بە دیار زمانەوە دانیشتووم بە دیار کوردەوە.. داستان بەرزان

بۆ خەڵات عومەر

گۆرانییەک لەم شیعرەدا
تەنیا ڕاستەقینەکان دەیبیستن
گۆرانییەک سەبارەت بە پیاوێک
خولیای ئەستێرەی زمان و
گەواڵەهەوری بیر و
بروسکەی کوردبوون و
هیوای ڕاچەنین.

باڵندەیەکی ڕووناک لەم شیعرەدا
خەڵاتە بە کۆمەڵێک وشەی ڕەنگاوڕەنگی کوردییەوە
تاکو چاوبڕ دەکات مانای سەرشار لە بە خەون.

من دەبێت بۆ هەمیشە بە شوێن ماناوە بم!
من دەبێت بۆ هەمیشە بە شوێن خەونەوە بم!

ئێستاکە پێم بڵێ ئەی باڵندەی ڕووناکی ناو ئەم شیعرە
لە کوێی ئەم ڕۆژگاری بیرچوونەوەیەدا بتدۆزمەوە؟
لە کوێی خەونی ڕەنگینی خۆتدا بەرجەستەی؟
ئەی بەهرەدار/ ئەی بەرزەفڕ.

ئەی باڵندەی ڕووناکی ناو ئەم شیعرە
من بە شوێن کوردییەکەتدا وێڵم
بێگەرد/ بەهێز
من سەرگەردانم بە شوێن بیرکردنەوەتدا
بێباک/ خاکەڕا

ئەی پەیکی شارەزای ناو ئەم زمانی کوردییە
لە کام وشەی سوتماکی شاردا مینەت بکەم؟

من لە خەونمدا تۆ دەبینم
بریسکەی ئەستێرەی بیماری ناو بیری کوردیت
من لە خەونمدا تۆ دەبینم
ئازاری پڕ لە سۆی بە سۆزی کوردبوونیت
من لە خەونمدا تۆ دەبینم
سەرکێشی سەر کەشتی ڕوانینی ناو مێژووی گەلێکیت
درەختێکی لە خەون
خەونسازێکی کارامە
پیت بە پیت خولیای وشەی کوردی دادەتاشیت
تەنیا من دەیبینم لە خەونمدا
پەپولەن وشەکانت!

باڵندە بوویت ئەو دەمانەی خەمێک دەبووە تەمێک لە چاوەکانتدا ڕێژنەبوو/ تەنیا من دەمدیت!
پەڕ بە پەڕی ئاگرینی ناو خەیاڵی ڕەوانت تاریکی ڕووناک دەکردەوە/ تەنیا من دەمدیت!
شاگەشکەبوویت ئەو دەمانەی زارت لە زاری زماندا و تریفەبوویت/ تەنیا من دەمدیت!
شەبەنگێک بوویت گیانی کوردیت لە جۆشدا بوو شەفەقێک لە باڵدا/ تەنیا من دەمدیت!
سەرحاڵێک بوویت دەستت دە نێو دەستی ژاندا و بروسکەبوویت/ تەنیا من دەمدیت!

کوردێک لە کوردبووندا/ خەست
پیاوێک لە خۆبووندا/ مەست
تۆ وشەت دەبردەوە بۆ سەر ڕەسەنی پەتی
تۆ وشەت دەبردەوە بۆ سەر نەشئەی ئەبەدی
وشە دڵی دەکردیتەوە
وشە سەرمەستی دەکردیت
وشە ماڵی ڕووتی تۆبوو
(ئاوبێت ماڵت)

تۆ کوردبوونت لێهاتبوو
پێوەی دەهاتی و دەڕۆیشتی
ڕووناکیت لە چاودا بوو
پێوەی دەهاتی و دەڕۆیشتی
زڕێک بوویت کوردیی
تیشکێک هاتی و ڕۆیشتی
ڕۆیشتی و
من لێرە دانیشتووم
لە چاڵە تاریکەدا
بیر لە زمان/ بیر لە کورد ئەکەمەوە.

داستان بەرزان




تونێڵی جەنگەکان.. شیعری عەبدوڵڵا سلێمان ( مەشخەڵ)

بە تونێڵی جەنگەکاندا تێپەڕیم و نە کوژرام
بەنێو بۆردومانی وشەکاندا ڕەت بووم و برینداریش نەبووم
شەڕە تفەنگم بە بیروڕا و بۆچوونە جیاوازەکان کرد و
خۆم دایە بەر دەستڕێژی ڕەخنەی نووک تیژ
خۆم خستە بەر پەلاماری چیرۆکەکانی بێدەنگی
سینگم کردە قەڵغانی هێرشی ڕۆمانی کرچ و کاڵ
چێژم لەو شیعرانە نەدەبینی کە سواری سەری خۆیان بوون
خۆشیم لەو نووسینانە نەدەبینی کە پڕ وێنە و خاڵی خاڵی بوون لە هەڵوێست.
لەو نووسەرانە بێزار بووم کە بەدەمامکەوە دەچوونە جەنگەکانی ژیان
حاڵی حازر ڕۆژ نییە نەبمە قوربانی
قوربانی خەم لە زمان
قوربانی خەم لە پاکێتیی
قوربانی خەم لە هەڵوێست و لایەنگری ئینسان
قوربانی گوێگرتن لەو نووسەرە ترسنۆکانەی کە لافاوی بەرژەوەندی و گیرفان دەیانداتە بەر!
چی بەو مردنانە بڵێم کە زۆرێک بە ژیانی شکۆمەندانەی دەزانن
چی بەو جەنگانە بڵێم کە سەنگەری بەرگریم تیایاندا لێدا و ئاگرم بەسەردا باری و نەمردم
چی بەو تونێڵە پڕ لە پێکدادانە بڵێم لە تاریکی خوێن هەڵی لووشیم و هەر زیندووم
ئەمە ئەو چارەنووسە بوو کە دەبوو پیایدا تێپەڕ بم بێئەوەی چرکەیەک لە ژیان بدۆڕێنم.


دەمویست ببم بە فیشەک، بەڵام خۆشبەختانە دەبووم بە ئارامی
دەمویست بمرم، کەچی لە نەگبەتیدا ژیانم دەگرت
دەمویست ببم بە بوومەلەرزە. لەولاوە هێمنیم لێدەچۆڕا.
چی بکەم لەو شەوانەی هەتاو خۆی لەباوەشی تاریکیدا دەشارێتەوە
چی بکەم لەو مردنانەی خۆیان بەئاوی ژیان دەشووشت
وەرە ئەی جەنگ وەرە با بە تونێلی ژیانا بەپێکەنینەوە ڕەت بین
وەرە با بە ڕووبارەکانی مردندا بپەرینەوە ئەودیو پێدەشت و سەوزاییەکانی گیانبازی
وەرە با چیرۆکەکانمان بگێڕینەوە بۆ یەکتر
با نامەکانی یەکتر بخوێنینەوە
با ببین بە ئەو گۆرانییەی کە مرۆڤایەتی تەنها بۆ خۆی دەمانچڕێ


من خەریکی کۆکردنەوەی پارچەکانی خۆم بووم وەختێ
چەپک چەپک تۆپ و درۆن دەیان هاڕیم،
ئاسمان ببووە تابلۆیەک لە ڕەنگی سوور و ئەرخەوانی
من خەونەکانی منداڵیم دەکردنە بوخچەی ئومێدی دواڕۆژێکی گەش و ڕووناک
کاتێک یەک یەک ڕۆژەکانم لەخوێنی سوور هەڵدەکێشران
کی بیریەتی کاتێک دووشک بووین لەگەڵ یەک
بەرلەوەی بە عاموودەکانی خۆشەویستی هەڵگەڕێین، بیرمان لەچی دەکردەوە؟
کێ بیرییەتی بەر لە دانووسانمان لەگەڵ چارەنووسدا چ کێڵگەیەک بووین لە سەوزی و
چ سۆزێکی گەرووی خەم بووین؟
ئێستا هەموو لەنێو پۆلەکانی جەنگدا، قۆپیە دەکەین لە یەکتر و
بە نهێنی ئەویترمان بە واستەوە دەڕۆینە تاقیکردنەوەی مەرگ و ژیان
بڵێن کەی بووە تۆزقاڵێ بیرەوەری منداڵیمان نەکرێتە چای ژیانەوە
دەی ئێوە بڵێن کەی بووە و کەی گونجاوە و کەی دروستە بە تەزکییەی بێمێشکییەوە
بچین لەگەڵ بێمتمانەیی بە یەکتر؛ لەسەر هەمان تەختە و لەناو هەمان پۆلدا
گوێ لە درۆی گەورەی مێژوویەکی زامدار و فریودەری وەک ئەم مێژووەی خۆمان بگرین
ئاخر بڕیار بوو ئێمە ڕێ بە هەتاو بدەین هەتا هەڵبێ
بڕیار بوو ئێمە ئەستێرەی شەوان بنێرین بۆ بەر پەنجەرەی ماڵان
ئێمە ببین بە پێکەنین، بە زەردەخەنەی سەر لێوان
ببین بە موژدەی بانگەواز بۆ جیهانێک کە شایستە بێت بە ئینسان.


وەرە ئەی ترسە خاسەکەی ژیان وەرە .. مەهێڵە جەنگ بمانکات بە بەشێک لەخۆی
مەهێڵە مەرگ ناسنامەمان بۆ دەربکات
گۆرانییەکان مەگۆڕەوە بە کسپە و خورپە
پێکەنینەکان مەدەرە دەست سەفەرێکی بێکۆتایی
لەو ڕێگایانە زوویر مەبە کە دەچنە بەر دەرگای گۆڤەندێکی غەمبار
من چی بکەم وەرزەکان زوو زوو کۆچ دەکەن
من چی بکەم هەموو شەوێ ئاسمانەکانی خەیاڵم دەبن بە تابلۆی ئەو ماچەی
ساڵەهایە چاوەڕوانم بێت و لە دەرگای لێوم بدات
من چی بکەم هەموو ڕۆژێ گریانەکانی نێو ڕۆژم دەبنە پۆلێک لە هەناسە و
سینگی ژینم دەکەن بە کانگای ئومێد و
چاوەکانم دەکەن بە کانی تەقیوی بەهارانی نێو مەراق و حەسرەتەوە.


بە تونێڵی جەنگەکاندا تێمەپەڕە و مەبە بە تاقیگەی قازانج
بارووت مەکە بە دۆستی خۆت
مردن مەنێرە بەردەم ئەو دەرگایانەی دانەخراون
سڵاو لە گۆڕستانە تەنیاکان مەکە و مەبە بە مارشی کوشتن و بە تابووتی مەرگ
وەرە و هەورێکم داگرتووە پڕە لە خەون
پڕە لە زەردەخەنە و قاقای ماوە بەسەرچوو
پڕە لەو نوکتە کۆنانەی کە کەس پێیان پێناکەنێت.
وەرە ئازیز.. داری ئاشتییەک شک دەبەم بێ جەنگ مەحاڵە بەر بگرێ
دۆزەخی جەنگێک دەناسم ڕەنگە ڕۆژێ قووتمان بدات
ڕێ بە دەنگێک دەبەم ئاشنا بە دڵی باڵندەی خۆزگە
وەرە ئازیز.. با ئەمجارە بەنێو تونێڵی جەنگەکان نەڕۆینە باوەشی ژیان
وەرە ئازیز با ئەمجارە بۆ دووایین جار هەنگاو بنێین
بەسەر پردی بەها و خۆشەویستی ئینسان.

تێبینی: ئەم شیعرە لە گۆڤاری نما ژمارە ٦١ ی ساڵی ٢٠٢٦ بڵاوبۆتەوە.

کۆتایی ئازاری ٢٠٢٦




گێسووی شەو.. شعری ڕەهی معیری.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شەهلا نوری

شەو ئەو گێسووەی نییە کە لە تۆدایە
باوەشی گوڵ ئەو عەترەی نییە کە لە تۆدایە

نێرگس کە بە ناز، دڵ له ڕەندان دەڕفێنێ
ئەو چاوە پڕ لە ڕازەی نییە کە لە تۆدایە

نیلوفەری پاراو، کە زوڵفی بڵاو کرد،
ئەو خەرمەنی پرچەی نییە کە لە تۆدایە

پەپوولە کە هەر دەمێ لە گوڵێک ماچێ دەدزێ،
ئەو خووە دڵبازەی نییە کە لە تۆدایە

جگە لە دڵی جان‌سەختی “ڕەهی” قەت لە تۆ نەڕەنجا
کەس تاقەتی ئەو ڕەفتار و نازەی نییە کە لە تۆدایە!




دەستەمۆ.. شیعری سەلام عومەر

لەنێو دەریادا گەلێ شەپۆل هەن
باڵایان بەرزە وەك درەختی چنار
دەنگیان ترسناك
تەكانیان خێرا
كەچی دەمرن و ناگەنە كەنار
وەك ئەو باڵندە وێڵ و برسیانەی
بۆ مشتێ گەنم
بەتۆڕ و داوی راوچیان گیر دەبن
وەك خەون و هیوای
ئەو جەنگاوەرانەی
هەرگیز پێی ناگەن
هەتا پیر دەبن.
×××××××××
گەلێ‌ مرۆ هەن هەتاکو ئێستا
خۆیان بەهەڵۆ و پڵنگ دەچوێنن
وەکو باڵندەی نێو قەفەزەکان
کەس تێیان ناگا
داخۆ دەناڵن، یاخۆ دەخوێنن؟
×××××
تا دەست لە هەوا و پێ لە عەرزی بن
هەر لە خوارەوە،
هەنگاوەكانتان دژی بەرزی بن
وەک مەیموونەکانی وڵاتی بالی
منداڵەكانیشیان ناچار دەکەن
فێرە خزین و دواتر دزی بن.

سەلام عومەر




*بەردە خرەک.. شیعری شۆڕش عەزیز سورمێ

ئەشکەوتی بەرد و سێبەر،
تۆ ئێمەت کۆکردەوە
وەک دایکێک قۆڵەکانی بکاتەوە
لە تاریکترین ساتدا.
جیهانی دەرەوە لەرزی،
زەوی هەناسەی لەدەستدابوو،
بەڵام تۆ کە لە نێو شاخەکاندا شاراوەتەوە،
ئێمەی هێشتەوە
وەک نهێنیەکی کۆن.
بێدەنگیم لەبیرە،
وەک دوعایەک قورس،
و لێدانی دڵەکان
کە هەوڵیدا گوێی لێ نەبێت.
تۆ لەوێ بوویت، بێ جووڵە،
بەڵام وەک بوونەوەرێک زیندووە
کە دەزانێت چۆن مەترسی بناسێتەوە.
دیوارەکانتان هەموو شتێکیان بیستووە:
فرمێسکەکانی ڕاگیراو،
ناوە چرپە چرپەکان،
ئەو ترسەی کە ڕێگەی نەدەدا.
و لەگەڵ ئەوەشدا، لەناو تۆدا،
ژیان بەرەنگاری بووەتەوە
وەکو پریشکێک کە لەناو بەردەکەدا شاراوەتەوە.
تۆ تەنها ئەشکەوت نیت،
تۆ یادەوەری پەناگەیەک،
بەڵگەی ئەوەی کە تەنانەت بەرد
دەتوانێت ببێتە ماڵ.

هەر جارێک با دەگەڕێتەوە
بۆ فڵچەکردنی ئەو شاخانە،
ناوی تۆی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت،
و ئێمەش وەڵام دەدەینەوە
لەگەڵ سوپاس و پێزانینی ئەوانەی دەزانن
کە بەبێ تۆ،
مێژوو جیاواز دەبوو.

بەردەخرەک ئەو ئەشکەوتەبوو کە شیوازێکی خری هەبوو هی مالی باپیرەم بوو لە شارۆچکەی گەلالە لە دەڤەری بالەکایەتی، کە هەمووانی ئەپاراست لە کاتی بۆمبارانکردنی سەدامی گوربگۆر*




نەوای شێتی.. شاعیر: عیماد خۆڕاسانی.. لە فارسییەوە: شەهلا نوری

وا دیسان نەوای شێتی دەژەنی ئەی تار، ئەمشەو؟
ڕازێکت پێ دەڵێم و لە پەردەدا بیخە حەشار ئەمشەو

ئەو ڕەنجەی لە تاری زوڵفی یار کێشام شەو و ڕۆژ
موو بە موو لای تۆ بەیان دەکەم بە زار ئەمشەو

عەشق، کە هاوسایەی دیوار بە دیواری شێتییە،
حوسنی ڕووی خۆی نواندووە لە دەر و دیوار ئەمشەو.

ڕوو بۆ هەر لایەک دەکەم نەخشی جەماڵی یار دیارە،
خۆزگە ماچێکى دەدامێ لە نێو سەد ڕوخسار ئەمشەو

لە ئاسماندا بۆنی دڵێکی سووتاو دێت، ئاخۆ
کێ بوو دیسان گرفتار لە ئەڵقەی زوڵفی یار ئەمشەو؟

ناڵە و زاری بێهوودە مەکە ئەی دڵی بیمار،
تۆ لەگەڵ شەم بووی بە هاودڵ و هاوکار ئەمشەو

ئەی شەم، گەلێ شەو تا سەحەر، لە کەنارت بووین بێدار
خۆزگە وەک پەروانە دەسووتاین بە یەکجار ئەمشەو

ئەمە ئاگرە نەک گوتن، عیماد! بەس بێ باسی دڵ
دەنا دەسووتێنێ قەڵەمت، دەفتەری ئەشعار ئەمشەو

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شەهلا نوری
شاعیر: عیماد خۆڕاسانی
غەزەل: نەوای شێتی




نۆ گەڵا و نۆ هەتاو.. دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد

پێشکەشە بە ٩ شەهیدی کاروانی کوردایەتی

لێرە، لەم غەریبییە تەماوییەدا
کە ئاسمان لە ڕەنگی پۆشاکی دایکانی ئێمە دەچێت
نۆ کەس…
نۆ باڵندەی بریندار،
لەسەر لقێکی داربەڕووی ئەم تاریکستانی دوورە
دانیشتن و چاوەڕوانیی هەورێکیان دەکرد
تینووی ئەوە بوون، تەنیا جارێک
خاکی وڵات ئاویان بدات.
بەبێدەنگی، وەک پشکۆیەک لەناو بەفردا
شۆڕش، لەناو دڵی ئەم نۆ کەسەدا
بوو بە ڕووبارێک و
بەرەو ئاسۆی ڕۆژهەڵات بەڕێکەوت.
بەڵام…
پەنجەیەک، پەنجەیەکی نەگریس
لە ئەشکەوتێکی پشتەوەی مێژوو
نیشانەی بۆ سینەی ئەم نۆ هەتاوە گرت.
ئاخ… خیانەت!

ئێستا لەم غەریبییەدا،
نۆ گۆڕ، نۆ چیرۆکی تەواونەکراون
پێشمەرگە، ئەوەی لە کێوەکاندا فێری فڕین بوو
ئێستا لە خاکێکی بێگانەدا
خەون بە کێوەکانی “کۆیە” و “قەندیل” و “مهاباد”دەبینێت.
شەهید بوون…
نەک هەر لەسەر دەستی دوژمن،
بەڵکو لەسەر دەستی ئەوەی کە دەبوایە
لەناو گەرووی تاریکیی خیانەتدا،
چرا بوایە!
ئەی نۆ گەڵای وەریوی شاخ!
ئێوە نەمردوون
ئێوە لە ناو دەماری ئەم نیشتمانەدا
بونەتە هۆنراوەیەک،
کە هەرگیز خیانەت ناتوانێت
خوێندنەوەی بۆ بکات.
ئێوە، لەو کاتەی کەوتن
نەک هەر لە زەوی،
بەڵکو لە دڵی هەموو دایکێکی چاوەڕواندا
لە دایک بوونەوە!




گەڕانێکی تر.. شیعری نەوزاد بەندی

بە ئارامیی بڵین،
کەی ئیجازەکەی تەوا و ئەبێ و دێتەوە ؟
بە دڵخۆشیی بڵێن کەی
لە خەستەخانە دەرئەچێ و
ئەگەڕێتەوە ؟
بە مناڵیی بڵێن،
کەی لە چاودێریی چڕ ،
دەری ئەکەن و
بە کۆلارە و هەڵماتەوە ،
پەیا ئەبێتەوە ..؟

بە گوڵ بڵێن،
کەی سەربازیی تەواو ئەکا و
بە بێرییەکەوە،
دێتەوە بۆ ناو بیابان ؟
بە دڕک بڵێن
کەی لە خوێنڕشتن تێر ئەخوا و
لووتی ئەشکێ و
وون ئەبێ و سەر ئەنێتەوە ؟

بە دڵ بڵێن،
کەی لە لێدان بێزار ئەبێ و
دەست لە کار ئەکێشێتەوە ؟
بە فرمێسک بڵێن،
ساڵی چەند،
بڕیاری خانەنشین بوونی
تازەی عێراق،
ئەیگرێتەوە؟

بە ئەو بڵێن،
کەی دێتەوە ؟

بە من بڵێن،
کەی واز لە نوسین دێنیت و
لەگەڵ قەڵەمێ
ڕا ئەکەن بۆ تاراوگە ؟
کەی عەسرێکی درەنگ
لە کەناری دەریایەکا،
نەورەسێک
جێی دیوانێ شیعرت بۆ
ئەگرێتەوە ؟

بە فەرمانگەکەم بڵێن،
قەیناکە ..
ماندوو بوونیشت لێ بتکێ ..
چەند مانگێکە و
ئەو سێکشنەیش تەواو ئەبێ ..
نە من ئەو ئەبینمەوە و
نە ئەو من ئەبینێتەوە ..

بە بەفر بڵێن،
قەیناکا ..
با ئاڵای سپی هەڵکات و
خانەکانی
یەک لە دوای یەک بتوێتەوە ..
ئەمە کەی ووڵاتی بەفرە ؟
با لەجێی ئەو،
بیابانێکی نوێ بکڕین ..
خۆڵ بارینێ،
بە موساتەحە وەربگرین ..
کۆمەڵێ جەردەی ناشیرین ..
ڕەوێ کوللە و
ڕەوێ درۆ و زوڵم و تاوان ..
جێگای بەفر بگرێتەوە …




ئازار و شادی.. شیعری شورش عەزیز سورمێ

ئازار بە هێواشی دەگات،
وەک ئێوارەیەک
نایەوێت کۆتایی پێبێت،
دەنیوشت لە دڵدا
ئەو شتانەی لەدەستچوون
بە دەنگێکی نەرمەوە
بیرمان دەخاتەوە.
خۆشی
بەرامبەرتیشکەکەی توندە،
وەک دەرگایەک لەناکاو دەکرێتەوە،
زەردەخەنەیەک،
لە ناو تاریکییەوە
سەرهەڵدەدات
تەنانەت کاتێک هیچ هۆکارێک نییە.
هەردووکیان پێکەوە دەژین ،
دوو دەست لە تاریکییەوە
بە دوای یەکدا دەگەڕێن،
دوو ڕێگا دوای گەشتێکی درێژ
لە کۆتایییدا یەکتر دەبینن.
ئازار فێری مانەوەمان دەکات،
خۆشی فێری فڕین.
ئێمەش ئەو خاڵەین
هەردووکیان لە باوەش دەگرن،
ناسکین، بەهێزین،
لە نێوان شکست و دروستبووندا.
هەر فرمێسکێک
پریشکێکی خەفی تێدایە،
هەر زەردەخەنەیەک
یادەوەری برینێک لە دڵدا هەڵدەگرێت.
بەم شێوەیە دەڕۆین،
لە نێوان ئەوەی ئازاری دەدات
ئەوەی ڕزگاری دەکات،
لە نێوان قورسایی ژیاندا و سەرسوڕمانەکەی.

شورش عەزیز سورمێ




بەشێوەم پێ مەكەنە.. كاوەی خەسرەوكاوانی

بەشێوەم پێ مەكەنە
من خەمێك گیری كردووم
سەری سپیم بەڵگەیە
كە عیشقێك پیری كردووم
* * *
ئەوەی ئێستا دەیبینی
روخسارێكی رووكەشە
ناخم بەرووناكی عیشق
خۆرەتاوێكی گەشە

  • * *
    وامەزانە كە پیری
    عیشق لەدڵ لەق دەكا
    هەرچەندە شەودرێژبێت
    چاوەڕێ ی شەفەق دەكا
  • * *
    بەشێوەم پێ مەكەنە
    پێویستە ناخمان جوان بێ
    خۆشەویستی بڵاوەی
    خوێن ودەماروگیان بێ
  • * *
    تۆش رۆژێك لە قوژبنێك
    وەك من گۆشە گیردەبی
    بـــە دیداری ئاوێنە
    لە شێوەدا پیردەبی

  • 28/4/2010

*لەژمارەی (555)لە18/5/2010گۆڤاری هەرێمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە

  • هونەرمەندی كۆچ كردوو كاك( كامەان عبدالرحمن) ئاوازی بۆدانا و دەیویست تۆماری بكات و تۆمارێكی سەرەتایشی بۆكردبوو بەلام بەداخەوە مەرگ رێگای نەدا كە بەرهەمەكە ببینین



دایک.. شیعری شورش عەزیز سورمێ

دایک،
زۆر زوو ڕۆیشتیت،
وەک بەیانییەکی پچڕاو
کە کاتێکی نەبوو ببێتە ڕۆژ.
لە بێدەنگیدا ئازارت چەشت،
بەو هێزەی تەنها دایکان دەزانن،
ژیانت بە دەستەوە گرتبوو،
تەنانەت کاتێک ژیان ئازاری هەبوو.
من بچووک بووم،
و تێنەگەیشتم بۆچی جیهان ئەوەندە داوای لێکردوویت.
ئێستا دەزانم:
تۆ ئەو کەسە بوویت کە هەموو کەسێکت پاراست،
تۆ ئەو کەسە بوویت کە ئەو قورسایەت هەڵگرت کە کەس نەیبینی.
هەموو ڕۆژێک بیرت دەکەم،
لەو ئاماژەیەی کە نایکەم،
لەو وشەیەی کە ناڵێم،
لەو زەردەخەنەیەی کە بەدوایدا دەگەڕێم و نایدۆزمەوە.
بەڵام کاتێک چاوەکانم دادەخەم،
هێشتا هەست دەکەم لە تەنیشتمەوە دەڕۆیت،
ڕووناکی وەک نوێژێک،
وەک شاخێک بەهێزە.
تۆ بە گەنجی نەمردی، دایک.
تۆ لەناو مندا گەنج مایتەوە،
لە هەموو کارێکدا کە دەیکەم،
لە هەموو چاکەیەکدا هەوڵی دروستکردنی دەدەم.
وە تا ئەو کاتەی تۆم لەبیرە،
تا ئەو کاتەی ناوت بهێنم،
تا ئەو کاتەی لە دڵمدا تۆ هەڵدەگرم،
تۆ بەردەوام دەبیت لە ژیان.

شورش عەزیز سورمێ




لێم مەگرە ئەی یار.. غەزەلێک لە شاکارەکانی شاعیر: عیماد خۆراسانی.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شەهلا نوری

لێم مەگرە ئەی یار، ئەگەر وا بە زار بگریم
لێم گەڕێ با بگریم، هەر بگریم و هەر بگریم!

لێم گەڕێ وەک مەلی گرفتار با بناڵێنم
وەک ساوای نەزار، مات و بیمار بگریم

مەی نۆشینی من بۆ بەزمی سەفا نییە، خودایە
سەودایەکە، بێ تانەی ئەغیار، دڵ بریندار بگریم

تەنیا بۆ خۆم نییە سەرمەستیی شەوانەم
بۆ حاڵی گشت خەڵکی هۆشیار بە هاوار بگریم

بۆ هەر کەسێ لە داوی مەینەتدا بوو ئەسیر
بۆ شا و گەدا، پیر و لاو، بێ‌قەرار بگریم

بۆ لالەی تازە پشکوتووی داوێنی دەشتان،
بۆ خونچەی نەپشکوتووی گوڵزار بگریم

بۆ بێ‌عەهد و وەفای دونیا، بۆ حاڵی هەرکەسێ ئێستا
کە لێوی ناوەتە سەر لێوی ئاڵی دڵدار، بگریم

ئەم کاسە سەرانە سبەی دەبنە خۆڵ و خاکی ڕێ
لێم گەڕێ با ئەمشەو بە چرپەی سۆزی تار بگریم

جێی خۆیەتی، عیماد! هەتا ڕۆژی مەحشەر
بۆ سەرنخوونیی بەختی خۆم، پڕ بە زار بگریم!

غەزەلێک لە شاکارەکانی شاعیر: عیماد خۆراسانی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شەهلا نوری




دواهەمین وێستگەی سەفەر.. شیعری دڵکەش قادر

بە نامەنێری گشت شەمەندەفەرەکانی تەمەن بڵێ:
ئەمڕۆ نەوەستن لە چاوەڕوانیی هیچ ڕێبوارێکدا
با بێن کۆتایی هێڵەکان و
نەپێچێتەوە سەفەر جانتای هیچ دڵێک
بێئومێدی قەڵەمی ماڵئاوایی خەمخۆرێکی دەگرێتە دەست
ماندووی کۆڵانە پێچاوپێچەکانی عەشق
حورمەتی چاوەکزەکانی دایک
بێدەنگ دەڕێژێ ڕووباڕێک فرمێسک
کڕڕە کڕی کڕنۆشی غەریبیی
دەهاڕێ ئێسک و پروسکی
لەدووری منداڵ
بڵێ بەگەڕەک هێشتا زووە بۆ کۆچ
هێشتا تێر وەسفی تەمەن نەکراوە
ئەم نۆبەرەی ئازارە
مەزاری دڵتەنگیی خۆیی بووەتە ژوان
دانەنیشتوە تێر بەدڵ لە ژێر سێبەری دارتووەکانی سابوونکەران؛
نە بە بیاننووی ماندوێتی ڕێگا،
لەسەر سەکۆی بەر دەرگای ماڵە کۆنەکان،
نەیخواردۆتەوە قوومێک تاسەی ئاو لە دەستی نازداری کوڕە شەرمنەکانی شار
نەیشووشتۆتەوە بارانی پاییز ڕوومەتی
سپاردوویەتی تەنیایی خۆی بە سترانێکی حەسەن زیرەک
لەژێر کڵاوڕۆژنەی خانووەگڵەکانی بێدەنگی.

سلێمانیی
دڵکەش قادر




شیعر\ یەکبوون.. نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)

نە یەک ئاسمان هەیە،
نە یەک زەوی بۆ هەمووان
ئەوەی هەیە دووە دوو
شەقامی زێڕ و شەقامی بەرد
دوو جیهانی لە ناو یەک، بەڵام نا یەک.

بازاڕ زۆر پڕترە لەوەی ئارەزومانە
لەگەڵ ڕیزی درێژی قاپی بەتاڵ.
هەندێک خوان پڕن لە نانی زیادە،
هەندێکی تر نازانن چۆن تێر دەبن.

ئەوەتا سێبەری کۆشکی بانکەکان
بۆتە سێبەری پەناگەی بێ ماڵەکان.
ئەوە نەبێ، زەوی نەبێت یان دارو بەرد
ئەوەی هەیە نادادییە.

کاتێک جەنگ چیرۆکە درۆینەکانی دەهۆنێتەوە
بۆ دزینی سەرەوتی زیاتر
مووشەکەکان بە ئاسماندا دەفڕن،
منداڵان فێر دەبن ئەوەی هەیە
لایەلایەی خەوننییە،
بەڵکو ویزەی گوللـەن،

ڕۆژ بە ڕۆژ کەلێنەکە گەورەتر دەبێت،
دۆڵێکە دەوڵەمەندی هەڵیکەندووە
یەکبوون نەبێت بە هیچ پڕنابێتەوە
منداڵێک،
میراتی تەختی پادشایی دەست دەکەوێت،
یەکێکی تر،
پشتی دەشکێت بۆ پاروویەک.

دیواری شووشە و پۆڵا دەچنین،
وا خۆمان دەنوێنین کە نابینین و هەست ناکەین
بە سێبەری زۆریمان
لەسەر ئەوانەی خەونەکانمان کاڵدەکەنەوە
ئەوانەی بە تەکنیکی جۆراوجۆر
فڕێمان دەدەنە کەناری بێهێزییەوە.

بەڵام هێشتا هیوا لە شەودا دەچرپێنێت،
کە دەتوانین ئەم هەڵانە ڕاست بکەینەوە.
هەموو دەستە ڕەنگاوڕەنگەکانمان
دەتوانن ئەم دۆڵە هەڵکەندراوانە پڕبکەنەوە
ئەم خاکە ببێتەوە خاکی هەمووان

ئەگەر تەنها بزانیین ئێمە کێین
لە ڕووخساری ئەوانی تردا
ئاوێنەی هاوبەشی خۆمان ببینین
شەڕبکەین بۆ بەشکردنێکی یەکسان.

ئەمەی دەیڵێم نە خەونەو نە خەیاڵ
ئەمە خەونێکی خەوتووە
لەناو هێزی یەکبونماندا.

٢٠٢٦
تۆرۆنتۆ

* لە ژمارە ٤١ی بانێژەی ئەدەب و هونەری رۆژنامەی رەوت بڵاوبۆتەوە لاپەڕە ٨٥.




هەندێ چرکە.. شیعری نەوزاد بەندی

پێش ئەوەی
سەفەر بکەم..
لەگەڵ جانتاکەم
خەریکە ئەچینە دەر ..
کەچی خۆم ئەبینم،
لە تێرمیناڵ دێتەوە و
بە خۆم ئەڵێ : سەفەری چی؟!
بە ڕاستی هەر ماندوو بوون بوو ..!

٭ ٭ ٭

من بێ تۆیش
هەر شاعیرم ..
بەس تۆ بێ من،
چ قورەتە
شیعرێ ناوت تۆمار بکا ..
( هەرچەن تاریکترین جێگا،
کارگەی شیعرە و ..
کەس نایەوێ
لەو کارخانەیه کار بکا ! )

٭ ٭ ٭

کارەساتێکی گەورەیە،
کەسێکت لە کتێبخانە
ناسیبێ،
کەچی نەخوێندەوار دەرچێ..

٭ ٭ ٭

دیسان
پەیوەندیمان نەما،
شیعرێکی ئەویست
هەر ڕۆژەی مواسەفاتێکی
تازەی تیا بێ،
شیعر و BYD
لێ تێکەڵ بوو بوو ..

٭ ٭ ٭

ئێستایش
باران
باری ..
تۆم بیر دێنێتەوە ..
وەک چۆن لاستیکی خەتکوژێن
مناڵیی خۆم بیر دێنێتەوە ..
هەروەک چۆن چاکەتی نیللی،
زانکۆم بیر دێنێتەوە ..

٭ ٭ ٭

هێندە شیعرم بۆ نوسیت،
شیعرت لا سوک بوو ..
پۆشکینت لا پەڕەندێکی
بێ دەنوک بوو ..
گوڵسورخیت لە لا
زەڕنەقوتەیەکی
بێ توک بوو
پاپڵۆ نیرۆدات لا
شیعرنوسێکی
بچوک بوو ..

٭ ٭ ٭

ئەزانی
نەیشڕۆیشتیتایە،
لای من
دەمێک بوو
ڕۆیشتبووی ..؟
چونکە
دە ساڵ و زیاتریش
بە حیساب دێی بۆ لام ..
هەر هاتوویت و
هەر نەگەیشتووی ..!!

نەوزاد بەندی




دوا هەناسەکانی پایز.. شیعری ئیلهام موڕادی

شەقامێ نەماوە قانگ نەدرابێ بەبۆنی جگەرە
دووبارە دەکرێتەوە وەک زخمێکی کۆن
هەموو ڕۆژێ
گوڵێکمان نەماوە کە بۆنی باروود نەیپڕژاندبێ بەسەریا
گەشەیان کردووە گوڵەکانمان لە باخچەی ئازارا
دەرلەرزن بەدەنگی تەقەمەنی چڵەکان
نەماوە بارانێ نەیباراندبێ بەسەر دڵتەنگییەکانمانا
دەنووسێتەوە هەر دڵۆپەچیرۆکێک
گریانمان شکست
هەوری کام ئاسمان نەبێ ئاشنای ئازارمان
بەدوامانا دەکەون هەوری ڕەش
لێکمان جیاناکاتەوە
تەنیایی
بەباڵامانا هەڵەچێ
باڵندەیەکی ڕەشی قاوغە
لەسەر شانمان
نافڕێ
وەکو سێبەرێ لە تاریکیمانا
بێدەنگ، مردوو
داگیری دەکات هەموو گۆشەیەکی ژیانمان
دوا هەناسەکانی پاییز.
بەخێرایی دادەمرکێتەوە مۆسیقای پەژارە
بۆ شارێکی لەناوچوو سەمفۆنیایەکی زریانە
نغرۆمان دەکا لە غوربەت
نغرۆیەکی بێدەنگ لە دڵی شەوان
لەناو زمانێکدا کە تێیدا نامان نابێت
لەخۆیا گووشیون خۆشییەکانم ئەم شارە
کلیلەکەی لەدەستداوە وەک خەزێنەیەک لە بیرمەتێکی داخراودا
لە فنجانی فاڵی ئەم وەرزە
ڕێگاکان دەبڕن بێوچان پیاوێک و پێڵاوێ
نەیانزانی بۆ کوێ دەڕۆن وەک ڕەوانبێژانێک
دوور دوور دەردەکەون بەدەگمەن
ون دەبێ هەنگاوەکانیان لەسەر بەفر
وەکو یادەوەرییەکانمان
سەرماوەز تا بەفرانبار
بۆ شوێنێکی نادیار ڕێگایەکی درێژ
لە سەرمادا بەرەو سەرمایەکی قووڵتر
خەیاڵێکی ڕووتە
وەکو دارێک لە زستانا
کە چیتر بەهاری چاوەڕێناکات

سنە
ئیلهام موڕادی




ئەو مرۆڤایەتیەی کە نەماوە.. شیعری شۆڕش عەزیز سورمێ

لە نێوان دەموچاوە سەرقاڵەکاندا دەڕۆم،
هەریەکەیان لە بێدەنگی خۆیاندا قفڵ بوون،
و پێم سەیرە ئەو پریشکە بۆ کوێ چووە
کە ڕۆژێک دەیزانی چۆن ئازار بناسێتەوە.
مرۆڤایەتی ون بووە
لەو هەنگاوانەی کە خاو نابن
پێش ئەوانەی دەکەون، لەو دەستانەی دەست درێژ ناکەن،
لەو وشانەی کە چیتر ناوێرن
بۆ ئەوەی نادادپەروەری ناوببەین نادادپەروەری.
لە کۆشکەکاندا ون بووە کە دەسەڵاتیان تێدایە
دڵی بەردی هەیە،
و لەو شەقامانەی کە ئازاریان…
بووەتە ژاوەژاوی پاشبنەما
کە کەس نایبیستێت.
و لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک جار،
بە ئاماژەیەکی بچووک دەیدۆزمەوە،
لە نیگایەکدا کە هەڵنایەت،
لەو کەسانەی کە هێشتا وەستاون
بۆ ئەوەی بڵێت: “دەتبینم.”
ڕەنگە مرۆڤایەتی نەمێنێت:
تەنها شاراوەیە
لەو کەسانەی کە وازیان لە هەستکردن نەهێناوە.
لەو کەسانەی کە وەک تۆ،
بەردەوام بە لە گەڕان بەدوایدا
تەنانەت کاتێک جیهان…
وا خۆی نیشان دەدات کە پێویستی پێی نییە.




هەڵکشانی ڕۆح.. شیعری شەهلا نوری

لە سایەی دیداری
مانگدا، ڕۆحی
دەریا
دەگەشێتەوە، بە
لافاوی شەپۆل
هەڵدەچێت و
بێئارامیی
سەوداسەری
دەچرپێنێت.

کاتێک مانگ
هەڵدێت، دەریا
دەبێتە ڕاپەڕینی
ئەوینێکی شین، و
باخەڵی کەنار
کڕنۆشی بۆ
دەبات.

کە مانگیش ئاوا
دەبێت، دەریا
دەبێتە کشانەوەی
خەم و
هەناسەیەکی
شێتگیر، ڕوو لە
کۆچێکی تاریک
دەکات،
کۆچێک…
کە لە ناخی
شەپۆلەوە دەست
پێدەکات و لە
ئامێزی بێدەنگی و
سۆزی کەناردا
کۆتایی دێت.

شەهلا نوری




سۆراغی نەبوونت لەکام بوونی دونیا بکەم ئەزیزم؟.. پاڤێڵ ساڵح

شار جانتایەکی کۆنی پڕ لە غەریبییە و
منیش ئەو سەرنشینە ماندووەی
کە لە دوا وێستگەی شەمەندەفەرەکە جێماوە

تۆ ڕۆیشتی و
ئەم شارە وەک قۆپچەیەکی ژەنگاوی لە یەخەی عومرم بویەوە

تۆ کتوپڕ ون بوویت،
وەک عەترێک کە لە باوەشێکدا دەپڕژێت و
ئیتر چاوەکان ناتوانن کۆی بکەنەوە

ئەزیزم…
سۆراغی نەبوونت لەکام بوونی ئەم دونیایە بکەم؟
لەکام پەنجەرەوە بڕوانم کە سێبەری تۆی پێدا نەهاتبێت؟

کۆڵانەکان پڕن لە ژاوەژاوی ڕێبواران،
بەڵام من هێشتا گوێم لە بێدەنگیی هەنگاوەکانی تۆیە،
ئەو دەنگە کپەی کە هەموو هاوارەکانی تری تێپەڕاندووە

ئەزیزم…
سۆراغی نەبوونت لە کام ئوتێلی پەڕپووتی ئەم دنیایە بکەم؟
لە کوێی ئەم مێژووە چڵکنەدا بگەڕێم بۆ دڵسۆزییەکەت؟
ئایا لەناو عارەبانەی جگەرە فرۆشەکاندایت،
یان لەناو گۆرانیی ئەو سەربازە غەمگینەی کە لە سەنگەرەکەیەوە
پێش ئەوەی گوللەیەک سنگی کون کات، ناوی ژنەکەی دەهێنێت؟

مرۆڤ کاتێک کەسێک لەدەست دەدات،
تەنیا یەک کەس لەدەست نادات،
بەڵکو تەواوی ئەو دونیایە لەدەست دەدات کە لە چاوی ئەوەوە دەیبینی

من ناچمە سەر گۆڕستانەکان و ناو تەمومژی چیاکان،
من لێرەم لە ناو دڵەڕاوکێی کاتژمێر چواری بەیانیدا،
لەو چرکەساتە چۆڵەی کە مێشک لە بیرکردنەوە دەوەستێت و
غیابی تۆ وەک لافاوێکی هێواش
خشت بە خشتی ڕۆحم دەڕوخێنێت

مەزنترین تەنیایی، نەمانی مرۆڤەکان نییە لە چواردەورت
بەڵکو نەمانی ئەو تاقە کەسەیە کە پێشتر تەواوی گەردوون بوو بۆت

من ناتوانم وەک پاڵەوانەکانی ناو شانۆگەرییەکان بگریم،
هاوارکردن، زمانی ئەو برینانەیە کە دیارن

بەڵام غەمی من، غەمێکی قورس و بێدەنگە
وەک مەرگی درەختێک لە ناوەڕاستی دارستانێکدا،
کە بێ ئەوەی کەس بزانێت لە ناوەوە زەرد دەبێت

پێم بڵێ لەکام کەناردا ڕاوەستاویت؟
لەکام ئاستی غەیبدا هێلانەت کردووە؟
تۆ بوویت بە نیشتمانێک کە لە هیچ نەخشەیەکدا نییە،
و منیش بووم بە کۆچبەرێک، کە پاسپۆرتەکەی تەنیا یەک ناوی تێدا نووسراوە:
ناوی تۆ

سۆراغی نەبوونت لەکام بوونی دونیا بکەم؟
کاتێک دونیا خۆی
لە دوای ڕۆیشتنی تۆوە،
بووە بە پەڕەیەکی سپی و بەتاڵ،
کە هیچ ڕستەیەکی تێدا ناخوێندرێتەوە

سۆراغی نەبوونت لەکام بوونی دونیا بکەم؟
کاتێک خودی ئەم دونیایە،
کۆمەڵێک تەلەفۆنی بێوەڵام و
نامەی شێدار و
کتێبی تۆزاوییە،
کە لەسەر ڕەفەی تەنیایی ئێمە بەجێماون.




ئـاوی زیندوو نه‌گه‌یشتبووه‌ لووتكه‌كان.. شیعر \ نه‌ژاد عزیز سورمێ

مێژوو،
خوێـن و پێــكه‌نینی پـێدا دێ..
بـاران،
به‌ سه‌مای گه‌رده‌لوول ده‌چێ
كه‌زی تاڤـگان ڕاده‌كێشێ..
زیخ و چه‌وی كانی و جـۆگان،
له‌ گوێماندا گه‌وره‌ بوون..
خه‌باتی دره‌خت،
دژی ئاسمانی بـێده‌نگ به‌رده‌وامه‌..
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش
په‌لـكه‌گیا
تاك تاك
سه‌ریان له‌ ناو پووشدا
ده‌ردێـنن..
( مێـژوو..
خوێن و پێـكه‌نـین..
سه‌مای گه‌رده‌لوول..
خه‌باتی دره‌خت..)

هه‌میشه‌ به‌ نه‌خۆشیان بیـنیوین
‌ خه‌ریكه‌ ده‌مارمان
به‌ ده‌رمانی ئێــكسپایه‌ر
ده‌ردێـنن..
په‌نجه‌مان،
چاوی بێدارمان
هه‌ڵده‌گـڵووفێ..
ئه‌ستێره‌،
به‌ جل وبه‌رگی دڕاوه‌وه‌
ده‌رده‌كه‌ون
چیرۆكی (دونیای بێ شه‌ڕ) مان
بۆ ده‌گێڕنه‌وه‌..
( بـیـنـیـن..
ده‌مار..
ده‌رمانی ئێـكسپایه‌ر..
چاوی بێدار.. )

شه‌ڕ نه‌یهـێشت
زمانمان بێـته‌ گـۆ..
چـیا چه‌ند په‌نا بوو
نه‌فرین بوو..
كه‌س په‌یدا نه‌بوو بـڵێ :
پـاشا ڕووتـه‌.
( چیا..
شه‌ڕ..
نه‌فرین..
پاشای ڕووت.. )

هه‌ندێ جار
داگیرسانی ده‌نكه‌ شقارته‌كه‌ی ده‌ستم
ملپـێـچی بازنه‌ به‌ناوبانـگه‌كه‌م
به‌بیر دێنێـته‌وه
ئه‌وه‌ی له‌ دێری دێره‌وه‌‌
ده‌مباته‌ ئایینده‌یه‌ك
ته‌نیا له‌خۆی ده‌چێ..
( ده‌نكه‌ شقارته‌..
بازنه‌ی به‌ناوبانگ..
دێری دێر..
ئاییـنده‌.. )

كه‌ مه‌ستم
خۆم له‌ خه‌نه‌به‌ندانی مه‌رگ
ده‌بـینمه‌وه‌
له‌ هشیاریشمدا
چاو له‌و ڕه‌نگانه‌ ده‌گـێڕم
هێز ده‌ده‌نه‌ خۆر
سپێده‌ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه‌.
سازی ژێی پساو
به‌ دیوار نا،
به‌ ناخم هه‌ڵپه‌سێردراوه‌
ئاوازه‌ له‌بیركراوه‌كانی،
ئاوازی نۆستالیژیای ناچاریـیه‌..
( خه‌نه‌به‌ندانی مه‌رگ..
هشیاری..
ساز..
نۆستالـیژیا.. )

كاژه‌كان
سه‌ره‌تاتكێ
له‌گه‌ڵ لووتكه‌دا ده‌كه‌ن
كاژه‌كان
چه‌تری گۆڕستانی
داگیركه‌رانن..
گیای هه‌ژار..
ڕۆخانه‌ی زیندانی..
شه‌وقی به‌فر..
پاڵـیان به‌ (با)ی نوستوو داوه‌..
خه‌ون،
به‌ كۆتوشه‌ڵوارێـكی پینه‌كراوه‌وه،‌
به‌ناو جه‌سته‌ی بنیساویاندا
دێ و ده‌چێ..
سه‌عات،
چیدی كات ناپـێوێ
مناڵان باڵداری
گه‌وره‌تر له‌ شه‌ڕ
له‌سه‌ر تۆز و غوباری
كه‌ڵه‌كه‌بووی دیواران
ده‌كێشن..
ته‌وژم،
خۆیان به‌ گێژه‌نا ئه‌ده‌ن..
گوڵی كه‌ناران،
بێ هه‌ست
بێ جووله‌
چروچیلكه‌یان به‌خۆیان
داداوه‌..
( سه‌ره‌تاتكێ..
چه‌تری گۆڕستان..
كۆتوشه‌ڵوار..
جه‌سته‌ی بنیساو.. )

ئاده‌می،
له‌وه‌ته‌ی له‌ ئاوی زیندوو دابڕاون
ئینسانیه‌تیان لێ
داماڵـڕاوه‌
له‌ نه‌شئه‌ی به‌تاڵـی
ئوتێـله‌ بێ ئه‌ستێره‌كان
ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه‌..
له‌و ساوه‌
له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین چه‌خماخه‌دا
پـێـیان ده‌ڵـێـین:
ته‌نێ ئێواره‌ یا زه‌رده‌په‌ڕمان
بۆ ئازادكه‌ن
پـێده‌كه‌نن..
( ئیـنسانییه‌ت..
داماڵـین..
نه‌شئه‌ی به‌تاڵـی..
پێـكه‌نین.. )

نیشتمانی جه‌سته‌،
گه‌واڵه‌یه‌كی ناوه‌خت بوو
به‌سه‌ر بنمیچی سووتاومان..
ملیاره‌كانی به‌غدا،
كه‌ زلـهێزه‌ (مرۆڤدۆست)ـه‌ نه‌دیتـكه‌كان
بۆ نه‌هه‌نگانییان هه‌ڵـڕشت
لافاویان ڕاماڵـی
گـۆڕستانیان ئاوه‌دان كردنه‌وه‌
له‌و ساوه‌،
له‌وێ
له‌ كه‌ناره‌ ئاولـێـبـڕاوه‌كانی
دیجله‌ و فورات
باڵداری شووم
به‌ ئاسمانی ڕوانینمان
دێن و ده‌چن
تـۆی ڕووتـبوون،
له‌ كێـڵـگه‌ی پۆشته‌مان
ده‌چێـنن..
( نیشتمانی جه‌سته‌..
بنمیچی سووتاو..
باڵداری شووم..
تۆی ڕووتبوون.. )

ده‌بووایه‌
نوخشه‌ی لاسه‌نـگی
ڕه‌هایه‌تی لێ بده‌ین
ده‌بووایه‌
پـێشبینی په‌ژموورده‌یی
لق و چـڵی ده‌ره‌تان بكه‌ین
سه‌ربرده‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانمان
له‌ كه‌لاوه‌ی
گونده‌‌ وێرانه‌كانمان
كه‌ ئاوی زیندوویان تـیا ون بوو
پاك كه‌ینه‌وه‌
ده‌بووایه‌ بزانـین
به‌ری نـزار،
به‌و هه‌موو سڕه‌ و شه‌خته‌به‌ندییه‌ی
بۆ ڕۆژێ گله‌یی
له‌ خۆر نه‌كرد ؟
هه‌ناسه‌مان،
پـڕ به‌ سییه‌كانمان نییه‌ ؟
( نوخشه‌..
ده‌ره‌تان..
كه‌لاوه‌..
به‌ری نـزار.. )

تا چاو تیشكـیان لێ ده‌بووه‌وه‌
ساده‌ بووین .. ساویلكه‌ نا
مامۆستایانی نهێـنی،
ڕۆژانه‌
یادداشتی
تـاو و سێبه‌ریان ده‌نووسییه‌وه‌..
بایی خۆمان بووین..
سنگمان قه‌ڵغانی خه‌ونه‌كانمان بوو
كه‌ هێشتا،
ئاودیوی سنوورانمان نه‌كردبوو
هێشتا پاشگری
مۆڵ و
كۆمه‌ڵی فابریقه‌ی بێ ناسنامه‌ی
پـێوه‌ نه‌كرابوو
له‌ درۆی سپیمان زیاتر نه‌ده‌زانی..
شه‌وان چه‌كمان
له‌ تریفه‌ی مانگ ده‌شارده‌وه‌..
به‌ بۆردوومانی دژمن و
ته‌قـقه‌ی خاییـنان
به‌یانیمان ده‌كرده‌وه‌
حیكایه‌تی
ده‌ست و په‌نجه‌ی شه‌قارمان
بۆ پێده‌شتی به‌فرینی كوێستانان
ده‌گێڕایه‌وه‌
هاتین
به‌ هه‌ڵپه‌ی ده‌ركه‌زایان
له‌ شاره‌ به‌ژاوه‌ژاوه‌كان
هه‌موویمان له‌ده‌ست دا
هاتـین
ئـاوی زیندوومان مراند
به‌ تـاوه‌وه‌
خۆمان له‌ بندیواری چه‌شه‌خوازان و
مه‌یدانی قسه‌فرۆشاندا دیته‌وه‌
هه‌وای سه‌رابێـك لێی داین
نه‌ له‌ خه‌و
نه‌ له‌ بێداری
به‌رمان نادا..
( مامۆستایانی نهێنی..
درۆی سپی..
ته‌قـقه‌ی خایینان..
مه‌یدانی قسه‌فرۆشان.. )

ئه‌و زه‌مینه‌ی
هه‌ر یه‌كه‌مان ناوێـكمان لێ نابوو
ئه‌و زه‌مینه‌ی پشتی ڕاست ده‌كردیـنه‌وه‌
ئه‌و زه‌مینه‌ی
دایكمان بوو ، باوكمان بوو
له‌ خه‌می ئێمه‌ پـیر بوو..
ڤیان و خۆشه‌ویستی
سه‌ریان هه‌ڵگرت
ئێستا له‌ هه‌نده‌ران
به‌ یادگاری و
بۆ یادگاری ئه‌و ده‌ژین ..
( پشت ڕاست كردنه‌وه‌..
سه‌رهه‌ڵـگرتن..
هه‌نده‌ران..
یـادگاری.. )

چوارگۆشه‌ سازگارتـر بوو
یان بۆشایی؟
سه‌فه‌ر فێنكـتر بوو
یا باوه‌ش؟
تاڵیشك شیرینتر بوو
یا ده‌سته‌پاچه‌یی؟
ساوی كاوبا هێمنتر بوو
یا جێوه‌ڕێـیی؟
لاڤایی ڕۆشنتر بوو
یا په‌نگاو؟
چه‌شه‌خوازی كۆمید‌یتر بوو
یا بێـنیازی؟
ئاوی زیندوو به‌ شه‌وقـتر بوو
یا بۆنی ڕه‌نگ؟
( بۆشایی..
سه‌فه‌ر..
كـاوبا..
بێـنیازی.. )

بڵێسه‌ به‌ دره‌ختان هه‌ڵده‌گه‌ڕێ
ئاوی زیندوو
به‌سه‌ر سنگی زه‌نوێران..
ڕێی هه‌وادارانی گوڵـپه‌ڕ،
داری عاشقكوژانی لێ شین بووه‌
بوونه‌وه‌ری ده‌مامكداری گیرفان زل
له‌ هه‌ر كونجێك خه‌ونێــك بـبـیـنن
سه‌ری گۆشاوگۆش ده‌بڕن..
( هه‌ڵگه‌ڕان..
سنگی زه‌نوێران..
ده‌مامكدار..
گۆشاو گۆش.. )

شه‌وڕه‌و بوو
پرسیارێك
ڕوئیای دایساندم
كه‌ڤاڵێك بوو
له‌و كه‌ڤاڵانه‌ی
له‌ پیشانگاكانمدا
زۆر جار نمایشیان ده‌كه‌م
ده‌نگه‌ نووساوه‌كانی ده‌رده‌بڕی
له‌ ناوه‌ڕاستی (هیچ)دا،
له‌ ڕقی (درۆن)ـه‌ كوێره‌كان
وێنه‌ی لامپاییه‌كی شكاو
خۆیان به‌ ته‌نته‌نه‌ی ئاسمان
شۆڕ ده‌كرده‌وه‌
دووكه‌ڵی سه‌رده‌می ئیفلیجیان
هه‌ڵده‌مژی
به‌ چاوی كراوه‌وه‌ ده‌نووستن
سه‌ریان به‌ (با) ڕووت ده‌بووه‌وه‌‌..
( شه‌وڕه‌و..
درۆن..
ته‌نته‌نه‌ی ئاسمان..
سه‌رده‌می ئیفلیج.. )

چیا له‌ با ده‌پرسن
كێ ڕێی نـێوانی
نه‌خشه‌ی ئاگر و
بێده‌نگی ئاوی زیندووی بـزر كرد؟
خانمی هاوار هاوار
له‌ كام قه‌سابخانه‌ هاتبوو‌
به‌و كراوه‌یی‌ و بـێباكییه‌
سه‌ر له‌ لاشه‌
جـیا ده‌كاته‌وه‌
كه‌ خواوه‌ند
ده‌ستووریان نه‌دایه‌ ( نینئه‌ننا )
له‌ دونیای ژێری ژێره‌وه‌ بـیكا؟
( نه‌خشه‌ی ئاگر..
خانمی هاوار هاوار..
قه‌سابخانه‌..
نینئه‌ننا.. )

سیمامان له‌ تووڕه‌یی هه‌ڵـێـنجراوه‌
خاك،
له‌ به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه‌
كـێشمانه‌ی خۆی ئه‌دا
دره‌ختێـكی لێ نه‌بینرا
(بۆشایی)ـه‌ پڕه‌كان،
هه‌میشه‌
‌له‌(ببووره‌)یان زیاتر
بۆ نه‌مایه‌وه‌..
داهـۆڵه‌كان به‌ ئاوی مردوو
په‌ڕوبـاڵـیان ده‌ركرد
بـێستانه‌كانیان به‌ تاڵان دا
لووتكه‌ له‌ داخی
هه‌ناسه‌بڕكێی دارستانان
ده‌گرین
فرمێسكـیان
به‌ پانتۆڕی یاخه‌ ئوتوكراوه‌كان
دێـته‌ خوارێ
بوونمان،
به‌ تـۆز و گه‌ردی
خه‌تـایه‌ سه‌تـباره‌بووه‌كانمان
ئاڵووده‌یه‌..
ئاوی زیندوو
نه‌گه‌یشتبووه‌ لووتكه‌كان
بۆیه‌ نـابێ
به‌ مه‌رگی خۆمان بمرین
ئینجا بۆ ئه‌وه‌ی
بێ هـۆ نه‌مرین
ده‌چـیـنه‌ شه‌ڕ
دروشم،
به‌ مه‌ره‌كه‌بێـك ده‌نووسین
به‌ چه‌پڵه‌ی گه‌رم ڕه‌ش ده‌بێـته‌وه‌..
ئاوی زیندوو
نه‌گه‌یشتبـووه‌ لووتكه‌كان
بۆیه‌
‌له‌ پرسیاره‌ تێــكشكاوه‌كان
نه‌گه‌یشتین
گوڵه‌گه‌نم
بڕوایان به‌ هه‌ور نه‌ما.

                             نه‌ورۆزی 2026



بۆگەنیی کات.. شیعر \ مستەفا مۆحسین

هەستەکان لە قووڵایی گۆشتێکی ڕزیودا، بۆنی مێژوو دەگرن،
یادەوەرییەکان لە پەنای ئێسکەکاندا دەبنە خۆڵەمێش.
ڕاستییەکان، وەک تابووتێکی بێخاوەن، لەگەڵ ئاودا ڕێ دەکەن.
ورچە سپییەکانی بەستەڵەکی باکوور
خەوتن لێیان دەپاڕێتەوە،
بەڵام خەو، وەک حەبێکی ژەهراوی، لە قوڕگی ئاسماندا قەتیس ماوە.
چاوی کۆندەپۆکان لە ناو گیرفانی قاپوتێکی کۆندا،
بیرەوەریی دەڕشێننەوە.
خۆر، وەک پشکۆیەکی بێزار، لە ناو گوڵدانێکدا دەمرێت و
گوڵەکان بۆنی دووکەڵی ئەستێرەکان دەگرن.
هەورەکان، وەک پەڕۆیەکی چڵکن
تاڵیی دەبارێنن و
لە ناو جەستەی مرۆڤەکاندا، کارگەی بەرهەمهێنانی تەم دروست دەکەن.

لەو ڕووبارەوە، ئەو کەسەی کە قەت نەبینراوە،
چاوەکانی هاوشێوەی گەردوون کراوەن؛
“نەبوون” هەڵدەڕژێتە ناو زمانیەوە.
ئاوێنەکان خەریکە وێنەی ڕاستەقینە دەشارنەوە،
تا تێبگەین کە سێبەرەکان، بەر لە ئێمە خۆیان کوشتووە.
خەونە هاوبەشەکان،
هەموویان پڕۆژەیەکی خۆکوژین.
لەمە بەدواوە،
حەقیقەت وەک سەگێکی بریندار،
بە ناو کۆڵانە تاریکەکانی مێشک
بە دوای ئێسکێکدا دەگەڕێت،
که بۆنی “ئومێد”ی لێ نەیەت.




تۆ كه‌ ئێستاكه‌ لێره‌ نیت..شیعر \ كاوەی خەسرەوكاوانی

                        

تۆ كه‌ ئێستاكه‌ لێره‌ نیت
نازانى خه‌م چى پێ كردووم
به‌ گومانم ئاخۆ ماوم
یاخۆ منیش وه‌ك تۆ مردوم
* * *
له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌ رۆیشتوى
جارێك نه‌تپرسى هه‌واڵم
وه‌كو وه‌لى له‌ بۆ شه‌ما
دێوانه‌ى نێو ده‌شت و یاڵم
* * *
خۆزگه‌ ده‌به‌م ئابه‌و خاكه‌ى
باوه‌شى له‌ جه‌سته‌ت داوه‌
ئێستا گۆڕت گوڵستانه‌
گوڵستان باغى ژاكاوه‌
* * *
ئاخۆ ئێستا تۆش وه‌كو من
بیرم ده‌كه‌ى وه‌كو جاران
ده‌كه‌ى چاوه‌ڕێ ى نێرگز و
رێژنه‌ و بۆن و نه‌شئه‌ى باران
* * *
تۆش وه‌ك من هه‌موو ساتێ
بیرم ده‌كه‌ى تا دوا نه‌فه‌س
تۆش جیهانت وه‌ك جیهانم
بۆته‌ باڵنده‌ى نێو قه‌فه‌س

7/4/2026

                                                     kawa_kiwiny@yahoo.co.uk



کۆچەرییەکانی ناو شاخوێن.. مستەفا جەلال

ڕۆحم ئاوازی کۆچەرییەکانی بۆ ئاشنایە؛
بە سازی بێ وەتەر و
شمشاڵی بێ کون
ئازار بڵاو دەکەنەوە.

قافڵەکان لە ناو سییەکانمدا خەریکی کێشانی نەخشەی کۆچن،
جەستەی منیان وەک خاکێکی بێخاوەن دۆزیوەتەوە؛
بۆنی سووتانی ئەو ڕێگایانەیان لێ دێت کە هەرگیز نەیانبڕی،
بۆنی ئەو هیوایەیان لێ دێت کە هێشتا مێژوو ناوی نەناون.

شمشاڵەکان، تەقینەوەی ئەو هاوارانەن کە لە گەرووی زیندانییەکاندا خنکاون،
بۆ ئەوەی بێدەنگی تەنیا جۆرێکی تری قیژە بێت
بەڵام بە ئەلفوبێی کلس و خۆڵ.

لەمە بەدواوە بیابانێکم لە ناو کیسەیەکی نایلۆندا.
کۆچەرییەکان لە ناو دەمارەکانمدا خێوەتیان هەڵداوە و
بە بزماری ژەنگگرتووی یادەوەری،
دڵم لە قووڵایی ئەم زەوییە نامۆیەدا دەچەقێنن.

بۆیە سازی بێ وەتەر دەژەنن؛
دەزانن..
کە ڕێگەکان هەمیشە بەرەو “هیچ” دەچن،
چونکە تەنیا ئەو “نەژەنراوانە” ڕاستین،
تەنیا ئەو برینانە پیرۆزن کە شوێنەواری چەقۆیان پێوە نییە.
خۆزگە دەبوومە ئەو تۆزەی کە لە ژێر پێی “گوێدرێژەکانیاندا” دەبێت بە ونبوون،
نەک ئەم هەموو ئاگاییەی کە وەک بەرد لە گەروومدا جێ ماوە.
من نەوەی ئەو سێبەرانەم کە خۆر نەیدەویستن،
ئاوازی ئەو کۆچەرییانەم کە تەنانەت خاکیش ڕقی لێیانە.




لە یادگەی مندا.. شیعری: هەنگاو ئەسکەندەر

سەرینم قوڵەو یادگەم پێدەشت
مەگەر سەرەتا وشەکە نەبوو؟
ئەی گوناهی دەرکراوم
جێم مەهێڵە
مۆری غەریبی لە سێوەکەم مەدە
داستانی زین و مەمێکی تر لە ملم گرێ مەدە
نە بایەک، نە ووردە لمی ژێر پەرستگایەک
بەسەر نزای چاوی سپیمەوە هاژەی نەکرد
تەوژمێک لە هەوەسی خودام نۆشکردووە
وەک خۆی شەوەکانی ڕووتە و بێ خەون هەناسە دەدا
لارسام، تینووی هەتاوە
درز کەوتۆتە ڕوومەتم
شێوەی لە کۆتا هەنسکت دەکا
سەیرانم نشێوەو خەمم سپیندار
ڕوحم دەڕژێ و تۆش هەواری خاڵی




لە ئاوێنەی غەریبیمەوە… دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد

بۆ جەژنی قوربان…

بەیانییە…
تەمێکی قورس، قژی کێوەکانی ئەم وڵاتەی داهێناوە،
شەونم لەسەر گەڵای هەنارەکان نزا دەکات،
مەلای مزگەوتی گەڕەکیش، بە دەنگێکی ماندوو بەڵام تژی لە ڕۆح،
ناوی خودا بەسەر شەقامی خەواڵوودا دەبارێنێ.
ئەمڕۆ جەژنە…
بەڵام بۆ من، جەژن تەنها گۆڕینی بەرگی کۆن نییە،
جەژن، غەریبایەتییەکی قووڵترە لە ناو ماڵێکی بێ‌دەنگدا.
ئەمڕۆ کۆڵانەکان پڕن لە دابەشکردنی شیرینی و دەنگەدەنگ و خۆشی ڕووکەشانە،
بەڵام لە ماڵی مندا، بێدەنگییەکی پیرۆز و قورس نیشتووە.

چۆن باسی جەژن بکەم، کاتێک بەرماڵەکەی دایکم کۆکراوەتەوە و
سێبەری باوکم، چۆڵ و کڕ ومات ماوەتەوە؟
ئەی خودای وشە و ڕووناکی!
ئەمڕۆ لەم ڕۆژەدا، کێ دەبێتە قوربانی؟
مێژوو دەڵێت: ئێمە مێژوویەکە خۆمان و حەسرەتمان دەکەینە قوربانی!
ئێمە، کە لە جیاتی هەموو شتەکانی تری دنیا،
خوێنی غەریبی، خوێنی یادگاری، و خوێنی تەنیاییمان
بەسەر بەردی ئەم ڕۆژگارە بێ‌بەزەییەدا ڕشتووە.
ئەمڕۆ، من لە جیاتی دەستە کانی دایکم کە بۆنی نانی گەرم و خوانی ڕازاوەی لێدەهات،
بەرماڵی خەیاڵ ڕادەخەم ونوێژی شوکرانە دەکەم.
لە جیاتی تەسبیح وچاویلکەکەی باوکم کە جێماوە ،
دەنکە دەنکەی یادگارییەکانیان دەبژێرم و
لەگەڵ هەر دەنکێکدا، حەسرەتێکی قووڵ بۆ تێپەڕینی زەمەن هەڵدەکێشم.
ئەوان نەماون… بەڵام لە ناو هەموو دێڕێکی ئەم شیعرەدا، هێشتا پیاسە دەکەن.
منیش لێرەم…
تەنیام وەک موسافیرێکی جێماو لە وێستگەیەکی چۆڵدا،
شیعرێک بۆ جەژن دەنوسم.
شیعرێک کە لە جیاتی دیاری و شیرینی،
ماچ و ئاشتی و سەبوری بەسەر دڵە بریندارەکاندا دابەش دەکات.
ئەی ئەو کەسانەی لە پشت پەنجەرەی تەنیایی خۆتانەوە
سەیری ئەم جەژنە دەکەن و چاوتان لە جێ پێی ئازیزانتانە!
ئەی ئەو دڵانەی وەک پەلکە زێڕینە، دوای بارانی غەم، دەرکەوتوون!
جەژنتان پیرۆز…
با ئەم جەژنە، ببێتە جەژنی سەبووری بۆ دڵە تەنیاکان،
جەژنی ئاشتبوونەوەی مرۆڤ بێت لەگەڵ چارەنووسی خۆی.
جەژنتان هەر شاد بێت و
ڕۆحی ئازیزانتان هەمیشە غەرقی ڕووناکی… بێت.




مەرگی سێبەرەکان لە ئێوارەی کۆچدا.. پاڤێڵ ساڵح

جیهان ئەمرۆ لە چاوی من، کەنارێکی هێندە دوورە
تەنانەت مەرگیش لێرەدا، وەک نزا کز و ملوورە

لە نێوان تەم و ڕەشەبادا، هاژەی باڵی مەلێک دێت
دەڵێی ڕۆحی مرۆڤێکە و لە ناو عەرشدا بەدیلکراوە

ڕوونە وەک زەنگی تەنیایی، لە شوشە و زیوی شکاوم
دەنگی مەل نییە، هاواری مرۆڤێکی جێهێڵدراوە

لە ئاسمانێکی کڕ و مات، لەو پەڕی هۆشیاریی کاتدا
تەقەی شووشەی دڵێک دێت و کەچی کەسیش پێی نەزانیوە

بە تەنیا لەم ئێوارەیە، سوجدە بۆ کزیی تیشک دەبەم
تەمەن وەک مۆم کورت دەبێتەوە و لە ناو دەستما دەتوێتەوە

پاییز لێرە نییە ئازیز، پاییز لە ناو ڕەگی منە
بەم زووانە چراکەی منیش، لە ڕەشەبادا دەکوژێتەوە

ئازیزەکەم خۆزگە ماڵئاوایی فۆرمێکی تری هەبووایە، فۆرمێک کە تێیدا پێویستی نەکردبایە مرۆڤ جەستەی خۆی لێرە بەجێبهێڵێت و ڕۆحی ببات بۆ غەریبی

پاییز کە دێت گەڵاکان ناوەرێن ،ئەوە یادەوەرییەکانن کە لەبەر قورسیی خەمەکانیان چیتر لقی دارەکان ناتوانن بەرگەیان بگرن.

تراژیدیا ئەوە نییە کە دەڕۆیت ئەوەیە کە دەزانیت لە دوای خۆت، ئەو چاوانەی ڕۆژێک نیشتمانی تۆ بوون دەبنە گۆڕستانێکی سارد کە ناوی تۆیان تێدا نێژراوە

مرۆڤ کە دەڕوات، نابێتە تەپوتۆز، دەبێتە بێدەنگییەکی هێندە قورس کە گوێی زەمەن کەڕ دەکات

دەمەو ئێوارەیە و کۆچە، کە تۆ خەریکی ماڵئاوایی
دەمەو ئێوارەیە و کۆچە، کە تۆ دەست بەرداری منیت

هەموو دونیا غەرق بووە، لە نێو زەردەپەڕی تەنیایی
ئەوسایە کە تێدەگەیت، مرۆڤ وەک سێبەرێک وایە
هەموو شتێک بەجێدەهێڵێت و خۆشی لەناو کاتدا ون دەبێت

دەمەو ئێوارەیە، کاتێک تۆ لە من جیادەبیتەوە،
ساتەوەختی نوقمبوونی ڕۆژە لە نێو زەردەپەڕی قەتراندا.

ئەوسا تێدەگەیت کایەی ژیان چەند بێڕەحمە،
مرۆڤ پێش ئەوەی شوێنەکان بەجێبهێڵێت،
خودی خۆی لە ناو چاوی ئەوانەدا دەکوژێت کە جێیان دەهێڵێت.

تۆ دەبیت بە هیچ
منیش دەبم بە سێبەری ئەو هیچەی کە دوورکەوتەوە.




لە ونبوون دەترسم.. بابان ئیبراهیم

لە چاوشارکێی کۆڵانەکاندا
بۆ یەکەمینجار ونبووم و
نەبینرامەوە
“با” وەک خەزان
بۆ دوور دەیبردم
نەدۆزرامەوە..
نە شەقامەکان منیان ناسیەوە
نە ڕێگاکان دەستیان بۆ ماڵەوە گرتم
لەبیر گەڕەکەکەم چوومەوە
لەبیر هاوڕێکانم چوومەوە
لە بانگکردنەکاندا،
ناوی خۆم نەبیستەوە..

لە بیرەوەرییەکانی ئەم شارەدا
ڕووخسارم کاڵ دەبێتەوە
لە ڕۆژمێری خۆی دامدەماڵێت
منیش وەک بایەکی سارد
تێکەڵ بە هەناسەکانی دونیا دەبم
ماچە دێرینەکان بەلێومەوە بەردەبنەوە
دەستەکانم وەک ترازانی شاخێک
لەدەستەکانی دەترازێن
مەعشووقەکانی نامناسنەوە
پێکەنینەکانی نامناسنەوە
هەناسەکانی یادم ناکەن
کەچی من بە هەناسەکانی دەژیم

بەڵام من هەموویم بیرە
بۆنی حەوشە تەڕەکانی هاوین
دەستە لەرزیوەکانی زستان
کە بەهەناسەی یەکتر گەرم دەبوونەوە
ماچی ئێوارە زەردەکانم بیرە
هێمنایەتی دەشتە بەهارییەکانم بیرە
هەتا فڕینی پەڕەسێلکەکان
بەسەر ئاسمانی خۆزگەماندا

گەورەبووم
بەڵام لەهەموو ساتێک زیاتر
هەست بە ونبوونی خۆم دەکەم
هێشتا وەک درەختێک
بەخاکی یادەوەرییەکانی ئەم جیهانەوە
نووساوم..
شووناسی من
لەگەڵ شوێنپێکاندا تێکەڵبووە
هەر کە هەوای شوێنیکی دیم بەردەکەوێ
هەست بە ونبوون دەکەم
وەک هەور
بەسەر ئاسماندا هامووشۆ دەکەم
دەبینم هەموو جیهان
بۆنی کۆڵانێکی منداڵیمی لێنایەت

نازانم دوایینجار کام ڕەشەبا منی برد
لەکام سووچدا خۆم بینیەوە
بەڵام ئێستا لێرەم
لەهەمان ئەو کۆڵانەی بۆ یەکەمینجار
هەستم بە ونبوونی خۆم کرد تیایدا
بەڵام بێ ئەوەی بزانم بۆ
هێشتا هەست بە ونبوون دەکەم
ڕۆژێک لە وۆڵ ستریت
بە تەنیشت فڕانکلینەوە..
ڕۆژێک لە سۆهۆ،
لەلای برا غەریبەکەمەوە
لە لەندەن..
ڕۆژێک چەپکێک گوڵی گۆڕستانەکانم
بەسەر خاچی سەربازەکانەوە
لە سۆڤییەت
جاروبار هەست بە ونبوون دەکەم
لەناو گەرووی گۆرانیبێژێکی ژن
لە میسر
زۆرجار دەکەومە ناو سروودی ئەی ڕەقیبەوە و
تیایدا ون دەبم
لەوێدا ڕەقیب هێشتا زیندووە و
دەیەوێت بمخنکێنێت

چەند جارێک خۆم لەناو برینی
دەستوپەنجەی کرێکارێکدا بینیوەتەوە
لەقوڵایی برینەکەدا دەمبینی
مارکس فلووتی دەژەند..
کە تێکەڵ بە بۆنی ئافرەتێک دەبم
لەناو گریانی هاوڕێکانمدا ون دەبم
کە بەسەر باڵی کۆترێکەوەم
جێگایەکی دڵنیا بۆ نیشتنەوە نابینمەوە
لەئاسماندا ون دەبم
لەڕاوی چوار وەرزەی مۆدێرنەدا
خۆم لەناو جەستەی کوژراوی دوایین گورگدا بینیەوە
لەناو دێڕەکانی کراسناهۆرکای
کە زیندوو بوومەوە
وەک قالۆنچەیەک گینگڵم دەدا
لەسەر تەختەخەوەکەی گریگۆر سامزا
زۆرجار لەناو ژیانی پادشاکاندا ونبووم
دەستێکم زێڕی قاڕوون بووە و
دەستەکەی تر کەللەسەری خۆم

لەناو هەموو شتێکدا ون دەبم
تێکەڵ بە هەموو شتێک دەبم
بەخودی ژیان نەبێت
لەناو هەموو زەمەنێکدا
هەست بە توانەوە دەکەم
بەکاتی ئێستاوە نەبێت
کە سنوورەکان دەبینم
لەشوێنی خۆم ڕادەوەستم
نازانم پەنا بۆ داهاتووم دەبەم
یان بۆ ڕابردووم
هەر لەوێدا تێدەگەم
من بوونێکی ناوەختم هەیە
زەمەن نامگرێتە خۆی

دەترسم دوایین ونبوونم
لە مێژوودا بێت
دەزانم لەوێدا
مرۆڤێکی غەمگین و ڕووگرژم
گەر لە شارێکی گەورەشدا ون بووم
دەترسم ڕێگای دارستانەکان نەناسمەوە
دەترسم خۆم بۆ نەدۆزرێتەوە
هێشتا هەر وەک منداڵیم؛
لە ونبوون دەترسم

بابان ئیبراهیم




تەنیایی.. شیعری شۆڕش عەزیز سورمێ

تەنیایی هیچ دەنگە دەنگێک دروست ناکات،
بە نەرمی دەچێتە ژوورەوە،
لە تەنیشتتەوە دادەنیشێت
وەک سێبەرێک کە ناوت بزانێت.
بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری تۆ دەکات
و حوکم نادات،
ئەو پارچانە هەڵدەگرێت کە دەکەونە خوارەوە
کاتێک کەس سەیری ناکات.
هەندێک جار وەک شاخ کێشی دەبێت،
کاتەکانی تر ژوورێکی چۆڵە
لەو شوێنەی دڵ هەناسە دەدات
بەبێ شایەتحاڵ.
بەڵام لە تەنیایی
هەروەها ڕووناکییەکی بچووکیش هەیە:
ئەو بەشەی تۆ
کە هەرگیز لە بەرەنگاربوونەوە نەوەستاوە.
لێرەوە شیعر لەدایک دەبێت،
ئەوە شوێنی ئازارە
دەبێتە وشە
و وشە
ببێتە هێز.




دووری.. شیعری شورش عزیز سورمێ

ناوێک هەیە لە دڵمدا کە دەسوتێت،
وشەیەک کە وەک بەردێکی گەرم لە ناو گیرفانمدا هەڵیدەگرم.
ئەوە دەنگی باپیرمە
کە لە سەر کانییە ساردەکانەوە بەرز دەبێتەوە،
ئەوە بایە
کە هەموو قەبارەی شاخەکان دەزانێت.
چل ساڵە لە شوێنێکی تر دەژیم،
بەڵام هەنگاوەکانم هێشتا
خۆڵی گەڵاڵەیان پێوە چەسپاوە.
ماڵەکان ڕووخاون،
دارەکان پارچە پارچە بوون،
بەڵام ڕەگەکان — ئەوانە نا —
هێشتا ژیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە.
دووری پەتێکی توندە
لە نێوان ئەوەی کە بووم
و ئەوەی کە بوومەتە.
هەموو شەوێک
کە بێدەنگی دەخزێتە ناوەوە،
دەنگی خاکەکەم دەگوێزرێتەوە
وەک دەنگی کەسێک
کە هەرگیز لەبیری ناکات.
من بە نەرمی وەڵام دەدەمەوە،
وەک وەڵامی دایکێک
کە مرۆڤ هەرگیز جێی ناھێڵێت:
هەرگیز بەڕاستی جێت نەهێشتم


شورش عزیز سورمێ / ئیتالیا




هەمووان گوندین.. شیعری سەلام عومەر

ئەمن گوندیم
لەوێ ئاودێرێکی کاراو
کەدەچمە شاریش ئەفەندیم
ئەمن گوندیم
تەواوی ئەندامانی جەستەم
بەدرزی دیوارەکاندا هاتوون
پەنجەکانم بۆنی خۆڵ و
پێیەکانم……
لە تێچەقینی شیشۆق و
کەڵبەی دڕندەکان راهاتوون
ئەمن گوندیم
لێرە کۆلکە خوێندەوارو
لەوێش جوتیارێکی کاراو
وەکو بازێکی سەر دووندیم
هەمووان گوندین
دەزانین هەر کەس و حزبێ
بایی چەندین.




ئەو سڕینەوەیەی پێی دەڵێن ژیان..شیعری شەهلا نوری

کاتێک با،
بە مشتێک لمەوە
لە جەستەی کێوەکان دەدات،
تۆڵەیان لێ ناکاتەوە
تەنیا دەیەوێت
بڵێت، ڕووبەر درۆیەکە و
کات دروستی کردووە!
ئەم تاشینە بەردەوامە،
سەلمێنەری کاتیبوونی
هەبوونە
ئێمە هەموو بەردین،
ڕۆژانە پارچەیەکمان
لێ دەبێتەوە
بەردەکانیش…
چیتر خۆیان ناناسنەوە

شیعری شەهلا نوری




من بەو شتانە ڕاهاتووم.. نەوزاد بەندی

ئاساییە ..
گوێنەگرتن ..
نامە وەڵام نەدانەوە..
قسە بڕین ..
خۆ وونکردن..
لاپەڕەی نوێ هەڵدانەوە ..
دیداری ساختە.. نەهاتن ..
خێرا ڕۆیشتن ..
داواکاریی؛
خستنە زبڵدانەوە ..

ئاساییە ..
هەموو شتێ ئاساییە و
هەرچی ئەشکێنی، بیشکێنە ..
هەرچی ئەدڕێنی، بیدڕێنە ..
هەرچی چۆنێ منت ئەوێ،
وام لێ بکە ..
بمڕوێنە ..
بمژاکێنە ..
نۆژەنم کە
بمسوتێنە ..
بە کۆڵانەکانی شارا،
بە تەنیایی بمگەڕێنە..
لای کافێکان،
بێ چا و قاوە،
ڕاموەستێنە ..
ئاساییە،
هیچم لێ نایەت، وەک خۆمم ..
کەی فوت لێکردم، تاریکم ..
کەی دایشتگیرساندم، مۆمم..
بەڵام ئیتر
لە پارەوە،
کەڵکی زۆر شتم نەماوە ..
بایکۆتی شیعریش ئەکەم و
ناڕۆمە سەرەی ساتێکی
دیدارەوە ..
دوای تۆ هاوڕێیەکی باشم
دۆزییەوە،
هاوتەمەنمە و ..
وەکو خۆم بیر ئەکاتەوە ..
لە شەڕا ناوبژیوانە و ..
خواردن ئەدا
به پشیلە و
کوکوختی
گەڕەک و
هەر کەس بگری،
دڵ پێش چاو ژیر ئەکاتەوە ..
عیدی میلادمان وەک یەکە و
عەشقی بێکەسیی و تەنیایین..
مامانەکەمان یەک کەسە ..
هەردووکیشمان،
بەرامبەر بە تۆ ئاسایین ..
حەزی لە گەشت و گەڕانە ..
ڕقی لە شەڕە جنێو و
بەرد و
دارلاستیک و
بڕنەو و
شەڕی ئەتۆمە ..
چوار مانگی تر
تەقاعود ئەبێ و
ناویشی
سەد لە سەد وەک ناوی خۆمە ..

ئاساییە ..
بەڵام ئیتر
کەناوت هات،
پڕ نابم لە تابلۆی سیزان ..
پڕ نابم له هێڵ و نەخشی
ئەندەلوسیی ..
بەڵام ئیتر حیبرم تیا نییە ،
زیز مەبه گەر نەمنوسی ..

بەڵام ئیتر،
سایاتیکا ناهێڵێ
هەنگاو هەڵبێنم
بۆ ئەو شوێنانەی کە گوایا
لەوێیت و
کەچی لەوێیش نیت ..
عەسرێ لە تولە شەقامێ،
گوایا هاوڕێیت و
هاوڕێیش نیت ..

ئاساییە،
من ڕاهاتووم
لەسەر دڕاندنی لە پڕ ..
لەسەر شکاندنی له پڕ ..
لەسەر سوتاندنی لە پڕ ..
لەسەر نەبوونی
ئەدرێس و
ژماره و
هیچ شتێکی تۆ ..
هەزار ساڵی پێش ئێستایە،
پەیوەندیی و
حەز و
تووڕەیی و
هەموو گیر و گرفتێکی تۆ ..

ئاساییە و
من ڕاهاتووم ..
ڕەنگە تاقە کەس بم
لەسەر گۆی زەمینا،
کە بزانم
لەگەڵ تۆ
چۆنە داهاتووم ..
شارەزات بووم،
وەک بڵێی ساڵەهای ساڵ بێ
خوشک و برا ..
یان جیران و
ئامۆزات بووم ..

بەڵام ئاساییم ..ئاسایی ..
زۆر ئاسایی ..
بە موو باری سەرنجم
سەبارەت بە تۆ نەگۆڕاوە ..
تەنانەت یەک یادگاریشم
لە هەموو یادگارێکانمان،
کە نیمانە،
لە دەست نەدا
هەمووی ماوە ..
ئێستایش بیستنی ناوی تۆ
ئەمکاتەوە
به تەلەبە
لیڤاکس بە دەستەکەی
زانکۆ ..

نەوزاد بەندی




غەزەل: شوعلەی سەرکێش.. شاعیر: ڕەهی معیری.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شەهلا نوری

لالەم دی و ڕووی گەشی جوانی تۆم هاتەوە یاد،
شوعلەم دی و نازی سەرکێشیی تۆم هاتەوە یاد

سەوسەن و گوڵ ئاسمانی کۆڕیان دەڕازاندەوە،
ڕوو و زوڵفی مەجلیس‌ئارای نازی تۆم هاتەوە یاد

شەم لە باوەشی شەماڵا بڵێسەی لێ دەلەرزی،
لەرزینی بسکی عەنبەرسای سەر ڕوومەتی تۆم هاتەوە یاد

لە باخا پەپوولەیەک هات نەنیشت، هەڵفڕی و چوو بێباک،
تۆرانی بێهۆ و یاخیبوونی تۆم هاتەوە یاد

مامزی سەرمەست هەڵات، ڕایکرد و ڕووی کردە کۆسار،
خۆدزینەوەی دڵبەرانەی پڕ تابی تۆم هاتەوە یاد

جۆگەیەک لە بن سەرووێ زاری و گریانی بوو،
ئاهـ و ناڵەی گریانم لەبەر پێی تۆم هاتەوە یاد

شار پڕ بوو لە هەرای دێوانەیەک، ئەی ڕەهی!
دێوانەیی سەر و دڵی سەودای تۆم هاتەوە یاد




ئێمە دڵمان لەسەر جوانی داخستووە.. داستان بەرزان

ڕووناکییەکی پەنهان لە چاوانتدا بوو
کە شوێنی کەوتبووم
من چیتر هیچ ڕووناکییەک نابینم.

بوونت شەپۆلی دەریایەکی بێئارام بوو
کە خۆشەویستیم تێیدا دەبینی
من چیتر هیچ ئارامییەکم بۆ گرنگ نییە.

لەگەڵ بزەی تۆدا خونچەکان دەبوون بە گوڵ
ئەی چەند چێژم لە پشکتوونی گوڵەکان دەبینی
من کە چیتر هیچ گوڵێک پەی پێ نابەم.

تۆ شیعرێکی زیندووبوویت
چاوەکانت وشەکانی بوون
من کە چیتر شیعر و
چاوانی تۆم ناوێن.

نامەوێن هەرچی لە تۆدا بوون.

سوورایی گوڵی هەنار
لەسەر لێوەکانت
کاتێک دەستت نایە گەردنی ئەڤین.

ڕەشایی شەوێکی ئەنووستەچاو
لە چاوەکانتدا
ئەو دەمەی تیری تیژی تژی ژانت لە کەوانی بێمانایی ترازاند.

دابڕام لە سووایی گوڵی هەنار
لە لێوەکانت
لە ڕەشایی شەوێکی ئەنگوستەچاو
لە چاوانت
ئەوکاتەی تیر گەیشتە سنگم و
ناکۆتا زامداری کرد دڵەی بە تین.

بۆ دوایین جار بیرم لێکردیتەوە
دەمزانی بیرکردنەوەیە لە مەحاڵ
بەڵام هەر بیرم لێکردیتەوە
تاکو لێم کردیتەوە نوخنە
جەنگەکان تەواو دەبن
تۆ دڵت بە خونچەکان خۆش بێت
ئاگرەکان خامۆش دەبن
تۆ دڵت بە درەوشانەوەی ئەستێرەکان بکرێتەوە
دووکەڵەکان دەڕەوێنەوە و بەری چاومان ڕوون
کابووسەکان
شپرزەییەکان
ژانە بە سوێکان
هەموو تێدەپەڕن
تۆ ئاگات لە دڵت بێت
لە خونچە و
لە درەوشانەوە نەکەوێت
ئاگات لە دڵ بێت نەکەوێت!

مرۆڤ پێویستی بە کەسێکە بۆی بگەڕێتەوە
وەک ماڵ
مرۆڤ پێویستی بە ماڵێکە بۆی بچێتەوە
وەک کەس
ئێمە دەمانتوانی دووانەیەکی جوان بین
کەسانێک ئەمەیان دەبینی
بەڵام ئێمە دڵمان لەسەر جوانی داخست
بۆ هەمیشە لە دڵماندا پشگوێمانخست
گوێبگرە لە دەنگی لێدانی دڵ
لێدانی جوانییە ترپەکانی
فەرامۆشی بکە
جوانی گوناە
جوانی نەفرەتی
دەرگای لێمەکەرەوە
لە بیرت نەچێت ئێمە بۆ هەمیشە
دڵمان لەسەر جوانی داخستووە.

تۆ بارانی
ئەو دەمانەی من زەوییەکی وشکهەڵهاتووم
تۆ کانیاوی
ئەو دەمانەی پڕ بە گەرووی ژیان تینووم
حەز ناکەم بڕۆیت
تۆ لێرە بە ئەی باران
ئەی کانیاوی ناو دڵ لێرە بە
دەست بە ئارامییتەوە بگرە
بە جوانی هەمیشەییتەوە
لە ناومدا خۆت بنێژە.




زامێکی کراوە.. شیعری سەلام عومەر

زامەکانمان تەنیا شوێنەواری خەنجەر نین
مێژوویەکن و…..
لەسەر جەستەی مرۆڤایەتی نووسراونەتەوە
هەر برینێکمان پڕە لە هاواری بێدەنگی
ئاخ…. لە چ بێدەنگیەکداین؟
هەر ئازارێکمان، چیرۆکێکی لە هەگبەدایە و
بۆ نەوەکانی جێدەهێڵین
خەمی ئەم نیشتمانە هەلا هەلای کردووین
وەک شوشەیەک بە مستی خۆمان شکابێ
یان هێلانەیەک بەدەستی خۆمان سوتابێ
خەمی ئەم نیشتمانە
چۆتە نێو رەگی درەختەکان و
بەنێو دەماری گەشمردەکاندا رەتبووە …..
جارێکی دی زامەکانیان دەکاتەوە،
ئاخ لە چ بێدەنگیەکداین؟
نەخشەی نیشتمانێکی ئەنجنکراو
خوێنی لەبەر دەڕوا و
دڵەکان وشک دەکاتەوە
زامێکە….
بۆ هەمیشە دەرگای ئازارەکانمان بۆ واڵا دەکا
بێدەنگیمان لە خەنجەری جەلادەکان بکوژتر و
لە شمشێری هاوسێکانمان تیژترە
ئاخ…. لە چ بێدەنگیەکداین؟
ئەوە زامی خاکە دەمی کراوەتەوە …..
هەور تیماری دەکا
ناڵەی چیایە خەریکی پارچە بوونە و …..
تەور برینداری دەکا
وەک نەڕەی باڵندە فافۆنەکانی ئاسمان
کەبەسەرماندا دەبارن و
درەختەکانمان بەڕەگەوە دەبەن و
زامەکانی خاک دەکەنەوە،
هەور و با
ئەزموون و دەسکەوتەکانمان بابردە دەکەن
ئاخ…لە چ بێدەنگیەکداین؟.

سەلام عومەر




تەحزیر ڕەسمی.. شیعر\ نەوزاد بەندی

با دوا شت کە لە یادی ئەکەی ،
من بم ..
دوای من،
هیچی ترت بۆ لە یادکردن، نەمێنێ..
با دوا کەس کە تیرۆری ئەکەی،
من بم ..
دوای من هیچ کەسێ نەتدوێنێ …
من با دوا دەنکە فستق بم ،
کە توێکڵەکانی جیا دەکەیتەوە ..
فڕێی ئەدەی ..
با دوا کەس کە بلۆکی ئەکەی،
من بم ..
واڵەکەت وەک دەشتی کەنعان،چۆڵ بێ ..
دوای من، خاڵیی و تەنیا بی وەک مانگ
با من دوا پرژە عەتر بم ،
کە ئیتر ئەبێ شوشەکە
بشکێنی ..
وەک دوا دڵۆپە فرمێسکی
سەر برژانگ ..
نامەوێ دوای من ،
کەسێ زەنگت بۆ لێدا ..
نوکتەیەکت بۆ بکا و
بتهێنێتە پێکەنین ..
لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی عەشقا،
دەنگت پێ بدا و ..
داوەتی پیاسەیەکت بۆ بکا و
لە پێچێکدا،
شانت بەر شانی بکەوێ ..
نامەوێ ..نا ..نامەوێ،
لە دوای من،
شاعیرێ دار و تەختەی
شیعرێکت بۆ ببەستێ و
لە ئەسکەلەیەکەوە،
تەماشات کا و
دنیایەک وێنەت بگرێ..
بیەوێ لە فرسەتێکا،
پێت بڵێ دڵم پێم
ئەڵێ خۆشم ئەوێ ..
نا .. نامەوێ ..
دوای من کەسێکی تر
لە زیندانە نهێنییەکانتا،
بەر هیچ عەفواتێ نەکەوێ ..
ڕازی نەبێ لێت جیا بێتەوە،
بە ئان و زەمان ..
نا .. نامەوێ ..
دوای من، کەسێک
خەوی نیوەڕۆیەکت بزڕێنێ و
وەک قازیقە بتخاتە سەر شانی و
بتبا بۆ ناو درەختە نەمامەکانی پارکێ ..
لە دۆندرمە خانەیەک ،
دوو پسکیتی ڕەنگ و ڕەنگ بکڕێ ..
لە کەبابخانەیەک بڵێ،
چوار شیشی موشەکەل مەحشی ..
نامەوێ . نا دوای من،
هیچ جەردەیەکی ترت لێ هەڵکەوێ ..
ئەمەوێ هەر من،
تیشکی چاوەکانت تاڵان کەم ..
هەر من هەنگاوەکانت بۆ خۆم پاوانکەم ..
نامەوێ دوای من ،
هیچ جەردەیەکی تر،
نەیەڵێ نیوەڕۆ بنووی ..
بە دیارتەوە دانیشێ ،
تۆ باوێشک بەیت و
ئەویش مەوزوعێکی دوور و درێژ بکاتەوە ..
ئەو خەو بیباتەوە و
تۆیش نیوسەعات تەلەفۆن بکەی ..
ئێواره زۆر خێرا بێتە شارەوە و
مانگ پێش وەخت ،
کۆدەتا بکا بەسەر عەسرا ..
کزەبایەک دەستت بتەزێنێ و ..
نامەوێ بێجگە لە خۆم هیچ جەردەیەک،
وەک کۆترە باریکەیەکی بەر شەختە،
دەستێکت بفڕێنێ و
بیخاتە گیرفانێکی ..
بێجگە لە خۆم ، نامەوێ هیچ جەردەیەک،
بێ بەرنامە ،
تۆ بکا بە هاوڕێی سەیرانێکی
بە سەربازی جەنگێکی ..
بە فڵچەی ڕەنگێکی ..
بە هاوبەشی پێکەنین و گریانێکی ..




ماڵئاوایی لە سێبەرەکان.. شیعری شەهلا نوری

لە نێوان دوو جەمسەری دژواردا،
سەما لەگەڵ باهۆزی بوون دەکەم،
لە نێو خەیاڵێکدا کە تێیدا سێبەرەکان دەلاوێنمەوە،
و لە ڕاستییەک کە لێی دەترسم
دەترسم ڕاستی، ئەو بتە بشکێنێت کە پەرستوومە،
دەترسم “تۆ”یەک ببینم…
کە لە “تۆ”ی ناو خەیاڵم نەچێت
بەڵام ئیتر ئامادەم،
ئامادەم پەنجەرەی خەیاڵ دابخەم و
باوەش بۆ تەوژمی ساردی ڕاستی بگرمەوە
با تاڵیی ڕاستی لە شیرینیی خەیاڵ پیرۆزتر بێت،
من نامەوێت لە ناو تەمومژدا ون ببم،
با لە ناو جەوهەری ڕاستیدا هەبم
دەی خەیاڵ… کڕنۆشی ماڵئاوایی!
ئەی ڕاستییە تاڵەکە…
سڵاو!

شیعری شەهلا نوری




شکان.. شیعری سەلام عومەر

لەسەر شەقام مۆبایلەکەم لێ بەربۆوە
دەیان وشەی پەپولەیی لە دەوری کچێک کۆبۆوە
لە تاقیگە
پەرستارێک شوشەی خوێنەکەی شکاندم
سەدان گوڵەشیعری سوری
لێ وەراندم
نەوەکەشم
لاپتۆپەکەی بەردامەوە
پەردەی لەسەر هەزاران نهێنی نێو فۆڵدەرە شاراوەکان هەڵدامەوە،
ئەو چاویلکەی ساڵانێک بوو
نیشتمانم پێدەبینی
لێیان ستاندم
هێڵی نێوان من و خاک و
تۆڕی نێو چاویان پساندم.




ئێستایش جار جار.. شیعری نەوزاد بەندی

ئێستایش،
لە دوای تێپەربوونی
دەیەها ساڵ
جار جار
سەردانێکت ئەکەم ..
نە تۆ
کورسیەکی به تاڵت ماوە بۆ من ..
نە من ئەژنۆی
ئەو قادرمەکانی تۆم ماوە بۆ سەرکەوتن ..
ناوێرم نزیک بمەوە لێت،
ئەترسم تەزووی یادگاریی و
عاتیفە بمتوێنێتەوە ..
ببمە مشتێ حەرفی سووتاو
کەس تێم نەگا و
نەتوانێ بمخوێنێتەوە ..

ئێستایش جار جار،
یەک دوو هاوڕێ،
ڕازی ئەکەم بێن لەگەڵم ..
ئەترسم ئەگەر تەنیا بێم،
لەبەرامبەرتا بڕوخێم ..
بسوتێم ..
ببم بە هەڵم ..
ئەڵێم با لەبەر هاوڕێیان،
شەرم بکەم ..
نەهێڵم سۆز داگیرم کا ..
کە سۆز هەر داگیریی کردووم ..
ئەڵێم با لەبەر هاوڕێیان،
نەهێڵم فرمێسکیی دووریی،
گەچکاریم ..
کە ئەو هەر گەچکاریی کردووم ..

ئێستایش جار جار
ساڵانە جارێ
یان دوو جار ..
چوار سەعات ڕێگا و
زیاتریش ..
دە دوانزە بازگەی عەرەب و
کورد و شیعە ..
ئەبڕم و دێم ..
لەگەڵ هەزار دەرد و زاما ..
به پرسگەی زانکۆ ئەڵێم
یابا جێنا زیارە،
ئیحنا خریجی قوداما ..
ئەکەوێتە سەر کەسەکە
یان ئەڵێ ئەهلەن وە سەهلەن،
عەلا ڕاسنا ..
یاخود ئەڵێ،
وەڵاهی ما بیها مەجال،
کامێرا تلتەقت حەتا
نەزەڕاتنا وە حەواسنا ..

ئێستایش جار جار ،
وەک بۆ پاشماوەی جەنگێکی مێژوویی بێم،
بۆ مۆزەخانەیەک، کۆن کۆن ..
بێ جانتای سەفەر ..
بێ خاولی و
مەکینەی ڕیش تاشین و بۆن ..
ئاخر بە نیازم وەک جاران،
قوتابیەکی شیمالی
موخەڕیبین و عوسات بم..
لەناو کۆمەڵێ بەعسیدا،
موستەقیل بم ..
عەرەبێکەم دوکەڵ بکا و
وەکو دیل بم ..
ئەمەوێ وەک تەلەبەیەک،
خۆم نیشاندەم ..
بەڵکو زەمان دڵی پڕبێ و
ئەویش بێتەوە بۆ دواوە ..!
بەڵام کە پرسیار ئەکەم و
لەوەڵامدا ئەڵێن حەجی ..
شانۆگەرییەکە ئەوەستێ و
شانۆ ئەڕمێ و
پیرەمێردێ دەرئەکەوێ
لەگەڵ بەشی بایۆلۆجی




شیعر\ دوا گەشتی بێدەنگی.. وریا مەعروف

١

ئێرە وێستگەیەکی پیرە…
دیوارەکان، ڕەنگی ژەنگی ماندووبوونیان گرتووە.
هەموو ڕۆژێک، سەدان مرۆڤ دێن و
بە جانتای پڕ لە خەمەوە، لەسەر کورسییەکان دادەنیشن.
کەس ناپرسێت: “ئەم شەمەندەفەرە بۆ کوێمان دەبات؟”
تەنیا چاوەڕوانین…
چاوەڕوانیی ئەو ساتە، کە کاتژمێرە گەورەکەی وێستگە
بە لێدانێکی قورس، پێمان بڵێت:
“ئیتر کاتی ڕۆیشتنە.”

٢

ئەو ئەسپە ئاسنینە، بێ هەرا و هەیبەت دەگات،
وەک سێبەرێکی سپی، بەناو تەمدا دەخلیسکێت.
سەر دەکەوین…
هەندێکمان چاو بە پەنجەرەکانەوە دەبەستینەوە،
تا تەماشای ئەو باخانە بکەین کە تێپەڕین،
وەك ئەو گەنجێتییەی وەک تەمومژ
لە دوای خێرایی تەمەن ون بوو.
هەندێکمان تەنیا سەر دادەخەین و
دوعا دەکەین، کە نزم و بەرزیی ڕێگەکە زۆر نەبێت.

٣

ژیان، ئەو پەنجەرە پچووکەیە…
کە تێیدا دیمەنی دڵخۆشی و ناخۆشی بە خێرایی دەڕۆن.
جارێک کێڵگەیەکی سەوز دەبینین و دڵمان دەکرێتەوە،
جارێکیش چۆڵەوانییەکی وشک و بێ ئاو.
کەچی ناتوانین بە شۆفێرەکە بڵێین: “بوەستە!”
ناتوانین بۆ چرکەیەک دابەزین و
بگەڕێینەوە ناو ئەو باخەی کە تازە تێپەڕی…
ئەم شەمەندەفەرە تەنیا یەک ئاڕاستەی هەیە،
ئەویش بەرەو پێشەوە، بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەڵێن “کۆتایی”.

٤

پیاوێکی پیر لە تەنیشتم دانیشتووە،
دەستەکانی دەلەرزن و سەیری وێنەیەکی کۆن دەکات.
ئەویش وەک من، وەک تۆ،
لە وێستگەیەکی دووردا، کەسێکی ئازیزی جێهێشتووە.
هەموومان لێرە کۆچەریین،
هەریەکەو خەمێکمان کردووە بە سەرین و
بە دیار ڕێگەکەوە، خەو دەمانباتەوە.
ئازارەکە لە ڕۆیشتندا نییە،
لەوەدایە، نازانین لە کام وێستگەدا بانگمان دەکەن و دەڵێن:
“تکایە… دوا سەرنشین، پێویستە دابەزێت!”

٥

خودایە…
کە گەیشتینە دوا مەنزڵی ئەم گەشتە ماندووە،
کە جانتاکانمان لەبەر دەمماندا کردەوە،
با دەستمان پڕ بێت لە سپێتی و میهرەبانی.
با ئەو کاتەی شەمەندەفەرەکە لە ناو تەمدا ون دەبێت و
ئێمە بە تەنیا دەمێنینەوە،
یادگارییەکی ڕۆشن و
دڵێکی ئاراممان، وەک چرا بۆ مابێتەوە.




غەزەلی ژمارە ٦٥ ی شاعیر: محەممەد تەقی بەهار (مەلیکوشوعەرا).. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

ئەم غەزەلە ڕەنگدانەوەی سەردەمی زیندانی و دوورخرانەوەی شاعیرە.

من ناڵێم لێرە لەم قەفەسە ئازادم کەن
قەفەسم بەرنە نێو باخ و دڵم شاد کەن

ڕادەبرێ فەسڵی گوڵ، ئەی هاودەمان دەخیلی خودا
لە باخێ دانیشن و یادی منیش یاد کەن

عەندەلیبان مژدە بێ، گوڵی سوور هاتەوە نێو چەمەن
بۆ شاباشی قەدومی، هەموو چریکە و فەریاد کەن

یادی ئەم مەلە گرفتارە بکەن ئەی مەلان
کاتێ تەماشای گوڵ و گوڵزار و شەمشاد کەن

هەر کەسێ مەلێکی دیلی هەبوو لەنێو قەفەسا
بۆ باخی بەرن و بە یادی من ئازاد کەن

هێلانەی منی بێچارە گەر سووتا، با بسووتێ
بیری وێرانبوونی ماڵی سەییاد کەن

شەم گەر بە بایەک خامۆش بوو مەگرن عەجەب
یادی هەناسەی پەروانەی بەباداچوو شاد کەن

بێستوون لە ڕێمانە، نەکا لای فەرهاد
ناوی شیرین بەرن، دڵەی زاری ناشاد کەن

زوڵم و زۆرداری عومری لاوان کورت دەکەن
ئەی گەورەکانی وەتەن، شیوەن و داد کەن

گەر بە زوڵمی ئێوە ماڵی مێروویەک وێران بوو
مەحاڵە ماڵی خۆتان ئێدی ئاوا و ئاباد کەن

کونجی تاریکی زیندان گەر پشکێ بەهاری بەرکەوت
شوکرانەی ئازادی و دیاریی خوداداد کەن




غەزاڵ.. شیعر: نەوزاد بەندی

لە شەش ملیۆن
کۆیلە و .. زیاتر،
سیامەندێ،
مەردێ نەبوو،
تیمارت کا ..
هەموو،
هەر هەموو نامەرد بوون ..
غەزاڵ ..!

لە شەش ملیۆن ،
دەمەوەر و.. زیاتر،
دەستێ نەبوو
خوێنی مەردیی بیجوڵێنێ،
نەجوڵا ، چارەسەرت کا..
هەموویان هەر دار و بەرد بوون ..
غەزاڵ ..!

غیرەت، هۆ غیرەت
سەگ بتخوا ..
لەو هەموو تەنگە ئەستوورەی
قەت تێر نابن لە قسە و
درۆ و
لێدوان و
چەنە بازیی ..
لەو هەموو شاعیرە
لاتەی
کە پێیان جیاناکرێتەوە
شیعر لەگەڵ لوقمەقازی ..
کامیان وێرایان
بە شیعرێ،
تیمارت کەن ..
یان هیچ نەبێ
نەختێ دڵت بدەنەوە ؟
دەرگای ووشە و
دەرگای ماڵ و
پەنجەرەت لێ بکەنەوە؟
شەش ملیۆن مەڕ،
بە ڤایرۆسی ترس و
سەرشۆڕیی و ملکەچیی،
توشی دەرد بوون ..
غەزاڵ ..

لە هەزاران مزگەوتی
گەورە و بچوکا،
کە هەمانە ..
تاتەشۆرێ
ڕازی نەبوو،
لاشەکەتی لەسەر بشۆن ..
لەگەڵ هەبوونی ئیمانێ،
کە نیمانە ..
هەزاران پەرلەمانتاری
غەبغەبە کشاوی
زۆر بڵێ،
حاسیبەیەک
ووردبینێ
یاخود زۆر خۆرێ ..
ڕازی نەبوو،
باست بکا،
بە هیچ جۆرێ ..
شەش ملیۆن
تارمایی نوستوو ..
شەش ملیۆن
ویژدانی بەستوو..
نیوەی تۆبەکاری سەوز و
نیوەی تۆبەکاری زەرد بوون ..
عەزاڵ ….!

باش بوو،
بەو جۆرە کۆچت کرد ..
پێناسەی ئێمەت خستە سەر
ئەو تەختەیە ..
یەک جەڵەب لە دۆنکیشۆتت،
ئاشکرا کرد،
پەردەت لەسەر ڕوو لابردن،
بە چرکەیە ..
هەتا کورد مابێ ،
کۆچی تۆ ،
به تەوێڵییەوە پەڵەیە ..
هەروەک بەکر عەلی وتی،
ئەم سەردەمە
سەردەمی دز و قەحپەیە ..
شەش ملیۆن پەنجەره
شکان ..
تا دوێنێ بوو ،
بە قەولی خۆیان بێگەرد بوون،
غەزاڵ …!




بۆ غەزال.. شیعر: سەلام عومەر

من تەنیا میوانی خەم نیم
قەدی ئەو درەختە پیرەم تەور برینداری کردووە!
تاشەیەکی کوێستانیم و لافاو هەڵیداومەتە بیابان،
زامی غەزالی زاگرۆسیم
کاتێک لەو سەری دونیا دڵی شوشەی کوردێک دەشکێ،
لێرە لەناو خوێنمدا شیشۆق
لە دەمارم دەچەقێ
من چیتر خۆم لە خەم جیا ناکەمەوە؛
من نەڕەی پڵنگێکی بریندارم لە گوێچکەی مێژوودا
دەنگی قڵیشانی درەختێکی زاگرۆسم و
غەزال ئاویدەدا
بێدەنگی ئەو باوکەم نانێکی دەستناکەوێ
لە هەژاریدا پلانەکانی ئاڵۆز بوون و
لەبەردەم ماڵی خودادا
جەمەدانیەکەشی راخستووە.
من، تاریکیی زیندانییەکم کە لەو دیو دیوارەکانەوە
خەم بەسەر زاگرۆسیەکاندا دابەش دەکاو
زامەکانیان تیمار ناکا
تەنیا تەنیایی نییە،
ئەوە چاوەکانمە بوونەتە روبار و خوێنی جەنگاوەڕەکانمان دەڕێژێ
ئەوە منم گەردوون کێش دەکەم
تا هەموو ئازارەکان لە کونە ڕەشەکانەوە ڕاکێشم و
ببمە تەقینەوەی خەم،
خۆرهەڵات و خۆرئاوا
بۆ من تەنیا دوو گوللەی خەمن،
ئاراستەی من کراون و
دەمپێکن
خەمێک بۆ ئەوانیدی لە خەودایە و
کەچی بۆ من هەمیشە بەپێوەیە،
پیرە درەختێکی زاگرۆسم و
هەر کەسێک لە بنارم شکۆی بڕوشێ
لێرە چڵەکانم هەڵدەوەرن،
هەر شارێک لە جەنگدا بسووتێت،
لێرە دووکەڵی خەم دەمخنکێنێ
دەبمە خەڵوز و ناخم رەش دەنوێنێ
من تەنیا مرۆڤ نیم؛
من ئەو جەستە ماندووەم کە هەموو ئەو غەدرانە هەڵدەگرێت
کە خودا نەیبینیون،
من ئەو کێوە تاقانەیەم
کە لە جەستەی هەمووتاندا هەم و نەرمی دەنوێنم
وەلێ لەنێو نوێنی خەمدا هەر بەقەستی خۆم دەنوێنم
من خەمم و خەمیش من
بۆیە نیشتمان بەخۆم و
خۆشم بە نیشتمان دەچوێنم.




غەزاڵ.. شیعر: نەوشیروان ئازاد

لێم ببورە غەزاڵەکەم ..
کچەکوردە چاوگەشەکەم …
هێشتا ژیان ،
لەلای ئێمە ،
هەرسارایە..
هەرنەبونیی خۆشەویستی و ،
مرۆڤ دۆستی لەتارایە…
لێم ببورە ..
کەلای ئێمە…
کوردایەتی و ،
بۆکورد ژیان
لەئەشکەوت و
لەنێو زیندانی ڕەشایه..
دەبم بەخشە ..
هەناسەکەم ..
بەخشندەگی لەتۆجوانەو ..
لای ئێمە..
درۆیەکی بێ مانایە..
چەند دڵتەنگ و شەرمەندەم بۆت ..
کەدەبیستم هاوکارانم …
لەئاست ژانی زامەکانت…
دڵی ڕەشیان …
لەگیرفانی شەرواڵێکی کەمێک کورت و
سینەیەکی چڵکن دایە

16/4/20




پەریسا.. شیعر: سەردار جاف

دەمێک کزۆڵ، دەمێ بابردووی ئەمشەوەم
دەمێک تينووی تريفەی مانگی يەک شەوەم
خەرمانی بەخت بە توونی بابا ڕۆچووە
کە من زامدار و عەوداڵ و شينی ئەوەم
کاتێ ديدەم بە سيمای ڕووت بەختدارە
چاو پڕ ئەوين، غلۆربووی هەوراز و گەوەم
بەهارم لێ ئاوا نەبوو بەبێ پەری
ئێريکا وا لێم ئاڵاوا مينا هەوەم
وا دەستم لە دامێنت گير بوو پەريسا
مناڵ بزێو و قورتاری دەستی شەوەم
ئاسوودە هەست فڕيوی يادی شەوگارم
دڵم پەڕێش و بێ پەرژانی ئەو خەوەم

سەردار جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا
16 – 4 – 2026

ئيريکا : توخمێکە لە نزيکەی ٨٥٧ جۆری ڕووەکی گوڵدار لە خێزانی ئێريکاسيا




گەڵا هەڵپڕوکاوەکان ئەبووژێنەوە.. عارف کوردە

گوڵە ژاکاوەکانی،
ژێر پێی کوێرەوەری ئەبووژێنمەوە
ڕووح ئەکەمەوە بەجستەیاندا
ئەتوانم بەناو تووڕەیی،
هەورە برووسکەدا تێپەڕم
بەڕەنگی پەلکەزێڕینە
فوو لەڕوخسارە پەڕیوەکان بکەم
ڕەنگی مردوویان،
لەسەر لائەبەم
لەگەڵ غەمەکانما بێدار ئەبمەوە
یەک..یەک ئەیاننێژم
پێکەنینە تۆراوەکان،
ئاشت ئەکەمەوە
پەنجە ڕچیوەکان گەرم ئەکەمەوە
پەرچوو ئەخوڵقێنم
گەڵا وشکەکان سەوز ئەکەمەوە
ڕێگا دابڕاوەکان ئەخەمەوە سەریەک
لەدوندی شادیدا
ڕۆژە ڕەشەکان سپی ئەکەمەوە
تارمایی مەرگ ئەڕەوێنمەوە
قۆڵ ئەکەم بەقۆڵی گۆڤەندا
ئەچمەوە ماڵی دیلانێ
تاهەتایە لەیەکتر دەئاڵێینەوە
لەنێو کاولاشدا، خشتئەبڕم
لەماڵی بێ هیوایی..هیوا ئەچێنم
لەژێر ڕەهێڵەی درۆندا..!
چرا دەئەگیرسێنم
لێناگەڕێم باڕەش..،
گوڵەکان هەڵپڕوکێنێ
با، گڵوپەکان نەکوژێنەوە
شار لەتاریکیدا.. ئەمرێ
ئەستێرە چاوی هەڵئەگڵۆفێ
ئاسمان شینایی لەدەست ئەدا
کراسێکی خۆڵەمێشی ئەپۆشێ
زەڕنەقووتەکان،
لەقوڕەلیتەدا نوقم ئەبن
لەشەوەتارەکاندا
بەدوای کاروانکوژەیا ڕاناکەم
زستان زەندەقی لەبەهار چووە
ڕێواس، درزەکاتە سنگی بەفرەوە
مێلاقەو نێرگز،
بەسەمفۆنیای تاڤگەو
هاژەی چەمەوە ئەگەڕێنەوە
مەرکانەکانیان،
دەرماڵن لەئاوی نەمری




نەخشەی زمانی ڕووناکی.. شیعری عەبدوڵڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ناوونیشانم گۆڕاوە؛ گوڵم ئیتر بەم ئەدرێسە
نامەی پەژارە و دڵتەنگی جیابوونەوەی شیعر و ژنم بۆ مەنێرە
جاران لە چایخانەی ئەڤینی شیعرێکدا،
لەبەردەم خەیاڵی گەورە و جوان جوان وەکو چاوەکانت
بە تەنیشت زمانێکی تا بڵێی پاراو دەمنووسی بۆت
جاران؛ ترسم نەبوو مێخەک، هەتاکو بڵێی بێباک بووم
خەمێکی لاواز و وشک ڕاپۆرتم لەسەر بنووسێ
بڵێ شاعیر خۆشباوەڕە و هیچ ڕۆژ نییە چەخماخەی وشە دانەکا و
بەگژ تاڵی و تاریکی ئەم ژیانەدا نەچێتەوە!
گەواهیم لێبدا و بڵێ ئەم شاعیرەم بەم چاوانەی خۆم بینیوە
شەکری هیوای کردۆتە پیاڵە چای خەم و پەیتا پەیتا نۆشیویەتی
بڵێ شاعیر ئەڤیندارە و دەستی تەمی وشە دەگرێ
زمانی لەڕێحانەیە و
وێنەی فڕین، ئاوازی دڵڕفێن دەچڕێ
بێت و بڵی ئەم شاعیرە زمانی عەشق دەزانێ
بە پەیجی خۆشەویستییەوە یەکەمین شیعری نووسیوە و
دووریش نییە سبەی بەهار ببینێت و ژووان لەگەڵ هەتاو دانێ.
نا قەد بەدووری نازانم بڵێ ئەوەی شیشی زیندانەکانی خەیاڵی لەت و پەت کرد
ئەوەی کۆڕنیشی ئەندێشەی پڕ نەعناع کرد
ئەوەی یەک یەک پێکەنینی گەیاندە سەرجەم گەڕەک و کۆڵانەکان
ئەوەی لەجەرگەی تاریکی ڕۆژی شیعر مۆمی ئاوازی داگیرسان
کڕنۆشی برد بۆ زەریاکان
بڵێ ئەوەی یەکەمین جار گوێی لە هەناسەی وشە بوو
ئەوەی یەکەم بەسەرهاتی خۆشەویستی گێڕایەوە
ئەوەی یەکەم ئینجانەی دڵداری ئاودا
ئەوەی پەیڤی خزاندە نێو بەستەڵەکی جاویدانە
ئەمڕۆ ئیتر بە ئەدریسێکی تازەوە.. لە شەقامێکی پڕ لە دەنگ و یاخیبوون
باخچە بە باخچە دەگەڕێ و
ناوی گوڵە تازەکانی پەژمووردەیی تۆمار دەکا
نەخشەی زمانێکی نوێیە و ڕەچەڵەکی دەچێتەوە سەر هەڵپەڕکێی بەیبوونەکان
سەمایەکی قەرەجییانەی بێ شوناسە و پایتەختەکانی غەریبی دەکا بە سێبەری ڕوحی
زمانێکی نوێ بەس ڕووناکی دەناسێ
تەنها چرا هاوڕێیەتی و ڕووناکی دەکا بە هاوڕێ
بەم ئەدرێسە تازەیەوە، ئیتر من دەبم بە خۆم و
شیعر دەبێ بە هەتاو و
ئەڤین دەبێ بە سەفەر و
خەیاڵیش بە وەرزی فڕین.
بەم ناوونیشانە سەرەوە کەنامەت نارد لەسەر زەرفی دڵنەواییمان بنووسە
لە بەیبوونە شیعرێکی باخچەی جوانییەوە
بگات بە دەستی هەتاوێک کە بەزمانی ڕووناکی دێتە قسە.

سەرەتای تشرینی دووەمی ٢٠٢٣




سەفەری ڕاستەقینە.. شیعری وریا مەعروف

ئێمە لێرەین..
لە بەرزەخی نێوان دوو کەناری بێدەنگدا ڕاوەستاوین:
کەنارێک، ناونیشانی ئەو ڕێگایانەی پێیاندا تێنەپەڕین،
کەنارێکیش، شوێنپێی ئەو هەڵانەی تێیاندا چەماینەوە.
ژیان..
مەودایەکە دەبێ بە پێی ڕووت ببڕدرێت،
نەک بە کۆڵەپشتێک پڕ لە خۆزگە و
کۆچبارییەک لە ئەفسوس.
دەبێ وەک باران ببارێین؛
کاتێک دەبارێت،
نە یادی ئەو هەورە دەکات کە جێیهێشت،
نە خەیاڵی لای ئەو زەوییەیە کە تینووە..
ئەو تەنیا دەبارێت.
مەبە بە کێلی مەزاری ئەو خەونانەی نەتکردن،
مەبە بە پاسەوانی ئەو وێرانەیەی تێیدا هەڵەی؛
ئەو کەسەی لە پەنای پەشیمانیدا دەخەوێت،
بەیانیان بە ڕوخسارێکی ژاکاوەوە لەدایک دەبێتەوە.
با وا بژین:
وەک دەنگێکی ڕەسەن لە ناخی دۆڵێکی قووڵدا،
نەک وەک دەنگدانەوەیەک، وێڵ بە دوای کێودا.
با دەستەکانمان لە جیاتی یەخەی ڕابردوو،
شانەی پەرچەمی ئێستا بکات.
سەفەری ڕاستەقینە، ناسینی هەموو ڕێگاکان نییە،
ئەوەیە کاتێک لە ڕێگایەکدا هەڵدەخلیسکێین،
نەبین بە بەرد و لەوێدا ڕەق هەڵبێین..
بەڵکو ببین بە ئاو و
لە ناخی درزەکاندا، ڕێچکەیەکی نوێ هەڵبکۆڵین.




بەر لە شەرم.. شیعری سەردار جاف

رۆخی ئەستێرەکە
بێشەيەکی بێشەڵان بوو
کە خزا
هەپروون بە هەپروون
پياسەکانی ڕۆژانەی ئاوڕشێن دەکرد
بێشەمای سيگارەکە
مينا قاوەکەی ڕۆژانە تاڵ تاڵ
بە نێو ئاوڕشێنی بانێژەيەک
ڕەق هەڵاتوو
گێژەڵوکەيەکی گێژبوون لێی ئاڵاوە
بە گژما دێ
دێيەکانی تەنهایی
هەڵدەزنێ بە نزاکانما
جێ نزار و سەيوانی پشووەکانی
بێ دەرەتانيمە
لێوە زەردەکانی ڕێی خاکە لێوە
زەرد زەرد دەچنەوە
بێ قاميت
حەسرەتێکە
بە چرای بانێژەکەوە
کپ کپ و مەحوو مەحوو
ئيدی پەنجە
بۆ دەروازەی شەراب نابەم
من بۆ خۆم مەستم
هێندە مەستم و
هێندە مەستبووم
تا هەتايە بەرم نادا
گێژ و حۆل حۆل

سەردار جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا




خۆڕسکیی بوون..شیعری شەهلا نوری

ئەگەر
گیانی شەهلا نەما…
ڕۆحم
بێدەنگ
دەچێتە ناو خاک،
بە نەمام و گیا
دەبێتەوە بە ژیانێکی تر…
دەریا
ناوم دەهێنێت
و هەور
بەسەرمدا دەبارێ…
تۆ—
ئەی یاری قارەمان—
لە نێوان ئاسمان و یادگاریدا
دەمێنیتەوە…
و من
هێشتا
لە ناو خاکدا
بە شوێنتدا دەگەڕێم…

شیعری شەهلا نوری




سرووتی هه‌ڵوه‌ریین.. سیروان بابه‌عه‌لی

منی ڕێبوار،
منی سه‌ره‌ڕۆی دوور له‌ شار،
له‌نێو خه‌ره‌ندی لای دێتان،
هی خۆم نه‌بێت، سیمای هه‌مووتانم ده‌دیی،
گوێم له‌ ده‌نگی هه‌مووتان بوو؛
که‌ تۆ ڕۆیشتی ‌و خۆت له‌ گونده‌که‌ ته‌را کرد،
ئیدی من نه‌ که‌سی دیم دیی ‌و
نه‌ هه‌ستم به‌ که‌سی دی کرد…
منی ڕێبوار،
منێکی هه‌ڵهاتوو له‌ شار،
هاوارم به‌ دووتدا وێڵ کرد؛
که‌چیی هاوار،
ته‌نگه‌تاویی کردییه‌ مار و
له‌نێو کونی گوێچکه‌یه‌کی ده‌خه‌ڵدا، په‌پکه‌ی خوارد؛
بیستنم نارد خۆی مات بدات،
گه‌ر هاوارێک، نا.. سرپەیەک، له‌ تۆوه‌ بێت، داڵده‌ی بدات؛
بیستنی بێ نه‌وا و نامۆ، بیستنی له‌وێ هه‌ڵتووتاو،
بووه‌ قوربانی قه‌پاڵی زارێکی پاشتر هه‌ڵدووراو…
منی ڕێبوار،
منی جاڕز له‌ ژاری شار،
ڕێی دارستانم گرته‌به‌ر؛
له‌وێش نه‌بوویت،
دارستان بێ به‌رامه‌ بوو،
هیچ شتێکت له‌وێ نه‌بوو؛
دیاربوو دوور بوویت،
چونکه‌ له‌وێ،
له‌نێو بازنه‌ی هه‌ستمدا،
تینی شه‌به‌نگت لای نه‌دا…
منی تاوگیر، منی ڕێبوار،
منی تووڕه‌ له‌ گوند و شار،
چوومه‌ سه‌ر ترۆپکی دره‌خت،
دوندی چیام کرده‌ مه‌به‌ست؛
هه‌ردوو دییده‌م، بوونه‌ دوو‌ باڵ بۆ بینایی ‌و
به‌ره‌و لوتکه به‌ڕێم کردن،
تا له‌وێوه‌ سۆراخێکی تۆم بۆ بکه‌ن،
په‌ی به‌ په‌یامێکت ببه‌ن؛
به‌ڵام جه‌خار،
به‌رله‌وه‌ی سۆراخت بکه‌ن،
دوو گلێنه‌م،
له‌ترسی داڵه‌که‌رخۆره‌،
پەیام به‌کۆڵ،
هه‌ر به‌ دیار چاوی شاخه‌وه‌،
گلۆربوونه‌وه‌ به‌ره‌و دۆڵ…
ئیدی ئێستا منی ڕێبوار، منی بیمار،
به‌خۆم نه‌بێت، زه‌نام به‌ هیچ که‌سێك ناگات؛
هی خۆم نه‌بێت، ده‌نگی هیچ که‌سێك نابیستم؛
بیناییشم، سه‌ری بێ چاوی خۆم نه‌بێت، سه‌ر نابینێت…
منی ڕێبوار،
منی سه‌ربزێو و تاراو،
نه‌فره‌تکردوو له‌ شاخ، له‌ گوند، له‌ شار،
هه‌ر خه‌ریکی چنگه‌کڕێم؛
ڕه‌هێڵ ده‌بم، ئێسکم ده‌شکێت،
که‌چیی هێشتا،
لێناگه‌ڕێم، جرج پاشماوه‌که‌م به‌رێت؛
هێشتا له‌ توانامدا ماوه‌،
گه‌ر تیرۆژێکت گه‌یشته‌ لام،
تێرتێر له‌نێو سنگی بنێم؛
هێشتا له‌ توانامدا ماوه‌،
له‌ زۆزانی خه‌یاڵمدا،
بتکه‌مه‌ گوڵی‌ مێخه‌ك ‌و
ته‌نها به‌ بۆن بۆت بگه‌ڕێم!

سیروان بابه‌عه‌لی




شەرم.. شیعری سەردار جاف

شەرم بە قەد داڵانی تەريک کردنەوە هەڵواسراوە
بەرگەی ئەو بارانە ناگرم
جەستەم لە تەڕبووندا
هيشک هيشک هەڵگەڕاوە
پەڕەکانی باڵی ڕەهام
يەک يەک هەڵدەوەرێن
زمانی کوکوختييەکە لێم تێ ناگا
کۆتر عەوداڵی سەربانەکەمانە
خەنجەرێکن هەموو دەمە ئێوارانێک
بەردەرگای خەمەکان دەگرێ
لە تەک بولێڵی
هەموو دوا عەسرانێکی ژوورەکەم
بۆنی زەردە
بە تەمتومانی تاريکیدا هەڵدەزنێ
زەردەيەکی تاريک
مينا داڵێ
دەنووکی لە کەلی ژێی ئاوەزم گيرکردووە
هێشتان
لەوديو کوخی پەنجەرەکەوە
بۆنی دەشتاييە چۆڵەکە دێ
هێشتان
ئەشک بە سەر ڕوومەتەکانەوە ديارن
لەو ديو دەرگای ژووری تەنياييمەوە
جێ پەنجە بە دارە ڕووتەکەوە دەبينم
ژووانە يادگەکان
بۆنی گەمەی شەوانی لێ دێ
خەون بۆتە مۆتەکەيەک و
هەراسانيمی جويوەتەوە
نيگای کاڵ بوونەوە نابينم

سەردار جاف
ئەڵمانيا




کۆشی ئاسمان.. ‌ سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
بە بیرمدێت لە نێوان ژیان و مردن
فاریزەیەک هەبوو
2
گوێم لە دەنگی شکانی
پشتی زەوییە
ئاخر قورسە تەنیایی من
3
دڵۆپێک ئاوی پاکم
ئەوەی لە درزی زەوی دەترسێت
من نیم
4
شانت نا،
ئەوەی دەبێت باران بیناسێت
دڵە
5
بەناو قوڵپی پێکەنیندا هات
دەستی گەیشتە نەرمایی ڕۆحم
ئاگرێکی چڵکن.
6
بە یاخەی شەقامەکانەوە،
مەدالیای شەرمەزارین
تەرمی پشیلەکان!
7
لەناو تەمومژی مەنفا
پێکەوە ون بووین
من و نیشتمان.
8
هێشتا ڕووخساری خۆڵ دەناسمەوە
هێشتا ئاسمانم چۆڵ نییە
کەواتە من هەم
9
کە ئاوڕم لە تەنیایی خۆم دایەوە
بوو بە کۆمیدیا
فیلمە تراژیدییەکە.
10
ئەوەی لە کەلێنی پەنجەکانمدا
دەدرەوشێتەوە
هەتاوی خۆمە
11
بازنەی بەتاڵ،
پڕە لە خۆڵەمێشی خەون ـ
پریاسکەی مرۆڤ.
12
باران بێهوودە دەبارێ
( بەخوێن ئاو نەدرێ بەر ناگرێ
داری ئازادی )!
13
لە باخچەکە
بۆ پیتێک لە گوڵی ڕووخسارت گەڕام
لە ڕەشەبا تووڕەتر
خۆی بە نەرمایی دڵمدا کێشا
نائومێدی!
14
خاڵێک دانێن
ئەم سەفەری بێدەنگییە
تاریکترە لە تاریکی
15
لەسەر شانی تاریکییەوە هەڵدێران،
هەر دەنکێکیان
کەوتە قوڵایی خەرەندێ
خەونەکانمان!
16
دابەشی تەنیایی بکەیت،
هەزار مردن و کەسرێک دەردەچێت
ژیــان .
17
دەڵێی ساردیی
لە تەنیایی من خواستووە
زستان.
18
بۆ شوێنپێی کۆترەکان دەگەڕێم
ڕۆژگارێک
نێولەپی دڵم هێلانەیان بوو
19
ئەستێرەکەی سەر شانم کشا
سەری کەوتە نێو کۆشی ئاسمان
باوکم
20
حەز دەکەم بە ژیان بڵێم، سوپاس
وەک ئەوەی
شەوێکم هەبێت سپی بێت
وەک ئەوەی
ڕۆژێکم هەبێت ڕەش نەبێت




دوعاکانی یەخەم لەبەر بارانی واقیع شۆرانەوە؛.. پاڤێڵ ساڵح

لەو ڕۆژەوەی فێربووم ناونیشانی خۆم وەک
ناسنامەیەکی ساختە فڕێ بدەم
بووم بە کۆڵبەرێکی هەمیشەیی لە بیابانی ئەم ژیانەدا.
جانتاکەم پڕە لەو پرسیارە قورسانەی
کە هیچ کەس نەبوو وەڵامیان بداتەوە.

بارەکەم زۆر قورسە
نەک لەبەر ئەوەی شتێکم پێیە
بەڵکو لەبەر ئەوەی «هیچ»
کێشی لە هەموو گەردوون زیاترە.

تا نەترسم
دایکم دوعایەکی لە یەخەی کراسەکەم بەست
بەڵام کاتێک گەیشتمە ناو جەنگی شەقامەکان
دوعاکان لەبەر بارانی واقیع شۆرانەوە
لەوێ فێربووم کە لەم سەردەمەدا
«خودا» تەنها مانا بوو لەسەر زمان
بەڵام «نان» بوو بەو چەقۆیە تیژەی کە هەموو ڕۆژێک لە گەروومان دەدرێت.

من ئەو مرۆڤەم کە لە شکستەکانی خۆی دروست بووە
پەیکەرێکم لە نائومێدی و تۆزی سەر شەقامەکان.
سەد و یەک خەونم هەبوو
وەک پەپوولەی کێوی لە ناو سەرمدا دەفڕین
بەڵام ئەم شارە، ئەم جەنجاڵستانە بێدەنگە،
تەنها یەک زمانی هەیە: «کڕین و فرۆشتن».

یەکەم خەونم هەراج کرد بۆ کڕینی کاتژمێرێک
نەک بۆ ئەوەی بزانم کات چەندە
بەڵکو تەنیا بۆ ئەوەی بزانم کەی ئەم تەمەنە کۆتایی دێت.
دووەم خەونم دا بە پارەی کارەبا
تا شەوان سێبەری تەنیایی خۆم
لەسەر دیوارەکە ببینم
تا کار گەیشتە ئەوەی
کۆتا خەونم بکەمە قوربانیی سەقفێک
کە هەرگیز نەبوو بە «ماڵ» و
هەر وەک «خانوو» مایەوە.

لەم مەزادخانەیەدا
تەنانەت دڵەکانمان بوون بە «مۆدێلی کۆن».
من سەیری ناو چاوی هاوڕێکانم دەکەم
کەچی تەنها «نرخ»ـیان تێدا دەخوێنمەوە.
ئێمە چیتر یەکترمان خۆشناوێت
بەڵکو تەنها یەکتر «بەکاردەهێنین»
بۆ پڕکردنەوەی ئەو کونە ڕەشەی کە جیهان
لە ناوەڕاستی سنگی هەمووماندا هەڵیکۆڵیوە.

ئەو کەسەی پێم وابوو نیشتمانمە
ئەویش لە سوچێکی ئەم شارەدا،
خەریکی گۆڕینەوەی سۆز بوو بۆ ساتێک «دڵنیایی».
لێرە عیشق، مۆمێک نییە ڕێگە ڕۆشن بکاتەوە
بەڵکو تەنها شقارتەیەکی تەڕە، کە بۆنە سووتاوەکەی بۆ ئێمە ماوەتەوە.
ئێمە هەموومان بووین بە کڕیاری برینەکانی یەکتر، بەڵام کەس ئامادە نییە بەهای «ساڕێژبوون» بدات.

ئێستا سەیری خۆم دەکەم؛
گیرفانەکانم دڕاون، نەک تەنیا لەبەر هەژاری
بەڵکو لەبەر ئەوەی «مانا» زۆر قورس بوو و تێیاندا نەدەوەستا.
مرۆڤ کاتێک هەموو خەونەکانی دەفرۆشێت
دەبێت بە ئاوێنەیەکی سارد
کە تەنها خەڵکی تێدا دەبینرێت و
هیچی تری لێ زیاد نایە.
شار وەک جەلادێکی دەستکێش سپی
بە هێمنی پێستمان دەماڵێت و
ناومان دەنێت «پێشکەوتن».
من ئێستا تەنها لە «گرێبەستە شکاوەکان» و
«بەڵێنە ژەهراوییەکان» دروست بووم.

ئێمە لێرەین
لەسەر شۆستە ساردەکانی ئەم جیهانە
نەک وەک ڕێبوار
بەڵکو وەک کاڵایەکی بەسەرچوو.
هەموومان خەریکی گەورەترین خیانەتین:
گۆڕینەوەی «ڕۆحمان» تەنها لەپێناو کەمێک «مانەوە». مانەوە لەناو ژیانێکدا، کە خۆی لە ئەسڵدا
تەنها مەزادخانەیەکی گەورەیە بۆ فرۆشتنی مرۆڤ بە مرۆڤ.




ئەڤینی گشتی.. شیعر / ئەحمەد شاملو.. لە فارسییەوە / شوان عەباس بەدری

ئەسرین نهێنییەکە
زەردەخۆ نهێنییەکە
ئەڤین نهێنییەکە
ئەسرینی ئەو شەوە زەردەخۆی ئەڤینم بوو
چیرۆک نیم تا باسم بکەیت
سروود نیم تا بمخوێنی
دەنگ نیم تا گوێت لێم بێت
یان شتێکی وا کە بیبینیت
یان شتێکی وا
کە بیزانیت
من ژانی هاوبەشم بانگم بکە
درەخت لەگەڵ دارستان قسە دەکات
گیا لەگەڵ بیابان
ئەستێرە لەگەڵ کاکێشان و
منیش لەگەڵ تۆ قسە دەکەم
ناوتم پێ بڵێ
دەستت بخەرە ناو دەستم
دەردەدڵم لەگەڵ بکە
دڵتم پێ بسپێرە
من بنەچەکانی تۆم دۆزیوەتەوە
بە لێوەکانت بۆ هەموو لێوەکان قسەم کردووە و
دەستەکانیشت ئاشنای دەستەکانمن
من لە خەڵوەتی دڵدا بۆ خاتری زیندووەکان
لەگەڵ تۆدا گریاوم و
لە گۆڕستانی تاریکیشدا جوانترین سرودەکانم
لەگەڵ تۆدا وتۆتەوە
چونکە مردووەکانی ئەمساڵ
عاشقترینی زیندووەکان بوون !
دەست بخەرە دەستمەوە
دەستەکانی تۆ ئاشنای دەستەکانی منن
ئەی درەنگ وەدەست هاتوو قسە لەگەڵ تۆدا دەکەم
هەر وەک هەور کە لەگەڵ تۆفان
هەروەک گیا کە لەگەڵ بیابان
هەروەک باران لەگەڵ دەریا
هەر وەک مەل لەگەڵ بەهار
هەروەک درەخت کە لەگەڵ دارستان
قسە دەکات
چونکە من
بنەچەکانی تۆم دۆزیوەتەوە
چونکە دەنگی من ئاشنای دەنگی تۆیە.

شوان عەباس بەدری




عوزر خوایی.. شیعری نەوزاد بەندی

خودایە، مەگەر بە
میهرەبانیی خۆت
بێداریی شەوانی
قەدرم لێ وەربگریت،
چونکە هەموو
شەوەکانی ساڵ، خەو بێ
منە و من بێ خەوم ..
..ئەو بێ منە و من بێ ئەوم ..

ئەوەی لە نێوان من و تۆدایە ،
عەشق نییە، ئازیز ..
من ئینجانەیەکی بەتاڵم ئەوێ بۆ مشتێ نوسین،
تۆیش مشتێ ئاوت ئەوێ بۆ پشکۆی
دڵێکی ڕەشی پڕ له قین ..
چونکە هێشتا عەشق پێی نەخستۆتە ئەم نیشتمانە ..
ئاخر بۆیه ژیانکردن لێرە تاوانە
بێ شەرەفییه ..
سوکایەتییە..
زیندانە ..

بڕوانە ، ئەو هەموو خەڵکە خواناسه ،
هەموو ژیانیان
لە جوت سایدی دینار و دۆلارا
کاوێژ کردنە ..
نوێژکردنە ..
ئەمانە کوڕی دینار و
کوڕەزای درهەم و فلسن ..
به زڕەی پاره نەبێ ،
به هەموو دەنگێ قەڵسن ..

خودایه،
ئەمرت بە چییە لەگەڵ ئەم ڕەشە میللەتە ؟
هەر هەموویان نوێژ ئەکەن و
هیچیشیان بەهەشتیان ناوێ ؟
شەو و ڕۆژ ناوت ئەبەن و ..
بە هیچ جۆرێکیش بۆ لای تۆ
گەشتیان ناوێ ؟..
دەمییان ناوی تۆی لەسەرە و
دڵ و گیانیان پڕ پڕە لە کڕنوش
بۆ بتی دینار و دنیا ..
پێڵاو بخەرە ناو دەمیان، ئاساییه
بەڵام ئەوەی ناوی جیهاد و
شەهادەت بێنێ لایان،
لە هەزارلاوە ئەکێشن بە دەمیا..
سەر شۆڕکردن لەلایان لوتکەی ئیمانە ..
ئەمرت بە چییە ئیلاهی !،
لەگەڵ ئەم جانەوەرانە ؟؟




سپێدەی ئادار.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

سپێدەی ئادار،
ڕوناک، ڕوناک
خۆر وەک باڵندەی بەر باران
خۆی بەسەر چڵی درەخت و
دارتێلەکانی دنیادا هەڵخستبوو
هەر لە هەمان سپێدەدا
لە کۆڵانە خۆڵاوییەکانی هەڵەبجە
خۆرم بینی،
وەک مەستێکی دوای نیوەشەو
دەڕۆیشت و قاچەکانی تێکدەئاڵان
سەری گەرمی
بەدیوار و بەردە ماتەمبارەکانی کۆڵانەکاندا دەکێشا
وەک پیرێکی سەر لێواری مان و مردن
بە گۆچانەوە ڕێی دەکرد
دەڕۆیشت و لەتری دەدا
دەڕۆیشت و ساتمەی دەکرد
لە لاشەی هەڵوەریوی کورد

سمکۆ ئەحمەد ڕەشید




کۆترێکی بێ ئاسمان.. شیعری شەهلا نوری

ئێوارەیەکی چۆڵ…
بووم بە گەردەلوولی سەما و
بە دەوری خۆمدا دەخولامەوە،
گەردوون وەک سێبەرێک،
لەگەڵ هەر لەرینەوەیەکی جەستەمدا دەجووڵا
هەستەکانم ببوون بە گڕ و سۆز،
هەندێکیان وەک هەڵۆ بەرەو ئاسمان هەڵدەفڕین و
هەندێکی تریش لای من…
دەبوون بە ئاوازی جەستەم بۆ ڕازی هەنسک و سەمایەکی بێدەنگ!
تەنم دەلەرایەوە،
قەدی ماندووم دەچەمایەوە
لەگەڵ سۆزی ئەو برینانەی
لە ناخمدا دەتلانەوە…
لە پشت پەنجەرەکەمەوە، کۆترێکی ڕێبوار ڕاوەستا،
ئەو بێدەنگ لێی دەڕوانیم و تێدەگەیشت…
دەیزانی ئەمە سەمای شادی نییە،
خولانەوەی ڕۆحێکی ماندووە
لە جەستەیەکی سەربڕاودا،
سەمای سەرەمەرگی کۆترێکی بێ‌ئاسمانە!

شیعری شەهلا نوری




هیچ شتێک ئامادەنیە بۆ سەفەر.. بابان ئیبڕاهیم

دەمەوێت خۆم کۆبکەمەوە
بەڵام تۆ لێرەنیت
وەک بەشێک لەمن،
دابڕاویت
هەروەک ڕووناکی لەشەودا.

وەک پەرتبوویەک
لەهەموو شوێنێک جێماوم
ناگەمەوە بە منداڵیم
لەژێر سێبەری درەختەکاندا
چیلکەی خۆڵپڕژێنەکانم جێماون
هەناسەکانم لەکۆڵانەکاندا قەتیس ماون
وەک هەوا، وەک تیشکی بەیانیەک
مۆری من لەهەموو سوچێکدایە.

لەبەردەم ئاوێنەکاندا
دەبم بە دەیان بەش
دانە دانە
ڕوخساری چیرۆکەکانم دەردەکەون
سەیری ڕابردووم دەکەم و
ڕادەوەستم..

هێمنیەکانم لەو جێگایەن
کە خۆم لێی نیم
پێکەنینەکانم هێشتا لەگەروومدا ماون
لەخۆمدا و لەهەموو شوێنێکدا
گلبوومەتەوە
بەدیار خۆمەوە،
ڕادەوەستم..

دەمەوێت خۆم کۆبکەمەوە
بەڵام تۆ لێرەنیت
وەک خەیاڵەکانم،
لەژێر ئاسمانێکی تردا
کەخۆم لێی نیم.

زۆر لەمێژە لەخۆم دەرچووم
هەموو شتێک لەدەرەوەمدا بانگم دەکات
وەک تارماییەک، لەشەوێکی شپرزەدا
تاریکی دایپۆشیوم
تاریکی لەهەموو شوێنێکە.

تۆ لێرەنیت
وەک ئەوەی هیچ شتێک لێرە نەبێت
وەک ئەوەیە من لێرە نەبم
هیچ شتێک ئامادەنیە بۆ سەفەر.

من وەک شاعیرێک
هاوڵاتی جیهانم
وەک شاعیرێک
بەجیهاندا بڵاوبوومەتەوە
بەشبەشم، سەراپام ڕەنگە ونبوەکانی دونیایە
وشەیەکی پەرتم.

کەبیر لەتۆ دەکەمەوە
بیر لەهەموو شوێنێک و
بیر لە هەموو پارچەکانم دەکەمەوە
ڕادەوەستم
سەیری تەواوی ئەم شارە دەکەم
خۆمان لەهەموو جێگایەکیدا دەبینم.

ماوەیەکی زۆرە
خۆم بۆ سەفەرێکی درێژ ئامادە کردووە
بەڵام بیرەوەریەکانم
شوێنپەنجەکانم
چرکەکانی تەمەنم
لەجانتای ئەم سەفەرەدا بۆ کۆناکرێتەوە
لەبەردەم بڵێسەی جانتاکەدا
ڕادەوەستم..

هەموو شتێک لەمندا
بەرلەخۆم کۆچیان کرد
هیچ شتێک لێرە بۆ کۆکردنەوە نەماوەتەوە
بەدیار خۆمەوە کەلێرە نیە
وەک هەناسەیەک
وەک میلی کاتژمێرێک
ڕادەوەستم..


بابان ئیبڕاهیم




چیرۆك.. شیعری سەلام عومەر

ئەو چیرۆكەم بیرنەماوە
شەوانە هۆشی دەبردم
وەلێ ئەو نوقرچانەم لە بیرن
كە ڕانی كون كون دەكردم‌

رۆژانە سێبەری ترس
لە شەقامدا دێن و دەچن
وەكو بزماری ژەنگاوین
بەژێر پێماندا رادەچن

سەدەیەكە بەچیرۆكی
ئازادی دەمان هەژێنن
كەچی لەنێو ئازادیدا
وەك منداڵ راماندەژێنن

ئەوچیرۆكەم بیرنەماوە
كە شەوانە پێیدەخەوتم
وەك ئەو راپەڕینە ناكاوەی
لەپڕ بەسەریدا كەوتم




گوناهم چی بوو؟.. شاعیر گمنام.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

گوناهم چی بوو، وا شەیدای نیگای خومارت بووم
وا وێڵ و وێران، مات و حەیرانی ڕێگات بووم

گوناهم چی بوو لە فەنای بێ‌دەنگی و تەنیایی
زاهیدی گۆشەی میحرابی لێوانت بووم

ئاخر ئەی ئەستێرەی گەشی داوێنی ئاسمان
گوناهم چی بوو کە نێوزڕانی زەمانت بووم

هاتی و بێ‌پەروا لەسەر گڵێمی
دڵم نیشتی
منیش بە نازی ڕووی شەنگت فیدای دڵی نازت بووم

ئەی ئەوەی بە جۆش و تینی جوانی خۆتەوە مەستی،
پیاڵەیەک بنۆشە ساقی مەستی شەڕابت بووم

هاتی و تاوێ نیشتی، وەکوو تۆفان ڕۆیشتی
هیچ تەماشات نەکرد کە هێندە نیگەرانت بووم

ڕۆیشتی و بێ‌ئاگا بووی لە دڵی شێت و زارم
نەتڕوانی چەندە کز و پەشێو و پەرێشانت بووم

ئەی کە لە حاڵی دڵی شەیدا ئاوا بێ‌خەبەری
بە خەبەر بە، منی پەرێشان، هەر چاو لە ڕێگات بووم

وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری
شاعیر گمنام
غەزەل گوناهم چی بوو




هەولێر؛ مەملەکەتێك لە شکۆ.. شیعری وریا مەعروف

هەولێر…
تۆ ئەو دەستنووسە دێرینەی
کە مێژوو بە پەنجەکانی “نوور” نووسیویەتییەوە؛
هەر لاپەڕەیەکت، بۆنێکی لێ دێ:
بۆنی بارانی سەر بەردی “قەڵا”،
بۆنی نانی گەرمی ناو دەستی دایک،
بۆنی هەناسەیەک کە ماندوێتیی هەزار ساڵە
لە ڕۆحی مرۆڤ ڕادەماڵێ.

قەڵاکەت…
کەشتییەکی سەرکەشە لە دەریای کاتدا،
کە لێی دەڕوانی،
هەراوھۆریای بازاڕ و چرپەی مێژوو دەبنە یەک؛
کات دەوەستێ…
ڕۆح وەک کۆترێکی سپی
لەسەر شانی دیوارەکانت دەنیشێتەوە و
تاسەی ئارامیی دەشکێنێ.

منارەکەت…
پەنجەیەکی ڕاست و بڵندە،
ڕووەو ئاسمان، شایەتی لەسەر “مانەوە” دەدات؛
بروسکەیەکە لە خشتی سوور،
کە سەدان ساڵە بە تەنیا،
بەرەنگاری با و تۆفانی کات دەبێتەوە.
دەشتە پان و بەرینەکەت…
باوەشی کراوەی زەوییە بۆ خۆر،
لەوێندەرێ، گەنم و خوێن دەبنە یەک؛
هەر تەمومژێکی سەر “دەشتی هەولێر”،
هەناسەی ئەسپسوارەکانە
کە بەرەو لوتکەی نەمری غار دەدەن.

تۆ تەنیا خاک نیت،
تۆ کیشوەرێکی لە کەرامەت،
تۆ مەملەکەتێکی پڕ لە “هاواری مێژوو”یت؛
کە تێیدا مرۆڤ
لە بەرزیی شکۆتدا دەلەرزێ،
چونکە هەناوت،
هەمیشە بۆنی گەڕانەوە و لێدانی دڵی “نیشتمان”ی لێ دێ.

وریا مەعروف




ترپەی ڕەش.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
دڵتان ڕاخەن،
خۆشەویستی ئەستێرەیەکی دوورە دەست نییە
ڕاستگۆیی باڵندەیەکی ماڵییە
حەز ناکەم دڵتان بە تاریکی بمێنێتەوە
حەز ناکەم نێو لەپتان چۆڵ بێت
ئاخر کێ تۆوی پلاستیکی چاندووە و سێبەری چنیوەتەوە
کێ دڕکی لاواندۆتەوە و
لاولاو بە بەژنی ژیانیدا هەڵگەڕاوە
کێ چەند ڕوخسارێکی پۆشیووە و
هەیوانی جوانیی ناسیووە!

2
هەندێک نهێنییم هەیە
دەمەوێت، لە باخەڵی چەند ڕستەیەکدا بیانشارمەوە
نامەوێ کەس بزانێت چەند کۆترم هەیە
ئۆتومبێلەکەم لە دایکبووی ساڵی چەندە
منداڵەکانم ناویان چییە
ڕۆژی چەند جار دەچمە بەر ئاوێنە
نامەوێ کەس بزانێ تەنیاییم چەند گیرفانی هەیە
لە هەر گیرفانێکیدا چەند دەنک شادی هەیە
شوێنە بڵندەکان باش نین
من شادییەکانی خۆم نابەمە شوێنە بڵندەکان
سادەیی ڕێگەیەکە دەتباتەوە سەر پیسایی گوفەکەکان
ناهێڵم هیچ دەنکە شادییەکم بکەوێتە تەڵەی چاوە نەخۆشەکان
سادەیی کراسێکە بەبەر ئەم زەمەنە ناکات
سادەیی بۆ ڕۆژگارێک باش بوو
درەختەکان یەک ڕوویان هەبوو
مرۆڤەکان لە دوورەوە
دڵیان وەک پارچەیەک کریستاڵ دەبریسکایەوە

3
پێم ناخۆشە مێروولەیەک درەنگ بگاتە ماڵەوە و
تاریکیی بەسەردابێت
پێم خۆش نییە حەماڵێک
دڵی وەک عەرەبانەکەی وەرگەڕێت و
خەونەکانی بەگۆڕێ وەربن
بۆچی باشم
ئەگەر پەنجەکانم وەک چرا دانەگیرسێنم
ئەگەر بەردەکان فڕێ نەدەمە
ئەوبەری ئاوەدانی

4
بەم پەڵە ڕەشانەوە
نوێژەکانت ناگەنە ئاسمان
خۆت بدەرە بەر بارانی پەیڤەکانم
دڵت بەهەڵمی هەناسە سپییەکانی بەفر بشۆ
ئەوین دەستێکی خاوێنە
گوێ لە هیچ ترپەیەکی ڕەش ناگرێ




نەمانزانی.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەو ڕۆژەی وەک هەموو ڕۆژێ ،
بە چاکەتی تۆخی نیلی و
کراسی سپی و پانتۆڵی
خۆڵەمێشیی،
چووینە هۆڵی وانەخوێندن..
نەمانزانی ئەو جارە دواهەمین جارە ..
ئیتر قەت وانە ناخوێنین ..!

٭ ٭ ٭

ئەو بەهارەی
کوڕی گەڕەک کۆبووینەوە و
چووین بۆ مەزرای فەریکە نۆک
لە دەباشان ..
بۆ لای دارتوو ..کانیاوەکان ..
نەمانزانی ئەو بەهارە،
دوا بەهارە ..
ئیتر نە مەزرا ئەمێنێ و
نە نۆک لەو دۆڵانە ئەڕوێ ..
هەمووی ئەکرێ،
بە باڵەخانەی چیمەنتۆ ..
بە کۆشک و بە حەرەمسەرا ..
بە چەکدار و لاندکرۆزەر ..
بە چڕە دوکەڵی کەباب ..
کانی و دارتوو،
لیست لهما محل في الاعراب

٭ ٭ ٭

لە خەزانی مناڵیدا،
ئەو ئێوارەیەی کە وەکو
هەموو ئێوارەکانی تر
یارییەکەمان ڕێکخستەوە..
نەمانزانی ئەو یارییە ،
دوا یارییە ..
ئیدی مناڵیی ئەژاکێ و ..
کۆتایی دێ ..
ئیتر بۆ هەتاهەتایە،
تەنها دێڕێ یادگارییە ..

٭ ٭ ٭

ئەو بەیانییەی
هەروەکو
سەدان بەیانی پێشووتر،
لە ماڵی باوکمان نانمان خوارد ..
دایکمان بەرچایی دانابوو
باوکمان سەمونی کڕیبوو ..
نەمانزانی ئەوە دوایین بەیانییە ..
قەت دووبارە نابێتەوە ..
ئەکەوێتە ژێرزەمینی بیرەوەریی و ..
قەت دەرگای بۆ ناکرێتەوە ..

٭ ٭ ٭

ئای! کاتێ مامۆستای کوردی
دواهەمین وانەی
ئەلف و بێی
ئەمین باڵداری پێ ووتین ..
ووشە بە ووشەی ئەوت و
ئێمەیش وەک کۆرس
بە هەموو دەنگمان، لە دوای ئەو
ووشەکانمان ئەووتەوە ..
نەمانزانی،
ئەوە دوا کۆرسی ووشەیە و
ئەوە دوا پێشانگای ڕەنگە و
ئیتر دارا ئەبێ بە خەو ..
لەگەڵ دوو دار ..
ئیتر کتێبێکمان نابێ
لێی نوسرابێ
ئیبراهیمی ئەمین باڵدار ..

٭ ٭ ٭
ئەی تۆیش ئەی یار ..
ئەو عەسرەی
وەک زۆربەی عەسران
بە ماکسییەکی گوڵ وورد و
کتێبێک هاتیتە سەربان ..
نەمانزانی
ئەوە دوا عەسرە .. دواجارە
کتێب و دووریی و من و تۆ ،
کۆکاتەوە..
جارێکی تر ئەو تابلۆیە،
هیچ عەسرێ نیشانی نادا ..
تۆ تۆپی ئێران ئەتکوژێ و..
کەسێ نییە
لەو خەمە پەنهانەم بگا
سەرخۆشییەکم لێ بکا ..
یان تۆزێ دڵم باتەوە ..

٭ ٭ ٭

ئەو مانگەی بە کش و ماتیی ،
بێ هاش وهوشی هەواڵ و ..
دەهۆڵ و زوڕنای میدیاکان ..
فەرمانبەر موچەیان وەرگرت ..
نەیانزانی ،
ئەوە دوا موچەی بێدەنگە ..
ئەوە دوا مانگە سی ڕۆژ بێ..
ئیتر موچە،
ئەبێ به سیل و شێرپەنجە،
هەزار و یەک ووتەبێژ و
سەرۆک و وزیر و
گزیر ..باسی ئەکەن ..
مانگ ئەبێتە پەنجا و حەفتا ..
هەواڵ ئەبێ بە باسی مافیاو
گەندەڵیی و ..تێکەڵ ئەکرێ
لەگەڵ نەوتا ..
ڕۆژی هەزار جار جاڕ ئەدڕێ؛
میللەت فەوتا ..




مێگەلی ژێر پلەی سفر.. نەوزاد بەندی

ناچین ..
ئێمە لەمەودوا
بۆ هیچ جێگایەک ناچین ..
گەر جێگایەکیش خۆی هات
ئەڵێین زەحمەتت کێشا،
هەنگاوێک هەڵناهێنین
ئێمە بێ دەست و قاچین

٭ ٭ ٭

ناڵێین ..
ئیتر هیچ ناڵێین ..
ئەگەر ووشەیەکی حەق
بایەک هێنای بۆ لامان ،
پێی ئەڵێین ئێمە لاڵین ،
لە حەوشەی فەرماندەدا،
سەگ و تانجی و گەماڵین
بەلای قسەدا ناچین ..
بەڵام بە هۆ و بە بێ هۆ
یەکتری دائەپاچین ..

٭ ٭ ٭

نافڕین ..
ئیتر هەڵنافڕین ..
نایشزانین لە کوێ هاتین ..
باڵەکانمان دیکۆرن ..
مریشکی ئومەهاتین ..
سێ چارەکمان بە حیساب،
چلەکێشی خەلیفە و ..
چارەکێکیشمان هێشتا ،
چەکوش و داس و پاچین ..
کەچی لە لای فەرماندە،
وەکو پێڕی فیلەکەی
خاوەن شکۆ، گۆج ئەبین ..
وەک پوش وەختە بە با چین ..

٭ ٭ ٭

خەونمان نەما ..
لەمەو دوا ،
ئیتر خەونیش نابینین ..
پێچی مێزەرە دنیا،
چی بکەین لە سەید قوتب و
چیڤارا و عومەر موختار ..
گوڵسورخی و گۆرکی و لینین ؟
حیساب کە سەر لەبەرمان
چوارمێخەمان کێشراوە و
داکوتراوی سەر خاچین ..
بە هەزار و یەک دانتی
بە تەما نین بستێکیش
لەم سەر ڕێبازە لاچین ..

٭ ٭ ٭

ناخوێنینەوە .. ئێمە ..
ئیتر ناخوێنینەوە ..
هەرچییەکمان لێ بکەن،
هەروا ئەمێنینەوە..
هیچ لێکدانەوەی ناوێ ..
یاسایه، تاجی سەرە
هیچ تێکدانەوەی ناوێ ..
گەر دوپشک و ماریش بێ،
دەنگدان، ئەیچێنینەوە ..
گەر شەق لێمان زویر بێ،
خۆمان ئەیهێنینەوە ..
قەینا با بە قوڕا چین ..




ئەمڕۆ.. شیعری عیماد خۆراسانی.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

ئەمڕۆ چەندە جوان و شۆخ و شەنگ و دڵ ئارا بووی
ونبووی دڵی ئێمە بووی، وەک مانگی شەو پەیدا بووی

شمشادێکی لاو، نیلۆفەرێ تەڕ و گەشی باخ
تەواو جۆش و خرۆش و شەوقی تەمەننا بووی

سێحری بەیان و نەشئەی مەی و عەتری گوڵ؟ نا..
شتێکی تر، تۆ لەوان زۆر خۆشتر و بێ‌هاوتا بووی

بەو دەنگە بەسۆزە و بە کەراسی سوور و ئاڵ
بۆ دەردی دڵ و ساڕێژی برینم، دەوا بووی

بەو نیگا گەرمە و بەو دوو چاوە مەست و ڕەشانە
مەیخانەی سەد شەیدای وەک منی ڕیسوا بووی

خەیامت بۆ دەخوێندم، غافڵ لەوەی کە خۆت
لە لوتفی شیعر و غەزەل، حافز و مەلا بووی

هەمیشە ڕووی تۆ قیبلەی ڕاز و نیگای من بوو
ئەمڕۆ سەروویەک و سەد باخی تەماشا بووی

گوتم، دڵ دەپارێزم لەو چاوە بازانە بەڵام بێ سوود
بۆ تاڵانی دڵم، وەک کاروانێ ڕەها بووی
سەراپای بوونت داوی ڕاوکردنی دڵ بوو،
هەرچەندە بە ڕاز و ڕوخسار هەر خەریکی حاشا بووی

ئەوەی بۆم نووسیوی بەسە، یان دیسان بڵێمەوە؟
کە تۆ شیعر و گوڵ و هەرا و غەوغا بووی

سەرەتا ڕێگری دڵ بووی و دواتر بە شێت و مەستی
بۆ دەردی دڵان، هەم حەکیم و زانا بووی

ئەی مانگ. گەر مەرامت لە بردنی دڵی ڕەندان نەبوو!
ئەی بۆچی ئەمڕۆ ئاوا بێوێنە و دڵڕەبا بووی؟

وەک شیعری “عیماد” لە خەمی تەنیایی و بێبەشی
بۆ جەرگی سووتاوم هەم سەفا و هەم جەفا بووی

وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری
شاعیر عیماد خۆراسانی
غەزەل ئەمڕۆ




لە بیابانێکی قەڵەباڵغا.. شیعری نەوزاد بەندی

دوای زیاتر لە نەوە و پێنج ڕۆژ،
بە تەمان کەی پەنجەمۆری
خەرجکردنی
موچەی فەرمانبەران بکەن؟
لە مانگ و وەرزیش ترازا ..
ناڵێم ئیمزا ..
چونکە ئێوە ،
زۆر نەخوێنەوارن بە کورد،
ناڵێم ئیمزا ..

٭ ٭ ٭

لە فڕۆکە بۆ فڕۆکە
پێشوازی لەم و لەو ئەکەی ؟
فەرشی سوور بۆ خۆت ڕائەخەی ؟
لە پشت چەند پیتێکی گەورەی
ئینگڵیزییەوە ، ووتار ئەدەی ؟
ئەی بۆ ناچی لەسەر خوانی
کەمئەندامێ ئیستێک بکەی ؟
لە دیوارە شێدارەکەی
لە ژێر وێنەی
باوکی بۆ ئێوە کوژراوی،
نوسراوە : وا وەرزێ ڕۆیشت و
سەد و پەنجا هەزارەکەم
هەر نادیارە ..
شەرم ناکەی ؟
ووتار ئەدەی ؟
لەناو ملیاران دۆلاری ناشەرعیدا،
بۆگەنت لێ دێ، ترشاوی ..
هێندە دەستیان پیا هێناوی،
هێندە موچەی
کەمئەندامیان تیا خەرجکردووی ،
کەس نازانێ لە چی ئەچی ..
ئەی ئەندازیاری ملکچەیی ..
ئەی پزیشکی کوردایەتیی ، ئەڵێی مردووی ..

٭ ٭ ٭
لەو سەری شەقامی پیریی ،
ئەتبینم ،بەس
تازە دوای چی ؟
تەمەن تەواو ،
توایەوە ..
تازە دەرمان و دەوای چی ؟

٭ ٭ ٭

هەندێ جۆری دوور کەوتنەوە ،
چاو شارکێیە ..
بۆ زیاتر دۆزینەوەیه نەک لە دەستدان ..
هەندێکی تری ، وون بوونە ..
دابڕانە ، تا سەر ئێسقان ..
هەردووکیشیان گۆڕانکاریین..
گۆڕانکاریی باج ی ئەوێ ..
ئەو میللەتانەی ناتوانن باج بدەن.. باج..
هەتا ماون، کەوتوونەتە
ژێرپێی یەک جۆر تەخت و تاراج
وەک ئاژەڵ نان و ئاو ئەخۆن
لەگەڵ پەڕین ..
لەگەڵ بۆڕه و
لەگەڵ قۆڕە و
گیڤە و زەڕین ..
ئەیشڵێن بەڵکو ڕزگارمان کا
ڕەبونا ، ڕەبو لعالەمین ..

٭ ٭ ٭

بارانی داهاتوو ، ناچمە دەرێ ،
سەرخۆشیی له گوڵ و درەخت ناکەم،
کاتێ گەڵایان هەڵوەرێ ..
هیچ نییە ، پەڵە هەورێکە
دێت و دەڕوا ..
هەروەکو تۆ ..
وەکو زانکۆ ..
ناهێڵم دەست
بۆ زەنگی شیعرێکم بەرێ ..
چاک ئەزانم
گەر بروسکە و تۆف و لافاو
سەرتاسەری بسوتێنێ و
بخنکێنێ و
بفەوتێنێ ..
هێشتایش تیایا پەیا نابێ
تاقە یەک پیاو ..

٭ ٭ ٭
دیسان هەڵیانکێشانەوە له دروشمی
ڕەنگا و ڕەنگاڵەی ڕۆژئاڤا ؟
دیسان هەڵیانپەڕاندنەوە ؟
دیسان هەڵیانتڕاندنەوە ؟
ئەی کوا دروشمی شەکاوەی
مانگی یانزە و
مافی دوانزه و
مانگی یەک و
مافی سەدان هەزار لاوی
خاوەن بڕوانامەی بێ ئیش ؟
بۆ چی ڕۆیشتن ،
وا داتان نا
قژ و
برۆ و
سمێڵ و
ڕیش ؟

٭ ٭ ٭

باران لە کوێی ؟
بەفریش تاوێ دانیشت و ڕۆی ..
کۆچ لە پڕا خێمەی هەڵدا ..
تا تەواو ڕیشی سپی بوو ..
جانتاکانی دا به تیکتۆک و
دەستی دوو ..
پاسپۆرتی ئێکسپایەر بوو ..
ئیتر ئەبێ
هەر لێرە بمێنینەوە ..
بەڵکو مژدەی موچەیەک
لە دەم و چاوی
سەرۆکا بخوێنینەوە ..

٭ ٭ ٭

هەندێ جاریش،
لەناکاو بیرت ئەکەم و
بە هەر چوار لادا ئەگەڕێم
شوێن پێیەکت نادۆزمەوە ..
نە ژمارەکەت ..
نە ناوی قوتابخانەکەت ..
نە میوە فرۆشی دارۆغا ،
ئەیانووت هەندێ سێ شەممان،
عەسرێکی درەنگ لەوێ بوو ..
هیچم پێ نادۆزرێتەوە،
تەنها ئەوەندە ئەزانم
کرۆلایەکی مارۆنیی
مۆدێل دوو هەزار و بیست و دوو
یان یەکت پێ بوو ..




غەیب.. هۆنراوەی: ئامانج شێروانی

بەبیرم دێ،
کە منداڵ بووم
دایکم دەیگوت
هەر خودا بۆ خۆی دەزانێ
سبەی، دووەی
چی ڕوودەدا

بەبیرم دێ،
کە زارۆ بووم
مەلای مزگەفتی گەڕەکێ
دەیقیژاند و
پێی دەگوتین
هەر ئەو بەخۆی
کەسی تر نا
دەزانێتن کۆرپەلەی نێو
سکی دایکێ
چلۆن دەبێ
چاوا دەکا سەر و سەودا

لە فێرگەشا
مامۆستاکەم
پێی دەگوتم
جگە لە خۆی
کەسێکی تر پەی پێنابا
جارێکی تر
باران لەکێندەر دادەکا

ئێستاش گەورەم،
باش دەزانم،
نە دایکم ڕاستی دەکرد و
نە مەلاکەی گەڕەکی مە و
نە مامۆستا

ئێمە کوردین،
چاک دەزانین
نەک هەر سبەی
ساڵێکی تر
چی ڕوو دەدا

عارەبێکی پێپەتییە
تورکێکی ئالی عوسمانە
فارسێکی پەهلەوییە
یا داعشێکی جۆلانە

ئەمڕۆ و سبەی
ساڵێک دووان
یەک لەدوای یەک
دێنە سەرمان
ئەمیان لالش وێران دەکا
ئەویان سەرمان دەپەڕێنێ
ئەمیان کەزییەک قوت دەکا
ئەویان منداڵ لە گۆڕ دەنێ

هەر چی کوردە
ورد و درشت
دەزانێتن هەموو ڕۆژێ
لە ئاسمانی وەلاتێ مە
«لەجێی باران
خوێن دەبارێ»

نەک هەر زانا،
منداڵی کوردیش دەزانێ،
سکی هەموو دایکێکی کورد،
منداڵێکی بەشخوراو و
تامەزرۆی ئازادی
دێنێ




خوشک و براکانم.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

برایەکم هەیە لە بۆکان،
قۆڵێکی قرتاوە و قاچێکی دەستکردە
بە نیو دەستنوێژ دەچێتە سەر بەرماڵ و
فریشتەکانی خوداش ورد ورد گوێی بۆ ڕادەدێرن
برایەکی دیکەم هەیە لە ئامەد،
دەستی ڕاستی پلاستیکە
بە دەستی چەپ سڵاوی خەڵک وەردەگرێتەوە و
تەوقەش دەکات
کەچی فریشتەی سەر شانی چەپی
هیچ گوناهێکی بۆ نانووسێت
برایەکی تریشم هەیە لە هەڵەبجە
سیی و حەوت ساڵە
هەردوو چاوەکانی شووشەن
بۆ پەڕینەوە لە شەقام و گۆماوەکان
خودا خۆی فریشتەیەکی بۆ دەنێرێت
بۆ ئەوەی بن باڵی بگرێت
خوشکێکیشم هەیە لە کۆبانێ
دوژمن هەموو کاتەکانی لێ بردووە
کاتی خەوتن
کاتی خواردن
کاتی پیاسە
كاتی چوونە بەر ئاوێنە
کاتی سەر هەڵبڕین بۆ ئاسمان و
لاواندنەوەی دێڕێک ئەستێرە
کاتی زینکردنی ئەسپی خەیاڵێک و
فڕین بۆ ناو ئاسۆی ئەوین
کاتی خواردنەوەی دوو قوم گۆرانی
کاتی دانیشتن و گەرمکردنەوەی یادێکی بەستوو
خوشکێکم هەیە لە کۆبانێ
دوژمن هەموو کاتەکانی لێ زەوتکردووە
بەکاتەکانی نوێژیشەوە
کەچی فریشتەکانی خودا هەتا ئێستا
لەگوڵ کاڵتریان پێ نەگوتووە
سوپاس بۆ میهرەبانیت
خودای کورد

سمکۆ ئەحمەد ڕەشید




جاڕێک بۆ نیشتمان.. نەوزاد بەندی

وەک جلی جەژن وابوویت، نیشتمان ..
ئەبوو چەند ڕۆژێ بتپۆشم و
دوای ئەوە جلە ناشیرینەکانم لەبەر بکەمەوە ..
وەک جێگایەکی بێ ناونیشان ..
ئەو هەموو ساڵە بەدواتا گەڕام و
نەمدۆزیتەوە ..
نازانم به چ ڕوویەکەوە ، نەخشەیەکم بۆ کێشاوی و
ئاڵایەکم لەسەر داکوتاوی ؟
وەک ئاسمانێکی بێ ئەستێرە،
تۆز و خۆڵم لێ بوو بە خۆر و مانگ ..
وەک مناڵێکی هەتیوخانە،
پۆلیسی بەردەرگام لێ بوو بە باوک ..
باجی چێشتلێنەرم لێ بوو بە دایک ..
وەک جوجەڵەیەکی کێڵگەی مریشک،
هەزاران دایک و باوکم هەبوو ،
به بێ هیچ دایک و باوکێکیش ..
وەک وێنەکێش ،
بە ڕەنگەکان سکێچی نیشتمانم دروست ئەکرد و
کەس لێی نەئەکڕیم ..
هەر کەسێکیش هەڵئەسا بۆی ئەدڕیم ..
وەک ناوساجی خێر وابوویت، نیشتمان ..
قەت تێر نەبووم لێت ..
وەک گورگێک وابوویت ، نیشتمان
قەت ماڵیی نەبوویت پێم ..
وەک لە ئاسماندا بژیم ،
خاکێک نەبوو تیایدا پاڵدەمەوە ..
وەک پاشماوەی باراناو ..
وەک پەرداخێکی شکاو ..
چەندین جار گسکیان لێدام بۆ سنوورەکان ..
چەندین جار سەرم هەڵگرت بۆ ووڵاتە دوورەکان ..
لە قۆڵی کۆمۆنیستەوە ..
لە باڵی ئیسلامییەوە ..
لە کڵاوڕۆژنەی دیموکراسییەوە ..
لە سەر مێزی دانوستانەوە ..
لە هەموو ڕێبازەکانی
زەوی و ئاسمانەوە ..
هەوڵمدا و .. پێک نەگەیشتین ..
خوێنم چۆڕا ..
بە هەر چوار لادا تەقەم کرد ..
تا دەهات دوورتر ئەکەوتینەوە و
لێک نەگەیشتین ..
ئێستا نازانم تۆ لە کوێیت و
من هی کێم ..
نازانم تۆ ڕائەکەی لە دەستم
یان من بۆ لای تۆ دێم ..




نۆستاڵجی.. شیعری کەنعان مدحەت

لە تەنیشت ( پەیکەرە کاژێری) زانکۆدا، چاوەڕێتم
وەک کۆنە دەزگیرانی- خوێندکاری –
پەنجا ساڵی بەر لە ئێستات
قۆڵ لە قۆڵ سرک و زیت
بە کۆڵانە تەسک و تروسکەکانی
شاری کۆنا
جارانانە لێژ بینەوە
ماچێ لە تۆ و دە و بیست لە من
میلی تەمەن بەرەو دواوە و
دواتر..
بگەڕێنینەوە
ئەی دڵدارە دێرینەکەم
ئاخۆ ئەزانی ئەم ساتە چاوەڕوانیانەی
پێت بەخشیوم
لە دۆخی یەکەم ژووان شڵەژاوترە؟
ئەڵێی؛
چی هاموشۆکەرە
گوێی لە ترپەی دڵمە
چاولێکەرانم هەر بە ئارەقەی
سەر توێڵمەوە نەوەستاون
ڕەنگ و ڕووخسارم زەرد هەڵگەڕاوە
گوڵە سپییەکانی دەستم جا شەکەریی و
جا لیمویی دێنە چاوم
یا وەک بڵێی
هیچم بە دەستەوە نەبێ و
جار جاریش تۆی
بە دوو دەستم بەرزت دەکەمەوە
باڵەفڕێ بگری و
بە زەویا قەت نەنشێیتەوە




بێگانەنەواز.. شاعیر عیماد خۆراسانی.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

دڵم ئاڵۆزە، مایەی نازە هێشتا
مەلی باڵسووتاو، لە چنگی بازە هێشتا
گیان گەیشتە سەر لێو، بە لێوی یار نەگەیشت
دڵ وەڕەز بوو، ئەو هەر خەریکی نازە هێشتا
گەرچی لە خۆم بێگانە بووم و، شێتی عیشق
یار عاشق کوژ و بێگانەنەوازە هێشتا
بووم بە خۆڵ و ئاوی نەکرد بە بڵێسەی دڵم
بێخەبەر لە حەسرەتی خاوەن نیازە هێشتا
گەرچی هەر ساتێ فرمێسکی چاوم بە دادم دەگات
دڵی شەیدام لە نێو سۆز و گدازە هێشتا
شار خەوتووە، من و پەروانە و شەم بێدار
چیرۆکی ئێمە و دوو سێ دێوانە نوقمی ڕازە هێشتا
گەرچی ڕۆیشتی، حەسرەتی ڕووت لە دڵ نەڕۆیشت
دەرگای ئەم ماڵە بە هیوای تۆ وازە هێشتا
ئەمە چ سەودایەکە “عیماد” لە سەردایە؟
ئەمە چ سۆزێکە لە پەردەی سازە هێشتا؟

وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری
غەزەلی بێگانەنەواز
شاعیر عیماد خۆراسانی




موجاهیدێک؛ گوڵی نارجۆک دەڕوێنێ! جەنگاوەرێک؛ ماچی ئاسمانی شار دەکات!.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

(ئەم شیعرە لەزمانی (دەنیز عەفرین)ەوە ڕوو بەو داعشانەیە کە دڵی مرۆڤ دەردەهێنن و ژیان لە تاریکی دەخنکێنن)

کە بەهار دێ چاوی پێت دەکەوێ و دەڕوا
دەڵێ خۆزگە نەهاتمایە و
هەرگیز ژینم نەبینیایە پاڵتۆی تاریکی لەبەرکا
کە ڕووبارێک نیگات دەکا
چاوەکانی پڕ دەبن لە تەم و ئاونگ
بەو ڕێگایەی دێتە سەر ڕێی، دەڵێ شەرم لەخۆم دەکەم
ئاسمان شین بێ و
چۆلەکەی ژین؛ کڵاوی مەرگ لەسەر کا!


ئەی ئەو دڕندە بێ دڵەی بووی بە موجاهیدی ئەودیو سنوورەکانی بێعەقڵی
ئەتۆی ئاژەڵ جگە لە کوشتنی جوانی و جگە لە تاریکی هێنان
جگە لە وێرانکاری و خەم، چاوی بڕوات هیچ نابینێ
ئەوجا ئیتر نەک چاوی خۆت،
چاوی ئەو دەبەنگییەت کوێر بێت کە فرچکت پێگرتووە
نەک تەنها خۆت؛ ڕووی ئەو ئەمیرەشت ڕەش بێ
کە تۆ و هەزاران وەکو تۆی لەخشتەی عەقڵ بردووە.


تۆ سڵ لەچی دەکەیتەوە؟
لەئاگری ئەو باوەڕەی هەر بە تەنها دیاری دەستی
هەڵقرچانی خەونەکان و کوشتنی بینایی ژینە
تۆسڵ لەچی دەکەیتەوە ؟ لە سزای ئەو عەقیدەیەی
ترسی داوە بەشان تاکو دڵی ئینسان دەربهێنی و کەللەی سەری کۆیلەکانی بۆ پەرژینە
یاخود تەرمی ئەستێرەکان بنێژیت و پێکەنین بکەی بە دارا؟
کۆرپە بدەیتە بەر قەممە و
چەتری هەوری بۆمب و بارووت بدەیت بەسەر ژین و شارا؟
بەس پێم بڵێ تۆ سڵ لە چی دەکەیتەوە هەی ترسنۆک
هەی ئەو کەسە بێ مۆڕاڵەی
کەرامەتت دەتکێتە نێو جامی بێ شەرمی و ڕیسوایی تنۆک تنۆک.


تۆ ڕۆژانە گوڵی بۆمب و گوللەی خومپارەی زوڵم و زۆر
لەسەر ڕێگاکانی ئینسان،
لەسەر ڕێگاکانی عەقڵ و زانست و جوانی ئەچێنی
سەری منداڵ لەناو چاڵی هەتیویدا نغرۆ دەکەی
کە دەکەویتە ژێر پێڵاوی جەنگاوەری ئازادیش
نەک هەر تەنها پاڕانەوە و ڵاڵانەوە
دژ بە خۆت و بە باوەڕ و ئیمانەکەت بێشەرمانە و پەیتا پەیتا درۆ دەکەی!
کێ مێشکی تۆی شووشتۆتەوە، وا ئاوا بووی بەپاڵەوانی کوشتنی نیگاکان و بە تیغی مەرگ؟
کێ لە مرۆڤبوونی خستی، وا ئاوا بووی بە بڵێسەی ئاگری جەنگ؟
ئەوەی تۆی کرد بەم دڕندە بێ دڵەی هەتاو بکوژی؛ ئیمانێکە تەواو تاریک
ئەوەی تۆی بەم چارەنووسە ڕەشە گەیاند،
ڕێگایەکە تەواو باریک.
تازە ژیان گرەوێکە یان ئازادی دەبێتە هەتاوێکی گەش
یاخود مەرگ شاڵاو دێنێ و
هەموو دەبینە پنتکێک لە دڵی چارەنووس ڕەش.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
١١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦




شمشێر و شەهوەت.. شیعری سمکۆ ئەحمەد

هۆهۆ ئەحفادی بەنی ئومەیە
بەنی شمشێر و شەهوەت
هۆهۆ ئەحفادی ئەنفال و داعش
بەنی قەتل و ئیرهاب
ئێوە لە چ مەعدەنێکی جنسی بەشەرن؟
ئێوە چ شلەیەک بە دەمارو مێشک و
گەڵ و گونتانا دەڕوات؟

هۆهۆ بەنی سەعد و جۆلانی و
نازانم کێ و کێی بەنی ئیرهاب
ئێوە بۆ هێندە لە کەزیەی کچانی ووڵاتی بەفرم تۆقیون؟
بۆ لەجۆگەلە و لوتکەی قەندیل ترساون؟
ئێوە وا قەرنێکە میزۆپۆتامیا تیرۆر دەکەن
وا قەرنێکە دوژمنایەتی شاخ و رووبارو
باڵی کەو دەکەن

هۆهۆ بەنی نازانم کێ و کێ
ئێوە چ فاملیەکی جنسی بەشەرن؟
ئێوە چ جانەوەرێکی هاوردەن؟
چ دڵێکی بێ خوێنن؟
چ پیاوێکی نا پیاون؟

ئێوە کەی تێ دەگەن فێری ئیملای وشەی ئازادی بن؟
کەی تێ دەگەن تەقویمی سەدەی بیست یەک بخوێننەوە؟
سەدان ساڵە شمشیرو چەقۆتان تەڕو سوورە
دەیان ساڵە دەستتان لە بینی دیجلەو فوراتا گیرە

هۆهۆ بەنی خەلیفەکان
بەنی سوڵتان و عوسمانەکان
ئێوە چ جانەوەرێکی سەحران
بۆ هێندە لە کەزیەی گولانی زاگرۆز تۆقیون؟
بۆ هێندە لە ئاگری نەورۆز ترساون؟

ئێوە لە چ مەعدەنێکی بەشەرن؟

نەفرەت لەوەی بە کەلامتان بڕوا دەکا
نەفرەت لەوەی بە زەلامتان حساب ئەکا

ئێوە ئەی بەنی شەهوەت خوێن
دەرگای مێژوو بە رووتانا خۆی دادەخا

ئێوە کەی دەتوانن وەکو کەوی زاگرۆز دوور هەڵفڕن؟
کەی دەتوانن وەکو بازی تۆرۆس دوور ببینن؟
ئێوە مانگایەکی خەسیون
بەچکەی خۆتان چارەی ناوێن
ئێوە قەوانێکی سواون
سەدان ساڵە هەمان ئایەت دەبزڕکێنن!
دارو بەردی ئەنادۆڵ رقێ لێتە
چەم و کێوی تۆرۆس چەمۆڵەی لێتە

ئیوە ئەی بەنی نازانم کێ و کێ
لەمیلی سەعاتا جێماو
لە دێڕی مێژوودا خنکاو
بڕۆن و بەرۆکمان بەردەن
سەد ساڵی تریش ئەنفالمان کەن
خۆشمان ناوێن

سمکۆ / لەندەن ٢٠٢٦




کە گەورە بووین.. شیعری نەوزاد بەندی

کە گەورە بووین،
جۆلانێیەک هەتیو کەوت ..
بێشکەیەک کەمئەندام بوو ..

٭ ٭ ٭

مزراحێ لە گۆشەیەکدا،
کەڕوو تێی دا…

٭ ٭ ٭

دارلارستیکێ لە ژێر خانەکەدا،
پرۆتکا ..

٭ ٭ ٭

پەنجا/ سەد ڕەسمی
ترنتی و جۆلیانۆجیما،
لە کەلاوەکانا شی بوونەوە ..

٭ ٭ ٭

پاسکیلێکی سێ تایی،
ژەنگ گرتی..
ژەنگ کوشتی ..

٭ ٭ ٭

کۆلارەیەک،
دەزووەکەی ئاڵۆسکا
لەنگەرەکانی پچڕان ..
کلکەکەیان بڕی ..

٭ ٭ ٭
جانتایەکی چاوە پشیلە،
لە ژێرخانەکەدا ڕەق بۆوە .

٭ ٭ ٭

یەک باوەش دەفتەری وەزیفەی
دارا دوو داری دی ..
یەک دنیا ستونی ڕاهێنانی پیتی
د
د
د
د
د
ا
ا
ا
ا
ا
ر
ر
ر
ر
ر
خوسانەوە و ئیفلیج بوون ..

٭ ٭ ٭
نوقوڵی مینۆ و
حەلاوە تەیب و
عەمبەر وەرێت و
ڕیشۆڵە و
حاجی لەقەق و
خاڵخاڵۆکە،
دڵیان شکا ..
سەری خۆیان هەڵگرت..

٭ ٭ ٭

کە گەوره بووین،
تەلەفزیۆنی ڕەش و سپی
سڵاوی کۆماریی
بەرنامەکانی ئەمشەو
وەرزش لە هەفتەیەکدا
گۆرانی داوا کراو
پارچە سەمایەکی سوهێر زەکیی
یارییەکانی تلیماج
ڕاڤە جوتیاری دیموقرات تەها
ئەی شەوەکەی بێ تروسکەی دڵ تەنگیی، عەلی عەزیز..
یار وەرەوەی تۆفیق عەلی ..
توشی غودەی دەرەقیی بوون،
دەنگیان نەما ..

٭ ٭ ٭

کە گەورە بووین،
ئیدی تەمسیلی شەوی چوار شەممان، تەواو ..

٭ ٭ ٭

مامە خەمە
بەهاری دزراو
پێنج پیاو لە ئوتێلێکدا
پژمین
مەرەزە
چەخماخە
دزی زۆرزان،
ڕۆحیان دەرچوو..
تەنها هەڵەی دکتۆر و
فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ،
بەردەوامن ..

٭ ٭ ٭
سەعید زەنگەنە ..
موئەیەد بەدری
کامیل دەباغ
نەسرین جۆرج
پەروین مەحمود
نەسرین مەحمود
هاشم جەباریی …
کوژانەوە ..

٭ ٭ ٭

عەرەبانەیەکی تریشقە و
عەرەبانەیەکی دوو ئەسپی،
لە ئاوی ئیجەدا خنکان ..

٭ ٭ ٭
کە گەوره بووین،
چوار دەنک تەمەر هند
بە لیمەندۆزییەوە،
لەسەر پارچە کاغەزێ،
داخیلی هروب بوو ..

٭ ٭ ٭

مەرکانەیەک،
لە هەیوانەکە کەوتە خوارەوە ..
گۆزەیەک قوڵفەکانی شکان ..
پڕ تورەکەیەک هەڵمات،
لەگەڵ دار هەلوکێکا،
چوون بۆ یۆنان ..

٭ ٭ ٭

دەست بە دیوار
فڕیوە
یەکە و گۆتەکە ،
دەست بە عەمود
میچ میچێن
پێنج بەردیی
هەڵماقۆ
تۆپی پەڕۆ
خەتخەتێن ..
چوونە لیستی تیرۆرەوە ..

٭ ٭ ٭

کە گەورە بووین ، مردین ..
ئەم کاسەی سەرە پڕ شەیتانە
ئەم چوار پەلە توکاوییە ،
ئەو گوڵدانە پڕ نوقوڵ و
ئەو چوار چڵە ڕەیحانەیە نین ..

٭ ٭ ٭

کە گەورە بووین،
بە پاڵ کردیانینە دەرەوە و
دەرگای قوتابخانەکانیان بە ڕوودا داخستین ..
یەک دنیا ڕەحلە و
تەختە ڕەش و
دەستەسڕی پەڕۆ و
تەختە کوژێن و
تەباشیر و
لاستیک و
قەڵەم دادەر …
ڕەوانەی خانەی پیریی کران ..




کەزی سەربەستی.. ستار ئەحمەد

تۆوێکم ناشت
دار زەیتوونێک
سەری ئازادی دەرهێنا
گەڵاکانی بوونە کەزی
خۆر بۆ جوانی
هەموو ڕۆژێک دادەبەزی
دەستی سەحرا
بەشمشێری پیسی ستەم
لەڕەگەوە
چرۆی جوانیی و
سەوزیی بڕی
کۆترێکی شاباڵ بەفرین
بەرەو دەرگەی خودا فڕی
فریشتەکان کەوتنە گریان
بەئاسمانی رۆژئاوادا
تیشکی نووریان
بەسەر چیادا داباران
هەور فرمێسکی هەڵرشت و
کەوتە گریان
شەماڵ بۆنی پەرچەمی گرت
ئاو ڕەش گەڕا
لەکانی و چەم
هەرچی گەڵای دارستانە
بوونە پەرچەم
هەنار رەنگی سووریی تۆران
سێو هەناوی بووە بریان
نووح گەڕاوە
بۆ چیای زاگرۆس
بۆ یەکەم بەهەشتی پێشووی
هەشتا کوردی بەچەکەوە
کردە مێژووی
بیابانی وێرانکردو
ئاوی زەمزەمی داپۆشی
حاشای لەگڕی سەحرا کرد
شۆڕشێک نوێی بۆ پیروزیی
لەسەر زەویدا بەرپا کرد
خودا شکۆی ئەم میللەتەی
بەخشیە سەلمانی کوردی
هەتا ستەمکار نەتوانێ
کورد بکاتە پەیژەو پردی




كورد کوشتن بە سورەت.. شیعر\ نەوزاد بەندی

بێجگە له کورد
هەموو گەلێ
بۆی هەیە سورەتی ئەنفال،
بە زەوقی خۆی
جێبەجێ کا ..
بۆی هەیە مافی مرۆڤ و
میساقی یو ئێن له پێ کا ..
تەپلە لەسەر بێ یان خوزە ..
بۆینباخ لە مل یان ملپێچ ..
عەمامە بەسەر یان مێزەر ..
ڕیش گەز و نیویی یان کۆسە ..
سیکیولاربێ،
یان کیسرا و لویس وقەیسەر ..
بەڵشەفیک و
شێخ و سوڵتان ..
نەتەوەیی بێ .. خێڵەکیی و
گڵۆباڵیست و
کۆماریی و شاهەنشا و
میر و میانڕەو ،
یان تیرۆریست ..
یان عائیدون لە تیرۆر و
زانا و گەمژەی بێ ناونیشان ..

٭ ٭ ٭

هەر کەسێ بی، ڕێپێدراوە
بۆ هەڵکێشانی شمشێر و
ئاوەڵا کردنی قورئان ..
گەیشتنە سورەتی ئەنفال و
کار بە ئایەت به ئایەتیی،
دژی ئەوەی به ئەستەمیش
لێی بێ بۆنی کوردایەتیی

٭ ٭ ٭
عەگاڵ بەسەر بی ،
یان شەپقە ..
کافر بیت یان سۆشیالیستیی ،
مونافیق بی ،
حافیز قورئان بی .. یان چەتە و
تەکنۆکرات بی یان قەلەندەر ..
ئەهلی مزگەوت بی ،
یان نادیی ..
هاوڕەگەز خواز بی،
یان ڕەبەن ..
وەک دالی سەر بە قوتابخانەی
سوریالیی بی ..
یان وەک پیکاسۆ، تەکعیبیی ..
دادائیی بی،
یان کلاسیک ..
ئایدیالیست بی،
یان ڕۆمانتیک ..
سەر بە فیزیای کۆنی ئیسحاق نیوتن بی،
یان تۆبەکاری ڕێژەیی ئانیشتاین و
تێسلا و ئەوان ..
دڵخوازی ڕیاڵ مەدرید بی،
یان هی بارشا..
زانا بی یان نەخوێندەوار ..
بێ شەرەف بی ،
لەشفرۆش بی ..
ئاڵودەی مادەی هۆشبەر بی،
یان پیاوێکی ساغ و سالار ..
دەمت بۆنی سیواک بدا
یان بۆنی شامپانیا و ویکسی ..
هاڵاوی ڤۆدگات لێ هەستێ
یان شەرابی سووری پاریس ..
بۆنی حەشیشە و هێرۆیین
یان ڤایپ و نێرگەلە و سیگار
یاخود بۆنی سەگی تۆپیو ..
گرنگ نییە،
بۆت هەیە کار بە سورەتی ئەنفال بکەی
لە دژی کوردی خێر نەدیو ..
٭ ٭ ٭
سوور بی وەک سەگی ئەمریکیی ..
سپی بی وەک گورگی ڕوسیی ..
ڕەش بی وەکو وشتراڵۆک ..
یان وەکو کێکی هەڵئاوساو ..
یان ڕەش و چرچ بی
وەک پێڵاو ..
گرنگ نییە ..
ئەتوانی هەر کات بتەوێ،
ئەنفالەکە بکەیتەوە و
چاڵەکانیش هەڵدەیتەوە و
بە کۆمەڵ هاووڵاتی کورد
بدەیتە دەستی زیندەچاڵ..
بێ گوێدانە
خوا و پێغەمبەر ..
یو ئێن و خۆپیشاندان و
هاش و هوشی پایتەختە تێر و پڕەکان ..
چونکە کورد دروستکراوە،
بۆ نیشانەی تاپڕەکان ..
٭ ٭ ٭
گرنگ نییە لە بیابان مارمێلکە بخۆی،
یان لە مانهاتن کافیار و شەراب هەڵدەی ..
لە دەریادا بی یان لە شاخ ..
یان لە دارستان، ڕاو بکەی ..
گرنگ نییە ..
گرنگ ئەوەیە هەر کاتێ بێتاقەت بووی،
بۆت هەیە سورەتی ئەنفال،
جێ بە جێکەی، پیت بە پیتی ..
لە دژی کورد ..
چونکە نەوەی
سەڵاحەدینن ئەوانە،
ترسناکن لەسەر گێتی ..

٭ ٭ ٭

گرنگ نییە هەر چۆنێ بی،
هەر چییەک بی ..
گرنگ ئەوەیه بۆت هەیە
بە دەسنوێژ و
بێ دەسنوێژیش ..
ئەنفالەکە هەڵدەیتەوە و
دەستکەی بە ئیش ..

لەشت پیس بێ ،
یان بە ئیحرام،
بۆت هەیە دەست بەیتە قورئان،
بچیتە سورەتی ئەنفال،
دێڕ – دێڕ
ئایەت بە ئایەتیی،
لەسەر کورد جێ بە جێ بکەی..
ئەوەیە لوتکەی ئیمان و
مۆدێرنە و مرۆڤایەتیی..

٭ ٭ ٭

هەرچی کەناڵیی ئازاد و
ڕاگەیاندنی جیهانە،
کە بۆ زامدار بوونی سەگێ،
لە چەندین شار عەوداڵ ئەبن ..
لە ئاست کۆمەڵکوژیی کوردا،
کەڕ ئەبن ..
کوێر و لاڵ ئەبن
الجزیرة
CNN
FOX NEWS
BBC
RT
F24
….. هتد ..




گومان.. شیعری کەنعان مدحەت

خۆمم کردە باخچەی هەزار و یەک شەوا
هەر گوڵە مەمک بوو
گوڵە سمت
گوڵە ناوگەڵ بوو، گوڵە ناوگەڵ
نەقشە لاپەڕەی مێژو و
کەلەپوور..
ئەو ڕواڵەتە
ئەو هەمو گەڵاڕێزانە
کەللە سەرە لە لەش جیاکراوە بەردەوامانە
ڕۆژیان بە ڕۆژەوە دەهۆنی
نەبا ناوبڕ لە ناکاو
هێرش
بەسەر بەرەبەیانی شەهریارا بەرێ و
شەهرەزاد
تەشریف بێنێ

وا ئەم داستانە
لەژێر پەردە و ناونیشانی یەک لە یەک
قیزەوەن و زەقترا
لێرە و لەوێ
لە هەر سوچ و پارچەیەکی
دڵە بە چوار دابەشکراوەکەمدا
سەرهەڵدێنێ

ئیتر چۆن ئەو پەلکەڕەنگینە هەڵواسراوەی
بە ناو دیاریی ئاسمان
ختۆکەم با و
پێی خەنی ببمەوە

کەنعان مدحەت




هه‌ڵمانی شه‌ونمێ.. ده‌ق سیروان ناشاد

بوو به‌ هه‌ڵم له‌گه‌ڵ گیزه‌ی ئاوی سه‌ر ئاگری ده‌روونم
چووه‌ ئاسمان له‌گه‌ڵ نوزه‌ی
قوڵپه‌ قوڵپی رووحم …..
تووایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگی دوا هاواری
سوتانم …..
بوو به‌ هه‌ڵم و دوا بزماری خۆی داكوتی
له‌ تابووتی خه‌ونه‌كانم
بوو به‌ هه‌ڵم .. چیتر نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ره‌چه‌ڵه‌كی خۆی
كه‌ ئاوه‌ ..
بوو به‌ هه‌ڵم و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و كانییه‌ی
دوای رۆیشتنی تاساوه‌ ……
بووبه‌ هه‌ڵم و نه‌هاته‌وه‌ ماڵی كانی
هه‌ڵماو رۆیی و ئێمه‌ی سپارده‌ بێكه‌سی و
دونیای ئێشی چاوه‌ڕوانی
بگه‌ڕێوه‌
چیت داوه‌ له‌ حیكایه‌تی باخچه‌ بێ بۆنه‌كانی
غوربه‌ت
بگه‌ڕێوه‌
دامه‌نیشه‌ به‌ دیار چیرۆکی نەبڕاوەی زه‌ریا
كه‌ خۆت له‌توخمی كانیله‌ی
وه‌ڕس نه‌بووی به‌ دیار
ئاژه‌ڵه‌ ده‌سته‌مۆكانی دارستان ؟
كه‌ خۆت له‌ جنسی كاریله‌ی
ده‌ بگه‌ڕێوه‌ ….
بوخچه‌یه‌كم له‌ شه‌ونمه‌ مه‌یوه‌كانی
سه‌ر رێحانان كۆ كردووه‌ته‌وه‌ …. تا لێوی ئاینده‌ی
پێ ته‌ڕبكه‌ی ……. بگه‌ڕێوه‌
ئه‌وێ جگه‌ له‌ بۆنی زستانی تووش و
شه‌وی درێژ ته‌نیایی چیتر نییه‌
به‌رامه‌ی پیره‌ خه‌ڵه‌فاوه‌كانی ئه‌وێ
نه‌داد ده‌دات .. نه‌ ئارامی و سه‌بوورییه‌…
ئاخر تۆ تژیت له‌ئیشق و ئاوه‌دانی
پڕیت له‌ ژیان ، له‌ سه‌وزایی و زنه‌ و كانی
خۆ تۆ لێوان لێویت له‌هه‌نجیره‌ وشكه‌ی
شه‌وانی نیشتمان
چیت داوه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی سڕ و بێ ناونیشان ؟
بگه‌ڕێوه‌
به‌م هه‌موو سوێ و ژانه‌مه‌وه‌
به‌ڕیشی سپی و قامه‌تی وه‌ك گۆچانمه‌وه‌
ده‌بمه‌ حه‌وشه‌ی ئاسوده‌ییت
ده‌بمه‌ هیوای بێ ئومێدیت
ده‌بمه‌ كانی وه‌ك ئاوێنه‌ خۆت ببینیت
ده‌بمه‌ رێگا …. ده‌بمه‌ راز و بوخچه‌ و
حه‌شارگه‌ و نهێنیت
ئاخر گوڵم گوێسه‌بانه‌ی ماڵی چۆڵم به‌ ستوویه‌تی
دره‌ختی حه‌وشه‌ی ده‌روونم له‌ سه‌رمانا تاڵ تاڵی ریشی رچیوه‌
بگه‌ڕێوه‌ ئه‌و مەندە مه‌ودای دوورییه‌
هه‌رچی ژین وهەرچی بوونمه‌ كوشتوویه‌تی
وه‌ره‌ ….. باوان
وه‌ره‌ یارۆ …. وه‌ره‌وه‌ حه‌یران
رووكارم شێوه‌ی دووكه‌ڵی بخوری گرتووه‌و
ماتیم له‌ خامۆشی گۆڕستان ده‌چێ
چه‌قاوه‌سوویه‌كی كپم ….
بگه‌ڕێوه‌و رێگام بده‌ .. دوا گۆرانی بڵێمه‌وه‌
به‌سه‌ر گه‌ڵای ته‌مه‌نی بابردووم
به‌سه‌ر جه‌سته‌ی كفت و ماندووم
گۆرانیه‌ك هه‌رچی ئاهی نێوانمانه‌
هه‌رچی ئێشی زامی قووڵه‌ بێنێته‌ گۆ
گۆرانیه‌ك به‌سه‌ر شه‌وانی درێژی لێو بووی سوتان
به‌سه‌ر دوورایی نێوانمان
ئاخر یارۆ
ئاخر حه‌یران … ئاخر باوان
من ده‌ترسم
له‌ گشت تەرمیناڵه‌كانی دنیا
له‌وێستگه‌ی شه‌مه‌نه‌فه‌ر ولە ئوتوبانه‌ پانه‌كان
له‌وێستگه‌ی فڕۆكه‌ و له‌ گشت هێمای رۆیشتنێ
له‌ گڵۆپی سه‌وزی ترافیكه‌كان
ده‌ترسم
داده‌چڵه‌كێم
داده‌خورپێم
داده‌گیرسێم
كه‌ رێبوارێك به‌ جانتاكه‌یه‌وه‌ ده‌بینم
تك تك ده‌تكێم
دوكانی جانتا فرۆشه‌كانیشم خۆش ناوێ
به‌رامه‌ی جیایان لێدێ
ئاخر یارۆ ئاخر باوان ئاخر حه‌یران
ئه‌وانه‌ یانی رۆیشتن یانی سه‌فه‌ر یانی جیایی
یانی رۆژانی ته‌نیایی
یانی ئیتر ناتبینمه‌وه‌
بگه‌ڕێوه‌ ……
ئاگردانێ له‌ ناخمدا داگیرساوه‌
به‌ تنۆكه‌ شه‌ونمێكی چاوه‌كانت
سارد ده‌بتەوە
كۆشێ حه‌سره‌تی وشكه‌ڵاتووی ساڵانێكی شه‌قارم پێیه‌
به‌ بارانی فرمێسكه‌كانت ته‌ڕ ده‌بنه‌وه‌
ده‌ببارێ به‌سه‌ر رۆحما …. ده‌ بڕژێ
به‌سه‌ر شەکەتیی دڵ و گیانما
كه‌ تۆ پڕیت له‌سه‌خاوه‌تی جوانی
له‌ سه‌خاوه‌تی ئیشق
له‌ سه‌خاوه‌تی ماچ …. ده‌ببارێ
وه‌ره‌وه‌
چیت داوه‌ له‌ ئیشقی غه‌واره‌یه‌ك
پۆلوی ئه‌وین نه‌یسوتاندووه‌
كه‌ به‌فری كێوی ته‌زین نه‌یبه‌ستووه‌
كه‌ ئێشی له‌ته‌ شیعرێك نه‌ یڕچیوه‌
ئیتر چۆن كوانگێكی پڕ ژیله‌ مۆت
له‌ شه‌وی زستانی ئه‌وێ بۆ رێكده‌خا
چۆن ده‌توانی كۆشێ نۆته‌ی سۆزی
ئه‌وینت بداتێ
چۆن ده‌تكاته‌ بوكی جوانی
چۆن ده‌تكاته‌ گه‌ردانه‌ی كامه‌رانی
چۆن ده‌تكاته‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك بۆ شه‌وانی تریفەمەند
چۆن ده‌بیته‌ داستانێكی جاویدانی
ئاخر یارۆ ئاخر باوان
كچێ حه‌یران
هه‌ر تۆ ده‌تگوت به‌یانی باشێ له‌ تۆوه‌ نه‌بیستم
من نیم
رۆژێ له‌ نێو نامه‌كاندا نه‌تبینم …. من نیم
نه‌فره‌تت له‌ دیكارت ده‌كرد كه‌ ده‌یگوت
( بیرده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ هه‌م )
تۆ ده‌تگوت من هه‌م كه‌ تۆ هه‌ی
كه‌ تۆ نه‌بی بە دڵنیایی منیش نیم
هه‌میشه‌ ئه‌و لاوكه‌ت ده‌گوته‌وه‌
تۆ بوون و ژیان و حاڵمی
تۆ سات و رۆژ و ساڵمی
تۆ خۆشی و ژینی تاڵمی
كه‌چی حه‌یران
نیوه‌ شه‌وێ سه‌ربازێكی غه‌واره‌ی پیر
له‌ ده‌رگای دایت و باوه‌شی ئه‌وینت كرده‌وه‌
گوتت ئێستا ئه‌تۆ گه‌وره‌و خاون ماڵی
ئاخر یارۆ ئاخر باوان
كچی حه‌یران
خۆت ده‌تزانی … من خاكی تۆم
ره‌گه‌كانت له‌ زه‌وی رۆحی مندا نه‌بێ ناڕوێ
من ده‌نگی تۆم ئازاره‌كانت له‌ هه‌ناسه‌ی مندا نه‌بێ نادوێ
من ئه‌ستێره‌ی شه‌وانی تۆم
من ئاڵووده‌و ئارمبه‌خش و حه‌رفی ساده‌ی لێوانی تۆم
ئیتر حه‌یران ….
باوه‌شی هیچ غه‌واره‌یه‌ك
وه‌ك دڵی من پڕ سوکنایی و ئەوین نییە
ئامێزی هیچ رێبوارێك وه‌ك سینه‌ی من
له‌ ئارامی تژی نییه‌
چوون من نۆته‌ی ئاوازی تۆم ..
من تۆم …
بگه‌ڕێوه‌
دنیا ته‌مه‌ و چاوه‌كانم هه‌نگاوه‌كانم نابینن
هه‌ر ده‌ڕۆم و به‌رو مه‌جهول
ئاینده‌یه‌ك … هیچ دوارۆژێك بوونی نییه‌
شه‌وه‌و نوزه‌یه‌كم تیا نه‌ماوه‌
سه‌یوانێ بۆ سه‌بوری شك نابه‌م
زامێكی چه‌ندین ساڵه‌م و
خۆم به‌ كۆڵی خۆمدا داوه‌
ساكێكم له‌ پشت كردووه‌ له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ بۆ كۆتایی
ساكێك تێشووی رێگای دووری هه‌تاییمه‌و
پڕاو پڕه‌ له‌ ته‌نیایی
هه‌ڵماو رۆیی ….. شه‌ونمێ
نه‌هاته‌وه‌ ماڵی خۆی
كه‌ ئاوه‌
هه‌ڵماو رۆیی شه‌ونمێ ….
نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ئه‌سڵی خۆی
كه‌ كانییه‌
ساكێكم له‌ كۆڵ كردوه‌ له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ بۆ كۆتایی
ساكێك تێشووی رێگای هه‌تاییمه‌و
پڕاو پڕه‌ له‌ته‌نیایی
بوو به‌ هه‌ڵم و
ئێمه‌ی سپارد بێكه‌سی و دونیای ئێشی چاوه‌ڕوانی
هه‌ڵماو رۆیی …. شه‌ونمێ
هه‌ڵماو رۆیی …..
هه‌ڵماو رۆیی
شه‌ونمێ

سیروان ناشاد




با نەهێڵێن گوڵی ئەم شۆڕشە بژاکێت!.. شیعری عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

خوێن با تێکەڵ بە شەپۆڵی دەنگی یاخیبووی شەقام بێ
دەبا هاوار زریانێک بێ و ژێر دەستەیی ڕابماڵێ
با بانگەواز بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلەتی
سەر بکا بە گشت کارگەکان، بچێتە نێو هەموو ماڵێ
دەبا گرمەی هەوری تێکۆشانی کارگەر و زەحمەتکێش
گوێی منارەی جەهل و ستەم بلەرزێنێ
دەبا گۆرانی سەرکەوتن گوللەیەک بێ و
بۆرژوازی و چەوسێنەران لە خوێنی خۆی بگەوزێنێ.
**
هۆ کارگەرانی ئێرانی برینداری لەخوێن گەوزاو
هۆ کارگەرانی ژێر پەتی سێدارەی کۆماری جەهل؛ دەی ڕۆژیەتی
ئەم کاروانە پڕ شکۆیەت بەڕێوەیە و دەی هەستەوە
وەک زنجیری دەست و پێی شەکەتدراوی زیندانییەکان
ڕێگای ڕووناکی و ئامانجی سۆشیالیزم، بەیەکەوە ببەستەوە
**
تۆ ئەمڕۆکە پشت لە ڕۆژە تاریکەکانی خۆت دەکەیت، ڕێگای دوور بۆ هەتاو دەبڕی
مێژوویەکەت بەکۆڵەوە، پڕە لە قوربانی و خەبات
پڕە لە کوشتن و برین،پڕە لە مەرگ
دەی ئەمجارە جیا لەجاران هەنگاوەکان پتەوتر کە
دژ بە حوکمی دەسەڵاتی نا ئینسانی سێدارە و جەنگ.
**
گەر ئەمجارە کەسێک ویستی سواری پشتی خەمی تۆ بێ، بیگلێنە.
گەر ئەمجارە دەنگێکت بیست
گۆرانی بۆ پچرانی کۆتی کۆیلەتی تۆ دەچڕێ، تووند بیگرە خۆ و
بیپارێزە وەک گلێنە
گەر ئەمجارە هەرکەسێ هات وتی ئازادیم خۆش دەوێ
دوای مەکەوە و ورد بەرەوە
گەر ئەمجارە هەرکەس ویستی ببێت بە ئاستەنگی خەبات بۆ ڕزگاری یەکجارەکی
خۆت لابدە و تەکان بدە بۆ سەرەوە.
**
ڕۆژێکی زێڕێنە ئەمڕۆ؛ شۆڕش لە سەدەی بیست و یەک
گەر دەتەوێ هەتاو ببێ بەشوناسی ژیانی خێرلەخۆ نەدیو
گەر دەتەوێ بەختەوەری ببێ بە پەنجەرەی دواڕۆژی ئاواتی بەشمەینەتان
بڕۆ بۆ نێو شەقامەکان
بڕۆ بۆ نێو گوند و مەزرا و کارخانەکان
بڕۆ بۆ نێو دڵ و هەناسەی شارەکان
ببە بە خۆت، ببە بە دەنگی سووری خۆت
ببە بە چاوی گەش و ڕوون بۆ پچرانی زنجیر و کۆت.
**
هۆ هەناسە تاساو و کەنەفتەکانی نێو سینەی زەحمەتکێشانی تارانی بڕست لێبراو
هۆ باڵندە خەونەکانی ئاسمانی سەر عەبادان و ئازرباینجانی خۆرئاوا
هۆ برینی سارێژنەبووی دڵی هیوای بلوجستان
هۆ بڵێسەی تێکۆشانی شەقامەکانی کوردستان
با گوڵی ئەمجارەی شۆڕش نەژاکێت و
نەخرێتە نێو ئینجانەی کۆنەپەرستان
با گوڵی ئەمجارەی شۆڕش گەش گەش گەش بێ و
بدرێ لە یەخەی لەشکری ستەمدیدە و
بەرۆکی گشت خۆشەویستان.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
١٤ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦




سەعاتێکی بێدەنگ.. شیعری نەوزاد بەندی

مانەوەم لێره،
وەک کەوتنە خوارەوەی قەڵەمێک بوو ، بۆ پشت کەوانتەرەکە ..

  • + +

بە تەنیشت ڕۆژەکاندا،
ژیانم بەسەر برد ..
تۆ بڵێی خوا محاسەبەم بکا ؟

  • + +

منداڵیی زۆربەمان،
بە ڕیش و سمێڵەوەیە..
باوکی زۆرینەمان،
باڵاندۆری هەبوو،
لە شەق تێهەڵدانمان..

  • + +

عەسرێکی باراناویی،
هەستمکرد هەناسه ساردم..
ئەو لەرزەی چووە دڵمەوە،
بە پەنجا ساڵ نەهاتە دەر ..
ئێرە جێگای ڕیسایکلینی شاعیر و هونەرمەندانە ..

  • + +

کە تۆ به ئوتومبیلەکەت تێپەڕیت،
من لەسەر تەنەکەی خۆڵەکە دانیشتبووم ..
کە سەدام ڕوخا و ئوتومبیلێکی علوجم کڕی،
تۆ لە هۆڵندا، لە بازاڕی گوڵ بووی..

  • + +

هەموو شەوێ،
کەناڵی بازرگانە موڕتاحەکان،
نێرینەکان ئەخەسێننەوە و
مێینەکان لاقە ئەکەنەوە ..

  • + +

نازانم ئەو خەڵکە بە دیار چییەوە دانیشتوون ؟
وەک ئاردە داری دارتاشخانە،
لە بەر پێی چەند عەیبدارێکا،
کەڵەکە بوون ..

  • + +

جاران لە دژی نادادیی،
کورد ئەچوونە شاخ ..
ئێستا لە دژی نادادیی،
کورد ئەڕۆن بۆ عەمرە ..

  • + +

تەمەن تەواو ئەبێ و
هێشتا
لە فرۆشگایەکی دەستی دوو
ڕێکەوتم نەکردی ..
ووڵات پڕ بووە لە لەگزس و عەرەبانە ..

  • + +

تێرمیناڵێکی خۆڵاویی ..
کۆمەڵێ گەشتیاری بێتاقەت ..
هەندێکیان
بۆ کەبابخواردن هاتوون و .
هەندێکیان بۆ کەباب فرۆشتن ..
هەندێکیان بۆ دۆلار دیار نەمان ..
هەندێکیان بۆ قەل خواردن ڕۆشتن ..

  • + +

زەوی ڕوکن بۆیه گرانە،
لە دراوسێیەک قوتارت ئەکا ..

  • + +

ئەو خەڵکە چەند حەزیان له دابڕانە،
دوو ئەوەندە حەزیان لە قەڵەباڵغییە ..

  • + +

ژیان ئەوەندە بێ قیمەت بووە،
لەوە ئەچێ دنیا
تەنها دۆناڵد تڕەمپی تیا بژی.

  • + +

تازه ناتوانم پیاسه بکەم ..
بە شیعر شەقامێکت بۆ ئەنێرم ..
لەگەڵ کۆمەڵێ هەنگاو ..
بۆ خۆت شتێکیان لێ دروستکە ..

  • + +

ژیان تارماییە ،
هەر بۆیە جوانترین شت،
ئەو شتانەن کە دەستمان نەکەوتوون ..
ئازیزترین کەس ئەوانەن
قەت هەنگاوێکمان لەگەڵدا نەناون ..
قەت نانێکمان لەگەڵدا نەخواردوون ..




پەیکەرێک لە بەفر.. شیعری شەهلا نوری

دەمێک بوو…
بەفرێکی وا نەباریبوو،
بەردەرگای لێ نەگرتبووم.
بەفرێکی تازە، بەسەر گەرمیی بوونمدا وا دەبارێ؛
گاهێ بەفرەکە نەرم و ڕوونە،
مشتێکم لێ هەڵگرت و
چێژم کرد بە لێوم!
گاهێ شەختەیە…
گاهێک منداڵان شەڕەبەفریانە و
لێم دەوەشێنن،
دەڵێن: دوورکەوە!
پەیکەری بەفر دیسانەوە مەخوڵقێنە،
بەرگی خۆتی لەبەر مەکە و
لێوی بە لێوت سوور مەکە!
گەمەی ئێمەش مەشێوێنە،
ئێوە بەرگەی تەزووی سەرما و بەفر ناگرن

شیعری شەهلا نوری




لەمسەر و لەو سەریش.. شیعری نەوزاد بەندی

بۆ / سۆز

ئێمە ئەوانەین
تاکو نان کەڕوو لێی نەدا،
نایدەین بە مەڕ ..
تا گەنم ژەنگ نەکا،
نایدەین بە کۆتر ..
چەڵتوک بۆخاک بوو ..
کە ماش کون کون بوو ..
برنج ئەسپێی کرد..
کە هەنجیر ترشا ..
کرم بەناو ئاردا،
وەک سوپا ڕێی کرد ،
جا بەزەییمان دێتە کوڵ و جۆش،
ئەیدەین بە گەدا

٭ ٭ ٭

تازە دوو ژمارە،
نابن بە تۆ و من ..
هەرگیزا و هەرگیز ..
هیچ ئامرازێکی پەیوەندی، ئیتر ،
لە نێوانمانا، نابێ بە قەفیز ..

٭ ٭ ٭

ئەزانم لە پاڵ تۆپەڵێ وشەی
تێپەڕ و .. ناوی
ساختە و دیواری
خەریتەی چاو و
مۆری ئەنگوست و ..
پەیجی پریڤەیت،
خۆت مەڵاس داوە و
بۆ من ئەڕوانی ..
بەس مافی خۆتە ،
کە تۆیش بزانی ..
ویستم پێت بڵێم :
خانەنشین بووم !

٭ ٭ ٭

لە دیار هیچ شتێ قەت دانەماوم،
ئەوەندەی لە دیار تۆ دامام، ئازیز ..
دواجار هیچیشم نەکەوتە بەرچاو ..
تەنها چاوشارکێ و
هەندێ چاو و ڕاو ..

٭ ٭ ٭

وێنەکەت کێشام ..
ئاگام لێ نەبوو ..
بەو هەموو ڕەنگە تۆخ و
کۆنەدا،
ڕۆحت هەڵکێشام ..

٭ ٭ ٭
گەر پێکیشەوە بووینایە، ئازیز ..
یان لەسەر پردێ، هاژەی ڕووبارێ بۆی ئەڕوانین و شەوگار دادەهات ..
یان لەسەر گردێ، چەپکێ تریفەی مانگ لێی ئەداین و
جا خۆر هەڵئەهات ..

٭ ٭ ٭

تەنیایی لە هەموومانا،
کوتلەیەکی گەورەی هەیە ..
زۆربەی کورسێکان هی ئەون ..

٭ ٭ ٭

لە بیرتە نەخشەمان دانا،
بۆ ئەوەی یەکتر نەبینین..؟
دنیایەک قسەمان ئەکرد،
بۆ ئەوەی یەکتر بێدەنگ کەین..!
لەسەر یەک ڕێ بووین ،
ئەیشمانووت :
تۆ به ڕێی خۆت
من بە ڕێی خۆم …

٭ ٭ ٭

جاران دوو مناڵی قەبارە گەورە ..
بۆنی بنێشتی بۆبی و دارچینیی ..
ئێستا دوو پیری قەبارە بچووک ..
لەناو زریانی دین و بێ دینیی ..

٭ ٭ ٭

قەت لە بیرم ناچێتەوە،
عەسرێک ، کام جلە تازە بوو،
لەبەرم کرد ..
هاتم بۆ کۆڵانەکەتان ،
بۆ ئەوەی نەتبینم، ..ئازیز !

٭ ٭ ٭

تۆ لە ماڵ مەیەرە دەرێ ..
منیش ڕوو ناکەمەوە ماڵ ..
بەو جۆرە ئیتر
کورسی و مێز و کوپ و قاوە و گەشت و سەفەر
با بۆ خۆیان سیر بخۆن و
زۆڕنا لێدەن ..

٭ ٭ ٭

هاتم بۆ کۆڵانەکەتان ،
تا سەیری بەرپێی خۆم بکەم ..!
لە بیرت دێ،
ووتت وەرە بۆ کۆڵانە شێدارەکەی بابەگەورە ..
لە نزیکی ڕەیحانەیە ..؟
کە ویستم بێم، ووتت مەیە..!!
ووتم نایەم بۆ غەزەلنوس،
ووتت سەعاتێ زیاترە،
دوو قاوەم داواکردووە و ..
سارد بوونەوە، جێیان دێڵم
هەزار ئەفسوس ..!!
٭ ٭ ٭

غەزەلنوس و .. ڕەیحانە و ..
کافێیەک نەما،
یەکتری تیا تیرۆر نەکەین ..
چەندێ سەلەفیی بووین، ئازیز !
وەک دێڕ پڕبووین لە خاڵ و نیشانەی پرسیار ..
لە هەڵەی چاپ و فاریزە ..
ووتت با بچین بۆ موسڵ،
بەڵام من باوکم ئەهێنم ..
تۆیش بیهێنە..!
ئەمە گەشتە یان کۆبوونەوەی باوکان ..
یان ئەشکەنجەدان بوو ..؟ ئازیز ..

٭ ٭ ٭
بە دەست خۆم نییە ،
بەفر تۆم بیر ئەخاتەوە ..ئەمساڵیش ..
دەرگای هەموو ئەو شارانە ئەکاتەوە ،
بە تەمابووم تیایانا بژیم و
نەژیام ..
نازانم بۆ وا ئەزانم
تەنها بەفر نێوانمان چاک ئەکاتەوە ؟؟!

٭ ٭ ٭

هەر ووتمان ئەوا ئەگەین و
هەر نەگەیشتین ..
گوایا ئیتر تێ ئەگەین و
تێیش نەگەیشتین ..

٭ ٭ ٭

نازانم من درەنگ کەوتم ،
تۆ زوو هاتی ؟
من پێش وەخت گەیشتم ،
یاوەخود تۆ نەهاتی .. ؟
تۆ هاتیت و ..
من ڕووداوێ بەستمیەوە ؟
نازانم .. نا
شتێ تۆی لە من وون کرد و
منیشی لە تۆ شاردەوە ؟
نازانم ..نا
بەڵام ئیتر ئەوەبوو ئەو قاوەیەمان به یەکەوە نەخواردەوە ..!!




مرۆڤایەتی.. شیعری کەنعان مدحەت

پێشکەشە بە کچە شەڕڤانی عەفرینی..

دەنیز خان
خەوێکی بێ بەراورد ترسناک و دژوار بوو
لە جێی هەڵدانی دەسکە گوڵ
لاک هەڵدەیت و
خەون بە کەژاوەی بە ڕێ و
لە پێشوازی،
حورییە هەناردەکانی خوا شایی بگێڕی.
چۆن پەیکەری بێ گیان، لەگەڵ زیندووی
بە گیان
لە یەک و هەمان تابلۆدا
بەرجەستە و نمایش دەکەی؟
بۆ خودی جۆگە لەگەڵ ئەو ئاوەی پیایا
دەچێ
هەمان دڵ و
هەر هەمان جووڵەی پشوو نەزانە؟
وەک چۆن مردوو بە زیندوو بەراورد ناکرێ
شەو بە ڕۆژ و تاریکی بە ڕۆشنا و
خەم بە خۆشی..
ئاوا، ئاو، بە لایانەوە
بە ئاوە زەمزەم بەراورد ناکرێ!
لە چەرخە ژمارەییەکەتدا
چاوم بە یەک نایە
نەبا خەوی دوبارە کراوەی دەنیز ببینم
تۆیش خۆت بخەرە جێی دەنیز
لە چینەکانی ئاسمانتەوە خۆت هەڵدەرە خوار
مرۆڤایەتی هەر ئەوەندەت بۆ فرمێسک دەڕژێ و
پرچ دەڕنێ و لە سنگی دەدات

تۆیش خۆت.. تۆیش خۆت
هەڵدەرە خوار




لە کەناری سپێدەیەکی بەفراویدا.. وریا مەعروف

لەناو کڕێوەی ئەم بێدەنگییە چڕەدا،
بەفر.. وەک سرووتێکی سپی
دێتەخوار و
هەموو ڕەنگەکانی زەوی لەناو خۆیدا دەتوێنێتەوە.
تۆش لەم هەراو زەنایەی غەریبیدا،
ئەو کەنارە کپەیت
کە پەرتەوازەیی منی تێدا کۆبووەتەوە.

تۆ نیشتمانێکی هێندە لەسەرخۆیت،
من.. وەک گەردیلەیەکی سەرگەردانی بەفر
لەسەر شانی دڵنیاییت دەنیشمەوە؛
ئارامییەکەت، تەنها بێدەنگی نییە،
ترپەیەکی هێمنی ڕووحە..
درزەکانی نێوان من و ژیان پڕ دەکاتەوە،
وەک ئەوەی لە پەنای ئەم سپێتییەدا
تازە.. بەفر فێری گۆرانی گوتن بووبێت.

تۆ وەک تەمێکی سپی
تک تک دەچێتە ناو کونجە تاریکەکانی یادگەم،
تینوێتیی ساڵانێکی تەمەن دەشکێنێت و
تەمومژی ماندوێتیم دەشواتەوە.
تۆ ئەو هەورەیت کە ناگریت،
بەڵکوو بەسەر وشکانیی ڕۆحمدا..
نەرمەبارانی میهرەبانی دەبارێنیت.

ئێستا.. کە شار بووەتە پەڕەیەکی سپی و نەنووسراو،
دەزانم خۆشەویستیت، ئەو ڕیتمەیە کە هەناسەم پێ دەگرێتەوە.
وەک چۆن بەفر زەوی لە باوەش دەگرێت و
ڕازەکانی ژێر باڵی خۆی دەشارێتەوە،
منیش ئاوا لە پەنای تۆدا..
لەو پەڕی سەرمادا، شکۆفەی گەرمییەکی ئەبەدی دەبەم.

ئێمە پێکەوە..
وەک یەکەمین تیشکی خۆر دوای بارینی بەفر،
مانایەک دەبەخشین بەو بێدەنگییە چڕەی
کە ناوی “پێکەوەبوون”ـە.




لەو رۆژەوە كە تۆ رۆیشتوی.. كاوەی خەسرەوكاوانی

              

لەو رۆژەوە كە تۆ رۆیشتوی
ژیانی من مەرگەساتە
دڵم بلبول تێ ی ناخوێنێ
جیهانێكی كش و ماتە

  • * *
    نە خەندەو نە پێكەنینی
    نە دەنگ و رەنگی ئاوازێ
    نە نەغمەی بولبولی عاشق
    نە سەدای تاڤگەو سازێ
  • * *
    لەو رۆژەوە لە پاكەوتووم
    كە دڵ مەحكومی هیجرانە
    خەمان پاڵ بە خەمان دەنێنن
    بەهارم گەڵا رێزانە
  • * *
    لەو رۆژەوە نیە رۆژی
    سپێدەی تیا بێتەوە
    كە تۆ رۆژان و شەوان بیت
    چۆن تۆی لەبیر دەچێتەوە
  • * *
    جاران خەندەی سەرلێوم بوم
    ئێستا خەمی سەر روخساری
    ساڵان دەڕوا و تۆ لە رۆحم
    گولستان نیت خۆت بەهاری

    6/12/2022

  • kawa_kiwiny@yahoo.co.uk



دومکەون.. شیعری کەنعان مدحەت

پەلوپۆ تەشەنە پێکراوەکانی زنجیرە
پێچراوەکەی وە پێم
گیرۆدەی ئەو ترسەن
کە من لەمەر سەنگ پاراستن
لە مێژە لە خۆمم
تەکاندووە و
چوون چڵک و چەوری پێستی دەست
دەڕوانمە ستەم و ئاکارە
نازیەکانی..

ئەمانە هەر هەمان ئەو سوارانەن
بە ئەسپ و حوشتر دەیاندایە سەر تەڕ و وشکا
ئێستا بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوتر و
شێوە خوێنمژینی تێکەڵ
لە مەزهەبی و
میللی و
خوارزمیی..
لە دەرگایەکەوە بۆ دەرگایە
لە سەنگەرێکەوە بۆ سەنگەرێ..
بۆیە لەو سەری کەلاوە و جێ کارەوە
بە نیازی لاسایی کاوە
پێشدەکەوم
شان ئەخەمە ژێر بارەوە
دومکەون
دو




بەشێک لە فراگمێنتە شیعرییەکان.. یونس تانج

کێ دەزانێ..
من چیم دیووە،
شەیتانم..
بەسەر منارەی پێغەمبەرانەوە..
بینیووە.
گۆشتی گورگم..
لە مەنجەڵی مەڕەکاندا..
بەرچاو کەوتووە.
ئاوم دیووە..
لە ئاگردا..
مەلەی کردووە.
برینم دیووە،
لە دەرماندا..
زامدار بووە.
..
حەزدەکەم
زەنگ لێنەدا،
مەرگی ناو پۆلێک..
باوەشی قوتابییەکانمم
بۆ واڵاکات.
..
دەزانم
بێهودەتر..
نیە،
لە بینینەوەی..
ستالین.
لە بەهەشت.
..
ھێندە نامێنمەوە ،
ھەر ھێندەی دەركردنی غە ریبەیەك..
ھەر ھێندەی سەربـڕینی كـۆتـرێـك.
..
ئەم جارەیان..
پەنجەرەکان دادەخەم و
گلەییی..
لە ڕەشەبا ناکەم.
..
لە دەمی خەیاڵێک
ترازام.
لە لێوانی دڵخۆشییەک
کەوتمەخوار.
بەسەر تەرمی پۆلێک،
قازیلە کێویدا کەوتم..
ساچمەزەنیی چاوتەنگی..
کۆچکوژی کردبوون.
..
هیچ ژەنەڕاڵێک،
بۆ باخێک هەناری گەنیوو..
هێز ناجوڵێنێت.
..
بەستەڵەک و
گەرمیانی..
دڵی تۆ،
تەمەنێکی،
بە با برد.


  • بە بیرم نیە ڕێک کەینێ ئەو فراگمێنتانە نوسراون.



شیعری: بە بەهاران باوەڕ بکە.. فەرەیدون موشیری.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شەهلا نوری

بە بەهاران باوەڕ بکە

پەنجەرەکان بکەرەوە…
وا نەسیم
جەژنی لەدایکبوونی هەڵاڵان
دەگێڕێت،
بەهاریش
لەسەر هەر چڵێک،
لە کەناری هەر گەڵایەک
مۆمێکی هەڵکردووە!
پەڕەسێلکەکان
گەڕانەوە دەچریکێنن
بۆ سەوزەڵانی،
کۆڵان پڕ بووە
لە چریکە و دیلانێ،
درەختی گێلاس
بۆ دیاریی جەژنی هەڵاڵان
گوڵی لە ئامێز گرتووە

پەنجەرەکان بکەرەوە
ئەی یار
لە بیرت دێ؟
کە تینوێتی کێوی زەوی سووتاند
گەڵاکان ژاکان،
لە ناخی خاکدا چی کرد!
لە بیرت دێ؟
لە تاریکیی شەوە درێژەکاندا
تەزووی سەرما
چی بە ڕەز کرد ؟
لە بیرت دێ؟
نیوەشەو
بە سەرو و سینەی
گوڵە سپییەکاندا،
بای تووڕە چی کرد؟
لە بیرت دێ؟

ئێستا
باوەڕ بە موعجیزەی
باران بکە،
دڵاوایی..
لە چاوی چەمەنزاردا ببینە و
میهرەبانی لە ڕووحی نەسیمدا؛
کە لەم کۆڵانە تەنگەدا
بەو دەستە بەتاڵەوە
جەژنی لەدایکبوونی هەڵاڵان
دەگێڕێت

خاک بێدار بووەوە
تۆ بۆچ بووی بە بەرد؟
تۆ بۆچ وا دڵتەنگ بوویت؟
پەنجەرەکان بکەرەوە
بە بەهاران باوەڕ بکە




کوللەی خۆماڵی.. کەنعان مدحەت

لە خەلە و خەرمانێ دەچم

کوللەی خۆماڵی لە شاڵاو هێنەر

زیاتر

تێم بەربووبێ

ئەمە درمە

یا شەڕفرۆشی ڕیشەیی

حەسرەت بە وردە هاڕاوی

دەمی مەکینەی هاڕین بخوازم؟

ئەڵێی تاوە بارانی بەهارە

لە پڕ و بە پەلە

بە پێپلکەی سەرەولێژما

شاڵاو دێنێ و

وادەزانی منی هەمو

ئێمەی ژەنگی پاشەکەوت و

بڕینی دو و سێ مانگەی هەرس کردوو

تەنیای دەست بە یەخەوەیم




هیچ فەرقم نەکردووە.. شیعری نەوزاد بەندی

هیچ فەرقم نەکردووە، ئازیز ..!
باشت کرد کە بەجێت هێشتم ..
هەر قەفەزە بێ دڵەکەم
هەر ئینجانە بێ گوڵەکەم ..
باش بوو دەستی خۆتت وەشاند،
لە پڕ بەجێت هێشتم، ئازیز!

٭ ٭ ٭

هیچ فەرقێکم نەکردووە ..
کاتێ ئەگەمە ناو بازاڕ،
جا بیرم ئەکەوێتەوە،
مۆبایلەکەم لەسەر قۆڵی
قەنەفەکە له بیر چووە ..
نیوەی شەو دێتەوە بیرم،
حەبی چەوریم نەخواردووە ..
هیچ فەرقێکم نەکردووە،
هێشتا به تەنیا گەشت ئەکەم،
لە تێرمیناڵ،
قەت لە گەشتیار نەچووم ، ئازیز ..
ئەڵێن سەرت هەڵگرتووە ؟
هەر ئینجانە بێ گوڵەکەم
هەر قەفەزە بێ دڵەکەم ..

  • * *

نوسینیەکانم وەک جاران،
بێ خوێنەرن
یان خوێنەرێ
یان دوو خوێنەر ..
لەگەڵ کۆمەڵێ جنێودەر ..
پێش کەشتییەکە،
کەشتییەوانەکە کون بووە ..
نوقوم بووە یان وون بووە ..
باشت کرد زوو بەجێت هێشتم،
هەر ئینجانە بێ گڵەکەم ..
هەر قەفەزه بێ گوڵەکەم ،
گەر بڵێی فەرقت کردووە،
هیچ فەرقێکم نەکردووە ..

٭ ٭ ٭

لەناو ئاپۆڕەی خەڵکیدا،
وەک تارمایی، لە کەس ناچم ..
هەر وەک جاران،
لە کۆڵانێکی کۆنە دێ ..
تازه شارا ، دێم و ئەچم ..
پەشیمانم لەوەی چوومەتە فڵان شوێن ..
پەشیمانم فڵانە کەسم بینیوە ..
پەشیمان لەوەی شتێکم کڕیوە ..
حەز ئەکەم هەر لە ڕێ دەستم
بخەمە گیرفانم ، هەستکەم
ئەو شتەی کڕیم ، وون بووە ..
کەشتیەوان لە پێش کەشتێکە،
کون کون بووە ..
دەلیل پێش وونبوو ، وون بووە ..
باش بوو ڕۆیشتیت ..
هیچ فەرقێکم نەکردووە ..

نەوزاد بەندی




سێوباران لە ئاسۆی دواڕۆژدا.. شیعر: ​ستار ئەحمەد

​خۆر دەسووتێ..

هەور گیان دەدا،

سروشت بەپێوە نوستووە،

با بەدوای خۆیدا ڕادەکا،

مانگ لە ژانی مناڵبوونە.

خاک بۆ لەتە نانێک دەگری،

مرۆڤ خوناوی لوتکەی چیا

دەکاتە ئاڵای بەرگری.

​دەمێکە بارانی شەڕگە

جەرگی ئاسمانی ناسیوە،

کەچی گوللەی بێناونیشان

لە نەخشەی کوشتن فڕیوە؛

بە شاباڵی فریشتەکان

گیانی شەکاوەی ئەستێرەی

بە سنگی شەو هەڵواسیوە.

​ئەمێستاکە..

تیشکبارانی ئاواتمان،

دەستی گزنگ ڕادەکێشێ؛

بە تیشکی سۆز،

لانکی مرۆ و

کۆرپەی خاکمان دادەپۆشێ.

نیگای هەوار،

دروشمەکان دەنەخشێنێ،

دەروازەکان دەکرێنەوە..

هەرچی فریشتەی مژدەیە

ئاڵای ئازادی هەڵدەکەن.

​زەوی تینوێتی دەشکێت و

وشکی نامێنێ لە گوڵشەن.

خاکمان شادی ڕادەمووسێ..

باران خوناو دەسڕێتەوە،

پەلکە زێڕینە بە سەما

دەبێتە ئاڵای ئاشتی و بوون.

​نیشتمان باڵا دەکات و

پێنووس، مرۆڤ دەورژێنێ؛

چەک خودی خۆی هەڵدەواسێ،

پەپوولەی خۆزگە،

باڵی گەواڵە دەردەکا.

مەبەست شەونم لەبەر دەکا،

باخچە شەونم لە گوێ دەدا،

هیوا چرۆی نوێ دەردەکا.

​مەرگ خۆی دەمرێت،

ژیان کڵاوی خۆر لەسەر دەکا.

ئەستێرە مێژوو دەنووسێتەوە؛

ئاسۆی دواڕۆژی گەردوون،

بە خەندەوە هەڵدێتەوە.

​خودا سروشت،

بە دڵۆپە دەنەخشێنێ..

پەڕتووکی خەون دەکاتەوە،

پیتی ڕژاو بەسەرمانا دەبارێنێ.

شیعر دەکاتە ناسنامە..

نیشتمان گوڵزاری وەڵام،

سات لە کەژدا خرۆشاوە

بۆ نوقڵانەی دوایین پەیام.

​ستار ئەحمەد




تەنیایی.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

شەوە باراناوییەکانی کانون سارد نین
بەفرە ئەستوورەکان سارد نین
گوێم لە پیاوێک بوو
کە سەرما ئێسکەکانی گەستبوو دەیگوت
شەختە هیچ گوناهێکی نییە
مرۆڤ کە لە شەقامە سووتاوەکاندا
شەوی بەسەر دادێ و
ماڵێکی نییە بۆی بگەڕێتەوە
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە سێوێکی کرماند و
نەیکرد بە دوو کەرتەوە
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە لە گۆڕێکی یەک نەفەریدا
ڕۆژ و شەوەکانی ژمارد
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە سەرمای دەبێ
گوناهی هیچ وەرزێک نییە
ئەوەی ئێسک و
ڕۆحی مرۆڤ دەتەزێنێ وەرزەکان نین
تەنیاییە،
تەنیایی




شانۆگەریی شیعری.. کەنعان مدحەت

(١)
تولە سەگێ
ڕوو لە گەماڵێ دەکا و دەپرسێ
گەر تۆ دایکمی،
باوکم کێیە و چ ڕەگەیە
سەر بە چ بنەماڵە و تایەفە و لقە زمانێکە.. دایە؟
گەماڵە سەگ،
بۆ وەڵامێکی باوەڕ پێکراو
چاو بە حەشاماتە خوێڕیی دەورووبەرا دێنێ و
لە بێ دڵنیایی
شەرمەزار و سەرشۆڕ
بە حەپەیەکی لە چپە چوو، کۆتا بە
شانۆگەریی سەددە
دێنێ

(٢)
چی ڕیش سپی شارە؛ پەمو لە گوێ
دەسەڵاتدار؛ تینو و
برسیی،
ئاونگی سەر لێو و
نەرمە سەرموهری دوو توێیە.
منی نیگەرانیش؛
لە کونی کلیلی دەرگاوە
پیتی هۆنراوە سەروقنگ هەڵواسراوەکانی
بە تەڵە و داوەوەم
لە ئەلفوبێی،
پێ بە کۆت و زنجیرەوە
بۆسەر زمانێکی کێویی دەستکاری نەکراو
دەگۆڕمەوە
ڕاتەکانێ
لە ڕێی شیعری ئازادەوە
لادێ بە شارەوە
گرێ بدات




حیکمەتی ڕەگ.. شیعر\ وریا مەعروف

پایز…
تەنیا وەرزێک نییە،
ئاوێنەیەکە بۆ بینینی جەوهەری بوون.
پەنجەرەیەکە بەرەو “ڕوتبوونەوە”،
وانەیەکە کە دەڵێت:
شکۆ، تەنها لە سەوزبوونی هەمیشەییدا نییە.
سەیرکە…
دارەکان چەند بە یەقینەوە،
بەرگی جەنجاڵی لەبەر خۆیان دادەکەنن.
بێ ترس، بێ دڵەخورپێ…
دەزانن مانای ڕاستەقینە لە گەشانەوەی دەرەوەدا نییە؛
ژیان خەونێکی قووڵە لە ژێر خاکدا،
بە دەستی “ڕەگ”ەکان دەنووسرێتەوە و
نەخشەی بەهارێکی چڕتر، لە بێدەنگیدا دەڕوێ.
وەرینی هەر گەڵایەک،
کڕنۆشێکە بۆ دەستبەرداربوون؛
ئازایەتییەکە بۆ سپاردنی ئەو ڕابردووە زەردبووەی
کە بووەتە باری گران بەسەر شانمانەوە.
لەم کەناری کڕنۆشەدا،
دارەکان لە هەرا و زەنای “بوون” دێنە دەرێ،
تا گوێ لە دەنگی ڕەگەکانیان بگرن؛
بەرەو تەنهاییەکی پیرۆز،
بۆ ئەوەی لە پەنا کڕێوەی زستاندا،
بەهێزتر، باڵا بکەنەوە.
ئێمەش وەک پایز…
ئەگەر ئەمڕۆ ڕووت و تەنیاین،
ئەگەر خەونەکانمان وەک گەڵا هەڵوەریون،
ئەمە مەرگ نییە؛
گەڕانەوەیەکی ئەفسوناوییە بۆ ناو “ڕەگ”.
ئێمە لێرەین…
نەک بۆ تێپەڕینی کات،
بۆ ئەوەی لە ناو وەرینەکاندا،
مانایەک لە خۆمان بخوڵقێنین.
پایز کۆتایی نییە…
وەستانێکی پیرۆزە،
بۆ ئەوەی بە هەناسەیەکی قووڵتر
بەرەو ئاسۆیەکی نوێ هەنگاو بنێین.




کۆتایی ساڵ.. شیعر\ خولیا حسێن

بمهەژێنە ئەی کۆتا ساتەکانی ساڵ
بمهەژێنە
وەک ڕەشەبای دواین ساتەکانی پایز
کە درەختان دەهەژێنی
بمهەژێنە
دام تەکێنە
لە هەموو
ئومێدە وشکەوەبووەکانی
زەمەنێکە بوونەتە چەپەری چڵکنی بەردەم ڕووبارەکانی شادمانیم
بمهەژێنە و
دامتەکێنە لەگشت خەونە هەڵبزڕکاوە کابووسیەکانی
مانگە شەوەکانیان
لێ کردمە شەوی تار

ئەی دەمە کورتەکانی کۆتایی ساڵ
شەنەبامکە
شەنە بامکە
شەنا با
جیامکەرەوە
لە پووش و
پەڵاش و
زیوان و زەردەواڵە زیان بەخشەکان
شەنە بامکە
شەنەبا
بە شەنە پەنجە زیوینیەکانی سەر جۆخینی منداڵیم
تا وەکوو قوبەی
یاقووتی
گەنمە ئەسمەریەکانی
بەرهەتاوی تەمووزی تەمەن
دەبریسکێمەوە
هەر شەنەبامکە و
مەوەستە
تاوەکوو هەموو
ئومێدە وشکەوەبووکان و
خەونە کا بووسیەکان و
پووش و پەڵاش و
زیوانە زیان بەخشەکانم لێ جیا دەکەیتەوە
هەر شەنە بامکە و
مەوەستە
منیش
ڕووناکی هەموو گلۆپە داگیرساوەکانی سەری ساڵ
لەسەر شەقام و
لە ماڵەکان و
لە نێو کلێساکان و
بازاڕەکان هەیە
دەیانگوازمەوە نێو شادەمارەکانی بوونم و
دابەشیان دەکەم بەسەر
ناخ و دڵ و
دەروونی هەر هەمووتان
تا سبەینێ و
ساڵی تازە و
هەموو سات و
کات و ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی داهاتوومان
بکەینە چراخانی هەمیشەیی و
ئاوازی پێکەنینمان بگاتە ئەستێرەکان و
خەندەی خۆری بەیانیانیش بگوازینەوە سەر لێوە خەندە لێ دزراوەکانمان




عەقڵێکی بێ عەقڵ.. شیعری نەوزاد بەندی

یەکێک لە ترسناکترین شتەکانی مرۆڤ،
عەقڵە ..
کاتێ خوێندنەوەت ئەبێ
بۆ دنیایەکی ترسناک ..
بۆ داهاتووە ترسناکەکان ..
بۆ پرسیارە ترسناکەکان ..
٭ ٭ ٭

عەقڵ واتلێئەکا، خەم بخۆی ..
لە جێی خواردن،
ماف بخۆی ..
خوێن بخۆی ..
درۆ بکەی ..
جنێو بەیت و ..
سوێن بخۆی ..
پیرۆزیی بخوڵقێنی و
پیرۆزییەکان هەڕاج کەی ..
هەزار دەرد دروست کەیت و
ئینجا نزای عیلاج کەی..
عەقڵ پێت ئەڵێ بگری
یان قاقا پێ بکەنە ..
عەقڵ ئاوارەت ئەکا،
لە کەمپ و ژێر ڕەشماڵا،
بە پێنج خێزان، یەک سەرئاو،
شاد و شوکر و ڕازی بن ..
یان بە هەزاران ڤێلا وتاوەر و مۆڵ و کارگە،
هێشتاکە هەر برسی بن ..
عەقڵ ئەتکا بە جەلاد ..
بە پیاو کوژ و سۆزانیی ..
بە ژێر دەست و داگیرکەر ..
بە مۆڵگەی پەشیمانیی ..
قەرزار بیت ،یان دەوڵەمەند ..
ڕێزدار یان ببی بە پەند ..
جەنگێکی وا بەرپا کەی،
چوار ملیۆن کەس بکوژی ..
تەپلەیەک لەسەر کەیت و
بە خەیاڵی ئازادی و
نیشتمان و خاکەوە،
ماڵ و مناڵ هەتیوکەی ..
فرمێسکی هەموویان و
خوێنی خۆیشت بڕژی ..
عەقڵ ڕێنماییت ئەکا،
بۆ ڕێگای خیانەت و
بۆ قومار و بۆ نادی ..
فرۆشتنی قەڵەم و
لە گوێکردنی ئەڵقە و
زوڕنا ژەنیی و گەوادیی ..
عەقڵ ڕاپێچت ئەکا
بۆ دەریای نائومێدیی ..
بۆ ڕاکردن لە خۆت و ..
هێرۆیین و
خۆ کوشتن ،
ئەسپایی .. هێدی هێدی ..
هەموو تەمەنت ئەبا
لە ڕێی ماڵ و پارەدا ..
لە دوکانێ بەند ئەبی ..
یان له فەرمانگەیەکا ،
سندم ئەکاتە قاچت،
چل پەنجا ساڵ شانازیی،
ڕۆژەکانت دووبارە و
سەد بارە ئەکەیتەوە،
بە بێ ئەوەی پارە و ماڵ،
خەفەتێکت چاره کا..
عەقڵ ئەتخەڵەتێنێ،
بە دوای تارماییەکانا
ڕا ئەکەی، وەک ڕەشەبا ..
شتێ لێت ئەبێ بە خوا ..
لە خۆیشت ناپرسی کوا ..
عەقڵ سواڵت پێ ئەکا ..
عەقڵ هەر چۆنی بوێ ،
بەو شێوەیەت لێ ئەکا ..
هێشتا شێرێکتان دیوە،
بڵێ من ملیۆنێرم؟
یان بەرخێکتان بینیوە،
واز له بەرغەل بهێنێ و
توشی گۆشەگیریی بێ و
بۆ خۆی شیعر بنوسێ ؟
تیمساحێکتان بینیوە،
لە پڕ جەنگی جیهانیی
تیمساحان هەڵگیرسێنێ ؟
مارێکتان دیوە،
سجنی نهێنی خۆی هەبێت و
سەدان مار بفەوتێنێ ؟
چۆلەکەیەکتان دیوە،
بۆ دانێ درۆ بکا ؟
کەرکەدەنێکتان دیوە،
بە ناز و مەکر و عیشوە،
هەزارەها کەرکەدەن
گەمژە و دەستەمۆ بکا ؟
قەت سەگێکتان بینیوە
یاسای برسیکردنی
سەد ملیۆن سەگ ئیمزا کا؟
گوێدرێژێکتان دیوە ،
شەوان هەتا بەیانی،
لە داخی زوڵم نەخەوێ و
بیر لە شۆڕش کاتەوە و
بانگەشەی کۆدەتا کا ؟
داڵێکتان قەت بینیوە
نان و قوتی ملیۆنان
داڵی هاوڕێی ڕابگرێ ؟
بەکتریایەکتان دیوە،
توشی خەمۆکیی بوو بێ و
هەر کوچە و پەنابگرێ؟
سەقاقوشێکتان دیوە،
خۆی لە سەقاقوشەکان
بکا بە نوێنەری خوا؟
مێگەلێکتان بینیو،
گیا و لەوەڕی لێ بدزن
نەباعێنن ؟ نەڵێن : کوا ؟
٭ ٭ ٭
( قەت یەکێک مەکە بە هەموویان، قەت خۆیشت مەکە بە یەکێکیان..
بۆ ئەوەی نە هەمووانت لە کیس بچێ و .. نە بیشبیتە یەکێک لەوان ..)
٭ ٭ ٭
تەنها ئەو کاتانە خۆتیت،
کە تەنها لەگەڵ خۆتیت ..
تێکەڵاوی ئەوان بووی،
پارچە پارچەت ئەکەن و
لەت لەت ئەتکەن بە خۆیان ..

٭ ٭ ٭
تا زۆر دڵنیا نەبیت،
قەت هەنگاو هەڵمەهێنە ..
ئەوانەی کە پاڵ ئەنرێن
بۆ کەوتن و بۆ دواوە ،
ئەوانەن خوا وەکیلیی
هەنگاویان هەڵهێناوە ..

٭ ٭ ٭

عەقڵ،
ڕێگای قاچاخ و
زیندان و
کۆمەڵکوژیی و
سێدارە و
ئەشکەنجەدان ..
سیخوڕیی و
کورتەی هەواڵ ..
بڕیاری جەنگ و
کورسی و
چەکی کۆکوژ و
زوڵم و
ئابڵوقە و
حیزب و
چاوەڕوانیی، دروست کرد ..
عەقڵ ،
حەیای عەقڵی برد




غوربه‌ت.. شیعری كاوەى خەسرەوكاوانى

                                                     *  * 

پێشكه‌شه‌ به‌ گیانى پاكى هاوسه‌رى كۆچ كردوم كه‌ له‌ 18/6/2020 به‌ نه‌خۆشى كۆچىى دوایى كرد

هێندەی يەکەمین دیدارمان
موشتاقی دیداری تۆمە
ساڵانی دوری وغوربەتیت
ئازارى نێو روحی خۆمە

تۆ نازانی ئەم سەفەرە
چەندە بۆ رۆحم ئازارە
تۆ نازانی هەڵوەرینی
یەکەمین وەرزی بەهارە

لە دوایی تۆوە جەستەیێکی
بێ ناونیشان و بێ گلکۆم
رۆژان دەڕوا و پێکە خەمی
دووریت لە نێو رۆحم دەخۆم

بەبێ تۆ نیشتمانی دڵ
ئەشک وهەنسک وماتەمە
وەڵاتێکی بەبێ ئاڵاو
سەرتاپای تاریکی و خەمە

واتێ نەگەی چرکە ساتێک
عيشقت لە نێو دڵم وونە
ئەو رۆژەی کە دێمەوە لات
خۆشترین ئاهەنگى منه

2023/6/17

                                                     kawa_kiwiny@yahoo.co.uk



لەگەڵ ڕۆحی سەبا.. شاعیر محەمەد حوسێن (شەهریار).. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

ئەی سەبا بە تۆ چییان گۆت کە وا
خامۆش بووی
چ شەرابێکیان بە تۆ دا کە وا بێهۆش بووی

تۆ پەرستگای ئاگرینی عیشق و سۆز بووی
چ ڕوویدا کە وەک خۆڵەمێش خامۆش بووی

بە چ دەستێ ژەنیت ئەو سازە ، سۆزی شەوانە
کە خۆت لە نەرمە نەغمەی بێخود و بێهۆش بووی

تۆ دەنگی سەدان ئاواز بوویت ، دڵان سەراپا گوێ
چ ژنەفتی کە وا بێدەنگ وە گۆش بووی

گەرچی لە نێو خەڵقا وەفا نیە
بەڵام ،گوڵم
باوەڕ مەکە کە تۆ چوویت و فەرامۆش بووی

نازی دەکرد بە کراسی ناسکت لەش و لاری تۆ
نازەنینم چ بوو کەوا کفن پۆش بووی

شەمعی شەوانی تاریک بوویت و لێوخەندەی ژنان
لەگەڵ شنەی بەرەبەیان هاودەم و باوەش بووی

دەڵێی شەو حۆری بەهشتی بۆ باڵینت هاتووە
کە تۆ شەیدای زوڵف و بناگۆشی ئەو بووی

ئەی ئارامگا کە سەبا خەوتووە لەژێر سەنگت
بە چ گەنجینەی نهێنییەوە کەوا
سەرپۆش بووی

شەهریارا ! چزەی تینوێتیم لە جگەرمی هەڵقرچاند
بۆچ وا دوور لە چاووی پڕنۆش بووی

غەزەلی ژمارە ١٣٣
لەگەڵ ڕۆحی سەبا
شاعیر محەمەد حوسێن (شەهریار)
وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری




مــــــاچ.. شیعری\ نەوشیروان ئازاد

تەنیا
ماچێکم بدەرێ ،
ئەی سورەگوڵ،
تەنیا …ماچێک
گەلێ ماندووم ،
ماندووی ڕێگایەکی دوور . لێم مەپرسە ،
ڕێبواری کوێم ،
لەکوێ هاتوم ،
بۆ کوێ ،دەچم ،
من ڕێگەی، عەشقم
لێ وونە ،
دەرگای دڵم
نادۆزمەو ،
تۆ نازانی ،
کە من لەکوێم ؟
منم وونم….
یادنیایە ، لەمن وونە …….. تەنیا ،
ماچێکم بدەیە ،
ئەی سورەگوڵ…
تەنیا ماچێک و هیچی دی .. زۆر شەکەتم …
تینو و برسی ،
شاعیرێکم سەرلێ شێواو بەدوای ناوی خۆما وێڵم ،
تۆ نازانی ، چیەناوم؟
تۆ نازانی کە یەکەم جار ،
بەچ زمانێ ،
بانگ کراوم ؟ ………..
تەنیا ماچێکم پێ بدە ،
ئەی سورەگۆڵ
تەنیا…یەک مـــــــاچ
بەڵێن بێ ، کەناوت نابەم ،
لای هیج کەسێ باسی ناکەم عاشقێکم بێ ناونیشان بەدوای تیشکی خۆرا وێڵم ، ئەی تۆ ..جێی خۆر پێ نازانی بەڵێن بێ کە دۆزیمەوە ، ڕازەکانت نادرکێنم … بۆساڵیادی یەکەم ماچت پڕشنگی خۆرت بۆدێنم
…………
تەنیا ماچێک ،
ئەی سورەگوڵ ،
تەنیا ماچێک و هیچی تر… دێوانەیەکی سەرشێتم بەدوای شەمی خێڵا وێڵم ، لەم لاڕێیە ،
تۆ کۆچی یارت نەدیوە؟
لەکوێ دەواریان هەڵداوە؟ چاوی سەرنج ..
لەکوێ بدەم ،
لەکام لاوە.
…..
تەنیا ماچێک ،
ئەی سورگوڵ ،
تەنیا ماچێک و
هیچی تر تەنیا ،
م
ا
چ
ێ
ک
………….
نەوشیروان ئازاد
كوردستان




باری فریاکەوتن.. شیعر\ کەنعان مدحەت

دەمەوێ پێش کات کەوم
پێم لە نمونەی شەوە نەکەوێ
دوو دنیای جیاواز
سەر بە دوو فەرهەنگ
ئایدیا و
هەڵسوکەوتی لە یەک نامۆتر
ڕازی بە قەدەر
بۆ ئەوەی جێ پێ هەڵگر نەبم و بەشێ
لە بڕینی قوتی دارا و نازدار

حەزم دەکرد پاش کات کەوتبام
لە شارە ئەسێرەیەکی بێ نەوت و غازا
لە دایک ببام
لە قەراغە جۆگەی باخێکا
ڕەشە ڕەیحانە
لە سنگە هەورازی شاخێکا
سەنگەری ئاشتی
لەگەڵ هەڵاتنی ڕۆژیشا
دەسکە گوڵە کێویم بۆ قازی و
شێخ سەعید و شیخ مەحمو بناردبا

ببورن
پەلەمە!
کەسانێ، لە دەرگای حەوشەما
بۆ پاروویە نان
چوونەتە تکا..
پیرە پێاوێ، هێز، پشتی لێکردووە و
ناگا بە گۆچان
بۆ مژە هەوایە دەر و دەشت بکا
مناڵێ
بووکەشوشە شڕەکەی
لێی دەخوڕێ؛ ژیر و بێخەم بە
سێ مانگی دی کە موچە
لە هەوارا بار دەخا
خۆم، شیر و دایبی و لانکەت بۆ دەکڕم و
هەر بە خۆیشم پاشماوەی قنگی هەرێم دەسڕمەوە




فرمێسكی كۆچ و تاری دڵ.. عەلی سیرینی

ئەم شیعرە بە بۆنەی كۆچی دوایی زانا و ئەدیب و نوسەری گەورەی كورد مامۆستا مەلا حوسامەددینی مەلا عەبدوڵلا قەڵاتیە، كە لە شەوی یەكشەممە لە سەر دووشەممەی 1ی دیسێمبەری 2025 كۆچی دوایی كرد. مردنی ناوادەی مامۆستا مەلا حوسامەددین خەسارەتێكی هەرە گەورەی كورد و كوردستان و زانست و ئەدەبە. كۆستێكی بێ پایانی خاكی بێ نازی حەریریی و خانی و نورسی و مەولانا و شێخی بیارە و جەزیریی و نالی و سالم و مەحویە.

دامێنی تاریكی دایگرت ئەم شەو كۆچی ڕۆژێكی تر
لە قەیلولەی بێ ئاگایی ڕەتی كرد بە سەرما مەلێكی تر
لە غەفڵەتی گوناهی دووریم مەحروم بووم لە شەوقێكی تر
لە ناكاوی جەمعی بێ ئاگا خامۆش بوو شەوچراغێكی تر
ڕەشەبای بێ بەختیی ڕاپێچی كرد گوڵستانێكی تر
حەسرەتم بۆ كورد باری كرد نالی و خانی و هەژارێكی تر
بە دڵشكاویی ماڵئاوایی كرد لە كورد شۆڕەسوارێكی تر
كە دیم سیس بوو باغستان زانیم وشك بوو ڕوبارێكی تر
لەپی ڕەشی مردن بردی سەر و مێزەری زانست و ئەدەب
كاروانی مەینەتە ڕوو لە كورد بۆ كۆست و خەمانێكی تر
ڕێژنەی حوزنی ئەزەلە بە سەر میللەت جارێكی تر
بێ بەختی كوردە وا شكا لە دەستی حوسامێكی* تر
لە گرانی خەم و حەسرەت وێرانەیە ڕۆح و دەروون
سوتانی خەرمانە و ڕەشپۆشینی بەهارێكی تر
بێ هودەیە بە گریە هانای بڵێسەی دڵ كەوی
سوتان كەوتە بارێكی تر كۆچی نازدارێكی تر
پێ ڕا ناگا چاوانی حوزن و گریان بە هاواری دڵ
دەسەوسانە هزری غەمگین بە دەست ناڵانێكی تر
برینی كۆچت ئازیز هەمیشە سەوزە تا ئەبەد
بە بێ مردن لە بیرمانی نا باتەوە زەمانێكی تر

  • حوسام ناوی مامۆستای كۆچ كردووە، مانای حوسام بە كوردی واتە شمشێر.



گه‌ڕان.. شیعری ستار ئەحمەد

هه‌ڵكه‌ به‌سه‌ر زامی جه‌رگما ..
كه‌ خوێن ره‌نگی كۆچبار ده‌گرێ‌ “
تۆ ئه‌و چاوه‌ی پێی ده‌ڕوانم .
ئیتر بارین له‌باران ناپرسێ‌ ..
بۆ هه‌ناسه‌م دوات ده‌كه‌وم ..
دڵۆپێك با به‌قه‌رز ده‌كڕم “
چاره‌سه‌ر بێت بۆ خنكانم .
له‌وه‌ته‌ی شه‌ماڵ بێزاره‌ ..
له‌خه‌ونی زه‌ردی خۆره‌تاو “
دەفڕم بەرەو نیگای شەوگار .
په‌له‌قاژه‌ی دیده‌نی تۆم ..
له‌پشت ده‌رگای چاوه‌ڕوانی “
له‌نێو تەلبەندی چوار دیوار .
مه‌له‌ ماسی لێیده‌گات و
ئاو فرمێسكی گوڵ ده‌ژمێرێ‌ .
ترپه‌ی ده‌روونم بانگ ده‌دا ..
له‌په‌رستگای تاسه‌كاندا “
جاڕی مردنم بۆ ده‌درێ‌ .
كه‌تۆم ناسی ..
عه‌شق ناخمی وردو خاش كرد.
هه‌رچه‌ند گه‌ڕام ..
پارچه‌كانم كۆكه‌مەوه‌ ” ..
خوێناو به‌ر دیده‌می ده‌گرت .
ساتێك ده‌بم بە رووبارێ‌
ده‌مێك ده‌بم به‌كه‌رته‌ شاخ .
نه‌شیعرم چرۆ ده‌رده‌كات “
نه‌هه‌ناوم ده‌بێت به‌باخ .
ئیتر نازانم بابرده‌ ..
له‌كوێ‌ جێگه‌ی ده‌بێته‌وه‌ .
ئه‌م زریانه‌ ته‌واو نابێت ..
هه‌ستم وشه‌ی هه‌ڵڕژاوه‌ “
بەپێنووس كۆناكرێتەوە .
له‌كوێی ..؟
نسرمی شه‌و هه‌ڵگرم و
رستێك ئه‌ستێره‌ت بۆ بچنم .
خۆ من له‌تۆدا هه‌ڵوه‌ریم ..
هه‌تاكو كه‌ی ـ ؟
ده‌ست هه‌ڵناگری له‌كوشتنم .

ستار ئەحمەد




نزاى دڵ.. شیعری كاوه‌ى خه‌سره‌وكاوانى

                                

          

ئێستاش چاوم له‌و ده‌رگایه‌
بۆیه‌كه‌م جار
كه‌ تۆى لێ هاتیه‌ ژووره‌وه‌…
چاوێكیشم له‌و رێگایه‌
تۆى وون كردو
منى خسته‌ شه‌وه‌زه‌نگى بێ نووره‌وه‌…
له‌و رۆژه‌وه‌ كه‌سێ نه‌ما
هه‌واڵى تۆى لێ نه‌پرسم
خه‌مێك نه‌ما به‌یادى تۆ نه‌یخۆمه‌وه‌…
ئه‌شكێك نه‌ما بۆتۆ نه‌ڕژىّ
له‌ شه‌وانى بێ تۆى دا
ئه‌ستێره‌یێك نه‌ماوه‌ كه‌
نه‌یكه‌مه‌ هاوڕێ خۆمه‌وه‌…
دڵم ئێستا نزا ده‌كات
ئه‌ى چاوه‌كان
گه‌ردنتان قه‌ت ئازاد نه‌بێت
به‌بێ تۆئێستا چۆن بژیم
كاتێك رۆحم به‌دیدارى تۆشادنه‌بێت

4/2/2010

kawa_kiwiny@yahoo.co.uk




وەستان لەسەر ڕێی هەسارەی یادەوەری.. شیعر: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەیری سەعاتەکەی مەچەکتم بۆ بکە ئەی برادەر
تا بای غەم هەڵینەکردووە و نەبووینەتە گەردوتۆزی
نێو سامناکیی ئەم گەردوونە تاریکەی بوون
تا نەبووینەتە تیشکێکی ڕاوەستاوی نێو زەمەنێکی چەماوە
سەیری سەعاتەکەی دەستت بکە هاوڕێ
با چاوەڕوانی درێژ بێتەوە هەتا گەردوون بۆشاییەکان لەخۆ دەگرێ
با هەتاوەکان بێن و بمانبەن بۆ لێواری ئەو ڕووناکییەی کەچاوی ئێمە نایبینێت.
چی لەو قەدەرە تاڵە بکەین هاوڕێ کە بە فەنا مەحکووم کراوین
ئێمە لەنێو تنۆکێکدا لەتاریکیی لەدایک دەبین و دەمرین
دەزانین و دەست بۆ چڵە هەتاوێک و
پەلی داری زانستێک و
دۆزینەوەیەکی تازە دریژ دەکەین هەتاوەکو
هەنگاوێک بچینە ئەودیو سنوورەکانی ڕووناکی
بچینە ئەودیو هێلەکانی بینین و دیوی ئەودیوی نهێنییە شاراوەکان
هاوڕی زەمەن خێرا دەڕوا..ڕەنگە فریای پێکەنینێک
فریای ماچێک
فریای سەرما و گەرمای وەرزێکی تر نەکەوین
تۆ تەماشای سەعاتەکەی دەستت بکە، بزانە چەند ساڵی تیشکیی لە هەقیقەتەوە دوورین
بزانە چەند هەسارەی درۆمان بڕی و
چەندجار بە دەوری نەزانیی و بێئاگایی خولمان خوارد و نەمانتوانی خێرایی خۆمان تۆمار کەین
بارستەی خۆمان ون کرد و لەنێو زەمەن بووینە هاوکێشە سادەکەی فیزیای ژیان
هێزێک هەیە بەرەو ناوەند بەرەو خۆمان کێشمان دەکات
ئێمە لەنێو سەرسوڕمانی هاوکێشەکەی ئەم ژیانە ورد ورد بووین و ئەنجن ئەنجن کراوین بەکات
جارێک بە گۆشەی تەوژم و جارێکیش بە جووڵەی جێگۆڕ
ئای لە فیزیای ئەم ژیانە پڕ لە مردنە بێمانایە
چۆن وەکو کات، ژیانی چەماندینەوە
سەیری سەعاتەی دەستت بکە هاوڕێ
زۆر درەنگە ..با لەوە زیاتر نەبینە جێی مشتومڕی نۆڤاکان
لەوە زیاتر نەبینە جێی قسە و چیرۆکی نێو داتاکان و هاوکێشەکان
با لەوە زیاتر نەبینە کوژراوی نێو جووڵە و گۆشە دەم تیژەکان
با لەوە زیاتر نەبینە گەردی نێو گەردوونی وشکی و تاریک و سارد
با تۆزێ کات بگرینەوە و دەست بە زەمەنەوە بگرین
تۆش سەعاتی مەچەکت وەک دڵی بێئۆقرەت قورمیش کە
با بەردەوام چرکە چرکە لێبدات و قەت نەوەستێت
هەتا دەگەین بە نهێنی ئەودیو ڕەنگە ڕەشەکان و
هەڵهێنانی ئەو مەتەڵەی تەڵەزگاوییەی ناومان ناوە بوون و ژیان.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئەیلوول – تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤




لە ژێر سێبەرێکی نامۆدا.. نەوزاد بەندی

ئەزانم ئاگات لێمە و منیش لە تۆ بێ ئاگا
ئەزانم چاوت لێمە و بۆ من نییە یەک نیگا ..
کەی بتەوێ ئەمبینی ، پێت ناگەم نە بە ڕێگا ..
نە به پەنجەرە و دەرگا..
یەکەمجار کە تۆم ناسی ،
هەڵمگرتی لە جێدا ..
کە زانیت ئاڵودەت بووم ،
بۆ دوور منت فڕێدا ..

٭ ٭ ٭

هەر بە هەمان کۆڵانا ..
ساڵی جارێ یان دووجار ،
ڕەت ئەبم بێ خواستی خۆم ..
چل ساڵ زیاتر بوو ئێرە ،
بوو بوو بە ڕێی کانی بۆم ..
کانی بووە بە پەڵاس ..
هاوڕێکانم هەڵوەرین ..
ئەویش چووە دوو توێی خاک،
تۆپێکی نەمساویی جەنگ،
کردی بە کێڵگەی برین ..

٭ ٭ ٭

نەک هەر مرۆڤەکانی،
خانۆکانیش گۆڕاون ..
زۆربەی زۆریان نەماون ..
کۆشک و تەلاری بەرز و ..
تەنیاییان تێدایە ..
بێجگە لە مرۆڤ ، هەرچی
شت هەیە لەوێدایه ..

٭ ٭ ٭

جار جار بێ جانتا و
خاولی و
دەرمانی دان و گوێزان ..
ئەڕۆم بۆ زانکۆی موسڵ ..
وەک سەردانی گۆڕستان،
بەرامبەری ئەوەستم ..
ئەمەوێ یەک شت مابێ،
وەک پێش چل ساڵ و زیاتر ،
هیچ شتێ نادۆزمەوە ..
ئەچمە کافیتریایەک،
بەڵکو ڕێکەوت یەک پیاڵەی
ئەو سەردەمەی لا مابێ ..
ئەڵێ زەحمەتە بە خوا ..!
ئەڕۆمە گۆشە و کوچەی
دوورە دەستی ناو زانکۆ ..
ئەڵێم بەڵکو لێی مابێ،
شوێنپێیەکی من و تۆ ..!

٭ ٭ ٭

ڕیزێ مۆمی کوژاوە،
لە کۆڵانێکی کۆنی
یادگاریدا ئەبینم ..
بڕیار ئەدەم لەمەودوا،
ئەو چەند مانگەی کە ماومە،
بۆینباخێ ببەستم ..
نا .. نەک بە یادی تۆوە ..
زەحمەتە تەقاعود بی
بە تیشێرت و کاوبۆوە ..!

نەوزاد بەندی




فرمێسكی كۆچ و تاری دڵ.. شیعر: عەلی سیرینی

دامێنی تاریكی دایگرت ئەم شەو كۆچی ڕۆژێكی تر
لە قەیلولەی بێ ئاگایی ڕەتی كرد بە سەرما مەلێكی تر
لە غەفڵەتی گوناهی دووریم مەحروم بووم لە ديدارێکی تر
لە ناكاوی جەمعی بێ ئاگا خامۆش بوو شەوچراغێكی تر
ڕەشەبای بێ بەختیی ڕاپێچی كرد گوڵستانێكی تر
حەسرەتم بۆ كورد باری كرد نالی و خانی و هەژارێكی تر
بە دڵشكاویی ماڵئاوایی كرد لە كورد شۆڕەسوارێكی تر
كە دیم سیس بوو باغستان زانیم وشك بوو ڕوبارێكی تر
لەپی ڕەشی مردن بردی سەر و مێزەری زانست و ئەدەب
كاروانی مەینەتە ڕوو لە كورد بۆ كۆست و خەمانێكی تر
ڕێژنەی حوزنی ئەزەلە بە سەر میللەت جارێكی تر

لە گرانی خەم و حەسرەت وێرانەیە ڕۆح و دەروون
سوتانی خەرمانە و ڕەشپۆشینی بەهارێكی تر
بێ هودەیە بە گریە هانای بڵێسەی دڵ كەوی
سوتان كەوتە بارێكی تر كۆچی نازدارێكی تر
پێ ڕا ناگا چاوانی حوزن و گریان بە هاواری دڵ
دەسەوسانە هزری غەمگین بە دەست ناڵانێكی تر
بێ بەختی كوردە وا شكا لە دەستی حوسامێكی تر
برینی كۆچت ئازیز هەمیشە سەوزە تا ئەبەد
بە بێ مردن لە بیرمانی نا باتەوە زەمانێكی تر.

عەلی سیرینی




هه‌مزاتۆڤ له‌ (ده‌وڵه‌تی خۆشه‌ویستی)دا.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

هاتم (ده‌وڵه‌تی خۆشه‌ویستی)م دامه‌زراند
ئه‌وجا بیرم له‌ دروشمێك
بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ كرده‌وه‌ :
ئه‌ویش،
ده‌ستت له‌ ده‌ستمدا
پرچت،
ئه‌و كه‌وانه‌یه‌ی
سێبه‌رمان لێ ده‌كا..

بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌م،
بیرم له‌ سروودێك كرده‌وه‌ :
ئه‌و سرووده‌،
ئه‌ڵمانیا نییه‌ له‌ سه‌رووی هه‌مووان
داغستانیش نییه‌..
ئه‌و سرووده‌
خۆشه‌ویستییه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان
ئا ئا ، خۆشه‌ویستی له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووان..

ئه‌و جار،
بیرم له‌ ئاڵایه‌ك بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ كرده‌وه‌ :
سوور.. خه‌باته‌
سپی.. ئاشتی
زه‌رد.. جیابوونه‌وه‌..

پاشان ده‌سته‌چیله‌یه‌كم چنی و
ڕه‌نگێكم له‌
په‌لكه‌زێڕینه‌ پێكهێنا و
نووسیم:
عاشقانی دونیا یه‌كگرن!
ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد په‌شۆكام
نه‌مده‌زانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌م
ئه‌و هێزه‌ له‌بننه‌هاتووه‌ی هه‌بێ،
ملیۆنان ڕوویان تێكرد
داوای په‌نابه‌ری سیاسییان تێدا كرد.‌

() ڕه‌سوول هه‌مزاتۆڤ، شاعیری ناسراوی داغستان نووسه‌ری (داغستانی من). (*) له‌ ڕۆژنامه‌ی (الصباح)ی به‌غدایی ژماره‌ 118 ی16ی11ی2003 وه‌
كراوه‌ به‌ كوردی.




درەختێکی ڕووت.. عارف کوردە

لەهەڕەتی لاویدای
لێ ناتوانی بوخچەی،
تەمەنت هەڵگریت
لەدرەختی سەرەڕێ دەچی
هەر ڕێبوارێ تێ دەپەڕێ
گەڵایەکت لێ دەکاتەوە
بۆیە، ڕووت.. ڕووتی..!
ئەو بایە..!
یاری بەڕوحت ئەکات
پێویستیت،
بەئامێزێکی گەرمە
ئامێزێک..،
سیسی تەمەنت،
سەوز بهێڵێتەوە
هەرچەند هەڵدەکشێت
ترس لەدەرگا ئەدا
ئازار‌ جەستەت،
سوژن ڕێژ ئەکات
داهەزاوە..داهەزاو
لەدوای ماندووبوونەکان
بەدوای کوانوویەکدا دەگڕێیت،
خەونە شەختەییەکان
گەرم بکاتەوە
چونکە لایەکت، لەبۆشاییدایە
لەسەر نیو بەڕە دەنویت
لادیوارێ نیە؟
پشتی پێوە بدەیت
کۆمڕی ژوورەکەش،
قڵشتێکی گەورەی تێکەوتووە
هەرەس دێنێ.. هەرەس
ئاگردانەکە دەکوژێتەوە
چەند دارەڕایەکی خراپە
دادەتەپێ.. هۆدەکە!
بنۆڕە ئەو دیو تەلارەکان
دێوێک..،
لەنێو مێرگێکدا
باغێک..،
لەپەپوولە ئاو پرژێن دەکات
کوختیەکان..،
لەگمەگم کەوتوون
باڵی ئاسمان،
بەبڵاچەی شمشێر قرتاوە.

عارف کوردە




خار و مێخەک.. شەهلا نوری

وە سەفایە
خار پێدەخەنێ لە باخی بەهار
وە گوڵی مێخەک ھەناسەی چیمەن و
گوڵی ھەنار
خار لە دەووری مێخەک
وەک ڕۆمانێکە مێخەک بەرێک ڕەش
لە شێداریا نەرم و نیانی
لەتەک دارزیا ھەردووک دەئاڵێن

مێخک سەرسامە بە بۆ و بەرامی
دەھۆنرێمەوە بۆ ڕەنگ و جوانی
نەخۆش سوودمەندە دەبمە دەرمانی

خار دەلاوێنی
گوڵی بۆ وجوان
بزمار وەرگری تیژڕەوی بانی
کە تۆ لە سەفای
من تیژی بزمار ڕوو، بەرەو ناو شانی

مێخەک دێتە جواو
وە کەلوپەلی پەشت وە بەنی خوریت
بۆ ماوەیەکیش بۆنم هەڵدەگریت

خار ئێژێ
تۆ وشک دەکرێیت وە چەشنی جۆراو جۆر
دەهاڕێیت سەر تا خوار هەر وە ژێر خۆر

مێخەک ھات وتی
بومەسیاقەت
دەکرێمە چێشت ،و شرینی و شەرەبەت کەڵکم زۆر ئەوێ
شەوانەی حەسرەت
ھێشتا ھەر خونچەم لێدەکرێمەوە
گەڵا سەوزم و
درەختی گەرمیان
خشڵ و پۆشاکی ژنی شێخان

شەهلا نوری




مشتێک لە خەرمانێک.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەوانەی ڕابوردوویەکی ناخۆشیان هەبوو ،بەختەوەرن ..
یادگارییەکی جوانیان نییە ،
دڵیان بۆی توند بێ ،
بۆی بگرین ..

جاران شەقام بانگی ئەکردین،
بۆ پیاسه و
خواردنەوەی چایەک و
بینینی ئەو ..
کڕینی ڕۆژنامەیەکی هاوکاری ..
گۆڤارێکی کاروان .. بەیان ..
ڕۆشنبیری نوێ ..
نووسەری کورد ….
بزمارڕێژکردنی پێڵاو،
بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێزمە بارانی پاییز،
کەڵەکە بەفری زستان ..
بۆ بینینی ئوتومبیلێکی ڤۆڵگسن واگۆنی تاقانە، پێمان ئەوت بۆقیی،
کە دەرمانسازێکی سوورفل،
بە دوو چاویلکەی خڕەوە بە هێواشیی پارکی ئەکرد..وا بزانم ناوی سورکێو بوو..
بۆ بینینی سێ چوار مامۆستای بۆینباخ لە مل،
لەبەردەم چایخانەی شەعب،
باسی ڕاپۆرتێکی ڕادیۆی مۆنتیکارلۆیان ئەکرد،
سەبارەت بە دۆزی کورد ..
ئەمڕۆ، شەقام ڕاوم ئەنێ ..
لە تێکڕژانی ئوتومبیل ..ماتۆڕ سکیل ..
لە گەواڵە دوکەڵی تاریک ..
لە حەشاماتی گەنجی بێ ئیش ..
لە ڕشانەوەی نێرگەلە ..
لە پرسەی هەمیشەیی باران..
لە کۆچی دوایی گۆڤار ..
لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامە ..
لە ئاڵودە بوونی ووشە و
کۆپلە و
ئیلهام، بە حەبی میبرۆبامێت..
لە ئایفۆن بە دەستی خەواڵوو ..
لە سوپای لوتبڕاو و.. لێو ئاوساو و ..دێراوی قژی وەک کڵاو ..
لە فرۆشیاریی نائومێد ..
لە کڕیاری هەڵخەڵەتاو ..
لە نادادیی ..
لە وێنەی گەورەی ئەوانەی
نانیان سەرنگون کرد ..
ئاویان ڕەدوو خست ..
پێکەنینیان بە یاساکانی تیرۆر، ڕاپێچ کرد ..
مەمکەکانی نیشتمانیان فرۆشت ..
خوێنی مێژوویان پڕ کرد لە جەڵتە ..
جنێویان لەسەر فیشەک موتوربە کرڕ
فیشەک و تفیان لە یەکتری پێوەن کرد..
کۆڕەو و تاراوگەیان لە یەکتر مارە کرد ..
جوانکارییان بۆ جاش و مستەشار کرد ..
سەنتەری توێژینەوەیان بۆ جڕت دامەزراند ..
درەختیان خستە ژێر ئابڵوقەی ئاوەوە ..
پۆستی باڵایان دا بە مشار و ..
ڕێزلێنانیان بۆ، سن و کیسەڵە و کولە و
دوو پشک و ئەژدیها کرد ..
هەنگ و گوڵ و تریفەی مانگ و
کانییان بێ بەها کرد ..

ئەوەی کورد نەبێ، بەختەوەرە..
چەندین کۆڕەو، بە بێ ڤیزه،
بە بێ فڕۆکە و ئوتومبیل،
به پێی پەتی و لە نیوەشەوا،
لەبەر باران،
ڕاپێچی سنوورەکانی نەکردووە ..
براکوژیی چەندین خولی پاڵەوانێتیی بۆ نەکردۆتەوە ..
ڕق و دووبەرەکیی،
لێ نەبۆتە بیر و باوەڕی سەرەکی..
لە شەیتانی نەبردۆتەوە..
لوتبەرزیی و تەمەڵیی و حەرامخواردن ..
قڕە قڕ و یەکتر شکاندن ..
وڵاتی بێ موچە و
بێ ئامانە و
بێ تراموای و
بێ میترۆ و
بێ کارەبا و
بێ ئاو و
بێ بارانی نەدیوە ..
به مێژوویەکا تێنەپەڕیوە،
کرێکارەکانی برسی بن و
بێکارەکانی ملیاردێر ..
گەمژەکانی بەرپرسی باڵا بن و
زاناکانی لە زیندان و
لە چایخانە کۆنەکانا،
ببنە گاڵتەجاڕی خەڵک و
پڕ کردنەوەی بۆشاییەکانی پەیج و
پرسیارە بێ تامەکانی
ڕۆژنامەنوس و پەیامنێر ..
لە پاریس سەرکردەکانی تیرۆر نەکراوە ..
فەرماندەکانی له زیندانا دانەڕزاوە ..
لە ڕابوردووی پەشیمان نییە..
بۆ داهاتووی بێ ئاوات و دەستەوسان نییە..
دەیان جار نەیوتووە ئەم پەنجەیەم ئەبڕم و گەر جارێکی تر
بیخەمە ناو مرەکەبە شینەکەوە..
ئەوەی کورد نەبێ، بەختەوەره،
هەر هیچ نەبێ لە خۆیەوە
ڕقی دنیای لە دراوسێکەی نییە ..
ئێرەیی به براکەی نابا..
چاودێری ژمارەی دینارەکانی
گیرفانی هاوڕێکەی ناکا..
هەوڵ نادا نوسەرێکی بەناوبانگی خۆیان سوک و ڕیسوا کا ..
جنێو به ناودارەکانی نادا ..
هەوڵ نادا داستانێکی لەشفرۆشیی
لەسەر کچە بێژەرێ بنوسێ ..
بە ئەکتەرەکانی ناڵێ هیچ و پوچ..
هەوڵ نادا وێنەی سێڵفی
لەگەڵ خوێن ڕێژێ بگرێ ..
حەزی لە بوختان و
لە غەیبەت و
لە درۆ و
لە ترس و
لە ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر و
لە موچەی بندیوار نییە..
نازانێ خوله چەخماخە و کەمال و مارف کێن ..
وشەی پاراڵێل و قبول خاس و سیمیپڕایڤەیتی نەبیستووە ..
کۆڵانە تازەکانی
بەناوی شار و وڵاتانی ئەوروپاوە نییە ..
سەد جۆر کۆمۆنیست و
سەد جۆر ئیسلامی تیا نییە ..
پەتپەتێن و سەنگەر گواستنەوە ..
شەڕی نێوان شاعیرەکان
شەڕی نێوان بێژەرەکان ..
شەڕی نێوان ماستفرۆشەکان ..
شەڕی نێوان ئەوانەی باڵی برژاوی مریشک ئەفرۆشن ..
شەڕی شیعردز و شیعردزراو
ڕۆماندز و ڕۆماندزراو ..
تابلۆ دز و تابلۆ دزراو ..
شەڕی قۆڵبڕ و قۆڵبڕراو ..ی نەدیوە ..
ئەوەی کورد نەبێ، بەختەوەرە ..
هەر هیچ نەبێ لە وڵاتە یەکگرتووەکان، ئاڵایەکی هەیه ..
هەر هیچ نەبێ لە مافیاکانی ،
مافی سکاڵایەکی هەیە ..

ئەوەی بە ساوایی بێ کەس بوو،
بەختەوەره ..
لەگەڵ تەنیاییدا ڕادێ و
دایک و باوکێ وەک دوو بەردی دەستاڕ نایهاڕن ..
نایکەن بە کۆپییەک له خۆیان ..
له بێژنگ نادرێ هەزار جار ..
نابێ به بوونەوەرێکی خاڵیی لە خۆی ..
دوای ئەوە بۆ مەرگی جەلادەکانی ،
قوڕ ناپێوێ ..
بە مەرگی جەلادەکانی ،
ژیانی ناشێوێ ..
ئەتوانێ گۆڕانکاریی بکا، چونکە خۆیەتی ..
عەقڵ عەقڵی خۆی ..
چاو ، چاوی خۆی ..
خوێن خوێنی خۆیەتی، ئەیڕژێنێ ..
لە ترسی جەلادەکانی،
خۆی ناخەسێنێ ..
….. هەتا دوایی .. هتد …




نادری نادرپوور له‌ قه‌سیده‌ی (سته‌م)دا(*).. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

جگه‌ له‌ گۆڕه‌پانی پڕ له‌ ئاگر و دووكه‌ڵ
بێجگه‌ ‌ لافاوی نه‌خۆشی و كوشتار و خوێن
به‌ده‌ر له‌ ناڵه‌ی تـژی نه‌فره‌ت ، تـووڕه‌یی
جگه‌ دۆزه‌خی سه‌رنگوون و وه‌رگه‌ڕاو
بێجگه‌ ڕه‌شه‌با
كه‌ له‌سه‌رخۆ
سروودی خه‌می
به‌ گوێی بـیاباندا ده‌خوێنێ
به‌ده‌ر له‌ تۆڵه‌ی تاڵ و كاڵ
پێم بڵێ ئه‌ی دڵ
چی به‌ پـیاو ماوه‌؟

ئێوه‌ ئه‌ی میره‌كان!
گه‌وره‌كان!
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ بڵیندییان دانیشتوون!
ئێوه‌
خاوه‌ن كۆشك و بێ خه‌مه‌كان!
ئێوه‌
جه‌نگاوه‌ره‌ داناكان!
نازی چی به‌سه‌ر
داستانه‌كانی مێژووه‌وه‌ ده‌كه‌ن؟
پشتی چی
به‌ زۆردارانی سبه‌ی ده‌به‌ستن؟
بمرن!
ئێوه‌ سزاتان مردنه‌
بمرن!
چونكه‌ ئێوه‌ن ده‌رد و ئافات.

له‌وه‌ ده‌ترسم ئاگرپـژێـنه‌كان
ڕۆژێ زاری خوێنینی خۆیان بكه‌نه‌وه‌..
ترسم له‌وه‌یه‌،
ده‌ریای سه‌رشێت
نه‌ریت و ڕه‌وشت
به‌ جارێ سه‌رنگوون كات
شار و ماڵ و كۆساران
تێك و پێك دا و
له‌ مه‌شخه‌ڵی كینه‌دا بیانسووتێنێ..
ئاسمانه‌ شینه‌كان،
له‌ یه‌كدی بـپچڕێنێ و
ئه‌و گومبه‌زه‌ تریفه‌ییه‌ به‌ربێته‌وه‌ ..

سه‌یره‌
له‌و تاریكه‌شه‌وه‌ به‌سامه‌دا
خوا ده‌رگایه‌كی لێ كردمه‌وه‌
له‌و ده‌رگایه‌وه‌،
له‌سه‌رخۆ ته‌ماشام كرد:
له‌ هه‌ر گۆشه‌یێ
لاشه‌یه‌كی بێ سه‌رم بـینی..
تۆ ئه‌ی هه‌موو سه‌رزه‌مینی گـێـتی!
ئه‌وه‌ چ ئازادییه‌كه‌
به‌ ناڕه‌سه‌نانت داوه‌!

دایخه‌!
چۆنی به‌چاكی ده‌زانی ڕێی لێ بگره‌
جیهان له‌ گوناهه‌كانی بشۆره‌وه‌
زه‌مین
له‌ قینی نهێنیدا ده‌توێته‌وه‌
كینه‌یه‌ك له‌ وێنه‌ی تاریكه‌شه‌ودا..

خۆشن ئه‌و ساته‌ تاڵ و
ئه‌وڕۆژه‌ شیرینانه‌
كینه‌ی ئه‌و
به‌ گوناهان سزا ده‌دا..
وه‌ڕس بووم
له‌و هه‌موو خۆخواردنه‌وه‌یه‌ ، وه‌ڕس بووم..
ئای ژیان له‌گه‌ڵ ڕه‌شایێدا چه‌ند خۆشه‌.

كه‌ سرووشت نوقمی خاك و خوێن بوو
شارستانییه‌ت گه‌ر ئه‌مه‌ بێ
ده‌بێ دڕ‌نده‌یی چی بێ؟
() نادرپوور له‌ تاران له‌ دایك بووه‌ ،خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌وێ ته‌واو كردووه‌ .سێ ساڵان له‌ پاریس و ساڵ و نیوێكیش له‌ ئیتاڵیا ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌ردوو زمانیش ده‌زانێ. (*) له‌ (برگذیده‌ شعرهای نـادر نـادرپور)ل. 43 كراوه‌ به‌ كوردی.




هەڵواسین.. شیعری ستار ئەحمەد

خۆم هەڵدەواسم
بەنیشانەیەکی پرسیارا
کەوانەیەک دەکەمە تەلبەند
لەخوارووی هیچەوە
بەرەو کۆتایی ڕستەیەک
خاڵ بارانت دەکەم
لەنێوەندی هێشووە شیعرێکدا
ترێی پەیڤێک هەڵدەمژم
هەڵاوی پیت
لەبادەی تینوێتیا کۆدەکەمەوە
گوڵاوی مەبەست
بەسەر پەڕەیا دەپرژێنم
گەیشتن بەتۆ
لەداردانی هەنگاوە
دابەزینی لوتکەی چیایە
سەربڕینی زاری پێدەشت و ڕێگایە
شوێن هەیە باسکت دەشکێنێ
هەشە چرۆی عەشق
لەڕێگەی کۆچتا دەڕوێنێ
چەند پەرۆشم
لەنسێی پرچتا ڕۆنیشم
خوازیارم
لەسێبەری باڵای شەنگتا
سەرخەوێک بیخۆم بشکێنم
ببم بەتۆو
لەخۆمی ونبوودا بمرم
بەگێلاسی پەنجەکانت
وردە سەمای حەز بدوێنم
لەگۆشەی دیواری ماڵتان
بەگژ هەستی هەڵڕژاوما
سەرکەوم بۆ سنووری ژان
نەتۆ ئەشکت
دیدەی وشەیەکمی ناسی
نەتوانیشم
بزانم بۆ گیانی تینووم
بەنیشانەی پرسیارێکا
نیوە شەوێک خۆی هەڵواسی

ستار ئەحمەد




فازڵ عه‌زاوی له‌ شیعری (قومارچی)دا.. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

جیهان لە پێش خۆتدا

لەسەر سفرە دابنێ و

پارچە پارچە

قوماری پێ بکە..!

قومار لەسەر خۆر و مانگ بکە !

ئەگەر دۆڕاندت ،

ڕوناهی ئەستێرانت بۆ دەمێنێـتەوە.

قومار لەسەر درەختی دارستان و باخچان بکە !

ئەگەر دۆڕاندت ،

قومار لەسەر بیابان و دەریا بکە

قومار لەسەر شار و گوند و شەقامان بکە.

هەمیشە ئەشکەوت و بنـتاوێـرم خۆشویستوون.

قومار لەسەر زێڕ و زیو بکە !

دەتوانی گەنجینەکانت پڕ لە خۆڵیش بکەی ..

قومار لەسەر خواوەند بکە !

ئەگەر دۆڕاندت لانی کەم شەیتانت بۆ دەمێنێـتەوە..

لە بەرابەر ژووری پڕ لە دووکەڵتدا

ئارام لێبڕاو دادەنیشێ چاوەڕێت دەکا..

ئینجا بەیەکجاری قومار لەسەر هەموو شتێک بکە

چ باکتە ببەیەوە یا بدۆڕێنی ؟

مادەم دەزانی جارێکی دی.. تا کۆتایی

یارییەکە دەکەیـتەوە.

(*) له‌ كۆشیعری شاعیر(فراشة فی طریقها الی النار) بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌زگای (المدی)- 1998 كراوه‌ به‌ كوردی.




پشت دیواری مه‌رگ.. به‌ختیار محه‌مه‌د

له‌ پشت دیواری مه‌رگ
وه‌ك مناڵێكی هاری چه‌توون
بانگت ده‌كه‌م
ژیان چه‌ند خۆشه‌ ئاوا!
له‌وێ ده‌چینه‌ باخی نه‌مری خواوه‌نده‌كان
وه‌ك دوو باڵنده‌ش
ئاسمان ده‌كه‌ینه‌‌ ماڵمان
ژیان بروسكه‌ی گۆرانییه‌كه
له‌ نێوان عه‌شقی زه‌وی و ئاسماندا
له‌وێ،
چه‌پكێك گوڵه‌ نێرگزی ئه‌ستێره‌ت
پێشكه‌ش ده‌كه‌م
ئێستا ئێمه‌‌ ماڵمان له‌ پشت دیواری مه‌رگه‌
ئه‌رێ دێی بۆ ئه‌وێ؟
ئه‌گه‌ر هاتی
با جێژوانیشمان له‌ باخچه‌كه‌ی
خواوه‌ند بێ!
هه‌ردووكیشمان به‌یانی
له‌ ماڵی عه‌شتار ده‌عوه‌تین
به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ی
كه‌ هاتی، بۆنی خۆشی ئازادی له‌ خۆت بده‌ی!
عه‌شتار به‌ڵێنی داوه‌
كه‌ خۆشترین گۆرانیی
عه‌شقمان بۆ بڵێ
ئێمه‌ش دڵخۆش، پێی ده‌ڵێین:
سوپاس ئه‌ی خواوه‌ندی عه‌شق!
سوپاس.
سوپاس
بۆ ئه‌و خه‌ونه خۆشه‌‌‌ جاویدانییه‌‌ت.

به‌ختیار محه‌مه‌د




خۆ پیشاندان.. شیعری سەلام عومەر

خۆم و هەزاران هاوڵاتی
دەچینە بەرامبەر پەرلەمان
یاداشتێكی توند دەنووسم
نایخوێنمەوە،
بەردێك بەدەستەوە دەگرم و…
نایهاوێم
درووشمەكانیش قوتدەدەم
چونكە ئەوان
هێشتا لەسووڕی متبوونان.
———

بۆ مانگرتن
یان خەبات و خۆپیشاندان
ئیدی ناچمەوە پەرلەمان
دەچمە سەر سندوقەكانی دەنگدان
پێش ئەوەی پەنجەكەم مۆر بێ‌
هەر رێك لەوێ‌
پاشەكەوت و….
موچە دزراوەكان و
لێبڕین و
جیاوازیە چیانایەتیەكان
بەبیر خەڵك دەهێنمەوە.

سەلام عومەر




چڕنووکی با.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
دەچم دڵی درەختێک دەدەمەوە
لەو نزیکانە
ڕۆژێک هەیە سپی نییە

2
شێرپەنجەیەک
لە خوێنمایە
ئەوینی تۆ

3
لە پەنجەرەکەیەوە
گوێ لە سەمای بەفرە ڕەشەکە دەگرێت
پیاوێکی نابینا

4
دەستێکم لەرزی
سێبەریان کەوتە کۆشی تاریکی
هاوڕێکانم

5
شۆستە تەزیوەکانم خۆشدەوێن
کە دەکەوم
ئەوان هەڵمدەگرنەوە

6
گوزەرێک بە دڵما بکە
تا نەفخی سوور هەڵیاندەگرم
شوێنپێکانت
7
لە بری دڕک
خۆزگە‌ پڕ دەبوون لە چڵە نێرگز
درزی نێوان پەنجەکانم

8
لە بەرانبەر سوپای پاییز
پۆل پۆل خۆیان بە دەستەوە دەدەن
گەڵاکان.

9
ڕۆحم سەرڕێژە
تا دوا وێستگەی گەشتەکەم بەشم دەکات
توێشووی ئازار .

10
لەسەرەمەرگیا ،
فریا نەکەوتم گەرووی تەڕکەم
گیانی سپارد چۆلەکەکە

11
پەنجەرەیەکی یاخی
بە پەنجەی دڵ ناکرێتەوە
گرێ کوێرەی بەختەوەری.

12
نمایشی مەرگ
هۆڵی تەنگیی ئینفرادی ـ
هاتن بۆ هەمووانە.

13
پەنجەرەیەکی نابینا،
بێ ئاگایە لە تامی هەتاو
شەمشەمەکوێرە.

14
گۆشت و خوێن نییە،
تۆپەڵێک قوڕی دەستکردە
کۆیلە.

15
قەفەسەکەم شکاند
لێ دەریام بۆ ماڵیی نەکرا
دانپێدانانی چڵێک

16
سەری مەنهۆڵەکان هەڵمەدەنەوە
بە بۆنی مرۆڤ دەبوورێنەوە _
سیسرکەکان.

17
پەڵەیەک هەور
بەسەر پانتایی مرۆڤبوونەوە
؟؟؟؟؟؟

18
لە ڕۆژگاری کۆرۆناوە.
وازی لە نوێژەکانی هێناوە ـ
دایکم!

19
تابلۆیەکی سوریالی،
لەسەر پشتی ڕۆژەکانم بۆتە تاتۆ
چڕنووکی با
20

لەنێو دەستە قڵیشاوەکانی باوکم
سەما دەکات
پەرداخی ئاو.

21
ڕۆژگارێکی سپی،
تۆخترین دێڕی یادەوەریمە ـ
سیمای منداڵیی.
22

سوپاسگوزارم
قەرزداری هیچ درەختێک نییە
‌پشتم.




خەون و خەیاڵ.. امیر هوشنگ ابتهاج (سایە).. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

نازەنین هات و لە دەرگای دڵی دام و، چوو
پەردەی خەڵوەتی خەمخانەمی هەڵدایەوە و، چوو

کونجی تەنیایی مە، بە خەیاڵی شاد کرد
خەوی خورشیدی خستە چاوی یەڵدا و، چوو

دەردی بێ عیشقیمانی دی و نیگەران بوو
ئاگری ئارەزووی لە گیانی بە ئارام بەردا و، چوو

خەرمەنی سووتاوی من، کوا بە کاری ئەو دەهات
کە وەک برووسکە هات و لە باغی وشک و سەوزمانی دا و، چوو

چوو و، بیری لە تۆفانی دیدەم نەکرد
چ دڵێکی هەبوو خودایە کە لە دەریای دا و، چوو

ئاخۆ بیرێ لە دێوانەیی خۆی دەکاتەوە؟
ئەو کە زنجیری لە پای دڵی شەیدا بەست و، چوو

(سایە) ئەو چاوە ڕەشە چی دەگوت بە تۆ کە دوێ
ئەقڵ هاواری کرد و، بەرە و سارا چوو.

غەزەلی خەون و خەیاڵ
امیر هوشنگ ابتهاج (سایە)
وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری




کاتێک دەڕۆم.. شیعری سەردار جاف

کاتێ دەڕۆم
برينی قەتماغەکراو جێ دەهێڵم
هەر لە ڕێگا
توێشوی نانم خوێنی هيشکە
مردوويەکی بە ترپەم و
چی جێبێڵم
خەونم بينی
لە سارايەکی چۆڵ و حۆڵ
سێوم دەچنی
ڕووبارێ بەرۆکی گرتم
خووڕەی چەمێ زنجيری لە پێ دەکردم
دەستەکانم بوونە تابلۆ
بە بن چەکمەی جەللادەوە
چاوەکانم هەر چاوەنواڕ
ئاوڕی دوا دەدەنەوە
ميداڵی سۆز و بەزەیی
تيشکی خۆری پێ دەگات و
خەڵاتێ بێت بمدەنەوە

کاتێ دەڕۆم
بولێڵی چاو حەرفی دوێنێم لێ ون دەکا
چاويلکەکەم دەچێتەوە بۆ ڕۆژی بەر لە فڕێدان
دەفتەری ئاکاری غوربەت سەرەڕۆيە
قەڵەم ڕستەی پەرش و بڵاو دەگرێتەوە
واق وڕما و حەپەساو نيم
وڕێنەی کۆن بلێمەوە
ژانەکانم شلوێ شلوێ
بۆنی ڕێگای کانی دەگرن
بيری خەمێ لووشم دەدا
دايک دەبێتە کانييەک
ئەشک و قوڵپ هەردوو ميلۆدی شيعرێکن
دەيڵێمەوە
کراسی عوسمانە بەختم
تيشکی ڕۆژێ پەرش و کەرت کەرت
سەفەر سەفەری ژێوانی
بە کام توولە ڕێی ڕۆيشتن بتلێمەوە
گەر پەنجەرە دەروازەم بێ
وەلێ سبەی لە دەرگاوە
بەرەو دەرێ و تەنيایی خۆ هەر دێمەوە

کاتێ دەڕۆم
گۆرانی کۆن و نوێم ناوێ
يادەکانم دەسوتێنم
با پەند و وانە ئەتک بێ
بە سەر ريتمی پشکۆ دەڕۆم
سەما لە سەر گەڵای زەرد و
باخچەی بوکێنيتا دەکەم
خۆرئاوابوونێکی جوانە
ناهێڵێ شەو داگەڕێت و
ڕاز و نهێنی و پرياسکە
بە کەناری خەو بسپێرم
لەم سەفەرە، گەر بێمەوە
ئيتر ئەبەد ڕێی دوور نابڕم
شەوچەرە کوێر ناکەمەوە
گەرمەتەنوور نامەيەکە بە کۆترا بۆی دەنێرم

کاتێ دەڕۆم شانەی هەنگوينی دەدزم
لە درزی دەرگای هەڵاتن
لێت دەڕوانم
گوڵی مێخەکی بەرۆکێ
بە وێنای دييە دەلکێنم
شەرابێکی ڤۆلتاريسيش
بە سەر مێزی ئەم قومارە دەپرژێنم
بير هەڵەشەیی گرتووە و
بۆ هاتنەوەت چاوەنواڕم

سەردار جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا




ژین و ژان و دە ورتەی کورت.. شوان عەباس بەدری

1
تەمەن دەڕوات و
کفن دوورە ڕەشپۆشەکان
خەونە سپییەکانمان کفن دەکەن و
لەسەر شانی حەسرەت و
لەناو تابووتی ئارەزووە بەباچووەکان
لە قووڵترین مەنزڵگەی پیری
دەیاننێژن !
2
لەناو کتێبە پیرۆزەکان و
لە سەر دڵی زەمین و
لە دوورترین خاڵی گەردوون و
لەسەر باڵی باڵندەکان
وا نووسرابوو کە
ژیان واتە چێژ و ئارامی
بەڵام ئێمە
نە لەناو کتێبە پیرۆزەکانی ناو خاکەکەمان و
نە لە دوورترین خاڵی گەردوون و
نە لەسەر باڵی باڵندە بریندارەکانی ئاسمانی وڵاتەکەمان
نە چێژمان بینی و نە ئارامی
ئەوەی هەبوو تەنها
جەنگ و ئاوارەیی و خوێن و دابڕان و دووبەرەکی بوو!
3
دەڵێن هەناسە بۆ بەردەوامی ژیانە
بەڵام من ئاشنای سەرزەمینێکم
خەڵکەکەی بە هەناسەدانیان
بەردەوامی بە مەرگی خۆیان دەدەن
نەک ژیانیان !
4
ئارەزوو واتە
بینینی مەمکەکانت لەناو رووبارێکی بەخووڕی ئازاد
لەکاتی مەلەدا بە ڕووتی
حەسرەت واتە
تەلبەند کردنی خاک و دەشت و شاخ و دۆڵ و رووبارەکانی وڵات و
کووشتنی شکاندنی تاسەی ئەو بینینە!
5
باڵندەکانی جیهان هەموویان ئازادن و
لە دارستان و شاخ و دۆڵ و دەشت و شارەکان ئازادانە دەفڕن و باڵ دەگرن
بەڵام باڵندەکانی وڵاتی من
پێش فڕینیان
لەترسی کووشتن و سەربڕین
بەرگێکی سەوز یان خود زەرد یان خود ئایینی
لەبەر دەکەن و جا دەفڕن!
6
من لێرەوە
لەناو دڵی ئەم تاریکستانە
ماتەمێک ئەبینم
کە هەر چەند درێژەوەخت و سامناکیش بێت
هەر کۆتایی دێ !
7
مشتی گرێدراو خوێن ڕادەکێشێت و
دەمی بەستراویش هاوار
مەچەکی کەلەبچە کراویش چەک و خەنجەر
دیکتاتۆرەکان چەند سادەن
مێژوو پێمان دەڵێت:
گەل تاهەتایە بەبارمتە ناگیرێت و
خاکیش بۆهەمیشە تاپۆی ئایدۆلۆژیای حاکم نابێت !
8
لەو سەرزەمینە دوورە ئەسیرە
دواجار مانگەشەو بەڕووی ئازادیدا
زەردەخەنەی کرد !
9
گەوهەرێکم هەبوو
ناوازە و گرانبەها
لە غەفڵەتێکا لێیان دزیم
لە غەفڵەتێکا لێیان دزین
ئەو گەوهەرە نیشتمانەکەم بوو
ئەو گەوهەرە نیشتمانەکەمان بوو !
10
دڵم بۆ گرتنی چادرە ڕەشەکەی دایکم تەنگ بووە
دایکم نیشتمانی یەکەممەو
خاکەکەشم نیشتمانی دووەم
دایکم ئارامی بەخش و خەمڕەوێنمە و
خاکەکەشم بست بە بستی وەیشوومەیە و
فیرعەونستان !

کیشوەری پیر / ئەیلولی 2025
شوان عەباس بەدری




پێش ئەوەی عاشقی تۆبم.. شیعری كاوەی خەسرەوكاوانی

  

پێش ئەوەی عاشقی تۆبم
شیعرەكانم زۆرلاساربوون ،عاشق نەبوون
دوای عیشقی تۆ
ئەوان زیاتربۆت دەستەمۆن…
دوای عیشقی تۆئەوان لەمن عاشقترو
زیاترلەمن هۆگری راموسانی تۆن…
پێش عیشقی تۆهەرچی هەبوولەیەك دەچوون
رۆژوشەوم هەتابڵیّ ی ئاسایی بوو…
نەخەولەچاوان دەتۆراو نەهەنسك یەخەی دەگرتم
فلیمێكی سینەمایی دووبارەبوو،لاسایی بوو…
پێش عیشقی تۆهیچ دیمەنێك
سەرنجی رانەدەكێشام
هەرچواروەرزم تەنیاتەواوكەری ساڵ بوون …
تەمەنم وەك لاپەڕەكانی پەرتوكێك هەڵدەداوە
بەڵام هەمووی لاپەڕەی سپی و بەتاڵ بوون…
ئێستا لە دوای عیشقی تۆوە
هەموو شتێك لەشێوەی جارانی ناچێت
واهەست دەكەم سەرتاپای جیهان گۆڕاوە…
دوای عیشقی تۆهەرچی هەیە و
هەرچی سەرنجی لێ دەدەم
بەس تەنیابەتۆوە ناوە…..

1تا 5/2/2009

kawa_kiwiny@yahoo.co.uk




کەسێک لە ناو ژیانێک بۆ ژیانێکیتر دەگەڕێت.. داستان بەرزان

خەڵک هەیە
خەڵکی جۆراوجۆر
کە من مێشکم قبووڵیان ناکات
ئەوان پێدەکەنن و
قوبڵی ساوەر و برنج و بریانی دەخۆن و
ئەسپ و سەیارە و تەیارە دەکڕن
خەیار و قەیسی و ترێ و تەمەرهند و
مۆڵ و مۆم و هۆم و چۆم دەپێچنەوە!
من هیچم نییە لەو سەرمایەیەی ئەوان کردوویانە بە قەڵا بۆ خۆیان
ئەوەی هەمە جیهانی خۆمە
نایدەم بە تاج و ساج و باج و گەراجی ئەوان
خەڵک هەیە
باڵۆنی هەیە
من هەم
باڵۆنم نییە!

خەڵک هەیە
ساڵۆنی هەیە
من هەم
ساڵۆنم نییە!
من نیمە زۆرینەی ئەو شتانەی ئەوان کردوویانن بە قەڵا بۆ خۆیان.

ڕاستی بڵێم؟
من قەڵاکەم دەمێکە ڕووخاوە
پاڵم داوە بە تەنیایی شینی خۆمەوە!

من بەبێ پادشای چوارئینجی ڕۆم
من بەبێ گشت خاکی پانی عەجەم
من بەبێ عومری بازنەیی نوح
من بەبێ هێزی بەرینی نەمروود
من بەبێ چیای تیژی تەڵا
من بەبێ جەماڵی خڕی یووسف
من بەبێ دانایی ئاسۆیی لوقمان
من بەبێ گەنجی ستوونی سەلمان
تەنیام.. من زۆر.. زۆر تەنیام
تەنیام و جیهانی خۆمم گرتووە
من جیهانی خۆمم خۆشدەوێت
من جیهانی خۆمم!

من بەبێ گەنجی قاروون
بەبێ ڕەنجی فەرهاد
بەبێ تاقی کیسرا
بەبێ سەبری ئەیوب
بەبێ هەرەم
بەبێ حەرەم
بەبێ کەرەم
بەبێ دەوڵەت
بەبێ سەروەت
بەبێ، بەپێ
بەپێوەم، بێ چارە
بەپێوەم، بێ پارە
تەنیا خاوەنی جیهانی خۆمم.

سامانی سولەیمانم نییە
پەڕجووی موسا و
لێبوردەیی عیسا و
هەسپی بوڕاقم نییە.
زەینەفۆن و
دیاکۆ
هۆلاکۆ و
ئەسکەندەر نیم.
تەنیا خاوەنی جیهانی خۆمم
من جیهانی خۆمم خۆشدەوێت
من جیهانی خۆمم!

کێ خوێنی پاکی خۆی دەکێشێت؟
من نەبێت!
کێ کێشاویە بە بەرددا گیانی خۆی؟
من نەبێت!
کێ دەبینێت چ ڕووناکە؟
من نەبێت!
کێ خودا دەناسێت، بۆی دەگری؟
من نەبێت!

من دەنگدەداتەوە سینەم
چۆڵە بێ تۆ!
من دەشتێکم وادەخنکێم
دەمرم بێ تۆ!

من بارگەیەکی جێماوم
زامم بێ تۆ!
من قارەمانێکی دۆڕام
ژارم بێ تۆ!

تۆ دەمکێشیت بە چیا و دەشتەکاندا
کوێرانە!
تۆ دەمکێشیت بە مانگ و ئەستێراندا
عاشقانە!

تۆ لە گەروودایت
تۆ لە باخەکاندایت
تۆ لە سروەدایت
تۆ لە کڕێوەدایت
تۆ درەختی منی
تۆ گوڵزاری منی
تۆ ئاسمانی
تۆ هەردی
تۆ زەریای
تۆ فڕینی
هەر تۆش تەنیا
ژانی منی!

ڕۆژێک دادێت دەچیتە گەردوونی خۆتەوە
جیهانی خۆت دەناسیتەوە
من خەیاڵاویی بە ناو ئەو ڕۆژەدا دەڕۆم
بۆ ژیانێک واقیع نەخۆشی نەخستبێت.

شوێنک شوێن نییە
کاتێک کات نییە
تێیدا بمرم!

دەردی من ئەوەیە
دەردەکانمم پێوە دیارن
دیارن بە ڕۆژەکانمەوە
بە هەنگاوەکانمەوە
بە ئاگرەکەمەوە
لەسەر شوێن پێیەکانم جێماون
ئەو دەردانەی کەس نایانخوێنێتەوە.

من واقیع ئازارم دەدات
برینێکە لەسەر بوونم
تەمێکی قوورسە دەمخنکێنێت
لە هەموو شوێنێکم گیربووە
لە هەموو کاتێکم ڕۆچووە
من واقیعم ژانی هەیە!

فریا ناکەوم ئەوەی دەمەوێت بژیم
فریا ناکەوم ئەوەی دەمەوێت بمرم.

من پێویستم بە ژیانێکی دیکەیە
ئەمە ژیانە ڕاستەقینەکە نییە.




لەگەڵ خۆردا هەڵدێم.. خولیا حوسێن

لەنێوان خۆر هەڵاتن و خۆر ئاوابووندا
هەر ساتێک و کڵاوێک دەخەمە سەرم
کڵاوی دایک ، ئارامی و
بەرپرسیارێتی و
تا ئەوپەڕی عەشق و شێتی و خۆشەویستی دایکایەتیم بەسەر کۆرپەکانمدا دابەش دەکەم
دڵم لەگەڵ هەموو خورپەکانی
دڵیان، خورپە دەکا
دەزانم ئەوان ئیتر نە کۆرپەن
نە منداڵ و نە هەرزە
بەڵام ڕوونە هیچ کەسێک نازانێت و ناتوانێ وەکوو خۆم خۆشیانی بوێ

کاتێک کڵاوی خوشکایەتی دەخەمە سەر
لە دوورەوە بە ئارامییان ئارامم ،
بە خەمیان خەم دەخۆمەوە.
کڵاوی فریشتە و فریا کەوتنی ئەوانەی لەو ساتانەدا لە من زیاتر کەسیان نیە
ئەو کڵاوەیان لەهەموو کڵاوەکانیتر
پڕ ڕەنگ ترە
دڵی تاریان ڕەنگڕێژ دەکا
کە کڵاوی ڕاوێژکار ی دەخەمە سەر
دەبمە ڕابەری بێکەسان تنۆک تنۆک فرمێسکەکانیان چک دەکەم بە
بەخشینی ئومێد ، هیوا
لەکاتێکدا هیوا و ئومێد لە ناخیاندا
گیانیان داوە
ئێوارانیش
کڵاوی ژنێتیم ، کڵاوی سەروەریم ،
کڵاوی خۆدی خۆم
دەخەمەوە سەرم و
دەپرسم
ئێرە تاراوگەیە یان نیشتیمان
من لە وێدا لە خۆم ون بووم
ئەلێرانە خۆم دۆزیە
لەوێ هیچ کڵاوێکم نەبوو
لێرە دەیانی سەروەریم خستۆتە سەر




تابلۆیەک خاڵیی لە ڕەنگ ڕەنگێک خاڵیی لە تابلۆ.. نەوزاد بەندی

لە نیوەی ڕێ
لە ژێر درەختێکا منت بینی،
وای دانێ نەتدیوم، بڕۆ ..
بڕۆ بێ ئاوڕدانەوە ..
کوشندەیه گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو..
یان گەڕانەوە بۆ ناو جەنگ
کوشندەیە ژەهری گەڕانەوە ..

٭ ٭ ٭

خۆمت پێ ناناسێنم
چونکە وەک ئەوە وایه ئازیزێکت
داوەتی پاشماوەکانی جەنگ و
بۆردومانکەی ..
وەک ئەوە وایه لەناو گۆڕێکا
دەعوەتی ژیانکەی ..
خۆمت پێ ناناسێنم ..
نامەوێ ..نا، بەهۆی منەوە زیانکەی

٭ ٭ ٭

قەت ئەوەندەی من ،
پێویستت بەو دیدارە نییە ..
قەت هێندەی شاخێکی بەستەڵەک
پێویستت بەو بەهارە نییە ..
ئاوڕ مەدەرەوە و ..بڕۆ ..
وەک چۆن ڕاستی
چاو دادەخا و
ناچێتە ناو ماڵی درۆ ..
قەت ئەوەندەی من پێویستت
بە ئیقامەی ئەو شاره نییە ..
قەت هێندەی گەڵایەکی زەرد
پێویستت بە لقی ئەو دارە نییە ..
بە جێم بێڵە ، بێ ئاوڕدانەوە ..
سوودی نییە دەستپێکردن
لە سەری ساڵانەوە ..
هەرچەندە بەفر ڕاویشی نێی،
هەر دێتە هەیوان و
داڵانەوە …!

٭ ٭ ٭

شوێنێ شک نابەم ،
به کاری هەڵواسینی تابلۆی نوێ بێ ..
قەت لە خۆت مەپرسە ،
ئەبێ ئەم شێوەکارە کێ بێ ..
هەر کەسێ بێ،
تازه شوێنێکی نەماوەتەوە بۆ جێگیربوون
تازە ڕێیەکی نەماوەتەوە بۆ ڕاکردن
تازه کاتێکی نەماوەتەوە بۆ بەسەر بردن ..
ڕۆژی سەد جار
ڕوو بە ڕوو ئەبێتەوە
لەگەڵ
مردن ..
تازە تێپەڕی چیرۆکی گەشتی کازیوە ..
گەشتی ژێر بارانی
تۆ و من ..
وشک بووینەوە وەک دوو مێروو ..
بووین بە دوو لاپەڕەی
لەیادکراوی مێژوو ..

٭ ٭ ٭

مەڵێ زوو ڕۆی ..
زوو تەواو بوو ئەو چاپتەرەی
باسی دوو تەلەبەی زانکۆ بوو
یەکێکیان گەرم و گوڕ
یەکێکیان سارد و سڕ
یەکێکیان تێر و پڕ
یەکێکیان شڕ و ووڕ ..
زۆر بە قورسیی لە من تێپەڕی ..
هەزار ساڵ زیاتری خایاند ..
بە خۆمەوە ،
هەزاران خوێنەری گریاند ..
قەت مەڵێ بۆچی وا خێرا تێپەڕی ..
بە خۆمەوە ،
ماڵی خوێنەرەکانیشمی ڕوخاند ..
یەکێکیان سەربازێ بوو ، نائومێد ..
بەر ڕێژنەی گولەیان دا ،
هەرچەند ئاڵای سپی هەڵکرد ..
هەرچەند وەک باوکی موحەمەد دوڕڕە،
دەستی ڕاوەشاند ..
قەت مەڵێ ئەو عەشقەی من و تۆ
بۆچی زۆری نەخایاند ..

نەوزاد بەندی




خۆزگە نەم دیبا.. شیعری- عارف کوردە

ئەوەی بینیم..،
خۆزگە هەرگیز نەم دیبایە
ئاگر گڕ لەخۆی بەرئەدا
کانی چاوگەکەی کوێر ئەکا
ئاسمان کوڵی دانامرکێ و
لافاوی فرمێسک هەڵسا
شەپۆل لەناوەند دەریایا
سەر شۆڕ ئەکا
لووتکە لەچیا ئەبێتەوە
بەدەوری خۆیدا سووڕ ئەخوا
ماچە، لەجێی ئەسپەشێیەک،
قۆشمە ئەکا
کۆنە برین یەکناگرێ،
هەر خۆی ئەخوا
دوێنێ،
ڕووبارێکی خوڕ بوو
ئەوڕۆژ هیچی لێ تێناگەم
نازانم بەرەو کوێ ئەڕوا
ئەوەی بینیم،
خۆزگە هەرگیز نەم دیبایە
ڕۆژگارێکی زۆر خوێن ساردە
چەقۆ لەدوای مل ئەگەڕێ
چوار وەرزەکە
گەڵا بەدیار درەختەوە
پرسە ئەگەرێ
دایک مەلۆتکەکەی ئەکوژن
قاقا ئەیگرێ
چ ئاوازێکی نامۆیە
تەختەی شانۆ،
خەو دای ئەگرێ
خۆر،
لەشەوی ئەنگوستەچاو
ئەتک ئەکرێ
برسێتی و نان
لەناو کورەی چاوچنۆکی،
ئەسووتێنرێ
لەم دەڤەرە سووتماکەدا
خەم دەست ئەنێ بەدەرگاوەو
دەرگا ئەکوتێ
نیشتیمان چەندە داماوە
بێ دەستو پێ کراوە
کەسێک نیە،
بۆی بێ بەباڵ..،
بۆی بێ بەپێ..ڕێگا ببڕێ.

شیعری- عارف کوردە




ونبونی تۆ و هاتنی جەنگ و شتی تر.. نەوزاد بەندی

خۆت وون کرد ..ئازیز!
من هێشتا وا ئەزانم چاوشارکێیە..
ئەڵێم له پڕ دەرئەکەوێتەوە،
ئەڵێ بۆچی بۆم نەگەڕای؟
بۆچی نەتپرسی لە کوێیە؟

ئەمووت : لە پڕا دێت و
ئەڵێ کامێرای شاراوە بوو ..
ئەو هەموو ڕۆژ و شەو و مانگە ،
لە کۆتایی کۆڵانەکان ..
لە پەڕاوێزی لاپەڕەکان ..
لە قاوەخانەیەکی چۆڵی مەسنجەر،
وەک ئەوەی ڕەیحانە،
چاوم کراوە بوو ..
ئەمووت هەر ئێستا نا ،
تاوێکی تر دێت و
لە پشتەوە چاوم ئەگرێ ..
ئەڵێ چۆنە زیندوویت؟
ئەمووت بە بێ من ئەمرێ ..
هەر نەهاتی .. نە ..

دڵخۆش بووم، ووتم :
ئێستا لە کەناراوێکی ئەوروپا
لەگەڵ نەورەسێکا
مشت و مڕیانە ..
ووتم : قەینا .. کە هاتەوە،
هەموو شتێکی بۆ باس ئەکەم ..
باسی میللەتێ،
هەموو کاتێ مەوسیمی
کوشت و بڕیانە ..
نەهاتیتەوە .. نە ..
بەڵام من واز لە نیازپاکیی ناهێنم ،
ئەڵێم ئێستا لەگەڵ زنجیرەیەکی فارسی
لەگەڵ موحسین چاوەشی
سەرقاڵی گریانە

من قەیناکا ..
بەڵام کە تۆ ڕۆیشتی،
کوپێ قاوە تەنیایی ڕشتی ..
من قەیناکا ..
بەڵام کە تۆ وون بووی،
کزەبای وەشت،
خێڵێک لە گەرما، کوشتی ..
من قەیناکا ،
هەر چۆنێ بێ خۆم ئەخڵەتێنم ،
ئەڵێم دێتەوە ..
بەڵام کە دیار نەمای ،
یەکێک لە دوو کورسی مێزەکە،
شکا پشتی ..
من قەیناکا ….

جەنگ دێتەوە و ..
وەک شێرپەنجە،
هەموو شوێنێ ئەگرێتەوە ..
هەرچی میمۆریمان هەیە ئەیسڕێتەوە ..
ئەو چەند کۆپلەیە ئەنوسم،
بۆ ئەوەی ئەگەر جەردەکان نەیانکوشتی ، ڕۆژێ به ڕێکەوت بێنە لات ..
چیرۆکێکت بیر بێتەوە ..
مەڵێ ئەی تۆ …!

من لەیەکەم خولی یاری برا کوژیی،
ناوبژیوان به کارتی سوور ،
وا کوشتمی،
یەک پارچەم کۆنەکرێتەوە ..
مەڵێ ئەی تۆ …
مەڵێ .. ئازیز ..

کاتژمێر و مۆبایلەکانتان بخەنە سەر کاتی جەنگ ..
من لەناو جۆرەها هێزی
ئاڵودە به بۆنی نەوت و گاز و دۆلار ..
هەناسەیەکی سارد هەڵئەمژم ..
سارد وەکو تۆ ..
ئەڵێم ئەبێ ،
لە چ پەنایەکا خۆتت حەشار دابێ ئەمڕۆ ..
وەک مناڵێ لەناو بازاڕ،
له دایک و باوکی وون بووبێ..
هەواڵت له پۆستاڵیش ئەپرسم ..
زەوی لە ئێمە نائومێد ..
سەیرێکی ئاسمان ئەکات و ..
داوای بارانێکی ڕەحمەت،
ئەخاتە سەر مێزەکەی و ..
ئەڵێ تکایه .. بە پەللە ..
کوللە و گوللە و خۆڵ ئەبارن ..
لە دار و پەردوویەکەوە،
گوێم لە هۆمایۆنە ئەڵێ :
(چرا رفتی چرا، من بی قرارم )
وەکو ئەویش
بە دواتا بگەڕێ، ئازیز‌ ..

گرنگ نییە بتبینمەوە ،
یان نا ..هەرگیز ..
گرنگ ئەوەیە فیشەک
ووشەی نهێنی دەروازەی
دڵی تۆ نەدۆزێتەوە ..
گرنگ ئەوەیه تۆ نەمریت ..
مەڵێ ئەی تۆ ..
مەڵێ ئازیز‌..
من له مێژە …..




غەزەلی ژمارە ١٩/لەدیوانی حافزی شیرازی.. وەرگێڕانی لەفارسییەوە شەهلا نوری

ئەی بای سەحەری
ئارامگای یار لەکوێیە؟
مەنزڵی ئەو مانگە عاشق کوژه عەییارە لە کوێیە؟
شەو تاریکە و
وادی ئەیمەن ڕێگەمە
ئاگری توور کوا ، وادەی دیدار لەکوێیە؟
هەر کەسێک هاتە دونیاوە
نەخشی وێرانی هەیە
لە خەرابات بپرسە
کە هوشیار لەکوێیە؟
ئەو کەسە ئەهلی موژدەیە
بە ئاماژە دزانێ ،
ڕاز زۆرە و مەحرەمی نەهێنی لەکوێیە؟
هەر چڵی موویەکم بۆ داوت هەزاران کارە
ئێمە لە کوێین و
مەلامەتگەری بێکار لەکوێیە؟
دووبارە بپرسە لە
زوڵفی گرێگرێ
کە ئەم دڵی غەمزەدە ، سەرگەشتە و گرفتارە لەکوێیە؟
ئەقڵ دێوانە بوو
ئەو زنجیرەی مشکینە کوا؟
دڵ تۆراوە ، گۆشەی گرتوە
ئەبرۆی دڵدار لەکوێیە؟
ساقی و موتریب و مەی
هەموو ئامادەن
بەڵام ژین بێ یار جێگر نابێ یار لەکوێیە؟
حافز بە بای خەزان لەنێو باخی ڕۆژگار مەرنجێ
بیرێ ماقووڵ بفەرموو
گوڵێ بێ خار لەکوێیە ؟

غەزەلی ژمارە ١٩
لە دیوانی حافزی شیرازی
وەرگێڕانی لەفارسییەوە شەهلا نوری




شیعر\ شارەمدەن.. تاهیر مەهابادی

گۆمیلکە گۆمیلکە هەناسەم سوورە
خەونم توانەوەی تاریکی
گەڵا گەڵا باڵام بەڵێنی……
لە لاڵی دەڵاڵی هەڵەسوونەدا
ڕاڤەمکەن
بە ڕاوێژی شێعرێکم ….. نا
بە سرتەی سەرابێک
لە هەناسەم دا …….. سێڵاوە
سەیرمکەن
بە چاوی ئەوینەوە ….. مەستانە
لە سەرەی هەڵوێستم
هەر مەستم …… لە بەستێنی چرا دا
ڕاڤەمکەن
بە ڕاوێژی بێژینگی هێژایی
ئەدەمەی کە با سەرخۆشە
…………………….
ڕۆڵەکانم
هەستمکەن
کە ماندووی ……. ئازاری زریانم
کە ماندووی ……. هەناسە و سەرهەڵدان
کە ماندووی ……. سڕینەوەی بارانم
کە ماندووی …….،،،،،…… ڕەگاژۆی گریانیش
شارەمدەن
کە شپڕێوی هێرشی شەوەدەنگ
لە بێدەنگی چرا دا
………….
ئێستا کە من
لە مەیدان مەداری بێهەودام …… بێهەدام
لە ڕمانی ڕمێنی ڕیا دا
……….
نەوەکانم
گرینگم…….. لەو دەنگەی دا
کە لە جەنگەی جاڕزبوونە
گزینگم…….. لەو زەنگەی دا
کە لە ڕەنگی ڕازیبوونە
شارەمدەن
شاهیدانی فڕینم
لە هەڵمەتی هەوێنی با دایە …….. هێلانەم
هەستمکەن
خەست خەستە هەناسەم
لەو سەرە و سڕەی ئەجەل دا
……
هاواری گڕێکم
لە گەرووی خەڵووز و دووکەڵ دا
تووڕەیی من ….. تەوری سەردەمی سەروادە
ئەو دەمەی …. دەمئەنگێون
ئەو سەنگانەی
لە سلسلەی تەسلیمی دا …… سەرتۆپن
دەمئەنگێون .
..ئەو تیرانەی لە تیرەی توانەوەدا …. سەرچۆپن
………..
من هەر دەیبیسم
ئەو چرایەی لە چیمەن دا ……… چەواشەیە
من هەر دەینووسم
ئەو چریکەی لە چوارچێوەی سەغرەجن دا ….. کڕاوەیە
من هەر دەیناسم
ئەو هەستەی
لە پێخووستی خاوەن ماڵ ……بڕاوەیە
……..
بژمێرن براکانم
ئەو قینانەی ….. لە هەوێنی ئەوین …… ڕواون
ئەو چرکانەی لە چێوەی خولەک دا … چڕژاون
ئەو خوشکانەی ……. لە گەمەی گومان دا ….. جەرگبرژاون
…..
بەفرەکان بە فریوی با ….. یەکان …… دەفڕن
بۆ ڕەگەزی زریان
دەرگاکان
بە گاڵەی دزەکان
لە هەڕەشەی پەرتەوازەیی دا …. لە سەر باڵن
فرشتەکان
بەرگی غەریبیان پۆشیوە و
تووڕەن ….. لە شەقەی ماچی ئەوین
ئێستا دەم دەمی داوەرینە
لە چرکە چرکی ….. سۆمایەکی چڕژاو……..دا
جەنگە جەنگەی رۆحفڕینە
جەنگە جەنگی رۆحوەرینە
یارانم ….. ژانێک لە ژەنگی بێژینگ دا
دامدەپۆشێ….. دامدەبێژێ ….. دەمنێژێ
ژانێک خەریکە خەریتەی خللۆربوونەوەم …. دەکێشێ
ڕۆژێک دێ
دەفی سۆمام ….. گۆڕەپانی ئەوینە
ڕۆژێک کە من
ڕەنگڕێژی …… ڕێگای فڕینم
……
بمبیسن … سریوەی کاسەی سەری تەنیاییم
نزگرەیەک لە زمانم دا ….. لە هەڵبوونە
مەستمکەن
شێعرەکانی شەڕابی….. لە شەڕی بوون و نەبوون دا
لە کتێبی [شەوێک میوانی گڵکۆی دایە گەورەم]

تاهیر مەهابادی




شیعر\ سه‌گێك هاوڕێمه‌.. ستار ئەحمەد

من له‌بێكه‌سی
سه‌گێكم هێنا
كردم به‌هاوڕێم
چونكه‌ ده‌مزانی
رۆژگارێ دادێ‌
به‌شێوه‌ی مه‌سیح
ئەشکەنجە دەدرێم
ئه‌وه‌تا ئیستاش
كه‌پره‌كه‌ی ئه‌وه‌
جێگه‌ی شه‌وانم
له‌نێو یاوه‌رو
دۆستانی كۆنما
خۆم به‌بێكه‌س و
نامۆ ده‌ زانم
چه‌رخی زه‌مانه‌
چه‌نده‌ چه‌پ گه‌ڕی
لاپه‌ڕه‌ی راستی و
سنگی ماف ئه‌دڕی
ئاژه‌ڵ ده‌خه‌یته‌
پێستی مرۆڤۆ
تاوان ده‌كه‌یته‌
ده‌سرازه‌ی درۆ
ئیتر بۆ نه‌مرم
له‌سای سێبه‌رێ‌
منه‌تی زوڵم و
ناكه‌س هه‌ڵنه‌گرێ‌
سه‌گێك هاوڕێت بێت
له‌وه‌ چاكتره‌
زۆردار پێت بڵێ‌
سه‌رت داگره‌
له‌ئاستی جه‌ورو
ناله‌باریی من
ناخی خۆت له‌گه‌ڵ
ده‌روون و هه‌ستا
بكات به‌دوژمن

ستار ئەحمەد




سیحری سۆمات.. كاوەی خەسرەوكاوانی

     

سیحری سۆمای چاوەكانت
پاش ساڵانی دووری و غوربەت
هەمان هێزی ئەفسووناوی
ئەو ساتانەی گرتۆتەخۆ…
كە گڕی ساكارە عیشقی
سەرەرێگای نێوانمانی
دەگەیاندە بەرزی ئاسۆ…
چاوەكانت هەمان نهێنی جارانیان
كردۆتە ئامێزی سۆزی …
ئەو وشانەی لەسەرلێومان
چرۆیان كرد
ئەوانەش كە بڕیاریان بووگوڵ دەربكەن
پاراستوونت بە پیرۆزی …
سیحری سۆمات
ئاوێتەیە بەورۆژانەی
تازە دەزانین خۆشترین
ساتی تەمەنی ژینمان بوون …
تازە دەزانین ئەو وشە سادانەمان
نموونەی پاكی و بێ گەردی ئەوینمان بوون …
تەمەن هێشتا زۆری ماوە
باتاریكی بە رووناكی عیشق لادەین …
بائەو خەمانەی خەریكە
دەڕژێنە نێو هەموو هەست وجودێكمان
بە خۆشەویستی بەبادەین …

3/1تا20/1/2008
kawa_kiwiny@yahoo.co.uk




نامەیەک بۆ دایـکم.. سێرگی یه‌سه‌نین*.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

                          

هێشتا ماوی پیرەژنەکەم؟!
هێشتا؟
سڵاوت لێ بێ، سڵاو!
خۆری تاقانەی ئێوارانت
بەسەر ماڵێدا ببارێ…!

بۆم دەنووسن:
تۆ نیگەرانیی و خۆت دەخۆیتەوە و
زۆرم لە خەم دای ..
زۆر جار بە بـاڵـتۆ دڕاوەکەتەوە
دەچیتە سەر ڕێگا..
بۆم دەنووسن،
بە تەنیا خەونێکی
تاریکایی ئێوارەیەکی ڕەش
وات لێ دەکا دڵنیا و سووربی ،
وەک بڵێی
کەسێک لە دەمەقاڵییەکی مەیخانەدا
خەنجەر لە دڵمدا دەچەقێنێ ..!
شتی وا نییە قەدەرگرانێ من !
دڵنیابە !
ئەوە لە وڕێنەیەکی دزێو
بەدەر نییە..
من ئەو بەدمەستە ڕەزاقوورسه‌ نیم
بەرلەوەی بتبینمەوە بمرم..
هەر لەسەر پەیمانی جارانم
بەسۆز..
تەنیا خەون بە شتێکەوە دەبینم
زووتر بەرەو ماڵە بچکۆلەکەمان
بگەڕێمەوە و
لەو خەمۆکییە ڕاماڵە هەڵبـێم..
دەگەڕێمەوە
کە چڵ و پۆپ
لە باخچەی سپی بەهاریماندا
هەڵدەکشێن..
بەڵام نابێ دایە
لەگەڵ کازیوەدا
خەبەرم بکەیتەوە
وەک پێش هەشت ساڵان دەتکرد..
لە خەونە ون بووەکانم
بە ئاگام مەهێنە!
ئەوانەم لەلادا مەورووژێنە
بەدی نەهاتوون..
من هەر زوو ،
زۆر زوو
دەبووایە ،
ماندوویەتی و ون بوون
تاقی بکەمەوە..
فێری نوێژیشم مەکە دایە
پێویست ناکا
گەڕانەوە بۆ دواوە نییە..
تـۆ ،
تەنیا تۆی یارمەتیدەر و
شادی بۆ من..
تەنیا تۆی
ڕوناهی ئەفسووناویم.
کەواتە نیگەرانیی خۆت
لەبیرکە دایە !
خەمم زۆر بۆ مەخۆ
تکایە ئیدی
نەیەیتە سەر ڕێ
بە بـاڵتۆ شڕە کۆنەکەته‌وه‌…

() شاعیری ناسراوی ڕووس (1895 – 1925) . (*) له‌ ماڵپه‌ڕێكی تایبه‌ت به‌ شاعیر، به‌ وه‌رگێڕانی – ثائر زین الدین – بۆ عه‌ره‌بی
كراوه‌ به‌ كوردی.




من کە هیچ موناسەبەیەکم نییە.. نەوزاد بەندی

لەو سەری دنیاوە
هەتا ئەمسەری دنیا،
شتێک نییە وام لێ بکا سەرسام بم .

جاران حەزم ئەکرد،
شەوانی باران،
کەسێک لای پەنجەرەکەوە ،
بە بێ موقابیل گوێم بۆ ڕادێرێ ..

من بەیانیان ،
وەک سزا تەماشا ئەکەم،
چونکە لە خەو هەڵمانئەسێنێ،
بۆ ئەوەی زەمین وێرانتر بکەین ..
ملیۆنەها گیانداری بێتاوان سەربڕینەوە ،
بۆ ئەوەی ئاودەستخانەکان پیستر کەین ..

کرێکارێ لەسەر داخوازی ئاغایەک، سەرقاڵی ڕوخاندنی شاخێکە..
شاخێ ملیارێک ساڵ زیاترە،
هیچ دڕندەیەک له گوڵ کاڵتری پێنەوتووە ..

گەیشتوومەتە بڕوایەک
هەمووان درۆ ئەکەن ..
هەموومان تاوانبارین ..
زەوی لەوە زیاتر بە کەڵکی شیعر نایەت ..
مەگەر بە زیرەکی دەسکرد ..
چیدی دەریا نەهەنگ ناگرێتە خۆی ..
سانتیاگۆیەکی تر ،
جارێکی تر ناچێ بۆ ڕاو …

بە کراسێکی نیو قۆڵەوە،
بڕیار ئەدەم هەر لە ماڵ بمێنمەوە ..
ماڵ کراسەکەم ئەخوازێ و ..
بۆ خۆی ئەڕواتە دەرەوە ..

تەنانەت کتێبەکانیش
خەریکن ئەچنە خولی شۆفێریی ..
ئەوەی ئوتومبیل لێ نەخوڕێ، شەرەفی نییە ..

ئاو هەر بەشی شۆردنی ئوتومبیل ئەکا ..
ڕۆن هەر بەشی کەوەری ئوتومبیل ئەکا ..
نەوت هەر بەشی دووگیانگردنی ئوتومبیل ئەکا ..
کورد بێ ئوتومبیل یەکسانە بە هیچ ..

هەر بۆیە کە کورد ئەبێتە پەرلەمانتار،
پێش هەموو شتێ ،
لاندکرۆزەرێکی کیلۆمەتر سفری ئەدەنێ ..
ئەوە نرخی عەقڵ و بیرکردنەوە و زمانێتی ..
ئەوە نرخی دین و ئیمان و کەرامەت و ویژدانێتی ..
ئەوە لەشفرۆشییە + ڕۆحفرۆشیی .

لە حەوشەیەکی پڕ لە هیچ،
گرانترین شت ئەکوژم، کە کاتە ..
هیچ کۆناکەمەوە،
چونکە هیچی لێ نییە

ڕەفەی کتێبخانەکەم،
پڕن لەو دەعوەتنامانەی لە هیچیاندا حازر نەبووم ..
نازانم بۆچی پاراستومن؟
یەک دەقیقە مۆڵەتم بەنێ،
با بچم بیاندڕم ..

دڕیمن ..
فڕێم دانە سەتڵی خۆڵەکەوە ..

حەفتا ساڵ تەمەن بەچی تەواو ئەبێ ؟
بۆچی بە یەکتر ئەڵێن
تەمەن درێژ بی..؟
ساڵی 364 جار هەمان شت دووبارە بکەیتەوە ..
فڵچەکە بێنیت بە ددانتا و
لەبەردەم برنج و شلەکەدا دانیشی ..
لەبەردەم دەستگێڕێکی ماندوو ڕاوەستی و .. بڵێی :
دوو کیلۆ بە پێنج هەزار ئەبێ ؟
ئەویش بڵێ : نابێ ..
دوایی دەست بکەیت بە قوتدانی حەبە شینەکە ..

چ عەزابێکە ئەم دنیایە؟
بە سەد گوریس بەستراویتەتەوە و
ئەبێ بیشڕۆی ..
لە هەزار شوێنەوە تەقەت لێئەکرێ و
ئەبێ بیشژیت ..

کچە جوانەکان دووگیان ئەکەن و
سەد شیعریان بۆ ئەخوێننەوە ..
کچە ناشیرین و کەمئەندامەکان،
ئەخەنە ناو زبڵی قەیرەیی و
ئاوڕیان لێ نادەنەوە ..

بە لەچک و ڕیش خوا هەڵناخڵەتێ ..
کوا کامەتان شمشێرەکەی خالیدی ڕاوەشاندووە ؟
کامەتان چوار ساڵی گواویی خۆی،
لە پێناوی خوادا سووتاندووە؟
هەمووتان چۆک دائەدەن و پاڵئەکەون، لە بەردەم بەرازخۆرێکی سەرخۆش ..
لە ژێر ڕیش و لەچکەوە ،
وا باوەشتان بە دنیادا کردووە،
مەگەر مردن بە پاچ و خاکەناز
لێکتان کاتەوە ..
ئیتر درۆی شاخدارم بۆ مەکەن،
خوا پێتان ڕائەبوێرێ ..
لە خۆپەرستی زیاتر هیچتان پێناکرێ ..
هێشتا لە ژێر لێوەوە ئەڵێن
حسبي الله و نعم الوكیل ..
جا ئەڕۆنەوە بە لای ئیشی حەرام و پەڕین و گەدە و ڕیخۆڵە پڕکردن تا قڕقێنە ..

ئیتر لە دەرگام مەدەن ..
من هیچ موناسەبەیەکم نییە بۆ لام بێن ..
چاوەڕێ ئەکەم کۆتایی بێ،
ئەم حەسیر مەیانە ..
باران ئەکەین بە میز و
لە قەراغ شار ،
سەوزەکانی پێ ئاو ئەدەین..
ئاژەڵ و پەلەوەر و دار و بەرد ئەکەین بە پیسایی و ..
بە دزییەوە، هەڵی ئەدەینە ژێر زەوی ..
ئەرێ لەم خوێڕێتییە بێزار نەبوون ؟!




دوو شیعری ستار ئەحمەد

سێ گوڵه‌ هۆنراوه‌

شیعرێك گوڵ نه‌گرێته‌ ئامێز
زاری ره‌ش‌و رووتان نه‌بێ
خۆزگه‌ی شاعیر نایه‌ته‌دی
شیعر چی یه‌؟ نه‌بێته‌ سه‌نگه‌ری چیاو
ئاڵای عه‌شقێكی ئه‌به‌دی
من ده‌مویست هۆنراوه‌یه‌كی روو گه‌شبم
بۆ پاشه‌ڕۆژ بیرێكی نوێ بنیات بنێم
بڕیارێكه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ پاشگه‌زیش نیم
ئه‌مڕۆش نه‌بێ.. رۆژێك هه‌ردێ
وه‌كو گزنگی سه‌ربه‌رزی
له‌ ئاسۆی ته‌ماوی هه‌ڵبێم
شاعیر تووڕه‌ بوون نازانێ
شه‌و له‌ ته‌می هه‌ور وه‌ڕس بێ
رووی ئه‌ستێره‌كان ماچده‌كا
شاعیر ئه‌گه‌ر ده‌ستێكی شووم رایبژه‌نێ
وه‌ك ئه‌رخه‌وان چڵه‌كانی چرۆی هۆنراوه‌ ده‌رده‌كا

نه‌وره‌سێكی زامدار

بارگه‌ی خه‌می من پیرۆزه‌و
پیرۆزی تۆ له‌ كۆڵمایه‌
من به‌م باره‌وه‌ سه‌نگینم
له‌ توێی خه‌ونی كه‌سك‌و سوورا
نیگای ئاڵی تۆ ده‌بینم
من نه‌وره‌سێكی زامدارم
باران خوێنی زامه‌كانمه‌
خۆر هێلانه‌ی هیواكانم
ته‌ریوی لوتكه‌ی خه‌مێكم
خاك‌و خۆڵی ئه‌م زه‌مینه‌
ده‌خه‌مه‌ سه‌ر چرۆی گیانم
ئای كه‌ له‌ ئه‌شكی خۆما ده‌خنكێم
نازانم بۆ هه‌ر تینووم‌و
ده‌سته‌و دامێنی چیایه‌كم بۆ ووچانم
كانی سووتاو گه‌رووی حه‌زێتی‌و
په‌لكی وه‌ریوی دار هه‌نار برۆكانی
ئه‌ی پێم نه‌وتی!
له‌ زاری خۆزگه‌و عه‌شقی تاڵ تێ ناگه‌یت‌و
به‌ ژانی سه‌ختم نازانی
تۆ ته‌ماشاكه‌ كه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌كوژێته‌وه‌
تاریكی.. ده‌بێته‌ به‌رگی برسیه‌كان
مانگ.. وورشه‌ی گواره‌ی نه‌وبووكێكه‌
لوتكه‌.. ئه‌سپی حه‌زو تاسه‌ی
خۆر.. ده‌بێته‌ نانێكی وون
كه‌ بارگه‌ی خه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌
وه‌كو نه‌وره‌سێكی ته‌ریو
دیسانه‌وه‌ ده‌بیت به‌ من
من‌و تۆ‌و خه‌م‌و هۆنراوه‌
په‌راوێزی مێژوویه‌كین
له‌سه‌ر سنگی ئه‌م زه‌مینه‌
وه‌كو چیایه‌كی به‌ ته‌مین
رۆژو مانگمان لێگیراوه‌
پڕ له‌ كانی ئه‌شك رێژین
خه‌ڵوه‌تگای بڕواو شه‌و نوێژین
به‌ڵام خۆمان خه‌زانێكین
ته‌می هیوامان بارێژه‌یه‌
زامی ناخمان جۆگه‌ی ژانه‌
دورگه‌یه‌كی پڕ كێشه‌یه‌

ستار ئەحمەد




یەک تۆز وەفا.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەو هەموو وتارە سیاسی و کۆمەڵایەتیەمان گوێ لێ بوو ..
یەک ووشەمان سەیڤ نەکرد ..
کەچی
هەموومان
چالاک و
هەچەکە و
بەچکەی هەچەکەمان لە یادە ..
هەموومان
زەینەب و
بەبەکەیمان لە یادە ..
مام زۆراب و سینیە مێوژەکەی و بارانەکە ..
گڤە گڤەی با ..
خاڵۆی شمشاڵ ژەن گیان ..
مام بزن کە لەسەر سەربانی مام گورگ
تەپە تەپی ئەکرد
کاسە و کەوچکی پڕ لە خۆڵ ئەکرد ..
دۆی دادە
کە دوو ڕۆژ بوو ئەڕژا ..
ئەو تۆپانەی نەسرین لە باوکی وەرگرت ..
تامی نانی ساج ..
ترس لە سێ سەگ ..
غاردان ڤان سواران ،
کە شیر و مەتاڵیان پێ بوو ..
وازی و دار و دارا و داو ..
مام ورچ کە لەسەر یەک قاچ وەستا بوو ،
دەوری بە کوڕ و کچ گیرا بوو ..
زریزەی زیو ،
کە وەک داهاتی نەوت ، وون بوو بوو ..
عەلە شیش ..کە ڕۆژی جومعە بوو ،
نەیشچوینایە بۆ مەکتەب ،
مامۆستا عەزیز عاجز نەدەبوو ..
کەف ..کە دایکی دارا هەزار جاری پێ وتبوو ،
تف نەکاتە سەر زەوی ..
خستنە خوارەوەی سێ سێو ..
هێک ..هێلکەکانت بۆ بهاوێژم ؟

( سڵاو لە گیانی پاکی ئیبراهیم ئەمین باڵدار

سڵاو لە ئەلف و بێی نوێ …)




بێسنوور یاخی.. شیعری: سعد البيتنكس.. وەرگێڕانی: ڕێدار فەریق

ببە شاعیرێکی یاخی
مەبە نۆستالیژیی
مەبە مەنەلۆژیی
یاخی بە… یاخی
یاخی.. لەهەموو شت
هیچ لە مرۆڤەکان مەچۆ
وەك پەرییەك دابەزیبێ
بە گەشتێکی کورت
غەریزەی مرۆ نەزانێ چییە،
وانیش لە ژیانی ئەو نەزانن.
یاخی بە، تەنانەت
لە شێوازی خواردنی فراڤین
وەك وان مەبە
لە خواردن، خواردنەوە، پۆشاك و نووستن
لە دانیشتن.
جیاواز لەوان،
چاولێکەریی مەکە، تەنانەت لە
گرتنی پێنووس و لەچاوکردنی چاویلکە
لە ڕۆشتن و پرسیارکردن
لە گێڕانەوەی جیرۆك و سەرهاتەکانت
یاخی بە…. یاخی
تەنانەت لە شیعرو پابەندبوون بە سەروا و ڕێسای
یاخی لە کێش و کۆپلە
یاخی بە.. یاخی بە.. یاخی
تەنانەت گوڵ مەدە مەحبوبەکەت
نەبیە کلاسیکیی و چاولێکەری وان
شاعیر بە
یاخی لە وشە..
یاخیبوون تاقیکەوە
یاخی لە میریی
با کرێگرتەکانی چاودێریت کەن
با سەگەکان پێت بوەڕن و دوات بکەون
یاخی بە
با لە کۆبوونەوەکانیان باست بکەن
ڕزگار بە لە دەنگی ناخت
ببە شاعیرێکی مرۆڤ




هایکۆ\ ڕەش یان سپی؟.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
ئەو ئاوەت بۆ ڕشت
ئەو کارەساتەت بۆچی نایەوە
باوکە؟
2
هێڵە سوورەکان دەبەزێنم،
لە چەقی شار هاوار دەکەم ـ
خۆۆۆۆشم دەوێی.
3
کە سەیری چاوەکانت دەکەم
لەبەر خۆمەوە دەڵێم
ئاسمان دوو ئەستێرەی بەس بوو
4
ڕۆژ نییە خەڵاتم نەکات
ئاخر من بووم
تەنیاییم بە دنیا ناساند
5
لەبەر منداڵە پێخواسەکانی گوندەکەم
ناوێرم بە زستان بڵێم
خۆشمدەوێی
6
بە دراوسێکەم گوتووە
خەفەت نەخوات
من برسیترم
7
بە تەنیایی بڵێن
پشتێندەکەی بکاتەوە
من هێشتا لە ژیاندام
8
قاسەم پڕە
بۆ مردن
هەزار و یەک بیانووم هەیە
9
لە دەشتە دوورەکان
باران ختووکەی کێڵگەکان دەدا
لە ماڵەوە بزە دەکا
پیرە پیاوێک
10
خەیاڵم لای ڕۆژە تاریکەکانە
لە شەوە ڕووناکەکاندا
11
لە چایخانەکە
کەسێک بە تەنیشتمەوەیە
هەست دەکەم لەوسەری دنیا
دانیشتووە
12
درەختێکیان بڕییەوە
وەک هاوخەمێک دەستی لەکار کێشایەوە
سێبەرەکەی.
13
مردن ئەوەی باشە
کە دەتبات
تەنیاییت لێ وەرناگرێتەوە.
14
ڕەش یان سپی
تۆ پێمبڵێ
مرۆڤ کام ڕووی ترشترە؟
15
کە زەلکاوێک وشک دەکات
چەند لۆچ دەکەوێتە نێوچەوانی
بۆق
16
کە ڕاوچییەک دەمرێ
لە پرسەکەیدا
چەند ڕۆژ ئاهەنگ دەگێڕێ
ئاسکەکێوی
17
لە خەیاڵدانی باڵندەیەکی نێو قەفەس
چەند میللیمەتر چوار گۆشەیە
ڕووبەری ئاسمان
18
تەزبێحێکی بەژن درێژ ،
فریای ژماردنی درزەکانی دڵ ناکەون
دەنکەکانی!
19
ئێواران بە عەللاگەیەک توورەوە
دەگەڕێتەوە ماڵەوە
مووچەخۆر
20
لە نێوان دوو بەرداشدا
ڕۆژێک مەرگ و ڕۆژێک مردن
مووچەخۆر

سمکۆ ئەحمەد ڕەشید




خەون.. شیعری خولیا حوسين

                             

حەز دەکەم
لام بمێنیەوە
تاکوو شەوان پێشی نووستنێ
لە جیاتی چایەکی بەیبوون
بۆ ئارامی بتخۆمەوە
بەیانیانیش بۆنت بکەم
پێش بۆنکردنی بەرامەی قاوە تازە هاڕاوەکەم
تا بتوانم بەرەنگاری دڵشکانەکی ئەمڕۆم ببمەوە

حەز دەکەم
لێرە بیت
بەیەکەوە تەماشای ماسیەکان بکەین
کە وازی دەکەن
لەبەر تیشکی هەتاوی بەهار و
حەوزەکە پڕ دەکەن لە بلقی ژیان
با خۆری جێشتەنگاویش
هەردووکمان بگرێتە باوەشی خۆی و
لە پشوەکانی حەفتەدا
دوای ڕۆژە درێژەکانی کار و
سەرقاڵیەکانی بوون
شەکەتیەکانی یەکتر بحەسێنینەوە

گەر لێرە بیت
بەیەکەوە پشیلەکان دەلاوێنینەوە
مەرکانەکانی ژووری دانیشتن
ئاو دە دەین و
نەباتەکان لەگەڵ چلە قەمێشێک دەبەستینەوە
تا سەریان بەرەوە ئاسمان ڕاست کەنەوە وەک خۆم
وەک خۆت
بەسەربەرزی باڵا بکەن
بێ هەتاویش بەرگە بگرن
زستانی سەختی ژیانیش قەدیان نەچەمێنێتەوە

تۆش دەزانی
ئەم وێستگەیە
وێستگەی
کۆتایی تەمەنە
دەبێت هەموو چرکە ساتەکانی بژمێرین
تا بزانین
بەشی چەند فڕینی تر و
بەشی چەند سەمای تر و
بەشی چەند خەندە و
چەند پێکەنین و
بەشی چەند گریان و
چەند شکان و
چەند چەمانەوەی تر و
چەند هەستانەوە و
بەشی چەند جاری تر دەکات
پڕ بە گەرووت بانگم بکەی
ئازیزەکەم
منیش بڵێم :
گیانی ئازیز، بمێنەوە
لەودیو قەتماخەی برینەکان
لە نێو ڕۆحم
جێیەکت بۆ دەکەمەوە
هەر کاتێکیش ویستت بڕۆی
دەرگای گیانم بەرەو هەنگاوەکانی تۆ دەکەمەوە

ئێستاش هەر ئارەزوو دەکەم
بمێنیەوە
بەیەکەوە خواردنێکی خۆماڵی خۆش دروست دەکەین
مێزیش دەڕازێنینەوە
بە دوو قاپ و
دوو مڵاک و
دوو چەنگاڵ و
دوو پەرداخیش بۆ شەربەتە
مزرەکەی ئەو هەنارانەی لە وڵاتە گەرمە دوورەکان هاتوون و
تۆش بە دیاری بۆ من
لەگەڵ خۆت هێناوە
ئاخر دەزانی شەربەتی هەناری مزرم لە شەرابە سوورەکانیش پێ خۆشترە

چی دەبێت
ئەگەر
لێرە
لەسەر کورسیە چۆلەکەی بەرامبەرم
لەو دیوی مێزەکە دابنیشی و
بمێنیەوە
سەیرت دەکە
لە ڕوخسارت ورد دەبمەوە
حەسرەتەکانی نێو چاوت
لەگەڵ پرچی خەمەکانم
لە شیعرێکدا
وەکوو کەزی گەڕیلایەک دەهۆنمەوە
وەکوو کەزی
گەریلاکان
دەهۆنمەوە




پێکەنین له چاوەکانتا ناڕژێ.. نەوزاد بەندی

لەناو ئوتومبیلا شیعر ئەنوسی ،
واتا تۆ لە نیشتمان دابڕاوی ..
ناتەوێ بە بیابانەکانیدا ،
پەنجەکانی قاچت بدەیتە دەستی پشکۆ..
ناتەوێ سییەکانت ،
بە دوکەڵی سووتانی هەموو شتێ ، سیخناخ کەی ..
جەنگ هەموومانی لێک دابڕی،
لەو کاتەوە،
وەک نزار قەبانی ،
لە جیاتی قەڵەم، بە چەقۆ شیعر ئەنوسم ..
لە جیاتی به کەناراوەکانی عەشقا بڕۆم ،
لە بەرەی جەنگەکانا،
تانکە سووتاوەکان ئەژمێرم ..
چاوەڕێی کۆدەتا ئەکەم ..
لە کۆڵانێکی شێدارا،
لەگەڵ قاچاخچییەکی نەخوێندەوارا،
مامەڵەی
( تا ئیتاڵیا )ئەکەم ..
لە لێواری برسێتیدا،
تەماشای ئەوانە ئەکەم کە برسێتییان کردووە بە بزنس ..
به بازاڕەکانا لەناو نەڕە نەڕی فرۆشیارەکانا ،
بۆ کافێیەک ئەگەڕێم
پەنجەرەکانی دژە قیڕە و
دژە سواڵکەر و
دژە گەرما و
دژە هەواڵی به پەللە بن ..
بۆ ژێر زەمینێ ئەگەڕێم،
بنمیچەکانی،
دژە شەڕه جنێوی حیزبەکان بن..
دژە ڕیکلامی هەڵبژاردن ..
دژە ڕیکلامی کاڵا تورکیی و ئێرانییەکان ..
دژە کچە مۆدێل و
کوڕە بێژەر و
تولفە مەسئولی خاوەن کۆمپانیا و زانکۆ بن ..
بە دوای گۆشەیەکا ئەگەڕێم،
بتوانم تیایدا بۆ تاوێ لە خۆیشم جیا ببمەوە ..
گۆشەیەک،
دژە قسە و
دژە شیعر و
دژە بیرکردنەوە و
دژە نیشتمان بێ ..

٭ ٭ ٭

تۆ لەناو ئوتومبیلێکا ،
بە چوار دێڕی پڕ هەڵەی چاپ‌،
باسی کەناراوەکانی عەدەن ئەکەی ..
باسی بەهارەکانی
دوو سەدە پێش ئێستا ئەکەی..
باسی تابلۆیەک ئەکەی،
ئەمڕۆ هیچ گەلەرییەک ڕازی نابێ وەری بگرێ..
هیچ دیوارێ ڕازی نییە،
بە لاقەدیا هەڵیواسێ ..




داگیرسان.. شیعری ستار ئەحمەد

له‌ په‌یكه‌ر مناڵ دروست ده‌كه‌ن
كه‌ باران به‌ سه‌ریا ده‌بارێ
به‌ ده‌لاقه‌ی ئاسمانه‌وه‌ خۆر هه‌ڵده‌واسن
هیوا له‌ دیده‌ی ئاسن هه‌ڵده‌كێشن
بروسكه‌ ده‌كه‌نه‌ خه‌نده‌ی جه‌نجاڵی
به‌ خوێن لێوه‌كانی ده‌نه‌خشێنن
شه‌و ده‌كه‌نه‌ له‌دایك بوونی كه‌نیزه‌و
ژه‌هره‌ بارووت دابه‌ش ده‌كه‌ن
بۆ ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵی
داخ له‌و زامانه‌ی.. په‌نجه‌ شه‌خته‌ییه‌كان
له‌ ته‌وێڵی ئاگردانه‌ كوژاوه‌كان
به‌ لاسكی ووشكه‌وه‌ بوو
بۆ یادگاره‌ گۆڕ ئامێزه‌كان
ده‌بنه‌ به‌رواری مێژوو
داگیرسان.. لوتكه‌ی خه‌مڵیوی چڵه‌ به‌ردینه‌كان
له‌ پاكیا رووناكی له‌ ده‌نكه‌ باران هه‌ڵده‌مژن
به‌ سه‌رمه‌ستی چاره‌نووسی ئاده‌میزاد
له‌ ده‌ریای راستیا ده‌شۆنه‌وه‌
هه‌ست له‌به‌ری داره‌ خه‌ماویه‌كانا
له‌ شیله‌ی هه‌نگ ده‌دزن
له‌ ئه‌هریمه‌نه‌ گوڵ تاجه‌كان تووڕه‌ ده‌بن
بووكی خه‌ون.. شیكردنه‌وه‌ی چه‌ڵه‌مه‌ تازه‌كان
له‌ سیمای گوڵه‌ سوور بیره‌كان موتوربه‌ ده‌كه‌ن
له‌ كفنی خۆڵا جه‌سته‌ی ئاو ده‌نێژن
له‌ چۆڕاوگه‌ی زوقما رووی چیا گڕڕێژده‌بینن
لوتكه‌كان به‌ ئه‌هرامی فیرعه‌ونه‌كان هه‌ڵده‌واسن
له‌ سڕینه‌وه‌ی رووی دۆنده‌كانا
خوێن به‌سه‌ر مه‌لۆتكه‌ی كانیا ده‌بارێنن
له‌ كزه‌ی رۆژه‌ رووته‌كانا
له‌ په‌ڕی كه‌و كڵاوی ئه‌زهه‌ریه‌كان
له‌سه‌ر بڕوانامه‌ی تۆرانیه‌كان ده‌نێن
بیناكاری له‌ توێی زامه‌كانی ئێمه‌دا ده‌ماشنه‌وه‌
له‌ ژماره‌ی له‌ ناوچووه‌كانما فێری
ماتماتیكی سه‌ر كێڵه‌كان ده‌بن
به‌ گژ خۆشه‌ویستی ئه‌لبوومی خۆر په‌رسته‌كانا ده‌چن
له‌ تینی تروسكه‌ی خۆری دیده‌ی هه‌تیوی خه‌ونه‌ مه‌رگه‌كانا
له‌ پێڵووی كوژاوه‌ی ئه‌ستێره‌ی دوڕو مه‌رجانا
بۆ خاڵی بنه‌چه‌ی پاكڕه‌وی
به‌ گڵی چیا ده‌ست نوێژ ده‌گرین
له‌سه‌ر هه‌وره‌ چاو شینه‌كان
كۆڕی خوا په‌رستی ده‌به‌ستین
له‌ گلێنه‌ی رۆژا په‌رده‌ی خه‌و هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌
له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێكی ئه‌م كوێستانه‌
تۆزی خاكه‌كه‌مان وه‌كو زاد ده‌خۆین‌و
وه‌نه‌وز ئه‌ده‌ین.. ناسره‌وین هه‌تا ده‌مرین

ستار ئەحمەد




پێكه‌نین له‌ چاوه‌كانت ده‌ڕژێ.. دڵكه‌ش قادر

شـه‌ڕ نەیهێشت بە زۆر شت بگەم
به‌ڵام تۆی پێگه‌یاندم
ده‌مه‌وێ په‌ی به‌له‌ره‌كانی خه‌یاڵم به‌ری
له‌ ته‌نیشت لێدانی دڵت سه‌رخه‌وێ بشكێنه‌
ئه‌وكاتانه‌ی له‌ چاوه‌كانت ده‌ڕژێ
پێكه‌نین
من میوان برژانگت بم
ئه‌و ساتانه‌ی
نازانه‌ له‌ كوێی بێزاریتام
له‌ خه‌یاڵما
تۆ دانسقه‌ترین بوونه‌وه‌ری
سوپای كه‌ تۆ له‌ ته‌نیش خه‌ونه‌كانم سه‌رخه‌وێ ده‌شكێنی و
تا به‌ریبه‌یان له‌ باخ خه‌ریكی نۆشكردنی جوانی بیت.

سلێمانیی
دڵكه‌ش قادر




گەڕان و سۆراخ و شەقامەکانی عەقاریی و پرسیار و قاوەخانەی ڕەیحانە و من و هەموو شتێ ، بە بێ تۆ.. نەوزاد بەندی

( ئەوانەی کە تەنانەت نزاکانیشیان تەنها بۆ خۆشبەختیی خۆیانە، بە بێکەسیی ئەمێننەوە )

من کە لەسەرتاپای ژیانما بە دوای هیچا نەگەڕاوم ، بەوەی بە دوای تۆدا گەڕام ..پێم سەیر بوو ..!
لەو دنیایەی وەک سینییەک هەموو شتێکی تیا دیارە و
هیچ ون نابێ ، بەوەی تۆ هەر وون بووی لەلام ..پێم سەیر بوو ..!
من ، وەک مرۆڤێکی مام ناوەندیی ،
ئەوانەی لە ماڵ چوونە دەر
ئینتەرنێتیان پێ نامێنێ..
تۆ ، وەک مەتەڵخوانێکی کۆن ،
ووتت هەر ڕەیحانە و تەواو ..
گرنگ نییە لە هۆڵندا بی یان پاریس ..
تۆ هەفتەیەک کەناری بی و
ئەو قەفەزێکی ژەنگاویی ..
ئەو هەفتەیەک قەلەڕەش بێ و
تۆ قەفەزێکی سیحراویی ..
گرنگ نییە ..
نەهاتبووم دەرگایەک ئاوەڵا بێت و ..
قۆرییەک چا دەمکرێ بۆم ..
من هاتبووم ،
ڕاستێکەی ڕامکرد بوو لە خۆم ..!
وەک برینێ پێش سی و هەشت ساڵ ،
لە پزیشکێ هەڵهاتبێ ..
ژیان و مردن بووم پێکەوە ..
وەک تاکێ پۆستاڵی ڕەشی
ڕۆمانیی ، پێش دەیەها ساڵ ..
نازانم چۆن خۆم هەڵنەدایە ناو زبڵی حیزبێکەوە؟!
پیاوێکی ڕەینکوت لەبەری ،
پانتۆڵ خوری ، پێڵاو مۆدێلی ئیتاڵیی .. ملپێچێکی مام ناوەندیی وەک ئەوانەی لە ماڵ دەرچوون، مۆبایلەکەیان بیر چووە یان جزدانە ..
ئێستا چۆن لەو جەنگەڵەدا ،
ئەگەڕێم لە دوای زەنگیانە ؟ ..
ڕاستێکەی من نەهاتبووم
تۆ بدۆزمەوە و بمبینی ..
ئەوەندەی تینوی چاوشارکێی حەفتاکان بووم ..
حەزم ئەکرد بە کۆڵانێکا بگەڕێم ،
باهیچیش نەدۆزمەوە ..
بۆ چەند سەعاتێ، مناڵیی و کارێزی وەستاشەریف و
عەتا و ئاژێنی عەلی بەگ هاتنەوە لام ..
لە پڕا وون ئەبوونەوە و
هەم بە دوایانا ئەگەڕام ..
من ئەمزانی تۆ خەونت بە شاعیرێکی باڵابەرزی وەجاخزادەی وەک ئۆسکار وایڵدەوە ئەدی ..
لە ئوتومبیلێکی بوگاتی دابەزێت و ..
لە نهۆمی پەنجا و چواری تاوەرێکا،
پێت بڵێ فەرموو ..وەرە ژوور ..
من ئەمزانی وەک دارتوویەکی پەککەوتە ئەتبینیم و ..
تووی شیعرت ئەچنیەوە ..
ئەتویست وەک حەبیبە لە دوورەوە خۆت نەمر کەی،
تاوێ نەچیتە بنیەوە ..
بێ ئاگا بووی لەوەی منیش
وەک ڕاوچییەکی بێ هیوا،
داوێ هەڵباتە ناو دەریا ..
تۆم هەڵئەدا ، تا ڕۆژانی زانکۆ و
یادی پێش چل ساڵت پێ ڕاو بکەم ..
تا شیرینت پێ بانگ بکەم ..
( شیرین بە دوو چاوی سەوز و ..
دوو گۆنای خڕ و گەشەوە ..
بە جوانترین جل و بەرگ و
سەرسامترین ئەندامی جوانی
لەشەوە ..
هەموو ڕۆژێ لە ڕێگاکەمدا ئەوەستا ..
لە دنیای پڕ سۆز هەستا ..
چاوەڕوانی منی ئەکرد ..
هەموو ڕۆژێ
شیرین بە ماشێنێکی شیک
چاوەڕوانی منی ئەکرد
منی هەژار ..
منی تاریک ..
نا ..شیرین ..نا …..)٭
ئەوەیش تەنها خولیایەکی سارد و سڕ بوو ..
درەختی تینوو فێنکایی لە کوێ بێنێ ؟
هەوری ئاسمانی ئەم شارە ،
تەمی خەم و
دوکەڵی جگەرە و ترسی خەڵکەکەیە ،
بەفر و باران بۆ ئاوایی لە کوێ بێنێ ؟ ..
ئیتر بە دواتا ناگەڕێم ..

چونکە چیتر هیچم پێ نادۆزێتەوە ..
وەرەوە ماڵی باپیرت ..
جۆرێ وون بووم ،
وەک مردنی کەسێکی مام ناوەندیی وام ،
کەسم پێ کۆناکرێتەوە ..

شتی تریش

٭ ئەوەی ناو کەوانەکە ، شیعرێکی پێش 43 ساڵە، بەناوی ــشیرین ــ لە ژمارە 40 ی گۆڤاری کارواندا بڵاوم کردەوە ساڵی 1984 ئەو کاتە تەلەبەی پۆلی یەکەمی کۆلێژی زانست بووم لە زانکۆی موسڵ




بارین.. ستار ئەحمەد

میوانی شیعرم ده‌ستی هه‌ڵبڕی
په‌نجه‌ی خسته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك زامم
هێنده‌ تاوتوێی ئه‌ندیشه‌می كرد
نه‌یزانی گڵكۆی هیچی ئه‌نجامم

وه‌ك داری پاییز شه‌وان ده‌له‌رزم
گه‌ڵام ده‌بارێت به‌سه‌ر باڵاما
ئاسمان فرمێسكی خوێنین رۆده‌كا
به‌سه‌ر ئه‌سرینی خۆری ئاڵاما

هه‌تا وشه‌یه‌ك ده‌كه‌مه‌ ڕسته‌
دیوانێك به‌دێڕ خۆی ده‌خنكێنێ
ئه‌لبومێك نییه‌ وێنه‌م هه‌ڵگرێ
پێمه‌رده‌ی ناخم گیانم ده‌ردێنێ

پێ مه‌نێ به‌سه‌ر كۆرپه‌له‌ی هه‌ستما
شه‌هیدی تیغی چوار پارچه‌ی خاچم
جه‌سته‌م لێره‌یه‌و رۆحم له‌دۆزه‌خ
له‌تیله‌ی مه‌رگی حه‌سره‌ت ده‌رناچم

ته‌مه‌نی عه‌شقم چه‌ندین پاییزه‌
هه‌تا بگه‌مه‌ سه‌ر چرۆی مه‌زرات
له‌گۆشه‌ی په‌ڕه‌ی مه‌ینه‌تا ژاكام
په‌ری هۆنراوه‌م یه‌كجارێك نه‌هات

ستار ئەحمەد




وەسیەت نامە.. شیعری وحشی بافقی.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

ڕۆژی مەرگم….
هەر کەسێ کەشیوەنی کرد لەدەورووبەرم
دوری بکەنەوە
هەمویان مەست و وێران مەی ئەنگور بکەن
کرێی مردو شۆرەکەم با تێر لە مەی نۆشین بێت
مەست مەست و بار پەرێشان بێت
ڕێ مەدەن بۆ مەزارم بێت واعیز
پیری مەیخانە با بخوێنێت غەزەلێکی حافز
لە جێ تەڵقین لەسەرووی سەرمدا دەف لێبدەن
فریشتەم با سەما بکا
جوملەی خەڵکی چەپڵە لێبدەن
ڕۆژی مەرگم ….
لە میانی سینەم درزێک بترازێنن
لە نێو دڵمدا تەنها
یەک لقی دار بڕوێنن
لەسەر گۆڕم
بنووسن وەفادار ڕۆیی!
ئەو هەناو سوتاووە
ماندوە ،
لەم دارە
ڕۆی

شیعری وحشی بافقی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری




قەومێک بۆ ناو کتێبی گینز.. شیعری نەوزاد بەندی

ماشێن بێ بەنزین ئیش ناکا ..
درەخت بێ ئاو وشک ئەبێ ..
ئاژەڵ بە بێ ئاڵف ئەمرێ ،
چرا بێ نەوت ئەکوژێتەوە ..
پێڵاو بە بێ بۆیاخ ئەدڕێ ..
مشک بێ ناخونەک ناژی..
زەوی بێ باران شەق ئەبا ..
لەناو خوێنا،
نیوترۆفیل میکرۆب قوت ئەدا ..
لیمفۆسایت ڤایرۆس نۆش ئەکا ..
سەگ برسی بکەی، ئەوەڕێ،
هەڵمەت ئەبا ..
پشیلەکان ئەمیاوێنن ..
مریشک بێ دان ، ئەگارێنێ ..
حوشتر بێ ووشتراڵوک ئەمرێ ..
چۆلەکە ئەیکا بە هەرا ..
گورگ بێ نێچیر ئەلورێنێ
کەر بێ وێنجە ئەزەڕێنێ
ئەسپ برسی بێ ئەحیلێنێ ..
قەلەڕەشکەکان ئەقڕێنن ..
هەور بێ باران ، ئەگرمێنێ ..
ماسی ئۆکسجینی ببڕێ ،
باز ئەدا ، خۆی ئەخنکێنێ ..
وورگ خواردنی باشی نەبێ ،
با ئەکات و ئەیقەومێنێ ..
لەش خزمەتی نەبێ و نەیشۆی ،
بۆگەن ئەکا ..
مێشک بێ خەوبێ ،
ئەبزڕکێنێ ..
درایڤ شەفت گریسی نەکەی ،
ئەقیڕێنێ ..
چیمەنتۆ ئاو نەخواتەوە ،
درز ئەبا ، ماڵ ئەڕوخێنێ ..
باراناو گەر فەرشی سووری
مەنهۆڵێکی بۆ ڕانەخەی،
ئەبێ بە لافاو ،
سەیداوا نوقم ئەکا ،
ئەیخوسێنێ ..
قژ نەیتاشی،
ئەتباتەوە چاخی بەردین ..
گەرم و ساردی ماڵ ڕێک نەخەی،
شێ و کەڕوو دایدەنێن کەمین ..
ئەنجامەی دەرگا چەور نەکرێ،
شێتت ئەکا بە جیڕە جیڕ ..
هایدرۆلیکی گێڕ نەگۆڕی ،
دەست پێ ئەکا بە قیڕە قیڕ ..
چاو کز بوو ، چاویلکە نەکڕی،
هەزار ڕووداوت توش ئەکا ..
بنمیچەکەت دار و قوڕ بێ ،
یەکسەر داوای بانگوش ئەکا ..
ساردکەرەوە بێ کارەبا ،
خواردنەکانت خراپ ئەکا ..
هەینی مناڵ ،
داوای پیتزا و کەباب ئەکا ..

٭ ٭ ٭
تەنها کوردی
باشور نەبێ ،
بە بێ نان و ئاو هەر نامرێ ..
سێ چوار مانگ موچەی نەدەیتێ ،
بێ خەمە و دڵی گەرد ناگرێ ..
( زاریشی هەیە و ناقڕێ
باڵیشی هەیە و نافڕێ )
بە مانگ .. بە ساڵ ،
بێ حەقدەست کارت بۆ ئەکا..
هیچ دەنگێکی لێوە نایە و
لە هەموو شتێکی کەمە ..
مات و ڕەزامەند و تەبا ..
دۆش داماوە وەک مقەبا ..
هەر دەمیشی بکاتەوە ،
نوکتە و گۆرانی دێتە دەر ..
چاوەڕوانن خوا چاکی کا ..
یان ئەمریکا ،
بەردیان بۆ بهێنێتە بەر ..
لەسەر دەریایەک نەوتن و
ملیاران دۆلار قەرزارن ..
بە بێ ئیش ئەسوڕێنەوە و
بە هەزار دەرد دەردەدارن ..
کەچی بێخەم و دڵخۆشن ..
خەریکن یەکتر ئەدۆشن ..
سەرقاڵی زاوزێ و ژنخوازین
ئەوەیش بەڵگەیە کە ڕازین ..
هەتا برسی تر بن ، زیاتر
مناڵ ئەخەنەوە ، سەیرە !
لە بەر مناڵ نەخستنەوە ،
خەم زۆر ئەخۆن کچی قەیرە .!
نوێژکەر و خواناس و مەردن ..
عەیبە لە لایان باسی کەن ،
بەس خوا ئەزانێ دووچاری
چەندێ سوکایەتیی و دەردن ..
ژێر و سەریان زۆر جیاوازە ،
لە سەرەوە ئەڵێن خوایە فریا کەوە ..
لە ژێرەوە پێیان وایە
نانەکەیان وا لای پاسدار و جەندرمە و بی دووی مارینز ..
دە هیچ نەبێ بیانخەنە
کتێبی گینز ..
با بچنە ناو مێژووەوە ..
بچنە پۆڵێنی کۆمەڵێ مێرووەوە ..
لە بیابانی وشکا ئەژین ..
وەک هەندێ جۆری مێروولە ..
ئەژین بێ ئاو
بێ دانولە ..
ئەوەی گرنگه لە لایان ،
ڕازاندنەوەی دەم وفڵقیان ،
بە بۆیاخ و نەشتەرگەریی ،
بەڵکو ببن بە پەپولە




بەرخودان، ئومێد، ئاشتی، ژیان.. ڕزگار شێروانی

بە کێڵانی
کێلگەی ناسۆرێکانی ژیانم
هێزم لێ ڕوواوە
کە ئەچنم میوەی
درەختی باخی کۆشانم
ئەڕۆم و
ئیتر ناگەڕێمەوە دواوە

لە تاریکستانی
خەمی قووڵ و
جەوری زەمانە
دڵم ڕۆنە
لە زیندانی تەنگ و تارا
ئاسۆی ڕوونم لێ بەیانە

کە (بە خشپەی ماری ڕەش) لە کشانە
ڕۆژ دێ و دەزانم
ماری شەو (بەسەر) چووە
بەیانە
….
دوای مەینەتێکان
شادیم دیوە
لە کونجی ترس و ئازارا
سوکنایی هەرچوارلای منی تەنیوە
لە عانی دەستەویەخە لەگەڵ زۆردارا
دەزانم ئاشتی هەیە و لەو دیوە

ئەگەرچی
هەر ناڕەحەتییە بەشی من دایم
بەو ئارامییە دەژیم
کە بە تەمایم
..
کۆلەمەرگیم دیت
نەڕووخام
بەرگەم گرت
زیندوو مام
ئەوەی زوڵمی کرد،
مەرگیم دیت

ئەوەندە ناهەقیی ژیانم دیتن
بووم بە پیتۆڵ
پاش بڕینی ئەستەنگەکانی سەر ڕێگام
بوومە شێری جەنگەڵ و دۆڵ
کوردم
لکوچڵم ببڕنەوە
قەدم دە هێندە هەڵدەچێ
ڕیشەم ڕۆچووە لەنێو خۆڵ
ئەوەی من دەسڕێتەوە زۆڵە زۆڵ!
ڕۆژێ دادێ
دەبێتە ئەسکەندەری جیهان
کوردی کڵۆڵ
ئەوجا لە دوندی شاخێکا
بە نەغمەی ئاشتی دەگمێنێ
کۆتری سپیی سەربڵندی
سەر بە کاکۆڵ

(ڕزگار شێروانی)




زمڕووت.. شیعری شەهلا نوری

لە ئەسرینی شەوم پرسی..
.ئەوە ڕووناکی کێیە
لەبەر دیدەم
دێ و دەڕوا و
جەزبی دڵ دەکا…
هەوڵم دەدا
چاویلکەکەم خاوێن بکەم ،
سڕیمەوە و لەچاوم کرد ،
خۆم بینی
کە تیشکی ماهی تابانە لە تەک تاریکی دڵ دەسڕم
بەر چاو لێڵ بوو !
نەردی خەیاڵ
بوو بەچەندین
سەبەتەی دەستم لێ گوم ڕەنگ بوو
میوەکان زەردە دەهاتن ،
لالەی خامۆش ئاڵۆز.. شێواو
نەخشی گزەنگ، پەرش و بڵاو …
لەئامێزدا سێبەرێکی
مردوو و زیندوو
دەهات و ون دەبوو
گۆڵ و گەڵای ناو گۆڵدانان
دەخەنێنن
زۆر بەکەیف هەڵدەپەڕین
بڕ باوەڕم
کە نازی نیگاری یارە
بەزمی هەستی لەبەر چاودا
تروکە تروکی نێو ساباتە…
وا دووبارە
لێو بەخەندان ،
شەکرە ئەفشانەی زیبا ڕوو ،
زوو لەبەر چاوو ڕەت ڕەت دەبوو
لەو لێوارە
نەرم نەرم ڕادەژەنرێ
لەسەر درزی ئاوێنەی
خاک ڕەشی بێ ئەسەر
دیسانەوە
بەلەنگ و لوار
دەهات ، دەچوو
بڵیسەی سەوز و مناجاتی ئیشق
لەچاوی زمڕووت
وردە وردە دەبرد
تا تەرزی چاوی
سەوز و
درەخشانەوەی باخی بوو
بە گەوهەری شەو چرا پازارە

شەهلا نوری




هایکۆ.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
ئاسمان گەشتی مانگ و
هەسارەکانی دادەگرێ
بە وردی گوێ ڕادەدێرێ
کاتێ دایکم نزا دەکا
2
بازەکە فڕی
بەردەکە تەنیا مایەوە
لە ڕووبارەکە.
3
لە باخەکە گوڵێک و پەپولەیەک
ژوانیان هەیە
دەبوو ئەوەم بە ڕەشەبا بگوتبایە.
4
ئاگرەکە خۆشدەکەم،
هاوینی تەنیایی
ساردە
5
لەم زەمەنە خۆڵەمێشییەدا
ڕەشهەڵگەڕاون
خەونە سپییەکان
6
گوێم لە قالۆنچەیەک بوو دەیگوت:
خۆشبەختی ئەوەیە
گڵۆڵەت بکەوێتە لێژیی
7
بە تەنها بۆم ناخورێ
نانێکی ڕەقم هەیە
زۆرە.
8
بازاڕی باڵندە فرۆشان،
خۆشحاڵ بووم بە بینینی ـ
قەفەسێکی بەتاڵ!
9
پیاوێک دەناسم لەبەر چاوەزار
دڵێکی سپی
لەژێر کراسێکی ڕەشدا شاردۆتەوە.
10
ئاسمان و زەوی،
فاریزەیەک نێوانیانە ـ
گوڵ،گوللـە.
11
پاییز و جەنگ،
درەخت و منداڵانی بێ پەناگە
هاوخەمن.
12
ناوێرم بمرم،
دەترسێم بێ خانەو لانە بمێنێتەوە ـ
تەنیایی.
13
من تەنیایی خۆم میقات کردووە
کە کتێبێک دەکەمەوە
خۆی دەکوژێتەوە.
14
بێدەنگییەکی ترسناک،
هەڕەشە لە هەناسەکانم دەکات
کەڵبەی گورگ.
15
سێبەری چیای سەر سپی،
نیشتۆتە سەر شانی شار
تەمومژی سپێدە!
16
لەگەڵ دیوارێکی پیر ،
قومارمان لەسەر ڕوخان کرد
من بردمەوە.
17
چۆن لە بەژنی چرکەیەکدا
بینایی ئەستێرەیەک دادەچۆڕێت
وەهان دڵخۆشییەکانی من .
18
لەسەر نەخشەی جیهان
بەسەر ڕوومەتی ئەودیوی دنیا دەنیشێتەوە
ڕوانینم!
19
چۆلەکەیەکی باڵشکاو
زمانی حاڵی دەیگوت
ئاسمان مشتێک خۆڵی خۆڵەمێشییە
20
لەسەر پێستی شەپۆل
پەنجە لەرزۆکەکانی دەڕەقسن
هەتاو!
21
من و نابینایەک
پێکەوە نەمانبینی
ئەو بایەی ڕژابووە کۆڵان
22
ئەو پیاوەی سێوێک بە تەنیا دەخوا
تێگەیشتووە
سێبەر تامی گێلاس نادا
23
کۆلارەکەم نەبوو ،
گەڵا ڕژاوەکانی تەمەن بوو
ئەوەی با بردی .
24
دەبێت بڕۆم،
لە کافێ جەنجاڵەکە چاوەڕێمە ـ
کورسییەکی تەنیا.
25
بە خەتێکی درشت،
لەسەر دیواری خانووەکەم
دنیا هەڕاج دەکەم
26
بە گریانی ئاسمان،
سەوز، سەوز پێدەکەنێ
زەوی
27
خەتای باپیرە گەورەم بوو
بە منداڵی
دوو چۆلەکەم بە بەردێک دەکوشت
28
هەمیشە ڕووخساری مرۆڤ،
لە تاریکیدا دەشارێتەوە
شێوەکارێک!
29
جانتاکەم قورس نییە
من دەست دڵمەوە
ماندووم.
30
ماڵم دەگوازمەوە ئاسمان
ئەم زەوییە
کۆڵانێکی تەنگەبەرە
31
بەڕووتی بە شەقامدا تێدەپەڕێ
مەحڕەمی هەموومانە
خاتوونی با
32
نەیهێشت چێژ لە سەمای
ڕەهێڵەی باران ببینم
مەرگی دراوسێکەم!
33
باپیرە گەورەم زوو زوو دەیگوت:
بە بیرمدێت ، ڕۆژگارێک
نیشتیمان هی هەموان بوو

حوزەیرانی 2025

سمکۆ ئەحمەد ڕەشید




کوردبوون؛ زمانی کۆژان و ئاوەدانی.. دانا حەمید

لە سنوورەکانی بێدەنگیدا، کوردبوون بریتییە لە ناڵەی چیاکان،
کاتێک باران بە شەودا دەبارێت و هەناسەی شاخەکان دەبێتە هەور و مێژوو،
تەنیایی ئێمە بە قەد هەزاران ساڵی کۆڵەواری و چاوەڕوانی فراوانە،
ئەی نیشتمانی بەردین، ئەی زامی هەمیشە کراوە، ئەی وشەی هەمیشە قەدەغەکراو
کوردبوون وەک بیرێکە لە قووڵایی زەویدا،
پڕ لە ئاوی ژیان و سەرچاوەی ڕەنج و عەشق، ڕەنگی جوانی،
بەڵام کوردبوون هەموو ئەوانە نییە، کوردبوون خەونێکە لە ناو خاکدا،
خەونێک کە ئەستێرەکان چاودێری دەکەن و ڕووبارەکان دەیپارێزن

سەیرکە چۆن بەردەکان دەبنە ئەستێرە، کاتێک شەو داهات،
فێرکراوین بە تاریکی ببینین، بە بێدەنگی بدوێین
کوردبوون زمانێکە کە لەژێر لێوی شاخەکانەوە هەڵدەقوڵێت،
وەک ڕووباری فورات و دیجلە، ناسنامەی ئاوێکە کە بەرەو مەرگ و ژیانەوە دەڕوات
نیشتمان تەنیا خاک نییە، نیشتمان ئەو وشانەن کە سەدان ساڵە تێیاندا هەناسە دەدەین،
کوردبوون زمانێکە کە ئاگر و شمشێر نەیانتوانی بیسڕنەوە،
کوردبوون گۆرانییەکە کە دایکان لە گوێی کۆرپەکانیاندا دەیچرپێنن،
تا بە درێژایی تەمەن نەتوانن بوونی خۆیان لەبیر بکەن، تا مردن هەر کورد بن

کوردبوون ئەو شیعرەیە کە لە سێبەری ترسدا دەنووسرێت،
کوردبوون خوێنێکە کە بەسەر خاکی چوار پارچەی نیشتمانێکدا ڕژاوە،
کوردبوون خوێنێکە کە هێشتا دەخوێنێت: “من هەم، من بەردەوامم، من ناڕۆم، ڕیشەم لێرەیە!”
کوردبوون زامێکە کە هیچ کات ساڕێژ نابێت، بەڵام وزەی ژیان دەبەخشێت
کوردبوون واتە ئەو ئێوارەیەی کە خۆر لە پشت چیای قەندیلەوە ئاوا دەبێت،
کاتێک شەوی ستەم ڕووی نیشتمان دادەپۆشێت،
بەڵام ئەستێرەی ئومێد هەر دەدرەوشێتەوە لە ئاسمانی وشەکاندا،
ئاسمانێک کە مەگەر بە پەنجەی برین بنووسرێتەوە، مەگەر بە خوێنی شەهیدان بخوێندرێتەوە

ئاخ، کوردبوون، واتە ئەو دەنگەی کە لە قووڵایی مێژووەوە هاوار دەکات،
بەڵام گوێیەک نییە گوێی لێ بگرێت، تەنیا باوەڕدارانی ڕێگای ئازادی نەبێت،
کوردبوون واتە ئەو چرپەیەی کە دایکێک لە گۆشی منداڵەکەیدا دەیڵێت:
“نەوەی شێرانی، کچ و کوڕی چیاکانی، دووانەی خاک و خۆڵی، هەر کورد بە و کورد بمێنە”.
کوردبوون ئاگرێکە لە ناو دڵی زەویدا،
هێزێکە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بیکوژێنێتەوە، هیچ زستانێک ناتوانێت بیبەستێت،
کوردبوون وشەیەکە کە زیندان و زنجیری بۆ نییە،
هەناسەیەکە کە تەنانەت لە ژێر گڵکۆی شەهیدانیشدا هەر بەردەوامە

کوردبوون مۆسیقایەکە لە ناو خوێندا،
ئاوازێکە کە دڵە ڕەسەنەکان دەتوانن بیژەنن، گوێی هەستیار دەتوانێت بیبیستێت،
کوردبوون تاجێکە لە ئاگر،
کە شانازی و ئازاری لەسەر سەری هەر کوردێک هەیە، تاجێک کە ناتوانین دایبنێین، ناتوانین لەبیری بکەین
لە ناو دڵی ئەم مێژووە خوێناوییەدا، کوردبوون گوڵێکە کە لە ناو بەرددا دەڕوێت،
نیشانەی ژیانە لە ناو مەرگدا، نیشانەی هیوایە لە ناو نائومێدیدا،
کوردبوون واتە بەرخۆدان، واتە خۆڕاگری، واتە بەردەوامی، واتە ئازادی،
کوردبوون واتە نەمری، چونکە گەلێک کە زوڵمی لێ کرابێت، بەڵام بەرگری کردبێت، هەرگیز نامرێت

کوردبوون واتە ئەو کوڕە لاوەی کە بە بەرماڵی نوێژەوە بەرەو سەنگەر دەچێت،
واتە ئەو کچە کوردەی کە بە جلی کوردییەوە لە زانکۆی بێگانەدا سەربەرزە،
واتە ئەو پیرەمێردەی کە چیرۆکی شۆڕشەکان بۆ نەوەکانی دەگێڕێتەوە،
واتە ئەو دایکەی کە فێری منداڵەکانی دەکات چۆن بە کوردی بنووسن، چۆن بە کوردی بژین؟
بەڵێ، کوردبوون واتە ئەو شیعرەی
کە لە نێوان دوو زریانی گەورەدا دێتە گوتن،
کوردبوون واتە ئەو نهێنییەی کە تەنیا ئەوانەی ئازاریان چەشتووە دەیزانن،
وەک ئەوانەی لە قووڵایی ئازاردا ڕووناکییان دۆزییەوە

کوردبوون واتە ئەوەی کە من لێرەم، لێرە بووم، لێرەش دەبم،
وەک چۆن چیاکان بەردەوامن، وەک چۆن ڕووبارەکان بەردەوامن،
وەک چۆن خاکی ئەم زەوییە بەردەوامە، وەک چۆن ئاسمانی ئەم وڵاتە بەردەوامە،
کوردبوون واتە بەردەوامی، واتە هەمیشەیی، واتە گەڕانەوە بۆ ڕیشەی خۆت، واتە بوونی ڕەسەن
ئاخ، کوردبوون، شیعرێکی خوێناوییە کە هێشتا تەواو نەبووە،
داستانێکە کە مێژوو بە بێدەنگی گوێی لێ دەگرێت،
بەڵام ئێمە، وەک نەوەی بەرگری، وەک کاروانی هەستانەوە،
درێژەی پێدەدەین، تا ئەو ڕۆژەی کە شیعرەکە تەواو دەبێت، تا ئەو ڕۆژەی کە دادپەروەری دەگەڕێتەوە

ڕۆژێک دێت کە دەست لە دەست، یەک دەنگ، یەک دڵ، گۆرانی ئازادی دەچڕین،
ڕۆژێک دێت وشەکان دەبنە فیشەک، شیعرەکان دەبنە چەک، بۆ ڕزگاری نیشتمان،
ڕۆژێک دێت خوێنی شەهیدان تۆوی گوڵە سوورەکانی ئازادی دەڕوێنێت،
من دەڵێم: کوردبوون واتە هەموو ئەمانە، واتە ئومێد لە ناو نائومێدیدا، واتە ژیان لە ناو مەرگدا
کوردبوون واتە ئەو هەستەی کە لە ناو دڵی هەر کوردێکدا دەجووڵێت،
کاتێک گوێی لە گۆرانییەکی کوردی دەبێت، کاتێک پێی دەنێتە سەر خاکی کوردستان،
کوردبوون ئەو شانازییەیە کە تەنیا ئەوەی کوردە دەتوانێت هەستی پێ بکات،
وەک ئەو ڕەنگانەی کە تەنها چاوی هونەرمەندێکی ڕاستەقینە دەتوانێت بیانبینێت

کوردبوون واتە ئەو زامە قووڵەی کە لە سینەماندایە، بەڵام ژیانمان پێ دەبەخشێت،
واتە ئەو ئاگرەی کە لە ناخماندایە، بەڵام گەرمیمان پێ دەبەخشێت،
کوردبوون واتە ئەو سرودەی کە لە ناو دڵماندایە، بەڵام لە زمانماندا بێدەنگە،
کوردبوون واتە ئەو چیرۆکەی کە لە ناو خوێنماندایە، بەڵام لە پەرتووکەکاندا نەنووسراوە
کوردبوون ئاوازێکی پیرۆز و هەمیشەییە،
کە زەمان ناتوانێت بیسڕێتەوە، کە ستەم ناتوانێت بیشارێتەوە،
کوردبوون بەردەوامییە لە ناو گەردەلولی گۆڕانکارییەکاندا،
کوردبوون ڕاستییەکە کە تەنانەت بە هەزاران درۆش ناشاردرێتەوە

کوردبوون هەڵبژاردن نییە، چارەنووسیشە، کوردبوون ئەرکیشە،
کوردبوون واتە خاکێک کە لە ناو خوێندا هەناسە دەدات،
کوردبوون واتە زمانێک کە بە دڵ قسە دەکات، نەک تەنیا بە زار،
کوردبوون واتە مێژوویەک کە هێشتا نەنووسراوە، بەڵام لە ناو ڕۆحی هەر کوردێکدا تۆمار کراوە
ڕۆژێک دێت کە دەنگی شیعری کوردی لە هەموو جیهاندا دەنگ دەداتەوە،
کە مێژووی ڕاستەقینەی کوردبوون دەنووسرێتەوە، بە دڵۆپەکانی خۆر،
بە هەناسەی چیاکان، بە فرمێسکی دایکان، بە خوێنی شەهیدان،
ڕۆژێک دێت… ڕۆژێک دێت… ڕۆژێک دێت…




شیعری سەحەر گاهـ.. ئیسماعیل نواب صفا.. وەرگێڕانی لەفارسییەوە شەهلا نوری

لە خودام دەوێت
کە بە دڵخواز بمرم
یانێ کە تۆ ببینم و
دواتر بمرم
وەک شەونمی پاک لە گوڵزاری سروشت
بێ ئاگا بە
وجوود هاتم و
بێ ئاگا بمرم
ئەی ئێشق..
لە گیانی من و دڵی ماندوم چیت دەوێ
لێم گەڕێ
با بە زەخمی ترسناک بمرم
لە دۆڵی تەمەن پڕ لە پێچ و
لە خەم
گومڕام بەسەر برد و
گۆمڕا بمرم
شەمعم من و
ڕوی تۆ ئومێدی سەحەری منە
مەهێڵە
بێ دیدەنی ئەوەڵ سەحەر بمرم
دەیگوت: (سەفا)
هەربوو و جاویدانیت منم من!
تا ئەو ڕۆژەی کە بە ئارەزووی تۆ
ئەی مانگ دەمرم

وەرگێڕانی لەفارسییەوە شەهلا نوری
شیعری : نواب صفا




عیشق بە وێرانبونەوە جوانە.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

زیندانی ساتەکان، تۆیان
ڕاپێجکرد، تا لە نێو
گڕوکڵپەی ڕۆحی
خۆتا بسوتێی، شەو
جەستەکان ئەبات، قژی
دار چنارەکانیش سپی بوون
لە چاوەڕوانی تۆ، ئەو سوتماکەی
ماوەتەوە ، ئاسەواری
بروسکەی چاوی ئۆقیانوسێکە
لە ئازارو شکستی ڕۆشتن ، ئیتر
با گوڵاوی زەریا
بە تامی هەنگوین، کەمێ
چۆڵەوانی
ناخ سازگار کات
کە دیار نیت
یادەکانت، با ڕەوە پەپولە
ئاڵتونیەکانی دوێنێی لەدەستچوو
بهێنێ ، لە هەر کوێ بی، چیای
تەنیاییە ، چی وحەشەتناکە
شاری سەفەر، بیرکردنەوەش
وەک کۆشکی چۆڵ و وێرانەی
دڵە، تۆ هەڵگری چی خەمێکی
ئەی شنە بای تەنیایی
ووشەییەک ناوەرێ
لە گەرووی پایزێکی
درەنگی بێ باران و
کوا سۆناتای
سەر لێوی ئەو شکۆفانەش
بە دەستمانەوە ، وەک
پروشە بەفری ڕەش وەرین
پەڕی پچڕاوو و سوتاویشن، یادەکان
هەیوانەکەی پڕ کردوە ، و لە سەمای
شێتانەن ، تا تۆ
ئە گەڕێیتەوە، سترانی بێدەنگی
چۆڵەوانی مێشک دەهاژێنێ، بەڵام
دڵ ئێستا بەردە
چرپەیەکیشت
بە دیوارە ساردەکانیشا
تێپەڕ نابێ، ئەمجارە تۆ
تارماییەکی نیوە شەو بە
وەک ڕیتمی گیتارێکی غەمگین
خۆت بکەوە
بە مالێکی چۆڵا
لەوانەشە
سەفەر هزری شێواندبین
یەکمان بیرنەمابێ
دەزانم
ئەبێ لە کێڵگەی ڕەشی
کاتی لەدەستچووا بمێنم
تازە پۆلە ڕیشۆڵە سپیەکانی
بەرائەت ناگەڕێنەوە
دەرگاکانیش داخران، شارەکان
زیاتر لە چاو وون ئەبن، دەشێ
کتێبی شیعری دەستی پیاوی زەریا
سەربورەدەیەکی دەربارەی
چارەنوسی ئێمەی تیا نوسرابێ
سەرگوزشتەی رۆشتنی ئێمە
چی سەمەرەیە
ڕۆشتنی تۆش
هەر کۆتایی نایەت،
درۆ بوون، ئەو هەواڵانەی
باسی لە گەڕانەوەی ئەو هاوڕێیانەش ئەکرد
لە ژێر تروسکەی زیوینی مانگێکی
خۆکوژی قورمزی سەفەرا
دەهاتنەوە، ئێستاش
هێدی هێدی
لافاوی ساڵەکان
جەستەی جێهێڵدراو
ڕاپێچی زەریای غەمێکی نەمر ئەکا
وەک پیمان بڵێ، عیشق
بە وێرانبونەوە جوانە




شیعری ئاسایش.. وەرگێڕانی شەهلا نوری

لەعەرەبیەوە د.شریف بقنە
لەنوسینی
تشارلز_بوكوفسكي

ماڵەکەی تەنیشتم دڵتەنگم دەکا…
هەردوو هاوسەرەکە زوو لە خەو هەڵدەستن
و دەچنە سەر کار
ئێواران زوو دێنەوە مال..
کوڕ و کچێکیان هەیە
کاتژمێر نۆى
شەوە چراکان ماڵەکە دەکوژێنەوە
ڕۆژی دوایی
هەردوو هاوسەرەکە زوو لە خەو هەڵدەستن
و دەچنەوە سەر کار
لە سەرەتای ئێوارەدا دێنەوە
کاتژمێر نۆی شەوە
چراکان دەکوژێنەوە
ماڵەکەی تەنیشتم دڵتەنگم دەکا…
خەڵکی ئەوێ باشن،
خۆشم دەوێن
بەڵام هەست دەکەم دەخنکێن
و ناتوانم یارمەتیان بدەم
ئەوان لە ژیاندا دەمێننەوە
ئەوان بێ ماڵ و حاڵ نین
بەڵام نرخەکەی ترسناکە
کاتێک لە ڕۆژدا
سەیری ماڵەکە دەکەم،
ماڵەکەش سەیری من دەکات،
و دەگری
بەڵێ دەگری
هەستی پێدەکەم




لە پەراوێزی زیندانێکی نهێنیدا.. شیعری نەوزاد بەندی

نەڕۆیشتین، هەتا هات سوپای خەم
پەنجەرەیەک کردتەوە ئەبێ دایخەم …
خەتای هۆزی بەربەریی بوو فەوتاندی،
نەگرن خەتای چارەنوس و خەتای خەم ..
لەلای تۆیە بەهای ملیار و مایباخ
بۆ میللەتیش دەردی ڕەها و بەهای خەم ..
لە پای چیدا ..له پای چیدا .. لە پای چی ؟
لە پای هیچدا .. لە پای هیچ، ڕەشەبای خەم!
لە چیت کەمە ، لە دوای چی تر ئەگەڕێی؟
شار بستێکی نەماوە ئەگەر ڕایخەم ..
خاکێ گۆڕی خۆتی تیابێ، چی ئەدزی؟
هەی داڕزێی، گڵۆڵەت کا پەتای خەم ..
بەناو خوێنی پاکی خەڵکا هەڵکشای ،
جا میللەتت دایە دەس دەسکەلای خەم..
ئەم ڕق و قینەی تۆ لە کوێ هات؟
شار و دێهات بوون بە کاروانسەرای خەم .
چیت دەستکەوت وا نیشتمانت هەڕاج کرد ؟
وا گشتمانت کرد بە پشت و پەنای خەم ؟
ئەمە دیاری و پاداشتت بوو بۆ گەلێ،
بۆ هەلێ وێڵ بوو ڕاکا لە قەڵای خەم ..
خیانەت تاڵە وا ناچێتە سەر بۆت،
بڕوانە دێتە دەر بۆت ئەژدیهای خەم ..
کە هات کۆتایی تەمەن ، دێ لەناکاو ،
مافی میللەت نییە تا بڵێی دوای خەم ..
لە ساتێکا مەرگ دێ و ڕاپێچت ئەکا
دەرچەت نامێنێ بێجگە لە دەرگای خەم

نەوزاد بەندی




فیردەوسی وێران.. شیعر/کاوە عوسمان عومەر

ئەی ئیبلیسی ئازیز! بەزەییەکت بێ بە ئەشکەنجەی ناکۆتام

بۆدلێر (گوڵە شەرانگێزەکان)

چی ئەبەخشێ پێم؟گەر
گەردەلوولێ دڵڕەقانە
زوڵفی باخچەیەکی ووشکی
نێو باوەشی نیوە شەوێ بڕنێ
تاوسە سپیەکانی چاوی ئەو
لە ناکاو دیارنەمان
پەڕوباڵی هەڵوەریوی ڕەنگینیان
لە ژێر تریفەی زیوینی مانگێک
نوقمی دەریاچەی تەمتومانی خەونن
تارماییەکان بێ ئاگا
لە فیردەوس دەرکران
لە کاژێرێکی لمینی بوونا
پەیکەری ئێسکو پروسکی
شنەبردووی خۆیان لە ئامێز گرت
بە لێوە شەختەی مەرگیانەوە
بە ڕووی یەکتریا چرپاندیان
مانای چیە بڵێی خۆشم دەوی؟ !، گەرچی
لەسەر ڕوباری تەمومژی
نێوپرسیارەئەزەلیەکان
شمشاڵژەنی بێهودەیی
گەشتی تارماییە کانی ژەند
بەڵام ئەوان سەراپا خوساوی
بەر نمەی زیوینی تەنیایین
تریاقی مەرگ وئەڤین و تەمەن
بە قامیشەڵانی ڕۆحیان تێکەڵبوە
فریشتە باڵسوتاوەکان
پەشیمانن لە مانەوە..و
لە بەڕێکردنی خۆڵەمێشی یادەوەری
ئەوان بە شەماڵی ڕەشی هەڵکردووی
سەرکەناری بێهودەیی
ڕۆحیان ژەهراوی بوو، ئای چی
تابلۆیەکی ڵێڵە سەرهەڵگرتنی
پۆلە قازی ڕەشی نەفرەت
تا سەحەرێکی خوێنینی قوورمزی
تانەی گەڕیدەیی ئەبەدیە
ئەفسانەی کۆڕەوی فریشتە ی جێماو
لە نێو وێستگە زۆرەکانی تەمتومان
لەوێندەرێ من گەڕیدەم ، و گەشتم
بە نێو کێڵگە ئەفسوونیەکانی
چنینەوەی گوڵە مۆرەکانی
پایزێکە جەستە قەترانی..و
شکۆفەی خونچە خوێنینەکانی
نێو پەنجەی کچە ڕەشپۆشەکانی
کۆشکی بەڵاو ئافات
بە شیعری بوهەیمی ئەهۆنمەوە
بێ ووچان هەنگاو ئەنێم
لەگەڕیدەیی هەتا هەتا
لە بەندەری ئۆقیانوسە
بێ سەرەتاو کۆتاکان
هەزار جار دەمرم و زیندوو ئەبمەوە
لە قەراغ دۆزەخە دیارو نادیارەکان
پشویەیەکی کورت..و..جگەرەیەک
لە پەنا دار چناری بێستانی
ووشکی دوێنێکان دائەگرسێنم
بە برینە داگیرساوەکانی دڵی خۆم
خەندەم دێ ، لە نێوان خەون و ڕاستی
بە تارماییی هاوڕێی فەنام ئەڵێم
تۆیەک پێنازانی بۆ وەک جاران
جازی تەلیسماوی عیشق
سەدای ناگاتە کۆشکو تەلاری روخاوی
نێو تەمومژی جەنگە ئەفسونیەکان؟!، تۆ
لێم دەپرسی ، ئەو جەنگاوەرە عاشقانە
چیان لێ بەسەرهات
لە نیوە شەوێکی سووری خوێن لێتکاوا
جەستەیان تیربارانکرا
هیچیان نەدرکان، ئەوان
بەخەندەیەکی سارد
نیگایەکی ووشک
لە جیهانێکی پڕ لە پرسیار
تا ئەبەد، بێ وەڵام ڕامان
تۆیەک ئەی گیتار ژەنی بێستانە
ئەرخەوانیەکانی ئێوارەیەکی مەست
بە لە خاچدانی سەرهەڵگرتوانی
پردی سیڕاتی ڕۆحسوتان
چی ڕاستیەک لە مەرگ ڕاستی ترە
چی ئەشکەنجەیەک
لە نەفرەتی گەڕێدەیی ئەشکەنجەترە
لەم تاریکستانە وێرانە
لە گیانەڵەی هەورو مەرگی زەریاو
فەنای جریوەی بێستانی
ئاورینگاوی و ڕەوشەنی فیردەوسی لەدەستچوو
فریشتە ڕۆحسوتاوەکانی
کەنارە جێماوەکانی فیردەوسی وێران
لە گەڕیدەیی بە خەرابستانا
چیان لێ بەسەر هات؟ ..ئای..
چی وەحشەتناکە دیمەنی
قەڵای ڕەشی لەخاچدانی ڕۆحی ئەوان؟! تۆش
بە خامۆشی و لە ژێر لێوی
شەختەی ووشکبووتا
لە سەر پردی هەڵشاخاو
بە دۆڵەکانی سەفەری ئافاتا
تکات ئەکرد ، کە بێ من مەڕۆ
بە خامۆشی پرسیت، بڵێی
لە کام بەندەری تەمتومان
کەشتی بیرەوەریەکان
لەنگەریان گرتبێ؟! ..گەرچی
پەڕە ی دڕاوی باهۆزبردوو
جەستەی پەرتبوو و بیرکراوی
فریشتە دەرکرواکان بوو
چیتر دیرۆکی بوونی ئەوان
ئەفسانەی گڕی پیرۆزی پەرستگایەکی
لەدەستچوو ناینوسێتەوە
حەشآماتی ئەو تارماییە خەمناکانەش
لەسەر دەروازەی تەمومژی
دەریاچەی زەمەنێکی ڕژاوا
چاوەڕوانبوون
هەر گیز نە گەیشتنەوە
نزرگەی پیرۆزی هەتاو
کە بە ئاگاش هاتن
گێژەنەی تەرزە مەرگ هەڵیکردبوو
کوپەڵەی یادەوەریەکانیان
شکابوو ، پەەنجەکانیان وەریو
تابلۆی پەرتبووی ڕوخساریان،تێکەڵی
شەپۆلی ساڵە قژ سپیەکان بوو
نەورەسە ڕەشەکانی بورجی
هەڵکشاوی ئاسمانێکیش لە تابووت
لە ژێر گرمە و شریخەی
هەوری زستانێکی نەزۆک
هێدی هێدی
هەڵکشانە سپێدەیەکی ڕەش
گالیسکە گەڵا زەردەکانی پایزیش
ڕوخساری کچە تەنیا و بێزارەکانی
گەیاندە نشینگەی پەریە باڵسوتاوەکان
دوایی زانیان ، وەرزی عیشقیان
ووشک و تاڵ و بێ نمەبوو
نشینگەی پەریەکان بوە وێران
پێش هاتنی ئەوان
ئیبلیسیش لێی هەڵهات
چی ساتەوەختێکی سامناکە
کڵپە هەورێک
لە پشت پەنجەرەکانەوە
کە بروسکەیەک
بە خەنجەرێ لە کڵپە
دڵی پچڕان
لەو دیو سنووری مەملەکەتی فەنا
مرۆڤی دڵشەختە لە جێگۆڕکێدان
لە دەردی مانەوەو سەرهەڵگرتن
بێ ئارامن لە سەحەری شەپۆلە تەرزەی ڕەش
بەردی چارەنووسی خۆیان بەشانەوە
نزایان کرد و باران هەر نەگەیشت
دەردی ناشوێنی ئۆقرەی لێبڕین، کوا
بێگەردی مێرگە ڕەوشەنەکانی سەحەری
شینی بێستانی دەربازبوون؟ئەوانی
دڵشەختە ، لەسەر پردی
پڕ ئەشکەجەو
بێ دەرچە و نیگای پر خوێن و
بەدڵشکاوی بە تونێلە قوول وتاریکەکانی
گڕستانی بەیانیە گڕگانهەستاوەکان
لە ژێر تەوژمی ئۆرکسترای بەڵا
بێ بڕیارماون،
فریشتە دڵشکاوەکان ، بێ ئاگان
لە ڕۆشتنی پیادەڕەوەکانی
سەفەری عیشقی فیردەوسێ
بوەتە خەرابستان
هەر کۆچەری ماندوە
بە کزە دەنگێکی لاوازەوە
بە هاوڕۆحی ئەڵێ،
بێ من مەڕۆ! عەوداڵی
جێهێشتنتی فیردەوسن ئەوان
دەم بە گریان، ماندوو ، جەستە بە ئازار
درەنگ زانیان
دەروازەیەک نیە بەرەو
کۆشکی ئالتونینی خۆری
لەدەستچووی بوون و ژیان
دەنگیان دەرناچێ
ڕۆحیان دەرناچێ
لە دوورەوە، لە نێوسرووتی
زەنگلیدانی ئەفسانەپۆشەکانی
نزرگە چۆڵ و وێرانەکان
زەنگیان لێدا، گەرچی
گرمەو شریخەی نادیاری ئاسمانی زەرنیخ
پڕ هاوار و ناڵە ی وێرانە فیردەوسێکە
زۆر دەمێکە بوەتە خەرابستان
فریشتە باڵسوتاوەکانیش
لە بەندەرە چۆڵ و
پڕ جەستەی سەرئاوکەوتوو
بێئۆقرە دێن و ئەچن
بە ئازارەوە سەما دەکەن
ڕۆژە شەرابیە غەمگینیەکان بەڕێ ئەکەن
ڕابردووش نمە عیشقی
گیتارژەنێکی تەنیا بوو
بە شنە بایەکی غەمگینەوە سەرینایەوە
بێ وەڵامیشە، مایسترۆی ئۆرکسترای بوون
ئەوەی ماوە ، تەنها
سەرکێشی هەڵۆی مۆری خەیاڵێ
لەوەی سنووری چاوەڕوانی ببڕێ
بەڵام..دەریاوانی پیر
لە مردنەوە گەڕایەوە، و
بە ئا وازی پڕ حەسرەتی باڵسوتانی پەریەکان
وەرزی ناکۆتای گیانەڵەی
تاوسە مۆرەکانی غوربەتی نوسیەوە
بەڵام کام هۆنراوەنوسی جادوو
کام ئەفسانە نووس
مەراقی لەدەستدانی زەریاو نەورەس و
گیاو زەردەپەڕ ئەنوسێتەوە؟! ،گەرچی
سەماو گریانەکانی تارماییەکان، نە خەوەو
نە ڕاستی، ئەوەی هەیە
وەک دوێنێی تابووت
وەرزێکی ترە، لە
فیردەوسی وێران
تارماییە بێ ئاگاکان
نیگایان تاریک، هەلزەنیوی
چیای ڕەشی خەمەکانن
بەدیار گڵکۆی دڵی سوتماکی خۆیان
کز کز چاویان
پریشکەی دێ، تۆش
لە سەحەرێکی نێو تابلۆی
زەمەنێکی بەسەرچووا
تیاڕاماویت و بە بێ چرپە
لە کۆڕەوەی ئەو مەلە ڕەشانەی
ئێرەیان جێهێشت
بۆ هەر کوێ بڕۆی
تینویەتی خونچە ژەهراویبوە کانە
بۆ فرمێسکی قەترانی
ئەو هەورانەی قەتیسماوی
ئاسمانێکی ووشک و بیابانە
منیش گەڕیدەم بەرەو مێرگێ لە ئەفسوون
تاوەکو گوڵاوی بێستانی
ژێر نمە بارانێکی سازگار
قەراغ کانیە وەنەوشەییەکانی عەدەم ،
بکەمە نشینگەم، گەرچی
نە مانای بوونم دەستگیر ئەبێ، نە دیمەنی
گوڵە لەیلەکە سیسبوەکان
شەپۆلە پرسیاری بێوەڵام ئەهاژێنێ
شەکانەوەی ئەو درەختە ئاڵتونیانەش
جەستەیان لە فرمێکسا ئەبریقێتەوە
هۆکارە بپرسم بۆچی هەموو شتێک
لە دوای گریانی جودایی… و
ڕۆحکێشان جوانە؟..بەڵام گەر
لە نێو تارماییە کۆچەریەکانا
یەکتریشمان نەیبینیەوە، دڵنیابە
ئەوەی ڕویدا، نە ئەفسانە
نە ڕاستی بوو، نەخەونە




لە خۆم زیاتر خۆشم دەوی.. كاوەی خەسرەوكاوانی

هێندەی ژمارە ی ئەستێرە
بەقەد گەڵای درەخت و دار
هێندەی ماسی نێو زەریاكان
بەقەد گوڵی وەرزی بەهار… خۆشم دەوێ ی
هێندەی فرمێسكی رژاوی
چاوی یاران …ئاوی كانی
بەقەد تەمەنی رۆژو شەو
ژمارەكان…هێندەی جوانی…خۆشم دەوێ ی
تێكڕای هەموو ئەو وشانەی
بۆ خۆشەویستی نوسراون
هێندەی هەموو ئەو ئەشكانەی
لە گلێنە قەتیس ماون …خۆشم دەوێ ی
بەقەد هەورە سەرشێتەكان
هێندەی خوناوی پەڕەی گوڵ
بەقەد خەمی عاشقان و
تێكرای ترپەی لێدانی دڵ …خۆشم دەوێ ی
هێندەی پەپولەی بێ ئۆقرەی
باڵ سوتاوی دەوری مۆما
گەلێك زیاتر لە وجودم
لە شیرینی رۆحی خۆما …خۆشم دەوێ ی

6/10/2007

                                                     kawa_kiwiny@yahoo.co.uk



سەردەمی بیر.. شیعری شەهلا نوری

من ……..
کێشوەری سەر مەستی دڵشکان نیم
ئاهووی دەشت بووم
لەم دۆڵ بۆ ئەو دۆڵ
بۆ سەردەمی ڕۆشنگەران ھەڵدەھاتم و..
زۆر دەگەڕام
لە هەوارێ بۆ ھەوار
لەسەرکدان ،
لەسۆمای خەدەنگ ،
هەستی بریقەدار
لە دڵی زانایەک بە دابی زمان
بووم بە هەڵبەسەی غەزەلخوان ، لەگلێرەی هەستیاران
لاپەڕەیەکم ڕازاند،
هەندێ ترم پەڕان.
جار وەجارێ
دەوەستام و
سەرم دەلەقاند
بووم بە ڕۆمان
ڕۆمانی خونچەی ناز . …
خونجە ڕاستەقینە
جوانی خەون و خەیاڵ
پتر لە گوڵی نەخشی سەر بەرماڵ دەچوو!
گوڵی پەرێشان
هێشتا نەپشکوتوو
نێو قرتاڵە ساختەکەی ئارەزووی دەستی
زۆردار

شەهلا نوری




سوپاس.. شیعر\ نەوزاد بەندی

بۆ/ سۆز

سوپاس ، بۆ ئەو کۆرسانەی
بێ بەرامبەر پێت ووتم ..
بۆ ئەو هەموو بڕیارەی
یەک یەک ئیمزات پێ کردم ..
بۆ کەلەپچە و داوەکان ،
کە لە کاریان خست دەستم ..
فێرت کردم متمانە
بە هیچ شتێ نەبەستم ..
کە خۆر هەڵهات چاوەڕێی
پێشهاتێکی باش نەبم ..
یادەوەریم نەمێنێ و
بۆ کەس وورد و خاش نەبم ..
فێرت کردم لە دڵما ،
هیچ کەسێ نەهێڵمەوە ..
هەر کەسێ بەجێی هێشتم ،
بۆ هەلێ بگەڕێم تا
منیش جێی بهێڵمەوە..
فێرت کردم دەروونم ،
چۆڵ و هۆڵ بێ وەک سەحرا ..
دیوارەکانی تابلۆی
هیچ کەسی پێوە نەبێ و ..
گۆشەکانی تاریک بن،
بێ پەنجەرە و بێ چرا ..
فێربووم لەناو خەڵکیشا،
تەنیایی ڕێبەرم بێ ..
ژوورەکەم شاری خەون و
تەنها سێبەرەکەیشم
دۆست و برادەرم بێ ..
نە چاوەڕێی جەڕەس بم ..
نە نامە .. نە دیدەنی ..
نە پیاسە .. نە گەشت .. نە کۆچ ..
نە قاوە و ساردەمەنیی ..
فێرت کردم بترسم
لە هەر کەسێ بیبینم ..
ڕەخنە و گلەییم نەبێ ..
چاوەڕێی دەرمان نەکەم
هیچ چارەسەریم نەبێ،
بۆ ئازار و برینم ..

سوپاس ،
دنیات بۆ کردم
بە ماڵێکی چۆڵ و هۆڵ ..
بە شارێکی مێژوویی ..
بە تابلۆیەکی بێ ڕەنگ ..
بە ئینجانەیەک، بێ بۆن
بە پڕ مشتێ خاک و خۆڵ




شێوازی ئیشق و گەورەساڵان.. شیعری عزالدين الماعزي.. وەرگێڕانی شەهلا نوری

یەکەم گەڵای گوڵەکەی لێ کردەوە وتی: تۆ منت خۆشدەوێت.
دووەمیانی دەرهێنا.
وتی
تۆ منت خۆش ناوێت.
سێیەم و چوارەمی لێکردوە و…
گەڵاکانی تەواو کرد،
پاشان گوڵە بچووکەکە بە تووڕەییەوە
کەوتە خوارەوە.
گوڵ گریا و
هەستی بە سەرما کرد
لەکاتێکدا
رووت بوەووە
وتی
تۆ منت خۆش
ناوێت

وەرگێڕانی شەهلا نوری
لەنوسینی عزالدين الماعزي ” المغرب”.

سەرچاوە:




بە دیلیڤەری وشە دەنێرم بۆ شیعر.. هاوتێکست: عەباس عەبدوڵڵا یووسف- داستان بەرزان

دارستان خەونی مردووی مرۆڤ
خەونی بەدینەهاتووی مرۆڤ
خەونێکی ژیرسازە
دەچمە ناو دارستانێکی جیا درەخت و دەشادێم.

جووجەڵەیەک چی دەکات لە دارستان؟
جوجەڵەیەک بە تەنیا
بە شوێن خەونی خۆییدا
خەونی بەدینەهاتووی مرۆڤ
جووجەڵەش، لە خەونخانەی دارستان
هاوڕێمانە و ناترسێ..
من لە جیاتی ئەو دەخەونم، ئەو لە جیاتی من دەخەونێ.

مامزێک دەبینم لە دوورڕا
خەیاڵێک دەبینم لە تۆڕا
مامز تاک مامز
درکاندی: لە ترسی پڵنگان
خەیاڵگەی ئاسکان جێ دەکەین.. چا دەکەین.

دەریا نامۆیە بە دارستان
ماسییەک دەلەنگێ لە داران
با دەریا ئاشنای دارستان بێ
ماسی بە ئاواز و سەمای هەزارشێواز
بلەنگێ و بمەستێ.

خەون دەبینم لە هەرلا
چاو دەگێڕم بە هەرلا
خەون بەلاشە و بێ پارەیە
با لە شەش لا خەونداربین
تێدا منی کۆر خەونی ڕەنگاوڕەنگ دەبینم.

ئەستێرەیەک دیارە کشاوە
خەونێک کشاوە دیارە
ئەستێرەیەک بەسمە
دەمباتە سەر وینگەیەک لە شێوەی فیردەوس.

گیانداران لێرە ئاوەدان
ئاوەدان لێرە ئاودامان
گیاندار خۆشمان هەر گیاندارین
لە سەردەی نوو، گیاندارە و ئاهەنگدارە.

مرۆڤ لێرە بە تەنیا
هەڵدەزنێ بە باڵای خەوندا
بە هاوخەونێک
بە قاقا بەسەر قافا هەڵدەگەڕێین.
دارستان خەونی مردووی مرۆڤ
خەونی بەدینەهاتووی مرۆڤ
لە دارستان هەزار و یەک میوە هەن
تێدا یەک میوەخەون دەممەستێنێ، دەمژینێ.

کە -با-یەک هەڵدەکات
من دەبینم چەندە باڵندە/ بە تەنیا
کە گەرداوێک هەڵدەکات
من دەبیستم چەندە گەڵا/ بە تەنیا
کە خەونێک هەڵدەکات
من بۆی مردن دەکەم/ بە تەنیا.

تەنیایی… هۆ تەنیایی
نیازمە بچمە دنیایی
بەس ترافیکلات
نەڵێ:
Stop

لە دارستان مرۆڤ جێدەمێنن
مرۆڤ جێدەمێنن بەدەم –با-وە
لە -با-کاندا خەون جێدەمێنن
خەون جێدەمێنن بەدەم -نا-وە.

هەوڵێکە و دەمەوێت خەونباربم
ڕەوایە وشوون خەون ببینمەوە
تێدا مێخەون، لاشەی سستم
دەژیێنێ و ڕەهابینم دەکات.

جووجەڵەیەک لە دارستانە بە تەنیا
بە تەنیا لە دارستانە مرۆڤ
جووجەڵەیەک نوقمی خەون
مرۆڤێک ماندووی خەون
جووجەڵەیەکی ناو قەپێلکی هێلکە
لێم دەپرسێ: تۆی چارەنووسناس
بجوقێم و بێمەدەر یا.. نا
بوەستە، با پرسێک بە داستان بکەم.

چ هەیە جگە لە خەون
چ هەیە زیاتر لە تەون
خەونێک لە سەری مرۆڤدا
مەرگێک لە سەری مرۆڤدا
ژیان لە خەونەوە تا دواخەون
منی هاودرەخت کرد، منی هاودەریا کرد
نایڵێم… بیڵێم دەڵێم منی نامەرگ کرد.

جێدەمێنن لە مێرگێکدا/ مرۆڤ
جێدەمێنن لە دەنگێکدا/ مرۆڤ
لە مێرگ، مرۆڤ بە بۆنی گوڵێک
هاومرۆڤ دەبێ و من کۆتا و دوا نازانم.

جێدەمێنن لەگەڵ کێدا
جێدەمێنن لە کێدا
وادەژین و ئایندەش موڵکی گەردوونە و
هەر ئەو ڕاستە
هەتاویش وا دەڵێ.




ئەگەر هاتی، تەنیا وەرە ٭.. نەوزاد بەندی

( شیعرێکی سادە و میللیی بۆ هاوڕێیەکی لاو، تا بزانێ ئێمە چۆن تەمەنمان به ڕێکرد )

بەم باران و خۆڵبارانە
خەفارەت دەردی گرانە
دوانزە سەعات لە تاقیگا،
نزیکەی وەک گیانکێشانە ..
ئەگەر هاتی وەرە ، بەس چۆن؟
کەی ئێرە شوێنی سەردانە ؟
کێ هەیه بڕوا بۆ دۆزەخ ؟
کە هەمووی ئازار و ژانە ..
نەیشهاتی ، قەیناکا مەیە،
ڕاهاتووم بە خەستەخانە ..
سی ساڵە لەم دەستاڕەدا ،
وورد و خاش ئەبین ڕۆژانە ..
ئەم ووشانەم کاتێ نوسی ،
کە تەماشام کرد بارانە ..
لە یەکەم ڕۆژەوە تۆم دی،
بۆم دەرکەوت ژیان هێشتا جوانە ..
بەس لە شارێکی داڕوخاو ،
کوا جێگای گوڵ و ئینجانە ؟
لەگەڵ ئەوەیشا پێم خۆشە ،
کە بەردەوامین لەم ژیانە ..
بە ئێوارە ئەڕۆینەوە ،
لەبەرمانە وەکو وانە ..
دڵمان خۆش نییە و کۆڵ نادەین،
تەرکی ناکەین جل و شانە
چواردە ساڵان بووین کە ووتیان
شەڕی عێراق و ئێرانە ..
هەشت ساڵی ڕێکی خایاند و
عێراقیان کرد بە وێرانە ..
لە پڕ ووتیان شەڕ ئەوەستێ ،
کاتی هەڵپەڕکێ و بادانە ..
مانگێ، شەو و ڕۆژ حەفلەی کرد،
ئا ئەم میللەتە نەزانە
زانکۆمان بڕی، شەڕ وەستا،
بووین بە سەربازی بێ لانە ..
ووتیان 2ساڵ ، بوو بە 4 ساڵ
وێڵ لەو دەشت و بیابانە
لە پڕ دۆنکیشۆت کوێتی گرت،
شەڕ لەگەڵ هەموو جیهانا..
جەنگ و ئابڵوقەی ئابووری ،
خەڵک بوو بە پەندی زەمانە..
لەو نێوانەیشا ئەنفال و
کیمیاویی کرد بە جەژنانە ..
براکوژی و کۆچ و کۆڕەو،
دیاری ئەو و هی ئەمانە
سەدام ڕوخا و عێراقی نوێ ،
ووتیان ڕزگار بووین لەمانە ..
بوو بە شەڕی شیعە و سونە ،
عێراق بوو به قەسابخانە ..
دە ساڵی ڕێکیشە موچە ،
بۆ کورد حەرام و تاوانە ..
کورت و کرمانجیی با بڵێین ،
قەت وڵات نەبووە و زیندانە .
خانەنشین بوون ئەوا دێ ،
کە دێ ئەبینە دێوانە ..
ئیتر کاتی ئەندڕاڵ و
گلوکۆفەیج و گۆچانە ..
تەمەن لە پڕ ئەیکا بە مەڕ،
کام شوانەی سەرتۆپی شوانە
قورسە لە پێش دەستپێکردن،
بڵێن کاتی دابڕانە ..
لێرە قەت ژیان دەست پێ ناکا،
خەم ڕەفیقی هەموومانە
ئابڵوقە و کۆچ و پاشەکەوت،
سێ ئەشکەنجەی گۆڕستانە ..
هەر بە زیندوێتیی کوشتیانین،
ڕاستە و ڕاست بە بێ بەهانە
چەن ڕوناک بێ، ڕەش ئەبینین،
پێیش بکەنین وەک گریانە ..
کوا زانست، هونەر و ئەدەب؟
ڕۆژی ئاغا و دیوەخانە ..

هەموو ئەو هەوڵەی کە دامان،
با بردی وەکو زەنگیانە ..
ئەوەی بە خەڵکی ژیر کرا ،
تەنها بە ووتن ئاسانە ..
تاکە شتێ کە دڵ خۆشکا،
بەزەیی خوای میهرەبانە

———————-

٭ ( ئەگەر هاتی تەنیا وەرە )
دێڕێکی عەبدوڵا پەشێوە :

ئەگەر هاتی تەنیا وەرە!
هەروەک لەناو دڵما تەنیای
سەرینەکەم بۆ دوو کەسە
دوو کورسیی تامەزرۆم هەیە
دوو پیاڵەشم هەیە بۆ چای




رووتبوونه‌وه‌.. ستار ئەحمەد

رووتبه‌ره‌وه‌ له‌و وشانه‌ی
هه‌رگیز نایانخوێنیته‌وه‌
دارچواله‌یه‌كی ره‌نگیبووی
با ده‌یزانی به‌كاملادا هاتیت وچووی
كه‌هه‌ناسه‌م ده‌بووه‌ كاروانچی پرچه‌كه‌ت
سه‌رت به‌لای گڵا ده‌برد
له‌جوانی خاك راده‌مایت و
له‌ ئه‌مه‌كت پاشگه‌زده‌بووی
با وه‌كوو من قه‌له‌نده‌ره‌
با وه‌كوو من
نه‌خشه‌ی سینه‌تی له‌ به‌ره‌
رووتبه‌ره‌وه‌ له‌توێژی خاك
له‌گه‌ڵاو گوڵی خه‌زانت
كراسی شیعرێك له‌به‌ركه‌
تۆی له‌به‌ره‌
ده‌زانی ئه‌شك
بینایی كانی ته‌ڕناكا
زریان حه‌ز له‌به‌هاری
بێئاوو بێفه‌ڕ ناكا
شیعریش له‌ تۆ بێزار بووه‌
عه‌شقیش له‌گه‌ڵ كاڵفامیتدا
له‌ خه‌ونی كه‌سك كاڵبووه‌ته‌وه‌
وشه‌یش له‌گه‌ڵ رووتبوونه‌وه‌ت
له‌مه‌داری هێڵ لایداوه‌
له‌ بێمه‌یایت لاربووه‌ته‌وه‌
لێمگه‌ڕێ با بگریم به‌سه‌ر
پۆشاكیی سووتاوی گڵا
لێمگه‌ڕێ با بگریم به‌سه‌ر
وشكیی دڵا
رووتبه‌ره‌وه‌ له‌و په‌یڤانه‌ی
ده‌روون لێیان حاڵینابێ
رووتبه‌ره‌وه‌ له‌و هه‌ستانه‌ی
عه‌شق لێیان خاڵینابێ
ده‌ركه‌وه‌ وه‌ك ناخی ئاڵت
ئاو فڕێده‌و
شنه‌ی بایه‌ك بكه‌ باڵت
با ده‌زانێ
چۆن شه‌وانه‌ سه‌ما ده‌كه‌ی
با ده‌زانێ
چۆن له‌عه‌شقی پاك راده‌كه‌ی
با ده‌زانێت
با..با




هـه‌واڵـێـك له‌ بووكـنیـیان نییه‌.. شیعری نه‌ژاد عزیز سورمێ

                                                  

پـۆلی باڵندان،
دوور له‌ هێـللانه‌
له‌ گوێسوانه‌ و په‌نجه‌ره‌ی ماڵان،
یـاخی
له‌ ئاسمانی وێـكهاتووماندا
بۆرایـیان
ده‌بینرێ و نابینرێ
شه‌ڕی به‌فر و باران ئه‌كه‌ن..

( پۆلـی بـاڵندان..
ئاسمانی وێـكهاتوو..
بۆرایـی..
شه‌ڕ.. )

ڕووی سه‌حه‌ر
سه‌مای ناكامی
شوێـنه‌واری چاوپۆشین،
ئاره‌زووی هاوینه‌ ڕازاوه‌كانی
سه‌ر به‌ زستانه‌..
ئاره‌زووی،
زینده‌خه‌ونه‌كانی چـیا و
ده‌نگی
دیواره‌ ڕووخاوه‌كانه‌
سات به‌ سات،
پارێـكیان لێ
به‌لادادێ..

( سه‌مای ناكامی..
شوێـنه‌واری چاوپـۆشین..
زینده‌خه‌ون..
دیواری ڕووخاو..)

كه‌لاری دژواری
په‌یـژه‌ پێلێهه‌ڵبڕاوه‌كان
بڵێسه‌ی كـزی پرسیاران
ته‌می شه‌وق
له‌ ئه‌بستراكتی شه‌یدای بێده‌نگیدا
ده‌توێـنه‌وه‌..
ئاگردانی‌ سه‌رمابردوو
كوشته‌ی
هه‌ڵپه‌ڕكێ و زه‌ماوه‌ندان
عاشقـكوژانه‌،
له‌ ئامێـزمان ده‌گرن
وه‌ك ئه‌وه‌ی
له‌ ئاهه‌نگێكی پیرۆزا بـین
پێـكی به‌تـاڵمان له‌ده‌ست بـنێن..

( كه‌لاری دژوار..
بـڵێسه‌ی كــز..
ته‌می شه‌وق..
پێـكی به‌تاڵ.. )

لێره‌وه‌
له سیمای‌ خانمی
سه‌ر به‌ شه‌وه‌وه‌
ده‌ركه‌وت،
باڵنده‌ بۆچی
دوور له‌ گوێسوانه‌ و په‌نجه‌ران‌
ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر ده‌كه‌ن..
ئاسمانمان بۆ لێ
وێـكهاتۆ‌ته‌وه‌
ڕه‌ونه‌قی نان و ئاو
ته‌مه‌نی ئـاڵوواڵایـان
چۆن له‌ باگوزه‌رێـكدا تێپه‌ڕاند..؟

( خانمی سه‌ر به‌ شه‌و..
ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر..
ڕه‌ونه‌قی نان و ئاو..
ته‌مه‌نی ئاڵوواڵا.. )

گه‌واڵه‌
له‌به‌ر خۆری نیشتماندا ده‌رناكه‌ون..
نه‌وه‌ی سه‌ده‌ی به‌یده‌ستان
‌له‌ عه‌شقی خۆیاندا ده‌گه‌وزێن
بۆ له‌ شه‌وڕاشكانـێ نه‌گه‌یشتن
چاویان له‌ خۆزگه‌ هه‌ڵنه‌گرت..؟

( خۆری نیشتمان ..
سه‌ده‌ی به‌یده‌ستان..
شه‌وڕاشكان..
خۆزگه‌.. )

باڕێزه‌ش پێ نه‌وه‌ستا
سه‌رابی به‌ر دیده‌مان بڕه‌وێنێـته‌وه‌
به‌ درێژایی ڕووباران
ڕێكه‌وتی بڕێـكمان نه‌كرد..
چیلكه‌ دارێكمان
له بێشه‌ڵانی چڕی هه‌ستمان ده‌ستنه‌كه‌وت..
ئه‌ندێشه‌ی نه‌وت،
تـاوه‌ بارانێك ده‌رچوو
بێ ئاوڕدانه‌وه‌
بێ سڵاو
هات و ڕۆیـی..
شته‌ ناشته‌ به‌شتبووه‌كانی دی،
به‌ری چاویان گرتین
نایانهێشت گه‌ردی
سمی ئه‌سپی،
بووكنییانمان لێ دیار بێ..

( بـڕ..
ئه‌ندێشه‌ی نه‌وت..
شته‌ ناشته‌ به‌شتبووه‌كان..
سمی ئه‌سپی بووكنیـیان..)

باڵای مزگێنی ئاودامانی خه‌ون
به‌ كه‌روێشكه‌ی مێرگانیش نابینرێ ..
دڵنیایی،
به‌ گومان پێــچراوه‌ته‌وه‌
به‌ گـژ باڵنده‌ یاخییه‌كاندا ده‌چێ..
دڵنیایی،
تـارایه‌كی ڕه‌شه‌
ئاوێنه‌ی دوابڕاو،
پۆلـی باڵندان ده‌رده‌خاته‌وه‌
زه‌وی و ئاسمانی لێ ته‌نیوین
چاو خومار ئه‌كا
نه‌شئه‌ ده‌داته‌ گه‌ڵایان
به‌ر له‌ وه‌رزی خۆیان هه‌ڵبوه‌رێن..
نامه‌ی شه‌وانه‌ی ئـاگربازی
سواره‌ بێ خه‌به‌ره‌كان
نامه‌ی دڵی ساده‌مان
‌كه‌ له‌ ڕوو به‌ ڕووبوونه‌وه‌ی شادیدا،
ده‌سه‌وه‌ستانه‌..
په‌ژاره‌ی پشكۆیان،
بارانی لازوه‌ردی چله‌شۆر
له‌ گه‌ڕه‌كی ( هه‌ر كه‌سه‌ بۆ خۆ)دا
ده‌گه‌یێنێ..

( دڵنیایی..
ئاوێـنه‌ی دوابڕاو..
سواری بێ خه‌به‌ر..
گه‌ڕه‌كی- هه‌ر كه‌سه‌ بۆ خۆ-..)

دره‌خت،
گه‌ڕانه‌وه‌ چاخی ته‌وته‌مایه‌تی
دارستان
چڵـی ‌هه‌ڵچووی تـاسان دایده‌پۆشێ
زه‌رده‌په‌ڕ ده‌ستی به‌سه‌ر دادێنێ
سرووشت ده‌رمانی سرووشت ئه‌كا
ئاوازێكی نامۆیـه‌ ڕیتمی داد..

(چاخی ته‌وته‌مایه‌تی..
چڵـی هه‌ڵچوو..
سرووشت..
ڕیتمی داد..)

دامنه‌نـابوو
بگا به‌وه‌ی
وه‌رز هه‌موو لێك بچن
دامنه‌نـابوو
له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی غه‌مزه‌ و
چـاڵی ڕوومه‌تان
ڕه‌نگ تێكه‌ڵ بن
وێنه‌ی شه‌تاوان
له‌ زه‌نوێران
هه‌ڵده‌خلیسكێن
دامنه‌نـابوو..

( لێـكچوون..
ده‌ركه‌وتـنی غه‌مزه‌..
شه‌تاو..
هه‌ڵخلیسكان..)

به ‌تـێزی سه‌فه‌ره‌ كورته‌كانی نیلۆفه‌ر
تیشكم
له‌ بۆشاییدا دیته‌وه‌..
ئه‌وه‌ ڕووناهییه‌ هێرش دێنێ
ناهێڵێ
مرۆڤ،
پـۆڵایان پێ
خوار بكرێته‌وه‌ ..
ڕووناكییه‌،
قه‌دیفه‌ی بێـپایانی تیا
ده‌گه‌شێته‌وه‌ ..

( تیشك‌..
بۆشایی..
پۆڵا..
قه‌دیفه‌..)

باس له‌ شایی جنۆكان بوو
له‌ كانیی به‌ردینی گـوندی
ژن و پیاو،
خۆیان تێداویشت
به‌ لافاوی بیابانم چواندبوو
دۆلار و یۆرۆ و یه‌ن ڕاده‌ماڵێ
ته‌ڕیان ناكا..
ئه‌وه‌یه‌ نوێـشكی
سترانه‌ غه‌مگینه‌كانی سه‌رده‌م
وه‌ك كه‌لوپه‌لی خاو
ده‌خزێـنرێنه‌ كارگه‌كان
كارخانه‌چییان به‌رهه‌م بـێنن..

( شایـی جنۆكان..
كانیـی به‌ردین..
سترانی غه‌مگین..
كارخانه‌چی..)

هه‌ناسه‌
ئاماژه‌ی مـان
به‌به‌ری ترازاندا كه‌وتووه‌
لێیان كردین
به‌ ڕایه‌ڵێكی له‌رزۆك
به‌ بۆنه‌ و بێ بۆنه‌
دێ و ده‌چێ ..
باڵنده‌ یاخییه‌كان ده‌مانبینن
هه‌موومان ده‌بینن
كچه‌ چارۆگ ئاڵه‌كانیش
كه‌ تاك و ته‌را ئـاسه‌واریان ماوه‌
دیماهیی‌ سه‌خت
سروودی به‌سه‌رچوون
موچڕكی خامۆشبوون
ترسمان
به‌دبیـنیمان
هه‌مووی ده‌بینن باڵنده‌
تیرێژی زه‌رده‌په‌ڕ
شكۆفه‌ی وه‌نه‌وشانیش ده‌بینن
به‌ دیار پیسكه‌ و كه‌لاكخۆران
كه‌ تۆزی ئاردماڵكیشمان
پێ ڕه‌وا
نابینن..

( كچانی چارۆگ ئـاڵ..
دیماهیی سه‌خت..
سروودی به‌سه‌رچوون..
پیسكه ‌و كه‌لاكخۆر..)

تریاكی له‌بیربردنه‌وه‌ی
كه‌ژاوه‌ی بێ خه‌به‌ری بووكنییان ئه‌وه‌یه‌..
ئه‌وانـه‌ن بـێوه‌پاكیزه‌ی كه‌ناران
بێـئومێد
چاویان له‌ گوڵاڵه‌كانی شه‌رم بڕیوه‌
سه‌ربرده‌یان ناگێڕدرێته‌وه‌ ..

( تریاك..
كه‌ژاوه‌ی بووكنیـیان..
بـێوه‌پاكیزه‌ی كه‌ناران..
گوڵاڵه‌ی شه‌رم..)

من چیم داوه‌
شین بۆ باڵنده‌ یاخیبووه‌كان بگێڕم
له‌ شۆسته‌ و شه‌قامان هه‌ڵبله‌رزم
گوڵی ڕاست و چه‌پم
لێ ببنه‌ پلاستیكی ژینگه‌شێوێن
دونیایان پێ ڕازاندراوه‌ته‌وه،‌
سه‌ر به‌ جه‌نگه‌ڵ
سه‌ر به‌ مه‌رگی دواخراو..
به‌ سه‌مای هه‌وادارانی جه‌نگ خه‌ولێخراو..
دوای مردن،
كام مزگه‌وت ، كیهه‌ كه‌نیسه‌
پرسه‌یان بۆ داده‌نێ؟

( هه‌ڵله‌رزین..
پلاستیكی ژینگه‌شێوێن..
سه‌مای هه‌وادارانی جه‌نگ‌..
پرسه‌..)

چیم داوه‌
له‌ مه‌وسیمی نه‌داری
له‌ هه‌ڵمی بۆگه‌نی بیره‌ نه‌وتی شێرپه‌نجه‌هێن
به‌دنیهادی تێدا
ته‌رز داوێ
ئاسمان و ئاسمان
ڕووه‌و باڵنده‌ یاخییه‌كان هه‌ڵده‌چێ ..
سه‌رده‌مێكه‌‌ شه‌خته‌به‌ند،
چیم داوه‌
له‌ هاژه‌ی تاڤگه‌
خووڕه‌ی ڕووبار
هاتووچووی ماسییان..
چیم له‌ به‌نده‌ری ئه‌ستێران داوه‌
تاریكایی،
له‌نگه‌ری لێ ده‌گرێ
شیعری ڕۆژانه‌ی
به‌ ستایلی پاشمۆدرێـنایه‌تی
لێ ده‌نووسرێن..؟

( هه‌ڵـمی بۆگه‌ن..
به‌دنیهادی..
هاتووچووی ماسییان..
به‌نده‌ری ئه‌ستێران..)

سۆز،
سۆزی گه‌ڕانه‌وه‌ی بووكنییانه‌
له‌ چریكه‌ی باڵنده‌ یاخییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵدڕژێ
ناگاته‌ زه‌وی..
سۆزی چاوه‌ڕوانییه‌كی بێـكۆتاییه‌
بۆ زیندووڕاگرتنی جه‌سته‌ی خوولیاكانمان
بۆ هیـیچ..
سۆز،
سۆزی گریانی ژنه‌ ته‌نیاكانی
شه‌وه‌ سووتاوه‌كانه‌
په‌لكه‌گیای گردۆڵكانی
پێ
ئارام ده‌بنه‌وه‌..

( گه‌ڕانه‌وه‌ی بووكنییان..
ژنانی ته‌نیا..
شه‌وی سووتاو..
په‌لكه‌گیای گردۆڵكان..)

نابێ ئه‌مه‌‌ دوا پێكت بێ كریڤ!
تـاوپه‌ڕێــنان،
گه‌شتێك
بۆ باخچه‌ی وێرانی خه‌ونه‌كانت بكه‌
ده‌رگا له‌ (با)ی ناكاو دامه‌خه
بڵێی،
له‌سه‌رچاوه‌ی چۆلپه‌رستییه‌وه‌‌ دێ
له‌ پاشمۆدرێنه‌دا ده‌ژیێـته‌وه‌.
كه‌ هه‌واڵێك له‌ بووكنیانه‌وه‌ نه‌بێ
بووك،
له‌ كوێدا
جێی باسه‌ ئه‌زیزم..!

( باخچه‌ی وێـران..
با ی ناكاو..
چۆلپه‌رستی..
بووك..)

چریكه‌ی باڵنده‌ یاخییه‌كان
ده‌مانبه‌نه‌وه‌ ئه‌شكه‌وتان
ده‌مانبه‌نه‌وه‌ ناو
پرسیاره‌ سه‌رمۆره‌كان
زه‌ماوه‌ند
له‌ گۆڕستانان به‌رپا ده‌كه‌ن
زۆر جار،
ده‌سماڵی ده‌ستیان
له‌ كێلی قه‌بران ده‌ئاڵێ
مردووه‌ حه‌ساوه‌كان سه‌خڵه‌ت ده‌كه‌ن..

( پرسیاری سه‌رمۆر..
زه‌ماوه‌ند..
گۆڕستان..
مردووی حه‌ساوه‌..)

هه‌واڵێك له‌ بووكنییان نییه‌..
شایی به‌ بێـئاگایی و
‌ دره‌وشانه‌وه‌یه‌ك به‌رپـایه‌
تـۆز له‌ زه‌وی هه‌ڵده‌ستێنێ..
هه‌واڵێك له‌ بووكنییان نییه‌
ڕه‌نگه‌ ئه‌م كاروانه‌یش
به‌ ده‌ردی
ئه‌وانه‌‌ چووبێ
به‌خۆ و خه‌ونه‌كانییانه‌وه‌
ناوه‌ ناوه‌
(ئیـجه‌) هه‌ڵیانده‌لووشێ .

كانوونی دووه‌می 2025




کەنارێ گڕ ئەگرێ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

(١)

نمەیەکم بە
پێم ووت
چیتر بارانم ناوێ

(٢)

هاوڕێ ، لە یادتە
تۆ ئەتووت
هاژەی زستانی
غوربەت
وەک دۆزەخێ
لە کڵپەو مسی تواوە و ژەهر ، زیاتر
ڕۆح ئەسوتێنێ
لە یادتە
لە وێندەرێ
لە کوچە تەماویەکانی
لاوێتی، لە باوەشی سەرماو
ئازار و برسیتی و خەما
لە نۆشینی تریاقی عیشقی کوژەرا
بۆ تنۆکە عیشقێکی نائومێدی
ئەتواینەوە،
گەمەمان ئەهات
بە سەرماو تەزینی نیو سنەوبەرە خەواڵوەکانا
لە سرووتی قەشەنگی سەرهەڵگرتوومانا
زەردەمان ئەهات
بە پۆڕە قازو قوڵنگە تەرەو کێویانەی
لە ئێوارە ئاڵونیانەی
سەر کەناری گڕا
بەسەرمانا تێئەپەڕا

(٣)

دەشێ، مردبێتم
بۆیە گوێم
لە زەنگی
هاتنی
گالیسسکەکانی
غوربەتی جوانی غەمگینیتە

(٤)

لە دوای وەرینی
پەنجە پەمەیی و پرتەقاڵیی
دارچنارە بیرچوەکانی
دارستانی پایزەی ڕوخسارت
تۆ بڵێی لەم دوورستانە
خواوەند شتێ بکا؟!..یان!..مانەوە
باشترە لەم ئەفسوونی کەناری گریاناویە
ئای!چەند جوانیەکی بەئازارە
کە دەزانم
گەر نەشیەیتەوە
کەشتی ئەرخەوانی کازیوەیەک
ڕۆحی پڕ ئەشکەنجە
بۆ پشت کێوەکانی
هەڵاتنی خۆری
نیگای چاوت ئەبا

(٥)

چونکە ئەتوانم
بە زمانی باران بدوێم
جارێکی تر عیشق ناکەم
چونکە عاشق بوون
مەست بوونمە
بە هاژەی مۆری پایزێکی
جەستە خەڵتان بە خوێنی دووری
بوونمە بە تۆفان
بە بروسکە ی
تیژ، وەک شمشێری دەستی ئافات
جارێکی تر وونبونمە
بەو دەرچە کریستاڵیە فرمیسکاویانەی
سپیدەیەک
لە بەڵاو سەرهەڵگرتن و فەوتان




پەلی دارە شەڕەنگێزەکان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

گەر ڕێیەک
بەرەو دەریاچەی ڕەوشەنی
ڕوخسارت نەبێ
پلیکانە مرواریەکانی
مانگێکی ڕەشی قەترانی
دەروازەمە بێ
مەلەکوتی ئاسودەییم
وەرزێکی ترەبێ
لە نامۆییەکی قەشەنگ، و کەنارێکی
تر لە خەیاڵ، بەرەو
کۆشکە مەڕمەڕیەکانی سپێدەیەک
کە نووری پرشنگدارتر
لە ڕوخساری خواوەندەکان بێ! ئیتر
تۆیەک کە لە بونێکی تری
چیتر مەڕۆ، بە هەڵاتنی
دوو خۆری نیگاتە
تروسکەی
درەوشاوەی دەروازەی
کوچە سەرسوڕهێنەرەکانی
نێو نمەی بێگەردی بوونمە بێ
وونبوونی کتوپڕتە
تۆوی ڕاڕایی
لە خودی خۆم
لە بێستانی ڕۆحا دەڕوێنێ
چیتر مەڕۆ
هەر جێیەک دوای رۆشتنتە
بۆگوڵاوی
گوڵە لەیلەکی ڕوووت ئەپرژێنێ
ئیتر دەزانم
ئاوازی ئەم ئۆرکسترای
غوربەتە تا مەرگی
قەشنگی سەر کەناری زەردەپەڕێکا
لە خوێنی ڕەنگپژانا
کۆتایی نابێ
دەزانم لەوانەیە حەقیقەت
لە سەرهەڵگرتنی ئەبەدیما بێ
دەزانم، ئاسوودەیی تەنیایی من
لە دورخەی تەمهەڵچنی
نێو بێستانی پایزێ
لە سیحری چاو پڕ
فرمێسکی دێوانەییم ئەبێ

شیعر/ کاوە عوسمان عومەر




هـــــــایکۆ.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
ئەو ڕۆژەی دایکم مرد،
ئەوەی لەمن زۆرتر گریــا
ئاسمان بوو
2
لەسەر گۆڕی دایکم
شەڕی مان و نەمان دەکات ـ
پەپوولەیەک.
3
دەمەوێ لە زەوی هەڵبێم
وەک خۆر نا
وەک ( با )یەکی بە پەلە
4
شەو لەوە تووڕەتر نابێ
کەی خەبەریان دەبێتەوە
شەپۆلەکان!
5
کوچە کوچەی ئیعراب گەڕام،
شوێن پێییەکییم نەدۆزییەوە ـ
دادپەروەری!
6
لە گۆڕێکی پاندا
یاری تۆپێن دەکەن
منداڵانی ئاوارە!
7
لەم بتخانەی تاریکییە
تێناگەم
ئیبراهیمەکان چ کارەن؟
8
ئەو سەربازەی دوێنێ لە سەنگەرەکەیدا
نەمامێکی ناشت
ئەم ئێوارەیە خۆی نێژرا
9
هێندە ناسکە،
بەرگەی ماچێکی خۆر ناگرێ
بوکەبەفرینە.
10
لای ڕووبارەکە،
پێکەوە ڕۆژووەکەمان شکاند
من و ئەسپەکەم.
11
دڵتان ڕاخەن،
بارانێکە بەشی هەموومان دەکات
خۆشەویستی!
12
زریانی شێت،
یاری بە پەنجەکانم دەکات
پیری .
13
چەشنی گەڵا،
دەستم خستۆتە سەر دڵم
لەم ئێوارە پاییزییەدا
14
دۆزەخ شەپۆل دەدا یان نا
گرنگ نییە
من لەگەڵ ئاگر ڕاهاتووم.
15
زەرەدەخەنەی ژنێک،
لە بنەبانی دڵمدا دەیشارمەوە
موچڕکی منداڵییم.
16
هەور لەسەر خولەک و چرکەی خۆیەتی،
هاکا لە دایک بوو
باران.
17
دەڕژێمە شەقامە جەنجاڵەکان
لە کەسێک دەگەڕێم پێی بڵێم،
سڵاو هاوڕێم
18
*( نانی پیرۆز،
بە تەنیشت میحرابی کڵێساوە
مشکێک باڵ دەگرێت)
19
گوڵ ناگرێ و .. ناگرێ
خەونێک،
تەمەنێکە دەیبینم
20
شاعیرێک بە ئاسمانەوە،
غەزەلی تەنیایی دەنووسێتەوەـ
مانگ!
21
سپێدە کەی ژان دەیگرێت
کەی دەڕوانێته سەر باخچەی هەتاو
پەنجەرەی شەو؟
22
با شوفێرێکی یاخییە
بێ مۆڵەت
هەورەکان لێدەخوڕێ.
23
کۆتا گۆرانی،
سەری تابووتەکە دادەخاتەوە
پیانۆژەنەکە.
24
بۆ چڵە ناسکەکانی تەنیاییم
دەگەڕێتەوە
ناکۆکی من و با
25
لە هۆڵێکی سارد،
مشتومڕێکی گەرم
دیبەیت!
26
خاڵێک بۆ کۆتایی ئەو جەنگە دانێ
شەش دەیە بەسە
خودای مـــن.

  • ئەم هایکوەم لە ڕۆمانی فرانسیسکۆس قەدیسی من هەڵێنجاوە، کاتێک فرانسیسکۆس باس لە پەیدابوونی شەمشەمەکوێرە دەکات و دەڵێت ، شەمشەمەکوێرە سەرەتا مشکێک بووە لە نزیک میحرابی کڵێسا لەتێک نانی بەرەکەتداری کرماندووە، ئیتر باڵی گرتووەو بۆتە شەمشەمەکوێرە.

سمکۆ ئەحمەد ڕەشید




بەس بوون.. شیعری شەهلا نوری

دوور لەناسنامەی ساختە دڵان
دوور لە سوڕانەوەی بیرۆکە
لە ژاوەژاوی ناوچەوان
زایەڵەی نازی دەم بەیان و
غەمزەی چاوی شەوان ..
لە سترانبێژی خۆش سەدا
گڕی گەرمی گەرماوەی دڵان
لە ئاپۆڕای جێ تەڕەبار
بێ مێهری هەست فرۆشان
لەبێزاری بێزاربووان
بۆ قەتماغەی دڵەڕاوکێی ئازارەکان
لە دەڵەکی قوڕ بۆ دڕک و
داڵ بۆ گوڵ بۆ گەڵای سەوز و تەڕی چاو پان
دوور لە هەڵبەستەی عیشق و
هەڵپەڕکێی زامەکان
لە ماندن و نەمان
لەداروو نەداری نادیار
لە دڵەڕاوکێی فەلەک و
چاوشارکێێ ئەستێرە چاوگەشەکان
لەخێرابوونی مەستی تێپەڕبوونێ
بۆ نێو کۆڵان
بۆ کولانەوەی دڵی هەستیاران
بۆ خۆشخوان
لەگەرمی ھێڵی ئیستیوای دڵی ئەوان
ڕاوێژێ خۆشە کە قسە دەکا..
دەساوێژی دەستەچیلکە و
دروشمان سا سووتان
بوونە بەس بوون…….
نەمان
بە بۆنەی نەبوونی ئەوان

شەهلا نوری




نيشانه‌ی پرسیار له‌ناو لاپه‌ڕه‌ی سپی.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

 

١
به‌ندۆڵی كاتژمێری ناو مۆزه‌خانه‌ له‌ ده‌مار به‌تاڵ بووه‌
وه‌ك گونی نێریی خه‌ساو شۆڕبووه‌ته‌وه‌
په‌نجه‌ره‌شی سه‌ری له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ناوه‌
شاوه‌ڕیخنه‌ و هاوشێوەی کە دێن باڵیان دەنووک
دەنووکیان خەنجەر و جوێن
چڕنووکیان شمشێر و به‌ڵا
چاویان ئاژاوه‌گێڕ و بۆچڕووك
هاتنی شه‌ڕزاده‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌ڕ
برین بێ سنوور و پێوانە گەورە دەکا و لێوی بزر دەبێ
بوومه‌له‌رزه‌ش له‌ ده‌وروبه‌ر ده‌جه‌نگێ
شیعر و هاوشێوەی گه‌رم ده‌ژین و نەرم و خودايی هەنگاو دەنێن
مانگ به‌سه‌ر ماڵانه‌وه‌یه‌
ڕووبارێک دێ لە سینگی مەلەوان دەدا
دوای ئەوەی چووینە ناوى گوێچكه‌ماسیمان به ده‌سته‌وه‌ بوو
لە خەڵاتی ڕووناکی لێی بووردین
دەتوانین بە یەکتری بڵێین سڵاو و ڕۆژباش
لە سڵاو و ڕۆژباشدا باده‌مان پڕ و تەواو هەقیقەتین
هەڵمی شەونمین
هەڵمی خوێ نین
چیا گوڵه‌حاجیله‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌
ئەسپێکی ڕووخۆشیش لە حه‌وشه‌ و ماڵمان پشتی خۆش دەکا
تەزوو بە ڕێگادا دەهێنێ و گوێت له‌ ده‌نگی دڵت ده‌بێ و پێت ده‌ڵێ به‌ڵێ
گەشتت بەرەو خەڵاتی ڕووناکی فەرموو ئه‌نگوستیله‌ت له سندووق ده‌ربهێنه‌
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ ئاوڕده‌داته‌وه‌
ئاسمانیش ناخ و ئه‌دگاره‌ حه‌وت ئاواز ده‌خوێنێ
* * *
خۆر له‌ قووڵایی و ڕوونیی ژیان دێته‌ ده‌رێ
كه‌م شاره‌زا و دمۆر نییه‌ به‌ ده‌می پڕ حیكمه‌ت و چرپه‌وه‌ پرسیاری خۆی ده‌كا

٢
ئاسمان له‌ شادیدا پڕ ئه‌ستێره‌ و مانگ ده‌بێ
ڕه‌نگ نیشانه‌ی نهێنی ده‌ناسێ
تێكۆشانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌ و خۆشی ناخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌
به‌هه‌شت ڕه‌نگی نییه‌ یان ڕه‌نگی نه‌ناسراوه‌
کە لەدایک بوو ماڵیان نزیک گۆڕستان بوو
لە مێردمنداڵیدا بەرخەکانی دەبردە ناو گۆڕستانەکە و هه‌ڵده‌ستانه‌وه‌ سه‌ر پاشوو
ده‌نگیان ده‌هات و ون نه‌ده‌بوون
گەنج بوو لەم گۆڕستانەدا گۆڕی بۆ زۆر
خزم و کەس و برادەر و ناسیاوی خۆی لێ دا و بەڕێزەوە ناشتوونی
دارەبازەشی گەڕاندووەته‌وه‌ مزگەوت
ئێستا خۆی و منداڵی و نەوە و گوڵی گه‌رمی تێیدا نێژراون
سەری بە ناوچەوانی ئاسکێک کردووە
لە ڕووناکی گەردوونیدا
تەماشای هەزارەی تازە دەکات
پیرۆزه‌ی سه‌رگۆڕیش ده‌ژمێرێ
ده‌بێته‌ شه‌هره‌زادی چیرۆك و به‌ردی حه‌وت په‌یكه‌ر

                         *      *      *

كێلێك هه‌موو كێله‌ و ناویش هێزی ده‌ست به‌دڵه‌وه‌گرتن
ده‌یكاته تانوپۆ و‌ ئومێد‌ و هه‌موو ده‌توانین قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین
٣
گردێک باخچه‌ و سەنگەری بەسەرەوەیە
درەختی خۆڕسک قەدیان وەک دووگوردی نوێژ چنیوە
ناهێڵن خودی لە یەک بترازێ
گەورەی خوداوەندان گرد لەسەر
سابوون و
هه‌سان و
سه‌وڵ و
سه‌هۆڵ باڵا ناکا و هه‌وا ناگۆڕێ
کەناری نزمیش فریودەرە
بەردی گڕکان ناوچه‌وانی بووه‌ته‌ هه‌ست و ده‌می به‌ تووڕه‌یی ده‌كاته‌وه‌
لە کازیوەی لێڵ نامێنێتەوە
خۆڵەمێش لەسەر خۆی لا دەدا
ڕەگ و خۆڵی گەشەکردن بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ
دەتوانێ چاوەڕێ بکا
سیشی بەگرانی هەناسە نەدا
* * *
جه‌ژنی به‌ كه‌ژاوه‌یه‌ و لووتكه‌ پێی گوت ونم مه‌كه‌
له‌ باڵای ڕاز و ڕه‌وه‌زان ئه‌ستێره‌ی كه‌ڵبه‌هار ده‌كوژێ

٤
دەستنووسی ئایین ڕەوشتی یەکەمی زەوی تێدا نییە
نازانرێ پەنجەرە چۆن دروست بوو
ترووسکاییەکی خامۆش
دەستی گرتین و دەزووی یەکتردۆزینەوەی داینە دەست
درەخت ئێوارەخوانی خۆبه‌خشینی
بۆنوبەرامە و بەروبوومی ڕێك خست
کە لێک نزیک بووینەوە دڵپه‌رت بووین
پێستی ئاسمان و ڕوونی ئه‌زه‌ل هه‌ڵبزڕكا
مازوو بە هانای منداڵانەوە هات
کردیانە مووروو و تۆپ و مۆری ده‌رگای ماڵی گه‌ردوونی
بانگی ئاژەڵمان کرد بێ وەڵام ماينه‌وه‌
تیرمان سوار کرد و تۆوی سروودی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندمان وه‌شاند
زەوی چووه‌ توخمی سه‌رسوڕمان و لەپی کردەوە
لە لۆچێکی ڕەوشتی یەکەم دۆزرایەوە
* * *
زه‌وی كه‌ شووره‌ی دانرا و به‌ره‌و شار چوو
له‌ ناوكی گه‌مارۆ درا ڕه‌وشتی بزر بووه‌وه‌




دینۆکا بریڤا وەرە بەر زەبرێکی هێمن.. شیعری سەلیم بەرەکات.. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: لوقمان باپیر

کە ڕەوە گورگەکان، لەسەر بەفرێ، پاشەڵ بەدوای خۆدا ڕادەکێشن و دەلوورێنن، ئەودەمی، پشتیرە کلۆمدراوەکان و گەرووی سەگەکان گڕدەگرن، من گوێم لە کرخەی دینۆکایە.
“گەواهییەک”
لە کێڵگەکانی شووتیی سوور، لە دەوری گوندی، ئاسمان پەرتدەبوو و بۆشاییە سەربە داوی جاڵجاڵۆکە و کڵاوی ژاندارمە گیراوەکەی دەخستەڕوو، کە دینۆکا لەوێ بە ڕووتی دەهاتەدەرێ و ڕەوە ڕێوییەکی بەرەو لایەکی بێ پارچە ساچمە وەپێشەخۆ دابوو.
“گەواهییەک”
دینۆکا
چ بەو ڕاوچییانە بڵێم، کە لە سەری شنگال و چیای عەبدولعەزیزی، تاژییان زین کردووە؟ تۆ خۆت لە شوێنێک شاردووەتەوە، ڕەنگە لە پشتیرێک بێ، بۆن بە خاک و ئاخوڕی کاوڕانەوە دەکەی. تۆ مەزنی. بایەکی فێنکی، نشیمەی خەرمان و منی.
گوێم لە باوکتە، بانگ دەکا : دینۆکا…. گوێم لە دایکتە بانگ دەکا : “دینۆکا، ئەو نانەجۆیەی بۆ کۆچبەران ببە و پێیان بڵێ با وچانێک بدەن”.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، ژمارەیان پتر دەبوو … لە تاشکەند و هۆزستان و ئەرمینیا و باشووری خۆرئاوای ڕووسیاوە، بێ پێڵاو یان بێ داس، چارۆکە و بوخچەی لاولاویان بۆ “جزیرە” دێنا. تۆش بچووک بووی و درکت بەوەی نەدەکرد ئەوان پێویستیان بە ئاو و بە ژنێک یان بێوەژنێکی شێتە، تا لە دوور لە شەقاری دەشتودەرانی ڕاکەن، بەڵکو لە ساڵانی کۆچ، وەک نیسک و کلۆمسکە بڕوێ. تۆ نازانی چۆن خەرەندەکانی نێوان “عاموودا” و “مۆسیسیانا” پڕ کەلاکی ئێستر و ئەندامی پەڕیو دەبن. نازانی بەدووەکان لەکوێ تفەنگی فەرەنسییان دەستدەکەوێ و لەبەرچییش، کاتێ سەریان بە عاباکانیان دەبەستن و هێرش دێنن، لەسەر تخووبی گوندەکان هەڵدایسێن.
دەڵێن : لە بەری چۆڵییەوە دەرچووی و “بریڤا”ش لە بەری چۆڵییەوە دەرچوو و خوداش لە بەری چۆڵییەوە دەرچوو، سەرسامی و موختارکوژیش، کە منداڵان لە بەرمیلەکانی زبڵی سەرایان هێنان، هاتن. گوتیان تۆ ڕانە مەڕێکی دڵخۆش و یەک بەرانت هێنایەوە، کە وەک جەنگاوەر و لە هەر شوێنێکی میزی لێ کرابێ، ئەو بەچۆکدا دەهات.
دینۆکا … دینۆکا …
من ماندووم، لەوجێی بانەکانی “معێریکا” و عارەبانە پڕ پووشەکانی کوردان دەبینم، گوێم لە دەنگی تۆ نییە.
فەرمان / ڕاوەدوونان
هێی کیژی ڕۆژە زیناکارەکانم
نە ئێسترەکەت، نە چۆلەوانییەکە، نە تەلبەندەکان، ناتشارنەوە ، شەبەنگەکەشت – ئەو شەقبردووە – بەلادادێ و خۆی دەدەمە پشتی تا ڕاوەدوونانەکەم درێژ بکەمەوە.
ئەوڕۆ، باڵندەکەت لە لێژاییەک، لە پشت دارەبازەی لقەکانم، یەخ بکە.
من بە چەرخی بە گەردش، بە چرپە، بە سێبەری ئامێری سەربڕینەوە نووساوم


لەپشت درەختەکانەوە
تەونکەرەکان، فرێتەکانی ئاگربەستی نێوان چۆڵگەردی ودنیایان لەسەر دارتەونەکان ڕایەڵ دەکرد؛
سییەکانم لە پشت درەختەکان سەرسمیان دا
ئەوجا ئانیشکم لەسەر لقە وشکەکان دادایەوە و گڕم گرت؛
گڕم لە تەونکەرە هەژارەکان بەردا، ئەوانیش ناوقەدیان هەژاندم و بەسەر قەدە وشکەکاندا بەربوونەوە و خۆیان بە گوڵ و ڕووەکەکانم دەگرتەوە،
خۆیان بە دەسکێشی ژنێک دەگرتەوە، وا لە بەرانبەر بەدووە تۆقیوەکانی دەرکی لوولەی خوێنبەرەکانم، دەکشایەوە.
لالەی ئاو و تۆز و گەرد لە پشت درەختەکانەوەن، هەردوودەستت بەدی دەکەم وا دەتوێنەوە…
خۆت ماتکە هەی کیژی ڕۆژە زیناکارەکانم
نە دەشت و دەر، نە تەلبەندەکان ناتشارنەوە. لەگەڵ مندا و بە تەنکێشی بێشە یان چیاوە، باران و ڕۆژم دەبینی وا ئانیشکیان داداوەتەوە و بەزەیی و با و سێبەری ئامێری سەرپەڕاندن ڕاکێش ڕاکێشیان دەکەن و
باڵندە خۆگێلکەرەکانی خوێنم دەبینی
“بەڵێنێک هەیە تا وەک شەرافەتمەندان خۆی لێ گێل بکەم،
لە نێوان کەنیزەکەکانی کۆمار و پاسەوانان لاقەی نەکەم”
خوێنم دەبینی
پڕ پڕە لە پاشایانی دەریا و قرمیتی شاران.
منیش خەڵکانێک پشتگوێ دەخەم نزیک دەبنەوە و دەڕۆن، سۆلەکەم کون دەکەم تا شتێک بزانم کە ڕووتە و گەجەرێک دەربارەی شەهیدە بێزراوەکانی سەر ڕێگای مەزاران دەیزانێ
تا بشزانم زەمەنم چۆنم لەگەڵ پێکدێتەوە و
دەشت، پڕ گیایەک دەبن خەمبارم دەکا
“برووسک، ئەگەر لە دەوری جۆگە بریسکە بدا، خەمبارم دەکا، جۆگەش ئەگەر بەسەر وشکانیدا سەربکا، خەمبارم دەکا. وشکانیش، ئەگەر دەوڵەت لە مێژووی دەوڵەتی دابڕێ، خەمبارم دەکا؛ دەوڵەتیش، ئەگەر خەم نێوانی لەگەڵ ببڕێ، خەمبارم دەکا. خەمیش خەمبارم دەکا”
من لە پشتتم هەی کیژی ڕۆژە زیناکارەکانم
گەڵای سنجووان ، بۆ سەراسیمەیی گەلێک بانگێشت دەکەم : “هێی گەلای سنجووان، بۆ ناوچەکەم لە سوریا، پێ هەڵێنە”، تووبی و خودا پەلەکە، من سەرقاڵی دووکەڵێکم، لە ئازادیی ئەو نەوانەم دەپارێزێ کە نەوەی دیکە ڕاودەکەن؛ مەودای من زین و گەردەلوولە
تیایدا پێشنیاری ناوێکی دیکە بۆ ئاوم دەکەم و
هاواڵیی مەمکەکانی سەردەم دەکەم بەرەو دیوەخانی قوڕاویلکە و سمڵەکانی، بەرەو مەمکێکی لەپشت گوڵەگەنمێ لەهیکڕا خودای لێ پەیدابووە.
هێی گەڵا سنجوو، جوگرافیازانان خەوتوون، فیشەکەکان مشتی نهێنیییەکانی گیا کراون …
“من کەشتیبان و کەشتییەکەم
هەنگاوی ژەنگاوییە”. لە پشتەخۆت، لە هەردوو لاکەلەکەت خوێنم دەبینی
خەرەندێکم لە خەرەندیدا زیندوودەکاتەوە و
بە ڕەوە ئەسپێکی ترسەوە مل لە چەپەرەکانی ڕۆحەوە هەڵدەبڕێ و
لە جلوبەرگی “بریڤا”ی بە غەوارە و تەقسی خواوەندان کوژراو، دەحیلێنێ.
بەلای توندوتیژیدا کێل دەکەمەوە و هەناوی ئەسپان لە بەرچیغێک گرێ دەدەم کە چەرکەس و کورد خۆی پێ دەخورێنن و بە چوستی قیت دەبنەوە.
واریقاتیان بە نێرگز و باوەڕی ئەبەدی ختم دەکەم و وەک درەخت و چۆلەکان بەرەو ڕووبارەکە دەچین،
دەڵێین : “هێی ڕووبار وەرە،
هێی چیا، وەرە”
دەشڵێین : “هێی پۆڕ وەرە
هێی گەڵای سنجوو، تۆش وەرە بۆ سارایەکی لە کونی کەللەسەرەوە دێتەدەرێ”.
بەلای توندوتیژیدا کێل دەکەمەوە و بانگێشتی ساتەکان دەکەم، تا هەندێ بلەوری دڵ بەسەر عەورەتی ئەو باڵایانەدا بدا کە لە کەفی جەمسەر و قرمیتی شارانەوە دێن.
هەوڵ دەدەم، ئەوجێیانەی لە لێوم دادەخورێن، بۆ لەداردان بکەمەوە و ئەو جێیانەی بێئاگاییشم بکەمەوە کاتێکی جەستەی ئاودار کامڵ دەبێ و بەرەو خەرەندی کات و لوورەی پەرجووان ڕاپێچ دەکرێ.
شەبەنگی ئەو کیژە هاواڵانەم گەشتم پێ دەکەن، کە خولگەیان بریندار دەکردم. ئێستا و دوای ئێستاش گۆڕستان و خوێنێک دەبەمەوە و بە زنجیرێکی دەستی ڕاست و دەستی چەپم دێمەلات، وا دارستانێک خەڵقەندەی کۆتایی لێ هەڵدەوەرێ و باڵی خاپووریش بەردەبنەوە. لە ئامێزێت دەگرم تا دەست بە دەستوەشاندنێوە بگرم.
بەرایی هەناوت دەگرم و فڕێتدەدەم، ئیدی بەرەو خوانی دنیا گلۆردەبییەوە.
(ئێستا لە لێژاییەکە تێدەپەڕی، قوڵنگ خۆت پێدادەدا و بۆشایی سک تا ساڵی دادێ بەکرێ دەگرێ، دوای ساڵی دادێ
تانکەکان بە کرێت دەگرن و دوای سەد ساڵییش قوڵنگەکان لەگەڵ تانکەکان دەچنە بۆشایی سینە و دوای هەزارەی یەکەمیش، سەگ بە خۆ و بە ڕیزێک تووتکەوەی بەسەر گورچیلە و دڵ و فۆبی جگەردا دەمیزن، بە ناوتدا دەگەڕێ)
فڕێمدای و دەستم کردە تەشیی دەنگی سەر لمی بیابانت و
وازم لە دەروونیش هێنا بۆ ئەو شتەی لە قورئانی لێبووردنێ سەرقاڵی کردووە و گەڕامەوە خەرەندەکەم.
آ/ لە خشەی شەرواڵی بارانی بە نوێژ بترازێ، هیچ مەودایەک لە نێوان گەردەکانمدا نییە.
_ پارچە پارچە بە ….
_ پارچە پارچە دەبم،
با گۆڕەپانەکان لەبەر قرخەی من پارچە پارچەبن، تا لەگەڵ شۆڕشی تەریکیی خۆی دادەخا و لەو کەسەش زویر دەبێ بە یەکگرتوویی دێتەلای، بە ئاڵایان دڵخۆش بم.
ب _ لە نازی گەل بترازێ، هیچ بۆشاییەکی دی لە نێوان گەردەکانمدا نییە.
_ پارچە پارچە بە ….
_ پارچە پارچە دەبم،
هەڕەشە لەوەش دەکەم بە یەکگرتنێ بێتە لام.
ج _ لە میکرۆبەکانی شەڕ بترازێ، هیچ بۆشاییەکی دی لە نێوان گەردەکانمدا نییە،
وەرن،
ماشووقە و سارداو و مانگە بەدبەختەکانی بە ستوونی تەلەفۆن و برسییەتیدا شۆڕبوونەتەوە.
بە پێکدا لکاویی قەڵایی هەراوزەناوە وەرن، تا لە یەکدیتان بکەمەوە و فەلەکی بۆمباش بدەمە دەست هەر دەستەیەکتان.
لە ژنان من میراتگرتانم، لە سەر جێ و بالینگانی کیژەی سواری دایکی دەبم،
یان دوو خوشکان لەسەر تیغی هەناسەم کۆدەکەمەوە و
نەریتەکانتان، لە بەندەری گوڵەوە دەبەمە ناو بەلەمی بارکردنی ژنە خواوەندان و ڕۆژانی “بابی عالی”ی لە هەڵڕژانی زەندەقەی جمەی دێ.
د _ لە ڕەگوڕیشەی خوراسان بترازێ، هیچ بۆشاییەک لە نێوان گەردەکانمدا نییە،
_ پارچە پارچە بە ….
_ لە گرتووخانەیەکدا پارچە پارچە نابم
دەتوانم لێیەوە دەرچم و بچمە ناو چاوەقوولکە . وەرن
دووزمان و نێربازان، بەنگییان وەرن، با هەژەندێک بۆ زەنگەکانم وەڕێخەین.
گوێم بۆ دنیا ڕادێرا
گوێم بۆ دینۆکا بریڤا ڕادێرا
گوێم بۆ سیما و خەواڵوویی خۆم ڕادێرا
گوێم بۆ خۆشەویستی ڕادێرا، کە لە فشۆڵیی یاخووبوونم ڕادەکا و ئاشتی لە پێڵووی هەندێ ژندا دەکاتەوە وا چڕدەبنەوە و بەسەر کووڵخەنی هەژاراندا دادەکەن:
دەستخۆشی لە گەرووم دەکەم
دەچمە سەردانی ئەو کۆمەڵی هەژارانەی لە سەرەڕێیەکانی گوندەکانیان مەتەرێزیان دامەزراندووە و غەیبی ناو مەستیی گەواڵەی پاشایەتی دەبن وا بە سواری دولدولەکەی و بە دەستەسڕی ئاوریشمەوە دێ، کە لەژێر فەزای ڕاونانیشمدا گونی خۆیان وێران دەکەن، من لەناو مەستیدا غەیب دەبم و
لە سارداوێکی دەگاتەوە سەروچاوەکانی گەل، لە قاقا دەدەم،
ئەگەر گەلیش ڕادەستی باران و باڵندانم بکا، بانگی دەکەم :
_ کەرتوپەرت بە
تۆ و ئەو کەسەشی وا لە شاری سەردەم بالووکە بالووکە خەریکی دەرۆزەیە.
گەرووم پیرۆز دەکەم و
لە خەڵوەتی خۆردا، قەڕەپەستانێ لەگەڵ ئاڵاکانی دۆڵێک دەکەم، وا ڕامدەگرێ :
“بەرد و ئەسپ
بەرد و خیانەتی سپی
بەردو و چارۆکەی کەشتیی سپی”.
وەک سەبازێکی سەربازانی بت پەرستەکان، لە نەریت و زێدەکەم دێمەدەرێ،
دێمەدەرێ و مێشەنگ دەکەمە چەلاوخۆری گوڵی غەواران
با ئەودەمی مردن پڕ بە گۆڕستانەکانم بێ و
با ڕووباریش ببێیتە نێردراوی لەسێدارەدان، منداڵان قەرەبەقەرەی وی تا مزگەوتی باوانم دەبەم،
منی لەناو یاقووتی داخراو و ڕۆژە داخراوەکاند مەلە دەکەم
بە زەبران، دادڕسێمە سەر خەونە گشتییەکان و ڕوخساری ئەتڵەنتیش دەکەمە باڵکۆنی سۆزانییەکی دێتە بەرچاوی کاروانە تاپۆییەکە و
وادەکەم نیوەی لای خوارێی جەستەم بە کێڵگەیەکدا بگەڕێ فرمێسک و سۆسنی تێدا پێکداچووە و
چەندین ئاودزەش، لە دەوری کەنارەکانی ئەبەدی، بۆ پەژیوانییەکانم دروستدەکەم.
ئاڵای سەر بانەکان، ئیستێکم پێ دەگرن : “لە خەونی خۆرهەڵاتی واگاهاتین و هاوارمان کردیتێ بە بیابان رابوێرە وهاوینان بە پێخواسی بیبە بالینگانە نەرمونۆڵەکەت” و
ئاڵاکان هەڵیانکوتایە سەر بۆنەکەم و لە ساڵۆنی ئاوێ چاوەڕوان بووم و
ئەبەدییەتیش چاوەڕێی کردم تا لە لێوارەکانی شکۆفەیدا هامڕایی سرووش بکەم
یان بە داردەستەکەم لە “لەیلەک”ی ڕۆحەکان بدەم، تا حیکمەتەکەی هەندێ منداڵ جەلە بکا کە دەچنە وادەی “قوداس”ێکی نووتەک و
هەندێ ئاسکی تەرجەمەناکرێن، من تەرجەمەیان دەکەم؛
“هەر ئاسکێک فاتیحایەکە”
بانە بەیداغەکانیش تەرجەمە دەکەم : “واگاهاتین و دیتمان تۆ ساچمەی
خانەوادەی لم بۆ تەقیلە دەگوازییەوە، عارەبیش دەبەیە ناو یادگەی سۆدیۆمی گەردوون؛
بە ناوی خۆت بانگمان کردی،
بەناوی ئەڵماس و مەرجانیش بانگمان کردی : هیچ هاریکارێکت نەبوو
ئاڕاستەکانت وەک ماسوولکە خاودەبوونەوە و خاویان دەکردییەوە،
مێروولە ئەو شانانەیان کۆدەکردەوە کە لە تۆدا بەردەبوونەوە
شانەیەکی دیکە
شانەیەکی دیکەش
ئیدی لەشێوەی خەڵقەندەیەکی بە بەردی پێش زایین و بە بەردی پاش زایین بەردڕێژکرابێ، هەڵدەستییەوە؛
دیتمان هاواردەکەی : “منی براهماتیی مێروولە، بە مەلەکووتی پرسەداریی خۆمیدا دەبەم.
ئیدی تۆمان کوشت”.
گەرووی خۆم پیرۆزدەکەم و
لە کەلەبەرەکانی هەورێش، بەرەو گوڵەگەنمەکانی دینۆکا، ئاڵا ئاڵا قەڕاپەستانێ لەگەڵ ڕۆژەکەمدا دەکەم :
“کەسێکی وەک من، ئەگەر یەکی وەک تۆ بۆ کوشتنێ تی نەکاتەوە ئەدی چ بکا، دوای کوشتنێش بە وردی لەناو ئەندامەکانت بگەڕێ و شێتانە بێتەدەرێ و داوای مردنی مرۆڤ و مردنی دەریا و ئەو شتانەش بکا کە دواڕۆژ لە کانزا و ئۆکسید دەیاننەخشێنێ تا کۆرپەڵەکانی خۆی پێ ئافەریدە بکا؟
باشە چی بکەم، کە من لە پشت درەختەکانم و شنەی ساتت هەڵدەمژم ؛ شنەی بۆنی پووشت هەڵدەمژم و بەلای ئێسترەکانی داربڕانیشدا هەور و هاتییەکی ژاندارمە گەمژە و دڕەکان دەستی بەسەردا دەگرن. ڕێک دەشزانم تۆ بە سەندەلی و تفەنگەوە بەرەو من ڕادەکەی، خەمی خەونەکانمتە و لێیان دەترسێی و بەسەر قەمتەرەیەکی نێوان کەناری من و کەناری ئەو جەستەیەدا دەسووڕێیەوە وا لەژێر فانۆسەکانی “جومێز”دا فڕێدراوە. خۆ داوێیە لێوارەکانی ڕووبارێ، هەردوودەستت لەسەر گرمۆڵەی جلەکانە، نەوەکا تەڕیش بێ، لەبەردەم هەڵچوونی ئاوێ دەشەکێنەوە و بەرزدەبنەوە، هەندێ بڵق لە مێژووی “ڕان”ان دادەچڵەکێن کە نامە هەیوییەکانی بۆ هەساران دەنووسێ. دڵنیام تۆکلیلەکانی ڕووبار لە ژیانە شەقارەکانی زەماوەندی لیتراوان دەڕفێنی و خۆ دەکوتییە ناو خۆڵەمێشی سەری هەتا بنی بەرەو هۆڵی پارچەکانم دێی
ڕووت، تەنیا هەندێ تۆزی هەلاڵەی سەر نێوچەوان و هەردوو نێکان نەبێ؛ دێمە تەنکێشت و هەوەسەکانمان لە بازنەی داربران، جەندرمان، دەنگ، وشکانی، خەشخاش، وێنە دەکێشم؛ دێمە تەنکێشت و هەوەسەکانمان لە سیقەتۆرەی ڕەشۆڵەوە دەگوازمەوە بۆ وادەی درەختان”.
کێی دی لە کەلەبەرەکانی جوگرافیا واگابێنم، تا گەواهیم بۆ بدا و گەواهیم لەسەر بدا و گەواهیی قەسابخانەیەکم بدا ئاو لە ئەستێڵکەکانی دووڕیانی نێوان دنیاو خودا هەڵدەهێنجێ؟ خۆم دەخالەتی دۆڵان کرد تا پێشەمن دەنگدانەوەی باڵەکانم ببەنە کوختە بەچۆکدا هاتووەکان، بۆ ئەو کیژە قوتابییانەی ببا کە لە شوورای قوتابخانەکانیانەوە لەپێناو من هاواردەکەن؛ خۆم دەخالەتی ڕووداوێک کرد، گەرم و سارد، تەڕ و وشکی بۆ تێکهەڵدەشەقێنرێ، تا لە ئاهەنگی تاج لەسەرنانی دیموکراتییەکانی جێگرەوە لە سەروسامانەکانی دڵ، لەسەری منی بنێ.
دەنگ هەڵدەبڕم : با ئەو دڵە هێوربێتەوە
هەموو پەڕیوەیەک دەبینم کە ناعوورەکەی هەڵدەبەستێ و وەک سەرکردەیەک لە سەرکردەکانی خۆشەویستیی ناکام گوڵاوپڕژێنم دەکا و
گوێم لێیە چۆن چۆلەکەیەکی نیشتمانی چەنە بۆ چۆلەکە نیشتمانییە مێیەکەی دراوسێی لێدەدا، دارخورماش خۆی بۆ دیدەنیم ئامادە دەکا
منیش، لە پشت بەردووچکەکانی مێژوو و شەوڕۆیی درەختەکانەوە
خەرەندێک دەنێرمە ناو خەرەندەکانم و
کونی ئەستێرەی شوێنکەوتەکانم بە تەپەدۆر و خۆشیی پەڕەکراو دەگرم و دەچمە لای جەماوەرێکی لە هەرێمی سیحرەوە وەک نەیار دێنەلام و دادگاییم دەکەن.
(من دەجەنگام و لۆردەکانیش لە باڵکۆنی هۆتێلەکانیانەوە، ڕووبەری پەژارەکانی منیان بە دووربین دەپێوا و
مێشوولەی تۆقینیش، کە دوو فریشتەی بەفرین بەدەوری ناوکی دینۆکاوە گێژیان دەخوارد).
بەرەو جەماوەرێک دەچم دادگاییەکەم
پڕ چرای ئەندامەکانی دەکا؛ دادگایەکی دۆزیمییەوە و منیش هۆکارەکانی ئاگرم بۆ ئاشکرا کرد و چوومەوە سەر شکۆی گەواڵەم دەستنوێژ بگرم، تا لە هاوین، لەکاتێکی شەپۆل گلەییم لەگەڵ دەگۆڕێتەوە و گەڵای دارخورماش دێتە خوازبێنیی دۆستایەتیم
ئەو دەمەی پەرییەکان، لەسەر لقێکی دیجلە، بە خۆ و بە دەفتەرەکانیانەوە، لەهیکڕا لێم پەیدادەبن
منیش، چەندین دەستە وشەی وەک فیشەکە شێتە و یادگەی داگیرکراویان پێ دەنووسمەوە. دەڕۆم،
گوتم بەیانی دەچمە بەیانییەکی تەس دەبێتەوە یان لە قوڕنەیەکی پێش سنووری مرۆڤ پێچ دەداتەوە:
گوێم لێبوو مرۆڤ، ئێستای خۆی پینە دەکد و دەمرد،ئیدیبەلۆقە رامکردەلای گوڵەگەنم، تا بە دینۆکا ڕاگەیەنێ من بەڕێوەم و
هەندێ بیانگەم لەسەر کاغەز پێیە، نەوەکا کاتێکی دەیگەمێ زمانم بگیرێ و،
پێی بڵێ خەرەندەکەشمم پێیە.

بەیرووت ١٩٧٢




بەڵێن.. شیعری سەلام عومەر

بیرتچوو بەڵێنت پێدام
هەرگیز دڵم نەڕەنجێنی
رۆژانێک هاوڕاشم نەبی
خۆت لەگەڵما بگونجێنی

ئێستا هەروەکو گەلاوێژ
ساڵی جارێک خۆت دەنوێنی
لەبری من شەیدای مانگی و
شەوانەش ئەو دەلاوێنی

بەڵێنی خۆت بوو ئەزیزم
عیشقێکی جوان دابهێنی
هەرگیز دەستبەردارم نەبی و
خۆتم بەدیاری بۆ بێنی

ئێستا تۆ لەنێو ئاسمان و
شوێنێکی پڕ لە نهێنی
منیش لەنێو دۆزەخی ژین
دەتوێنیەوە و رامدەهێنی.




شاعیری تورك ئومیت یاشار له‌‌ شیعری (گریام)دا.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

شه‌و بوو
ئه‌ستێره‌ له‌ ده‌ریادا مه‌له‌یان ده‌كرد
ڕووناهی زه‌وی داپـۆشیبوو
چـاومان
باوه‌شی به‌یه‌كدا كرد
له‌و مه‌یخانه‌ دووره‌ده‌سته‌دا
له‌وێ،
له‌و شاره‌ دووره‌دا
باده‌ی سووری ته‌زی
پـیاڵه‌ی ته‌ژی كردین..
ماسی تازه‌ له‌ سێنیدا
له‌ ناوه‌ڕاستدا
هێلكه‌شه‌یتانۆكه‌یه‌كی گڕمۆڵه‌بوو..
كزه‌بای بۆنخۆش
سه‌وزایی نه‌رموونـیان
خزمه‌تگوزارێكی ماندوو
خه‌ریكه‌ ده‌سووڕێته‌وه‌..
كه‌ڕه‌نای كه‌شتیـیان
له‌ دووره‌وه‌ بانگیان ده‌كرد
ڕووناهی
هۆ ئه‌و چرایه‌ فسفۆرییه‌
ناوه‌ ناوه‌
له‌ سیمات ده‌سوا
چاوه‌كانت پڕشنگیان ده‌دان
ئه‌و شه‌وه‌ هه‌مووی بۆ ئێمه‌،
بۆ هه‌ردووكمان بوو..
بۆ یه‌كه‌مین جار
هه‌موو شتێك
بێ پسانه‌وه‌
بێ پرسیار
بێ درۆ
بۆ ئێمه‌ هه‌ردووكمان بوو..

جارێكی دی له‌دایك بووینه‌وه‌
خۆشی له‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆی ببینین
له‌گه‌ڵ هه‌ر پـیاڵه‌یه‌كدا ده‌ڵێی:
(سڵاو…
سڵاو خۆشه‌ویستم)
سه‌رم ده‌سووڕێ
ناكاو چاوم به‌ چاوت كه‌وت
پاشان،
دوای كاتێـكی زۆر
تێگه‌یشتم
تۆ
له‌ ده‌ریای ڕاماندا
دوور ڕۆیشتووی..
وام به‌ بیردا هات
ده‌مرم و
به‌جێت دێڵم
ئه‌و ڕۆژه‌ ناخۆشه‌م به‌بیر هاته‌وه‌
ئه‌و ڕۆژه‌ ژێراوژێره‌ ڕه‌شه‌
یه‌كسه‌ر تێگه‌یشتم چی بوو
ڕه‌نگت
به‌ ته‌واوی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕا
نیگات لێڵ بوو
موچڕكێكت به‌ له‌شدا هات
ده‌ستت كرد به‌ گریان..
من بۆ یه‌كه‌مین جار
گریانی مه‌زنی ژنێـكم دی
دڵداری ده‌كا .
بۆ یه‌كه‌مین جار
نه‌مریی دڵداریم
له‌ تنۆكه‌ فرمێسكێكتدا بینی.
دوایی تنۆكه‌كان
وه‌ك خه‌ونه‌كانمان
ئومێد و نوێژه‌كانمان
تێكه‌ڵی یه‌كتر بوون.
ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ بشمردبوومایه‌
گوێم لێ نه‌بوو
له‌و شه‌وه‌دا كه‌ ده‌گریای
من خۆشه‌ویستیم بۆ تۆ
بوو به‌ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌..
له‌و شه‌وه‌دا
له‌ پـێناوی مندا گریای
كه‌واته‌ له‌ پێناوی منیشدا پێبكه‌نه‌!
قه‌ت مه‌گری!
تێگه‌یشتم خۆشت ده‌وێم
بۆیه‌ جارێ نامرم خۆشه‌ویستم .

(*) له‌ (مختارات من الشعر التركی المعاصر) وه‌ڕگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی -فازڵ جتكه‌ر-
بڵاوكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری سووری 1995 وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی.




ئەو هەر چاوەڕوانە.. نەوزاد بەندی

  

کاتێ هەمووان ئەڕۆنەوە،
دوای ئەوەی جەوری ڕۆژێکی
دوور و درێژیان چێشتووە ..
ئەو به تەنیا چاوەڕوانە..
کە هێشتا مانگ،
ئامانەتی زەوی نەداوەتە دەستی خۆر،
هێشتا تاریکە و
هەردووکیان ئاسمانیان بەجێهێشتووە،
ئەو بە تەنیا چاوەڕوانە..
کاتێ باران لەگەڵ خۆڵا
بەڵێننامەیەک مۆر ئەکەن،
ووڵات لە قوڕاو هەڵکێشن،
ئەو بە بێ چەتر و
زۆر بێ باک، چاوەڕوانە ..
کاتێ گریان و پێکەنین
فەرموو لە یەکتر ئەکەن و
نازانیت کامیان له پێشن..
کاتێ تۆزێکی کۆمەڵگا ڕائەبوێرن،
ئەوانی تر لەگەڵ گوزەران شەڕ ئەکەن،
پێی ناوێرن ..
ئەو بە تەنیا چاوەڕوانە ..
وەک بڵێی دیداری لەگەڵ شەمەندەفەرێکا هەبێ ..
یاخود لەگەڵ نەفەرێکا ..
وەک بڵێی پەیمانی لەگەڵ کەشتییەکا دانابێ و
دەریا له پڕ وشک بووبێ ..
یان شاسوارێ لە ناکاو توشی شک بووبێ ..
وەکو بڵێی گەردەلولێ پێی وتبێ
چاوەڕێم کە
بۆ کوێت ئەوێ هەڵت ئەگرم ..
یان یادگارییەک پەیمانی پێدابێ بگەڕێتەوە،
ئەمیش پێی وتبێ حازرم ..

٭ ٭ ٭
کات بە بێ باکیی ئەڕوات و
ئەو بە تەنیا چاوەڕوانە ..
ئەو ناپرسێ و
کەس ناپرسێ،
ئەو پەیکەرە یان وەک هەمووان
دەنگدەرێکی پەشیمانە ..

نەوزاد بەندی




كانیاوی خۆشەویستیت.. كاوەی خەسرەوكاوانی

                                                                              

كە بەیانیان لەگەڵ گوڵدا
عەتری عیشقت بەسەرمن دا
دەباراندو دەبوویتە هاوڕێ ی جوانی…
هێشتا رۆحی خۆشەویستیم
زامدار نەكرا بوو بەچەقۆت، ناخ و گیانی…
ئەو ئێوارەی زۆر جار دەیویست
لە سوچێكی ئەم گەردوونە
بە ژووانێك شادمان بكات …
ئێستا ئەویش بێ ئۆقرەیەو
وا خەریكە هێواش هێواش
لە ناخدا لە یادمان بكات…
خۆشەویستی وەكو خەیاڵ
كەی خاوەنی سنوور بووە…
عیشقم لای تۆ رووناكی بوو
ئەی بۆ ئێستا چرایێكی
پڕخامۆشی بێ نوور بووە…
هەنگاوەكان هێزیان تۆ بووی
ئیستا جولەی رۆیشتنیان بیرچۆتەوە…
لێوەكانم كانگای خەندەو پێكەنین بوون
هەرچی هەبوو هەمووت برد لەگەڵ خۆتەوە…
كانیاوی خۆشەویستیمان رژایە نێو
رووبارێكی پاش بارانی سەرشێتەوە…
من دڵنیام نەمن نەتۆ لەم گێژاوە رانەهاتووین
باجارێ تر لەگەڵ یەكەمین بارانا
لە نێو رۆحی كانیاوەكانا بێتەوە …
28/11/2010




دوو شیـعری شاعیری ناسراو(فازڵ عه‌ززاوی).. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1) کەژاوەی بـێدەنـگ

دەستەکانم لە گیرفانی کون کونمدا ناوە ،
بە شەقامدا ڕادەبوورم
بینیمن
بە دزیەوە ،
لەو دیو مینای چایـخانە و مغـازان
سەیرم دەکەن..
پاشان بە پەلەپرووزێ دێنەدەرێ و دوام دەکەون..

بەئەنقەست وەستام جگەرەیەک دابگیرسێنم
ئاوڕم لە دواوە دایەوە
وەک کەسێ بە پشتی
خۆی لە با دەپارێزی..
نیگایـێکم بۆ کەژاوەی بێدەنگ هاوێت:
دز ، پاشا ، بـکوژ ، پەیامبەر و شاعیر
لە هەموو شوێنێکەوە باز دەدەن و
بەدوامەوەن ،
چاوەڕێی ئاماژەیـێکی منن..
بە سەرسڕمانەوە سه‌رم بادایه‌وە
ڕێگەم گرتەبەر ،
فیکەشم لێ دەدا
ئاوازی گۆرانییەکی باو
خۆم وانیشان دەدا
دەور لە فلیمێـکدا دەبینم
هەموو ئەوەی لەسەرمە بیکەم
تا کۆتاییە تاڵەکە ، هەمیشە بەرەوپێش بڕۆم.

(2) لە پەنجەرەیەکی کراوەوە
بەسەر شەقامێکی تاریکدا

لە کاتێکدا چاوم لە پەنجەرە بڕیوە
گوێم بۆ ژاوەژاوی داگیرکاران لە شەقامدا هەڵـخستبوو ،
پەیتوونه‌کانیان لە تاریکیدا لێ دەخوڕی..
کوڕوکاڵیان بەدواوە بوو دەفیان لێ ده‌دا
کۆیلەی دیلیش زنجیربەند..
مۆتەکە پەنا بۆ من دێنن
لە دەرگای ماڵەکەم دەدەن:
جەللاد و قوربانییەکەی
پاشاو گاڵـتەجار و
نهێنیپارێزی…

جەللاد دێ دەستی بەخوێنی
لەبەر لوولەی ئاوی مندا بشوا
قوربانیی دێ
پیاڵەیێک فرمێسکی سوێری
پێشکەش دەکا..
پاشا دێ عەرشی خۆی
لە باخچەی مندا هەڵدەدا
گاڵـتەجاڕ دێ یارییەکانیم پێشان دەدا
نهێنیپارێز نهێنی خۆیم بۆ دەدرکێنێ..

دوا مۆمم پێ دەکەم
شەو لەبەر پەنجەرە دەوەستم
زۆرن ئەوانەی پێش بەیانیدان
لە دەرگام دەدەن.

• له‌ كۆشیعری (صاعدا حتی الینبوع) شاعیر- بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌زگای (المدی)
چاپی دووه‌م 2003 وه‌ كراون به‌ كوردی.




زیوەبارانێ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

تۆ سەرلە نوێ
وون ئەبیتەوە
پەڕەسێلکەکانی
نێو زیوە بارانێ
دەخولێنەوە
سۆراخی دیدەنیت ئەکەن

………….

لە سۆراخدام، بە دوای
وونبوونی قەشەنگی تۆ
لە نێو کەرنەڤاڵی
ئەو گەڵاڕێزانە پەمەیی.. و
پرتەقاڵیە رەوشەنانەی
مەستی زیوە بارانێکن

………….

شەوان سەرهەڵگرتن
نیشتمانمە، بە دڵم ئەڵێم
بۆ لەودیو چیاکانی خەفەت
پشویەک نەدەین!..تا
سەرلەبەیانیەکی
تامخۆش و بەچێژ! وەک شلیکی
دەستی یارێکی نادیار

………….

مەیخانەی ڕۆحمەستبوون
لەوێندەرێیە، هاوڕێ
کە زەردەپەڕ، کانیەکی هێندە دوور
شەرابی ئەرخەوانی لێئەڕژێ ، ژێێ گیتاری
گیا تەڕەکانی ژێر پەلکەزێڕینەیەکی
قژ تێکەڵ بە سەرابی ئاسمانێکی
چین بە چین بە هەوری گڕکانئاسا
وەک بەندەرێکی جەنجاڵ
پڕاوپڕن لە کەشتی شێتانەی گڕین

………….

لە تەنیاییا، وونبوون
دڵڕفێنە، مەست وبێهەودا بدرەوشێیتەوە
خۆت بدەیتە شنەیەکی میهرەبان
لە ئەڤینێکی لەدەستچوو
بەخۆت نەزانیبێ
لە ژێر زیوەبارانێ
هەر وا هەوانتە خەوت لێکەوتبێ
نەزانی لە کوێی،
ڕوخسارت پڕ لە تەم بێ
کەس سۆراخت نەزانێ، بتبا
هەنگاوەو بێ ئارامەکان، لەوێیەک
لە هەژماردن نایەن
تۆپەڵە گوڵی سپی
لە دەشتایی کاکی بە کاکی
تابلۆی نەخشێنراوی بەفری هاوینەی وێناکردوە

………….
چی پێویستە چیتر پەنجەکان
ووشەت بۆ بنوسن، نابینی
هەر لیوێکی پڕ خوێنی
گوڵە لەیلەکی نێو زەلکاوی
خەوتووی ئێوارەی ڕەوشەن
هەنگوینی ئەڤینێکی وونی تۆی لێ ئەچۆڕێ

تێبینی/ وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئئنگلیزی
Kend alf

بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەگیراوە




دوا لێکۆڵینەوە.. شیعر\ نەوزاد بەندی

بە باخچەکاندا گەڕام ،
نەک له باخێ ڕوا بی ..
کە پاییز‌ هات دێمەوە ،
نەک له بەهار تۆرا بی !

٭ ٭ ٭

خۆ ئەزانم هەندێ جار ،
خۆت دیل ئەکەی لە خۆتا
وەک جۆرێک لە خۆکوژیی ،
وەک کۆچێکی بێ کۆتا ..

٭ ٭ ٭

تەنها من بۆت ئەگەڕێم ،
بێ شوێن پێ ..بێ ناونیشان
نە جارێکیش‌ بینیومی !
بۆ سۆراخت ، پەرێشان ..

٭ ٭ ٭

ئەڵێن چۆن نەتبینیوە و
بە دوایشیدا ئەگەڕێی ؟
ئەی کێ ئەدۆزیتەوە ،
نایناسی و نازانێ کێی ؟!

٭ ٭ ٭

ئەڵێم بینین ، تاوێکە ،
زۆر زوو کاڵ ئەبێتەوە ..
وێنە دێ و وێنە ئەڕوا ،
یەک جێی ئەو ئەگرێتەوە ..

٭ ٭ ٭

بەڵام بە چرپەی خەیاڵ ،
لە باڵکونی هۆنراوە ..
ئاڵودەی خەونێ ئەبی ،
کە هێشتا نەبینراوە ..

٭ ٭ ٭

لە هەواڵت ئەپرسێ ،
وەک گوڵ کە دێ بە باوە ..
دەستت ئەبا بۆ قەڵەم
وەک هەوێنی هۆنراوە ..

٭ ٭ ٭

هەموو ساتێ لە گەڵتە ،
ئەچێتە جێی ترپەی دڵ ..
گەر پاییزە و گەر زستان ،
ئەو داتئەپۆشێ بە گوڵ ..

٭ ٭ ٭

خەمت ئەخوا ، بۆت ئەگری ،
وەکو عەشقی مانگ و خۆر ..
بێ ئەوەی یەک ببینن ،
دوو تەن ، یەک ڕوناکی زۆر

٭ ٭ ٭

ڕوبارەکان ئەگەڕێم ،
بن بەرد ، ناو پونگی کەنار
بەناو ئەو شەپۆلانەی ،
لە شاخەوە دێنە خوار ..

٭ ٭ ٭

ئەڕۆمە ناو ئەشکەوتێ ،
دەفتەری تاریکایی ..
پەڕە پەڕە ئەگەڕێم ،
بە ووردیی ، بە ئاسپایی

٭ ٭ ٭

ئەچمە ناو کزەی باوە،
بە بای وەشتا ئەگەڕێم ..
ئەتوت ئەچمە ناو شەماڵ،
کە لە هاوین ئەتۆرێم ..

٭ ٭ ٭

ئەچمە کافێیەکی مات ،
پڕ لە دڵی شکاوە ..
هەواڵی تۆ ئەپرسم ،
لە تاڵاوی دوو قاوە ..

٭ ٭ ٭

ئەڕۆم بۆ ماڵێکی‌ کۆن ،
شێ وەختە بیڕوخێنێ ..
ئاخر جارێکیان ووتت ؛
ئارامیم تیا ئەڕوێنێ ..

٭ ٭ ٭

گەلەرییەکان ئەگەڕێم ،
پشت تابلۆ و پەیکەرەکان..
ناو ڕێبەری پێشانگا و
پاستیل و سێبەرەکان ..

٭ ٭ ٭

ئەچمە فڕۆکەخانە ،
ئاخۆ هەورێکی ڕوون ڕوون
بە پاسپۆرتی سان کیتس ،
ئەمڕۆ سەردانی کردوون ؟

٭ ٭ ٭

هیچم لێ حاڵیی نابێ ،
بێ تۆ ئەگەڕێمەو ە ..
نازانم بڕۆم بۆ کوێ ،
بێ ئامانج ئەخولێمەوە ..

٭ ٭ ٭

دنیایەکی بێ وەفا ،
پڕە لە وون و مردوو ..
دەبەنگ بووین کەوتینە دوای
کڵاوێکی با بردوو ..

٭ ٭ ٭

نالی ئەو هەموو جەورەی
بۆ دوو چاوی خێل کێشا ..
تا لە دنیا دابڕا ..
تا تەواو دڵی ئێشا ..

٭ ٭ ٭

چۆڵی کرد خاک و خۆڵ و
میرنشینەکەی بابان ..
ڕاژەی مەرگی گواستەوە
بۆ هەواری غەریبان




قەشەنگترین نەفرەت.. شیعر/کاوە عوسمان عومەر

سوتان بە حەزی عیشقێکەوە و بێ دەنگ بیت لێی
چی تراژیدیایەکی مەزنە بەسەر خۆمانا دێنین
گارسیا لۆرکا

ئای لەو رۆژەی
دەستبەرداری گزنگ و
عیشق و زەریا بووم
ئیتر ئەی وەرزە
تێپەڕیوەکانی تەمەن
بێباکم لە گریانی بێ هەودای
هەورەکانی پایز، لە سوتانی
دارستانە تەنیاکانی هاوین
لە خوڕەی مێرگە سەوزەکانی بەهار
لە تەزینی پەنجە
نازدارو ناسکەکانی
قەدو پەلی ئەو دارانەی
وەک کریستاڵ
بەسەر چۆگە بەستوەکانی ڕۆژەکانما
شۆڕبونەتەوە
دەزانم
دەکرا ڕۆژگارەکانم
قەشەنگ تر بونایە
لە خاچدام
لە بەردەم میحرابی بەزەیی
خانمێک لە گڕو کڵپە
بە بەزەییانە تر بوایە
لازوردی دڵ پەمەیی ترو
زایەڵەی گیتاری ڕۆحم
سازگار تر بوایە
ئای !دەروازە ڕەوشەنکراوەکانی
ئەو ئێوارانەی
بە نێو ڕێڕەوە بەردە مەڕمەڕیەکان
بە چرایەکەوە
بەرەو کەنارە تەمهەڵگرتوەکان ڕێگەم ئەگرت
شەوان وەک سۆفیەکی سپیپۆشی
ڕوخسار پڕ لە نوری عیشقی پیرۆز
ئارامم ئەگرت
بە دوای سۆراخی تارمایی
شازادەیەک
لە نێوان ڕاستی و ناڕاستی
نیوە شەوێکی زومردی دەر ئەکەوت
ئای لەو ڕۆژانەی
کە ئارەزووی ئەبەدیەت
لام وابوو
وەک کانیەکی بە خوڕ
لە ناخما ووشک ناکات
گەرچی هیچ گوڵێک
وەفای بۆ چنگێ خۆڵی عاشق نەبووە
هیچ ئەفسوونێکی هەڵهاتن
بەرەو شاڕێیەک
لە شادومانی ڕەها
تا سەر نەبوو، ئەفسووس
لە تێکڕای هەموو ئەو پەلکەزێڕینە بەهەشتیانەی
بزە و خەندەکانی ئەوی ئەهێنا
کوا ئاسەواری
خەڵوەتە غەمگینەکان
لە بەردەم نووری هەموو ئەو مانگە شەوانە
ڕوخساری خەمناکمی تارا پۆش ئەکرد
جوانی مەلەکانی سەرگوزشتەی ژوانێکی
نێو گێژەنەو سەرابی سەفەرێکی دوریش
تابلۆیەکی بێهودە بوو
چەند گەمژەیی بوو
واتێبگەیت
یاری شیعر
و حیکایەتە بە چێژەکانی منداڵی
لە نێو گژو گیای ناسکی
ژێر زیوە بارانێ
تا هەتا هەتا بمێنێ
ببینە ئەی بەخشندەیی
جێپێی پڕهەورازی نێو ئاگری بریسکاوی
چیای تەنیاییم گرتوە
ئەم بەندەرە ئەرخەوانیە
دوا مەنزڵگەی وونبوونمە…و
دوا مەشخەڵی زەردەپەڕێکی دڵپڕ
بە کۆچی نەورەسە عاشقەکانم هەڵگرتوە
دەزانم ژیان جارێکی تر
هەلێکی تری وونبوون و
سەرەڕۆییەکی ترم ناداتێ
منیش بێباکم
بە کاتژمێرە لمینەکەی تەمەنی وەریوم
ئەوەتا، لە بەندەری تەمهەڵچنی ئەمشەوی سەفەرا
ستایشی یەک بە یەک
لە بیرەوەریە فرمێسکاویەکان ئەکەم
دەزانم لە بێ سۆراخی ئەوێک
لە تەم وخەیاڵ و سەراب
سەرهەلگرتن
مەسترین وونبوون..و
قەشەنگرین نەفرەتە

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر بەریتانی
Lee Watts – Lees Design
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگێراوە

شیعر/کاوە عوسمان عومەر




چۆن بیرێکت لێ بکەمەوە.. نەوزاد بەندی

هەندێ شەو ،
بڕیار ئەدەم
بەیانی بیرێکت لێ بکەمەوە ،
بەفرەکەی نێوانمان چەند زۆر بێ ،
هەوڵ بدەم هەر چۆنێ بێ ،
بە تولە ڕێیەک ،
یەک دوو جێ پێ بکەمەوە ..‌
دوای ئەوەی بینینت بوو بە مەحاڵ ..
تێپەڕی هەفتە ..
مانگ ..ساڵ ..
ئەڵێم جارێ نا ..
با بڕۆمەوە بۆ ماڵ ..
دوای نیوەشەو لە خەو هەڵئەستم ،
ئەڵێن دەردی پیرییە ..
بەڵام من ئەزانم دەردی تۆیە ..
ئەڵێم پیریی هەمووی درۆیە ..
وەک نەخۆشێکی بێ عار ،
بە کاوەخۆ هەڵئەستم و
ڕۆژەکان ئەپشکنم ..
بە ئازارەوە خۆم کێش ئەکەم ،
بە خولەکەکانا خۆم هەڵئەواسم ،
شەڕ ئەکەم لەگەڵ کەوتنم ..
ڕێژەی شەکرەکەم ناپێوم ..
پەستانی خوێنەکەم پەڕاوێز ئەخەم ..
ئەڵێم بەرچاو ڕەشبوونەکەم هی ووشکە ساڵییە ..
بەو حاڵە چاو هەڵدێنم ..
جگەرەیەکی تریش دائەگیرسێنم ..
سەیری ئاوێنەکە ئەکەم ،
ئەڵێم پیریی درۆیە ..
خەتاکە هەمووی هی تۆیە ..
هەوڵ ئەدەم بیرێکت لێ بکەمەوە ،
ئەوەندە بەرزە ،
ناتوانم سەرکەوم ..
ئەوەندە قوڵە ،
ئەوەندە قورسە ،
ئەوەندە ووشکە ..
ئەوەندە دڕکاوییە
ناتوانم لە هیچ شوێنێکتەوە دەرکەوم ..
هەورێ دێت و ..
بارانێ شەقامەکان تەڕ ئەکا و
من بیابانترم بێ تۆ ..
ئەڵێم عەسر ،
لە پارکێک بیرێکت لێ ئەکەمەوە ..
عەسر دێت و ..
بە ڕیشی هەفتەیەکەوە ،
لە باخێکا ..
تەماشای ئاوێنە ئەکەم ..
ئەڵێم پیریی نییە ،
پیریی درۆیە ..
هەموو خەتاکە هی تۆیە ..

٭ ٭ ٭

وەک تاوانبارێ بۆ خۆم ئەڕوانم ..
کە لە وون بوونت ناپرسم ..
کە لە وون بوونت ناترسم ..
کە بە دواتا ناگەڕێم ..
کە بە مجەورێک ناڵێم ،
جاڕێکت بۆ با ..
ماڵی باپیرت نادۆزمەوە ..
ئەڵێم لە جەژنەوە لە ئەوروپایه ..
بۆیه لە هیچ شوێنێکەوە دەنگی نایه ..
خەمساردانە ئەڵێم هاکا سەعات یانزەی شەوێ ،
نامەیەکی نارد ،
وەک جاران ئەڵێ له سۆشیاڵ میدیا بێزار بووم ، پاشاکەم !
هەتا کەی وەک فیلمێکی دووبارە ،
وەک بینەرێکی ناقۆڵا ،
هەر تەماشا کەم ؟
تاوانبار خۆم ئەبینم ،
کە دەستەوسان دانیشتووم ،
وەک ڕۆبوتێ ، چاوەڕێم ..
تۆڕی مەسنجەر بتهێنێتەوە ..
تۆڕی ڤایبەر ،
وەک چاوبازە ،
بەیانییەک له بەردەرگا
بتڕوێنێتەوە ..
ئەوان و
تێلیگرام و ئینیستگرام و
وەتس ئەپ ، خاڵین لە تۆ ..
بێ قابیلەت خۆم ئەبینم ..
بێ وەفا ..خوێڕیی ..
دەست سپی .. کەمئاوەز ،
بۆ خۆم ئەڕوانم ..
لە نێوان جگەرەیەک و
جگەرەیەکی ترا ،
ئەڵێم سەعات هەشتی ئێوارە ،
بیرێکی لێ ئەکەمەوە ..
شیعر پێم ئەڵێ :
بۆچی شتێکی بۆ نانوسی ؟
ئەڵێم مەجالی تیا نییە ،
ئەبێ شتێکی بۆ بنووسم ..
نازانم کوێت بۆ بگەڕێم ..
بێ نمرە ..
بێ ناونیشان ..
بێ شوێن پێ ..
سەعات هەشت ئەڕوات و
بە دیار خۆمەوە دانیشتووم ..
ئەڵێم ئەرێ ناوی قوتابخانەکەی چی بوو ؟
ئەپرسم نمرەی دەرگاکەیان چەند بوو ؟
قاوەخانەی ڕەیحانە کەوتۆتە کوێوە ؟
غەزەلنوس تۆ بڵێی باری کردبێ ؟
ئەپرسم بە تەمای کەی بیرێکی لێ بکەیتەوە ؟
ترسێک هەموو گیانم دائەگرێ ..
ئەڵێم تۆ بڵێی مردبێ ..؟
خۆڵێکی وشک ،
ئەو هەموو ئینجانە شیعرەی
لە ئامێز گرتبێ ؟
ترسێک ڕۆحم پڕ ئەکا لە خورپە ..
کابوسێ
گیانم پڕ ئەکا لە ترپە ..
ئەڵێم تۆ بڵێی نەخۆش نەکەوتبێ ؟
لە بینین و
لە بیستن و
لە کی بۆرد نەکەوتبێ ؟
لە نەخۆشخانەیەکی ئەوروپا نەخەوتبێ ؟
ئەڵێم سبەینێ زووتر نییە ،
بیرێکی لێ ئەکەمەوە ..
لە ئاوێنەکەدا خۆم ئەبینم ..
ترس یەکپارچە دایگرتووم ..
پیریی هەمووی درۆیه ..
ئەو پەیکەرە تێکشکاوە ،
هی من نییە ..
تازەترین بەرهەمی تۆیە ..
ئەڵێم تۆ بڵێی تێک نەچووبێ ؟
لە ژێر دەرمانا ،
لەو کاتەوە نەخەوێنرابێ ؟
هەموو یادەوەرییەکانم
نەشێوێنرابێ ..؟
شیعرەکانم نەخوسابنەوە ،
پیتەکانی هەڵنەوەریبن ؟
هەر‌چەند بکا ،
نەڕواتەوە سەر ڕێگا
خەمگینەکانی من ..؟
ئەڵێم ئێوارە بیرێک لە خۆم ئەکەمەوە ..
بزانم ئەو هەموو ترسە چییە دایگرتووم ؟
بزانم ئەو هەموو خورپەیە ،
چییە داگیریان کردووم ..؟
بزانم ئەو هەموو خەمە چییە ،
هەموو بیر کردنەوەیەکیان بردووم ؟ ..
ئێواره دێت و ..
ئاوێنەکە پێم ئەڵێ : خۆت مردوویت
ئەویش نە بە پرسەکەتا ڕەت بوو ..
نە جلی ڕەشی پۆشی ..
نە قاوەیەکی تاڵی نۆشی ..
نە ئاخێکی لە زار هاتە دەر ..
نە فرمێسکێ تێکەڵا بوو لەگەڵ کل و بۆیە ..
ئەڵێم وا نییە پیر نەبووم ..
پیر بوونی من درۆیه ..
ئەوەی پەڕاوێزی خستووم ،
ئامێزە داڕوخاوەکەی تۆیە ..
دیپۆرتت کردوومەتەوە ..
ناتوانم دیسان ڕووت تێ بکەمەوە ..
ئەڵێم سبەینێ دوا وادەیە ..
ئەبێ بیرێکت لێ بکەمەوە ..

نەوزاد بەندی




چەند تابلۆ شیعرێ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

سەرسامم بە جەستەی ئاڵتونیی پایز
گەرچی لاوێتیم تا هەتا هەتا نیە
سێرگی یەسێنین
(١)
لە سوچی ژورێکی
سارد و تاریکاو ڕزیوا
گەنجێکی بێهیوا
لولەی دەمانچەی ڕەش
وەک لێوی ژەهراوی کوژەری مار
نێوان هەردوو لێوی ووشک و لەرزیوا
گیرکردوە

(٢)
لە بالکۆنێکی جێهێڵراودا
ژنێک ، دڵێکی
نەخۆش و لاوازو
سیسبووی خۆی
بە دەنکە شقارتەیەک سوتاند

(٣)
لە ژێر پردێکدا
منداڵێکی برسی
دەست و پێ تەزیو، هەڵهاتوو
لە جیهانێکی ترسناک و مەترسیدارا
لە ژێر ئاسمانێکی
بێهاناو بێهودەو بێمانادا
چاوە گەشە ڕەشەکانی
بۆ ڕۆژێکی نوێی تری
پڕئازارو ئەشکەنجە لێک نا
(٤)
لە باخچەیەکی جێهێڵراوا
کۆمەڵە لاوێکی بێ لانەو
بێ نیشتمان
دووپارچە سەموونی کۆن، چنگێ
شیعری هەناسەسارد…و
چەند پەرتوکێکی
زەردی یاخیبونیان
لە نێوان خۆیانا بەش کرد

(٥)
لە ژێر چەتری فڕۆشگایەک
مۆسیقاژەنێ
کەمانچە شکاو
نۆتا دزراو
ڕۆح لەخاچدراو
جگەرەیەکی داگیرساند
قومێ دوکەڵی پڕ هەناسەی غەمگینی
ناردە نێو هەوای نائومدێدی شارێک
بە گریانی سووری هەورەکان
پرسەی مەرگی مرۆڤە نامۆکانی داناوە

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری قوبرسی
Dimitris Vetsikas
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە

شیعر/ کاوە عوسمان عومەر




پاشا.. شیعر\ سەلام عومەر

ئەو كەسەی درەختی ئازادی دەبڕێ‌
رۆژێك دێ‌ تەورێك ورگی بدڕێنێ‌
باڵندەیەكیش فێرە قەفەس بێ
هیچ كەس ناتوانێ‌ هەڵیفڕێنێ

پاشایەك رەزی خۆی پێ‌ ئاو نەدرێ‌
وەك چرای بەرخۆر كز كز دەنوێنێ‌
نزاو لایلایەی لەلای خەڵكەكەی
وەك ئەوە وایە منداڵ بنوێنێ‌

كەی باڵندەكان بوونە خاوەنی
درەخت و دان و هێلانەی خۆیان
ئەوكات دڵنیام جووتیارەكانمان
بەدەستی خۆیان دان دەبەن بۆیان

سەلام عومەر




شەوە شینەکانی سەرەڕۆیی.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

بڕوام وایە لە دۆزەخام
بۆیە لە دۆزەخام
ئارسەر ڕامبۆ ( وەرزێک لە دۆزەخا)

بە خەواڵۆیی
لە ژێر ڕێژنە عیشقێکی
فێنک و قەشەنگا
تێپەڕین، هێشتا دڵۆپە
خوێنە ڕەنگینە ناسکەکانی
دڵ قەتماغەی ڕەشیان
لەسەر گابەردی بیرەوەری بوو
هەی شنەبای میهرەبانی
ئەی تراجیدیاهێنی
ڕۆژگارە ئەفسونیە ئاڵتونیەکانم
ببینە جیهان چی کەشتیەکی تێکشکاوی لێدەرچوە
تا بێ شادەماری قووڵی ژیان
ڕێگا دوورەکان خەڵتانی خوێن ئەکا
ئەزرنگێتەوە زرنگە زرنگی گوڵە گەنمی
ساتە بیرچوەکان، بە ئێواران
پیاسەی بەهەشتی وێرانەخاکی ئێستا دەکەم
و شەوانیش جەستەم دائەکشێتە
نێونیگای ئەو ئەستێرانەی لە مێرگی
شینی شەوێکی بوهەیمیا
ڕۆحیان دەرئەچێ،
بە نێو دڕک و داڵی دارستانی تاریکیدا
هێشتا تروسکەی ڕوناکیەک
دەروازەی سپێدەیەک لە دوورڕەوشەنئەکا
پێم ئەڵێ تەماشا کە ئەی گەڕێدە
ئاسۆیەک لە هیوای داڕمانی کۆشکەکانی
سەر ئێسک و پروسکی داماوانی دنیا
بێگومان، ئەبەدیەت
هەر لە یاخیبوندایە
لە بەردەم جادووی شەماڵی کەنارێکا
پشووی سەدان ساڵەی ئاوارەیی
ئەدەم، و کە بە ئاگادێم
حەزی سەرکێشی لە ڕۆحی منداڵیما ماوە
پرسیارە ئەزەلیەکان یەخەم بەرنادەن هێشتا
لەوەی کێم ، بۆ کوێ و تا کەی
ئازار و بەختەوەری کەم تەمەن
جیاوازی گەورەبوون و بەرائەت
پێزانینە بە لەدەستدانی بەهرەی گفتوگۆ
بە زمانی کەوو سوێسکەو
هەڵفڕین بە باڵی خەیاڵی نەورەس و
لە ئامێزگرتنی شەپۆلە بوهەیمیەکان لە ژێر
چنگە توندی بازە چاو تیژەکانی نێو هەورە سرکەکان
بە چیای ووشە هەڵئەزەنم و
بە شەپۆلی مۆسیقای مەرگ ؛
پاکژ ئەبمەوەو ،ئێستا ئەتوانم
پڕ بە گەرووم بڵێم
کە ڕازیم بە م شێواویە جوانەی گەردوون
باشیش گوێڕائەدێرم
لە ئامۆژگاری گوڵە سەوسەنێکی
سەرخۆش بە نەسیمی
بێهودەیی وەرزێک زیویی
هەروەک چاوی کچێکی نێو جەنگێک غەمگین
پەشیمان نیم
لە بەدیهێنانی ئارەزووی بوونەوە بە سوتماک
بوون بە پروشە بەفرێکی شنەبردوو
با ئەم دیمەنە بەستوەی ئێستا
لە یادمانا تۆمار کەین
هاوڕێی وڵاتە شەختە سەختەکانی نامۆیی
بۆیە ئێرە دۆزەخە، چونکە
هەموو شوێنێک بۆنی تەنیایی منی لێدێ
هەموو بارانێکیش
بۆسوتاوێک دوای کۆچی تۆ جێدێڵێ
دەرفەتێکی ترم باتێ ڕۆژگار
کە بژیم پراو پڕ
بە کانی ڕژاوی ڕەهای ساتەکان
گەرووم تەڕ کەمەوە
بە تریاقی سەرەڕۆییە گەنجێتیە هیچیە خۆشەکان
بێهۆش و بێ ئاگاو مەست بمەوە
خۆزگە پڕ بە پەرداخی هەور
دڵ پڕ بوایەوە لە تنۆکە بارانی میهرەبانی
کام سەمفۆنیای دڕندەی ئێستا
هێندەی شەوی شینی سەرەڕۆیی ئەوسام شیرینترە
کام خەڵوەت لە گوڵبارانی ژێر
ئێوارەیەکی پژاو بە زەمین و خۆر و زەریا ئەفسسونترە
بەڵام مەرگ بە تینویەتی ئاوی عیشق
خۆشترە ئازیز، ساناتریشە گیاندەرچێ
لە بەردەم دەرگای پرسیارە قورسەکانی بوون
چی گەمژەییەکە ، ڕازی بوون
بە ئامادەبوون لە شانۆی عەدەمێکا
ئەکتەرەکانی مرۆڤی ئاسایین
ترسنۆکانە، لە چارەنووسی
ترسناکی تەنیایی یەکتر هەڵدێن.

شیعر/ کاوە عوسمان عومەر




شتێک هەیە.. شیعری شەهلا نوری

چ ئاوازێکە
بێ نۆتە ڕوو لە دەرگای ژەنگاوی
سینە وێرانم دەکا
زەمزەمەی سەبام لێ نەوی دەکا
بەنەرم و ناسک پەروازە دەدەن
لەخۆڕا بە لەرەی ژێی کەمان
ڕوحم یاری دەکا
لە گوڵاڵە سوورەی دەشتی دڵمدا هەڵاژیان ئاوازی نێرگزی چاومەستی شیعرم
شەمزان
لەسەر شۆستەی وەهم،
بەیانە
بە خڕخاشەی دڵم
ئاوازی ئاواتەکانم دەکڕۆشن…
مینا کتێبی بەرگ جوانە،
چاو ڕاکێشە، گورج دەفرۆشا…
بەردی ڕۆشەن تەنگی گۆی چەم
جەم بکەن
گۆزە بشکێنن ، ئاو بڕژێنن .
دارێ تووم بتەکێنن
مەزەی شۆخیم، لالەزارم بۆچ دەوەرێن
یادەوەریم بقرتێنن
بیرۆكەم ماندوو مەکەن !
لەسەر یادەوەرییەکانم
ڕامەکشێن
شتێک هەیە ماندووم دەکات
لایە لایەی خەمکانم
نوێ دەکاتەوە
بێزارم دەکا
لەم هەوار بۆ ئەو هەوار
لەم گرد بۆ ئەو چاڵم دەبا
شتێک هەیە ئازارم
دەدەات
شتیک هەیە

شەهلا نوری




ئازیز.. شیعری نەوزاد بەندی

کە لێم ونبوویت ،
ئەوەندە بە دواتا گەڕام ،
هەموو ئەو شتانەی
ساڵەها ونم کردبوون ،
دۆزیمنەوە ..
بەس تەنها تۆم نەدۆزییەوە ..
وەک ئەو پاشایەی
نقێمی موستیلەکەی ئەکەوێت و ..
دەست و پێوەندەکەی
لەگەڕاندا ،
هەزاران نقێم و تاج و
مەدالیای ئازایەتیی و
بزمار و فیشەک و تیر و
ملوانکە و ئەڵقە و موستیلە ئەدۆزنەوە ،
بێجگە لە نقێمی پاشا ..
زانیم چەند کەس
ناوی تۆیان هەڵگرتووە و ..
چەند کەس
پیشەکەی تۆ ئەکەن ..
چەند کەس تۆیۆتا کرۆلای
هایبردیان هەیه و
چەندیشیان
حەزیان لە قاوەی سادەیە و
لای پەنجەرەکەدا نەبێ،
دانانیشن ..
سەفەر ناکەن ..
بۆم دەرکەوت چەندیان دووشەممان ،
وون ئەبن و ..
لە کۆشکێکی داڕوخاوی باپیرەدا ،
تەماشای تەنیایی و
گەڵای کەڕ ولاڵی
درەختەکان ئەکەن و ..
چاوەڕێن ، بەڵکو ..
ڕابوردوو ،
بە قاتێکی ڕەش و
کراسێکی سپی و
بۆینباخێکی تاریکی
کونج کونجەوە ،
لە دەرگا بات و بێتە ژوور ..
شەوکەوت ڕەشید بە کلارنێتێکەوە ،
بە ئازاد مەولود بڵێ ئای هاوڕێ
چۆن خزمەکەی دڵی دێ ڕێگات پێ بگرێ ..
ئەویش بڵێ
دڵ پارچە قوڕێکی سوورە ،
چیت بوێ لێی دروست ئەکرێ ..




دڵم پێگەی عەشقی تۆیە.. کاوە خەسرەو کاوانی

دڵم هەردەم پێگەی ئازادیخوازان بوو
كەچی ئێستا كۆیلەیەو بن دەستی تۆیە
تۆكەخۆت ڤینۆسی جوانیت، چۆن دڵی من
دەسوتێنی، كە دەزانی مەستی تۆیە
* * *
هەرچی هەمە دەیدەم بەتۆ، بێگومان بە
ئەم دڵەی من بۆعیشقی تۆ دەستەمۆیە
نەك تەنیا خەندەی سەرلێوان، ئەشكەكانیش
سەرچاوەكەی كانیاوەكەی عیشقی تۆیە
* * *
رقم لەداگیركاری یە، بەڵام خۆزگە
هەتا ماوم بەدەستت داگیركراوبم
كە تۆنەبیت، وجودی من شەوەزەنگە
سودی چیە لەبەرتیشكی خۆرەتاوبم

20/12/2009
kawa_kiwiny@yahoo.co.uk




گشتگیریی!.. شیعری: یۆوانا سکلەڤینیتی.. و: ئومێد قەرەنی

واژەکان وەل گشتگیرییەکان دەجەنگن *
ئەمن تامەزرۆی ڕابوونەوەم
لەو رێیەی ’پێداگریی’ وەبەرچاوانم تێپەڕین.
کات قۆشمە دەکا
ئەوان لە کاتژمێرە لمینەکان وێڵدەبن…
نێوەڕۆکە ڕووکەشەکان لە تۆزێم وەردەپێچن
ناونیشانە ڕواڵەتییەکان هەڵدەگێڕمەوە
هەمووی تێکڕا گشتگیرییە
چوارڕیانی ڕێکەوت یان جادووی خاپاندن؟
دەترسێم چیدی ئەو کیژە نەبینمەوە
وەسەر دەریادا دەڕۆیشت و گازی دەکردم
“دە وەرە، وەرە، هوون ژی دکارن” !
لە هیکڕا باران دەبارێ
یارۆیان دەبینم سەمادەکەن و سترانان دەچڕن
هاوڕێم، ئەوان بە دین و دەلوت دەزانن**
شمشێرەکەت لەبیرنەکەی
ئەگەر نیتە کوریکە سۆرەیێ بشەکێنەوە.
شەوەکان تەنیان
پڕن لە ڕاز و پاڕانەوە و پەرستن
ئازار گەمارۆتدەدا
روخساری رەنگ لەبەربڕا و دەمامکی دووڕوویی
مەگری چونکێ گشتگیرگەرایان خڕیان وێرانکرد
ئەو ماڵە هێشتا ڕۆناکە
درەختەکان باوەش بە ڕێبواراندا دەکەن
گۆڕەکان هاتنەگۆ
لێ ئەوانەی لە سەرەمەرگن نایژنەون
ڕاوی سێبەری خۆیان دەکەن
یان سێبەر ڕاویاندەکا !
با پیاسەیەک بکەین
دەمەوێ چاوزارێ لە لمدا وەشێرم
نهێنییەک لەمێژە سەرگەردانە
چاوەڕێی جەستەیەکە بیگرێتەخۆی…
ئەمن تامەزرۆی یەك ڕابوونەوەم
لێ ئەتۆ وە زوانێکی دیکە دەدوێی !

*وەل: لەگەڵ، دەگەڵ، پێڕا، پێکڕا، وێکڕا، پێکەوە
*دین و دەلو: شێت، کەسێک کە لە ڕووی دەروونییەوە کەموکورتی هەیە

و: ئومێد قەرەنی

یۆوانا سکڵەفینیتی: هۆزانڤان و شانۆکارە لە ساڵی ١٩٨١ لە لێفکادا لە یۆنان لەدایکبووە. تا ئێستا دوو کۆمەڵە هۆزانی هەیە: یەکەمیان ”مانگەکانی چێژ”، بڵاکراوەی (پنۆنی) ٢٠١٧، دووەمیشیان ”دوا شەوی پۆمپیاس”، بڵاوکراوەی (کیما) ٢٠٢٤. هەنووکە لە ئەسینا دەژی. بەشی شانۆی لە یۆنان و بەریتانیا خوێندوە.

  • وەل: لەگەڵ، دەگەڵ، پێڕا، پێکڕا، وێکڕا، پێکەوە..
    ** دین و دەلوو: شێت، دێوانە، ئەو کەسەی لە ڕووی دەروونییەوە کەموکوڕیی هەیە.



چه‌ند قه‌سیده‌یه‌كی خۆشه‌ویستی.. ئه‌نتۆنیۆ ماچادۆ(*).. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

بۆ خیومار

(1)
نه‌مزانی
ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستته‌
لیمۆیه‌كی زه‌رده‌
یا تاڵی هه‌تاوه‌ خیومار !
لێوه‌كانتم له‌ تاڵه‌ زێڕینه‌كاندا بیـنی
بۆم زه‌رده‌مسكه‌ ده‌بنه‌وه‌ ..

لێم پرسی چیم ده‌ده‌یێ
ئه‌و‌ ده‌مه‌ی ده‌سته‌كانت ‌له‌ میوه‌یه‌كی
بێستانی گه‌شاوه‌دا ده‌یچنن
یا ئێواره‌ وه‌خته‌ ئارامه‌ بۆشه‌كان؟
یا ون بوونی زێڕین ؟
یاخود ڕه‌نگه‌ ‌وێنه‌یه‌ك‌ بێ له‌ ئاوێكی وه‌ستاو
یان به‌ سووتانی چیایه‌ك بۆ ئه‌وی دی
زه‌رده‌ ده‌په‌ڕێ ؟

ئایا خۆشه‌ویستی،
تاڵی خۆرئاوایێ
له‌ ئاوێنه‌ ڕه‌نگپه‌ڕیوه‌كاندا ده‌شكێنێ ؟

(2)
خه‌ونم پێوه‌ دیتی خیومار
له‌ باخچه‌كه‌تدا بووی!
ڕووبارت به‌ ژێردا ده‌ڕۆیشتن
تۆ له‌و باخچه‌یه‌تدا بووی
كه‌ ڕۆژگارێكه‌
به‌ تامانی ئاسنینی سارده‌وه‌
ده‌وره‌ دراوه‌ ..
چۆله‌كه‌یه‌كم بینی ته‌نیا
به‌ نه‌رمی به‌‌سه‌ر دره‌ختی (ئالمیس)ـه‌وه‌
له‌ ده‌م ڕووباری پیرۆزه‌وه‌
كه‌ تینوویه‌تی و سه‌رچاوه‌ی تێدا
له‌ تینوویه‌تیان ده‌جریوێنێ ..
له‌و باخچه‌یه‌دا خیومار
باخێكی دی له‌ یه‌كگرتنی دڵه‌كانمان
له‌دایك ده‌بێ ..
كاتمان
له‌ ناویه‌كتردا ده‌توێنه‌وه‌
پێكه‌وه‌ هێشووی خه‌ون
له‌ قه‌ده‌حی بێگه‌ردماندا
ده‌گووشین
ئیتر چیرۆكی دووانه‌مان له‌بیر ده‌كه‌ین
یه‌كه‌میان
( له‌باره‌ی پیاو و ژنێك
كه‌ وه‌ك ئاسك و شێر وان
هاتوون پێكه‌وه‌ بخۆنه‌وه‌
ئه‌وی دی ده‌ڵێ :
خۆشه‌ویستی به‌ختیاوه‌ر نییه‌
دوو ته‌نیاییه‌ له‌ ته‌نیاییه‌كدا )

شاعیره‌كه‌ بیرت لێ ده‌كاته‌وه‌ خیومار !
ماوه‌ی به‌ینیشمان
له‌ لیمۆ و وه‌نه‌وشه‌یه‌
كێڵگه‌كان‌ هێشتا كه‌سكن
وه‌ره‌ له‌گه‌ڵم خیومار !
چیا له‌ هێللانه‌وه‌ به‌ره‌و لێڕی داربه‌ڕوان
قووتمان ده‌دا ..
ڕۆژ له‌ ڕۆیشتنیدا ماندوو ده‌بێ
شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئێمه‌ش ده‌ڕوا
بێده‌نگی له‌گه‌ڵ ڕۆژدا هه‌ڵده‌لووشێ
ڕیتم به‌ره‌و سێبه‌ر ده‌بزوێ و
( خوادامارا)یش
ڕه‌نگی زێڕینی ون ده‌كا
چوون شازاده و عاشقه‌كه‌ی
پێكه‌وه‌ هه‌ڵدێن و
مانگیش هه‌ناسه‌سوار به‌ دوایانه‌وه‌یه‌ ..

شه‌مه‌ننه‌فه‌ر بزر ده‌بێ
له‌ جه‌سته‌ی شاخ دا فیشكه‌ی دێ ..
خاك نه‌زۆك‌ و ئاسمان بڵیند
له‌ پشت چیای گرانێت و
پشت چیای بازڵت
ئه‌وه‌تا ده‌ریای دیماهی نه‌هاتوو
با پێكه‌وه‌ بڕۆین
ئه‌وه‌ ئازادی یه‌ .

(3)
له‌ فارغۆنی شه‌مه‌ننه‌فه‌ره‌كه‌وه‌ بۆت ده‌نووسم
له‌ كاتی ژووانی وه‌همیدا
كه‌ ته‌لان په‌لكه‌زێڕینه‌‌ له‌ بادا ده‌شكێنێ و
خه‌میشی به‌سه‌ر پشتی چیاوه‌ ده‌قه‌ڵشێ ..
خۆر و زه‌نگه‌كان له‌ قولله‌ كۆنه‌كانیانن
ئای له‌و بانگی شێوانه‌ هێمن و بژوێنه‌
ئای له‌و ئێواره‌ منداڵانه‌یه‌ی
شاعیره‌كه‌ت خۆشی‌ویست
ئای له‌و ڕۆژه‌ … ڕۆژی گه‌نجی
كاتێ جه‌سته‌یه‌ك بووم
له‌ ڕه‌نگی گوڵان له‌ كه‌ناریدا .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
() ئه‌نتۆنیۆ ماچادۆ ، شاعیری ئیسپانیایی 1875 له‌ ئه‌شبیلیا له‌ دایك بووه‌ ، 1903 یه‌كه‌م كۆشیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ قه‌ڵه‌مبازێك له‌ شیعری ئیسپانیایی له‌ قه‌ڵه‌م درا . له‌ 1898 كۆشیعری دووه‌می له‌ ئه‌نده‌لووس بڵاو ده‌كاته‌وه‌ ده‌گووترێ به‌ شاعیرانی ئه‌ندلووسه‌وه‌ كاریگه‌ر بووه‌ ، هه‌روه‌ها به‌( ئیبنی عه‌ره‌بی) . (*) له‌ ماڵپه‌ڕی (دیوان العرب)ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی.




شەهیدێک.. نەوشیروان ئازاد

لەسەرشاشەی
تی ڤی یەکی ڕووڕەش…
یادی شەهیدیک کرایەوە
چوار یەکانەی زل و درۆزن
باسی جوانی وەفاو
خۆشەویستیان بۆی دەکرد
چەند کۆڕو سیمیناریان
بۆساز کرد
چەند قارەمان ناویان دەبرد ،،
بەڵام داخم …
لەپێش دەرکی مزگەوتێکا
خێزانەکەی سواڵی دەکرد
کاتێ خۆیشی بۆ ئەم خاکە
شەهید کرا…
لەگیرفانیا ..
تەنیا دوو هەزاریان دەرکرد

نەوشیروان ئازاد
سلێمانی..
نیشتمانی عەشق وجوانی




تۆ و من.. شیعری نەوزاد بەندی

تۆ
ئەو بەردەی خاڵیی لە دڵ،
تۆ ئەو دڵەی پڕ پڕ لە بەرد ..
تا کەی ئەوەندە تینووین
بە خوێنی یەکتر ؟
تۆ ئەو گوڵەی خاڵیی لە ڕەنگ و بۆن..
تۆ ئەو ڕەنگ و بۆنەی خاڵیی لە گوڵ ..
تا کەی ئەوەندە برسین
بۆ گلانی یەکتر ؟
تۆ ئەو بەرپرسەی خاڵیی لە یاسا..
تۆ ئەو یاسایەی خاڵیی لە بەرپرسیاریی ..
من ئەو فیشەکی موختارکوژەی دەنگیشم نایەت
من ئەو دەنگەی فیشەکی موختارکوژیش لێم ناترسێ..
تاکەی ئەوەندە ئەترسین بمرین؟
تا کەی یەکپارچە برین بە ناوی ژیانەوە هەڵئەگرین ؟
من ئەو بوونەوەرەی تەنها قسە ئەکەم
من ئەو قسەیەی کە قەت ناتوانم بیکەم ..
تا کەی ملوانکەی ژەهراویی ئەکەینە ملی یەکتر ؟
تا کەی ملی یەکتر ئەکەینە پەت و ڕائەکەین بۆ باوەشی دوژمنی ژەهراویتر لە ژەهر ؟
من کە کۆیلەییم لێ بووە بە خۆشگوزەرانیی ..
من کە خۆشگوزەرانیی جیانەکەمەوە لە ماڵوێرانیی ..
تا کەی لە ڕۆشنبیری تازە ئەترسین ؟
تا کەی عاشقی پارچەیەک کورسین؟
تاکەی لە سەری ساڵانەوە،
بچینەوە سەر مێزی گفت وگۆ ؟
ئەرێ
کەی ئەبین بە بەشەر من و تۆ ؟
شتی تریش ….




سپێدە.. شیعری نەوشیروان ئازاد

گەر سپێدەیەک
بەسەرباڵی سیمرخێکەوە…
فڕیم …
فڕیم بەرەو کەنارەکانی عەدەم .
فڕیم …..
بەرەوە ئەودیوی تارماییەکان
بەرەوناخی …..
پڕلە ئاهی ئەو دەڕۆزانەی ….
سنگی شەقام و ترافیکەکان شەق دەکەن …
مەگرە لێم
ئەی نیشتمان ..
چونکە منیش بەدرێژایی تەمەنم وەک زاڕۆڵێکی شڕو هوڕی ،
پێ پەتی ،
سواڵی ژیری و
ئاسودەیی ،
لەدەیجوری ئایەندەدا ،
سوسەیەکی هیوادەکەم …
بەڵام ئاخ…..
ئەی نیشتمان..
تەمەن ڕۆیی و کەچی من هەر مایەپوچم …
مایە پوچم و هیچم دەست ناکەوێ
…….
من مەلەوانێکی کارامەبوم ….
بەڵام ببورەلێم
لەگۆمەلێخنەکەی ئەم بستۆکە زەویەی خۆمدا …نەمتوانی گەوهەری ئەوینە پاکەکە بدۆزمەوە.
ئەزانی بۆ…؟
چونکە بەرلەمن ….
بردیان …
بویە …شیرینەکەم …
بەدوای گەوهەری دزراوا مەگەڕێ
ناخی زەوی هەڵ مەکۆڵە
بۆ ئەوین و
بۆجوانی و
بۆزێڕی قەترانی مەگەڕێ …
دەبێ فێربین بۆ لەمەولا
بەدوای ئاوەز و
بەدوای ژیــــری و
بەدوای عەقڵی وون بودا بگەڕێین

نەوشیروان ئازاد
سلێمانی 27/6/2018




دواتر وەرە.. شیعری شەهلا نوری

هێشتان ئامادە نیم
دواتر وەرەوە و
لەدەرگای دڵی ژەنگاویم
کەس ناپەڕێتەوە..
جەستەم لەژێر باری سۆزنەداران ڕاهاتووە
هەستی نوێم لە ساتە وەختێکدا
ڕۆژی شکاندووە
دەمارگیری دڵ تەنگیمە
ڕوحم گیرۆدەی بووە
من خۆرێکی سوتاوم
سێبەری فێنکم لێ داخ بووە
دواتر وەرەوە
تا دەبارێت بارانی ڕەحمەت
خۆێ دەشواتەوە ،
خۆڵ فێنک دەکات و
چەتر بەدەستان شاد دەبنەوە
دەنکە باران کۆدەکەنەوە
من خێراتر لە ئاساییدا
بەدوای خۆمدا ڕادەکەم
شەمعی دەستم ئەمشەو
پەنجەی شایدمانی ئێشقی لێم سوتاندوە
ڕێم لێ گوم کردووە
ئەو ناوانەی هەڵمبژاردوون
هەمویم لێ ون بووە
تاریکە سەڵایە ،
نایدۆزمەوە
وەک گوڵێکی هەتیوو
لە سەر پردی سیڕات
منیان جێهێشتوە

شەهلا نوری




په‌یام.. شیعری ستار ئەحمەد

كوردستانم من واهاتووم
بۆنی ده‌ربه‌ندو سه‌ر گه‌ڵووم
له‌ گڕی كه‌ركوك خواستووه‌
تارای خوینی سه‌دان شه‌هید
له‌ باڵای ساوای هۆنراوه‌م
یه‌كاڵای خه‌می چه‌وساوه‌ی
میلله‌تی چیای كردووه‌
وشه‌م خوێنه‌ زامی مه‌ولاناو
نالی خاك‌و خۆڵی ژانه‌
پێنووسه‌كه‌م په‌پووله‌زای خانی شیعره‌و
تابلۆی هه‌زاران كۆڵنه‌ده‌ری
ئێسك‌و خوێنی قه‌ندیل‌و گردی سه‌یوانه‌
به‌سته‌ی هه‌وری سپی شێخی گه‌وره‌و
مێژووی كوردو كوردستانه‌
په‌یامی باوه‌نورو
مه‌شخه‌ڵی جه‌وه‌ڵبۆره‌كه‌ی
شاری بڵێسه‌ی ره‌نجده‌رم هه‌ڵگرتووه‌
وشه‌م زاری نه‌وه‌ی نوێیه‌
شیعره‌كانم گڕكانی مافداره‌
به‌سته‌كانم نركه‌ی ناڵه‌ی كرێكاره‌
سه‌رده‌مێكه‌ ده‌ستم له‌ خۆم شوشتووه‌
زه‌مانێكه‌ شیعر دڵم داخ ده‌كا
گۆرانی لانكی كوردستانم نیشان ده‌دا
من باوه‌ڕی میلله‌تێكم
مه‌رگ له‌ بوونی ده‌ترسێ
سه‌مای بارێژه‌ ته‌رزه‌یه‌
كۆرپه‌ی ئه‌نفاله‌كانمان راده‌مووسێ
ده‌ستێكم پێنووسی هه‌ڵگرتووه‌
ئه‌وی دیكه‌م هه‌ڵاڵه‌و نێرگزی
له‌په‌ڕه‌ی سۆزیا ناشتووه‌
كوردستانم من واهاتووم
بارگه‌ی خه‌مم له‌ كۆڵناوه‌
بۆ میلله‌تێك دایكی چیایه‌و
كزه‌ی جه‌رگی لانكی ره‌هێڵه‌و هه‌تاوه‌

ستار ئەحمەد




خەیالت كردووم بەلانە.. كاوەی خەسرەوكاوانی

خەیالت كردووم بەلانە
نیە ساتێ سنوورەكەی
تێكبشكێنی و جێ ی بهێڵی…
باڵەفڕەت تەنیالەسەر
ئاسمانی ئەم دڵەی منەو
رۆحم بە عیشقت دەكێڵی…
تۆئەی خەمە شیرینەكەم
ئەی ئەوكەسەی
لەناوخۆتا من وون دەكەی
لەناو خۆما دەتگرمەخۆ…
ئەی ئەوكەسەی
مێژووی ژینم دەنووسیەوەو
گیانم ئاوێتەیە بەتۆ…
ئەتۆفرمێسكی زیوینی
وەكو دەریا چۆن ووشكایی داپۆشیووە
ئەشكت چاوان دادەتەنێ…
تۆختووكەی ساتە كپ و ساردەكانمی
رەنگ دەدەیتە بێ رەنگیم و
رۆحم بەتۆ پێ دەكەنێ .

14/2/2009
kawa_kiwiny@yahoo.co.uk

كاوەی خەسرەوكاوانی




فرمێسكێ له‌ گوزه‌رگای مێـژوودا.. فره‌یدوونی موشیری.. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌و ڕۆژه‌ی
ده‌ستی حه‌زره‌تی (قابیل)
له‌ خوێنی حه‌زره‌تی (هابیل)دا سوور بوو..
له‌و ڕۆژه‌ی مناڵه‌كانی (ئاده‌م)
كاكڵی پڕ له‌ ئیمانی خوا
ژاری تاڵی دژمنایه‌تی
له‌ خوێن جۆشاندن
گه‌رچی (ئاده‌م)یش زیندوو بوو
ئاده‌مییه‌ت مرد.

له‌و ڕۆژه‌یدا (یوسف)
به‌ ده‌ستی براكانییه‌وه‌ خرایه‌ بیر
له‌و ڕۆژه‌ی به‌ شه‌ق و خوێن
شووره‌ی (چیـن)یان چێ كرد
ئینسانییه‌ت مردبوو..

له‌ دوایشدا،
دونیا پڕ بوو له‌ ئینسان و
ئه‌و ئاشه‌یش هه‌ر گه‌ڕا و گه‌ڕا
چه‌ندین سه‌ده‌
به‌سه‌ر مه‌رگی (ئاده‌م) تێپه‌ڕی
به‌ داخه‌وه‌
ئاده‌مییه‌ت نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ ..

ئه‌م چه‌رخه‌ی ئێمه‌
ڕۆژگاری مه‌رگی ئینسانییه‌ته‌
سنگی دونیا
له‌ چاكه‌كاری خاڵییه
باسكردنی
ئازادی ،پاكی، مروه‌ت، شێتییه‌
باسكردنی
مووسا، عیسا، محه‌مه‌د نابه‌جێیه‌
ئا ئه‌م چه‌رخه‌ی ئێمه‌
چه‌رخی تیخێكی ئه‌ستووره‌.

من له‌ سیس بوونی چڵێ گوڵ
له‌ نیگای كپی مناڵێ بیمار
له‌ هاواری مه‌لێكی ناو قه‌فه‌س
له‌ خه‌می مرۆڤێكی له‌ زنجیردا سندمكراو
تا وه‌ختێ
جه‌للاده‌كه‌ی لێی ده‌گه‌ڕێ
فرمێسك له‌ چاو و
كینه‌م له‌ گه‌روودا ماوه‌
به‌ درێژایی ڕۆژگار،
ژارم له‌ پیاڵه‌ و ژاری ماریش له‌ گۆزه‌
به‌ مه‌رگی ئه‌و
چۆن باوه‌ر بكه‌م ؟

قسه‌ له‌ سه‌ر سیس بوونی گه‌ڵایێ نییه‌
وای ، ئه‌وه‌ دارستانان ده‌كه‌نه‌ بیابان
ده‌ستی خوێنمژان
له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكی ده‌شارنه‌وه‌..
هیچ گیاندارێ
به‌ گیاندارێكی دی ڕه‌وا نابینێ
ئه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌ردانه‌
به‌ گیانی مرۆڤی ده‌كه‌ن..

قسه‌ له‌سه‌ر سیسبوونی گه‌ڵایێ نییه‌
وای دابنێ
مه‌رگی مه‌لێكی ناو قه‌فه‌س
مه‌رگ نییه‌
وای دابنێ
چڵه‌ گوڵێ له‌م جیهانه‌ شین نه‌بووه‌
وای دابنێ
دارستانه‌كان
له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌

بیابانی وشك و برنگ بوون..
له‌ ناو ئه‌و مرۆیانه‌ی،
به‌رگه‌ی هه‌موو
كاره‌ساتێكیان گرتووه‌
قسه‌ له‌سه‌ر
مه‌رگی خۆشه‌ویستییه‌
مه‌رگی عه‌شق
گفتوگۆ له‌سه‌ر مه‌رگی ئینسانییه‌ته‌.

() فره‌یدوونی موشیری یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ڵگرانی شیعری نوێی فارسی ، تا ئێستا چه‌ندان كۆشیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ . (*) له‌ كتێبی( راهیان شعر امروز) كۆكردنه‌وه‌ی داریوش شاهین كراوه‌ به‌ كوردی.




ژوانی ڕەش.. نەوشیروان ئازاد


لێم ببورە ،
هەڵەبجەی جوان ..
ئەمساڵ ئیتر نایەمەژووان ..
خونچەی شیعر
لەشانزەی سێ
نادەم لەزولفی کیژی جوان
نایکەمە تاجەگوڵینە ،
بۆسەر مەزاری عاشقان
سی و پێنج ساڵە..
لەشانزەی سێ
هەموساڵێ
شیعرێکی نوێ دێتەبوون ،
بۆئازاری تۆ دەناڵێ ..
ئیتر بەسەبۆتۆسوتان
نەکەس هەتوانێکی کردی و،
نەبەرپرسێ مەشخەڵێکی بۆت داگیرسان
ڕویان ڕەش بێ ئەوانەی وا
سی و پێنج ساڵەوەک زەریا لوش
خوێنی جەستەی شەکەتباری تۆ دەنوشن …
چەن بێ شەرمن …
لەسەر مێزی دانوستاندا…
شەهید بونی تۆدەفرۆشن
بەقەد خۆێنی شەهیدانت ،
هێندەی ژانی پڕئازاری ،
دواهەناسەی ،
ئالودەبوی …کۆرپەکانت ..
تف و نەفرەت …بۆئەوانەی..
تویان ڕەنجان …
لەژیان ..و ،
لەشۆرش و بەرخۆدانت

نەوشیروان ئازاد




خەیاڵی خاڵی.. شیعری شاهۆ حوسێنی

جار و بارە
دڵی پڕم
مەیل و ساماڵ
شەوقی فڕین هەڵی دەگرێ و
روو لە شەوقی
شەبەقی گڵۆپی نیگات
شێتانە باڵی لێک ئەدا
هەڵدەفڕێت و هەلدەفڕێت و
حەزی لێیە
تا کۆتایی هەڵفڕین هەر باڵ لێ بدات
بەڵام دڵی شێتەم
قەت نازانێت
ئەم نیگایەت
ئەم گڵۆپە نوورانیە
زەریایەکی قوڵی مەندە
تەندووراوێکی دڵ‌ڕەقە
هەر چی بەلایدا تێپەڕێت
دەیخنکێنێت
جار و بارە
پەپوولەی دڵ
هەڵوەدای شەبەقی
گڕی مۆمی بزەت دەبێ
حەزی لێیە تەواقفی ئەم لێوە بکات
بەڵام ئەم شێتۆکە قەت نازانێ
هەرچی بەلای
ئەم گڕەدا تێدەپەڕێت
گڕ دەگرێت و
دەیسووتێنێت




ئەی كیشوەرە وون بووەكەم.. كاوەی خەسرەوكاوانی

ئێستا تۆ لە كیشوەرێكی وون بوو دەچی
منیش بۆمەتە كۆلۆمپس و
بۆدۆزینەوەی تۆ شێتم…
من لەحاتەم بەخشندەتر
ئەو ماڵی دا، من من بەرۆح و ژین لە رێتم…
كوانێ ناڵی بۆحەبیبەی هێند وێڵ بووە
ئەوە نیە جارێكی تر تۆخۆت كردووە بەزین و
عیشقت ناوی ناوم بەمەم…
ئەوە نیە دێوانەتر لە دێوانەم
زۆربێ ئۆقرە ترم بۆ شەم…
ئەی كیشوەرە وون بووەكەم
ئەگەرهاتوو بتدۆزمەوە چی شاینتەو
كام ووشە بكەمە ناوت…؟
چی بكەمەقوربانی تۆو
چی سەرببڕم لەژێرپێ ی تیشكی دووچاوت…؟
ئەگەرهاتووماندو و شەكەت گەڕایتەوە ئەم هەوارە
دەرگای دڵم كراوەیە…
تۆئاواز و ئەو گورانی یە نەوتراوەی
خۆشەویستیت ووشەكانی ناسكترین هۆنراوەیە…
28/3/2010
kawa_kiwiny@yahoo.co.uk




سەوداسەر.. شیعری شەهلا نوری

وڵاتی کژو و هەوای…
خۆش نەغمەی نێژراو
لەدەنگتدا جنراوە
نوزەی نزا و زار
دەمێ بێ بارانی !
وشک دەکا فەزای دڵ
دەمێک هەڵمی
گەرم و تەڕت
ئاو لەئاسمان دەبەست
بێ زەینی
تەزرەت گەڵا و گوڵ دەشکێنێ..
زار تێدەپەڕێ بەلەز و لەرزەی بای توند
زارت لەدڵ هەستی هەزار هژارە
هێمای دەرکەوتنت خێرایی هەسارە زارە….
گڕ مەگرە زەمانی گڕبوونی دڵ گەرمە
گۆڵ مەسوتێنە
جەنگەی بەهارە
گوم بوو دەرزیلەی زنجیر سوڕەت لە مل
یان گەمەی گەردونە
لەگەروومە ،
دیارە
سەدای تەرقە و قوانەی پارە ،
پرشی گەمەی ئاگرینی نوێ ئەمساڵە
دمێ بۆی خۆشت وەنەوشە ،
پەسند تەراوە
دەمێک زیخ لە چەمەن ڕەنجاوە ، ئاو لەسەقا گیراوە ،
پێموایە
شەکرە نەبات تۆراوە
دەمێ وون بووە کەند و لەند…
شا کە بەتەبا یە
زەنوێر و زەمەند
دەبێن
گوڵ لەقەد کێوا کراوە
وەسڵی یار سەروەر ،غەوارە
ئیشتیا بە خەیاڵە

شەهلا نوری




پێش حزوری نیگاكانت.. كاوەی خەسرەوكاوانی

پێش ئەو ساتەی بگەم بە حزورە نیگات
هەزارویەك بیروخەیاڵ بە مێشكما دێ …
كە گەیشتم بەدیدارت
وەكو منداڵی بێ زمان
شتەكانم بیردەچنەوەو
هەرچی هەیە بەلادادێ …
پێش ئەوساتەی بگەم بەتۆ
پاڵەوانی فلیمێكم ئازاودلێر
لەمانای ترس نازانم…
كە گەیشتم بەدیدارت
مووچڕكێك گیان دادەگرێ و
ئەژنۆم دەكەوتە لەرزین و
تەتەڵە دەكات زمانم …
من لەگەورەترین جەنگ دا
دێوەزمەی ترسی مردنم راوناوە…
كەچی ئەی شۆخ بە گومانم
ئەم سامەی خۆت
لەكام زەمەنا هێناوە…
13/4/2010 kawa_kiwiny@yahoo.co.uk




شیعرێكی دی له ‌شاعیر (محه‌مه‌د قلینی)(*) یه‌وه‌.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
من ناوم محه‌مه‌د قلینی یه‌
شیعر ده‌نووسم
له‌ كۆمپانیایه‌كی جل و به‌رگیش كار ده‌كه‌م
هه‌ر دوو ئیش دژ به‌ یه‌ك نین
ئه‌وه‌تانێ كۆگه‌یه‌كی گه‌وره‌
كراسی هاورده‌ی تیا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كه‌م
خه‌ڵكی هه‌ڵپه‌یانه‌ بۆ كڕینیان..
ئه‌وه‌ش دڵێكی گه‌وره‌تر
قه‌سیده‌ی لێ دا ده‌كه‌م
كڕیارێكی نییه‌‌.

(2)
ژنه‌كه‌م ده‌ڵێ: ماڵه‌كه‌مان زۆر كۆنه‌ ‌
ژووری مناڵان
جێی دوو پێخه‌وی بچووكی لێ نابێته‌وه‌..
هاتم به‌یته‌ شیعرێكم نووسی
به‌ داڵانێكی فراوانه‌وه‌
ئینجا
ده‌ستم ڕاهێشت و وتم:
(ده‌توانین ئه‌مشه‌و لێره‌ بنووین)

(3)
هه‌میشه‌ داو و ده‌رزیم پێیه‌
تا هه‌ر وه‌ختێ دڵم
شیعرێكی لێ دێته‌ ده‌رێ
پێی بدروومه‌وه‌.
ورگی بچووكم
ڕێگه‌م لێ ناگرێ
تێكه‌ڵ به‌ خه‌ڵكی بم..
ته‌نێ شاعیران زۆری به‌سه‌ردا ده‌ڵێن
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی
به‌ هۆی هه‌ڵلووشینی شیعره‌ قه‌ڵه‌وه‌كانی ئه‌وان
په‌یدا بووه‌ ..

(4)
لووله‌ی تفه‌نگه‌كانتان له‌ من بكه‌ن
په‌نجه‌ به‌ په‌لاپیتكه‌وه‌ بنێن
هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دا
مۆسیقا
له‌ خوێنبه‌ره‌كانمه‌وه‌ ده‌رده‌په‌ڕێ‌
بڕوا به‌وه‌ مه‌كه‌ن
شاعیرێك
به‌و مۆده‌ كۆنباوانه بمرێ ..
جارێكیان دزێك
هه‌وڵی دا
چه‌قۆیه‌ك له‌ سنگم بدا
كه‌س بڕوا ناكا
ئه‌و دزه‌
بوو به‌ سترانبێژێكی مه‌زن
منیش باوه‌ڕم نه‌كرد
كه‌ بینیم
هه‌موو گۆرانییه‌كانی (عبدالحلیم)
كۆ ده‌كاته‌وه‌
كه‌ له‌به‌ر دڵم ڕۆیشتوون
به‌ بایه‌خه‌وه‌
گه‌رووی زبری لێ پڕ ده‌كا..
بڕوام پێ بكه‌ن
شاعیرێكی وه‌ك من
قه‌ت نامرێ
ته‌نیا له‌و كاته‌دا نه‌بێ
قه‌سیده‌یه‌كی خراپ ده‌نووسێ.

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

——————————-

() محمد القلینی شاعیرێكی میسرییه‌ ساڵی 1983 له‌ دایك بووه‌ كۆلیژی – ماف‌ -ی له‌ زانكۆی ته‌نتا ته‌واو كردووه‌ ، تا ئێستا دوو كۆشیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ ، چه‌ند خه‌ڵاتێكی بردووه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ : خه‌ڵاتی ( اخبار الادب و پیشانگای نێوده‌وڵه‌تیی كتێب له‌ قاهیره‌ و خه‌ڵاتی شاعیر محمد عه‌فیفی مه‌ته‌ڕ. (*) له‌ ماڵپه‌ڕی ( الیوم السابع)ـه‌وه‌ 22ی شوباتی 2025 كراوه‌ به‌ كوردی.




هێدیبە.. شیعری شەهلا نوری

هێدیبە…..
سەفەرمەکە
ئاواتمان هێشتان لەژێر گرێی جادوو ڕاخراون
نە لە ئایین و نە لە زانستدا باون
لە دڵەڕاوکێن
لە ڕاوەڕاون
پێکەوە لە تەک خەونمان داپۆشراون ، زیندە بەچاڵ فڕێدراون
لەسەر تاوانباری کات
بڕێکیان لەژێرخۆڵن
ئەنفال کراون
ئێمە هێشتان
باخی عیشق و خۆشەویستیمان خۆشدەوێت،
هیوامان زۆر و باڵندەکان
دەنگەشەی ئاهەنگمان بۆ بنێرن ،
فالانتاین بگێڕین و
سەمای مەستانە ببەستن
ڕۆژی بەیان شادبکەین و
باخچەی دڵان تەڕتەڕ دەکەین
هێدی بە…
وەک گۆرانی کۆن
لەسەردەمی ئەمێستاکە خۆشم دەوێی
تۆی کۆتری دەوری حەڕەم
دوور لە ئاپۆرا
تەنها تەوافی تۆم دەوێ
هێدی بە….
تۆ ئۆغر بکەیت
شیعر و پەخشان
وڕک دەگرن !
دەفتەری شیعرم دەشێوێ
قەڵەم
دەشکێ ،
فەرهەنگ دەدڕێ
وەک کۆرپەڵەیەکی ساوا
خۆ دەدوێنن
ئۆقرە ناگرن ،
یەخە بەرنادەن ناسرەون
دڵ داگیر دەکەن
دێن و دەچەن
جێی تۆ دەگرن

شەهلا نوری




کازیوەیەک لە خوێنی ئاڵ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

( ١)
بە بینینی دەریاچەی خوێنینی کازیوە
خۆم لە بیرکرد
چی بێئۆقرەیەک دڵم ئەبات
بە درێژایی کەنارێک لە چۆڵیا
تێر گریام، لە دوورەوە
زرنگە زرنگی کڵێساکان
کۆترە تەنیا بێ جێگەکانی تەرە کرد
مانگ هێشتا
فرمێێسکێکی زیویی بە چاوەوە بوو
زانیم دەبێ زۆرتر بڕۆم
بەرەو بریسکەی ئەو پلیکانەی، دەگەنە
چرا درەوشاوەکانی ئەو هەورانەی
بە رۆشتنی پەریەک دڵی شکا
(٢)
ترسم لە نەهاتنی پایزێکی ترە..و
لە نێو گیا سەوزە تەڕەکانا
گیانم دەرچێ
لێویشم هێشتا پڕ بێ
لە چرۆی ئاڵی شیعر

(٣)
غەمناکە شەقام ، ئێستا، سەرم
بەرزئەکەمەوە، دەشێ
پەرژینی درێژکراوەی
کەنار دەریا بە تەلیسمی
سەوز و
پەمەیی دەورە درابن، ئەوانە
پەرژینی فرمێسکی
نامۆییمن، کێلگە دوورەکانی غوربەت، کە هەر
نایگەمێ و دڵ دەڵێ
هەر هەنگاو بنێ
هەر دەیگەیتێ

(٤)

لە خۆم دەپرسم، چەند جاری تر دەتوانی
بە سەمەرەیی
بە کۆڵانە تاریکە خەوتوەکانا تێپەڕی
بێ ترسی کەوتنە نێو زەلکاوی
بیرەوەری ژەهرینی شارێک نغرۆ
دەرکپێکردن بەوەی
کە هەرگیز لێرە نامێنم، خۆشبەختیشە
بەوەی کە کاتیە بوون
جێگاکانیش ، دەربەندی پڕ حەسرەتن
هاتن و چونیش
یاریەکی غەمگینە
لە نێوان کابووسی گەورەبوون و
هەڵهاتنی کەم تەمەنی
خۆری منداڵیەکی رەوشەن




لەنیوان من و تۆدا خاک حاکمە.. شیعری شاهۆ حوسێنی

دارهەناری
تازێی من
هەناری کەسکی چرۆ کردوە
کەسکاوێکی لە هەناودا
ئەو پشتێنەی
لە پشتما دەبەست و
ئەو ئاغابانۆە کەسکەی
لەسەرم دەنا
ئێستا دەست لەملی
ئەم هەنارە تام کەسکانەن
سەیزادەیەک
دەسرۆکێکی کەسکی پێیە و
مەجۆعمەی شینم دەگێڕێت
لەژوور سەری گۆڕەکەما
کێلێکی کەسک
هەتا نیوقەد
بەعەشقی کۆچما
لەخاکا ڕۆچوە
شاعریکی سەر کەسکی
عەبایەکی کەسکی لەبەر دایە
تەوافی خەوفی خەفەتم دەکا
زیکری شێعر و
فاتیحایەک لە مەسنەوی
پێشکەشی ڕەوانی ناشادی من دەکا
سەرم لەسەر ڕانی گۆڕێچەمە و
هەم دەبینم
هەم دەبیسم
هەستیش بە هەموو هەستێک دەکەم و
نە زمانم دەگڕێت و
نە چاوم و
نە توانای هەستانم لە هەستایە
لەنێوانی من و تۆدا
خاک حاکمە
خاک دیوارە
خاک زیندانە
نە دەنگی منت پێ دەگا و
نە مەیلی تۆش
بەمن دەگا




خەڵوەتێک لە نێو گەردیلەکانی ڕووناکیدا.. شیعری کنێر حەسەن

مۆمێك ،ڕەنگ دەبارێنێتە نێو تاریکی،
دەنگێک، لە شێوەی هاواری ژەنینێکی خەمبار، لە ئامێرێکی موزیکدا دەکەوێ.
ڕووناکی لە نێوخانوویەکی قوڕیندا، بیرم دێنێتەوە، کە چرایەک لەوێدا داگیرسابوو.
کات، هەموو ڕووداوەکان، دێنێ و دەبا،
داهاتوو، چەند نادیارو دیار، لە ئێستادا دەڕوێ و شێتانە لێرەدەبێ.
لە دەرگای دەرەوە، زەنگێک هەڵدەستێ، بەڕاکردن بەرەو ئەوێ دەچم ،
تا دەگەمە دەرگا، کات پێش من دەکەوێت، کەس لەوێ نەماوە،
دەرگا ناکەمەوە، دایکم، لەوێدا لەگەڵ تارماییەک دەدوێ.
کات وەک رەشەبا، لێرە وە هەڵدەکات.
هەموومان راپێچ دەکات و من لێرەوە ون دەبم، بۆ گەڕانەوە،
لەسەیری هەڵدێری بەسەرچووندا دانیشتووم و
نائاگاییم خوێنی زامەکانم خەستتر دەکات.
لە نێو دەستەکانی ئاگاییمدا، لە سەماییەکی بێکۆتایی، لە ئاسۆییەکی سەوزباودا،
دەنگێک شارەجوانەکانی ئاوەدانیم ڕووناک دەکاتەوە.
وێران نابێت ڕابردوو، لە نێودڵدا ماڵێکی بۆ سازدەکەم،
هەموو وێنەکان ، لە ئەلبوومی دیوارەکانی هەڵدەواسم.
گشت ئەمانە لێرەن و، من دەچم دەرگا بکەمەوە، کات وەک رەشەبا پێش من دەکەوێ..
چەند بێهێزە بەسەرچوون، لە نێو ساڵ و مانگەکاندا،
کاتێک مرۆڤ ون دەکات وخۆی نازانێ،
ئێمە لە ماڵە پەنهاکانی دڵماندا حەشارمان داون.
برینێک خوێن دەبارێنێ،
زامێک لەسەر دەستی چەپم بەرەو پێدەشتی دڵ دەکشێ.
چارەسەرێکیش نییە، دەستی راستم ، دەخەمە سەر سوورایی خوێن،
وادەزانم، سووری گوڵاڵە ی بەهارەو، بەروویدا بەئارامی پێدەکەنم.
چارەسەری ترم نییە ، خوێنبەربوون، بە پانتایی دەستەکانم،
بەجوانی بوون لە ئێستا دا سارێژدەکەم.

سیحری ئازاری یادگاری و نوشتە و جادووی بەسەرچوونیش بێڕەنگتر بوون،
کاتێ ئێستا بە ئەسپایی کشا بەرەو هەواری من.
لە پیاسەیەکی ئارامدا لە نێودارستانێکی چر، بەڵێنماندا، نەگەرێینەوە بۆ دواوە.
کاتێ داهاتوو دەبارێ من دەستی گەردیلەکانی ئێستام دەگرم،
خۆی ونیگەرانییەکانی لە ژێرتینی تیشکی هەتاوی ئێستادا
وەک و هەڵم بەرەو ئاسمان بەرزدەفڕێ،
من عاشقی جوانییەکانی هەڵفرینی ئارامی رەوتی خۆی دەکات .
من لە ئێستادا، بۆ ئەوێ، بۆ پشوێک لە ژێر تیشکی خۆرباراندا،
بۆ سەمایەک لەنێو دڵۆپی باراندا،
بۆئەوێ و ون بوون لە خۆمدا، بۆ تەنیایی لە نێو خەندە و دەنگ و ئاپۆرای مرۆڤدا.
دەگەڕێمەوە سەرمەزاری پیرۆزی تۆ،بێدەنگی خاکی گۆڕەکەت، میهرەبانەو دەمدوێنێ.
بە چاوە داخراوەکانم، هە موو دونیام لە یەک چرکە پیشان دەدەی،
دەگەرێمەوە و دووبارە، جیهانێک بۆ تاریکی لە دڵمدا بنیات دەنێی،
جیهان کارگەو، کەرەستەی خاوە تاریکی، رۆشنایی بەرهەم دەهەنێێت.
لێرەدا من لەگەڵ خۆمدا ئاشت دەبمەوە.
لێرەوە خۆشەویستی دەستم دەگرێت،
هەتاو دێت و وەک منداڵێک بە هێوری دەچرپێنێ،
هەتاو دەڵێ، لەبوونەوەرەکانی خودا جوانی هەیە.
دووبارە، بەهەتاو دەڵێم: “لەروحی ماندووی مرۆڤدا، تۆدەبینم
لە لەگیانی بێئومێدیدا، خەم وکینە”
بێزاربووم من، لە دڵرەنجان لە بوونەوەرە دڵشکاو و توڕەکاندا،
جێگای بەزەییە مرۆڤ لەتاریکی.
بەختەوەری لە ئێستادا لە ژێر ڕۆشنایی بەسەرچوون ،
من دەگەیەنێ بەژوانێک لە گەڵ عەشقی داهاتوومدا .

01.2025




لە دوا دواییەکاندا.. شیعری نەوزاد بەندی

بەناو کۆڵانێکا ئەڕۆم ،
تۆی لێ بی و ..
تۆیشی لێ نەبی ..
ئاخر چونکە لە خۆم زیاتر ،
کەسی ترم پێ کۆڵ ناکرێ ..
ئەچمە غەزەلنووس ،
حەز ئەکەم تۆی لێ بی و ..
تۆیشی لێ نەبی ..
لە وێستگەی پاس ، کە نیمانە ..
له بەردەم ئاپۆڕەی گەشتیار ،
لە کەنار دەریا ..
لە بەردەم شەمەنەفەر ،
کە نیمانە ..
حەز ئەکەم تۆی لێ بی و
لەوێیش نەبی ..
ئەو عومره ڕۆی
کە ئەمووت :
( ڕۆژێک وەرە من لەوێم
یان تۆ لەوێ بە ، من دێم )

٭ ٭ ٭

بەیانی زوو ..
هەورێکی بەفراویی ،
ڕێی لێ تێک ئەچێ و ..
دێتە خاکی براکوژی و ..
خۆی تیا بەتاڵ ئەکاتەوە ..
دێمە دەرێ ..
وەک لە ماڵێکی غەریب بم ،
به شەرمەوە
تەماشای بەفر ئەکەم و ..
لە ڕووم نایەت
تۆپەڵێکی لێ هەڵگرم ..
ئەو عومرە ڕۆی ،
کە ئەمووت :
شەڕەتۆپەڵ خۆی هاتووە ،
دێی یان من بێم ؟
بڵێی لەگەڵ شەڕه تۆپەڵ ،
لە هەر کوێ بن ،
منیش لەوێم …

٭ ٭ ٭

وەک کۆتایی دراماکان ،
ئەکتەرەکان ماندوو بوون و ..
هەنگاو ئەنێن بێ ڕێ بڕین ..
قسە ئەکەن بێ دەربڕین ..
لەگەڵ یەکترن بێ بینین ..
حەز ئەکەم لە سەمونخانە ،
کە زۆرمان هەن ،
بتبینم و نەیشتبینم ..
لە چێشتخانە و دەرمانخانە و
تەلاری پزیشکیی و تاوەر ،
کە زۆرمان هەن ..
حەز ئەکەم تۆ بی و
تۆیش نەبی ..
ئاخر پڕ بووم و لێم ئەڕژێ ..
لە تەنیشت ڕۆژەکانمەوە ،
ئەڕۆم و ..
هانکە هانکێکیشم گوێ لێیه ،
ڕەنگە مردن بێ ، بێ قەسەب ،
خوێنم بمژێ ..




چی ئەفسونێکە.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

کەسێک کوا باکی بە نەفرەتی هەتا هەتاییە
گەر بۆ ساتێکیش ،
هەستی بە خۆشبەختیەکی ئەبەدی کردبێ
چارلس بۆدلێر

شیعر/ کاوە عوسمان عومەر
(1)
چی ئەفسونێکە
چرا کزەکانی
ئەو ئەستێرانەی
پێت دەڵێن
بمێنە ئەمشەو لێرە
لە نزیک مێرگێکی تەنیا
جێیەک، لە تەمتومانی
بێدەنگی فەنا

(2)
بیرتە
دەچوینە کەناری غەمگین
تاوەکوئەندێشەیەک، تاوێک
شەپۆل ، جەستە بەرێ
کاتێک شەوێکی پرچ درەوشاوە
هێدی هێدی
لە تەمێکی فرمێسکهەڵچنا
کەشتیە ئاڵتونیەکانی
پایزی ئە هێنا
(٣)
سەدەی وونبوون
لە جەستەی پەرەندەی
پەرتبووی یەکتر
سەدەی شەکەنجەی گومڕابون
لەناسینەوەی ئاوێنەی ڵێڵی
ڕوخساری یەکتر
سەدەی کوژانەوەی
مۆمی درەوشاوەی دڵی یەکتر
سەدەی دەستبەرداربوون
لە پرووشە شنەبردوەکانی
ئەڤینی لەدەستچووی یەکتر
(٤)
تەنیا ، و بێدەنگ
گیتارژەنی با
بێ دوا چرپە
لە تۆفانی گریانێکا
سەری خۆی هەڵگرت
ئەو چرا کزانەش
لە شەوە بێڕەنگ و
تەزیوەکانا
کوژانەوە
بەندۆلی ئەو کاژێرە لمینانەی
لە جوڵە وەستان
ئەو چرپەو ووشانەش
لە تەنیایی سەرابێکا
ویستم پێتی بڵێم
لە دڵا بەند ما
(٥)

دوور تا چاو بڕکا
گۆمەزەیەک
لە هەوری گڕ گرتوا
ئەبریسكێتەوە
چی جوانیەکی جەرگبڕە
بزەی لێوی ڕەوشەنی
خوار هەورە پەمەییەکان
چی هەستێکی
سامناکی خۆش
کە دەڤەرێک لە خۆرئاوابوون
بەرەو فەرامۆشبوونت ئەبا
بە تەنیایی،
زیندویت، تۆ ئەی کۆچەر
لەئەبەدیەتی چەند ساتێکا
نەسیمێکی قەشەنگی جادوگەر
وەک پێت بڵێ
ئەی پیادەڕەوی مەست
بە قەشەنگی زەردەپەڕ
ئاشنا بە، میهرەبانی
ئەم ساتەوەختەی فەناییت پیرۆز
تاکە ڕاستی
لە نامۆییدا
مەشخەڵی ڕۆحە
ئەدرەوشێتەوە
بە دەروازەی
پرشنگداری حەقیقەت




چڵک و چەپەری ئەو ڕۆژ پاک بۆتەوە.. شیعری شاهۆ حوسێنی

دەستەکانت
ئەو بڕیار ەبوو
کە نەمگرت و
با بەکۆڵانی فەرامۆشیدا
فڕاندی

زۆڵفت
ئەو خەنجەرە بوو
کە لە گەرووی چاوەکانما
کراسێکی گەردەلوولی لەبەردابوو
تەختی ڕەش ڕەش
گوڵی زەرد زەرد
سەمای دەکرد

بەژنت
سەمای لق و پۆپی شۆڕبی بوو
کە لەبەر دەم وەرزی بزەما
شەختە لێی دا و
سەرما بردی

من لە وەرزی وەڕەزی
ئەم بڕیاڕە زەردەدا
دەستەکانم
لەگەرووی گیرفانم ڕاکردەوە
چاوەکانم
بە ڕەخت‌ئاوێزی وەنەوزا داکردوە
دڵم
بە تەنافی حەوشەکامانا هەڵخستوە
تا ویشک بێتەوە و
بیکەمەوە بەرما
لەچڵک و چەپەری
ئەم ڕۆژانە پا بۆتەوە

شاهۆ حوسێنی




ووریا و پەپولەکانی.. شیعری : حەمە گەردی

کورد هەر خەریکی نوچدانە هیچ کوردێ بێ وچان نییە .
بێخەمترین میللەت ئێمەین ، بڕوامان بە گۆڕان نییە .
نەتەوەیەکی بەش بەشین ، ڕازیشین و قبوڵمانە .
دەسەڵاتێکی خۆپەرست ، بە حیسابیش موسوڵمانە.
نانمان هەبێ یان بدزرێ ، هەر بێخەمین .
موچە هەبێ یان بدزرێ ، هەر یەکەمین .
چەپڵە لێدەری ئاهەنگی کادیر و دزی نەفامین
میللەتێکی ووڕ و خەوخۆش ، کورتترین هەنگاو ، ناتوانین .
بێ ئاگاین لە ڕۆڵەی شەهید ..لە ڕۆڵەی هەژار و هەتیو .
هەموو خەریکی خۆمانین ، وەک نەدی بدی و هیچ نەدیو .
هەیە کوڕی دەوڵەمەندە ، خۆیشی گەلۆر و بێ بەهرە .
فێر بووە گیرفانی پڕ بێ و به بێخەم بێتە سەر سفرە ..
هەندێ بێ باوکیش بە ڕەنج و ماندووبوون و خەباتی خۆی ..
هەوڵ ئەدا ، ئەستێرەی بەختیش له پڕا پێئەکەنێ بۆی .
ووریا ، پەپولە ماندووەکەی باخچەی ماڵە هەژارەکان ..
کە ئەستێرەی بەختی دەرکەوت ، مەرگ ئەستێرەی عومری کشان ..
ووریا ، کوڕە خاکییەکەی کوڕی هەموو ماڵەکان بوو ..
ووریا ، دژی هەموو دز و گەندەڵکار و داڵەکان بوو ..
ووریا ئەو کانیاوە ڕوونە ، لە پڕا وشکایی داهات ..
سەوزایی ڕاگەیاندن بوو بە بیابانێکی چۆڵ و مات




وێژەی زیندان.. شیعری شەهلا نوری

ناسرەوێت….
وشەی پشت پەنجەرەی گیراو
نزیک لە پنجی زێدەڕۆیی نزاو…
دەسا لادە ،
وازکە دەرگای بەندکراو
وا دەتوێتەوە ئارەقەی حاڵی بیر
لەسەر هەڵم وهەڵاوی سینەدا
تک تک
پیتی بێ دەسەڵاتی
دڵ مردە و وێژەی بێ خەڵات
لە ئامێزی سەودا دا فراوان
فەسڵی زیندان نابێ تا ئەبەد
دارەدارە دێ و دەڕوات
هانا بۆ غەیب دەبات
بەستەی ئومید و ئولفەت
دەگەڕێتەوە شنۆ بۆ ناز
بۆ بیرۆی تەڕ
مەغز لە هزر پڕبووە دەیکاتەوە دەرگای پتەو
ترسی ئاچەر
ئەگەر جەلاب شەوەزەنگم
لێ تەموومژاوی بکات
ئەگەر زیندان فەزایەک بێت
ئازادیم لێ ببات
جووڵەی جەستەم
سنووردارکا
هەرگیز ناتوانێت
خەون و نووسین و
مەجلسی لەزەتم لێ زەوت بکات

شەهلا نوری




داڕووخان.. شیعری ستار ئەحمەد

هێندە تەنهاو پەرێشانم
لەژیانما
خەو نەبووە بەمیوانم
ئەوەی هاودەمی تەمەنمە
تەنها نامۆیی و هەڵبەسته
هەمیشە خۆم دەخۆمەوە
ڕۆحی زامم لەنێو دەستە
پێنووس دەنووک
دەخاتە خوێنی ئاڵمەوە
پەڕە دەنوێ لەپاڵمەوە
نووچدان
توند بەرۆکم دەگرێ
پەنجەکانم زۆر ئالوودەن
بۆ ڕامووسانی هۆگرێ
خەون دێتە لام
وەک کۆتری لانە ڕووخاو
لەدەرووی شەوێک دەگەڕێم
بێداری ڕەدووم دەکەوێ
دەیەوێ ببێت بەهاوڕێم
هەرچی لەچوار چێوەمدایە
چوون چڕنووکی ڕەشەبایە
لانەم پەرتەوازە دەکەن
بەدەم توێشووی زریانەوە
پەڕو باڵم لێک دەئاڵێن
دەمێک لەکەنار دەکەوم
ساتێک بیرەوەری شەوم
لەوەتەی خۆمم ناسیوە
تاریکی ژینم دەنووسێ
شەستەی باران دەیسڕێتەوە
سەرینێک دڵم ناداتێ
لەڕایەخی شەوانەدا
هەرگیز جێگەم نابێتەوە
نوێن چەمۆڵەم لێدەنێ
پۆشاک لەجەستەم دەترسێ
ژوورێکی چۆڵ
بۆ پێشوازیم هەڵدەئاوسێ
هەوارگەم بەدەم ژانەوە
لەچێژ ڕووتم دەکاتەوە
زێدم گۆڕێکی تاریکە
خەوی شەوو
شیعری ئاڵم دەباتەوە

ستار ئەحمەد




پشیلەکە و شتی تریش.. شیعری نەوزاد بەندی

شا لیر ،
به یەکێ لە بەرپرسەکانی ووت ،
کە زاوایەکی چاوی هەڵکۆڵیبوو :
هەر کاتێ ویستت بگریت ،
چاوەکانی خۆمت ئەدەمێ ،
پێیان بگری ..

٭ ٭ ٭

هەندێ جار ..
یان لە ساڵێکا جارێ دوو جار ،
چێژێکی تایبەتی هەیه،
جلەکان بڵاو کەیتەوە ..
بەردێ بەی بە شوشەیەکا ..
برسیشت بێ و نانیش نەخۆی ..
ڕیش نەتاشی ..
به پێڵاوەوە بێیتە ژوورێ..
تەلەفۆنت بۆ هات وەڵام نەدەیتەوە ..
بە هەموو هێزی خۆت ،
شەقازللەیەکی بازاڕیی
لە بناگوێی
پلەدار ێ بەی

٭ ٭ ٭

بەفر باری و ..
ڕاستت نەکرد ،
نەباریتە حەوشەکەمان ..

٭ ٭ٕ ٭

ئێمە خەڵکێکی خۆ ویستین ..
ئەزانین ئەو ڕۆژانە چەندن ،
جگەرەمان تیا نەکێشاون ..
ئەو ڕۆژانەی بێ بازاڕین ..
ئەزانین حوکمەت چەند موچەی خواردووین ..
بە هەموو کەسێک ئەڵێین ،
لە دابەزینی دۆلارا ،
چەندێ زەرەرمان کردووە ..
بەڵام پێچەوانەکانیان ،
کەس نازانێ ..

٭ ٭ ٭

به کۆڵانەکانی عەقاریدا ،
به دوای کۆشکەکەی کافکادا ئەگەڕا م .. بەڵام
نەمدۆزییەوە ..
تۆ ، له گۆشەیەکدا ،
وەک زیندانییەکی ڕاکردوو ،
خۆتت حەشار دابوو ..
وا تئەزانی من پۆلیسم ..
یان ئینیزباتی عەسکەریی ..
بۆچی عەقڵت لە دەستدابوو ؟

٭ ٭ ٭

ئیتر باران تۆم بیر ناخاتەوە ..
ئیتر کورسییە بەتاڵەکەی تەنیشتم ،
تۆ ناهێنێتەوە یادم ..
بۆنی باران ، دەستم ناگرێ و ..
پێم ناڵێ : ئەویش لەوێیە ..
بە پێچەوانەوە ،
دەرگا و پەنجەرەکان دائەخەم
پەردەکان دائەدەمەوە ..
تۆیش ئارەزووی خۆتە چی ئەکەی ، ئازیز‌ ..
هەردووکمان گیرمان خواردووە
بە دەست بەنی ئادەمەوە ..!

٭ ٭ ٭

لەو ڕۆژەوە پیرتر دیارم ..
پشیلەکە خواردن ناخوا و ..
بە ووردیی تەماشام ئەکا ..
وەک ئەوە وایە بپرسێ :
ئەرێ تۆ هەر ئەویت کابرا ..؟

٭ ٭ ٭

خەڵکی دڵڕەق و سیحرباز ،
خەڵکی بێ ئەخلاق ..
کلکیان لە بنا بڕیبوو ..
لەو کاتەوە تەنیایی هەردووکمانی
بە یەک ناسان ..
ڕۆژی سێ جار ئەیبینیم و
ڕۆژی سێ جار
هۆتدۆگم بۆ دادەنا ..
هێلانەیەکم بۆ دروست کرد ..
نازانم بۆ له بینینم تێر ناخوا ؟ ..
بە چاوە گەورەکانی پێم ئەڵێ ،
بۆ لای خۆت هاتووم نەک خواردن ..
پێم ئەڵێ بە بێ تۆ
چۆن ڕۆژم لێ بڕوا ؟؟

٭ ٭ ٭

زۆر هەوڵمدا بۆت داپۆشم ..
بیرم کردەوە بە ووردیی ..
هەزار بیانووم هێنایەوە ..
چل ساڵ خۆم مناڵ کردەوە ..
سودی نەبوو ،
هەر شەڕەکەم لەگەڵ کردی !

٭ ٭ ٭

وا مەزانە بێ تۆ شیعرم پێ نانووسرێ ..
خانوو چۆڵیش بێ ،
تەنیایی و جاڵجاڵۆکە ،
ئەیگرن بە کرێ ..!

٭ ٭ ٭

تەنها کاتێ ماندوو ئەبی ،
وەک عەرەق منت لێ ئەتکێ ..
دەست بدەمە هەر بەشێکت ،
دێت بە دەستمەوە و
ئەشکێ ..
لەگەڵ شیعرا نەبێ ناتوانم قومێکت لێ بخۆمەوە ..
زۆرجار ئەپرسم چۆن ناسیم ..
کۆمەڵێ وەڵامی جیاواز ،
ئەنووسم ..
هەر له خۆمەوە …

٭ ٭ ٭

تێ ئەپەڕم ..
پشیلەکە هەر وەستاوە و
بە ووردیی تەماشام ئەکا ..
نازانم ئەو حەقی چییە ؟
بۆچی خواردنەکەی ناخوات و ..
پرسیاری چی لێ کردووم وا
چاوەڕوانی وەڵام ئەکا ..؟

٭ ٭ ٭

بێ تۆییم زۆر پێوە دیارە ..
بەوە دڵم ئەدەمەوە ،
کە من هەمیشە بێ تۆ بووم ..
پێم بڵێ کەی بێ تۆ نەبووم ؟
یان وەک بڵێی ،
لە هەموو شتەکانمدا ..
لە هەموو شیعرەکانمدا ،
تۆم دەرکردبێ ئەم جارە ..
بۆیه هەرگیز نەیشمدیوی و
بێ تۆییشم پێوە دیارە ..!

٭ ٭ ٭

حەز ناکەم ئاوڕ بەمەوە ..
شتێ شایانی بینین بووبێ ،
جێم نەدەهێشت ..
حەز ناکەم دووریش بڕوانم ،
شتێ هێشتاکە نادیار بێ ،
بۆ بیری لێ بکەمەوە ؟

٭ ٭ ٭

ڕۆژی دە هەزار هەنگاو ،
به پێ ئەڕۆم ..
ئەمەوێ تەندروستیم وەک تۆ ،
لە پڕ لێم جیا نەبێتەوە ..

٭ ٭ ٭

پشیلەکە ،
کۆترێکی پەل پەل کردبوو ..
بەر دەرگاکە پەڕ و باڵی خۆڵەمێشیی دایپۆشیبوو ..
هێشتا تەماشای ئەکردم ..
وەکو بڵێی کۆترێکی کرد بێ بە خێر ،
وەکو دوێنێم لێ بێتەوە !

٭ ٭ ٭

بیشڕۆمەوە سەر
هەموو خوەکانی جارانم ،
ئاڵودە نابمەوە بە تۆ ..
پرسیارێکی زۆر قورس بووی ،
تەرکم کردی ..
بارێکی قورسم فڕێدا ..
ئەگینا چۆن ،
دە هەزار هەنگاو ئەتوانم
بە ڕۆژێ بچم بە ڕێدا ؟

٭ ٭ ٭

پەڕ و باڵی کۆترەکەم کۆکردەوە و
ویستم نەعلێکی تێ بگرم ،
خواردنەکەی بەجێهێشت و
ڕۆی ..
بۆ ساتێ کەوتمە شکەوە ..
هەستم کرد تۆی ..

٭ ٭ ٭

جانتایەکی زۆرم هەیە ..
چونکە سەفەرێکی زۆرم بڕیار دابوو ،
نەیشمتوانی ..
سەفەر بە تاقی تەنیا ڕۆی ..
من و جانتای دایە دەستی ،
چاوەڕوانیی ..

٭ ٭ ٭

خۆ ئەمزانی ،
چاک ئەمزانی ..
کە تۆ نازانیت چیت ئەوێ ..
وا تئەزانی ئەوە منم ..
دوای ساڵەها جا پێت زانی ،
منیش ئەوە نیم ئەتەوێ ..

٭ ٭ ٭

مانگیش مەردە ..
بەو هەموو جوانیی و تیشکەوە ،
ئەو هەموو شەوە بە تەنیا ،
هێشتا کەسێ نەیبینوە ،
لە هیچ ماڵێکا پاڵکەوێ ..
هەرچی ئاڵتونی دنیایە ،
لەلای پوشە ..
تۆ بەشێکت وەک مانگ وایه ،
هیچت ناوێ
یاخود نازانی چیت ئەوێ !

٭ ٭ ٭

زۆربەی زۆرمان ،
مەرجەکەی کافکا شک نابەین ،
کە ئەیووت مرۆڤ پێویستە ،
لانی کەم یەک کەسی هەبێ ،
بتوانێ پەنای بۆ بەرێ …




2 شیعر له‌ شاعیری ئه‌رمه‌نی ئاودیك ئیسحاقیان.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

تفلیس 1899

با گۆڕم دیار نەبێ‌ و
شنەبام بەسەردا بخوولێتەوە .
بەرد و خاچم
لە سەرینگانمدا ناوێ‌ ..
با تەنیا شەنگەبییەكم بەسەردا بلەرێنەوە .
ئای لە دەست مرۆڤ .. لە دونـیایێ‌
چەندت خاچ هەڵگرتوون ، چەند
هەر لە دێرەوە لەسەر دڵمدا
بەردی زۆر قورس و ڕەش هەن .

زویرخ 1955

لە خەمی سووتێنەردا
دڵم تێكشكاوە ..
ژیانیشم تێكشكا ..
چیم تیا ماوە ؟
با بگریم ،
فرمێسكم ببن بە دەریایەكی سوێر
بەو مەرجه‌ی دایكم بە خەمم نەزانێ ‌ .
ئاخ ..
گەر پەڕاگەندە بووم و
كەوتمە كێوان
تـاوێر و گاشە بەردم دوای گاشە بەرد
بەسەردا
بەربوونەوە
با دڵم بۆ گورگان بێ‌
بە شه‌رتێ دایكم
بە مه‌رگم نەزانێ‌ .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

  • ئاودیك ئیسحاقیان : شاعیر و ڕۆژنامەنوسی ئەرمەنی ، زۆربەی ژیانی
    لە نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیادا بەسەر بردووە .
    یەكێكە لەو شاعیرانەی بایەخێكی تایبەتی بە گیروگرفتەكانی ژیانی ڕۆژانە داوە.

** بۆ ده‌قی عه‌ره‌بی هەردوو شيعرەكە برِوانە :
http://www.adab.com/world/modules.php?name=Sh3er&doWhat=shqas&qid=82187&r=&rc=1

http://www.adab.com/world/modules.php?name=Sh3er&doWhat=shqas&qid=82189&r=&rc=3




بوومەڵێڵ.. شیعری شاهۆ حوسێنی

لە تەمتوومانی تەمایک و
وەنەوزی نووزەیەک و
زەردەی زراوێک
لە سەرەمەرگی خۆمدا
لەگەڕەکێکی قیرتاوی شەوێک
چریکەی چاوم چرکاندی و
دەمم بە گۆپکەی مەمکی ئەم جیهانەوە نا
من لەگەڕەکی گەڕۆکەکانی ناو شار و
لە هەراوترین ناو هەراو هوریای خەفەتا
بەگریاناوی‌ترین چاوی گەڕاودا
بڵیند بڵیند باڵام کردوە
سەرم بە سەکۆی پەنجەرەی نیگای
کۆڵانا داکردوە و
قاپی نیگام
لە تەمەننای مانای مانێکا پڕ بوە
من نیوەڕۆی ڕۆڕۆیەکم لەگەروودا
ئاوێنەی ئەوینێکی شکاوم لە دڵدا
خەونی خەندەیەکم لەسەر لێوە و
ماسی ماچێکم لەسەر گۆنا خنکاوە
زەروودیی زەردەیەک لەسەر لیوم زاوە
لەمندا
جانووی جەوانی دەکورێنێ
کە لەهەلدێرگەی ژانی ژینێکی وەخێرنەگەڕاودا هەڵدێردراوە
لاقەکانم
پنگی ڕێگایەکی نەپێواویان بە لاقەوە
دەستم
تاسەی ملێکی لەئامێزنەگرتووی هەر بە دەستەوە
جەستەم
شەکەتی ژیانێکی ژاواناوی هەر بە جەستەوە




غوربەت.. شیعری شەهلا نوری

زەمان و دەورێ ھات وەداخەوە
ئیشق حەرام وی وە دەم ئاخەوە
زنازنا بی لادێکەی سەرچەم
وەبان تەپۆڵکە و گرد و شاخەوە
لەنتەران لەریان وەقەد دارەوە
سەربەستە سەوزەی وە قسناخەوە
دڵان دل وەبەرد، ڕووبار وە هاژە
کەنیشک و لاوێ وەزام ئاخەوە
شەیداو لێرەوار لەناو بێستانێ
وەکەیف و سەفا دەم وەزاخەوە
گیریان،فەلاقەن بە شەرمی ئشقێ
شەو ھەتا بەیان بە قاڵاخەوە
خزمێل و ھاوسێل وە مەراقەوە
خڕبین لە دەرێ.. وەبان شاخەوە
مەڕو ماڵات کەوتنە غارەوە.
مەرگیان لە پاڵ چەپەچاخەوە
دڵسۆز و دڵدار مەستی گرینن
زەلیل دەستێکن وە قەڵتاخەوە
ناوکی خەرمان چی پێ نەکریا
بە وەعز و شەوکەت باڵا باخەوە
نە دانا و بیرمەند هەداریان ھەویی
بەو بەرزە ھزری لای دەماغەوە
قڕەی لادێکە ، مات ومەلویل بی ..
شێتێ پەیا بی، پاک لە ناخەوە
وەسینە ساف و جوان و خاسەوە
پێم بێژن قەومێل ئیشقێ ساغەوە
گۆناه و خراو نەویی
کە هیچ گا
بۆ وە پەنتان کرد وەناو باخەوە

شەهلا نوری
ئەم دەقە،ئیحاکەی لە درامای غوربەتەوە وەرگیراوە




بێهودەییەکی قەشەنگ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

هەر زۆر زیاتر
لەوەی خواوەندەکان خوازیاری بون
من فرمێسکم وەراند
ئارسەر ڕامبۆ ( وەرزێک لە دۆزەخا)

بێهودەییەکی قەشەنگ

دەشێ ئەمڕۆش
شنەبایەک تۆ بهێنێ
دەشێ مەی لێوی
گوڵە هەڵالە کێویە دورەکان
لە نیگای ئەو، ڕۆح بەرێ
تا ئەو پەڕی لوتکەی
ئازادی ڕەهابوون
دەشێ حیکمەتی ژیان وەرگرم
لە کاسێ ژەهری شیرینی خۆکوشتن
هیچ شتێک هەڵە نیە
لە سەحەرێکی مۆری نغرۆی شیعرا
ژێر بارانی بێهودەییەکی قەشەنگ
کە تۆ دەڕۆیت بێ ماڵئاوا
کە تۆ خەندەکان ئەکەیتە
پەپولەی بریقاوی دوێنێ تێپەڕیوەکان
من پەرتئەبمەوە
گەرچی درۆزنن ئەو گوڵە ئاویانەی
لە لاوێتیا
پەیمانی پیرۆزی ئەڤینێکی ئەبەدیان دا
هەموو ئەو شتانەم بیرە
شوێنە قورمزیە نهێنیەکانی ئەوسا
یان گۆشەیەکی غەمگینی مەیخانەیەک
پر لە ئەڤینی ئاوارەکانی دنیا
ئەی ئەهریمەنی گەردونێ
لە ئەفسوون
ئافرەتە خواوەندیەکان
چیان لێهات
کوان هاوڕێ بوهەیمیەکان
بە چرایەکەوە
بە پلیکانی ئەستێرە بزێوە درەوشاوەکان هەڵکشان
بەرەو قەڵای عیشقێکی قەشەنگی کوژەر
بەڵام ئە فسووس
بازێکی ئاڵتونی وێڵ و دێوانەیە دڵ
بۆیە دەشتایی سپی تەنیاییم هەڵبژارد
لە ژێر نمەدا نوسیمنەوە
مێژووی ئەو کازیوانەی تێر بۆ جوانیەکەی گریام
ئای ژین! چی مەیخانەیەکی سەمەرەیت
هەراجی هەستی عاشقانەو
لەسەرووی هەر بەردەڵانێکی بوون
کەس ناگاتە کەسی تر
کەس نابێتە فریادڕەس
لە گەلە گورگی بەردی ڕەشی مەرگ
لە نەمانی پەرستگەی بێگەردی خۆر
دورخەیەکم کردە
دوا مەنزڵگەی دڵ
قومێک لە سیحری شەوێکی
بەدنەفرەتی قەشەنگم پێویستە
تا لەگەڵ سازی ئەفیوونی
ئەم ئێوارە پاکیزەیەدا یەکانگیر بم
تا هێزم تیا بێ ئەدرەوشێمەوە
ئەو ساتە پوچانەشم بەدڵە
کە بە پەنجە ووشکبوەکانم
جامی شەرابی بێهودەیی بنۆشم
پڕ بە بۆگوڵاوی گوڵە خەشخاش و
لەیلەکی مۆری شەیتانی
ئەو کە لە دارستانی باران نەما
چەند جار پێتم ووت
تکامە مەڕۆ، مەڕۆ
کاتێ من هێندەی زەریا مەستبووم
بۆ دەرکەوتەی ڕەنگاڵە هەورێ لە ئەڤینێکت
تازە سەرنج دان لە پۆلە مراویە
ڕەشەکانی تیپەربووی عیشقت چی سودی هەیە
کە چیتر نابینی پروشە ئاگری وەنەوشە شێتانەکانی
ژێر نەسیمێکی بەیانی
هەر ئەسوتێم
و ڕەوشەنبوونمە
لە ژێر بێدەنگیەکی هێمنی
ئەم دەروازە کراوەیە
بەرەو نووری سەرخۆشی
عەدەمێکی بیرچونەوەی خۆش و قەشەنگ




عەشق بە مەرگ ناوەستێ.. شیعری شاهۆ حوسێنی

لەسەر کوورسیلە کۆنە دارەکە دانیشتبووم
لەبن دارچنارە بەرزەکە
نسێی باوەشێنی دەکردم
قاوەکەم هێشتا هەڵمی لێ دەهات
جانتاکەم هەر بەکۆڵەوە
بوونەوەرێکی دەمووچاو داپۆشراوی ڕەشپۆش
لە جنۆکە و شەیتان و عیزارئیل دەچوو
دەورەی ئەدام
نازانم تەماحی لەچیم کردبوو
لەشم بەتاڵ بوو لەڕووحم
ڕووحم زۆر دەمێک بوو یاخی ببوو
جار و بارە لەشەقامێ
پەسێوی دیوارێ
یان لە گوێ‌سوانەی سەربانێ
لەسەر لیواری کۆڵانی
دەم‌دیت و دەمگڕاندەوە بۆ ماڵ
بەڵام ئێستا زۆر دەمێ بوو
هەواڵێکم هەر لێ نەبوو
نەمدەزانی هەڵوەدای کام کۆڵان
سەربان
دەوران
یان چاوانە
بزر ببوو
سەری خۆی هەڵگرتبوو
ڕۆیشتبوو
لای خۆم گوتم
تەماحی لە جانتاکەم کردوە
بەبزوە جانتام هەڵڕشت
چەپێکێ عەشق و
دوو سێ دەسک بزەی تەڕ و
فینجانێک ماچی لیوی دڵدار و
سێ‌ چوار دەنک ئاخی شیرین
چەمۆڵێکی لەسەری نا و
وەکوو دووکەڵ
بە کۆڵاندا
دوور دەبۆوە و
کاڵ دەبۆوە
ڕەشپۆشە ناشیرینەکە

شاهۆ حوسێنی




تۆی هەموو شوێنێ، بێجگە لە من.. نەوزاد بەندی

تۆ لە هەموو شوێنێکی ،
دوور له بۆشاییەکانی من ..
ئەچیتە ناو هەموو ئاپۆڕایەکەوە ،
دوور له تەنیاییەکانی من ..
سینەماکان هەموو گەڕایت ،
نەهاتی بۆ بینینی
هیچ گرتەیەکی
تەمەنی من ..
ڤیستڤاڵ نییە کورسیت بۆ دانەنرابێ ،
بێجگە لە ئینجانەی
قژ ژاکاوی
دەرگاکەی من ..

٭ ٭ ٭

تۆ لە هەموو ڕێگاکانا شوێن پێت هەیە ،
تەنها لەو ڕێیەدا نەبێ ،من بۆ فەرمانگە و ماڵباب و
شیعر بەکاریان ئەهێنم ..
میوە فرۆش نەماوەتەوە پرتەقاڵت بۆ نەکێشێ ،
بێجگە لەو پیکابە میوەفرۆشەی ،
لە کۆڵانی ئێمەدا گوزەر هەنار ئەفرۆشێ ..
کە من ئەڕۆم بۆ سەفەر ،
تۆ لە ماڵەوە دانیشتووی ،
سەر دەر ناکەی ..
کتێب نییە شوێن پەنجەی تۆی پێوە نەبێ ..
بێجگە لە ڕستەکانی من ..

٭ ٭ ٭

تۆ بەو پارکانەدا ناڕۆی ،
ئێواران ڕوویان تێ ئەکەم ..
لەو شوێنانەی کە چایان لێ ئەخۆمەوە ..
ئەو کانیاوانەی دەسنوێژیان لێ ئەشۆم و ..
ئەو فرۆشگای لەنگە و .. شاورمە و ..
کافیتریا و ..
بەنزینخانانەی بوون بە مەعمیلم ..
ئەو یاریگایانە ..
ئەو سەیرانگایانەی کە ڕەنگە ساڵی جارێ بۆیان بچم ..
ئەو هیوایەتانەی من هەمە ..
ئەو چێشتخانانە ..
ئەو ڕۆنگۆڕانە ..
ئەو شەوە تاریکانەی کە تیایانا ئەتلێمەوە ..
کە من بێدارم ،
تۆ لە خەوێکی زۆر قوڵدای ..
کاتێ من خەوتووم ،
تۆ بە دەوری فولکەی بێداریدا
ئەخولێیتەوە ..
کاتێ من بڕیار ئەدەم گۆشەگیر بم ،
تۆ ڤیزەت لێداوە و
کۆنتڕۆڵی فڕۆکەخانەکان بە پێکەنینەوە ئەبڕی ..
کە من ئەڵێم ئەوروپا خۆشە،
تۆ ئەڵێی یەک فلسی قەڵپ ناهێنێ ..
کاتێ باسی ڕیفۆڕم ئەکەم ،
پێم ئەڵێی ئەم میللەتە بە کاری هیچ شتێ نایە ..
لەبەردەم گەلەرییەکدام ،
تۆ سوێندت خواردووە ڕووی تێ نەکەی ..
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بم ،
تۆ ڕائەکەی بۆ ناو خێمەی مانگرتۆکان ..

٭ ٭ ٭
گەر من لە خەتی پێنجوێن بم ،
یەکسەر له خەتی بازیانیت ..
ئەگەر له خەتی دوکان بم ،
ئەوا تۆ لە هەورامانیت ..




بڵێسەی ڕەوشەن.. شیعری شەهلا نوری

فریادی ڕەوشەنم
خۆم فەرامۆش کرد
گوم بووم
مینا مانگی هەلاب
کوا باخە هەنار!
ون بووم و
ون بوون
سەوزی و ساردو سڕی،
بەهاری جوانی تروکەتروکی حوسنی زیبای تەمەن
کاروانی هەڵبەست و بەزمی دڵان
ڕەنگێ سووراو ، بۆنێ عەتر، بەهارێ گۆڵ و گوڵزاران،
کوا جیلوەی چۆلەگە،
شنەو شەوبۆێ سەرشاخان
شادی بەرهەمی مانگە،
دووری ڕەز و نەمام و ڕەیحان .
کوا جوانی ئاڵ و واڵای بەرگی کوردی
ڕەوشەنی گەوهەر و گەشت ، ڕێ باخ وسەیران ،
بۆنی سروشتی دڵان
بۆر بوو
مەعلومە لێکدانەوەی بەس بوون فەرموودەی دڵ زاران!
قەڵەم و دەفتر دەرکەوتن
شیعر و دێڕەکان
نووسرانەوە
بە باڵای،
سەروای سورەتی شاعيران
بێداربونەوە
فەرامۆشی
زنجیرەی جاڕ و جوری زامەکان
نەمدەزانی دڵی شاعیرێکە
بە پەند بووە
بەدەست کاغەزو پاندان
یا بڵاوبوونەوەی زەخمی کۆنە
سەری هەڵدا و قۆڵپێکی دا
هەڵاوی پرخ و هوڕی
بڵێسەی گڕکان

شەهلا نوری




گەر فڕێتدام.. شیعری شاهۆ حوسێنی

تێهەڵچوونێکە بۆ شیعری فڕێم نەدەی فەرهاد پیرباڵ

گەر فڕێت دام
لێت ون دەبم
وەک دەریای شین
بێ بن دەبم
تاوڵی بەختی ڕەشم
لەکۆڵ دەنێم
جێ ژوان بە جێ ژوان دەگەڕێم
پرچی شین پەرێشان دەکەم
سەما لەدەوری ژان دەکەم
دەچمەوە دێ
مەکۆی تاسەی شاعیرێک و
گۆرانی‌بێژێکی مەحزوون
هەڵوەدای شار و
ئاوارەی شەوارەکان و کووچە و ڕێ
دەبم بە ماسێکی سەرشێت
سەرهەڵدەبڕم
تا قوڵترین شینایی زێ
کە بێ کەس بووی
بێ تاقەت بووی
ئیتر قەت بۆت نابمەوە ژێ
دڵت لە هەناوتا بکوڵێ
بانگم بە هاوار و سەڵا بکەی
ناوم بێنی
هەواڵی پەشیمانیش بنێری
دەڵێم نایناسم، کێ؟

شاهۆ حوسێنی




چه‌ند شیعرێك له‌ شاعیری گریـكی یـۆرگـۆس سیفیریس.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1)
شیعر‌

چیترم ناوێ‌
لەوە بەدەر بە سادەیی بدوێم
جگە لەوەی
ئەم نیعمەتەم پێ‌ ببەخشرێ ..
چوون ئێمە سترانمان ،
بە چەندان جوور مۆسیقا
قورس كردووە و
وردە وردە خەریكە نقووم دەبێ ‌ ..
هونەرمان ،
بەو هەموو خشڵە ڕازاندووەتەوە
دەم و چاوی بخوا ..
وەختی هاتووە
وشەی كەم بڵێین
چونكە بەیانی ڕۆحمان
چارۆگەكانی بڵاودەكاتەوە .
(2)
چه‌ند ڕۆژێك له‌ حوزه‌یراندا 41 (*)

ئەوەتا ئێستا مانگێكی نوێ‌
شەوقی دایەوە
دوورگەی دێرینی جوانی لە باوەشدا
زامدار ،
خوێنی لەبەر دەڕوا ..
دوورگە هێمنە
دوورگە بەهێزە ، پاكە ..
جەستەیش
وێنەی قەدی تێكشكاو
ڕەگ و ڕیشەی هەڵكێشراون .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(*)شاعیر ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی دوای داگیركردنی دوورگه‌ی (كرێت)
ساڵی 1941 له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانه‌كانه‌وه‌ نووسیوه‌.

(3)
مرۆڤ كه‌ سێبه‌ریان دزی

سێبەری دارانت لێ‌ دەستێنن ،
لێت دەستێنن ..
سێبەری دەریات لێ‌ دەستێنن ،
لێت دەستێنن ..
سێبەری دڵت لێ دەستێنن ،
لێت دەستێنن ..
سێبەری خۆتت لێ دەستێنن .
5/3/1947

(4)
فیلۆكتیتس(*)

جەستەیەكی خوێناوی ..
وڵات خوێناوی ..
سەردەم خوێناوی ..

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(*) فیلۆكتیتس – قارەمانێكی ئەلیادەی هۆمیرۆسە .

• یۆرگۆس سیفیریس ، یەكەمین شاعیری گریكە نۆبلی ئەدەبیاتی وەرگرتووە ( ساڵی 1963). سیفریس 29/2/1900 لە شاری ئیزمیر لە خانەوادەیەكی ڕۆشنفكر كە بایەخیان بە ئەدەبیات داوە لە دایك بووە. باوكی مامۆستای زانستگە و لە هەمان كاتدا شاعیرێكی لیریكی و وەرگێڕیش بووە.
سیفیریس لە نێوان ساڵانی 1918 – 1924 لە پاریس بووە ، هەر لەوێش بڕوانامەی لە كۆلیجی ماف وەرگرتووە و لە هەمان كاتدا بایه‌خی بە ئەدەبیاتی فەڕەنسی داوە . ساڵی 1960 زانستگەی كامبریج نازناوی دكتۆرای لە ئەدەب پێداوە و پاشان چەندان خەڵاتی دیكەی وەرگرتووە تا ساڵی 1963 كە نۆبلی ئەدەبیاتی بردووه‌ته‌وه‌ .

  • له‌ ( مختارات من اشعار سيفيرس ) و بۆ عه‌ره‌بی. بشار عباس ، بڵاوكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری سووری2005 .

و : نه‌ژاد عزیز سورمێ




دیداری ئولفەت.. شیعری سەردار جاف

برینی سۆزت بەسوێیە، خۆی کۆستێکە چیم دەمێنێ
ڕێژنە بارانی دابڕان، ھاو گەستێکە* چیم دەمێنێ
مەگەر ئولفەتی دەم دەم نیم، بۆ کورتە کات لە ژوانم
وشکە ساڵی ئیشقت دەرخست لە پۆستێکە چیم دەمێنی
دەبێرە گۆ ژنی حەسرەت، بوویە ئاخوندەی نامۆییم
مێزەری شەرم فڕێدە، بۆ مەستێکە چیم دەمێنێ
لە کوێ ھاتی و چۆن پەیا بووی، ئاوەزی پەرشم ژەنگاڵ بوو ئاھ و نزولەم بتگرێ ،لە ھەستێکە چیم دەمێنێ خەیاڵی ناسین لە ھزرا، دەمودووی ناو نزاکانمە شەو و ڕۆژ گەر کڕنووش بەرم، کارڕاستێکە چیم دەمێنێ قامکەکانم سزە بردوون تینووی گەرمی ھەناسەتن
پەی بە سفتیکێ* نەبەین، کوابستێکە چیم دەمێنێ
سریلەی* سەر گویسەوانەی ڕایەڵە و زایەڵەی تۆ بم
کە گوێ بیستی سرتەیەکم، شیڤ دەستێکە* چیم دەمێنێ
با سریوەی دەم بەیانت، ژوانی دادێ گەرم کا
تۆ ھەڵاتوو و ڕاکردوو بی، دوور دەستێکە چیم دەمێنێ
دوور لە دیقەتی زوڵف و چاو، شنەت سوکنایی پەخشەکا
شەوارەی دیداری ترم، لە گوستێکە* چیم دەمێنێ
ھەڵاتووی ئامێزی ئیشقی، تاریکی مۆرانەی جەستە
ئولفەت جەوەنەی پڕ نەبێ، شکستێکە چیم دەمێنێ

سەردار جاف/ شاعیر و ڕەخنەگر/ ئەڵمانیا
٢٨⁄١⁄٢٠٢٥

گەست: ناشیرین، ناحاز، دزێو
ژەنگاڵ: مورووی شین
سزە : کزەی سەرما
سفتیک: دەشتایی نێوان دوو چیا
سریلە: مەلێکی بچوکی جوانە،دوو پەڕی وەک شاخ لێ بەرز دەبێتەوە
شیڤ دەست: دەسکەداوی کەو گرتن
گوست : قامک




گیرفانی بەتاڵ، تەوێڵی بەرز.. نەوزاد مدحەت

لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر،
منیش هەڵدێم لە ماڵی خۆم
شانم چەماوە لە ژێر قورسایی فاتورەی کەڵەکەبوو
خەونەکانم وردوخاش،
هیوا کزدەبێت، بەڵام ناشکێت.

مەچەکەکانم لە پشتم پڕ ئازارتر،
لە بەرزکردنەوەی سامانی خەڵکی تر،
سامان وەبەر دێنم
سەدان جار لە باڵای خۆم بەرزتر
کەچی چەقیوم لە پنتێک،
هەرچەندە دەمەوێت بفڕم.

ژمارەکانی ئەژماری بانکییم ناگۆڕێن
هەرچەندە کاتەکانی رۆژ درێژتر دەکەمەوە،
شەوەکانیش کورت
هێشتا هەڵدەستم و بەڵێن دەدەم:
هەر دەبێت من براوەبم
لە کاتژمێرە نەبڕاوەکانی کار.

نەشکان لەم ئێسکانەدا دەژی،
هەرچەندە هەژاری لە دەرگام دەدات،
من لەوە زیاترم کە هەمە
نرخی من لە سامانم گەورەترە.

هەر هەنگاوێک کە دەینێم
شوێنەواری جێدێڵێت،
هەر سرودێ بۆ یەکسانی کە دەیچڕم
سەدای نەبڕاوەیە بۆ هەمیشە
هەرچەندە دادپەروەری دیار نامێنێت،
ڕۆحم هێشتا بە کەللەڕەقی پێدەکەنێت.

خەباتی من بەردەوامە،
ئاسوودەیی وەک ئەستێرەیەکی دوور دیارە،
سەرم بەرز دەکەمەوەو
دوور دەڕوانم وەک هەمیشە،
هێشتا شانازی دەکەم بەوەی من کێم و چیم.
2024

ئەم بابەتە لە رۆژنامەی رەوت ژمارە ٣٣ لە بەشە ئەدەبێکەی (بانێژە) بڵاو بۆتەوە..




هایـــــــکۆ.. سمکۆ ئەحمەد رەشید

1
لەدایک بوونی هەتاو ،
بێدەنگ تێپەڕی ـ
مەرگی پیاوە بەفرینەکە.
2
کەمپی ئاوارەکان،
لێرە و لەوێ
بزەی دەستکرد.
3
کە منداڵێک بۆ شیر گریا
قۆڵێکی بۆ فرۆشتن باشە
نیشتیمان.
4
وێنەی قەد دیوارەکە
بەحاڵ
خۆم دەناسمەوە.
5
بەرەبەیان
قوقەی کەڵەشێرەکە قوت دەدات –
گرمەی گەواڵە هەور!
6
ئەودیو سنوور زۆر دوور نییە،
بۆ بینینت
چاو داخستنێکم بەسە.
7
ژووری نوستن،
ئاگری ژن و پیاوێک سارد دەکاتەوە
زەنگی دەرگا.
8
تۆ گوڵەکانت ئاو دەدا،
ئەو پەپولەی بەسەر قژتەوە نیشتەوە
هەڵە نەبوو.
9
هەموو بستێکی خاک و خۆڵ
دڕکەڵانە
ئەدی خوێنم رژایە کوێ؟
10
بەلای باخچەکاندا تێدەپەڕم
پێکەنینم بەو باخەوانانە دێت
گوڵەکان ئاو دەدەن.
11
نزیکترین هاوڕێم،
هەموو رۆژێک دەیبینم ـ
لە ئاوێنەدا.
12
هەور لە زمانم تێناگا،
دەنا پێمدەگوت لەسەر کەمپەکان
له قاقای گریان نەدا
13
پچڕانی تەزووی کارەبا،
نیوەی بانگەکەی پاشەکەوت کرد ـ
بانگبێژی گەڕەک!
14
نەیدەزانی بچێته سەر بەرماڵێکی سپی
دوعایەکی ڕەش
لە مارێکی زەردباو بکات
دایکم.
15
تابلۆی کیژۆڵەیەکی هەژار،
بۆ مۆنالیزا
تەنها بزەیەکی دەوێ
16
وشەی یەکتربڕ،
لەسەر دیواری بەندیخانە ـ
هەزاران بیرەوەری.
17
تریفەی مانگ،
لەودیو پەنجەرەکەمەوە چۆلەکەیەک
ئاسمان جریوە باران دەکا
18
شوێن پێی چۆلەکە ،
بە ئاسمانەوە
کۆلارەی منداڵێک!
19
سولەیمان نیم، لێ تێدەگەم
چ ئازارێک دەچڕن
کەنارییەکانی نێو قەفەس!
20
لە پشتی هەورەکانەوە،
کام ئەستێرەت بۆ دابگرم
تەنها بڵێ.




کڕینەوە.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەو شتانەی هەتە ،
نرخیان نازانی ..
هەتا لێت وون ئەبن و ..
هاوشێوەکانیانت ،
به گران پێ ئەفرۆشنەوە ..

٭ ٭ ٭

کۆڕەو ..
کۆچ ..
یان لە گەشتا ،
کاتێ پێخەفەکەت لە دەستچوو ،
لەگەڵ چوار دیوار ..
جێخەوی شەوێکیان بە چەند پێ فرۆشتیت ؟
100 دۆلار
50 دۆلار ..
بە قێزیشەوە تیایا خەوتیت ..
دەستشۆرەکە بۆنی ئەهات ..
گڵۆپی بنمیچەکە ،
ئازاری چاوی ئەدایت ..

٭ ٭ ٭

کە دانێکت وون ئەکەی ،
پارچە بەردێکی بێ گیان ،
بە چەندێ ، لە جێی دادەنێن ؟
250 دۆلار
300 دۆلار ؟
تا دوو هەفتەیش ،
هەست ئەکەی بەرد چەقیوەتە
ناو دەمتەوە ..

٭ ٭ ٭

کە بڕبڕەیەکت کلس ئەکا ..
کە بۆرییەکی دڵت ئەگیرێ ..
کە کارگوزارەکانی گورچیلەت مان ئەگرن ..
کە ئاوی سپی هاوێنەی چاوت ئەگرێ ..
کە برینێ ،
بە قەد نیسکێ ،
لەناو ڕیخۆڵەتا ئەڕوێ ..
کە ئوتۆمبیلەکەت ئەکێشی به دیوارێکا ..
ئەزانی چەندی تێ ئەچێ ؟
وەک خۆیشیان لێ نایەتەوە ،
قۆڵت ئەبڕن ..
ئازار و ئەشکەنجەت ئەدەن ..
ئەتخەنە ناو گەردەلولی چاوەڕوانیی ..
دەست بۆ قەرز و ..
بۆ سواڵ و ..
شتی تر ئەبەی ..

٭ ٭ ٭

یان کە ساڵێ تێ دەپەڕێ و ..
ڕەنگی قژت لێ ئەفڕێنێ ..
ژێر چاوەکانت تیغ ئەکا ..
ئەبێ بە لۆچ ..
بۆ یادگارییش یەک دوو پەڵەی
قاوەیی لەناوچاوتا
بە جێ دێڵێ ..
بۆی ناگەڕێی ..
ئەو شتانە کەی لە بازاڕ دەست ئەکەون ؟ ..
ئەو جۆرە شەڕەت پێ ناکرێ ..

٭ ٭ ٭

ساڵانێکی تر ئەڕۆن و ..
لەگەڵ خۆیان ،
ئەنسۆلین و
خەو و
پێکەنینت ئەبەن ..
شەتڵی تەنگەنەفەسی لەناو
سییەکانتا ئەڕوێنن و ..
بۆ یادگاریش ، بەشێکی
ئەکەن به ڕیشاڵ ..
گێژەڵوکە ئەخەنە ڕووباری
ماتی خوێنتەوە ..
بەشێکی جگەرت ئەبەن لەگەڵ خۆیان ..
لە جێگەیدا تۆپەڵێ مۆم بەجێدێڵن ..
بۆ ئەو شتانە ناگەڕێی ..
دڵنیایت کە دەست ناکەون ..

٭ ٭ ٭

زۆر بە ترسەوە گوێ ئەگرم
له چرکەی کاتژمێرەکە ..
ئەمەوێ کەمترین شتم لێ وون ببێ و ..
کەمترین شتم بفڕێنن ..
ئەمەوێ خەمسارد نەبم و ..
نەهێڵم وەک کارئاسکەکان ،
لە دەست دایکیان دەرمبێنن ..

٭ ٭ ٭
کە ئێوارە ئەڕۆمەوە و ..
تەماشایەکی خۆم ئەکەم ..
دنیایەک شتم شکاوە ..
دنیایەک شتم دزراوە ..
زۆری ترم وون کردووە ..
هەندێکیانم له بیر چووە ..
هەندێکیشیان ،
ناچار بووم کە بیانبەخشم ..
هەیشە داگیر کراوە لێم ..
نا .. ئەوانە دەست ناکەون ..
هیچ شوێنێکیان بۆ ناگەڕێم




دەریاچە.. شیعری شەهلا نوری

گۆڵی گۆشەتەنگ
چەرخی سووڕی ئاو
چوارچێوەی ئاوی کەناری فێنک
مەودای پیادە
ڕێگای دوور و تەنگ
دوو ڕوحی شەنگۆڵ.
پێوەند ئێسک سووک
قیبلەی هەرزەکار بەتۆ ئاوەدان
جریوەی مەل و
بەهاری باڵندە
هاوین مراوی شاد بوون لە ڕۆخێ ،
ئاوبازی نێوت
نھا بەسەرت دا دەڕۆین
وەک، بەفرە یەخی
بۆ گەمەی، سکی وخڵیسکانی
بێ کەتن و قسوور
لەو خوازەی ڕۆژێک بە دواییدا بگەیت
پەڕینەوەیەک !
خۆ دانەدەستی هیچی ھیچ مراز
دوا شەپۆلەتە خۆڵ لووشی دەدا!
لە خوار ھەتا ژوور
کۆتایی زەوییە
کۆتاییت بێ
بەخەیاڵەکان
بە ئاشنابوون و
بە خۆت‌ و ھیواکان

شەهلا نوری




بەلەمێکە خەیاڵ.. شیعر/کاوە عوسمان عومەر

(١)
شەپۆل ئەدات
ئەو هەورانەی بە خوێنی چاوی
ووڵات ئەرخەوانین
(٢)
بەلەمێکە خەیاڵ
تا کەنارێک،
هێندەی نیگایەکت
لە نیشتمان دوور
(٣)
بە فڵچەی ڕۆح
کێشام
شێوەت،
لە گەلەری خەوێکا، دوور
دوورتر
لە وون بوون و ئاوارەبوون..و..
نامۆبوون
(٤)
باهۆزی کات
کڵاوی لەسەر تەمەن برد
پیاوێک لە دوورەوە
بێهودانە
بەدوایدا ڕائەکات
(٥)
چیاکان، بە باڵی
پەپولە دۆزەخیەکانەوە لکان
مەلێک نیشتمانی
بە باڵەکانیا برد،
نیگایەک
تا چاو بڕ کات
پڕە لەفرمێسکی تەنیایی تۆ
(٦)
پەیماندایتێ
لە چنگما
چەپکێ ڕوناکیت
پێببەخشم،
شەو هات و ڕۆژ ڕۆیشت
ڕوناکیەکانی ڕۆح
کوژانەوە
چنگی حەزیش..
بوە سوتوو
(٧)
کانیەک پڕە لە بەهار
بەڵام هەر زۆر دەمێکە
ووشک بوو
ئافرەتێک تەرمی مانگی پێیە
دارستانە درەوشاوەکان
یەک بە دوای یەک ئەگەڕێ
شوێنێ شک نابات
تەرمی بێگەرد و کریستاڵی مانگ
وەک دڵ من و تۆی
تیابنێژێ
(٨)
لە بەردەڵانی وەرزەکانا
خۆشم ویستی
لە قامیشەڵانی
ووشەکانی شیعرا
سەرخۆش ئەبووم
خەوم لێئەکەوت
تا کەشتی پەمەیی زەردەپەڕ
تێنەپەڕیایە
لە خەوخۆشی تۆ
بەخەبەر نەئەهاتم
(٩)
هەمیشە دڵم لای زەریایە
ئەویش چەند بە میهرەبانی
بە پەنجەی شەپۆلەکانی
پێڵوی وشەکانم
دائەخات
(١٠)
بەردو مەرجانی ژێر ئۆقیانوسە
ئەو هەناسانەی نەماندرکاند
(١١)
پایز ئەم ئێوارە
ئاڵتونیەش
بە داسەوە
لاسقە ناسکەکانی
ئەو گوڵە گەنمانەی
بیرەوەریە بیرنەچوەکان
ئەبڕێت




دەڕژێمە منداڵیمەوە.. شیعری سەلام عومەر

15
لەسەر هەرمێن
لەژێر سێبەری گابەردێ
رێک بەرامبەر
سەرتەپکان و باخچەی میرزا
لەنێو مەیدانی مەنگوڕان و کەندە دڵۆپ
دۆش داماوم
هێندە ماندووم
جارێک وێنەی خدری زیندەو
هەندێ جاریش
فرمێسکە سوور باوەکانی
)شێخ فەرخ و خاتوئەستی(
بەڵێڵی دێتە بەرچاوم
لەسەر هەرمێن
بەرامبەر شار خەو وەکو باز دەمفڕێنێ و
لە ئاسۆس خۆم دەبینمەوە
ئەویش دەیەوێ ونمکاو
بۆ هەمیشە و تا هەتایە
دنیای روناک نەبینمەوە
هەر لە خەودام
)دێوە شەلە(
دێت و بەزێیەم دادەدا
ئەویش پێڵاوەکانم دەباو
خۆشم هەڵدەداتە ئەو بەر
هێشتا ونم
هێشتا لەنێو خەوێکی قوڵ
نێو دەریایەکی بێبنم
)مەحمود قندۆڵ(
بەخۆ و بارگینە شەلەکەی پەیا دەبێ و
دەمباتە گوندی بنەوشان
لەوێش( شێخ خدری) لێیە
کەسێک بەدڵێکی سپیەوە
دوو دەست و ناخێکی سپی و
وەک کۆترێکی سپی دەنوێنێ
خەونە ناخۆشەکانم دەباو
دەمباتەوە ناوەندی شار
لەوێ لە باوەشی گەرمی
دایە (نەجیبە)م دەنوێنێ


لەسەر هەرمێن
پاڵم بەدرەختێکی پیر داوە
خەو چاوەکانم شل دەکا و
شنەیەکیش رامدەژێنێ
لەخەونمدا
)لالی) مەستە و
بەدەستێکی دەستم دەگرێ و
بەوی دیکەش توند پیرەدار دەهەژێنێ
هاوار دەکاو دەڵێ هەستە
شارەکەمان هاوشاریان ناناسێتەوە
هەستەو سەرنج لە گۆڕستانی شار بدە
هێشتا شەهیدان (خالید و دایکە ئامینە و شەفیق و قوباد(ی هەر لە مێزدایە
کەچی هێشتا لەودیو دەربەند
قەڵادزێ گیان بیرکراوە و
هەر لە نێو پەراوێزدایە
هەستە خەو رابردوومان دەبا و
فەڕشی مەرگمان بۆ رادەخا
هەستە خەریکە قەدەرێک
شانۆ و
کۆڕ و
مەیخانەمان لێ دادەخا


هێشتاکە هەر لە هەرمێنم
بەدیار لوتکەکانی قەندیل
کە بوونەتە سەنگەرەکانی دوژمن
رادەمێنم
بۆ چۆڕە زێیەکەی خۆمان
کەپێشتر هەڵدەستا و کڵۆی دەکرد
لە خەمان خۆم دەچەمێنم
هێشتاکە هەر لە هەرمێنم
یا ئەوەتا کەسایەتی و
ئەکتەری راپەڕینەکان
لە خەوی قوڵ هەڵدەستێنم
یاخود منیش لە بناری ئەم کێوەدا
شیدەبمەوەو
بۆ هەمیشە جێدەمێنم.




چەند شیعرێکی جۆزێف ستالین (سۆسیلۆ).. و: گۆران عەبدوڵڵا

نینیکای پیر..

نینیکای ئێمە پیرە
ئازایەتی بەجێی هێشتووە…
چۆن پیری توانی
هێزە ئاسنینەکەی لێ بستێنێت!
هەرجارەی کە دەتبینی
بە چالاکییەکی خێرا
لە دۆڵەکەدا داسەکەی دەجووڵاند
بە لێهاتوویی و بەهێزەوە
شاخی لەسەر شاخ کەڵەکە دەکرد
لەو گەنمەی کە دەیبڕی،
هەتا ڕووە ئارەقاوییەکەی
سوور هەڵدەگەڕا!..
ئێستا تەنانەت ناتوانێت
قاچە بێهێزەکانی بجووڵێنێت.
بێ جووڵە ڕاکشاوە و زۆر خەون دەبینێت،
یان چیرۆکی ڕابردووی بۆ نەوەکانی دەگێڕێتەوە…
هەندێک جار کاتێک گۆرانییەک دەبیسترێت
لە دۆڵە نزیکەکانەوە،
دڵە ئازاکەی هێشتا
بە خێراتر لێدەدات؛
سەرەڕای لاوازی هەڵدەستێت،
پاڵ بە گۆچانەکەیەوە دەدات،
بە دڵخۆشییەوە سەیر دەکات و
بۆ کوڕەکە پێدەکەنێت…

سۆسیلۆ
کڤالی، تەمموزی ١٨٩٥


وەک سێبەرێک دەسووڕێتەوە
بە جیهاندا
لەم دەرگاوە بۆ ئەودەرگا؛
پاندورێکی* بەڕووی لە دەستدایە
و بە نەرمی دەیژەنێت؛
دەنگەکەی پڕە لەخەون
وەک تیشکی خۆر،
دەتوانی راستی و
خۆشەویستی خودایی ببیستی.
زۆرێک لە دڵە بەردینە بەستووەکان
دەستیان کردەوە بە لێدان،
مێشکە تاریکەکان
جارێکی تر روناکییان بۆ گەڕایەوە.
بەڵام لە جیاتی سوپاسگوزاری
بۆ دەنگە شیرینەکەی وەک خۆشەویستی،
خەڵکەکە بۆ میحرابەکەیان بەکێشکرد
پیاڵەیەکی پڕ لە ژەهریان دایە دەستی
پێیانووت: “بیخۆرەوە ئەی نەفرەت لێکراو
بۆ تەواوبونی چارەنووست!
ئێمە نەپێویستمان بە ڕاستییەکەتە،
نە دەنگە ئاسمانییەکەشت!”

سۆسێلۆ
لە: ئیڤێریا، ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٨٩٥


بۆ مانگ

ماندونەناسانە بڕۆ پێشەوە
سەرت شۆڕ مەکەوە،
هەورە تەماوییەکان بڕەوێنەوە،
فەرمانی پەروەردگار جووانە.
بزەی نەرمت بنێرە بۆ زەوی
کە لەژێر پێتدا ڕاخراوە،
لایەلایە بۆ لووتکە سەهۆڵاوییەکان بچڕە
کە بە ئاسمانەوە هەڵواسراون.
دڵنیابە ڕۆژێک لە رۆژان
تەنانەت بێبەشکراو و چەوساوەکانیش
هێز دەدۆزنەوە بۆ سەرکەوتن
بۆ چیای پیرۆز
هیوا پشتیوانیانە.
بەردەوام بە لە درەوشانەوە ئەی جووان،
لەناو هەورەکاندا وەکوو جاران،
تیشکە دڵڕفێنەکانت بهاوێژە
لە میانەی ئاسمانی شینەوە.
منیش، یەخەی کراسەکەم دەکەمەوە
سنگم بۆ مانگ ڕووت دەکەمەوە،
دەستەکانم درێژ دەکەم و
گۆرانی شکۆمەندی بۆ تیشکی مانگ دەچڕم.

سۆسێلۆ
ئیڤێریا، ١١ی ئۆکتۆبەری ١٨٩٥


کاتێک مانگی درەوشاوە
بەسەر ئاسماندا دەخلیسکێت،
ئاسۆ ڕووناک دەکاتەوە
بە تیشکە پرشنگدارەکەی؛
کاتێک جریوە جریوی چۆلەکەکان
بە نەرمی لە هەوادا دەنگدەداتەوە،
کاتێک دەنگی نەرمی فلووت
دەگاتە لووتکەی چیا؛
کاتێک ڕاکردووی دوورخراوە لە ماڵ
ئازادە بگەڕێتەوە بۆ
وڵاتە بریندارەکەی،
کاتێک نابینایەک
دیسانەوە دەتوانێت مانگ و خۆر ببینێت؛
ئەوسا منی ئازاردراو، خەمم بەجێدێڵم،
لە دڵە هەژارەکەمدا
هیوا دووبارە دەردەکەوێتەوە
بۆ داهاتوویەکی گەشاوە؛
گیانم دڵخۆش دیارە،
دڵ ئارامە،
بەڵام ئایا ئەم هیوایە ڕاست دەردەچێت
کە ئەمڕۆ پڕی کردووم؟!

سۆسێلۆ
ئیڤێریا، ٢٢ی سێپتەمبەری ١٨٩٥


خونچەی گوڵی سوور گەشایەوە
گوڵەوەنەوشە تێکئاڵان،
گوڵە سەوسەن گەشایەوە
سەوزایی بە شنە بەخشی.
کڵاوکوڕە ئاوازی خۆی چڕی
لە بەرزایی هەورەکاندا.
بولبول بەشداری کرد
لە گۆرانی شادمانیدا:
“گەشە بکە، وڵاتە جوانەکەم،
خاکی ئیبێریا، بگەشێوە و سەرکەوتوو بە!
تۆش، جۆرجیا، خوێندەوار و گەشاوە بە
ئەو زانیارییە بەدەست بهێنە کە نیشتمانەکەت پێویستیەتی!”

ئای. جەی-شڤیلی
ئیڤێریا، ١٤ی حوزەیرانی ١٨٩٥

https://www.stalinmuseum.ge/stalin-poems/

  • ئالەتێکی مۆسیقایە



ئاکار.. شیعری: تورج نگهبان.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

ئەم شیعرە لە لایەن (گۆرانی بێژ داریوش)ەوە کراوە بە گۆرانی

وێڵی کام حکایەت و ئەفسانەی
لەم پاشە گەردانیەیا،
شوێن پێ ی یاران بەدی ناکەی
ڕووناکی ” ڕووسپی گەورە” خامۆش بوو،
ئەم ئەفسانەیە داگیرسا
کە میراتی ھیچ ئینسانێک
لە شاری”دان” بەدی ناکەی
لە چەن ڕۆژێکی عومری کورتما گیانم لەدەست یا
میھرەبانیم بەرامبەر
ھەموو نا میھرەبانەکان نوان
ھاوغەمی و ھاو سۆزی
و
ھاوزمانیم نوان
دوای ئەم ڕۆژگارە تەڵەکە بازە
ھیچ ئومێدکم نیە..لەدەستم یا
ئەمە ئەو کۆتاییە نیە کە قەولی من نیە
با وا تێ نەگەی
دیاری ڕۆژگارم جگە لە مووی سپیم
چیتر نیە..
ھەرگیز شانازیم بەوەی کردومە، نەکردوە
سکاڵام لە دوو ڕوویی ئاشنیان نەکردوە
گەرچی شانازی زمانم
بەناو ئێسقانما داکوتراوە
“من”ێک شەو و ڕۆژ پێشەنگی ھەڵھاتوەکان بووم
سەدان گوڵی ئومێدم لە سینەیا
پەرش و بڵاوکردۆتەوە
بە ڕەنگی خەزان
ئەم ڕۆژگارەم لە دڵ نا
لە پشتی پردە ڕووخاوەکانی
بەردەم نەقشێکی سەرابی
بە ووشیاری سەر مەستی
لە کەلاوەی وێرانی
کاتێ میھرەبانی گەیشت
خەڵکی لە ژیانا ماو ، بەدی ناکەی
ئاخر سەرفرازی چی ئەزانێ
لە سەرێکی نزم کراو..؟
ئەڕۆم دڵی مردوەکان
لەسەرم ئەھێنمە دەرەوە
گەر “فەلەک”لە گەڵما نەبوو
خۆم”چەرخ/ ڕۆژگار” ئەخولێنمەوە
ھەموو ووشە تێنەگەیشتراوەکان
یەک بە یەک..ئەکوژێنمەوە
لە دوو ڕۆژی عومرم، زۆرم دی نەھامەتی
نامەوێ لۆمەی ئەو گێلانە ببیستمەوە
“من”ێک لەسەر خۆڵەمێشی غەم
عومرم بەسەر بردوە
خۆڵەمێشەکەم بە سەر زینی
ئەسپی عومرم پەژانوە
بمێنمەوە یا نەمێنمەوە
بەندە پیری زەمانم
بەندە پیری ڕۆژگارم




بێ ئاگا.. شیعری شەهلا نوری

ساڵێک تێپەڕی و
ڕەنگی ئاواتەکان کاڵ بونەوە
هەموو شتێک باشە..
زستان لە هەمان کاتدا دەگەڕێتەوە،
پایز چاوەڕێی نۆرەی خۆی دەکات، تیکدانی کاتژمێر،
دیوار…..
بارانبارین،
سیماکانی پەشیمانی
ڕێزلێنانی نەبوونی
سارد و سڕی ئەو !
بەهار و چاو نێرگزی شەهلا..
یەکدەنگی ئامادەبوون…
یادەوەرییەکان دەنوسمەوە و دەیانخەمە ناو توورەکەی گۆڵداری سورمەدارەوە
دەیدەم بە گالیسکەی تەمەن
بە بارهەڵگر
با بێن و کۆنە فرۆشەکانیش
بیفرۆشنەوە…
هەمو شتێک بوو بە شکست
هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدایە…
بەڵام ئەو بێ ئاگا
خورشید هەمان خورشیدە ، ڕێگا هەمان ڕێگایە ، زەمین هەمان زەمین…
خۆزگە لە بیابانێکی خۆرگیران دەبووین ،
من و ئەو
لەژێر سیبەری دارێک
یاری خۆشەویستیمان دەكرد
سێ بەردی
بێ ئاگایمان کۆ دەکردەوە
دەماندایە دەستی دەڵاڵێکەوە

شەهلا نوری




راسپارده‌.. شیعری ستار ئەحمەد

له‌دڵێكی نه‌رم ده‌چووی
سۆزی ژین
له‌بۆته‌ی ویژدانا هه‌ڵڕێژێ‌
ده‌ستێكی نه‌رم
شه‌وێكی مانگ له‌مل
چاوێكی پڕ له‌ گڕ
گه‌ردنێك به‌لوتكه‌ی ئاواتا هه‌ڵگژێ‌
له‌خوێنا گوزه‌ره‌ بوونی بوو
وه‌لێ‌ كه‌م جه‌نگای
دژبه‌ڕه‌فتاری كچێنی
له‌كۆشی ئه‌سرینا ، سره‌وتن چه‌كتبوو
چوون وه‌نه‌وز دڵێك ئاڵ بناسێ‌
له‌دیده‌ی ئه‌ستێره‌ ژانی خۆی داڕێژێ‌
له‌ئاسمان ده‌تۆرایت
بێئه‌ویش ژیانت مه‌حاڵبوو
به‌هێدی ئاوازی خه‌مناكیت لێده‌داو
سرودی ئه‌وینت به‌رووما ده‌باران
ده‌مزانی ناخی تۆ له‌رۆژگار ده‌ترسێ‌
هه‌نگاوت له‌جه‌رگی رێگادا رامان و
ئاواتت په‌یوه‌ستی زمان و
مامه‌ڵت سوتانی ویژدان و
ئیراده‌ت نه‌گبه‌تی و فه‌وتانبوو
بۆیه‌ گه‌ردانه‌ی تاریكی شه‌وت
كرده‌ گه‌ردنی پێنووس و په‌ڕه‌
شیعرت ماره‌كرد له‌جه‌رگی به‌سوێت
ده‌تزانی ئه‌وان له‌تۆ ده‌گه‌ن و
هه‌ر شیعره‌ له‌ناڵه‌ی نه‌داران ده‌دوێت
ئه‌وه‌تا چاره‌یه‌ك خه‌می تۆ قڕبكات
هه‌ورێك چه‌تری خۆشبه‌ختیت هه‌ڵبدات
بارانێك زامی گڵ له‌ڕووت داماڵێ‌
هه‌وارێك سروه‌ی چیا له‌خاكا راماڵێ‌
له‌سۆزی به‌سته‌دا كوردستان ده‌ناسن
هه‌واڵی خۆزگه‌ت ده‌سپێرن به‌من

ستار ئەحمەد




سروودێک بۆ ڕۆژئاوای وڵاتم*.. داستان بەرزان

ڕۆژئاوا

لە ڕۆژئاواوە تیشکێکم لە باشوورم بریسکەم دێ

خۆری دڵی ڕۆژهەڵاتم لە باکووری گیانم هەڵدێ.

زۆر لە مێژە بۆ بەیانی بێپەروا دەڕۆم کۆڵنادەم

چاوم لە ڕێی ئازادییە لە بەرخودان دەستبەرنادەم.

بۆ باوەڕی مرۆڤدۆستی نەرمەشەپۆلم/ بارانم

بۆ کەشتی هێزی ستەمکار شەستەبارانم/ زریانم.

من زاگرۆسم من هەڵگوردم تیری دوژمن نامترسێنێ

من ڕۆڵەی مێدیای سەبەرزم هاوارم کێو دەتاسێنێ.

ناڵەی خاکێکی لەت لەتم بۆ گوێی کەڕ دەبمە زریکە

نیشتیمانێکم دەستبەسەر یەکبوونی گیانم نزیکە.
————————

تێبینی:
ئاوازی: AI
کاری: سیڤان عەباس

………………

لەم لینکەدا دەتوانن گوێبیستی ئەم تێکستە بن بە شێوەی سروود




تاتۆکەی سەر قۆڵی عەزە.. شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

عەزە تا ئەوڕۆژەی کوژرا هەر عاشق بوو
هەموو شەوێ تا درەنگان لەگەڵ ئەرپە و هاوڕێکانی
لەسەر فلکەی گوزەرەکە دەوەستان و بەدەم جگەرە کێشانەوە
باسیان لەو خەونانە دەکرد، کە بۆی دەژیان
ناوی ئەو ئەمنانەیان یەک یەک دەهێنا کە تا ئەودەم شەقی مزریان بەرکەوتبوو
عەزە زوو زوو قۆڵی کراسەکەی هەڵدەکرد و باڵەکانی دەکردنەوە
سەیرێکی تاتۆکەی سەر قۆڵی چەپی خۆی دەکرد و ئاخ لەسەر ئاخ دەیدایە با
(عەزە حەیاتەک عەزاب) نەک هەر تاتۆیەکی سادە، بگرە چیرۆکێکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو
تاتۆکەی چەند خوار و خێچ بوو، خۆی سەد ئەوەندە سەرڕاست و بەهەڵویست بوو
موختارەکان لێی دەترسان
ئەمنەکان دوو دوو یان سێ سێ نەبوونایە نەیاندەدواند
حکومەت چەندجار خستییە پشت شیشی زیندان و سەرەنجام ئازادی دەکرد
عەزە دڵی بە (قەدە)ی میم پیرۆزەوە بوو. ئەو تاقە کچەی بە هەتیویی بەخێوکرابوو
عەزە دەیزانی باوکی قەدە تێکۆشەر بووە و گیانی خۆی بەخت کردووە.
بۆیە قەدەی لەهەموو کچەکانی گەڕەک زیاتر چووبووە دڵەوە.
سوێندی بۆ قەدە خواردبوو کە لەسەر ڕێگەی باوکە گیانبەختکردووەکەی لا نەدات و تۆڵەی بکاتەوە.
زۆرجار عەزە ئێواران تاریک کە دەگەڕایەوە ماڵ
لەسەر ڕێوە عەلاگەیەک میوە یان سەوزەی لەگەڵ دەستی خۆیدا
بەدزی دەر و جیران دەدایە دەستی میم پیرۆز
قەدەش لە هەیوانەکەوە کە گوێی لە دەنگی عەزەی عاشقی دەبوو
بزەیەکی بۆ دەکرد و بە لچکی لەچکەکەی سەری پێکەنینە پڕ لە نازەکەی دەشاردەوە.
شار ئەوکات نە هێندە قەرەباڵغ بوو و نە پڕیش بوو لە ڕووخساری نامۆ
کەم کەس دەیوێرا زستانان دوای سەعات شەشی ئێوارە لە چەمی خاسە بدات و بپەڕێتەوە بە تەنیا
ئەوە عەزە بوو لەو شەوانە دەبووە تارمایی و دەچووە خەونی ئینسانفرۆشەکانی شار و
خەوی لە چاو ڕاپۆتنووسەکان دەتۆراند.
تاکو ڕۆژێک عەزە لەماڵ میمکە حورمەت دێتە دەرێ کە تازە ناوی قەدەی لەسەر باسکی چەپی کوتابوو
دوو دەمامکداری دڵڕەق هەژدە فیشەک دەنێن بە جەستەی عەزەوە و هەر لەو شوێنە
لەو کۆڵانە باریکەی شار
لەبەردەم قاپی میم حورمەت عەزە دەکوژرێ و دەبێتە کەسەری سەر دڵی خەڵکی سادەو هەژار
بۆ سبەینێ وەختێ ڕاپۆرتنووسەکانی گەڕەکە خێرلەخۆ نەدیووەکانی شار ئاهەنگی مردنی عەزەیان دەگێرا
قەدەش بە بوتڵێ نەوت و شقارتەیەکەوە هاواری عەزە دەکات و
گڵپەی ئاگر دەئاڵێتە باڵای قەدە و ئەویش دەبێت بە سووتماک و قەرەبرووت.


ئێستا گۆڕی عەزە و قەدە وەک جووتە گۆڕی مەم و زین
لە گۆڕستانە بێنازەکەی شێخ محێدین دان
هەژارانی شاری ترس و فیداکاری و بیروباوەڕ
لەڕۆژانی هەینی هەفتە سەر لەو گۆڕستانە دەدەن
بەدەم یادی ئازیزانی خۆیانەوە
یادی عەزە و قەدە و عاشقە خێرلەخۆنەدیوەکانی ئەم شارە دەنێنە دڵ
سوێندیان خواردووە بەسەرهات و چیرۆکی مەرگی ئەم عەشقە؛
بەسۆزی مەقامی قەتار بۆ دڵدارە غەمبارەکان بگێڕنەوە و
نەیسپێرن بە کۆستی فەنا و بە تاریکستانی ژێڕگڵ.

شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
حوزەیرانی ٢٠٢٤

ژێرنووس :
(١)ئەرپە ناوی ئەحمەد غەریب ئەحمەد زەنگنە ساڵی ١٩٤٦ لەشاری کەرکووک لەدایک بووە و پیاوێکی جەربەزە و ئازا بووە و هەڵوێستی دژە حکومەتی هەبووە. تا لە سەرتاشخانەیەک لەکاتی سەرچاککردندا لە ٢٢ ی شوباتی ١٩٧٢ لەلایەن پیاوانی حکومەتەوە کۆتایی بە ژیانی هێنرا.
(٢)خاسە؛ چەمێکە بەناوەڕاستی شاری کەرکووکدا تێدەپەڕێت.
(٣)میم یان میمک یانی پوور یان پلک.
(٤)گۆڕستانی شێخ محێدین؛ گۆڕستانی پشت تەکیەی تاڵەبانییە و کەوتۆتە بەری باکووری گەڕەکی ئیمام قاسم لە پشت بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک.




نوقڵانە.. ستار ئەحمەد

کاتێک سەری ساڵ دێتەوە
پرشنگ لەزامی وەردەدا
دوکەڵ هەوا دەخنکێنێ
شەڕگە دڕندە دەڕوێنێ
گڕی برین خاک دەچێنێ
هەور بەشەقەی باڵ دێتەوە
زریان دەکات بەهێلانه
لوتکە گەرووی چیا دەگرێت
خۆراک دەبێت بەمەیخانە
شەڕگە مرۆ وەبەر دێنێ
گڕ بەهای بەرز دەبێتەوە
لێشاو دەمی بۆ کوشتارگە دەکرێتەوە
ئاو لەبوونی وەردەگەڕێ
چرۆی باخان هەڵدەوەرن
ژیکەڵەو پیر هانا دەبەن
بۆ لانکیی گۆڕ و مردن
پەرستگا بانگ دەخنکێنێ
بولبول لەنوێژ واز دەهێنێ
جیلوە لەکانی نابیستی
ڕووبارەکان دەبنە مۆڵگە و
کانگای پیسی
سنوور بەربەست دەجۆشێنێ
نیشتمان ئاڵای ون دەکا
ورگ دەستوور دادەڕێژێ
نان گەمەی مناڵ نابینێ
گولەو ئاگر دادەبارن
موژدەی شارو
سەری ساڵن
باخچە فێری گریان دەبێ
هەڵپەڕکێ پەنجە دەگەزێ
لافاو دەبێته دژی زێ
ئاسمان بەپرشنگ کوێر دەبێ
سات سەری ساڵ دادەپاچێ
تاریکی ڕۆژ دادەپۆشێ
تەمەن بەتەرم ئاشنا دەبێ
زەوی لەخوێناو تێر دەبێ

ستار ئەحمەد




لەگەڵ ئەوەیشا.. شیعری نەوزاد بەندی

هەرچەندە گەڕانەوەکەم ،
بێ مانا بوو ..
لەگەڵ ئەوەیشا دڵخۆشم ..

٭ ٭ ٭

کە خەم لە هەر چوار لاوە بێ ،
ناچارم به پەردەی خەیاڵ
خۆم داپۆشم ..

٭ ٭ ٭

هەموو زیانێ ،
تامێکی تایبەتی هەیە ،
تامی لە دەستدانی
ئەو دەسکەوتانەی
کە توند توند
دەست و قاچیان شەتەک دابووی ..

٭ ٭ ٭

هەموو قازانجێ ،
چاڵێکە ،
قوتت ئەدا ،
تۆ لەو ڕاوە بێ ئاگا بووی

٭ ٭ ٭

مردن ، ئەو گوریسە زبره ئەپچڕێنێ ،
کە بە دنیاوەی بەستووین و ..
فێری کۆیلایەتیی کردووین ..

٭ ٭ ٭

ژیان ، قولاپێکە ،
ئەچەقێ لە گەروومان ،
لێنابێتەوە تا گیاندان ..
کاتێ مردووین ..

٭ ٭ ٭

گەڕامەوە ..
تۆ هێشتا لەوێ وەستا بووی ..
ئەتویست بزانیت دێمەوە ..
کاتێ هاتمەوە ،
تۆ ڕۆیشتیت ..

٭ ٭ ٭

من هاتبووم ،
پارچەکانم کۆکەمەوە ..
بەڵام تۆ لێم تێنەگەیشتیت ..

٭ ٭ ٭

ئێستا نازانم دانیشم
یان بڕۆم بەڕێی خۆمەوە ؟
هەرچەن بەو نیازە هاتم ، دانیشم ..
نەڕۆمەوە ..

٭ ٭ ٭

لەگەڵ ئەوەیشا ، دڵشادم ..
وەک کرێکارێکی ماندوو ،
پێخەفێ ختوکەی بدا ..
خەوێ چاوی گەرم بکا ..
دوور لە چرا و
لە مۆمەوە ..




بووکە بەمبوڵە.. شیعری شەهلا نوری

زووبوو
زۆریش زووبوو
نەمئەزانی دڵت وشکە سۆفیە و
لەگەڵ گۆڕینی هەردەنکێ لە تەسبیحەکەی دەستت
دڵیشت دەگۆڕی
زوو ئۆغرت کرد
بۆ دەوڵەتی خەون و غوربەت
ڕەزی ترێ و شکۆفەی گوڵ و یاسەمەنت وشک کرد
زۆر زووبوو
بۆ کەزیەکی ڕووبازی بوو
کە بەمبوڵەیەک شیعر
بهۆنیتەوە !
دەیهۆنیتەوە وەکو شیعرچیەک
نەوەک شاعیرێک بیهۆنێتەوە
من و ئێوارانە
بەتەپ و تۆزی چۆڵگەی دڵت وا زوو تەڵخ دەکەیتەوە‌‌‌

شەهلا نوری




هەوڵ ئەدەم بتبینم.. نەوزاد بەندی

لە هەموو جێ ..
لە هەموو کات ..
کە پەنجەرە ئەکەمەوە ،
ئەمەوێ پێش کزەی کانون ،
هەناسەی تۆ بێت و بڕوات ..
کاتێ پۆلیسی هات و چۆ ،
بە دەستێکی ڕامانئەگرێ ،
ئەمەوێ تۆ بی ..نەک هیچ کەس..
لەناو پاسا ،
ئەوەی لەبەردەممایه نا ،
با تۆ ئەوەی تەنیشتم بی ..
لەسەر شەقام ،
کاتێ سەر بەرز ئەکەمەوە ،
هەر کەسێ ببینم ، تۆ بی ..
تۆ هەورەکەی سەرسەرم بی ..
لە غەزەلنووس ،
نا ..نا.. ئەوەی تەنیشتم نا ،
تۆ ئەوەی بەرامبەرم بی ،
بە دیار دوو شەربەتی
ڕەنگپەڕیوی
ئەناناسەوە ، دانیشین ..
بێ ئەوەی سەیری تۆ بکەم ،
باسی چاخی پێش تۆ ناسینت بۆ بکەم ..
لە فڕۆکەخانە ،
کۆنتڕۆڵ ،
هاوێنەی کامێراکە نا ..
ئەمەوێ تۆ بمپشکنی ..
وەک عاشق ئاشکرا نەبم ..
سێبەرەکەم ئەبێ بە تۆ ،
قۆڵی ڕاستی
ئەکاتە ناو قوڵی چەپم ..
لەبەر باران ،
نیوەی چەترەکەم لادەدەم ،
وەک بڵێی زۆر نابا تۆ دێی ..
لەبەردەم چایخانەیەکی
سەفەریدا ،
کە قۆری و خەڵوز پێکەوە ،
قرچ قرچ ئاگر ئەتروکێنن ..
ئەوەی لە تەنیشتما داوای
چایەکی سەفەری ئەکا ،
ئەوە تۆی لەگەڵ چاکەدا ،
نوقوڵێکی بۆ ئەهێنن ..
ئەمەوێ ڕۆژانی باران ،
هەرچی لەسەر جادەکانە ،
هەموویان تۆ بن .. تەنها تۆ ..
دەماری مەچەکت لەناو
دەستما لێ با ..
کە بە دستی بەتاڵەوە ،
ئەگەڕێمەوە نیوەڕۆ ..




مژده‌ نـاوه‌خته‌كانی كـاوبا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

به‌دیار گیانه‌ڵای خه‌ونه‌كانمه‌وه‌
(چه‌نگ)ی مێژووم له‌ باوه‌شدا
ئاوازی مه‌حاڵ ده‌ژه‌نم ..
ئه‌سته‌مان به‌ حیكمه‌تی قوڵنگ
ئاشنا ده‌كه‌م..

ئا..
ئێمه‌ سێبه‌ری دره‌ختێكمان به‌س بوو
موچڕكه‌ خه‌وتووه‌كانمانی
پێ بێدار بكه‌ینه‌وه‌ ..
تیشكه‌ ڕه‌شداگه‌ڕاوه‌كانی ئارامی
له‌ تووله‌ڕێ و یـاڵ و به‌نده‌نان وه‌ربگرینه‌وه‌..

فرمێسكمان جۆگه‌ی
به‌سه‌ر ڕه‌شایی شه‌ودا ده‌به‌ست
شه‌به‌نگی خه‌مبار
له‌ جه‌ژنی گومانداراندا
ده‌نگوباسی ئه‌هلی دڵی ده‌گه‌یاند..
فرمێسك بكوژ بوون
ئه‌وه‌ی له‌و شه‌وه‌دا ڕشتمان
هه‌وای كۆنه‌پارێزی لێی دابوو
سێبه‌ری ئاگردانێكی كوژاوه‌ بوو
مه‌رگی ناوه‌ختی
له‌ تۆغیانی ژیاندا پێشانداین.

به‌ره‌به‌یانێكی سۆزانی ،
كه‌ دووكه‌ڵێكی ده‌قنه‌شكاوی ، خوێناوی ، بێ چاندی
لێ هه‌ستا
زرنگانه‌وه‌ی په‌رێشانی بوو
به‌ری ئاسۆی لێ گرتین ..
ئه‌وسا ،
مژده‌ ژه‌نگگرتووه‌كانی كاوبا
له‌ گۆشه‌ی جیا جیاوه‌
ده‌ستی له‌ ساویلكه‌ییمان ده‌گێڕا ..

ئیتر نه‌ما
دڵ ئاوێنه‌ی دڵ بێ.. نه‌ما
نه‌ما كچان
به‌ خۆیان و ملوانكه‌ ساده‌كانیانه‌وه‌
ئاینده‌یان
له‌ داڕژانی ئه‌ستێران ببینن
یا وانه‌یه‌ك
ته‌نێ وانه‌یه‌ك
له‌ بارانه‌وه‌ فێر بن..

هه‌ور ناناسینه‌وه‌..
باران ناناسینه‌وه‌..
یاده‌وه‌ریه‌كانمان،
به‌ خاڵه‌ سپییه‌كانی خه‌ڵوز ده‌بینین..

به‌ مه‌ته‌ڵێكی هه‌ڵنه‌هێنراو ده‌وره‌ دراوین
ئۆردووی خه‌یاڵبازان
كه‌ تارماییشیان نابینرێ
شه‌شده‌ری ڕوئیاكانمانیان
به‌ چڵی هه‌ڵچووی تاسان گرتووه‌
ئاگرمان پێ ده‌دروونه‌وه‌
فرمێسكه‌ قه‌تیسه‌كانمان پێ كون ده‌كه‌ن
پێخه‌فی به‌فرمان پێ ڕاده‌خه‌ن..
چه‌مكی سه‌رچڵیمان
به‌ چه‌ند تیكتۆكێكی بێ واز ، بێ ئاره‌زوو
تێده‌گه‌یێنن..

ئه‌وه‌ باڵانوێنی مرۆڤه‌ ئێستا
سه‌ر به‌ هاوینێكی پڕوكێنه‌ر
سه‌ر به‌ زستانێكی تووش
به‌ ئاوازێكی بابوێر
به‌ ختووكه‌ی پێده‌شت
به‌ مژده‌ خۆشه‌ هه‌ڵخه‌له‌تێنه‌ره‌كانی كاوبا.

سواڵی له‌باوكه‌وتن
پردی سه‌ر شه‌پۆله‌ سه‌رشێته‌كان ..
خه‌نده‌ی كه‌مه‌ندان..
جه‌نگه‌ی نوخشه‌لێدانی
به‌ژنی گه‌رداو..
ستاندنه‌وه‌ی ڕه‌ندایه‌تی..
سه‌ڵا و كه‌باری جاڕ و ڕیكلامان
كه‌ هه‌وا
له‌ ئۆكسجینی هه‌ناسه‌سوار وه‌رده‌گرن..
چه‌شه‌خوازیی زیندانان
شاڵاوی گیرسانه‌وه‌ و
ڕیتمی دادوه‌ری
له‌ ده‌ركه‌زایانه‌وه‌یه‌..

ئه‌وه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌
وه‌رزی ڕۆژه‌ڤ و
سارده‌كێل لێك ناكرێنه‌وه‌ ..
لووتكه‌ی چیایان
وێنه‌ی شاییه‌كی به‌ره‌واژ
له‌ بیره‌ نه‌وته‌ بۆگه‌نه‌كان داوێین..
به‌ تامی با
جه‌ربه‌زه‌یی ده‌رمانخواردوو..
ژیان
به‌ ئاوازێكی نه‌شازی شه‌یپوورێكی شكاو نه‌شئه‌دار..
وره ‌، بڕست ، جه‌ساره‌ت
به‌رده‌ستی ڕووهه‌ڵگرانه‌..
دونیای جوان
ژیانی جوان
سرووشتی جوان
گریمانه‌یێكه‌
به‌ قاڵبه‌سابوونێكی كۆڵێی جاران
سپێردراوه‌..

ئیتر هیچ له‌ هیچ ده‌خوازرێ..
(گوناه)ی گوناه
له‌به‌ر ده‌رگای مزگه‌وت و كه‌نیسان
به‌ ڕه‌ونه‌قێكی شكۆداره‌وه‌
ڕیزیان بۆ گوڵاڵه‌سووره‌ی
به‌ر په‌رچه‌می هێمنی به‌ستووه‌‌..
بێده‌نگی،
هه‌ڵایسانی بن بیره‌
ده‌بێ خوو
به‌ فشاری قووڵ و بێدیماهی
شه‌وه‌وه‌ بگرین..
هه‌وڵ بده‌ین بگه‌ڕێینه‌وه‌ ڕه‌حمی یه‌كه‌م
شه‌نگترین و
ئه‌مینترین ته‌لار..

ده‌سبه‌تاڵی،
بزه‌ی لاله‌زارانه‌
سه‌رسام..
مه‌ستتر له‌ مه‌ستی
له‌ شه‌خته‌ ساردتر
به‌دبینتر
له‌و په‌یمانانه‌ی
شانۆی پێ ده‌ڕازێنرێنه‌وه‌..
ڕه‌نگ له‌ ڕووان نه‌ماو
شه‌رمن
له‌ هه‌مان ئه‌و كاوبایه‌دا ده‌توێنه‌وه‌ ،
ساوی ڕه‌شه‌با ده‌ده‌ن..
خه‌رقه‌ی كازیوه‌ ده‌پۆشن
بۆ سه‌فه‌رێك
له‌ بازنه‌ی گێژه‌نێكی ڕه‌وان ده‌خوولێته‌وه‌،
ژیان و مه‌رگی
پێ كڕاوه‌ و فرۆشراوه‌..

شاخه‌كان هه‌ڵه‌یان كرد
كه‌ڕه‌نای میدیا
به‌رخه‌ل په‌رت و كۆ ده‌كاته‌وه‌..
ودمی به‌دنیهادی
شه‌هدی پێ ده‌كرێته‌ شه‌ره‌نگ
زه‌نوێر
له‌ سه‌ره‌مه‌رگدا
شه‌تاو ده‌ستیان به‌سه‌ردا دێنێ..

ئای له‌ زیخه‌ڵانی ئه‌و سنگانه‌ی
یاده‌وه‌ریه‌ ڕه‌شه‌كانی قووت دا
ژه‌نگی سه‌ر دڵه‌به‌ردینه‌كانی لادا
مه‌وسیمی باڵانوێن و كینه‌په‌ڕێنیان
بۆ كردین
به‌ بووكه‌به‌فرینه‌ی خه‌یاڵی نه‌خۆشیان..
هه‌یبه‌تیان
له‌ ئاهه‌نگێكی ئیرۆتیكی زڕدا
دایه‌وه‌ شه‌وی كوێر
كه‌ڵه‌شێری به‌ناوه‌خت
تیا بانگ ئه‌ده‌ن..
برینی تێدا ده‌كولێنه‌وه‌ ..

كه‌ڕه‌نای میدیا
سپتیتانكێكی بێ بنه‌
به‌ ڕه‌نگی په‌لكه‌زێڕینه‌ ده‌رده‌كه‌وێ
به‌ ده‌نگی شمشاڵ ده‌گاته‌ گوێ!!

ئای له‌و كلیلانه‌ی
له‌ ته‌نیشت دڵمان دانابوو
ئه‌و كلیلانه‌ی
داماننابوو
گه‌نجینه‌ی هیوای پێ بكه‌ینه‌وه‌..
هاتن بێباك
به‌ دڵه‌وه‌
خستیانه‌وه‌ ناو سه‌رابی كاوبا..
هێللانه‌ی باڵندانیان به‌ شیرازه‌یه‌ك ،
له‌ ئۆده‌ی بووژانه‌وه‌ كه‌وتبوو
كۆر كردنه‌وه‌ ..
بۆنی ڕه‌نگ و
خه‌ونی ئاوهه‌ڵدێرانیان كوشت..
به‌رده‌وام بوون
له‌ به‌رده‌وام بوون….

حوزه‌یرانی 2024




ڕۆچوون.. ستار ئەحمەد

ساتەکان ڕامدەکێشن
ڕۆژگار
دەست بەتەمەنمەوە ناگرێ
تاریکی بۆ بەژنم دەدوورێ
هێور هێور
بەژیانێکی دیکەم دەسپێرێ
بەتەواوی لەیادا ڕۆدەچم
لەهیچا مەلە دەکەم
دەست دەنێم بەڕووی ڕۆحمەوە
لەکەنارێکی دەربازبوون
چەند مۆمێک دادەگیرسێنم
بەستە بۆ ڕۆچوونی خۆم دەخوێنم
لەپاڵ هەر نسێیەکا
لەنێو دڵۆپەی هەنسکێکا
لەتاریکی یان پرشنگا
ژینی خۆم لەت دەکەم
بەردەوام سات دەڕواو
تینم کزۆڵیم دادەگیرسێنێ
بەنەمان و لەناوچوونی گیانی خۆم
ئاسوودەم و ئاهەنگ دەگێڕم
بەتەمای ڕۆژێکی جوانترم
حەز دەکەم ساتەکان زوو بڕۆن
لەپڕ لەکەندەڵانی گۆڕێکا
بۆ هەتایە پاڵم دەخەن
وەک شنەبا دێم و دەچم
کەس بیر لەنەمانم ناکاتەوە
شەوێک مردوویەک نایەتە سەردانم
بێ پشوو
ئاوو زادو با
لەزامی زەمین گیر دەبم
شیعر
گۆرانی
مۆسیقا
هونەرو وێژەم بیر دەچێتەوە
لەنێوانی گڕو گوڵا
چاوەکانم دەبڕمە نووری خودا
نەگریان
فرمێسکێک دەکاتە خەڵاتم
گوڵێکیش ناڕوێت
لەڕێگەی سەرساڵ و
جەژن و ئاهەنگ و پێشهاتم
بێسوودە
خودانی کتێب و
سامانی دونیابم
چیم هەبوو
ئاگرێک ساز ئەکەن
بۆ شادی و شەوانی بەراتم
سەری ساڵە
نەدارو ڕووتەڵەم
ئاگریش خۆی نادات
لەقەرەی ئاواتم

ستار ئەحمەد




زێدە بیابان.. شیعری عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بە دەربڕینەکانی هونەرمەندی شێوەکار (قەرەنی جەمیل) پێشکێشە

(١)
ئازادی لە نەخشەی بیابان دەتکێ
باران لە هاواری سەراب دەبێ بە ریشۆڵە
ریشۆڵەكان دەنووک لە تیشکى رووناکى دەگرن
لە ئاودا تیشکی رووناکی دووبارە هەڵدێ
ئەوەتا لێرەم وەک رووکاری رەشبردنەوە.
(٢)
جوانی رەفتاری بیابان هێشوو و هێشوو دەکا
رابردوو خۆڵەمێشییە
ئەوەتا لێرە دادەنیشم لەنێو ئێوە
ئاخۆ هەست بە گومانەکان دەپێون
ئاخۆ لە شکانی سەراب دەگەن
بزەی ئاو دەناسنەوە
ئاخۆ جیاوازی، وێناکردنی ناجیاوازییە، یان هاونشینی؟
(٣)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
ئاو دووبارە سەراب هەڵدەدا
مرۆڤ هێشوو و هێشوو لە بیابان دەکەوێ
با دێتەخوارێ
بۆ ژیان شامانایەک هەبوو
بۆ سەراب پێوانیەک نییە.
(٤)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
باران پێڵاوەکانی بیابان پڕ خۆڵ دەکا
با لە پرچی سەراب دەڕژێ
بە پێ خاوسی
بەبێ زیندووکردنەوەی شامانایەک
ناپەڕینەوە
لە پەنا رەنگی خۆڵەمێشی
لێرە دووبارە وەک روواڵەت لە ئێوە دەکەوم
مردن جێنشینی بینینە.
(٥)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
مرۆڤایەتی چەشنی نەخشەی بیابان
هێشووی هەتاو
نواندنەوە، زێدە مانا،
سەراب
بە ئاوەوە دەخورێتەوە.
(٦)
چیتر دابەزین نییە
بیابان لەبەر دەرگاتانە
رەنگی خاک جگە لەخۆی هیچ ناگەیەنێ
بە پێڵاوی پڕ لە خۆڵ
دووبارە وەک رووکەش لە ئێوە دەچم.
(٧)
ژیان شاراوەیەکی زێدە دیارە
رەنگ شاراوەیەکى زێدە گەرم
بە نمایشە شێواوەکانی
روو لە ئارەزوو دێتەخوارێ
بوونی مرۆڤ زڕوێنەیە
بە ئاسمانەوە کۆتایی بە حەقیقەت دێنێ.
(٨)
من نامەوێ ئاسمان لە خاک بچێ
زەوى لە ئاسمان بێتەوە
بەربوونەوەی ئەسڵ، شتێ لە شتێ ناکا
گەر دەرگا بکەنەوە
ئایکۆنەکان دەگەڕێنەوە
گەمەی نا- نواندنەوەیە.
(٩)
دنیا سەراب بێ یان وەهم
خاڵی گەشانەوەی هونەر وێناکردنی فریودانه
وێناکردنى زڕوێنە
خڕبوونەوەی ناتەبایی چێژە لێرە و لەوێ
من دەزانم
لە زێدە حەقیقەت دەبنەوە
تۆ دەزانی
شتێ لە پشت لەبەرگرتنەوە، بوونی نییە.
(١٠)
مردووەکان زیندووەکانیان گۆڕیووە بۆ ئاوەدانی
زیندووەکان مردووەکانیان گۆڕیووە بۆ زمان
ژیان گێڕانەوەی مرۆڤە بۆ دۆخی بێ شوناسی
ئەوەتا لێرە لەنێو ئێوە هەڵدەستمەوە
گەر دەرگا بکەنەوە
جەستەی بێ ئەندام دەبێ بە گۆڕ
لە پێگەی رەشبردنەوە و دابڕان
مردوو زیندووەکان دەردەکەون.

٢٠٢٤/٩/٢٨ هەولێر




وەک چیاکان کۆن.. شیعری نەوزاد مدحەت

ڕەگەکانمان قوڵ وەک لوتکەی زاگرۆس،
لە خاکێک کە پێی باپیرانمانی ناسیوە.
نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبین،
زمان و گۆرانی و چیرۆکەکانمان بەرگری دەکەن.

هیچ سنورێکی کێشراو
ناتوانێت ڕۆحمان زیندانی بکات،
هەرچەندە بەزەبری خەنجەر لێکمان دادەبڕن
ئێمە منداڵانی خاکی دێرینین،
یەکبوون هەمیشە لەناو دڵمان لێدەدات.

هەوڵ دەدەن چرای ئومێدمان خامۆشبکەن،
وەک ئەوەی ئازادیمان هەڵبژاردنی خۆمان نەبێت.
هێز لە دەماری شاخاویمان هەرگیز خامۆشنابێت
وەک هاژەی ئەو چەمانەی ئاوەدانیمان ئاوەدانتردەکەن.

هیوا لە نوێژی بێدەنیگدا هەڵدەگرین،
بۆ دادپەروەریەک بەزەبر نەبێت نایەت.
مێژویەکە نەوەکان خەونی ئاشتی دەبینن،
کەچی ئەویتر، ئەویترێکی لە دوورەوە هاتوو
گۆشە گۆش لە ناو ماڵی خۆما سەری دەبڕێت

ژمارەکان دەگۆڕن،
توڕمان دەدەنە شوێنە دوورەکان
ئاو بەردەدەنە گۆڕستانەکانمان
بەڵام بزرنابین چەند دوور بڕۆین
جارێکی تر و جارێکی تر..
لە ناو دڵی چیاوە دێینە دەر

لە ناو تاریکی قوڵدا ڕووناکیمان دەپارێزین،
بالۆرەمان لە چیا نابڕێت
بۆ بەرەبەیانی ئازادی هەمیشە باوەڕمان هەیە،
ئەمە ئەو هەوایەیە کە دەبێت هەڵیمژین.

نەوزاد مدحەت




کەزی.. دانا حەمید

کەزیت هەناسەیەکی ڕەشە،
بەسەر شانتا دەخشێ.
لەناو تەنیایی ژوورەکەتدا
دەبێتە گۆڕستانی سەدان گوڵی وشکەوەبوو…

لەبەردەم ئاوێنەکەتدا،
کەزیت دەڵێی مارێکی خەواڵووە:
لە دوا هێلانەی پایزدا
خەونی مردن دەبینێ.

ئەم شەوە، لەناو پەنجەکانتدا،
کەزیت وەک دوا دڵۆپەکانی ژیان
خۆی کۆدەکاتەوە؛
دەبێتە دەریایەکی ڕەشی بێ بنار.

کەزیت، لە شەوی هەرە تاریکدا،
وەک دارستانێکی سووتاو
لەسەر شانت خامۆش دەبێ و
دەبێتە گۆڕی هەزاران خەونی مردوو…

تۆ لەبەردەم ئاوێنەکەتدا ڕاوەستاویت؛
کەزیت وەک زامێکی کۆن،
لە شانتەوە دەکشێ و
دەبێتە نەخشەی وڵاتێکی ونبوو.

پەنجەکانت لەناو کەزیتدا،
وەک مەلی باڵ شکاو،
لە دوا هێلانەی ژیاندا
هێلکەی مەرگ دەخەنەوە…

کەزیت ئێستا ڕووبارێکی ڕەشە:
لە کانی چاوەکانتەوە هەڵدەقوڵێ،
بەسەر شانتا دەڕژێ و
دەبێتە گۆڕی حەوت نەوەی خەم.

شەو، لەناو کەزیتا ڕەش هەڵدەگەڕێ و
پەنجەکانت وەک دوا گەڵای پایز
لەناو تاریکییدا دەوەرن،
دەبنە خۆڵەمێشی یادەوەرییەکی کۆن.

کەزیت لە ئاوێنەکەدا دەبێتە شریتێکی ڕەش:
لەنێوان تۆ و مەرگدا درێژ دەبێتەوە،
وەک دوا سنووری نێوان بوون و نەبوون
لەسەر شانت دەلەرزێ…

لەم شەوە قووڵەدا، کەزیت،
وەک دوا هەناسەی پاییز
لەسەر شانت کۆتایی دێ و
دەبێتە بەردی سەر گۆڕی تەنیایی.




دەنگی بێدەنگی.. شەهلا نوری

هەموو شتێک لە دەوروبەرم
شتێکم بیردەخاتەوە
خەیاڵەکانم بۆشتێک
دەباتەوە
ئارەزوم هەیە ئەمجارەیان گۆڕەکەم بەدەست وپەنچەی خۆمدا دازایینی بکەم
دەفتەری شیعرەکانم ببن بە کۆشەیەک ، لاپەڕەکان دەکەم بە تەنراوەی گڵێمێک و
ڕایان دەخەم
مردوو شۆرەکان ،
مەلا دەنگ خۆشکە تێر و مەستی مەی ئەنگوریان بکەم
تا زیکرو حەدیسی شیعرەکانم بۆ من و مردووکان،بۆ زیندوکان
بڵێنەوە
قەبرسانەکان بێ فەرمان شیعر زیندە چاڵ ناکەن
قەناس بەدەستەکان فێری کوشتنی بێ
سەرپێچی شیعرێک بوونە
دارەبەستم بە عەکسی خۆم دەڕازێنمەوە
بە زەنگولە زەردی کانزای هەڵۆڵی
پڕ لە شيعر
بێدەنگی دەهاژێنم
تارای پار لەخۆم دەئاڵێنم ، گۆڵدانی شیعرم
بۆ مارمێلکە و کرمەکان ، بۆ بەردەکان بە دیاری دەکەم
بەخەڵاتی سپێ و بۆێ بخوورو مێخەک تەرمی خۆم
شاد دەکەم
موبایلەکەم جێ دەهێڵم
با من و شیعرەکان
کەس نەماندۆزێتەوە
خەۆێکی قوڵ قوڵ دەکەین
تا دەنگی بێدنگی بێوەژنکۆشی وشیعرەکانی
کپ دەبنەوە

شەهلا نوری




حەوشەی بۆن و شیعر و جوانی.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

حەشەکەمان پڕ لە بۆنی خۆشەویستی و ڕەشەڕێحانەی جوانی بوو
شیعر دەهات هەموو ڕۆژێ بەسەتڵێ ئاوی باوەڕ و مرۆڤدۆستی
ئاوڕشێنی بەر هەیوان و ڕاڕەوەکەی بۆ دەکردین
خەیاڵ سۆندەی لە بۆڕی جوانی دەبەست و
سەری باڵندە شەرمن و بێکەسەکانی دەشووشت و
دەیخستنە بەردەم هەتاو و خۆری ژیان
چیرۆک دەهات لەناو حەوشەی ماڵی ئێمە دەبووە ڕاستی
خوشکەکانم دڵدارییان لەگەڵ خەم و بێکەسی خۆیان دەکرد و
یەک یەک دەبوون بە ئەفسانە و
دەچوون لەناو قژی مێژوو دەبوون بە چیرۆکی ئومێد
حەوشەکەمان تەنها دەرگایەکی هەبوو، دەیڕوانییە سەر کێڵگەیەک لە جوامێری و
دەشتاییەک لە ئاوازە بەسۆز و ئاوارەکانی ئەم مەملەکەتە بێڕەنگە
دەرگای حەوشەکەمان ئێستا لەسەر پشتە و
کراوەیە بەڕووی ڕۆمانی تەریوو و شیعری ونبوو
کراوەیە بەڕووی کچانی نێو سەفەر و کۆچەکان
ئاگادارن.. یەک یەک هەموو بینیتان چۆن
ڕووبارەکان هاژەیان کرد و ڕۆیشتن
بێ ئەوەی گوێ لە ئاخ و ناڵەی خەمخۆریی و بێدەربەستی ئینسان بگرن
شەقامەکان پڕ ڕێبوارن و هەر کەس حیکایەتێک دەیبەستێتەوە بە بوون و
هیچ کەس ئاگای لە دڵی پڕ برینی ڕەشپۆشەکانی حەوشەی پڕ نهێنی نییە
وەرزەکان هاتن و چوون و باڵندەکان سەفەریان کرد و هاتنەوە
تەنها فرمێسکی چاوانی دایکم نەبێ ئەمێستاکەش
قەتیس قەتیس لەگۆشەی چاو دەڕوانێتە دەرگای حەوشە
هەتا ئومێد، هیوا، ئاوات بێنەوە ماڵ.
دایکم ڕۆیی و مێژوو لەگەڵ خۆی هەڵیگرت
باوکم سەفەر کردی بە ڕێبواری ڕێگای دۆزینەوەی بەختەوەری
خوشکەکانم یەک یەک لەگەڵ گوڵ و مانگ و ئەستێرەکان بوونە هاوڕێ
براکەشم دەڵێن هەتاو دڵڕەقانە بۆ خۆی بردی
تەنها من لەم حەوشە گەورەیەی خەیاڵ و بیرەوەری ماومەتەوە
بەدەم سروودی جەنگەکان دەستی شیعر و بۆنی گوڵم بەدەستمەوە و
دەبمە هەوری سەر ئاسمانی قەسیدەیەک لە بێکەسی و بێ سەفەری
دەبمە خولیا و دەڕۆم ترۆپکی شاخەکان دەکەم بە ژوانی خەیاڵ
دەبمە فڕین .. ئاسمانی حەوشە پڕ دەکەم لە شەقەی باڵ
دەبمە جوانی لەناو دڵ و نیگای ژیان
بۆ هەمیشە دەبمە خۆرەتاوی یەکسانی و ئازادی ئینسانەکان.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣




گۆمی دوكەڵ.. شیعری\عەبدولسەلام ئیسماعیل سادق

خەمە ڕوتە داپۆشراوەكانم
ببەم بۆ كام كێوی تەخت
كام دەشتی كێوئاسا
بەر كام شەپۆڵیاندا بدەم
بە كام ئاسماندا بیاننێرم

وشەكانم یەك یەك
بە تەنافی ئاسمانەوە هەڵواسیوە
بەڵكە ببینرێن
و
بخوێنرێنەوە
بەڵام چیدی
ئاسمانیش بەرگەی هەڵگرتنی وشەكانمی نەماوە
لە قورساییی وشەكانم پشتی چەماوەتەوە

هاوینێكی سارد هات
و
وشەكانمی سڕ سڕ كرد
وشك وشك بوون وشەكانم
بەڵام نەمردن

ئاسمان خۆری لە ئامێز گرتووە
بەڵام
من جەستەم ساردە
و
وشەكانم لە ناوەوە ئارەق دەكەن
دوكەڵێكی ڕەش ڕەش
لە ژێر دەرگەی هەر یەك لە وشەكانم دێتە دەرەوە
و
جۆگەڵە دەگرێت
لە ڕێڕەوی ئاسمانەوە
گۆمێكی مەنگ دروست دەبێت
گۆمی دوكەڵ

بۆ دواجار ئاسمانیش گریا
لەگەڵ هەر پێلكێك
تنۆك تنۆك دوكەڵ لە چاوانی دەهاتە خوارەوە
بەڵام بەر زەوی نەدەكەوتن
هەر لە ئاسمان
لە تەنافی وشەكانم
گیر دەبوون




تابلۆی زامه‌كان.. شیعری ستار ئه‌حمه‌د

رۆحم به‌ته‌نیایی خۆمه‌وه‌ گرێداوه‌

گه‌واڵه‌یه‌كم…

به‌دوای رامووسانی ئه‌ستێره‌یه‌كا ده‌گه‌ڕێم

له‌ترپه‌ی ده‌نگی باران

چه‌ترێك له‌نوور ئه‌ده‌م به‌سه‌را

له‌گه‌ڵ به‌فری سه‌ر دیواره‌كان نم نم ده‌توێمه‌وه‌

نه‌پێیه‌ك به‌خشپه‌م له‌په‌نجه‌كانی ده‌ترازێ‌

رێگایه‌ك به‌نه‌مانم چوارچێوه‌ی ده‌دڕێنێ‌

نه‌زریوه‌یه‌ك كانیه‌ك ده‌خاته‌ ناخمه‌وه‌

ئه‌ستێره‌یه‌ك به‌ژوانم نادره‌وشێته‌وه‌

ته‌نیایی له‌رۆحی ته‌نیام ئاڵاوه‌

نیگای وه‌كو ئه‌ستێره‌…

له‌پرشنگی خۆردا ونه‌

بسته‌ خاكێكم…

له‌نێوانی ئه‌ستێره‌و هه‌وردا

داماوم بۆ چریكه‌ی ئه‌و مانگه‌ی

شه‌وانه‌ ده‌روازه‌ی ژووره‌كه‌ت ماچده‌كا

به‌دوای نهێنی رووناكی و

سیاچاره‌یی رێبواره‌كاندا وێڵه‌

قه‌ده‌رێكی شوومه‌

دابڕان…

ده‌ستی چاوه‌ڕوانی ببڕێته‌وه‌

په‌نجه‌ی رازه‌كان له‌برین هه‌ڵكێشێ‌

له‌تیله‌ی خۆزگه‌دا..

ورده‌ ماچ…

دانه‌ی باران ..

تریفه‌ی خۆر…

شنه‌یشه‌ماڵ…

گوڵی كه‌نار…

له‌بسكی خه‌م بدات

دورگه‌یه‌كم تاریك

پڕاوپڕ له‌كوشتن

مه‌ست به‌ته‌رمی دووگیان

په‌شۆكاو به‌كانی خوێن

ترساو له‌لرفه‌ی بروسكه‌ی گولله‌ی وێڵ

ئه‌مه‌ ئه‌هریمه‌نی له‌خاچدانه‌

ته‌وێڵت به‌ئه‌سكڵی برین

هه‌ناوت به‌زه‌بری سێداره‌

چاره‌نووست…

به‌ئاورنگی ئالووده‌بوون بسپێرێ‌

ده‌ریایه‌كم له‌كانی عومرم وه‌ڕسم

زێدم چه‌كه‌ره‌ی دوندێكی سه‌رسه‌خته‌

كه‌ئاده‌مم ناسی….

به‌هه‌شتم له‌كیس چوو

گۆڕ بووه‌ تابلۆی زامه‌كانم

گه‌ڵایه‌ك…

رووتبوونه‌وه‌ی پێبه‌خشیم

زمانم به‌پشكۆ هاته‌گۆ

كراسێكیان له‌ئاگر بۆ بۆدووریم ، لیمنابێته‌وه‌

هه‌تا ئێستا نزایه‌ك له‌پرشنگ

هه‌ناسه‌یه‌ك له‌عیشق

چركه‌یه‌ك له‌تاسه‌ی نیشتمان

سترانی لێبورده‌یی….

به‌سه‌ر ده‌روونما نه‌چڕیوه‌

بۆیه‌ شه‌وانه‌ له‌خۆم وه‌ڕسبم

سپێده‌…

به‌دوای رۆحی خۆمدا بازئه‌ده‌م

له‌گه‌رووی برینا سه‌ر خه‌وێك ده‌شكێنم

پێپه‌تی ردێنی هه‌ور ده‌گرم

ده‌ستم ناگاته‌ پرشنگێك

بۆ ئه‌وه‌ی له‌سێبه‌ری باڵای خۆمدا

په‌نجه‌كانم بژمێرم

ته‌مه‌نی هه‌نگاوه‌كانم نازانم

بێئاگام له‌پشكۆی ئه‌و رێگایانه‌ی

ساتێك گه‌رمی نه‌كردینه‌وه‌

ئه‌مێستا میوانی شه‌واره‌ی سه‌ره‌ڕێی

منیش له‌به‌رده‌م…

خانه‌قای یه‌زدانا راوه‌ستاوم

ده‌ستێكم رۆحی بزێومی داگیرساندووه‌

ده‌سته‌كه‌ی تریشم….

گه‌ردنی تاریكی..

كردووه‌ به‌كاتژمێری دیوارێك

به‌ته‌قه‌ی ده‌رگایه‌ك شادنه‌بووه‌

شه‌ونوێژێك له‌پاڵیدا نه‌كراوه‌

بۆیه‌ تینوو به‌وێردی ده‌ف وسۆز

ده‌روێشی رێگرتووی مه‌زاری عه‌شقی تۆم

دێوانه‌م وه‌ك ئه‌و موریدانه‌ی

له‌لانكا عه‌وره‌تیان ده‌بڕن

به‌نینۆك ناوكیان ده‌تاشن

تامه‌زرۆم وه‌ك ئه‌و شێتانه‌ی

له‌گۆشه‌ی كووچه‌كان

له‌خه‌ڵكی ده‌ڕوانن

چاوه‌ڕێی نانێ‌ ره‌ق

یان بزه‌ی لێوێك و شه‌وباشن




لە سێبەری شەڕدا.. شیعری نەوزاد مدحەت

لەوێ لە لا شانی ئەو شەقامە
تەباشیر چوارگۆشەی خانە خانەی دەکێشا،
کۆڵان پڕ دەبوو لە تریقەی مناڵان
ژیان لەو پەڕی سادەیی خۆیدا
باوەشی بە خۆشەویستیدا دەکرد.

ئێستا شەقام چۆڵ و
داپۆشراوە بەخۆڵی باڵەخانە رووخاوەکان
وردیلە خەمگینەکان لە پەنجەرەکان دانیشتوون،
چاوەڕێی ئەو باوەشانەن کە دوێنێ لەباوەشیدەکردن.

جۆلانەکانی باخچەی گەڕەک
بێدەنگ دەجووڵێنەوە،
بای خەمبار بێ ترس لە گیزەی گولە و
رمبەی تۆپەکان
پاڵیان پێوە دەنێت.
چیتر زەنگی قوتابخانە کات دیاری ناکات ،
دەنگیان کپ کراوە بە دەنگە تاریکەکان

لە ژێرزەمینە قووڵەکان ،
فریشتەکانی ئەهریمەن لایەلایە دەچڕن،
دایکەکان زەردەخەنەی دڵنیایی
لە دەم و چاویان دەنەخشێنن
ترسەکانیان لە پشت چاوەکانیان دەشارنەوە.

بەڵام دڵی منداڵان
هێشتا خەونی ئاشتی دەبینێ،
ڕۆژانی پڕ لە وزەو راکەراکی ناوکۆڵان
کێکی لەدایکبوون وچاوەشارکێی دۆستانە،
هەموو ئەوانەی کە شەڕ ناتوانێ بیانسڕێتەوە.

هیواکانیان بە قەڵەمی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشن،
لەسەر ئەو دیوارانەی
کە برینی شەڕ هەڵدەگرن،
ئازایەتیان وەک گوڵی کێوی
بەهێز دەڕوێت لە درزەکانەوە
کە منداڵی ڕاستی دەکاتەوە.

کاتێک بەیانی دێت، وەک دەبێت بێت،
ئاشتی تۆزی شەقامەکان رادەماڵێ
کات لە زەنگی قوتابخانەکانەوە دەڕژێتە کۆڵانەکان
باخچەی گەڕەک پڕدەبێت لە گەورەو بچووک
لەوێیە پێکەنینی منداڵان بە ئازادی دەڕژێت،
شەڕ دەبێتە چیرۆکێکی کۆن.

شیعری نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)




ئەوە کوردە.. ئەوە کوردە.. ئەوە کورد.. شیعری نەوزاد بەندی

ـــ ـــ

بە هەوڵ و کار و خەباتی هەموو لایەک ،
توانیمان حوکمەتی کار بەڕێکەر
بگۆڕین بە حوکمەتێکی کەربەڕێکەر ..

٭ ٭ ٭

کاتێ مافی کوردێک ئەخۆی ،
خۆی شل ئەکا ،
لەبەر ئەوەی مافێکی تریشی بخۆی ..!

٭ ٭ ٭

گوێی لێ بگریت ،
بە هیچ شتێ ڕازی نییە ..
گوێی بۆ ببڕیت ،
بە هەموو شتێ ڕازییە ..

٭ ٭ ٭

بە هەوڵی دەسەڵاتی کورد و ..
بە بێ دەنگیی موچەخۆرانی لاتی کورد ،
کورد داهێنانێکی تری بۆ دەرهێنا
یان دەرهێنانێکی تری بۆ داهێنا :
مانگی 67 ڕۆژیی بوو .. تۆزێکی تریش شلی کەن ،
ئەیگەیەنینە 90 ڕۆژ ..
دڵنیام دوای نەوەد ڕۆژیش ، شلکردنتان هەر پێ ماوە ..
شلکردنتان بۆ دوای سەد ڕۆژیش داناوە ..!

٭ ٭ ٭

کورد ،
تاکە بوونەوەرێکە
لە مێژووی عیلمی حەیوانا ،
دڵی پڕ پڕە لە برین ..
ژیانی پڕ پڕە لە وەڕین ..
حەوشەکەی پڕ پڕە لە دز ..
کۆیلە و بەشخوراو و سەرکز ،
کەچی هەر دەم ئەکاتەوە ،
ڕێک بە قاقا پێ ئەکەنێ ..
ئەمە پێکەنینە ڕۆڵە یان پێداکەندنە ، ڕۆڵە ؟
ئەمە بێ حەیاییە، ڕۆڵە ،
یان عەقڵ دۆڕانە ، ڕۆڵە؟
ئەم هەموو نوکتەیە
لەکوێوەیه ..
چۆن ئەبارێ ؟
ئەمە نوکتەیە یان چڵمە شۆڕ بۆتەوە ، هەموو جارێ؟
یان میزە بە ڕێی قاچاخا ،
لە سەرەوە دێتە خوارێ ؟

٭ ٭ ٭
کاتێ بێگانەیەک
تۆپ و درۆن هەڵئەسێنێ
شار و دێی کورد ئەسوتێنێ ..
کورد لە پڕا ،
هەڵمەت بۆ بێگانە دێنێ ..
بۆ شەڕ نا ..
بۆ گەشت و گوزار ..
لە پایتەختی داگیرکەرەکەی ،
خەرج ئەکا ،
ساڵانە ملیاران دۆلار ..

٭ ٭ ٭

کورد پاڵەوانە بۆ شەڕی ،
کورد فەوتاندن ..
تاکە مەرجی کورد لە شەڕا ،
ئەوەیە بەرامبەر کورد بێ ..!

٭ ٭ ٭

کورد تەنها یەک کات گەرم ئەبێ و
دین و ئیمانی نامێنێ و
لە پڕ دەست ئەکا بە گریان ،
کە میکرۆفۆنی کەناڵێ ،
یەخەی ئەگرێ ..
تەنها ئەو کاتە، خەبەری ئەبێتەوە و
تێئەگا لە هەر چوارلاوە ،
خستوویانەتە ناو دەمی ،
ئەوەی پیسە یان پێڵاوە ..
ئەگەر شەش ملیۆن میکرۆفۆن ،
لە هەمان کاتا ، بخرێنە بەردەمی
تاک بە تاکی کورد ،
ڕێی تێ دەچێ بۆ چرکەیەک بتوانن لەسەر بە بابەتێ کۆبنەوە
یەکبوونیان پەرە پێ بدەن ..
تڕێ به کۆمەڵ لێبدەن ..

٭ ٭ ٭

لە خوای میهرەبان بە زیاد بێ ،
بە هەوڵی هەموو کوردەکان ،
جارێکی تر
هەرچی کوردە درا بە گان ..
توانیمان ووشەی دەسەڵات ،
بگۆڕین بۆ لات و مەنات ..
توانیمان ووشەی فەرمانبەر ،
بکەین بە دەنگدەر ..
بە هاندەر ..یان بە تاودەر ..
توانیمان وشەی جەماوەر ،
پڕکەین لە ئاو
بە بێ ئاگر ..
هەتا ئەبن بە سەماوەر ..

٭ ٭ ٭
کورد کە ئەبێ بە فەیلەسوف ،
ئینجا دەمی جڕت ئەگرێت و
بە لغاوەیا دێتە خوار ،
کەفاو و لینجاوی جنێو ..
کورد کە ئەگاتە دکتۆرا ،
ئینجا ڕوخساری ئەگۆڕێ و
ئەبێ بە دێو ..
تێ ناگەم لەم چاو و ڕاوە ..
بەڵام دڵنیام لە گڵ نا ،
کورد لە گو دروستکراوە ..

لە مێژووی گیانەوەرزانی و
تەنانەت ڕووەکزانیشا ،
هیچ بۆق و
بەڕوویەک نییە ،
نان و ئاو و ڕوناکی نەبێ و
نەیشمرێ ..
وشک نەبێ و
بۆ خۆی بژی ..
کەچی بۆ گیرفانی دوو باند ،
کردبێتی و بیکا چەندین شەڕی گەرمی براکوژیی ..
ئەوە کوردە ..
ئەوە کوردە .. ئەو کورد ..
حەیای نییە ،
مەڵێن بۆچی حەیات برد ..




بازگە.. شیعری ستار ئەحمەد

تیشکی چاوت
تەلیسمی هەناوی من بوو
بەدەم شنەی باوە فڕی
چوون کلوە بەفر
دەهاتە خوار
لەسەر لوتکە هەڵدەپەڕی
چەندین شەوان
سروشتی کردە گوڵە لۆکە
هەتا دەهات
سەر زەمینی خڕ داپۆشی
زاری سەرما نەهاتە گۆ
گەرمیی عەشقمان
بەسەر لاشەی چیایەکەوە
وێنەکێشی ڕووگەی خاک بوو
نەمانی ترس
بەرۆکی تاریکی گرت و
گوڵە ئەستێرەی شەوانە
کەم کەم نەوی
لەهەور دابڕا بۆ زەوی
گریەی چرۆ
لەژێر کڵاوی دڵۆپەدا
خزا لەپاڵ بەردی سوورا
جۆگەلەی جۆش
هاتە بزوان
باڵندەی تەزیوی دوان
هەڵچوونەوەی کانیلەکان
بەفری دەمیان
نەخشەیەک بوو بۆ نیشتمان
گازندەی برووسکەی ئاسمان
دەنگی تاسا
لەگەواڵەی پرچی هەورا
دیمەنەکان چەتری ڕووناکیان هەڵکرد
لێزمەی باران
لەگەرووی بادا وشکی کرد
توانای بەفر لەباڕەشا
تەرمی خۆری لە باوەشدا
ساتە چرپەی ئێواران بوو
تەلبەندی بازگەی ژوان بوو
هەنسکە ماچی داباران
تیشکە بای سروشت داگیرسا
پەری دەریا
لەلانکەی ئاودا ڕووت قووت
لەخەوی بێداری هەڵسا

ستار ئەحمەد




منداڵیت بەرم نادا.. مەولود ئیبراهیم حەسەن

-تکایە منداڵیەتی خۆتان بپارێزن.

(١)
من بەخۆشەویستی تۆوە
لەدایک بووم
ناوکم بڕا
چاوم بە خۆشەویستی تۆوە
کرایەوە
بەشیری خۆشەویستی تۆوە
مەمکدرام
دارە دارەمکرد
بەخۆشەویستی تۆوە
زارم پژا
کەوتمە سەرپێ
بە خۆشەویستی تۆوە
لە دایک بووم
لە وڵاتی خۆشەویستی تۆوە
گەورە بووم
لە نێو خۆشەویستی تۆشدا
دەمرم

(٢)
لە هەموو گەڕەک
تەنیا من و تۆ
زۆر بە منداڵی
یەکترمان خۆشدەویست
خەڵکەکە هەموو
بە سوک سەیریان دەکردین
ئێستاش
تێنەگەیشتم
خۆشەویستی بۆچی سوکایەتیە

(٣)
زوڵفەکانت
وەک تیرە ماری ڕەش
بە نێو پەنجەکانم دا خزین
چ جوان و پڕ ترس بوو
ڕۆیشتنەکەت

(٤)
بە منداڵى
باوەشم
پڕ لە گەرمایی
کورتە خەوی تۆ بوو
ئەى ژن
ئێستا بەفریش دەبارێ
من هەر تۆم لە باوەشە

(٥)
بە گێڕانەوەی چیڕۆکی
شەڕو ئاشتبوونەوەی منداڵیمان
خەوم لێکەوت
وەرە
بە قژڕاکێشانەکانی گەنجی
خەبەرم کەوە

(٦)
ئەو خواردنە سادەیەی
جاری یەکەم
پێکەوە خواردمان
چەندین ساڵە
لێ ناگەڕێ برسیبم
نانخواردن لە گەڵ تۆ
چەند ئابووریە

(٧)
کە منداڵ بووی
یەکەمجار
لێنەگەڕای ماچت کەم
هەموو ماچەکانی گەنجیمان
تۆڵەی ئەو ماچەی
بۆ نەکردوومەتەوە

(٨)
بڕیار بوو پێکەوە
بچینە دەرەوە
گەیشمە بەر دەرگا
گوتت
دایکم لێناگەڕێ
ئێستاش
هەر جارێکی دەڵێی دایکم
وادەزانم لێناگەڕێ

(٩)
سێوی نەگەییوی
حەوشەکەتانمان لێکردەوە
دایکت هاواری کرد
لێگەڕێن
با گەورەبێت
چ خۆش بوو
گەورە نەبووباین

(١٠)
بە منداڵی نەمزانی
بووکە شووشەیەکی تۆم شکاند
بە پیری
تۆڵەی خۆت کردەوە
دڵت شاکاندم

(١١)
کە منداڵ بووین
زۆر دەترساین
خەڵک پێکەوە بمانبێنن
بە گەنجی چەند دڵخۆش بووین
کە بە یێکەوە دەبینراین

(١٢)
بە منداڵى
من پایزم خۆشدەویست
تۆ بەهار
ئێستا تۆ
پایزت خۆشدەوێ
من بەهار
لەو ساڵی تەمەن وەرز لێکدابڕاوە
کەی پێکدەگەین

(١٣)
هەموو ئێواران
کە لێکدادەبڕاین
غارم دەدا
بەرەو پێکگەیشتنی بەیانی
کەی پێکدەگەین
ئێستا
کە ناتوانم غاربدەم

(١٤)
کە منداڵ بووین
من تەنیا بەڕەنگی چاوەکانت
تۆم دەناسیەوە
چۆنت بناسمەوە
ئێستا
کە هەموو دەستە خوشكەکانیشت
چاویلکەیان لە چاو کردووە

(١٥)
منداڵیت بەرم نادا
تۆ هەمیشە
توڕەو بەناز بووی
ئێستاش
من بەم پیریە
بەردەوام
بیبەر و هەنگوین دەخۆم

(١٦)
منداڵ بووین
کە شەڕمان دەکرد
کەس نەبوو
ئاشتمان کاتەوە
بەم پیرییە
زۆر کەس هەن
لێکمان دەکەن

(١٧)
کە منداڵ بووم
لەسەری کۆڵان
چاوەڕێم دەکردی
تا دەهاتی
دەتوامەوە
کە دەهاتی
دەژیامەوە

(١٨)
بە منداڵی
کە پێدەکەنیت
گەڕەک گوڵ دایدەپۆشی
کە تووڕە دەبووی
وڵات دەکەوتە ڕەشپۆشی

(١٩)
منداڵ بووم
حەزم دەکرد
هەموو منداڵانی گەڕەک
کوێر بن
نەوەک تۆ ببینن
ئێستا حەز دەکەم
چاوی هەموو
گەنجانی وڵات هی من بێت
تەنیا
بۆ بینینی تۆ

(٢٠)
بە منداڵى
ناوی تۆ
کانیی هەڵقوڵێنی
هەموو جوانیەکانی ژیان بوو
ئێستا
چاوی تۆ
پەنجەرەی
بینینی دوا ڕۆژە

(٢١)
بە منداڵی
یەکەمجار
ویستم دەستت بگرم
هەموو گیانم کەوتە لەرزین
ئێستا
لەرزینی پیری لێناگەڕێ

(٢٢)
کە منداڵ بووین
لە سایەی عەشقەوە
هەموو وڵات
هی ئێمە بوو
ئێستا پیر بووین
ژوورێکمان دەسناکەوێ

(٢٣)
ئێستاش
بەم پیریەوە
هەرجارێکی
دەچمەوە گەڕەکی منداڵى
تەمەن لە بیردەکەم
بە دوای خانووە
کۆنەکەتان دا دەگەڕێم

(٢٤)
لە قوتابخانە
هەموو جارێ
پارچە کاغەزێکت دەخستە
نێو جانتاکەم
لێی نووسرابوو خۆشم دەوێی
ئێستاش
بەم خانەنشینیە
لە نێو هەموو جانتکانم
بەدوای ئەم پارچە کاغەزە دا دەگەڕێم

(٢٥)
ئەلف و بێی نووسینم
لە بیرکردووە
کەس و کاری خۆم
ناناسمەوە
ناوی خۆشم
لە بیر چووەتەوە
لە وەڵامی هەموو پرسیارێکا
دەڵێم پەری

(٢٦)
چومە لای دکتۆر
بۆ چارەسەری
گووتی کوێت دێشی؟
گوتم پەری
گووتی هۆی چیە؟
گوتم پەری
گووتی لە کەیەوە؟
گوتم پەری
گووتی لەگەڵ کێ؟
گوتم پەری
دکتۆر گوتی
خەرەفاوە

(٢٧)
ڕۆژی یەکەمی
چوونە قوتابخانەمان
گوڵێکت پێدام
خستمە نێو کتێبی ئەلف و بێوە
ئێستاش
بەم پیریەوە
هەر کتێبێکم دەسکەوێ
بەدوای ئەم گوڵی دیاری
منداڵیە دا دەگەڕێم

(٢٨)
لە تاقیکردنەوەی بیرکاری
هەردووکمان
نمرەی تەواومان وەردەگرت
ئێستا
پیر بووم
یەک و یەکم بۆ کۆ ناکرێتەوە
وەرە بەم پیریە
هەردووکمان ببین بەیەک

(٢٩)
لە قوتابخانە فێریان کردین
پێویستە مامۆستا و
دایک و باوکمان خۆشبووێ
خوێندنمان تەواوکرد
کەس پێی نەگوتین
پێویستە
یەکترتان خۆش بووێ

(٣٠)
لە قوتابخانە
لە وانەی ئایین
فێریان کردین
هەموومان دواجار دەمرین
گەورە بووین
کەس پێێ نەگوتین
ئێستا
پێویستە یەکترتان خۆشبوێ

(٣١)
ڕۆژێکی زۆر سارد بوو
لە قوتابخانە هاتینە دەرەوە
بەرگەمان نەگرت
یەکترمان گرتە باوەش
بەم پیرییەش
هەر جارێ کە تۆ دێیت
حەزدەکەم دار و بەرد بیبەستێ

(٣٢)
نەورۆز بوو
ئاگرمان کردەوە
پۆلیس دوامان کەوت
لە ترسا خۆت خستە باوەشم
ئێستاش
کە پۆلیس دەبینم
وا دەزانم نەورۆزە

(٣٣)
منداڵیت بەرم نادا
ئێستاش
بەم سەری سپی و
و چاوی کز و
دەستی لەرزۆک و خانەنشینیمەوە
بەیانیان
جانتاکەم هەڵدەگرم و
ڕێی قوتابخانە دەگرمەبەر
چاو لە تۆ دەگێڕم
هەر کچێک دەبینم
دەڵێم بەیانی باش پەری

(٣٤)
لە خانەی پیران
هەموو هاوتەمەنەکانم
گاڵتەم پێدەکەن و لێم بێزارن
دەڵێن چ پەری پەریتە
چەند هەست بە تەنیایی دەکەم
هاوپیرییەکی
خاوەن پەریم نییە

(٣٥)
ئەو ڕۆژەی گوتیان دەتگوێزنەوە
بۆ کەسێکی تر
من ژوورێکم ڕازاندەوە
جلی زاواییم کردە بەرو
بۆنی زاوایەتیم لە خۆم دا
ئێستاش
ئەو ژوورە هەر ڕازاوەتەوە
جلی زاواییەکەم هەرماوە
ئەو بۆنی زاوایەتیە
هێشتا بەری نەدوام

(٣٦)
منداڵیت بەرینەداوم
من هیچ گەورە نەبوویم
گەڕەک، شار
هیچ نەگۆڕاون
هێشتا سەردەمی پاشایەتیە
ساڵی یەکەمی قوتابخانەمانە
چ خۆشە
هەردووکمان
فێر بووین
ناوی یەکتر بنووسین

(٣٧)
لەسەر سەرینی مەرگم
دکتۆر دەپرسێ چۆنی؟
دەڵێم پەری باشە
دکتۆر پەری کێیە؟
پەری منم!
دکتۆر تۆ پیاوی
پەری ناوی ژنانە
من پەریم
دکتۆر خراپ تێکچووە!

(٣٨)
لە بیرتە
لە ڕێی قوتابخانە
لە نێوان (کوران) و (ئازادی)
پێڵاوەکانمان لە نێو قوڕ بەجێدەمان
من ئێستاش
دڵم لەوێ بەجێماوە

(٣٩)
شەو بوو
گوتت هەموو ئەم ئەستێرانە
هیمنن
گوتم من زۆرترم هەیە
گوتت چۆن
گوتم تۆ و ئەستێرەکان
پێکەنیت
گوتت شەیتان

(٤٠)
دەترسم
ئێستا نەمناسیتەوە
هەموو شتێک لە من گۆڕاوە
چاو نەبێت
دەترسم نەتناسمەوە
ئێستا
هەموو شتێک لە تۆ گۆڕاوە
چاو نەبێت
گرنگ ئەوەیە
چاوم بەچاوت بکەوێتەوە

(٤١)
تکایە
ئەگەر مامۆستا لێی پرسی
سێ جاران سێ دەکاتە چەند؟
نەکەی بڵێی دەکاتە نۆ
من ڕقم لە ژمارە نۆیە
زۆر دەترسم
لە نۆ ساڵیدا بتدەن بە شوو

(٤٢)
گەنجەکان
لۆمەم دەکەن
دەڵێن بەم پیری و سەری سپی و
خانەنشینیەوە
شیعری منداڵانە دەنووسی
گەنجەکان
نازانن سبەینێ
کە دەچنە تەمەنەوە
ئەوانیش
حەزدەکەن ببنەوە منداڵ

(٤٣)
هەژار بووین
هەردووکمان
پێکەوە
لەفەیەک و ساردییەکمان کڕی
قەپێک تۆ
قومێک من
قومێک تۆ
قەپێک من
ئێمە یەکەمین دوو منداڵ بووین
لە ساییەی خۆشەویستیەوە
یاسای وەک یەکییمان جێ بەجێکرد

(٤٤)
بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمە
بێ ژمارە
بێ لیست
بێ حزب
بێ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن
بێ کارت
بێ ڕۆژی دیاری کراو
بێ پەنجە مۆرکردن
من بۆ هەمیشە
تۆ هەڵدەبژێرم تۆ

(٤٥)
ڕەنگەکانیان هەمووی داگیر کردووە
زەرد و
سەوز و
سوور و شین و مۆر و.. زۆر
ئێمە بێ ڕەنگ و بێ ناو و بێ نیشانین
بە هەردووکمان
یەک نیشانەمان هەیە
ئەویش بێ نیشانییە

(٤٦)
دایکم زۆرجار دەیگوت
واز لەم کچە بێنە
کوڕم خەریکی دەرسەکانتبە
دەمگوت دایە
ئەو کچەش دەرسە
دەرسی چی کوڕم؟
دەرسی عەشق
بە خوا ڕۆڵە
دوا ڕۆژی خۆت
بە قوربانی ئەم کچەتیوە دەکەی

(٤٧)
لە بیرتە گوڵم
کە منداڵ بووین
خەڵک پێکەوەیان دەبینین
دەیانگوت بێ ڕەوشتن
ئێستا
هەر ئەو خەڵکە بەم پیرییەوە
خەریکی ئەو بێ ڕەوشتیەن

(٤٨)
دڵ وشکەکان
کە پێکەوەیان دەدیتین
بە منداڵى
زۆر چیڕۆکی ناشیرینان
بۆ دروست دەکردین
ئێستا
هەر یەک چیڕۆک ماوەتەوە
ئەم دووانە بە منداڵیش هەر
یەکتریان خۆشدەویست

(٤٩)
زۆر جار
بە قسەی خەڵک
دارکاری کراوین
بە منداڵی
لەسەر یەکتر خۆشویستن
ئێستا
لە سایەی ئەو عەشقەوە
لە خانەی بەساڵاچووان
خەڵات و چەپکە گوڵى
کۆنترین دوو خۆشەویستمان
پێشکەش دەکەن

(٥٠)
خەریکم سەفەر دەکەم
دەچمە هەندەران
بیستوومە لە هەندەرانی
ئەرێ
هەندەران
چەند وڵات و
چەند شار و
چەند گەڕەک و
چەند ماڵە؟
تۆ لە نێو دڵی
کام ماڵمی؟

(٥١)
هەر لە منداڵیەوە
زۆرم ئازار چەشت
بەدەست
خزم و
دۆست و
نەناسەوە
هەموو شتێکم لە بیرکردووە
ئەگەر
خۆشەویستی تۆ نەبا
خۆشم خۆم نەدەناسیەوە

(٥٢)
منداڵ بووم
ئارازووم بوو
پارەم زۆر بێ
تا خۆش بژیم
جوان بپۆشم
گەنج بووم
ناوبانگم بێ و
خۆمی پێ هەڵکێشم
ئێستا
تەنیا خۆشەویستی تۆم بەسە

(٥٣)
بیستوومە
بەربژێرکراوی
بۆ پەرلەمان
نازانم سەر بە کام لیست و
لە کام بڕی
دنیایە
ئەگەر دەرچووی
نەکەی تۆش
ساڵ دوازدەی مانگ
هەموو ڕۆژێ
کراسێکی نوێ بکڕی

(٥٤)
منداڵ بووین
خەیاڵمان زۆر
دەوڵەمەند و
ڕەنگاوڕەنگ بوو
ئێستا پیر بووین
خەیاڵمان نەماوە
چاومان
بە ئاستەم
یەک ڕەنگ دەبینێ
ئەویش ڕەنگی پێکەوەییە

(٥٥)
منداڵ بووین و
هەموو جارێ
کتێبی کوردی تۆم دەدزی
چ خۆش بوو
دەهاتیت و دەپاڕایتەوە
تا بتدەمەوە
ئێستا پیربووین و
تۆ دڵی منت دزیووە
بە پاڕانەوش نامدەیتەوە

(٥٦)
منداڵ بووین و
لە نێو لاپەڕەکانی
کتێبی کوردی
دوو داری دوورمان دەدی
لە ژێر ئەو دوو دارە
دوو منداڵی عاشق
ئێستا پیر بووین
نە کتێب ماوە و
نە دار دەبینین
تەنیا دوو عاشقی پیر

(٥٧)
سەیرکە
لە سایەی خۆشەویستیمان
لە منداڵیەوە
شەوانی درێژمان لە خانەی پیران
پڕ بووە
لە خەونی جوان جوان
ڕۆژانی کورتمان لە خانەی پیران
پڕ بووە
لە گێڕانەوەی خۆش خۆش
ئێمە وەک ئەو پیرانە نین
هەر زوو
بۆ یەکتر کوژانەوە

(٥٨)
سەیرکە
ئێمە لە سایەی
ئەو عەشقە منداڵیەمان
لە خانەی پیران
هەموو کاتێکمان
وەک یەکەمین ژووانە
هەموو یەکتر بینینمان
یەکەمین یەکتر بینینە
هەموو شەوێکمان
شەوی یەکەمی
بووک و زاوایەتیمانە
هەموو بەیانیەکمان
یەکەمین بەیانی
شەوی یەکەمین پێکەوە بوونمانە

(٥٩)
زۆرم لا سەیرە
ئەو ژن و مێردە پیرانە دەبینم
ڕۆژانە بەشەڕ دێن
قسە پێک دەڵێن
لێک زویر دەبن
پێکنایێنەوە
کەچی ئێمە
شەو و ڕۆژ
مانگ و ساڵ
هەموو تەمەن بەشی
یەکتر خۆشویستنمان ناکات

(٦٠)
سەیرکە
چۆن ئیدارەی
خانەی پیران
حەوشەکەی پڕکردووە
لە گوڵی سوور
لەو ڕۆژەوە
کە بینیان
من هەموو بەیانیەک
گوڵێکی سوور
پێشکەش بە تۆ دەکەم

(٦١)
سەیرکە
ئەمساڵ سەری ساڵ
چیشت لێنەرەکەی خانەی پیران
تاکانەترین خەڵات و
سەیرترین خەڵاتی
بە من و تۆ بەخشی
بەهۆی ئەوەی
تا ئێستا
داوای هیچ خواردنێکی
تایبەتمان نەکردووە
هیچ خواردنێکمان
ڕەتنەکردووتەوە
بۆ ئێمە
هەموو خواردنەکان
ئەو سارد و لەفەیەن
یەکەمین جار پێکەوە خواردمان

(٦٢)
سەیرکە
ئوتوو چیەکەی
خانەی پیران
هەموو ڕۆژی
جلەکانمان ئوتوو دەکات
خۆشەویستیمان
لێناگەڕێ
جلی گەچراو بکەینەبەر

(٦٣)
دکتۆرەکەی
خانەی پیران سەرسامە
تا ئێستا
ئێمە لە سایەی
یەکتر خۆشویستنمانەوە
داوای
هیچ حەبێکی سەرێشە
هیچ حەبێکی
بەرزە خوێن
هیچ حەبێکی
خەولێنەکەوتنمان لێ نەکردووە

(٦٤)
تۆ دەزانی
هەموو ژن و مێردە پیرەکانی
خانەی پیران
دەمانبوغزێنن
لەبەرئەوەی بەردەوام
لە ئیدارەوە پێیان دەڵێن
ئێوە بۆچی
وەک ئەم دووانە
خۆشەویست و تەبا نین

(٦٥)
هەفتانە
لە خانەی پیران
مەلایەک دێت
قسەمان بۆ دەکات
قەشەیەک دێت
قسەمان بۆ دەکات
دەروونناسێک دێت
قسەمان بۆ دەکات
کۆمەڵناسێک دێت
قسەمان بۆ دەکات
هیچ ژن و مێردێک
گوێیان لێناگرن
من و تۆ
لە سایەی خۆشەویستیەوە
بەردەوام
قوتابی هەمووانین

(٦٦)
لە بیرتە
لە خانەی پیران
ئەو شەوەی کارەبا بڕا
پیرەکان
خەویان لێ نەدەکەوت
هاواریان دەکرد
بەرداغیان دەشکاند
من و تۆ
هێمن هێمن
لە بەردەم چرای خۆشەویستی
چیڕۆکی خۆشەویستی خۆمان
بۆ یەکتر دەگێڕایەوە

(٦٧)
ئەو ڕۆژە
لێکۆڵەرێک هاتبوو
یەک یەک
لە پیرەکانی دەپرسی
خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانت کامە بوو؟
یەکێ دەیگوت
ڕۆژانی منداڵى
یەکێ دەیگوت
ڕۆژانی گەنجی
یەکێ دەیگوت هیچ ڕۆژێکیان
من و تۆ بووین
گوتمان هەموو تەمەنمان

(٦٨)
دوێنێ دەروونناسێک هاتبوو
یەک و لاپەڕەی دا بە هەموومان
گوتی
چێتان پێخۆشە ئەوە بنووسن
یەکێ نووسیبووی
خۆزگە پیریی نەبووایە
یەکێ نووسیبووی
ئێرە دۆزەخە
یەکێ نووسیبووی
بۆ چ نامرم
من و تۆش نووسیمان
ژیان خۆشەویستییە

(٦٩)
ئیدارەی خانەی پیران
داوایانکرد
هەریەکەو وێنەیەک
بەگەورەیی
بەسەر سەری خۆمان هەڵواسین
یەکێ وێنەی منداڵی
یەکێ وێنەی چوونە قوتابخانەی
یەکێ وێنەی ڕۆژی شاییەکەی
یەکێ وێنەی ڕۆژی دەرچوونی
یەکێ وێنەی ڕۆژی دامەزرانی
ئێمەش
ئەلبوومی تەمەنی
پڕ خۆشەویستی خۆمان
هەڵواسی

(٧٠)
هەموو ساڵێ
لە خانەی پیران
من و تۆ
بەهۆی خۆشەویستی
بەردەواممان
بەهۆی بێ کێشەییمان
بەهۆی پاک و خاوێنیمان
ئیدارە
بە دزی خەڵاتمان دەکەن
نەوەک پیرەکانی تر توڕەبن

(٧١)
ئیدارەی خانەی پیران
بێ تاقەت بوون
هێندەی
ڕۆژی لە دایکبوونمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژى یەکترناسینمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی شاییەکەمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی دامەزراندنمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی خانەنشینبوونمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی هاتنە خانەی پیرانیمان
بۆ بکەن بە جەژن

(٧٢)
هونەرمەندێکیان هێنابوو
ئیدارەی خانەی پیران
بۆ دڵخۆش کردنمان
گەرم گەرم گۆرانی دەگوت
پیرەکان
چیە ئەم دەنگە دەنگە
ئەم هەراو چەقە چەقە
بیبڕنەوە بێزار بووین
من و تۆش
دەستمان گرتبوو
سووک سووک
شاد شاد
منداڵانە شاییمان دەکرد

(٧٣)
لە هەموو تەمەنما
هەرگیز
لێم نەپرسیوی
چۆن منت خۆشویست
لە هەموو تەمەنتا
هەرگیز
لێیت نە پرسیوم
بۆ چ منت خۆش ویست
لە ڕستەکانی خۆشەویستی
بۆچی و چۆن
جێیان نابێتەوە

(٧٤)
لەوەتەی تۆم خۆشویستووە
هەرگیز هەستم نەکردووە
هەژارم
دەوڵەمەندم
گەرمامە
سەرمامە
ساغم
نەخۆشم
بەردەوام هێندە دەزانم
لەخەوما و
لە بێ ئاگاییمدا
لە منداڵی و
لە پیرییمدا
هەمیشە تۆم خۆشویستووە

(٧٥)
لە بیرتە
یەکەمجار چووین
خانووێک بە کرێ بگرین
خاوەن ماڵ پرسی
منداڵتان هەیە
گوتمان خۆشەویستی
گوتی سەیارەتان هەیە
گوتمان خۆشەویستی
گوتی پارەتان لە بانک هەیە
گوتمان خۆشەویستی
توڕەبوو
گووتی بڕۆن بڕۆن
نان و خۆشەویستی بخۆن
لەو ڕۆژەوە
ئێمەش
نانی خۆشویستی دەخۆین

(٧٦)
لە منداڵیەوە
پێکەوەین
بەخۆشەویستیەوە
تا ئێرەمان هێناوە
ئێرەی خانەی پیران
سبەینێ کە مردین
پێکەوە لە گۆڕێک بمانێژن
بەڵێ یەک گۆڕ
دوو گۆڕ تێرایی ئێمە ناکات

مەولود ئیبراهیم حەسەن
پایزی /٢٠٢٤ – هەولێر

——————————

-ئەم جارەش برای بەڕێزم مامۆستا ( هەردی قاسم ) ی هونەرمەند دڵسۆزی نواندو هەڵەکانی بۆ ڕاستکردمەوەو وێنەیەکی جوانترو گونجاوتری بۆ شیعری ( منداڵێت بەرم نادا..) دیزاینکر د، لە دڵەوە بەگەرمی سوپاسی دەکەم .




وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام!.. ئومێد قەرەنی

ئەو شیعرەم بۆ خۆمە؛
ئەتۆ بڵێی
لەبری هەموو ئەو شەوە تاڵانەی
کە سەرخۆش بووم بۆ خنکاندنی ترسەکانم
جیهانێکی دیکە هەبووبێ بێ پۆلیس؟
هەسارەیەک بێ توندوتیژیی؟
ئەستێرەیەک بێ بەدبەختیی؟

ئەو شیعرەم بۆ یارە؛
کاتێ تەنیاییم وەک تیغێکی تیژ
لەسەر دەماری ملی ڕووتی دادەنێم.
ئەو شیعرەم بۆ هاوڕێیەکانمە؛
کاتێ ئارەقە لە هەنیەیانەوە دادەچۆڕێ
سەختە بزانی رەنگی پانتۆڵەکانیان چیە،
ژێر نینۆکەکانیان ڕەنگاوڕەنگە
هەڵسوکەوتیان بە دڵی تۆ نییە،
نازانن سیستەم چیە!
کەچی دەوڵەت، هەموو ڕۆژێ
لە ڕێی تەزووی کارەباوە
لە ڕێی بۆڕیی ئاوەڕۆوە
دێتە نێو ماڵەکانیانەوە!

ئەو شیعرەم بۆ خۆمانە؛
کاتێ ئایندەمان تا سبەی دەڕوا
ئێستامان تا دوێنێ
ئەمڕۆمان لە بۆشاییدایە.

ڕەنگە دوا جار ئەو شیعرەم هەر بۆ خۆم بێ؛
هیچم نییە لێی بترسم
هیچم نییە لە دەستی بدەم
دەمەوێ سبەی ئومێدێکی دیکە بم
یەک دەم بژیم و ونببم
وەک یاریی ئاگرین لە ئاسماندا
وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام!

ئومێد قەرەنی




من کارگەی دروستکردنی هێزی ژیانم.. داستان بەرزان

هێزی ژیانم بە کۆڵەوە
من کۆڵبەری هێزی ژیانم
کارخانەی بەرگەگرتنم هەیە
کۆگای چاوەڕوانی دادەنێم
گەنجینەی هیوا
خەمی کۆن کۆدەکەمەوە.

من هەورەبانی خەونی لەدەستچووم
پێشانگای ژانی مۆدێل بەرز
سەکۆی چێژی ستەمدیدەیی
هەوارگەی گۆشەگیریی پەتی
سەیرانگای تەنیایی بێ فڕوفێڵ
هۆتێلی پێنج برینی تەڕ و بە سوێ
خەڵوەتگەی لەگەڵ خۆت ناتەبایی
لانەی لە ئەزەلەوە بێکەسی
خولی فێربوونی دەربەدەریی.

من دایەنگەی بەشخوراوانم
فێرگەی بێنەوایان
ناوەندی فریودراوانم
خانەی دەستلێبەردراوان.
پەناگەم بۆ هەڵهاتووانی دەستی دۆست
کەمپینم بۆ هاوکاریی پەشموردەیی
پانتایی جێماوان لە کاروانی بێدەربەست
سێبەرم بۆ خەڵکانی بێپەروا مەست.

من هاوەڵم هەن خۆشم دەوێن
هاوەڵم هەن خۆشیان دەوێم
بەڵام من خۆم هاوەڵم نییە
خۆم حەزی بە چارەم نییە
خۆم بە دیدارم پەستە
بە ناسینم خۆشحاڵ نییە
پەژێوانە لە بەرکەوتنم.

با ئەمە لە نێوانی خۆماندا بمێنێتەوە
من بەدیاریکراوی دەزانم
کە پەتای ژیانمە
ژیان سواری کۆڵم بووە
هەر سەرەتای سەرەتا دەمزانی
هاتنم بۆ ئێرە باش نییە
دڵنیابووم پەشیمانی ناوێت
تاکو ژەهری بۆ بنۆشم
شتێکە و هاتۆتەڕێم
پێویست ناکات پەنجە بگەزم
ئیتر ئێرە ئێرەیە و
واهاتووە و واچووە و وادەڕوا
پەیمانی کۆن دەڵێت:
لە ژێر ئەم ئاسمانە بەرینەدا
هیچ شتێک نوێ نییە
هیچ شتێک!
بەڵام بەمجۆرەی ئێستا کە منی تێدام
مەگەر تەنیا ئاسمان
تەنیا ئاسمان
ئەگین مرۆڤ لە کوێ بۆ ئەمە کراوە
مرۆڤ بەو تۆزە گۆشت و ئێسک و دەمارەوە
مرۆڤ بەو چۆرە خوێن و فرمێسک و
بەو نەختە دڵ و زمان و زارەوە
بە دوو دەست و دوو پێ
چۆن دەتوانێت قووتاری بێ
چۆن دەتوانێت هەڵبێ؟

من نەمزانی ژیان یەکجار وایە
هەر نەبێت دامنابوو
ماوەیەک هەناسەیەک بدەم و
برینێکی نوێ لە سەرما پێنەبێت
هەر نەبێت دامانبوو بەر لە خۆم
ئایندەم بەو جۆرە دیار نەبێت
خۆ من پلانی درێژم بۆ داهاتووم نییە
لە بارێکدا لە ژێر باری بێبارییدا پساوم
گرنگ نییە گەش بێت یان ڕەش بێت!
من لە ئێستامدا گیرمخواردووە
دەزانم بۆ ئایندەش بە سەردا دەخلیسکێم
من ئێستا دەستی ستەمی لە پاشەڵم گیرکردووە
هەرگیز بە ئایندەی ئێستاکەم قایل نیم
من دەمزانی ژیانەکەی چەند بێبارە
ئەم زەمینە لەسەر پشتی ئاسمانیش بارە
بەڵام هەر نەبێت دامنابوو بتوانم بڕۆم و
لەگەڵ ئەم شیعرەدا گوێم لە زایەڵەی شکانی دڵ نەبێ
من دامنابوو هەمیشە ژیان سوار نەبێت
هەبێت بۆ جارێک کەسێک تەنیا کەسێک
کەسێک کە بە هەڵە ڕێی لێرە کەوتبێت
کەسێک تەنیا کەسێک
کەسێک کە بە هەڵە
سوارە بێت
من ئەو کەسە کەسیرەم نەیزانی لە دەمی دەرچوو
داوای کرد سەرکەوێ
سەرنەکەوت
زۆری مابوو
کە بینیم مرۆڤانێک
خوێنی ڕژاوی خۆیان بە دەستمەوە بۆن دەکەن
دەبینن چلۆن خەنجەر لە مۆخیان هەڵدەسووم
خۆش نەبوون و کۆڵنەدەربووم
لێنەگەڕان جارێکی تر هێزم هەبێت
بە گوێی ژیانی باڵگرتوومدا بچێنم
کە من بەر لە مردن
بۆخۆم مەرگم!

بێچارەنیم
بێچارەیی منە
کوا بێچارەم
ئەی ئەوە نییە چارۆکە؟
بێحاڵ نیم
بێحاڵی منە
کوا بێحاڵم
ئەی ئەوە نییە دەسڕۆکە؟
بێماڵ نیم
بێ ماڵی منە
کوا بێماڵم
ئەی ئەوە نییە کەپرۆکە؟

ئەی شەقام؟
شەقامی سەرشار بە دڵۆپەی ڕۆندک
کە هی ژانە کە هی منە کە قەترانە!
بۆ من نەبێت بۆ چیتانە؟

سواربن
بڕۆن و
بیئاژوون
سەر و بنی بکێڵن دنیا
کە هی خۆشە کە هی بۆشە هی خۆتانە

من شووشەم نییە
مەییم لە کوێ ڕژاوە؟
خۆم دڵێکم هەیە
لە شکان دروستکراوە.

بەر لە من دڵی من لە سنگی فراوانی کۆترێکدا دەیگماند
ئێستاکەش زۆر شەوان دڵی من دەبێتە ئەستێرە و
بۆ باربووی ژانی من چریسکەی دەگاتە ئاسمان
ئێستاکەش زۆر ڕۆژان دڵی من دەبێتە فرمێسک و
سەرزەمین دەداتە بەر تۆفان.

من دڵێک لە سنگما دانانێم هەر بۆ دڵ دانرابێت.

دڵی من شەبەقان دەبێتە جریوەی چۆلەکە
دەبێتە گوڵێکی بێقەرار ئێواران
هەورێکی ئاوارەی شەوەکان
دڵی من چی بکات نازانێت
چەند دەکات بسرەوێت ناتوانێت!

من دڵم خەونێکە بێقەرار دەگەڕێت
بۆ ئاسۆ دوورەکان
بۆ هیوا ونبووەکان
بۆ خولیا ساواکان.

دەگەڕێت بۆ دەشتێ بەرینی لەبەردا کە مابێت
بۆ کەلێک ڕووناکی نەمریی هەواری هەڵدابێت
بۆ دڵێک باڵایی دڵانی تێدابێت
وەکو خۆی لە دڵدا ژیابێت بۆ دڵی بێگەردی
وەکو خۆی لە دڵدا بۆ دڵی لێیدابێت
دەگەڕێت هەمیشە من دڵم
من دڵم لە سەردا
من دڵم لە دەستدا
کوا دڵم؟

من دڵم سروە بوو/ نەگیرا
من دڵم نەورەس بوو/ ڕام نەکرا
من دڵم بەور بوو/ ڕاو نەکرا.

من دڵم دڵێکە بەبێ دڵ نایکرێت(نوختە)
(سەری دێڕ)
لە ئاسمان بۆ ئاسمان ئاسمانێک ڕێسمانی نەما بێت
دڵی من لەبەرچی وەستابێت؟
لە زەمین بۆ زەمین زەمینێک زەمانی نەمابێت
دڵی من لەبەرچی لاییدابێت؟
مانگێکە ڕووناکی ناوەوەی دڵانی لێبڕاو/ دڵی من
جێماوی کاروانی وارێکە هیوایان لە سەراب ڕۆنراو/ دڵی من
ئاسمانێک ئەستێرەی بەرۆکی دۆڕاوە/ دڵی من
مانگێکە خەرمانەی دزراوە/ دڵی من
عەسرێکە تروسکەی لە جیاتی تیشکی خۆر داناوە/ دڵی من
خەونێکە کلیلی ئایندەی ڕفێندراوە/ دڵی من
پێم بڵێن: چی لە دڵ/ دڵ لە چی
بۆ منێک جێماوە
پێم بڵێن: دڵ بە چی/ بە چی دڵ
بۆ منێک جێماوە
پێم بڵێن: لە کوێیە دڵی من
کوا دڵم/ دڵی من!

مەگەر بەس ئاسمان بێت بزانێت
ئێستاکە دڵی من بە چ شاخێکەوە گیرساوە؟
کێ دەڵێ دڵی من بە چ داخێکەوە سووتاوە؟
مەگەر بەس ئاسمان بێت بزانێت
دەگەڕێم هەرچەندە دڵی من بێ سەر و بەبێ شوێن واماوە
ڕۆیشتووە دڵی من ڕۆژێک بوو تۆراوە.

هەرچەندە دڵی من دەگەڕێم بێ سەر و بەبێ شوێن واماوە
ڕۆیشتووە دڵی من ڕۆژێک بوو تۆراوە
بێ سەر و بەبێ شوێن دەگەڕێم دڵی من هەرچەندە نەماوە
ڕۆیشتووە ڕۆژێک بوو دڵی من تۆراوە
دڵی من ئێستاکە نەماوە.

لە مێژە ئاسمان هیچ دڵی لە بیردا نەماوە
دەمێکە هیچ دڵێک لە دڵدا سەردەمی نەماوە.

من گەڕیدەم بە بەبێ شوێن بە دڵدا
من شوێنکەوتەی ڕێگای دڵ لە دڵدا.

لە خەمدا هەر منم سەرقافڵەی کاروانی ڕێی دڵان
لە سەبرا هەر منم خەڵوەتم دەکێشم لە دڵدا بۆ دڵان.

(بووەستن)

کوا ئێوە ئێستاکە لە دڵدان؟
لە کوێدا لێدەدات
کوا دڵتان؟

من لە چاوەڕوانی دڵدا نوقم دەبم
تەماشای ناوەوەی خۆم دەکەم
چ نابینم
لە ڕەنگی بێدەنگی زیاتر
لە دەنگی بێڕەنگی زیاتر
چ بۆن ناکەم
لە بۆنی سەرمای گیان زیاتر
لە تامی گەرمی برین زیاتر
بەر چ ناکەوم
لە بەردی نەفرەتی سەر شانم زیاتر
لە زایەڵەی ئاوازێکی بێلانە زیاتر
لە سنگی بەتاڵمەوە دوور و نزیک دێتەگوێ:

ڕۆژگاری نەفرەت نابڕێتەوە
برینی کۆنمان هەر دەکولێتەوە
کەس ژانی ئێمە ناخوێنێتەوە
مرۆڤ مۆمێکە زوو دەتوێتەوە.
ڕۆژانی شادی ڕوومان تێناکەن
خەڵکی لە مەرگی بێدەنگ تێناگەن
شەوانی پڕ ژان دەستمان بەرنادەن
خەونەکان دوورن بە ئاسۆ ناگەن!




غەیبەت.. نەوزاد بەندی

بۆ / ز …ۆ .. س ..س ..ۆ …ز ..

باران غەیبەتی تۆم لەلا ئەکا ،
ئەڵێ : چەندەها جار قژیم تەڕ کردووە و ..
نەهاتۆتە ژێر چەترەکەت ..
زریانیش هەر غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ،
ئەڵێ : چەند جار هەڕەشەی ڕافڕاندنم لێ کردووە و ..
نەهاتۆتە ئەشکەوتەکەت ..
لە لای درەختەکان بوختان بۆ تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : سەد جار هاتۆتە ئێرە و نەهاتووم ..
بەفر غەیبەتی تۆ ئەکا ،
ئەڵێ چەند جار پێم وتووە
ڕەق ئەبیتەوە ، وتوێتی :
کێشە نییە ! من ڕاهاتووم ..
لە لای شیعر ، زۆر خراپ باسی تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : ئەڵێ لە ووشە کۆشکێ دروست کە ،
پێکەوە تیایا نەمر بین ..
وەک مەم و زین ،
با لە دوو نەفەر زیاتر بین ..
لافاو دێ و غەیبەتت ئەکا ،
ئەڵێ : تا هەیوانەکەیشیان هاتم و ..
ناونیشانی تۆم ،
لە تەمی پەنجەرەکەیان بۆ هەڵکۆڵی ..
ووتی ناچم . . با بخنکێم !
لە قاوەخانەی غەزەلنووس ،
کوپێ قاوە غەیبەتی تۆم لەلا ئەکا ،
ئەڵێ : چەند جار پێم وتووە ،
ئەم تەنیاییە ئەتکوژێ ..
وتوێتی جا با بکوژرێم ..
بیرۆکەیەک غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ،
ئەڵێ : پێم وتووە بڕۆ ناو شیعرێکی ،
با وەک شیرین بەرز بیتەوە ..
ئەڵێ : ناچم ..من خۆم بەرزم ..
لای دارکاژێکی تۆزاویی ،
بێویژدانانە بوختانێ بۆ تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : وتی با ڕۆژێ گەڵاکانی تۆ کۆکەینەوە ..
ئەڵێ : جا کوا ؟ خۆ من هەر چوار وەرزە سەوزم ..
مقەست غەیبەتی تۆ ئەکا ،
ئەڵێ : هەزار جار پێی ئەڵێم ،
قژت نابڕم .. ئەو حەز ئەکا
شەپۆلێکی ڕەش دایپۆشێ ..
کەچی ئەڵێ : بیبڕە دەنا ئەیسوتێنم ..
ئەڵێ : دیاره لە داخی تۆ ،
شەڕ ئەفرۆشێ ..
لای خۆم غەیبەتی تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : ساڵانە چەندەها موچەی ئیلهامم لێ ئەخوا ..
شیعر و ڕۆمانیشی کوشتووم ..
خوێنی دەیەها کتێبی ،
لە هیچ و خۆڕایی ڕشتووم ..
خۆم باوەڕ بە خۆم ناکەم و
بە خۆم ئەڵێم : بڵێ به خوا ؟
کازیوە بە شێداریی دێ و غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ..
ئەڵێ : سەدجار ئاگادارم کردۆتەوە ،
پێم وتووە با هەرسێکمان ،
سێ شەممەیەک بچین بۆ شاخ ..
وتوێتی : ئەوت لەگەڵ بێ ،
یەک هەنگاو نانێم گەر هەموو ئەو ڕێگایەیش
داپۆشرێ بە کانیاو و باخ ..
فڕۆکەخانە غەیبەتی تۆم لا ئەکا ،
ئەڵێ سەد جار پێم وتووە ،
لەناو پایتەختە دوورەکان ،
دەیان شەقام و ئوتێل و
کەنار دەریا و
مۆڵ و کافێ ،
چاوتان بۆ ئەگێڕن ، دیار نین ..
چەندین گەشتی ناو هەورەکان ،
چەندین بلیت..
چەندین کورسی ،
چەندین نەورەس ،
چاوتان بۆ ئەگێڕن ، دیار نین ..
کەچی ئەڵێ : با بۆخۆیان چاوەڕێ بن ..
کێ وتوێتی قەت ئێمە دێین ؟
یان کێ ئەزانێ ئێمە کێین ؟
من لای پەنجەرەی نیوە شەو ،
زۆر دڵڕەقانە غەیبەتی تۆ ئەکەم و ..
ئەڵێم بەس توخوا ئەم باسە لە نێوانمانا دەرنەچێ ..
ئەڵێ : نا نا .. خەمت نەبێ ..
بەردەوام تەمەن دێتە لام ،
غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ..
ئەڵێ : هەمیشە پێی ئەڵێم ،
وا ئەو پیر بوو ..
لە داخی تۆ ،
لە دۆست و دوژمن زویر بوو ..
ئێ هیچ نەبێ ،
گۆچانێکی بۆ بکە بە دەست و دیاری ..
لە جیاتی ملپێچ و عەتر و
نیو پوتی مارکەی بوگاتی ، دەنکێ حەبی زەغت و
شەکرەت بە دەستەوە بێ کە هاتی ..
ئەڵێ : نەخێر ..
کێ ئەڵێ من پێش ئەو نامرم
بۆ ناڵێی بمرە لە جیاتی ؟؟!!
خەو غەیبەتی تۆم لا ئەکا ….

نەوزاد بەندی




کۆتری فرووزی.. شەهلا نوری

کۆتری فرووزی کەناری چەمەن
باڵی گرتەوە
یاخی لە جێی بەرز
ئاخۆ بۆکام لا ئۆغر کردووە
بۆ کۆڵانێ تەنگ، یاخود دەریای مەنگ
وێڵ و شەیدای کامە داستانە!
ونبووی تارمایی ڕەشپۆشی کامە نازەنین
کام سوتووی سوتاوی ئەستوون ئامێزە
بە چ دارێکا خۆێ هەڵواسیوە
لەسەر تەلاری سەرای کام خێو دەنیشێ و
سەرخەو دەشکێنێ
لەکام ئاوی گڵ ئالودەی غەرقە
بئ مایە نییە ئەم باڵگرتنه!
شەیدای خورشيدى ئافاقه
يان
تەرزه تەمەنایەکە
کۆترێکی بەستەزمانە
لەبازنەی بۆشاییدا
گرفتارە و دەخوڵێتەوە
ئیدی ئاوێتەی کەنار نیت!
ھەڵنانیشی لە ئەم ناوە
تادەگاتە لای ئەو لاوە
بشی ئەو دارەیش بن سست بێ
دیسانەوە ، باڵ نەگرێ
وەک هەرەسی کێو داڕووخێ
هەر دەکەوێ
لەم جیهانە خەڵەتاوە

شەهلا نوری




نیگارێك له‌شنه‌ی با.. ستار ئەحمەد

له‌قه‌ده‌ری بادا گه‌ڵاكان بوار به‌هه‌ناسه‌ی گوڵ ناده‌ن
شه‌پۆل شه‌پۆل ئاورنگه‌ماچ له‌زاری سروشت دێنه‌خوار
به‌ره‌و كه‌ناری رووباره‌ سووره‌كان
بۆپێشوازی ئه‌و مه‌لانه‌ی چریكه‌ له‌نسێی چڵ ده‌خوازن
ئێوارانێك….
كوڵمی سوور به‌چزووی ره‌شه‌بادا هه‌ڵده‌زنێ‌
كراسی تاریكی به‌ركی ئاو داده‌دڕێ‌
ئه‌مه‌یه‌ قه‌ده‌ری با..
كاتێك لێو له‌كوڵمی هه‌ور ده‌سوێ‌
بۆیه‌ خه‌نده‌ی چرا له‌ رووی ئه‌ستێره‌ تێناگا
په‌نجه‌ره‌كان پرشنگی خۆر به‌ ته‌لی ئاوه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسن
ده‌مێكه‌ تینوێتی ته‌مه‌نی رۆژژگاره‌كان ده‌پێچێته‌وه‌
له‌ سوانه‌وه‌ی كۆرپه‌ی وه‌رزو
له‌ پێگرتنی ساڵه‌كانی نه‌هامه‌تیا
لانكی چاره‌نووس ده‌سرازه‌ بۆ مێژوو ده‌دوورێ
به‌رواره‌كان خه‌م له‌ گلێنه‌ی كانییه‌كاندا ده‌نووسنه‌وه‌
تارمایی هه‌وره‌ كۆچه‌ره‌كان، دوای شه‌ونمی گوڵ ده‌كه‌ون
ئه‌ستێره‌یه‌ك خۆی ده‌كات به‌ دیده‌ی مانگا
مانگ هه‌ڵمی بناره‌كان بۆ خۆر ده‌كاته‌ رچه‌ڕێ
تیشكی ئاسمانیش، زریانی شه‌واره‌
له‌ ته‌وێڵی گه‌واڵه‌ به‌ فرێكا راده‌كێشێ
به‌ره‌و سه‌هه‌نده‌ دووره‌كان
بۆ ئه‌و دۆڵانه‌ی گۆڕستانی چڵ‌و هه‌ڵاڵه‌ن
خۆزگه‌ی نوێبوونه‌وه‌..
گه‌ڵا گه‌ڵا له‌ شه‌پۆله‌ ورده‌كان ورد ده‌بێته‌وه‌
دڵه‌كوتێی گزنگ
بوورانه‌وه‌ی ئاو
هه‌ڵچوونی مه‌زاری شه‌وه‌ دیجووره‌كان
به‌ گۆرانی دوندی سه‌خت،
بارانی چیاكان ده‌خوێننه‌وه‌
نووسین له‌سه‌ر به‌فر
هه‌ڵكۆڵینی نیگار له‌ دڵی شنه‌ی بادا یاده‌وه‌ری ده‌ژێنێ
بووكی به‌هار له‌ ساڵنامه‌ی وه‌رزه‌كان ماره‌ ده‌كا
بۆ سه‌رچۆپی ئه‌و ساڵانه‌ی رۆژه‌كانی عیشقیان به‌با ده‌ناسان
ئاورنگه‌ ماچیان له‌ ده‌می كانیاوه‌كان ده‌قۆزتته‌وه‌
ته‌مه‌ن ره‌شه‌بای وه‌رزه‌كانی
ده‌كرده‌ نیگای چراكانی شار
شه‌قامه‌كان له‌ پێخاوسی به‌هار
گه‌ڵایان بۆ باڵای حه‌ز ده‌دووری
كفن ورده‌ به‌فری رۆحی چیا بوو
ده‌روونی دۆڵه‌كان،
ده‌له‌رزان بۆ پێشوازی نێرگزێك
زه‌مه‌نێك بۆ ژان
قه‌ده‌رێك بۆ ده‌رفه‌تی لێكترازان
ئالووده‌یی خاكیان
له‌ جه‌رگی كوێستان تاوتوێ ده‌كرد
بۆ ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی
شه‌ویان له‌ خۆر ده‌ئاڵاند
تاریكیان ده‌كرده‌ تارای
شه‌پۆلی به‌های كه‌ناری هێور بوونه‌وه‌
ئاسمان له‌ ماچی گوڵ به‌ گومان‌و
دیمه‌نه‌كان له‌ ره‌ونه‌قی چڵ ده‌ترسان
ئه‌و كاته‌ قه‌ڵه‌مێك
په‌ڕه‌ی گوڵی ماچ بكردایه‌
گولله‌یه‌ك ئاگری شه‌وچه‌ره‌ی
بۆ گوڵ‌و چیا ده‌كرده‌ نیشتیمان
ستار ئەحمەد




ژیان بەمردن دەمانترسێنێ.. شیعری سەلام عومەر

زەوی لە لانکەکەی دایکم دەچێ
ژیان بەخۆیەوە گرێ دەدا
ئاخر
هەموومان لە زیندان بەربووینەوە
کەچی کەوتینە
باوەشی مامانێکەوە
ئەویش
توند توند مەلۆتکەی کردین و
بەقۆنداغێک
هەموو جەستە و
تەواوی تەمەنی بەستینەوە


زەوی زیندانە
زیندانێک
لەنێوان دۆزەخ و بەهەشتدا
عاسێمان دەکا و
فێری …..
نزا
پاڕانەوە
برسیەتی
نوشتانەوەمان دەکا


ۆڵداشەکەی دایکم
وەکو زنجیرێک
هەندێک جار لە پێمان و
لەملمان و
كەمەرمان دەئاڵا
وەک ئەو دەسرازەی
بەدەم لایەلایەی دایکمانەوە
لەدەست و سینگ و لاقمان دەئاڵا
لایلایەیەک
پڕبوو لە ترس و
نووزانەوە
لە فریشتەو لە شەوەو
پاڕانەوە


ژیان هەڵماندەداتە نێو
قۆنداغ و
مەلۆتکە و
لانکەکەی دایكم
لە بەستنەوە راماندێنێ
فێرە گاگۆڵە و
دارەدارە و
بێدەنگیمان دەکا
هەڵماندەداتە نێو زیندانێکی گەورە و
برسیمان دەکا
تینوەتیمان ناشکێنێ و
کەچی
بەمردن دەمانترسێنێ.




سەمفۆنیای بێدەنگی.. شیعر/کاوە عوسمان عومەر

تنۆکە مرواریەکان، تنۆکە قەشەنگەکان
چەند هەستبزوێنن لە نێو تیشکە ئاڵتونیە بریقەدارەکان
(یەسینین/ شیعری تنۆکەکان)

دەرگای ئاسمان داخرا
ئافرەتەکان پیکەنینە وشکبوەکانیان
بردەوە ژورە تاریکەکان،
…………………….
دڵی شەقام هێشتا ترپەیەتی
درەنگانێک،
دوای وشکە نمەیەکی سارد،
کە پیاوە تەنیاکان
سێبەرەکانیان تێپەڕئەبێ
ترپەکانیش
ئەمرێ
…………………….
تابلۆیەکە خۆر، ڕەنگی
لێئەتکێ، پەنجەی
سەحەرێکی وێنەکێش
…………………….
نیگای ئەو بەردەڕوخسارەی
بەردەم چیای بێهودەییا
وەستاو،
…………………….
بە هێواشی لێژئەبێتەوە
هەنگاوە هێمنەکان
بەرەو پردی سەمەرەی
شەوێکی تر لە فرمێسک..
…………………….
پاشماوەی کەسێک ،
لە بێکەسیا،
سێبەرێکی ڕاخست،
لە نێو درەختە تەڕەکان خەوت
…………………….
سەگەکان لە برسا چاویان لێکنا،
هەژارەکان ، باخچەکانیان
کردە ماڵ،
…………………….
بێدەنگی پاش باران ،
ئەڤینێکی مردووە
…………………….
تەنیایی بوە هاوڕێی
ئەو شتانەشی سوتاند
کە جارێکی تر
نایەوێت بیناسێتەوە
…………………….
ئەو لەگەڵ کازیوەیەکا
کە خوێنی قورمزی لێئەتکا،
ڕۆحی گریا،،
…………………….
وەک ئەوسا
نەسیمی بیرەوەریەکی
بەدوای سەرگەردانی خۆیا
ڕاکێشا!
…………………….
خانوەکان
لە ژێر تاریکیا بچووک ئەبنەوە
ئاماژەیە
ڕۆژێکی ئاسایی ترتێپەڕی،
……………………

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
Holger Feulner
بە سوپاسەوە لە پەیجی خۆی وەرگیراوە




سولطان.. شيعر: نزار قبانی.. بە کوردی کردنی: پشکۆ ناکام

خەڵکینە..
من سولطانی ئێوەم
دوای رێ وون کردن
بتەکانتان بشکێنن
و
بمپەرستن…..
من زوو زوو دەرناکەوم
لە سەر شۆستەی چاوەروانی
دانیشن
تا خەو ئەتانباتەوە
و
دوا تر یەمە بەر چاوتان
مناڵەکانتان بێ شیرجێهێڵن .
..ژنەکانتان بێ پیاو جێهێڵن
و
دوامکەوون….
شوکری نیعمەتی خوا بکەن. …
کە منی ناردوە
مێژوو بنووسمەوە
بێ(من) مێژوو نانووسرێتەوە
من لە ” چاکەیا” ئەسحابەیەکم
بۆ خۆم…،،
جگە لە من
پەروەردگار قژێکی ماش و برنجی
وەک ئەوەی منی نەخشانوە ..
و
ناوچەوانێکی پێغەمەرانەی
وەک ناوچەوانی
…. منی نوورانی نەکردوە
چاوەکانم دارستانی گوێز و میوەن
بەردەوام نوێژ بکەن
تا خوا چاوەکانم بپارێزێ…
خەڵکینە
من فەرهادی شیرینم
ژنەکانتان بنێرن
تا سکیان لە من پڕ بێ
مێردەکانیشتان بنێرن
تا سوپاسم بکەن
مایەی شەرەفە
گەنمی لەشم بخۆن
مایەی شەرەفە
میوەم لێ بکەنەوە
مایەی شەرەفە
لە من بچن..
چونکە من
ڕوداوێکم هەزاران ساڵە ..
ڕووی نەیاوە…
………………………
خەڵکینە؛
من دادپەروەرترین
و
جوانترینی هەموو دەستەڵاتدارەکانم..
من شەوقی مانگ
و
سپێتی بەفری کوێستانم..
من باشترین پەیامبەر ..و ..
داهێنەری یەکەم سێ دارەم
هەر کە بیر لە جێهێشتنی کورسییەکەم
ئەکەمەوە
بە دەم ئازاری ویژدانمەوە ..
ئەتلێمەوە
دوای من کێ حوکمی ئەم
خەڵکە باشە بکا !!
کێ شەل و کوێر و گەوج
چارەسەر بکا؟
ئەی کێ ئێسقانی
مردوەکان بژێنێتەوە
کێ شەوقی مانگ..
لە گیرفانی پاڵتۆکەی دەرهێنێ..؟
کێ باران ببارێنێ…..
ئەی کێ ئەم خەڵکە دارکاری بکا
و
بە دارا هەڵیانواسێ
کێ ناچاریان بکا
وەک مەڕ و ماڵات بژین
وەک مەڕ و ماڵات بمرن
هەر کە بیر لە جێهێشتنی ….
ئەو خەڵکە ئەکەمەوە
غەرقی فرمێسک ئەبم
بۆیە..:
بڕایارم دا
پشت بە خوا
تا رۆژی قیامەت
سواری ملی” گەل” بم.
……………………………….

خەڵکینە
وەک ئەسپ و کۆیلەکانم
من خاوەنتانم……
وەک فەرشەکانی کۆشکەکەم
بە سەرتانا ئەڕۆم..
لە هەستان و دانیشتنم..
سوجدەم بۆ بەرن
،،،، … گەر رۆژێک لە نێوان
پەڕەکانی بەردەستما نەمدۆزینەوە
ووریا بن
هیچ کتێبێکم بۆ نە خوێننەوە ….
ئەوە منم
دەربارەی ئێوە …ئەخوێنمەوە
ووریا بن
هیچ ووتارێک نەنووسن
ئەوە منم
دەربارەی ئێوە ئەنووسم
بە دزییەوە
گوێ لە گۆرانی نەگرن
چونکە ئاگاداری نیەتەکانتانم…
ووریا بن
تاوانێکی گەورەیە
بێ مۆڵەتی من
بچنە گۆڕەوە
کە قسەم کرد بۆتان
بێ دەنگ بن
چونکە قسەی من
پیرۆزە وەک قورئان
………………………….

خەڵکینە
چاوەڕێم کەن،من حەزرەتی مهدی ئێوەم
هەموو ئەو سروودانە بوەستێنن. ……
کە مناڵان
بەسەر نیشتیمانا ئەیڵێنەوە
چونکە ئێستا :
منم نیشتیمان
من تاک و نەمری..
هەموو زیندەوەرەکانم
من ناوەرۆکی میوە و
مۆسیقا و هەموو بەستەکانم
لە هەموو کون و قوژبنێکا
وێنەکانم هەڵواسن
بە ستایش و پیا هەڵدان،
دامپۆشن..
گەنجترین ژنم بۆ بێنن
چونکە من پیر نابم
لەشم پیرنابێ
زیندانەکانم پیر نابن..
دەزگاکانی داپڵۆسین
… لە ووڵاتەکەم پیر نابن
خەڵکینە:
گەر دەمامکی دەم و چاوم
لابەم
……ئەمناسنەوە…
چونکە جەنگیزخانی لاشەتانم
….. بە قەمە وسەگ و زیندانەکانم
بە توند و تیژیم
بێ تاقەت مەبن
بۆ ئەوەی نەکوژرێم
من ئەکوژم
بۆ ئەوەی هەڵنەواسرێم
خەڵک هەڵئەواسم
بە کۆمەڵ ئەتان نێژم
تا ئێوە
……..نەمنێژن
……………………

خەڵکینە..
ئەو رۆژنامانەم بۆ بکڕن
کە باسم ئەکەن….!
پەڕەی سەوز و زەرد………
لاستیکی خەت کوژاننەوە
چاپخانەم بۆ بکڕن
کەناڵی راگەیاندنم
بۆ بکڕن
لەم روژگارەیا هەموو شتێک
ئەکڕێت
تەنانەت( پەنجە)ش ئەکردرێت
لە بەر دەما
میوەی بیر و باوەڕ دابنێن
شاعیرێکم بۆ لێ بنێن
بۆم بخەنە
،، لیستی خواردنەکانم
من نەخوێنەوارم
گرێ کوێرەی ووتەی شاعیرەکانم
هەیە….
ئەو شاعیرانەم بۆ بکڕن
کە ستایشم ..ئەکەن
بمکەن بە ئەستێرەی
بەرگی هەموو چاپکراوەکان..
ئەستێرەکانی دانس و شانۆ..
هەرگیز لەمن جوانتر…..نین
من چیم بوێت :
بە” دراوی قورس ” ئەیکڕم
دیوان و سرودی هەموو
شاعیرەکان ، ئەکڕم
چونکە قاسەکانی”ماڵی موسڵمانان “
میراتیەکی!کۆنی باوکمە…….
بە ئاڵتون و نەوت
لە سەر هەموو کتێبەکان بنووسن
کە سەردەمی من
سەردەمی باشترین خەلیفەیە
…………………..
گەلە دڵسۆزەکەم..

.من ئەو ڕۆحە پاکەم
کە هاتووم لە تەپ و تۆزی
نەزانین، پاکتان کەمەوە..
دەنگم لەسەر هەموو کاسێتەکان
.. تۆمار بکەن
تۆنی دەنگم
وەک (سێوە) و (کوردستانی )یە
بە زەردەخەنەوە،
ڕەسمم بگرن
کە بە دان شیعر ئەکرۆژم
رەسمم بگرن
کە خوێنی پیتەکانی”ئەلف و بێ”
هەڵئەمژم ،رە سمم بگرن
رەسمی باڵاو قامەتم بگرن
بە جلە خاکیەکانمەوە
رەسمم بگرن…
کە بزنە کێویەک
یان ئاسکێک راو ئەکەم
رەسمم بگرن…
کاتێک بەرەو دوا مەنزڵگا تان
ئەتانخمە سەر شانم..
رەسمم بگرن
…………………………………..

خ خەڵکینە
کە خەو ئەبینن
من بەر پرسی خەوەکانتانم
..بەر پرسی هەر نانێکم ئەیخۆن
بەرپرسی ئەو شیعرانەشم
کە لە پشتمەوە ئەخوێنرێتەوە
لە ڕێی پیاوانی کۆشک
لە هەموو هەواڵێک ئاگادارم

هەواڵی چۆلەکەکان
و
دار و درەختەکان
تەنانەت چی ئەگوزەرێ
لە سکی ژنە سک پڕەکان
من پاسەوانی زیندانەکانتانم
لێم ببورن……..
خۆشم زیندانی ئێوەم
لە ناو کۆشکەکەما
نەفی کراوم..!!
نە ڕۆژ، نە ئەستێرە
گوڵاڵەیەک ئەبینم
هەر کە بە مناڵی کرام بە سولطان”
دەس و دایەرەی دیوەخان
بە چواردەورما ئەخولێنەوە
یەکێکیان دەهۆڵ لێ ئەیا
یەکێکی تر شمشاڵ
یەکێکیان جوزەلە پاک ئەکاتەوە
ئەوی تر نەعل
هەر کە بە مناڵی کرام
بە سوڵطان
هیچ راوێژ کارێک نەیوتوە: نەخێر
گوێم لە وەزیرێک نەبوە
بڵێ: نەخێر
سەفیرەکانم قەت بەرەو ڕوو
نەیان ووتوە: نەخێر
لە ناو جێگەی خۆشەویستیا
هیچ کام لە ئافرەتەکانم
نەیان ووتوە :نەخێر
فێریان کردم خۆم بە “خوا” ببینم.
بمبورن کە بومەتە
هۆلاکۆی سەردەم
بە مەبەستی کوشتن
بۆ یەک ڕۆژیش کوشتارم
نەکردوە..
چونکە تەنها
بۆ ” خۆشی” خۆم
…ئەتانکوژم
………… ………… ………. ……
“””””””””””””””””””””””””””””
(لە کتێبی “سەد نزار”ەوە وەرگیراوە )




ئێمەی شکستخواردوو.. نەوزاد بەندی

ئێمە لە پشت وێنەی کتێبخانەکانەوە،
نەخوێندەواریی خۆمان ئەشارینەوە ..
لە پشت تابلۆی ڤان کوخ و پیکاسۆ ،
بێهونەریی خۆمان ئەشارینەوە ..
وەکو چۆن براکوژییمان لە پێشمەرگایەتیدا چاند ..
وەک چۆن لەسەر پارەی گومرک ،
خوێنی هەزارانمان ڕژاند ..
وەک چۆن لە پشت تاج و نەجمە و چەک و فیشەکی بێگانە ،
ترس و بیم و ئەژنۆ لەرزەی خۆمان مات دا ..
وەک چۆن کفر و دوو ڕووییمان
لە پشت نوێژ و عەمرە و قورئانا قایم کرد ..
وەک چۆن میراتیی کچانمان وەک شیری دایکمان هەڵقوڕاند
وەک چۆن هەرچی تاوانمانە
لەگەڵ ڕۆژووی عەرەفەدا سڕانەوە ..!
لەگەڵ ئاوێکی دەستنوێژا ،
شۆرانەوە ..!
لەگەڵ یەک دوو دێڕ نزادا ،
هەمووی سفر کرانەوە..!
لە ژێر دەم و قەپۆزێکی هەڵئاوساوا ،
ڕوخساری هەرچی دوژمنی ئەم خەڵکەیە ، خۆی مات داوە ..
وەک چۆن لە پشت ئوتومبیلی دوا مۆدێل و قات و بۆینباخی گران ،
شکستی فەرمانڕەوایی و
ئیدارەمان ، شاردۆتەوە ..
ئێمە لە پشت ڕاستییەوە ،
درۆ و فێڵ و نامەردیی ئەشارینەوە ..
لە پشت سناپ و جوانکاریی،
ڕوخسارە ناقۆڵاکانمان شاردۆتەوە ..
وەک چۆن داڕمانەکانمان ،
لە پشت نوکتە و قسەی قۆڕا ، شاردۆتەوە ..
شەقامە دزێوەکانمان ،
بە ملیۆنەها ئوتومبیل شاردۆتەوە ..
وەک چۆن هەرچی دز و دیلکوژ و گەوادە ، لە پشت ئەنفال و کیمیایی هەڵەبجەدا خۆی مات داوە ..
وەک چۆن داڕمانی خێزانمان ،
لە پشت پێکەنینی درۆ و
کێک و سەگ و پشیلەدا شاردۆتەوە ..
وەک چۆن گەڕانەوەمان بۆ چاخی بەردین ،
لە پشت بورجی ئیڤڵ و
شەقامەکانی ئەوروپا خۆی مات داوە..
گۆرانییەکانمان ئەوەندە بۆگەنیان دێ ،
لە پارک و
شەقامی بێگانەیان هەڵئەکێشین ..
شیعرمان بووە بە پێڵاو ،
کێ بیەوێ لە پێی ئەکا ..
وەک چۆن دڕندەییمان ،
لە پشت وێنەیەکی دایکە تێرێسا و
مۆنالیزادا شاردۆتەوە..
ئێمە کۆیلەیی و نیفاق و سەرشۆڕیی خۆمان ،
لە پشتی مەردایەتیی
عومەری کوڕی خەتابا ، خۆی مات داوە ..
خۆپەرستیی تا سەر ئێسقان ،
لە ژێر خواپەرستییەکی ڕووکەشدا قایم ئەکەین ..
جەردەمان لە ژێر سێبەری حاتەمی تەی نیشتەجێیە ..
وەک چۆن زینا ،
لە ژێر پەردەی سیغە و میسیارا تێپەڕی ..
ئێمه تەنانەت ناتوانین وەک پشیلە ، پاشماوەکانمان وون بکەین ، بڕوانە ئاودەستخانەکان ..
ئێمە تەنانەت ناتوانین وەک ئاژەڵێک ، داوای مافەکانمان بکەین ، بڕوانە بۆ موچەکانمان ..
ئێمە هۆلاکۆ و هیتلەر و سەداممان ،
لە پشت سندوقێکی فێڵبازی دەنگدانا شاردۆتەوە ..
ئێمە کۆمەڵکوژیی و کۆمەڵدزیی و کۆمەڵکۆیلەییمان ،
لە پشت وشەیەکی سەقەتی
پڕ لە هەڵەی چاپ و لۆژیکیی
دیموکراسیدا مات داوە ..
وەک چۆن زۆر خۆریی و هەڵئاوسان ،
له پشت هۆڵەکانی جیما خۆی مات داوە ..
ئێمە حەیای تاراوگە و کەیسی پەنابەریی و کەمپەکانی پەنابەریشمان بردووە ..
ئێمە خوشکمان هەر بە ناوی ژنی خۆمان ، ئاودیوی ئەوروپا کرد و داشنەڕزاین .. هەر ئیش بڕوا ..!
وەک چۆن ترسنۆکیی و ملکەچییمان ،
لە ژێر ئایەتەکانی سەبر و
نزا و پاڕانەوەدا عەمبار کرد ..
ئێمە تەنانەت حەیای شەیتانیشمان برد ..
حەیای درۆ و
نیشتمانفرۆشیی و
خیانەتیشمان داچۆڕان ..
کەی درۆ و خیانەت و نیشتمانفرۆشیی گەیشتونەتە ئەم ڕادەیە ؟
تەنانەت کتێبی گینزیش شۆک بوو ، هیچ گەوادێ نە گەوادیی پێوانەیی لەو جۆرەی تۆمار کردووە و .. نەهیچ قەحبەگەلێک ئەو دۆخەی قبوڵکردووە ..
حەیای زەوی و دارستان و تڕۆژەی٭ نیشتەجێبوون و تاوەر و شوقه و مۆڵمان برد ..
حەیای وەرزش ..
حەیای ڤیستڤاڵ ..
حەیای پێشانگا ..
حەیای بازرگانیی ..
حەیای خەڵات ..
حەیای یەکەم ..دووەم و سێیەمیشمان برد ..
حەیای بەنگ و
هی کوشتن و
دزی و
شەڕواڵپیسیشمان برد ..
ئێمە خۆخۆریمان لە پشت ئەنتەرڤیو ، چاوپێکەوتنا شاردۆتەوە ..
ئێمە گەدە و ئەندامەکانی زاوزێمان ،
لەناو مێشک و چاو و گوێچکە و لووتمانا چاک شاردۆتەوە ..
وەک چۆن حەیای پەرلەمان و ڕۆژنامە و وەزارەت و پۆست و پلە و کورسیمان برد ..
حەیای ئاڵتون ..
حەیای مەرز و
حەیای قەرز و
حەیای لێدوان و مایکمان برد ..
وەک چۆن کابرا موچە و داهات و داهاتووی
شەش ملیۆن کەسی لە پێکرد ..
ئێمە لە پشت سەعاتی پاتیک فیلیب و ڕیش و مێزەر و تەسبیح و شانەوە خۆمان مات داوە ..
مێژوو و شەرەف و ئینتیما و پیاوەتیمان شار بەدەرکرد ..
ئێمە حەیای کارتی بانکی و کۆمپیوتەر و حەواڵە و داتابەیسی دنیامان برد ..
ئێمە پەردەی ڕێپێوان و بانگەشە و ڕای بەرامبەرمان به ڕۆژ دڕی ..
ئێمە نمرە و داهێنان و زانکۆ و بڕوانامەی گەنجمان تێکەڵی جوملەی پێڵاو کرد ..
حەیا و شەرەفی ووتار و هەواڵمان برد ..
کتێب‌ و قەڵەممان سووتان ..
هەرچی باڵدار و بێ باڵ و ئاژەڵە ،
ئێمەی جێهێڵا ..
دەریایش لە بەر کەلاکی ئێمە،
ژەنگ گرتی .. ڕەنگی شێوا ..تامی گۆڕا .. بۆگەنی کرد ..
ئێمەیش چ خەڵک و چ حوکمەت
لە کەلاکیان بێبەریی بووین ..
ئێستا هەرچی هۆڵی قومار و
سۆزانی و باندی مافیایه وەکو سەگ
سەیرمان ئەکەن ..
حاشای موتڵەقیان لێکردووین ..

تێر نەخواردن ،
چاوچنۆکیی ،
لە پشت حەدیس و ئایەت و ڕۆبن هود و ڕێکخراوەکان ، پارێزراون ..
ئێمه کوردکوژییمان لە پشت ناوی کوردایەتیی و ئەی ڕەقیبا ، شاردۆتەوە ..
ئێمه ئەوەندە بودەڵەین ،
تانجییەکی دوو بەهارە ئەتوانێ سەد ساڵ حوکممان کا ..
هەڵماتێکی ڕوو قرنجاو ، سەد ساڵ هەڵمانئەپەڕێنێ ..
بزمارێکی کەوش ئەتوانێ تا ئەبەد پەنجەرمان بکا ..
ئێمە مەرگمان له پشت جوڵەی وەک ئەفلام کارتۆن ، مات داوە ..
ئێمە حەیای باج و بودجە و سامانی زەوی و ژێر زەوی و کەلەپورمان تک – تک تکان ..
زانستمان بە قبوڵ خاس و پاڕالێڵ ، ئەتک کرد و
گیرفانی خەڵکمان به ناوی پاشەکەوتەوە ، گسک دا ..
ئەوەیشی هی شکان نەبوو ، تێکمانشکاند ..
هیچ کەسێکمان یەک ناڕەزایی دەرنەبڕی ..
ئێمە نەوتمان وەکو حوشتر لە هەزار لاوە سەربڕی ..
هەر ئەوەندە ماوە ، دزیی دەعوامان لەسەر تۆمار کا .. بڵێ : حاشا ! ئەم جەردەییە قبوڵ ناکەم ..
ئێمە حەیای خاڵی سنووریی و دەستوور و پەیماننامەی نێو دەوڵەتیی و ئیمزا و پەنجەمۆریشمان برد ..
هەر ئەوەندە ماوە ، شەیتان
بێتە دادگا و
هاوار بکا : حاشا وە لیلا بە خەویش ئەم ئافاتانەم نەدیوە ..!
ئێمە مافیامان لەودیوی ئاپۆڕەی بازاڕ قایم کرد ..
ئێمە خۆمان عەیبەیەکی هەرە گەورەین ، بۆیە هیچمان پێ عەیب نییە … ئێمە خۆمان تاوانێکی هەرە قورسین ، بۆیە هەموو تاوانێکمان لا نۆڕمەڵە.. ئێمە خۆمان هەر لە بنچینەدا سوکین ، بۆیە شانمان وا سوکایەتیی هەڵئەگرێ .. ئێمە خۆمان گۆڕستانین ، بۆیه هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجە و مردن وەرئەگرین ..
لە پیسترین زۆنگاوی نەزانیی و زوڵم و نامەردیدا ،
پێش میللەتان ،
پێکی خۆمان خواردۆتەوە ..
ئێمە شێرپەنجەین ، شێرپەنجە ! ، خۆمان لە جەستەی دنیادا شاردۆتەوە …

٭ تڕۆژە : هەڵەی چاپ نییە .




شیعر\ عەلی بەگ.. نووسینی: هاینریش هاینە*.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

عەلی بەگ، پاڵەوانی باوەڕی ڕاستەقینە،
بە خۆشی لە باوەشی کچاندا ڕاکشاوە؛
خودا لێرە لەسەر زەوی پێشچێژی
چێژی بەهەشتی پێ بەخشیوە.

کەنیزەکان، جوان وەک حۆریەکان،
وەک ئاسک لە جوڵەدان
کاتێک یەکەمیان ڕیشی بۆ لوول دەکات،
دووەمیان نێوچاوانی بۆ ڕێک دەخات.

سێیەمیان عوود لێدەدات،
گۆرانی دەڵێت، سەما دەکات، پێدەکەنێ و
ماچی دەکات،
لەوێ بڵێسەی شادی دەگەشێتەوە.

بەڵام لەپڕ دەنگی کەڕەناکان، بەیەکدادانی شمشێرەکان
لە دەرەوە بەرزدەبێتەوە،
هاوار بۆ چەک،
تەقەی تفەنگ دێت
خودایە، فەرەنگییەکان هاتنە سەرمان!

پاڵەوان سواری ئەسپی شەڕ دەبێت،
دەچێتە ناو شەڕ، بەڵام هێشتا وا دیارە خەون دەبینێت؛
چونکە وا هەست دەکات لە باوەشی
کچاندا ڕاکشاوە وەکو پێشتر.

لە کاتێکدا سەری دەیان داگیرکەر دەپەڕێنێت،
وەک دڵدارێک پێدەکەنێت،
بەڵێ، بە نەرمی و نیانی پێدەکەنێت.

سەرچاوە:
THE POEMS OF HEINE
BY
EDGAR ALFRED BOWRING, C.B.
لاپەڕە ١٤٨
• هاینریش هاینە\ ئەڵمانیا\ ١٧٩٧-١٨٥٦

https://www.gutenberg.org/files/52882/52882-h/52882-h.htm#page_148

——————–

لە ژمارە ٢٣ی ٢٠٢٤ی بانێژەی ئەدەب و کلتوور بڵاوبۆتەوە..




ئاوابونێکی ئاڵتونی.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

لە شەوە بەهەشتیەکانەوە با جرپەکان وەڵام بدەنەوە
تاجی درەوشاوە، نێونیگای عیشقێکی تیژڕەوی بەسەرچوو !
مالارمێ / شیعری (گوڵەکان)
ئەم ئەفسوونەیە
نوری ڕژاوی سەرکەنار
ڕۆحم ڕزگار دەکا

گەڕاوەتەوە، جوانیەکی
دڕندە، لەوسەری کەل
کاتێک هەورە بوهەیمیەکان
خۆیان تێکەڵی شەپۆلی ڕوخساری ئەوێکی وون
تێکەڵ بە شنەبای بێهودەییم ئەکەن

با نەفرەتلێکراوبم، بە بێدەنگی
زیوینی سەحەرێک،
ئەفسووس! گەر…
سەمفۆنیای تێپەربووی
بێستانێکی پرچ سەوزی تەڕ
منداڵیەکی سرک بهێننەوە!

چۆن ببمەوە بە دڵۆپە ئاورینگی
خۆشبەختی، چۆن ئەم پەیژە
ئەفسونیە بەرەو کازیوەیەک
لە کڵپەدا هەڵکێشم؟؟؟،

ئەی کەشتی گومڕای ڕۆح،
بەرەو گۆرانی دووری ئەبەدی،
پێت ناڵێم ماڵئاوا، هێشتا
ئەدرەوشێمەوە بۆ گەیشتنی
چارۆکەی بریقەدارت ،
لە کەنار…

تۆیەک لەچرکە ساتێک
بوویتە تەمتومان،
با هەبێت، بیرەوەریت..
با هەبێت، خەندەی سەرهەڵگرتنت
تا ئەوپەڕی لوتکەی کۆشکی
کریستاڵی وێڵبووووووون
با هەبێت، زەنگەکانی
ئێوارەیەک لە ئەڤینی ناسک
وەک پەڕی ئەو گوڵە
ئاویانەی
گالیسکە هەورە پرتەقاڵیەکانی
خەون ئەفراندیان

تۆ تەنها
سەما بکە،
لە گۆمی درەوشاوەی شیعر،
ئەوێک..
فریشتەی
نێو تەمی سپێدە،
بە گوێما چرپاندی
هیچی تر مەڵێ!

چەماونەتەوە کەوانی ئەو پردانەی
هاوشێوەی دوا نیگای ئەو

پێش ڕۆچونی دڵ،
سەرفرازیە
چاوەڕێکەم ، تا گۆشەیەک
بەدەر لە شەڕانگێزی چرکە مسینەکانی
ڕۆتینی مرۆڤە بەندەکانی ماشین

ڕاستیەکەی، من پەیامم
بۆت نارد، لە وەرزێکا
کەس بەتەنگی شەن و کەوی
خونچە مۆرەکانی
عیشقی وەحشتناکی سەفەر نیە!

شیعر،
شمشاڵێکی
ئەفسوناویە
بێ لێو، سۆزی
خەمگینی ئاوابونێکی ئاڵتونی ئەچڕێ!

…………………………………………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری پۆڵەندی
Tomasz Marciniak

بە سوپاسەوە لە پەیجی خۆی وەرگیراوە




تیشكه‌ پڕه‌كان.. شیعر.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر


كاتژمێر سفر

ناقۆڵای ئاماژه‌ ڕه‌ش
چاوی گرژی كرده‌ قولاب و بانگەوازی هەڕەشە
قوربانیی خۆی هه‌ڵبژارد
به‌ ته‌نیشت گۆڕی كه‌مه‌ره‌شلان تێپه‌ڕی
وه‌ستاو له‌ نیوه‌ی په‌یژه‌ی ڕوخسار و تارمایی
له‌ناو هه‌موو یادگاری و ماڵی ڕوحه‌كان ماوه‌ته‌وه‌
گۆڕستان به‌ خورپه‌ی باڵی باڵنده‌ی ماندوو شووره كرابوو
چووم له‌ چیای تاسه‌ و ناوچه‌وان پڕ هه‌ست
تامی ئاشنابوونه‌وه‌ بكه‌م
دڵم به‌رزكرده‌وه‌ تا ئاستی دڵپشكوتوویه‌ك
به‌ باده‌ی سووری زه‌وی ژیاوه‌
پاشماوه‌ی داڕووخانیش ده‌داته‌ لا
خۆر كاتژمێری زه‌وییه‌
ده‌ستی تاریك و نۆبەتداری نهێنییەكانی ئاسۆی
خستووه‌ته‌ ئه‌م لا و ئه‌ولای چركه‌ی سفر
تاخمی چام شكا
27/3/2024 هه‌ولێر

هه‌ناسه‌ و ئاواز

به‌ دیواری ژووره‌كه‌مه‌وه‌ وێنه‌ی قاله‌مه‌ڕه‌م هه‌ڵواسیوه‌
چه‌ناگه‌ی خستووه‌ته‌ سه‌ر شمشاڵی
مردنیش ده‌ستی لێ به‌رز كردووه‌ته‌وه‌
ژماره‌ی كونه‌كانی بیرچووه‌ته‌وه‌
له‌ كامیان شه‌یتان ده‌رده‌كرێ
له‌ كامیشیان خوداوه‌ند دێته‌ هه‌ناسه‌ و ئاوازیه‌وه‌
كونه‌كانیش له‌ دڵی شمشاڵدا دوژمن نین
بیریشیان له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌
ئاواز شه‌یتان ده‌رده‌كا و خوداوه‌ند ده‌هێنێته‌ ژووره‌وه‌
وێنه‌كه‌ ته‌ماشای ون نه‌بووه‌
دیواری ماڵی منی گواسته‌وه‌ ناڵه‌شكێن
ده‌نگی كۆڕاڵ كردیه‌
مۆزه‌خانه‌ و سه‌را و هه‌وار و ته‌زووی خودایی
ئاگرێكی ئه‌فسانه‌یی گه‌رمی كردوونه‌ته‌وه‌
دڵم بۆ ئه‌وه‌ ڕاگرتووه‌
دره‌ختی سه‌روپرچ پڕ باڵنده‌ قسه‌م بۆ بكات
له‌ ساته‌كانی كه‌م به‌ش هه‌نگاوت گه‌رمتر كه‌
نامراد و نیوەزیندوو
مه‌ستانه‌ نه‌ڕژایته‌ كه‌ناری چپه‌ و ڕازی شه‌و
مراویی كێوی به‌ناو یاری ئاگرین تێپه‌ڕی
ڕۆحی مردووان بهێننه‌وه‌ و چاوان پڕكه‌ن
به‌چكه‌ی كه‌وتوو ده‌خه‌نه‌وە هێلانه‌وه‌
12/5/2024 هه‌ولێر

ڕووبه‌ری داره‌بازه‌

با بێ ئاراسته‌ نییه‌
مرۆڤیش
گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ هه‌موو شت پێویست و گه‌رمه‌
له‌پڕێكیش داده‌مێنن و بێده‌نگ ده‌بن
ئاگر له‌ دڵدا كڵپه‌ ده‌دا
گه‌وره‌ترین ڕووبه‌ر ڕووبه‌ری داره‌بازه‌یه‌
به‌ختم كرایه‌وه‌ و قه‌یتانی پێڵاوم گرێ دا
ڕێگا به‌ نه‌رمی ئاوى بۆ دڵ و چاو گه‌رم كرد و سووك ده‌ستی گرتم
وریابه‌ قووڵایی ڕوونبوونه‌وه‌یه‌
مۆسیقای به‌خاك سپاردن و پرسه‌
ده‌نگی نزمه‌ و خۆت لێ ون نه‌بێ
دارستان تاریكیش بێت لك و گه‌ڵا و سێبه‌ری ڕوونبوونەوە و سۆراغكردن
له‌ قەڵەڕەشی ڕەنگاوڕەگ و په‌ڵه‌ی شه‌ڕ زۆرتره‌
ڕووبار خۆی بێ روخسار و ناوك نەبڕاو و به‌ هه‌ڵپه‌ و هه‌ڵه‌شه‌یه‌
ته‌نیا شه‌پۆله‌كانی چاڵی ڕوومه‌تی پڕده‌كه‌نه‌وه‌ مه‌ستن
ڕووته‌ن ده‌موچاوی ئه‌وانه‌ی پیشان دام له‌بیریان كردووم
شار بینینێكی گه‌مژه‌بوو
ڕوخسار تێیدا پلاستیكی كه‌چه‌ڵبووی به‌رخۆربوو
ڕه‌نگم له‌ ته‌نیایی وه‌رگرت و دڵۆپه‌كانیشی له‌سه‌ر په‌نجه‌م ده‌ڕژێن
پڕ سرووش و به‌هره‌ و ده‌وره‌دراوم به‌وه‌ی ته‌نیایی كردم

19/5/2024 هه‌ولێر

ڕووناكیی خوداڕسك

ژیانی ڕابوردوو
ژیانێكی له‌ده‌ستچوو نه‌بوو
برین له‌ دڵی خۆمان و ده‌موچاوی منداڵمان ساڕێژبوو
باڵنده‌ی حه‌وشه‌ و بانیش په‌ڕی نه‌رمونیانیان پۆشیبوو
ڕۆح و باڵیان پڕبوون له‌ خواست
ڕووناكیی خوداڕسك له‌سه‌ر ده‌ستی دانان و به‌ باڵ كه‌وتن
باڵنده‌ی نه‌ترساو زوو ده‌چێته‌ سینگی نزیكترین دره‌خته‌وه‌
له‌شكری پێ له‌ ڕكێف سه‌ره‌تای مه‌ستیم نییه‌
شادییه‌كی كورتم لێ ون بوو
ڕێگای پڕ كاره‌ساتم پێ زانیبوو
ڕه‌نگ و زایه‌ڵه‌ و براده‌رانی من له‌كوێن
پێم له‌ دوام نایه‌
چاوم گه‌وره‌یه‌ و ڕێگاش ئەو شتانەم پێ دەڵێ كە دەیزانم
گۆڕه‌كه‌ش تازه‌یه‌ هێشتان گوڵه‌ حاجیله‌ی له‌سه‌ر شین نه‌بووه
ڕۆشناییه‌كی گه‌شاوه‌شی هه‌یه‌
پێنجشه‌ممه‌ پێم له‌ دوام دێ و تاسە
دەم و زمانی كردووەتەوە
دره‌ختی شاریش له‌گه‌ڵم دێن
باڵنده‌ له‌ناو پرچیان دەرگایان لێ واڵایە و سینگی یه‌ك ده‌خورێنن
ئاوی كووپه‌ و شانه‌یه‌ك له‌پاڵ سه‌رت داده‌نێم
پرچی ئاڵۆزت خاوكه‌وه‌ و له‌ هه‌موو بیانوویه‌ك ده‌بوورم
جلی شۆراو‌ وشك نه‌بووینه‌
كۆیان بكه‌مه‌وه‌
باڵی باڵندە تای لێیە و په‌نجه‌ره‌ش سڕ
مردن به‌ چه‌ند ڕۆژێك له‌من به‌ ته‌مه‌نتره‌
داوای كردووه‌ له‌ گه‌نجینه‌ی ئێمه‌ بمێنێته‌وه‌

26/5/2024 هه‌ولێر

گواستنه‌وه‌ی گۆڕ

ناوچه‌وانی به‌ ئه‌ندازه‌ی كێڵگه‌ فراوان و هاو واتابوو
ڕووناكی گه‌یینی گوڵه‌گه‌نمی هه‌ڵمژیبوو
خۆر له‌ زه‌وی نزیك بووه‌وه‌
شه‌پقه‌یه‌كی پووشم له‌سه‌ری كه‌نگر له‌ كۆڵ كرد
چه‌ترێكیشم هه‌ڵدا و دام نه‌دایه‌وه‌
چرا له‌ ژووری ئه‌نگوستیله‌ی یاقووت كه‌وتوو حیكمه‌تی چییه‌
گۆڕت وه‌ك سه‌رچاوه‌ گه‌رمی بێڕه‌نگی لێ هه‌ڵده‌قوڵێ
بوومه‌له‌رزه‌ش له‌م ناوه‌ بدا
گۆڕت ده‌گوازمه‌وه‌ ناو لووله‌ی ئێسكم ناهێڵم ڕایبوه‌شێنێ
له‌ پشت دارستانی نابینا
سه‌یری فڕینی ناوه‌ختی باڵنده‌ ناكەم
گوێ له‌ هاوار ده‌گرم و هیوای لێڵیش ناخوازم
ده‌بێ لك هه‌بن باڵنده‌ی له‌سه‌ر بنیشنه‌وه‌
سڵاو چیمه‌نی حه‌وشه‌ خوناوی شه‌ویی لێ ماوه‌ته‌وه‌
بنیشنه‌وه‌ ڕه‌نجی ژیان و گۆرانی ئاسكه‌ باریكه‌ی شاخ و دۆڵم
گه‌لێك ئاگرم بۆ بینین به‌رزكردووه‌ته‌وه
ده‌م هه‌یه‌ به‌ڵام چاو نییه‌
ڕووناكی سەر گوڵەگەنم بەتینە
4/6/2024 هه‌ولێر

فێنكی و تووشی

هه‌وا داویه‌ته‌ فێنكی
دوو كورسیم بردووه‌ته‌ به‌ر هه‌یوان
چایه‌ك دێم كه‌ و چی له‌ ته‌مه‌ن ماوه‌ باسی كه‌ین
به ڕۆژی ڕووناك ته‌رازووی پیری گران بوو‌
ڕه‌تێك ببه‌م و پێم بكه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی سارد
ده‌ست و په‌نجه‌ی تاجبه‌خشت بۆنوبه‌رامه‌ی زۆرن
نيولیر‌ی ملت مۆسیقا و مۆری بۆنه و جڵه‌وی جوانووه‌
تازه‌ ده‌هات چاوانم ڕووناكی سەر درەخت و باڵ و ياڵ
بگوازنەوە ناولەپم
قاز و مراوی ده‌م گۆلاو باڵ له‌ ئاو ده‌ن
پڕووشه‌م به‌سه‌ردا بپژێ
هه‌وا دایه‌ تووشی
دنیا تانەی كەوتە سەرچاو
ئاسمان هه‌ست به‌ چاو ده‌كا
چاوی چاودێرانیش ده‌ناسم

10/6/2024 هه‌ولێر

ئاسووده‌یی یاده‌وه‌رییه‌ك

ژیانم به‌ ده‌نكه‌ شه‌كری ناو شه‌كردان پێوا
له‌ ته‌نیشتم دانیشت و په‌رچه‌می هه‌ڵدایه‌وه‌
گوتی ژیان نەوا و بادەیە
حه‌وت ئاسمان مه‌ست بوو‌
ئه‌و شاره‌ گه‌وره‌یه‌ی ناوی هه‌سته‌ له‌دایك بوو
ڕووباری ده‌وروبه‌ر ماسیی هاتێ و گه‌رایان خست
ئاسمان سه‌رنجی ئه‌زه‌لی دا
سەرەتای سەرگەرمی و ده‌ست له‌سه‌ر ناوچه‌وان دانانی نه‌خۆش و پڕ ته‌مه‌نیی بۆ خواست
غه‌زه‌ل كێش و سەروای له‌سه‌ر ده‌ست گێڕا
خۆری له‌سه‌ر شانمان هه‌ڵاتوو بووه زه‌مینی حیكمه‌ت‌
نان له‌ پشتی په‌نجه‌ره‌وه‌
هاته‌ ئه‌م دیو
چا له‌خۆیه‌وه‌ شیرین بوو
په‌نجه‌ره‌ ده‌می كرده‌وه‌ چاوی پیرۆزی ناو پیرۆزان فه‌رموون
ده‌ست به‌سه‌ر هه‌وێنی ڕووناكیدا بهێنن
ته‌می زه‌رد پاشه‌كشه‌ی كرد
نوێژم بۆ ئاماژه‌ی ناوله‌پ دووباره كرده‌وه‌

22/6/2024 هه‌ولێر

په‌ڕوپۆ

به‌ نیازی نووسینی دوا دێڕی یه‌كه‌مین ئه‌فسانه‌
ده‌ستم به‌ گۆنای گۆڕدا هێنا
باڵنده‌ی چاوه‌ڕوان نیشتنه‌وه‌ و حیكمه‌تی ته‌مه‌نیان دامێ
سیوشه‌ش مه‌رجانم له‌ ده‌وری دانا بیپارێزن
بمپارێزن په‌ڕوپۆم له‌ ئاوی سڕ ماوه‌ته‌وه‌
په‌پووله‌ نزرگه‌ گرتی و باڵی نه‌رمی به‌رزكرده‌وه
ئاوازی به‌رزبوونه‌وه‌ی باڵ سرووشی هه‌ڵدا
به‌ هێواشی ڕووناكی خودایی ڕژا
به‌ شێنه‌یی گه‌شه‌ی گیا به‌ ژیان ڕاهاتمه‌وه‌
سیوشه‌ش جار نووسیم
ژیان و یه‌كه‌مین ئه‌فسانه‌
سروشت ته‌زووی گه‌رمی به‌ له‌شدا هات
له‌ژێر دره‌ختی حه‌وشه‌ سێبه‌رێكی پڕ جریوه‌ و جووكه‌
داینیشاندم و ته‌مبوورێكی خه‌مگین ده‌ژه‌نم
كات ژیان ده‌خوا
دەخەمە بۆشایییه‌كی ڕوونه‌وه‌
سروه‌ی ئێواره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ دره‌ختی حه‌وشه‌ ده‌دا
دڵنیام تاجی په‌پووسلێمانه‌
وێنه‌ی ژنێكی به‌ گۆزه‌ی زوڵاڵه‌وه‌ هه‌ڵگرتووه‌
سروشت وێنه‌یه‌كه‌ له‌ ڕوخساری یه‌كه‌مین ئه‌فسانه
سیوشه‌ش جار ته‌وافی یه‌كه‌مین ئه‌فسانه‌ ده‌كه‌م‌
1/7/2024 هه‌ولێر

هاوبه‌شی سپێده‌

پێش كازیوه‌ له‌ نزیك په‌نجه‌ره‌وه‌ داگیرساوه‌
ئه‌ستێره‌ی خانه‌خوێی ڕاسپاردووه
به‌ ده‌نگی دڵت بده‌وه‌ من و به‌ هه‌موو ناوێكه‌وه‌ بانگم بكات
كه‌سێكی تر نابێته‌ دێڕم
ده‌موچاوی سروشت لۆچی گرژی تێدا نییه‌
شایه‌نی سه‌یركردنه‌
گوڵاوی پرسه‌ و ئاخی گران له‌ خۆم ده‌ده‌م
خۆم و سێبه‌ری دره‌نگ بینراوم
ده‌چینه‌ باخچه‌یه‌كی پشتگوێ خراو‌
به‌ ئه‌مه‌ك و تاسه‌وه‌ له‌ یه‌كتر ڕاده‌مێنین
چاوی پڕ پەرجووم هه‌ڵده‌بڕم
سارد و به‌تاڵ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ هێلانه‌ی سیمرخ
شه‌وانم گران تێده‌په‌ڕن و كه‌ركه‌ده‌نێك ئاسۆی ڕاونام
خۆرێك ڕه‌نگ و ڕووی له من وه‌رگرت به‌ ناوی تێپه‌ڕی

3/7/2024 هه‌ولێر


باڵهاویشتنی جۆگە

لە مانگی دارستان چرۆ بووی
سەرسامی بەرەو لات هات
لەناو دەستی بەهێزت ڕاتگرتم
بە ئەسپایی دەجووڵایتەوە و چەفیەی شەدەشلانت بەستابوو
دەبێ بە بادە بەراوردت بکەم
هاتوومەتە ناو شلێران
دەستبازی لەگەڵ کێلت دەکەم
تاکباڵی هێزی گوشیوم و برك و هاڵاوی سوێ هه‌ناسه‌ی ته‌نگ
وەک جۆگەلەیەکی باریکی چاولێڵ و نیوەتانەگرتوو
سەربەرەوخوار پێ دەکوتم
لەسەر سەکۆیه‌كی نزیكه‌ لافاو دەڕوانم
ڕوخسار لە جەنگی مەرگن
چش لە ساردایی پایز گۆڕ بە شەونم تەڕن
سێبەرم بەسەر شەقام دەکشێ ساتمە دەکا و بە لادا دێ
بزەی خەون و وەرز و شایی و یاد و سۆز و شاد
لە حیکمەتی هەموو کتێبەکانی خوێندوومنەتەوە جۆشاوترن
خۆشیی لەپڕی منیان لێ دەڕسکێ
لە خۆڕەنگم شەرابم دەخەمڵێ و كووپەشم كەمێك بە خۆیەوە دەنازێ
وەرە خەونم
لەسەر سەکۆ بە باڵی کراوەم ڕاوەستاوم
هەتاوی نیوەڕۆ تووڕەیە
10/٧/٢٠٢٤ هەولێر

شه‌قامی باڵندان

هێزمان دایه‌ قاچی ئه‌سپ
ئه‌میش سمی پیشانی ئاوێنه دا و ئازاری
مانگ و گۆرانیی شاردراوه‌ی گێڕایه‌وه‌
ده‌ستم به‌سه‌ر گۆنای بێڕه‌نگیدا هێنا
لێوی به‌باركه‌وتووی جووڵا و كۆتری چیایان نیشتنه‌وه‌
خه‌ونی من ده‌بینن
ئاگردانی لاڕێ سارده‌
سۆزێكی كۆن له‌ دڵم ماوه‌ته‌وه‌
كوڵا و ساردبووه‌وه‌
ئاسۆی كازیوه‌ی كرده‌ ڕوخساری خۆی
بێ هیچ گوێپێدانێك
بیره‌وه‌ری زیندووكردمه‌وه‌
ژیان له‌سه‌ر په‌یژه‌وه‌ ده‌بینین
قسه‌مان له‌باره‌ی هێزی قاچی ئه‌سپ ده‌كه‌ین
شوێنپێكان هێزیان مژیوم و سه‌رچاوه‌ی خه‌ڵوه‌تن
به‌سه‌ریاندا دێمه‌وه‌
ته‌مبووره‌كه‌م ژێی شل بووینه‌وه‌
له‌ شه‌قامی باڵندانم
گۆرانییه‌ك ده‌مم ده‌كاته‌ هێلانه‌ زمانی لەناو دەڕوێ
28/7/2024 هه‌ولێر

كوڵمی حه‌وا

زه‌رده‌ی ئێواره‌یه‌ و بۆنی بخوور و ئاوابوون
به‌یه‌كه‌وه‌ په‌ڵه‌یان دا
وێنه‌ی ناو ئه‌لبوومه‌كه‌مان خه‌وتوون
تۆز به‌ری بینایی گرتووم و ڕۆشنیم دایه‌ كزی
لە دوورایی نێوان مۆسیقا و گۆرانیبێژ
سندووقی سیحر شكا
وه‌ك كوێرێك ده‌ست ده‌كوتم
خاك له‌ شێوه‌ی پرچت نه‌رمه‌ و شێوه‌زایه‌
ده‌ستم به‌ لانك ده‌كه‌وێ ڕایده‌ژه‌نم
ڕۆژانیش دێنه‌ ژووره‌وه‌
چرایه‌ك به‌ ناوچه‌وانی كتێبخانه‌م هه‌ڵده‌واسن
ده‌ڕوانێته‌ دێڕ و وێنه‌ و كۆپله‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی ڕازبوون
په‌نجه‌ره‌یه‌كی هه‌وا خۆش و پاراوی به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌مدا
باران له‌ كه‌مییه‌ و پێویستیشه‌ زه‌وی بچێنرێ
حه‌وا له‌ په‌راسوو نییه‌
خودا كوڵمی به‌ بۆنی نانی گه‌رم ئاڵ كردووه‌
ڕۆیشتووی ببیته‌ گۆی زه‌وی و ڕه‌نگ بده‌یته‌
ئه‌ستێره‌ی پێش كازیوه‌ و باران دابارێنی
پرچی دره‌خت بشوا
سه‌كۆی هه‌ژارانیش بڕشێنی
تا ئەستێرەی باڵدار لە ئاسمان دێنە خوارێ
یاد سواری پاسكیلی سێ تایه‌ ده‌كه‌م
به‌سه‌ر كومباره‌ خۆڵه‌مێشییه‌كه‌ ده‌یسووڕێنمه‌وه
زایه‌ڵه‌ به‌دوای زایه‌ڵه‌دا دێ و هه‌موو به‌هره‌كانی خۆی ده‌زانێ‌
نه‌وه‌كه‌شمان ددانی ده‌ركردووه‌
كوڵمت نانی گه‌نمه‌
شێوه‌ و شێوه‌زا تێیدا چرۆ ده‌كه‌ن و تیشك پڕ ده‌بن
ماڵه‌كه‌شمان به‌ درەخت و باڵندەیە
جریوە و جووەكە دەبەخشن
هەزار ئومێدی لەناو بەجێماوە
گڵۆپی تای هەیە

28/7/2024 هه‌ولێر




تەرزەی خۆشبەختیەک.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

زەنگەکان خوێنیان لێئەتکێ
پەنجەکانی خواوەندیش بریندار
مەرگ لەدەرگای منداڵێکی
چنگ بەستوو تەزیو ئەدا
ماڵێک لە گڵ
دەرگای شکاو

لە شەقامی شارێک تاریک
تارمایی پیادەکان دێن و دەڕۆن
ئاسمان تۆفانە گڕی بریسکەو تریشقە
دڵی تەنیاکان
بۆ چەند ساتێکی کەم
ڕەوشەن ئەکا

ئەمڕۆش ڕۆیی،
کەس لەوێ نیە،
لە دیدەگا، شتەکان
وون، زەریام دی
شەپۆلەکانی خۆی کۆکردەوە
نەورەسم دی بە دڵشکاوی
لە شەقەی باڵیدا

چونکە مەرگ
لەهەر سوچێکی کۆڵانی ژیانم
چاوە گورگانەی
بریسکەی دێ
بۆیە پێت ناڵێم
خۆشم ئەویت

ئەوسا،
خەندەکانی شیعرم
بۆت ئەکردە قردێلەی سەرت
ئێستا
کلۆی بەفری لێوم
پروشەی وەرزێکی هەناسسەساردی
ڕۆحمی پێیە

ئارەزووی دڕانی
وێنەکانی ئەو ڕۆژانەم
چاوەڕوانی وەک شانەی هەنگ
بوونی جێماوی تۆی
شیرینتر ئەکرد

لە هەموو گوناحە جوانەکانی
بەردو گیاو ڕوبار و سنەوبەرە
تەڕەکانی سەر ڕێگای سەفەرێکی دوور
خۆش ئەبم
دوای ماڵئاوایت

ئارەزووی شکۆی
جێهێشتنێکم
کە لێو هێشتا پڕ لە شکۆفەی شیعرە
چی شکۆمەندیەکە مەرگ
کە دوا گولە
بیپچرینێ بیرێکی مەست
بە ئەزەلی عیشق،
تا ژوورپڕکا،
لە پەڕەی گوڵ..و…پەڕەی شیعری ..
تەواو نەکراو…و..خوێنی ڕەشی…ڕۆحی
دەربازبوو

ئیترجارێکی تر..
سەرهەڵگرتن،
چارە نەما
کە ژورەکان هەر وەک کفن
زەردو ڕزیو
تاریکی تەنیابوون
وەک دەمی نەهەنگ
هیواهەڵچنین
بە سبەینێیەکی ئاسوودەتر
ئەبێتە تابووت

سەرلەبەیانی
هێشتا خەواڵوو
خۆم ئەدەمە دەست
شنەبایەکی مەست
بڵێی چەند قادرمە
بەرەو مانگێک
هێشتا جەستەی زیوینی
وەک چاوە تەڕەکانی
شکۆفەی لقی دار چنارە تەڕەکان
ئەبریسکێنێتەوە

بە چیمەنی دڕندە
ووشە بکە سەمفۆنیا،
و کام ئێوارەش
وەحشتەنتاک
گوڵە لازوردی نامۆیی
لە دڵی پڕ تۆفان و گێژەنەی سەفەر
بچێنە

زەمین بۆنوبەرامی
تەرزەیەکی
خۆشبەختی دێ
ئامێز ئەکاتەوە
دارستانێ
دوای هاوینێکی ووشک و
بیابان
جۆگەلەی گرت
خەرەندی ووشک
ئاوی سازگار
لێوی تەڕبوو
بە شەپۆلی ساتەوەختی
باخچە هەڵواسراوەکانی
بیرەوەری
شارێکی بزربوو!

…………………………………………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئیسپانی
Enrique .Lorca ( ELG21)
بە سوپاسەوە لە پەیجی خۆی وەرگیراوە




من شیعر دەژیم/ من شیعر دەمرم.. داستان بەرزان

ئەی شیعری نەنووسراوی دیوانم
دەرفەتم پێبدە
دەبمەوە هەسپێکی نەجیب
هێز لە گیانیدا/ نیڵە
خەون لە چاوییدا/ بروسکە
ئەڤین لە پێیەکانیدا/ جمە
بوێریی لە بوونیدا/ لرفە
دەرفەتم پێبدە.

ئەی بکوژترین بکوژی کوژراوم
هێز ئەگەر هێز بێت دەمی دەوێت/ کڵپە
خەون ئەگەر خەون بێت خەیاڵی دەوێت/ بێپەروا
ئەڤین ئەگەر ئەڤین بێت ڕۆیشتنی دەوێت/ ناکۆتا
بوێریی ئەگەر بوێریی بێت جومێریی دەوێت/ ترسێنەر
دەرفەتم پێبدە.

من هێزم دەوێت
من خەونم دەوێت
من ئەڤینم دەوێت
من بوێرییم دەوێت
بۆ ئەوەی ئەم زنجیرانە بپسێنم
بۆ ئەوەی ئەم دیوارانە بڕمێنم
بۆ ئەوەی پیرۆزیی ئەم سنوورانە
بۆ ئەوەی یاسای ئەم کتێبانە
بۆ ئەوەی بەهای ئەم نەریتانە
بخەمە ژێرپێم و
جارێکی دیکە نەگەڕێمەوە سەریان و
هەواڵم لە پاکیان نەمێنێت
ئەی ژانی بە ژانی لە ژانم.

سەرەتای… سەرەتای ئەم شیعرە
دەبوو بنووسم:
هەوایەکی دیکە/ بۆنێکی دیکە
لە سنگمدا
هاوارێکی دیکە/ دەنگدانەوەیەکی دیکە
لە گەروومدا
خۆمێکی دیکە/ منێکی دیکە
لەم جیهانە نەخۆشەدا
دەجووڵێت و
دەڕیسکێت و
دەهزرێت.
ئەی فڕینی فڕیوی فەریادم.

من هەناسەیەکی نوێ
من بۆنێکی نوێ
من هاوارێکی نوێ
من دەنگدانەوەیەکی نوێ
من خۆمێکی نوێ
من منێکی نوێم
پێویستە و
دەبێت و
ببێت
داگیرم بکات
پێویستە
سەر کەشتی خەیاڵیی ناو ئەم شیعرەم بنێت
من کەشتیوانی زریانی زمانم
من کەشتیوانی ڕمانی ڕەوانم
من کەشتیوانی خزانی خەزانم
من کەشتیوانی خوماری خەیاڵم
من کەشتیوانی ئاورینگی ئەندێشەم
من کەشتیوانی وێرانی وێنام
من کەشتیوانی خەواڵوی چووانم.

من شوێن ئەو ئازادییە کەوتووم
لە ناو شیعردا ئازایە
لە چیرۆکدا سەرەڕۆ
لە ڕۆماندا باڵدەگرێت
بەگشتی لە وشەدا خوێنە
خوێنە بۆ جەستەی سەرابم
دەنا زۆر بە سانایی
زۆر چاوقاییمانە دەبوومە کتێبفرۆشێک
شیعرم لە فلتەر دەدا و
شاعیرانم شەن دەکردن
چیرۆکم بە تەرازووی نازی کچانی دەم ئێوارە دەپێوا
ڕۆمانم لە چاوی ژنانی تازەپیاکەتوودا دەبینی
فەلسەفەم بە ڕۆژی نیوەڕۆ لە قەنارە دەدا
فەتوای تیرۆم بە هەر جوانییەک دەردەکرد
لەگەڵ ئاستی چێژی گێژی مندا نەگونجایە
دەبوومە پۆلیسی زمان
لیسێک بەدەستمەوە و
وشەم فەلاقە دەکرد
خەیاڵم دادگایی دەکرد
نوێگەرییم لە بەندیخانەدا توند دەکرد
من ئەو ئازادییەی ناو شیعر سواڵدەکەم
مان و نەمانم
بەو ئازادییەوە پەیوەستە
دەنا هەر زوو
دەبوومە کتێبفرۆشێک
لە کوردستانی پاک و جوان
شاری ڕۆژانی تاریکی
گوزەری هاوڕێیانی لەبلەبان
کوچەی نەخوێندەوارانی سەربەرز.

ڕەهێڵە هەنگاو دەنێ
دڵی من ماتە و لە جێگای خۆیەتی
گوڵ دەبارێت و سەری من دێشێت
لە جێگای خۆیەتی
سۆز شکۆفە دەگرێت و
هەستی من بێزارە و
لە جێگای خۆیەتی
هەور دێت
بارانی بەڕێژنە
بەفری بە کڕێوە
تەرزەی بە تاو
دڵی من
من دڵی
هەر ماتە و
ماتە هەر من
من هەر دڵی
من دڵی هەر ماتە
هەر دڵی من
من هەر ماتە دڵی
دڵی من هەر
ماتە هەر دڵی من
دڵی من ماتە و
هەر لە جێگای خۆیەتی.

من شیعر دەژیم
نهێنیئامێز دەکەومەوە
من شیعر دەمرم
سترانی کەس ناڵێمەوە.

من شیعر دەژیم
خولیای کەس
ژانی کەس
برینی کەس
فریوم نادات.

من شیعر دەمرم
شادی کەس
هەوای کەس
بۆ هیچ کوێ بانگم ناکەن.

من شیعر دەژیم
زریکەی کەس
بریسکەی کەس
بۆ هیچ کوێ نامکێشن

من شیعر دەژیم
من شیعر دەچێژم
من شیعر دەپۆشم
من شیعر دەهێنمەوە
من شیعر دەهۆنمەوە
من شیعر دادەگیرسێنم
من شیعر هاتووم
من شیعر دەڕۆم
من شیعر دەوەستم
من شیعر ڕادەکێشم
من شیعر دەنێمەوە.

من شیعر دەمرم
من شیعر دەنێژرێم
من شیعر دەڕوێمەوە
من شیعر هەڵدەستمەوە
من شیعر دەفڕم
من شیعر سزا دەدرێم
من شیعر پاداشت دەکرێم
من شیعر ماوم/ نەماوم
من شیعرم/ یان نیم!

من شیعردەمێنمەوە
شیعر دەژیم
شیعر دەمرم
ئەمانە مانای چین؟

ئەم شیعرە چییە؟
چرامە
چەترمە
چاڵمە
چیامە
چارەنووسمە
چاومە
چاویلکەمە
چۆماومە
چاوگمە
چۆڕاوگەمە
چریکەمە
چەمەنمە
چیڕەمە
ئەم شیعرە چیمە؟
هیچ کەسێک!
هەموو کەسێک!

من شیعر
ماڵەکەم
کەسوکارەکەم
ژنەکەم
منداڵەم
هاوڕێکانم
ناوەکانم
هەوادارەکانم
پاکی بە پاکی دەخوات.

من شیعر
سەرم
ملم
دڵم
ناوکم
ڕانم
ئەژنۆم
پێم دەخوات!

من شیعر
ژیانم
ئەڤینم
بوونم دەخوات

من دەیڵێمەوە:
سوپاس بۆ شیعر
نەفرەت لە شیعر.

ئەم شیعرە لە ژمارە (١١)ی گۆڤاری (دیالۆگ)دا بڵاوبۆتەوە.




بمنەخشێنە بە ئەبەدیەت.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

هەموو بێدەنگیەکان و شەوەکانم کردە ووشە
ئەوەی نەوترا ، من نوسیمەوە …

(ئارسەر ڕامبۆ / وەرزێک لە دۆزەخا)

پەراوێزم کە ، تۆفانی
ساتەکان، تازە گوێنادەمێ
بگەڕێمەوە نزرگە پیرۆزەگانی خەمگینی!
هەموو شتەکان خەیال دەرچوون
چەند ئاسان پەپولەکانی جوانی
لە پەنجەکانەوە فڕین! ئای لاوێتی!
خۆشیە جوانە درۆزنەکان، گریمانەی
ئەبەدیەت لە تەمی عیشقێک
کە زوو ڕەویەوە، چەند ئاسان بوو
فێربوونی ژمارەو پیتی
سروودی بوون و نەبوون!
بینیم ئاسمان ڕەنگی ئاڵتونی،و ڕەشی
خوێنی!، هاوڕێکەم ووتی..
با لە پەنجەرەی شەمەندەفەری کاتەوە
مەملەکەتی بریسکاوەی خۆری سپی ببینین
لە پشتەوە ئەسپسوارەکانی دۆزەخ قاقایان بوو!
دەشێ جارێکی تر لە ڕۆحی ترا
یەک ببینینەوە، ئەوی نازدار پێی ووتم،
هیشتا هەنگوین و شەکری
گوڵە هەڵاڵەکان بۆ ماچێکی ژەهرین
لەسەر لێوی بوو!
هەموو ڕەنگێکم ئەوێتەوە کە لە لاوێتی
بێستان و دەشت و دیواری قوتابخانەکانمان پێ بۆیە ئەکرد
وەک جاران زەردەم بێت
بە قووڵایی ئەو چاڵانەی
ژیان لە گەشتە بوهەیمیەکان
بۆی دانابووم، ئەو دەڵێ:
چی سودێکی هەیە دواکەوتن
یان زوو گەیشتن
گەر هەموو ڕێگاکان ئەچنەوە تاریکی مەرگ
چۆن بتوانم جارێکی تر
کازیوەت بم
ئەی فریشتەی ڕۆح قەقنەزی
یاخی لە عەرشی میهرەبانی
تا بە بەخشندەیی
لەگەڵ پەرتبوونی رۆحم بدوێم
چەشنی سۆناتای ئێوارەیەکی وەنەوشەیی
ژیانم بەردەوامە
وەڵامم دایەوە، زەنگێک لە کلێسای
شیعردایە، زرنگەی چرکەکانی تێپەڕینمە
بە نێو پیادەرەوەکانی سەردەمێکی فەنا
ئەمانەی ئەیبینی کۆچەری سەرهەڵگرتوون
دوپاتکردنەوەی هەمان سەفەری ئادەمە
بەرەو نەفرەت! بەرەو گەڕان بۆ مانا
کە خواوەندەکان لێیان سەندەوە
سەرباری ئەوەش،
هاژەی زەریای دڵمە
دەریاچەی بێهودەیی زیندوو ئەکاتەوە!

…………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری نەمساوی
Thomas Muhl
بەسوپاسەوە لە بەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




كه‌شكۆڵ.. شیعری ستار ئەحمەد

ئەم سەفەرە
شانت لەگەردن دەترازێنێ
نەجانتایەك دڵت هەڵدەگرێت
دڵیكیش نابینی
ئارامگەبێت
تەماشای كەشكۆڵی لوولت كە
بزانە دێوانەی خاكی
یان كت و مت” شێتێكی شێت
بۆ كوێ دەڕۆی
ئەو گۆشەیەی تۆ دەگرێنێ
هەمان لانكۆڵەی حەوایە
ئەو بەهەشتەی لێیدەگەڕێی
هەر دارستانی ئەفسوسە
ئادەمێك
چەندین شەرابی رەنگاڵە
داڵاشێك
جەستەی براكەت و
قابیلێكی دی تێدایە
مەڕۆ..
شیعر لێرەبێت
یان لەوێ
ئەسكڵێكە..
تەنها بەر جەرگ و هەناوی
نەداران و
رۆحی شاعیران دەكەوێ
ئێمەو ئەوان
لەزمانی ئەمەك ناگەین
هەموو نیگاكان
بەخوناو دەچوێنین
ئێمە بین یاخود ئەوانیش
لەژێر پێی گوڵ و جوانیا
مین لەدەروونی قەڵەما دەڕوێنین
ئاسمانمان یەك و
ئەسـتێرە .. هەتاو
سروشتمان
لەهەمان گڵكۆیا دەمرێت
بیرت لەبوخچەكەت دەركە
جگەرەیەك داگیرسێنە
من دەتناسم
پرچت چرۆی سپی دەركردووە
ناخت تەرزەی عەشقی لێدەبارێت
مەڕۆ .. هاوڕێ مەڕۆ
بۆ نازانی عاشق شێتە
وەكوو ئەم خاكە زامدارە
بەئەوین و راستی دەژێت

ستار ئەحمەد




ئیرەییم دێ.. شەهلا نوری

ئێرەییم دێ
بە کزە بای سارد و ڕچیوی ئێواران
کە بەچوار دەورت دەسووڕێ
بەو شەقام و توولە رێیەی
بە سەریدا ڕێ دەکەی و دەمتاسێنێ
ئێرەییم دێ
پەشاڵەکەی دەوری ملت
لە ئامێزی خۆیت دەنێ
بەو ھەموو گوڵ و گەڵایە
لە سەر ڕێگات کڕنووش بردوون
بۆنی گوڵاوی تۆ دەمژن
بەھار ھات و ئاسمان ساماڵ
بەھاتنی شکۆفەی یار
چەم فێنک و سەوز سەوزە
زیباترین نامەی ئیشق
وئەوینێ سوور
مینا پاکیی ئاوی حەوزە




وێنەکەت بڵێسەیەکبوو سەوزی کردمەوە.. ڕێبین مەلا ئەحمەد

دەبارێم بەسەر زەوییە بەیارەکانی خۆم
ئاگرەکانم خامۆش دەکەمەوە
هەڵدەکەم بەسەر ئەو پێدەشتانە
ڕووناکی دەبەخشمە گیای شێداری نزاران
من ئەوەنیم کەدەمبینی
سوارێکی پەڕیوی هەزارەها شەڕی خۆمم
شەڕ بەتاریکایم دەفرۆشم
سۆراغی قوڵاییەکانی خۆم دەکەم
بە ڕێگا پڕ ئەستەم و هەڵدێرەکانی ناوەوەم هەڵدەگەڕێم
باسی ئازارم بۆ مەکە
هاڕدراوی دەستاڕێکی خولخواردووی زەمەنم
کلکەتەشی هەڵخلیسکاوی سەر ڕانی شۆڕە ژنێکم.

دەمەوێ هندە تەنیابم جگە لە خۆم کەس نەناسم
مرۆڤ تا خۆی نەناسێ هەست بە ئاوەدانی ناکات.

کاتێک شەو دەخزێمە سەر سینگ و مەمکی تەنیایی
ئاسوودەیی خۆی داوێتە ناو باوەشم
بیکردنەوەم باڵدەگرێ و بێدەنگیم وەک تەمێک بەوبنارانە هەڵدەکشێ
یادت وەک کەڕەسیسەی دەستی با
نازانم دەمباتە کامە شەقامی خرۆشاو
دەم سپێرێ بەکامە سوچی ئارام
باڵەفڕکەمە
بە سەماوە چووم هەڵوەریم
لەژێر پێی مرۆڤەکاندا خۆم ونکرد.

دەمەوێ خۆم بخزێنمە ناو سەمایەک
دەست لە ملی ئازارێک باڵینم و برینی خۆم نمایشکەم
وەتەی شایی و ڕەشبەڵەک کاڵبۆتەوە
چ غەمگینیەک بەرۆکی خەلکی گرتووە
لەگەڵ چ ڕەشبینییەک ڕێدەکەین.

لە سەرمای ئەو زستانە ڕامەکەن
هێشتا خۆر دەمی دەکەلاک ناون
لەو پۆلەمردانە بێهیوا مەبن
تا ئەزرۆک بەو دارانە ماون
گەر بزنەڕێی ئەو بەرپاڵانە شک نەبەم
چۆن دەتوانم ڕیی ئەستەمی هەڵدێری ئەو کەژە بگرم
ئەو کاتەی شەو نیمایشی خۆی دەکات
دەخزێمە ناو تاریکایی
گەرەکمە لە شەودا ببریسکێمەوە

ژیان سەوزتر دەبینم
ئاوی هەموو ڕووبارەکانی دونیا خامۆشم ناکەنەوە
وێنەکەت بڵێسەیەکبوو سەوزی کردمەوە.

لە گەرمایەکی بەتیندا، چۆڕاوگەی ئارەق بە ڕووخساردا ڕژاو
دارێک، بەردێک شک نەبەی نیسێی خۆت پێببەخشێ
دووریت چ هەتاوێکی دڵرەقە
پڕوشکی ئاوی پڕژەیە
فێنکایی چەمی سەکرانە
کاتێ شێوەت لە خەیاڵدا گەمەدەکات.

ڕێبین مەلا ئەحمەد




سەر زەمینی قسە دوورەکان، مانەوە وەک دواین جۆری مردن.. سۆران ساڵح

هەموو شتێک دەربارەی دڵشکاندن دەزانم
ئەوەش دەزانم کە بیرەوەری،
وەک ڕاوچییەک دەیەوێت ڕاوم بکات.
ئەگەرچی خۆم لەم ڕاکردنە ڕانەهاتووم
بەڵام ئازارێک هەیە گۆرانییەکانم دەمژێت،
شەوێک هەیە هێندە تاریک بووە،
قاچی لەوە دەرچووە ڕاست بڕوات.
بۆ ئەوەی ڕووناکیم نەکوژێتەوە
بۆ ئەوەی پەشیمانی لە دوایدا،
بەردم بە چۆکی دا نەدات، ڕۆیشتم.
چونکە ڕاوەستان ئیشی ئەوانەیە،
کە ڕێگاکان بە خواری دەبینن.
من بۆ ئەوەی ئەم ڕێگایە بناسمەوە
دەبێت بەردەوام ببم.

لەم ڕێگایە
هەرچەندە هاوارم کرد، نەبیسترام
هەرچەندە ژانم هەبوو، نەهاتن
مرۆڤ کە ڕەنگی نەما؛ بێناز دەکەوێت
مرۆڤ کە ناوەوەی سەرمای بوو؛ هەستی دەمرێت
بۆیە بە خۆم و دەنگێکی برسییەوە
بە خۆم و ژانێکی توندەوە، ڕێگام گرتە بەر.
بەڵام چونکە بەرگی ئەم تەنیایییە
هێندە ئەستوور بوو
نەمتوانی بەر گوێی زەوی بکەوم.

لە شارێک دەژیم
ڕۆژە خراپەکان لەبەر چاومدا،
وەک وێنەیەکی شیعری خراپ زاوزێ دەکەن.
دڵتەنگی وەک هەورێکی مات،
بارانی خۆشبەختیم لێ قەتیس دەکات.
ئەوەی کێشەیە ژیان هەر ئاسایی دەڕوات!
چۆن ساڵەکان وشک نابن؟
چۆن پێکەنینەکان بێ ماڵ نابن؟

کە ڕۆیشتم، ماڵم لە دەستدا
ناچار، چارەنووسی ئەم دەرگایەم دایە،
دەست دیوارە لەرزۆکەکان.
ئێستاش وەک هەفتەیەک،
سێبەری ڕۆژەکانم لێ ون بووە
وەک هەفتەیەک، هیچ کراسێکم
بۆ دڵتەنگی ڕۆژەکانم،نە دوورییە.
هەموو شتێک لێرە تاریک بووە،
مردن نەبێت!

هەرچەندە لێره شەوەکان درێژن
من لە ڕۆژە کورتەکان بەجێ مام
چونکە هیچ هاوڕێیەکم نییە
گوێ لە شیعرێکم بگرێت
ناچار لەبەر خۆمەوە، وێنەی ڕووبارێک دەکێشم
کە جۆگەلەیەک بێتاقەتی کردووە، بێتاقەت دەبم
بەڵام چونکە هیچ شەوێکیش ئی من نەبوو،
تەنیا دەمێنمەوە.

لەنێو ئەم تەنیاییە دا
دەنگم کە چاڵاکترین چەکی زمانم بوو
بوو بە تەرم.
شەقامەکانیش خەونەکانم قوت دەدەن
ئەو شەقامانە تەنیا بۆ ئەوە دروست کراون،
کە ئازارەکانی من بژمێرن!
دوور دەڕۆم، چونکە نەمتوانی مەودای ئەم فەرامۆشییە ببڕم.
هەتا ڕابردووم چیرۆکێکی خنکا و بێت/ سۆراغ بۆ شیوەنێکی نەبڕاوە/ دەکەم.

کە ڕەشەبا هەڵی کرد
کە دایکم بە غەمگینی
لەبەر دەرگا دانیشتبوو ترسام
هەرچەندە بیرم لە برینی خۆم دەکردەوە
هەرچەندە برینی خۆمم لێ دیار بوو
بەڵام چونکە لە پاییزدا، کەسێکم خۆش ویست
وەک دارێکی ئەستوور، بەرگەم گرت و نەشکام.

سۆران ساڵح




ستیڤانیش مرد.. شیعری نەوزاد بەندی

( بۆ مەرگی ستیڤان شەمزینیی )

بە دوو دێڕ ..تەنها دوو دێڕ ،
ووتیان ستیڤان جێی هێشتین ،
ئەو پیاوەی پڕ بوو لە نووسین ..
ئەوەی بەناو
ئەو هەموو جەنگەدا ڕۆیشت و
قەت تێکنەشکا
ئەوەی بە شەقاما ئەڕۆیشت ،
بە لێزمە ووشەی لێ ئەتکا ..
لە نانەوا ، تا سەرەی ئەهات ،
ئەو ناوەی پڕ ئەکرد
لە باڵی شیعر ..
ئەو کوڕی پێنوس و ..
نەوەی لاپەڕە بوو ..
قامکەکانی نە دەمەنچەیان گرتبوو ..
نە دار لاستیک ..
نە قۆچەقانی ..
نەجارێ مشتەکۆڵەیەکی وەشان ..
دەست سپی بوو ، ستیڤان ، زۆر دەست سپی بوو ،
لە قەڵەم زیاتر ، هیچ شتێ
لای ئەو نەبوو ..
لەناو ئەو هەموو فیشەک و
بەرد و تاوێرەدا ، وەکو
فەقێیەکی عاشق بە حوجرە ،
هەمیشە ،
بە چوار دەوری کتێبا تەوافی ئەکرد ..
لە لایەک ژوانی هۆنراوە و ..
لە لایەک بە دوای ئەستێرەی کشاوی میللەتەکەیدا ،
داوای ژیان و مافی ئەکرد ..
ئەو لە شارێکی ژەنگاوی و
میللەتێکی خوساوەدا ،
خەونی یوتۆپیای ئەبینی ..
لەناو ئەو هەموو عەشرەتە ،
به تیشێرتێک و
کاوبۆوە ..
لە ژێر کاسکێتەکەیەوە ،
خەونی دوور و جیای ئەبینی ..
ئەو هەورێ بوو لە ووشه و پیت ،
لە هەموو شوێنێ ئەباری ..
تەنها بە دوو دێڕ ، نوسییان ،
ستیڤان مرد ..
دوو دێڕ ..
دوو دێڕی ناچاریی ..
ئیتر باسی ئەو قەڵەمانەیان نەکرد ،
کە لەدوای ئەو هەتیو کەوتن ..
باسی ئەو لاپەڕە بێوەژن و ..
ئەو شیعرە بێوە پیاوانە ..
باسی جینۆسایدی پیت و ..
ئەو هەموو کتێبە مات و
تاساوانە ..
باسی ئەو ڕێبازە چۆڵەی
کە بێ ئەو ،
نەیزانی چی بکا ..
بۆ کوێ بڕوا ..
ئەو زەردەخەنە تاساوە و ..
ئەو هەناسە سوارانەی
کە هیچ لێوێ ،
کە هیچ سنگێ ،
مافی مانەوەی پێ نادا ..
لێرە بە دوو دێڕ ئەتکوژن ..
بە چلەیەکی ماتەمینیی ،
مەرگت دووپات ئەکەنەوە ..
گۆڕەوشار و
ئازاری دابڕانەکەت ،
جەندەها قات ئەکەنەوە ..
کەس ناپرسێ ،
بۆچی لەسەر ئەم مەرزە ،
نووسەر وا لە پڕ ئەمرن ؟
کەچی تابێ ،
سمێڵی سیاسیی ڕەشتر ..
شەوانی سیاسیی سوورتر ..
ملیاری سیاسیی زیاتر ..
ملی سیاسیی پانترە ؟
کەس ناپرسێ ،
بۆچی نووسەر لەم سەر مەرزە ،
وا غەریب و
نەخۆش و
مات و
هەژارن ؟
وا بێ کەس و
تەنیا و
وون و
بریندارن ؟
بە دوو دێڕ ،
تەنها بە دوو دێڕ ،
نوسیبوویان ستیڤان مرد ..
ئیتر
باسی ئەو هەموو پیتەیان نەکرد ،
کە بە برسێتی و تینوێتیی ،
کۆڕەویان کرد ..
باسی ئەو هەموو تیرۆژ و
تیشکی خۆرەی
داوای ئیقامەی شەویان کرد ..
ئەو هەموو مێز و کورسییەی
لە چاوەڕێی بێداریی ئەودا ،
لێک ئەترازێن و ئەپرۆتکێن ..
ئەو هەنگاوە نەنراوانەی
لە ژێر پێچکەی
تەنکەرە نەوتێکا ،
یەک یەک زیندەبەچاڵ ئەکرێن ..
بە دوو دێڕ ، ستیڤان مرد و ..
بڕۆنەوە دیوەخانی
سیاسییە هەمیشه سمێڵ ڕەشەکان ..
سیاسییە نەمرە
کچۆڵە خۆرە
ئاسکخۆرە
چاوگەشەکان …




کوخێک لە تەما.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

(١)
لە سپێدەیەک لە نورا..
بۆت گەڕام،
خەونی بوونیش..
بێ تۆ، نەبوونە!
(٢)
لە دوبارەبونەوەی ڕۆژەکان..
بێبەریم، دەشێ..
ئەبەدیەت دوێنێ بوبێ!
(٣)
لەدەستمان چوو، ئێستا..
ساتە خۆڵەمێشیەکان ..
دوا ئاسەواری گێژەنەی نێو بیابانە!
(٤)
چی جادویەکە ، زەردەپەڕ،،
دەوەنی ڕەوشەن، پشویەکی..
هەتا هەتا، ڕەهایی …
جوانی گوڵەزەردە خەوتوەکان
(٥)
کوخێک هەیە لە تەما،،
زەریاو مانگ و گەڵاو گوڵە هەڵاڵە..و..
سرووتی ئەفسونی جەستەیەک مەست..
بە فەرامۆشکردنی خەمە جوانەکانی ئەو،
سەکسیفۆنژەنی نادیاری ئێوارەیەکیش..
وون لە زەلکاوی ڕەنگینی پشت دارستانە ..
شەبەنگپۆشئامێزو..
گەنجینە شیعری بوهەیمی!
(٦)
بێداری دەریا..
بەدیار سەماکەرە ماسکدارەکانی گزنگ..
مانگێک بەدەفەوە حاڵی گرتوە..
گەلاوێژی جەستە تەڕ بە بارانی جوانی..
فرمێسکی زومردی ئەکاتە گڕی ژوان!
(٧)
بە فرمێسک و هەڵاڵەو ئاورینگی..
شەوێکی پەمەیی ، دەگەمە..
پردی خەیاڵ، کە پاشماوەی باڵی ئاویینی ..
فریشتە خەمگینەکانی دوای کۆچی تۆی لێجێما
(٨)
بە زەنگۆڵەی ئەستێرە خۆکوژەکان ،
سوێندبێ، هەمیشە تەمەنم بۆت ..
پایزە گەڵا خەزانی عیشقت بێ،،
(٩)
ئای زەریا! من کۆیلەو..
دێوانەی..
شەپۆلە بەخوڕە درەوشاوەکانتم
(١٠)
بەهرەیەکم پێویستە
ئەی ئەهریمەنی شیعری یاخی..
تا لە خونچە ڕەشەکانی داری زڕی مەرگ
خەرەندی ئەم ڕێگا تەمتومانەی ..
درەوازەی خۆری ئاوابووی چاوی ئەو،،
بکەمە فوارەی تەقیوی نێو هاژەی خودی ڕەها




تا.. شیعری سەلام عومەر

چەند پەنجەیەكم كەوتوون و
پرچیشم لە هەڵوەرینە
تا چاوەكانی بردووم و
جەستەشم پڕ لە برینە


بۆیە لە كەسێك دەگەڕێم
ئازارم بیر بباتەوە
نەك لە هەموو چركەیەك دا
قەتماغەم لێ‌ هەڵداتەوە


شەویش نییە خەونی ناخۆش
ئارامیم لێ‌ نەشێوێنێ‌
رۆژیش نییە هەندێ‌ هەواڵ
بەرنامەم هەڵنەوەشێنێ‌


ئێستا كۆڵبەرێكی برسیم و
نان بۆ سنووری بردمەوە
نەخۆشێكی بێچارەم و
دیسان تا سووری كردمەوە




تازە کردنەوە.. شیعری نەوزاد بەندی

لە کۆتاییدا ،
مێژوومان
دیسان ، دووبارە کردەوە ..
دەردی دڵمان ،
دیسان بێچارە کردەوە ..

٭ ٭ ٭

ناسنامە کۆنەکانتانمان
(ئەوەی پیس و خوێناویی بوون )،
وا ئەمجارەیش نوێ کردەوە..
ئاگری دڵی هەتیو و
هەژارانمان ،
جارێکی تر پێ کردەوە ..
دەستمان لە خەوی غەفڵەتا ،
جەرگی توێ توێی
هەمدیسان توێ توێ کردەوە ..

پەنجە هەڵوەریوەکانمان ،
لە زەلکاوا
کۆکردەوە و ..
فێری چەپڵەمان کردنەوە ..
ئەو کۆترانەی کوشتبووتان ،
فێری تەقلەمان کردنەوە ..
لولاقە شکاوەکانمان ،
بوونەوە قوربانی سەما ،
ژانمان لە بیر بردنەوە ..

بە ئوتووی سارد ،
تووڕەیی ڕوخسارمان
جوان و لوس کردەوە ..
لە بەرامبەر ڕاستی و
ویژدان ،
زوو خۆمان عەبوس کردەوە ..
بە داڕوخاویی ،
چووینەوە خەیاڵ پڵاو ..
تەنانەت شەیتانیش ووڕ بوو ،
وێڵ بوو ، ئەیووت :
ئەمە مرۆڤن یان پێڵاو ..!؟

لە کۆتاییدا هەمدیسان ،
گۆزەکەمان کەوتە خوار و ..
شکا و ..
بێ ئاو گەڕاینەوە ..
نە تینوێتیمان لە بیر بوو ..
نە برسێتیی ..
بە ئاسانیی ، دۆڕاینەوە ..

پیرۆزتان بێ ،
ڕەوە تەنکەر
گەلە تاوەر
جوانکیلەی سپی و
ڕەش ئەسمەر ..
ملیارەها ملیار .. ملیار ..
دینار ..یۆرۆ ..
پاوەن ..دۆلار ..
ملیۆنەها مەترە دوجای
شارۆچکە و شار ..
پیرۆزتان بێ ،
بڕینی شاخ
سووتانی دار ..
قوتدانی خێر و خێرات و
سەر و ژێرەوەی داهات و
جادە و بازاڕ ..
زەوی .. ئاسمان ..
قوتی کافر و خواناسمان ..
خەمتان نەبێ ،
ئەوەی وورتەی لێ بێتە دەر
ئەیخەینە ژێر پێی جەماوەر

ئێستا ئیتر ،
دوای ئەوەی بە زۆرینەی دەنگ
ڕازی و ڕەزامەندین لێتان ..
چاوەڕوانین ،
بمانخەنەوە ژێر پێتان ..
بەڵام بە لیست دایبەزێنن ،
با مافمان نەخورێ ،
بزانین
کێمان بۆ پێڵاوی کێتان ..




نەمبینیت.. شیعری نەوزاد بەندی

پێش ئەوەی بگەمە وێستگەی مردن ،
بێ لایەنیی خۆم ڕادەگەیەنم لە ژیان ..
وەک ئەوەی کە ڕژامە ناو ئاوەڕۆی کوردستان ،
بێ لایەنیی خۆم ڕاگەیاند لە خوێندن ..
لە پێشکەوتن .. لە داهێنان ..
بێلایەنیی خۆم ڕاگەیاند له پێکەنین ،
پێش گەیشتنی تاوی ناوەختی گریان ..
لە تۆوە نزیکتر بووم لە خۆم ..
یەک هەناسە لە نێوانماندا مابوو ..
یەک هەنگاو کەمتر ، ئەمزانیی ،
هۆگرم بیت ، هیچی تازەم پێ نییە بۆت ،
پێش گەیشتنی دەنگی باران ،
بێ لایەنیی خۆمم ڕاگەیاند لە هەورەکان ..
بە شەقاما ئەڕۆیشتم و ..
شەڕم لەگەڵ هەنگاوەکان ڕائەگەیاند ..
ئەو لەو دوورەوە منی دۆزییەوە ،
من لەم نزیکەوە ئەوم نەبینی ..
بووین بە قوربانی دابڕان ..
پێش گەیشتنی لیستی مردنی ئەمشەو ،
بێلایەنی خۆم لەم تەنەکەی خۆڵە ڕاگەیاند ..

شتی تریش ..

ــ نەوزاد بەندی ــ




هــــایکۆ.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

کیژۆڵەیەکی ژاپۆنی،
پانتایی خەیاڵی گرتووم
هایکۆ!

لەبەردەم باخچەی ئازادی،
هوتاف بۆ قومێک ئازادی دەکێشن
خۆپیشاندەران.

شەتڵی ئومێدێک دەڕوێنم
هەتا سەر سنووری مردن
چاوەڕێ دەکەم

بێ شووشتن و کفن و دفن
بە خاکم سپارد
کۆترە مردارەکە!

قەمبووری نۆتردام،
بە هەورازی شەخەکەوە چەماوەتەوە
کۆڵبەر.

بە دڵی پڕ ئینتیماوە،
نیشتیمان بە یەک دینار دەفرۆشێت
ڕۆژنامەفرۆش!

بەم تەمەنەوە
لە بۆقە مغاویرییەکان دەترسێم
ماران گەستەم

سندوقی پۆستەکەم دەکەمەوە
تەنها کلیک لەسەر ئەو نامانە دەکەم
لە تۆوە هاتوون

لە چەمەکە زەماوەندە
هەموو ئێوارەیەکی هاوین
بۆقێک هاوسەرگیری دەکا

کە کیژۆڵەکە دەخەوێ
دەچێتە باوەشی دایکی
باوکی!

تەنوورەیەکی کورت
پیاوانیش لەبەری دەکەن
هایکۆ!

بۆ سەگەکانی کۆڵان
خواردنگەی پێنج ئەستێرەیە
حاویەی ماڵە زەنگینەکان!

ئەلبوومی یادەوەری
وێنە ڕەش و سپییەکانم جوانترن
لە ڕەنگاوڕەنگەکان

نیشتیمان
لای ئێوە سێ بڕگەیە
لای من چوار
چاوەکانی!




پایز.. شەهلا نوری

بەخۆم دەوت
شاعیرەکان بۆ وەرزی پایز زیزن
ئەم پایزە
لە ناو گەڵاسیسە وەریوەکانی سەر زەوی
خۆم دیتەوە
ئێوارەیەکی ساردوسڕی
بە خۆم دەوت بۆ بۆنی پایزیان لا ئاڵە
کە بۆنی پایزم کرد هاتە گژمە
هەمیشە دەمپرسی
بۆ دەڵێن مەوسمی گژە پایز
دیتم پشکۆ
ڕەنگم زەرد زەرد
وەکوو خلیسکی سەر زەوی وەرز
وتم بۆ دەڵێن وەرزی زەبوون و بێ کەیفی
سەرکزی خۆم دۆزیەوە
لە سیهەم گژی کزەبای ئەم ساڵییشدا
وتم بۆ خەزان بوو بەنازناوی ڕەمزی پایز
ووتیان ئەو بەرگ دڕانە
دیاری تۆیە هەر مانگ هەشتەمین ساڵی پایز

شەهلا نوری




خوناوی شیعر.. ستار ئەحمەد

ئیتر تەواو
لەدەفتەری بوونا خۆم دەسڕمەوە
سێبەرەكەت دەشێلم و
قومێك عەشق لەلێوانت دەخۆمەوە
بەسەر شانی تەنیاییدا سەردەكەوم
دەست لەبەركی نامۆیی گیردەكەم
لەگەڵ گۆشەی نەبوونیا دەبمە هاودەم
لەگۆرانی دەئاڵێم و
گیتارەكان دەكەم بەدڵ
شەوانە هەناسەیەك
لەرۆحی گوڵێكەوە دەرچێت
بەشنەی با خۆم دەپێچمەوە
لەبەرامە شیعرێك دەچنم
مەلۆتكەی حەسرەتی
بۆ دەكەمە ریتم و
وێنەی پەیڤەكان دادەگیرسێنم
تاریكی لەدورگەی ئەوین هەڵئەدەم
دەكەومە دوای زریان
بەتەرزە خەناوكەیەكت بۆ دەهۆنمەوە
بەهەنسك خوناوی شیعر رادەماڵم
نەتۆ بوویتە عاشقی من و
نەگۆشەیەكی ئەم خاكەش
ژوانگەیەكی بۆ رەخسانم
هەتا بڵێم فەرموو وەرە میوانم بە
منیش وەك تۆ خاوەن ماڵم
نە بستە خاكێكیش هەتا ئەمڕۆ
بوو بەداڵدەو نیشتمانم

ستار ئەحمەد




لەبەرچی نامدۆزیتەوە؟.. شیعری نەوزاد بەندی

بۆچی بەدواما ناگەڕێی ،
لە شوێنێ بمدۆزیتەوە ؟
لە ترافیکلایتا تەنیشتم
سەیرم ئەکا ،
ئەڵێم ئەوە و ..
ئێستا هەڵمئەگرێتەوە ..!
لە باخێکی
پارکی ئازادی ،
عەینەکێ ،
زۆر بە دیقەت بۆم ئەڕوانێ ..
ئەڵێم ئەوە و ..
تا دێم بۆ لای ،
پێ دەچێ ببورێتەوە ..
بۆچی بە دواما ناگەڕێی ؟
سمێڵ فشێ ،
ئاد فرێندێ ئەنێرێت و ..
ئەڵێم ئەوە ..
به دەمامکەوە ، ئەیەوێ
بۆ وێرانەکە بێتەوە ..
بۆچی بە دواما ناگەڕێی ؟
من نەمبینیوی ،
نازانم تۆ چۆن چۆنیت ..
تەنانەت لە فیلمەکانا ،
کاراکتەرێ
به تەنیا بمێنێتەوە ،
ئەڵێم ئەوە ..
تۆ بڵێی نەمدۆزێتەوە ؟

به بێ ئەدرەس ،
لەناو ملیۆنەها کەسا ،
کە نازانم تۆ چۆن چۆنیت ،
هەنگاوەکانم وێڵ ئەبن ،
چاوم وەک تەیرێکی ترساو ،
لە هیچ کوێ نانیشێتەوە ..

لە قەڵەباڵغیی شەقامێ ،
له پڕ ماشێنێ ئەوەستێ ،
دەرگای سەکن ئەکرێتەوە ،
شکم نامێنێ کە تۆیت و
ئەو کورسیە ،
بە من نەبێ ،
بە هیچ کەس پڕ ناکرێتەوە ..
حەوشەیەکی پڕ لە گەڵای
هەڵڕژاوی جەنگی پاییز ..
درەختێکی ،
بە کوڵ ئەگری و
چەن ئەکەم ژیر نابێتەوە ،
ئەڵێم ئەوە و ..
بە من نەبێ ،
دڵی بە هیچ ناکرێتەوە ..

ئێ من نازانم چۆن چۆنیت ..
هەرچی چاوە ،
گومانم لا دروست ئەکەن ،
لە نانەوا ،
کەسێ ئەڵێ ،
قەیناکا با سەرەی تۆ بێ ..
ئەڵێم ئەوە ..!
هێشتا له دەوری شیعرێکم
ئەخولێتەوە ..
لەبەردەم ژووری بەڕێوبەر ،
کەسێ لێم وورد ئەبێتەوە ..
ئێ نازانم تۆ چۆن چۆنیت ..
ئەو پرسیارە ،
بۆشاییەکی قورسی تیایە ،
بەس بە تۆ پڕ ئەکرێتەوە ..

دەستێ ئەچێتە گیرفانێ ،
دوو بلیتی فیلمێکی تازە دەردێنێ ..
ئەڵێم ئەوە ..
هۆڵەکە چەن تاریکیش بێ ،
به ڕووما ئەگەشێتەوە ..
لە قاوەخانەی غەزەلنوس ،
کەسێ به دوو قاوەوە ،
بەرەو مێزێ هەنگاو ئەنێ ..
ئێ من نازانم چۆن چۆنیت ،
خۆم لا ئەدەم ،
قاوە بڕژێ ،
زەحمەتە هەڵگیرێتەوە ..
خۆ ئەزانم ،
ئەستێرە بکشێ ، زەحمەتە ،
وەکو بەفر ،
بکرێتەوە بە تۆپەڵ و
چاک بێتەوە ..

نازانم کێی ..
ئەزانی کێم ..
بۆ لە شەقامی مەولەوی ..
یان دوکانی لەنگەی سەفین ..
یان لە دەرگای پشتەوەی
مزگەوتی داروسەلام ،
بۆم ناگەڕێی ؟
لەبەرچی نامدۆزیتەوە ؟!

نەوزاد بەندی




کەلوو.. شیعری شەهلا نوری

خۆر لای تۆ
هەمیشە بڵند و ڕاست
دەرپەڕیو بوو کەلووی چوارەمی ئاسمان!
تاوانی هاوین بوو ،
هەڵەی فەلەک بوو
چەپەوانە و سوڕانەوە‌ی زەوی بوو
یان گەلەکۆمە و گفتوگۆ،
گردبوونەوەی کۆمەڵە ئەستێرە وێڵەکان بوو
لە جەستەمان
شێرپەنجە ئاوی سەری هەڵدا

شەهلا نوری




سێبه‌رێكی شكاو.. شیعری ستار ئەحمەد

هاته‌وه‌
خه‌مێكی له‌یه‌خه‌ی گرێدا
رووی كرده‌ ئاسۆیه‌ك
سێبه‌ری له‌تیشكا خنكاوه‌
به‌شانی حه‌سره‌تا هه‌ڵده‌كشێ‌
له‌به‌یانییه‌كی ئاڵدا گه‌یشته‌ ئێره‌
ئاسمان له‌به‌ر نوچدانی رێگاكان
پاڵی به‌شه‌پۆلی مه‌رامه‌وه‌ ده‌نا
نسێكان ده‌ستیان بۆ نوور پان ده‌كرده‌وه‌
خه‌ریك بوو شینبم
له‌گۆشه‌ی زامێكا راكشێم
سینه‌ی كرده‌وه‌
قه‌تماغه‌ی چه‌ندین ئه‌دگاری نیشاندام
ئه‌و رۆژانه‌ی به‌بیرما هێنایه‌وه‌
په‌نجه‌كانی له‌ده‌ستما رووا
لێوه‌كانی به‌ئه‌شكم ده‌گه‌شایه‌وه‌
ئه‌مڕۆ ده‌زانیت
سیمایه‌ك له‌سیحری خوا ده‌چێ‌
نیگایه‌ك به‌به‌ژنی عه‌شقما هه‌ڵده‌گه‌ڕێ‌
به‌ركیان گرتووه‌
جڵه‌وی نزاكان ده‌گرن
ژوانگه‌یه‌ك له‌حه‌شارگه‌ی خه‌ونه‌كانا ده‌ڕازێننه‌وه‌
له‌پێشوازی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وو
له‌ماڵاوایی دایكما
هێدی هێدی
وه‌كوو فرمێسك توامه‌وه‌
تووله‌ڕێیه‌ك ئه‌شكی سووری مێژینه‌مه‌
ده‌مباته‌ خزمه‌تی ئه‌و سێوانه‌ی
به‌زاری ئاگر داگیرسان
له‌ باڕه‌كانا هه‌ڵدرانه‌وه‌

ستار ئەحمەد




ڕستەکانی سەرەوە.. شعری ژیڤان بەکر

بە چ زمانێک بڵێم: دوای خۆم،
ئاوازی غەمینی دڵم،
لە گڕ و لە سووتاندایە؟
ئەوە کێ بوو گوتی وشە،
پیتی ڕەقوتەق و دەنگی گڕ و بڵێسە
ڕەنگدانەوەی ئەو بێدەنگییەی نێو ناخن؟
کە خەریکە هاواری کڕ و بێدەنگیم،
کەڕ و لاڵانیش کاس دەکات!
خۆ دەزانم لێکدابڕان دۆڕان نییە،
دەزانی بە چی دەزانم؟
جوانترینی ڕابردوومیت.
پیاوانی ساختە چەند زۆرن؟
لەبیرکردنی کەسێک هەیە
هێندە زۆر و هێندەیش سەختە.
بەڵێن بوو، ناوت لە تەختەسپیی دڵم بسڕیتەوە
هیچ ساڵێک هێندەی ئەم ساڵانە
هیلاک و سڕ نەبووم.
هەموو ئەم ڕستانەی پێشووم
لە چاوی مامۆستایەکی زمانی کوردی
ڕوو نادەن و ڕوویان دا!

  • * * * * * * * * * *
    لە کوێت بێنم؟
    ونم کردوویت؛
    کچێ خۆ دەشزانم لە کوێیت،
    بەڵام مردوویت!
  • * * * * * * * * * *
    چاوم دەگێڕا و نەشمدەویست بتبینم!
    تۆ لەناو ئاگردایت و منیش لە دۆزەخ
    ئێ چوزانین
    نێوانمان ئەوەندە دوورە!
    هێڵی بەینمان
    ئەوەندەیش تۆخ.
    ئێ لە کوێت بێنم چاوەکەم؟
    حەزم لێتە و لێشت هەڵدێم!
    هەموو ئەو ڕستانەی پێشووم
    لە چاوی مامۆستایەکی ماتماتیکدا
    لە یاسای دوو ڕاستەهێڵی تەریبدا
    قەت پێک ناگەن،
    هەرگیزیش لێک و تێک ناگەن!
  • * * * * * * * * * *
    هەموو ئەم تێکەڵبوونانەمان
    لە چاوی مامۆستایەکی
    وانەی کیمیا
    دوو توخمی نائاوێتەبوون
    کە لەگەڵ یەکدی هەڵناکەن.
  • * * * * * * * * * *
    عیشقمان بووە بە “ماضی” و
    هەرگیز هێزێکیش ناتوانێت “ضمە”یەکی بخاتە سەر
    لە چاوی مامۆستایەکی عەرەبیدا
    ئەم واوە گەورەترین کێشەی
    ناو گەردوونە.
    خۆ ڕەنگە بۆ
    مامۆستایەکی ئینگلیزییش
    ئەو “ed”ی دەمی رابردوو
    کەسێ هەبێ،
    بتوانێ، داهاتوو بێنێتەوە زوو.
    گشت ئەو ڕستانەی سەرەوەم
    لە چاوی مامۆستایەکی
    وانەی هونەر
    زۆر جوان و ڕوونەواتا بن.
    هەموو ئەو وشانەی پێشووم
    لە چاوی مامۆستایەکی فەلسەفەدا
    مایەی پرسیار و ڕامان بن
    بەڵام بریتیبن لە مایەی
    ئاژاوەی بوون!
  • * * * * * * * * * *
    بە چ زمانێک بڵێم: دوای خۆم،
    ئەو ئازارە توولانییەی
    جەرگەی دڵم،
    منداڵێکی زۆر چەتوونە و
    هەر خەریکی جۆللانەیە
    وشە، پیتی ڕەقوتەق و
    دەنگی گڕ و
    ڕەنگدانەوەی داغ و داخن!
    چاوم دەگێڕا و نەمدەویست وات بببینم!
    لە کوێت بێنم بینایی چاو؟
    تامەزرۆتم و لێشت هەڵدێم!
    هەموو ڕستەکانی پێشووم
    لە چاوی مامۆستایەکی وێنەکێشدا
    بێ ڕەنگ و بۆنن؛
    هەموو ئەو ڕستانەی پێشێ
    لە چاوی مامۆستایەکی
    دێوانە و دین
    دەڵێ خۆیشی
    هیچ لێ نازانێ کە چۆنن!

کە بیرت دەکەم
تێدەگەم زۆر منداڵم
کە بیرت لێ دەکەمەوە
پیرێکم لەناو خەیاڵم!




بیرت دەکەم!.. شیعری ئاژوان ڕۆژهەڵاتی

زۆرتر لە جاران
بيرت دەکەم
ژیان بۆنی چۆڵەوانی لێدێت!
بیر لەهەرچێ دەکەم!
یادگاریە!
وەک دنکەدنکەی تەسبێحەکەت!
لە گەردنم ئاڵاندووە!
تۆ به تەما نییت بێيتەوە!؟
سەر لەم پاییزەت بەیتەوە!
،وەک بەهار سەوزم کەیتەوە!
ئاخر گیانە بە حسرەتت!
چەشنی پاییز هەڵوەریوم!
وەک باخێکی شەختەگرتوو!
لە شۆێنی خوما ڕزیوم!
تۆ بە تەما نیت بێیتەوە!؟

20/9/24
ئاژوان ڕۆژهەڵاتی
نەرويژ




هاڕەی گەردوون.. شیعری شەهلا نوری

گەردون لەگەڵما زۆرانپازێتی
گەمە دەکا
گەردەشی جیهان، سوڕانەوەی تەمەنم لەگەڵ دەکات
تەگەرە و پێچی ئەڕابە وگاری پێ دەکات
مانەوەی لەمپەری میانی هەردوو دونیام دەکات ا
سۆراخی مانا و وێنەی جوانیمە بولێڵی دەکات
یەخەم بەرنادات ، دەێەوێ هەراسان بم
کێشمەکێش و حەڕی پیاماڵینم فێردەکات
بەگێرەی جەنجەڕی خۆێ بەسەر خەرمانی دڵم دەدا
بۆ کوتانم بەڕێ دەکات
نقیمی سەوزی ناخ و جەستەم وردو خاش دەکات
دەمکاتە کڵۆشی سێبەری سەری خۆی جەژنی حەسانەوە ساز دەکات ،
بۆ بەرداشی سەنگی ئاسیاوی خۆێ، بەرێ ئێشم نیشان دەدات
دەڵێت
هات و ھاواران مەکە!
گەردون چاونەزیڕیت لێ دەکات

شەهلا نوری




بەگەورەیی کۆترەکەی منداڵیم دۆزیەوە.. سەلام عومەر

منداڵیم کۆترێکی وێڵەو
لە گەڕەکی کارەبا
بەسەر لقی
درەختێکی نیوە سوتاو هەڵنیشتووە
بەدیمەنی لەت لەت بوونی
دراوسێ و دەڤەرێکی وەک پشدەر
جگە لە گمە و گریان
فرمێسکی خوێنینی رشتووە
کۆترێکی وێڵە منداڵیم
بەدیار شارێکی خاپوور و
هێلانەیەکی تێکدراو
هەڵکورماوە
دەفڕێتە سەر
کێلی گۆڕەکەی ( رەسوە شێت(
دەبینێ هێشتا خورجینە و گۆپاڵەکەی هەر لەوێن و
وەک خۆی ماوە.
++++++
منداڵیم کۆترێکی تەریکە
داوای ئەو پرچانە دەکا
کە لەسەر ورگی ( وەستا کاکە(
تاڵ تاڵ بەمردوویی کەوتوون
پرچێک هێشتا لە قوژبنی کەلاوەی شارێکی وێراندا
وەک پشیلەیەکی برسی
کەس نازانێ
داخۆ نووستوون یاخود مردوون؟
++++
منداڵیم کۆترێکی تەریکە
ئەو کۆلارەی دەوێتەوە
کە تا ئێستاش
بەدارتێلەکانەوە گیر بووە
کۆلارەیەک
وەک ئەوەی من عاسێم کردبێ
زۆر توڕەیەو
هەر لەمنداڵی و لاویتیم نا
لە پیری و دووریشم زیز بووە.
کۆلارەیەکەو ئیدی
نەقەت دێتەوە نێو دەستم
نە ڕێگەشم پێدەدا
لێی کەمەوەو
لەبن لەنگەرە ماندوەکەی
نامەیەکی لێبووردنی لێ ببەستم.
+++++
منداڵیم کۆترێکی وێڵە
دەچێتەوە (جوتکانیان(
قومێک ئاوی
لەو دوو کانیە دەست ناکەوێ
سەرێک لە تانکیە قوپاوەکەی
قوتابخانەی ئاسۆس دەدا
بەسەر پەڕ پەڕ بوونی کتێبی
)ئەلف و بێیە) کوردیەکەی
ئیبراهیم باڵداردا دەکەوێ
کۆترێکی وێڵە منداڵیم
لە گۆڕەپانی بالە و بێڵایی قوتابخانەکەدا
پڕ بەگەرووی دەگمێنێ
هەتا مامۆستا( عارف و غەریب و عەبدوڵڵا بیلال(
لە خەوی قوڵ هەڵدەستێنێ.
+++++
کۆلارەیەکی یەکجار شڕە منداڵیم
هێندە داوم لەدوو داوە
نە غەڕغەڕە و نە کەندرەکەی دایکم لەنێو دەستم دا ماوە
کۆلارەیەکی پڕ لۆچە منداڵیم
خەریکە لە تاقی ئاسمان بزر دەبێ و
نە بەدەستە بچووکەکانی منداڵیم دێتەوە
نە بەچاوە کزەکانی ئێستا دەیبینم
کەچی کۆترەکەی منداڵیم
تەنیاو تەنیا
کۆلارەکەی دەوێتەوە
گمەیەکی گریان ئاسای لێوە دێت و
پێموانییە
بەمزوانە ژیر بێتەوە.
+++++
ئێستا منیش
وەک کۆترەکەی منداڵیم
وێڵ و تینووم
نە بەئاوی زێی گچکەو
نە بەڕوبارەکانی نێو شار
بڕم ناشکێ
لەسەر تەختی مۆنۆمێنتەکەی دەروازە
ئەشک دەڕێژم
وەک کۆلارە هەڵواسراوەکەی منداڵیم
رابردووی خۆم
لەژێر درەختەکەی کانیە شێخ
نا
لە دامێنی چیای قەندیل
هەر بەزیندوویی دەنێژم.




ئەو پەڕی.. شیعری نەوزاد بەندی

هەندێ جار ئەوەندە بێکەسم ،
جلەکانم ئەگۆڕم و
عەتر لە خۆم ئەدەم و ..
سەردانێکی خۆم ئەکەم ..
خۆم کە ئەندە لەگەڵ خۆم دانیشتووم ،
لەگەڵ خۆم جیای ناکەمەوە ..

٭ ٭ ٭

دوو کورسی بانگم ئەکەن ،
چایەک بۆ خۆم بانگ ئەکەم و ..
لەگەڵ خۆما ئەیخۆمەوە ..

٭ ٭ ٭

نزیکیی خۆم ،
دووریی تۆی لە بیر نەهێشتووم ..
دڵت ڕەحەت بێ ..
ویژدانت ئاسوودە ..
هێشتا خەم ڕێی پێنەگرتووم ..

٭ ٭ ٭

کتێبێک بانگم ئەکا ..
لاپەڕەکانی ڕێزم ئەگرن ،
ووشەکانیان ئەسڕنەوە و ..
ئەڵێن لە خزمەتتایە لاپەڕەکان ..
چی ئەنووسی ، لە خزمەتتایە
قەڵەم و
ووشە و
خاڵبەندی و
سەردێڕەکان ..
ئەڵێم سوپاس ..
سوودی نییە ،
لە سەردەمی دەسەڵاتی ساختە و
بڕوانامەی سەختە و
دزی خاوەن ملیار و
زێڕەکان ..

٭ ٭ ٭

بڵێم لەیادم نەماوی ، ڕاست ناکەم ..
بڵێم یادت ئەکەم ، درۆ ئەکەم ..
وەک جێگا فیشەکێکی دەیان ساڵ ،
بڵێم نەماویت ، ڕاست نییە ..
بیشڵێم ئازارم ئەدەی ، درۆیە ..

٭ ٭ ٭

شەقامەکان ،
به شەرمەزارییەوە تەماشام ئەکەن ،
کە ناتوانن هاوڕێکانم بۆ بدۆزنەوە ..
ستوونی کارەباکان شەرمندەن ،
کە نازانن چی ڕوناک بکەنەوە ..
ووڵاتێک کە تاریکیی تیایدا ،
دیاری دەستی حوکمەتە ،
بۆ ماڵەکان ..
بۆ دڵەکان ..
بۆ سبەینێ ..
بۆ سەر مێز و
بۆ ڕەفەی کتێبخانەکان ..
بەستەڵەک لە ئاستما شەرمەزار بوو ،
بە جگەرەیەکی هەرزانەوە ،
پێی ووتم : خەجاڵەتم ..
دەسەڵات پێی وتووم ،
ئیتر تا نەورۆز ،
ژووری نوستن و
ئاسپەستی ماڵە هەژارەکان ،
جێی تۆیە ..
بێیتە سەر شەقام ،
بە بڕیاری چواری تیرۆر ،
دەستگیر ئەکرێی




بیرت دەکەم.. شەهلا نوری

بەچی جۆرێ شێوەت بکەم
به ئاوابوونی غەمگینی ئێوارانەت
یا به نامەکانی عیشقم
کە نازانم ئەگا یا نا پێت؟
بەچی جۆرێ شێوەت بکەم
بەئەو جامی کرستاڵە ژەنگاوییەی
پڕ له شەراب
یا بە جامی ئەلەست
به شەمیمی خۆش گۆڵی شەهلای بابردوو
یا به شوعلەی مۆمێک کە بەر لەنەسیمێ بۆی دەلەرزێ
بە بەرسیلەی ترێ
یا به لێوی سووری پڕ چنک ھەنار خواردوو؟
بەچی جۆرێ شێوەت بکەم
به غەزەلە جوانەکانت، نوازشگری شەوانە
یا به حاکمی توغيانی سەرداری
دەوڵەتی عیشق؟
به گومبوونی پەڕەی ئەوین
یا بەڕاگوزەری هه ورازەکەی وادی
بەچی جۆرێ شێوه ت بکەم
به تەڕ و نازگی شقایەق
یا به جاڕ و جنجاڵی
دڕک، بەتاسە بۆ سەروەختێکی دیدارت
یا بەیەک سەرابی ئارەزوو
بەچی جۆرێ شێوەت بکەم

شەهلا نوری




سه‌مفۆنیای عه‌شقێكی ناكام.. ستار ئەحمەد

زامه‌كانی گه‌ڵای عومرم
له‌گوڵدانی مه‌زرای دڵما
به‌سه‌ر هێشووی به‌های ژینا
بارانی خوێن ده‌بارێنن
له‌گه‌ڵ چركه‌ساتی عه‌شقا
ساتێك ده‌بنه‌ په‌یامی مه‌رگ
بۆتاوێكیش مێژووی بوونت ده‌نووسنه‌وه‌
ئه‌و ساتانه‌ی رێمان بۆ قوڵپه‌ی كانیاوو
سه‌مفۆنیای رووباره‌كان ده‌كرده‌وه‌
تۆ بۆ وه‌رینی پرچی گوڵ
هه‌ڵواسینی به‌ژنی سێوو
كوژرانی چڵێك ده‌گریای
بۆ ناسینی كه‌ناریه‌ك
چه‌ندین ته‌لبه‌ندت ده‌شكان
ئێستا له‌پاڵ خه‌رمانی ژانی حه‌سره‌تا
بۆ باده‌یه‌ك خوێنی خۆت و
هه‌ڵواسینی ترێی رازێك
په‌نجه‌ره‌ی خۆزگه‌ ئه‌دوێنی
رووپۆشی باخچه‌یه‌كی بێوه‌ژن‌و
تارای ره‌زێكی قه‌یره‌ هه‌ڵئه‌ده‌یته‌وه‌
نه‌له‌گه‌ڵ نسێی ره‌هابووندا
نه‌ له‌وێستگه‌ی عیشقا ده‌ژی
ده‌مێك ده‌بی به‌ جۆگه‌ی خوێن
تاوێك وه‌ك ره‌هێڵه‌ی باران
بناره‌كان ده‌شۆیته‌وه‌
ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌كه‌یته‌ نیگای رامان‌و
گه‌واڵه‌یه‌ك ده‌كه‌یته‌ به‌ر
دوامده‌كه‌وی وه‌كو نه‌گبه‌تی رۆژگارو
چوون تارمایی خه‌م‌و سێبه‌ر
تۆ كسپه‌ی ژانێكی تاڵ‌و
كۆرپه‌ی حه‌زێكی بێنه‌وای
هێلانه‌ت په‌یڤی شرین‌و
ئاسمانت په‌ڕه‌ی ره‌نگینه‌
شیعر نه‌بێ
له‌ هه‌ناوی گڵا ده‌مری
لوتكه‌یه‌ك نابێته‌ ماڵت
نیشتمانێك باوه‌شت بۆ ناكاته‌وه‌
به‌سه‌ر هه‌ر دڕكێكا ده‌ڕۆیت
مینێك له‌ڕێت چێنراوه‌
باوه‌ش له‌هه‌ر دارێك ئه‌ده‌یت
سێداره‌یه‌ك له‌به‌ژنی جوانت ئاڵاوه‌
گه‌ڵایه‌ك مێژووت ده‌سڕێته‌وه‌
چڵێك زامه‌كانت دائه‌گیرسێنێ
جگه‌ له‌ سووتووی ئازارێك
به‌روارێ جێناهێڵیت‌و
مێژوویه‌ك بۆ ته‌م نانووسی
تۆ برینی عومری مه‌زرای
تۆ وڵاتی خاك‌و گوڵ بووی
له‌گه‌ڵا به‌هار‌و ئه‌وینا
هه‌ر زوو دزرای

ستار ئەحمەد




نانی بەرد.. شیعری سۆران محەمەد

چی دەبوو بنیامین
گەر ئەو بەردەت نەهاویشتبا
کەی ئەو گۆمە
حەوجێی شڵەقین بوو؟
نااااا
پردەکان دەبوو
برینەکانیان ساڕێژ کردبا
گەرمێنییە بێناونیشانەکان
لە بولێڵەوە
بەسەریدا بپەڕینایەتەوە
ئەوبەری چێشتەنگاو…
ئای ئەو بەردە
سەری هەمووانی شکان
کەی شەوی ڕەواندەوە؟
کەچی بینەرانێکی درەنگ وەخت
چەپڵەیان بۆ دەستڕاستیی بنیامین لێدەدا
دەڵێن وای لە کاریزما
وای لە پاڵەوانی گۆڕەپان و مەیدان….

*
چی دەبوو گەر شەقت
لە دەمەشێرەکانی سەر ڕێ نەداباو
گوڵەحاجیلەکانت پان نەکردباوە
کاتێ بە باڵای چیاکاندا هەڵدەزنای
ئەو کاتانەی
کەلانەکانی ناو پریاسکەی شوانەکانت دەکرۆشت
خۆر بە هەر دە پەنجەی دروستی کردبوون
دەتخواردو دەبوونە پلاستیك
ئیدی پیتی کێڵگەکان بزر بوو
شەرت بێ ئەمجارە
ئێسکە پەرتەکان گەر کۆبوونەوە
پاڵەیەك لەدەرەوەی مەزرا
کای بە با کرد
دەبێ پێی بڵێم:
چیدی مەهێڵه نانەکانت ببنە پلاستیك …

*
ئوردوگا پڕە لە بەرد
مزگەوتەکەی عەنەب
پڕە لە تەرمی بەرد
یەکی گوڵە گەنمێکیان لە دەستدایە
چاوەڕێی مردووشۆرێکن
تا بیانشواو هەستنەوە
گەر چاخی بەردیش گەڕایەوە
بنیامین
بیورەکەی لە بەرد دەتاشێ
نەیدەزانی
لە زمانی بەرد نەرمتر،
بۆ شکانی سەری ڕێبوارەکان.
چۆلەکەکانیش
لە بەردی نێو دارلاستیکی مناڵەکان
دەترسان.
*
چی دەبوو
گەر ئەو بەردەت نەهاویشتایە بنیامین؟
دوێنێ سەرەکان پڕ بوون لەبەرد
پێیەکانیشی کردە بەرد
ڕێی لە هەنگاوەکان دەگرت
شەرت بێ ئەمجارە گەڕامەوە
ئاگام لە بێرییەکان بێ
تا شوان دەگەڕێتەوە
ئەوجا دەبێ گوزوشتەی ئاشی بەردین و
لەشکری گورگە دووپێکانی بۆ بگێڕمەوە
نەهێڵم هەورەکان چیدی بەرد ببارێنن
ئەو کاتەی جوڵەی چرکەکان
هاوتای گەڕانی خۆر دەبێ
لە دڵی مەزراکان،
ئاوها، کڕێشی توێغی ناخەکان
ناوەشێردرێ
لە دیدەی گیان..

*
بنیامین کە پیر بوو
نەیدەزانی
ئەو هەموو بەردە چیین
لەبەردەرگا!
نەیدەزانی چەند لە مێژە
قەتێیەك لەسەر کانییەکی دوورە دەست
تێر ئاو نەبووە..
نەیزانی
ئیدی بەرد نامێنێ
تا بەکامی دڵ
خانووچکەیەکی ئاوا
لەبەرد چێکەین
بۆ پەیڤەکان…

*
چی دەبوو
گەر ئەو بەردەت نەهاویشتبا؟
بنیامین!
……………………….
کۆتایی تشرینی یەکەم ٢٠٢٣

سۆران محەمەد




گوناحە.. شیعری نەوزاد بەندی

گوناحە ،
شیعری جوان و نایاب ،
بۆ میللەتێ ،
بووە به عاشقی کۆیلایەتی و
برنج و کەباب ..
گوناحە ڕۆشنبیریی ،
بۆ میللەتێ ،
لای ناوگەڵ و
گەدەیەتی ،
هەموو هۆش وبیری ..

٭ ٭ ٭
گوناحە کتێب ،
بۆ میللەتێ ،
برسیترە لە سواڵکەرەکەی ،
میر و وەزیری ..
35 ساڵ نەوت بدزێ ،
هێشتا پڕ نەبووە گیرفانەکانی ،
هێشتا جێی نەهێشتووە ،
مێشکی ،
کابوسی فەقیریی ..

٭ ٭ ٭

گوناحە ،
کتێبخانە و
پێشانگای کتێب ،
بۆ میللەتێ ،
کە دینار تێکەڵکراوە بە شیری ..
کە ترس و سێکس و خواردن ،
بوون بە خوای
مناڵ و پیری ..

٭ ٭ ٭

کفرێکی گەورەیه نووسین ،
بۆ میللەتێ ،
دوژمن گاڵەی پێ ئەکا و بێدەنگە ،
بۆ سنگی یەکترە شیر و تیری ..
ڕیفۆرمی چی نیشان ئەدەی بۆی ،
ئەو کە تەنها بۆ گیرفان و
بۆ خێزان و
ماڵی خۆیەتی ، تەگبیری ؟




تۆ دز نیت ، شەریکە دزیت بە خۆڕایی.. نەوزاد بەندی

بە بێ ماف و
بە بێ نان و
بەڕەڵایی ..
شەریکە دزیت ،
به بێ بەش ..
بە خۆڕایی ..!

٭ ٭ ٭

دەنگت هەبووایه،
مۆڵەتی هاوارێکت ئەبوو جارێ ..
ئەبێ بە بێدەنگیی بڕۆی ،
بچیتە بەر سندوقێکی وەکو زیندان ،
دارە زڕەکە هەمدیسان زڕ کەیتەوە ..
ناسنامەی لاڵیی و
بێدەنگیی و
کۆیلایەتیی
بۆ ساڵانێکی داهاتووت ،
پڕکەیتەوە ..

٭ ٭ ٭

دەنگ بدەن .. دەنگ ..
با لە خولی داهاتوودا ،
لەگەڵ نەوتا ،
بتانکەنە تاریکایی تەنکەرەکان ..
لەگەڵ برسێتیدا ،
دیسانەوە هەڵتانشێلن ..
خوێنتان بکەنە ناو قاسەی
ژێر زەمین و
ناو دۆلار و دەفتەرەکان ..
با لە خولی داهاتوودا ،
داهاتووتان بکەنە پێی
شەهوەتاویی
سەماکەره مۆدێلەکان ..
بە زیندوێتیی
بتانخەنە
ناو کفن و قەبر و کێلەکان …

٭ ٭ ٭

ئەرێ چەندەمین جارتانە ،
بە دەستی خۆتان ،
ئەڕۆنە ناو ئاپۆڕەی
برسی و سەرشۆڕ و گێلەکان ؟

٭ ٭ ٭

قەسابەکان ،
هەموو ڕۆژێ مەڕ سەر ئەبڕن ..
نە مەڕێ ڕایکرد .. هەڵفڕی ..
نە قەسابێ وازی لە سەربڕین هێنا ..
نە چەقۆیەک دەستی قەسابێکی بڕی ..

٭ ٭ ٭

خەمگینترین زیندان لێرەیە ..هاوڕێیان !
دەرگا و پەنجەرەکانیشی ئاوەڵان و
زیندانییەکانی هەڵنایەن ..!
برسێتیی شەتەکی داون ،
کەچی لە کۆیلە خستنەوە
هەر کۆڵ نایەن ..

٭ ٭ ٭

خەمگینترین ئازادیی لێرەیه ، گەلۆ ..
هیچ کەس بە پولێ نایکڕێ ..
کەس بە سەپانیش ڕایناگرێ ..
بە شەقاما دێت و دەچێ ،
ڕۆژانە لە برسا ئەمرێ ..
پیشەکەی : تەنەکەی خۆڵە ..
هێند سوکایەتیی پێکراوە ،
کەس لە ڕووی نایە
پیاڵەیەک چای بۆ بکڕێ ..
دەسەڵاتداران هێشتاکە لێی ئەترسن ،
پیاوەکانیان ئەنێرن ، تا
چینێکی تر فەلاقەی کەن..
چینێکی تریش لاقەی کەن ..
ئەو کەسەی بە لایدا بڕوا ،
دەم و دەست ، غوسڵ دەرئەکا ..
بە گڵ و ئاو ، پاک خۆی ئەشوا ..
مناڵ فێری تفکردن بوون ،
یەکەمین تف ئەیکەنە چاوی ئازادیی ..
ووتارخوێنەکان کە قوڕگیان پاک کردەوە ،
یەکەم بەڵغەم ئەکەنە دەمی ئازادی ..

٭ ٭ ٭

تۆ و من خەریکی چین هاوڕێ ؟
44 هەزار پێغەمبەر ،
چوار ئەوەندەی تر جیڤارا ،
هیچ شتێکیان پێ چاک نەکرا ..
ئەوەتا هەرچوار وەرزەی ساڵ
کۆیلە و چڵکاوخۆر بارانە ..
ئەوەتا ئێستا لە جیاتی کۆشکێ ،
ووڵاتێ ،
لەسەر دز
تاپۆ ئەکرێ ..
تۆ و من خەریکی چین ، هاوڕێ ؟
ئەم ئەقڵسووکییە چییە ئاڵودەی بووین ؟
کێ قەڵەم و کاغەز ئەکڕێ ؟
ئەم گەمژەییە چییە بۆمان تەرک ناکرێ ؟
لە حەرەمسەرای ڕێویدا ،
شێر ڕام کراوە
وەک مەیمون سەیر ئەکرێ ..
دایبیی بۆ ئایین دانراوە ،
لە کاریکۆتا ،
جار و بار ،
ووڕک ئەگرێ …
خەریکی چین ئێمە هاوڕێ ؟
خەریکی چی ..؟
جاران پیاوکوژ پیاوی ئەکوشت و هەڵئەهات ..
جاران دز ، ماڵەکەی ئەدزی و
تێی ئەتەقاند ..
ئێستا پیاو کوژ ، گەلێ ئەکوژێ و ..
میز ئەکا بە ڕوخساریاندا ..
سەد کچی بەژنزراف و
سەد پیاو ماقوڵ ،
چەپڵە و دەستخۆشیی لێ ئەکەن ..
ئاهەنگی سەرکەوتنیشی بۆ ڕێک ئەخەن ..
ئێستا دز ، ماڵەکە ئەبات ،
خاوەن ماڵەکەیش سرودی تەمەندرێژیی بۆ ئەڵێ ..
کلکە لەقێیشی بۆ ئەکا ..
ئەڵێ بۆ زەحمەتت کێشا ؟
خۆم ماڵەکەم بۆ ئەهێنای ..
خوێنی خۆم و منالەکانیشم بۆ تۆ ..
لەشی ژن و خوشکەکانم ..
تۆ بۆچی زەحمەتت کێشا ،
دز ئاغا گیان ..
شێخ دزی بەرز و قارەمان ..؟

٭ ٭ ٭

تۆ و من خەریکی چین هاوڕێ ؟
خەریکی چی ..؟




عیشق و هەوەس.. شەهلا نوری

واقتان نەپەڕێت، ئەوە ژیانە
یەکەک زڵفی وەک زنجیر بە پای یاردا گیرۆدەدەبێت
ئەوی تر لەبازاڕی حەز بەدەوری خۆیدا گێژانە دەخولێت
یەکەک بە داوی مژوولکەی چاوی جوانێک شەوانە ئێشکدەگرێت
ئەوی تر بەکەوانی برۆی قەوسی خۆی یار تیرباران دەکات و دەیکوژێت
یەکەک لە بازاڕی هەوەس قوماشی دایدڕەومردم دەکڕێت
ئەوی تر قەزازی زەنگوڵە زێڕین کۆڵوانە بۆ یار بە دیاری دەهێنێت
یەکەک لە ئامێزی خۆش لانەوازەی شەوانە کپ دەخەۆێت
ئەوی تر دۆزەخی جنون ئامێز بایی دەکڕێت
یەکەک تەختی ڕازاوە بەگوڵدان و شەمعەدان دەکڕێت
ئەوی تر کراسی مردگ، بلووری بۆخۆی بەکرێ دەگرێت
یەکەک پەراوێزی قەسیدەیەکی جوان دەچنێت
ئەوی تر ئارامی عیشقێکی قەشەنگ دەشێۆێنێت
واقتان نەپەڕێت ئەوە ژیانە
یەکەک بەسەزمانە! بە لفکە زبرو دڕەکان خۆێ دەساوێت سەیرە کەف ناگرێت
ئەوی تر هەمیشه بۆنی خۆشی مەعشوقی خۆێ لێوەدێت
یەکەک شەکردانەکەی پڕ لە نوقڵی زەرد و سووری هەوەس دەکات
عاقبەت تووشی
شەکرە دەبێت تامی لێ نابینێت و ئارامی لێدەبڕێت

شەهلا نوری




ماڵئاوا ، پیاوی کتێب و ڕۆژنامە ، ماڵئاوا.. نەوزاد بەندی

کە لە ناکاو بە جێت هێشتین ،
کتێبەکان هەتیو کەوتـــــــن
خەمێکی قورست پێ چێشتین ،
پیتەکان بە بێ شیو خەوتن ..

کۆشکێکی پاک و ڕازاوەی
ڕۆژنامە ، واقی وڕما بوو ..
فرمێسک لەناو چاوەکانی
بەردەرکی سەرادا زا بوو .

ئیتر کۆشکی کتێبەکان ،
کێ ڕێکی خا ؟ تاوتووی بکا ؟
کراسی ڕۆژنامە و گۆڤار ،
کێ بیشوا ؟ کێ ئوتووی بکا ؟

ناوەندی شار ، بێ تۆ چی بکا ؟
هاوسەنگیی خۆی چۆن ڕاگرێ ؟
بە بێ تۆ .. بە بێ خەندەی تۆ ،
زەحمەتە خۆی ڕاناگـــــــرێ ..

دوو درەختەکە خەمگینن ،
چاوەڕێت بوون ، هەر نەهاتی
پێشوەخت گەڵایان هەڵوەری،
ژمارەی خەزانی کاتیی !

تاقە ئازارێ کە بەخشیت ،
ئازاری ماڵئاوایی بوو ..
بەو ناوەختە ، بەو خەزانە ،
بەو مەرگە ، کە نائاسایی بوو ..

ئاخر لە وڵاتی مافیا و
گەمژە و نەخوێندەواریدا ،
لەگەڵ کتێب بووی کە هاتیت و
هەروا له کۆچی یەکجاریدا

لە شاری دەفتەره دۆلار ،
تۆ کتێبت کرد بە هاوڕێ
بۆیە لە میراتیی شارا ،
تۆ هیچ شتێکت پێ نابڕێ !!

سوپاس ، بۆ باوکی ووشه و پیت ،
کە له شێوەی نابێتەوە ..
ناوەندی شار دڵی شکا ،
زۆر زەحمەتە چا بێتەوە ..

  • وێنەکە: ملا موحسین سەید محمود بەرزنجی



ته‌وره‌ كچ.. شیعری ستار ئەحمەد

هەموو شەوێك
خەرمانێك گومان
دونیایەك بێ متمانەیی
زەمینێك بەردو
ئاسمانێك كینە
بەسەرما دەبارێنێ
دەڕوات دەسماڵێك تاریكی
بەروانكەیەك حەسرەت
لە رۆحی خۆی دەئاڵێنێ
بۆ بەیانی
بەكۆمەڵێك بیانوو
جۆگەیەك گللەیی و
رووبارێك نەفرەت دێتەوە
خۆشەویستی زامدار دەكات
شیعر بۆ گڕ هەڵئەڕشێنێ
شەوانیش كات لەژان دەدات
جێژوان لەگڵ مارە دەبڕێت
من دەباتە خەڵوەتگای شێتان
بەدەستی خۆی خۆشی دەكوژێت
وتەی زاری
لەنەخێرو گومڕاییەكان
هەڵكێشاوە
مەمك لای ئەو نارنجۆكە
دەم گڕكانی تێزاب و
ژەهرو جوێنە
ناونیشانی عەشق و ئینسان
سوتماكی پاشماوەی خوێنە
نەبروای بەوشەی خوداو
هەست و گیانە
نەدڵیشی كانگای شیعرو
سۆزی خاك و نیشتمانە
كچێكە لەشێوەی تەور
دەبێت بەتەم
رۆحی دەبیت بەتیلەی هەور
چاوەكانی بزەی بارانی نەدیوە
دڵ لەژێر پێدا دەدوێنێ
پەنجە بەجەستەی هەتاوا دەكات
بۆسە بۆجوانی هەڵدەچنێ
تەنها ئەم شیعرەم دەتوانێ
ناوێك جوانی بۆ دابنێ

ستار ئەحمەد




شیعری ئازادی.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پشکۆ ناکام

” ازادی “

( ئەم پەخشانە شیعرە ،نەکراوە
بە گۆرانی ، داریوش ئەیخوێنێتەوە
وابزانم لە نووسینی خۆیشێتی ،
زۆر گەڕام ناوی کەسم وەک
نووسەرەکەی دەست نەکەووت)

“””””””””””’

گەر ڕۆژێک بە سەر زەمینی من گەیشتی
لە شێوە ” قاڵب ” ی پیرەمێردێکی
ڕەش پۆشی عەبا ڕەشی ڕيش سپی
بە زاراوەیەکی نەناس وفەرهەنگی عەرەب
و
چاوێکی سارد و ترسناک مەیە…..
دەربارەی مەرگ مەدوێ
مەچۆ گۆڕستان، گۆڕستان کۆتاییە
نابێ دەست پێ کردن بێ
ئەمجارە لەدەمی کەس مەیە
پەیمانی بەتاڵ مەیە
نەوت مەهێنە سەر سفرەکان
نانمان لەسەر سفرەکان
بهێڵەرەوە..
لە ئاو و کارەبای خۆڕایی مەدوێ
لە کۆششی ئینسان بدوێ
لە دروست کردن و ئاوەدانی
……بدوێ
لە بڕیاری کوێر مەدوێ
لە تایبەتمەندێتی و زانست وهەست
…..بدوێ

ئەی ئازادی
گەر ڕۆژێک بەسەر زەمینی
من گەیشتی
لەگەڵ ” شادی”یا وەرە
بە پەچەی ڕەش و ئەقڵی بە بەرد بوو
و
ڕیشەوە مەیە..
بە مارشی سەربازی و جەنگەوە مەیە
بە ئاواز و مۆسیقا و ئاهەنگەوە وەرە
بەتفەنگی گەورەی دەستی
مناڵە بچوکەکانەوە مەیە
بە گوڵ و ماچ و کتێبەوە وەرە
لە ” تەقوا ” و جەنگ و شەهادەت مەدوێ
لە ئینسانیەت و ئاشتی و شەهامەت بدوێ
بۆمان لە ژیان بدوێ
لە پەنجەرەی کراوەوە بدوێ
دڵمان بە شەماڵی ئاشتی
بە هاوڕێیەتی و عەشق ئاشناکە
فێرمان کە چۆن بژین
چوونیەتی مەرگ کاتی خۆی فێر بووین
فێری مەسەلەی ” ئینسان بوون “مان کە
بە خودا ” خود ” دەمێکە گەیشتووین

ئەی ئازادی
گەر بە سەر زەمینی من گەیشتی
لە دڵی عاشقەکانمان
هەنگاو بنێ
میهرەبانیت لە دڵمانا داگیرسێنە
تا ئازادی لە ناخمانا بجۆشێ
و
ئیتر چی دی پەلامارت نەیەین
لەگەڵ هەر هەناسەیەک
لە یادمان بی
كە تۆ لە هەناسە ئازیز تری
بزانین کە ئازادی نیعمەت نیە
بەڵکو بەرپرسیارێتیە
فێرمان کە: كە لەبەر دەستا بوون
و
سەیرکردنی تۆ ،،ئاسان نیە
بە خۆتمان ئاشنا کە
زۆرت لەسەر نازانین
تەنها نامەکەت بێزاری کردین
ئێمە بە پانتایی
یەک مێژوو لە تۆ ..مەحروومین

ئەی نەبینراو ترین
گەر هاتی بە نیشانەیەکەوە وەرە تا بتناسین

ئەی ئازادی
گەر هاتیتە سەرزەمینی ئێمە
بە ئاگاییەوە وەرە
تا لە دەروازەی ئەم شارەیا
بە شمشێر ملت نەپەڕێنین
تا لە بیرەوەری لەسەرخۆی مێژووا
نەهێڵین تۆمان لێ بدزن
تا نەچین بەهەڵەیا
بزانین بێ چەن و چوون
جێگرەوەو نیە و خۆتی..

ئەی ئازادی
” بەهای تۆ لەسەر ئەم خاکە، خوێنی
باشترین ڕۆڵەکانی ئەم خاکەیە……..”
بەهای تۆ گرانترین بەهای دونیایە
بەڵام ئەم جارە
بەڵام ئەم جارە بە ئاگاییەوە وەرە
………بە ئاگایی
………بە ئاگایی

https://www.facebook.com/100000251431170/videos/3470571512961196/




موچە.. تەنزە شیعر.. نەوزاد بەندی

پێی بڵێن بێتیشەوە ،
تازە ڕەزای گرانـــــە
چونکە دەسکەلای دەستی
قۆڵبڕ و ڕێگرانە ..

بە فیکە و بە ئاماژەی
دز ، گیر ئەخواو پێی ئەچێ ..
هەتا پڕتری بکەن ،
ژێری زیاتر لێی ئەچێ ..

باکی نییە بە ئاهی
هەژار و داماوی شار
پاڵی لێداوەتەوە ،
بە ئەمری دز و زۆردار

جاران ناوی موچە بوو ،
ئێستا سەدەقە و قەرزە ..
دۆعای شەڕ لە هۆکاری
ئەکرێ لە هەر 5 فەرزە ..

یەکەم جارە لە مێژوو ،
موچە بکرێ بە فشار ..
تەنانەت خودی شەیتان ،
شەرمەزارە ..شەرمەزار

نەوزاد بەندی




سبحەینێ.. شیعری شەهلا نوری

شایەد نەگەینە سبحەینێ ئیتر
توورەگەی دەرمانی گیراوە
بەها بایی
ناگات بەبرین ئیتر
دەردی جگەر سووتاو بە مەرهەم ناگات ئیتر
بەسیمفۆنیای ناتەواوی دڵ ناگەین ئیتر
بولبولی سەرمەستانە بەسەردار ناگات ئیتر
داستانی عیشق ناگات بەدەستانی عاشقان ئیتر
مانگی شەوئەفرۆز خۆی گوم دەکات و بێنیشان دەڕوات ئیتر
ئاوی جۆ وشک دەکات بە دەغڵی هەواڵی گەنم ناگات ئیتر
خونچەی تەمەنای ناز ناز
ناگات بە باخچەی بەهار ئیتر
گالیسکەی تەمەن مل دەنات و دەڕوات چاوەڕێمان ناکات ئیتر
زاری تاوڵەی ژیان نادۆزینەوە ئتر

شەهلا نوری




ماچی تەڕ.. شیعری نەوشیروان ئازاد

وتی :دڵت وەک نەسیمی بەربەیانی کزەیەکی ساردی لێدێ..
وتم :ڕاستە بەڵام سینەم بۆنی سۆزی خۆشەویستی وهەم ئەگرێجەی تەڕی لێ دێ …
وتی:سۆمات گەلێ دورە..بۆسەرسینەی من ناڕوانێ..
وتم :شێتەئەی نازانی چەند دور بڕوا هەردێتەوە بۆ جێ ژوانێ..
وتی:شاعیرێکی شێتی ..
شیعرەکانت لەبەرپێما سەوزنابێ..
وتم:ڕێژنەی ماچت نەبێ ..هیچ درەختێ سەوزنابێ..
وتی :بەکورتی پێم بڵێ .تۆچیت لەگیانی من دەوێ…؟
وتم :شێتە …ئاوا بڵێ..
وەکو جاران…ماچێکی تەڕی لێت دەوێ

18/8/2024




گوڵبانگی عاشقان.. شیعری شه هلا نوری

زۆر گەرمه وادی ئێستا!
ئەترسم دار و درەختەکان بسووتێن و سمۆرەکان بمرن
کوا بۆنی خۆش ڕیحانه و پەسند
دارەکان
ئەترسم دڵەکه وا به بوخاری په نجەرەی ئۆتۆمبێلەکەت کێشاومه له گەرما بتۆێتەوه
ون بێت
ئەترسم ڕاگوزەران کۆڵانه قوڕه فێنکەکه بکەن به قیرتاوی ڕەش و
دایبخەن
ئەترسم بوخچه سپێکەت وا کەل و پەلی جوانت تێ دا قەمچ کردبوو، عەتری خۆشی تێدا ڕژابوو
کەڕەکیڤه لێیان بدات و لەبەر نەکرێن
خودایە، بارانێکی خۆش ببارێنه سەر دارەکان
سەوز سەوزیان بکەرەوه
ئەستێرەکان ڕوونتر بکەوه
بۆ بەزم و خۆشی گوڵبانگی عاشقان

شه هلا نوری




گومڕاییبوون.. شیعر/ کاوە عوسمان

گومڕاییە بوون،،
لە گەڕانێ،،،
بەدوای سۆراختا..
شوێن بوەتە گەلەری شتە گیاندەرچوەکان
شنەباش بۆنی تەنیایی لێدێ،،
هەورەکان دڵی تەڕیان ئەوەرێنێ
دارەکان لە فرمێسکا ئەدرەوشێنەوە
کەسێ نیە لە شەقامە چۆڵ و بێ چرپەکان
تەنها جەستەی من نەبێ..
لە ژێر نوری زیوینی مانگێکی تەمهەڵجنا..
وەک تارماییەکی غەمگین دێ و دەچێ،،
مۆمێک لە کوخێکا
لە دورەوە ، بریشکەیەتی ..
بڵێی تروسکەی ئەوینێ بێ،،
گیانی دەرچێ؟
پەنا دەبەم سنەوبەرێک دەستم بگرێ
بروسکەیەک رۆحم بەرێ
تارمایەک بە هەنای..
ڕۆحێکی شەکەتا بچێ
دەمەوێت پشوو بدەم
لە گەڕان ماندووم،
هەمووجێیەک ئەمشەو..
بۆنی تەنیایی و نامۆیی لیدێ،،
هەر سووچێک و پەناگەیەک یادێ دێنێ ،
لەپڕتاو، لە خەیاڵی گومڕاییدا..
نێو زوقم و تەمتومانی نامۆییدا،،
تارماییەک بە باڵای ئەو..
لە باخێکی چۆڵی غەمگینا دەرئەکەوێ ،،
بڵێی ئەو بێ..
لەم خەزانی دڵوەرینە …
فریادڕەسی مەرگەساتی نامۆییم بێ ؟
گۆمڕاییبوونە،
تاڵی ڕەنگینی زوڵفی ئەستێرەکان..
لە یەک ئاڵاون و..
دەربازیان نابێ،،
چرۆ درەوشاوەکانیش،،
چاوەڕێی تیشکی سپێدەیەکن..
هەر ناگاتەجێ،
گۆمڕاییبوونە،
بە نێوپەلی زەردی ئەو درەختە..
پیرانەی بەلادا کەوتوون،،
هێشتا بێهەودا دەشنێنەوە…
بۆ سۆراخت،،
هەموو شتێک بۆنی تەنیایی لیدێ،
ئەو پردەی ڕوبارێکی ووشک جێی دێڵێ،،
ئەو هەورانەی نیگای عیشقیان…
لە فرمێسک و خوێنا تێزاوە
لە زیندانی ئاسمانێکی…
چوارمێخەکە کێشراوا…
دەروازەیەکیان نابێ ،
ئەو گوڵانەی بێ ویستی خۆیان..
لە ژێر نەشتەری ڕەشەبادا،،
ئەمشەو پەرت پەرت ئەبێ،،
ڕزگاربونیان نابێ،،
ئەمشەو جەستە بە نێو..
کەناری نوقم لە تەما..
یەخسیر ئەبێ، ،،
کەنار دەریا چۆڵ ،،
ڕۆح لە ئافاتی بوونا..
گومڕا ئەبێ،،
دڵ بێهەودا و نائارام ..
مەستی زایەڵەی تەنیایی شنەبای ..
نێو کێڵگە غەمگینەکان ئەبێ،
سەیرە پێکە ژەهری …
ڕژاوی رەشی ئەمشەو،،
تەواو نابێ
دنیا تا ئەبەد ڕوناک نابێ
دەرۆم و چیتر..
باوەڕم بە گەڕانەوەی..
پەڕەسێلکە پەمەیەکانی…
فیردەوسی مناڵی نابێ…
دەڕۆم و چیتر ،،
باکم بە تیغی پڕئازاری…
شنەبای زەریا تەمهەڵچنەکان..و..
بریسکەی نیگای ..
مانگێکی نغرۆ لە خەما نابێ.

……………………………………………………

تێبینی/ وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر
Arcaion
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




گەر زنجیرەکان بیانتوانیایە قسەیان کردبا.. شیعری : عارف ڤیقار(*).. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

     (١)

کۆمەڵگەی نایەکسان

ئەگەر ڕاستەت نەبوو بۆ پێوانەکردنی هەژاری
ئەوا هەژارییت نییە و
کۆمەڵگەیەکی بێ چینایەتیت لە وڵاتدا هەیە

ئەگەر کەسێک نەبوو
جەماوەری بەرین بچەوسێنێتەوە
ئەوا یەکسانی چینایەتیت لە کۆمەڵگەیەکی بێ چینایەتی هەیە

ئەمەش ناهاوسەنگییە و
نایەکسانییە لەنێوان زۆرینە و کەمینە

کەمینەیەک کە لەسەر ئارەقە و ڕەنجی زۆرینە دەوڵەمەند دەبێ
ئەو هەژاربوونەی زۆرینەش
چینەکانن
دەوڵەمەند و هەژار و
کۆمەڵگەی نایەکسانییە.

             (٢)

سەرمایەداری و هەژاربوونی زۆرینە

وەکچۆن ژیانکردن پێویستی بە خواردنە
تا بژێت و گەشە بکات
سەرمایەداریش پێویستی بە هەژاربوونی زۆرینەیە
تا بژێت و گەشە بکا

وەکچۆن ماسی پێویستی بە ئاوە
تا بژێت و گەشە بکا
سەرمایەداریش پێویستی بە چەوسانەوەی زۆرینەی کۆمەڵگەیە
تا بژێت و گەشە بکا

کێ پێویستی بە کێیە
دەوڵەمەند پێویستی بە هەژارە
یان هەژار پێویستی بە دەوڵەمەندە؟

گەر دەوڵەمەند، دەوڵەمەند نەبووایە
ئەوا هەژارانیش هەژار نەدەبوون

ئێستا بێژە کێ پێویستی بە کێیە؟
دەوڵەمەند پێویستی بە هەژارە
یان هەژار پێویستی بە دەوڵەمەندە؟

کەمایەتی پێویستی بە زۆرایەتییە
یاخود زۆرایەتی پێویستی بە کەمایەتییە؟

کە زۆربە هەژار نەبوونایە
کەمایەتییش کەمایەتییەکی دەوڵەمەند نەدەبوون

بەوپەڕی سادەییەوە هەژاری بێ پارەیی نییە
بەڵکو چۆنایەتی ژیانی زۆربەیە
زنجیرەکانی ئابووری سەرمایەداریش
زۆرایەتی کۆیلە بەرهەمدێنێ

            (٣)

گەر زنجیرەکان بیانتوانیایە قسەیان کردبا

گەر بیابان بیتوانیایە قسە کردبا،
پێی دەوتیت هەستی چۆن دەبوو
وەختێ تینووە و
هەورەکان دەبینێت و داناکەن

گەر هەژاران بیانتوانایە قسەیان کردبا
پێیان دەوتی هەستیان بەچی دەکرد
وەختێ شانبەشانی دەوڵەمەندان
لە هەژاریدا و لەیەک شاردا پێکەوە دەژین.

گەر زۆرایەتی کۆمەڵگە بیتوانیایە قسەیان کردبا
زنجیرەکانی هەژاری
پێیان دەوتی هەستیان بەچ دەکرد
کاتێ لەلایەن کەمایەتییەکی
جیاواز و دەوڵەمەند و دەستەبژێر حکومڕانی دەکرێن

گەر زنجیرکراوێک بیانتوانایە قسە کردبا
لێی دەپرسیت، ئاخۆ دەتوانیت دوای مردن
زنجیرەکان لە پێکانی تووند بکرێ.

    (٤)

ئازادی

هەزاران هەزار تۆمان چاند
بەڵام گوڵەکان
گوڵی ئازادییان نەگرت

هەزاران هەزار هەنگاومان هەڵهێنا
بەڵام ئازادی نەهاتە ڕێمان

هەزاران کۆت و زنجیرمان پسان
بەڵام ‌هێشتا زیندانین و
خۆ دەبینین
وێڵین بەدوای ئازادیدا

هەزاران هەزار هۆکارمان ڕیز کرد
کەچی ئێستاش ناتوانین
وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە
بۆچی ئازاد نین، ئازادی.

(٥)
ڕەنگەکانی شۆڕش

سوور
ڕەنگی خوێنە
ئەو خوێنەی
کە ڕژاندمان لەپێناو شۆڕش

سوور ڕەنگی ئاڵایە
ئەو ئاڵایەی
لەژێریدا خۆپیشاندانمان کرد بۆ شۆڕش

سوور ڕەنگی گوڵی شۆڕشەکانە
لەو تۆیانەی کە لە جەستەی خۆماندا چاند
لە پێناو شۆڕش

سوور ڕەنگی خۆرە
ئەو هەتاوەی لەژێریدا ڕێپێوانمان کرد
لەپێناو شۆڕش.

             (٦)
      پێی وتم

ئەو شۆڕشگێڕ بوو؛ خۆشی ویستم
سبەینانێک،
بەدەم چرپاندنی ئەم وشانەوە جێی هێشتم
(ڕۆژێک دێت ئازاد دەبین و یەکتر دەبینینەوە
جارێکی تر دەتوانین یەکمان خۆش بوێت
فرمێسکەکان و
پێکنینەکان و
جیهان لەباوەشی یەکتر ببینین
یەکترمان خۆش بوێت و جارێکی تر
بۆ هەمیشە لەگەڵ یەکتر بژین و لێکجیا نەبینەوە
وەختێک ئازادی جارێکی تر
لەم سەرزەمینە بەرقەرار دەبێت .)
ئەوجا ڕۆیی
نە ئازادی بەرقەرار بوو و
هەرگیز ئەویش نەگەڕایەوە.

(*) عارف ڤیقار کە ماوەی ٣٣ ساڵە نزیک بە هەزار شیعری نووسیوە، دەڵێت: (من شاعیری پاکستانیم . شیعرەکانم ڕەنگدانەوەی واقیعییەتی هەست و سۆزی ئینسان و واقیعییەتی جیهانە بەو جۆری کە دەیبینم، تەنها ڕەنگدانەوە و داڕشتنی شیعرییە بۆ ئەو نووسینانەی کە ئاوێتەی فەلسەفەن تاکوو کاربکەنە سەر زنجیرەی بیرکردنەوەت و ئینجا بیربکریتەوە کە بۆچی شتەکان بەمجۆرەن و تا سەرەنجام تۆش بگەیت بە بەرئەنجامی فەلسەفییانەی خۆت.
من فەیلەسوف نیم، بەڵام شیعرەکانم هەڵگری ڕوئیای واقیعی و هەستیارن. من بەوجۆرەی کە دەبینم و بیردەکەمەوە و ئەم بیرکردنەوەیەم لە شیعرەکانمدا ڕەنگ دەدەنەوە. شیعرەکانم ئاوێنەی کۆمەڵگە و جیهان وژیان و ئەزموونی شەخسی خۆمن. شیعرەکانم من بۆ ئامۆژگاری و تەمێکردن و ڕاستکردنەوە نین، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕی ئەو کەسە بیرکەرەوەیەن کە ڕۆژانە بەئەقڵ و دڵ و بیروباوەڕێکی ئازادەوە بیر دەکاتەوە و هەست بە ژیان دەکات. تا لەشیعرەکانم جەوهەری ئەوەی کێم و بۆچی و لەبەرچی دەژێم و بۆ بوونم هەیە، نیشان بدەم.
بەنسبەت منەوە من خۆم هیچ نیم، شیعرەکانم شوناسی منن. شیعرە دڵشادەکانم پێکەنینەکانمن و شیعرە دڵتەنگەکانیشم فرمێسکەکانمن. لەهەر شیعرێکمدا گوڵێک لەدایک دەبێت. و پاشان دەمرێ و دوای مردنی هەر گوڵێک، دەبێت تۆو و ئینجا تۆوەکەی دەبێت گوڵی شیعری تازە و نوێ – ڕەنگدانەوەیەکی نوێ کە من کێم – بۆیە شیعر و قەسیدەکانم هەموو شتێکی منن.

شیعری : عارف ڤیقار(*)
١٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٣
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

————————-

سەرچاوەکان : سایتی گۆڤاری ستراگڵ
Struggle, A Magazine of Prolitarian Revolutionary Literature
https://www.strugglemagazine.net/




لە نەهاتنتا.. شیعر/ کاوە عوسمان

کە بڕیارتدا
بە خەمگینی سەرهەڵگری
دوور ڕێگەگری
کۆتا چرپەشت نەدرکێنی
بە تەنیایی
بە نێو یادەوەریە با بردوەکانا
ڕۆژانی عیشق تێپەڕێنی،،
ئیتر خۆر
لە ئاوابوونی هەتاوی نیگاتا،
لە غەریبیم بە ڕێگەی نەهاتنتا
دڵی شکا،
درەنگ هەڵهات
پرژەی ڕەنگاڵەی
بارانیش تۆرا
پاشگەز بوەوە
لە ماچی شکۆفەی
سەر رێگەی دوورتا ،
تۆیەک بێ ئاگا
بە بڕیاری سەفەری دورتا
لە بێدەنگی گیتاری چرپەتا
دارستانی رۆحێک سوتا
پەریەکانی ژوان
مات و مەلوول
لە خەمگینی نەهاتنتا
سەما ناکا
وەک گەڵای بێ گیان
لەبەردەم پەیکەری رەشی
خواوەندی تەنیاییتدا
وەرین
باڵیان شکا
تۆ پێنازانی
لە جەنگەڵستانی
سەفەری بێ ناونیشان
بێدەنگیشت بوەتە تاوان
دوور تەماشاکە
لە دوای سەفەرتا
لە نەهاتنتا
لە بێ دەنگیتا
شاعیرێک،
لە زەریای هەڵچووی خەما
لە نێو زوقم و تەما
وێڵ و سەرگەردان ئە ما
بە فرمێسک و خوێنی شیعرا
لە سەر شەپۆلی زەریای نامۆییدا
دوا شیعری ماڵئاوایی نوسرا




ئێـــــوە.. شیعری نەوشیروان ئازاد

لەوەتەی هەن ..
بازرگانی خوێن و خاکن..
تێکۆشەرن…
بۆ سوتماک و،
قڕکردن و،
کاولکردن…
چوست و چالاک ،
هەم بێباکن …
ئێستەش هاتون..
دانەدانە..
لەسەرشاشە ڕوزەردەکان ،
لەتۆماری یادەوەری..و،
حکایەتی پورە مێشێ….
سەرتەنوری خاتو خەجان..
شۆڕشگێرو، خەباتکارن….پاڵەوانی هۆڵی بۆ دو ،
مەلازادەی ،
داوێن پاکن..
کە داماو و،
سەرگەردانە ئەو میللەتەی ،
چاوی لەدەستی ئێوەیە…
بەقاقناسە ئەوئاشیانەی ..
هیوای بەپوشوی ئێوەیە

نەوشیروان ئازاد
7.8.2024
ـ




شیعری (زام)ی شێرکۆ بێکەس.. خوێندنەوەی داستان بەرزان

https://www.youtube.com/watch?v=7PAYOJK8qGo
https://www.youtube.com/watch?v=7PAYOJK8qGo