێڕدرێته‌وه. من گه‌لێک خۆشحاڵم که فیلمی سینه‌مایی “خاڵا تارییا” له یه‌کێک له باشترین فێستیڤاڵه‌کانی جیهان نمایش ده‌کرێت. “ئایشە پۆلات” ده‌مێکی درێژه که هه‌واڵی نزیکی منه، ئه‌و بۆخۆی خه‌ڵکی شاری “ماڵاتیا” له باکووری کوردستانه و له وڵاتی ئه‌ڵمانیا گه‌وره بووه و هه‌ر لێره سینه‌مای خوێندووه.

ئه‌م سینەماکاره کورده له درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: پێش فێستیڤاڵی به‌ڕلیناله، “ئایشە پۆلات” له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لۆکاڕنۆ” له وڵاتی سویسڕا بوو و خه‌ڵاتی گه‌وره‌‌ی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی وه‌رگرت. له‌ ناو سینه‌مای کوردیدا ده‌رهێنه‌ری ژنی کوردمان که‌م هه‌یه، که‌ ئه‌و یه‌کێک له‌وانه.

ئه‌کتاش ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: فیلمی سینه‌مایی “خاڵا تارییا” له بەشی پێشبڕکێی ‘ئەنکاونتەرس’ Encounters لە 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “بەڕلین”، کاندیدی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته و هه‌تا ئێستاش وه‌کوو کاندیدا دێته نیشاندان، زۆر خۆشحاڵم که فیلمێکی کوردی له ده‌رهێنانی ژنێکی کورد، له فێستیڤاڵی به‌ڕلیناله‌یه و ئێمه‌ش لێره له‌گه‌ڵ فیلمه‌که‌ین.

بەرهەمهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “خاڵا تارییا” سه‌باره‌ت به شوێنی وێنه‌گرتنی فیلمه‌که گوتی: ئەم بەرهەمە لە رۆژانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە شاری قەرس و بازیدی باکووری کوردستان و نزیک سنووری ئێران و به‌شێکی بچووکیشی له شاری هامبۆرگ له وڵاتی ئه‌ڵمانیا وێنەگیراوە. به‌داخه‌وه ئه‌وکات نه‌خۆشبووم و نه‌متوانی بچم بۆ سه‌‌ر سه‌حنه‌ و سه‌ردانیی ستافه‌که بکه‌م. به هاوکاری تیمێکی ئه‌ڵمانی و کوردی ئه‌و فیلمه‌مان ساز کرد. WDRو Arteدوو ته‌له‌ڤیزیۆنی گرینی ئه‌ڵمانیا به‌شداری به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و فیلمه بوون. بوودجه‌ی ئه‌م فیلمه ٢ میلیۆن ئۆرۆ بوو، که له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ئه‌ڵمانیا و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کانی WDRو Arteدابینکرا.

ئه‌م سینه‌ماکاره به‌ئه‌زموونه‌ سه‌باره‌ت به گرینگی به‌شداربوونی فیلمی کوردی “خاڵا تارییا” له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلین” گوتی: سینه‌مای کوردی بۆته حه‌قیقه‌تێک و له ناو سینه‌مای جیهاندا وه‌کوو بزاڤێکی سینه‌مایی له ناو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا گرنگی پێده‌رێت و به باشی ده‌یناسن. کۆمپانیای سینه‌مایی “میتۆس فیلم” Mitosfilm تا ئێستا ٣ جار فیلمه‌کانی ئێمه له فێستیڤاڵی به‌ڕلیناله‌ نمایش کراون. زۆر خۆشحالم که ئه‌م فیلمه دوای به‌شداری له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “بەڕلین” له لایه‌ن کۆمه‌لێک فێستیڤاڵی جیهانییه‌وه بانگهێشت کراوه.

“مەمەد ئەکتاش” له کۆتایی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا گوتی: ئێمه وه‌کوو سینه‌ماکاری کورد به فیلمه‌کانمان له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلین” به‌شدارین، به‌ڵام به‌داخه‌‌وه ته‌له‌ڤیزیۆن و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه کوردییه‌کان لێره نین، ته‌نیا “مه‌نسوور جیهانی” وه‌کوو ڕۆژنامه‌نووسی کورد لێره ئاماده‌یه.

کۆمپانیای سینه‌مایی “میتۆس فیلم” Mitosfilm بەرهەمهێنەری سەرەکییەتی و کۆمپانیای پۆنکت و کەناڵێکی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری هاوبەشن و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیای ‘ئارت هوود ئینتەرتەیمنت’ـە ArtHood Entertainment.

حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلین” بە بەرپرسیاری خاتوو “ماریتێ ریسێنبێک” Mariette Rissenbeek و بە دەرهێنانی هونەری “کاڕلۆ چاتریان” Carlo Chatrian لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی “سەرەکی”، بەشی پێشبڕکێی “نەوەکان” Generations، بەشی پێشبڕکێی “فڕۆم” Forum، بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم”، بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم” و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی “پانۆڕاما”، بەشی “نمایشی تایبەت”، بەشی “نمایشی سینەمای کلاسیک” و … لە ڕۆژانی 16 تا 26ی فێبریوەری 2023 لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:

https://www.berlinale.de/en/2023/programme/202304749.html



پەردەلادان له پۆستەری “دەروازەی خەونەکان” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین..

پۆستەری به‌ڵگه‌فیلمی “دەروازەی خەونەکان” بە وێنەیه‌ک له‌ کچانی جەنگاوەری کۆبانێ

مەنسوور جیهانی ـ

پۆستەری ئینگلیزیی به‌ڵگه‌فیلمی سینه‌مایی دۆکیۆمێنتاری “دەروازەی خەونەکان” لە دەرهێنانی “نێگین ئەحمەدی” و له‌ بەرهەمهێنانی “ئیلاهه‌ نه‌وبەخت” هاوکات لەگەڵ به‌شداری له‌ بەشی رکابه‌ریی “نەوەکان”ی حەفتا و سێهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەرلین” لە وڵاتی ئەڵمانیا پەردەی لەسەر لادرا.

بەڵگەفیلمی سینەمایی “دەروازەی خەونەکان” (دروازە رویاها) DREAMS’ GATE لە دەرهێنانی سینەماکاری پاوەیی “نگین ئەحمەدی” و لە بەرهەمهێنانی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت” لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “نەوەکان” Generations لە حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلینالە” Berlinale لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش دەکرێت و بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەم بەشە، لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان ڕکابەری دەکات.

پۆستەری ئینگلیزیی “دەروازەی خەونەکان” به‌ وێنەیه‌ک له‌ کچانی جەنگاوەری کۆبانێ لە خه‌بات دژی تاقمی تیرۆریستی داعش؛ لە لایەن “ئیحسان بەرئابادی” بۆ بەشداری کردن لە بەرلیناله‌ دیزاین و داڕشتنی بۆ کراوە و بە ئامانجی ئاشناکردنی بینەران و به‌رده‌نگه‌کان له‌گه‌ڵ ئەم به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ بڵاوکراوەتەوە.

ئەم فیلمە کە بەرهەمهێنانەکەی زیاتر لە شەش ساڵی کات خایاندووە، چیرۆکی کچێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە بە دوای بەشێک لە شووناسی خۆیەوە بە کامێڕاکەی دەچێتە ناو کچە شەڕڤانەکانی کۆبانییەوە؛ کچانێک کە نە تەنیا لەگەڵ داعش، بەڵکوو بۆ جیهانی خۆیانیش شۆڕشیان کردووە.

ئەمجارە، خودی فیلمساز و کامێڕاکەی هاوڕێی دەبن لە ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ جیهانی دەورووبەری ژنانی خەباتکار و ئەو بایخانەی کە شەڕی بۆ دەکەن.

بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە بەڵگەفیلمە سینەماییە، لە ئەستۆی ڕێکخراوەی سینەمایی “تەسویر گوستەر ئیلاهەی پارسی” (ئیلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو ئیلاهە نەوبەختە.

ئەمە سێیەمین ئامادەبوونی “ئیلاهە نەوبەخت” وەکوو بەرهەمهێنەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلین” دێتەئەژمار؛ ساڵی پاریش ئەو بە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی “ڕۆژی سێو” (روز سیب) The Apple Day لە دەرهێنانی “مەحموود غەفاری” لە “بەڕلینالە” ئامادەبوو.

ستافی ئامادەکردنی بەڵگەفیلمی سینەمایی “دەروازەی خەونەکان” بریتین لە:
دەرهێنەر: نگین ئەحمەدی، بەرهەمهێنەر: ئیلاهە نەوبەخت، وێنەگر: نگین ئەحمەدی، مۆنتاژ: لوقمان سوخەنوەر، نووسەران: نگین ئەحمەدی، فەرزانە فەتحی، مۆسیقا: حوسێن میرزاقولی، دەنگهەڵگر: بێهنیا یۆسفی، چاککردنی ڕەنگ و لابڕاتوار: سامان مەجدوەفایی، بەرپرسی بەرهەم لە ڕۆژئاوا: تەیم حوسێن Taim Hussein، بەڕێوەبەری نێودەوڵەتی: مینا عەلیخانی، بەرهەمێهنەرانی هاوکار: حەمیدڕەزا تەبەرایی (ئاوا ستۆدیۆAva Stadios پاریس)، ستێفان لێبۆڕن Stephanie Lebrun له کۆمپانیای بابل داک Babel doc، هاوارد وێتلەند کۆسێ Håvard Wettland Gossé، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گشتی: مەنسوور جیهانی، بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران، فەڕەنسا و نۆڕوێژ، ساڵی بەرهەهێنان: 2022.

حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلین” بە بەرپرسیاری خاتوو “ماریتێ ریسێنبێک” Mariette Rissenbeek و بە دەرهێنانی هونەری “کاڕلۆ چاتریان” Carlo Chatrian لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی “سەرەکی”، بەشی پێشبڕکێی “نەوەکان” Generations، بەشی پێشبڕکێی “فڕۆم” Forum، بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم”، بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم” و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی “پانۆڕاما”، بەشی “نمایشی تایبەت”، بەشی “نمایشی سینەمای کلاسیک” و … لە ڕۆژانی 16 تا 26ی فێبریوەری 2023 لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.berlinale.de/en/2023/programme/202302234.html

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی “دەروازەی خەونەکان”.




فیلمی کوردی “خاڵا تارییا” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین نمایش دکرێت

مەنسوور جیهانی

بەڵگەفیلمی کوردی “خاڵا تارییا” In The Blind Spot لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “ئایشە پۆلات” و لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش” ڕۆژی 19ی فێبریوەری 2023 لە بەشی پێشبڕکێی “ئەنکاونتەرس” لە حەفتاوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش دکرێت.

بەڵگەفیلمی کوردی “خاڵا تارییا” دەرهێنەری باکووری کوردستان، فیلمەکە لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاشە که له یه‌که‌مین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی ‘ئەنکاونتەرس’ـی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین پێشاندەدرێت کە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵەکانی فیلمە لە جیهاندا.

بەڵگەفیلمی In The Blind Spot لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی “ئەیووب ئازیز چاپکورت”، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.

سینەماکاری کورد “مەمەد ئەکتاش” بە میدیاکانی راگەیاندووە، بۆ سینەمای کوردی مایەی دڵخۆشییە کە فیلمی خانمە دەرهێنەرێکی کورد لە بەرلینالە پێشانبدرێت و پێشبڕکێ لەگەڵ فیلمی دەرهێنەرە سەرکەوتووەکانی جیهان بکات.

ئەم بەرهەمە لە رۆژانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە قەرس و بازیدی باکووری کوردستان وێنەگیراوە، کۆمپانیای سینه‌مایی “میتۆس فیلم” Mitosfilm بەرهەمهێنەری سەرەکییەتی و کۆمپانیای پۆنکت و کەناڵێکی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری هاوبەشن و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیای ‘ئارت هوود ئینتەرتەیمنت’ـە ArtHood Entertainment.

حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلین” بە بەرپرسیاری خاتوو “ماریتێ ریسێنبێک” Mariette Rissenbeek و بە دەرهێنانی هونەری “کاڕلۆ چاتریان” Carlo Chatrian لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی “سەرەکی”، بەشی پێشبڕکێی “نەوەکان” Generations، بەشی پێشبڕکێی “فڕۆم” Forum، بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم”، بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم” و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی “پانۆڕاما”، بەشی “نمایشی تایبەت”، بەشی “نمایشی سینەمای کلاسیک” و … لە ڕۆژانی 16 تا 26ی فێبریوەری 2023 لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:

https://www.berlinale.de/en/2023/programme/202304749.html




مێگەل.. نووسینی: مەولود ئیبراهیم حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




فیلمی سینەمایی “ئەزموون” له شاری ئه‌بووزه‌بی لە وڵاتی ئیماڕات نمایش کرا

مەنسوور جیهانی ـ

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دەرهێنانی “شەوکەت ئەمین کورکی” و نوێنەری وڵاتی عێراق لە ئاکادیمیای ئۆسکاری ساڵی 2023 لە ناوه‌ندی هونه‌ری “العین القطره” له شاری ئه‌بووزه‌بی لە وڵاتی ئیماڕات نمایش کرا.

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ بۆ یەکەمین جار لە ناوه‌ندی هونه‌ری “العین القطره” Al-Ain’s Al-Qattara له شاری ئه‌بووزه‌بی لە وڵاتی ئیماڕاتی یه‌کگرتووی عه‌ڕه‌بی پێشکەش کرا. کۆمپانیای سینه‌مایی میسری MAD Solutions مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه کوردییه‌ی له وڵاتانی عه‌ڕه‌بی له ئه‌ستۆدایه.

ئه‌مه بۆ دووهه‌م جاره که یه‌کێک له فیلمه‌کانی “شەوکەت ئەمین کورکی” به ئاکادیمیای ئۆسکار ده‌ناسێندرێت؛ بۆ یه‌که‌مین جار، فیلمی سینەمایی “بیره‌وه‌وه‌رییه‌کانی سه‌ر به‌رد” Memories On Ston له ساڵی ٢٠١٦ به هه‌شتاو و هه‌شته‌مین خولی خه‌ڵاتی ئۆسکار به ناونیشانی باشترین فیلمی زمانی بیانی به شێوه‌ی فه‌رمی له لایه‌ن وڵاتی عێراقه‌وه ناسێندرابوو.

“ئەزموون” لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” Crystal Globe لە پەنجا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کاڕلۆڤی ڤاری” Karlovy Vary لە وڵاتی کۆماری چیک نمایشکرا و توانی خەڵاتی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم واتە “فیپێڕشی” FIPRESCI ئەم ڕووداوە گرینگ و پلە یەکەی سینەمای جیهان بەدەست بێنێت.

ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” Santa Barbara لە وڵاتی ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” لە نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تیرانا” Tirana لە وڵاتی ئەڵبانیا، خەڵاتی “سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان” UNFPA لە بەشی پێشبڕکێی “پانۆڕامای نێودەوڵەتی” لە چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “قاهیرە” Cairo لە وڵاتی میسر، خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە بەشی سەرەکی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤیکتۆریا” Victoria لە وڵاتی کەنەدا و هەروەها خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنس” Mons لە وڵاتی بەلژیکای بەدەستهێناوە.

“ئەزموون” بەرهەمی کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی بەڕلین و کۆمپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

لەم فیلمە سینەماییەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاوان جەماڵ، ڤینا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان، حەمە ڕەشید هەرەس و یانا توانا.

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” له دوایین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا بە ئامادەبوونی “ئاوان جەماڵ” یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە، بۆ یەکەمین جار لە کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 3ی دیسەمبەری 2022 لە شاری لۆس ئانجلێس و لە کاتژمێر 1ی نیوەڕۆی ڕۆژی 6ی دیسەمبەری 2022 لە شاری نیۆیۆرک لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا و هەروەها لە درێژەدا کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 8ی دیسەمبەری 2022 لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا پێشکەش کرا.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “ئەزموون”.




ژیان و مردن لە فیلمێکی دوو خولەکیدا.. حه يده رعه بدولره حمان

کورتە فیلمێکی دوو خولەکی سینەماکار( فەرزین کەریم) م بینی، کە سیناریۆکەی باس لەهەوڵی خۆ کوشتنی ئافرەتێک دەکات، بەخۆهەڵواسین بەپانکەی ژوورەکەیدا.
داخەکەم فیلمەکە تایتڵەکەی دیار نیەو هیچ شوناسێکی نیە، تەنانەت ناوی دەرهێنەرو سیناریۆ نووس و وێنەگرو ئەکتەریشی لەسەر نیە، بەڵام فیلمەکە، ناچاری ئەوەت دەکا بەئاسانی بەسەریدا ڕانەبووری و هەڵوەستە لەسەر زۆر لەلایەنە هونەرییەکانی بکەیت.
پرسی خۆ کوشتنی ئافرەتان لەکۆمەڵگای کوردی دا پرسێکی نوێ نیە، بەڵام شێوازی خستنەڕوو چارەسەر کردنی جیاوازە.
نازانم فیلمەکە کەی بەبەرهەم هاتووە، بەڵام ئەوە دەزانم کە بە بەراورد لەگەڵ زۆر لەو فیلمانەی لەو چەند ساڵانەی دواییدا دەربارەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بە بەرهەم هاتوون، فیلمێکی جیاوازەو فۆرمێکی هونەریی بەپێزی هەیە چ لەڕووی ئایدۆلۆژی و هزرییەوە، چ لەڕووی هونەرییەوە.
فیلمەکە خەسڵەتەکانی کورتە فیلمی بەخۆیەوە هەڵگرتووەو لەماوەی دوو خولەکدا، زۆرێک لە ئامانجەکانی دەپێکێنێ.
بۆیە دەرهێنەر پێویستی بەدەسەڵاتێکی هونەری چڕ هەیە لە بواری کورتە فیلمدا، تا بتوانێ ئەو دوو خولەکە بەشێوەیەک تەوزیف بکات، ئامانجەکانی خۆی و گوتاری فیلمەکە بە یەکەوە بگەیەنێت.
هەروا فیلمەکە بەزمانێکی درامی و ستاتیکی ئەوتۆ بەرجەستە بکات، لەڕووی فۆرمەوە چێژ ببەخشێت، هەمیش بیرۆکەو فەلسەفەی فیلمەکە وەک پێویست بەرجەستە بکات ، سەرجەم ڕەگەزە هونەری و ئایدۆژییەکانی لەسیناریۆی فیلمەکەدا چڕ کاتەوە.
بەگشتی هەست بەوە دەکەیت، دەرهێنەر خۆی دوورە پەرێز ڕاگرتووە لەوەی ئاراستەی سیناریۆکەی بەئاراستەیەکی ڕێکلام کردن ، یا پرسێکی بازرگانی ببات، بەڵکو هەوڵی ئەوەی داوە گوتاری فیلمەکە لەچوارچیوەیەکی تەسکەوە بپەڕێنتەوە بۆ فەزایەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی گەورەتر لەخۆی .
هەموو ڕەگەزو پێکهاتەکانی لە
سیناریۆ
وێنەگرتن
نواندن
موزیک
ئاوێتەی یەکتر بکات، بۆ دروست کردنی وێنەیەکی درامی وروژێنەرو سەرنج ڕاکێش، تا بەهەر چوار ڕەگەز گوتارێکی دیاری کراو بگەیننە بینەر، کە پەیوەستە بەکێشەی کۆمەڵگایێکی گیرودە خواردوو بەکۆمەڵێ دەردو مەینەت دەرهەق بە ئافرەت.
سیناریۆی فیلمەکە لە گرتەی یەکەمدا بەکورتی و لەوێنەیەکی درامی دا ئەو ژنە لەبەردەم ئاوێنەیەکی تڵخ و تەم و مژ لەسەر هەڵنیشتوو نیشان دەدا، کاتێ دەیەوێ ئەو تەموو مژە لەسەر ڕوویاندا لابەرێ و وێنەی هەڵبزڕکاوی خۆی تێدا ببینی، کە گوزارشت لەژیانی پڕ لە ئەشکەنجەو ئازارەکانی دەکات.
لە دیمەنی دووەمدا
ئامادەکردنی ئامرازەکانی خۆ هەڵواسین دەبینین ، بەڵام ئەکتەرەکە وێڕای ئەو توانا سروشتی و ناتەقلیدیەی هەیەتی ، دەرهێنەر ئەو ئەتمۆسفیرەی بۆ نەڕەخساندووە ئەو دیمەنە ڕەهیب و ترسناکە هاوسەنگ بڕوێنێ لەڕووی سایکۆلۆژیەوە ئامادەکارییەک بکات بۆ ئەوەی بینەر بەقوڵی بەناو ڕووداوەکەدا قوڵ بێتەوە، یا ترسێک بەرامبەر بەکاری خۆ کوشتن بیگرێ کە تێیدا دەبوا دیقەتی دەرهێنەر بۆ موزیک و ڕەنگ زێتر بوایە.
دەرهێنەر لەسەر دوو خاڵی بنەڕەتی وەستاوە:
یەکێکیان ئازارەکانی مردن
دووهەمیان بەراورد بوون لەگەڵ گەڕانەوەی ژیان وتام و چێژەکانی.
هەردوو حاڵەتیشی بەچەند دیمەنێکی درامی کاریگەر بەرجەستە کردووە، لەوانە:
پەلەقاژەی ژنەکەو هەوڵدانی بۆ خۆ رزگار کردن لەدەست مردن
بەهەمان وێنەی پەلەقاژەی ماسیەکە و هەوڵدانی بۆ هەناسە دان
ژنەکە کە لەئەنجامی هەناسە لێبڕانی خۆی لەئازاری ڕوح کێشانی ماسیەکەش دەگا، دوو حاڵەتی لەیەک چوون بۆ پەیوەست بوون بە ژیان، بەڵام دەرهێنەر بۆشاییەکی بئ پاساوی بۆ پرسیارێکی بەجێ ماوی بینەر بەجێ هێشتووە، کاتێ دەپرسی فاکتەری خۆ رزگارکردنی ژنەکە چی بوو لەخنکان؟ یان دەرهێنەر بۆچی خۆی لەنیشاندانی چۆنیەتی خۆ رزگارکردنی ژنەکە شاردەوە؟
لەدیمەنی سێیەمدا ئەومنداڵانەی لەگۆڕەپانەکەدا چاوەڕوانی گەڕانەوەی تۆپەکەیان دەکەن، بۆ ئەوەی بەردەوامی بەیاریەکەی خۆیان بدەن،
هێمای دەست پێکردنەوەی سەرەتایەکی ترە بۆ ژیان .
بەڵام دەرهێنەر دەسەڵاتی بەسەر ئەوەدا نەشکاوە دیمەنێک دروست بکات بۆ ئەو تۆپەی لە پەنجەرەی دەرەوە دێتە ژوورو ئەو حەوزە ئاوە دەشکێنێ کە ماسیەکانی تێدایە، چونکە بینەر پرسیاری ئەوە دەکات کە شتێکی نەبینی حەوزەکە بشکێنێ.
پاشان ئەو منداڵانە بۆ چاوەڕوانی گەڕانەوەی تۆپەکەیان دەکرد، ئەگەر تۆپەکەیان نەکەوتبێتە ئەو ژوورەو حەوزەکەی نەشکاندبێ ؟
هەموو ئەو دیمەنانە لەسیناریۆکە لەسەری باز دراون و دەرهێنەر نەیتوانیووە چارەسەریان بکات ، بۆیە بۆشاییەکان بە ڕوونی دەردەکەون.
بەڵام بەگشتی هەر سێ وێنە ئەو فەلسەفەیە دەچەسپێنێ کە هەمیشە ژیان لە مردن جوانترە.
مرۆڤ بۆ ئەوەی بژیت، ناکرێ خۆی ڕادەستی نەهامەتیەکانی ژیان بکات هەتا هەلێکی تر بەدەستەوە مابێت بۆ ژیان.
لەفیلمەکەدا دەر هێنەر بە فۆرمێکی هونەری و درامی ئامانجەکانی خۆی گەیاندۆتە بینەر، کە ئەویش نەفرەت کردنە لەدیاردەی خۆ کوشتن بۆ رزگار بوون لەئازارەکانی بەدەست کۆمەڵگاو ڕێگری کردن لەبەدی هێنانی ئاواتەکانی.
گرنگترین کارێکیش لای من ئەوەیە کە دەرهێنەر نەیویستووە بە تراژیدیایەکی تاڵ ئەنجامەکە بەجێ بێڵێ، بەڵکو بەدیدێکی لۆژیکی، ئەنجامێکی مرۆیی دروست فێری بینەر دەکات کە ژیان شایەستەی ئەوەیە بۆی بژی و جوانیەکانی ببینی.




گرنگیدان بە بەرهەمەکانی “ئینگمار بێرگمان” و سینەمای سوید لە فێستیڤاڵی فیلمی “دهۆک”

مەنسوور جیهانی

وردبوونه‌وه‌ و گرنگیدان بە بەرهەمەکانی “ئینگمار بێرگمان”، دەرهێنەری دیار و کاریگەری دانه‌ری سویدی و براوەی چوار خەڵاتی ئۆسکار له نۆهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “دهۆک” به‌ڕێوه‌چوو.

نۆهەمین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “دهۆک” Duhok بە یادی “یۆڵماز گۆنای” Yılmaz Güney دەرهێنەری بەناوبانگی براوه‌ی خەڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە فەرەنسا (١٩٨٢) و بە ئامادەبوونی دکتۆر “عەلی ته‌ته‌ر” پارێزگاری دهۆک، دکتۆر “سالار عوسمان” بریکاری وه‌زیری رۆشنبیری و هونه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، “ئه‌میرعه‌لی محه‌مه‌دتاهیر” سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “دهۆک”، کۆنسولی وڵاتی هیندستان له‌ هه‌رێمی کوردستان، “شەوکەت ئەمین کۆرکی” بەڕێوەبەری هونەریی ئەم فێستیڤاڵە، “عەباس غەزالی” که‌سایه‌تی چالاکی ڕۆشنبیری، ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” و بەشی کێبڕکێی “سینەمای کوردی”، سینەماکارانی ئامادەبوو لەم بۆنە و رووداوه‌ سینه‌ماییه‌ و هۆگران و تامه‌زرۆیانی هونه‌ری سینه‌ما، به‌ نمایشکردنی فیلمی سینه‌مایی “بووکی باران” The Rain Bride لە دەرهێنانی “حوسێن حەسەن” و بەرهەمهێنانی هاوبەشی “مەمه‌د ئه‌کتاش” و “محەمەد موحسین” و به‌ ده‌ورگێڕانی “شیلان دووزدبان” Şilan Düzdaban، “حوسێن حەسەن” و “بەنگین عەلی” لە هۆڵی “کۆنگرە”ی زانکۆی دهۆک لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.

سینەما ئامرازێکی زۆر گرنگە بۆ کاریگەری دانانی فیکری و کولتووری
لە سەرەتای ئەم رێوڕه‌سمه‌دا، “ئەمیرعەلی محەممەد تاهیر” سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” گوتی: مایه‌ی خۆشحاڵییەکی گەورەیە کە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” بەڕێوە دەبەین و پیرۆزبایی بە هه‌موو هونەرمەندان و بەتایبەتیش سینەماکاران ده‌ڵێم. لە هەلومەرجی سەخت و دژواری ناوچەکەدا، ڕاگرتنی ڕووداوە ڕۆشنبیری و هونەرییەکان ڕووداوێکی ناخۆشە و بە پێچەوانەوە پشتیوانیکردنیان، وەک فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم، لەم ڕۆژگارەی ئێمه‌دا پەیامی تایبەتی خۆی هەیە. سینەما ئامرازێکی زۆر گرنگە بۆ کاریگەریی دانانی فیکری، کولتووری و زیرەکیه‌ و ده‌وری ئه‌و لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان حاشا هەڵنەگرە. فێستیڤاڵ دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ کۆبوونەوەی سینەماکارانی کورد و بیانی له‌ ته‌نیشت یەکدی، بۆ ئەوەی که‌ زیاتر له‌مه‌ یه‌کتری بناسن و لەو کۆڕ و کۆبوونه‌وانه‌دا که‌ هه‌یانه‌؛ بیروڕا و بیرۆکە نوێیەکانیان بخەنە ڕوو. لە ڕاستیدا فێستیڤاڵه‌که‌، پردێکە لە نێوان کولتوور و هونەرەکەیاندا.
هەروەها گوتیشی: بابه‌ت و تەوەری ئەم خوله‌ی فێستیڤاڵەکە، کۆچبەرییە. بەهۆی کێشە و گرفته‌کان، لێک تێنەگەیشتن و شەڕە جۆراوجۆرەکانی ئەم دونیایە؛ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی، شوێنی ژیان و نیشتەجێبوونیان بەجێهێشتووە و پەنایان بۆ شوێنە ئارامەکان بردووە. ئەو قەیران و کارەساتانەی که‌ خه‌ڵکی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، پرسێکی گرنگی مرۆڤایەتییە کە لە ڕێگەی سینەما و ئەو فیلمانەی کە به‌رهه‌م ده‌هێنرێن و لە فێستیڤاڵدا نمایش دەکرێن، بۆ سه‌رتاسه‌ری جیهان دەگوازرێنەوە.
سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” لە کۆتاییدا جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌: هه‌روەک ساڵانی ڕابردوو سینەمای یەک وڵات میوانی ئەم فێستیڤاڵەیه‌ و ئەمساڵیش میوانداری سینەمای وڵاتی سوید دەکەین. سوید خاوەنی سینەمایەکی زۆر گرنگ، بەهێز و کاریگەری دانه‌رە و هەروەها سینەماکارانی بەناوبانگی بە سینەمای جیهان ناساندووە. له‌ ته‌نیشت ئه‌مانه‌دا، وڵاتی سوید گرنگییەکی تایبەتی بە مافەکانی مرۆڤ و بنه‌ماکان و پرەنسیپ و داب و نەریتی دیموکراسی دەدات و ژمارەیەکی زۆر له‌ کورده‌کانیشی له‌ خاکی خۆیدا داڵدە داوە.

ژیانی خەڵکی کوردستان توانای ئەوەی هەیە که‌ ببێتە فیلمێکی سەرکەوتووی هۆلیوودی
لە درێژەی ئەم مەراسیمەدا، دکتۆر “عەلی ته‌ته‌ر” پارێزگاری دهۆک گوتی: به‌خێرهاتنی هه‌موو هونه‌رمه‌ندان و میوانانی خۆشه‌ویست ده‌که‌م؛ دهۆک، پارێزگایەکە ژیانێکی ئاشته‌وایی و ئارامی تێدا درێژه‌ی هه‌یه‌ و هیوادارم ببێتە سەرچاوەی هونەر و پشتگیریی هونەرمەندان لە هەرێمی کوردستان و پاڵپشتییان بکات و لە ڕێگەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک”ەوە پەیامی خۆی بۆ سه‌رتاسه‌ری جیهان بگوازێته‌وه‌. سوپاسی “مەسرور بارزانی” سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە به‌ شێوه‌یه‌کی بەردەوام ئامۆژگاری و جەختمان لەسەر دەکاتەوە بۆ پاڵپشتی کردنی هونەرمەندان و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەشدا بە باشی و دڵسۆزانه‌ پاڵپشتی له‌ هونەر و هونەرمەندانی پارێزگای دهۆک کردووە.
هەروەها وتیشی: دوای هێرشی داعش بۆ ناوچه‌که‌ لە ساڵی 2014، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی
کۆرۆنا و هەروەها بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان؛ زۆر پرس و کێشە بۆ ئێمە سەریهەڵدا. بەڵام خۆشبەختانە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” چالاکییەکانی خۆی ڕانەگرت و ئەم چرا هونەرییە نەکووژایەوە.
پارێزگاری دهۆک لە درێژەی قسەکانیدا ئه‌وه‌شی زیاد کرد: بەخێرهاتنی سینەماکاران و میوانە تایبەتەکانی وڵاتی سوید دەکەم کە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەن و هیوادارم که‌ پەیوەندی سینەماکارانمان ڕۆژ بە ڕۆژ لەگەڵ وڵاتانی جیاواز و هەموو ساڵێک بە وردبوونه‌وه‌ و گرنگیدان بە سینەمای یەک وڵات به‌هێز بکرێت و له‌م رێگایه‌دا ئەزموون گه‌لی نوێ بەدەست بهێنن. ئێوە هەمووتان ئاگادارن، ئەوەی که‌ لە ڕێگەی هونەری سینەما بۆ جیهان دەگوازرێتەوە و ئەو کاریگەرییەی که‌ لەسەر کۆمەڵگا هەیەتی، لە هیچ کەسێک شاراوە نییە. ئەو چیرۆک و کارەساتانەی که‌ بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە، هه‌ر کامه‌ بۆ خۆیان، یه‌ک به‌رهه‌می سینەماییه‌. ژیانی ئەو کەسانەی که‌ لە کوردستان ژیاون، توانایی ئەوەی هەیە که‌ ببێتە فیلمێکی سەرکەوتووی هۆلیوودی؛ بەڵام بەداخەوە بە هۆکارگه‌لی جۆراوجۆر تا ئێستا ئەمە ڕووی نەداوە.
دکتۆر “عەلی ته‌ته‌ر” لە کۆتایی قسەکانیدا جه‌ختی کرده‌وه‌: تەوەری ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە، کۆچبەرییە. ڕەنگە هەندێک کەس هەرگیز بۆ یه‌ک جاریش ئەزموونی کۆچیان نەکردبێت، بەڵام ئێمە دووجار یان زیاتر ئه‌وه‌مان ئەزموون کردووە. بەداخەوە ئێمه‌ تەنانەت بە شێوه‌ی گروپیش بە زۆر و ناچاری کۆچمان کردووە؛ ئەگەر هەندێک کۆمه‌ڵگه‌ بە شێوه‌ی هەزاران که‌س، بە زۆر کۆچیان کردبێت، ئێمە بە شێوه‌ی ملیۆنان کۆچمان کردووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، ئێمە به‌ باشی ئاگاداری پرس و کێشەکانی په‌نابه‌ران و ئاوارەکانین و یارمه‌تی و هاوکاریان دەکەین. له‌ دوای تێپه‌ڕینی ئەو هەموو ساڵە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ژیانی ئێمه‌دا هاتۆته‌ ئاراوه‌؛ بەداخەوە ئەم دیاردە نەگبەتیە هه‌روه‌ک خۆی بەردەوامە و تا ئه‌م ساته‌، کێشە بنەڕەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر نەکراون. لە هه‌رێمی کوردستان و لە پارێزگای دهۆک، جێگای سه‌ربه‌رزی و شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە کە تا ئەم ساتە، زیاتر لە نیو ملیۆن له‌ خوشک و براکانمان بە ناچاری لە شوێنە جیاوازەکانی عێراقەوە هاتوون، لەوانە؛ شنگال، دەشتی نەینەوا، ئەنبار، باشووری عێراق و شوێنەکانی دیکه‌ی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەنایان بۆ ئێرە هێناوه‌ و ئێستاکه‌ لێرە دەژین و ئێمەش بە ڕوویه‌کی کراوە و هزر و عەقڵێکی ئارام میوانداری له‌وان دەکەین. ئێمە له‌ رێگای به‌ڕێوه‌بردنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” و به‌رهه‌مهێنانی فیلم و به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌کان دەمانەوێت که‌ پەیامی ئاشتی، ئاشتەوایی، ئارامی، خۆشەویستی، سۆز، میهرەبانی، چارەسەرکردنی کێشەکان، ژیانێکی ئاشته‌وایی و ئارام و هتد بۆ جیهان بگوازینه‌وه‌.

سینەما ڕۆشنبیری، داهێنان و جوانییە
لە بەشێکی دیکه‌ی رێوڕه‌سمی کردنەوەی نۆهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک”، دکتۆر “سالار عوسمان” بریکاری وەزیری ڕۆشنبێری (فەرهەنگ و هونەر)ی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێم وایە سینەما ڕۆشنبیری، داهێنان و جوانییە. سینەما هونەرێکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئێمه‌ لە سینەمادا کۆمەڵگا جیاوازه‌کان بە هەموو خەونه‌کان و پارادۆکس و کێشەکانیانەوە دەبینین. هەر به‌رهه‌مێکی سینه‌مایی له‌ خۆیدا پەیامێک بۆ ئێمه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ کە کۆمەڵگا بەرەو ڕووناکی، رۆشنایی و جوانی ڕێنمایی دەکات.
ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی: له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری (فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر)ی حکومەتی هه ڕێمی کوردستان، پشتیوانی خۆمان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “دهۆک” ڕادەگەیەنین. ئێمه‌ له‌م کاته‌ی ئێستادا، لە قۆناغ و دۆخێکی هه‌ستیاردا به‌سه‌ر ده‌به‌ین؛ ئێمە کارەسات و تاوانەکانی وەک ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، کۆچی زۆرەملێی کورده‌کان و چەندین پرس و کێشەمان تێپەڕاندووه‌. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، داوا لە سینەماکاران دەکەین کە لە بەرهەمەکانیاندا مامەڵە لەگەڵ ئەو کارەسات و خەمە قووڵانەدا بکەن و پیشانی کۆمەڵگاکەی خۆیان و جیهانیان بدەن. هیوادارم سینەمای نیشتمانی بۆ کوردستان کاریگەری دانه‌ر بێت؛ چونکە که‌ڵکه‌ڵه‌ و نیگەرانییه‌کی زۆری هەیە و ڕووبەڕووی مەترسییەکانی دەوروبەریش دەبێتەوە و دەیەوێت هەنگاو بنێتە ناو ئایندەیەکی رووناک و گەشاوە.

گرنگیدان بە بەرهەمەکانی “ئینگمار بێرگمان” و سینەمای سویدی
بەپێی نەریتی هەر خولێکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک”، سینەمای یه‌ک وڵات وەک وڵاتی گرینگ و وردبوونه‌وه‌ له‌ فیلمه‌کانی لە ڕۆژانی فێستیڤاڵەکەدا بەشداری دەکات. لە ڕاستیدا، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکان ئاڵوگۆڕی کولتووری و دروست کردنی پردەکانە بۆ په‌یوه‌ندی و پەیوەستکردنی سینەماکارانی ناوخۆیی له‌گه‌ڵ سینەماکارانی بیانی. سوید خاوه‌نی سینەمایەکی باڵادەست و پێشکەوتنخوازە کە ئه‌مه‌ دەتوانێت ڕێگەیەکی زۆر باش بێت بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن لە سینەمای سویدی. بەم پێیە، سوید بە هەڵبژاردنی کۆمه‌ڵێک له‌ فیلمە بەرچاوه‌کان لە نۆهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆکدا، دەبێتە وڵاتی مه‌کۆ و ناوه‌ندی.
لە نۆهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک”دا، له‌ به‌شی “نمایشکردنی تایبەتی سینەمای سوید” ٩ فیلمی درێژ ده‌چنه‌ سه‌ر په‌رده‌، له‌وانه‌؛ فیلمی “پێرسۆنا” Persona و “قەیران” Crisis لە دەرهێنانی “ئینگمار بێرگمان” Ingmar Bergman، فیلمی سینه‌مایی “کۆتایی ڕه‌وێن” Raven’s End لە دەرهێنانی “بۆ ویدێربێرگ” Bo Widerberg، “چه‌ند گۆرانییه‌ک لە نهۆمی دووەم” Songs from the Second Floor و “چیرۆکی خۆشەویستی سویدی” A Swedish Love Story لە دەرهێنانی “ڕۆی ئەندەرسۆن” Roy Andersson، فیلمی “چوارگۆشە” THE SQUARE و فیلمی سینه‌مایی “یاری” Play لە دەرهێنانی “ڕۆبێن ئۆستله‌ند” Ruben Oslund، فیلمی سینه‌مایی “مایا نیلۆ” Maya Nilo لە دەرهێنانی “لوویسیا سیرێن” Lovisa Sirén، فیلمی سینه‌مایی “کچان” Daughters لە دەرهێنانی “جێنیفێر مالمکویست” Jenifer Malmqvist.
هەروەها مێزگرد و پانێڵێک لەژێر ناونیشانی “سینەمای سویدی: لە ئینگمار بێرگمانەوە بۆ ڕۆبێن ئۆستله‌ند” لەم خوله‌ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆکدا لە لایەن “فرێدی ئۆڵسۆن” Freddy Olsson بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ بەڕێوەبەری پانێڵه‌که‌ پرۆفیسۆر “ماگنۆس باڕتاس” Magnus Bärtås بەڕێوەچوو.

ئەندامی باوەڕپێکراوی خەڵاتەکانی ئسکرین “ئاسیا پەسیفیک”
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” ئەندامی باوەڕپێکراوی ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتەکانی ئسکرین “ئاسیا پەسیفیک” ناسراو بە “ئۆسکاری ئاسیا” APSA لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیایە و لە ئاستی وڵاتی عێراقدا بەرهەمە سینەمایی و بەڵگەفیلمەکان بەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە دەناسێنێت.
لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی”ی ئەم فێستیڤاڵەوە تەندیسی گەڵا مێویی زێڕ و زێو، لەوحەی فەخری و خەڵاتی 10 هەزار دولاری بۆ باشترین فیلمی سینەمایی، خەڵاتی 5 هەزار دولاری تایبەتی ئەندامای لێژنەی دادوەران بۆ باشترین دەرهێنانی فیلمی سینەمایی، خەڵاتی 4 هەزار دولاری بۆ باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی، خەڵاتی 3 هەزار دولاری بۆ باشترین ئەکتەری پیاو، خەڵاتی 3 هەزار دولاری بۆ باشترین ئەکتەری ژن، خەڵاتی 5 هەزار دولاری بۆ باشترین بەڵگەفیلم، خەڵاتی 8500 دولاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوانی دهۆک بۆ باشترین کورتە فیلم بۆ پشتیوانی لە سازکردنی پڕۆژەی نوێ دەرهێنەری ئەم بەرهەمە، خەڵاتی 10 هەزار دولاری تایبەتی ئەندامای لێژنەی دادوەران بۆ باشترین کورتە فیلم کە لە ناوچەی بادینان بەرهەمهاتووە، خەڵاتی 10 هەزار دولاری پارێزگاری دهۆک بۆ باشترین فیلمی سینەمایی فیلم کە لە ناوچەی بادینان بەرهەمهاتووە، خەڵاتی 4 هەزار دولاری یەکێتی نووسەرانی کورد بۆ باشترین فیلمی کوردیی کە لە دەرەوەی سنوورەکان سازکرابێت و هەورەها خەڵاتی 3 هەزار دولاری ئەنستیتۆ “گۆتە”ی ئەڵمانی بۆ باشترین بەڵگەفیلمی کورت پێشکەش دەکرێت.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” بە سەرۆکایەتی “ئەمیر عەلی محەمەد تاهیر” و بە دەرهێنانی هونەری “شەوکەت ئەمین کورکی” بە یادی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yılmaz Güney دەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی “چڵە خورمای” فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا (1982) و بە مەبەستی پردی پەیوەندی نێوان دەرهێنەرە کوردەکان و سینەماکارانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها ڕەخساندنی ئاڵووگۆڕی کەلتووری نێوان نەتەوەکانی دنیا دامەزراوە.

نۆیەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە تایبه‌ت به بابه‌تی “کۆڕه‌وی” و بە نمایشی 9٧ بەرهەم، لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان”، واتە: 9 فیلمی بڵندی سینەمایی، ٨ بەڵگەفیلم و ١١ کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی”، واتە: ٥ فیلمی بڵندی سینەمایی، 6 بەڵگەفیلم و 1٥ کورتە فیلم، بەشی “ڕوانینێک بە سینەمای جیهان”، واتە: ٦ فیلمی بڵندی سینەمایی، 4 بەڵگەفیلم و ٣ کورتە فیلم، بەشی “پانۆڕامای سینەمای کوردی”، واتە: 1٩ کورتە فیلم، بەشی “نمایشی تایبەت بە سینەمای سوید” ٩ فیلمی بڵندی سینەمایی و هەروەها بەشی “نمایشی تایبەت بە سینەما” ١ فیلمی بڵندی سینەمایی و ١ بەڵگەفیلم له ڕۆژانی ١ تا ٨ی دیسه‌مبه‌ری ٢٠٢٢
ڕۆژی 22ی نۆڤەمبەری 2021 لە هۆڵی “کۆنگرە”ی زانکۆی دهۆک ، کۆمه‌ڵه‌ی سینه‌مایی “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.duhokiff.com/
https://www.facebook.com/duhokiff/




سەهیم عومەر خەلیفە کار بۆ فیلمێکی نوێی سینەمایی دەکات

‘میزۆپۆتامیا کافێ’ نوێترین بەرهەمی بڵندی سینەمایی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کوردە و ئێستا ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی دەکرێت.

سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن سەهیم عومەر نووسراوە و لەلایەن دەزگای سینەما لە بەلجیکا پاڵپشتی دارایی لێکرا، بوودجەی بۆ تەرخانکراوە و بەم دواییە بودجەی بۆ ئامادەکاریکردن بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆژەکە تەرخانکرایەوە.

دەرهێنەری فیلم ئێستا کار بۆ دیارییکردنی ئەکتەر و ستافی فیلمەکە دەکات و بڕیارە لە 2024 کاری وێنەگرتنی دەستپێبکات.

چیرۆکی فیلمەکە باس لە کافێیەک لە برۆکسلی بەلجیکا دەکات، گەنجێکی باشووری کوردستان بەناوی ئارام سەردانی دەکات، بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئامۆزاکەی هاتووەتە ئەو وڵاتە، بەڵام دواتر پلانی دەگۆڕێت و ژیانی هاوژینی لەگەڵدا پێک ناهێنێت.

سەهیم عومەر خەلیفە، بەردەوام لەلایەن دەزگای سینەمای سەر بە حکومەتی بەلجیکاوە پاڵپشتی لە پڕۆژە سینەماییەکانی دەکرێت کە ساڵانە تەنیا پاڵپشتی لە پڕۆژەی چەند فیلمسازێکی ئەو وڵاتە دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، فیلمی سینەمایی ‘میسیی بەغداد’ـی خەلیفە کارەکانی تەواو بووە و بۆ چەند فیستیڤاڵێکی گرنگی سینەمایی نێردراوە.

‘میسیی بەغداد’ پێشتر وەک کورتە فیلم بەرهەمهاتووە و دەنگدانەوەیەکی زۆی هەبوو و زیاتر لە 60 خەڵاتی لە فیستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێنا، دواتر بڕیاری بەرهەمهێنانی وەک فیلمێکی درێژ درا.

سەهیم عومەر خەلیفە، لە دایکبووی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستانە و لە بەلجیا دەژی، بڕوانامەی ماستەری لەو وڵاتە بەدەستهێناوە، خاوەنی چوار کورتەفیلم و دوو فیلمی بڵندی سینەمایی و بەڵگەفیلمێکی درێژە، لە رێگەی فیلمەکانییەوە 110 خەڵاتی بەدەستهێناوە، دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمەکانی لە کورتە لیستی کورتە فیلمە بەربژێرکراوەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکاردا بوو.




پۆستەری “ورچ” لە دەرهێنانی “جەعفەر پەناهی” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” بڵاوکرایەوە

مەنسوور جیهانی

ـ پۆستەری فیلمی سینەمایی “ورچ نییە” لە دەرهێنانی “جەعفەر پەناهی” بۆ بەشداریی لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” حەفتا و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” بڵاوکرایەوە.

فیلمی سینەمایی “ورچ نییە” No Bears لە نووسین، بەرهەمهێنان و دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری ئێرانی “جەعفەر پەناهی” و بە ڕۆڵ بینینی سینەماکاری کورد “بەختیار پەنجەیی”، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” لە حەفتا و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” Venice لە وڵاتی ئیتالیا لە چوار سانسی جیاوازدا، لەوانە: لە کاتژمێر 9ی بەیانی و کاتژمێر 4:45ی دوانیوەڕۆ لە سینەما “گڕاندا” Grande و لە کاتژمێر 11:30 پێش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 9ی سێپتەمبەری 2022 لە سینەما “درێسنا” Darsena و هەروەها لە کاتژمێر 4:30ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەمە 10ی سێپتەمبەری 2022 لە هۆڵی سەرەکی فێستیڤاڵ PalaBiennale نمایش دەکرێت و هەر بەم بۆنەیەوە پۆستەری جیهانی ئەم بەرهەمە سینەماییە بڵاوکرایەوە.

فیلمی سینەمایی “ورچ” بە ناوی نێودەوڵەتی “ورچ نییە” چیرۆکی دەرهێنەرێکی سینەمایی دەگێڕێتەوە کە دەیەوێت لە ڕووداوێکی بەڵگەییدا لە تورکیا، فیلمێکی ئەوینداریی ساز بکات. بێ ئاگا لەوەی کە بۆخۆی بە شێوەیەکی نەخواراو لە ئێران، تووشی ڕووداوێکی ئەوینداریی دیکە بووە و … ئەو ئەکتەرانەی کە لەم بەرهەمە سینەماییەدا ڕۆڵیان بینیوە، بریتین لە: جەعفەر پەناهی، ناسر هاشمی، وەحید مەبەسێری، بەختیار پەنجەیی، مینا
کاوانی، نەرجس دلارام، ڕەزا حەیدەری.

ستافی ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی “ورچ نییە” بریتین لە:
نووسەر، بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر: جەعفەر پەناهی، بەڕێوەبەری وێنەگرتن:
ئەمین جەعفەری، ڕاوێژکاری هونەری: نادر ساعی وەر، دیزاین، مۆنتاژ و میکسی دەنگ: محەمەدڕەزا دڵپاک، بەڕێوەبەری دەنگهەڵگرتن: عەبدوالڕەزا حەیدەری، مۆنتاژ: ئەمیر ئێتمینان، بەرپرسی پلان و بەرهەم: نادر ساعی وەر، دیزاین و جێبەجێی کردنی سەحنە: بابەک جاجایی تەبریزی، دیمەنە تایبەتە وێنەییەکان:
حامید مووسەوی، سەعادەت بەستام، بەرپرسی بەرهەم لە تورکیا: سینان یۆسف ئۆغڵۆ Sinan Yusufoglu، دەنگهەڵگر: ئیمان بازیار، یاریدەدەری دەنگهەڵگر:
سالار سەلیمی، بەڕێوەبەری تەکنیکی دەنگ: عەلیڕەزا نکولەعل تەک، یاریدەدەری وێنەگر: سەجاد بەراتی، ئەمیر موحبەتی، عەلی جەعفەری، سەرحەت ئەکرەم ئاشچی، دەنگهەڵگری ستۆدیۆ: شاهین خاکپوور، یاریدەدەرانی مۆنتاژی دەنگ: سەیدڕەزا گۆدازگەر، محەمەد زەمان سانی، عەلیڕەزا دەباغ، وەرگێڕ:
تووفان گرکانی، قۆناغی دوای بەرهەمهێنان: پوویا عەباسیان، نێودەوڵەتی: ئەشکان مێهری (ئێران)، کاروباری تەکنیکی دەنگ: ستۆدیۆ بیگم، سپاسی تایبەت لە: گوڵشیفتە فەراهانی، دکتۆر جەمشید ئەکرەمی، مەجید بەرزگەر، شادمێهر ڕاستین، ئەشکان ئەشکانی، تاهیرە سەعیدی، سوڵماز پەناهی، مەریەم کتابفرووش بەدری، پێگاە زەیدی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گشتی: مەنسوور جیهانی، بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی: سلۆلۆئید دریمز Celluloid Dreams، ساڵی بەرهەمهێنان: 2022.

حەفتا و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” بە ناونیشانی کۆنترین ڕووداوی سینەمایی جیهان بە سەرۆکایەتی “ئاڵبێرتۆ باربێڕا”
Alberto Barbera ڕۆژی 31ی ئۆگۆستی 2022 بە نمایشی فیلمی سینەمایی “نۆیزی سپی” White Noise لە دەرهێنانی “نۆئا بائۆمباک” Noah Baumbach بە شێوەی فەرمی دەستی پێکرد و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە بەشەکانی پێشبڕکێی، لەوانە: “پێشبڕکێی سەرەکی”، “کورتە فیلم”، “ئاسۆکان” Orizzonti، “هەفتەی ڕخنەگران”، “گەشەکردنی ڤێنیز” و هەروەها بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: “نمایشی بەرهەمە بڵیندەکان”، “نمایشی تایبەت”، “ئاسۆکانی ئکستڕا” Orizzonti Extra، “کالێجی دوو ساڵانەی
سینەما” و چەندین بەشی دیکە تاکوو ڕۆژی شەمە 10ی سێپتەمبەری 2022 لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا درێژەی دەبێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.labiennale.org/en/cinema/2022/program-cinema-2022-public/khers-nist-no-bears-2022-09-01-17-00

لینکی دانلۆدی فیلمی سینەمایی “ورچ نییە”:
https://www.youtube.com/watch?v=ET9JtKgN3AA

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “ورچ نییە”.




“فەرید ئیلهامی” لە فیلمەکانی “تەنبوور” و “هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان” مێژووی تەنبوور دەگێڕێتەوە

مەنسوور جیهانی ـ

لە بەڵگەفیلمەکانی “تەنبوور” و “هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان”دا لە دەرهێنانی “فەرید ئیلهامی” دوای 15 ساڵ وێنەگرتن، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، مێژووی ئامێری ڕەسەنی کوردی تەنبوور دەخڕێتەڕوو.

“فەرید ئیلهامی” بۆ سازکردنی بەڵگەفیلمی “هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان” کە سەبارەت بە مێژووی ئامێری ڕەسەنی کوردی تەنبوور لە ئایینی یارسان و کاکەییەکانە و هەروەها لە بەڵگەفیلمی “تەنبوور” (تەمیرە) کە سەبارەت بە مێژووی هاوچەرخی تەنبوورە؛ 15 ساڵ وێنەگرتن، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی مۆسیقایی و مەیدانی ئەنجامداوە و ئەم بەرهەمانەی لە 5 پارێزگای ئێران، هەرێمی کوردستان و هەروەها وڵاتانی تورکیا، ئەڵمانیا و سوید وێنەگرتووە.

“فەرید ئیلهامی” گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر، توێژەر و ژەنیاری ئامێری تەنبوور، ئێستاکە لە شاری سلێمانی پێتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە؛ ماڵی تەنبووری “ئەیاز”ی دامەزراندووە و ئەمجارە لە چوارچێوەی دەرهێنەر و توێژەری مۆسیقایی، بەڵگەفیلمەکانی “تەنبوور” و “هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان”ی سەبارەت بە مێژووی ئامێری ڕەسەنی کوردی تەنبووری سازکردووە.

ئەم بەرهەمانە بە جۆرێک ئینسکلۆپیدیای ئامێری کوردی تەنبوور دێتە ئەژمار و بەش گەلێک لە ژیانی مامۆستایان و کەڵام خوانانی ئەم ئامێرە باستانی و ڕەسەنە وێنەگیراوە کە بەداخەوە ئێستاکە لە ژیاندا نەماون. چونکە بەوپەڕی داخ و کەسەرەوە، لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا، تەواوی مامۆستایانی بێوێنە و شایستەی مەقامەکانی تەنبوور لەم دنیایە کۆچیان کردووە و “فەرید ئیلهامی” بۆ بە بەڵگەکردن و تۆمارکردن لە مێژووی مۆسیقا، لە هەموو کەڵام خوانانی بوارە جۆراوجۆرەکانی تەنبوور، لە بەرهەمهێنانی ئەم دوو بەڵگەفیلمە کەڵکی ئەوتۆ و پڕبایخی وەرگرتووە.

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://instagram.com/farid_elhami_official?igshid=YmMyMTA2M2Y=

ڕاگەیاندنی گشتیی بەڵگەفیلمەکانی “تەنبوور” و “هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان”.




“نانی پیرۆز” خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”ی بەدەستهێنا… مه‌نسوور جیهانی

فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” لە دەرهێنانی ڕەوانشاد “رەحیم زەبیحی” و لە بەرهەمهێنانی “توورەج ئەسڵانی” خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕکێی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە وڵاتی ڕووسیای بەدەستهێنا.

فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” MAAD Movie؛ دوای بەشداریی لە فێستیڤاڵە گرینگە جیهانییەکان و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی بەنرخ؛ لە نوێترین و یازدەیەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلمە بڵیندەکان” لە دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF لە هۆڵی ناوەندی سینەمایی “ئۆکتیابر” Oktyabr و هەروەها لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبورگ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا نمایش کرا و لە لایەن بینەرانی ئامادەبوو لەم ڕووداوە سینەماییە پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بڵندی ئەم فێستیڤاڵە بەدەست بێنێت.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلمە بڵیندەکان”ی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” بریتی بوون لە: “ئیبڕاهیم سەعیدی” دیکۆمێنت ساز، مۆنتێر و دەرهێنەری بەرهەمە بڵیندە سینەماییەکان ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە شاری مەهاباد، “ئەکڕەم هەیدۆ” Ekrem Heydo دەرهێنەری ڕۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا و دکتۆر “ییلماز ئۆزدیل” Yılmaz Özdil ڕخنەگری کورد و دەرهێنەری سینەما لە وڵاتی تورکیا.

بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت”ـە.

“نانی پیرۆز” لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان” Mid-Length لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ “ئیدفا” IDFA لە وڵاتی هۆڵەندا و لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان” لە هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی دیکۆمێنتاری “بیگ ئسکای” Big Sky لە وڵاتی ئەمەریکا بە ناونیشانی یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی سینەمای بەڵگەفیلمی جیهان، لە بەشی پێشبڕکێی “ڤیترینی جیهان” World Showcase لە بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “هات داکس” Hot Docs لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا فێستیڤاڵی جێگای متمانەی ئاکادیمیای ئۆسکار، لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” شەست و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ترێنتۆ” Trento لە وڵاتی ئیتاڵیا و هەروەها لە بەشی فەرمی “پێشبڕکێی ئاسیا” لە سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی “دیمز” DMZ وەکوو گرینگترین فێستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاریی ئاسیا لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایش کراوە.

ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، تا ئێستا خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی خەڵاتی سەرەکی “ئەو فیلمانەی کە گرینگیان هەیە” The Movies That Matter Award لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی نێونەتەوەیی حەڤەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “زاگڕێب داکس” ZagrebDox لە وڵاتی کڕۆواسیا، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” بیست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دینی ئەمڕۆ” Religion Today لە شاری تڕێنتۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی قوتابیان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “ئۆلجۆ” Ulju لە وڵاتی کۆریای باشوور، خەڵاتی گەورەی بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن” بە ناونیشانی سینەماکاری کورد “مێهمێت ئاکسوێ” Mehmet Aksoy یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم فێستیڤاڵەی وڵاتی بەریتانیا و هەروەها خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلمەکانی سینەمای کوردی” لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok لە هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە.

دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی 54 فیلمی بڵندی سینەمایی، بەڵگەفیلم و کورتە فیلم لە سینەماکارانی 8 وڵاتی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی “کارۆ ئاڕت” لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی “ئۆکتیابر” و لە شاری مۆسکۆ و لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبوورگ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز”.




نمایشی فیلمی “ئاتابای” ڕۆژی پێنجشه‌مه له سینەماکانی هەرێمی کوردستان ده‌ست پێدەکات

مەنسوور جیهانی

نمایشی گشتی فیلمی سینەمایی “ئاتابای” لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی “نیکی کەریمی” ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران له ڕۆژی پێنجشه‌مه ٣٠ جوونی ٢٠٢٢ لە سینەماکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک لە هەرێمی کوردستان ده‌ست پێدەکات.

نمایشی گشتی فیلمی سینەمایی “ئاتابای” Atabai لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی “نیکی کەریمی” ئەستێرەی به ناوبانگی سینەمای ئێران، لە نووسینی “هادی حەجازی فەر” و “نیکی کەریمی” و بە ڕۆڵ بینینی هەندێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: هادی حەجازی فەر، سەحەر دەوڵەتشاهی، جەواد عیزەتی، دانیاڵ نوروش، یوسفعەلی دەریادڵ، مەهلەقا مەی نووش، مەعسوومە ڕەبانی نیا و میرمەجید حوسێنی دوای به‌شداری له فێستیڤاڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان فیلم و نمایش له وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، له ڕۆژی پێنجشه‌مه ٣٠ جوونی ٢٠٢٢ لە سینەما “سالم” لە شاری سلێمانی، لە سینەمای “ئێمپایێر”ی فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر و هەروەها لە سینەمای “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک ده‌ست پێدەکات.

“ئاتابای” بەرهەمی ساڵی 2019 بە بەرپرسیاری “محەمەد تۆریوەریان”، بە هەماهەنگی خاتوو “مێهری فەریقی” بەرپرسی کۆمپانیای کلاسی ڤیژن، بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و “ئای فیلمپڕۆ” بە بەرپرسیاری “عه‌لی غیاسیوه‌ند” بڵاوکه‌ره‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی فیلمه‌که لە سینەمای شارە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان پیشان ده‌درێت.

ئەم فیلمە کە یەکەمین جار، لە سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر نمایشکرا و کاندیدی وەرگرتنی سیمورغی بلوورین لە 5 بەش و هەروەها فیلمی هەڵبژاردەی ڕخنەگران و نووسەرانی گۆڤاری مانگانەی “فیلم” لە ژمارەی ڕەشەمەی ساڵی 2019 بوو؛ لە کۆمەڵێک فێستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهاندا بەشداریی کردووە، لەوانە: چلەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و کۆنی فیلمی “کەمبریج” لە وڵاتی بەریتانیا و باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای هونەرەکان و فیلم و تەلەڤیزیۆنی بەریتانیا “بەفتا” BAFTA، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئاسیا پەسیفیک” لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “داکا” لە وڵاتی بەنگڵادیش، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “پۆنا” لە وڵاتی هیندستان، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سۆفیەمنار” لە وڵاتی بوڵگاریا و چەندین فێستیڤاڵی دیکە بەشداریی کردووە.

فیلمی سینەمایی “ئاتابای” لە چواردەیەمین خولی جەژنی گەورەی ڕخنەگران و نووسەرانی سینەمایی ئێرانیش توانی 5 خەڵاتی سەرەکی لەوانە: خەڵاتی باشترین فیلم، خەڵاتی باشترین دەرهێنان، خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ڕۆڵی تەواوکەری پیاو بۆ “جەواد عیزەتی” و هەروەها خەڵاتی باشترین موزیکی دەق بۆ موزیکزانی ناوداری ئێرانی مامۆستا “حوسێن عەلیزادە” بەدەست بێنێت.

لە پوختەی سیناریۆی فیلمی سینەمایی “ئاتابای”دا هاتووە: “کازم ئاتابای” تەمەن 40 ساڵ بە هاوڕێیەتی لەگەڵ باوک و خوشکەزاکەی لە پیرکەندی ژیان بەسەر دەبەن و … .

هەندێک لە ستافی ئامادەکردنی “ئاتابای” بریتین لە؛ دەرهێنەر: نیکی کەریمی، نووسەر: نیکی کەریمی و هادی حەجازی فەڕ، موزیک: مامۆستا حوسێن عەلیزادە، وێنەگر: سامان لوتفیان، مونتاژ: حوسێن جەمشیدی گەوهەری و بەرهەمهێنەر: نیکی کەریمی.




دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت

مه‌نسوور جیهانی ـ

دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی 8 وڵاتی جیهان لە شارەکانی مۆسکۆ و سەن پتێرزبوورگ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی 54 فیلمی بڵندی سینەمایی، بەڵگەفیلم و کورتە فیلم لە سینەماکارانی 8 وڵاتی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی “کارۆ ئاڕت” KARO.Art لە ڕۆژانی 29ی جوون تا 12ی جوولای 2022 لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی “ئۆکتیابر” Oktyabr و لە شاری مۆسکۆ و لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبوورگ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow لە ڕیزبەندی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم دایە کە لە لایەن وەزارەتی فەرهەنگی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا و بە واژۆی “ئۆ. بی. لیۆبیمۆڤا” O.B. Lyubimova وەزیرەی کەلتووری ئەم وڵاتە گەیشتووە و بە نامەی فەرمی ژمارە 1692 ڕێکەوتی 24ی دیسەمبەری 2020 لە چوارچێوەی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا لە ساڵی 2022 بەڕێوەدەچێت.

بەرپرسانی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: ئەمە ڕووداوێکی کەلتووری سەرسووڕهێنەرە بۆ هەموو لایەنگرانی فیلم و هەروەها بۆ کوردانی ڕووسیا و هەموو ئەو کەسانەی کە سەبارەت بە چارەنووسی ئەم خەڵکە قارەمانە بێکاردانەوە نین. فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” بەرزتر لە سیاسەت و مەزهەب دەڕوانێت و چاو لە سینەما وەکوو هونەرێکی بنەڕەتی و کەرەسەتەیەکی گرینگ بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و سەبارەت بەو زانیاریی پێویست دەبەخشێت.

بەرهەمەکانی ئامادەبوو لەم فێستیڤاڵە، پێشکەش بە چارەنووس، مێژوو، خەباتی سەخت و بەرخۆدانی کوردەکان کراوە و بە زمانی سەرەکی و بە ژێرنووسی ڕووسی پیشان دەدرێن. هۆگران لەگەڵ کەلتوور و زمانی نەتەوەیی خەڵکی باستان و هەروەها مێژوو و دابوونەریتەکانی سەدان ساڵە و خەباتەکانی ئەوان ئاشنا دەبن. ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم ڕووداوە سینەماییە ڕۆژی چوارشەمە 29ی جوونی 2022 لە ناوەندی سینەمایی “ئۆکتیابر” Oktyabr لە شاری مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.

فێستیڤاڵی ئەمسال، بە هەشتاو پێنجەمین ساڵیادی لە دایکبوونی ئەفسانەی سینەمای کوردستان “یەڵماز گۆنای”یە Yilmaz Guney دەرهێنەری ناوداری کورد تەرخانکراوە. فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”ی 2022 تایبەتە بە پیشاندانی فیلمی هەرمانی گۆنای واتە “ڕێگا” The Road کە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا لە ساڵی 1982 خەڵاتی گەورە و گرینگی چڵە خورمای زێڕینی ئەم ڕووداوە بەنرخە سینەماییەی بەدەستهێنا.

بەرنامەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، فیلمەکانی ئەو 8 وڵاتە لە خۆدەگرێت کە لە لایەن دەرهێنەرەکانیانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا سازکراون.

فێستیڤاڵە فیلمە کوردییەکان ساڵانێکە کە لە پێتەختەکانی ئەورووپا و جیهان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت. لە ساڵی 2022 ئەمە دووهەمین ساڵە کە شاری مۆسکۆ درگاکانی خۆی دەکاتەوە و دەرفەتێکی بێوێنە بۆ بینینی باشترین فیلمەکانی دەرهێنەرانی کورد دەر’ەخسێنێت. هەروەها ئەم خولەی فێستیڤاڵ، هەلێکی تایبەتە بۆ بینینی کۆمەڵێک فیلم لە بەرنامەکانی فێستیڤاڵ، هاوکات لەگەڵ شاری مۆسکۆ لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبوورگ.

ئەم فێستیڤاڵە لە ڕێگای پیشاندانی ئەو فیلمانەی کە تایبەتە بە بابەتی کورد و کوردستان، بە گەشەسەندنی سینەمای نێودەوڵەتی، پاراستنی شووناسی نەتەوەیی و زمانی دایکی کوردەکان و هەروەها دەرفەتێکە بۆ یارمەتیدان و بە هاوبەشدانانی میراتی مێژوویی و کەلتووری خۆمان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی ڕووسیا.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە لایەن وەزارەتی کەلتوور لە ڕیزبەندی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمی بەڕێوەچوو لە فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بۆ ساڵی 2022 جێگایەکی تایبەتی بۆ دیاریی کراوە.

بۆ زانیاری زیاتر:
www.moscowkff.ru

ڕاگەیاندنی گشتی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”.




چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی “کەرکووک”

مەنسوور جیهانی:

چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی “کەرکووک” بە نمایشی 15 بەرهەم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە شاری کەرکووک بەڕێوەچوو.

چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی “کەرکووک” Kirkuk بە بەرپرسیاریی “سەردار زەنگەنە”، بە هەوڵی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی “کەرکووک” و هەروەها بە نمایشی 15 بەرهەم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لەوانە: دانیماڕک، میسر، ئەلجەزایر، ئێران، تورکیا، هەرێمی کوردستان و عێراق لە سینەما “مۆڵ تایم سەنتەر” لە شاری کەرکووک بەڕێوەچوو.

ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی “کەرکووک” لە بڵاوکەرەوەی خۆیدا ڕاگەیاندبوو کە ئەو بەرهەمانە دەتوانن لەم ڕووداوە سینەماییە بەشداریی بکەن کە لە ماوەی ساڵانی 2020، 2021 و 2022 بەرهەم هاتبێتن.

ئەم خولەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی “کەرکووک” بە شێوەی پێشبڕکێی بەڕێوەنەچوو، بەڵام بە دەرهێنەری هەمووی فیلمەکانی بەشداربوو لە فێستیڤاڵ، بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش کرا.

ناوی ئەو 15 بەرهەمەی کە لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی “کەرکووک” لە سینەما “مۆڵ تایم سەنتەر”ی شاری کەرکووک پیشاندران بریتی بوون لە: کورتە فیلمی “دەستپێکی دووبارە” Starting Over لە دەرهێنانی “ئەڤین بەرازی” Evin Berazi لە وڵاتی دانیماڕک، کورتە فیلمی “باخی پاشا” King’s Garden لە دەرهێنانی “ئیرەج محەمەدی ڕەزینی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کورتە فیلمی “ئەو بەم شێوەیە گێڕایەوە” لە دەرهێنانی “مەڕوە عەبدوالنەعم” لە وڵاتی میسر، کورتە فیلمی “جودی مرادان” Cudi of the Wishes لە دەرهێنانی “سەمیعە ییلدیز” لە باکووری کوردستان، کورتە فیلمی “پرد” Bridge لە دەرهێنانی “بوکف محەمەد تاهیر چاوکی” لە وڵاتی ئەلجەزایر، کورتە فیلمی “سەمای بەفر” لە دەرهێنانی “پشتیوان عەبدوڵڵا” لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “خەونەکان لە قووڵاییدا” لە دەرهێنانی “ڕەزا محەمەدی” لە شاری بانە، کورتە فیلمی “سووتانی 13.13” Ignition 13.13 لە دەرهێنانی “ئاندرۆ سوبحی شەفیق ئەمین” لە وڵاتی میسر، کورتە فیلمی “بەلاش” Free لە دەرهێنانی “سامی کاکە” لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “خولانەوە” لە دەرهێنانی “هەژیر ئەسعەدی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کورتە فیلمی “15 خولەک” 15 Minute لە دەرهێنانی “محەمەد سەلیم” لە وڵاتی عێراق، کورتە فیلمی “ئەنفالی دارستان” لە دەرهێنانی “محەمەد تۆفیق محەمەدی” لە شاری مەریوان، کورتە فیلمی “لاقی چەپ” (القدم الیسری) لە دەرهێنانی “فەلاح البغدادی” لە وڵاتی عێراق، کورتە فیلمی “دەرهێنەر” DIRECTOR لە دەرهێنانی هاوبەشی “ئازاد جەعفەرپوور” و “موردا حەق پەرەست” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کورتە فیلمی “تەقاندن” shoot لە دەرهێنانی “زید شکر” لە وڵاتی عێراق.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.facebook.com/ملتقى-كركوك-السينمائي-الدولي-لافلام-الانيميشن-103912795625363/

ڕاگەیاندنی گشتی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمەیشنی “کەرکووک”.




“بەهرام ڕادان” ئەستێرەی سینەمای ئێران پەیامێکی تایبەتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان نارد

مەنسوور جیهانی ـ

“بەهرام ڕادان” ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران، ئەکتەر و دەرهێنەری فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش”، بە بیانووی نمایشی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە سینەمای شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک، پەیامێکی تایبەتی ڤیدیۆیی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان نارد.

دەقی پەیامی ڤیدیۆیی “بەهرام ڕادان” ئەکتەر و دەرهێنەری فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش” The Black Cat لە خوارەوەدا هاتووە:

سڵاو لە خەڵکی هەرێمی کوردستان
فیلمی “پشیلە ڕەش” بە ژێرنووسی کوردی لەم هەفتەیەوە لە سینەماکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک نمایش دەکرێت، ئێمەش لە هەوڵداین تاکوو بە هاوڕێیەتی لەگەڵ هەندێک لە ستاف و ئەکتەرانی فیلمەکە، سەردانی کوردستان بکەین و ببینە میوانی ئێوە، هیوادارم کە ئەم کارە ڕووبدات و لە نزیکەوە ئێوە ببینین. هیوادارم کە فیلمەکە ببینن و چێژیی لێوەربگرن و پێتان خۆش بێت.
بە هیوای دیدارتان، هەر بژی کوردستان.

پیشاندانی فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش” بەرهەمی ساڵی 2020 بە بەرپرساریی “محەمەد تۆریوەریان” لە ڕۆژی 30ی مای واتە گوڵانی 2022 لە سینەما “سالم” لە شاری سلێمانی دەستی پێکردووە و لە درێژەدا لە سینەمای “ئێمپایێر”ی فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر و هەروەها لە سینەمای “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.

لە فیلمی “پشیلە ڕەش” لە دەرهێنانی “کەریم ئەمینی”، لە بەرهەمهێنانی “بەهرام ڕادان” ئەستێرەی بەناوبانگی سینەمای ئێران، کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: “بەهرام ڕادان”، “تەڕلان پەروانە”، “حوسێن پوورکەریمی”، “کیا ڕوکنی”، “بەهارە کیان ئەفشار”، “عەلیڕەزا ئوستادی”، “پەیام ئەحمەدی نیا”، “ئازادە سەدیری”، “بێهرووز قادری”، “ستایش ڕەجایی نیا”، “ئارەزوو نەبووەت”، “سومەیە بورجی” و هەروەها “ڕەزا یەزدانی”، “ئیحسان کەڕەمی”، “عەلی ئۆوجی”، “نیگار شیرازی” و گرووپی موزیکی “سوێن” تیایدا ڕۆڵیان بینیوە.

فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش” ناوەرۆکێکی کۆمەڵایەتی هەیە و ڕوانینێکی هەیە بە مەسەلەکانی ئەمڕۆی گەنجان، ئامادەبوونی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژیی ئەنتەڕنێت لە ناو کۆمەڵگای ڕەسەن و هەروەها جیاوازیی جیلەکان لە ناو کۆمەڵگای ئەمڕۆکەی ئێراندا.

ئەم فیلمە تا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهاندا بەشداریی کردووە، لەوانە: “وەرشەو” لە وڵاتی پۆڵەندا، “سووفیا” لە وڵاتی “بوڵگاریا”، فێستیڤاڵی هونەریی پێشکەوتووی “چۆنگ کینگ” Chongqing Pioneer لە وڵاتی چین، “داکا” لە وڵاتی “بەنگڵادش” و هەروەها لە فێستیڤاڵەکانی “پڕێنس ئێدواڕد” و “ڤەنکۆڤێر” لە وڵاتی کەنەدا.

پەیامی “بەهرام ڕادان” لە لاپەڕەی ئینستاگڕامی خۆی:
https://www.instagram.com/p/CeQrYBrA2rE/?igshid=YmMyMTA2M2Y=

لینکی دانلۆدی پەیامی “بەهرام ڕادان”:
https://we.tl/t-RegStG5MqS




بەڵگە فیلمێک سەبارەت بە شاخەوانی بلیمەتی کورد “محەمەد ئەوراز” ساز دەکرێت

مەنسوور جیهانی ـ

بەڵگە فیلمی “دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان” سەبارەت بە کەسایەتی و شانازییەکانی شاخەوانی کورد ڕەوانشاد “محەمەد ئەوراز” کە بەسەر لووتکەی بەرزیی شاخی ئێڤێرێستدا سەرکەوت، لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “ئیبڕاهیم سەعیدی” لە ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلم” ساز دەکرێت.

“ئیبڕاهیم سەعیدی” کە بە بەرهەمە بەڵگە فیلم و چیرۆکییەکانی خۆی لەوانە: فیلمی سینەمایی “ماندوو” و بەڵگە فیلمی “دایکانی من” سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ئەنفال لە فێستیڤاڵە گرینگە نێودەوڵەتییەکان لە ئاستی جیهاندا بەشدارییەکی سەرکەوتوانەی کردووە و هەروەها چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێناوە؛ لە نوێترین بەڵگە فیلمی خۆیدا، تەرکیزی خستۆتە سەر ڕەوانشاد “محەمەد ئەوراز” ئەفسانەی شاخەوانی کوردستان و ئێران و ئەو کەسەی کە بەسەر لووتکەی “ئێڤێرێست” Everest وه‌کوو بەرزترین شاخی جیهان و هەروەها شاخە بەرزەکانی دیکەی دنیادا بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن سەرکەوت و ناویی خۆی بۆ هەتا هەتایە لە مێژوودا تۆمار کرد.

سەعیدی لە بەڵگە فیلمی “دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان”دا بە تایبەت باسی ژیان، کەسایەتی و شانازییە وەرزشییەکانی ئەم پاڵەوانە نەتەوەییەی شاخەوانی کوردستان و ئێران دەکات.

لەم بەرهەمە هونەرییەدا هەوڵدەدرێت تاکوو لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕەمزەی شاخەوانی جیهان و هەروەها قۆناغەکان و تایبەتمەندییە بێوێنە و پیشەییەکانی ئەم شاخەوانە بەرجەستە بکرێت و شیکاریی لەسەر بکرێت و بە جوانی و بە وردیی بۆ بینەر بخرێتە ڕوو.

ئەم بەڵگە فیلمە، ئێستا لە قۆناغی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دایە، هەر بەم بۆنەیەوە دوا لەو کەسانە دەکرێت کە دەتوانن بە باشتر کردنی ئەم بەرهەمە لە لایەنە جۆراجۆرەکاندا، لەوانە؛ بە ناردنی فیلم، وێنە، بیرەوەریی یا خود هەر بابەتێکی دیکە لەم بارەیەوە یارمەتیمان بدەن و ئێمە بە گەرمی دەستیی ئەو کەسانە دەگوشین کە یارمەتیمان دەدەن و سپاسی تایبەتیان دەکەین. هیوادارین کە بە هاوکاریی ئێوە بتوانین فیلمێکی شایستە و شیاو لەسەر ڕەوانشاد “محەمەد ئەوراز” و پێگەی شانازییەکانی پاڵەوانانەی ئەم شاخەوانە بیرمەندە لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا ساز بکەین.

داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە فیلم، وێنە و یا هەر بیرەوەرییەکیان لە شادڕەوان “محەمەد ئەوراز” هەیە؛ لە ڕێگای ئیمەیلی Lavanfilm1344@gmail.com و ژمارە تەلەفوونی مۆبایلی 00989143421140 پەیوەندیی بە گرووپی دەرهێنان و ستافی بەڵگە فیلمی “دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان” بکه‌ن.

ڕەوانشاد “محەمەد ئەوراز” لە ڕۆژی 26ی خەرمانانی ساڵی 1348ی هەتاوی ڕێکەوتی 17ی سێپتەمبەری ساڵی 1969 لە شاری نەغەدە لە رۆژهه‌ڵاتی کوردستان لە دایک بووە و لە ڕۆژی 26ی گەلاوێژی ساڵی 1382ی هەتاوی ڕێکەوتی 17ی ئۆگۆستی ساڵی 2003 لە کاتی سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “گاشێربرۆمی 1” Gasherbrum I لە وڵاتی پاکیستان بە هاوڕێیەتی لەگەڵ شاخەوانی هەرمانی کورد ڕەوانشاد “موقبیل هونەرپەژووە” لە نزیکەکانی لووتکە و بە هۆی داڕمانی بەهمەن، بە توندی بریندار بوو و بە هەوڵی هەڤاڵانی شاخەوانی خۆی گەیێندرایە نەخۆشخانەی “شیفا” لە شاری ئیسلام ئاباد و دوای 20 ڕۆژ ململانێ لەگەڵ مەرگ، بەداخەوە ڕۆژی 16ی خەرمانانی ساڵی 1382ی هەتاوی ڕێکەوتی 7ی سێپتەمبەری ساڵی 2003 ماڵئاوایی لە ژیان و هەوادارانی کرد.

ئەوراز لە ماوەی ژیانی کورتی شاخەوانی خۆیدا شانازییەکی زۆریی بۆ کۆمەڵگای وەرزشی و لقی شاخەوانی کوردستان و ئێران بەدەستهێنا، کە بریتین لە: سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “راکاپۆشی” Rakapushi بە بەرزایی 7788 مەتر لە وڵاتی پاکیستان لە ساڵی 1998، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “ئێڤێرێست” Everest بە بەرزایی 8849 مەتر، بەرزترین شاخی جیهان، هیمالیا لە وڵاتی نیپال لە ساڵی 1998، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “چو وایۆ” Cho Oyu بە بەرزایی 8201 مەتر، شەشەمین لووتکەی بەرزیی جیهان، هیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی 2000، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “شیشاپانگما” Shishapangma بە بەرزایی 8036 مەتر، سێزدەیەمین شاخی بڵیندیی دنیا، هیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی 2000، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “ماکالۆ” Makalu بە بەرزایی 8463 مەتر، پێنجەمین شاخی بەرزیی جیهان، هیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی 2001، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “ئاڕاڕت” Ararat بە بەرزایی 5165 مەتر لە تورکیا لە ساڵی 2001، سەرکەوتن بەسەر لووتکەی “لوتسێ” Lhotse بە بەرزایی 8511 مەتر، چوارەمین شاخی بەرزیی جیهان، هیمالیای تەبەت، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە گازی ئۆکسیژێن لە ساڵی 2001، چوونە سەرەوە تاکوو بەرزایی 7900 مەتر بۆ لووتکەی “گاشێربرۆمی 1” Gasherbrum I بە بەرزایی 8064 مەتر، یازدەیەمین شاخی بەرزیی جیهان، هیمالیای پاکیستان لە ساڵی 2003 و …

شانازییەکانی دیکەی ئەم شاخەوانە کوردە بریتین لە: یەکەمین کەسی موسوڵمان کە توانی بچێتە سەر لووتکەی “ئێڤێرێست” لە ساڵی 1988، وەرگرتنی بڕوانامەی ڕاهێنانی پلە یەک لە فیدڕاسیۆنی شاخەوانی ئێران لە ساڵی 1999، بەشداریی لە خولی نێودەوڵەتی سەرکەوتن بەسەر ڕێگا دژوارەکاندا لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵی 1999، بەشداریی لە خولی نێودەوڵەتی ڕێبەرایەتی گرووپی شاخەوانی، لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵی 1999، پیاویی ساڵی شاخەوانی ئێران لە 2001 و هەروەها پیاویی ساڵی شاخەوانی ئێران لە 2002.

سینەماکاری مەهابادی “ئیبڕاهیم سەعیدی” بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان”، دەرچووی کارناسی سینەما لە لقی مۆنتاژە لە کۆلێژی سینەما تەئاتری زانکۆی هونەری تاران کە زیاتر لە 35 ساڵە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سینەمادا سەرقاڵی چالاکییە و لە درێژایی ئەم ساڵانەدا مۆنتاژ و وێنەگرتنی زیاتر لە 150 کورتە فیلم و فیلمی بڵیند، بەڵگە فیلم و هەروەها فیلمی چیرۆکی لە ئەستۆدا بووە.

بۆ زانیاری زیاتر:

لاپەڕەی فەرمی ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” لە ئینستاگڕام:
@lavanfilm_institute

لاپەڕەی فەرمی “ئیبڕاهیم سەعیدی” لە ئینستاگڕام:
@ebrahimsaeedi_official

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی بەڵگە فیلمی “دوایین هەنگاو بەرەو ئاسمان”.




بە نمایشی “کوردانی ئیزەدی” دووهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” دەستی پێکرد

مەنسوور جیهانی ـ

بە نمایشی فیلمی سینەمایی “کوردانی ئیزەدی” لە دەرهێنانی “ئاماسی مارتیرۆسیان” بەرهەمی ساڵی 1933 لە یەکێتی سۆڤییەت، دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” دەستی پێکرد.

دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” İstanbul بە پشتیوانی “کۆمیتەی سینەمایی میزۆپۆتامیا” Mezopotamya Sinema و بە بەرپرسیاریی هاوبەشی “تانەر تان” Taner Tan و “ئادار تاش” Adar Taş، بە نمایشی فیلمی سینەمایی “کوردانی ئیزەدی” Kurdên Êzidî لە دەرهێنانی “ئاماسی مارتیرۆسیان” Amasi Martirosyan بەرهەمی ساڵی 1933 لە یەکێتی سۆڤییەت، بە نمایشی 30 بەرهەم لە سینەماکارانی کورد و بە تەرکیز لەسەر سینەمای کوردیی، دوێنێ پێنجشەمە 24ی مارچی 2022 لە شاری ئەستۆنبووڵ لە تورکیا کرایەوە و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لە ڕاگەیاندنی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەستەنبووڵدا هاتووە: گرینگی و مانای هونەر؛ بە تایبەت هونەری سینەما و هونەرەکانی شێوەکاریی لە ڕۆژگاری ئێمەدا بە باشی ناسراوە. خەڵکانی جیهان، زیاتر لە سەد ساڵە کە ناو و شوناسی خۆیان لە ڕێگای سینەماوە لە جیهاندا پێکهێناوە، بەڵام کوردەکان و کۆمەڵگای وەکوو کوردەکان ڕووبەڕووی بەربەستی زۆر بوونەتەوە و بەرەوپێشنەچوونی سینەمای کوردیی بۆتە بەربەستێک بۆ بەرەوپێشنەچوونی خەڵکی کورد و ئەم باروودۆخە هێشتاش بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەی هەیە و ئەمە لەگەڵ کەلتوور و هونەردا دژایەتی هەیە. سینەمای کوردی لە سیاسەتەکانی دۆخ و چۆنییەتی هاوشێوەبوون بگرە تا دەرفەتە ماددی و مەعنەوەییەکان؛ بەردەوام ڕووبەڕووی گرفت و بەربەست بۆتەوە. ئەم باروودۆخە دڵتەزێنە، هێشتاش بە لێککەوتن و بەربەرست درێژەی هەیە. ئێمە وەکوو کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ئەم فێستیڤاڵە، ئاگاداریی ئەم باروودۆخە هەین و هەر بەم پێیە، دمانەوێت دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” بەڕێوەبەرین. خەڵکی کورد لە هەر لایەنێک و بە کەلتوور و هونەریی خۆیان لە خەباتێکی نەتەوایەتیدان. هیوامان ئەوەیە کە ئێمەش، چرای ڕێگای ئەم کارە گرینگ و هەستیارە بین.

لە درێژەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: هەر بەم پێیە؛ لە ساڵی 2019 فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەستەنبووڵمان بۆ یەکەمین جار بە پشتیوانی “کۆمیتەی سینەمایی میزۆپۆتامیا” و بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبرد. پێش لە بەڕێوەچوونی یەکەمین خولی فێستیڤاڵ، بۆمان دەرکەوت کە سینەماکارانی کورد لە تورکیا ناتوانن بە ئاسانی فیلمەکانی خۆیان لە هۆڵەکانی سینەمادا نمایش بکەین. تەنانەت ئەگەر فیلمەکانیشیان نمایش بکرێت، بە ناچار سانسۆڕ دەکرێت. ئێستاش بە شێوەی ڕاشکاوانە، ناتوانین بڵێین کە فیلمە کوردییەکان ڕەنگی هۆڵی سینەما بەخۆیانەوە دەبینن و لەڕاستیدا میکانیزمەکانی سانسۆڕ و هەروەها قەدەغەکردن بۆ ئاوان لە قۆناغی جۆراوجۆردا بوونی هەیە و ئەم بابەت و گرفتە، هێشتاش درێژەی هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی هەمووی ئەوانە دەمانەوێت سانسۆڕ، بەربەستەکان و ئەو سنوورانەی کە دێنە سەر ڕێگای سینەمای کوردیی لادەین و تا ئەو کاتەی کە بتوانین لێی ڕزگار بین، درێژە بە ڕێگای خۆمان دەدەین. بێجگە لەوانە، ئێمە دەمانەوێت ئەم فێستیڤاڵە، شوێنێک بێت بۆ سینەماکارانی کورد تاکوو بتوانن فیلمەکانیان تیایدا نمایش بکەن و بەرهەمەکانیان پێشکەش بە بینەران، هۆگرانی سینەما و لایەنگرانی خۆیان بکەن. هەر چەندە ئەوە یەکەمین مەبەستی ئێمەیە، بەڵام دەمانەوێت کوردەکان لە سینەمای جیهان، نوێنەری باش و شایستەی خۆیان هەبێت و لە نێوان سینەمای کوردی و سینەمای جیهاندا پەیوەندییەکانی باش و تۆکمە و گونجاو پێکبێنین.

لە درێژەی ئەم دەقەدا هاتووە: دوای ساڵی 2019 و بە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە باروودۆخی لەمەجبووری لە سەرتاسەری جیهاندا پێکهێنا، ئێمە نەمانتوانی فێستیڤاڵەکەی خۆمان بە شێوەی ئامادەبوون بەڕێوەبەرین. ئەمڕۆکە بە بەرزڕاگرتنی جەژنی فێستیڤاڵی ساڵی 2019، دەمانەوێت دووهەمین خولی فێستیڤاڵ، لە ڕۆژانی 24 تا 29ی مارچی 2022 بەڕێوەبەرین. نزیکەی پێنج مانگ لە دەست بە کاریی ئەم ڕووداوە تێدەپەڕێت. لە هەڵبژاردنی فیلمەکان وەکوو کۆمیتەی فێستیڤاڵ، هەندێک پێوەرمان دیاریی کرد، ئەویش ئەوە بوو ئەو فیلمانەی کە لە چوارچێوەی بایخە مرۆڤایەتییەکان، سروشت و دیمۆکڕاتیک وێنەگیرابن، بە گشتیی هەڵبژێردران. هەڵبەت هەموو ئەو بەرهەمانەی کە بۆ ئێمە ڕەوانە کرابوون، گرینگایەتی تایبەت بە خۆیان هەبوو و سوپاسی هەموو ئەو دەرهێنەرانە دەکەین کە فیلمەکانی خۆیان بۆ ئێوە ڕەوانە کرد.

لە کۆتایی ڕاگەیاندنی چاپەمەنییەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەستەنبووڵدا هاتووە: 30 بەرهەم لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەڵگە فیلم و کورتە فیلم لە دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” نمایش دەکرێن. ئەم بەرهەمە هونەریانە لە سەرتاسەری کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان کە کوردەکان تیایدا نیشتەجێین و ژیان بەسەر دەبەن، بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵ ڕەوانە کراون و زۆربەی ئەوان بە ئامادەبوونی دەرهێنەرەکانیان لە فێستیڤاڵ نمایش دەکرێن. هەروەها فیلمی سینەمایی “کوردانی ئیزەدی” Kurdên Êzidî کە لە لایەن “ئاماسی مارتیرۆسیان” Amasi Martirosyan لە ساڵی 1933 لە ئەرمەنیستانی یەکێتی سۆڤییەت وێنەگیراوە و تا ئێستا لە تورکیا و کوردستان نمایش نەکراوە، فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵەکەی ئێمە دەبێت. بە نمایشی ئەم فیلمە، دەمانەوێت چاوخشاندنێکمان هەبێت بە ئەزموونی کوردەکان لە مێژووی سینەمادا و ڕوانینێکمان هەبێت بە مێژووی نەنووسراویی ئەواندا. لە شەویی کردنەوەشدا، کۆنسێڕتی مۆسیقاش پێشکەش دەکرێت. کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە سینەمای کورد یەکێکی دیکە لە بەرنامەکانی ئەم ڕووداوە هونەرییە دەبێت کە تیایدا سینەماکارانی کورد سەبارەت بە سینەمای کورد و گرفتەکانی خۆیان پێکەوە ئاخاوتن دەکەن و بیرووبۆچوونەکانیان دەخەنەڕوو، تاکوو لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سینەمادا گرفتەکانیان باس بکەن و ئایدیاکانی خۆیان گەشەپێبدەن. ئێمە وەکوو کۆمیتەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” لە ڕۆژانی 24 تا 29ی مارچی 2022 چاوەڕوانی هەموو سینەماکاران و هەڤاڵانی سینەما و هەروەها خەڵکی خۆشەویستین.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://drive.google.com/file/d/1agxgO4IhkvE19UPgPkd-DbgGS5rKWa_V/view




“ئەزموون” خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی فێستیڤاڵی “سانتا باڕباڕا”ی بەدەستهێنا

مەنسوور جیهانی

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی” خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” لە وڵاتی ئەمەریکا بەدەستهێنا.

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” Santa Barbara لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن بینەران و ڕخنەگرانی سینەمایی و هەروەها ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی ئەم ڕووداوە کۆن و گرینگەی سینەمای ئەمەریکا بە ناونیشانی “جێفڕی سی. بارباکۆ” Jeffrey C. Barbakow بەدەستبێنێت.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” بریتی بوون لە: “کاڕلۆس ئاگیۆلار” Carlos Aguilar، “جۆستین بێتیمێن” Justine Bateman، “دۆپ بۆسۆ” Dupe Bosu، “جۆلی کارمێن” Julie Carmen، “ئانلی ئێلینگسۆن” Annlee Ellingson، “تیم گریرسۆن” Tim Grierson، “بیندریا جولی” Beandrea July، “ئێلیزابێت لو” Elizabeth Lo، “ئێسکات مانتز” Scott Mantz، “خۆزێ نۆڤۆئا” Jose Novoa، “گیل ڕابێرتسۆن” Gil Robertson، “چاڕلز سۆلۆمۆن” Charles Solomon، “ئانجی وانگ” Angie Wang، “ئێستیو زێن” Steve Zahn، “ئانتۆنی زێربە” Anthony Zerbe و “ئانێت زێربە” Annette Zerbe.

سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” SBIFF بە هاوکاری ڕێکخراوەی ناحوکمی “یو.جی.جی” ®UGG، بە بەشداریی ئەستێرە ناوداره‌کانی سینەمای دنیا و بە نمایشی 200 فیلم لە سینەماکارانی 54 وڵاتی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی”، بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم”ی کورت و درێژ، بەشی پێشبڕکێی “ئەنیمەیشن”، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای سەربەخۆ”، بەشی پێشبڕکێی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای نۆڕدیک”، بەشی “سێمینارە سینەماییەکان”، بەشی پسپۆڕانەی “ڤۆرکشۆپی فێرکاری” و … لە ڕۆژانی 2 تا 12ی ماڕچی 2022 لە شاری سانتا باڕباڕا لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

“ئەزموون” بەرهەمی کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی بەڕلین و کۆمپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

لە فیلمی سینەمایی “ئەزموون”دا کۆمەڵێک ئەکتەری بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان، تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاڤان جەماڵ، ڤانیا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان و … .

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆی لە بەشی سەرەکی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤیکتۆریا” Victoria لە وڵاتی کەنەدا نمایشکرا و لە لایەن هۆگران، ڕخنەگران و نووسەرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بەدەستبێنێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://sbiff.org/

https://www.facebook.com/SBIFF

https://fb.watch/bLlBss6Xix/

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە فه‌یسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346/




ئێرانییە توندڕەوەکان لەسەر “بەهمەن قوبادی” هێرش دەکەنە سەر “ڕاجێر واتێرز”

مەنسور جیهانی

“ڕاجێر واتێرز” موزیکزانی ناوداری جیهان لە لاپەڕەی تایبەتی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆیدا “بەهمەن قوبادی” بە هەڤاڵی خۆی وەکوو فیلمسازی گەورەی کورد ناودەبات و ئێرانییە توندڕەوەکانیش بە نووسینی کۆمێنتەکانیان هێرش دەکەنە سەر ئەم گۆرانیبێژ و ژەنیاره بەتوانایه و بە توندی ڕه‌خنەی لێدەگرن.
“ڕاجێر واتێرز” Roger Waters موزیکزانی بەناوبانگی جیهان، هەڵبەستوان، گۆرانیبێژ و ژەنیار بەتوانای بەریتانی و دامەزرێنەری گرووپی موزیکی هەرمانی “پینک فلۆید” Pink Floyd، دوای ئەوە کە ترەیلەری فیلمی سینەمایی “چوار دیوار” لە دەرهێنانی سینه‌ماکاری کورد “بەهمەن قوبادی” لە لاپەڕەی تایبەتی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆیدا بڵاوکردەوە و لە وتارێکی کورتدا نووسی: هەڤاڵی من “بەهمەن قوبادی” فیلمسازی گەورەی کورد، فیلمە نوێیەکەی بە ناوی “چوار دیوار” The Four Walls لە فێستیڤاڵی فیلمی “تۆکیۆ” نمایش کرد. من لە کاتی بڵاوبوونەوەی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” لایەنگری بەگوڕوتینی بەهمەن بووم. شانازی دەکەم کە لەگەڵ “چوار دیوار” هاوکاریم کردووە.
دوای بڵاوبوونەوەی پۆستی “ڕاجێر واتێرز” لە لاپەڕە تایبەتییه‌کانی خۆیدا، ئێرانییە توندڕەوەکان بە نووسینی کۆمێنتەکانیان هێرشیان کردە سەر و بە توندی ڕه‌خنەیان لێگرت. ئەوە دەریدەخات لە دوایین سەردانیدا کە “بەهمەن قوبادی” موزیکزانی ناوداری جیهان “ڕاجێر واتێرز”ی بانگهێشت کرد بۆ هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر، دیارە کە ئەم سینەماکارە کوردە لە دەرەوەی وڵات خۆی بە کورد دەناسێنێت و لە دوایین پۆستی “ڕاجێر واتێرز”یش دەبینین کە لە لاپەڕەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەیەتییەکانی ئینستاگڕام، فەیسبووک و توویتێر، لە “بەهمەن قوبادی” وەکوو فیلمسازی گەورەی کورد ناودەبات و لە تەنیشتیدا هیچ وشەیەکی ئێرانی نانووسێت و ئەوە دەریدەخات کە قوبادی لەسەر کوردبوونی خۆی چەندە هەستیارە و پێداگریی لەسەر دەکات.
فیلمی سینەمایی “چوار دیوار” لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەن قوبادی” و لە بەرهەمهێنانی “ڕاجێر واتێرز” موزیکزانی ناوداری جیهان بەرهەمی وڵاتی بەریتانیا لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە ڕۆژی سێشەمە 2ی نۆڤەمبەری 2021 لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆکیۆ” Tokyo لە وڵاتی ژاپۆن چووە سەر پەردەی سینەما و لە لایەن بینەران، ڕه‌خنه‌گران و نووسه‌رانی سینه‌ماییه‌‌وە پێشوازییه‌کی بێوێنەی لێکرا.
بۆ زانیاری زیاتر:

https://rockcelebrities.net/roger-waters-shares-the-trailer-of-the-new-film-he-produced




ترەیلەری “چوار دیوار”ی “بەهمەنی قوبادی” لە بەرهەمهێنانی “ڕاجێر واتێرز” بڵاوکرایەوە

مەنسوور جیهانی ـ

ترەیلەری فیلمی سینەمایی “چوار دیوار” لە دەرهێنانی “بەهمەنی قوبادی” و لە بەرهەمهێنانی “ڕاجێر واتێرز” هاوکات لەگەڵ نمایشی لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆکیۆ” لە وڵاتی ژاپۆن بڵاوکرایەوە.

فیلمی سینەمایی “چوار دیوار” The Four Walls لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەنی قوبادی” و لە بەرهەمهێنانی “ڕاجێر واتێرز” Roger Waters موزیکزانی بەناوبانگی جیهان، هەڵبەستوان، گۆرانیبێژ و ژەنیار بەتوانای بەریتانی و دامەزرێنەری گرووپی موزیکی هەرمانی “پینک فلۆید” Pink Floyd بەرهەمی وڵاتی بەریتانیا و بە ڕۆل بینینی “ئەمیر ئاقایی” و چەندین ئەکتەری دیکە لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا ڕۆژی سێشەمە 2ی نۆڤەمبەری 2021 لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆکیۆ” Tokyo لە وڵاتی ژاپۆن چووە سەر پەردەی سینەما و ترەیلەری ئەم بەرهەمە هاوکات لەگەڵ نمایشەکەی لەم ڕووداوە گرینگە سینەماییەدا بڵاوکرایەوە.

دوای یەکەمین نمایشی “چوار دیوار” لەم فێستیڤاڵەدا یەکێک لە ڕخنەگرانی سینەمایی لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا گوتی کە ڕۆڵ بینینی “ئەمیر ئاقایی” وەکوو “ڕۆبێرت دێنیرۆ” Robert De Niro ئەکتەری ناوداری سینەمای جیهان دەچێت.

“بەهمەنی قوبادی” دەرهێنەری ئەم بەرهەمە وێڕای ستایش لەم ئەکتەرە ئێرانییە گوتی کە ئاقایی لە ماوەی سێ ڕۆژ پێش کاتی وێنەگرتن؛ بە بیر و تێگەیشتوویی خۆیەوە، لە خوڵقاندنی ئەو کەسایەتییەی کە تیایدا نواندنی کرد، ڕۆڵێکی کاریگەری بینی.

لە “چوار دیوار” حەوتەمین بەرهەمی بڵندی “بەهمەنی قوبادی”؛ “حوسێن جەعفەریان” بەڕێوەبەری وێنەگرتن،”حوسێن عەلیزادە”، “بەهمەنی قوبادی” و “ودات ییلدریم” Vedat Yıldırım ئاوازدانەر، “هایدە سەفی یاری” مۆنتێر و “بەهمەن ئەردەڵان” دەنگدانەر بوون و تیایدا “فۆندا ئێریگیت” Funda Eryiğit، “فاتیح ئاڵ” Fatih Al، “باریش ییلدیز” Bariş Yildiz لە تەنیشت “ئەمیر ئاقایی” ڕۆڵیان بینیوە.

سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تۆکیۆ” بە سەرۆکایەتی “هیرۆیاسۆ ئاندۆ” Hiroyasu Ando لە لایەن ڕێکخراوەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی سینەمای ژاپۆن، بە سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی “ئیزابێل هۆپێر” Isabelle Huppert ئەکتەری ناوداری فەڕەنسی و بە نمایشی زیاتر لە 100 بەرهەم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە بەشەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی”، بەشی “داهاتووی ئاسیا”، بەشی “هەڵبژاردەی گاڵا”، بەشی “تەرکیز لەسەر سینەمای جیهان”، بەشی “ئەنیمەیشنی ژاپۆنی”، بەشی “جیهان، نیوەگۆی باکوور”، بەشی “سینەمای کلاسیکی ژاپۆن” و … بە شێوەی ئامادەبوون لە ڕۆژانی 30 ئۆکتۆبەر تا 8ی نۆڤەمبەری 2021 لە شاری تۆکیۆ لە وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://2021.tiff-jp.net/en/lineup/film/3401CMP06

https://wetransfer.com/downloads/ee1a9c255c80a7c55b5b842ef49b65c820211103051853/04dfea

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “چوار دیوار”.




مەنسوور جیهانی بۆ ئاژانسی “فڕانس پڕێس”: بەهمەنی قوبادی لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تارانەوە بە سینەمای جیهان ناسێندرا

“مەنسوور جیهانی” پەیامنێری سەربەخۆ و نێودەوڵەتی سینەما لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی “فڕانس پڕێس” AFP گوتی: سینەماکاری کورد “بەهمەنی قوبادی” و زۆربەی سینەماکارانی گەورەی ئێران و کوردستان لە دڵی فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تارانەوە بە جیهان ناسێندران.

“مەنسوور جیهانی” بەرپرسی هەواڵە بیانییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران لە وتووێژ لەگەڵ “سامی کێتز” Sammy Ketz پەیامنێری گەورە و بە ئەزموونی ئاژانسی هەواڵی “فڕانس پڕێس” AFP گوتی: سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەنی قوبادی” هەڵگری خەڵاتی کامێڕای زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا و خەڵاتە گرینگەکانی فێستیڤاڵە بەرچاوە جیهانییەکان و هەروەها ئەندامی ئێستای ئاکادیمیای ئۆسکار، “ئەسغەر فەرهادی” براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی بیانی، هەڵگری خەڵاتی ورچی زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلینالە” و هەروەها خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”، “ڕەزا میرکەریمی” سەرۆکی پێشووی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “فەجر”، “شەهرام موکری” دادوەری بەشی “ئاسۆکان” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز”، “مەجید بەرزگەر” و سینەماکارانی دیکەی ناوداری سینەمای ئێران و کوردستان لە دڵی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تارانەوە بە سینەمای جیهان ناسێندراون.

ئەو سەبارەت بە گرینگی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران گوتی: ئەم فێستیڤاڵە نزیکەی ٤٠ ساڵ مێژووی پڕ لە شانازیی هەیە و لە نێوان فیلمسازانی کورتە فیلمی ئێران و جیهاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە و هەموو ساڵێک نوێترین بەرهەمەکانی خۆیان بۆ ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە ڕەوانە دەکەن. لە ساڵەکانی ڕابردوودا نزیکەی ٤٥٠٠ بەرهەم بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران ڕەوانە دەکرا، بەڵام ئەمساڵ، دوای ئەوەی کە لە لایەن ئاکادیمیای ئۆسکارەوە پەسەندکرا، دوو هەزار فیلم زیاتر و بە گشتی ٦٤٠٢ بەرهەم لە لایەن دەرهێنەرانی سەرتاسەری دنیاوە بۆ ئەم فێستیڤاڵە ناردرا.

ئەم پەیامنێرە سەربەخۆیە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران، گرینگترین فێستیڤاڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ بەرهەمە کورتەکان دێتەئەژمار و سەرنجی فیلمسازانی کورتە فیلمی جیهانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە؛ بۆ نموونە سینەماکاری کورد “ڕێزان یێشیلباش” Rezan Yesilbas دەرهێنەری کورتە فیلمی “بێدەنگ” Silent لە سینەمای تورکیا کە بەم بەرهەمە توانی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی باشترین کورتە فیلمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٢ بەدەستبێنێت، لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێزیان لە هەمان ساڵدا کە لە دەرەوەی وڵات پێکەوە بوومان، زۆر هۆگریی ئەوە بوو کە فیلمەکەی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران ئامادەبێت و خۆشبەختانە ئەم بەرهەمەی بۆ فێستیڤاڵ نارد و ئەم فیلمە کوردییە درەوشاوەیە لەم ڕووداوە سینەماییەدا نمایشکرا و لە لایەن هۆگرانی هونەریی سینەماوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا.

جیهانی سەبارەت بە دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران گوتی: لەم خولەی فێستیڤاڵدا “لیدا بێلتڕامی” لە وڵاتی ئیتالیا براوەی خەڵاتی “ئاشتی ڤێنیز”، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ دادوەرانێک لە وڵاتانی فەڕەنسا، ژاپۆن، نەمسا و ئێران؛ بەرهەمەکانی ئەم بەشەیان هەڵسەنگاند.

ئەو سەبارەت بە تایبەتمەندیی بەرجەستەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران گوتی: لە هەواڵێکدا کە پێش لە بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە، بۆ دەزگا ڕاگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی جیهان ناردم، ڕەنگدانەوەی یەگجار زۆریی بەدواوە بوو؛ بۆ نموونە گۆڤاری گرینگی نێودەوڵەتی “وڕایتی” Variety ئاماژەی بە دوو خاڵی گرینگ کردبوو، یەکەمیان ئەوە بوو کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران، بۆتە درگای خەڵاتەکانی ئۆسکار و دووهەم بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەوە پسپۆڕانەکان بوو کە هەر ساڵە بە ئامادەبوونی مامۆستایانی شارەزای سینەما لە وڵاتانی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵیش ١٢ سینەماکاری نێودەوڵەتی لەوانە: دکتۆر “ئەحمەد ئەلەستی” مامۆستای زانکۆی ویلایەتی تێگزاسی ئەمەریکا، ڤۆرکشۆپەکانی سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تارانیان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبرد و خاڵە گرینگ و تایبەتەکانیان بە فیلمسازانی کورتە فیلم ئاراستە کرد.

“مەنسوور جیهانی” لە کۆتایی ئەم وتووێژەدا سەبارەت بە ئامادەبوونی میوانانی بیانی لە سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران گوتی: دوو ساڵە کە بە هۆی باروودۆخی کۆڕۆناوە هیچ میوانێکی بیانی لە فێستیڤاڵ ئامادەنەبووە؛ بەڵام ئەمساڵ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران چۆتە لیستی فێستیڤاڵەکانی “ئۆسکار کوالیفاید” OSCAR® qualifying، زۆربەی ڕخنەگران و ڕۆژنامەنووسانی جیهان، خوازیاریی ئەوەبوون کە لە فێستیڤاڵدا ئامادەبن، بەڵام بە هۆی باروودۆخی پەتای کۆڕۆناوە ئەم دەرفەتە نەڕەخسرا کە لە فێستیڤاڵ، خانەخێوی هیچ میوانێکی بیانی بین.

فۆتۆکان: عەتا تاهیرکەنارە




فیلمی “سپی پۆش” که له کوردستان وێنه‌گیراوه بووه نوێنه‌ری ئێران له ئۆسکاری 2022

مه‌نسوور جیهانی ـ

کورته‌ فیلمی “سپی پۆش” له‌ نووسینی سیناریۆ و ده‌رهێنانی “ره‌زا فه‌هیمی” که له کوردستان وێنه‌گیراوه وه‌کوو فیلمی هه‌ڵبژارده‌ی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران که‌ رووداوی په‌سندکراوی ئه‌کادیمیای ئۆسکاره‌، نوێنه‌رایه‌تی سینه‌مای کورته‌ فیلمی ئێران له‌ نه‌وه‌د و چواره‌مین خه‌ڵاتی ئۆسکار له‌ ساڵی 2022 له‌ ئه‌ستۆی دایه‌.
کورته‌ فیلمی “سپی پۆش” به‌رهه‌می “ره‌زا فه‌هیمی” که‌ ساڵی رابردوو خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران بۆ خۆی مسۆگه‌ر کرد، له کوردستان وێنه‌گیراوه و کۆمه‌ڵێک له ستافی په‌شه‌گه‌ڕیی سینه‌مای کوردستان له‌م به‌رهه‌مه‌دا به‌شدارییان کردووه، به‌ پێی یاسا و رێکارنامه‌ی ئه‌کادیمیای ئۆسکار، وه‌کوو نوێنه‌ری سینه‌مای کورته‌ فیلمی ئێران له‌ نێو کۆی کورته‌ فیلمه‌کانی ناسێندراو له‌ لایه‌ن ئه‌و فێستیڤاڵانه‌ی که‌ مه‌رجه‌کانی ئه‌کادیمیای ئۆسکاریان هه‌یه‌، ئاماده‌ ده‌بێت.
به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ده‌ست‌نیشان کردنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران له‌ پێڕستی فێستیڤاڵه‌کانی “ئۆسکارکوالیفاید”، ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و فێستیڤاڵه‌کانی دیکه‌ی ئاماده‌بوو له‌م لیسته‌دا، به‌ پێی یاسا و رێساکانی ئۆسکار، ده‌توانن له‌ ماوه‌ی کاتی دیاری کراوی 1ی ئوکتۆبه‌ری هه‌مان ساڵ تا 30ی سێپتێمبه‌ری ساڵی دواتر، ناوی کورته‌ فیلمی هه‌ڵبژارده‌ی هه‌مان خول له‌ رووداوه‌که‌ به‌م ئه‌کادیمیایه‌ بناسێنن. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌، کورته‌ فیلمی “سپی پۆش” به‌رهه‌می “ره‌زا فه‌هیمی” که‌ له‌ سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران، خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ده‌ستهێنا، له‌ ئۆسکاری 2022 به‌شداری ده‌کات.
نه‌وه‌د و چواره‌مین خه‌ڵاتی ئۆسکار له‌ به‌شی کورته‌ فیلمه‌کاندا، میوانداری به‌رهه‌م گه‌لێک ده‌بێت که‌ له‌ رۆژانی یه‌کی ئوکتۆبه‌ری 2020 تا کۆتایی سێپتێمبه‌ری 2021 له‌ فێستیڤاڵه‌کانی په‌سندکراوی ئۆسکار له‌سه‌ر ئاستی جیهان، هه‌ڵبژێردرێن و به‌م ئه‌کادیمیایه‌ ناسێندرابێتن.
کورته‌ فیلمی “سپی پۆش” که‌ به‌ پاڵپشتی ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی ئێران به‌رهه‌م هێنراوه‌، پێشتر له‌ رووداوه‌کانی گرینگی نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌کوو؛ فێستیڤاڵی “کله‌رمۆن فران”ی فه‌ره‌نسا، فێستیڤاڵی “شۆرت شۆرتس”ی ژاپۆن (له‌ فێستیڤاڵه‌کانی ئۆسکارکوالیفاید)، فێستیڤاڵی “کۆنکورتۆ”ی ئیتاڵیا و چه‌ندین فێستیڤاڵی سینه‌مایی دیکه‌ به‌شداری کردووه‌.
فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران به‌ ئاماده‌بوون له‌ ریزی پێڕستی فێستیڤاڵه‌کانی په‌سندکراوی ئه‌کادیمیای ئۆسکار که‌ بۆ یه‌که‌مین جار له‌ مێژووی سینه‌مای ئێراندا هاتۆته‌ ئاراوه‌، فیلمی هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆی له‌ هه‌ر خولێکی فێستیڤاڵه‌که‌دا، هه‌موو سالێک به‌ ئه‌کادیمیای ئۆسکار ده‌ناسێنێت.
“سادق مووسەوی” بەڕێوبەریی گشتی ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران، لە لایەن ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی ئێرانەوە بەڕێوەدەچێت، گوتی: لە قاڕەی ئاسیا وڵاتانێکی دەگمەن لەوانە: ژاپۆن، کۆریای باشوور، هیندستان، سەنگاپوور، تورکیا و لە باکووری کیشوەری ئەفریقاشدا تەنیا وڵاتی میسر ئەو شانازییەیان هەیە کە فێستیڤاڵەکانی ئۆسکار کوالیفایدیان هەبێت. لە ئێستادا، تەنیا 127 فێستیڤاڵی سینەمایی لە ئاستی دنیادا بوونیان هەیە کە “ئۆسکار کوالیفاید” بن.
مووسەوی لە درێژەی ئەم وتووێژەدا گوتی: لە ئێستادا، زیاتر لە 10 هەزار فێستیڤاڵی باوەڕپێکرا و باوەڕپێنەکرا لە جیهاندا، بەڕێوەدەچن؛ لەم هەمان کاتدا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران، پێگەیەکی باشی لە ئاستی جیهاندا هەیە. ئەم ڕووداوە سینەماییە لە لایەنی کۆنی و باوەڕپێکراوییەوە؛ گرینگترین فێستیڤاڵی کورتە فیلم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێتەئەمار.
بەڕێوبەریی گشتی ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی ئێران له کۆتایی قسه‌کانیدا گوتی: دوای لابردنی ئاستەنگە نێودەوڵەتییەکانی ناردنی پارە، ناونووسی بەلاشی فیلمەکان وەلادەنێردرێت و وەکوو فێستیڤاڵەکانی دیکەی جیهان، ئێمەش خەرجی ناونووسی لە بەشداربووان وەردەگرین و بەم شێوەیە، فێستیڤاڵیش دەتوانێت تەواوی خەرجەکانی خۆی دابینبکات. لە ئێستادا ناونووسی بەرهەمەکان لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران و هەروەها پێشکەش کردنی بەرنامەکانی بۆ سینەماکارانی کورتە فیلم، بەلاشە.




“ئەزموون” خەڵاتی باشترین سیناریۆی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “تیرانا”ی به‌ده‌ستهێنا

مەنسوور جیهانی ـ

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی” خەڵاتی باشترین سیناریۆی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی” ١٩مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “تیرانا” له وڵاتی ئاڵبانیای به‌ده‌ستهێنا.
فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چواره‌مین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ له دووهه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا لە به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی” نۆزده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “تیرانا” Tirana له وڵاتی ئاڵبانیا نمایشکرا و له لایه‌ن بینه‌رانه‌وه پێشوازییه‌کی بێوێنه‌ی لێکرا و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م ڕووداوه گرینگه‌ سینه‌ماییه‌ی باوه‌ڕ پێکراویی ئاکادیمیای ئۆسکار Oscar® qualifying خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئه‌م به‌شه‌یان پێشکه‌ش به “شەوکەت ئەمین کورکی” و “محەمەد ڕەزا گەوهەری” نووسه‌رانی سیناریۆی ئه‌م فیلمه کوردییه کرد.
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی” نۆزده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “تیرانا” بریتی بوون له: “جیوانی ڕۆبیانۆ” Giovanni Robbiano سیناریۆنووس له وڵاتی ئیتالیا، “عیسمه‌ت سیجارینا” Ismet Sijarina سیناریۆنووس و ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی کۆزۆڤۆ، “سیمۆئێن ڤێنتیسلاۆڤ” Simeon Ventsislavov سیناریۆنووس له وڵاتی هه‌نگاریا و هه‌روه‌ها خاتوو “باڕباڕا گاسێر” Barbara Gasser رۆژنامه‌نووس و ڕخنه‌گری سینه‌مایی له وڵاتی نه‌مسا و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی چاپه‌مه‌نییه‌کانی هۆلیڤوودHFPA. ‌
فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “تیرانا” TIFF وه‌کوو گرینگترین و گه‌وره‌ترین ڕووداویی سینه‌مایی ناوچه‌ی باڵکان؛ به مه‌به‌ستی پێکهێنانی ناوه‌ندێکی گرینگی فه‌رهه‌نگی و سینه‌مای سه‌ربه‌خۆ، ڕه‌خساندنی که‌شووهه‌وایه‌کی هه‌ڤاڵانه بۆ سینه‌ماکارانی ئه‌ورووپا و سه‌رتاسه‌ری جیهان و هه‌روه‌ها کۆکردنه‌وه‌ی تامه‌جرۆیان، خوێندکارانی سینه‌ما و شه‌یدایانی ئه‌م هونه‌ره‌ به‌نرخه دامه‌زراوه‌.
فیلمی سینەمایی “ئەزموون” بەرهەمی کومپانیای “میتوس فیلم”ی بەڕلین و کومپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی که بە پاڵپشتی وەزارەتی روشنبیری و لاوانی حکوومه‌تی هەرێمی کوردستان به‌رهه‌مهاتووه، لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
نۆزده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “تیرانا” به دروشمی “جیاواز بیربکه‌نه‌وه و یه‌کسان سه‌یربکه‌ن” له چه‌ندین به‌شی پێشبڕکێی له‌وانه؛ به‌شی “فیلمه بڵینده‌کان”، به‌شی “فیلمه یه‌که‌مه بلێنده‌کان”، به‌شی “کورته فیلمه چیرۆکی و ئه‌نیمه‌یشنییه‌‌کان” (فیلمه‌ هه‌ڵبژاردراوه‌کان ڕه‌وانه‌ی خه‌ڵاته‌کانی ئۆسکار ده‌کرێن)، به‌شی “به‌ڵگه‌فیلم”، به‌شی “پێشبڕکێی خوێندکاری”، به‌شی “هونه‌ر و ئه‌زموون”، به‌شی “فیلمه‌کانی باڵکان” و به‌شی “ئه‌و فیلمانه‌ی که به زمانی ئاڵبانیایی سازکراون” و هه‌روه‌ها به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی، له‌وانه؛ به‌شی “ته‌رکیز”، به‌شی “نمایشی تایبه‌ت”، به‌شی “پانۆڕاما” واته: نمایشی “فیلمی منداڵان”، “جیله‌کان”، “دنیای نوێی”، “زه‌وقه جیاوازه‌کان” و چه‌ندین به‌شی دیکه له ڕۆژانی ٢٤ تا ٣٠ی سێپته‌مبه‌ری٢٠٢١ له شاری تیرانا پێته‌ختی وڵاتی ئاڵبانیا به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:
http://tiranafilmfest.com/awards-2021/

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە فه‌یسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346/

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “ئەزموون”.




سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی “هاوار” لە کەمپی “بەرخۆدان”ی عەفرین بەڕێوەدەچێت

مەنسوور جیهانی ـ

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی “هاوار” بە بەشداری گۆرانیبێژان و گرووپەکانی مۆسیقا لە کەمپی “بەرخۆدان” لە عەفرین بەڕێوەدەچێت.

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی “هاوار” HAWAR بە بەشداری گۆرانیبێژان و گرووپەکانی مۆسیقا و بە دروشمی “بەهاری نوێی” Buharek Nû، لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و هونەری ناوچەی عەفرین و بە هاوکاری بزووتنەوەی فەرهەنگ و هونەری “میزۆپۆتامیا” Mesopotamia لە سێ قۆناغدا لەوانە: قۆناغی یەکەم لە ڕۆژانی 7 تا 9ی سێپتەمبەری 2021، قۆناغی دووهەم لە ڕۆژانی 14 تا 15ی سێپتەمبەری 2021 و هەروەها قۆناغی سێهەم لە ڕۆژی 20ی سێپتەمبەری 2021 بە شێوەی ئۆنلاین لە کەمپی “بەرخۆدان” لە ناوچەی عەفرین لە ڕۆژئاوا بەڕێوەدەچێت.

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی “هاوار” کە لە کاتژمێر 7ی ئێواری ئەمڕۆ دووشەمە 6ی سێپتەمبەری 2021 لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا دەکرێتەوە؛ “بەرخۆدان بە کەڵک وەرگرتن لە فەرهەنگ و هونەر” ناویی لێنراوە و لەم ڕێگایەوە لە هەموو ڕەوت و لایەنەکانی کۆمەڵگای مەدەنی جیهان داواکراوە کە یارمەتی ئاوارەکانی عەفرین بدەن تاکوو بگەڕێنەوە بۆ شار و زیدی خۆیان.

مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە دووساڵانە گۆرانییە، پەروەردەکردن و بارهێنانی بەهرەمەندانی لاو و تازەپێگەیشتووە بە شێوازیی زانستی مۆسیقای ڕۆژ، تاکوو مەقام و گۆرانییە جوانەکانی مۆسیقای کوردی بە شێوازی جۆراوجۆر، پێشکەشی کۆمەڵگای کوردستانی بکەن.

بە دەستپێکردنی ئیدارەی سەربەخۆ و پێکهێنانی ناوەندەکانی ئیدارەی فەرهەنگ و هونەر لە کانتۆنی عەفرین و بەدواداچوونی شێوازە جۆراوجۆرە ڕۆشنبیرییەکان بۆ ئاشنایی هەرچی زیاتریی خەڵکی لەگەڵ کەلتووری خۆماڵی و نەتەوەیی خۆیان، ئەم ڕووداوە مۆسیقاییە دەستی بە چالاکی کردووە.

ئیدارەی فەرهەنگی کانتۆنی عەفرین Afrin، لە ساڵی 2015 فێستیڤاڵ سترانی میراتی “هاوار”ی Festîvala Stranê لە ناوچەی ئیستڕاتیجی عەفرین دامەزراند و زۆر گه‌نجی دەنگخۆشی ناساند کە لە بەرهەمەکانیدا گۆرانی و مه‌قامی ڕەسەنی کوردییان پێشکەش کرد، تاکوو ڕەوتی توێژینەوە بە بەڵگەکردنی ئەم گۆرانییە هەرمانانە لە گوندەکانی زنجیرە چیاکانی “کۆرمینگ” Kurming بە دروشمی “ڕۆشنبیری لە هەر ماڵێک بوونی هەیە” دەستپێبکات.

فێستیڤاڵی سترانی “هاوار” لە ساڵی 2015 و 2016 بەڕێوەچوو و پاشان بە هۆی هێڕش و دەستدرێژی هێزە سەربازییەکانی تورکیا و داگیرکردنی نایاسایی عەفرین و ئابڵۆقەی ئەم شارە کوردییە؛ چالاکییە هونەرییەکانی وەستا و ئەمساڵ دیسانەوە بە هەوڵی شێلگیرانەی هەندێک لە هۆگرانی جیدی فەرهەنگ و هونەری ئه‌م ناوچه‌یه، چالاکییە مۆسیقاییەکانی خۆی دەستپێدەکاتەوە.

ناونیشانی فێستیڤاڵی سترانی “هاوار” لە کێوی ناودار و بەرزی “هاوار” یەکێک لە شاخە بەرزاییەکانی “جبل الاکراد” Jabal al-Akrad وەرگیراوە کە هێمای خۆڕاگری کوردەکان دێتەئەژمار و لە نووکی ئەم کێوەدا ئاسەواریی قەڵای “جەبەل هاوار” بەدیدەکرێت کە مێژووەکەی بۆ سەدان ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە کە بەشێکی گرینگە لە مێژووی ناوچەی عەفرین.

کێوی “هاوار” لە مێژووی ناوچەکە و لە بیروەری خەڵکیدا، پێگەیەکی تایبەت و مومتازی هەیە؛ تا ڕادەیەک کە زۆربەی هونەرمەندانی ئەم ناوچەیە، بە هۆی جیاوازییه‌که‌ی، لە گۆرانییە ڕەسەن و حیماسییەکانی خۆیاندا ناوی ئەم شاخەیان بردووە و لەگەڵ بیرەوەرییه‌کانیدا ژیانیان بەسەر بردووە و بوونی ئەم شاخە، بۆیان بۆتە سەربەرزیی و سیمبولی خوڕاگریی و لەناخیاندا پێگە و پایەیەکی بەرزیی هەیە.

بۆ زانیاریی زیاتر
https://hawarfestival.com/

https://www.facebook.com/hawarsongfestival

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سترانی “هاوار”.




پۆستەری فیلمی کوردی “زاڵاوا” بۆ نمایش لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی “ڤێنیز” بڵاوکرایەوە

مەنسوور جیهانی

ـ پۆستەری جیهانی فیلمی سینەمایی “زاڵاوا” یەکەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری کورد “ئەرسەلان ئەمیری” بۆ نمایش لە بەشی پێشبڕکێی “هەفتەی ڕخنەگران” لە حەفتاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” لە وڵاتی ئیتالیا بڵاوکرایەوە.

فیلمی سینەمایی “زاڵاوا” Zalava لە دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی “ئەرسەلان ئەمیری”، لە نووسینی هاوبەشی خاتوو “ئایدا پەناهەندە”، خاتوو “تەهمینە بەهرام” و “ئەرسەلان ئەمیری” و هەروەها لە بەرهەمهێنانی خاتوو “سەمیرا بەرادەری” و “روحوڵڵا بەرادەری” لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “هەفتەی ڕخنەگران” Critics’ Week لە حەفتاوهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” Venice لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا نمایش دەکرێت و هەر بەم بۆنەیەوە پۆستەری جیهانی ئەم بەهەمە کوردییە لە لایەن “محەمەد حوسێن هووشمەندی” دیزایی بۆ کراوە و بۆ بەشداریی لەم ڕووداوە پلەیەکەی سینەمای جیهان و هەروەها نمایش لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی دنیا پەردەی لەسەر لادرا.

فیلمی کوردی “زاڵاوا” بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی “لۆئیجی دێ لۆرێنتس” Luigi De Laurentiis واتە خەڵاتی “شێری داهاتوو”ی تایبەت بە باشترین فیلمی یەکەم لە بەشی پێشبڕکێی “هەفتەی ڕخنەگران” لە 78مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” بە بڕیی پارەی 100 هەزار دوڵار لەگەڵ 6 فیلمی سینەمایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان ڕکابەریی دەکات، لەوانە: “ئەوان مەرگ هەڵدەگرن” They Carry Death لە دەرهێنانی “هێلێنا گیرۆن” Helena Girón و “ساموئێل م. دێلگادۆ” Samuel M Delgado لە وڵاتانی ئیسپانیا و کۆلۆمبیا، “خاوێنکردنەوەی فڕانک” Erasing Frank لە دەرهێنانی “گابور فابریسیوس” Gábor Fabricius لە وڵاتی هەنگاریا، “دنیای سەگی” Dogworld لە دەرهێنانی “ئالساندڕۆ سێللی” Alessandro Celli لە وڵاتی ئیتالیا، “ڕەگەزی دایکایەتی” Mother Lode لە دەرهێنانی “ماتێئۆ تورتونێ” Matteo Tortone لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئیتالیا و سویسڕا، “ڕێگای فەرعی” Detours لە دەرهێنانی “ئاکاتێرینا سلێنکینا” Ekaterina Selenkina لە وڵاتانی ڕووسیا و هۆڵەندا و “سەمەندەر” The Salamander لە دەرهێنانی “ئالێکس کارواڵهۆ” Alex Carvalho لە وڵاتانی بڕازیل، فەڕەنسا و بڕازیل.

بەشی پێشبڕکێی سی و شەشەمین خولی “هەفتەی ڕخنەگرانی نێودەوڵەتی” فێستیڤاڵی فیلمی “ڤێنیز” لە لایەن یەکێتی ڕخنەگرانی سینەمای ئیتالیا SNCCI بەڕێوەدەچێت و ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم خولە بریتین لە: “کلۆدیۆ کاپێلینی” Claudio Cupellini دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە وڵاتی ئیتالیا، “وانجا کالۆدژێریچ” Vanja Kaludjercic بەرهەمهێنەر و بەرپرسی فێستیڤاڵ لە وڵاتی کڕۆواسی و “ساندرا مارکۆئێز” Sandrine Marques نووسەر و دەرهێنەر لە وڵاتی ئیسپانیا و هەروەها دادوەرانی بەشی “شێری داهاتوو”ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز”یش بریتین لە: “ئۆبێرتۆ پازۆلینی” Uberto Pasolini دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەر ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە وڵاتی ئیتالیا، “ماڕتین شوایغۆفێڕ” Martin Schweighofer ڕخنەگری فیلم لە وڵاتی نەمسا و “ئامالیا ئۆلمان” Amalia Ulman هونەرمەند و دەرهێنەر لە وڵاتی ئەڕژەنتین.

فیلمی سینەمایی “زاڵاوا” بە بەشداریی هەندێک لە ستافە سەرەکییەکەی لە سێ سانسی جیاوازدا لەوانە؛ کاتژمێر 1:15 نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە 8ی سێپتەمبەری 2021 لە سینەمای “پێرلا” Perla و هەروەها لە کاتژمێر 7:15 و 7:30 ئێوارێی ڕۆژی پێنجشەمە 9ی سێپتەمبەری 2021 لە دوو هۆڵی “ئاسترا 1” Astra 1 و “ئاسترا 2” Astra 2 لە بەشی پێشبڕکێی سی و شەشەمین خولی “هەفتەی ڕخنەگرانی نێودەوڵەتی” فێستیڤاڵی فیلمی “ڤێنیز” دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.

“زاڵاوا” پاییزی ساڵی ڕابردوو لە گوندەکانی سنە و دەورووبەری هەمەدان وێنەگیراوە و کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: نەوید پوورفەرەج، پووریا ڕەحیمی سام، خاتوو هودا زەینوالعابدین، باسیت ڕەزایی، شاهۆ ڕۆستەمی، فەرەیدوون حامیدی، ساڵح ڕەحیمی و زاهید زەندی لەگەڵ ئەکتەرەکانی شانۆ و تەلەڤیزیۆنی کوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە.

ئەم فیلمە کوردییە بۆ یەکەمین جار لە سی و نۆیەین خولی فیستیڤاڵی نەتەوەیی فیلمی فەجر لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و لە 10 بەشدا کاندیدی وەرگرتنی خەڵات بوو کە لە دەرئەنجامدا توانی خەڵاتی سیمورغی بلووری باشترین ئەکتەری پیاو بۆ “پووریا ڕەحیمی سام”، خەڵاتی سیمورغی بلووری باشترین سیناریۆ بۆ خاتوو “ئایدا پەناهەندە” و خاتوو “تەهمینە بەهرام” و “ئەرسەلان ئەمیری”، خەڵاتی دیپڵۆمای فەخری باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن بۆ “محەمەد ڕەسوولی” و هەروەها خەڵاتی سیمورغی بلووری باشترین دەرهێنانی فیلمی یەکەم بۆ “ئەرسەلان ئەمیری” بەدەستبێنێت.

یەکەمین ئەزموونی سینەمایی “ئەرسەلان ئەمیری” بە پشتیوانی “فڕۆم فیلمی هۆنگ کۆنگ” HAF، “مالی فیلمی کۆریای باشوور” KOFIC، بەشداریی ڕێکخراوەی سینەمایی “فاڕابی” ئێران و هەروەها دانانی سەرمایەی کۆمپانیای سینەمایی “تووبا فیلم” Touba Film بەرهەمهاتووە.

78مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” بە ناونیشانی کۆنترین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهان، بە سەرۆکایەتی “ئالبێرتۆ باربێرا” Alberto Barbera و بە سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” سینەماکاری ناوداری کۆریای باشوو و هەڵگری خەڵاتی چلە خورمای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا و خەڵاتی ئۆسکار “بۆنگ جوون هو” Bong Joon-ho، ڕۆژی چوارشەمە یەکی سێپتەمبەری 2021 بە نمایشی فیلمی سینەمایی “دایکانی هاوشان” Parallel Mothers لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری ئیسپانی “پێدڕۆ ئاڵمادۆوار” Pedro Almodóvar لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا و هەروەها بە چوونە سەر فەڕشی سووری ئەستێرەکانی ناوداری سینەمای جیهان دەستی پێکرد و تاکوو ڕۆژی شەمە 11ی سێپتەمبەری 2021 بە نمایشی کۆمەلێک فیلم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی فیلمی بڵیند” 21 بەرهەم، بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی کورتە فیلم” 12 بەرهەم، بەشی “ئاسۆکان” Orizzonti 19 بەرهەم، بەشی “پێشبڕکێی هەفتەی ڕخنەگران” 7 بەرهەم، بەشی “پێشبڕکێی گەشەپێدانی ڤێنیز” 24 بەرهەم، بەشی “دەرەوەی پێشبڕکێی” لەوانە؛ بەشی “نمایشی فیلمی بڵیند” 19 بەرهەم، بەشی “نمایشی تایبەت” 6 بەرهەم، بەشی “دەرەوەی پێشبڕکێی هەفتەی ڕخنەگران” 2 بەرهەم، بەشی “نمایشی کورتە فیلم” 2 بەرهەم، بەشی “ئاسۆکانی ئۆکستڕا” Orizzonti Extra 8 بەرهەم، بەشی “کۆلێژی دوو ساڵانە” 7 بەرهەم، بەشی “پێشبڕکێی گەشەپێدانی ڤێنیز” 24 بەرهەم و چەندین بەشی دیکە درێژەی دەبێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.sicvenezia.it/en/films/zalava/?cn-reloaded=1

ڕاگەیاندنی فیلمی سینەمایی “زاڵاوا”.




تره‌یله‌ری فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین کورکی بڵاوکرایه‌وه

مەنسوور جیهانی ـ

تره‌یله‌ری فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam لە دەرهێنانی “شەوکەت ئەمین کورکی” بۆ ناساندن لە فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “کاڕلۆڤی ڤاری” و فێستیڤاڵه‌کانی دیکه‌ی جیهان بڵاوکرایه‌وه.

تره‌یله‌ری فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چواره‌مین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش” و بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ بۆ ناساندن لە به‌شی “پێشبڕکێی سه‌ره‌کی” Crystal Globe ٥٥مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “کاڕلۆڤی ڤاری” Karlovy Vary له وڵاتی کۆماری چیک و هه‌روه‌ها له فێستیڤاڵه‌کانی دیکه‌ی جیهان بڵاوکرایه‌وه و به مه‌به‌ستی ئاشنابوونی هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ما له‌گه‌ڵ ئه‌م فیلمه په‌خشکرا.

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” بەرهەمی کومپانیای “میتوس فیلم”ی بەڕلین و کومپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی؛ لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

لە فیلمی سینەمایی “ئەزموون”دا کۆمەڵێک ئەکتەری بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان، تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاڤان جەماڵ، ڤانیا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان و … .

لینکی تره‌یله‌ری فیلمی سینەمایی “ئەزموون”:
https://vimeo.com/584806586

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە فه‌یسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346/

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “ئەزموون”.




35 فیلم لە یەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە ڕووسیا نمایش دەکرێن.. مه‌نسوور جیهانی

ـ لە یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە وڵاتی ڕووسیا 35 فیلمی کوردیی لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە سینەماییە لە سینەما “ئۆکتۆبەر” نمایش دەکرێن.

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri کاتژمێر 8ی دوێشەو چوارشەمە 21ی جوولای 2021 بە نمایشی فیلمی سینەمایی “کچانی خۆر” لە دەرهێنانی “ئێڤا هۆسۆن” Eva Husson فیلمسازی فەڕەنسی لە هۆڵی ژمارە 11ی ناوەندی سینەمایی “ئۆکتۆبەر” لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بە فەرمی دەستی پێکرد و بە نمایشی 34 فیلمی کوردیی دیکە تاکوو ڕۆژی یەکشەمە 25ی جوولای 2021 درێژەی دەبێت.

ناوی 10 فیلمی سینەمایی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow بریتین لە:
“بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” Memories On Ston لە دەرهێنانی “شەوکەت ئەمین کورکی” لە ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان، “پەنابەری بچووک” The Little Refugee لە دەرهێنانی “بەتین قوبادی” لە ئێران و تورکیا، “کچانی خۆر” Girls of the Sun لە دەرهێنانی “ئێڤا هۆسۆن” لە فەڕەنسا، بەلژیکا، گورجستان و سویسڕا، “سەربازی” Military لە دەرهێنانی “سۆلین یووسف” لە ئەڵمانیا، قەتەر و هەرێمی کوردستان، “پێش بەفر بارین” BEFORE SNOWFALL لە دەرهێنانی “هیشام زەمان” لە ئەڵمانیا، قەتەر و هەرێمی کوردستان، “یەم مۆمێک، دوو مۆمێک” ONE CANDLE، TWO CANDLES لە دەرهێنانی “جانۆ ڕۆژبەیانی” لە عێراق، “زاگڕۆس” ZAGROS لە دەرهێنانی “سەهیم عومەر خەلیفە” لە بەلژیکا، “پەڕەسلێرکە” THE SWALLOW لە دەرهێنانی “مانۆ خەلیل” لە سویسڕا، “نزات لێبێ نێوان دوو ڕووبار” CURSE OF MESOPOTAMIA لە دەرهێنانی “لۆواند عومەر” لە عێراق و ئەردەن و هەروەها “پاڵەوانی سەدە” THE HERO OF CENTURY لە دەرهێنانی “جوان بامەڕنی” لە عێراق.

هەروەها ناوی 5 بەڵگەفیلمی بڵیندی ئەم ڕووداوە سینەماییەش بریتین لە:
“دیالۆگ” DIALOGUE لە دەرهێنانی “سەلیم ییڵدیز” Selim Yildiz لە تورکیا، “نامەیک بۆ باوکم” A LETTER TO MY DAD لە دەرهێنانی “ئیبڕاهیم سلێمان” لە هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان، “دیسانەوە داهێنان بۆ چەرخ بکرێت، بە شێوازیی کوردیی” RE-INVENTOR OF THE WHEEL، KURDISH STYLE لە دەرهێنانی “تاتیانا کیسێلیڤا” Tatyana Kiseleva و “ولادیمیر وۆڵف” Vladimir Wolf لە ڕووسیا، “ئێوە چی دەڵێن” YOU NAME IT لە دەرهێنانی “حەسەن دەمیرتاش” لە ئەمەریکا و تورکیا و هەروەها “بەهەشتی من” MY PARADISE لە دەرهێنانی “ئەکڕەم هیدۆ” لە ئەڵمانیا.

هەروەها ناوی 16 کورتە فیلمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”ش بریتین لە:
“دوایین ماڵی دنیا” THE WORLD’S LAST HOUSE لە دەرهێنانی “ئەمیر غوڵامی”، “لکە” THE STAIN لە دەرهێنانی “شۆڕش وەکیلی”، “دابەزە” GET OFF لە دەرهێنانی “تەیموور قادری”، “هاوینی قووەکان” THE SUMMER OF THE SWANS لە دەرهێنانی “مریەم سەمەدی” و هەروەها “درگا” PORTAL لە دەرهێنانی “ئەیووب شێخ ئەحمەدی” لە ئێران، “بێدەنگ” SILENCE لە دەرهێنانی “ڕێزان یێشیلباش” Rezan Yesilbas لە تورکیا، “نابرادەری” DISTANT لە دەرهێنانی “لەیلا توپراک” لە سووریا، “ئارین” ARÎN لە دەرهێنانی “مزگێن موژدە ئەرسلان” لە بەریتانیا، “مرواری” TROUSERS لە دەرهێنانی “تەحسین ئۆزمەن” لە تورکیا، “تامی کەروێشک” TASTE OF RABBIT لە دەرهێنانی “کاردۆ مەنسوور” لە ڕووسیا و نۆڕوێژ، “ئاکۆڕن” ACORN لە دەرهێنانی “نەزمی قارەمان” لە تورکیا، “وەسییەت نامە” TESTAMENT لە دەرهێنانی “کامیڕان بێتاسی” لە هەرێمی کوردستان، “ڕێد ڕیدێل” RED RIDDLE لە دەرهێنانی “ئاسۆ مەهدی جەودەت” لە هەرێمی کوردستان، “پشیلەی من” MY CAT لە دەرهێنانی “عیماد میهمەندی” لە عێراق، “هیوا” HOPE لە دەرهێنانی “محەمەد شێخۆ” لە سووریا، فەڕەنسا و قەتەر و “باریی قورس” THE HEAVY BURDEN لە دەرهێنانی “ئیلماز ئۆزدیل” لە تورکیا.

ناوی 4 کورتە فیلمی دیکۆمێنتاریی ئەم ڕووداوە سینەماییە بریتین لە:
“هەنگاوێک بۆ ڕۆیشتن” A STEP TO GO لە دەرهێنانی “ڕێبوار محەمەدپوور” لە ئێران، “دیاب” DYAB لە دەرهێنانی “مازن م. شێرەبیانی” لە عێراق، “گەڕانەوە بۆ هەژاریی” RETURN TO POVERTY لە دەرهێنانی “ئۆمای ئیسیک” Umay Isik لە تورکیا و هەروەها “دەست لێدان” TOUCH لە دەرهێنانی “وارمان سەعید” لە عێراق.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.youtube.com/watch?v=skbju10Kr_4
www.moscowkff.ru
https://en.moscowkff.ru/programme




“کچانی خۆر” فیلمی ده‌ستپێکی یه‌که‌‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە ڕووسیا..

مه‌نسوور جیهانی ـ
به فیلمی سینه‌مایی “کچانی خۆر” له‌ ده‌رهێنانی “ئێوا هوسۆن” و به‌ ده‌ورگێڕانی “گوڵشیفته‌ فه‌راهانی”؛ یه‌که‌‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە سینەما “ئۆکتۆبەر” لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا ده‌کرێته‌وه‌.

فیلمی سینه‌مایی “کچانی خۆر” Girls of the Sun له‌ ده‌رهێنانی “ئێوا هوسۆن” Eva Husson و به‌ ده‌ورگێڕانی “گوڵشیفته‌ فه‌راهانی” ئه‌کته‌ری ناوداری سینه‌مای ئێران و جیهان، به‌رهه‌می وڵاتی فه‌ره‌نسا له‌ کاتژمێر 20ی سبه‌ی چوارشه‌مه‌ ٢١ی جوولایی ٢٠٢١ له‌ رێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ و به‌شی “نمایشی تایبه‌تی” یه‌که‌‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە هۆڵی ژماره ١١ی ناوەندی سینەمایی “ئۆکتۆبەر” لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا ده‌چێته‌ سه‌ر په‌رده‌.

فیلمی سینه‌مایی “کچانی خۆر” به‌ ناوه‌رۆکی خه‌بات و به‌رخۆدانی کچانی کوردیی کۆبانێ له‌ دژی گروپی تیرۆریستی داعش؛ له‌ یه‌که‌مین به‌شداریی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی حه‌فتاویه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “کان” له‌ وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ و پێشوازییه‌کی بێوێنه‌ی لێکرا.

“ئێوا هوسۆن” له‌ وتووێژه‌کانی خۆیدا له‌گه‌ڵ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن، ئاگاداربوون له‌ کرده‌وه‌ی نامرۆڤانه‌ی داعش له‌گه‌ڵ ئێزه‌دییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق و به‌سه‌رهاته‌ خه‌مناک و دڵته‌زێنه‌کانی ژنان و کچانی به‌دیلگیراوی کوردی به‌ ئه‌نگێزه‌ی سه‌ره‌کیی خۆی له‌ باس کردنی ئه‌م بابه‌ته‌ گرینگه ناو برد.

به‌ گوته‌ی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ ناوداره‌ فه‌ڕه‌نسییه‌، ئازایه‌تی و بێباکی و له‌خۆبردوویی ژنانی کورد له‌ خه‌باتی چه‌کدارانه‌ له‌گه‌ڵ داعش به‌ڕاستی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و هه‌بوو، هه‌ر به‌م هۆیه‌ش بڕیاریداوه‌، چه‌ند گۆشه‌یه‌ک له‌م خه‌باته‌ قاره‌مانانه‌یه‌ وێنه‌ بگرێت.

“ئێوا هوسۆن” باوه‌ڕی وایه‌ که‌ “کچانی خۆر” له‌و ده‌گمه‌ن فیلمه‌ جه‌نگیانه‌یه‌ به‌ ته‌وه‌ری ئافره‌ت که‌ وێنه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ له‌ رووداوه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته‌ مرۆڤانه‌یه‌ ئاراسته‌ ده‌کات؛ له‌ هه‌مان کاتیشدا، په‌یامێکی ئه‌رێنی هه‌یه‌ و باسی شایسته‌یی و لێهاتوویی و تواناییه‌کانی ژنان ده‌کات.

“ئێوا هوسۆن” یه‌کێکه‌ له‌ سینه‌ماکارانی ژنی ناوداری سینه‌مای فه‌ڕه‌نسا و به‌رهه‌م گه‌لێکی دره‌وشاوه‌ی وه‌کوو؛ “به‌ هیوای مردن” Hope to Die، “بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌میشه‌ ئاڵۆزن” و “به‌نگ گه‌نگ” Bang Gang ی له‌ کارنامه‌ی پیشه‌یی خۆیدا هه‌یه‌.

“ئێمانۆئێل به‌ره‌کات” Emmanuelle Bercot ئه‌کته‌ری گه‌نجی فه‌ڕه‌نسی و براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین ئه‌کته‌ری فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا، یه‌کێکه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که‌ له‌م پڕۆژه‌ سینه‌ماییه‌دا به‌شداری کردووه‌، ئه‌و ده‌وری “ماتیلده‌” په‌یامنێری جه‌نگی ده‌گێڕیت که‌ چاوه‌ری ئه‌م رووداوه‌ تاڵ و خه‌مبارانه‌یه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کی نزیکی له‌گه‌ڵ “به‌هار” به‌ ده‌ورگێڕانی “گوڵشیفته‌ فه‌راهانی” هه‌یه‌. له‌ فیلمی “کچانی خۆر”دا که‌ له‌ وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا و گورجستان وێنه‌ی گیراوه‌، گروپێک له‌ هونه‌رمه‌ندانی نێونه‌ته‌وه‌یی و ئه‌کته‌ره‌کانی ناوچه‌یی به‌شداریان کردووه‌.

یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی 15 فیلمی سینەمایی و 20 کورتە فیلمی چیرۆکی و بەڵگەفیلم لە سینەماکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان و وڵاتانی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی “کارۆ ئاڕت” KARO.Art لە ڕۆژانی 21 تا 25ی جوولای 2021 لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی “ئۆکتۆبەر” لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
www.moscowkff.ru

تره‌یله‌ری فیلمی سینه‌مایی “کچانی خۆر”:
https://www.youtube.com/watch?v=-YESTC7Pt6s&t=16s




“بێ نیشتمان” بە ڕۆڵ بینینی “شوان عەتووف” لە بەڕڵینەوە بۆ سینەماکانی هەرێمی کوردستان

مەنسوور جیهانی ـ

فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” لە دەرهێنانی “توورج ئەسڵانی” و بە ڕۆڵ بینینی “شوان عەتووف” دوای بەشداریی لە بازاڕی فێستیڤاڵی “بەڕڵین” وەکوو گرینگترین بازاڕی فیلم لە ئەورووپا و جیهان، لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورج ئەسڵانی”، بە ڕۆڵ بینینی “شوان عەتووف” ئەکتەری ناوداری کورد، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد مووڤی” MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی “ڕه‌ز هەڵکەوت ڕەشید” لە هەرێمی کوردستان و سووریا، لە ڕۆژی جەژنی قوربان واتە 20ی جوولای 2021 و هەروەها لە ڕۆژانی دوایی لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری وڵاتی عێراق نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” بۆ یەکەمین جار لە حەفتا و یەکەمین خولی بازاڕی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕڵین” لە وڵاتی ئەڵمانیا لە لایەن کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت” پێشکەش کرا. بازاڕی فیلمی “بەڕڵینالە” بە ناونیشانی یەکێک لە گرینگترین بازاڕەکانی فیلم لە ئەورووپا و جیهان دێتەئەژمار.

لە “بێ نیشتمان”دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ “هانی موجتەهیدی” گۆرانیبێژی ناوداری کورد تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە، هاکار عەبدوالقادر محەمەد، تەها عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/landlessmovie?utm_medium=copy_link

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” لە فه‌یسبووک:
https://www.facebook.com/landlessmovie/

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان”.




فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دەرهێنانی “شەوکەت ئەمین کورکی” ئامادەی نمایش کردنە

مەنسوور جیهانی

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی” ئامادەی نمایش کردنە.

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش” و لە نووسینی سیناریۆی هاوبەشی “شەوکەت ئەمین کورکی” و “محەمەد ڕەزا گەوهەری” سیناریۆنووسی ناوداری سینەمای ئێران، بەم دوایانە دوایین قۆناغەکانی تەکنیکی لە ستۆدیۆکانی شاری ئه‌سته‌نبۆل و بەڕلین تەواو کردووە و ئێستاکە ئامادەی نمایش کردنە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە فێستیڤاڵە گرینگەکانی جیهان، بەشداریی دەکات. ئەم فیلمە، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەرە.

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” بەرهەمی کومپانیای “میتوس فیلم” له شاری بەڕلین ل وڵاتی ئه‌ڵمانیا و کومپانیای “مەستی فیلم” له شاری سلێمانی؛ بە پاڵپشتی وەزارەتی روشنبیری و لاوانی حکوومه‌تی هەرێمی کوردستان لە وەرزی پاییزی ساڵی 2019 لە شاری سلێمانی وێنەگیراوە و ستافیکی پیشەگەڕ لە سینەماکارانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستان و هەروەها وڵاتی ئەڵمانیا تیایدا بەسەرکەوتووییەوە بەشدارییان کردووە.

لە فیلمی سینەمایی “ئەزموون”دا کۆمەڵێک ئەکتەری بەئەوموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان، تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاڤان جەماڵ، ڤانیا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان، حەمە ڕەشید هەرەس، یانا توانا، سۆلاڤ حەمە غەریب، زەریا سامی، دیدار غەریب، بەهار مەعروفی، ژیر فه‌رەیدوون، ئومێد زەندی، مەستان مەریوان و …

“ئەزموون” چوارەمین فیلمی بڵندی سینەمایی “شەوکەت ئەمین کورکی”، دوای “پەڕینەوە لە غوبار”، “شوێنێک بۆ یاری” و “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد”ە کە بەم بەرهەمە سینەماییانە لە فێستیڤاڵە گرینگەکانی فیلم لە ئاستی جیهاندا بەشداریی کردووە و کۆمەڵێک خەڵاتی بەرچاویی بۆ سینەمای کوردستان بەدەستهێناوە.

ستافی ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” بریتین لە:
دەرهێنەر: شەوکەت ئەمین کورکی، نووسەرانی هاوبەشی سیناریۆ: شەوکەت ئەمین کورکی و محەمەد ڕەزا گەوهەری، بەرهەمی هاوبەش: فوئاد جەلال، بەرپرسی بەرهەم: لیا دریسچێر Lea Drescher، بەڕێوەبەری وێنەگرتن: ئەدیب سوبحانی، بەرێوەبەری بەرهەم: عادڵ عەبدوالڕەحمان، مونتاژ: ئیبڕاهیم سەعیدی، موزیک: مەحموود بەرازی، دیزاینی بەرهەم: جەلال ساعیدپەناە، بەرپرسی سەحنە: بەکر فەرەج، دەنگهەڵگر: شەهرام ئەحمەدیان، دەنگدانەر: چاگلەر یێشیلای Çağlar Yeşilay، میکیاج: کارینا ئێڤدۆکیموڤا Karina Evdokimova، دیزاینی جلووبەرگ: کاتارینا نێستێڕۆوا Katharina Nesterowa، یاریده‌ده‌ری دەرهێنەر: ئاڤێستا قادر، مونشی سەحنە: سروە عه‌لی وه‌یسی، وێنەگری پشت سه‌حنه: لیزا گوڵ Lise Goll، ڕووناکی: مستەفا سادقی، یاریده‌ده‌ری بەڕێوەبەری وێنەگرتن: هادی مەنووچێهرپەناە، یاریده‌ده‌ری دەنگه‌ڵگر: هیوا شەو، یاریده‌ده‌ری کامێڕا: بەڵێن زه‌نگەنە، ئاڕمان سه‌یدی، ژێ کامیل، هێمن دەریا، سەرپەره‌شتی دوای قۆناغی وێنەگرتن Post-Production: سینان یۆسف ئۆغڵۆ Sinan Yusufoğlu، دیکۆڕ: سەلاح ساعیدپەناە، ڕاوێژکاری پەروەردە: مەریوان عومەر، یاریدەده‌ری به‌رهه‌م: وارمان سەعید، تارق توفیق قادر، میهرەبان عەبدوڵا، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتی: مەنسوور جیهانی و مەنووچێهر جیهانی، بەرهەمهێنەر: مەمەد ئەکتاش، بەرهەمی ساڵی 2021.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “ئەزموون”.




“بێ نیشتمان” بە ڕۆڵ بینینی “هانی” لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت

“هانی” وەکوو ئەکتەر بۆ یەکەمین جار لە “بێ نیشتمان”دا لە سینەماکانی کوردستان دەردەکەوێت

مەنسوور جیهانی ـ “هانی” گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد، بۆ یەکەمین جار لە فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” سێیەمین بەرهەمی بڵندی “توورج ئەسڵانی” وەکوو ئەکتەر ڕۆڵی بینینوە کە جەژنی قوربان، لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” (بی سرزمین) Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورج ئەسڵانی”، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد مووڤی” MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی “ڕه‌ز هەڵکەوت ڕەشید” لە هەرێمی کوردستان و سووریا، لە ڕۆژی جەژنی قوربان واته ٢٠ی جوولای ٢٠٢١ و هه‌روه‌ها لە ڕۆژانی دوایی له سینەماکانی هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری وڵاتی عێراق نمایش دەکرێت و “هانی” گۆرانیبێژی ناوداری کورد، بۆ یەکەمین جار لەم فیلمەدا بەشداریی کردووە و وەکوو ئەکتەری سەرەکی لەم بەرهەمە سینەماییەدا ڕۆڵی بینیوە کە هۆگرانی هونەری سینەما دەتوانن ڕوخساری نوێی “هانی” لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان ببینن.

لە “بێ نیشتمان”دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ “هانی موجتەهیدی” ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهید شاهین یاڵچین، بوڵه‌نت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە، هاکار عەبدوالقادر محەمەد، تەها عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، رەواڵ نەزائێف م. عەلی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/landlessmovie?utm_medium=copy_link

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان”.




ئەمڕۆی سینەماو ئەكتەری سینەمای كوردی.. حه یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

ئەوانەی لەكوردستاندا ئەكتەری سینەمان ژمارەیەكی سنووردارن، بەڵام پێ‌ دەچێ‌ بەپێی تێپەڕ بوونی كات، ئەو ژمارەیە بەرەو زۆر بوون هەڵكشێ‌ .
تا ئەو دەمەی ئێستا، ئەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەی كوردستان، ئەو دەرفەتەی نەرەخساندووە، بزاڤێكی سینەمایی و فیلمسازیی لەكوردستاندا سەرهەڵ بدا، یان ئەكادیمیا سینەماییەكان كاریگەرییەكی ئەوتۆیان هەبێ‌ بۆ دروست كردن و پێگەیاندنی كادیری سینەمایی، بەتایبەت ئەكتەرو دەرهێنەر.
ئەو بۆشاییەی سینەماش كە هەبووە، زێتر بەپشت بەستن بەسینەماكارەكانی دەرەوەی كوردستان پڕ كراونەتەوە، ئەگەرنا زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی ئەنجام دراون، بەهۆی لاوازی توانستی دارایی و كادیری سینەمایی و تەكنیك و ئامێری تەقلیدی، نەیان توانیووە بنەمایەكی متمانە پێكراو بۆ پیشەسازی فیلمسازیی لەكوردستاندا دامەزرێنن.
زۆرینەی ئەو لاوانەش كە ئارەزووی فیلمسازییان هەبووە، ئەو توانا دارایی و هونەریی و تەكنیكیەیان نەبووە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی بازرگانی، بەڵكو زۆرینەیان بەئاراستەی بەرهەمهێنانی كورتە فیلم بۆ فیستیڤاڵە جیهانیەكان كاریان كردووە، ئەم حاڵەتەش نەیتوانیووە شتێ‌ لە واقعی سینەما لە كوردستاندا بگۆڕێت بەئاراستەی دۆزینەوەی شوناسێك بۆ فیلمسازی لەكوردستاندا.
تەنانەت ئەو چەند فیستیڤاڵە سینەماییانەش كە ساڵانە لەكوردستاندا ئەنجام دراون، راستە كە فاكتەرێكی هاندەر بوونە بۆ بەكولتوور بوونی سینەما لە كۆمەڵگای كوردی دا، بەڵام چونكە بژاڤێكی سەقامگیرو بەردەوام نەبووە، ئەو كاریگەرییەیان نەبووە بۆ گەیشتن بەئامانجە سەرەكیەكە، كە هێنانە كایەوەی پیشەسازی فیلمسازیی بووە لەكوردستاندا.

ئێستا ..تەنیا شتێك كە جێگەی ئومێد بێت لەكوردستاندا، هاتنە پێشەوەی كۆمەڵێ‌ كۆمپانیای بەرهەم هێنانی فیلمسازین.
ئەو كۆمپانیا بازرگانیانە پەیوەندی راستەوخۆی هونەرییان لەگەڵ كۆمەڵێ‌ دەرهێنەر هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆژە سینەماییانە.
كاتێ‌ ئەو كۆمپانیانە گرێ‌ بەست لەگەڵ دەرهێنەرەكاندا دەكەن، مەرجی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ پرۆژە سینەماییەكان، ئەویش ئەوەیە كە چۆن بتوانن وەك دراماو فیلمە توركیەكان بینەر لەدەوری ئەو شاشە تەلەفزیۆنیانەدا كۆ بكەنەوە،لەوانەی وەك سپۆنسەر بەشداری لەبەرهەمهێنانی فیلم دەكەن .
دەرهێنەرەكان هەموو ئازادییەكیان پێ‌ دەدرێت و هەموو پێداویستیەكی ماددی و هونەرییان بۆ فەراهەم دەكرێت، تەنیا ئەوەندە نەبێت، ئامانج و ستایل و ئاراستەی سیناریۆی فیلمەكان دەكەوێتە دەست كۆمپانیاكان، بۆیە زۆر لەدەرهێنەرەكان ناتوانن بپرژێنە سەر پرسە كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان، لەوەشدا دژ بەخواستی زۆرینەی بینەران دەوەستن، تەنیا گەنجەكان نەبن كە گوتاری سینەماییان بەلاوە گرنگتر نیە لە شێوەو تەكنیك و ستایل و روخساری جوانی ئەكتەر.
لەنێوان ئەو دوو هاوكێشەیەی خواستی كۆمپانیاكان و خواستی بینەران كامیان لەبەرژوەندی سینەمای كوردی دایە؟
بێگومان دروست بوونی بناغەیەك بۆ فیلمسازی و بەبازرگانی كردنی فیلم لەسەرووی ئامانجەكانە، چونكە تا تۆ بنەماكانی پیشەسازییەكە دانەمەزرێنی، ناتوانیت بەرهەم و بازاڕت هەبێت، كە پیشەسازیشت هەبوو دەتوانیت لەئایندەدا ئاراستەكانی بەرهەمهێنان بگۆڕیت، بەو شێوەیەی بازاڕ خواستیەتی .

هەمیشە هەبوونی بازاڕ ركابەری نوێ‌ دەهێنێتە پێشەوە، كە لەئەنجامدا بەقازانجی سینەمای كوردی دەشكێتەوە.
رەنگە ئەگەر ئێستا دووسێ‌ كۆمپانیای فیلمسازی لەكوردستاندا هەبێت، لەئایندەیەكی نزیكدا بەهۆی بە بازاڕبوونی بەرهەمەكان، ببیتە خاوەنی دەیان كۆمپانیای زەبەللاحی تر، كە پێشبڕكێ‌ دەكەن لەسەر باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆ، باشترین ئامێرو كادیری تەكنیكی پێشكەوتوو، باشترین ئەكتەری سینەمایی.
ئەو كاتە گرێ‌ بەستی دەرهێنەرو ئەكتەرو كادیرە سینەماییەكان بەشێوەیەك بەرز دەبێتەوە، كە هەموو هونەرمەندان ئاواتی ئەوە بخوازن لەكەرتی سینەمادا كار بكەن و ببن بەروخسارێكی سینەمای كوردی لە جیهاندا .
ئەوەی باسی دەكەم نیشانەكانی دەركەوتن و لە ئایندەیەكی نزیكدا كوردستان دەبێتە خاوەنی سینەمای خۆی، بێ‌ ئەوەی پێویستی بەكادیری دەرەوەی كوردستان هەبێت، لەوانەش ئەكتەری سینەمایی .
ئەوەی فۆكسی دەخەمە سەر هەر تەنها سینەما نیە، بەڵكو دراماو زنجیرە درامای كوردیش بەهەمان شێوە دەكەونە نێو چوارچیوەی هەمان بازنە.
هەمیشە هەلومەرجی ئابووری و بازرگانی پەرەسەندوو لەهەموو دنیادا، دەرهاوێشتەی خۆی هەیە، ئەو هەلو مەرجە هونەرییە بازرگانیەش كە لە كوردستاندا هاتۆتە پێشەوە، دەرهاوێشتەی ئەو زەمەنە خێراو بە پەلەیە، كە تێیدا بتەوێت و نەتەوێت زمان و ئامرازو ستایلی تایبەتی خۆی بەسەر واقیعدا دەسەپێنێ‌، ئەگەر لە دەستپێكا ئەو تەوژمە نوێیە جۆرە دژایەتیەكیشی لەگەڵ كولتوورو داب و نەریتێكی دیاری كراوی كۆمەڵایەتیدا هەبێت ، ئەوە بەكاتێكی كەم، بینەری كورد، ئاوێتەی زەمەنە نوێكە دەبێت و بەناچاری قەبوڵی دەكات .
بێ‌ شك كە سینەماو كۆمپانیای سینەمایی لەكوردستانا نەبوون، ئەكتەری كوردیش ئەگەر مومارەسەیەكی پیشەیی و پراكتیكی لەگەڵ هونەری فیلمسازی دا نەبێت، ناتوانێت لە بازنەیەكی بەتاڵدا بێتە بەردەم كامێراو ببێت بەئەكتەرێكی سینەمایی، چەند ئەوەندەی خاوەن توانست بێت .
پاشان ئەگەر ئەكتەری باش بیت و لەگەڵ دەرهێنەری شارەزا كار نەكەیت، كە بۆت ببێتە راهێنەرێكی زیندوو بۆ كاری نواندن و هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ كامێرا، ئەوە ناتوانیت ببیت بەئەكتەری سینەمایی ، گریمان ئەگەر دەرهێنەریكیشت هەبوو، ئەگەر بەردەوام نەبوویت لەكاری سینەمایی دا، ئەوە بە بەرهەمێك و دووان و سیان ناگەیتە ئەو ئامانجەی كەبینەر وەك ئەكتەرێكی سینەمایی تۆ بناسێ‌ .
خۆ ناساندن وەك ئەكتەری سینەمایی سێ‌ ئامانج دەپێكێنێ‌:
1.خۆ ناساندن بەمانا بەردەوام بوون لەسەر كاری سینەمایی و دەوڵەمەند كردنی ئەزموون، چونكە تۆ تا وەك ئەكتەرێكی سینەمایی نەناسرێ‌ ی نابیتە جیگەی سەرنج راكێشانی بەرهەم هێنەرو كۆمپانیاكان .

  1. نواندن لەكاری سینەمایی، سەرچاوەیەكی زۆر نزیك كەرەوەیە بۆ پەیدا كردنی ناوداریەتی، لە ماوەیەكی كەم دا، لەبەر ئەوەی سینەما بەرفرەوانترین و خێراترین گۆڕەپانە بۆ خۆ ناساندن، لە سەر ئاستی وڵات و پاشان لەسەر ئاستێكی ئیقلیمی و جیهانیی دا.
    3.پەیدا كردنی داهات و بازاڕی گەرم، چونكە داهاتی سینەما بۆ ئەكتەر بەراورد ناكرێت لەگەڵ داهاتی دراماو شانۆ، بەتایبەت لەو فیلمانەی كە سەركەوتن بەدەست دێنن و زۆرترین بینەریان دەبێت .
    4.ئەكتەری سینەما كە گەیشتە قۆناغی ناوداریەتی، وەك ئەكتەری دراماو شانۆ بێ‌ كار نابێت و رەنگە لە یەك كاتدا خاوەنی كۆمەڵێ‌ گری بەست بێت و لەیەك كاتدا لەچەند بەرهەمێك كار بكات .
    5.ئێستا بازرگانی سینەما لەكوردستاندا خەریكە سەرهەڵدەدات و كۆمپانیایاكان دەروازەیەكیان كردۆتەوە بۆ فیلمسازی، تا ئێستا ئەو بەرهەمانە وەك ئەزموونێكی سەرەتایی و بەپشت بەستن بەچەند گەنجێكی سینەماكار لە دەرهێنەرو ئەكتەر لەرووی داهاتەوە، وێڕای ئاریشا هونەرییەكان و كەم و كوڕیەكان گۆڕانكارییان پێوە دیارە، كە رەنگە ئەگەر پەرەی پێ‌ بدرێت و ئەزموونەكە فرەوانتر بكرێت، ئەوە قۆناغێكی نوێ‌ بۆ پیشەسازی سینەما لە كوردستاندا سەرهەڵبدا .

ئایا هەموو ئەكتەرێك دەتوانێت ببێت بەئەكتەری سینەمایی؟
زۆرینەی ئەكتەرانی سینەما لەجیهاندا تەنیا كاری سینەمایی دەكەن و لەو بوارەدا ئەزموونێكی دەوڵەمەندییان هەیە، لەوە راهاتوون كە چۆن هەلسووكەوت لەگەڵ كامێرا بكەن و چۆن پارێزگاری لە جەستەو پێرفۆرمانسی خۆیان بكەن.
دواتر ئەو داهاتەی بەهۆی ناوداریەتی و وەرگرتنی خەڵات لە فیستیڤاڵە جیهانییەكانەوە بە دەستیان هێناوە، هەروا ئەو هەموو عروزاتەی لە لایەن كۆمپانیاكانەوە بۆیان دەخرێتە روو، ئەو كاتەی بە دەستەوە نادەن، دەرفەتێك بدۆزنەوە بۆ كاری درامی یا شانۆیی .
ئەو ئەكتەرانە چەند ئەوەندەی ناوداریەتیان زۆرتر دەبێت،كرێ‌ ی كار كردنیان گرانتر دەبێت، ئەوەندەش بەپراكتیك كار بۆ سینما دەكەن، بەشێوەیەكی سروشتی رێچكەی راستەقینەی نواندنی خۆیان ئەنجام دەدەن و ئەو نواندنە دەكەن كە سینەما دەیەوێت .
بەڵام واقیعی فیلمسازی لەكوردستاندا بۆ ئەكتەر شتێكی ترە، لە بەر ئەوەی پیشەی ئەو ئەكتەرانەی لە سینەمادا كار دەكەن، تەنیا سینەما نیە، بەڵكو بۆ هەندێكیان شانۆ بووە، بۆ هەندێكی دیكەیان دراما، یاخود ئەكتەرێكی كۆكتیل بوونە، بەشێوەیەكی میللیانە دروست بوونە، بەتایبەت شانۆكارە كلاسیكیەكانن كە لای ئەوان فۆرمی نواندن و پێرفۆرمانسی ئەكتەر ، لەنێوان هونەری شانۆیی و درامای تەلەفزیۆنی و سینەمادا ئاوێتەی یەكتر بوونەو زۆر لەئەكتەرانی كورد لەكاتی كار كردن لەو هونەرانە تایبەتمەندی خۆیان نادەنە پاڵ هەر یەك لەوان ، بۆیە زۆر جاران لە ئەنجامی ئەو تێكەڵاو بوونەو جیاوازی پێ‌ نەكردنیان، هەندێ‌ لەو ئەكتەرانە دووچاری شكست هاتن بوونە وەك ئەكتەر، لە هەمان كاتیشدا ئاسەوارو كاریگەریەكی نەگەتیفانەیان بەسەر بەرهەمیشدا بەجێ‌ هێشتووە..
فاكتەری سەرەكی ئەو تێكەڵاو كردنە لەوە دایە، كە زۆرینەی ئەكتەرانی كورد بەگشتی لە سەر بونیاتێكی ئەكادیمی پەروەردە نەكراون و لە هونەری شانۆوە پەڕیونەتەوە سەر دراما، پاشان لە دراماوە بازیان داوەتە سەر سینەما، خۆیان و ئەو فۆرم و ستایلە تەقلیدیانەی پێیانەوە نوساوە، بە گۆڕینی هونەرەكان لێیان جیا نەبۆتەوەو لە هەر سێ‌ بواردا، بە یەك فۆرم نواندنیان كردووە .

رووەكی دیكەی فاكتەرەكان ئەوەیە كە ئەزموونی زانستی و پیشەیی ئەكتەری كورد لەگەڵ سینەمادا ئەزموونێكی زۆر لاوازەو هەرگیز وەك ئەكتەرێكی پرۆفیشنالی پشتی پێ‌ نابەسترێت، ئەوەی هەیە كۆمەڵە بەرهەمێكی لاوازە كە نە لە گەڵ تەكنیكی ئەمڕۆی سینەما دەگونجێ‌، نە لەگەڵ فۆرمە جیاوازەكانی ئەمڕۆی پێشكەوتنی سینەمادا هاوكوفە.
بۆیە دەرهێنەر ناچار دەبێت كە هەندێ‌ جار سەركێشی بكات و ئەو ئەكتەرە كلاسیكیە بێ‌ ئەزموونانەی بواری شانۆو دراما بۆ سینەما بەكاربێنێ‌ كە بەزەقی پێرفۆرمانسی شانۆییان پێوە دیارەو هەمان ئەكشن و ئیلقاو دەنگی شانۆیی و دەرخستنی جەستە بۆ سینەماش بەكار دەهێننەوە.
ناكرێت هەندێ‌ دەرهێنەر بەتوانست و ئەزموونی هیچ ئەكتەرێكی شانۆیی فریو خواردوو بێ‌ و وای بۆ بچێت، كە ئەو ئەكتەرە هەمان ئەو سەركەوتنانە بەدەست بێنێ‌ كە لەشانۆ یا دراما بەدەستی هێناوە، نەخێر هەندێ‌ لەو ئەكتەرە جیاوازانە دەبنە باڵێكی گران بەسەر شانی سینەماوە.

ئەوەی بۆ سینەما گونجاوە هیچ لەو ئەكتەرانە نین كە قالبێكی شانۆییان وەرگرتووە، بەڵكو تەنیا ئەكتەرە خاوەن ئەزموونەكانی سینەمان، كە لە چەندین ئەزمووندا توانای خۆیان لە بەرهەمەكاندا دەرخستووە ، یاخود كاراكتەری سروشتی شەقامن، لەوانەی نەكەوتونەتە ژێر كاریگەری هیچ فۆرمێكی تەقلیدی ، كە هەندێ‌ لەوان هیچ جۆرە نواندنێكیان نەكردووە ، بەڵام دەرهێنەر لە كاتی وێنەگرتندا بەو شێوەیە دروستی دەكات، كە ئەو دەیخوازێ‌ ، ئەوەتا زۆر لەو ئەكتەرانەی لە شەقامەوە هیندراونەتە ناو سینەما، هەندێكیان ئێستا بوونەتە ئەكتەری جیهانیی و چەندین خەڵاتی سینەماییان لەجیهاندا بەدەست هێناوە، بۆ نموونە كاراكتەری ( وەحشی ) كە لە فیلمی ( رسالە) ی مستەفا عەقاد حەمزەی مامی پێغەمبەر بە ڕم دەكوژێ‌ ، ناوی عەلی سالم قەدارەیە، خەڵكی لیبیایە، لە ژیانیدا كاری نواندنی نەكردووە، كاتێ‌ مستەفا عەقادی دەرهێنەر لە هوتێل چاوی پێی دەكەوێ‌ ، بۆ ئەو رۆڵە هەڵی دەبژێرێ‌ .
عەلی سالم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسی دا دەربارەی رۆڵەكەی لە فیلمی ( رسالە) گوتی : دوای ئەوەی دایكم فیلمەكەی بینی ، لە ماڵ دەری كردمە دەرەوەو هاواری دەكرد بە سەرما، چۆن تۆ پێ‌ دەنێیتە ماڵەكەم تاوانباری بە كوشتنی ئیمام هەمزەی مامی پێغەمبەر .
ئەو جۆرە ئەكتەرانەی سەرشەقام كە لەلایەن دەرهێنەرەوە بژار دەكرێن بۆ بینینی رۆڵی هەندێ‌ لەو كاراكتەرانە ، تەنیا روخسارو رەنگ و شێوەی لێكچونیان لە كاراكتەر دەبنە هۆكاری راكێشانی ئەو كەسایەتیانە بۆ دنیای سینەما .
ئەزموونی ئەكتەری كورد لە گەڵ سینەمادا ئەزموونێكی كورتە بە قەد كورتی تەمەنی سینەمای كوردی ،
نەك هەر ئەكتەر هەموو رەهەندە هونەرییەكانی سینەما بەگشتی لەدەستپێكدان و تا ئێستا نەكەوتونەتە سەر پێ‌، كە خاوەنی شوناسێكی سەربەخۆ نەبێت .




بانگەوازی یەکەمین خولی پلان و سیناریۆی هەڵبژاردەی کورتە فیلمی “لاو” بڵاوکرایەوە

مەنسوور جیهانی ـ

بانگەوازی یەکەمین خولی پلان و سیناریۆی هەڵبژاردەی کورتە فیلمی “لاو” لە لایەن ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” بە بەرپرسیاریی “ئیبڕاهیم سەعیدی” سینەماکاری بەرئەزموونی کورد لە شاری مەهاباد بڵاوکرایەوە.

ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” لە پێناو ناساندن و بردنەسەرێی ئاستی سیناریۆنووسی ناوچەکە، هەوڵیداوە کە یەکەمین خولی پلان و سیناریۆی هەڵبژاردەی کورتە فیلمی “لاو” لە نێوان سیناریۆنووسانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان بەڕێوەببات.

بابەتی سیناریۆکان، سەربەستن و کاتی ئەو بەرهەمانەی کە ڕەوانە دەکرێن، بە لانی زۆرەوە 15 خولەک ڕەچاوگیراوە و لە نووسەران و هونەرمەندان، داوا کراوە کە بەرهەمەکانی خۆیان تاکوو ڕۆژی 15ی جۆزەردانی 1400 هەتاوی (5ی جوونی 2021 زایینی) بە ناونیشانی ئیمەیلیlavanfilmfest@gmail.com ڕەوانە بکەن. جێی ئاماژە پێدانە کە سیناریۆی هەڵبژاردە، لە قۆناغی بەرهەمهێناندا پشتیوانی لێدەکرێت.

سیناریۆ و پلانەکان کە بە بڕوای ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییە مەرجی پێویست و گونجاو و دیاریی کراویان هەبێت؛ لە پێناو باشتربوونی بەرهەمەکاندا، لە کارگەیەکی کارای سیناریۆنووسیدا لە ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” بە ئامادەبوونی مامۆستایانی لێهاتوو و شارەزا بەشداریان پێدەکرێت.

ناونیشانی نووسینگە: مەهاباد، شەقامی سەرباز، نزیک بە سێ ڕیانی کەشناسی (وەفایی)، پلاکی 72، قاتی دووهەم، ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان”، ژمارە تەلەفوونەکانی نووسینگە: +9844-42239818و +989143421140.

ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” لە پێناو ناساندن و بردنەسەرێی ئاستی سیناریۆنووسی ناوچەکە، بە ڕاگەیاندنی بانگەوازی یەکەمین خولی پلان و سیناریۆی هەڵبژاردەی کورتە فیلمی “لاو” بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی “ئیبڕاهیم سەعیدی” سینەماکاری ناوداری مەهابادی و بە هاوکاری و هاوڕێیەتی ژمارەیەک لە کارناسان و پسپۆڕانی شارەزای بوارە جۆراوجۆرە سینەماییەکان، چالاکییە هونەرییەکانی خۆی دەست پێکرد.

“ئیبڕاهیم سەعیدی” بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان”، دەرچووی کارناسی سینەما لقی مۆنتێری لە زانکۆی سینەما تیئاتری زانکۆی هونەری تارانە کە زیاتر لە 35 ساڵە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سینەمادا سەرقاڵی چالاکییە و بە درێژایی ئەم ساڵانە مۆنتێری فیلمە بەرچاوەکانی سینەمای کوردستان و ئێرانی لە ئەستۆدا بووە، لەوانە: “پەڕینەوە لە غوبار”، “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” و “تاقیکردنەوە” لە دەرهێنانی “شەوکەت ئەمین کورکی”، “باز هم سیب داری؟” (دیسان سێوت پێیە؟)، “جن زیبا” (جنی جوان) و “سنگر روبەرو” (سەنگەریی ڕووبەڕوو) لە دەرهێنانی “بایرام فەزلی”، “ڕەشەبا” و “بووکی باران” لە دەرهێنانی “حوسێن حەسەن”، “انتهای زمین” (ئەوپەڕیی زەویی)، “از تهران تا بهشت” (لە تاران تا بەهەشت) و “یک کامیون غروب” (لۆرییەک ڕۆژئاوابوون) لە دەرهێنانی “ئەبوالفەزل سەفاری”، “دم سبح” (بەرە بەیان) لە دەرهێنانی حەمید ڕەحمانیان، “بی تابی بیتا” (بێتابی بیتا) لە دەرهێنانی “مێهرداد فەرید”، “عاشق ها ایستادە می میرند” (عاشقەکان بە پێوە دەمرن) لە دەرهێنانی “شەهرام مەسلەخی” و هەروەها “ماهی گوشوارەدار” (ماسی گوارەبەگۆ) لە دەرهێنانی “عەلیڕەزا سەعادەت نیا”.

ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە، مۆنتێری بۆ بەڵگەفیلمەکانی “خانە مادری ام مرداب” (ماڵی دایکایەتیم تاڵاو) و “از پس برقع” (لەو پەڕیی ڕووبەند) لە دەرهێنانی “مێهرداد ئۆسکویی” ئەنجامداوە و هەروەها مۆنتێریی و وێنەگرتنی بۆ زیاتر لە 150 کورتە فیلم و فیلمی بڵیند، بەڵگەفیلم و چیرۆکی لە کارنامەی هونەریی خۆیدا هەیە.

“ئیبڕاهیم سەعیدی” دەرهێنانی بۆ فیلمی سینەمایی “ماندوو”، بەڵگەفیلمی “دایکانی من” بەرهەمی هاوبەش لەگەڵ “زەهاوی سنجاری” سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ئەنفاڵ بە دەستی ڕژێمی بەعس و کورتە فیلمەکانی “ژوان” و “ژیلەمۆ” و بەڵگەفیلمەکانی “شینگێڕیی پەرێشانی” و “ڕۆژگیران” بەرهەمی هاوبەش لەگەڵ “مێهرداد ئۆسکویی” لە ئەستۆدا بووە و بەم بەرهەمانە لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی فیلم لە ئاستی جیهاندا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەشداریی کردووە و خەڵاتی گرینگیشیان بەدەستهێناوە.

بۆ زانیاری زیاتر:

لاپەڕەی فەرمی ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” لە ئینستاگڕام:
@lavanfilm_institute

لاپەڕەی فەرمی “ئیبڕاهیم سەعیدی” لە ئینستاگڕام:
@ebrahimsaeedi_official




“نانی پیرۆز” لە فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “هات داکس” لە کەنەدا نمایش دەکرێت

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” لە دەرهێنانی ڕەوانشاد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” لە بەشی پێشبڕکێی “ڤیترینی جیهان” لە بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “هات داکس” لە کەنەدا نمایش دەکرێت.

فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” MAAD Movie؛ لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ئێران، لە بەشی پێشبڕکێی “ڤیترینی جیهان” World Showcase لە بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “هات داکس” Hot Docs لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا نمایش دەکرێت و لەگەڵ فیلمەکانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لەم ڕووداوە سینەماییە گرینگەدا ڕکابەریی دەکات.

ئەم فێستیڤاڵە، جێگای متمانەی ئاکادیمیای ئۆسکارە و براوەی بەشی پێشبڕکێی “ڤیترینی جیهان”ی فیلمە نیوە بڵیندەکانی ئەم ڕووداوە سینەماییە، دەچێتە قۆناغی پێشبڕکێی خەڵاتەکانی ئۆسکارەوە.

بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت”ـە.

“نانی پیرۆز” کە لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان” Mid-Length لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ “ئیدفا” IDFA لە وڵاتی هۆڵەندا نمایشکرابوو؛ لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە وڵاتی کەنەدا، لە بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “هات داکس” لە شاری تۆڕێنتۆ نمایش دەکرێت.

فێستیڤاڵی فیلمی “هات داکس” کە گەورەترین و گرینگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلم لە ئەمەریکای باکوور دێتەئەژمار؛ بیست و حەوتەمین خولی بە بەرپرسیارییەتی “کرییستۆفێر مەک دۆناڵد” Christopher McDonald ئەکتەری ناوداری ئەمەریکی ڕۆژی 29ی ئەپرێلی 2021 دەستی پێکرد و بە نمایشی 219 بەڵگە فیلم لە دەرهێنەرانی 66 وڵاتی جیهان لە چەندین بەش، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی “ڤیترینی جیهان”، بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان”، بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلمەکان” و هەروەها بەشی “نمایشی تایبەت” بە هۆی بڵاوبوونەەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا تاکوو ڕۆژی 9ی مایی 2021 بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا درێژەی دەبێت.

ئەم فێستیڤاڵە، یەکێکە لە گرینگترین شوێنەکان بۆ بینین و ئاخاوتن سەبارەت بە بەڵگەفیلمە بەرچاوەکانی ساڵی سینەمای دنیا و بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی فیلمە دیکۆمێنتارییەکان لە جیهاندا دامەزراوە و هەموو ساڵێک، زیاتر لە 200 فیلم لەم ڕووداوە پڕبایخە سینەماییەدا نمایش دەکرێن و نزیک بە دوو هەزار دیکۆمێنتساز، بەرهەمهێنەر، کڕێار و بڵاوکەرەوەی بەڵگەفیلمە لە سەرتاسەری جیهان تیایدا ئامادەدەبن.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://boxoffice.hotdocs.ca/websales/pages/info.aspx?evtinfo=141686~367cbc04-eb03-453a-90f8-88ca48c4cf79&epguid=9759e3f1-085c-4e15-88c2-e02a8ee1f1d1&

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز”.




“دایکانی من” خەڵاتی بینەرانی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن”ی بەدەستهێنا

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی دیکۆمێنتی “دایکانی من” لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماکارانی کورد “ئیبڕاهیم سەعیدی” و “زەهاوی سنجاوی” و لە بەرهەمهێنانی “عەباس غەزالی” خەڵاتی سێیەمی بینەرانی بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی” لە دوازدەمین فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا لە نێوان 50 هەرە باشترین فیلمە بەرچاوەکانی ساڵانی ڕابردووی ڕەوتی سینەمای کوردی بەدەستهێنا.

بەڵگەفیلمی “دایکانی من” All My Mothers لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماکارانی کورد “ئیبڕاهیم سەعیدی” و “زەهاوی سنجاوی” و لە بەرپرسی بەرهەم و لە بەرهەمهێنانی “عەباس غەزالی” کەسایەتی بەرچاویی کەلتووری هەرێمی کوردستان و بە ئاوازدانەری مامۆستا “حوسێن عەلیزادە” موزیکزانی ناوداری ئێرانی؛ سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ئەنفاڵ بە دەستی ڕژێمی بەعس، لە نوێترین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان، لە بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی” لە دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن” لەگەڵ بەرهەمە شاکارەکانی سینەماکارانی گەورەی کورد لە وڵاتی بەریتانیا نمایشکرا.

ئەمساڵ، بەرهەمەکانی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن” بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین نمایشکران و فیلمی دیکۆمێنتی “دایکانی من” توانی یەکێک لە سێ خەڵاتی بینەرانی بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی” ئەم ڕووداوە سینەماییە لە نێوان بەرهەمە شاکارەکانی ڕەوتی سینەمای کوردی بەخۆی تەرخان بکات.

لە بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی” 50 فیلم لە باشترین بەرهەمەکانی مێژووی سینەمای کوردی لە دەرهێنانی سینەماکارانی ناوداری کورد لەوانە: فیلمە سینەماییەکانی “یۆڵ” (ڕێگا) Yol، “ئومێد” Umut، “بووکی زەوی” Bride of the Earth و “ڕمە” Sürü، “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” و “کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن” لە دەرهێنانی “بەهمەن قوبادی”، “پەڕینەوە لە غوبار” و “شوێنک بۆ یاری” لە دەرهێنانی “شەوکەت ئەمین کورکی”، “سرتە لەگەڵ با” لە دەرهێنانی “شەهرام عەلیدی”، “زەڕ” لە دەرهێنانی “کازم ئۆز”، “ڕادیۆ کۆبانێ” و “سەدیق و پڵینگ” لە دەرهێنانی “ڕێبەر دۆسکی” و بەرهەمەکانی دیکەی سینەماکارانی بەناوبانگی کورد، لەوانە: “قودڕەت گونێش”، “مانۆ خەلیل”، “ئێڕۆڵ مێنتاس”، “ئەکرەم حەیدۆ” و … بەشداربوون و لەم بەشەدا سێ فیلم، لە لایەن بینەرانەوە دەستنیشان کران و بە ناونیشانی فیلمە هەڵبژێردراوەکانی بینەران لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم ڕووداوە سینەماییەدا دیاریکران و لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە ڕاگەیێندران.

لە ڕاستیدا ئەم بەرهەمانە، لە نێوان فیلمەکانی فێستیڤاڵدا زۆرترین بینەریان هەبوو، کە بریتین لە: فیلمی یەکەم “زەڕ” Zer لە دەرهێنانی “کازم ئۆز” لە باکووری کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و ئەمەریکا، فیلمی دووهەم “باکوور” Bakur لە دەرهێنانی “پایان دێمیرێل” لە باکووری کوردستان و فیلمی سێیەم “دایکانی من” All My Mothers لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماکارانی کورد “ئیبڕاهیم سەعیدی” و “زەهاوی سنجاوی” لە هەرێمی کوردستان.

“ئیبڕاهیم سەعیدی” بێجگە لە فیلمی “دایکانی من”، بە فیلمی سینەمایی “ماندوو”ش Mandoo لە بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی” بەشداربوو کە لە تەنیشت بەرهەمەکانی دیکەی ئەم بەشەدا بۆ هۆگرانی هونەری سینەما بە شێوەی ئۆنلاین نمایشکرا.

ئەم دەرهێنەر و مۆنتێرە بەئەزموونە کوردە، لە بەشی “مەستێر کلاسەکان”ی ئەم فێستیڤاڵەشدا ئەزموونەکانی خۆی لە بواریی مۆنتاژدا بۆ هۆگرانی هونەری سینەما پێشکەش کرد کە تیایدا بابەتی خوڵقاندنی مۆنتێر و کاریگەریی ئەو لە پڕۆسەی پێکهێنانی دەرئەنجامی فیلمە سینەمایی و دیکۆمێنتارییەکانی خستەڕوو.

دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “لەندەن” و هەشتەمین خولی پێشبڕکێی کورتە فیلمی ڕێزلێنانی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yılmaz Güney بە نمایشی 118 بەرهەم لە سێ بەشی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەڵگەفیلمەکان، کورتە فیلمی چیرۆکی و ئەنیمەیشنی لە چەندین بەشی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی”، بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلم”، بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری”، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی “هەڵبژاردەیەک لە باشترین بەرهەمەکانی یەڵماز گۆنای”، بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی سینەماکاری کورد کازم ئۆز” Kazım Öz، بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی سینەماکاری کورد وەیسی ئاڵتای” Veysi Altay، بەشی “کورتە فیلمە ئەنیمەیشنییەکان”، بەشی “ڕۆژێک ڕۆژگارێک لە کوردستان”، بەشی “منداڵان لە فیلمدا”، بەشی “ژنان لە فیلمدا”، بەشی “جەژنی کەلتووری”، بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی”، بەشی “خەبات درێژەی هەیە”، بەشی “ئەوپەڕیی سنوورەکان”، بەشی “شەڕ لەسەر پەردەی سینەما”، بەشی “چیرۆکەکان لە تاراوگە” و هەروەها بەشی “مەستێر کلاسی سینەماکاری کورد ئیبڕاهیم سەعیدی” و بەشی “مەستێر کلاسی سینەماکاری کورد حوسێن کارابای” لە ڕۆژانی 16 تا 27ی ئەپرێلی 2021 بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری لەندەن پێتەختی وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەچوو.

فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن کە ساڵی 2001 دەستی بە کارەکانی خۆی کردووە، گەورەترین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە سەرتاسەری دنیا سەبارەت بە خەڵکی کورد یا ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بە کوردەکانەوە هەیە دێتەئەژمار، کە هەموو ساڵێک بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و بیانی؛ لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، ڤۆرکشۆپی فێرکاریی، کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی سینەمایی، کۆڕی ’ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی فیلمەکان و … لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.globalkurdishfilmfestival.com/film/all-my-mothers/

https://www.globalkurdishfilmfestival.com/film/qanda-ebrahim-saeedi-all-my-mothers-and-mandoo/

https://www.globalkurdishfilmfestival.com/

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی دیکۆمێنتی “دایکانی من”.




“بارهەڵگریی زێڕ” لە فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی “لەندەن” نمایش دەکرێت.. ئامادەکردنی: مەنسوور جیهانی

ـ فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی” لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” Gold Runner لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “توورەج ئەسڵانی”، لە نووسینی “توورەج ئەسڵانی” و “هادی نادی”، کە لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە ئاستی جیهاندا نمایشکراوە و خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێناوە، لە نوێترین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ئێران، لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی “ئاڕت هوود” Arthood لە وڵاتی ئەڵمانیا لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “لەندەن” و هەشتەمین خولی پێشبڕکێی کورتە فیلمی ڕێزلێنانی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yılmaz Güney بە نمایشی نزیک بە 100 بەرهەم لە سێ بەشی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەڵگەفیلمەکان، کورتە فیلمی چیرۆکی و ئەنیمەیشنی لە چەندین بەشی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی”، بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلم”، بەشی “پێشبڕکێی کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری”، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی “هەڵبژاردەیەک لە باشترین بەرهەمەکانی یەڵماز گۆنای”، بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی سینەماکاری کورد کازم ئۆز” Kazım Öz، بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی سینەماکاری کورد وەیسی ئاڵتای” Veysi Altay، بەشی “کورتە فیلمە ئەنیمەیشنییەکان”، بەشی “ڕۆژێک ڕۆژگارێک لە کوردستان”، بەشی “منداڵان لە فیلمدا”، بەشی “ژنان لە فیلمدا”، بەشی “جەژنی کەلتووری”، بەشی “سینەمای کلاسیکی کوردی”، بەشی “خەبات درێژەی هەیە”، بەشی “ئەوپەڕیی سنوورەکان”، بەشی “شەڕ لەسەر پەردەی سینەما”، بەشی “چیرۆکەکان لە تاراوگە” و هەروەها بەشی “مەستێر کلاسی سینەماکاری کورد ئیبڕاهیم سەعیدی” و بەشی “مەستێر کلاسی سینەماکاری کورد حوسێن کارابای لە ڕۆژانی 16 تا 27ی ئەپرێلی 2021 بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری لەندەن پێتەختی وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

لە فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ”دا کە کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما و تەلەڤیزیۆنی ئێران، لەوانە؛ خاتوو “ژاڵە سامتی”، ئەکتەری ناوداری کورد “سەعید ئاقاخانی”، “پەیام ئەحمەدی نیا”، “لوتفوڵڵا سەیفی”، “حەسەن زاهیدی”، “داوود محەمەدئابادی”، “عەلیڕەزا مێهران”، “ئومید ڕووحانی”، “محەمەد فەراهانی”، “مەحموود شەفیع خانی”، “ڕەزا شەفیع خانی” و “ئەمین فەرزانە” تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، یەکەمین جار لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئێران بوو.

فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن کە ساڵی 2001 دەستی بە کارەکانی خۆی کردووە، گەورەترین فیستیڤاڵەکانی فیلمی کوردیی لە سەرتاسەری دنیا سەبارەت بە خەڵکی کورد یا ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بە کوردەکانەوە هەیە دێتەئەژمار، کە هەموو ساڵێک بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و بیانی؛ لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، ڤۆرکشۆپی فێرکاریی، کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی سینەمایی، کۆڕی ’ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی فیلمەکان و … لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

“توورەج ئەسڵانی” بە فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “ڕەوتە نوێیەکان New Currents لە بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بووسان” Busan لە وڵاتی کۆریای باشوور، به‌شداریی کرد و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای کیشوه‌ری ئاسیا بوو و بۆ ده‌رهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە خەڵاتی “بەهرەمەندی نوێی” New Talent  بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” World Cinema لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok لە هەرێمی کوردستان و هه‌روه‌ها خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “چاتراپاتی شیواجی” Chhatrapati Shivaji لە وڵاتی هیندستانی بەدەستهێناوە. 

هەندێک لە ستافی فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” بریتین له:

دەرهێنەر: توورج ئەسڵانی، نووسەرانی سیناریۆ: توورج ئەسڵانی و هادی نادی، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: حەسەن ئەسڵانی، دیزاینی دەنگ: عەلی عەلەوەیان، مونتاژ: ئەمیر ئەدیب پەروەر و حەمید عەلیقولیان، دەنگهەڵگر: محەمەد ساڵحی، موزیک: مەسعوود سەخاوەت دووست، بەرپرسی بەرهەم: سەعید هاشمی، دیزاینی دیکۆر و جلووبەرگ: مەجید عەلی ئیسلام، میکیاج: ڕەزا عەڕەبی، دانانی سەرمایە: فریشتە جوغەتایی و توورج ئەسڵانی، بەرنامەداڕێژ: عەقیل تەقی زادە، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندن: مەنسوور جیهانی و مەنووجێهر جیهانی و بەرهەمهێنەر: توورج ئەسڵانی.

بۆ زانیاریی زیاتر: 

https://www.globalkurdishfilmfestival.com/film/gold-runner/

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ”.




فیلمی “نانی پیرۆز”ی رەحیم زەبیحی لە فێستیڤاڵی فیلمی “بیگ ئێسکای” ئەمەریکا نمایشکرا

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” لە دەرهێنانی خوالێخۆشبوو “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی “توورەج ئەسڵانی” و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” لە بەشی پێشبڕکێی سی و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “بیگ ئسکای”ی ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “رەحیم زەبیحی”، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “توورەج ئەسڵانی” دەرهێنەر و بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی ئەزموونخوازیی سینەمای کوردستان و ئێران و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی” MAD Movie؛ لە دووهەمین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان” لە هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی دیکۆمێنتاری “بیگ ئسکای” Big Sky لە وڵاتی ئەمەریکا بە ناونیشانی یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی سینەمای بەڵگەفیلمی جیهان نمایشکرا و ناویی ئەم فیلمە کوردییە لە نێوان 10 فیلمی کاندیدی کۆتایی ئەم فێستیڤاڵەدا بوو کە جێگای متمانەی ئاکادیمیای ئۆسکارە.

بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای “تسویر گستر الهە پارسی” (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت”ـە.

هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی دیکۆمێنتاری “بیگ ئسکای” بە نمایشی 27 فیلمی بڵندی دیکۆمێنتاری و 50 کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەیتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری میسولا لە ویلایەتی مونتانا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو. ئەمساڵ لە لایەن دەرهێنەرانی فیلمی دیکۆمێنتاریی 86 وڵاتی جیهان، 1800 بەرهەم بۆ نووسینەگەری ئەم ڕووداوە سینەماییە ڕەوانە کرابوو.

فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی دیکۆمێنتاری “بیگ ئسکای” لە ڕووداوە گرینگەکانی سینەمای بەڵگەفیلمی جیهان و جێگای متمانەی ئاکادیمیای ئۆسکار دێتەئەژمار و فیلمە براوەکانی ئەم ڕووداوە هونەرییە؛ ئەو دەرفەتەیان بۆ دەڕەخسێت کە بتوانن لە بەشەکانی دیکۆمێنێتاری ئۆسکار لە ساڵی داهاتوو بەشداریی بکەن.

“نانی پیرۆز” لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان” Mid-Length لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ “ئیدفا” IDFA لە وڵاتی هۆڵەندا نمایشکرا.

فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ “ئیدفا”، گرینگترین فیستیڤاڵی دێکۆمێنتاریی جیهان دێتەئەژمار، کە ئەمساڵ بە دوو شێوەی ئۆنلاین و فیزیکی و بە نمایشی بەرهەمە دیکۆمێنتییەکانی دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “فیلمە بڵیندەکان”، بەشی پێشبڕکێی “فیلمە نیوە بڵیندەکان”، بەشی پێشبڕکێی “دیکۆمێنتە خوێندکارییەکان”، بەشی پێشبڕکێی “منداڵان و دیکۆمێنت”، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی Luminous، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی Frontlight و … لە ڕۆژانی 16ی نۆڤەمبەر تاکوو 6ی دیسەمبەری 2020 لە شاری ئەمستڕدام لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوچوو.




چەرخ و فەلەك لەنێوان هەڵكشان و داكشاندا.. حه يده‌ر عه‌بدولرِه‌حمان

دەكرێ‌ بڵێین زنجیرە درامای (چەرخ و فەلەك) ی دەرهێنەر بیلال عومەر بەو ئامانجە نەخشەی بۆ كێشراوە، كە ببێتە زنجیرەیەكی فەلسەفی، سایكۆلۆژی، پەروەردەیی ، كۆمەڵایە تی، لەچوارچیوەی فۆرمی كۆمێدیایەكی سووك و خێزانداری،
ئەم هەوڵەی دەرهێنەر بۆ دروست كردنی دەستپێكێكی تازە بۆ كۆمیدیایەكی سووكی كۆمەڵایەتی، هەوڵێكی ئەرێنیە بۆ هێنانە پێشەوەی ئەو فۆرمەو بایەخ پێدانی، كە من پێم وایە بۆ كۆمەڵگای كورد فۆرمێكی گونجاوە و جیگەی خۆی دەكاتەوە ، زیاتر لە فۆرمە تەقلیدیەكانی تری درامای كوردی.
وەك لەناونیشانی زنجیرەكەش دەردەكەوێت، سیناریۆی دراماكە (چەرخ و فەلەك ) لەزەمەنێك دەدوێت وەك سوڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆردا، بەردەوام لەسوڕانەوەو و بەرەو پێشەوە چوون و هەڵبەزین و دابەزین دایە، ئەوانەش كە سواری چەرخ و فەلەكەكە دەبن كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكانن.
كۆمەڵگایێكی وەك كۆمەڵگای ئێمە گەنجێكی وەك (ئاسۆ) هێمایەتی و لەژینگەو كۆمەڵگایێكی دوا كەوتووی كۆمەڵایەتی چاو هەڵدێنێ‌، گیرودەی كۆمەڵێ‌ كولتوورو نەریتی دوا كەوتووی وەك دوژمنكاری، چەك هەڵگرتن، تۆڵە سەندنەوە، توندو تیژی بۆتەوە، لەبری زانست و مەعریفەو پەروەردەو تەكنەلۆژیا .
ئەم عەقلیەتە میتافیزیكیە كلاسیكیە فاكتەر بووە، بۆ ئەوەی ئەو كۆمەڵگایە ماوەی بیست ساڵان لەرەوتی پێشكەوتنی زانستی و تەكنەلۆژی و مەعریفی دابڕێ‌، بەبەراورد لەگەڵ كۆمەڵگاكانی تردا هێشتا لەئەلف و بێ‌ ی ژیان شتێ‌ فێر نەبووبێ‌، بەو مێژووە دوورو درێژەی خۆیەوە، هێشتا وەك مناڵێك دەردەكەوێت، نەتوانێت بەهەمان هەنگاوو بەهەمان تێگەیشتن لەگەڵ ئەوانی تردا خۆی بگونجێنێ‌.
ئەوەتا ببینە (ئاسۆ) چۆن لەگەڵ مناڵەكانی دیكەی پۆلەكەی، چەند جەستەیەكی نامۆیە و چۆن دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی و پێكەنین .
فەلسەفەی نمایشەكە لەرووی سیناریۆوە دەیەوێ‌ بەفۆرمێكی هێمادار، عەقلی ئەو كۆمەڵگایە بوروژێنێ‌ بۆ كۆمەڵێ‌ پرسیار:
ئایا قەت بیرتان لەوە كردۆتەوە ئێوە لەكوێ‌ ی مرۆڤایەتین ؟
جیاوازیتان لەرووی هوشیارییەوە لەگەڵ ئەوانی تر چەندە؟
ئایا تا ئێستاش خۆتان لەو نەریت و كولتوورە دوا كەوتووانەتان داتەكاندووە ؟
یا ئێستاش ئەو پەتا كۆمەڵایەتیانە بەدوا تانەوەیەو ژیانی پەك خستوون ؟
ئەوانە پرسیارە فەلسەفیەكانی زنجیرەكەن، بەڵام بینەریش كە ئەو هەموو پرسیارانەی ئاراستە دەكرێت وەڵامی چیە؟
ئەویش مافی خۆیەتی بڵێت : ئایا ئێوە وەك دەرهێنەرو هونەركاران تا چەند توانییوتانە ئەو چمكە فەلسەفیانە لەسەر رووی شاشە تەرجەمە بكەن بۆ زمانی دراما ؟
دراما بەتەكنیك و وێنەو نواندن و رووناكی و موزیك و دیالۆگ و هەموو ئامرازەكانی تری ؟
ئەوان دەڵێن، ئێمە بۆ ئەوە تەماشای دراما ناكەین تەنیا چمكێكی فەلسەفی بەسادەیی بخوێنینەوە، بەڵكو لەپاڵ ئەمەدا لە درامادا چاوەڕێ‌ ی چێژ دەكەین بمان وروژێنێ‌،
لەدروست كردنی گرێ‌ ی درامیدا، ناچارمان بكات بزانین دەرهێنەر تا چەند چارەسەركردنی گونجاو بۆ گرێكان دادەنێ‌.
ئەكتەرەكان چ پێرفۆرمانسێكیان هەیە بۆ بەرجەستە كردنی كاراكتەرەكانی خۆیان؟
دەرهێنەر بەرامبەر هەموو ئەو خواستانەی بینەر، بەرپرسیاری یەكەمە، ئینجا ئەوانی دیكە هەریەكەو بە پێی پسپۆری خۆی.
كێشەی سەرەكی دەرهێنەر لەوە دایە نەیتوانیووە وەك پێویست ئەو فەلسەفەیە لەسەر شاشە بەفۆرمێكی لۆژیكی و هونەریی ئەوتۆ بەرجەستە بكات، كە بینەر وا نەزانێ‌ بەدیار فیلمێكی كارتۆن دانیشتووە، بەڵكو دووچاری كۆمەڵێ‌ پرسیاری ئاڵۆز بووە كە لەرووی پراكتیكەوە ئەنجامێكی نا مەعقول و نالۆژیكی بداتە دەست وەك ئەوەی :
ئایا عەقلی كۆمەڵگای ئێمە بەگشتی تا چەند هەزمی ئەوە دەكات، كەسێك ماوەی بیست ساڵ بێ‌ هۆش بێ‌ لەنەخۆشخانەیەكی ئەهلی چاو بكاتەوە؟
چۆن كەسێك بیست ساڵ لەهۆش خۆی چوو بێت، ناوی خۆی و دایك و باوكی لەبیرچووبێتەوە، موحازەراتی فەلسەفی لەهاوڕییەكی خۆی وەردەگرێت و گوێ‌ لەخوێندنەوەی چیرۆك دەگرێت ؟
ئەم دیمەنە ئەفسانەییانە لەچ فەرهەنگێكی زانستی دا هەیە؟
دەرهێنەر بۆ تەرجەمە كردن و بەپراكتیك كردنی ئەم تیۆرانە، دراماكەی دابەشی چوار تەوەری سەرەكی كردووە:
1.بێ‌ هۆشی (ئاسۆ) لەئەنجامی شەڕی دوژمنكاری و بەركەوتنی بەئۆتۆمبیل لەكاتی راكردن لەتەمەنی دە ساڵیداو مانەوەی لەنەخۆشخانە بەبێ‌ هۆشی بۆ ماوەی بیست ساڵ، لەوێوە دەرهێنەر پەنجە بۆ واقعێكی تاڵی رابووردوو دەبات، بەتایبەت لەرووی پەروەردەو راهێنانی لاوەكان لەچەك و كوشتارو شەڕی خێڵەكی و دوژمنداری و بیری تۆڵە سەندنەوە، لەوێوە نەوەكان فێری رق و توندو تیژی دەكرێن ، بۆیە باوكی ئاسۆ هەر لەمناڵییەوە ئاسۆ لەئەشق بوونی چەك رادێنێ‌ و پێی دەڵێ‌: ئەگەر گەورە بووی چەكێكی جوانت بۆ دەكڕم، ئەم بیرە ژەنگاویەی ئەو باوكەیە وا لەئاسۆ دەكات، بەڵێنەكەی باوكی لەبیر نەچێتەوە، ئەو بیرە ژەهراویەی لەكاتی گەورە بوونیشدا لەمێشك دەرنەچێ‌ و بەردەوام داوای چەك بكا،
دەرهێنەر دەیەوێ‌ بڵێ‌، ئەوە باوكەكانن لە نەوە دوا كەوتووەكاندا كۆمەڵگا گوناە لەگەڵ مناڵەكانیان دەكەن و ئەو بیرە ژەهراویانەیان دەخەنە مێشك، كەواتە نەوەی كۆن رۆڵێكی نەرێنیان بینییووە بۆ دروست كردنی ئەو پەروەردە سەقەتە كۆمەڵایەتیە.
2.تووشبوونی باپیری ئاسۆ بەنەخۆشی شیزۆفرینیا و واهیمەی نەخشینی خێزانی، كە من پێم وایە،تەوەرێكی سایكۆلۆژی كاریگەرە بۆ هەندێ‌ نەریتی كۆن بەنشاندانی وەفاو خۆشەویستیەكی راستەقینە لەرێگەی باپیری ئاسۆو نەخشینی خێزانی، كە دوای تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵە لەماڵئاوایی كردنی، نەخشین هەمیشە وەك سێبەر وایە لە گەڵی و هەرگیز لێی جودا نابێتەوە.
دواتر دەرهێنەر چارەسەرێكی شییاوو گونجاو بۆ ئەو تەوەرە دادەنێ‌، كاتێ‌ كاراكتەری باپیرە نەخشینێك دەدۆزێتەوە و دەگاتەوە بەهیوای خۆی و لەگرێ‌ دەرونیەكە رزگاری دەبێت.
3.تەوەری (شەماڵ) رەبەن مامی ئاسۆ و ئاشق بوونی بە (خاتوون ) ی کارمەندی نەخۆشخانەو هەوڵەكانی بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری و خۆ رزگار كردنی لەو تەنیاییە بەردوامەی، بۆتە گرێیەكی دەروونی ئەوتۆ، هەوڵی ئەوە بدات، لە بری هاوسەرێك بۆ ئاوەدانی ماڵەكەی مەیموونێكی بیَِ رۆح لەتەك سەرینەکەی، بەرامبەر بەخۆی دابنێ‌ و ناوە ناوە دەردە دڵی خۆی بۆ بكات.
هەر لەو تەوەرەدا دەرهێنەر كێشەو ئاریشاكانی پیاوی رەبەن و ئافرەتی بێوەژن بەرجەستە دەكات لە كۆمەڵگایەكدا كە پێی وایە بێوەژن بۆی نیە دوای مردنی مێردەكەی، یان لێك جیا بوونەوەی، جارێكی دیكە ژیان دەست پێ‌ بكاتەوە.

دەرهێنەر پێی وایە ئەم كێشەیە بەردەوامی هەیە هەتا ئەگەر خاتوون و شەماڵیش بە یەك بگەن
4 .رەنجەــ ئەوكوڕە گەنجەی لەلایەن بنەماڵەی ئاسۆوە باوكی كوژراوە، بە بەردەوامی بیر لەتۆڵە سەندنەوە دەكاتەوە، خوشكەكەشی هاوڕێ‌ ی مناڵی ئاسۆ بووە، لە یەك گەڕەكدا،
ئەم رووداوە بۆتە هۆی ئەوەی رەنجە ژیانی لێ‌ تێك بچێ‌ و لە مەكتەبیش دابڕێ‌ و نەبێتە خاوەنی هیچ كارو كاسبیەك کە بتوانێ ژن و منداڵەكەی بەخێو بكات و لە ئەنجامیشدا ژنەكەی بەجێی بیڵێ‌ .

دواتریش لەسەر بنەمای عەقلیەتێكی كۆنی سەقەت خۆی و برادەرەكەی تووشی تاوانی گەورە بكات، بەڵام دەرهێنەر وەك تەوەرەكەی تری نەخشین ، چارەسەرێكی لۆژیكی گونجاو بۆ ئەم کیشەیە دادەنێ‌ و بەخۆشەویستی و دیالۆگ چارەی كێشەکە دەكات .
دەرهێنەر ستایلیًكی كۆمێدی سووكی بژاردووە بۆ ئەوەی بینەر بە ئازارەكانی خۆی پێبكەنێ‌، لەهەموو ئەوانەشدا بەگشتی پشتی بەئەكتەر بەستووە بۆ گەیاندنی بیرۆكەكەی، كەمتریش بایەخی بەلایەنی تەكنیكی داوە، بۆ بەستاتیكا كردنی دیمەنەكان، بۆیە هەست بە كۆمەڵێ‌ بۆشایی هونەریی دەكەیت لەرووی دەرهێنان، سیناریۆ، موزیك، لوكێشن، مۆنتاژ، رووناكی.

لەو تەوەرانەی باسم كردن چەندین بۆشایی زەق هەن وەك :
1.تەوەرەكان بەرووكەشی تێپەڕیوون و كاراكتەرەكانیش تێر نەكراون، دەبوا دەرهێنەر لق و پۆپی زێتری لە ناوەرۆكی ژیانیان و كێشەكانیان خستبایە روو، بۆ ئەوەی بینەر زێتر لەوەندە هۆگریان بێت ، چونكە تێكڕای تەوەرەكان مەودای زێتریان تێدا بوو بۆ تێر كردن .
رووداوەكان ساردن و كاراكتەرەكان نەفەسیان كورتە، شوناس و ڕابووردوویان ڕوون نیە، بۆیە مۆنتاژ کەرەستەیەکی ئەوتۆی لەوێنە لەدەست نەبووە بۆ تێرکردنی دیمەنەکان و بەهاوسەنگ ڕاگرتنی ریتمی رووداوەكان .
2.لوكێشنەكان دووبارەن و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆیان تێدا نیە، تەنیا لەچوارچیوەی بازنەیەكی داخراودا دەسوڕێنەوە، لەنەخۆشخانە، پرسگە، ماڵی هاوار، پارك…ئەو دووبارە بوونەوەی لوکێشنەکان بینەر دووچاری بێزاری دەکەن و دەبنە ڕێگر لە بەردەم نوێ بوونەوەی بەردەوامی دراماکە.
3.شتێكی ئاساییە رێكلام بۆ سپۆنسەرەكانی بەرهەم هەبێت، بەڵام ناكرێت لەناو دیمەنەكاندا دیالۆگ و سیناریۆی تایبەت بەرێكلامی بازرگانی بكرێت و رووی دراماكە بشێوێنێ‌، بەتایبەت بۆ برنجی مەحموود و سوپەرماركێت و نەخۆشخانەو شتی تر، تیَِ ئاخنیكی رێكلام بەو فۆرمە بەربادە فۆرمی دراماكەی ناشیرین كردووە، چونكە ناكرێت لەكارێكی درامی دا هەموو ئامانجێك هەر تەنها پارە بێت .
4.لەستایلی كۆمێدی و رووداوی سایكۆلۆژی، دەبێت گرنگیەكی زۆر بەموزیك بدرێت، بۆ دەرخستنی دیوی ناوەوەی ناخی ئەكتەرو بەرجەستە كردنی ئاماژەكانی جەستە، لەزۆر حاڵەتی دەروونی دا، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو زەرورەتە، موزیك هیچ حزورێكی نەبوو، لەهەموو ئەو دیمەنانەی پێویستیان بەموزیك هەبوو، بەڵكو وەك جەستەیەكی بێ‌ گیان مانەوە و دیمەنەكان و ئەكشنەكان بە ساردو سڕی تێدەپەڕین بێ‌ ئەوەی كاریگەریەكی دەروونی لای بینەر دروست بكەن .
5.رووناكی و سینۆگرافیاو تەكنیك لەکاری درامیدا وەك موزیك رەگەزی بەئەكتیف بوونی دیمەنە، بۆ بە خشینی ستاتیكا ، تێر كردنی چاوو، وروژاندنی دەروونی و راچڵەكاندنی بینەر، بەكورتی دەڵێم من بە درێژایی زنجیرەكە تەنیا یەك دیمەنم نەبینی تێرم بكات لەو ستاتیكاو جوانكارییەی لەوێنەدا چاوەڕوانیمان دەكرد، بەڵكو هەمیشە رووناكی كراوە بوو، كەمتر دیمەنمان لەتاریكی دا بینی، بەهۆی ئەو پەلە پروزێیەی لە وینەگرتندا كرابوو، هەستم كرد، دەرهێنەر ئەوەندە بەپەرۆشی دروست كردنی دیمەنی تێر لەستاتیكاو وێنەی درامی نیە.
5.كاراكتەرەكان لەهەموو دیمەنەكاندا بەیەك ستایل و یەك فۆرم كاریان دەكرد، دیمەنەكان و رووداوەكان نایانگۆڕی.
6.هیچ هونەركارییەكی ستاتیكی لەمۆنتاژدا نابینم، بینەر بەئاسانی ئەو لاوازیەی مۆنتاژ لە گەڕانەوە بۆ باگ راوندەكاندا دەبینێ‌ .
7.كێشەی هەرە گەورەی زنجیرە دراماكە لەكاراكتەری (پاشا) و مناڵەكان و گەمارۆدانی مناڵەكان بوو لەشوێنی بەند كردنی ئاسۆ ، كە لەفیلمێكی مناڵان دەچوو،
دەرهێنەر نەك هەر بەو ئەكشنە لاوازانە نەیتوانییوە ئەو ئامانجە بپێكێنێ‌ كە كلیلی دەرگاكانی ئازادی لای نەوەی نوێیە، بەڵكو سەراپای دراماكەی دووچاری جۆرێك لەلاوازی بكات.
8.وەك دەرهێنەر ویستبێتی سوكایەتی بەرۆڵی پۆلیس بكات، پۆلیسی زۆر بەلاوازی نیشان داوە و هەندێ‌ جاریش دیمەنەكانی پۆلیس خانەی وا لێکردووە ببێتە مایەی گاڵتە جاڕی و پێكەنین
9.ریتمی دراماكە ریتمێكی خاو بوو، ئەگەرچی كۆمێدیا زێتر پێویستی بەریتمی خێرا هەیە.
10.كۆمەڵێ‌ ئەكتەری بەتوانا و خاوەن ئەزموون لەبەرهەمەكەدا بەشدار بوون، دەبوا دراماكە جوانتر و بە چێژ تر بكەن لەوەی بینیمان ، بەڵام ئەگەر ئەوانیش نەبان بەرهەمەكە نەدەگەیشتە كەنارەكانی دڵنیایی.

رەگەزێكی گرنگی سیناریۆ دیالۆگە، بەڵام لەرووی پیشەییەوە جیاوازییان لەوە دایە كە سیناریۆ بەگشتی پێویستی بەئەزموون و شارەزاییەكی سینەمایی هەیە، بەڵام دیالۆگ پێویستی بەهەردوو رەگەزی سینەمایی و ئەدەبی هەیە، بەڵام مەرج نیە سیناریستێك ئەدیبێكی باش بێت، بۆیە زۆر لەو بەرهەمە درامیانەی سیناریۆ یان دیالۆگەكانیان لەلایەن دەرهێنەرەوە دەنووسرێن لاوازییان لەلایەنە ئەدەبیەکەوە پێوە دیارە .
بۆیە وا پەسەند ترە دەرهێنەر هەموو شتێ‌ نەبێ‌ لەكاری درامادا، بەڵكو ئەركەكان بەپێی پسپۆری و ئەزموون دابەشی سەر ستافە هونەرییەكەدا بكا.
لەچەرخ و فەلەكدا دەرهێنەر تووشی ئەو گرفتە بووە، تەوەری باشی بۆ ناوەرۆكی دراماكەی هەلبژاردووە، بەڵام بۆ داڕشتنەوەی ئەو بیرۆكانەی هەیبووە، ئەركی سیناریۆو دیالۆگی خستۆتە سەر ئەستۆی خۆی، كە رەنگە ئەگەر پسپۆرو زمان زانێك دیالۆگەكانی بنووسیبوایە، دیالۆگی بەتام و چێژو سەرنج راكێشی ئەوتۆی دەنووسی ، كە بینەر چەند ئەوەندەی وێنە دەیوروژێنێ‌ ، ئەوەندەش وشە..
زۆر جاران وشە بەسەر وێنەشدا زاڵە، بۆیە سینەماکارانی جیهانیی ئەوەندە پەنا دەبەنە بەر رۆمانەكانی ماركیس و شكسپیر بۆ سیناریۆو دیالۆگ .
كاركردن لەدرامادا دروست كردنی هاوسەنگیە لەنێو پێكهاتەكانی درامادا، هەر پێكهاتەیەك بۆشایی دروست كات، وەك مردنی ئەندامێكە لەجەستەی مرۆڤدا و دەچێتە خانەی كەم ئەندامی و سەقەتی.
لەو درامایەدا لاوازی دیالۆگ كاراكتەرەكانیشی لاواز كردووە، زۆر لەوان كە كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی گەورەیان هەیە، نەیانتوانیووە گوزارشت لەئازارەكانی خۆیان بكەن، وەك ئەوەی كەسانی كەڕولاڵ و بێ‌ زمان بن لەئاست دەربڕینی ئەو ئازارانە.
راستە كامیرا لەهەندێ‌ دیمەندا دەتوانێ‌ شوێنی هەندێ‌ دیالۆگ بگرێتەوە، بەڵام بینەر چەند ئەوەندەی ئارەزووی وێنە دەكات، ئەوەندەش وشە، بەتایبەت لەپرسە كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژیەكاندا.

پێویستی دراما بۆ وێنە یا وشە بەپێی فۆرمی دراماكە دەگۆڕێ‌، لەهەندێ‌ فۆرمدا دەرهێنەر پێویستی بەكامێراو بژاردەی گرتەكان و زمانی كامێرا هەیە، لەهەندێ‌ فۆرمی تردا بەوشەی ئەدەبی كاریگەر، بەڵام چونكە چەرخ و فەلەك كارێكی كۆمێدی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی هاوبەشە، پێویستی بەهەردوكیان هەیە.
رەگەزێكی دیكەی دراما هونەری دروست كردنی گرێ‌ ی درامیە، كە سەرچاوەی وروژاندنی بینەرە، هەر كات هەستت كرد درامایەك ناتوروژێنێ‌، ئەوە بزانە توخمی دروست كردنی گرێ‌ لەو بەرهەمەدا لاوازە، خۆ ئەگەر ئەو گرێیانە نەبن ، زنجیرەیەكی درامی ناگاتە هەشت سەد و نۆ سەد ئەلقە ، بێ ئەوەی دووچاری سارد بوونەوەت بكات .
بەڵام سەرچاوەكانی وروژاندن هەر تەنها گرێ‌ نیە ، رەنگە هەندێ‌ جار ئەكتەریش رۆڵی كاریگەری هەیە لەوروژاندنی بینەر و بەدوادا چوونی بۆ دراما، بۆ نموونەش لە چەرخ و فەلەك گرێ‌ زۆر لاوازە ، تەنیا گرێ‌ ی نەخشین نەبێت كە بینەر چاوەڕوانی ئەوەی دەكرد بزانێت دەرهێنەر چ چارەسەرێك بۆ دۆزینەوەی نەخشین دادەنێ‌ ، یان گرێ‌ ی بەیەك گەیشتن یا نەگەیشتنی شەماڵ و خاتوون و رازی بوون یان رازی نەبوونی فریاد، بەڵام سەرچاوەی كۆ كردنەوەی ئەو بینەرە زۆرە بەدەوری دراماكە گرێ نەبوو ، بەڵكو تەنیا ئەكتەر بوو، بەتایبەت ئەكتەرێكی كۆمێدی وەك (رێشان حەمۆ)

ئەكتەر

وەك ئاماژەم پێدا كۆمەڵە ئەكتەرێكی خاوەن ئەزموون لە چەرخ و فەلەك دەردەكەون، هەر یەك لەوان قورسایی تایبەتی خۆیان و شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە لەدراماكەدا.
بەڵام رۆڵی گرنگی ( رێشان حەمۆ ) وەك ئەكتەرێكی كۆمێدی لەزنجیرەكەدا دیارە ، نواندنێكی سروشتی، دوور لە تەسەنوع و گرژی، دوور لە زێدە رۆیی و هەڵچوون، ، دەم و چاوێكی گوزارشت بەخش، بەژنو باڵاو لەشو لارێكی نەرم ، شارەزا لەهەڵسوكەوت كردن و ناسینی كاراكتەر، بوێر بەرامبەر بەکامێرا.
ئەگەرچی ئەو لەرەسەندا زۆرینەی نواندن و ناسینی بۆ بینەر لەرێگەی رێكلامی بازرگانی بووە، بەڵام لەنواندنی دراماشدا هەمان تواناو دەسەڵاتی هونەریی هەیە.
بۆیە دەرهێنەر كە بەشێكی زۆری بەرهەمەكەی بۆ رێكلام و بازرگانی تەرخان كردووە، سەركەوتوو بووە بۆ هەڵبژاردنی ئەكتەرێكی رێكلامی بۆ كارێَكی درامایی .
زۆر لەو دیمەنانەی لەدراماكە هەبوون شایەستەی ئەو ئەكتەرە نەبوون، چونكە دەكرا دەسەڵات و توانای رێشان وەك پێویست بۆ بەرهەمەكە بەرجەستە بكرێت نەك بكرێت بە ئەكتەرێكی بازاڕی، هەویر بێت بۆ هەموو شتێ‌ .
بۆیە لەزۆر دیمەندا ناهەقیم بەدەرهێنەر دەدا كە لەزۆر دیمەندا غەدری لە رێشان كردووە، بە تایبەت لەو دیمەنە لاوازانەی ناوی چاکسازی لێنابوون.
زاهیر عەلی _ ئەكتەرێكی دێرینو خاوەن ئەزموونە ، بەو تەمەنەی ئێستای مێژووی جوانی خۆی وەبیر هەوادارانی هێنایەوە، نواندنێكی سووك و بێ‌ گرێ‌ ی دەكردو سەركەوتنێكی باشی بەدەست هێنا، كاراكتەرەكەی خۆی وەك پێویست بەرجەستە كرد، بۆیە شوێنی زاهیر عەلی شوێنێكی دیارو بەرچاو بوو لەدراماكەدا.
جەبار مەعروف ـ راستە كە لەگەڵ كاراكتەرەكەی خۆی نزیك بوو، دوو دیاردەی زەقی پێوە دیار بوو، یەكێیان ئەوەبوو كە وەك كۆیلەیەكی دەستی خونچەی ژنی بوو، جێ‌ بەجێ‌ كردنی هەموو كارەكانی بە فرمانی ژنەكەی بوو، خۆی خاوەنی هیچ بڕیارێك نەبوو، وەك نموونەیەكی پیاوانی ئەو سەردەمە، دووهەمیان : وەك لایەنێكی پەروەردیی رێزێكی زۆری دەنواند بەرامبەر بەباوكی، ئەگەرچی ئەو باوكە ببووە بارگرانیەك لە ماڵەكەدا .
لەرووی نواندنەوە یەك فۆرمی نواندنی هەبوو لەهەموو حاڵەتەكاندا، بێ‌ ئەوەی لە هیچ دیمەنێكدا و لەگەڵ گۆڕینی هەر ریتمێكا هەست بە گۆڕان لە نواندنی دا بكەم ، بەڵام هەستم بەبێزار بوون نەكرد لەگەڵیدا.
رزگار زاهیر ـ ئەكتەرێكی ئەكادیمی بەتوانایە، ئەگەر ئەو رۆڵەی پێی دەبەخشرێت لەئاست ئەو توانایە بێت و دەرفەتی پێ‌ ببەخشرێت وەك پێویست،.
ئەو لەو درامایەدا لایەنێكی سەرەكی ململانێی نێو درامایەكە بوو، نوێنەری دوژمنكارە كۆنەكان بوو، لەهەمان كاتیشدا باوكێكی كەمتەرخەم بوو لە ئاست هاوسەرو منداڵەكەی.
ئەوەی لە نواندنی رزگاردا بێزارم دەكات، لەهەموو دیمە نەكاندا بەیەك شێوە، بەخۆی و هەڵمژینی جگەرەكەی دەستی دەیبینم ، لەم در امایەو درامای دوا شەو یشدا بە هەمان شێوە بەو دیمەنە خۆی نیشان دەدا.
تەلار هیرانی ـ دایكی ئاسۆ ، ئەكتەرێكە هەم بۆ شانۆ هەم بۆ تەلەفزیۆن دەشێت، بەپێی پێویستی كاراكتەر رەفتار لە گەڵ نواندندا دەكات، ئەو لە چەرخ و فەلەك وێنەیەكی جوانی دراماكە بوو، توانی وەك پێویست گوزارشت لەو خۆشەویستیە بكات كە وەك دایك بۆ ئاسۆ هەیبوو، بەتایبەت لەدیمەنەكانی بەهۆش هاتنەوەی ئاسۆ و ئازاد كردنی ئاسۆ، بەڵام دەرهێنەر لەپەلو پۆی خستبوو، لوكێشنەكانی دووبارە بوون، زۆربەی دیمەنەكان لەیەك شوێنی دانیشتن بوو، بێ‌ ئەوەی فۆرمی دەركەوتنی بگۆڕێ‌ .
كوێستان خوسرەوی ـ مامۆستاو هاوڕئ ی مناڵی ئاسۆ ، خاوەنی روخسارێكی درامی و نواندنێكی بەپێز بوو، بەڵام لەدراماكەدا بەئاسانی لەدەست چوو، بێ‌ ئەوەی دەرهێنەر بەو رووكەشیە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو روخسارو توانایە بكات و سوودێكی ئەوتۆی لێ‌ ببینێ‌ .
بۆیە دەرهێنەر كە رووكەشانە كاراكتەرەكانی خۆی بەرێ‌ دەكرد بێ ئەوەی لێیان قوڵ بێتەوە، غەدرێكی گەورەی لەخۆی و لەكوێستانیش كرد.
سەربەست ئەحمەد ـ كاراكتەرەكەی وەك نەخۆشێك لەنەخۆشخانەیەكی دەروونی، هیچ ئاسەوارێكی نەخۆشی پێوە دیار نیە، بیست ساڵیشە لەنەخۆشحانەیەكی ئەهلیە، بێ‌ ئەوەی دەرهێنەر هیچ دیمەنێكمان لەنەخشی ئەو پیاوە فەیلەسوفە نیشان بدا، بەگشتی دەرهێنەر كاراكتەرەكەی كوشت، ئەگەرچی (سەربەست ئەحمەد) وەك ئەكتەر شتێكی ترە لەوەی بینیمان .
مازچین عەزیز ـ دایكی رەنجە ـ لەرۆڵی دایك وخەمەكانی ژیانی ئاڵۆزی كوڕەكەی دەوەشایەوە ، بەڵام دەركەوتنێكی ئەوتۆی نەبوو زێتر لەوەندە ماف بەكاراكتەرەكەی خۆی بدات.
كەریمۆك غەفوور ـ ئەو پیاوە رەبەنە هێمنەی تەنیایی تەنگی پێ‌ هەڵچنی بوو ، خۆی و بووكەڵە مەیموونەكەی لە ژوورێكی ماتەمدا ژیانیان دەبردە سەر، لەلایەك ئەشقی بۆ خاتوون و گرێ‌ ی رازی نەبوونی فریادی كوڕە گەورەی خاتوون بەهاوسەری بوونی، لەلا یەكی تر جێ‌ بە جێ‌ كردنی فرمانەكانی هاواری برا گەورەی .
كەریمۆك كاراكتەرەكەی لاواز بوو، چونكە پیاوێكی بێ‌ هەڵوێست بوو، وەك پێویست نەیتوانی لەهیچ دیمەنێكدا بەتایبەت لەگەڵ مەیموونەكەی باس لەئازارەكانی خۆی بكات و زێتر كاراكتەرەكەی خۆی بەخەڵكی بناسێنێ‌ ، بەڵام لەرووی نواندنەوە كەریمۆك نواندنێكی هێمن و سروشتی ئەنجام دا، كە بینەر لەخۆی رازی بكات ، چونكە دراما هەمیشە پێویستی بەو جۆرە نواندنانە هەیە كە بەرجەستەی واقیع دەكەن و فۆرمێكی سروشتی وەردەگرن .
میدیا زەندی ـ یان نازەنینی خوشكی ئاسۆ ، ئەو كیژۆڵە زیرەكو هوشیارەی هەمیشە سەركۆنە دەكرا لەسەر راستیەكان و دەكەوتە بەر زەبرو زەنگی دایكی ، تەنیا وەك كچێكی ماڵ نیشان درا ، بێ‌ ئەوەی بینەر شتێ‌ لەجیهانی ناوەوەی ئەو كاراكتەرە تێ‌ بگا، هەندێ‌ نموونەی تایبەتی ئەو بخاتە روو، یان گرێیەك بۆ ئەو دروست بكات و بینەر زێتر لەوەندە ئاشنا بە تایبەتمە ندییەكانی نازەنین بێت .
لە رووی نواندنەوە من میدیا لە ڕێزی پێشەوەی بئەكتەرە هەرە باشەكانی دراماكە دەبینم.، مەگەر هەر تەنها ڕێشان توانیبێتی ڕکابەری لەگەڵدا بکات لەنواندن دا.
شنۆ محەمەد، خاتوون ـ ئەو بێوەژنەی رۆڵی بێوەژنێكی دەبینی كە كوڕە گەورەكەی رێگر بوو لەبەردەم بەهاوسەر بوونی، من یەكەم جارە شنۆ لەكارێكی درامی دەبینم ، بەڵام توانی وەك پێویست رۆڵی كاراكتەرەكەی خۆی بەرجەست بكات.
قاسم نوری ـ لەو درامایەدا ئەو دەرفەتەی پێ‌ نەدرا كە بتوانێت تواناكانی بەدەرخاو زیاتر خۆی ئاشنا بكات بەبینەر، ئەگەرنا تواناو ئەزموونی قاسم لەهەندێ‌ ئەكتەری تر زیاتر دە ردەكەوت كە رۆڵی سەرەكییان پێ‌ درابوو.
ئەكتەرە لاوەكییەكانی وەك شاخەوان مستەفا و عەلی حامید و عەلی عەبدولباقی و سەردار زەنگەنە، ئیدریس رواندوزی ، دلێر دلزار كافرۆشی ، میران سابیر، شادی عوسمان، هەریەك لەوان بەگشتی كەوتنە بەر سێبەر ، ئەگەرنا ئامادەیی زۆرتریان هەبوو بۆ بەخشینی توانای فرەوانتر .

حه يده‌ر عه‌بدولرِه‌حمان




رۆڵی سینه‌ما چیه‌ له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا؟.. حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابووردوودا له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ته‌وژمی تیرۆركاری دژ به‌هزرو شارستانیه‌ت و مرۆڤایه‌تی له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا، وای له‌ سینه‌ماكاران كردووه‌ كه‌ روو به‌ رووی پرسیارێك ببنه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ له‌و هه‌لو مه‌رجه‌ تراژیدییه‌ پڕ له‌ ته‌م و مژه‌ رۆڵی سینه‌ما چی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پاڵ ئامرازه‌كانی دیكه‌ شوێنی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێت له‌ په‌رده‌ لادان له‌ رووی هه‌قیقه‌تی ئه‌وانه‌ی بازرگانی به‌ئاینه‌وه‌ ده‌كه‌ن و له‌پاڵ ئه‌و ئاینه‌دا نیازه‌ نه‌گریس و دواكه‌وتووه‌كانی خۆیان په‌رتو بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌؟
سینه‌ما كاران له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌ داده‌بن به‌ده‌سه‌ڵاته‌ هونه‌رییه‌كانی خۆیانه‌وه‌، به‌ره‌نگاری ئه‌و ته‌وژمه‌ ره‌شه‌ی تیرۆر ببنه‌وه‌و له‌چه‌ندین گۆشه‌ی جیا جیادا به‌رجه‌سته‌ی تاوانه‌ ره‌شه‌كانی تیرۆر بكه‌ن.
دیاره‌ كه‌ سینه‌ما هه‌میشه‌ چه‌كێكی كاریگه‌رو ئه‌كتیف بووه‌ بۆ دژایه‌تی كردنی ئه‌و ته‌وژمه‌ كه‌ به‌چه‌ندین شێواز هه‌ڕه‌شه‌ی ریشه‌كێش كردنی ئاشتی و له‌باربردنی ئارامی وئازادی كۆمه‌ڵگاكان ده‌كات .
له‌و پێو دانگه‌وه‌ حكومه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی به‌دوای دابین كردنی ئاسایش و هوشیار كردنه‌وه‌ی خه‌ڵكو چڕ كردنه‌وه‌ی پۆلیسن، ئه‌وه‌نده‌ش به‌ ته‌نگ ئه‌وه‌ وه‌ن كه‌ ئایدۆلۆژیایه‌ك بۆ به‌گه‌ڕ خستنی سینه‌ما دابنێن، بۆ ئه‌وه‌ی سینه‌ماكاران به‌كامێرا ریسوای تیرۆر بكه‌ن و فیستیڤاڵی سینه‌ما ساز بكه‌ن بۆ ئه‌و ئامانجه‌ .

سینه‌مای كوردی و تیرۆر

كوردستانیش به‌هه‌موو پارچه‌كانییه‌وه‌، له‌و هه‌رێمانه‌یه‌ كه‌ بۆته‌ ئامانجی تیرۆرستان و به‌ چه‌ندین شێواز تیرۆرستان قه‌ستی برینداركردن و شێواندنی ئارامی تێدا ده‌كه‌ن، له‌و پێودانگه‌شه‌وه‌ كوردستان به‌شاڵاو خوێنی رشتووه‌، هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌، رێ‌ له‌و ته‌وژمه‌ ره‌شه‌ بگرێ‌.
به‌ڵام ئایا سینه‌ماو شانۆی كوردی تاچه‌ند توانییویانه‌ ئه‌و تراژیدیاو مه‌رگه‌ ساتانه‌ی روو به‌ رووی كوردستان بۆته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌شه‌نگال و كۆبانی و قاتوقڕ كردنی مه‌سیحی و یه‌زیدیه‌كان و ته‌قاندنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌و موزه‌خانه‌كان و له‌ناوبردنی كولتوورو شوێنه‌واره‌ پیرۆزه‌كان به‌ هونه‌ریی خۆیان به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ن، له‌سینه‌ما ودراما، له‌ شانۆ و فۆتۆ، له‌شێوه‌كاری و په‌یكه‌رتاشی، له‌موزیك و گۆرانی و سرود؟
ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌و رووبه‌رووی هونه‌رمه‌ندانی ئێمه‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت سینه‌ماكاران.
ره‌نگه‌ ئه‌وانیش وه‌ك ئێمه‌ دڵیان به‌ئه‌نجامه‌كه‌ی خۆش نه‌بێت، نكۆڵی له‌وه‌دا نه‌كه‌ن كه‌له‌ ئاستی پێویست دانه‌بووینه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بشپرسین بۆ؟ ئه‌وه‌ دیاره‌ ئه‌وانیش پاساوی خۆیان هه‌یه‌ كه‌ من لێره‌دا تیشك ده‌خه‌مه‌ سه‌ر هه‌ندێكییان:
1.ده‌سه‌ڵات دارانی ئێمه‌ تائێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ كه‌سینه‌ما چه‌كێكی هونه‌ریی ئه‌كتیفه‌ بۆ شه‌ڕی تیرۆر و ده‌توانێت كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر گۆڕینی رای گشتی بگێڕێت و كه‌شفی ئه‌وراق بكات و ده‌ست نیشانی بیرو باوه‌ڕه‌ چه‌وته‌كان و هیڵه‌ پیلانگێڕیه‌كان بكات، به‌زمانێكی سینه‌مایی، بۆیه‌ پشتگیریی كردنی بۆ سینه‌ما وه‌ك پێویست نه‌بووه‌ .

  1. هه‌لو مه‌رجی ئابووریی كوردستان كۆسپێكی گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م سینه‌ما كاران، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌ سینه‌ماییانه‌ی هه‌یانه‌ به‌پراكتیف بكه‌ن، له‌هه‌مان كاتیشدا، هه‌ر ئه‌و هه‌لو مه‌رجه‌ رێگر بووه‌ له‌به‌رده‌م سازكردنی فیستیڤاڵی سینه‌مایی .
    3.سینه‌مای كوردی ئه‌و ئاماده‌ باشییه‌ی نیه‌ له‌رووی هونه‌رییه‌وه‌ بتوانێت له‌ئان و ساتی خۆیدا پرۆژه‌ سینه‌ماییه‌كان به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌ت له‌رووی ستافی هونه‌رییه‌وه‌ .
  2. ئه‌زموونی سینه‌ماكارانی ئێمه‌ بۆ سینه‌مای جه‌نگ و سینه‌مای دژ به‌تیرۆر ئه‌زموونێكی ئه‌وتۆ نیه‌ كه‌ بتوانێت له‌و بواره‌دا ئه‌و ئه‌زموونه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات .
    5.له‌رووی سیناریۆو كاره‌ هونه‌رییه‌كانه‌وه‌، سینه‌ماكارانی ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی دیاری كراویان هه‌یه‌ و پڕ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ كارێكی ئاسان نیه‌، زۆر جارانیش كه‌خۆمان له‌قه‌ره‌ی ئه‌و جۆره‌ سیناریۆ سه‌رپێیانه‌ ده‌ده‌ین به‌هۆی لاوازی هونه‌رمه‌ندانی ئێمه‌ له‌نووسینی سیناریۆدا له‌ زمانی سینه‌ما دوور ده‌ كه‌وینه‌وه‌ و زێتر په‌نا بۆ دروشم و دیارده‌ی زه‌ق ده‌به‌ین .
    6.ئاراسته‌یه‌كی دیاری كراوی ناوه‌ندی بۆ سینه‌ما نیه‌ له‌لایه‌ن هیچ سه‌نته‌رێكی رۆشنبیریی و هونه‌ریی كه‌خاوه‌نی نه‌خشه‌و پلانێك بۆ سینه‌ماو ته‌له‌فزیۆن و دراماو شانۆ دابنێت كه‌ به‌ چ ئاراسته‌یه‌ك ئه‌و كه‌ره‌سته‌ هونه‌رییانه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات بۆ چه‌ند ئامانجێكی دیاری كراودا.
    ئه‌وه‌ش كه‌ تائێستا دراماكارو سینه‌ما كارانی ئێمه‌ له‌پێودانگی ئه‌و رووداوانه‌دا بینیوویانه‌و بیستوویانه‌ له‌سینه‌مادا به‌رجه‌سته‌یان كردووه‌، ده‌توانین به‌نه‌بوونی دابنێین ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌مدیسان خاڵی كۆتایی نیه‌و ده‌كرێت وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی پلان و به‌رنامه‌یه‌كی هه‌بێت بۆ ئاراسته‌ كردنی سینه‌ماكارانی ئێمه‌ و ساز كردنی فیستیڤاڵی سینه‌مایی.

    رۆڵی حكومه‌ت بۆ شانۆو سینه‌مای دژ به‌تیرۆر چیه‌؟
    له‌هه‌مان كاتدا پێویسته‌ حكومه‌ت له‌و بواره‌دا پشتگیریی خۆی هه‌بێت بۆ سینه‌ماو شانۆ، چونكه‌ هه‌ر پشتگیرییه‌كی حكومه‌ت بۆ سینه‌ماو شانۆ وه‌ك پشتیگیریی كردنی پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌ چه‌ك بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی تیرۆر، ئه‌وه‌تا شه‌ڕی زۆربه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆردا هه‌ر ته‌نها شه‌ڕی مه‌یدانی و شه‌ڕ به‌چه‌ك و زری پۆش و فڕۆكه‌ نیه‌، به‌ڵكو شه‌ڕی ده‌روونی و شه‌ڕی هزری له‌شه‌ڕه‌ سه‌ربازییه‌كان كاریگه‌رترن به‌سه‌ر روخانی مۆڕاڵ و داڕمانی ده‌روونی.
    له‌و حاڵه‌تانه‌دا و له‌و بواره‌ سایكۆلۆژی و ئایدۆلۆژیانه‌دا شه‌ڕی سینه‌ماو شه‌ڕی شانۆ، له‌ناو كۆمه‌ڵگادا به‌قه‌د شه‌ڕی تانك و فڕۆكه‌كان كاریگه‌ری خۆیان ده‌بێت له‌شه‌ڕی دژ به‌تیرۆر، بۆ هوشیار كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاو تێگه‌یشتنیان له‌مه‌ترسییه‌كان و راست كردنه‌وه‌ی چمكه‌ هه‌ڵه‌كان ئه‌گه‌ر تیرۆرستان به‌رێگه‌ فریو خواردووه‌كانیان له‌مێشكی هه‌ندێ‌ له‌تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایان چاندبێت .

    تیرۆر له‌سینه‌مای جیهانیدا:
    له‌ نیو سه‌ده‌ی رابوردوودا كۆمپانیا سینه‌ماییه‌ جیهانییه‌كان به‌رنامه‌یه‌كی تیرو ته‌سه‌لیان ئاماده‌ كردووه‌ بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی تیرۆر و چه‌ندین فیلمی دیارو به‌رچاویان به‌بودجه‌ی زه‌به‌للاحه‌وه‌ نمایش كردووه‌، بۆ ریسوا كردنی رێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌كان و پیلانه‌ ره‌شه‌كانیان بۆ دژایه‌تی كردنی مرۆڤایه‌تی .
    له‌ده‌ ساڵی رابووردوودا هۆلیۆد رێكخراوی تیرۆرستی قاعیده‌ی كردۆته‌ ئامانجی سه‌ره‌كی خۆی، پیشی ئه‌ویش سینه‌مای ئه‌مریكی، زوومی كامیراكانی ده‌خسته‌ سه‌ر هه‌ندێ‌ له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌ رۆڵی تیرۆركارییان بینیووه‌، وه‌ك هه‌ندێ‌ له‌ سه‌ركرده‌ تیرۆرسته‌كان، به‌ڵام به‌گشتی سینه‌مای ئه‌مریكی له‌ده‌وری بنكه‌ی سه‌ره‌كی تیرۆر قاعیده‌ سوڕاوه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت دوای ته‌قینه‌وه‌ وێرانكارییه‌كه‌ی یانزه‌ی سیبتیمبه‌ر، له‌وانه‌ش فیلمی فه‌هره‌نهایت 9/ 11 ی (مایكل مۆر)و ده‌یان فیلمی دیكه‌ی وه‌ك (یۆنایتید 93)ی ده‌رهێنه‌ر (بول گرانگراس ) و فیلمی (گه‌مارۆ)و فیلمی( ئایرفۆرس 1) ی (هاریسۆن فۆرد ) كه‌ باس له‌ رفاندنی فڕۆكه‌ تایبه‌تیه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌كات له‌لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه‌ .
    دوای هێرشه‌كانی داعش بۆ فه‌ره‌نسا ئێستا سینه‌ماكاران به‌گوڕوتینێكی زۆره‌وه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌رووداوه‌كان بخه‌نه‌ توێ‌ ی سینه‌ما .

    ئه‌وه‌تا ده‌رهێنه‌ری فره‌نسی (باتیست بابین) دامه‌زرێنه‌ری هاوبه‌ش بۆ فیلمی دیكۆمێنتی ده‌ڵێت: ئێستا ئێمه‌ له‌سینه‌مادا به‌دوای ده‌رهاوێشته‌ ده‌روونییه‌كانی فه‌ره‌نسییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێین له‌وانه‌ش ئه‌وانه‌ی سانسۆریان خستۆته‌ سه‌ر خۆیان و خۆیان بیبه‌ش كردووه‌ له‌سه‌ربه‌خۆیی به‌هۆی ئه‌و تۆقاندنه‌ی تیرۆرستان بۆیانیان دروست كرد .
    واش پێ‌ ده‌چێت كه‌ خواستێكی زۆر هه‌بێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی سینه‌مای فره‌نسی روو له‌تیرۆ بكات كه‌ ئه‌مڕۆكه‌ بۆته‌ هه‌مێكی گه‌وره‌ی فره‌نسییه‌كان، ئه‌وه‌تا هه‌ر له‌م بواره‌دا فره‌نسییه‌كان چه‌ندین فیلمیان به‌به‌رهه‌م هێناوه‌، له‌وانه‌ش فیلمێكی ( ئاریك روشانت ) كه‌ باس له‌كاری سیخوری ده‌كات دژ به‌تیرۆرستان و فیلمی (ماد ئین فره‌نس) كه‌ باس له‌رۆژنامه‌ نووسێك ده‌كات چۆن خۆی خستۆته‌ نێو یه‌كێ‌ له‌رێكخراوه‌ تیرۆرسته‌كان .
    هه‌روا میسرییه‌كانیش بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ هه‌ندێ‌ له‌ته‌وژمه‌ توندره‌وه‌كان، وڵاتێك بووه‌ هه‌میشه‌ تیرۆرستان رۆڵی خۆیان تیادا بینییووه‌.
    بۆیه‌ سینه‌مای میسری ده‌مێكی دووره‌ كا له‌سه‌ر لابردنی ماسكه‌كان و ده‌رخستنی رووی راسته‌قینه‌و په‌رده‌ پۆشراوی ئه‌واندا ده‌كات و له‌م بواره‌دا سینه‌مای میسری ته‌ژییه‌ له‌و جۆره‌ فیلمانه‌، كه‌ هه‌ندێ‌ جار ئه‌كته‌ره‌ ناوداره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ روو به‌رووی هێرشی ترسناكی ئه‌و توند ره‌وانه‌ بوونه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ش فیلمی (چاره‌نووس ) ی یوسف شاهین و عادل ئیمام له‌ فیلمی ( تیرۆرست ) وفیلمی ( باڵنده‌كانی تاریكی ) و ( خوێنی ئاسك ) وچه‌ندین فیلمی تر .

    فیلمی كۆمێدی بۆ ریسوا كردنی تیرۆرستان
    هه‌ندێ‌ له‌و فیلمانه‌ی كه‌ چوونه‌ته‌ چوارچیوه‌ی فیلمی دژ به‌تیرۆر ئه‌و فیلمانه‌ن كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كۆمێدی ئه‌و كه‌سایه‌تی و رێكخراوه‌ تیرۆرستانه‌یان ریسوا كردووه‌، ئه‌م ستایله‌ش وه‌ك پسپۆره‌ ده‌روونییه‌كان ده‌ڵێین: كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌كتیفی ده‌بێت بۆ رووتكردنه‌وه‌ی ئه‌و توندره‌وو تیرۆرستانه‌ له‌هه‌قیقه‌تی خۆیان و شكاندنی ئه‌و ستراتیژییه‌ تۆقێنه‌ره‌ی به‌كاری ده‌هێنن دژ به‌ كۆمه‌ڵگاكان .
    له‌هه‌موو حاڵه‌تێكا ئێمه‌ش ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت سینه‌ما بۆئه‌و ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌ ته‌رخان بكه‌ین، ئه‌وه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی له‌چوارچیوه‌ی شه‌ڕی دژه‌ تیرۆر ئه‌و ده‌سه‌لات و توانایه‌ بۆ خۆی دابین بكات كه‌بتوانێت له‌رێگه‌یه‌وه‌ ئه‌ركی هونه‌ریی و كولتووری خۆی بۆ ئه‌و ئامانجه‌ راپه‌ڕێنێ‌، به‌تایبه‌ت له‌رێگه‌ی رێكخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌، له‌وێشه‌وه‌ ده‌ست به‌به‌رهه‌م هێنانی كورته‌ فیلم بكات و جه‌خت له‌سه‌ر سازكردنی فیستیڤاڵی سینه‌مایی بكاته‌وه‌، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی كوردستانی گه‌وره‌ بۆ گردكردنه‌وه‌ی توانسته‌ هونه‌رییه‌كان له‌ ده‌وری خۆیدا.
    پێشم وایه‌ له‌و فیستیڤالانه‌دا به‌رهه‌مه‌كان چڕ بكرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سینه‌ما ناسنامه‌و زمانی پارێزراو بێت، ئه‌گه‌رنا سازكردنی فیستیڤاڵ ته‌نها بۆئامانجێكی میدیایی ناتوانێت ئامانجه‌كان بپێكێنێ‌ .




نوێترین پرۆژەی کەیوان کەریمی لە پەنجاهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڕۆتێڕدامی هۆڵەندا

مەنسوور جیهانی ـ

نوێترین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری سەربەخۆی کورد “کەیوان کەریمی” لە نێوان 17 پرۆژەی هەڵبژاردەی دنیا لە بەشی “سینەماڕت” لە پەنجاهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” لە وڵاتی هۆڵەندا هەڵبژێردرا.

“ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” Do you know anything about Omid? نوێترین و دووهەمین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری بانەیی “کەیوان کەریمی”، لە نوێترین و دووهەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا وەکوو تەنیا پڕۆژەی سینەمای ئێران، لە نێوان 17 پرۆژەی هەڵبژاردەی سینەمای جیهان لە بەشی “سینەماڕت” CineMart لە سی و هەشتەمین خولی “بازاڕی بەرهەمهێنانی هاوبەشی فیلم” لە میانەی پەنجاهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” Rotterdam لە وڵاتی هۆڵەندا و بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران و فەڕەنسا لە تەنیشت کۆمەڵێک بەرهەم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و هەروەها پڕۆژەی “کابل جان” (کابول گیان) Kabul Jan لە خاتوو “شەهربانوو سادات” سینەماکاری ئەفغانی و بەرهەمی وڵاتی ئەڵمانیا؛ تەنیا پڕۆژە سینەماییەکان لە کیشوەری ئاسیا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە هەڵبژێردران.

“سینەماڕت” کە یەکەمین، گرینگترین و گەورەترین بازاڕیی بەرهەمی هاوبەش لە جیهان دێتەئەژمار؛ ئەمساڵ سی و هەشتەمین خولی بە هۆی بڵابوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە ڕۆژانی 1 تا 5ی فێبریوەری 2021 لە تەنیشت پەنجاهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و خەڵاتی بڕی پارەی 30 هەزار یۆرۆییش بۆ براوەکان لەبەرچاو گیراوە.

پڕۆژە وەرگیراوەکان لە بەشی “سینەماڕت” لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام”؛ دەرفەتی ئاشنابوون و هاوکاریی فیلمسازان لەگەڵ بەرهەمهێنەران، سەرمایەداران، نوێنەرانی فرۆش، بڵاوکەرەوکانی فیلم، کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانیان بۆ پێکدێت و هەروەها ئەو کەسانەی کە بەتەمان سەرمایەکانی خۆیان بۆ گەشەسەندنی سینەما تەرخانبکەن دەتوانن یارمەتی ئەم پڕۆژانە بدەن.

پڕۆژە سینەمایی “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا وەکوو 10 باشترین پرۆژەی بەرچاویی دنیا لە بەشی La Fabrique du Cinema لە بەرنامەی “دە پڕۆژە لە سینەمای جیهان بۆ داهاتووی سینەما” لە پاڤیۆنی “ئەنستیتۆی فەڕەنسا” لە بازاڕی ئۆنلاینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی فەڕەنسا لە ساڵی 2020 بە بەشداریی “کەیوان کەریمی” دەرهێنەری ئەم بەرهەمە و بە ڕێنوێنی “ڕەشید بووشارب” Rachid Bouchareb دەرهێنەر، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ناوداریی ئەلجەزایری و دانیشتووی وڵاتی فەڕەنسا ئامادەبوو.

سیناریۆی پڕۆژە سینەمایی “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” لە دووهەمین هەنگاویی نێودەوڵەتی خۆیدا، دوای بەشداریی لە بەشی “سینەماڕت”ی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” بە شێوەیەکی ڕێکووپێک کۆتایی پێدێت و ئەم بەرهەمە لە هەوڵدایە تاکوو بە پێکهێنانی تۆڕێک لە ئاستی جیهاندا بتوانێت لە داهاتوودا بە باشی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بڵاوبێتەوە و لە وڵاتانی جۆراوجۆر نمایش بکرێت؛ تا ئەو کەسانەی کە لە بواریی پیشەگەڕیی سینەمادا چالاکی دەکەن، ئاگادارییان لەم بەرهەمە سینەماییە هەبێت؛ تا دوای تەواوبوونی لە لایەن بڵاوکەرەوەکانی فیلمەوە، بە باشترین شێوە بچێتە سەر پەردەی سینەماکانی جیهان.

ئەمساڵ 17 پڕۆژە لە بەشی “سینەماڕت” هەڵبژێردراون کە چەندین دەرهێنەری ئەم بەرهەمانە، ئەزموونی بەشداریی و وەرگرتنی خەڵاتیان لە فێستیڤاڵە گرینگەکانی سینەمای جیهان لە کارنامەی هونەریی خۆیاندا هەیە، لەوانە: “یۆهانس نێیلۆم” Johannes Nyholm کاندیدی خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ساندەنس”ی ئەمەریکا لە ساڵی 2019 و براوەی خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “سەن سباستییەن”ی ئیسپانیا لە ساڵی 2016، “ئێڤێ کالوگیروپۆلۆ” Evi Kalogiropoulou کاندیدی باشترین کورتە فیلمی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا لە ساڵی 2017، “کارلا سیمۆن” Carla Simón براوەی خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “بەڕڵینالە”ی ئەڵمانیا لە ساڵی 2017 و “نێلێ ووهلێتز” Nele Wohlatz و “ئێل فۆتۆرۆ پێڕفێکتۆ” El futuro perfecto هەر دووکیان براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و کاندیدی خەڵاتی پڵینگی زێڕینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “لۆکاڕنۆ”ی سویسڕا لە ساڵی 2016.

“ماریت ڤەن دێن ئەلشووت” Marit van den Elshout بەرپرسی بەشی “سینەماڕت” لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” سەبارەت بە 17 پڕۆژەی هەڵبژاردەی ئەمساڵی ئەم ڕووداوە سینەماییە گوتی: ئەمساڵ یەکێک لە سەختترین ساڵەکانی هەڵبژاردنی بەرهەمەکان بوو؛ چونکە باشترین پڕۆژەکان توانیویانە بگەنە قۆناغی کۆتایی بەشی “سینەماڕت”ەوە. ئێمە بە تایبەت، کەوتینە ژێر کاریگەریی ئەو فیلمسازانەی کە سنوورەکانیان تێپەڕاندووە و کاریی بێوێنە و درەوشاوەیان خوڵقاندووە. ئێمە لەوبڕوایەداین و هەوڵدەدەین بە هەر یەک لەم پڕۆژە هەڵبژاردانە، دەرفەتی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئەنجام ئاراستە بکەین.

هەر ساڵە، فیلمسازانی سەرتاسەری جیهان، پڕۆژە سینەماییەکانی خۆیان بۆ پێشکەش کردن، دۆزینەوەی سەرمایەدار و دابینکردنی مەسرەفی فیلمەکانیان بۆ بەشی “سینەماڕت” لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” ڕەوانە دەکەن کە هەندێکیان بریتین لە: “کۆپی وەکوو خۆی” Certified Copy لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردووی ئێرانی “عەباس کیارۆستەمی” لە ساڵی 2008، “گەڕانەوە” (بازگشت) Recursion لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری ئێرانی “جەعفەر پەناهی” لە ساڵی 2008 و فیلمی سینەمایی “جۆجۆ رێبیت” (جۆجۆ کەروێشکە) Jojo Rabbit لە دەرهێنانی “تایکا وایتیتی” Taika Waititi و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری سینەمای جیهان خاتوو “سکاڕلێت جۆهانسۆن” Scarlett Johansson لە ساڵی 2012 لەم بەشەی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ڕۆتێڕدام” ئاراستە کرا و لە کۆتاییدا، لە ساڵی 2020 خەڵاتی ئۆسکاری باشترین سیناریۆی وەرگیراویی بەدەستهێنا.

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://iffr.com/en/full-selection-38th-cinemart

https://www.screendaily.com/news/rotterdam-co-production-market-cinemart-reveals-2021-projects/5155782.article

https://www.hollywoodreporter.com/news/rotterdam-unveils-2021-cinemart-projects

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی پڕۆژەی سینەمایی “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟”.




حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت

مەنسوور جیهانی ـ حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و بیانی بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت.

حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” Goteborg بە بەڕێوەبەرایەتی “دڵشاد ئەحمەد” سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کوردستانی ئێران، هەرێمی کوردستان و سینەماکارانی کورد لە ئەورووپا و هەروەها چەندین کۆڕیی پسپۆڕانەی هونەریی سینەما لە ڕۆژانی 27 و 28 و 29ی نۆڤەمبەری 2020 لە ڕێگای لاپەڕەی فەیسبووکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری بە ناونیشانی https://www.facebook.com/kurdiskafilmtraffen بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت.

لە یەکەمین ڕۆژیی ئەم ڕووداوە سینەماییەدا و لە کاتژمێر 4ی ئێوارێی ڕۆژی هەینی 27ی نۆڤەمبەری 2020 بە کاتی ئەورووپا سمینارێکی پسپۆڕانەی سینەمایی بە ناونیشانی “خوێندن و بواریی فیلمسازی لە هەرێمی کوردستان” بە ئامادەبوونی دکتۆر “دڵشاد مستەفا” مامۆستای زانکۆی سلێمانی و زانکۆی بەریتانیا و خاوەن بڕوانامەی دکتۆڕا لە بواریی فیلمسازیدا و بە بەشداریی “هاوڕێ مستەفا” دەرهێنەر و سینەماکار لە وڵاتی فینلاندا بەڕێوەدەچێت و لە درێژەدا کورتە فیلمی “گاڕاژ” Garag لە دەرهێنانی “یاد دێن” Yad Denn بە ماوەی 10 خولەک، کورتە فیلمی “دوا وێنە” لە دەرهێنانی “مەریوان ئیبڕاهیم” بە ماوەی 16 خولەک لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “تارا” لە دەرهێنانی “فاتمە دەستمەرد” بە ماوەی 6 خولەک لە کوردستانی ئێران و کورتە فیلمی “هەرمان” لە دەرهێنانی “مەهدی جەودەت / ئاسۆ” بە ماوەی 10 خولەک لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێن.

لە دووهەمین ڕۆژیی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” و لە کاتژمێر 4ی ئێوارێی ڕۆژی شەمە 28ی نۆڤەمبەری 2020 بە کاتی ئەورووپا سمینارێکی پسپۆڕانەی سینەمایی بە ناونیشانی “فێستیڤاڵ و ئیڤێنتەکان لە کوردستان” بە ئامادەبوونی “دانەر عومەر” بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەدەچێت و پاشان کورتە فیلمی “ماڵی خاڵی” Empty Home لە دەرهێنانی “هەوراز محەمەد” بە ماوەی 19 خولەک لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “رۆزا” Roza لە دەرهێنانی “محەمەد فریا” بە ماوەی 16 خولەک لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “ژۆڕنالیست” لە دەرهێنانی “فاتمە ئەحمەد” و “مێهران مەجدۆ” بە ماوەی 19 خولەک لە هەرێمی کوردستان و کورتە فیلمی “هاواری کەلەوانشین” The Screm of Slium لە دەرهێنانی “سروشت عەبەڕەش” بە ماوەی 19 خولەک لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێن.

لە سێیەمین و دوایین ڕۆژی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” و لە کاتژمێر 4ی ئێوارێی ڕۆژی یەکشەمە 29ی نۆڤەمبەری 2020 بە کاتی ئەورووپا سمینارێکی پسپۆڕانەی سینەمایی بە ناونیشانی “پێگە، گرینگی و کاریگەریی بەڵگەفیلم” بە ئامادەبوونی “سالار سەعید” خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە بواریی فیلمدا و مامۆستای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی و “عومەر محەمەد” بەکالۆریۆس لە بواری فیلم و ڕۆژنامەوانی و سەرنووسەری گۆڤاری ئەنفالستان بەڕێوەدەچێت و لە درێژەدا کورتە فیلمی “پێڵاوی گەرم” Warm sho لە دەرهێنانی “عەدنان عوسمان” بە ماوەی 22 خولەک لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “دەست لێدان” Touch لە دەرهێنانی “وەرمان سەعید” بە ماوەی 22 خولەک لە هەرێمی کوردستان و کورتە فیلمی “پیاوێک لە ئاڵتوون” لە دەرهێنانی “مەریوان ئیبڕاهیم” لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێن.




فیلمی سینەمایی “هەتاو” نوێنەری سینەمای ئێران لە ڕێوڕەسمی ئۆسکاری 2021

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “هەتاو” لە دەرهێنانی “مەجید مەجیدی” و لە وێنەگرتنی سینەماکاری کورد “هوومەن بێهمەنێش” وەکوو نوێنەریی سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی مەراسیمی ئۆسکاری 2021 ناسێندرا.

لێژنەی ناساندنی نوێنەری سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی ئۆسکار، دوای چەندین کۆبوونەوەی بەردەوام، فیلمی سینەمایی “هەتاو” (خورشید) Sun لە دەرهێنانی “مەجید مەجیدی” بە ناونیشانی نوێنەری سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی 2021 ناساند.

دکتۆر “رائید فەریدزادە” سکرتێر و وتەبێژی لێژنەی ناساندنی فیلمی ئێرانی بە ئۆسکار گوتی: کاری ئەم لێژنەیە، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕینی یاساکانی ئۆسکار، باشترین فیلم کە بە زمانی بیانی و بێجگە لە زمانی ئینگلیزی سازکراون و گۆڕینی مۆڵەتی کاتی بەشداریی لەم خولەدا، بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بە هەڵسەنگاندنی 90 فیلم کە لە وڵاتی ئێران نمایش کراون، دەستی پێکرد و پاشان ئەندامانی لێژنەی هەڵبژاردن بە لیستێکی هاوبەشی 12 فیلمی گەیشتن.

گوتیشی: لە درێژەدا، ئەندامانی لێژنەی ناساندنی نوێنەری سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی ئۆسکار، بە دووبارە خوێندنەوەی یاسا و ڕێساکان و هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانەی فیلمەکان و دوای وەرگرتنی دەنگەکان و کۆکردنەوەی بیرووڕاکان، لە نێوان سێ فیلمی سینەمایی “هەتاو” (خورشید) لە دەرهێنانی “مەجید مەجیدی”، “داری گوێز” (درخت گردو) لە دەرهێنانی “محەمەد حوسێن مەهدەویان” و “یەلدا” (یلدا) لە دەرهێنانی “مەسعوود بەخشی”، فیلمی سینەمایی “هەتاو” لە دەرهێنانی “مەجید مەجیدی”یان وەکوو بەرهەمی کۆتایی هەڵبژارد و ئەم بەرهەمە بە واژۆی ئەم لێژنەیە، بە ناونیشانی نوێنەری سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی ئۆسکاری ساڵی 2021 ناسێندرا.

ئەم فیلمانەی دیکە کە لە لیستی سەرەتایی لێژنەی هەڵبژاردندا بۆ ناساندنی نوێنەری سینەمای ئێران بە ئۆسکار بوون، بریتی بوون لە: فیلمی سینەمایی “بارهەڵگری زێڕ” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی”، فیلمی سینەمایی “دنیا لەگەڵم سەما بکە” (جهان با من برقس) لە دەرهێنانی “سرووش سێحەت”، فیلمی سینەمایی “ماڵی باوکی” (خانە پدری) لە دەرهێنانی “کیانووش عەیاری”، فیلمی سینەمایی “مەلەی پەپوولە” (شنای پروانە) لە دەرهێنانی “محەمەد کارت”، فیلمی سینەمایی “رۆژگاری نارنجی” (روزگار نارنجی) لە دەرهێنانی “ئاڕش لاهووتی”، فیلمی سینەمایی “تومان” لە دەرهێنانی “موڕتەزا فەڕشباف”، فیلمی سینەمایی “گاڵتەجاریی پێکردن” (مسخرەباز) لە دەرهێنانی “هۆمایوون غەنی زادە”، فیلمی سینەمایی “مردن لە ئاویی خاوێندا” (مردن در اب متهر) لە دەرهێنانی “نەوید مەحموودی”، فیلمی سینەمایی “یەلدا” لە دەرهێنانی “مەسعوود بەخشی”، فیلمی سینەمایی “کوشتارگا” (کشتارگاە) لە دەرهێنانی “عەباس ئەمینی”، فیلمی سینەمایی “داری گوێز” (درخت گردو) لە دەرهێنانی “محەمەد حوسێن مەهدەویان” و هەروەها فیلمی سینەمایی “هەتاو” (خورشید) لە دەرهێنانی “مەجید مەجیدی”.

ئەندامانی لێژنەی ناساندنی فیلمی ئێرانی بە ناوەندیی فەرهەنگ و هونەرە سینەماییەکانی ئۆسکاری 2021 لە هونەرمەندانی پێشنیارکراویی ماڵی سینەمای ئێران پێکهاتبوون کە بریتین لە: “محەمەد عەلی نەجەفی” دەرهێنەر، “جەماڵ ساداتیان” بەرهەمهێنەر، “ئاتیلا پێسیانی” ئەکتەر، “کەماڵ تەبریزی” دەرهێنەر، “محەمەد داوودی” وێنەگر، “نەرگیس ئابیار” دەرهێنەر، “فەرهاد تەوحیدی” سیناریۆنووس و “ئانتۆنیۆ شۆرەکا” ڕخنەگری سینەما و دکتۆر “رائید فەریدزادە” سکرتێر ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی سینەمای ئێران و جێگری نێودەوڵەتی ڕێکخراوەی سینەمایی فاڕابی وەکوو ئەندامی یاسایی ئەم لێژنەیەی هاوڕێیەتی کرد.




“گوڵ نیسا” سێ خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کۆزۆڤۆی بەدەستهێنا

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” لە دەرهێنانی “سەتار چەمەنی گوڵ”، سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین ئەکتەریی لە سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی Goddess On The Throne لە وڵاتی کۆزۆڤۆ بەدەستهێنا.

فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” Golnesa یەکەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “سەتار چەمەنی گوڵ” و لە نووسینی سیناریۆی سینەماکاری کورد “ڤیدا ساڵحی”، بە بەڕێوەبەرایەتی وێنەگرتنی “محەمەد فەکووری” و بە ڕۆڵ بینینی سەعید داخ، عەلی محەمەد ڕادمەنێش، یەگانە رەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی، ویدا عەموویی، کە تا ئێستا زیاتر لە 30 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهان بەشداریی کردووە و 18 خەڵاتی لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا بەدەستهێناوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی Goddess On The Throne لە شاری پریستینا لە وڵاتی کۆماری کۆزۆڤۆ نمایشکرا و لە بەشەکەکانی باشترین بەڕێوبەریی وێنەگرتن، باشترین سیناریۆ، باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین ئەکتەر؛ کاندیدی وەرگرتنی خەڵات بوو کە لە دەرئەنجامدا سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان بۆ “سەتار چەمەنی گوڵ” و هەروەها باشترین ئەکتەریی ئەم فێستیڤاڵە بە شێوەی هاوبەش بە “یەگانە رەجەبی” و “عەلی محەمەد ڕادمەنێش” ئەکتەرانی ئەم بەرهەمە سینەماییە بەخشرا.

ئەم خولەی فێستیڤاڵ، بە نمایشی کۆمەڵێک بەرهەم لە بەشە جۆراوجۆرەکان؛ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە رۆژانی 30ی ئۆکتۆبەر تا 2ی نۆڤەمبەری 2020 بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری پریستینا Pristina لە وڵاتی کۆماری کۆزۆڤۆ بەڕێوەچوو.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی کورتە فیلم و فیلمی دیکۆمێنتاریی و فیلمە بڵیندەکانی سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی Goddess On The Throne بریتی بوون لە: خاتوو “مەریەم زەهیری مێهر” دەرهێنەری ئێرانی دانیشتووی وڵاتی ئەمەریکا، “کۆرای دەمیر” Koray Demir دەرهێنەر لە وڵاتی تورکیا و “کاورۆ کاجیتانی” Kaoru Kajitani دەرهێنەر لە وڵاتی بەریتانیا.

ئەم فێستیڤاڵە کە لە ساڵی 2002 لە لایەن “بێسیم ئاجیتی” Besim Ajeti دامەزراوە؛ لە خولەکانی رابردوودا خانەخێوی دەرهێنەرانی ناوداریی جیهان، لەوانە: “فاتیح ئاکین” Fatih Akin فیلمسازی تورکی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا، “میشێل لێکلێرک” Michel Leclerc فیلمسازی فەڕەنسی کە بە فیلمی “ناوی خەڵکی” و بە رۆڵ بینینی “لیوونێل ژۆزبین” Lionel Jospin سەرۆک وەزیری پێشووی فەڕەنسا ناوبانگی نێونەتەوەیی دەرکرد و هەروەها فیلمسازانی دیکەی دنیا کە بە بەرهەمەکانیان لەم رووداوە سینەماییەدا ئامادەبوون.

بێجگە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی Goddess On The Throne کۆزۆڤۆ، یەکێک لە بەشە گرینگەکانی ئەم رووداوە هونەرییە، نمایشی فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی لە شەمەندەفڕەکانی ناو شارەکانی وڵاتی کۆزۆڤۆیە کە بە مەبەستی پێکهێنان دەرفەت و پەرەپێدانی وێنەگرتن لە کۆزۆڤۆ لە سەرتاسەری جیهان، لە رێگای پەیوەندیی لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی فیلم لە وڵاتانی دنیا، بەڕپاکردنی رێوڕەسمی نمایشی فیلمەکان و سازدانی کارگەی فێرکاریی بە رەسەنترین شێوەکان، لە دەرئەنجامی کۆکردنەوەی دەرهێنەران، فیلمسازان و هونەرمەندان بە هاوبەشدانانی بایخەکان و هاندان و پشتیوانی لە کارەکانی دوایی ئەوان بەڕێوەدەچێت.

فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “عەشق” لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و “یەگانە رەجەبی” ئەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئەم فێستیڤاڵە بەدەستبێنێت.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://festfilmkosova.com

بەڕێوەبەرایه‌تی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا”.




ئەم خاکە بێخاوەن نییە … دیار حەسۆ

زنجیرە فیلمی (No Manʼs Land) یان “خاکی بێکەس و بێخاوەن” کە بەرهەمهێنەرانی بە پیتی بچکۆلە لەژێر ناوە ئینگلیزیەکەیدا نووسیویانە. یەکەم جار هاوڕێیەکم بۆی باس کردم، وتی تۆ تەماشای ئەمەت کردووە؟ فەڕەنسییەکان کارێکی تریان لەسەر کوردەکان کردووە.
هەوڵمدا حوکمی پێشینە نەدەم، بەڵام بەڕاستی تەنانەت ناوەکەی ئاسانکاری بۆ نەکردم. بۆچی بێکەس؟ بۆچی بێخاوەن؟ کەواتە ئێمە کێین؟ ئەو گەلەی شەڕی لەسەر دەکرێت، ئایا ئەم شەڕە لە دژی خاوەنی ئەم خاکە نییە؟ ئەو خاکەی شۆڕشی لەسەر بەرپا دەبێت، ئایا هاووڵاتییەکانی نین کە وا بە شۆڕش دەکەن؟
دوای هێرشی داگیرکاری ساڵی ڕابردووی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، فەیلەسوفی بەناوبانگ سڵاڤوای ژیژەک وتارێکی نووسیبوو. لە وتارەکەیدا ڕەخنەی هێرشەکە، خیانەتی ئەمریکا، هەڵوێستی ئەوروپا و هەندێک لە چەپگەرەکان دەکات. تێیدا دەڵێت” کورد قوربانی نمونەیین”، چونکە هەموو کەس هێرشیان دەکاتە سەر. دەوڵەتی تورکیان، ڕژێمی سوریا، داعیش، ڕوسیا و ئەمریکا، چەکدارانیی سەر بە ئێران، ئیسرایل، ڕێکخستنە سیخوڕیەکان و زۆر هێزی تر لە دژی کوردەکان و تەڤگەری ئازادی ڕۆژاوای کوردستانن. هاوکات چاپەمەنی و ڕاگەیاندنەکان دژایەتی دەکەن، ئەوە ماوەیەکە هەندێک هونەرمەند و بەتایبەت فلیمسازان دەستیان بە دژایەتی کردووە.

لەم سێ ساڵەی دواییدا سێ-چوار فیلم و یەک زنجیرە فلیمیش لەسەر شەڕڤانان و شۆڕشگێڕانی کوردستان بەرهەمهێنران، بەڵام هەموویشیان لە دژی ئەوانن. چۆن لە دژی ئەوانن؟ خاڵی هاوبەشی هەموویان ئەوەیە کە هەمیشە کەسی هەرە نەزان، بێڕەحم و بێویژدان کوردەکانن. ئەگەر بەدەست شەڕڤانانی کورد بێت، سڤیلەکان دەکوژرێن، ڕێگە بە ئەشکەنجە دەدەن، دەشبن بە هۆی مردنی هاوڕێکانی خۆیان و هتد… ئەم فیلمانە هەموویان وا دەڵێن! هەمیشە کەسە بیانییەکان، یانیش هەندێک جار ئینتەرناسیۆناڵیستەکان باشتر، زاناتر، دڵ گەرم تر و شۆڕشگێڕترن. لێرەدا سەختە مرۆڤ لەوە تێ بگات: لە نیشتیمانێک هەندێک کەس شۆڕشێک بەرپادەکەن، کاریگەری ئەم شۆڕشە دەگاتە هەندێک وڵاتی تر لە جیهاندا، هەندێک کەسی تر لەبەر ئەوەی کاریگەر بوون دێنە ناو ئەم شۆڕشەوە، بەڵام لەو کەسانەی ئەم شۆڕشەیان هەڵگیرساندووە باشتر لە شۆڕش تێدەگەن!
ئەگەر چی ئێمە کوردانیش ئەوە لەبیر دەکەین: ڕۆژاڤا، لە ئاسمانەوە، لە دەمی چۆلەکەکانەوە نەکەوتە خوارەوە. لە خۆیەوە دروست نەبوو. گەلی ڕۆژاڤا، پێشەنگ و شۆڕشگێڕانی تەڤگەری ئازادی کوردستان بنیادیان نا. شۆڕشگێڕەکان شۆڕشیان کرد. هەر بۆیە ئەو فیلمانەی بەرهەمی دەهێنن یەک لە یەک خراپترن. کچانی خۆر یان (Les Filles Du Soleil) خراپ بوو، هی دوای ئەو خوشکانی تفەنگ یان (Soeurs Darmes) لەو خراپتر بوو. فیلمێکیش لە کرانەوەی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلیندا پیشان درا بە ناوی (Sisters Apart)، لە هەردووکیان خراپتر بوو، لە ئاستی زماندرێژی و بێڕێزیدا بوو لە دژی کورد و بەتایبەت لە دژی گەریلا و ژنانی شۆڕشگێڕ. فیلمێکی تر هەیە هێشتا لە قۆناغی بەرهەمهێناندایە ژنێکی کاتاڵانی بەرهەمی دەهێنێت لەو باوەڕەدام لە هەموویان خراپتر بێت.

خاڵێکی تری هاوبەش ئەوەیە کە چیرۆکەکانیان زیاتر لەسەر شەڕڤانانی ژنن و دەرهێنەرەکانیش ژنن. بە دروستبوونی تەڤگەری ئازادی ژن لە کوردستاندا ناسنامەیەکی نوێ بۆ ژنی کورد ئافرێندرا. ئەمە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژاڤا و یەپەژەدا زیاتر لە جیهاندا دەنگی دایەوە. ژن پێشەنگی تێکۆشان، شۆڕشی کوردستان و ڕۆژاڤایە. ئەمە تەنها گوتنێک نییە، دروشمێک نییە، شرۆڤەش نییە. ئەمە ئیدی ڕاستییەکی پێکهاتووە. ئەگەر ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشیان نەکردایە، نە لە ناوخۆدا شۆڕش ئەوەندە دەگەیشتە سەرکەوتن نە لە جیهانیش ئەوەندە دەبووە خاوەن کاریگەریی. بەم هۆیەوە هێزە نێودەوڵەتییە دژە شۆڕشەکان بە میدیای و ئامرازەکانی بانگەشەی شەڕی تایبەتی هۆشیاری، فکری، سیاسی دەیانەوێت هێڵی ئازادی ژن بکەنە ئامانج، ڕەشیبکەن و بە هەڵە نیشانی بدەن بە بازاڕکردن و مۆدێلکردنی جلی شەڕڤانان، وێنەی “ژنە پێشمەرگەکان” کە ئاژەڵیان بە ددانەکانیان پارچە پارچە دەکرد، خستنە بەرچاوی هەندێک لە ژنە هونەرمەندەکان. ئەم فلیم و زنجیرە فلیمانەش پارچەی هەمان تابلۆ و هەڵمەتن.

ئەم کارانە بەزانایی ئەنجام دەدرێن. لە لایەکی تریشەوە من باوەڕناکەم پیاوە لیبراڵەکان، یان فێمێنیستەکانی چینی ناوین بتوانن بەشێوەیەکی هونەری هێڵێ ڕزگاری ژن و تەڤگەری ئازادی ژن لە کوردستان هەڵسەنگێنن. سنوری چیرۆکبێژە لیبراڵ- مۆدێرنەکان لە بەرامبەر قووڵایی بابەتەکان زۆر سەرانسەرە. ناتوانن چیرۆکی ژنێکی پێشەگ بهێننە سەر زمان کە لە خودبونەوە بۆ خۆی هەیە، خۆی و ژنانی تر و وڵاتێک ئازاد دەکات، خاوەن باوەڕی و فکری خۆیەتی. هەربۆیە لە چیرۆکەکانیاندا ژنان هەمیشە بۆ ئەوەی کوڕەکەی ڕزگار بکات، براکەی لەناو داعیش نەجات بدات یان باوەش بە خوشکەکەیدا بکات لەناو ئارتەشی ئەڵمانیادا و کەمێک دەمینێت لەگەڵیدا بچێت بۆ ئەڵمانیا و هتد.. واتا ژن لە چیرۆکەکانی ئەواندا تەنها بۆ بنەماڵە شەڕ دەکات. ئەو تابلۆیەی کە دەڵێت ژن لە نیشتیمانەکەی زیاتر گرنگی دەدات بە بنەماڵەکەی بەرهەمی فانتازیای پیاوە. تابلۆی ناو ئەم فیلم و زنجیرە فیلمانە وەک نموونەی پەیوەندی شەڕڤانانی ژن، کوشتنی داعشییەکان بە جۆرێک کە پێی مەست ببن، ئەشکەنجەدانی ئەندامانی داعش کاتێک کە لە زنجیرە فیلمەکەدا بە بۆکس لە “دیلێکی داعش” دەدات هەمووی لە مێشکی پیاواندا ئافرێنراون و کراونەتە فانتازی.

زنجیرە فیلمی (No Man’s Land) کارێکی هاوبەشی نێوان فەڕەنسا و ئیسرایلە. تەلەفزیۆنی ئارت (arte) ئەڵمانی-فەڕەنسی و هەموو میدیا دیجیتاڵیە ئەمریکییەکانی هولۆ (Hulu) بەرهەمهێنەری هاوبەشن. زنجیرە فیلمەکە لە دەرەوەی کوردستان دروستکراوە لە وڵاتی مەغریب و لە ناوچەیەکی نیمچە چیایی. زۆر هەڵەی جوگرافی لە زنجیرە فیلمەکەدا هەن، بەڵام کێشە نییە “دیکۆمێنتاریی” نییە. یەکێک لە سیناریۆنووسەکانی، مارییا فێڵدمن دەڵێت “سەرەتا کاتێک لە هەواڵەکاندا بینیم ئەندامانی داعش لە دەنگی هەلهەلەی ژنانی کورد و هەورییەکانیان دەترسن، من ویستم شتێک لەسەر ئەم شەڕڤانە ژنانە دروست بکەین.” بەڵام، چیرۆکەکە بێگومان لە چاوی کەسێکی بیانییەوە دەگێڕدرێتەوە. دەشڵێت “ویستمان زنجیرە فیلمەکەمان جیهانی بێت”. هەندێک کارەکتەری کوردیش هەن، بەڵام هەموویان ڕۆڵی ناسەرەکی و پڕکەرەوەن، چیرۆکی هیچ کەسێک لەوانی تێدا نییە. تەنها فەرماندارێکی یەپەژە هەیە کە لە سەرەتادا بریندار دەبێت، چەند قسەیەکی وشک و هەندێک ئاکاری ڕەق دەنوێنێت، هەر هاوار دەکات و پاشانیش خۆی فیدا دەکات. شەڕڤانێکی تری کوردیش دەبینرێت، بەڵام ئەویش فەڕەنسییە، لە منداڵییەوە لە فەڕەنسا گەورە بووە و بەناچاری گەڕاوەتەوە. ئەویش لە لایەن ئەکتەرێکی سویسری کە بە ڕەچەڵەک تونسییە نواندنی بۆ دەکرێت، چەند قسەیەکیش بە کوردی دەکات بەڵام ئەویش هیچ پەیوەندییەکی بە کوردبوون و هێڵی ئازادی ژنەوە نییە

کەم تا زۆر مرۆڤ دەتوانێت لە هەموو ئەمانە تێبگات. بەڵام ئایا نابێت کوردەکانیش باس لە خۆیان بکەن؟ لە هەموو سینەماکانی دنیا بەتایبەت لە هۆلیوود، مژاری نوێنەرایەتی و خۆ هێنانە زمان زۆر گفتوگۆی لەسەر کرا. جاران ئاکتەرە ڕەشپێستەکان نەیاندەتوانی لە فیلمەکاندا ڕۆڵبگێڕن، پاشانیش بە شێوازێکی خراپ نیشان دەدران، پاشان ڕۆڵگەلێک کە ڕاستییەکانی ئەوانی نەدەهێنایە زمان و دوای قۆناغێکیش ڕۆڵی زۆر لاوەکیان پێ دەدرا. هەمان ئاکار بەرامبەر ژنان، کەمەنەتەوەکان و باوەڕییە جیاوازەکان ڕابەر دەکرا. بەڵام بە تێکۆشانی هونەرمەندان ئەمە شکێندرا. ئیدی خۆیان ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن و خۆیان دەینووسن. بێگومان ئێمە کوردەکان دەبێت لە کۆتاییدا خۆمان چیرۆکەکانی خۆمان بگێڕینەوە. بەڵام ئەوانەی ئەم جۆرە فیلمانە بەرهەم دەهێنن بێگوناح نین و “هەر وا بە ڕوانینی خۆیان” دەرهێنانیان بۆ ناکەن. لێرەدا ئەو پرسیار و لێپێچینەوەی کە مرۆڤ پێویستە لە خۆی بکات ئەوەیە بۆچی ئێمە دەمانتوانی ئەوەندە فیلمی هۆڵیود لەسەر ڤیەتنام، ئێران، ئەفغانستان و ئەمریکای لاتین تەماشا بکەین؟! ئەوەی جێی داخە ئەوەیە زۆرێک لە ئێمە کە تەماشای ئەم فیلمانەش دەکەین، پێمان باشن و ڕیکلامیان بۆ دەکەین. هەندێک ڕۆشنبیریش بە نووسینی دوور و درێژ پێیاندا هەڵدەدەن!
پیشاندانی کوردان و شۆڕشگێڕەکانیان بەم جۆرە بێڕێزییە. لایەنە زاناییەکانی ئەم بێڕێزیەش زۆرن. ئایا نەیاندەتوانی لەگەڵ کەسێکی پەیوەندیداری تەڤگەری ئازادی گفتوگۆ بکەن؟ بەشێکی زۆری کاری نووسین لێکۆڵینەوەیە. کاتێک مرۆڤ دەیەوێت دەربارەی مژارێک بنوسێت لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات، دەخوێنێتەوە و پرسیار دەکات. لە زنجیرە فیلمەکەدا سێ کارەکتەری داعشی هەن، هاوڕێی منداڵی یەکترین و لە بەریتانیاوە دێنە سوریا و دەچنە ناو داعش. چیرۆکەکەیان، هۆکاری پەیوەستبوونیان بە ئیسلامەوە، هۆکاری بوونە داعشیان، ئەو لەمپەرانەی ڕوبەڕویان دەبێتەوە، لایەنە مرۆڤییەکانیان و هەموو شتێکیان زۆر بەڕوونی باس دەکەن. هەر ئەوەندەی مرۆڤ خۆی بخاتە جێی ئەوان تەواوە! لەوانەیە لەگەڵ هەندێک داعشی قسەیان کردبێت. واتا لێکۆڵینەوەیان کردووە. لایەنی ڕێکخستنی و هەواڵگیری بەشێکی گەورەی زنجیرە فیلمەکەن، لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆیان کردووە. نوسەر ڕوان لەشم لە ڕیپۆرتاژێکدا دەڵێت “لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگیریدا کارمان کرد”. ئایا نەیدەتوانی خۆیشی بگەیەنێتە ئەندامێکی تەڤگەری ئازادی کورد؟ کەواتە نەیانویستووە.

لەم زنجیرە فیلمەدا بابەتی هەواڵگیری کە مۆسادیشی تێدا هەیە زۆر بەرفراوانە. بێگومان مۆسادیش، سی ئای ئەی، می ئای ١٦ و هەموو هێزەکانی تریش سیخوڕ دەنێرن بۆ سوریا و ڕۆژاڤا، کارەکانی خۆیان بێڕاوەستان ڕادەپەڕێنن. بەڵام لە زنجیرە فیلمەکەدا وا پیشانی دەدەن کە مۆساد هاو ئاستی هێزە کوردەکان چالاک و حاکمە لە هەرێمەکەدا. وەک ئەوەی لە دژی داعش شەڕ دەکەن، هاوکاری کوردان دەکەن و هەردوو کارەکەشیان بە باشەکاری ئەنجام دەدەن. تەنانەت لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین پشگیری دیموکراسی دەکەن.
یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان لە زنجیرە فیلمەکەدا ئانا (کە ئەویش فەڕەنسییە) ئارکیۆلۆگ و چالاکوانە. پاشان دەبێتە جاسوسی مۆساد. دەچێتە هەندێک ناوچەی وەک ئێران. بەڵام گوایە کاتێک دەبینێت لە ئەنجامی کارەکانی مۆساد هاووڵاتی سڤیل دەکوژرێن دەڵێت من ئیدی لەگەڵ ئێوە کار ناکەم. دواتر بەشداری ناو ڕیزەکانی یەپەژە دەبێت. هەموو شتێک دەربارەی ئەم ڕابردووەی خۆی بە فەرماندارەکەی دەڵێت. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەویش دەبێتە “مەکینەیەکی کوشتن” و داعشە بریندارەکانیش دەکوژێت! واتا ئەوەندە “بەهێز” و بێڕۆح دەبێت. بەڵام کاتێک لە ڕۆژاڤا و لەسەر ڕێگایەک ئەندامانی مۆساد دەبینێت مێشکی دەشڵەقێت. پاشان هاوڕێیەکیان بریندار دەبێت بەڵام فەرمانداری یەپەژە کە تەنها چەند قسەیەک دەکات، بریندارەکە پشتگوێ دەخات. واتا ئەو شەڕڤانانەی بۆ هاوڕێکانیان گیانی خۆیان فیدا دەکەن، بەڵام بۆ ئەوەی بریندارەکەیان چاکبکەنەوە و ڕزگاری بکەن هەوڵ نادەن! ئینجا ئانا بۆ ئەوەی شەڕڤانەکەی یەپەژە بە برینداری ڕزگار بکات دەگەڕێتەوە لەگەڵ مۆساد کار دەکات. واتا کوردەکان شۆڕش دەکەن، وڵات و ناوچەکانیان ڕزگار دەکەن، سیستەمی خۆیان بنیاد دەنێن، بەڵام هەمیشە پێویستیان بە هێزی دەرەکییە! یان فڕۆکەوانانی کوالیسیۆن دێن، یان ئەندامانی مۆساد، یان شەڕڤانێکی ئینتەرناسیۆنالیست و هتد…

دیسانەوە بۆچی؟ بۆچی وا دەکەن؟ بۆچی بەمجۆرە پیشانمان دەدەن؟ نەک لەبەر ئەوەی کوردەکان وەک لایەنێکی خراپ پیشان دەدەن، نا. وەک لایەنێکی باش پیشانی دەدەن. بەڵام بە جۆرێکی کەم، یان نا ڕاست. دەیانەوێت بڵێن ئێمە هاوشێوەین. شەڕڤانانی ڕۆژاڤاش وەک ئەندامانی مۆسادن، وەک سەربازانی ئەمریکان، وەک هەموو ئەوانەی ترن. شەڕڤانان خۆیان باشن، شتی باش دەکەن، بەڵام مەجبوورن ئەو شتانەیشی خراپن بیکەن. وا نییە! هەموو کەس ئەمە دەزانێت. داعشیش دەزانێت. کاتێک باخۆز ڕزگار کرا، زۆر هەواڵمان لە تیڤیەکاندا بینی. لە ڕیپۆرتاژێکی فڕانس ٢٤ دا ژنێکی ڕزگاربووی باخۆز وتی “میرەکەمان، خەلیفە بڕیاری دا کە ئێمە ڕابکەین. پیاوەکانمان وتیان خۆتان تەسلیمی کوردەکان بکەن هیچ شتێکی خراپتان لێ ناکەن. ئەگەر سەربازانی عێراق یان سوریا دەزگیری بکردینایە دەستدرێژیان دەکردە سەرمان و دەیانکوشتین.”
سەرەڕای هەموو هێرشەکانی داعش و قوربانییەکانی ئێمە، تەنها ئێمە خاوەنداریمان لەوانکرد “وەک مرۆڤ”. زۆرێکیان لێخۆشبونیان پێ بڕا و گەڕانەوە ناو ماڵ و هۆزەکانیان. هەندێک چاوەڕێی سزاکانیانن، هەندێکیان پەروەردە دەکرێن، هیچیان ڕووبەڕووی بۆکز و شەق نەبوونەوە وەک ئەوەی ئەم زنجیرە فیلمە باسی دەکات. شۆڕشگێڕانی ئازادی کوردستان وانەیەکی گەورەیان دەربارەی مرۆڤایەتی، ئازادی و دیموکراسی دایە هەموو کەس. دیارە ئەمەیە کە پێیان تاڵە. هەربۆیە ئەوەندە هەوڵی ڕەشکردنی دەدەن.
وەک ئەنجام دەمەوێت ئەوە بڵێم هەر فیلمێک کە لەسەر کورد بەرهەمدەهێنرێت، گەر بەبێ کوردەکان بەرهەم بێت ئەوە لە دژی کوردە.




پۆستەری فیلمی “ژیان لەسەر شەقام” لە دەرهێنانی منداڵانی کۆبانێ و شنگاڵ بڵاوکرایەوە

مەنسوور جیهانی ـ پۆستەری فیلمی چوار ئێپیزۆدی “ژیان لەسەر شەقام” لە بەرهەمهێنانی “بەهمەن قوبادی” و لە دەرهێنانی منداڵانی کۆبانێ و شنگاڵ بۆ بەشداریی لە ڕووداوە سینەماییەکان بڵاوکرایەوە.

پۆستەری فیلمی چوار ئێپیزۆدی “ژیان لەسەر شەقام” Life on the Road لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری بەزموونی کورد “بەهمەن قوبادی” و لە دەرهێنانی منداڵانی کۆبانێ و شنگاڵ، لەوانە: ئێپیزۆدی “ئێستا بۆ کوێی دەچێن؟” Where do we go now? لە دەرهێنانی “ئیخلاس حەیدەر سامۆبۆد”، ئێپیزۆدی “ئێمە دیسانەوە سازیی دەکەینەوە” We’ll make it again لە دەرهێنانی “سیدرا رێزوان”، ئێپیزۆدی “گەڕانەوە” The Return لە دەرهێنانی “سالوا سلێمان سیدۆ” و هەروەها ئێپیزۆدی “ژیان درێژەی هەیە” Life Goes On لە دەرهێنانی “عەدنان فارووق”، کە لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “دەرهێنەرە نوێیەکان” لە چل و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سائۆ پائۆلۆ” São Paulo لە وڵاتی بڕازیل نمایش دەکرێت، لە لایەن هونەرمەندی ئێرانی “بێهزاد خۆرشیدی” دیزاینی بۆ کراوە و بۆ بەشداریی لە فیستیڤاڵە جیهانییەکانی فیلم و نمایش لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان بڵاوکرایەوە.

ستافی ئامادەکردنی فیلمی چوار ئێپیزۆدی “ژیان لەسەر شەقام” بریتین لە:
بەرهەمهێنان و ئامادەکردن: گوڵڕیز ئیحتیاتی، مونتاژ: ئیحسان واسقی، دەنگدانەر: حوسێن قوورچیان، گرووپی بەرهەم: میلاد فەیزوڵڵا بەیگی و عاتیفە ئەسڵانی، ستافی ئێپیزۆدی “ئێستا بۆ کوێی دەچێن؟”؛ دەرهێنەر: ئیخلاس حەیدەر سامۆبۆد، ڕاوێژکار: میلاد فەیزوڵڵا بەیگی، ستافی ئێپیزۆدی “ئێمە دیسانەوە سازیی دەکەینەوە”؛ ڕاوێژکار سۆران ئیبراهیم، وێنەگر: سۆران ئیبراهیم، دەنگهەڵگر: ڕێکەوت خالید، ئەکتەرەکان: سیدرا رێزوان و چیا ئەحمەدی، ستافی ئێپیزۆدی “گەڕانەوە”؛ ڕاوێژکار و وێنەگر: محەمەد تۆریوەریان و سالوا ئلێمان سیدۆ، یاردەدەری وێنەگر: نیما محەمەدپوور، ئەکتەرەکان: هازم خوداداد، نەزیر خوداداد، سۆنیا سلێمان سیدۆ، یاس خالید، خوداداد ئەسغەر، ستافی ئێپیزۆدی “ژیان درێژەی هەیە”؛ ڕاوێژکار و وێنەگر: سۆران ئیبراهیم و عەدنان فارووق، مۆنتاژ: سۆران ئیبراهیم، ئەکتەرەکان: روناک مستەفا، عومەر ساڵح، حەموودە محەمەد، سیلوا شێخۆ، دڵوا شێخ، شیرین شێخۆ قادر و مدلین شێخۆ، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیهانی، بەرهەمی: ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان.

چل و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سائۆ پائۆلۆ” بە نمایش 198 فیلم لە دەرهێنەرانی 71 وڵاتی جیهان، لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “ئاسۆی نێودەوڵەتی”، بەشی پێشبڕکێی “دەرهێنەرە نوێیەکان”، بەشی “بڕازیل”، بەشی “خەڵاتەکان”، بەشی “مافی مرۆڤ” و بەشی “کەمپەینەکان” لە ڕۆژانی 22ی ئۆکتۆبەر تا 4ی نۆڤەمبەری 2020 بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کوشەندەی کۆڕۆنا بۆ یەکەمین جار، بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری سائۆ پائۆلۆ لە وڵاتی بڕازیل بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://44.mostra.org/jornal-da-mostra/veja-a-selecao-de-filmes-da-44-mostra

بەڕێوەبەرایا‌تی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی “ژیان لەسەر شەقام”.




فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە دەرهێنانی توورەج ئەسڵانی بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێت

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی” لە ڕێگای ماڵپەڕەکانی “فیلمیۆ” و “نماوا” بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” Gold Runner لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورەج ئەسڵانی” و لە نووسینی هاوبەشی “توورەج ئەسڵانی” و “هادی نادی” کە لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە ئاستی جیهاندا نمایشکراوە و چەندین خەڵاتی گرینگی بەدەستهێناوە، بە هۆی باروودۆخی سینەماکانی ئێران و بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، نمایشە ئەنتەڕنەتییەکەی لە ڕێگای ماڵپەڕی “فیلمیۆ” بە ناونیشانی www.filimo.com و ماڵپەڕی “نماوا” بە ناونیشانی www.namava.ir دەستی پێکردووە و هۆگرانی هونەریی سینەما دەتوانن بە کڕینی بلیت ، لەم دوو ڕێگایەوە بە شێوەی ئۆنلاین ئەم بەرهەمە سینەماییە ببینن.

لە فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ”دا کۆمەڵێک ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: خاتوو ژالە سامتی، ئەکتەری ناوداری کورد سەعید ئاقاخانی، پەیام ئەحمەدی نیا، لوتفوڵڵا سەیفی، حەسەن زاهیدی، داوود محەمەدئابادی، عەلیڕەزا مێهران، ئومید ڕووحانی، محەمەد فەراهانی، مەحموود شەفیع خانی، ڕەزا شەفیع خانی و ئەمین فەرزانە.

“بارهەڵگریی زێڕ” کە لە لایەن کۆمپانیای بڵاوکەرەوەی نێودەوڵەتی “ئاڕت هوود” Arthood لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، بۆ یەکەمین جار لە سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئێران بوو.

ئەم فیلمە لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “ڕەوتە نوێیەکان New Currents لە بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بووسان” Busan لە وڵاتی کۆریای باشوور، چووە سەر پەردەی سینەماکان و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای ئاسیا بوو.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” World Cinema لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا و “توورەج ئەسڵانی” بۆ دەرهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە خەڵاتی “بەهرەمەندی نوێی” New Talent بەدەستهێنا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە، خەڵاتی “گەڵای مێو” و لەوحەی فەخری پێبەخشرا.

“بارهەڵگریی زێڕ” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “چاتراپاتی شیواجی” Chhatrapati Shivaji لە وڵاتی هیندستان، چووە سەر پەردەی سینەماکان و خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە “توورج ئەسڵانی” و “هادی نادی” بەخشرا.

هەندێک لە ستافی فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” بریتین له:
دەرهێنەر: توورج ئەسڵانی، نووسەرانی سیناریۆ: توورج ئەسڵانی و هادی نادی، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: حەسەن ئەسڵانی، دیزاینی دەنگ: عەلی عەلەوەیان، مونتاژ: ئەمیر ئەدیب پەروەر و حەمید عەلیقولیان، دەنگهەڵگر: محەمەد ساڵحی، موزیک: مەسعوود سەخاوەت دووست، بەرپرسی بەرهەم: سەعید هاشمی، دیزاینی دیکۆر و جلووبەرگ: مەجید عەلی ئیسلام، میکیاج: ڕەزا عەڕەبی، دانانی سەرمایە: فریشتە جوغەتایی و توورج ئەسڵانی، ڕاوێژکاریی بەرهەمهێنەر: مەنسوور سوهراب پوور، بەرنامەداڕێژ: عەقیل تەقی زادە و بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندن: مەنسوور جیهانی و مەنووجێهر جیهانی.

پەیجی فەرمی فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/goldrunnermovie




کەیوان کەریمی لە وتووێژ لەگەڵ گۆڤاری گرینگی ڤڕایتی: فیلمەکەی من بەشوێن هیوادا دەگەڕێت

مەنسوور جیهانی ـ سینەماکاری کورد “کەیوان کەریمی” لە وتووێژ لەگەڵ گۆڤاری گرینگی سینەمایی “ڤڕایتی” Variety گوتی: فیلمەکەی من بەشوێن هیوادا دەگەڕێت و هیوایەک کە ونبووە، لەڕاستیدا فیلمەکانی من بە شوێن ئەم هیوایەدا دەگەڕێن.

“ئێد مێزا” Ed Meza لە گۆڤاری گرینگی سینەمایی “ڤڕایتی” Variety لە بابەتێکدا بە مانشێتی “بەرنامەی La Fabrique و داهاتووی سینەمای جیهان” ئاماژەی بە 10 باشترین پرۆژەی بەرچاویی دنیا لە بەشی La Fabrique du Cinema لە حەفتاوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی فەڕەنسا لە ساڵی 2020 کردووە و ئەوانی بە بینەرانی جیهانی خۆی ناساندووە.

لە سەرەتای وتاری گۆڤاری گرینگی سینەمایی “ڤڕایتی”دا هاتووە: لە نێوان ئەم 10 پڕۆژەیە، دوو پڕۆژە سرنجی جیهانی بۆلای خۆیان ڕاکێشاوە؛ دەرهێنەرەکانیان لە دنیادا سینەماکارانێکی بەرچاون، کە “کەیوان کەریمی” بە نوێترین پرۆژەی سینەمایی خۆی بە ناویی “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” Do you know anything about Omid? یەکێکە لەوان. دوای سازکردنی فیلمی دیکۆمێنتاری بڵندی “نووسین لەسەر شار” Writing on the City و هەروەها فیلمی سینەمایی “تەپڵ” Drum لە ساڵی 2012 و چەندین ساڵ، سازنەکردنی هیچ فیلمێک، “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” نوێترین بەرهەمی ئەم سینەماکارەیە کە سەبارەت بە بنەماڵەیەکە کە دوای شۆڕشی ئێران بە شوێن منداڵەکەیاندا دەگەڕێن. ئەم پڕۆژەیە، ئێستاکە لە قۆناغی ڕاکێشانی سەرمایەدایە و کۆمپانیاکانی جیهانی فیلم، بڕیاروایە کە سەرمایەکانی خۆیان دابنێن و ئەم فیلمە بەرهەمبهێنن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتی گۆڤاری “ڤڕایتی”دا نووسراوە: ئەو پرۆژانەی کە لە بەشی La Fabrique du Cinema هەڵبژێردراون، بەرهەم گەلێکن کە دەرهێنەرەکانیان لە بەهرەمەندانی چوارگۆشەی ئەم دنیایە دێنەئەژمار کە لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی فەڕەنسا بۆ داهاتووی سینەما ناسێندران.

لە درێژەی ئەم وتارەدا، گۆڤاری “ڤڕایتی” لەگەڵ “کەیوان کەریمی” وتووێژی کردووە، ئەو سەبارەت بە “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” ڕایگەیاند: فیلمی من بەشوێن هیوادا دەگەڕێت و هیوایەک کە ونبووە، لەڕاستیدا فیلمەکانی من بە شوێن ئەم هیوایەدا دەگەڕێن. کەواتە دەتوانن ئەو درەئەنجامە وەربگرین کە “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” بە جۆرێک، سەبارەت بە مێژووی ئێران، ئومێدوارە.

کەریمی لە درێژەی قسەکانی خۆیدا گوتی: سیناریۆی ئەم فیلمەم لە سەردەمێکی تایبەت بە مێژووی ئێران نووسیوە، بە هۆی ئەوەی کە کۆبیرەوەریی هەموومان سەبارەت بە ڕابردوو و ئێستایە کە پێویستە هەموو کاتێک وەبیریبهێنینەوە و سەبارەت بەو خۆڕاگربین؛ لەبەر ئەوەی کە ئەم بیرەوەریانە لە دەست نەدەین.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتی گۆڤاری “ڤڕایتی” نووسراوە: ئەم 10 پڕۆژەیەی کە لە لایەن بەشی La Fabrique du Cinema و “ئەنستیتۆی فەڕەنسا” بۆ پێشکەش کردن و ناساندن لە بازاڕی ئۆنلاینی حەفتاوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی فەڕەنسا هەڵبژێردران، ڕنج و مەینەتی جۆراوجۆر لە تەواوی بابەتەکان لە خۆدەگرن، لەوانە: جەنگ، نابەرابەری ڕەگەزیی، گوشاری دەرەکی، نابەرابەری نیژادی و تەنانەت سەبارەت بە سەردەمی دوای ئیستعمارن و هەر بەم هۆیەوە، ئەم 10 دەرهێنەرە هەر کامیان لە سووچێکی ئەم جیهانە وەکوو ئەفریقیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریکای باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا ئامادەن.

هەروەها “جیوفری مێکناب” Geoffrey Macnab لە ماڵپەڕ و گۆڤاری “ئاکادیمیای فیلمی ئەورووپا” European Film Academy سەبارەت بە “سینەمای ئێران” لەگەڵ هەندێک لە سینەماکارانی ئەم وڵاتە وتووێژی کردووە و لە سەرەتای ئەم وتارەدا سەبارەت بە “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” نوێترین پرۆژەی سینەمایی “کەیوان کەریمی” نووسیوییەتی و لە درێژەدا لەگەڵ ئەم سینەماکارە سەربەخۆیە وتووێژی کردووە.

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://variety.com/2020/film/global/la-fabrique-presents-10-world-film-projects-keywann-karimi-1234646584/?utm_medium=email&utm_source=exacttarget&utm_campaign=eshowdaily_cannes&utm_content=213091&utm_term=796885

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی پڕۆژەی سینەمایی “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟”.




کۆمەڵناسی سینەمایی … نیهاد جامی

خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسیانەیە بۆ دنیای سینەمایی کژیستۆف کیشلۆڤسکی

بۆ ئەوەی بتوانین لەدنیای فیلمەکانی دەرهێنەری پۆڵەندی کژیستۆف کیشلۆڤسکی نزیک ببینەوە، پێویستمان بەوە دەبێت، سەرەتا خۆی وەک سینەماکارێک بناسین و ئەوسا بەر لەوەی بێینە ناو دنیای فیلمەکانی، پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەوە بکەین کە بۆچی ناوی ئەو وابەستە دەکەین بە کۆمەڵناسی سینەمایی؟ ئەو کۆمەڵناسیە ئاخۆ تایبەتە یاخود سەر بە لقێکیتری کۆمەلناسیە؟
بۆ ئێمە ئەو بابەتە گرنگی تایبەتی هەیە بۆ ناسینی ئەزموونی سینەمایی دەرهێنەرێک، کە دەیەوێت لەرێی سینەماوە توێژینەوەی دیاردەی کولتووریی و کێشە کولتووریەکانی ناو کۆمەڵگا بکات، ئەو لەڕێی فیلمەکانیەوە وەک کۆمەڵناسێک لەپشت توێژینەوە کولتوریەکانی دەردەکەوێت.
کیشلۆڤسکی کە لەدایکبووی ١٩٤١ ی شاری وارشۆی پۆڵەندایە، سەرەتا وەک دەرهێنەری فیلمی دۆکۆمێنتاری دەرکەوت، سەرەتای شەستەکانی سەدەی بیستەم تەکنیکی شانۆیی خوێندووە لەقوتابخانەی ئامادەیی، لە ١٩٧٠ بڕوانامەی دبلۆمی وەرگرتووە لە خوێندنگای فیلمی شاری ئوچ، هەر لەو خوێندنگایە لەژێر سەرپەرشتی هەردوو هونەرمەند کاژیمیژا و ێرزێگۆ بۆساکا یەکەم فیلمی دۆکۆمێنتاری درووست کردووە، لەژێرناونیشانی “ئۆفیس لەشاری ئوچ”
بۆیە ئەو دەرهێنەرە ئاشنایەتی لەنێوان شانۆ و دۆکۆمێنتاری و سینەمادا هەبووە، ڕاستە ئەو بەدوای وەرگرتنی بڕوانامەی دبلۆم لەفیلمی دۆکۆمێنتاری بەتەواوی لەشانۆ دوور کەوتوتەوە، بەڵام سینەما بۆ ئەو لەنێوان فیلمی دۆکۆمێنتاری و کورتە فیلم و زنجیرەو دواتریش هەرسێ فیلمی ڕەنگ دنیای ئەویان پێکهێنا، دنیایەک لە ١٩٩٤ بەدوای فیلمی “سوور” وازهێنانی خۆی ڕاگەیاند لەدرووست کردنی فیلم، وەک ئەوەی بزانێت دەبێت ئیتر خۆی بۆ مردن ئامادە بکات، دوو ساڵ دوای وەستانی هەر لەشاری وارشۆ ماڵئاوایی لەژیان کرد.
ئەو ڕۆژگارەی کە خوێندنی لەشاری ئوچ تەواو کرد وبڕوانامەری وەرگرت، لە ١٩٧٣ فیلمێکی تەلەفزیۆنی درووست کرد بەناوی “تونێلێک لەژێر زەوی”، ئەگەرچی بەردەوام بوو لەسەر درووست کردنی فیلمی دۆکۆمێنتاری، تاوەکو ساڵی ١٩٨٣ کاریدەکرد لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلمی دۆکۆمێنتاری لەشاری وارشۆ.
هەلبەت ئەو دەرهێنەرە لەژیانی سینەماییدا خەڵاتێکی یەکجار زۆری وەدەست هێناوە، یەکەم خەڵاتیش کە وەریگرتبێت بەهۆی فیلمی دۆکۆمێنتاری “فەرمانبەرەکان” بووە لە ١٩٧٥ لە مانهایم، هەروەها لەسەرەتای ژیانیدا لەمۆسکۆ میدالیای ئارەزومەندانی پێبەخشراوە، دیارترین خەڵاتەکانیشی بەهۆی فیلمی “سێ ڕەنگ” کە سێ فیلمە هەریەکەی لەسەر ڕەنگێکە، لەوانە بە فیلمی “شین” خەڵاتی گۆیا بۆ باشترین فیلمی ئەوروپی و لەفێستڤاڵی ڤینیسیا خەڵاتی شێری ئالتونی، فیلمی “سپی” خەڵاتی باشترین دەرهێنان لەفێستڤاڵی بەرلینی سینەمایی، هەروەها بە فیلمی “سوور” خەڵاتی سیزاری فەرەنسیی وەرگرتووە.
سەرەتا بەمەبەستی نزیکبوونەوە لەنووسینی سیناریۆ بەشداری لەگەڵ پارێزەر کژیستۆف پیشیڤیچ دەکات بۆ نووسینی فیلمنامەی “بێ کۆتایی” فیلمەکەش درووست دەکەن، هەڵبەت ئەو پەیوەندییان درێژ دەبێتەوە بۆ کاتی کارکردن لە زنجیرەی “دە وەسیەتە” کە، لەلاپەرەکانی دواتری ئەم نووسینەدا بەدرێژی لەبارەیانەوە قسە دەکەین.
بۆ ئەوەی لەدنیای فیلمەکانی تێبگەین باشترین ڕوانین ئەو بۆچونەی سینەماکاری پۆڵەندی “ستانیسواڤ زاڤیشلینیشکی” ە کە لەبارەی کارەکانیەوە ناوی دەبات “پیاوێک لەسەنتەری داهێنان” تیایدا دەڵێت “بەرکەوتنی مرۆڤە لەگەڵ کۆمەڵگا ودەسەڵات و سیستم و ژینگە و خێزان و خودی خۆشی، تێوەگلانی کەسێتیە لەناکۆکی ووابەستەبوون و ململانێ، مرۆڤ پێویستە بەردەوام وەرگری هەڵبژاردەکانی بێت لەجیهانی بەهاکاندا، بەرپرسیاریەتی ئەو بەهایانەش لەئەستۆ بگرێت، لەیەککاتدا لەناو سیاسەت دەژیێت و لەدەرەوەی سیاسەتیشدایە، ڕووبەرووی گلەییکردنی هەمیشەیی دەبێتەوە بۆ ئازادی و دادوەریی ویەکسانی، ئەوەش گەڕانە بەدوای خۆشەویستی و بەختەوەری و تێگەیشتن”
ئەو ڕوانینەی زاڤیشلینیشکی بۆ فیلمەکانی کیشلۆڤسکی لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو لەوتارێکدا لەبارەی کیشلۆڤسکی کە سایتی کولتووریی پۆڵەندی بلاوی کردۆتەوە، لەبەشێکیتردا ئەو بەشەی تری نوسینەکەی زاڤیشلینیشکی بڵاو دەکاتەوە، کاتێک دەپرسێت “چۆن بژین؟ ئەو پرسیارە ئامادەبوونی هەیە لەتەواوی فیلمەکانی کیشلۆڤسکی جا دۆکۆمێنتاریەکان بێت یان خەیاڵیەکان”
ئێمە بۆ ئەوەی لەدنیای فیلمەکانی قسە بکەین، ناتوانین کۆی کارەکانی وەربگرین، بۆیە سێ ڕەنگ و زنجیرەی دێکالۆگ دەکەینە تەوەری قسەکردنمان، بەلام بەر لەو باسە پێویستمان بەدەرخستنی ئەو ڕاستییە کە ئەو نەک تەنها لەزنجیرەو فیلمەکاندا تەنانەت لە دۆکۆمێنتاریەکانیشیدا وەکو کۆمەڵناسێک دەردەکەوێت، بۆیە سینەما و فیلمسازی بۆ ئەو دەرهێنەرە وێستگەیەکی گرنگی کۆمەڵناسی سینەماییە.
بۆ تێگەیشتن لەکۆمەڵناسی و کۆمەڵناسی سینەمایی سەرەتا هەوڵ دەدەین تێگەیشتنێکی بەرایی لەو بارەیە بخەینە ڕوو، ئەوسا بچینە ناو دنیای فیلمەکانەوە.
کۆمەڵناسی زانستێکە توێژینەوە لەبارەی ژیانی کۆمەڵگا دەکات، لەوەشدا لەژیانی گروپەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی خێزان و تاقمەکان دەکۆڵێتەوە، دەرخستنی کێشەکان و قسەکردن لەبارەیانەوە مەبەستێکی سەرەکی ئەو زانستەیە، ململانێی کۆمەڵایەتی و کێشە کولتووریەکان و هەموو ئەو باسانەی پەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتیەوە بێت لەبارەیەوە دەکۆڵێتەوە.
کۆمەڵناسان بوارەکانی کۆمەڵناسی بۆ سەر گەلێک بوار پۆلین دەکەن، لەوانە “کۆمەڵناسی سیاسی، کۆمەڵناسی مێژوویی، کۆمەڵنسی پزیشکی، کۆمەڵناسی یاسایی، کۆمەڵناسی هونەریی، کۆمەڵناسی ئاینی، کۆنمەڵناسی ئەدەبی”
ئەگەرچی بەشێک لەکۆمەڵناسان بڕوایان وایە کۆمەڵناسی هونەری لقێکە لەناو کۆمەڵناسی ئەدەبی، بەو پێیەی کۆمەڵناسی ئەدەبی قسە لەبواری سینەما و شانۆش دەکات، بۆیە کۆمەڵناسی هونەری بوارێکی سەربەخۆ نیە، بەڵکو لقێکە لەناو کۆمەڵناسی ئەدەبیدا، ئەوەیان جێی ئەو نووسینە نیە لەبارەی جیاوازیەکانی بدوێین، هێندەی مەبەستمان تێگەیشتنێکی بەرایی کۆمەڵناسی سینەماییە، کە خۆی لەناو کۆمەڵناسی هونەریەوە هاتۆتە بوون، کە دەکرێت مناڵی ناو کۆمەڵناسی ئەدەبیش بێت.
ئەو کۆمەڵناسیە توێژینەوە ئەنجام دەدات لەبارەی ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو سینەماو کاریگەری سینەماش بەسەر کۆمەڵگادا، لێرەدا پەیوەندی نێوان سینەما و کۆمەڵگا دەبێتە تەوەری توێژینەوەی ئەو بوارە.
ئەوە ڕينگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیە سینەما دەکاتە پێویستیەکی ناو ژیان، لێرەدا چیرۆک کە لەبیرۆکەوە بەرەو سیناریۆ هەنگاو دەنێت دەبێتە چۆنیەتی نووسینەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو فیلمدا، سەرەنجام ئەوە سینەمایە کاریگەری بەسەر کۆمەڵگا جێدێلێت، بۆیە سینەما وکۆمەڵگا هەر یەکەیان کاریگەریان بەسەر یەکتریەوە هەیە.
ئەو کاریگەریە بنەمای خولقاندنی بوونێکی نوێیە کە وادەکات دەرهێنەری سینەمایی بتوانێت وەک کۆمەڵناسێک پەیوەندی کۆمەڵایەتی سەر لەنوێ بنیات بنێتەوە، ئەوە دیدی کۆمەڵناسیانەیە بۆ سینەما وا دەکات دەرهێنەر کار لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی بکاتەوە، بۆیە کاتێک سەیری کارەکانی کیشلۆڤسکی دەکەین، بەتایبەت لەزنجیرەی “دێکالۆگ” لەو ڕاستیە تێدەگەین، دەرهێنەر وەک کۆمەڵناسێک وێنەیەکی ڕوونی کۆمەڵگای پۆڵەندی دەخاتە ڕوو، وێنەیەکی کۆمەڵناسیانە کە نیشانمان دەدات، کۆمەڵگا خاڵی نیە لەکولتوور، بەڵکو ئامادەبوونی کۆمەڵایەتی ئامادەبوونی کولتووریی کۆمەڵگایە.
بۆ ئەوەی کولتوور بە کەلەپوور ڕاڤە نەکەین ناچارین ئەوە بخەینە ڕوو، کولتوور میراتێکی نێو ڕابردوو نیە، بەڵکو وابەستەی کۆی مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایە، لەئێستادایە وەک چۆن دابڕاو نیە لەڕابردوو، وێناکردنە بۆ داهاتووش، کەلەپووریش بەشێکە لە کولتوور، بەڵام بەهیچ شێوەک کوولتور بەشێک نیە لە کەلەپوور، بۆ ئەوەی ووردتر لە کوولتور تێبگەین ئەو پێناسەیەی تایلۆر دێنینەوە کە کولتوور ناو دەبات بە بەو گشتە ئالۆزەی هونەرو فیکر و زانست و نەریت و ئاین و کۆی ئەوەی لەکۆمەڵگا فێری دەبین.
هەموو ئەمانەش لەناو “دێکالۆگ” بەووردی دەیبینین، هەربۆیە لەسەرەتاوە دێت، ئاین خاڵی ناکاتەوە لەو بابەتە بۆیە بیرۆکە لە تەوراتەوە وەردەگرێت، تاوەکو ئازارەکانی کۆمەڵگای پۆڵەندی بگەڕێنێتەوە ناو ئەو تێگەیشتنە ئاینیەی کە وەک کولتووری کۆمەڵگایە، لەوەشدا دەرهێنەربەناو کۆمەڵناسی ئاینی زەمینەی کۆمەڵناسی هونەری دەخوڵقێنێت، بەو پێیەی کۆمەڵناسی ئاینی پەیوەندی ئاین و گەشەی کۆمەڵایەتی دەخاتە ڕوو.
بۆیە ئەگەر مرۆڤ بوونەوەرێکە خاوەنی ئازارو نهێنی تایبەتی خۆیەتی، کاتێک ئازار دەبێت بە هونەر ئەو ساتە دەرگا بۆ گفتوگۆیەکی قوڵ لەبارەی نهێنیەکان دەکاتەوە، ئەوە کاری هونەریە دێت لەو بارەیەوە دەکۆڵێتەوە، هونەرمەند لەو ساتەدا وەک کۆمەڵناسێک لەسەر ساتەوەختەکانی کۆمەڵگاکەی خۆی کار دەکات، ئەوەش وا دەکات باشتر ئەو کۆمەڵگایە لەڕێی هونەرەوە بناسین، کیشلۆڤسکی بۆ ئەو تێگەیشتنە کۆمەڵناسیە دەگەڕێتەوە بۆ ناو تەورات و بەتایبەت بۆ دە وەسیەتەکەی موسا، بۆیە ناو لەزنجیرە دە ئەلقەییەکەی دەنێت “دێکالۆگ” کە ناوەکە پۆڵەندیە واتە دە وەسیەتەکە.
ئەگەرچی بەشێک لەڕەخنەگرانی بواری فیلمسازی بڕوایان وایە بەهیچ جۆرێک کاری لەسەر ئەو دە وەسیەتە نەکردووە، هەڵبەت دوای بینین ئەوەمان بۆ دەدەکەوێت، دە وەسیەت کە بووە بە دە چیرۆک و زنجیرەی تەلەفزیۆنی کە ساڵی ١٩٨٩ بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنی پۆلەندی تۆمار کراوە، زیاتر خوێندنەوەی بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای پۆلەندیە، کە وێنەیەکی روونی ژیانی رۆژانەی ئەو کۆمەلگایە دەخاتە ڕوو.
کیشلۆڤسکی هەوڵیداوە مانایەکی قوڵ بەو تێگەیشتنەی موسا ببەخشێت، ئەگەر موسا لەیەکەم وەسیەتەکەدا دەڵێت “تەنیا خودای تاک بپەرستە” لە ئەلقەی یەکەمی ئەو زنجیرەیەدا دەبینین، بوون و مەرگ دەبنە تەوەری سەرەکی ڕووداوەکان، بوون وابەستەی پرسیارکردنە لەبارەی خوداوە، ئەوە ململانێی نێوان دوو دیدە لەرێی خوشک وبرایەک هەریەکەی سەر بە ئایدیایەکی بیرکردنەوەیە.
خوشک هەڵگری دیدی دینی وەسیەتەکەیە، بەڵام براکە دژە ئەو دیدە دینییە و بڕوای بە زانستە، لەو نێوەندەدا مەرگ دەبێتە پرسیاری مناڵێک بۆ تێگەیشتن لەبارەی بوون وەک مەرگ، کە سەرەنجام گەڕانی مرۆڤ لەنێوان زانستدا هیچ مانایەکی نابێت جگە لەوەی تەنیا یادەوەریەک دەخولقێنێت، وەک چۆن بۆ تێگەیشتن لەبوونی خودا خوشک کاتێک کوری براکەی باوەشی لێ دەدات، پێی دەلێت هەستت چی بوو؟ منالەکەش دەڵێت خۆشم ئەوێی، خوشکەکە پێی دەلێت خودا ئەوەیە.
ئەو دەمەی لەباوەشی کەسێکدا هەست بە خۆشەویستی دەکەیت، تێدەگەیت خودا ئەوەیە کە هەستی پێدەکەیت، دەشێت هەستکردن لەو ساتەدا خۆشەویستی بێت، بەواتای خودا خۆشەویستیە، لێرەوە ململانێی بوون و مەرگ پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و یادەوەریە، ئەوەی مرۆڤ دەیهێلێتەوە لەبوون تەنیا یادەوەریە، ئەوەش کە مەرگ لەگەڵ خۆی دەیبات ژیانی مرۆڤە.
ئەو تێگەیشتنە دەنگی کۆمەڵگایە بۆ خودا و تێگەیشتنی کۆمەلناسی ئاینیە بۆ وێنەی ڕوونی ئەو کۆمەڵگایە، بۆیە زانست لەشوێنێکدا پەکی دەکەوێت، چونکە ئەوە دیدی کۆمەڵایەتیە کە زاڵبوونی ئاین دەسەپێنێت، نەوەک دەرهێنەر ئەوەی بەسەر کارەکە سەپاندبێت، ئەو تەنیا وەک کۆمەڵناسێک ئەوە بەرجەستە دەکات.
هەر ئەلقەیەک فیلمێکی سەربەخۆیە وەک ڕووداو، هێندە هەیە هەردوو چەمکی خوداو نائومێدی لەسیناریۆکەدا کاری لەسەر کراوەتەوە، بۆ ئەوەی لەبیرۆکەی کارەکە باشتر تێبگەین، بۆیە لەهەر قسەکردنێک سەرەتا هەوڵ دەدەین وەسیەتەکەی موسا بنووسین، ئەلقەی دووەم تایبەتە بەو وەسیەتەی دەڵێت “بتەکان مەپەرستە”
لێرەدا ناراستەوخۆ دیدێک هەیە، رەخنەگرتنە لەعەشق، بەواتای عەشق مەکە بە بتێک بۆ پەرستن، ژنێکی کەمانجەژەن لەنێوان دوو پیاو گیری خواردووە، ئەوەی یەکەم هاوسەرەکەیەتی کە نەخۆشیەکی کوشندەی هەیە، لەنەخۆشخانە کەوتووە لەنێوان ژیان و مەرگدایە، ژنە بۆ خۆی سکی پڕە، بەلام ئەو مناڵەی دەیەوێت بێتە دنیاوە لەهاوسەرەکەی نیە، بەلکو لەئاوازدانەرێکی مۆسیقیە، ئەگەر مێردەکەی چاک بێتەوە، نابێت مناڵەکە بێتە ژیانەوە، گەر مناڵەکەش لەبار ببات عاشقە مۆسیقیەکەی لەدەست دەدات.
کچە کەمانجەژەنەکە لەلایان دکتۆرەکەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە مناڵەکەی لەبار نەبات، چونکە هاوسەرەکەی دەمرێت، بۆیە دەگەڕێتەوە تیپی ئۆرکستراکە، ئەوەی چاوەروانی نابین ئەوەیە ڕوو دەدات، هاوسەرەکەی نامرێت، بەڵام ژنەکەشی لەگەڵی دەمێنێتەوە، چونکە لەدوا دیمەن دەبینین پیاوە نەخۆشەکە هەستی خۆی بۆ دکتۆرەکە باس دەکات، وەک ئەوەی تازە لەمردن گەڕابێتەوە، بەتایبەت هەستی باوکێتی و هاتنی مندالێک بۆ دنیا، لێرەوە نائومێدی دەگۆڕێت بە ئومێد، ژیان لەگەڵ مناڵێک سەرەتایەکی نوێیە مناڵێک ئەو بێ ئەوەی بزانێت هی ئەو نیە، بەلام دەتوانێت ببێت بە خەونی سەرەتایەکی نوێ بۆ ژیان.
هەمیشە هێلێک هەیە بۆ رۆنانی درامی کەوا زنجیرەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە، بێ ئەوەی دەستکاری سەربەخۆیی چیرۆکەکان بکات، ئەوەشیان دەتوانین لەدوو ئاماژەدا بخەینە ڕوو، یەکەمیان بوونی کارەکتەرێکە لەزۆربەی چیرۆکەکان دەردەکەوێت، کارەکتەرێک بەسەر پایسکیلەوە هیچ ناڵێت تەنیا وەک چاودێری رووداوەکانە، لەکۆمەلناسێک دەچێت توێژینەوە لەبارەی کۆمەلگا بکات و ڕووداوەکان بخوێنێتەوە، وێنەیەکی ڕوونی دەرهێنەرە وەک کۆمەلناسێک، ئاماژەی دووەمیش ئیشکردنەوەی هێلێکی ناو سیناریۆکەیە کە لەبەشی دواتر بەجۆرێکیتر دەردەکەوێتەوە.
لەئەلقەی سێیەمدا ئەوەی فراوان دەبیت پەیوەندی مرۆڤە بەخۆشەویستی پێشووی دوای ژیانی هاوسەری، لەشەوی کریسمدا ژنێک پەیوەندی بەخۆشەویستە کۆنەکەی دەکات کە هاوسەرەکەی وون بووە تا بەرەبەیان بەدوای دەگەڕێن، سەرەنجام دەردەکەوێت هاوسەری ئەو ژنە سێ سالە لەگەل ژنێکیتر هاوسەرگیری کردووەو منالیشی هەیە و پەیوەندی بەو نەماوە، تەنیا ویستویەتی لەشەوی کریسمدا تا بەرە بەیان لەگەل خۆشەویستەکەی پێشووی بێت، ململانێی درامی لەو شوێنەی دەگاتە لوتکە ئەوا دەرهێنەر دەیهێنێتەوە خوارەوە تاپێمان بڵێت کۆی چیرۆکەکان تەنیا گەمەی ژنێکە بۆ ئەوەی خۆشەویستەکەی پێشووی ئەمشەو لەگەل ژن ومنالەکانی ژیان نەباتە سەر، لەکاتێکدا ژنی خۆشەویستەکەشی دلنیایە کۆی قسەی مێردەکەی درۆیە و ئەوان ئەمشەو ژوانیان هەیە، ئەو درۆیە گەڕانەوەیە بۆ وەسیەتی سێیەم کە دەڵێت “بەدرۆ سوێند مەخۆ بەخودا”
بۆ ئەوەی بچینە ناو مانای پیرۆزی خێزان، سەرەتا پێویستە بگەڕیینەوە لای موسا کە دەڵێت “رۆژی شەممەت لەیاد بێت بۆ پیرۆزکردن”
چونکە چیرۆکی چوارەم قسەکردنە لەپیرۆزگەرایی خێزان، کاتێک نهێنی دەردەکەوێت ئیدی ئەفسوونی ئەو پەیوەندیە بەتاڵ دەبێتەوە، نامەیەک دەتوانێت کۆی پەیوەندیەک تێکبدات، نامەیەک گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، رابردوویەک دەردەکەوێت ئەو پیاوەی لەماڵەوە لەگەلیدایت باوکی تۆ نیە، دایکت بەر لەسەرە مەرگ وای بۆنووسیویت، سەرەنجام مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت شتەکان دوای ئەو دۆخە چاک بکاتەوە دەبێت بچێتە ناو دنیای بەر لەئاشکرابوونی نهێنی، لێرەدا نهێنی چەمکێکە وەک پردی پەرینەوەی چیرۆکی سێیەم بۆ چوارەم.
ئەلقەی پێنجەم کارکردنە لەسەر وەسیەتی ” کەس مەکوژە” سێ کارەکتەر بەسێ ئاراستەی جیاوازدا دەڕۆن، شوفێری تاکسیەک پیشەکەی بۆ فریودانی ژن بەکار دێنێت و کارەکەی خۆی ناکات، کاتێک خەلکانێک پێویستیان بەتەکسیە و دەستی لێ ڕادەگرن بۆیان ناوەستیت.
گەنجێکی خوێندکاری یاسا کە بڕوانامەی پارێزەری وەردەگرێت، لەپاڵ کارەکتەری سێیەم هەرزەکارێکی توڕە هەمیشە کاردانەوەی توندوتیژی لەسەر شەقامەکان لێ بەدی دەکرێت، بڕیار دەدات سواری تەکسی بێت وشوفێرەکە هەر کێ بێت بیکوژێت، رقێکی گەورەی لەبەرامبەر مرۆڤەکان هەیە، سەرەنجام ئەو شوفێری تاکسیە دەکوژێت، کوشتنێک بەدڕندەترین شیوە ئەنجامی دەدات، کاتێک پارێزەرەکە لەدادگا داکۆکی لێ دەکات دۆسیەکە دەدۆرێنێت، هەڵبەت تا ئێرە ئەوەی دەمانەوێت لەبارەیەوە بیخەینە ڕوو، ئەو وێنەییە کە توندوتیژی و ڕێزنەگرتن لەوانیتر دیاردەیەکی وردە کولتوور نیە هاتبێتە ناو کولتووری پۆڵەندیەوە، بەڵکو کولتوورێکە مرۆڤگەلێک بۆ خۆیان دەیخوڵقێنن، لەجۆری هەرزەکارەکە، کە سەرەنجام توندوتیژی بەرەو کوشتن پاڵیدەنێت، کوشتنێک گەر ئەنجام نەدرێت بەدلنیاییەوە دۆخەکە دەچێتە ئاستێکیترەوە، کە بەر لەسێدارەدانی دەرهێنەر لەرێی پارێزەرەکەوە جۆرە هاوسۆزیەک لەگەل بکوژ نیشان دەدات، بەڵام سەرەنجام ئەو لەسێدارە دەدرێت، بۆ ئەوەی ئەو کۆتاییە بوونی نەبێت دەبوو تاوان نەبێت.
ئەوەی دەمانپەرێنێتەوە بۆ چیرۆکی شەشەم کارەکتەری هەرزەکارە لەکۆمەلگادا، بەلام لەم چیرۆکەدا تەواو جیاواز، هەرزەکارێک بالەخانەکەی کەوتوتە بەرامبەر باڵەخانەی خانمێک، هەمیشە چاودێری دەکات، ئەگەرچی خانمەکە لەو بەتەمەنترە بەڵام جۆرە هۆگریەک نیشان دەدات، کە هەرزەکارەکەی پێشوومان بیر دێنێتەوە، مەرگی خوشکەکەی پاڵیدەنێت بۆ رق و کوشتن، ئەو کارەکتەرەی چیرۆکی شەشەم بەدوای خۆشەویستیەکی ئۆدیبی دەگەڕێت کە لەو ژنەدا دەیبینێتەوە.
لێرەوە هەوڵەکانی گەنجەکە دەردەکەوێت بۆ ئەوەی خانمەکە هەست بەخۆسەویستی ئەو بکات، چونکە لەڕاستیدا کەوتۆتە خۆشەویستیەوە، لەکاتێکدا دەبینێت خانمەکە دۆستێکی هەیە و بۆ ماڵەکەی دێت، ئەو دەمەی دەزانێت شیر لە مارکێت بۆ خانمەکە ناچێت ئامادە دەبێت بچێت ئەو کارە بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت کارێک بکات کە خواستی دڵیەتی نەک ئارەزوی نزیکبونەوە.
ئەوە سەرەتای هۆگربوونی مرۆڤێکە بە عەشقی کەسێک کە لەخۆی بەتەمەنترە، لێرەدا ئێمە بەجۆرێک پەیوەندی ناو ئەو کۆمەلگایە ئاشنا دەبین، دۆخێک کە لەسەر شەقام دوو مرۆڤ دەبینین جیاوازی تەمەنیان هەیە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دۆخی دەروونی کارەکتەرو سۆزێک کە یەکێک لەوان لێی بێبەش بووەو دەیەوێت لەو ڕێگایەوە وەدەستی بێنێتەوە.
گرنگترین خالێک لەو عاشقبونەوەدا ئەوەیە کوڕەکە ڕاستەوخۆ بۆ خانمەکە ڕایدەگەیەنێت ئەو خۆشی دەوێت، بەلام هیچی لێی ناوێت، هیچ نەویستن خاڵی کردنەوەی عەشقە لەجەستە، پەیوەندیەکە پێویستی بە جەستە نیە، هێندەی هەولێکە بۆ خۆشویستنی ئەویتر.
کاتێک خانمەکە دەیەوێت جەستەی پێ ببەخشێت، بەڵام کورە هەرزەکارەکە ڕادەکات، هەست دەکات بەم شێوەیە خۆشەویستەکەی ناوەوەی دەکوژرێت، هەوڵی خۆکووشتن دەدات، لەوێوە خانمەکە عاشقی دەبێت و دوای دەکەوێت، بەڵام ئیدی لەو ساتەوە عەشقەکەی ناو ئەو کوژراوە، بۆیە ئەوەی پێ دەڵیت کە چیتر چاودێری ناکات.
لێرەدا دەپرسین کام وەسیەتی موسایە لەم زنجیرە کاری تیا کراوە؟ هەڵبەت ئەوە ڕووی شاراوەی ئەو وەسیەتەیە کە دەلێت “زینا مەکە” هەڵبەت نەکردن لێرەدا بۆ گەنجەکە پەیوەست نیە بە ئاینەوە، هێندەی تێگەیشتنی مرۆڤە بۆ خوشەویستی، بۆ ئەوەی خۆشەویستی مانای خۆی وەربگرێت، ناکرێت ئەوەی خەلکیتر دەیکات عاشق بیکات، بەواتای دنیای عاشق دنیایەکی جیاواز، ئەو کەسەکەیتر نیە هەر هێندەی پێیگەیشت و سێکسی لەگەڵ بکات.
بۆ ئەوەی بچینە ناو چیرۆکی حەوتەم، بەبێ تێگەیشتن لەوەسیەتەکەی موسا سەختە لەجەوهەری کارەکە تێبگەین کە بۆچی ڕووداو بەو ئاقارەدا دەڕوات، موسا دەلیت ” رێز لەدایک و باوکت بگرە”
ئێمە سەرەتا لەوەدا وا پێشبینی دەکەین کە بۆ مناڵەکان بێت کە رێز لەدایک وباوکیان بگرن، بەڵام لەڕاستیدا لەناو ئەو ڕووداوانەدا دەبێت بیرمان نەچێت مناڵەکان کە دەبن بە دایک و باوک، پێویستە دایک و باوکانیان ئەوانیش ڕێزیان لێبگرن، کچەکەیان کە کچێکی هەیە بەهۆی ئەوەی لەپەیوەندیەکی خۆشەویستی لەگەل مامۆستای خوێندنی درووستی کردووە، دایکەکە مافی دایکایەتی لەکچەکەی دەسەنێتەوەو بەناوی خۆی تۆماری دەکات، نەک هەر ئەوەش بەڵکو بەمناڵەکەش خۆی وەک دایک دەناسێنێت، بۆیە کچەکەیان ناچار دەبێت کچەکەی خۆی بڕفێنێت، لێرەوە ڕووداوەکان دەڕۆنەوە ناو یادەوەریەک کە ئەو ئێستایەی خولقاندووە، سەرەنجام پیاوێک دەناسین کە باوکی مناڵەکەیە، بەڵام دۆخێک کە لەرابردوو ڕوویداوە، هەموو شتێکی شێواندووە، سەرەنجام کە کچ و مناڵەکە لەوێستگەی شەمەندەفەر دەدۆزرینەوەو کچەکە دەچێتە باوەشی نەنکی کە بە دایکی خۆی تێدەگات، ناچار لەو کاتە کە شەمەندەفەر دێت، دایکە ڕاستەقینەکەشی بەتەنیا دەڕوات و سەفەر دەکات، هەموویان کچەکەی و دایک و باوکی نیگەرانی رۆیشتنی دەبن، بەڵام ئەوە ساتێکە نەیانتوانی لەماوەی شەش ساڵدا رێز لەدایکایەتی ئەو بگرن.
ئێمە لەم زنجیرەیەدا ڕووبەرووی چیرۆکێکی دڵرەقانە دەبینەوە، ڕووداو بەشیوەیەک لەگەڵ خۆی دەمانبات توانای ئەوەی هەیە، وامان لێبکات لەزەمەن تێبگەین، شەش ساڵ لەخۆگرتن و بێدەنگی و دڵڕەقی نابینین، بەڵام لەرێی هەستی دایکێکەوە بیر لەو بۆشاییە دەکەینەوە، کە لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوو کەوتۆتە نێوان ئێمەی بینەر وستاڤی ئەکتەرەکانی ئەم چیرۆکە.
بۆ ئەوەی لەڕابردوو تێبگەین پێویستە چیرۆکەکان بگێڕینەوە، ئەو تێگەیشتنە وا دەکات هێزێکی پتەو بە سیناریۆ بدات، لێرەوە دەرهێنەر بۆ بیرۆکە پەنا ناباتە بەر بابەتی ئالۆز، هێندەی وەسیەتەکەی موسای هێناوە وەک بیرۆکە و سیناریۆی لەسەر درووست کردووە، بیرۆکە ئەو زەمینەییە بۆ ڕووداو کە بیرۆکە لەپشتی کار دەکات، تا ئاستی ئەوەی لەسەر لایەنی دەروونی کارەکتەر کار دەکات، کە ئیدی بیرۆکە سەرەکیەکەمان بیر دەچێتەوە، وەک لەچیرۆکی هەشتەم “چاوت لەشتی کەسە نزیکەکانت نەبێت” خانمێک دەردەکەوێت تا بچێتە هۆلی وانەوتنەوەی خانمە پرۆفیسۆرێک، لەوێوە گێڕانەوەی چیرۆکەکان دەبنە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، کە چۆن پێشتر ئەوان یەکتریان ناسیووە و نەیانتوانیوە خانمی میوان کە منالکارێک بووە ڕایبگرن و لەدەستی مەرگ رزگاری بکەن.
بیرۆکەی ئەلقەی نۆیەم “بەدرۆ سوێند مەخۆ” کاتێک پیاوێک کێشەی سێکسکردنی بۆ درووست دەبێت، ژنەکەی باس لەوە دەکات ئەوە گرفتێک نیە بۆ ئەو لەگەڵی دەمێنێتەوە، بەڵام ڕووداوە ناراستەوخۆکان گومانی پیاوەکە دەبەنە ناو یەقین، کاتێک دەبینێت چۆن ژنەکەی دەستی لەگەڵ هەرزەکارێک تێکەڵ کردووە، بەلام چارەسەری درامی بۆ چیرۆکەکە ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو هەڵەکردن کۆتایی شتەکان نیە و دەکرێت چاک بکرێنەوە، ئەگەر لەدواهەمین ساتەکانی ژیانیشی بێت دەکرێت مرۆڤ بەو درۆیەدا بچێتەوە کە سوێندێکی خوارد کە راست نەبوو، ئەوەش چارەسەرێکیتری پەیوەندیە، هەڵبەت لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەو دۆخە بکەین، کە گەر ئەو تێگەیشتنە لەکۆمەلگای خۆرهەڵاتی کۆتاییەکەی بە مەرگ تەواو بێت، بەڵام گوتاری ژیاندۆستی و ئومێد لەو چیرۆکەدا وابەستەی تێگەیشتنی مرۆڤی خۆرئاواییە، کە تێگەیشتنێکی ڕوونی کۆمەلگای پۆلەندی تیا دەخرێتە ڕوو.
دوا چیرۆک تەواو مانایەکی جیاواز دەبەخشێت، بیرۆکەی ئەو زنجیرەیە بریتیە لە ” دزی مەکە” مەرگی باوک و بەجێهێشتنی میراتێک کە پولی پۆستە و دەستنووسە کۆنەکانن، وەک میراتێکی کولتووریی دەمێنێتەوە، هەردوو کوڕەکەی خێرا دەیانەوێت بیفرۆشن، پەیوەندی بە ناوەندو کەسە بازرگانەکانی ئەو بوارە دەکەن، تەنانەت چاوچنۆکیان دەگاتە ئەو ئاستەی بۆ ئەوەی دەستیان بەسەر پولێکی گرانبەها بکەوێت، یەکێک لەبراکان گورچیلەیەکی خۆی دەبەخشێت، سەرەنجام بەدەستی خاڵی لێی دێنە دەرەوە، دزیان لێدەکرێت و تەواوی ماڵەکە دەدزرێت، ئەوە وا دەکات براکان شکات لەیەکتر بکەن و یەکتری تۆمەتبار بکەن، دواتر تێدەگەن دزەکان بازرگانانی ئەو بوارەن، لەیاریەکی رێکخەردا کارەکە ئەنجامدراوە.
لێرەدا چەمکی دزیکردن لەچەندین ئاستدا مانا دەبەخشێت لەلایەک مناڵەکان ویستیان میراتی کولتووریی و سی سالەی رەنج و شەونخونی باوک بەهەدەر بدەن، لەلایەکیتر جەستە وەک خود دەدزرێت و ئەوەی هەشە کەسانی نابەرپرس دەیدزن، بەلام بۆچی نایدزن، کاتێک کەسە نزیکەکان نەتوانن داکۆکی لێبکەن، لێرەدا ئەو وێنەیەی کۆمەلگای پۆڵەندی ڕووبەرووی رەخنە دەبێتەوە، وێنەیەک کە پێویستە بەر بە دزینی کولتووریی بگیرێت و ڕێگە نەدرابێت، میراتەکانی کۆمەلگا بەدەر بدرێت، بۆیە دوا چیرۆک توانای ئەوەی هەیە وێنە کۆمەلایەتیەکەی کۆمەلگا بەتەواوی بخاتە ڕوو، گەر پێشتر لەسەر ئاستی پەیوەندی خێزانی و مناڵەکان و چۆنیەتی ژیان کاری دەکرد، ئەوا لەدوا چیرۆکدا زنجیرەکە دەبێتە ڕووبەرێکی کۆمەلناسیانە بۆ خوێندنەوەی بونیادە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەلگای پۆلەندیی.
ئەگەر ئەو زنجیرەیە دەرخەری وێنەیەکی کۆمەڵناسیانە بێت بۆ تێگەیشتن لەکۆمەڵگای پۆڵەندی، ئەوا لەسێ فیلمدا کە بە سێ ڕەنگ ناسراوە، کێشەی نێوان کولتوور و ووردە کولتوور وەک بابەتێکی گرنگی کۆمەڵناسی دەخاتە ڕوو، هەموو کولتوورێک لەناو کوولتورێکی لەخۆی گەورەتردا دەبێتە ووردە کولتوور، بۆ ئەوەی باشتر لەو قسەیە تێبگەین دەبێت بڵێین کولتووری فارسی لەکوردستان ووردە کولتوورە، وەک چۆن کولتووری کوردی لەئێران دەبێتەوە ووردە کولتوور، کولتووری لەخۆ گەورەتر، ئەویتر دەکاتە ووردە کولتوور.
ئەو ئاماژە کۆمەڵناسیە بۆ دەرخستنی کۆمەڵگای پۆڵەندیە وەک ووردە کولتوور و کێشەکانی کە چۆن لەناو پۆڵەندا ئەوە فەڕەنسی و ئەویتری خۆرئاواییە دەبنەوە ووردە کولتوور، وەک لەسێ ڕەنگ دەیبینین
دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کاتێک دادەنیشین لەبەردەم دنیای کیشلۆڤسکی دەزانین ساتێکمان هەیە لەژیاندا بۆ هێمن بوونەوە، تاوەکو شتەکان لەماناکانی خۆیەوە بە ئاسانی ئاوەژوو بێتەوە، ئەوە ڕێک ئامانجێکی کۆمەڵناسیانەیە، ئەگەر پێشتر ئێمە بەهۆی زنجیرەی “دێکالۆگ- دە وەسیەتەکە” وێنەی کۆمەلگای پۆڵەندی وەک ڕووبەرێکی کۆمەلناسیانەی سینەما دەبینین، لەهەمان کاتدا مانایەکی قوڵ دەدات بەو دە وەسیەتەی موسا کە لەتەوراتدا هاتووە..
ئەوەی لێرەدا مەبەستی ئێمەیە.. هەرسێ فیلمی ڕەنگەکانە “شین، سپی، سوور” ئەو سێ ڕەنگە وەک ئاماژەیەک بۆ ئاڵای فەرەنسی و دروشمی شۆڕشی فەرەنسی، بەڵام ئەوەی کیشلۆڤسکی نیشانمانی دەدات، وێنەگرتنەوەی ژیانی فەرەنسی نیە، بەڵکو ئەو چیرۆکانەی ناو شۆڕشن کە خودی کۆمەلگا و کتێبەکان نەیانووسینەوە، ئەوە سینەمایە دێت چیرۆکی پەراوێزی ژیان و چەندە گرنگن دەیانخاتە ڕوو، ئەم سێ فیلمە لەماوەی دوو ساڵ درووستکراون، ڕێک لە ١٩٩٣ و ١٩٩٤
سەرەتا گەر سەیری فیلمی “شین” بکەین، کە وەک ڕەنگێک بۆ ئازادی خۆی دەخاتە ڕوو، بۆیە رەنگی شین وەک ئاماژەیەکی فرە دەلالەت ڕووبەرێکی دیاری ئەو فیلمە داگیر دەکات، ئەگەر لەروانینی سیمیۆلۆژیا “ئاماژەناسیەوە” سەیری ڕەنگ بکەین دەبێت ڕووداو کە مەرگی هاوسەر و کچەکەی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە وەک ئەیکۆنێک سەیر بکەین، کە تیایدا دەچینە ناو ڕووداو، یەکەم دیمەن بەر لەمەرگ ئێمە ڕەنگی شین دەبینین کە کچەکەی دەیداتە دەم با، لێرەدا ئەو ڕەنگە وەک چوونە ناو بابەت پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ درووست دەکات بە کارەکتەرەوە، بۆیە مەرگی هاوسەر وکچ تاریکبوونی ئەو ڕەنگەیە، بۆ ئەوەش سەرەتا لەنەخۆشخانە هەوڵی خۆکووشتن دەدات، بەڵام ئەوە لە ئەیکۆنەوە دەچێتە سەر ئاماژە، لێرەدا ئاماژە چۆلکردنی ئەو ژوورەی ماڵە کە ڕەنگی شینە، نایەوێت ئەو ژوورە ببینێت، سەرەنجام ئەو پانتاییە فراوان دەکات لەرێگەی فرۆشتنی خانووەکە بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانێکی نوێ دەست پێبکاتەوە.
ئێمە لەڕووی سیمیۆلۆژیەوە کاتێک لەناو ئاماژەکانداین، دەبێت درکی ئەوە بکەین ئاماژەکان بەرەو دەلالەت دەمانبەن، ئەو ساتە خۆمان ئامادە دەکەین کە دەلالەت چیە؟ دەلالەت لەم فیلمەدا فرە مانایی بەرووداو دەبەخشێت، ئەوەش لەڕێگەی شکاندنی یەکەم تەلیسمی پیرۆزی شوێن، کاتێک بانگهێشتی هاورێی هاوسەرە مردووەکەی دەکات و پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ دەبەستێت، ئەوە دواهەمین یادەوەریە لەم شوێنە جێی دێلێت.
لێرەدا چەمکی مەرگ بۆ خۆی وەک یادەوەری جێدەهێلدرێت و ئازادی لەشوێنیدا دەردەکەوێت، ئازادی ئەگەر چەمکێکی شوڕشی فەرەنسی بوو، لێرەدا دەبێت بزانین ئازادی لای کارەکتەری فیلمەکە چیە؟ ئازادی بۆ ئەو ژنە هەوڵدانە بۆ ژیانێکی نوێ، ژیانێک دەست پێکردنەوە لەناسینی شوێنی نوێ، نەیەلێت ئەوانەی ڕابردوو تێکەلی ژیانی ببنەوە، لەم ژیانە نوێیەدا لەشفرۆشێک مانای جوانی و مرۆڤبوونی تیا دەردەکەوێت، هاورێی هاوسەرەکەی دەیدۆزێتەوەو سەرەنجام دەیەوێت مۆسیقا تەواو نەکراوەکانی هاوسەرەکەی تەواو بکات.
ئەوەی مانایەکی نوێ بەئازادی دەدات ئاشکرابوونی پەیوەندی شاراوەی هاوسەرەکەی بووە بە پارێزەرێکەوە، جگە لەوەی هەمیشە مۆسیقا و ڕەنگی شین بواری بینین فراوان دەکەن، چێژ دەبەنە ناو مانا، ئیدی جوانی قەتیس ناکرێت لەیادەوەریەوە، هیچ شتێک لەئازادی پیرۆزتر نیە و پەیوەندی سێکسی لەگەڵ هاورێی هاوسەرەکەی دەبەستێتەوە، جەستە دەبێتەوە بەشێک لەئازادی، وەک ڕەنگ و مۆسیقا بێ سنوور دەبێت، بۆیە دەتوانێت بگەڕێتەوە خانووە کۆنەکەی کەهێشتا نەفرۆشراوە، لێرەوە ئازسادی وابەستەی جوانی و ساتەوەختەکانی بوونن، مانایەک بۆ پیرۆزی ڕابردوو نیە، پیرۆزیەکان لەخودی مرۆڤدان.
هەڵبەت سیناریۆی فیلمەکە تاڕادەیەک نزیکە لەسیناریۆی یەکێک لەزنجیرەکانی دێکالۆگ، لەوێدا پیاوەکە نەمردووە بەلام لەبەردەم مەرگدایە، ژنەکەشی کەوتۆتە نێوان هاوسەر ومیوزیکژەنێکی ترەوە، بەڵام لەرووی چارەسەری درامی و بابەتەوە بەتەواوی لەیەکتری جیاوازن.
ئازادی دەبێتە دەلالەت بۆ تەواوکردنی ئەو سێگۆشە سیمیۆلۆژیە تاوەکو لەگەڵ ئەیکۆن و ئاماژەدا بتوانن دنیای نوێی ئێمە بۆ شۆڕش وئازادی بنووسنەوە، شۆڕش کە مانایەکی بە تاک بەخشی، بۆیە تاک لەو فیلمەدا لەناو ماناکانی ئازادیدا ڕووبەرێکی گرنگ بە بوونی خۆی دەبەخشێت.
ئێمە لەفیلمی دووەمدا “سپی” ئەو ڕەنگەی لەبەفر ولەژندا دەیبینینەوە، پاکیزەیی خۆشەویستی نێوان ژن و نیشتمانە، هەر ئەوەش دەبێتە ، بیرۆکەی سەرەکی ئەم فیلمە، کارەکتەری فیلمەکە هەست دەکات بەبێ یەکێکیان خۆشەویستیەکەی ناتەواوە، بۆیە دەیەوێت هەردووکیان وەک بوون و شوێن لەرووبەرێکدا بەیەکتر بگەیەنێتەوە، کەچی ئەوە سەختیەکی ڕووبەروو دەکاتەوە، دەزانێت دەبێت بەگژ ئەو سەختیانەدا بچێتەوە، تاوەکو بتوانێت یەکێک لەو دوانە لەدەست نەدات، ئێمە کە ئاشنا دەبین پێی ئەو سۆزێکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نیشتمان، بەڵام ژنە فەرەنسیەکەی ئامادە نیە لەگەڵیدا بڕواتە پۆڵەندا، بۆیە ژنە دەیەوێت لەهاوسەرە پۆڵەندیەکەی جیا بێتەوە، جیابووبنەوە بەواتای بێبەشبوون لەهەموو شتێک، رێک دەیکات بە پەناهەندەیەکی تەنیا، دوکان و ماڵ و کارتی بانک هەموو شتێک بۆ ژنە دەگەڕێنێدرێتەوە، ئەوەی بۆ ئەو دەمێنێتەوە تەنیا جانتایەکە، جانتایەک کە ڕەمزی مرۆڤی پەناهەندەیە وەک کەسێک کە ئیدی شوێن نایگرێتە خۆی، ئەو پەناهەندەی خۆشەویستیە، ئەوە خۆشەویستیە دەیخاتە سەر شەقامەکان خۆی و جانتایەک دەیەوێت مۆسیقای پۆڵەندی بژەنێت تا ڕێبوارەکان پارەیەکی کەمی وەک سواڵ پێبدەن، تا پیاوێکی پۆڵەندی دەناسێنێت، ئەوە دەرگایەکە بۆ ڕزگاربوونی لەشوێن و گەڕانەوە بۆ نیشتمان، بەڵام گەڕانەوەیەک بەندە بەلەدەستدانی ژن.
کاتێک هەموو شتێک لەدەست دەدەیت سەرەنجام نابێت وەک مرۆڤ بگەڕییتەوە، تەنیا کەلوپەلیت، بۆیە ئەویش دەخرێتە جانتاکەیەوە، بەڵام کاتێک دزەکان لەفرۆکەخانە کۆمەڵێک جانتا دەدزن ئەویش یەکێکە لەجانتاکان، ئیدی لێرەوە چیرۆکی ئازار و سەختی کۆتایی نایەت، بەڵام ئەو سووربوونەی بۆ کارکردن و پلان دانان بۆ دەستکەوتنی پارە و پلانی وەدەست کەوتنی هاوسەرەکەی پێشووی لەڕێی هێنانی بۆ نیشتمان پێویستی بەووردەکاریی و زیرەکیەوە هەیە، ئەوە ئەو سووربوونەیە کە تیایدا دەبێت سەرکەوێت.
ئەگەر ئەم فیلمە باس لەیەکسانی دەکات، لێرەدا ڕووبەرووی پرسیارێک دەبینەوە: ئاخۆ یەکسانی دادوەرییە؟ کاتێک لەنیوەی فیلمەکەداین هەست دەکەین هیچ دادوەریەک لەیەکسانیدا نیە، وەک کاڕۆل ئەو مرۆڤە پۆڵەندیە لەدادگای فەرەنسیدا ئاماژەی بۆ دەکات، بەهۆی ئەوەی بە فەڕەنسی قسە ناکات، بۆیە ڕێگای نادەن قسە بکات، ئەو بەکەمبایەخ بینینە بۆ زمانێک کە کولتووری ئەویتر وەک نزمە کوولتور دەبینێت، کێشەیەکی کولتووریی گرنگی ناو دنیای سینەمایی کیشلۆڤسکیە، بەردەوام وەک کۆمەڵناسێک کاری لەسەر دەکاتەوە، سەرەنجام خۆشەویستی وەک بوون و شوێن دەکەونە ناو یەک ڕووبەر، ئەوەش بۆ خۆی تێکشکاندنی جیاوازی کولتووری نێوان کولتووری فەڕەنسی وپۆڵەندیە، تاوەکو کولتوورێک نەبێت بە کولتووری سەرەکی و ئەویتریش وەک ووردە کولتوور تەماشا بکرێت.
سوور ناونیشانی سییەم ودواڕەنگی فیلمی سێ ڕەنگە، ئەم فیلمە ڕێکەوت و ڕاستەقینەیەک دەخاتە ڕوو، کە هیچ شتێک کۆتایی نیە، هەموو شتێک شایستەی ئەوەیە ڕوو بدات، ئەوانەی لەچاوەروانی ئێمەدان دۆستی ئەو خانمەی کەوا هەمیشە تەلەفۆن لەگەڵ خۆشەویستیەکەی دەکات چاوەروانین ژوانێک ببەستن، بەڵام هیچ ڕوو نادات، رێکەوتێک کە سەگێک دەپێکێت و دەچێت بەدوای خاوەنەکەی دەبینێت دادوەرێکی خانەنشینە، کە چاودێری بەسەر دراوسێکەیەوە دەکات لەرێگەی تەلەفۆنەوە، سەرەنجام پەیوەندیەک دوور لەچاوەڕوانی لەنێوان دادوەری خانەنشینی بەساڵاچوو لەگەڵ کچە گەنجەکە درووست دەبێت، خەونی پێوە دەبینێت.. خەونەکەی بۆ دەگێڕیتەوە، کچە بەڵێنی پێ دەدات کە خەونەکەی بێنێتە دی، کاتێکیش کچە بەدەریادا سەفەر دەکات کەشتیەکەیان نوقم دەبێت، لەبەخت باشی دادوەری خانەنشین دەبینین کچە ڕزگاری دەبێت، لەناو ڕزگار بووەکاندا چەند کەسێک ڕزگاریان دەبێت یەکێکیان خانمی بێوەژنی فیلمی شینە، ئەویتریش ئەو کارەکتەرەی فیلمی سپیە کە لە فەرەنساوە بەرەو پۆڵەندا دەگەڕێتەوە.
ئەو چارەسەرە درامیە وا دەکات هەرسێ فیلمەکە بەیەکەوە ببەستێتەوە، هەلبەت ئەو شێوازە لەسینەمای واقعی ئیتالیدا وەرگیراوە، کە لەفیلمی “سێ چیرۆک لە ئیتاڵیادا” دەرکەوت، ئەو فیلمەی لەسەرەتای هەشتاکان ئۆرنێللا مۆتی نواندنی تیا دەکرد، سێ چیرۆکی جیاواز هیچ پەیوەندیان بەیەکەوە نیە، کەچی لەکۆتاییدا لەوێستگەی شەمەندەفەر تەواوی پاڵەوانەکانی هەر سێ چیرۆکەکە لەوێ کۆ دەبنەوە.
بەو چارەسەرە بۆ دنیای سینەمایی، کیشلۆڤسکی کۆتایی بەو گەشتە سینەماییەی دێنێت کە بە فیلمی دۆکۆمێنتاری دەستی پێکرد و بەناو فیلمدا هات و بە دە زنجیرە دەستی پێکرد و بە سێ ڕەنگ کۆتایی هات.

نیهاد جامی- پۆڵەندا




“خەونی سۆهراب” سەبارەت بە “سۆهراب سپێهری” شاعیری ناوداری ئێرانی ئامادەی نمایشە … مەنسوور جیهانی

ـ فیلمی سینەمایی “خەونی سۆهراب” لە دەرهێنانی “عەلی قەوی
تەن” سەبارەت بە “سۆهراب سپێهری” شاعری ناوداری ئێرانی دوای دوو ساڵ و بە
یارمەتی ناوەندیی سینەمایی فاڕابی ئامادەی نمایش کردنە.

“عەلی قەوی تەن” سەبارەت بە سازکردنی ئەم فیلمە گوتی: “خەونی سۆهراب”
(رویای سوهراب) سەبارەت بە شاعیرێکی ناودار و خۆشەویستی ئێرانە و بێگومان
خەڵکی پێیان خۆشە کە فیلمێک سەبارەت بە “سۆهراب سپێهری” ببینن کە لە
خەیاڵیاندا هەیە و لە زۆر بەشیشەوە ئێمە ناچاربووین کە لایەنی نەبینراویی
کەسایەتییەکی وەکوو سۆهراب نیشان بدەین و ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە کاری
فیلمساز تووشی گرفت دەکات.

ئەم دەرهێنەرە گوتیشی: لە ساڵی 2012 کەڵکەڵەم بوو و پێمخۆش بوو فیلمێک
سەبارەت بە “سۆهراب سپێهری” سازبکەم. لە کۆتایی ساڵی 2018 دەستمان بە
وێنەگرنی فیلمی سینەمایی “خەونی سۆهراب” کرد و وێنەگرتنی فیلمەکە لە شاری
کاشان زێدی “سۆهراب سپێهری” و هەروەها دەورووبەری ئەم شارە کۆتایی پێهات.

گوتیشی: هەستیاریی سازکردنی ئەم فیلمە، بە پێی دەسکەوتە توێژینەوەییەکانم
و ئەوەی کە دەتوانم لەم شاعیرە بەناوبانگە وێنەیەکی دروست نیشان بدەم،
زۆرترین کەڵکەڵەی من لە “خەونی سۆهراب” بوو. لە لایەکی دیکەشەوە
هەوڵماندا تاکوو کاری ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە لە ماوەی دیاریکراویی
وێنەگرتن کە لەبەرچاومان گرتبوو کۆتایی پێبێت؛ بەڵام قۆناغی وێنەگرتن
کۆتایی نەهات.

قەوی تەن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە ساڵی 2019 دەرفەتێکمان بۆ هاتە
پێشێ تاکوو گرووپی ئەکتەرەکان و ستافی تەکنیکی فیلمەکە بۆ جارێکی دیکە
بانگهێشت بە کار بکەین و 12 ڕۆژ کاتمان بۆ دیاریی کرد تاکوو دەست بە
قۆناغی دووهەمی وێنەگرتن بکەین. پاشان مونتاژ، دەنگدانان و چاککردنی ڕەنگ
و بەشەکانی دیکەش ئەنجام بدەین و لە دەرئەنجامدا فیلمەکە ئامادەی نمایش
بوو.

گوتیشی: ناوەندیی سینەمایی فاڕابی لە قۆناغی پێش بەرهەمهێنان تاکوو ئێستا، دڵسۆزانە
هاوڕێیەتی ئێمەی کردووە. باسی من تەنیا پشتیوانی ئابووریی نییە.
بەرپرسانی ناوەندیی سینەمایی فاڕابی برایانە هاوکارییان کردین و
سەلماندیان کە بە شوێن بەرهەمهێنانی فیلمی پڕبایخ و فەرهەنگییەوەن. لە
کاتی سازکردنی فیلمی سینەمایی “خەونی سۆهراب” ئێمەیان هاندا و هەستمان
دەکرد یارمەتیدەرێک لە پشت ئەم جۆرە سینەماوەیە. هیوادارم کاربەدەستانی
هۆڵە سینەماییەکانی ئێران و هەروەها بەرپرسانی فێستیڤاڵە ناوخۆییەکانیش،
فیلمە فەرهەنگییەکان بە هەند وەربگرن، چونکە ئێمە دەبێت بینەر پەروەردە
بکەین.

“سۆهراب سپێهری” لە ئاسمانی ئەدەبیاتی ئێراندا پێگەیەکی تایبەت بە خۆی
هەیە کە بەشێکی بۆ سازکردنی وێنە و شێوازیی گێڕانەوەی ئەو و بەشێکیشی بۆ
چۆنییەتی گێڕانەوەی نزیکانە و زمانی نەرم و پاکی ئەو دەگەڕێتەوە. ئەو
بەرهەمانەی کە بۆ سەر زمانە جۆراوجۆرەکان وەرگێڕدراوە و تایبەتمەندییەکی
کاریگەریی هەیە و ڕووبەڕووی پەیوەندییەکی جیهانی بۆتەوە.

کەشفە شاعیرانەکەی “سۆهراب سپێهری” لە شێوەکارییشدا خۆی دەرخستووە و
ئەویی بە کەسایەتییەکەی خاوەن شێوازێکی جیاواز نیشانداوە، بە جۆرێک کە
ئەمڕۆکە، بێجگە لەوەی کە لایەنی شاعیریی سۆهراب پێگەیەکی مومتازیی
پێبەخشیوە، بەرهەمە شێوەکارییەکانی ئەو هەروەها تایبەتە و ناویی ئەم
هونەرمەندەی لە ڕیزبەندی نرخی شێوەکاریی مودڕێنی ئێران لە هەڕاجە
هونەرییەکاندا تۆمار کردووە.

عەشق بە ڕیشە شوناسەکان لە تەنیشت جووڵان بەرەو ڕوانینی مۆدێڕن،
نهێنییەکە کە بۆتە هۆی هۆگرانی زۆریی سۆهراب لە نێوان جیلی نێودا و
هەروەها بەرەو هەڵکشاندایە.

بەرهەمهێنانی فیلمێک سەبارەت بە “سۆهراب سپێهری” لە سینەمایەک کە کەمتر
گرینگی بە خەزێنەی شیعر و ئەدەبی خۆیداوە، ڕووداوێکی دڵخۆشکەرە کە
دەتوانێت دەلاقەیەکی نوێی لە پەیوەندیی لەگەڵ جیلی نوێدا لەگەڵ سینەما
بکاتەوە.

ئەکتەرەکانی فیلمی سینەمایی “خەونی سۆهراب” بریتین لە: “مێهدی سوڵتانی”،
“بەهارە کیان ئەفشار”، “لالە ئەسکەندەری”، “تەرڵان پەروانە”، “مینا
جەعفەرزادە”، “حوسێن محەمەدیان”، “فرووغ ئەمجەدی”، “ئەبوالفەزل میری”،
“غەزالە ئەکرەمی”، “داوود خەلیلی”، “حەسەن عەلیڕەزایی”، “موڕتەزا
موڕتەزایی”، “شادی عەزیزی”، “مێهرداد داوەری”، “فاتمە کەرەمپوور”،
“عیرفان پەری ڕوخ”، “دونیا ڕووحی” و “ئەمیریاسان مودەبێرنیا”.




“بێ نیشتمان” سێیەمین فیلمی بڵندی سینەمایی توورج ئەسڵانی لە دوایین قۆناغی تەکنیکی دایە

مەنسوور جیهانی ـ

فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” لە دەرهێنانی “توورج ئەسڵانی” و بە ڕۆڵ بینینی کۆمەڵێک لە ئەکتەرەکانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوایین قۆناغی تەکنیکی دایە.

فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” (بی سرزمین) Landless لە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی سینەماکاری کورد “توورج ئەسڵانی” و بەرهەمی وڵاتی عێراق، دوای وێنەگرتن لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان، ئێستا لە دوایین قۆناغی تەکنیکی دایە.

لە فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی “توورج ئەسڵانی”دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی تیایدا ڕۆڵیان بینیوە.

“توورج ئەسڵانی” وەکوو بەڕێوەبەریی وێنەگرتن ساڵانێکە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکاندا بەشدارییەکی سەرکەوتوانەی بووە و کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێناوە، “بێ نیشتمان” سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی ئەم دەرهێنەرە نوێخوازەی کورد دوای فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” Gold Runner و فیلمی سینەمایی “جینگۆ” GINKGO دێتە ئەژمار.

فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی “ڕەوتە نوێیەکان” New Currents لە بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بووسان” Busan لە شاری بووسان لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایشکرا و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە سینەماییە بوو و لە درێژەدا لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” World Cinema لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا و “توورەج ئەسڵانی” بۆ دەرهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە خەڵاتی “بەهرەمەندی نوێی” New Talent بەدەستهێنا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە، خەڵاتی “گەڵای مێو” و لەوحەی فەخری پێبەخشرا.

ئەم بەرهەمە سینەمایی لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “چاتراپاتی شیواجی” Chhatrapati Shivaji لە وڵاتی هیندستان چووە سەر پەردەی سینەماکان و خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە “توورج ئەسڵانی” و “هادی نادی” بەخشرا.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان”.




فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناوی “یەک خولەک قه‌ره‌نتینه” بەڕێوەدەچێت

مه‌نسوور جیهانی ـ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناونیشانی “یەک خولەک قه‌ره‌نتینه” بە یارمەتی بریکاریی کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی شارەوانی تاران و بە هاوڕێەتی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و سینەماکاران ئێرانی و بیانی بەڕێوەدەچێت.

ئەم فیستیڤاڵە بە مەبەستی هاوبەشی کردنی ئەزموونەکانی خەڵکی جیهان بە درێژایی سەردەمی قه‌ره‌نتینه بۆ خۆڕاگریی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دامەزراوە، تاکوو لە چوارچێوەی کامێڕاکانی خۆیانەوە، ئەزموونە شیرینەکان، تالًَ، دڵەڕاوکێی، بێکاریی، خۆشی و هێوا و تەنانەت مردنیش تۆماربکەن.

لە دەقی بانگەوازیی ئەم فیستیڤاڵەدا هاتووە: “لە مێژووی سەردەمدا، هیچ کاتێک مرۆڤ بەم شێوەیە ئەزموونێکی بەربڵاویی هەست پێنەکردووە کە ترسە هاوبەشەکانیان، لە ماڵەوە ئەزموونی بکەن. بێ گومان، ئەم ئەزموونە خاڵە سەرەتاییەکی دیکەیە بۆ هەموو مرۆڤەکان بۆ درێژەپێدان بە ژیان. هەر بەم پێیە هەوڵماندا فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناونیشانی “یەک خولەک قه‌ره‌نتینه” بخەینەڕێی، تاکوو بتوانین خوڵقاندنی گشتیی لە کەمبوونی کەرەستە و نەبوونی پێداویستی پێویست و جیهازە پێشەییەکان، تاقیبکەینەوە و لە کەمترین، زۆرترین سازبکەین.”

ئەم فیستیڤاڵە بە بابەتی جۆراوجۆر پێناسەکراوە کە بریتین لە:
ـ قه‌ره‌نتینه / ژیان / ئەوین / دین
ـ قه‌ره‌نتینه / بنەماڵە / منداڵان / یارمەتی هەژاران / یارمەتی کەسانی دیکە
ـ قه‌ره‌نتینه / دەروون / تندووتیژی بنەماڵەیی / ئەزموونی تەنیایی / خۆدۆزینەوە
ـ قه‌ره‌نتینه / نەخۆشە تایبتەکان / بەساڵاچووان
ـ بەشی تایبەت / بێ پاوانەکان

هۆگران دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان لە دوو بەشی پیشەیی و ئاماتۆڕ و لە دوو بەشی ناوخۆیی و بیانی بۆ نووسینگەی فیستیڤاڵ، بە ناونیشانی http://miladtower.tehran.ir و یا پەیجی ئینستاگڕامی تایبەت بە فیستیڤاڵ، بە ناونیشانی @One_minute_Quarantine و کەناڵی تێلێگڕامی بە ناونیشانی https://t.me/One_minute_Qurantine ڕەوانە بکەن.

ئەم بەرهەمانەی کە دەگەنە فیستیڤاڵ، لە لایەن “حوسێن شوەندی”، خاتوو “سورەیا تەیمووری” و خاتوو “مریەم ئەدیبی” چاولێدەکرێن و باشترین بەرهەمەکان دەستنیشان دەکرێن و پاشان لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە کە بریتین لە: “رەزا بەنەفشەخواە”، “سەعید سوڵتانی”، “وەحید موووسائیان”، “غوڵامحوسێن شاەعەلی”، “سیرووس کەهووری نیژاد”، خاتوو “ئازیتا مۆوگوویی” و خاتوو “ساغەر خواجەئەمیری” هەڵسەنگاندی کۆتاییان بۆ دەکرێت.

هۆگران دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان لە ڕۆژانی 9ی مەی تا 9ی جوونی 2020 بۆ نووسینگەی فیستیڤاڵ لە تاوەری میلاد لە شاری تاران پێتەختی وڵاتی ئێران ڕەوانە بکەن.

خەڵاتەکان:
بەشی ئاماتۆڕ: سێ نەفەری یەکەم هەر کام هەشت میلیۆن ڕیاڵ، سێ نەفەری دووهەم هەر کام شەش میلیۆن ڕیاڵ و هەروەها سێ نەفەری سێهەم هەر کام پێنج میلیۆن ڕیاڵ.
بەشی پیشەیی: سێ نەفەری هەر کام بیست میلیۆن ڕیاڵ، سێ نەفەری دووهەم هەر کام دە میلیۆن ڕیاڵ و هەروەها سێ نەفەری سێهەم هەر کام حەوت میلیۆن ڕیاڵ.
بەشی نێودەوڵەتی: دوو نەفەری یەکەم هەر کام 400 دوڵار، دوو نەفەری دووهەم هەر کام 300 دوڵار و هەروەها دوو نەفەری سێهەم هەر کام 250 دوڵار.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناونیشانی “یەک خولەک قه‌ره‌نتینه” بە هاوکاریی دامەزراوەی فەرهەنگی ـ هونەری “خۆش نێگار” بەڕێوەدەچێت.




قسە کردن لە گەڵ تەرم … ڕزگار عومەر

فلیمی Concussion فلیمێکە نەبەردیەکانی زانستی، مرۆڤایەتی، حەقیقەت ناسی، ناکۆك
بوونی لەگەڵ بەرژەوەندە گەورە سەرمایەداریەکانی پشتی وەزرش دەداتە بەر رەخنە. لەم فلیمە؛ کە لەچیڕۆکی ڕاستەقینەی دکتۆرێکی نایجیری وەرگیراوە، کە کۆچی کردووە بۆ ئەمریکا، هەموو ئەم پەیوەندیانە ؛ زانست، حەقیقەت، مرۆڤایەتی دەکەونە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی پڕ لە قوربانی .

ئەم دکتۆرە نایجیریە کە کارەکەی تایبەتە بە شیکردنەوەی هۆکارەکانی مردنی ئەو تەرمانەی کە دەگەنە بەردەستی، لە ڕێگای ماندووبونێکی زۆرو پڕ لە هەڕەشە بۆ ژیانی خۆی و هاوسەرەکەی (کە لە ڕێگەی ترساندنی مناڵی یەکەمی لەبار دەچێ) دەگاتە چەند حەقیقەتێکی زانستی پزیشکی.
دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە یاریزانەکانی تۆپی پێ ی ئەمریکی کە پڕە لە توندوتیژی بەریککەوتنی بە هێزی یاریزانەکان بە تایبەتی ” سەریان” لە گەڵ تێپەربوونی کات و تەمەن، ئەم هەموو بەرکەوتنانە کاریگەری لەسەر مێشك و دەماغیان دادەنێ توشی “لەرزینی میشك” و خەمۆکی و زەهایمەری توندو هەلوەسەیان دەکات لە تەمەنی زۆر زوودا.
ئەم دکتۆرە کاتێ لێکۆلینەوەکانی دەست پی دەکات بۆی دەردەکەوێت کە تەنیا لەو شارەی ئەو لی ی نیشتەجێە ١٢ یاریزان بە هۆی ئەم دەردە خۆیان کوشتووە یان ژیانیان لە دەست داوە.
یەكێتی تۆپی پێ ی ئەم شارە، لەگەڵ دادگاکان تەنانەت پۆلیسیش هەمووی لە دژایەتی کردنەوەو سەلماندنی ئەم لێکۆلێنەوە زانستیانەن ، بە یاسا دەمکوتی دکتۆرو هەموو ئەوانە دەکەن کە یارمەتی دەدەن، تەنانەت دەگاتە ئاستێك کە هەڕەشەی دیپۆرت کردنەوەی ” سنورداش”ی لێبکە ن لە ئەمریکاوە بۆ نایجیریا! تەنانەت بەرێوەبەرەکەی چەندی تۆمەتی زۆر ساویلکانەی دەدرێتە پاڵ وەکو بەکار‌هێنانی قەلەم کاغەزو ئامێری فاکس و پێویستەیکانی تاقیگە ، هەموو ئەو فشارانە تەنیا بۆ ئەوە بوو ڕێگە بگرن لە بڵاوکردنەوەی لێکۆڵێنەوەیەکی زانستی کە دەریدەخا پەیوەندیەك هەیە لە نێوان وەرزشێك و نەخۆشیەکی میشك/ دەروونی وەرزشکارەکان.
پرسیارێك کە دێتە پێشەوە بۆ دەبێ دژایەتی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی پزیشکی بکرێت! لە چیڕۆکی ڕاستەقینەی پشتی ڕووداوە نیشان دراوەکانی ئەم فلیمە ڕوون دەبێتەوە ؛ کە ئەگەر تەنیا لە ئەنجامی قەناعەت هاتنی لە سەد ١٠٪ دایك و باوکان و تێگەیشتنیان لەم لێکؤلێنەوەو دان پیانانی فەرمی یەکێتی تۆپی پێ لە بوونی پەیوەندیەك لە نێوان ئەم وەرزشەو ئەم نەخۆشیانەی ئەم لێکۆڵینەوە لە ئەنجامی بەڵگەیی تاقیگەیی بە دەستی هێناوە، ئەوا بەرژوەندیەکانی پشتی ئەم وەرزشە سەدان ملیۆن دۆلار زیان بەر بزنسەکەی دکەوێت.
لە یەکێ لەدیالۆگەکانی ئەم فلیـە ڕستەیەکی زۆر مەترسیدار هەیە، کاتێ بە دکتۆر دەڵین ” پێشووتر ئەمریکا لە هەفتەیەکدا یەك ڕۆژی هەبوو بۆ کەنیسە، ئێستا ئەم ڕۆژە تۆپی پێ بردوویەتی، تۆ دەتەوێ ئەم ڕۆژەش ببەیت؟ “
چەند ساڵیك دوای ئەوەی دکتۆر دەردەکرێت لەم شارە بە زۆرە ملێ و بە هەڕەشەی یاسایی و هتد، یاریزانێکیتر لەهەمان شار خۆی دەکوژێت کە هەمان حاڵەتی یاریزانەکانی پێشووی هەیە!
لە ژێڕ فشاری رای گشتی و خێزانەکانی یاریزانەکان پێداچوونەوە بۆ لێکۆڵینەوە زانستیەکانی دکتۆر دەکرێت و ئیعتیباری ئەکادیمی و پزیشکی پێ دەدرێتەوە، ئەم تۆمەتە ساویلکانەی ئارستەی بەڕێوەبەرەکەی کرابوو هەر هەمووی بەتاڵ دەکرێتەوە، دواتر لە هؤڵێکی گەورەدا دکتۆر قسە بۆ کەس وکارو خێزانی یاریزانەکان/ قوربانیەکان دەکات، ئەم قسە کردنە کە دەکرێ ناوی لێبندرێ ” گوتاری سەرکەوتن” ئەو زۆر بە سادەیی بە ئامادەبووان دەڵێت من لە “جیاتی قوربانیەکان قسە دەکەم “.

ڕستە بە ڕستەی دیالۆگەکانی ئەم فلیمە گوشراوێکی خستی حەقیقەتن، دکتۆر لەسەرەتای دەست پێکردن بە کارەکەی ڕەخنەی زۆری لیدگرن و گاڵتەی پیدەکەن ، چونکە ئەو لە گەڵ تەرمەکان قسەی دەکرد!
کە تەرمێک دەهاتە پێشی بۆ ئەوەی هۆکاری مردنی بزانێت ، دەستی بەسەر قژو سەری تەرمەکە دادەهێنا و دەیووت ” ئازیزم ، هیچ نیە، ئێستا هۆکاری مردنەکەت” دەدۆزینەوە ، کاتێ بەرەو ڕووی بوونەوە پێیان ووت تۆ چۆن دەبێ قسە لە گەڵ تەرم بکەیت ؟ ئەو ووتی ” من دکتۆرم دەبێ ڕێز لە نەخۆشی خۆم بگرم ” وەك بڵێ ی لەلای ئەو تەرم فۆرمێکیتری بەردەوامی ژیان بێت!




گرنگی سینەما لەسەردەمی کرۆنا ومرۆڤ بەگشتی … دانا محمد عبدوڵا

یەكێك لەو دەزگایانەی بایەخێكی زۆری هەیە‌و كاریگەریی بەهێزی هەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ سینەمایە، واتە سینەما دەتوانێت كاریگەریی لەسەر تێروانین و بیرکردنەوە و چۆن ژیانی مرۆڤ هەبێت ، سینەما خۆی لە خۆیدا هۆكارێكە بۆ درووستكردنی پەیوەندیی لە نێوان ئێمە‌و ئەوانی تردا
هونەر شێوەیەكی گشتی وەك (تۆڵستۆی) دەڵێت بریتییە لە هۆكاری پەیوەندیی (communication) لە نێوان تاكەكاندا، واتە پەیوەندیی لە نێوان ئەو كەسەی كە ئەدای هونەرەكە دەكات لەگەڵا كەسی وەرگر، بۆیە ئەم پێناسەیەی (تۆڵستۆی) سەبارەت بە هونەری سینەما‌و فیلم، راستتر دەكەوێتەوە، شاشە بەگشتی‌و شاشەی سینەما بەتایبەتی، بەردەوام بە یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی پەیوەندیی ناسراوە، سینەما هەمیشە هەوڵی داوە جۆرێك لە هۆگریی‌و پەیوەستبوون لە نێوان خۆی‌و بینەردا درووست بكات‌و لەو پێناوەشدا خۆی بە ئۆرگانێكی زیندووی كۆمەڵگە ناساندووە‌و سوودی لە سەرجەم ئەو بابەت‌و دیاردانە وەرگرتووە كە کۆمەڵناسی و دەروونناسی بە وردی لەسەریان وەستاوە‌و بەردەوام كەرەستەی توێژینەوە‌و باس‌و خواسی زانایان بووە… هەر بۆ نموونە گرنگترین بابەت كە لە دەروونناسییدا بایەخی تایبەتی پێدراوە‌و لە فیلم‌و سینەماشدا بە زەقی رەنگی داوەتەوە (زمانی قسەكردن‌و زمانی جەستە بووە)، ئەم دوو بوارە لە گرنگترین‌و كاریگەرترین هۆكاری درووستكردنی كۆنتاكت‌و پەیوەندیین‌و لە سینەماشدا بایەخی زۆریان پێ دراوە، لە دەروونناسیشدا‌و بە تایبەتی دەروونناسی گەشە‌و كۆمەڵایەتی گرنگیی‌و پێگەی خۆیان هەیە.
بەشێكی گرنگی سینەماش لەم دوو بەشە پێك دێت، دیالۆگ‌و ئاكتین، هەردووكیان ئامانجەكە تێیدا ئەوەیە پەیوەندیی لە نێوان خۆی‌و بینەر یاخود وەرگردا درووست بكات‌و بە ناڕاستەوخۆیی‌و لە رێگەی شاشەوە پەیامێك بە بینەر بگەیەنێت. لە دەركەوتنی سینەماوە رۆڵی كاریگەریان لە ئاڕاستەكردن‌و درووستكردنی دونیابینی مرۆڤ بۆ بابەتە سیاسی‌و ئابوری وكۆمەڵایەتی‌و دەروونییەكان لە ئاستێكی بەرزدا هەبووە، بەتایبەت ئەو گەلانەی كە هۆگرییان بۆ شاشە هەبووە،
بە بەڵگە دەركەوتووە تێڕوانینی مرۆڤی ئەمریكی
تا ئاستێكی زۆر كەوتۆتە ژێركاریگەریی فیلمەكانی هۆڵیودەوە، (سكیب داین یونگ) لەو كتێبەی باس لەوە دەكات كە ماوەیەك لە ئەمریكا لە ژێر كاریگەریی ئەو فیلمانەی لە هۆڵیوود بەرهەم دەهێنران، مامەڵە‌و تێڕوانینی خەڵك گۆرانیان بەسەردا دەهات ، یاخود نیگاكردنی خەڵك بە شێوەیەكی سلبی‌و ئیجابی گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە،
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی سینەما زۆرجار دەبێتە سەرچاوەی دونیابینی خەڵك بۆ ژیان‌و دید‌و تێڕوانینی بینەر یاخود وەرگر بۆ شتەكانی دەوروبەری، بۆیە فیلم دەكرێت جۆرێك بێت لە روئیا‌و دونیابینی بۆ ئەو دیاردانەی كە ئێمە دەیانبینین.




جۆكه‌ر .. ئه‌و فیلمه‌ی زێتر له‌ ملیار دۆلار داهتی بوو … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

دایكم ئامۆژگاری ده‌كردم هه‌میشه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ به‌سه‌ر لێومه‌وه‌ بێت و به‌خته‌وه‌ربم، بۆیه‌ ده‌بێت ته‌نیا ئامانجێكم ئه‌وه‌ بێت كه‌خۆشی و پێكه‌نین بۆ جیهان ده‌سته‌به‌ر كه‌م..
ئه‌مه‌ دیالۆگێكی (ئارسه‌ر فلیك) ی قۆشمه‌بازه‌ له‌فیلمی (جۆكه‌ر) كه‌ فیلمێكی ئه‌مریكیه‌ له‌ده‌رهێنانی (تود فلیبس) و پاڵه‌وانیه‌تی (خواكین فینیكس) ه‌ كه‌بۆ ئه‌مساڵ له‌فیستیڤاڵی ئۆسكاری سینه‌مایی دا بوو به‌ناودارترین فیلمی سه‌رده‌م و بۆ 9 خه‌ڵاتی ئۆسكار پاڵێوراو سێ‌ له‌و خه‌ڵاتانه‌ی به‌ده‌ست هێنا، له‌وانه‌: خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر بۆ (خواكین فینیكس) و خه‌ڵاتی باشترین موزیكی وێنه‌یی درا به‌ (هیلدۆر گونادوتیر) و خه‌ڵاتی باشترین دیزاینی جلوبه‌رگ ، جگه‌ خه‌ڵاتی (شێری زێڕین ) له‌ فیستیڤاڵی ڤینیسیای سینه‌مایی.
فیلمه‌كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌مێژووی سینه‌مادا بوو به‌خاوه‌نی زۆرترین داهات و زێتر له‌ یه‌ك ملیار دۆلاری به‌ ده‌ست هێنا، پێشتر له‌چه‌ندین فیستیڤاڵدا نمایش كراوه‌، له‌وانه‌ له‌فیستیڤاڵی ڤینیسیا، تۆرنتۆ، نیۆیۆرك، هامبۆرگ، زیورخ، به‌ڵام دوای نمایش كردنی له‌ئۆسكارو به‌ ده‌ست هێنانی خه‌ڵاته‌كان فیلمه‌كه‌ كه‌وته‌ قۆناغێكی تر له‌سه‌ركه‌وتن و به‌ده‌ست هێنانی داهات.
ئاراسته‌ی فیلمه‌كه‌:
فیلمه‌كه‌ گوتارێكی مرۆیی به‌خۆیه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت و ده‌یه‌وێت بڵێت زۆر جاران كۆمه‌ڵگا له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بۆ بونیاتنانه‌وه‌ی مرۆڤ و چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی بدات، كه‌چی مرۆڤ ناچار ده‌كات به‌ره‌و رووخان و تاوانكاری بچێت، له‌ئه‌نجامی به‌كه‌م زانین و سوكایه‌تی پێكردن و قۆرخ كردنی تاك به‌ره‌و ژێر ده‌سته‌یی و دۆڕاندنی به‌ها مرۆییه‌كانی.
فیلمه‌كه‌ ده‌ڵێت: هه‌ندێ‌ جار مرۆڤ له‌دڕه‌نده‌ بێ‌ به‌زه‌یی تر ده‌بێت و به‌ده‌ست به‌خوێن بوون و رق نه‌بێت ناتوانێت له‌كۆمه‌ڵگادا جێی خۆی بكاته‌وه‌، ته‌نها له‌رێگه‌ی دڵ ره‌قی ده‌توانیت هه‌بیت..به‌مه‌ش به‌هایه‌ك بۆ مرۆڤ به‌جێ‌ ناهێڵێ‌ له‌سه‌رده‌می نوێ‌ دا .
چیرۆكی فیلمه‌كه‌ له‌ره‌سه‌ندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1981 كاتێ‌ (ئارسه‌ر فلیك) ی ئه‌كته‌ری كۆمێدی و لیبۆكی ئاهه‌نگه‌كان له‌گه‌ڵ دایكه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی له‌شاری غوسام ده‌ژین .
ئارسه‌رـ دووچاری نه‌خۆشیه‌كی ئه‌قڵی بۆته‌وه‌، ئه‌م نه‌خۆشیه‌ وای لێ‌ ده‌كات ناوه‌ ناوه‌ به‌بێ‌ هۆو له‌ كاتی نه‌گونجاودا له‌خۆیه‌وه‌ پێبكه‌نێ‌ ، بۆ چاره‌سه‌ریش پشت به‌خزمه‌تگوزاریه‌كانی حكومه‌ت ببه‌ستێت.
هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ بێ‌ نرخ بوون و لاوازی خۆی ده‌كات، ئه‌و ئامانجه‌ی دایكی فێری كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌نین و ئاسووده‌یی به‌خه‌ڵكی ببه‌خشێت هیچ نرخ و به‌هایه‌كی نیه‌ له‌كۆمه‌ڵگایێكی دڵ ره‌قدا، رۆژێكیان كاتێ‌ له‌ شه‌قامێكی غوسام دروشمێكی هه‌ڵگرتووه‌ للایه‌ن چه‌ند گه‌نجێكی سه‌ره‌ رۆ گاڵته‌ی پێ‌ ده‌كه‌ن و ئازاری ده‌ده‌ن، بۆیه‌ راندال ـ ی هاوڕێ‌ ی ده‌مانچه‌یه‌كی ده‌داتێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و حاڵه‌تانه‌دا به‌رگری له‌خۆی بكات..
كاتێ‌ له‌نمایشێكی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی منداڵاندا نمایش پێشكه‌ش به‌نه‌خۆشه‌كان ده‌كات، ئارسه‌ر ده‌مانچه‌كه‌ی له‌ گیرفانیدا ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌كاره‌كه‌ی دوور بخرێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی (راندال)ی هاوڕ ێ‌ ی درۆی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵده‌به‌ستێ‌ كه‌ (ئارسه‌ر) ده‌مانچه‌كه‌ی لێ‌ كڕیووه‌، بۆیه‌ به‌خه‌فه‌تباری كاره‌كه‌ی به‌جێ‌ دێڵێ‌ و سواری شه‌مه‌نده‌فه‌رێك ده‌بێت سێ‌ گه‌نجی تێدایه‌، ئه‌و سێ‌ گه‌نجه‌ شه‌ڕ به‌ژنێك ده‌فرۆشن و گاڵته‌ی پێ‌ ده‌كه‌ن، (ئارسه‌ر) له‌و كاته‌دا پێكه‌نینه‌ نائاساییه‌كه‌ ده‌یگرێ‌، له‌مه‌دا سێ‌ گه‌نجه‌كه‌ توڕه‌ ده‌بن و ده‌یانه‌وێ‌ لێی بده‌ن، به‌ڵام (ئارسه‌ر) وه‌ك به‌رگری كردنێك دوو له‌وان ده‌كوژێ‌، پاشان دوای سێیه‌میان ده‌كه‌وێ‌ تا نه‌یكوژێ‌ وازی لێ‌ ناهێنێ‌.
ئه‌م هه‌واڵه‌ وروژێنه‌ره‌ له‌ میدیاكاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، شاری غوسام ده‌خرۆشێنێ‌، زۆرێك دڵخۆشن پێی به‌ تایبه‌ت هه‌ژارو نه‌داره‌كان، زۆرێكیش پێی دڵته‌نگن وه‌ك ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، ئه‌وه‌تا ( تۆماس واین ) باسی ئه‌وه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی به‌خیلی به‌كه‌سانی سه‌ركه‌وتوو ده‌به‌ن لیبۆكه‌كانن.
له‌وێوه‌ خۆ نیشاندان دژی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی غوسام ده‌ست پێده‌كات، بۆیه‌ هه‌موو خۆنیشانده‌ره‌كان ده‌مامكی لیبۆكه‌كانی چه‌شنی ئارسه‌ر له‌ به‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ وا ده‌كات حكومه‌ت ده‌رمانی چاره‌سه‌ر له‌ (ئارسه‌ر) ببڕێ‌ .
دواتر كاره‌كانی (ئارسه‌ر) ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاژاوه‌ له‌هه‌موو شاره‌كه‌دا سه‌ر هه‌ڵبدات و له‌ئه‌نجامدا تۆماس و هاوسه‌ره‌كه‌ی بكوژرێن، ئارسه‌ریش زێتر روو له‌تاوانه‌كانی بكات و دایكی خۆی بخنكێنێ‌ و راندالی هاوڕێشی به‌ دڵره‌قتریین شێوه‌ خه‌ڵتانی خوێن بكات، پاشان به‌هۆی كوشتنی پێشكه‌ش كاری نمایشه‌كان له‌ناو هۆڵی شانۆدا ئاسه‌ر راده‌كات، به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت، ئارسه‌ر له‌په‌جه‌ره‌ی ئۆتۆمبیلی پۆلیس ئه‌و خۆ نیشاندانه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌بینێ‌ كه‌ سه‌راپای شاری گرتۆته‌وه‌ ، ده‌ست ده‌كات به‌پێكه‌نین، له‌و كاته‌دا ئۆتۆمبیلێكی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ خۆی به‌ئۆتۆمبیلی پۆلیس دا ده‌كێشێ‌ و ئارسه‌ر رزگار ده‌كه‌ن، ئه‌و كاته‌ خوێن له‌شێوه‌ی پێكه‌نین به‌سه‌ر روخساریدا ده‌رژێ‌، هاوكوف له‌گه‌ڵ دروشمی حۆ نشانده‌ران و را ده‌كات له‌دوایه‌وه‌ شوێن پێیه‌كانی بخوێن ده‌رده‌كه‌وێ‌ .
(خواكین فینیكس ) گه‌وره‌ترین ئه‌كته‌ری سه‌رده‌م:
به‌پێی بۆچوونی ره‌خنه‌گران (خواكین فینیكس ) ئه‌دایه‌كی ئه‌وتۆی له‌ فیلمه‌كه‌دا كردووه‌، كه‌ به‌پێی قسه‌ی ئه‌وان ئه‌دای وا سه‌رسوڕێنه‌ر دووباره‌ نابێته‌وه‌، بۆیه‌ ناوی ئه‌كته‌ری سه‌رده‌می لێندراوه‌.
ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ ماوه‌یه‌كی زۆر خه‌رێكی خۆ ئاماده‌كردن بووه‌ بۆ بینینی رۆڵی ( ئارسه‌ر) سه‌ره‌تاش له‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، كه‌ له‌ش و لارێكی گونجاو بۆ خۆی دروست بكات كه‌ له‌ له‌شولاری ( جۆكه‌ر) گونجاو بێت بۆ ئه‌مه‌ش 23 كیلۆگرامی له‌ كێشی خۆی دابه‌زاندووه‌.
هه‌روا چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی پێكه‌نینی نه‌خۆشه‌ ده‌روونیه‌كانی پێكه‌نین كردووه‌، ویستویه‌تی وێنه‌ی كاراكته‌رێك نیشان بدات ، كه‌ جیاواز بێت له‌ جۆكه‌ره‌كانی تر، چه‌ند كتێبێكی خوێدۆته‌وه‌ ده‌رباره‌ی تیرۆری سیاسی، تا له‌ شێوه‌ی ئه‌م جۆره‌ كوشتارییه‌ رابێت.
خواكین ـ له‌دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی دا دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی له‌ فیلمی جۆكه‌ر به‌ده‌ستی هێنا گوتی : تا ئێستا چه‌ندین فیلم له‌ژێر ئه‌و ناونیشانه‌ ئه‌نجام دراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئاره‌زوومان بوو فیلمێكی جیاواز بكه‌ین كه‌ له‌ هه‌موو فیلمه‌كانی تری له‌م جۆره‌ جیاواز بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ پێویستیمان به‌جۆرێك له‌ئازادی دان به‌خۆمان هه‌بوو، ئه‌م ئه‌ركه‌ بۆ( تود) زۆر گرنگ بوو كه‌ نووسه‌ری سیناریۆكه‌ بوو، من كه‌ تێكست و سیناریۆكه‌م خوێنده‌وه‌ هه‌ستم كرد كه‌ پێشتر شتی وام نه‌خوێندۆته‌وه‌.
ئه‌و رۆڵه‌ بۆمن جێگه‌ی بایه‌خ بوو كه‌ بزانم چۆن (ئارسه‌ر) له‌ ( جۆكه‌ر) دا به‌رجه‌سته‌ بكه‌م، به‌تایبه‌ت زمانی جه‌سته‌ لای ئارسه‌ر ، وه‌ك كه‌سێكی هه‌میشه‌ شڵه‌ژاو،كه‌ هه‌ست به‌ ده‌سته‌پاچه‌یی و نه‌مانی ئه‌مان ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆكه‌ره‌ی هه‌ست به‌ئاسووده‌ی ته‌واو ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌خۆی، بۆیه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگ بوو بتوانین ئه‌و دوو لایه‌نه‌ له‌كه‌سایه‌تی دا به‌گرنگ وه‌ربگرین,
كه‌ لێی ده‌پرسن : پێگه‌كانی وێنه‌ گرتنت چۆن بینی؟ وه‌ك غوتام سیتی؟
ده‌ڵێت : به‌ڵێ‌ نیۆیۆرك ، زۆر سه‌رنج راكێش بوو، ئێمه‌ له‌شوێنی زۆر گرنگ فیلمه‌كه‌مان وێنه‌ گرت، ئه‌و شوێنانه‌ی بۆ وێنه‌ گرتن دروستیان كردبوو زۆر گرنگ و سه‌رنج راكێش بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر توانستی خۆی له‌ئه‌داو نواندندا له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی وه‌رده‌گرێت و له‌گه‌ڵیدا ئاوێته‌ ده‌بێت،
لێی ده‌پرسن : له‌ منداڵیدا تا چه‌ند هۆگری كتێبی وێنه‌دار بوویت ؟ هه‌ستت ده‌كرد وێنه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ ببێته‌ مایه‌ی هۆگر بوونی خه‌ڵكی پێیانه‌وه‌؟
ده‌ڵێ‌ : به‌ڵێ‌ له‌منداڵی زۆر خۆم سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ ده‌كرد.
ـ كاتێ‌ فیلمه‌كه‌ پێش كه‌ش به‌جه‌ماوه‌رێكی جیهانیی كرا، تۆ هه‌ستت چی بوو؟
ـ من له‌ دوا ده‌ خوله‌كی كۆتایی فیلمه‌كه‌ هاتم، بۆیه‌ فیلمه‌كه‌م نه‌بینی، حه‌زم نه‌ده‌كرد له‌و كاته‌دا له‌سینه‌ما بم و له‌گه‌ڵ بینه‌ردا دانیشم، ره‌نگه‌ من وه‌ك تۆ نه‌توانم ته‌ماشای فیلمه‌كه‌ بكه‌م، چونكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر دیمه‌نێكدا، ده‌بوا هه‌ناسه‌ی ئه‌وه‌ هه‌ڵكێشم كه‌ فیلمه‌كه‌ ئاوا بواو ئاوا نه‌بوایه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ بۆ من خۆش نه‌بوو.
موزیكی وێنه‌یی فیلمه‌كه‌:
له‌ پێش بڕكێی موزیكی وێنه‌یی دا موزیك خه‌ڵاتی ئۆسكاری به‌ده‌ست هێناو ره‌خنه‌گران وای بۆ ده‌چن كه‌ به‌شێك له‌فاكته‌ره‌كانی سه‌ركه‌وتنی فیلمه‌كه‌ موزیكه‌، به‌تایبه‌ت بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی دیمه‌نه‌ وروژێنه‌ره‌كانی ترس و تاوان، له‌وانه‌ش پارچه‌ موزیكی (كۆل می جۆكه‌ر) كه‌ خاتوو(هیلدر جونادوتیر) ئاماده‌ی كردووه‌.
ره‌خنه‌گران و جۆكه‌ر :
دوای نمایش كردنی فیلمی جۆگه‌ر بیرو رای جیا جیای زۆر ده‌رباره‌ی فیلمه‌كه‌ ده‌وروژان، خواكین ـ ی پاڵه‌وانی فیلمه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ دوای نمایش كردنی فیلمه‌كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار منداڵ و خوشك و براكانی خۆمم له‌گه‌ڵ دابوون، كه‌ گه‌ڕینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ گوێم له‌بیروراكانیان گرتبوو هه‌ر یه‌كه‌و به‌شێوه‌یه‌ك باسیان لێوه‌ ده‌كردو منیش گوێم لێ‌ گرتبوون، دڵ خۆش بووم به‌وه‌ی بیروراكان لێكتر جودا بوون.
به‌هه‌مان شێوه‌ به‌شێك له‌ ره‌خنه‌گره‌كان پێیان وا بوو فیلمه‌كه‌ هانی ئاژاوه‌گێڕی ده‌دا، چونكه‌ جۆكه‌ر كه‌ كه‌سێكی له‌ یاسا ده‌رچووه‌، كۆنترۆلی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، له‌ئه‌نجامی ئه‌و فشاره‌ ده‌روونیانه‌ی ده‌خرێته‌ سه‌ری، بۆیه‌ له‌زۆربه‌ی هۆڵه‌كانه‌ی سینه‌ما رێگایان به‌بینه‌ر نه‌دا ماسك له‌گه‌ڵ خۆیاندا ببه‌نه‌ هۆڵی سینه‌ما له‌ترسی ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ی بینه‌ران.
ده‌رهێنه‌ره‌ فیلمه‌كه‌ ده‌ڵێت: من ئه‌و جیاوازیه‌م له‌بیرورادا پێ‌ خۆشه‌، ده‌رباره‌ی هه‌ر پرسێك له‌فیلمه‌كه‌دا چونكه‌ پێم وایه‌ ئه‌م جیاوازییه‌ له‌قازانجی ئێمه‌ دایه‌، من مه‌به‌ستم نه‌بووه‌ خه‌ڵك هان بده‌م بۆ توندو تیژی، یان كرده‌وه‌كانی ئارسه‌ر نوێ‌ كه‌مه‌وه‌.
هه‌روه‌ها (كۆمه‌ڵه‌ی فیلمی ئه‌مریكی) فیلمی جۆكه‌ری ته‌رخان كرد ته‌نها بۆ به‌ ته‌مه‌نه‌كان، چونكه‌ فیلمه‌كه‌ زۆر دیمه‌نی توندوتیژی و تاوان و خوێنی تێدایه‌.
رۆژنامه‌ی (دیلی میل) ی به‌ریتانی ده‌ڵێت: زۆر له‌بینه‌ران له‌هه‌موو جیهاندا له‌كاتی نمایشدا رایان كردۆته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌هۆی دیمه‌نه‌ تاوانكارییه‌كان و داوایان كردووه‌ فیلمه‌كه‌ رابگیرێ‌، هه‌ندێ‌ له‌هۆڵه‌كانیش هه‌ڕه‌شه‌یان لێ‌ كراوه‌ به‌راگرتنی فیلمه‌كه‌.
بینه‌رێك كه‌ هۆڵی سینه‌مای به‌جێ‌ هێشتبوو له‌كاتی نمایش دا ده‌ڵێت : فیلمه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ كاری لێ‌ كردم به‌شێوه‌یه‌كی سایكۆلۆژی ئه‌قڵی بینه‌ر ده‌گۆڕێت، چی نه‌مابوو منیش ببم به‌ئاژاوه‌گێڕو تاوانبارێك بۆیه‌ زوو هۆڵه‌كه‌م به‌جێ‌ هێشت.

حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان




به‌فری گه‌رم له‌ نێوان خه‌ڵات و ره‌خنه‌دا … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

له‌ كورته‌ فیلمی ( به‌فری گه‌رم) ی ده‌رهێنه‌ر ( عه‌دنان عوسمان) كه‌ خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی له‌ فیستیڤاڵی سینه‌مای دژ به‌ تیرۆر به‌ ده‌ست هێنا، سیناریۆی یه‌كێ‌ له‌و تراژیدیا پڕ له‌مه‌رگه‌ساتانه‌ی سه‌رده‌می داعش ده‌بینین كه‌ چۆن ژن و پیاوو منداڵێك له‌تاو خۆ رزگار كردن له‌مه‌رگ له‌ ده‌ست تاوانكاران راده‌كه‌ن و روو له‌ناوچه‌یكی شاخاوی پڕ له‌به‌فرو به‌سته‌ڵه‌كی ه‌مین رێژكراو ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه‌ به‌ره‌و شوێنێكی ئارام بچن.
له‌رێگادا له‌نێو كه‌شو هه‌وای ساردو شه‌خته‌به‌ندی به‌فرو، لووره‌ لووری گورگ و، سه‌رماو سۆڵه‌ی كوشنده‌، به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خت و دژواره‌ ناگرن، ناتوانن به‌رده‌وامی به‌ رۆیشتن بده‌ن، بۆیه‌ ژنه‌كه‌ مۆرالی به‌رده‌وام بوونی ده‌ڕوخێ‌ و به‌سه‌ر مێرده‌كه‌ی دا هاوار ده‌كات، بۆ ئه‌و كاره‌ساته‌ت به‌سه‌ر هێناین، كه‌ ده‌تزانی تووشی ئه‌و هه‌موو ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاره‌ ده‌بین، فه‌رموو تابلۆكانت بسووتێنه‌ باخۆمانی پێ‌ گه‌رم كه‌ینه‌وه‌، بۆ تابلۆكانت ئه‌وه‌نده‌ به‌ نرخ بوون ؟ ئه‌وه‌نده‌ لات خۆشه‌ویست بن نه‌یانسووتێنی ؟ پیاوه‌كه‌ كه‌ تاقه‌ شتێك له‌گه‌ڵ خۆی هێنابێت بۆ ئه‌و كۆچه‌، تابلۆكانی بوو كه‌ نه‌یتوانی به‌ جێیانی بیڵێ‌، ئه‌و تابلۆیانه‌ به‌لای ئه‌وه‌وه‌ به‌نرخترین سه‌رو سامانی بوو.
ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رماو سۆڵ ته‌نگی پێ‌ هه‌ڵچنین و شتێكییان له‌و ناوه‌ به‌فراویه‌دا شك نه‌ده‌برد كزه‌ ئاگره‌كه‌یانی پێ‌ جۆش بده‌ن، كه‌چی هێشتا ده‌ستی نه‌ده‌چووه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و تابلۆیانه‌ی خۆی بسووتێنێ‌ و منداڵ و ژنه‌كه‌ی له‌ ته‌وژمی سه‌رما رزگار بكات …بۆیه‌ به‌ ژنه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ئه‌ی تۆ نه‌بووی ده‌تگوت با بڕۆین ئه‌گه‌ر له‌ئه‌شكه‌وتێكیشدا بژین له‌وه‌ باشتره‌ بمان كوژن ؟
ژنه‌كه‌ كه‌ شتێ‌ له‌و له‌حزه‌یه‌دا به‌هانای نه‌ده‌هات هه‌ره‌شه‌ی له‌ مێرده‌كه‌ی ده‌كرد بگه‌ڕێنه‌وه‌ له‌مردنی ناو به‌فر باشتره‌، ئه‌وان به‌رگه‌ی سه‌رماو ره‌وه‌ گورگێكی تر ناگرن، كه‌ له‌ پێشیانه‌وه‌ ره‌وه‌ گورگی چیاكان و له‌ دواوه‌شیانه‌وه‌ ره‌وه‌ گورگێكی تری داعش بوون، له‌و نێوه‌نده‌دا نه‌یده‌زانی كامه‌ مردن هه‌ڵبژێرێ‌، بۆیه‌ ده‌ستی كوڕه‌كه‌ی گرت به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌مجاره‌ پیاوه‌كه‌ ناچاری ئه‌وه‌ بوو پێ‌ له‌جه‌رگی خۆی بنێ‌ و یه‌كه‌ یه‌كه‌ی تابلۆكانی به‌ده‌سته‌كانی خۆی بسووتێنێ‌، له‌و ساته‌ وه‌خته‌دا ره‌نجی هه‌موو ته‌مه‌نی بۆ ئه‌و له‌ته‌نیا گڕه‌ ئاگرێك به‌نرختر نه‌بوو.
دواتر دوای شه‌وێكی خۆ گه‌رم كردنه‌وه‌ به‌سوتانی تابلۆكان و خۆ گه‌رم كردنه‌وه‌ به‌ له‌ئامێز كردن و ماچی گه‌رمی ژنه‌كه‌ی شه‌و ده‌به‌نه‌ سه‌ر، بۆ به‌یانی كه‌ رۆژ ده‌بێته‌وه‌ به‌ڕێ‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌، به‌ڵام له‌رێگادا ده‌كه‌ونه‌ ناو چاڵێكی مین و چاره‌نووسه‌ ره‌شه‌كه‌ روو به‌ روویان ده‌بێته‌وه‌و ده‌ته‌قنه‌وه‌ و ده‌مرن .

ئاماج و فه‌لسه‌فه‌ی فیلمه‌كه‌:

ده‌رهێنه‌ر له‌داڕشتنی ئه‌و سیناریۆیه‌داو له‌ چوارچیوه‌ی رووداوو دیالۆگه‌كاندا وه‌ك پێویست ده‌ست نیشانی زه‌مه‌نی نه‌كردووه‌، بینه‌ر ده‌زانێت ئه‌و ژن و مێردو منداڵه‌ ئه‌و رێگه‌ سه‌خته‌ به‌فرینه‌ ده‌گرنه‌به‌ر، ده‌یانه‌وێت رابكه‌ن، به‌ڵام نازانێ‌ بۆچی راده‌كه‌ن! به‌ره‌و كوێ‌ ده‌چن!
ژنه‌كه‌ كاتی خۆی گوتبووی بچین له‌ئه‌شكه‌وتێكا بژین له‌وه‌ باشتره‌ بمان كوژن.
ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وان له‌ده‌ست كوشتن راده‌كه‌ن، به‌ڵام كێ‌ ده‌یان كوژێ‌؟ ده‌رهێنه‌ر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌هیچ گرته‌یه‌ك و دیالۆگێكدا ناوی داعش یان تیرۆرستانی نه‌بردووه‌، به‌ڵام له‌ده‌ستپێكی فیلمه‌كه‌ی دا چه‌ند دێرێكی به‌ زمانی ئینگلیزی نووسیووه‌ كه‌گوایه‌ ئه‌وانه‌ له‌ده‌ست داعش راده‌كه‌ن، به‌مه‌ش ئامانجی سه‌ره‌كی فیلمه‌كه‌ی بۆ بینه‌ر نادیار كردووه‌.
سیناریۆكه‌ له‌رووی بیرۆكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ر ئه‌و بۆشاییانه‌ی پڕ كردایه‌وه‌ و هه‌ندێ‌ گۆڕانكاری له‌ هه‌ندێ‌ دیمه‌ندا بكردایه‌ سیناریۆیه‌كی كاریگه‌رتر ده‌بوو، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر دیمه‌نی سووتانی تابلۆكانی هه‌ڵگرتایه‌ و وێنه‌یه‌كی جوانتر له‌وه‌ی پێ‌ ببه‌خشیبوایه‌، به‌شێوه‌یه‌ك مردنی به‌گه‌وره‌تر نه‌زانیبوایه‌ له‌ تابلۆكانی، دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ تابلۆكانی هه‌ر له‌ئامێز بونایه‌، یاخود منداڵه‌كه‌ی به‌ زیندوویی به‌جێ‌ هێشتایه‌و منداڵه‌كه‌ وه‌ك نه‌وه‌ی ئاینده‌ تابلۆكانی له‌ ئامێز گرتایه‌، ئه‌و كات هه‌م كاراكته‌ره‌كه‌ به‌هێزتر ده‌بوو، هه‌م هونه‌ریش وه‌ك گوتارێكی ئاشتی خوازانه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌مردن له‌ناو نه‌ده‌چوو.
به‌گشتی فیلمه‌كه‌ نه‌فه‌سی كورته‌و خراوه‌ته‌ نێو چوارچیوه‌ی كورته‌ فیلم و ماوه‌كه‌ی ته‌نها 19 خوله‌كه‌، ده‌رهێنه‌ر كاتی پێویستی به‌ده‌سته‌وه‌ نیه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی زۆر رووداوو گرته‌ی دیكه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر خۆی و ئێمه‌ش ئاواتمان بۆی ده‌خواست ،چونكه‌ كه‌شو هه‌وای سیناریۆكه‌ زۆر له‌بار بوو بۆ ئه‌وه‌ی فیلمه‌كه‌ سنووری كورته‌ فیلم جێ‌ بێڵێ‌ و ببیێته‌ فیلمێكی درێژ، پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سیناریۆیه‌ تێر كرابوایه‌، هه‌ندێ‌ گۆڕانكاری له‌ دیمه‌نه‌كانی ئه‌نجام درایه‌، ده‌بوو به‌یه‌كێك له‌ فیلمه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان .

ده‌رهێنان :

ده‌رهێنه‌ر له‌ده‌ستپێكی (به‌فریگه‌رم ) بایه‌خێكی گرنگی به‌ سیناریۆ داوه‌، كه‌ بۆته‌ بنه‌مایه‌كی هه‌ره‌ مكۆم بۆ چاره‌نووسی فیلمه‌كه‌ی، سیناریۆكه‌شی به‌ خۆی داڕشتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌ربه‌ستیه‌ك به‌خۆی بدات بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی بیریان لێ‌ ده‌كاته‌وه‌، ئامرازه‌كانی سیناریۆشی خستۆته‌ به‌رگێكی واقیعی و سروشتی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ساده‌ترین زمان، فه‌لسه‌فه‌ی فیلمه‌كه‌ به‌بینه‌ر بگه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌ت له‌داڕشتنه‌وه‌ی دیالۆگدا، كه‌ به‌راِستی زمانی سینه‌مایه‌و له‌ زمانی هه‌موو هونه‌ره‌كانی دیكه‌ جودایه‌، ئه‌وه‌نده‌ی سینه‌ما پێویستی به‌ وێنه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ پێویستی به‌ دیالۆگ نیه‌، چونكه‌ وێنه‌ له‌ سینه‌مادا ئه‌لته‌رناتیفی زمان و دیالۆگه‌..

ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ر و وێنه‌گر كاتێك ده‌توانن ده‌سه‌ڵاتی هونه‌ریی خۆیان نیشان بده‌ن، كه‌ بتوانن روو به‌رووی هه‌لومه‌رجی سه‌خت و دژوار ببنه‌وه‌، بینه‌ر بخه‌نه‌ گێژاوێك له‌ نیگه‌رانی، وه‌ك ئه‌و رووبه‌ره‌ به‌فراوان و ترسناكه‌ی ناو شاخ و دۆڵی پڕ له‌هه‌ڵدێرو دڕنده‌و ئاژه‌ڵی مه‌ترسیدار ، كه‌ جێ‌ به‌جێ‌ كردنی فیلم تێیدا ده‌بێته‌ ئه‌ركێكی نا ئاسایی بۆ ستافی فیلم، به‌تایبه‌ت له‌و گرتانه‌ی له‌شه‌ودا تۆمار ده‌كرێن و ده‌رهێنه‌ر پێویستی به‌دابه‌ش كردنی رووناكی و بلاجكتۆرات و پاراستنی كوالیتی وێنه‌گرتن ده‌بێت.
بۆیه‌ (كات ) و( شوێن) له‌ فیلمدا گرنگی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌و سیمای تایبه‌تی خۆیان به‌سه‌ر پانتایی فیلمدا به‌ جێ‌ دێڵن.
جێ‌ به‌جێ‌ كردنی فیلم له‌و شوێن و كاتانه‌دا پێویستی به‌ دابین كردنی كه‌لو په‌ل و ئامرازه‌ ته‌كنیكی و هونه‌ریی و كه‌ره‌سته‌و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی ستاف و خۆراك ده‌بێت بۆ ماوه‌ی چه‌ندین رۆژ، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و كه‌ره‌سته‌و ئامرازانه‌ له‌سینه‌مای ئێمه‌دا بوونیان نه‌بێت ، یان خه‌رجی زۆریان بوێت، بۆیه‌ هه‌ندێ‌ جار ئه‌ركی ده‌رهێنه‌ر له‌و هه‌لو مه‌رجانه‌دا قورستر بێت و ناچاری ئه‌وه‌ بێت چاوپۆشی له‌زۆر ده‌رفه‌تدا بكات و له‌ده‌ستی بچێت .

ته‌نێكی نامۆ له‌ جه‌سته‌ی فیلمه‌كه‌دا : له‌سه‌ر ئه‌و رێگه‌ پڕ له‌ نه‌هامه‌تیه‌ی ئه‌و ژن و پیاوو منداڵه‌ به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار گرتویانه‌ته‌ به‌ر، ده‌رهێنه‌ر دیمه‌نێكی سێكسی دروست ده‌كات، كه‌ بینه‌ر به‌ئاسانی هه‌ست ده‌كات ئامانج له‌و گرته‌یه‌دا ته‌نها وروژاندنی بینه‌ره‌.
راسته‌ كه‌ هه‌ندێ‌ حاڵه‌تی له‌ ئامێز گرتن له‌ كه‌شو هه‌وای ساردو دڵ ته‌زێن دا ره‌نگه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ گه‌رمی به‌خشین ، به‌ڵام به‌و شێوه‌ ناوازه‌یه‌ نا كه‌ بینه‌ر هه‌ست بكات دیمه‌نه‌كه‌ به‌ئه‌نقه‌ست درێژ كراوه‌ته‌وه‌ به‌ ئامانجی وروژاندنی.
ریتمی فیلمه‌كه‌ له‌ قۆناغی پێش ئه‌و دیمه‌نه‌ ریتمێكی خێرایه‌، ریتمێك له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجێكی ته‌نگه‌تاودا ده‌ڕوات و حاڵه‌تێكی ده‌روونی گرژی بۆ بینه‌ر دروست كردووه‌، له‌چاوه‌ڕوانی چاره‌نووسی ئه‌و هه‌لو مه‌رجه‌ سه‌ختو دژواره‌دا، به‌پێچه‌وانه‌ی ریتمی دیمه‌نه‌ سێكسیه‌كه‌یه‌ كه‌ ریتمێكی هێورو له‌سه‌رخۆیه‌، هه‌موو شتێ‌ ئاساییه‌، نه‌هه‌ست كردن به‌سه‌رما، نه‌گرژی و تۆقین له‌ ده‌نگی لووره‌ لووری گورگ، وه‌ك ئه‌وه‌ی شوێنی ئه‌و سێكس كردنه‌ گوازرابێته‌وه‌ بۆ هوتێله‌ پێنج ئه‌ستێره‌كان، بۆیه‌ ده‌رهێنه‌ر نه‌ك هه‌ر هه‌لومه‌رج و شوێنی رووداوه‌كانی له‌ بیرچۆته‌وه‌، ته‌نانه‌ت منداڵه‌كه‌ش دیار نه‌ماوه‌و بینه‌ر نازانێ‌ ئه‌و منداڵه‌ی له‌سه‌رمان هه‌ڕه‌شه‌ی مردنی له‌سه‌ر بوو، چی به‌ سه‌رهات؟

ئه‌كته‌ر :

ئه‌كته‌ر له‌ فیلمه‌كه‌دا فاكته‌رێكی به‌هێزی راگرتنی ریتمی فیلمه‌كه‌یه‌، چونكه‌ له‌رووی ئه‌داو بزووتنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌مان ریتمی كه‌شو هه‌واكه‌و رووداوه‌كاندا ده‌ڕوات .
بۆیه‌ ئه‌كته‌ر پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌رووی ده‌روونی و سایكۆلۆژییه‌وه‌ خۆی بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی ئه‌و حاڵه‌ته‌ نامۆیه‌ ئاماده‌ بكات و بتوانێت كارێك بكات، به‌شێك له‌ ئیمای هه‌ست كردن به‌سه‌رما له‌جه‌سته‌و ئه‌دای ئه‌كته‌ره‌وه‌ وه‌رگرێت كه‌ تاكه‌ فاكته‌رێكی گه‌یاندنی كاریگه‌ری ئه‌و ئه‌تمۆسفیره‌یه‌ بۆ بینه‌ر.

ئه‌كته‌ره‌كانی (به‌فری گه‌رم) ( نیگار محه‌مه‌د، بیلال زه‌نگه‌نه‌، په‌نار ئیبراهیم) ببوون به‌پارچه‌یه‌كی زیندوو له‌به‌رجه‌سته‌ كردنی رووداوه‌كان، له‌ناو ئه‌زموونێكی قورس دابوون، كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێ‌ هه‌لو مه‌رج كاریگه‌رییان هه‌بێ‌ له‌سه‌ر ئه‌دای ئه‌كته‌ر به‌تایبه‌ت هه‌لومه‌رجێكی قورسی وه‌ك كات و شوێنی روداوه‌كانی ئه‌و فیلمه‌، هه‌ردوو ئه‌كته‌ر ئه‌دایێكی جوانیان ئه‌نجام دا كه‌ جیگه‌ی سه‌رنج بێت.
به‌ڵام ئاره‌زووم بوو ده‌رهێنه‌ر منداڵه‌كه‌ ته‌نها وه‌ك كۆمبارس له‌ فیلمه‌كه‌دا به‌كار نه‌هێنێ‌ ، هه‌ندێ‌ دیمه‌ن و دیالۆگی تایبه‌تی بۆ دروست كردایه‌، منداڵه‌كه‌ بێ‌ وه‌زیفه‌ نه‌ده‌مایه‌وه‌و كاریگه‌رییه‌كی به‌ جۆشی دروست ده‌كرد.

وێنه‌ و موزیك و كاریگه‌ریه‌كانی ده‌نگ :
وه‌ك له‌وێنه‌ی فیلمه‌كه‌دا ده‌بیندرێت، وێنه‌گر ( حشمه‌ت نارنجی) ده‌ستێكی ره‌نگینی له‌هونه‌ری وێنه‌گری سینه‌مایی دا هه‌یه‌، ئه‌و ده‌ست ره‌نگینیه‌ كاریگه‌ری خۆی به‌سه‌ر گرته‌و كوالیتی فیلمه‌كه‌دا به‌جێ‌ هێشتووه‌و نرخ و به‌های خۆی داوه‌ته‌ رووداوه‌كان و فاكته‌رێكی هه‌ره‌ به‌هێزی ئه‌و سیما جوانه‌ی له‌ فیلمه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت وێنه‌گرتنیه‌تی، چونكه‌ وێنه‌ هاوكێشه‌ی فیلم ده‌گۆڕێت، ئه‌وه‌ی له‌وێنه‌ گرتندا هه‌ستی پێ‌ ده‌كرێت ئه‌م خاڵانه‌یه‌:

1.بۆ بژاركردنی گرته‌ی كلۆس زۆرتر بایه‌خ به‌ دیمه‌نی ماچ و دیمه‌نه‌ سێكسیه‌كه‌ دراوه‌، له‌زۆر شوێندا بۆشایی هه‌یه‌ له‌گرته‌ی كلۆس، له‌وانه‌ش تا ئێستا روخساری منداڵه‌كه‌ و ئه‌كته‌ره‌ پیاوه‌كه‌ به‌و گرته‌یه‌ هاوسه‌نگ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ی بینراوه‌ به‌شی زۆری گرته‌ی گشتی و گرته‌ی مام ناوه‌ندی بوو، چونكه‌ بینه‌ر به‌ په‌رۆشی ئه‌وه‌یه‌ روخساری ئه‌كته‌ره‌ پیاوه‌كه‌و منداڵه‌كه‌ش ببینی، به‌ تایبه‌ت له‌ كاتی ته‌وژمی سه‌رما ده‌كرا به‌ كلۆس له‌رزینی منداڵه‌كه‌ ده‌ركه‌وتایه‌.

  1. دوا دیمه‌نی كۆتایی كه‌ دیمه‌نی سه‌رله‌به‌یانی رۆیشتنی هه‌ر سێ‌ كاراكته‌ره‌ له‌ چیاداو رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌و مردنی كار اكته‌ره‌كانه‌، دیمه‌نێكی گشتی لاوازه‌، نه‌خراوه‌ته‌ نێو به‌رگێكی ته‌عبیری یان ره‌مزی، كه‌ ببێته‌ چاره‌سه‌رێكی درامی لۆژیكی بۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی فه‌لسه‌فه‌ی كۆتایی دراماكه‌، ده‌بوا كامێرا رۆڵێكی كاریگه‌ر تری بینیوبایه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی ئه‌و رووداوه‌و دوور به‌دووری نه‌یڕوانیبا ئه‌و روداوه‌ كاریگه‌ره‌،
    وێنه‌ له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و رووداوه‌ نه‌یتوانی تراژیدیاكه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات و تینوویه‌تی بینه‌ر له‌ كۆتاییه‌كه‌یدا بشكێنێ‌ ..

    موزیكی وێنه‌ :
    موزیكی وێنه‌یی ئامرازی هه‌ره‌ به‌هێزی به‌رجه‌سته‌ كردنی ریتمه‌،به‌هه‌ر سێ‌ جۆری ریتمی رووداوو ریتمی ئه‌كشنی ئه‌كته‌رو ریتمی وێنه‌ی، كه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ‌ ئه‌و ریتمانه‌دا ده‌ڕوات و هیچ له‌و ریتمانه‌ به‌بێ‌ موزیك ناتوانن به‌رجه‌سته‌ بكرێن.
    له‌و فیلمه‌دا موزیك ئه‌و رۆڵه‌ی نه‌بینی ، چونكه‌ موزیكی تایبه‌ت بۆ فیلمه‌كه‌ دانه‌ندراوه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ موزیكی گشتیه‌ و ته‌نها بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌و پێویستی به‌شاره‌زاو ئه‌ندازیاری تایبه‌تی بواری موزیكی وێنه‌ییه‌، ئه‌گه‌رنا له‌كات و شوێنێكی ئاوا ترسناكدا بینه‌ر پێویستی به‌ به‌رجه‌سته‌ كردنی حاڵه‌ته‌ ده‌روونیه‌كانه‌ بۆ ده‌رخستنی دیوی ناوه‌وه‌ی كاراكته‌رو ئه‌وه‌ی له‌ناخی دایه‌.
    به‌ڵام موئه‌سیراتی ده‌نگ..كه‌ له‌و شوێنه‌ ترسناكانه‌دا ده‌بێته‌ زه‌روره‌ت، تا رادده‌یه‌ك به‌كار هاتبوو، به‌ تایبه‌ت له‌ده‌رخستنی لووره‌ لووری گورگ، به‌ڵام دیسان كه‌شو هه‌وای فیلمه‌كه‌ پێویستی به‌زیاتر .
    ئه‌نجام : ره‌نگه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ی عه‌دنان عوسمان ببێته‌ خاڵێكی دیارو به‌رچاو له‌ كاروانی هونه‌ری ئه‌ودا و رێ‌ خۆشكه‌ر بێت بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی ئه‌زموونی فیلمی درێژو به‌رهه‌می به‌ چێژ تر .




فیلمی مێشه‌وانه‌که (Der Imker) ‌ یان چیرۆکی خه‌باتی کوردێک بۆ ژیان و ئازادی

هیوا ناسیح

فیلمی (مێشه‌وانه‌که)‌ یان به‌ ئه‌ڵمانی(Der Imker)، که تا ئێستا پینج خه‌ڵاتی جیهانی به‌ده‌ست هێناوه‌. له‌ زۆرێک سینه‌ماکانی ئه‌وروپا نیشان دراوه‌ و به‌ سیدیش له‌ هه‌ندێک له‌ کتێبخانه‌کاندا ده‌ست ده‌که‌وێت، فیلمێکی سینه‌مایی دۆکیۆمێنتاریی سویسرییه‌ و له لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری به‌ توانای کورد (مانۆ خه‌لیل)ه‌وه‌ به‌ هاوکاری ده‌زگای ته‌له‌فزیۆن و رادیۆی سویسرا (SRF) ساڵی ٢٠١٣به‌رهه‌م هاتوه‌، دیمه‌نه‌کانی فیلمه‌که‌‌ له‌ نێو سویسرا (ده‌وروبه‌ری بازل و نێو شاخه‌کانی ئه‌ڵپ) هه‌روه‌ها باکوری کوردستان وێنه‌گیراون. کاتی فیلمه‌که ١٠٨ ده‌قه‌یه‌. ئاخافتنه‌کان به‌ زمانی کوردیی کرمانجی و ئه‌ڵمانییه، ژێرنوسی به‌ زمانه‌کانی ئه‌ڵمانی، فه‌ره‌نسی، ئینگلیزی و ئیتالی بۆ کراوه‌، بینه‌ر ده‌توانێت یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرێت،
چیرۆکه‌که‌ی باس له‌ سه‌ربورده‌ی مام برایم گه‌زه‌ر ده‌کات، که خۆی ڕۆڵی سه‌ره‌کی تێیدا هه‌یه‌. مام برایم که‌ پیاوێکی ٦٥ ساڵه‌ی دنیادیده‌ و قاڵبو و خاراوی نێو خه‌م و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کانی ژیانه‌، خه‌ڵکی باکوری کوردستان، ناوچه‌ی مه‌رعه‌شه. وه‌ک هه‌ر که‌سێکی کاسب له ‌گونده‌که‌ی خۆی له‌ باکوری کوردستان / تورکیا له‌ مناڵییه‌وه‌ خه‌ریکی پیشه‌ی مێشه‌وانی (هه‌نگه‌وانی) بووه‌ له‌‌وێ ٥٠٠مێشی هه‌بووه‌. ساڵانه‌ قازانجێکی باشی کردوه‌، هه‌ر بۆیه‌ که‌سێکی زۆر شاره‌زا و کارامه‌ و زانایه‌ له‌و بواره‌دا، به‌ جۆرێک په‌یوه‌ندییه‌کی رۆحی له‌گه‌ڵ هه‌نگ و سروشتدا په‌یدا کردوه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ که‌سێکی رۆحسوکه‌ و زۆر زوو ده‌چێته‌ دڵه‌وه‌، ده‌توانێت به‌و ئه‌ڵمانییه‌ که‌مه‌ی که‌ فێریبووه‌، زۆر زوو په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی سویسرادا دروست بکات. ئه‌و له‌ دیمه‌نێکی فیلمه‌که‌دا ده‌ڵێت ( من مرۆڤم خۆش ده‌وێت به‌ گشتی، گه‌ر تۆ که‌سێکت خۆش ویست، با نه‌شی ناسی ئه‌ویش خۆشی ده‌وێیت، ئه‌مه له‌ سیمایدا ده‌خوێنیته‌وه، ئیتر به‌مجۆره‌ په‌یوه‌ندی ئاسانه‌).
ئه‌م پیاوه‌، که‌ له ده‌مار و قه‌ڵشی‌ ده‌سته‌کانی و چرچ و لۆچی سیما و قژه‌ ماشی و برنجییه‌که‌یدا چه‌ندان ئاه و حه‌سره‌ت و لاپه‌ڕه‌ی نه‌خوێندراو ده‌بینین و هه‌ست پێ ده‌که‌ین،‌ نمونه‌ی مرۆڤێکی دنیادیده‌ و به‌ ئه‌زمون و کۆڵنه‌ده‌ره‌، پێشتر کوڕ و کچێکی بوونه‌ته‌ گه‌ریللا و خه‌بات بۆ ئازادی ده‌که‌ن، کچه‌که‌ی له‌ شاخ شه‌هید ده‌بێت، دوو مناڵی تریشیان له‌ زیندان گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، مام برایم گه‌زه‌ر خۆشی حه‌وت ساڵ له‌ حکومه‌ت قاچاخ ده‌بێت و خۆی ده‌شارێته‌وه‌، چونکه‌ رژێمی تورکیا داوای لێ ده‌کات سیخوڕیان بۆ بکات و ئه‌میش ڕازی نابێت. ژنه‌که‌ی به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو که‌سه‌ر و بێمروه‌تییه‌ ناگرێت و له‌ داخ و مه‌راقدا خۆی ده‌کوژێت. پاشان مام برایم له‌رێگه‌ی کچێکی تریه‌وه‌ که‌ له‌ سویسرا نیشته‌جێیه‌، داوای په‌نابه‌ری بۆ ده‌کات و په‌سه‌ند ده‌کرێت، ئیتر ناوبراو دێته‌ سویسرا و ژیانی لێره‌ ده‌ست پێده‌کاته‌وه‌.
له‌ شوقه‌یه‌کی بچوکدا له‌ شاری بازل ده‌ژێت، ژیانێکی ساده‌، ماڵه‌‌که‌ی‌ به‌ وێنه‌ی شه‌هیده‌کانی رازاندۆته‌وه‌، ئومێدی به‌ ژیان زۆره‌، هه‌وڵ ده‌دات نه‌‌وه‌که‌ی (کچه‌زاکه‌ی)، که‌ هێشتا زۆر مناڵه‌ فێری مێشه‌وانی بکات، بۆیه‌ به‌‌رده‌وام ده‌یبات بۆ لای میشه‌کانی. ئه‌و سیفاتی کورده‌واری هه‌ڵسوکه‌وت و خواردن و خه‌وتنی وازلێنه‌هێناوه‌. لای ئه‌و مرۆڤ و سروشت لێکجیاناکرێنه‌وه‌، هه‌نگ نزیکترین هاورێیه‌ لای، ته‌نانه‌ت کاتێک له‌ نێو هه‌نگه‌کان و سندوقی مێشه‌کان کار ده‌کات هیچ سه‌رکڵاو و ده‌ستکێش و به‌رگێکی تایبه‌ت ناکاته‌ به‌ری!
کێشه‌ و مه‌ینه‌تییه‌کانی ژیان لێره‌ش وازی لێ ناهێنن. زۆری بۆ ده‌هێنن کار بکات، به‌ڵام ئه‌م هه‌ر حه‌زی به‌ مێشه‌وانی واته‌ پیشه‌که‌ی خۆیه‌تی. داموده‌زگای ناوچه‌که‌ وه‌ک هه‌‌ر په‌نابه‌رێکی تر که‌ کارناکه‌ن، ئه‌م ناچار ده‌که‌ن کارێک (بۆ به‌گه‌ڕخستنی له‌ بازاڕی کاردا) له‌ کارخانه‌یه‌کدا بکات، به‌ڵام ئه‌م هه‌موو خولیا و ئاره‌زووی پیشه‌ کۆنه‌که‌یه‌تی، که‌ په‌روه‌رده‌کردنی مێش و مێشه‌وانییه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌م پیشه‌یه‌ وه‌ک پیشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له‌م وڵاته‌دا نه‌ناسراوه‌ و بگره‌ وه‌ک خولیا و ئاره‌زومه‌ندییه‌ک لێی ده‌ڕوانرێت. دواتر ئه‌م خانه‌نشین ده‌کرێت و ئیتر ئه‌م هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵ چه‌ند خێزانێکی که‌ هه‌نگیان هه‌یه‌ رێکبکه‌وێت و خۆبه‌خشانه‌ ئه‌م کاره‌ بکات، پاشان به‌ هه‌ر قه‌رز و قۆڵه‌یه‌ک بووه‌ ده‌ پانزه‌ مێش ده‌کرێت و به‌خێویان ده‌کات و خۆی بۆیان ته‌رخان ده‌کات، رۆژێک کاتێک چاو به‌ لاپه‌ڕه‌کانی رۆژنامه‌ی ئوزگیور پۆله‌تیکا (رۆژنامه‌یه‌که‌ی هه‌فتانه‌یه‌ به‌ زمانی تورکی له‌ لایه‌ن ته‌ڤگه‌ری باکوره‌وه‌ چاپ ده‌کرێت و به‌ هه‌موو ئه‌وروپا و وڵاتانی جیهاندا بڵاوده‌کرێته‌وه‌) ده‌خشێنێت، له‌پڕ وێنه‌ی کوڕه‌ گه‌ریللاکه‌ی (عه‌لی) ده‌بینێت له‌ نێو وێنه‌ی شه‌هیده‌کاندا، که ئه‌ویش تازه‌ شه‌هید بووه‌!!…. ئه‌مه‌ پشکۆیه‌کی تر ده‌نێت به‌ رۆحی ناوبراوه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر کۆڵ نادات…
مانۆ خه‌لیل ده‌ڵێت (کاتێک له‌ ڤیستیڤاڵی سینه‌مای سۆڵه‌تورن مام برایم بینی فیلمه‌که‌ نمایش کرا و خه‌ڵاتمان وه‌رگرت، رووی کرده‌ من و گوتی: ئیتر خه‌مم نییه‌، گه‌ر بشمرم، چونکه‌ چیرۆکی ژیانم و ده‌رده‌سه‌رییه‌کانم نابه‌مه‌ ژێر گڵ له‌گه‌ڵ خۆم، به‌ڵکو کراون به‌ فیلم و هه‌زاران که‌س ده‌یان بینێت).
دیاره‌ پێش دوو ساڵێک ئه‌م فیلمه‌م بینیبوو، سه‌رسام بووم به‌ و ویست (ئیراده‌) و بڕوا و وره‌ به‌رزه‌ی ئه‌م پیاوه‌ به‌ هیممه‌ته‌ ، حه‌زم ده‌‌کرد خۆشی له‌ نزیکه‌وه ببینم، به‌رێکه‌وت پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له‌ شاری بازل له بۆنه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییدا بۆ یه‌که‌مجار ناوبراوم بینی و خۆم پێ ناساند و گوتم مام برایم فیلمه‌که‌تانم بینیوه‌، ته‌واوی چیرۆکی ژیانتان ده‌زانم، سه‌رسامم به‌ هیممه‌ت و ئازایه‌تیتان، ناوبراو زۆر خۆشحاڵ بوو، به‌ کرمانجییه‌کی ره‌وان گوتی: هه‌ڤاڵ ئه‌ز گه‌له‌ک که‌یفخوه‌ش بووم، چیرۆک زیادن، ئه‌مما هه‌می نایه‌نه‌ زمان و نابته‌ فیلم. مه‌ کوردان هه‌می ژیانا خۆوه‌ چیرۆکه‌.
به‌ڕای من سه‌رکه‌وتنی ئه‌م فیلمه‌ له‌ راستی چیرۆکه‌که‌ی و له‌وه‌شدایه‌، که‌ بێ شه‌رمکردن و سڵکردنه‌وه‌ وێنه‌ی دیمه‌نه‌کان گیراوه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی کامێرا دانه‌نرا بێت و تۆمار نه‌کرێت، بۆ نمونه‌، زۆر ده‌گمه‌نه‌ که‌سێکی کورد له‌ ته‌مه‌نی ٦٥ ساڵیدا له‌به‌ده‌م کامێرا به‌ شۆرتێکه‌وه‌ له‌ چه‌مێکدا خۆی بشوات. جگه‌ له‌مه‌ش جوانی ئه‌م فیلمه‌ دۆکیۆمێنتارییه‌ له‌ کۆڵنه‌دان و خه‌باتی به‌رده‌وامی کوردێک بۆ ژیان و ئازادیدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌.
مانۆ خه‌لیل له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێت (ده‌کرێت مرۆڤ هه‌رچی هه‌یه‌ له ژیانیدا له‌‌ ده‌ستی بدات، ماڵ و سامان، که‌سوکار و …هتد، به‌ڵام گرنگ کۆڵ نه‌دانه‌، گرنگ تێکۆشان و به‌رده‌وامییه‌، گرنگ بێهیوا نه‌بوونه‌، مام برایم نمونه‌ی ئه‌م جۆره‌ که‌سه‌یه‌، په‌یامی من ئه‌مه‌یه‌…).
مانۆ خەلیل خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و سالانێکی زۆرە لە سویسرا نیشتەجێیە، تا ئێستا كاری دەرهێنانی بۆ نزیکەی 20 فیلم كردووە، دوایین فیلمەكانی ئەمانە بوون: “پەرەسێلکە”، “ئەنفال” ، “داڤێد تولهیلدان” ، “زیندانەكەم، ماڵەكەم” ، “باخچەكانی بەهەشت” …

تێبینی: ده‌توانن بۆ بینینی چه‌ند دیمه‌نێک له‌م فیلمه‌ کلیکی ئه‌م لینکه‌ بکه‌ن:
https://www.youtube.com/watch?v=yDvkSo9TeR8




مەمەد ئەکتاش: یەڵماز گۆنای کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە

مەنسوور جیهانی ـ “مەمەد ئەکتاش” سینەماکاری کورد و بەڕێوەبەریی کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم” گوتی: “یەڵماز گۆنای” کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە.

“مەمەد ئەکتاش” سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا و بەڕێوەبەریی کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم” سەبارەت بە فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە” The Legend of the Ugly King سەبارەت بە ژیانی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yilmaz Güney لە دەرهێنانی “حوسێن تەباک” سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا کە لە دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی “سینەما حەقیقەت” Cinema Verite نمایشکرا گوتی: ئەم فیلمە لەسەر ژیانی “یەڵماز گۆنای” باوکی سینەمای کوردییە کە ماوەی حەوت ساڵ کاتی خایاند تاکوو ئامادەبێت و زۆر خۆشحاڵم کە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سینەما حەقیقەت” پێشکەش کرا، سینەمای ئێران لە ئاستی دنیادا پێگەیەکی تایبەتی هەیە و دەرفەتێکی باشە کە سینەماکارانی ئێرانی “یەڵماز گۆنای” بە باشی بناسن.

گوتیشی: سینەمای ئێران بۆتە سینەمایەکی نێودەوڵەتی و ئێستاکە دۆستێکی باشی سینەمای کوردییە و پێشوازیی یەگجا زۆری سینەماکارانی ئێران بۆ بینینی فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە” ئەمنی زۆر خۆشحاڵ کرد. سێ ساڵ پێش ئێستاش فیلمی سینەمایی “ڕەشەبا” لە فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر نمایشکرا و هەمووی ئەم هەنگاو و پەیوەندییانە زۆر دڵخۆشکەر و کاریگەن.

ئەم بەرهەمهێنەر کوردە سەبارەت بە کاریگەریی “یەڵماز گۆنای” لەسەر سینەماکارانی ئێران و جیهان گوتی: لەگەڵ خوالێخۆشبوو “عەباس کیارۆستەمی” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا بە تێرووتەسەلی قسەمان کرد و ئەو بە منی گوت کە فیلمی سینەمایی “ئومید” Umut لە دەرهێنانی “یەڵماز گۆنای” زۆر کاریگەریی لەسەر کردووە و هەروەها سینەماکارانی بەناوبانگی ئێرانی وەکوو “ئەمیر نادری” و “موحسین مەخمەلباف” کاریگەریی ئەم سینەماکارە کوردەیان بەسەرەوە دیارە و کەڵکیان لێوەرگرتووە.

گوتیشی: “یەڵماز گۆنای” یەکەمین دەرهێنەر بوو کە سینەمای کوردی بە دنیا ناساند، کاتێک کە ئێمە فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە”مان ساز دەکرد، “ئێلخاندرۆ گۆنسالێس ئیناریتۆ” Alejandro González Iñárritu دەرهێنەری مەکزیکی فیلمی سینەمایی “بابێل” پێی گوتین کە یەکەمین جار کە فیلمی “یۆڵ”ی لە سینەماکانی مەکزیک بینیوە، بڕیاریداوە کە ببێتە دەرهێنەر. “ماڕتین ئیسکۆرسیزی” Martin Scorsese گوتی ئەگەر من پێش ئەوەی کە فیلمی “شۆفیری تاکسی”م Taxi Driver ساز کرد، “یەڵماز گۆنای”م بناسیبایە، بە ڕوانینێکی دیکەوە ئەم فیلمەم ساز دەکرد. دەتوانم بڵێم “یەڵماز گۆنای” کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان داناوە و تا ئێستاش لە قوتابخانە سینەماییەکاندا بەرهەمە هەرمانەکانی ئەو وەکوو وانەی خوێندن دەگوترێتەوە.

ئەم بەرهەمهێنەرە بەئەزموونە سەبارەت بە قۆناعی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە” گوتی: من پلانی سەرەتایی سیناریۆی فیلمەکەم نووسی و پاشان بە “حوسێن تەباک”دا کە ئەوکات قوتابی “میشێل هانیکە” Michael Haneke بوو و لە ئاکادیمیای ئەم سینەماکارە مەزنە سینەمای دەخوێند. من ئەو کاتەی کە دەستم بە کاری سینەما کرد زۆرم حەز لێبوو کە کارێک بۆ “یەڵماز گۆنای” بکەم. چونکە “یەڵماز گۆنای” لە سینەمای تورکیادا شۆڕشێکی ساز کرد و هەروەها دەستپێکی سینەمای کوردی بوو. و وەکوو دەرهێنەرێک لە دنیای ئیسلامدا بۆ یەکەمین جار لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە وڵاتی فەڕەنسا خەڵاتی گەورەی زێڕینی “چڵە خورمای” بەدەستهێنا.

گوتیشی: تایبەتمەندیی هەرە گەورەی “یەڵماز گۆنای” ئەوە بوو کە ئەوکاتەی کە زینداندا بوو، لە بەندیخانەوە دیکۆپاژەکانی بۆ یاریدەدەرەکانی دەنارد و ئەوانیش فیلمی سینەمایی “یۆڵ”یان وێنەگرت و بەم شێوەیە دەرهێنانی بۆ ئەم بەرهەمە سینەماییە ئەنجامدا.

ئەکتاش لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “یەڵماز گۆنای” فیلمەکانی بە شێوەیەک سازکردووە کە هەر نەتەوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیریی بکات خۆی و شوناسی خۆی تیایدا دەبینێتەوە. ئەم سینەماکارە کوردە بە هۆی ئەندێشەی مرۆڤایەتییەوە ژیانی خۆی لەدەستدا.

بەڕێوەبەریی کۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم”ی ئه‌ڵمانی سەبارەت بە وتەکانی “میشائیل هانیکە” Michael Haneke و “کۆستا گاوراس” Costa-Gavras سەبارەت بە کەسایەتی و پێگەی “یەڵماز گۆنای” گوتی: “یەڵماز گۆنای” ئەو کاتەی کە لە فەڕەنسا دەژیا لەگەڵ کۆمەڵێک دەرهێنەر لە سینەمای جیهان پەیوەندییەکی دۆستانەی باشی هەبوو، کە یەکێک لەوانە “کۆستا گاوراس” بوو، “یەڵماز گۆنای” بەتەمابوو کە لە وڵاتی یۆنان فیلمێکی گەورە بەرهەمبێنێت و ئەم دەرهێنەرە ناودارە یۆنانییەش بڕیاروابوو کە هاوکاریی بکات. “کۆستا گاوراس” کاتێک کە باسی گۆنایی دەکرد تەنیا دەگریا، یەگجار زۆر هەڤاڵی یەکتریی بوون.




نمایش کردنی فیلمه‌ دیاره‌کانی ساڵی 2019ی جیهان له‌ چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی

مەنسوور جیهانی ـ فیلمه‌ به‌رچاو و دیاره‌کانی ساڵی 2019ی جیهان له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” له‌ چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” چوونه‌ سه‌ر په‌رده‌ و خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێڕین و زێوینی ئه‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌یان به‌ده‌ستهێنا.

بە پێی ڕاپۆڕتی لێژنەی ڕاگەیاندنی گشتیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، فیلمه‌ به‌رچاو و دیاره‌کانی ساڵی 2019ی جیهان له‌وانه‌ براوه‌ی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین فیلم و براوه‌ی خه‌ڵاتی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی به‌شی “جۆرێک روانین” له‌ حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فه‌ره‌نسا، نمایش کراو له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی شه‌ست‌ونۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “به‌رلیناله‌” له‌ ئه‌ڵمانیا، کاندیدی باشترین فیلم له‌ حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” له‌ ئیتاڵیا، براوه‌ی خه‌ڵاته‌کانی سه‌ره‌کیی بیست‌وپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی شانگهای چین و هتد له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێوده‌وڵه‌تی) له‌ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” Slemani چوونه‌ سه‌ر په‌رده‌ و و خه‌ڵاته‌کانی سنه‌وبه‌ری زێڕین و زێوینی ئه‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌یان به‌ده‌ستهێنا.

ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌کانی “سینه‌مای جیهان” (نێونه‌ته‌وه‌یی) پێکهتاوو له‌ به‌رهه‌مه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” بریتی بوون له‌؛ “هینز هێرمانس” Heinz Hermanns ده‌بیر و به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی CEO و ده‌بیر و به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی به‌رلین ـ سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ناوبژیوان له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، خاتوو “پووران دره‌خشه‌نده‌” سیناریۆنووس، ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئێران، “ئادریان بیلچ” Adrian Belic ـ ده‌رهێنه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌هه‌ڵگرتنی فیلم و به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌ پێشێنه‌ی یه‌ک جار پاڵێوراویی بۆ ئۆسکار، “یوهانی ئالێنین” Juhani Alanen ـ به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێکاری فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “ته‌مپره‌” Tampere له‌ وڵاتی فینله‌ندا و خاتوو “زولفیه‌ ئاکولاک” Zülfiye Akkulak ـ به‌ڕێوه‌به‌ری فیلم و راگه‌یاندن و سه‌رۆکی کۆمپانیای “نوا فیلم” له‌ به‌رلینی وڵاتی ئه‌ڵمانیا.

ئه‌و فیلمانه‌ی که‌ له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێونه‌ته‌وه‌یی) له‌ چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” چوونه‌ سه‌ر په‌رده‌ و، بریتی بوون له‌؛ فیلمی سینه‌مایی “پارازیت” (ئه‌نگه‌ل) PARASITE له‌ ده‌رهێنانی “بۆنگ جوون ـ هۆ” له‌ وڵاتی کۆریای باشوور، براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین فیلمی حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا، نمایش کراو له‌ فێستیڤاڵه‌کانی نێودەوڵەتی فیلمی مۆنیخ له‌ ئه‌ڵمانیا، سیدنی له‌ ئۆستڕاڵیا، وه‌نکۆڤێر و تۆرینتۆ له‌ که‌نه‌دا و براوه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی باشترین ده‌قی سیناریۆی فیلم له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی “چیرۆکی سێ خوشک” A Tale of Three Sisters له‌ ده‌رهێنانی “ئه‌مین ئالپێر” Emin Alper له‌ وڵاتانی تورکیا، ئه‌ڵمانیا، هۆله‌ند و یوونان، نمایش کراو له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌رکیی شه‌ست‌ونۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “به‌رلیناله‌” له‌ ئه‌ڵمانیا، براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان، ئه‌کته‌ری، مۆسیقای فیلم و فیپێرشی له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئیستانبول له‌ تورکیا، براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سارایه‌گۆ له‌ سێربستان و براوه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێڕینی باشترین فیلم و خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی باشترین ئه‌کته‌ری ژن بۆ “جه‌میره‌ ئێبووزیه‌” له‌ فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی “قه‌سری شیرین” (قصر شیرین) Castle of Dreams له‌ ده‌رهێنانی “ره‌زا میرکه‌ریمی” له‌ ئێران، براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین فیلم، باشترین ده‌رهێنان و باشترین ئه‌کته‌ری پیاو بۆ حامید بێهداد له‌ به‌شی کێبڕکێی سه‌ره‌کیی بیست‌وپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی شانگهای له‌ چین، خه‌ڵاتی سه‌ره‌کیی باشترین ده‌رهێنان و باشترین فیلم له‌ روانگه‌ی ره‌خنه‌گرانی دوازده‌هه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمه‌ هونه‌رییه‌کانی “باتۆمی” له‌ گورجستان و براوه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی باشترین ده‌رهێنان له‌ فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی.

له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێوده‌وڵه‌تی) له‌ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” چه‌ندین به‌رهه‌می سینه‌مایی دیکه‌ش نمایش کران، له‌وانه؛ فیلمی سینه‌مایی “ماڵئاوا کوڕه‌که‌م” So Long my Son له‌ ده‌رهێنانی “وانگ ژیائۆشوای” Xiaoshuai Wang له‌ چین، براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی پیاو له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی شه‌ست‌ونۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “به‌رلیناله‌” له‌ ئه‌ڵمانیا و کاندیدی چه‌ندین به‌شی سه‌ره‌کیی خه‌ڵاته‌کانی ئاسیا په‌سیفیک له‌ ئۆستڕاڵیا، فیلمی سینه‌مایی “شۆفێری ئسکرێیۆ” Screwdriver له‌ ده‌رهێنانی “به‌سام جه‌براوی” Bassam Jarbawi له‌ فه‌له‌ستین، کاندیدی باشرین فیلم له ‌حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز” له‌ ئیتاڵیا و براوه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی تایبه‌تی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوان له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی “نوێنه‌ر” The Delegation له‌ ده‌رهێنانی “بوجار عه‌لیمانی” Bujar Alimani له‌ ئالبانی، براوه‌ی خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی وه‌رشۆ له‌ پۆڵه‌ندا، براوه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی باشترین ئه‌کته‌ری پیاو بۆ “ویکتۆر ژوستی” Victor zhusti له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی “بێ ده‌نگ” The Mute له‌ ده‌رهێنانی “بارتۆز کۆنۆپکا” Bartosz Konopka له‌ وڵاتانی پۆڵه‌ندا و به‌لژیک، براوه‌ی خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی باشترین وێنه‌گرتنی فیلم بۆ “جاسک پۆدگۆرسکی” Jacek Podgorski له‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی “ئاگر ده‌که‌وێته‌وه‌” Fire will come له‌ ده‌رهێنانی “ئۆلیڤێر لاکس” Oliver Laxe له‌ وڵاتانی ئیسپانیا، فه‌ره‌نسا و لۆگزامبۆرگ، براوه‌ی خه‌ڵاتی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی به‌شی “جۆرێک روانین” له‌ حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فه‌ره‌نسا، فیلمی سینه‌مایی “ئامینه‌” Amina له‌ ده‌رهێنانی “ئه‌یمه‌ن زه‌یدان” Ayman Zeidan له‌ وڵاتی سووریا براوه‌ی دیپلۆمای شانازیی ئاشتی له‌ سی‌وحه‌وته‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فه‌جر له‌ وڵاتی ئێران و هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی “خۆییه‌کان” Insiders له‌ ده‌رهێنانی “حوسێن کارابای” Hüseyin Karabey له‌ وڵاتی تورکیا.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی “سلێمانی‌” له‌ لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی “فوئاد جه‌لال”، به‌ سه‌رۆکایه‌تی “مه‌لا به‌ختیار” به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی “دانه‌ر عومه‌ر فارس” و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو “لینا ره‌زا” و به‌ نمایش کردنی 134 فیلم له ده‌رهێنه‌ره‌کانی ٧9 وڵاتی جیهان؛ له‌ دوو به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێوده‌وڵه‌تی) و به‌شی رکابه‌ریی “سینه‌مای کوردی” (نه‌ته‌وه‌یی) و هه‌روه‌ها سازدانی وۆرکشۆپه‌کانی پیشه‌یی و پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش؛ به‌ دروشمی “شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” له‌ 5 هۆڵی “سیتی سینه‌ما”، “سینه‌ما سالم”، هۆڵی “ئه‌منه‌ سووره‌که‌” و هه‌روه‌ها له‌ ته‌لاری “هونه‌ر” له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی.




نمایش کردنی “چوکا ئێستا کاتژمێر چه‌نده‌یه‌” له‌ ده‌رهێنانی بێهرووز بوچانی له‌ فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی به‌ڵگه‌یی “چوکا ئێستا کاتژمێر چه‌نده‌یه‌” له‌ ده‌رهێنانی “بێهرووز بوچانی” و “ئارش که‌ماڵی سه‌روێستانی” له‌ به‌شی “نمایش کردنی تایبه‌ت” له‌ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” چووه‌ سه‌ر په‌رده‌.

بە پێی ڕاپۆڕتی لێژنەی ڕاگەیاندنی گشتیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، فیلمی به‌ڵگه‌یی “چوکا ئێستا کاتژمێر چه‌نده‌یه‌” Chauka, Please Tell Us the Time له‌ ده‌رهێنانی “بێهرووز بوچانی” رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری کورد و “ئارش که‌ماڵی سه‌روێستانی” سینه‌ماکاری ئێرانی دانیشتووی وڵاتی هۆڵه‌ندا به‌ دیمه‌ن و وێنه‌گه‌لی راسته‌قینه‌ له‌ دوورگه‌ی مانووس له‌ وڵاتی ئۆستڕاڵیا به‌ فێلمهه‌ڵگرتنی شاراوه‌ و به‌دزیی له‌ لایه‌ن “بێهرووز بوچانی” به‌ مۆبایله‌که‌ی به‌ دوور له‌ چاوی سه‌ربازان و لێپرسراوانی ئه‌م دوورگه‌یه‌ که‌ تیایدا زیاتر له‌ هه‌زار په‌نابه‌ر ده‌ژین، به‌ ئاماده‌بوونی “ئارش که‌ماڵی سه‌روێستانی” له‌ به‌شی ده‌ره‌وه‌ی رکابه‌ریی واته‌ “نمایش کردنی تایبه‌ت” له‌ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” Slemani له‌ هۆڵی سیتی سینه‌ما” له‌ شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق نمایش کرا‌.

دوورگه‌ی مانووس ئه‌و شوێنه‌یه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی ئۆستڕاڵیا له‌م شوێنه‌ پڕله‌ کێشه‌یه‌ بۆ راگرتنی هه‌میشه‌یی زیاتر له‌ هه‌زار په‌نابه‌ر که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. ئه‌م شوێنه‌ هه‌روه‌ها شوێنی ژیانی “بێهرووز بوچانی”یه‌ که‌ براوه‌ی خه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی ژیاننامه‌ی ئۆستڕاڵیا، براوه‌ی خه‌ڵاتی گرینگی رۆژنامه‌وانی شیکاری “ئانا پۆلیتکۆفسکایا”، براوه‌ی خه‌ڵاتی “ڤیکتۆریه‌ن پرێمیر” گرینگترین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی ئۆستڕاڵیا، براوه‌ی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی “نیو سات ویڵز پرێمیر”، خه‌ڵاتی پیشه‌سازی کتێبی ئۆستڕاڵیا و هه‌روه‌ها براوه‌ی خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی ئیندێکس بۆ په‌یامنێره‌ راپۆڕتنووسه‌کانی دژی سانسۆر بووه‌.

په‌یامنێران ئیجازه‌ی چوونه‌ ناو دوورگه‌ی مانووسیان نیه‌ و بوچانی که‌ بۆ خۆی ئه‌زموونی ژیانی راسته‌قینه‌ی له‌م دوورگه‌یه‌دا هه‌یه‌، هیوا ده‌خوازێت که‌ له‌ به‌ڵگه‌ فیلمی “چوکا ئێستا کاتژمێر چه‌نده‌یه‌” بارودۆخی مه‌ترسیدار و تاقه‌ت پرووکێنی ئه‌م ناوه‌نده‌ی راگرتنی په‌نابه‌ران به‌ دونیا نیشان بدات.

به‌ڵگه‌ فیلمی “چوکا ئێستا کاتژمێر چه‌نده‌یه‌” له‌ دوای به‌شداریی له‌ فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سیدنی له‌ وڵاتی ئۆستڕاڵیا، له‌ نوێترین نمایش کردنی جیهانیی خۆیدا له‌ شه‌ست و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی له‌نده‌ن له‌ وڵاتی به‌ریتانیا چووه‌ سه‌ر په‌رده‌.

ناوی ئه‌م فیلمه‌ که‌ له‌ ناوی باڵنده‌یه‌کی خۆجێیی له‌ دوورگه‌ی “پاپۆوا گینه‌ی نوێ” به‌ ناوی “چوکا” وه‌رگیراوه‌، له‌ راستیدا ناوی به‌ندیخانه‌یه‌کی تاکه‌که‌سیشه که‌ له‌ ناو ئۆردووگاکه‌دا بۆ په‌نابه‌ران کراوه‌ته‌وه‌. باڵنده‌ی چوکا به‌ بڕاوی که‌سانی خۆماڵی ناوچه‌که‌، هێمای پێناسه‌ی خه‌ڵکی خۆجێی ئه‌م ناوچه‌یه‌‌یه‌ که‌ به‌ ئاواز و ده‌نگی به‌رز و سه‌رسووڕهێنه‌ری خۆی، کات راده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی که‌ وێنه‌یان له‌م فیلمه‌دا گیراوه‌، له‌و رۆژانه‌ی که‌ له‌ چوکا تێپه‌ڕیان کردووه‌، وه‌کوو خراپترین رۆژه‌کانی ژیانی خۆیان ناو ده‌به‌ن.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی “سلێمانی‌” له‌ لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی “فوئاد جه‌لال”، به‌ سه‌رۆکایه‌تی “مه‌لا به‌ختیار” به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی “دانه‌ر عومه‌ر فارس” و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو “لینا ره‌زا” و به‌ نمایش کردنی 134 فیلم له ده‌رهێنه‌ره‌کانی 79 وڵاتی جیهان؛ له‌ دوو به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێوده‌وڵه‌تی) و به‌شی رکابه‌ریی “سینه‌مای کوردی” (نه‌ته‌وه‌یی) و هه‌روه‌ها سازدانی وۆرکشۆپه‌کانی پیشه‌یی و پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش؛ به‌ دروشمی “شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” له‌ 5 هۆڵی “سیتی سینه‌ما”، “سینه‌ما سالم”، هۆڵی “ئه‌منه‌ سووره‌که‌” و هه‌روه‌ها له‌ ته‌لاری “هونه‌ر” له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی.




“پارازیت” براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی “کان” له‌ فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی نمایش کرا

مه‌نسوور جیهانی ـ فیلمی سینه‌مایی “پارازیت” (مشه‌خۆر) براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین فیلمی حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا له‌ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ و خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری باشترین ده‌قی سیناریۆی فیلمی به‌ده‌ستهێنا.

بە پێی ڕاپۆڕتی لێژنەی ڕاگەیاندنی گشتیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، فیلمی سینه‌مایی “پارازیت” (مشه‌خۆر) PARASITE له‌ ده‌رهێنانی “بۆنگ جوون ـ هۆ” Bong Joon-ho له‌ وڵاتی کۆریای باشوور براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین فیلمی حه‌فتاودووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا، له‌ به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” له‌ چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” Slemani له‌ هۆڵی سینه‌ما سالم له‌ شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ و خه‌ڵاتی سنه‌وبه‌ری زێوینی ئه‌م به‌شه‌ی فێستیڤاڵه‌که‌ به‌ “بۆنگ جوون ـ هۆ” Bong Joon-ho و “هان جین ـ وون” Han Jin-Won بۆ نووسینی ده‌قی سیناریۆی فیلمی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ پێشکه‌ش کرا.

فیلمی سینه‌مایی “پارازیت” (مشه‌خۆر) که‌ ئه‌مساڵ پڕفرۆشترین فیلم له‌ نێوان هه‌موو براوه‌کانی چڵه‌ خورما له‌ گیشه‌ی جیهانییدا بۆ خۆی مسۆگه‌ر کرد؛ له‌ لایه‌ن وڵاتی کۆریای باشوور له‌ لقی باشترین فیلمی زمانی بیانی بۆ نه‌وه‌دودووهه‌مین خولی خه‌ڵاته‌کانی ئه‌کادیمیای ئۆسکار له‌ ساڵی 2020 ناسێندرا.

ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێونه‌ته‌وه‌یی) پێکهاتوو له‌ به‌رهه‌مه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی چواره‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێونه‌ته‌وه‌یی “سلێمانی” بریتی بوون له‌؛ “هینز هێرمانس” Heinz Hermanns ده‌بیر و به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی CEO و ده‌بیر و به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی به‌رلین ـ سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، خاتوو “پووران دره‌خشه‌نده‌” سیناریۆنووس، ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئێران، “ئادریان بیلچ” Adrian Belic ـ ده‌رهێنه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌هه‌ڵگرتنی فیلم و به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، “یوهانی ئالێنین” Juhani Alanen ـ به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێکاری فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “ته‌مپره‌” Tampere له‌ وڵاتی فینله‌ندا و خاتوو “زولفیه‌ ئاکولاک” Zülfiye Akkulak ـ به‌ڕێوه‌به‌ری فیلم و راگه‌یاندن له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی “سلێمانی‌” له‌ لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی “فوئاد جه‌لال”، به‌ سه‌رۆکایه‌تی “مه‌لا به‌ختیار” به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی “دانه‌ر عومه‌ر فارس” و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو “لینا ره‌زا” و به‌ نمایش کردنی 134 فیلم له ده‌رهێنه‌ره‌کانی ٧9 وڵاتی جیهان؛ له‌ دوو به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێوده‌وڵه‌تی) و به‌شی رکابه‌ریی “سینه‌مای کوردی” (نه‌ته‌وه‌یی) و هه‌روه‌ها سازدانی په‌نێلی “شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” و په‌نێلی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش واته “ده‌زگای فیلم”؛ له‌ 5 هۆڵی “سیتی سینه‌ما”، “سینه‌ما سالم”، هۆڵی “ئه‌منه‌ سووره‌که‌” و هه‌روه‌ها له‌ ته‌لاری “هونه‌ر” له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو.

وێنه‌ و فۆتۆکان: مه‌نسوور جیهانی

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی.




ژانری سایکۆ لە سینەمادا … و : شوان عەباس بەدری

                                                   

لەم ژانرە سینەماییەدا کاروکاردانەوەکانی کارئەکتەری سەرەکی فیلمەکە دەبێتە
هۆی خوڵقاندنی کۆمەڵە ڕووداو و بەسەرهاتێکی جیاوازی هەمە چەشنە و ڕیتمی چیرۆکی
فیلمەکە بەرەو سینەمای ڕووداوی و ترسناک و تێک هەڵکێش هەنگاو دەنێت هەر لە بەر
ئەمەش دەتوانین ژانری سایکۆ بە ژێرخانی ژانری ترسناک و دڵەخۆرپێ پێناسە بکەین .

ژانر چییە ؟ لەنێو ئەو هەموو فیلمە سینەماییانەی کە لە سەر بناغەی ژانری
سایکۆ بەبەرهەم هێنراون دەتوانین  فیلمی (سایکۆ
) ی  ئالفرید هیچکۆک کە لە ساڵی 1960
بەبەرهەم هێنراوە بە پێشەنگ و بناغە دارێژەری ئەو جۆرە فیلمانە ئەژمار بکەین .

لەم فیلمەدا کەسایەتی سەرەکی فیلمەکە بە ناوی (نۆرمەن بیتس ) کە
کەسایەتیەکەی لەلایەن ( ئانتۆنی پرکینز ) ەوە بەرجەستە دەکرێت و کەسێکی دەروون شێواوە
و بە دەست نەخۆشی دەروونییەوە ئەناڵێنێ ، ( نۆرمەن ) گەنجێکی تەمەن 30 ساڵە و
مۆتێلێک بەرێوە ئەبات ولەبەر ئەوەی بە ڕووکەش هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ کەسێکی
ئاساییدا نییە  کەس ئاگاداری ئەو دۆخە
دەروونیە شێواو و پەشۆکاوەی نییە بەڵآم لە ڕاستیدا (نۆرمەن) لە دوای مەرگی دایکی
دووچاری شۆکی دەروونی بووە و نالەبارییە دەروونییەکەی گەیشتۆتە لووتکە و تەنانەت
جەستەی دایکیشی لە ژوورێکی پشتەوەی هوتێلەکە بە بێ ئەوەی بینێژێ شاردۆتەوە .

هەروەها فیلمی ( شاتر ئایلەند) ی مارتین سکۆرسیزی دەرهێنەر یەکێکە لە فیلمە
بەناوبانگەکانی ناو ئەم جۆرە ژانرە سینەماییە ، لیۆناردۆ دیکاپریۆ کە مارشالێکی
ئەیالەتییە هەڵدەستێت بە کووشتنی هاوسەرەکەی و دوای ئەو تاوانەش دەخرێتە
ژێرچاودێری پزیشکی و چارەسەری دەروونیەوە بەڵآم ئەو هەرگیز ناچێتە ژێرباری قبوڵ
کردنی ئەو تاوانە و هێشتا خۆی با پلەدارێکی بەرزی ناو پۆلیس دەزانی .

لە فیلمەکانی دیکەی ئەم جۆرە ژانرەدا کاروکاردانەوەکانی کارئەکتەری سەرەکی
چیرۆکەکە نابنە هۆی کووشتن و کاری تاوانکارانە بەڵآم ڕیتمی ڕووداوەکان بینەر
ڕووبەڕووی چەندین بابەتی دەروون بەریشانە دەکاتەوە ، بۆ نمونە فیلمی
دەروونناسیانەی ( سەرەتا) ی کریستۆفەر نۆلانی دەرهێنەر یەکێکە لەو جۆرە بەرهەمانە.

لە هەندێک فیلمی دیکەی  ژانری
سایکۆدا ناوەرۆکی فیلمەکە بە گشتی لە دەوری کارئەکتەرێک دەخولێتەوە کە لە ئەنجامی
چەند دۆخێکی دژواری بە زۆر بە سەردا سەپێنراو و لە ڕێی ژمارەیەک کورتە ڕوداوی
جیاوازەوە کەسەکە کەم کەم دوچاری دەرۆن شێواوی و نالەباری دەروونی دەبێتەوە.

گەر لە فیلمی ( سایکۆ ) ی ئالفرێد هیچکۆکدا کەسایەتی ( نۆرمەن ) هەر لە
سەرەتاوە خاوەن کەسایەتییەکی ناهاوسەنگ و لێوانلێوە لە کێشە و تەنگەژەی دەروونی
مەترسیدار ئەوا لە فیلمی ( درەوشانەوە ) ی ستانلی کۆبریکی کۆچکردوو کارئەکتەری (
جاک تۆرنس ) کە ( جەک نیکلسۆن ) ڕۆڵەکەی بەرجاستە دەکات هەنگاو بە هەنگاو و بە پێی
ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە دووچاری نالەباری دەروونی دەبێت و دواجار هاوسەنگی هزری
خۆی لە دەست ئەدات .

نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە ژانری سایکۆ یەکێکە لە سەختترین ژانرەکانی ناو
سینەما و لە ڕاستیدا بۆ بەرهەم هێنانی ئەم جۆرە فیلمانە ئەوا دەبێت سیناریۆیەکی
بەهێز و قوڵمان هەبێت کە بە باشترین شێوە کورتیلە چیرۆک و ڕووداوەکان پێکەوە
ببەستێتەوە و لۆژیکیانە باس لە کەسایەتییەکان بکات و سیناریست
و نووسەر و دەرهێنەر و تا ڕادەیەکیش ئەکتەرەکان شارەزاییەکی باشیان لە بواری
دەروونناسیدا هەبێت .




توورەج ئەسڵانی خەڵاتی فێستیڤاڵی ئازادی ئەمەریکای پێشکەش بە خۆڕاگری خەڵکی ڕۆژئاوا کرد

مەنسوور جیهانی ـ توورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئازادی” ئەمەریکای وەرگرت و خەڵاتەکەی پێشکەش بە خۆڕاگری خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها منداڵانی ڕۆژئاوا کرد.

فیلمی سینەمایی “14ی تیرمە” (14ی Tîrmeh) لە دەرهێنانی “هاشم ئایدێمیر” Hashim Aydemir، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد حیسامەدین یوورک” Mehmet Husamettin Yurek لە کۆمپانیای “یاپیم 13” Yapim 13 و لە بەڕێوەبەری وێنەگرتنی توورەج ئەسڵانی سینەماکاری ناودار و نێودەوڵەتی کورد، بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئەڵمانیا و تورکیا، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئازادی” Freedom لە ویلایەتی کاڕۆلینای باشوور لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا و توورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن و هەروەها خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم ڕووداوە سینەماییەی بەدەستهێنا.

توورەج ئەسڵانی دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئازادی” ئەمەریکا، ئەم خەڵاتەی بە نەتەوەی ئاشتی خوازیی کوردستان و بە تایبەت خۆڕاگری قارەمانەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها منداڵانی ڕۆژئاوا پێشکەش کرد.

فیلمی سینەمایی “14ی تیرمە” لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵندەکانی “سینەمای کوردی” لە پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” لە هەرێمی کوردستان نمایش کرا و خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە هۆی وێنەگرتنی بەرچاو و ستایلی وێنەیی بەرجەستە، بە توورەج ئەسڵانی بەڕێوەبەریی ئەم فیلمە سینەماییە بەخشرا و هەروەها کۆمەڵەی ئەکتەرانی ئەم فیلمەش بە هاوبەشیی خەڵاتی باشترین ئەکتەریی ئەم خولەی فێستیڤاڵیان بەدەستهێنا.

“14ی تیرمە” تا ئێستا لە 17 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهان بەشداریی کردووە، لەوانە: نمایشی تایبەت لە بەشی “سینەمای جیهان” لە بیست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کامێڕائیمەیج” CAMERIMAGE فێستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەمای جیهان لە وڵاتی پۆڵەندا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “لاپاز” La Paz لە وڵاتی بۆلیوی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئاڵتێڕناتیڤ” Alternative لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئێسکاندیناڤیا” SCANDINAVIAN لە وڵاتی فینلەندا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڕێۆدۆژانیرۆ” لە وڵاتی بڕازیل، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دنیای کۆمەڵایەتی” Social World لە وڵاتی ئیتالیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “میلان” لە وڵاتی ئیتالیا، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “تگێن” Tagen لە هامبوورگ، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “بەڕڵین” و فێستیڤاڵی فەرهەنگی کوردی “نۆرمبێرگ” لە وڵاتی ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “لەندەن” لە وڵاتی بەریتانیا، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “ئەستەنبووڵ” لە تورکیا و … .

ئەم فیلمە بە بەشداری لەم ڕووداوە سینەمایانە چەندین خەڵاتیشی بەدەستهێناوە، لەوانە: خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بۆ توورەج ئەسڵانی و باشترین ئەکتەری پیاو لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کرالا” Kerala لە وڵاتی هیندستان، خەڵاتی تایبەتی داهێنان لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە هەرێمی کوردستان، خەڵاتی باشترین دەرهێنان بۆ فیلمی یەکەم لە خەڵاتەکانی وێنەگران لە وڵاتی کەنەدا، خەڵاتی باشترین فیلم، خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ، خەڵاتی باشترین دیزاینی دەنگ بۆ بەهمەن ئەردەڵان و هەروەها خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن بۆ توورەج ئەسڵانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “پێنج قاڕە” لە وڵاتی وینزۆئێلا و … .

فیلمی سینەمایی “14ی تیرمە” بۆ ماوەی سێ مانگ لە 145 هۆڵی سینەمایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن هۆگرانی هونەریی سینەمایی پێشوازیی لێکرا.




بە “خوشکانی جەنگ” چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” دەکرێتەوە

مەنسوور جیهانی ـ بە نمایشی فیلمی سینەمایی “خوشکان جەنگ” لە دەرهێنانی “کاڕۆلینا فورێست” چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” دەست پێدەکات.

بە پێی ڕاپۆڕتی لێژنەی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، فیلمی سینەمایی “خوشکان جەنگ” Sisters in Arms لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری فەڕەنسی “کاڕۆلینا فورێست” Caroline Fourest و بە ڕۆڵ بینینی “دیلان گۆین” Dilan Gwyn، “ئەمیرە کەسەر” Amira Casar، “کامێلیا جۆڕدانا” Camélia Jordana، “مایا سانسا” Maya Sansa، “ئێشفێر گێڕال” Esther Garrel، “نانە بلۆندێل” Nanna Blondell، “کۆکماز ئەرسلان” Korkmaz Arslan، “نووش سکۆگێن” Noush Skaugen، “مارک ریدێر” Mark Ryder و “یۆسف دووزۆ” Youssef Douazou کاتژمێر 8ی ئێوارێی ڕۆژی سێشەمە 1ی ئۆکتۆبەری 2019 لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “سلێمانی” Slemani لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “خوشکان جەنگ” بۆ یەکەمین جار لە ئاستی دنیادا لە شەست و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی “بەڕڵین” لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش کرا و بۆ یەکەمین جاریش لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە شاری سلێمانی پێشکەشی هۆگرانی هونەری سینەما دەکرێت.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی “سلێمانی‌” له‌ لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی “فوئاد جه‌لال”، به‌ سه‌رۆکایه‌تی “مه‌لا به‌ختیار” به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ریی “دانه‌ر عومه‌ر فارس” و به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو “لینا ره‌زا” و به‌ نمایش کردنی 134 فیلم له ده‌رهێنه‌ره‌کانی ٧٨ وڵاتی جیهان؛ پێکهاتوو له‌ به‌رهه‌مه‌کانی ساڵانی 2018 و 2019ی زایینی له‌ دوو به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی “سینه‌مای جیهان” (نێوده‌وڵه‌تی) که‌ بریتییه‌ له‌؛ به‌رهه‌مه‌کانی درێژی سینه‌مایی و کورته‌ فیلم، به‌ڵگه‌فیلم، ئه‌نیمه‌یشێن و ئه‌زموونی و به‌شی رکابه‌ریی “سینه‌مای کوردی” (نه‌ته‌وه‌یی) که‌ بریتییه‌ له‌؛ به‌رهه‌مه‌کانی درێژی سینه‌مایی و کورته‌ فیلم، به‌ڵگه‌فیلم، ئه‌نیمه‌یشێن و ئه‌زموونی و هه‌روه‌ها سازدانی وۆرکشۆپه‌کانی پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش؛ به‌ دروشمی “شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی” له‌ رۆژانی 1 تا 7ی ئوکتۆبه‌ری 2019ی زایینی له‌ 5 هۆڵی “سیتی سینه‌ما”، “سینه‌ما سالم”، هۆڵی “ئه‌منه‌ سووره‌که‌” و هه‌روه‌ها له‌ ته‌لاری “هونه‌ر” له‌ شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی “سلێمانی” 14 خه‌ڵاتی ته‌ندیسی زێڕینی “کاجی زێڕین” و خه‌ڵاتی پاره‌ی نه‌غدی که‌ بریتییه‌ له‌ به‌شی رکابه‌ریی فیلمه‌ درێژه‌کانی “سینه‌مای جیهان” و “سینه‌مای کوردی”؛ به‌ باشترین فیلمی نێونه‌ته‌وه‌یی، باشترین ده‌رهێنان، باشترین ده‌قی سیناریۆی فیلم، باشترین وێنه‌گرتنی فیلم، باشترین کورته‌ فیلمی نێونه‌ته‌وه‌یی و خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی ناوبژیوان به‌ هه‌ڵبژێردراوان پێشکه‌ش ده‌کرێت و هه‌روه‌ها له‌ به‌شی رکابه‌ریی کورته‌ فیلمه‌کانی “سینه‌مای جیهان” و “سینه‌مای کوردی” خه‌ڵاته‌کانی باشترین فیلمی نه‌ته‌وه‌یی، باشترین ده‌رهێنان، باشترین ده‌قی سیناریۆی فیلم، باشترین فیلمی به‌ڵگه‌یی، باشترین کورته‌ فیلمی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی ناوبژیوان به‌ براوه‌کانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت و 4 خه‌ڵاتی تایبه‌ت له‌ لایه‌ن کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم”، له‌وانه: خه‌ڵاتی شکۆمه‌ندی، خه‌ڵاتی “ئه‌حمه‌د کایا” گۆرانیبێژی ناوداری کورد، خه‌ڵاتی شه‌هید “په‌رچه‌م” (یه‌که‌مین کچی کورد که له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ گرووپی تیڕۆریستی داعش شه‌هید بوو) و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی “ته‌ها که‌ریمی” سینه‌ماکاری کۆچکردووی کورد پێشکه‌ش ده‌کرێت.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی.




په‌پووله‌کان به‌ براوه‌کانی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان پێشکه‌ش کرا

مەنووچێهر جیهانی ـ سی‌ودووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران گه‌یشته‌ وێستگه‌ی کۆتایی و براوه‌کانی خۆی ناسی.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی‌ودووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، رێوڕه‌سمی کۆتایی سی‌ودووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌ هۆڵی کۆبوونه‌وه‌کانی په‌ردیسی سینه‌مایی سیتی سه‌نته‌ر له‌ شاری ئیسفه‌هان به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ رێوڕه‌سمی کۆتاییدا “حوسێن ئینتزامی” سه‌رۆکی رێکخراوی سینه‌مایی، “عه‌له‌یڕه‌زا تابێش” ده‌بیری فیستیڤاڵ، “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” راوێژکاری باڵای رێکخراوی سینه‌مایی، “سه‌یدمحه‌مه‌د مێهدی ته‌باته‌بایی نیژاد” جێگری چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنی رێکخراوی سینه‌مایی، “حه‌بیب ئیل به‌یگی” راوێژکاری ده‌بیری فیستیڤاڵ، “قودره‌توڵڵا نه‌ورۆزی” شاره‌وانی ئیسفه‌هان، “عه‌باس ره‌زایی” پارێزگاری ئیسفه‌هان، “محه‌مه‌دعه‌لی ئه‌نساری” به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای ئیسفه‌هان، به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی فیستیڤاڵ، نوێنه‌ری یوونیسێف له‌ ئێران، “مه‌عسوومه‌ ئیبتکار” جێگری سه‌رۆک کۆمار، “ئیره‌ج ته‌هماسب” ، “مه‌هدی جه‌عفه‌ری” ، “ساره‌ به‌یات” ، “سوهه‌یل موه‌فه‌ق” ، “نادره‌ تورکمانی” ، “حامید جه‌عفه‌ری” ، “بیژه‌ن بیره‌نگ” ، “جیهانبه‌خش سوڵتانی” و چه‌ندین که‌سایه‌تی هونه‌ریی دیکه ئاماده‌ بوون. ‌
له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م رێوڕه‌سمه‌دا که‌ “محه‌مه‌د سلووکی” پێشکه‌شکاری داڕێژه‌ بوو، یادی دوو سینه‌ماکاری تازه‌ کۆچکردووی ئێران، “داریووش ئه‌سه‌دزاده‌” ئه‌کته‌ری ناسراوی پێشه‌نگ و به‌ئه‌زموونی کرماشانی و “محه‌مه‌د شه‌ره‌فه‌دین” وێنه‌هه‌ڵگری لاوی سینه‌ما به‌رز راگیرا.
دوای په‌خش کردنه‌وه‌ی کلیپێک سه‌باره‌ت به‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی سی‌ودووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، “قودره‌توڵڵا نه‌ورۆزی” شاره‌وانی ئیسفه‌هان گوتی: له‌ خولی سی‌ودووهەمی فیستیڤاڵدا منداڵان و مێرمنداڵان له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی فیستیڤاڵه‌که‌دا ده‌ورێکی چالاکیان هه‌بوو که تێیدا هاوبه‌شییان ده‌کرد و‌ 25 په‌یامنێر و 32 ناوبژیوان له‌ نێوان خوازیاراندا له‌ دوای تێپه‌راندنی چه‌ندین قۆناغ هه‌ڵبژێردراون و له‌ ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی فیستیڤاڵدا ده‌ورێکی هاوبه‌ش بوونی یه‌کجار به‌رزیان ده‌گێڕا. په‌ردیسی سینه‌ما هونه‌ری ئیسفه‌هان به‌ 3200 سه‌نده‌ڵی هه‌موو شه‌وێک فیلمی تێدا نمایش ده‌کرا و کۆڵانی فه‌رهه‌نگیی چوارباغ ئه‌مساڵ زۆر قه‌ره‌باڵغ بوو، که‌ره‌سته‌ی سینه‌مای گه‌ڕۆک له‌ ناوچه‌‌ هه‌ژاره‌کانی ئه‌م شاره‌ کارێکی کرد که‌ منداڵانی شوێنه بێ به‌شه‌کانی شاره‌که فیلمه‌کانی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ ببینن. ‌فیستیڤاڵی ئه‌مساڵ توانی ده‌ستکه‌وت گه‌لی دیپلۆماتیکی زۆری هه‌بێت. هه‌ڵبژارده‌ی فیلمه‌کانی ئه‌م رووداوه‌ هونه‌رییه‌ بۆ 34 شوێنی وڵاتی ئێران رۆیشت و زیاتر له‌ 100 داڕێژه‌ و نمایشی فیلم له‌ ناوچه‌ جۆراوجۆره‌کان و هه‌روه‌ها له‌ شوێنه‌ سێڵاو لێدراوه‌کان بۆ منداڵان نمایش کرا.
شاره‌وانی ئیسفه‌هان گوتی: له‌ پۆسته‌ری فیستیڤاڵه‌که‌دا‌ وێنه‌ی پێنج منداڵ نه‌خشێندراوه‌ به‌ ره‌گه‌زه‌کانی جۆراجۆر که‌ نیشانده‌ری گفتوگۆی نێوان چین و توێژه‌ که‌مینه‌کان و هه‌موو ره‌گه‌زه‌کانه‌. باڵیۆزه‌کانی 28 وڵاتی جیهان ئه‌مساڵ له‌ شاری ئیسفه‌هان ئاماده‌ بوون، فیستیڤاڵه‌که‌ کارکردێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رزی هه‌بوو، ئابووری هونه‌ر و ئابووریی سینه‌ما له‌م فیستیڤاڵه‌دا زۆر به‌هێز کرا، رێککه‌وتننامه‌ی هاوکاری له‌ نێوان ئێران، رووسیا و کۆریای باشوور له‌ بواری سینه‌ماییدا واژۆ کرا و بڕیار درا که‌ چه‌ند که‌س له‌ به‌رپرسانی بازاڕی فیلم که‌ له‌ ئاستی دونیادا تواناییان هه‌یه‌ بێن بۆ ئیسفه‌هان و له‌ بواری ئاڵوگۆڕه‌کانی سینه‌ماییدا بۆ فیلم چیکردن ئێمه‌ هاوڕێیه‌تی بکه‌ن. ئه‌م فیستیڤاڵه‌ دوو ساڵه‌ که‌ به‌ میواندارێتی ئیسفه‌هان بۆته‌ هه‌میشه‌یی و ئه‌مه‌ رووداوێکی هه‌میشه‌ییه‌؛ ئه‌م فیستیڤاڵه‌ قوتابخانه‌ی فیلمسازی و یانه‌ی بینه‌ر و به‌رده‌نگه‌کان داده‌مه‌زرێنێت و رێگاکه‌ له‌ درێژه‌ی ساڵدا بۆ سینه‌ماکاران ئاماده‌ و هه‌موار ده‌کات. ئه‌م فیستیڤاڵه‌ توانی له‌ ئیسفه‌هان شادی و جۆش و خرۆش بخاته‌ نێو خه‌ڵکی شار و بنه‌ماڵه‌کان و یه‌کگرتن و پێکه‌وه‌بوونی نه‌ته‌وه‌یی زیاتر بکات.
دواتر له‌ یه‌که‌مین به‌شی هه‌ڵبژێردراوانی فیستیڤاڵدا، ناوی براوه‌کانی به‌شی وێب سێری راگه‌یه‌ندرا که‌ “ئه‌مین حه‌ق شناس” و “موژده‌ له‌واسانی” بۆ پیشکه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌کانی ئه‌م به‌شه‌ هاتنه‌ سه‌ر شانۆ.
خه‌ڵاتی وێب سێری له‌ به‌شی که‌سب و کار و پیشه‌ به‌ “کیان قاسم پوور” بۆ فیلمی “ئۆزیا” پێشکه‌ش کرا.
دیپلۆمای شانازی به‌شی که‌سب و پیشه‌ و کار به‌ “گوڵنووش شه‌ریفی” بۆ فیلمی “ماڵئاوا هه‌یولا” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها دیپلۆمای شانازی داهێنانی هونه‌ری به‌ “پێژمان مالمیر” بۆ فیلمی “که‌له‌ شکه‌م،
شکه‌م که‌له‌” پێشکه‌ش کرا.
له‌ به‌شی دواتردا نۆبه‌ی پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاتی ناوه‌ندی په‌ره‌پێدانی سینه‌مای منداڵ گه‌یشت و بۆ پێشکه‌ش کردنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ سینه‌ماکاری کرماشانی “پووران دره‌خشه‌نده‌” و “بیژه‌ن بیره‌نگ” و “داریووش بابائیان” هاتنه‌ سه‌ر شانۆ، له‌م به‌شه‌دا دیپلۆمای شانازی ناوه‌ندی په‌ره‌پێدانی سینه‌مای منداڵ به‌ “ئه‌میرحوسێن قه‌هرایی” بۆ ده‌رهێنانی فیلمی “بازیۆو” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها راگه‌یه‌ندرا که‌ له‌م به‌شه‌دا رێزگرتنی تایبه‌ت بۆ فیلمی “تۆرنا2” له‌به‌ر چاو گیراوه‌، به‌ڵام به‌ هۆی ئاماده‌بوونی “سه‌یدجه‌واد هاشمی” له‌ ده‌سته‌ی ناوبژیواندا، ئه‌م
فیلمه‌ له‌ به‌شی رکابه‌ری چووه‌ ده‌ره‌وه‌.
له‌ به‌شی پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاتی “زاون قۆکسیان” ره‌خنه‌گری کۆچکردووی سینه‌ما، دیپلۆمای شانازی زاون به‌ “مایکل شرێر” بۆ فیلمی “سیحربازی چکۆله‌” به‌خشرا.
له‌ به‌شی خه‌ڵاته‌کانی به‌شی ناوبژیوانیی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران سه‌ره‌تا راگه‌یه‌ندراوی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی ئه‌م به‌شه‌ خوێندرایه‌وه‌. په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین فیلمی منداڵ به‌ “حه‌میدڕه‌زا قوتبی” بۆ فیلمی “شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌و شه‌وه‌” پێشكه‌ش کرا و “بابه‌ک نه‌بی زاده‌” بۆ فیلمی “ئوقیانوسی پشت په‌نجه‌ره‌” په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین فیلمی مێرمنداڵانی بۆ خۆی مسۆگه‌ر کرد.
له‌ به‌شی کێبڕکێی سینه‌مای نێونه‌ته‌ه‌ییدا، سه‌ره‌تا کلیپی ناساندنی به‌شی سیفێژ په‌خش کرایه‌وه‌ و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی ئه‌م به‌شه‌ پێکهاتوو له‌ دراگان میلینکۆویچ فیمۆن و محه‌مه‌د به‌خشی بۆ پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌کانی ئه‌م به‌شه‌ هاتنه‌ سه‌ر شانۆ و خه‌ڵاتی تایبه‌تی سیفێژ به‌ فیلمی “شاهینه‌کان” له‌ به‌رهه‌مهێنانی “ئانا وه‌گدیس گیسلدۆتر” و “تۆرهالو گۆنارسۆن” پێشکه‌ش کرا.
“مه‌ندیپ ئیرایان” سه‌رۆکی یوونیسێف له‌ ئێران و شاندی هاوڕێی له‌ ناوبژیوانیدا بۆ پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌کانی یوونیسێف هاتنه‌ سه‌ر شانۆ و له‌م به‌شه‌دا له‌ ئه‌کته‌ری کچی منداڵ “ئایلین ره‌شیدیان” بۆ ده‌ورگێڕان له‌ فیلمی “شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌و شه‌وه‌” رێز گیرا، هه‌روه‌ها له‌ “لیدا فه‌زلی” ده‌رهێنه‌ری ئه‌نیمه‌یشێنی “ئه‌م لا و ئه‌و لا” رێز گیرا. هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی سه‌ره‌کی یوونیسێف به‌ “بابه‌ک نه‌بی زاده‌” بۆ فیلمی “ئوقیانووسی پشت په‌نجه‌ره‌” پێشکه‌ش کرا.
له‌ درێژه‌دا نۆبه‌ی پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌کانی لێژنه‌ی ناوبژیوانانی منداڵ و مێرمنداڵی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی گه‌یشت و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوان هاتنه‌ سه‌ر شانۆ که‌ بۆ یه‌که‌مین جار دوو منداڵی کورد له هه‌رێمی کوردستان به ناوه‌کانی “مه‌ستی فوئاد جه‌لال”
و “میلانۆ فوئاد جه‌لال” وه‌کوو ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م به‌شه‌ ده‌ستنیشان کران.
په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین فیلم له‌م به‌شه‌دا به‌ “هه‌که‌ر” له‌ به‌رهه‌مهێنانی “ساینه‌ لیبه‌ک جانسۆن” و “مۆرتن کافمه‌ن” پێشکه‌ش کرا.
په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین کورته‌ فیلمی ئه‌نیمه‌یشێن به‌ فیلمی “هه‌وری” له‌ به‌رهه‌مهێنانی “فیلیپ دیۆیاک” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها دیپلۆمای شانازی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی منداڵ و مێرمنداڵ به‌ فیلمی “لوییز و لۆکا – لێپرسراوێتی راسپارده‌ بۆ مانگ” له‌ به‌رهه‌مهێنانی “کۆرنلیا بۆیسن سینۆوه
هه‌رشدال” گه‌یشت.
هه‌روه‌ها په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین فیلمی ئه‌نیمه‌یشێنی درێژ به‌ “جیکۆب، می می و سه‌گه‌کانی وته‌بێژ” له‌ به‌رهه‌مهێنانی “سابینه‌ ئاندرسۆن” پێشکه‌ش کرا.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م رێوڕه‌سمه‌دا نۆبه‌ی پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌کانی به‌شی فیلمه‌کانی سینه‌مایی و کورته‌ فیلمی چیرۆکی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی گه‌یشت.
له‌م به‌شه‌دا په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین کورته‌ فیلم به‌ “کوڕی ده‌ریا” له‌ به‌رهه‌مهێنانی “عه‌باس جه‌لالی یه‌کتا” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها دیپلۆمای شانازی ئه‌م به‌شه‌ به‌ فیلمی “هه‌که‌ر” له‌ به‌رهه‌مهێنانی “ساینه‌ لیبه‌ک جانسۆن” و “مۆرتن کافمه‌ن” گه‌یشت.
په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین سیناریۆ به‌ فیلمی “سیحربازی چکۆله‌” له‌ نووسینی “ماتیاس پاخت” پێشکه‌ش کرا.
هه‌ر له‌م به‌شه‌دا په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین ده‌رهێنان به‌ فیلمی “بیست و سێ نه‌فه‌ر” به‌ “مێهدی جه‌عفه‌ری” گه‌یشت.
په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین فیلمی درێژ به‌ فیلمی “بیله‌” له‌ به‌رهه‌مهێنانی “یانیس یوهیۆس” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ فیلمی “چاسکیت” له‌ ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی “په‌ریا راماسۆیان” پێشکه‌ش کرا.
له‌ دوای کۆتایی هاتنی به‌شێک له‌ پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌کان له‌ رێوڕه‌سمی کۆتایی فیستیڤاڵدا، نۆبه‌ی رێزگرتن له‌ “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” ده‌بیری پێشووی فیستیڤاڵی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان گه‌یشت و هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ کلیپێک له‌ وته‌کانی سینه‌ماکارانی وه‌کوو “بیژه‌ن بیره‌نگ” ، “مه‌رزیه‌ بروومه‌ند” ، “پووران دره‌خشه‌نده‌” ، “کیومه‌رس
پوورئه‌حمه‌د” ، “کامبۆزیا په‌رته‌وی” و هتد سه‌باره‌ت به‌ که‌سایه‌تی ئه‌و بڵاو کرایه‌وه‌.
له‌ درێژه‌دا سه‌یدعه‌باس ساڵحی، حوسێن ئینتزامی، عه‌لیڕه‌زا تابێش، مه‌عسوومه‌ ئیبتکار، عه‌باس ره‌زایی، قودره‌توڵڵا نه‌ورۆزی و پووران دره‌خشه‌نده‌ بۆ رێزگرتن له‌ “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” هاتنه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و رێزیان لێ گرت.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی رێوڕه‌سمی کۆتاییدا، “سه‌یدعه‌باس ساڵحی” وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران گوتی: سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ به‌شێکه‌ له‌ پێناسه‌ و شوناسی سینه‌ما‌ و ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ دوای سینه‌مای مرۆڤانه‌وه‌ین. منداڵان و مێرمنداڵان به‌ زاتی پاک و راستگۆیانه‌ی خۆیان، ئێمه‌ له‌م سینه‌مای مرۆڤانه‌یه‌ نزیک ده‌که‌ن. له‌ دوای شۆڕش و له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا به‌ رێژه‌ی 200 فیلمی سینه‌مایی منداڵ و مێرمنداڵ هاتۆته‌ به‌رهه‌م، ساڵی پار 15 فیلمی منداڵ و مێرمنداڵ نمایش کراوه‌ و له‌ نێو 10 فیلمی پڕفرۆشی سینه‌مای ئێراندا، یه‌ک فیلمی سینه‌مایی منداڵان هه‌بوو. دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فارابی له‌ هه‌شت فیلمی سینه‌مایی له‌ نێو کۆی 13 فیلمی به‌رهه‌مهێنراوی منداڵان پاڵپشتی کردووه‌. وڵاتی ئێران له‌ بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵ و مێرمنداڵدا خاوه‌ن پێشێنه‌ و هێزێکی باش و شیاوی ئاراسته‌ کردنه‌. ئه‌ده‌بیاتی چیرۆکیی منداڵ و مێرمنداڵی ئێران رێگایه‌کی به‌ره‌و پێشکه‌وتنی هه‌یه‌. سینه‌مای ئێران په‌یوه‌ندییه‌کی زیاتری له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان و مێرمنداڵان په‌یدا کردووه‌ و ئه‌زموون گه‌لێکی باشی له‌ ده‌ق وه‌رگرتن له‌ به‌رهه‌مه‌کانی بواری منداڵان و مێرمنداڵان هه‌بووه‌ که‌ ئه‌وه‌ ده‌توانرێ قووڵتر بکرێته‌وه‌.
دواتر نۆبه‌ی پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌کانی به‌شی کێبڕکێی سینه‌مای ئێران گه‌یشت و ده‌سته‌ی ناوبژیوانی ئه‌م به‌شه‌ پێکهاتوو له‌ “ساره‌ به‌یات” ، “ئیره‌ج ته‌هماسب” ، “مه‌رجان ئه‌شره‌فی زاده” ‌، “ئه‌مروڵلا ئه‌حمه‌دجوو” ، “حامید جه‌عفه‌ری” ، “غوڵامڕه‌زا ره‌مه‌زانی” و “محه‌مه‌دعه‌لی مه‌زاهیری” بۆ پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌کان هاتنه‌ سه‌ر شانۆ.
له‌ به‌شی یه‌که‌مدا خه‌ڵاتی شه‌هید “بێهنام مه‌حموودی” به‌ “مێهدی جه‌عفه‌ری” بۆ فیلمی “بیست و سێ نه‌فه‌ر” پێشکه‌ش کرا.
دیپلۆمای شانازی کورته‌ فیلمی ئه‌نیمه‌یشێنی به‌ “ئه‌م لا و ئه‌و لا” له‌ ده‌رهێنانی “لیدا فه‌زلی” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین کورته‌ فیلمی ئه‌نیمه‌یشێن به‌ “مه‌هین جه‌واهێریان” بۆ فیلمی “زه‌ر زه‌ری کاکول زه‌ری” پێشکه‌ش کرا.
دیپلۆمای شانازی باشترین کورته‌ فیلمی چیرۆکی به‌ “عه‌باس جه‌لالی یه‌کتا” بۆ “کوڕی ده‌ریا” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها “مورته‌زا ئاسمانی” بۆ “سورخابی” دیپلۆمای شانازی باشترین کورته‌ فیلمی
چیرۆکی بۆ خۆی مسۆگه‌ر کرد.
دیپلۆمای شانازی باشترین ده‌رهێنانی فیلمی چیرۆکی درێژ به‌ “موژگان به‌یات” بۆ فیلمی “منداڵی زه‌وی” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها “محه‌مه‌د نه‌جیبی” دیپلۆمای شانازی باشترین فیلمی چیرۆکی درێژی بۆ “منداڵی زه‌وی” بۆ خۆی مسۆگه‌ر کرد.
دیپلۆمای شانازی باشترین فیلمی ئه‌نیمه‌یشێن به‌ “موسته‌فا مه‌زره‌عه‌تی” بۆ “بنیامین” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها دیپلۆمای شانازی باشترین سیناریۆ به‌ “سه‌لمان خورشیدی” بۆ فیلمی “بازیۆو” پێشکه‌ش کرا.
له‌ درێژه‌دا په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین سیناریۆ به‌ “مێهدی جه‌عفه‌ری” بۆ فیلمی “بیست و سێ نه‌فه‌ر” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها دیپلۆمای شانازی باشترین ئه‌کته‌ر به‌ “ئایلین ره‌شیدیان” ئه‌کته‌ری کچی منداڵ بۆ ده‌ورگێڕان له‌ فیلمی سینه‌مایی “شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌و شه‌وه‌” پێشکه‌ش کرا و “راستین عه‌زیزپوور” بۆ فیلمی “تۆرنا2” دیپلۆمای شانازی ئه‌م به‌شه‌ی وه‌رگرت.
له‌ درێژه‌دا دیپلۆمای شانازی باشترین ئه‌کته‌ر به‌ “محه‌مه‌د ئازادی” بۆ ده‌ورگێڕان له‌ فیلمی “ئوقیانووسی پشت په‌رده‌” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها “عه‌لیڕه‌زا ئه‌کبه‌ری” بۆ ده‌ورگێڕان له‌ فیلمی “ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌کراو بۆ فڕین” په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین ئه‌کته‌ری بۆ خۆی مسۆگه‌ر کرد.
په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین ده‌رهێنان له‌ به‌شی نه‌ته‌وه‌یی به‌ “ئه‌میرحوسێن قه‌هرایی” ده‌رهێنه‌ری فیلمی “بازیۆو” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین فیلم له‌ به‌شی نه‌ته‌وه‌یی به‌ “موجته‌با فه‌رئاوه‌رده‌” به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “بیست و سێ نه‌فه‌ر” گه‌یشت.
هه‌روه‌ها په‌پووله‌ی زێڕینی خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی ناوبژیوان به‌ “بێهرووز ره‌شاد” به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌و شه‌وه‌” پێشکه‌ش کرا.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ی رێوڕه‌سمی کۆتاییدا و بۆ پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌بیری فیستیڤاڵ، “عه‌لیڕه‌زا تابێش”، “محه‌مه‌دعه‌لی ئه‌نساری” و “عه‌باس ره‌زایی” هاتنه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ. له‌م پارچه‌یه‌دا، له‌ به‌شی که‌سب و کار و پیشه‌ دیپلۆمای شانازی به‌ “ئه‌میرحوسێن قه‌هرایی” بۆ فیلمی سینه‌مایی “بازیۆو” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها له‌ به‌شی داهێنان دیپلۆمای شانازی به‌ “حه‌میدڕه‌زا قوتبی” بۆ فیلمی سینه‌مایی
“شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌و شه‌وه‌” پێشکه‌ش کرا.
هه‌روه‌ها له‌ به‌شی بڕه‌وپێدانی ئیکران و نمایش کردنی فیلم و هاندانی به‌رده‌نگ و بینه‌ره‌کان “حامید بامره‌وه‌ت نیژاد” بۆ فیلمی “ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌کراو بۆ فڕین” شایسته‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵات ناسرا.
له‌ دوای پێشکه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌کان “عه‌باس ره‌زایی” پارێزگاری ئیسفه‌هان گوتی: له‌
فیستیڤاڵدا شنه‌ی شادی و خۆشی منداڵان و مێرمندالانی ئیسفه‌هانی دوو هێنده‌ بوو، به‌خته‌وه‌رم که‌ ئیسفه‌هان وه‌کوو شاری داهێنه‌ر و لایه‌نگری منداڵ ناسێندراوه‌ و میوانداری سی‌ودووهەمین فیستیڤاڵی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانه‌. ئاماده‌بوونی فیلم و به‌رهه‌مه‌کانی 27 وڵاتی جیهان له‌ فیستیڤاڵی ئه‌مساڵ نیشانده‌ری دیپلۆماسی فه‌رهه‌نگیی سینه‌مای وڵاتی ئێرانه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بمانه‌وێت به‌ نوسخه‌یه‌کی شفاده‌ر بۆ باشتر بوونی بارودۆخ بگه‌ین، ده‌بێ به‌ره‌و بواری فێرکاری و په‌روه‌رده‌ و بارهێنان بڕۆین، بۆ چالاکی کردن له‌ بواری منداڵ ده‌بێ له‌ شێوازگه‌لی نوێ و داهێنه‌رانه‌ که‌ڵک وه‌ربگرین، ده‌بێ هونه‌رمه‌ندان هان بدرێن بۆ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ رێگای هونه‌ر یارمه‌تی کۆمه‌ڵگاکه‌مان بده‌ن و شته‌ باوه‌کان و بابه‌ته‌کان فێری منداڵان بکه‌ین.
پارێزگاری ئیسفه‌هان رایگه‌یاند: ئیسفه‌هان له‌ درێژایی مێژوودا به‌ فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆی ده‌ورێکی گرینگی له‌ بواری فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری ئێراندا گێڕاوه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ به‌ڕێوه‌چوونی فیستیڤاڵی سی‌ودووهەمدا ده‌بیندرێت. ئه‌مساڵ فیستیڤاڵ به‌ ناسیاویی له‌ به‌رپرسایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رنامه‌داڕشتن بۆ ئاماده‌بوونی منداڵانی کار، که‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و که‌ڕ و لاڵ و هه‌روه‌ها به‌ کردنه‌وه‌ی سینه‌مای گه‌ڕۆک له‌ 123 شوێنی جۆراوجۆری وڵاتی ئێران و هه‌روه‌ها ناوچه‌ سێڵاو لێدراوه‌کان و شوێنه‌ که‌م به‌شه‌کانی ئیسفه‌هان سه‌لماندی که‌ سینه‌مای بۆ هه‌موو منداڵان ده‌وێت که‌ ئه‌مه‌ نیشانده‌ری به‌رنامه‌داڕشتنی باش و وردبینانه‌ی به‌رێوه‌به‌رانی فیستیڤاڵه‌ که‌ هه‌موو شوێنه‌کانی وڵاتی ئێرانی له‌گه‌ڵ خۆی کردۆته‌ هاوڕێ و لێره‌دا سوپاسی هه‌موو کارگێڕان و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م فیستیڤاڵ ده‌که‌م.
سی‌ودووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF بە بەرپرسیاریی “عەلیڕەزا تابێش” له‌ به‌شه‌کانی فیلمی درێژی چیرۆکی، کورته‌ فیلمه‌کانی چیرۆکی، وێب سێری، فیلمه‌کانی ئه‌نیمه‌یشێنی درێژ و کورته‌ فیلمه‌کانی ئه‌نیمه‌یشێن له‌ دوو به‌شی “نه‌ته‌وه‌یی” و “نێونه‌ته‌وه‌یی”دا لە شاری مێژوویی ئیسفەهان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەچوو.

ئا: مەنسوور جیهانی




“بارهەڵگریی زێڕ” لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” نمایش دەکرێت

فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە دەرهێنانی “توورەج ئەسڵانی” لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” لە حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” Gold Runner لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “توورەج ئەسڵانی”، لە نووسینی “توورەج ئەسڵانی” و “هادی نادی” و لە بەرهەمهێنانی “مەنسوور سۆهراب پوور” لە نوێترین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ئێران و بە ئامادەبوونی “توورەج ئەسڵانی” و “پەیام ئەحمەدی نیا” ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە لە دوو سانسی جیاوازدا لەوانە: کاتژمێر 7ی ئێوارێی رۆژی چوارشەمە 11ی سێپتەمبەری 2019 و هەروەها لە کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە 12ی سێپتەمبەری 2019 لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” World Cinema لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.

“بارهەڵگریی زێڕ” بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەم ڕووداوە سینەماییە لەگەڵ فیلم گەلێک لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، سوید، ئاڵبانیا، کرۆواسی، کۆزۆڤۆ، جۆرجیا، هەنگاریا، تورکیا، هۆڵەندا، شیلی، ئاڕژانتین، ئۆکڕاینیا، سووریا، لۆبنان و نیپال ڕکابەریی دەکات.

فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” کە لە لایەن کۆمپانیای بڵاوکەرەوەی نێودەوڵەتی “ئاڕت هوود” لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی “ڕەوتە نوێیەکان” New Currents لە بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بووسان” Busan لە شاری بووسان لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایشکرا.

“توورەج ئەسڵانی” کە وەکوو بەڕێوەبەریی وێنەگرتن ساڵانێکی زۆرە ئەزموونی زێڕینی لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکان هەیە و کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی جیهانی بەدەستهێناوە، بە فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” بە شێوەی جیدی هاتۆتە ناو بواریی دەرهێنانەوه.

حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و فیلمە دیکۆمێنتارییەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان”، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی”، بەشی “ڕوانینێک بە سینەمای جیهان”، بەشی “پانۆڕامای سینەمای کوردی”، بەشی “نمایشی تایبەت” و … لە ڕۆژانی 9 تا 16ی سێپتەمبەری 2019 لە هۆڵی “کۆنگرە”ی زانکۆی دهۆک و هەروەها هۆڵە سینەماییەکانی “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.duhokiff.com/index.php/wc-feature-films/wc-competition/item/1445-gold-runner

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندی گشتیی فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ”.




مه‌همه‌ت ئاکتاش به‌رهه‌مهێنه‌ری کورد: ده‌بێ له‌ روانگه‌ی منداڵانه‌وه‌ فیلم به‌رهه‌م بێنین

مەنووچێهر جیهانی ـ “مه‌همه‌ت ئاکتاش” به‌رهه‌مهێنه‌ری کورد له‌و باوه‌ڕه‌ دایه‌ که‌ ده‌بێ له‌ روانگه‌ی منداڵانه‌وه‌ خه‌ریکی فیلم چێکردن بین و ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان له‌ جیهانی ده‌وروبه‌ریان وه‌ریده‌گرن و لێی تێده‌گه‌ن، وێنه‌ی بگرین.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی‌ودووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF، په‌نێلی “به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شی ئێران، تورکیا و وڵاتانی ئه‌ورووپی” به‌ ئاماده‌بوونی “مه‌همه‌ت ئاکتاش”، به‌رهه‌مهێنه‌ری نێوده‌‌‌وڵه‌تی سینه‌ما له‌ کتێبخانه‌ی ناوه‌ندی ئیسفه‌هان به‌ڕێوه‌چوو.
“مه‌همه‌ت ئاکتاش” له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، سه‌باره‌ت به‌ بواری چالاکی خۆی گوتی: من زیاتر له‌ ئه‌ڵمانیا چالاکی ده‌که‌م و له‌م وڵاته‌ نووسینگه‌یه‌کمان هه‌یه‌ که‌ به‌رهه‌م گه‌لێکی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وڵاتانی وه‌کوو ئێران، ئه‌ڵمانیا، میسر، تورکیا و وڵاتانی ئه‌ورووپی ئه‌نجام ده‌ده‌ین. پێم وایه‌ تێکه‌ڵاوییه‌کی باسه‌کان روویداوه‌ و دروسته‌ که‌ من له‌ کۆمه‌ڵگای تورکیاوه‌ سه‌رم هه‌ڵداوه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی پرسی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شی ئێمه‌ له‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌ورووپی ورد بۆته‌وه‌.
ئه‌و پاشان سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌رۆکی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش له‌ سینه‌مادا روونیکرده‌وه: به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش ته‌نیا ئه‌مه‌ نیه‌ که‌ ژماره‌کان و ره‌قه‌مه‌کان و بوودجه‌کانی فیلمه‌کان رابگه‌یه‌نین، به‌ڵکوو به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌ چیرۆکی یه‌ک خه‌تی فیلمه‌که‌ و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ هونه‌رییانه‌ و وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تی لایه‌نه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه‌.
ئه‌م به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ کورده له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: کاتێک له‌ ناوچه‌یه‌کدا ده‌مانه‌وێت ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش بکه‌ین، یه‌که‌مین پرسیار ئه‌مه‌یه‌ که‌ بۆچی ده‌مانه‌وێت وه‌ها کارێک ئه‌نجام بده‌ین، چ شت گه‌لێک له‌م ناوچه‌یه‌دا بوونی هه‌یه‌ که‌ له‌ نێوان دوو لایه‌ندا هاوبه‌شن، بۆ به‌رهه‌مهێنه‌ران ئۆرجیناڵ بوون یه‌کجار گرینگه‌ و پاشان به‌ بابه‌تی فرۆش و نمایش کردنی جیهانی سه‌رنج ده‌درێت.
ئه‌کتاش جه‌ختی کرده‌وه‌: پرسیاری دوایی که‌ ده‌بێ بیپرسین، ئه‌مه‌یه‌ که‌ ده‌رهێنه‌ر چ که‌سێکه‌ و چ ئه‌زموونێکی هه‌یه‌؟ ئه‌و کۆمپانیایه‌ی که‌ ده‌یهه‌وێت چێکردنی فیلمه‌که‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت، خاوه‌نی چ بوارێکه‌؟ به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئه‌ورووپی به‌ ده‌رهێنه‌رانی فیلمی یه‌که‌م زۆر متمانه‌ ناکه‌ن و به‌ دوای به‌رهه‌مه‌کانی ده‌رهێنه‌رانی به‌ئه‌زموون و لێهاتوودا ده‌گه‌ڕێن، هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێک جاریش بووه‌ که‌ ده‌رهێنه‌رانی فیلمه‌کانی یه‌که‌م له‌ لایه‌ن به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌وه‌ پاڵپشتییان لێکرا، به‌ڵام به‌ زه‌ریفی و وردبینییه‌کی یه‌کجار زۆر هه‌ڵبژێردران.
ئه‌و به‌ ئاماژه‌دان به‌ ده‌رهێنه‌ره‌کانی به‌ئه‌زموونی سینه‌مای ئێران رایگه‌یاند: من سه‌باره‌ت به‌ ده‌رهێنه‌رانی ئه‌ستێره‌ی سینه‌مای ئێران له‌وانه‌ “ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی” و “عه‌باس کیارۆسته‌می” قسه‌ ناکه‌م، چون هه‌موو که‌س هۆگری ئه‌وه‌ن که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌سایه‌تییانه‌ کار بکه‌ن، به‌ڵکوو سه‌باره‌ت به‌ ده‌رهێنه‌رانی گه‌نج و لاو قسه‌ ده‌که‌م. له‌ ئه‌ورووپا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان به‌ دوای یه‌ک زمانی نوێی سینه‌ماییدان و ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ لاوانه‌ خاوه‌نی ئه‌م زمانه‌ نوێیه‌ نه‌بن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ڵنابژێردرێن. له‌ راستیدا له‌ چیرۆکی دووپاته‌ و ده‌ست لێدراو بێزارن و به‌ دوای به‌رهه‌مێکی نوێ، جیاواز و ئۆرجیناڵدا ده‌گه‌ڕێن.
ئه‌م سینه‌ماکاره‌ به‌ ئاماژه‌دان به‌ ئیمکانه‌کانی چێکردنی فیلم له‌ ئه‌ڵمانیا، روونیکرده‌وه‌: هه‌ندێک ریزبه‌ندی بۆ چێکردنی فیلم له‌ ئه‌ورووپا بوونی هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا. بۆ وێنه‌ ئه‌گه‌ر یه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌ری ئێرانی بیهه‌وێت، به‌رهه‌مێکی هاوبه‌ش ئه‌نجام بدات و یه‌ک میلیۆن یۆرۆ بباته‌ ئه‌وێ، به‌ شێوه‌ی ئۆتۆماتیک 20 تا 30 له‌سه‌دی تێچووی به‌رهه‌مهێنان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن، هه‌روه‌ها له‌ بواری ئاماده‌کردنی دیمه‌نی لۆکه‌یشێنی شوێنی وێنه‌گرتنی فیلمه‌که‌ش‌ یه‌کجار یارمه‌تی ده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت ده‌رهێنه‌ره‌کانی ئه‌مریکاییش دێن بۆ ئه‌ڵمانیا و له‌م ده‌ڤرایه‌تی و ئیمکانییه‌ته‌ بۆ چێکردنی فیلم که‌ڵک وه‌رده‌گرن. له‌ راستیدا بۆ سینه‌ماکارانی سه‌ربه‌خۆ دوو رێگا بوونی هه‌یه‌، یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که‌ ده‌توانن له‌ رۆژئاوا شه‌ریکێک بۆ به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش په‌یدا بکه‌ن، دووهه‌م ئه‌وه‌ی که‌ بازاڕی ئاسیایی ده‌توانێت رێگایه‌کی شیاو له‌ به‌ر چاویان بێت.
ئه‌و به‌ ئاماژه‌دان به‌و به‌رهه‌مه‌ هاوبه‌شانه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئاسیایی گوتی: ساڵی پێشوو من دوو به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شم له‌ ناوچه‌ی بازاڕی ئاسیایی هه‌بوو، هه‌ڵبه‌ت وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌ورووپا وه‌کوو ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نساش له‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ بازاڕی ئاسیاییدا هاوکارییان هه‌یه‌.
هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ران و به‌رهه‌مهێنه‌رانی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس یه‌ک رێگای یه‌کجار گرینگ له‌به‌ر ده‌میاندا هه‌یه‌ و ئه‌ویش خه‌ڵاته‌ سینه‌ماییه‌کانه‌ که‌ ئۆسکاری ئاسیایی
ناوی لێ نراوه‌.
ئه‌کتاش ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: یه‌که‌مین هه‌نگاو که‌ له‌ یه‌ک پڕۆژه‌دا ده‌توانرێ بنرێت، ئه‌مه‌ نیه‌ که‌ 20 هه‌زار یۆرۆ وه‌ربگرن، به‌ڵکوو ده‌بێت خۆتان نمایش بکه‌ن و له‌ فیستیڤاڵه‌ جۆراوجۆره‌کاندا به‌شداری بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ببیندرێت.
ئه‌م سینه‌ماکاره‌ پاشان باسی پێداچوونه‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌کان، کۆمپانیاکان و ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی کرد که‌ له‌ چێکردنی فیلمه‌کانی سینه‌ماییدا یارمه‌تی ده‌رهێنه‌ره‌کان ده‌ده‌ن که‌ له‌وانه‌ ده‌توانرێ به‌ سینه‌فۆنداسیۆنی فیستیڤاڵی کان، فیستیڤاڵی فیلمی به‌رلین، فیستیڤاڵی فیلمی لۆکارنۆ، فیستیڤاڵی فیلمی ڤێنیز، وڵاتانی نه‌رویژ و سویسڕا و چه‌ندانی دیکه‌ ئاماژه‌ بدرێت. ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی کارکردی فیستیڤاڵی فیلمی به‌رلین له‌م بواره‌دا گوتی: له‌ فیستیڤاڵی فیلمی به‌رلین بۆ وه‌رگرتنی پاڵپشتییه‌کانی ماڵی و بێجگه‌ له‌ ماڵی و دارایی بۆ چێکردنی یه‌ک فیلم رکابه‌رییه‌کی سه‌خت بوونی هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ چه‌ندین ده‌رهێنه‌ری دیار و ناسراو به‌شدارییان تێیدا هه‌یه‌ و وه‌رگرتنی ئاسانکاری و بوودجه‌ی پاڵپشتی بۆ یه‌ک ده‌رهێنه‌ری لاو سه‌خته‌. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ 50 له‌سه‌دی پاڵپشتی دارایی و ماڵییان له‌ وڵاتی خۆیانه‌وه‌ هه‌بێت.
ئه‌و هه‌روه‌ها به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ندێک له‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان به‌ شێوه‌ی ناوچه‌یی چالاکی ده‌که‌ن، ئاماژه‌یدا به‌ به‌رهه‌مه‌ هاوبه‌شه‌کانی سینه‌مای تورکیا و ئێران و یادی “بایرام فه‌زلی” ده‌رهێنه‌ری فیلمی “جندۆکه‌ی جوان”ی زیندوو کرده‌وه‌ که‌ فیلمێکی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وڵاتی تورکیا چێکردووه‌.
ئه‌کتاش به‌ جه‌خت کردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ بابه‌تی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش به‌ شێوه‌ی زه‌ماوه‌ند کردن و هاوسه‌رگیرییه‌، درێژه‌ی به‌ قسه‌کانیدا گوتی: دوو کلتووری جیاواز له‌ یه‌ک خولی ماوه‌ درێژدا، زه‌ماوه‌ند‌ێک له‌ نێوانیاندا ئه‌نجام ده‌رێت که‌ له‌ ته‌نیشت یه‌کتردا جێگیر بن و له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی یه‌کتر ئاشنا بن. ئه‌م رووداوه‌‌ پێکه‌وه‌ دانانی دوو نه‌ریتی ره‌سه‌نی کۆنی فیلم چێکردن له‌ ته‌نیشت یه‌کتر دایه‌، ئه‌و نه‌ریتانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ هه‌بوونی هه‌موو جیاوازییه‌کان له‌ ته‌نیشت یه‌کتر داده‌ندرێن و له‌ یه‌کدی بابه‌ت گه‌لێکی زۆر فێر ده‌بن.
ئه‌و له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: پرسی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش ده‌توانێت یه‌ک کلتووری فیلم چێکردنی نوێ به‌ ناوچه‌که‌ و جیهان بناسێنێت. دوو زمانی جیاوازی سینه‌مایی ده‌توانن له‌ ته‌نیشت یه‌کتردا جێگیر بن و ببنه‌ یه‌ک جه‌سته‌ی تاک و بۆ جیهان ئاراسته‌ بکرێن.
ئه‌م به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌‌و کێشه‌ و گرفتانه‌ی که‌ له‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شدا روو ده‌دات، گوتی: ئه‌و کێشه‌ و گرفتانه‌ی که‌ له‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شدا بوونی هه‌یه‌، زیاتر لایه‌نی خۆجێی و خۆماڵییان هه‌یه‌، ئه‌م خاڵه‌ یه‌کجار گرینگه،‌ کاتێک له‌ قۆناغی فیلم چێکردندا هه‌موو شاد و دڵخۆشن، بزانن که‌ یه‌ک گرفتتان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هیچ کات له‌ کاتی چێکردنی یه‌ک فیلمدا هه‌موو ستاف و گروپی ئاماده‌کاری فیلم شاد و دڵخۆش نین.
به‌شی دووهه‌می ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ بۆ‌ سینه‌مای منداڵان ته‌رخان کرا و ئه‌کتاش سه‌باره‌ت به‌ روانینی جیهانی به‌ پرسی سینه‌مای منداڵ رایگه‌یاند: ئێمه‌ له‌ دوو رسته‌ی بنه‌ڕه‌تیدا ده‌توانین سه‌باره‌ت به‌ سینه‌مای منداڵ قسه‌ بکه‌ین، ئه‌وه‌ی که‌ فیلم بۆ منداڵه‌ یان سه‌باره‌ت به‌ منداڵ؟ به‌ بڕوای من هه‌ر دوو رسته‌ دروسته‌، من خۆم کوڕێکی ته‌مه‌ن 10 ساڵم هه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام ئه‌نیمه‌یشێن چاو لێ ده‌کات و کاتێک من ویستم فیلمێکی ئێرانی (کوردی) بۆی نیشان بده‌م، به‌ڵام چون بۆ ته‌مه‌نی ئه‌و گونجاو نه‌بوو، قه‌بووڵی نه‌کرد.
ئه‌و له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: له‌ ئه‌ڵمانیا یاسا و رێسایه‌کی زۆر بۆ چۆنییه‌تی نمایش کردنی فیلمه‌کان بۆ منداڵان بوونی هه‌یه‌، به‌ بۆچوونی من ده‌بێت باڵانسێک له‌ نێوان ئه‌و راسته‌قینه‌ی که‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جیهانی منداڵانه‌ دروست بکه‌ین، ئێمه‌ ده‌بێ له‌ روانگه‌ی منداڵانه‌وه‌ خه‌ریکی فیلم چێکردن بین و ئه‌و شته‌ی که‌ ئه‌وان له‌ جیهانی ده‌ورووبه‌ریان وه‌ریده‌گرن و لێی تێده‌گه‌ن، وێنه‌ی بگرین.
له‌ به‌شی کۆتایی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌شدا “کامبۆزیا په‌ڕته‌وی” سه‌باره‌ت به‌ باسی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش بۆچوونی خۆی به‌م جۆره‌ ده‌ربڕی: ئێمه‌ هیچ به‌رهه‌مێکی هاوبه‌شمان له‌ پێش شۆڕشه‌وه‌ تا وه‌کوو ئه‌مڕۆ نه‌بووه‌.، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌ شۆرش وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر بڕیاریدا بۆ چێکردنی فیلم گه‌لێکی له‌م جۆره‌ و ته‌نانه‌ت ستافی ئاماده‌کاری بیانیشیان بۆ وڵاتی ئێران هێنا، به‌ڵام هیچ کات ئه‌و جۆره‌ی که‌ ده‌بێ ئه‌م فیلمه‌ وه‌کوو یه‌ک به‌رهه‌می هاوبه‌ش نه‌بینرا.
ئه‌و وه‌بیری هێنایه‌وه‌: پێناسه‌ی من له‌ به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شی فیلم ئه‌مه‌یه‌ که‌ سه‌رمایه‌دانه‌رانی چه‌ند وڵات که‌ ده‌یانه‌وێت به‌رژه‌وه‌ند و سوودێکی زیاتر له‌ فیلمه‌که‌ به‌ده‌ست بهێنن، بڕیار بۆ چێکردنی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بتوانن نمایش کردنێکی به‌ربڵاوتریان هه‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ ئێران ناتوانین بڵێین به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شمان هه‌یه‌.




نمایش کردنی “ماڵی دۆست له‌ کوێێه‌؟” له‌ ده‌رهێنانی “عه‌باس کیارۆسته‌می” له‌ ئیسفه‌هان

مەنووچێهر جیهانی ـ ئه‌مساڵ حه‌وت به‌رهه‌م له‌ به‌شی فیلمه‌ نۆژه‌نکراوه‌کانی سینه‌مای منداڵان و پێنج به‌رهه‌م له‌ به‌شی فیلمه‌کانی پڕ له‌ یاد و بیره‌وه‌ریی له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران نمایش ده‌کرێن.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی‌ودووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، فیستیڤاڵی ئه‌مساڵ میوانداریی به‌شێکه‌ به‌ ناونیشانی “نمایش کردنی فیلمه‌ نۆژه‌نکراوه‌کانی سینه‌مای منداڵانی ئێران”.
ناوه‌کانی ئه‌و فیلمانه‌ی که‌ له‌م به‌شه‌دا نمایش ده‌کرێن، بریتین له‌؛ “ساز ده‌هه‌نی” له‌ ده‌رهێنانی ئه‌میر نادری، “ماڵی دۆست له‌ کوێێه؟‌” له‌ ده‌رهێنانی عه‌باس کیارۆسته‌می، “نیاز” له‌ ده‌رهێنانی عه‌لیڕه‌زا داوودنیژاد، “به‌رهه‌مه‌ هه‌ڵبژارده‌کانی بنکه‌ی بارهێنانی هزریی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران”، “شاری مشکه‌کان” له‌ ده‌رهێنانی مه‌رزیه‌ بروومه‌ند، “دزی بووکه‌ڵه‌کان” له‌ ده‌رهێنانی محه‌مه‌دڕه‌زا هونه‌رمه‌ند و “پاتال و ئاواته‌ چکۆله‌کان” به‌رهه‌می مه‌سعوود کرامه‌تی.
ئه‌م فیلمانه‌ له‌ دوو سینه‌مای په‌ردیسی سینه‌مایی چوار باغ له‌ هۆڵی چل ستوون و له‌ هۆڵی ئیسفه‌هان سیتی سه‌نته‌ری 4 نمایش ده‌کرێن.
هه‌روه‌ها له‌ فیستیڤاڵی ئه‌مساڵ به‌شێک به‌ ناونیشانی نمایش کردنی فیلمه‌کانی پڕ له‌ یاد و بیره‌وه‌ری له‌به‌ر چاو گیراوه‌ که‌ پێکهاتووه‌ له‌ فیلمه‌کانی “یه‌کێک بوو، یه‌کێک نه‌بوو” له‌ ده‌رهێنانی ئیره‌ج ته‌هماسب، “خوشکه‌ غه‌ریبه‌کان” به‌رهه‌می کیوومه‌رس پوورئه‌حمه‌د، “کڵاو سوور” له‌ ده‌رهێنانی ئیره‌ج ته‌هماسب، “پشیله‌ی ئاواز خوێن” به‌رهه‌می کامبۆزیا په‌رته‌وی و “شاری مشکه‌کان” به‌رهه‌می مه‌رزیه‌ بروومه‌ند.
ئه‌م فیلمانه‌ بڕیار وایه‌ له‌ په‌ردیسی سینه‌مایی هونه‌ری ئیسفه‌هان نمایش بکرێن.




ناوی کورته‌ فیلمه‌ چیرۆکییه‌کانی فیستیڤاڵی فیلمی منداڵانی ئیسفەهان راگه‌یه‌ندرا

مەنووچێهر جیهانی ـ ناوه‌کانی کورته‌ فیلمه‌ چیرۆکییه‌کانی وه‌رگیراو له‌ به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی سی‌ودووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران راگه‌یه‌ندرا.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی‌ودووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، ناوه‌کانی کورته‌ فیلمه‌ چیرۆکییه‌کانی وه‌رگیراو له‌ به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی سی‌ودووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران راگه‌یه‌ندرا.
ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌شی نه‌ته‌وه‌یی سی‌ودووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، پێکهاتوو له‌ “جه‌واد حاته‌می” ، “حوسێن شێخولئیسلامی” ، “نادره‌ تورکه‌مانی” ، “سوهه‌یل موه‌فه‌ق” و “حامید جه‌عفه‌ری”، به‌ رێژه‌ی 10 کورته‌ فیلمی چیرۆکییان هه‌ڵبژارد که‌ ناوه‌کانی ئه‌وانه‌ به‌م پێیه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

کورته‌ فیلمه‌ چیرۆکییه‌کانی به‌شی نه‌ته‌وه‌یی:
1 ـ “کوڕی ده‌ریا” له‌ ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی “عه‌باس جه‌لالی یه‌کتا” به‌رهه‌می ناوه‌ندی په‌ره‌پێدانی سینه‌مای به‌ڵگه‌یی و ئه‌زموونی.
2 ـ “سورخابی” له‌ ده‌رهێنانی “مورته‌زا ئاسمانی” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “مه‌جید عه‌باسی”.
3 ـ “هه‌ڵووچه‌ وه‌حشییه‌کان” له‌ ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی “فه‌رید هاشم‌زاده‌” به‌رهه‌مهێنراو له‌ رایه‌ڵه‌ی که‌ناڵی پارێزگای فارس.
4 ـ “زه‌نگی کۆتایی” له‌ ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی “حه‌یده‌رعه‌لی ره‌حمانی قه‌هدریجانی” به‌رهه‌می ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی ئێران نووسینگه‌ی نه‌جه‌ف‌ئاباد.
5 ـ “سیفر که‌لوین” له‌ ده‌رهێنانی “سوبحان واقعی” و “عه‌لی فه‌یزی‌پوور” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “مه‌هدی سالم” به‌رهه‌می رایه‌ڵه‌ی که‌ناڵی ئومێد.
6 ـ “بێز کردن” له‌ ده‌رهێنانی “میلاد محه‌مه‌دی” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “حوسێن دارابی” به‌رهه‌می گروپی هونه‌ریی کات.
7 ـ “چیرۆکی داهاتوو” له‌ ده‌رهێنانی “مه‌یسه‌م مه‌لکی پوور” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “محه‌مه‌دحوسێن بزورگی‌راد” به‌رهه‌مهێنراو له‌ دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی عه‌مار.
8 ـ “بێ سیم” له‌ ده‌رهێنانی “محه‌مه‌دحوسێن ئه‌مانی” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “حوسێن دارابی” به‌رهه‌می ناجی هونه‌ر و باشگای فیلمی سووره‌.
9 ـ “بۆ ئه‌میر” له‌ ده‌رهێنانی “جه‌واد حوکمی” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “محه‌مه‌دڕه‌زا خیره‌دمه‌ندان”.
10 ـ “هاوکلاسی” له‌ ده‌رهێنانی “موجته‌با حه‌یده‌ری” و له‌ به‌رهه‌مهێنانی “حوسێن دارابی” به‌رهه‌می گروپی هونه‌ریی کات.

هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ پێکهاتوو له‌ “جه‌ماڵ ئومید”، “محه‌مه‌د حه‌میدی موقه‌ده‌م”، دوکتۆر “رائید فه‌ریدزاده”، “فه‌رزاد ئه‌ژده‌ری” و “حامید سوله‌یمان‌زاده‌”، به‌ رێژه‌ی 9 به‌رهه‌می کورته‌فیلمی چیرۆکییان له‌ به‌شی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هه‌ڵبژاردووه‌ که‌ ناوه‌کانی ئه‌وانه‌ش به‌م پێیه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

کورته‌ فیلمه چیرۆکییه‌‌کانی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی:
1 ـ “زه‌لکاو” Bog Hole له‌ ده‌رهێنانی “تارفین ئایۆرسن” له‌ وڵاتی نه‌رویژ.
2 ـ “چه‌رخ چه‌رخ” Cycle-Cycle له‌ ده‌رهێنانی “یونیچی کانایی” له‌ وڵاتی ژاپۆن.
3 ـ “ئه‌وینی سینه‌ما” In Love With Cinema له‌ ده‌رهێنانی “عسگه‌ر نۆراکان” له‌ وڵاتی قێرقیزستان.
4 ـ “نۆ هه‌نگاو” Nine Steps له‌ ده‌رهێنانی “موسێس رۆمێرا” له‌ ئیسپانیا.
5 ـ “لێره‌ی” You’re Here له‌ ده‌رهێنانی “میخائیل پیلیسکۆ” له‌ وڵاتی رووسیا.
6 ـ “ته‌پوتۆز” The Dust له‌ ده‌رهێنانی “دیل ریدیۆز” له‌ کۆماری لێتۆنی.
7 ـ “رۆناڵدۆ” Ronaldo له‌ ده‌رهێنانی “ریسیپ بێزگۆز” له‌ وڵاتی تورکیا.
8 ـ “که‌وشی بزماری” Cleats له‌ ده‌رهێنانی “عه‌بدوڵڵا شاهین” له‌ وڵاتی تورکیا.
9 ـ “مایا” Maja له‌ ده‌رهێنانی “ماریانا یانکۆویچ” له‌ وڵاتی دانیمارک.

سی‌ودووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF بە بەرپرسیاریی “عەلیڕەزا تابێش” له‌ به‌شه‌کانی فیلمی درێژی چیرۆکی، کورته‌ فیلمه‌کانی چیرۆکی، وێب سێری، فیلمه‌کانی ئه‌نیمه‌یشێنی درێژ و کورته‌ فیلمه‌کانی ئه‌نیمه‌یشێن لە رۆژانی 28ی گه‌لاوێژ تا 4ی خه‌رمانانی 1398ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 19 تا 26ی ئۆگۆستی 2019ی زایینی له‌ دوو به‌شی “نه‌ته‌وه‌یی” و “نێونه‌ته‌وه‌یی”دا لە شاری مێژوویی ئیسفەهان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.




هێڵە سوورەكانی فيلمى كوردی … حەیدەر عەبدولڕەحمان

                                                                         
                                                                                     

لەهەموو شوێنێكی دنیادا ئازادی لە سینەمادا ئازادییەكی رەها نیە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی كەوتونەتە ژێركۆمەڵێ‌ فشاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و ئایینی، یاخود یاسایەكیان بۆ سنووردار كردنی كاری درامی و سینەمایی نیە، بەڵكو بڕی ئەو ئازادییە لە شوێنێك دەگۆڕێت بۆ شوێنێكی تر، بە پێی شارستانیەت و باری رۆشنبیریی و كۆمەڵایەتی ئەو شوێنە..بە تایبەت لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، هەمیشە رەچاوی داب و نەریتی گشتی و ئەمنی نەتەوەیی و بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانی تێدا دەكرێت.
لەنیَوان ئەو رەهەندانەی بە چاوێكی كراوە سەیر دەكرێن، سێ‌ رەهەندی سەرەكی هەن كە بریتین لە:
سیاسەت، ئاین، سێكس، تێپەڕاندن لەهێڵی سووری ئەو سێ‌ رەهەندە سنووردارە كارێكی سەخت و دژوارە، هەتا لەو وڵاتانەشدا كەخاوەنی دیرۆكێكی دوورودرێژن لە سینەمادا.

تا ئێستاكەش لەگەڵ دابێت لەكوردستاندا یاسایەك نیە بۆ سانسۆر دانان لەسەر زۆر لەو كارە درامی و سینەماییانەی لەكوردستاندا بەرهەم دەهێندرێن، ئەوانەش كە لەدەرەوەی كوردستان دەهێندرێن، هەندێ‌ لەو بەرهەمانەی ناكەونە ژێر سانسۆرو ئەو بێ‌ سانسۆریەش كۆمەڵێ‌ ئەنجامی نەرێنی زۆر كاریگەریان لێ‌ دەكەوێتەوە، چونكە بەشێوەیەكی رەهاو دوور لەرەچاو كردنی هیچ بنەمایەكی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی وەك بڵاو كردنەوەی ڤایرۆسێكی كوشندە دەچنە ناو خێزانی كوردو دەبنە فاكتەربۆهەرەس هێنانی بنەما ئەخلاقی و پەروەردەییەكانمانەوە، هیچ جیاوازییان نیە لەگەڵ كاری تیرۆر و تۆقاندن، لەهەمان كاتیشدا یاسایەكیش نیە بۆ ئەو بەرهەمانەی لەكوردستاندا بەرهەم دەهێندرێن، كەزۆر جاران ئەو بۆشاییە دەبێتە هۆكاری سەرهەڵدانی گەلێك كێشەی هونەری لەو بوارەدا.

بێگومان بەهۆی غیابی یاساو سانسۆری فەرمی لەسەر كارە درامی و سینەمایەكان، سانسۆری رای گشتی كۆمەڵایەتی و سۆشیال میدیا شوێنی دەگرێتەوە، كە زۆر جاران بەلاڕێدا دەبردرێت و كۆمەڵێ‌ ئاژاوەی لێ‌دروست دەبێت، بێ‌ ئەوەی ئەو ئاژاوەیە ئەنجامێكی چارەسازی ئەوتۆی لێ‌ بكەوێتەوە كە سوود بەخش بێت بۆ ئایندەی سینەمای كوردی، لەهەندێ‌ حاڵەتدا بۆ یەكلا كردنەوەی كێشە سینەمایەكان، مەرجەع و زانا ئاینییەكان و سەنتەرە ئاینییەكان دەبنە شوێن گرەوەی یاسا، وەك زانكۆی ئەزهەر لەمیسر كە فەتوای لە سەر چارەنووسی زۆر فیلمی سینەمایی داوە، لەوانەش لەسەر فیلمی (محەمەد رەسول الله) ی دەرهێنەری ئێرانی محەمەد مەجیدی ـ و كێشەی دەركەوتنی روخساری پێغەمبەر و قەدەغە كردنی ئەو فیلمە لەزۆر لەوڵاتانی جیهانیی، قەدەغە كردنی نمایشی فیلمی (رسالە) لە سعودیەو دەیان فیلمی تر كە بەفەرمانی سەرچاوە ئاینییەكانەوە قەدەغە كراون لەنمایش كردندا، وەك چۆنیش زۆر فیلمی دیكە قەدەغە كراون بەهۆی سیاسەتەوە، بەتایبەت لای ئەو سەركردەو فەرمان رەوایانەی رەوتی فیلمەكانیان بە دڵ نەبووە، یا پێیان وابووە سوكایەتی بە وان و سیاسەتەكانیان دەكات.

جگە لەپرسە ئاینیی و سیاسی و سێكسیەكان، چەندین پرسی تری وەك: هاندانی تیرۆر، بڵاوكردنەوەی ترس و توندو تیژی و تۆقاندن، تێكدانی رەوشتی كۆمەڵگا، سوكایەتی كردن بەموقەدەساتی نیشتمانی و نەتەوەیی، سوكایەتی كردن بەكەسایەتی و رموزی نەتەوەیی، هاندانی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان، رێكلام كردن بۆ كالای قەدەغەكراو، تێكدانی دۆستایەتی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، هاندانی نانەوەی ئاژاوەو نا سەقامگیریی، بڵاو كردنەوەی بیرو باوەڕی متەتەریف و دەیان پرسی تر كە یاسا دیاری دەكات و لەرێگەی لیژنەیەكی باڵا لەوەزارەتی ناوخۆو رۆشنبیریی و كاروباری كۆمەڵایەتیەوە جێ‌ بە جێ‌ دەكرێت.
هێڵی سوور لەفیلمی كوردی دا
ئەگەر بمانەوێت باس لەهێڵە سوورەكانی فیلمی كوردیش بكەین، ئەوە پێویستە لەسێ‌ رەهەندەوە بڕوانینە پرۆسەكە:

لەرووی كۆمەڵایەتیەوە:

بەگشتی چونكە كورد سینەمای نیە، بۆیە هیڵی سووریشی كەم بووە، ئەگەر جارجارەش لەفیلمێكا حاڵەتێكی ناوازە هەبووبێت، ئەوە حاڵەتێكی كاتی بووەو و نەبۆتە دیاردە، كاتێك ئەو حاڵەتانە دەبنە حاڵەتی نامۆ ئەگەر تێپەڕاندن بێت لەسەر واقیع و داب و نەریتە تەقلیدییە كۆمەڵایەتیەكانەوە، ئەوە بێگومان رووبەرووی تەوژمێكی نەرێنی رەتكردنەوە دەبێتەوە، زۆرینەی تەوژمەكانیش ئاراستەی دەرهێنەرو ئەو ئەكتەرانە دەبنەوە كە بەبیانووی تەوق شكاندن و دەرچوون لەتەقلیدیەت و پێشكەوتنی سینەما دەست پێشخەر دەبن لەدروست كردنی هەندێ‌ دیمە نی وروژێنەر.
لەو وڵاتانەی كە ئاستی هوشیاریی وپێشكەوتنی كۆمەڵایەتیان تێدا دیاری كراوە، یا پرسی ئایینی و كۆمەڵایەتیان تێدا جێگیرە، ناتوانن سنوورە ئایینی و كۆمەڵایەتیەكان تێپەڕێنن و هەمیشە دەكەونە ژێر سانسۆرێكی توند، چونكە نایانەویَِ سینەما كۆمەڵگا بە ئاراستەیەكی دژ بەئایین و نەریتە كۆمەڵایەتیە باوەكاندا بێت، چەند ئەوەندەی ئەو وڵاتانە مێژووییەكی دوورو درێژیان هەبێت لەسینەماو چەند ئەوەندەی دەست رۆیشتوو بن لەپیشەسازی سینەمادا، ئەوەتا هیند لەوڵاتە هەرە لەپێشەكانە لەرووی بڕی بەرهەمهێنانی فیلم، كەچی تا ئێستا سنووری خۆی لەم رووەوە پاراستووە، بۆ پارێزگاری كردن لە داب و نەریتە كۆمەڵایەتیە تایبەتیەكانی خۆیەوە.
ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی لەرووی هونەری سینەماوە ململانێ‌ لەگەلً هۆلیۆد دا دەكات و عەرشی سینەمای ئەمر یكی هەژاندووە، كەچی تا ئێستا هێڵی سووری نەبەزاندووەو توخمی وروژاندنی نەخستۆتە ئەو قالبە زەقەی بە فۆرمێكی نامۆ دەركەوێت لەسینەمادا.

لەرووی هونەرییەوە:

ئەگەر ئامانج لەدروست كردنی گرتەی وروژێنەری وەك ماچ بەپاساوی دەرچوون لەتەقلیدیەت و گۆڕانكاری لەفۆرم بێت، ئەوە ئێمە لەسینەمای كوردی دا دووچاری دەیان كۆسپو ئاریشای هونەرین لەرووی تەكنیكی سینەمایی كە وەك بۆشاییەكی گەورە دەردەكەون، بەچارەسەر كردنی ئەو بۆشاییانە رەنگە بتوانین پیشەسازی سینەما لەكوردستاندا دروست كەین كە تا ئێستا نیمانەو ناتوانین بڵێین خاوەنی سینەماین..
بەڵام دروست كردنی گرتەی وروژێنەر بەمانای پێشكەوتنی سینەما نیە، ئەوەتا زۆرینەی فیلمە میسرییەكان لەو گرتانەیان تێدایە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە میسر وڵاتێكی پێشكەوتووی سینەمایە و ئێران وڵاتێكی دوا كەوتووی سینەمایە مادام گرتەی وروژێنەری تێدا نیە، زۆر جاران ئەو گرتانە، تەنیا بەئامانجی بازرگانی و هەڵخەڵەتاندنی لاوەكان و گەمە كردن بە مێشك و هەست و نەستیانە، ئەو لاوانەی كەخاوەنی زۆرترین ژمارەی بینەرانن ئەو فیلمانەدا.
ئێستا لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای سینەماو گۆڕانی چەمكی سینەما، سینەمای ئەمریكی و ئەوروپیش ئەو بایەخە بەگرتەی وروژێنەرنادەن، چونكە كۆمەڵگای ئەوروپی ئەوەندە تینووی گرتەی وروژێنەری وەك ماچ نیە، ئێستا ئەلتەرناتیفی تریان هەیە بۆ راكێشانی بینەر، ئەوە كۆمەڵگا رۆژهەڵاتیە تینووەكانی سێكسن كە تامەزرۆی گرتەی وروژێنەرن، بەڵام ئەو گرتانەش كاتێ‌ بەسەقەتی دەخرێنە ناواخنی فیلمەكە، ئەوە سەراپای فیلمەكە دەشێوێنن.
لای ئێمە كچە ئەكتەرێكی كورد بۆ یەكەم جار دێتە بەردەم كامێرای سینەما، وایان تێ‌ گەیاندووە كە بە ماچێك تەوقێكی كۆمەڵایەتی دەشكێنێ‌ و تەوژمێكی میدیایی دروست دەكات و لەپەنای ئەوەوە ناوداریەتیەك پەیدا دەكات و گەنجەكان دەست خۆشی لێ‌ دەكەن، كەچی كەف وكۆڵ و حەماسەكەكەی شتێكی كاتیە و ئەو جۆرە گۆڕانكارییەی ئەو خەونی پێوە دەبینیت نابێتە فاكتەر بۆ گۆڕینی ئەو رەوتە باوەی قەدی گرتەوە بەرەو ئاراستەیەكی تر، بۆیە وا باشترە لەبری ئەو وەهمە، ئەو ئەكتەرە لەرووی هونەری نواندنەوە دروست بكەن و هانی بدەن كە بەردەوام بێت لەكاری نواندندا، نەخرێتە نێو گێژەنەیەكی بێ‌ ئاكام، چونكە دەسەڵاتی سینەماش دەسەڵاتێكی رەها نیەو لەهەموو حاڵەتێكا ناتوانێت هێڵە سوورەكان ببەزێنێ‌، ئەگەر هاوكوف نەبێت لەگەڵ واقیعی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی كۆمەڵگا.
بینەر هەر تەنها بە گرتەی وروژێنەر سەرنجی راناكێشرێت، بگرە زۆر جاران روخساری جوانی ئەكتەرو نواندنی بەهێزی ئەكتەر، كاریگەرتر دەبن لەگرتەی بێ‌ گیان و دروست كراو، ئەوەتا زۆرلەبەرهەمە درامی و سینەماییە گەورەكانی دنیا بەو دوو توخمەی روخسارو نواندن خەڵاتی گەورەی جیهانییان وەرگرتووەو خاوەنی زۆرترین بینەر بوونە، بۆیە لەسەردەمێكی وەك ئێستا بەرهەم هێنەرو دەرهێنەرەكان ئەلتەرناتیفی بەهێزتریان لەپرسی وروژێنەر هەیە كە هاوكوفە لەگەڵ پێشكەوتنی هونەری سینەماو ئەقڵیەتی بینەری نوێ‌ ی سینەما.

لە رووی بازرگانییەوە:

دیارە هەندێ‌ لەكۆمپانیاكانی بەرهەم هێنان، لەوانەی پرسی بازرگانی دەخەنە پێشەوەی پرسی جۆری فیلم و ئاستی فیلم، بەتایبەت لەو وڵاتانەی لەرووی پەروەردەو كۆمەڵایەتیەوە كۆمەڵگاكانیان پەیوەست نین بە هیچ یاساو رێسایەكی كۆمەڵایەتی و تایبەتمەندی خۆیان هەیە لەرووی پەروەردەوە كە جودا بێت لەگەڵ كۆمەڵگایەكی داخراوی رۆژهەڵاتی، سینەما دەكەن بەفاكتەرێكی بازرگانی دابڕاو لە بەها هونەری و هزری و پەروەردەیی و كۆمەڵایەتیەكانەوە كە تێیدا ئامانج تەنها دەسكەوت و داهاتی ماددی بێت، وەك فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنیە توركیەكان، كە گەمە بە عەقلیەت و مەزاجی گەنج دەكەن و دووری دەخەنەوە لەهەر بیرۆكەیەكی ئایدۆلۆژی هزری، ئەو فایرۆسە فیلمانە دەرژێننە نێو خێزان و ئەقڵو پەروەردەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگاكەیانی پێ‌ هەڵدەتەكێنن، هەمان ئەو بەرهەمانە دەفرۆشنە وڵاتانی دەورو بەری خۆشیان و زۆر وڵاتی دیكەی رۆژهەڵاتی، بۆ گواستنەوەی هەمان ئەو واقیعەی ئەوان هەیانە، ئەگەرچی جیاوازییەكی زۆریش هەبێت لەنێوان واقیعی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ئەو وڵاتانەدا.
بۆیە هەندێ‌ لەوڵاتانەی كڕیاری ئەو بەرهەمە كرچ و كاڵە بازرگانیانە بوون، بەپێی یاسا كڕینی ئەو زنجیرە درامایانەیان قەدەغە كردووە، دوای ئەوەی بۆیان دەركەوت ئەو فیلمە بازرگانیانە بۆ هەموو كۆمەڵگایەك ناگونجێ‌ و ئاسەوارە نەگەتیفەكانی چیە بەسەر پەروەردەی كۆمەڵایەتی و تێك دانی عەقلیەتی گەنجەكانیان، لێرە لەكوردستانیشدا هەندێ‌ كەناڵی كوردی دەست پێشخەر بوون بۆ قەدەغە كردنی ئەو دراما دۆبلاژ كراوانە بەهەمان هۆكار، بەڵام چونكە یاسایەك نیە بۆ ناچار كردنی كەناڵە كوردییەكان، پرۆسەكە نابێتە پرۆسەیەكی بەزۆرە ملێ‌ و ئەو كەناڵە بازرگانیانەی بەرژەوەندی ماددی خۆیان پێ‌ گرنگترە لەبەرژەوەندی گشتی، چاویپۆشی لەهەموو دەرەنجامەكان دەكەن.
ئێمە لەكوردستاندا بەگشتی كۆمپانیای بەرهەم هێنانی فیلممان نیە، ئەوەی هەیە بەرهەمی تاك تاكەیە، كەبە سپۆنسەر بەرهەم دێن، هەندێ‌ لەو دەرهێنەرە لاوانە وای بۆ دەچن دەرخستنی هەندێ‌ گرتەی وەك ماچ بازاڕ بۆ فیلمەكەیان پەیدا دەكات، بۆیە بەدوای پاساوی هونەری دا دەگەڕێن كەخەڵكی قەناعەت بەشەرعیەتی ئەو گرتانە بێنن.
كەچی لەراستیدا ئەگەر تۆ بتەوێت بازاڕ بۆ فیلم دروست بكەیت، كەرەستەو ئامرازی زۆرت لەبەردەم دایە كە فیلمەكەت رەواجی هەبێت، هەر بۆ نموونە فیلمێكی (پەیكەری دڵ) كە تا ئێستا ژمارەی بێ‌ هاوتای لە رووی ژمارەی بینەرانەوە بەدەست هێناوە لەهەموو كوردستاندا، ئەو گرتە كرچ و كاڵانەشی تێدا نەبووە، كەهەندێ‌ دەرهێنەری لاو دەیكەن بەپاساو.

ئێمە ئەگەر بمانەوێت پیشەسازی سینەمامان هەبێت و لەئایندەدا ئەو پیشەسازییە بازاڕی هەبێت، ئەوە دەبێت بزانین چۆن فیلم دروست بكەین، بەهۆی ئەو شارەزابوونە لەچۆنیەتی دروست كردنی فیلم ، بازاڕێك لەكوردستاندا دروست دەكەین كە پێشتر نەبووەو بازرگانانی ئێمە بەهۆی ترس و نابەڵەدییان ، یا ناشارەزاییان لەبەڕێوەچوونی ئەو بازاڕە نەوێراون خۆیانی لێ‌ بدەن، بەمە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات دەدۆزینەوە كەرەنگە زۆر لەسەرمایەداران بەهۆی گەرم بوونی ئەو بازارٍِە رووی تێ‌ بكەن و سینەمای كوردی ببوژێتەوەو هونەرمەندانی كوردیش دەرگایەكی نوێیان بۆ دەكرێتەوە كە لەو دەست بە تاڵی و بێ‌ كارییە رزگارییان دەبێت و باری ئابووریشیان بەرەو باشتر دەچێت.
رووی دووهەمی دروست بوونی ئەو بازاڕە ئەوەیە كە بینەرانی ئێمە زێتر لەوەندە لەسینەما نزیك دەبنەوەو سینەما دەبێتە ئامرازێكی دیكەی شارستانی و كات بەسەر بردن و سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ هوشیار بوونەوەی خەڵكی لەهونەری سینەماو گرنگی سینەما لەژیانی رۆژانەی خەڵكی .

بەمەش لەرووی سایكۆلۆژییەوە بینەری كورد لەشارەكانی كوردستاندا مەنفەزێكی دیكەیان بۆ دەكرێتەوە بۆ هەناسەدان و روو تێكردنە هۆڵەكانی سینەما، ئەمەش كاریگەری ئەرێنیانەی تایبەتی خۆی دەبێت لەرووی كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژی و رۆشنبیرییەوە.




په‌یكه‌ری دڵ و شوان عه‌توف به‌شی دووه‌م-كۆتایی … شاهۆ عارف

كاره‌كته‌ری شێرزاد له‌ په‌یكه‌ری دڵدا، كاره‌كته‌رێكی دژه‌ پاڵه‌وان و سه‌ره‌پا به‌ده‌‌، له‌كاتێكدا زه‌مینه‌ی ئه‌م خراپیه‌ گشتگیره‌‌ له‌ فیلمه‌كه‌دا بوونی نییه‌. شێرزاد هاوڕێی هیوا و هه‌ڵوێسته‌ و شاگردی مام بورهانه‌ و له‌ هه‌مان ژینگه‌ی ئه‌واندا گه‌وره‌ بووه‌. به‌ڵام زۆر جیاوازه‌ له‌ ئه‌وان، هه‌ڵسوكه‌ت و مامه‌ڵه‌ و مه‌به‌سته‌كانی خراپ و دزێوه‌. خراپ دروستكردنی ئه‌م دژه‌پاڵه‌وانه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئاره‌زوویه‌كی ته‌ریب و دژ به‌ پاڵه‌وانی هه‌یه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زیاده‌ڕه‌وی له‌ خراپیه‌كه‌یدا كراوه‌. له‌ هه‌موو زه‌مه‌نێكدا و به‌رامبه‌ر زۆرێك له‌وانه‌ی به‌ریان ده‌كه‌وێت ناته‌با و ناله‌باره‌‌‌. له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی، له‌ پێش هاوسه‌رگیری، له‌ دوای هاوسه‌رگیری. ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ به‌جۆرێك دزێو و ناحه‌زه‌ ته‌نانه‌ت توانای هه‌ڵكردن و ژیان كردنی له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك نییه‌ به‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی و دایكیشیه‌وه‌. بیربكه‌نه‌وه‌ له‌ ساتی منداڵبوونه‌كه‌دا چۆن له‌گه‌ڵ دایكی ئه‌دوێت. یاخود كه‌س نازانێت بۆچی ئه‌وه‌نده‌ مامه‌ڵه‌ی ڕه‌ق و تونده‌ له‌گه‌ڵ كه‌ویار؟ به‌ مه‌نتیقی فیلمه‌كه‌ ده‌بوو له‌پاش به‌ده‌ستهێنانی كه‌ویاره‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌و ژیانه‌ بێزاربووایه‌ سه‌ره‌تا كه‌ویار بێت نه‌ك شێرزاد، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ پاش تێپه‌ڕینی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌.

هه‌ڵوێست
با سه‌رنجی هه‌ڵوێستی پاڵه‌وان بده‌ین. ئه‌و زیاتر گۆرانیبێژێكی ئاماده‌كراوه‌ و بانگهێشتی ئه‌م سیناریۆیه‌ كراوه‌، نه‌ك وه‌كو كاره‌كته‌رێك كه‌ چۆن ئه‌بێته‌ گۆرانیبێژ. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ گۆرانیبێژه‌ی له‌م فیلمه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ڵوێستی ده‌ره‌وه‌ی فیلمه‌كه‌یه‌، نیو ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵوێستێك نییه‌ له‌م فیلمه‌دا ئه‌زموون بكات و دروست ببێت. ڕاسته‌ ده‌نگی خۆشه‌ و دوكانی سیدی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی ببیت به‌ گۆرانیبێژ. ئه‌گه‌ر سه‌رنجتان دابێت، له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ی هیواوه‌، ئه‌وكاته‌ی كه‌ هه‌ڵوێست، هه‌ر به‌ڕێكه‌وت و له‌سه‌ر داوای هیوا گۆرانیه‌كی جوان و بێ كێشه‌مان، به‌ هه‌ماهه‌نگیه‌كی ته‌واو له‌گه‌ڵ تیپی میوزیك پێشكه‌ش ده‌كات، ئیدی سیناریۆنووسه‌كه‌‌ بیری كه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ مامۆستایه‌كیشی بۆ په‌یدا بكات!
ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ كه‌ هه‌ڵوێست له‌ واقیعی فیلمه‌كه‌دا وه‌كو گۆرانیبێژ ده‌ر‌ده‌كه‌وێت. هه‌تا ئه‌و ساته‌یش نازانین به‌هره‌كه‌ی هه‌ڵوێست چۆن كاری له‌سه‌ر كراوه‌ و به‌ره‌و پێشچووه‌. به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی كه‌ وه‌كو گۆرانیبێژێكی ته‌واو ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌یخه‌نه‌ ناو ستۆدیۆیه‌كه‌وه‌‌ و مه‌شقی پێده‌كه‌ن! ڕه‌نگه‌ ته‌نیا به‌هانه‌ی كۆنسێرته‌كه‌ی دواتر كه‌مێك له‌ مه‌هزه‌له‌ی ئه‌و دیمه‌نه‌ كه‌مبكاته‌وه‌. به‌ گشتی هه‌ڵوێست به‌ر له‌وه‌ی بێته‌ فیلمه‌كه‌وه‌ ئاماده‌یی هه‌بووه‌. ئه‌م ئاماده‌ییه‌شی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ و به‌ گۆرانیه‌كانی هه‌یه‌‌.

شوان زۆر به‌ ئاسانی و به‌بێ هیچ پێشمه‌رجێك ته‌سلیمی هه‌ڵوێستی گۆرانیبێژ بووه‌‌. سه‌رنج بده‌ن به‌رله‌وه‌ی وه‌كو گۆرانیبێژێك له‌ فیلمه‌كه‌دا بیناسین، له‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌زا و واقیعی فیلمه‌كه‌، به‌نموونه‌ له‌ دیمه‌نی ئازادكردنی كۆتره‌كاندا، به‌ گۆرانیه‌كه‌ی ئاماده‌یی هه‌یه و گۆرانی ده‌ڵێت‌. ‌هه‌ڵوێستی گۆرانیبێژ، كاره‌كته‌رێكه‌ له‌سه‌رو فیلمه‌كه‌وه‌یه‌ و به‌ر له‌وه‌ی ده‌ركه‌وێت هه‌یه‌. له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م هونه‌ره پێشوه‌خته‌ی هه‌ڵوێست، كه‌ به‌ هیچ جۆرێك له‌ فیلمه‌كه‌دا دروست نابێت، ڕۆڵێكی درامی گه‌وره‌ له‌فیلمه‌كه‌دا دروست ده‌كات و ده‌بێته‌ هۆكاری كوشتنی شێرزاد و هه‌تیوخستنی دوو منداڵ!

هه‌ڵوێست به‌ ده‌ر له‌ گۆرانیبێژی، ماسی فرۆش و سیدی فرۆش و نان په‌یاكه‌ر و عاشقه‌‌.‌ سه‌باره‌ت به‌ ماسی و سیدی فرۆشی؛ له‌ جێگه‌یه‌كدا ده‌ستی به‌ ماسیه‌وه‌یه‌ و له‌ چه‌ند شوێنێكی تریشدا له‌ دوكانی سیدیه‌كه‌دا خه‌ریكی قسه‌ و باسێكه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دوكانه‌كه‌وه‌ نییه‌! له‌وانه‌یه‌ نان په‌یاكه‌ر بێت، چونكه‌ نازانین شێوه‌كاره‌كه‌ی خوشكی و دایكه‌ نان حازر‌كه‌ره‌كه‌‌یشی هیچ بژێوێكیان تریان هه‌یه‌ یان نا؟ به‌ڵام هه‌تا بڵێی دڵته‌ڕ و سه‌وداسه‌ره‌‌، هه‌ر له‌ مناڵیه‌وه‌ وه‌كو گه‌وره‌یه‌ك عاشقی كچی دراوسێكه‌یانه‌ (ئه‌و درواسێیه‌ی كه‌ به‌ قسه‌ دراوسێیه‌ نه‌ك به‌ وێنه‌!). خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌ویار پاك و بێ كێشه‌ و تاقانه‌یه‌، نه‌ گومانی تیایه و‌ نه‌ قه‌له‌قی. هه‌ڵوێست ئه‌گه‌رچی كوڕێكی هه‌ژارحاڵه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ شیك و جوان و ڕێكپۆشه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه‌ مه‌راقی جیابوونه‌وه‌ی هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێكی ئیشكه‌ردا به‌ دیار ئاگره‌وه‌ وه‌ستاوه‌! هه‌ڵوێست به‌پێی‌ پێویست له‌گه‌ڵ هیچ كام له‌ دیوه‌كانی كاره‌كته‌ره‌كه‌یدا گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌ و كامڵ نه‌بووه‌. ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌م ناكامیه‌ی بێت پێشكه‌شكاره‌كه‌ی ڕادیۆی ئێكس ئێف ئێم ئاگاداری ناو دڵیه‌تی و ناچاری ده‌كات ‌هه‌ر به‌ زۆر و به‌ حونجه‌ ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ بێنێت كه‌ گۆرانی له‌ پێناودا وتون‌!

به‌رهه‌مهێنان
به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م فیلمه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ ئه‌ستۆی كام پڕۆده‌كشندا بووه‌. به‌ فیلمه‌كه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ توانا ماددیه‌كانی ئه‌م كۆمپانیایه‌ چه‌نێك گه‌وره‌ و كاریگه‌ره‌. له‌ڕووی شێوازی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌‌ شوان نه‌یتوانیوه‌ پارێزگاری له‌ فیلمه‌كه‌ی بكات و له‌ژێر هه‌ژموونه‌ ریكلامیه‌كانی ئه‌وان ده‌ربچێت. دیمه‌نه‌كانی ناو به‌له‌م، پێكه‌نین و ده‌ستبازیه‌كانی ئه‌زمه‌ڕ، شێوازی گۆشت برژاندن و ئاهه‌نگی بوك گواستنه‌وه‌، له‌ جۆری ئه‌و وێنه‌‌ باوانه‌ن كه زیاتر‌ له‌ ڕیكلام و كلیپه‌كاندا به‌كاردێت نه‌ك له‌ فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كاندا. له‌لایه‌كی تره‌وه‌‌ ڕه‌نگكردنی دیواره‌كانی ماڵی هه‌ڵوێست، كۆڵانه‌كه‌ی ماڵی كه‌ویار هیچ هارمۆنی و زه‌رووره‌تێكی سینه‌مایی جگه‌ له‌ كاریگه‌ربوون به‌ هه‌ژموونی پاوانخوازیانه‌ی ریكلام له‌ پشت ئه‌و كاره‌وه‌ نییه‌!

مۆنتاژی ده‌نگ و ڕه‌نگی ئه‌م فیلمه‌یش، سه‌رباری ناسازییان كه‌ زه‌حمه‌ته‌ وشه‌ بتوانێت چه‌وتیه‌كانیان بگوازێته‌وه‌، په‌یڕه‌ویان له‌ هیچ بنه‌مایه‌كی دیاریكراو نه‌كردووه‌. مۆنتاژ ته‌نیا بڕین و ڕیزكردنی وێنه‌ و دیمه‌نه‌كان نییه‌، مۆنتاژ ستراكتۆره‌‌، ڕه‌نگه‌، داینامیك و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی كاته‌. به‌ڵام مۆنتێره‌كه‌ی په‌یكه‌ری دڵ به‌ گوێره‌ی تێگه‌یشتنی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای دیمه‌نه‌كان بڕیویه‌تی و دووریویه‌تی. بۆ نموونه‌ دیمه‌نێكی تێدایه‌ هه‌ڵوێست و كه‌ویار‌ له‌ ئه‌زمه‌ڕن. له‌و دیمه‌نه‌دا بۆ یه‌كه‌مین و دواجار ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م دوو دڵداره‌ كێشه‌یان هه‌یه‌. له‌ڕاستیشدا هیچ كێشه‌ و جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆیان نییه، به‌ڵام ده‌نگ له‌ یه‌كتر هه‌ڵه‌بڕن. له‌م دیمه‌نه‌دا مۆنتێره‌كه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی كه‌موكوڕی سیناریۆكه‌ له‌ دروستكردنی كێشه‌كه‌‌دا چه‌ندجارێك هه‌ر له‌ناو دیمه‌نه‌كه‌دا، دیمه‌نه‌كه‌‌ ده‌بڕێت و بازده‌دات به‌سه‌ر ده‌مه‌قاڵێكه‌دا! بڕینی مۆنتێره‌كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ پارچه‌ پارچه‌تر ده‌كات. چونكه‌ پێویست بوو كه‌ بینه‌ر تێبگات به‌ڕاستی كێشه‌ی ئه‌م دووانه‌ له‌چیدایه‌‌. یاخود له‌ جێگه‌یه‌كی تردا به‌‌ سماش كه‌ت و كاریگه‌ریه‌كی ده‌نگی پێكه‌نیناوی بۆ ده‌ستپێكی ئاهه‌نگه‌كه‌ی هیوا ده‌گوازێته‌وه‌. ئه‌م شێوازه‌‌ مۆنتاژییانه‌ كه‌ به‌پێی دیمه‌نه‌كان دانراوه‌ نموونه‌ی نایه‌كانگیری مۆنتاژه‌ و زیان به‌ گێرانه‌وه‌یش ده‌گه‌یه‌نێت.

په‌یكه‌ری دڵ چی ده‌ڵێت؟
ئه‌م فیلمه‌ له‌ وێنه‌ گشتیه‌كه‌یدا ڕه‌خنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوك سالاری ده‌كات كه‌ كاریگه‌ریه‌كانی ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌‌ژێر جه‌بری شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژی و كرانه‌وه‌دا‌ بچوك ئه‌بێته‌وه‌. یاخود ڕه‌نگه‌ بیه‌وێت بڵێت هونه‌ر چه‌كه‌‌، ئه‌كرێت ئه‌م چه‌كه‌ به‌ ویستی خۆت به‌كاربهێنیت، ئه‌گه‌ر بۆ گێڕانه‌وه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌یشت بێت. ڕه‌نگه‌ دواجاریش ویستبێتی له‌ ڕێگه‌ی لێكه‌وته‌یه‌كی كاڵ و كرچی سه‌رمایه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی سه‌رمایه‌داری‌ بكات. به‌گشتی ئه‌م كێشانه‌ و جۆری پیشاندانیان په‌یوه‌ندیه‌كی كه‌میان به‌ واقیعی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌م فیلمه‌ ئاوێنه‌ی كێشه‌ قوڵ و ڕیشه‌یه‌كانی ژیانی ئه‌مڕۆی كوردستان نییه‌‌. هه‌ڵبه‌ت له‌ بیرمان نه‌چووه‌ كه‌ ئێمه‌ باس له‌ فیلمێكی بازرگانی ئه‌كه‌ین، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك له‌ فیلمه‌ بازرگانیه‌كانیش له‌سه‌ر كێشه‌ هه‌نوكه‌یه‌كانی دونیای خۆیان كاریان كردووه‌، به‌ڵام فیلمه‌كه‌ی شوان له‌مڕوه‌وه‌ ترس و سانسۆرێكی زۆری پێوه‌ دیاره‌.

شوان عه‌توف ساڵی ٢٠١٥ له‌ موزایه‌ده‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر سیاسیه‌كاندا، نامه‌یه‌كی شه‌رمه‌زاری له‌به‌رده‌م بینه‌رانی ته‌له‌فیزیۆندا خوێنده‌وه‌، وه‌ك لێره‌دا دیاره‌ (٢). تێیدا له‌بری سیاسیه‌كان ته‌ریقبوه‌وه‌ له‌و ژیانه‌ خراپه‌ی میلله‌ت و به‌ تایبه‌ت گه‌نج ده‌یگوزه‌رێنن. له‌وكاته‌وه‌ هه‌تا ئێستا هیچ كام له‌ فیلمه‌كانی له‌باره‌ی ئه‌و كێشانه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ شه‌رمه‌زارینامه‌كه‌یدا باسیان ده‌كات‌! جگه‌ له‌م فیلمه‌ بازرگانیه‌ی، سێ كورته‌ فیلمی تری‌ به‌ گوێره‌ی خواستی ڤیستیڤاڵ دروستكردووه‌. ئه‌وه‌ی ویستویه‌تی له‌ خه‌ڵاتی ڤیستیڤاڵه‌ لاوه‌كیه‌كان ده‌ستی كه‌وتووه‌. شوان له‌ كاتێدا بانگه‌شه‌ی هونه‌ری بوون و كواڵێتی كاره‌كانی ده‌كات نه‌یتوانیوه‌ له‌ ئاست ئه‌و هه‌موو قسانه‌دا بێت كه‌ له‌و نامه‌یه‌دا كردوونی! هه‌موو ئه‌و فیلمانه‌ی كه‌ دروستی كردون له‌ڕووی زه‌مه‌نه‌وه‌ سه‌ر به‌مڕۆ و به‌ كێشه‌ هه‌نووكه‌یه‌كان ژیانی ئه‌مڕۆ نین. له‌ نامه‌كه‌یدا ته‌ریقبوه‌ته‌وه‌ له‌به‌رده‌م گه‌نجاندا به‌ڵام له‌ فیلمه‌كانیدا بچوكترین ڕه‌خنه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ كوردیه‌ی نه‌كردووه كه‌ ئه‌و هه‌موو سه‌رگه‌ردانیه‌ی دروستكردووه‌‌! كاره‌كته‌ره‌كانی شوان گه‌نجی‌ شه‌هاده‌دار و بێكاری ئه‌م وڵاته‌ نین، كه‌ له‌داخی بێكاری و نه‌بوونی هه‌لی ژیان سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرتبێت و ئه‌م وڵاته‌ جێبهێڵن. عاشقه‌كانی فیلمه‌كه‌ی شوان وه‌كو هه‌زاران گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌ بێلانه‌یی و بێ ده‌رامه‌تی كۆسپی ناكامی عه‌شقه‌كه‌یان نییه‌! كاره‌كته‌ره‌كانی شوان زۆرتر گوزارشت له‌ خودی خۆیان ده‌كه‌ن نه‌ك له‌م واقیعه‌ی كه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ توانای مرۆڤه‌كانی ئه‌كوژێت و ده‌یان پوكێنێته‌وه‌. ئایا ئه‌مه‌ بێ ئه‌مه‌كی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ نییه‌ به‌رامبه‌ر‌ به‌ بینه‌ره‌كه‌ی؟

هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌ن و خاوه‌ن كواڵێتی ئه‌بێت به‌رپرسیار و به‌ ئه‌مه‌كیش بێت به‌رامبه‌ر به‌ هونه‌ر و بینه‌ره‌كه‌ی. هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ هه‌ڵوێست و ڕێشانمان بۆ نمایش ناكات كه‌ چێژ له‌ توانای خۆیان وه‌ربگرن. به‌ڵكو به‌م پاڵه‌وانانه،‌ ده‌روازه‌ بۆ هه‌زاران قوربانی ده‌كاته‌وه‌ له‌‌ نه‌هامه‌تیه‌ ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا له‌ ژیانی خۆیان ڕابمێنن و بۆ ده‌ربازبوونیان بیربكه‌نه‌وه‌. هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ له‌بری دروستكردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌ خراپه‌كان، به‌دوای پیشاندانی زه‌مینه‌ و ژینگه‌ی‌ خراپ بوونیاندا ده‌گه‌ڕێت. هونه‌ری خاوه‌ن كواڵێتی له‌بری تاوانباركردنی پیاوێكی پاره‌دار، تیشكیش ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و ڕۆمانسیه‌ته‌ی كه‌ له‌نێوان سه‌رمایه‌ و سیاسه‌تدا هه‌یه‌ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا. هونه‌ری جددی به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی و كاولكاری و داڕمانه‌‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌دا نا په‌رژێته‌ سه‌ر ئاكامی خۆشه‌ویستیه‌كی كرچ و كاڵ. هونه‌رمه‌ندی ڕاستگۆ، هیچ كات خیانه‌ت له‌خۆی و ئه‌و ژیانه‌ ناكات كه‌ تێیدا ده‌ژی. شوان باز به‌سه‌ر ئه‌م واقیعه‌دا ئه‌دات و گه‌نجه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ بانگ ده‌كات بۆئه‌وه‌ی بگرین به‌ دیار هه‌ڵوێست و نارینه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی پێبكه‌ن وه‌كو ڕێشان و باوكی.

ئه‌مڕۆ، له‌كاتێكدا جه‌هل و ژه‌هری حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر له‌م واقیعه‌دا ئیش ده‌كات، ئه‌مجۆره‌ له‌ سینه‌مایش خزمه‌تێكی ڕاسته‌ و ڕاست به‌ ویست و ئه‌جێندای ئه‌وان ده‌كات. ئه‌م ته‌رزه‌ له‌ فیلم كه‌ره‌سته‌یه‌كه‌ بۆ دروستكردنی بینه‌ری بێ ئاگا و ناهۆشیار. بینه‌رێك كه له‌بری بیركردنه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گرتن،‌ چه‌پڵه‌ لێده‌دا و فیكه‌ ده‌كێشێت. ئه‌م جۆره‌ له‌ بینه‌ر هیچ كات جێی دڵخۆشی نییه‌. سینه‌مایه‌كیش ببێته‌ هۆكاری چه‌پاندن و چاوبه‌ستكردن و كۆیله‌كردنی مرۆڤ، هیچ كات سینه‌ما نییه‌. هونه‌ر و سینه‌مای ڕاسته‌قینه‌ ئه‌بێت به‌ بێ سانسۆر ده‌ست بۆ كێشه‌ گه‌وره‌كانی ژیان به‌رێت، له‌بری كورتكردنه‌وه‌ی مرۆڤ ته‌نیا له‌ خۆشه‌ویستیدا، نه‌ترسێت له‌ پیشاندانی چوارچێوه‌ سیاسی و ئابوریه‌كه‌ی. سینه‌مای ڕاسته‌قینه‌ لانی كه‌می ئه‌بێت ئازاد بێت و نه‌بێته‌ دارده‌ستی هیچ ئایدۆلۆژیا و سیاسه‌تێكی زاڵ. ئاڕاسته‌ی فیلمه‌كانی شوان نه‌ك ته‌نیا ڕوو له‌م جۆره‌ هونه‌ره‌ نییه‌ به‌ڵكو به‌ ته‌واوی بوه‌ته‌ كه‌ره‌سته بۆ پێچه‌وانه‌كه‌ی ‌.

په‌یكه‌ری دڵ، به‌ دیوێكی تردا به‌رهه‌می ئه‌و كێبه‌ركێ نا شه‌ریفانه‌ی باڵه‌كانی كایه‌ی سینه‌ماییه‌‌ بۆ قۆرخكردنی كایه‌كه‌. له‌ ئێستادا هه‌ردوو باڵی لۆكاڵی-ده‌وڵه‌تی و ڤیستیڤاڵ-نێوده‌ڵه‌تی هه‌یه‌ كه‌ له‌ ململانێیه‌كی نابه‌جێدان بۆ قۆرخكردن و داگیركردنی كایه‌ی سینه‌مایی. له‌م ماوه‌یه‌شدا كه‌سی تر به‌ناوی دروستكردنی بۆنه‌ و دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌وه‌، وه‌ به‌سود وه‌رگرتن له‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی خه‌ریكی دروستكردنی‌ باڵی سێیه‌مه‌. ئه‌م ململانێ و هه‌ڵپه‌ گه‌ورانه‌ هیچ كات له‌پێناو سینه‌ما و بۆ خزمه‌تكردن به‌ هونه‌ر نییه‌، به‌ڵكو بۆ كاسپیكردن و خۆگه‌وره‌كردنه‌ به‌ سینه‌ماوه‌. هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ له‌ جێگه‌ی تردا ئاماژه‌مان داوه‌ كه‌ چۆن ئه‌كرێت له‌م بواره‌دا خزمه‌ت بكرێت، به‌ خۆشحاڵیشه‌وه‌ كه‌سانێك هه‌ن و خزمه‌ت ده‌كه‌ن. ئه‌م ململانێیه‌ له‌ پار ساڵه‌وه‌ به‌ ته‌واوی توند بوه‌ته‌وه‌ و وایكردووه‌ شوان عه‌توف چالاكتر بێت و پرۆژه‌ی تازه‌تریش هه‌بێت. دۆخه‌كه‌ گه‌یشتۆته ئاستێك، یه‌كێك خۆی به‌ مه‌سیحی سینه‌ما بزانێت و ئه‌وی تر هه‌رزه‌گۆیانه‌ و كاڵفامانه‌ نه‌فره‌ت له‌ نه‌ته‌وه‌ و میلله‌ته‌كه‌ی بكات. له‌ڕاستیدا هیچ خاڵێكی جیاكه‌ره‌وه‌ له‌نێوان ئه‌م باڵانه‌دا جگه‌ له‌ مشه‌خۆری به‌ سینه‌ماوه‌ نییه‌.

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کلیکی ئێرەبکەن ….


(٢)
https://www.youtube.com/watch…

https://www.youtube.com/watch?v=qrQCnuRH9Y4&list=WL&index=47&t=0s&fbclid=IwAR0OpCvHeQVFHkDtoVicuWnJAh3n84QxpT2lWcNX6zUPqL3jb2AdsxX7-LY

<




په‌یكه‌ری دڵ و شوان عه‌توف … 1- … شاهۆ عارف

به‌شی یه‌كه‌م:

(ئه‌گه‌ر پێتوابێت ئه‌توانیت وه‌كو ده‌رهێنه‌ری فیلم، ویسته‌كانت، مه‌یله‌‌ سێكسیه‌كانت، ئاره‌زووه به‌رزه‌فڕه‌كانت، خه‌یاڵبازیه‌كانت له‌ كاره‌كه‌تدا بشاریته‌وه‌، تۆ گه‌وجیت).

ده‌یڤد فینچه‌ر، ده‌رهێنه‌ری ئه‌مریكی

په‌یكه‌ری دڵ یه‌كه‌مین فیلمی درێژی شوان عه‌توفه‌
له‌دوای سێ كورته‌ فیلمی تریه‌وه‌. له پاش بانگه‌شه‌یه‌كی كه‌م وێنه‌ له‌ شه‌قامه‌
گشتیه‌كان و میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ ٤\٦\٢٠١٩، یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان،
له‌ سینه‌ماكانی كوردستان نمایشكرا. ئاماده‌كاریه‌كانی نمایشی ئه‌م فیلمه‌ وایكرد‌
پێشوازیه‌كی گه‌وره‌یشی لێبكرێت كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌تا ئێستا له‌ هیچ فیلمێكی كوردی نه‌كرابێت!
فیلمه‌كه‌ به‌ به‌شداری چه‌ندین ڕووخساری كۆن و نوێ به‌رهه‌م هاتووه‌. هه‌تا ئه‌م ساته‌یش،
زانیاری ته‌واوه‌تی له‌باره‌ی فیلمه‌كه‌وه‌ له‌ ویكپیدیا، په‌یجی فیلمه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌
كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، وێبسایتی (ئاماری نێوده‌وڵه‌تی فیلم-IMDB) بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌‌!
به‌ڵام به‌ گوێره‌ی دیداره‌ ته‌له‌فیزیۆنیه‌كانی شوان‌، به‌ر له‌ قۆناغی بڵاوكردنه‌وه‌ی
فیلمه‌كه‌، ٤٨ ده‌فته‌ر له‌ به‌رهه‌مهێنانیدا سه‌رفكراوه‌ و هه‌تا ئێستایش بڕی تێچوونه‌كه‌ی
پڕنه‌كردوه‌ته‌وه‌. جێی باسه‌ ئه‌م فیلمه‌ به‌ ستافێكی سه‌را‌پا ناوخۆیی و له‌لایه‌ن
هه‌ردوو كۆمپانیای كام پڕۆده‌كشن و میترۆنۆمه‌وه‌ به‌رهه‌م هاتووه‌.

په‌یكه‌ری دڵ، به‌گشتی چیرۆكی كوڕ و كچێكی عاشقه‌
له‌ دوو چینی گه‌دا و خانه‌دانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، كه‌ له‌ مناڵیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات،
به‌ به‌ربه‌ستی (باوك) و (هاوڕێ)دا تێده‌په‌ڕێت و دواتر به‌ پێكگه‌یشتن كۆتای دێت.
دیاره‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ كۆمه‌ڵێك كاره‌كته‌ری زۆر هه‌ن كه‌ هه‌وڵیانداوه‌
به‌ ڕه‌گه‌زی كۆمیدی و گۆرانی ئامێز بیگڕێنه‌وه‌. ده‌ره‌نجام فیلمه‌كه‌‌‌ نه‌ك ته‌نیا
فیلمێكی ته‌واو بازرگانییه‌، به‌ڵكو هه‌ندێكجار له‌ شۆ و كلیپی گۆرانی ده‌چێت، نه‌توانراوه‌
پارێزگاری له‌و بنه‌ما و پرنسیپانه‌ بكرێت كه‌ فیلمێكی بازرگانی پێ دروستده‌كرێت. گه‌وره‌ترین
عه‌یبیشی ئه‌وه‌یه‌ شوان ئه‌م فیلمه‌ی وه‌كو هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ وه‌سفده‌كات و پێیوایه‌
به‌م ته‌رزه له‌ هونه‌ریش ئه‌بێت به‌ تروسكایی ساتی قه‌یرانه‌كان! هه‌وڵده‌ده‌م له‌سه‌ر
ئه‌م بابه‌تانه‌ بدوێم‌، هه‌رچه‌نده‌ پێویسته‌ بڵێم؛ باشتربوو له‌بری نوسین به‌ ڤیدیۆیه‌كی
شیكاری خوێندنه‌وه‌م بۆ فیلمه‌كه‌ بكردایه،‌ (چونكه‌ هه‌میشه‌ هێزی وێنه‌ زیاتره‌ له‌نوسین)،
به‌ڵام به‌هۆی به‌رده‌ست نه‌بوونی فیلمه‌كه‌وه‌ ئه‌مه‌ نه‌كرا.

فیلمی بازرگانی

دابه‌شكردنی فیلم به‌سه‌ر بازرگانی و هونه‌ریدا
زیاتر له‌سه‌ر مه‌به‌ست و ئامانجی گشتی فیلمه‌كه‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێكجار
زه‌حمه‌تیشه‌ بتوانیت ئه‌م دابه‌شكاریه‌ بكه‌یت، به‌ڵام په‌یكه‌ری دڵ له‌ جۆری ئه‌و
فیلمانه‌یه‌ كه‌ به‌ ئاسانی ده‌توانرێت بازرگانی بوونه‌كه‌ی بناسرێته‌وه‌.

فیلمی بازرگانی به‌گشتی به‌و جۆره‌ فیلمه‌ ده‌وترێت
كه‌ بۆ چێژ و كه‌یفخۆشی دروست ده‌كرێت، وه‌ ئا‌مانجی سه‌ره‌كی دروستكردنیشی قازانج
و به‌ده‌ستهێنانی پاره‌یه‌. له‌ فیلمی بازرگانیدا ریكلام هه‌یه‌، برانده‌كان و لۆگۆكان،
هه‌ندێكجار ناوی ته‌له‌فیزۆنه‌كان و بازاڕه‌كان و ئه‌و جێگایانه‌ی خاوه‌ن ناوبانگ و
سه‌رمایه‌ن ده‌رده‌كه‌ون. فیلمی بازرگانی كار له‌سه‌ر دروستكردنه‌وه‌ی وێنه‌ باوه‌،
ڕۆژانه‌ییه‌كان ده‌كات، پشت به‌ گۆرانیبێژ و میوزیكژه‌ن و كه‌سێتیه‌ به‌رچاو و دیاره‌‌كان
ده‌به‌ستێت. فیلمی بازرگانی به‌جۆرێك داده‌ڕێژرێت سه‌رنجی خه‌ڵك له‌ هه‌موو ئاست و
ته‌مه‌نه‌كاندا ڕابكێشت به‌ به‌كارهێنانی سه‌ما و گۆرانی و تۆنی كۆمیدی. ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌
سه‌ره‌تاییانه‌ ‌به‌ ته‌واوی له‌ فیلمی په‌یكه‌ری دڵدا ده‌بینرێت. سه‌رباری ئه‌مانه‌
پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌ و ڕیكلامیشی هه‌تا ئاستی سواڵ و كڕوزانه‌وه‌ چووه‌ وه‌ك لێره‌دا
دیاره‌ (١). ده‌مه‌وێت ڕوونی بكه‌مه‌وه‌ ئه‌م فیلمه‌ نه‌ك هه‌ر فیلمێكی بازرگانی به‌ڵكو
فیلمێكی بازرگانی خراپه‌ و له‌بری خزمه‌تیش دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ وێرانتر ده‌كات.

كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێست، نزار، ڕێشان و نارین و كۆمه‌ڵێك
كه‌سی دیكه‌ی به‌ ئه‌زموون كه‌ ڕووخساری دیاری ته‌له‌فیزیۆنن و له‌ چه‌قی سه‌رنجی خه‌ڵكدان
كارێكی پێویست و زیره‌كانه‌یه‌ بۆ فیلمێكی بازرگانی. چونكه‌ وه‌ك شوان ده‌ڵێت: (هه‌ریه‌كه‌یان
هه‌واداری خۆیان هه‌یه‌) و خزمه‌تی بڵاوبوونه‌وه‌ و زیادكردنی بینه‌ر ده‌كه‌ن. هه‌ڵبه‌ت
پۆسته‌ری ناهونه‌ری فیلمه‌كه‌یش هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گرنگترین كاره‌كته‌ره‌كانی
ڕیزكردووه‌ به‌بێ بیركردنه‌وه‌ له‌ چۆنێتی ڕێكخستنیان. ئه‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ش له‌به‌رچاو
بگرین كه‌ به‌كارهێنانی ناوبانگی ئه‌كته‌ر به‌ڵگه‌ نییه‌ له‌سه‌ر بازرگانی بوونی فیلمه‌كان.
به‌ڵكو هه‌ندێكجار ده‌رهێنه‌ره‌ بیركه‌ره‌وه‌ و خاوه‌ن نیگاكان هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ڕێگه‌ی
به‌كارهێنانی ناوبانگی ئه‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ بینه‌ری فیلمه‌كانیان زیاد بكه‌‌ن. فیلمه‌كانی
مالیك نموونه‌ی زۆری ئه‌م جۆره‌ له‌ به‌كارهێنانیان تێدایه‌. به‌ڵام له‌ په‌یكه‌ری
دڵدا، ئه‌م به‌كارهێنانه‌ ناچێته‌ خزمه‌ت هیچ په‌یامێكی هونه‌ری و ئیستاتیكیه‌وه‌.
له‌ په‌یكه‌ری دڵدا، شوان پیشه‌ و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی زۆرێك له‌م ئه‌كته‌رانه‌ی وه‌كو
خۆی گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو فیلمه‌كه‌ی به‌بێ كه‌مترین ته‌وزیف و گۆڕانكاری و گونجاندن.

بۆ نموونه‌ ناوبانگ و توانای گۆرانیبێژیی هه‌ڵوێست،
جوڵه‌ ئه‌كرۆبات و خۆشگۆییه‌كه‌ی ڕێشان، له‌ژه‌ لاژ و قسه‌ بێ سه‌روبه‌ره‌كانی ئه‌حمه‌د
ڕه‌ئوف و به‌یان بۆمبا… له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م فیلمه‌دا ئه‌م ئه‌كته‌رانه‌ ناویان بۆ
داتاشراوه‌ و له‌ڕۆڵێكدا جێگیركراون. به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستكاری خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌م
كاره‌كته‌رانه‌ بكات له‌ په‌یوه‌ندیاندا به‌ ڕۆڵه‌كانیانه‌وه‌. له‌مڕوه‌وه‌ ئه‌م فیلمه‌
بۆته‌ سه‌كۆیه‌ك بۆ په‌خشكردنه‌وه‌ و نیشاندانه‌وه‌ی ئه‌م توانایانه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی
گه‌وره‌تردا. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پیشاندانی بێ پێچی ڕادیۆی ئێكس ئێف ئێم و كۆمپانیای
نه‌جمه‌دین و كافێ و ئه‌زمه‌ڕ و سه‌هۆڵه‌كه‌ جۆرێكه‌ له‌ ڕیكلام و به‌كارهێنانه‌وه‌ی
شوێنه‌ گشتیه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك بۆ قبوڵكردن و شیریكردنی فیلمه‌كه‌.

سیناریۆ

سیناریۆی ئه‌م فیلمه‌ چیرۆكی دڵداری هه‌ڵوێست و
كه‌ویار ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ منداڵیانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، هه‌تا ساتی نه‌مانی ڕێگریه‌كانی
ئه‌و دڵداریه‌ش‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. پلۆتی ئه‌م فیلمه‌ به‌ خێرایی به‌سه‌ر چیرۆكه‌كه‌دا
تێده‌په‌ڕێت و چه‌ندینجار بازده‌دات، له‌ دوو جێگه‌دا ماوه‌ی بازه‌كان له‌ پلۆته‌كه‌دا
ده‌ره‌كه‌وێت كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌. هه‌ندێك له‌و بازانه‌ به‌ ‌له‌به‌رچاوگرتنی ڕوودا
و بابه‌تی چیرۆكه‌كه‌‌ خراپه‌. سه‌ره‌تا با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ كاره‌كته‌راكان؛ هه‌ڵوێست
و نزار و ڕێشان ڕۆڵی سێ كه‌س ده‌گێڕن. كه‌ له‌ منداڵیه‌وه‌ هاوڕێن و له‌لای مام بورهان
(ئه‌حمه‌د ڕه‌وف) كار ده‌كه‌ن. پلۆته‌كه‌ له‌ ته‌مه‌نی منداڵی ئه‌م سێ كاره‌كته‌وه‌
به‌ نمایش و مه‌شقێكی خێرا ده‌ستپێده‌كات. له‌م سه‌ره‌تایه‌وه‌ زۆر شت ده‌رده‌كه‌وێت؛
هه‌ژاری هه‌ڵوێست، خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌ویار، ململانێی ده‌روونی شێرزاد له‌سه‌ر
كه‌ویار و به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێست. دواتر چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر چیرۆكه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێت،
مناڵه‌كان هه‌ر له‌لای مام بورهان گه‌وره‌بوون و خه‌ریكی كارن، خۆشه‌ویستی هه‌ڵوێستی
هه‌ژار و كه‌ویاری خانه‌دان‌ به‌ره‌وپێشده‌چێت و گرفتی ده‌روونی شێرزاد زیاتر گه‌شه‌
ده‌كات. كاره‌كته‌ری شێرزاد به‌ نه‌خۆشی جه‌سته‌یی و ململانێی ده‌روونیه‌وه‌ گه‌وره‌
ده‌بێت. به‌ یارمه‌تی باوكی كه‌ویار ئه‌م ململانێیه‌ی‌ ده‌گۆڕێت بۆ حه‌قیقه‌تێكی تاڵ.
دواجار هه‌ڵوێست به‌ یارمه‌تیدانی له‌ نه‌خۆشیه جه‌سته‌ییه‌كه‌ی چاكی ده‌كاته‌وه‌ و
له‌ شه‌ڕی ده‌روونیدا به‌رامبه‌ر خۆی له‌ناوی ده‌بات. ئه‌مه‌ چیرۆكی سه‌ره‌كی فیلمه‌كه‌یه‌.

له‌م چیرۆكه‌دا چه‌ندین كاره‌كته‌ری تر هه‌ن، هه‌ندێكیان یارمه‌تی به‌ره‌و پێشچوونی چیرۆكه‌كه‌ ده‌ده‌ن و هه‌ندێكی تریشیان هیچ ڕۆڵێكی گرنگ له‌ چیرۆكه‌كه‌دا ناگێڕن به‌ڵكو بۆ نمایش و زیادكردنی بینه‌ری فیلمه‌كه‌ دروستكراون. یه‌كێك له‌وانه‌، ڕێشانه‌. ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ به‌ده‌ر له‌م فیلمه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا خاوه‌نی كۆمه‌ڵه‌ ڤیدیۆیه‌كه‌، كه‌ به‌ زمانێكی كۆمیدی ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ریته‌ كلتوریه‌كان ده‌كات. ڕێشان (هیوا)، كوڕێكی بزێوه‌، توانایه‌كی باشی ده‌ربڕینی زاره‌كی و ڕووخساری هه‌یه‌. هه‌ر به‌م سیفه‌تانه‌وه‌ له‌ فیلمه‌كه‌دا به‌كارهێنراوه‌ته‌وه‌ له‌كاتێدا هیچ گرنگیه‌كی ئه‌وتۆی نییه‌! كاره‌كته‌ری هیوا، كاره‌كته‌رێكی گاڵته‌چی و هه‌زه‌لیه،‌ ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ نه‌ له‌ڕووی تێماییه‌وه‌ نه‌ له‌ڕووی گرنگیه‌وه‌ له‌ درامای فیلمه‌كه‌دا جێگه‌ی نه‌گرتووه‌، له‌كاتێكدا وه‌كو كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی له‌ پلۆته‌كه‌دا زه‌مه‌ن ئه‌كوژێت. ڕه‌نگه‌ به‌كارهێنانی بۆ ئه‌م دوو مه‌به‌سته‌ بووبێت‌؛ له‌لایه‌ك هاوته‌ریبی بابه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستدا دروست بكات. كه‌ هه‌ردووكیان به‌ دوو شێوه‌ی جیاواز ده‌یانه‌وێت زه‌واج بكه‌ن.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی كۆمیدی له‌ فیلمه‌كه‌دا ئاماده‌یی هه‌یه‌. له‌ یه‌كه‌مدا، ئاره‌زووه‌كه‌ی هیوا بۆ زه‌واج هیچ لێكچوون و دژیه‌كیه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستدا نییه‌. لانی كه‌م ڕوون نییه‌ كه‌ بۆچی هیوا ئه‌یه‌وێت ژن بهێنێت؟ ژنه‌كه‌ی سه‌ر به‌ چ ‌چینێكه‌؟ دروستكردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌ی ژنهێنانه‌ جگه‌ له‌ دروستكردنی ململانێیه‌كی كۆمیدی -ناپێویست- له‌نێوان هیوا و باوكیدا و سازكردنی ئاهه‌نگێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ كه‌ هه‌ڵوێست و شێرزاد شه‌ڕی خۆیانی تێدا بكه‌ن هیچی تری لێ به‌رهه‌م نایه‌ت. له‌ دووه‌مدا، سیفه‌ته‌ كۆمیدیه‌كانی ڕێشان له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆك و مه‌به‌ستی فیلمه‌كه‌دا یه‌كناگرنه‌وه‌. بۆ نموونه‌ ئه‌و فیشقیات و ته‌شقه‌ڵانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ باوك و هاوڕێكانیدا ده‌یكات له‌ ڕووی مانا‌وه‌ هیچ زیاده‌یه‌كی نه‌خستۆته‌ سه‌ر فیلمه‌كه‌ و ڕۆڵی كاریگه‌ر له‌ ئاڕاسته‌ی ڕووداوه‌كاندا ناگێڕێت. له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ ته‌نیا ڕۆڵه‌كه‌ی هیوا نییه‌ كه‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌، به‌ڵكو كۆمیدی بوونی دایك و باوكی هیوا و ته‌واوی كۆمیدیای فیلمه‌كه‌ له‌ پێناو كۆمیدی بووندایه‌.

كۆمیدیا له‌ هونه‌ردا ڕه‌گه‌زێكه‌ كه‌ ئه‌كرێت زۆر
شتی پێ بوترێت و زۆر شتی لێوه‌ دروستكرێت. به‌ڵام له‌م فیلمه‌دا كۆمیدیا قسه‌ی قۆڕ
و فڵته‌ فڵته‌. هه‌ر بۆ نموونه‌ ئه‌وكاته‌ی مام بورهان ئه‌ڵێت (ئه‌وه‌ تۆ منیت یان
من تۆم). ئه‌م ڕسته‌یه‌ كه‌ مانایه‌كی فیكری و فه‌لسه‌فی هه‌یه‌ له‌ كۆنتێكستی ئه‌م
فیلمه‌دا هیچ ئیش ناكات. سه‌رباری پاسیڤبوونی ڕه‌گه‌زی كۆمیدی، زیاده‌ڕۆیی زۆریشی تێدا
كراوه‌‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ واقیعیه‌تی فیلمه‌كه‌دا یه‌كناگرێته‌وه‌. دیمه‌نی گۆڕستانه‌كه‌
ئه‌وكاته‌ی شێرزاد ده‌نێژرێت، یاخود له‌ دیمه‌نی ئاهه‌نگه‌كه‌دا قسه‌ بێ سه‌ر و به‌ره‌كانی
مام بورهان و هیوای كوڕی زیاتره‌ له‌وه‌ی كه ئه‌و دۆخه‌ ئه‌یخوازێت. به‌ كورتی كاره‌كته‌ری
هیوا خاوه‌ن هیچ قوڵایی و كاریگه‌ریه‌ك نییه‌ له‌ په‌یكه‌ری دڵدا. ئه‌وه‌ ته‌نیا هیوا
نییه‌ كه‌ به‌زۆر خراوه‌ته‌ چیرۆكه‌كه‌وه‌، خوشكه‌كه‌ی هه‌ڵوێستیش ئه‌ركێكی زۆر كه‌م
و بێسودی به‌ به‌راوورد به‌ ده‌ركه‌وتنی هه‌یه‌. ئه‌م كچه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ كۆتایی
خراوه‌ته‌ خزمه‌ت هه‌ڵوێسته‌وه‌ و چاودێرێكی بێده‌نگی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی
هیچ بزانین له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌! یاخود دایكی كه‌ویار، لیبۆكێك كه‌ له‌ هیچ جێگه‌یه‌كدا
كه‌مترین به‌رگری له‌ كچه‌كه‌ی ناكات! هه‌روه‌ها جێكردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی به‌یان
بۆمبا و دایكی شێرزادیش جگه‌ له‌ مه‌به‌ستی زیادكردنی بینه‌ر هیچ به‌هانه‌یه‌كی لۆژیكی
نییه‌ بۆ ئاماده‌ییان.

كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م سیناریۆیه‌ جگه‌ له‌ زۆر و
بۆری كاره‌كته‌ره‌كان، به‌كارهێنانی خراپی ڕه‌گه‌زی تراژیدی و كۆمیدی پێكه‌وه‌. كێشه‌کە
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌وێدا دروست ئه‌بێت كه‌ شوان هیچ تێگه‌یشتنێكی سه‌ره‌تایی بۆ
ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ نییه‌. نازانێت چۆن و كه‌ی و له‌ كوێدا پێویسته‌ كاره‌كته‌ره‌كانی
غه‌مگین یان شادمان بن، كه‌شی فیلمه‌كه‌ی میلانكۆلی یان خۆشی ئامێز بێت. وه‌ك دیاره‌
هیچ تێگه‌یشتن و پلانێكی پێشوه‌خته‌ی بۆ ئه‌م كرده‌وانه‌ و ساتی ده‌ركه‌وتنیان نییه‌.
له‌ڕاستیشدا ده‌رهێنه‌ری فیلمێكی بازرگانی نابێت چاوه‌ڕێی ئه‌م ئاسته‌ له‌بیركردنه‌وه‌ی
لێبكرێت. به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وێدایه‌، شوان نه‌یتوانیوه‌ ته‌مسیل و ڕیتمی فیلمه‌كه‌ی
به‌ نه‌رمی له‌نێوا گریان و پێكه‌نین و باره‌ ده‌روونیه‌كاندا بجوڵێنێت. بیربكه‌نه‌وه‌
له‌ دیمه‌نی گۆشت برژاندنه‌كه‌، كه‌ویار چه‌ند بەپەلە له‌و دونیا به‌رینه‌دا ده‌كه‌وێته‌
ده‌روونی ته‌نگ و تاری خۆیه‌وه‌. یاخود هیوا كه‌ له‌ جێگه‌یه‌كدا به‌جۆرك پێده‌كه‌نێت
و مۆن ده‌بێته‌وه‌ سه‌ر له‌ بینه‌ر ده‌شێوێنێت كه‌ ڕوون نییه‌ خۆشحاڵه‌ یان بێتاقه‌ته‌!
ئه‌م كه‌موكورتیانه‌ی مۆنتاژ و ده‌رهێنان له‌ زۆر جێگه‌ی فیلمه‌كه‌دا ده‌ركه‌وێت كه‌
ناتوانێت پارێزگاری له‌ ڕیتم و ڕه‌گه‌ز بكات.

گرێی فیلمه‌كه‌ له‌ ململانێی ده‌روونی شێرزاده‌وه‌
به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێست دروست ده‌بێت، له‌وكاته‌وه‌ی هه‌ڵوێست و كه‌ویار هه‌موو جارێك‌،
ئه‌زمه‌ڕ و گۆیژه وه‌كو شوێنی ژوانه‌كانیان هه‌ڵده‌بژێرن‌! خێزانێك كه‌ هه‌ر له‌ مناڵیه‌وه‌
ڕێگری له‌ كچه‌كه‌‌یان بكه‌ن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كوڕێكدا هه‌بێت، سه‌یره‌ كه‌ كچه‌كه‌‌یان
ئه‌وه‌نده‌ ئاسان ئه‌توانێت هه‌موو جارێك بۆ یاخترین شوێن له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه‌دا بچێت.
ئه‌مه‌ لاوازی ده‌رهێنانه‌ كه‌ جارێك شوێنی به‌ركه‌وتنیانی نه‌گۆڕیوه‌. ئه‌م ململانێ
و ڕێگریه‌ی شێرزاد به‌ بوونی باوكی كه‌ویار ئه‌گۆڕێت بۆ ترازانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ره‌ئه‌نجام
هه‌ڵوێست و كه‌ویار جیا ئه‌بنه‌وه‌ و كه‌ویار كه‌ دیار نییه‌ چۆن، ڕازیده‌بێت به‌ زه‌واجكردنی
له‌گه‌ڵ شێرزاد. ئه‌مه‌ ئه‌و بازه‌یه‌ كه‌ نه‌ده‌بوو به‌سه‌ر چیرۆكه‌كه‌دا بدرایه‌.
دواتر و دوای مردنی شێرزاد، به‌بێ حسابكردن بۆ ڕێگر و به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی كه‌ باوكی
كه‌ویاره‌، ئه‌و دوو عاشقه‌ جارێكی تر له‌یه‌كتر نزیك ئه‌بنه‌وه‌!

——————————————————

(١)

https://www.facebook.com/peykeridll/videos/2286177331605536/

———————————————-

ماویه‌تی…




سەهیم عومەر خەلیفە بەداوی پاڵەوانێکدا دەگەڕێت

دەرهێنەری کورد، سەهیم عومەر خەلیفە، بۆ فیلمە نوێیەکەی بەداوی پاڵەوانێکدا دەگەڕێت، پاڵەوانەکەش دەبێت منداڵ بێت و خاوەن پێداویستی تایبەت بێت.

بڕیارە ئەو دەرهێنەرە کوردە کورتەفیلمی “میسیی بەغدا” وەک فلمێکی درێژی سینەمایی بەرهەمبێنێت کە کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و تەنها قاچێکی هەیە.

مەرجە ئەو منداڵەی بیەوێت ئەو رۆڵە بگێڕێت، تەمەنی لە نێوان ٩ بۆ ١٢ ساڵ بێت و زمانی عەرەبی –شێوەزاری عێراقی- بە باشی بزانێت و خاوەن پێداویستی تایبەت بێت و تەنها یەک قاچی هەبێت.

“میسیی بەغدا” کورتەفیلمێکی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفەیە، لە دوای وەرگرتنی 60 خەڵاتی جیهانی، بڕیارە وەک فیلمێکی درێژی سینەمایی بەرهەمبێت، بودجەی بەرهەمهێنانی لەلایەن بەلجیکاوە دابینکراوە.

ئەم بەرهەمە لە ساڵی 2012 بەرهەمهات و دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو و بووە خاوەنی 60 خەڵات لە فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهاندا و یەکێک لە 10 کورتەفیلمەکانی کورتەلیستی فیلمە کاندیدکراوەکان بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی
ئۆسکار وەک باشترین کورتەفیلم.

فیلمەکە بووە هۆکار کە کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە چاوی بە لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئەستێرەی هەڵبژاردی ئەرجەنتن بکەوێت و دەزگایەکی بەریتانی هاوکاریی ماددی بۆ کۆکردەوە و لە ئێرانیش قاچێکی
دەستکردی بۆ دروستکرا.

لە ساڵی 2017 بەڕێوبەڕایەتیی سینەما لە بەلجیکا، بودجەی بۆ نووسینەوەی سیناریۆی “میسیی بەغدا” بۆ فیلمێکی درێژ تەرخانکرد و بەم دواییە بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەی تەرخانکرد کە ساڵانە تەنها پاڵپشتی شەش تا هەشت پڕۆژەی سینەمایی لەو وڵاتە دەکات.

دەرهێنەری فیلم لەگەڵ ستافی بەرهەمهێنانی ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەکەن و بڕیارە لە دەستپێکی هاوینی ئەمساڵدا، لە بەلجیکاوە سەردانی باشووری کوردستان بکەن، بۆ دیاریکردنی لۆکەیشن و بەشێک لە ستافی فیلم و ئەکتەرەکان.
بڕیارە کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە دەستپێکی 2020 دەستپێبکات و سیناریۆی کورتەفیلمەکە درێژکراوەتەوە و ئەکتەری نوێ رۆڵی تێدا دەگێڕن.

“میسیی بەغدا” باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.

ئەم بەرهەمە دەبێتە دووەم بەرهەمی درێژی سینەمایی خەلیفە لە دوای فیلمی درێژی سینەمایی “زاگرۆس” کە نۆ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا.

ئەو دەرهێنەرە کوردە کە دانیشتووی وڵاتی بەلجیکایە، لەرێگەی کورتە فیلمی “خاکی پاڵەوانان”، “میسیی بەغدا” و “نێچیرڤانی خراپ” زیاتر لە سەد خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەمایەکاندا بەدەستهێناوە و دوو لە فیلمەکانی کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار بوونە وەک باشترین کورتەفیلم و ئێستا یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئەکادیمیای ئۆسکار و خاوەنی چەندین ریکۆردە لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا لە رووی وەرگرتنی خەڵاتی
سینەماییەوە.

*راگەیاندنی فیلمی سینەمایی “میسیی بەغدا”




گەنج و جوان … هیوا سەعید


“کچێک حه‌ز له‌ باوکی ده‌کات”

لە فیلمی گەنج و جواندا، کچێکی حەڤدە ساڵی، هەرچەندە خۆشەویستێکی کوڕی لە تەمەنی خۆی هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی پێشتر دایکی مێردی بە پیاوێکی تر کردۆتەوە، توشی هەمان گرێی ئەلێکترای کچی ئاگامەمنون هاتوە. بە مانای ڕقی لە دایکی و سۆزی بۆ باوکە ڕاستەقینەکەی چوە و حەزی سێکسی بەو پیاوانەی له‌ پانتایی خەیاڵی جێی باوکی بۆ ده‌گرنه‌وه‌، تێر دەخوا.

لێرەوەیە کچەکە لەکاتی سەرجێی کوڕە خۆشەویستەکەی، بە چاوێکی منداڵانە سەیری کوڕەکە دەکات، کوڕەکەش لەم بچوک بینینە بە ئاگایە و دوچاری خەسان و ناچالاکی سێکسی بوه‌ له‌گه‌ڵیدا، بە مانای پیاوبونی کوڕەکە یەکسان بۆتەوە بە ژنبون و گەڕاوەنەوەیەک بۆ سەردەمی منداڵی و باوەشی دایکی. چونکه‌ کوڕەکە توانای ئەوەی نییە باڵادەستی بەسەردا بکا، وەکچۆن کچەکە باوکبونی لە کوڕەکە دەوێ، ئەویش دایکبونی لە کچەکە دەوێته‌وه‌. کاتێکیش کوڕەکە ناتوانێ ببێتە ئەم باوکە، ناچار بە پەسەندکردنی خەسانه‌که‌ وەک چارەسەر و چێژکردنێکی مازۆشی، لێدەگەڕێ کچەکە پەنجە بنێتە کۆمی.

لەبەرئەوەی به‌ لێکدانه‌وه‌ی فرۆید، منداڵی نێرینه‌ بە ساوایی، کاتێ دایکی شیری پێدەدا و ژێری پاک دەکاتەوە و لە باوەشی دەیلاوێنێ، ئەم چاودێری و خزمەتکردن و نازکێشانە، هەستێک لە ناخی منداڵەکە ده‌چێنێ، ئەم به‌ده‌موه‌چونه‌ به‌س بۆ ئەمە و ئەو ژنە هەرموڵکی خۆیەتی، ئەوکاتەشی به‌وه‌ دەزانێ دایکی ئه‌و خزمەت و نازهه‌ڵگرتنه‌ بە مێردەکەشی دەدا، بەم هاوبەشیکردنە هەستی بریندار ده‌بێ و باوکەکە بە ناحه‌زێک و بە ئاواتی له‌ناوچونییه‌تی. لە هەمان کات لە ژوری نوستنی دایک و باوکی، چاوی بەو دیمەنانەی لە سەرجێی ژن و پیاو ڕودەدا بکەوێ و هێشتا هیچ لە پەیوەندی ئەوان تێناگا، ئه‌وه‌نده‌یه‌ هەست بە توندوتیژییەک لە جوڵە و تاودانی باوکی بۆ دایکی دەکا و لە هه‌لێکیشدا ئەو جوڵە و تاودانه‌ی باوکی بۆ دایکی دوبارە بکاتەوە، دایکەکە تێیبگەیەنێ باوکی بیبێنی چوکی دەبڕێ، به‌م سەرکوتکردنە دەگاته‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی، کچەکان ئەندامی نێرینەیان نییە، باوکیان لێی بڕیون. لێره‌دا ئەو باڵادەستییەی باوکی بەسەر خۆیی و دایکی، دەبێتە مایەی هەڵگرتنی قینێکی شاراوە لە باوکی و سۆزێک بەلای دایکیدا، دواجار خۆیی و دایکی بە دو قوربانی لاواز و ملکەچ، لە بن باوکە دەسەڵاتدار و زەفتکەرەکەی دێته ‌به‌رچاو.

به‌ گوێره‌ی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌،‌ پیاوبون ئه‌و گرێیه‌یه‌، کوڕ به‌ منداڵی مه‌یلی بەلای دایکییەتی‌ و باوکی بە به‌ربه‌ستێک ده‌بینێ، له‌ داهاتودا ڕقی له‌ باوکی وه‌ک پیاوێک ده‌بێته‌وه‌، ئه‌م چه‌پاندنه‌ش‌ هۆکارێکە مێرد ڕۆڵی ژنبون (مێینه‌بون) له‌ باوه‌شی ژنه‌که‌ی وه‌ک دایکێک، بگێڕێته‌وه‌‌.

کەواتە لە کۆمەڵگاکانی پابەند بە ئەخلاقی هۆشەکی میتافیزیکی و ئەو سێکسەی نێوان ژن و پیاو بە چاک ده‌زانرێت، منداڵی لێبکەوێتەوە، هەروەها لەم کردەیەدا باڵادەستبونی مێرد بەسەر ژنەوە بە پێویست ده‌بینرێ و کاتێکیش مێردەکان توانای ئەم باڵادەستییەیان نابێ، بە منداڵبونەوە و چونەوە باوەشی ژن وه‌ک دایکێک، شەرمەزار و لەناوەوە تێکدەشکێن. بۆ خۆبەدەستهێنانەوە لەم شه‌رمه‌زاری و باڵادەستکردنەوە بەسەر ژنەکاندا، زۆرجار پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی دەرمان، که‌چی لە کاردانەوەی ئەم چارەسەرییە دور لە چێژ و خۆڕزگاردنە لەپێناو پیاوبوندا، بۆ چێژی ڕاستەقینە لە دەرەوەی پابەندییە ئەخلاقییە میتافیزیکییەکە و ئەم تێگەیشتنە هەمەکییە بۆ چاکە، لە چاکەی هەندەکی و ئەوەی بۆخۆیان چاکە دەگەڕێن. ئەوەش بۆخۆی جارێکی تر لە نێوان ژیانی ناوەکی و دەرەکی بە کەوتن و لادانی ئەخلاقی، مرۆڤی (بە ئەخلاقی بێئەخلاقی!) دوڕوی لێ به‌رهه‌م دێ. ئه‌م که‌وتن و لادانه‌ش سه‌ره‌تا لەسەرجێی ژن و مێردەکان بە خیانەت دەسپێدەکا و دواتر هه‌ڵسوکه‌وته‌ تێکشکاو و خیانه‌تکارانه‌که‌یان تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەتەنێتەوە.

بۆیه‌ کاتێک پیاوبون گرێ و داواکردنه‌وه‌ی دایکایه‌تی بێ له‌ ژن، به‌ تێگه‌یشتنی جاک لاکان، ژنبونیش گرێیه‌ و داواکردنه‌وه‌ی باوکه‌ له‌ پیاو و ئەم کچە لەم ژینگە کۆمەڵایەتییەش گەورە نەبوبێ، بەو مانایەی دایکی مێردی بە پیاوێکی تریش نەکردبێتەوە، دیسان ڕقی لە دایکێکە وەکخۆی ئه‌ویشی بە ژن و بە فالۆسی (ئەوەی نییەتی) بەرهەمهێناوەتەوە. هۆگربونی بە باوکی، تۆڵەیە لە دایکی و حه‌زه‌ سێکسییەکەی بەو پیاوانەی له‌ پانتایی خەیاڵی بۆشایی باوکی پڕده‌که‌نه‌وه‌، تێر دەبێ. ئه‌وه‌یه‌ کچەکە دوای گۆڕین و تاقیکردنەوەی چەندین جۆر ئەزمونی سێکسی (ئەم ئەزمونە سێکسییانە ئەوە ناگەیەنێ، چێژ لە گۆڕینی پیاوەکان دەکات، لەبەرئەوەیە لە منداڵییەوە لەناو پیاوەکاندا بەشوێن باوکێکدا دەگەڕێ، گرێیە دەرونییەکەی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌)، له‌ ئه‌نجامدا ته‌نیا چێژ لە پیاوێکی بەتەمەنی لەخۆی گەورەتر، کە گرێیە دەرونییەکەی پێ دەکرێتەوە، دەبینێت.

وه‌ک دیاره‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ وه‌ک کچه‌که‌، بۆ خۆشه‌ویسته‌ کوڕه‌که‌شی هاوشێوه‌یه‌، به‌وه‌ی هۆگربون و چالاکی سێکسی کچەکه‌ بەرانبەر پیاوە بە تەمەنەکە، لە فالۆسبونی سەرچاوە بگرێ، چالاکی پیاوە بە تەمەنەکە، که‌ لەبری هاوسەرە هاوتەمەنەکەی خۆی، حەزە سێکسییەکەی بەم کچە کەمتەمەنە تێر دەخوا و ئەوەندە چالاکە، بۆ ئەو چێژی باوکبون و باڵادەستییەی بەسەر کچەکەدا هەیەتی، دەگەڕێتەوە. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ ئه‌گه‌ری په‌یدانه‌بونی ئەم پیاوه‌ گه‌وره‌ و باوکه‌ باڵاده‌سته‌، ئارەزوی کچەکە، چێژ لە سێکسی کچانی هاوتەمەنی خۆی دەبینێ، بۆ ئەوەی لە تۆڵەی ئەم فالۆس و ڕقکردنەوەی دایکی، ڕۆڵی باوکایه‌تییان بەسەردا بگێڕێ، یان سەرجێی ژنانی گه‌وره‌تر و هاوتەمەنی دایکی، هەتا چێژ لە فالۆسبونەکەی وەک خەساوێک وەرگرێ و ئەوەی ڕقی لێدەبێتەوە و لێی هەڵدێت، خۆشیدەوێ و بۆی دەچێتەوە. وه‌ک لە کۆتایی فیلمەکە، دوای مردنی‌ پیاوە بە تەمەنەکە، کچەکە، ئه‌م بۆشاییه‌ بە ژنەهاوسەرەکەی پڕدەکاتەوە.

هیوا سەعید

ئەم فیلمە لە دەرهێنانی فرانسوا ئۆزۆنە، له‌ ساڵی 2013 به‌رهه‌م هێنراوه‌.




بانگه‌وازی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بڵاو کرایه‌وه‌

مەنووچێهر جیهانی ـ یاسا و رێساکان و بانگه‌وازی سی و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران به‌ مه‌به‌ستی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ و ناساندنی باشترین به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م به‌ستێنه‌ له‌ بواری نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ی فێستیڤاڵ بڵاو کرایه‌وه‌.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی و دووهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، به‌ پێی رێککه‌وتننامه‌ی رێکخراوی کاروباری سینه‌مایی و بیسراو و بینراوی ئێران، شاره‌وانیی ئیسفه‌هان و دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فارابی، سی و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌ رۆژانی 28ی گه‌لاوێژ تا 4ی خه‌رمانانی 1398ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 19 تا 26ی ئوگۆستی 2019ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌پێی مه‌رجه‌کان و یاسا و رێساکانی خواره‌وه‌ له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵه‌که‌دا به‌رهه‌مه‌ له‌به‌ر چاوگیراوه‌کان به‌پێی فێرکراوه‌گه‌لی بیر و باوه‌ڕی، ئه‌خلاقی باش، شێوازی ژیان، رێزگرتن له‌ دامه‌زراوه‌ی بنه‌ماڵه‌ و هاوتوێژه‌کان، جۆش و خرۆش و شادی، هیوا و باوه‌ر به‌خۆ بوون، هه‌وڵدان بۆ پێشکه‌وتن، وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ سروشت و ئاماده‌بوونی به‌رده‌نگ بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کێشه‌ و پرسه‌کانی دونیای داهاتووه‌.
ده‌قی ته‌واوی بانگه‌وازی سی و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران به‌م پێیه‌ی خواره‌وه‌یه‌:

1 ـ ئامانجه‌کانی فێستیڤاڵ
1 ـ 1 ناساندنی باشترین به‌رهه‌مه‌کانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ له‌ بواری نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا
1 ـ 2 ره‌خساندنی بوار بۆ په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام و هاوسه‌نگی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ
1 ـ 3 ره‌خساندنی بوار بۆ ئاڵوگۆڕی ئه‌ندێشه‌ و هاوکاریی کارگێڕانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ، خاوه‌نڕایان و هه‌موو لایه‌نه‌کانی زنجیره‌ی به‌رهه‌مهێنان، بڵاوکردنه‌وه‌ و
بڕه‌وپێدانی پیشه‌گه‌لی فه‌رهه‌نگی
1 ـ 4 هه‌وڵدان بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی چۆنایه‌تی و په‌ره‌سه‌ندنی رێژه‌ی دزه‌کردنی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ له‌ رێگای ناساندنی ده‌فرایه‌تییه‌کان و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رمایه‌کانی مرۆڤایه‌تی و فه‌رهه‌نگی

2 ـ به‌شه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی فێستیڤاڵ
2 ـ 1 کێبڕکێی سینەمای نێونه‌ته‌وه‌یی
2 ـ 1 ـ 1 کێبڕکێی فیلم گه‌لی سینەمایی
باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی
باشترین دەرهێنانی فیلمی سینه‌مایی
باشترین فیلمی سینەمایی
باشترین فیلمی سینەمایی ئەنیمەیشن
خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران
2 ـ 1 ـ 2 کێبڕکێی کورتە فیلمه‌کان
باشترین کورته‌ فیلمی چیرۆکی
باشترین کورته‌ فیلمی ئەنیمەیشن

2 ـ 2 کێبڕکێی سینەمای ئێران
2 ـ 2 ـ 1 کێبڕکێی فیلم گه‌لی سینەمایی
باشترین ئەکتەری فیلمی سینه‌مایی
باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی
باشترین دەرهێنانی فیلمی سینه‌مایی
باشترین فیلمی سینه‌مایی
باشترین فیلمی سینەمایی ئەنیمەیشن
خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران

2 ـ 2 ـ 2 کێبڕکێی کورتە فیلمه‌کان
باشترین کورته‌ فیلمی چیرۆکی
باشترین کورته‌ فیلمی ئەنیمەیشن

2 ـ 2 ـ 3 کێبڕکێی فیلم گه‌لی درێژی سینەمایی
باشترین سیناریۆی فیلمی درێژی سینەمایی
باشترین دەرهێنانی فیلمی درێژی سینه‌مایی
باشترین فیلمی درێژی چیرۆکی
2 ـ 2 ـ 4 خه‌ڵاته‌کانی تایبه‌تی ده‌بیری فێستیڤاڵ

2 ـ 3 خه‌ڵاتی سیفژ
ده‌سته‌یه‌کی دادوه‌ریی نێونه‌ته‌وه‌یی پێکهاتوو له‌ (ناوبژیوانێکی ئێرانی و دوو ناوبژیوانی بیانی) ناسێندراو له‌ لایه‌ن رێکخراوەی “سیفژ” واتە (رێکخراوەی نێودەوڵەتی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان) خه‌ڵاتی سه‌ره‌کیی ئه‌م رێکخراوه‌ جیهانیه‌ به‌ باشترین فیلمی درێژی فێستیڤاڵ پێشکه‌ش ده‌که‌ن. ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ بۆچوون و بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌ران، به‌ ده‌رهێنه‌ر و یا به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه‌که‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت. هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌سته‌یه‌ یه‌ک دیپلۆمای شانازی به‌ یه‌ک کورته‌ فیلم یا ئه‌نیمه‌یشێنی کورت ده‌به‌خشن.

2 ـ 4 خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی دادوه‌رانی منداڵ و مێرمنداڵی نێونه‌ته‌وه‌یی
له‌م به‌شه‌دا گرووپێکی دادوه‌ری، پێکهاتوو له‌ منداڵان و مێرمنداڵانی و بیانی که‌ له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ی فێستیڤاڵه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن، به‌ باشترین فیلمی سینه‌مایی ئه‌م به‌شه‌ “پەپوولەی زێڕین” پێشکه‌ش ده‌که‌ن.

2 ـ 5 خه‌ڵاتی تایبه‌تی زاون قۆکاسیان
له‌م به‌شه‌دا گرووپێکی دادوه‌ری، پێکهاتوو له‌ ره‌خنه‌گران، چالاکانی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری و سینه‌ماکارانی ئیسفه‌هان که‌ له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ی فێستیڤاڵ له‌ پارێزگای ئیسفه‌هان هه‌ڵده‌بژێردرێن، به‌ باشترین فیلم له‌ به‌شی سینه‌مای ئێران ئه‌م خه‌ڵاته‌ پێشکه‌ش ده‌که‌ن.

2 ـ 6 خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی دادوه‌رانی منداڵ و مێرمنداڵی ئێران
له‌م به‌شه‌دا گرووپێکی دادوه‌ری پێکهاتوو له‌ منداڵان و گرووپێکی دادوه‌ری پێکهاتوو له‌
مێرمنداڵان که‌ له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ی فێستیڤاڵ له‌ پارێزگای ئیسفه‌هان هه‌ڵده‌بژێردرێن، به‌ باشترین فیلمی سینه‌مایی ده‌سته‌ی به‌رده‌نگی خۆیان خەڵاتی “پەپوولەی زێڕین” پێشکه‌ش ده‌که‌ن.

2 ـ 7 نمایشه‌ تایبه‌ته‌کان

3 ـ ناوبژیوانی
4 ـ یاسا و رێساکانی فێستیڤاڵ
5 ـ ناردنی فیلم بۆ فێستیڤاڵ

سی و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF بە بەرپرسیاریی “عەلیڕەزا تابێش” و بە هاوکاریی رێکخراوەی سینەمایی ئێران، شارەوانی ئیسفەهان و ناوه‌ندی سینەمایی ئێران و هەروەها بە بەشداریی بەرهەمی وڵاتانی جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێ و دەرەوەی پێشبڕکێ، بەشی “کۆڕ و کۆبوونەوە پسپۆڕانەی هونەریی سینەما” و هەروەها بەشی “رێزلێنان و بیرئانین” بۆ ماوه‌ی هه‌شت رۆژ لە سینەما “نقش جهان”، پەردیسی سینەمایی “چهارباغ”، سینەما “فەلەستین” و سینەما “سێپاهان” لە شاری مێژوویی ئیسفەهان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.




ناوی فیلمه‌کانی به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی نۆهه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی “وارش” راگه‌یه‌ندرا

مه‌نووچێهر جیهانی ـ به‌ رێژه‌ی 24 فیلم له‌ 6 وڵاتی ناوچه‌ی ده‌ریای کاسپیه‌ن له‌ به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” پێکه‌وه‌ رکابه‌ری ده‌که‌ن.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی نۆهه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش”، وڵاتانی ئازه‌ربایجان، ئه‌فغانستان، ئێران له‌ به‌ستێنی شارستانیه‌تی میراتی هاوبه‌ش و وڵاتانی تاجیکستان، رووسیا و قه‌زاقستان که‌ له‌ به‌ستێنی شارستانیه‌تی میراتی سروشتی هه‌ڵکه‌وتوون، به‌ رێژه‌ی 24 فیلم له‌ به‌شی نێونه‌ته‌وه‌یی نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” به‌شدارن.
ناونیشانی ئه‌م فیلمانه‌ که‌ له‌ قۆناغی رکابه‌ری له‌م به‌شه‌دا وه‌رگیراون، به‌م پێیه‌ی خواره‌وه‌ راده‌گه‌یه‌ندرێت:

فیلمه‌کانی ئازه‌ربایجان
“مۆسیقای مه‌قامیی ئازه‌ربایجان” Azerbaijan mugam له‌ ده‌رهێنانی ئه‌مین میرابۆلایف
“مافووره‌ی ئازه‌ربایجان” Azerbaijan carpet له‌ ده‌رهێنانی شامل عه‌لی یۆف
“موعجیزه‌ی باڵدار” winged miracle له‌ ده‌رهێنانی زه‌هرا میرزازاده‌
“خوارده‌مه‌نی و خواردنه‌کانی ئازه‌ربایجان” Azerbaijan cuisine له‌ ده‌رهێنانی شامل نه‌جه‌ف زاده‌

فیلمه‌کانی ئه‌فغانستان
“فه‌رشچن” the weaver له‌ ده‌رهێنانی محه‌مه‌د ئایریک
“دڵۆپ” drop له‌ ده‌رهێنانی غوڵام یه‌حیا جه‌عفه‌ری
“سفید که‌مره‌نگ” pale white له‌ ده‌رهێنانی غوڵامڕه‌زا جه‌عفه‌ری
“سه‌مفۆنیای سه‌رده‌می تالب شه‌هیدی‌” the symphony of Tolibhon shahidi time له‌ ده‌رهێنانی ئه‌لکسیو ئه‌سیلیف
“کۆنه‌ یادگاری نیشتمانی ئازه‌ر” Ancient Land of Azar له‌ ده‌رهێنانی سه‌میعوڵڵا عه‌تایی

فیلمه‌کانی ئێران
“خه‌ونه‌ ئاسنییه‌کان” the iron dream له‌ ده‌رهێنانی یاسر تالبی
“ته‌کلیف: رۆژی ئه‌نجامدانی ئه‌رک” takleef the day of duty له‌ ده‌رهێنانی عه‌لی خۆشدوونی فه‌راهانی
“لۆتوس” lotus له‌ ده‌رهێنانی محه‌مه‌دڕه‌زا وه‌ته‌ن دووست
“ئه‌فسانه‌ی‌ ‌کر‌می حه‌وتواد” the myth of Haftvad worm له‌ ده‌رهێنانی ئه‌سغه‌ر سه‌فار و عه‌باس جه‌لالی یه‌کتا
“سه‌رسوورهێنه‌ری ئیلهام به‌خش” the legendary mystical له‌ ده‌رهێنانی مه‌حبووبه‌ ته‌بایی عه‌قدایی

فیلمه‌کانی تاجیکستان
“ده‌رگایه‌ک بۆ لای خودا” a door to God له‌ ده‌رهێنانی مه‌عرووف نویوه‌فت
“خه‌ونی یه‌کێتی، ئاواتی پامیر” solidream aspirations of the Pamir له‌ ده‌رهێنانی برایان ماسه‌، مۆرگان مه‌نچوود و سیفای وه‌را
“سۆزی ته‌نبوور” the crying of tanbur له‌ ده‌رهێنانی ئه‌نیسه‌ سه‌بیری

فیلمه‌کانی رووسیا
“ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره‌” big boom له‌ ده‌رهێنانی مراد نه‌ریمانۆف
“که‌هکه‌شانی گه‌وره‌” how big is the galaxy? له‌ ده‌رهێنانی کسینیا ئیلیان
“تیۆری ئاوابوونی هه‌تاو” the theory of the sunset له‌ ده‌رهێنانی رۆمه‌ن سۆکۆلۆف
“ئیمان” له‌ ده‌رهێنانی تاتیانا فێدۆرۆفکیا

فیلمه‌کانی قه‌زاقستان
“13 کیلۆمه‌تر” 13 km له‌ ده‌رهێنانی ولادیمیر تالکین
“وه‌جاغ” hearth له‌ ده‌رهێنانی عه‌لشیر ژادیگرۆف
“میراتێک له‌ باوان” ancestors heritage له‌ ده‌رهێنانی بریک زاکۆنۆف

له‌م به‌شه‌دا، فیلمه‌کانی بواری زمانی فارسی، میراتی هاوبه‌ش (ئێران، ئه‌فغانستان و تاجیکستان) و ده‌ریای کاسپیه‌ن، میراتی سروشتی (ئێران، ئازه‌ربایجان، رووسیا و قه‌زاقستان) پێکه‌وه‌ رکابه‌ری ده‌که‌ن.
نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “مێهدی قوربان پوور” له‌ رۆژانی 29ی ئه‌پریل تا 3ی مه‌ی 2019 رێکه‌وتی رۆژانی 9 تا 13ی مانگی گوڵانی 1398ی هه‌تاوی له‌ شاری بابول و به‌ نمایش کردنی هاوکاتی فیلمه‌کان له‌ شاره‌کانی رامسه‌ر و ساری له‌ پارێزگای مازه‌نده‌ران له‌ باکووری وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئامادەکردنی: مەنسور جیهانی




فیلمه‌کانی خه‌ڵکناسیی وڵاتی ئازه‌ربایجان له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی وارش نمایش ده‌کرێت

مه‌نووچێهر جیهانی ـ به‌ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیی و هاوکاریی زیاتر له‌گه‌ڵ سینه‌ماکارانی وڵاتانی به‌شی ناوچه‌ی ده‌ریای کاسپیه‌ن، فیلمه‌کانی خه‌ڵکناسیی وڵاتی ئازه‌ربایجان له‌ نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” نمایش ده‌کرێن.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش”، نۆهه‌مین خولی ئه‌م رووداوه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ به‌ ئامانجی به‌هێزکردن و پاڵپشتی کردن له‌ به‌رهه‌م گه‌لێک به‌ ته‌وه‌ری بابه‌تی خه‌ڵکناسی، جه‌خت کردنه‌وه‌ له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و که‌له‌پووری گشتی و په‌یوه‌ندیی و هاوکاریی زیاتر له‌گه‌ڵ سینه‌ماکارانی وڵاتانی به‌شی ناوچه‌ی ده‌ریای کاسپیه‌ن و به‌ستێنی شارستانییه‌تی میراتی کلتووریی هاوبه‌ش، فیلمه‌کانی خه‌ڵکناسیی وڵاتی ئازه‌ربایجان نمایش ده‌کات.
نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” Varesh هه‌روه‌ها بابه‌ت گه‌لێکی وه‌کوو؛ دابونه‌ریت و سونه‌ته‌کانی هه‌ڵسوکه‌وت و کرداری، گوتاری و ژین و ژیاری خه‌ڵک له‌خۆ ده‌گرێت.
به‌پێی بانگه‌وازی ئه‌م فێستیڤاڵه‌، دابونه‌ریت و سونه‌ته‌کانی هه‌ڵسوکه‌وت و کرداریی خه‌ڵک پێکهاتووه‌ له‌؛ فیلم گه‌لێکی سینه‌مایی و به‌ڵگه‌یی سه‌باره‌ت به‌ بۆنه‌ و رێوڕه‌سمه‌کان، شێوازه‌کانی ژیان، دابونه‌ریت و ره‌سه‌نایه‌تییه‌کان، هۆگری و خوو خده‌ و عاده‌ته‌ باوه‌کان، جه‌ژنه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی، یارییه‌کانی گشتیی و خۆماڵی جه‌ماوه‌ری و هتد.
فیلم گه‌لێک به‌ ته‌وه‌ری چیرۆکه‌کانی گشتیی خه‌ڵک، چیرۆکه‌کانی ئه‌خلاقی، په‌ند و نه‌سیحه‌ت ئامێز و ئه‌ویندارانه‌، لای لایه‌کان، سۆز و ده‌نگ و ئاوازه‌کان، به‌سته‌ و مه‌قام و گۆرانییه‌کان‌‌، شینگێڕییه‌کان، هۆزان و شیعره‌کانی خۆجێیی و خۆماڵی، ئه‌فسانه‌ کۆنه‌کان و په‌ند و مه‌ته‌ڵ و ته‌مسیل و هتد ده‌چنه‌‌ ده‌سته‌ی نه‌ریته‌ ره‌سه‌نه‌کانی گوتاری و ئاخاوتنی و هه‌روه‌ها به‌شی ره‌سه‌نایه‌تییه‌کانی ژیان پێکهاتووه‌ له‌ فیلم گه‌لێک به‌ ته‌وه‌ری بیناسازیی خۆماڵی، شێوازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌ ژیانی کشتوکاڵی، ئاژه‌ڵداری و ڕاوکردن و که‌ڵک وه‌گرتن له‌ جه‌نگه‌ڵ و دارستانی چڕ، پیشه‌ ده‌ستییه‌کان و مافووره‌ و ده‌ستچنه‌کان و جلوبه‌رگ، فه‌رهه‌نگی چیشت و خواردنه‌کانی خۆماڵی، بازاڕ و ئاڵوگۆڕ کردنی شتومه‌ک.
نۆهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “وارش” به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “مێهدی قوربان پوور” له‌ مانگی ئه‌پڕیلی 2019 رێکه‌وتی گوڵانی 1398ی هه‌تاوی له‌ هه‌ندێک له‌ شاره‌کانی پارێزگای مازه‌نده‌ران له‌ باکووری وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.




چاوخشاندنێک بە “کچانی خۆر” فیلمی بەرچاوی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی “کان”ی فەڕەنسا

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “کچانی خۆر” سەبارەت بە بەرخۆدانی کچانی کوردیی کۆبانێ لە لایەن ڕخنەگران و ڕۆژنامەنووسانی سینەمایی جیهان بە باشی هەڵسەنگێندرا.

فیلمی سینەمایی “کچانی خۆر” Girls of the Sun لە دەرهێنانی “ئێوا هوسۆن” Eva Husson و بە دەورگێڕانی ئەکتەری ناوداری ئێرانی “گوڵشیفتە فەراهانی” Golshifteh Farahani و ئەکتەری ناوداری فەڕەنسی “ئێمانۆئێل بەرەکۆت” Emmanuelle Bercot و هەروەها سەبارەت بە بەرخۆدانی کچانی کوردی کۆبانێ لە دژی گروپی تیرۆریستی داعش؛ کە لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” حەفتا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان” لە وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا و لە لایەن ڕخنەگران و ڕۆژنامەنووسانی ناوداری سینەمایی جیهانەوە ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری بەدواوەبوو.

“پیتێر برادشاو” ڕخنەگری گۆڤاری “گاردییەن” سەبارەت بە فیلمی سینەمایی “کچانی خۆر” نووسیوییەتی: “ئێوا هوسۆن” دەرهێنەری فەڕەنسی “کچانی خۆر” لە سازکردنی نوێترین فیلمی خۆیدا کە دڕامێکی پاڕتیزانییە بینەر دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. بە بڕوای من، “کچانی خۆر” فیلمێکی شەڕی فێمێنیزمییە: بەرخۆدان، پڕ لە هێما و مەترسیدارە. ئەم فیلمە وەکوو فیلمەکانی دیکەی ئەم ژانڕە، بەرهەمێکی دوور لە پێچووپەنا و دوو لایەنەیە کە باش و خراپ تیایدا ڕوون و ئاشکرایە. بە تایبەت دوو دیمەنی ئەکشێنی ئەم فیلمە لەوانە: هەڵاتنی “بەهار” بە دەورگێڕانی “گوڵشیفتە فەراهانی” لەگەڵ ژنانی دیکەی کە بە دیل گیراون یەکێکە لەو دیمەنانیە کە بە جوانی وێنە گیراوە و کاریگەرییەکی باشی لەسەر بینەر هەیە.

“ئەریک کان” ڕخنەگری ماڵپەڕیی سینەمایی “ئێندی وایێر” نووسیوییەتی: لەو بڕوایەدام “ئێوا هوسۆن” بە سازکردنی دووهەمین بەرهەمی سینەمایی خۆی ئەم ئامادەییەی لە خۆی نیشاندا کە فیلمێکی ئەکشێنی پلە یەک هۆلیڤوودیی دەتوانێت ساز بکات و بە وێنەگرتنی چەندین دیمەنی ئەکشێن تواناییەکی ئەوتۆی هەیە. “کچانی خۆر” تا ڕادەیەک دیمەنی باشی تێدایە کە بینەر چێژی ئەوتۆی لێوەربگرێت.

“جی وایسبێرگ” ڕخنەگری گۆڤاری “وڕایتی” نووسیوییەتی: “کچانی خۆر” چیرۆکی ڕووداوێکی واقیعی دەگێڕێتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم فیلمە سەبارەت بەو ژنە کوردانەیە کە ئازایانە لەگەڵ داعش شەڕ دەکەن و دەرهێنەرێکی ژنیش سازیکردووە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشوازیی لێدەکرێت.

“لی ماڕشاڵ” ڕخنەگری ماڵپەڕیی سینەمایی “ئیسکرین دەیلی” نووسیوییەتی: پەیامی فێمێنیستی ئەم فیلمە ڕوون و ئاشکرایە، ئەوەی کە بە چ شێوەیەک شەڕ ئەو تواناییەی هەیە کە نایەکسانی ڕەگەزیی و کۆمەڵایەتی بە پێچەوانەوە بگێڕێتەوە. “گوڵشیفتە فەراهانی” و “ئێمانۆئێل بەرەکۆت” لەم فیلمەدا توانایی و داهێنانی خۆیان بۆ دەورگێڕانی ڕۆڵکانیان نیشانداوە و بە باشی لەم فیلمەدا کەڵکیان لێوەرگیراوە.

“ئێوا هوسۆن” له‌ وتووێژه‌کانی خۆیدا له‌گه‌ڵ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن، ئاگاداربوون له‌ ره‌فتاری نامرۆڤانه‌ی داعش له‌گه‌ڵ ئێزه‌دییه‌کان له‌ کوردستانی عێراق و به‌سه‌رهاته‌ خه‌مناک و دڵته‌زێنه‌کانی ژنان و کچانی به‌دیلگیراوی کوردی به‌ ئه‌نگێزه‌ی سه‌ره‌کیی خۆی له‌ باس کردنی ئه‌م بابه‌ته‌ ناو برد.

به‌ گوته‌ی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ ناوداره‌ فه‌ڕه‌نسییه‌، ئازایه‌تی و بێ باکی و له‌خۆبردوویی ژنانی کورد له‌ خه‌باتی چه‌کدارانه‌ له‌گه‌ڵ داعش به‌ ڕاستی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و هه‌بوو، هه‌ر به‌م
هۆیه‌ش بڕیاری داوه‌، چه‌ند گۆشه‌یه‌ک له‌م خه‌باته‌ قاره‌مانانه‌یه‌ وێنه‌ بگرێت.

“ئێوا هوسۆن” باوه‌ڕی وایه‌ که‌ “کچانی خۆر” له‌و ده‌گمه‌ن فیلمه‌ جه‌نگیانه‌یه‌ به‌ ته‌وه‌ری ئافره‌ت که‌ وێنه‌یه‌کی راسته‌قینه‌ له‌ رووداوه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته‌ مرۆڤانه‌یه‌ ئاراسته‌ ده‌کات؛ له‌ هه‌مان کاتیشدا، په‌یامێکی ئه‌رێنی هه‌یه‌ و باسی شایسته‌یی و لێهاتوویی و تواناییه‌کانی ژنان ده‌کات.

“ئێوا هوسۆن” یه‌کێکه‌ له‌ سینه‌ماکارانی ژنی ناوداری سینه‌مای فه‌ڕه‌نسا و به‌رهه‌م گه‌لێکی دره‌وشاوه‌ی وه‌کوو’ “به‌ هیوای مردن”، “بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌میشه‌ ئاڵۆزن” و “گه‌نگ به‌نگ”ی له‌ کارنامه‌ی پیشه‌یی خۆیدا هه‌یه‌.

“ئێمانۆئێل به‌ره‌کۆت” ئه‌کته‌ری گه‌نجی فه‌ڕه‌نسی و براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای زێڕینی باشترین ئه‌کته‌ری فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا، یه‌کێکه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که‌ له‌م پڕۆژه‌ سینه‌ماییه‌دا به‌شداری کردووه‌، ئه‌و ده‌وری “ماتیلده‌” په‌یامنێری جه‌نگی ده‌گێڕیت که‌ چاوه‌ری ئه‌م رووداوه‌ تاڵ و خه‌مبارانه‌یه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کی نزیکی له‌گه‌ڵ “به‌هار” به‌ ده‌ورگێڕانی “گوڵشیفته‌ فه‌راهانی” هه‌یه‌. له‌ فیلمی “کچانی خۆر”دا که‌ له‌ وڵاتانی فه‌ڕه‌نسا و گورجستان وێنه‌ی گیراوه‌، گروپێک له‌ هونه‌رمه‌ندانی نێونه‌ته‌وه‌یی و ئه‌کته‌ره‌کانی ناوچه‌یی به‌شداریان کردووه‌.

“گوڵشیفتە فەراهانی” سەبارەت بە جیاوازیی دەورگێڕانی کچێکی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لە فیلمی سینەمایی “کچانی خۆر” بە بەراورد لەگەڵ دەورگێڕانی کچێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە فیلمی سینەمایی “فرمێسکی سەرما”دا گوتی: بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو. ئەو کاتەی کە لە فیلمی سینەمایی “فرمێسکی سەرما”دا دەورم گێڕا 19 ساڵ تەمەنم بوو، دەبوو ڕۆڵی کچێکی کورد بگێڕم بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بۆخۆم کورد نیم. بەڵام سنوور بۆ من هیچ جوداییەک دروست ناکات. ئەم دوو فیلمە چیرۆکەکەیان سەبارەت بە ژنانە. هەمووی ئەمانە سەبارەت بەو ژنانە بوو کە دەیانویست خۆیان ڕزگار بکەن و بۆخۆیان ڕێگاکەیان هەڵدەبژێرن. من لە هەر ڕۆڵێکدابم، ئەو ڕۆڵە لە دەرەوەی سنوورەکان دەبینم، من شارۆمەندێکی ئەم جیهانەم.

گوتیشی: بۆ من هر فیلمێک وەکوو هاوسەرگیری وایە، هەر بەم هۆیە بۆ من زۆر گرینگە. من لە نێوان جیهانەکان و زمانە جۆراوجۆرەکاندا دەگەڕێم، لەوانە: “دزە دەریاییەکانی کارائیب” تاکوو “پێتێرسۆن لە نیۆجێرسی” تاکوو “کچانی خۆر” تاکوو “ئاڵتەمیر” کە ژنێکی ئیسپانییە و هەمووی ئەوانە هەر ئەو شتە بوو کە من دەمویست. ئەوە خەیاڵ و ئاواتی من بوو.




گروپی “ڕووناک” پلەی یەکەمی فێستیڤاڵی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم”ی چینی بەدەستهێنا

مەنسوور جیهانی ـ گروپی “ڕووناک” بە سەرپەرەستی گۆرانیبێژی کورد “کەیوان عەلی محەمەدی” پلەی یەکەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم” لە وڵاتی چینی بەدەستهێنا.

گروپی مۆسیقای “ڕووناک” بە سەرپەرەستی موزیکزان و گۆرانیبێژی کورد “کەیوان عەلی محەمەدی” لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم” Silk Road لە وڵاتی چین بەشداریی کرد و لە هۆڵی ئۆپێڕای گەورەی پیکەن و هەروەها لە شوێنی سەر ئاوەڵای شاری “شیان” Xian بە مێژووی زیاتر لە سێ هەزار سال و یەکێک لە چوار پێتەختی باستانی و ناوەندی پارێزگای “شا.ئان.شی” کۆنسێرتی پێشکەش کرد و لە لایەن هۆگرانی موزیکەوە پێشوازیی لێکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە هونەرییەوە پلەی یەکەم بەم گرووپە موزیکە بەخشرا.

بەشداریی 12 گرووپی مۆسیقا لە وڵاتانی جیهان
“کەیوان عەلی محەمەدی” سەرپەرەست و گۆرانیبێژی گروپی مۆسیقای “ڕووناک” سەبارەت بە پێشکەش کردنی کۆنسێڕت لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم” لە وڵاتی چین گوتی: ئەم فێستیڤاڵە بە بەشداریی 12 گرووپی مۆسیقا لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: هێندستان، بڕازیل، ئیسپانیا، ئازەربایجان، تورکیا، سێربستان، ڕووسیا، گورجستان، ئێران و چەندین وڵاتی دیکە پێش کۆتایی هاتنی سەری ساڵی نوێی و جەژنی نەورۆزەوە بەڕێوەچوو و گروپی مۆسیقای “ڕووناک” لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی 11 کەسییەوە وەکوو باشترین گرووپی فۆلکلۆری ئەم فێستیڤاڵە دەستیشانکرا.

مانگێک کۆنسێرت لە شاری “شیان”ی چین
گوتیشی: ئەم فێستیڤاڵە بە ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوەچوو، بەڵام تا ڕادەیەک کۆنسێرتەکانی گروپی مۆسیقای “ڕووناک”، گۆرانییەکان و جلووبەرگی کوردیی و نەتەوەکانی دیکە و هەروەها زمان و زاراوە جۆراوجۆرەکانی ئێمەیان پێی خۆش بوو کە نزیکەی مانگێک لە “شیان” کۆنسێرتمان پێشکەش کرد. شیان شارێکی گەشتیاریی نێودەوڵەتیی گرینگی پیشەسازیی، زانستی و تەکنۆلۆژیا، پەروەردە و کەلتووریی، بازرگانی و ئابووریی وڵاتی چینە و لە لایەن خەڵکییەوە پێشوازییەکی زۆر باش لە بەرنامەکانمان کرا بە شێوەیەک کە هەر ڕۆژ نزیکەی 5 هەزار کەس کۆنسێرتەکانی ئێمەیان لە نزیکەوەی دەبینی و بە بڕوای من، ئەم بەرنامانە یەکێک لە باشترین کۆنسێرتەکانی ئێمە لە وڵاتی چین بوو.

بینینی 5 هەزار کەس لە هەر کۆنسێرتێکی گروپی مۆسیقای “ڕووناک”
گوتیشی: ئێمە یەکەمین کۆنسێتی خۆمان لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم” لە هۆڵی ئۆپێڕای گەورەی پیکەن سازکرد کە هەندێک لە بەرپرسانی باڵای چین، باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و هەروەها هۆگرانی موزیک تیایدا بەشدارییان کرد کە پێشوازییان تا ڕادەیەک بوو کە کۆنسێرتەکانی دواییمان لە شوێنی سەر ئاوەڵای شاری شیان بەڕێوەبرد، کە لە هەر کۆنسێرتێکدا نزیکەی 5 هەزار کەس لە نزیکەوە بەرنامەکەی ئێمەیان بینی.

پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە سەری ساڵی چینییەکان
ئەم گۆرانیبێژە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم”، ساڵی نوێی چینییەکانیش بوو کە ڕێوڕەسمی تایبەت بە خۆیان هەیە و بە هۆی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی ئەم ڕووداوە هونەرییە لە لایەن گروپی مۆسیقای “ڕووناک”، ئێمەیان بۆ پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە سەری ساڵی چینییەکان هەڵبژارد و لەم بەرنامەیەشدا کۆنسێرتمان پێشکەش کرد و بە هۆی پێشوازیی باشی خەڵکییەوە، بۆ ماوەی 20 ڕۆژ کۆنسێرتیان بۆ ئێمە دانا.

ئاهەنگی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە چین
گوتیشی: شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم”، یەکێک لە باشترین کۆنسێرتەکانی ئێمە لە وڵاتی چین بوو، چونکە توانیمان بە پێشکەش کردنی گۆرانییە کوردییەکان و هەروەها گۆرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئێران و هەروەها بڵاوبوونەوەی دیمەنە ناوچە سەرنجڕاکێش و گەشتیارییەکانی ئێران لە پشت سەرمانەوە بۆ چینییەکان و گەشتیارە بیانییەکان لە وڵاتانی جۆراجۆری جیهانەوە، دابوونەریتی کوردەواریی و زمان و هەروەها جلووبەرگی خۆمان نمایش بکەین کە لە لایەن خەڵکییەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا. تەنانەت خەڵکی لە شەوەکانی دوایی کۆنسێرتدا هۆگرییان بە گۆرانییەکانی ئێمە بەتایبەت گۆرانی “ڕەعنا” هەبوو و هاوکات لەگەڵ ئێمە گۆرانییەکانیان دەگووتەوە.

ماڵئاوایی چینییەکان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە
ئەم ژەنیارە بەئەزموونەی ئامێری دەف لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: پێشوازیی هۆگرانی موزیک لە کۆنسێرتەکانی گروپی مۆسیقای “ڕووناک” لە وڵاتی چین تا ڕادەیەک بوو کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ماندوو دەبووین، بەڵام ناچاربووین کە شەو لە دوای یەک، کۆنسێرت پێشکەش بکەین و ژمارەیەکی زۆر لە چینییەکان بە هۆی ئەو هۆگرییەی کە بە گرووپی ئێمە بوویان، لە ڕۆژیی کۆتاییدا بۆ ماڵئاوایی هاتن بۆ فڕۆکەخانە و خۆشەویستی خۆیان بۆ ئێمە دەربڕیی و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، ماڵئاواییان لێکردین.

پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە فێستیڤاڵی مۆسیقای نەمسا
عەلی محەمەدی سەبارەت بە پێشکەش کردنی کۆنسێرتی گروپی مۆسیقای “ڕووناک” لە وڵاتی نەمسا گوتی: دوای بەرنامەی سەرکەوتوانە لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم”، بۆ بەشداریی لە فێستیڤاڵی مۆسیقای ئێرانییەکان لە شاری ڤییەنا لە وڵاتی نەمسا دەستنیشان کراین و لەوێش کۆنسێرتمان پێشکەش کرد کە لە لایەن ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی نەمساوە پێشوازییەکی باشی لێکرا.

گۆرانی کوردیی “لە کۆڵانی تەنگەوبەر” لە چین
سەرپەرەستی گروپی مۆسیقای “ڕووناک” سەبارەت بە پارچە موزیک و گۆرانییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم” گوتی: لەم فێستیڤالًَەدا گۆرانی کوردیی “لە کۆڵانی تەنگەوبەر”، گۆرانی بەلووچی “چەمەنی تارا”، گۆرانی گیلانی “ڕەعنا”، گۆرانە لوڕییەکان “تەرە دۆر” و “باروو، باروو”، گۆرانی خوراسانی “لەیلا دەر واکۆن”، گۆرانی ئازەری “نارگیلە”، گۆرانی بەندەری “ڕۆژی هەینی”، گۆرانی بەختیاری “ئەهای گوڵ”، گۆرانی عەڕەبی “مەیحانە”، گۆرانی ئینگلیزی “بهێڵە ژیان بەسەر بەرم” و هەروەها گۆرانییەکی تێکەڵاوی کوردیی، عەڕەبی و هیندیی بە ناوی “کەرەندی”.

کۆنسێرت لە دوورگەی کیش و بەندەری عەسەلووییە بە بۆنەی نەورۆز
ئەم موزیکزانە کوردە سەبارەت بە کۆنسێرتەکانی گرووپی مۆسیقای “ڕووناک” بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە گوتی: بڕیاربوو کە رۆژی 19 تاکوو 24ی مارسی 2019 لە شاری پیکەن لە وڵاتی چین و هەروەها دوای ئەویش لە وڵاتی قیبرس کۆنسێرت پێشکەش بکەین کە بە هۆی هاتنی جەژنی نەورۆزی ساڵی پار، لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا و لە درێژەشدا لە فێستیڤاڵی ڕانیە لە هەرێمی کوردستان، نەمسا، چین و تورکیا کۆنسێرتمان هەبوو، هەر بەم هۆیەوە زۆرم پێی خۆشبوو کە ئەمساڵ بۆ ڕێزلێنان بە هاووڵاتیانی خۆشەویستم، بە پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە خزمەتیاندابم. لە شەو یەکەم و دووهەمی نەورۆزدا واتە 19 و 20ی مارسی 2019 لە دوورگەی کیش بە بۆنەی هاتنی ساڵی تازەوە کۆنسێرتمان پێشکەش کرد و بە گشتیی 8 شەوی دیکەش لە دوورگەی کیش واتە لە رۆژانی 28ی مارس تا 6ی ئەپرێلی 2019 و 5 شەویش لە بەندەری عەسەلووییە لە رۆژانی 22 تا 26ی مارسی 2019 بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە کۆنسێرتمان پێشکەش دەکەین.

زنجیرە کۆنسێرتی گرووپی “ڕووناک” لە وڵاتانی ئەورووپی لە ساڵی نوێدا
ئەم گۆانیبێژە کوردە سەبارەت بە کۆنسێرتە بیانییەکانی گرووپی موزیکی “ڕووناک” گوتی: لە ئێستادا سەرقاڵی بەرنامەداڕێژی بۆ زنجیرە کۆنسێرتە ئەورووپیەکانی گرووپی “ڕووناک”ین. هەروەها لە لایەن سێ شاری وڵاتی چین، شارەوانی ڤییەن لە وڵاتی نەمسا دوو کۆنسێرت و هەروەها دوو کۆنسێرتیش لە وڵاتی ئەڵمانیا داوەتنامەمان بەدەست گەیشتووە کە بە ئومێدی خودا مانگی خەزەلوەری ئەمساڵ، کۆنسێرتە ئەورووپییەکانی خۆمان دەست پێدەکەین.

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ کلیپێکی نوێی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز
“کەیوان عەلی محەمەدی” لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنەدا گوتی: بە بڕوای من 2018 ساڵێکی سەرکەوتوو بوو بۆ گرووپی موزیکی “ڕووناک” بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵی ڕابردوو و هیوادارم ئەم ڕووداوە باشە بۆ ئێمە درێژەی هەبێت و لەمساڵیشدا بە گڕووتینێکی زیاترەوە هەنگاو بەرەوپێشەوە هەڵێنین. لێرەشدا ئەو مزگێنییە بە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەدەم کە بە کار و بەرهەمەکانیان خۆشحاڵیان بکەین. هەر بە بۆنەی هاتنی ساڵی تازەوە نوێترین کلیپی خۆمان کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا وێنەمان گرتووە، بە شانازییەوە پێشکەش بە خەڵکی خۆشەویست دەکەین.

ئەندامانی گرووپی موزیکی “ڕووناک” لە کۆنسێرتی چین
گرووپی موزیکی “ڕووناک” لە کۆنسێرتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم” بریتی بوون لە: کەیوان عەلی محەمەدی ـ سەرپەرەستی گرووپ، دابەشکردنی موزیک، ژەنیاری دەف و گۆرانیبێژ، کاویان عەلی محەمەدی ـ ژەنیاری کەمانچە، حانییە عەلی محەمەدی ـ ژەنیاری تار، نێدا ڕەزاییان ـ ژەنیاری نەی ئەنبان، عوود و ئامێرە کوتراوەکان، مریەم مەرزبانی ـ ژەنیاری دەف و نەقارە، موجتەبا شاداب فەر ـ ژەنیاری گیتار باس و مێهرداد مەحموودی ـ ژەنیاری کیبۆرد.

“یەکێتی نەتەوەیی” و “ئاشتی و دۆستایەتی”
گرووپی موزیکی “ڕووناک” ساڵی 2001 بە بەرپرسیاریی “کەیوان عەلی محەمەدی” بە مەبەستی “یەکێتی نەتەوەیی” و “ئاشتی و دۆستایەتی” دەستی بە چالاکییەکانی خۆی کرد، لە سەرەتادا تەرکیزی خستەسەر مۆسیقای نەتەوەکانی ئێران بە جۆرێک کە هەر کام لە مۆسیقای ناوچەیی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران لەوانە: گۆرانی، ئامێر، زاراوە و جلووبەرگ، توانییان تیایدا ڕەنگدانەوەی بەرچاوی خۆیان هەبێت. گرووپی “ڕووناک” تا ئێستا سێ ئەلبوومی موزیکی بە ناوەکانی “ڕووناک”، “ئێران وڵاتی من” و “حاجی فیرووز” بڵاوکردۆتەوە و لە تەلاری وەحدەتی تاران و شارەکانی ئێران و هەروەها وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لەوانە: ڕووسیا، تورکەمنیستان، کوەیت، مالیزی، فەڕەنسا، ئیماڕات، بەحرەین، ئەڵمانیا، تورکیا، نەمسا، هەرێمی کوردستان و چەندین وڵاتی دیکە کۆنسێرتی پێشکەش کردووە.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی گروپی مۆسیقای “ڕووناک”.




شەپۆلی نوێ شۆڕشێک لە فۆرم و ناوەرۆکدا …. عەتا میرەکی

ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ دەرخستنی ڕەهەندە بەرجەستەکانی گۆڕانکارییە مەزنەکەی سینەمای فەڕانسە لە ساڵانی پەنچا و شەستدا کە بە شەپۆلی نوێ ناسراوە.
یەکەم جار لە فستیڤاڵی فیلمی کەن لە ساڵی 1959 دابوو فیلمی چوارسەد لێدانی(The 400 Blow) فڕانسوا ترۆفۆ سەرنجی ڕەخنگرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و دوایەش لە ئەورووپا و ئەمریکا ئەو فیلمە نمایش کرا و بووە دەستپێکی ڕەوتێکی نوێ لە سینەمای فەڕانسەدا کە بە شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕانسە ناسراوە.
پێشەنگەکانی ئەو ڕەوتە نوێیە بریتین بوون لە فڕانسوا ترۆفۆ، ژان لوک گودار، ئێڕیک ڕۆمر،ژاک ڕیوت، ئالێن رێنە و کڵۆد شابڕۆڵ کە لە پێشدا وەکو ڕەخنەگر لە گۆڤاری کایە دو سینەما(cahiers du cinema) چالاکیان دەکرد کە ئاندرێ بازن بەڕێوەی دەبرد.

دەرهێنەرانی شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕانسە هەوڵەکانی سینەمای هالیوودیان لە بواری تەکنیک دا ستایش دەکرد و هۆگری کەسانی ناوداری وەکوو ئاڵفرێد هیچکاک و جان فۆرد و ئۆرسن وێڵز بوون.
پێویستە بوترێ پێشتر سینەمای فەڕانسە ببووە پاشکۆی شانۆ و بە وەرگرتن لە دەقە ئەدەبیەکان درێڕەی بە ژیانی خۆی دەدا.
بە پێچەوانەی ئەو دۆخە شەپۆلی نویی فەڕانسە باوەڕی بەوە بوو کە کامێرا و دەرهێنەر دەبێ خۆ لە ستۆدیۆکان دەرباز کەن و بچنە نێو دڵی دنیای دەرەوە بە شێوازێکی زیندوو و چالاک جموجوڵی شەقام و کووچە و کۆڵان تۆمار بکەن. ئەوان پێیان وابوو سینەما نابێ لە نیشاندانی توندوتیژی خۆ ببوێرێ و جەسارەتی هەڵبژاردنی هەموو بایەتێکی هەبێ بۆ چاککردنی فیلم.

شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕانسە لە دوو دەورەدا ڕووی دا. دەورەی یەکەم لە نێوان ساڵەکانی 1958 تا 1962 بوو کە یەک لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی گرنگیدان بە خوڵقێنەری بەرهەم واتا دەرهێنەرو هەروەها میز ئان سێن(mise en scene) بوو. فیلمسازەکانی ئەو خولە پشتیان لە یاساکانی فیلمسازیی دەیەی پەنجا کرد هەم لەڕووی گێڕانەوە و هەمیش لەڕوۆی تەکنیک و نواندنەوە. گێڕانەوە و سەرەتا و کۆتاییەک بۆ فیلمەکان لەبەرچاو نەدەگیرا تەنها بڕگەیەک لە ژیان نمایش دەکرا. وەرگرتن لە بەرهەمە ئەدەبییەکان شوێنی خۆی دا بە چیرۆکی ژیانی خەڵکانی ئاسایی ناو کۆمەڵگا و زیاتر گرنگیی بە چەمکی زەمان درا. بێ سڵەمینەوە باسی گەنجان و حەز وئارەزووی سێکسی دەکرا کە دەرخەریی چەمکی خۆشەویستیی ئازادانە بوو و باسی شوناسی کەسایەتیی ناو فیلمەکان دەکرا، ڕێگە بەوە دەدرا ژنان وەکوو یەک لە تەوەرەکانی گێڕانەوە لە فیلمەکاندا بوونیان بێ.

هەڵبەت تەنها هێمایەک کە لە سینەمای شەپۆلی نوێدا وەکوو خۆی مایەوە هەمان شاری پاریس بوو. لەجیاتی نمای ئاسایی کە نیشاندەری کات و شوێن بوو ئەو جار لە تەکنیکی جامپ کات(Jump cut) کەڵک وەردەگیرا.
لە تەکنیکی جامپ کاتدا وەکوو تەکنیکێکی ئیدیتی فیلم کە جۆرێک پەڕاندنی نەما یان شاتە(Shot) لەبری بەردەوامیی دیداریی، دوو شات دادەنرێ کە ئێلێمانەکانی زۆر لەیەکتر دەچن یان لە یەک لە شاتەکاندا جووڵەیەک دەگۆڕدرێ و بەمەش لە پڕۆسەی ئیدیتدا پەڕاندنێکی دیداریی بەرهەم دێ.
شەپۆلی نوێ پێداگر بوو لەسەر شکاندنی نۆرمی ڕەوایەتی خەتی و تەکنیک و شێوازی نوێ لە ڕەوایەت دا هاتە ئاراوە.

دەورەی دووەمی شەپۆلی نوێ دەکەوێتە نێوان ساڵانی 1966 تا 1968 کە لەو خولەدا بۆ نموونە گوتارەکان لە جاران زۆر سیاسیتر بوون، ئوستوورەکانی بورژوازی نەمان، بابەتی وەکوو هاوسەرگیری و خانەوادە باسی لێوە نەدەکرا و ئیدی ناوەندێتی خۆی لەدەست دا. باوی بابەتی نوێ بوو، لەوانە چالاکیی و دیدگای سیاسی خوێندکاران، باڵغبوون، مەسرەف گەریی و شەڕی ڤیەتنام.
کێشەی تاکەکەسیی و کێشە سیاسییەکانی لاوان تێم و ناوەرۆکی فیلمەکانی ئەو دەورەیان پێک دەهێنا.
شەپۆلی نوێ هەوڵی بەکارهێنانی سووژەی نوێ و شێوازی گێڕانەوەی جیاوازی دەدا و بەپێچەوانەی سینەمای کلاسیکی ئەمریکا ئەکتەری بەناوبانگ و ئەستێرەکانی سینەمای بەکار نەدەهێنا. لەو فیلمانەدا تەماشاچی لە خوێندنەوە و بڕیاردان لەسەر فیلمەکان سەربەست بوو.

ئەوەمان لەبیر نەچێ کە تا پێش سەرەڵدانی شەپۆلی نوێ، سینەمای دنیا ماوەیەکی دوورودرێژ لەژیر قورسایی هێژمۆنی هالیوودا بوو. لەڕووی فۆرمەوە نۆرمگەلێکی تایبەت بە فیلمساز، ئیدیت و بەرهەمهێنان لەگۆڕێدا بوو کە دەرهێنەرەکان دەبووایە لە چێوارچێوەی ئەو نۆرمانەدا کار بکەن.
بۆ نموونە وەرگرتنی چیڕۆکی فیلم لە بەرهەمە بەناوبانگە ئەدەبییەکان، هەروەها گێڕانەوە لە گوشەنیگای زانای گشتیەوە و هەبوونی کاراکتێریکی تایبەت کە ڕۆڵی پاڵەوانی لە فیلمەکاندا دەبینێ کە خاوەنی کەمترین خاڵی لاوازی کەسایەتی بوو و لە درامێکدا بە باشترین شێوە کۆتایی بە ڕووداوەکان دێنا. ئەوانە بەرچاوترین کڵێشەکانی سینمای هالیوودی ئەو سەدەمە بوون.

نووسەرانی کایە دو سینەما بە باشی ئەم کڵێشە چەندپاتکراوانەیان لە سینەمای هالیوود و تەنانەت لە سینەمای ئەو دەمی فەڕانسەدا دیاری کرد. هەڵبەت پێویستە بگوترێ کە لەهەمانحاڵدا بایەخ و پێگەی تایبەتیان دادەنا بۆ کەسانیک وەکوو ئاڵفرێد هیچکاک، هاوارد هاکس و جری ڵویس.
ژان لوک گۆدار لە گفتوگۆیەکدا کە ساڵی 1967 لە کایە دو سینما بڵاو بۆوە ئاوا باسی جێری ڵویس دەکا: “تاکە کەسێک کە بە شێوەی جیاواز کار دەکا” “تەنها کەسێک کە پێبەندی هیچ تاقم و دەستە و چوارچێوەی باو نیە” “تەنها کەسێک کە بوێرانە فیلم ساز دەکا”.

سەیر ئەوەیە کە دوابەدوای بڵاوبوونەوەی فیلمەکانی ئەو کۆمەڵە فیلمسازەی شەپولی نوێ و ناسینەوەی ئەو شێوازە سینەماییە تایبەت و نوێیە، دوایی شەپۆلی نوی کاریگەرێتی لەسەر کەسانێکی بەناوبانگ وەکوو فۆردکاپۆلا، مارتین سکۆرسیزی و ئارتور پێن دانا.
وەکوو نموونە بەرجەستەکانی ئەم ڕەوتە گرنگەی سینەما دەکرێ ئاماژە بە چەن فیلم بکرێ, لەوانە: چوارسەد لێدان(فرانسوا ترۆفۆ), لەپێ کەوتوو( ژان لوک گۆدار،) سێرژی جوان(کڵۆد شابڕۆڵ و) هیرۆشیما عیشقی من(ئالێن رێنە.

وەک باسی لێوە کرا دەکرێ تایبەتمەندییەکانی شەپۆلی نوێ بەسەر سێ پاژ دا دابەش بکەین: یەکەمیان شێوازی دروستکردنی فیلمەکان، دووەم فۆرم و سێهەمیش لە ڕووی ناوەڕۆکی ئەو فیلمانەوە.
ڕەخنەگرانی گەنجی کایە دو سینەما ئیمکان و پارەی وایان بەدەستەوە نەبوو هەر بۆیە بە کەمترین پێداویستییەکان و کەرەستەوە دەستیان دایە فیلمسازی. تەنانەت کەسانێک کە ئەکتەری پرۆفشناڵ نەبوون لە فیلمەکاندا ڕۆڵیان دەبینی.
ئەو دەرهێنەر گەنجانە کۆمەڵێک بیرۆکە و ئایدیای تازەیان لە مێشکا بوو کە دەیانویست بیخەنە بواری کردارەوە.
تەنانەت خۆدی ئەو فیلمسازانە بە هەموو چەشنێک هەوڵیان دەدا گۆشەیەک لە ئەرکەکانی فیلمسازی ئەنجام بدەن.
بۆ نموونەی لە فیلمی “پاریس هی ئێمەیە” کە ژاک ڕیوت دەرهێنەری بوو لە سێکانسێکدا گۆدار وەکوو کافەچییەک یارمەتیی کەسایەتی یەکەمی فیلمەکەدا دەدا بۆ دەربازبوون لە کێشەکانی.

وەکوو لایەنی فۆرمیک دەرهێنەرانی شەپۆلی نوێ کامێرا لەسەردەست لەگەڵ ئەکتەرەکاندا بە شەقام و کۆڵاناندا دەگەڕان و بینەر بە ئاشکرا هەستی بە ئامادەبوونی کامێرا دەکرد وەکوو کەسایەتییەک کە بوون و تەنانەت هەستی هەیە.
کامێڕای فیلمەکانی شەپۆلی نوێ بێدەنگ و بێ جووڵە نیە، زیندووە و لە گێڕانەوە ناوەستێ. هەروەها دەبێ ئاماژە بکرێ کە لە بڕێک لەو فیلمانەدا تەکنیکی freez frame بەکار دەهێنرا، واتە فیلمەکە لەسەر دیمەنێکی تایبەت ڕادەوستا، لە فیلمی “چوارسەد لێدان”ی ترۆفۆ و “پاریس هی ئێمەیە” ی ژاک ڕیوت دا ئەو تەکنیکە بە باشی بەدی دەکرێ.
وەک کوترا لایەنی ناوەرۆک لەو فیلمانەدا دەپەرژێتە سەر کەسایەتی فیلم وەکوو ناوەندی سەرنجدان کە زۆربەی کاتەکان بیر و باوەڕ و ئارەزووەکانی دەرهێنەری دەردەخست.
سەرنج دەخرایە سەر لایەنی سێکسی، خۆشەویستیی ئاسمانی بوونی نیە. ئەگەر حەز لێکردن و هەستێک لەنێوان ژن و پیاوێکدا هەیە جوانی ژن و ویست و حەزی سێکسی هاندەریەتی. فیلمی “لەپێکەوتوو”ی ژان لوک گۆدار دا کەسایەتی یەکەمی فیلمەکە سەرەڕای ئەوەی حازرە لە پێناو خۆشەویستەکەیدا فیداکاری بکا بەڵام نایشارێتەوە کە ئەوی بۆ حەزی سێکسی دەوێ.

شەپۆلی نوێی سەرلەنوێ گیانی وەبەر سینەمای فەڕانسە هێنایەوە و بووژاندییەوە و وەکوو سەرچەشن لە لووتکەی سینەمای دنیای دانا. کاری کردەسەر سەرجەم لاوانی سەرکێشی شەیدای سینەما و دەرفەتی بۆ خوڵقاندن.
شەپۆلی نوێ سنوورەکانی سینەمای فەڕانسەی تێپەڕاند و سینەمای چەندین وڵات لەوانە بڕازیل و ژاپۆن و چێکۆسلۆڤاکیا لەو شەپۆلەیان وەرگرت و گۆڕانکاری بەرسە ڕەوتی سینەمایاندا هات.
نموونەکانی شەپۆلی نوێ زۆرن بەڵام هیرۆشیما عیشقی من (Hiroshima mon amour) کە ساڵی 1959سازکرا و ئالێن ڕێنە دەرهێنەری بوو و ڕۆماننووسی ناودار مارگرێت دۆراس فیلمنامەی فیلمەکەی نووسی، وێڕای فیلمی لەپێکەوتووی(Breathless) ژان لوک گۆدار لە بەرجەستەترین نوێنەرانی ئەو ڕەوتە سینەماییەن.
لە هیرۆشیما عتشقی مندا بەکورتی چیڕۆکی فیلمەکە باسی ئەکتەرێک دەکا) ئێمانوێلا ڕیوا( کە بۆ سازکردنی فیلمێکی دژەشەڕ دەچێتە ژاپۆن و لەوێ لەگەڵ پیاوێکی ژاپۆنی(ئیجی ئوگادا) ئاشنا دەبێ و پێوەندیی سۆزداریی لە نیوانیاندا دروست دەبێ. لە میانەی ئەو چاوپێکەوتنانەدا وێڕای عیشقبازی و دیالۆگی نیوان دوو خۆشەویست باسی بۆمبارانی هیرۆشیما دەکەن و هەر کامەیان لە ڕوانگەی خۆییەوە باسی ئەو ڕووداوە و قوربانیانی دەکا و بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ ئاکامە تاڵەکانی شەڕ دەخەنە ڕوو.

لە بەشێکی فیلمەکەدا وەکوو فلاشبەک ژنەکە باسی خۆشەویستییەکی ڕابوردووی خۆی دەکا کە لە لە شەڕی دووەمی جیهانیدا و لە کاتی داگیرکردنی فەڕانسەدا لەگەڵ سەربازێکی ئاڵمانیدا عاشقی یەکتر دەبن و پاش کوشتنی سەربازەکە ژنەکە تووشی ناڕەحەتی و کێشە دەبێ و ئەوجا سیمای مەعشووقە مردووکە لەو پیاوە ژاپۆنیەدا دەبینێتەوە.
وەکوو نموونەی ناسراوی شەپۆلی نوێ فیلمەکە ساختارێکی فۆرمیکی هەیە و فیلمێکی تەواو دژەشەڕە و تێیدا لە یەک کاتدا باسی مەرگ وعیشق و فەرامۆشی دەکرێ. سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە گرنگی بە پێوەندیە ئینسانییەکان دەدا مەودا و سنوورەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان کاڵ دەبێتەوە. قوورسایی کارەساتی بوردومانی ئەتۆمی زەنگێکە تەواو مرۆڤەکان وە ئاگا دێنێتەوە. لە سێبەری ئەم قورساییەدا دوو کەس لە دوو کولتووری جیاواز لێک نزیک دەبنەوە و هەستیان بەریەک دەکەوێ. لە پەنای ئەو لایەنانە کە تا ڕادەیەک رەنگی تاکەکەسی دەگرێ لە سەرانسەری فیلمەکەدا بەکگراوندێک لە کارەساتی ئەتۆمی بوونی هەیە.
پێگەی ڕاوەستان یان باشترە بڵێێن جوولەی بەردەوامی کامێڕا پێ بە پێ ئەکتەرەکان دەڕوا و ڕاناوەستێ. دەڵێێ کامێراش یاک لە ئەکتەرەکانە کە تەنانەت هەست بە بوونی دەکرێ.

لێرەدا وەکوو گرنگیی تێمی فیلم و پڕۆسەی بیچمگرتنی لەلای دەرهێنەر بە بیرەوەرییەکی ئالێن رێنە سەبارەت بە دروستکردنی فیلمەکە کۆتایی بەو باسە دێنم.
ئاڷێن رێنە لە گفتوگۆیەکدا سەبارەت بە چاوپێکەوتنی لەگەڵ مارگرێت دۆراس سەبارەت بەو فیلمە دەڵێ:
سەرانسەری ئەو پاش نیوەڕۆیە باسی ئەوەمان کرد کە بۆ من فیلمێک لەبارەی بۆمبی ئەتۆمی دروست ناکەم و بۆ وەها فیلمێک دروست ناکرێ. لە میانەی قسەکاندا کوتم:
پێکەنینم دێ کە ئێمە سێ چوار سەعاتە قسە دەکەین و لەو ماوەیەدا فرۆکەکان بە سەر زەوییەوە دەسووڕێنەوە و ئامادەی ئەوەن بۆمبە ئەتۆمییەکانیان داخەن کەچی ئیمە هیچ گۆڕانێک لە کردارماندا ناکەین چای دەخۆینەوە و ژیانی ڕۆژانەمان دەکەین.
ڕەنگە ئەو فیلمەی دەبێ دروست بکرێ هەمان فیلم نەبێ کە بیری لێدەکەینەوە و سووژەی سەرەکی فیلمەکە بۆمبی ئەتۆمی بێ. بەپێچەوانەوە لەوانەیە پیویست بێ چیرۆکی عیشقێکی کلاسیک بەرهەم بێنین کە بۆمبی ئەتۆمی بەکگڕاوندی ئەم چیرۆکە بێ و جیا لە کاراکتێرەکان بێ. شتێک وەکوو دیمەنێکی دوور.




“ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان”ی بەهمەن قوبادی لە ناو 12 فیلمی سەرسووڕهێنەری مێژووی سینەمای جیهان

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” لە دەرهێنانی “بەهمەن قوبادی” لە ناو لیستی 12 فیلمی سەرسووڕهێنەری مێژووی سینەمای جیهان دایە.

فیلمی سینەمایی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” A Time for Drunken Horses یەکەمین بەرهەمی بڵندی سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەن قوبادی” و براوەی خەڵاتی “کامێڕای زێڕین” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا لە ساڵی 2000 کە تا ئێستا زیاتر لە 50 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆر بەشداریی کردووە و کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی نێونەتەوەیی بەدەستهێناوە، بەم دوایانە شەشەمین فیلمی لە ناو لیستی 12 بەرهەمی سەرسووڕهێنەری فیلمە غەیرە ئینگلیزییە زمانەکانی مێژووی سینەمای جیهان لە لایەن “نیکۆلاس باربێر” Nicholas Barber ڕخنەگری ئاژانسی هەواڵنێری جیهانی “بی.بی.سی” BBC بۆ خۆی مسۆگڕ کردووە.

لە سەرەتای ڕاپۆڕتی “نیکۆلاس باربێر” لە بەشی ئینگلیزی ئاژانسی هەواڵنێری جیهانی “بی.بی.سی”دا BBC هاتووە: ڕاپرسی فیلمی غەیرە ئینگلیزییە زمانەکانی بەشی کەلتووری “بی.بی.سی” BBC ئەو فیلمانە لەخۆدەگرێت کە لە 66 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان دەستنیشانکراون و بە ناچار، بەرهەمی هەندێک لەم وڵاتانە باشتر لەوانی دیکە بوون. چەندین فیلم لەم لیستەدا بوونیان نییە، بەڵام ئەوە بەوم مانایە نییە کە ’ئەوان شاکار نەبن. ئەوە تەنیا بەم مانایەیە کە ئەوانە ئەو فیلمە شاکارانەن کە چاوەڕوانی ئەوەن کە کەشف بکرێن و بناسێندرێن.

لەم ڕاپۆڕتەدا، “نیکۆلاس باربێر” سەبارەت بە فیلمی سینەمایی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” لە دەرهێنانی “بەهمەن قوبادی” کە پێگەی شەشەمی لە لیستی 12 فیلمی سەرسووڕهێنەری مێژووی سینەمای جیهانی بۆخۆی مسۆگڕ کردووە، نووسیوییەتی: ژێرنووسێک لە سەرەتای فیلمی قارەمانەی “بەهمەن قوبادی” ڕایدەگەیەنێت کە ئەم فیلمە “ڕێزلێنانێکە بۆ میراتی کەلتووریی من” و “ئەم کەسانە، لە زاکیرەی مندا خەیاڵی نین”. شکێک سەبارەت بەوە بوونی نییە، قوبادی مومکینە گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێش و بێوێنەی لەم فیلمەدا وێنە گرتبێت. بەڵام چیرۆکی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” کە لە شاری قوبادی بۆ بینەر دەگێڕدرێتەوە، وەکوو ڕاپۆڕتێکی زۆر گرینگ لە ژیانی کوردەوارییە و هەر بەم هۆیەوە کاریگەرییەکی یەگجار زۆری هەیە. “ئەیووب” پاڵەوانی فیلمەکە، کوڕێکی هەتیوە کە دەچێتە ناو کۆڵبەرە ستەم لێکراوەکانی ناوچەکەوە تاکوو بتوانێت مەسرەفی عەمەلیاتی “مادی” برا کەمئەندامەکەی دابین بکات. هەر بەو شێوەیەی کە ئەوان بەسەر شاخەکانی کوردستاندا تێدەپەڕن، باوبۆرانێکی توند دێت، تا ڕادەیەک کە ئەسپەکان بۆ درێژەپێدان بە ڕێگاکەیان، عارەقیان پێدەدرێت کە ناوی فیلمەکەش هەر لەم مەسەلەیەوە هاتووە.

ناوی فیلمەکانی لیستی 12 بەرهەمی سەرسووڕهێنەری مێژووی سینەمای جیهان، بریتین لە: 1 ـ “ڕەشنووس” Black Orpheus لە دەرهێنانی “ماڕسێل کامووس” Marcel Camus بەرهەمی ساڵی 1957 لە وڵاتی بڕازیل، 2 ـ “من کووبام” I Am Cuba لە دەرهێنانی “میخائیل کالاتۆزۆڤ” Mikhail Kalatozov بەرهەمی ساڵی 1964 لە وڵاتی کووبا، 3 ـ “تۆپی ئاور کووژێنەوە” The Firemen’s Ball لە دەرهێنانی “میلۆش فۆرمەن” Miloš Forman بەرهەمی ساڵی 1967 لە وڵاتی چێکئۆسلۆڤاکی، 4 ـ “گەمارۆ” Siege لە دەرهێنانی “گیلبپرتۆ تۆفانۆ” Gilberto Tofano بەرهەمی ساڵی 1969 لە وڵاتی ئیسڕائیل، 5 ـ “ماپانتۆسلا” Mapantsula لە دەرهێنانی “ئۆلیڤێر ئێشمیتز” Oliver Schmitz بەرهەمی ساڵی 1988 لە وڵاتی ئەفریقیای باکوور، 6 ـ “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” A Time for Drunken Horses لە دەرهێنانی “بەهمەن قوبادی” بەرهەمی ساڵی 2000 لە وڵاتی ئێران، 7 ـ “ڕاکەریی خێرا” Atanarjuat: The Fast Runner لە دەرهێنانی “زاکارایاس کۆنۆک” Zacharias Kunuk بەرهەمی ساڵی 2001 لە وڵاتی کەنەدا، 8 ـ “دارێت” Daratt لە دەرهێنانی “محەمەد سەلاح هاڕوون” Mahamat Saleh Haroun بەرهەمی ساڵی 2006 لە وڵاتی چاد، 9 ـ “مامە موونمی، کەسێک کە دەتوانێت ڕابردووی خۆی بە یاد بێنێتەوە” Uncle Boonmee Who Can Recall His Past Lives لە دەرهێنانی “ئاپیچاتپۆنگ ویراستاکۆل” Apichatpong Weerasethakul بەرهەمی ساڵی 2010 لە وڵاتی تایلەند، 10 ـ “وەجدە” Wadjda لە دەرهێنانی “هەیفا ئەلمەنسوور” Haifaa al-Mansour بەرهەمی ساڵی 2012 لە وڵاتی عەڕەبستانی سعوودی، 11 ـ “نۆڕتی، کۆتایی میژوو” Norte, the End of History لە دەرهێنانی “لاڤ دیاز” Lav Diaz بەرهەمی ساڵی 2013 لە وڵاتی فیلیپین و هەروەها 12 ـ “لە باوەشی ماردا” Embrace of the Serpent لە دەرهێنانی “کیرۆ گیووڕا” Ciro Guerra بەرهەمی ساڵی 2015 لە وڵاتی کۆلۆمبیا.

بۆ زانیاریی زیاتر و بینینی ناوی فیلمەکانی لیستی 12 بەرهەمی سەرسووڕهێنەری مێژووی سینەمای جیهان، سەردانی لینکی ژێرەوە بکەن:
http://www.bbc.com/culture/story/20181029-twelve-amazing-lesser-known-films-from-around-the-world




سینه‌مای ئێران.. هه‌نگاونان به‌ره‌و لوتكه‌ …. ئاراز عه‌بدولره‌حمان

قسه‌كردن له‌سه‌ر سینه‌مای ئێران چه‌نده‌ له‌ ڕوی هونه‌ری و ته‌كنیكی سینه‌مایی وه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ڕوی كلتوری و فه‌رهه‌نگییه‌وه‌ بۆ سینه‌مای كوردی گرنگی تایبه‌تی هه‌یه‌، له‌ سینه‌مای ئێرانی دا نزیكی كلتوری و هاوسۆزیه‌كی تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ چاو میله‌تانی پێشكه‌وتوو له‌ سینه‌مادا وه‌ك سینه‌مای ئه‌مریكی و فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و ئیتالی بۆ كلتوری كوردی ده‌بینرێت، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌كرێت بكرێت به‌ بنه‌مایه‌ك بۆ بنیات نانی سینه‌مای كوردی و به‌ پیشه‌سازی كردنی.

مێژوی سینه‌مای ئێران

كاتێك موزه‌فه‌ره‌دین شا له‌ ساڵی 1900 ز سه‌ردانی یه‌كێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی ده‌كات له‌گه‌ڵا خۆی كامێرایه‌كی وێنه‌گرتن دێنیته‌وه‌، وه‌ پاش ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1904ز یه‌كه‌م هۆڵی سینه‌ما له‌ ئێران بنیات ده‌نرێت و ئامێری سینه‌ماتۆگراف دێننه‌ ئه‌و وڵاته‌ ئه‌مه‌ ده‌كرێته‌ خاڵی سه‌ره‌تا و ده‌سپێكی سینه‌ما له‌ ئێران دا كه‌ فیلمه‌ بیانیه‌كان كه‌ ته‌نها له‌ جوڵه‌ پێكهاتبوون نمایش ده‌كران.. تا ساڵی 1930 یه‌كه‌م فیلمی ئێرانی به‌ناوی (ئابی ورابی) له‌ ده‌رهێنانی ئافانیس ئوهانیان به‌هاوكاری یه‌كه‌م وێنه‌گری سینه‌مای ئێرانی خان بابا موعته‌زه‌دی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، كه‌ ئه‌م فیلمه‌ش ته‌نها له‌ وێنه‌ و جوڵه‌ پێكهاتبوو، له‌ ساڵی 1940 یه‌كه‌م فیلم كه‌ گفتوگۆی تێدا تۆمار كرابێت له‌ لایه‌ن ئه‌رده‌شێر ئیرانی و به‌ ناوی (دختر لر) به‌رهه‌مده‌هێنرێت، وه‌ پاشان فیلمی (چراغ های نیوورك) به‌رهه‌م دێت، ئه‌م دوو فیلمه‌ ده‌بێته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان له‌ سینه‌مای ئێران دا، پاشان هه‌ریه‌كه‌ له‌ (ساموئیل خاشیكان، هوشنگ كاوسی، فروغ غفاری، ابراهیم گولستان، مسعود كیمیای، داریوش مهرجوئی، فریدون رهنما و علی حاتمی) وه‌ چه‌ندین سینه‌ماكاری تر به‌ ته‌واوی بناغه‌ی سینه‌مای ئێرانی جێگیر ده‌كه‌ن.. وه‌ ناكرێت له‌ هاوكاریه‌كانی ئه‌شره‌ف په‌هله‌وی كچی ڕه‌زا په‌هله‌وی و خوشكی محمد ره‌زا شا له‌بیر بكه‌ین كه‌ عاشقی به‌ره‌و پێشچونی سینه‌مای ئێران بووه‌ و به‌ هه‌مو هه‌وڵ و توانای خۆی پشتگیری هونه‌رمه‌ندانی كردوه‌ و هه‌وڵی داوه‌ پردی په‌یوه‌ندی بێت له‌ نێوان سینه‌ماكارانی ئێران و سینه‌ما و سینه‌ماكارانی ئه‌مریكی.. كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین فیلمی ئێرانی به‌رهه‌مهاتوه‌.

شۆڕشی ئیسلامی و سینه‌ما

هه‌رچه‌نده‌ شۆڕشی ئیسلامی له‌ ئێران گۆڕانكارییه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نوێی هێنایه‌ كایه‌وه‌ به‌ڵام له‌سه‌ره‌تادا كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر سینه‌مای ئێران داده‌نێت چونكه‌ قۆناغی پاش شۆڕش سینه‌ما له‌و وڵاته‌دا قاڵبی خۆی نادۆزێته‌وه‌ تا ساڵی 1987 كه‌ ئه‌كرێت سینه‌مای ئێران له‌ پاش شۆڕش تا ئه‌و ڕێكه‌وته‌ به‌ قۆناغی مت بوون ناوبنێن وه‌ پاش ئه‌و ماوه‌یه‌ بنه‌مایه‌كی نوێ بۆ سینه‌مای ئێران داده‌ڕێژرێت كه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی دوای شۆڕش دا بگونجێت.. ئیتر لێره‌وه‌ و له‌و كاته‌دا چه‌ندین گه‌نج ده‌رده‌كه‌ون كه‌ كاری سینه‌مایی ناوازه‌ به‌رهه‌م دێنن له‌وانه‌ (محسن مخملباف، ابراهیم حاتم كیا، مجید مجیدی و ئه‌بولفه‌زل جلیلی) كه‌ له‌گه‌ڵا گه‌وره‌ سینه‌ماكارانی پێش خۆیان له‌وانه‌ (عباس كیا روستمی، به‌هرام به‌یزایی و داریوش مهرجوی) چه‌ندین فیلم به‌رهه‌م دێنن كه‌ له‌گه‌ڵا بارودۆخی پاش شۆڕش و جه‌نگی ئێران عێراق دا بگونجێت.

فێستیڤاڵ و كاریگه‌ریه‌كانی

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی پێشكه‌وتنی سینه‌ما له‌ ئێران به‌شداربونی هونه‌رمه‌ندانی ئێرانه‌ له‌ فیستیڤاڵه‌ جیهانیه‌ به‌ناوبانگه‌كان وه‌ هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌چونی فیستیڤاڵی فه‌جره‌ له‌ ئێران كه‌ تا ئێستا 36 خولی خۆی به‌ڕێ كردوه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كی زۆر باشی هه‌یه‌ بۆ هاندان و به‌رده‌وامی دان به‌ به‌رهه‌مهینانی فیلم و ده‌ركه‌وتنی خوێنی نوێ چ له‌ ڕوی نواندنه‌وه‌ بێت یاخود له‌ ڕوی به‌رهه‌مهێنان و ده‌رهێنان و سیناریۆ نوسینه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش هۆكاری به‌رده‌وامی دانه‌ به‌ سینه‌ما له‌و وڵاته‌دا وه‌ هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی فیلمسازانی ئێران له‌ فیستڤاڵه‌كانی وه‌ك ئۆسكار و كان و پڵنگی ئاڵتونی ئه‌ڵمانیا به‌هه‌مان شێوه‌ كاریگه‌ری زۆر باشی له‌سه‌ر سینه‌مای ئێران داناوه‌ كه‌ وای كردوه‌ جێگه‌ی تایبه‌تی له‌ نێو سینه‌مای پێشكه‌وتوی جیهان هه‌بێت.. كاتێك ساڵی 1998 فیلمی (بچه‌های ئاسمان) ی مجید مجیدی له‌ فێستیڤاڵی ئۆسكار ده‌پاڵیۆرێت بۆ باشترین فیلمی بینای وه‌ هه‌روه‌ها به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی كان بۆ فیلمی (تامی گێلاس)ی عباس كیا ڕۆسته‌می و به‌ده‌ستهێنانی چه‌ندین خه‌ڵاتی تر له‌ ساڵانی دواتر دا بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (جعفر پناهی، ئه‌بولفه‌زل جه‌لیلی، ئه‌میر نادری و ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی) وه‌ هه‌وه‌ها به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ گه‌وره‌ سینه‌ماكاری كوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌همه‌نی قوبادی كه‌ چه‌ندین جار به‌ فیلمه‌كانی (ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان، كیسه‌ڵه‌كانیش ده‌فڕن، ئاوازی سه‌رزه‌مینی دایكم، نیوه‌ مانگ) ده‌بێته‌ براوه‌ی خه‌ڵاتی كان، كاریگه‌ری باشیان ده‌بێت له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی سینه‌ما له‌ ئێران دا.

سینه‌مای ئێران به‌ره‌و پیشه‌یی بون

یه‌كێكی تر له‌ پێشكه‌وتنی سینه‌ما له‌و وڵاته‌دا هه‌بونی هۆڵی سینه‌مایه‌، پاش ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ سینه‌ما له‌ ئێران ده‌بێت به‌ كلتور به‌تایبه‌ت له‌ نێو خێزان دا كه‌ گرنگی دان به‌سینه‌ما و ڕۆشتن بۆ هۆڵه‌كانی سینه‌ما ده‌بێت به‌ كاری ڕۆژانه‌، به‌رهه‌می نوێی سینما و سینه‌ماكاران له‌لای ئێرانیه‌كان جێگی گرنگی پێدانه‌، تا ساڵی 2013 له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران و له‌ 60 شاری ئه‌و وڵاته‌ 247 هۆڵی سینه‌ما بونی هه‌بووه‌ له‌م هۆڵانه‌ ڕۆژانه‌ به‌رهه‌می فیلمسازانی ئێرانی نمایش ده‌كرێن، سه‌ره‌ڕای فرۆشتنی كۆپی ڕایتی ئه‌و فیلمانه‌ ته‌نانه‌ت ده‌بینین له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا چه‌ندین ماڵپه‌ڕی سینه‌مای كراونه‌ته‌وه‌ بۆ نمایش كردنی تازه‌ترین فیلمی ئێرانی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی كارتێكی پریپه‌ید ئاسای كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندی و مۆبایل كۆدێك ده‌كڕیت و پاش داخڵكردنی ئه‌و كۆده‌ ده‌تونین له‌ ماڵه‌وه‌ و له‌سه‌ر شاشه‌ی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت فیلمێكی پێببینیت،كه‌ ئه‌مانه‌ هۆكاری زۆر گرنگن بۆ به‌رده‌وامی دان به‌ هونه‌ری سینه‌ما له‌وه‌ش گرنگتر هونه‌رمه‌ندا گرنگی ته‌واو به‌ به‌رهه‌م هێنان و نوسینی سیناریۆی فیلمی واقعی هه‌ڵقوڵاوی نێو كۆمه‌ڵگا ده‌ده‌ن زیاتر له‌وه‌ی گرنگی به‌ فیلمی ئارت بده‌ن باشترین نمونه‌ پڕ فرۆشترین فیلم له‌ مێژوی سینه‌مای ئێران كه‌ له‌ ئێستادا له‌ نێو سینه‌ماكاندا نمایش ده‌كرێت و زیاتر له‌ 36 ملیار تمه‌نی قازانج كردوه‌ فیلمی (هزار پا) ی ئه‌بولحه‌سه‌ن داوودی یه‌ له‌ نواندنی ڕه‌زا عه‌تاران و جه‌واد عزتی كه‌ فیلمێكی كۆمیدی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، وه‌ هه‌روه‌ها فیلمی (فرۆشنده‌) له‌ ده‌هێنانی (ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی) و نواندنی (شهاب حوسێنی و ته‌رانه‌ علی دۆستی) یه‌كێكی تره‌ له‌و فیلمه‌ واقعیه‌ ناوازانه‌ی تر كه‌ داهاتێكی زۆری هه‌بووه‌.

وه‌ به‌رهه‌م هێنانی درامای ته‌له‌فزیۆنی یه‌كێكی تره‌ له‌ پێشكه‌وتنی فیلم و فیلم سازی له‌ ئێران وه‌ ده‌ركه‌وتنی چه‌ندین ئه‌كته‌ری به‌توانا له‌ كوڕان و كچان كاری گه‌ری باشی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامی فیلم له‌ ئێران به‌تایبه‌ت هه‌ریه‌كه‌ له‌ میهران مدیری و ڕه‌زا عه‌تاران علی صادقی و ئاناهیتا هیمه‌تی و چه‌ندین ئه‌كته‌ری تر.
له‌ كۆتایدا ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ ئێستا فیلم له‌ ئێران له‌ لایه‌ن كۆمپانیاكانی به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت كه‌ له‌ پێش هه‌مو شتێك قازانج و زه‌ره‌ر له‌ به‌رچاو ده‌گیرێت وه‌ك چۆن كۆمپانیاكانی هۆلیۆد به‌هه‌مان شێوه‌ كارده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێت به‌ وه‌رچه‌رخانێك كه‌ فیلمی باش و به‌پێز به‌رهه‌م بهێنرێت و پاره‌ له‌ فیلمی ئاست نزمدا به‌ فیڕۆ نه‌درێت.

ده‌كرێت ئه‌م قۆناغه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ قۆناغێكی سه‌ره‌تا دابنرێت كه‌ وه‌ك چۆن له‌ ئێران و له‌سه‌رتاكانی سینه‌مادا ده‌وڵه‌ت پشتگیری ته‌واوی ئه‌م هونه‌ره‌ی كردووه‌ له‌ فه‌ند كردنی و كردنه‌وه‌ی چه‌ندین ئاموزش و كۆلیژی هونه‌ر و به‌شی جیاواز بۆ ژانه‌ره‌كانی سینه‌ما وه‌ هاوكاری كردنی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی فیلم به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌كرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان حكومه‌ت پشتگیری كۆمپانیاكانی به‌رهه‌م هێنانی فیلم بكات ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێستا هه‌ن و ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌ داهاتودا داده‌مه‌زرێن تا سینه‌ما له‌ كوردستان دا ببێت به‌ پیشه‌سازی كه‌ داهات و قازانجی هه‌بێت.

—————————–
سه‌رچاوه‌:

• ویكوبیدیا
• ماڵپه‌ڕه‌كانی سینه‌مای ئیران
• www.Filimo.com




خه‌ڵاتی شانازیی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” به‌ جه‌عفه‌ر په‌ناهی پێشکه‌ش کرا

جه‌عفه‌ر په‌ناهی: له‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی شانازیی فێستیڤاڵی فیلمی “سلێمانی” زۆر خۆشحاڵم

مه‌نووچێهر جیهانی ـ خه‌ڵاتی شانازیی سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” به‌ جه‌عفه‌ر په‌ناهی ده‌رهێنه‌ری ناسراوی سینه‌مای ئێران و جیهان پێشکه‌ش کرا و له‌ په‌یامێکدا گوتی: له‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی شانازیی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی زۆر خۆشحاڵم.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌”، رێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” که‌ به‌ ئاماده‌بوونی “مه‌لا به‌ختیار” به‌رپرسی به‌شی پشتیوانیی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و له‌ که‌سایه‌تییه‌کانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، “فوئاد جه‌لال” سه‌رۆکی کۆمپانیای سینه‌مایی “مه‌ستی فیلم” و به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌”، “دانه‌ر عومه‌ر فارس” به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری، “بێهزاد فه‌راهانی” ئه‌کته‌ری ناوداری سینه‌ما، شانۆ و ته‌له‌ڤیزیۆنی ئێران، “مه‌حه‌مه‌دڕه‌زا ئه‌سڵانی” سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ناوبژیوانانی به‌شی رکابه‌ریی فیلمه‌ بڵینده‌کانی به‌ڵگه‌یی، “ره‌وانبه‌خش سادقی” ناوبژیوانی به‌شی رکابه‌ریی کورته‌ فیلمه‌کانی ئه‌نیمه‌یشێن، ناوبژیوانانی به‌شه‌کانی جۆراوجۆری رکابه‌ریی فێستیڤاڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و لاوانی پارێزگای سلێمانی، “ئازه‌ره‌خش فه‌راهانی” ئه‌کته‌ری سینه‌ما، ده‌رهێنه‌ره‌کانی وڵاتانی جۆراوجۆر و هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ما، به‌ پێشکه‌ش کردنی خاتوو “لینا ره‌زا” له‌ ته‌لاری هونه‌ری شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو که‌ خه‌ڵاتی شانازیی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵه‌که‌ به‌ “جه‌عفه‌ر په‌ناهی” سینه‌ماکاری ئێرانی پێشکه‌ش کرا و به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ به‌ڕێزیان؛ خاتوو “تاهیره‌ سه‌عیدی” هاسه‌ری ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ ناسراوه‌ی سینه‌مای ئێران و جیهان، “ئه‌مین جه‌عفه‌ری” به‌ڕێوه‌به‌ری فیلمهه‌ڵگرتنی فیلمی سینه‌مایی “سێ روخ” و “شادمێهر راستین” له‌ هاوکاران و دۆستانی دێرینی به‌ڕێزیان، ئه‌م خه‌ڵاته‌یان وه‌رگرت.

سوپاس بۆ فێستیڤاڵی تازه‌دامه‌زراو به‌ڵام به‌هێزی فیلمی “سلێمانی”
“تاهیره‌ سه‌عیدی” له‌ دوای وه‌رگرتنی ئه‌م خه‌ڵاته‌، به‌ ناوی “جه‌عفه‌ر په‌ناهی” له‌ ده‌ستی “دانه‌ر عومه‌ر فارس” به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ریی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی‌” گوتی” زۆر مه‌منوون له‌ بانگێشته‌که‌تان و سوپاس بۆ فێستیڤاڵی نوێ و تازه‌دامه‌زراو به‌ڵام یه‌کجار به‌هێزی فیلمی “سلێمانی” و زۆر سپاسگوزارم که‌ ئاغای په‌ناهی به‌ شایسته‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌تان زانی. ئه‌و قسانه‌ی که‌ بڕیار وابوو من بیڵێم، به‌ڕێز په‌ناهی له‌ په‌یامی وێنه‌یی و ڤیدیۆییدا گوتیان.

په‌خشکردنی په‌یامی وێنه‌یی تایبه‌تی “جه‌عفه‌ر په‌ناهی”
به‌ر له‌ پێشکه‌شکردنی خه‌ڵاتی شانازیی سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” به‌ “جه‌عفه‌ر په‌ناهی” له‌ په‌یامێکی وێنه‌یی و ڤیدیۆیی تایبه‌تدا که‌ له‌ هۆڵی 1000 که‌سیی ته‌لاری هونه‌ر له‌ شاری سلێمانی په‌خش و بڵاو کرایه‌وه‌، له‌ ده‌ستپێکی قسه‌کانیدا به‌ زمانی کوردی گوتی: “سڵاو و رێزم هه‌یه‌ بۆ خه‌ڵکی سلێمانی” و له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا رایگه‌یاند: سڵاوم هه‌یه‌ له‌ خزمه‌ت هه‌موو هونه‌ردۆستان و سینه‌ما دۆستان له‌ سلێمانی و به‌ تایبه‌ت به‌رپرسانی به‌ڕێوه‌به‌ری فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” که‌ منیان به‌ شایسته‌ی وه‌رگرتنی وه‌ها خه‌ڵاتێک زانیوه‌.

له‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی شانازیی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” زۆر خۆشحاڵم
ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “سێ رۆخ” و براوه‌ی خه‌ڵاتی باشترین فیلمنامه‌ی به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی حه‌فتاویه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “کان”ی فه‌ڕه‌نسا، له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا گوتی: به‌ راستی خۆشحاڵم و ئه‌مه‌ به‌ راشکاوی ده‌ڵێم؛ هه‌رچه‌نده‌ له‌م فێستیڤاڵانه‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا‌ هه‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ش یاره‌مه‌تی بابه‌ت گه‌لی فه‌رهه‌نگی ده‌کات. ئه‌و ناوچه‌یه‌ی که‌ هه‌رده‌م له‌ مشتومڕی توندوتیژییه‌کاندا بووه‌.

په‌ناهی هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌گه‌ر هه‌ر ئێستا من ئیزنم هه‌بووایه‌ و ده‌متوانی له‌ وڵاته‌که‌م بێمه‌
ده‌ره‌وه‌ و چه‌ندین فێستیڤاڵ منیان بانگهێشت ده‌کرد، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بزانن که‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “سلێمانی” له‌ ریزبه‌ندی مندا ده‌بوو، هه‌ر به‌م هۆکارانه‌ی که‌ گوتم.

ئێمه‌ له‌ رێگای سینه‌ماوه‌ ده‌توانین کارگه‌لی گه‌وره‌ ئه‌نجام بده‌ین
په‌ناهی رایگه‌یاند: ئێمه‌ له‌ رێگای سینه‌ماوه‌ ده‌توانین کارگه‌لی گه‌وره‌ ئه‌نجام بده‌ین؛ ئێمه‌ ده‌توانین فه‌رهه‌نگسازی بکه‌ین، ئێمه‌ ده‌توانین به‌ مافه‌کان و ئازادییه‌کانمان بگه‌ین، ئێمه‌ ده‌توانین بابه‌ت گه‌لی جۆراوجۆر چاره‌سه‌ر بکه‌ین و گه‌لانی جۆراجۆر له‌ ته‌نیشت یه‌کتریدا، به‌ ئاسووده‌یی و ئازادی پێکه‌وه‌ بژین و رێز له‌ مافه‌کانی یه‌کتری بگرن.

به‌ داخه‌وه‌م که‌ نه‌متوانی بۆ فێستیڤاڵی فیلمی “سلێمانی” بێم
“جه‌عفه‌ر په‌ناهی” له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا گوتی: به‌ داخه‌وه‌م که‌ وه‌ها نیه‌ و به‌ داخه‌وه‌م که‌ نه‌متوانی بۆ فێستیڤاڵی فیلمی “سلێمانی” بێم؛ به‌ڵام هه‌ر چۆنێک بێت، خۆشحاڵم که‌ هاوسه‌ره‌که‌م له‌وێیه‌ و به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ منه‌وه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ وه‌رده‌گرێت و ده‌مه‌وێت تکا بکه‌م که‌ به‌ڕێز “ئه‌مین جه‌عفه‌ری” به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتنی دوایین فیلمم “سێ رۆخ”، که‌ له‌م به‌ر‌هه‌مه‌دا، یه‌کجار یارمه‌تی دام، هاوسه‌ره‌که‌م هاوڕێیه‌تی بکات و هه‌روه‌ها “شادمێهر راستین” که‌ له‌ زۆربه‌ی فیلمه‌کانمدا به‌ جۆرێک راوێژکاری من و یار و یارمه‌تیده‌ری من بووه‌؛ ئه‌م خه‌ڵاته‌ له‌ لایه‌ن من وه‌ربگرن، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵاتێک به‌ شانازییه‌کانی سینه‌مای ئێران زیاد بێت. سوپاسی ئێوه‌ ده‌که‌م و ئومێد ده‌خوازم له‌ کاره‌که‌تاندا سه‌رکه‌وتوو بن.

مه‌نسوور جیهانی




فیلمە سینەماییەکانی پێشبڕکێی سەرەکی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سلێمانی دیاریکران


مەنسوور جیهانی

فیلمە سینەماییەکانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “سینەمای جیهان” واتە بەرهەمە نێونەوتەوەیی و نەتەوەییەکانی سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی دیاریکران.

ناوی 16 فیلمی بڵندی سینەمایی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “سینەمای جیهان” واتە بەرهەمە نێونەوتەوەیی و نەتەوەییەکان لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی Slemani دیاریکران، کە بریتین لە: فیلمی سینەمایی “سە رخ” واتە “سێ سیما” Three Faces لە دەرهێنانی “جەعفەر پەناهی” Jafar Panahi لە وڵاتی ئێران، فیلمی سینەمایی “بدون تاریخ، بدون امزا” واتە “بێ مێژوو، بێ واژۆ” No Date، No Sign لە دەرهێنانی “وەحید جەلیلوەند” Vahid Jalilvand لە وڵاتی ئێران، فیلمی سینەمایی “گوڵ نسا” GOLNESA لە دەرهێنانی “سەتار چەمەنی گوڵ” Sattar Chamani Gol لە وڵاتی ئێران، فیلمی سینەمایی “ئەوپەڕیی هەورەکان” Beyond The Clouds لە دەرهێنانی “مەجید مەجیدی” Majid Majidi لە وڵاتی هیندستان، فیلمی سینەمایی “دزەکانی دووکان” Shoplifters لە دەرهێنانی “هیرۆکازۆ کورئیدا” Hirokazu Kore-eda لە وڵاتی ژاپۆن، فیلمی سینەمایی “داری هەرمییە وەحشییەکە” The Wild Pear Tree لە دەرهێنانی “نووری بیلگە جەیلان” Nuri Bilge Ceylan لە وڵاتی تورکیا، فیلمی سینەمایی “ماگ” MUG لە دەرهێنانی “ماڵگورزاتا سزوموسکا” Małgorzata Szumowska لە وڵاتی پۆڵەندا، فیلمی سینەمایی “خراپی پوکی تۆکیۆ” BAD POETRY TOKYO لە دەرهێنانی “ئانشول چۆهان” Anshul Chauhan لە وڵاتی ژاپۆن، فیلمی سینەمایی “سێ چوارەم” 3/4 لە دەرهێنانی “ایلیان موتیف” Ilian Metev لە وڵاتی هەنگاریا، فیلمی سینەمایی “وەرگێڕ” THE INTERPRETER لە دەرهێنانی “ماڕتین شۆلیک” Martin Šulík بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئسلۆڤاکیا، کۆماری چێک و ئوستوڕاڵیا، فیلمی سینەمایی “هەتاو” THE SOWER لە دەرهێنانی “مارینە فرانسیس” Marine Francen لە وڵاتی فەڕەنسا، فیلمی سینەمایی “ژیانی بێوێنەی نەدا کدیک” The Chaotic Life of Nada Kadic لە دەرهێنانی “مارتا هرنایز پیدال” Marta Hernaiz Pidal لە وڵاتی ئەڵمانیا، فیلمی سینەمایی “شیری بەبر” TIGER MILK لە دەرهێنانی “ئۆتە ویلەند” Ute Wieland لە وڵاتی ئەڵمانیا، فیلمی سینەمایی “یەکیک لەم ڕۆژانە” ONE OF THESE DAYS لە دەرهێنانی “نەدیم تابێت” Nadim Tabet لە وڵاتی لوبنان، فیلمی سینەمایی “14 تێرمە” 14 July لە دەرهێنانی “هاشم ئایدەمیر” Hashim Aydemir لە وڵاتی تورکیا و هەروەها فیلمی سینەمایی “کچانی هەتاو” Girls of the Sun لە دەرهێنانی “ئێڤا هۆسۆن” Eva Husson لە وڵاتی فەڕەنسا.

سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە لایەن کۆمپانیای سنەمایی “مەستی فیلم” بە بەڕێوەبەرایەتی “فوئاد جەلال” بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی،
“مەلا بەختیار” سەرۆکی بەشی پشتیوانی ئەم فێستیڤاڵە و لە کەسایەتییە بەرچاوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، “دانەر عومەر فارس” بەڕێوەبەری هونەریی و “لینا ڕەزا” بەڕێوەبەریی بەرنامەدانانی فێستیڤاڵ و هەروەها بە یارمەنی “نێچیرڤان بارزانی” سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان و دایرەی گشتیی رۆشنبیری و لاوانی پاریزگای سلێمانی و بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: بەرهەمی ساڵەکانی 2017 و 2018 لە دوو بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” (نێودەوڵەتی) لەوانە: بەرهەمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکانی دیکۆمێنتاریی، ئەنیمەیشن و ئەزموونی و بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی” لەوانە: بەرهەمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکانی دیکۆمێنتاریی، ئەنیمەیشن و ئەزموونی و هەروەها کردنەوەی ڤۆرکشۆپی پسپۆڕانەی سینەمایی و چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی پسپۆڕانە لە رۆژانی 10 تا 16ی ئۆکتۆبەری 2018 لە 5 هۆڵی “سیتی سینەما”، سینەما “سالم” و تەلاری “هونەر” لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە 14 خەڵات، لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵیندەکانی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی” خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین سیناریۆ، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین مونتاژ و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بە هەڵبژێردراوان پێشکەش دەکرێت و لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی”یشدا خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بە براوەکان دەبەخشرێت. لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی “مەستی فیلم”یش خەڵاتێک بە باشترین سیناریۆ پێشکەش دەکرێت و بە بەرهەمهێنانی ئەم کۆمپانیا سینەماییە، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی داهاتوودا دەکرێتە فیلم و هەروەها 4 خەڵاتی تایبەت لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی “مەستی فیلم” بە 4 کەسایەتیی ناودار پێشکەش دەکرێت.

هەر لەم خولەی فێستیڤاڵیشدا، خەڵاتی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “تەها کەریمی” بکە لە مانگی خەرمانانی ساڵی 2013 لە شاری سلێمانی بە هۆی ڕووداوی ترۆمبێلەوە کۆچی دوایی کرد، لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بە فیلمسازێک پێشکەش دەکرێت.

—————————–
بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.slemanifest.com/world-cinema/

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی.




ئه‌بولفه‌زل جه‌لیلی: ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازیی ده‌بێ خه‌باتی سینه‌ما فێری مێرمنداڵان بکات

مه‌نووچێهر جیهانی ـ “ئه‌بولفه‌زل جه‌لیلی” ده‌رهێنه‌ری سینه‌مای ئێران گوتی: مێرمنداڵان له‌ کۆڕه‌کانی فێرکاریدا وه‌کوو ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازی ده‌بێ خه‌باتی سینه‌ما فێر بن؛ نه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نیا چاوه‌ری به‌زمی ئه‌م هونه‌ر و سه‌نعه‌ته‌ بن.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی‌ویه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، “ئه‌بولفه‌زل جه‌لیلی” که‌ ده‌رهێنانی فیلم گه‌لێکی زۆری بۆ مێرمنداڵان ئه‌نجام داوه‌؛ سه‌باره‌ت به‌ سازدانی ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازی مێرمنداڵان که‌ له‌ به‌شی لاوه‌کیی سی‌ویه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، گوتی: زاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازی بۆ میرمنداڵان باشه‌، به‌ڵام ده‌بێ ده‌رکه‌وتی ئه‌م خولانه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکرێت.

جه‌لیلی که‌ پێی وایه‌ له‌و بارودۆخه‌ی ئێستادا هیچ چه‌شنه‌ فێرکاریی تیۆریک یا به‌کرده‌وه‌یی سینه‌ما به‌که‌ڵک نابێت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ سێبه‌ری ئه‌ودا مێرمنداڵان ئه‌خلاق و ناسیاوه‌تی پێکه‌وه‌ فێر بن، رایگه‌یاند: به‌ بڕوای من، ئه‌وه‌ی که‌ سینه‌مای ئه‌مڕۆ پێویستی پێیه‌تی، زیاتر له‌ فێرکاری، ئه‌خلاق و ناسیاوه‌تی په‌یدا کردنه‌ که‌ من هیوا ده‌خوازم وه‌ها رووداوێک له‌ ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازیشدا که‌ تایبه‌ته‌ به‌ مێرمنداڵان بێته‌ ئاراوه‌.

ده‌رهێنه‌ری فیلمی “گال” رایگه‌یاند: به‌م پێناسه‌یه‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازیی مێرمندالان ئه‌گه‌ر له‌ پێناو جێکه‌وتنی بابه‌ت و ناوه‌رۆکی سینه‌ما به‌ مانای ژیان به‌خشین له‌ چوارچێوه‌ی هونه‌ری وێنه‌ییدا بێت، به‌که‌ڵک ده‌بێت. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا ده‌بێ بۆ په‌یدا کردنی باشترین و به‌که‌ڵکترین که‌سه‌کان بۆ سینه‌ما له‌ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌کانی ئێران به‌هره‌کان بدۆزرێته‌وه‌.

جه‌لیلی له‌ درێژه‌دا جه‌ختی کرده‌وه‌: هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دۆزینه‌وه‌ی به‌هرانه‌ کاری یه‌ک خول یا دوو خول له‌ به‌ڕێوه‌چوونی رووداوێکی سینه‌مایی نیه‌؛ به‌ڵکوو کاتێکی زۆر ده‌خایه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بتوانرێت له‌ ناوچه‌ جۆراوجۆره‌کانی وڵاته‌وه‌ باشترینه‌کان هه‌ڵبژێردرێت، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌ که‌ له‌ درێژایی هه‌مووی ئه‌م ساڵانه‌ بۆ وێنه‌ هه‌رگیز یه‌ک ئه‌کته‌ر یا ده‌رهێنه‌ری تورکه‌مه‌ن یا به‌لووچ که‌ سامانه‌کانی خۆماڵی و فه‌رهه‌نگیی خۆی به‌ خه‌ڵکی بناسێنێت، نه‌مانبووه‌ و من ئیومێد ده‌خوازم ئه‌م ئه‌رکه‌ گرینگه‌ له‌ رێگای ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازیی مێرمنداڵانه‌وه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تای رێگایه‌، روو بدات.

“ئه‌بولفه‌زل جه‌لیلی” له‌ کۆتایی قسه‌کانیدا به‌ ئاماژه‌دان به‌و بابه‌ته‌ی که‌ ده‌بێ خه‌بات و ره‌زمی سینه‌ما به‌ مێرمنداڵان و تامه‌زرۆیانی هاتنه‌ ناو ئه‌م پیشه‌یه‌ فێر بکرێت، گوتی: روانگه‌ی زۆربه‌ی بینه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ستێنی سینه‌ما بۆ ئه‌م هونه‌ر‌ و پیشه‌یه‌، به‌زم و خۆشیی ئه‌م پیشه‌یه‌یه‌، له‌ حاڵێکدا وه‌ها نیه‌ و سینه‌ما به‌ ته‌واوه‌تی ره‌زم و خه‌باته‌؛ خه‌باتێک که‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامی شیاو و گونجاو هه‌وڵ ده‌دات. هه‌ر له‌م رووه‌شه‌وه‌ له‌ کۆڕه‌کانی فێرکاریدا وه‌کوو ئۆڵه‌مپیادی فیلمسازی ده‌بێ خه‌باتی سینه‌ما فێری مێرمنداڵان بکرێت.




فیلمی ده‌رهێنه‌ری مه‌هابادی له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی منداڵان و مێرمنداڵان وه‌رگیرا

مه‌نووچێهر جیهانی ـ فیلمی چیرۆکیی “ئیستادیۆم” له‌ ده‌رهێنانی که‌یوان فه‌هیمی ده‌رهێنه‌ری کورد و وانه‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی مه‌هاباد له‌ سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران وه‌رگیرا.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، کورته‌ فیلمی چیرۆکیی “ئیستادیۆم” له‌ ده‌رهێنانی که‌یوان فه‌هیمی و له‌ به‌رهه‌مێنانی سه‌میرا مه‌رزبان، که‌یوان فه‌هیمی و “شارۆ فیلم” له‌گه‌ڵ 10 کورته‌ فیلمی دیکه‌ له‌ سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران رکابه‌ری ده‌کات. ئه‌م کورته‌ فیلمه‌ به‌ ماوه‌ی 15 خوله‌ک به‌سه‌رهاتی کوڕێکی مێرمنداڵ ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ بۆ رۆیشتنی بۆ ئیستادیۆمی یاریگای تۆپی پێ له‌ ماشێنه‌که‌ی باوکیدا خۆی ده‌شارێته‌وه‌، به‌ڵام باوکی ناچێت بۆ یاریگا و تووشی به‌سه‌رهاتێکی دیکه‌ ده‌بێت.

که‌یوان فه‌هیمی خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ری ده‌رهێنانی شانۆ و وانه‌بێژی کارگه‌ی فیلمسازیی شێوازی ئه‌زموونی له‌ ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی ئێران نووسینگه‌ی مه‌هاباد که‌ چالاکی خۆی له‌ ساڵی 1997 به‌ ئاماده‌کردنی کورته‌ فیلم له‌ ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی مه‌هاباد ده‌ست پێکرد و به‌رهه‌مهێنانی 6 کورته‌ فیلمی چیرۆکی له‌ کارنامه‌ی خۆیدا هه‌یه‌.

ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی ئێران نووسینگه‌ی مه‌هاباد یه‌کێکه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ چالاکه‌کان له‌ بواری فیلم چێکردن و کاروباری سینه‌مایی به‌ ئه‌زموونی 32 ساڵ له‌ شاری مه‌هاباد له‌ ناوچه‌ی موکریان له‌ باشووری پارێزگای ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا.

سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” له‌ رۆژانی 8 تا 14ی مانگی خه‌رمانانی 1397ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.




کچانی شیناوێ میوانی تایبه‌تی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵانی ئیسفه‌هانن

مه‌نووچێهر جیهانی ـ “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” ده‌بیر و به‌رپرسی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌ کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ وێڕای ئاماژه‌دان‌ به‌ به‌رپرسایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی فێستیڤاڵ و به‌شداریی گروپه‌ تایبه‌ته‌کان له‌م رووداوه‌دا رایگه‌یاند: کچانی خه‌ڵکی شیناوێ که‌ به‌ هۆی رووداوی تاڵی ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ی قوتابخانه‌که‌یان ئه‌ندامانی جه‌سته‌یان سووتا، بۆ فێستیڤاڵی سی و یه‌که‌م بانگهێشت کراون.

هه‌روه‌ها منداڵانی ناوچه‌ی‌ بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوی سه‌رپێڵی زه‌هاو که‌ بۆ خۆیان فیلمیان ئاماده‌ کردووه‌ و له‌ به‌شی ئۆڵه‌مپیاد به‌شداریان کردووه‌، له‌ فێستیڤاڵی ئه‌مساڵدا بانگهێشت کراون.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” ده‌بیر و به‌رپرسی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌ کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌دا که‌ به‌ ئاماده‌بوونی “سه‌ید ئه‌حه‌د میکائیل زاده‌” به‌رپرسی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌کان و راگه‌یاندنی فێستیڤاڵ و به‌ به‌شداریی په‌یامنێران و نوێنه‌رانی ده‌زگاکانی راگه‌یاندن و ئاژانسه‌کانی هه‌واڵنێری له‌ هۆڵی سینه‌ما فیرده‌وس له‌ مۆزه‌خانه‌ی سینه‌مای ئێران له‌ شاری تاران به‌ڕێوه‌چوو، گوتی: به‌ رێژه‌ی 420 به‌رهه‌م له‌ 70 وڵاتی جیهان و 378 به‌رهه‌م له‌ ئێران خوازیاری به‌شداری کردن له‌ فێستیڤاڵی فیلمه‌کانی منداڵانی ئێران بوونه‌. ئه‌وه‌ی که‌ بنه‌ماڵه‌ی چکۆله‌ی سینه‌ما باری جیدی به‌رپرسایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مڕۆی له‌سه‌ر شانه‌، زۆر باشه‌ و هه‌روه‌ها رێز و سوپاسی خۆی ئاراسته‌ی به‌رده‌نگه‌کان له‌به‌ر هاوڕێیه‌تیان له‌گه‌ڵ فێستیڤاڵه‌که‌ کرد. فێستیڤاڵی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئێران ده‌چێته‌ ده‌یه‌ی چواره‌می چالاکییه‌کانی خۆی و بۆ ئه‌مساڵ به‌دواوه‌ رێککه‌وتننامه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی نووسرا بۆ ئه‌وه‌ی که‌ نیگه‌رانی و په‌رۆشی له‌ جێگۆڕکێی فێستیڤاڵ له‌ ئیسفه‌هان بۆ شارێکی دیکه‌ نه‌مێنێت و ئه‌م فێستیڤاڵه‌ به‌ شێوه‌ی سه‌قامگیر له‌ شاری ئیسفه‌هان بمێنێته‌وه‌.

“عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌مساڵ کارنامه‌ی سینه‌مای منداڵان و مێرمنداڵان لێکدانه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت. سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ شانازییه‌کی زۆری له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌روه‌ی وڵاتدا به‌ده‌ستهێناوه‌ و پێویست بوو که‌ به‌ تایبه‌ت له‌مساڵدا به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌و به‌ربه‌سته‌ دارایی و ماڵیانه‌ی که‌ هه‌یه‌، چه‌ند هێما و سه‌مبولمان ناساندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ فێستیڤاڵ به‌ جۆش و خرۆش و شادییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بچێت. دابین کردنی شادی و دڵخۆشی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کوو یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانی به‌ڕێوه‌چوون و به‌م دروشمه‌ که‌ منداڵان و مێرمنداڵان سه‌رمایه‌کانی سه‌ره‌کیی سینه‌مان.

ده‌بیر و به‌رپرسی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌ درێژه‌ی ئه‌م کۆنگره‌یه‌دا به‌ ئاماژه‌دان به‌ به‌رجه‌سته‌ کردنه‌وه‌ی پرسی ده‌وری سینه‌ما له‌ پێشگیری کردنی ئازاردانی منداڵ رایگه‌یاند: چه‌ند فیلمێک سه‌باره‌ت به‌ پرسی ئازاردانی منداڵ و رێکاره‌کانی بنه‌ماڵه‌کان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌ ناحه‌ز و نه‌شیاوه‌ و پێگه‌ی داموده‌زگاکان له‌ داڕشتن و ئاماده‌کردنی پێکهاته‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م کێشه‌یه‌ له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵدا نمایش ده‌کرێت. به‌ بڕوای من پێویسته‌ ئه‌م پرسه‌ وه‌کوو به‌رپرسایه‌تییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ فێستیڤاڵدا به‌رجه‌سته‌ بێته‌وه‌ و فیلمی “ژووری تاریک” به‌رهه‌می “روحوڵڵا حیجازی” که‌ سه‌باره‌ت به‌ منداڵ و بابه‌تی ئازاردانی منداڵه‌ ده‌توانێت له‌م بواره‌دا کاریگه‌ر بێت و له‌ فێستیڤاڵدا بخرێته‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

“عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” به‌ جه‌خت کردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دابین کردنی جۆش و خرۆش و شادی کۆمه‌ڵایه‌تی دوابه‌دوای نمایش کردنی فیلمه‌کانی سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌سه‌ر ئاستی 31 پارێزگای وڵاتی ئێران و 2 ناوچه‌ی سه‌ربه‌ستی بازرگانی و ئابووری رایگه‌یاند: به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵ له‌ وه‌رزی هاوین و به‌رپرسایه‌تی کۆمه‌لایه‌تی فێستیڤاڵ له‌مه‌ڕ وه‌دیهێنانی جۆش و خرۆش و شادی و دڵخۆشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ هه‌موو پارێزگاکانی ئێراندا فیلمه‌کانی منداڵان نمایش ده‌کرێن، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ به‌شی منداڵان و مێرمنداڵانی پارێزگاکانی دیکه‌ش‌ له‌ سینه‌مادا فه‌رامۆش نه‌کرێت.

سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” له‌ رۆژانی 8 تا 14ی مانگی خه‌رمانانی 1397ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.




سینه‌مای “پووران دره‌خشه‌نده”‌ له‌سه‌ر پرسه‌کانی منداڵان وردبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌

مه‌نسوور جیهانی ـ “پووران دره‌خشه‌نده‌” خانمه‌ ده‌رهێنه‌ری ناسراوی سینه‌مای کوردستان به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی هۆگری و که‌ڵکه‌ڵه‌ی خۆی، به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر پرسه‌کانی تایبه‌تی منداڵان و مێرمنداڵان، هه‌وڵ ده‌دات ده‌لاقه‌یه‌کی نوێ بۆ نزیک بوونه‌وه‌ به‌وان په‌یدا بکات.

“پووران دره‌خشه‌نده‌” له‌ زومره‌ی یه‌که‌مین ئافره‌تانی سینه‌ماکاری سینه‌مای دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران ناوزه‌د کراوه‌ که‌ که‌ڵکه‌له‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی ئه‌و له‌ بیر و هزری هونه‌ری و سینه‌ماییه‌که‌ی پڕره‌نگتره‌ و له‌ چێکردنی به‌ڵگه‌فیلمه‌وه‌ هاتۆته‌ نێو بواری ئاماده‌کردنی فیلمی سینه‌مایی.

دره‌خشه‌نده‌ که‌ 11 فیلمی بڵیندی سینه‌مایی درامی و چه‌ندین کورته‌ فیلم و به‌ڵگه‌فیلمی له‌ کارنامه‌ی هونه‌ریی خۆیدا هه‌یه‌، زیاتر له‌ هه‌ر شتێک له‌به‌ر ئه‌و هۆگری و که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌ی که‌ به‌ پرس و بابه‌ته‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان و چین و توێژه‌ لاوازه‌کان و که‌مئه‌ندامانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌ کۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌، جێگای سه‌رنجه‌ و زۆربه‌ی رێکخراوه‌کان و داموده‌زگاکانی په‌یوه‌ندیداریش له‌به‌ر چالاکییه‌کانی رێزیان له‌و گرتووه‌. کێشه‌ و گیر و گرفته‌کانی ‌بنه‌ماڵه‌کان و گه‌نج و لاوان به‌شێکی دیکه‌ له‌و ئارێشه‌ و ناکۆکیانه‌یه‌ که‌ دره‌خشه‌نده‌ وه‌کوو مه‌به‌ست و ناوه‌رۆکی سه‌ره‌کیی فیلمه‌کانی له‌وانه‌ که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه‌، گیرۆده‌بوون به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان، بێکاری و نه‌خۆشی ئایدز، به‌شێک له‌ کێشه‌ و گیر و گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێران بووه‌ و هه‌یه‌ که‌ “پووران دره‌خشه‌نده‌” به‌ باشی ئه‌وانه‌ی ناسیوه‌ و کردوویه‌تی به‌ چیرۆک و فیلمی سینه‌مایی.

“پووران دره‌خشه‌نده‌” ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ری ته‌له‌ڤیزیۆن و سینه‌ما، ساڵی 1951ی زایینی له‌ شاری کرماشان هاته‌ دونیا. ئه‌و ده‌رچووی به‌شی سینه‌ما له‌ لقی ده‌رهێنان له‌ قوتابخانه‌ی باڵای ته‌له‌ویزیۆن و سینه‌ما له‌ ساڵی 1975 و خاوه‌نی له‌وحه‌ی شانازیی پله‌ یه‌کی هونه‌ری هاوسه‌نگی بڕوانامه‌ی دکتۆڕا له‌ وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێرانه‌.

دره‌خشه‌نده‌ ده‌رهێنانی به‌ڵگه‌فیلمه‌کانی وه‌کوو؛ “پیشه‌ ده‌ستییه‌کانی ئێران”، “موسیقای ناوچه‌کانی ئێران”، “تاعوون” (له‌ ساڵی 1975 سه‌باره‌ت به‌ نه‌خۆشیی تاعوونی ساڵی 1949ی زایینی له‌ کوردستان)، “چوارشه‌مه‌ی کۆتایی” (له‌ ساڵی 1976 سه‌باره‌ت به‌ چوارشه‌مه‌ سووری)، “کانییه‌کانی ئاوی کانزایی رێگای هه‌راز” (له‌ ساڵی 1979ی زایینی)، “ته‌وژم، به‌ڕماڵ، راخه‌ری نوێژ” (له‌ ساڵی 1979ی زایینی)، “چه‌رخه‌کان ده‌سووڕێن” (له‌ ساڵه‌کانی 1960 و 1961ی زایینی سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌کانی هه‌ڵاوسانی ئابووری و داخرانی کارگه‌کان به‌ تایبه‌ت ئێران ناسیۆناڵ)، “کۆڵانی بستراو”، “بڵووغ” و “شه‌وکه‌ران” (له‌ ساڵه‌کانی 1970 تا 1972ی زایینی سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌ی گیرۆده‌بوون به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان له‌ ئافره‌تان، پیاوان و منداڵان له‌ ئێران و پرسی قاچاخ کردنی ماده‌ سڕه‌که‌ره‌کان و رێگاکانی به‌رگریی کردن لێی)، “به‌بری دۆڵی ئه‌وین”، “کانییه‌کانی دۆڵی سه‌نگستان”، “شه‌وبۆ له‌ رۆژئاوا تا رۆژئاوا”، “ره‌سووڵ هێرکووڵی بچکۆله‌”، “ملوانکه‌یه‌ک له‌ قاسیده‌ک بۆ خۆشک” و “6 بووک بۆ ئامینه‌”ی له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌.

دره‌خشه‌نده‌ چالاکیی سینه‌مایی خۆی وه‌کوو یه‌که‌مین سینه‌ماکاری ئافره‌ت له‌ دوای شۆڕشی ئێران به‌ فیلمی سینه‌مایی “په‌یوه‌ندی” له‌ ساڵی 1985ی زایینی ده‌ست پێکرد و پاشان “باڵنده‌ی چکۆله‌ی به‌خته‌وه‌ری” (له‌ ساڵی 1987ی زایینی)، “تێپه‌ڕین له‌ ته‌پوتۆز” (له‌ ساڵی 1987ی زایینی)، “کاتی له‌ ده‌ست چوو” (له‌ ساڵی 1989ی زایینی)، “ئه‌وینی بێ سنوور” (له‌ ساڵی 1997ی زایینی)، “مۆمێک له‌ بادا” (له‌ ساڵی 2001ی زایینی)، “خه‌ونی خووساو” (له‌ ساڵی 2005ی زایینی)، “منداڵانی ئه‌به‌دی” (له‌ ساڵی 2006ی زایینی)، “بیست” (له‌ ساڵی 2007ی زایینی وه‌کوو به‌رهه‌مهێنه‌ر)، “فیلمی ته‌له‌ویزیۆنی پیشه‌ییه‌کان” (له‌ ساڵی 2008ی زایینی)، “ئه‌و خه‌ونانه‌ی که‌ درێژه‌یان هه‌یه‌” (له‌ ساڵی 2009ی زایینی)، “فیلمی ته‌له‌ڤیزیۆنی گوڵبه‌هار” (له‌ ساڵی 2011ی زایینی وه‌کوو به‌رهه‌مهێنه‌ر)، “بێده‌نگ! … کچه‌کان هاوار ناکه‌ن” (له‌ ساڵی 2012ی زایینی) و “له‌ژێرمیچی دووکه‌ڵاویدا” (له‌ ساڵی 2016ی زایینی) له‌ کارنامه‌ی سینه‌مایی خۆیدا تۆمار کردووه‌.

“پووران دره‌خشه‌نده‌” ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌کانی سینه‌ماکارانی ئافره‌تی ئه‌مه‌ریکا (WIF)، ده‌رهێنه‌ره‌ سه‌ربه‌خۆکانی ئه‌مه‌ریکا (IFP) و هه‌روه‌ها ناوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی یونێسکۆ (CIFEJ)یه. ‌

ئه‌و له‌ ماوه‌ی ساڵانی کار و چالاکیی خۆیدا چه‌ندین شانازی زۆری به‌ ده‌ستهێناوه‌ له‌وانه‌؛ خه‌ڵاتی “په‌پووله‌ی زێڕین”ی باشترین ده‌رهێنانی فیلمی بڵێند له‌ بیست و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان، خه‌ڵاتی “مه‌شغه‌ڵی زێڕین” له‌ دووهه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی نابه‌رپرسیاره‌کان له‌ کۆریای باشوور بۆ فیلمی “باڵنده‌ی چکۆله‌ی به‌خته‌وه‌ری”، “دیپلۆمای شانازی” له‌ سێهه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی “ئافره‌تان”ی ئه‌رژه‌نتین بۆ فیلمه‌کانی “باڵنده‌ی چکۆله‌ی به‌خته‌وه‌ری” و “کاتی له‌ ده‌ست چوو”، “له‌وحه‌ی زێڕینی باشترین فیلم و دیپلۆمای شانازی” باشترین ده‌رهێنان له‌ شه‌شه‌مین فێستیڤاڵی فیلمی فه‌جر بۆ فیلمی “باڵنده‌ی چکۆله‌ی به‌خته‌وه‌ری” له‌ ساڵی 1987ی زایینی و ته‌ندیسی باشترین فیلم له‌ روانگه‌ی بینه‌ران بۆ “بێده‌نگ! … کچه‌کان هاوار ناکه‌ن” له‌ سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فه‌جر.

دره‌خشه‌نده‌ له‌ ده‌گمه‌ن سینه‌ماکارانی ئافره‌ته‌ که‌ له‌ ده‌یه‌ی 1980ی زایینی هاته‌ ئه‌م بواره‌‌ و ره‌نگدانه‌وه‌ی پرس و بابه‌ته‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان تایبه‌ت به‌ تێڕوانینی تێکه‌ڵاو به‌ هه‌ست ره‌نگه‌ بتوانرێ خاڵێکی دیار و به‌رچاوی داهێنانی هاوبه‌شی فیلمه‌کانی بزانرێت. زیاتر له‌ هه‌ر شتێک که‌ڵکه‌ڵه‌ی پرس و بابه‌ته‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان له‌ لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌وه‌ و له‌ ریزی خاڵی داهێنه‌رانه‌ی هاوبه‌شی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و دێته‌ ئه‌ژماردن. ئه‌و له‌ زومره‌ی ئه‌و ده‌گمه‌ن ده‌رهێنه‌رانه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵ هه‌بوونی هه‌موو پشت گوێ خستنه‌کان و سه‌رنج نه‌دان و به‌ربه‌سته‌کان بۆ‌ ژانری منداڵ و مێرمنداڵ؛ هێشتا هه‌ر له‌م بواره‌دا چالاکی ده‌کات.

دره‌خشه‌نده‌ به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر پرس و بابه‌ته‌کانی تایبه‌تی منداڵان و مێرمنداڵان هه‌وڵ ده‌دات، ده‌لاقه‌یه‌کی نوێ بۆ نزیک بوونه‌وه‌ به‌م چینه‌ خه‌سار پێگه‌یشتووه‌ی کۆمه‌ڵگا په‌یدا بکات که‌ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م سینه‌ماکاره‌، بۆ خۆیان به‌ چه‌شنێک تایبه‌تتریش ده‌بن. ئه‌و له‌ ئه‌ژمارێکی به‌رچاوی به‌رهه‌مه‌کانیدا باسی‌ که‌ند و کۆسپه‌کان و گیر و گرفته‌کانی ئه‌و منداڵان و مێرمنداڵانه‌ ده‌کات که‌ له‌ ئێش و ئازاری زه‌ین و مێشک و جه‌سته‌یان ره‌نج ده‌به‌ن.

سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” له‌ رۆژانی 8 تا 14ی مانگی خه‌رمانانی 1397ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.




بێهرووز غه‌ریب پوور: دوای فیلمی “ده‌وه‌نده‌” ئه‌زموونی رێگایه‌کی دیکه‌م له‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا کرد

مه‌نووچێهر جیهانی ـ “بێهرووز غه‌ریب پوور” ده‌رهێنه‌ری ناوداری سینه‌ما و شانۆی بووکه‌ڵه‌ی کوردستان و ئێران سه‌باره‌ت به‌ ئه‌زموونه‌کانی له‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا رایگه‌یاند: له‌ دوای فیلمی سینه‌مایی “ده‌وه‌نده‌” واته‌ “ڕاکه‌ر” ئه‌زموونی رێگایه‌کی دیکه‌م له‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا کرد.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی گشتیی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران؛ “بێهرووز غه‌ریب پوور” نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری به‌ئه‌زموونی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئێران سه‌باره‌ت به‌ ئه‌زموونه‌کانی چالاکیی خۆی له‌م بواره‌دا گوتی: به‌ر له‌ نووسینی سیناریۆی فیلمی سینه‌مایی “ده‌وه‌نده‌” واته‌ “ڕاکه‌ر”، چه‌ندین بیرۆکه‌ی جۆراوجۆرم بۆ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ هه‌بوو، به‌ڵام سیناریۆی “ده‌وه‌نده‌”م که‌ نووسی، ئه‌زموونی رێگایه‌کی دیکه‌شم په‌یدا کرد.
ئه‌و سینه‌ماکاره‌ کورده‌ هه‌روه‌ها گوتی: له‌ درێژه‌ی کاره‌که‌مدا چه‌ندین سیناریۆی جۆراوجۆرم سه‌باره‌ت به‌ منداڵ و مێرمنداڵ نووسی که‌ یه‌کێک له‌وانه‌ سیناریۆی “ئورده‌ک لی” بوو که‌ بنکه‌ی هزریی بارهێنانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ئاماده‌ نه‌بوو له‌سه‌ری سه‌رمایه‌گوزاری بکات و پاشان له‌ دوای بیست و پێنج ساڵ چاوه‌ڕوانی، ساڵی پار ئه‌و فیلمه‌م ساز کرد.

غه‌ریب پوور له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا وه‌بیری هێنایه‌وه‌: هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی “کارئاگای 2” و فیلمی سینه‌مایی “ته‌نبه‌ڵی پاڵه‌وان”م دروست کرد که‌ فیلمی دووهه‌م ته‌نیا رێزی لێگیرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ بۆ منداڵان به‌رهه‌م هێنرابوو، نه‌ ره‌خنه‌گران. ره‌خنه‌گرێک ئه‌و فیلمه‌ی له‌گه‌ڵ فیلمی سینه‌مایی “حه‌سه‌ن که‌چه‌ڵ”ی خودالێخۆشبوو “عه‌لی حاته‌می” ده‌رهێنه‌ری ناسراوی سینه‌مای ئێران به‌راوه‌رد کرد و به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتبوو که‌ من نه‌متوانیوه‌ فیلمێکی وه‌کوو ئه‌و دروست بکه‌م. له‌ حاڵێکدا ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌رنجی بدایه‌، تێده‌گه‌یشت که‌ به‌رده‌نگی فیلمی “حه‌سه‌ن که‌چه‌ڵ” هه‌ر منداڵان نین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سیناریۆی “ته‌نبه‌ڵی پاڵه‌وان” له‌ ساڵێ 2000ی زایینی له‌ ریزی باشترین به‌رهه‌مه‌ چاپکراوه‌کانی منداڵ و مێرمنداڵ ناسێندرا.

“بێهرووز غه‌ریب پوور” له‌ وڵامی ئه‌وه‌ی که‌ هۆکاری کزبوونی رێژه‌یی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ له‌ دوای سه‌رده‌می زێڕینی ده‌یه‌کانی 1980 و 1990ی زایینی له‌ چ هۆکارگه‌لێکدا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، رایگه‌یاند: به‌ڕێوه‌به‌ری فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌ سه‌ره‌تادا بنکه‌ی هزریی بارهێنانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بوو، به‌ڵام له‌ دوای شۆڕشی ئێران، دامه‌زراوه‌ی سینه‌مایی فاڕابی به‌رپرسایه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرت.
سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” له‌ رۆژانی 8 تا 14ی مانگی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.




عه‌باس کیارۆسته‌می به‌ به‌رهه‌مه‌کانی گرینگی سه‌رنجدان و بارهێنانی فه‌رهه‌نگیی نه‌وه‌ی نوێی مسۆگه‌ر کرد

مه‌نووچێهر جیهانی ـ “عه‌باس کیارۆسته‌می” به‌ به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌کانی وه‌کوو “موسافیر” ، “ئه‌زموون” ، “باسی یه‌که‌م، باسی دووهه‌م” و … گرینگی سه‌رنجدان و بارهێنانی فه‌رهه‌نگیی نه‌وه‌ی نوێی ئێرانی له‌ چوارچێوه‌ی به‌ڵگه‌فیلم ـ فیلمی چیرۆکیدا مسۆگه‌ر کرد.
به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵه‌کانی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری که‌ منداڵان و مێرمنداڵان کۆمه‌ڵگه‌ی دیاریکراوی ئامانجی ئه‌و پێکبهێنن، ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆکه‌ وه‌کوو پێداویستییه‌ک وایه‌.
به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵه‌کانی تایبه‌ت به‌ فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان، ده‌توانێت وه‌کوو سه‌رمایه‌گوزارییه‌کی فه‌رهه‌نگی بۆ نه‌وه‌کانی دوایی کۆمه‌ڵگا سه‌رنجی پێبدرێت و هه‌ر به‌م هۆکاره‌، لێکدانه‌وه‌ی پێداویستیی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانیش گرینگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌ که‌ له‌ درێژه‌دا باسی لێوه‌ ده‌که‌ین.

له‌ دوای پێکهێنانی بنکه‌ی هزریی بارهێنانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌ ساڵی 1965ی زایینی سه‌رنجدان به‌ په‌روه‌رده‌ و بارهێنانی که‌م ته‌مه‌نترین چینی کۆمه‌ڵگا، زیاتر له‌ جاران گرینگی پێدرا، هه‌تا ئه‌و جێگایه‌ی که‌ ده‌رهێنه‌رێکی وه‌کوو “عه‌باس کیارۆسته‌می” به‌ به‌رهه‌م گه‌لێکی سینه‌مایی وه‌کوو “موسافیر” ، “ئه‌زموون” ، “باسی یه‌که‌م، باسی دووهه‌م” و … گرینگی سه‌رنجدان و بارهێنانی فه‌رهه‌نگیی نه‌وه‌ی نوێی ئێرانی له‌ چوارچێوه‌ی به‌ڵگه‌فیلم ـ فیلمی چیرۆکیدا مسۆگه‌ر کرد.
به‌ سه‌رکه‌وتن و گه‌یشتنی شۆڕشی ئیسلامیی گه‌لانی ئێران و گۆڕانکاریی پێکهاته‌یی که‌ له‌ سینه‌مای ئێراندا روویدا، سه‌رنجدان به‌ به‌رهه‌مهێنانی ناوه‌رۆک بۆ ئه‌و منداڵان و مێرمنداڵانه‌ی که‌ له‌ یه‌ک سه‌رده‌می تێپه‌ڕیوی فه‌رهه‌نگیدا بوون، وه‌کوو ریزبه‌ندیی یه‌که‌می فه‌رهه‌نگیی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێهات و له‌م ڕووه‌وه‌، به‌رپرسانی فه‌رهه‌نگی له‌ ساڵی 1982ی زایینی یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵ و مێرمنداڵیان به‌ڕێوه‌برد.

ئه‌م فێستیڤاڵه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئاشناکردنی کۆمه‌ڵگای دیاریکراوی ئامانجی خۆی له‌گه‌ڵ بایخه‌کانی فه‌رهه‌نگی ئێرانی ـ ئیسلامی، داب و نه‌ریت و ره‌سه‌نایه‌تییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا له‌ شاره‌ جۆراوجۆره‌کانی ئێران، وه‌کوو: ئیسفه‌هان، تاران، هه‌مه‌دان و کرمان به‌ڕێوه‌چووه‌ و ناوبژیوان و دادوه‌ره‌کانی له‌ سێ گروپی ته‌مه‌نی گه‌وره‌ساڵان، مێرمنداڵان و منداڵان هه‌ڵده‌بژێردرێن که‌ ئه‌م رووداوه‌، وێڕای هاوبه‌شی خواستن له‌ منداڵان و مێرمنداڵان و گرینگیدان به‌ بیر و بۆچوونی ئه‌وان، فه‌رهه‌نگی کاری گروپیی هاوبه‌ش و هه‌روه‌ها هاوکاریی کاریگه‌ری دانه‌ر له‌گه‌ڵ که‌سانی دیکه‌ش به‌ منداڵانی ئه‌مڕۆ و نه‌وه‌کانی سبه‌ی فێر ده‌کات و بۆ ئه‌وان له‌ وه‌رگرتن و ناسینی کۆمه‌ڵگادا ده‌ورێکی گرینگ و کاریگه‌ر ده‌گێڕێت.

له‌ راستیدا، ئه‌مڕۆ په‌ره‌سه‌ندنی که‌رسته‌گه‌لی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کان، ده‌ست پێڕاگه‌یشتنی ساده‌ و ئاسان به‌ رایه‌ڵه‌ ئاسمانییه‌کان و که‌ناڵه‌کانی مانگی ده‌ستکرد و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی له‌ راده‌به‌ده‌ری منداڵان له‌گه‌ڵ کارتۆنه‌ بیانییه‌کان که‌ به‌ستێنی کاریگه‌ریی وه‌رگرتن له‌ فه‌رهه‌نگی رۆژئاوایی له‌ ته‌مه‌نه‌کانی خواره‌وه‌ پێک ده‌هێنێت، وه‌کوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جیددی فه‌رهه‌نگی ده‌بێ خه‌سارناسی بکرێت. هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران که‌ شوێنێکه‌ بۆ ناسین و ناساندنی فه‌رهه‌نگی خۆماڵی و نه‌ته‌وه‌یی به‌ نه‌ونه‌مامانه‌، ئه‌مه‌ش ده‌توانێت وێڕای که‌م کردن و سڕینه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کانی بێگانه‌، وه‌کوو هه‌ل و بوارێک له‌ پێناو هاوکاریی فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری و ئاراسته‌کردن و فرۆشتنی به‌رهه‌م گه‌لی سینه‌مایی منداڵ و مێرمنداڵ به‌ وڵاته‌کانی دیکه‌ سه‌رنجی پێ بدرێت و ببێته‌ گه‌ره‌نتییه‌ک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی ئه‌م جۆره‌ به‌رهه‌م گه‌لی سینه‌مایی و ببێته‌ هۆی گه‌شه‌کردنی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی فیلمه‌کانی منداڵ و مێرمنداڵ.

به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵ و مێرمنداڵ ده‌توانێت به‌ستێنێک ئاماده‌ بکات بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌ده‌بیاتی چیرۆکیی کۆنی ئێمه‌ و ئه‌و چیرۆکه‌ به‌رده‌وامانه‌ی که‌ سینگ به‌ سینگ و نه‌وه‌ به‌ نه‌وه‌ له‌ رابردووه‌کانه‌وه‌ گێڕدراوه‌ته‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌یه‌کی داهێنه‌رانه‌، دراماتیک و به‌ شێوه‌ی وێنه‌یی فیلمی سینه‌مایی بگێردرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ منداڵان و مێرمنداڵانی کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی ئێران له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ندی رابردووه‌کانی خۆیان خوو بگرن؛ له‌ ئوستووره‌کان و پاڵه‌وانه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانی خۆیان سه‌مبول و هێما دروست بکه‌ن و بۆ بینینی کارتۆنه‌کان و ئه‌نیمه‌یشێنه‌ رۆژئاواییه‌کان که‌ زۆربه‌یان له‌ دژی بایخه‌کانی فه‌رهه‌نگی ئێرانی ـ ئیسلامییه‌، تامه‌زرۆیی و ده‌رفه‌تێک نه‌دۆزنه‌وه‌.
سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” له‌ رۆژانی 8 تا 14ی مانگی خه‌رمانانی 1397ی هه‌تاوی رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

“پووریا بێهرادکیان” ره‌خنه‌گر و کارناسی سینه‌ما




مریەم سەعادەت ئه‌کته‌ری ناسراوی سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆنی ئێران، سەبارەت بە سینەمای منداڵان


مریه‌م سه‌عاده‌ت: سینه‌ماکارانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ ده‌بێ روانگه‌ی خۆیان نوێ بکه‌نه‌وه
بۆچی له‌ بواری ئه‌نیمه‌یشێندا له‌ ئه‌ده‌بیاتی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئه‌فسانه‌ جوانه‌کان که‌ڵک وه‌رناگرین؟

مه‌نووچێهر جیهانی ـ “مریه‌م سه‌عاده‌ت” ئه‌کته‌ری ناسراوی سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆنی ئێران ده‌ڵێت: چاره‌نووسی فیلمه‌کانی منداڵان و ئه‌وه‌ی که‌ “بۆ منداڵ” به‌رهه‌م هێنراون، یا “سه‌باره‌ت به‌ منداڵ”ن دیار نیه‌.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان، “مریه‌م سه‌عاده‌ت” ئه‌کته‌ری ناسراوی سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆنی ئێران که‌ له‌ ساڵانی کار و چالاکیی خۆیدا له‌ سینه‌ما، شانۆ و ته‌له‌ڤیزیۆن له‌ بواری منداڵ و مێرمنداڵ، به‌رهه‌م گه‌لێکی دره‌وشاوه‌ی له‌ کارنامه‌ی خۆیدا تۆمار کردووه‌، له‌ وڵامی ئه‌وه‌ی که‌ نیاز و پێداویستیی سینه‌مای منداڵان و مێرمنداڵانی ئه‌مڕۆ چیه‌؟ رایگه‌یاند: له‌ سینه‌مادا ده‌بێ بۆ منداڵان ئه‌رزش و بایه‌خ دابندرێت و به‌ شێوه‌یه‌کی ساده‌ چاو له‌ نیازه‌کانیان نه‌کرێت. له‌ هه‌مان کاتیشدا قسه‌کان به‌ ساده‌یی بکرێن. منداڵان هه‌موو شتێک ده‌فامن و هه‌ر به‌م هۆیه‌ش ده‌بێ به‌ سه‌لیقه‌ و شیاو له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که‌ تێیداین، به‌رهه‌م ساز بکه‌ین.

ئه‌کته‌ری فیلمی “ئۆپه‌راسیۆنی باخچه‌ی ساوایان” به‌ ره‌خنه‌ گرتن له‌ روانگه‌ی نوێ نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که‌ له‌ بواری سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا کار ده‌که‌ن، درێژه‌ی به‌ قسه‌کانیدا گوتی: من کارگه‌لێکی زۆر له‌ بواری منداڵان و مێرمنداڵان له‌ ته‌له‌ڤیزیۆن و ته‌نانه‌ت شانۆدا ده‌بینم که‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ له‌ ده‌یه‌ی 50 تا 60ی کۆچی هه‌تاویدا وڵامده‌ری نیازی به‌رده‌نگی منداڵ و مێرمنداڵ بوونه‌. مه‌به‌ستم ناوه‌رۆکی ئه‌وانه‌ نیه‌، به‌ڵام له‌م رۆژگاره‌دا که‌ منداڵان ئه‌نیمه‌یشێن گه‌لی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ده‌بینن، بینینی کارگه‌لێک که‌ ریتمێکی ئارامی هه‌یه‌ و بۆ منداڵان سه‌رنجڕاکێش نیه‌، هیچ سوودێکی نابێت.

سه‌عاده‌ت به‌ هێنانه‌ ئارای پرسیارێک سه‌باره‌ت به‌ هاوکاری و په‌یوه‌ندیی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ و ئه‌ده‌بیاتی ده‌وڵه‌مه‌ندی وڵاتی ئێران گوتی: بۆچی له‌ بواری ئه‌نیمه‌یشێندا له‌ ئه‌ده‌بیاتی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئه‌فسانه‌ جوانه‌کان که‌ڵک وه‌رناگرین؟ و بۆچی چاره‌نووسی فیلمه‌کانی منداڵان دیار نیه‌؟ ئه‌وه‌ی که‌ “بۆ منداڵ” به‌رهه‌م هێنراون؟ یا “سه‌باره‌ت به‌ منداڵ”ن؟!
ئه‌کته‌ری زنجیره‌ی “چیرۆکه‌کانی تا به ‌تا” به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ پێکهێنانی گۆڕانکاریی چکۆله‌ هاوڕایه‌، به‌ڵام کاریگه‌ری له‌سه‌ر سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئه‌مڕۆدا هه‌بێت، ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: ئێمه‌ سینه‌ماکارانێکی باشمان له‌و وڵاته‌دا هه‌یه‌ که‌ کاره‌که‌یان له‌وپه‌ڕی خۆیدا ده‌زانن، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێت که‌سانێک که‌ ده‌یانه‌وێت کاری ئاماده‌ کردن و چێکردنی به‌رنامه یا فیلمسازی بۆ منداڵ و مێرمنداڵ ئه‌نجام بده‌ن، ده‌بێ شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی خۆیان له‌ نیاز و پێداویستیی ئه‌م به‌رنامانه‌ی تایبه‌ت به‌ به‌رده‌نگه‌کانی منداڵ بگۆڕن و روانگه‌ی خۆیان نوێ بکه‌نه‌وه‌. ‌

“مریه‌م سه‌عاده‌ت” له‌ وڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که‌ ئایا فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان یارمه‌تیی گه‌شه‌کردنی ئه‌م جۆره‌ سینه‌مایه‌ی له‌ ماوه‌ی ساڵانی به‌ڕێوه‌چوونیدا داوه‌؟ گوتی: فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان ده‌بێ به‌ شێوه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌بچێت که‌ پێکهاته‌ی فیلمه‌ چێکراوه‌کان له‌م به‌شه‌دا له‌سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما‌ ببینین. ئایا بڕیار وایه‌ ته‌نیا شاهید و چاوه‌ری به‌رهه‌مهێنان و چێکردنی چه‌ندین فیلمی منداڵ و مێرمنداڵ به‌ شێوه‌ی ساڵانه‌ بین؟ ئه‌و سینه‌ماکارانه‌ی که‌ ده‌توانن له‌ بواری منداڵ و مێرمنداڵدا چالاکی بکه‌ن، نابێ که‌ڵکه‌ڵه‌ی فرۆشتنی فیلمه‌کانیان هه‌بێت و ئه‌نگێزه‌یان بۆ کار و چالاکیی له‌م به‌شه‌دا ده‌بێ زۆر بێت.
سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان له‌ رۆژانی 8 تا 14ی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.




حوسێن قه‌ناعه‌ت: سه‌رقاڵبوون له‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا هاوڕێ له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی په‌یامه‌

مه‌نووچێهر جیهانی ـ “حوسێن قه‌ناعه‌ت” ده‌رهێنه‌ری ناسراوی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئێران له‌و بڕوایه‌ دایه‌، قسه‌ کردن سه‌باره‌ت به‌‌ سه‌رقاڵبوون له‌م سینه‌مایه‌دا هاوڕێ له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی په‌یامه‌ بۆ هه‌ر به‌رده‌نگێکی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ.
به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان، “حوسێن قه‌ناعه‌ت” ده‌رهێنه‌ری ناسراوی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئێران به‌ ئاماژه‌دان به‌ گرینگیی که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ئه‌ده‌بیاتی منداڵ و مێرمنداڵ له‌ فیلمسازیی ئه‌م بواره‌دا گوتی: ئێمه‌ چه‌ندین چیرۆکی سه‌رنجڕاکێشمان هه‌یه‌ و ده‌توانین له‌ نێو به‌رهه‌م گه‌لی ئێرانیدا، کارگه‌لێکی زۆر باش په‌یدا بکه‌ین. بۆ وێنه‌ یه‌کێک له‌ بیرۆکه‌کانی من بۆ نووسین، سیناریۆیه‌ک سه‌باره‌ت به‌ که‌سایه‌تییه‌کانی شاهنامه‌یه‌. به‌ داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر کتێبه‌کانی پوخته‌ی شاهنامه‌ له‌ بازاڕدا نه‌بووایه‌، جێگایه‌ک له‌ کتێبه‌کانی وانه‌ی قوتابخانه‌دا له‌ شێوه‌ی ئه‌و چیرۆکانه‌مان نه‌ده‌دیته‌وه‌.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: کاتێک بمهه‌وێت وه‌ها پلانێک بکه‌مه‌ وێنه‌یی، بوودجه‌یه‌ک که‌ بۆی ته‌رخان ده‌کرێت، گرینگی هه‌یه‌. مه‌به‌ستم له‌ بوودجه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ ته‌نیا به‌ پشت به‌ستن به‌ بابه‌ت گه‌لی ماڵی و ئابووری ده‌توانین فیلم دروست بکه‌ین، به‌ڵکوو مه‌به‌ستم چیرۆکه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بڕیار بێت، چیرۆکێکی ساده‌تر بنووسم که‌ له‌ ساده‌بوونی خۆیدا، منداڵانیش پێوه‌ی سه‌رقاڵ بن.

ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “دز و په‌ری” به‌ ئاماژه‌دان به‌ پێناسه‌یه‌ک له‌ سه‌رقاڵبوون له‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا گوتی: ئه‌م سه‌رقاڵبوونه‌ هه‌ر ته‌نیا به‌ مانای خافڵاندن و سه‌رقاڵبوون نیه‌، به‌ڵکوو هه‌ر فیلمێک له‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا به‌ به‌شی خۆی په‌یامی هه‌یه‌. به‌م پێیه‌، گرینگترین هۆکار له‌ باس نه‌کردنی چیرۆکه‌کانی ئه‌ده‌بیاتی کۆنی فارسی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی بوودجه‌، توانایی چێکردن و به‌کارهێنانی جیلوه‌کانی تایبه‌تی وێنه‌یی سینه‌مایی.
قه‌ناعه‌ت له‌ وڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا‌ که‌ چ دامه‌زراوه‌یه‌ک به‌رپرسی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵه‌ و چ پێشنیارێکی بۆی هه‌یه‌، رایگه‌یاند: هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ک بێجگه‌ له‌ بونیادی سینه‌مایی فاڕابی به‌ به‌رپرسی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ نازانم؛ هه‌ڵبه‌ت ته‌له‌ڤیزیۆن پێشتر کاری به‌رهه‌مهێنانی فیلمی له‌م بواره‌دا هه‌بووه‌ و دیسان هاتۆته‌ نێو ئه‌م بواره‌وه‌ و له‌م کاته‌ی ئێستادا بۆ به‌رده‌نگه‌کانی منداڵ و مێرمنداڵ زنجیره‌ درامای چیرۆکی به‌رهه‌م دێنێت.

ئه‌و سینه‌ماکاره‌ سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ هیوای خواست و گوتیشی: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانین هیوامان به‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ هه‌بێت به‌ هه‌وڵ و چالاکی به‌رپرسانێکی وه‌کوو “عه‌لیڕه‌زا ره‌زاداد” ده‌بیری ئه‌م فێستیڤاڵه‌ و “فریشته‌ تائیرپوور” که‌ له‌ زومره‌ی پێشه‌نگه‌ به‌ئه‌زموونه‌کانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵن و که‌ڵکه‌ڵه‌ی ئه‌وان سه‌رقاڵ کردن و خافڵاندنی منداڵان و نمایش کردنی فیلم بۆ ئه‌وانه‌. ئاماده‌بوونی ئه‌م به‌رپرسانه‌ له‌ لووتکه‌ و پله‌ی یه‌که‌می سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا، ئه‌م هیوایه‌ زیندوو ده‌کاته‌وه‌ که‌ خه‌ونی نمایش کردنی فیلم گه‌لی منداڵ هه‌موو دوو مانگ جارێک ببێته‌ شتێکی راسته‌قینه‌. سه‌ختیی کار کردن زۆر جار له‌ قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان دایه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌ختیانه‌ تێپه‌ر بکه‌ین، سینه‌مای منداڵان ده‌چێته‌ نێو به‌ستێنی نمایش کردنی فیلمه‌کانه‌وه‌.
ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “پاڵه‌وانه‌ چکۆله‌کان” له‌ کۆتایی ئه‌م وتووێژه‌دا وه‌بیری هێنایه‌وه‌: ئه‌گه‌ر سینه‌ماکاران و به‌رپرسان سه‌رنج بده‌نه‌ ئامرازی خافڵاندن و سه‌رقاڵ کردن له‌ سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا، ساڵی داهاتوو چه‌ندین فیلممان بۆ نمایش کردن له‌م بواره‌دا هه‌یه‌. دڵنیا بن وه‌ها بڕیارێک له‌ هه‌ڵبژاردنی سیناریۆکانیشدا کاریگه‌ری هه‌یه‌. کاتێک چێکردنی فیلمی باش و شیاو بۆ منداڵان بکه‌وێته‌ ناوه‌ندی سه‌رنجدانه‌وه‌ و داموده‌زگا و دامه‌زراوه‌ جۆراوجۆره‌کان، هه‌لی چێکردن و ئیمکاناته‌کانی فیلم گه‌لی منداڵان بخه‌نه‌ به‌ر ده‌ستی سینه‌ماکاران، له‌گه‌ڵ‌ بڕه‌وپێدانی زیاتری ئه‌م سینه‌مایه‌ به‌ره‌وڕوو ده‌بین.
سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی له‌ رۆژانی 8 تا 14ی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.




نیگای پیاو … زاهیر عەبەڕەش

نیگای پیاو
the male gaze

…………….

فیلم بۆ خۆی ژیانە بەڵام لە فۆرمێکی چڕکراوەدا، کە لە نێوان مەرگەسات و بەختیارییدا ئەمسەرو ئەوسەر دەکات. لەم کورتکردنەوەی ژیانەدا فیلمسازان دەبێت پارچەکانی ژیان وا کۆ بکەنەوەو سازی بەدەن بۆ ئەوەی لە دونیایەکدا بژین، جیهانێک دروست بکەین کە رەگەزەکان وەک یەک مامەڵەیان لەگەل بکرێت.
ژن لە ٪53 مرۆڤایەتی پێکدەهێنن و، 2٪3 ی کاری هەموو جیهان ژن رایدەپەڕێنێت و، بەڵام ٪10 ئابووری جیهان لای ژنە و ، ٪1 ی دەسەڵاتی لە سیاسەتدا هەیە. فەرهەنگ و هەوڵدانی فێمینزم کاریگەریەکی بێسنووری لەسەر رەوت و کاکردن و تێۆری فیلم داناوە. یەکێک لەو چەمکانەی کە فێمینیستەکان لە فیلمدا باسی لێدەکەن چەمکی نیگای پیاوە (the male gaze) . . بەڵام ئێمە ئامارو کارکردن و ئاراستەی بابەتەکەمان ژن بوونە لە فیلمدا، تێراوانین و کارردنی ژن و پیاوە لە بواری فیلمسازیدا. بە گوێرەی توێژینەوەیەکی St. Lawrence univeristy ئەمەریکی ، پاڵەوانی سەرەکی فیلمەکان ، پیاو دوو هێندەی ژن رۆڵی سەرەکی دەبینن . لە فێستیڤاڵی ئۆسکاردا، لە 92 فیلم کە دەسنیشان کراوون بۆ باشترین فیلم لە هەموو بەشەکانی فیلمسازیدا ، تەنها 22 لەسەدی لە ژن پێکهاتبوو، ئەمە لە کاتێکدا بەگوێرەی ئاماری Motion Picture Association of America رێژەی چوونی ژنان بۆ سینەما لە پیاوان زیاترە، بێگوومان مەبەست لە ئەمریکاو ئەوروپایە، جا ئەگەر رێژەی جوونی ژن بۆ سینەما زیاتر بێت وەک لە رێژەی پیاو، ئەی دەبێت خستنەرووی کێشەی ژن چەند بێت؟ ئەی رۆڵگێران و کارەکتەرەکانیان لەسەدا چەندی ئەو رێژەیە پێک دەهێنن؟

لەتیۆری فێمینیستیەوە نیگای پیاو بەواتای ئەوەیە کاتێک فلیم چیکەرێک کارەکتەرێکی پیاو (هێترۆ سێکسوێلی)لە دیمەنێکی رۆمانسی و سێکسوالیدا دروست دەکات خەیاڵ و بیری بینەر بۆ ئەوە دەبات کە راستەخۆ و ئۆتۆماتیکی کارەکتەری ژن دەبێت ئوبجەکت و کاری لەسەر دەکرێت و پیاویش بە سوبجەکت و کار دەکات . کارەکتەری ژن نەبینراوە. فێمینستەکان بانگەوازی ئەوە دەکەن کە دەڵێن بەکاڵاکردنی ژن لە فیلمەکاندا سەدان و هەزاران جار روویداوە بێ ئەوەی هیچ رەنگدانەوەیەکی بۆ مێشکی ئێمە هەبووبێت.، هیچ رەخنەگرو و توێژەرەوەیەک کاردانەوەیەی بۆ ئەم بەکاڵاکردنی ژنە هەبێت و بیری بۆ ئەو لایەنە چووبێت.

جا هۆکاری گرنگ لەم تێروانینەدا چییە؟ بۆ بەوشێوەیە ژن لە فیلمەکاندا پیشان دەدرێت؟ هۆکارەکەی چییە کە لە فیلمەکاندا ژن بۆ دامرکاندنەوەی ئارەزوەکانی پیاو پیشان دەدرێت؟ بە بۆچوونی ئەوان یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان، کە رۆڵی ژن ئوبجەکتیڤە واتە هیچ بکەرێک نیە، ئەوەیە کە رێژەی فیلم سازانی ژن لە بواری فیلم دروستکردندا لە سەدا چوارە. بە واتای لەسەدا نەوەد و شەشی فیلم چێکەران پیاوان. هەر ئەوەشە وای کردووە تێروانینی پیاو زاڵبێت کاریگەری هەبێت بەسەر بواری فیلمسازیدا. بێگوومان ئەو کارەکتەرە ژنەی کە لە فیلمەکاندا پیشان دەدرێت، وێنەی پیاوە بۆ ژن کە دەبێت وابێت، نەک ژن خۆی چۆنە، بەو شێوەیە پیشان بدرێت. ئەو وێنەیەش وێنەیەکی کامڵ نیە بۆ ژن بە تێروانین و بۆچوونی فێمینستەکان. ئەوە نیگای پیاوە لە کێڵگەی فیلمدا بۆ ژن و بابەت.

سروشتی مرۆڤیش ئەوەیە کە چ پیاو چ ژن حەز دەکەن لەش و لاری ژن زیاتر ببینین وەک لە لەش و لاری پیاو. ئەوان لە دڵەوە خوازیاری ئەوەن و بانگەواز بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو نا یەکسانیە پەیوەست و هەڵسوراوبێت لە رووی بایلۆژیەوە نەک لە کلتوری ئەو گەلە خۆیەوە. ئەوان دەڵێن فیلم دەتوانێت بۆچوونی خەڵک ئاراستە بکات ، دووبارە بوونەوەی پیشاندانی ژن بە شێوەیە دەبێت بە کلتوور، نەک بە تەنها وەک میزاج و هەوەسی فیلم چێکەرەکە ئەژماری بکەین. بەداخەوە ئەو پەردۆکساڵە شتێکی دەگمەن نییە کە هەمیشە ژن بابەت نیە. لە پرۆسەی دروستکردنی فیلمدا، چەمکی نیگای پیاودا (.the male gaze)، بە واتای بەکاڵاکردنی جەستەی ژن و کاراکردنی جەستەی پیاو. فێمینستەکان پێیان وایە بەداخەوە ئەم جۆری کاردنە و لە ناو جەرگەئ ئەوروپاشدا هەیە و، جۆرێکە لە پارادۆکساڵ، کە نزیکە لە کۆمەڵگاو کلتوری رۆژهەڵاتییەوە. لەفیلمە ئەکشن و فیلمەکانی هۆلیودا هەمیشە ژن تەواو کەری پلانەکانی پیاو بوون، لە کۆتایی فیلمەکەدا ژندەبێتە قوربانی بۆ ئەوەی پیاو بگاتە ترۆپی ئامانجەکەی خۆی.

هەر بەگوێرەی ئاماری Motion Picture Association of America رێژەی چوونی ژنان بۆ سینەما لە پیاوان زیاترە، بێگوومان مەبەست لە ئەمریکاو ئەوروپایە، کە لە ساڵی 2012 لە کۆی 100 فیلم تەنها 28 ی ئەکتەرە سەرەکیەکان ژن بوون، هەر لەو ئامارەدا لە ٪57 ی ئەو بیست و هەشت لەسەدا کە رێژەکەیان ژن بوو تەمەنیان لە نێوان 13 ــ 20 ساڵان بوون. هەروەها لە کۆی ٪60 ی ئەو ژنانەی کە لە فیلمەکاندا نیشان دەدران بە بەرگی ووروژێنەرو سێکسیە پیشان دەدران و لە نیگای پیاوەوە بۆ جەستەی ئەوان و وەک کاڵای سێکسی پیشان دەدرا

بێگوومان ئەم چەمکە قسە باسێکی زۆری لەسەرەو بەردەوام لە گۆڤار و رۆژنامەکانی ئەوروپادا دیبەیت و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. بەڵام ئێمەی کورد و، فیلمی کوردی تا ئێستا لە ژێر خاڵی سفری چەمکی نیگای پیاوداین (the male gaze). دەبێت چەند ساڵی ترمان پێویست بێت، بۆ ئەوەی بگەینە خاڵی سەرو سفری ئەم چەمکە؟ ئەوەش لە بەرئەوەی فیلمی کوردی لە دروستبووندایە. نەمانتوانیە دیمەنێکی رۆمانسی یان سێکسوالی لە فیلمی کوردیدا دروست بکەین.

ئەوەی کە هەیە، لەو چه‌ند درامایه‌ی که‌ پیشاندراون له‌و فیلمانەی کە کوردستاندا بەرهەم هاتوون هه‌میشه‌ له‌ خولقاندنی نموونەی ژن بێ تێروانین، بێ خه‌ون و بی حه‌سره‌تن. ژن له‌و بەرهەمانەدا هه‌ڵگری هیچ خه‌ونێک نیه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندیه‌کی عاتیفییان پێکه‌وه‌ هه‌یه، یان دایک یان به‌ وه‌زیفه‌ی دایکایه‌تی هه‌ڵساوه‌.
له‌ فیلم و دراماو تەنانەت شانۆی کوردیدا پاڵه‌وانی ژن نادۆزیته‌وه‌، که‌ له‌گه‌ڵ ناراستیه‌کانی کۆمه‌ڵگادا و چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م ناراستیانه‌ رووبه‌روو بێته‌وه، یان خاوه‌نی ناسنامه‌ و ئیندڤیژوه‌لی خۆی بێت. یان زۆر به‌سه‌ربه‌ستانه‌‌ داوای ئاره‌زوه‌کانی ناخی خۆی بکات. یان بێ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کی عاتیفیان هه‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بتوانن ئینسجام و رێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌موو توخم و ره‌گه‌ز و چینێکی کۆمه‌ڵگادا بیبینین.

نیگای پیاو بۆ ژن لە بەرهەمە کوردیەکاندا لەوه‌دا قه‌تیس کراوه‌ که‌ وه‌زیفه‌ی کاره‌کته‌ری ژن گریان بێت به‌سه‌ر تراژیدیادا، یان لاواندنه‌وه‌ بێت بۆ مه‌رگی کوره‌که‌ی، براکه‌ی یان بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌گری. یان ده‌ست خۆشی له‌ کوره‌که‌ی کردووه‌ که‌ له‌ خه‌باتی چه‌کداری ‌حیزبایه‌تیدا بەشداربووە. راسته‌ گه‌لی کورد هه‌میشه‌ مێژوویه‌کی له‌ کاره‌سات و تراژیدیا هەبووە، به‌ڵام چ سودێکی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌و کاره‌سات و تراژیدیایه‌ نه‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ خاڵی ووشیاری و دا‌هێنان، بۆ هه‌ڵکۆڵین له‌و نه‌ریته‌وجارێکی تر ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ ئاماژه‌و سیمبوڵ وفۆرمێکی ئیستاتیکی.

هەمیشە بینەریش بەر کارەکتەری کارا و سوبجەکت دەکەوێت کە ئەویش وێنەی ئەو پیاوەیە کە پیشان دەدرێت. بینەریش بە هەمان شێوە لە چاویلکەی نیگای پیاوەوە سەیری فیلمەکە دەکات و، دەیکات بە کولتوری خۆی.
زۆر کەس باوەریان وایە جەخت لەوە دەکەنەوە کە نیگای پیاو کاریگەری زیاترەو و هەژموونی هەیە لە کلتووری ئێمەدا، لە تیڤی و زنجیرە تەلەفیزیۆنیەکان فیلم و تەنانەت ریکلامەکانیشمان، تۆ سەیری ریکلامەکانی تەلەفیزیۆنە کوردیەکەن بکە، تەنانەت ریکلام بۆ هەر حەب و دەرمان، چا، خواردنەوە سەوزە و میوەیەکیش بکەن دەڵێن بۆ سێکس باشە. سوودی بۆ سێکس هەیە، بێگومان، مەبەست لەسێکسیش، سوبجەکتی پیاوە. و پیاو لە شوێنەدا وەک بکەر و هێز دەردەکەوێت. بابەتی ژن و پیاویش پەیوەستە بەو کۆمەڵگا خۆیەوە. کەم بایەخ کردنی ژن، پەیوەندی بە چەمکی کلوری و مێژووی کۆمەڵگاوە هەیە. ئەو دەردە نەک هەر لە بواری ئەدەبی و هونەری فیلم سازی گرتۆتەوە، بەڵکو میدیای کوردی، تەواو لە چاویلکەی پیاوەوە سەیری هەموو رووداوەکان دەکات، ئەوەتا میدیاو رۆژنامەکانی کوردی سەرقاڵ بووە بە سمت و کەفەڵ و سنگ و مەمکی کیم کارداشیان kim kardashian
هەندێک ریکلام یان فیلم کە لەش و لارێکی پیاو دەبینین ماسولکەی هەیە، سێکس دەبێت کاڵا و پیاو وەک بکەر دەردەکەوێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر ژن خاوەنی خاوەنی ماسولکە بێت، لە بابەت بوونی خۆی دوور دەکەوێتەوە.




کورد له‌ سینه‌مای جیهانیدا …. هیوا سه‌عید

له‌ناو کورد هونەرمەندی گەورەی جیهانی ئەنتۆنی کوین به‌هۆی فیلمەکانی عومەر موختار و پەیامی ئیسلام بە تایبەتی له‌کن کورده‌ موسڵمانەکان یەکێکە لە کارەکتەرە پڕبەدڵ و زۆر خۆشەویستەکان. لە هەمان کات ئەو ئەکتەرە گەورە بە فیلمەکانی زۆربای یۆنانی و قەمبورەکەی نۆتردام (دوو ڕۆمانی بەناوبانگی نیکۆس کازانتزاکیس و ڤیکتۆر هۆگۆیە) وەک قارەمانی سەرەکی ئەو دوو فیلمە کارەکتەرێکی هەمیشە زیندوی ناو یاده‌وه‌ری خوێنەرانی کتێب و بینەرانی سینەمایە.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ کۆی ئه‌و فیلمانەی ئەو ئەکتەرە بەناوبانگە ڕۆڵی تێدا گێڕاوە دوجار کورد ئامادەیی هەیە، به‌ڵام هەردوجارەکە کورد بونێکی نێگەتیڤ و وەک خەڵکێکی دڕنده‌ و خراپه‌کار ده‌بینرێ‌.

سندبادی دەریایی کارەکتەرێکە لە چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەوە، دەرهێنەری ئەمریکی ڕیچارد واڵاس ساڵی ۱۹٤۷ بە فیلم بەرهەمی هێناوە، باس لە گەشتی هەشتەمی سندباد و گه‌ڕان به‌دوای گەنجینەی بزربوی ئەسکەندەری گەورە ده‌کات. سندباد لە گەشتەکەی ڕێگای دەکەوێتە بەسڕا، له‌ مه‌زادخانه‌یه‌ک به‌ ڕێکه‌وت توشی شیرین (کچەقارەمانی فیلمەکە و یەکێکە لە حەریمی ئەمیری بەسڕا) ده‌بێ، کاتێک خۆی بە سندباد دەناسێنێ و دەڵێ کچی عەلی کوردستانیم، سندباد بە سەرسوڕمانەوە پێی دەڵێ: یائەڵڵا ئەو سەربڕ و ڕێگرە باوکتە!

هەروەها تۆپەکانی ناڤارۆن ڕۆمانێکی ئاڵیستەر ماکڵینە دەربارەی جەنگی جیهانی دوەم، دەرهێنەری بەریتانی جۆن لی تۆمسۆن ساڵی ۱۹٦۱ کردویەتی بە فیلم. یەکەیەکی کۆماندۆی بەریتانی – ئەمریکی دەیانەوێ خۆیان بگەیەننە دورگەی ناڤارۆن بۆ تێکشکاندنی ئەو تۆپهاوێژە ئەڵمانه‌ نازییانه‌ی ڕێگری لە پەڕینەوەی کەشتییە جەنگییەکانی وڵاتانی ئیتیلاف لە دەریای ئیجە دەکەن. لەسەرڕێی چونیان بۆ دورگەکە بە هەڵە گومانیان لە پیاوێکی پاککەرەوەیە بەسەریانەوە سیخوڕ بێ، لەکاتی گرتن و لێپرسینەوەدا لەبەر تێنەگەیشتن لە زمانی پاککەرەوەکە ئەنتۆنی کوین وه‌ک ئه‌ندامێکی ناو یه‌که‌ کۆماندۆیه‌که‌ دەڵێ: تێیناگەم دەنگی بە کوردەکان دەچێت.

ئامانج له‌ ده‌ربڕینی ئه‌و قسه‌یه‌ بۆ ئەوەی ئاماژەیەک بگوازێتەوە بۆ گوێی بیسەران و تێگەیشتنێکی خراپی لێبکەوێتەوە، به‌و مانایه‌ی ئه‌و گومانلێکراوه‌ی به‌ تۆمه‌تی سیخوڕی ده‌ستگیراوه‌ و نازانرێ کێیه‌ پێویستە ناسنامەی پێبدرێ، به‌ڵکو سیخوڕەکە وەکو دیمەنێکی هێزەکی لە خەیاڵدانی بینەراندا فۆرم وەربگرێ، هه‌تا سیخوڕ و ناسنامه‌که‌ (دەنگی بە کوردەکان دەچێت) بەیەکتر یەکسان ببنەوە و یەک تێگەیشتنی خراپ بدەن بەدەستەوە.

له‌ کتێبی هەزار و یەک شەوە (زیاتر بە نوسراوێکی عەرەبی دەزانرێت) ئاساییە تێگەیشتنێکی ترسناک و دڕندانە لەسەر کورد نوسرابێ، لەبەرئەوەی ژیانی سه‌ره‌تایی کورد لە شاخەکاندا بووە، ڕەنگە دانیشتوانی کەنار دەریا و بیابەنەکان له‌و مرۆڤە شاخاوییانه‌ ترسابن، ئەوەی ئاسایی نییە بۆچی زمان و دەنگی ئەو گومانلێکراوە بەدڵنیاییەوە بە تورکەکان و فارسەکان و عەرەبەکان ناچێ، بۆ بەنادڵنیاییەوە بە کوردەکان دەچێت!

ئایا له‌به‌رئه‌وه‌یه‌‌ زمانی ئه‌وان ئاشنا و زانراوە بە گوێی دنیا و دەنگی کورد دەنگێکی نامۆ و نەبیستراوە؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ ئاماژەکردنە بە ژێردەستەیی و نەبونی کورد، دەبێتە هۆکاری پرسیارێکی تر ئەو ژێردەستە و نەبوە بۆ که‌مینه‌یه‌کی تر نییە، بۆ له‌م ناوچه‌یه‌ بیریان هه‌ر بۆ کورد ده‌چێ، واتا بۆ ده‌بێ ته‌نیا کورد ئه‌و کەمینەیە بێ لە نزیک دورگەی ناڤارۆنی یۆنان سیخوڕی بەسەر وڵاتانی ئیتیلافەوە بکات؟

ئەو کەمەنەتەوانەی تری ناوچه‌که‌ دەنگیان ئاشنا و بیستراوە، یان دۆستی وڵاتانی ئیتیلافن و لەلایەن ئەوانەوە پشتگیری دەکرێن و ناشێ گومانی خراپییان لێبکرێ، به‌س کورد وەک ژێردەستەیەکی نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌کانی ناو ئومه‌تی ئیسلام (تورک و عەرەب و فارسه‌کان وه‌ک هاوسۆزانی ئەڵمانیای نازی) بە تایبه‌ت تورکه‌کان لەگەڵ ئەوەی خۆیان بە بێلایەن لە جەنگەکە (جه‌نگی جیهانی دوه‌م) ناساندوە، به‌ نهێنی کار بۆ سەرخستنی ئه‌ڵمانیا دژ به‌ وڵاتانی ئیتیلاف دەکەن و ئەرکی ئەو کارە نهێنییەش (سیخوڕی) به‌ ژێردەستەکەیان وه‌ک قۆچی قوربانییه‌ک به‌ کورد ده‌سپێرن، ئەگەرنا کورد بۆخۆی ئەو نەتەوە بەهێزە نییە بکەوێتە شەڕی ئەو زلهێزانە و سیخوڕی لەپێناو خۆی بەسەر ئەوانەوە بکات.

ئەوەی جێی سەرنجە دروستبونی ئەو تێگەیشتنە له‌کن ڕۆماننوسێکی بەریتانی وەک ئاڵیستەر ماکڵین دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشینەیەی کورد لەناو خەلافەتی عوسمانی بەشدار بووە و ئەو خەلافەتە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لایەنگری ئەڵمانیای کردوه‌ دژ بە وڵاتانی ئیتیلاف، یان ئەوە فه‌نتازیای ڕۆماننوسێکه‌ و هیچ پەیوەندی بە سیاسەتی بەریتانیاوە نییە!

کەواتە دەکرێ لەسەر بنەمای هەمان تێگەیشتن ڕۆماننوسێکی کورد سایکس بیکۆ و دوباره‌ لێکدابڕاندنه‌وه‌ی جوگرافیای کوردستان، دواتر‌ له‌ په‌یمانی لۆزان له‌باربردنی ئۆتۆنۆمی کوردانی باکور و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانی سیڤه‌ر له‌ به‌رانبه‌ر ده‌ستهه‌ڵگرتنی ئه‌تاتورک له‌ ویلایه‌تی موسڵ، به‌ زۆرلکاندنی کوردانی باشور به‌ عێراق و هه‌ره‌سپێهێنانی شۆڕشه‌که‌ی شێخ مه‌حمود، نه‌پاراستنی کوردانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌رته‌شی ئێرانی و له‌ناوچونی کۆماری مه‌هاباد، هه‌موو ئه‌و یاریپێکردن و به‌کارهێنانه‌ له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه‌ بە باجی ئیسلامبون و تۆڵه‌یه‌ک له‌ کوردان تێبگات!

لێرەوەیە ئەو ئەدەب و هونەرەی شەڕی ئایینی و نەتەوەیی پێده‌کرێ و ده‌که‌وێته‌ خزمه‌ت ئایدیۆلۆژیا لەبری پێکەوەژیان لە هەوڵی نانەنەوەی دوبەرەکی و بە دوژمنکردنی مرۆڤە بە یەکتر، بە مانای ئەوەی بێلایەنی خۆی لەدەست دەدا و دەبێ به‌ سیاسەت.




فیلمی “گوڵ نیسا” خەڵاتی زێڕینی “ڕێمی” لە فێستیڤاڵی هۆستۆن لە ئەمەریکای بەدەستهێنا

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” لە دەرهێنانی “سەتار چەمەنی گوڵ” خەڵاتی زێڕینی “ڕێمی” لە فێستیڤاڵی فیلمی “هۆستۆن” لە وڵاتی ئەمەریکا بەدەستهێنا.

فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” Golnesa یەکەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “سەتار چەمەنی گوڵ” و لە نووسینی سیناریۆی سینەماکاری کورد “ڤیدا ساڵحی” لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی پەنجا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” Worldfest لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و کاندیدی چوار خەڵاتی “ڕێمی” لەوانە: باشترین “فیلمسازی سەربەخۆ”، باشترین “سیناریۆ”، باشترین “ئەکتەری پیاو” و هەروەها باشترین “فیلمهەڵگرتن”ی ئەم فێستیڤاڵە گرینگەی سینەمای جیهان بوو و لە کۆتاییدا توانی خەڵاتی زێڕینی “ڕێمی” Remi بۆ باشترین “فیلمسازی سەربەخۆ” بۆ “سەتار چەمەنی گوڵ” دەرهێنەری سنەیی و هەروەها خەڵاتی باشترین “ئەکتەری پیاو” بۆ “عەلی محمەمەد ڕادمەنێش” ئەکتەری ئەم فیلمە بەدەستبێنێت.

خەڵاتی “عەلی محمەمەد ڕادمەنێش” لە لایەن ئەنجومەنی ڕخنەگرانی سینەمای ئەمەریکا و لە ڕێگای “نیک نیکلسۆن” Nick Nicholson ئەکتەری ئەمەریکی و دادوەری هەڵبژاردە لە لایەن ئەنجومەنی ڕخنەگرانەوە پێشکەش بەم ئەکتەرەی سینەمای ئێران کرا.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” Houston بە یەکێک لە گرینگترین و کۆنترین فیستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆکانی جیهان دێتەئەژمار و گەورەترین سینەماکارانی جیهان لەم فێستیڤاڵەدا، خەڵاتی “ڕێمی”یان بەدەستهێناوە.

پەنجا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە رۆژانی 20 تا 29ی ئەپرێلی 2018 لە ویلایەتی تیگزاس لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” کە لە ساڵی 1961 دامەزراوە، لەگەڵ فێستیڤاڵەکانی فیلمی “سانفڕانسیسکۆ” و “نیۆیۆرک” لە ریزبەندی گرینگترین فیستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆکانی ئەمەریکا دێنەئەژمار. ئەم فیستیڤاڵە لە سەرەتادا بە شێوەی دەرەوەی پێشبڕکێی دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و لە ساڵی 1968 بەملاوە بە شێوەی پێشبڕکێی بەڕێوەدەچێت.

“ئستیون ئێسپیلبێرگ” Steven Spielberg، “جۆرج لۆکاس” George Lucas، “ئەنگ لی” Ang Lee، “جان لی هێنکاک” John Lee Hancock، “رێنداڵ کلیزێر”، “ریدلی ئێسکات” Ridley Scott، “رابێرت رۆدریگێز” Robert Rodriguez، “رابێرت تاونزەند” Robert Townsend، “برایانی کۆئێن” Coen brothers، “ئسپایک لی” Spike Lee، “ئۆلیوێر ئستۆن” Oliver Stone و “دیوید لینچ” David Lynch بە وەرگرتنی یەکەمین خەڵاتی خۆیان، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” وەکوو کۆنترین فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی جیهان و یەکێک لە گرینگترین سیمینارەکانی فیلم لە ئەمەریکای باکوور ناویان هێناوە.

بە چاوخشاندنێک بە ناوی دەرهێنەرەکانی براوەی خەڵاتی زێڕینی “ڕێمی” Remi دەتوانین پێی بە گرینگی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” بەرین، لەوانە: “دیوید لینچ” David Lynch لە ساڵی 1970 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی The Grandmother، “ئستیون ئێسپیلبێرگ” Steven Spielberg لە ساڵی 1983 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی Amblin، “ریدلی ئێسکات” Ridley Scott لە ساڵی 1970 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی Apple Computer، “جاناتان دێمی” Jonathan Demme لە ساڵی 1984 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی Stop Making Sense، “برایانی کۆئێن” Coen brothers لە ساڵی 1985 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی of Blood Simple، “ئۆلیوێر ئستۆن” Oliver Stone لە ساڵی 1986 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی Salvador، “رابێرت رۆدریگێز” Robert Rodriguez لە ساڵی 1991 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی Bedhead و هەروەها “ئەنگ لی” Ang Lee لە ساڵی 1992 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی Pushing Hands.

فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” بە بەڕێوەبەرایەتی وێنەگرتنی “محەمەد فەکووری” و بە ڕۆڵ بینینی سەعید داخ، عەلی محمەمەد ڕادمەنێش، یەگانە رەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی، ویدا عەموویی بە ماوەی مانگێک لە یەکێک لە کوورەخانەکانی خشت لە ناوچەی قەرچەک لە تەنیشت شاری وەرامین سەر بە پارێزگای تاران وێنەگیراوە.

“سەتار چەمەنی گوڵ” و “ڤیدا ساڵحی” لە بڵاوکەرەوە سەرکەوتووەکانی نێودەوڵەتی فیلمن کە پێشتر لە بواری کورتە فیلم و فیلمی بەڵگەنامەییدا چالاکییان کردووە و خەڵاتی گرینگیان لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان بەدەستهێناوە.

لە پوختەی چیرۆکی “گوڵ نیسا”دا هاتووە: گوڵ محەمەد و گوڵ نیسا دوو هاوسەر لاوی ئەفغانین کە بە شێوەی نایاسایی هاتوون بۆ ئێران و لە یەکێک لە کوورەخانەکانی خشت سەرقاڵی کارکردنن و لە رێگای رووداوەێکەوە کە بۆیان دێتەپێشی ژیانیان گۆڕانکاریی بەسەردادێت و … .

هەندێک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی بڵندی چیرۆکی “گوڵ نیسا” بریتین لە:
دەرهێنەر: سەتار چەمەنی گوڵ، نووسەری سیناریۆ: ڤیدا ساڵحی، بەڕێوەبەریی فیلمهەڵگرتن: محمەمەد فەکووری، دەنگهەڵگر و دەنگدانەر: بێهرووز موعاونیان، مونتاژ: کاوە عەزیزی، ئاوازدانەر: کارەنگ کەرباسی، بەرپرسی پلان: حوسێن مەرزبان، دیزاینی میکیاژ: ڤیدا ساڵحی، بەرپرسی بەرهەم: مەریەم قاسم ئابادی، یاریدەدەری یەکەمی دەرهێنەر: سیاوەش رەمەزانلوو، یاریدەدەری دووهەمی دەرهێنەر: محەمەد تۆریوەریان، چاککردنی ڕەنگ: سامان مەجدوەفایی، لابراتواری دیجیتاڵ: مێهرداد سولەیمانی، مونشی سەحنە: مەریەم رووزبەهانی، یاریدەدەرانی فیلمهەڵگر: حوسێن سادقی، حەمید محەمەدزادە، ناسح عەبدوڵڵاهی، ئەحمەد رەزا سادقی، یاریدەدەری دەنگ: سوهەیل حوسێن خانی، جێگری بەرهەم: عەباس ئەبوویەسانی، بەرپرسی سەحنە: حامید ئەحمەدی، ئەرشیفی جلووبەرگ: تاهیرە سەروەری، گرووپی تەدارەکات: کەیهان عەلیزادە، عەلی قودرەتی، هاتووچۆ: سەعید مورادی، ئەکتەرەکان: سەعید داخ، عەلی محمەمەد ڕادمەنێش، یەگانە رەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی، ویدا عەموویی و …، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیهانی و مەنووچێهر جیهانی و بەرهەمهێنەران: سەتار چەمەنی گوڵ و یۆسف کەرەمی، بەرهەمی: کۆمپانیای سینەمایی “ستاک فیلمی سنە”.




باس و خواسی ئه‌یلان كوردی ده‌گاته‌ ئه‌مریكا

“زانكۆی نۆڵچ سپۆنسه‌ری كردووه‌”…

فیلمی (ئه‌یلان)ی ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر كه‌ به‌سپۆنسه‌ری زانكۆی نۆلج به‌رهه‌مهێنراوه‌، له‌فێستیڤاڵێكی سینه‌مایی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌وڵاتی ئه‌مریكا، به‌شداری ده‌كات و كێبركیی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات ده‌كات.
ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌باره‌ی به‌شداری فیلمه‌كه‌ی له‌و فێستیڤاڵه‌دا وتی ” فیلمی (ئه‌یلان) له‌ فێستیڤاڵی نۆڤا بۆ فیلمی خوێندكاران كه‌ له‌وڵاتی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌شداری ده‌كات و كێبڕكێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات ده‌كات”.
له‌باره‌ی چیرۆكی فیلمه‌كه‌وه‌ ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر وتی “چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ ئه‌یلان كوردی ده‌كات كه‌ له‌سوریا شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كات له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی رێگه‌ی تاراوگه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر و به‌ره‌و توركیا به‌ڕێده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌وێ‌ به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ن به‌كه‌ناری ئارامی شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا ده‌یكاته‌ قوربانی”.
فیلمی سینه‌مایی (ئه‌یلان) له‌لایه‌ن جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر كاری ده‌رهێنانی بۆ كراوه‌ و ئومێد رۆژ كاری مۆسیقای فیلمه‌كه‌ی جێبه‌جێكردووه‌ و هه‌روه‌ها ئالان رۆژبه‌یانی كاری گرافیك و دیزاینی فیلمه‌كه‌ی جێبه‌جێ‌ كردوه‌.
دواهه‌مین فیلمی سینه‌مایی ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر فیلمێك بوو به‌ناوی (بێده‌نگی ئاسمان) كه‌ له‌كه‌متر له‌ ساڵێكدا له‌ 54 فێستیڤاڵی سینه‌مایی جیهانیدا به‌شداری كرد‌و چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێنا.
جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر ره‌حمان له‌دایكبوی ساڵی 1983ی شاری هه‌ولێره‌، له‌ساڵی 2001ه‌وه‌ ده‌ستیداوه‌ته‌ كاری سینه‌مایی و له‌نزیكه‌ی 40 كورته‌ فیلمدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بوه‌ و له‌ 13 فیلمی سینه‌مایی درێژیشدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بوه‌ و له‌ساڵی 2010ه‌وه‌ كاری ده‌رهێنانی سینه‌مایی ده‌كات.
Ailan




فیلمی کوردی “ئێل کلاسیکۆ” له‌ فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر نمایش ده‌کرێت

مه‌نووچێهر جیهانی ـ فیلمی بڵیندی سینه‌مایی “ئێل کلاسیکۆ” له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماکاری کورد “هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا” له‌ به‌شی “زه‌نگی حه‌وته‌م”ی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له‌ په‌ردیسی سینه‌مایی “چارسوو” له‌ تاران نمایش ده‌کرێت.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر، به‌شی “زه‌نگی حه‌وته‌م” The 7th Hour سی و شه‌شه‌مین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر به‌ نمایش کردنی حه‌وت فیلمی بڵیندی سینه‌مایی و چوار کورته‌فیلم کاری خۆی ده‌ست پێده‌کات و له‌م به‌شه‌دا، فیلمه‌ گه‌لێکی شیاو له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و سه‌لیقه‌ی قوتابیانی ئێرانی نمایش ده‌کرێت. به‌شی “زه‌نگی حه‌وته‌م” هه‌لێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ قوتابیان له‌گه‌ڵ شێوازه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ره‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی فیلم ئاشنا ببن و پاشان ده‌توانن به‌ نووسین و ناردنی ره‌خنه‌کانی خۆیان بۆ نووسینگه‌ی فێستیڤاڵ له‌ رکابه‌ری کردن بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌ جۆراوجۆره‌کانی باشترین نووسینی ره‌خنه‌ به‌شداری بکه‌ن.

فیلمی “ئێل کلاسیکۆ” El clásico به‌رهه‌می‌ وڵاتانی عێراق و نه‌رویج، یه‌کێکه‌ له‌ بژارده‌ سه‌رنجڕاکێشه‌کانی لیستی فیلمه‌کانی به‌شی “زه‌نگی حه‌وته‌م” که‌ چیرۆکی “ئالان” و براکه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ له‌ کوردستانی عێراقه‌وه‌ به‌ره‌و ئیسپانیا وه‌ڕێده‌که‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی که‌ یاریزانی خۆشه‌ویستی خۆی “کریس رۆناڵدۆ” ببینێت. ئه‌و فیلمه‌ به‌ تێمێکی پڕ له‌ جۆش و خرۆشی لاوێتی ده‌توانێت یه‌کێک له‌ بژارده‌کان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بینه‌ران بۆ بینینی ئه‌و فیلمه‌ پشتی پێ ببه‌ستن.

بیرۆکه‌ی ئه‌و فیلمه‌ له‌ سه‌فه‌رێکدا بۆ شاری هه‌ولێری هه‌رێمی کوردستانی عێراق هاته‌ زه‌ینی هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا. کاتێک که‌ له‌به‌ر داربی یانه‌کانی رێئاڵ مه‌درید و بارسێلۆنا نیوه‌ی خه‌ڵکی شاره‌که‌ ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و وه‌ها بێسه‌روبه‌ره‌یی به‌سه‌ر شاردا باڵ ده‌کێشێت که‌ ئه‌و ناتوانێت له‌و هۆتێله‌ بچێته‌ ده‌رێ که‌ له‌وێدا نیشته‌جێیه‌. ئه‌و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نه‌رویج بلیتێکی فڕۆکه‌ و بلیتێک بۆ ئێل کلاسیکۆی دواتری کڕی و چوو بۆ ئیسپانیا.

ئه‌و دوو برا کورده‌ی که‌ ده‌وره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م فیلمه‌ ده‌گێڕن، له‌ کاتی یه‌که‌مین نمایش کردنی فیلمی “ئێل کلاسیکۆ” له‌ شاری ئۆسلۆ بۆ یه‌که‌مین جار له‌ ته‌مه‌نی خۆیاندا پێیان نایه‌ هۆڵی سینه‌ما. هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا ماوه‌ی یه‌ک ساڵ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو برایه‌ ژیا که‌ به‌رده‌وام خه‌ریکی ده‌مه‌قاڵه‌ له‌سه‌ر یانه‌کانی خۆشه‌ویستی خۆیان بوون؛ به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی که‌ بتوانێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشان و داکشانی ژیان و هه‌سته‌ راسته‌قینه‌کانی ئه‌وان له‌ نزیکه‌وه‌ ئاشنا بێت و تێبگات که‌ مرۆڤه‌ کورته‌باڵاکان له‌ سووچێکی تێڕوانین به‌ به‌رزایی 90 سانتی مه‌تر، چلۆن دونیا و ده‌وروبه‌ری خۆیان ده‌بینن.

هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا سیناریۆی فیلمی ئێل کلاسیکۆی به‌ هاوکاری “ئاندرێس فاگرهۆڵد” له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا نووسیوه‌. نوسخه‌ی یه‌که‌می سیناریۆکه‌ تێمی عاشقانه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵکه‌وت له‌گه‌ڵ خه‌ونی هاوبه‌شی زۆربه‌ی مرۆڤه‌ کورته‌باڵاکان ئاشنا ده‌بێت، بڕیار ده‌دات نێوئاخنی عیشق به‌ چیرۆکه‌که‌ی زیاد بکات. “خه‌ونی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ژنانی باڵابه‌رز” ره‌نگه‌ به‌و هیوایه‌ که‌ به‌ختیان بۆ هه‌بوونی منداڵی به‌ باڵای ئاسایی زیاتر بێت.

هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ ده‌یتوانی وه‌کوو زۆربه‌ی ده‌رهێنه‌ره‌کان، فیلمه‌که‌ی له‌ وڵاتانی ئه‌ردن یا مه‌راکیش دروست بکات، وڵاتی عێراقی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی که‌ فیلمه‌که‌ی ره‌سه‌نایه‌تی و بایه‌خێکی زیاتری هه‌بێت. بۆ دوو حه‌وته‌ فیلم هه‌ڵگرتن له‌ به‌غدا ناچار بوون، دیکۆری شار و گشت بازاڕی به‌غدا دروست بکه‌نه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ بۆردومانه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کان و به‌ تایبه‌ت هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانی ساڵی 1988 شتێکی وای له‌ به‌غدای پێش جه‌نگ نه‌هێشتبووه‌وه‌.

فیلمی “ئێل کلاسیکۆ”ش وه‌کوو “دڵی سوور” یه‌که‌مین فیلمی بڵیندی هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا باسی بابه‌تی گروپه‌ که‌مینه‌کان ده‌کات. به‌م جیاوازییه‌وه‌ که‌ دڵی سوور به‌ توندی فیلمێکی سیاسی بوو، به‌ڵام ئێل کلاسیکۆ په‌یامێکی سیاسی راسته‌وخۆی نیه‌. یه‌کێکی دیکه‌ له‌ وێکچوونه‌کانی ئه‌م دوو فیلمه‌ که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ ماتۆڕسیلکێت له‌ فیلمی یه‌که‌مدا و چوارته‌گه‌ری له‌ فیلمی دووهه‌مدایه‌.

“هه‌ڵکه‌وت مسته‌فا” له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: “من پێم خۆشه‌ که‌سایه‌تییه‌کانم شتێکیان هه‌بێت،
بۆ ئه‌وه‌ی که‌ به‌و شته‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕۆن و ماتۆڕ زیاتر له‌ ترۆمبێل که‌ چوارپاڵوویه‌کی سه‌ربه‌ستراوه‌، هه‌ستی رزگاری و ئازادی وه‌بیرده‌هێنه‌ته‌وه‌.”

فیلمی “ئێل کلاسیکۆ” نه‌ له‌ چیرۆکدا قسه‌یه‌کی تازه‌ ده‌کات و نه‌ له‌ فۆڕمدا. فیلمێکی کلاسیکی جاده‌یی به‌ تێمی عیشقی گه‌ڕان و به‌دواداچوون و به‌ پێش زه‌مینه‌ی تۆپێن و هانده‌رانی دڵخوازی ئه‌ستێره‌یه‌کی وه‌رزشی. به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که‌ ئێل کلاسیکۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌کاته‌وه‌، وێنه‌ گرتنی عێراقی هاوچه‌رخ و ته‌نزی زاڵ به‌سه‌ر فیلمه‌که‌دایه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌مووی ئه‌و فیلمانه‌ی که‌ به‌ر له‌ ئێستا له‌م ناوچه‌یه‌دا و سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌ دروست کراون، چیرۆک گه‌لێکی خه‌مناکن به‌ ته‌وه‌ری زوڵم لێکراویی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌ جوگرافیایه‌.

یه‌کێک له‌ خاڵه‌ به‌رچاوه‌کانی ئه‌م فیلمه‌ مۆنتاژی “ئینگ لیزلانگفێڵت”ـه‌ که‌ کورته‌باڵابوونی که‌سایه‌تییه‌کانی فیلمه‌که‌ به‌رده‌وام به‌رجه‌سته‌ ناکاته‌وه‌. ئه‌و فیلمه‌ به‌ر له‌وه‌ی که‌ قه‌یرانی کورته‌باڵابوون وه‌بیر به‌رده‌نگ بهێنێته‌وه‌، زیاتر سه‌رنجه‌کان ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌وڵی که‌سایه‌تییه‌کان بۆ گه‌یشتن به‌ خه‌ونه‌کانیان و به‌م خاڵه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێک، ژیان به‌رده‌وامه‌. له‌گه‌ڵ هه‌بوونی جه‌نگ و بۆمب و چه‌ک و تیرۆر و تیرهاوێژیی به‌رده‌وام، پێکه‌نین هێشتا له‌ ژیاندا بوونی هه‌یه‌ و خه‌ڵكی به‌رده‌وام به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌، یاریی نێوان یانه‌کانی خۆشه‌ویستی خۆیان ده‌بینن و ئه‌و یاریزانانه‌ هان ده‌ده‌ن.

سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له‌ رۆژانی 19 تا 27ی ئه‌پرێڵی 2018ی زایینی رێکه‌وتی 30ی خاکه‌لێوه‌ تا 7ی گوڵانی 1397ی هه‌تاوی به‌ ده‌بیریی “سه‌ید ڕه‌زا میرکه‌ریمی” له‌ شاری تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.




پێغه‌مبه‌رێکی منداڵ … هیوا سه‌عید

له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌ت له‌ پانتایی بچوک بچوکی ئایدیۆلۆژی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی ئێمه‌ی خستۆته‌ به‌ره‌ی دژبه‌یه‌ک و لێکی دابڕیوین، بۆیه‌ یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌کانی هونه‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌ یه‌کترمان بکاته‌ دۆست و ئاشنامان بکاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بیرکردنه‌وه‌ جوانه‌ بچێته‌ خانه‌ی خه‌یاڵه‌وه‌، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و جوانییه‌ ڕه‌وایه‌تی دانه‌ به‌ ناشیرینی، لێره‌وه‌یه‌ ئه‌و ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌ی ده‌که‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وایه‌تی نه‌دا به‌و ناشیریینییه‌ ئیش له‌سه‌ر خه‌یاڵه‌ جوانه‌که‌ ده‌کا، چونکه‌ له‌ دواجار ئه‌وه‌ی کێشه‌ی هه‌یه‌ و پێویسته‌ به‌سه‌ر بکرێته‌وه‌ ته‌نیا مرۆڤه‌، ئینجا ئه‌و مرۆڤه‌ سه‌ر به‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ یان ژێرده‌سته‌ بێ.

له‌لای سینه‌ماکاره‌ گه‌وره‌کانی جیهان هونه‌ر چه‌کێک نییه‌ بۆ لێدان له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایینێکی تر به‌ مه‌به‌ستی به‌رگری له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌کانی خۆیان، له‌ هیچ به‌رهه‌مێکی پییه‌ر پاۆلۆ پازۆلینی و ئه‌ندرێ تارکۆڤسکی کاری له‌م شێوه‌یه‌ نابینرێت. ئه‌گه‌ر وابێ ئه‌وان وه‌کو سینه‌ماکارێک له‌ جیهانیبون ده‌که‌ون و هونه‌ره‌که‌یان ده‌بێته‌ هونه‌رێکی لۆکاڵی.

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مه‌جید مه‌جیدی یه‌کێکه‌ له‌و سینه‌ماکارانه‌ی له‌ به‌رهه‌مه‌کانیدا هونه‌ر ده‌خاته‌ خزمه‌ت ئایدیۆلۆژیا و مه‌زهه‌بگه‌رییه‌وه‌، وه‌کو ئێرانییه‌کی سه‌ر به‌ ویلایه‌تی فه‌قێ و شیعه‌ مه‌زهه‌بێک هه‌میشه‌ له‌ شه‌ڕی نه‌یاره‌کانیدایه‌، ئه‌و نه‌یاره‌ جارێک خۆی له‌ ئایدیۆلۆژیایه‌کی وه‌ک مارکسیزم ده‌بینێته‌وه‌ که‌ له‌ فیلمی باران وێرانبونی ئه‌فغانستان ئه‌وه‌نده‌ی به‌ خه‌تای سوپای سۆڤییه‌ت ده‌زانێ به‌ خه‌تای تاڵیبانی نازانێ، یان له‌ دواترین به‌رهه‌می به‌ناوی )محه‌مه‌د په‌یامبه‌ری خوا( شه‌ڕی ئیسلامی سوننی ده‌کات.

له‌ فیلمه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی مسته‌فا عه‌قاد به‌ناونیشانی )په‌یامی ئیسلام( که‌ ئه‌و فیلمه‌یان جێگای ڕه‌زامه‌ندی مه‌زهه‌بی سوننه‌یه‌، پێغه‌مبه‌ر له‌ سه‌روی ته‌مه‌نی چل ساڵیدایه‌ و به‌ شه‌ڕه‌کانی به‌در و ئوحد خه‌ریکی گه‌یاندنی په‌یامه‌که‌یه‌تی، واتا له‌و فیلمه‌دا پێغه‌مبه‌رێکی شه‌ڕکه‌ر و په‌یامێکی توندوتیژت به‌رچاوده‌که‌وێ، که‌چی له‌و به‌رهه‌مه‌ی مه‌جیدی به‌س ژیانی منداڵی به‌ر له‌ پێغه‌مبه‌رایه‌تی محه‌مه‌د ده‌بینی، منداڵێکی نه‌رمونیانی فریشته‌ئاسا دوای ئه‌وه‌ی بێ باوک که‌وتوه‌ مامی له‌خۆی ده‌گرێ، ئه‌و مامه‌ش ئه‌بوله‌هه‌ب نییه‌، هه‌مزه‌ نییه‌، ئه‌بوتاڵیبه‌.

پڕکردنه‌وه‌ی ته‌واوی فیلمه‌که‌ به‌ ژیانی منداڵی پێغه‌مبه‌رله‌به‌ر گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌می منداڵی ئه‌و نییه‌، به‌ڵکو منداڵ ئاماژه‌یه‌ بۆ پاکی و به‌رائه‌ت، گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌جیدی له‌بری شه‌ڕانگێزی به‌در و ئوحد بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ له‌پێناو به‌فریشته‌کردن یان ڕاستر بۆ به‌عیساکردنی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌ده، هه‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌و دنیابینییه‌ سۆفییانه‌ی ئێران بره‌وی پێده‌دا دژ به‌ مۆدێرنه‌ و شارستانییه‌تی خۆرئاوایی یه‌کبگرێته‌وه‌.

له‌ هه‌مان کات ئێران وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌کی جێگیری کستوکاڵی بۆ جیاکردنه‌وه‌ی شارستانییه‌ته‌که‌ی له‌ به‌رانبه‌ر بیابانشینه‌کانی دورگه‌ی عه‌ره‌بی و کلتوری هێرش و به‌تاڵانبردن که‌ دواتر له‌ ئیسلامدا له‌ فتوحات و غه‌زو ته‌رجه‌مه‌ ده‌بێته‌وه‌ خۆی دور بگرێ.

له‌ هه‌مووی گرنگتر بۆ ڕۆڵی ئه‌بوتاڵیبه‌ له‌ په‌نادان و له‌خۆگرتنی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ منداڵه‌، ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌ نیشانبدا سه‌رکه‌وتن و گه‌یشتنی په‌یامه‌که‌ی بۆ ئه‌بوتاڵیبی باوکی ئیمامی عه‌لی و باپیری حه‌سه‌ن و حوسێن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و شیعه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ ئێران ڕابه‌رایه‌تی ده‌کا، به‌ بیانوی ئیسلامبونه‌وه‌ نه‌که‌وێته‌ بن قه‌ڵمڕه‌وی عه‌ره‌ب و ئیسلامی سوننییه‌وه‌. به‌ مانای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا بۆ خزمه‌تی شیعه‌گه‌رایی، له‌ کۆتایی مه‌زهه‌بی شیعه‌ وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ پاراستنی شوناسی ئێران.




7 فیلم لە بەشی “سینەمای ئیتالیا” لە فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر نمایش دەکرێن

مەنسوور جیهانی ـ 7 فیلمی سینەمای لە بەشی “چاوخشاندنێک بە سینەمای ئیتالیا” لە سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایش دەکرێن.

7 فیلمی سینەمای کە هەموویان ساڵی 2017 بەرهەمهاتوون لە بەشی “چاوخشاندنێک بە سینەمای ئیتالیا” لە میانەی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر FIFF لە شاری تارانی پێتەختی وڵاتی ئێران نمایش دەکرێن، کە بریتین لە: فیلمی سینەمایی “تیتۆ بچووک و بوونەوەرە فەزاییەکان” Little Tito and the Aliens لە دەرهێنانی “پائۆلۆ لیویا راندی” Paola Livia Randi، فیلمی سینەمایی “جەبر لاپاسی” The Laplace’s Demon لە دەرهێنانی “جیۆردانۆ جیولیۆی” Giordano Giulivi، فیلمی سینەمایی “یاسا ئەوەیە” The Law لە دەرهێنانی”ساڵواتۆرە فیکارا و پیکونە” Salvatore Ficarra and Valentino Picon، فیلمی سینەمایی “چامبرا” A Ciambra لە دەرهێنانی “یۆناس کارپینیانو” Jonas Carpignano، فیلمی سینەمایی “ڕێکوپێکی کارەکان” The Order of Things لە دەرهێنانی “ئاندرێ سگرێ” Andrea Segre، فیلمی سینەمایی “جێگەیەک کە سێبەرەکان دەڕووخێن” Where the Shadows Fall لە دەرهێنانی “ولنتینا پێدچینی” Valentina Pedicini و هەروەها فیلمی سینەمایی “میزان” Equilibrium لە دەرهێنانی “وێنچێنزۆ مارا” Vincenzo Marra.

لەم کۆمەڵە فیلمە، فیلمێکی سینەمایی لە بەشی پێشبڕکێی، دوو فیلمی سینەمایی لە بەشی “چرای خەیاڵ”، فیلمێکی سینەمایی لە بەشی “نمایشی تایبەت” و هەروەها ئەو فیلمانەی کە ماوەتەوە لە بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکان” نمایش دەکرێن.

بەشی “چاوخشاندنێک بە سینەمای ئیتالیا” لە چەندین مانگ پێش ئێستاوە بەرنامەی بۆ داڕێژڕاوە و بە هاوکاری وەزارەتی فەرهەنگی ئێتالیا و باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.

میوانانی تایبەت لە ئیتالیا بۆ بەشداریی لە سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر، بەڕێوەبردنی ڤۆرکشۆپی فێرکاریی لە زانکۆکان و هەروەها بەڕێوەچوونی شەوی ئیتالیا سەردانی وڵاتی ئێران دەکەن.

سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر بە بەڕێوەبەرایەتی سینەماکاری ئێرانی “رەزا میرکەریمی” و بەشداریی بەرهەم و دادوەران، دەرهێنەران، رۆژنامەنووسان، رخنەگران و میوانانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لە رۆژانی 19 تا 27ی ئەپرێلی 2018 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی “چارسوو” لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر.




بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “یۆتۆبۆری” بەڕێوەچوو

مەنسوور جیهانی / یۆتۆبۆری ـ بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و 78 وڵاتی جیهان چل و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “یۆتۆبۆری” لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد، لەوانە: فیلمی دیکۆمێنتاریی لەسەر ژیانی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yilmaz Güney بە ناونیشانی “ئەفسانەی پاشا ناشیرینەکە” The Legend of the Ugly King لە دەرهێنانی “حوسێن تەباک” سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا و لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش” سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا لە بەشی “سینەمای کلاسیک”، فیلمی سینەمایی “ئاماتۆره‌کان” Amateurs بە رۆڵ بینینی خاتوو “پەرژین عەبدوالڕەحمان” خانمە ئەکتەری کوردیی دانیشتووی وڵاتی سوید و لە دەرهێنانی خاتوو “گابریلا پیچلێر” Gabriela Pichler لە وڵاتی سوید لە بەشی “پێشبڕکێی نۆردیک” Nordic واتە وڵاتانی ناوچەی ئێسکاندیناڤیا، فیلمی دیکۆمێنتاریی “دۆزەرەوەی مین” The Deminer لە دەرهێنانی “هۆگر هیرۆری” سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی سوید و لە نووسینی سیناریۆی “شنوار کەماڵ” لە بەشی “پێشبڕکێی دیکۆمێناریی نۆردیک”، فیلمی سینەمایی “یۆڵ” (ڕێگا) YOL لە دەرهێنانی “یەڵماز گۆنای” سینەماکاری کوردی هەڵگری خەڵاتی چڵەبەڕووی زێڕینی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا، فیلمی سینەمایی “ئیسرافیل” لە نووسینی هاوبەشی “ئەرسەلان ئەمیری” سینەماکاری سنەیی و خاتوو “ئایدا پەناهەندە” و لە دەرهێنانی خانمە سینەماکاری ئێرانی “ئایدا پەناهەندە” بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” و کورتە فیلمی 21 خولەکی “بۆ منداڵانی من” To My Children لە دەرهێنانی “شوان دلێر قەرەداغی” سینەماکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی نۆڕوێژ لە بەشی “نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم” چل و یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “یۆتۆبۆری” Göteborg لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “یۆتۆبۆری” کە بە گەورەترین ڕووداویی سینەمایی لە نێوان وڵاتانی ناوچەی ئێسکاندیناڤیا دێتە ئەژمار، لە ساڵی 1979 بە نمایشی 17 فیلمی سینەمایی لە 3 هۆڵی سینەما و بە بەشداریی 3 هەزار بینەر لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید دامەزراوە و ساڵانی رابردووش ژمارەی فیلمەکان و هۆڵی سینەماکانی زیادی کردووە و رێژەی بینەرانی گەیشتۆتە 115 هەزار کەس.

چل و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “یۆتۆبۆری” بە بەڕێوەبەرایەتیی هونەریی “یۆناس هۆلمبێرگ” Jonas Holmberg و بە بەشداریی 399 فیلم لە دەرهێنانی سینەماکارانی 78 وڵاتی جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” 20 فیلم، بەشی “پێشبڕکێی نۆردیک” 9 فیلم، بەشی “پێشبڕکێی دیکۆمێناریی نۆردیک” 8 فیلم، بەشی “پێشبڕکێی ئینگمار برێگمان”Ingmar Bergman بە ٨ فیلم، بەشی “پێشبڕکێی دەستپێدەکات”Startsladden بە ١٠ فیلم، بەشی “پێشکەش کردنی خەڵاتی شانازیی “هەژدیها” Dragon بە خاتوو ژوولییەت بینووش” Juliette Binoche ئەکتەری فەڕەنسی هەڵگری خەڵاتی ئۆسکار و خەڵاتی باشترین ئەکتەری فیستیڤاڵە گرینگە جیهانییەکانی فیلم لەوانە: کان، بەڕڵینالە، ڤێنیز و کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی جیهانی دیکە بە 4 فیلم، بەشی “پێشکەش کردنی خەڵاتی شانازیی “هەژدیها” بە خاتوو ئالیسا ڤیکاندێر” Alicia Vikander ئەکتەری هەڵگری خەڵاتی ئۆسکار و خەڵکی شاری یۆتۆبۆری 5 فیلم، بەشی “تەرکیز” واتە: بەشی “نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم” 15 فیلم، بەشی “سێبەرە دروەشاوەکانی چین”Electric Shadows of China بە ١٥ فیلم، بەشی “سەدەیەک لەگەڵ ئینگمار برێگمان” 4 فیلم، بەشی “دیداریی دووبارە لەگەڵ بێرگمان” 6 کورتە فیلم و 2 فیلمی سینەمایی، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی “سینەمای نۆردیک” لەوانە: بەشی “رووناکی نۆردیک” 21 فیلم، بەشی “کورتە فیلمی نۆردیک” 5 فیلم، بەشی “رووناکی نۆردیکی سینەما و تەلەڤیزیۆن” 5 فیلم، بەشی “کورتە فیلمە سویدییەکان” واتە: بەشی “لە ڕێگای زمان و هەواوە” 4 فیلم، بەشی “خاڵی شکاو” 6 فیلم، بەشی “تێپەڕین لە سنوورەکان” 6 فیلم، بەشی “خەونەکان و ئاواتەکان” 6 فیلم، بەشی “شاری ئاڕمانی” 6 فیلم، بەشی “کۆمەڵگایەک بە پەیوەندییەکی زۆرەوە” 6 فیلم، بەشی “کار و پشوودان” 6 فیلم، بەشی “ژیان لە لیمبۆ” 6 فیلم، بەشی “شۆفیرەکان” 6 فیلم، بەشی “شاردنەوە” 6 فیلم، بەشی “ئاسۆکان، مەئموورییەت و ئایدیا گەورەکان” 6 فیلم، بەشی “چیرۆکەکانی سووریا” 3 فیلم و بەشی “جووڵەی سویید” 2 فیلم، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی “سینەمای نێودەوڵەتی” لەوانە: بەشی “گاڵا” 15 فیلم، بەشی “مەستێرز” 18 فیلم و بەشی “تەرکیز لەسەر ئەنیمەیشن: دێنیس تۆپیکۆف”Dennis Tupicoff بە ٦ فیلم، بەشی “ئاسۆکان” 11 فیلم و بەشی “سینەمای وێرتیکاڵ” 9 فیلم، بەشی “سینەمای کلاسیک” 10 فیلم، بەشی “5 کیشوەری جیهان” 65 فیلم و بەشی “جووڵە زۆرەکان” Maximerat Animerat بە 8 فیلم، بەشی “دەنگە نوێیەکان”New Voices بە ٢٧ فیلم و هەروەها کۆمەڵێک سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوەی پسپۆڕانە سەبارەت بە کەسایەتی “ئینگمار برێگمان”، بەشی “بازاڕی فیلم”، ڤۆرکشۆپی ئەکتەری لە لایەن خاتوو “ژوولییەت بینووش” ئەکتەری ناوداری سینەمای جیهان و هەروەها چەندین بەشی دیکە لە رۆژانی 26ی ژانوییە تا 5ی فێبرییەی 2018 لە 10 سینەما و 40 هۆڵی شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.




لەبارەی کورتە فیلمی ”داهۆڵەکانیش دەمرن” … خەندە حەمید

بەپەرۆشییەوە چاوەڕێی دووەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بووم. لەوێدا زۆر کەسی بەتوانا و جوانم ناسی. لەو ڕۆژانەی دەچووم بۆ بینینی فیلمەکان زۆر فیلمی باش و خراپیشم بینین، لەوانەیە ڤیستیڤاڵی سلێمانیش وەک هەر ڤیستیڤاڵێکی تر بەدەرنەبێت لە نمایشی فیلمی خراپ. ئەمە شتێکی ئاساییە بەو مەرجەی کە فیلمی هونەری ئاست بەرزیشی تێدا نمایش بکرێت. من تا ئەو ساتەی فیلمەکەی دەرهێنەری بەتوانا و چێژمەند پەروێز ڕۆستەمی ”دا‌هۆڵەکانیش دەمرن” (The Scarecrows Also Die)م نەبینی، هیچ بڕیارێکم نەدابوو کە لەسەر فیلمێکی ئەم ڤیستیڤاڵە بنووسم.

پەروێز ڕۆستەمی فیلمسازێکی کوردە، لە هەورامانی تەخت، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٧٥ەوە بە کاری هونەرییەوە خەریکە و هونەرە بینراوەکانی لە زانکۆ خوێندووە. ڕۆستەمی زیاتر لە ٢٥ خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە. یەکەمین فیلمی خۆی بەناوی ”گۆرانی وتن بۆ ڕووبارەکە” لە ساڵی ١٩٨٠دا دەرهێناوە. پاشان زیاتر لە فیلمی بەڵگەنامەیی (دۆکیۆمێنتاری)دا ئیشی کردووە، تاکو ساڵی ١٩٨٥ شەش کورتە فیلمی دروستکردووە. دواتر فیلمی داستانی دەرهێناوە کە فیلمی ”داهۆڵەکانیش دەمرن” یەکێکە لە فیلمە درامی و داستانییەکانی.

دوای لێڕوانین لەم فیلمە بەتەواوی کاریگەری لەسەردانام بەهۆی ئاست بەرزی و قاڵبوونەوەی توانای دەرهێنەر لەم کورتە فیلمەدا. دواتر پەیوەندیم بە دەرهێنەرەوە کرد، بۆ ئەوەی هەندێ قسە لەبارەی فیلمەکەیەوە بکەین ئەویش بە خۆشحاڵییەوە ئامادەیی خۆی نیشاندا و هەر لە ڕۆژانی ڤێستیڤاڵەکەدا گفتوگۆی فیلمەکەیمان کرد. باسی زۆر لایەنیمان کرد، ئەوەی جێی سەرسورمان بوو وەک خۆی باسی کرد زەحمەتی و ماندووبوونی دەرهێنەربوو، کە هۆکاری زۆر هەن بۆ ئەمە، بە ئیمکانیەتێکی کەمەوە فیلمێک لەو ئاستە بەرزە دروست بکات. ئەمە یەکەم نووسینمە کە لەسەر فیلمێکی کوردییە و لەسەر دەرهێنەرێکی بەتوانای کوردە، کە بۆ من جێگەی شانازی و خۆشحاڵییە. دوای گفتوگۆکەمان هیوام خواست و بە شایەنی ئەوەم زانی کە فیلمەکەی خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی کوردی ببات. بەخۆشحاڵییەوە دیارە دادیارانی ڤیستیڤاڵەکەش بەشایەنی ئەمەیان زانی و خەڵاتەکەی بردەوە.

ڕەنگە زۆرێک بپرسن ئایا کورتە فیلمێک شایەنی ئەوەیە کە نووسینێکی لەو شێوەیەی لەسەر بنووسرێ؟ بەلای منەوە لە سینەمادا کورتە فیلم گرنگی و بەهای خۆی هەیە، چونکە سەرەتای مێژووی سینەما بە کورتە فیلم دەستی پێکردووە، لە ئێستاشدا بووە بە بەشێکی گرنگ لە سینەما. هەروەها بە بۆچوونی من کورتە فیلم کارەکەی زۆر سەختترە لە فیلمی درێژ، چونکە کورتە فیلم زۆر دوور ناڕوات، دەبێت دەرهێنەر لە کەمترین ماوەدا پەیامی خۆی بە لێڕوانەر بگەیەنێ و کاریگەری لەسەر دابنێت، بۆ ئەوەی لێڕوانەر هەست بکات لە کارێکی هونەری دەڕوانێت. هەربۆیە کورتە فیلم ئیشکردنێکی پڕ وزە و زۆر چڕ و وردی هونەرییانەی دەوێت. کورتە فیلمی (دا‌هۆڵەکانیش دەمرن) هەموو ئەو ئەدگارانەی تێدایە، بۆیە ئاستێکی هونەری زۆر باڵای هەیە.

فیلمەکەی پەروێز ڕۆستەمی کورتە فیلمێک بوو بە زمانێکی بێدەنگ، بەبێ دیالۆگ، بەڵام پەیامێکی زۆری پێدام کە پڕ وتەی نەوتراو بوون. لەم فیلمەدا دیمەنەکان سام و سەنگینییان هەیە، بەجۆرێک لێڕوانەریان هۆشسام دەکرد کە لە ئاستیاندا بوەستێ. ئەم فیلمە سەرەڕای بێدەنگییەکەی، بەڵام هەموو دیمەنەکانی بەشێوەی سینەماتۆگرافی خۆیان دەدوێن و هۆشی لێڕوانەر دەبزوێنن.

ئەم فیلمە ناونیشانێکی سیمبولی هەیە ”داهۆڵەکانیش دەمرن” ئەم ناونیشانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەکاتی جەنگ و هەژەندەکاندا سروشت، ژینگە، ئاژەڵ و باڵندەکانیش دەمرن، لێرەدا داهۆڵ بووە بە سیمبول بۆ ئەم مردنە. ئاخر لە جەنگدا کاتێک مرۆڤ دەمرێت، ئەوا ئاژەڵ و باڵندەکان، تەنانەت داهۆڵەکانیش لەگەڵیدا دەمرن. دەرهێنەر لە هەڵبژاردنی ناونیشان و ئەکتەرەکاندا سەرکەوتووبووە، لە ڕێگەی ناونیشانەکەیەوە توانیویەتی ناوەڕۆک و پەیامی فیلمەکە بە لێڕوانەر بگەیەنێت. هەروەها هەردوو ئەکتەرەکە ئەماتۆرن بەو واتایەی ئەکتەری ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ نین، ئەکادیمیانە خوێندبێتیان، بەڵکو ئەمە دەرهێنەرە ڕووحی کوردی لەناو ئەواندا ڕۆشن و بێدارکردۆتەوە.

”داهۆڵەکانیش دەمرن” فیلمێکی درامی داستانییە بە چیرۆکێکی کوردییانەی کامڵەوە باس لە دووهاوژینی پیر دەکات کوڕەکەیان و هاوژینەکەی لە ڕۆژی هاوسەرگیرییان لە بۆردومانێکدا لەکاتی جەنگی عێراق و ئێراندا لەدەستداوە، سەرەڕای ئەم هەژەندە هاوژینە پیرەکان ئومێدی ژیانیان لەدەست نەداوە. ئەمە مردن نییە دوای مردنی کەسی ئازیز کە لە کۆمەڵگای کوردیدا زۆر باوە، بەڵکو ژیانە بۆ جوانکردنی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەژین. بەبێ ئەوەی ئەو هەژەند و مردنە لەبیربکرێ. لەو دیمەنەدا کە دایکەکە داهۆڵەکانی هەڵگرتووە، ئەمە وەک یادکردنەوەی لەدەستدانی کوڕ و بوکەکەی دەردەکەوێت.

لەم فیلمەدا پەیوەندی مرۆڤی کورد لەگەڵ سروشت لەگەڵ ژیان، پەیوەندییەکی ساغە بەو هەموو سەختی و شەڕەی لەنێویدا دەژین. هەروەک چۆن دەرهێنەر ویستویەتی وێنەیەکی جیاواز نیشان بدات، مرۆڤێکی بەقوربانیکراو نیشان نادات لە بەرگی کارەکتەرەکانیدا، بەڵکو ئەو وێنە گشتییە تێدەپەڕێنێت کە هەندێ لە دەرهێنەر و فیلمسازەکان بۆ تاکی کوردیان وێناکردووە و لەنێویدا بەچەقبەستوویی ماونەتەوە، بەوەی کە تاکی کوردی مەرگخوازە یاخود وەک قوربانی نیشانی دەدەن. بە پێچەوانەوە دەرهێنەر ویستویەتی دیوێکی تری ژیانی کورد نیشانبدات، تاکێکی پڕ ئیرادە و ژیاندۆست نیشان بدات، بەو غەمگینییەی لە ڕووخساریاندا دیارە بەڵام ئومێد و هیوای داهاتوو لەنێو چاوەکانیاندا دەدرەوشایەوە. تۆ کاتێ ئەو ئیرادە و هێزە پڕ ژیانە دەبینیت لەنێو ڕۆڵی کارەکتەرەکاندا تێدەگەیت لەو هێزە بەرەنگارییەی تاکی کوردی کە بەرانبەر بە داگیرکارانی و شەڕ و سەختییەکان هەیەتی، سەرەڕای هەموو ئەمانە توانیویەتی بمێنێتەوە و بەردەوام بێت.

دوو کارەکتەرەکە پاشماوەی ئەو چەکانەی بەجێماون یاخود گوللە تۆپەکان کۆدەکەنەوە و ڕەنگیان دەکەن و گوڵ و سەوزایی تێدا دەچێنن، یاخود گوللەکان دەکەنە کەرەستەی پێوستی و سادەی ڕۆژانە وەک تەپلەکی جگەرە، کەواتە هونەر دەتوانێت ئەرک و کارایی کەرەستەکان بگۆڕێ، ئاخر گوللە تۆپەکان پێشتر بۆ کوشتن و لەناوبردن بەکارهاتوون، ئێستا کراون بە کەرەستەی ڕۆژانە. هەموو ئەمانە ئیشکردنێکی وردەکارانەی دەبەخشییە فیلمەکە.
لەم فیلمەدا، هەست بە هاوسەنگی و هاوتایی جێندەری دەکرێت، چونکە (دوو هاوژینە پیرەکە) وەک یەک ڕۆڵیان لەنێو ژیانیاندا هەیە. هەردووکیان هاوشانی یەکدی قەوانی گوللە تۆپەکان ڕەنگ دەکەن و گوڵی تێدا دەچێنن. هەروەها دەکرێ بڵێم ئەمە ژیاندۆستی، ژینگەدۆستی و ئاشتیخوازی مرۆڤی کورد پیشان دەدات. هەروەک چۆن دیمەنەکان بەشێوەیەکی زۆر وردچنراون هیچ پچڕان و کەلێنێکیان تێدانییە کە لەپڕ بکەویت بەسەر دیمەنێکی تردا، چونکە لە هەندێ فیلمی کوردیدا ئەم پچڕانە زۆر بەڕوونی بەدیدەکرێ، ئەمەش باگراوەندی هونەری و مەعریفی دەرهێنەر نیشاندەدات. هەروەها بۆ مۆنتاژکردنێکی باش دەگەڕێتەوە هەروەک تیۆریزانی فیلم ڤێرتۆڤ ئایزنشتاین دەڵێ: ”مۆنتاژ شادەماری فیلمە”. بۆ من جووڵەی کامێرا و نیشاندانی دیمەنەکان بەو ڕیتمە هونەرییە لێکگرێدراوە زۆر جێی سەرنج بوو، دواجار گشت دیمەنەکان لە فەزایەکی پڕ ڕەنگدا نیشاندەدرێن، چونکە شوێن و فەزای فیلمەکە زۆر پڕ ڕەنگ و سادە و جوان بوو. هەروەها دەنگی سروشت هاوسەنگییەکی جوانی لەگەڵ نیشاندانی دیمەنەکاندا هەبوو.

Daholakan

داهۆڵەکان

داهۆڵەکان دەفڕن




سینەما چاوی مرۆڤایەتی و داهێنانە

بە دروشمی (سینەما چاوی مرۆڤایەتی و داهێنانە)، کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی یۆتۆبۆری چوارەمین دیداری فیلمی کوردی لە وڵاتی سوید ئەنجام دەدات، بڕیار وایە لە ڕۆژانی (24 تا 26)ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ دیدارەکە لە شاری یۆرتۆبۆری بەڕێوەبچێت، لەم دیدارەدا شەش فیلمی کوردی نمایش دەکرێت و چەند سیمینارێک بەڕێوەدەچێت،
فیلمی سینەماییەکان بریتین لە:
فیلمی (تونێلی مەرگ) دەرهێنانی (عەدنان عوسمان)
فیلمی (سیمای خۆڵەمێش) دەرهێنانی ( شاخەوان ئیدریس)
فیلمی (پەڕینەوە لە غوبار) دەرهێنانی (شەوکەت ئەمین گورگی).
کورتەفیلمەکان بریتین لە :
کورتەفیلمی (مایکرۆفۆن) دەرهێنانی (کەریمۆک)
کورتەفیلمی (سەرۆک) دەرهێنانی (ڕزگار حسێن)
کورتەفیلمی (خڕش) دەرهێنانی (سەرکەوت مستەفا)

ناونیشان :
FOLKETS HUS HAMMARKULLEN




شەوکەت ئەمین کورکی ئەندامی لێژنەی دادوەری کاندیداکانی خەڵاتی ئاسیا پەسیفیکە

مه‌نسوور جیهانی ـ “شەوکەت ئەمین کورکی” ئەندامی لێژنەی دادوەری کاندیداکانی خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” ناسراو بە “ئۆسکاری ئاسیا”یە.
سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی” بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان ئەندامی لێژنەی دادوەری کاندیداکانی یازدیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” APSA ناسراو بە “ئۆسکاری ئاسیا”ی لە ئەستۆدایە و بە هاوڕێیەتی لەگەڵ “هۆنگ ” Hong-Joon Kim مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەریی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی “پۆچۆن” Puchon لە وڵاتی کۆریای باشوو و هەروەها “میناکشی شیدە” Meenakshi Shedde راوێژکاریی کۆمەڵێک لە فیستیڤاڵە گرینگە جیهانییەکان لەوانە: بەڕڵینالە، دوبەی، تۆرێنتۆ، بووسان، ئەمستردام و … لە وڵاتی هیندستان، “گۆڵنارا ئەبیکێیاوا” Gulnara Abikeyeva ڕخنەگری فیلم و سەرپەرەستی پێشووی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بریزبین لە وڵاتی قەزاقستان، “کیکی فۆنگ” Kiki Fung ڕخنەگر، نووسەر و لە وڵاتی هۆنگ کۆنگ و “جوولیا ریگ” Julie Rigg رۆژنامەنووس، بڵاوکەرەوەی فیلم و ڕخنەگر لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیا کاندیداکانی قۆناغی کۆتایی “ئاسیا پەسیفیک” هەڵدەسەنگێنن.
“شەوکەت ئەمین کورکی” کە ساڵی 2014 بە فیلمی سینەمایی “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” Memories On Ston لە هەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” ASIA PACIFIC توانی خەڵاتی “تایبەتی یۆنسکۆ بۆ هاوبەشی بەرچاو و هەروەها پاراستنی جۆری کەلتوورەکان”ی ئەم ڕێوڕەسمە بەدەستبێنێت، بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان سەرۆکی لێژنەی دادوەرانی بەشی فیلمی دیکۆمێنتاریی، فیلمی گەنجان و فیلمی ئەنیمەیشنی نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” ناسراو بە “ئۆسکاری ئاسیا”ی لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا لە ئەستۆدابوو.
“شەوکەت ئەمین کورکی” ساڵی 2007 بە فیلمی سینەمایی “پەڕینەوە لە غوبار” Crossing the Dust خەڵاتی باشترین دەرهێنانی لە خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” بەدەستهێنابوو و وەکوو ئەندام لە ئاکادیمیای “ئاسیا پەسیفیک” وەرگیرابوو.
هەروەها لە ساڵی 2011 سیناریۆی “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” لە نووسینی هاوبەشی “شەوکەت ئەمین” و “مەممەد ئەکتاش” پێش لە دەسپێکردن بە قۆناغی وێنەگرتن، توانی
خەڵاتی “باشترین سیناریۆ” لە ئاکادیمیای خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” لە هەمان ساڵدا بەدەستبێنێت. خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” دەوڵەتی کۆئینزلەندی ئوستوڕاڵیا بە پشتیوانی یۆنسکۆ و هەروەها فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتی بەرهەمهێنەرەکانی فیلم (فیاپف) هەموو ساڵێک بە باشترینەکانی سینەمای “ئاسیا پەسیفیک” دەبەخشێت. مەبەست لە پێشکەش کردنی ئەم خەڵاتانە، ڕێزلێانە لە دەستکەوتە سینەماییەکانی فیلمەکانی ناوچەی “ئاسیا پەسیفیک” و هەروەها دروستکردنیی بازاڕێکی جیهانی فیلمە.
ڕێوڕەسمی کۆتایی یازدەیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک” ناسراو بە “ئۆسکاری ئاسیا” شەوی 23ی نۆڤەمبەری 2017 لە شاری بریسبان لە ویلایەتی کۆئینزلەند لە وڵاتی ئوستوراڵیا بەڕێوەدەچێت و تیایدا سینەماکارانی سەرکەوتووی بەشە جۆراوجۆرەکان، لەوانە: باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین فیلمی دیکۆمێنتاریی، باشترین فیلمی ئەنیمەیشێن، باشترین سیناریۆ، باشترین فیلمی گەنجان، باشترین ئەکتەری پیاو و هەروەها باشترین ئەکتەری ئافرەت لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە دەناسێندرێن و خەڵات بەسەریاندا دابەشدەکرێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.asiapacificscreenawards.com/2017/09/apsa-names-11th-apsa-international-nominations-council/?_ga=2.144046646.2098734954.1506867386-1871388564.1506867386




هه‌نگاوی دووه‌می فیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی سلێمانی، له‌ حه‌وت ڕۆژدا … عه‌بدولوه‌هاب شوانی*

خوێندنه‌وه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ندانه‌، بۆ تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی …

به‌ده‌ر له‌ كاریگه‌رییه‌ ئاینی و كه‌لتووری و داب و نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌ده‌ر له‌خوێندنه‌وه‌ی كه‌سی و بێ گشتاندن و به‌ڕه‌ها قسه‌كردن، بگره‌ له‌ ڕوانگه‌ی دیدگایه‌كی واقیع بینانه‌ و ڕاستگۆیانه‌ و سه‌رده‌میانه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیشه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خێڵه‌كی و كارێزما كوژه‌، تاك له‌سه‌ر بنچینه‌ی” (تۆڵه‌ و ڕق و جیاوازی) په‌روه‌رده‌ ده‌كات، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌ كه‌ ( سوپاس و ده‌ست خۆشی و ببووره‌) نه‌بۆته‌ كلتوور تیایدا.

بۆیه‌ ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ خراپه‌ له‌ نێو هه‌موو كایه‌ (ڕامیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و ڕۆشنبیری) كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی سێیه‌م” ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌ تاكه‌كانی قه‌باره‌ی خۆیان نازانن هه‌میشه‌ گه‌وره‌تر له‌ قه‌باره‌ی خۆیان و به‌رزتر له‌ به‌ژنی خۆیان ده‌دوێن و به‌رزده‌بنه‌وه‌، تاكه‌كانی هه‌رگیز به‌رگه‌ی بچوكترین ڕه‌خنه‌ و كه‌مترین فه‌رامۆش كردن ناگرن و ده‌ته‌قنه‌وه‌ و باش و خراپ تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن.
له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ هه‌رگیز ده‌ست خۆشی و پشتگیری نه‌بۆته‌ كلتوور، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ تاكێكی دڵ گه‌وره‌ی درووست نه‌كردووه‌ بۆ نێو كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ گیانی هاوكاری و رێزی تیدا ئاماده‌بێت.

تاكێكی به‌رهه‌م هێناوه‌ له‌خۆشی له‌ خۆبایی ده‌بێت و ئاگای له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی نامێنێت و قه‌باره‌ی خۆی وون ده‌كات، له‌ هه‌مان كات له‌ ناخۆشی ئاگای له‌ خۆی نامێنێت و به‌هه‌مان شێوه‌ قه‌باره‌ی خۆی وون ده‌كات و ده‌یان هه‌ڵس و كه‌وتی سه‌یری لێ ده‌رده‌كه‌وێ.
له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ تاكه‌كان ده‌یانه‌وێ به‌ كه‌مترین ماندووبوون، زۆرترین شتیان ده‌ست كه‌وێ، به‌ كه‌مترین توانا زۆترین ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت، به‌ كه‌مترین ته‌مه‌ن زۆرترین به‌رهه‌میان هه‌بێت، به‌ كه‌مترین هه‌وڵ زۆرترین ده‌ستكه‌وتیان هه‌بێت.

له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌، كه‌سانێك له‌ هه‌وڵ و تیكۆشان و شه‌ونخویندان كه‌چی كه‌سانی تر له‌سه‌ر خوانه‌كان به‌ قات و ریباته‌وه‌ ده‌بینرێن.
هه‌میشه‌ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌، یاریزانه‌ ڕاسته‌قینه‌كان وون ده‌بن و یاریزانه‌ یه‌ده‌گه‌كان ده‌بینرێن و ده‌ست خۆشیان لێ ده‌كرێ و ئه‌وان دێنه‌ پێشه‌وه‌ و پاڵه‌وانه‌كانیش ده‌كشێنه‌وه‌ و گۆڕه‌پان بۆ ئه‌م یاریزانه‌ خراپانه‌ چۆڵ ده‌بێت.

به‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ فیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی كوردستان له‌ هه‌ولێر هه‌مه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی و ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ فیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی سلێمانی وه‌ك میوانی حه‌وت ڕۆژ بینیم، ڕووخساری كاره‌كته‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیم زۆر جوان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ به‌شی ده‌یان توێژینه‌وه‌ی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێڕی ده‌كات ، ئه‌و خوێندنه‌وه‌ی منیش هه‌ر ته‌نها بۆ كاره‌كته‌ره‌كانی به‌شداربووی نێو ئه‌م فیستڤاڵانه‌یه‌ و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی فیستڤاڵه‌كان ده‌یانه‌وی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ فیستڤاڵ بده‌ن و ڕووخساری فیستڤاڵه‌كان ناشیرین بكه‌ن.

فیستڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌م خوله‌یدا به‌ژن و باڵای به‌رزتر ده‌ركه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ڕوداوانه‌ی هاتنه‌ پێش، یه‌ك له‌وانه‌” وه‌فاتی جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال، به‌ڵام ڕازاوه‌یی و شۆخ و شه‌نگی و به‌ژن و باڵای زراڤی فیستڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی وه‌ك ڕۆژی ڕووناك دیاربوو، هه‌ندێ كه‌م و كورتی و كێشه‌ له‌ پڕ دروست ده‌بن له‌ گشت فیستڤاڵه‌كانی جیهان، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌رگیز نابێت گه‌وره‌تر بكرێن له‌ قه‌باره‌ی خۆیان و له‌به‌رچاوبگیرێن له‌چاو فیستڤاڵێكی گه‌وره‌ كه‌ ئامانجی زۆر مه‌زنتری هه‌یه‌، گه‌وره‌كردنی ئه‌م كه‌موكورتیه‌ بچووكانه‌ و بچوككرددنه‌وه‌ی ئه‌م په‌یامه‌ گه‌وره‌ی كه‌ فیستڤاڵ هه‌ڵیگرتووه‌ له‌ عه‌قڵ و زیهنی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵات هه‌میشه‌ ئاماده‌گی هه‌یه‌.

له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ یه‌ك سیاسه‌ت په‌یڕه‌وده‌كرێ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بۆ من نه‌بێت، نابێت بۆ كه‌س بێت، یاخود ئه‌گه‌ر خه‌ڵاتی فیستڤاڵ بۆ من بوو، فیستڤاڵێكی باشه‌، ئه‌گه‌ر بۆمن نه‌بوو زۆر خراپه‌، له‌ژێر كارلێكی ته‌سكی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كان له‌ فیستڤاڵ و كایه‌كانی تر ده‌ڕوانن.
فیستڤاڵ منی تیدا نه‌بوو خراپه‌، و بگره‌ هه‌رچی عه‌یب و عاره‌ ده‌یخاته‌ پاڵی و ئه‌گه‌ر منیشی تیدابوو زۆر باشه‌.
ئه‌مه‌ هه‌ر ئه‌و تۆمه‌تیه‌ ده‌خریته‌ پاڵ فیستڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی و فیستڤاڵه‌كانی تر، له‌ كاتێك سینه‌ماكار و هونه‌رمه‌ند كه‌ فیلمی به‌شداره‌، ده‌بێت به‌هه‌موو ئه‌نجامێكیش رازی بێت، ئه‌وه‌ لێژنه‌ی دادوه‌رانی فیستڤاڵه‌ له‌ژێر چه‌ند یاسا و ڕێسایه‌ك بڕیارده‌ده‌ن كه‌وا كێن ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن براوه‌ی خه‌ڵات، نه‌وه‌ك میزاجی كورتبینی چه‌ند كه‌سێك.
ئاخر له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی سێیه‌م، زۆربه‌ی تاكه‌كانی به‌ چه‌ندین ماسك ده‌رده‌كه‌ون و تۆ هه‌رگیز ڕووی ڕاسته‌قینه‌یان نادۆزیته‌وه‌ ئه‌وان له‌ پشت سه‌دان ماسك و ده‌مامك خۆیان شاردۆته‌وه‌ و زۆر جاریش كه‌ ئه‌و ماسكه‌ داده‌ماڵرێت و حه‌قیقه‌تی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ بۆنی گه‌نیویان سه‌د رۆژ ده‌ڕوات و له‌ گه‌وره‌یی مرۆڤ بوون كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌بنه‌ نموونه‌یه‌كی زۆر خراپی مرۆڤ و له‌ مرۆڤ بوون بێ ئومێدمان ده‌كه‌ن و له‌م قه‌ره‌باڵغیه‌وه‌ هه‌ستی ته‌نیایی دامان ده‌پۆشێت و نامۆبوون هه‌ناسه‌مان پڕ ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ ته‌نیا ده‌بێت هه‌نگاو بنێین و به‌سه‌ر پلیكانه‌كانی سه‌ركه‌وتن بڕۆین.

ئاخر هیچ كاتێك بۆ ئه‌وه‌ی شاعیرێكی باش بیت پێویستت به‌ بڕوانامه‌ی به‌شی كوردی نیه‌ له‌ زانكۆ، بۆ ئه‌وه‌ی گۆرانی بێژێكی به‌نێوبانگ و سه‌ركه‌وتووبیت پێویستت به‌ بڕوانامه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان به‌شی موزیك نیه‌، بۆ سینه‌ماش به‌هه‌مان شێوه‌, چونكه‌ هونه‌ر به‌ هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه‌ ده‌بێت له‌ زاتی تۆ دابن، به‌ كاغه‌زێكی ئه‌ی فۆر ئه‌وه‌ی له‌ زیهنت هه‌یه‌ زیاد ناكات ئه‌گه‌ر هونه‌ر له‌ وجودی تۆ نه‌بوو، ئاخر كه‌سێك نه‌توانی دوو رسته‌ی جوان به‌ زمانی كوردی ده‌ربرێت چۆن ده‌توانی تۆ دوو دێر شیعری جوان بنووسێ، ئه‌گه‌ر سینه‌ماكارێك دوو خه‌یاڵی جوانی نه‌بوو، دوو ووشه‌ی جوانی ده‌ست نه‌كه‌وت له‌ خه‌یاڵ و دوو ڕسته‌ی جوانی پێ نه‌خوڵقا، قوڵایی نه‌بوو له‌ بیركردنه‌وه‌ و قسه‌كردن چۆن ده‌توانێ دوو كاری جوان بهێنێته‌ بوون، خۆ (یه‌ڵماز گۆنه‌ی) كه‌ به‌ باوكی سینه‌ما كوردی ده‌ناسرێت، ده‌رچووی به‌شی یاسا بوو، ئه‌وه‌ی یه‌لماز گۆنه‌یی درووست كرد بڕوانامه‌ی به‌شی سینه‌ما نه‌بوو، نه‌خێر ئه‌زموون و خه‌یاڵ به‌رزی و قوڵایی زیهنی ئه‌وبوو بۆ هونه‌ر و سینه‌ما و سینه‌ما له‌ زاتی ئه‌و بوونی هه‌بوو.

مرۆڤ قوڵایی نه‌بوو نه‌بوو ناتوانێ كاری جوانیش ئه‌نجام بدات، ئه‌وه‌ بۆ هونه‌رمه‌ند و سینه‌ماكار زیاتر پێویسته‌ ئه‌م قوڵاییه‌، چونكه‌ له‌ هونه‌ر ته‌نها قوڵاییت پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌زموون.
بۆچی كه‌م كاری سینه‌ما ئێستا ڕامان ده‌چڵه‌كێنێ، وه‌ڵامه‌كه‌ی ئاسانه‌ چونكه‌ قوڵایی تیدا نیه‌ ته‌نها به‌ڕێكردن و زیاتر كردنی ژماره‌ی فیلمه‌ و پڕكردنه‌وه‌ی سی ڤی یه‌ و هیچتر.

فێكتۆ هۆگۆ ده‌ڵێت: جوانی با نه‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌شه‌ ده‌بێت ڕاچه‌ڵه‌كێن بێت، زۆربه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یبینن له‌ هونه‌ر و له‌ سینه‌ما و موزیك جوانی نیه‌، بۆیه‌ ڕامان ناچڵه‌كێنن.
كاتێك سینه‌ماكارێك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فیلمه‌كه‌ی وه‌رنه‌گیراوه‌ له‌ فیستڤاڵ یاخود وه‌رگیراوه‌ و خه‌ڵاتی نه‌بردووه‌، فیستڤاڵێك ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، له‌كاتێك ئه‌و بۆ جارێكیش بیری له‌ قه‌باره‌ی خۆی و قه‌باره‌ی كاره‌كانی خۆی نه‌كردۆته‌وه‌ له‌ چ ئاستێكه‌، ئه‌وه‌ی گشت كایه‌كانی له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ ئیفلیج كردووه‌ و تووشی نه‌زۆكی كردوون، تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ قه‌باره‌ی خود و قه‌باره‌ی كار، ئه‌وانه‌ی كه‌ قه‌باره‌ی خۆیان نازانن ئه‌وانه‌ خه‌مبارترین كاره‌كته‌ره‌كانی نێو كایه‌ی هونه‌رن، ئه‌وانه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیان چه‌قیون و هه‌نگاوی به‌رزتر ناتوانن بهاوێن، چونكه‌ ڕێگه‌كه‌ له‌به‌رده‌میان ڕۆشن نیه‌.

ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێ بۆیه‌ ده‌مه‌وێ له‌ كۆتایدا قسه‌ له‌سه‌ر لایه‌نی كارگێڕی فیستڤاڵ بكه‌م، كه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ فیستڤاڵی فیلمی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی” ئاستێكی زۆر به‌رزی پێوه‌دیاربوو، به‌هۆی بوونی ستافی كاری فیستڤاڵ و ستافی خۆبه‌خشی فیستڤاڵ كه‌ هه‌موویان به‌ سیسته‌م كاریان كرد و هه‌موو ئاستی خۆیان و پسپۆڕی خۆیان و شوێنی كاری خۆیان و سنووری كاری خۆیان ده‌زانی، ئه‌گه‌ر نه‌بووبن به‌هۆی ئاسانكاری بۆیه‌كتر هه‌رگیز نه‌ده‌بوونه‌ به‌ربه‌ست بۆ هاوكار و هاوڕێكانیان، ئه‌م ڕووخۆشی یه‌ له‌ ڕووخساریان و ئه‌م ڕێزه‌ی له‌ میوان و سینه‌ماكارانیان ده‌گرت نیشانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوو و شارستانی و ڕۆشنبیری شاری سلێمانی بوو و له‌ هه‌مان كات خاڵێكی گرنگی سه‌ركه‌وتنی ڕووی ئه‌ته‌كێت و لایه‌نی كارگێڕی فیستڤاڵ بوو.

مامۆستای ڕاسته‌قینه‌ خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كانن، به‌رێوه‌به‌رانی فیستڤاڵ سه‌لماندیان ئه‌وان مامۆستای ڕاسته‌قینه‌ن، سه‌لماندیان كه‌وا سلێمانی پایته‌ختی ڕۆشنبیرییه‌ و هه‌موو هه‌نگاوه‌ گه‌وره‌كانی هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ و كلتووری له‌وێوه‌ سه‌رچاوده‌گرێ و هه‌نگاو ده‌نێ.
فیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی سلێمانی هه‌نگاوی گه‌وره‌ی نا و له‌ داهاتوو ئه‌گه‌ر به‌م گڕووتینه‌وه‌ به‌رده‌وام بن و هه‌نگاوه‌كان به‌رزتر ده‌بن و ده‌بنه‌ جێگه‌ی ئومێدی ڕاسته‌قینه‌ی هونه‌رمه‌ندان و سینه‌ماكاران.

* نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر، ماسته‌ر له‌ یاسا و كارگێری گشتی




خۆزگەو هیوا … عومەر محەمەد

لە پەراوێزی دووەمین ڤیستڤالی فیلمی سلێمانیدا ….

ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە بەتەنیشت لێکۆڵینەوەی زانستییەوە بۆ ئەم تراژیدیایە، هونەریش ڕۆڵی خۆی ببینێت و وەک تاوان و تراژیدیاکانی تری هاوشێوەکانی مرۆڤایەتی بۆ نمونە تاوانی هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ئەرمەنەکان بەراورد بکرێت و داهێنانی ئەدەبی و هونەری لەبارەیەوە بکرێت .
ئەگەر سینەماکار زۆریش رۆنەچیتە ناو مێژووەوەو تەنها لە سەر ئەو ستەمکاریانە بووەستێت، کە لە ناوەراستی هەشاتاکانی سەدەی رابووردووەوە دەرهەق بە کورد دەکرێن، ئەوا هەزاران چیرۆک دەبنە ئایدیاو خەونی کارکردنی، با تەنها هەڵوەستەیەک لە گازبارانی هەڵەبجەو ئەنفال بکەین، لەوکاتەوە هەتا ئێستا لەگەڵ مردنی هەرمرۆڤێکی ئەودەڤەرانەدا چیرۆکێکیش دەمرێت، کەچی زۆر بێباکین !
ئەگەر لە دوای ڕاپەرینەوە هەتا ئێستا کە شەنگالیشی هاتووەتە سەر چیرۆکەکانمان دۆکێومێنتکردبا، ئێستا خاوەنی خەرمانێکی گەورە لە چیرۆکی جەلادو قوربانی دەبووین، خاڵی جەوهەری ئەوەیە کە هەموویان زەلیل بوونمان ناگێڕنەوە،بەڵکو لەناویاندا قارەمانی گەورە هەن، نمونەیەک دەکەمە یارمەتیدەر ( ئێوارەی گازبارانی هەڵەبجە، خانەوادەی حاجی رەحمانی نارنجەڵە هەموویان بریندار بوون و تەنانەت بیناییان لەدەستدابوو،کەچی کە سوپای عێراق شکا سەربازێک بەناوی خالد عەبدولکەریم عەلوان چەکەکەی فرێداو وەک هەڵاتووی بەرەی جەنگ بە (خاتراللە خاتراللە ساعدونی) خۆی هاویشتە ماڵی حاجی ڕەحمان، ئەم پیاوە بەو پەری میهرەبانیەوە لەبری تۆڵە ئامێزی بۆکردەوەو دەستێک جلی کوردی پێداو وەک کوڕێکی خۆی لەگەڵ ماڵ ومنداڵەکەی خۆیدا بردی بۆکەمپی ئاوارەکانی ئێران، لەوێ کاتێک کەوتە بەر سوسەی سیخورەکان، حاجی ڕەحمان، گوتبووی (ئەم کوڕەم هەر بە سکماک بێ زمانەو ناتوانێ قسە بکات) چیرۆکەکە درێژەو لێرە دەیبڕینمەوە بەڵام دەمەوێ سەرنجی سینەماکاری کورد ڕابکێشم، چونکە ئەگەر بخوازێ دەتوانێ بەفریا بکەوێ و هەتا ( سەربازەکە) لە ژیانداماوەو وەک حاجی ڕەحمان دنیای بەجێنەهێشتووە، هەوێنی فیلمێکی جوان و بایەخدارە بۆ ئاشتی ولێبوردەیی.
لەهەمان کاتدا بەپێجەوانەی ئەو دیدە باوەشەوەیە کە هەمیشە کورد وەک زەلیل و قوربانی بێدەسەڵات دەخاتەڕوو، بە هیوام لە داهاتوودا بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی بتوانێ پێشەنگایەتی بکات و بەدیقەتەوە رەگەزەکانی ئازایەتی و خەونە جوانەکانی مرۆڤایەتی لەو تراژیدیایە)دا بدۆزێتەوەو ببێتە هەوێنی بەخشندەیی ومهیرەبانی،خۆزگە یەکەمین فیلمی ڤیستڤاڵ دەربارەی تاوانەکانی جینۆساید (هەلەبجە، ئەنفال، شەنگال) یان هەر یەکێک لەو تاوانانە دەبوو، ئەمەش نەک وەک ئەوەی بەدنیا بڵێین ئێمە ستەممان لێکراوە بەڵکو بەو هیوایەی لە ناو چیرۆکەکانی ئەم تاوانانەدا قارەمان بدۆزنەوەو ببێتە جێگەی سەرنجی سینەماکارانی کوردو ئەوانی دی.

تێبینی :
ئەم بابەتە لە لاپەرە ٦ی ژمارە ٥ی شارسینەما کەبڵاوکراوەیەکی رۆژانەی فیستیڤاڵە لە ریکەوتی ٢٠١٧/١٠/٥ بڵاوکراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی گۆڕینی تایتڵەکەی هەڵەیەک رویداوە ئەوان لە بری “خۆزگەو هیوا” ئەم تایتڵەیان نوسیوە : (فریای بکەون تا حاجی ڕەحمان دنیای جێ نەهێشتووە) هەڵەکەش ئەوەیە، کە بەداخەوە حاجی رەحمان لە ساڵی ١٩٩٩ دا کۆچی دوایی کردووە، ئەو بریندارەی گازباران نەیکوشت بەڵام گەرماو ئاوی گەرمی ئۆردوگای زۆرەملێی گردەچاڵ کوشتی.

٣/١٠/٢٠١٧ سلێمانی




ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی … شاهۆ عارف

ناوی گەورە و شاری وێران!

ڤیستیڤاڵە سینەماییەکان لەسەر چەندین ئاست خزمەتی گەورە بە فیلم دەکەن و بەشێکی دانەبڕاوی فەزای سینەمایین. ڤیستیڤاڵ ئەشێت ببێت بە یەکەمین ڕووبەری بەرکەوتنی فیلم و بینەرەکانی، ئەشێت سەرەتایەک بێت بۆ کۆکردنەوەی سەرنج لەسەر فیلمەکان و دۆزینەوەی بازاڕ و گەورەکردنیان. ڤیستیڤاڵ ئەشێت هونەرمەندەکان لە یەکتر نزیک بکاتەوە، ئەشێت بۆ هەندێکیان بە تایبەت تازەکارەکان پاڵنەر و هاندەرێکی گەورەبێت. ڤیستیڤاڵ ئەشێت بزوێنەری ئابوری شار و وڵاتێک بێت. دواجار ڤیستیڤاڵ حوکمە. حکومێکی کاتی و جوزئیە بەسەر فیلمدا.

ڤیستیڤاڵەکانی فیلم ئەمڕۆ لە زۆر شار و وڵاتی دونیادا هەن، تەنانەت هەندێک شار زیاتر لە ڤیستیڤاڵێکی فیلمی هەیە. سازدانی ڤیستیڤاڵ سەرباری لایەنە پۆزەتیڤەکانی بە نیسبەت فیلمەوە، چەندین دیوی تاریک و زیان بەخشی هەیە. بۆ نموونە بوەتە وەسیەلەیەک بۆ حکومدان بەسەر باش و خراپی فیلمدا. بێگومان هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی باش و خراپی فیلم پرۆسەیەکی ئاڵۆز و تەمومژاوییە. ئاسان نییە بزانین بۆچی سینەمای ئۆزۆ و بریسۆن لە پاش مەرگیانەوە دەست پێدەکەن؟ بۆچی فیلمەکانی گۆداری بیرمەند و فیلمسازی گەورەی فەرەنسی براوەی یەکەمی هیچ ڤیستیڤاڵێک نین؟ ناکرێت باوەڕ بە پێوەری ڤیستیڤاڵ بکەین وەکو داوەرێک بەسەر فیلمەوە.

جگە لەوەیش، زۆرجار ڤیستیڤاڵەکان دەست بەسەر بیرکردنەوەی دەرهێنەرەکاندا دەگرن و خەڵات دەدەنە ئەو جۆرە فیلمانەی کە مەبەستیانە، ئەمەیش وا دەکات فیلمەکان بە ئاڕاستەی پێوەرەکانی ئەو ڤیستیڤاڵانەدا بڕوات. وەکو هەندێک لە کوردستان لەم ساڵانەی دوایدا فیلم لەبارەی هەڵەبجە و داعش و فێندەمێنتاڵیزمی دینی و مەسەلە خوازراوەکانەوە دروست دەکەن بەبێ ئەوەی ڕۆژێك لە ژیانیاندا بەرکەوتنێکی واقیعی و فیکریان لەگەڵ ئەم بابەتانە هەبوبێت. لەگەڵ ئەمانەیشدا زۆرجار ڤیستیڤاڵەکان ئامانجی بزنس و بازرگانیکردن دەخەنە پێش زەرورەتی هونەریەوە. لەوانەیشە هەندێک ڤیستیڤاڵ وەکو ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی ڕەهەندی سیاسی و شەڕە زۆن و خەیاڵی بەرگری لە شاری ڕۆشنبیری سازاندبێتی.

بەبۆچوونی من ڤیستیڤاڵی فیلم ئەوکاتە مانای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت کە خۆکرد بێت. واتە ڕەوتی گەشە و بەرەوپێشچوونی کلتوری سینەما داوای بکات و بیخوازێت نەک وەسیەلە بێت بۆ ئامانجی تر! ئایا ئەم ڤیستیڤاڵە نێودەوڵەتیە لە هەلومەرج و قەیرانێکی ئاوادا چ زەرورەتێک دروستی کردووە؟ ئایا بەڕاستی کلتوری سینەمایی لە کوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بۆنەی نێودەوڵەتی بخولقێنێت؟ ئایا ئەم هەڵایە چ خزمەتێکی فیعلی بە فەزای سینەمایی سلێمانی دەکات؟ ئایا مەعریفەی سینەماکار و نوسەر و ڕەخنەگری ئێمە لەو ئاستەدایە توانای خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی سینەمای لە ئاستی دونیادا هەبێت؟ مرۆڤ توشی ڕاچڵەکین ئەبێت کە بیر لە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەکاتەوە. وەک چۆن هەموو کایەکانی تر ئیفلیج و پەککەوتەن و باند و گروپی مافیا ئەیبات بەڕێوە، کایەی سینەمایش لەوە بەدەر نییە.

ئەم شارە کە خاوەن ئەم پۆلە سینەماکار و هەڵسەنگێنەر و جوری فیلمەیە بۆچی چوار کتێبی باشمان لەبارەی سینەماوە نییە؟ بۆچی ڕەوتێک، گۆڤارێک، لانی کەم یانەیەکی سینەمایمان نییە؟ بۆچی ئەم پارە زەبەلاحە لە دروستکردنی هۆڵی سینەمادا سەرف ناکرێت؟ بۆچی ئەم سەرمایە ناخرێتە خزمەت دروستکردنی فیلمەوە؟ یان یارمەتی گروپێک گەنجی پێنادرێت کە دەیانەوێت فیلم دروست بکەن؟ وەڵامەکە ئاسانە؛ ئەوەی ئەمڕۆ حیزب و کۆمپانیاکانی حیزب ئەیانەوێت ئەم گوتار و بیرکردنەوە ڕیشەیی و بونیادیە نییە، ئەوان خۆیان بە کڵێشەکان و ئایکۆنەکان سەرقاڵدەکەن کە ئەچنە خزمەت ستراتیژی حیزبەوە.

ئەوانەی دوێنێ خەریکی دەرکردنی یاسابوون بۆ سینەما و ئەمڕۆ خەریکی کەسابەتی ڤیستیڤاڵن، خۆیان پێناسەی خۆیان دەکەن. ئەوان ناتوانن بیر لە بناغە و بنچینەکانی کلتوری سینەما بکەنەوە و هیچیان بۆ ئەو مەبەستە لەدەست نایەت. ئەوان بە بڕوانامەی قەبەوە توانای ئەوەیان نییە مێژووی فیلم و کاری سینەمایی ئەم ناوچەیە بخوێننەوە و تیۆریزەی بکەن. ئەوان ناتوانن کتێبێک، وتارێک تەنانەت ڕیڤیوێک دەربارەی فیلمێک بنوسن. ئەوان پاڵەوانی شاشەکان و بینەری فیلمی تەلەفیزیۆنەکانن، زۆربەیشیان دوور و نزیک ئاگاداری فیلم و سینەما نین. ئەوان پێیان وایە ڤیستیڤاڵ پنتی ناساندنی کورد و دۆزی کوردە بە دونیا کەچی پێگەیەکی ئەلیکترۆنی کۆپیکراویان داناوە و پێیان شەرمە زمانی کوردی بۆ ئەو پێگەیە و ژێرنووسی کوردی بۆ فیلمە پەخشکراوەکان زیاد بکەن! ئەگەر قەراربێت لە ئێستادا ڤیستیڤاڵێک هەبێت، ئەبێت ئەو ڤیستیڤاڵە لۆکاڵی بێت فیلمە نێوخۆییەکان هەڵسەنگێنێت، لەبری خەڵات بەخشین و پارە سەرفکردن لە بیانیەکاندا، یارمەتی دەرهێنەر و سینەماکارە لۆکاڵیەکان بدات و باربۆیان بکات.




گەڕانەوەی شکۆی سینەما … عومەر محەمەد

مێژووی سینەما لە مێژووی شانۆش جوانترو باشترە! چونکە ئەگەر شانۆ لەلای گریکەکان سەرەتا بۆ چینی ئەرستۆکراتەکان بووبێت، ئەوا مێژووی سینەما پێچەوانەیە، ئەگەر دەوڵەمەندان لە “هۆڵەکانی شانۆدا شوێنی تایبەت و کورسی تایبەتیان بۆماوەی چەندساڵێک کڕی بوو”، ئەوا لە سینەمادا ئەمەیان بۆ نەچووەسەر، لەسەرەتای سەدەی بیستەم هەر زوو چینی دەوڵەمەندان و ئەرباب و بۆرژواکان بەتایبەتی لە ئەمریکاو ئەوروپا، دەیانویست هۆڵەکانی سینەماش وەک هۆڵەکانی شانۆ تابۆ بکەن و شوێنی تایبەتیان هەبێت .
ئەوان بە پاساوی ئەوەی ناچنە شوێنێک “هەموو کەس” بۆی بچێت، هۆڵەکانی سینەمایان بە شوێنی شیاوی خۆیان نەدەزانی، هەموو کەس مەبەستیان لە خەڵکی زەحمەتکێش کریکارو کۆچبەرو چینی خوارەوەی کۆمەڵ بوو، کە ئەوسا زۆرینەی خەڵکیان پێک دەهێناو بەپارەیەکی کەم دەیانتوانی بچنە هۆڵەکانی سینەماو فیلم ببینن، هەر ئەمەش بووە گەورەترین پاڵپشتی و پشتیوانی سینەماو بازارگەرمی سینەما وەک ” پیشە- هونەر” گەشەی کردو هاندەری دروستکردنی فیلم و چاککردنی هۆڵەکان و باشترکردنی شوێنی حەوانەوە و بەرهەمهێنانی فیلم بۆ فرۆشتن بوو.

وەک هونەرمەندی جوانە مەرگ تەها کەریمی دەنوسێت : (لەهیچ هونەرێکدا ڕۆڵی وەرگر هێندەی سینەما، چارەنوسساز نەبوو، پەیوەندی سینەماو جەماوەر ئەوەندە بەهێز بوو، هەر زوو بووە جێگەی سەرنجی سەرکردەکانی جیهان، لینین لە وتارێکیدا دەڵێت (سینەما بۆ ئێمە هونەری یەکەمە) هیتلەریش هەموو ئیمکانیاتێکی خستە بەردەستی ژنە دەرهێنەری ئەڵمانی (لینی ریفشتاڵ) ئەم دەرهێنەرە ٤٠ کامێرای لەیەک کاتدا بۆ دروستکردنی دوو فیلم دانابوو، کە باسیان لە شکۆمەندی سوپاو وەرزشکارانی ئەڵمان دەکرد.) بروانە تەها کەریمی سینەماتیک -٢٠١٣

حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش بەتایبەتی بەعسیەکان،هەموو ڕێگەیەکیان دەگرتەبەر بۆ دواخستنی کوردو چەواشەکردنیان، کاتێک زانیان سینەما ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە پشخستن و پێگەیاندنی هزری ئازادیخوازیدا، هەربەوەندە نەوەستان کە فیلمەکان سانسۆر بکەن و هۆڵەکان بخەنە ژێرچاودێرییەوە، بەڵکو سیاسەتی بێزراندنی سینەماو شکاندنی شکۆی بینەرو بە نگی زانی چوونەسینەمایان گرتەبەرو ناوهۆڵەکان و دەوروبەری سینەماکانیان پڕکرد لە سیخورو کەسانی سەرسەری و هەرچی و پەرچی و ئاژاوەگێر، ئامانج لە تێکەڵکردنی ئەم خەڵکە خراپەکارانە بە بینەران، بۆ ئەوە بوو ئەو خەڵکەی دەچوونە سینەما بەدگومان بن و بە ئارامی لە هۆڵەکانی سینەما دانەنشین و لەبینینی فیلم دوربکەونەوە، ئەم سیاسەتە تارادەیەک سەری گرت و زۆر بینەر لەسینەما تەکینەوەو زۆریش بە نهێنی دەچوونە سینەما بۆ ئەوەی بەهۆی چوونە سینەماوە ئابرویان لەکەدار نەبێ و کەسایەتیان نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. سینەما بە جۆرێک کەوتە ژێر پرسیارەوە هەتا وای لێهات بەهەر کەسێکی ناپەسەندیان دەگووت : دەڵێی ئەهلی بەردەم سینەماکانە .

لەم بارەیەوە ڕێنوێنکارو سینەماکاری کورد، ئاوات نامیق ئاغا لە ژمارە ٩٣ گۆڤاری مەڵبەند، بابەتێکی مێژوویی گرنگی لەبارەی سینەماوە نوسیوە لە بەشێکی نوسینەکەیدا هاتووە : ( لێرەشەوە ئافرەتانی کۆمەڵی کوردەواری کەئەمێستا پابەندییەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیان بە پیاوانەوە هەیە، نەیان دەتوانی خۆیان لەوان جیا بکەنەوەو بەبێ ئەوان و بێباکانە هاموشۆی شوێنە گشتیەکان وەک سینەماکان بکەن، وای لێهات بۆ سینەماچوونی خێزانی بووە شتێک لە رابوردو. ئەمە وای کرد بینەری مشەخۆرو بێ دەربەست بەسەر شانی بینەری پۆزەتیڤ وئارەزومەند زۆرببن، سەرەرای پەیدابونی نەریتی دزێوی قەزوان، جگەرە، محەلەبی هاویشتن، سەبارەت بە سەرکوتکردنی توخمی لەکۆمەڵگای کوردەواریدا، هەندێک لە نێرینەی هەراش وایان لەخۆیان ڕادەپەرموو، کە سینەما بکەنە ئەو شوێنەی ئارەزووەکانیانی تێدا دابمرکێننەوە، وردە وردەش سینەما وا ناوی بە جۆرێکی وابزرێندرێ کە هەرە خەڵکی خراپ بە “شەللاتی بەرسینەما ناوزەدبکرێ” بروانە مەڵبەند ژمارە ٩٣ – نەورۆزی ٢٧٠٥ی کوردی – مارتی ٢٠٠٥ . ئاوات نامیق ئاغا – سلێمانی کوردو سینەما .

بەداخەوە ڕاپەرینی ئازارو دەسەڵاتی خۆماڵیش لەدرێژەی ٢٦ ساڵی ڕابوردویدا، هەوڵێکی بۆ لابردنی ئەو تەمومژە نەداو بینەری تۆراوی لەگەڵ سینەما ئاشت نەکردەوە، هەربۆیە هێشتا هۆڵەکان کەم بینەرو شاشەکانی تیڤیش بە فیلمی دۆبلاژکراوی تورکی وئێرانی گەمارۆدراون . بەهیوام کردنەوەی بەشی فیلم سازی لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان و ڤیستیڤاڵی ساڵانەی فیلم و بەرێوبەرایەتی سینەمای سلێمانی هەنگاوەکانیان بایی ئەوە تەندروست وکاریگەر بێت شکۆ بۆ سینەما بگێڕنەوە .

٥/١٠/٢٠١٧ سلێمانی

———
ئەو وتارەی لینین مامۆستا ئاوات نامیقیش لەنوسینەکەیدا ئاماژەی پێکردووە 1-
————————————
سەرچاوەکان

1- تەهاکەریمی – سینەما تیک – ٢٠١٣
2- ئاوات نامیق ئاغا، سلێمانی کوردو سینەما. بڵاوکراوەی مەڵبەند ژمارە ٩٣ –نەورۆزی ٢٧٠٥ – مارتی ٢٠٠٥ ل ٤٢ .




فیلمێكی كوردی له‌ماوه‌ی 3 مانگدا به‌شداری 25 فێستیڤاڵی جیهانی ده‌كات

فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی كوردی (بێده‌نگی ئاسمان) له‌ده‌رهێنانی جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌فێستیڤاڵی عه‌ره‌ب فیلم فێستیڤاڵ له‌ رۆته‌ردام به‌شداری پێشبڕكێی سه‌ره‌كی ده‌كات‌و كێبڕكێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات ده‌كات.
ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌باره‌ی به‌شداری فیلمه‌كه‌ی له‌و فێستیڤاڵه‌دا رایگه‌یاند “فیلمه‌كه‌ به‌شداری له‌فێستیڤاڵی عه‌ره‌ب فیلم فێستیڤاڵ له‌ رۆته‌ردام ده‌كات‌و كێبڕكێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات ده‌كات”.
وتیشی “فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ 11 بۆ 15ی تشرینی یه‌كه‌می 2017 له‌وڵاتی هۆڵه‌ندا ئه‌نجام ده‌درێت”.

(بێده‌نگی ئاسمان) نوێترین به‌رهه‌می سینه‌مایی ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كره‌ و به‌سپۆنسه‌ری عه‌باس فازڵ عه‌بدولره‌حمان خاوه‌نی زانكۆی نۆلج به‌رهه‌مهێنراوه‌ و به‌ر له‌م فێستیڤاڵه‌ش له‌چه‌ندین فێستیڤاڵی سینه‌مایی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌شداری كردوه‌‌و چه‌ند خه‌ڵاتێكیش پێبه‌خشراوه‌، له‌وانه‌ خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ له‌خولی چواره‌می فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی سینه‌مایی زانكۆی بابل‌و پێدانی خه‌ڵاتی برۆنزی له‌به‌شی فیلمه‌ ئه‌نیمه‌یشنه‌كانی فێستیڤاڵی سینه‌مایی باشوری جۆرجیا كه‌له‌وڵاتی كه‌نه‌دا ئه‌نجامدرا و له‌ماوه‌ی ته‌نها 3مانگدا به‌شداری 25 فێستیڤاڵی سینه‌مایی جیهانی، كردوه‌.
سیناریۆی فیلمه‌كه‌ پشتیوان عه‌بدوڵا نوسیویه‌تی‌و كاری گرافیك‌و ده‌نگ له‌لایه‌ن سه‌باح شادی‌و كاری موزیكی فیلمه‌كه‌ش رامتین لهۆنی جێبه‌جێی كردوه‌.
(بێده‌نگی ئاسمان) كورته‌ فیلمێكی ئه‌نیمه‌یشنه‌‌و له‌باره‌ی خه‌ونه‌كانی مرۆڤه‌ بۆ ئازادی‌و له‌باره‌ی چیرۆكی فیلمه‌كه‌شه‌وه‌ جبرائیل ئه‌بوبه‌كر ده‌ڵێت “فیلمه‌كه‌ باس له‌خه‌ونی مرۆڤ ده‌كات بۆ ئازادی، به‌وپێیه‌ی كه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێت رێگا له‌ئازادی بگرێت‌و به‌ربه‌ستی بۆ دروست بكات”.
وتیشی “ماوه‌ی فیلمه‌كه‌ 100 چركه‌یه‌ و به‌رهه‌می ساڵی 2017-یه‌”.

جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر ره‌حمان له‌دایكبوی ساڵی 1983ی شاری هه‌ولێره‌، له‌ساڵی 2001ه‌وه‌ ده‌ستیداوه‌ته‌ كاری سینه‌مایی و له‌نزیكه‌ی 40 كورته‌ فیلمدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بوه‌ و له‌ 13 فیلمی سینه‌مایی درێژیشدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بوه‌ و له‌ساڵی 2010ه‌وه‌ كاری ده‌رهێنانی سینه‌مایی ده‌كات و هه‌تا ئێستا چوار كورته‌ فیلمی به‌رهه‌مهێناوه‌ و نزیكه‌ی 20 خه‌ڵاتی نێوخۆیی و جیهانیشی به‌ده‌ستهێناوه‌.




ئیمپراتۆرییەتەکان دەڕووخێن، بەڵام خۆشەویستی دەمێنێتەوە … خەندە حەمید

The Promiseلەبارەی فیلمی …..

فیلمی ‘The Promise’ نیشاندانێکی مێژووییە سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩١٤-١٩١٦ لەلایەن ئیمپراتۆریەتی خوێناوی عوسمانییەوە. ئەمە دەرخەری ڕووی ڕاستەقینەی تورکەکانە، کە بە ئێستاشەوە نکۆڵی لەو جینۆساید و تاوانانە دەکەن کە دەرهەق بە ئەرمەنییەکان ئەنجامیان داوە، هەروەک چۆن ئێستاش دەرهەق بە کوردەکان هەمان ڕێچکە دەگرنە بەر، بەڵام بە فۆڕمی جیا جیا. جەنگ دەتوانێ چۆن هیوا و خەونەکانمان لە گۆڕ بنێ و تێکیان بشکێنێ، لە ژیاندا بەرەو ئاراستەیەکی ترمان بەرێت. کارەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە میکائیل خەونی ئەوەی هەیە ببێ بە دکتۆر، زۆر لێهاتووانە هەوڵی بۆ دەدات، هەربۆیە گوندە بچووکەکەی لە باشوری تورکیا جێدێڵێت، بۆ خوێندنی پزیشکی دەچێت بۆ کۆستەنتین (ئەستەنبوڵی ئێستا)، بۆ ئەوەی بتوانێ پەرە بە تواناکانی بدات. پەیمان بە خۆشەویستەکەی دەدات کە دوای دوو ساڵ دەگەڕێتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵدا دەکات، بەڵام لەوێ ئانا دەبینێ کە مامۆستا و ڕاهێنەری سەمایە پەیوەندییەکی توند و تۆڵ ئانا و میکائیل پێکەوە دەبەستێتەوە، سەرەتا بێ ئەوەی دان بەوەدا بنێن کە ئەمە خۆشەویستییە ئەوانی بەو نزیکییە هێشتۆتەوە. هەروەها ئانا خۆشەویستێکی ئەمریکی هەیە بە ناوی کریس کە کاری فۆتۆجۆرنالیست و ڕاپۆرتنووسی جەنگ دەکات. کریس لە کۆتاییدا هەوڵێکی باش دەدات بە گرتنی وێنە و دۆکۆمێنتکردنی ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی بەرانبەر بە ئەرمەنییەکان دەکرێ.

تێری جۆرج دەرهێنەرێکی ئیرلەندییە، بەشێوەیەکی زۆر جوان و ورد کاری دەرهێنانی بۆ ئەم فیلمە کردووە، ئەم دەرهێنەرە زیاتر ئیش لەو فیلمانەدا دەکات کە لەبارەی جەنگن، لەبەرئەوە ئەزموونی تێری جۆرج بەتەواوی لە فیلمی The Promise دەردەکەوێ، کە زۆر لێهاتووانە کاری دەرهێنان بۆ فیلمە مێژوویی و پڕ چیرۆکەکان دەکات. هەست بە ئەزموونی کارکردنی جۆرج دەکرێ چونکە پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٤ کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی (Hotel Rwanda) کردووە، کە باس لە جینۆسایدی ڕواندا دەکات و چەندین خەڵاتی بردۆتەوە.

لەم فیلمەدا ڕەنگەکان پەیوەست بە ڕووناکییەوە تەواو حەق بە سەردەمەکە دەدەن، هەروەها چۆنییەتی مکیاژکردنەکەش زۆر جوانە. بەشێوەیەکی زۆر تایبەت وێنەی ئەم فیلمە گیراوە بەڕادەیەک لێڕوانەر لە هەر گۆشەیەکەوە دەتوانێ وێنە مێژووییەکان ببێنێ و هەست بەو زەبر و توندوتیژییە بکات کە لە فیلمەکەدا نیشاندەدرێ. بە بۆچوونی من ئەم فیلمە لە ڕووی فۆڕمی دیمەن و وێنەوە زۆر بەهێزترە وەک لە ڕووی دەق، تێکست و دیالۆگەوە. هەروەها ئەم فیلمە لە هەندێک ساتدا لە ڕێگەی پەیوەندی و خۆشەویستیی نێوان ئانا و میکائیلەوە ویستویەتی ئەو وێنە تۆقێنەرانەی جەنگ و جینۆساید کاڵتر بکاتەوە کە لە دەوروبەریاندا هەیە. بە مانایەکی تر دەرهێنەر توانیویەتی هەموو شتە دژیەکەکان پێکەوە کۆبکاتەوە.

لە دیمەنێکی بەهێز و پڕ بەرەنگاری بۆ مانەوە و ڕووبەرو بوونەوەی ئەرمەنییەکان بەرانبەر بە سوپای تورک، ئەرمەنییەکان پەنا بۆ چیا دەبەن، بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراوبێت. لەم دیمەنەدا جینۆسایدی ئێزیدییەکانی بیرهێنامەوە کە بۆ مانەوە و پارێزراوی خۆیان ڕوویان لە چیای شەنگال کرد. وەک ئەوەی لەوکاتەدا چیاکان بانگیان بکەن و ئەوانیش بەرەو دەنگیان بچن. چیا پەناگەیەکی پارێزراوە بۆ مرۆڤ وەک ئەوەی جیهانی ڕاستەقینەی مرۆڤ چیاکان بن!
وێنەیەکی گشتی و هاوشێوەییەک لە هەموو جینۆسایدەکاندا هەیە. لەبەرئەوەی کاتێ ئەم فیلمەم بینی لە زۆر دیمەنیدا (هۆڵۆکۆست) جینۆسایدی جولەکەکانم بیردەکەوتەوە. چونکە مەبەست لە جینۆساید قڕکردن و لەناوبردنی نەتەوەیەک یاخود میللەتێکە، بۆ دەسەڵاتە چەوسێنەرەکان کوشتنی بە کۆمەڵ یەکێکە لە ڕێگە باوەکان. هەربۆیە هەندێ کات بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان دەگوترێ (هۆڵۆکۆستی ئەرمەنییەکان). هەروەها ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ئاستی هونەری ئەو فیلمە لە هەمان ئاستی ئەو فیلمە جوان و ئاست بەرزانەیە کە سەبارەت بە هۆڵۆکۆست دەرهێنراون. ئەم فیلمە ڕاستی مێژووی خوێناوی عوسمانییەکان دەردەخات.

جینۆسایدی ئەرمەنییەکان بە یەکەم جینۆسایدی سەدەی بیست دادەنرێ، لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩١٧ لەماوەی یەکەم جەنگی جیهانیدا ڕوویداوە لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بەشێوەیەکی سیستماتیک و فیزیکی ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی لەناودەبرێن و جینۆساید دەکرێن. بەگشتی جینۆسایدەکان لە کاتی جەنگەکاندا ڕوویانداوە چونکە ئەمە هەل و دەرفەتێکی باشە بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە و کردنی بەشێوەیەکی ئاسانتر و ڕەوایەتی پێدانی. هەربۆیە تورکەکان سوود لە جەنگ وەردەگرن بۆ ئەوەی دوژمنە ناوخۆییەکانی لەناوبەرێت وەک کریستیانەکان، بەبێ ئەوەی هێزی بێگانە بەشداری تێدا بکات. تاکو هیچی دیکە ئەرمەنییەکان بوونیان نەبێت. ”ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی پێویستە لە ئەرمەنییەکان پاکبکرێتەوە، پێویستە لە ڕێگەی برسیکردنەوە لەناویان بەرین.” (ئەنوەر پاشا، ئایاری ١٩١٦).

جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لەسەر دوو بنەما بووە، بنەمای ئاینی و نەتەوەیی. چونکە ئەرمەنییەکان مەسیحی بوونە، سەرکردەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی جەنگی پیرۆز و جیهادیان لە دژیان ڕاگەیاندووە و کوشتنیان لەسەر ئەو بنەمایە ڕەوایەتی پێدراوە. هەروەها بنەمای نەتەوەیی ناسیۆنالیستە تورکەکان (گەنجە تورکەکان، ئیتحاد و تەرەقی) ویستویانە تورکیایەک دروست بکەن تەنیا بۆ تورکەکان بێت، کە تێیدا هیچ شوێنێک بۆ کەمایەتییە نا تورک و نا موسوڵمانەکان نەبێت. بەداخەوە کورد وەک هەمیشەیی خۆی کە زۆر ئاسان دەتوانرێ بەکاربهێنرێ، بەشدارییەکی کارای هەبووە لەو جینۆسایدەدا، چونکە خێڵە کوردەکان ڕۆڵیکی سەرەکیان لەو جینۆسایدەدا هەبووە.

هەرگیز هیچ جینۆسایدێک نەیتوانیوە و ناتوانێ نەتەوەیەک لەناو بەرێت. وەک چۆن شاعیر و ڕۆماننووسی فەڕەنسی ئەناتۆل فرانس دەڵێ: ”ئەرمینیا لە مردندایە، لەگەڵ ئەوەشدا بە زیندوویی دەمینێتەوە. خوێنێکی کەم لە خوێنی نەوەی پێشوی ئەرمەنیەکان ماوە، بەڵام نەوەیەکی پاڵەوانانە لەدایک دەبێتەوە. نەتەوەیەک نەیەوێت بمرێت، نامرێت.”
ئەم جۆرە فیلمانە ئامادەکارییەکی باش دەکات بۆ فێرکردنی نەوەی تازە و منداڵەکان، سەبارەت بە مێژوو، هەروەها ئەو کەسانەی دەیانەوێ ئەم جۆرە مێژووانە پەردەپۆش بکەن و ڕەتیدەکەنەوە. بەهیوام ئێمەش بتوانین مێژووی چەوسانەوە و جینۆسایدی خۆمان بە کاری هونەری ئاست بەرزی لەو جۆرە نمایش بکەین، بۆ ئەوەی لە کۆ یادەوەری تاکی کوردیدا بمێنێتەوە.




هێشتا زه‌مه‌نی ئێمه‌ له‌وێ به‌جێماوه‌ .. له‌ بیابان …. شكۆ عومه‌ر كاكه‌ڕه‌ش

خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كورته‌فیلمی كۆشكی میرووله‌* …..

له‌ كۆشكی مێرووله‌دا زه‌مه‌ن و خۆشه‌ویستیمان لێده‌دزرێت به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبكه‌ین!
به‌داخه‌وه‌ من زۆرجار ره‌شبینم به‌رامبه‌ر ئه‌و شته‌ی كه‌ پێی ده‌ڵێین فیلم و پیشه‌سازی سینه‌مای كوردی، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌و بینینه‌ مته‌وازوعانه‌یه‌ی خۆمه‌وه‌ هه‌بێ‌ بۆ فیلمی غه‌یره‌ كوردی و جگه‌ له‌وه‌ش لێشاوی ئه‌و فیلمه‌ بێناوه‌ڕۆك و سادانه‌ی رۆژانه‌ ده‌خرێنه‌ به‌رده‌ممان كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌. به‌ڵام كورته‌ فیلمی (كۆشكی مێرووله‌) ئه‌و ره‌شبینییه‌م به‌ته‌واوی ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یهێنێ‌ كه‌ پڕ به‌ گه‌رووی خۆت و به‌وپه‌ڕی شانازییه‌وه‌ هاوار بكه‌یت و بڵێت ئیمه‌ش خاوه‌نی سینه‌مای خۆمانین.
له‌ ده‌سپێكی كۆشكی مێرووله‌دا زه‌مه‌نی بینین 2014یه‌ به‌ڵام زه‌مه‌نی ئاكت نادیاره‌. شوێنی بینین بیابانێكی خوارووه‌، به‌ڵام شوێنی ئاكت ماڵی خێزانێكی (سێ كه‌سی)ی به‌خته‌وه‌ره‌،(ئیدی ئه‌و ماڵه‌ بیابانه‌، كۆشكه‌، خه‌یاڵه‌….) روون نیه‌.

جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر له‌م فیلمه‌دا وجوودی نیه‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌واوی بیر و هۆشی ئێمه‌ بۆ خۆی جڵه‌و ده‌كات ته‌نها بریتییه‌ له‌ ده‌نگ، واته‌ له‌گه‌ڵ كه‌می وێنه‌ی سینه‌مایی بینراو له‌ فیلمه‌كه‌دا، زۆرترین پانتایی به‌ زمان و گێڕانه‌وه‌ به‌خشراوه‌ و ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بنیرێت ته‌نها بریتین له‌ بیابانێك، شوانێك و رانه‌مه‌ڕه‌كه‌ی، تراكتۆرێك، كه‌ژاوه‌یه‌كی بووك گواستنه‌وه‌، دواجاریش پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ و ده‌بینرێت له‌ رێگه‌ی بیر و هۆشه‌وه‌یه‌، بریتییه‌ له‌ ووتووێژی ژن و پیاوێك كه‌ سه‌ره‌تا دوو ئۆتۆمبێل له‌ دووره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون به‌ هۆڕنلێدان و گۆرانی ووتنه‌وه‌ به‌ دوای یه‌كدا ده‌ڕۆن و ژن و پیاوه‌كه‌ پێیانووایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ كه‌ژاوه‌ی بووك و زاوایه‌كه‌ به‌لایاندا گوزه‌ر ده‌كات، دواتر مناڵه‌كه‌یان ده‌گری و پیاوه‌كه‌ داوای ژیركردنه‌وه‌ی له‌ ژنه‌كه‌ ده‌كات و پاشان ژنه‌كه‌ پرسیاری (كات) ده‌كات و ده‌یه‌وێت بزانێ كه‌ سه‌عات چه‌نده‌، كه‌چی پیاوه‌كه‌ سه‌عاته‌كه‌ی له‌ ده‌ستدا نه‌ماوه‌، بیریشی نیه‌ كه‌ چی لێكردووه‌ و بۆ سه‌عاته‌كه‌ی له‌ ده‌ستیدا نیه‌! دواتر به‌ رێكه‌ووت پرسیاری ئه‌ڵقه‌كه‌ی ده‌ستی ژنه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت كوا ئه‌ڵقه‌كه‌ت ئه‌ویش به‌ هه‌مانشێوه‌ ئه‌ڵقه‌كه‌ی نه‌ماوه‌، به‌بیری خۆی هه‌ر له‌ ده‌ستیدایه‌ به‌ڵام كاتێ‌ سه‌یر ده‌كات ئه‌ڵقه‌كه‌ی نه‌ماوه‌ و ئه‌م وونبوونه‌ش ده‌بێته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخانی رووداوه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ی دراماتیكی رووداوی فیلمه‌كه‌ تا ده‌گات به‌ تروپك، به‌وه‌ی كه‌ پیاوه‌كه‌ ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ چۆن ده‌بێت ئه‌ڵقه‌ی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی له‌ ده‌ست نه‌مابێت و نه‌شزانێ‌ له‌ كوێیه‌! له‌م نێوه‌نده‌شدا منداڵه‌كه‌ ده‌ست به‌ گریان ده‌كاته‌وه‌ و ژن و پیاوه‌كه‌ش ده‌بێت به‌ ده‌مه‌قاڵێیان، له‌م كاته‌دا شوانه‌ عه‌ره‌به‌كه‌ و رانه‌ مه‌ڕه‌كه‌ی به‌ نزیكیاندا تێپه‌ڕده‌بن، پیاوه‌كه‌ به‌ ژنه‌كه‌ ده‌ڵی شیر بده‌ به‌ منداڵه‌كه‌ باژیر بێته‌وه‌، ئه‌ویش پێی ده‌ڵی: (شیری چیی مه‌گه‌ر نازانی…) ناچار ژنه‌كه‌ ده‌یه‌وێت بانگی شوانه‌كه‌ بكات تا كه‌مێك له‌ شیری مه‌ڕه‌كانی بۆ بێنێنی و بیداته‌ مناڵه‌كه‌ و پیاوه‌كه‌ش به‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ وه‌رس ده‌بێت و ژنه‌كه‌ بێده‌نگ ده‌كات ئه‌وه‌ش له‌ ترسی ئاشكرابوونی شوێنه‌كه‌یان له‌لایه‌ن شوانه‌كه‌وه‌. دواتر به‌ ژنه‌كه‌ ده‌ڵێ‌: ( بانگی چی ده‌كه‌ی خۆ ئه‌و له‌ زمانی ئێمه‌ تێناگات…) شه‌و دادێت و ژنه‌كه‌ به‌ دڵشكاوییه‌وه‌ لای لایه‌ بۆ مناڵه‌كه‌ی ده‌كات پیاوه‌كه‌ش له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و ده‌مه‌قاڵیی ئه‌مڕۆی په‌شیمانه‌ و داوای لێبوردن له‌ ژنه‌كه‌ ده‌كات و خۆی ده‌خرێنێته‌ باوه‌شییه‌وه‌ و ئاشتی ده‌كاته‌وه‌ و دیمه‌نێكی رۆمانسی له‌ زهنی بینه‌ردا دروست ده‌كه‌ن و به‌ڵێنی ئه‌وه‌ش به‌ ژنه‌كه‌ی ده‌دات كه‌ به‌یانی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێن تا هه‌م سه‌عاته‌كه‌ی خۆی و هه‌میش ئه‌ڵقه‌كه‌ی په‌نجه‌ی ژنه‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام به‌یانی كه‌ چاو ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ ده‌نگی له‌رینه‌وه‌ی زه‌وییه‌كه‌ و هاڕه‌هاڕی شۆفڵ و حه‌فاره‌ به‌خه‌به‌ر دێن كه‌ خۆشیان نازانن چیه‌ و كێیه‌ هاتوه‌ته‌ سه‌ریان.

دواجار كه‌سێك هێمایه‌كی ئاگاداركردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو له‌به‌رده‌میاندا ده‌چه‌قێنێت و ئه‌مانیش واقوڕماو و بێده‌نگ سه‌یر ده‌كه‌ن. له‌ م نێوه‌نده‌یا ده‌نگی چه‌ند كه‌سێك ده‌بیسترێت كه‌ به‌ كوردی قسه‌ ده‌كه‌ن قسه‌كان و فۆنه‌تیكی ده‌نگه‌كان بۆ ژن و پیاوه‌كه‌ ئاشنا ده‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ زمانی خۆیانه‌ و بۆیه‌ هه‌ست به‌ دڵنیاییه‌ك ده‌كه‌ن. دواتریان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌مان ئه‌نفالكراون و ماوه‌ی بیست و حه‌وت ساڵه‌ وا له‌ ژێر لمی بیابانه‌كانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بچین و به‌ ئارامی له‌ خه‌و هه‌ڵیانبسێنین و بیانهێنینه‌وه‌، ژنه‌كه‌ ئێستا ئیتر بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ بۆچی ئه‌ڵقه‌كه‌ی له‌ په‌نجه‌دا نه‌ماوه‌، كه‌ 27 له‌مه‌وبه‌ر كاتێ‌ ره‌می كران سه‌ربازێكی عیراقی ئه‌ڵقه‌كه‌ی له‌ په‌نجه‌ی ده‌رهێنا و دزی! به‌ڵام ئێستا ئیتر گرنگی به‌ ئه‌ڵقه‌كه‌ی نادات و به‌وپه‌ڕی تامه‌زرۆیی و بڕوانه‌كردن و شۆكبوونه‌وه‌ ده‌ڵێت: (یانی ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌؟) ئه‌وان له‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕوانترن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئامێزی نیشتیمان، ئه‌مه‌ش به‌ دیاریكراوی له‌و دیالۆگه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پیاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: (باشه‌ بۆ وا دره‌نگ؟ 27 ساڵ چاوه‌ڕوانی….) له‌و دیالۆگه‌وه‌ بینه‌ر هه‌ست به‌و هه‌موو تامه‌زرۆییه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ژێیه‌كانی قۆڕكی ئه‌و ئه‌نفالكراوه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، تامه‌زرۆیی بۆ هاتنه‌وه‌، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باوه‌شی نیشتیمان، بۆ هه‌ڵمژینی هه‌وایه‌كی نیشتیمان و به‌جێهێشتنی ته‌پوتۆزی بیابانی نامۆ به‌ رۆح و جه‌سته‌یان.

یه‌كێك له‌ جوانترین ته‌كنینكه‌كانی كۆشكی مێرووله‌ بریتییه‌ له‌ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ئاست و مه‌ودای بینین كه‌ به‌جدی بینه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئیستیفزار ده‌بێت تا ئه‌و ساته‌ی ده‌چێته‌ نێو دنیای فیلمه‌كه‌وه‌، چونكه‌ ته‌واوی گۆشه‌ی كامێرا له‌م فیلمه‌دا تا دیمه‌نی پێش كۆتایی ته‌نها دوو گۆشه‌یه‌ و به‌س، ئه‌وانیش بریتین له‌ گۆشه‌ نیگای هه‌ردوو كاره‌كته‌ری نێو فیلمه‌كه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ئاڕاسته‌ی بینینیان بگۆڕن. واتا چۆن 27 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و ژن و پیاوه‌ ره‌می كراون و به‌شێكی جه‌سته‌یان خراوه‌ته‌ ژێر گڵه‌وه‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ ماونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مان مردوون و ئه‌سڵه‌ن ته‌نها ئێسكه‌ په‌یكه‌ریان ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌شی كه‌ ده‌دوێ و ئاكت ده‌كات ته‌نها رۆحه‌كانیانه‌! كامێراش جگه‌ له‌وه‌ی سه‌رجه‌م رووداوه‌كانمان له‌ چاوی دوو كاره‌كته‌ره‌كه‌وه‌ بۆ ده‌گوازێته‌وه‌ هیچ گۆشه‌نیگایه‌كی ترمان پیشان نادات بۆیه‌ به‌ڕای من ئه‌م ته‌كنیكه‌ی ده‌رهێنه‌ر پشكی شێری سه‌ركه‌وتوویی فیلمه‌كه‌ی به‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاڵۆزییه‌كی وه‌ها ده‌خوڵقێنێت كه‌ بینه‌ر تووشی سه‌رلێشێوانێك ده‌بێت و ئه‌سڵه‌ن ناتوانێ‌ ته‌بریرێكی گونجاو بۆ پابه‌ندبوونی به‌و گۆشه‌ نیگا دیاریكراوانه‌ بدۆزێته‌وه‌، تا له‌ كۆتایی فیلمه‌كه‌دا بۆی ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر جه‌ند زیره‌كانه‌ كاری له‌سه‌ر چ ته‌كنیكێكی نایاب كردووه‌!!

وتوێژ و دیالۆگ به‌ هه‌مانشێوه‌ یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ كۆده‌كانی سه‌ركه‌وتنی (كۆشكی مێروله‌) به‌وه‌ی كه‌ ده‌رهێنه‌ر زۆر وورد و به‌سه‌لیقه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر دانان و هه‌ڵبژاردنی دیالۆگه‌كان كردووه‌ و له‌ (كۆشكی مێرووله‌)دا هه‌ر دیالۆگێك بۆ خۆی هه‌ڵگری چه‌ندین كۆد و مه‌غزایه‌.
هه‌ڵبژاردنی بابه‌ت و كاركردن له‌سه‌ری به‌و شێویه‌ له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر تۆفیق ئه‌مانییه‌وه‌، به‌رای من كۆدی سه‌ركه‌وتنی فیلمه‌كه‌یه‌ به‌وه‌ی ئه‌م نه‌هاتووه‌ وه‌كو ئه‌و كارانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئه‌نفال به‌رهه‌مهێنراون ئیڤایه‌كی عه‌سكه‌ری و ژماره‌یه‌ك پیره‌ژنی داماوی پاشماوه‌ی ئه‌نفال و سه‌گه‌ڕه‌شه‌كه‌ی نوگره‌سه‌لمان و چی و چی بهێنێت و دووباره‌ به‌ سواوی كاریان له‌سه‌ر بكات، نا به‌ڵكو ئه‌مانی هاتووه‌ ته‌نها خانه‌واده‌یه‌كی بچووكی سێ كه‌سی (ژن، پیاو، مناڵ)ی وه‌رگرتووه‌ و له‌سه‌ر رووداوگه‌لی زۆر ساده‌ی رۆژانه‌ی نێوان ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ كاری كردووه‌ و له‌ كۆتایشدا پێووتین كه‌ ده‌كرێت له‌سه‌ر شته‌ زۆر بچووك و ساده‌كان به‌رهه‌می شاكار بهێنینه‌ ئاراوه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ من مایه‌ی پرسیاری جدی و هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌، شێوه‌زاری هه‌ردوو كاره‌كته‌ره‌كه‌یه‌، كه‌ به‌شێوه‌زاری سنه‌یی یان روونتر بڵێین رۆژهه‌ڵاتی ده‌دوێن، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ خۆی له‌ خۆیدا به‌هۆی شیرینی شێوه‌زاره‌كه‌وه‌ جوانی و چێژێكی تایبه‌تی به‌ فیلمه‌كه‌ به‌خشییووه‌، به‌ڵام لێره‌دا تووشی ئیشكالییه‌تی ئه‌وه‌ ده‌بینه‌وه‌ ئایا گه‌رمیانییه‌كی ئه‌نفالكراو بۆ ده‌بێت به‌ شێوه‌زاری سنه‌یی یان رۆژهه‌ڵاتی بدوێت؟! ئایا ئه‌مه‌ ته‌نها ته‌كنیكێكی ده‌رهێنه‌ر خۆیه‌تی بۆ فیلمه‌كه‌؟ یاخود ده‌یه‌وێت له‌ڕێی ئه‌نفاله‌وه‌ شێوه‌زاره‌كان تێپه‌ڕێنێت و بڵێت ئه‌نفال ئاگرێكه‌ و وا له‌ دڵی هه‌موو كوردێكه‌ به‌جیاوازی شێوه‌زار و ته‌مه‌ن و ره‌گه‌زه‌وه‌؟ به‌راستی هاودژییه‌ك لای دروست بووه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌.

خاڵێكی تری جێی پرسیار بۆ من ناونیشانی كورته‌ فیلمه‌كه‌یه‌ (كۆشكی مێروله‌) بۆ؟ چ په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان (ئه‌نفال) و (كۆشك)، (مێرووله‌)دا؟ ئایا مێرووله‌ش به‌شداره‌ له‌ ئه‌نفالكردنی كورددا؟ ئایا ئه‌م ناونیشانه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ بینینی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ كه‌ مێرووله‌ پانیاییه‌كی فراوانی بینینی ئه‌وانی داگیركردووه‌؟ یاخود مه‌به‌ستی كه‌لله‌سه‌ری ئه‌نفالكراوانه‌ كه‌ بووه‌ به‌ كۆشك بۆ مێرووله‌كانی بیابان؟
دواجار موته‌ئه‌سیفانه‌ زۆر ده‌گمه‌نن ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌ری و ئه‌ده‌بیانه‌ی دنیای ئێمه‌ كه‌ توانیویانه‌ ستاتیكییانه‌ كار له‌سه‌ر مه‌رگه‌ساته‌كانی گه‌لی خۆمان بكه‌ن و زۆربه‌ی كاره‌كان هێنده‌ ساده‌ و بێناوه‌ڕۆكن كه‌ به‌رای من نێگه‌تیڤانه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر مه‌رگه‌ساته‌كه‌ هه‌بووه‌. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ كورته‌ فیلمی (كۆشكی مێرووله‌) له‌ گۆشه‌نیگایه‌كی زۆر وورد و قووڵه‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌رگه‌ساتی ئه‌نفال به‌رهه‌مهێنراوه‌ته‌وه‌ و ده‌توانرێ‌ له‌رێگه‌یه‌وه‌ به‌ بیانییه‌ك بوترێ‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نفال كه‌ به‌سه‌ر كورددا هاتووه‌! به‌ڕای من ڕای له‌ ئه‌ده‌بدا رۆمانی شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان-ی به‌ختیار عه‌لی و له‌ سینه‌ماشدا كورته‌ فیلمی (كۆشكی مێرووله‌) ئه‌و دوو به‌رهه‌مه‌ن كه‌ زۆر به‌ ووردی و ئاگاییه‌وه‌ كاریان له‌سه‌ر ئه‌نفال كردووه‌ و هه‌ق وایه‌ هه‌ر نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندێك كه‌ بیه‌وێت كار له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ بكات، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك هه‌م رۆمانه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌ و هه‌م سه‌یرێكی فیلمه‌كه‌ش بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر زانی ناتوانێ‌ ئه‌و دوو به‌رهه‌مه‌ تێپه‌ڕێنێت و له‌وان جوانتر و ستاتیكیتر كار له‌سه‌ر ئه‌نفال بكات، ئه‌وا نه‌یكات باشتره‌.

ئێستا ئیدی ئه‌گه‌ر بیانییه‌كی هاوڕێم پرسیاری فیلمی كوردیم لێبكات ده‌توانم به‌شانازییه‌وه‌ پێشنیاری بینینی چه‌ند فیلمێكی كوردی بۆ بكه‌م كه‌ یه‌كه‌میان (كۆشكی مێروله‌)یه‌.
*كورته‌فیلمی كۆشكی مێرووله‌ به‌رهه‌می ماڵی سینه‌مایه‌ و ساڵی 2014 له‌ كوردستان به‌رهه‌مهێنراوه‌ و تۆفیق ئه‌مانی كاری نوسین و ده‌رهێنانی بۆ كردووه‌.




بەهمەن قوبادی لە ناو 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهان

مەنسوور جیهانی ـ “بەهمەن قوبادی” لە ناو 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهان، لە لایەن رەخنەگرانی سینەمایی رێکخراوەی گرینگی “رۆتین تۆمەیتۆ” دیاریکرا.
لە دوای توێژینەوەیەکی تێرووتەسەل و بە بڕوای کارناسان و ڕەخنەگرانی پرۆفێشناڵی سینەمایی و هەروەها بە پێی پێوانەی ڕەخنەکان و نووسراوەکان لە لایەن ڕێکخراوەی گرینگی سینەمایی “رۆتین تۆمەیتۆ” Rotten Tomatoe و ماڵپەڕیی گرینگی سینەمایی “مێتاکریتیک” Metacritic، 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهان رێزبەندیی کران.

دەرئەنجامەکان دەریدەخات کە ئەم ریزبەندییە بە پێی فیلمسازانێک لە سەرتاسەری جیهان دەستنیشانکراوە کە لە رۆژی 1ی ژانوییەی 2000ی زایینی بەدواوە یانی لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمەوە تا ئێستا، لانی کەم چوار فیلمی سینەماییان سازکردبێت و بەم بەرهەمانە لە فیستیڤاڵە گرینگە نێودەوڵەتییەکانیدا بەشدارییان کردبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە، رێژەی ئەو فیلمسازانەی کە لەم بەشەدا جێدەگرن زۆر لەم رێژەیە زیاترە کە لە زەیندا دەگونجێت.

لەم ریزبەندییە پڕشانازییەی دەرهێنەرە جیهانییەکاندا، ناوی “بەهمەن قوبادی” فیلمسازی ناوداری کوردیی ئێرانی بەرچاودەکەوێت و بە ناونیشانی یەکێک لە باشترین فیلمسازانی سەدەی بیست و یەکی دنیا دیاریکراوە و بە هۆگرانی سینەمای جیهان ناسێندراوە.
“بەهمەن قوبادی” وەکوو ئەندامی کارا لە نێوان ئەم دەرهێنەر ناودارانەی سینەمای جیهان پێگەی تایبەتی خۆی هەیە و هەروەها ناوی فیلمسازانی ناوداری دیکەش لەوانە: “ئالفۆنسۆ کۆارۆن” Alfonso Cuarón، “ئێلێکساندێر پێین” Alexander Payne، “پۆل تۆماس ئاندێرسۆن” Paul Thomas Anderson، “برایانی داردێن” Dardenne brothers، “نووری بیلگە جەیلان” Nuri Bilge Ceylan و … بەرچاودەکەوێت.

کارناسان و ڕەخنەگرانی پرۆفێشناڵی سینەمایی ڕێکخراوەی گرینگی سینەمایی “رۆتین تۆمەیتۆ” لەم ڕاپرسییەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ فیلمە سینەماییەکانی “کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” لە ساڵی 2000، “گۆرانییەکانی وڵاتی دایکییم” لە ساڵی 2002، “کیسەڵەکانیش دەفڕن” لە ساڵی 2004، “نیوە مانگ” لە ساڵی 2006 و “کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە” لە ساڵی 2009 لە بەرهەمەکانی “بەهمەن قوبادی” کرد.

بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.metacritic.com/pictures/best-movie-directors-21st-century?ref=hp




یادەوەرییەکانی گایشا … خەندە حەمید

ئەو فیلمەی زیاد لە چەند جارێک بینیومە و هەموو جارێک بۆ من شتێکی نوێی پێیە، لەلام زۆر پەسندە دەتوانم بڵێم فیلمی هەموو سەردەمەکانە. فیلمێک کە لات ڕوون نییە دیمەنەکانی بەرەو کوێت دەبەن؟ لە یادەورییەکانی گایشا دەچیتە نێو جیهانێک کە پڕە لە نهینی، فێڵ و پلان بۆ مانەوەی خۆت و لە ناوبردنی ئەویتر، هەروەها ئەو یادەوەری و نۆستالیژییانەی کە نمایش و گێڕانەوەکان دەیان کات بە یادەوەری. لەگەڵ ئەوانەشدا ئەم فیلمە زۆر شتمان پێ دەڵێت سەبارەت بە کولتووری ژاپۆن. فیلمەکە لە ڕۆمانی ڕۆماننووس Arthur Golden وەرگیراوە بەناوی Memoirs of a Geisha)). ئارسەر نووسەرێکی ئەمریکییە، پسپۆڕی لە مێژووی هونەردا هەیە، هەروەها لە هونەری ژاپۆنیدا شارەزایە. دڵنیام هەستێکی ئەدەبی جوان لە ڕۆمانەکەدا هەیە، هەروەک چۆن پێم وایە ئەو فیلمە یەکێکە لەو فیلمانەی کە وەک ڕۆمانەکە جوان بەرجەستە کراوە، بە پێچەوانەی زۆرێک لەو فیلمانەی کە لە ڕۆمان وەرگیراون و بەم شێوەیە نین، واتا وەک ڕۆمانەکانیان جوان نین. هەروەها لە لایەن دەرهێنەر Rob Marshall کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، نۆڤەمبەری ٢٠٠٥ بڵاوبۆتەوە.
فیلمی یادەوەرییەکانی گایشا بە دیمەنێکی ئازاراوی دەستپێ دەکات، دوو خوشک لە لایەن دایک و باوکە هەژارەکەیانەوە بە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ دەفرۆشرێن لە کیۆتۆ (Kyoto). خوشکە گەورەکە لە ڕووی جەستەییەوە تەواو ئامادەیە بۆ سێکسفرۆشتن، بۆیە ڕاستەوخۆ دەبردرێت بۆ سۆزانیخانە، لە کاتێکدا خوشکە بچوکە نۆ ساڵانەکە وەک خزمەتکار دەبرێت بۆ ماڵی گایشاکان و لەوێ ئیشی پێدەکرێت، بێ ئەوەی هیچ پاداشت و مانگانەیەکی هەبێت. تا ئەوکاتەی کە گەورە دەبێ بۆ ئەوەی بزانن لێهاتوو و گونجاوە بۆ بوون بە گایشا، ئەوجا پاداشت وەردەگرێت، چونکە گایشاکان بەرانبەر بەو خزمەتەی دەیکەن پاداشت وەردەگرن.

بوونی گایشا لە کولتووری ژاپۆنی زۆر باوبووە، تەنانەت ئێستاش گایشا بە شێوازی خۆی هەیە. لە کاتێکدا گایشا وەک هونەرمەند ناسێنراوە، چونکە ئەوان سۆزانی نین بەڵکو ئیشی سەرەکی گایشا ئەوەیە کە خزمەت یاخود میوانداری و هاودەمی پیاوەکان بکات، بەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ بکات یاخود خواردن و خواردنەوەیان پێشکەش بکات، هەندێک جاریش سەما و میوزیک و گۆڕانی دەڵێن. هەر بۆیە لە کولتووری ژاپۆنیدا گایشاکان نایاسایی نەبوون. دەکرێ ئەوان وەک خزمەتکار یاخود هاودەمێک بۆ پیاوە باڵادەستەکان ببینرێ، کە وایان لێ بکات هەستێکی تایبەتیان هەبێت لە کۆبوونەوە و کات بەسەربردنەکانیاندا.

دوای فرۆشتنی Chiyo (کچە بچوکەکە) بە ماڵی گایشایەک، دوای گەورەبوونی لەلایەن گایشایەکی تری بە ئەزموونەوە دەکڕدرێت و پەروەردە دەکرێ تەنانەت ناوەکەشی دەگۆڕدرێ بۆ سایۆری. خانمەکە ناوی مامیایە، سایۆری پەروەردە دەکرێ و ڕاهێنانی پێدەکرێ، سکوڵی میوزیک و سەما و چۆنییەتی گفتوگۆی باڵا دەخوێنێ. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا گایشا بە مانای هونەرمەند دێت؟ ”بەجەختی وشەی گایشا واتا هونەرمەند، بۆ ئەوەی ببی بە گایشا دەبێ وەک ئیشێکی هونەری جوڵاو بریارت بەسەردا بدرێ. ناتوانی بەخۆت بڵێی گایشای ڕاستەقینە، تاکو بە یەک نیگا پیاوێک لەنێو هەنگاوەکانیدا نەوەستێنی.” لێرەدا دەرک بەوە دەکرێ کە گایشا لەسەر ویست و حەزی پیاوانە پەروەردە و ڕاهێنانی پێدەکرێ. ئەوەی بەدیدەکرێ پیاوەکان ئەوان وەک بوکەڵەیەک بۆ کات بەسەربردن و چیژ وەرگرتنی خۆیان دەبینن، نەک وەک هونەرمەندێک. هەرچەندە هەمووان بە سەماکەی سایۆری سەرسامن، بەڵام لە ڕاستیدا سەرسامن بە جوانییەکەی نەک توانا جەستەیی و هونەرییەکەی. چونکە چاوەکانی سایۆری ڕەنگی دەریایان هەیە، بەڵام ئاگر لە دڵی هەر کەسێک بەردەدات کە دەیبینێ. ”گایشا ڕووخساری خۆی ڕەنگ دەکات بۆ ئەوەی ڕووخساری بشارێتەوە، چاوەکانی ئاوێکی مەنگ و قووڵن. بۆ گایشا نییە کە بیەوێت. بۆ گایشا نییە کە هەست بکا. ئەو هونەرمەندی جیهانێکی سەرئاوکەوتووە، کە سەما دەکات، گۆرانی دەڵیت، خۆشیت پێدەدات، هەرچییەک کە بتەوێ. ئەوەی دەمێنێتەوە سێبەر و نهێنییە.”
لە کولتووری ژاپۆنیدا، مرۆڤەکان دیسپلینکراون، سنوور و یاسای توند بۆ هەڵسوکەوت و ڕەفتارنواندنیان لەگەڵ یەکدی بۆ دانراوە، بەڵام گایشاکان دووجار دیسپلینکراون، هەم وەک تاکێکی ژاپۆنی و هەم وەک کچە گایشایەک کە دەبێ پابەند بێت بەو دەستوور، یاسا و ڕێسایانەی لەسەری ڕاهێنراوە، کە ئەو ڕێسایانەش لە خزمەت خواست و ویستەکانی پیاودان. واتا گایشاکان لە ئیرادە خراون وەک بووکەڵەیەکی سێکسی لەلایەن پیاوە سیاسی و دەوڵەمەندەکانەوە بۆ چێژ وەرگرتن و کات بەسەربردن بەکاردەهێنرێن، ئەوان بە ئۆبژێکت کراون هیچ ویست و ئازادییەکیان نییە. کەواتە گایشاکان بەحەز و ئیرادەی خۆیان نابنە گایشا، یاخود بۆ ژیانێکی بەختەوەرانە، بەڵکو دەبن بە گایشا چونکە هیچ هەڵبژاردەیەکی تریان نییە.

بەدرێژایی ئەم فیلمە هەوڵ و ڕووبەرووبوونەوەی ئەم کچە هەست پێدەکەی کە دەیەوێت خۆی قەدەری خۆی دیاری بکات و شەڕ بۆ مانەوە و بەردەوامبوون بکات، چونکە دەزانێ کە ئەو دەبێ لە شوێنێکی دیکە بێت، بەمەش تووشی نەهامەتی و کێشەی زۆر دەبێت. کارەکتەری سەرەکیziyi) (zhang کە ئەکتەرێکی چینییە، ڕۆڵێکی جوان بەرجەستە دەکات بەڕادەیەک هەست دەکەی ئەو بەڕاستی گایشایە نەک تەنیا ڕۆڵەکەی ببینێ.
سایۆری لە جیهانێکی پڕ خەون، تێکۆشان و کۆڵنەداندا دەژیت، ئەو دەیەوێت بە یادەوەرییەکانییەوە بمرێ نەك بە خەونەکانییەوە، بەو مانایەی هەوڵ دەدات بۆ بەدیهاتنی خەونەکانی. هەروەها ئەو جوانی خۆشدەوێ لەو ڕێگەیەوە ڕوانگە و ڕوانین بەرانبەر بە گایشاکان دەگۆڕێ. چونکە خۆشویستنی جوانی چێژە، بەڵام خوڵقاندن و داهێنانی جوانی هونەرە. هەر بۆیە دەکرێ گایشاکان هونەرمەندبن، چونکە بە سەما و گۆڕانی جوانی دەخوڵقێنن. ئەمەش بەئارامییەکی قووڵ، هەروەها خۆتەرخانکردن بۆ ئەو کارەی کە بە ئەرکی خۆی دەزانێ. ئەم کچە دەکەوێتە خۆشەویستییەکی نهێنی و تاکلایەنانە لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسەکان (بەڕێوەبەر)، خۆشەویستییەک بە تین و هێزی منداڵانەوە. ئەو پیاوە کاتێ لەسەر پردەکە چیۆ دەبینێ، کچێکی بچوکەو دەگریا، هێمنی و بەخشندەیی ئەم پیاوە وا لە چیۆی بچوک دەکات کە ئاشقی ببێت و ئەم هەستە هەڵبگرێ تا گەورەبوونی. ئەو دەڵێ: ”نایبینی؟ هەر هەنگاوێک کە ناومە، لەوکاتەوەی ئەو منداڵە بووم لەسەر پردەکە، بۆ ئەوە بووە کە خۆم لە تۆ نزیک بکەمەوە.”

سایۆری بەرگری و هەوڵ بۆ ئەو خۆشەویستییەی دەدات کە بۆ بەڕێوەبەر هەیەتی. لێرەدا سەختە لە هەمان کاتدا دەستگرتن بە خۆشەویستییەکی نهێنی و کارەکەیدا، سایۆری هەمان شت دەکات، دواتر دەتوانێت بە لێهاتووی و سووڕبوون لەسەر ئەرکەکەی سەرکەوتوو بێت.
لەم فیلمەدا لێڕوانەر بە چەند قۆناغێک تێدەپەڕێت، قۆناغی جەنگ و دوای جەنگ. هەموو شتێک دوای جەنگ دەگۆردرێ بەکاڵاکردن و بەئۆبژێکت کردنی ژن بەڕوونی دەبینرێ، سێکسفرۆشی زۆر زیاد دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ئەوەی هەستی پێدەکرێ ئەوەیە، هەمیشە ئازایەتییەک بۆ دەستپێکردنەوەی ژیان لە سایۆریدا هەیە. لەوەیە ئەو فیلمە لەسەر چۆنییەتی ژیانی ڕاستەقینەی گایشا نەبێت، بەقەد ئەوەی ویستوویەتی جوانی و هەستناسکی گایشا دەربخات، لە هەمان کاتدا دەڵێم ڕەنگە ئەرکی فیلمیش هەر ئەمە بێت کە جوانی لەنێو ئەرک و ڕۆژگارە سەختەکان، توێژە چەوساوە و بەکارهاتووەکان بدۆزێتەوە و لە کۆنتێکستێکی هونەریی جواندا نمایشی بکات.




فیلمی کوردیی “بێدەنگ” لە فیستیڤاڵی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەهان نمایشکرا … مەنسوور جیهانی

ـ کورتە فیلمی کوردیی “بێدەنگ” لە دەرهێنانی “عەلی عەسگەری” و “فەڕنووش سەمەدی” لە فیستیڤاڵی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەهان نمایشکرا.
کورتە فیلمی کوردیی “سکوت” واتە “بێدەنگ” The Silence لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماکارانی ئێرانی دانیشتووی وڵاتی ئیتاڵیا “عەلی عەسگەری” و “فەڕنووش سەمەدی” بەرهەمی وڵاتانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا کاتژمێر 8:30 شەوی دووشەمە لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای نێودەوڵەتی” لە میانەی 30مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لە سینەما “نقش جهان” لە شاری ئیسفەهان نمایشکرا.
ئەم کورتە فیلمە چیرۆکی کچێکی کورد و دایکی پەنابەریی لە وڵاتی ئیتاڵیا بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە سەردانی دکتۆر دەکەن بەڵام کچەکە بە جیاتی ئەوەی کە قسەکانی دکتۆرەکەی بۆ وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی، بێدەنگ دەبێت.
“بێدەنگ” کە بۆ یەکەمین جار لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی نێودەوڵەتی شەست و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کان لە وڵاتی فەڕەنسا و هەروەها کۆمەڵێک فیستیڤاڵی جیهانی نمایشکراوە و تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرینگی بەدەستهێناوە لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی “سینەمای جیهان” لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا.
ئە فیلمە کوردییە لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “نێودەوڵەتی” بە ناونیشانی “سینەمای سەعادەت” لە میانەی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی “چارسوو” لە شاری تاران نمایشکرا.
ستافی ئامادەکردنی کورتە فیلمی “بێدەنگ” بریتین لە:
دەرهێنەر: عەلی عەسگەری و فەڕنووش سەمەدی، نووسەرانی سیناریۆ: عەلی عەسگەری و فەڕنووش سەمەدی، بەرهەمهێنەر: جیووانی پۆمپلینی و ئۆلیوێر شانتریۆ، ساڵی بەرهەمهێنان: 2016.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان.




پرۆژیه‌کی دیکه له منداڵانی که‌مپ

مةنسوور جيهاني ـ پرۆژیه‌کی دیکه له منداڵانی که‌مپه‌کانی ئاواره‌کانی سووریا و عێراق له لایه‌ن کۆمپانیای “مژ فیلم” به به‌رهه‌مهێنانی “به‌همه‌ن قوبادی” ساز ده‌کرێت.
دوای سه‌رکه‌وتنی فیلمی دیکۆمێنتاری “ژیان له سه‌ر سنوور” و به‌شداریی له فیستیڤاڵه جۆراوجۆر و گرینگه جیهانییه‌کاندا، له‌وانه: “به‌رڵیناله” و هه‌روه‌ها نمایش له وڵاتانی جیهان، کۆمپانیای سینه‌مایی “مژ فیلم” به به‌رهه‌مهێنانی “به‌همه‌ن قوبادی” بڕیاروایه فیلمێکی دیکۆمێنتاری دیکه له قه‌واره‌ی ٤ به‌شدا له ده‌رهێنانی منداڵانی توشبووی شه‌ڕ به‌رهه‌مبێنێت که له که‌مپه‌کانی ئاواره‌کانی سووریا و عێراق ‌ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن.

به مه‌به‌ستی ئاماده‌کردنی ئه‌م منداڵانه له بواریی سازکردنی فیلمه دیکۆمێنتارییه‌کاندا، چه‌ندین ژووری وانه گوتنه‌وه له که‌مپه‌کانی سووریا و عێراق دامه‌زراوه که تیایدا له لایه‌ن راوێژکارانی به‌توانای سینه‌ماییه‌وه، راهێنانی پێویست بۆ به‌ره‌وپێشبردنی سازکردنی ئه‌م فیلمانه به‌ منداڵه‌کان ئاراسته ده‌کرێت.




فیلمێكی كوردی له‌فێستیڤاڵێكی سینه‌مایی نێونه‌ته‌وه‌یی كێبڕكێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات ده‌كات

فیلمی (بێده‌نگی ئاسمان)ی ده‌رهێنه‌ری كورد جبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌فێستیڤاڵێكی سینه‌مایی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌شداری ده‌كات‌و كێبركێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات ده‌كات.
ده‌رهێنه‌ر جبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌باره‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌وه‌ وتی “فیلمه‌كه‌م له‌فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كیرالا له‌وڵاتی هیندستان به‌شداری ده‌كات”.
وتیشی “فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌رۆژی 16ی حوزه‌یرانی 2017 چالاكییه‌كانی ده‌ستی پێكردوه‌‌و هه‌تا رۆژی 20ی حوزه‌یرانی 2017 به‌رده‌وام ده‌بێت”.
ده‌رهێنه‌ری فیلمی (بێده‌نگی ئاسمان) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌” فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌سیرۆفانانسابورام له‌ویلایه‌تی كیرالا له‌وڵاتی هیندستان ئه‌نجام ده‌درێت”.
وتیشی “ئه‌مساڵ خولی ده‌یه‌می فێستیڤاڵه‌كه‌یه‌‌و فێستیڤاڵه‌كه‌ش تایبه‌ته‌ به‌فیلمی دۆكیۆمێنته‌ری‌و كورته‌ فیلم”.
فیلمه‌كه‌ نوێترین به‌رهه‌می سینه‌مایی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌یه‌ و به‌سپۆنسه‌ری عه‌باس فازڵ عه‌بدولره‌حمان خاوه‌نی زانكۆی نۆلج به‌رهه‌مهێنراوه‌‌و له‌ئێستادا فیلمه‌كه‌ له‌چه‌ندین فێستیڤاڵی سینه‌مایی نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌رگیراوه‌ و به‌شداری له‌پێشبڕكێ‌ و بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتدا ده‌كات‌و دواهه‌مین به‌شداریشی له‌فێستیڤاڵی ئاشاریا تولسی بۆ كورته‌ فیلم بو كه‌ رۆژی 10ی حوزه‌یرانی 2017 له‌وڵاتی هیندستان، ئه‌نجامدرا.
(بێده‌نگی ئاسمان) كورته‌ فیلمێكی ئه‌نیمه‌یشنه‌‌و له‌باره‌ی خه‌ونه‌كانی مرۆڤه‌ بۆ ئازادی‌و له‌باره‌ی چیرۆكی فیلمه‌كه‌شه‌وه‌ جبرائیل ئیبراهیم ده‌ڵێت “فیلمه‌كه‌ باس له‌خه‌ونی مرۆڤ ده‌كات بۆ ئازادی، به‌وپێیه‌ی كه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێت رێگا له‌ئازادی بگرێت‌و به‌ربه‌ستی بۆ دروست بكات”.
وتیشی “ماوه‌ی فیلمه‌كه‌ 100 چركه‌یه‌ و به‌رهه‌می ساڵی 2017-یه‌”.
جبرائیل ئه‌بوبه‌كر ره‌حمان له‌دایكبوی ساڵی 1983ی شاری هه‌ولێره‌، له‌ساڵی 2001ه‌وه‌ ده‌ستیداوه‌ته‌ كاری سینه‌مایی و له‌نزیكه‌ی 40 كورته‌ فیلمدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بوه‌ و له‌ 13 فیلمی سینه‌مایی درێژیشدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بوه‌ و له‌ساڵی 2010ه‌وه‌ كاری ده‌رهێنانی سینه‌مایی ده‌كات و هه‌تا ئێستا چوار كورته‌ فیلمی به‌رهه‌مهێناوه‌ و نزیكه‌ی 20 خه‌ڵاتی نێوخۆیی و جیهانیشی به‌ده‌ستهێناوه‌.




ببە بەوەی کە هەی: شرۆڤەیەک بۆ فیلمی ئەلبێرت نۆبس … خەندە حەمید


” تۆ پێویست نییە ببی بە هیچ شتێك جگە لە خۆت.” هیوبێرت

ئەلبێرت نۆبس فیلمێکی درامی بەریتانی_ئێرلەندییە، باس لە سەدەی نۆزدە دەکات، لە ڕۆمانێکی ڕۆماننووسی ئێرلەندی جۆرج مۆرەوە وەرگیراوە. لەلایەن ڕۆدریگۆ گارسیاوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. کارەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە لەلایەن خانمە ئەکتەر (گلێن کلۆز)ەوە ڕۆڵی دەگێردرێت، هەروەها ئەکتەری یاریدەدەر (جانێت میکتیەر) کە هەردووکیان بۆ باشترین ئەکتەر و باشترین ئەکتەری یاریدەدەر پاڵێوراون. هەروەها ئەم فیلمە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بردۆتەوە، هاوکات بۆ خەڵاتی ئەکادیمی باشترین مکیاژ پاڵێوراوە. پێشتر ئەم ڕۆمانەی جۆرج مۆر لە ساڵی ١٩٨٢دا بە ناونیشانی ”ژیانی تایبەتی ئەلبێرت نۆبس” کراوە بە شانۆ، کە هەمان ئەکتەر (گلێن کلۆز) ڕۆڵی تێدا گێراوە، لەم شانۆییەدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری بردۆتەوە.

ئەم فیلمە چەندین ڕانانی جیاواز و فرە بۆ لێڕوانەر هەڵدەگرێ، ئەوەی جێی سەرنجە و دەبێ بگوترێ ئەوەیە: ئەلبێرت نهێنییەکی لە ژیانیدا هەیە، ئەو لە ڕاستیدا ژنە، بەڵام کارەکتەری ڕاستەقینەی خۆی گۆڕیوە. کاتێ ژنێک جێندەری خۆی دەشارێتەوە و وەک پیاو ڕۆڵ دەگێرێ، ئەوا لە زۆر لایەنەوە چیرۆکێکی تراژیدی لە پشت ئەم خۆ شاردنەوەیەدا هەیە. ئەو بۆ ماوەی ٣٠ ساڵە لە بەرگێکی پیاوانەدا خۆی شاردۆتەوە، وەک گارسۆن بەو پەڕی توانا و بێدەگییەوە، بەڵام پڕ لە غەم و ئازار ئیش دەکات. ئەو بۆ گۆڕینی شێوە و شاردنەوەی جێندەری خۆی چیرۆک و هۆکاری خۆی هەیە؛ نەک بە حەز و ئارەزووی خۆی بێت، بەڵکو بۆ پاراستن لە خۆی و ئیشکردنێکی سەربەخۆیانە بووە.

ئەلبێرت لە گێرانەوەی یادەوەرییە تاڵەکانی ژیانیدا ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ئەو لەلایەن ژنێکەوە بەناوی خاتوو نۆبس بەخێوکراوە. ئەو ژنە لەلایەن ماڵی دایکی ڕاستەقینەی ئەلبێرتەوە پارەی پێدراوە بۆ ئەوەی بەخێوی بکات. بەهۆی ئەوەی کە پارەی دراوەتێ ئەلبێرت شانسی ئەوەی هەبووە کە ماوەیەک بخوێنی. خاتوو نۆبس دەزانێ ئەلبێرت کێیە، بەڵام هەرگیز پێی نەگوتووە، خاتوو نۆبس لەپڕ دەمرێ کاتێ ئەلبێرت تەنیا تەمەنی ١٤ ساڵ بووە.

ئەلبێرت هەرگیز نەیزانیوە دایک و باوکی کێیە، بۆ دەبێ ئەو ژیانە بژی. تەنیا وێنەیەک بە ئەلبێرت دراوە و پێی گوتراوە کە ئەوە دایکییەتی. ئەو بێپشتگیری و پاراستن لەنێو ژیانێکی نەپارێزراودا دەمێنێتەوە، دواتر بڕیار دەدات ئیش بکات. شەوێکیان لەلایەن پێنج پیاوەوە پەلامار دەدرێ و دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر، ئازار دەدرێ و بەم شێوەیە بەجێ دەهێڵدرێ. ماوەیەک پاش ئەوە دەبیستێ ئێوارە خوانێکی گەورە لە هۆڵی فریماسۆن (Freemason’s Hall) ڕێکدەخرێ، بۆ ئەمە پێویستیان بە گارسۆنە. لەم کاتەدا بە خۆی دەڵێ فیگوری من بۆ گارسۆنی باش و دروستە. هەر ئەو کاتە قاتێکی پیاوانە پەیدا دەکا تاکو ئیشەکە وەربگرێ، هەرچەندە گومانی هەیە کە بتوانێ ئیشەکە بەدەستبهێنێ، بەڵام سەرکەوتوو دەبێ و لەنێو قاتێکی پیاوانەدا دەست بە ئیش دەکا، چونکە بەدەستهێنانی ئیش و ئیشکردن وەک پیاو ئاسانترە وەک لە ژن، ئەمە چیرۆکی بوون بە پیاوی ئەلبێرتە.

چی ڕوودەدات ئەگەر کەسێک ڕۆڵی جێندەرەکەی دیکە بگێرێ؟ زۆر بەسادەیی گەر کۆمەڵگە ڕێگە بە کەسانێک بدات ببنە ئەو کەسەی کە هەن و ئەوەیان خۆشبوێ کە دەیانەوێ؛ ئەوا هەرگیز ئەو ژیانە و ڕێگە تراژیدییە ناگرنەبەر، کە پڕە لە تاسە، نهێنی و هەڵخەڵەتاندن. ئەمە ئاڕگومێنتی ئەوەمان پێدەدات جیاوازییە جێندەرییەکان ئەنجامی چەوساندنەوە و ستەمکاری کۆمەڵگەن، کە وەها دەکەن ژن و پیاو گەرەکە چۆن ڕەفتاربنوێنن، بەردەوام ڕۆڵی جێندەری خوازراو دەسەپێنن بەسەر هەردوو ڕەگەزدا. زۆرینەی جیاوازییەکانی نێوان ژنان و پیاوان بەرهەمهێنراوی کۆمەڵایەتین، بۆیە شیاوی گۆڕانن.
ژیانی ئەلبێرت بەتەواوی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، کاتێک پیاوێک بەناوی هیوبێرت بۆ بۆیاخکردنی هەندێ شوێنی ناو ئوتێلەکە دێت، پێویستە بۆیاخچییەکە بۆ شەوێک لە ئوتێلەکەدا بمێنیتەوە. خاتوو مارگەرێت کە خاوەنی هۆتێلەکەیە پێشنیار دەکات بۆیاخچییەکە ئەو شەوە لە ژوورەکەی ئەلبێرت بمێنیتەوە. هیوبێرت بەڕێکەوت بە نهێنییەکەی دەزانێ، ئەلبێرت ترسێکی زۆر لە سیمایدا بەدەردەکەوێ، لە هیوبێرت دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی نهێنییەکەی بپارێزێ و ئاشکرای نەکات. بۆیاخچییەکە بەڵێنی پێ دەدات کە نهێنییەکەی لای ئەو پارێزراو دەبێت، بەڵام ئەلبێرت بۆ دڵنیابوونەوە لە بەڵێنەکەی ئەو، بەردەوام بە دەوریدا دێ و دەچێ بۆ دەرفەتێک دەگەرێ کە دیسان بەڵێنی لێ وەربگرێتەوە.

پاشان هیوبێرت بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەلبێرت قۆپچەی کراسەکەی دەکاتەوە تاکو مەمکەکانی نیشان بدات، ئەویش هەمان نهێنی و ئەزموونی هەیە، بەڵام بە چیرۆکێکی جیاواز. نۆبس بە ڕادەیەک شۆک دەبێ کە قسەی بۆ ناکرێت، پاشان دڵخۆشییەکی سەیر بە ڕووخسارییەوە دیارە. ئەو لەوێدا هەست دەکات چیتر تەنیا و نامۆ نییە، ئەو تاکە کەس نییە نهێنییەکی بەم شێوەیەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبێ. چیرۆکی هیوبێرت ئەوەیە: لەدەست هاوسەرە خراپ و بەدمەستەکەی هەڵاتووە کە بەردەوام شەڕی لەگەڵ کردووە و لێی داوە. هیوبێرت بە لێهاتوویی خۆی ئیشی هاوسەرەکەی فێربووە و ئێستا کاری پێ دەکات.

ژنەکان ئازارەکانیان لەیەک دەچن و هاوشێوەن، چونکە بەردەوام بە هەمان ڕێگە ئازار دەدرێن. ئەو هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێک بەناوی کاسلین کردۆتەوە، کە وەک خۆی تەنیا و بێکەسە، ئێستا بەیەکەوە زۆر بەختەوەرن. ئەلبێرت لەمەوە دەیەوێت ئاراستەی ژیانی بگۆڕێت، ئەویش بتوانێ دەرفەتێکی ئاوا لە ژیانیدا رێکبخات؛ بەختەوەرانە ئەو کارە بکات کە چەندین ساڵە خەونی پێوە دەبینێ و پارەکانی بۆ بەلاوەدەنێ و پاشەکەوتیان دەکا. ئەلبێرت چۆن رەفتاری گۆڕیوە ئاواش کارەکتەری گۆڕاوە، ئەو توشی سەرلێشێوان دەبێت بەهۆی ئەو پرسیارانەی لای دروست دەبێت سەبارەت بە پەیوەندی هیوبێرت و کاسلین. ئەو پرسیارە دەکات کە چۆن هیوبێرت ئەم هاوسەرگیرییەی ڕێکخستووە؟ کەی بە کاسلینی وتووە، ئەو ژنە، پێش هاوسەرگیرییەکە یان دوای هاوسەرگیرییەکە، ئەو دەرک بەوە ناکات کە پەیوەندی ئەوان پەیوەندییەکی هۆمۆسێکسوالییە (لیسبیەنانەیە).

لە یەکێک لە دیمەنەکاندا ئەلبێرت و هیوبێرت پێکەوە بەرگی ژنانە دەپۆشن، هەردووکیان نامۆ دەردەکەون، ئەلبێرت لە کەنار دەریاکەدا بە پۆشینی بەرگی ژنانەوە تەواو هەستێکی نامۆی هەیە لەگەڵ ئەوەدا هەستی بە ئازادی و ژنێتی خۆی دەکرد. ئەو هەستانەی ئەلبێرت دەرخەری ئەوەیە کە ئەو هەست دەکات لە جەستەیەکی هەڵەدا بەند نەکراوە، بەڵکو لە بار و دۆخێکی دژواردا ناچارکراوە جێندەری خۆی بگۆڕێ. جەستەی مرۆڤەکان هۆشی مرۆڤەکان دەگۆڕێ، هەروەک چۆن هۆشیش ڕەفتارەکان دەگۆڕێ، مرۆڤەکان زوو ڕادێن بەو بارودۆخانەی کە بەسەریاندا دێت، ئەوان دەتوانن خۆیان بگونجێنن. هەروەک ژنە فەیلەسوف هاسلانگەر (Haslanger) پێی وایە، جیاوازیکردن لە نێوان سێکس و جێندەر، دەبێتە هۆی لێک جودا کردنەوەیان: ئەوان جودان لە یەکدی، لێرەدا یەکێک دەتوانێ بە سێکس مێ بێت، بەڵام بە جێندەر نێر بێت، یان بە پێچەوانەوە. هەروەک لەم فیلمەدا ئەلبێرت و هیوبێرت هەردووکیان بە سێکس مێن (ژنن)، بەڵام بە جێندەر پیاون.
لە کۆتاییدا ئەلبێرت لەژێر کاریگەری هیوبێرت دەیەوێت لەگەڵ یەکێک لە کچە خزمەتکارکان بچێتە دەرەوە و ژووانی لەگەڵ ببەستێ و خەونەکانی لەگەڵدا بەدی بێنێت، دواجار هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، بێ ئەوەی لەو هەستەی خۆی دڵنیابێ و یەکلابێت کە چییە و چۆنە؟ لەمەدا شکست دێنێ و بە مردنێکی تراژیدیانەی خۆی کۆتایی دێت، لەوێوە نهێنییەکەی بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت.




وشەکان و وێنەکان …. خەندە حەمید

ئەو فیلمەی بەو بریارەی گەیاندم، دەبێ من فیلمی لەو شێوەیە بە زۆرێک لەوانە بناسێنم کە دەیانەوێ وەک لێڕوانەر چێژ وەرگرن.
وشەکان و وێنەکان (Words and Pictures) فیلمێکی درامی، ڕۆمانسی و کۆمیدییە، لە دەرهێنانی دەرهێنەر: فرێد شەپیزی Fred Schepisi ساڵی ٢٠١٤ بڵاوبۆتەوە. ئەم فیلمە باس لە خوێندنگەیەک دەکات ململانێی زیندووی پەروەردە و فێرکردنی تێدا بەدی دەکرێ. جاک مارکوز یەکێکە لە مامۆستا باش و بەتواناکانی ئەو خوێندنگەیە وانەی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی دەڵێتەوە، ئەو زۆر شارەزایانە یاری بەزمان دەکات. ململانێکان لەوکاتەوە دەست پێ دەکەن، کاتێک دینا دێلسانتۆ (خانمە ئەکتەری بەتوانا جولێت بینۆتشە ڕۆڵەکەی دەگێرێ)، وەک مامۆستای هونەر دێتە ئەو خوێندنگەیە، ئەو بەهۆی کێشەی تەندروستی خۆی دێت بۆ ئەوێ. بۆئەوەی لە خوشکەکەی نزیک بێت، چون ئەو لە خوێندنگەیەکی بەرز و گەورەتر بووە لە نیۆرک، توانا و ناوبانگی خۆی هەیە لە هونەری ئەبستراکتدا. هەر ئەوەشە وای لێکردووە لە پەیوەندیدا سارد، گۆشەگیر و بێ باک دەرکەوێت. دێلسانتۆ پێی وایە کێشەکان لە وشەدایە ئەو دەڵێ: وشەکان درۆ و تەڵەن. وێنەیەک لە هەزاران وشە بەنرخترە. لەژێر کاریگەری ئەو ڕستەیە، زۆرێک لە فێرخوازەکان پێیان وایە وێنە زۆر بەهێزترە لە وشە. لەوێدا جاک توڕە دەبێ، دەیەوێ بە ئارگۆمێنتەکانی بەرگری لە وشە بکات.

ئەو دەڵێ: وشەکان وڵات دروست دەکەن، تەواوی وڵات دروست دەکەن، پاشان لە کاتی جەنگدا دەیپارێزێ، خەون بە باشترەوە دەبینی و باشتری دەکات. وشەکان ئەمەیان کرد، نەک وێنەکان! ئەمە جەنگە. دواتر جاک دەکەوێتە خۆشەویستی دێلسانتۆوە، ئەو گاڵتەئامێزانە دەیەوێت بە ڕێگەی یاریی زمانەوانییەوە دێلسانتۆ شکست پێبێنێ. جاک چەند وێنەیەک دادەنێ لەژێریدا چەند وشەیەک دەنووسێ کە زۆر زیاتر هەڵدەگرێ لە وێنەکان. لەوکاتەدا لێڕوانەر بۆ چەند ساتێ دەوەستێ و ناتوانێ بڕیار بدات کە ئایا کامیان زیاتر دەهێنن، کامیان لە ئەوی دیکەیان بەنرختر و باڵاترە، وشەکان یان ڕستەکان کاریگەرترن. دوای ئەوە دێلسانتۆ چەند ڤیدیۆیەکی هەواڵ و پەیامنێران دادەنێ لەسەرەوە نووسیویەتی وێنەیەک بەنرخترە لە هەزاران درۆ. لەژێریدا چەند وێنەیەکی جوانی هێڵکاری داناوە یەکێک لەوانە منداڵێکی ئەفریقییە کە توشی بەدخۆراکی بووە. لێڕوانەر یەکسەر بۆ ئەوە دەچێ لە ڕاستیدا وێنەکانیش کاریگەری خۆی هەیە و بەنرخترن لەو هەموو وشە ناڕاستانەی ناو هەواڵەکان! ئەوەی لەو فیلمەدا بەدی دەکرێ ئەوەیە، هەردوو مامۆستاکە بەگیانێکی لێبوردەییەوە ئارگۆمێنتەکانی یەکتریان قبوڵە و بەرگری لەوە دەکەن کە دەیانەوێ بیگەیەنن بە فێرخوازەکانیان.

سەرەرای ئەوەی هیچیان بێ کەم و کورتی نین، جاک ئەلکهولییە و دێلسانتۆش کێشەی تەندروستی هەیە و بە شەقە (گۆجان) دەڕوات، ئەمە دۆخێکی بۆ دروست کردوون کە ناتوانن وەک پیشتر پەرە بە بوارەکەیان بدەن. جاک ترسی ئەوەی لەسەرە کە لە کارەکەی دووربخرێتەوە چونکە بەردەوام دوا دەکەوێت و ئەلکهولییە، لەو گۆڤارەی کە دەریشی دەکات نوێگەری تێدا نییە. ئەو پاش هەوڵدانێکی زۆر بۆ نووسین شکست دێنی، ترسی لەدەستدانی ئیشەکەی وای لێدەکات بڕیار بدات شعری کورەکەی بەناوی خۆی بڵاوبکاتەوە. ئەو شعرە هێندە کاریگەرە دلێسانتۆ پاش خوێندنەوەی داوا لە فێرخوازەکانی دەکات کە هەریەکەیان چی تێدا دەبینێ وێنەی بکێشێ، بۆ ئەوەی تەنیا لە وشەدا نەمێنیتەوە و بیکەن بە تابلۆ. لەو فیلمەدا ململانێکان زۆرن بەشێوەیەک، لێڕوانەر دەتوانێ لەگەڵ هەریەکەیان بڕوات و نەتوانێ بە هیچ لایەکیاندا بڕیار بدات، بە تێڕوانینی من ئەوە یەکێکە لە خاڵە سەرکەوتووەکانی فیلمەکە، تۆ کە لە کڵاسی یەک لە مامۆستاکاندا خەریکە دەگەیتە سەرئەنجام و بڕیارێکی یەکلایی، بەڵام لە کلاسەکەی تردا پاشگەز دەبیتەوە. لە هەمان کاتدا، پرسیار سەبارەت بە هونەر، نووسین، چێژ، بیرکردنەوە لەلات دروست دەبێت. دوا جار جاک و دێلسانتۆ، بڕیاری دیبەیتێک دەدەن لەبارەی وشە و وێنە، بە ئامادەیی هەموو فێرخواز و مامۆستاکان. هەر یەکەیان وێنە و وشەی خۆی هەیە، لەوێدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە، وشەکان و وێنەکان هیچیان لە ئەوی دیکەیان باڵاتر، کاریگەرتر و بەنرختر نییە، بەڵکو هەردووکیان هاوسەنگن و پێکەوە هاڕمۆنییەکی جوان دروست دەکەن.

ئەوەی جێی سەرنجە لەو فیلمەدا ئەوەیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی جاک پیاوەکان بە وشە و ژنەکان بە وێنە دەچوێنێ. لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی پیاو نوێنەرایەتی وشە و ژن نوێنەرایەتی وێنەیە؟ یەکێک لە فێرخوازە کچەکان لەڕووی سێکسییەوە هەراسان دەکرێت لە ڕێگەی یەکێک لە فێرخوازە کوڕەکانەوە. ئەو کچە کاتێ بە قیژەوە هاوار دەکات کە وازی لیبێنێت، بەڵام کورەکە بە گاڵتەوە وەری دەگرێت و وەک پرێنسس (شازادە) ناوی دەبات، کە بۆچی پشتگوێی دەخات. دوا جار کوڕەکە هەوڵ دەدات هەراسانی بکات لە ڕێگەی وێنەیەکی کاریکاتێری ڕووتەوە، بۆ ئەوەی ملکەچی بکات بۆ مەبەست و حەزەکانی خۆی. ئەمە بۆ ئەوەمان دەبات کە لە ترادیسیۆن و ئەفسانەکاندا خوا وەک پیاو، فەرمان دەرکەر، وشە دەربڕ و خاوەن وشە و قسە نیشاندراوە، بۆیە پیاو نوێنەرایەتی ئەم ڕووەی خوایەتی دەکات. لە کاتێکدا ژن وەک وێنە، جەستە، ڕووتییەکی پەتی و گوناهبار وێناکراوە.

لە کۆتاییدا بۆچوونی من لەسەر ئەو دوو ڕوانگەیە ئەوەیە، وێنەکان تەنیا بۆ چێژ وەرگرتن نین، بەڵکو ڕێگەیەکن بۆ بەئاگا هاتنەوەی ئێمە لە بینینی ئەو شتانەی کە بە چاوی ئاسایی ناتوانین بیانبینین. ئەوان ڕێگەی خۆیانیان هەیە بۆ جێگیربوون لە هۆش و تاساندنی وشە لە زمانماندا. هەروەها زۆر وشەم هەیە بەڵام هیچ ڕێگەیەکم نییە بۆ ئەوەی بیانڵێم، تەنیا ئەوە نەبێ کە بڵێم ژیان لەنێو وشەکاندا زۆر قووڵە، وشەکان چەندین وێنا لە خۆیاندا هەڵدەگرن بۆ نموونە لە شعر، چیرۆک و ڕۆماندا هەندێ دیمەنی وێناکراو بە وشە هەن، ناکرێت بە هیچ تابلۆ و وێنەیەک دەرببڕدرێن. لە دوا جاردا وەک جاک دەڵێ ئێمە هەستەکانمان وەسف ناکرێن، هەستی منیش بۆ ئەو فیلمە وەسف ناکرێت.




فیلمی سینەمایی “رەشەبا” بەشداریی لە فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر دەکات

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “رەشەبا” لە دەرهێنانی “حوسێن حەسەن” بەشداری لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر دەکات.
فیلمی سینەمایی “رەشەبا” The Dark Wind لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “حوسێن حەسەن” و لە بەرهەهێنانی سینەماکاری کورد “مەمەد ئەکتاش” بە نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان لە دوو بەشی “جشنوارە جشنوارەها” (جام جهان نما) واتە “فیستیڤاڵی فیستیڤاڵەکان” و بەشی “زیتونهای زخمی” واتە “زەیتوونە بریندارەکان” لە میانەی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لە پەردیسی سینەمایی “چارسوو” لە شاری تارانی پێتەختی وڵاتی ئێران نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “رەشەبا” لە بەشی “فیستیڤاڵی فیستیڤاڵەکان” لەگەڵ 15 فیلمی دیکە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان نمایش دەکرێت، لەوانە: فیلمی سینەمایی “مامۆستا” The Teacher لە دەرهێنانی “یان ژێبیک” Jan Hrebejk بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێسلۆڤێنی و کۆماری چیک، فیلمی سینەمایی “پیاوی بێ دەردیسەر” Mr. No Problem لە دەرهێنانی “می فێنگ” لە وڵاتی چین، فیلمی سینەمایی “ئیعترافەکان” The Confessions لە دەرهێنانی “رۆبێرتۆ ئاندۆ” Roberto Ando لە وڵاتی ئیتالیا، فیلمی سینەمایی “شوان” The Shepherd لە دەرهێنانی “جاناتان سێنزال بێرلی” Jonathan Cenzual Burley بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئیسپانیا و بەریتانیا، فیلمی سینەمایی “150 میلی گرام” ۱۵۰ Milligrams لە دەرهێنانی “ئمانۆەێێل بێرنۆ” Emmanuelle Bercot لە وڵاتی فەڕەنسا، فیلمی سینەمایی “سەرمای قەلەندەر” Cold of Kalandar لە دەرهێنانی “مستەفا کارا” Mustafa Kara لە وڵاتی تورکیا، فیلمی سینەمایی “رخنە لە سەگی بۆرژوا” Self-criticism of a Bourgeois Dog لە دەرهێنانی “جوولیان رادلمایێر” Julian Radlmaier لە وڵاتی ئەڵمانیا، فیلمی سینەمایی “نیشتمانی خاپوور” Wastelands لە دەرهێنانی “میریام هێرد” Miriam Heard بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی شیلی، فەڕەنسا و بەریتانیا، فیلمی سینەمایی “لە دوایین رۆژانی شار” In the Last Days of the City لە دەرهێنانی “تامیر السەعید” Tamer El Said بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی میسر، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئیماڕات، فیلمی سینەمایی “شارۆمەندی بەرجەستە” The Distinguished Citizen لە دەرهێنانی هاوبەشی “ماریانۆ کان” و “گاستۆن دۆپرا” Gastón Duprat بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئەڕژەنتین و ئیسپانیا، فیلمی سینەمایی “ئاورکردنەوە” Pyromaniac لە دەرهێنانی “ئێریک ئێسکیۆلدبیارگ” Erik Skjoldbjaerg لە وڵاتی نۆڕوێژ، فیلمی سینەمایی “بژیی لە فۆکۆشیما” Greetings from Fukushima لە دەرهێنانی “دۆریس دووری” Doris Dörrie لە وڵاتی ئەڵمانیا، فیلمی سینەمایی “ئانیشوارا” Anisoara لە دەرهێنانی “ئانا فلیسیا ـ ئێسکۆتلنیسۆ” Ana-Felicia Scutelnicu لە وڵاتی مۆڵداوی، فیلمی سینەمایی “پاشای بەڵژیکییەکان” King of the Belgians لە دەرهێنانی هاوبەشی “پیتێر براسێنس” و “جێسیکا وودۆرس” Jessica Woodworth لە وڵاتی بەلژیکا و هەروەها فیلمی سینەمایی “شێر” Lion لە دەرهێنانی “گێرس دێویس” Garth Davis بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئیسپانیا، ئەمەریکا و بەریتانیا.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر.




فیلمی کوردیی “بێدەنگ” لە فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر بەشداریی دەکات

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی کوردیی “بێدەنگ” لە دەرهێنانی “عەلی عەسگەری” و “فەڕنووش سەمەدی” لە فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر نمایش دەکرێت.
فیلمی کوردیی “سکوت” واتە “بێدەنگ” The Silence لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماکارانی ئێرانی دانیشتووی وڵاتی ئیتاڵیا “عەلی عەسگەری” و “فەڕنووش سەمەدی” بەرهەمی وڵاتانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا لە بەشی پێشبڕکێی “نێودەوڵەتی” بە ناونیشانی “سینەمای سەعادەت” لە میانەی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی “چارسوو” لە شاری تاران نمایش دەکرێت و لەگەڵ 14 فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە رکابەریدا دەبێت.
ئەم کورتە فیلمە چیرۆکی کچێکی کورد و دایکی پەنابەریی لە وڵاتی ئیتاڵیا بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە سەردانی دکتۆر دەکەن بەڵام کچەکە بە جیاتی ئەوەی کە قسەکانی دکتۆرەکە بۆ وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی، بێدەنگ دەبێت.

“بێدەنگ” کە بۆ یەکەمین جار لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی نێودەوڵەتی شەست و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کان لە وڵاتی فەڕەنسا و هەروەها کۆمەڵێک فیستیڤاڵی جیهانی نمایشکراوە و تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرینگی بەدەستهێناوە لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی “سینەمای جیهان” لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا.
کورتە فیلمی “بێدەنگ” بۆ بردنەوەی خەڵاتی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی “نێودەوڵەتی” بە ناونیشانی “سینەمای سەعادەت” لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لەگەڵ 14 کورتە فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە رکابەریدا دەبێت، لەوانە: کورتە فیلمی “قوناغ” A Place لە دەرهێنانی “ئەیوان فێرناندێز دی کۆرۆبا” لە وڵاتی ئیسپانیا، کورتە فیلمی “ئامالیمبۆ” Amalimbo لە دەرهێنانی “خوان پابلۆ لیبۆسارت” لە وڵاتی سوید، کورتە فیلمی “بە هۆی ئەڤینەوە” Because of Love لە دەرهێنانی “یوم. عەبدوالغفوور شاهین” لە وڵاتی تورکیا، کورتە فیلمی “ئەو پەڕیی سنوور” Beyond the Border لە دەرهێنانی “دانیلە لۆکا” لە وڵاتی سویسڕا، کورتە فیلمی “هێرش بۆ هەژدیها” Charge The Dragon لە دەرهێنانی “یان بۆبنیچک” لە وڵاتانی کۆماری چیک و ئسلۆڤانیا، کورتە فیلمی “هەڕاجی خەونەکان” Dreams on Sale لە دەرهێنانی “ولاد بۆزیانۆ” لە وڵاتی رۆمانی، کورتە فیلمی “ماڵ” Home لە دەرهێنانی “ئێرینا تسیلیک” لە وڵاتی ئۆکڕاین، کورتە فیلمی “نامرۆڤانە” Inhuman لە دەرهێنانی “دانیەل دیمیدرۆف” لە وڵاتی رووسیا، کورتە فیلمی “رۆژەکانی دوایی” Last Days لە دەرهێنانی “ئارتۆرۆ لێئۆن لیرنا” لە وڵاتانی پڕۆ و ئیسپانیا، کورتە فیلمی “مەسخ” Metamorphosis لە دەرهێنانی “ئادریان ئارسە” لە وڵاتی مەکزیک، کورتە فیلمی “سرتەکانی با” Wind’s Whispers لە دەرهێنانی “لۆئیک ژۆنە” لە وڵاتی فەڕەنسا، کورتە فیلمی “ریکلامی فرۆش” Online Shopping لە دەرهێنانی “قەسیدە گوڵمەکانی” لە وڵاتی ئێران، کورتە فیلمی “تەناوب” Periodicty لە دەرهێنانی “عەلی خوشدونی فەراهانی” لە وڵاتی ئێران و هەروەها کورتە فیلمی “پێشخزمەت” The Servant لە دەرهێنانی “فوڕنووش عابیدی” لە وڵاتی ئێران.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر.




ڕۆژەکەم لە دادگا لەگەڵ نکۆڵیکارێکی هۆڵۆکۆست: لەبارەی فیلمی نکۆڵیکردن…

قسەکردن لەبارەی هۆڵۆکۆست ئاسان نییە، نەک تەنیا لەبەر گەورەیی جینۆسایدەکە، کە گومانی تێدا نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی جوولەکەکان لە هەموو بوارەکاندا ئیشیان لەسەر کردووە. چەندین فیلم، شانۆ، نووسین (ڕۆمان، چیرۆک، لێکۆڵینەوە … هتد) سەبارەت بە هۆلۆکۆست هەن، تاکو ئێستاش بەردەوام سەرلەنوێ ئیشی تازە لەبارەیەوە دەکرێ. جوولەکەکان وەک گەلێکی زیندوو، ئەو ستەمکاری و جینۆسایدەی بەسەریان هاتووە بە هەموو جیهانی دەناسێنن، نەک تەنیا نەوەکانی خۆیان کە لە دوای هۆڵۆکۆستەوە هاتوونەتە ژیانەوە.
لێرەدا دەمەوێ سەبارەت بە فیلمی (Denial)قسە بکەم، کە فیلمێکی درامی، ژیاننامەییە، لە ٣٠ سێپتەمبەری ٢٠١٦ دا بڵاوبۆتەوە. ئەم فیلمە لە دەرهێنانی دەرهێنەری بەریتانی ( Mick Jackson)، چیرۆکێکی راستەقینەیە لەسەر کتێبی خانمە نووسەر و پرۆفیسۆری ئەمریکی-جوولەکە (Deborah Lipstadt)دێبرا لپستات، بەناوی (History on Trial: My Day in Court with a Holocaust Denier) کە ئەکتەری بەتوانا ((Rachel Weisz لە فیلمەکەدا ڕۆڵی ئەم خانمە دەگێڕێ.

دەستپێکی فیلمەکە زۆر بەهێزە کاتێک دێبرا وەک مامۆستا سەبارەت بەو خاڵانەی ڕەتکردنەوەی ڕوودانی هۆڵۆکۆستی تێدا دەردەکەوێ وانە بە فێرخوازەکانی دەڵێتەوە. ئەمە یەکێکە لە بەهێزترین خاڵەکانی فیلمەکە. لەکاتێکدا هەموو ئەو خاڵانەی باسی دەکات لە دەیڤید ئارڤینگدا هەیە، ئەم کەسە بەریتانییە، مێژوونووسێکی سەربازی و سیاسییە بەتایبەت لەبارەی دووەم جەنگی جیهانی، ئەڵمانیای نازی و جەنگەکانی هیتلەر نووسیویەتی. یەکێکە لەوانەی ڕەتی دەکاتەوە کە هۆڵۆکۆست ڕووی دابێ، یاخود ژووری خنکاندن بە گاز لە کامپی ئاوشویتس لە پۆڵەندا بوونی هەبوو بێت. ئارڤینگ یەکێکە لەو کەسانەی سەرسام و ستایشکاری هیتلەرە، لە کۆتاییدا تەنیا بەرگری و پاساو بۆ کارە لەناوبەرەکانی هیتلەر دێنیتەوە. ئەمانە گرنگن کە لە فیلمێکی مێژوویی ڕاستەقینەدا دەتوانرێ بەباشی بۆ لێڕوانەر کرۆک و جەوهەری فیلمەکە ڕوون بێت.

کتێبێکی خاتوو دێبرا، کە تێیدا وەڵامی ئەو نکۆڵیکردن و ئینکاریکردنەی ئارڤینگی داوەتەوە لە کاتی بڵاوبوونەوە و قسەکردن لەسەری، ئارڤینگ بە پلانێکی بۆ ڕێکخراو ڕووبەڕووی دێبرا دەبێتەوە، بەڵام وەک دێبرا بڕیاری داوە کە دیبەیتی ئەو کەسانە ناکا کە ئینکاری ڕوودانی هۆڵۆکۆست دەکەن، هیچ وەڵامێکی ناداتەوە ئەویش بە گاڵتەوە دەڵێ هەزار دۆلارم لە باخەڵە دەیدەم بەو کەسەی کە بەڵگە و دۆکۆمێنتێک نیشانی من بدات، بیسەلمێنێ هیتلەر فەرمانی کوشتنی جوولەکەی دەرکردووە! دێبرا دەڵێت من دیبەیتی تۆ ناکەم نە ئێستا، نە لێرە و نە لە هیچ شوێنیک. چونکە دێبرا ئەکادیمیانە لە ناو کتێبەکانیدا وەڵامی بۆ ئەمانە هەیە. ئەو پێی وایە کەسێ ئازادە کە بۆچوونی هەبێت لەسەر هۆڵۆکۆست نەک ڕەتیبکاتەوە، چونکە ئەمە ڕوویداوە و بەڵگە نەویستە و خۆ-ڕوون و ئاشکرایە. دوای ئەوە ئارڤینگ لە دادگای باڵای لەندەن سکاڵا دژی دێبرا، چاپخانە و بڵاوکاری کتێبەکە تۆماردەکات، لەبەرئەوەی گوایە دێبرا لە کتێبەکەیدا ئەوی وەک نکۆڵیکاری هۆڵۆکۆست ناساندووە، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەوەوە ناوبانگی ئەو وەک مێژوونووسێک لەکەدار دەکات.

دێبرا پاش بیرکردنەوە و گوێگرتن لە وتارە نابەجێکانی ئارڤینگ کە بۆ نوێنازییەکان دەیدات، بڕیار دەدات لە دادگا ڕووبەڕووی ئارڤینگ ببێتەوە. لەبەرئەوە پەیوەندی بە پارێزەرێکەوە دەکات (ئەنتۆنی جولیەس) زۆر سەرکەتوو و بەتوانایە، هەروەها (ڕیچارد ڕامپتۆن) وەک پارێزەری قسەکەر لە دادگا دیاری دەکرێ. تیمێکی یاسایی و لێکۆڵەرەوە لە کۆمەڵێک پارێزەر و پرۆفیسۆر پێک دێنن، ڕیچارد دەبێ بە سەرپەرشتیار و ڕێکخەری کەیسەکە. ئەو زۆر بە بەرپرسیارانەوە ئەرکەکەی جێبەجێ دەکات، کاتێک ئیش لەسەر کەیسەکە دەکات، هەست بەو دڵسۆزی و ئازارچەشتنەی دەکەی بۆ قوربانییەکانی هۆڵۆکۆست، ئەمەش بەرپرسیارێتی و قورسایی مۆراڵی ڕیچارد بەرامبەر ئەو کارەساتە لە فیلمەکەدا نیشان دەدات. دیمەنەکان هێندە کاریگەرە کە لێڕوانەر هەست بە ئازارەکەی دەکات! من خۆم پێم وابوو ئەو کەسێکی لەدەست داوە یاخود بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی بە هۆڵۆکۆستەوە هەیە. لە ڕاستیدا من وەک کوردێک لە مەم ڕووانی، چونکە لێرە تۆ دەبێ کەسێک لە دەست بدەی یان لە نزیکەوە پەیوەندیت بە جێنۆسایدەوە هەبێ ئینجا لەو غەم و ئازارە تێدەگەی کە لە ڕیچارددا بەدی دەکرێ. لای زۆربەی کورد ئەو ئاگایی و زانینە نییە بەرانبەر بەو جینۆسایدەی کە بەسەرماندا هاتووە، لێرە هەوڵەکان تاکە کەسین بۆیە دەرئەنجامی دڵخۆشکەرییان نییە. ئێمە فێرنەکراوین کە چۆن ئەرکی مۆڕاڵیانەی خۆمان بەرانبەر بەو جێنۆسایدەی بەسەرمان هاتووە بەجێ بێنین. ئەمانە ئیشکردنی دەوێت، دەبێت لە پەروەردە و ئەکادیمیادا بخوێنرێت و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێ، دەقی ئەدەبی باڵای لەبارەوە بنووسرێ، ئیشی هونەری لەسەر بکرێت، بەداخەوە ئەمە هێشتا لێرە وەک پێویست نییە.

دێبرا کەسێکی بە هەڵەشە و سۆزەکییە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو جوولەکەیە، ئەم ڕووداوە (هۆڵۆکۆست) بۆ ئەو ئەوەندە هەقیقییە، ئەوەندە فاکتێکی بەهێزە نەشیاوی نکۆڵیکردنە، بۆ ئەو قورسە ئینکار بکرێ و لە دادگا بەرگری لەو ڕاستییە بکات. بۆیە بڕیارەکانی تیمەکەی بۆ قبوڵ ناکرێ، پێی وایە ئەوان نابێ ئارگۆمێنتی ئەوە بکەن کە گوایە دێبرا ڕاستی دەڵێ چونکە ڕاستی بەڵگەی ناوێت، لەبەرئەوە تیمەکە بڕیار دەدەن کە دێبرا نابێ لە دادگاییەکەدا قسە بکات، بەڵکو تەنیا ئامادە دەبێت. هەروەها ڕزگاربووانی هۆڵۆکۆستیش وەک شایەتحاڵ وتەیان لێوەرناگیرێ، چونکە لە لایەن ئارڤینگەوە ڕەنگە هێرش بکرێتە سەریان، سوکایەتیان پێبکرێ و شەرمەزار بکرێن. هەروەها لەبەرئەوەی ئەوان ئەزموونی هۆڵۆکۆستیان کردووە و ئەو ئازارەیان چەشتووە، لە ڕووی دەروونییەوە ڕەنگە بەرانبەر بە قسەکانی ئارڤینگ تووشی هەڵچوون ببن، ئاخر ئەوان لە لایەکەوە ئەزموونی تراوما (هەڵتەکانی دەروونی)یان کردووە و ئێستا لە قۆناغی پۆستتراومادا دەژین، لە لایەکی دیکەشەوە ڕەنگە تووشی لە بیرچوونەوە ببن تەواوی ڕووداوەکانی هۆڵۆکۆستیان وەک خۆی بیرنەمابێ. ئەمانەش هەمووی دەبن بە بەڵگە بە دەست ئارڤینگەوە بۆ سەلماندنی قسەکانی خۆی. ئەمە ڕاستییەکی تر سەبارەت بە وردی ئیشکردنی تیمەکە دەردەخات، ئەوان دەیانەوێ لە دۆخی گێڕانەوەی زارەکی دەربچن، بەڵکو دەیانەوەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دۆکۆمێنتەکان بکەن، بۆئەوەی دژبێژی و نەسازییەکانی ئارڤینگ لە کتێبەکانیدا بدۆزنەوە و لە دادگاش دژبێژی قسەکانی بسەلمێنن.

لە دادگاییەکەدا دیبەیەتی ئەکادیمیانەی زۆر باشی تێدایە کاتێ دوو لایەنەکە بەرەو ڕووی یەکدی دەبنەوە. لەسەر بابەتی زۆر ورد و بەردەست ئیش دەکەن، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ئیشی بە تیم بۆ کەیسی جێنۆساید چەندە کاریگەر، لێهاتووانە و پڕ بەرهەمە، چەندەش پێویستە. من نامەوێ تووشی بەراوردکاری ببم بەڵام بۆ نابێت ئێمە سوود لە ئەزموونی جوولەکە وەرگرین، چونکە هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ ئیشکردنی بە کۆمەڵ لەبارەی جێنوسایدی کورد.

ئامادەکارییەکان لەلایەن تیمەکەوە بۆ دادگاییەکە چەند ساڵێک دەخایەنێت، بەڵام خودی دادگاییەکردنەکە نزیکەی مانگێک درێژەی دەبێت، دواجار لە بەرژەوەندی دێبرا کۆتایی دێت. دادگا بڕیار دەدات ئارڤینگ بەگوێرەی ئایدۆلۆژیی خۆی، بەمەبەستەوە مێژووی شێواندووە و بەهەڵەی دابردووە، هەروەها ئارڤینگ وەک دژە جوولەکە و ڕەیسیست دەناسێنرێ. واتا سکاڵاکارەکە سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو بەرگریکارەکە سەرکەوت، ڕاستی و هەق بەو بوو. دێبرا لە کۆتا قسەکانیدا دەڵێ من پێش ئەوەی بێم بۆ لەندەن باوەڕم نەدەکرد کە دادگا شوێنیک بێت بۆ لێکۆڵینەوە و سەلماندنی هەقیقەتی مێژوویی. دێبرا هیچ قسەیەکی نەبوو بۆ ئارڤینگ، بەڵام ڕوو لە ڕزگاربووان و کوژراوەکان دەکات و پێیان دەڵێ ئێوە لە بیرنەکراون و یادتان دەکرێتەوە، دەنگی ئازارەکانتان بیسترا. بەو هیوایەی ئازارەکانی کوردیش بگەیەنرێ و ببیسترێ.




پۆستەری “سینەمای سەعادەت” لە فیستیڤاڵی جیهانی فەجر پەردەی لەسەر لادرا

مەنسوور جیهانی ـ پۆستەری بەشی “سینەمای سەعادەت” واتە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر پەردەی لەسەر لادرا.
ئەمساڵ لە بەشی “سینەمای سەعادەت” واتە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” بۆ فیلمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکان، لە میانەی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر، 12 فیلم لە وڵاتانی چین، تورکیا، کۆلۆمبیا، ئەڕژەنتین، لێتۆنی، پۆڵەندا، هەنگاریا، رووسیا، مەکزیک، ئەندوونێزی، فەڕەنسا و ئیسپانیا بە هاوڕێیەتیی لەگەڵ 3 فیلمی ئێرانی نمایش دەکرێن.
بە پێی یاساوڕێسا نوێیەکانی ئەم فیستیڤاڵە کە ساڵی رابردوودا پلانی بۆ داڕێڕا و رچاوگیرا، فیلمەکانی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە ناو ئەو فیلمانە هەڵدەبژێردرێن کە تاکوو ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەندیی ئاسیا نمایش نەکرابێتن.
ئەمساڵ لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر، هەندێک لە فیلمەکانی بەشی “سینەمای سەعادەت” یەکەمین نمایشی ئاسیایی خۆیان لەم فیستیڤاڵەدا دەبینن. لەم ناوەندەدا چەندین فیلم یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتییان لە فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر دەبێت و بۆ یەکەمین جار لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان و لەم فیستیڤاڵەی ئێران پەردەیان لەسەر لادەبردرێت.
5 دادوەری بیانی و 2 دادوەری ئێرانی فیلمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکانی بەشی “سینەمای سەعادەت” واتە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر هەڵدەسەنگێنن.
لەم بەشەدا، یەک تەندیسی سیمورغی زێڕین بە باشترین فیلم و هەروەها 5 سیمورغی سیمین لە لقەکانی دەرهێنان، سیناریۆ، ئەکتەری پیاو، ئەکتەری ئافرەت و خەڵاتی تایبەتی دەستکەوتی هونەریی لە یەکێک لە بوارەکانی وێنەگرتن، مونتاژ، موزیک، دیزاینی جلووبەرگ و یا دیزاینی سەحنە پێشکەش دەکرێت.
سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر بە بەڕێوەبەریی گشتیی سینەماکاری ئێرانی “رەزا میرکەریمی” و بەشداریی بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لە رۆژانی 21 تا 28ی ئەپرێلی 2017 لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی “چارسوو” لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر.




وشەکان …. خەندە حەمید

(لە ژیانماندا خۆمان بڕیار دەدەین و شتەکان هەڵدەبژێرین، بەڵام قورسترین شت ئەوەیە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانماندا بژین(.
وشەکان فیلمێکی ڕۆمانسی، درامییە، لە سێپتەمبەری ٢٠١٢ بڵاوبۆتەوە. لەلایەن (بڕەین کلوگمان، لی سترێنتەڵ)ەوە نووسراوە و دەرهێنراوە. ئەم فیلمە سیناریۆیەکی بەهێز و نمایشێکی جوان لەخۆدەگرێ، بە کۆتاییەکی چاوەڕواننەکراو تەواو دەبێت. هەریەک لە ئەکتەران برادلی کوپەر (ڕۆی)، زۆیی ساڵدانە (دۆرا)ی هاوسەری ڕۆی، هەروەها جێرمی ئایرۆنس )پیاوە پیرەکە( ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. بە بۆچوونی من ئەمە باشترین فیلمی برادلی کوپەرە.

ئەم فیلمە هاوکات چەند چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، یەکێک لەوانە بڵاوبوونەوەی کتێبی (The wordsوشەکان)ی نووسەر (کلایتۆن هامۆند)ە، ئەمە ناوی فیلمەکەشە. لە کتێبەکەدا سێ چیرۆکی بەنێویەکداڕەتبوو باس دەکرێ. ئەم فیلمە لە نێوان گەمەی زمانەوانی و گێرانەوەدا، هێندە جوان و ورد چنراوە، لێڕوانەر لەنێو دیمەن و سەردەمە جیاوازەکان سەری لێناشێوێ، بەڵکو هەریەکەیان دەبێت بە چیرۆکێك بۆ لێڕامان و چێژوەرگرتن. پلۆتی ئەم فیلمە لەتەک تێگەیشتنی ڕوودانگە (واقع) بە گریمانە خودییە زمانەوانییەکانەوە خەریکە، بەڕێی پەیوەندییە تێکهەڵکێشەکانەوە، بەشێوازێکی تایبەتی گێڕانەوە لێکگرێدراون و لە فیلمەکەدا نیشاندەدرێن.

پیاوە پیرەکە لە گەنجیدا وەک سەرباز لە کۆتایی دووەم جەنگی جیهانی بۆ فەڕەنسا نێردراوە. لەوێ کچێک دەبینێ و خۆشی دەوێ، دواتر هاوسەرگیری دەکەن و منداڵێکیان دەبێت. زۆر بەختەوەرانە دەژین، لەپڕ منداڵەکەیان نەخۆشدەکەوێ و دەمرێ، لەوێوە تراژیدی ئەو خێزانە دەستپێ دەکات. ژنەکەی هاوسەری زۆر غەمبارە، دەیەوێ بۆ ماوەیەک پشوو بدات، بۆیە بۆ لای ماڵی دایکی دەڕوات. کوڕە گەنجەکە زۆر بێتاقەت دەبێت، دەیەوێت غەمەکانی بە نووسین دەرببڕێ.

هەربۆیە چیرۆکی ژیانی خۆی دەکات بە ڕۆمانێک، لەکاتی نووسینیدا هێندە قووڵ بۆتەوە هەست بە کات ناکات، ناخوات و ناخواتەوە هەتا ڕۆمانەکەی بە دوو هەفتە تەواو دەکات. ڕۆمانەکە بۆ هاوسەرەکەی دەبات، لەبەرئەوەی هێندە کاریگەرە، ژنەکە ڕۆمانەکە هەڵدەگرێ و یەکسەر دەگەرێتەوە بۆ لای هاوسەرەکەی، بەڵام لەکاتی دابەزیندا لە شەمەندەفەرەکە لەبیری دەچێ. بەهۆی ونکردنییەوە دوو هاوسەرەکە جیادەبنەوە. نووسەرە گەنجەکە شێتئاسا سەری خۆی هەڵدەگرێ و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ لای هاوسەرەکەی. ئەمە یەکێک لە چیرۆکەکانە. چیرۆکەکەی تر لەو کاتەوە دەستپێ دەکات کە ڕۆی و دۆرا بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن، بۆ مانگی هەنگوینی دەچن بۆ پاریس، لەوێ لەکاتی بازاڕکردندا لە ئەنتیکەخانەیەک، ڕۆی تەنیا جانتایەکی کۆنی بەلاوە سەرنجراکێشە، بۆیە دۆرا وەک دیاری بۆی دەکڕێ.

ڕۆی نووسەرێکی هەوڵدەرە، دەیەوێ نووسینەکانی بخوێندرێنەوە، بەڵام شکست دێنێ. چونکە پاش چەند ساڵ لە نووسینی ڕۆمانێک ناتوانێ بڵاوی بکاتەوە، لەبەرئەوەی هەموو چاپخانەکان ڕەتی دەکەنەوە! ئەو لە نووسیندا گیری خواردبوو، نەی دەتوانی بنووسێ، شتەکانیشی قبوڵ نەدەکران. ڕۆژێک لەنێو جانتا ڕەشەکە بەڕێکەوت فایلێک دەدۆزێتەوە، کۆمەڵێ پەڕەی کۆنی تێدایە کە ڕەشنووسی ڕۆمانێکە، دەست دەکات بە خوێندنەوەیان ناتوانێ واز لە خوێندنەوەیان بێنێ تاکو تەواوی دەکات. ئەم ڕۆمانە ناوی نووسەرەکەی لەسەر نییە، هێندە کاریگەری لەسەرداناوە ناتوانێ بەو شێوەیەی پێشوو بژی.

ئەو بە خوێندنەوەی دەرک بەوە دەکات کە ئەو هەرگیز ئەو کەسە نییە کە پێی وابوو ئەوە، دەترسێ هەرگیزیش نەبێ بەو کەسەی کە پێی وابووە دەبێت بەو! بۆیە بڕیار دەدات تایپی بکات، بەبێ ئەوەی بزانێ بۆچی ئەوە دەکات. ڕۆی هەموو وشەی سەر پەڕەکانی تایپ دەکردەوە وەک خۆی بەبێ ئەوەی هیچی لێبگۆرێ، تەنانەت هەڵەی ڕێنووسیشی ڕاست نەدەکردەوە. ئەو دەیویست بزانێ هەستێکی چۆنە بەر وشەکان بکەوێ و دەستیان لێبدا. دۆرای هاوسەری لەکاتی تایپکردندا دەیبینێ، ئەو بێئاگایە لەوەی ئەو ڕۆمانە هی ڕۆی نییە، بۆیە دواتر دەیخوێنێتەوە زۆر کاریگەری لەسەر دادەنێ. دوای گەڕانەوەی ڕۆی لە کارەکەی، دۆرا بە گریانەوە پێی دەڵێ: تۆ هەموو ئەو شتانەی کە هەمیشە ویستوتە ببی. داوای لێدەکات چاپی بکات چونکە لە هەموو کارەکانی پێشووتری باشتر، جیاوازتر، پڕتر و ڕاستگۆیانەترە، بۆیە دەبێ ببینرێ.

دەڵی تۆ هەمیشە ویستوتە ببی بە نووسەرێکی باش، تۆ بەمە دەبی بە نووسەرێکی مەزن. گەر لەبەر خۆت ئەوە ناکەی تکایە لەبەر من بیکە. لەژێر کاریگەری ئەمە ڕۆی بڕیاردەدات ڕۆمانەکە بەناوی خۆی بڵاوبکاتەوە. ڕۆی خۆی وەک نووسەری ڕۆمانەکە نیشاندەدا، ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات. ڕۆژێکیان پیاوە پیرەکە بەدوای ڕۆیدا دەڕوات تاکو خۆی وەک یەکێک لە خوێنەرەکانی نیشان بدات، دەیەوێ چیرۆکی خۆی بۆ باس بکات. بەڵام ڕۆی نایەوێ گوێی لێبگرێ پیاوەکە بە دەنگی بەرزەوە دەڵێت؛ ئەو چیرۆکە لەبارەی پیاوێکە کە کتێبێکی نووسیوە و دواتر ونی کردووە، پاشان کەسێک دۆزیویەتەوە.

لێرەوە ڕاستییەکان لە نێوان پیاوە پیرەکە و ڕۆیدا ئاشکرا دەبن. ڕۆی زۆر پەشیمانە لەوەی کردوویەتی، دەیەوێ ئەوە ڕاست بکاتەوە، قەرەبووی بکاتەوە، هەوڵدەدات کتێبەکە بەناوی ڕاستەقینەی نووسەرەکە بڵاوبکاتەوە، هەموو ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێت. بەڵام زۆر درەنگە، پیاوە پیرەکە هەرگیز ڕازی نابێ ئەو تەنیا مەبەستی بووە ڕۆی بزانێ نووسەری ڕاستەقینەی کتێبە کێیە، چونکە سەبارەت بە ژیانی خۆی، هاوسەر و منداڵەکەیەتی، سەبارەت بەو خۆشی و ئازارانەیە، ئەو وشانەی لێوە لە دایکبووە. دەڵێ: تۆ ئەو وشانەت برد، پێویستە ئازارەکانیشی بەریت. تراژیدی پیاوە پیرەکە ئەوەیە وشەکانی لەو ژنە زیاتر خۆشویستووە کە پاڵنەری بووە بۆ نووسین. لێرەدا ئەو پرسیارەت لا دروست دەبێ، چۆن مرۆڤ بە یاریدەی وشەکان دەتوانێ شاکار بئافرێنێ، کە بۆ هەر سەردەمێک و زمانێک، تازە و ناوازە بێت. وەک ماسیاسی فەیلەسوف دەڵێ: ”نووسین لەنێو دڵی هەموو زمانێکدایە.”

ئەم فیلمە لەبارەی ئەوە نییە چۆن ڕۆی نووسینەکە دەکا بەهی خۆی، بەڵکو لەبارەی ئەو وشانەیە کە ڕۆی خۆشیدەویستن، بەڵام ئێستا بوونەتە مۆتەکە بۆی، لەبەرئەوەی دوای ئەو ڕۆمانە هیچ شتێکی نەنووسی هەروەک پیاوە پیرەکە لە دوای بزرکردنی ڕۆمانەکەی نەیتوانیوە تاکە وشەیەکی تر بنووسێ. لەوێدا هەست دەکەی دزینی چیرۆکی ژیانی کەسانی دیکە چەندە دڵڕەقانە دەردەکەوێ، دواجار ڕۆی داهاتووی خۆی پێ لەناوبرد.
لە کۆتاییدا، هەرچەندە وا دەردەکەوێ کە هەردوو نووسەرەکان ڕۆی و هامۆند هەمان کەسایەتی بن، بەڵام لێڕوانەر هەرگیز دڵنیا نابێتەوە سەرەڕای لێکچوون و خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیشیان.




ڕادێوی کوبانی ڕۆڵە له‌دایکنه‌بووەکەم … بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

“ڕادێوی کوبانی”، یەکێک بوو لە فلیمە دۆکۆمێنتییەکانی ڤێستیڤالی جیهانی دووهه‌زار و شانزه‌ له‌ شاری ئه‌مستردامی پایته‌ختی هۆله‌ندا، کە به‌ باشترین فلیمی دۆکۆمێنتی هۆله‌ندی هه‌لبژێردرا و خه‌ڵاتی پێبه‌خشرا. هەر لەو پەیوەنددا، ئه‌م فلیمه‌ یانزه‌ جار له‌‌ هۆلی سینه‌ماکانی ئه‌مستردامدا، نمایش درا.
ئەم فلیمە لە دەرهێنانی ڕێبەر دۆسکییە (٤١ ساله‌) و بابەتەکەی لەسەر هێرشی داعشە بۆ داگیرکردنی کۆبانی و بەرەنگاربوونەوەی جەماوەری خەڵکەکەیەتی لەبەرامبەر ئەم هێرشەدا و ڕزگارکردنی. له‌لایه‌ک سیمای دیمه‌نی دڵته‌زێنی شارێکی وێران و کاولکراو پیشان دەدات، که‌ چۆن لاشەی شێواو و پارچه‌ پارچه‌‌ کراو له‌ناو داروپه‌ردووی ئەم شارە وێرانەدا به‌ شۆفل ده‌رده‌هێنرێن، له‌لایه‌کی تریشەوە، هێزو توانای لەبننەهاتووی دانیشتوانی بەیان دەکات، کە چۆن زاڵ دەبن بەسەر ئه‌م بارودۆخه‌ پڕکارەساتە و چ هەوڵ و کۆششێکی پڕزەحمەت دەدن بۆ دەستپێکردنەوە ژیان و ئاوەدانکردنەوە‌ی شارەکە لەپاش ئەم هێرشە.

له دیمانەیەکدا بۆ ئاوێنه‌، ڕێبه‌ر دۆسکی ئاماژه‌ بەوە دەکات، “که‌ ده‌یه‌وێت لەڕێگای ئەم فلیمەوە، کۆبانی لە دوای کاره‌ساتی جه‌نگ به‌ جیهان بناسێنیت، جێگەیەک کە لەکاتی ڕوودانی جەنگەکەدا، تەواوی زۆمی کامێراکانی جیهان ڕووی تێکردبوو، سات بەسات ڕووماڵی ڕووداوە پڕ تراجیدییەکانی دەکرد، کەچی کۆبانی دوای جەنگ، کاتێک کە خەڵکەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی پێویستی بەوپەڕی هاوکارییە، کامێرەکان باریان کردووە و جیهان لێی بێئاگایە.”
کچێکی گەنجی کوردی تەمەن بیست و دوو ساڵ، دیڵۆڤان کۆکیی هه‌واڵنێر و بێژه‌ری وێستگه‌ی ڕادێوی کۆبانی له‌گه‌ڵ هاورێیه‌کیدا پرۆگرامه‌کانی پێشکه‌ش ده‌کات. ‘ڕادیوی کۆبانی’ لە زمانی ئەم بێژەرەوە، هەواڵی ڕووداوەکانی ڕۆژانەی شەڕ، پێشڕەوی جه‌نگاوه‌رانی کوبانی، هەلومەرجی ژیانی ئاواره‌کان، خەڵک و جەنگاوەران دەڵێن چی، بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و جیهانی لێئاگادار دەکاتەوە و هەروەها لەگەڵ موزیک. لەپاش جەنگیش ‘ڕادێو کۆبانی’ ڕۆلی خۆی دەگێڕێت له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاره‌که‌ و دەبێتە هۆکارێکی ئەرێنی بۆ یەکڕیزی وسەرەتای دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ خەڵكەکەی.
دۆسكی له‌ چاوپێکه‌وتنه‌کەیدا ده‌ڵیت: “له‌م فلیمه‌ دکومێنتییەدا، ژن کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کییە‌، ژن لەناو جه‌نگ، ژن لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی بەرگریدایە لەبەرامبەر شاڵاوی سوپایەکی دڕەندە، هەروەها ژن لە ڕێزی پێشەوەی خەباتی یەکسانیخوازیدایە لەبەرامبەر کەلتووری پیاوسالاری. بەرگری لە باژێڕی کوبانی، ئیتر به‌ته‌نیا کاری پیاوه‌ جوامیر و ئازاکانی گه‌ل نییه‌. به‌ڵکوو هاوکات و هاوشان، ئەرکی ژنە‌ دلێر و نه‌به‌ردەکانیشە.

ژنانی چەکبەدەستی کوبانی بوون بە سیمبول، سیمبولێک کە هەموو ژنانی کۆمه‌ڵگایەکی پیاوسالاری‌ لە وڵاتانی خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست، چاویان لێیەتی.”
دیڵۆڤانی کۆکیی بێژەر خەیاڵی لەلای منداڵە لەدایکنەبووەکەیەتی، بەو وشانەی کە بوون بە وشەی سەردەم، نامەی بۆ دەنووسێت و له‌ پرۆگرامی ڕادێوکەیدا ده‌یخوێنێته‌وه‌. چیرۆکی جه‌نگاوه‌ران و شەڕی خوێناوی کۆڵان بە کۆڵانی داعشی بۆ باس ده‌کات. لێره‌دا دیڵۆڤان دەبێت بە دیڵۆڤانی تەواو، ده‌روونی پڕ له‌ ناسۆر و برینداری خۆی، یاده‌وەرییە‌ پڕئازاراوییەکانی و هه‌ستی مرۆڤدۆستی به‌ جوانییەکی بێوێنە و زمانپاراوانە ده‌رده‌بڕێت. ده‌نگی هێمن و ماتی، گۆمێکه‌ پر‌ له‌ ئازار و حه‌سره‌ت، هاوکات هه‌ر هه‌مان ده‌نگه‌ که‌ ئومیدبه‌خش و کۆڵنه‌ده‌رە. پێده‌چێت له‌و رێگایەوە بیه‌وێت زاڵ بێت به‌ سه‌ر بارودۆخەکەدا، ئەمەش پرۆسه‌ی هێوربوونەوەی خۆیه‌تی، له‌ یه‌ک کاتدا خۆی تیغه‌ و خۆشی برینه‌، ده‌روونبرینداره‌ و ساڕێژی برینی خۆشی ده‌کات … له‌ پرۆگرامه‌که‌یدا ڕابوردووی خۆی، مێژووی شاره‌که‌ی و چیرۆکی ڕادێوی کوبانی بۆ ڕۆڵه‌ له‌دایکنه‌بووه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌:
“ڕۆڵه‌ی من! ڕۆڵە له‌دایکنه‌بووەکەم! له‌ پانزه‌ی ئه‌یلولی دوو هه‌زار و چوارده‌دا، داعشی چه‌ته‌، وه‌ک په‌ڵه‌ هه‌وڕێکی ڕه‌ش، کەوتنە گیانی شارەکەم، ده‌ستی چه‌په‌ڵیان بۆ درێژکردین، هه‌زارانیان لێئاواره‌ کردین. براکه‌م و باوکم له‌گەڵ هەزاران برا و باوکی تر له‌ به‌ره‌کانی جه‌نگدان.

“ئه‌م چیرۆکه‌، چیرۆکی من و سه‌دانی وه‌کو منه‌، هاورێی منداڵیم شیرین حه‌سه‌ن له‌ جه‌نگی بەرگری کوبانیدا، که‌وته‌ ده‌ست تیرۆریسته‌کانی داعش، سه‌ریان په‌ڕاند و له‌ مه‌یدانی جرابلس Jarablus هه‌ڵیانواسی، ئیتر له‌و رۆژه‌وه‌ مرۆڤایه‌تی بۆ من مرد و نه‌ما، پێکه‌نینی ئه‌و، چاوه‌کانی، قژه‌ جوانه‌که‌ی … من و شیرین به‌لێنمان به‌ یه‌کتری دابوو، کە کوبانی ئازاد کرا، بۆ چاوبڕكێ له‌گه‌ڵ کوڕان بچین بۆ پارکی شار”
“ڕۆڵه‌کەم!‌ گه‌ر بێته‌ دنیاوه‌، هه‌نگاو به‌ هه‌نگای خاکی من، دڵۆپی خوێنی هاورێی منی به‌ سه‌ره‌وه‌یه … ڕۆڵه‌‌که‌م ئومێد ده‌که‌م ژیانی تۆ له‌م جیهاندا،‌‌ پڕ خۆشی و شادی بێت” .

هه‌ر چه‌نده‌ شاره‌که‌ وێرانه‌ و که‌لاوه‌یه‌، دیڵۆڤان له‌ناو ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا گه‌شبینه ‌و بیر له‌ داهاتوو ده‌کاته‌وه‌. له‌گه‌ڵ کچێکی تری هاوڕێی سه‌ردانی پارک ده‌کات، له‌گه‌ڵ ئه‌و کوڕه‌ی که‌ ئاشقی یه‌کتر بوون، ژیانی هاوسه‌رگیری پێکدەهێنێت.
هه‌ر وه‌کو ئەوەی ڕێبەر ده‌ڵێت: “له‌م فلیمە دۆکۆمێنتییه‌دا، دیوێکی تر وێنه‌ی مرۆڤ دەبینین. چاومان بە مرۆڤێک دەکەوێت لە کۆمه‌ڵگا‌یەکدا،‌‌ که‌ له‌وپه‌ڕی سته‌مدیده‌ییشدا هه‌ستی متمانه‌ به‌خۆبوونی نه‌دۆڕاندووه‌ و بڕوای ته‌واوی به‌ خۆی و ئیراده‌ی پۆڵایینی خۆی، به‌ خه‌ون و تواناکانی‌ و به‌ خه‌بات و تێکۆشانی خۆی هه‌یه‌.”

ڕێبه‌ر دۆسکی، جیا له‌م به‌رهه‌مه‌، چه‌ند به‌رهه‌مێکی تری هەیە:

mijn geluk in auschwitz(2012)،
lokroep(2013)
4Ever(2014)
One happy day (2015)
Paardenkracht(2015)
The Sniper of Kobani(2015)
Yezidi Girls(2016)
Meryem de Commmandante (2016)




گه‌رانه‌وەیەک بێریڤان … جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

فێستیڤاڵی جیهانی دوو هەزار و شانزە بۆ نمایشی فلیمی دوکومێنتی، لە شاری ئەمستردامی پایتەختی هۆلندا بەڕێوەچوو،
یەکێک لەو فلیمانە، بەرهەمی دەرهێنەری کورد زەهاوی سەنجاوی (47 ساڵ) بوو، بە ناونیشانی، “گه‌رانه‌وه‌یەک The Return”
بابەتی “گەڕانەوەیەک” ئاکامە سەختەکانی کۆمەڵکوژی و ڕاونانی یەزیدییەکانە لە شەنگال بەدەستی داعش.

شوێنی دەرهێنانی ئەم فلیمە، کەمپی ئاوارەکانی یەزیدییەکانە لە با‌جد که‌ندال له‌ کوردستانی باشوور. لەم بارەوە ده‌رهێنه‌ر له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا ده‌ڵێت: ” له‌ چوارچیوه‌ی هونه‌ری سینه‌ماییدا، کاره‌سات و کۆمه‌لکوژی یه‌زدییه‌کان به‌ جیهان ده‌ناسێنم، هه‌روه‌ک چۆن نوسه‌ران و مێژووناسان، مێژوو ده‌نووسنه‌وه‌، منیش ئاوا لە‌ ڕێگا‌ی کاری سینه‌مایییه‌وه،‌ واقعی ژیانی ئه‌مرۆی ئاواره‌کان ده‌خه‌مه ڕوو.”
ئه‌م فلیمه‌‌ بووە جێگەی سه‌رنجی زۆری بینه‌رانی هۆله‌ندی و خەڵکانی تری و لە پەیوەندەدا، بۆ چوار جار له‌ هۆڵی سینه‌مای جیاوازدا له‌ ئه‌مستردامدا نمایشدرا.

فلیمی” گه‌رانه‌وەیەک‌” له‌سه‌ر هەلومەرجی ژیانی پڕئازاراوی یه‌زیدییه‌کانه‌ له‌ ناوچادردا،‌ لەدوای کاره‌ساتی جه‌رگبڕی هێرشی دڕندانه‌ی
داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال و ناوچه‌کانی تر، ڕزگاربووانی ئەم تراجیدیایە له‌ چ بارێکی ده‌روونیدا دەژین؟ چۆن بیرده‌که‌نه‌وه‌؟ چۆن ده‌ڕوانن لە ژیان؟ چۆن هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن؟ تۆ دەڵیت چی؟ کاردانه‌وه‌ت چۆن ده‌بێت، کاتێک کە گوێبیستی به‌سه‌رهاتی باوکێکی لێقه‌وماو دەبیت، باسی به‌سه‌رهاتی ڕفاندنی کچه‌که‌ی ده‌کات؟ مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ل ئه‌و منداڵانه چۆن ده‌بێت، که‌ له‌به‌رچاوی خۆیان دایکیان کوژران یان سه‌ربڕاون؟ ئێستاش ته‌نیا ماونه‌ته‌وه‌؟
چۆن ڕەفتار له‌گه‌ڵ ئه‌و منداڵه ماتانە ده‌که‌یت، که لەتاو‌ دڵی پڕ ئه‌شکیان ئۆقرە ناگرن، ئه‌و ژن و کوڕه‌ گه‌نجانه‌، که‌ له ئه‌نجامی زه‌بری ده‌روونی، نائومێدی و بێئارامی و ترسی لەڕاده‌به‌ده‌ر، باڵی به‌ سه‌ر ژیانیاندا کێشاوه‌؟ کچێکی‌ گەنجی سویدی بە ڕەگەز کورد،* شیلان ئا‌تروشی (35 ساڵ)، که‌ له‌ سوید گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، پیشه‌ی په‌رستیاره، له‌گه‌ڵ دکتۆر لوقمان پێکه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی سویدی له‌و که‌مپه‌‌ کار ده‌که‌ن، شیلان بە سەرما و بەناو قوڕوچڵپاودا، سه‌ردانی ئاواره‌کان ده‌کات، ده‌رمانیان بۆ ده‌بات، سەردانی یەک بە یەکیان دەکات و
ئه‌وانیش کاره‌سات و ڕووداوی خۆیان بۆ شیلان ده‌گێڕنه‌وه‌. ئیتر شیلان به‌ گوێگرتن و کاردانەوە پیشان دان، دەبێتە هاوبه‌شی غه‌م و ئازاری کۆمه‌ڵکوژی و ڕاونانی ئەم مرۆڤانە، به‌م جۆره‌ ئه‌م په‌رستیاره‌ جارێک به‌ گوێگرتن، جارێکی تر به‌ گریان و چاوی پڕفرمێسکەوە، به‌ خه‌نده‌ و خۆشه‌ویستی باوه‌شی گه‌رم بۆ ئاواره‌کان ده‌کاته‌وه‌.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌، ئه‌م خانمه‌ به‌ ڕه‌سمکردن و گۆرانی و یاری، کات له‌گه‌ڵ منداڵانی که‌مپه‌که‌ ده‌باته‌ سه‌ر. شیلان له‌ ناو منداڵاندا ڕۆلێکی گرنگ و به‌رچاوی دەگێڕێت، به‌ جۆرێک هه‌موو منداڵانی که‌مپه‌که ئه‌م په‌ستیاره‌ ده‌ناسن و دەبێتە مایه‌ی متمانه‌و دڵنه‌وایییان. کاری شیلان هه‌ر به‌وه‌ ناوه‌ستێته‌وه، که‌ ئاواره‌کان بەسەربکاتەوە، بە هانای نه‌خۆشه‌کانەوە بچێت و لە ئێش و ئازاری منداڵان کەم بکاتەوە، به‌ڵکو له‌ چادرێکدا چاوی بە حاله‌تێکی ئالۆز دەکەوێت ، ژنێک کە هەموو پەیوەندییەکی بە جیهانی دەرەوە پچڕانبدووە. ئه‌م ژنه‌ له‌ ئه‌نجامی زه‌بر و ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌روونی خۆی لەناو چادرێکدا زیندانی کردووە، قسه له‌گه‌ڵ که‌س ناکات، شیلانیش بۆ دەرهێنانی ئەو ژنە لەو هەلومەرجەی تێیکەوتووە، دەکەوێتە گێڕانه‌وه‌ی ڕابوردووی ژیانی خۆی، کاتێک کە منداڵ بووە، چۆن به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌، قاچه‌کانی باش گه‌شه‌ نه‌کردووە، ده‌رئه‌نجام که‌مئه‌ندام لێدەرچووە.
سەرەڕای ئەوەی کیشه ‌و گرفتی زۆری بۆ دروست ده‌بیت … به‌ڵام هێز دەدات خۆی و ئازایانە ئەو گیرگرفتانەی ئەم نەخۆشییە بۆی هێناوەتە پێشەوە، بەسەریاندا زاڵ ده‌بێت و ئێستاش لە دۆخێکدایە، کە دەتوانێت به‌ دڵێکی گه‌وره‌وه‌ هاوکاری ئاواره‌کان بکات. به‌م جۆره‌ ورده‌ ورده‌ شیلان دەتوانێت توانایییەک ببخشێت بەو ژنە، کە هەستێت و دەرگای ڕوو بەدەوەرە لە خۆی بکاتەوە.

شیلان له‌ کورته‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا ووتی، ئه‌مه‌وێت له‌لایه‌ک بە گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی خۆم‌، ئاواره‌کان هانبده‌م بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌ سه‌ر ژیانی خۆیاندا زاڵ بن، ‌لەلایه‌کی تریشەوە، من وه‌کو په‌رستیاری که‌مپێک هەوڵ دەدەم چیرۆک و کاره‌ساتی ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ گه‌لانی تر بناسێنم. هه‌ر به‌رده‌وام له‌ خزمه‌تی ئاواره‌کانی که‌مپه‌که‌دابم.
و شایانی باسه‌، له‌ دوای ته‌واو بوونی فلیمه‌که‌، له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی فێسیتڤاله‌که‌دا له‌ڕێگای دیمانه‌یه‌که‌وه‌، زه‌هاوی وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێکی دا‌یه‌وه ‌و ئاماژه‌ی کرد بە ئاین و که‌لتوری یه‌زدییه‌کان. لە کۆتاییشدا، به‌ گه‌رم و جۆشوخرۆشییه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له شیلان و ده‌رهێنه‌ری فلیمه‌که‌ کرا.
شیلان ، چه‌ند ساڵیک له‌ مه‌وبه‌ر له‌ سویدەوە گه‌راوه‌ته‌وه‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی سویدی له‌ هه‌‌ولێر و هاوکات له‌ که‌مپی با‌جد که‌ندال، وه‌ک په‌رستیار کار ده‌کات.




پرۆژەی نوێی بەھمەن قوبادی بۆ منداڵانی کورد بە ناوی “منداڵانی ھەتاو”

تاران ٢٨ دیسەمبەر (ZNA) ـ “بەھمەن قوبادی” پرۆژەی نوێی بە ناوی “منداڵانی ھەتاو” پێشکه‌ش به منداڵانی کورد له شوێنه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان کرد.

کۆمپانی “مژ فیلم” به به‌رپرسیاریی سینه‌ماکاریی کورد “بەھمەن قوبادی” پرۆژەیەکی نوێی بۆ یارمەتی منداڵانی کورد بە ناوی “منداڵانی ھەتاو” رێکخستووە، لە چوارەچێوەی ئەم پرۆژەیەدا زیاتر لە 240 جۆر ھۆنراوە و چیرۆک و شیعری کوردیی بۆ منداڵان بەرھەمھاتووە کە بێبەرامبەر بە سەر منداڵاندا دابەشدەکرێت.

“بەھمەن قوبادی” دەرھێنەری ناوداری سینەما ئاماژەی پێکردووە بە ھۆی کەمبوونی بابەتی شێعر و چیرۆکی تایبەت بە منداڵان بە زمانی کوردیی بڕیاریداوە گروپێک بۆ کۆکردنەوە و بەرھەمھێنانی ھۆنراوە و چیرۆکی شادی منداڵان پێکبھێنێت و کۆمەڵێک بابەت بۆ منداڵان بەرھەمبھێ
.
ئەم گروپە چەندین کەسی بەتوانای شاعیر، نووسەر، دەرووناسی، وەرگێر و شارەزای مۆسیقای لەخۆگرتووە کە ھەموویان لە لایەن بەھمەن قوبادییەوە ھەڵبژێردروان و دواتر دەستیان بە بەرھەمھێنان کردووە کە تا ئێستا ئەم بەرھەمانەی ئامادەیان کردووە زۆرتر لە 120 ھۆنراوە و 120 چیرۆکی تایبەت بە منداڵان کە بابەتی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی تێیدا رێکخستراوە و بە شێوەی گۆڕانی و بابەتی شاد له‌گه‌ڵ مۆسیقا ئامادە کراوە، شایانی باسە ئەم پرۆژەیە تەنیا ئەم 240 بەرھەمە لە خۆ ناگرێت و لە داھاتوودا چەندین پاکەیجی دیکه لە درێژەی ئەو ئامانجانەمان ئامادە و بڵاودەکرێته‌وه.

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم پرۆژەیە پێکھێنانی باروودۆخێکی شاد لە دەروونی منداڵانی کورد و گەڕانەوەیان بۆ دونیای منداڵی خۆیانە، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی لە ناوچە جەنگییەکان و ھەژارنشینەکان (ئەم گوند و ناوچانەی دوورن لە خزمەتگوزاری) دەژین، ئامانجمانە ئەم بەرھەمانە بە دوورترین شوێن، ناوچە بێ خزمەتگوزارییەکان و منداڵانی گوندنشین و پەراوێزخراو بگات و لە ئامانجەکانی دیکه‌ی ئەم پرۆژەیە قەرەبووی کەمی ھۆنراوە و چیرۆکی شادی تایبەت بە منداڵانە بە زمانی کوردی و ئەم پرۆژەیە دەستپێکێکی باشە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە.

ھیوادارین ئەم پرۆژەیە بارودۆخێکی لەبار دروست بکات تا منداڵانی کورد لەگەڵ ھۆنراوە و چیرۆکی کوردی ئاشنا بن و ئەم پرۆژەیە رۆژێک ھیندە بەربڵاو بێت و گەشە بکات کە بزووتنەوەیەکی فەرھەنگی و پەروەردەیی بۆ منداڵانی کوردستان دروست ببێت.

بەھەمەن قوبادی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بابەتە ئاماژەی پێکرد: داوا لە ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە ھەر پلە و پۆست و پیشەیەکدا خزمەت دەکەن بەتایبەت ئەو کەسانەی لە گوندە دوورەکان مامۆستا و یا پزیشک و یا خود بە ھەر ناونیشانیکی دیکه‌ن … و ھەروەھا ئەو کەسانەی لە کەمپەکان لەگەڵ ئاوارەکان پەیوەندییان ھەیە و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەن لەم پرۆژەیەدا بەشداربن و بۆ بەڵاوکردنەوەی ئەم بەرھەمانە بە ھەر شێوەیەک کە بۆیان گونجاوە یارمەتی بدەن و کۆپی بکەن و بەدەست منداڵانی بگەیەنن.

سینه‌ماکاریی کورد بەھمەن قوبادی له کۆتاییدا وتی دەستی ھەموویان ماچ دەکەم و مایەی خۆشحاڵیمە.

ھەروەھا جێگەی ئاماژەیە ئەم پرۆژەیە بە بێ پشتگیریی مادی یا مەعنەویی ھیچ لایەنێکی کەرتی تایبەت و حکوومی تا ئێستا لەسەر ئەرکی “بەھمەن قوبادی” بەڕێوەچووە و بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییه‌کانی فەیسبوک و ئینستاگرام بە ناوی “بەھمەن قوبادی” و یا لە ماڵپەڕی www.mindalan.com بکەن.

ئەو کۆمەڵە بەرھەمەی کە ئاماژەی پێکرا لە ماڵپەری تایبەت بە “منداڵانی ھەتاو” بە ناو و نیشانی www.mindalan.com و لە پەیجە فەرمییەکانی “بەھمەن قوبادی” لە سۆشیال میدیا (فەیسبووک، ئینستاگرام، تێلێگرام) ھەر ھەفتە (5 گۆرانی و 5 چیرۆک) بڵاودەبێتەوە کە ھەموو میدیایەک و ھەر کەسێک بە بێ بەرامبەر دەتوانێت داونلۆدی بکات و دوبارە بە ھەر شێوەیەک بینراو، بیستراو و یا چاپکراو بڵاوی بکاتەوە، بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پرۆژەی “منداڵانی ھەتاو” خاتوو “گوڵریز ئێحتیاتی” و خاتوو “روناک فەرەجی” دەتوانن پەیوەندیی بە ئادرێس ئیمەیلی mindalani.hataw@gmail.com بکەن.

مەنسوور جیهانی




سینەماکارانی کورد لە سێیەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” رێزیان لێگیرا

مەنسوور جیهانی / یۆتۆبۆری ـ سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لە وڵاتی سوید رێزیان لێگیرا.
ڕێوڕەسمی کۆتایی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە ئامادەبوونی “دڵشاد ئەحمەد” سەرۆکی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” و سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، “لاگێ بیۆرک” Lage Björk بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، “شوان عەتووف” ئەکتەری ناوداری کورد، دکتۆر “دڵشاد مستەفا” دەرهێنەر، ئەکتەر و سەرۆکی بەشی تازە دامەزراوی بەشی سینەمای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، “شەماڵی عەبە ڕەش” ئەکتەری ناوداری شانۆ، “شادان فوئاد” ئەکتەری بەئەزموونی شانۆ، دکتۆر “رێبوار سەعید” ڕاگریی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، “مەسعوود یۆسفی” ئەکتەری کوردیی دانیشتووی وڵاتی سوید، “ئاسۆ دیلان” ژەنیاری بەتوانای عوود و ئەندامی گرووپی موزیکی “نەوا” و هەروەها کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید، لە هۆڵی سینەمایی “فۆڵکت هیووس” Fulket Hus لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو کە سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە بەرهەمە کورت و بڵیندە سینەماییەکانی خۆیان بە پێشکەش کردنی لەوحەی فەخری رێزی تایبەتیان لێگیرا.
لەم رێوڕەسمەدا لە بەشی بەرهەمە سینەماییەکاندا لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە فیلمی سینەمایی “کوێستانی قەندیل” لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “تەها کەریمی” بەخشرا کە “شەماڵی عەبە ڕەش” ئەکتەری شانۆی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی بەریتانیا بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە کوردە ئەم خەڵاتەی وەرگرت.
دکتۆر “دڵشاد مستەفا” دەرهێنەر، ئەکتەر و سەرۆکی بەشی تازە دامەزراوی بەشی سینەمای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی، دوای رێزلێنانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لە “تەها کەریمی” سەبارەت بەم سینەماکارە کۆچکردووە کوردە گوتی: یەکێکی دیکە لە بەدبەختییەکانی ئێمەی کورد ئەوەیە کە کەسە داهێنەرەکانمان زۆر جار بە زووترین کات و بەخێرایی ئەو دنیایە بەجێدەهێڵن و یەکێک لەوانە “تەها کەریمی” بوو، “تەها کەریمی” هونەرمەندێکی چوست و چالاک و لێهاتوو و بەتوانای کورد بوو کە خەونی زۆر گەورەتری هەبوو کە ئێمە بەرهەمە کورت و بڵیندە سینەماییەکانیمان بینیوە. خەوی “تەها کەریمی” خەویی بەدیهێنانی سینەمای کوردیی بوو کە بتوانێت مۆر و شوناسێکی کوردانەی هەبێت و بەو مۆر و شوناسەوە بڕواتە دنیای ئەوانی دیکەوە. بەڵام جێی داخە تەها بە کارەساتێکی دڵتەزێنی ئۆتۆمبێلەوە لە شاری سلێمانی دنیای بەجێهێشت و نەیتوانی خەوەکانی بێنێتەدی.
گوتیشی: بەدڵنیاییەوە ئەگەر تەها لەم دنیایە بوایە بەرهەمی زۆر جوانتر و لاوازەترمان لێدەبینی، هیوادارم رۆحی تەها بە هەموو یادکرنەوەکانی شادبێت.
هەروەها لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە فیلمی سینەمایی “عاشقەکان بە پێوە دەمرن” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەهرام مەسلەخی” بەخشرا کە “شوان عەتووف” ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەر وەرگرت.
هەر لەم بەشەدا رێز لە فیلمی سینەمایی “مناڵانی دیاربەکر” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “میراز بێزار” لە شاری ئامێد گیرا کە “هەڤاڵ بایرام” بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەر ئەم خەڵاتەی وەرگرت.
لە بەشی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لەوحەی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمی “ماڵی سپی” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “ئەرەستوو مەفاخیری” و بە رۆڵ بینینی ئەکتەری کورد “شیما مولایی” بەخشرا کە “مەنسوور جیهانی” رۆژنامەنووسی سەربەخۆی سینەمایی خەڵاتەکەی بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەری سنەیی ئەم کورتە فیلمە کوردییە وەرگرت.
هەروەها لەوحەی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمی “ئاوێنە ڕەنگ بزرکاوەکان” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “سالم سەڵەواتی” لە شاری سنە بەخشرا، کە “مەسعوود یۆسفی” ئەکتەر و دەرهێنەری کوردیی دانیشتووی وڵاتی سوید، بە نوێنەرایەتی لە دەرهێنەر ئەم خەڵاتەی وەرگرت.
لەوحەی فەخری سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە کورتە فیلمی “وڵاتی ونبوو” لە درهێنانی سینەماکاری کورد “هەوراز محەمەد” لە هەرێمی کوردستان بەخشرا کە “هیوا جاف” لە ئەندامانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە درەهێنەر وەرگرت.
هەروەها لەوحەی فەخری ئەم فیستیڤاڵە بە کورتە فیلمەکانی “کوڕانی چیا” و “کاتژمێر 14:36 و 22:8” لە دەرهێنانی هاوبەشی “ژیرۆ ئاگا هەستیار” و “فریدریک کارلسۆن” بەخشرا کە خەڵاتەکەیان لە “لاگێ بیۆرک” Lage Björk بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری وەرگرت.
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە سەرۆکایەتی “دڵشاد ئەحمەد” سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری و بە هاوکاریی دەزگای ABF شاری یۆتۆبۆری هاندەریی هونەرمەندان و بەرهەمە هونەرییەکانیان بە سەرۆکایەتی “پیتێر ئۆلف سۆن” Peter Olfsson و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و بە نمایشی بەرهەمی فۆتۆگرافی هونەرمەندانی کورد “ناسح عەلی خەیات”، “بابان ساڵح”، “هۆشمەند هەڵگورد” و هونەرمەندی سویدی “لاگێ بیۆرک” لە هۆڵی سینەمایی “فۆڵکت هیووس” لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

وێنەکان: مەنسوور جیهانی

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنیی گشتیی سێیەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری”.




دیدار لەگەل ئێدی هوپشمید بەرهەم هێنەری فلیمی یۆڵی یەلماز گۆنای

دیدار لەگەل بەرهەم هێنەری فلیمی یۆلی یەڵماز گۆنای براوەی خەڵاتی کان ئێدی هوپشمید
یۆڵ رێگەیەک بەرەو تەراوگە.!

سەرەتای ناسینی بەڕێز ئێدی هوپشمید

کات نزیک بە دووی دوای نیوەڕۆیە ڕێککەوتی- ٢٠- ١٠-٢٠١٦- ڕۆژی پێنج شەم، شوێن ستاندی کوردستان، پیاوێکی بەتەمەن تورەگەیەکی لەبن هەنگڵی بوو، گووتی: دەمەوێ شتێکت پێ نیشان بدەم.
فەرمووم لێکردوو دام نیشاند، کتێبێکی لە تورەگەکەی دەرهێناو خۆی ناساند کە ئەوە بەرهەم هێنەری فلیمی یۆلی یەلماز گۆنایە و باسی خۆی پەیوەندییەکانی خۆی و کاری هونەری کرد.
منیش بانگی هاورێیانم کردوو پێم ناساندن
گووتی: دەمەوێ ئەو کتێبە بە کوردی چاپ بکرێت.
قسە وباسێکی زۆرمان کرد، تێم گەیاند کە وەزعی سیاسی و ئابووری کوردستان زۆر خراپە، شەڕێکی سەخت وماڵ ویرانکەر یەخەی گرتووین، دواتر پێم گووت دەتوانێ لای کێ لە ئەورووپا کتێبەکەی چاپ بکات بەکوردی و هاوکاری بکات.

یەکێک لەم بەرێزانەی ئامادەی دانیشتن و گفتو گۆکە بوو ئەندامی شاندی کوردستان بوو، بەڕێز کامەران سوبحان گووتی: کاک یووسف بزانە دەکری دیدارێکی لەگەڵدا بکەین؟
منیش قسەم لەگەلی کرد گووتم ئەگەر کاتت هەبێت ئەو بەڕیزە دەیەوی دیدارێکت لەگەڵدا بکات؟
ئیدی هوپشمید گووتی : دەبێ ئێستا بڕۆم ، بۆ بەیانی کاتێک دیاری بکەین.

منیش گووتم بەیانی سەعات دووازدە چۆنە؟
ڕەزامەندی پیشاندا، ئەوەبوو بەیانی کاتژمێر دووازدە لەیەکێک لەکافتریاکانی بوخ مێسە دانیشتین، من سێ قاوەم هێناو دانیشتین بەدەم قاوە خواردنەوە قسەو باسمان کرد.
من وەکو وەرگێرو هەمیش لە ڕێکخستنی پرسیارەکان و فۆرمولە کردنی وەلامەکانیش بەشدار بووم، بە کامێراکەی خۆشم چەندین وێنەمان گرت، ڕۆژی پێشووش هەر بەکامێراکەی خۆم چەندین وێنەمان گرت.
ئیدی هوپشمید لەم دوو ڕۆژەدا لەستاندی کوردستان زۆر کەیف خۆش بوو، لەکۆتاییدا چەند کتیبێکمان بەدیاری پێدا.
ئەم نووسینەو وێنەیەکم لەهەمان ڕۆژ لە پەیجی فەیسبووکی خۆم بڵاوکردەوە:
(بەرهەم هێنەری فلیمی یۆل ـ ڕێگای ـ یەلماز گۆنای بۆ یەکەم جار دەردەکەوێت
بەرهەم هێنەرئێدی هوبشمید
لەسەردانیدا ئیمڕۆ بۆ ستاندی کوردستان ، لەهگەبەکەیدا کتێبێکی پێشانداین، سەبارەت بە ژیانی هونەرمەندی کورد یەلمازگۆنای ، چۆنییەتی دەرهێنانی فلیمی یۆل، سەرەتای دیداری لە زیندان، کاری دەرهێنانی فلیم، ئەکتەرەکان، نمایشکردنی، وەرگرتنی خەلاتی کان ، بەرهەمەکانی یەلماز گۆنای، تا مەرگ و مەراسیمی ناشتنی هونەرمەند یەلماز گۆنای لە گۆڕستانی پێر لاشێ ی پاریس.
ئەو بەڕێزە دەزگایەکی چاپەمەنی کوردی دەوێت ئەم کتابە بە کوردی چاپ بکات، لەمانگی یانوەری داهاتوو بە ئەلمانی چاپ دەبێت).
ماوەیەک بەر لە ئێستا کاک کامەران دیدارەکەی بۆ ناردم، منیش پێدا چوونەوەیەکم کرد و هێندەک زانیاری کە نەنووسرابوو زیادم کردو بە خەتی سۆر بۆم ناردەوە بە ڕێزەوە.
دیدارەکە ئەوەی خوارەوەی لێ بەرهەم هات ، دوا پرسیار سەبارەت بە ستاندی کوردستان و چاپکردنی کتێبەکە، زیادە، چوونکە ئێمە پێشتر ئاماژەمان بەخراپی وەزعی کوردستان کرد، بەرێز ئیدیش تێ گەیشت بۆیە ئەو بەدووای ڕێگەی تردا دەگەڕێت، موراعاتی وەزی کوردستانی لەبەر چاو بوو، :

دیدار- کامەران سوبحان
وەرگێرو فۆتۆ- یووسف منتک

* چۆن بوو پاش چەندین ساڵ لە کۆچی دوایی (یەڵماز گوینای) بیرت کردەوە جاریکی تر بگەڕێیتەوە بۆ لای وێنە و یادەوەرییەکانی ئەو فیلمساز کوردە و کاریکی دیکۆمێنتەریی لەسەر بکەیت؟
– ئەوە بەسەرهات و مێژوویەکی دورودریژە، بەڵام لەوێوە دەست پیدەکەم کە ساڵی ڕابردوو هەمو وێنە و دیکۆمێنتەکانم کۆکردەوە کە پەیوەندی بە (یەڵماز گیونای) هەبوو، بە پێی کات و شوێن و بەرواری وێنەکان هەمویانم ڕێکخست. لە کۆمپانیاکەم لەگەڵ نووسەرو سیناریستێکی ئینگلیز کارم دەکرد ناوی (پیتەر پالینسن) بوو. پێکەوە دانیشتین بۆ ماوەی سێ ڕۆژ باسی یەڵماز گوینایم بۆ کرد. چۆن بوو؟ چۆن کاری دەکرد؟ ستایلی فیلەمەکانی چۆن بەرهەم دەهێنا؟ ژیانی من چۆن بوو لەگەڵی؟ ئەوە بۆ دووەم جار بوو لەگەڵ دانیشم، پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠١ بیرۆکەی ئەوەم بۆ باسکرد کە فیلمێکی دیکۆمێنتی لەسەر ژیان و کارکردنی خۆم لەگەڵ (یەڵماز گوینا)ی پێکەوە درووست بکەین. ئەو نووسەر و سیناریستە بیرۆکەکەی زۆر بەدڵ بوو، لەبەر ئەوەی (یەڵماز گوینای) سینەماکارێکی بەناوبانگی جیهانییە. بۆیە بۆ دەستپێکی ئەو فیلمە من ڕۆژانە چیرۆکە جیاوازەکانی خۆم لەگەڵ ئەو فیلمسازە کوردە بۆ ئەو دەگێڕایەوە، ئەویش هەمو قسەکانی منی تۆمار کرد. بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە فیلێمێکی دیکۆمێنتاری گرنگ درووست بکەین. پاشتر من گەڕامەوە بۆ (زیوریخ) بۆ ئەوەی دەرفەت بدەم بە (پیتەر پالینسن) دەست بە نووسینی سیناریۆی دیکۆمێنتەرییەکە بکات. دوای ماوەیەک بۆی باسکردم لە کوێوە و چۆن دەست بە دەستپێکی فیلەکەمان دەکەین و بیرۆکەکە گەیشتە سەر پەڕە و دەست بکەین بەکاری جێبەجیکردن. کۆمپانیای فیلم (C. Film)بڕیاریدا بەرهەمهێنەری فیلمەکە بێت.

*لە کوێی ژیانی خۆت و یەڵماز گوینای، دەستان بە فیلمە دیکۆمێنتییەکە دەکرد؟ واتە فیلمەکە چۆن دەست پێدەکات و بە چی کۆتایی دێت؟

– بەپێی سیناریۆیەکەی ئێمە، ئەو دەرهێنەرە مەزنەی کورد لە زیندانی (ئەنقەرە) لە ساڵی ١٩٧٦ دەست پێدەکات. کە دادوەرەکە بڕیاری دادگا لە هۆڵی دادگا دەخوێنیتەوە، بڕیاری ١٩ ساڵ زیندانی بۆ (یەڵماز گوینای)دەرچووە.! دوای ئەوەی بە فیلمی (یۆڵ) لەساڵی ١٩٨٢ خەڵاتی (کان)ی سینەمایی وەرگرت، من وەک بەرهەمهێنەر و ستافی فیلمەکەش هەرگیز باوەڕمان نەدەکرد ئەو خەڵاتە گەورەیە وەربگرین. پاش خەڵاتەکە من گەڕامەوە بۆ زیوریخ و ئەو گەڕایەوە بۆ پاریس. ئەو ڕۆژە بۆ سەرجەم بەشداربووان ڕۆژێکی مێژووییە، چونکە سەرجەمیان کەرەستە و فیلمەکانیان دەپێچنەوەو پاش چەندین ڕۆژ نمایشی فیلم و پێکەوە بوون و دیالۆگ هەر کەس بەرەو شار و وڵاتی خۆی دەگەڕێتەوە. ئەمەش کۆتایی فیلمە دیکۆمێنتییەکەی من و (پیتەر پالینسن) بوو.

*تۆ چۆن یەکەمجار (یەڵماز گوینای)ت بینی و لە کوێ بینیت؟

– ساڵی ١٩٧٩ بۆ یەکەمینجار، فلیمی مێگەڵیی (یەڵماز گوینای)م بینی لە ڤیستیڤاڵی کان. ئەو ساڵە لەگەل شەریکەکانم لە کۆمپانیاکەمان پێکەوە چووینە ڤیستیڤاڵی (کان) و فیلمی (مێگەل)مان بینی. دوای کە گەراینەوە ویستمان ئەو فیلمەی یەڵماز میوانداری بکەین بێتە سویسرا و لەوێ نمایش بکرێت، برادەرێکم لەگەڵ بوو، بۆ ئەو مەبەستە ڕۆیشت بۆ شاری(ئیسپارتە) لە تورکیا و سەردانی (گوینای) کرد و گرێبەستێکی لەگەڵ کرد بۆ هێنانی فیلمەکە بۆ سویسرا. پاشتر لە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٨٠ سەردانی یەڵماز گوینایمان کردەوە لە تورکیا، بەداخەوە ئەو کات ئەو لەناو زیندان بوو.! ماوەیەک لە ژێر چاودێری پۆلیسدا لە زیندان لەگەڵی دانیشتین و باسی ئەوەمان لەگەڵ کرد چۆن پێکەوە بتوانین لە داهاتوودا کاری سینەمایی پێکەوە بکەین؟ ئەو کات ئەو زۆر بێ تاقەت و بێ ئومێد بوو. بەڵام بڕیارەکەی ئێمەی پی خۆش بوو. بەدەر لە فیلمی (یۆڵ و مێگەل) فیلمی (دووشمان) لە تورکیا درووست کردبوو. هەرچەندە یەڵماز گوینای خۆی زۆر دڵی بە فیلمی(دووشمان) خۆش نەبوو، چونکە کارە هونەرییەکانی بە خراپ کرا بوو. بەڵام ئێمە پێمان وت هەمو ماتڕیاڵەکانی ئەم فیلمە بنێرە خۆمان کاری دەنگ و مونتاژ و ڕەنگی بۆ دەکەینەوە. ئەوەبوو ناردی بۆمان و مۆنتێرێکمان هەبوو ناوی (کاترین) بوو، سەرلەنوێ ئەو فیلمەی مونتاژ کردەوەو کارێکی ناوازە دەرچوو.

* قۆناغەکانی کارکردنی خۆت و یەڵماز گوینای چۆن بوو؟

– من بە دیاریکراوی لەساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٤لەگەڵ یەڵماز گوینای کارم کردووە. ئەو ١٠ ساڵ لە من گەورەتر بوو. من ئەو کات گەنجێکی بە گوڕ و تین بووم و جۆش و خرۆشم زۆر بوو بۆ کاری سینەمایی. بێگومان ئەو ئەزمونێکی زۆری لەو بوارەدا هەبوو. کە نزیکەی ١٠٠ فیلمی سینەمایی هەبوو وەک (ئەکتەر و دەر‌هێنەر و سیناریست). بەڵام من ئەو کات تەنها چەند ئەزمونێکی کەمم هەبوو. ئیدی لەم سەرەتایەوە دەستمان کرد بە کاری هاوبەشی هونەریی. لەسەرەتاشدا هەمو کەرەستە و سیناریۆی فیلمی (یۆڵ)مان لە تورکیاوە هێنا بۆ سویسرا. ئەو کاتە فڕۆکەخانە زۆر توند بوو، بەڵام ئێمە توانیمان دەربازی بکەین و بیگەیەنینە سویسرا. هەر لەو سات و قۆناغەشدا بەهۆی ئەوەی زۆر نیگەران بوو، پڵانمان هەبوو خۆی و خێزانەکەی دەرباز بکەین و بگاتە ئەوروپا.! ئەمە لای ئێمە پلانێکی گەورە بوو. زۆرمان بەدڵ بوو. بۆیە بە وردی کار و نەخشەمان بۆ دانا بۆ ئەوەی لە زیندانی تورکیاوە خۆی و خێزانەکەی دەرباز بکەین بۆ ئەوروپا.

*چیرۆکی دەربازکردنی لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا چۆن بوو؟ لەکاتێکدا ئەو لە زینداندا بوو ئەو کات؟

– (بە پێکەنینەوە) ئەوەش داستانێکی درێژە.! بڕیارەکەمان پێ خۆش بوو، لە مانگی ئابی ١٩٨٠ کە لە زیندان چەند ڕۆژێک وەک پشوو بەبۆنەی جەژنەوە مۆڵەت درابوو بگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانەکەی، ئەمەمان بە دەرفەت زانی توانیمان خۆی و هاوسەر و دوو منداڵەکەی بە شێوازی جیاواز ڕزگاریان بکەین لەیەک ڕۆژدا، خۆی لە ڕێگەی دەریاوە یانی بەحری ئیجە، خێزان وهەردوو مناڵەکەی بە سەیارەی ڕەقەمی سویسری. لەکاتی گەیشتن بە سویسرا، ڕۆژی دووایی کارمان لە فلیمی یۆڵ کرد بەڵام گرفتێکمان هەبوو، ئەویش ئەوە بوو یەڵماز گوینای لە پۆلیسی ئینتەر پوڵ بڕیاری گرتنی هەبوو، دەبوو لەبەر ئەم هۆکارە زۆر بە نهێنی کار بکەین، لە رێگەی ڕۆژنامە نووسانی تورکەوە ئێمەیان دۆزییەوەوە ناچار خۆمان وون کرد و درێژەمان بە کارەکانمان دا .! لێرەدا باسی ناکەم، کە چۆن و بە چ ڕێگەیەک لە تورکیا دەربازمان کرد. لە فیلمەکە دیکۆمێنتییەکەم و لەم کتێبەشدا بە وردی ئەوەم باسکردووە، با تامی گێڕانەوەکە بۆ خوێنەران و بینەران جێ بێڵین.!

*گەیشتە ئەوروپا و لە تورکیا دەربازی بوو، قۆناغی یەکەمی کارکردنتان چۆن دەستی پێکرد؟
-هەر لەو ڕۆژە سەرەتاییانەی گەیشتە سویسرا، دەستمان بە وێنەگرتن و کارکردن لە فیلمی (یۆڵ) کرد. بەڵام بەشێوەیەکی نهێنی و دوور لە چاوی میدیا. بەڵام ڕۆژنامەنووسانی تورک لە ئەوروپا ئێمەیان دۆزییەوە. خۆمان نەدەدا بە دەستەوە و خۆمان لێ دەدزینەوە و بە پچڕ پچڕ کارمان دەکرد. لە مانگی ١٠ی ١٩٨١ بۆ مانگی ٥ی ١٩٨٢ کارە هونەرییەکانی فیلمەکەمان تەواو کرد.

* با بێینەوە بۆ سەر فیلمە دیکۆمێنتەرییەکەت لەسەر (یەڵماز گوینای) چ بەسەرهات و گەیشت بە کوێ؟

-پاش چەندین ساڵ هەوڵ و کۆشش بۆ پەیداکردنی بودجە و کەرەستەی پێویست، لە ڕاستیدا نەتوانرا ئەو فیلمە دیکۆمێنتییە بەرهەم بهێنرێت، لەبەر بڕی پارە و بودجەی پێویست، بۆیە بیرمان لە ڕێگەی تر کردەوە، منیش بڕیارم داوە هەر دەبێت شتێ لەسەر (یەڵماز گوینای) بەکەم. بۆیە بەناچاری بیرۆکەکەم گۆڕی لەبری ئەو فیلمە بە کتێبێک ئەو مێژووە بگێڕمەوە. بۆیە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کتێبەکەم تەواو کردووەو ناوم ناوە (یۆڵ رێگەیەک بەرەو تاراوگە.!)

*بۆ بیرتان لەوە نەکردەوە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بازرگانی ئەو فیلمە دیکۆمێنترەییە درووست بکەن، بەتایبەت کۆمەڵێ بازرگانی گەورەی تورک و کۆمەڵیک فیلمسازی بەناوبانگی تورک ئێستا لە ئەوروپا دەژین؟
– لەڕاستیدا هەمو رێگەکانمان تاقی کردەوە، بەڵام هیچمان دەست نەکەوت.! هەمو هەوڵەکانی خۆمان خستە کار لە وڵاتانی (فەڕەنسا و سویسرا و ئەڵمانیا) بەدوای پارە و بودجەدا. لە زۆربەی شوێنەکاندا ڕەفز کراین. چونکە لەگەڵ ناوەرۆکی فیلمەکە نەبوون. بە ناچاری ئێمە بە پێی ئەو گرێبەستەی لە نێوانماندا بوو بڕی(٨٠ هەزار فرانک)مان دا بە (پیتەر) کە سیناریۆی بۆ نووسیبووین. دیسانەوە بە ناچاریی بەهۆی نەخۆشییەکەوە من لە فیلمەکە هاتمە دەرەوەو وازم لێهێنا. بەڵام رۆژێک ئەم بەسەرهاتەی من لەگەڵ ئەو سیناریۆیەی فیلمی (یەڵماز گوینای) لە ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی بڵاوبوویەوە. دەرهێنەرێکی بەڕەگەز تورک بەناوی (فاتیح ئاکین)پەیوەندی پێوە کردم وتی من لەو سیناریۆیە کار دەکەم. منیش بۆم نارد و بڕیار بوو وەڵامم بداتەوە، لەو ڕۆژەوە بۆم ناردووە تا ئێستا بێ دەنگە و هیچ وەڵامێکم دەست نەکەوتووەتەوە.!

*تەواو لێرەدا ئەو چیرۆکەت کۆتایی پێ دێت؟
– نەخێر، پار ساڵ ئەم بیرۆکەیە هەر لە مێشکمدا بوو، بۆیە جارێکی تر گەڕامەوە بۆ ئەو ئەرشیف و یادەوەرییانەی لەگەڵ(یەڵماز گوینای) هەم بوو. لە نێوان ئەوەی فیلمێکی دیکۆمێنتی؟ یان کتێبێکی مێژوویی و وێنەیی لەسەر بڵاو بکەمەوە؟ بۆیە دووەمیان هەڵبژارد و لە ئەرشیفی خۆمدا نزیکەی هەزار وێنەم دیاری کرد هی کاتی وێنەگرت و کارکردن لەگەڵ (یەڵماز گوینای) بۆ ئەوەی کات و مێژووی وێنەکە و چیرۆکەکانی بنووسمەوە. لەو ژمارەیەش جارێکی تر نزیکەی(٨٠) وێنەی زۆر تایبەت و نەبینراوم هەڵبژارد. دەتوانم بڵیم ٨٠ وێنە و ٨٠ چیرۆک و٨٠ بەسەرهات لەو کتێبەدا لەدایک بوو. ڕۆژانە بەردەوام کارم لەم پرۆژەیەدا دەکرد. تا بەڕێکەوت نووسەر و سیناریستێکم لە زیوریخ ناسی کە لە (فلیکس ئەپڵ)وەک ڕاوێژکاری سیناریۆ کار دەکات. باسی ئەو پڕۆژەیەی خۆمم بۆ کرد، پەیمانی دامێ هاوکاریم بکات، منیش هەمو کاتێ کە بەشێکم دەنووسی بۆم دەنارد و سەرنجی خۆی بۆ دەنووسیم و دەسکاری دەکرد و بۆی دەناردمەوە. تا لەمانگی نیسانی ٢٠١٦ هەمو کتێبەکەی پێکەوە بینی. لەمانگی ٩ی ئەمساڵ کتێبەکە تەواو بوو بە هەمو وردەکارییەکانییەوە دەزگای بەناوبانگی چاپەمەنی کتێب لە سویسرا (Publishing Partuers Gw 6 H) بڕیارە لە مانگی ١ی ٢٠١٧ بە زمانی ئەڵمانی بڵاوی بکاتەوە، لە ٢٨- ١- ی ٢٠١٧ لەپاریس لە ئەنیستووتی کوردی لای کەنداڵ نەزان سیمینارێک بۆ کتێبەکەم ئەنجام دەدرێت .

*گۆڕینی سیناریۆی ئەم فیلمە دیکۆمێنتییە بە کتێبێک گرنگی لە چی دایە، ئایا دەتوانێت هەمان ئامانج بپێکێ کە تۆ بیرت لێکردبوویەوە؟

– نەخێر ناتوانێ، بەڵام بە ناچاری ئەم کارەم کرد، بەڵام ئەم کتێبەکە کە (وێنە و نووسینە) دەمەوێت بە هەر سێ زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی و کوردی چاپ بکرێت. بایەخی ئەم کتێبە لەم ڕۆژگارەدا لە سێ لایەنەوەیە:
یەکەم: گەڕانەوەیەکە بۆ ئەو مێژووەی تورکیا، بۆ ئەوەی بڵێم لەو سەردەمەوە بۆ ئێستا لە بارەی ئازادییەوە لە تورکیا چ ڕوودەدات.!
دووەم: ئەو قۆناغەی تورکیا کە یەڵماز گوینای تێدا بووە، لەگەڵ ئەم ڕەشەی ئێستای تورکیا کە ماوەکەی نزیکەی ٣٠ ساڵە هەمان مێژووە بە ڕووخسار و کەرەستەی جیاوازەوە.
سێیەم: ساڵی٢٠١٧ دەبێتە یادی ٨٠ ساڵەی لەدایک بوونی یەڵماز گوینای، کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو کتێبەکە سەرەتا بە زمانی ئەڵمانی بڵاو بێتەوە.
* چۆن بوو هاتی بۆ پێشانگەی کتێبی نێودەوڵەتی کتێبی فرانکفۆرت؟
*کەزانیم پێشانگەی کتێبی نێودەوڵەتی فرانکۆرت هەیە و لەو پێشانگەیەشدا بەشی کتێبی کوردی هەیە، هاتم ویستم بزانم ئایا دەزگایەکی چاپەمەنی کوردی هەیە بتوانێت ئەم کتێبە مێژووییە لەسەر بەشیکی وونبووی مێژووی سینەما و کولتووری نەتەوەکەیانە چاپی بکەن؟

ئەوە زێدەیە
(ئەی هیچ دەزگایەکی چاپەمەنی کتێبی کوردیت بینی، تا ڕێکبکەون و ئەو کتێبە وەر بگێڕن بۆ زمانی کوردی و چاپی بکەن؟
-بەداخەوە کە هاتمە ستاندی کورد، بینینیم بەشیکی زۆر هەژار و چۆڵ و لاوازە. کە قسەم لەگەڵ هەندێ کەس لەو بەشە کرد، وتیان بەهۆی تەنگەژەی ئابورییەوە لە هەرێمەکەمان نەماتوانی لەوە زیاتر بەشداری ئەم چالاکییە جیهانییە بکەین. هیچ دەزگایەکی کوردیش نەبوو، ئامادەبێت ئەم کتێبە ئەڵمانییە بگۆڕێت بۆ کوردی و بڵاوی بکاتەوە.!).

برای خۆم ئەوانەش زیاد بکە :
یەڵماز گۆنای خۆی پۆلیسی ئەنتەر پۆل بە دوایەوەبوو بۆی دەگەڕا. بۆ بەشداریمان لە ڤیستیڤالی کان، بەڕێوەبەری ڤیستیڤاڵ گووتی: من دەتوانم تەنها ڕۆژانی ڤیستیڤاڵ یەڵماز گۆنای بپارێزم ، ئەوەبوو ئەوەشی کرد.
*ئەی باشە دوایی چۆن توانی ژیانی خۆی و خێزانی مسۆگەر بکات؟
– ئەوەبوو دوواتر دۆسییەکەمان گەیاندە فرانسوا مێتران و چەندین سیاسەتمەداری

فرانکفۆرت




کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی کورد لە فیستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران نمایشکران

مەنسوور جیهانی ـ کۆمەڵێک فیلم لە دەرهێنانی سینەماکارانی کورد لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکران.

کۆمەڵێک فیلمە چیرۆکی، دیکۆمێنتاریی، فیلمە ئەزموونی و ئەنیمەیشنی لە دەرهێنانی سینەماکارانی کورد لە شارە جۆراجۆرەکانی کوردستان لە بەشە جیاوازەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران لە ڕۆژانی 8 تا 14ی نۆڤەمبەری 2016 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی “چارسوو” لە شاری تارانی پێتەختی ئێران نمایشکران، کە بریتین لە:

لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئێران”:

ـ کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی “زالزالەک” لە دەرهێنانی سینەماکاری کرماشانی “ئیرەج محەمەدی رەزینی” بە ماوەی 6 خولەک لە کاتژمێر 3:30 دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە 10ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 4 و لە کاتژمێر 9:30 شەوی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “چمدان خیس” واتە “جانتای خووساو” لە دەرهێنانی سینەماکاری بانەیی “ئەشکان ئەحمەدی” بە ماوەی 11 خولەک سەبارەت بە چیرۆکی گرووپێک لە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان کە بەرەو ئەورووپا بەڕێدەکەون و … لە کاتژمێر 5:30 دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەمە 8ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 و لە کاتژمێر 7:30 ئێوارێی رۆژی شەمە 12ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “ماجرای نیمروز” واتە “رووداوەکانی نیوەڕۆ” لە دەرهێنانی سینەماکاری شنۆیی خاتوو “ماریا ماوتی” بە ماوەی 15 خولەک لە کاتژمێر 7:30 ئێوارێی رۆژی سێشەمە 8ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1 و لە کاتژمێر 5:30 دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە 10ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 پەردیسی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “اینەهای پریدە رنگ” واتە “ئاوێنە رەنگ پەڕیوەکان” لە
دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی “سالم سەڵەواتی” بە ماوەی 16 خولەک لە کاتژمێر 10ی شەوی هەینی 11ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1 و لە کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “خانە سفید” واتە “ماڵی سپی” لە دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی “ئەرەستوو مەفاخری” بە ماوەی 20 خولەک لە کاتژمێر 7:35 ئێوارێی رۆژی هەینی 11ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1 و لە کاتژمێر 6ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی “تابلوهای نقاشی” واتە “تابڵۆ شێوەکارییەکان” لە دەرهێنانی سینەماکاری مەهابادی خاتوو “باران محەمەد ریحانی” بە ماوەی 7 خولەک لە کاتژمێر 4 دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە 9ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 4 و لە کاتژمێر 9:45 شەوی هەینی 11ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “ساختمان شمارە 13” واتە “ماڵی ژمارە 13” لە دەرهێنانی سینەماکاری بۆکانی “ئەمیر غوڵامی” بە ماوەی 11 خولەک لە کاتژمێر 9:45 شەوی چوارشەمە 9ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 و لە کاتژمێر 3:30 دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە 10ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی پەردیسی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی دیکۆمێنتاریی “مریم فسل اخر” واتە “مریەم دوایین وەرز” لە دەرهێنانی سینەماکاری کرماشانی خاتوو “تەیبە بابایی” بە ماوەی 30 خولەک لە کاتژمێر 2ی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە 9ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1 و لە کاتژمێر 7:30 رۆژی شەمە 12ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “هەستی” لە دەرهێنانی سینەماکاری بۆکانی “کەماڵ پڕناک” بە ماوەی 10 خولەک لە کاتژمێر 9:45 شەوی هەینی 11ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1 و لە کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1 و کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی ئەزموونی “21 و 21” لە دەرهێنانی سینەماکاری کرماشانی “سادق
سامریی” بە ماوەی 14 خولەک لە کاتژمێر 9:45 شەوی چوارشەمە 9ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 و لە کاتژمێر 3:30 دوانیوەڕۆی رۆژی شەمە 12ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 4ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی دیکۆمێنتاریی “بازی روی ماە” واتە “یاریی لەسەر مانگ” لە دەرهێنانی سینەماکاری کرماشانی “سامان ئارایان پوو” بە ماوەی 9 خولەک لە کاتژمێر 9:45 شەوی پێنجشەمە 11ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 و لە کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەکە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

لە بەشی پێشبڕکێی “نێودەوڵەتی”:

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “هەستی” لە دەرهێنانی سینەماکاری بۆکانی “کەماڵ پڕناک” بە ماوەی 10 خولەک لە کاتژمێر 9:45 شەوی چوارشەمە 9ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 4 و لە کاتژمێر 4ی دونیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 1ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی دیکۆمێنتاریی “بازی روی ماە” واتە “نیشتمانی ونبوو” لە دەرهێنانی سینەماکاری هەرێمی کوردستان “هەوراز محەمەد” بە ماوەی 9 خولەک لە بەشی پێشبڕکێی “ئیسلام و ئاشتی جیهانی” لە کاتژمێر 2ی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە 9ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 و لە کاتژمێر 8ی شەوی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 4ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

ـ کورتە فیلمی چیرۆکی “اینەهای پریدە رنگ” واتە “ئاوێنە رەنگ پەڕیوەکان” لە دەرهێنانی سینەماکاری سنەیی “سالم سەڵەواتی” بە ماوەی 16 خولەک لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمەکانی وڵاتانی کیشوەری ئاسیا” لە کاتژمێر 9:45 شەوی سێشەمە 8ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5 و لە کاتژمێر 2ی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە 13ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”.

هەروەها کورتە فیلمی چیرۆکی “در کنار تو” واتە “لە تەنیشت تۆدا” لە دەرهێنانی سینەماکاری کرماشانی “لوقمان خالیدی” بە ماوەی 15 خولەک لە بەشی “وێنەی 32” واتە فیلمە سەرکەوتووەکانی سی و دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی
تاران لە کاتژمێر 7:45 ئێوارێی هەینی 11ی نۆڤەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 2ی
کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو” نمایشکرا.

هەر لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاراندا کورتە فیلمی چیرۆکی “سکوت” واتە “بێدەنگ” لە دەرهێنانی سینەماکارانی ئێرانی خاتوو “فەرنووش سەمەمی” و “عەلی عەسگەری” بە نوێنەرایەتی لە وڵاتانی فەڕەنسا و ئیتاڵیا بە زمانی کوردی زاراوەی بادینی سەبارەت بە چیرۆکی ئافرەتێکی کورد لەگەڵ کچەکەی کە لە وڵاتی ئیتاڵیا نەخۆشە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی “نێودەوڵەتی” ئەم فیستیڤاڵە لە کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو” نمایشکرا.

هەروەها کورتە فیلمی چیرۆکی “کچ” لە دەرهێنانی سینەماکاری ئێرانی “مێهرداد حەسەنی” بە ماوەی 14 خولەک سەبارەت بە چیرۆکی بەرخۆدانی سەرڤانانی کورد لە جەنگ دژی گرووپی تیرۆریستی داعش لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئێران” و لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمەکانی وڵاتانی کیشوەری ئاسیا” لە کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو” چووە سەر پەردەی سینەماکان.

هەر لەم فیستیڤاڵەدا کورتە فیلمی چیرۆکی “از حسکە با عشق” واتە “لە حەسەکە بە ئەڤینەوە” لە دەرهێنانی سینەماکاری ئێرانی “محەمەد فەرهانی” بە ماوەی 9 خولەک سەبارەت بە چیرۆکی کچە کوردیی شاری حەسەکە کە لە ئابڵۆقەی گرووپی تیرۆریستی داعشدایە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئێران” و لە بەشی پێشبڕکێی “فیلمەکانی وڵاتانی کیشوەری ئاسیا” لە کۆمەڵەی سینەمایی “چارسوو”

سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران بە سەرۆکایەتی “فەرید فەرخوندە کیش” و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و 100 فیلم لە سینەماکارانی 41 وڵاتی جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئێران”، بەشی پێشبڕکێی “وڵاتانی ئاسیایی”، چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی 8 تا 14ی نۆڤەمبەری 2016 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی “چارسوو” لە شاری تاران بەڕێوەچوو.

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنیی گشتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران.




بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی کورد فیستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران بەڕێوەدەچێت … مەنسوور جیهانی ـ

بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و 41 وڵاتی جیهان سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران بەڕێوەدەچێت.
سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران بە سەرۆکایەتی “فەرید فەرخوندە کیش” و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و 100 فیلم لە سینەماکارانی 41 وڵاتی جیهان لەوانە: ئیتاڵیا، تورکیا، ئەرمەنیستان، کۆریای باشوور، چین، ژاپۆن، هیندستان، قرقیزستان، عێراق، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئەمەریکا، ئەڕژانتین، سویسڕا، سوید، ئیسپانیا، هۆڵەندا، بەریتانیا، یۆنان، رووسیا، شیلی، ئێکوادۆر، بڕازیل، پۆڵەندا، دانیماڕک، قیبرس، ئۆرۆگۆئە، ئەندونیزی، پڕۆ، ئیرلەندا، هەنگاریا، زیلاندێنۆ، ڤییەتنام، ئێران و هەروەها هەرێمی کوردستان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئێران” لە لقەکانی فیلمە چیرۆکییەکان، فیلمە دیکۆمێنتارییەکان، فیلمە ئەزموونییەکان و فیلمە ئەنیمەیشنییەکان، بەشی پێشبڕکێی “وڵاتانی ئاسیایی”، چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی 8 تا 14ی نۆڤەمبەری 2016 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی “چارسوو” لە شاری تارانی پێتەختی ئێران بەڕێوەدەچێت.
لەم خولەی فیستیڤاڵدا، هەروەها ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە سینەماکاری ناوداری ئێرانی “عەباس کیارۆستەمی”، کۆڕ و کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی “سینەما و یەک ڕوانین” لە لایەن چەندین دەرهێنەری بەرچاویی ئێرانی لەوانە: “ئیبراهیم حاتەمی کیا”، “ئەحمەد ڕەزا دەرویش”، خاتوو “نازەنین موفەخەم”، “مێهدی کەرەم پوور” و “محەمەد عەلی حوسێن نیژاد”، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە چەندین سینەماکاری کورد و ئێرانی، لەوانە: “خوسرەو سینایی”، خانمە ئەکتەری کورد “مریەم بووبانی”، سینەماکاری کورد “هووشەنگ میرزایی”، “مەجید بەرزگەر” و “مستەفا ئاڵی ئەحمەد”، کۆڕیی “یوکا ـ پێکا لاکسو” Jukka-Pekka Laakso بەرپرسی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تامپێرە” Tampere لە وڵاتی فینلەندا، کۆڕیی “یۆتا ویلە” بەرپرسی بەشی کورتە فیلمی وڵاتی ئەڵمانیا، کۆڕیی “سایۆکۆ کینۆشیتا” Sayoko Kinoshita بەرپرسی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هیرۆشیما” Hiroshima لە وڵاتی ژاپۆن، نمایشی بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان لە لایەن “خوسرەو سینایی” دەرهێنەریی بەئەزموونی ئێرانی، چەندین ڤۆرکشۆپی پسپۆڕانە لە لایەن: “فەرهاد تەوحیدی” ـ سیناریۆنووسی، دکتۆر “ئەحمەد ئەلەستی” ـ بنەمای کورتە فیلم، “ئەمیر مێهران” ـ تیتراژ لە سینەما، “کریستۆف رەزاعی” ـ موزیکی فیلم و “بێهرووز شەهامەت” ـ جوانناسی دەنگ، بەشی “کتێب و سینەما”، سیمیناری نێودەوڵەتی کورتە فیلم (رابردوو، ئێستا و داهاتوو)، چاوخشاندنێک بە کورتە فیلمەکانی وڵاتی ئەڵمانیا، ئەو فیلمە ئەڵمانیانەی کە براوەی خەڵاتی ئۆسکاربوون، بەشی “ڤیدیۆ ئاڕت”، فیلمەکانی ئیسلام و ئاشتی جیهانی و چەندین بەشی دیکە لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران بریتین لە: “خوسرەو سینایی” دەرهێنەر و سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە وڵاتی ئێران، خاتوو “ژولیت دۆرێت” Julliete Duret بەرپرسی هونەریی لە وڵاتی بەلژیکا، “یوکا ـ پێکا لاکسو” Jukka-Pekka Laakso بەرپرسی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تامپێرە” Tampere لە وڵاتی فینلەندا، خاتوو “شوبرا گوپتا” Shubhra Gupta نووسەر و ڕخنەگری سینەما لە وڵاتی هیندستان و خاتوو “ئانا هێنکێل ـ دۆنێرسمارک” Anna Henckel-Donnersmarck دەرهێنەر لە وڵاتی ئەڵمانیا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی “سینەمای ئێران”ی ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: دکتۆر “ئەحمەد عالەمی” ـ مامۆستای زانکۆ، سینەماکاری دیکۆمێنتاری، ڕخنەگر، نووسەر، وەرگێر و سەرۆکی لێژنەی دادوەران، “محەمەد رەزا هونەرمەند” ـ دەرهێنەر، “رەزا میرکەریمی” ـ دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەر، “موحسین ئەمیر یۆسفی” ـ دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەر و “داوود خەیام” ـ دەرهێنەر.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران بە یەکێک لە فیستیڤاڵە گرینگ و بەرچاوەکانی کورتە فیلم لە ئاستی دنیا دێتە ئەژمار و لە نێوان دەرهێنەرانی کورتە فیلمی دنیادا پێگەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و هەموو ساڵێک فیلمسازانی سەرتاسەری جیهان بەرهەمەکانی خۆیان بۆ نووسینگەی ئەم فیستیڤاڵە رەوانە دەکەن.

بۆ زانیاریی زیاتر:
www. tisff.ir

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنیی گشتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران.




شوان عەتووف 4 کورتە فیلم و دوو فیلمی درێژی سینەمایی بەرهەم دەهێنێت

سینەماکاری ناوداری کورد “شوان عەتووف” چوار کورتە فیلم و هەروەها دوو فیلمی درێژی سینەمایی بەرهەم دەهێنێت.
پاش وەرگرتنی خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە یەکەمین خولی فیستیفاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” و دوای ئەوەی وەکوو ئیگۆی فیستیڤاڵەکە ناسرا، بە پێی بەرنامەرێژیەکی تۆکمە و بە هاوکاریی بەرێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری سلێمانی و کۆمپانیای سینەمایی “مەستی فیلم” و کام پرۆدێکشنی چەند کۆمپانیایەکی بەلجیکی و میسری، سینەماکاری ناسراوی کورد “شوان عەتووف” 4 کورتە فیلم بە ناوەکانی (دەلاک و دونیا) و (ماچەکەی مریەم) و (مانگ و زیندان) و هەروەها (مینا پێدەکەنێ) لەگەڵ دوو فیلمی درێژی سینەمایی بە ناوەکانی (عیسا و شارە غەمگینەکە) و (گۆزەی شکاو) بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش وەک رکابەریی کردنی باروودۆخی خراپی ئابووری و چالاک کردنی جوڵەی سینەماییە لە کوردستان.
هەروەها لە پلانی هونەرمەند “شوان عەتووف” دایە کە ئەم پرۆژانە تا سەرەتای ساڵی 2018 کۆتاییان پێ بێنێت.
سینەماکاری کورد “شوان عەتووف” لە دوو ساڵی رابردوودا نووسین و دەرهێنانی بۆ دوو کورتە فیلمی چیرۆکی “ماڵ و کلیل” Home And Key و کورتە فیلمی چیرۆکی “باخەکەی باوکم” My Father’s Garden ئەنجامداوە کە “ماڵ و کلیل” تا ئێستا لە زیاتر لە 50 فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی جیهان نمایشکراوە و 13 خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە و هەروەها “باخەکەی باوکم”یش لە چەندین فیستیڤاڵی جیهانی نمایشکراوە لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی “گۆڵفی مۆهر” Muhr Gulf Short لە میانەی دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی لە وڵاتی ئیماڕات، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی “کۆتایی تەکساس” TEXAS ULTIMATE لە ویلایەتی تەکساس لە وڵاتی ئەمەریکا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کامێڕای عەڕەبی” رۆتێردام لە وڵاتی هۆڵەندا و هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی مۆنتاژ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “قووڵایی گۆڕەپان” DEPTH OF FILD لە ویلایەتی دیلەوێر لە وڵاتی ئەمەریکا.




ئاوڕدانەوەیەک لە یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی…. ئاسۆ گۆران

گومان لەوەدا نیە فێستیڤاڵی فیلم هەنگاوێکی شارستانی و مەدەنیە، وە کاریگەریەکانی پێشکەوتنە لە هەر گۆشەیەکی دنیادا سازبکرێت، بۆیە دەکرێت وەک یەکەم هەوڵی دڵخۆشکەرو وەک یەکەم هەنگاوی گرینگی شکاندنی ڕێگریەکان و سنورەکانی بەردەم فیلمی کوردی بێتە ناسین.
پێش هەرشتێک دەستخۆشی لەسەرجەم ئەو هونەرمەندانە دەکەم کەماندوبون و شەونخونیان کردوە بۆ سازدان و سەرگرتنی ئەم فێستیڤاڵە بە هیوای سەرکەوتنی بەردەوامم بۆیان.
گەرچی فیلم سازی بۆتە پێگ و ململانێیەکی گرینگی بازرگانی (business) لە دنیادا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکە لە کۆڵەکەکانی هونەر کە پڕە لە داهێنان و جوانی وسیحرو سەرسوڕمان، ئەمە جگە لەوەی گێڕانەوەی ئەو چێرۆکانەیە کە لەزەمەنە جیاوازەکاندا ڕویانداوەو ئاشناکردنەوەیەتی بە نەوەی نۆێی و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی جارێکیتر .
لەوەیە هیچ کاتێک بەقەد ئێستا فیلم و فلیمسازی لە پێشبڕکدا نەبوبن! ئەمەش وای کردوە تەکنیک و هونەری فیلم بەردەوام لە داهێناندا بێت.
بۆیە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە سلێمانی، فیلم سازان و هونەری فیلم سازی خستە بەردەم بەرپرسیاریتێکی گەورەوە بۆ داهێنان وبەرجەستەکردنەوەی ڕۆڵی گرینگی سینەما لە کۆمەڵگای کوردستاندا.
بۆیە هەر کەم وکوڕیەک لەم ساڵدا ڕویدابێت و بەجۆرێک چاوپۆشیمان لێکردوەو بەسەریا تێپەڕیوین، تەنها لەبەر ئەوەبوە کە یەکەم هەوڵی فێستیڤاڵێکی نێودەولەتی بوە وەک دەستکەوتو وەرچەرخانێکی گرینگ لە مێژوی ئەم شارەدا نرخاندومانە ! دەنا مومکین نیە لە ساڵانی ئاییندەدا ئەم کەم وکوڕییانە تێپەڕێنین و ئاسایی وەریبگرین.
وەک دەستپێک و یەکەم هەنگاو دەکرێت فێستیڤاڵ بەسەرکەوتو بناسێنین و یەکەمین بەردی بناغەی فێستیڤاڵ لە سڵێمانی بە مەحکەمی دانرا، زۆرێک لە هونەر دۆستان و هونەرمەندان پێی دڵخۆشبون، خەونی زۆرێکمان هاتە دی و خەیاڵی زۆرێکمان فروانتربوو.
هەربۆیە زۆر گرینگە هاوڕێیانەو هونەردۆستانە و بە سەلیقەوە هەڵسەنگاندن بۆ فێستیڤاڵەکە بکەین بۆ ئەوەی لە خولەکانی تردا تۆکمەترو هونەریترو جوانترو دامەزراوتریبکەین.
چەند سەرنج وتێبینیەک.
١-هەڵبژاردنی فیلم : ئەوی کە ئاشکرایە هەر فێستیڤاڵێک سیستەمی خۆی هەیە بۆ قبوڵکردن و جۆری فیلم من نازانم ئێوە چۆن فیلمتان هەڵبژاردوە بەس ئەوە دەزانم کە سیستەمی پلاتفۆڕم بوە کە ئەم سیستەمە ئاسانکریەکی باشە بۆ فیلم سازان بەڵام لەوەیە ئەرکی لیژنە ی وەرگرتنی فیلم قورس بکات چونکە ئاسان دەتوانرێت فیلم بنێریت زەختێکی زۆر لەسەر لیژنەکە دروست دەکات بۆیە وەرگرتنی فیلمەکانی ئەم ساڵ وردەکاری بۆ نەکرابو فیلمی زۆر خراپی وەرگرتبوو، دەکرێت ساڵی ئایندە فیلتەری بە هێزترو توندتری بۆ دابنرێت.

٢-لەبەرئەوەی هۆڵی نیشاندانی فیلم پرۆفیشیناڵ نەبو واتە سینەمای ئاسایی نەبو ئەمەش کاریگەری خستبوە سەر دەنگ بە شێوەیەکی زۆر زەق وبینەری ماندو هەراساندەکرد، تەنانەت هەندێ جاری پچڕانی خێرا دروست دەبو لە کاتی نمایشدا ئایکۆنی سەر کۆمپیتەرەکان دەهاتنە سەر شاشەی نمایش کە بەڕاستی کە نەک ئەمە نابێت رووبدات بەڵکو جۆرێکە لە بڤەو گوناح بەرامبەر بە فیلم دەکرێت.
٣- هەوڵ بدرێت دەستی سیاسیەکان لەناو کاری هونەرو فێستیڤاڵە هونەریەکاندا کەم و کورت بکرێتەوە، چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت سیاسیەکانی کوردستان مەحبوب نین گەرچی کۆمەڵگای ئێمە سەراپا تێکەل و ئالودە بوە بە سیاسەت، بەڵام گرینە ڕەنگە جوانەکانی هونەرو فیلم دوربخەینەوە لە سیاسەت و سیاسیەکان.
٤- بۆ هەنگاوەکانی داهاتو ڕۆڵ ونەخشی ژن زیاترو زۆرتر دەربخەین بەتایبەتی ژنانی دەرهێنەر هەولبدەین زیاتر بیانهێنینە پێشەوە لە ناوپێشبڕکێکاندا کاریگەری و وجودیان هەبێت ، بەداخەوە لەمساڵدا لەئاستی پێویستا نەبو گەرچی من خۆم تێبینم زۆرە لەسەر دنیای بینی و خۆێندنەوەی ژنانی هونەرمەند بەڵام ڕۆڵی ژن لەسینەمادا گرینگەو کاریگەرە لەسەر تێكرای کایە کۆمەڵایەتی و هونەریەکان و ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگا پیشاندەدات.
٥- میوان :هەندێک میوانی زۆرهاتبون کە نەخش وکاریگەریان لەسەر تێکڕای فێستیڤالەکە نەبو! بە پێچەوانەوە ئەرکی فێستیڤاڵ و پرۆسەی بەڕێوەبردنی میوانداریان قورسترکردبو، دەکرێت لە ساڵی ئایندەدا وردتر میوانداریەکان دەست نیشانبکرێت بەتایبەتی زۆری هونەرمەندانی عێراق و بەشێک لە میوانە کانی تریش تەنانەت نەدهاتنە ناو هۆڵەکانەوە ! تەنانەت کەمترین فیلمیان تەماشادەکرد.
٦-دارشتن و دابەشکردنی فیلمەکان لە هۆڵە جیاوازەکاندا من بۆخۆم زۆرترین هەوڵمدا زیاترین فیلم ببینم بەلام هێشتا زۆرێک فیلمم لەدەست چوو، جگە لە خراپی دابەشکردنی فیلمەکان ! دوو ڕۆژ کەم بو بۆ پیشاندانی فیلم ،بە هیوام لە خولی ئایندەدا وردتر بەرنەمەکان دابڕێژن لە زیاتکردنی ماوەی فێستیڤال و چ لە دابەشکردنی فیلمەکاندا.
٧- فورسەتی زیاتر دابنرێت بۆ قسەکردن لەسەر فیلمەکان و ڕوبەڕوبونەوەی بینەرو دەرهێنەر کە خاڵی گرینگی هەر فێستیڤاڵێکە جگە لە فروان کردنی دنیابینی دەرهێنەر، کەشو هەوایەکی وا دروست دەکات کە بینەرو هونەرمەندانی ئامادەبوش کەڵک لە کارو چالاکی وپڕۆژەکانی داهاتویان وەربگرن.
٨- لە ڕۆژەکانی پێش دەستپێکردنی فێستیڤاڵ دەکرێت میوانە بینیەکان بەرنامەی تایبەتیان بۆ دابنرێت بۆ سەردانی کردنی شۆێنە کەلتوری و مێژویەکان وەک( مۆزەخانەکان، ئەمنەسورەکە. دەربەندی بازیان، قەلای هەولێر. ئەشکەوتەکانی قزقاپان ، هەزارمێردو……هتد ) یان ئەو شۆێنانەی کە تایبەتی خۆی هەیە لە مێژوی ئێمەدا تا ئەوانیش بزانن چۆن سود لەکات وەردەگرین و گرینگی بە کەلتورو مێژوی خۆمان دەدەین ئەمە لەوەیە ببێتە پتەوکردنی لینکی بەهێز بۆ ئاڵوگۆر لە کایە جیاوازەکانی ژیاندا.
٩- گرینگیدان بە ڕمزەکانی سینەماو دراماو شانۆ لە کوردستاندا کە بەشێک لە کەسایەتیە گرینگەکان فرامۆشکرابون بەتایبەتی ژنان!
١٠-بەهێزکردن و توندکردنەوەی دەستەی بەڕێوەبەر (management (خاڵی سەرەکیە بۆ سەرکەوتنی هەمو فێستیڤاڵ و چالاکیەکی هونەری بەداخەوە بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی بۆنەو چالاکی و فێستیڤالەکاندا مانیجمێنتمان بەهێزنیە تەنانەت دەکرێت کەسی تایبەتی بۆ پەیدا بکەین ئەگەر لەدەرەوەی وڵاتیشبێت لەوەیە هەم تێچون هەم کارەکانمان بۆ ئاسانتربکات بەداخەوە ئەمساڵ شپرزەیی هەبو لە بەڕێوەبردندا!
١١- دەکرێت بۆ ساڵێکیتر بلیت بفرۆشرێت کە ئەمە ڕۆتینترین کاری هەر فێستیڤاڵیکە جگە لەوەی دەستکەوتێکی مادی باشە بۆ فێستیڤاڵ بەجۆرێکیش ڕێگریە لەو بێسەروبەریە کە زۆرێک تەنها سەرەتای فیلمەکەیان دەبینی بە سیفەتی ئەوەی بە دڵیان نیە فیلمیان جێدەهێشت کە دڵنیام ئەگەر بلیتیان بکڕیایە وایان ناکرد گرینگە ئەوەکەسانە سەیری فیلم بکەن هەم تامەزرۆن هەم بۆیان گرینگە ئاستی فیلمەکان هەڵبسەنگێنن زۆروبۆری ئامادەبوان گرینگ نیە کوالێتی بینەرگرینگە .
١٢-دوا خاڵ کە زۆر بەلامەوە گرینگە هاتنە ژوورەوەی مناڵی زۆر بچوک لەگەڵ کەسو کارا یان خوارتەمەنی باڵقبون جگە لەوەی قانونی نیەو دروست نیە شکاندنی پرەنسیپەکانی فێستیڤالە بەتایبەتی بەبەر چاوی میوانە بیانیەکان غەریب ونەگونجاوبو.
سەرکەوتوبن چەند ڕۆژێکی خۆشمان گوزەراند بەهیوای بەردەوامی.
من ئاوا فێستیڤاڵم بینی.

ئاسۆ گۆران/ ١٠/١٠/ ٢٠١٦

نۆێنەری کۆچ فیلم/ لەندەن.




راپۆڕتێک له یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی”

…مەنسوور جیهانی …

بە ئامادەبوونی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد
ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” Slemani ، بە ئامادەبوونی “مەلا بەختیار” سەرۆکی بۆردی پشتیوانی فیستیڤاڵ و لە کەسایەتییە بەرچاوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، مامۆستا “مەزهەر خالقی” گۆرانیبێژی ناوداری کورد، “فوئاد جەلال” بەڕێوەبەریی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی”، دکتۆر “سەلاحەالدین سەعید” سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی جۆراودۆرەکانی پێشبڕکێی فیلمە بڵیند و کورتەکانی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی”، “عەبدولی حەمە جوان” سەرۆکی بۆردی فیستیڤاڵ، “ئەحمەد سالار” ئەکتەری ناوداریی سینەمای و تەلەڤیزیۆنی هەرێمی کوردستان، سینەماکارانی ناوخۆیی و بیانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ، “دانەر عومەر” بەڕێوەبەریی هونەریی فیستیڤاڵ و هەروەها ژمارەیەکی یەگجار زۆر لە هۆگرانی هونەریی سینەما، کاتژمێر 7ی ئێوارێی رۆژیی شەممە 1ی ئۆکتۆبەری 2016 لە هۆڵی کۆنگرەی زانکۆی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو.
لە سەرەتادا میوانانی بەشداربوو لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” و هەروەها ئەکتەر و دەرهێنەرە ناودارەکانی سینەما، شانۆ و تەلەڤیزیۆنی هەرێمی کوردستان بە ئەسپ و داشقەوە کە یەکێک بووە لە کەرەستە کۆنەکانی گواستنەوە لە شاری سلێمانی، گواستراوە بۆ شوێنی ڕێوەڕەسمی مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵە و لە بەرچاوی کامێڕای کەناڵە جۆراوجۆرە تەلەڤیزیۆنییەکان و هەروەها وێنەگرانی ئامادەبوو بەسەر مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵەدا تێپەڕبوون.
لە درێژەدا، “شوان عەتووف” یەکێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما و شانۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە وتەکانی خۆیی بووە کەسایەتیی دەسپێکی ڕێوڕەسمی کردنەوەی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە هۆڵی کۆنگرەی زانکۆی ئم شارە و لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: ئەم فیستیڤاڵە ئێمە لەگەڵ خۆی بۆ ڕوانینێکی بەربڵاوتر دەبات کە لەسەر بنەمای “سینەما و شوناس” بونیادنراوە کە یەکەمین خولی ئەمڕۆ لە شۆنێکی ئاکادیمیا دەستپێدەکات و قسەی زۆریی بۆ ئاسۆکانی سبەی و داهاتوو و خولەکانی دواتری خۆی پێیە.
هەروەها گوتیشی: ئێمە لە فیلمەکانماندا بەشوێن سینەمای تێلۆرانسدا دەگەڕێین، دەبێت لە یەکتریی خۆش بین و تەحەمولی یەکتری بکەین، چونکە لەم رۆژهەڵاتە جەنجاڵی و خوێناوییەدا، ئێمە تەنیا لە ڕێگای هونەر و بە تایبەت سینەماوە دەتوانین پێ بنێینە ناو دنیایەکی دیکەوە. هیوادارم کە ئەم بەهارەی ئازادیی سینەما لە سینگی سلێمانییەوە بێتە دەرێی و بۆ هەمیشە ئێمە و ئێوەش بە شێوەی ئازادنە و بوێرانە لەم سکۆی ئازادییەدا کە سینەمایە، چیژیی لێوەربگرین، چونکە سینەما ئازادی، بوێری، بەردەوامی، ڕوانینی جیاواز، داهێنان و حەقیقەت بەشوێن خۆیدا دێنێت.
لە درێژەی ئەم ڕێوەڕەسمەدا “مەلا بەختیار” سەرۆکی بۆردی پشتیوانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە دوای بەخێرهاتنی میوانانی ئامادەبوو لە فیستیڤاڵدا ئاماژەی بە پێگەی سینەما لە شارستانییەتی مرۆڤایەتی ئەمڕۆکەدا کرد و گوتی: سینەما لە کۆنەوە و لە دەیەی 30ی زایینیدا لە عێراق و هەروەها لە شاری سلێمانی و بە تایبەت لە شاری خانەقین زێدی خۆم بوونی هەبووە، سینەما یەکێکە لە جوانترین لایەنەکانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی و هیوادارم کە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” پێگەیەکی بەهێز بۆ داهاتووی سینەما لەم ناوچەیەدا بەدیبێنێت و لە داهاتوودا سەرکەوتنی زیاتر لە بواریی هونەر و بە تایبەت سینەمادا ببینین.
لە بەشێکی دیکە ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی”، “دانەر عومەر” بەڕێوەبەریی هونەریی ئەم فیستیڤاڵەش گوتی: بۆ بەشداریی لەم فیستیڤاڵە لە لایەن سینەماکارانی 105 وڵاتی جیهانەوە، 7200 فیلم ڕەوانەی نووسینگەی فیستیڤاڵ کرابوو کە لە یەکەمین هەنگاودا کاریی ئێمەی تووشی گرفت کرد و بووە هۆی ئەوەی کە بۆ ئەمساڵ و هەروەها ساڵانی داهاتووش بەرنامەیەکی ڕێکووپێکی بۆ دابڕێژین.
لە درێژەی ئەم مێهرەجانەدا گرووپی “سەمای نەتەوەیی سلێمانی” هاتنە سەر شانۆ و تابڵۆی “گولی خوێناوییان” پێشکەش کرد و پاشان فیلمی سینەمایی “بیرەوەرییەکانی ئەسپە ڕەش” لە دەرهێنانی “شەهرام عەلیدی” و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، خاتوو “دیمەن زەندی” ئەکتەریی کورد و هەروەها “عەزیز چاپلووک” ئەکتەری کوردیی تورکیا لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی” فیستیڤاڵی فیلمی “سلێمانی” نمایشکرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵیندەکانی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی” یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” بریتین لە: دکتۆر “سەربەست رەسووڵ” Dr.Sarbast Raswool مامۆستای زانکۆ و دکتۆرای سینەما لە هەرێمی کوردستان / سەرۆکی لێژنەی دادوەران، “شەوکەت ئەمین کورکی” Shawkat Amin Korki دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە هەرێمی کوردستان، “توورەج ئەسڵانی” Touraj Aslani بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە وڵاتی ئێران، خاتوو “کوشلا دیلۆن” CUSHLA DILLON مونتێر لە وڵاتی نیووزلەندا و “کامڕان رەئووف” Kameran Rauf ئەکتەر و دەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمە نێودەوڵەتییەکان واتە “سینەمای جیهان”ی ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: دکتۆر “دڵشاد مستەفا” Dr.Dilshad Mustafa مامۆستای زانکۆ و دەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان / سەرۆکی لێژنەی دادوەران، خاتوو “رۆتا نۆنیز” Ruth Núñez ئەکتەر لە وڵاتی ئیسپانیا، خاتوو “” NICOLE GUILLEMET بەڕێوەبەریی هونەریی لە وڵاتی ئەمەریکا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمە نەتەوەتییەکان واتە “سینەمای کوردی” ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: “ئاوات عوسمان عەلی” Awat Osman Ali دەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان / سەرۆکی لێژنەی دادوەران، “باسیم کەهار” Basim kahar دەرهێنەر و ئەکتەر لە وڵاتی عێراق و “وەفا مەلا رەحیم” Wafa Mala Rahim بەڕێوەبەریی وێنەگرتن لە هەرێمی کوردستان.
لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە 14 خەڵات، لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵیندەکانی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی” خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین سیناریۆ، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین مونتاژ و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بە هەڵبژێردراوان پێشکەش دەکرێت و لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی”یشدا خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بە براوەکان دەبەخشرێت و هەروەها لە لایەن کۆمپانیای “مەستی فیلم”یش خەڵاتێک بە باشترین سیناریۆ پێشکەش دەکرێت و بە بەرهەمهێنانی ئەم کۆمپانیا سینەماییە، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی داهاتوودا دەکرێتە فیلمی سینەمایی.
لە یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی”دا بەرهەمی وڵاتانی فەڕەنسا، ئێران، تورکیا، فینلەندا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فەلەستین، بڕازیل، یۆنان، کەنەدا، ئاڕژانتین، چین، ئەمەریکا، سوید، سلۆڤانیا، ئیرلەندا، عێراق، رووسیا، ئیسپانیا، ژاپۆن، بەلژیکا، ئیتاڵیا، نۆڕوێژ، پورتوگال، هیندستان و هەرێمی کوردستان بەشدارن.
یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی “مەستی فیلم” بە بەڕێوەبەرایەتی “فوئاد جەلال” و بە بەڕێوەبەریی هونەریی “دانەر عومەر” و بە پێشکەشکردنی خەڵاتی “تەها کەریمی” و بە رێزگرتن لەم سینەماکارە کوردە، بە نمایشی 52 فیلمی بڵیندی سینەمایی و کورتە فیلم لە سینەماکارانی زیاتر لە 30 وڵاتی جیهان لە بەشە جوۆراوجۆرەکانی فیلمە بڵیند سینەمایی و کورتە فیلمەکان لە دوو بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی” و هەروەها کردنەوەی ڤۆرکشۆپی پسپۆڕانەی سینەمایی و چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی زانستی و ئاکادیمیک لە رۆژانی 1 تا 4ی ئۆکتۆبەری 2016 لە زانکۆی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.slemanifest.com/

بەڕێوەبەرایەتیی یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی”.




نمایشی “ئاڵای بێ وڵات” و “ژیان لەسەر سنوور” لە فیستیڤاڵی فیلمی “فۆکۆئۆکا” لە ژاپۆن

تاران ١٩ سێپتەمبەر (ZNA) ـ فیلمی بڵندیی “ئاڵای بێ وڵات” نویترین بەرهەمی “بەهمەن قوبادی” و فیلمی دیکۆمێنتاریی “ژیان لەسەر سنوور” لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فۆکۆئۆکا” لە ژاپۆن نمایش کران.

فیلمی بڵندیی “ئاڵای بێ وڵات” A Flag Without a Country لە دەرهێنانی “بەهمەن قوبادی” و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کورە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، کاتژمێر 7:15ی ئێوارێی رۆژی ١6 سێپتەمبەری 2016 لە بەشی سەرەکی بیست و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فۆکۆئۆکا” Fukuoka بە “تەرکیز لەسەر ئاسیا” Focus on Asia لە هۆڵی ژمارە 13ی “سینەمای یونایتێد” لە شاری فۆکۆئۆکا لە وڵاتی ژاپۆن نمایشکرا و هەر لە دوای ئەم فیلمە کوردییە، فیلمی دیکۆمێنتاریی “ژیان لەسەر سنوور” Life on the Border لە دەرهێنانی هەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال لە بەشی “نمایشی تایبەتی پانۆڕاما”ی Special Screening Panorama ئەم فیستیڤاڵە چووە سەر پەردەی سینەما.

ئەم دوو فیلمە کوردییە لە دووهەمین نمایشی خۆیاندا لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فۆکۆئۆکا”، کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی رۆژی ١٩ سێپتەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 13ی “سینەمای یونایتێد” و لە دوایین نمایشی خۆیاندا لە کاتژمێر 12:30 نیوەڕۆی رۆژی 23 سێپتەمبەری 2016 لە هۆڵی ژمارە 5ی “سینەمای یونایتێد” لە شاری فۆکۆئۆکا لە وڵاتی ژاپۆن دەچنە سەر پەردەی سینەماکان.

“خەڵاتی بینەرانی فۆکۆئۆکا” کە خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فۆکۆئۆکا” دێتە ئەژمار، لە لایەن بینەران و بە مەبەستی بردنەسەرێی ئاستی فەرهەنگی سینەمای ئاسیا بە درهێنەرێکی بەهرەمەند دەبەخشرێت.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “فۆکۆئۆکا” کە بە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی فیلمی ئاسیا ناسراوە و لەسەر باشترین بەرهەمەکانی سینەمایی ئاسیا تەرکیز دەکات، بە نمایشی نوێترین بەرهەمی بەرچاوی دەرهێنەرە ئاسیاییەکان لە چەندین بەشی “سەرەکی”، بەشی “فیلمە دیکۆمێنتارییەکان”، بەشی “فیلمە ڤییەتنامییەکان”، بەشی “فیلمە ژاپۆنییەکان” و هەروەها بەشی “نمایشی تایبەت” لە ڕۆژانی 15 تا 25ی سێپتەمبەری 2016 لە شاری فۆکۆئۆکا لە وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.focus-on-asia.com/lineup_en/

مەنسوور جیهانی