گفتوگۆ لەگەڵ نیهاد جامی- بەشی دووەم

بەشی دووەم


* ئایا ئەوە بەو مانایە نایەت تۆ داوا دەکەیت بەتەواوی لەشانۆی خۆرئاوایی دوور بکەوینەوە؟

– نەخێر بەڵکو لەتێگەیشتنی عەرەبەکان بۆ شانۆی خۆرئاوایی دوور بکەوینەوە، میتۆدەکان بنەمای خولقاندنی نمایشی شانۆیی نین، بەڵکو فراوانبونی ئاسۆی ڕۆشنبیرین تاوەکو بتوانین رۆشنبیریی شانۆییمانی پێ فراوان بکەین، نەک بێین بیسەپێنین بەسەر شانۆی کوردیەوە، بەلکو پێویستە ئێمە فێری ئەوە بین زانستیانە شانۆ بناسین نەک بەرهەمی کولتورەکانیتر بگوازینەوە، میراتی ئەدەبی شانۆی دنیا سەرچاوەیەکی گرنگی ئاشنابوون و کارکردنە، کاتێک دێیت کاریان لەتەکدا دەکەیت ناکرێت بکەویتە ژێر کاریگەری وتارێکەوە کە دەرهێنەرێکی خۆرئاوایی چیکردووە، تاوەکو تۆش وای لێ بکەیت، گرفتی ئێمە لەتەک شانۆنامە خۆرئاواییەکان، گەڕان بوو بەدوای تازەگەریدا، بەوەی دیالۆگ و دیمەن و لاپەرەکان لابەرین و هەندێک دیمەنی بێدەنگ و روناکی و ڕەنگ دروست بکەین، بە بیانوی ئەوەی دیدی فەلسەفی بە شکسپیر دەبەخشین، وەک ئەوە وابێت شانۆنامەکە دیدی فەلسەفی و فیکری خۆی نەبێت و ئێمە بێین بە رەنگ و روناکی و جولە بیکەین بە فەلسەفە، دواتر تێناگەم بۆ دەبێت بیکەین بە فەلسەفە، دەقی شانۆیی ڕووبەرێکی کۆمەلناسیانەیە بۆ خوێندنەوەی ژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی کۆمەلگایەک، گەر باوەرت بەم دەقەیە دەبێت ئەو دنیایەی نووسەر بخەیتە سەر شانۆ، خەمناکیەکە لەوەدایە بەبیانوی دیدگای دەرهێنانی بێیت بەویستی خۆی ئەو دەقە کورت بکەیتەوە، دیدگای دەرهێنانی تۆ لە سرینەوەی دیالۆگ نیە، لە لابردنی دیمەن نیە، دیدگای دەرهێنانی وابەستەی دیکۆرو روناکی و مۆسیقا و جل و بەرگ وجولەیە، بەواتای تۆ چۆن دیالۆگەکانی نوسەر دەخەیتە سەر شانۆ، ئەو دەرهێنەرەی دێت دیمەن دەبڕێت و دەیالۆگ و دیمەن لا دەبات، دیدگای نیە، بەڵکو بکوژی دیدگایە ، ناتوانێت لە ئەفسوونی نهێنی شانۆ تێبگات، بۆیە سەرەنجام وێنەیەکمان پێ دەبەخشێت کە پەیوەندی بەنوسەرەوە نیە، بەلکو نووسەر تەنیا بیرۆکەیەکە، ڕێک لەشانۆی وێنەی عێراقی هاتووە کە دەقی شانۆیی بیرۆکەیەکی مردووەو نووسەر زیندویی دەکاتەوە، ئەوە گەر نەمانخاتە پێکەنین هەموو نوکتەی دنیا ناتوانێت بماهێنێتە پێکەنین، بەداخەوە شانۆی ئەزموونگەری کوردی پێگەی خۆی لەسەر ئەو جۆرە ڕوانینانە بنیاتنا، بۆ ئەوەی وێنەی ڕوون بەم دۆخە ببەخشین، لێرەدا ناچارم چەند ئارگۆمێنتێک بۆ قسەکانم بێنمەوە، تازەگەریی شانۆییمان دەق وەک مردوو سەیر دەکات و کۆلاژی وێنەیی تیا دەخولقێنێت، چونکە دەق لەگەل دیدگای ئەو ناگونجێت، بەڵام دەرهێنەرێکی ناسراوی وەک «ئەلیکسەندەر باردینی» کاتێک شانۆگەری «لالۆ ڤانیا» ی چێخۆف دەخاتە سەر شانۆ، بۆ ئەوەی تەواوی دیدگای خۆی بەرجەستە بکات، ووشەو دیالۆگێک نابینیت لا ببردرێت، بەلکو دەستکاری فۆرمی دەرەکی کارەکتەر دەکات، سۆنیا لای باردینی کچێکی ناشیرین نیە، بەلکو دێت جوانترین ئەکتەری شانۆی پۆلەندی هەلدەبژێرێت کە «یۆوانا ژۆوکۆڤسکا» یە، تا بلێت هۆکاری نەبونی دۆستێک بەهۆی روخساریەوە نیە، هێندەی بەهۆی نەگبەتیەکەوەیە کە بەدوایەتی، لەگەل لەدایکبونیدا دایکی دەمرێت، ئەو هاوشێوەی لالۆ ڤانیایە، لێرەدا دیدی دەرهێنانی وابەستەی فۆرمی دەرەکیە نەک فۆرمی ناوەکی کەسێتی و لابردنی دیالۆگەکان، پێشتریش باردینی شانۆنامەی «سێ خوشک» دەخاتە سەر شانۆ لەوێشدا هیچ دەستکاریەکی ئەو دیالۆگانە ناکات، بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لەتێکستی نووسەر بکات، چەندە وێنەیەکی چێخۆڤیانە بەنمایشەکە دەبەخشێت، بەتایبەت لەدیمەنی کۆتایی هەوڵ دەدات ئەو وێنە خەمناکە وەک تراژیدیایەکی ماڵ وپەیوەندیەکانی بگەیەنێتە لوتکە، کاتێک لەڕێی کولێگینی مێردی ماشا کە بە پەیوەندی ژنەکەی لەگەڵ ڤێرشینین دەزانێت، تەنانەت دیمەنی ماڵئاواییەکەیانیش دەبینێت، کاتێک ماشا ماچی دەکات، بەڵام خۆشەویستی خۆی بۆ ژنەکەی دووپات دەکاتەوە، من بۆ خۆم لەم دەرهێنەرە فێری ئەوە بووم چێخۆڤ ناکرێت یەک ووشەی لێ لا ببردرێت، چونکە کە وەک خۆی خستە سەر شانۆ ئەوسا لە گرنگی و شاعیریەتی ئەو نووسەرە تێدەگەیت، بۆیە گەر لەشانۆی پۆلەندی ئەو وەک دەرهێنەری چێخەڤی بناسرێت هۆکارەکەی داکۆکیکردنیەتی لەرۆحی شانۆنامەکان بەبێ گۆڕینی ووشەیەک، رەنگە قسەکە لەوە بێت ئاخۆ شانۆی پۆڵەندی دەستکاری دەق ناکات؟ با دوو نمونە بێنمەوە، ئەو شانۆیە کە من لەنزیکەوە کارم تیای کردوەو لەناویدا ژیاوم، جۆرە دەستکاریەک کە شانۆکاری کورد ناویناوە شانۆی ئەزموونگەری، ئەزموونگەری نیە، بەڵکو پێرفۆڕمانسە، بیرۆکەیەک وەردەگیرێت و هەندێک دیالۆگی تیا بەکار دێت، ئەوە پێرفۆڕمانسە، پێرفۆڕمانسە بەدوای شانۆ لابۆریەکەی گرۆتۆڤسکی و هاوکات لەگەڵ گەشتەکەی بۆ ئیتالیا هاتە بوون، ئەمڕۆ میراتگرانی ئەم هونەرە لەشاری ڤرۆتسواڤ لەپاڵ پەیمانگاکەی گرۆتۆڤسکی و چەندین گروپ هەن وا کار دەکەن دیارترینیان گروپی زارو پیسن کۆزوا، بە نمونە ئەو گروپەی دواییان پێرفۆڕمانسی «ماکبێس» بە حەوت دەقیقەو بە چوار ئەکتەر نمایش دەکەن، بەڵام هیچ شتێک نیە ناوی شانۆی ئەزموونگەری بێت، بەڵکو هونەری پێرفۆڕمانسە، وەک چۆن کارەکانی لابۆری لالش لەئێستا دا پێرفۆرمانسە نەک نمایشی شانۆیی، ئەوە لایەک، لە روویەکی تردا ئاخۆ دەرهێنەرانی شانۆ دەستکاری دەق ناکەن؟ بۆچی نا، بەڵام رەنگە بکەونە ژێر تەوژمێکی ڕەخنەیی بەوەی ئاخۆ ئەوەی نیشانی دەدەن بەو بڕینانەوە گوزارشت لەو شانۆنامانە دەکات؟ با دوو نمونە لێرەدا وەک ئارگۆمێنت بۆ قسەکانمان بێنینەوە، تا مناڵە فریودراوەکانی شانۆی ئەزموونگەری تێبگەن ڕاستەقینە لەکوێدایە، زۆربەی جار ئەوانەی بەدوای دەستکاریکردنی دەقەوەن لەشانۆی پۆلەندی ئەو نەوە نوێییەی شاری ڤرۆتسواڤن، بەهۆی ئەو زەمینەیەی گرۆتۆڤسکی لەو شارەدا خوڵقاندی ، وەک سیمای هونەری ئەو شارەی لێهات، بۆیە کاتێک خانمە دەرهێنەر «ئاگنێشکا گلینیسکا» شانۆنامەی «سێ خوشک» ی چیخۆف دەردەهێنێت, دیارە من لە کتێبەکەمدا کە پرۆژەی ژیانمە لەبارەی ژیانمە لەبارەی شانۆی پۆلەندی کە باس لە ١٧٠٠ تاوەکو ٢٠٢٥ ی ئەم شانۆیە دەکات، وە نازانم کەی لەنوسینی تەواو دەبم، بەلام لەوێدا لەبارەی ئەو نمایشە نووسیومە: هەر لەسەرەتاوە ڕووبەرووی گریمانەی ناو تێکست نابینەوە، بەڵکو سێ خوشکەکە لەدوو کورتە دیمەنی شانۆیی باس لەخەون و ژیانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، بەدوای ئەوە دەگەڕێینەوە ناو سەرەتای دیمەنی شانۆنامەکە، چڕ بوونەوەی زەمەنی لەناو دیمەنەکان درووست کراون، هەندێک دەیالۆگی ناو دیمەنەکان نەماون، بەڵام ئەوەشیان چەندە زیانی بەو دیدە چێخۆڤیەی ناو نمایشەکە گەیاندووە، هێندەش پەیوەستە بەستراتیژی گوتاری نمایش بەهۆی ئەوەی ئەتمۆسفێری نمایشەکە دەیەوێت قسە لەمرۆڤی هاوچەرخ بکات، نەک مرۆڤێک کە نووسەر لە ١٩٠١ شانۆنامەکەی تیا نووسیوە، دەرهێنەر لەهەوڵی ئەوەدایە کاتێک لە ٢٠١٢ ئەم شانۆنامەیە نمایش دەکات، قسە لەو بینەرە بکات کە ئامادەبووی نمایشەکەیە، دەیالۆگەکانی نووسەر وەک خۆی ماونەتەوە جگە لەهەندێک دیمەن کە چڕبوونەوەو لابردنی ووشە و دەستەواژەی لابردووە، بەڵام لەڕووی جل و بەرگ ودیکۆر و ئەتمۆسفێرەو نزیکی کردۆتەوە لەژیانی ئەمڕۆدا، ئەوەش وای کردووە فەزا چێخۆڤیەکە وابەستەی ئەمرۆ بکات، نەک وەک پابەندبوونی بە گریمانەی ناو تێکستی نووسەر، ئەگەرچی کردەی بینین لادانی نەخولقاندووە لەدنیای نووسەرەوە، سەرەنجام ئەوەی دەیبینین شانۆگەری سێ خوشکە بە دیدێکی نوێوە. لەڕێی پێکەنین و سرووتێکی شادیەوە دەیەوێت خەمی سەر ڕووی کارەکتەرەکان بگۆڕێت، بەوەی مرۆڤەکان هەمیشە ئومێدێکیان هەبێت بۆ ژیان، هەڵبەت ئەوە لای نووسەریش بوونی هەیە، بەڵام کارەکتەرەکان هەمیشە خەمگینن گەرچی لەبنەرەتدا خەونیان هەیە، بەتایبەت خوشکەکان کە خەون بە گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ دەبینن، بۆیە لەهەندێک شوێندا دەرهێنەر بۆ ئەوەی بنیاتی ئەو شادیەی کارەکتەر بکات، دێت هەندێک ووشە وەک پەیوەندی ڕووخسار بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت.

*ئایا ئەزمونیتر لەو شانۆیەدا لەگەڵ تێکستی تر تاقی کرایەوە؟

-لەئێستادا «ئاندژێ ڤایدا» دەکەوێتەوە خەیاڵ لە سەردەمی سۆڤیەت و دوای سۆڤیەت شانۆگەری (هاملێت) ی شکسپیر پێشکەش دەکات، لەڕێی سینۆگرافیاوە دوو سەردەمی جیاواز دەخوێنێتەوە، بەبێ ئەوەی دیالۆگ لابەرێت، یان ماچیێۆڤسکی شانۆنامەی (باوک) ی سترێندبێری دەخاتە سەر شانۆ، دیالۆگ لا نابات بەڵام یەک دیمەنی کورتی بانتۆمایم زیاد دەکات کە نمایشەکە تەواو دەبێت هەست دەکەیت باس لەکۆمەلگای پۆلەندی سەردەمی نازیەت دەکات. چونکە دەزانێت ئەتمۆسفێرێکی تایبەت بۆ خوێندنەوەی کۆمەلگا بخولقێنێت، دیالۆگی نووسەریش لا نابات، ئەوە بۆ ئەو مناڵانەی کە پێیان وایە ئێمە بە بێ ئارگۆمێنت قسە دەکەین، بەڵکو ئارگۆمێنتەکان لەپشت زانینی روانینی شانۆییمانە، بەڵام تۆ وەرە سەیرکە ئێمەی کورد چۆن و بۆچی لەگەڵ تێکست مامەلە دەکەین؟ چونکە سەرچاوە بنەرەتیەکەمان لەزەمینەیەکی شانۆیی ناخولقێت، بەڵکو کۆی سەرچاوە تازەگەریەکەمان وابەبەستەی دیدی شانۆی وێنەیی عێراقیە تاوەکو ئەو وێنەیە بکەین بە چاوگەی سەرەکی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی، من لێڕەدا لەسەر دوو پێگەی گرنگ دەوەستم، یەکێکیان وابەستەی شانۆی وێنەییە، سەلاح قەسەب دەلێت شانۆکەم لە ساندا مانۆ وەرگرتووە، بەڵام ساندا مانۆ کێیە لە ١٩٨٦ تاوەکو ٢٠٢٦ تەحەدای هەموو شانۆی کوردی و عەرەبی دەکەم یەک دێریان لەبارەی ئەو خانمە خوێندبێتەوەو بزانن کێیە، ئەویتریشیان برادەرێک کتێبێکی نوسیوە لەستایشی کارەکانی هاورێکانی و هەندێکیش ستایشی خۆی دەکات، دەلێت بەبێ ئەو کتێبە کەس ناتوانێت و بۆی نیە باس لە شانۆی ئەزموونگەری بکات، کەواتە پرسەکە ئەوەیە سەرەتا پێویستمان بەوەیە بۆ مێژووی بنەچەکەی شانۆی وێنەی عێراقی بگەرێینەوە، شانۆکە بناسین کەی و چۆن سەری هەڵدا؟ بۆ لەدایک بوو؟ پەیوەندی نێوان فاشیزم و شانۆی وێنەیی چیە؟ ئەی ساندا مانۆ کێیە؟ بەدوای ئەوەی وەلامی ئەو پرسیارانەمان دایەوە، ئەوسا دێین بۆ قسەکردن لەشانۆی ئەزموونگەری کوردی پشت بە کتێبی ئەو برادەرە دەبەستین و لەروانگەی کتێبەکەی ئەو وەک ئارگۆمێنتێکی شانۆیی قسە لەو رۆژگارە دەکەین، سەرەتا با لەسەر شانۆی وێنەیی بوەستین، لەکۆتایی سالی ١٩٧٦ سەلاح قەسەب نمایشێک بۆ یەکەم جار پێشکەش دەکات لەگەل گروپێکی لاو بەناوی «كيف فسرت الخلود عند كلكامش» شانۆکاری عێراقی سەعدون عوبەیدی لەگۆڤاری ئەلف با، ژمارەی کانونی دووەمی ١٩٧٧ بە دوو لاپەرەی گۆڤارەکە باس لەو نمایشە دەکات، نمایشەکە وەک لەو قسانە دەردەکەوێت وەک نمایشێکی ئاسایی سەیرکراوە، ئەگەرچی عوبەیدی لەوتارە پانۆراماییەکەیدا دەیەوێت بە گرنگ باسی نمایشەکە بکات، کە سەرەتای دوورکەوتنەوەی قەسەب دەبێت لەشانۆ و بەرجەستەکردنی شانۆ لەرێگەی جولەو وێنەو کەمترین دیالۆگەوە، کاتێک دەرواتە ڕۆمانیا بۆ خوێندن دەبینێت ژنە دەرهێنەری رۆمانی ساندا مانۆ بایەخی بۆ ئەو فۆرمە هەیە، بەلام تێگەیشتنێک نیە بەناوی شانۆی وێنەی ڕۆمانی، بەلکو لەچەند نمایشێکدا ئەو خانمە ویستویەتی وا کار بکات، ساندا مانۆ لەدایکبوی ١٩٣٣ و لە ٢٠٢٣ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، جگە لەکاری وەک دەرهێنەری شانۆیی، وەک دەرهێنەری کورتە فلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی کاری زۆری کردووەو ئەوەش ناوبانگێکی زیاتری بۆ پەیدا کردووە، بەتایبەت چونکە ئەو لەخانەوادەیەکی هونەریە و کچی ئەکتەری ناسراوی رۆمانی ئیۆن مانۆ ١٨٩١-١٩٦٨ باوکی ئەکتەرێکی ناسراوی شانۆی نیشتمانی بۆخارست بوو، هەروەها هاوسەرەکەی «ستیڤان تابالاگا» کەسایەتی ناسراوی کۆمەلگای رۆمانیە، ساندا مانۆ مامۆستای زانکۆ بوو لەبواری شانۆدا،. لەژیانیدا لە رۆمانیا زیاد لە ١٢٠ شانۆگەری دەرهێناوە، سەرەتای کارکردنی لەشانۆی نیشتمانی بوو لە یاش، بە شانۆگەری (تاونول) ، ئەوە بەسەرەتای ڕاستەقینەی کاری شانۆیی ئەو دادەنرێت، کە دەرگای لێکردەوە بەرەو ڕووی شانۆ گەورەکانی ڕۆمانیا هەنگاو بنێت، لەوانە شانۆی نیشتمانی و شانۆی میک و شانۆی کۆمێدیا، ڕەنگە پرسیارەکە ئەوە بێت بۆچی لەسەر پانۆرامای ژیانی ئەو دەوەستین؟ چونکە چل سالە عەرەبەکان پێمان دەلێن شانۆی وێنەیی لە ساندا مانۆ وەرگیراوە، بەلام یەک دێرمان لەبارەی کاری ئەو پێ نالێن، بۆ ئەوەی شانۆکارە ئەزموونکارەکانی ئێمەش ئاشنایەتی لەبارەیەوە پەیدا بکەن، ئەو وێنە پانۆراماییە بە پێویست دەزانین. بەدوای یەکەم کاری توانی لەگەل شانۆی نۆتارا کار بکات و ساڵی ١٩٥٧ شانۆگەریەک نمایش بکات بەناوی (ئیکاترینا تیۆدۆریۆ)، دوو سال دواتر شانۆگەریەکی شپبنهاور پێشکەش دەکات، هەروەوها لەسەرەتا لەتەک شانۆی موزیکال و ئۆپەرێتیش کاری کردووە. هەروەها هەندێک لە شانۆگەریەکانی بردۆتە ولاتانی ترو لەوێ نمایشی کردوون لەوانە ئەلمانیاو ئەمریکا، گەشتی هونەری کردووە و کارەکانی ن ایشکردووە لە وارشۆ و مۆسکۆ و بلگراد، لەشانۆی نیشتمانی بە شانۆگەریەکی کۆمیدی مۆلێر بەناونیشانی «پیاوێکی نەخۆشی خەیاڵی» خەلاتی باشترین دەرهێنەری شانۆیی وەرگرتووە، ئەوەش ئارگۆمێنتێکی گرنگە کە بزانرێت دەقی شانۆیی گرنگیەکەی لەبوونیدا نەک وەک سەلاح قەسەب بانگەشەی دەکات، تەنانەت مامۆستاکەی بە شانۆنامەیەکی کۆمیدی مۆلێر خەلاتی باشترین دەرهێنەر وەردەگرێت، چونکە بە باشترین شێوە کۆمیدیاکە دەخاتە سەر شانۆ، هەروەها دکتۆرای شانازی پێدراوەو لە سالی ٢٠٠٣ یەکێک لە سەرکەوتووترین کارە شانۆییەکانی پێشکەش دەکات بەناونیشانی «چۆن نیوەکەی ترمان خۆش بوێت” کە لەسەر شانۆی بچووکی ژوور لە بۆخارست نمایش کراوە، کە دۆستانی ئێمە ئەم شانۆ بچووکەیان وا راڤەکرد کە دەبێت لە ژوورێک نمایش بکرێت، لەسالی ٢٠١١ شانۆگەری «دەنگێکی مرۆیی» ژان کۆکتۆ دەخاتە سەر شانۆ، لەنواندنی ژنە ئەکتەر (ئۆوانا بیکیا) ئەوەیان بەپێی ئارگۆمێنتەکان وەک دواهەمین کاری شانۆیی ئەو دادەنرێت هیچ قۆناێکی ژیانی شانۆیی ئەودا رەخنەگران و توێژەران بەگرنگەوە لەسەر نمایشە بانتۆمیمەکانی ناوەستن، وەک پێگەی باڵای شانۆی وێنەیی ئەودا قسەی لەبارەوە ناکەن، گەر کۆمەلێک ئارگۆمێنت هەبوو، توانی ئەوەمان بۆ بسەلمێنێت دەکرێت هەڵەی خۆمان ڕاست بکەینەوە، بەلام لەکۆی ئەو وتارە فەرەنسی و پۆلەندیانەی لەبارەیەوە نوسراون ، ئاماژە بەهیچ هەولێکی ئەو ناکات لەشانۆی وێنەیی و بەگرنگی قۆناغی ژیانی شانۆیی ئەو دانانرێت.

*تۆ قسەیەکت کرد وتت لەتێگەیشتنی عەرەبەکان بۆ شانۆی خۆرئاوایی دوور بکەوینەوە مەبەستت هەر لەم شانۆییە یاخود تێگەیشتنێکی گشتی هەیە دەبێت لێی دوور بکەوینەوە؟

-گرفتی ئێمە لەگەڵ کتێبە عەرەبیەکانەوە دەست پێ دەکات، باوەرمان وابوو، هەر کتێبێک بە عەرەبی چاپ دەکرێت ئەوە سەرچاوەیەکی گرنگی شانۆیە، کاتێک لەکتێبێکدا دەنووسرێت شانۆی نوێی ئەوروپی ئیدی ئێمە واتێدەگەین بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە وەک ئەوەیە لە ئەوروپا بین وئاگامان لەم شانۆیە بێت، بەڵام کاتێّک سەیری ئەو سالە بکەیت ئەو کثێبەی تیا نووسراوە، پەنجا ساڵ پێش ئێستایە، ئیدی نوێ بوون چ مانایەکی هەیە، ئەوە سەرباری ئەو فانتازیە عەرەبیە لەوەسفی درۆزنانە بۆ نمایشی خۆرئاوایی، باوەر ناکەم هیچ کتێبێک هەبێت لەکتێبەکانی سەمیر سەرحان و سەعد ئەردەش خراپتربن لە مەعریفەی شانۆییدا، وەسفێکی ڕەوانبێژی دروست دەکەن و دیدی رەخنەیی تیایدا ئامادە نیە، سەرحان کتێبێکی هەیە بەناوی “تجارب جديدة في فن المسرحي” ئەو کتێبە لەکۆتایی هەشتاکان دۆستانی شانۆی ئەزموونگەری کوردی لە پاشکۆی عێراق و هاوکاری دەیانکرد بە سەرچاوە، وەریاندەگێرا وتاریان لێ ئامادە دەکرد، بەشێوەیەک باسی مارا- سادی پیتەر بروک دەکات، مرۆڤ گەر نمایشەکە نەبینێت تووشی رامانێکی فانتازی دەبێت، من ئەو کارەم بە دی ڤی دی بینی، خاڵیە لەهەموو ئەو وەسفە درۆزنانەی ئەو کتێبە عەرەبیە، وەک ئەوەی شیعری هۆنیبێتەوە بۆ نمایشەکە، سەرەنجام ئەو کتێبە دەبێت بە یەکێک لەسەرچاوەکانی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی، یاخود کاتێک باس لە مهابهارتا دەکەن، وا دەزانیت داهێنانی شانۆیی لەوێوە لای بروک سەری هەلداوە ، بەداخەوە کە ڤیدیۆکە دەبینیت نمایشەکە هێندە ماندووکەرە، نازانم گرنگی ئەو نمایشە لەنەخشەی شانۆدا چیە، جگە لە ئاشنابونی خۆرئاوایی بە کولتوریی هندی، گەر گرنگیەکە لەوەدابێت دەبێت کولتوریی کوردیی گرفتی تەنیا ئەوە بێت دەرهێنەرێکی خۆرئاوایی نەهاتووە بیکاتە نمایش، بەڵام ئێمەی کورد ئەم سەرسامیە لەکوێوە دێنین، من لەوە تێناگەم، ئەوەی تێی دەگەم کتێبە خراپە عەرەبیەکانە، پێویستە شانۆکاری کورد بگەرێتەوە سەر سەرچاوە راستەقینەکان، ئەکتەرو دەرهێنەری کورد دەبێت بگەرێنەوە بۆ ستانسلاڤسکی، پێویستە ئەو فریودانە مێژوویەی نەوەی تازەگەری کوردیی پەردەی لەسەر هەڵبمالدرێت، دەشێت ئەوانیش فریوی دەستی عەرەبەکان بووبن ، بەڵام چیتر ناکرێت فریوو بخۆین، با نمونەی دوو کتێبی تری عەرەبی بێنینەوە، کتێبێکی سامی عەبدولحەمید و بەدری حەسون فەرید هەیە بەناوی “مباديء اخراج المسرحي” کە لە کۆلژی هونەرە جوانەکانی بەغدا وەک گرنگترین سەرچاوەی دەرهێنانی شانۆیی وەردەگیرێت، باشە ئەو کتێبە بخوێنەوە خۆشیان نایشارنەوە کۆلاژو کورت کردنەوەی کتێبەکەی ئەلکسەندەر دینە بەناوی”أسس الإخراج المسرحي” جا پێویست دەکات خۆمانی پێوە خەریک بکەین ڕاستەوخۆ پێویستە سەرچاوە راستەقینەکە بخوێننینەوەو نەک کتێبە ئامادەکراوەکە لەلامان ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگی شانۆیی وەک کە لەبەغدا هاتونەتەوە بەگرنگەوە باسیان لەو کتێبە کردووە، کتێبێکی تر هەیە کە عەونی کەرومی نوسینەوەیەتی بەناوی «فن التمثيل” کە کورتکراوەی کتێبی ئامادەکردنی ئەکتەری ستانسلاڤسکیە، کارێکی باشی کردووە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو، بەڵام چ پێویست دەکات نامیلکەیەکی ئامادەکراو بخوێنینەوە کە کتێبە ئورگینالەکە لەبەردەست بێت، قسەی من لەسەر ئەو دۆخە عەرەبیە خراپەیە کە باڵی بەسەر شانۆی ئێمەدا گرتوو تا ئێستاش بەری نەداوە.

*ئێمە هەر لەرێی ئەو کتێبانە و بەزمانی عەرەبی شانۆو تیۆریستەکانیمان ناسی، بۆ نمونە گۆردن گریک، دەتوانیت نکولی لەوە بکەیت؟
-گۆردن گریک ناوێکی ناسراوە لەمێژووی شانۆدا، بەڵام پێویستە ئێمە لەوە تێبگەین، ئەو دەتوانێت چی بە ئێمە ببەخشێت، ئاخۆ گەر ڕوانینەکانیمان سەپاندە سەر بیرکردنەوەی خۆمان دەتوانین ببین بە شانۆکاری تازەگەر؟ هەر بەڕاست ئێمە بڕوامان بەم ڕوانینانە هەیە یاخود تەنیا وەک ناو وەریان دەگرین؟ هەموو ئەو ناوانەی شانۆی خۆرئاوا کاتێک دەسەلاتی ڕەها لە دەرهێنەر وەردەگرنەوە، بەڵام شانۆی کوردی بە شانۆی ئەزمونگەریشەوە دەسەلاتی ڕەها هی دەرهێنەرە نەک ئەکتەر، لێرەوە جیاوازی بنەرەتی ئێمە لەگەل گرۆتۆڤسکی دەست پێدەکات، چونکە ئەو باوەری وابوو دەسەلاتی ڕەها بۆ ئەکتەرە، بەلام بیرکەرەوەو خاوەن دەسەلات لەشانۆی ئەزموونگەری کوردیدا بۆ دەرهێنەرە، دەرهێنەر بیرکەرەوەو خولقێنەری نمایشە، بەپێی ئەو کتێبەی لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی یەکێک لە ئەندامەکانی نووسیویانە باس لەوە دەکات کە شەماڵ عومەر وەک دەرهێنەر کارەکان دەخولقێنێت، ئەوە دۆخێکی سرووشتیە، چونکە مەعریفەی شانۆی ئێمە مەعریفەی باڵای تاکە، دەگوازرێتەوە بۆ ئەوانەی خوارەوە، رێک وەک پێکهاتەی حزبی، سەرۆک بیردەکاتەوە، دەوروبەری سەرۆک و ئەندامانی بەدەوریدا خول دەخۆنەوە، لەشانۆی ئێمەدا هەر وایە، دەرهێنەر بڕیاردەدات بنیات دەنێت، ئەوانیتر دەبنە جێبەجێکاری پلانەکانی دەرهێنەر، ئێمە لە تیپی شانۆی ئەزموونگەری کەرکوک هەموو پلانەکان وابەستەی بیرکردنەوەی شانۆیی من بوو، تا ئاستی ئەوەی رۆژێک فریاد ئەحمەد ووتی «من واز دێنم چونکە تەنیا تۆ دەزانیت چی دەکەیت، ئێمە کەسمان نازانین خەریکی چین تەنیا پلانەکان و بریارەکانی تۆ جێبەجێ دەکەین، ئێمە نازانین خەریکی چین» ئەو قسەیە پڕ بوو لە حەقیقەت، بەلام بەر لەویش کاردۆ محەمەد لە کۆرێکی ڕەخنەیی لەبارەی یەکێک لەنمایشەکانمان ووتی «کارەکانی ئێوە تەنیا بۆ دەرهێنەرەکەی ئەزموونگەریە، چونکە ئەکتەر ئەزموونکار نیە و تەنیا پلان و بریاری تۆ جێبەجێ دەکات» با بگەرێینەوە بۆ گۆردن گریک و پرسیارەکەی تۆ، ئێمە بروامان بە روانینەکانی هەیە؟ ئەو چی ویست لە شانۆدا؟ ئێمە گەر بڕوامان بە گۆردن گریک بێت دەبێت دژە گرۆتۆڤسکی بین، چونکە ئەو گرنگیە بە ئەکتەر نادرێت، بەلکو بە بووکە شووشە دەدرێت، گرفتەکە ئەوە بوو ئەو دەرهێنەرانە ویستیان گۆڕان لە شانۆی خۆرئاوا بەرپا بکەن، بەلام نەیانتوانی، بۆیە هەمیشە ناچار دەبوون بۆ کولتوری خۆرهەڵات بگەڕێنەوە، گریک وای نەکرد، بەلام هات پێشبینی و تێگەیشتنەکانی بکات بە پێشنیاری داهاتوو بۆ شانۆ، ئەوەی خستە ڕوو کە «شانۆ لە ئایندەدا دەبێت بە شانۆی جولە و ئاماژە ئەو رۆژەش دێت دەقی شانۆیی بوونی نەمێنێت» پێویستە لەسەر ئەو تێگەیشتنەی بووەستین، ئایا سەدەی بیست و یەک سەدەی چوونە ناو ئایندەی شانۆیە؟ هەڵبەت بەپێی تێگەیشتنی ئەو، کەواتە کە هات هەموو شتێک وەلا بنێت، ئەوە بۆ ساتەوەختی خۆی گۆڕانی فۆڕم و تێگەیشتنێکی نوێیە، بەلام وەک بۆدلێر لەشوێنێکدا جیاکاری دەکات لەنێوان تازەگەری کاتی و تازەگەری نەمر، دەبێت گریک وەک تازەگەریەکی کاتی ناو بەرین، بۆچی؟ لەشانۆی خۆرئاوا ئەمڕۆ دەقی شانۆیی لەهەموو ساتێک زیاتر پێگەکەی گرنگە، شانۆ گەورەکانی دنیا سەر لەنوێ باوەشیان کردۆتەوە بۆ شاکارەکانی شکسپیر و چێخەڤ و مۆلێر و و بیکیت، شانۆی جولە و ئاماژە بوو بە کاری دەستەبژێری و گروپە بچووکەکانی پێرفۆرمانس، بۆیە گریک دەشێت بۆ پێرفۆرمانس دەروازەیەکی گرنگ بێت، بەڵام تێگەیشتنەکانی بۆ شانۆ شکستیان هێنا، کتێبە چاپکراوە شانۆییەکان لە ولاتێکی وەکو فەرەنسا زیاتر دەقی شانۆیین تا دەگات بە توێژینەوەو ڕەخنە، رێک بە پێچەوانەی تێگەیشتنی باوی ئێمە، بینەران و خوێنەران بە خۆشحالیەوە باوەشیان بۆ دەکەنەوە، هەر شانۆکارێکی کورد دەتوانێت لەگەڵ ئەو تێگەیشتنە ڕێ بکات کە خۆی دەیەوێت، بەڵام کاتێک ڕوانینەکانی وەک مەعریفەی بالاو تاکە تێگەیشتن بۆ شانۆ ناو دەبات، پێویست دەکات لێی بێینە دەنگ و هەندێک تێگەیشتن بخەینە ژێر ڕەخنەوە، پێویست ناکات وەک ئەوەی سالانێکی زۆر ئێمە فریوودراین، ئەم نەوە نوێیەش وا بخەڵەتێندرێت، با هەموو شانۆکاری کورد لەخۆرئاوا بێن پێمان بڵێن شانۆی ئەزموونگەری لەئێستادا لە کوێیە؟ ئەو روانینانەی پەنجا ساڵ پێش ئێستا تەواو بوون، ئاخۆ ئێستا بەو گرنگیە سەیر دەکرێن؟ یاخود تەنیا بۆ توێژینەوەی ناوەندی ئەکادیمی و گروپە پێرفۆرمانسیەکان گرنگی خۆیان هەیە؟ کاتێک نەتوانیت گفتوگۆ بکەیت دەبێت بێیت سوکایەتی بکەیت جنێو بدەیت حیکایەتی کۆنمان بۆ بگێڕیتەوە، قسە لە ئارگۆمێنت دەکەن، فەرموو با ئارگۆمێنتەکان بخرێنە ڕوو، هەر شانۆکارێکی ئەوروپی جگە لە ئێمە دەزانێت جیاوازیە بنەرەتیەکانی پێرفۆرمانس و شانۆ چیە.

  • کاتی ئەوەیە بزانین ئەو جیاوازیە چیە کە ئێمە نایزانین؟ ناکرێت تا سەر ئەو بێدەنگیە یەخەمان بگرێت؟ کەواتە فەرموو ئێستا دەرفەتێکی باشە تۆ ئەو کارە بکەیت و پێمان بڵێیت جیاوازیەکانیان چین؟

    -من لەوەدا هاورام، بۆچی؟ دیارە هەر نیازی ئەم گفتوگۆیە لەسەر ئەم لۆژیکە دامەزراوە، گرفتێک لەئارادا نیە، ئەوەی هەیە چۆنیەتی ڕاستکردنەوەی رۆشنبیریی شانۆییمانە، خالەک دابنێین بۆ ئەو نا ئاگاییەی بە رۆشنبیریی ناسیومانە، گرفتەکە لەوێدایە زمان فێربیت شانۆی دنیا ببینیت، بەلام نەتوانێت دەستبەرداری ڕوانینەکانی رابردووت بیت، کە کتێبە عەرەبیەکان فێریان کردوویت، ئەوە تەنیا مانای یەک شت دەگەیەنێت، ئەویش ئەوەیە تۆ وازت لەوە هێناوە بخوێنیتەوە، بەڵام کتێب دەنووسیت، لێدوان دەدەیت، دەچیتە بەردەمی مایکەکان، هەر هێندەی هەڵەت ڕاست کرایەوە تووشی دەرمارگرژی توڕەیی و ڕق دەبیت، نا دۆستان لەدەرەوەی خۆشەویستی هیچ شتێک بوونی نیە، بەڵام پێویستە خۆشەویستی نەبێتە هۆکاری کوێریی، ناکرێت دۆستایەتی و خۆشەویستی بێدەنگمان بکات، با دۆستان لەخۆیان بپرسن من گرفتم لەگەل کامیان هەیە؟ کێشەکە گرفتی کەسی نیە، بەڵکو بابەتەکە پەیوەستە بە خودی شانۆ خۆیەوە، ئێستا تۆ دەپرسیت جیاوازی پێرفۆرمانس و شانۆ چیە؟ ناکرێت وەک دە ساڵ پێش ئێستا قسە بکەم، بەڵێ ناچارم پێت بلێم نمایشی شانۆیی کە لەسەر تەختەی شانۆ هاتە خوارەوە، شانۆی ئەزموونگەری نیە، بەڵکو پێرفۆرمانسە، پێرفۆرمانس پێویستی بە دەق نیە ، دیالۆگی ناوێت، هۆلی شانۆیی بۆ گرنگە، بینەرێکی دەستەبژێر یاخود دەست نیشانکراو دەیبینێت، جاران بەو شتانەمان دەووت شانۆی ئەزموونگەری، ئەوانە پێرفۆرمانسن، بۆیە مێژووی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی لەراستیدا مێژووی پێرفۆرمانسە، ئەوە سڕینەوە نیە، هێندەی هەڵوەشاندنەوەی سێنتەری ئەزموونگەریە، سێنتەر نیە، بونیادەکانن تێمان دەگەیەنن. لێرەدا بونیادەکان چین؟ بیرۆکە.. پێرفۆرمێر.. دەنگ.. جولە، ئەوانە چەمکە سەرەکیەکانی ئەزموونگەری نین، توڕە مەبن، بونیادن لەناو پێرفۆرمانسدا، رەنگە ئێستا پرسیاری ئەوەت لەلا دروست بێت شانۆی ئەزموونگەری چیە؟ کێ ئەزموونگەرە؟ من هەر لەسەرەتاوە وتم تا ئەم گتوگۆیە تەواو دەبێت پێویستمان بە هەناسە درێژی هەیە، تا قسە لەسەر هەموو پرسەکان دەکەین، بەلام نمایشی شانۆیی دەق کۆلەگەی سەرەکیەتی، ئەکتەر چۆن بە باشترین شێوە دەقی نووسراو لەسەر شانۆ بەرجەستە دەکات، دەرهێنەر ناوەندگەرێتی نێوان دەق و ئەکتەرە، چۆن ووشەکانی نووسەر لەرێی ئەکتەر بەرجەستە دەکات و ئەو دنیای ووشەیە دەکات بە دنیای بینین، نەک بێت دیالۆگ ببڕێت و دیمەن بسڕێتەوە، شانۆکارێکی فەرەنسی ئەم سەردەمە هەیە کە تیای دەژین، نوسەرو دەرهێنەرە ناوی «ژۆزیف دانان» ە لەسالی ٢٠١٣ کتێبێکی گرنگی لەو بارەیە نووسیوە بەناوی «لەنێوان شانۆ وپێرفۆرمانس» ، هەر بۆ خۆی خوێندنەوەی ئەو کتێبە دەتوانێت هەموو خەوشەکانی ئێمە لەرابردوو راست بکاتەوەو ناچارتان بکات وەک من نەتوانن بێدەنگی لێ بکەن، پرۆژەکەی ژۆزیف لەبارەی دراماتۆرگیە، ئەوە کتێبی دووەمیەتی، خۆی پرۆژەکە بریتیە لە سێ کتێب، سەرباری کتێبەکانیتری، پرسیارێک لەم کتێبەدا دەکات، بڕوام وایە پرسیاری هەموومانە، وەلامە بەو خەیاڵەی کە دەوترا شانۆی خۆرئاوایی چیتر دەقی بۆ گرنگ نیە و وێنەی شانۆیی بەلاوە مەبەستە، نوسەری ئەو کتێبە دەپرسێت: ئاخۆ دەق لەشانۆی هاوچەرخدا سێنتەری نمایشە یاخود وەک هەر پێکهاتەیەکی تری نمایشە؟ دێت باس لەو چەند دەیەی کۆتایی دەکات، بەدرێژایی کتێبەکە خاسیەتە جیاوازەکان دەخاتە ڕوو لەنێوان شانۆ وپێرفۆرمانس، بە نمونە باس لەوە دەکات کە چۆن لە نمایشی شانۆییدا تەواوی گرنگی بە دەق دەدرێت، ئەو دەبێتە سێنتەری نمایشی شانۆیی، ئەگەرچی نوسەر نەهاتووە شانۆ و پێرفۆرمانس لەیەکتر جیا بکاتەوە، بەڵام باس لەهەموو ئەو گەشەسەندنە دەکات کە پێرفۆرمانس ویستی لەناو شانۆی هاوچەرخدا بیخولقێنێت، بەلام سەرەنجام وایکرد پێڕفۆرمانس خاسیەتەکانی خۆی لەوە دەست نیشان بکات لەشوێنی دەق «دەرهێنەرو ئەکتەر ودەنگ و جولە و ڤیدیۆ» بەیەکەوە مانا درووست دەکەن، واتە چیرۆک لە پێرفۆرمانس بریتی نیە لەوەی لەناو دەقی شانۆیی هەیە، بەڵکو ئەوانە دێن لەشوێنی دەق بەیەکەوە بیرۆکە یان بابەتێک دروست دەکەن، دەقیش دەکاتە بیانویەک، یاخود وەک بیرۆکە وهێلێک سەیری دەکات، ئەوەش وا دەکات نوسەر نەبێتە خاوەنی کارەکە، بەلکو دەرهێنەرشوێنی ئەو دەگرێتەوە، نوسەری کتێبەکە هەموو ئەو خاسیەتانەی لەپێرفۆرمانس ئاماژەی بۆ دەکات، سەلاح و قەسەب و موریدەکانی بە شانۆی ئەزموونگەری ناو دەبەن، بەڵام ئەو دێت باس لە پێرفۆرمانس دەکات نەک سانۆی ئەزموونگەری، کە لەپێرفۆرمانسدا ڕووداوی بینراو لە چیرۆک گرنگترە، خودی ئەکتەر بە گرنگتر سەیر دەکرێت لە بابەت، واتە ئەکتەر خۆی گرنگترە لە ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە، لەکۆتاییشدا باس لەو گفتوگۆیە دەکات کە چۆن شانۆ و پێرفۆرمانس دەیانەوێت بەیەکەوە گەشە بکەن، لێرەدا جیاوازیەکی تر دەدۆزێتەوە ناویان دەبات «دەق وەک ئامادە لەشانۆدا» جیاواز لە «بەکارهێنانی دەق لەپێرفۆرمانسدا» بەکورتی شتێک نیە بەناوی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی، بەلکو ئەوەی هەبوو پێرفۆرمانس بوو، بەڵام هێشتا بەدوای ساڵانێکی زۆر دۆستان شەردەکەن لەسەر شانۆ ئەزموونگەریەکەیان، بە بروای ئێمە باشتر وایە، بێن دانبە خەوش و ناتێگەیشتنەکان بێنن، ئەوەتا تا ئەمرۆش دەیانەوێت ئەو وێنەیە درێژە پێبدەن و بڕوامان پێ بێنن بۆ شانۆی ئەزموونگەری، نەک پێرفۆرمانس.




گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی-بەشی یەکەم

1-

رەنگە میتۆدی ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ هەر گفتوگۆیەکیتر جیاواز بێت، هەڵبەت هەمیشە بەدوای شێوازو زمانی جیاواز گەڕاوین بۆ قسەکردن لە شانۆدا، لەرێگەی توێژینەوەو وتار و شانۆنامە و گفتوگۆ، بەڵام ئەوەی لەو گفتوگۆیەدا پشتی پێدەبەستین ، میتۆدی هەڵوەشاندەوەگەرایی ژاک دێرێدایە، بەهەمان میکانیزمی ئەو کار دەکەین ئەو فەیلەسوفە کتێبێکی هەیە بەناوی “شوێنگەکان” لەو کتێبەدا دیدی فەیلەسوفەکان دێنێت و دەیکاتە پرسیار ئاراستەی خۆی دەکات، ئەو میکانیزمە بۆ ئێمە دەروازەی چوونە ناو ئەو گفتوگۆییە، لەماوەی دە ساڵی ڕابردوو ئاشنابوون بە تەک شانۆی خۆرئاوایی و کارکردن تیایدا، فێربوونی زمانی جیاوازی وەک پۆڵەندی و فەڕەنسی وایکرد دەستمان بەسەر کتێب و سەرچاوە ئۆرگیناڵەکان بگات،  تێگەیشتین هەڵەی چەند زۆر هەیە، پێویستیان بە راستکردنەوەیە، بۆیە لەم گفتوگۆیە وەڵام بە هەموو پرسیارو دەنگە دەنگ و جنێوو هاتو هاواری شانۆکارانەک دەدەینەوە، جگە لەوەی زۆر زانیاری بە خراپ گەیشتوون ڕاستیان دەکەینەوە.

* با لەسەرەتای کاری شانۆییتان دەست پێبکەین، چۆن هاتنە ناو شانۆ؟ تۆ لەم سەرەتایەی خۆت ڕازیت؟ ئارەزوو بوو یان مەعریفە؟ تۆ لەگەڵ یەکەم کارت وەک دەرهێنەر خەلاتی باشترین دەرهێنەرت لەفێستڤاڵی شانۆ وەرگرت، دەتوانم بڵێم هەر لەسەرەتاوە بوویتە شانۆکارێکی دڵخۆش و هەموو دەرگاکان بەڕووت کرانەوە؟ 

  • رەنگە هەمیشە سەرەتا تەنیا چوونە ناو ماڵێکی گەورە بێت، ژوورەکانیت نەدیووە، دەبێت بیپشکنی تا بزانیت پێویستیەکانی چین و دەبێت تۆ چی بکەیت لەناو ئەو ماڵەدا، هەر لەسەرەتاوە من و ئەو نەوەیەی دوای راپەرین کەس گوێی لێ نەدەگرتین، دەمانویست یاخی بین، هاتین جەنگمان بەرپا کرد لەگەڵ نەوەی پێش خۆمان، نەوەی پێش ئێمە، ئەو نەوەیەی بریتی بوون لەکۆمەڵێک دەرهێنەری ریالیستی، کە بۆ هەمیشە دەبێت شانازیان پێوە بکەین، ئەوان بریتی بوون لە «تەڵعەت سامان،فەرهاد شەریف، تەحسین شەعبان، عوسمان چێوار، ئەحمەد سالار» هاتین نووسیمان وتمان هیچتان نەکردووە ، ئێمە هاتووین شانۆ بنیات بنێین، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە هێندەی قسەمان دەکرد، ئەوان زیاتر دەرگاکانیان توندتر بەروومان دادەخست، شەری ناوخۆ بوو، نەوەی پێشوو خۆی بەدوورگرت لەشانۆ، ئەوە دەرفەتەکەی بۆ ئێمەی قۆستەوە، لەو فێستڤالە شانۆییەی وەزارەتی رۆشنبیریی من خەڵاتی باشترین دەرهێنەرم وەرگرت، ئەوە سەرەتایەکە بۆ نائومێدی، بەرپرسیاریەتێکت دەبێت، بۆ دوای ئەوە چی دەکەیت، چاویان لەوەیە بزانن کارەکانت بەرەو کوێ دەڕوات، من هیچ کاتێک لەشانۆدا شانۆکارێکی دڵخۆش نەبووم، ئێستا لەشانۆدا لەهەموو کاتێک خەمگینترم، بەلام هیچ کاتێک هێندە ڕوناکیم نەبینیووە وەک ئەوەی لەشانۆی پۆڵەندی بینیم، لەوێ زانیم هەڵەو خەوشەکان چین، هەر بەڕاست ئێمە خەریکی چی بووین؟ تازەگەریەک کە باسمان دەکرد، ئەو کاتەی ئێمە باسمان لەو تازەگەریە دەکرد، لە خۆرئاوا ببوو بە میرات و کەلەپووری تازەگەری، ئەو ناوانەی باسمان دەکردن، کە ئێستاش لەکوردستان هەر باسیان دەکرێت، پەیوەندی نەبوو بە تازەگەری شانۆیی، هێندەی پرۆژەی دژە شانۆ بوو، دەرهێنەرانێک بەدوای فۆڕمێکیتر دەگەڕێن، کە دژی تەواوی بنەماکانی شانۆیە، بە بڕوای ئێمە یەکەم برین بەر جەستەی شانۆی ئێمە دەکەوێت لەرێگەی تازەگەریەوەیە، چونکە تازەگەریەک کە سەرهەڵدەدات لەشانۆی ئێمەدا زادەی ساتەوەختێکی ترسناکی ئەنفال و هەڵەبجەیە، کەس هێندەی بەعس بەم تازەگەریە دلخۆش نیە، بۆیە دەرگای ڕۆژنامەکان دەکاتە سەر پشت تا بەویستی خۆی شانۆکاری کورد باس لەشانۆیەکی ئەزموونگەری و تازەگەر بکات، چونکە لەبنەرەتدا شانۆیەک بوو بیرکردنەوەی شانۆیی بە بیانووی فۆڕمی باڵاو شانۆی جیهانی، مرۆڤی کوردی دوور دەکردەوە لەکێشە کولتوریی و نەتەوەییەکانی، لەساتەوەختی ئەنفالدا تۆ بێیت زمانی کوردی و جل و بەرگی کوردیی و دیمەنی ماڵی کوردیی بگۆڕیت بە جولەو سەما و مۆم و قوماش و گوریس، جگە لە بەعس کێ سەرکەوتووە لەوە؟ ئێمە نەوەیەکمان هەیە هێشتا خەون بەو شانۆیە دەبینێت، بەدوای ڕاپەرین من یەکێک بووم لەو شانۆکارانە و کارم دەکرد دەمنووسی و ڕەخنەم دەگرت، بەڵام لەپڕ سەیرمان کرد تەنیا شانۆکارانی هاوڕێمان لەهۆڵەکە ماون، ئیدی بینەرمان نەبینی، ئێمە تۆمەتمان دەبەخشیەوە، گوایە بینەر هۆشیاری لاوازەو لەو شاکارە فەلسەفیانە تێناگات، نەوەی من پێویستە پۆزشی هەبێت لەوەی بووە بکوژی شانۆ، بەڵام جگە لەمن کەس ئەو بوێریەی نیە، وا نەزانیت ئەوە لەخۆبایی بوونە، نەخێر ئەو پەری بەرپرسیاریەتی ئەخلاقیە بەرامبەر شانۆ، من هاولاتیەکی شانۆییم، ئەو دەستەواژەیەم لە شانۆکار هادی ئەلمەهدی وەرگرتووە، هەڵبەت زۆرتان نازانن بەر لەمن هادی وای ووت، بەڵێ ئەو هەر بەڕاستی هاولاتی شانۆ بوو، وەک چۆن کە دەستی دەدایە کاری تەلەفزیۆن دەتزانی خەریکی خیانەتکردنە لەنیشتمانەکەی کە شانۆیە، بۆیە ئەوەم تەنیا وەک ئەمانەت باسکرد، دێمەوە سەر قسەکانی خۆم، دەبێت لەبەرامبەر نیشتمانەکەمدا شانۆ ڕاستگۆ بم، لەهەڵەو خیانەتەکاندا تاوانەکانم بگرمە ئەستۆی خۆم، هەر کەسێک وای نەکرد، نەک هاوڵاتی نیە، بەڵکو بێگانەیە هاتۆتە ماڵێک کە ماڵی ئەو نیە، بۆیە لەم گفتوگۆیەدا زۆرم بەلاوە مەبەستە بەگژ مەعریفەی باوی تیۆرە شانۆییەکان بچینەوە، ئەو تیۆرانەی خۆر ئاوا وەک میراتێکی شانۆیی سەیری دەکات، کەچی هێشتا لای ئێمە و شانۆکارانی عەرەب دیدێکی پیرۆزگەرا و ڕەهایان هەیە لەبیرکردنەوەی شانۆییدا، ئەوە هەوڵێک نیە بۆ خۆ گەورە بینین، هێندەی قسەکردنە لە ئێستا کە تێی دەگەین، بەگژداچوونەیە بە تیۆر، نەک بۆ ڕەتکردنەوەی، هێندەی دیدی ڕەخنەییە بۆ تیۆر، لەوەی چۆن سەر لەنوێ بتوانین لەهەڵوەشاندنەوەی سێنتەری گوتاری تیۆر، بونیادەکانی بنووسینەوە، ئەوەی جێگەی گومانی من نیە ئەوەیە، شانۆکارانێک کە تائێستا تیۆرەکان وەک پیرۆز دەبینن، ئەو گفتوگۆیە وەک گوناهێک لەبەرامبەر تیۆر سەیر دەکەن، رۆژگارێک بۆ ئێمەش هەمان شت بوو، ئەو تیۆریستانە دواهەمین پلەی باڵای شانۆ بوون، بەڵام کاتێک لەناوەندگەرێتی شانۆی خۆرئاوادا دەبینیت، ئەوەی بۆ ئێمەی شانۆکاری کورد پلەی باڵای شانۆیە، بۆ ئەوی شانۆکاری ئەو کولتورە خۆر ئاواییە وەکو میراتێکی تازەگەری سەیر دەکرێت، نەک خودی تازەگەری بێت، ئەوەش خوڵقاندنی چەمکی جیاوازی نێوان منی کورد و ئەویتری خورئاواییە. رەنگە هەوڵێکی وا پێویستی بە بوێریەکی زۆر بێت، تا ئاستی ئەوەی گفتوگۆکە لەم رۆژگارەدا بەهای خۆی نیشان نەدات، بەڵام بەپێی تێگەیشتنی رۆژگار ناچار وەک هەوڵێکی خاکەڕایی دەبینرێت، کە پرۆژەیتر بەدوای خۆیدا دێنێت، دەمەوێت لەڕێگەی پرسیارەکانی دواتر لەسەر تەواوی ئەو پرسانە قسە بکەم، کە شانۆی لەکۆمەلگای کوردیدا کووشت، وەک سەرەتا ئاماژەمان بۆ کرد دەمانەوێت لەڕوانگەی هەڵوەشاندنەوەگەرایی و چەمکەکانی وەکو سێنتەر و بونیاد و زمان و جیاوازی بە مانا دێرێداییەکەی کار دەکەین، دەیگوازینەوە ناو تێگەیشتنەکانی مانا تیۆریەکان، لەساتی هەلوەشاندنەوەی تیۆرو چۆنیەتی نووسینەوەی بونیاد، ئەوەش ڕزگار بوونە لەسێنتەر و گەڕانەوەیە بۆ بونیاد بەر لەبوونە گوتار، ئەوەی بۆ ئەو میتۆدە ڕوونە خۆشبەختانە بونیاد وەک گوتار سێنتەری نیە و لەدەرەوەی سێنتەرە.
  • * شانۆی ئەزموونگەری کوردیی شانۆیەک نەبوو کە بینەری کوردیی بە شانۆی باڵا ناساند؟
  •  ئەو پرسیارە لەبنەرەتدا خراپ نیە، بەڵام ستراتیژی شانۆ چیە؟ ئایا ئێمە پێویستمان بەوە بوو شانۆکەمان گوزارشت لەشانۆی باڵا بکات، شانۆیەک بێت ڕابکات لەکێشەکانی مرۆڤی کوردیی؟ هەر بەڕاست ئەوە خۆ فریوودانی ئێمە نەبووە لەرابردوو ویستومانە وای بخەینە ڕوو لەڕێی تێکستە جیهانیەکان و لابردنی بەشێکی زۆری دیالۆگەکان و گۆڕینی بە وێنە گوایە لەم رێگایەوە باسی برینی کوردیی دەکەین؟ مەگەر تەنیا لەزهنی دەرهێنەردا وێنەی وا بوونی هەبێت، سەرەنجام بینەران نمایشێک دەبینن گوزارشت لەو ناکات، بۆیە ئەو دۆستانەمان پێویستە ئەوە قبوڵ بکەن، کێشەی شانۆی کوردی خودی شانۆی ئەزموونگەری خۆیەتی، ئەزموونگەری بکە دەرەوە بزانە شانۆی کوردیی کێشەی هەیە؟ دواتر بەڕاست ئێستا ساتی ئەوەیە لە خۆمان بپرسین: سەرچاوە تیۆریەکانی ئەو شانۆ ئەزموونگەریە چی بوو؟ لەکوێوە هاتبوو؟ لەچی ئەزموونی دەکرد؟ هیوادارم سەلیقەتان هەبێت و ئارامگر بن، تا وەڵام بەو پرسیارانە دەدەینەوە، دیارە سەرچاوە تیۆریەکانی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی خودی دنیا ئەزمونکاریەکەی شانۆکارانی خۆرئاوا نەبوو، بەڵکو لەناو شانۆی وێنەیی عێراقیەوە دێرێک یان ناوی دەرهێنەرێکی خۆرئاوایی دێت، لەڕووی خوێندنەوەی بایۆگرافیەوە، گەر بڕوانین دامەزرێنەری ئەو شانۆیە شانۆکارێکە کە عەرەبەکان بە داهێنەر ناوی دەبەن، منیش سەرەتای ژیانی شانۆییم تەواو وامدەزانی شانۆ لەسەر دەستی ئەو شانۆکارەیە ، ئەویش سەلاح قەسەبە، بۆیە کتێب و سیناریۆو دێری ناو وتارێکی نیە نەمخوێندبێتەوە، بەڵام با ستایشکار نەبین با بێین بە دیدێکی ڕەخنەییەوە لێی بڕوانین، دەزانم دەتەوێت بلێی بۆ ستایشکار نەبین؟ بێزار بووین لەوەی ستایشی بکەین، تەنانەت من کارم لەسیناریۆیەکی شانۆیشیدا کردووە، بۆیە دەمەوێت ئیتر بە دیدێکیتر لێی بڕوانین، ئەو کارەکتەرە کە رۆڵەی شەرعی بەعسە، شانۆ لەکێشەکان دەردەکات و دەیگۆرێت بۆ ناو فۆڕمی سوریالیزم، هەر کاتێک ئەدەب و هونەر باسی لەکێشەی کۆمەلگا نەکردو فۆڕمی خولقاند دەسەڵاتە فاشیەکان کێشەیان نیە لەگەڵیدا، ئەوانەی ئەو شانۆ ئەزموونگەریە دێننەوە کوردستان، ئەوانەن کە خوێندکاری ئەون لە بەغدا، دۆست و هاوڕێ و ئازیزەکانمان، گومانمان لەتواناو خەونبینی شانۆییان نیە و هەمووشیانمان خۆش ئەوێت، بەڵام پرسەکە زۆر لە خۆشەویستی گرنگترە، کەواتە سەرچاوە تیۆریەکانی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی.. شانۆی وێنەیی عێراقیە، ئەزموونکردن نیە بەقەد ئەوەی لابردنی بەشێکی دیاری تێکست و گۆڕینیەتی بە وێنە و بەکۆمەڵێک دەلاتی ناتەباوە، کەشێکی سوریالیانە بەرهەم دێنێت، ئەوە شانۆی عێراقی دلخۆش دەکات، مرۆڤی کوردی لەکێشە سەرەکیەکانی دوور دەکاتەوەو شانۆکەش دەکات بە پەراوێزی شانۆی عێراقی، ئەی شانۆکە لەچی ئەزموونی کردووە؟ ئایا ئەزموونی شانۆی خۆرئاوایی بوو؟ کە وتمان شانۆی وێنەی عێراقی بوو، بەلام ئەوان باسیان لە ئارتۆ و گرۆتۆڤسکی دەکرد، ئێمە لەدرێژی ئەو گفتوگۆیەدا دڵنیام دەگەڕێینەوە سەر ئەو باسە لە ئاستی تیۆری تیۆریستەکانی خۆرئاوایی قسە دەکەین، چونکە زۆرجار دەبیستمەوە گوایە بەم دواییانە من وتومە گرۆتۆڤسکی لەشانۆدا گرنگ نیە، بەداخەوە مرۆڤگەلێک کە وەک ئەو بیرت نەکردەوە کە نەیتوانی بخوێنێتەوە کە دەستی نەگەیشت بە کتێب و سەرچاوەی ئۆرگینالی، چی بکات تا بیسەلمێنێت کە وەک تۆیە؟ هەر دەبێت تۆمەتت بۆ بتاشێت، من پیاوێکی باوەڕداری خوداییم و لەحەزرەتی مەسیح فێری بووم دەبێت بیانبەخشین لەگوناهەکانیان، بەڵام لەهەمان کاتدا لەسەر من پێویستە هەڵەو نەزانیەکانیان بۆ راست بکەمەوەو بەردەمیان ڕوناک بکەمەوە، لەو تاریکیەی تیایدان ڕوناکی بۆ چاوەکانیان بگەڕێنمەوە، دواتر دێینە سەر گرۆتۆڤسکی و ئارتۆ، با لە باسەکە زۆر دوور نەکەوینەوە، شانۆی ئەزموونگەری کوردیی تەنانەت شانۆ خۆرئاواییەکەشی وەک خۆی وەرنەگرت، بۆ نمونە دوو نمایشیان بەناوی شانۆی ژوور بەرهەم هێناوە، سەرەتا کە دەچیە سەر سەرچاوە تیۆریەکانیان بۆ ئەم شانۆیە، فریوی دەستی کتێبێکی عەرەبین کە بەدوو لاپەرە باسی ئەو شانۆیە دەکات، ڕەنگە ئەمرۆ ئەو زانیاریانە لە ویکیپیدا زۆر زیاتر هەبێت، ئەوە گرفتەکە نیە، گرفتەکە لەوێ دەست پێ دەکات بەهۆی ئەوەی بە شانۆکە ووتراوە ژوور، ئەو دۆستانە واتێگەیشتوون دەبێت لە ژوور نمایش بکرێت، بۆیە شانۆکەیان بردۆتە ژوور، کاتی خۆی منیش ئەو هەڵەیەم کردو نمایشێکم لە کەرکوک لەژووردا نمایشکرد، منیش واتێگەیشتبووم، لەکاتێکدا شانۆی ژوور بەواتای شانۆی بچووک لە فۆڕمی ژوور، بۆ ئەوەی وێنەی ئەو شانۆیە رێک ببینیت، ئێمە دوو شانۆیی وامان لەکوردستان هەیە، هۆلی بەرێوبەرێتی شانۆی هەولێر و هۆلی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەوانە دەووترێت شانۆی ژوور، نەک نمایش بەرینە ناو ژوور، کەواتە هەر لەناو نان و میتۆدەوە هەلە هەیە و دەبێت ڕاست بکرێتەوە، جگە لەوە ئەزموونگەری ئەوە نیە کە نمایش لەهۆلی شانۆ بێنیتە دەرەوە، بەلکو ئەزموونکردن بەواتای ئیشکردنەوە لەسەر تەکنیک و تیۆر لەناو دەقی شانۆیی وەک لای برێخت و بیکیت و یۆنسکۆ دەیبینین، بەلام لای شانۆکاری کورد ئەزموونگەری واتە هاتنە دەرەوە لەهۆلی شانۆ، ئەوەش لەشانۆوە دەگۆرێت بۆ پێرفۆرمانس و یا ئەوەی پێی دەلێن شانۆی دوای دراما، بە کورتی تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردی هەشتاکان و تیپی شانۆی ئەزموونگەری کەرکوک کە من سەرۆک و دەرهێنەری بوومە و کارم بە کۆمەلێک گەنج تیایدا کردووە، هیچیان شانۆی ئەزموونگەری نین، بەلکو کاری پێرفۆڕمانسین و لەرۆژگاری خۆیدا کەسمان پێمان نەزانیووە، ئیدی کاتی ئەوەیە ئێستا هەلەکانمان بدۆزینەوەو باسیان بکەین.

-ترس دەکەوێتە کوێوە لە هەڵوەشاندنەوەی سەنتەر بۆ گوتاری تازەگەری و شانۆی ئەزموونگەریدا؟ ئایا بونیادەکان لەو ڕووبەرەدا ونکردنی شوناس نیە ؟

* لەچی دەترسیت؟ لەوەی مێژووی ساختەکاریمان ئاشکرا دەبێت و دەبینە دژە مێژوو؟ من ترسم لەوە نیە، بۆیە دەبێت ئەو سێنتەرە هەلبوەشێندرێتەوە، هەڵوەشاندنەوەی سێنتەری تازەگەری کوردیی، قسەکردنە لەئاستی تیۆریی ئەو سێنتەرە، چی تازەگەری بەرهەمهێنا ؟ لەکوێوە هات؟ پەیوەندی نێوان تازەگەری و کولتور چیە؟ تازەگەری کوردیی زادەی دۆخێکی شانۆیی نەبوو، هاوکات بوو لەگەڵ تەوژمێکی شانۆی عێراقی لەساتەوەختێکدا بەعس دەگات بە وێنەی باڵای تۆقێنەر، سەرکەوتنی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەل ئێران و وێرانکردنی دێهاتەکانی کوردستان و شۆڕشی کوردی بەناچاری دەرواتە ئەودیوی سنوور، ئەوەش وا دەکات بەعس هەستی سەرکەوتنی بگاتە لوتکەو عێراقی سەددام عێراقێکی بەعسی بێت، شاعیرێکی وەک نزار قەبانی دێت دەکەوێتە ستایش و دەلێت «بەخۆشەویستەکەم بلێن لەبەغدا، باببێت بە بەغدایی” دواتر بە شیعری شمشێر جۆرێک لەپاشگەزبونەوە دەخاتە ڕوو، ژنە شاعیری کوێتی سوعاد سەباح شیعرێک دەنوسێت بەناوی «خودەی سەربازێکی عێراقیم پێ بدە هەزار شیعرت ئەدەمێ” ساڵ ناسوڕێتەوە ئەو سەربازە وڵاتەکەی داگیر دەکات، قەبانی و سەباح لەماوەی ساڵێکدا لەڕێی شیعرەوە پاشگەزبونەوەی خۆیان نیشان دەدەن، شانۆکاری کورد دوای چڵ ساڵ هێشتا ستایشی دۆخێک دەکات کە بەدژی کولتور بوو، لەو ساڵانەدا بەعس دامەزراوەکان کۆنترۆل دەکات و ئۆرگانە چالاکەکان پەک دەخات، ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆمەلگایەکی بەعسی تازەگەر، چونکە تازەگەری و فاشیزم لەناو یەک مندالدان دێنە بوون، ستالین و هیتلەر و سەددام دەخولقێنن، نازیزم و بەعسیزم دێنێتە بوون، لەسایەیدا هیرۆشیما و هەلەبجە دەبن بە دوو شوێن وەک ئاماژەی درندەی فاشیزم لەتازەگەریدا ، هۆلۆکۆست و ئەنفال دێنێتە بوون، لێرەدا فاشیزم دامەزراوە ئایدیۆلۆژیەکانی وەک سەربازیەکانی گەشە پێ دەدات تا هەموو شتێک بەدەوری خۆی بسوڕێتەوە، تازەگەری بیانویەکی ترسناکی هەیە بۆ لەکارکەوتنی کولتور، سیماکانی بوون دەسڕێتەوە، شانۆی ئەزموونگەری وەک فۆڕمێکی تازەگەری دێتە ناو ژیانی شانۆییمان، خەون بینین بە شانۆیەکی باڵا لەبنەرەتدا کوشتنی خەونی شانۆیەکی کوردیە، بەڵام کۆمیدیاکە لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک لەژێر دروشمی «بەرەو دامەزراندنی شانۆی کوردی» دەیان وتار لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری کوردی دەنوسرێت، تا ئەو شوێنەی بێئاگایی زاڵە دۆخەکە سرووشتیە، بەلام کاتێک بەئاگایان بێنیتەوەو سووربن لەسەر هەمان دنیابین، لەوێوە تراژیدیا ئەخلاقیەکانی لەدایک دەبێت، چونکە ئەو تازەگەریە لە ڕوالەتدا خەونێکی شانۆییە، بەلام لە جەوهەردا لەشوێنێکەوە دێت کە دەزگا ئایدیۆلۆژیەکانی بەعسە بۆ لەکارکەوتنی کولتور لەکۆمەلگادا، بۆیە سیماو خەسلەتە کوردیەکان وەک سونەتگەرایەکی کۆن لەشانۆدا سەیر دەکرێت و هەندێک ئاماژەی سوریالی دوبارە دەبنەوە، وەک ئەوەی لەوتارە ئەرشیفی و کتێبە کۆکراوەی وتارەکانی ئەم شانۆیە لەلایان شانۆکارێکەوە نوسراوەو باس لەکارەکانی خۆیان دەکات، نیگەران دەبێت کە ئێمە کاری ئەوانمان نەدیوە چۆن قسەیان لەسەر دەکەین، با سەرنجێک بنووسم، کتێب و ئەرشیف بۆ ناسین و گەرانەوەی ئەو رۆژگارەیە دەنا بۆچی کتێبی لەبارەوە دەنووسن، تۆ کە نمایشەکانی راینهارت و بێرگمانت نەدیوە چۆن کتێب لەبارەیان دەنووسیت، مەگەر تەنیا بۆ سەرچاوەکان نەگەرێیتەوە، بۆیە با بچینەوە سەر قسەکانی خۆمان ، ئەو شانۆیە لە بەغداوە دێت ، تازەگەریەکە دابران لەگەل کولتور دەخولقێنێت،  هەموومان شاگەشکە دەکات، کاتێک حەقیقەتی جیاواز دەبینین، لەڕاستیەکان تێدەگەین، دەیانەوێت بەسەر ئەو مێژووەدا باز بدەین و کوێرانە ئەوەی دەمانەوێت بیخەینە ڕوو نەیبینین، دەنا توڕە دەبن و دەتوانن سوکایەتیمان پێبکەن، دەتوانیت بەدژی ڕوانینەکانمان بیت، بەڵام تۆمەت بەخشینەوەو گومانکردن و فەتوادان ئەخلاقێکە هێشتا بەردەوامی هەیە لەناو مۆرالێکی بەعسیانە، هەندێک لەمنالکارەکانیش کە هێشتا فێری عەرەبیەکی باشیش نەبوونە دەکەونە فیکەو چەپڵە لێدان، بە باوەری من بۆ قسەکردن لەشانۆیەک پێویستە زمانی ئەو شانۆیە بزانیت و کولتورەکەی بناسیت، ناکرێت تۆ یەک کتێبی ئارتۆ بخوێنیتەوەو دوو کتێبی لەسەر بنووسیت، ئەی کتێب و روانینەکانی تری، جا واز لەوەش بێنە نە کولتوری فەرەنسی و نە زمانی فەرەنسی بزانیت هەر ئەو مۆنتاژ و کۆلاژە عەرەبیە لەکتێبەکەت بەرهەم دێت، تا ئێستا باس لەجەستەی ئەکتەر دەکەین لای گرۆتۆڤسکی ، بەلام تۆ کە کۆمەلگای پۆلەندی نەناسیت، کە زمانی پۆلەندی نەزانیت، ناتوانیت بە وەرگێرانی کتێبێکی گرۆتۆڤسکی بناسیت، دواتر دێینە سەر قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی شانۆیی گرۆتۆڤسکی، کە لای کورد هەر هەمووی وەک یەک سەیر دەکرێت، بەلام کاتێک شانۆ لابۆریەکەی دروست دەکات، مەبەستی لەوەیە چۆن دوای سوتاندنی جەستەی مرۆڤی پۆلەندی بەدەستی نازیەکان، شانۆ دەتوانێت ئەو جەستەیە بنیات بنێتەوە، واتە جەستە دەکەوێتە نێوان پەیوەندیەکی  فەرهەنگی و کولتوری، فەرهەنگیەکەی شانۆیە و کولتوریەکەی ژیانی مرۆڤی پۆلەندیە، بۆیە گرۆتۆڤسکی خۆی ناو دەبات بە ئەنترۆپۆلۆگێکی شانۆیی، نەک دەرهێنەرێکی شانۆیی، کتێبی شانۆی هەژار لەو سالەی دەکرێت بە عەرەبی و تەواوی شانۆی عەرەبی گەشکە دەیانگرێت بەوەی گەورەترین سەرچاوەیان بۆ تازەگەری بەدەست گەیشت، رێک هاوتای ئەو سالەیە کە گرۆتۆڤسکی رۆیشتووە بۆ ئیتالیا و پانزە سال پێش ئەو ڕووداوە کۆتایی بە شانۆ لابۆریەکەی هێناوە، کە ئێمە وەک شانۆی هەژار دەیناسین، هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەنتەرە وا دەکات بونیادەکان سەر لەنوێ ڕێکبخەینەوە، وێنە جیاوازەکانی کاری شانۆیی و کتێبەکان وەک بونیادی سەربەخۆ بناسین، بونیاد بەهۆی ئەوەی سەنتەری نیە، بۆیە لەبەردەم بونیاددا دەبێت بزانین کە ئێمە قسە لەدەق وەک بونیاد دەکەین، ئەو شوناسە لەدەست دەدەین کە بە شانۆی ئەزموونگەری کوردی ناسیمان، بەواتایەکی تر شانۆیەک بوو وەک پرۆژەیەکی تەواو سەیری دەکەین، تەواو بەو مانا فەلسەفیەی کۆتایی هاتن، بۆیە شانۆی ئەزموونگەری کۆتاییەکە دەبێت قسە لەخەوشەکانی بکەین، بەبێ نیازخراپی وەک بەشێک لەکارەکتەرەکانی ئەو رۆژگارە تێی گەیشتوون.

*ئەگەر هۆلۆکۆست دەرگایەک بکاتەوە بۆ گرۆتۆڤسکی تا جەستە ببێت بە زمانی سەرەکی شانۆ و گرنگیەکەی دەربکەوێت، ئاخۆ ئێمە بۆ ئەنفال بۆچی ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ گرۆتۆڤسکی؟

  • کێشەی ئێمە ئەوەیە هەمیشە لەدیاردەو گرفتەکانی فۆڕمە ڕواڵەتیەکەی وەردەگرین، بەبێ ئەوەی بزانین لەجەوهەردا ئەوانە وێکچوون، ئێمە وتمان نازیزم و بەعسیزم لەمندالدانی تازەگەری هاتونەتە بوون، هۆلۆکۆست و ئەنفال بەرهەم دێنن، بەڵام ئایا ئەو خوێندنەوە ئەنترۆپۆلۆژیە شانۆییەی بۆ جەستەی مرۆڤی پۆلەندی قبوڵکراوە، دەگوازرێتەوە بۆ ناو جەستەی مرۆڤی کوردیی؟ پرسیارە گرنگەکە لێرەدایە، ئێمە ناتوانین روانینێکی ئامادەکراو بگوازینەوە ناو کولتورێکیتر ، دەکرێت سوودیان لێ ببینین، بەڵام نەک بیگوازینەوە ناو شانۆیەکیتر، ئەوانەی لەو بوارەدا لەشانۆی ئێمەدا دەنووسن یاخود ئەوانەی کاری پراکتیکی دەکەن بە ڕوانینی خۆیان پێیان وایە لەتەک میتۆد کار دەکەن، بێئاگایانە ڕەهەندە کولتوریەکە بەهەند وەرناگرن، بۆیە هەمان دەرەنجامی ئەوان بەرهەم دێننەوە، ئێمە بۆ ئەوەی هاوشێوەی هۆلۆکۆست بمانەوێت ئەنفال لەناو نمایشی شانۆیی بخوێنینەوە، جەستەی کوردی چۆن لەناو شانۆ بنیات دەنێینەوە، مانای وا نیە بێین گرۆتۆڤسکی بگوازینەوە، بەڵکو پێویستە تێگەیشتنی گرۆتۆڤسکی بکەین بە دەروازە بۆ خوێندنەوەی جەستەی کوردیی، دەتوانین وەک ئەو کاری لابۆری و پشکنین ئەنجام بدەین، لەسەر بنەمای ئەنترۆپۆلۆژیانە بۆ جەستەی مرۆڤی کوردیی، کارێک گەڕان بێت بەناو ئەنفالدا، لەکۆتاییدا ئەوەی پێی دەگەین دەرەنجامی خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ ئەنفال، جەستەی کوردیە کە چۆن لەناو شانۆ بونیاتی کەسێتی مرۆڤی کوردی وێنا دەکاتەوە، پەیوەندی یادەوەری ئەو مرۆڤە بە ژیانەوە، چۆن لم دێت ساتەوەختێک دەوەستێنێت، دابڕان دەخاتە ناو دوو زەمەنی ژیانی ئێمە، زەمەنی پێش ئەنفال و زەمەنی دوای ئەنفال، شانۆکار دەتوانێت ئیش لەسەر ئەوە بکات، ئەوە تەنیا گریمانەیەکە، کە هیچ پەیوەندی بە هۆلۆکۆستەوە نیە، وەک چۆن دیدی گرۆتۆڤسکی دابڕاوە لەتێگەیشتنی کولتوریمان، قسەکە لەوێیە ناکرێت ئەزموونێکی خۆرئاوایی کە خوێندنەوەی کۆمەلگاکەی خۆیەتی دەرەنجامەکانی بگوازیتەوە ناو شانۆی کۆمەڵگایەکیتر، بەلام دەتوانیت سوودمەند بیت لێی و دەرگا بەڕووی خۆت بکەیتەوە، ڕەنگە پرسیارەکە لەوەدا بێت مەرجە تەنیا لەرێی جەستەوە ئەوە بنیات بنرێت؟ هەلبەت دیدی جیاواز و گەڕان و پشکنینەکان توانای ئەوەیان هەیە فۆڕمیتر ببەخشن، گرفتی ئێمە ئەوەیە یان لەشانۆیەکی سونەتی کار دەکەین یان ئەزموونگەرین، لەم سالانەی رابردوو دەرهێنەری هاوچەرخی پۆڵەندی یان کلاتا نمایشێکی شانۆیی پێشکەش کرد بەناوی «ترانسفێرت» کە باسی لە هۆلۆکۆست دەکرد، تەنانەت سێ ڕزگار بووی هۆلۆکۆستی هێنابوو، جەستە ئامادەبوونێکی ئەوتۆی نەبوو، ژنێک و دوو پیاو چیرۆکی ئەو ڕۆژگارەیان دەگێڕایەوە، دەرهێنەر شێوازی گێڕانەوەو جولەی ئەوان دەست نیشان دەکات، ڕەنگە گەر نمایشەکە لەشانۆی کوردیی نیشان بدرێت بە کارێکی سونەتگەرای خراپ ناو بەرین، بەلام ئەو نمایشە کاریگەریەکی گرنگی وەدەست هێنا لەنێوەندی رەخنەی شانۆیی و بینەراندا، نمونەیەکە هیچ پەیوەندیەکی بە گرۆتۆڤسکیەوە نیە، نەک هەر ئەوە بەڵکو هەر بیریشی لێ ناکاتەوە، ئەو دەیەوێت دیدی خۆی وەک دەرهێنەرێک لەئەمڕۆدا بۆ تراژیدیای نەتەوەکەی بخاتە ڕوو، هەڵبەت گرۆتۆڤسکی بۆ ئەنستویتەکەی خۆی و گروپە پێرفۆرمانسیەکانی وەکو شانۆی زار و پیسن کۆزلا گرنگی تایبەتیان هەیە، بەڵام بە گشتی وەک میراتێکی تازەگەری سەیر دەکرێت، کە لە ئەمڕۆدا نوێنەرایەتی تازەگەری ناکات، تەنیا بۆ کوردو عەرەب نوێنەرایەتی تازەگەری دەکات. لەوانەیە دوای سی ساڵی تر لەرێی وتارێکی عەرەبەکانەوە شانۆکاری کورد یان کلاتا بناسێت ئەوسا بکەوێتە ستایشکردنی، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لەئێستادا باوەر بەوە بێنێت کە ئێستای خۆی چیە و چۆن پێویستی بەقۆناغێک نیە کە بە ئەزموونگەری ناسراوە، لێتانی ناشارمەوە، بەداخەوە شانۆکارانێکی کورد کە لەخۆرئاوا دەژین رۆلێکی خراپیان بینیووە لە فریودانی نەوە نوێیەکانی شانۆ وایان تێگەیاندوون هێشتا ئەو ناوانە کاریگەری گرنگیان لەنەخشەی شانۆی جیهانی هەیە، لێتانی ناشارمەوە زۆرینەش ئەو قسانەیان پێخۆشە، چونکە ناچار بەوە نابن بەدوای زانیاریتر بگەرێن، هەر ئەو سەرچاوانەو هەندێکی تری عەرەبی و فارسیت دەست بکەوێت، بڕوا بەخۆت دێنێت تۆ تازەترین سەرچاوەکانت بەدەستەوەیە، کاتێک ڕاچەنینی بۆ درووست دەکەیت، خۆشەویست نیت و هەموو ڕقیان لێتە، چونکە کەس نایەوێت دان بڕان درووست بکات و تێبگات تازەگەریەکەی ناسیوومانە کۆن بووەو جگە لە ئێمەو ئەوانی دەوروبەرمان بۆ کەسیتر گرنگ نین، لەڕۆژانی ڕابردوو وتارێکی شانۆکارێکی ئازیزم خوێندەوە، گلەیی لەنێوەندی ئەزموونگەری ئەوە بووە کە کامەران ڕەئوف ئەزموونکار بووەو کەچی نمایشەکانی بە شانۆی ئەزموونگەری نەناسراوە، بەدلنیاییەوە بەو دۆستە ئازیزەم دەلێم کە کامەران رەئوف هەرگیز ئەزموونکار نەبووە، دەبێت دلخۆش بین بەوەی ئێمە دەرهێنەرێکی وەک ئەومان هەیە کە تەواو لە ستانسلاڤسکی تێگەیشتووە، من کاتی خۆی لەوتارە پۆلەندیەکەشمدا کە لەچوارچێوەی وانەی خوێندن بوو، لەخوێندنگای دراماتۆرگی شانۆی زیگمۆند هۆبنەر باسم لەشانۆگەری شالیری کامەران کرد وەک دیدێکی واقعی دەروونی ستانسلاڤسکی، مامۆستاکەمان کە دراماتۆرگێکی دیاری شانۆی پۆلەندیە بەناوی ئارتور پاوڤێک، دلخۆش بوو بەوەی کورد شانۆکارێکی لەم شێوەی هەبێت و بەگرنگ بینی، هەڵبەت ئەوە ناکرێت چاوپۆشی لەخەوشی نمایشەکانی کامەران رەئوف بکەین، بۆ من کە خراپترین دیدێک کەپەیرەوی کردووە تێکەڵکردنی چەند دەقێکی شانۆییە، ئەوەش لەژێر کاریگەری هەندێک تێگەیشتنی عەرەبی کە بەناوی خوێندنەوە و مانای نوێ ئەویشی گرتۆتەوە، بەڵام سەرەنجام ئەو باشترین نمونەی دەرهێنەرێکی کوردە کە لەستانسلاڤسکی گەیشتووە.   
  • * قۆناغ و ئاستە جیاوازە شانۆییەکانی گرۆتۆڤسکی چین؟ بۆچی پێتان وایە گرۆتۆڤسکی چەند وێنەیەکی جیاوازی هەیە؟ ئایا شانۆی گرۆتۆڤسکی شانۆی هەژار نیە؟
  •       دەی ئەوە گومانی هەمووانە، بەڵام نەزانینێک هەیە خەوشی تیا نیە، گرنگیشە لەئێستادا دەست نیشانی بکەین و وێنەکانی گرۆتۆڤسکی لەشانۆدا لەیەکتری جیا بکەینەوە، چونکە تا ئێستا لە کتێبە عەرەبیەکان باسی ئەو جیاکاریە نەکراوە، ئەوەی ئەوانیش باسیان نەکردبێت، شانۆی ئێمە لێی نەزانیووەو خۆی لێ بێدەنگ کردووە، ناکرێت ئێمە ئاستە جیاوازەکان و قۆناغەکانی نەناسین و بەم ڕادەیەش ئەو بە ڕزگاری شانۆ بزانین، گرۆتۆڤسکی گرنگیەکی مەزنی هەیە لەنەخشەی کاری پێرفۆڕمانسیدا، هەروەها لەکردەی ئامادەکردنی ئەکتەر، پرۆژە شانۆییەکەی بەدرێژایی کات لەم دوو تێگەیشتنەوە تایبەتن، بەڵام ئەمڕۆ هەرگیز گرۆتۆڤسکی نوێنەرایەتی تازەگەری ناکات، بەقەد ئەوەی کولتورێکی شانۆیی خولقاندووە، کە وەک میراتێکی تازەگەری دەیبینین، نەک ئێمە تەنانەت بۆ خودی شانۆی پۆلەندی، ئەگەرچی تا ئێستاش گروپە پێرفۆرمانسەکان ئەو بەرابەری خۆیان دەزانن، چونکە چەند چەمکێکی جیاوازی هێنایە ئاراو جیاواز لەتێگەیشتنی باوی شانۆیی، بەڵام با هەناسەمان درێژ بێت و بتوانین ئاست و قۆناغەکانی لەیەکتری جیا بکەینەوە. سەرەتای کارکردنی وەک لە کتێبی ئیلهام و ئیحا بەغشەکانم لەشانۆدا کە کتێبیەکە لە دوو بەرگ پێکهاتووە، باس لەشانۆ لابۆریەکەی دەکات کە دواتر لۆدڤیک فلادزین کە بەرێوبەری شانبۆکەیەتی شانۆکەی ناو دەبات بە شانۆی هەژار، ئەو دەستەواژەیە دەبێتە جێی سەرنجی گرۆتۆڤسکی و هاوڕا دەبێت لەسەر ناونانی شانۆ لابۆریەکەی بەم ناوە،. شانۆی هەژار بۆ خۆی لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨-بۆ ١٩٦٩ بە سێ قۆناغی کارکردن تێپەڕیووە، تەمەنی شانۆکە یانزە ساڵە،  قۆناغی یەکەمی کارکردنی لەوێدا گرۆتۆڤسکی لاو دەناسین، دەرهێنەرێکی لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨-١٩٦٠ دەست بە دەرهێنانی شانۆیی دەکات، گەنجێکی بیست ساڵە یەکەم کاری خۆی لەگەڵ کۆمەلێک خوێندکارێک وەک کارێکی ئارەزومەندانە بۆ لابۆرەکەی نمایش دەکات، نمایشەکە  بەناوی «شەیتان کردیە ژن»، هەر لەو سالەدا شانۆگەری «خوای باران» نمایش دەکات، سالی دواتر کار دەکات لەتەک شانۆنامەی «ئورفیۆس» ی ژان کۆکتۆ، لەو کتێبەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە یەکەم نمایشی تیپەکەی بوو، سەرباری ویستویەتی دوو کارەکەی پێشووی هەر بە درێژەی کاری لابۆرەکەی سەیر بکات، بەلام زیاتر لەگەل کۆمەلێک گەنجی خوێندکار پێشوو کاری کردووە، بەڵام ئێمە ناتوانین لەبنەرەتدا ئەوە بە مێژووی شانۆی هەژار سەیر بکەین، چونکە پرۆژەیەکی بەردەوام نەبووە، وەک ئەوانەی لەبارەی شانۆکەی قسە دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەوە مێژووی راستەقینەی ئەو شانۆیە نیە بەقەد ئەوەی سەرەتای کاکردنیەتی لەشانۆدا، دیدێکی تەواوی نیە، هەر بۆیە لەکتێبەکەیدا باس لەو کاریگەریەی ستانسلاڤسکی دەکات کە هێشتا لەو قۆناغەدا نەیتوانیوە بەیەکجاری دەستبەرداری بێت، سالی ١٩٦٠ بە دوو نمایش ئەو قۆناغەی ژیانی شانۆیی تەواو دەبێت، لە دووشاری جیاواز کار دەکات، سەرەتا شانۆگەری «قابیل» ی بایرۆن پێشکەش دەکات، دواتر  ڕوو دەکاتە شاری بۆزنان بۆ ئەوەی شانۆگەری «فاوست» ی گۆتە نمایش بکات و کارەکە لەوێ نمایش دەکات، بەو پێیەی ئەو شارە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەرگای بۆ گروپە جیاوازەکان کردەوە کە بەشداری لەتازەکردنەوەی شانۆی پۆلەندی بکەن، تا ئێرە سینۆگرافیا لەشانۆکەیدا بوونی هەیە، بەڵام قۆناغی دووەمدا کە لە ١٩٦٠-١٩٦٤ درێژ دەبێتەوە، لێرەدا دەستبەرداری سینۆگرافیا دەبێت و بایەخێکی تایبەت بە جەستەی ئەکتەر دەدات، ئەو کارانەی نمایشی دەکات بریتین لە پێنج نمایش، سەرەتا بە شانۆگەری «شاکۆنتالا» دەست پێدەکات، کە لەتێکستێکی کۆنی هیندیەکانەوە وەرگیراوە، سال دواتر بۆ یەکەمجار کار دەکات لەتەک شانۆنامەیەکی پۆلەندی ئەویش شانۆگەری  «ئێوارەی باوان» کە لە نوسینی ئادەم میچێکیڤیچ، ئەو نوسەرە بەبەردی بناغەی ئەدەبی پۆلەندی دادەنرێت ، داستان و شیعر و شانۆنامەی نووسیوە، زمانێکی قوڕسی هەیە، کە لەاێستادا ئەو زمانە پۆلەندیە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام لەڕۆشنبیریی پۆلەندی ئەدەبی میچێکیڤیچ وەک بنەچەکەی ئەدەبی پۆلەندی سەیر دەکەن، لەم شانۆگەریەدا گرۆتۆڤسکی کارێک دەکات کە پێشتر ئەنجامی نەداوە، ئەویش کارکردنی راستەوخۆی نێوان ئەکتەرو بینەرانە، لێرەدا گرۆتۆڤسکی لەڕێی ئەم نمایشەوە خالێک دەدۆزێتەوە، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان وەک لابردنی دیواری چوارەمە، بۆیە لەچەندین نمایشی تری ئەم قۆناغە تیایدا بەردەوام دەبێت، کاتێک لەنمایشی «کۆردیان» رووداوەکان لەنەخۆشخانەیەکی دەروونی ڕوو دەدەن، بینەران وەک دانیشتووی ناو خانەوادەی نەخۆشەکان دەردەکەون، خالێکی گرنگ پێویستە وەک تێبینی سەیری بکەین، لەم قۆناغەدا پەلە ناکات، ساڵی یەک نمایش بەرهەم دێنێت، بۆیە لەسالی ١٩٦٣ ئەمجارە دەقەکەی کریستۆڤەر مارلۆ دەخاتە سەر شانۆ بەناوی «مێژووی مەرگەساتاوی دکتۆر فاوست»، لەناو نوسینە رەخنەییەکان ڕەخنەگران جەخت لەو پەیوەندیەی نێوان ئەکتەرەکان و بینەران دەکەنەوە، کاتێک لەماڵەکەی فاوستدا مێزێکی گەورەو فراوانی نانخواردن دانراوەو بینەران وەک میوان سەر مێزەکە بانگهێشت لکراون ، سالی دواتریش شانۆگەری هاملێت نمایش دەکات لەژێر ناوی «توێژینەوەیەک لەبارەی هاملێتەوە» ، ئەوەیان دوا نمایشی قۆناغی دووەمە، کە لەم قۆناغەدا دوو خال بە گرنگی لە ئەزموونەکەیدا دەردەکەوێت، بایەخدانی سەرەکی بە جەستەی ئەکتەرو ئەویدیش لابردنی دیواری چوارەمی شانۆیە، لەقۆناغی سێ یەم و کۆتایی شانۆی هەژار بریتیە لەکارکردن لەتەک کلاسیکی ئەدەبی، یەکەم کاری ئەم قۆناغە «ئەکرۆپۆلیس» بوو ، دەقی شانۆنووسی کلاسیکی پۆلەندی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکیە. ڕووداوەکانی لە گرتوخانەیەکی دەستگیرکراوان ڕوو دەدات، لەماوەی پێنج ساڵدا بەچەندین ئیزافەو لابردنەوەو لەچەندین نمایشی جیاواز ئەم شانۆگەریە پێشکەش دەکات، هەروەها یەکێک لەکارە دیارەکانی شانۆگەری «شازادەی هەڵکشاوە» یەکەمجار ئەم شانۆگەریەی لە سالی ١٩٦٥ نمایش کردووە لە دەقی کالدێرۆن وەرگیراوە، بڕوام وایە ئەوە تاکە دەقێکی شانۆیەتی کە کاری تیا کردووەو کراوە بە عەرەبی لەپال هەندێک راهێنانەکانی ئەویش لە سالی ١٩٨٠ لە گۆڤاری «الحیاة المسرحية» ی سوری بلاو کراوەتەوە، لەسالی ١٩٦٩ گرۆتۆڤسکی دواهەمین نمایشی خۆی لەشانۆی هەژار وەک دەرهێنەر پێشکەش دەکات کە کارێکی ئێکستاسیسە بەناوی «کۆتایی جیهان لەگەڵ وێنەکاندا» ، کە بەبڕوای توێژەرانی شانۆی هەژار ئەوە دواهەمین کاری شانۆی هەژارە، ئەگەرچی ئێمە بۆ خۆمان بەم دواییە لە ئەنستیتوی ئەرشیفی گرۆتۆڤسکی لەشاری فرۆتسواڤی پۆلەندی هەندێک دۆکیۆمێنتمان بینی، کە سالی ١٩٧٠ شانۆگەری «شازادەی هەڵکشاو» وەک کۆتایی شانۆی هەژار بۆ ئەوەی ئەوروپا دەستکەوتەکەیان لەم شانۆیە ببینێت نمایشەکەیان بردۆتە چەندین ولاتی ئەوروپی لەوانە؛ ئەلمانیا و فەرەنسا و سویسرا و چەند ولاتێکی تریش، ئیدی لەوێوە بەرهەمی نوێیان نامێنێت، ئەگەرچی تیپەکەی تا سالی ١٩٨٠ بەردەوام دەبێت و کارەکانی پێشوو نمایش دەکاتەوە، لە سالی ١٩٨٦ گرۆتۆڤسکی دەرواتە ئیتالیا و لەوێ خەریکی کاری پێرفۆرمانسی دەبێت و دواتر باسی دەکەین،  لەپاڵ هەندێک روانینین بۆ شانۆکەی. گرۆتۆڤسکی بۆ خۆی لەشانۆ لابۆریەکەی دەسبەرداری پرۆژەی گەڕان و پشکنین دەبێت، ئەوەش تەواو پێچەوانەی ئەو ڕوانینە عەرەبییە بۆ شانۆکەی و کە شانۆکارانی کوردیش دوبارەی دەکەنەوە گوایە شانۆی ئەزموونگەری سنوری نیەو بێکۆتاییە، کامل بوونی سێ قۆناغەکەی شانۆی هەژار دەریدەخات ئەم شانۆیە سنوری هەیە و لەناو کلاسیکی ئەدەبیات کۆتایی بەخۆی دێنێت و ئەوەی دەمێنێتەوە توێژینەوەو گەڕانەوەیە بەناو دۆکیۆمێنت و زانیاریەکان، بەلام با ئەوەمان لەیاد نەچێت سەرباری بلاوکردنەوەی راهێنا و دەقێکی ئامادەکراوی گرۆتۆڤسکی لە ١٩٨٠ بە زمانی عەرەبی، سالی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦ یەکەمجارە کتێبی «شانۆی هەژار» دەکرێت بە عەرەبی رێک لەو کاتەی گرۆتۆڤسکی خەریکی پێرفۆڕمانسە، هەڵبەت وەرگێڕانە عەرەبیەکەی ئەو کتێبە لەبەراوردکردنی بە پۆلەندیەکە تێدەگەیت هیچ چەمک و زاراوەیەک نیە بە هەڵە وەرنەگێردرابێت، کە دیارە تا ئێستا کتێبەکە نەکراوە بە کوردیش ، بەلام شانۆکاران کردویانە بە زەمینەی شانۆی ئەزموونگەری و تازەگەری.
  • ئێستا ئێمە باسمان لە نمایشەکانی ئەم شانۆیە کردو قۆناغەکانیمان دەست نیشان کرد، کەواتە دەتوانین ئاست و قۆناغ و دەستکەوتەکانی لەچیدا ببینین؟ چی کرد ؟ کاریگەریەکانی چی بوون؟ چی لەپێش خۆی گۆڕی؟
  • ئێمە پێویستمان بە هەڵوەشاندنەوەی سێنتەرە لەشانۆی هەژاردا، بە مانەوەی سێنتەر، وەک شانۆی ئەزموونگەری کوردیی تەنیا دەبێت ستایش بکەین، ستایشکردن لەڕووی ئەکادیمیەوە هیچمان پێ نابەخشێت، پرۆژە ڕەخنەییەکەمان پێویستی بە تێگەیشتنە، بەڵام ئەگەر ئێمە سێنتەرمان هەڵوەشاندەوە مانای وا نیە بڕوامان بە گرۆتۆڤسکی نیە و ڕەتیدەکەینەوە؟ ئەوە پرسیارێکە ستایشکارانەی سێنتەر دەیانەوێت وەک گومان لەپڕۆژەی ڕەخنەیی بیخەنە ڕوو، دەنا لەبنەرەتدا هەڵوەشاندنەوە لێرەدا مەبەستمان گەڕانەوەیە بۆ ناو بنەچەکەی تازەگەری و ئەو پایەی ئێمە ویستومانە دروستی بکەین، بۆ ئەوەش با قسەیەکی دێرێدا خۆی بێنینەوە لەبارەی سێنتەرەوە ئەو دەنووسێت «ئێمە دەتوانین بەبێ سێنتەر بمێنینەوە، من وای دەبینم کە سێنتەر وەزیفەیە و نەک بوون بێ یان واقیع» کەواتە کاتێک ئێمە سێنتەرمان نامێنێت، مانای وایە بونیادەکان سەربەخۆ دەبن و لێرەدا ئیشکردنی ئێمە لەگەل بونیاد ئاسانتر دەتوانین تێیبگەین، با زۆر دوورنەکەوینە، شانۆ لابۆریەکەی کە لۆدڤیک فلازین سەرەتا ناوی نا شانۆی هەژار، ئەو شانۆیە چۆن هات ئەدەب لەشانۆ بکاتە دەرەوە، کتێبێک هەیە بەناوی «دواهەمین دەیە وهونەری شانۆی پۆڵەندی» قسەکردنە لەسەر کۆمەلێک شانۆکاری پۆڵەندی کۆتایی هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستەم لەشانۆی پۆلەندیدا، کتێبەکە سالی ١٩٩١ چاپکراوە، پرۆژەیەکی ئەرشیفیە بۆ گەڕانەوە بەناو کۆی سەرچاوە شانۆییەکان و لەلایان باربارا ئۆستێرلۆف و  ئەگنێشکا کۆشێر ئامادەکراوە، لەشوێنێکی کتێبەکەدا باس لە پەیوەندی ئەدەب و دەسەلاتی دەرهێنەر دەکات، بەوەی بەدوای مایەرهۆڵد و ئارتۆ و گریک و بروک ، لەلای گرۆتۆڤسکی و کانتور ئیدی متمانە بە ئەدەب نامێنێت لەشانۆدا، کەواتە لەسۆنگەی ئەو کتێبەوە دەنووسین گرۆتۆڤسکی تەواوی ئەو روانینەی پێش خۆی کۆدەکاتەوەو لەناو شانۆ لابۆریەکەی ڕێکی دەخاتەوە، بەدوای ئەزموونکردنی لەتەک چەندین دەقی شانۆیی و کلاسیکیەکانی ئەدەبی شانۆ، کۆتاییەک بۆ شانۆی هەژار دەست نیشان دەکات، درکی ئەو نهێنیە دەکات، ئەوە ڕایدەکێشێت بەرەو ڕووبەری سەربەخۆی کاری هونەری کە لەنمایشی شانۆیی جیا بێتەوە، بۆیە لەسالی ١٩٨٦ دەروات بەرەو ئیتاڵیا و سەنتەرێکی تایبەتی توێژینەوە لەبارەی هونەری پێرفۆرمانس دادەمەزرێنێت و نمایش دەگۆڕێت بۆ رزگاربوونی مرۆڤ و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆحی مرۆڤ، ئەوەشی ناونا «هونەر وەک پێرفۆڕمانس» لە زمانی عەرەبیدا بە ئامراز ناوبردراوە، بۆیە هەندێک شانۆکاری کوردیش وەک ئامراز ناوی دەبەن، لەم سالانەی دوایی و رێک لە سالی٢٠٢٠ کاتاژینا ڤۆژنیاک کتێبێکی لە زمانی ئیتالیەوە کرد بە پۆلەندی, کە بریتیە لەکۆمەلێک توێژینەوەو گفتوگۆ لەگەل گرۆتۆڤسکی و نووسین لەبارەی پێرفۆرمانسەکانیدا، کتێبەکە بەناوی «گریمانەی سێیەم»، شتێک نیە لەو کتێبە خودی گرۆتۆڤسکی بەناوی شانۆی هەژار بگەرێتەوە سەری، بەلکو تەواو باس لەسالانی ١٩٨٦ تاوەکو ١٩٩٩ و ساتی مردنیەتی، چونکە ئەو قۆناغە لەژیانی شانۆی گرۆتۆڤسکی تەواو جیاوازە، هەر لە پێرفۆڕمانسەوە ئەو وەک شانۆکارێکی جیهانی دەردەکەوێت، ئەویش بەهۆی گوتاری رەخنەی شانۆی ئیتالی کە وەک قەشەی شانۆ ناوی دەبەن و هەندێکیش ناوزەدی دەکەن بە مامۆستای ڕۆحی، ئەو ڕوانینانەی لەشانۆی کوردیی و عەرەبی دراوە بە شانۆی هەژاری گرۆتۆڤسکی، لەڕاستیدا زادەی پێرفۆرمانسە نەک شانۆی هەژار، ئێمە لەو کتێبانەو بەتایبەت لەکتێبەکەی زبگنیڤ ئوشینیسکی وێنە ڕاستەقینەکەی گرۆتۆڤسکی دەناسین، ئەو کتێبە گفتوگۆیەکی درێژە لەگەڵ گرۆتۆڤسکی سەرباری دەیان دۆکیۆمێنت و بەلگەی وێنەیی و نوسراو لەبارەی کارەکانیەوە، تێکەڵکردنی شانۆی هەژار و پێرفۆرمانس هەلەیەکی هێندە کوشندەیە تەنیا زادەی نەخوێندەواری و نەبوونی سەرچاوەیە، وەرگرتنی ناوی گرۆتۆڤسکی و سەپاندنی کارەکانیەتی بەسەر یەک فۆڕم، کاتێک دێیت ئەو جیاکاریە نیشان دەدەیت، مناڵەکان دەکەونە تۆمەت بەخشین، بەوەی ئێمە مەبەستمان بووە لە گرنگی ڕۆڵی ئەو کەم بکەینەوە، لەڕاستیدا پرسی گرۆتۆڤسکی لەشانۆی ئێمەدا پرسێکی گرنگە، قسەکردنیش لەبارەیەوە هەموو دۆستە ئەزموونکارەکانمان زوویر دەکات، بە بروای من شانۆکارێکی کورد هەبێت زۆر بە ئاگایانەوە ئاشنای پێرفۆرمانس بێت شەماڵ عومەرە، لەرابردووشدا هەمووتان دەزانن من لەبارەی روانینەکانیان نووسیوومە ، بایەخم بە هەوال و چالاکیەکانیان داوە، کاتێک گۆڤاری شانۆکارم لەکەرکوک دەردەکرد، ژمارەیەکم تایبەت کرد بەوان و دواتریش هەرچی وتارێک لەبارەیانەوە هەبوو لەکتێبێکدا چاپمکرد، بەلام بەرپرسیاریەتی لەشانۆدا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، کاتێک بینیم روانین و چەمکەکانی لابۆری شانۆی لالش لەبنەرەتدا بەرەنجامی بیرکردنەوەی شانۆیی ئەوان نیە و بەڵکو لە گرۆتۆڤسکی وەرگیراون، وەک چۆن موتوربە کراون بە دیدی شێوەکاریانەی تادووش کانتور، ئەوەم دوانزە ساڵ پێش ئێستا لە ئیمێلکدا پێ ووتن، ئەوە بوو بێدەنگیان لێکردو پەیوەندیی هاورێیەتی مان کۆتایی هات، بەڵام بۆ من کە هاولاتیەکی شانۆم، پەیوەندی هاورێیەتی کاتێک لەدەست دەدەم، دەزانم بەرەنجامی راستگۆییمە، گەر وەک مرۆڤ نیگەرانیش بم، ناچارم قبوڵی بکەم، چونکە ناتوانم ناپاکی لەخودی شانۆ بکەم، کە هەموو ژیانم پێبەخشییوە، بۆیە ئەو چەمکانەی ئەوان بەکاری دێنن و لەهەندێک وتارەکانیان ئاماژەی بۆ دەکەن وەرگیراوی گرۆتۆڤسکین، بەلام ئەوە هیچ لەگرنگی ئەوان کەمناکاتەوە وەک گرۆپێکی پێرفۆرمانس، بە تایبەت لەئیشکردنەوەیان لەسەر دەنگدا.        
  • تیۆرەکان تا چەند سوود بە شانۆی ئێمە دەگەیەنن؟ ئایا گومانێک هەیە لەتیۆر؟

    • * بەتەنیا وابەستەی گومان نیە، هێندەی ئێمە زۆربەی ڕوانینەکانمان تێکەڵکردووە، ئەوەی لەفۆڕمی تازەگەری هاتە ناو شانۆی ئێمە، تیۆری لەشانۆ کردەوە، دنیا بۆ نواندن لەسەر پایەی ستانسلاڤسکی وەستاوە، بەلام ستانسلاڤسکی بوو بە شانۆیەکی کۆن، وەک شەرمێکی لێهات، لەشوێنی ئەودا هەندێک ناویتر جێگایان گرتەوە، لەوانە ئارتۆ و گرۆتۆڤسکی و بروک و گۆردن گریک و باربا، بەبروای من ئەو پێنج ناوە کە شانۆی ئێمەیان لەرێی عەرەبەکانەوە داگیرکردووە، پێویستە ئێستا زۆر زانستیانە بەدژی ئەو داگیرکاریە بووەستینەوە، بۆیە من لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەو کارە بکەم، بەڵام سەرەتا با باس لە هاتنی ئەوان بکەین کە چۆن هاتن، بۆچی هاتن؟ ئەو نزیکیە کولتوریی و تیۆریەی ئەوان چی بوو لەکۆمەڵگای کوردیی؟ تا بتوانین بە ئاسانی لەشانۆی ئێمەدا پێگەیەکی پتەویان هەبێت؟ چۆن ئەوانمان هەر هەمووی لە کۆلاژێکدا خستە ناو وێنەیەکەوەو ناومان نا شانۆی ئەزموونگەری، لەڕاستیدا من ساڵانێکی زۆری تەمەنم لەئاستی کاری شانۆییم بەم شانۆیە بەخشیووە، لەئێستاشدا ئەوە لای هەمووتان ڕوونە، بەڵام با بیرمان نەچێت، ئەوەی لەکوردستان ناومانناوە شانۆی ئەزموونگەری نەبوو، بەڵکو پڕۆژەی دژە شانۆ بوو، بەداخەوە من لەوێ دواهەمین نەوەی ئەو ئەزموونگەریە بووم کە ڕۆڵێکی خراپمان بینی بۆ کوشتنی شانۆ، ئەو شانۆیە ئەزموونی نەدەکرد، هێندەی شانۆی دەگۆڕیە سەر وێنەی جولاو ، گرفتی سەرەکی لەگەل دیالۆگ هەبوو، بێ ئاگا لەوەی شانۆ خودی دیالۆگ دروستی دەکات، با بڕوانین دیالۆگ هەر لەشانۆی گریکەوە یەکەم پایەکانی شانۆی تیا دادەمەزرێنێت، ئێمە هاتین ڕەتمان دەکردەوە، چونکە بەبانگەشە ساختەکاریەکانی عەرەب و عێراقی فریومان خوارد، دەنا دیالۆگ گرنگیەکەی هێندە زۆرە تاوەکو فەیلەسوفێکی وەک ئەفلاتون دەیکات بە زمانی ناو کتێبە فەلسەفیەکانی، لەسەردەمی ڕۆشنگەریدا فەیلەسوفە فەڕەنسیەکانی وەکو رۆسۆ و دیدرۆ دیدە فەلسەفیەکانیان لەڕێی دیالۆگی شانۆیی و شانۆنامە دەنووسنەوە، تەنانەت سارتەرو کامۆ ئەوانیش وا دەکەن، ئەو گرنگی و بایەخەی ژیل دولوز دەیدات بە شانۆنامەکانی بیکیت، بەڵام ئێمە دژە دیالۆگین، چونکە شانۆی وێنەی عێراقی لەهەشتاکان بەلوتکەی تازەگەری شانۆیی تێدەگەین، کە لەبنەرەتدا پرۆژەیەکی بەعسیزمە بۆ کوشتنی فیکر و بیرکردنەوە، هەمیشە لەسەر دەستی فاشیستەکان فۆڕمێک دەخولقێت بۆ دووربوون لە بیرکردنەوە، ئێمە نا ئاگایانە یان بەمەبەست ئەو کارە بکەین، سەرەنجام تیۆر لەشانۆ دەکەینە دەرەوەو پشت بەپڕۆژەی دژە شانۆ دەبەستین، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی شانۆ دەتوانێت گۆڕانکاری لەکۆمەلگادا بخولقێنێت، وەک ئەوەی گەیشتین بە نهێنیە گرنگەکەی شانۆ، وتەیەکی پیتەر بروک لەبەرگی کتێبی شانۆی هەژار نووسرایەوە بەوەی کە دەلێت گرۆتۆڤسکی دانسقەیە چونکە بەدوای ستانسلافسکی کەس وەک ئەو توێژینەوەی لەبارەی ئەکتەر نەکردووە، ئیدی ئەو ووتەیە بەس بوو ڕەوایەتی بدەین بە گرۆتۆڤسکی و دەستبەرداری ستانسلاڤسکی بین وەک سەرچاوە راستەقینەکە، ئیدی هەموو ئەوانەی وەک گرۆتۆڤسکی دەڕواننە رۆلی جەستە گرنگی تایبەتی خۆیان هەبوو، شانۆکارێک کتێبێک دەنووسێت لەبارەی ئارتۆ هەموومان شاگەشکە بووین، بەمدواییە هەمان کتێبی دانا رەووف هەندێک دەستکاری و زیادەکاری تیا کردو سەر لەنوێ چاپی کردەوە. سێنتەری بیرکردنەوە لەو کتێبەدا چیە؟ کۆکردنەوەی کۆمەلێک سەرچاوەی و کۆلاژکردنیەتی لەناو کتێبێکدا، ئێمە ناگەین بە دەرەنجامێک ، ئەوەش کێشەیەکی کتێبەکەیە، وەسفێکی پەخشانی زاڵە، وەک چۆن ئەو وەسفە بەسەر زۆربەی کتێبەکانیەوە دەبینین، باس لە ئارتۆ دەکات، کەچی لەبەشی پراکتیکی کتبەکەی سەرچاوەی شانۆی وێنەیی و ڕوانینەکانی سەلاح قەسەبە، هەندێک دەستەواژەی تیایە مرۆڤ فرمانی وا دەرناکات، گوایە کتێبەکەی ئارتۆ شانۆ و هاوشانۆ ئەمرۆ لەخۆرئاوا وەک ئینجیلی شانۆکار سەیر دەکرێت، با ئەو دەستەواژەیە راست بکەینەوە، ئەو کتێبەی ئارتۆ کتێبێکی تیۆریی نیە، چونکە ئارتۆ هەرگیز تیۆریستی شانۆیی نەبوو، ئەوە تەنیا لەعەرەبەکانەوە وەرمانگرت، ئارتۆ شاعیرێکی دادایی و ئەکتەرێک بوو، ئەو کتێبەشی وەسفێکی شیعریە لەستایشی شانۆدا، دواتر بەتایبەت باس لەکۆبەرهەمی ئارتۆ دەکەین، کە لە یەک بەرگدا کۆ بەرهەمی کۆکراوەتەوە، ئێمە لەناو ئەو کتێبە کوردیە لەبارەی ئارتۆ تا دەخوێنینەوە، رووبەروی لێدوانی هەڵچوون ئامێز دەبینەوە، توێژینەوەی زانستی زادەی بیرکردنەوەو پشکنین و گەڕانە، تۆ دێیت باس لەوە دەکەیت شانۆی ئارتۆ مەبەستی لەتوندوتیژیی نیە، لەکاتێکدا تێکستە شانۆییەکانی ئارتۆ پریەتی لەوێنەی توندوتیژیی باوکێک پەلاماری مەمکی بوکەکەی دەدات، ئایا ئەوە توندوتیژیە یان رۆمانسیەتە وەک لەشانۆنامەی ئال سینی ئارتۆ دەیبینین، یاخود لەدواهەمین کاری کە مۆنۆدرامایەک دەبێت، هەروەها لەنمایشێکی تریدا کە لەیوتیوب دانراوە، لەهەردوو سوچی شانۆ دوو بلندگۆی گەورە دادەنێت و تیایدا مۆسیقایەک لەشێوەی هۆرنی ئۆتۆمۆبیلی بارهەڵگر پەخش دەکات، ئەوە توندوتیژی نیە بەچی ناوی دەبەیت، لەبنەرەتدا ئێمە شانۆکارانێکمان هەیە فریوو خواردوی دەستی عەرەبەکانن، هەرچی لەبارەی چەمکی پاکژبونەوە وەک گرنگیەک باسی دەکەن، هیچ شتێکی نوێی تیا نیە، چونکە لەپاکژبونەوەی گریکی وەرگیراوە، تۆ یان لەهونەری دراما تێناگەیت، یا ئەوەتە ئاگادار نیت، ئێمە کاتێک بونیادەکانی کتێبێک بەمشێوەیە لەسەنتەرەوە هەڵوەشێنینەوە ڕووبەرووی دوو ئاست دەبینەوە، بونیاد لێرەدا زادەی بیرکردنەوە نیە هێندەی وەرگیراوی ناو تێگەیشتنی عەرەبەکانە، بەبێ بوونی تێگەیشتن و گەڕان وبینین، چی ئەوان دەینوسن و وێنەیەکی فانتازی دەبەخشن، ئەوانەی ئێمەش پشتی پێ دەبەستن و لۆژیکەکانی خۆیانی پێ پتەو دەکەن، گەر بونیاد لەو جۆرە کتێبانەدا بەم شێوە بکەوێتەوە، لێرەدا چەمکێکی هەڵوەشاندنەوەگەرایی بەکار دێنینەوە ئەویش دەنگە، دەنگ بریتیە لەکۆی ئەو دۆخە نەستیانەی تێیدا دەژین و نابن بە زمان و هەر لەناو ئاخاوتن دەمێننەوە، ئەوەش دەنگ ناگۆرێت بۆ زمان لەناو نووسین، بەڵکو وەک ساتی بەر لەنووسین بەرهەم دێتەوە، بەڵام دڵنیام خودی نووسەر خۆی لەو تێگەیشتنە تێناگات، دەنا بە کتێبێکی ئارتۆی نەدەخوێبدەوەو دوو کتێبی لەسەر دەنوسی، چونکە بەو کتێبەی ناتوانیت بەتەواوی ئارتۆ بناسیت، هەلبەت ئەو کتێبە کوردیە تاکە خەوشێک نیە، ئێمە تەنیا وەک نمونەیەک هێنامانەوە، کام کتێبی شانۆیی ئێمە پڕی نیە لەو کەموکوڕیانە، د. فازل جاف کۆمەلێک کتێبی شانۆیی نووسیوە هەندێکیان وەک کتێبی ئەو برادەرەی پێشوو لەراپۆرتی رۆژنامەوانی رۆژنامەنووس دەچن، وەک کتێبەکەی لەبارەی شانۆی سویدی ، هەڵبەت کتێبیشی هەیە دەبێت بەگرنگ باسی بکرێت، کتێبەکەی فازل جاف لەبارەی فیزیای جەستە کتێبێبێکی گرنگە،  هەروەها کتێبەکەی لەبارەی دەرهێنانی شانۆیی کە پێویستە هەموو دەرهێنەرێکی گەنج بیخوێنێتەوە، گرنگیەکەشی لەدیدی زانستی شانۆیی و پەیرەوکردنی نوسینی زانستیە و دوورە لەهەڵچوون و خولقاندنەوەی دەنگ لەناو نووسین.   

  • من دەمویست زیاتر بێینە سەر ئارتۆ، بەلام هەڵیدەگرین بۆ پرسیاری دواتر، چونکە تۆ گومانت هەیە لەبنەچەکەی تازەگەری شانۆیی، ئەوەت وتت «لەبنەرەتدا پرۆژەیەکی بەعسیزمە بۆ کوشتنی فیکر و بیرکردنەوە، هەمیشە لەسەر دەستی فاشیستەکان فۆڕمێک دەخولقێت بۆ دووربوون لە بیرکردنەوە، ئێمە نا ئاگایانە یان بەمەبەست ئەو کارە بکەین» ئەوە بۆ خۆی جۆرێک گومان دەخولقێنێت، ئایا مەبەستە بلێی تازەگەری کوردیی بەرهەمی بەعسە؟
  • سەیرکە بۆ ئەوەی ووردبین بین، پێویستە شتەکان نەشێوێنین، من ئاماژەم بۆ ئەوە کرد، ئاخۆ بەمەبەستە یان نا ئاگایانەیە، بۆیە دەسێت نائاگایانە بێت، تەنیا خەمی گەڕان بووبێت بەناو فۆڕمی تازەگەری شانۆیی، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا بۆ هەندێک بەمەبەست بووە، کە ئەمڕۆ هێندە ڕووقایمن دەیانەوێت ئەو فاشی بوونەیان بۆ بگۆڕینە سەر شۆڕشگێریەتی، بۆیە دەتوانین ناویان بەرین بە پاڵەوانی کولتوریی لەسەردەمی فاشیزمدا، تۆ سەیرکە رەنگە لەژیاندا مرۆڤگەلێکی زۆر نەبن بتوانن بوێری ئەوەیان هەبێت کارەکتەرێکی دژ بۆ خۆیان درووست بکەن، کە تەواو جیاواز بێت لەشوناسی کەسێتی ئەوان، بەلام کاتێک مرۆڤەکان پاساو بۆ کەسێتی خۆیان دێننەوە، ئەو ساتە مرۆڤ ناچار دەبێت، سەیری ئەو بوێریە بکات، چۆن بە کۆتایی سیستمە فاشیەکان، مرۆڤەکانی ناو ئەو سیستمە دەتوانن پاساو بۆ خەوشەکانی خۆیان بێننەوە، سەیر نیە ئەوانەی دەڕۆنە ناو سیستمی کۆنترۆڵکراوی فاشیزم، بە روخانی فاشیزم، کاری کولتوریی خۆیان وەک دژە فاشیزم ناو بەرن، ئەوان ئەو مرۆڤە دەگمەنانەن لەیاریەکانی فاشیزمەوە فێری گەمە ترسناکەکە بوونە، تەنانەت هێندە ڕوو قایمانە سەیری ئارگۆمێنتەکانیش دەکەن، ئامادەکاریەکی باش بۆ درۆیەک دەکەن کە لەسەردەمی فاشیزم فێری بوون، بەوەی بەلگەکان دروستکراون و ئێمە دژی سیستمی فاشیزم جەنگاوین. هەر کاتێک گوێمان لەو دەنگە بوو نابێت سەرمان بسوورمێت، چونکە چاوەروانی چی دەکەیت لەمرۆڤگەلێکی فاشی کە ڕۆژگارێک ئەدەب و هونەری وەک ئۆرگانێکی فاشیزمی ڕەمزیی بینیووە و کاری تیا کردووە بۆ خزمەتی فاشیزم، ئەو کاتەی روانینەکانمان گشتگیر دەبنەوە، هۆکارەکەی ئەوەیە ئێمە قسە لە تاکە مرۆڤێک ناکەین، بەڵکو لەکۆی ئەخلاقی گروپێکی فاشی دەکەین، بەلام کاتی خوێندەوە، گەر خەیاڵت بۆ کەسێکی دەست نیشانکراو ڕۆیشت، تۆ لەکردەی خوێندنەوەدا هەڵەت نەکردووە، بۆ خۆت ئەو مرۆڤەت دۆزیوەتەوە، کە لەوانەیە هەمان کات دۆستێکت خەیاڵی بۆ یەکێکی تر بڕوات، چونکە ئەو جۆرە مرۆڤانە هەمیشە دەیانەوێت فریوومان بدەن، ئەوان خوازیاری ئەوەن لەگەڵ سەردەمە نوێیەکاندا حیکایەتێکمان بۆ بگێڕنەوە کە ئەوان بەشێک نەبوون لەناو ئەو سیستمە، بەڵکو بەدژی ئەو سیستمە کاریان کردووە، درۆکردن وەک جۆرێک لە حیکایەتی ئەوانی لێهاتووە، ئەو هەستەی لەناو زماندا بوونی هەیە ناتوانێت لەخەیاڵی ناو تێکستدا ئەو بوونەی خۆی لەناو ئەدەبدا بنووسێتەوە کە چۆن خوازیاری ئەوەیە سیماکانی کارەکتەری خۆی بگۆڕێت، بۆیە وەک نوسینی بیۆگرافی یادداشتی ژیانی خۆی دەکات، بەوەی فاشیزم بەدوایەوە بووە، بەلام ئەو کۆڵی نەداوەو هەمیشە لەڕێی نووسین و کاری هونەری دژی فاشیزم بووە، بەلام هەر بەڕاست درۆیەک لەشوێنی خەیاڵ دەنووسرێتەوە، ئاخۆ ماوە زەمەنیەکەی تا چەندە درێژ دەبێتەوە؟ ئاخۆ رۆژگارێکی تر نایەتە بوون کە درۆ وخەیاڵ لەیەکتر جیا بکرێنەوە، ئاخۆ حیکایەتەکانی فاشیزم، دەتوانێت هەمیشە بەناو شادەمارەکانی ژیانی ئێمەدا بچێتە خوارەوە؟ کاتێک بیر لەو پرسیارانە دەکەمەوە، دەبینم کە چۆن مناڵە ساویلکەکان، نەوەیەک کە لەماناکانی فاشیزم تێنەگەیشتووە، چۆن دێن بڕوا بەو حیکایەتانە دەکەن و دەتوانن خۆیان فریوو بدەن و بخەڵەتێن و ستایشیان بکەن، بەڵام ئەو دۆخە پەیوەستە بە کەمئەزموونی نەوەیەکەوە، کە نە ئەم نەوەیە تا سەر بڕوای پێ دەکات، نە فاشیەکانی ناو سیستمی فاشیزم دەتوانن بۆ هەمیشە لەڕێی درۆکردنەوە خۆیان لە فاشیزم پاک بکەنەوە، مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی لە فاشیزم پاک بکاتەوە، پێویستی بەوە نیە درۆ بکات، درێژە بەفریودانی ئەوانیتر بکات، ئەوان بەر لەئێمە دەزانن پاکبونەوەیەک بوونی نیە، بەڵام دەتوانن درۆ نەکەن، کە ئەوان بەشێک بوونە لەناو ئەو سیستمە، نەک بەرهەڵستکاری سیستم بوونە، چونکە دەردەکەوێت بەدوای ڕووخانی فاشیزمیش ئەوان هێشتا درێژە بە فاشی بونی خۆیان دەدەن، هێندە بێ چاووڕون دەتوانن هەڕەشە بکەن بەوەی ئەوان لەتوانایاندایە بمانخەنە بەردەم دادگا کە چۆن سوکایەتی بەو شۆڕشگێرانە دەکرێت، گرفتەکە ئەوەیە فاشیەکان هێشتا نەیانزانیوە سیستمە فاشیەکەیان کۆتایی هاتووە، بۆیە هەموو گۆڕانکاریەکیش هەر بەدرێژ بوونەوە بۆ سیستمە فاشیەکەیان دەگەڕێننەوە، بەڵام، بە موتوربەکردنی ڕۆحی شۆڕشگێریەتی بەوەی کارەکتەرێکی درۆیانەیان بەخۆیان بەخشیووە کە مێژووی ئەوان مێژووی دژایەتی فاشیزم بووە، لەکاتێکدا بە کەوتنی دەمامکەکانیان دەردەکەوێت ئێمە لەبەردەم چ فاشیزمێکی ڕەمزی ترسناکدابووینە کە تا ئەمڕۆش دەیانەوێت وەک پاڵەوان و شۆڕشگێر بیانناسین، پاڵەوانی کولتوریی لەسەردەمی فاشیزمدا ترسناکترین مۆدیلی پاڵەوانە، چونکە هەموو کارەکانی بەدژایەتی کولتور وەک وێناکردنەوە و دامەزراندنەوەی کولتور ناو دەبات، ئێمە چونکە یادەوەریمان کوێرە ناتوانین ئەو کارەکتەرانەی سەردەمی فاشیزم وەک خۆیان بناسین، لەکاتێکدا پێویستیەکی زۆرمان بەوەیە بۆ لەدایکبونی ئەدەبێک کە سیمای ڕاستەقینەی پاڵەوانی کولتوریی سەردەمی فاشیزم بخاتە ڕوو، هەر نەبێت چیتر ڕوویان نەبێت لەئێستادا خۆیان وەک دژە فاشیزم وێنا بکەن.   
  • باستان لەئارتۆ کرد، ئایا ئارتۆ و کتێبەکەی لەئێستادا وەک ئینجیلی شانۆکاران لەخۆرئاوا سەیر ناکرێت؟

    • ئەو دەستەواژەیە کوردییە، ئارتۆ شاعیرێکی دادایی گرنگ بوو، وەسفی شیعریی بۆ شانۆ نووسی، بەڵام ئەوەی ئەو نووسی تیۆر نەبوو، ستایشی شیعریی بوو بۆ شانۆ، رۆژگارێکی زۆر ئێمە فریوومان خوارد بەدەست سەرچاوە عەرەبیەکان و هەندێک شانۆکاری کوردەوە، کە ئەویان وەک نمونەی باڵا وڕزگارکاری شانۆ ناو دەبرد، تۆ گەر کۆ بەرهەمی ئارتۆ نەخوێنیتەوە، ناتوانیت ئەو هەموو فرمانە دەربکەیت، کاتێک باس لەکتێبەکەی ئارتۆ دەکەن، دەزانم مەبەستان لەکتێبی «شانۆ و هاوشانۆیە» وەک ئەوەی ئەو تەنیا ئەو کتێبەی نووسی بێت، من لێرەدا هەول دەدەم کەمێک لەبارەیەوە بووەستم بەگەڕانەوە بۆ کتێبی کۆ بەرهەمی بەزمانی فەرەنسی، کە سالی ٢٠٠٤ دەزگای گالیمار لە پاریس بە قەبارەی ١٧٨٨ لاپەرە چاپکردووە، کە کۆی نووسینی ئارتۆ و هەموو ئەو نووسینانەی لەبارەیەوە نووسراوە، سەرباری گۆرینەوەی نامەکانی، رەنگە لەرووبەری ئەو گفتوگۆیە نەتوانین باس لەکۆبەرهەمەکەی ئەو بکەین، بەلام دەتوانین پانۆرامایەکی خێرا بەکارەکانی ببەخشین، ئارتۆ وەک لەنامەکانی بۆ شاعیری فەرەنسی ژاک پریڤێر دەردەکەوێت، ئەو سەرەتا وەک شاعیرێکی سوریالیستی دەردەکەوێت، دیدی روونی ئەو لەناو نامەکانیدا و دواتریش لەناو تێکستە شیعریەکانیدا وێنەی مرۆڤێکی یاخی و بیمار نیشان دەدات، ئەو وێنەیە پەیوەندی ئارتۆیە بە زمانەوە، بۆیە بۆ شانۆش خەونی بە شانۆیەکی جیاواز دەبینی، شانۆیەک بەدوای گەشتەکانی بڕوای وابوو پێویستە شانۆ بگەرێتەوە بۆ خۆرهەڵات، چونکە سەرچاوە سەرەکیەکە لەوێدایە، لەشانۆیەکدا زمانی جەستە تیایدا بالا دەست بێت، سەیر ئەوەیە ئەو داوا دەکات شانۆی خۆرئاوایی بگەڕێتەوە بۆ خۆرهەڵات، بەلام تۆی خۆرهەڵاتی تازەگەری لەشانۆدا بە شانۆی خۆرئاوایی دەزانیت و خەون بە شانۆی خۆرئاوایی دەبینیت، ئەوە دوو فاقیەکە لەگەڵ تێگەیشتنی کوردیی بۆ خودی ئارتۆ خۆی، ئاڕتۆ وێنەیەکی شیزۆفرینیای زمانە، ناتوانێت وێنای زمانە نەستیەکەی بکات و لەناو هەستەکانی وەک مرۆڤێکی خۆرئاوایی دەمێنێتەوە، لەکۆی دەقە شانۆییەکانی دەینووسێت، بە دەگمەن دیمەنەکان لەناو دیالۆگدا نەماون، با زۆر ڕوونتر بدوێم، ئەو شانۆنامانەی دەینوسێت دیالۆگ پێکی دێنێت، ئیدی زمانی جەستە لەکوێدایە، مەگەر لەچەند کورتە دیمەنێکدا ویستبی بانتۆمایم بنووسێتەوە، دەنا فەرموو سەیری هەموو ئەو کورتە شانۆنامەی بکە تا بزانیت، ئەوەی شانۆی ئارتۆ بنیات دەنێت جەستە نیە.. بەلکو دیالۆگە، دەتوانین بگەرێینەوە بۆ شانۆنامەکانی ئارتۆ خۆی وەکو «سامورای یان درامای هەستەکان» بۆچی ناتوانێت ئەوانە لەڕێی جەستەوە بنیات بنێت و دیالۆگ بۆ کارەکتەر دەنووسێت؟ بەڵام شانۆکاری کوردو عەرەب کە باس لە ئارتۆ بکەن دەبێت بجولێنەوە و دیالۆگ بوونی نەبێت، لێرەدا بۆ شانۆکاران نا کە کتێبە شانۆییەکان هەر ئەوانەن کە ئەوان فێری بوون، بەڵام بۆ ئەوانەی کە خولیای فەلسەفەن، ڕەنگە پرسیارەکە ئەوەبێت: بۆچی فەلسەفەی فەرەنسی لەکۆتایی سەدەی بیستەمدا هەڵوەستەی کرد لەسەر دیدی ئارتۆ بۆ شانۆ؟ ئەو پرسیارە رۆژگارێکی زۆر بەخۆیەوە خەریکی کردووم، تەنانەت لەهەردوو کتێبەکەمدا «پلەی سفری شانۆ» و «فەلسەفەی شانۆ.. شانۆی فەلسەفی» لەسەری وەستاوم و توێژینەوەم لەبارەی کردووە، بەڵام لەئێستادا گەیشتووم بەو دەرەنجامەی گرنگی ئارتۆ لەلای دێرێداو فۆکۆ و کریستیڤا وابەستەی ئەو دیدە ڕەمزیەی زمانە بۆ شانۆ، ئارتۆ پێشنیاری زمانێک دەکات کە لە ئەفسوون دەچێت، وەسفێکی شیعری بەرجەستە دەکات، بەلام ئەو ستایشی شیعریە بۆ شانۆ نە خۆی و نە ئەوانی دوای ئەویش ناتوانن بەرجەستەی بکەن، چونکە لەناو شیعردا دەمێنێتەوە، ئەو مرۆڤێکی بیمار بوو، بیمار بەدوور لەمانا سایکۆلۆژیەکەی، بەڵکو بیماری کولتوری بوو، بەڵام خاڵیش نەبوو لەمانا دەروونیەکەی، بەتایبەت لەو نامانەی کە هەرگیز کەسانی وەک بیکاسۆ وەڵامیان نەدایەوە، بۆیە ئەوەش وا دەکات توندوتیژیەک ببێت بەو زمانەی ئارتۆ لەناو شانۆنامەکانی لەرووی کرداری کارەکتەرەوە، هەروەها لەو نمایشانەی دەیانخاتە سەر شانۆ، بۆیە هیچ دەستەواژەیەک لەو دێرە عەرەبی وکوردیە پێکەنیناویتر نیە کاتێک دەووترێت «شانۆی ئارتۆ مەبەستی توندو تیژیی جەستەیی نەبوو» لێرەدا ڕووبەرووی پرسیارێک دەبینەوە بۆ تێگەیشتن لەئارتۆ، بگەرێینەوە ناو شانۆنامە و نامەکان و وتار و بەیاننامەکانی ئارتۆ ؟ یاخود بچینەوە سەر کتێبە عەرەبیەکانی نوسەرانی وەک سەمیر سەرحان و سەعد ئەردەش؟ چونکە لێرەدا ڕووبەرووی دوو دنیای تەواو جیاواز دەبینەوە، روانینە شیعریەکانی ئارتۆ وەک تیۆر دەبینرێت، نە خۆی و نە دوای خۆی لەشانۆدا دەرناکەوێت، ئەگەر ئەو ئەفسوونێک لەخودی شانۆی خۆرهەڵاتی دەبینێت، ئەو ئەفسوونە چیە شانۆی خۆرهەڵاتی خۆی دەداتەوە دەست خۆرئاوا؟ ئەو پێویستیە کولتوریە بۆ خۆرئاوا وەک ئارتۆ دەلێت ووشە خنکاندنی، ئەی تۆی خۆرهەلاتی بۆ دەبێت شاگەشکە بیت بە شانۆی خۆرئاوایی؟ سەرچاوە تیۆریەکان چین؟ ئایا هێندە بەسە کتێبی شانۆو هاوشانۆ بە عەرەبی بخوێنیتەوەو گروپی بۆ دروست بکەیت و بێیت دوو کتێبی لەبارەوە بنووسیت؟ ئەو وەرگێرانە عەرەبیە بەشێوەیەکە ئەوانەی زۆر لەئێمە باشتر ئەو زمانە دەزانن، با ئەوان بێن قسە بکەن کە ئاخۆ ئەو کتێبە وەرگێرانە عەرەبیەکەی هێندە ڕوونە تا تێی بگەیت؟ هەڵبەت من لەرێی خوێندنی قورئان لە مزگەوتەوە فێری زمانی عەرەبی بوومە، بۆیە بەلاتەوە سەیر نەبێت هەرگیز لەوەرگێرانە عەرەبیەکەی کتێبەکەی ئارتۆ تێ نەگەیشتم، تا بەم دواییە بەفەرەنسی خوێندمەوە، پێشتریش بە پۆلەندی خوێندبوومەوە، گرفتەکان کەسی نین هیچ رقێک بوونی نیە، ئەوەی لەپشت راستیەوەیە تەنیا رۆشنایی خستنە سەر هەڵەکانی رابردووە، راستکردنەوەی خەوشێکە کە ئێمە کوێرانە بیستمان و بەرجەستەمان کردو ئەزموونگەریی ئارتۆ لێمان بوو بە ئەفسانەی شانۆی بالا.        




ئەنتی- شانۆ (پێویستیی بوونی مێژوویەك بۆ ڕەتكردنەوە).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

شانۆ هونەرێکی زیندوو و ڕووبەڕووە، بۆیە کاریگەرییەکی خێرای لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤەکان هەیە؛ لێرەوە کاتێک باسی شانۆی ئەزموونگەری لەبەرانبەر شانۆی تەقلیدیدا دەکەین، لەڕاستیدا باسی شۆڕشێکی جیاواز دەکەین، دژ بەو یاسا و ڕێسایانەی کە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ بەسەر جیهانی درامادا باڵادەست بووە.
كەواتە پێش هەموو شتێ شانۆ پێویستی بە بنەمایەكی پتەوی فیکری و مەعریفی هەیە! ئەو بنەما فیكری و مەعریفییە لە (شانۆی ئەزموونگەری كوردی)دا سەرەتاكانی دەركەوتبوو… بەڵام بۆچوونە ڕەخنەییەكەی (شانۆ دژی شانۆ- شانۆی کوردی بە نموونە) کە لە لایەن دەرهێنەر و ڕەخنەگر (حەمەسوار عەزیز) لە کۆڕی ٢١ی مەی ٢٠٢٦ بارەگای لقی یەکێتیی نووسەرانی کورد- هەولێر پێشکەش کرا؛ ئەوەندەی هاوارێک بوو: بۆ شانۆی (نەتەوەیی-نەریتگەری) و (بینەر وەك سەپۆرتەر)، قسەكردن نەبوو لە بنەما هونەرییەكانی شانۆی ئەزموونگەری كوردی… پرسیارەكە ئەوەیە: ئەگەر شانۆی (نەریتگەریی) کوردی بنەمایەکی فیکری و مەعریفی پتەوی نەبێ، چۆن قسە لە (ئەنتی شانۆ) بکەین؟!.

بۆ ئەوەی شانۆیەکی ڕاستەقینەمان هەبێت، دەبێت ئەو شانۆ باوەی ئێستا هەیە تێکبشکێنین.
(ئەنتۆنین ئارتۆ)

(1)
لە شانۆی تەقلیدیدا، ئەکتەرەکان وا ڕەفتار دەکەن کە بینەر بوونی نییە (دیوارێکی خەیاڵی هەیە لە نێوانیاندا)؛ شانۆی کلاسیکی، نەتەوەیی یان بازرگانی ئاوێنەیەکە تەنها ئەوەت پێشان دەدات کە دەتەوێت بیبینیت؛ بەڵام لە شانۆی ئەزموونگەریدا ئەم دیوارە دەڕوخێنرێت؛ ئەکتەرەکان ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ بینەر دەکەن، دێنە نێو هۆڵەکە، و زۆرجار بینەریش دەکەنە بەشێک لە نمایشەکە… بە مانایەكی دیكە لە شانۆی تەقلیدیدا هەستی پاڵەوانەکان لەڕێگای چیرۆک و سۆزەوە دەردەبڕێت! بەڵام (شانۆی ئەزموونگەری لە دەرەوەی ڕێسا کلاسییەکانی نووسین و نمایشكردنەوە، تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی شێوازی نوێی پەیوەندیكردن لەگەڵ بینەردا)… واتە بە ڕوخاندنی (دیواری چوارەم)ی شانۆی تەقڵیدی و ڕەتکردنەوەی گێڕانەوەی سۆزداری و هێلیی چیرۆکەکان، دەیەوێت لەڕێگای شۆککردن و تەکنیکی نوێوە، ڕاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە ڕووتی نیشانی بینەر بدات تا ناچاری بکات بیر بکاتەوە و پرسیار و گومانی لا دروست بێت، نەک تەنها غەرقی گریان یان پێکەنین ببێت! بەو مانایە تێڕوانینە جیاوازەکانی (سامۆیل بێکێت، یۆنێسکۆ، برێشت، ئارتۆ… ) لەسەر جەستەی شانۆیەکی خاوەن دەسەڵات و مەعریفەی چەسپاو لەدایک دەبێت.
(2)
مرۆڤایەتی پێویستی بە گواستنەوەی واقیع نییە، كە لە ناویدا دەژی؛ دووبارە بەرهەمهێنانەوە داهێنان نییە، داهێنان کاتێک ڕوودەدات کە هونەرمەند دەڵێت: من واقیع دەبینم، بەڵام ڕازی نیم بەم شێوازەی کە هەیە؛ داهێنان هەنگاونانە بەرەو نادیار؛ داهێنەر واقیعێكی نوێ و شێوازێكی نوێ بەرهەم دەهێنێ؛ ئەگەر (بێکێت) بە جیاوازییەكانییەوە شانۆی گەیاندبێتە لووتکەی بێدەنگی و چاوەڕوانیی پووچگەریی، بەتەواوی نیگای نێرینە و چێژی بینینی كوشتبێ… (ئارتۆ) شانۆی بردبێتییە سەر لووتکەی هاوار و شۆککردنی دەمارەکان، یان بە مانایەكی دیكە هەوڵیدابێ بینەر لە کورسییەکەی دابماڵێت و ڕاستەوخۆ توشی شۆکی بکات… ئەوا دەرهێنەر و شانۆکارانی ئەزموونگەری و (ئەزموونگەری کوردی) لە دوای کارەساتە گەورەکانی وەک (کیمیاباران، ئەنفال و براكوژی)، شۆڕشێکی ڕاستەقینە و ئامانجێکی جیاوازی فیکرییان لە فۆرمی درامای کوردیدا بونیاد ناوە؛ ئەوان درکیان بەوە کرد کە زمانی باو و گێڕانەوەی ڕیالیزمی تەقڵیدی، پەکەکەوتەیە لەبەردەم قەبارەی ئەو شۆکە دەروونییەی بەسەر مرۆڤی کورددا هاتووە؛ بۆیە لەڕێگای شانۆی جەستە و شانۆی فەزا… دەیانویست کاتێک بینەر لە هۆڵەکە دێتە دەرەوە، وێنەی برینەکان وەک تاتۆ لەسەر جەستەی بمێنێتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی فیکری و مەعریفی نوێخوازانە، شانۆی کوردی بەرز کردەوە.
شانۆی ئەزموونگەری کوردی، تەنها گۆڕینی نمایشکردنێكی جیاواز نەبوو، بەڵکە هەوڵێکی فیکری بوو، بۆ دەربازبوون لە (شانۆی نەتەوەیی-نەریتگەرا)؛ بەو مانایە شانۆی ئەزموونگەری بریتی بوو لە تێپەڕاندنی سنوورەکانی بینین و گێڕانەوەی باو… بەڵام ڕەنگە پرسیاری سەرەكی (حەمەسوار عەزیز) ئەوەبێ: ئایا شانۆی كوردی بە گشتی چی لێماوەتەوە؟! چونكە بە بڕوای ئەو کاتێک بەرەی ئەزموونگەری فۆرمە مۆدێرن و پۆست-مۆدێرنەکانی ئەورووپایان (کە لەسەر بنەمای پووچگەرایی، دابڕانی مرۆڤی ڕۆژئاوایی و شۆککردنی بینەر دروست ببوون) بۆ ناو کۆمەڵگای کوردی گواستەوە، هێشتا کوردی لە قۆناغی ڕزگاری نەتەوەیی و خێڵەکی و شانۆی ناتەواودا بوو؛ واتە ئەوان هاتن دابڕانێکی جیاوازی مەعریفییان لەگەڵ ڕەوتی (بیركردنەوە و شانۆی ناتەواوی كوردی) دروست كرد و لەوێوە بینەری کوردییان دووچاری سەرلێشێوان كرد! ئیتر بینەری كوردی كە بە چیڕۆكی ڕیالیزمی تەقڵیدی پەروەردەكرابوو، نەیدەتوانی لەو کۆد و هێما جەستەییە ئاڵۆزانە بگات، لە ئەنجامدا شانۆ- هۆڵەکانی چۆڵکرا و دیوارێک لە نێوان شانۆ و خەڵکدا دروستبوو.
(3)
بە بڕوای من (وەك بینەرێكی شانۆ) هەموو ئەو خوێندنەوە ڕەخنانەی كە لە دنیای (شانۆ بەگشتی) قسە لە ململانێی نێوان فۆرمە نەتەوەیی/ واقیعییەکان و ئەزموونگەراكان و شانۆی وێنەیی و شانۆی پاش دراما… دەكەن؛ پەرچەكردارن، بڕوایان بە داهێنان و جیاوازی نییە.
بە كورتی (شانۆی نەتەوەیی) لەسەر هاوسۆزیی ڕاستەوخۆی گشتی و بەرگری نەتەوەیی كار دەكات؛ بەڵام ئەگەر بیەوێت لە ئاستی جیهانیدا دەنگ بداتەوە و لە ئاستی ناوخۆشدا هۆشیارکەرەوە بێت، نابێت تەنها ببێتە نمایشێکی نەتەوەیی، بەڵكە دەبێت پرۆسەیەکی نەتەوەیی بەردەوام بێ: بۆ خۆدۆزینەوە! واتە كۆی ئەو نیگایانە تێبشکێنێت کە هەموو جارێک نەتەوە وەک ئۆبژەیەکی جوان دەخاتە بەرچاوی بینەر تاوەکو هەست بە خۆبەزلزانی یان خۆپارێزی بکات… (شانۆی واقیعی) وەک کاردانەوەیەک دژی ڕۆمانسیزم و کلاسیسیزمی باو، ئامانجی ئەوە بوو ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەكان… بخاتەڕوو؛ هەمیشە بۆ ڕاستی ئەمەکداربووە… (شانۆی ئەزموونگەری) خۆی لە یاخیبوون و شکاندنی قاڵبە باوەکان دەبینێتەوە و دژ بە تەواوی ڕێسا و یاسا چەسپاوەکانی شانۆی کلاسیک و ڕیالیستییە…
دەمەوێ بڵێم ئەگەر قسە لە تێز و ئەنتی تێز بكەین، لە شانۆی كوردیدا هەموو ئەو كێشە و بەدحاڵیبوونانە و قسە و باسی ململانێ و دژەكان و زێتریش… وەک تێز و ئەنتی تێز دەرناكەوێت، وەك هونەری داهێنان و قبووڵكردنی جیاوازی نییە… هەڵبەتە شانۆی نەتەوەیی- نەریتگەریی كوردی لە داهێنان و جیاوازی لەدایك نەبووە، لەسەر بنەمایەكی قووڵی ڕەخنەی زانستیی و عەقڵانییەتێکی نووسراو بونیاد نەنراوە… ئایا بەبێ بنەمایەکی مەعریفی، دەتوانرێت چەمكی «دژ» بونیاد بنرێت، كە نازانێت دژی چی دەوەستێتەوە؟! كەواتە نەخۆشییەكە پەیوەندی بە چەمكی ئەنتی شانۆوە نییە، ئەنتی شانۆ لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی ڕەخنەیی و دیالێکتیکی جیاوازە، بەرانبەر سیستمێکی چەسپاو و پتەو.
(4)
هەموو «دژایەتییەک» پێویستی بە «ناسینی بەرانبەر» هەیە؛ بێکێت بۆ تێکشکاندنی کات و زمانی تەقلیدی پێویستی بە مەعریفەیەكی جیاوازی هونەری و هەرسكردنی شانۆیی پێش خۆی هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە دنیابینی سەردەم هەبوو! دژە-شانۆ تەنها هەڵوەشانەوە نییە، بەڵکو دامەزراندنەوەیە؛ ئەگەر شانۆیەك لەسەر بنەمای فیکری دانەمەزرابێت، ناتوانێت «دژە-شانۆ» بەرهەم بهێنێت.
(5)
لە سەردەمی ئێستادا، پاشەكشەی هونەر و هونەری شانۆیی زیاتر لە هەر کاتێکی تر لەنێوان دوو هێزی دژبەیەکدا دەژی: هێزی داهێنان و هێزی بازاڕی (بینەر وەك سەپۆرتەر)، نەك ئەنتی شانۆ!! داهێنان لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی شێوازێکی نوێی بینین و هەستکردن و جیاوازی و ژیاندۆستی، داهێنان هەنگاونانە بەرەو نادیار؛ بەڵام زۆرجار بازاڕ- بینەر وەك سەپۆرتەر- هەوڵدەدات ئەو تەماشاكردنە ئیبداعییە بۆ کاڵا بگۆڕێت، بۆ شتێک کە بتوانێت هەمووان كۆ بكاتەوە و قابیلی قبووڵی چێژی هەمووان بێت و بڵاوبکرێتەوە و بەخێرایی بخوێندرێتەوە؛ واتە (جەماوەر-بینەر) حەز بەو دەق و شێوازە نمایشکارییانە دەکات کە پێشتر دەیانناسێت.
ئەمڕۆ پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا دەتوانین ناخی مرۆڤ لە (ئارامیی) و (بێزاری) دابماڵیین؟ زۆرێک لە مرۆڤەکان لەبەر ئەوەی ناتوانن لە ئارامییدا بن، پەنا دەبەنە بەر “هەراوهوریای دەرەکی” واتە ناتوانن لەبەرانبەردا بێزاری ناوەخۆیان بکەنە پرسیار، بەو مانایەی كە خودی پرسیاركردن “بێزاری” بۆ “مەعریفە” دەگۆڕێت!
بەمجۆرە کاتێک دەق، شانۆ، فیلم، یان تابلۆیەک خەریکی تێکدانی ئارامیی هونەری بینین و بیستن و ڕامان… دەبێ، ئەوا (حەزی بازاڕ)ی دەكەوێتە سەر و هەوڵی كۆپیكردن و بە بازاڕكردن و دووبارە سەپۆرتكردنی دەدات، چونكە بازاڕ زیاتر حەزی لە (شپڕزەییە) تا بتوانێت بە شێوەی جیاواز و بە خێرایی پارە بەدەست بهێنێ، بڕوای بە تێز و ئەنتی تێز نییە، نایەوێت پرسیار دروست بکات! لێرەوە (نرخی كڕین) شوێنی (پرسیاركردن) دەگرێتەوە؛ بەڵام ئایا ئاستی داهێنانی هونەریی و فیکری و ئەدەبی لە مامەڵكردنی بازاڕدا كورت دەكرێتەوە؟!
كەواتە کێشەکە ئەنتی شانۆ نییە، بەڵكە ئەوەیە كە هونەر نابێتە پردی نێوان ئارامیی و بێزاری، هەر زوو بە بازاڕ دەكرێ، واتە مامەڵەكردنی بازاڕی هونەرە جیدییەکانیش هەڵدەلوشێنێت و دەیانکات بە مۆدێلێکی دووبارەکراوە، ئەوەی سەرەتا وەک شۆک، نوێکاری یان شکاندنی باو و دابڕانێکی مەعریفی تەماشا دەكرا، دواتر لە بازاڕدا دەبێتە ستایلێک بۆ بەرهەمهێنانەوە و كۆپیكردن و و زڕەوێنە… زۆرێک لە شۆڕشە ئەدەبی و هونەرییەکان، لە سوریالیزمەوە تا پۆستمۆدێرنە، دوای ماوەیەک لەلایەن بازاڕەوە هەرسکراون و بوونەتە بەشێک لە سیستەمی فرۆشتن! واتە بازاڕ توانایەکی گەورەی هەیە، لەوەی نەك ئەرێنییەكان تەنانەت نەرێنییەکانیش بخاتە ناو ئابووریی خۆیەوە.
(6)
ئایا دەتوانین دژ بە ویستی بازاڕ و سەپۆرتكردن، بیر بكەینەوە و بەردەوامیش بین؟! یان دەبێ ملكەچی بینەر و جەماوەر بین و ئاستی زمان و شێوازی داهێنەرانە لەگەڵ داواکارییەكانی خوێنەر و بینەر و بازاڕی دامەزراوەکاندا بگونجێنین؟! هەڵبەتە ڕەزامەندیی بازاڕی هەمیشە دیالۆگی بەرهەمهێنەرانەی نێوان ئارامیی و بێزاری بە كۆپیكردنەوە دەسپێرێ، لەسەر ئەو بنەمایەی كە پرسیاركردن ئارامیی تێکدەدات.
كەواتە لەبەر ئەوەی دیالۆگی نێوان ئارامیی و بێزاری پێویستی بە بیرکردنەوە و ڕامانە، ئەوە وایکردووە زۆرێک لە بەرهەمە بازرگانییەکان بەر لەوەی هونەری ڕاستەقینە بن و هۆشیاریی بینەر بریندار بكەن، وێنەی بێهۆشکەری كۆپیكراو بن و بە شێوەیەكی كاتی گرژییەکانی ناوەوە بەتاڵ بکەنەوە؛ بەو مانایەش مەترسییە گەورەكە ئەوەیە کە ئارامیی ببێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی ڕەزامەندیی دەستبەجێ، نەك بێزاری و گومانكردن و بیركردنەوە.
وەك دەزانین کاری داهێنەرانە ئەو كاتە دەردەكەوێت کە بتوانێت ڕەزامەندیی كۆ و ئاشنایی تێپەڕێنێت؛ کاری داهێنەرانە پێویستی بە گواستنەوەی واقیع نییە، پێویستی بەوە نییە لەپێناو زەرورەتی كۆمەڵگا و سەپۆرتكردن، واقیع بۆ وێنەیەک بگۆڕێت کە تەنیا بۆ سەیرکردن و کڕین شیاوە؛ بەڵكە دەبێ شتێک بخاتە جیهانەوە کە پێشتر بوونی نەبووە؛ نەك بە گوێرەی یاسای فرۆشتن و بەکارهێنان کاربکات.
(7)
لە چەمکی ڕەزامەندیی بازاڕیدا زۆرجاران داهێنان پێش ئەوەی ببێتە ئەزموونێکی قووڵی هونەری، دەبێتە بابەتی ترێند و سەرنجڕاکێشان، لایک، بینین، هاوبەشیکردن و ئامار؛ هەموو ئەوانە بە هێواشی جێگای هەڵسەنگاندنی هونەری دەگرنەوە! ئەوەش وایکردووە هەندێک بەرهەم زیاتر لەوەی بۆ پرسیار و گومان و بیركردنەوە دروست بکرێن، بۆ خێراییی سەرنج دروست کرێن؛ بەڵام داهێنانی ڕاستەقینە لە دەرەوەی ویستی بازاڕ و سەپۆرتكردن سەرهەڵدەدات، چونکە داهێنان پێویستی بە بیركردنەوە و کات و ئارامیی و ئەزموونكارییە؛ لەکاتێکدا بازاڕ پێویستی بە خێرایی و بەردەوامیی بەرهەمهێنانەوە هەیە.
دواجار پەیوەندیی شانۆ و دژە شانۆ، وەك پەیوەندی داهێنانی هونەریی و بازاڕی سوودگەرایی، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و دژبەیەکە؛ وەك چۆن بازاڕ دەتوانێت هۆکاری بڵاوکردنەوەی هونەر بێت، بەهەمان شێوە ئەنتی شانۆش دەتوانێت مامەڵەكردنی هونەریی و كۆپیكردنەوە بتەقێنێتەوە! دەشێ هونەری ڕاستەقینە لە ناو گەرمەی بازاڕیش دەستپێبکات و بینەر وەک هاوبەشی داهێنان، (هاوسەنگی نێوان ئارامیی و بێزاری) بپارێزێت.

هەولێر 22/5/2026




بینەر لەشانۆی كوردی دا.. حه يده ر عه بدولڕه حمان

هەركات باسی شانۆی كوردی بكەین، دەبێت بینەر وەك پارچەیەكی هەرە كاریگەرو زیندووی جەستەی شانۆ تەماشا بكەین و پرسیاری ئەوە لەخۆمان بكەین، ئاخۆ لەو هەلو مەرج و ئاستەنگە دژوارانەی شانۆی كوردی پێیدا تێدەپەڕێ‌، بینەر لەكوێ‌ ی هاوكێشە شانۆییەكە دایە؟
ئایا بینەر چ رۆڵێكی هەیە لەچارەسەركردنی ئەو كێشانەو تا ئێستا لەو ئاستە مەعریفی و هوشیارییە دایە كە بتواتێت چارەنووسی شانۆی كوردی لەئەستۆ بگرێ‌ و متمانەی پێ‌ بكرێ‌؟
خۆ دیارە بینەری ئێمە بەدرێژایی دیرۆكی شانۆی كوردی، هەمیشە تینووی شانۆ بووە، پێی وابووە شانۆ مینبەرێكی كاریگەرە بۆ هەڵبڕینی دەنگی ئازادی، وروژاندنی هەقیقەت، گوزارشت كردن لەئەشكەنجەو ئازارەكانی میللەت.
بۆیە هەركات دەرگای شانۆیان لەسەر داخستبێ‌، بە پەنجەرەكانەوە هاتۆتە ناو هۆڵی شانۆ، ئەگەر پەنجەرەكانیشیان داخستبێ‌، ئەوە دەرگاو پەنجەرەكانی لەبێخەوە دەرهێناوە، بۆ ئەوەی شانۆ ببینێ‌.
ئەمە لە زەمەنێكدا كە شانۆ دۆزێكی نەتەوەیی بوو، چەكێك بوو بۆ مقاوەمەت و خۆ راگری.
ئەو كات شانۆ لەشارو لەشاخ و لەقوتابخانەو لەدەشتودەر، لەهەر شوێنی بینەری لێ‌ بوایە، گوتاری خۆی دەگەیاند.
هەموو شتێ‌ لە تێكست و ئامانج و نواندندا كۆ دەبۆوە، بەڵام بینەرێكی پڕ لەتاسەت هەبوو بە جۆشەوە لەچاوەڕوانیت دابوو.
شانۆكارەكانیش لەو سەردەمەدا، بەهەمان حەماسی بینەر لەئێستا زێترو بە گەرم و گوڕترو رۆحیەتێكی نەتەوەیی و هونەرێكی بەكۆڵتر لەسەر شانۆ دەوەستان.
بەڵام لەگەڵ تێپەڕ بوونی زەمەن و دەرهاوێشتەكانی، بە پێی رۆژان وەزیفەی شانۆ لەجاران قورستر بوو، ئەركی بینەریش بۆ لەئامێز گرتنی شانۆ سەختتر بوو..
شانۆ لەهەموو سەردەمێكدا لەرەحمی ئەو سەردەمە لەدایك دەبێت كە تێیدا دەژیت، زادەی حاڵەتە سایكۆلۆژی و فسیۆلۆژی ئەو كۆمەڵگایەیە كە ناتوانێت ببێتە پارچەیەكی لێك دابڕاو.

شانۆو كۆمەڵگا لەدوو جەمسەرەوە بەیەك دەگەنەوە:
لەجەمسەری یەكەمیاندا: هەمیشە كۆمەڵگا مەدەنیەكان، ئەوانەی شارستانیەتێكی دێرین و كولتوورێكی زیندوویان هەیە، شانۆ لەپێشەوەی پێداویستیە بایەخدارەكانی ژیانی خۆیان دادەنێن، ئەوەندەی بوون و نەبونی نان و ئاو لەشانۆ دەڕوانن، بۆیە هەرگیز ناتوانن دەست بەرداری شانۆ بن.
بەشێكی زۆر لەژیانی خۆیان بۆ شانۆ تەرخان دەكەن، ئیدی شارەكانیان پڕ دەكەن لەهۆڵی شانۆیی، بۆ ئەوەی هەمیشە شانۆ لەو هۆڵانەدا جمەی بێ‌.
پەرە بەپەروەرەو دروست بوونی شانۆكار دەدەن و وڵاتیان پڕ دەكەن لە فێرگەو سەنتەرو ئەكادیمیای شانۆیی.
بۆیە هەرگیز هۆڵەكانیان بێ‌ نمایشی شانۆیی نابێت و بژاڤی شانۆییش لە جوڵە ناكەوێت.
لەجەمسەری دووەمدا: شانۆ وەزیفەی پێویستی خۆی بۆ پیشكەوتنی كۆمەڵگاو بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاریی و مەعریفی، بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بەرجەستە دەكات، لەو ناوەندەدا بینەری شانۆیی دەبێتە بینەرێكی خاوەن ئەزموون و شارەزا كە لەشانۆ بگاو وەرگرێكی هوشیار بێت لەپرۆسەی شانۆیی دا.
بەم شێوەیە، هەم كۆمەڵگا خزمەتێكی بایەخدار پێشكەش بەرەوشی شانۆ دەكات، هەم لە بەرامبەردا شانۆ رۆڵی خۆی دەبینێ‌ لەهوشیاركردنەوەی كۆمەڵگاو تێر كردنی هزرو خواستە رۆحیەكانی.

شانۆ چ بینەرێكی دەوێ‌؟
بینەر پارچەیەكی زیندووی رەگەزەكانی شانۆیە و هەموو پێكهاتەكانی شانۆ ئاراستەی بینەر دەكرێن، بۆ ئەوەی ئەویش بەرۆڵی خۆی هەوڵی ئەوە بدات بەهەموو توانا سایكۆلۆژی و فیزیكی و ئایدۆلۆژییەكانی خۆیەوە، توانای ئەوەی هەبێت، هەموو ئەو تەوژمانە وەربگرێت كە ئاراستەی دەكرێت، چونكە هیچ لەرەگەزەكانی دیكەی شانۆ نابنە ئەلتەرناتیف بۆ بینەرو شوێنی ئەو لەنمایشێكی شانۆیدا پڕ تاكەنەوە تەنها بینەر خۆی نەبێت .
لەقۆناغی دووەمی وەرگرتن دا، دەبێت وەرگر دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت، هەموو توانا مەعریفی و هونەری و زانستیەكانی خۆی بخاتە گەڕ، بۆ خوێندنەوەی ئەو هێماو ستاتیكاو دەلالات و پرسیارە نادیارانەی بەركەوتە لەگەڵ مێشك و هزری دا دروست دەكەن.
چۆن لەشانۆی نوێ‌ دا، شانۆ هەر تەنها زمانێكی نیە بۆ وەرگرتن، كە دەق بە تەنها سەرچاوەی وەرگرتن بێت و بینەر پشتی پێ‌ ببەستێت، ئێستا جەستەی ئەكتەرو تەكنیكی شانۆیی و سینۆگرافیاو ئەدای ئەكتەر، بینەر دەوروژیّنن و شوێنی دەق دەگرنەوە، هەم بۆ گەیاندنی پەیامی شانۆیی، هەم بۆ هەژاندنی بینەرو جولاندنی هەستەكانی، بۆ ئەوەی هەر كاتێ‌ پەردەی شانۆ دادرایەوە، كاریگەری و ئاسەواری ئەو رەگەزانە بەئاسانی لەسەر هەست و مێشك و دەروونیدا كاڵ نەبنەوەو تا دێر زەمانێك لە زەهن و ئەندێشەی دا خول بخۆنەوە.
كەواتە چەند ئەوەندەی دەرهێنەرو ئەكتەرو هونەركارەكانی دیكە هەر یەكەو ئەركی تایبەتی خۆیان لەسەر شانۆدا هەیە، بینەریش بەفۆرمێكی تر، بەڵام بەهەمان ئاست ئەركی هەیە بۆ تەواوكردنی پەیامی شانۆیی.

دەسەڵاتی بینەر دەسەڵاتێكی رەهایە:
لە بەر ئەوەی هەموو ئاراستەكان بەرەو رووی بینەرەو هەموو ئامانجەكانیش لەكۆتایی دا بۆ خزمەتی بینەرە، بۆیە بینەر یەكەم ماف و دوا مافی قسە كردنی هەیە، لەسەر هەر بەرهەمێكی شانۆیی، بەقەبوڵ كردنی یا ڕەتكردنەوەی، بۆ ئەمڕۆ، یان سبەینێ‌.
زۆر جاران كاتێ‌ هەندێ‌ لەدەرهێنەرو ئەكتەرەكان شكست دێنن، دەبن بەپارێزەری خۆیان و پاساو بۆ شكستەكانیان دەهێننەوە، كەچی ( سیزیف ئارنۆ ) ی گەورە رەخنەگری شانۆیی بەریتانی دەڵێت: دەرهێتەر تا دوا لەحزەی ژەنەرال پرۆڤە مافی قسەكردنی هەیە، بەڵام دوای ئەوە تەنها رەخنەگرو بینەرانن مافی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەمێنێتەوە، تەنانەت راو بۆچوونی رەخنەگرەكانیش وەك بڕیاری بینەر رەها نیە، هەركاتێكیش بینەر بەرهەمێكی خستە سەبەتەی پەراوێزخستن، هیچ هێزێك نامێنێ‌ ئەو بەرهەمە، یا ئەو دەرهێنەرو ئەكتەرە بگەڕێنێتەوە سەر ئاستی شكۆمەندی خۆی بەر لەشكست.
بەڵام دەكرێ‌ لەپەراوێزی ئەودەسەڵاتە رەهایە بپرسین، ئەرێ‌ كامە بینەرە خاوەنی بڕیاری رەهایە؟
ئەو بینەرە سادەیەی كە پێوەری گشتی لای ئەو تەنیا كات بەسەر بردن و پێكەنینێكی كاتی رووكەشی بێ‌ مەغزایە و ئەهلی نواندنی پڕ لە تەهریج و شانۆی بازرگانیە؟
یان نوخبەیەكی پێگەیشتووی خاوەن دیدو ئایدیایەكی قوڵ و پڕ لەستاتیكا؟
بینەری كورد دابەشی هەردوو بەرە بووە، بۆ سەردەمانێك كە شانۆی بازرگانی باوبوو، كۆمەڵێ‌ موهەریج هۆڵی شانۆكانیان بەكەسانی سادەو پرۆپاگەندەی موزەییەف پڕ دەكردەوە، زەرەرو زیانێكی گەورەیان بە شانۆ گەیاندو ئەو هونەرە جوانەیان لە بەرچاوی بینەر ناشیرین كرد، بە شێوەیەك بینەری راستەقینە شەرم لەخۆی بكاتەوە، بۆ لەحزەیەك بوێری ئەوەی هەبێت لە هۆڵێكی ئاوادا ڕوونیشێ‌.
ئەو كات دەمانزانی ئەو دیاردە ناشیرینە كاتیەو زەمەن لەگەڵ خۆیدا رایدەماڵێ‌، هەر كات بەرهەمی (جاد) پەیدا بوو، ئەو موهەریجانە لەشەرمی بینەر خۆیان دەشارنەوەو لەبەرچاوان ون دەبن .
بەڵام ئەوەی لەو نێوانەدا ئاستەمە ئەوەیە، كە تۆ پێویستیت بە كاتە، بۆ گۆڕینی واقعێكی تاڵ و نەرێنی بۆ واقعێكی ئەرێنی.
بەتایبەت بۆ گەڕانەوەی شكۆی شانۆیەكی تێكشكاو لە ڕەگو ڕیشەوە، بۆ شانۆیەك كە لەئاست خۆزگەو ئاواتی بینەر دابێت.
ئەگەر چاو لەرابووردووییەكی نزیك بپۆشین و بڕوانینە هەنگاوەكانی ئەمڕۆمان بۆ بینەری شانۆی كوردی، ئەوە بەگشتی، وێڕای لەبەرچاوگرتنی هەموو كێشەو ئاریشەكانی شانۆی كوردی، گەشبینیەك دەمانگری و هەست بەو گۆڕانە بنەڕەتیە دەكەین لەجۆری بینەرو حەماسی بینەر بۆ شانۆ.
بەڵام لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییەی جۆری بینەر دەبێ‌ بپرسین ئەو هۆكارانە چین كە بوون بە سەرچاوە بۆ دروست بوونەوەی بینەرێكی هوشیار بەشانۆ؟

بێگومان فاكتەری زۆر هەن، دەبنە وەڵامی ئەو پرسیارە، لەوانە:
1.دەست بەكاربوونی كۆمەڵێ‌ دەرهێنەرو ئەكتەری ئەكادیمی بەتوانا، لەوانەی بەراستەقینە خەمخۆری ئایندەی شانۆی كوردین .
2.پشت بەستن بەداهاتی خۆیان بۆ بەرهەم هێنانی بەرهەمە شانۆییەكان, بێ‌ ئەوەی چاوەڕوانی بودجەو هاوكاری حكومەت بكەن، یا چاوەڕوانی قۆرخ كردنی دەرفەتێك بن بۆ گەندەڵی لەسەر حیسابی شانۆیەكی پەڕپووت و هەژار.
3.ئامادەكردنی ئەو بەرهەمانەی كە لەگەڵ خواست و ئارەزووی ئەمڕۆی بینەری كورد دەگونجێن و دەبنە گەرەنتی بۆ راكێشانی بینەر، بەتایبەت راكێشانی خێزان بۆ هۆڵەكانی شانۆ، ئەو خێزانانەی ساڵانێكی دوور بەحەسرتی ئاشنا بوونەوە بوون لەگەڵ شانۆدا.
4.سوود وەرگرتن لەتوانای ئەكتەری لێهاتوو، لەوانەی بینەر ئارەزووی نواندنیان دەكەن و توانای داهێنانیان هەیە لەشانۆدا.
هەندێ‌ نمایشی شانۆیی كە لەسەر ئەو بنچینانە بەرهەمی خۆیان پێشكەش كردووە، لەچەند لایەكەوە بە قازانجی شانۆی كوردی هەڵكەوتنەوە:
یەكەم: ئاستی شانۆی كوردییان بەشێوەیەك بەرز كردەوە، كە هەر دەرهێنەرێك بیەوێت بەرهەمێكی نوێ‌ ی شانۆیی پێشكەش بكات، دەبێت بەهەمان شێوە لەوە بگا كە بینەر چی لە شانۆ دەوێت ؟ هێزی راكێشانی بینەری بۆ هۆڵەكانی شانۆ هەبێت.
بەم شێوەیە دروست بوونی ركابەری لەسەر داهێنان لە نێوان دەرهێنەرەكاندا دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ سەر لە نوێ‌ دروست بوونەوەو دەست پێ‌ كردنی قۆناغێكی نوێ‌ لەشانۆی كوردی دا. جوگرافیای شانۆیی
وەك لۆژیك بینەرو شانۆ دوو هاوكێشەی هاوتەریب و هاوبەشن لەگەڵ یەكتردا، هیچیان بەبێ‌ ئەوی تریان بوونیان نیە، ماهیەتی هەر یەكێكیان بەوی تریانەوە بەندە.
بەڵام ئەو هاوكێشەیە لەنیشتیمانی ئێمەدا هاوكێشەیەكی ناوازەیەو شانۆو بینەر نەخراونەتە ناو یەك بازنە.
رەنگە لەهەندێ‌ شوێنی جوگرافی وەك شاری هەولێرو دهۆك بینەر هەبێ‌ بەڵام شانۆ نەبێ‌، لەشارێكی وەك كەركووك و سلێمانی شانۆو بینەر هاوتەریبن، لەچەمچەمال و كەلارو دەربەندیخان و سۆران بینەر زۆرترە لەشانۆ..بەڵام هیچ لەو شارو شارۆچكانە وەك شاری هەولێر مەحروم نەكراون لە شانۆو بینەریان ئەوەندە پڕ لە تاسەو حەسرەت نین بۆ شانۆ، كە تێیدا نەك هەر تەنها بینەرانی ئەو شارە بەناچاری بۆ تینوویەتی شكانیان لەشانۆ ئەو شارو ئەو شار دەكەن و شانۆكارەكانیان دەستەپاچەو بێ‌ ئومێد بوون لەچوونە سەر شانۆ، وای لێهات ئەو شارە دێرینەی شانۆو هەواری تەڵعەت سامان و سەباح عەبدولڕەحمان وفەرهاد شەریف و فەتاح خەتاب و سەعدون یونس و دەیان كەڵە دەرهێنەرو سەدان ئەكتەری بەتوانا، ببنە خاوەنی كەلاوەیەكی شانۆیی، كە تەنها یادگاریەكانی تێدا بمینێتەوە.
كەچی لەنێو ئەو شەوەزەنگە شانۆییەشدا بینەری هەولێر بینەرێكی هەمیشە ئامادەیە بۆ لەئامێزگرتنی شانۆو ئەو بەرهەمانەی دەبنە میوانی هەولێر.
جێگەی ئەسەفە كە لایەنێك نیە خۆی بەبەرپرسیار بزانێ‌ بەرامبەر بەو مەرگەساتەی شانۆ لەو شارەدا، هەندێ‌ لە بەرپرسەكانی ئەو شارە خەمخۆری چاكسازی نین لەو بوارەدا، چونكە پێیان وایە شانۆ سەرچاوەیەكی بازرگانی نیە، ئەوانەش كە بەرپرسی شانۆن، هەست دەكەن شانۆ ئەو پاروە چەورەی جاران نەماوە، بۆیە بوون و نەبونی لای ئەوان وەك یەكە.
ئەوەی لەو نێوەندەدا زەرەرمەند بێت، ئەو بینەرانەن كە خەریكە تامی شانۆیان لەبیر دەچێتەوە، ئەو شانۆكارانەن كە وەك ئاسن ژەنگیان هەڵێنا.

حه يده ر عه بدولڕه حمان




وێناکردنی جیهان لای سڵاڤۆمیر مرۆژێک و یۆژین یۆنێسكۆ.. زاهیر عەبەڕەش

مرۆژک و یۆنسکۆ دوو نوسەرن سەر بە ڕیبازی ئەبسوردن، ئامانج ئەوەیە چۆن دەتوانین بەراوردی هەردوو نووسەر بکەین کە چۆن هەست بە جیهان دەکەن، چۆن مەرگ لە شانۆنامەکانیان ڕەنگ دەدەنەوە؟ چونکێ بیرۆکەی مردن کە بە ڕوونی لە شانۆنامەکانی هەردوو نووسەردا ئامادەیە. بە بەڵگەهێنانەوەی هەندێک لە بەرهەمەکانیان تیشک دەخەمە سەر جیاوازی و لێکچوونە سەرەکییەکان کە چۆن گرنگی بە مەرگ تەوەرە سەرەکییەکان دەدەن؟
شانۆی پوچگەرایی (ئەبسورد)، زاراوەیەکە کە لەلایەن مارتن ئێسلینەوە خراوەتە ناو تیۆری ئەدەبیەوە، شانۆیەکە، لە ڕێگەی وازهێنانی لە ئامرازە عەقڵانییەکانەوە هەوڵدەدات بێمانایی بوونی مرۆڤ پیشان بدا، چونکە ئیمە هەمیشە و هەردەم ناتوانین بەشێوەیەکی عەقڵانی لە ژیان تێبگەین، دەربڕینێکە بۆ ناتەواوی دۆخی عەقڵ . لە دامەزرێنەرانیدا نووسەرانی وەک یوجین ئیۆنێسکۆ، ساموێل بێکێت و ئارسەر ئادامۆڤ هەن، کە بەناوبانگن بە وێناکردنی بێمانایی و تێنەگەیشتنی جیهان. لە ڕاستیدا ئەم نووسەرانە کە پێشەنگن و شتی هاوبەشیان هەیە وەک: پچڕانێک لەگەڵ شانۆی نەریتی، کە کۆتایی شانۆنامەکە و چارەسەرکردنی هەموو ململانێکان لە یەک خاڵدا کۆدەبنەوە. شانۆنامەکانیان واز لە کۆتاییە پێشبینیکراوەکان دەهێنن و هەموو یاساکان پشتگوێ دەخەن، خوێنەران و بینەران سەریان لێ دەشێوێ و ناتوانن پێشبینی گەشەسەندنی پڵۆت، دیمەنەکان و ڕوداوەکان بکەن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە شانۆی ئەبسورد مرۆڤێکی ونبوو و بێدەسەڵات لە ململانێیەکی هەمیشەیی و بێمانادا لەگەڵ چارەنووسیاندا نیشان دەدات. ئەم بەرهەمانە بارودۆخی مرۆڤ لە بێمانایی خۆیدا بەجێدەهێڵن و خۆیان لەو پرسیارە چارەنووسسازە بەدوور دەگرن: ئایا لە بنەڕەتدا بێمانایە یان نا؟ دەمەوێت بەراوردکردنی شانۆی یوجین ئیۆنێسکۆ لەگەڵ شانۆی سلاڤۆمیر مرۆژێک بکەم. بە تایبەتی دەمەوێت تیشک بخەمە سەر جیاوازییە ڕوونەکانی جیهانبینی لە نێوان شانۆنامەکانی ئەم دوو نووسەرە، هەروەها ئەو بیرۆکە هاوبەشانەی کە لە بەرهەمەکانیاندا دەبینرێن.
دوای خوێندنەوەی وردی شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ، دەتوانرێت بگەینە ئەو ئەنجامەی کە دڵەڕاوکێ یان ترسێکی دیاریکراو تایبەتمەندییەکی دیاری شانۆنامەکانی ئیۆنسکۆیە. سەرچاوەی شانۆی ئیۆنێسکۆ لە ئازارەکانی مرۆڤدایە کە بەردەوام بیر لە مردن دەکاتەوە و لە بوونی فانی خۆی یاخی دەبێت، لە هەمان کاتدا درک بەوە دەکات کە بەرخۆدانەکەیان بێهودەیە، چونکە تەنها بە شکست کۆتایی دێت. تاڕادەیەک لە هەموو شانۆنامەیەکدا خوێنەر لەگەڵ تەوەری مردن و بێمانایی ژیان و بێهودەیی هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون لە چارەنووسی خۆی دەجەنگێت. پێدەچێت ئیۆنێسکۆ باسی ئەم تەوەرانەی کردبێت چونکە “نیهیلیزم، یاخیبوون و نەفرەتەکان هەموو ئامرازەکانی ئەون بۆ پێناسەکردنی خۆی، بۆ ئازادکردنی هەموو تارماییەکانی ناوەوەی خۆی . بۆ تێگەیشتنی زیاتر چاکە ئەگەر پەراوێزەکان بخوێنرێتەوە هاوکارێکی باشە بۆ تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی چەمکەکان.

جهیانبینی لە شانۆنامەکانی یۆژین ئیۆنسکۆدا:
وەک نموونەیەک لەم وەسوەسەیە بۆ مەرگ وخاڵی لە بوون (١)”بۆشایی ئۆنتۆلۆژی”، شانۆنامەی کورسی(٢) شەن و کەو دەکەین، کە تیایدا ئیۆنێسکۆ باس لە مانای گومان بۆ ژیان و بێمانایی ژیان دەکات. ڕوداوەکانی ئەم شانۆنامەیە، لە دوورگەیەکی دابڕاودا ڕوودەدات کە پیرەژنێک و پیرەمێردێکی ساڵانێکی زۆرەپێکەوە دەژین. پیاوە پیرەکە پێی وایە پەیامێکی چارەنووسسازی بۆ جیهان هەیە، وتارەکەش سەبارەت بە کرۆکی ژیانە بەڵام خۆی ناتوانێت بە ڕوونی دەریببڕێت، چونکە ئەو بەهرەیەی نییە، بۆیە بانگهێشتی وتاردەرێکیان کردووە بۆ ئەوەی پەیامەکەی بۆ بگەیەنێت. سەرەتا کۆمەڵێک چیرۆکی جیاواز دەگێرنەوە، کە ڕەنگە هەندێکی دروستکراوی مێشکی خۆیان یان ڕاستی بن، باس لە تەوەری جۆراوجۆر دەکەن، کە دەشێت ڕەنگدانەوەی ژیانیان بێت بە خەم و خۆشییەکانیەوە بە واتایەکی تر جەوهەری ژیانیانە.
لە پەرەسەندنی دیمەنەکان کۆمەڵێکی زۆر میوان بانگ دەکەن، میوانەکان دەست دەکەن بە گەیشتن بەڵام هیچ لە میوانەکان نابینرێن. ئەوان لەگەڵ میوانەکان باس لە ژیانیان دەکەن و ئەو وتارە گەورە و گرنگەی کە بەم زووانە دەیبیستن، ژن و مێردەکە زیاتر و زیاتر کورسییان بۆ ئەم میوانە خەیاڵیەکان دەهێنن، تا سەر شانۆکە تەواو بە تەواوی پڕ دەبێت لە کورسی.
پیرە پیاو بۆ میوانە قەدرگرانە نەبینراوەکان و بۆئیمراتۆری نەبینراو دەڵێت هاوڕێی ئازیزم، گرنگی بەڕەنگدانەوەی بیر و مێشکم بۆ نەوەکانی دوای خۆم بەجێدەهێڵم، ئەوان فەلسەفەکەم بۆ جیهان ئاشکرا دەکەن. لە کۆتاییدا وتاربێژی ڕاستەقینە دەگاتە شوێنی خۆی، بەڵام ڵاڵەو توانی قسەکردنی نییە توانای پەیوەندیکردنێکی ماناداری نییە. لە کۆتایدا باوەڕبوون بەوەی کە چیرۆکەکەیان دەگێڕدرێتەوە ژن و پیاوەکە هەردووکیان خۆیان لە پەنجەرەکانەوە فڕێ دەدەنە خوارەوە بۆ ناو ئاوەکەوە.
لە بەرامبەر مردندا، هەردووکیان هەمان ئاواتیان هەیە، بە ئاگایی بێت یان نا، ئەوان دەڵێن کە ئەوان نەمرن بەڵام بەبێ ئاسەوار، باوەڕیان وایە دوای ڕۆشتنیان شتێک بەجێ دەهێڵن ئەوان دڵنیا بوون لەوەی مردنەکانیان بێهودە نەبوو، قەناعەتیان هەبوو کە وتاربێژ ئەرکەکەی ئەوان بەجێدەهێنێت. وتارە گرنگەکەی ئەوان لە بارەی ژیانەوە بەو خەڵکە دەڵێت.
بەدرێژای شانۆنامەکە کۆمەڵێک میوان دێن بەڵام هیچیان لە لایەن بینەرانەوە نابینرێن تەنها زادە خەیاڵی پیرەمێرد و پیرەژنەکەن، هەرچەندە کورسی زۆر دادەنرێت بۆ میوانەکان، بەڵام کەسێکی ڕاستەقینە نییە لەسەریان دانیشێت. دانانی ئەو هەموو کورسیە گرۆتێسکە، شتێکی بێمانایە بە شێوەیەکی کۆمیدی زیادەڕەوی دەکرێت کاتێک شانۆکە پڕ دەکرێت لە کورسی بەتاڵ بۆ ئەو کەسانەی کە بوونیان نییە. ئیۆنسکۆ دەنووسێت: تا کورسیەکان زۆر تر بن بەتاڵی زۆرتر دەبێت، تا کورسیەکان زیاتر پانتایی داگیر بکەن لەسەر شانۆکە مەسافەی هیچ و نەبوون زۆرتر دەبێت. لە ڕێگەی زۆربوونی کورسییەکانەوە، ئامادەنەبوون درێژ دەکرێتەوە، تەواوی فەزای شانۆ کە نوێنەرایەتی تەواوی فەزای جیهانە.
دەکرێت تەوەری دەقەکە پەیامی دوو کەسی پیر نەبێت بۆ مرۆڤایەتی کە هیچیان نەکردووە لە ژیانیاندا، پەژارەی ناخیان نەبێت، بەڵکو پەیامێکی دی بێت کە هەستی پێ بکەن بزر بوونی خەڵک، ئیمپراتۆر، خواوەند و حەقیقەت بێت، ئاماژەی بەتاڵییەکی موتڵەق و بۆشایی ئۆنتۆلۆژی بێت.
دەشێت ئەم میوانانە هێمای تەنیایی و بێ‌مانایی ژیان بێت بۆ پوچی پەیوەندییە مرۆییەکان، بۆ هەوڵی پوچی مرۆڤ بۆ گرنگی بوون و گوێ‌ لێگرتن ودروستکردنی خەیاڵ بۆ هەڵهاتن لە ڕاستی. بەڵام خەونەکەی ئەوان و وتارە خەیاڵیەکەی لەبەردەم میوانانێکی نەبینراودایە و ناراستەقینەن، بۆیە چاوەڕوانییەکانی پیرەمێردەکە بەدی نایەت.
کۆتایی شانۆنامەکە نیشانمان دەدات کە مرۆڤ چۆن کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە مردن، بەرامبەر بەم هێزە کوشندەیە کە ئاگادارێتی بەڵام ناتوانێت خۆی لەگەڵدا ئاشت بکاتەوە. مرۆڤ ناتوانێت خەیاڵ بکات کە نەبوونی لەم جیهانەدا مانای چییە و لە بەرامبەردا غروری بڕیاردەدات کە دەبێت شتێک لە دوای خۆی بەجێبهێڵێت، بۆ ئەوەی بێهودە نەمێنێت.
شانۆنامەی کورسی ئاماژەی ئەوە دەکات کە چۆن هەموومان لە نێوان سنووری ئەزموونەکانماندا قفڵ کراوین، وەک ئەوەی لە شکستدا بین و هەموو کردارێکمان بە بەنزینی مەکینەی گاڵتەجاڕی هەڵدەسوڕێت و بە بێهودەیی کۆتایی دێت، تێکەڵەیەکی سەرلێشێواوانەی کارەسات و کۆمیدیە. چۆن زمان هەندێک جار شکست دەهێنێت لە گەیاندنی مانای ڕاستەقینە.
یەکێکی دی لە شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ بە ناوی (جاک یان ملکەچ کردن) (Jacques ou la soumission ) (٣)
جاک یان ملکەچکردن شانۆنامەیەکی ئەبسوردە کە لە ساڵی ١٩٥٥ ئیوجین ئیۆنێسکۆ نووسیویەتی، شانۆنامەکە باس لە جاک دەکات کە گەنجێکە کە ڕەتیدەکاتەوە شوێن داواکاری و نەریتی بنەماڵەکەی بکەوێت. خێزانەکەی هەوڵدەدەن ناچاری بکەن هاوسەرگیری بکات و وەک هەموو کەسێک ڕەفتار بکات. ئەوان دەیانەوێت ملکەچی یاساکانی کۆمەڵگا بێت و درێژە بە شێوازی ژیانی خێزان بدات. ئەو ژنەی کە خێزانی جاک دەیانەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ جاک بکات ناوی ڕۆبێرتا ـــ یە ، ئەم کچە کەساییەتیەکی نامۆیە، لە ڕووخسار و هەڵسوکەوتدا وەک کەسێکی واقیعی ئاسایی سەیر ناکرێت – ئیۆنێسکۆ دەیکاتە شتێکی بێمانا و نزیکە لە گرۆتێسک بۆ ئەوەی نیشان بدات کە داواکارییەکانی کۆمەڵگا چەندە دەتوانن سەیر و گرۆتێسک و بێمانا و دەستکرد بن، ڕۆبێرتا کچێکی بێدەنگ و نامۆ، هەلسوکەوتێکی نامۆی میکانیکی هەیە، زیاتر لە هێمایەک دەچێت نەک مرۆڤێکی ڕاستەقینە، لە ڕوخساریشدا سێ لوتی هەیە.
سەرەتا جاک بەرهەڵستی دەکات پاشان، خێزانەکە فشارێکی زۆری لەسەر دروست دەکەن، دایکی دەگری، باوکی توڕە دەبێت، خزمەکانی هەوڵی ڕازیکردنی دەدەن، ناوی دەزڕێنن هەموو شتێک دەکەن تا جاک ڕازی دەکەن هاوسەرگیرییەکە بکات
لەم دەقەدا بە بەکارهێنانی ناوی یەکسان بۆ کارەکتەرەکان و بە بەستنی دەمامک، یەکپارچەیی و یەکسانیی کۆمەڵگا ڕا دەگەیەنێت، مرۆڤەکان کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆیان دەشارنەوە، چونکە لە کۆمەڵگادا مرۆڤ دەبێت ڕۆڵێک بگرێتە ئەستۆ، ئەو ڕۆڵەش تەنها گویڕایەڵیە بۆ گروپ، واتە دەمامک دابنێت. لە نێو هەموو کارەکتەرەکاندا جاک لە شانۆنامەکەدا تاکە کەسە کە دەمامک ناپۆشێت، لەم دەقەدا پاڵەوان ناوی جاکە یان وینی پوو، چونکە بە تەنیا کەسایەتی و تاکایەتی خۆی (بۆ ساتێک) دەپارێزێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش خێزانەکەی ناتوانن وەریبگرن، ناتوانن لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا ڕێکبکەون کە کوڕەکەیان دەیەوێت جیاواز بێت. سەرەتا خێزانەکە بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی ڕازیکردنی جاک دەدەن کە ئەو کەسە بخوازێت کە خیزانەکەیان بۆی دیاری دەکەن، پەنا دەبەنە بەر تۆمەت و چەندان فێڵ، جاک هەست بە گۆشەگیری دەکات، هەست دەکات هیج کەسایەتیەکی نەماوە، لە دوا جاردا دەڵێت حەزم لە پەتاتەیە بە تامی گۆشتی بەراز، هەڵبەت بۆ هەر زمانێک وەربگێڕدرێت بە ئیدیۆمی ئەو زمانە لێکبدرێتەوە، کە بە مانای چار نییە دەبێت وەک ئەوان بیر بکەمەوە، لەبەر ئەوە من بە (مەرگ لە گەڵ عەواڵا جەژنە) دەیگۆڕمە سەر زمانی کوردی، دەقیروسیا منیش وەکو ئەوان.
لە تێکستەدا زۆرجار کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی سەیر و میکانیکی و دووبارەبوونەوە قسە دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چۆن زمان دەتوانێت بەتاڵ و بێمانا بێت کاتێک مرۆڤەکان تەنیا ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان دووبارە دەکەنەوە.
سانت توبی ڕەخنەگر “دەڵێت ئەوە بەهۆی فشارەکانی باوک و دایکی جاك ـــ وە نیە کە ئەو مل کەچ دەبێت بەڵکو ئەوە بە هۆی لاوازی جاکەوەیە. بە واتایاکی دی دەتوانین بڵێین کە ئەم دەقەی ئیۆنسکۆ ئاگادارمان دەکاتەوە ، سەبارەت بەو ڕاستییەی کە کە خۆبەدەستەوەدان بە فشاری کۆمەڵایەتی بە واتای دەستبەرداربوون لە تایبەتمەندییە مرۆڤ خۆی، لەدەستدانی بیرکردنەوە و ڕەفتاری تاکەکەسی، مرۆڤ بە ناوزڕاندن لەکەدار نابێت بەڵکو بە خۆ زەلیل کردن ترسنۆکی عەیبدار دەبێت وهیچ کەرامەتێکی نامێنێت، پەیڕەوکردنی ئەم یاسایانە تەوا بێمانان. کە تاک زەلیل و ڕیسوا دەکات و هیچ سوبجەتێکی نامێنێت. لەبەر ئەوە شانۆنامەکە نوێنەرایەتی یەکێک لەو قوربانییە دەکات کە قوربانییەکەی بۆ کۆمەڵگە تەواو بێمانایانە، چونکە ناوزڕاندی ژیانی ئەو خیانەت نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئەو خۆی بە ئیمتیازاتی بچووک ڕازی دەکات، ئەوەش کە سەرەتای زنجیرەیەکی بێکۆتایی مامەڵەیەکی ترسنۆکانە و زەلیلکردنە. لەوێدا خێزان وەک هێمایەک بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا بەکارهاتووە . ئەوان بڕیار دەدەن کە جاک چۆن بژی و هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ئەو دەدەن. ئیۆنسکۆ دەڵێت ئەم جۆرە کۆمەڵگایە پێی دەوترێت کۆمەڵگەی عەوام یان جەماوەری.
لە لای ئێۆنسکۆ مردن بریتییە نیە لە فەنابوونی جەستە، بەڵکو نەمانی ئیرادە، ئەوە مەرگی حەتمیە.
ئەگەر جەوهەری شانۆنامەی “جاک یان ملکەچ کردن”، لە مردنی تاکدا بدۆزرێتەوە، کە پێویستە بۆ چوونە ناو کۆمەڵگا، ئەوا دەقی شانۆنامەی (٤)” کەرکەدەن” نوێنەرایەتی فۆرمێکی تری مردن دەکات، مەرگێکی ڕۆحی، کە لە ئەنجامی قبوڵکردنی بێ مەرجی ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتەوە سەرچاوە دەگرێت.
لەم دەقەدا، ئیۆنێسکۆ مێتافۆرێک، ئاماژەیەکی زۆر ڕەمزی بەکاردەهێنێت ئەویش ئەوەیە گۆڕینی مرۆڤە بۆ کەرکەدەن، ئەوەش بۆ دەربڕینی ئەو کاریگەرییەی کە ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاری و فاشیستی لەسەر مرۆڤ هەیەتی. ئیۆنێسکۆ بە وەسفکردنی دیاردەکانی وەک بێ کەسایەتیکردن، خۆفریودان و خۆگونجاندن لەکۆمەڵدا، پەیامێک دەگەیەنێت کە دواجار مۆدێلێکە بۆ تێگەیشتن لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، نەخۆشییە ئایدیۆلۆژییەکان کە دەرئەنجامی مێژوویی کارەساتباریان هەیە،
دەقی شانۆیی کەرکەدەن وەک لە زۆربەی شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆدا سەرەتایەکی بێزارکەری هەیە، ڕوداوەکانی ئەم دەقە شانۆییە لە شارۆچکەیەک ڕودەدات کە تێیدا کە مرۆڤەکان دەبن بە کەرکەدەن، سەرەتا بە گفت و گۆی هەردوو کارەکتەر ژان سەرزەنشتی بێرەنژێ هاوڕێی دەست پێدەکات بەهۆی شێوازی ژیانی بێباکییەوە، چونکێ بێرەنژێ گرنگی بەژیانی خۆی نادات، سەرەتایکی مۆنۆتۆن و وەرسکەری هەیە، بەڵام لە ناوکاو ئەم هاوسەنگی و مۆنۆتۆنی ژیانە بەهۆی دۆخێکی دیاریکراوەوە تێکدەچێت ئەویش بەهۆی ئەوەی بۆ یەکەم جار کارەکتەری ژان کەرکەدەنێک دەبینێت بە شەقامەکەدا دەڕوات، دەڵێت: کەرکەدەنێک، بەدوایدا کچە شاگردەکە هاوار دەکەت: کەرکەدەنێک تا خەڵکانی زیاتر کەرکەدەنەکان دەبینن وردە وردە خەڵکی شارەکە لە مرۆڤەوە دەگۆڕدرێن بە کەرکەدەن. لە کۆتاییدا تاڕادەیەک هەموو کۆمەڵگاکە ئەم گۆڕانکاریە قبوڵ دەکەن و تەنانەت وای لێدێت خەڵک سەرسام دەبن پێی، کارەکتەری سەرەکی بێرەنژێ پیاوێکی تا ڕادەیەک نائارامە تاکە کەسەکە ڕەتیدەکاتەوە خۆی بەدەستەوە بدات و ببێت بە کەرکەدەن، دوا پیاوە کە بە نائومێدیەوە بەرگری لە مرۆڤایەتی خۆی دەکات.
لە بەرامبەر ئەم گۆڕانکارییە، کارەکتەرەکان تەنیا دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە، ئەوانیش پاراستنی کەسایەتی و تاکایەتی خۆیان، یان وەک مەڕ شوێن گایەل بکەون و بگۆڕدرێن بە کەرکەدەن. هەندێک لە کارەکتەرەکان بەشەوقەوە بەرەو پیری ئەو گۆڕانکاریەوە دەچن، بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە ئارەزووی دەستبەرداربوون لە سروشتی مرۆڤایەتی خۆیان دەبن. بۆ نموونە دیزی سەرسامە بە دەرکەوتنیان، وەک خودا سەیریان دەکات، پێی وایە ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە هیچ شتێکی تر، زۆر بەشەوقەوە حەز دەکات ببێت بەو بوونەوەرە ، ئەم وزە نائاساییە کە لەم بوونەوەرەی دەوروبەرمانەوە دەدرەوشێتەوە، کارەکتەری دەیزێ هۆکارێکی هەیە، ئەو بە سادەیی، هیوادارە ببێتە کەرکەدەن تا بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بکات و ببێت بەهاوڕیان و قسەیان لەگەڵ بکات یان قەناعەتیان پێبکات بگەڕێنەوە بۆ دۆخی مرۆیی، یان شێوەیەکی تری ژیان بدۆزینەوە لەگەڵ ئەواندا پێکەوەبین، سازشکارانەتر بیردەکاتەوە. ئیۆنێسکۆ لێرەدا شتێکی گرنگمان پێدەڵێت، دەیزێ پێی وایە ئەگەر خۆی لەگەڵ جەماوەردا بگونجێت، دەتوانێت بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی خۆی بپارێزێت. بەڵام شانۆنامەکە ئەوە دەڵێت کە کاتێک خۆت بەدەست عەقڵیەتی مەڕ یان ئایدۆلۆژیای مەڕەوە دەدەیت، خۆت دەگۆڕیت. کارەکتەری دەیزی هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ئەو گۆڕانکارییە نادات.
بەڵام بێرەنژی بەرەنگاری پرۆسەی بوون بە کەرکەدەن دەبێتەوە. دەڵێت: من بەرگری لە خۆم دەکەم لە دژی هەموو جیهان!بەرگری لە خۆم دەکەم لە دژی هەمووان! من دواهەمین کەسم، تا کۆتایی پیاو دەبم! تەسلیم نابم!” بێرەێنژی دەستبەرداری مرۆڤ بوونی خۆی نابێت، تەنانەت بۆ ساتێکیش ناتوانێت ئەو بیرۆکەیە قبوڵ بکات.
ئیۆنێسکۆ نیشان دەدات کە بەرەنگاربوونەوەی قەرەباڵغی پێویستی بە قارەمانێتی نییە بەڵکو لە سەرووی هەمووشیانەوە مرۆڤ ویژدانی خۆی و بیرکردنەوەی خۆی دەپارێزێت.

ئیۆنسکۆ لە شانۆنامەی کەرکەدەن کە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکاندا ئەم تێکستەی نووسیوە کە شیکارییەکە بۆ دیاردە ئایدیۆلۆژییەکان کە دەتوانێت کاریگەرییەکی وێرانکەری هەبێت، کە شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ سنووردار دەکات شێواندنی ئەخلاقی مرۆڤە.
ڕەخنەگر و نووسەری فەرەنسی سانت تۆبی ئاماژە بەوە دەکات لە ، شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ شانۆییەکی مردن و دۆزەخە، پاڵەوانەکانی وەک ( نالێ پوو ) ورچەکە خوریەکەی فیلم کارتۆنی منداڵانە ناتوانێت بەرەنگاری ئەو فشارە کۆمەڵایەتییە بێتەوە کە بەرەو ڕوی دێت، لە کۆتاییدا ملکەچی داواکارییەکانی دەوروبەری دەبێت. ملکەچ بوونی ئەو داواکاری و یاسایانە کە تەواو بێ مانان ، بێ ماناییەکەی ملکەچبوونە بۆ داواکارییەکانی کۆمەڵگا، ئەوەش هەر مەرگە، کە بیرکردنەوەیەکی دەستەجەمعیان هەیە وەک نموونەی مەرگ لەگەڵ عەواڵدا جەژنە. ئەوەش تەواو لەدەستدانی شێوازێکی تاکەکەسی بیرکردنەوە و ڕەفتارکردنە.
ئیۆنێسکۆ ئیلهام لە ئەزموونەکانی خۆی لە ڕۆمانیا لە ساڵانی ١٩٣٠ وەرگرتووە، کاتێک زۆرێک لە خەڵکی دەوروبەری دەستیان کردووە بە پشتیوانیکردن لە بزووتنەوە فاشیستییەکان. دۆست و هاوڕێ و تەنانەت و ڕۆشنبیرەکانی دەبینی کە چۆن دەخزانە ناوفکری فاشیستییەکانەوە بینی کە بیرکردنەوەیان گۆڕدراوە و هەموویان وەک یەک بیر دەکەنەوە.
ئیۆنێسکۆ دەڵێت: کە شانۆنامەکە تەنها باسی سیاسەتی ڕاستڕەو یان چەپ نییە، بەڵکو باسی مەیلی مرۆڤە بۆ وازهێنان لە بیرکردنەوەی خۆی. دەکرێت ئەم شانۆنامەیە وەک شرۆڤەیەک بۆ کۆنفۆرمیزم وبزووتنەوەی جەماوەری بێت کە و چۆن مرۆڤەکان دەتوانن مرۆڤایەتی خۆیان لەدەست بدەن کاتێک کوێرانە پەیڕەوی لە ئایدۆلۆژیایەک دەکەن.
هەرچەندە پاڵەوانی شانۆنامەکە بێرەنژێ دردۆنگە کە ئایا وەک ئەوان بیربکاتەوە یان نا، چونکە بە تەنیا دژی هەموو کۆمەڵگا وەستاوە. لەگەڵ زیاتر و زیاتری خەڵک بوون بە کەرکەدەن، گومان لەخۆی دەکات خۆی بە بەرپریسیار دەزانێت، ڕەنگە خۆی هەڵەبێت. هەست بە تەنییایەکی زیاترو شێت بوون دەکات، نائارام و ماندووە
لە تێکستەکەوە بێرەنژێ دەڵێت: من جوان نیم، کەرکەدەنەکان جوانن ، من هەڵە بووم، چەند حەز دەکەم وەکو ئەوان بم . بەداخەوە قۆچم نییە، نێوچەوانی تەخت چەند ناشرینە ( چاکەتەکەی ددەکەنێ یەخەی کراسەکەی دەکاتەوە، لە ئاوێنەکەوە سەیری سنگی خۆی دەکات) سنگم لووسەو ئای لەم لەشە سپی و پڕ لە مووە! چەند حەز دەکەم پێستێکی ڕەق و وشکم هەبێ… ( هەوڵ دەدات لاسایی کەرکەدەن بکاتەوە) ئاە، ئاهە، مڕڕڕڕ، نەخێر (زیاتر دەمڕێنێ) مڕڕڕ چەندە بێ مێشکم ( لە ناکاو ڕادەپەڕێ) قیروسیا دژی هەموو خەڵک بەرگری دەکەم، ، تفەنگەکەم لەکوێیە! ( سەیری وێنەی سەری کەرکەدەنەکان دەکات) دژی هەموو خەڵک بەرگری لە خۆم دەکەم.
ئەمەش بەو مانایەیە کە پاڵەوان مرۆڤایەتی هەڵدەبژێرێت تی خۆی و بیرکردنەوەی خۆی دەپارێزێت تەنانەت ئەگەر بە تەنیاش بێت.ئیۆنێسکۆ ویستویەتی نیشانمان بدات کە وەستانەوە بەرامبەر جەماوەر چەندە قورسە، چەند قورسە وەک ماسی مردوو دوای شەپۆل بکەویت، بەڵام چەندە گرنگیشە.
بۆیە کەرکەدەن هێمای ئەوەیە کە چۆن مرۆڤەکان توشببن بەدرمی ئایدۆلۆژیاکان واز لە بیرکردنەوەی سەربەخۆیی خۆیان بهێنن. ئەمەیە شانۆنامەکە دەکاتە بەرگریکردن لە یەکپارچەیی مرۆڤ و بیری سەربەخۆ. پووچگەرایی ئەم دەقە پێمان دەڵێت
ــ کۆمەڵگە چۆن دەتوانێت ببێتە گۆمەڵگەیەکی ناعەقڵانی.
ــ تاکێکی بیرکەرەوە چەندە هەست بە تەنیایی دەکات.
ــ مرۆڤەکان، چەند بە ئاسانی، نائاسایی ئاسایی دەکەنەوە.

مەرگ لای مرۆژێک و ئیۆنسکۆ

دەقە شانۆییەکانی ئیۆنێسکۆ بەهۆی ئەو تەوەرانەی کە باسی دەکات و دیدگای نێهلیستییەکەی، دەتوانرێت بە “شانۆی مەرگ” ناوببرێت. هەردوو ئیۆنێسکۆ و مرۆژێک لەو نووسەرانەن کە شانۆنامەکانیان هەوڵدەدەن سەرنجمان بۆ پرسە چارەنووسسازەکان ڕابکێشن. لە کاتێکدا شانۆی ئیۆنێسکۆ بەم دیدە ڕەشبینی و نەهلسیتیەوە دەناسرێتەوە دەتوانرێت بە شانۆی مەرگ ناوزەند بکرێت چونکێ بەڕەشبینی کۆتایی دێت، بەڵام ناتوانرێت هەمان شت لەبارەی شانۆی مرۆژێکەوە بگوترێ. بێ گومان بیرۆکەی مردن یەکێکە لە بیرۆکە سەرەکییەکانی شانۆی مرۆژێک، وەک چۆن لە دۆخی شانۆی ئیۆنێسکۆدا هەیە، بەڵام جیاوازی بنەڕەتی نێوان شانۆنامەکانیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تەوەرەدایە، بۆ ئیۆنێسکۆ مردن شتێکی ترسناکە. بەڵام لای مرۆژێک گرۆتێسکە .

ئەم حەز کردن بە مردنە ترسناکە. گرۆتێسک و مەرگ لە کولتوری پۆلۆنیادا ڕەگ و ڕیشەی لە کولتوری پۆڵۆنیادا هەیە، چونکێ ئەوان مەرگ یەکسان دەکەنەوە دیوی دووەمی خەباتکردن، ئەوان مردنیان لە شەڕدا پی باشترە وەک لە ژیانی داگیر کاری، هەروەک لە کولتور و زمان و فەرهەنگی کوردیدا گوێمان لێی دەبێت کە دەڵێت توخوا ئەمە ژیانە مردن باشترە لەم حاڵە. ئەم دەستەواژە کوردییە لە کولتوری ئەوان و لای مرۆژک پیادەکرێت ، لە لای مرۆژیک لە شەڕدا مەرگ هەیە لە پێناوی ژیاندا بەڵام مرۆڤ شەڕێکی بێ سود دەکات. کورد قسەیەکی هەیە کە دەڵێت شەڕکردن بۆ ژیان شەڕێکی خۆتڕێنە، چونکە مرۆڤ دەیدۆڕێنێت. ئەم چەمکە دیدی سڵاڤۆمیر مرۆژێکە بۆ مەرگ، بەواتای شانۆنامەکانی هەردوو نووسەر ترس لە بینەر و خوێنەرەکانیاندا دەوروژێنن، بەڵام مرۆژێک بە پێچەوانەی ئیۆنێسکۆ، دەیەوێت سەرقاڵکردنیان بکات.
کارەکتەرکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک مانا لە مردندا دەدۆزنەوە، کە پێیان باشە لە شەڕدا بمرن بۆ ئەوەی بژین، کە مردنەکەشیان هیچ دەسکەوتێکی تێدا نیە، ئەم دیدە تا ڕادەیەک شکڵێکی فەلسەفی و کولتوورییە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بیرۆکەیەک لە مێژوو و ئەدەبیاتی پۆڵەندا هەیە، شەرەف، قوربانی و شەهیدبوون، و شەڕکردن سەرەڕای بێهیوایی، لای ئەوان واتا لە مردندایە، واتە مرۆڤ لە ڕێگەی قوربانیدان یان بە مردن بۆ شتێکی گەورەتر مانا دەدۆزێتەوە. بۆیە ماسلۆڤسکی دەڵێت ئەم بیرۆکەیە لە هەمان کاتدا تەواو تاریکە یان توندڕەوانەیە، دەمەوێت ڕۆشنایی بخەمە سەر ئەم کولتوری مردنە لای پۆڵۆنیەکان لە چییەوە هاتووە، ئەم دیدەش ئاماژەیە بۆ مێژووی شەڕ و داگیرکاری و ڕاپەڕینەکانی پۆڵەندا. هۆنراوەیەکە هەندێک جار لە شێوەی کۆراڵێکدا یاخود نمایشێکی موسیکاڵی دەوترێتەوە، بەناوی ڤارشاوانیسکە Warszawianka (٥) گۆرانییەکی نیشتمانپەروەرانەی رۆمانسی گەلی پۆلۆنیایە کە لە ڕاپەڕینی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٨٣١ دژی ئیمراتۆریەتی ڕووسی لە سەر زمانی خەڵک بوو، ئەوەی گرنگە ئەم گۆرانیە نەریتێکی گەورەی شۆڕشگێری لای پۆلۆنیەکان دروست کردووە، بە دیوێکی تردا بووە بە تەرزی بیرکردنەوەی مرۆڤی پۆلۆنی. جگە لە دیووە شۆڕشگێریەکەی دیوێکی مەرگدۆستی هەیە، لە کولتور ونەریتە بەربڵاوەدا پۆلۆنیەکان کە پێی وابوو باشترە بە شەڕ بمرێت نەک بەبێ ئازادی و شەرەف و مانا بژی. بەڵام پرسیار ئەوەیە “کێ مردنی لە شەڕدا لە ژیان پێ باشترە” شاعیری فەرەنسی کاسیمیر فرانسوا دیلاڤین لەبارەی ڕاپەڕینی پۆڵەندا دژی ڕووسیا و بیرۆکەی ڕۆمانسی دەڵێت: قوربانی، نیشتمانپەروەری، قارەمانێتی و شەهیدبوون.
ئەو کەسەی لە ژیاندا دەمێنێتەوە ئازاد دەبێت،
ئەوەی بمرێت لە ئێستاوە ئازادە.
ئەم تێکستە هیوای ئازادیە، داهاتوو بۆ زیندووەکان، بەڵام مردووەکان بە ڕزگاربوو دادەنرێت. لە
ڕستەکە گوزارشت لە پارادۆکسێک دەکات، چونکە کەسی مردو ئازادە، بیرکردنەوەیەکی زۆر ئاسایی ڕۆمانسی و نیشتمانپەروەرانەی پۆڵەندییە. مرۆژک مامەڵە لەگەڵ ئەم گرتۆێسکی مردنە دەکات، لەگەڵ ئەم پارادۆکساڵەدا بەنجە نەرم دەکات. خەبات کردن بۆ هیوا کۆتاییەکەی بێ هیواییە.
لە مانای ئەم دێڕە دوو ئاستی ئازادی هەیە، زیندووەکان هیوای ئازادی داهاتوویان هەیە، ئەو کەسەی لە ژیاندا دەمێنێتەوە ئازاد دەبێت، ئازادی لە داهاتوودایە، دوای خەبات، دوای سەرکەوتن، دوای ئازارەکان. بەڵام ئەو کەسەی دەمرێت لە ئێستاوە ئازادە، بەواتای مردوو بەمەرگی خۆی ئازادییەکەی بۆ خۆی هێناوە، بەڵام زینددوەکان دەبێت چاوەڕی بکەن.
ئەم دێرانە هەم فەلسەفی و تراژیدییە. بەواتای مردن مرۆڤ ئازاد دەکات، بەڵام لە چی؟ چەوساندنەوە، ترس، ئازار چەشتن، کۆیلایەتی و ژێردەستەیی مێژوو. گۆرانیەکە مردنمان لێدەکاتە ئازادییەکی ڕەها. تا لە شەهید بوون نزیک بینەوە لە ئازادییەکی ڕەها نزیک دەبینەوە، ماسلۆڤسکی ئەم بیرۆکەی مەرگە بە مرۆژێکەوە دەبەستێتەوە.ئەو پێی وایە شانۆی مرۆژێک شوێنەواری ئەم نەریتە پۆڵەندییە هەڵدەگرێت کە مرۆڤ گیری خواردووە، مێژوو دڕندەیە و ژیانکردن لە ژێر سیستەمی تۆلیتاریدا بێمانایە، بەڵام بیرۆکەی کەرامەت لە ڕێگەی خەبات و قوربانیدانەوە هەیە ئەویش مەرگە.
ماسلۆڤسکی هەوڵدەدات پیشانمان بدات کە ئەم بیرۆکەیە لە درامای مرۆژێکدا ئامادەیە، هەرچەندە لە ڕوکەشدا تەنانەت کاتێک لە ڕێگەی ئیرۆنی و نوکتەی بێمانایەوە دەربڕدراوە.

پوچگەرایی لای مرۆژێک:

لای مرۆژێک پوچگەرای و ئەبسورد تەنیا فەلسەفی نییە کە وەک لای ئیۆنێسکۆ یان بێکتدا هەیە، بەڵکو مێژوویی، سیاسی و نیشتیمانییە و پەیوەستە بە ئەزموونی پۆڵەندی جەنگ و داگیرکارییەوە. لە شانۆنامەکانی هەردوو مرۆژێک و ئیۆنێسکۆدا ڕووبەڕووی جۆرێک لە فاتالیزمێکی(٦) دیاریکراو دەبینەوە کە هەرگیز لە دیوە مرۆڤایەتیەکەی جیاناکرێتەوە، (فاتالیزم بە واتای باوەڕبوون بە چارەنووس ) پرسی کۆیلەکردن، چەمکی دەسەڵات کە لەبەردەمیدا مرۆڤەکان بێدەسەڵاتن و ناچارن گوێڕایەڵی هەموو فەرمانەکانی بن، تەنانەت فەرمانە بێماناکانیش، لە شانۆنامەی “ڕووتبوونەوە” بەتەواوەتی ئەم چەمکە ئامادەیە.

لەم دەقەدا دوو کارەکتەرهەن پیاوی یەک و پیاوی دوو، کە نازانن لە کوێن و بۆچی گەیشتوونەتە ئەم شوێنە نادیارە، لە ژوورێکی داخراودا دەبنە دیل و ناتوانن کۆنتڕۆڵی بارودۆخی خۆیان بکەن. لە شانۆنامەی ڕووتبوونەوەدا مرۆژێک لە دەقەکەدا پرسی ئازادی دەوروژێنێت، بەو پێیەی هەمیشە کردەوەی ئەم کارەکتەرانە لە ژێر کاریگەری تێگەیشتنیان لە ئازادیدایە؛ بۆیە دەتوانرێت ئەم دەقە وەک چیرۆکێکی کۆیلەکردن لێکبدرێتەوە، کە قوربانییەکان بە بەکارهێنانی چەمکی یەک ڕەنگی ستێرئیۆتیپی (٧) ئازادی هەوڵدەدەن کەرامەتی خۆیان لە بەرامبەر دەسەڵاتی بێ کەسایەتی و بێبەزەییدا بپارێزن. بەڵام لە قوڵ بوونەوەی دەقەکەدا تێگەیشتنێکی ترمان بۆ ئازادی کەشف دەبێت.
مرۆژێک ڕوداوەکان و دۆخەکە لەم دەقەدا بەکاردەهێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەمکی ئازادی و پەیوەندی مرۆڤ بە دەسەڵات و کۆنترۆڵەوە. خودی کردارەکە گرنگ نییە لە شانۆنامەکەدا، بەڵکو چۆن کاردانەوەیان دەبێت ئەوە گرنگترە و جەوهەری کێشەکەیە.
مرۆژێک پێمان دەڵێت کە کردەوەی خەڵک لە ژێر کاریگەریەکاندا چ ڕەنگێک وەردەگرێت و چ کاردانەوەیەکیان دەبێت. لەو دۆخانەدا چۆن لە ئازادی تێدەگەن؟ ئایا ئەوەی هەیە ئامادەن قبوڵی بکەن؟ چۆن کاردانەوەیان دەبێت کاتێک کەسێکی تر دەسەڵاتیان بەسەردا دەگرێت؟ لەو شوێنەدا کە ئەم دوو کارەکتەرەی تێدا دەژین ئازادی مانای چییە؟
لەم دەقەدا دەتوانرێت ئازادی بە شێوازی جیاواز لێکبدرێتەوە:
یەکەم ئازادی دەرەکی، ئازادی دەرەکی بریتییە لەو شتانەی کە لە دەرەوە دیارن، کە مرۆڤ توانای جوڵە و بڕیاردانی خۆی لەدەست خۆیدا نییە، بۆنموونە توانای ڕۆشتن بۆ ئەو شوێنەی کە دەتەوێت، کەسەکە ناتوانێت شوێنەکە بەجێبهێڵێت، ئەوانی تر بڕیار لەسەر یاساکان دەدەن. ڕێگرتن لە وتنی ئەوەی دەتەوێت، کۆنترۆڵکردنی هەڵبژاردنەکانی خۆت لە لایەن کەسانی ترەوە، جا دەسەڵات بێت یان لە زینداندا بێت. وەک لە دەقەکەدا دیارە، کارەکتەرکان ئازادی دەرەکی لەدەست دەدەن چونکە لە ژوورەکەدا گیریان خواردووە، لە یاساکان تێناگەن و دەستێک، دەسەڵاتێکی نەبینراو دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵ بکات.
دووەم ئازادی ناوەوە، ئازادی ناوەوە زیاتر دەروونی و فەلسەفییە، واتە توانای بیرکردنەوە بۆ خۆت، پاراستنی کەسایەتی خۆت، دەستبەردار نەبوون لە کەرامەتی خۆت و نەهێشتنی ئەو دەسەڵاتە کە نەتوانێت بەتەواوی کۆنترۆڵی مێشکت بکات.
مرۆڤ لە ژێر سایەی ڕژێمێکی توتالیتایری و دیکتاتۆریدا پێویستی بە دوو جۆر خەبات هەیە، ئەم شەڕە دەبێت لە دوو بەرەوە ڕووبدات بە پلەی یەکەم لە دژی نەیارانی ناوەوەی خۆت، پاشان نەیارانی دەرەوەمان، کارەساتی هەرە دڵتەزێن ئەوەیە کۆیلە لە ناوەوەدا تووشی دووکەرت بوون بێت، کە ئاگاداری چەوساندنەوەی ناوەوە نەبێت، دوژمن بتوانێت هەستەکانی داگیر بکات. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، دەسەڵات توانی هەموو خاکی کوردستانی باشور داگیربکات، بەڵام نەیتوانی هەستی هەموو مرۆڤی کورد کۆنترۆل بکات. لەمەوە فرێری پێمان دەڵێت، “مەترسی داگیرکردنی هەستی مرۆڤ زۆر ترسناکترە لە خاکەکەی. ” دەشێت مرۆڤ زیندانی بێت بەڵام بیرکردنەوەی ئازادەنەبێت، لە زەمەنی دیکتاتۆریەتدا وتنی ئازادی یاساغە، بەڵام هەڵبژاردنی بیرکردنەوەی ئازادی تاک بەدەت خۆیەتی.
ئەو دوو پیاوە کاردانەوەی جیاوازیان هەیە بەرامبەر بە دیل بوون و ئەمەش شێوازی جیاواز نیشان دەدات کە مرۆڤەکان مامەڵە لەگەڵ ستەم یان بارودۆخی بێمانایدا دەکەن. مرۆژێک گرنگتر لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ستەمکار پرسیارێکی فەلسەفیتر سەبارەت بە ئازادی مرۆڤ بە گشتی دەکات.
هەر بۆیە ئەم تەوەرە لە شانۆنامەکەدا زۆر گرنگە کە ئازادی چۆن دەبینرێت مرۆژێک نیشانی دەدات کە مرۆڤەکان کاردانەوەی جیاوازیان دەبێت کاتێک ئازادییان لێ دەسەندرێتەوە. کارەکتەرەکان هەوڵ دەدەن، لە دۆخەکە تێبگەن، خۆیان بگونجێنن؟ یان ڕێگەیەکی لۆژیک بدۆزنەوە بۆ ئەم دۆخەیان؟ نووسەر لە دواجاردا ئەم پرسیارەمان لێدەکات کەی مرۆڤ واز لە ئازادبوون دێنێت؟.ئەویش تەواو هاوڕایە لەگەڵ پاوڵۆفرێری چونکێ لە نمایشەکەدا ئازادی ئەوکاتە نامێنێت کە زیندانی کراو واز لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بهێنێت و قبوڵی ئەو زیندانیە بکات و بەڵگەیەکی لۆژیکی بۆ بدۆزێتەوە کە ئەوە مەترسیتدارترین کۆیلایەتییە.
مرۆژێک جیاوازی نێوان ئەو دوو کارەکتەرە لە هەڵوێستەکانیاندایە بەرامبەر بە ئازادی دەکات، یەکەمیان بە شێوەیەکی پاسیڤانە لێی تێدەگات، بەڵام دووەمیان بە شێوەیەکی چالاکانە. نووسەر بەبێ ئەوەی لایەنگری بکات ئەم دوو بۆچوونە دژبەیەکانە دەخاتە ڕوو. لە ئەنجامدا کەسی یەکەم “ئازادی ناوەوە”ی ڕەها هەڵدەبژێرێت، بەڵام پیاوی دووەم ناتوانێت لەگەڵ لۆژیکی پیاوی یەکەمدا هاوڕا بێت، پێی وایە ئەنجامدانی کارێک تاکە ڕێگایە بۆ دەربازبوون لەم ژوورە. بەم شێوەیە دوای داخستنی دەرگاکە، بە دیوارەکانیشەوە لێی دەدات، تەنانەت “خۆی خۆی نیشان دەدات کە ڕاوچییە
پیاوی یەک: گوێبگرە با شتێکت پێبڵیم، ئێما ناتوانین بە هیچ شێوەیەک دەرەوەی خۆمان بگۆڕین
پیاوی دوو: جا بۆ بیگۆڕین کەی ئەوە ئیشی ئێمەیە
لە درێژەی دەقەکەدا پیاوی دوو دەڵێت:
پیاوی دوو: من وەک تۆ نیم باوەڕم بە ئازادی دەرەوە هەیە.
لە کۆتاییدا، پلان و وردبینییەکانی هەردووکیان بێهودەی و بێمانایی دەسەلمێنن، جا ئەو کردارانەیان کە ئەرێنی بێت یان نەرێنی، لەبەردەم دەسەڵاتێکی باڵاتردا هیچ مانایەکیان نییە. چونکێ هەردووکیان هەمان چارەنووسیان دەبێت
لە دەقەکەدا دەستێک لە سەقفی ژوورەکەوە دێتە دەرەوە فەرمانیان پێدەکات، ئەم دوو کارەکتەرەکە دەستیان کەلەپچە دەکرێت و هەمیشە لە ژێر فەرمانی دەستدا دەمێننەوە. گرنگی ئەم دەستە لە دەقەکەدا چییە؟ ئێمە دەزانین شێوازی ئەم جۆرە نووسینانە تایبەتە و بونیادێکی کلاسیکی نییە، بۆیە دەتوانرێت بە چەندین شێوە بوونی ئەو دەستە لێکبدرێتەو، بێگومان نووسەر بەڵگەی ڕوونمان پێشکەش ناکات، ئێمە نازانین ئایا قسە لەسەر چارەنووسی بوونی مرۆڤ دەکات یان باس لە هەندێک یاسای کۆمەڵایەتی دەکات؟ کە بۆ مرۆڤ ناڕۆشنە.

کێشەی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر مرۆڤایەتی.

بۆ باسکردنی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییەکانیان چەند نموونەیەک دەهێنینەوە لە لای هەردوو نووسەر کە هاوبەشیەک دەبینرێت لە خستنە ڕووی پەیمانە کۆمەڵایەتیەکان، ئەوەی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەم دوو شانۆگەرییە جیا دەکاتەوە، ڕێبازەکەیانە شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ پرسەکەدا و وێناکردنی کارەکتەرەکانە، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە شانۆنامەی ( جاک و ملکەچ بوون ــ کەرکەدەن) ی ئیۆنسکۆ و (تانگۆ و ڕووتبوونەوە) ی مرۆژک بەنموونە دەهێنینەوە.
تەوەری سەرەکی لە شانۆنامەی (جاک و ملکەچبوون)ی ئیۆنێسکۆدا، لەدەستدانی تاکگەرایی و ملکەچبوونی تەواوەتییە بۆ داواکارییەکانی کۆمەڵگا، تەنیا لە پێناوی تێکەڵ بوون و پەیڕەوکردنی یاسا کۆمەڵایەتیەکانە، لەم دەقەدا تاک تەنیا بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەدا تێکەڵ بێت، دەبێت ئەسمیلە بێت و بتوێتەوە و خەسڵەتەکانی خۆی ون بکات.
هەروەها لە شانۆنامەی تانگۆدا پرسی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکانیش ئامادەییەکی زۆری هەیە و دەتوانرێت بەڕوونی دەستنیشانی بکەین، بەڵام ئەوەی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەم دوو شانۆگەرییە لەیەکتر جیا دەکاتەوە، شێوازی مامەڵەکردن شێوازی کارکردنە لەگەڵیان چۆن وێنای خەڵکەکە دەکەن. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکەی ئیۆنێسکۆ تەنیا گرووپێکی یەکسان و یەک ڕەنگن، هەموویان نزیکەی هەمان تایبەتمەندییان هەیە، کارەکتەرەکان تەواو لە یەکتر دەچن، کارەکتەرەکان جەماوەرێکی بێناو بێ کەسایەتین. ڕەنگە تاکە جیوازی نێوان کارەکتەرەکان جیاوازی نیوان تەمەنیان بێت هێندە لەیەک دەچن.
لێرەدا دەمەوێت باسی شانۆنامەی تانگۆ بکەم باسی چی دەکات بۆ ئەوەی خوێنەر بەرچاو ڕوونیەکی هەبێت تا زیاتر ئاشنای کارەکتەرەکان و ببین چونکی دونیا بینی کارەکتەرەکان ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت بە پێشاندانی پوچگەرایی لە لای نووسەرەکەی و ئەو دۆخەی کارەکتەرەکان تییدا دەژین هەروەها چۆن بینای درامی شانۆنامەکە ڕۆنراوە.
یەکێک لە بەناوبانگترین شانۆنامە درێژەکانی مرۆژێک “تانگۆ”یە کە توخمەکانی شانۆی ئەبسورد تەواو ڕەنگدەداتەوە، دوای بڵاوبوونەوەی لە ساڵی ١٩٦٤ لە گۆڤاری دیالۆگ، “تانگۆ” بە خێرایی ناسنامەی نێودەوڵەتی (لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریکا) بەدەستهێنا. مرۆزێک لە شانۆنامەکەدا ڕەخنە لە ململانێی نەوەکان دەگرێت و لە ڕێگەی ڕوانگەیەکی ئەبسوردیەوە، باس لە خێزانێکی پشێو شیرازە بچڕاو دەکات کە کوڕەکەیان ئارتور، خێزانێکی نەریتی و رێک و پێکی دەوێت، بەڵام کۆتاییەکەی بە کوشتنی کوڕەکەیان کۆتایی دێت، مرۆژێک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی بەکارهێنای توندوتیژی و داڕمانی ئەخلاقی و کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و ترس لەدەسەڵات دەردەبڕێت.
دواجار ڕەهەندی سیاسی و دیدێکی ورد و سادە بۆ کۆمەڵگا لە سەردەمی تۆتالیتاریزمدا پێشکەش دەکات. ڕەخنەیەکی ورد لە دیدی ئایدۆلۆژیا دەگریت، تەنانەت باشترین ئایدۆلۆژیای ئامادەکراو شیاوی ئەوەی هەیە بگۆڕدرێت بۆ تۆتالیتاریزم و دڕندەیی دەسەڵات، وەک لە کۆتایی شانۆنامەکەدا دەردەکەوێت.
تانگۆ شانۆنامەیەکی سێ پەردەییە ڕوداوەکان لە ماڵی خێزانێکی ڕووناکبیر ڕوودەدات کە تێیدا هیچ ڕێسایەک و هیچ ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی تێدا نەماوە. (ستۆمیل) ی باوک و (ئێلیۆنۆرا) ی دایک، پێشتر شۆڕشگێڕ بوون و هەموو بەها کۆنەکانیان شکانده‌وە. بەڵام ئەم ئازادییە بێ‌سنورە بووە هۆی ئاژاوە و بێ دیسپلینی و بێ ڕێکخستن.
ژوری میوان شوێنێکی زۆر شپرزەو شپڕێوە، هیچی بەسەر هیچەوە نییە هیچ هاوسەنگیەک و گونجاندنێک لە دانانی کەل و پەلەکاندا نیە، چەند شتێک لە ژوورەکەدا هەیە وەک جلی بووکێنی کاڵبووەوە، گالیسکەیەکی منداڵان، تابوتێک، ئەسکەمیلێکی کۆن، مێز ێک و چەند کورسیەک هەر دانەی لە ڕەنگێکە، شتگەلێک کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جیاواز، هەموو ئەمانە ئاماژەیە بۆ خراپ بوونی کۆمەڵگا، لەم ماڵەدا سێ نەوە دەژین. کارەکتەرە سەرەکییەکان: ئارتور، گەنجێک کوڕی ستۆمیل، ستۆمیل باوک، ئێلینۆر دایک، یوجینیا داپیرە، یوجین باپیرە، ئالا دەزگیرانی ئارتور، ئێدی خزمەتکار.
نەک هەر دانانی کەل و پەلەکان هیچ گونجاندنێکی تێدا نییە بەڵکو پەیوەندیەکانیش، پەیوەندیەکانیش ناجۆرە، ئێدی خزمەتکار، پەیوەندی خۆشەویستی هەم لەگەڵ ئێلۆنورا دایکی ئارتور هەیە و هەم لە ژێرەوە پەیوەندی لەگەڵ ئالای دەزگیرانی ئارتور. ئازادییەکی ڕەها بێ هیچ قەید و مەرجێك هەیە، هەر ئەم ئازادییە بێ مەرجەیە خولق و بیرکردنەوەی ئارتوری مەشغوڵ کردووە و تووشی کێشەی دەکات.
سەرەتای دەستپێکی پەردەی یەکەمی شانۆنامەکە، یوجینی پاپیرە و یوجینیای داپیرەو ئیدی خزمەتکار بە جل و بەرگێک دەبینرێن کە لایەق بە تەمنی ئەوان نیە، زۆر گەنجانەیە، خەریکی یاری کاغەزن و جارجارەش دەخۆنەوە، ئارتوری گەنج دەگەڕیتەوە کۆستیمێکی لەبەردایە جیاواز لە جل و بەرگی ئەوان، دەمەقاڵێ دروست دەبێت لە نێوانیان، ئارتور داپیرەی، ئارتور هەوڵ دەدات ئەو پشێوییەی لە ماڵەکەدا هەیە ڕاست بکاتەوە.
ئامانجی سەپاندنی بەها نەریتیەکانە، هەولی هاوسەرگیرییەکی ئاسایی و سونەتی دەدات لەگەڵ ئالای خۆشەویستی، لە پەردەی دووەمدا ئارتور دەیەوێت یۆجینی باپیرەی ڕازی بکات لەوەی بە شێوەیەکی سونەتی ڕیورەسمی ئاهەنگی هاوسەرگیری لەگەڵ ئالادا ڕێکبخات و هاوکاری بێت، وەک پیشاندانێکی ڕوکەشی و نیشانەیەکی دەرەکی ئامانجەکەی بۆ ئەو سیستەمە نوێیەی بەهاکان کە دەیەوێت دروستی بکات.
لە پەرەسەندنی ڕوداوەکان، داپیرەی دەمرێت ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فکری توندو تیژی و مردن لای ئارتور گەڵاڵە بێت کە هۆکارێکە بۆ سەقامگیری و دیسپلین، دواتر هەوڵدەدات باوکی قەناعەت پێ بکات کردەوەیەکی توندوتیژی دژی ئیدی بەکاربهێنێ، چونكی پەیوەندی لەگەڵ دایکی هەیە، کە هەموو خێزانەکەش بەم پەیوەندیە دەزانن، لەقسەکردن لەگەڵ باوکی بۆی ڕوندەکاتەوە کە کوشتنی هیچ بەرهەمێکی نابێت ئارتور پێی دەڵێت بە کوشتن ڕودای گەورە دروست دەکەیت، باوکیشی لەوەڵامدا پیی دەڵێت کارەساتی گەورە لە ئێستادا نەماوە ئەوەی رودەدات هەموو مەخسرەیە.
ستۆمیل خۆی بە نووسەری ئاڤانگارد دادەنێت، بەرەنگاری هەوڵەکانی ئارتورر دەبێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە نەوەی ئەوان بوو، ڕاپەڕینیان کرد و کە هەموو نەریتە کۆنەکانیان ڕووخاندووە و ژیانێکی ئازادی بۆ ئارتور و نەوەکانی داهاتوو دروستکردووە.
لە پەردەی سێیەمی شانۆنامەکدا، ڕێکخستنی ماڵەکە کەمێک دەستکاری کراوە و ژوورەکە ڕێک و پێکتر کراوە، پلەی ئێدی Eddie بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆکی خزمەتکاران، ئالاـ ی دەزگیرانی ئارتور جل و بەرگی سپی بوکێنی لەبەرکردووە، چاوەڕێی ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەیە، بەزەبری توند و تیژی ئارتور وا هەست دەکات پلانەکەی بەیارمەتی ئێدک بێبەجێکراوە، بەڵام ئارتور بە سەرخۆشی لە ئاهەنگی دوارۆژی سەڵتی دەگەڕێتەوە bachelor party ( ئاهەنگی دوا رۆژی سەڵتی نەریتێکە لە زۆربەی وڵاتان هەیە ، ئەو ڕۆژە لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکانیەوە دەبێت و کاتێکی خۆش دەبەنە سەر و سوپرایزی بۆ دەکەن ) باس لەوە دەکات کە چاکسازییەکانی بە پێچەوانەوە جێبەجێکراوە، بیرۆکەکەی کە بنەمای نەزمە نوێیەکەی پێکدەهێنێت دەسەڵاتی ڕەهایە و بەنیازە بە یارمەتی ئێدی ئەم دەسەڵاتە بەکاربهێنێت، پاشان دەمەقاڵێ دروست دەبێت لە دواجاردا ئارتور بەدەستی ئیدی خزمەتکار دەکوژرێت، ئێدی دەبێت بە سەروەری ماڵەکە، هەموو خێزانەکە بە ئامادەییەوە خۆیان ڕادەستی حوکمڕانی ئیدی دەکەن. بە سەمایەکی تانگۆ کۆتایی بە شانۆییەکە دێت کە هێمای سەرکەوتنی هێزی بێ ‌فەهەنگ و دیکتاتۆرییە، یۆجین لەگەڵ خزمەتکارەکە سەمای تانگۆ دەکات.
لە شانۆنامەی تانگۆ ململانێی نێوان نەوەکان میحوەری بەرهەمەکە پێکدەهێنێت، بە پێچەوانەی کارەکانی ئیۆنێسکۆ کە جەختکردنەوەیە لەسەر لەیەکچوونی ئەندامانی کۆمەڵگە و بێتوانان لە سەرپێچیکردنی ڕێککەوتننامە کۆمەڵایەتییەکە. پەیمانی کۆمەڵایەتی لای مرۆژێک لە تانگۆدا لەسەر یاخیبوونە ڕۆنراوە، مرۆزێک لە ڕێگەی کارەکتەری ستۆمیلەوە پێمان دەڵێت کە تەنانەت چۆن ناتەبایی تەواو دەتوانێت ببێتە نۆرم و شتێکی ئاسایی.
بەدرێژایی شانۆنامەی تانگۆ ڕووبەڕووی ململانێیەکی نەوەکان دەبینەوە، نەوەی ستۆمیل لە دژی نۆرمەکان یاخی بوو، ستۆمیل و کارەکتەرەکانی تر پێیان وایە “یاخیبوون بەردی بنەڕەتییە کە پێشکەوتنی لەسەر بنیات دەنرێت، تا یاخیبوونەکە فراوانتر بێت، بینای بنیاتنانی کۆمەلگە فراوانتر دەبێت” لای ئەوان، بەو مانایەیەش خێزانەکەیان بیرۆکەی پێشکەوتنی و هەموو سیستەمی خێزانیان لەسەر ڕاپەڕین بنیات دەنێن. بەواتا کۆمەڵگا بە یاخیبوونی خەڵک لە یاسا کۆنەکان گەشە دەکات، بەبێ ڕاپەڕین هیچ پێشکەوتنێک نییە، تا زیاتر نۆرمەکانی کۆن بشکێنیت، گۆڕانکارییەکە گەورەتر دەبێت. لای مرۆژێک ئەم شێوازە جۆرێک ئیرۆنییە، لە شانۆنامەی تانگۆدا، مرۆژێک پێمان دەڵێت کە ڕاپەڕینی بەردەوام دەتوانێت زۆر دوور بکەوێتەوە لە ئامانجەکەی و کاتێک هەموو شتێکی کۆن دەڕوخێنرێت ڕێکخستن و بەهاکانیش نامێنن و ئیتر کەس نازانێت چی گرنگە، ئازادی دەبێتە ئاژاوەگێڕی. تەواوی شانۆنامەکەی تانگۆ دواتر دەرئەنجامەکانی ئەو بیرۆکەیە نیشان دەدات.
بەڵام یاخیبوونی ئارتور لە شانۆنامەی تانگۆدا تەواو جیاوازە، ئەو ئێستا کۆنفۆرمیستە،(٨) یاخی بوونی ئەوە پەیوەستە بە نەبوونی یاساوە، چونکە ئەو خۆیشی و دەوروبەر و خێزانەکەی لە پێشدا تەواو دژە کۆنفۆرمیست بوون، خێزانەکەیان هێندە خۆیان ئازاد کردووە کە هیچ بایەخێک بۆ نۆرم و ئەخلاق نەماوە و مۆراڵ داوەشاوە. پێیان دەڵێت ناتوانم خۆم بپارێزم لە یاخیبوون لە تۆ، لە دژی داڕمانی ئێوە و لە خراپەکاریتان.
ئەو ئازادییە ڕەهایە خۆشبەختی نییە بۆ کوڕەکەیان کە دایک و باوکی بانگەشەی بۆ دەکەن. شێوازی ژیانەی خێزانەکەیان وایکردووە کە ئارتور هاوسەنگیەکی دەرونی و دەرەکی نەمێنێت، ئەو لە جیهانێکدا دەژی کە هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە و هیچ نەریتێک نەماوە، خێزانەکەی پێیان وایە ئەمە بە واتای ئازادی، مۆدێرنیتە، بەختەوەری. بەڵام ئارتور هەست بە پێچەوانەکەی دەکات، نادڵنیایی، بۆشایی و بێ سەروبەری. دەقەکە پێمان دەڵێت کە ئازادی تەواو نابێتە هۆی بەختەوەری هەروەها خەڵک پێویستیان بەڕێکخستن و نۆرمەکان و سەقامگیری و بەها ڕوونەکان هەیە. ئارتور بەدوای فۆرمێکی نوێدا دەگەڕێت، بیرۆکەیەکی نوێ بۆ جێبەجێکردن، بەڵام نازانێت چۆن و چی بکات، چ بیرۆکەیەک باشە . هەموو پێشنیارەکان ڕەتدەکاتەوە، چونکە دەیەوێت شتێکی نوێ دروست بکات، نەک لە شتێکەوە دەستپێبکات کە پێشتر هەبووە. جارکی تر ڕاپەرینێک دژی ئەو ڕاپەڕینە بکات کە پێشتر کردیان.
تێگەیشتنی ئارتور لەو ساتەدا دێت کە داپیرەی دەمرێت. سەرسام دەبێت بەو ڕاستییەی کە مردن هەموو مرۆڤەکان دەگرێتەوە، گەردوونییەتی مردن، کەس ناتوانێت لە مردن ڕزگاری بێت، مردن تاکە یاسای ڕەهایە کە هەموو کەسێک دەگرێتەوە. بۆ ئارتور کە بە نائومێدیەوە بەدوای فەرمان و بنەما جێگیرەکان دەگەڕا، بەڵام مردن لەناکاو دەبێتە تاکە شتێکی تەواو دڵنیا و گشتگیر، تێدەگات کە ئەو سیستەمە ئایدیالە تەواوەی کە بەدوایدا دەگەڕا لە سەر بنەمای توندوتیژی و مردن دروست دەبێت، یەکێک لە دیالۆگەکانی (مەرگ لەناو تۆدایە، وەک باڵندەیەک لەناو قەفەسێکدا، ئەوە کاری منە تەنها ئازادی بکەم). بەم شێوەیە مرۆژێک نیشانمان دەدات کە چۆن خەبات بۆ ڕێکخستن دەتوانێت لەبری مانای ڕاستەقینە یان ئازادی بە هەڕەشە و توندوتیژی کۆتایی پێبێت. مرۆژێک لەم دەقەدا پێمان دەڵێت کە زۆر کۆنتڕۆڵکردن خراپە، بەڵام بێسنووری تەواو وێرانکەریشە.
بەڵام لە کۆتاییدا ئارتور دەبێتە قوربانی سیستەمەکەی خۆی، کوشتنی ئارتور دەتوانێت هێمای “بەتاڵکردنەوەی فۆرمی بیرۆکەکان” بێت، دوای ئەوەی ئێدی ئارتور دەکوژێت، پاشاندا ئیدی و یوجین لەسەر مەرگی ئارتور سەمای تانگۆ دەکەن، کە لە یاریەکی نا عەقڵانی دەچێت، کە خاڵی بێت لە هەموو مەعقولیەتێک. سەما کردنی تانگۆ کە خۆی هەم ناونیشانی دەقەکەیە و هەم بەکارهێنانی سیمبوڵی و ڕەمزی فەلسەفیە لە شانۆنامەکەدا چونکێ کارەکتەری ئێدی ئارتور دەکوژێت، هەر ئەویش سەمای تانگۆ لەسەر لاشەی ئارتور دەکات، لە بری ئەوەی مردنی ئارتوری کوڕیان ببێت بە کارەساتباری خەم و پەژارە بەڵام ئەوان سەما دەکەن، لاشەی ئارتور هێمایە بۆ کەوتنی بیرۆکەکان و ڕێکخستنەوەیان، کاتێک ئێدی سەرکردایەتی سەماکە دەکات، ئەوە نیشان دەدات کە ئێستا تەواوی دۆخەکە و خەڵکەکەی لە ژێر کۆنترۆڵی ئەودان، بەم شێوەیە تانگۆ دەبێتە هێمای دەسەڵات و باڵادەستی. تانگۆ لە ڕاستیتیدا بریتییە لە سەمایەکی ڕەسەن و کولتوری ڕۆشنبیری، شتێک کە پێویستی بە فۆرم و دیسیپلین هەیە، فۆرمەکانی بە کولتوور ماونەتەوە، بەڵام ناوەڕۆکی ڕاستەقینەیان لەگەڵ ئارتوردا مردووە، ئێستا لەلایەن ئێدیوە سەما دەکرێت کە بازاڕیترین وبەدڕەوشترین ودڕندەترین کەسی ناو شانۆنامەکەیە. هەر لەبەر ئەمەشە کە دیمەنی کۆتایی دەقی تانگۆ زۆرجار هەم وەک ئیرۆنی و هەم تراژیدی و هەم بە ڕەشبینیەکی قوڵ سەیر دەکرێت. شانۆنامەکە پیشانمان دەدات کە چۆن کۆمەڵگایەک کە هاوسەنگی لە نێوان ئازادی و یاساکاندا نییە، لە کۆتاییدا دەڕوخێت و دەسەڵات بۆ بەهێزترینەکان بەجێدەهێڵرێت نەک “ڕاستگۆترینەکان”
بەم شێوەیە، هەردوو ئیۆنێسکۆ و مرۆزێک باس لە بابەتگەلێکی هاوشێوە دەکەن سەبارەت بە بارودۆخی مرۆڤ و ئارەزووی بەردەوام بۆ ئازادی، بەڵام هەریەکەیان لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لێی نزیک دەبنەوە، شانۆنامەکانیان جیاوازی نێوان دیدگاکانیان تەواو ڕوون دەکاتەوە. مرۆڤایەتی لە دەقەکانیاندا بەردەوام خەبات دەکات لە دژی هەموو ئەو هۆکارانەی کە ئازادییەکەی بەرتەسک دەکەنەوە، جا چ ئایدیۆلۆژی بێت یان کۆمەڵایەتی. بەڵام ئیۆنێسکۆ سەرنجی لەسەر پشێوی و بێمانایی بوونی مرۆڤ و دڵەڕاوکێکانێتی، لە کاتێکدا مرۆزێک زیاتر سەرنجی لەسەر هۆکارەکانی ئەو دڵەڕاوکێیانە دەبێت. ئەم بیرۆکانە لە ڕێگەی کارەکتەری ئەبستراکت و ڕەمزییەوە دەردەکەون. بۆیە دەتوانین بڵێین شانۆی ئیۆنێسکۆ و درامای مرۆزێک، لە دونیابینیەکانیاندا، کۆمەڵێک تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا جیاوازن.

———————————————-
پەراوێزەکان

(١) ئۆنتۆلۆژی، ئەم وشەیە ناوی لقێکە لە فەلسەفە کە دەکۆڵێتەوە لەوەی: چی هەیە؟ (چی بوونی هەیە) چ شتانێک بەراستی “هەن” جۆری بوون و مانای بوون چییە. زۆرجار “بەتاڵی ئۆنتۆلۆژی” زیاتر بە شێوەیەکی مەجازی بەکاردەهێنرێت، هەستێک کە هیچ شتێک مانای ڕاستەقینە و بوونی نییە. کە شتێک، ناسنامە، ناوەڕۆک یان مادەی ڕاستەقینە ی تێدا نییە. حاڵەتێک کە مرۆڤ ئەزموونی دەکات هەست بە بەتاڵی و ناڕاستەقینە و بێ بناغەیی ژیان، جهیان و دەکات. بۆ نموونە گەر کەسێک بە کەسێکی گوت: هەست بە بەتاڵی و بێ مانای دەکات. کەسێک دەڵێت ژیانم بێ‌مانایە، ئەمە دەتوانرێت بگوترێت “بۆشایی ئۆنتۆلۆجی”
(٢) کورسییەکان (Les Chaises) لەلایەن Eugène Ionesco لە ساڵی 1951 لە پاریس نووسراوە. لە ٢٢ی نیسانی ١٩٥٢ لە Théâtre Lancry لە پاریس بۆ یەکەمجار نمایشکرا و لەلایەن سیلڤاین دۆمەوە دەرهێنرا. دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەم دەقە نووسراوە کە زۆرێک لە نووسەران هەستیان بەوە کرد کە جیهان بووەتە شتێکی تێنەگەیشتن و مرۆڤەکان بە زەحمەت مانا لە ژیاندا دەدۆزنەوە. ئیۆنێسکۆ ویستویەتی تەنیایی مرۆڤ، پووچی کۆمەڵگا نیشان بدات، ئەمەش هێمای پەیوەندی نەکردنی مرۆڤە، هەستکردنە بە بەتاڵی و گەڕان بەدوای مانا لە جیهانێکی ئاژاوەگێڕدا. ئەمڕۆ بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمەکانی ئیۆنێسکۆ دادەنرێت و یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی شانۆی ئەبسورد دادەنرێت. تێکەڵاو یەکە لە نوکتە، دڵتەنگی و فەلسەفە و بارودۆخی ناماقوڵ لە یەک کاتدا.
(٣) شانۆ نامەی (جاک یان ملکەچکردن ) باس لە گەنجێک دەکات بە ناوی جاک کە ڕەتیدەکاتەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی و یاساکانی کۆمەڵگادا بگونجێت. خانەوادەکەی هەوڵدەدەن ناچاری بکەن کە وەک هەموو کەسێک بیربکەرەوە و پەیڕەوکردنی نەریتەکان و هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنە بکات کە بۆی دیاریکراوە. و بەپێی داواکارییەکانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئاسایی ڕەفتار بکەن. سەرەتا جاک بەرەنگاریان دەبێتەوە و هەوڵدەدات کەسایەتی خۆی بهێڵێتەوە. بەڵام خێزانەکە بەردەوام فشار دەخاتە سەری، هەنگاو بە هەنگاو دەست دەکات بە خۆبەدەستەوەدان. هەر بۆیە شانۆنامەکە ناوی “ملکەچبوون”ە. لەم دەقەدا لە هەندێک وەرگێراندا بە جاک نووسراوە لە هەندێک شوێندا بە کوبوش.
(٤) دەقی شانۆیی کەرکەدەن د. موحسین ئەحمەد عومەر لە زمانی فەرەنسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەردەم بڵاویکردۆتەوە.
(٥) لێرەدا م. ماسلۆڤسکی M. Maslowski, ئاماژە بەگۆرانیەکی درامی ڕۆمانسی پۆڵۆنی دەدات بە ناوی وارسزاویانکا Warszawianki کە زۆربەی کارەکتەرەکانی مرۆزێک بە ئاماژەدانە بە بیرۆکەی ئەم گۆرانیە پۆڵۆنیە کە پەیوەست بە خەبات و یاخیبوونەوە
گۆرانی ڤارشاوانیسکە Warszawianka گۆرانییەکی نیشتمانپەروەرانەی رۆمانسی گەلی پۆلۆنیایە کە لە ڕاپەڕینی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٨٣١ دژی ئیمراتۆریەتی ڕووسی لە سەر زمانی خەڵک بوو، تێکستی گۆرانیەکە لە لایەن شاعیری فەرەنسی کاسیمیر فرانسوا دیلاڤین Casimir François Delavigne نووسراوە پاشان تێکستەکە لەلایەن کارۆل سیێنکیڤیچەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی پۆڵەندی ئاوازی بۆ دانرا و کرا بە گۆرانی، چەخماخەی ئەم گۆرانیە هەموو پۆلۆنیای گرتەوە، بۆ هەموو ناڕازەیەتیەک خۆپیشاندران ئەم سرودەیان دەگوتەوە تا وایل‌ات بوو بە نەریتی بیرکردنەوەی خەڵکی پۆڵۆنیا. هەرچەندە سرودەکە دژ بە داگیر کاری ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا بوو، هەستێکی شۆڕسگێرانەی هەبوو بەڵام پڕ بوو لە هەستی مردن و مردن دۆستی، کە بووە سەرچاوەی بیرکردنەوەی خەڵک. جێ ئاماژەیە ئاوازی ئەم سروودە ئەنارشیستەکانی ئیسپانی ١٩٣٦بەکاریانهێان بە تێکستی خۆیان تێکەڵ بە تێکستە فەرەنسیەکە هەڵبەت هۆنراوەکە زۆر دوور و درێژە نزیکەی بە ١٥٠ دێر دەبێت بەڵام من تەنها ئەو شەش دێرەم لێکردووە بە کوردی،
ئەمە ڕۆژی خوێن و شکۆمەندییە،
ڕۆژی قیامەت بێت!
هەڵسە پۆڵەندا، زنجیرەکانت بشکێنە،
ئەمڕۆ سەرکەوتن یان مردنی تۆیە!”
پۆڵەندای خۆشەویست،
بەمەرگی خۆمان هێزی داگیرکاری دیوەکە دوا دەخەین
هەرکەسێک بژی ئازاد دەبێت و هەرکەسێک بمرێت لە ئێستاوە ئازادە
(٧) فاتالیزم بە واتای باوەڕبوون بە چارەنووس – ئەو باوەڕەی کە هەموو شتێک کە ڕوودەدات لەلایەن چارەنووسێکی حەتمی یان دەسەڵاتێکی باڵاترەوە پێشوەختە دیاری کراوە. فاتالیست پێی وایە مرۆڤەکان ناتوانن کاریگەرییان لەسەر داهاتوویان هەبێت یان ڕەوتی ڕووداوەکان بگۆڕن، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی هەڵوێستێکی پاسیڤ کە مرۆڤ بەبێ شەڕکردن ئەوەی ڕوودەدات قبوڵ دەکات. تایبەتمەندییەکانی فاتالیزم: فاتال: ئەو بیرۆکەیەی کە داهاتوو پێشتر نووسراوە. بێدەسەڵاتی: ئەو باوەڕەی کە کردەی مرۆڤ لە گۆڕینی دەرئەنجامدا بێمانایە. پێچەوانەی ئیرادەی ئازادە: ئەو باوەڕەی کە ئیرادەی ئازاد وەهمێکە. پەیوەندی بە شکستخواردنەوە: دەتوانێت دەستلەکارکێشانەوە لە بەرامبەر ناخۆشیدا (دۆڕانی دەروونی) لەخۆبگرێت. لە فەلسەفەدا فێرکردنێکە کە داهاتوو پێشوەختە دیاری کراوە، بەبێ گوێدانە ئەو هەڵبژاردنانەی کە دەیکەین. جیاوازە لە دیتەرمینیزم لەوەی کە فاتالیزم زۆرجار جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەرئەنجامەکە وەک یەک دەبێت بەبێ گوێدانە ئەوەی ئێمە چی دەکەین، لە کاتێکدا دیتەرمینیزم سەرنجی لەسەر هۆکار و کاریگەرییە.
(٧) وشەی ستریئۆتیپ بە واتای بیرۆکەیەکی گشتی و تەعمیم کراو بۆ هەموو شتێک، دەربارەی گرووپێک لە خەڵک، نەتەوە، ڕەگەز، یان کەسێک، کە زۆرجار بەبێ ناسینی تاکەکانیان دروست دەکرێت، بۆنموونە کاتێک خەڵک وا دەزانن هەموو ئەندامانی گرووپێک هەمان خاسیەت هەیە، ئەوە ستریئۆتیپە، وەک هەموو فەرەنسییەکان رۆمانسین، هەموو کورد میواندۆستە، ئەم قسانە زۆرجار ڕاستی تەواو نین، چونکە مرۆڤەکان جیاوازن.
(٨) کۆنفۆڕمیست conformare وشەیەکی لاتینیە کەسێکە کە بۆچوون و بەها و ڕەفتاری خۆی لەگەڵ نۆرمەکانی باو و زۆرینەی ناو گروپێکدا دەگونجێنێت.




گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک.. بەشی سێیەم و کۆتایی.. زاهیر عەبەڕەش

بەشی سێیەم و کۆتایی
تێبینی: کۆی هەر سێ بەشەکە لەخوارەوەی ئەم بابەتە بە فۆرماتی پ د ف دانراوە..

ناوی کارەکتەرکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک
ناونانی کارەکتەرەکانی مرۆزێک نموونەیەکی تایبەتی ناونانی شانۆنامەی ئەبسوردە، بۆنموونە ” لە شانۆنامەی کۆچبەران کارەکتەرەکان ناویان ئەی ئەی و ئێکس ئێکس ـ ە AA و XX ، لە شانۆنامەی ڕووتبوونەوە ناویان ( کاک یەک و کاک دووە، یان کەسی یەک و کەسی دوو) لە شانۆنامەی لە دەریادا کارەکتەرەکان ناویان لەڕ و درێژ و قەڵەو، لە شانۆنامەی پۆلیسدا کارەکتەرەکان، زیندانی، سەرۆکی پۆلیس، سەردەستە، لە شانۆیی کارۆل کارەکتەرەکان بە ناوی جوتیاری یەک و جوتیاری دوو. شانۆنامەی (جەفەنگ) (١٥) ئاهەنگ یان گەمەکردن دێت، کارەکتەرەکان بانەوی پیاوی یەکەم، و پیاوی دووەم و پیاوی سییەم، یان لە هەندێک وەرگێڕاندا بە کرێکاری یەک، دوو، سێ ناویان هاتووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پاڵەوانەکانی شانۆنامەکانی مرۆژک نوێنەرایەتی جۆرەکانی مرۆڤ دەکەن نەک کەسێکی دیاریکراو.

کارەکتەر لە دەقەکانی مرۆژکدا:
لە بونیادی پێکهاتەی دراماکاند گۆڕانکارێەکی چۆنێتی بەسەردا دێت، بەو هۆکارەی کە هاودەم بێت لە گەڵ نمایشکردنی شانۆی ژوور و پاشان هۆکاری نمایشکردنیان لەو شوێنانەی کە رێ پێنەدراو بوون بە هۆکاری سیاسی، ئەویش ژمارەی کارەکتەرەکانی ناو شانۆنامەکان کەم دەبێتەوە، هەندێک جاریش تەنها لە دووکارەکتەر پێکهاتووە، بۆ ئەوەی زیاتر جەخت لەسەر کێشەی نەبوونی پەیوەندی بکەنەوە، کە یەکێکە لە تەوەرە باوەکانی درامای ئەبسورد. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکانی مرۆژێک ستریۆیپە، واتە یەک ڕەنگ و یەک فۆرمە. لە بەر ئەوەی زۆرجار کارەکتەرەکان یاسا و نەریتەکان پەیڕەو دەکەن بەبێ ئەوەی بیر لە خۆیان بکەنەوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە نیشان بدات کە چۆن مرۆڤەکان هەندێک جار تەنها پەیڕەوی سیستەم یان یاساکانی کۆمەڵگا دەکەن بەبێ ئەوەی بیرکردنەوەیان هەبێت.
هەروەها ڕەفتارەکاناین لە بوكەڵە دەچن، کاتێک کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی میکانیکی ڕەفتار دەکەن، وەک بووکەڵە دەردەکەون و هاوتا دەکرێن لەگەڵ ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتیانەی کە ئەنجامی دەدەن، ئەمەش هێمای ئەوەیە کە مرۆڤەکان واتە کارەکتەرەکان هەندێک جار بە پێوەندی دەسەڵات، نەریت یان یاسا کۆمەڵایەتییەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێن لەبری ئەوەی ئازاد بن. کارەکتەرکانی کۆنەپەرستانە و بوکەڵانەن بۆ ئەوەی نیشان بدات کە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی میکانیکی و بەبێ ئیرادەی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن. هیچ پاڵنەرێکی دەروونی بۆ هەڵس و کەوتیان نییە.
نووسەری شانۆنامە ئەبسوردیەکان، مرۆژێک بەتایبەتی زۆرجار ژمارەی کارەکتەرەکان لە شانۆنامەکانیدا کەم دەکاتەوە، یان تەنانەت بۆ دووکەس ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک سەرەڕای هۆکاری سەرەوە، ئەو گرنگی دەدات:
ــ گرنگیدان بە بیرۆکەکان، کاتێک کارەکتەرەکان کەم بن، بینەر دەتوانێت زیاتر سەرنجی لەسەر بیرۆکە و پەیامی ناو شانۆنامەکە بێت لەبری ئەوەی دیقەتی لەسەر کارەکتەری زۆر و ڕووداو بێت.
ــ جیاوازی نێوان مرۆڤەکان، کاتێک تەنها دوو کارەکتەر بێت، دژایەتی لە نێوانیاندا نیشان بدات، بۆ نموونە:
دەسەڵات ↔ لاوازی
سەرکردە ↔ شوێنکەوتووانی
ئازادی ↔ کۆنتڕۆڵکردن
ئەمەش ناکۆکییەکە ڕوونتر دەکاتەوە، تایبەت لە شانۆی ئەبسوردا، بارودۆخێکی سادە بەکاردێت بۆ نیشاندانی تەنیایی ومرۆڤی بۆش و بێمانایی کۆمەڵگا.
ــ سیمبوڵی ڕۆڵ، هەندێک لە کارەکتەرەکان نوێنەرایەتی ڕۆڵی خۆیان ناکەن بەڵکو نوێنەرایەتی بیرۆکە دەکەن لەبری تاکی ڕاستەقینە. بۆیە کارەکتەری زۆر پێویست نین. بونموونە شانۆنامەکانی مرۆژێک وەک ( کۆچبەران – دوو کارەکتەر، کارۆل – سێ کارەکتەرم، گەمە، سێ کارەکتەر، لە دەریادا، سێ کارەکتەر. ڕووتبوونەوە ــ دوو کارەکتەر)
ــ مرۆزێک کە دوو کارەکتەر بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکە ڕوونتر بێت و جەخت لەسەر بیرۆکە و هێماگەرایی لە شانۆنامەکەدا بکاتەوە.
سەرەڕای پەیوەستبوونی سلاڤۆمیر مرۆژێک لەگەڵ شانۆی ئەبسوردا بەهۆی گرۆتێسک، تیکەڵکردنی کۆمێدی و تراژیدیا، دیاری نەکردنی کات و شوێنی ڕووداو، داڕشتنی فۆرمی کارەکتەرەکان و ڕەتکردنەوەی پاڵنەرە دەروونیەکان، بەڵام تا ڕادەیەک جیاوازی هەیە لەنێوان دەقە شانۆیە درامیەکانی نووسەرانی پێشەنگی شانۆی ئەبسسورد چ لەڕووی شێواز و چ ڕووی ناوەڕۆکەوە.
دەقە درامیەکانی ساموێل بێکێت لەسەر بنەمای بوونگەرایی و ڕەنگدانەوەی میتافیزیکی ڕۆنراون و دیدێکی کارەساتبار و تراژیدیانە بۆ بارودۆخی مرۆڤ دەخەنە ڕوو. دەقەکانی یوجین ئیۆنێسکۆ لە نێو ئەوانی تردا تاکێک وێنا دەکات کە ڕووبەڕووی جیهانێک دەبێتەوە کە ماناکەی لەدەستداوە، ئەوەش شایەتحاڵی سروشتی ناتەبایی ئەو جیهانە و بێ مانایی بوونە. هەردوو بێکێت و ئیۆنێسکۆ هەر جۆرە بەشدارییەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی لە دەقەکانیاندا ڕەتدەکەنەوە، لە کاتێکدا دەقە دراماتیکییەکانی مرۆژێک پڕن لە ئاماژەی سیاسی.

ڕەخنە لە تۆتالیتاریزم یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئالیگۆری مرۆژێک
لە شانۆنامەکانی مرۆژکدا، کارەکتەرەکان هەندێک جار دەتوانن وەک ئالیگۆری(١٦) کار بکەن. بۆ نموونە، کارەکتەرێک دەتوانێت هێمای دەسەڵات، گوێڕایەڵی یان یاساکانی کۆمەڵگا بێت نەک تەنها کەسێکی ئاسایی. لە دەقەکانی مرۆزێکدا پەیوەندی هەموو تاکەکان بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی دیاری دەکرێن. لە کاتێکدا لە شانۆنامەکانی بێکێتدا ئەبسورد لە مەحاڵبوونی زانین و بەدەستهێنانی وەڵامی یەکلاکەرەوە سەرهەڵدەدات، بە دیدی فەلسەفیانەی بێکت ئەوەیە مرۆڤەکان ناتوانن بە تەواوی لە دونیا تێبگەن، ئەوان هەرگیز وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەست ناکەوێت بۆ پرسیارە گەورەکان وەک (واتا، خودا، مەبەست و ڕاستی) کارەکتەرەکان تێگەیشتنیان نییە و پرسیاریان نییە تەنها چاوەڕێی وەڵامەکان دەکەن، بێگومان مرۆڤ وەڵامی چنگ ناکەوێت هەتا پرسیاری نەبیت، . هەر بۆیە شانۆنامەکانی بێکێت بۆ نموونە چاوەڕوانی گۆدۆدا، کارەکتەرەکان هەوڵدەدەن لەوە تێبگەن کە چی ڕوودەدات یان مانای چییە، بەڵام هیچ کەس نازانێت و بە دڵنیاییان نییە و هیچ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە نایەت ئەمەش هەستی بێمانای و ئەبسورد دروست دەکات. ئەبسوردی درامای بێکێت لە مرۆڤەکان ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت لە ژیان تێبگەن، بەڵام مەحاڵە وەڵامی دیاریکراو بەدەست بهێنرێت، لە ژیاندا مرۆڤەکان بەدوای ڕاستی و مانادا دەگەڕێن بەڵام لە جیهانی بێکێتدا، وڵامی دڵنیا بەدەست ناهێنرێت، هەربۆیە لە هەموو لە شتێکدا هەست بە بێمانای و ئەبسوردی دەکرێت. بەلام ئەبسورد لە دەقەکانی مرۆزێکدا تەنیا لە پەیوەندی نێوان تاکەکان و ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی – سیاسییەدا سەرهەڵدەدات کە کارەکتەرەکان تێیدا دەژین.
مرۆزێک گرنگی بەو بنەمایانە دەدات کە مرۆڤەکان لە جیهانە بچووکەکانیاندا چ یاسایەک پەیڕەو دەکەن و چۆن ئەم یاسایانە ڕەفتارەکانی خەڵک بەڕیوە دەبات. هۆکاری ئەوەی کارەکتەرەکان چۆن لەناو ژینگە بچووکەکاندا دەژین، کارەکتەرەکان قوربانی ئەو دۆخەن کە تێیدا دەژین، کەسانی دەوروبەریان، دمودەزگای دەوڵەتی، ئەو دامەزراوانەی کە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندییەکانیان ڕێکدەخەن. ئەمەش بە باشترین شێوە لەلایەن کارەکتەرەکانی شانۆ نامەی پۆلیسەوە دەسەلمێنرێت کە ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتیانە قبوڵ دەکەن کە بۆیان دانراوە، نرخەکەشی لەدەستدانی کەسایەتی خۆیانە، یان شانۆنامەی شەهید پیتەر ئۆهی، کارەکتەری سەرەکی بێ هیچ گومان کردنێک و پرسیارکردنێک بوونی سەپێنراوی پڵنگێک لە حەمامەکەی خۆیدا قبوڵ دەکات. مرۆزێک باس لەوە دەکات کە چۆن ملکەچبوون بۆ سیستەمێکی بەزەبرو زەنگ و ئیرادەی دەسەڵات دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای بیرکردنەوەی عەقڵانی.
کارەکتەرەکانی ئیۆنێسکۆ لە ژێر کاریگەری کولتوری جەماوەریدا توانای بیرکردنەوەیان لەدەستداوە،
مارتن ئێسلن دەڵێت” کارەکتەرەکانی ئیۆنێسکۆ لە ژێر کاریگەری کولتوری جەماوەریدا توانای بیرکردنەوەیان لەدەستداوە و بەهۆی کۆنفۆڕمیزمkonformizam (١٧) ( کۆنفۆرمیزم واتە خۆ گونجاندنی کوێرانە، ئەوەی کە خەڵکی تر دەیکات) بەواتای ئیۆنێسکۆ پێمان دەڵیت کە چۆن مرۆڤەکان دەتوانن بێ بیرکردنەوە و نامرۆڤ بن کاتێک تەنها پەیڕەوی لە قەرەباڵغی و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن بەبێ ئەوەی بیر لە خۆیان بکەنەوە، ئەم خۆگونجاندنە کوێرانەیە وایان لێدەکات مرۆڤبوونی خۆیان لەدەست دەدەن، تەنها شوێن نۆرمەکانی جەماوەر و کۆمەڵگا دەکەون ئەمەش پەیڕەوبوونێکی میکانیکی وئامێری مرۆڤەکانە، لەوێدا تەواو دەبن بە ئامێرد، ئەمەش تەواو ئەبسوردیە و بێماناییە. ئەم دیدە لە شانۆنامەی کەرکەدەن (١٨) بەرجەستە دەکات.
لە کاتێکدا کارەکتەرەکانی مرۆزێک لەلایەن کۆمەڵگاوە ڕێگرییان لێدەکرێت.کارەکتەرەکانی مرۆزێک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و ئامێری کاردانەوەیان دەبێت، چونکە توانای بیرکردنەوەیان لە ژێر فشاری ئایدۆلۆژیا و سیستەم و خودا لەدەستداوە. ئەوان دیلی واقیعی کۆمه ڵایه تی و ده سه ڵاتێکی تۆتالیتارین، که توانای بیرکردنه وه ی ڕه خنه گرانەیان لێ دزراوە، گوتارو دەستەواژەکەیان وەڵامێکی کورت و ئامێردیە. لە لای مرۆژێک کۆمەڵگا قەدەغەیان دەکات، کارەکتەرەکان ناتوانن هیچ بکەن، ناتوانن بە ئازادی بیربکەنەوە، خۆیان بن یان بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، کۆمەڵگە یان سیستەم دەیانوەستێنێت، یاسا، نۆرم یان دەسەڵات ڕێگری لە ئازادییان دەکات. واتە کۆمەڵگا ڕێگە نادات مرۆڤەکان ئازاد بن، بۆیە کارەکتەرەکان بە شێوازێکی دیاریکراو ڕەفتار دەکەن. (١٩)
مرۆزێک گرنگی بە چارەنووسی تاک دەدات لە چوارچێوەی هەندێک پەیوەندی کۆمەڵایەتیدایە، نەک پرسە میتافیزیکی و خستنەڕووی ئەبسوردی جیهان. شانۆنامەکانی، مەسەلە سیاسییەکانە لە فۆرمێکی گرۆتێسکدا ئاکامی جیهانی سیاسیکراوی پۆڵەندای دوای جەنگە. لە شانۆنامەکانیدا ژێردەقی سیاسی (پەیامێکی سیاسی شاراوە) هەیە، ئەو پەنهانی و ئاماژانەش بینەری پۆلۆنی بەڕوونی دەیانناسیەوە، لەو کاتەدا لە پۆڵەندا کۆنترۆڵی سیاسی بەهێز هەبوو، بۆیە کاتێک کە بە ناڕاستەوخۆش ڕەخنە لە سیستەمەکە دەگیرا دەتوانرا وەک ئیستفزازییەک لە دژی دەسەڵاتداران دەخوێندرایەوە.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین هەندێک جیاوازی لە نێوان دەقە دراماتیکییەکانی بێکێت، ئیۆنێسکۆ و مرۆزێکدا بەدی بکرێت.(٢٠) یوجین ئیۆنێسکۆ و ساموێل بێکێت تا ڕادەیەکی بەرچاو جەخت لەسەر دەربڕینی هەموو تووخمە شانۆییەکان دەکەنەوە، گرنگییەکی زۆر بە هەموو بەشەکانی شانۆی سەر شانۆ دەدەن، نەک تەنها دیالۆگ بەڵکو جوڵە و بێدەنگی و سینۆگرافی و ڕووناکی، دەقەکانین جەخت لە نمایش بوونیان دەکەنەوە. دەقەکانین زۆر شانۆیین بە پێچەوانەی شانۆنامە یەک ئەکتەکانی مرۆزێک کە تێیدا وشە بەرچاوترین ڕۆڵ دەگێڕیت و زۆر دیالۆگین. بەمانای ئیۆنێسکۆ و بێکێت بۆ دروستکردنی مانا، تەواوی دەربڕینی شانۆ (جووڵە، بێدەنگی، سینۆگرافی) بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا مرۆزێک بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای دیالۆگ و وشە دامەزراون.
میرنا سندیچیچ سابلیۆ دەڵێت ” لە دەقەکانی مرۆزێکدا ئۆنیریزم onirizam نییە ئەوەندەی لە لای یۆنێسکۆ ئامادەگی هەیە ئۆنیریزم بە مانای وێنەی خەیاڵی و کابووس و شتی سەیر و سەمەرە. تەنانەت لە دەقەکانی بێکتیشدا ئامادەنین. دەقە شانۆییەکانی مرۆزێک پێکهاتەیەکی بازنەییان نییە و دیمەن و ڕووداوەکان کۆتاییەکی ڕوونتریان هەیە” دەقە شانۆییەکانی مرۆزێک سەرەتایەکی ڕوونتر و ململانێ و چارەسەرێکی ڕوونتریان هەیە بە بەراورد بە شانۆنامەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ.
شانۆنامەکانی مرۆزێک زۆر واقیعیتر و وشکانی بزوێنەرترن، دیالۆگ و کردارەکە زیاتر سەرنجیان لەسەرە ، بەبێ ئەم توخمە خەون و خەیاڵیانە، یان کرداری ئەبسوردی، دیالۆگ زۆر گرنگە و دیمەنەکان واقیعیترە. لە شانۆنامەکانی ئیۆنێسکۆ، دیمەنەکانی دەتوانێت ئەبسورد و خەوناوی و پڕ بێت کەل و پەلی وێنەی سەیر و نامۆ.
دیمەنی هەیە کە مۆبیلیات دەفڕێت خەڵک لەناکاو ڕووخسار دەگۆڕێت یان کات باز دەدات و دەگەڕێتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت ئۆنیریزم، لە شانۆنامەکانی ئیوجین ئیۆنێسکۆدا زۆرجار توخمگەلێکی خەوناوی لەم جۆرە ڕوودەدەن.

دەرئەنجام:
دەقە شانۆییەکانی سڵاڤۆمێر مرۆزێک کە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨ بۆ ١٩٦٥ نووسراون، لە دەقی پۆلیسەکان تا تانگۆ، لەلایەن ڕەخنەگرانەوە وەک دەقی شانۆیی ئەبسورد پۆلێن دەکرێن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە سلاڤۆمیر مرۆزێک خۆی هەرگیز بە ئاشکرا هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ ساموێل بێکت یان یوجین ئیۆنێسکۆ، یان تادێوس ڕۆزێڤیچ نەبڕیوە.ڕەخنەگری ئینگلیزی مارتن ئێسلین ڕەنگە یەکەم کەس بێت لە بەستنەوەی دەقە دراماتیکییەکانی مرۆزێک بە ڕەوتی هونەری دوای جەنگ، کە کاریگەری یەکلاکەرەوەیان لەسەر پێشوازیی دواتری مرۆزێک لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو. هەرچەندە ئەو دەقانەی کە لە کۆتایی شەتەکاندا نووسیوێتی لە شێوازە ئەبسوردی و بابەتە گرۆتێسکیەکان دوور دەکەوێتەوە، بەڵام ڕایەڵێکی تووند ببە شێوازی نووسینی ڕابووردووی گرێی دەداتەوە. دوای ئەوەی مرۆژێک وڵاتی خۆی بەجێ دەهێڵێت ڕوو لە بابەتگەلێکی گشتگیرتر دەکات، کە دڵخوازی بینەرانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوان، زۆر حەز بە بینین و بیستنی دەکەن. لە دەقەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک و شانۆنامەنووسانی دیکەی ئەبسوردا هەندێک لێکچوون هەیە، چونکێ نەریتی شانۆی تەقلیدیدا دەشکێنن پێکهاتەی کلاسیکی (سەرەتا – ململانێ – چارەسەرکردن) پەیڕەو ناکەن ڕەنگە هەست بکەیت ڕوداوەکان کە پارچە پارچەبوون یان نالۆژیکییە، دەقەکان، کورتن، نالۆژیکین، پێکهاتەیەکی ڕوون و کارەکتەری واقیعییان نییە. نەبوونی ئاماژەی ڕوونی کات و شوێن، زۆرجار بە تەواوی نازانیت کردارەکە لە کوێ و کەی ڕوودەدات. زۆرجار کارەکتەرەکان جۆر یان هێمان نەک کەسانی واقیعی، قوڵایی دەروونی زۆریان نییە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار کارەکتەری دەقەکانی مرۆژک لەگەڵ نموونە کارەکتەرەکانی دەقەکانی ئیۆنێسکۆ جیاوازن. بارودۆخی کۆمەڵایەتی-مێژوویی. لە دەقەکانی مرۆزێکدا، ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارییەی کە تێیدا دەژین، کارەکتەرەکان لە قاڵب دەدات و هەر بۆیە دەقەکانی زۆر واقیعبینترن لەهی بێکێت و ئیۆنێسکۆ. کارەکتەرەکان لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە دەسەڵات کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تێیدا قەدەغەیە، کە دەبێتە هۆی بۆ ئەوەی شێوازی دەربڕینی مرۆڤەکان هەژار و میکانیکی و زۆر سادەتر بن، مرۆڤەکان وازیان لەدەربڕینی بیروڕای خۆیان دێنن و لەبری ئەوە دەست دەکەن بە دووبارەکردنەوەی دەستەواژە و دروشمی ئامادەکراو کە لە هەموو شوێنێک دەبیسترێن. لە دۆخێکی وادا پەیوەندی ڕاستەقینەی نێوان کارەکتەرەکان مومکین نییە، بۆیە هەمیشە شتە ئەبسوردیەکان لە پەیوەندییە نێوان کەسەکانەوە دروست دەبێت. ڕەخنەگران بە پلەی یەکەم مرۆزێکیان بە ساموێل بێکتەوە گرێداوە بەهۆی پێشوازییە زۆرەی بێکت لە پۆلۆنیا، بەڵم ڕەخنەگران دەڵین دەقەکانی مرۆژک زیاتر لە دەقەکانی یۆژین ئۆنسکۆ نزیکترە، بەڵم بێ شک ئەبسوردیەتی هیچ کام لە نووسەرانی ئەبسورد وەک یەک نییە.
مرۆزێک درێژە بە نەریتی ویتکیڤیچ و گۆمبرۆڤیچ دەدات، کە گرۆتێسک و تەنزئامێز لە دەقەکانیاندا تێکەڵ دەکەن بۆ ئەوەی واقیع بەم شێوەیە ئاشکرا بکەن. مرۆژک پەنا بۆ گرۆتێسک و ساتیرێکی نەرم دەبات بۆ ئیدانەکردنی تۆتالیتاریزم. دەقەکانی پڕن لە ئاماژەی سیاسی شاراوە، چونکە بەهۆی سانسۆر و چاودێری توندەوە ناچار بووە ئالیگۆری (Allegory) بەکاربهێنێت و پەیامەکان بشارێتەوە. ئەبسوردیزم وای لێدەکات ئەو شتانە دەرببڕێت کە نەدەبوو بە ئاشکرا بگوترێ.
زۆر لە دەقە ئەبسوردیەکان پەیوەندییەکی نزیک بە بوون و پرسە میتافیزیکییەکانەوە هەیە، بەڵام لەلای مرۆزێک، ئەبسورد لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و دەسەڵاتە باڵاکانەوە سەرهەڵنادات، بەڵکو لە سەرووی هەموویانەوە لە پەیوەندی نێوان کەسەکانەوە سەرهەڵدەدات ، بەشێوەیەکی سەرەکی باس لە پچڕانی پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژی دەکات، مرۆزێک بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەت، گرۆتێسک و ئیرۆنی بەکاردەهێنێت. ئەمانە تایبەتمەندی شانۆنامە بێماناکانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ماوەی ساڵانی شەستەکاندا نووسراون، کە لەلایەن بینەرانی هەردوو ئەوروپای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە پێشوازییەکی زۆریان لێکرا.

تەواو
بۆ خوێندنەوەی کۆی هەر سێ بەشەکە بە فۆرماتی پ د ف کلیکی ئێرەبکەن..
——————————

پەراوێزی بەشی سێ..

(١٦) ئالیگۆری (Allegory) شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکە، ئوبێکتەکان، کارەکتەرەکان، شوێنەکان یان ڕووداوەکان یان شتەکان هێمان بۆ شتیكی تر، بۆ گەیاندنی مانایەکی قووڵتر. ئەوەی کە نمایشەکە دەیڵیت زۆر زیاترە لە چیرۆک و ڕووداوەکانی نمایشەکەی بینیوتە. هەروەها زۆرجار کارەکتەر و دۆخەکان نوێنەرایەتی بیرۆکە، ئەخلاق یان کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن پەیوەندی بە پرسە ئەخلاقی، سیاسی، یان فەلسەفییەکانەوە هەیە
نموونە چیرۆکێک دەربارەی ئاژەڵەکان لە ڕاستیدا دەتوانێت دەربارەی مرۆڤ و سیاسەت بێت، گەشتێک دەتوانێت هێمای ژیانی مرۆڤ بێت.
مانای دووسەری: هەر چیرۆکێکی ئالیگۆری دوو ئاستی مانای هەیە:
ــ یەکەم مانای ڕووکەش: ئەو چیرۆکە سادەیەی کە دەیبیستین یان دەیخوێنینەوە.
ــ دووەم مانای شاراوە: ئەو پەیامە بنەڕەتییەی کە نووسەر دەیەوێت بیگەیەنێت.
بۆنموونە: چیرۆکی کێڵگەی ئاژەڵان ـ ی جۆرج ئۆرێڵ لە ڕووکەشدا چیرۆکی کۆمەڵێک ئاژەڵی کێڵگەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئالیگۆرییەکە بۆ ڕەخنەگرتن لە شۆڕشی ڕووسیا و دیکتاتۆرییەت.
ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون: چیرۆکی زیندانییەکانی ناو ئەشکەوتێکە کە تەنها سێبەر دەبینن، بەڵام مەبەستی فەلسەفی لێی گەڕانە بەدوای ڕاستی و زانیاریدا.
(١٧) کۆنفۆڕمیزم konformizam : گونجاندنی بیر و ڕەفتار لەبەر خاتری خەڵک، کە بە هەرنرخێک بێت لەگەڵ زۆرینەی خەڵک و کۆمەڵگەدا خۆی بگونجیت. ئەگەر هەموو کەسێک لە گروپێکدا دەست بکات بە وتنی هەمان شت و تۆش هەمان شت بیڵێیت تەنها بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بگونجێت، تەنانەت ئەگەر بەڕاستی هاوڕا نەبیت – ئەوا ئەوە کۆنفۆڕمیزمە.
(١٨) شانۆنامەی کەرکەدەن لە نووسینی ئۆژین یونیسکۆ، ئەم دەقە وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەردم چاپی کردووە. لە شانۆنامەکەدا خەڵکی شارێک یەکە یەکە دەگۆڕدرێن بە کەرکەدەن، سەرەتا هەمووان پیان وایە سەیر و ترسناکە، بەڵام دوای ماوەیەک، خەڵکی زیاتر و زیاتر ئەم گۆڕانکارییە قبوڵ دەکەن پێی ڕادێن خۆیان دەگۆڕن.
١٩) دەتوانین بەراوردێک لە نێوان سلاڤومێر مرۆژێک و ئوژین یۆنیسکۆ بکەین.
لە بەرهەمەکانی یۆنیسکۆ:
ــ کێشەکان لە ناو خەڵکەکەوە دێت.
ــ کەسایەتییەکان خۆیان بێ بیرکردنەوە شوێن کۆمەڵگە دەکەون.
ــ بۆیە کۆنفۆڕمیزم (konformizam) دەکەن و وەک یەک دەبن. خۆیان دەگونجێن. ئەمە وایان لێدەکات ئاستی مرۆڤایەتییان نزم ببێت. واتە خەڵک خۆیان خۆیان دەگۆڕن بۆ ئەوەی لەگەڵ زۆرینە بگونجن.
بەڵام لە بەرهەمەکانی مرۆژێکدا کارەکە جۆرێکی ترە.
ــ کێشەکان لە سیستەم و کۆمەڵگەوە دێت.
ــ کەسایەتییەکان دەتەوێت شتێک بکەن یان بیر بکەن، بەڵام کۆمەڵگە و دەسەڵات ڕێگایان لێدەگرێت، واتە: خەڵک دەیانەوێت ئازاد بن، بەڵام کۆمەڵگە ڕێگا نادات.
یۆنسکۆ: خەڵک خۆیان شوێن زۆرینە دەکەون.
مرۆژێک: کۆمەڵگە خەڵک ناچار دەکات.
(٢٠) جیاوازی، مرۆژک لەگەڵ بێکت و یۆنسکۆ لە ڕووی شانۆییەوە
مرۆژک:
ــ دیالۆگ و وشەکان لە هەمووی گرنگترن.
ــ بیرۆکە و پەیامەکان زیاتر لە ڕێگەی ئەوەی کارەکتەرەکان دەیڵێن دێت
بێکت و مرۆژێک:
ــ شانۆ و جوڵە و فۆڕمی شانۆیی زۆر گرنگە.
ـ جوڵەکان، بێدەنگی، سینۆگرافی (شانۆکە چۆن دەردەکەوێت)، ڕووناکی و دەنگ و زمانی جەستەی ئەکتەرەکان، جوڵەی سادە و بێدەنگی هێندەی دیالۆژەکان گرنگن.




گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک-2-.. زاهیر عەبەڕەش

بەشی دووەم..

شانۆی بێمانا و گرۆتێسک لە نووسینی سلاڤۆمیر مرۆزێک:

زاراوەی “شانۆی ئەبسورد” ژمارەیەکی زۆر لە شانۆنامەنووسانی ئەدەبیاتی نەتەوەیی جیاواز و هەروەها کۆمەڵێک دەقی دراماتیکی بەرفراوان لەخۆدەگرێت. لە نێو ئەمانەدا، مارتن ئێسلین سێ شانۆنامەنووسی ئەوروپای ڕۆژهەڵات وەک نووسەری شانۆی ئەبسورد بە نموونە دەهێنێتەوە، وەک ڤاکلاڤ هاڤێل، تادێوس ڕۆژێڤیچ و سلاڤۆمیر مرۆزێک.
نووسینەکانی ئێسلین ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبوو لە سەر ڕوناکی خستنە سەر سلاڤۆمیر مرۆژێک و ناساندنی بە هەموو ئەوروپا و ئەمەریکادا. بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا کە مرۆزێک تا ئەو ڕادەیەی ڕەخنەگری کروات میرنا سندیچیچ سابلیۆ، ” لە سایەی کتێبەکەی ئێسلیندا مرۆژێک لە ئەوروپادا ناسرا.” ئێسلین لە وتارێکدا بە ناوی “مرۆزێک و بێکێت و شانۆی ئەبسورد” (١٩٩٤)، لێکچوون لە نێوان هەندێک لە دەقەکانی مرۆژێک و بێکێتدا دەبینێتەوە، بۆ نموونە لە نێوان شانۆنامەی چەفەنگ و کۆچبەران و چاوەڕوانی گۆدۆ، هەروەها لە نێوان ” سەمای ڕووتبونەوە” و “ئەکتە بێدەنگەکان”،
ئیسلین ” پرسیاری ئەوە دەکات ئایا مرۆزێک بە کارەکانی بێکێتی دەزانی یان کەوتۆتە ژێر کاریگەری بێکتەوە؟ بەڵام مرۆژک خۆی وەڵامی ئەوە دەداتەوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئۆتۆ مانهەیمێر کە ” فازیل جاف وئەم چاوپێکەوتنەی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی” کە مرۆژێک دەڵێت ئەو لە ژێر کاریگەری هیچ کەسێکدا نەینووسوە.
بەڵام بێ شک کە مرۆژک و بێکت، ئەم دوو نووسەرە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونەکانی قۆناغی دوای جەنگ نووسیویانە، کە ترس و تۆقین لە تۆتالیتاریزمی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی گرتبووە. نووسەرانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات نەیاندەتوانی خۆیان لە سیاسەت جیابکەنەوە و پشتگوێی بخەن وەک ئەوەی بێکێت و ئیۆنێسکۆ خۆیان دوورخستەوە” لێرەدا مرۆژێک ڕەمزگەرایی بۆ تێکدان و ئاشکراکردنی کەموکوڕیەکانی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار بەکاردەهێنێت و دەقەکانی پڕن لە ڕەخنە لە تۆتالیتاریزم.
دیدگای ئێسلین لەلایەن چەندین نووسەری دیکەوە وەرگیراوە. بۆ نموونە میشێل پرونەر (١١) کە لە یەکێک لە مۆنۆگرافی یاداشتەکانە نوێیەکانیدا لەسەر ئەو بابەتە، مرۆزێک لە نووسەرانی شانۆی ئەبسورد دەخاتە ڕوو. هەروەها دارکۆ گاشپارۆڤیچ Darko Gašparović (١٢) پێی وایە بەرهەمەکانی مرۆزێک “ڕەسەنترین دەنگدانەوەی شانۆی ئەبسوردە لە جیهاندا دوای ئیۆنێسکۆ و بێکێت” ئەمەش بەو مانایەیە کە گاسپارۆڤیچ کارەکانی مرۆزێک بە یەکێک لە بەهێزترین و ناوازەترین درێژەپێدراوەکانی شانۆی ئەبسورد دەزانێت”.
بەرهەمەکانی مرۆزێک لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ نووسەرانی دیکەی شانۆی ئەبسوردا هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، تا چەند دەتوانرێت بەرهەمی مرۆزێک پەیوەندی بە بەرهەمی بێکێت و ئیۆنێسکۆوە هەبێت، بۆ نموونە؟ مرۆزێک خۆی ڕەتیدەکاتەوە سەر بە هەر قوتابخانەیەک یان گروپێکی ئەدەبی بێت، بە شانۆی شانۆی ئەبسوردیشەوە، ئەو بە دوودڵیەوە ئەم پۆلێنکردنە سەپێنراوەی قبوڵ کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە دەقەکانی سەر بە شانۆی بێمانا نین. میرنا سابلجو لە چاوپێکەوتنێکدا دەنووسێت، کاتێک پرسیاری ئەوە لە مرۆژێک کرا لەبارەی خستنەڕووی بەرهەمەکانی بە شانۆی ئەبسورد لە لایەن ئێسلین کە بە شانۆی ئەبسورد ناوزەدی کردووە، ئەو دەڵێت، مرۆژێک وتی کە سوپاسگوزاری مارتن ئێسلینە کە لە نێو نووسەرانی شانۆی ئەبسوردا کە ناوبانگێکی زۆری بۆ دروست کردووە، بە تایبەت لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ئەم پۆلێنکردنە بەبێ مانا (ئەبسورد) دەزانێت. ئاشکرای دەکات کە تا ڕادەیەک بێزار بووە لەوەی کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسان تەنیا لەبارەی شانۆی ئەبسوردەوە پرسیاریان لێ کردووە و هیوادارە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کتێبەکەی ئێسلین تا ڕادەیەک کۆنە، نەوەیەکی نوێی ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگران بیرۆکەی تازە و ڕێبازی داهێنەرانەیان هەبێت.
مرۆزێک لە ڕێگەی وەرگێڕان وبینینی نمایشی شانۆ لە شانۆکانی پۆڵەندا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە لەگەڵ شانۆی ئەبسورد ئاشنا بێت. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٦ سەردانی فەرەنسای کردووە، بەڵام وەک لە ژیاننامەکەیدا دەیگێڕێتەوە، بەشداری نمایشەکانی شانۆنامەنووسانی فەرەنسی نەکردووە و ڕایگەیاندووە کە نە بەهۆی ئەوەی فەرەنسی نەزانیوە یان بەهۆی کێشەی داراییەوە نەچووەتە شانۆ.
مرۆژک یەکەم شانۆنامەی خۆی بە ناوی پۆلیسەکان نووسی کە ئادەم تارن لە گۆڤاری دیالۆگدا بڵاویکردەوە. لە هەموو دەقە درامیەکانی مرۆژک لە قۆناغی سەرەتای نووسینی تا شانۆیی تانگۆ زۆربەیان شانۆنامەی یەک ئاکتن، کە ئەبسورد و بابەتە گرۆتێسکییەکان باون تێدا. مرۆزێک لە نامەیکدا بۆ هاوڕێەکی کە ڕەخنەگری ئەدەبیە یان بلۆنسکی Jan Blonski ، بۆی ڕوون دەکاتەوە کە بۆ ئەوەی بننوسم، دەبێت بەرزبێتەوە بۆ ئاستێکی سەیرو گرۆتێسک و ئەبسورد ئەوەی گوزارشت لە شتەکان بکەم، چونکە تەنیا بەم شێوەیە دەتوانێت باسی جیهان و مرۆڤ و مێژوو بکات.
نەریتی گرۆتێسک لە درامای پۆڵەندی سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەک فرە تایبەت دەوڵەمەندە، و زۆر گرنگە بۆ پێکهاتنی شانۆی دوای جەنگ. لە کاتێکدا شانۆنووسانی فەرەنسی کەڵکیان لە ئەزموونەکانی دادایزم و سوریالیزم وەرگرتبوو بەتایبەت بەرهەمەکانی ئەلفڕێد جاری، گیلۆم ئەپۆلینێر، ئەنتۆنین ئارتۆ و ڕۆجەر ڤیتراک. شانۆی نەریتی و بۆرژوازی/ شانۆی بولڤاردیان (١٣) ڕەتکردەوە، شانۆنووسە ئەبسوردیزمیەکانی پۆڵەنیاش لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، میراتی نەریتی ئەدەبی بەتایبەتی ڕۆمانسیزم ڕەتکردەوە.
شانۆنامەنووسە ئەبسوردیزمیەکانی پۆڵەندی، سەیری نووسەرانی وڵاتەکەی پێش خۆیان کرد، کە لە ئەدەبیاتی نێوان جەنگەکانی خۆیان تێدا دۆزییەوە، کە جەنگ چ کاریگەریەکی هەبووە لەسەر شیوازی و نووسین و بیرکردنەوەیان. وەک بەرهەمی ستانسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ و ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ. هەروەها پێشوازیی بێکێت و ئیۆنێسکۆ گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ پێکهێنانی شانۆی ئەبسوردی پۆڵەندی و تەرزی نووسینی شانۆکارانی پۆڵەندا، کاریگەریەکانی نووسەرە ئەبسسوردیەکانی ئەوروپای خۆرئاوا کەمتر نەبوو لە بەرهەمەکانی گۆمبرۆڤیچ و ویتکیڤیچ کە بە رۆح و باوکی ئەدەبی پۆلۆنی دادەنرێت.
میرنا سندیچیچ سابلیۆ دەڵێت، ” لە ساڵانی ١٩٥٠ــ ١٩٦٠ ــ ی پۆلۆنیا ڕەخنەگران بەدوای ئاماژە و نیشانەکانی ئەبسوردیزم و گرۆتێسکدا دەگەڕان لەو شانۆیانەی کە لەو ساڵانەدا نمایش دەکران، هەروەها سەرجەم نووسینەکانی ئەو قۆناغە باس لەوە دەکات کە گۆمبرۆڤیچ و ویتکیڤیچ بە پێشەنگی شانۆی ئەبسورد و شێوازی گرۆتێسک و دژە وەهم دادەنرێت ، بێ ناوهێنانی شانۆنامەکانی وگۆمبرۆڤیچ و ویتکیڤیچ و بێکت و ئۆنیسکۆ مەحاڵە بیر لە بوونی مرۆزێک بکرێتەوە، گۆمبرۆڤیچ لە دەقە ئەدەبییەکانیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەگەرە دەربڕینەکانی گرۆتێسک بەکار دەهێنێت.” بەواتای مرۆژێک قاچێکی لە نێو دونیای ئەبسوردیزمی ئەوروپای خۆر ئاوایە و قاچەکەی تری لە نێو شانۆنووسانی پۆلۆنیای سەردەمی پێش خۆی. مرۆزێک دان بەوەدا دەنێت کە زۆر زوو بەرهەمەکانی گۆمبرۆڤیچ خوێندووەتەوە و کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر بەجێهێشتووە. مرۆژێک سوودی لە نەریتی گرۆتێسکی ویتکیڤیچ و گۆمبرۆڤیچ وەردەگرێت، بەڵام بە ئەزموونی نەوەیەک کە بە دۆزەخی تۆتالیتاریزمی ئایدیۆلۆژی ستالیندا تێپەڕیوە، نوێیان دەکاتەوە.
ئۆسکار بارتۆش(١٤) کارەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک بە تایبەتترین مۆدێلی گرۆتێسکی فیکری لە ئەدەبیاتی سلاڤی و ئەوروپای خۆرهەڵاتی مۆدێرن دەزانێت. دەڵێت کە گرۆتێسکی مرۆزێک “لە واقیعی تایبەتی پۆڵەندییەوە گەشەی کردووە، هەروەها لە داب و نەریتە بەهێزەکانی ڕێنێسانسی پۆڵەندی و گرۆتێسکی سەردەمی بارۆک، قارەمانەکانی سەردمی کلاسیکی نوێ، تەنزەکانی قۆناغی ڕۆمانسی.

سەرنج خستنە سەر چەند دەقێکی وەک نموونە:
لە دەقە شانۆییەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێکدا، شتە ئەبسوردیەکان و گرۆتێسکەکان هێندە نزیکە بەیەکەوە گرێدراون. ناوەڕۆک و شێوەکەی بوون بەیەک، کە ئەبسوردیەت لە ئاستێکی ناوەڕۆکیشدا دەردەکەوێت، بۆ نموونە
ــ دەقی شانۆی پۆلیس کە ڕەخنە لە ڕژێمی تۆتالیتاری دەگرێت و دژایەتییەکانی ناو دەسەڵاتدارەکان ئاشکرا دەکات. دەقەکە باس لەوە دەکات پۆلیس هەر کەسێک ناڕەزاییەک دەرببڕێت دەیگرن، هەر جۆرە ناکۆکییەکی لەگەڵ دەسەڵاتدا سەرکوت دەکرێت، کارەکتەرەکانی دەقە شانۆییەکە سێ کەسی پاڵەوانن لەگەڵ چەند کەسێکی لاوەکی، وەک فەرماندی پۆلیس، کە نوێنەری دەسەڵاتی باڵا و سیستەمە/ ئەفسە، کە جێبەجێکار و باوەڕدار بە سیستەم/ زیندانیەکی سیاسی کە پەشیمان دەێتەوە لەوەی کە ڕەخنەی لە دەسەڵات دەگرت، لەگەڵ هەندێک ئەکتەری لاوەکی (کۆمبارس).
ڕوداوەکانی دەقەکە، لە دۆخێکی خەیاڵیدا ڕوودەدات، کە پۆلیسەکان شانازی بەوە دەکەن کە هیچ ناڕازەییەک نەماوە بەرامبەر بە دەسەڵات، هیچ ڕەخنەگرێک نییە، تەنها یەک زیندانی سیاسی ماوە.بەڵام کێشەکە لێرە دەستپێدەکات، ئەو زیندانییە پەشیمان دەبێت. واز ڕەخنەکانی لێدەهێنێت ودەڵێت حکومەت ڕاستەکە دوا دوا زیندانی کە بۆ ماوەی دە ساڵ درێژ بەرگەی ئەشکەنجە و لێپرسینەوە گرتووە، گۆڕانکارییەکی تەواو بەسەردا دێت پەشیمان دەبێتەوە و خەریکە ئازاد دەکرێت، کەس ناڕەزایەتی دەرنابڕێت بەرامبەر سیتەم، بەو مانایەی کە ئیدی چیتر پێویست بە پۆلیس ناکات، ئەمەش قەیرانێکی وجودی بۆ هێزی پۆلیس دروست کردووە، پێگەی ئەوان کەوتە مەترسییەوە و پۆلیس ناچار بوو نەیاری خۆیان دروست بکەن، چونکە بەبێ ئەوان نەیاندەتوانی بژین. دەست دەکەن بە هاندانی یەکتر بۆ ئەوەی ببنە خەفیە و جاسوس بۆ ئەوەی ئەوەی یەکتر بگرن. بازنەی ئیدانەکردن و دڵسۆزی دروست دەکەن کە خۆیان تێیدا هەم تاوانبار و هەم دەبنە قوربانی. دەسەڵاتی سەرکوتکەر هەروەها پێویستی بە دوژمن هەیە بۆ مانوەی خۆی، هەتا ئەگەر ناچار بێت خۆی دوژمن دروست بکات.
پۆلیسێک ڕۆڵی ئاژاوەگێڕ و نەیاری دەسەڵاتی پێسپێردراوە، دەسەڵاتی سەرکوتکەر هەروەها پێویستی بە دوژمن هەیە بۆ مانوەی خۆی، هەتا ئەگەر ناچار بێت خۆی دوژمن دروست بکات. کاتێک پۆلیسەکان خۆیان دەبن بە “تاوانبار”، ئەمە مانایەکی زۆر قووڵ هەیە، سیستەم بۆ مانەوەی خۆی، هەموو شتێک دەکات هەتا ئەگەر درۆ بێت. دەسەڵات هەمیشە پێویستی بە هەڕەشە هەیە، ئەگەر هەڕەشە نەبێت، دروست دەکرێت، ترس ئامرازێکی سیاسییە. پەیوەندی بە شێوازی کافکایی ئەوەیە مرۆڤ لە ناو سیستەمێکی بێێمانا گیر دەبێت، یاسا هەیە بەڵام مانای نییە،دەسەڵات هەیە بەڵام ڕوون نییە. ئەمە ئەو دەقەیە کە ناوەڕۆکێکی ئەبسوردی هەیە.
ــ هەروەها مرۆزێک لە دەقی شانۆیی لەپانتایی دەریادا، کە تەنها سێ کارەکتەری هەیە، کارەکتەرەکان ناوی دیاریکراویان نییە، ئەمەش بەهۆی شێوازی ئەبسوردی شانۆنامەکەیە، کارەکتەرەکان، لە چەور، مامناوەند و لەڕ، لە هەندێک وەرگێراندا بە : یەکەم، دووەم و سێیەم نووسراوە، لە وەرگێرانێکی تردا بە ( آ، ب، د)، ئەم تێکستە کراوە بە کوردی لە لایەن فازیل جاف لە ژێر ناونیشانی گێژەن، ئەوەیش کارەکتەرەکانی بە ( قەڵەو، درێژ و بچووک ) نووسیوە، کارەکتەرەکان لەسەرکەڵەکێکن، دوای نوقمبوونی کەشتییەکەیان، بێ خواردن و بێ هیوا دەمێینەوە، دەبێت بڕیار بدەن کامیان خۆیان بکەنە قوربانی و ڕێگە بدەن هاوڕێکانی بیخۆن، بەمەش ئەوانی دیکە ڕزگار دەکەن.
مروژێک بە ئەنقەست شوێنەکە دیاری ناکات، لەدەقەکەدا شوین وڕووداو کات کۆمەڵێک ئامەژەی قوڵن، لە دەقەکەدا دەریا نوێنەری دۆخی مرۆڤایەتییە، کەڵەک، ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگا، گیرخواردنیان لە ناو دەریادا ئاماژەیە بۆ کێشەی ژیان و مەرگ. ئەم ڕووداوە دەتوانێت هەموو شوێنێک بێت و لە هەموو جێگایەک ڕووبدات ، لە هەر کۆمەڵگایەک ناعەدالەتدا کە مرۆڤ لە بەرامبەر کێشەیەکی گەورەدا ڕوو لە ئەخلاق و سیستەم دەکات، ئەوا دەسەڵات و سیستەم هەوڵ دەدات پەرەگرافێکی بۆ دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مافی بخوات.
لە تێکستەکەدا دوو لە کارەکتەرەکان هەوڵ دەدەن بە “ڕێگای دیموکراسیەت” هاوڕێکەیان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بیخۆن، مروژێک لێرە ڕەخنە لە نائەخلاقیەت لە دیموکراسیدا دەگرێت، قسەکردنی سیاسی بێ‌کردار بەکارهێنانی ئەوەی زۆرجار “دەنگی زۆرینە” ڕاست نییە، یاسا بۆ پاساو هێنانەوە تاوانە. مرۆژێک مەترسییەکانی دیموکراسی ئاشکرا دەکات کە تێیدا بڕیارەکان بە دەنگی زۆرینە دەدرێن. کێ توانای هەبێت پرۆسەی “دەنگدان” و بڕیاردان ڕێکدەخات، بە شێوەیەکی دیموکراتیک دیار دەکات کێ بخۆرێت، بەڵام لە ڕاستیدا سیستەمەکە بە قازانجی خۆی ئاڕاستە دەکات، چۆن بڕیار دەدەن؟ دانیشتن، درێژ دادڕی و دەنگدان و دیموکراسی، ئەو کەسەی کەمترین توانای قسەکردن هەیە دەبنە بە قوربانی لە پەرەگرافی یاساکاندا. لێرەدا بە تۆخی ڕەنگ ڕێژ کراوە بە کۆمیدیای ڕەش. مرۆژێک مانایەکی فەلسەفی قووڵتر دەدات بەم دەقە یەک پەردەییە، و پرسیارێک دەکات، ئەگەر ژیان لە دۆخێکی سەختدا بێت، ئایا دیموکراسی و یاسا بەسە بۆ پاراستنی ئەخلاق؟
ــ شانۆنامەی ڕووتبونەوە، جیهانی شانۆنامەی “ڕووتبوونەوە” بە هەمان شێوە ناماقوڵ و شێوازێکی ئەبسوردە، چیرۆکەکەی دەربارەی دوو پیاوی بێناسنامەیە، بە کەسی یەک و کەسی دوو ناویان هاتووە، بەبێ هیچ هۆکارێکی دیار خزێنراونەتە ژورێکەوە و دەستبەسەر کراون، خۆشیان نازانن چۆن کەوتونەتە ئەو ژوورەوە؟ کێ هێناونی بۆ ئەوێ؟ ئەوان هەوڵدەدەن تێبگەن چی ڕوودەدات؟ بۆچی لەوێن؟.
دەرگای ئەو ژوورەی چوونەتە ناوی کراوەیە، بەڵام دەرفەت بۆ هەڵهاتن ناقۆزنەوە. دوو پیاوەکە دەکەونە گفتوگۆ و مشتومڕدان، هەر یەکەیان هەوڵدەدات باشتر خۆی پیشان بدات و دەسەڵاتی زیاتر بەسەر ئەویتردا بسەپێنێت، لە کۆتاییدا دەستێکی گەورە لە سەقفەکەوە دەردەکەوێت دەستێکی دروستکراوی میکانیکی زەبەڵاح فەرمانیان پێدەکات و لە لایەن ئەو دەستەوە بەریوە دەبرێن کە لە سەقفی ژوورەکەوە دێتە دەرەوە، فشار بە دوو کەسەکە دەهێنێت و فەرمانیان پێدەکات بەوەی کە خۆی دەیەوێت و کە ڕەفتاریان بگۆڕن. لە کۆتایی نمایشەکەدا، دەستە گەورەکە بە تەواوی کۆنترۆڵی ژیان و هەڵسوکەوتیان کۆنترۆڵ دەکات و و کاراکتەرەکان هەست دەکەن کە ناتوانن بەرامبەر ئەم هێزە بووەستن و دەستەپاچەن. بەتەواوی هەردووکیان لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو هێزەدان دەستەکەدان و تا ئەو ڕادەیەی کە ناچاریان دەکات جلەکانیان دابکەنن
دەستە میکانیکیەکە ووردە ووردە فەرمان بە دوو کەسەکە دەکات کە جل و بەرگەکانین دابکەنن، دوو کەسەکەش لە گفتوگۆ و ڕووداوە جیاوازەکاندا جارێک بە تەدریج ماسکەکانیان لادەبەن. ڕووکاری ڕاستەقینەی خۆیان دەردەکەوێت، کارەکتەرەکان لە دەستپێکدا خۆیان بە شێوەیەکی باش و ڕێک پیشان دەدەن، بەڵام کاتێک چیرۆکەکە بەرەو پێش دەڕوات نهێنییەکان دەردەکەون، درۆ و دووڕووییان دەردەکەوێت، ڕاستیی کەسایەتییەکان دەبینریت.ڕووتبوونەوە لە شانۆکەدا بە مانای لادانی ماسکی کۆمەڵایەتییە، نەک تەنها ڕووتبوونی جەستە. دەستە گەورەکە لە نمایشەکەدا ڕەمزێکە شارەزای ئەدەبە، نوێنەری دەسەڵات، حکومەت و سیستەمی کۆمەڵگا و هێزێکی نەبینراوە کە مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکات، واتە لەوێدا مرۆڤ وەک بووکەڵەیەک دەبێت کە هێزێکی تر جوڵەی پێدەکات.
پەیامی فەلسەفی نمایشنامەکە ئەوەیە کە مرۆڤ زۆرجار وای دەزانێت ئازادە، بەڵام لە ڕاستیدا سیستەم و دەسەڵات هەڵسوکەوتی کۆنترۆڵ دەکات، ئەم فشارە، هەندێک جار مرۆڤ دەخاتە کێشە و شەڕ لەگەڵ یەکتر دەکەن.
دەستە گەورەکە سیمبولی دەسەڵات و سیستەمی سیاسییە، هێزێکە کە مرۆڤەکان کۆنترۆڵ دەکات. لە کۆمەڵگا فشاری کۆمەڵایەتی کە خەڵک ناچار دەکات بە شێوەیەکی دیاریکراو بژین، مرۆڤ زۆرجار وا دەزانێت ئازادە. بەڵام لە ڕاستیدا هێز و سیستەمەکان ژیانیان کۆنترۆڵ دەکەن. کاتێک ئەو هێزانە فشار دەهێنن، ترس و لاوازی مرۆڤ دەردەکەوێت، بۆیە نمایشنامەی ڕووتبوونەوە ڕەخنەیەکی توندە لە دەسەڵات و دووڕوویی کۆمەڵگا.
کاتێک ماسکەکانیان دەکەوێت و رووی ڕاستیان دەردەکەوێت دەکەونە ئاستێکی نزم و داوای لێبوردن لە دەستە زەبەلاحەکە دەکەن، بەڵێنی ملکەچبوون و گوێڕایەڵی دەدەن، تەنانەت دوای ڕووتبوونەوەیان و زەلیل بوونیان بەو هیوایەن دۆخەکە خۆی چارەسەر بێت. شانۆنامەی ڕووتبوونەوەکارێکی شانۆییە کە بە شێوەی ساتایری نووسراوە و مەبەستی سەرەکیی دەرخستنی دووڕوویی کۆمەڵگا و ماسکەکانی مرۆڤە ناوی تێکستەکە لە ناوەڕۆکی شانۆییەکەوە وەرگیراوە، کە ڕووتبوونەوەی جەستەیە بەڵام بە شێوەیەکی ڕەمزی بەکاردێت؛ واتە رووتبوونەوەی ڕاستیی مرۆڤ و ناوخۆی کەسایەتییەکان و داکەوتنی ماسکەکانی مرۆڤە.
لە شانۆنامەکانی مرۆزێکدا جیهان وەک گرۆتێسک وێنا دەکرێت، واتە جیهانی شانۆنامەکانی مرۆژێک دونیایەکی سەیرو سەمەرەیە، لە ئاستی جیهانیشدا وێنەکە گەورەتر دەکات، ئەم گرۆتێسکیەش لە ئاستی داڕشتنی وێنەی گشتی جیهاندا دەردەکەوێت. کارەکتەرەکانی شانۆنامەکانی لە جیهانێکی نامۆ، دژوار و ناڕووندا دەژین، لەو شوێنانەی کە کارەکتەرەکانی لێیەو بوونیان هەیە هەڕەشە و مەترسی لەسەرە، وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە شانۆنامەی ڕووتبوونەوەو تانگۆ بکەین، کە جیهانی ناو شانۆییەکە لە دۆخێکی هەڵوەشانەوەدایە. هەروەها لە لایەکی ترەوە لە شانۆنامەکانی مرۆزێکدا گرۆتێسک لە ئاستی داڕشتنی کارەکتەرەکان و زمانیشدا دەردەکەوێت.
مرۆڤ دەتوانێت سەرنجی ئەوە بدات کە لێکچوونێک لە نێوان شێوازی کارەکتەرەکان لە شانۆنامەکانی نووسەرانی شانۆی ی ئەبسورد و شانۆنامە یەک پەردەکانی سەرەتای نووسینی سلاڤۆمیر مرۆزێکدا ببینێت. لە شێوازی شانۆنامەی کلاسیکی و سونەتی پاڵەوان و دژە پاڵەوان بە ڕوونی بەرجەستە دەبن. بەڵام لە شانۆنامە ئەبسوردیەکان، دژە پاڵەوانەکان خاڵین لەو سیفەتانەی کە بنیاتنانی کارەکتەرە دراماتیکییە تەقلیدییەکان لەسەری بنیات نراوە، ئەمەش وا دەکات ناسینەوەی دژە پاڵەوان بۆ بینەر تاڕادەیەک مەحاڵ بێت.
ڕەنگە مەحاڵ بێت بینەر هاوسۆزی لەگەڵ پاڵەوانەکان بکات، لە هەمان کاتدا لەلای خوێنەر و بینەری نمایشی شانۆی ئەبسوردا پێکەنین و هاوسۆزی دەوروژێنن. کارەکتەرکان لە ژیانی ناوەوە بێبەش دەبن و هەربۆیە دەبنە جێگرەوەیەک یان ئاماژەیەک لەبەر ئەوە لە لەدەستدان و ونکردنی ناسنامە لە ناونانی کارەکتەرەکانیشدا ڕەنگ دەداتەوە، بە پیشە، پێگەی خێزان، ڕەگەز یان تەنها بە جێگرەوە یان تەنها بە پیتێک یان بە ژمارە ناویان دەهێنرێن.

درێژەی هەیە..

بەشی دووەمی سەرچاوەکان:

(١١) Michel Prunet میشێل پرونەر یەکێکە لە ڕەخنە گرە ناودارەکانی فەڕەنسی کە کارەکانی سەرەتایی لە بواری زانیاری ئەدەبیات و شانۆ بوو، زانیاری لەسەر نووسەرانی ئەوروپی و تێمای ئەبسورد کۆ دەکردەوەوە شیکاری دەکردن، ئەویش بە هامان شێوەی ئێسلین کتێبێکی هەیە بە نێوی شانۆی ئەبسورد، Les théâtres de l’absurde” پر پرونەر ئەوەمان بۆ ڕوندەکاتەوە کە کە ئەوەی بە ” ئەبسورد” دەردەکەوێت تەنها بە شێوەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو دەربڕینێکی هۆشیارانەیە کە چۆن واقیع هەندێک جار وەک ئاژاوە یان تێنەگەیشتن ئەزموون دەکرێت.
دەیەوێت لەوە تێبگەین کە شانۆی ئەبسورد لە سەدەی بیستەمدا چۆن شێوازی درامای گۆڕی، بە بەراورد بە تەکنیک و شێوازەی نووسەرە جیاوەزەکان، وە چۆن شانۆنامەکان کێشەکانی ژیانی هاوچەرخمان بە مانا و پەیوەندییەوە نوێیەکان دەردەبڕن. لە ڕێگەی نموونە هێنانەوەی تێکستە شانۆییەکانەوە تەکنیکەکانی شانۆی ئەبووسورد ڕوندەکاتەوە و پێمان دەڵێت کە ئەبسورد چییە و بۆچی سەریهەڵدا و چۆن لە پراکتیکدا کاردەکات؟. ئەویش بە هەمان شێوەی ئێسلین مرۆژک وەک شانۆنامەنووسێکی ئەبسورد پۆڵین دەکات.
(١٢) Darko Gašparović دارکۆ گاشپارۆڤیچ ( ١٩٤٤ ــ ٢٠١٧) نووسەر و دراماتۆرگ و ڕەخنەگر، مامۆستا لە زانکۆی زەگریب، نزیک ١٠ کتێبی لە بارەی هونەری شانۆی هەیە. بەزمانی کرواتی و فەرەنسی دەینووسی. گاشپارۆڤیچ شانۆنامەکانی مرۆژێکی لە ڕوانگەی شانۆی ئەبسوردەوە شی دەکردەوە، فۆرمێکی شانۆییە کە جەخت لەسەر بێ مانای، ئەبسورد و نامۆبوون، نەبوونی کرداری لۆژیکی و تەوەرە وجودیەکان دەکاتەوە. بەکارهێنانی تەنزی کولتووری و سیاسی و یاریکرن بە زمان، و دیالۆگ، کە گاشبارۆڤیچ خۆی دکتۆرای لەسەر لینگوستیکی هەبوو. ئەو، مرۆژێک لە گۆشەنیگای ئەبسوردی لینگوستیکی شیکاری دەکات. کە مرۆژێک بەکاربردنی زمان ، گفتوگۆی توند و پارادوکسال و کردارەکان و سمبولەکان، کارەکتەر و توانایەکی نوێ و تایبەتی بۆ دروستکردنی شێوازی شانۆی ئەبسوردمان بۆ دەخوڵقێنێت. مرۆزێک تاقیکردنەوە لەسەر زمان و دیالۆگ دەکات بە شێوەیەک کە هەم نوکتە و هەم ئیرۆنی وبونگەرای دروست دەکات. زۆرجار دیالۆگەکانی خێرا، ئەبسورد و پارادۆکسیکاڵن، ئەمەش هەستی ئەبسوردی بەرز دەکاتەوە بەڵام جیای دەکاتەوە لە بێکێت کە زۆرجار زمانی مینیمالیستی بەکاردەهێنێت. گاشپارۆڤیچ پێکهاتەی کارەکتەر لای مرۆزێک شیدەکاتەوە کە کارەکتەرەکان دروست دەکات کە هێمای تەنزئامێزی بەهێزن، نەک تەنها فیگەری بەتاڵ، نوێنەرایەتی بیرۆکە، پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی یان لاوازی مرۆڤ دەکەن.
(١٣) Boulevardteater شانۆی بولڤارد بە واتای شانۆگەورەکانی کە دەکەوێتە سەر شەقامێکی گەورە، Boulevard وشەیەکی فەڕەنسییە بە مانای شەقامێکی فراوان و گەورە. زۆرجار ئەم ناوە بۆ ناوی شانۆ یان هۆڵی پێشکەشکردنی هونەر بەکاردێت، بۆ نموونە لە وڵاتانی سکاندیناڤیا و ئەورووپا.
(١٤) Oskar Bartoš ئۆسکار بارتۆش ڕەخنەگر و نووسەرو شارەزا لە بارەی گروتێسکی ئەدەبی و شانۆ، بە تایبەتی لە بابەتی گروتێسکی نوێ، ئۆسکار بارتۆز لە پۆلێنکردنی گرۆتێسکەکانی سەدەی بیستەمدا جیاوازی دەکات لە نێوان:
ــ گرۆتێسکەکانی سارد (لە جۆری کافکایزم، کە هەستێکی ترس و دڵەڕاوکێ لە خوێنەردا ورووژێنێت. کاتێک کەسێک لە ناو سیستەمێکی بێڕەحم و سەیر و ئاڵۆزدا گیر بخوات و هەست بە بێ‌دەسەڵاتبوون بکات، ئەوە دەوترێت Kafkaesque )، واتە گرۆتێسکی تەنزئامێز (کە بەرەنگاریی نامۆبوون لەگەڵ پێکەنین دەجەنگن)
ــ گرۆتێسکەکانی فیکری (کە تایبەتمەندییەکانی… گرۆتێسکی سارد و سەرقاڵ و ژێردەقێکی فەلسەفییان هەیە). دۆخی سەیر، تێکچوو یان نائاسایی بۆ ئەوەی ڕاستییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی یان مرۆیی بخاتە ڕوو. بە واتایەکی تر، کاتێک بیر و عەقڵانییەکی قووڵ بە شێوەیەکی ناوازە، هەندێک جار ترسناک یان خەندەدار- ناخۆش پیشان بدرێت، ئەوە دەوترێت intellektuell grotesk.




گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک-١-.. زاهیر عەبەڕەش

سلاڤۆمیر مرۆزێک (١) یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی پۆڵەندای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم. لە پۆڵەندای زێدی خۆی و لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا ڕێزی لێدەگیرێت. ناوبانگی جیهانی بەدەستهێناوە، یەکێکیش لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ناوی مرۆژک لە دونیای ئەدەب و شانۆد و وەک نووسرێکی ئەبسورد ڕەخنەگری شانۆی ئینگلیزی مارتن ئێسلین بوو Martin Esslin (٢)، کە مرۆزێک لە شانۆنامەنووسانی ئەبسوردا ڕیزبەند دەکات، لە کتێبەکەیدا بە هەمان ناو (شانۆی ئەبسورد)، کە لە ساڵی ١٩٦١دا بڵاوکرایەوە.
لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا، مرۆزێک زۆرجار وەک نووسەرێکی ناڕازی و دژە ڕێژیم ناوزەد کرا، لە کاتێکدا لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە نێو نووسەرانی شانۆی بێمانادا جێگیر بووە، ئەو لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا حزبی شیوعی بەجێدەهێڵێت، ئایدۆلۆژیاکەی ڕەتدەکاتەوە، هەڵوێستی ڕەخنەیی خۆی پیادەدەکات و لەڕێگەی نووسینی چیرۆکی تەنزئامێز و گاڵەجاڕانە و نووسینی ستوونی ڕۆژنامەوانی، ئەو جگە لەوەی کە نووسەرێکی دیاری دەقی شانۆ و چیرۆک بوو، هاوتەریب ڕۆژنامەنووسێکی دیار بوو بەر لەوەی دەقی شانۆ بنووسێت، ئەو ئەزموونی ڕۆژنامەوانی خۆی بە گرنگییەکی یەکجار زۆر دەزانێت بۆ ڕەوتی زیاتری کارەکانی، چونکێ بەشێکی زۆری دەقەکانی دواتر لەسەر بنەمای گاڵتەجاڕی، پارۆدۆکسی و گرۆتێسک نووسیووە. کۆمەڵێک چیرۆکی ناوازەی هەیەکە شێوازی کۆمێدییای ڕەش ساتیری بەکارهێناوە.
یەکێک لەو نموونانە کە بڵاوی کردۆتەوە بە ناوی SLON سۆلۆن بە زمانی پۆلۆنی بەواتای فیل، یەکێک لە چیرۆکە درێژەکانی ناوی فیلە کە لەساڵی ١٩٥٧ بڵاوکرایەوە، لە چیرۆکەکەدا، بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵان بۆ ئەوەی پارە کەمتر خەرج بکات، قازانجێکی زۆر بکات فیلێکی ڕاستەقینە ناکڕێت، بەڵکو فیلێکی هەواپڕ ( لاستیکەو لە شێوەی فیلی ڕاستەقینە ) دادەنێت.
ئەمە هێمای ئەو سیستەمانەیە کە بە درۆ و ڕووکار کار دەکەن، مرۆژێک بە شێوەی ڕەمزی ڕەخنە لە سیستەمی کۆمۆنیستی ئەو کاتە دەگرێت. ئەو سیستەمەی کە زۆرجار ڕووکار و پروپاگەندەی گەورە دروست دەکات، بەڵام ناوەڕۆک بەتاڵە. فیلە هەواییەکە تەنها ئاژەڵێک نییە، بەڵکو ڕەمزێکە. کاتێک فیلە ڕەشەبا دەیبات دەفڕێت، منداڵان باوەڕیان بە هەموو شتێک لادەچێت. ئەمە هێمای ئەوەیە کە کاتێک درۆ ئاشکرا دەبێت، متمانەی خەڵک تێکدەچێت. پەیامی چیرۆکەکە ئەوەیە کە دەڵێت: ئەگەر کۆمەڵگا لەسەر درۆ و ساختەکاری بنیات بنرێت، ئەوا فشەڵ دەبێت وڕۆژێک دادێت کە هەموو شتێک داڕمێت.
دەستپێکی مرۆژک وەک شانۆکار:
دەستپێکی کاری چالاکی شانۆیی مرۆزێک لەگەڵ گروپی شانۆیی خوێندکارانی “بیم بۆم Bim-Bom” بوو لە شاری گدانسک. هەروەها یەکەم نووسینی دەقی شانۆیش بە ناوی پۆلیس بوو ( (The Policemen بوو کە لە ساڵی ١٩٥٨ نمایشکر. لە پاشاندا بەردەوامی بە نووسینی دەقی شانۆیی دەدات، بەڵام دوای نووسینی دەقی تانگۆ و نمایشکردنی لە ناوەڕاستی شەستەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت لە سەرانسەری جیهاندا، یان لانیکەم لەسەر ئاستی ئەوروپی ناسرا. لەم ماوەیەدا دەبێتە شانۆنامەنووسێکی پێشەنگی پۆڵەندی، شانۆنامەی تانگۆ خاڵی وەرچەرخان لە کارەکانی مرۆزێکدا دیاری دەکات، هاوکاتیشە لەگەڵ بەجێهێستنی زێدی خۆی، سەرەتا ئیتالیا، مەسیک و پاشان لە فەرەنسا نیشتەجێ دەبێت.
هەروەها شانۆ نامەی تانگۆ یەکەم شانۆنامەی درێژی مرۆزێکە، کە گۆڕانکارییەکی بابەتیی و تایبەتی بەرەو بابەتگەلێکی گشتگیرتر دەبات، کە زیاتر بۆ بینەرێکی ئەوروپی ڕۆژئاوا قبوڵکراوە، بە کەمتر ئاماژەی بۆ کێشەکانی واقیعی پۆڵەندی بوو.
ڕەخنەگری کرواتی میرنا سندیچیچ سابلیۆ(٣)، کە شارەزایە لە ئەدەبی بەراوردکاری، قۆناغی مرۆژک دەکات بە دووبەشەوە، قۆناغی پێش کۆچکردنی مرۆژک و دوای کۆچکردنی بۆ وڵاتانی دەرەوە،. ئەو دەڵێت، دوای بەجێهێشتنی پۆڵەندا لە شیعریەتی ئەبسوردیسم دووردەکەوێتەوە، بەڵام کاتێک دەچێتە ئەوروپای ڕۆژئاوا. ڕەوایەتی دانانی دەقە شانۆییەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک لەناو کۆنتێکستی شانۆی ئەبسوردا دەخرێتە ژێر ڕوناکییەوە، شەنو کەوی بابەتەکانی دەکرێت، هەندێک پرسیار دەخەرێنە ڕوو کە ئایا چۆن دەقە درامیەکانی مرۆژک جیاوازە لە دەقەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ، چەندیش خاڵی هاوبەشیان هەیە. ئیدی دوایی پێ لەسەر ئەوە دادەگیرێت کە کارەکانی مرۆزێک بە نەریتی درامای گرۆتێسکی نێوان جەنگەکانی پۆڵەندییەوە دەبەسترێتەوە و لە ڕێگەی شیکردنەوەی دەقە درامیەکانیەوە، دەرکەوتنی ئەبسورد و گرۆتێسکەکان و پەیوەندییەکانیان، لە چوارچێوەی کارەکانی مرۆزێکدا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت.

شانۆی دوای جەنگی جیهانی لە پۆڵەندا و پێشوازیکردن لە ساموێل بێکێت:

شانۆی پۆڵەندی نەریتێکی بەهێزی ناوازەی هەیە، ڕەگ و ڕیشەی لە سەردەمی ڕۆمانسیدا هەیە. لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کارەکانی جێرزی گرۆتۆڤسکی و تادێوس کانتۆرەوە بوو بە یەکێک لە شانۆ پێشەنگەکانی جیهان.
ساڵی ١٩٥٦ یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی وەرچەرخان لە کولتوری پۆڵەندا، چونکێ کۆتایی هاتنی پرۆسەی داماڵینی ستالینیزمە، کە ساڵانێک ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ژدانۆڤ(٤) زاڵبوون بەسەر بەرهەمە هونەریەکاندا. وردە وردە کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر هونەری جۆراوجۆر و ئەدەبدا دا لاواز دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی چەندین بەرهەمی فیلم و شانۆی ناوازە، کە ژدانۆڤ و ڕیالیزمی سۆسیالیستی خەریکە کاریگەری خۆیان لەدەست دەدەن و فەزای بۆ شێوازی نوێی دەربڕین دەکرێتەوە. پۆڵەندا خەریکە بەڕووی ڕۆژئاوادا دەکرێتەوە، بە بەرهەمی درامی و شانۆی هاوچەرخی وڵاتانی دیکە ئاشنا دەبێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە نەریتی درامای ئاڤانگاردی خۆی لە نێوان جەنگەکانی پۆلۆنیادا دەناسێت. کە مرۆزێک خۆی بە درێژە پێدەری ئەدەبی دوای جەنگ دەزانێت .
دوای جەنگی جیهانی دووەم، بەرهەمەکانی ستانیسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ، ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ و برۆنۆ شوڵتز(٥) بڵاودەکرێنەوە و نمایش دەکرێن، ئەمەش شاهیدی بەهێزی نەریتی ئەدەبی نێوان جەنگەکانی پۆڵەندییە.
هەروەها شانۆکانی پۆڵەندی دەست دەکەن بە نمایشکردنی بەرهەمی مۆدێرن و نووسینی نووسەرانی بەناوبانگی ئینگلیز-ئەمریکی، وەک جۆن ئۆزبۆرن و تێنسی ویلیامز و ئارسەرەرمیلەر و فریدریش دورێمات، هاوشان گۆڤاری دیالۆگ ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی شانۆ و درامای دوای جەنگی پۆڵەندا هەبوو. دیالۆگ لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٥٦ دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد، بە پلەی یەکەم بەهۆی ئادەم تارن کە ماوەیەکی زۆرسەرنووسەری گۆڤارەکە بوو. مەبەستی تارن ئەوە بوو کە چۆنێتی نمایشەکان بەرزبکاتەوە و بینەری پۆڵەندا ئاشنا بکات بە بەرهەمهێنانی درامای هاوچەرخ، کاریگەری لەسەر شانۆنامەنووس و ڕەخنەگران هەبێت. گۆڤارەکە جگە لە دەقی ڕەخنەیی، لە هەر ژمارەیەکدا شانۆنامەیەکی پۆڵەندی و یەک شانۆنامەی بیانی بڵاوکردەوە. لە ژمارەی یەکەمدا وەرگێڕانی بەشێک لە شانۆنامەی لە چاوەڕوانی گۆدۆی بێکێت بڵاوکرایەوە(٦). ئادەم تارن شارەزایەکی باشی هەبوو لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و شانۆی ئەبسورد، ئەوەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری شانۆیی لە پۆڵەندا. بەهۆی ئەو باردو دۆخە داگیرکاریە ئەدەب، شانۆی ئەبسورد ڕەواجێکی زۆری دەبێت. هەندێک گروپ پەیدا دەبن کە بەرهەمەکانی شانۆنووسانی ئەبسورد بەرهەم دەهێنن. گۆڤاری دیالۆگ هەموو بەرهەمەکانی بێکێت و چەندین وتاری لەسەر شانۆی ئەبسوردی وەرگێرایە سەر زمانی پۆلۆنی و بڵاوی کردەوە، سەرەڕای دابڕانی پۆڵەندا لە جیهانی ڕۆژئاوا، بوونی بێکێت لە پۆڵەندا زیاتر لە بەرچاو بوو. جگە لە پۆڵەندا، شانۆنامەکانی ساموێل بێکێت بەگشتی تا ساڵی 1989 لە وڵاتی هەنگاریاو یوگسلاڤیا و لە هیچ وڵاتێکی بلۆکی ڕۆژهەڵات نمایش نەکرا.
لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و باڵادەستی کۆمۆنیستەکان ڕەخنەیەکی لە ڕادەبەدەر فەرمی، توند و بەربڵاو لەسەر لە ئەبسوردیەت و شانۆنامەکانی بێکێت هەبوو، دەوڵەت هەندێ ڕەخنەگرانی شانۆ و ئەدەبی سەربە خۆیان هەبوو، کە پێیان دەوت ڕەخنەگری فەرمی ئەم کەسانە تێستەکانی بێکت و تەوژمی نووسەرانی هاوچەریی ڕەخنە دەکرد. ئەوانیش وەک نیشانەی دابەزین و جیهانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا لێکیان دەدایەوە.نەک هەر لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات بەڵکو لە ناو کوردستان و دەوڵەتانی عەرەبییش بەهۆی ئەندامانی پارتە چەپ و کۆمۆنیستەکان هەڵگری ئەم خیتابە بوون، لە لای پارتە کۆمۆنیستەکان هێرشێک بوو بۆ سەر سەرمایەداری، نەک لێدانەوە فەلسەفیەکەی. لە پۆڵەندا نمایشی چاوەڕوانی گۆدۆ هەر لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٥٧ لە شانۆی( تیاتر وسپۆلچێسنی ) نمایشکرا، تەنها ساڵێک دوای یەکەم نمایشی هەمان دەق لە لەندەن و دبلن و چوار ساڵ دوای یەکەم نمایشی پاریس. یەکەم نمایشی شانۆی چاوەڕوانی گۆدۆت لاپەڕەیەکی نوێی لە شانۆی دوای ستالینی پۆڵەندا کردەوە، هەروەها شانۆنامە گرنگەکانی دیکەی بێکێت زۆر بە زوویی دوای نمایشکردنی یەکەمی فەرەنسی یان ئینگلیزی لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا نمایشکران وەک (کۆتایی گەمەکە لە ساڵی ١٩٥٧ و دوا شریتی کراپت لە ساڵی ١٩٥٩).
هەروەها گۆڤاری دیالۆگ، خوێنەرەکانی خۆی بە وەرگێرانی بەرهەمی نووسەرانی دیکەی شانۆی ئەبسورد ئاشنا کرد وەک ئارسەر ئادامۆڤ، یوجین ئیۆنێسکۆ، ماکس فریش و ئێدوارد ئەلبی ، کە ئەوانیش کاریگەرییەکی بەرچاویان لە ناسین و پێکهاتنی شانۆی ئەبسورد لە هەبوو، هەروەها دەقە شانۆیەکانی شانۆنامەنووسانی پێشەنگی پۆڵەندی، وەکو سلاڤۆمیر مرۆزێکبڵاو کرایەوە.
نمایشی شانۆیی ئەبسورد لە پۆڵەندا دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەبوو، لەنێو شتەکانی تردا گۆڕانکاری جوانیناسی لەناو خودی نمایشەکاندا درووست بوو، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە ڕیالیزمی دەروونی لە نواندندا.
شانۆی ئەبسورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا:

شانۆی ئەبسورد، شانۆی نوێ، شانۆی گاڵتەجاڕی، دژە شانۆ و شانۆی ئاڤانگارد(٧) ئەو زاراوانەن کە زۆرترین جار پەیوەستن دەقی نووسەرانی شانۆ، بەتایبەتی فەرەنسی، لە ساڵانی پەنجا و شەستەکاندا، وەک دەقە درامیەکانی ساموێل بێکێت، یوجین ئیۆنێسکۆ، ئارسەر ئادامۆڤ و ئەوانی دیکە. ئەم نووسەرانەش پەیوەندییان پێوە بە هەمان شێوە پەیوەندیان بە شانۆی، ئەبسورد و گرۆتێسک و شانۆی ئاڤانگاردەوە هەیە (وەک ژان تاردیۆ، جان جینێت، ڕۆبەرت پینگێت، بۆریس ڤیان، هارۆڵد پینتەر و هتد) ئەم ناوانە ئەڵقەیەکی یەکجار گرنگن لە مێژووی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمدا.
ئەم نووسەرانە شێوازی دامەزراوەکانی پێشتر بۆ داڕشتنی دەقی درامیان ڕەتکردەوە و کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەیان لەسەر پەرەسەندنی نووسینی درامادا لە نیوەی دووەمی سەدە ڕابووردودا هەبوو. ئەم نوسەرانە لە ساڵانی سەرەتای ژیانیاندا پێشوازییەکی باشیان لێ نەکرا، نە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە و نە لەلایەن بینەرەوە، بەڵام ئەمە لە ناوەراستی سەدەی بیستەم بەدواوە واتە لە دوای ساڵەکانی ١٩٥٠ ندا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هات. دوای چەند ساڵێکی کە بەسەر کۆتایی جەنگی دووەمی جیهان تیشکیان خرایە سەر و خوێندنەوەیان بۆکرا. دوای بڵاوبوونەوەی ناوبانگی زیاتری ساموێل بێکێت و یوجین ئیۆنێسکۆ، چەندان نووسەری تر هەوڵیاندا کۆپی بێکت و ئێۆنیسکۆ بکەنەوە و جێگا پییان هەڵبگرن، بەرهەمی ئەوان و چەندان نووسەی شانۆی ئەبسورد لە لایەن ڕەخنەگران و توێژەرەوان لە ژێر چەند بڕگەیەکدا پۆڵین کران، کە جیاواز بێت لە نووسەرانی پێش خۆیان، بە تایبەتی تر لە کۆتاییەکانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای سالانی شەستەکان ڕەخنەگرانی وڵاتانی جیاواز دەستیان کرد بە تێبینیکردنی لێکچوون لە کارەکانیاندا، پەیوەستکردنیان بە نەریتێکی دیاریکراو، نووسین لەسەرئەو شێوازە دەنگێکی جیاواز بوون، بە شێوەکی دیار تاکگەرایی لە بەرهەمەکانیاندا هەبوون، وەک بەشێک لە گروپێکی ئەدەبی دیاریکراو.
زاراوەی شانۆی ئەبسورد لەلایەن ڕەخنەگری ئینگلیزی بەناو بانگ مارتن ئێسلین لە سەرەتای شەستەکاندا داڕێژراو و ئاماژەی پێکرا، لە شوێنێکی ترد بە درێژی دێمەوە سەر کتێبە گرنگەکەی بە ناوی شانۆی ئەبسورد The Theatre of the Absurd . ئێسلین کۆمەڵێک شانۆنامەنووسی دوای جەنگ کۆدەکاتەوە و بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە ناویان دەنێت ئەبسوردیزمیەکانی دوای جەنگ، هەرچەندە هەموویان یەک قوتابخانە یان بزووتنەوەیەکی ئەدەبی پێک ناهێنن و کارەکانیان تەواو لەیەکترجیاوازە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە هەریەکەیان ڕەگ و ڕیشە و ڕێبازی داهێنەرانەی خۆیان هەیە. هەریەکەیان دیدگای تایبەتی خۆیان بەرامبەر بە بیهودەیی ئەبسورد و تاکگەرایی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەندێک لێکچون لە کارەکانیاندا هەیە. مارتن ئێسلین ڕۆڵێکی سەرەکی لە ناسین و پێشوازیکردن لە بێکێت، ئیۆنێسکۆ و شانۆنامەنووسانی دیکە بینی، کە لە کتێبی شانۆی ئەبسوردا ئاماژەیان پێدەکات. تەنها ئیسلین نەبوو لە گەورەبوون و تیشکخستنە سەر ناوبانگیان، بەڵام ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ناساندنی بێکێت و ئیۆنێسکۆ، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لەو پرۆسەیەدا و پشکی شێری بەردەکەوێت.
ئێسلین هەندێک تایبەتمەندی هاوبەش لە بەرهەمی شانۆنامەنووسانی دوای جەنگدا دەناسێتەوە، هەرچەندە بە ڕوونی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان گروپ و قوتابخانە نین، و ناوێکیان پێدەبەخشێت کە تا ئەمڕۆش بەردەوام بووە، سەرەڕای ڕەخنە و مشتومڕێکی زۆر، و کە زۆربەی کات پەیوەستە بەو شانۆنامەنووسانەی کە ئاماژەی پێدەکات.
مارتن ئێسلین، ئەم نووسەرانە بە نوێنەری شانۆی ئەبسورد دەزانێت وەك ( بێکێت، ئیۆنێسکۆ، کە هەندێک لە ڕەخنەگران دەیگەڕێننەوە بۆ شانۆنووسانی فەرەنسی، بەڵام دوای ئەوان هەندێک شانۆنووسانی تر پەیوەست بەم چەمکەوە دەکرێت وەک، ئادامۆڤ، جینێت، پینتەر، تاردیۆ، ڤیان، بوزاتی، دی پێدرۆل، ئاراباڵ، فریش، هیلدێشایمەر، گراس، ڕۆبەرت پینگێت، سیمپسۆن، ئەلبی، گێلبەر، کۆپیت، هاڤێل، ڕۆژێلیڤیچ و سلاڤۆمیر مرۆزێک ) (٨) ئەڵقەیەکی زۆر گرنگن لە مێژووی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەم
لە دەقە درامیەکان و شانۆنامەنووسانی ئەبسورد چەندین لێکچوون هەیە: دەقەکانیان ڕەنگدانەوەی سەرقاڵی بنەڕەتی و کەشوهەوای ڕۆحی قۆناغی دوای جەنگە، جیهان وەک شوێنێکی تێنەگەیشتوو و نامۆ وێنا دەکەن، کات و شوێنی کردارەکە بە وردی پێناسە نەکراوە، کارەکتەرەکان زۆرجار کەسایەتییان نییە، لە بوکەڵە دەچن، زۆرجار تەنانەت ناوی خۆیان نییە، و بێهێواییان هەیە دیالۆگەکان کە لە دەستەواژەی و دەربڕینی یەک فۆرمی، دووبارە بوو و یەک شێوەییە. ئەو دەقانەی کە ئەو نووسەرانە نووسیویانەوە پێهەڵگرانیان بەردەوامن، پێیان دەوترێت antidramer دژە دراما، چونکە بنەما سەرەکییەکانی دراماتۆرگی ئەرستۆ ڕەتدەکەنەوە. ڕوداو و دیمەنەکان (پڵۆتەکە) لە سەرەتاوە تا لوتکە بۆ چارەسەرکردن گەشە ناکات، بەڵام لە ڕووی لۆژیکییەوە ڕووداوە بێ پاڵنەرە پڕ لە دژایەتییەکان ڕیزبەندی دەکرێن، یان بارودۆخی ئیستاتیکی دەخاتە ڕوو کە جەخت لەسەر بێمانایی بارودۆخی مرۆڤ دەکەنەوە.نووسەرانی شانۆی ئەبسورد لەیەکتر جیاوازن، مامەڵە لەگەڵ بابەت وتەوەری جیاوازدادەکەن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت هەندێک لێکچوون لە کارەکانیاندا بەدی بکرێت. ئەم نووسەرانە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پەرەپێدانی درامای مۆدێرن بیننوە، دەربڕینی شانۆییان نوێکردەوە و جەختیان لەسەر گرنگی زمانی شانۆیی کردووە، زەمینەیان بۆ شانۆنووسانی دوای خۆیان خۆشکردووە کە ئیلهامیان بەخشیون.
بێمانایی، بێهێوایی و گرۆتێسک لە ژمارەیەکی زۆر لە دەقە درامیەکانی سەدەی بیستەمدا دەردەکەون، کە زۆربەیان ئەو نەریتە ئەدەبییانە ڕەتدەکەنەوە کە تا ئەو کاتە باو بوون. بەڵام ناکرێت هەموویان بە نوێنەری شانۆی ئەبسورد هەژمار بکرێن. ڕەخنەگران بۆچوونی جیاوازیان دەربڕیوە پرسیاریان کردووە لە بەرامبەر ناوهێنانی ژمارەیەکی زۆر بە شانۆ نووسانی ئەبسورد لەلایەن ئێسلینەوە لەناو ئەم ژانرەدا. جین جینێت دیارترین نموونەیە، بەڵام ناوهێنای سیمپسۆن و ئەلبی و ستۆپارد(٩) لە شانۆی ئەبسورد جێگەی مشتومڕە.
جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان شانۆنووسانی ڕێبازی ئەبسورد هەیە. زۆرێک لە نووسەرانی دوای جەنگ باس بابەتەکانی وەک دڵەڕاوکێ، لەدەستدانی ناسنامە و باوەڕ، دڕندەیی، ناعەقڵانییەتی جیهان، پەنا بۆ گرۆتێسک یان کۆمیک یاخود وتنی نیو ڕستە ، دەربڕینێک، قسەیەک (فراسێک) وەک ئامرازی دەربڕین و تەحەدای دراما تۆرگی و ڕێکەوتننامەکانی و نووسینی درامای نەریتی دەکەن.
بۆیە ئەو تایبەتمەندییەی کە پێشتر باسمان کرد لە بەشێکی زۆری درامای سەدەی بیستەمدا لە بەراوردکردنی ژمارەیەکی زۆری شانۆنامەنووسانی تایبەت لە ئەدەبیاتی نەتەوەیی جیاوازدا لەلایەن ئێسلینەوە پۆڵێن کردنیان بە نووسەرانی شانۆی ئەبسورد ڕەنگە ڕەوا نەبێت. بەرچاوترین بەرهەمەکانی شانۆی ئەبسورد لە فەرەنسا و ئەمریکا نووسراون. شانۆنامەنووسانی فەرەنسی و ئەمریکی هەمان تەکنیک بەکاردەهێنن، بەڵام پاڵنەر و جیهانبینییان جیاوازە. شانۆنامەنووسە ئەمریکییەکان، وەک ئەلبی یان کۆپیت، باوەڕیان بەوە نییە کە ژیان بەڕاستی بێمانایە، ئەم تایبەتمەندییە تەنیا بۆ کۆمەڵگا دەگەڕێننەوە، پێیان وایە دەتوانێت بگۆڕێت. دەقە درامیەکانیان زیاتر ئەخلاقی و ڕوونکردنەوە و گەشبینین، لە کاتێکدا شانۆنامەنووسانی فەرەنسی (٩) زیاتر خۆیان لە وێناکردنی بارودۆخی مرۆڤدا سنووردار دەکەن و گۆڕانکاری ڕیشەیی و ئەگەرەکانی گۆڕانکاری ڕیشەیی پێشنیاز ناکەن.
لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە وڵاتانی ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات، ئەو دەقانەی نووسران و نمایش کران، کە ڕەخنەگران لە نێویاندا مارتن ئێسلین، لە شانۆی ئەبسوردا پۆلێنین کرد. ئەوەش وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا دوای مردنی ستالین بوو، کە بەشێوەیەکی زۆر کەم و ڕێژەیی ئازادی هەبوو لە پؤلەندا، دەرکەوتنی شانۆی ئەبسورد لە پۆڵۆنیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٦، و کۆتایی هاتنی لە ساڵی ١٩٦٥ بە تایبەتی ئەو ساڵەی کە نمایشی شانۆیی تانگۆی مرۆژێک پێشكەش کرا.
دزەکردنی پێکردنی ئەبسوردیزم بۆ ناو دەقە ئەدەبییەکان لە سەردەمی باڵادەستی ڕیالیزمی سۆسیالیستیدا ڕێگری لێکرا، چونکە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای باوی دەسەڵاتداردا نەدەگونجا. ڕەخنەگرانی نوێنەرایەتی ئایدۆلۆژیای فەرمی کە سەر بە دەسەڵات بوون، هێرشیان دەکردە سەر شانۆی ئەبسورد و ئیدانەیان دەکرد بە خراپ و ڕەشبین باسیان دەکرد،
ئەوان بە بەرهەمێکی وێرانکەری ڕۆژئاوای سەرمایەدارییان سەیر دەکرد، کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکانی بوونگەرایی بوونی نییە، ئەمەش لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستیدا یەک نەدەهاتەوە کە بانگەشە بۆ گەشبینی دەکات و ئیدیعای ئەوە دەکات کە مرۆڤ توانای گۆڕینی هەموو شتێکی هەیە. ڕیالیزمی سۆسیالیستی بانگەشە بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمێکی بەهاکان دەکات کە لە سەردەمی شەڕدا کە لە بنەڕەتدا تێکچووە، هەر بۆیە هەڵسەنگاندنە نەرێنییەکانی کارەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ لەلایەن ڕەخنەگرانی مارکسیستەوە جێگەی تێگەیشتنە، بە بڕوای ئەوان درامای ئەبسوردی ڕۆژئاوا و بینەرانی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات هیچ خاڵێکی هاوبەشیان نییە.
سەرەڕای ئەوەش، ئەبسوردیەت و ئیرۆنیەت، گاڵتەجاڕی و گرۆتێسک لە تایبەتمەندیەکانی شانۆی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن لە سەردەمی تۆتالیتاریزمدا، ئەدەب لە سەرووی هەموو شتێکەوە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە بێمانا، ئبسورد و شێواوە بوو کە پەیوەندییەکی نزیکی بە ڕەخنەگرتنی سیستەمی سیاسیی هەبووە و هەیە، لێرەدا دەتوانین بڵێن شانۆ فەزایەکە بۆ بنکۆڵکردنی ئەو سیستەمە.
لە دەقە شانۆییەکانی نووسەرانی پۆلۆنیا، واقیعیێکی بێمانا لە دەقە ئەبسوردیەکاندا ڕەنگ دەداتەوە و گرۆتێسکیش وەک ئامرازێکی دەربڕین بەکاردەهێنن. زۆرجار لە لایەن هەندێک کەسەوە زاراوەی “ئەبسورد ” و ” گرۆتێسک” (١٠) بە شێوەیەکی هاوواتا بەکارهێنراوە، بەڵام نا، جیاوازیان هەیە و لەگەڵیشیدا پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ یەکدا هەیە، لە قۆناغی دوای جەنگدا تا وای لێهات هەندێک بە شانۆی ئەبسوردیان دەگوت شانۆی گرۆتێسک. لەڕاستیدا ئەبسورد بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ناوەڕۆکەوە هەیە و لە ئاستی ناوەرۆکدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لەکاتێکدا گرۆتێسکیش ئامرازێکە بۆ پێکهاتن، بە واتای ئامرازی شێوازو پێکهاتنەکەیە ـ ستایلێکە. ئەبسوردیسزم میتافیزیکییە نەک دیاردەیەکی جوانیناسی، هەر بۆیە ناتوانرێت بە دەربڕین و پێکهاتە و شێوازێک هەژمار بکرێت. گرۆتێسک و ئەبسورد، مەرج نییە پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت، هەروەها مەرج نییە ئەبسورد تەنیا فۆڕمی گرۆتێسک وەربگرێت. چونکێ نووسەرانی ئەبسورد جەخت لەسەر هەستی نامۆبوون و هەڕەشەی مرۆڤ لە جیهاندا دەکەن، هەر بۆیە بەشێکی گرنگی درامای مۆدرێن و هاوچەرخە.
دوای جەنگی جیهانی دووەم، زۆرێک لە نووسەران دەستیان کرد بە نووسین بە شێوازی نوێ بۆ دەربڕینی، لە بەشێکی گەورەی دەقە گرنگەکانی درامای مۆدێرن و هاوچەرخ لە ساڵەکانی ١٩٤٥ تا ١٩٦٥ گرۆتێسک بەکار دەهێنن. ئەبسورد و گرۆتێسک بەرهەمی هەمان ئاسۆی ڕۆحین و لە کاتێکدا سەرهەڵدەدەن و گەشە دەکەن کە سیستەم، نۆرم و بەها پەسەندکراوەکانی گشتی لە داڕماندایە.
شانۆی ئەبسورد لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە فۆرم و شێوازدا جیاوازە لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، چونکێ لەم دوو ناوچەیەد هەست و ڕەگ و ڕیشەی بێمانای و ئەبسوردی لەیەکتر جیاوازە، لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات بێمانایی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان، ڕۆژانە خەڵکەکەی بە بێمانای ئابوڵقە درابوون، لەگەڵ بێمانای و بێهیوایدا دەژیان. بۆیە شانۆنامە ئەبسوردیەکانی پۆڵەندی، چیکۆسلۆڤاکیا و دەوڵەتانی ئەوروپای خۆرهەڵات کە لە لایەن سۆڤیەتەوە یان نازیتەوە داگیرکردبوون لە هاوتا ڕۆژئاواییەکانیان واقیعبینترن. شانۆنامەنووسانی جیهانی ڕۆژئاوا پرسیار لەبارەی ژیان، مردن، جەوهەری بوونی مرۆڤ، تەنیایی، ئازار و نەبوونی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان دەوروژێنن، شانۆنامەنووسانی ڕۆژهەڵات بە پلەی یەکەم ڕەخنە شێواندنی ستالینیانەی مارکسیزم دەگرێت، کە وێنەی تاکەکان پیشان دەدات کە لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نالەباردا گیریان خواردووە. شانۆنامە ئەبسوردیەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاوازدا نووسراون و تەنیا پرسە میتافیزیکییەکان پاڵنەر نین. کۆنتێکست ــ پەیوەندی کۆمەڵایەتی چارەنووسی تاک دیاری دەکات، بە شێوەیەکی زیندووتر و واقیعیتر تیشک دەخرێتە سەری زیاترلە بەرهەمەکانی ساموێل بێکێت یان یوجین ئیۆنێسکۆ. لە هەردوو ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لەدەستدانی تاکایەتی و بچووکبوونەوەی مرۆڤ بۆ تەنها ئامێر یان بوکەڵەیەک کێشەیەکی ڕاستەقینەیە.
لە ڕۆژئاوادا دەرئەنجامی کۆمەڵگەی بەکاربەری سەرمایەداری و کولتوری جەماوەرییە، لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵات بە کاریگەری لاوەکی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بەسەربازکردن، یەکپۆشکردن و یەک ڕەنگی زۆرەملێی مرۆڤەکانە. بێ شک جیاوازییەکی بەرچاو لە پێشوازیكردن لە هەمان دەقە دراماتیکییەکان لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەبێت
بینەرانی بلۆکی ڕۆژهەڵات تەنانەت واتاو پەیای پەیامی سیاسییان لە شانۆنامەکانی ڕۆژئاوادا دەدۆزیەوە، ئەگەر هیچ پەیامێکی سیاسیانەشی نەبووبێت، لە کاتێکدا بینەرانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە ئامادەییەوە شانۆنامەکانی نووسەرانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیان قبوڵ دەکرد و ئاماژە سیاسییەکان پشتگوێ دەخست و پەیامی گشتگیریان سەبارەت بە بوونی مرۆڤ لە دەقەکاندا دۆزیەوە.

بەواتا:
لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا، پۆڵۆنیا وەک نموونە زۆرجار وەک ڕەخنەی سیاسی دەخوێندرانەوە
لە ئەوروپای ئەوروپای ڕۆژئاواشدا، زیاتر بە فەلسەفەی ژیان و مرۆڤ دەخوێندرانەوە
ئێسلین دەڵێت، شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆی ساموێل بێکێت وەک درامایەکی سیاسی لە پۆڵەندا خوێندرایەوە، هەروەها شانۆنامەی ئاهەنگی سلاڤۆمیر مرۆزێک لە ڕۆژئاوا بە تۆنێکی بوونگەراییدا خوێندرایەوە، ئیسلین ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی شانۆنامەکانی یۆجین ئیۆنێسکۆ کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی هەر جۆرە پەیوەندیەک و وابەستەبوونێک بە سیاسەتێک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بۆتە مۆدێلێک بۆ شانۆی سیاسی لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، هەرچەندە ئەم دەقانە بە ڕاشکاوی ڕەخنە لە سیاسەت ناگرن.
لە پاریس و نیویۆرک دەقەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ بە هەمان شێوەی خۆیان دەخوێندرێنەوە بەڵام چۆن دەخوێندرێنەوە؟ ، لە کاتێکدا لە وارشۆ و بەرلینی ڕۆژهەڵات دەبنە نووسەری سیاسی. ئەو دەقە درامیە شانۆییانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، چەندین هەڵگری واتاو مانایان هەیە و کەوتوونەتە ژێر خوێندنەوە و لێکدانەوە جیاوازەکانەوە. لەپشت پرسیارەکانی سروشتی سیاسییەوە، پرسیاری گەردوونیی شاراوە سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ هەیە، لێرەوە شانۆ ئەبسوردەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای لەیەک ناچن و جیاوازن، بەڵام خاڵی هاوبەشیشیان هەیە.

درێژەی هەیە..

پەراوێزەکانی بەشی یەکەم:
(١) سلاڤۆمیر مرۆزێک، لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٣٠ لە شاری بۆرزچین لە نزیک شاری کراکۆڤ لە پۆڵەندا لەدایک بووە، لە ١٥ی ئابی ٢٠١٣ لە شاری نیس لە فەرەنسا کۆچی دوایی کرد. نووسەر، تەلارساز، شانۆنامەنووس و کارتۆنیستێکی پۆڵەندی بووە. مرۆزێک بۆ یەکەمجار وەک کارتۆنیستێکی تەنزئامێز لە گۆڤارەکاندا لە گۆڤاری Dziennik Polski ناسرا. چەندین کورتە چیرۆک و شانۆنامەی تەنزئامێزی نووسیوە. وەک نووسەرێکی شانۆی ئەبسورد دادەنرێت. لە پۆڵەندا بە یەکێک لە گەورەترین شانۆنامەنووسانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، لەگەڵ ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ و تادێوس ڕۆزێڤیچ.
مرۆزێک لە گەنجیدا کۆمۆنیستێکی سەرسەخت بوو. لەو گۆڤار ڕۆژنامەنەدا کری کردووە، کە پەیڕەوی هێڵ و فکری کۆمۆنیستی دادەڕشت. لە بیرەوەریەکانیدا لەبارەی قەناعەتی ئایدیۆلۆژی گەنجی خۆیەوە نووسیویەتی: “کاتێک تەمەنم بیست ساڵ بوو، ئامادەبووم هەر بەدیلێکی ئایدیۆلۆژی لە باوەش بگرم بەبێ ئەوەی زۆر لە نزیکەوە لێی بکۆڵمەوە، بە مەرجێک شۆڕشگێڕانە بێت، وردە وردە هەڵوێستی گۆڕا، نووسین بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی برد کە بوو بە دژایەتیکەرێکی سەرسەختی ڕژێمی کۆمۆنستی. لە ساڵی ١٩٥٠ یەکەم کورتە چیرۆکی خۆی نووسی و لە ساڵی ١٩٥٣ یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی بە ناوی فیل بڵاوکرایەوە. وەرگێڕدرا بۆ چەندین زمان لەوانە بۆ زمانی کوردی لە لایەن نووسەر خەبات عارفەوە وەرگێردراوە. یەکەم شانۆنامەی بە ناوی پۆلیس لە ساڵی ١٩٥٨ بڵاوکرایەوە و پێشکەشکرا.
سلاڤۆمیر مرۆزێک بە ئارەزووی خۆی پۆڵەندا بەجێدەهێڵێت. لە ساڵی ١٩٦٣ دەچێتە ئیتالیا و دواتر مەکسیک دواجار لە فەرەنسا دەژی. ئەمە بەو مانایە نییە کە لە ژیانی کولتووری پۆڵەندا ئامادە نییە. دەقەکانی لە گۆڤارەکانی پۆڵەندا بەردەوامن لە چاپکردن، شانۆنامەکانی بەردەوامن لە نمایشکردن، ئەمەش وایکردووە تاڕادەیەک ئاگاداربێت. مرۆزێک یەکێک نییە لە نووسەرانی کۆچبەری ئەوروپای ڕۆژهەڵات، وەک ڕووسەکان و چیکەکان بە تایبەتی، کە بە تەواوی ڕێگرییان لێکرا لە کارکردن لە وڵاتی زێدی خۆیان. مرۆزێک بەشێک نەبوو لە کۆمەڵگەی کۆچبەرانی پۆڵەندی و نووسەرێکی ناڕازی، بەڵکو تەنیا نووسەرێکی پۆڵەندی بوو کە لە دەرەوەی وڵات دەژیا. زیاتر لە سی ساڵ خۆبەخشانە لە دەرەوەی چوارچێوەی کولتووری نەتەوەیی خۆی ژیاوە. لە کاتی کۆچکردنیدا بە ئازادی سەفەری کردووە و سەردانی پۆڵەندای کردووە. نمایشکردنی دەقەکانی تەنها لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ١٩٧٣ قەدەغەکرا، دوای ئەوەی مرۆزێک لە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی فەرەنسی لۆمۆندیدا ئیدانەی داگیرکردنی چیکۆسلۆڤاکیا کرد. حەوەش بووە هۆی هەم سەفەری بۆ پۆلۆنیاو هەم بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی سانسۆر کراو پیشوازی لێنەکرا، بەڵام لە ساڵانی نەوەدەکاندا مرۆزێک جارێکی دیکە بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە ناوەندییەکانی ژیانی کولتووری پۆڵەندا.
(٢) مارتین ئێسلین (١٩١٨-٢٠٠٢) لە شاری بودابێست لەدایک بووە و لە نەمسا خوێندوویەتی. لە زانکۆی ڤیەنا فەلسەفە و ئینگلیزی خوێندووە ساڵی ١٩٣٨ نەمسای بەجێهێشت و لە ساڵی ١٩٤٠ وەک پەخشکەر و نووسەرو بەرهەم هێنەر لە بی بی سی BBC دەستی بە کارکردن کرد، لە ساڵی ١٩٦٣ بووە بەرپرسی درامای ڕادیۆیی لە بی بی سی، ئەو پۆستەی تا خانەنشین بوونی لە ساڵی ١٩٧٧ بەڕێوەی بردووە، پرۆفیسۆروانەبێژ بووە لە زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا، لێکۆڵینەوەی لەسەر دراما/ شانۆ کردووە. یەکێکە لە کاریگەرترین ڕەخنەگر و شانۆناسەکانی جیهان، توێژەرێکی بەناوبانگ بوو بە داهێنانی زاراوەی شانۆی ئەبسورد و بە کتێبە بەناوبانگەکەی شانۆی ئەبسورد (The Theatre of the Absurd )
(٣) میرنا سندیچیچ سابلیۆ Mirna Sindičić Sabljo ئەکادیمیستێکی کرواتییە و لێکۆڵەرە لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و دکتۆرای هەیە لە ئەدەبی بەراوردکاری مامۆستایە لە زانکۆی زەگریب، وەرگێر لە زمانی فەرنسی، چەندان کتێبی بەراوردکاری هەیە لە نێوان ئەدەبی فەرەنسی و ئەدەبیاتی ئەوروپای خۆرهەڵات.
(٤) ( ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ژدانۆڤ ) ئەم دوو ڕیبازە لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات زۆر باو بوو. سۆسیال ڕیالیزم، بریتی بوو لە ڕێبازێکی ئەدەبی و هونەری کە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی کۆمۆنستی بە فەرمی کرا، کە ئەم ڕێبازە ئامانجی ئەوە بوو کە هونەر و ئەدەب پشتیوانی لە ئایدیۆلۆژیای سۆسیالیستی بکەن و چینی کرێکار بە هێمای قارەمان پیشان بدرێت و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئەرێنی و شۆڕشگێڕ پیشان بدرێت ڕەخنەی توند لە سیستەم قەدەغە بێت، بە مانایەکی تر، هونەر دەبووە ئامرازێک بۆ پرۆپاگەندا.
ــ ژدانۆڤ، لە ناوی ژدانۆڤی دۆکتڕینا هاتووە، کە لە ساڵی لە 1940 ـەکاندا دامەزرا، ژدانۆڤ سیاسەتمەدارێکی سۆڤیەتی بوو کە بەرپرسیار بوو لە سیاسەتی کەلتوری لە سەر دەمی ستالیندا، کە پێویستی دەکرد هەموو هونەر و ئەدەب پشتیوانی لە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی بکات. ژدانۆڤ باوەڕی وابوو کە، هونەر تەنها دوو جۆرە، سۆسیالیستی یان دژ بە گەل، نووسەر و هونەرمەند دەبێت خزمەتی حیزب بکات، ئەدەبی بورژوازی یان فۆرمالیستی دەبێت قەدەغە بکرێت. ئەم دوو دەزگایە بووە هۆی سانسۆر و فشار لەسەر زۆر نووسەر و هونەرمەند لە پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی بلۆکی ڕۆژهەڵات
(٥) ــ ستانیسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ، ١٨٨٥ ــ ١٩٣٩ شانۆنووس، ڕۆماننووس و وێنەکێش بوو. پێشەنگی شانۆی ئەبسورد و ڕووناکبیر لە پۆڵەند. لە شانۆکانیدا دۆخە سەیر و فەلسەفییەکان بەکار دەهێنێت. ڕەخنەی لە کۆمەڵگای مۆدێرن و لەناوچوونی تاکایەتی دەکرد.
ــ ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ، ١٩٠٤ ــ ١٩٦٩یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی پۆڵەند لە سەدەی بیستەمەو بە شێوەیەکی ئیرۆنی تەوس، گاڵتەجاڕانە و فەلسەفی دەنووسێت. زۆرجار دژی فۆرمی فەرمی و سیستەمی کۆمەڵایەتی بوو.
ــ برۆنۆ شوڵتز ١٨٩٢ ــ ١٩٤٢ نووسەر و وێنەکێشی یهودی-پۆڵەندی، نووسینی شاعیرانە و خەیاڵی هەبوو، جیهانێکی خەیاڵی و مێتافۆری زۆر لە وێنەکانی و لە نووسینەکانیدا هەبوو. لە کاتی داگیرکردنی نازی لە پۆڵەند کوژرا.
ئەم سێ کەسە هەموویان لە ڕێگەی شێوە و نوێکاری هونەرییەوە ڕەخنەیان لە کۆمەڵگا و سیاسەت دەکرد، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بنەمای ئەدەبی ئەبسورد لە پۆڵەند دامەزراند، کاریگەرییان لە نووسەرانی دواتر هەبوو وەک مرۆژێک.
(٦) شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆ نووسینی نوسەری ئێرلەندی ساموێل بێکێت ـە بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی بێکت و شانۆی ئەبسورد دادەنرێت، ئەم دەقە باسی دوو پیاودا دەکات بە ناوەکانی (ڤلادیمێر وئیستراگۆن)، کە لە ژێر دارێکدا دانیشتوون و چاوەڕێی کەسێک دەکەن بەناوی گۆدۆ، کێشەکە لەوەدایە کە گۆدۆ هەرگیز نایەت، ناشزانن کە گۆدۆ کێێە؟ پاشان منداڵێک دێت دەڵێت گۆدۆ نایەت ئەمرۆ، ، ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێدەپەڕێت، ئەوان ئەوان هەر لە چاوەڕوانیدا دەمێێنەوە. ڕێگەی چاوەڕوانییەکەیانەوە، بێکێت پرسیارەکان سەبارەت بە مانای ژیان، هیوا و بوونی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. بەڵام دەسەڵاتدارانی لە ڕێگەی دەزگای ژدانۆڤ ئەو دیدەیان بڵاو کردەوە کە بنواڕن، ئەدەبی ئەبسورد و سەرمایەداری چەند بێکەڵکە، پێیان دەوت ئەدەبی بۆرجوازی، ئەم جۆرە ئەدەبە موراڵی خەڵک تێکدەدات، بێگوومان دەسەڵاتی کۆمۆنیستی ڕەخنەگر و نووسەرانی خۆیان خستەگەر بۆ هێرش کردنە سەر ئەم ئەوژمی نووسینە.
(٧) زاراوەی شانۆی ئاڤانگارد بۆ یەکەم جار لەلایەن لیۆنار سی Pronko Leonard C بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ڕەخنەی ئەدەبی فەرەنسییەوە لە ساڵی ١٩٦٢لە کتێبی Avant-Garde: The Experimental Theater in France بەکاردەهێنرێت: ئەو چەمکەی “avant-garde” بە واتای پێشڕەوی و نوێخواز لە هونەر، بە تایبەتی لە شانۆدا بەکارهێنرا بۆ کارانەی کە شێوازی کلاسیکی شانۆیان تێک شکاند و ڕێبازێکی نوێیان درووست کرد
(٨) ئەم ناوانە هەموویان نووسەر و هونەرمەندانی ناسراوی سەدەی ٢٠ ـن، زۆربەیان پەیوەندیان بە شانۆ و ئەدەبی ئەبسوردیزم (Absurdism) هەیە:
ــ ژان تاریدۆ (١٩٠٣ ـ ١٩٩٥ ) ، هونەرمەند، مۆسیک ژەن، شاعیر و نووسەری فەرەنسی بوو. بە شانۆ و دەقە کورتەکانی ناسراوە کە زمان و واتا بە شێوەیەکی پووچگەرایانە لێک دەداتەوە. تایبەتمەندییەکانی نووسینی ، یاری کردن بە زمان و وشەکان، درووستکردنی دۆخی سەیر و بە شێوەیەکی کۆمیدی، گەڕان بە دوای مانای قووڵ لە ناو گفتوگۆی ڕۆژانەدا، کارکردن لەسەر شێوازی دەنگ و موزیک لە دەقدا.
ــ جان جینێت، نووسەر و شانۆنووسی فەرەنسی بوو، باس لە بابەتەکانی وەک تاوان، ناسنامە و دەسەڵات دەکات. ژیانی سەخت و پڕ لە کێشەی هەبوو (لە منداڵیدا بەخێوکرابوو و ماوەیەک لە زیندان بوو)، ئەم ئەزموونانە کاریگەریی زۆریان لەسەر نووسینەکانی هەبوو. تایبەتمەندییەکانی نووسین، باسکردنی بابەتەکانی تاوان، زیندان، ناسنامە و دەسەڵات، بەکارهێنانی زمانێکی شیعری و هێماکار.
ــ ڕۆبەرت پینگێت، نووسەر و شانۆنووسی فەرەنسی/سوێسری بوو. کارەکانی پەیوەندیان بە ئەدەبی ئەبسوردی و ڕێبازە نوێیەکانی ڕۆماننووسین هەبوو. گرنگی بە زمان، بیرکردنەوە و شێوازی گێڕانەوە دا. تایبەتمەندییەکانی نووسینی گێڕانەوەی ناڕاستەوخۆ و هەست بە نادڵنیایی کارکردن لەسەر بابەتەکانی بیرکردنەوە، بێ‌واتایی و تەنیایی.
ــ بۆریس ڤیان، نووسەر، شاعیر و میوزیسیانی فەرەنسی بوو. بە شێوازی سەیری و ڕەخنەگرایانەی خۆی ناسراوە. یەکێک بوو لە نووسەرانی ناسراوی ئەدەبی نوێی فەرەنسی دوای جەنگی دووەمی جیهانی، کارەکانی تێکەڵێکن لە سەیری، خەیاڵی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و شێوازی پووچگەرایی.
ــ هارۆڵد پینتەر، شانۆنووسی بەریتانی بوو. یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی شانۆی ئەبسورد، و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات (2005). تایبەتمەندیەکەی بەکارهێنانی خامۆشی و بێدەنگی لە گفتوگۆ و دیالۆگدا، درووستکردنی هەستێکی ترس و ناڕوونی. کتێبێکی بچووک لەسەر ئەم نووسەرە بە زمانی کوردی هەیە
(٩) سیمپسۆن، شانۆنووسێکی بەریتانی بوو کە بە کۆمیدیی پووچگەرایانە و دیالۆگی بێ‌مانا ناسراوە، تایبەتمەندیەکەی، یاری کردن بە زمان، خوڵقاندنی دۆخی بێلۆژیکی شێوازێکی وهێمن و ساردی کۆمیدی، ڕەخنە لە ژیانی ڕۆژانە و سیستەمی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پووچگەرایان دەگرێت، سیمپسۆن بە یەکێک لە دەنگە سەربەخۆکانی شانۆی ئەبسوردی لە بەریتانیا دادەنرێت.
ــ ئێدوارد ئەلبی، شانۆنووسێکی ئەمریکی بوو کە یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی شانۆی ئەمریکا لە سەدەی 20. بەکارهێنانی دیالۆگی توند و ڕاستەوخۆ، شیکردنەوەی پەیوەندیی، لە بارەی خێزان.، تەنیایی، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی. ئەلبی سێ جار خەڵاتی Pulitzerی بۆ شانۆ وەرگرتووە.
ـــ ستۆپارد، شانۆنووسێکی بەریتانی لە چیک لە دایکبووە، کە بە شانۆی فکری وبەکارهێنانی و تێکەڵکردنی فەلسەفە، زانست و کۆمیدیی زیرەکانە لەگەڵ دیالۆگی خێرا لە بابەتی ناسنامە دەناسرا، زمانی نووسین و گەمە کردن بە وشە شێوازێکی تایبەتی ئەو بوو
(٩) پێیان دەوترێت “فەرەنسی” چونکە شانۆنامەکانیان بە زمانی فەرەنسی دەنووسن. بەمەرجێ ساموێل بێکێت ئێرلەندییە، یوجین ئیۆنێسکۆ ڕۆمانییە، فێرناندۆ ئاراباڵ ئیسپانییە و ئارسەر ئادامۆڤ ڕووسی-ئەرمەنییە.
(١٠) گرۆتێسک (Grotesque) واتە شێوازێکی هونەری یان ئەدەبی کە تێیدا شتان بە شێوەیەکی سەیر، دژوار، ترسناک یان خەندەهێنەر پیشان دەدرێن بە جۆرێک کە تێکەڵەی جوانی و ناشیرینی، ڕاستی و خەیاڵ، یان ترس و گاڵتەکردبن. تێکەڵکردنی شتانێکی دژبەیەک وەک خەندە و ترس.
جێفری هارفام Geoffrey Harpham لە باسکردنی گروتێسک ڕوونکردنەوەیەکی گرنگ دەدات. بە پێی ئەو، گروتێسک شێوەیەکە لەو کاتەدا دروست دەبێت کاتێک دوو شتی ناتەواو یان نەگونجاو بە یەکەوە کۆدەبنەوە و هەستێکی سەیر، ناڕەحەتی یان تێکچوونی ئاسایی دروست دەکەن.
لە پێناسەکەی ئەودا، گروتێسک ئەوە نییە تەنها شتێکی خەندەهێنەر یان ترسناک بێت، بەڵکو ئەو کاتەیە کە سنووری نێوان شتەکان تێکدەچێت (وەک مرۆڤ و ئاژەڵ، جوانی و ناشیرینی، ڕاستی و خەیاڵ)، بینەر یان خوێنەر هەست بە سەرسوڕمان و ناڕوونی دەکات. هەر بۆیە لە ئەدەبی مۆدێرن و درامای ئەبسوردا گروتێسک بەکاردێت بۆ پیشاندانی دۆخی نامۆیی و تێکچوونی بەها و نۆرمەکان.
گرۆتێسک دەتوانێت بابەتێکی مێتافۆری بێت بۆ سەرلێشێواوی، ئاژاوە، شێتی، لەدەستدانی دیدگا، داڕمانی کۆمەڵایەتی، هەڵوەشانەوە، یان دڵەڕاوکێ بەکاربهێنرێت. پێشمەرجی بنەڕەتی گرۆتێسک ئەوەیە کە یاساکانی سیستەمەکە تێکچووە؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارە کاریگەرییەکەی لە قۆناغی هەڵچوون یان قەیرانەکاندا لە بەهێزترین ئاستیدایە، کاتێک بیروباوەڕە کۆنەکانی سیستەمی کۆن مەترسییان لەسەرە یان دەڕووخێن.
ـــ نووسەر حەمەسەعید حەسەن لە نووسینێکدا بە نێوی کۆمیدیای ڕەش بەم جۆرە پێنسەی گرۆتێسک دەکات ” گرۆتێسک که‌ یه‌کێکه‌ له‌و ته‌کنیکانه‌ی له‌ کۆمێدیای ڕه‌شدا وه‌گه‌ڕ ده‌خرێت، لادانێکه‌ له‌ نه‌ریتی زاڵ و گه‌ڕانه‌ به‌ دوای شێوازی نوێی ده‌ربڕیندا. گرۆتێسک (که‌ چه‌ندان مانا ده‌به‌خشێت، له‌وانه‌: سه‌یر، ناشیرین، نه‌گونجاو، ناخۆش و قێزه‌ون،) شێوه‌ده‌ربڕینێکی هێنده‌ سه‌رسووڕهێنه‌‌، وه‌رگر دووچاری حه‌په‌سان ده‌کات. گرۆتێسکه‌ری گه‌ڕانه‌ به‌ دوای جوانیدا، به‌ڵام له‌ جێیه‌کدا که‌ ناشیرینی زاڵه‌، یان لێڵکردنی ئاوه‌ ڕوونه‌کانه‌،‌ له‌ پێناوی مه‌به‌ستێکی گه‌شدا. له‌ گرۆتێسکه‌ریدا هه‌م دژبه‌یه‌کی هه‌یه‌ و هه‌میش بابه‌ته‌که‌ لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ هه‌ڵده‌گرێت. له‌ به‌رهه‌می برێخت، کافکا، جۆناتان سویفت، ئه‌دگار ئالان پۆ و یۆنسکۆدا که‌م و زۆر ڕووبه‌ڕووی گرۆتێسک ده‌بینه‌وه‌. له‌ (جانه‌وه‌ره‌کانی دۆکتۆر فرانکنشتاین) و (زه‌نگلێده‌ره‌که‌ی نۆتردام) و (جوانی و جانه‌وه‌ر) دا، ته‌کنیکی ماسکی گرۆتێسک به‌کار هێنراوه‌.




لەپیرمام.. یەكەمین فیستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام بەرێوە چوو.. كامەران حاجی ئەلیاس

ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی هونەری شانۆ لە پیرمام بدەینەوە چەندین كاری ناوەزە لەم شارەپێشكەش كراوەن بەهۆی بوونی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی لقی پیرمام بە تایبەتی لە هەشتاییەكانی سەدەی رابردوو بۆ نموونە چەندین شانۆگەری پێشكەش كراوە وەكو شانۆگەری (فەیلەسووفی ئاخر زەمان) لە نووسینی و دەرهێنانی یوسف برادۆستی، شانۆگەری (هاورێكی تاساو) نووسینی جەلیل زەنگەنە دەرهێنانی یوسف برادۆستی، شانۆگەری (شاری ئەوین) نووسنی تەڵعەت سامان و دەرهێنانی یوسف برادۆستی،شانۆگەری (مەلەف) نووسینی تاهیری دەرهێنانی یوسف برادۆستی….. لەگەڵ چەندین ئەكتەر و دەرهێنەری بە توانا لەم شارەدا بوونیان هەبووە ئێستاش بەردەوامن..
شانۆی شەقام ئەو شانۆگەریانە لە خۆدەگرێت كە لە دەرەوەی هۆڵەكان نمایش دەكرێن واتە لە شوێنە گشتییەكان وەكو بازار و پارك و نەخۆشخانەكان لە وێستگەكانی میترۆ و شەمەندەفەر نمایش دەكرێن ئەم شێوازە چەندین مەرجی تایبەت بەخۆی هەیە بۆنموونە بینەران بانگشت ناكرێت بۆ بینی نمایش بەڵكو جەماوەر خۆیان ئامادە دەبن بۆ بینی نمایشەكان زۆر جاریش دەقی ئامادەكراو نییە واتە مەرج نییە تێكستێك ئامادە كرابێت و چەند رۆژێك پرۆڤەی لەسەر كرابێت بەڵكو بەشێوەی راگوزەر (ئیرتجال) نمایش دەكرێن لە هەمان كاتدا بابەتەكان بابەتی هەنووكەیین.بە شێوەیەكی گشتی ئەكتەر دەبێتە كۆڵگەی سەرەكی شانۆگەرییەكان.. نمایشەكانیش كورت دەبن سەما و موزیك و جل وبەرەگی رەنگاو رەنگی سەیرو سەمەرەو سەرنج راكێش لەم جۆرە نمایشانە گرنگی زیاتری پێدەرێت خاڵێكی تر بەشداربوونی ئامادەبووان لە نمایشەكانە لەگەڵ ئەكتەرەكاندا ئاوێتەی یەكتری دەبن لێرەدا توانستی ئەكتەر دەردەكەوێت بەوەی تاچەند دەتوانێت ئامادەباشی هەبێت بۆئەوەی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە هەڵسووكەوتیان لەگەڵدا بكات چ لە رووی دیالۆگ بێت یاخود هەركردارێك كاتێ بینەر بەرامبەرئەكتەر كارو كاردانەوەی دەبێت.
لە كوردستان بەشێوەیەك لە شێوەكان شانۆی شەقام لە كۆنەوە هەبووە بەڵام لە ژێر ناوی شانۆی شەقام نەبووە بۆ نموونە یاری( بووكە بەبارانێ ) بەڵام شانۆی شەقام زیاتر لە دوای راپەرینی بەرهای 1991 سەری هەڵدا واتەچەندین شانۆگەری بە ناوی شانۆی شەقام نمایش كران هەرچەندە تائێستا لە زۆرێك لەسەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە هونەرمەند(ئەسوەد فائق) یەكێك لەوەی كە ئەو یەكەم كەس بووە شانۆی شەقامی لە شاری كەركووك نمایش كردووە لە دوای راپەرنیش لە ساڵی 1991 هونەرمەند رزگار ئەمین لە شاری هەڵبجە كاری لە شانۆی شەقام كردووە لە ساڵی 1995 هونەرمەند نیهاد جامی كاری لە شانۆی شەقام كردووە لە ئێستادا لە كوردستان گرنگی زۆر بە شانۆی شەقام دەدرێت لە چەندین شاری فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ساڵانە تایبەت بە شانۆی شەقام سازدەكرێن وەكو فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی كركووك ،فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی سنە، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی مەریوان فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی دەربەندیخان فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی سۆران – رواندز….
لە 16ی 2ی2026 لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەدەی پیرمام –چالاكی قوتابخانەكان بەئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر كە هەموو چین و تێوژەكانی ناوچەكەی لە خۆ دەگرت لەپیرمام یەكەمین فیستڤاڵی شانۆی سەر شەقام بەرێوەچوو.لە فیستیڤاڵەكەدا 11 قوتابخانە بەشداری فیستیڤاڵەكەیان كردبوو كە بریتی بوون لە:

  • قوتابخانەی ئامادەیی دوینی كچان بە شانۆیی(پەنجەریەك روو لە تاریكی) ئامادەكردنی سایە حسێن ساڵح .بەرێوەبەر سیابۆ سەرباز رەشید ئەكتەرەكان (بێریڤان دڵدار موتەلیب، هەیفا تیلی فەتاح،هەژان رەوند رەشید،راز سەمیر كەرخی، نیڤیبن سیامەند تەها، ڕەیان مخسوود رەسول).
  • قوتابخانەی هێدی بنەڕەتی تێكەڵاو بە شانۆیی(هێز لە یەكگرتن دایە) ئامادەكردن و سەرپەرشتی كردنی ساكار عومەر فەتاح بەرێوەبەر ئەكرەم ئەحمەد حەمد ئەكتەرەكان (ڕوومانگ سەعدی عەبدولعەزیز، ڕووماس سەعدی عەبدولعەزیز، محەمەد سلێمان حاجی ئیبراهیم،رەنا سلێمان حاجی ئیبراهیم ،سینامەحموود گەنج خلیل،ڤارین عوسمان كاكە زیاد، سەعد ئەرسەلان حەیدەر،موبین محەمەد سەعید،سیما مەحمەد كاكە جەنگ،ڕۆمان فەرمان سەلمان،مەسرور كاهین عەبدولرەحیم).
  • قوتابخانەی یارانی بنەرەتی كچان بە شانۆیی( ئێمە بووین بەرەگ) ئامادەكردنی سایەحسێن ساڵح سەرپەرشتی سەیران تەحسین حسێن بەرێوەبەر سازان فواد ئەحمەد ئەكتەرەكان( ڕۆیا بارزان هاشم، شەرمین شێركۆ شەهاب، شادین رێباز محەمەد، زینە ئارام عوسمان، ژیما دڵشاد عودی، مهتاب خورشید محەمەد ئەمین،ڕۆنیا مەهدی حسێن، ڕەها شاخەوان عەوێز، هۆنیا هێرش رەشید).
  • قوتابخانەی هەواری بنەڕەتی تێكەڵاو بە شانۆیی(كوردستان یەك پارچەیە نابێت بە چوار) ئامادەكردنی شوكریە جەوهەر سەرپەرشتی ئازاد كازم حەسن بەرێوەبەر شوكریە جەوهەر قادر ئەكتەرەكان(دێچین سەرباز حسێن،حسێن سەرباز حسێن، ئەسیل ئەیاس عوسمان،میلینا رائب خورشید،بینا نزار ساڵح ،یارا نزار ساڵح ،هەژین دلاوەر بابەكر).
  • قوتابخانەی كۆمەڵگای پەروەردەی ئاگای ناحكومی بە شانۆیی (یەك بەڵێن و یەك پەیام) ئامادەكردنی دەرهێنانی ئەیوب كەمال سەرپەرشتی زیاد محەمەد بەرێوەبەر ڕێزان بەرەكات .ئەكتەرەكان (كارین ئەبدال حوسێن، تەلار زەكەریا حامید،محمەد وەلب خۆشەوی،میر نەورۆز دلێر،تانیا زەكەریا حامید، داڤین مەهدی چیچۆ،دێنیز غەریب سەدیق،مەهسا ستار تەها،كیان عەبدوڵا، سەفا زاتی تەقیەدی،شادی دلێر مەجید، تاهر ئەهیام تاهر،هەڤراس كۆڤان عەباس ،ڕەهێل فیلەر ئەحمەد، ئیلینا سەعدی زێرۆ، رامیار جەدیع باقی، پەریسا سەیدەوان عەبدوڵا).
    -قوتابخانەی كۆرٍێی بنەڕەتی تێكەڵاو بە شانۆیی(ئێمە نەتەوەی كوردین) ئامادەكردنی پەرێز نەوزاد ئەحمەد .سەرپەرشتیار پەنا نەحمەدین شاكر.بەرێوەبەر رێدوان جەمال فەتحوڵا.ئەكتەرەكان ( ئیلیاس ئیسماعیل عەبدوڵا،لارا بارزان غازی، سۆما حاتم ماهر، سیدرا سەنگەر عوبێد، نڤار نائف محمەد، سەهەند محەمەد ئومێد، لانە فەرهاد خدر، یارا بەختیار محسن).
  • قوتابخانەی هەڵانی بنەڕەتی تێكەڵاو بە شانۆیی (سۆزیك بۆ نیشتیمان) ئامادەكردنی بنار سەعید وە ئەژین كاكل. سەرپەرشتی ناسكە عومەر، بەرێوەبەر نەسرین یزدین سلێمان.ئەكتەرەكان (نالین هەندێن، نازێ سابیر، بیتا هەژار، لینا نزار، سەناریا شكور،تاڤگە بەرۆژ، ڕۆنیا شێروان،شەهڤین رەجەب، دڵڤین حسێن،نەورۆز سیامەند،جەننت بژار،ڕۆما سامان ن شاجوان شكور،سینا حسێن،سیدرا عوزێر،لەنیا تەحسین،شیفا سەربەست).
  • قوتابخانەی ڕەهەندی ناحكومەی بەشانۆیی (تەكنەلۆژیا) ئامادەكردنی شەیما عەبدولڕەزاق.سەرپەرشتی ڕابەر ئەبوبەكر .ئەكتەرەكان ( تانیا كەریم دسكۆ، دانا مەحیەدین حاجی عومەر، سلێمان زاهیر خالد، كارین كاروان جەودەت، عامر نەزهەت محەمەد، بنامین ئازاد).
    -ئامادەیی سەربەنی كچان بە شانۆیی (ئێرە كوردستانە) ئامادەكردنی ئارەزوو عەبدولقادر ساڵح.بەرێوەبەر شۆخان شەفیع ئەحمەد ئەكتەران( گوڵشین مەلك،رۆنیا ئازاد،روەیدا هادی ،زەكەریا حاتم،سەنا دلۆڤان، سەلوا یوسف، فەرەیدون حەسن).
  • قوتابخانەی شەهید شیفای بنەڕەتی كچان بە شانۆیی(ئازادی)بەشادربوو ئامادەركیدنی سایە حسێن ساڵح سەرپەرشتیار و بیرۆكەی چراخان غەفور ساڵح بەرێوەبەر دلچین محەمەد ئەمین ئاودل.
    ئەكتەرەكان (رۆژین نەژادرەفیق، ڕوەیدە محمەد عەبدوڵا، نەرمین نادر).
  • قوتابخانەی غاندی بنەرٍەتی تێكەڵاو بە شانۆیی 0باجدانی گەلێكی بێ تاوان).بەشداری فیستیڤاڵەكەی كردبوو لە ئامادەكردنی كویًستان حەستن حمەد و چنار حەمید مەجید
    سەرپەرشتی رولێخا میرزا خورشید.بەرێوەبەر هزرت وەسمان ئەحمەد ئەكتەرەكان(ئیڤا ساڵح، دلڤان گەیلان،روهان شیمال،لاڤی بریندار، سدنا كاوە،ریڤان محەمەد،دادیار باوەری، فەرزاد فاخر، ئومێد ئیبراهیم،یارا جاسم،وارڤین برهان،بریار بەشدار،دونیا ئومێدنئەحمەد سەلام،میرزا،حەیدەر،محەمەد جەلیل ،راهیی ئەردەوان،كارین هێرش،ئیحسان،حسێن یاد جاسم،دارین غازی،كوفان،ئایلا شێروان محەمەد شوان،زانیار حەسن، هیڤی نیعمەت).
    لە كۆتایی فیستیڤاڵ باشتریینەكان لەلایەن لیژنەی دادوەری دەستنیشان كران بەڵام بەمەبستی هاندان و دەست خۆشی بۆ بەشداری كردنی قوتابخانەكان خەڵاتی بەشدار بوو بەسەر سەرجەم بەشداربوون دابەش كرا.
    بەرێوەربەری فیستیڤاڵ- نعیمە زبێر محەمەد
    لێژنەی هەڵسەنگاندنی شانۆییەكان بریتی بوون لە هونەرمەندان (كامەران حاجی ئەلیاس، دارا مەحمود عەبدولعەزیز،رازكەمال حسێن).
    لیژنەی سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵ (بەڕوو مستەفا ڕئووف، دڵگەش عومەر تەها،مەریوان مەغدیدعەوڵا،خۆشەوی حەسن حەكیم،جوتیار ڕەفعەت عەبد،سایە حسێن ساڵك نڕێبەر عەبدوڵا).
    لیژنەی هونەری فیستیڤاڵ (جوتیار ڕەفعەت عەبد،سایە حسێن ساڵح، محەمەد كەمال سەعدی).
    لیژنەی پێشوازی(لیلێ عەبدولڕەحمان محەمەد،نەجلا ئەسعد میرزا، غەریبە غایب یزیدین،جریدە شینۆ سلێمان، سەیران بایزدین، جەمیل محەمەد عەلی،كەریم نوعمان).
    ئەگەر ماوەی فیستیڤاڵەكە ماوەی یەك رۆژ بوو كە (11) شانۆگەری نمایش نمایشەكان لەهەموو ئاستێكی تیا بوو نمایش هەبوو لە رووی بیرۆكەوە زۆر باش هەبوولە رووی دەرهێنان زۆر باش بوو ئەوەی زۆر گرنگ بوو بەهرەی زۆر بە توانا لە ئەكتەرەكان بەدی دەكرا هەرچەند بەشی زۆریان یەكەم جاریان بوو نواندن بكەن هەندێ لە نمایشەكان لەرووی تەكنیك زۆر باش بوو .
    پیشناری دەكەم ئەگەر هاتووئەم فیستڤاڵە بەردەوام بوو واتە فیستڤاڵەك بكرێتە نەریتێكی ساڵانە دەبَ خوولێك بۆ مامۆستای پسپۆری هونەری بكرێتەوە بۆ زیاتر ئاشنا بن بە شانۆی شەقام چونكە زۆرێك لەوشانۆگەریانەی لە فیستیڤاڵەكە نمایش كرا لە نێو هۆڵی شانۆش نمایش كرابان زۆر ئاسایی…
    ئەوەی زۆر دڵخۆشی كردم بوونی سپۆنسەر بوو بۆ فیستیڤاڵەك ماییەی دەست خۆشییەلەوانە دەزگاری خێرخوازی حاجی ئیدریس سورچی خاوەنی ستۆدیۆ( JSN) هونەرمەند جوتیار ڕەفعەت وە زۆر ێك لە قوتابخانە ناحكومییەكان هاوكاری باشی فیستیڤاڵ بوون.
    هەر چۆنێك سازكردنی ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی پیرمام كارێكی زۆر باشە دووبارە دەست خۆشی لە هەموولایەك دەكەم.



شانۆی ژوور.. زاهیر عەبەڕەش

بە گوێرەی ئینسکلۆپێدیای نیشتیمانی، شانۆی ژوور chamber play بریتیە لە شانۆیەکی بچووک، کەشانۆی تێدا نمایش بکرێت، شانۆییەکە لە ئەکتەری کەم پێک هاتووە و هەروەها بینەرێکی کەم بەشداری بینینی نمایشەکە دەکەن. دیکۆرێکی زۆر کەمی هەیە، ئەم جۆرە شانۆیە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە سوید و ئەڵمانیا پەیدابوو.
بە کورتی ئەمە بە واتایی، ژمارەی ئەکتەرەکان کەمن کە ڕۆڵ دەبینن/ هەڵبژارنی شوێنێکی بچوک بۆ نمایش یان چالاکیەکە هونەرییەکە/ هیچ دیکۆر و سینۆگرافیایەک و تەکنیکێکی زۆر بەکار نایەت/ فۆکەس لە سەر دەق و پەیوەدنی بینەرو ئەکتەرە/ لەسەر بناغەی دیالۆگ و هەست و سۆزە جیاوەزەکان بنیات نراوە.
لەم پێناسەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە شانۆی ژووە دیقەتی قوڵی لەسەر مرۆڤە، مرۆڤ لە ناوەندایە، نەک دەنگ، ڕووناکی و کاریگەرییە سەرنج ڕاکێشەکانی سەر تەختەی شانۆ.
ئینسایکلۆپیدیای ئازادیش بەم شێوەیە پێناسەی شانۆ ژوور دەکات : شانۆی ژوور، شێوازێکە بۆ گونجاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکان لەگەڵ شانۆ بە بەکارهێنانی زۆرترین ڕێژەی دەقی ڕەسەنی بەرهەمەکە و لەو شوێنە بچوکەی بۆی پێشنیارکراوە.
زاراوەی شانۆی ژوور لە ڕووی مێژووییەوە لە میتافۆری مۆسیقای ژوورەوە هاتووە کە تیایدا ئەنسەمبڵێکی بچووک لە ژوورێکدا پرۆڤەیان دەکرد، پەیوەندیەکەی هاودەمی و ئەزموونێکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەکتر هەبوو ، هەندێک جاریش نمایشی بچوکیان دەکرد، ئەم جۆرە هاودەمی و نزیکیە لە موسیقاوە گواسترایەوە بۆ شانۆ بۆ ئەوەی نزیکایەتییەکی هاوشێوە لە نێوان ئەکتەرەکان و بینەردا دروست بکات.
لە هەندێ وەسفی پێناسەی تردا ئینگلیزەکان بۆ خۆیان کردویانە ، دەڵێن شانۆی ژوور ڕێگایەکە بۆ گونجاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکان لەگەڵ شانۆدا. بە شێوەیەکی تر شیاکاری بۆبکەین واتە بەشێکی زۆری دەقە ڕەسەنەکەی نووسەر ماوەتەوە کە نووسیوێتی. واتای ژمارەیەکی کەمی ئەکتەر و نزیکی لە بینەر ئەبێتە هۆی کە ئەکتەر یان گێرەرەوە دەبێتە بەشێک لە ڕووداوەکان ( پلۆت). ئەگەر بە شێوەیەکی تر شیاکاری بۆ ئەم پێناسەیە بکەین واتە بەشێکی زۆری دەقە ڕەسەنەکە نووسراوەکەی نووسەر ماوەتەوە. کاتێکیش تەرکیز لەسەر دەق و پەیوەندیەکانە، ئەکتەریش لە بینەر نزیک دەبێتەوە و هاودەمییەک دروست دەبێت، لەم حاڵەتەدایە دیالۆگەکان و هەست و سۆزە جۆراوجۆرەکان دەبنە ناوەند. ئینتیما کردارێکی چڕ و سەرنجە قوڵەکەیەتی.
ئەم فۆرمە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا سەریهەڵدا، بە کاریگەرییەکانی دیداکتیکی شانۆ و تیۆری هونەرە نمایشییەکان، کە گێڕانەوە دەبێتە بەشێک لە نمایشی شانۆیی. لە هەندێک وڵات بە نموونە ئەمریکا لە پراکتیکدا زاراوەی شانۆی ژوور وەک مۆدێلێکی فێستیڤاڵ/ بەرهەمهێنان بۆ نمایشکردنی دەقە کلاسیکییەکان بە شێوەیەکی کەسی و هاودەمی و ئینتیمی و بینەری بەشدار بەکاردەهێنن، بە گرنگیدان بە چیرۆک گێرانەوە لە نزیک بینەرەوە، نەک کاریگەرییە گەورەکانی شانۆ دەوڵەتیە گەورەکان.


مینیمالیسم (Minimalist)

لە مێژووی ئەدەبیات و هونەر، زۆر شێواز و ڕەنگ و میتۆدی جیا هەن کە هەریەکەیان هەوڵی خۆیان هەیە بۆ تێگەیشتن و پیشاندانی مرۆڤ و جیهان. یەکێک لە ئەو شێوازانەی کە لە سەدەی بیستەوە زۆر گرنگی پێدرا، مینیمالیسمە، ئەم شێوازە بە شێوەیەکی دیار لە ئەدەبیات و شانۆدا دەرکەوت، مینامالیزم هەوڵ دەدات بە کەمترین توخم، قووڵترین واتا بگەیەنێت. مینیمالیسم تەنها فۆرمێکی ڕوکەش نییە، بەڵکو شێوازێکی بیرکردنەوە و بینینی جیهانە و ڕێگایەکە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی مرۆڤ لە سنورێکی دیاریکرا و نزیکایەتی و هاودەمیدا. لێرەدا دەتوانین بڵێین:مینیمالیستی واتا ساده‌کردنەوە تا سنووری پێویست، بە شێوەیەک کە هەموو شتێکی زیاد، ڕازاندنەوەی زۆر، یان وردەکاری ناپێویست لابدرێت.

مینیمالیسم لە ئەدەبیاتدا:
ئێمە نەک تەنها شانۆی مینیمالیزم یان مینیمالیزمان لە شانۆدا هەیە، بەڵکو مینیمالیزم لە ئەدەبیاتیشدا هەیە کە بریتییە لە شێوازی نووسینێک کە تێیدا نووسەر هەوڵ بدات، کەمترین وشە بەکاربهێنێت، بۆ گەیاندنی قووڵترین واتا. خاسیەتەکانیشی بریتیە لە، بەکارهێنانی ڕستەی کورت و ڕاستەوخۆ، وەسف و ڕازاندنەوە بەشێویەکی زۆر کەم هەبێت، نەوتنەوەی وردەکاری زۆر، خوێنەر خۆی واتاکان تەواو دەکات، نووسەر هەموو شتێک ڕوون ناکاتەوە بەڵکو بەشێک لە واتا بەجێدەهێڵرێت بۆ خوێنەر. زۆر جار لە ئەدبیاتی مینیمالیزم هەندێک شتی کەم دەوترێت بەڵام هەستەکان زۆر قوڵن.

پەیوەندیی مینیمالیسم بە شانۆی ژوور (Kammarteater)
ئەگەر لە پێناسەی شانۆی ژووردا پێ لەوە دابگیرێت کە ژینگەیەکی پێشنیارکراوی مینیمالیستی Minimalist هەبێت ئەی مینیمالیزم چییە؟ لە کورترین پێناسەیدا مەبەست: تەرکیزکردنە لەسەر ئەوەی کە بەها بۆ ژیان زیاد دەکات و لابردنی ئەوەی تر. لە مانا گشتی و گەورەکەی شانۆدا دەتوانینن بەم شێوەیە ڕیز بەندی بکەین. کاتێک دەڵێین شانۆی مینیمالیستی، مینیمالیسم لە ئەدەبیات و شانۆدا شێوازێکە بۆ گوتنی زۆر شت بە کەمترین توخم. شانۆی ژوور خۆی لە بنەڕەتدا مینیمالیستییە، لەبەر ئەوەی کە شانۆی ژوور:
ــ شوێنی نیشاندانی بچووکە.

  • هەموو وشەیەک بە ڕوونی دەبیسترێت
  • هەموو زۆرگوتنێک زۆر زوو بەدیار دەکەوێت
    *هەموو قسەیەکی ناپێویست کاریگەری دروست دەکات
    ــ ژمارەی ئەکتەرەکان کەمن.
    ــ دیکۆر زۆر کەم و سنووردارە.
    ــ نێوانی ئەکتەرو بینەر زۆر نزیکە.
    *بینەر هەمووی وردەکاری دەنگ ، هەناسە هەموو ئێفێکتێک دەبیستێت
    لەبەر ئەمە، شانۆی ژوور پێویستی بە:
    ــ کرداری قوڵ هەیە
    ــ هەست و سۆز
    ــ زمانێکی چڕ و مانا دار
    ــ بێدەنگی لە نێوان دیالۆژەکاندا، بێدەنگی دەبێت بە بەشێک لە نمایشەکە.
    ــ لە مینیمالیستیەکەی شانۆی ژووردا هەموو جوڵەیەک مانادارە.
    لە شانۆنامەکانی ستریندبێرگ کە تایبەتە بە شانۆی ژوور، توێژینەوەیەکی دەروون شیکاریە لە نمایشەکانیدا.
    لای تادیۆس ڕۆزڤێچی پۆلۆنی پیشاندانی هەستەکانی دوای جەنگە.(١)
    مینیمالیسم لێرەدا دەبێت بە ئامرازێک بۆتوێژینەوەی دەروونی کاراکتەر وپیشاندانی پارچە تیکشکێنراوەکانی مرۆڤ.
    ــ بەکارهێنانی کەمترین توخم.
    ــ سادەیی لە شێوە، زمان.
    ــ گرنگی دان بە ناوەڕۆک نەک ڕازاندنەوەی دیکۆر و سینۆگرافیا و جل و بەرگ
    ــ ژمارەی ئەکتەرکان کەمە.
    ــ دیکۆر زۆر سادەیە (هەندێجار تەنها کورسیەکە)
    ــ زمان کورت و ڕاستەوخۆیە.
    ــ بێدەنگی و وەستان (صمت) گرنگن.
    ــ سەرنج لەسەر دۆخی دەروونی و بیرکردنەوەی کاراکتەرە.
    ــ هەموو شتێک بۆ ئەوەیە بینەر بیر بکاتەوە، نە بۆ سەرسامکردنی چاو

شانۆی ئەبسورد:
شانۆی ئەبسورد وەڵامدانەوەیەک بو بۆ سیستەمی بەها فیکری و جوانیناسییەکان و کە لە دوای دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی دوو جەنگی جیهانی لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا، لە پاڵیدا چەمکی شانۆی ژوور وەک شۆڕشێک و هەوڵێکی نوێ و ڕژد (جددی) بوو بۆ گۆڕین و پەرەپێدانی چەمکی نەریتی شانۆ. کە دەکرێت بڵێن لە سەدەی بیستەمدا زیاتر ئەم چەمک و زاروەیە سەریهەڵدا. شانۆی ئەبسورد بزووتنەوەیەکی دراماتیکیی و ژانرێکی شانۆیی دوای جەنگی جیهانی دووەهەمە کە لە ساڵانی (چلەکان- شەستەکان) کە لە ڕێگەی دیمەن و گرێی نالۆژیکی و دیالۆگی بێمانا و کارەکتەرەکانی گیریخواردوو لە بارودۆخی بێهودەیدا، بێمانایی و ئاژاوەگێڕییەکانی بوونی مرۆڤ نیشان دەدات، ژانرێکی شانۆییە کە بەدواداچوون بۆ بوونگەرایی و بارودۆخی مرۆڤ دەکات. لەو بیرۆکە و بیر و باوەڕە دەکۆڵێتەوە، کە ژیان یان ئامانج بۆ خۆی مانایەکی سروشتی نییە. زۆر جار بەرەوپێشچونی دیمەنەکان و کارەکتەرەکان شوێن و ئاراستە واقعییەکان ڕەتدەکاتەوە. هەندێک جاریش لەو شوێنە کۆتایی دێت کە دەستی پێکردووە. ئەمیان بێکت لە شانۆیی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە ئاماژەی پێ دەدات. جەخت لەسەر بێهودەییەکەی دەکاتەوە، هەندێک جار وشەی کلێشە و دووبارە بەکار دەهێنێت کە ئاماژەیە بۆ شوێن و سوڕانەوەیان لە نائومێدی.
لە شانۆی ئابسورددا، زۆرجار بەستراوەتەوە بە بیرۆکەکانی بوونگەراییەوە، بەتایبەتی لە بەرهەمەکانی ئەلبێرت کامۆدا. ئەم فۆرمەی شانۆ، ژیان وەک بێمانا و نالۆژیکی و دووبارەبوو نیشان دەدات. لەبەر ئەوە ڕووداوەکان چارەسەری ڕوونیان نییە. کارەکتەرەکان ناتوانن بە تەواوی لە یەکتری تێبگەن. زمان توانا و ئەرکی خۆی لەدەست دەدات بۆ دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەقینە.

شانۆنامەنووسانی وەک ساموێل بێکێت، یوجین ئیۆنێسکۆ و جان جینێت بە نوێنەری ناوەندی ئەم نەریتە شانۆییە دادەنرێت.
ئەبسورد تیشک دەخاتە سەر تێکچوننی پەیوەندیەکان، کە ئەم خاڵەیان مرۆژک زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە لە تێکستەکانیدا. یەکێک لەتەوەرە گرنگەکان تەوەری بوونە، کە سەرنج دەخاتە سەر گۆشەگیری و بێهودەیی و ململانێ بۆ دۆزینەوەی مانا. ئەم تەوژمە کاریگەری لەسەر شانۆی ئەزموونی هەبووە. نووسەرانی سەرەتای ئەم تەوژمە پیش ئەوە نووسەرێکی شانۆیی یان ئەدەبی بن، فەیلەسوف بوون. شانۆش کورترین و باشترین ڕێگا بوو بۆ گوزارشت کردن لە خەیاڵ و فکر و ئەندێشەکانیان، کە وای لە بینەرانی کرد کە واقیع و هونەری نەریتی بخەنە ژێر پرسیارەوە، کە بەدواداچوون بۆ بوونگەرایی و بارودۆخی مرۆڤ دەکات
مینیمالیسم و ئابسوردیسم.
هەرچەندە مینیمالیسم و ئابسوردیسم هەردووکیان لە سەدەی بیستەمدا بڵاوبوونەوە، بەڵام بیرۆکە و ئامانجیان جیاوازە.
مینیمالیسم هەوڵ دەدات مانا بسەلمێنێت، بەڵام بەکەمترین شێوە، لە دیالۆگ و دوورکەوتنەوە لە وەسف، دوورکەوتنەوە لە زیادە ڕەوی. لەبەرامبەردا ئابسوردیسم جیهان و ژیان وەک شتێکی بێمانا، بێ‌ لۆژیک پێشان دەدات.
و ڕووداوەکان دووبارە دەبنەوە بەبێ گۆڕان. هەندێك جاریش زۆر قسە کردن بۆ پیشاندانی بێ مانایەتی ژیانە. جووڵە و کردار لە شانۆی ئەبسورددا زۆر جار دووبارە دەبنەوە و ئەنجامیان نییە. بێدەنگی، وەک توخمێکی مینیمالیستی دەبێت بە بەشێکی گرنگ لە شانۆکەدا. لە مینیمالیزم و ئەبسوردیسمدا بێدەنگی ئەو شتانە دەڵێت کە زمان ناتوانێت بیڵێت.
دیکۆر هەم لە شانۆی ئەبسورددا هەم لە مینیمالیزمدا زۆر سادەیە. بۆ نموونە لە فەزای شانۆکەدا، شتەکان کەم دەبێتەوە، بۆنموونە پیشاندانی دارێک یان کورسییەک ئەوە جیهانێکی بێ‌کات و بێ شوێن پیشان دەدات. ئەم مینیمالیسمە یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی سەرنجی بینەر بۆ ناو هەست و بیرکردنەوە.
زمانیش لە شانۆی ئەبسورددا بە شێوەی مینیمالیستی بەکاردێت، گفتوگۆکان، کورتن و زۆرجاردووبارە دەبنەوە و واتای ئاشکرایان نییە، ناتوانن پەیوەندییەکی ڕاستەقینە دروست بکەن. لە شانۆیی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆی بێکتەوە، زمان دەبێت بە نیشانەی شکستی پەیوەندیی مرۆڤ. لێرەدا، مینیمالیسمی زمان واتا کەم‌ قسە نییە بۆ مانا، بەڵکو قسەی کەم ‌مانایە بۆ نیشاندانی بێمانایی.
هەرچەندە، ئەبسوردیزم و مینیمالیزم هەردووکیان نزیکایەتیکەی زۆریان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازییەکی تەواو ڕوونیشیان هەیە، چونکێ، مینیمالیزیزم پەیوەندی بەوەوە هەیە چۆن دەنووسرێت، چۆن کار دەکرێت، دەتوانین بڵێین شێوازە.
بەڵام ئەبسوردیزم پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چێ دەوترێت واتە، ناوەڕۆک و فەلسەفەیە. ئەو پەیوەندییە تووند و تۆڵەی ئەبسورد و مینامالیزم کە پێکەوە گرێیان دەداتەوە ئەوەیە کە شانۆییەکی ئەبسورد ئەوەیە کە زۆر جار شانۆی ئەبسورد بە شێوازی مینیمالیستی نووسراوە. شێوازی نووسین مینیمالیستیە. بەڵام هەموو مینیمالیسمێک ئەبسورد نییە، و هەموو ئەبسوردێکیش پێویست ناکات مینیمالیستی بێت.

دەرئەنجام: شانۆی ژوور پێویستی بە زمانێکی کەم، قووڵیی دەروونی، و هەست وبێدەنگی هەیە، چونکە دراماکە لەسەر ڕازاندنەوەی ڕوکاری دەرەوە دانامەزرێت، بەڵکو لەسەر ژیانی ناوخۆی مرۆڤ و نزیکبوونی توندی نێوان ئەکتەر و بینەر دادەمەزرێت. مینیمالیسم شێوازێکە کە مرۆڤ ناچار دەکات بۆ وردبینی، بۆ گوێگرتن لە بێدەنگی و بۆ تێگەیشتن لە شتانی نەنوسراو و نەوتراو.
(١) تادێوس ڕۆزێڤیچ Tadeusz Różewicz (9211 ــ 2014) یەکێک بوو لە بەناوبانگترین شانۆنامەنووسانی سەدەی بیستەمی پۆڵەندا، بە زمانی مینیمالیستی، ئەدەبی بوونگەرایی دوای جەنگ ناسراوە، ئەزموونەکانی شەڕیش کاریگەرییان لەسەر تەواوی نووسینەکانی هەبووە. ئەو پێی وابوو زمان دوای جەنگ زیانێکی زۆری پێگەیشتووە و چیتر ناتوانێت هەڵگری ئایدیالی گەورە بێت
(٢) ئەوگوست ستریندبێرگ August Strindberg (1849–1912) لە سوید لەدایک بووە، یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین شانۆنووسانی ئەورووپای سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم. یەکێک لەو نووسەرانەیە کە بەردەوام شێوازی نووسینی خۆی دەگۆڕی، لە شاڵی ١٩٠٧ چوار تێکستی بۆ شانۆی ژوور نووسی لە ساڵانی ١٩٠٧ تا ١٩١٠ . پرسی مرۆڤ، پەیوەندی ژن و پیاوکێشە دەروونیاکان لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە.

زاهیر عەبەڕەش




خوێندنەوەیەک بۆ بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران لە عێراق (١٩٧٠ – ١٩٨٥).. ئامادەکردن و وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

زەمینەی سەرهەڵدانی شانۆی کرێکاران لە عێراق
عێراق وەک وڵاتێکی تازە دروستبوو، هەر لەسەرەتای سەدەی بیستەوە شێوازی بەرهەمهێنانی ئابووری سەرمایەداری تیایدا باڵادەست بووە. گەشەی پیشەسازی و مانیفاکتۆرە و کردنەوەی سەدەها کارگە و وەرشە و دامەزراندنی هەزاران کرێکار و کۆچی جووتیاران لەلادێوە بۆ شار و چەندین هۆکاری تر بوونە هۆی خەمڵین و هاتنەمەیدانی چینێکی کۆمەڵایەتی (چینی کرێکار) کە ئەمەش بەدەوری خۆی وایکرد مێژووی خەبات و تێکۆشانی چینایەتی لە عێراق پێ بخاتە نێو هەلومەرجێکی ئابووری تازە و ئاستێکی باڵاتر لەنمایشی چینایەتی. مێژووی خەباتی کرێکارانی عێراق، مێژوویەکە پڕ لە خەبات و قوربانی و فیداکاری لەپێناو ژیانێکی باشتر و داهاتوویەکی گەشتر. ئەم چینە کۆمەڵایەتییە وەکچۆن ئامڕاز و هۆکارەکانی خەباتی چینایەتی خۆی هەبووە، وەکچۆن ڕابەرانی عەمەلی خۆی هەبووە، وەکچۆن حیزبی سیاسی و نەقابەکانی خۆی هەبووە، ئاواش ئەدەب و هونەری خۆی بەدەستەوە گرتووە و وەک چەکێکی کاریگەر لەپێناو وشیارکردنەوە و بردنەسەری ئاگایی سیاسی کرێکاران بەکاری ‌هێناوە. هونەری شانۆ یەکێک بووە لەو هونەرانەی کە کرێکاران پەنایان بۆ بردووە و ویستوویانە لەو ڕێگەیەوە کاریگەری لەسەر ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراق دابنێن. ئێمە ئەگەرچی زانیاری پێویستمان سەبارەت بە سەرەتای دروستبوون و سەرهەڵدانی شانۆی کرێکاران لە عێراق، وەک بزووتنەوەیەکی هونەری چینایەتی لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەو زانیارییانەی بەردەستن بریتین لە زانیاری قۆناغێکی دیاریکراوی ئەو بزووتنەوە شانۆییە کە هاوتایە لەگەڵ گرتنەدەستی دەسەڵاتی حیزبی بەعس لە عێراق. بۆیە لێرەدا سەرنجی خوێنەران ڕادەکێشم بۆ ئەوەی کەئەم نووسینە ڕەخنەییەی ئێمە تایبەتە بەو قۆناغە مێژووییە دیاریکراوە، واتە ١٩٧٠ تا ١٩٨٥. زەمینەی سەرهەڵدانی شانۆی کرێکاران لەم قۆناغە مێژووییەی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانە:
یەک : سەرمایەداربوونی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئابووری لە عێراق کە چینێکی کۆمەڵایەتی چەوسێنەر بەرێوەی دەبرد و حیزبی بەعسی تازە هاتووی سەرکاریش نوێنەرایەتی و پشتیوانی ئەو چینە ستەمکارەی دەکرد.
دوو : بوونی مێژوو و ئەزموونێکی خەباتکارانەی چینی کرێکاری عێراق و لەمەیدانبوونی ئەو چینە کۆمەڵایەتییە و خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەپێناو بەرگریکردن لە ئینسانییەتی خۆیان.
سێ : نەخوێندەواری و دواکەوتوویی ئابووری و کۆمەڵایەتی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی شارەکانی عێراق کە شانۆ دەیتوانی وەکو ئامڕازێکی هونەری کاریگەر ئیش لەسەر ئاگایی چینایەتی بکات.
چوار : باڵادەستی ئایدیۆلۆژی سۆشیالیستی یەکێتیی سۆڤییەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات و کاریگەری ئەو ئایدیۆلۆژییە سۆشیالیستییە لەسەر جیهان و عێراق و هەورەها و دنە و سەپۆرتی سیاسی حیزبی بەعس لەژێر دروشمە بەناو سۆشیالیستە درۆزنەکانی و هەورەها دنەی حیزبی شیوعی عێراقی کە ئەوکات ئەو دوو حیزبە لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق لەبەرەیەکی سیاسیدا هاوپەیمانی یەکتر بوون.
پێنج : بوونی کادیری هونەری و نووسەری بواری شانۆ و ئامادەییان لەپێناو وەرێخستنی بزووتنەوەیەکی شانۆیی کە گوزارشت بێت لە خەون و خولیای کرێکاران.
شەش : نەتوانینی گوزارشتکردن لە خەون و ئومێدیان بەشێوەیەکی باش لە کۆڕ و کۆمەڵە هونەریی و فەرهەنگییەکان و ئەو نێوەندانەی کەدەبوو ئامادەییان تیایدا هەبێت، هەروەها دەرکەوتنی نیشانەکانی ناجیددیبوون لەسەر ڕووخساری بەشێک لەو بزووتنەوەیەی کە باوەڕی قووڵی نەبوو بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر تەنگوچەڵەمەکان.
سەرهەڵدانی شانۆی کرێکاران لە عێراق بەهۆی پێویستی خێرای گەیاندنی ئەو چەمک و پێوەرە مرۆیی و یاسا و ڕێسا نوێیانە بوو کە بۆ بەرژەوەندی چینی کرێکار دەرچوون، لەوانە مافی خانەنشینی کرێکاران، ڕێگاکانی دۆزینەوەی ئەو هۆکارانەی کە ئەرکیان پاراستنی سەلامەتی گشتی بوو، باشترکردنی ڕێگاکانی بەرهەمهێنان لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی، بۆیە پێویست بوو میدیا بەگشتی و میدیای چینی کرێکار بەتایبەتی، جێگەی خۆیان بگرن لە پرۆسەی کارلێککردن لەگەڵ پێشکەوتنە مۆدێرنەکان و تەکنەلۆژیای ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و باشترکردنیان لە ژیانی چینی کرێکار. (١) دۆخی سیاسی عێراقی سەردەمی پاشایەتی بەهەموو جۆرێک لەڕێی سەرکووتی سیاسییەوە بەهیچ جۆرێک بواری بە گەشە و ئەدەب و هونەری کرێکاران نەداوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٥٨ بەدواوە، هەلومەرجی سیاسی گۆڕا و جۆرێک لە ئازادی و پشتیوانی ئەدەب و هونەری کرێکاریی هاتە ئاراوە. نەقابە کرێکارییەکان دامەزران و زۆربەی نەقابەکانیش لیژنەی ڕۆشنبیری و هونەرییان هەبوو و ئەو نەقابە کرێکارییانەش هانی کرێکاران و هونەرمەندانیان دەدا تیپی شانۆیی دامەزرێنن. بەمجۆرە لەنێو هەناوی ئاگایی چینایەتی کۆمەڵگەی عێراق، کرێکاران دەست دەبەن بۆ چەکێکی هونەری کاریگەر، ئەویش پێکهێنان و دروستکردنی تیپی هونەری شانۆی کرێکارییە. ئاوڕدانەوە لەم بزاڤە هونەرییە کە بەداخەوە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ئاگایەکی لێی نییە، جێی ڕەخنەی تووند و نیگەرانی مەعریفییە. ئاڵوگۆرەکانی دنیا و عێراق و کوردستان لەم چەند دەیەی ڕابردوو، بە کۆمەڵیک هۆکار کە ئێرە جێی باسکردنیان نییە،دۆخێکیان خولقاندووە کەوای کردووە ڕەخنەی ئەەبی کوردی نەتوانێت یان نەیەوێت ئاورێک لەم مەسەلە گرنگە بداتەوە.

شوناسی شانۆی کرێکاران چییە؟
شانۆی کرێکاران؛ بەو شانۆیە دەوترێت کە باس لە کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کرێکاران بکات و تیشک بخاتە سەر ئەو هەلومەرجە فەلاکەتبار و پڕ لەستەمەی ژیانی کرێکاران و ستەملێکراوانی ژێر چەوسانەوەی سیستەمی سەرمایەداری. ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی دەقە شانۆییەکان زادەی شوناسی کارە هونەرییەکانە. ئەوە جیهەتگیری چینایەتی دەقە شانۆییەکانە دەبێتە شوناسی چینایەتی دەق، نەک پێودانگ و پێوانە شکڵییەکانی تری وەکو ناو و تایتلی کرێکاری یان ئەوەی هونەرمەندەکان خۆیان کرێکار بن. لەفەرهەنگی زاراوەی دراما و شانۆدا، شانۆی کرێکاران بریتییە لە چالاکی شانۆیی کە گوزارشت لە کێشەکانی چینی کرێکار دەکات لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری.(٢) ئەو دەقە شانۆییە کرێکارییانەی کە بەزمانی عەرەبی دەنووسران و نمایش دەکران، لەسەر چەند تەوەرەیەک ئیشیان کردووە وەکو خەبات دژی ئیمپریالیزم و بەرجەستەکردنەوەی خەباتی گەلی فەلەستین و ڤێتنام تا دەگات بە کێشە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی کرێکارانی عێراق کە هەندێکجار بەشێوازی کۆمیدی پێشکەشکراون. سەرجەم ئەو تەوەرانەی کارە شانۆییەکان وەک ناوەڕۆکێکی سیاسی لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای سۆشیالیستیدا پۆلینکراون بەڵام بێئەوەی سۆشیالیستیی بن. یان وردتر بڵێم بێئەوەی نزیکایەتییان لەگەڵ مارکسیزمی شۆڕشگێردا هەبێت. لێرەوە شوناسی شانۆی کرێکاری فۆرمێکی تر وەردەگرێت و دەکەوێتە بەر خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی ترەوە. ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری مارکسیستیی دەتوانێت پەیگیرانە گرفتی شوناسی شانۆی کرێکاران لە عێراق زانستییانە و بابەتییانە ببینێت و وهەڵسەنگاندنی خۆی لەبارەوە بکات. بەواتایەکی تر پەیامی هونەری شانۆی کرێکاران لەعێراق زیاتر ئابووری بووە و لەدەوری کێشەکانی نەقابە و خانەنەشینی و هەندێکجاریش یەکی ئایار و مەسەلە کۆـەڵایەتییەکانی وەک ژنان، خوولاوەتەوە. دەسەڵاتی سەرکووتگەری بەعس لەعێراق ڕێگەی نەداوە بابەتە سیاسییە هەستیارەکان ببنە ناوەڕۆکی کارە شانۆییەکان.

کاروانی شانۆی کرێکاران لە عێراق
بەر لە سەرەتا و دەستپێکی ئەو قۆناغە تایبەتییەی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران ١٩٧٠ – ١٩٨٥، هەندێک چالاکیی هونەری لە ئاهەنگە گشتییەکانی نەقابە و لە باخچەی یانەی هەندێک لەو نەقابانە، وەک نەقابەی میکانیک و نەقابەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و نەقابەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوتن و هەندێک داهێنانی هونەری کرێکاران لە ڕێپێوان و کەرنەڤاڵەکاندا بینران وەک داهێنان لە دیزاین و دیکۆرات و پەیکەری جوان و نیشاندانیان لەسەر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری درێژدا، کە دەستڕەنگینی هونەرمەندە نەقابەکانیان نیشان دەدا، ئەمەجگە لەو دیمەنە شانۆیانەی کە لەسەر پشتی فلاتی بارهەڵگرەکان نمایش دەکران و هەروەها دەنگی تەپڵ لێدان و ڕیتمەکانی سەما و شمشاڵ لێدان و جووڵە کاریکاتێرییەکان کە لەلایەن هەندێک کرێکاری بەهرەمەندەوە ئەنجام دەدران کە لەئاهەنگی یەکی ئایار بەناوی چینی کرێکارەوە دروشمیان دەوتەوە و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە پەخش دەکران تا جەماوەرەی لە هەردوو دیوی شەقامەکانی بەغدا لەلایەک و خەڵکی عێراقیش لە قاوەخانە و ماڵەکانیاندا لەلایەکی ترەوە بیانبینن.(٣) بەڵام ئەمە بە سەرەتای کاروانی شانۆی کرێکاران نایەتە ئەژمار. سەرەتای ئەو کاروانە لەوێوە دەست پێدەکات کە کاتێک هەریەک لە جەلال ئیبراهیم و جاسم عەبودی لەکۆتایی دەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، کە (معهد بغداد التجریبي للفنون المسرحیة) لەشاری بەغدا ماڵی شانۆی کرێکاران دادەمەزرێنن، ئیتر لەوێڕا بیرۆکەی دامەزراندنی شانۆی کرێکاریی لەلایەن ئیبراهیم جەلالەوە پێشنیار دەکرێت دواتریش دەچێتە بواری جێبەجیکردنەوە.

بیرۆکەی دروستکردنی ماڵی شانۆی کرێکاران و ئاستەنگەکانی
لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا تیپێکی شانۆیی کرێکاریی پێکهێنرا کە ناوی (ماڵی شانۆی کرێکاران) بوو. ئەم تیپە وەک یەکەم تیپی شانۆیی کرێکاران و یەکەم ئەزموون لە عێراق و جیهانی عەرەبیدا کە سەرجەم ئەندامەکانی کرێکار بوون و هونەرمەندی کۆچکردوو غازی مەجدی لەدەستەی دامەزرێنەرانی بوو و هەرخۆیشی سەرپەرشتی دەکرد. زۆرێک لە هونەرمەندە بەهرەمەند و بەتواناکانی کرێکاران، ئەوانەی کە خاوەنی توانا و بەهرەی هونەری بوون لە بوارەکانی نواندن و لە تەکنیکە شانۆییە جیاوازەکاندا وەک ڕووناکی یان هونەری دیکۆر و دزاین یان دەنگ و مۆسیقا، پەیوەست بوون بەم ماڵە هونەرییەوە.

بیرۆکەی دامەزراندنی شانۆی کرێکاران سەرەتا لەڕێگەی ئەو دۆستایەتییەی کە لەنێوان دەرهێنەری گەورەی شانۆ ئیبراهیم جەلال و غازی مەجدیدا هەبوو، هاتە ئاراوە. ئیبراهیم جەلال بەئامادەبوونی مامۆستا حەمید حەسانی بیرۆکەی دامەزراندنی شانۆی کرێکاران بۆ غازی مەجدی پێشنیار دەکات و غازی مەجدیش بیرۆکەکە پەسند دەکات. واتە خاوەنی بیرۆکەکە دەرهێنەر ئیبراهیم جەلال بوو. بۆ تۆمارکردنی ئەکتەرەکان داوایان لە نەقابەکان کرد کە ئەکتەرەکان بنێرن بۆ کۆمیتەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە یەکێتیی نەقابەکانی کرێکاران و یەکخستنیان لەیەک گروپ بە ناوی ماڵی شانۆی کرێکاران کە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لەخۆبگرێت. غازی مەجدی داوای لە ئەندامانی ماڵی شانۆی کرێکاران کرد کە ئەکتەری مێینەیان بۆ پەیدا بکەن، هەندێک خوشکەکانیان و هەندێکیش هاوسەرەکانیان و هەندێکیش کەسوکاریان هێنا. غازی مەجدی دەیویست خێزانێک پێکبهێنێت کە بەڕاستی بتوانرێت ناوی شانۆ بێت. دەستی کرد بە ئامادەکردنی هونەرمەندان بۆ ڕاهێنانی نواندن.(٤) بەڵام نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کۆمەڵێ ئاستەنگ لەبەردەم بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران لە عێراق هەبوون وەک :
یەک : ئاستی گەشەی فەرهەنگی کۆمەڵگەی عێراق لەو سەردەمە هێندە لەخوار بوو کە کە کۆمەڵگە ناو و ناتۆرەی ناشیرینیان لە ئەکتەر و هونەرمەندەکان دەنا وەکو شایەر و دومبگچی.
دوو : نەبوونی ئەکتەری مێ و کەمی ئامادەیی ژنان لەسەر تەختەی شانۆ بەهۆی دواکەوتوویی بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی عێراق.
سێ : نەبوونی هۆڵی پێویست و پەنا بردن بۆ باخچەی یانەی نەقابە کرێکارییەکان بۆ نمایشی شانۆگەرییەکان.
چوار : نەبوونی دیدگایەکی مارکسیستی شۆڕشگێرانە لەجەرگەی ئەو بزووتنەوەیە و زاڵبوونی تێڕوانینی چینە غەیرە کرێکارییەکان بەسەر ئەو بزووتنەوەیەدا.
پێنج : فراوانتربوونەوەی هەژموونی حیزبی بەعسی فاشیست بەسەر کار و چالاکی نەقابەکان و هەڵسوڕانیان. ئەم هەژموونە لەساڵی ١٩٧٩ بەدواوە تۆختر دەرکەوت.

بەرهەمە هونەرییەکانی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران
قۆناغی یەکەم

قۆناغی یەکەمی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران بە شانۆنامەی (ایام العطالة) دەست پێدەکات کە لە نووسینی نووسەری عێراقی ئەدمۆن سەبری و دەرهێنانی جۆزیف فارس و نواندنی هونەرمەندان مریەم فارس و سەناء سەلیم و سوبحی عەزاوی و عیماد بەدەن و ئەوانی تر. هەورەها یەکەمین بەرهەمی ماڵی شانۆی کرێکارانیش، شانۆنامەی (البوابة) بوو کە لەنووسینی غازی مەجدی و دەرهێنانی هونەرمەند موحسین عەزاوی بوو و لەسەر شانۆی دامەزراوەی گشتی سینەما و شانۆ لە ١٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٤ نمایشکرا. پاشان شانۆگەری (رصیف الغضب) نووسینی سەباح عەتوان و دەرهێنانی وەجیە عەبدولغەنی و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی میکانیک لەسەر تەختەی شانۆی نەتەوەیی لە کەرادە مریەم نمایشکرا. هەروەها شانۆگەری (الدغش) نووسینی هەمزە زوبەیدی درهێنانی قاسم سوبحی و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی خزمەتگوزارییەکان. ئینجا شانۆگەری (الا‌هثون) نووسینی سەباح عەتوان و دەرهێنانی عەبدوڵا جەواد و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی کارەبا. دواتریش شانۆگەری (خان جغان) نووسین و دەرهێنانی جۆزیف فارس و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی پۆست و چاپخانەکان و لەسەر تەختەی شانۆی نەتەوەیی لە کەرادە مریەم نمایشکرا. پاشانیش شانۆگەری (جوکر طایف) نووسینی عەبدولمونعیم جابر و دەرهێنانی وەجیە عەبدولغەنی و لەسەر تەختەی شانۆی نەتەوەیی لە کەرادە مریەم نمایشکرا.

قۆناغی دووەم
لەم قۆناغەدا چەند کارێکی شانۆیی هاتنە نمایشکردن، کە ئەمانەن :
شانۆگەری (الغریب) ساڵی ١٩٧٧ نووسینی مالەللا فەرەج و دەرهێنای جۆزیف فارس لەسەر تەختەی شانۆی گەڕۆک نمایشکرا.
شانۆگەری (محاورات عمالیة) ساڵی ١٩٧٨ نووسین و دەرهێنانی جۆزیف فارس لەسەر تەختەی شانۆی پەیمانگای نەوتی حارسییە نمایشکرا.
شانۆگەری (درس اضافي) ساڵی ١٩٧٩ لە نووسین و دەرهێنای تالیب ڕەبیعی.
شانۆگەری (لاتنظر من ثقب الباب) ساڵی ١٩٧٩ نووسینی بورهان بولبول و دەرهێنانی دکتۆر عەونی کەرومی
شانۆگەری (رصیف الغضب) ساڵی ١٩٧٩ دوای دووبارە داڕشتنەوە و زیادکردنی دوو بەش بۆی وەک بەرنامەی هاوبەشی یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی عێراق و یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی سوریا نمایشکرا. لە نووسینی سەباح عەتوان و دەرهێنانی وەجیە عەبدولغەنی و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی میکانیک لەسەر تەختەی شانۆی نەتەوەیی لە کەرادە مریەم نمایشکرا.()
هەروەها یەکەمین میهرەجانی شانۆی کرێکاران کە سەرجەم تیپە شانۆییەکانی نەقابەی کرێکارانی پارێزگاکانی بابل و دیالە و نەجەف و کەربەلا و کەرکووک و قادسیە و موسەنا و ئەنبار و هەولێر و موسڵ و بەسرە و بەغدا تیایدا بەشدار بوون کە لە پێنجی ئایاری ١٩٧٩ تا ٢٢ ی ئایاری هەمان ساڵ بەردەوام بوو.(٥)

شانۆی کرێکاران لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران(١٩٨١ – ١٩٨٥)
دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، دەیەی زێڕینی شانۆی کرێکاران بوو لە عێراق. هونەرمەندە کرێکارییەکان توانیان لەڕێگەی کۆمەڵێ ئیش و بەرهەمی هونەرییەوە، بەشێک لە ژیان و خەون و ئومێدی کرێکاران بخەنە سەرشانۆ. بەڵام لە دەیەی هەشتاکاندا، واتە لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران ئەو پەیوەندییە بەتەواوەتی کوێر دەبێتەوە و هونەرمەندە کرێکارییەکان یان دەبنە سەرباز و دەنێردرێنە بەرەکانی جەنگ و یانیش دەکرێنە (جەیشی شەعبی) و یانیش خەریکی کاروباری حیزبی بەعس دەبن. جەنگی عێراق و ئێران جەنگی کاولکاری و ماڵوێرانی بوو بۆ چینی کرێکاری عێراق. شانۆی کرێکاران لەسەرەتای جەنگی نەگریسی عێراق و ئێران تووشی پاشەکشە و بێئومێد بوو تا لە لە ساڵی ١٩٨١ بەبڕیاری یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی عێراق لەشاری بەغدا میهرەجانی دووەمی شانۆی کرێکارانی لە دوو تا حەوتی ئایاری ١٩٨١ سازکرا، خشتەی نمایشەکانی ئەم میهرەجانە بەمجۆرە بوو:
ڕۆژی یەکەم : شانۆگەری ( السواعد)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری بەسرە، ئامادەکردنی عەلی ڕەحیمە و دەرهێنانی محەمەد وەهیب.
ڕۆژی دووەم : شانۆگەری (حکایە من مجالس الآیات)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری ئەنبار ، ئامادەکردن و دەرهێنانی حامد خەڵەف ئەلخاتر.
ڕۆژی سێیەم : شانۆگەری (اللعبة)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری بەغدا، نووسین و دەرهێنانی جۆزیف فارس.
ڕۆژی چوارەم : شانۆگەری (الکرسي المتحرک)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری سەلاحەدین، نووسین و دەرهێنانی جەواد موتشەر.
ڕۆژی پێنجەم : شانۆگەری (ایار الدامي)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری سلێمانی، نووسینی تاهیر مەجید عەبدوڵا.
ڕۆژی شەشەم : شانۆگەری (الغارقون)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکاران، نووسینی سەباح عەتوان و دەرهێنانی جۆزیف فارس.(٦)
ئیتر دوای ئەم میهرەجانە، بزووتنەوەی بەناو شانۆی کرێکاران لەعێراق تووشی متبوون و ساردبوونەوە دێت. ئەم کاروانەی بەناو شانۆی کرێکارانەش بە نمایشی شانۆگەری (رحلة نعمان مع طج الخرسان) کە لەنووسینی مەهدی جەبار حەسەن و دەرهێنانی جۆزیف فارس بوو، کۆتایی بە تەمەنی ئەم بزووتنەوەیە هات کە هەر لەسەرەتاوە حیزبی بەعسی فاشیست دەستی نابووە بیناقاقای و سەرەنجام بەتەواوی خنکاندی.(٧)

پوختەی باس
شانۆی کرێکاران لە عێراق زۆر لەپێش ئەو مێژووەوە لەدایکبووە کە هونەرمەندان و مێژوونووسان ئاماژەی پێدەدەن. ئەگەر هەنگاوە سەرەتاکانی ئەو کاروانەشمان لا ڕوون نەبێت، ئەوا لەدوای ساڵی ١٩٥٨ کە دۆخی سیاسی عێراق ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات، سەرەتاکانی شانۆی کرێکاریی لەڕێگەی کەرنەڤاڵ و میهرەجانەکانەوە دەرکەوتن. بەڵام بیرۆکەی بنیادنانی شانۆی کرێکاران لە عێراقی دوای ساڵی ١٩٥٨ دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی دەیەی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان لەسەر دەستی نووسەر و دەرهێنەری شانۆیی ئیبراهیم جەلال پێشنیار کرا. ئەم بزووتنەوە شانۆییە لەڕێگەی نەقابەکانی کرێکاران و پێشکەشکردنی دەیان بەرهەمی شانۆیی کرێکاریی توانی تا ئاستێکی باش گەشە بکات و ببێتە جێی ڕەزامەندی بینەران و کرێکاران. مێژووی شانۆی کرێکاران، مێژووی نەقابەکانی کرێکارانی ژێر هەژموونی حیزبی بەعسی عێراقە، نەک ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییە سەربەخۆ و شۆڕشگێڕەکانی عێراق. ئامانجی سەرەکیش بردنەسەری ئاگایی کرێکاران نەبوو وەکو بانگەشەیان بۆ دەکرد، بەڵکو ئامانجی سیاسی بەعس لەم بزووتنەوەیە لەلایەکەوە خاڵیکردنەوەی بزووتنەوەی کرێکاری بوو لەهەر کارێکی شۆڕشگێرانە و لەلایەکی تریشەوە کەمڕەنگکردنەوەی کاریگەی حزبی شیوعی عێراق و ڕازیکردنی دڵی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بوو.

ئامادەکردن و وەرگێران لە عەرەبییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کەنەدا / کۆتایی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥

سەرچاوە و پەراوێزەکان :
(١)جوزیف فارس، اضواء علی تجربة المسرح العمالي العراقي، موقع مجلة الفنون المسرحیة، https://theaterars.blogspot.com/2020/09/blog-post_30.html
(٢)یاسر غریب، المسرح العمالي ،، ساحة المصنع خشبتە، موقع العربي الجدید، ١ ایار، ٢٠١٥ https://www.alaraby.co.uk/
(٣)جوزیف فارس، اضواء علی تجربة المسرح العمالي العراقي، موقع مجلة الفنون المسرحیة، https://theaterars.blogspot.com/2020/09/blog-post_30.html
(٤) بشار طعمة، من ذاکرة المسرح العراقي، قصة المسرح العمالي،صفحة التواصل الاجتماعي فیسبوک. ١-١٠-٢٠١٢ https://www.facebook.com/story.php/?story_fbid=3458755660905395&id=78235770187
(٥)رسول سبهان،موقع مجلة الصدی الفصول، ادبیة ثقافیة، رئیس التحریر بتول الدلیمي، شباط ٢٠١٤ http://saddaalf9ool.blogspot.com/2014/02/blog-post_3146.html
(٦)جوزیف فارس، اضواء علی تجربة المسرح العمالي العراقي، موقع مجلة الفنون المسرحیة، https://theaterars.blogspot.com/2020/09/blog-post_30.html
(٧)ئەم باسە زیاتر سەبارەت بەشانۆی کرێکارانی عێراقە، لەم نێوەشدا شانۆی کرێکاران لە کوردستانی عێراق دەبێتە بەشێکی دانەبراو لەو مێژووە. ئێمە دەزانین لەم ماوەیەدا(١٩٧٠ – ١٩٨٥)لەنێو بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا، شانۆی کرێکاران بوونی هەبووە و کەم تا زۆر ڕۆڵی مێژوویی خۆی گێراوە. شانۆگەری مانگرتن نموونەیەکی دیاری ئەو بزاوتە شانۆییە کوردییەیە. بەڵام لەبەر لەبەردەستدا نەبوونی سەرچاوەی پێویست، بەداخەوە نەمتوانی وەک پێویست ئاوڕێک لەو بزاوتە شانۆییە بدەمەوە.




ئایا ئێمە وۆرك شۆپی شانۆییمان هەیە؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

وۆرك شۆپی شانۆیی خێراترین رێگەیەكە بۆ راهێنانی شانۆكاران و و ئەكتیفترین فۆرمێكی پراكتیكیە لەم بوارەدا.
لەرێگەی وۆرك شۆپەوە دەتوانین ئامادەكارییەكی زانستی و ئەكادیمی دروست بكەین و ئاستی تواناو دەسەڵاتی شانۆكارانمان بەگشتی بۆ ئاستێكی خوازراو بەرز كەینەوە، بەتایبەت لەڕووی جەستەو ئەداو ئیلقای ئەكتەرو تەقاندنەوەی توانا شاراوەكانی، كەوێرای لایەنە پراكتیكییەكان لایەنی تیۆری و جەستەیی ئەكتەر هاوكوف بەیەكتر دەكات.
ئیدی هەر لەئامادەكردنی تێكستەوە،تا دەگاتە پرۆسەی دەرهێنان و ئەدای ئەكتەرو ئیلقاو ریتمی دەنگ وفۆرمە لێك جیاوازەكانی نمایش، كەچی ئەوەتا لەزۆر لەو پەیمانگاو ئەكادیمییانەی لە مەڕ خۆماندا بەدەگمەن كەسانی شارەزاو پسپۆر شارەزاییان لەبواری شانۆدا كەمە، لەوانەی پەنا بۆ ئەنجامدانی وۆرك شۆپ دەبەن، بۆ ئەوەی پێویستیەكانی ئەكتەرو دەرهێنەریان پێ‌ پڕبكرێتەوە، یان زانیارییەكی زێتر دەربارەی ئەزموونی شانۆیی بخەنە سەر ئەزموونەكانی خۆیان.
زۆر لەو وۆرك شۆپانە دەگەڕێنەوە سەر ئەو رێباز و شێوازانەی كە بلیمەتەكانی شانۆی وەك برێخت، ستانسلافیسكی، كرۆتۆفسكی و مایرهۆل، بیتەر برۆك و زۆرانی دیكە، بۆ راهێنان و ئامادەكردنی ئەكتەر، چ بۆ ئەكتەرە باوەڕپێكراوەكان كە پێویستیان بەئەزموونی هەمیشە هەیە بۆ پەرەپێدانی توانایان، چ بۆ ئەكتەرە بەهرەمەندەكان بۆ پێگەیاندنی تواناكانیان بەشێوازێكی ئەكادیمی و زانستی .
هەمیشە ئەكتەر پێویستی بە هەمەڕەنگی هەیە لەنواندندا ، چونكە سنورێك نیە بۆ داهێنان، لەهەمان كاتیشدا لەڕێگەی ئەو وۆرك شۆپانە دەكرێت ئەكتەر خاڵە لاوازەكانی خۆی بدۆزێتەوەو هەوڵی چارەسەركردنی بۆ بدات.
لای ئێمە وۆرك شۆپی شانۆیی بەدەگمەنەو رەنگە ساڵی جارێ‌ وۆرك شۆپێك ساز نەكرێت ، ئەمەش هیچ كاریگەریەكی نابێت بەسەر ئەكتەر و تواناو دەسەڵاتی نواندنی ئەكتەر، ئەگەر ئەو وۆرك شۆپانە بەردەوام نەبن و بەرنامەڕێژییان بۆ نەكرێت و قۆناغ بە قۆناغ پراكتیك نەكرێن.
جگە لەوەی وۆرك شۆب ، سەرچاوەی سەرەكی هوشیاریی و مەعریفی شانۆكارە بۆ گەشە پێدانی توانستە تیۆریەكانی .
بەڵام لەو نێوەندەدا پرسیارێك دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە، كێن ئەو لایەنانەی كە بەرپرسن لەكردنەوەی وۆرك شۆپی شانۆیی؟
بێگومان هەر شوێنێك كە ئەكتەری تێدا كاربكات، بۆی هەیە وۆرك شۆپ بۆ راهێنان و پێگەیاندنی ئەكتەرەكانی دروست بكات، هەر لە زانكۆكان و پەیمانگاو ئەكادیمیەكانەوە بگرە تادەگاتە تیپ و گروپە شانۆییەكانەوە.
بەتایبەت ئەو لایەنانەی كە پسپۆڕن بەكاری شانۆیی، وەك بەڕێوەبەرایەتی شانۆ ، یان بەشی شانۆ لە كولێژو ئەكادیمیاو پەیمانگا هونەرییەكاندا، گرنگە ئەگەر لابووری هەمیشەییان هەبێت بۆ گەشە پێدانی توانستی جەستەیی و دەنگ و ئیلقاو ئەدای شانۆیی .
دەرهێنەرانی خۆمان تەنها لەكاتی خۆئامادەكردن بۆ پێشكەشكردنی شانۆگەریەك كاری راهێنان تەنها بۆ بەرهەمەكانی خۆیان دەكەن، نەك بۆ ئامادەكردنی هەمیشەیی ئەكتەر، بەشی زۆری ئەو راهێنانانەش راهێنانی تەقلیدی و سواون، چونكە تێهەڵكێش نەكراون بە هیچ میتۆدێكی جیهانی و ئەزموونی نوێ بۆ ئامادەكردنی ئەكتەر.
لەلایەنەكی دیكەوە من دڵنیام هیچ لەو دەرهێنەرە تەقلیدیانە ئاشنانین بەهیچ ستایلێكی زانستی و ئەكایمی جیهانی كە ئەكتەرانی جیهان بۆ ئامادەكردنی ئەكتەر پیادەی دەكەن،
لەوانەش ستایلە هاوچاخەكانی شانۆ..
دەرهێنەرە لاوەكانیشمان بەهەمان شێوە سەرچاوەیەكیان نیە بۆ خۆڕاهێنان بەو مەنهەجە جیهانییانە، بۆیە زۆر جاران پشت بەئەزموونی تایبەتی خۆیان دەبەستن.
تا ئێًستا زۆرینەی دەرهێنەرانی ئێمە دەڵێن ئێمە بەستایلی ستانسلافسكی یان برێخت كار دەكەین، بەڵام كام لەوانە وۆرك شۆپێكی جیهانی بینیوە لەسەر ئەو قوتابخانانە؟!
لەكوێوە ئەو ئەزمونانەیان وەرگرتووە تا لێرە لە كوردستان پیادەی بكەن؟
كامەیان ئاشنا بەرێبازی مایرهۆڵدو جاك لۆك و كرۆتۆفسكی و پیتەر برۆك و ئەوانی دیكەن؟ بەشدارییان لەچ وۆرك شۆپێكی تایبەت بەسینۆگرافیاو دەرهێنان و هونەری نووسینی تێكست و چەندین پێكهاتەی دیكەی شانۆیی كردووە بۆ ئەوەی لەو قالبە چەسپاوەی خۆیان دەربێن و تەكانێك بەو جەستەو هزرە سواوەی خۆیان بدەن؟
لە هەموو ئەوانەی تا ئێستا لەبواری وۆرك شۆپدا شوێن پەنجەیان دیارە، د. فازڵ جاف- ە كە تا ئێستا چەندین وۆرك شۆپی لەوڵاتانی ئەوروپاو لە وڵاتانی كەنداوو هەندێ‌ وڵاتی دیكەی عەرەبی ئەنجام داوە، وێڕای چەند وۆرك شۆپی دیكە لە كوردستان،
بەڵام ئەوەندەی ئەو كار بۆ مەغریب و تونس مەراكیش و كویت دەكات خۆزگە نیو ئەوەندەی بۆ شانۆكارە لاوەكانی خۆمان بكردایە كە ئەمڕۆ تا ئەوپەڕی ئێسقان پێویستییان بەشارەزای وەك ئەو هەیە، بەڵام ئەویش پاساوی خۆی هەیەو دەڵێت :
من خۆم بێ‌ ئەوەی داوام لێ‌ بكرێت، یان بانگهێشت بكرێم داوام كردووە كە زەمینە خۆش بكەن بۆ ئەوەی وۆرك شۆپیان بۆ ساز بكەم، كەچی ئەوان ئەوەیان بەلاوە مەبەست نییە و كۆمەڵێ‌ گیروگرفتی ئاوات بۆ دەنێنەوە كەتۆ دەست لەو بیركردنەوەیە هەڵگریت! دەتوانم ئەمەت بە بەڵگە بەنووسراوی فەرمی بۆ بسەلمێنم!
هەردوو هونەرمەندی بەتوانا (نیگار حەسیب قەرەداغی) و (شەماڵ عومەر) كە خاوەنی لابوری لالشن لەوڵاتی ڤیەننا و لەسەر ئاستی جیهان وەك دوو مامۆستاو شارەزای دیاری سازكردنی وۆرك شۆپ ناسراون، بەڵام بەگشتی ئەو وۆرك شۆپانە تا ئێستا كاریگەرییەكی ئەوتۆیان بەسەر شانۆكارانی كورد بەجێ‌ نەهێشتووە، یان بەشێوەیەكی دیكە دەتوانین بڵێین رەنگە ئەو ئەزموونەی ئەوان بۆ گەلانی دیكە خێری زێتری بووە وەك بۆ ئێمە، رەنگە ئەمەشیان گەلێك هۆكاری هەبێت.
من سەرم لەو هاوكێشەیە دەرناچێ‌، بۆچی دەبێ‌ نیگار حەسیب قەرەداغی و شەماڵ عومەر ، وۆرك شۆپ لە ژاپۆن و ئێران و بۆسناو چەندین وڵاتی دیكەی جیهان ساز بكەن كەچی وڵاتی خۆمان ئەو پرسە بەهەند هەڵناگرێ‌ و ئەو شارەزاییانە بانگهێشت ناكات بۆ ئەوەی ئەزموونەكانیان بەخزمەتی وڵاتی خۆیان بەرجەستە بكەن؟
رەنگە ئێمە بۆ سازدانی وۆرك شۆپی شانۆیی پێویستیمان بەشارەزایانی جیهانیش هەبێت،
بەڵام گرنگتر ئەوەیە كە ئێمە لەشارەزاكانی خۆمانەوە دەست پێ بكەین و سوودئەزموونەكانی ئەوان وەربگرین لەو هەلو مەرجەدا بۆ ئەمڕۆی شانۆی كوردی لە بارتر بێت . .
بەلای منەوە گەرم و گوڕی باری شانۆیی هەر تەنها بۆ خۆخستنە سەر شانۆ نابێت،بەبێ‌ گوێدانە ئاستی بەرهەم و هاوكێشەی بەرهەم،بەڵكو گرنگتر لەوە ئەوەیە كە ئێمە هەوڵی گۆڕینی خوێنی شانۆییمان بدەین،شانۆكارە لاوەكانی خۆمان بەشێوازێكی ئەكادیمی و زانستی پەروەردە بكەین،لابوور و وۆرك شۆپی بەردەوام بكەینەوە بۆ دروستبوون و پێگەیاندنیان، هەمیشە لەنەخشەو پلانی كاركردنماندا،مەودایەكە بەرفراوان بەجێبهێڵین بۆ وۆرك شۆپو پێشكەشكردنی محازەراتی شانۆیی دەربارەی پێكهاتە شانۆییەكان و چۆنیەتی بەپراكتیك كردنیان لەسەر شانۆ، بەپشت بەستن بەجەستەی ئەكتەرو دەرهاوێشتەكانی جەستەی ئەكتەر.
لەوڵاتی ئێمەدا دەرهێنەر لەكاتی ئامادە كردنی شانۆ پەنا بۆ پرۆڤە دەبات بۆ راپەڕاندنی بەرهەمەكەی خۆی، بەڵام كار ناكەین بۆ دروست كردنی ئەكتەرو بەرجەستە كردنی جەستەو مەعریفەی شانۆیی لای ئەكتەر بە شێوەیەكی هەمیشەیی، بۆیە لە زۆربەی بەرهەمە شانۆییەكاندا توانستی ئەكتەر لای دەرهێنەرێك بۆ ئەوی تر دەگۆڕێت .
لە هەندێ‌ حاڵەتدا پێویستیمان بە لابوری شانۆیی دەبێت كە رەنگە هەندێ‌ خەسڵەت لای دەرهێنەرێك دەست نەكەون تەنها لە لابوور نەبێت، بۆ نموونە ئەكتەرێكی وەك (لۆرانس ئۆلیفیە) بۆ ماوەی شەش مانگ لە لابورە بەریتانیەكان كاری كردووە بۆ فێر بوونی ئیلقا لەشانۆگەری ئۆتیللۆی شكسسپیر .
نەك هەر تەنها بۆ ئەو ئەكتەرانەی هەوڵی پەرە پێدانی توانستی خۆیان دەدەن، بەڵكو بۆ دروست كردنی نەوە شانۆییەكانمان بەشێوەیەكی ئەكادیمی و پیشەیی، هەمیشە پێویستیمان بە لابوری شانۆیی دەبێت،بەتایبەت بۆ دروست كردنی ئەكتەرو دەرهێنەرو سینۆگرافكارو نەخشەساز كە ئێمە لە سەردەمی ئێستاكەدا بە گشتی لە زۆربەیاندا بێبەشین.

حەیدەر عەبدولڕەحمان




کاندیدی ژمارە ١٣.. نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)


شانۆگەرییەکی یەک پەردەییە لە سێ دیمەنێکدا

کارەکتەرەکان
ڕەئوف : پیاوێکی کەڵەگەتی چوارشانەیە، تەمەن نزیکەی چل ساڵ دەبێت. چاکەت و پانتۆڵی لەبەردایە و بۆینباغی بەستووە. قژی ماش و برنجی تێکەوتووە. لەدەزگایەکی حیزبیی کار دەکات.
عوسمان : هاوڕێی ڕەئوفە. تەمەنی نزیک بە چل ساڵ دەبێت. قاتی شاڵی لەبەردایە. خاوەنی چێشتخانەیە لەناو جەرگەی شار.
کامیل : برای شەوبۆیە. تەمەنی دەوروبەری بیست و هەشت ساڵێک دەبێت. کابۆیەک و تیشێرتێکی لەبەردایە. خاوەن کۆگای فرۆشتنی جلوبەرگی ژنانەیە.
شەوبۆ : هاوسەری ڕەئوفە. تەمەنی سی و پێنج ساڵ دەبێت. مامۆستایە و جلێکی ئاسایی لەبەردایە.
گێلاس : هاوسەری عوسمانە. تەمەنی سی و شەش ساڵ دەبێ. جلی ئاسایی لەبەردایە. فەرمانبەرە لە کتێبخانەی گشتی شار.
ماکوان : کورێکی هەشت ساڵانی ڕەئوف و شەوبۆیە. جلێکی ئاسایی ماڵەوەی لەبەردایە.
فرمێسک : کچێکی شەش ساڵانی ڕەئوف و شەوبۆیە. جلێکی ئاسایی ماڵەوەی لەبەردایە.

تێبینی : جلەکان بەپێی دیمەنەکان دەگۆڕێن.

دیمەنی یەکەم
شوێنکات : ئێوارەیە و ماڵی ڕەئوف و شەوبۆیە. شانۆ بەجۆرێک دزاین کراوە کە ڕێک وەک ژووری دانیشتنی ماڵێکی ئاساییە. یەک دوو قەنەفە و دوو سێ تەپڵەکی بچووک و گوڵدانێکی بچکۆلانەی پڕ لە گوڵ لەسەر یەکێک لە تەپڵەکەکان دانراوە. دەرگایەک لەلایەکی شانۆوە هەیە. پەنجەرەیەکیش لەناوەڕاست دیواری شانۆوە هەیە کە بە پەردەیەک داپۆشراوە. ماکوان و فرمێسکیش لەلایەکی شانۆکە و لەسەر قەنەفەیەک دانیشتوون و لە زمانی جەستەیانەوە دیارە کە سەرگەرمی یاریکردنن. ڕووناکی تا ئاستێکی یەکسان لەسەر ڕەئوف و منداڵەکانە.
ڕەئوف : ( ڕوو بە ماکوان و فرمێسک) ئەرێ ماکوان ڕۆڵە دایکت لەکوێیە و خەریک چییە؟
ماکوان : ( ئاوڕ بەرەو لای باوکی دەداتەوە) بابە دایکم خەریکی چێشت لێنانە و وا لە مووبەقەکەیە.
ڕەئوف : باشە کوڕم خەریکی یاری خۆتان بن.
( زەنگی موبایلەکەی ڕەئوف لێدەدات و ڕەئوف موبایلەکە هەڵدەگرێت و وەڵام دەداتەوە.)
ڕەئوف : ئەلو.. قوربان سڵاوتان لێبێت. (کورتە وچانێک) نا، نا ناوەخت نییە و بۆ بەڕێزتان هەمیشە وەختەکەی گونجاوە.(بێدەنگییەکی درێژ) بەڵێ ، بەڵێ، قوربان ، هاوڕاتم. وەک جەنابیشت فەرمووت ئێمە بەرژەوەندیمان لە سەرکەوتنی حیزب دایە. بێ حیزب ئێمە هیج نین و هیچیشمان پێناکرێت. ( تۆزێک دەوەستێت وەک بڵێی گوێ بۆ قسە هەڵبخات) زۆر ڕاستە قوربان چارەنووسی ئێمە و حیزبیش بە خەڵکەوە پەیوەستە. ئەگەر خەڵک نەبێت ئێمە چین؟ هیچ!.(وچانێک دەدات) ئێمە هەوڵ دەدەین و شەو و ڕۆژ پێکەوە گرێ دەدەین تا زۆرترین خەڵک بەرینە سەر سندوقی دەنگدان.
( ڕەئوف بێدەنگ دەبێ و وا دیارە گوێی بۆ ڕێنماییەکانی بەرپرسەکەی هەڵخستووە. لەسەر قەنەفەکە هەڵدەستێت و لەسەر شانۆ دەکەوێتە هاتوچۆ. موبایلەکەی لە گوێیەکەوە دەگوازێتەوە گوێکەی تری.)
ئینجا قوربان چۆن دەهێڵین ئەوە ڕوو بدات. ئەی ئێمە ئیشمان چییە. من خۆم لەم شارە سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە دەکەم و جگە لە هەڤاڵانمان، تەواوی کەس و کار و عەشیرەت هەڵدەخڕێنم. عەشیرەت بۆ ئەمڕۆ نەبێت بەکەڵکی چی دێت. ( پێدەکەنێ و ئینجا ڕوو لە جەماوەر یان بینەر دەوەستێت) من دەبێت سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە بە ڕێک و پێکی ئەنجام بدەم. دوای ئەوە بەرژەوەندی حیزب و بەڕێزتان و هەموولایەکی تیایە. ( کۆخەیەکی بۆ دەکات و وچانێک دەدات)
( لەو کاتەدا ماکوان و فرمێسک لەسەر قەنەفەکە هەڵدەستن و بەڕاکردن بەسەر شانۆدا بۆ ماوەی چەند چرکەیەک ڕاوی یەکتر دەنێن. ڕەئوف دەیەوێت هێوریان بکاتەوە. منداڵەکان دەچن لەگۆشەیەکی شانۆ لەسەر پارچەیەک لە قەنەفەکە دادەنیشنەوە)
ئەی چۆن قوربان ڕاست ئەفەرمووی نەیارەکانمان چاویان بە حیزبمان هەڵ نایەت. ئێمە دەبێت کارێک بکەین ئەو ناحاڵییانە فێر بن ڕێز لە حیزبمان بگرن. دەزانم ئەوانیش خۆیان مەڵاس داوە بۆ تەزویر و ساختەکاری. بەڵام خەیاڵیان خاوە. (بێدەنگییەک وەک ئەوەی گوێ بۆ قسەی جەناب هەڵخات) بەسەرچاو قوربان وا دەکەین و ئەوەی تۆ دەیڵێی وەکو خۆی پیادەی دەکەین.( وچانێکی کورت) بەچاوان .. قوربان.. بەچاوان بێخەمبە. ( وچانێکی کورت) مەمنوونم قوربان من جگە لە تۆ و حیزب و خوا کەسی ترم نییە. پشتم بە ئێوە قایمە.(وچانێکی کورت)ئەمر دەکەی قوربان. لە خزمەتدام. (وچانێکی کورت) سەرچاوم قوربان..خوا ئاگادارت بێت.
(ڕەئوف موبایلەکەی دەکوژێنێتەوە و لەسەر مێزەکەی دادەنێ. خۆشی لەسەر قەنەیەک ڕوو بە جەماوەر دادەنیشێت.)
ڕەئوف : ( لەبەر خۆیەوە دەست بە قسەکردن دەکات) وەی ئەمجارە سەربگرێت کاندید بکرێم و دەربچم، خۆش ئەبێ. لەلایەکەوە پۆستی ئەنجوومەنی شار بەدەست دێنم و لەلایەکی تریشەوە وەزعی مادیم باش دەبێت و موستەقبەلی منداڵەکانم مسۆگەر دەبێت و شەوبۆش دڵخۆش دەکەم و خزم و کەس و کاریش دەورەم دەدەن و ئیتر ڕۆژ ڕۆژی پۆزە و ئەوەی ڕۆژێک پۆزی بەسەرمدا لێدابێت، دەبێت ڕۆژانە پۆزی بەسەردا لێدەمەوە. (پەنجەی هەڕەشە ڕادەوەشێنێ) دەردتان لە گیانم. جارێ با وابێت، ئیستا قسە خۆش و گوفتار شیرینم، بەڵام دوایی خۆم ئەزانم چی ئەکەم.
(شەوبۆ لە دەرگای شانۆوە دێتە ژوورەوە. سەدرییەکی مووبەقی لەسەر جلەکانەوە لەبەردایە کە نیشانەی ئیشکردنی ناو مووبەقە. دێتە نزیک ڕەئوف و لەسەر قەنەفەکە دادەنیشێت)
شەوبۆ : (بەجۆرێک لە حەپەساوییەوە) ئەرێ بێقەزا بیت پیاوەکە ئەم بۆڵەبۆڵەت لەچییە؟ تۆ مێشکی سەری خۆت و من و مناڵەکانیشت بردووە. لەمووبەقەکەوە گوێم لە هەڕەشە و گوڕەشە بوو! پێمناڵێی هەڕەشەت لە کێ دەکرد؟
ڕەئوف : ( ڕوو لە شەوبۆ دەکات) کچی ژنەکە تۆ بۆ لەخۆتەوە تێ هەڵئەچی بێئەوەی ئاگات لە هیچ بێت. من هەڕەشەم لە کەس نەکردووە. بەس ئەوەندە وتم با کاندید بکرێم ئەوسا خۆم ئەزانم چۆن قسە لەگەڵ هەندێ کەس دەکەم.
شەوبۆ : ( ڕوو بە بینەران) ئینجا ئەگەر کاندید نەکرایت؟
ڕەئوف : کاندید دەکرێم.
شەوبۆ : ( ڕوو بە ڕەئوف) بە چی ئەزانیت کاندید دەکرێیت؟
ڕەئوف : ( خۆشی لە ڕووخساریدا دیارە) ئەی ئاگات لێنەبوو ئێستا تەلەفۆنم بۆکرا و پێم ڕاگەیەنرا کە من بە فەرمی لەلایەن حیزبەوە بۆ ئەنجوومەنی شار وەک کاندید دەستنیشان کراوم.
شەوبۆ : ( بە سەرسوڕمانەوە) توخوا بەڕاستتە؟
ڕەئوف : ( بزە لەسەر لێوەکانییەتی) ئەری وەلڵا بەڕاستمە و ژمارەکەشی پێدام.
شەوبۆ : ژمارە چەندیت؟
ڕەئوف : ژمارە ١٣م.
شەوبۆ : ( هۆپێک دەکات یان ئیستێک دەکات) ئەی خاک بەسەرم بۆ ژمارە ١٣؟ ژمارە بڕان بوو، سیانزە نەبێت.
ڕەئوف : بۆ ژمارە ١٣ چییەتی؟
شەوبۆ : ئەی ژمارە ١٣ نیشانەی شووم و نەگبەتی نییە؟
ڕەئوف : ( خۆشییەکەی سەر ڕووخساری نەماوە) نەخێر ، من گوێ بەو قسە بێمانایانە نادەم. گرنگ ئەوەیە من کاندیدم و هەموو حیزب لە پشتمە. دڵنیاشم دەردەچم و دەگەین بە ئاواتەکانمان.
شەوبۆ : دەی بزانین چۆن دەبێت. (ڕوو بە ڕەئوف) هەستە بچینە ئەودیو نانەکەمان بخۆین. (ئینجا ڕوو لە ماکوان و فرمێسک دەکات) دەی ڕۆڵە ماکوان، فرمێسک هەستن با بڕۆین نان بخۆین.
( ماکوان و فرمێسک پێکەوە هەڵدەستن و ڕەئوفیش موبایلکەی دەخاتە سەر شەحن و ئینجا هەر هەموو لە دەرگاکەی شانۆوە دەچنە دەرێ و شانۆ تاری دەبێت.)

دیمەنی دووەم
هەمان دیمەنی یەکەمە . ژووری دانیشتنی ماڵی ڕەئوفە و هەریەک لە ڕەئوف و شەوبۆ و عوسمان و گێڵاس دانیشتوون و خەریکی دەمەتەقێن. سەرەتا دەنگی مۆسیقایەک دێتە گوێ. پاشان وردە وردە دەنگی مۆسیقاکە خامۆش دەبێت و ڕووناکی دەچێتە سەر دانیشتنەکە.
ڕەئوف : ( ڕوو لە عوسمان دەکات) ئا بەسەری تۆ کاک عوسمان، خۆت دەزانی من چاوم لە پۆست و پلە و پایە نییە. ئەمەی دەیکەم لەبەر دڵی حیزبە. من دڵی حیزبم پێناشکێت. ئێ مەعلوومیشە بنەماڵەی ئێمە هەر هەموومان سەر بەو حیزب و ڕێبازەین و لەڕابردووشدا قوربانیمان داوە. ئێ خۆ ناکرێت دەست لەو سەروەرییانە هەڵبگرم. من ئامادەی خەبات کردنم. ئەمڕۆش حیزب ڕووم لێدەنێ تا خۆم کاندید بکەم. منیش ناتوانم ئەو داوایەی ڕەت بکەمەوە.
عوسمان : بەڵێ کاک ڕەئوف ئێوە و بنەماڵەکەتان درێخیتان نەکردووە. بەڵام خۆت دەزانی نە ئەم حیزبە حیزبەکەی چل ساڵ بەر لەئێستایە و نە خەباتیش ئەو خەباتەی جارانە. ئێستا هەموو شتێک گۆراوە.
ڕەئوف : ئێ وایە زۆر شی گۆراوە، بەڵام خۆ مەبدەء و بیروباوەڕ نەگۆڕاوە.

گێلاس : (بە جۆرێک لە تەوازوع) ببوورە کاک ڕەئوف هەموو شتێک گۆڕاوە. دنیای ئێستا دنیاکەی جاران نییە. ڕێز و خۆشەویستی و تەنانەت ئەخلاقیش گۆڕاوە. جاران خەڵکی شار ڕووحیان لەسەر یەکتر بوو، ئێستا پاشقوول لەیەکتر دەگرن. جاران دڵسۆزی و وەفا دەتتوانی حیسابیان لەسەر بکەی، ئێستا خەڵک گاڵتەیان بە دڵسۆی و وەفا و مەبدەئیش دێت. (وچانێکی ئێجگار کورت)پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لە پارەدا کورت بۆتەوە.(پژمینی دێ و دەپەژمێت)
عوسمان : ( بە سوود وەرگرتن لەو پژمینە) ببوورە گێلاس ئەگەرچی قسەکەشت تەواو نەکرد. ئەمڕۆ پارە جێی هەموو شتێکی گرتۆتەوە. پارە حوکم بەسەر شتەکاندا دەدات. ‌هێزی پارە زۆر لە ‌هێزی بیروباوەڕ کاریگەرترە. جاران برا پشتی برای دەگرت، ئەمڕۆ لەسەر پارە و تەماح برا برا دەکوژێت. جاران باوک ڕەزمی پیرۆزی و ڕێز بوو، ئەمڕۆ باوک لەژێر سایەی دەسەڵاتی پارەدا فڕێ دەدرێتە سەر شەقامەکان.
ڕەئوف : ( ڕوو بە عوسمان) ئێ هەر لەبەر ئەوەشە من خۆم کاندید کردووە یان با بڵێین کاندید کراوم تا ئاوڕێک لە باری ژیانی خەڵک بدەمەوە و لەسەریان هەڵبڵێم.
شەوبۆ : ( بە هێمنییەوە دەدوێت) ئێوە ئاگاتان لێ نییە و من ئاگادارم کە ڕەئوف شەو و ڕۆژ خەمی ژیانی خەڵکییەتی. دوێنێ دەیوت ئەگەر بەخت یاوەرم بێت و دەربچم، دەبێ شەو و ڕۆژم پێکەوە گرێ بدەم بۆ خزمەتکردنی ئەم خەڵکە هەژار و دەستەنگە.
گێلاس : (لەسەرەخۆ ڕوو بە شەوبۆ ) شەوبۆ خان من مەبەستم ئەوە نییە بڵێم کاک ڕەئوف خەمی خەڵکی نییە. بەڵام لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوو بینیمان کاندیدکراوان لەسەروبەندی هەڵبژاردندا قسەی شیرین دەکەن و دیاری دەبەخشنەوە و کاتێکیش دەردەچن و دەستیان لە پلە و پایە گیر دەبێت، ئیتر موبایلەکانین هەمیشە داخراوە و کەس نایان بینێت.
ڕەئوف : ( ڕوو بە گێلاس) نا گیلاس خان لەڕابردوودا ڕاستە شتی لەوبابەتە ڕوویداوە و کەسی وا هەبووە، بەڵام ئێمە نەک هەر وا نابین، بەڵکو بەکردەوە دەبمە خزمەتکاری دەنگدەرانم و بەدوای کێشە و گرفتەکانیانەوە دەبم.
عوسمان : هیوادارم کاک ڕەئوف بتوانیت بەرنامەکانت جێبەجێ بکەیت و نیشانی بدەیت جیاوازیت و وەکو ئەوانی تر نەبیت. ئەوکات (تەماشایەکی گێلاس و شەوبۆ دەکات) هەم ئێمە و هەم خەڵکیش شانازیت پێوە دەکەن. بەڵام بیرت نەچیت گەر تەسلیمی پارە و پلە و پایە ببیت و پشت لە خەڵک بکەیت، ئەوا خەڵکیش پشتت تێدەکەن و بەباشە ناوت ناهێنن.
ڕەئوف : (ڕوو بە عوسمان) نا کاک عوسمان من چۆن خۆم خەجاڵەتی هاورێکانم و خەڵک دەکەم. تا بۆم بکرێت و لەتوانامدا بێت بۆ خزمەتی خەڵک درێغی ناکەم.
گێلاس : ( ڕوو بە ڕەئوف) بیریشمان نەچێت زۆر شت دەکرێن و گەلێ بڕیاری هەڵە و پێچەوانە دەدرێن بەناوی خزمەتی خەڵکەوە و لەڕاستیشدا دژ بە خەڵکن. گرنگ ئەوەیە بەرژەوەندی خەڵک بناسن و پێی لەسەر دابگرن.
ڕەئوف : ( سەر دەلەقێنێ) وایە ، زۆر ڕاستە.
( بۆ ساتێکی کەم دەنگەکان کز دەبن و هەر چواریان بە زمانی جەستە خەریکی گفتوگۆن. ئینجا عوسمان و گێلاس ماڵئاوایی دەکەن و دەڕۆن و لە دەرگای شانۆوە ئاودیو دەبن. ڕووناکی لەسەر ڕەئوف و شەوبۆ چر دەبێتەوە)
شەوبۆ : ( ڕوو بە ڕەئوف) گوێت لێ بوو چۆن قسەی دەکرد؟
ڕەئوف : مەبەستت کامیانە؟
شەوبۆ : گێلاس، مەبەستم گێلاسە. ئەو گێلەیە خۆی لێ کردبووین بە فەیلەسوف و ئامۆژگاری دەکردین. ( بەتووڕەییەوە) لەبەر تۆ نەبێت ناهێڵم گێڵی پێ بخاتە ئەم ماڵەوە. ئەو چاو بەللە چییە ئاوا مامۆستاییمان بەسەرەوە بکات.
ڕەئوف : کچێ تۆ بۆ وا خۆت تێکداوە. ئەوان هاتن سەردانیان کردین و بەس. ئێ منیش کادیدکراوم و دەبێت گوێ لەوانیش بگرم.
شەوبۆ : ئەزانم.. بەڵام با لەناو نانێکی گەرم بێت بۆی. بەس دەربچیت، دەبێت کارێک بکەم ئەم گێلاسە و هاوشێوەکانی بە سێ پرسگەش نەگەنە لام.
ڕەئوف : خوا ئەکا دەرئەچم و دەنگ دێنم. ئەوکات دەزانم چی دەکەم. دەزانم چۆن خۆم لە هەرچی و پەرچییانە جیا دەکەمەوە. دەزانم چۆن لەگەڵ هاوشانی خۆم هەڵسوکەوت دەکەم. بڕوا بکە ئەوکات ئاوڕ لە هەزاری وەکو ئەم عوسەیە نادەمەوە. ( ڕوو بە شەوبۆ) گوێت لێبوو هەر پارە پارەی بوو. خۆی وا دەردەخست ڕقی لە دەوڵەمەندی و پارەیە. بەڵام ڕاست ناکات و ئێستا بۆی بکرێت پارەی ئەو دنیایە دەخاتە گیرفانییەوە.
شەوبۆ : ( بە گاڵتەپێکردنەوە) کوڕە با هەر بۆ خۆیان بڵێن. ڕێوی دەمی نەدەگەیشتە ترێ و دەیوت ترشە.
( هەردووکیان پێدەکەنن. وردە وردە بەدەم قسەکردنەوە دەنگیان کز دەبێت و ڕووناکیش بەرەو خامۆش بوون دەچێت)

دیمەنی سێیەم
هەر هەمان ژووری دانیشتنی ماڵی ڕەئوفە. دزاینی ماڵەکە دەستکاری نەکراوە. کامیل و شەوبۆ دانیشتوون و قسان دەکەن. ڕووناکی لەسەریانە.
شەوبۆ : یاخوا بەخێر بێی کامیل گیان. ئیش و کار چۆنە، ئەوە چییە ماوەیەکە کەم کەم دەردەکەوێت؟
کامیڵ : خراپ نییە شەوبۆ گیان. چی بکەم خەریکی دوکان و کەسابەتم و سەرم قاڵە. ( سەیری شەوبۆ دەکات) ئەی پێمبڵێ کاک ڕەئوف کوا، لەکوێیە؟ بۆ نەهاتۆتەوە؟
شەوبۆ : ڕەئوف لە کۆبوونەوەیە و وتی ئێوارە درەنگ دێمەوە و ئێوە نانی خۆتان بخۆن و چاوەڕێی من مەبن. ( وچانێکی کورت) خۆت دەزانیت کامیل گیان؛ لەوەتەی ڕەئوف کاندید کراوە بۆ ئەنجوومەن، زۆر سەرقاڵە و هەر خەریکی کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسان و حیزب.
کامیڵ : ( بە سوعبەتەوە) ئەزانم، خەریکن دەبنە بەرپرس و خێزانە بەرپرس. ئەوسا ڕەنگە کەس نەناسن.
شەوبۆ : ( کەیفی بەو سوعبەتانەی کامیل دێت وەک ئەوەی ختووکەی بدەن) نا کامیل وا مەڵێ.. ئێمە چۆن لە خۆمان ئەگۆڕێین.
(دەنگی دەرگا کردنەوە دێت و ڕەئوف لە دەرگای شانۆوە دێتە ژوورەوە.)
ڕەئوف : ( دەست بەرز دەکاتەوە.) ئای سڵاوتان لێبێت.
کامیل : (هەڵدەستێتە سەر پێ و تەوقەی لەگەڵ دەکات). بەخێر بێیتەوە کاک ڕەئوف گیان. ئەوە چییە کوڕی باش لەوەتەی بۆ ئەنجوومەن کاندیدکراویت، کەس ناتبینێت و بوویت بە هەنارە شیرینە.
ڕەئوف : ( بەجۆرێک لە خۆباییەوە) نە بەخوا کامیل گیان وا نییەو زۆر سەرقاڵی کۆبوونەوەم. خۆ ئەزانیت ئەمجۆرە بەرپرسیارەتییانە گاڵتە نین و دەبێ خۆمیان بۆ ئامادە بکەم.
کامیل : ڕاست ئەکەیت. لەشت ساغ بێت. ( بە شۆخییەوە) بەس کوڕی باش ئاگات لە پیاوی فەقیریش بێت.
ڕەئوف : کوڕە ئەوە ئەڵێی چی.. من چۆن ئاگام لێت نابێت. بەس دەنگ بهێنم و دەربچم دەتکەم بە بەرپرسی ڕاگەیاندنی خۆم و هەروەها بەرپرسی پاسەوانەکانم.
کامیل : وەی بەسەرچاو. لەخزمەتدام.

(زەنگی تەلەفۆنی ڕەئوف لێدەدات. ڕەئوف تەلەفۆنەکەی وەڵام دەداتەوە.)

ڕەئوف : ( بە هێنمییەوە) ئەلو سڵاو. ( وچانێکی کورت) لەخزمەتدام جەناب گیان. ( موبایلەکەی بەگوێوەیە و بێدەنگە و گوێ دەگرێت. دوای یەک دوو دەقیقە زەوق و ڕەنگ تێک دەچێت و دەنگی کز دەبێت.) باشە بەسەرچاو جەناب گیان . نا ئاساییە. کێشە نییە. بەس بەڕاستی زۆر ناخۆشە. من دنیام تێگەیاندووە کە کاندیدکراوم و حیزب بڕیاری داوە و بڕاوەتەوە، کەچی ئێستا بە بڕیارێک لا دەبردرێم؟ ( بێدەنگییەک) ئەزانم بڕیار و بەرژەوەندی حیزب لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە. ( کامیل و شەوبۆ ئەبڵەق بوونە و بە حەپەساوییەوە سەیری ڕەئوف دەکەن و گوێیان هەڵخستووە) من گوێرایەڵی بڕیارەکانی حیزبم قوربان. بەڵام بەداخەوە بێئومێد بووم. دامنابوو خزمەت بکەم. بەس ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخسا. ( لەسەر قەنەفەکە دادەنیشێت) چی قوربان چوار ساڵی تر؟ ئینجا کێ ئەڵێ وەکو ئەمجارە لانادرێم؟ ( وچانێکی کورت) باشە قوربان بەسەرچاو.. باشە ئاسایی وەری دەگرم. سوپاس قوربان گیان سوپاس. خوات لەگەڵ.

شەوبۆ : ( بە حەپەساوییەوە) ها چیبوو، بۆ وا قڵپ بوویتەوە؟
ڕەئوف : بەبڕیاری حیزب منیان لە پرۆسەی کاندیکردن دەرهێناوە.
شەوبۆ : ( بە تووڕەییەوە) چی چی؟ چیت وت؟ ئێ بۆ؟
ڕەئوف : ( بە مەلوولییەوە) نازانم، خۆشم نازانم بۆ لابردراوم.
کامیل : ئەی پێت نەوت من دنیام تێگەیاندووە و ئێستا ئەمە دەبێتە ئیحراجییەکی زۆر بۆم؟
ڕەئوف : با وتم. (ڕوو لە کامیل دەکات) ئەی گوێت لێنەبوو پێموت. بەس چیبکەم . بڕیار لای حیزبە حیزب چی بڕیار بدات هەر ئەوەیە.
شەوبۆ : (ڕوو لە ڕەئوف دەکات) وتم، هەر زوو وتم ئەو ژمارە ١٣ یە شوومە. کەچی تۆ دەتوت وا نییە. بزانە قسەکەم ڕاست دەرچوو یانا نا؟
ڕەئوف : ( تووڕەیی بە دەنگ و ڕووخساریدا دیارە) بڕیاری حیزب چ پەیوەندییەکی بە ژمارە ١٣ وە هەیە؟
شەوبۆ : ( بەدەم هەنسکەوە) ئەی خوایە بۆچی وات لێکردین؟ گوناهمان چیبوو؟ تازە ناگەینە ئاواتەکانمان.
کامیل : ( ڕوو بە شەوبۆ) دەی گوێی مەدەرێ و تازە هەرچی بووە گەڕانەوەی نییە. کاک ڕەئوفیش چی بکات فەقیرە هەوڵی زۆریدا و سەری نەگرت.
ئیتر بەمجۆرە هەرسێکیان بە زمانی جەستە نیشانی دەدەن کە لەقسەکردن بەردەوامن . دەنگیان کز دەبێت و ڕووناکیش کز کز دەبێت تا شانۆ تاریک دادێت.

کۆتایی

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کەنەدا / ٢٠٢٢




سێ نۆڤلێت لەبارەی شانۆوە.. نیهاد جامی

لەدەرەوەی ژانری شانۆنامە، ئاخۆ کاتێک ژانرێکی تری ئەدەبی باس لە شانۆو گرنگی ئەو هونەرە بکات، دەبێت چ نهنێیەک لەودیوی دنیای شانۆ بخاتە ڕوو؟ هیچ کاتێک ئەو پرسیارەم ئاراستەی خۆم نەکردبوو، تا ئەو کاتەی هەر سێ نۆڤلێتەکەی «دانێل پیناک» م نەخوێندبۆوە.
هەر یەک لەم سێ نۆڤلێتە سەر بەیەک دنیان و گەر خۆمان بەهەڵەدا نەبەین دەتوانین وەک یەک دەستنووس لەسێ پاکنووسدا ناویان بەرین، نۆڤلێتی یەکەم بەناونیشانی««سوپاس» چیرۆکی ئەکتەرێکی شانۆییە، وەک نوسەر ئاماژەی بۆ دەکات زیاتر لەمۆنۆلۆژێکی درێژ دەچێت، چەندین جار وەک شانۆنامە لە فەرەنسا و ئیتالیا نمایش کراوە.
ئەکتەرێک خەڵات وەردەگرێت، لێرەدا پەیوەندی نێوان ئەکتەر و وشەی سوپاس وەک مۆتیڤێک دەردەکەوێت کە بەدرێژایی گێڕانەوەی چیرۆک، ئێمە سوپاس گوزاری ئەکتەرێک دەبینین، کە سوپاسی خۆی دەخاتە ڕوو بەهۆی وەرگرتنی خەڵاتەوە، ئەو سوپاسە دەچێتە ناو نهنیەکانی نمایشی شانۆیی، تا دەگات بە شێوازی خەلات وەرگرتن لەفێستڤاڵەکاندا، کاتێک ئەوەی بیر دێتەوە هەست بە ئازار دەکات، چونکە دەزانێت پێوەری وەرگرتنەکانی خەڵات چین، کۆی ئەوانەش خاڵی نین لەو کەسەی کە رۆژی خەڵاتەکە و ڕێ و ڕەسمەکە دەیخوازێت، کە دەبێت بڕاوەی خەلات پابەندی کۆی ئەو سیستمە بێت، لەوەشدا ئەکتەر وەک مرۆڤێک دەزانێت بووە بە نەریت لەکاتی وەرگرتنی خەڵات دەبێت سوپاسی خانەوادەکەی و لێژنەی دادوەری و هاورێکانی بکات، هەر کەسێک کە بێتە سەر زمانی و بیناسێت سوپاسگوزاری بێت لەوەی وایان کردووە رێز لەشەونخونی و کاری ئەو بگرن، لەوەشدا باس لەو وەزیرەش دەکات کاتێک خەلات دەبەخشێت تەنیا سەیری خۆی دەکات نەک براوەی خەلاتەکە.
گێڕانەوە کۆی چیرۆک لەناو ووشەی سوپاس دەهێلێتەوە، کە ئەم ووشەیە دەبێتە هۆی ئەوەی هەر نهێنی و ڕاستیەک ئاماژەی بۆ بکرێت، دەبێت زادەی ئەم ووشەیە بێت، تەنانەت سوپاس لە ستایشەوە بۆ دەرنەبڕینی ستایشیش، کاتێک باس لەوانە دەکات کە هەرگیز سوپاسیان ناکات، گێڕانەوەکانی کارەکتەر ئەو ڕاستیەی نووسەر بە ڕوونی دەردەخات کە مەنەلۆژێکی شانۆیی زیاتر لەسەر شێوازی شانۆی تاکئەکتەری خۆی دەنوێنێت، رەنگە ئێمە ئەو تێکستە خەیاڵمان بەرێتەوە لای شانۆنامەی «گۆڕانی مالئاوایی» چێخۆڤ، بەهۆی ئەوەی ئەکتەرێک باس لەشانۆ و نهێنیەکانی دەکات، بەڵام لەبنەرەتدا تەواو لەو بابەتەوە دوورە، ڕەنگە هەموو نزیکیەکە هەر لەوەدا بێت کە ئەکتەرێک باس لەشانۆ دەکات، بەناو ناوبردنی نزیکی نێوان ئەو دوو تێکستە لەڕاستیدا ئاکارێکی نووسینە شانۆییەکانی کوردیە، بەوەی ئاسانترین رەخنەیەک دروست بکرێت تۆمەتبارکردنی تێکستەکانە بەیەکتری، رەنگە بپرسن: ئەی ئێمە بۆچی ئەو نمونەیەمان هێنایەوە؟
ئەو پرسیارە لەشوێنی خۆیدایە و تەنیا مەبەستمان ئەوەیە ئەوانەی لەو بارەیەوە دەنووسن بتوانن خێرا فرمانە سەپێنراوەکانیان بەسەر تێکست یەکلا نەکەنەوە، نووسینی کوردی بەناوی توێژینەوە پڕیەتی لەو فرمانانە، بەتایبەت کاتێک قسە لەشانۆنامەی کولتوری خۆرئاوایی دەکەن.
بەهۆی شێوازی گێڕانەوە، نووسەر ئەوەی بە پەسند زانیووە ناوی بنێت نۆڤلێت نەک شانۆنامە، ئەوەش بەتەنیا وەک یەک تێکست کۆتایی نایەت، بۆیە ووشەی سوپاس دەبێت بە ناونیشانی کتێبێک و لەو روانگەیەوە سێ نۆڤلێت لەبارەی شانۆ دەگرنە خۆیان.
نۆڤلێتی دووەم بەناونیشانی «ئیتالیەکانی من: تۆماری سەرکێشیەکی شانۆییە» خوێنەر تووشی هیچ دابڕانێک نابێت لەگەڵ نۆڤلێتی یەکەمدا، تەنانەت گێڕەرەوە هەوڵ دەدات ئەوەمان وەک دەستنووسێکی تری تێکستی «سوپاس» پێ نیشان بدات، ئەو پاکنوسە وەک جۆرێک ئیشکردنەوەیەکی سەر لەنوێ ناو دەبات، لەوەشدا بۆ کۆمەکی خۆی پەنا دەباتە بەر رۆمانی «مەدام بۆڤاری» فلۆبێر، بەوەی گەر فلۆبێر ئەمجارە ئەو رۆمانە بنووسێتەوە زۆر شت لا دەبات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کاتێک لەم نۆڤلێتەدا دەیەوێت تێکستەکە بخاتە سەر شانۆ نیوەی زیاتری دەبڕێت، لێرەدا ئێمە هەست ناکەین نۆڤلێتێک دەخوێنینەوە، وەک چۆن هەست بەوەش ناکەین لەبەردەم شانۆنامەیەکداین، بەڵکو لەناو خودی ژیان و شانۆداین، وەک ئەوەی لەناو ئەزموونی نووسین و شانۆ و خودی ژیاندا بین.
پەیوەندی راستەوخۆی ژیان لەپاریس و شانۆ وەک هونەر دەبنە مۆتیڤی سەرەکی، تا دەگاتە ئەوەی گوێ لەپرۆگرامی رادیۆ دەگرێت بە زمانی ئیتالی، لێرەدا دەچینە سەر پەیوەندی ناونیشانی ئەم نۆڤلێتە، ئیتالیەکانی ئەو بریتین لە ژنە ئیتالیەکەی و هاوڕێ ئیتاڵیەکەی، سەرباری ئەوەی وەک ئاماژەی بۆ دەکات نیوەی دانیشتوانی پاریس بە ئیتالی قسە دەکەن، بەتایبەت وەک دەرهێنەرەکەی باسی بۆ کردووە کە شانۆنامەکە لەفێستڤالێک نمایس دەکرێت، تایبەتە بە ژنانی ئیتاڵی، ئەوەش پەیوەندی ئەو سەرکێشیە شانۆییەتی لەگەڵ ئیتاڵیەکانیدا، وەک لەناونیشانەکەوە سەرنجمان بۆ لای خۆی ڕادەکەشێت.
ئەم نۆڤلێتەیان وەک پەراوێزێک بۆ نۆڤلێتی «سوپاس» دەردەکەوێت، گێرەرەوە خودی نوسەری نۆڤلێتەکەیە، کە دەیەوێت نواندنی تیا بکات، باس لەو چوار نمایشەی پێشوو دەکات کە شانۆکارانی پێش ئەو لەچوار نمایشی جیاوازدا کاریان تیای کردووە.
ئەگەرچی گێرەرەوە خۆی بە رۆمانوس دەزانێت نەوەک شانۆنووس، ئەوەش حەقیقەتی نوسەری ئەو کتێبەیە، بۆیە باس لەوە دەکات کە نوسەرانێکی زۆری شانۆ هەبوون نواندنیان لەشانۆنامەکانی خۆیاندا کردوە، نمونە دێنێتەوە بە مۆلیێر و شکسپیر و تا دەگات بە داریۆفۆ، لەهەمان کاتدا باس لەو رۆمانوسانە دەکات کە شانۆنامەیان نوسیووە، لەوانە کامۆو وسارتەر کە خۆیان نواندنیان لەشانۆنامەکان نەکردووە، بۆیە گێرەرەوە «نەوەک نوسەری کتێبەکە» خۆی بەیەکەم رۆمانوس دەزانێت کە نواندن لەشانۆنامەی خۆی دەکات، بەهۆی ئەوەی ئەم نوسینەی ئێمە بە زمانی کوردیە، بۆیە کەمێک لەو باسە دوردەکەمەوەو ئاماژە بە بابەتێک دەکەم.
گەر نوسەری ئەم کتێبە شانۆکارێکی کورد بوایە، مامۆستایانی بواری رەخنەی ئەدەبی وا سەیری ئەو کتێبەیان نەدەکرد کە سێ نۆڤلێت بێت، بەڵکو وەک یادداشتنامە و شانۆ سەیریان دەکرد، هەر وەک ئەو قسە قۆشمانەی زۆرجار رووبەروی خودی خۆمان کراوەتەوە، کە ژیانی رۆژانە دەنوسینەوە، ئەو لادانە لەقسەکردنمان لەم کتێبە بۆ ئەوەیە رەخنەگران و نوسەرانێکی زۆر کەمێک فراوانتر سەیری ئەدەب بکەن، بتوانن ئاشنایەتی پەیدا بکەن بە تێکست و کتێبی نوێوە.
نۆڤلێتەکە بەدوای گەیشتنی شانۆنامەکە بۆ سەر تەختەی شانۆ کۆتایی دێت، کە کۆی نۆڤلێتەکە بریتیە لەکارکردن لەناو شانۆنامە وەک نووسین، دواتر پرۆڤە لەتێکستەکە و تا چوونی بۆ سەر تەختەی شانۆ، سەرباری پەیوەندی بە ژیانی کولتوری پاریسیەوە، کۆتایی ئەو نۆڤلێتە دەرگایەکیترمان بۆ دەکاتەوە، تاوەکو گەشت بەناو ئەو دنیا شانۆییە بکەین، بۆیە نۆڤلێتی سێ یەم دەست پێ دەکات لەژێر ناونیشانی «سوپاس؛ ئیقتیباسێکی شانۆیی» ئەم نۆڤلێتە بەتەواوی لەنوسینی شانۆنامەیەکەوە نزیکە، بە دیمەنی سەر تەختەی شانۆ دەست پێ دەکات، دەتوانین ئەو نۆڤلێتە ناو بەرین، بە دەستپێکێک بۆ کۆتایی نۆڤلێتی دووەم، بۆیە هەر سێ نۆڤلێتەکە لەبارەی شانۆو بەدەوری ووشەی سوپاس دەسورێنەوە، سوپاس وەک ووشەو کردار ڕووبەرێکی گەورەی ئەو سێ تێکستە بەدوا یەکە پێکدێنێت، کە لە کتێبێکدا کۆبوونەتەوە، تابلۆکانی هیتلەر کە لە نۆڤلێتی یەکەم باسی لێوە دەکات، لە نۆڤلێتی سێ یەم بیرمان دێنێتەوە، هیتلەر ئەو مرۆڤەی ملیۆنەها کەسی بێگوناهی کوشت، کەچی پێشتر خەریکی نیگارکێشان بووە، ئەوە زانیاریەک نیە گێرەرەوە پێمانی ببەخشێت، هێندەی کەنالی پەیوەندی نێوان نۆڤلێتەکانە، نەک ئەو سێ تێکستە لەیەکتری دانابرێت، بەڵکو هەمیشە دەیەوێت وەک زنجیرەیەکی بەدوای یەک هاتوو بیانبینین، کە لەکۆتاییدا هەر سێ نۆڤلێتەکە وەک ڕۆمانی سوپاس بخوێنینەوە
لەلاپەڕەکانی کۆتاییدا تێدەگەین بۆچی ناونراوە «سوپاس» ئەو ستایشە پێوەری وەرگرتنی خەلاتەکانە، جا با خەڵاتەکە وەک رێزلەنان بێت بۆ تەواوی کارەکانی ژیانت، بۆیە لەکۆتاییدا ئەو وشەیە لەستایشەوە دەگۆرێت بۆ ئاماژەیەکی هەڕەشە کە سوپاسی بەرێز بلامارد ناکات، ئەوەی شایستەی سوپاس بێت ئەو نیە مرۆڤەکانی دەرەوەی خەڵاتەکانن، مرۆڤگەلێکی پەراوێزی ناو ژیان، ئەوانەی کاری خزمەتگوزاری و ساقیەتی مەیخانەکان دەکەن.

نیهاد جامی- فەڕەنسا




ستانسلاڤسکی لەتازەترین پرۆژەی شانۆی ڕۆژدا.. نیهاد جامی


لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی سارد لە ١٩٦٤ شانۆی ڕۆژ لەلایان ئاریانا منۆشکین دامەزرا، هەر لەو ساڵەدا شانۆگەری بۆرژوازی بچوکیان نمایش کرد، ئەو سەرەتایە دەرگای بۆ شانۆیەکی نوێ لێ کردنەوە کە لەڕێگەی ڕاگوزەرو چۆنیەتی کارکردنەوە لەدژی دامەزراوە سونەتیەکان دەست بەکاری شانۆیی بکەن، تا دەگات بە دوا نمایشیان کە ساڵی رابردوو نمایشکرا، چیرۆکی دامەزراندن و قسەکردن لەتەواوی نمایشەکانیان بابەتێکی سەربەخۆ دەبێت و لێرەدا ناکرێت قسەی لەبارەوە بکەین و بەناچاری هەڵیدەگرین بۆ دەرفەتی تر، ئەوەی مەبەستمانە لەم نووسینەدا لەسەر دواهەمین نمایشی ئەم شانۆیە قسە بکەین.
لەنامەیەکی شانۆی رۆژ ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کەوا ساڵی ٢٠١٨ میوانداری دەرهێنەر ڕۆبێری لیپاچ کراوە، ئەمجارەشیان بانگهێشتی شانۆکارێکی تر کرا بۆ ئەوەی لەگەڵ شانۆی ڕۆژ کار بکات، بانگهێشتکردنی نوسەرو دەرهێنەرێکی ئەمریکی بۆ باسکردن لەشانۆی ستانسلاڤسکی بۆ خۆی پرسێکی گرنگی شانۆیە، کارێکە جێی هەڵوەستە و پرسیارکردنە، بەتایبەت ئەو کارە تەواو ئەو دیدە باوەی ڕانردووی شانۆکە تێکدەشکێنێت لەڕووی راگوزەرێک لەناو تێکستدا کەوا لەسەرەتای کارکردنی شانۆی ڕۆژ دەردەکەوێت، هەلبەت ئەم شانۆیە بەپێی ساڵەکان کاری لەگەڵ دەرهێنەری جیاواز کردووەو دیدی بۆ شانۆ گەشەی کردووە، بۆیە نوسەر و دەرهێنەری ئەمریکی ڕیشارد نیلسۆن (١) میوانداری کرا تا تازەترین کاری لەگەڵ ئەکتەرانی شانۆی ڕۆژ نمایش بکات، کارەکەش شانۆنامەیەک بوو لەژێرناونیشانی «ژیانی ئێمە لەهونەردا» (٢) لەچەندین ئاستی جیاواز جێی گرنگی و بایەخە، دەقەکە ئاریانا منوشکین وەریگێراوە بۆ سەر زمانی فەرەنسی و لەکتێبێکدا چاپکراوە (٣)
شانۆنامەکە باس لەگەشتە هونەریەکەی شانۆی هونەری مۆسکۆ دەکات، کاتێک ساڵی ١٩٢٣ لەسالیادی بیست و پێنجەمینی تیپەکە سەفەر دەکەن بەرەو ئەمریکا، بۆیە کارەکتەرو ناوەکانی وەک خۆی لەشانۆنامەکەدا بەکار هێناوەتەوە، تەنانەت ستانسلاڤسکی وەک دەرهێنەر ئەویش لەناو ڕووداوەکاندایە، لەپاڵ ئۆلگای خۆشەویست وهاوسەری چێخۆڤ و کارەکتەرەکانیتر.
شانۆنامەکە بریتیە لە شەش دیمەن، دیمەنی سێیەم دوو بەشە، بەهۆی ئەوەی لەسەر دوو بیرۆکە کار دەکات، دوو نامە هەیە بۆ سەرەتا و کۆتایی، کە زیاتر پەیامی ڕاستەوخۆیە بۆ بینەر بۆ تێگەیشتن لەبیرۆکەی نمایش و ئەنجامی کارەکە.
رووداوەکان هەر هەموویان لەیەک شوێن ڕوو دەدەن، کە هۆڵی ناخواردنە، لەدیمەنی یەکەمدا هاتنی تیپەکەیە بۆ ئەمریکا، ئێمە لەوێدا وێنەیەکی ڕوونمان بۆ شانۆنامەکە لا دروست دەبێت، باس لەگرفتە ئیداری و کولتوریەکانیان دەکەن لە ئەمریکا، هەندێک لە ئەکتەرەکان کێشەیان لەگەل خاوەنی مەیخانەی شانۆکە هەیە، دیمەنەکە خاڵی نیە لەکۆمیدیایەک کە لەشانۆنامەکانی چێخۆڤ دەیبینین، ئەوەش گەڕانەوەی نووسەرە بۆ ئەو دنیایە، کە چۆن کارەکتەرەکانی چێخۆڤ کاریگەریەکی گرنگیان لەناو ژیاندا هەیە، ووشەکان چۆن بەناخیاندا ڕۆیشتووە. شوناسی ڕووسی بوون بۆ ئەوان هەمیشە لەدیالۆگەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، ئەوەش جیاوازی کولتوری ئەو دوو کۆمەلگا جیاوازە نیشان دەدات، بەگشتی شانۆنامەکە دەیەوێت گەشتی شانۆی هونەری مۆسکۆ بگێڕێتەوە، لێرەدا توێژینەوەیەکی ورد لەبارەی ئەو گەشتە دەخوێنینەوەو دەبینین، ئەوەی جیاوازی درووست دەکات ئەوە شێوازو زمانی کارەکەیە، ئێمە لەدەرەوەی توێژینەوەی نووسراو و سەپاندنی دۆکیۆمێنت لەناو ڕووداوەکانداین، وەک ئەوەی لەناو خودی ژیاندا بین و ڕووداوەکان وەک شانۆنامە لەگەڵماندا ڕێدەکەن، لەراستیدا بابەت گەشتێکی هونەری ئەم شانۆییە.
گفتوگۆکان چەندە قسە لەنان دروست کردن دەکەن، چاوەروانی کردن بۆ نان خواردن، لەهەمان کاتدا گفتوگۆکان لەبارەی کارە شانۆییەکان و شانۆنامەکانی چێخۆڤ و باس لەئەکتەرێکە کە لەتەمەنی هەشت سالی هاملێتی بینیووە، بەگشتی ژیانی ئەوان بەناو شانۆدا دەسورێتەوە.
قسەکردن لەکێشە ئیداری و هونەریەکانی ئەم تیپە و تەنانەت سوور بوونی کەسێک لەئەمریکا بۆ بینینی ستانسلاڤسکی، دەبێتە بابەتی گفتوگۆی تیپەکە، ئەکتەرەکان بەرچاو ڕونیەکی تەواو دەخەنە ڕوو، بەوەی ئەمریکیەکان وا سەیری دەکەن کە ئەو دەرهێنەرێکی ڕووسیە و دەوڵەمەندە، ئێمە لەکۆتاییەکانی دیمەنی چوارەم کاتێک لەناو ئەو گفتوگۆیەداین، هەمیشە بەنهێنی نوێ ئاشنا دەبینین، لەگەشتی ئەو تیپە بۆ شیکاگۆی ئەمریکی.
ریشارد نیلسۆن کە کارەکتەرەکانی لەئەندامانی تیپەکە وەرگرتووەو لەسەر زاری خۆیان باس لەوردەکاری ئەو سەفەرە دەکەن، دەیەوێت شانۆنامەکە بکات بە ئارگۆمێنتی ئەو گەشتە هونەریە، بەدوای سەد ساڵ تێپەڕین بەسەر گەشتی ئەو تیپە، شانۆنامەیەک دەنووسێت لەبارەی سەفەری گرنگترین تیپی شانۆیی و دەرهێنەرێکی وەک ستانسلاڤسکی، کە لەم سەفەرەدا کێشە کولتوری و سیاسی و کەسێتیەکانیان چی بووە.
بەهەمان شێوەی ستانسلاڤسکی، چێخۆڤ کاریگەریەکی دیاری لەناو شانۆنامەکەدا هەیە، بەڵام ئەو نابینین، بەڵکو قسەکردنەکان لەبارەی شانۆنامەکان و بەتایبەت شانۆنامەی سێ خوشکەکە، ئەوە سەرباری ئەوەی ئۆلگا بەوردی باس لەژیان و نوسینەکانی دەکات.
سەرباری ئەوەی هەندێک نهێنی چێخۆڤ لەڕووی پەیوەندی نێوان ژیانی خێزانی وساتەکانی نووسین دەخرێتە ڕوو، بەتایبەت لەباسکردنی خوشکەکەی چێخۆڤ کە بەلشەفیک بووە.
وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد شانۆنامەکە بە نامەیەک دەست پێدەکات و بە نامەیەکیش کۆتایی دێت، نامەکەی کۆتایی کە ریشارد دەیخوێنێتەوە یانزە ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی تێپەڕیووە، نامەیەکە بە ئیمزای ستانسلاڤسکی ستایشی شۆرشی کۆمۆنیستی ڕووسی و حکومەتەکەی دەکات، بەوەی ئەو نیشتمانپەروەرەو ولات و حکومەتەکەی خۆی خۆش دەوێت، لەگەڵ کۆتایی نامەکە ستانسلاڤسکی لێی نزیک دەبێتەوە، بەڵام ریشارد دەلێت «ئەو ئەمەی نەنووسیوە، بەڵام ناچار بوو ئیمزا لەسەر ئەو نامەیە بکات» نامەکە دەپێچێتەوەو دەیخاتەوە گیرفانی خۆیەوە، دەچێتەوە لای ئەکتەرەکان، مۆسیقا و گۆرانی شانۆگەریەکە دەست پێدەکاتەوە، شانۆنامەکەش کۆتایی دێت.
ئەو کۆتاییە وەک پاکانەیەک بۆ سەفەرەکەی ئەمریکاو گەشتی شانۆکەی دەرکەوتووە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەهەموو گومان و پرسیارێک بێنێت کە شانۆگەری سێ خوشک لە شیکاگۆی ئەمریکی درووستی کرد، ئەو کاریگەریە گرنگەی شانۆگەریەکە حکومەتی شورەویی ستانسلاڤسکی ناچار بەوە دەکات، نامەیەکی ئامادەکراو لەلایان حکومەتەوە ئیمزا بکات کە ئەو نووسیویەتی، ڕەنگە ئەو پرسە گرنگی تایبەتی خۆی هەبێت لەقسەکردن و گفتوگۆکانی ناو شانۆنامەکە و پارتی بەلشەفیک کە لەم شانۆنامەیەدا ئەکتەرەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن و ئاماژەکان دەبەستنەوە بە خوشکەکەی چێخۆڤ، (٤) بەڵام چونکە لەنمایشەکەی شیکاگۆ، ستانسلاڤسکی توانیەتی ئەوە لەکردەی دەرهێنان ڕوون بکاتەوە بەپێی ئەو ژینگە ئەمریکییە دوور لەدەسەلاتی ڕووسی ئەو کات، بۆیە تۆمەتەکە دەخرێتە سەر ئەو، چێخۆڤ وەک بێگوناه دەردەکەوێت، بەڵام لەلای ریشارد نیلسۆن هۆکارەکە بۆ دۆخی خێزانی چێخۆڤ خۆی دەگەڕێندرێتەوە.
لێرەوە گرنگی ئەم شانۆنامەیە لەچەندین ئاستی جیاواز دەردەکەوێت، کە دیارە ئەوە یەکەم کاری نووسەرە بە فەڕەنسی نمایش بکرێت، کارەکە لەبنەرەتدا بە ئینگلیزیی نووسراوە، کاتێک لەگەڵ منۆشکین باسی کارەکە دەکات، ڕەزامەندی لەسەر ئەوە نیشان دەدات کە میوانداری بکەن تا بێت لەشانۆی ڕۆژ لەگەڵ ئەوان کاری تیا بکات، (٥) هەڵبەت کارەکە هاوکاتی سەد ساڵەی گەشتی شانۆی هونەری مۆسکۆیە بۆ ئەمریکا.
گەڕانەوەی شانۆی ڕۆژ بۆ ستانسلاڤسکی، نیشاندانی پاشگەزبوونەوەی شانۆی ڕۆژ نیە بۆ ئەزموونەکانی، هێندەی گەڕانەوەیە بۆ گرنگی ستانسلاڤسکی لەهونەری شانۆدا، بەتایبەت کە لەم شانۆنامەیەدا دیدی ئەو دەرهێنەرە لەگەڵ ئەکتەرەکانی بۆ تیۆری دەرهێنان و شیکردنەوەی تێکست باس دەکرێت، لەم ڕێگایەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ نیشان دەدات کە گەڕانەوەکەی ئەو گەڕانەوەیە بۆ ناو بنەما زانستیەکانی شانۆ و لەهەمان کاتدا سەرباری هەموو شتێک، ناکرێ شانۆ ڕۆلی گرنگی ستانسلاڤسکی فەرامۆش بکات.
هاودەنگی نێوان نیلسۆن و شانۆی ڕۆژ کۆبونەوەیە لەسەر خوانی شانۆنامەکە، گرنگی ستانسلاڤسکی لەو کۆبونەوەیەدا زیاتر لە دیمەنی سێیەمدا دەیبینین، کاتێک باسی ژنێک دەکەن و هەمویان لەدیالۆگەکەدا بەشدارن، شێوازێکە بۆ شیکردنەوەی کارەکتەر، لەم دیمەنەوە تێدەگەیت ستانسلاڤسکی لەڕێی شانۆیەکەیەوە دەیەوێت توێژینەوە لەبارەی ژیانەوە بکات، لێرەدا گەر خالێک شانۆی رۆژ بەدرێژایی ئەزموونی کارکردنی لەڕێی فۆرمی جیاوازەوە ئەو کارە بەئەنجام بگەیەنێت، سەرەنجام بۆ شیکردنەوەی کارەکتەر دەگەرێتەوە بۆ ستانسلاڤسکی لەڕێی ئەم شانۆنامەیەوە.
لێرەدا دوو خاڵی گرنگ لەپشت نووسینی ئەم شانۆنامەیە بۆ نووسەر وەستاوە، یەکەمیان کاردانەوەیەکی ئەخلاقیە بەرامبەر بەو تیپە شانۆییە کە سەد ساڵ پێشتر چوونەتە وڵاتەکەی، بەپێی دۆکیۆمێنتەکان کە لەوتارێکدا بەدوای شانۆنامەکە نووسیویەتی و لەکتێبەکە لەگەڵ وتارێکی منۆشکین و گفتوگۆیەکی هەردووکیان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چۆن بینەران بە ورووژم بەرەو هۆڵی شانۆگەریەکە هاتونەتە تا کارەکەی شانۆکارانی ڕووسی ببینن.
خاڵی دووەمیش وابەستەی ئەو ململانێ سیاسیەی ئەو دوو بلۆکی سۆسیالیستی و سەرمایەداریەی ئەو رۆژگارە بووە، کە دواتر ئیمزا لەسەر نامەیەک بە ستانسلاڤسکی دەکەن، لەکاتێکدا نمایشەکەی وەک دەسەلاتێکی هونەری سەربەخۆ دیدی ئەوی بەرجەستە کردووە، بەڵام وەک نیلسۆن لەو گفتوگۆیەکەی وێب سایتی «کتێب و فیکرەکان» بەناوی «سەدەی ستانسلاڤسکی» بە زمانی ئینگلیزیی بڵاو بۆتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە شانۆ و سیاسەت لەیەکتر دانەبڕاون، دیارە ئەو ڕوانینەی نیلسۆن بۆ ستانسلاڤسکیش هەر ڕاستە، بەڵام پرسەکە ئەوەیە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەدوای کۆتایی هاتنی، ناتوانێت ستەمی سەپێنراوی تا کۆتایی حاقیقەت بشارێتەوە، حەقیقەت لەکاری هونەریە، ئەو دێت بەدوای مەرگی بلۆکی سۆسیالیستی لەم شانۆنامەیەدا بوونی خۆی دوای سەدەیەک نیشان دەداتەوە.

نیهاد جامی-فەڕەنسا
——————————–

پەراوێز و سەرچاوەکان:
(١) ریتشارد نیلسۆن شانۆنوس و دەرهێنەرێکی ئەمریکیە لە دایکبوی ١٩٥٠، وەک نووسەری شانۆیی بیست و چوار خەلاتی وەرگرتووە، پەنجا و دوو شانۆنامەی نووسیوە، هەندێکیان لەتێکستی ترەوە وەرگیراون، بەتایبەت دوو کاری لە دوو شانۆنامەی چێخۆڤ وەرگرتووە، پێنج شانۆنامەی بۆ ڕادیۆ نووسیوە، سیناریۆی بۆ پێنج فیلمیش نووسیوە، دواهەمین بەرهەمی سالی ٢٠٢٤ نووسیوە لەژێر ناوی «رۆژانەی جەنگ و شانۆ»
(٢)Notre vie dans l’art /Richard Nelson, l’avant-scène théâtre 2023
(٣) یەکەم نمایشی شانۆنامەکە لە رۆژی ٦ ی دیسێمبەری ٢٠٢٣، چوارچێوەی فێستڤالی پایزدا نمایش کرا.
(٤) بەبڕوای ئێمە ئەو پرسە تا ئێستا لەنووسینی کوردیی لەبارەی سێ خوشکەکەی چێخۆڤ باسی نەکراوە، بۆیە هەر وتارێک لەبارەی ئەم شانۆنامەیە نووسرابێت تەنیا هەولدراوە، باس لەوە بکرێت کە نووسراوە، بەواتای توانای ئەوە نەبووە کە نهێنی نووسین ئاشکرا بکات.
(٥) Stanislavski’s century, an interview with Richard Nelson, www.booksandideas.net




شانۆ\ وێستگەی کۆچەران.. نوسینی: کاوە عوسمان

دیمەنەکە کەنار دەریایەکە کە وەک دوا ویستگەی کۆچی کۆچبەرانە . شوێنی سەرەکی بەرزترە لە چواردەوری کەوەک
دەروازەیەکی کراوەیە و ئەڕوانێ بەسەر زەریاکەی بەردەما. چەند دارێکی پەل و پۆ شکاو لەگەڵ چەند پارچە جل و
بەرگێکی شڕ و کۆن کە هەندێکی بەسەر چل و لقی دارە وشکەکانا هەڵواسراون. لەسەر زەمیینیش چەند پارچە شت
و مەکێکی فڕێدراویش کە لەالیەن کۆچبەرەرەوە جێماون ، هەروەها پارچە بەلەمێکی شکاوو پارچە چوپێکی دڕاویش
بەسەر دارێکی شکاوەوە ئەبینرێت.
دوو کارەکتەر لە بەشی دواوە ی شانۆ دێنە ژورەوە هەروەک ئەوەی لە ڕێگەی دوورەوە هاتبن و هەردوکیان یەک
جۆر جل و بەرگیان لەبەردایە، هەروەها بەهەمان شێوەش شێواز قژێکی درێژو شێواو هەروەها روخساریان
ماندوودیارە….

بۆ خوێندنەوەی شانۆنامە کلیکی ئێرەبکەن…




بۆچی شكسپیر لە تراژیدیاوە ڕووی كردە كۆمێدیا؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

وەك چۆن شكسپیر لەتراژیدیادا نووسەرێكی شانۆیی كەم وێنە بووە، لەهەمان كاتیشدا لە نووسینی شانۆی كۆمێدیشدا باڵا دەست بووە و لە تەمەنی خۆیدا 17 شانۆگەری كۆمێدی نووسیووە، كۆمێدیای شكسپیری بە كۆمێدیای رۆمانسیش ناودەبرێت،
لەسەردەمی ئەلیزابیسی دا كۆمیدیا مانایێكی جیاوازی هەبوو، زۆر جێگەی بایەخ بووە، زۆر جاران شانۆگەرییەكان دەبوا بەئەنجامێكی بەختەوەر كۆتایی بێت، شكسپیر ویستویەتی بە حەزی زۆر لە بینەرانی كردووە، كە ئارەزوویان ئەوە بووە تراژیدیاكانی شكسپیر بەو كۆتاییە مەرگەساتانە نێت، كە دووچاری جۆرێك لە دڵگرانی و خەمۆكی دەكردن، بە لەناوچوونی كاراكتەرە ئەرێنی و رۆمانسیەكانی و سەركەوتنی خیانەت كاران و چاوچنۆك و تەماع كارانی دەسەڵات.
ئەگەرچی شسكپیر ویستویەتی درۆ لەگەڵ واقیع دا نەكات و رووداوەكان وەك خۆی بەرجەستە بكات و لەگەڵ بینەرانی خۆیدا راستگۆ بێت، بەڵام هەمیشە بینەر ویستویەتی ئەوەی لەواقیع دا دەیبینی لەشانۆو سینەمادا دووبارە نەبێتەوە، ئەوشتێ ببینێ كە ئاواتی بۆ دەخوازێ و بەشێكە لە خەون و ئاواتەكانی.
بۆیە شكسپیر ویستی لەرێگەی نووسینی شانۆی كۆمێدی ئاواتی بەشێك لەو بینەرانە بێنێ، بە رەچاو كردنی ئەوەی كە هەموو بینەران لەبۆچوون و دنیا بینی دا وەك یەك نین، وەك چۆن زۆرێك لەبینەران بەشانۆگەرییە تراژیدییەكانی كاریگەر دەبن، بەڵام بەشێكی تر هەن ئارەزووی شانۆی كۆمێدی دەكەن .
لەلایەكی ترەوە شكسپیر بەم چەند شانۆگەرییە كۆمێدییە ویستویەتی بڵێ ئەو دەسەڵاتی لە بە سەر هەمووفۆرمێكی شانۆییدا دەشكێ و بەتەنیا تراژیدیا نەبەستراوەتەوە، بۆیە خۆی لەزۆر شێوازی جیا جیای شانۆیی داوە، بەهەمان ئاستی شانۆگەرییە تراژیدیاكانی.
ئەم حاڵەتە هور تەنهالە شانۆدا نەبووە، بەهەمان شێوە لەسینەماشدا، هەر تەنها شانۆگەرییە تراژیدیاكانی شكسپیر نەكراون بەفیلم بەڵكو زۆرێك لەشانۆگەرییە كۆمێدی و رۆمانسییەكانیشی، لەسینەماشدا هەمان سەركەوتنیان بەدەست هێناوە كە لەشانۆدا هەبووە.

گرنگترین شانۆگەرییە كۆمێدیەكانی شكسپیر بریتی بوون لە:
خەونی نیوەشەوی هاوین، كارەكان بەكۆتاییەكانیانەوە، (وەك حەزی لێدەكەیت، سیمیلین، خۆشەویستی هەوڵێكی بێ هودەیە، هاوار بەهاوار، بازرگانی ڤینیسیا، هاوسەرە خۆش بەزمەكانی وندرسون، ژاوەژاوێكی بێ ئەنجام، بیرسیلیس، میر تیر، راهێنانی پلنگ، كۆمێدیای هەڵەكان، گێژەڵوكە، شەوی دوانزەهەم، دوو خزمە باشەكان، حیكایەتی زستان.
هەندێ لەرەخنەگرانیش پێیان وابووە، ئەو شانۆگەریانەی بەكۆمێدیا ناونراون، لەرەسەندا شانۆگەری رۆمانسین.
شكسپیر هەوڵی داوە لەرووی زمان و دیالۆگەوە، بەشێوازێكی كەمێك شەفاف ترو ساناتر شانۆگەرییەكانی داڕێژێ و زمانێكی میللییانەیان بداتێ، كە بەشی زۆریان لەم خاڵانەدا گرد دەبوونەوە:

  • لەو شانۆگەرییە كۆمێدیانە بەپلەی یەكەم پشتی بەدیمەن و رووداو بەستووە، كە لە رێگەی دروست كردنی هەندێ دیمەن و جوولەی كۆمێدی بینەر بێنێتە پێكەنین .
  • ململانێ ی گەنجە دڵدارەكان كە زۆرجاران كێشەیان لەگەڵ گەورەكانییان دابوو .
    *لێك جودا بوونەوەو پاشان گەڕانەوە بۆ باوەشی یەكتر، لەچوارچیوەی كۆمەڵێ دیمەنی سەرەژێرو تەنز ئامێزدا.
  • تەڵەكەبازی و ئەنجامەكانی، كە بینەر زۆرجاران بەهۆی ئاشكرابوونی ئەو تەڵەكە بازیانەو ریسوا بوونی كاراكتەرەكانی دڵخۆش بووەو كەوتۆتە پێكەنین .
    *كێشەو گرفتەكانی ناو خێزان، كە هەندێ جار بینەر لەگەڵ ئەو واقیعە تایبەتیانە پێكەنیووە، رەنگە زۆر جاران واقیعی خۆی تێدا دۆزیبێتەوەو ئەویش بووبێتە بەشێك لەرووداوو كاراكتەرەكانی.
    یەكێك لەدیارترین شانۆگەرییە كۆمێدیەكانی شكسپیر (خەونێك لە نیوەشەوی هاوین دا ) ی شكسپیرە، كە دەكەوێتە نێو چوارچیوەیەكی خەیاڵی،هاوكوف لەگەڵ واقیع داو رووداوەكانی لە( ئەسینا ) روودەدەن، لەو نمایشەدا كاراكتەری (بۆتۆم ) دەبێتە گوێ درێژو ئاشقی تیتانیای شاژن دەبێت، بۆیە هەندێ جار نمایشەكە بە ناوی( خەونی بۆتۆم ) یش ناونراوە.
    هەروا نمایشی ( شەوی دوانزەهەم) شانۆگەریەكی كۆمێدی نەبووە كە هەر تەنها خەڵك بهێنێتە پێكەنین، بەڵكو لە بنەچەدا شانۆگەریەكی تراژیدی بووە، بەڵام شكسپیر بەرگێكی خەیاڵی لەبەر كردووە، شانۆگەریەكی لەناو شانۆگەریەكی تر داڕشتووە و دابەشی كردووە بۆ چەند بەشێك، لەهەر یەكێكیان خەونێكی دیاری كردووە و هەموو خەونەكانیشی بەیەك بەستۆتەوە.
    بۆیە زۆرێك لەرەخنەگران ئەو شێوازەی نێوان تراژیدیاو كۆمێدیایان لەشانۆگەریەكانی شكسپیر بەشێوازی ( كۆمێدیای تراژیدی Tragicomedy ) ناو ناوە.

    فیلمی سەردەمی ون بوون
    ساڵی 2015 دەرهێنەری ناسراو ( ریتشاردبراسیول) فیلمێكی كۆمێدی دەربارەی ژیانی شكسپیر بەرهەم هێنا كە تێیدا سوودی لەچیرۆكێكی واقعی شكسپیر بینیووە.
    دەرهێنەر ئەو سەردەمەی لەژیانی شكسپیر ناو ناوە (سەردەمی ون بوون) و تێیدا باس لەژیانی سادەی رۆژانەی شكسپیر دەكات بەر لەوەی ئەو ناوداریەتیە جیهانییەی هەبێ، لەوانە باسی ئەوە دەكات كە چۆن شكسیپیر چۆتە تیپێكی گۆرانی رۆك، بەڵام دواتر لەتیپەكە دەریان كردووە، بۆیە بەناچاری لەجلو بەرگێكی نەناسراودا، دەستی كردووە بەكاسبی تەماتە فرۆشی لەبازاڕەكانی لەندەن.
    دەرهێنەر شكسپیری كردووە بەپیاوێكی بێ كارو كاسبی، كە ئەو بێ كاریەی زۆر جاران هەڕەشەی لەژیانی خێزانی كردووە، بۆیە سەری خۆی لەگوندەكەی خۆیان( ستراتفۆرد) هە ڵگرتووە، بەو ئاواتەی بچێتە شارو دەست بكات بەكاری نووسینی شانۆگەری.
    دەرهێنەر بۆ وێنگرتنی ئەم رووداوانەی ژیانی شكسپیر رووی كردۆتە شوێنی لەدایك بوونی شكسپیر، كە پێشتر بە ناوی ( ولیەم ) ناو نرابوو، بۆ ئەوەی لەوێ شوێنەوارەكانی ئەو نووسەرە بلیمەتە بەسەر كاتەوە.




کتێب\ شانۆی سەر شەقام.. نیهاد جامی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب\ فەلسەفەی شانۆ.. شانۆی فەلسەفی.. نیهاد جامی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




كۆمێدیا یان گاڵتە جاڕی؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

زۆرێك لەپسپۆرە دەروونیەكان وای بۆ دەچن كە پێكەنین وەك دیاردەیەكی دەروونی و كۆمەڵایەتی، كاریگەری خۆی هەیە لەسەر ژیانی تاك و كۆمەڵگا، بەڵام لەشانۆو سینەمادا ئامانجێكی فرەوانتر لە خۆی هەڵدەگرێ و وروژاندنی پێكەنین بەئامانجی ئاراستەكردنی ڕەخنەیە بۆ نالۆژیكیەتی هەڵوێستەكان .
بۆیە كۆمێدیای ئامانج دار رۆڵی چاككردنەوەی هەڵە كۆمەڵایەتیەكان دەگێڕێت لەرێگەی وروژاندن و نیشاندانیان، چونكە كاتێ بینەر هەڵەكانی خۆی بەچاوی خۆی دەبینێ و خۆی بە هەڵوێستە نالۆژیكییەكانی خۆی پێ دەكەنێ، ئەو كاتە پێكەنین دەبێتە فەلسەفەیەكی مرۆیی لەپێناو چاكسازی كۆمەڵایەتی.
بەگشتی پێكەنین لە فەلسەفەدا وەك حاڵەتێكی سایكۆلۆژی سەیر دەكرێت، بۆ ڕەواندنەوەی بارگرانیەكی دەروونی، بە تایبەت لەو كاتانەی مرۆڤ لەژێر فشارێكی زۆری نا ئارامی پەنا بۆ پێكەنین دەبات، بۆ بەدەستهێنانی جۆرێك لەهاوسەنگی و ئارامی دەروونی.
فەیلەسوفی فەڕەنسی (بێرگسۆن) كە ساڵی 1927 خەڵاتی نۆبلی بەدەست هێناوە بەتاكە فەیلەسوف دادەنرێت كە لە توێژینەوەكانیدا باسی لە كاریگەریەكانی پێكەنین كردووە لەسەر مرۆڤ، بە تایبەتیش لەو كاتانەی دەبێتە بینەرێك لەشانۆو سینەمادا، لەوێدا بیرگسۆن باس لەو ڕەگەزە بنەڕەتیەكانی پێكەنین و فەلسەفەی پێكەنین دەكات، بۆ ئەوەی پێكەنین ئامانجە گەورەكانی خۆی بپێكێنێ و دەست نیشانی هەموو ئەو خاڵانەی كردووە كە وادەكەن، ئەو بینەرە كاتەكانی خۆی لەشانۆو سینەمادا چۆن بەقازانجێكی زۆری سایكۆلۆژی و عەقلی قۆرخ بكات.
زۆر بەتێرو تەسەلیش باس لەنواندنی راستەقینەی كۆمێدیاو فۆرم و جولانەوەی ئەكتەرو دیمەنە نالۆژیكییەكانی دەكات، هەموو ئەوانەی خستۆتە ناو بەرگی كتێبێكی ناوازە بەناوی (پێكەنین وەك فەلسەفە)
خۆ دەكرێت ئێمەی كوردیش بپرسین ئاخۆ تا چەند چەمكی پێكەنینەكەی (بێرگسۆن) لە نمایشی شانۆیی و سینەمای كۆمیدی ئێمەدا ڕەنگ دەداتەوە؟
كۆمێدیا بەچەمكە هونەری و فەلسەفی و ئایدۆلۆژییەكەیەوە، لای ئێمە لەگەڵ تێپەڕبوونی كات وردە وردە بەها گەورەكانی خۆی لەدەست دەدات و لە ئامانجە ڕاستەقینەكەی خۆی ڕووت دەكرێتەوە، بەشێوەیەك بەرگێكی تری بازرگانی لەبەر دەكەن، كە نەیناسیتەوەو نەزانیت ئامانج لەبوونی ئەو جۆرە بەناو كۆمێدیایە چیەو چ ئامانجێكی هەڵگرتووە.
كەچی ئێمەی كورد، لەڕابووردوودا لەڕووی كۆمێدیاوە، میراتێكی دەوڵەمەندمان بۆ بەجێ ماوە، بەشێكی زۆر لەئەكتەرانی ئێمە لەسەردەمی ئاڵتوونیەوە تا ئەم دواییەش كۆمێدیا شا دەماری شاكارەكانیان بووە، بەتایبەتە كۆمێدیای ڕەش ـ كە زۆر ئامانجی گەورەمان لە پەنایەوە گەیاندۆتە هزری بینەرو مێشكمان پێی زوخاو داوەتەوە.
ناكرێت ئەوەی ئێستا لە هەندێ بەرهەم لە سینەماو شانۆی كوردی دا دەیبینین ناوی كۆمێدیایان لێ بنێین، بەڵكو ئەمەیان هونەرێكی گاڵتە جاڕیە كە تەنیا دوو ئامانجی بنەڕەتی هەڵگرتووە:
1.بەپێكەنین خستنی بینەر بەهەر فۆرمێك بێت .
2.لەبەرچاوگرتنی پرسە بازرگانیەكە لەژێر هەرناونیشانێك كە وەك بینەر ناوی دەنێیت.
ئەو كۆمەڵگایانەی كەبەدەست فشارە كۆمەڵایەتی یان سیاسییەكانەوە دەناڵێنن، ڕەنگە پاساوی قەبوڵ كردنیان بۆ گاڵتەجاڕی ئەوەبێت كە ئەوان گاڵتەجاڕی وەك ئامرازێك بزانن بۆ دەربازبوون لەواقیعێكی تاڵ.
وەك ئەوان دەڵێن گاڵتەجاڕی جۆرێك لەكات بەسەربردن و ڕزگاربوون لەفشارەكان دابین دەكات.
لەبەرامبەردا شانۆی جدی، زۆرجار باس لەپرسە ئاڵۆزە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان دەكات، كە هەندێ جار هەندێ لەبینەران لەدەستی ڕادەكەن، چونكە نایانەوێ ڕووبەڕووی واقیعێكی تاڵ ببنەوە كە مەزاجیان تێك دەدات، یاخود نیگەرانیان دەكات.
لەهەندێ كۆمەڵگای وەك كۆمەڵگای ئێمە، خواست لەسەر كۆمیدیای گاڵتەجاڕی لە زیادبووندایە، ئەمەش وایكردووە هەندێ لەبەرهەمهێنەران، ئەم ژانرەیان پێ باشتر بێت، چونكە بەپێوەرە بازرگانیەكە بۆ ئەوان قازانجی زیاترە.
لەڕووی هونەریشەوە نواندنی گاڵتەجاری جەخت لەسەر جولاندنی دەم و چاوو بایەخدان بە ئارایشت و جلوبەرگ و ڕەنگ دەكات، كەمتر پشت بەدیالۆگ و خیتابی شانۆیی دەبەستێت.
لەو كۆمەڵگایانەی كە هوشیاریی كۆمەڵایەتیان تێدا كەم دەبێتەوە، پێویست بوونیان بۆ شانۆو فیلمی جدیش لاواز دەبێت،
بۆیە ئێستا خەریكە شانۆو فیلمی گاڵتە جاڕی بە قەوارەیەكی بەر فرەوان و بە فۆرمێكی تر دەگەڕێتەوە، كە تێیدا پرسە ماددییەكان دەخرێتە سەرووی هەموو شتێكەوە.
لای ئەوانە پرسیاری گرنگ ئەوەیە چۆن زۆرترین بینەر كۆ دەكەیتەوە؟
ژمارەی بینەرانت چەند دەبێت و فیلمەكەت چەند شارو چەند وڵات دەكات؟
بەگشتی ئامانجە سەرەكییەكان لە نواندنی گاڵتەجاڕی لەم خاڵانەدا كۆ دەبێتەوە:

  1. كات بەسەر بردن
    زۆرجار ئامانج لای چینێك بینەری نا هوشیاریی شانۆیی چێژێكی ستاتیكی یا ئایدۆلۆژی نیە بۆ چوونە شانۆ، بەڵكو تەنیا بەسەر بردنی كاتە، كە پێیان وایە بەپێكەنین و گاڵتەجاڕی پڕ بكرێتەوە.
    ئەمە لەكاتێكا ئەو جۆرە نمایشە گاڵتەجاڕیانە ئاستی تێگەیشتنیان ئەوەندە نزم دەكەنەوە، كە بینەر پێویستی بەهیچ گرێیەك نەبێت بۆ بیركردنەوە و بەئاسانی كاتەكان تێپەڕێنێ.
    بڕی ئەو بینەرە سادەیە لەبڕی نوخبەی شانۆیی یا بینەری هوشیاریی شانۆیی زێتر دەبێت و هەندێ دەرهێنەر لاف و گزافی پێ لێ دەدەن گوایە نمایشەكانیان پڕن لەجەماوەر.
    بەڵام هەرگیز ئەو بینەرە بازاڕیە پێوەر نیە بۆ سەركەوتنی نمایش، جگە لەڕەنگدانەوەی ویستی ئەو جۆرە بینەرانە نەبێت بۆ كات بەسەر بردنی خێرا، وەك فیلمەكەی ئەم دواییەی حاجی جادرو برادەرانی.
    2.كوالیتی كار
    ڕەنگە بەرهەمە جدی و ئاست بەرزەكان بینەرێكی بچووكتریان هەبێت، بەڵام چینێكی تایبەتمەندتری ئارەزوومەند بە شانۆ بۆ خۆیان ڕابكێشن.
    لەوانەیە ئەم بەرهەمانە لە ڕووی دەق و ئاراستەكردن و نمایش و پەیام و ئایدۆلۆژییەوە كوالیتێكی بەرزیان هەبێت، بەڵام مەرج نییە ژمارەیەكی زۆر بینەر بۆ خۆیان ڕابكێشن.

    3.هۆكارە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان:
    هەندێك جار بەرهەمە شانۆییەكان كە بینەرێكی زۆر ڕادەكێشن، پەیوەستن بە بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی، وەك كەمی تێچووی بلیت، یان بانگەشەیەكی بەرفراوانی میدیایی بۆ ڕاكێشانی بینەر، كە دوای بینینی بەرهەمەكە ئینجا تێ دەگەن، میدیا و پڕۆپاگەندە لەخشتەی بردوون، وەك فیلمەكەی كفن.

  2. پێشبینی بەتاڵ
    هەندێان لەبینەران بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمێك پشت بە بەرهەمی ڕابووردووی دەرهێنەرێك دەبەستن، كاریگەری لەسەر ئامادەبوونی بینەر دەبێت، كەچی ڕەنگە پێشبینیەكان لەسەر بنەمای ئەزموونەكانی ڕابووردوو دروست نەبێت و ڕوو بەڕووی حاڵەتێكی پەشیمان بوونەوە بێن، هەروا پێشبینی كردن لەسەر بەشداری پێ كردنی هەندێ ئەكتەری ناسراویش، دیسان هەر پێوەر نیە بۆ سەركەوتن، ڕەنگە ئەكتەرەكانیش لەهەموو بەرهەمێكدا سەركەوتوو نەبن.



“گرژی دەروونی و نەخۆشی دەمار (عوساب- neurosis) لە شانۆنامەی ‘ئاهەنگی لەدایکبوون’ی هارۆڵد پینتەر”

نووسین: ئاریان یوسف

پێشەکی
شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”ی هارۆڵد پینتەر کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٨ نمایشکرا، شانۆگەرییەکی کۆمیدی تاریکە و لە خانوویەکی بەشەناوخۆیی وێرانەدا لە کەناری دەریای ئینگلیزیدا ڕوودەدات. گرێچنەکەی لە دەوری ستانلی وێبەر، پیانۆژەنێکی خۆبەدەستەوەدەر و دەمارگیرە، کە تاکە میوانە لەو خانووە بەشەناوخۆییەدا کە لەلایەن مێگی خۆشەویستی و لە هەمان کاتدا بێئاگا و پیتی هاوسەرەکەیەوە بەڕێوەدەبرێت. بوونی ئاسایی و بێدەنگی ستانلی کاتێک تێکدەچێت کە دوو پیاوی نهێنی بە ناوەکانی گۆڵدبێرگ و مەککان دەگەن، بەڕواڵەت بۆ ئەوەی ستانلی بە هۆکارێکی نادیار ببەن. ئاهەنگی لەدایکبوونی دواتر کە لەلایەن مێگەوە ڕێکدەخرێت، دەگۆڕێت بۆ لێکۆڵینەوەیەکی کابوساوی، کە تیشک دەخاتە سەر تێکچوونی دەروونی ستانلی.
کارەکانی پینتەر بە گەڕان بەدوای تەوەرە دەروونییەکان بەناوبانگن و “ئاهەنگی لەدایکبوون”یش لەوە بێبەری نییە. شانۆنامەکە بە قووڵی لە ئاڵۆزییەکانی عەقڵی مرۆڤدا قووڵ دەبێتەوە، بە بەکارهێنانی ناڕوونی و گرژی و ترس بۆ ڕەنگدانەوەی دەمارەکانی کارەکتەرەکانی. ژینگەی بەڕواڵەت ئاسایی دەبێتە قۆناغێکی درامی دەروونی چڕ، کە سنوورەکانی نێوان واقیع و وەهم لێی کاڵ دەبنەوە. بەکارهێنانی وەستان و بێدەنگی و دیالۆگی پارچەپارچە لەلایەن پینتەرەوە کەشێکی نائارامی دروست دەکات، بینەر دەکێشێتە ناو گێژاوی ناوەوەی کارەکتەرەکانەوە. ئەم گرنگیدانە بە گرژی دەروونی و نەخۆشییە دەمارییەکان، تایبەتمەندییەکی شێوازی پینتەرە، کە “ئاهەنگی لەدایک بوون” دەکاتە پارچەیەکی سەرنجڕاکێش و نائارامکەری شانۆی مۆدێرن.

بەیاننامەی تێز:
هارۆڵد پینتەر لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایک بوون”دا، بە شێوەیەکی وەستایانە و لێهاتووانە گرژی دەروونی و دەمارگیری دەبەستێتە یەکەوە و وایان لێدەکات کە ناوەندی کاریگەری و ماناکانی شانۆنامەکە بێت. داینامیکی چڕ و پڕی دەروونی نێوان کارەکتەرەکان، هەستی بەربڵاوی ترس و نادڵنیایی و بەکارهێنانی دیالۆگ و کردارە ناڕوونەکان کەشێکی بەهێزی نائارامی دروست دەکەن. ئەم توخمانە نەک هەر پڵۆتەکە بەرەو پێشەوە دەبەن بەڵکو ڕەنگدانەوەی تەوەری قووڵتری دڵەڕاوکێی بوونگەرایی و لەدەستدانی ناسنامەن، ئەمەش وایکردووە “ئاهەنگی لەدایک بوون” ببێتە گەڕانێکی قووڵ لە دەروونی مرۆڤ و لاوازییەکانی.
بەشی یەکەم: ڕێکخستن و کەش و هەوا

  • وەسفکردنی ڕێکخستنەکە
    شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون” لە خانوویەکی بەشەناوخۆیی و خراپ و ترسناکدا لە کەناری دەریای ئینگلیزیدا ڕوودەدات. خانووی بەشەناوخۆییەکە لەلایەن مێگ و پیتی بۆڵزەوە بەڕێوەدەبرێت، تایبەتمەندی ناوەوەی داخراو و وێرانە، کە یەکسەر هەستێکی چەقبەستوویی و خراپبوون دەخولقێنێت. شوێنەکە ئاساییە، پڕە لە پێداویستیە ئاساییەکانی وەک ڕۆتینی ڕۆژانەی مێگ و پیتی و کەلوپەلی نەگونجاوی ماڵەکە. بەڵام ئەم ئاساییبوونە بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە هەستی نائارامی گشتی شانۆنامەکەدا. شوێنی داخراوی خانووی بەشەناوخۆییەکە دەبێتە ئامێری پەستان بۆ دەمار و گرژییەکانی کارەکتەرەکان، ئەمەش ئەو ناڕەحەتییە دەروونییە گەورەتر دەکات کە ستانلی و دانیشتووانەکەی دیکە تووشی دەبن.

    -کەش و میزاج
    پینتەر وردەکارییە ئاسایی و ڕۆژانەییەکانی خانووی بەشەناوخۆیی بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی کەشێکی پڕ لە گرژی. گفتوگۆ دووبارە و بێ بایەخەکانی نێوان کارەکتەرەکان، وەک پرسیارکردنی بێوچانی مێگ سەبارەت بە نانی بەیانی یان جێگیربوونی بە وردەکارییە بێ بایەخەکان، جەخت لەسەر بانالییەتی بوونیان دەکەنەوە. ئەم بانالیتە لە بەرامبەردا دەبێتە سەرچاوەی ناڕەحەتی، چونکە جیاوازییەکی توندی لەگەڵ ئەو مەترسییە بنەڕەتییە هەیە کە هاتنی گۆڵدبێرگ و مەککان دروستی دەکات (ئێسلین، ١٩٧٠).
    ناڕوونی و بێدەنگی ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بنیاتنانی فشاری دەروونی بە درێژایی شانۆنامەکە. بەکارهێنانی تایبەتمەندی وەستان و بێدەنگی لە دیالۆگدا لەلایەن پینتەرەوە هەستی نادڵنیایی و پێشبینیکردن بەرز دەکاتەوە. زۆرجار کارەکتەرەکان بە ڕستەی پارچەپارچە قسە دەکەن و زۆر شت بە نەگوتراو و کراوە بەڕووی لێکدانەوەدا دەهێڵنەوە. ئەم ناڕوونییە بە ئەنقەستە کەشێک دروست دەکات کە بینەر وەک کارەکتەرەکان بەردەوام لە لێواردایە، دڵنیا نییە لەوەی کە دواتر چی ڕوودەدات (دوکۆر، ١٩٨٨).
    ژینگەی کلۆسترۆفۆبیک، لەگەڵ وردەکارییە ئاساییەکان و بەکارهێنانی ستراتیژی بێدەنگی و ناڕوونی، جیهانێک دروست دەکات کە گرژی دەروونی و دەمارگیری تێیدا گەشە دەکات. شوێنی ئاسایی دەبێتە کانڤاسێک بۆ ئەو دراما دەروونییە نائاساییەی کە دەکرێتەوە، بینەر بە توندی ئاگاداری ناسکی و ناجێگیری عەقڵی مرۆڤ دەکات.

    بەشی دووەم: شیکاری کارەکتەرەکان
    -ستانلی وێبەر

    ستانلی وێبەر کارەکتەری سەرەکی شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”ە و ڕەفتارە دەمارگیرەکانی و مەیلە پارانۆیاییەکانی ڕۆڵی سەرەکین بۆ گرژی دەروونی شانۆنامەکە. ستانلی نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و پارانۆیا نیشان دەدات، زۆرجار بە وروژاندنی زۆرەوە کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بەو ڕووداوانەی کە بەڕواڵەت بێ زیانن. دۆخی نائارامی بەردەوامی ئەو، ڕابردوویەکی پڕ لە کێشە پیشان دەدات کە هێرش دەکاتە سەری، هەرچەندە پینتەر وردەکارییەکانی بە ناڕوونی بەجێدەهێڵێت. ڕەفتاری ناڕێک و ناڕێکی ستانلی، وەک تەقینەوە شەڕانگێزەکانی و کشانەوە بۆ بێدەنگی، ڕەنگدانەوەی ترس و بێمتمانەیی قووڵی ئەو لە جیهانی دەرەوەدایە (ئێسلین، ١٩٧٠). ئەم پارانۆیایە بەهۆی هاتنی گۆڵدبێرگ و مەککانەوە خراپتر دەبێت، کە لێکۆڵینەوەکانیان هەستی ناسکی ستانلی بۆ ئاسایش دەشکێنێت و زیاتر پاڵدەنێت بە تێکچوونێکی دەروونییەوە.

    -مێگ و پیتی بۆڵز
    مێگ و پیتی بۆڵز، خاوەن خانووی بەشەناوخۆیی، ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بەشداریکردن لە گرژییە دەروونییەکانی ناو شانۆنامەکەدا. ڕەفتاری کۆرپەگەرانەی مێگ بەرامبەر بە ستانلی، وەک منداڵێک مامەڵەی لەگەڵ دەکات و وەسوەسە بۆ ئاسوودەییەکەی، دینامیکییەکی نائارامکەر دروست دەکات. پێویستی بەردەوامی بە چەسپاندن و سۆز و خۆشەویستی نەشیاوی بەرامبەر ستانلی تیشک دەخاتە سەر ناسەقامگیری سۆزداری خۆی، ئەمەش ستانلی زیاتر نائارام دەکات (دوکۆر، ١٩٨٨). لە بەرامبەردا پیتی وەک کەسایەتییەکی پاسیڤ و دابڕاو دەمێنێتەوە، پشتگیرییەکی سۆزداری و سەقامگیرییەکی کەم پێشکەش دەکات. بێباکییەکەی ڕێگە دەدات گرژییەکە بەبێ کۆنتڕۆڵکردن پەرەبستێنێت. چاودێری خنکێنەری مێگ و پاسیڤیەتی پیتی پێکەوە بەشدارن لە کەشوهەوای ستەمکارانەدا، کە دەمارگیری و هەستی گیرخواردنی ستانلی توندتر دەکەنەوە.

    -گۆڵدبێرگ و مەککان
    گۆڵدبێرگ و مەککان لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”دا وەک بریکاری دەستکاریکردنی دەروونی کاردەکەن، کەشوهەوای ترس و دەمارەیی شانۆنامەکە چڕتر دەکەنەوە. هاتنی ئەوان بۆ بەشەناوخۆییەکان گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە شانۆنامەکەدا، چونکە بوونی نهێنی و هەڕەشەئامێزیان بە خێرایی هاوسەنگییە لە ئێستاوە نائارام دەکات. گۆڵدبێرگ بە ڕەفتارە ئارام و دەسەڵاتدارەکەی و مەککان بە ڕێبازە جەستەیی و ترسناکترەکەی، بە هاوبەشی کاردەکەن بۆ شکاندنی بەرگرییە دەروونییەکانی ستانلی. پاڵنەرەکانیان بە ناڕوونی ماونەتەوە، ئەمەش گرژییەکە زیاتر دەکات؛ ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ئەرکێکدان بۆ ئەوەی ستانلی ببەن، بەڵام تایبەتمەندییەکان هەرگیز ئاشکرا ناکرێن، ئەمەش هەم کارەکتەرەکان و هەم بینەر لە دۆخێکی نادڵنیاییدا بەجێدەهێڵێت (ئێسلین، ١٩٧٠).
    دیمەنی لێکۆڵینەوە کە گۆڵدبێرگ و مەککان بە کۆمەڵێک پرسیاری بێمانا و دژبەیەک یەکتری تێک دەدەن دەکەن، نموونەی تاکتیکی دەستکاریکردنیان دەهێنێتەوە. ئەم هێرشە دەروونییە ستانلی ناسەقامگیری دەکات و نەخۆشی دەمارەکانی ئێستای توندتر دەکات و پاڵ بەوەوە دەنێت بەرەو تێکچوونی دەروونی. ئەو داینامیکی دەسەڵاتەی کە دامەزراندووە، لەگەڵ ستانلی وەک قوربانی بێ دەسەڵاتی، جەخت لەسەر بابەتەکانی کۆنترۆڵکردن و بێدەسەڵاتی دەکاتەوە. فشارە دەروونییە بێوچانەکانیان ناسنامە و هەستی واقیعی لە ستانلی دەسوتێنێتەوە، ئەمەش کاریگەرییە وێرانکەرەکانی دەستکاریکردنەکەیان دەخاتە ڕوو (دوکۆر، ١٩٨٨). سروشتی مەتەڵاوی گۆڵدبێرگ و مەککان و ڕۆڵی ئەوان لە چڕکردنەوەی دەمارەیی ستانلیدا، ناوەندی گەڕانی شانۆنامەکەن بۆ دڵەڕاوکێی بوونگەرایی و لاوازی مرۆڤ.

    بەشی سێیەم: تێگەیشتن و سیمبۆلیزم
    -تەوەرەکانی دەسەڵات و کۆنترۆڵ
    هارۆڵد پینتەر لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”دا، بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردن دەکات، بە شێوەیەکی ئاڵۆز ڕەفتاری دەمارگیری بە داینامیکی دەسەڵاتی شانۆنامەکەوە دەبەستێتەوە. زۆرجار کارلێکی کارەکتەرەکان ڕەنگدانەوەی ململانێیە بۆ باڵادەستی، کە تێیدا ڕەفتارە دەمارگیرییەکان دەبنە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەوانی دیکە. ڕەفتاری سەرەتایی دەمارگیری و پارانۆیایی ستانلی وەک قوربانیی هێزە نەبینراوەکان نیشان دەدات، هەستێکی بێدەسەڵاتی بەرجەستە دەکات کە بۆ گرژی شانۆنامەکە زۆر گرنگە (ئێسلین، ١٩٧٠).
    گۆڵدبێرگ و مەککان لە ڕێگەی دەستکاریکردنی دەروونی خۆیانەوە بۆ ستانلی نموونەی تەوەری باڵادەستی و ملکەچبوون دەخەنە ڕوو. دیمەنی لێپرسینەوەیان کە پڕ بووە لە پرسیار و تۆمەتی دژبەیەک، نیشاندانی ڕوون و ئاشکرای بەکارهێنانی دەسەڵاتە. ئەوان بە شێوەیەکی سیستماتیکی هەستی خودی ستانلی هەڵدەوەشێننەوە و کورتی دەکەنەوە بۆ حاڵەتێکی بێدەسەڵاتی و ملکەچبوون. ئەم یارییە دەسەڵاتە دەمارگیری ستانلی خراپتر دەکات، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن کۆنترۆڵکردن و باڵادەستی دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی دەروونی (Dukore, 1988).
    جگە لەوەش دەتوانرێت ڕەفتاری کۆرپەگەرایی مێگ بەرامبەر بە ستانلی وەک فۆرمێکی دیکەی کۆنترۆڵکردن سەیر بکرێت. سۆز و خۆشەویستییە خنکێنەرەکەی و پێویستی بەردەوام بۆ منداڵکردنی، سەربەخۆیییەکەی تێکدەدات، ئەمەش بەشدارە لە دۆخی دەمارگیرییەکەی. لە بەرامبەردا، هەڵسوکەوتی پاسیڤی پیتی نوێنەرایەتی نەبوونی کۆنتڕۆڵ دەکات، هیچ بەرگرییەک پێشکەش ناکات بەرامبەر بە پەرەسەندنی گرژییەکان. ئەم نموونانە ئەوە دەردەخەن کە چۆن داینامیکی هێز و ڕەفتارە دەمارگیرییەکان لەیەکتردا تێکەڵاون، کە کارلێکەکانی کارەکتەرەکان و کەشوهەوای نائارامی گشتی شانۆنامەکە دەباتە پێشەوە.

  • توخمە هێمادارەکان
    توخمە ڕەمزیەکان لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”دا، هارۆڵد پینتەر توخمە ڕەمزییە جۆراوجۆرەکان بەکاردەهێنێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی حاڵەت و تەوەرە دەروونییە قووڵەکان. یەکێک لە هێما هەرە گرنگەکان خودی ئاهەنگی لەدایک بوونە. ئاهەنگەکە کە بەڕواڵەت ئاهەنگێکە، دەبێتە ڕووداوێکی کابوساوی کە نەخۆشی دەمارەکانی ستانلی توندتر دەکات. هێمای تێکچوونی ئاسایی و دزەکردنی ئاژاوە بۆ ناو ژیانی ستانلی. خۆشحاڵی زۆرەملێی حیزب بە پێچەوانەی هەڕەشەی بنەڕەتییەوەیە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر جیاوازی نێوان ڕواڵەت و واقیع (Esslin, 1970).
    هێمایەکی دیکەی سەرەکی ئەو تەپڵەیە کە لەلایەن مێگەوە بە ستانلی دراوە. سەرەتا تەپڵەکە وەک دیارییەکی بێهۆشکەر و تەنانەت منداڵانە دەردەکەوێت. بەڵام تەپڵ لێدانی توندوتیژانەی ستانلی لە کاتی ئاهەنگەکەدا هێمای گێژاوی ناوەوە و نائومێدییەتی. کردەی تەپڵ لێدان دەبێتە دەرکەوتنی تێکچوونی دەروونی ئەو، کە ڕەنگدانەوەی خەباتی ئەو بۆ پاراستنی هەستی کۆنترۆڵکردنە لە نێوان ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە گۆڵدبێرگ و مەککان سەپێنراون (دوکۆر، ١٩٨٨).
    گۆڵدبێرگ و مەککان خۆیان وەک کەسایەتییەکی ڕەمزی سەیر بکرێت، کە نوێنەرایەتی ئەو هێزە ستەمکارانە دەکەن کە داگیرکەری عەقڵ و ناسەقامگیری دەکەن. پاڵنەرە ناڕوونەکانیان و دەستکاریکردنی دەروونی بێوچان، تەوەرەکانی ترسی بوونگەرایی و ناسکی ناسنامە بەرجەستە دەکەن. ئەم توخمە ڕەمزییانە خزمەت بە قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی بینەر دەکەن لە دۆخی ناوەوەی کارەکتەرەکان و گەڕانی شانۆنامەکە بۆ لاوازی مرۆڤ. پینتەر لە ڕێگەی ئەم هێمایانەوە بە شێوەیەکی کاریگەر بابەتگەلی دەروونی ئاڵۆز دەگەیەنێت، بەمەش “ئاهەنگی لەدایکبوون” دەکاتە کارێکی دەوڵەمەند و چیندار کە قووڵ دەبێتەوە لە وردەکارییەکانی دەروونی مرۆڤ.

    بەشی چوارەم: تەکنیکەکانی پینتەر

  • دیالۆگ و وەستانەکان
    شێوازی گفتوگۆی ناوازەی هارۆڵد پینتەر ناوەندی گرژی دەروونییە لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”. بەکارهێنانی گفتوگۆی پوخت و پارچەپارچە و ئاڵوگۆڕی بەڕواڵەت ئاسایی، خزمەت بە دروستکردنی هەستێکی بنەڕەتی نائارامی دەکات. زۆرجار کارەکتەرەکان خەریکی گفتوگۆی باناڵ دەبن کە لە ژێر ڕووی خۆیدا، ژێردەقی بەرچاو و مانای شاراوە هەڵدەگرێت. ئەم شێوازە بینەر ناچار دەکات لە نێوان دێڕەکاندا بخوێنێتەوە، ئەمەش گرژییە گشتییەکان بەرز دەکاتەوە (Esslin, 1970).
    یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی دیالۆگی پینتەر بەکارهێنانی وەستان و بێدەنگییە. ئەمانە تەنها پشوودان نین لە گفتوگۆدا بەڵکو بارگاوین بە مانا و هەست. زۆرجار وەستانەکان لە ساتەکانی گرژی زۆر یان نادڵنیاییدا ڕوودەدەن، ئەمەش ڕێگە بە بیرکردنەوە و ترسە نەوتراوەکانی کارەکتەرەکان دەدات کەشەکە بگرێتەوە. ئەم تەکنیکە فشارە دەروونییەکان گەورەتر دەکات، چونکە بینەر بە توندی ئاگاداری ئەو ململانێ و دڵەڕاوکێیە بنەڕەتییانە دەبێت کە کارەکتەرەکان تووشی دەبن (باتی، ٢٠٠١).
    بۆ نموونە لە دیمەنەکانی لێکۆڵینەوەی گۆڵدبێرگ و مەککان لە ستانلی، وەستانەکانی نێوان پرسیارەکانیان و وەڵامەکانی ستانلی خزمەت بە چڕکردنەوەی هەستی هەڕەشە و ناهاوسەنگی دەسەڵات دەکەن. بێدەنگییەکان نزیکەی بەقەد وشە قسەکراوەکان گرنگ دەبن، فەزایەک دروست دەکەن کە ترس و لاوازییەکانی کارەکتەرەکان تێیدا ئاشکرا دەکرێن (باتی، ٢٠٠١).
    ئەم ساتانەی بێدەنگییە بینەر ناچار دەکات ڕاستەوخۆتر ڕووبەڕووی بارە دەروونییەکانی کارەکتەرەکان ببێتەوە، ئەمەش وا دەکات گرژییەکە هەست پێبکرێت. جگە لەوەش، دیالۆگی پینتەر زۆرجار دووبارەبوونەوە لەخۆدەگرێت، کە بەشدارن لە هەستکردن بە سەرلێشێواوی و ناسەقامگیری. ڕەنگە کارەکتەرەکان هەندێک دەستەواژە دووبارە بکەنەوە یان لەناکاو بابەتەکە بگۆڕن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گێژاوی ناوەوەیان و تێکچوونی پەیوەندییە لۆژیکیەکانە. ئەم ناتەباییە ئاوێنەیەکی بارە دەروونییە پارچەپارچەکراوەکانی کارەکتەرەکان و هەستی هەڕەشە بەربڵاوە کە بەناو شانۆنامەکەدا دەڕوات (پرێنتیس، ٢٠٠٠).
    پینتەر لە ڕێگەی بەکارهێنانی جیاوازی دیالۆگ و وەستانەکانییەوە، ئەزموونێکی شانۆیی ناوازە دروست دەکات کە بە قووڵی بینەر لە دیمەنە دەروونییەکانی کارەکتەرەکانیدا سەرقاڵ دەکات. یاریکردنی وشەی قسەکراو و بێدەنگی ستراتیژی نەک هەر گرژییەکە بەرز دەکاتەوە بەڵکو بینەر بانگهێشت دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو ترس و دەمارییە نەگوتراوانەی کە کردارە دراماتیکییەکانی شانۆنامەکە دەباتە پێشەوە.
  • ناڕوونی و نادڵنیایی
    ناڕوونی و نادڵنیایی تەکنیکێکی سەرەکین لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”ی هارۆڵد پینتەردا، کە بەشدارییەکی بەرچاویان لە هەستی نائارامی و کەشێکی دەمارگیری شانۆنامەکەدا هەیە. پینتەر بە شێوەیەکی وەستایانە ناڕوونی لە پڵۆت و پاڵنەرەکانی کارەکتەر و دیالۆگدا بەکاردەهێنێت و زۆر شت بۆ خەیاڵ و لێکدانەوەی بینەر بەجێدەهێڵێت. ئەم نەبوونی ڕوونییە هەستێکی نائارامی بەربڵاو دروست دەکات، چونکە بینەران هەرگیز بە تەواوی دڵنیا نین لە سروشتی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان یان مەبەستی کارەکتەرەکان (Esslin, 1984).
    یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی پینتەر بۆ بەدەستهێنانی ئەمە لە ڕێگەی پاشخانی نهێنی کارەکتەرەکانی وەک گۆڵدبێرگ و مەککانەوەیە. پاڵنەرە ڕاستەقینەکانیان بۆ بە ئامانجگرتنی ستانلی هەرگیز بە ڕوونی ئاشکرا ناکرێت، ئەمەش گرژییەکان بەرزتر دەکاتەوە و کەشێکی پارانۆیا پەروەردە دەکات. بینەر زۆر هاوشێوەی ستانلی لە تاریکیدا دەمێنێتەوە و هەست بە قورسایی هەڕەشە و نادڵنیاییە نەناسراوەکان دەکات (ساکێلاریدۆ، ١٩٨٨).
    سەرەڕای ئەوەش، زۆرجار دیالۆگەکە وەڵامی نا-سێکویتۆر و خۆدزینەوە لەخۆدەگرێت، کە بەشدارە لە هەستکردن بە سەرلێشێواوی. زۆرجار کارەکتەرەکان خۆیان لە وەڵامی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرن و گفتوگۆکانیان پڕن لە دژایەتی و ناتەبایی. ئەم نەبوونی زانیارییە ڕوونە بینەر ناچار دەکات پرسیار لە متمانەپێکراوی ئەو شتانە بکات کە دەوترێت، ئەمەش کەشوهەوای دەمارگیری شانۆنامەکە زیاتر دەکات (Gale, 2001).
    بەکارهێنانی ستراتیژیی پینتەر بۆ ناڕوونی، نەک هەر بینەر سەرقاڵ دەکات بەڵکو ئاوێنەیەکی سەرلێشێواوی و ترسی کارەکتەرەکانی خۆیەتی. ئەم تەکنیکە بە شێوەیەکی کاریگەر گرژییە دەروونییەکان گەورەتر دەکات، “ئاهەنگی لەدایکبوون” دەکاتە گەڕانێکی بەهێز لە دڵەڕاوکێی مرۆڤ و ترسی بوونگەرایی.

    دەرئەنجام

  • پوختەی خاڵە سەرەکییەکان
    لە شانۆنامەی “ئاهەنگی لەدایکبوون”دا، هارۆڵد پینتەر بە شێوەیەکی وەستایانە گرژی دەروونی و دەمارگیری لەیەکتردا تێکەڵ دەکات، شانۆگەرییەک دروست دەکات کە بە قووڵی بەدواداچوون بۆ دەروونی مرۆڤ دەکات. ژینگەی کۆشکی ترسناک لە بەشەناوخۆییەکان، لەگەڵ وردەکارییە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانە، کەشێکی پێگەیشتوو بۆ ناڕەحەتی دەروونی دادەمەزرێنێت. ڕەفتاری دەمارگیری و مەیلە پارانۆیاییەکانی ستانلی وێبەر کە بەهۆی ڕابردووی ناڕوونەکەیەوە توندتر دەبنەوە، وەک خاڵی سەرەکی ئەم گرژییە کاردەکەن. مێگ و پیتی بۆڵز بە ڕێککەوت لە ڕێگەی ڕەفتارە کۆرپەگەراییەکانیان و بێباکی پاسیڤەوە بەشداری لە کەشوهەوای ستەمکارانەدا دەکەن. گۆڵدبێرگ و مەککان بە تاکتیکی دەستکاریکردن و پاڵنەرە نهێنییەکانیان فشارە دەروونییەکان چڕتر دەکەنەوە، ستانلی زیاتر پاڵدەنێنە ناو نەخۆشی دەمارییەوە. پینتەر لە ڕێگەی تەوەری دەسەڵات و کۆنترۆڵەوە نیشان دەدات کە چۆن باڵادەستی و ملکەچبوون بەستراوەتەوە بە ناسەقامگیری دەروونییەوە. توخمە ڕەمزیەکان وەک ئاهەنگی لەدایک بوون و تەپڵ نوێنەرایەتی حاڵەتە دەروونییە قووڵەکان دەکەن و چینەکانی مانا بۆ گێڕانەوەکە زیاد دەکەن.
  • بیرکردنەوەکانی کۆتایی کاریگەری بەردەوامی ئەم توخمانە لەسەر بینەر قووڵە. بەکارهێنانی دیالۆگی ناڕوون و وەستانی ستراتیژی و بێدەنگی لەلایەن پینتەرەوە هەستێکی نائارامی دروست دەکات کە ئاوێنەیەکی گێژاوی ناوخۆیی کارەکتەرەکانە. نەبوونی زانیاری ڕوون و ناڕوونیی بەربڵاو، بینەر ناچار دەکات ڕووبەڕووی واقیعی نائارامکەری بارە دەروونییەکانی کارەکتەرەکان ببێتەوە. ئەم پەیوەندییە لەگەڵ هەستی نادڵنیایی و ترسی بینەر خۆیدا، ئەوەیە کە “ئاهەنگی لەدایک بوون” دەکاتە پارچە شانۆیەکی بەهێز و بەردەوام.
    بەشداریی پینتەر لە شانۆی مۆدێرندا گرنگە، بە تایبەتی لە ڕێگەی گەڕان بەدوای دەروونی مرۆڤدا. تەکنیکە داهێنەرەکانی وەک بەکارهێنانی وەستان و دیالۆگی پارچەپارچە، کاریگەرییان لەسەر چەندین شانۆنامەنووس هەبووە و لە شانۆی هاوچەرخدا بەردەوام دەنگدانەوەیان هەیە. پینتەر بە قووڵبوونەوە لە ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی دەمار و گرژی دەروونی، نەک هەر سەرقاڵ دەکات بەڵکو پشکنینێکی قووڵ و نائارامکەری لاوازی مرۆڤ و دڵەڕاوکێی بوونگەرایی پێشکەش دەکات. “ئاهەنگی لەدایک بوون” وەک بەڵگەیەک دەمێنێتەوە لەسەر توانای گرتنی ئاڵۆزییەکانی دەروون و ناسکی ناسنامە، ئەمەش وایکردووە ببێتە بەردی بناغەی ئەدەبیاتی دراماتیکیی مۆدێرن.

————————-

سەرچاوەکان:
-دوکۆر، بی.ف. (١٩٨٨). هارۆڵد پینتەر. ماکمیلان.
-ئێسلین، م. (١٩٧٠). شانۆی بێماناکان. کتێبی پەنگوین.

  • باتی، م. (٢٠٠١). دەربارەی پینتەر: شانۆنامەنووس و کارەکە. فابەر و فابەر.
  • پرێنتیس، پ. (٢٠٠٠). ئەخلاقی پینتەر: جوانکاری ئیرۆتیک. چاپخانەی گارلاند.
  • ئێسلین، م. (١٩٨٤). پینتەر: شانۆنامەنووس. مێتوین.
  • گەیڵ، س.هـ.(٢٠٠١). بەرزبوونەوەی کەرە: شیکارییەکی ڕەخنەگرانە بۆ کارەکانی هارۆڵد پینتەر. چاپخانەی زانکۆی دوک.
  • ساکێلاریدۆ، ئی. (١٩٨٨).پۆرترێتی مێینەی پینتەر: لێکۆڵینەوەیەک لە کارەکتەرە مێینەکان لە شانۆنامەکانی هارۆڵد پینتەر. ماکمیلان.



شانۆیی ماڵی زەیتون لە ستۆکهۆلـم نمایش دەکرێت.

Olivhemmet

نوسسین و دەرهێنانی: زاهیر عەبەڕەش
کۆریۆگراف: ئۆسە ئێن ئۆستریۆم
ئەکتەرکان: لاسی فرانسێن، عادل ئەحمەد و لۆتە نوێید.
زمانی نمایش سویدیە.
ڕۆژانی 5، 6، 7، 8 ی مانگی حوزەیران لەسەر شانۆی Teaterverket Svea نمایش دەکرێت. لە شاری ستۆکهۆڵم لە وڵاتی سوید.
شانۆییەکە باس لە ژیان و ڕەوشی دووکەس دەکات لە خەڵوەتگایی پیری کە دوا مەنزگڵگای ژیانیانە، یەکێکیان کورد و ئەویتریان سویدی کە دوو کولتور و فەرهەنگ و بارگروندی جیاوازیان هەیە. فاتو کە ئەویش کارگوزارێکە لەوێ کار دەکات، ئەویش چیرۆکێکی خۆی هەیە، ناکۆکیەکانی ئەو دوو کەسە بە ساڵاچووە بەرێوە دەبات، سەرەتا بە کۆنفلیکت و دژیایەتی یەکتر دەست پێ دەکات، پاش تێپەڕبوونی کات دوای ئەوەی کارەکتەری لێنارد دەکەوێت و ئازاری پیدەگات، کارەکتەری دووەم هاوکاری دەکات ئیدی یەکتر قبوڵ دەکەن و پەیوەندیەیەکی بەهێز لە نێوانیان دروست دەبێت، ئەوەش کار دەکاتە گۆڕانی سەر دیدی و بۆچوونیان. چونکێ مرۆڤ لە بەدەنگ هاتنی یەکتری و هاوکاری دا پەیوەندی دروست دەکات، مرڤ ئەگەر پێویستی بەیەکتر بوو ڕایەڵکی کۆمەڵایەتی نزیک بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە.
لەم شانۆییەدا بەهۆی ئەو سێ کارەکتەرە فەرهەنگ جیاوازەوە جەخت لەو بۆشاییەو نادڵنیایە دەکات لە لە نێوان کلتورەکاندا هەیە، دین و ئایدۆلۆژیا گەورەترین هۆکارن لە درووستبونی ئەو بۆشاییەدا، لەبەر ئەوەلە ئێستادا ئەوە گەروترین هەڕەشە لەسەر ئێمەیە وەک مرۆڤ، چونکە گەر مرۆڤەكان نەتوانن متمانە بە یەكتری بكەن، ئیدی ناتوانن پێكەوە هەڵبكەن، بەبێ ئەمەش شارستانیەتەكان هەڵدەوەشێنەوە. لەم تێکستەدا دەمەوێت بڵێم پێویستمان بە پەیوەندی و دڵنیایی هەیە. مرۆڤ بە دیدی من تەنها خاڵێکه وسفرە و هیچی تر، هیچ سوبجێکتێکی نییە ئەگەر لە پەیوەندیدا نەبێت. تۆ لە ماڵێکدا تەنها وەک مێز، کورسی و ئوبێکتی ماڵەکەتی، ئەی کەی دەبیت بە مرۆڤ؟ بێگومان ئەو کاتەی لە پەیوەندیدا بیت. شانۆییەکە فۆرمێکی، کۆمیدی، تراژیدی و ئەبسوردی هەیە، جەخت لەو کیشانەش دەکات کە لە ئێستای کۆمەڵگەی سویدیدا هەیە لەگەڵ بیرکدنەوەیەکی قوڵ لە مەرگ.




داڕشتنەوەی گوتار لە نێو سیستەمی دەرهێناندا.. شكۆ عومەر كاكەڕەش

شانۆیی (دادگەیێ شاهمارانێ) وەك نمونە

سەرنجێك
من كاری رەخنەگری بە پسپۆڕی خۆم نازانم، بەڵام چ ئەزموونی رابردووم و چ بڕوانامە و رشتەی خوێندنەكەشم رێگەی ئەوەم پێدەدات لەپاڵ كاری دەرهێنان و پراكتیكدا لەو كایەیەش كار بكەم، لەگەڵ ئەوەشدا لەسۆنگەی باوەربوون بە پسپۆڕی و رەخساندنی دەرفەت بۆ كەسانی پسپۆری بوارەكە، چەند ساڵێكە خۆم لەوە دەبوێرم لەبارەی نمایشە شانۆییەكانەوە بدوێم، بەڵام سەرئەنجام دۆخی پاشاگەردانی رەخنە و رەخنەسازیی نێوەندی شانۆی كوردی وادەكات مرۆڤ وەك ئەركێكی ئەخلاقی بێدەنگ نەبێت و لانی كەم ئەگەر دەرفەتی توێژینەوە و بەدواداچوونی قووڵیش نەبێت، بەڵام راكەڕاییانە سەرنجەكانی خۆی بخاتەڕوو. چونكە بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ لەو نێوەندەدا دەگوزەرێت بێسەوادی و هەژاریی مەعریفییەكی قووڵ هەیە، بەپێچەوانەوە نوسین و پیاهەڵدان و شكاندنەوەی بەرهەمەكان بەپێی میزاجی تایبەت و نزیكیی و دووری دەرهێنەر لە نوسەری رەخنە و باكگراوندی حیزبی و شارچییەتی و بەخشینەوەی میدالیا و دەستەواژەی داهێنەر و داهێنان بە كەسانی ناشایستە، بوونەتە مۆركی ئەو نوسینە لاوازانەی كە ساڵانێكە بەرۆكی نێوەندەكەی گرتووە، بێگومان لەم دۆخەشدا نمایشگەلی گرنگ و جدی دەبن بەقوربانی و بەبێدەنگی تێدەپەڕن. بۆیە لە وەها دۆخێكدا نوسین و بێدەنگنەبوون دەبێتە ئەركێكی ئەخلاقی هەركەسێك كە سەروكاری لەگەڵ نوسیندا هەیە. هۆكاری ئەم دۆخەش روونە، كە بریتییە لە بێدەنگی نێوەندەكە بەگشتی و كەسانی پسپۆڕ بەدیاریكراوی.
گووتار بونیادی سەرەكی هەر بەرهەمێكی هونەری-ئەدەبییە و مومكین نیە بەبێ ئامادەیی گووتار هیچ بەرهەمێك بتوانێت بەردەوامی بەخۆی بدات، بەدرێژایی مێژوو ئەم چەمكە بۆچوونی فەلسەفی زۆر و جیاوازی لەبارەوە ووتراوە، كە رەنگە ئێمە لێرەدا بەخێرایی بەشێكیان بخەینەڕوو. (ئەفڵاتون) پێیوایە گفتوگۆ-دیالێكتیك ئامرازێكی سەرەكیە بۆ گەیشتن بە راستیی، بۆیە پێویستە گووتار گوزارشت بێت لە گفتوگۆی قوڵ بۆ گەیشتن بە مەعریفەی قووڵ. یاخود (ئەرستۆ) گووتار وەك بەشێك لە رەوانبێژی پێناسە دەكات كە بریتییە لە هونەری باوەرپێهێنان و بەجێهێشتنی كاریگەری لەسەر وەرگر ئەویش لەسەر ئاستەكانی ئەخلاقی و سۆزداری. جەستە لە قۆناغە جیاوازەكانی دەركەوتن و گەشەسەندنی دراما لە گریكی كۆندا بوو بە ئامرازێكی راستەوخۆ و ناوەندگەرا لە فۆرمەلەكردن و پێكانی گووتاردا، كە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێكی تایبەت لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خواوەندەكانەوە بونیادنرا و بووە گووتارێك بۆ گوزارشت لە ئاهەنگە ئایینی و سرووتە بەكۆمەڵەكان. فەیلەسونی فەڕەنسی (مێشێل فۆكۆ)ش گووتار پەیوەست دەكاتەوە بە دەسەڵات و خۆسەپێنی و بە ئامرازێكی بنەڕەتی ئەو سیستەی لەقەڵەم دەدات. میشیل فۆكۆ دەڵێت سەبارەت بە بەندینخانە هیچ مانایەكی نیە ئەگەر تەنها پشت بەو گووتارانە ببەستین كە سەبارەت بە بەندینخانەكان نوسراون، بەڵكو ئەبێ بایەخ بەو بڕیار و پەیڕەوە ناوخۆییانەش بدەین كە لەلایەن ئەو خەڵكانەوە داڕێژراون كە لە ناو ئەو دەزگایانەدا ژیاون و بەڕێوەیان بردوون. (ژاك دریدا)ش لە سیاقی تێكستدا مامەڵە لەگەڵ گووتاردا دەكات و لە میتۆدە فەلسەفییەكەی خۆیدا كە میتۆدی (هەڵوەشاندنەوە)یە پێیوایە گووتاری تێكست هەڵگری فرەمانای ناجێگیرە و پێویستە هەوڵ بۆ ئاشكراكردنی مانا دژ و فرەكانی بدرێت. ستراتیژییەتی (دریدا) بەشێوەیەكی گشتی تیشك دەخاتە سەر هەڵوەشاندنەوە و بەش بەشكردنی دەربڕین و گریمانە فەلسەفییەكە و ئینجا دووبارە پەرەپێدانی ئەو بوونیادە هاوبەشەی كە ئەو دەربڕین و گریمانانەی لەسەر دانراوە . هەروەك دیدە فەلسەفییەكەی (رۆلان بارت)یش تیشك دەخاتە سەر گووتار و بەرێگەیەكی شیكاری رەخنەییەوە بۆی دەڕوانێت، كاتی جەخت لەسەر چۆنیەتی بونیاتنانی مانا و فۆرمی زمانەوانی لە تێكستدا دەكات، بەبۆچوونی (بارت) گووتار تەنها كاری ئەوە نیە مانا و ئاماژەكان بگەیەنێت بەڵكو پانتاییەكە بۆ دەسەڵات و كاریگەییەتی بەسەر چواردەوری خۆیدا، بۆیە لە دیدە فەلسەفیەكەی خۆیدا كار بۆ دەرخستنی ئەو تێگەیشتنە دەكات كە لە رێگەی گووتارەوە شوناس و مەعریفە و دەسەڵاتی كاریگەر پانتایی خۆیان وەربگرن. دواجار لەم خستنەڕووەدا هەرچەند خێراش بێت بەڵام ناكرێ خۆمان لە دیدە فەلسەفییە قوڵەكەی (فریدریك نیتشە) ببوێرین و ئاماژەی بۆ نەكەین، (نیتشە) گووتار بەو جۆرە دەبینێت كە دەكرێت خۆی لە خۆیدا ببێت بە هونەرێكی باڵا، بەڵام پڕاوپڕ لە زیندویەتی و داهێنان، هەروەك بانگەشەی ئەوەی دەكرد پێویستە گووتاری ئەكادیمی ووشك تێپەڕێندرێت لەپێناو گووتارێكی كاریگەر و پڕ لە زیندوویەتی، بەگشتی (نیتشە) باوەڕی وایە كە ناكرێ گووتار گوزارشت لە حەقیقەتی رەها بكات، بەڵكو ئامرازێكە مروڤ هانای بۆ دەبات بۆ دانانی كاریگەری لەسەر واقع و یاریكردن پێی. رەنگە بابەتی بەرجەستەكراوی سەر تابلۆیەك سەرساممان بكات، دووچاری شڵەژانمان بكات، سەرقاڵمان بكات، وەك ئەوەی كاتێك دەبینین تۆڵەسەندنەوە و مەترسی ستایش دەكرێن، لێرەدا ئێمە چێژ و خۆشی لە هەلچوونەكەدا بەدیدەكەین، لەسەركەوتن بەسەر بێزاری بەدیدەكەین .
دەرهێنان ئەو كردە ئاڵۆز و قووڵەیە كە لەرێگەیەوە بونیادی نمایش و پانتاییە جیاوازەكانی دادەڕێژرێتەوە و تەواوی رەگەزە هاوبەشەكان رێكدەخاتەوە و لەوێوە وەكو سیستەمێكی دینامیكی سەرجەم پرۆسە هاوبەشەكانی دیكەی دەوروبەری لە بۆتەی خۆیدا دەتوێنێتەوە و پێكرا یەكەیەكی هاڕمۆنی دروست دەكەن بەنێوی نمایش. (دۆك سایكس میننگن) هەمیشە تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە پێویستە نواندن لە چوارچێوەی گروپدا بێت و فۆڕمێكی ئەوتۆی داڕشت بۆ یەكخستنی هەموو رەگەزەكانی وەك دیكۆر و جلوبەرگ و رووناكی و هەروەها ئەكتەریش لە چوارچێوەی یەكەیەكی هونەریدا، هەروەك (گۆردن گرەیك) پێیوایە كە ئەو رەگەزانە هەموو بەیەكەوە پەیوەستن و ناكرێت جودا بكرێنەوە . یەكگرتنی ئەم رەگەزانەش بێگومان لەو دووڕیانەدا دروست دەبێت كە پێی دەوترێت سیستەمی دەرهێنان. ئامانجی ستراتیژی لە هەموو نمایشێكی شانۆییدا بریتیە لە گۆڕینی تێكستی شانۆیی بۆ سیستەمێكی هاوئاهەنگ و تێكەڵكێش لە كارتێكەرە دەنگی و بینراوەكان . لە شانۆی مۆدێرنیش جگە لەو ئەركە بنەڕەتیانە، هاوكات كاری دیكەش خۆی خزاندوەتە نێو سیستەمی دەرهێنانەوە و گرنگترینیان داڕشتن و ئامادەكردنی گوتاری سەرەكی نمایشە، كە دواجار دەبێتە پانتایی بنەڕەتی دەرهێنەر تا لە رێگەیەوە پلان و ستراتیژیەتی چۆنیەتی پێكانی ئامانجەكانی خۆی وەك بونیادنەری یەكەمی نمایش دابرێژێت. جا ئەو داڕشتنەوەیە دەكرێت لەرێگەی یەكێك لە رەگەزە سەرەكییەكانی نمایشەوە بێت بۆ نمونە ئەكتەر، بەو جۆرە ئەكتەر پارێزگاری لە پێگەی سەنترالیزمییەتی خۆی دەكات و دەبێتە دروستكەری زیندووی مانا و دەلالەت لە رێگەی دەنگ و جووڵە و بەدیاریكراویش جووڵەی رووخسار و رەنگكردنی گووتار بەشێوەیەكی گشتی .
بوونی گوتاری روون لە نمایشدا ئاماژەیە بۆ حزوری دەرهێنەری بەئاگا لە پشتی نمایشەوە، چونكە دواجار لە رێگەی ئەو گوتارەیەوە موخاتەبەی ئەقڵی بینەر و كۆمەڵگای خۆی دەكات و هەموو كۆد و ئاماژە پێویستەكان دەنێرێت بۆ ئەویتری وەرگر. دەبینین (ها عەبدولعەزیز)ی دەرهێنەری شانۆیی (دادگەیێ شاهمارانێ) توانیویەتی گوتارێكی روون و مانادار و خاوەن ئامانج ئامادە بكات و دووبارە فۆڕمەلەی بكاتەوە و لەنێو سیستەمە دەرهێنانیەكەی خۆیدا دایبڕێژێتەوە و ئاڕاستەی بینەری بكات. ئەویش سەرەتا بە دەستبردن بۆ هەڵبژاردنی (میت)ێكی كۆنی نەتەوەی وەك شاهماران كە رەنگە تەمەنی سەدان ساڵ و زیاتریش بێت و دەماودەم گێڕدراوەتەوە. چونكە هەڵبژاردنی تێكست بەپێی بۆچوونی زۆربەی نوسەر و رەخنەگران بنەمای سەرەكی شكست یان سەركەوتنی نمایشی شانۆیە. لێرەدا دەرهێنەر كاتێ دەستی بۆ ئەو ئەفسانەیە بردووە بێگومان دوای داڕشتنەوەی لە فۆڕمی دەقێكی شانۆییدا لەلایەن نوسەرێكەوە كە بریتی نیە لە خودی دەرهێنەر. بەدڵنیاییەوە مەبەست و مانای شاراوەی خۆی هەیە و لە نمایشەكەدا ئەو مەبەست و ئامانجانە بەروونی دەركەوتن. چونكە وەك هەمووان دەزانین لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵێكی بەرنامە بۆدارێژراو هەیە بۆ دزینی میتۆلۆژیای (شاهماران) لەلایەن دەوڵەتی تورك بۆ داماڵینی لە فۆڕمە كوردییەكە و بەتورككردنی. چونكە تاكو ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردووش لانی كەم وێنەی (شاهماران) لە نێو زۆربەی ماڵی كوردیدا ئامادەیی هەبوو ئەویش یان لەسەر فەرشی هەڵواسراوی سەر دیوار یاخود لەسەر ئەو بۆكسانەی كە وەك گەنجینەی هەڵگرتنی كەلوپەلی نێو ماڵ بەكاردەهێنران و پێیدەوترا (بوراق)، ئەم ئامادەگییە رەمزییە وایدەكرد تاكی كورد ئەگەر لەسەر ئاستی وێنەسازی و فیگەریش بێت (شاهماران) بەبەشێك لە كۆنەستی گشتی نەتەوەدا بیبینێت و هەست بكات كە (شاهماران)ی نێو قووڵایی مێژوو، ئەمرۆ ئەگەر لەسەر ئاستی وێنەیەكیش بێت حزوری هەیە و لەگەڵیدایە. گووتار لێرەدا لەسەر ئاستی وێنە خۆی دەخاتەڕوو كە دەكرێ لێرەدا بە دیدی (جۆرج گادامیر) خوێندنەوە بۆ ئامادەیی گوتار بكەین كە لەرێگەی شیكردنەوە و تەئویلی وێنەوە بگەین بە كرۆكی گووتاری نمایش، ئەویش كاتێكە كەوا گووتار تێگەیشتنی هاوبەش دروست دەكات لەرێگەی تێكەڵبوونی ئاسۆكانەوە ئەوەش لە كارلێكی ئاسۆی شیكەرەوە و ئاسۆی تێكست-وێنەوە دێتە كایەوە. بەڵام ئەم ئامادەییە بە دیاریكراوی لە دوای ساڵانی دووهەزارەكانەوە بەتەواوی وون دەبێت، بۆیە دەبینین ئەمرۆ كەمترین وشیاری دەربارەی ئەو میتۆلۆژیا گرنگە نەتەوەییە لە نێو نەوەی تازەی گومەڵگادا هەیە، ئەمەش وایكردووە دزینی ئەو ئەفسانە گرنگەی كورد لەلایەن دەوڵەتی سیستماتیكی توركەوە ئاسانتر بێت. (میشێل فۆكۆ) پێیوایە دەكرێ گووتار ئامرازێكی گرنگ بێت بۆ دەسەڵات و قۆرخكاری و بەكاریش دەهێنرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی فكر و بیركردنەوەی مرۆڤ. جارێكی تر دەتوانێ هەموو ئەو شتانەی كە بەهۆی جیاوازییەكەوە لێیدووركەوتوونەتەوە بەدەستیان بهێنێتەوە، بیانگرێتەوە خۆی و بیانخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە لە ئەوانەدا مەڵبەندێك بدۆزێتەوە . دروست وەك ئەو كردەیەی دەوڵەتێكی وەكو توركیا كە لەسەر ئاستی (میت)ە كوردییەكان پیادەی دەكات. هەمووانیش كۆكن لەسەر ئەوەی كە نەتەوە بەبێ بوونی میتۆلۆژیا و ئەفسانەكانی رابردووی خۆی ناتوانێ لە ئێستا و داهاتوودا حزوری هەبێت. بۆیە دەبینرێت كاتێ دەرهێنەر ئەم بابەتە دەكات بە ماتریالی نمایشەكەی، لە رێگەیەوە دەیەوێت بینەر دادگایی بكات كە خەریكە بوونی خۆی لە رابردوو وون دەكات! وا نەتەوە دژەكەی كە لە لەوپەڕی فاشیەتدا سەدان ساڵە دەیسڕێتەوە، رابڕدوو بۆ خۆی دەبات ئەویش لەرێگەی دزینی ئەفسانەكانیەوە كە بونیادی نەتەوەیی تێدا دارێژراوەتەوە. ئەم هەوڵەی دەرهێنەر لەو دیمەنەدا دەگاتە ترۆپك كاتێ كەسایەتی نوسەر لەسەر ستەیج دێتە خوارەوە لە بینەر نزیكتر بێتەوە تا لەپەنا گوێیدا پێی بڵی بەئاگاوەرەوە و فریای رابردووی خۆت بكەوە، كاتێكیش هیچ بەرپەرچێك لە بینەر نابینێت بەوپەڕی شكستەوە هۆڵی نمایشەكە بەجێدەهێڵیت و دەڕواتە دەرەوە. لێرەشدا دەكرێ دیدێكی (سارتەر)یانە بە گوتار ببەخشین كە ئەو باوەڕی بە ئەدەب و هونەری پابەند هەیە كە پێویستە بەردەوام لە هەر قۆناغێكدا بێت رۆڵی كاریگەری كۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆی بگێڕێت، بەوەی كە دەبێت ببێتە ئامرازێك بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و سیاسی لەو واقیعەی كە تێیدایە، هەروەك خودی خۆشی ئەو بۆچوونەی كرد بە بنەما بۆ كاركردن كاتێ دەبین ئەدەبەكەی خستە خزمەت جەختكردنەوە لەسەر چەمكەكانی ئازادی و دادپەروەری و سەربەخۆیی و لێپرسراویەتی تاكەوە. ئەگەرچی رەنگە ئەو دیمەنەی كە باسمان كرد بونیادی هونەری و تەكنیكی نواندنی هێندە باڵا نەبێت و زیاتر پشتی بە تەكنیكی سادەگۆیی و راستەوخۆیی بەستبێت، بەڵام دواجار بە تەواوی لە خزمەتی گوتاری نمایشدا بوو و بووە زەنگێك بۆ بینەر-كۆمەڵگا. بۆیە بۆ خوێندنەوەی ئەم هەوڵەی دەرهێنەر دەتوانین چەمكی (مەبەستداری)ی فەیلەسۆفی ئەڵمانی (ئیدمۆند هۆسرڵ) بەكاربهێنین كە یەكێكە لە چەمكە بنەڕەتییەكانی ئایدیا فەلسەفییەكەی و پێیوایە مەبەستداری بریتییە لە ئاگایی، هەمیشە ئاگاییەكە بە شتێكی دیاریكراو، بۆیە گووتاری نمایش دەكرێ لەم دیدگایەوە بخوێندرێتەوە كە بریتییە لە ئامرازێك بۆ ئاڵوگۆڕكردنی نیازی دەرهێنەر-نوسەر بۆ ئەزموونێكی مەلموس لەسەر تەختەی شانۆ و لەوێشەوە ببێت بە پردێك بۆ گەیاندنی مانا و واتا شاراوەكانی پشتی نیازی دەرهێنەر بە بینەر.
هەر لە دیمەنی سەرەتاوە بینەر بەر هەوڵەكانی دەرهێنەر بۆ داڕشتن و دامەزراندنی گووتارێكی روون دەكەوێت كاتێ دەبینین كاركردن لەسەر كۆمەڵێك سرووتی كۆنی ئاهەنگئامێزی كوردی و ماتریاڵی وەك خاكەناس و بەرد و ئاگر و دەنگبێژی و یاریی ناوچەیی دەبێت بە دەستپێكی نمایش، ئەم كاركردنە ئاماژەی ئەوە دەداتە بینەر كە پێویستە خۆی بۆ بەركەوتنی گووتار و ئەتمۆسفێری كوردی ئامادە بكات. لە دیمەنی دواتردا ئەم هەوڵە روونتر دەبێتەوە و تەنانەت دەگاتە پلەی كامڵبوون كاتێ دوو ئەكتەر وەك نوێنەرایەتی دوو جەمسەر لەرێگەی دوو شمشێری ئاگراوییەوە دەكەونە ململانێی یەكترەوە و یەكێكیان ئەویتر لەناو دەبات، ئەمیش بە سوودوەرگرتن لە ماتریالی ئاگر كە لە كۆنەستی كوردیدا هەڵگری مانا و دەلالەتی قوڵترە بە گەڕانەوە بۆ ئەفسانەكانی پێشووی.
دەرهێنەر دەیەوێت لە رێگەی ئامادەگی دەنگ و ستران و لاوك و هەلهەلەوە، بینەر بباتەوە ناو مێژوو كە تاكی كوردی هەمیشە دەنگ و دەنگبێژی وەك ئامرازێكی مانەوەی خۆی بینیووە، لێرەشدا بۆ دامەزراندنی گووتاری نمایش دەرهێنەر بەدروستی سوودی لەو ئامرازانە وەرگرتووە و لەناو سیستەمە ئیخراجیەكەیدا هونەرییانە دایڕشتوەتەوە.
هەر لە چوارچێوەی گوتاردا دەرهێنەر (ها عەبدولعەزیز) ووردی كار لەسەر رەخنەكردنی دەسەڵات دەكات بەڵام گرنگی ئەو هەوڵە لەوەدایە بەبێ پەنابردن بۆ جنێو و سوكایەتی و تەكنیكی راستەوخۆیی ئەنجامی دەدات، كە بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا هانابردن بۆ بەكارهێنانی جنێو و وشەی بازاری بەبیانوی رەخنەكردنی دەسەڵات و سیستەم بەجۆرێك زاڵ بووە بەسەر بەشێك لە نمایشەكاندا كە لە كۆتاییدا تەواوی تەكنیك و ئاست و بەها هونەرییەكەی كردووە بە قوربانی و نمایش زیاتر وەك پانتاییەكی سادەگۆیی و دروشمبازی دەركەوتووە. بەڵام لە شانۆیی (دادگەیێ شاهمارانێ) بە داڕشتنەوەی كەسایەتی دادوەر بەشێوەیەكی تێكشكاو و بێئاگا و بەخشینی فۆڕمێكی هەزەلی و گاڵتەجاڕانە بەتایبەت لە رووی دەنگ و جەستەوە، هەروەها نیشاندانی كەسایەتی (پۆلیس-پاسەوان)ی دەسەڵات بەشێوەی گاڵتەجاری و پێكەنیناوی، بێگومان ئەمەش بەسوود وەرگرتن لە ئەكتەری خاوەن جەستەی ئامادە و نەرمونیانی وەك (عومەر عادل و مستەفا رێبەر و ئاراس) دەرهێنەر توانی لە فۆڕمێكی هونەری باڵادا توندترین رەخنە لە دەسەڵات بگرێت و پێیان بڵێت تاوانی ئێوە زۆر لەو خەڵكە زیاترە كە ئەمرۆ ناتوانن رابردووی خۆیان بناسنەوە.
كاركردن لەسەر دورستكردنی شوناس بۆ شانۆ لە كوردستان ساڵانێكە بە تەواوی پەراوێز خراوە، ئەوەی كە هەیە شانۆ لە پێناو شانۆدا دەكرێت، دەردی كوشندەی شانۆكەی ئێمە نەبوونی فۆڕم و شوناسێكی نەتەوەیی-كلتوریی كوردییە لە نمایشەكانمان، دەرهێنەر لە (دادگەیێ شاهمارانێ) زۆر بەڕوونی لە زاری كارەكتەرێكەوە ووتی من چی لە شكسپیر و تۆڵستۆی و …هتد بكەم لە كاتێكدا خۆم تائێستا نەمتوانییوە شوناسێك بۆ خۆم دیاری بكەم لەگەڵ ئەوەی خاوەنی دەوڵەمەندترین باكگراوندنی كلتوری و كەلەپوری و مێژوویم بۆ ئەوەی بتوانم بیكەم بە ماتریالی بەرهەمە هونەرییەكانم؟! جەدەلیەتی جیهانیبوون و لۆكاڵییەت لەمێژە هەیە بەوەی كە بەرهەمی هونەری لە لۆكاڵیەتەوە دەچێتە قۆناغی جیهانیبوون یان بەپێچەوانەوە، بێگومان ئەوەی یەكەمیان راستە كە پێویستە سەرەتا كار لەسەر لۆكاڵییەت بكرێت بۆ ئەوەی ببین بە جیهانی. بۆ ئەم باسە ئەزموونێكی زیندووی خۆم بە نمونە دەهێنمەوە ساڵی 2019 بەرەسمی وەك كوردێك لەگەڵ هاوڕێیەكی شانۆكار بەشداربووم لە وۆركشۆپێكی یەك مانگەی شانۆكاری جیهانی (ماریۆ بیاجینی) كە ساڵانێك هاوكار و یاریدەدەری سەرەكی (جیرزی گرۆتۆفسكی) بوو لە بەرهەمەكانی كۆتاییدا، سەرەتا بۆ ئەوەی لە رووی كلتورییەوە خۆمانی پێ بناسێنین داوای لێكردین هەریەكەو دیمەنێكی پێشكەش بكەین، هاوڕێكەم دیمەنێكی شانۆیی (كالیگۆلا)ی پێشكەش كرد كە دوا بەرهەمی ئەوكاتەی بوو، منیش دیمەنێكم لە یەكێك لە نمایشەكانی تیپی شانۆی ئەزمونگەری كەركوك پیشكەش كرد كە لە رابردوودا خۆم نواندنم تێداكردبوو بریتی بوو لە پێرفۆرمانسی (هاملێتی كەركوك) دەرهێنانی نیهاد جامی بوو و تێیدا كار لەسەر سرووت و گاتاكانی زەردەشتیەت كرابوو بە گریمانەی ئەوەی ئەگەر هاملێت كەركوكییەكی زەردەشتی بوایە چی روویدەدا! دوای پێشكەشكردنی هەردوو دیمەنەكە، دانیشتین و (ماریۆ) بەووردی گفتوگۆی لەگەڵ كردین و پێی ووتین (كالیگۆلا) و هەموو تێكستە جیهانییەكان هیچ بە ئێوە نابەخشن و ناتوانن لە رێگەیانەوە ببنە خاوەنی شانۆییەك بەشوناسی كوردییەوە، ئێوە پێویستە بگەڕینەوە بۆ كلتورە دەوڵەمەندەكەی رابردووی خۆتان، ئێوە دەبێت زیاتر لە زەردەشتیەت و سرووتە ئاینی و كۆمەڵایەتی و كلتورییەكەی خۆتانەوە هونەر دروست بكەن و فۆرمی تازە بدۆزنەوە، ئێوەی گەلانی زاگرۆسی خاوەنی میراتی ئایینە میترایی و یارییەكانن كە سەرچاوەی داهێنانی زۆربەی تیۆریستە گەورەكانی ئەوروپان. كلتوری رۆژهەڵات بەگشتی بۆ ئێمەی رۆژئاوایی گەنجینەیەكی لەبن نەهاتووە، چ جای بۆ ئێوە خۆتان. من لەو ئەزموونەوە بەتەواوی گەیشتم بەوەی كە ئێمە تاكو چیخەف و شكسپیر و ئیپسن و سۆفۆكلیس و هەموو ئەدەبیاتی جیهان لە ناو كلتووری كوردبووندا نەمرێنین و دووبارە (ڤانیا)ی كوردی و (ماكبێس)ی كوردی و (نورا)ی كوردی و (ئۆدیب)ی كوردی دروست نەكەین ناتوانین ببین بە خاوەنی شانۆییەكی بە شوناس كوردی و لە نێوەندە جیهانییەكاندا نوێنەرایەتییەكی راستەقینەی خۆمان و كلتورە دەوڵەمەندەكەمان بكەین، هەڵبەتە ئەمە بانگەشە نیە بۆ ئەوەی ئێمە تەنها بە كوردی نمایشەكانمان پێشكەش بكەین، یان بێین جامانە و جلی كوردی و كڵاش لەبەر ئەم كەسایەتیانە بكەین و بڵیین تەواو ئیدی بووین بە خاوەن شوناسی كوردی، نا بەپێچەوانەوە دەكرێت ئێمە (ئۆدیب)ێكی كوردی بخوڵقێنین بەبێ ئەوەی یەك ووشەی كوردیش لەزاری بێتەدەر. بۆ دروستكردنی شانۆییەكی كوردی پێویستە (هاملێت)ێك بە بینەری كوردی نیشان بدەین كە هەست بە ئازارەكانی خۆی بكات لە بینینیدا، كلتوری تاكی كورد لەنێو تێكستە زیندوەكانی جیهان لە سەر تەختەی شانۆ بە بینەری كورد نیشان بدەین، دروست وەك ئەوەی كە لە شانۆیی (دادگەیێ شاهمارانێ)دا، روویدا كاتێ بینەر لەگەڵ سات بەساتی نمایشدا كارلێك دەكات و خۆی تێدا دەبینێتەوە و چێژ لە باڵایی ئاستی هونەری دەبینێت چ لە نواندن یان رەگەزەكانی دیكەی وەك روناكی و موزیك و دەنگ و جلوبەرگ و تەواوی پێدراوەكانی سەر شانۆ. بینەر لێرەدا بەردەوام ئاسۆی بێشبینییەكانی تێكدەشكێنرێت لەلایەن دەرهێنەرەوە ئەویش لە رێگەی تەكنیكە جیاوازەكانی نواندن و دەرهێنان و رووناكییەوە كە بەووردی كاری لەسەر كراوە و لێناگەڕێ بینەر بۆ ساتێك جڵەوی رووداوەكان بكات و پێشبینییەكانی زاڵ بن بەسەر رووداوەكانی نمایشدا و بەردەوام سوپرایزی نوێ دێنێتە كایەوە. ئەمەش سەلیقەی دەرهێنەر دەردەخات كە چۆن شیكاری بۆ هەموو لایەنەكانی كۆمەڵگاكەی كردووە و دەزانێت چی پێشكەش بە بینەرانی جۆگرافیاكەی خۆی دەكات. شانۆی كوردی پێویستە كار بە فەلسەفەی هەڵوەشاندنەوەی (جاك دریدا) بكات كاتێ كار لەسەر میتۆلۆژیایەكی وەك ئەفسانەی (شاهماران) دەكات بۆ ئەوەی رەهەندە میتۆلۆژییەكەی لێ دابماڵێت و فرەماناییەكەی بدۆزێتەوە و لە فۆڕمێكی شانۆییدا دووبارە دایبڕێژێتەوە، چونكە ئەو پێیوایە گوتار-زمان-تێكست ناتوانێ مانای كۆتایی و جێگیر ببەخشێت بەبێ هەڵوەشاندنەوەی سەنتەراڵیزم و دووبارە بەخشینەوەی مانا دژ و ناجێگیرەكان. كە دواجار دەكرێت ئەم كاركردنە بمانباتەوە سەر تێگەیشتنە فەلسەفیەكەی (هابرماس) كە لە میانی چەمكی (كردەی پەیوەندیگرتن) پێیوایە گووتار دەتوانێت ببێتە ئامرازێك بۆ پەیوەندیگرتن و كاركردنی دەستەجەمعی هاوبەش، ئەو پێیوایە گووتارە نمونەییەكان پێویستە ئازاد بن لە هەر چەوساندنەوە و قۆرغكارییەك و دەبێت هەوڵ بدات بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێكی لۆژیكی هاوبەش، ئەویش لە رێگەی گفتوگۆی كراوە و راشكاوانەوە.
بۆیە دواجار دەگەینە ئەو بڕوایەی كە دەرهێنەرێك دەتوانێت گووتاری تۆكمە و روون دابڕێژێت و لە سیستەمەكەیدا جێیبكاتەوە كە خاوەنی دنیابینی تایبەت بە خۆی بێت و (ها عەبدولعەزیز) لە شانۆیی (دادگەهێ شاهمارانیێ) توانی ئەو ببێتە خاوەنی ئەو گووتارە روون و تۆكمەیە.

شكۆ عومەر كاكەڕەش
ماستەر لە دەرهێنانی شانۆیی

سەرچاوەكان:

  1. حسن عبود النخيلة. خطاب الصورة الدرامية. دار الفكر للنشر والتوزيع، البصرة، 2013، ط1، ص 15.
  2. ئازاد بەرزنجی. لاپەڕە پەرشەكان. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چ 1، كوردستان-سلێمانی، 2005.
  3. د. جبار حسين صبري. عدم/عقل. منشورات مهرجان بغداد لمسرح الشباب العربي/ الدورة الاولى، بغداد، 2012، ص 288.
  4. فریدش نیچە. مرۆڤانە زۆر مرۆڤانە. و: رێبین رەسوڵ ئیسماعیل، بەرگی دووەم، ناوەندی فێربوون، 2020.
  5. الكسندر دين. اسس اخراج المسرحي. تر: سعدية غنيم، المجلس الاعلى للثقافة، القاهرة، 1982. ص 41.
  6. د. نبيل راغب. فن العرض المسرحي. مكتبة لبنان ناشرون، لبنان، 1996 ص 79.
  7. د. نديم معلا. لغة العرض المسرحي. دار المدى للثقافة والفن، بغداد، 2004، ص30.
  8. د. كەمال میراودەلی. زانین و دەسەڵات خوێندنەوەی فۆكۆ وەك خۆی. چاپخانەی رەنج، چ1، 2004.



شانۆ و کۆمەڵگا.. نیهاد جامی

پەیوەندی نێوان شانۆ و کۆمەڵگا هەمیشە بۆ من بابەتێکە جێگەی گرنگی تایبەتیم بووە، بەپێی قۆناغ و ئاستەکان ئەوەی جیاوازی بۆ خوڵقاندوین زادەی تێگەیشتنمان بووە لە زمانی شانۆیی، لێرەشدا لەسۆنگەی ئەم پەیوەندیە هەندێک سەرنج دەخەینە ڕوو.
نمایشی شانۆیی زادەی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگایە، نمایشێک نیە لەهەر کۆمەلگایەک نمایش بکرێت کاریگەریەکانی لەیەک ئاستدا بن، ئەوەش پەیوەستە بە گرنگی پەیوەندی نێوان نمایش و کۆمەڵگا، کە پێویستە گوزارشت لەخەمی کۆمەلگا بکات، هەر کاتێک شانۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا بەجێنەهێشت مانای وایە شانۆیەکی دابڕاوە لەژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی ئەو کۆمەڵگایە.
بۆیە ئەو دەمەی دەرهێنەری شانۆیی هەست دەکات شانۆنامەیەک لەگەل دیدی دەرهێنانی ئەو ناگونجێت بەبیانوی دیدگای دەرهێنانی و چارەسەری درامی و خوێندنەوەی نوێ ناکرێت تێکست ببڕێت و زیادی بکات کە سەرەنجام کار لەتەک شانۆنامەیەک دەکەیت کە بەویستی خۆت دەستکاریت کردووە، لەو کاتەدا باشترین کارێک ئەوەیە واز لەنوسەرەکەو شانۆنامەکەی بێنیت و بۆ خۆت ئەو شانۆنامەیەی دەتەوێت بینووسیت، یاخود ئەوەی دەتەوێت لەگەڵ شانۆنوسێک رێکبکەویت کە شانۆنامەیەکی لەو شێوەیەت بۆ بنووسیت، ڕابردووی ئێمە لەشانۆدا یادەوەریەکی سەرگەردانە لەژێر ناوی سەیرەوە، بۆیە پێویستە لەئێستادا خالێک بۆ ئەو ڕابردووە دابنێین، هەڵەکانیش هێندە زۆرن چاوپۆشی لێکردن و بەردەوامی لەسەری تەنیا گوزارشت لە نەزانینی ئێمە دەکات، دەبێت بوێری ئەوەمان هەبێت دان بەهەلەکانی ڕابردومان بنێین.
بۆیە پێویستە ئەوە بزانین کەوا کردەی ئامادەکردنی چیرۆک یا ڕۆمان بۆ شانۆنامە، کردەی گۆڕینی ژانری ئەدەبیە، نەک لەپشت ناوی نووسەر هەلبستین بە نووسینی دیمەن و لا بردنی بونیادی پێکهاتەی چیرۆک، لەدەرەوەی ئەو کردەیە نووسەر دەتوانێت شانۆنامەیەک بنووسێت ئاماژە بۆ ئەوە بکات کەوا بیرۆکەکەی لەچیرۆکێک وەرگیراوە، ئێمە لەڕابردوو ئەوەمان ناوبردوە بە دەقئاوێزان، کە ئەوەش خەوشێکی مەعریفەی شانۆیی ئێمە بووە، نووسەر دەتوانێت وەک نووسینی سەربەخۆ ئاماژە بۆ شانۆنامەکەی بکات، بە ئاماژەکردن بەو چیرۆکەی وەک بیرۆکە کاری لەتەکدا کردووە.
وەک ئاماژەمان بۆ کرد ئامادەکردن گۆڕینی ژانرە، ئەو ڕوانینەی بڕوای وایە گۆڕینی ژانر دەکرێت وەک نووسینی سەربەخۆ ناوی بەرین لەراستیدا کە کارەکتەرو رووداو و شوێن و ململانێی درامی زادەی رۆمان یان چیرۆکەکە بێت بەهیچ جۆرێک ناتوانین وەک تێکستی سەربەخۆ ناوی بەرین لەڕێی گۆڕینی ژانرەوە، گۆڕینی ژانر دەبێتە کردەی ئامادەکردن بۆ شانۆ.
بۆیە پێویستە ئەوە بخەینە ڕوو کەوا دەقئاوێزان لەنمایشی شانۆییدا بریتی نیە لە کۆکردنەوەی چەند دەقێک لەناو دەقێکدا، یاخود گواستنەوەی دیالۆگ و دەستەواژەکانی دەقیتر، ئەو تێگەیشتنە هەڵە حاڵی بوونی دەرەوەی تیۆرە، لەڕاستیدا ئیشکردنەوەی دەقئاوێزان لەشانۆدا وەرگرتنی چەمک یاخود کارەکتەرە، بۆ سەر لەنوێ نووسینەوەی دەقێکی نوێ کە تێگەیشتنی دەقی پێشوو بگۆڕێتە سەر مانای نوێ، وەک ئەو تێگەیشتنەی فەیلەسوفی فەڕەنسی ژیل دۆلۆز لەکتێبی دژە ئۆدیب ئەوە دەخاتە ڕوو کە نایەوێت بەرەو تێگەیشتنی فرۆید بۆ گرێی ئۆدیب بگەڕێتەوە، هێندەی مەبەستیەتی فاشیزمی نوێی خۆرئاوای پێ بخوێنێتەوە.
بۆیە ئەو شانۆنامانەی مانای نوێیان بە دەقئاوێزان بەخشیووە چەمک و کارەکتەر و روداویان وەرگرتووە نەوەک دیالۆگی شانۆنامەی پێشوو بێنن کۆی بکەنەوەو بەویستی خۆیان شانۆنامەکە وەک کۆلاژێک بخەنە ڕوو، ئەوەی لەبزوتنەوەی شانۆی ئێمە بینراوە کۆلاژی شانۆنامەکانە نەک دەقئاوێزان، بۆ من ئەو بابەتە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە لەداهاتوودا لەڕێگەی توێژینەوەیەکی زانستیەوە لەسەری دەوەستم ولێی دەکۆڵمەوە.

نیهاد جامی




شانۆكارێكی كورد رێچكەیەكی نوێی شانۆ بەناوی (شانۆی سناپ) رادەگەیەنێت.. كامەران حاجی ئەلیاس

لەدایك بوونی هەر شێواز و قوتابەخانەیەكی شانۆیی سەرەتا بەچەندین ئەزموون و پرسیار و تێبینی لێرەو لەوێ تێپەر دەبێت، دوای چەندین ئەزموون دەبێت بە قوتابخانەیەكی تایبەت كە بنەماو رێسای تایبەت بە خۆی دەبێت وەكو فۆڕمێكی تایبەت سەیر دەكرێت،بۆیە لەدایك بوونی هەر شێوازێكی شانۆیی یان قوتابخانەیەكی شانۆیی كارێكی ئاسان نییە،لە سەرەتای دورست بوونیدا بگرە زۆر جار روبەرووی رەخنەی بەهێز دەبێتەوە بەجۆرێك،هەندێك جاریش لەلایەن پسپۆرانی شانۆ سەرەتاپای ئەو فۆڕمەی بانگەشەی بۆ كراوە ڕەت دەكرێتەوە.. لەبەر ئەوە هەرشانۆكارێك لەهەر ئاست و تەمەنێك دا یان لەهەر نەتەوەیەك بێت ئەگەر لەسەرەتای راگەیاندنی بۆچوونێكی نوێی لەسەر قوتابخانەیەكی نوێی شانۆ روبەررووی ڕەخنە یان رەتكردنەوە بێت پێمان وایە كارێكی ئاساییە….
ئێمەی كورد یاخود شانۆكارانی كورد هیچمان كەمتر نییە لە ئاستی شانۆكارانی جیهان چەندین شانۆكاری بەتوانمان لە بواری نواندن، دەرهێنان ،سینۆگرافیا، دیكۆر، موزیكی وێنەیی… لە گۆڕەپانی شانۆدا بوونیان هەیە بەڵام نەمان توانییوە زیاتر كاری بۆبكەین خۆ ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی شانۆیی كوردی بدەینەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە،هەر لەساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو تاوەكو ئێستا شانۆكارانی كورد لەزۆر بەی فیستیڤاڵەكان كە لەسەر ئاستی عێراق سازكراون پشكی شێریان بەركەوتووە لەوەرگرتنی خەڵاتەكان و هەردەم لەباشترینەكان بووینە ،جا چ لەبواری دەرهێنان بێت یاخوود لە بواری نواندن بێت یاخود لەبواری سینۆگرافیا بێت… بێگومان لەم دوایانەش لەسەر ئاستی شانۆی عەرەبی شانۆكارانی كورد زۆرێك لە خەڵاتەكانیان بەدەست هێناوە.. بۆیە ئەگەرشانۆكاری كورد لەدۆزینەوەو داهێنانی رێچكەیەكی نوێی شانۆبخاتەڕوو وەكو هەنگاوێكی سەرەتایی نابێت لامان نامۆ بێت! هەر بۆنموونە شانۆی ئاهەنگ سازییەكەی مامۆستای هونەرمەند( ئەحمەد سالار ) كە لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو بە تیۆری وپراكتیكی خستە ڕوو دەتوانیین ئەم شێوازە ئاهەنگ سازییە شێوازێكی نوێ بوو لەنێو شێوازەكانی شانۆدا.. بەڵام ئێمە نەمان توانی وەك پێویست كاری لەسەر بكەین ،زۆرێك لە ئێمەمانان پێمان وایە شانۆی ئاهەنگ سازی تایبەتە بە دەرهێنەری مەغربی(عەبدولكەریم بەرشیت)، بەڵام هەر بۆ زانیاری لەو كاتەی هونەرمەندی گەورەی مەغربی ئامادەی پێنجەمین فیستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆ كەلە10تاوەكو 14-12-2018 لەشاری هەولێر بەرێوە چوو لێدوانێكی تابیبەت دا هونەرمەند عەبەولكریم بەرشیت دەڵێت” شێوازە ئاهەنگ سازییەكەی مامۆستا ئەحمەد سالار لە شێوازەكەی من زۆر جیاوازە”. كەواتە توانستی شانۆكارێكی كورد لەداهێنان و شێوازی نوێی شانۆ ،هیچ كەمتر نییە لە شانۆكارانی جیهان.
بابێمەسەر ناوەڕۆكی ناوەڕكی مانشێتەكم شانۆكاری كورد (گۆران سەرگەڵوویی)لە 15-1-2024 لە شاری هەولێر بەدیاركراوی لە هۆڵی بەرێوەبەرایەتی هونەری شانۆ بەئامادەبوونی بەشێك لە مامۆستایان و قوتابیانی كۆلیژی هونەرەجوانەكان لەگەڵ ئامادەبوونی چەند شانۆكارێكی كوردستان لە سمینارێكی دا بانگەوازی بۆرێچكەیەكی نوێی شانۆ كرد بە ناوی (رێچكەی شانۆی سناپ) لە سیمنارەكەدا شانۆكار گۆران بەكر حەمە ئەمین (گۆران سەرگەڵوویی) مانیڤێستی یاخود بنەماكانی (رێچكەی شانۆی سناپ)ی بەشێوەی تیۆری و پراكتیكی بۆ ئامادەبووانی خستەڕوو لەرووی تیۆرییەوە 10 خاڵی وەكو بنەماكانی (رێچكەی شانۆی سناپ) خستە ڕوو كە بریتی بوون لە:
1- پێویستە ماوەی نمایش لە شانۆی سناپ لە لە 4خوولەك 59 چركە تێپەڕنەكات.
2- پێویستەنمایش ڕوون ئاسان و بێ گرێ گۆڵ و سادەبێت .
3- پێویستە ئەوە بزانین كە هەرچەندە بینەری ئاسایی نمایشەكە دەبینن، بەڵام نابێ لە ئاستی هونەرەی نمایشەكە دابەزێت.
4-دەرهێنەر نابێ لەهیچ لەیەكەیەكی،نمایش چاوپۆشی بكات و بەساكاری نمایشەكەی بكات.
5- دەرهێنەر ئازادە لەبەكار هێنانی هەر رەوت ورێباز ورێچكەیەك بۆدروست كردنی نمایشەكەی.
6-لە شانۆی سناپ دا كەمتر پێوستیمان بە نووسەرە ،بەڵكۆ دراما تۆرگ یان دەرهێنەر یان ردەرهێنەرو تیمەكەی بەیەكەوە برینەكەی دەدۆزنەوەو قتماغەی هەڵدەدەنەوە.
7- بیرۆكە لەیەك تێكست یان نووسەر وەردەگیرێت ،ئەو بیرۆكەی یان ئەوەچەمكەی دەقەكەی لەسەر بنیاد كراوە وهەنووكەیی بێت بتوانین لە كاتی نمایشدا تەوزیفی بكەین،ئەمەش كاری دراما تۆرگە بۆمان پوخت و چڕبكاتەوە.
8-ئەگەر وەرگر پەرچەكرداری هەبوو، پێویستە دەرهێنەر و ئەكتەر ئامادەبن بۆ ئەوەی دیالۆگی لەگەڵدا بكەن .
9- بەپێی گونجاوی بەرهەمەكە دەرهێنەرئازادە لەهەڵبژادنی شوێنی نمایش بەمەرجێك لۆكەیشن گونجاو بێت و لەخزمەتی نمایشەكەدا بێت.
10-پێویستە پێش نمایش كەشێكی لەبار بۆ وەرگر وئامادەبووان بڕەخسێندرێت كە بەتەواوی ئامادەی بینینی نمایش بن .
دوایی خوێندنەوەی مانیفێستەكە نمایشێك وەك پراكتیكی (رێچكەی شانۆی سناپ) پێشكەش بە ئامادەبووان لە پاشان دەرگای گفتوگۆ كراییەوە دیالۆگ لە لەنێوان ئامادەبووان و دەرهێنەر (گۆران سەرگەڵوویی) دەستی پێكرد .
ئەگەر سەیری ناونیشانی ئەو ڕێچكە شانۆییە بكەین،( شانۆی سناپ) كە شانۆكار ( گۆران سەرگەڵوویی)،بانگەشەی بۆدەكات راستەو خۆ بیرمان بۆ تۆڕی كۆمەڵایەتی (سناپ چات) دەچێت بەڵام ئایا خاوەنی بیرۆكەكەی شانۆی سناپ مەبەستی هەمان ئەو تۆڕەكۆمەڵاتییە ،لەمیانی وتەكانی گۆران دا بۆمان دەردەكەوێت كە شانۆی سناپ هیچ پەیوەندی بە تۆڕی كۆمەڵایەتی سناپ چاتەوە نییەوە . وشەی سناپ وشەیەكی ئینگلیزییە بەكارێ دەوترێت كە بەخێرایی لە ماوەیەكی زۆر كورت وخێرائامانجەكەی بپێكێت، شانۆی سناپ ئامانجی ئەوەیە نمایشێك پێشكەش بكات كە لەكەمترین كات بە تێچوویەكی كەم لە كات و وزە پێشكەش بكرێت.. بەهۆی ئەوەی مرۆڤ لەوسەردەمەی ئێستادا ئەوەندە سەرقاڵە ناتوانێت بپڕژێتە سەرهەموو كایەكانی ژیان بە واتایەكی تر كات كە (24) كاتژمێرە وای لێهاتووە ئەو كاتە (24) كاتژمێرییە بەشی نەكات بەجۆرێك ئەو كەسەی هیچ كاریشی نییە بەهۆی جیهانی عەولەمەو خێرایی گۆرانكارییەكان و زۆری تۆڕەكۆمەڵاتیان ئەو هەمووكاتەی بەش نەكات .
ئەگەر سەیری نمایشێكی ئاسایی شانۆیی بكەین هەر شانۆگەرییەك پێش نمایش كردنی پێویستی بەلایەنی كەم (3-6) مانگ بە پرۆڤە بكەیت بۆئەوەی نمایشەكە ئامادەبێت و چەمكەكەی بگاتە بینەران ..لەلای یەكی تر ئەگەر شانۆگەریییەكە ماوەی نمایشەكەی دوو كاتژمێر بێت دەبێ بینەریش ئامادە بێت بۆ ئەوەی لە كاتەكەی خۆی سێ كاتژمێر بۆ نمایشەكە تەرخان بكات بەڵام لە شانۆی سناپ هەموو ئەو كاتانە كورت دەكاتەوە بەشێوەیەكی پوخت نمایشەكە پێشكەش دەكات بەماوەیەكی كورت ئامانجەكەی دەگەیەنێت.لە شانۆی سناپ دا زیاتر كار لەسەر بیرۆكە دەكرێت نەوەك دەق ئەمەش كاری دراماتۆرگە لە هەمووی گرنگتر هەروەكو لە مانڤێستەكەدا هاتووە زیاتر كار لەسەر بابەتە هەنوویەكانی نێو كۆمەڵگا دەكات.
لەمیانی سیمنارەكەدا گفتۆگۆیەگی گەرم لەنێوان ئامادەبووانی لێكەوتەوە، زۆر بەی پرسیارەكانیش رووبەربەری خاوەن بیرۆكەی شانۆی سناپ (گۆران سەرگەڵوویی)،كرانەوە بۆنموونە كاتی نمایش بۆچی ماوەی نمایش لە 4خوولەك 59 چركە تێپەڕنەكات ؟ باشە ئەگەر بمانەوێت دەقێكی شكسپیر وەكو (هاملێت) ،یان دەقێكی ئەبسن وەكو (دوژمنی گەل)پێشكەش بكەین چۆن دەكرێت لە شانۆی سناپ دا نمایش بكرێت ؟ ئەگەر مەبەست لە كەمكردنەوەی كات بێت بۆ بینەر بەوەی كاتی نییە بێت سەیری نماشێكی دوو كاتژمێری بكات تۆ لە ماوەی لە 4خوولەك 59 چركە نمایشێكی پێشكەش دەكەیت ،بەڵام ئایا هاتنی بینەر بۆ ئەو جۆرە نمایشە كاتی ناوێت جا بەپیادە بێت یان بە ئۆتۆمبیل ،ئایا ناكرێت هەر لەرێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی شانۆی سناپ ئەو فۆرمە شانۆییە پێشكەش بكرێت؟باشە ئەگەر ماوەی نمایش كە لە شانۆی سناپ لە 4خوولەك 59 چركە تێپەڕنەكات ئەگەر ماوەكەی زیاد بكرێت جیاوازی لە گەڵ فۆرمەشانۆییەكانی چی دەبێت ؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری تر لە سمینارەكەدا گفتۆگۆی لەسەركرا .
سەرەتایی دورست بوونی هەر فۆرمێكی شانۆیی یاخود قوتابخانەیەكی شانۆیی بە كامڵی لەدایك نابێت بەڵكو كاتێكی زۆری دەوێت كە لەوانەیە چەندین ساڵ بخایەنێت تا دەبێتە فۆڕمێكی تەواو بێگومان لەو ماوەدا چەندین گەنگەشەو راوسەرنج دەخرێنە ڕوو .. لێرەدا من دەست خۆشی لە شانۆكار (گۆران سەرگەڵوویی)، دەكەم كە ئەو بوێرەی هەیە، بانگەوازی بۆ رێچكەیەكی نوێی شانۆ بكات بەشێوەی تیۆری و پراكتیكی ئەو رێچكە شانۆییە ڕابگەیەنێت ..لە ئێستادا مانفێستەكەی یاخود بناماكانی رێچكەی شانۆی سناپ جگەلەوەی بەزمانی كوردی بڵاوكراوەتەوە، لە هەمان كاتدا كاری وەرگێرانی بۆ سەر زمانی عەربی و ئینگلیزی بۆ كراوە…نیاز وایە كاری زیاتر لەسەر بكرێت گفتوگۆی زۆری لەسەر بكرێت ئەم بابەتە گەنگەشەی زۆری دەوێت هیودارم لەداهاتوو ئەم فۆڕمە شانۆییە ببێتە سەكۆیەكی كراوە بۆ سەرجەم شانۆكاران لە هەر شوێنێك دا بن..
لەكۆتاییدا پێم باشە بۆ مێژوو ئەو بەرێزانانەی لە نمایشەكە(من هەم) بەشداربوون، لێرەدا ئاماژە بەناوەكانیان بدەین.
ئامادەكردن و دەرهێنانی / گۆران سەرگەڵوویی
نواندنی/ تاڤگە حسێن كەریم، شەهرام نامیق، ڕاز كەمال، ئومێد ڕەزا، شەنیار محمەد، شادی عوسمان.
جل وبەرگ/ بەشداران
جێبەجێكردنی / شوان حمە سعید
تەكنیك:محمەد تارق، شڤان خزەر
پۆستەر و دەلیل/ تاڤگە حسێن كەریم
سەرپەرشتی گشتی/ پ.ی. ژیلوان تاهیر
سەرپەرشتی بەرهەم/ م.ی دانا محمەد
نمایشی (من هەم) لەهۆڵی بەرێوەبەراتی هونەری شانۆی هەولێر- لە 15/1/2024 كاتژمێر 11ی بەیانی نمایش كرا.




شوێنی شانۆ لە ژیانی جەماوەردا.. ن- كامەران حاجی ئەلیاس

شانۆ بەشێكی گرنگی نێو كۆمەڵگایە،هاوكارێكی كاریگەرە لە بونیادنان ودروستكردنی لایەنی ئاكاری هەرگەلێك كە دەڵێم ئاكار مەبەستم لەمانا گشتگیرەكەیە. هەرلەسەرەتای دۆزینەوەی شانۆ لەسەردەستی گریگەكان،ئامادەبوونیان لە شانۆگەرییەكان وەكو پابەند بوونێكی ئاینی بووە بۆ هەرتاكێك چونكە شانۆ فاكتەرێك بووە بۆ ئەوەی گوزارشت لە لایانی ئاینی بكات ،كەلایەن زۆر پیرۆز بووە بەتایبەتی لە ئاهەنگەكانی خواوەندەكان دا .
شانۆ بەپێی سەردەم و كاتەكاندا، شوێنێكی گرنگی لە ژیانی رۆژانەی گەلاندا بینیوە، ئەگەر ئاوڕێك لەسەردەمە شارستانییەكان دا بدەینەوە،شانۆ ئامادەبوونێكی كارای هەبووە بەشێوەك لە شێوەكان گوزارشتێكی رۆشنبیری و هۆشیاری نێو كۆمەڵگا بووە،بە واتایەكی تر ئاوێنەی نێو كۆمەڵگابوو. بۆیە شانۆ گرنگە چونكە شوێنی هۆشیاركردنەوەی فكری بووە بۆ وەرگر لەرێگەی هەست و سۆز و گرژییەكان دەتوانێت لەرێگەی ئەم هونەرەوە دەست بۆ سەرجەم كایەكانی ژیاری كۆمەڵایەتی، ئابووری ،سیاسی..ببات بەو شێوەیەش ئاستی بیركردنەوە و هەستكردن بە پرسیارەتی لای وەرگر زیاتر دەكات و بەشدار دەبێت لە گۆڕان وگۆڕانكارییەكان دا.
شانو سێبەرێكی بەردەوامی مرۆڤ بووە لە بەرجەستەكردنی هەموو بارودۆخێكی ژیاری رۆشنبیری جەماوەر، بەجۆرێك كاریگەر بووە رۆڵێكی گرنگی بینیوە لە گۆڕینی چەندین سیستەمی ئابووری ،سیاسی…لەم ڕوانگەریەوە شانۆكاران شانۆیان لەئەستۆ گرد بەوەی شانۆ پەیامێكی كاریگەرە تا ئەو رادەیەی هەندێك لە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان شانۆ وەكو دەزگایەكی پەروەدەیی وەسف دەكەن وەكو هەرقوتابخانە و پەیمانگا و كۆلیژێك سەیر دەكەن بۆ پەروەردەكردنی هەرتاكێك . شانۆ هەر لەكۆنەوە وەكو ئامێرێكی فێركردن و پەروەردە بەكار هاتووە بەهۆی ئەوەی رۆڵێكی كارای هەبووە لە گەشەكردن و پێشكەوتنی توانستی رۆشنبیری و گەیاندنی بەها فێربوونەكان بۆ قوتابیان و هاوكاری كردنیان لە تێگەیشتنی میتۆدییەكان.جۆرەكانی شانۆی منداڵ هەر لەشانۆی منداڵ و بووكەڵە و تارمایی سێبەر و كارتێكەرە دەنگییەكان كەلە شانۆی منداڵ بەكار دێت،خەیاڵی منداڵ بەهێز دەكات دەبێتە هۆی ئەوەی لەرێگەی شانۆ منداڵ خێراتر فێربێت و لە چەمكی وانەكان تێبگات.
جیاوازی شانۆ لەگەڵ هونەركانی تر لەوەدایە لە هونەری شانۆ لەرێگەی جەستەیەكی زیندوو رووبەری بینەر دەبێتەوە،كە ئەكتەرە زۆرجاریش وابووە بینەرانیش چ بە دیالۆك یان بەجووڵەیەك بەشداردەبن بۆیە كاریگەری زیاترە لە هونەرەكانی هەرچەند موزیكژن لەرێگەی ئامێرەكەی هونەرەكەی پێشكەش بە بینەران دەكات ئەگەرچی بەشێوەی زیندوو پێشكەش دەكرێت بەڵام ناگاتە ئەوە كاریگەرییەی شانۆ هەیەتی بۆ وەرگر بەهەمان شێوەش بۆ هونەری شێوەكاری كاتێ هونەرمەندێك پیشانگایەك دەكاتەوە لەرێگەی تابلۆیەكانی هونەرەكەی خۆی نمایش دەكات ئەگەر خۆشی لە پیشانگایەكە ئامادە نەبێت ،دەتوانێ كارەكەی نمایش بكات. خاڵێكی تری شانۆ ئەوەیە كارێكی كۆمەڵییە و هەموو هونەركانی تر لە خۆدەگرێت وەكو (موزیك ،شێوەكار) كاریگەرییە دەنگییەكان و زۆرجار موزیكی زیندوو لەگەڵ گۆرانی لە نمایشی شانۆدا بەكار هاتووە بۆ گوزارشت كردن لە حاڵەتەكانی نێو شانۆگەرییەكە ،بەهەمان شێوەش بۆ هونەری شێوەكاری لەرووی دیكۆر و ئێكسسوات رۆڵێكی گرنگ دەبینێت بۆ زۆرێك لەنمایشەكان، نابێ رۆڵی ئەدەبیشمان لەبیربكرێت ،كەتێكستە چیرۆك ،سیناریۆ وەكو سێكوچەكەی نمایش لەتەك (ئەكتەر، بینەر، دەق) رۆڵی خۆی هەیە زۆرێك لە نووسەرانیش بۆچوونیان وایە كە دەق تێكستێكی مردووە تائەو كاتەی دەچێتە سەرتەختەی شانۆ ئەنجا دەبێتە دەقێكی زیندوو هەر لەبەر ئەم هۆیانەوە شانۆ بە باوكی هونەر ناوزەند كراوە.
شانۆ لە دووبەشی سەرەكی پێك دێت (مەرگەسات و بەزمەسات) هەردووشێوەكە بەشێوەك لەشێوەكان كاریگەری خۆیان لەسەر كۆمەڵگا جا چ بەشێوەی تاك بێت یاخود بەشێوەی كۆمەڵ دەبێت ،لە هەموو ڕوێكەوە زۆرجاریش هاوكارە بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتە هەنوییەكان بۆیە شانۆ بۆتە پێداویستییەكی گرنگی هەر گەلێك، چونكە لە ژیانی هەرمرۆڤێك دا خۆشی و ناخۆشی هەیە كۆمەڵێك ئاریشەوگرفت هەیە شانۆ دەتوانێت گوزراشت لەو هەموو ناسۆریانەی هەرتاكێك بكات بەرادەیەك زۆر جاریش چارسەریشی بۆ كردوە.
پەیوەندی شانۆ لەگەڵ جەماوەرداپەیوەندییەكی كۆنەهەر لەسەردەمی (فەرعۆنییەكان و یۆنانییەكان و رۆمانییەكان) ئەو پەیوەندییە هەبووە،چونكە شانۆ راهێنان بە دەرونی مرۆڤایەتی دەكات بۆ ئەوەی گۆرانكاری لە هەڵوێستەكانی خۆی بكات لەرێگەی پشت بەستن بە عەقڵ و لۆژیك بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەك بۆ هەڵوێستەكانی لێرەدا رۆڵ و شوێنی شانۆ لە ناو كۆمەڵگا دەردەكەوێت بۆ ئەوەی لەرێگەی نمایشەكان، كۆمەڵگایەكی رۆشنبیرو پەروەردەیی و سیاسی دروست بكات، شانۆ دەزگایەكی گرنگ و كامڵە بۆ كۆمەڵگا دەبێتە زمان حاڵی ئەوان.
لەسەرپەیوەندی شانۆ بە جەماوەر نووسەری دیاری جیهانی (ولیم جۆن شكسپیر) دەڵێت” جیهان شانۆیەكی گەورەیە پیاوان و ئافرەتانیش ئەكتەری سەر ئەو شانۆیەن”.هەر لەبارەی گرنگی شانۆ لەسەر كۆمەڵگا نووسەر و دەرهێنەری ئەڵمانی بەرتوڵد بریشت دەڵێت” نان و شانۆم بدەرێ گەلێكی رۆشنبیرت دەدەمێ”.نووسەری گەورەی میسری نەجیب مەحفوز یش لەبارەی شوێنی شانۆ لەنێوە جەماوەردا دەڵێت” لێمان دەپرسن نهێنی پێشڤەچوونی شانۆ لە چی دایە؟ نهێنییەكە لەوەدایە كە ئێمە هەموومان ئەكتەرین”.
ئەگەر ئاوڕكیش لە شانۆی كوردیش بدەینەوە بەدرێژایی مێژوو بۆمان دەردەكەوێت،كە نمایشە شانۆییەكان چەند رۆڵ و كاریگەری هەبووە لەسەر هۆشیاركردنەوەی جەماوەر هاندانیان بۆ خۆشەویستی خاك و وڵات بەتایبەتی لەسەردەمی پێش راپەرینی بەهاری ساڵی 1991ی گەلی كوردستان هەمیشە شانۆكارانی كوردستان لەبەری گەل دابوون، هەمیشە نمایشە شانۆییەكان گوزارشت بوون لە خەم و مینیەتانی گەل. نمایشە شانۆیەكان رۆڵێكی گرنگیان بینیوە لە جۆش دانی جەماوەر هۆڵە شانۆییەكان هەمیشەجمەیان دەیان بگرە چەندینجار دەرگاو پەنجەرەكانی هۆڵەكان بەهۆی زۆری بینەران شكاون نمایشەكان بۆ چەند مانگێك بەردەوام دەبوون لە نمایشكردن سەرباری بوونی سانسۆرێكی زۆر لەسەردەقە شانۆییەكان تا رەزامەندی دەقێكی شانۆیی وەردەگیرا بەچەندین فلتەر تێپەردەبوو،تادەگەیشتە رۆژی نمایشكردن ،لەبەر ئەوەشە سەردەمی شانۆی هەشاتاكان بەسەردەمی شانۆیی زێرینی كوردی ناوەزند كرابوو چونكە پەیوەندیەكی بەهێرلەنێوان شانۆكاران و بینەران هەبوو لەهەمان كاتدا نمایشەكان گوزراشت بوون لە ناسۆرییەكانی گەل.




چێژبینین لەنمایشە شانۆییەکانی هەرێمی کوردستاندا.. ڕێباز محەمەد جەزا

نمایشە شانۆییەکانی کوردستان لەڕووی ژمارەوە زۆرنین بەڵام کاتێک چەمکی هاوڵاتی و ژیار و شارستانییەت ڕوون نەبێت ، نازانین دەکەوینە کوێی ژان وزێی گرفتەکانەوە ، لەبەرئەوە زۆرکات دەبینین هەوڵدان بۆڕامکردنی هەموو خەڵک و هاوشوناسبوونی بێمەرج لەگەڵیاندا ، زەمینە بۆ پۆپۆلیزم لەسیاقدا – پەرێزدا – خۆشدەکات ؛ ئەمەش سەر بەوساتە خۆیەتی کەگروپێک یان کۆمەڵێك کەس بەناوی جیاوازی و دۆزینەوەی فۆرمی تایبەتەوە ، خۆیان دەخەنە شوێنی هەموو خەڵک و لەبری هەموو خەڵک قسەدەکەن وپێوەرو پێوانە ڕیزدەکەن وپێی دەپێون ؛ لەکاتێکدا ئەو هەوادارانەی ئەو بەرهەمە پەسەند دەکەن هەموو خەڵک نین !! وەکو بڵێی هەمووجەماوەری ئەوبەرهەمەش نین کەواتە بەو پێوەرەش بێت گەر لەدۆخێکی بابەتی وستاندارددا بیر لەخەڵک بکەنەوە ئەوا خەڵک هێشتا ناوەرۆکێکی زیاتری پێوەیە تافۆرمالیمێکی ڕووت و ڕاستەوخۆ بێت .
بۆئەم مەبەستە بەشێکی زۆر لەنمایشەشانۆییەکان و بکەرەکانیان ؛ بەناوی هەمەجۆرەوە گوزارە دەردەبڕن ؛ جارێک دێن لەژیر ناوی “چێژ” و جارێکی تر دێن لەژێر ناوی ” جوان ” یاخود “باش” قسەکانیان ڕیزدەکەن وبەرهەمەکان بەسەر “سزا”و”پاداشت” یان “خێر ” و
“شەڕ” یان “باش وخراپ ” دابەش دەکەن ؛ چونکە ئەم تێگەیشتنە جۆرە پۆپۆلیزمێکی شانۆیی بەرهەم دەهێنێت ( پۆپۆلیزم لەئاستێکی سەرەتاییدا ، هەوڵدەدات چەمکی ناوەرۆکداری خەڵک بگۆڕێت بۆ فۆرمالیزمێکی پەتی) ، واتە هەموو ئەوناواخنە ناکۆک و گرژانەش چارەسەر بکات کەچەمکی خەڵک خۆی بەناساز هێشتوییەتییەوە !! کەواتە چی پەیوەندییەک هەیە لەنێوان “چێژ ” وەکو چەمکێکی ئیستاتیکی لەگەڵ “پۆپۆلیزمی شانۆ؟ ” بەتایبەتی لەنمایشی شانۆگەرییەکانی هەرێمی کوردستاندا !! “لەم دەرفەتە کورتەدا ئەوەدەخەمەڕوو کەهیچ بەرهەمێکی ” پۆپۆلیستی ” مەودا درێژ وقوڵ نییە ، بەڵکو کورتخایەن و “ئاڵۆزە” و لەئاستێکی سەرەتاییدایە کەناوەرۆکێکی نەخوێندراوەو ساکاری هەیە و بەرگەی بچوکترین تاقیکردنەوەو پرسیاری “جدی –ڕژد” ناگرێت و هەڵدەوەشێتەوە .

بەشی یەکەم
پۆپۆلیزمی شانۆگەری

پۆپۆلیزم چییە؟ بۆئەوەندە مەترسیدارە؟ ” پۆپۆلیزم، بەرنامەیەکە یان بزووتنەوەیەکی سیاسیە کە بانگەشەی پاڵپشتیکردنی کەسی ئاسایی دەکات، پۆپۆلیزم بەزۆری توخمەکانی چەپ و ڕاست تێکەڵ دەکات ، دژایەتی بەرژەوەندییە بازرگانی و داراییە گەورەکان دەکات بەڵام زۆرجار دوژمنایەتی پارتە لیبڕاڵ و سۆسیالیستی و کرێکارییە دامەزراوەکانیش دەکات یان زۆرجار زاراوەی پۆپۆلیست بە شێوەیەکی سووکایەتیپێکردن بەکاردەهێنرێت بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتمەدارێک کە ترس و حەماسەتی گەلێک دەخاتە ژێر پرسیارەوە. کەواتە بەپێی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ پۆپۆلیزم، بەرنامەی ئابووری پۆپۆلیستی دەتوانێت یان پلاتفۆرمێک بێت کە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی ئاسایی و وڵات بە گشتی بەرەوپێش دەبات یان پلاتفۆرمێک کە هەوڵدەدات سەروەت و سامان دابەش بکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی جەماوەری، بەبێ گوێدانە دەرئەنجامەکانی بۆ وڵات ” ( Munro،2023) بەڵام لەهونەری شانۆدا بەواتای چی دێت ؟” سەرەڕای پەیوەندییە هاوچەرخەکانی زاراوەی ‘پۆپۆلیزم’ لەگەڵ براندێک لە حوکمڕانی تاکڕەوی کۆنەپەرستانە ، (شیلی ئەلێندێ) و بە تایبەتی مۆزەخانەی سۆلیدارێتیدا، یارمەتی نۆژەنکردنەوەی پۆپۆلیزم دەدەن وەک پڕۆژەیەکی سیاسی نەک بە دەرپەڕاندنی ، بەڵکو بە بنیاتنانی کۆدەنگی جەماوەری پێناسەی دەکەن . بە پێشکەشکردنی دیدگابۆ جیهانێکی نوێ، ئەو هونەرەی کە نمایشکرابوو، بوو بەهۆی یەکخستنی لە کارێکی سیاسی فراوانتر، کە وەک ئامرازێک بۆ ڕزگاری جەماوەری، نەک تەنها بەڵگەنامەیەک بەکاردەهات ( Mason،2010 ) یان هەر وەکو لەلایەن ” نیل سمیسەوە ” ڕوونکراوەتەوەو دەڵێت:” من دەڵێم کە ئێمە [هونەرمەندانی سۆهۆ] بەڕاستی ویستمان ئەمریکا بگۆڕین. یان ڕەنگە ئەوە بێت کە ئێمە ویستمان دەست بە سروشتی ڕاستەقینەی ئەو شتە بگرین کە پێمان وابوو ئەمریکا چییە یان دەبێ بێت.” خواستی ئەوان بۆ دەرخستنی بەڵێنی ئازادی و یەکسانی کە لە بەڵگەنامەکانی دامەزراندنی میللەتدا هاتووە، لە ( (FOOD 1971-1973، ئەو پڕۆژەیەی کە بەکۆمەڵ بەڕێوەدەبرا، بانگەوازی دیموکراتیزەکردنی هونەری بۆ ژیان وەرگرت، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پێداویستییە جەستەیی، ئابووری، سۆزداری و هونەرییەکانی کۆمەڵگادا کرد. دواتر ئێرنێستۆ لاکلاو. بەم شێوەیە کردارەکانیان لە یەک کاتداو بەلۆژیکێکی پۆپۆلیستی پێشکەوتنخوازانە و پاشەکشەیی پیشان دەدا. پۆلیسی سنوور لە شوێنەوارە ماددییەکانی FOODدا دیارە: هونەرمەندەکانی سپی پێست و چینی ناوەڕاستی سۆهۆ هێڵی سنووری نوێی شارەکانیان بە درێژایی وەدەرنانی چینایەتی و ڕەگەزپەرستانەی دەرەوەی شارەکان کێشا.( Mabey،2010 )بەم شێوەیە پۆپۆلیزم هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی هەمووخەڵکە و خۆی بەزمانحاڵی هەمووان دەزانێت و ڕێ لەجیاوازییەکان دەگرێت و سنوری ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوەو هێڵیان بۆدەکێشێت وبەرەو ئادۆلۆجیای مەبەستدار دەروات بەڵام چێژ چی پەیوەندییەکی بەم دۆزەوەوە هەیە؟ واتە شانۆی پۆپۆلیستی هەوڵی بەگەمژەکردنی دوولایەنەدەدات: لایەنێکیان بەرهەمەکەو لایەنەکەی تریان وەرگرەکانیان . ئەوەی لەژێر دەستەواژەی پۆپۆلیزمدا کۆدەبێتەوە، کۆمەڵەی هاوچەرخەکانن کە نایانەوێت پەیڕەوی لە ڕیتمی پێشکەوتنی کولتووری و ڕۆشنگەری بکەن.
پۆپۆلیستەکان یاساکانی ئەتەکێت دەشکێنن و خۆیان بە جلوبەرگی مێژوویی ڕابردووی تۆتالیتارییەوە دەپۆشن. پۆپۆلیستەکان ، ستایشی پاوانخوازی یەک بۆچوون دەکەن و ڕەخنە لە تێڕوانینی دیموکراسی بۆ هەمەجۆریی بگرن وەک هەڕەشە لەسەر ناسنامە، کە بەپێی تێگەیشتنیان دەبێت لە ئەفسانەی نەتەوەییەکەوە سەرهەڵبدات. هەستەکانی توڕەیی و بێزاری زیادەڕەوی وەک ڕەسەنایەتی هەڵوێستیان کاردەکەن. بەپێی لێکدانەوەیەکی ئێستاو بەربڵاو، پۆپۆلیزم دەرئەنجامی دابەشبوونێکە: لە لایەکەوە، ئەو تاکانە هەن کە بە توانای فێربوون و خۆگونجاندن وەڵامی گۆڕانکارییە خێراکان و تەحەددای فرەچەشنی دیجیتاڵکردن دەدەنەوە؛ پێشوازی لە توانای فراوانبوون دەکەن ، زانین و پەیوەندی و چێژوەرگرتن. لە لایەکی دیکەوە پۆپۆلیستەکان وەک دۆڕاو دەردەکەون، بەرگریکارانی ڕابردووی دوێنێ و چەقی نەگۆڕی لە قوڕدا کە هەست دەکەن لە ژێر هێرشدان لەلایەن کراوەیی پرۆسەی گۆڕانکارییەوە یان سەرکوتکراون. لەسەر ئاستی دیاردە ڕەفتارییەکان ئەم دۆخە لە ئەنجامدا وێنەیەکی دووانەیی تایبەت بەخۆیەوە دەبینێت: لە لایەکەوە جوانیناسی پۆپۆلیزم هاوتایە لەگەڵ ئەو نیشانانەی کە لەبواری دەماریی تاکەکەسی وەک گەڕانەوەی سەرکوتکراوەکان.
پۆپۆلیزم — نەخۆشییەکی بەردەوامی سیستەم لەشانۆدا چۆنە؟ جگە لەوەی ڕێبازێکی کۆمەڵایەتی-داینامیکییە، دەبێت لە گۆشەیەکی دیکەوە لەبەرچاو بگیرێت. ستراتیژییەکانی پەیوەندیکردن لە سادەکردنەوە و یاریکردن بە هەستەکان و ئینکاریکردن لەڕاستییەکان و لە ئێستادا لە ئابووری و ئیکۆلۆژیای میدیادا بەکاردەهێنرێن کە تێیدا نەخۆشی ڕەفتار بووەتە نیشانەی کۆمەڵگەی دیجیتاڵی بە گشتی.
لە ساڵی ١٩٧٦دا کۆمەڵناسی فەرەنسی (ژان بۆدریلار) تیۆرێکی داڕشت لەو کاتەوە لە مۆدە دەرچووە، وەک ئامرازێکی شیکاری بەسوودە.

  • زۆر پێش دیجیتاڵکردنی دەق و وێنە و فیلم و زۆر پێش هێنانەکایەی ئامێرە مۆبایلەکان کە مرۆڤی مۆدێرن بەردەوام لە پەیوەندیدا دەمێنێتەوە ؛ بۆدریلارد ئاماژە ناکات بۆ ئەوەی لەم سەردەمەدا پێی دەوترێت هەواڵی ساختە یان شەڕی زانیاری، واتە زانیاری هەڵە بە ئەنقەست و داڕشتنی بۆچوونی حیسابکراو. کەواتە چێژ چییە؟ چۆن لەجێژ تێبگەین ولەپۆپۆلیزمی هونەری بەدووربین ؟ کەلەم ڕۆژانەدا زۆرترین بەکارهێنەری زاراوەی چێژ هەیە کەنەدەزانن چییە؟ نەهەوڵی تێگەیشتنیش دەدەن .!! لەبەرئەوەئەم نووسینە هەوڵدەدات زۆر بەسادەیی وبەکورتی ئەوەمان پێبڵێت کە چێژ بابەتێکی پۆپۆلیستی نییەو بینەرانیش پۆلێن ناکرێن لەژێر ناوی چێژی وەرگرت یاخود نا !! لەکاتێكدا ئێمە پێویستمان بەخوێندنەوەی جدیی و ڕژدی دۆزەکەهەیە ..

    بەشی دووەم
    چێژبینین لە شانۆدا

    چێژ چییە؟ چۆن لە چێژ تێبگەین؟ ئەمە ئەو پرسیارە ورووژێنەرەیە کە قسە و باسی زۆری لەبارەوە کراوە؛ بەڵام لامان ڕوون نییە واتا و مەبەستەکانی چین؟ لەبەر ئەوەی زۆر بە کار دێت و تا ڕادەیەک ئاڵۆزە و بە گرنگی دەزانم پرسیار لە چێتییەکەی بکەم، چونکە “گومانی تێدا نییە کە پرسیارکردن دەربارەی هەر شتێک جۆرە ئاگاییەکە دەربارەی بابەتی لێپرسراو و جێ مەبەست؛ هەروەها ناسین و زانست دەربارەی پرسیارلێکراو لە خودی وەڵامەکەدا واڵا و ئاشکرایە.” (کرۆچە: 2010، 53). چۆن بیر لە چێژ بکەینەوە؟ بە شێوەیەکی سەیر سەختە پێناسە بکرێت، زۆر کەمتر هەست بە باشی بکەیت لەو بارەیەوە، چێژ بوونەوەرێکی فێڵاوییە. ” ئایا فەلسەفە دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ ئاسانکردنی؟” (Dresser، 2020) بیرو باوەڕی چێژبەخشی ڕاستەقینە بە ناوی پێش ئەپیکۆرۆسەوەیە، بەو پێیەی ئەو کەسەی کە دایمەزراندووە، خوێندکاری سۆکرات بووە بە ناوی ئەپیکۆرس، لە نێوان خۆی و ئەفڵاتوون و ئەرەستۆدا ڕکابەری هەبووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەفڵاتوون فەلسەفەی سۆکراتی شێواندووە. سەبارەت بە نەیارەکانی، تۆمەتباریان کرد بە سۆفیست. پێدەچێت لە سەرەتادا یەکێک بووبێت لە سۆفیستەکان، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژەکاندا، ئەو سۆفیستەی کە لە بازنەکەی دوورکەوتەوە و یەکەم خشتی بۆ یەکێک لە گەورەترین بیری فەلسەفی سەردەمی ئێمە دانا کە سوودی گشتی بۆ هەموو مرۆڤەکان هەبوو.
    ئەم پەرەسەندنە لە لایەن فەیلەسووفی ئینگلیزی تۆماس هۆبز، جۆن لۆک، دەیڤید هیوم، جۆن میل و هێربێرت سپێنسەر ئەنجام دراوە، بەڵام سەرچاوەی بیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بلیمەتە یۆنانییە (ئەپیکۆرس). ئەرەستۆ بۆ ئەپیکۆرییەکان چێژ بە هیچ شێوەیەک هەستێکی ئەرێنی نییە، تەنیا هەستکردنە بە ئاسوودەیی یان ئارامیی کە دوای ڕزگاربوون لە ئازار دێت. «ئەکسیۆلۆژیا/ ئاکارناسی» و ژیانی بەختیار و چێژوەرگرتن “بە پێی فەلسەفەی ئەپیکۆرس تاقیکردنەوەکانی ژیان دەری دەخەن کە ئێمە سەوداسەری لەززەتین، زیندەوەریش بە بێ بیرکردنەوە و فێربوون، وەک ئادەمیزاد بە شوێن لەززەتدا دەگەڕێت. کە وابوو لەززەت یان چێژ مەبەست و ئامانجە، ئەو ڕێگایەش کە بۆ گەیشتنە لەززەتەکەش دەگیرێتە بەر، فەزیلەتە.” (عەزیز: 2005، 275) مرۆڤی تینوو بەم شێوەیە هەست بە چێژ دەکات کاتێک تینویەتی بە پەرداخێک ئاو دەکوژێتەوە. ئەرەستۆ دان بەوەدا نانێت کە چێژ سیفەتێکی نەرێنی هەیە، بەو پێیەی تەنیا ڕزگاربوون نییە لە ئازار، بەڵکوو بە بۆچوونی ئەو توخمێکی ئەرێنی لە خۆ دەگرێت، ئەو دەڵێت ئەو چێژەی ئێمە بە دوایدا دەگەڕێین، ئەو چێژەیە کە ڕاستەوخۆ لەسەر ڕێگاکەمان دەیدۆزینەوە، واتا کە ئامانجمان دەرهێنانی چێژە لە ساتەوەختە زوو تێپەڕەکان. دوور لە هەموو پەشیمانیەکی بێماناو بەسەر ئەو خۆشیانەی کە نەماون، دوور لە چاوەڕوانییە بێماناکانی ئەو خۆشیانەی کە ڕەنگە بێتە پێشەوە. ڕابردوو ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە و داهاتوویش تا ڕادەیەکی زیاتر لەوەی چاوەڕێمان دەکرد خەریکە دەکرێتەوە.

    (الغنامی: 2023) ئەرەستۆ دان بەوەدا نانێت کە چێژ جۆرێتی نەرێنی هەیە، چونکە تەنیا ڕزگاربوون نییە لە ئازار، بەڵکوو بە بۆچوونی ئەو توخمێکی ئەرێنی لە خۆ دەگرێت. وەسفکردنی هەر چێژێک بە خراپە لە ڕووی زاراوەوە دژایەتییە، بۆ ئەو چێژ هەمیشە چاکە و خواستراوە لە هەموو کاتێکدا. مرۆڤەکان وا گریمانە دەکەن کە چێژەکان لە سرووشتی خۆیاندا جیاوازن، چونکە لە سەرچاوەی جیاوازەوە سەرچاوە دەگرن، هەر بۆیەشە دەگوترێت چێژە دەروونییەکان پلەیەکی بەرزتریان هەیە لە چێژە هەستیارەکان. ڕاستییەکەی هیچ بنەمایەک بۆ جیاکارییەکی لەو شێوەیە نییە، چونکە هەموو چێژەکان هەمان سرووشتیی هەستیان هەیە، بە بێ گوێدانە ئەو سەرچاوەیەی کە لێیەوە سەرچاوەی گرتووە. هەرچی دەیزانین و هەموو کارێکمان بۆ هەستکردن گەڕاندەوە، بۆ ئەوەی بتوانین وەک فەیلەسووفی هەست «وەسف/ پەسن»ـی بکەین.

    چێژ شتێکی داواکراوە، ئازار شتێکی ڕەتکراوەیە و هەموو شتێکی تریش بە پێی ئەو چێژە یان ئازارەی پەیوەستە پێیەوە، خوازراوە یان نەخوازراو. لێرەوە دەرەنجامەکە ئەوە بوو کە چێژ ئامانجێکی پێویستیە. زۆر گرنگە بە ڕوونی هەموو ئەو شتانە ببینین کە ئەم بانگەوازە بۆ ئەم ئەزموونە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. سەرنج بدەن، تێڕوانینی ئەرەستۆ سنووردار نییە بە ئارەزووی هەر مرۆڤێک بۆ چێژ و دوورکەوتنەوە لە ئازار، بەڵکوو باس لەوە دەکات کە مرۆڤ ناتوانێت ئارەزووی هیچ شتێکی تر بکات. (الغنامی: 2023) یاخود هەر وەکوو لە سایتی (Stanford Encyclopedia of Philosophy)ـدا هاتووە چێژ لە بەکارهێنانە گشتگیرەکاندا گرنگن لە بیرکردنەوەدا سەبارەت بە خۆشگوزەرانی، ئەزموون و دەروون، سۆزداری ئەرێنی، هەموو خۆشی و حەز و چێژوەرگرتن لە خۆ دەگرێت. لە ئێستادا زۆر جار بەختەوەری بە هەمان شێوە بە کار دەهێنرێت، ئەمەیش دەبێتە هۆی تێکەڵاوبوون لەگەڵ بەکارهێنانە کۆنەکان کە ئاماژەن بۆ بەختەوەریی گشتی یان سەرکەوتن لە ژیاندا .

    لەم ڕوانگەیەوە چێژ دابەش دەبێت بۆ هەست و بەرهەست و لەوێوە جێ بەخۆی دەگرێت و کاریگەری دادەنێت. ڕەنگە فەلسەفەی چێژ وەک فەلسەفەیەکی تاکگەرایی و خۆپەرستانە دەرکەوێت کە بچووکترین گرنگی بە کەتوار یان ئەوانی تر نادات و بە دوای ئارامی و چێژەکاندا بگەڕێت، ڕاستییەکە ئەوەیە ئەگەر قووڵتر بچینە ناو پێکهاتەی مرۆڤەوە، چێژ ڕەتکردنەوەی ئازار و بەفیڕۆدانی ڕۆژانی ژیانە، ڕاکردنە بە دوای وەهمە کوشندەکان و خاڵی قارەمانێتی لەسەر حیسابی ئارامی دەروون و بیرکردنەوە و چێژ و ئارامی و بەختەوەری کە ئامانجی بوونە. (طاهر: 2020)0ئەم ئاخ هەڵکێشانە بۆ تێنەگەیشتنە لە دۆخێک کە ڕۆیشتووە و زەحمەتە بە دوایدا بچینەوە. هەروەها لە سایتی (Stanford Encyclopedia of Philosophy)ـدا باس کراوە، چێژ وەک باش و سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات. ئەمەیش ڕوونکردنەوەیەکی سادە پێشنیاز دەکات، هەم بۆچی مرۆڤەکان بە دوای چێژدا دەگەڕێن و هەم هۆکاریش هەیە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن. ئەوەی کە ڕەنگە ئێمە شتێک بۆ چێژەکەی پێ باشتر بێت و هەڵیبژێرین، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕاستییەک هەیە سەبارەت بە چێژ کە هەندێک هەڵبژاردنی لەو جۆرە باشتر دەکات لە هەندێکی تر. فەیلەسووفەکان ئەم پێشنیارە زیاتر دەبەن، هەندێک جار چێژیان لەوە وەرگرتووە کە تاکە ئەزموونێکی سادە (تایبەتمەندی) ئەزموونەکان باش و سەرنجڕاکێش دەکات تا ئەو ڕادەیەی کە ئامادەن. لەبەر ئەوەی (مرۆڤ بوونەوەرێکی قسەکەرە، کە بە هۆی خانەکانی مێشکییەوە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ژیان، بابەتەکان، ئاکامەکان، دوێنێ، ئەمڕۆ، ئاییندە دەکات. لەناو کەللەی سەری مرۆڤدا کام لە پاڵنەرەکان هانی دەدەن کە ڕەفتار و ئاکارەکانی بە ئاڕاستەیەکی دیارکراودا ڕێک بخات؟ ئەم پاڵنەر و مۆتیڤانە دەشێت «ترس» بێت کە لە دەسەڵاتمان هەیە تا باسی «چێژ» بێت کە دەمانخاتە پەیوەندییەکی ڕۆمانسیانە بۆ بە دەستهێنانی سێکس و هەروەها دەشێت بیرکردنەوە بێت لە «بەختەوەرییەکی ئارام» کە لە چاندن و چاودێریکردنی درەختەکان و سەوزایی باخچەی گەرەکەکەمان ئەزموون دەکەین. دەڵێن ئەم سێ وشەیە «ترس، چێژ و بەختەوەری» ئیدارەی ئەم بوونەوەرە بیرکەرەوە ئاڵۆزە دەکەن و دەسەڵاتیان زاڵە بەسەر سایکۆلۆژیەتی و بیرکردنەوەکانیدا. (دۆسكی: 2021). چێژ یان لەززەت؛ ھەستکردن بە خۆشییە، یانی حاڵێک کە بۆ لەش جۆر و لەبارە و حەزی پێ دەکات. پێچەوانەی ئێش و ئازارە، کە بۆ لەش ناخۆش و ئەزیەتکەرە.

    مرۆڤ و گیانلەبەرە خاوەن وشیارییەکانی تر، یانی ئەوانەی لە خۆیان و لە دەوروبەریان ئاگادارن، مەیلیان لە چێژوەرگرتنە و بۆیان بە بایەخ و شیاوی بە دوادا گەڕانە. چالاکییە چێژبەخشەکان زۆرن، بۆ وێنە خواردن و سێکس و گوێگرتن لە مۆسیقا و کایەکردن. زانستی هاوچەرخ بەشێکی گرنگی بۆ چێژ دەگەڕێنێتەوە، بەڵام پێشنیازی ئەوە دەکات کە پەیوەندییەکانی چێژ بە هۆشیاری و سەرنجڕاکێشانی پاڵنەرەوە ؛ فەیلەسووفانی هاوچەرخ بەردەوامن لە مشتومڕکردن لەسەر ئەوەی چێژ چییە؟ بەڵام تەنیا دەستیان کردووە بە قسەکردن لەسەر پێشکەوتنە زانستییەکان کە هێواش هێواش پڕی دەکەنەوە کە چ بەکارهێنانێکی تەمەندرێژی ماددە دەروونییە چالاکەکان بۆ بەرزکردنەوەی باری دەروونی و چارەسەرە نوێیەکانی دەرمان بۆ خەمۆکی پێشتر پێشبینی کراوە کە چێژ دیاردەیەکی بایۆلۆژییە.( 2021 Lake, MA & BA Jazz) لای (سپێنسەر): ” چێژ زێدە وزەیەکە پێویستی بە دەرپەڕین هەیە.” هەروەها (شیلوو) دەڵێت: ” مرۆڤ بە تەنیا گەمە و یاری دەکات و لە گەمە منداڵانەکەیدا قووڵترین مانا هەیە، هەندێک پێیان وایە کە چێژوەرگرتن مەعریفەیە، یان ڕامان و دەرککردن و بەشداری و هاوئاهەنگییە، هەموو ئەمانەیش بە ڕەگەزە دەروونییەکانەوە پەیوەستن. ئەوەی گومان هەڵناگرێت ئەوەیە کە میکانیزمی چێژوەرگرتن زۆر ئاڵۆزترە وەک لە میکانیزمی مەعریفە و زانین، هێزی چەشە و چێژوەرگرتن هێزی زیرەکی نییە، بە هۆکارە جۆراوجۆرەکانەوە بەستراوبێتەوە، هەندێکیان دەروونی و هەندێکیشیان کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵین، ناکرێت لە گۆشەی هۆکارێکەوە بڕوانرێتە ئەو میکانیزمە…” (ڕەسووڵ: 2017، 130_134).

    ئەنجام
    کەواتە چێژی نمایشە شانۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەونە کوێی ئەم دۆزەوە؟
    ئەو چێژە شانۆییەی کە لە ئەنجامی کاریگەریی پەیوەندی نێوان وەرگر و نمایشی شانۆدا دروست دەبێت، نوێنەرایەتی ئەو چەناڵە پەیوەندییە دەکات کە لە ڕێگەیەوە ناوەڕۆکی دەق و پێشکەشکردنەکە پێکەوە دزەپێدەکرێن و کارلێکی دەروونی نێوان (بەرهەم و خودی وەرگر) و کارلێکی گەیشتنە بەزۆرترین حاڵەتەکانی هاوسۆزی قووڵ بۆ ستراتیژی ئیلهامبەخشی شانۆیی، یاخود پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لای هاوکێشەکە (بەرهەم + وەرگر) نزیکتر دەبنەوە. ( الاعسم2007) چێژەکانی ناو شانۆی ژیان زۆر و هەمەچەشنن، مرۆڤیش بە پرسی تێرکردنی غەریزەکانیەتی بە چێژە جۆراوجۆرەکان، لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، یاسایی یان نایاسایی، تووشی کێشە دەبێت، بە مەرجێک پاڵنەری سەرەکی ڕزگارکردنی ڕۆح بێت لە شتە سەرکوتکراوەکان، بەبێ گوێدانە هۆشیاری، کولتوور، پاشخان، یان تیۆر، مەرجدارکراون بۆ چێژوەرگرتن لە بەرهەمەکانی هونەر، لەوانە: شانۆ، سینەما و تەلەفزیۆن، بەڵام ئەو چێژەی کە لە ئەنجامی سەیرکردنی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان و شانۆنامەکانەوە یان نمایشە گێڕدراوەکان بەگشتی دێتە ئاراوە، نزیکە لە سەرنجڕاکێشترینیان. بەڕەچاوکردنی سەلیقەی بینەران، هونەرەبینراوەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەست و دڵی مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە. (الأعسم،2023)بەڵام بۆ ئەو نەتەوانەی نەریتی بینینی نمایشە جیاوازەکانیان نییە ،نازانن وناتوانن چێژی بەرهەمی هەمەجۆرو فرەچەشنییان هەبێت ؛ کێشەکە بەجۆرێکی ترەو پێویستی بەوردەکاری زیاترە ؛ چونکە مرۆڤی کورد شایانی ئەوەیە پەروەردەی شانۆییانەی خۆی پێش بخات و بتوانێت بەسروشتی و دوور لەشێواندن گوزارشت لەخۆی ونمایشەکان بکات .

    ڕێباز محەمەد جەزا

    سەرچاوەکان :

  1. کرۆسە ، بندیتۆ ، چەمکەکانی جوانناسی ، وەرگێڕانی : سەربەست خەسرەوعارف ، دەزگای چاپ و پەخشی سەدەم ، چاپی یەکەم ، سلێمانی 2010
  2. محەمەد جەزا ، ڕێباز : ئیستاتیکای شانۆگەری ، لەپەیمانگای هونەرەجوانەکان / بەشی هونەری شانۆ ، ساڵی : 24/4/2017
  3. عەزیز، حەمید : سەرەتایەک لەفەلسەفەی کلاسیکی یۆنان ، لەبڵاوکراوەکانی کتێبفرۆشی سۆران _ هەولێر ، زنجیرەی ژمارە (36) ، چاپی دووەم – هەولێر2005
  4. https://www.imdb.com/title/tt30277878
  5. Mason, M. (2010). Sample Size and Saturation in PhD Studies Using Qualitative Interviews. Forum Qualitative Sozialforschung/Forum: Qualitative Social Research, 11
  6. باز ، اوكتافيو : ‘الشعر ونهايات القرن والقلة والكثرة’، ، ت. ممدوح عدوان. ، مجلة المدي/ العدد 16/1997،
  7. أبتر، ت .ي: ادب الفنتازيا، ت. جبار سعدون، دار المأمون، بغداد، 1989
  8. https://www.iasj.net/iasj/article/13140
  9. https://alsabaah.iq/72410-.htm



سەلمە لەنێوان مۆنۆدراما و دیۆدراما و فۆرٍمێكی نوێ.. عەباس جەمیل جێماو

ئەوەی لەمۆنۆدرامای سەلمە* بەدیكرا سێ تەوەر لەیەك دەقدا، (هەڵەبجە، ئەنفال، كۆچی گەنجان)، دوو جوگرافیا و زمانی جیاواز، دوو كارەكتەر، رۆژئاوایی و رۆژهەڵاتی (كوردی و ئینگلیزی)، كە دەرهێنەر زۆر بەجورئەتەوە توانیوێتی ئەو رێچكەیە بشكێنێ لەیەك كڕۆك و دوو فۆرمدا، كە خۆی لەخۆیدا لادانێكی هونەری دەگمەنە لە ئێستادا، كە دەكرێ بەبازدان بەرەو خوڵقاندنی فۆڕمێكی نوێ لەشانۆدا ئاماژەی پێ بكرێت. بەبەشداری دوو كچە ئەكتەری خاوەن ئەزموون، یەكیان كورد بوو كە بەئیحساسێكی زۆر پر نمایشی دەكرد، هەروەها ئەوی دیكەیان كچێكی فەرەنسی خاوەن سەلیقەی بەرزی نواندن كە بەنەرمی مامەڵەی لەتەك موفرەدەكانی شانۆییەكە دەكرد لەچوارچێوەی جوڵە دینامیكییەكانی.
مۆنۆدراما بەیەكێك لە هونەرە درامییەكان ناودەبرێت لەچوارچێوەی شانۆی ئەزمونگەری، هاوكات قورسترینیانە، بەبەرجەستەكردنی یەك كارەكتەر بۆ گێرانەوەی رووداوەكانی نێو دەقەكە، كە بەرپرسە لەگەیاندنی ئەو پەیامەی كە لەدەقەكەدا بەرجەستەی دەكات هاوشانی رەگەزەكانی تری شانۆییەكە، هاوكات رەگەزێكی بنەرەتیە بۆ جڵەوگیری روداو و كەشە درامیەكە، جیاوازی كەسایەتی بەرجەستەكاریش تێیدا بەردەوام لەگۆرانكاریدایە، چ لەرووی جوڵەوە بێت یان دەربڕینەكان كەپەیوەستە بەجۆرەهای جوڵەی درامی لەبازنەی گۆڕینی هەست و بیرو بۆچوون و هەڵچوون، چ بەروكەش یان لەرووی دەروونیەوە لەنێوان لاوازی و بەهێزی، ئومێد بێهیوایی، بێدەنگی و ناڵەو گریان پێكەنین، هتد.
بۆیە مۆنۆدراما پێویستی بەكارەكتەری خاوەن ئەزموونی فراوان و لیاقەیەكی بەرز و دینامیكی هەیە لەجۆڵەدا هەروەها تواناسازی لەجۆرەهای دەنگ و دەربڕین.
سەلمە دەیەوێت لەم شانۆییە تراجیدییەدا چیرۆكی روداوگەلێك بگێڕێتەوە كەمێژووەكەی دەگەرێتەوە بۆ نێو بازنەی ستەمی پرۆسەی ئەنفال، لە نووسینی د.دڵشاد مستەفا و سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجم، كە تێیدا دەیان هەزار كەسی سڤیل لەژن و مناڵ و پیر و گەنجی گەلی كورد بە جۆرەهای ئامرازەكانی ئەشكەنجەدان و بەدرندانەترین شێوە ئەشكەنجەدران و دواتر زیندە بەچاڵكردنیان، هەروەها كارەساتی هەڵەبجە و كۆچی گەنجان.
لێرەدا دەرهێنەر هەوڵیداوە بەسوود وەرگرتن لە تێكەڵكردنی كلتوور و كەلەپووری رۆژهەڵاتی بە شانۆی نوێ بەچەند جووڵەیەكی بوێرانە نموونەی چەند كەرەستەیەكی هێمایی و وێنەی جۆراوجۆری شانۆیی لە پانتاییەكەدا كە دواتر باسی لێوە دەكەین، كە ئەویش هەنگاوی بەرەو چوونە نێو بازنەی پۆست مۆدێرنەیە لەچوارچێوەی ستایلێك یان فۆڕمێكی نوێ لەشانۆ.
لێرەدا ئەوەی لە سەلمە بەدی دەكرێت بەمۆنۆدراما ناوی هاتووە، كە دەكرێ بڵێن مۆنۆدراما نیەو هاوكات مۆنۆدراماشە، چۆن..!؟
لەیەك شانۆ و لەیەك دەقدا كەدابەش بووەتە سەر دوو پانتایی جیا، دوو نمایشمان بینی، كە دەرهێنەر زۆر بەوردی كاری تێدا كردووە و هاوكات هەوڵیداوە رێسای مۆنۆدراماش نەشكێنێ، بەواتای دوو جوگرافیای جیا، دوو سینۆگرافیای جیا دوو موفرەدەی جیاواز، كەدەكرێت بەیەك نمایش ناوببرێت، هەروەها بێ ئەوەی ئەكتەر بەر ئەكتەر بكەوێت، كە ئەمە بۆ خۆی تەوژمێكی نوێ یان روونتر ستایلێكی تازەیە لەناو مۆنۆدرامادا، كە دەكرێ ئەم هەنگاوە ببێتە فۆڕمێكی نوێ لەوچوارچێوەیەدا و زیاتر موناقەشە بكرێت لەناو شانۆكاراندا و پاشان بچەسپێندرێت، یان ئەگەر لەناو مۆنۆدراماشدا نەبێت جۆرێك لەتایبەتمەندی سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت و بخزیتە ناو بوارەكە لەسەر رێچكە ئەكادیمییەكەی. كە دەكرێ بڵێین شایانی ئەوەیە ناوێك وەربگرێ و رێسایەكی تایبەتی هەبێت، نمونەی ئەو كارانەی كە لەپێشدا و چۆن كەوتنە سەر رێچكە ئەكادیمییەكەی لەناو جیهانی شانۆدا، نموونە شانۆی داستانی بریخت یان ئۆدینی باربا یان پیتەر بروك، كەچۆن كار لەسەر كلتوورە جیاوازەكان دەكات، هەروەها ئێمە چۆن شانۆی كلاسیكمان هەیە هەروەها هێمایی، كە پێی دەوترێت قوتاپخانە یان ستایل هتد، كەهەموو ئەمانە پاش هەوڵە كردەنییەكان هاتوونەتە بوون.
وەك پێشتر باسمان كرد مۆنۆدراما بۆخۆی شانۆی ئەزمونگەرییە، بەواتای ئەوەی شانۆكاران دەتوانن لەئەنجامی ئەزمونەكانیان كاری لەمشێوە بەرهەم بێنن لەچوارچێوە ئەكادیمییەكەدا.
هەروەها وەك گوتمان لەیەك دەقدا دوو نمایشمان بینی، دوو سینۆگرافیا دوو پانتایی دوو زمانی جیای تێدا بەدی كرا، دەرهێنەر بەم ستایلەی توانی لەیەك كاتدا ئاراستەی چاوی بینەر بۆ هەردوو نمایشەكە بەلكێش بكات و كۆنتاكتی لەگەڵدا بكات، وەك ئەوەی یەك نمایش ببینی بێ ئەوەی تووشی ناڕەحەتیان بكات،
بۆیە ئەكرێ بڵێین ئەمە بۆ خۆی فۆرمێكی تازەیە بەڵام بێناوە، كە دەكرێ لەیەك كاتدا بەمۆنۆدراما ناوی بەرین و مۆنۆدراماش نیە، یان بڵێین دیۆدرامایە و دیۆدراماش نیە.
ئەوەی لای من زۆر جێی سەرنج بوو كەبەدیم كرد لەم شانۆییەدا، دەرهێنەر زۆر بەسەلیقەو هۆشمەندییەوە توانیبووی لە رێی ئەكتەرەوە سینۆگۆافیا درووست بكات و ئاڕاستەكان تەوزیف بكات لەبەرگێكی نوێ و سەرنجراكێشدا.
كاتێك دەڵێین ئەم شانۆییە دەچێتە قاڵبی دیۆدراماوە، راستە دیودرامایە لەبەر ئەوەی دوو ئەكتەری تێدا بەرجەستەیە، هاوكات دیۆدراماش نیە چونكە دوو فەزای جیاوازی هەیە لەیەك كاتدا، هەروەها دەكرێ بڵێین مۆنۆدرامایە، بەڵێ مۆنۆدرامایە چونكە دوو فەزای جیاوازی لەخۆگرتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا مۆنۆدراماش نیە، چونكە دوو ئەكتەری تێدا دەبینرا.
ئەمەیە مەبەستی ئێمە لەم نووسینەدا كە دەمانەوێت پەنجە لەسەر وردەكاری روئیاو هەنگاوەكانی دەرهێنەرو مامەڵەكردنی لەگەڵ ورد و درشتی كەرەسە و موفرەدە بەكارهاتووەكانی نێو شانۆییەكە دابنێین، هەروەها پەیوەستكردنی بینەری جدی بەكارەكەوەو نەتوانێ خۆی لەو فەزایە گێل بكات و ناچاریان بكات قسەیان هەبێت.
هاوكات لەهەمووشی گرنگتر خاڵێكە كەجێی سەرنجی رەخنەگر بێت، هەست ناكرێت تێیدا دەرهێنەر دەستی بۆ شانۆیی تەقلید بردبێت، بەواتای سەڵمە ناچێتە قاڵبی شانۆی تەقلیدەوە، بەڵام هێماگەری تێدا بووە، كار لەسەر وێنە كرابوو (وێنەی شانۆیی)، گێڕانەوە بوو بەڵام كردەی شانۆیی تێدابوو، هەمووی حیواربەندی نەبوو، بۆیە ئەم هەنگاوانە پێمان دەڵێن فۆڕمەكە جیاوازە.
دواتر لێرە نواندن جیاوازبوو لە شانۆكانی تر كە رۆژانە لێرەو لەوێ و پێشتر دەمانبینی لەكوردستان یان عێراق، لێرە نواندن ئیشی لەسەر ئیحساس دەكرد، زۆرترین ئیحساسی ناوەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جەستە كاری جیاوازتری كرد، هاوكات سینۆگرافیا و فەزای نمایش كاری گرنگتری كرد.
بۆیە دەكرێ بڵێین ئەم ئیشە خۆی جیاواز پیشان دەدات لە فۆڕمی مۆنۆدراما یاخۆد وەك شانۆییەكی ئاسایی یان دیۆدراما، چونكە شوێن بڕیاری دەدا، هەر لەرووی شوێنیشەوە تەوزیفی رۆڵی ئەكتەر دەكرا، هەروەها بەرجەستەكردنی چیرۆكەكە.
لە سەلمەدا سێ هێما بەدی كرا لەناو شانۆییەكەدا، كە لەسەر زەوی كێشرابوون، ئەویش هێمای چوارگۆشەو بازنە و سێگۆشە، كە هەریەكەیان لەرووی زانستی دەروونناسیدا بۆ خۆی گوزارشتی تایبەت هەڵدەگرێ، هەروەها چوار داری وشكەوەبوو و پۆستاڵێك و سێوێك و گوریسێك و هەندی كەرەستەی تر وەك جل و جانتاو هتد، دیكۆرێكی سادەو پڕ مانا لەسەر زەوی بوو، جیاواز لەنمایشەكانی تر دەردەكەوت، كە دیكۆرێكی زەبەلاحی هەبێت.

………………………………………..
*مۆنۆدرامای سەلمە، بەرهەمی گروپی شانۆی هەوارە لە كەركوك، بە هەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی لەچەند شارێكی هەرێمی كوردستان نمایشكرا.
دوایین نمایشی لە كەركوك بوو لە 18/2/2024 لەسەر قەڵا.
بەبەشداری دوو ئەكتەری كچ، هەوار فارس لەكەركوك و ئۆرێللی ئێمپرت لەوڵاتی فەرەنسا.




بینەر لەشانۆی كوردی دا.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

هەركات باسی شانۆی كوردی بكەین، دەبێت بینەر وەك پارچەیەكی هەرە كاریگەرو زیندووی جەستەی شانۆ تەماشا بكەین و پرسیاری ئەوە لەخۆمان بكەین، ئاخۆ لەو هەلو مەرج و ئاستەنگە دژوارانەی شانۆی كوردی پێیدا تێدەپەڕێ، بینەر لەكوێ ی هاوكێشە شانۆییەكە دایە؟
ئایا بینەر چ رۆڵێكی هەیە لەچارەسەركردنی ئەو كێشانەو تا ئێستا لەو ئاستە مەعریفی و هوشیارییە دایە كە بتواتێت چارەنووسی شانۆی كوردی لەئەستۆ بگرێ و متمانەی پێ بكرێ؟ خۆ دیارە بینەری ئێمە بەدرێژایی دیرۆكی شانۆی كوردی، هەمیشە تینووی شانۆ بووە، پێی وابووە شانۆ مینبەرێكی كاریگەرە بۆ هەڵبڕینی دەنگی ئازادی، وروژاندنی هەقیقەت، گوزارشت كردن لەئەشكەنجەو ئازارەكانی میللەت.
بۆیە هەركات دەرگای شانۆیان لەسەر داخستبێ، بە پەنجەرەكانەوە هاتۆتە ناو هۆڵی شانۆ، ئەگەر پەنجەرەكانیشیان داخستبێ، ئەوە دەرگاو پەنجەرەكانی لەبێخەوە دەرهێناوە، بۆ ئەوەی شانۆ ببینێ.
ئەمە لە زەمەنێكدا كە شانۆ دۆزێكی نەتەوەیی بوو، چەكێك بوو بۆ مقاوەمەت و خۆ راگری.
ئەو كات شانۆ لەشارو لەشاخ و لەقوتابخانەو لەدەشتودەر، لەهەر شوێنی بینەری لێ بوایە، گوتاری خۆی دەگەیاند.
هەموو شتێ لە تێكست و ئامانج و نواندندا كۆ دەبۆوە، بەڵام بینەرێكی پڕ لەتاسەت هەبوو بە جۆشەوە لەچاوەڕوانیت دابوو.
شانۆكارەكانیش لەو سەردەمەدا، بەهەمان حەماسی بینەر لەئێستا زێترو بە گەرم و گوڕترو رۆحیەتێكی نەتەوەیی و هونەرێكی بەكۆڵتر لەسەر شانۆ دەوەستان.
بەڵام لەگەڵ تێپەڕ بوونی زەمەن و دەرهاوێشتەكانی، بە پێی رۆژان وەزیفەی شانۆ لەجاران قورستر بوو، ئەركی بینەریش بۆ لەئامێز گرتنی شانۆ سەختتر بوو..
شانۆ لەهەموو سەردەمێكدا لەرەحمی ئەو سەردەمە لەدایك دەبێت كە تێیدا دەژیت، زادەی حاڵەتە سایكۆلۆژی و فسیۆلۆژی ئەو كۆمەڵگایەیە كە ناتوانێت ببێتە پارچەیەكی لێك دابڕاو.
شانۆو كۆمەڵگا لەدوو جەمسەرەوە بەیەك دەگەنەوە:
لەجەمسەری یەكەمیاندا: هەمیشە كۆمەڵگا مەدەنیەكان، ئەوانەی شارستانیەتێكی دێرین و كولتوورێكی زیندوویان هەیە، شانۆ لەپێشەوەی پێداویستیە بایەخدارەكانی ژیانی خۆیان دادەنێن، ئەوەندەی بوون و نەبونی نان و ئاو لەشانۆ دەڕوانن، بۆیە هەرگیز ناتوانن دەست بەرداری شانۆ بن.
بەشێكی زۆر لەژیانی خۆیان بۆ شانۆ تەرخان دەكەن، ئیدی شارەكانیان پڕ دەكەن لەهۆڵی شانۆیی، بۆ ئەوەی هەمیشە شانۆ لەو هۆڵانەدا جمەی بێ.
پەرە بەپەروەرەو دروست بوونی شانۆكار دەدەن و وڵاتیان پڕ دەكەن لە فێرگەو سەنتەرو ئەكادیمیای شانۆیی.
بۆیە هەرگیز هۆڵەكانیان بێ نمایشی شانۆیی نابێت و بژاڤی شانۆییش لە جوڵە ناكەوێت.
لەجەمسەری دووەمدا: شانۆ وەزیفەی پێویستی خۆی بۆ پیشكەوتنی كۆمەڵگاو بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاریی و مەعریفی، بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بەرجەستە دەكات، لەو ناوەندەدا بینەری شانۆیی دەبێتە بینەرێكی خاوەن ئەزموون و شارەزا كە لەشانۆ بگاو وەرگرێكی هوشیار بێت لەپرۆسەی شانۆیی دا.
بەم شێوەیە، هەم كۆمەڵگا خزمەتێكی بایەخدار پێشكەش بەرەوشی شانۆ دەكات، هەم لە بەرامبەردا شانۆ رۆڵی خۆی دەبینێ لەهوشیاركردنەوەی كۆمەڵگاو تێر كردنی هزرو خواستە رۆحیەكانی.
شانۆ چ بینەرێكی دەوێ؟
بینەر پارچەیەكی زیندووی رەگەزەكانی شانۆیە و هەموو پێكهاتەكانی شانۆ ئاراستەی بینەر دەكرێن، بۆ ئەوەی ئەویش بەرۆڵی خۆی هەوڵی ئەوە بدات بەهەموو توانا سایكۆلۆژی و فیزیكی و ئایدۆلۆژییەكانی خۆیەوە، توانای ئەوەی هەبێت، هەموو ئەو تەوژمانە وەربگرێت كە ئاراستەی دەكرێت، چونكە هیچ لەرەگەزەكانی دیكەی شانۆ نابنە ئەلتەرناتیف بۆ بینەرو شوێنی ئەو لەنمایشێكی شانۆیدا پڕ تاكەنەوە تەنها بینەر خۆی نەبێت .
لەقۆناغی دووەمی وەرگرتن دا، دەبێت وەرگر دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت، هەموو توانا مەعریفی و هونەری و زانستیەكانی خۆی بخاتە گەڕ، بۆ خوێندنەوەی ئەو هێماو ستاتیكاو دەلالات و پرسیارە نادیارانەی بەركەوتە لەگەڵ مێشك و هزری دا دروست دەكەن.
چۆن لەشانۆی نوێ دا، شانۆ هەر تەنها زمانێكی نیە بۆ وەرگرتن، كە دەق بە تەنها سەرچاوەی وەرگرتن بێت و بینەر پشتی پێ ببەستێت، ئێستا جەستەی ئەكتەرو تەكنیكی شانۆیی و سینۆگرافیاو ئەدای ئەكتەر، بینەر دەوروژیّنن و شوێنی دەق دەگرنەوە، هەم بۆ گەیاندنی پەیامی شانۆیی، هەم بۆ هەژاندنی بینەرو جولاندنی هەستەكانی، بۆ ئەوەی هەر كاتێ پەردەی شانۆ دادرایەوە، كاریگەری و ئاسەواری ئەو رەگەزانە بەئاسانی لەسەر هەست و مێشك و دەروونیدا كاڵ نەبنەوەو تا دێر زەمانێك لە زەهن و ئەندێشەی دا خول بخۆنەوە.
كەواتە چەند ئەوەندەی دەرهێنەرو ئەكتەرو هونەركارەكانی دیكە هەر یەكەو ئەركی تایبەتی خۆیان لەسەر شانۆدا هەیە، بینەریش بەفۆرمێكی تر، بەڵام بەهەمان ئاست ئەركی هەیە بۆ تەواوكردنی پەیامی شانۆیی.
دەسەڵاتی بینەر دەسەڵاتێكی رەهایە:
لە بەر ئەوەی هەموو ئاراستەكان بەرەو رووی بینەرەو هەموو ئامانجەكانیش لەكۆتایی دا بۆ خزمەتی بینەرە، بۆیە بینەر یەكەم ماف و دوا مافی قسە كردنی هەیە، لەسەر هەر بەرهەمێكی شانۆیی، بەقەبوڵ كردنی یا ڕەتكردنەوەی، بۆ ئەمڕۆ، یان سبەینێ.
زۆر جاران كاتێ هەندێ لەدەرهێنەرو ئەكتەرەكان شكست دێنن، دەبن بەپارێزەری خۆیان و پاساو بۆ شكستەكانیان دەهێننەوە، كەچی ( سیزیف ئارنۆ ) ی گەورە رەخنەگری شانۆیی بەریتانی دەڵێت: دەرهێتەر تا دوا لەحزەی ژەنەرال پرۆڤە مافی قسەكردنی هەیە، بەڵام دوای ئەوە تەنها رەخنەگرو بینەرانن مافی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەمێنێتەوە، تەنانەت راو بۆچوونی رەخنەگرەكانیش وەك بڕیاری بینەر رەها نیە، هەركاتێكیش بینەر بەرهەمێكی خستە سەبەتەی پەراوێزخستن، هیچ هێزێك نامێنێ ئەو بەرهەمە، یا ئەو دەرهێنەرو ئەكتەرە بگەڕێنێتەوە سەر ئاستی شكۆمەندی خۆی بەر لەشكست.
بەڵام دەكرێ لەپەراوێزی ئەودەسەڵاتە رەهایە بپرسین، ئەرێ كامە بینەرە خاوەنی بڕیاری رەهایە؟
ئەو بینەرە سادەیەی كە پێوەری گشتی لای ئەو تەنیا كات بەسەر بردن و پێكەنینێكی كاتی رووكەشی بێ مەغزایە و ئەهلی نواندنی پڕ لە تەهریج و شانۆی بازرگانیە؟
یان نوخبەیەكی پێگەیشتووی خاوەن دیدو ئایدیایەكی قوڵ و پڕ لەستاتیكا؟
بینەری كورد دابەشی هەردوو بەرە بووە، بۆ سەردەمانێك كە شانۆی بازرگانی باوبوو، كۆمەڵێ موهەریج هۆڵی شانۆكانیان بەكەسانی سادەو پرۆپاگەندەی موزەییەف پڕ دەكردەوە، زەرەرو زیانێكی گەورەیان بە شانۆ گەیاندو ئەو هونەرە جوانەیان لە بەرچاوی بینەر ناشیرین كرد، بە شێوەیەك بینەری راستەقینە شەرم لەخۆی بكاتەوە، بۆ لەحزەیەك بوێری ئەوەی هەبێت لە هۆڵێكی ئاوادا ڕوونیشێ.
ئەو كات دەمانزانی ئەو دیاردە ناشیرینە كاتیەو زەمەن لەگەڵ خۆیدا رایدەماڵێ، هەر كات بەرهەمی (جاد) پەیدا بوو، ئەو موهەریجانە لەشەرمی بینەر خۆیان دەشارنەوەو لەبەرچاوان ون دەبن .
بەڵام ئەوەی لەو نێوانەدا ئاستەمە ئەوەیە، كە تۆ پێویستیت بە كاتە، بۆ گۆڕینی واقعێكی تاڵ و نەرێنی بۆ واقعێكی ئەرێنی.
بەتایبەت بۆ گەڕانەوەی شكۆی شانۆیەكی تێكشكاو لە ڕەگو ڕیشەوە، بۆ شانۆیەك كە لەئاست خۆزگەو ئاواتی بینەر دابێت.
ئەگەر چاو لەرابووردووییەكی نزیك بپۆشین و بڕوانینە هەنگاوەكانی ئەمڕۆمان بۆ بینەری شانۆی كوردی، ئەوە بەگشتی، وێڕای لەبەرچاوگرتنی هەموو كێشەو ئاریشەكانی شانۆی كوردی، گەشبینیەك دەمانگری و هەست بەو گۆڕانە بنەڕەتیە دەكەین لەجۆری بینەرو حەماسی بینەر بۆ شانۆ.
بەڵام لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییەی جۆری بینەر دەبێ بپرسین ئەو هۆكارانە چین كە بوون بە سەرچاوە بۆ دروست بوونەوەی بینەرێكی هوشیار بەشانۆ؟
بێگومان فاكتەری زۆر هەن، دەبنە وەڵامی ئەو پرسیارە، لەوانە:
1.دەست بەكاربوونی كۆمەڵێ دەرهێنەرو ئەكتەری ئەكادیمی بەتوانا، لەوانەی بەراستەقینە خەمخۆری ئایندەی شانۆی كوردین .
2.پشت بەستن بەداهاتی خۆیان بۆ بەرهەم هێنانی بەرهەمە شانۆییەكان، بێ ئەوەی چاوەڕوانی بودجەو هاوكاری حكومەت بكەن، یا چاوەڕوانی قۆرخ كردنی دەرفەتێك بن بۆ گەندەڵی لەسەر حیسابی شانۆیەكی پەڕپووت و هەژار.
3.ئامادەكردنی ئەو بەرهەمانەی كە لەگەڵ خواست و ئارەزووی ئەمڕۆی بینەری كورد دەگونجێن و دەبنە گەرەنتی بۆ راكێشانی بینەر، بەتایبەت راكێشانی خێزان بۆ هۆڵەكانی شانۆ، ئەو خێزانانەی ساڵانێكی دوور بەحەسرتی ئاشنا بوونەوە بوون لەگەڵ شانۆدا.
4.سوود وەرگرتن لەتوانای ئەكتەری لێهاتوو، لەوانەی بینەر ئارەزووی نواندنیان دەكەن و توانای داهێنانیان هەیە لەشانۆدا.
هەندێ نمایشی شانۆیی كە لەسەر ئەو بنچینانە بەرهەمی خۆیان پێشكەش كردووە، لەچەند لایەكەوە بە قازانجی شانۆی كوردی هەڵكەوتنەوە:
یەكەم: ئاستی شانۆی كوردییان بەشێوەیەك بەرز كردەوە، كە هەر دەرهێنەرێك بیەوێت بەرهەمێكی نوێ ی شانۆیی پێشكەش بكات، دەبێت بەهەمان شێوە لەوە بگا كە بینەر چی لە شانۆ دەوێت ؟ هێزی راكێشانی بینەری بۆ هۆڵەكانی شانۆ هەبێت.
بەم شێوەیە دروست بوونی ركابەری لەسەر داهێنان لە نێوان دەرهێنەرەكاندا دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ سەر لە نوێ دروست بوونەوەو دەست پێ كردنی قۆناغێكی نوێ لەشانۆی كوردی دا. جوگرافیای شانۆیی
وەك لۆژیك بینەرو شانۆ دوو هاوكێشەی هاوتەریب و هاوبەشن لەگەڵ یەكتردا، هیچیان بەبێ ئەوی تریان بوونیان نیە، ماهیەتی هەر یەكێكیان بەوی تریانەوە بەندە.
بەڵام ئەو هاوكێشەیە لەنیشتیمانی ئێمەدا هاوكێشەیەكی ناوازەیەو شانۆو بینەر نەخراونەتە ناو یەك بازنە.
رەنگە لەهەندێ شوێنی جوگرافی وەك شاری هەولێرو دهۆك بینەر هەبێ بەڵام شانۆ نەبێ، لەشارێكی وەك كەركووك و سلێمانی شانۆو بینەر هاوتەریبن، لەچەمچەمال و كەلارو دەربەندیخان و سۆران بینەر زۆرترە لەشانۆ..بەڵام هیچ لەو شارو شارۆچكانە وەك شاری هەولێر مەحروم نەكراون لە شانۆو بینەریان ئەوەندە پڕ لە تاسەو حەسرەت نین بۆ شانۆ، كە تێیدا نەك هەر تەنها بینەرانی ئەو شارە بەناچاری بۆ تینوویەتی شكانیان لەشانۆ ئەو شارو ئەو شار دەكەن و شانۆكارەكانیان دەستەپاچەو بێ ئومێد بوون لەچوونە سەر شانۆ، وای لێهات ئەو شارە دێرینەی شانۆو هەواری تەڵعەت سامان و سەباح عەبدولڕەحمان وفەرهاد شەریف و فەتاح خەتاب و سەعدون یونس و دەیان كەڵە دەرهێنەرو سەدان ئەكتەری بەتوانا، ببنە خاوەنی كەلاوەیەكی شانۆیی، كە تەنها یادگاریەكانی تێدا بمینێتەوە.
كەچی لەنێو ئەو شەوەزەنگە شانۆییەشدا بینەری هەولێر بینەرێكی هەمیشە ئامادەیە بۆ لەئامێزگرتنی شانۆو ئەو بەرهەمانەی دەبنە میوانی هەولێر.
جێگەی ئەسەفە كە لایەنێك نیە خۆی بەبەرپرسیار بزانێ بەرامبەر بەو مەرگەساتەی شانۆ لەو شارەدا، هەندێ لە بەرپرسەكانی ئەو شارە خەمخۆری چاكسازی نین لەو بوارەدا، چونكە پێیان وایە شانۆ سەرچاوەیەكی بازرگانی نیە، ئەوانەش كە بەرپرسی شانۆن، هەست دەكەن شانۆ ئەو پاروە چەورەی جاران نەماوە، بۆیە بوون و نەبونی لای ئەوان وەك یەكە.
ئەوەی لەو نێوەندەدا زەرەرمەند بێت، ئەو بینەرانەن كە خەریكە تامی شانۆیان لەبیر دەچێتەوە، ئەو شانۆكارانەن كە وەك ئاسن ژەنگیان هەڵێنا.




پرۆژەیەکی دراماتۆرگی بۆ شانۆنامەیەکی سارە کین.. نیهاد جامی

ئەم تێکستەی لێرەدا دەیخوێننەوە کردەیەکی دراماتۆرگیە بۆ شانۆنامەی 4:48 ی نووسەر سارە کین، لەپاڵ گەڕانەوە بۆ ژیاننامەی نوسەر و دامەزاندنی دیدێکی هونەری بۆ دروستکردنی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری لەبارەی ژیانی نوسەر، بۆیە لەپاڵ کارەکتەری نوسەر، فیلمسازێک دەردەکەوێت، ئەم تێکستە بۆ ئەنجامدانی کردەی دەرهێنان نووسراوەتەوە، کە دەبێتە تازەترین کاری شانۆیی من، پێمخۆش بوو لێرەدا تێکستە دراماتۆرگیەکە بڵاو بکەینەوە.
بۆ دەیالۆگی شانۆنامەکە گەڕاوینەتەوە سەر تێکستە وەرگێڕدراوە کوردیەکەی خاتوو باران، هەرچەندە من بە زمانی کوردی کاری تیا ناکەم، بەڵام پێمخۆش بوو ئاماژە بۆ ئەو خاڵە بکەم، هەروەها هاورێی ئازیزم د. ڕێباز جەلال وەریگێڕاوەتە سەر زمانی پۆڵەندی.


ژوورێک زیاتر لەستۆدیۆی سینەمایی دەچێت، بەهۆی دانانی کامێرا و ڕوناکی و کلاکێتەوە، لەوە دەجێت خەریکی تۆمارکردنی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری بن لەسەر ژیانی نووسەرێک، سەرەتا ئێمە وێنەگرێک دەبینین، هەر خۆشی دەرهێنەری فیلمەکەیە، لەپشت کامێراکەوە وەستاوە، ئاراستەکەی کامێراکە دەکاتە دیواری دواوەی ژوورەکە وەک ئەوەی نمایشی فیلمێکی سینەمایی بکات، لەسەر شاشەکەی دواوە دەنووسرێت ٤:٤٨، فێتێکی ڕەش کە زیاتر لەنیشاندانی تراکی فیلمێکی کۆن دەچێت، چارلی چاپلن لەسەر شاشەکە دەردەکەوێت، ئێمە ژنێک دەبینین لە سوچێکی ژوورەکە سەیری فیلمەکە دەکات، دەرهێنەرە سینەماییەکە کە ژنەکە دەبینێت ئاراستەی کامێراکە دەسورێنێتە لای ژنەکە، شاشە سینەماییەکەی دواوەی ژورەکە دەکوژێتەوە، ژنەکە پێّدەکەنێت، لەسەر شێوازی چارلی چاپلن خۆی گۆڕیووە، لاسایی ئەو دەکاتەوە، دەست دەکات بە نواندنی چارلی چاپلن، لەپڕ دەوەستێت، دەچێتە شوێنێّکی تری ستۆدیۆکە، کامێراکە بەدواوەیەتی، دەرهێنەر ئاماژەی بۆ دەکات کە دەست بە قسەکردن بکات.

من ناوم سارە کەین لەژیاندا پێنج شانۆنامەم نووسی، شانۆ باشترین شوێنە بۆ مرۆڤ تا بە ئازادی خۆت برینەکانی تیا بنووسیتەوە، کەس نەتوانێت دەستکاری شتەکانت بکات “وەک ئەوەی شتێکی بیر کەوتبێتەوە” یەکەمجار باوکم دەستکاری شتەکانی کردم، من ئەوەم لەیەکێک لەشانۆنامەکانم باسکردووە، هەموو شتێک لەپێش چاوی مندا دەمرێت، بۆیە مردن و خۆکووشتنم هیچ گرنگیەکی نیە، ئاخۆ خۆکووشتنی من چارەسەری کێشەکان دەکات؟ یەکەمجار کە ئەو بیرۆکەی خۆکووشتنە سەری هەڵدا، ووتم وا باشە لە کاتژمێر ٤:٤٨ خولەک خۆم بکوژم، هەر کاتێک بیری لێ دەکەمەوە، دەزانم ئەوە کاتێکی باشە بۆ خۆکووشتن، بەڵام باشتر وایە شانۆنامەکەم تەواو بکەم، هەست دەکەم قسەیەکی زۆر هەیە نەمنووسیوەو پێویستە بیاننووسم.

٢

لەگەڵ دەرهێنەر باس لەوە دەکات کە دەکرێت دیمەنی دواتر لەنەخۆشخانە وێنە بگیرێت، یاخود کەشێکی وا بێت گوزارشت لەنەخۆشخانە بکات، دەرهێنەر خەریکی گۆڕینی ڕوناکی و کوژانەوەی هەندێک گلۆپ و داگیرساندن و خولقاندنی کەشێکە لەرێی روناکی و ڕەنگەوە، دەرهێنەر تێبینی خۆی لەسەر شوێن و دیمەنەکە پێدەلێت، لەوە دەچێت هەردوکیان لەسەر گرتەکە هاوڕابن، دەرهێنەر شوێنێک دەست نیشان دەکات بۆ وێنەگرتن، سارە کەین وون دەبێت، دەرهێنەر خەریکی خۆ ئامادەکردنی دیمەنی داهاتووە، روناکیەکان کز دەکرێن، لەگەل ڕۆشن بوونەوەی تەنیا سارە کەین دەبینین، لەخەو هەلساوەو خەونەکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە، گێڕانەوەکەی تێکەڵەیەکە لە ترس و پێکەنین، زیاتر لەدۆخێکی شڵەژاو دیالۆگەکانی دەڵێت.
لەخەومدا چووم بۆ لای دکتۆرێک، وتی هەشت خولەکت ماوە بژیت. لە کاتێکدا نیوسەعاتبوو لە ژووری چاوەڕوانییە نەفرەتییەکەی ئەو دانیشتبووم!

٣
بێدەنگیەکی درێژ خایەن، ترسێک سارە کەین داگیر دەکات، بەناو ژوورەکەدا دێت و دەچێت، بیر لەشتێک دەکاتەوە، کەوا نازانین چیە، وەک ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵە مۆسیقیەک قسە بکات، تا خۆیان بۆ کۆنسێرتێی مۆسیقی ئامادە بکەن، بەتەنیشتیەوە ئامێرێکی ئۆرکۆدیۆن لەژوورەکەدایە، داوە لە مۆسیقیە خەیاڵیەکان دەکات کەوا دەست پێبکەن، خۆشی لەگەڵیان دەکەوێتە مۆسیقا ژەنین.
مۆسیقاکەی دەوەستێنێت.. هەست ڕادەگرێت، هەڵدەستێتەوە، لەناوەراستی ژوورەکە دەیەوێت بخەوێت، بەلام هەموو گیانی دەلەرزێت، لەبەر خۆیەوە دەڵێت

ــ من گازم بە جولەکەکاندا کرد، کوشتاری کوردەکانم کرد، بۆمببارانی عەرەبەکانم کرد، سواری منداڵی بچووک بووم لە کاتێکدا داوای بەزەییان دەکرد، گۆڕەپانی جەنگی پڕ لە مردووەکان هی منن، من وامکرد هەمووان ئاهەنگەکە جێبهێڵن.
دادەنیشێت، بەدەستەکانی هەردوو قاچەکانی خۆی دەگرێت، دەیەوێت چیرۆکی کەسێک بگێڕێتەوە، بەڵام جولەکردنی فۆرمێکی ئاسایی وەردەگرێت، تەنیا لەکاتی قسەکردن تۆنی دەنگی دەگۆڕێت
من چاوە حیزەکانت دەمژم و لە قتوویەکدا دەینێرم بۆ دایکت و کاتێکیش من دەمرم، لە جەستەی منداڵی تۆدا دێمەوە دونیا، بەڵام پەنجا قات خراپتر و شێتتر، من ژیانت دەکەم بە دۆزەخێکی داگیرساو، من مـــــــل نـــــــــــــادەم مـــــــل نـــــــــــــادەم مـــــــل نـــــــــــــادەم ســــــەیرم مــــــــەکــــــــــــــــە

ئێستا هەڵدەستێتەوە، سەیری دەوروبەری ژوورەکە دەکات، ئۆرکۆدیۆنەکەی لەباوەش دەگرێت، دەیەوێت بگریێت، روناکی لەسەری دەکوژێتەوە، لە شاشە سینەماییەکەوە سەر لەنوێ دەیبینینەوە، دیمەنێک نیشان دەدرێت سارە کەین بەسەر کورسیەکەوەیە وەستاوە، کامێرا دەچێتە بەرزاییەوە دەبینین پەتێکی بەملەوەیە و دەیەوێت خۆی بکوژێت، بە قاچەکانی کورسیەکەی ژێر پێی لا دەبات، شاشەکە ڕەش داگەڕاوە، ژوورەکە بەتەواوی ڕۆشن بۆتەوە، دەرهێنەر بە نیگەرانیەوە کامێرا و کەل وپەلەکانی وێنەگرتن کۆ دەکاتەوە و دەچێتە دەرەوە، ستۆدیۆکە بەتاڵ و وەک ئەوەی هیچ شتێکی لێ نەبووبێت، هەموو شتێک کۆتایی دێت.




شانۆنامە.. کەلاوەکەی سەر دەریای ڕەش.. نووسینی: عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ)

شانۆگەرییەکی یەک پەردەییە لە سێ دیمەندا

                                          کاره‌کته‌ره‌کان

دانا : کوڕێکی ته‌مه‌ن ده‌ ساڵانه‌، سه‌رپه‌رشتیاری خوشک و براکانییه‌تی. شه‌ڕواڵیک و کراسێکی ناڕێکی له‌به‌ردایه‌.
په‌ری : خوشکی دانا، ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵانه‌،سه‌رپه‌رشتیاری کاروباری ماڵه‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆیه‌. مه‌کسییه‌کی دڕاو و بۆری له‌به‌ردایه‌.
شێرکۆ : برای دانایه‌.ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵانه‌. کۆنه‌ شه‌رواڵێک و کراسێکی له‌به‌ردایه‌. له‌گه‌ڵ دانای برای ئه‌رکی بژێوی خوشک و براکانی له‌سه‌رشانه‌.
ئارام : برای دانایه‌. ته‌مه‌نی چوار ساڵانه‌. زۆربه‌ی کات له‌گه‌ڵ په‌ری خوشکی دایه‌. بێجامه‌ و کراسێکی ده‌ست کورتانه‌ی له‌به‌ردایه‌.
باجی لەعلی : تەنها دەنگی دەبیسترێت.
ئومێد : هاوسەری پەری تەمەنی نزیک بە بیست و چوار ساڵێک دەبێت.

شوێنکات

دووانیوه‌ڕۆی ڕۆژێکی مانگی ئه‌یلوولی دوو هه‌زار و چواره‌، که‌لاوه‌یه‌کی ڕووخاو و داڕماوی خانووه‌کانی فه‌یله‌قی که‌رکووکه‌.

دیمه‌نی یه‌که‌م

دیمه‌ن : که‌په‌رده‌ لاده‌درێت که‌چه‌ خانووه‌که‌ی ماڵی ئه‌م منداڵانه‌یه‌. ژوورێکی بچکۆله‌ی چۆڵه‌ خاڵی له‌هه‌ر دیمه‌ن و پێداویستییه‌کی ژیانی ئه‌مڕۆ.هۆده‌که‌ نیمچه‌ تاریکه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌بینرێ ئه‌م شتانه‌ن: له‌گۆشه‌یه‌که‌وه‌ دوو ته‌نه‌که‌ی ڕۆنی ژه‌نگ گرتوو که‌ یه‌ک دوو شڕه‌ دۆشه‌ک و به‌تانی و سه‌رینیان له‌سه‌ره‌. ناوه‌ڕاستی شانۆش (هۆده‌که‌) ده‌رگایه‌که‌ ڕوو به‌ده‌ره‌وه‌ ئه‌کرێته‌وه‌، ده‌رگاکه‌ گونیه‌ی پینه‌کراو و لێکدراوه‌ و به‌بزمار به‌سووچه‌کانی دیواری شانۆوه‌ داکوتراون. له‌ گۆشه‌که‌ی تره‌وه‌ سۆپایه‌کی عه‌لادینی کۆن که‌ قووتووه‌ ئاوێکی له‌سه‌ره‌. له‌ته‌نیشت سۆپاکه‌وه‌ دوو سێ قاپ و که‌وچک دانراون له‌گه‌ڵ کۆنه‌ قۆرییه‌ک. په‌ری ئارامی له‌باوه‌شه‌ و له‌نزیک سۆپاکه‌ له‌سه‌ر زه‌وییه‌که‌ له‌سه‌ر نیمده‌ره‌یه‌ک هه‌ڵکورماوه‌ و له‌ولاشه‌وه‌ فه‌رده‌یه‌ک قووتوو و بوتڵی به‌تاڵ به‌دیواری شانۆوه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌. په‌ری به‌ده‌م لاواندنه‌وه‌وه‌ ئه‌یه‌وێ برسێتی له‌بیر ئارام بباته‌وه‌.

په‌ری : ( به‌ده‌نگێکی سۆزدار و پڕ له‌ سه‌رپه‌رشتیارییه‌وه‌)
لاچۆ لاچۆ ئه‌ی ملهوڕ
ئارام خه‌وی لێکه‌وتووه‌
ئارام ژیر و هێمنه‌
لای دادەی خۆی خەوتووە

    ئارام خوشکی خۆش ئه‌وێ
    دانا و شێرکۆی له‌پشتن
    ئارام ژیر و هێمنه‌
    یەک یەک نازدار و قشتن

ئارام : ( به‌ده‌م گریانه‌وه‌) په‌ری برسیمه‌. نانم ده‌رێ.

په‌ری : ( هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ لاواندنه‌وه‌که‌ی)
ئارام ئه‌گه‌ر برسی بێ
چاوه‌ڕێی برا ئه‌کا
ئارام ئه‌گه‌ر خه‌وی بێ
ده‌ست له‌مل چرا ئه‌کا

ئارام : ( ئه‌نوزێته‌وه‌) برسیمه‌. ده‌ی برسیمه‌.

په‌ری : ( هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ لاواندنه‌وه‌)
ئارام گریان نازانێ
ژیر و هێمنه‌ و بێده‌نگ
ئارام ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ بێ
خه‌ون ئه‌بینێ ڕه‌نگاوڕه‌نگ

ئارام که ‌گه‌وره‌ ئه‌بێ
پشت و پەنایە بۆ ماڵ
ئارام ژیر و زرنگە
گڕە دژ بە ژینی تاڵ

( ئارام بێده‌نگ ئه‌بێ که‌زیاتر نیشانه‌ی خه‌و لێکه‌وتنیه‌تی. په‌ری به‌هێمنی ئارام له‌شوێنی خۆی له‌سه‌ر نیمده‌ره‌که‌ درێژ ئه‌کات. خۆشی ئه‌چێته‌ نزیک جێ و بانه‌کان و پشت به‌ته‌نه‌که‌یه‌که‌وه‌ ئه‌دات و به‌ده‌نگی به‌رز ده‌ست ئه‌کات به‌گریان و پاشان هێدی هێدی هه‌نسک ئه‌دات. په‌ری له‌هه‌نسک دان ئه‌وه‌ستێ و به‌لچکی مه‌کسییه‌که‌ی فرمێسکه‌کانی ئه‌سڕێ.)

په‌ری : خوایه‌ گوناهمان چی بوو وات لێکردووین؟ بۆ وه‌کو خه‌ڵک دایک و باوکمان نییه‌؟ هه‌ر که‌سێکمان هه‌بووایه‌ به‌س بوو. ئاخر من نازانم چی بکه‌م و کاکه‌ داناش له‌گه‌ڵ شێرکۆ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان پێئه‌کرێ. له‌ به‌یانی زووه‌وه‌ به‌ سکی برسی له‌ماڵ ده‌رئه‌چن و په‌نا دیوار و سه‌رزبڵخان نامێنێ به‌دوای قووتووی بیبسی و بوتڵی ئاوی به‌تاڵ و کۆنه‌ فافۆن و مس و لاستیک نه‌گه‌ڕێن. ئێوارانیش پێنج هه‌زار دینار یان حه‌وت هه‌زار دینار که‌ ته‌نها به‌شی چه‌ند سه‌مونێک ئه‌کات ،په‌یدای ئه‌که‌ن. ئه‌ی خوایه‌ ڕه‌حمێ…من نازانم چی بکه‌م؟ نازانم. به‌خوا ده‌رو جیرانه‌کان نانمان نه‌ده‌نێ هیچ نییه‌ بیخۆین.

( له‌ودیوی ده‌رگا گو‌نییه‌که‌وه‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ دێ و په‌ری به‌په‌له‌ ئه‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ و پاش نه‌ختێک دانا و شێرکۆ و په‌ری دێنه‌ ژووره‌وه‌. دانا دۆشه‌کێک له‌سه‌ر ته‌نه‌که‌ ڕۆنه‌که‌ دائه‌گرێ و له‌سه‌ری دائه‌نیشی. شێرکۆش له‌خوار داناوه‌ خۆی به‌ئه‌رزدا ئه‌دات. په‌ریش ئه‌و عه‌لا‌گه‌ ڕه‌شه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ دانا هه‌ندێ سه‌مونی کڕیوه‌ و هێناویه‌ته‌وه‌. په‌ری ده‌ست ئه‌داته‌ شقارته‌یه‌ک تا سۆپاکه‌ داگیرسێنێ. قووتووه‌ ئاوه‌که‌ دائه‌گرێ و سۆپاکه‌ پێئه‌کات. ئاوی ناو قووتووه‌که‌ ئه‌کاته‌ قۆریه‌که‌وه‌.)

دانا : ( به‌جۆرێک له‌شه‌رمه‌وه‌ ڕوو له‌ په‌ری ئه‌کات) جیرانه‌کان هیچیان بۆ نه‌هێناوین؟
په‌ری : نه‌خێر.
دانا : ( ڕوو لە پەری دەکات) ئه‌وه‌ بۆ هیچت به‌ئارامدا دانه‌داوه‌؟
په‌ری : ( ته‌ماشایه‌کی ئارام ئه‌کات) ئێستا له‌برسا خه‌وی لێکه‌وت.( ده‌ست ئه‌داته‌ به‌تانییه‌ک و ئارام دائه‌پۆشێ) تا خه‌وی لێکه‌وت هه‌ر داوای نانی ئه‌کرد.
دانا : ده‌ هه‌ڵی سێنه‌ با سه‌موون بخوات. ( دانا په‌لامار ئارام ئه‌دات و ئه‌یکاته‌ باوه‌ش) هه‌سته‌ برا بچکۆله‌که‌م، هه‌سته‌ له‌خه‌و، بزانه‌ کاکه‌ دانا چی هێناوه‌. ئه‌ها سه‌موونم بۆ هێناوی. هه‌سته‌ به‌برسێتی مه‌خه‌وه‌.
ئارام : ( به‌ جۆرێک نازکردن و گریانه‌وه‌) برسیمه‌ سه‌موونم ئه‌وێ.
په‌ری : ( سه‌مونێک له‌ عه‌لاگه‌که‌ ده‌رئه‌هێنێ و که‌رتی ئه‌کات و که‌رتێکی ئه‌داته‌ ئارام و که‌رتێکیشی قه‌پێکی لێ ئه‌دا و ئه‌یخاته‌وه‌ ناو عه‌لاگه‌که‌. شێرکۆ که‌ تا ئه‌و کاته‌ هه‌ر پاڵکه‌وتووه‌، قیت ئه‌بێته‌وه‌ و له‌ دانا ئه‌پرسێ)
شێرکۆ : کاکه‌ دانا، حه‌وت هه‌زارمان په‌یدا کرد؟
دانا : به‌ڵێ.
شێرکۆ : پێنج هه‌زارمان دا به‌سه‌موون، و دوو هه‌زارمان پێ ماوه‌.
دانا : وایه‌.
په‌ری : ( بە شەرمەوە ڕوو لە دانا دەکات) کاکه‌ دانا ئه‌و دوو هه‌زاره‌م ئه‌ده‌یتێ؟
دانا : بۆچیته‌؟
په‌ری : حه‌زم له‌ بنێشته‌، لای مام غه‌فوور بنێشتی پێ ئه‌کڕم.
شێرکۆ : بنێشتی چی، وه‌ڵڵا له‌ده‌می نانێی. تۆ بنێشت بکڕی منیش چوکلێتم ئه‌وێ.
په‌ری : ( ڕوو بە شێرکۆ) ئینجا تۆ حه‌قت چییه‌؟ کاکه‌ دانا خۆی ئه‌مداتێ.
دانا : ( به‌ هێمنییه‌وه‌) په‌ری گیان، ئه‌زانم حه‌زت له‌ بنێشته‌، به‌ڵام ئێستا ته‌نها ئه‌و دوو هه‌زاره‌مان هه‌یه‌،ئه‌بێ قه‌ناعه‌ت بکه‌ین و هه‌ندێ پاره‌ پاشه‌که‌وت بکه‌ین تا ئه‌گه‌ر ڕۆژی نه‌خۆش بووین و نه‌مانتوانی بچین بۆ قوتوو و فافۆن و مس، ئه‌وا بتوانین سه‌موون بکڕین و برسیمان نه‌بێ. به‌ڵام په‌یمانی ئه‌ده‌مێ ئه‌گه‌ر تۆزێ پاره‌که‌مان زیادی کرد بنێشتت بۆ ئه‌کڕم.
په‌ری : ( به‌ خه‌جاڵه‌تبارییه‌وه‌) ببووره‌ کاکه‌ دانا تۆ ڕاست ئه‌که‌یت. من بنێشتم جارێ ناوێ. که‌ی پاره‌مان هه‌بوو ئه‌وسا بنێشت ئه‌کڕم.
دانا : (ئه‌چێته‌ لای په‌ری و ده‌ست به‌سه‌ریدا ئه‌هێنێ) ئافه‌رین په‌ری. تۆ خوشکێکی زۆر ئاقڵێ.
( ده‌نگێک له‌ده‌ره‌وه‌ بانگی په‌ری و دانا ئه‌کات، ده‌نگی باجی لەعلی جیرانیانە‌.)
ده‌نگی باجی لەعلی : په‌ری کچم په‌ری، دانا له‌ماڵه‌وه‌ن؟ وه‌رن ئه‌م خواردنه‌م لێوه‌رگرن.
(په‌ری و دانا به‌ڕاکردن ئه‌ڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌. ده‌نگی دانا : ده‌ستت خۆش بێ باجی لەعلی، خوا پاداشتت بداته‌وه‌. ده‌نگی په‌ری : سوپاس باجی لەعلی، ده‌نگی لەعلی : عافیه‌تتان بێ و به‌یانی قاپه‌که‌م بۆ بێنه‌وه‌. ده‌نگی په‌ری : به‌سه‌رچاو باجی لەعلی به‌یانی قاپه‌که‌ت بۆ دێنمه‌وه‌. ده‌نگی لەعلی : ده‌باشه‌ ئاگاتان له‌خۆتان بێ . ده‌نگی دانا و په‌ری پێکه‌وه‌ : خوا حافیزت بێ . دانا و په‌ری دێنه‌ ژووره‌وه‌. دانا قاپێ گه‌وره‌ی پڕ له‌خواردنی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و په‌ریش به‌دووایه‌وه‌. دانا قاپه‌ خواردنه‌که‌ دائه‌نێ و په‌ریش سه‌موونه‌کان ئه‌هێنێ و ئه‌وسا هه‌موو له‌ده‌وری قاپه‌ خواردنه‌که‌ ده‌ست ئه‌که‌ن به‌نانخواردن. ڕووناکی له‌سه‌ریان کز ئه‌بێ.(

دیمه‌نی دووه‌م

شوێنکات
هه‌مان شوێنی دیمه‌نی یه‌که‌مه‌، کات نۆی شه‌وه‌.
دیمه‌ن : شێرکۆ و په‌ری و ئارام نووستوون. شانۆ تاریکه‌ ‌ڕووناکییه‌کی که‌م سه‌ر شانۆی داپۆشیوه‌. دانا بێداره‌ و هه‌ر گینگڵ ئه‌دات. دانا له‌سه‌ر جێگه‌که‌ی ڕاست ئه‌بێته‌وه‌ و به‌تانییه‌که‌ به‌ په‌ری و ئارام و شێرکۆ دائه‌دات. ماوه‌یه‌کی زۆر کورت لێیان ئه‌ڕوانێ و پاڵ ئه‌داته‌وه‌. لێره‌وه‌ ئیتر دانا به‌ئاگایه‌ و نه‌خه‌وتووه‌، به‌ڵام ته‌نها ده‌نگ دانا وه‌کو مۆنۆلۆگ ئه‌بیسترێ.)
ده‌نگی دانا : نازانم بۆچی قەدەری ئێمە بەمجۆرەیە؟ گوناهمان چیبوو وامان بەسەرهات؟ ئەگەر بەدبەختی نەبووایە بۆچی دایک و باوکمان بەر تەقینەوە دەکەوتن. ئێ چی دەبوو ئێمەش وەکو ئەو عالەمە لەپەنای دایک و باوکدا ڕۆژگارەکانمان بەسەر ببردایە و بچووینایە مەکتەب و تووشی ئەم برسێتی و ڕۆژڕەشییە نەهاتینایە.( وچانێکی کورت) تازە هیچ ناکرێت. بەڵام ڕۆژێک دێت گەورە دەبین و بەتوانا دەبین و دەتوانین ئاسانتر بژێوی ژیانمان دابین بکەین. ڕۆژێک دێت؛ وەزعمان زۆر لە ئێستا باشتر دەبێت و ئێ خۆ تا مردن ئاوا ناژین. هەمووجارێک کە سەیری مناڵانی گەڕەکان دەکەم پۆشتە و تێرن، گریانم بۆ خۆمان دێت. هەرکاتێک دەبینم منداڵان دەچنە مەکتەب یان لە مەکتەب دێنەوە کزە لە جەرگمەوە دێت. ئاخر بۆ دەبێت چاومان لە یارمەتی ماڵە جیران بێت؟ ماڵی باجی لەعلی و مام کەریم ئاوا بێت قسوریان نەکردووە و بەردەوام یارمەتییان داوین. ( تۆزێک بێدەنگ دەبێت) من تەمەنم ١٠ ساڵە و دوو سێ ساڵی تر دەتوانم کرێکاری بکەم و پارەی زیاترم دەست دەکەوێت.( هەڵدەستێتەوە و بڕێک لە بینەران نزیک دەبێتەوە و ئاوا گوزارشت لە وەزعی تاڵی ژیانی خۆیان دەکات).
چوار منداڵی کەساسین
بێ باوک و سەرپەرشتین
لەنێو کێڵگەی ژیانا
خەمی ورد و درشتین

بوتڵی بەتاڵ و قووتی
کۆدەکەینەوە ئێمە
بەزستان و بەهاوین
جووتێ نەعل لە پێمە

خوشک و براکانیشم
تا بڵیی ڕووت و برسین
لەنێو ئەم کەلاوەیە
لە مەرگی خۆ دەترسین

کێ دەزانێ ئێمە وا
چوار منداڵی بەدبەختین
بەئاواتی هەبوونی
تەنها ژوورێکی تەختین

ئێمە شکۆمان شکا
جێگای سەرنجی خەڵکین
ئاخ چیبکەین لەم زەمانە
وا لاواز و بێکەڵکین

( لەم کاتەدا ئارام دەجوڵێتەوە و بەئاگا دێت. دانا دەچێت بەلایدا تا بانی بدات، بەڵام ئارام لە دانا دەڕوانێت و دەست دەکات بە گریان. پەریش بەئاگا دێت)
پەری : کاکە دانا ئەوە چییە بۆ نەخەوتووی؟
دانا : خەوم نایە.
پەری : کاکە دانا هەوڵبدە بخەویت.
دانا : ( بەرەو لای جێگەکەی دەڕوات و پاڵ دەداتەوە.) باش دەی ئێوەش بخەون.
پەری ( ئارام لەتەنیشت خۆی دەخەوێنێت و ئەم گۆرانییەی بۆ دەڵێت)
لاچۆ لاچۆ ئه‌ی ملهوڕ
ئارام خه‌وی لێکه‌وتووه‌
ئارام ژیر و هێمنه‌
لای دادەی خۆی خەوتووە

    ئارام خوشکی خۆش ئه‌وێ
    دانا و شێرکۆی له‌پشتن
    ئارام ژیر و هێمنه‌
    یەک یەک نازدار و قشتن

(ئیتر وردە وردە دەنگی پەری کز دەبێت و شانۆش تاریک دادێت.)

پەردەی سێیەم
شوێنکات : ئێوارەیەکی کۆتایی هاوینی ساڵی ٢٠١٦یە، شاری کەرکووک
دیمەن : ماڵی پەری و ئومێدە. ماڵێکی سادە وتاڕادەیک هەژاری پێوە دیارە. زۆر نابێت پەری و ئومێد هاوسەرگیرییان کردووە. یەک دوو دۆشەک و سەرین دانراون و پانکەیەک و سوراحییەک پڕ لەئاو لەگەڵ پەرداخێک دانراون. ڕووناکی دەچێتە سەر پەری و ئومێد.
ئومێد : ( ڕوو لە پەری دەکات) دەزانیت زۆرم هەوڵ دا بۆ نیوەڕۆ بێت تا پێکەوە نان بخۆین.
پەری : مەبەست کێیە؟
ئومێد : مەبەستم دانایە. وتی ئێوارە دوای نانخواردن دێم.
پەری : لەوەتەی خەریکی ئیشی تەکسییە، زۆر مورتاحە و وەزعیشی گەلێ لەجاران باشترە.
(لەپڕ لە دەرگا دەدرێت، ئومێد دەڕوات دەرگا بکاتەوە. دوای چەند چرکەیەک لەگەڵ دانا پێکەوە دێنەوە سەر شانۆ.)
ئومێد : فەرموو کاکە دانا گیان.. بەخێر بێی.
پەری : ( هەڵدەستێتە سەر پێ و بەخێرهاتنی دانای برای دەکات) کاکە دانا بەخێر بێی.
دانا : سوپاستان دەکەم سوپاس ئومێد گیان.. پەری گیان تۆ چۆنیت؟
پەری : زۆر باشم، سوپاس.
ئومێد : دانا گیان نانت خواردووە؟ با نانت بۆ بێنین.
دانا : سوپاس نانم خواردووە. هەر حەزم کرد چاوم پێتان بکەوێت.
ئومێد و پەری : ( بەیەکەوە) یاخوا بەخێر بێی.
ئومێد : ئەم بەیانییە چەندم پێوتی نان مەخۆ و وەرە لای خۆمان پێکەوە نان دەخۆین
دانا : چاوەکەمی ئومێد گیان.. نا نەمدەتوانی بۆ نانخواردن بێم. دەبوایە شێرکۆ بگەێنمە دەوام لە لەیلان و ئینجا بگەڕێمەوە و ئارامیش لە حەسیرەکە هەڵگرم بیبەمەوە ماڵ.
پەری : ( ڕوو لە دانا) ئەزانی کاکە بەر لەوە بێی باسی تۆمان دەکرد.
دانا : ( بەسەرسوڕمانەوە ) بەڕاست؟ چۆن باسمتان دەکرد؟
ئومێد : وتمان لەوەتەی خەریکی ئیشی تەکسییە، ئاسوودەترە.
دانا : وایە، زۆر ڕاستە. لەوەتەی ئەو ئیشە دەکەم، وەزعمان زۆر باشتر بووە و هەروەها شێرکۆش لەوەتەی لە چیمەنتۆکەی لەیلان دەوام ئەکات و مەعاشەکەشی خراپ نییە. ئارامیش خەریکی خوێندنەکەیەتی. بەگشتی زۆر باشین و بەراورد ناکرێین بە جاران.
ئومێد : هیوادارم هەوا باش بن. مرۆڤ کار بکات و هەوڵ بدات، هەم وەزعی باش دەبێ و هەمێش دەگاتە ئاواتەکانی
دانا : وایە.
ئومێد : دانا گیان ئێمە لەسەردەمێکدا و لە سیستەمێکدا دەژێین، هەموو شتێکیان کردۆتە پارە. پارە و پەیوەندییەکانی پارە، جێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکانی گرتۆتەوە. مرۆڤ و بەهای مرۆڤ بەپارە بەراورد دەکڕێت. تۆ تەماشا پەیوەندییە ئینسانییەکان چییان بەسەردا هاتووە. ئێستا بڕۆ دەرەوە و لەسەر ئەو جادەیە ژان بتگرێت، دەیان کەس موبایلەکەیان دەردەکەن و وێنەت دەگرن،بەڵام ناتگەێننە نەخۆشخانە. گەشەی تەکنەلۆژیا و بە فەیسبووکبوونی تەواوی گۆی زەوی، ئینسانی لە کائینێکی کۆمەڵایەتییەوە گۆڕیوە بە ئەسیری چەند سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
پەری : (سێ چای دێنێ و چایەکان لەبەردەم خۆیان دادەنێت و سینییەکە لەتەنیشت خۆیەوە دادەنێت.) کاکە دانا بەزەیی و خۆشەویستی لای ئینسانەکان تا دێت کاڵتر دەبێتەوە. ئێستا نەک سەردان بەڵکو خەڵک تاقەتی ئەوەشیان نییە تەلەفۆن بۆ یەکتر بکەن.
دانا : راستە پەری گیان، بەڵام خۆ ئێمە نابێت تەسلیم بە وەزعەکە بین.
ئومێد : ( دەست دەداتە سەر ڕانی دانا) ئافەرین کاکە دانا گیان دروست وایە. ئەم دۆخەی تێیکەوتووین هۆکارەکەی جیاوازی چینایەتییە. تەماح و چاوچنۆکی خاوەن پارە هەژاری و نەداری و جەنگ و کوشتار و ماڵوێرانیمان بۆ دێنێ. ئێمە دەبێت دژ بە خاوەن پارە بجەنگین.

دانا : ( فڕێک لە چاکەی دەدات) ئومێد گیان خۆت دەزانیت من زۆر سەرم لەو شتانە دەرناچێت، بەڵام ڕقی ئەو دنیایەم لە هەژاری و نەگبەتی و جەنگ و کاولکارییە. هەر شتێک ئەم وەزعە بگۆڕێت من لەگەڵیدام.

ئومێد : ئەم وەزعە هەوا نابێت، حەتمەن دەگۆڕدرێت. هەرکات ئێمەی هەژار و ستەمدیدە وشیار بووینەوە و یەکمان گرت، شۆڕشمان بەرپا دەبێ و ئەوکات ئازاد دەبین و چەوسانەوەش نامێنێت. بەواتایەکی تر دەبێت لەڕێگەی شۆڕشەوە جیاوازی و ئینجا ستەمی چینایەتی نەهێڵین و ئاسودەیی باڵ بکێشێت بەسەر ژیانماندا.

دانا : من لەگەڵ نەمانی چەوسانەوەم و لەهەرکوێیەک خەبات بکرێت دژ بە چەوسانەوە، من بە خەباتی خۆمی دەزانم.

ئومێد : ( بەدەم چا خواردنەوەوە) هەر بژیت کاکە دانا. ئەم هەست و هەڵوێستە زۆر جوانە، تۆ بەڕاستی وەفادار و خەمخۆری رزگاری مرۆڤایەتیت. بەڵام یەک ڕەخنەی بچووکم لێت هەیە. خوێندەوارییەکەت بەقوەت بکە. تۆ پێویستە بخوێنیتەوە و ئاستی وشیاری خۆت بەریتە سەر.

دانا : ڕاست ئەکەی ئومێد گیان بەس کاتم نییە و مەشغولی ڕێم نادات.

ئومێد : ( بە گاڵتەوە) ئەوە چی دەڵێی دانا گیان، ئێواران وەرە ئێرە و لەگەڵ پەری وانەتان پێدەڵێم و خوێندەوارییەکەتان بەهێز دەبێت.

پەری : کاکە دانا من ماوەیەکە خەریکم و تەواو فەرقم کردووە و ئێستا هەندێک شت دەتوانم بخوێنمەوە و بنووسم.

دانا : وا دەکەم. ( بە پێکەنینەوە) پۆلێکمان بۆ بکەرەوە شێرکۆش دێنم.

ئومێد : جێی بەختەوەریمە. هەر هەمووتان وەرن ( بەگاڵتەوە) حەز دەکەم هەموو گەڕەکەکە بێنە.
( ئەوان بەردەوام دەبن لە قسەکردن و ڕووناکی لەسەریان کز دەبێت و شانۆ تاریک دادێت و پەردە دادەدرێتەوە.)

تەواو

تێبینی : ئەم دەقە لە ساڵی ٢٠١٠ دەستم پێکرد و لە ٢٠٢٢ تەواوم کرد.




شانۆی تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی.. نیهاد جامی

هونەری شانۆ پێویستی بەکردەی بینینی ڕاستەوخۆ هەیە، بەلام کاتێک وەک ڤیدیۆی تۆمارکراو دەیبینین، ڕووبەروی ئەو پرسیارە دەبینەوە ئاخۆ شانۆی تەلەڤزیۆنی چ سوودێک بە ئێمە دەگەیەنێت؟ لەبەردەم ئەم پرسیارەدا پێویستە هەندێک خاڵ بەگرنگ وەربگرین، بەهۆی ئەوەی تۆمارکردنی ڤیدیۆی بۆ شانۆ کۆمەکی ئەوەمان دەکات سیماکانی قۆناغە شانۆییەکان بەڕوونی بناسین، جگە لەوەی ئەو کارانەی لەزەمەنێکدا فریای سەیرکردنیان نەکەوتین، بزانین ئاستی کارکردنیان چۆن بووە، ئەوە سەرباری ئەوەی رۆلێکی گرنگ دەبینێت لە بە کولتورکردنی شانۆ لەکۆمەڵگادا، کە لەم ڕێگایەوە کۆمەلگا دەتوانێت ئاشنایەتیەکی زیاتر بەشانۆ پەیدا بکات.
ئێمە لەئێستادا کەسەیری شانۆی تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی دەکەین و مێژووەکەی پێ دەنێتە ناو ٥٣ ساڵ، چەندە بەهۆی نیشاندانی نمایشەکان لەتەلەڤزیۆن توانی رۆڵێکی گرنگ ببینێت بۆ بە کولتورکردنی شانۆ، وایکرد ئەم کۆمەلگایە هەست بەگرنگی نمایش بکات، ئاشنایەتی لەگەل دیاترین سانۆنامەکان پەیدا بکات، لەئێستادا کە نیو سەدە تێدەپەرێنێت، بەڵام بەهەمان شێوەو تینەوە شانۆ لەناو ماڵەکان ئامادەبوونی هەیە، ئەوە وایکردووە شانۆ ببێتە بەشێک لەژیانی کولتوری مرۆڤی پۆڵەندی.
بۆ ئەوەی بەدوای ئەو ئاشنابوونە ئەو نمایشە تۆمارکراوانە دەسکەوتی دارایش وەدەست بێنن کەناڵی تەلەڤزیۆنی کولتور هەڵسا بە جاپکردن و کۆپی کردنی نمایشەکان لەشیوەی دی ڤی دی، وەک فیلم لەبازارەکان بفرۆشرێن، بەوەش دەستکەوتێکی پێ وەدەست هێناوە، لەئێستادا بەدەگمەن ئەو نمایشانە لەبازار دەست دەکەون، ئەوەش گەواهی ئەم ڕاستییە کەوا بینەران دەیانەوێت ببنە خاوەنی ڤیدیۆی ئەم نمایشانە.
خالێکی تری گرنگ بۆ توێژینەوە لەبارەی ئەم شانۆنامانەو ئاشنابوون بەدیدی دەرهێنەرانی پۆڵەندی بەدوای سەرجاوە تیۆریەکان دەتوانین بگەرێینەوە بۆ ئەم نمایشانە، تاوەکو بتوانین سیمای قۆناغە شانۆییەکانی پێ بناسین، ئەم شانۆیە لەڕێی ڤیدیۆی کارەکانی وایکرد ڕووبەرێکی فراوانتری بەخۆی بەخشی، بۆیە کتێبەکەی نووسەر کاتاژینا جیێژبیچکا بەناونیشانی “٥٠ ساڵ لەشانۆی تەلەڤزیۆنیدا” دۆکۆمێنتێکی گرنگی ئەم شانۆییە کە چۆن لەرێی بەڤیدیۆکردن توانیەتی داکۆکی لەسیماو گەشاندنەوەی خۆی بکات لەناو کۆمەلگادا، سەرباری ئەوەی توێژەرانی سانۆ بۆ قسەکردن لەسەر نمایشەکان دەگەرێنەوە سەر ئەم ڤیدیۆیانە.
کاتێک دەگەرێینەوە بۆ سەرەتای لەدایکبوونی ئەم شانۆیە لە تەلەڤزیۆن هەست بە پلانی کولتووری ئەم وڵاتە دەکەین، بەهۆی ئەوەی بە ماوەیەکی کەمی لەدایکبونی تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی شانۆ بوو بە بەشێک لە کاری تەلەڤزیۆن، هەر لەو ڕۆژەوەی یەکەم شانۆنامەیان لەتەلەڤزیۆن نیشان دا بەناوی “پەنجەرەیەک لە دارستان” دەرهێنانی یۆزیف سوۆتڤینیسکی ئیدی دەرگا لەنمایشی شانۆیی کرایەوە، کە لەئێستادا زیاد لە چوار هەزار نمایشی شانۆیی تۆمار کراو لەبەردەستدایە، بۆیە ئەو هەوڵە وایکرد شانۆ بەزیندووی بمێنێت، شتێک نەبێت لەهەوڵی شانۆیی ناوی لەیادکردن بێت، بینەری تەلەڤزیۆن بەهۆی ئەوەی لەو ڕۆژگارە یەک کەناڵی هەبوو دەیزانی رۆژانی دووشەممە نمایشی شانۆیی نیشان دەدرێت.
ئەمرۆ شانۆی تەلەڤزیۆنی لەزۆربەی ولاتانی ئەوروپی ئامادەبوونی هەیە، بەلام هێشتا هەندێک ڕوانین تایبەتمەندیەکەی دەگەرێننەوە بۆ پۆڵەندیەکان، بەلام با ئەوەمان بیر نەچێت ئەو بیرۆکەیە سەرەتا بۆ بەریتانیەکان دەگەڕێتەوە، ئەو دەمەی لەساڵی ١٩٢٤ نمایشێکی شانۆیی تایبەت بە ڕادیۆیان پێشکەشکرد، دواتر بیرۆکەکەیان گواستەوە بۆ تەلەڤزیۆن و ئەمریکیەکانیش خێرا ئەو بیرۆکەیان قۆستەوە هەوڵیاندا لەڕێی ناسراوترین ئەکتەرەکانیان شانۆی تەلەڤزیۆنی بەرهەم بێنن.
پۆڵەندیەکان سوودیان لەم ئەزموونە وەرگرت و هەوڵیاندا وەک نەریتێک بۆ بینەرانی تەلەڤزیۆن پیادەی بکەن، هەڵبەت لەم ڕۆژگارەدا بەهۆی ئەوەی تەلەڤزیۆن ڕەش وسپی بووە بۆیە زۆر کێشەیان ڕووبەروو بۆتەوە، کەوا لایەنی جوانکاری نمایشەکانی لەدەستداوە، بەڵام چونکە بەدوای نمایشەکان بەتایبەت بۆ تەلەڤزیۆن تۆمار کراون هەوڵدراوە بەشێکی جوانی کارەکان بەتایبەت کاری لەسەر بکرێت، لێرەدا نابێت ڕۆڵی دەرهێنەر ئادام هانوشکیێڤیچ لەیاد بکرێت کەرۆڵێکی گرنگی لەشانۆی تەلەڤزیۆنیدا بینیووە، کاتێک لە ١٩٦٩ یەکەم ئەزموونی ڕەنگاو ڕەنگی تەلەڤزیۆن دەردەکەوێت، یەکەم نمایش کە بە ڕەش وسپی نیشان نەدرێت، مۆنۆدرامایەک بووە کە لە “زیانی توتن” چێخۆڤ وەرگیراوە، لە دەرهێنانی یێرزی ئانتچاک، ساڵانی دواتر هەندێک لەدەرهێنەرانی سینەما ڕوو دەکەنە شانۆی تەلەڤزیۆنی و لەپاڵ کاری سینەمادا لەم بوارەشدا کار دەکەن، لەوانە دەرهێنەران کیشلۆڤسکی و ئاگنێشکا هۆڵەند، بەلام تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت بینەر لەماڵەوە دەزانێت ڕۆژانی دووشەممە سانۆی تەلەڤزیۆنی نیشان دەدرێت، هەندێک لەڕەخنەگران بڕوایان وایە ئەم شانۆیە وەک جاران بینەری نەماوە، ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ هەندێک گۆڕانکاری لەشیوازی کارەکان، بەلام زۆرینەی پسپۆرانی بواری شانۆ لەسەر ئەوە کۆکن شانۆی تەلەڤزیۆنی بەهیچ شیوەیەک بینەری لەدەست نەداوە، چونکە وەک بەشێک لەژیانی کولتوری ئەو مرۆڤەیەو لێی جیا نابێتەوە.




چێخۆڤ لەشانۆی پۆڵەندیدا.. نیهاد جامی

شانۆنامەکانی چێخۆڤ لەسەر تەختەی شانۆکانی پۆڵەندا توانیویەتی کاریگەری لەسەر ئاستی بەرەو پێشچوونی ئەو شانۆیە دابنێت، بەهۆی تێگەیشتنی ئەو نووسەرە لەواقعی کۆمەڵایەتی، کە ژیانی کارەکتەرەکانی هەستکراوە نزیکیەک هەیە لەگەڵ ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا، بۆیە تائەمڕۆش چێخۆڤ یەکێکە لەو نووسەرانەی بەردەوام شانۆنامەکانی لەسەر تەختەی شانۆکانی ئەم وڵاتە نمایش دەکرێت، بەڵام نمایشەکانی دەرهێنەر ئەلێکساندێر باردینی پێگەیەکی تایبەتی هەیە لەلای بینەرو شانۆکاران، کە هەوڵ دەدەین لەسەر دوو نمایشی ئەو دەرهێنەرە بووەستین، کە کارەکانی رۆحێکی چێخۆڤیانەی بەخشیووە بەهۆی پابەند بوونی تەواوی بە شانۆنامەکانی نووسەرەوە، لەپاڵ ئەوەدا دەگەڕێینەوە بۆ هەوڵی دەرهێنەرێکیتر کە ئەویش ئاگنێشکا گلینیسکا کەلە دەر‌هێنانی شانۆنامەی “سێ خوشک” وەک باردینی پابەندی تەواوی تێکستەکە نابێت، دەیەوێت ڕیتمی نمایشەکە بەرەو شوێنێکیتر بەرێت.
ئەلێکساندێر باردینی لە ١٩١٣ لەشاری ئوچ لەدایک بووە، لەکۆتایی سیەکانی سەدەی بیستەم پەیمانگای شانۆی تەواو کردووە و نواندن و دەرهێنانی شانۆیی خوێندووە، دیارترین مامۆستاکانی لەو بوارەدا هەردوو شانۆکاری پێشەنگ و ناسراوی پۆڵەندی بوون ئەوانیش “لیۆن شیلێر و ئەلێکساندێر زێلڤێرۆویچ، بەهۆی جەنگی جیهانی دووەم و داگیرکردنی وڵاتەکەی لەلایان ئەڵمانیاوە نەیتوانیووە لەکارکردن بەردەوام بێت و هەمیشە لەڕاکردن و خۆشاردنەوەدا بووە، بەڵام لەسەرەتای پەنجاکان دەگەڕێتەوە پۆڵەنداو بەبەردەوامی لەشانۆ و تەلەفزیۆندا کاردەکات، بەتایبەت لەشارەکەی خۆیدا ئوچ، حەوت ساڵ لەشانۆی ستێفانا یاراچا کار دەکات، دواتر دەکرێت بە بەرێوبەری هونەری ئەو شانۆیە، لەو کاتەوە تا ساڵی ١٩٩٥ کە مالئاوایی لەژیان کرد وەک ئەکتەر ودەرهێنەر کۆمەلێک کاری شانۆیی و ئۆپیرایی وتەلەفزیۆنی بەرهەم هێناوە، ئۆپیرای ئەلیکترای ڕیتشارد شتراوس لە ١٩٧١ پێگەی ئەویان وەک دەرهێنەرێکی گرنگ لەئوپیراو شانۆی پۆڵەندی خستۆتە ڕوو، لەکارە شانۆییەکانی “هنری چوارەم، خەونی نیوە شەوی هاوین، ئۆتێللۆ، پالینا، تانگۆ، لالۆ ڤانیا، سێ خوشک”
کارکردنی ئەو لەناو دنیای جیاوازی چەندین نووسەری جیاواز بووە، وەک شکسپیر و چێخۆڤ، بەڵام دیدی دەرهێنانی لەدنیای چێخۆڤ هێندە تایبەتە، وەک ئەوەی دەرهێنەرێکی تایبەت بێت بە شانۆنامەکانی ئەو نووسەرە.
لەناوەڕاستی هەفتاکانی سەدەی بیستەم دەست دەکات بەدەرهێنانی شانۆنامەی “سێ خوشک” ئەوەی جێی سەرنجە ئەوە بەدی دەکەین کەوا دەیەوێت وێنەیەکی ڕوونی چێخۆڤ ببینینەوە، پارێزگاریکردن لەم وێنەیە لەڕێگەی پێکهاتە شانۆییەکان ونواندنەوە دەمانباتەوە ناو ئەو وێنە چێخۆڤیە، کە توانای ئەو وەک دەرهێنەرێک پەیوەستە بە چۆنیەتی بەخشینی ئەو دیدە وەک یەکەیەکی مۆسیقی ووشە، هەموو شتێک لەجۆری ڕیتمێک بەرەو هەڵکشان دەڕوات.
دابەشکردنی ئەکتەر لەسەر تەختەی شانۆ وێنەیەکی مۆسیقی دەبەخشێت، وەک ئەوەی کۆمەڵە نۆتەیەکی نووسراوی سەر کاغەز بن، هەر یەکەیان بەشداری لەتوانای دەنگی و بینینی ئەویتر بکات، لێرەدا ئەگەر نووسەر لەڕێی ووشەوە شانۆنامەکەی دەنووسێت، ئەوا دەرهێنەر ئەکتەر دەکاتە ئامرازی نووسینەوەی شانۆنامە، وەک ئەوەی ساتی نمایش سەرەتای لەدایکبوونی شانۆنامەکە بێت، نەک تێکستێک بێت ئەوان نمایشی بکەن، ئەوەش وابەستەی ئەو دیدە دەرهێنانیەی دەرهێنەرە، کەوا هارمۆنیەتێک درووست دەکات لەنێوان نمایشێکی ڕیالیستی و ناتۆرالیستی، ئەو هاڕمۆنیەتە شانۆ دەکات بەوێنەیەکی هونەری کە خودی ژیان بێت، کارەکتەری ڤێرشینین بەجۆرێک دەدوێت کە لەدەرەوەی چاوەڕوانی بینەرە، پەلەکردنێک هەیە وابەستەی پیشە سەربازیەکە و دۆخە دەروونیەکەیەتی لەناو خێزاندا.
ئەوەش بەتەنیا بۆ ئەو کارەکتەرە نیە، بەڵکو ڕەهەندی دەروونی جیاوازی بەشێوازی ڕەفتارو قسەکردنی کارەکتەرەکان بەخشیووە، بۆ ئەوەی وێنەیەکی فرە ڕەهەندی مرۆڤە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا بن، لەپەردەی دووەمدا وێنە نەبینراوەکانی ناو شانۆنامەکە ڕوون دەکاتەوە، بەوەی چەندە کات تێپەڕیووەو ئەندرێ ونەتالیا ژیانی هاوسەریان پێکهێناوەو مناڵێکیشیان هەیە، بەڵام ژیانی ناو ماڵەکە هەر وەک خۆیەتی، بۆیە کورسیەکانی ئاهەنگەکەی پەردەی یەکەم لەشوێنی خۆی ماوەتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت میوانەکان وەک جاران سەردانی ماڵەکە دەکەن، کارەکتەرەکان وەک خۆیان درێژە بەژیانی ئاسایی و پەیوەندیەکانیان دەدەن.
باردینی بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لەتێکستی نووسەر بکات، چەندە وێنەیەکی چێخۆڤیانە بەنمایشەکە دەبەخشێت، بەتایبەت لەدیمەنی کۆتایی هەوڵ دەدات ئەو وێنە خەمناکە وەک تراژیدیایەکی ماڵ وپەیوەندیەکانی بگەیەنێتە لوتکە، کاتێک لەڕێی کولێگینی مێردی ماشا کە بە پەیوەندی ژنەکەی لەگەڵ ڤێرشینین دەزانێت، تەنانەت دیمەنی ماڵئاواییەکەیانیش دەبینێت، کاتێک ماشا ماچی دەکات، بەڵام خۆشەویستی خۆی بۆ ژنەکەی دووپات دەکاتەوە.
رۆچوون بەناو دنیای چێخۆڤ وای لێدەکات، لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەم بگەڕێتەوە بۆ دنیای ئەو نووسەرە، دەست بکات بەدەر‌هێنانی شانۆنامەی “لالۆ ڤانیا” ئەو تێکستە دەبێتە یەکێک لەپڕۆژە دەرهێنانیە دیارەکانی باردینی، لەم نمایشەدا دەیەوێت لەڕێگەی مانەوەی ئەو ئاژاوەیەی وەک دەنگی نێو ئۆپیرایەک چۆن لەبەرزبوونەوەی ئامێرێکی مۆسیقی ئەوانیتر بەرەو نزمبونەوەی دەنگ دەبات، تا سەر لەنوێ دەنگەکان ڕێک دەخاتەوە.
نیگەرانی سەرەتا لەگەڕانەوەی پرۆفیسۆر و ژنە نوێیەکەی دەگۆڕدرێت بۆ ململانێ لەسەر ڕازیکردنی ژنەکە، شەڕی ڤانیا و دکتۆر شەڕێکی بێدەنگە تا ئەو کاتەی ڤانیا بە گوڵەوە دەگەڕێتەوەو دەبینێت ژنەکەی پرۆفیسۆر لەباوەشی دکتورە، هەڵبەت لێرەدا ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، دەرهێنەر ئاخۆ پابەندی تەواوی تێکستەکەی چێخۆڤ بووە؟ یاخود دەستکاری تێکستەکەی کردووە؟ ئەگەر دەستکاری کردووە ئەو دەستکاریانە چیە کە کردوویەتی؟ چارەسەری بۆ ئەو کارە چی بووە؟
دوای نمایشەکە لەوە تێدەگەین هەندێک شت لادەبردرێت، بەڵام ئەوەی لا بردراوە دەیالۆگ نیە، چونکە ئەوە بۆ هەموومان ڕوونە ئەو نووسەرە بەشێوەیەک نووسیویەتی وەک ئەوەی ووشەیەک نیە لەخۆرا خرابێتە سەر کاغەز، بۆیە ئەوەی دەرهێنەر لای بردووە، لەدیمەنێکدا کە ڤانیا تابلۆکە دێنێتە ژوورەوەو خۆی پێوە خەریک دەکات، دوو جار ئەو دەرچوونە ڕوو دەدات، بەڵام دەرهێنەر دەیکات بە جارێک، واتە دەستکاری چڕبوونەوە زەمەنیەکەی کردووە، لەلایەکیتر دەیەوێت وێنەی ژنێکی فریودەر و وێرانکار بە ژنەکەی پرۆفیسۆر ببەخشێت، ڤانیای وێران کردووە، کە دەزانێت بۆی ڕووخاوە هەمیشە لەخۆی دوور دەخاتەوە، کەچی لەپاڵ ئەوە دەچێتە باوەشی دکتۆرو مەیلی بەلایەوە هەیە، دەکەونە ماچکردن و چوونە باوەشەوە، تا کە دەزانێت دکتۆریش بەتەواوی خۆی بۆی لەدەست دەدات، ئەویش وەک ڤانیا فەرامۆش دەکات.
ئێمە لەتێکستەکەی نووسەر بەڕوونی دەبینین بە سۆنیا دەووترێت ڕاستە کە کچێکی ناشیرینە بەڵام خاوەن دڵێکی باشە، کەچی لەنمایشەکەدا سۆنیا کە کچە ئەکتەر یۆئانا ژۆوکۆڤسکا ڕۆلەکە دەبینێت، ئەکتەرێک لەو ڕۆژگارەدا لەسەرەتای تەمەنیدایە لەو پەڕی جوانیە، بەو هەموو جوانیەوە ئەوسا دکتۆر ڕەتی دەکاتەوە، ئەوە بەیاریەک دەبینێت کە ژنەکەی پرۆفیسۆر دەیەوێت بیخاتە بەردەم ئەو بریارەوە، چونکە دڵی بەلای ئەوە نەک بەلای سۆنیا، دەرهێنەر لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئەکتەرێکی جوان ئەوە دەخاتە ڕوو کە گرفتی سۆنیا لەڕووخساری نیە، ئەوەتا ئەو ڕووخساری وەکو دڵیەتی، بەڵام ئەو وەک خاڵە ڤانیای نەگبەتیەک بەرۆکی گرتووە، هەرگیز بە خەونی عاشقانەیان ناگەن، بۆیە لەکۆتاییدا دەبێت ئەو ئاژاوەیە ڕوو بدات، تاوەکو سۆنیا و ڤانیا هەست بەدڵشکانە گەورەکەی خۆیان بکەن، بکەونە سەر ئاراستە ڕێی ژیانی ئاسایی وخەریکی ئەو هەموو کاروبارەی ماڵ بن، کە بەهۆی عەشقی بێ ئەنجامەوە فەرمۆشیان کردبوو، کۆتایی نمایشەکە لەپارچە مۆسیقایەکی دڵشکاوی کلاسیکی دەچێت، کە جۆرە تراژیدیایەک ڕووبەرووی مرۆڤی هاوچەرخ بکاتەوە، کە تراژیدیای ئەو مرۆڤە بەهۆی ئەفسانەوە نیە، بەڵکو بەهۆی عاشقبوونیەتی، بێ ئەوەی بگات بەو پەیوەندیە، سەرەنجام دڵی دەشکێت و تێدەگات، ژیان بۆ ئەو خەیاڵە و چوونەوە ناو خەونەکانیەتی، دەنا لەواقیعدا دەبێت لەدنیایەکیتر بژین، کە تەنیا لەرێی ئازارەکانەوە بزانن ساتێک هەبوو لەبەردەم خەوندا بوون، بەڵام گەیشتن بە تەرمی خەونەکەیان.
ئێمە کاتێک ئەو دوو کارەی باردینی دەبینین، ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە: ئاخۆ لەشانۆی پۆڵەندیدا دەرهێنەرێکیتر هەیە بتوانێت ئەو وێنە چێخۆڤیە لەشانۆدا بەو ڕیتمە شیعریی و درامیە نیشان بدات؟ ئەو پرسیارە بەدوای بینینی نمایشی “سێ خوشک” لەلایان دەرهێنەر ئاگنێشکا گلینیسکا دەتوانین وەڵامەکەی وەدەست بێنێن.
ئاگنێشکا گلینیسکا لەدایکبووی ١٩٦٨ شاری ڤرۆسواڤی پۆڵەندیە، دەرچووی قوتابخانەی باڵای دەولەتە بۆ شانۆ لە ١٩٩٠، وەک ئەکتەرو دەرهێنەر لەشانۆی پۆڵەندیدا کار دەکات، لە ٢٠١٢- ٢٠١٥ بەڕێوبەری ستۆدیۆی شانۆی وارشۆ بووە، کەشانۆیەکی بچووک بوو بۆ تەمەنی مناڵ و هەرزەکاران، سەرەتای دەرکەوتنی لەشانۆدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٠ ئەو دەمەی وەک ئەکتەر بەشداری کرد لەشانۆگەری “ئێستا من” بەڕۆڵی ناتالی ستیپانۆڤنی کە کارێک بوو لەنووسینی چێخۆڤ، لەدەرهێنانی مای کۆمۆرۆڤسکیێ، وەک دەرهێنەرێکی شانۆیی چەندین کاری نمایش کردووە، هەروەها لەکاتی تۆمارکردنی کارەکانی وەکو شانۆی تەلەڤزیۆنی دیسان هەر خۆی دەرهێنەری کارە تەلەڤزیۆنیەکانیشی بووە، لەژیانی شانۆییدا دەرهێنەری ٦٠ کاری شانۆییە، لەپاڵ ئەوە خاوەنی چەندین خەلات ومیدالیای شانۆییە.
شانۆگەری “سێ خوشک” ی چێخۆڤ، یەکێکە لەدیارترین نمایشە شانۆییەکانی، هەوڵیداوە دەستکاری هەندێک پەیوەندیی بکات، ئەوەش پەیوەستە بە دیدی دەرهێنانی و چۆنیەتی ئازادکردنی کارەکتەر لەڕەهەندە مێژوویەکانی تێکست، تاوەکو نزیکیان بکاتەوە لەدۆخی کۆمەڵگای پۆڵەندی، هەوڵ دەدەین تەواوی ئەو دیدگایەی بخەینە ڕوو.
لەم نمایشەدا هەر لەسەرەتاوە ڕووبەرووی گریمانەی ناو تێکست نابینەوە، بەڵکو سێ خوشکەکە لەدوو کورتە دیمەنی شانۆیی باس لەخەون و ژیانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، بەدوای ئەوە دەگەڕێینەوە ناو سەرەتای دیمەنی شانۆنامەکە، چڕ بوونەوەی زەمەنی لەناو دیمەنەکان درووست کراون، هەندێک دەیالۆگی ناو دیمەنەکان نەماون، بەڵام ئەوەشیان چەندە زیانی بەو دیدە چێخۆڤیەی ناو نمایشەکە گەیاندووە، هێندەش پەیوەستە بەستراتیژی گوتاری نمایش بەهۆی ئەوەی ئەتمۆسفێری نمایشەکە دەیەوێت قسە لەمرۆڤی هاوچەرخ بکات، نەک مرۆڤێک کە نووسەر لە ١٩٠١ شانۆنامەکەی تیا نووسیوە، دەرهێنەر لەهەوڵی ئەوەدایە کاتێک لە ٢٠١٢ ئەم شانۆنامەیە نمایش دەکات، قسە لەو بینەرە بکات کە ئامادەبووی نمایشەکەیە، دەیالۆگەکانی نووسەر وەک خۆی ماونەتەوە جگە لەهەندێک دیمەن کە چڕبوونەوەو لابردنی ووشە و دەستەواژەی لابردووە، بەڵام لەڕووی جل و بەرگ ودیکۆر و ئەتمۆسفێرەو نزیکی کردۆتەوە لەژیانی ئەمڕۆدا، ئەوەش وای کردووە فەزا چێخۆڤیەکە وابەستەی ئەمرۆ بکات، نەک وەک پابەندبوونی بە گریمانەی ناو تێکستی نووسەر، ئەگەرچی کردەی بینین لادانی نەخولقاندووە لەدنیای نووسەرەوە، سەرەنجام ئەوەی دەیبینین شانۆگەری سێ خوشکە بە دیدێکی نوێوە.
لەڕێی پێکەنین و سرووتێکی شادیەوە دەیەوێت خەمی سەر ڕووی کارەکتەرەکان بگۆڕێت، بەوەی مرۆڤەکان هەمیشە ئومێدێکیان هەبێت بۆ ژیان، هەڵبەت ئەوە لای نووسەریش بوونی هەیە، بەڵام کارەکتەرەکان هەمیشە خەمگینن گەرچی لەبنەرەتدا خەونیان هەیە، بەتایبەت خوشکەکان کە خەون بە گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ دەبینن، بۆیە لەهەندێک شوێندا دەرهێنەر بۆ ئەوەی بنیاتی ئەو شادیەی کارەکتەر بکات، دێت هەندێک ووشە وەک پەیوەندی ڕووخسار بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت.
ئەوەش وادەکات بونیادێکی نوێ بەکارەکتەر ببەخشێت، بەڵام بونیادێکی چێخۆڤیانە نەک لادان لەماناکانی نووسەر، وەک چۆن گۆڕینی یاری کاغەز بە کۆمەڵە دەمامکێک، کە مەبەستی بەئاگاهێنانەوەمانە لەوەی ئەو گۆڕانکاریانە دوورمان ناکەنەوە لەنووسەر، چونکە یەکێک لە ماسکەکان رووخساری چێخۆڤە.
ساتی پیانۆژەنینی ماشا ی گۆڕیووە بەسەمایەک کە ماشا پێی هەڵدەستێت، سەماکە لەجولەی وێنەی نەورەس بەرجەستە دەکرێت، ئەوانیتریش دەبنە بینەری سەماکە، ئەوەش ڕێک گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی نواندنەکەی ناو شانۆنامەی “باڵندەی دەریا” ی چێخۆڤ، بەتایبەت کە سەماکەش هەر گوزارشت لەنەورەس دەکات، خەمگینانەش دیمەنەکە کۆتایی دێت.
ئەو پێشتر کاری دەرهێنانی بۆ شانۆگەری “باڵندەی دەریا” کردووە، بۆیە ئەو دیدەی بۆ چێخۆڤ و نزیکبوونەوە لەتێکستێکیتری پەیوەستە بە عەشقی بۆ ئەو نووسەرە، کە پێشتریش کارێکی تری چێخۆڤی پێشکەشکردووە بەناوی “هونەری بێ ناونیشان”
ئەو سەمایە لەگەڵ ماسکی چێخۆڤ دوو بنەمای گرنگی ناو ئەو نمایشەن، دەرهێنەر لەو رێگەیەوە داکۆکی لەمۆرکە چێخۆڤیەکەی نمایشەکەی دەکاتەوە، پارێزگاریکردنە لەڕۆحی نووسەر بۆ ئەوەی وێنەکە بەتەواوی بەرجەستە بکات، وەک چۆن لەئاگرکەوتنەوەی ئەپارتمانەکە، ڕوناکی ئاگرو دوكەڵەکە کاریگەری بۆ ماڵی خوشکەکانیش هەیە، وێنەیەکی نائارامی بەخانەوادەکە دەبەخشێت، ترسی خوشکەکان و هاوسۆزبوون لەگەڵ ئەوانیتر بەقوڵی بەڕووی کارەکتەرەکان دەردەکەوێت، ئەوەی لەپێکەنینی خۆی ناکەوێت ئەوە تەنیا نەتالیا ئیڤانۆڤای هاوسەری ئەندرێیە.
دەرهێنەر دەیالۆگێک لا دەبات، بۆ ئەوەی چەمکی خیانەت لە نەتالیا پاکبکاتەوە، بەوەی دۆستەکەی چاوەڕێی دەکات، هەروەها ئەو دەیالۆگەی چێخۆڤ کە ماشا ئاراستەی ڤێرشینینی دەکات بەوەی دەڕواتە پۆڵەنداو لەوێ ژنەکان باوەشی بۆ دەکەنەوەو پێی دەڵێن گیانەکەم، لابردنی ئەو دەیالۆگە، پەیوەستە بە هەستی پۆڵەندی بوونی دەرهێنەرەوە، کە نایەوێت وێنەیەک ببەخشێت بە ژنی پۆڵەندی کە ئەویتری دەرەوەی شوناسی ئەو وەک لاوازی سەیری بکات.
دەرهێنەر ئاگنێشکا گلینیسکا نمایشەکەی بۆ خوشکەکان دابەش کردۆتە سەر دوو ئاست، ئەوان لەسەرەتاوە خەون دەبینین، بۆیە بەپێکەنینەوە ڕووداوەکان دەبەنە پێشەوە، بەڵام لەگەڵ سەمای کوژرانی نەورەسی ماشا، ئیدی پێکەنین دەگۆڕدرێت بەگریان وفرمێسک، خەمباریەکی چێخۆڤیانە ڕووداوەکان دەبات بەرەو لوتکەی نائومێدی، کە سوتانی ئاپارتمانەکەی دێتە سەر، لەوێدا خوشکەکان بەتەواوی ئەو داڕمانی ئومێدەی خۆیان دەبینن، کە تاکۆتایی خەمباریە چێخۆڤیەکە دەبەنە ئاستی باڵا، سەرباری ئەوەی دەرهێنەر لەڕێی لابردنی هەندێک دەستەواژەو دەیالۆگ بونیادی کارەکتەر دەباتە ئاستێکی فراوانتر، دەیەوێت بەردەوام داکۆکی لەو مۆرکەی نووسەر بکات، سایتی کولتوور لەڕاپۆرتێکدا لەبارەی دەرهێنەرەوە ئاماژە بۆ بەدواداچوونێکی ڕەخنەیی دەکات، کە دوای نمایشەکە بڵاو بۆتەوە، یەکێک لەڕەخنەگرەکان لەبارەی ئەو نمایشە نووسیویەتی “بەهیچ شێوەیەک زیانی بە دەقەکەی چێخۆڤ نەگەیاندووە، تەنیا پێشنیاری ڕوانینێکی کردووە کە زیندەگیەکی زیاتر ببەخشێت بە خەمەکانی مرۆڤ و نەخۆشیە ڕۆژانەییەکانی”
بەڵام سەرەنجام ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، پرسیارێک کە پێشتر کردمان و پرسیمان: ئاخۆ لەشانۆی پۆڵەندیدا دەرهێنەرێکیتر هەیە بتوانێت ئەو وێنە چێخۆڤیە لەشانۆدا بەو ڕیتمە شیعریی و درامیە نیشان بدات؟
بەدڵنیاییەوە ئەوە باردینیە کە کارەکتەری خوڵقێنراوی ووشە وەک مرۆڤ بەرجەستە دەکات، هەمان ئەو وێنە چێخۆڤیە لەشانۆی پۆڵەندیدا دەتوانین لای ئەو بیبینین، سەرباری ئەوەی گلینیسکا لەڕێی ئەو شانۆنامەیەوە دەیەوێت پارێزگاری لەتێکست بکات و مۆرکەکەی وون نەکات، بەڵام دەرهێنانیەکانی باردینی بۆ چێخۆڤ ئاستێکی بالای شانۆنامەکانیەتی، کە ناتوانین وەک شانۆیەکی زیندووی چێخۆڤی لەوەوە سەیری نەکەین.




شکسپیر لە شانۆی پۆڵەندیدا.. نیهاد جامی

شانۆنامەکانی شکسپیر پێگەیەکی گرنگیان هەیە بۆ ئاستی پێشڤەچوونی نمایشی شانۆیی، کە دەتوانرێت لەدوو لایەن گرنگیان دەست نیشان بکەین ئەوانیش، سەرەتا لەڕووی بونیادی درامی و تێگەیشتن لەئاستە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکانی کارەکتەر و پەیوەندی مرۆڤ بەڕووداو، چۆنیەتی سەرهەڵدانی تراژیدیا، کە کۆمەکی ئەکتەرو دەرهێنەر دەکات بتوانێت دنیابینی شانۆیی بباتە ئاستێکی باڵا، لایەنی دووەمیش کارکردن لەشانۆنامەکانیدا دەتوانرێت وەک کێشەی مرۆڤ لەهەموو شوێنێک ببینرێت، ئەوەش وا دەکات بابەت وەک ڕووبەری ژیانی گشتی مرۆڤ ببینین، کەلەڕێگەی دیدی دەرهێنانی و پێکهاتە هونەریەکانیدا کولتوورو مێژووی کۆمەڵگای پێبخوێندرێتەوە، ئەوانەش دەبنە زەمینەی گرنگ بۆ کارکردن لەو شانۆنامانە.
شکسپیر لەشانۆی پۆڵەندیدا کاریگەریەکی گرنگی لەسەر ڕووبەری نمایشەکان درووست کردووە، ئەو کاریگەریە دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە چوارد سەد ساڵ پێش ئێستا ئەو دەمەی ئینگلیزەکان شانۆنامەی شکسپیریان لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا نمایش کردووە، ئەوە دەرگای کردۆتەوە لەگروپە شانۆییەکانی ئەم وڵاتە کە لەشانۆنامەکانیدا کار بکەن، بتوانن وێنەیەکی زیندوو بەشانۆکەیان ببەخشن، لەهەمان کاتدا وەک کێشەی کۆمەڵگای پۆڵەندی نیشانی بدەن، بۆیە تا ئەمڕۆی لەگەڵ دابێت، شکسپیر لەپاڵ چێخۆڤ دوو نووسەری تایبەتی و گرنگی ئەو شانۆیەن کە بەبایەخەوە شانۆنامەکانیان لەسەر تەختەی شانۆی شارەکانی پۆڵەندا نمایش دەکرێت.
تائێرە ئەوەیان شتێکی سرووشتیە بۆ شانۆی هەر کولتوورێک کە گرنگی بەشانۆنامەکانی شکسپیر بدات، ئەوەی بابەتێکی نوێیە و جێی قسە لەسەرکردنە بایەخدانی شکسپیرە بۆ مرۆڤی پۆڵەندی لەشانۆنامەکانیدا، ئەو بابەتە زۆر بەدەگمەن باسی لێوەکراوە، بۆیە پێویست دەکات لێرەدا لەسەری بووەستین، چەند تێگەیشتنێکی خێرا لەبارەیەوە بخەینە ڕوو، بۆ ئەوەش پشت دەبەستین بە توێژینەوەیەکی شانۆیی لەژێر ناوی “پۆڵەندا وپۆڵەندیەکان لەکارەکانی شکسپیردا” (١) لەنووسینی کاتاژینا جیێژبیچکا (٢) کە لەگۆڤاری “شانۆ” ی پۆڵەندی ژمارە (٥) ٢٠١٦ بڵاو بۆتەوە، نووسەری ئەو توێژینەوە پشتی بە ٧٩ سەرچاوەی زانستی و شانۆیی بەستووە بۆ توێژینەوەکەی، کە لێرەدا پوختەی ئەو ڕوانینە دەخەینە ڕوو.
سەرەتای توێژینەوەکە باس لەناسینی دەکات بەوەی شکسپیر نامۆ نەبووە بە پۆڵەندیەکان، بۆیە لەهاملێتدا ئاماژەیان بۆ دەکات، بەڵام لەسەدەی شانزەو هەڤدە پۆڵەندیەکان بەهیچ جۆرێک ناوی شکسپیریان نەبیستووە، ناسینی ئەو نووسەرە وابەستەی سەفەرکردن نەبووە، تەنانەت یەکەم سەفەری کۆمەڵە ئەکتەرێکی بەریتانی بۆ پۆڵەندا سالێ ١٦٠١ هاوکات دوای نووسینی شانۆنامەی هاملێت بووە، ئەو کۆمەڵە ئەکتەرە لەشاری گدانسک نمایشیان پێشکەش کردووە، دواتر لەسەردەمی پاشا زیگمۆنتۆڤی لەکۆشکی پاشایەتی لەوارشۆ شانۆیان نمایش کردووە، دواتر شکسپیر لەکورترین درامای شیعری خۆیدا بانونیشانی “کۆمیدیای هەڵەکان” ڕاستەوخۆ ناوی پۆڵەندا دەبات، ئەویش لەپەردەی سێیەمی دیمەنی دووەمدایە، کاتێک وەسفی ئەفسوونی بەچێشت لێنەرە قەڵەوەکە دەبەخشێت بەوەی خواردن تێکدانەکەی ززستانی پۆلەندای پێ ئەسووتێنێت” لیۆنا ئولریخا لە وەرگێرانە پۆڵەندیەکەدا دەڵێت “تێکدان و چەوریەکەی بەسە بۆ سووتاندنی ززستانی پۆڵەندا” چونکە لەسەردەمی ئەلیزابیسی یەکەم وادەڕوانرایە پۆڵەندا کە وەرزی ززستانی پۆڵەندا درێژو تاریک و ساردە.
توێژەر باس لەوە دەکات دواهەمین شانۆنامەی شکسپیر کەباسی پۆڵەندی تیا کرابێت، شانۆنامەیەکە کە وەرنەگێردراوە بۆ زمانی پۆڵەندی، لەسەردەمی شا ئێدواردی سێیەم نووسراوە لەنێوان ساڵانی ١٥٩٠-١٥٩٤ کە بەجەنگی سەد ساڵە ناسراوە، لەبارەی شەرو ململانێی چەکداری نێوان بەریتانیاو فەرەنسا لە ١٣٣٧-١٤٥٣
کەوا دیمەنی چوارەمی پەردەی سێیەم بەنمونە دێنێتەوە “شای فەرەنسا: هەندێک لەهاوڕێیانمان بەتەک دەسەلاتی ناوخۆیی-پۆڵەندیە سەختگیرەکان، دایک و باوکی جەنگاوەرەکان شا بوهیم و سقڵیە هەر هەموویان هاوپەیمانی ئێمەن، سەرباری هێزە ناوخۆییەکانمان، ژمارەیەکی دیکەشمان لەگەڵە پۆڵەندیە شەڕانگێز و دانیمارکیە توندرۆکان، هەر هەموویان هاوپەیمانمانن” هەر لەو شانۆنامەیەدا وەسفەکانی بۆ پۆڵەندا ناو دەبات بە “من شانازی بە پۆڵەندا ئەکەم”
هەڵبەت لێرەدا ئێمە تەواوی ڕوانینی توێژەرمان لەناو شانۆنامەکە نەخستۆتە ڕوو، بەهۆی ئەوەی تەنیا مەبەستمان لەسەر ڕوانینی شکسپیرە بۆ پۆڵەندی، ئاماژە بەهەندێک لایەنی گرنگ ئەدەین کە لای شکسپیر جێی باسە، لەناو شانۆنامەکاندا جێی بۆتەوە، ئەو نووسەرانەی پێش شکسپیر چیرۆکی هاملێت بۆ شانۆ دەنووسن، ئاماژە بە پۆلەندی و پۆڵەندیەکان دەکەن، بەبڕوای ئێمە ئەوە هۆکارێکی گرنگە ئەو ڕۆڵە لای شکسپیر باس بکرێتەوە، هەرچەندە توێژەری ئەم توێژینەوەیە باس لەوە ناکات، هێندەی دەیەوێت وێنە گشتیەکەی بەر لەشکسپیریش نیشان بدات بۆ مرۆڤی پۆڵەندی.
کاتاژینا جیێژبیچکا لەو توێژینەوەیەیدا دەچێتە سەر شانۆگەری هاملێت، پەردەی یەکەم لە دیمەنی یەکەمدا کاتێک هۆڕاشیۆ لەبارەی پاشای کوژراو قسە دەکات، بەوەی لەسەر بەفری پۆڵەندیەکانەوە هەلخلیسکاوە، ئەوەش لەڕێی گەرانەوە بۆ چیرۆکی مێژوویی پۆڵەندی، کە هەلخلیسکان ئاماژە بۆ مێژووی ڕوداوێکی مێژووی پۆڵەندیە، بەدوای ئەوەی لەسەر بەفر شەڕێکی زۆر دەکەن، بۆیە پاشای کوژراو هاوشیوەی پۆڵەندیەکان ناو دەبات، ئەوەیان زیاتر تەئویلێکی توێژەرە بۆ دەیالۆگەکانی هۆڕاشیۆ، لێرەدا کاتاژینا کێشەیەک لەوەرگێرانەکانی شانۆنامەی هاملێت بۆ زمانی پۆڵەندی دەخاتە ڕوو، کە ئەو بەشەیان چۆن وەرگێرەکان نزیک نین لەیەکتری، بۆیە هەوڵ دەدات وەرگێرانی هەر چوار وەرگێر بخاتە ڕوو ئەوانیش: یۆزیف پاشکۆڤسکی “١٨١٧-١٨٦١”، ماچیێیا سوۆمچینیسکی “١٩٢٠-١٩٩٨”، لیۆنا ئولریخا “١٨١١-١٨٨٥”، ستانیسواڤا بارانیچاکا “١٩٤٦-٢٠١٤” رەنگە ئیشکالیەتی وەرگێرانەکە بۆ خۆی گرنگ بێت، جێی بایەخیش بێت بۆ شانۆکارو توێژەری پۆڵەندی، بەڵام بۆ ئێمە گرنگی بەئاگابوونمانە لەدۆخەکە، ئەوەیتر پەیوەستە بە پۆلەندی و وەرگێرانی شانۆنامەکە بۆ زمانەکەیان.
ئەگەرچی لەشوێنێکیتردا لەسەر ئەوە دەوەستێت وەرگێرانەکان دەبێت پەیوەست بن بەو سەرچاوەیەی کەوا لێی وەرگێردراوە، ئەوەیان ئێمە ناچینەوە سەری هێندەی ئەوەیتریان کە گرنگە دەنووسێت “دیمەنی چوارەم لە پەردەی چوارەم، دەرکەوتنی پۆڵەنداو پۆلەندیەکان لەدەیالۆگی نێوان کاپتن و هاملێت، ئەو بەشەیان لەدەستنووسی دراماکە لەساڵی ١٦٢٣ بوونی نیە، یەکەمجار لەنێوان ساڵانی ١٦٠٤-١٦٠٥ هەیە، ئەوەیان تەواوی دەقەکەیە، ئەوە بەئەنقەست دواتر لابردراوە، چونکە هیچ شتێکی نوێ لەشوێنی دانەنراوە، کە کابتن بە هاملێت دەڵێت دژی بەشێک لەپۆڵەندیەکان”
مەبەست لەوەیە لەدەستنووسی یەکەمدا ڕاستەوخۆ باسی پۆڵەندا دەکرێت و لەدەستنووسەکانی داوتر ئەوەیان لابردراوە، کە توێژەر ئەوەش بەکارێکی بەئەنقەست دەبینێت، بۆ لابردنی لەناو دەقەکەدا، لەوەشدا دیسان نمونە بەچوار وەرگێڕانە پۆڵەندیەکە دەهێنێتەوە.
دەچێتە سەر پەردەی پێنجەم، دیمەنی دووەم، کە دیسان باس لەپۆڵەندایە، کەباس لەگەڕانەوەی میر فۆرتینبراس دەکات بەدوای سەرکەوتنی بەسەر پۆڵەندیەکان، هەروەها هەر لەو دیمەنەدا هۆڕاشیۆ بە میر فۆرتینبراس دەڵێت “تۆ لەجەنگاوەرانی پۆڵەندی، تۆش لە ئینگلیزەکان” بەوەش کۆتایی بە توێژینەوەکەی دێنێت، بەوەی مێژووی پۆڵەندا لەسەدەی شانزەهەم لەخەیاڵی شکسپیردا بووە.
تائێرە دەتوانین پەیوەندی مرۆڤی پۆڵەندی وکۆمەڵگاکەی لەشانۆی شکسپیردا ببینین، ئەوە هۆکارێکی گرنگە دەرهێنەری پۆڵەندی لەساتی کارکردن لەشانۆنامەکانی شکسپیردا بتوانێت بوونی خۆی تیادا چڕ بکاتەوە، ئەو بوونەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو شانۆنامەکاندا بوونی هەیە، لەلایەکیتر زیاد لەسەدەیەک بەر لەئەمڕۆ شانۆی پۆڵەندی وێنەیەکیتری بەشانۆنامەی هاملێتی شکسپیر بەخشی، ئەو دەمەی نووسەر ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی شانۆنامەی “توێژینەوەی هاملێت” دەنووسێت، لەوتاری داهاتوودا هەوڵ دەدەین قسە بکەین لەسەر ئەو تێکستەو یەکێک لەنمایشە هاوچەرخەکانی ئەو تێکستە.
شانۆنامەی هاملێتی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی(٣) توێژینەوەیەکی گرنگە بۆ کارەکتەری هاملێت و خوێندنەوەیەکی ووردی شانۆنامەکەی شکسپیرە، لەم شانۆنامەیەدا هەست بەتوێژینەوەیەک دەکەیت لەڕێی نمایشەوە، بۆ ئەوەی ئاشنایەتیمان بەم شانۆنامەیە هەبێت، پێویستە بگەڕێینەوە سەرەتای شانۆنامەکە، نزیکبونەوەیە لەئاهەنگی سەری ساڵی ١٩٠٥ ڤیسپیانیسکی نەخۆشە، کامینیسکی دێتە سەردانی داوای لێ دەکات کە رۆلی هاملێت ببینێت، چونکە خوازیاری ئەوەیە لەبارەی ئەو کارەکتەرەوە بدوێت، بەهۆی ئەوەی زۆر کات بیری لێ دەکاتەوە، خۆشحاڵ دەبێت لەبارەی هاملێتەوە قسە بکات.
شانۆنامەکە هەڵگری کۆمەڵە پرسیارێکی شانۆیی وشیکارێکی تایبەتە بۆ هاملێت، بەتایبەت لەڕووی قسەکردن لەپەیوەندیی نێوان شانۆ و ژیان، بۆیە هاملێت لەم شانۆنامەیەدا پڕۆسەی خوڵقاندنەوەو سەر لەنوێ نووسینەوەی تێکستێکە، کە حەقیقەتی ژیان و گەمەی شانۆیی دەبنە تەوەری سەرەکی ئەم کارە، رووداوەکان وەک ژیانی شانۆکار لەکاتی پڕۆڤە نیشان دەدرێت، لەچۆنیەتی کارکردنەوە لەسەر شانۆنامەی شکسپیر، لێرەدا نووسەر سێ تەوەری گشتی هەڵدەبژێرێت، شیکردنەوەو تەئویلکردنەوەیە بۆ شانۆی شکسپیر،
ئەوەش لەڕێگەی گفتوگۆو نواندن، بەواتای گێرانەوەو بەرجەستەکردن وێنەیەک نیشان دەدات، کەچۆن لەناو شکسپیرەوە دێیتە دەرەوەو بەهەمان شێوە دەگەڕێیتەوە ناوی، لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، هەموو ئەو شانۆنامانەی کە ویستویانە سەر لەنوێ کار لەشکسپیر بکەنەوە بە دیدگایەکی نوێوە، یاخود شکسپیرو کارەکتەرەکانی بکەنەوە کارەکتەری کارەکانیان، لەو شانۆنامەیەی ڤیسپیانیسکی سەرچاوەی گرتووە.
ژیانی شکسپیر و هاملێت وڕووداوەکانی شانۆنامەکە، لەپاڵ شانۆنامەی ماکبێس دەبنە سێ تەوەری گشتی ئەم نمایشە، ئەکتەرەکان لەوێنەی ژیانی پڕۆڤەوە دێنە ناو کارەکتەری شکسپیریی، لیدی ماکبێس و ماکبێس و سێ سیحربازەکە بەشێکی دیاری ناو شانۆنامەکە پێکدێنن، تارمایی باوک لەهاملێت، شێتبوونی ئۆڤیلیا،
هاتنەوەی ئەو کارەکتەرانەو بەگژداچوونەوەیان لەناو زهنی ڤیسپیانیسکی دەبنەوە بەشێک لەدیمەنە شانۆییەکەدا، بۆیە نووسەر نەخۆشکەوتنی خۆی وڕووداوی بەر لەنووسینی شانۆنامەکە دەکاتە دیمەنی سەرەتای ئەو کارە، بەواتای لەبایۆگرافیای ژیانی خۆیەوە دێتە ناو کارەکەوە، ئەوەش بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە کە ڕووداوەکانی دەرەوەی نمایشەکە، واتە ژیانی مرۆڤە شانۆکارەکان پەیوەستە بەو گوندەی تیای دەژین وکێشەی شانۆو چۆنیەتی کارکردنیان هەیە لەگوندێکی شاری کراکۆڤی پۆڵەندی.
تا بەئەمڕۆ دەگات چەندین دەرهێنەری پۆڵەندی بەشێوازی دەرهێنانی تایبەت ڕوویان کردۆتە نمایشکردنی ئەم تێکستە، یەکێک لەو دەر‌هێنەرانە دەرهێنەر یێرزی گژێگۆژێڤسکی (٤) دامەزرێنەری شانۆی شێوەکاری پۆڵەندیە.
سەرەتای هەفتاکانی سەدەی بیستەم کارکردنی لەشانۆدا لەشانۆی شێوەکاری کاری دەکرد، کەشانۆیەکی ئەزموونگەری بوو ، هەوڵیدەدا زمانی وێنەی شانۆیی بگۆڕێت بۆ زمانی تابلۆی شێوەكاری، لەو پرۆسە هارمۆنیەی زماندا شانۆی شێوەكاری بنیاتنا.
ئەو زمانە شێوەكاریە پڕۆسەی بەشانۆكردنە لەڕێگەی ئامادەبوونی هونەری شێوەكاری، كە لەدوو ئاراستەدا دەردەكەوێت، یەكێكیان بوونی تابلۆی شێوەكاریە وەك وێنەیەكی بەرایی بۆ سینۆگرافیا، ئاراستەی دووەمیش گۆڕینی ماناكانی وێنەی شانۆییە، وەك لە شانۆگەری (ئاهەنگی ژنهێنان) ی ڤیسپیانیسكی بۆ وەستاندنی زەمەن باندۆڵی كاتژمێر بەكار دێنێت، ئەوە دوور كەتنەوەیە لەزمانی ئاخاوتن، بەخشینی دیدی شێوەكاریانەیە بە تێكستەكەی ڤیسپیانیسكیە، هەروەها وێنەی بینراو لەناو فەزای زمانی تێكست دەدۆزێتەوە، ئەوە پرۆسەیەكی هەڵکۆڵینی وێنەی شانۆییە، كە توانای بەرهەمهێنانەوەی لەودیوی تێكستەوە هەیە، زمانی ووتراو دەكاتە ڕووبەرێك بۆ خوڵقاندنی زمانی بینراو.
زمانێك بەتەنیا پەیوەست نیە بە جولە و ڕەنگ، بەڵكو وێنە پشت دەبەستێت بەمۆسیقاش، بەڵام ئەو وەك تۆماشێڤسكی (٥)پشت بەمۆسیقای كلاسیكی نەدەبەست، بەڵكو پشت بە مۆسیقای پۆڵەندی ئەو سەردەمە دەبەست، بەتایبەت كاركردنی لەتەك مۆسیقاری پۆڵەندی ستانیسواڤ ڕادڤان.
بەدوای ئەو كارە واتە ساڵی دواتر سەرەتای هەفتاكان ئەو بنەمایانەی بۆ كاری شانۆیی لەدوو شانۆگەریتر بەتەواوی ڕەنگی دایەوە، ئەوانیش (ئیریدیۆن) و(یاراتش)، كە بەتەواوی دەیویست فۆڕمێكیتر بەشانۆ ببەخشێت، بەدژی شانۆی سونەتی دەربكەوێت، هەندێك لەتوێژەران و ڕەخنەگران بڕوایان وایە تاڕادەیەكی زۆر كاریگەری گرۆتۆفسكی بەسەرەوە بووە، تەنانەت گرۆجیچکی لەكتێبەكەیدا لەبارەی دەرهێنەرانی پۆڵەندی لەڕەوتی تازەگەری شانۆی جیهانی بڕوای وایە لەیەكێك لەشانۆگەریەكانیدا بۆ كارەكتەری پاڵەوان لە نمایشەكەدا كاریگەری ڕاستەوخۆی گرۆتۆفسكی بەسەرەوەیە (٦)
ڕەنگە هەر ئەو ڕوانینە ڕەخنەییە بووبێت وای لە گژێگۆژێڤسكی كردبێت كە لەچەند ئاستێكدا گۆڕانكاری لەپڕۆژە شانۆییەكەی بكات، بۆیە تاڕادەیەك لەتێكستی پۆڵەندی دوور دەكەوێتەوە، ڕوو دەكاتە شانۆنامەیەكی چیخۆف و ئەمجارە شانۆگەری (نەورەس) دەردەهێنێت، ئەو دیدە ڕەخنەییانەی ئاراستەی كراون، وایكردووە گومانی ئەو بەگەڕان وپشكنینیتر دەست پێبكاتەوە، بۆیە كاتێ‌ ڕوو دەكاتە شانۆی گریكی، شانۆگەری (ئەنتیگۆنا) ی سۆفۆكلیس دەردەهێنێت، ئەمجارەیان لەشانۆگەریەكەیدا كۆڕس هەیە و تەنانەت دەیالۆگیش دەڵێن، بەڵام دەیالۆگە ووتراوەكانیان بەزمانی یۆنانیە.
بۆ ئەو دەركەوتنی سیما نوێیەكان لەشانۆكەی لەهەموو شتێك گرنگتر بوو، بۆیە ئەو رۆحە ئەزمونكاریەتەی بەشانۆی شێوەكاری دەبەخشی تاوەكو بەردەوام بەدوای نوێبوونەوەو بە باڵابوونی شانۆكەی بڕوات، دێت كار لەسەر دوو تێكست دەكات لەناو نمایشێكدا كە بەشێكی كەمی تێكستەكان وەردەگرێتەوە، ئەوانیش یەكێكیان شانۆنامەیەکی میتەرلینگە بەناوی (ناوەوە) و ئەویتریش شانۆنامەیەکی ڤیسپیانیسکیە بەناونیشانی (ژنێكی وارشۆیی)،
سەرباری ئەوەی تەختەی شانۆش وەك دوو تێكستەكە دابەش دەكات، بەشێكی تەختەی شانۆ كە ڕووداوەكانی تێكستەكەی میتەرلینگی لەسەر بنیات دەنرێت بریتیە لە پارچە شووشە، ئەویتریش پەیوەستە بە ڕوناكیەوە، لێرەوە تێبینی ئەوە دەكەین، ئەو شانۆیە چەندە لەڕووی تەكنیكەوە دەیەوێت گۆڕانكاری بكات وەك لەتەختەی شانۆدا دەیكات، بەهەمان شێوەش لەتەك دیدی جیاوازی نووسەرەكانەوە دەیەوێت ڕووبەرووی سەركێشی دنیای شێوەكاری وێنە ببێتەوە، رەنگە لێرەدا پرسیارێك ڕووبەروومان ببێتەوە، كەبۆچی گژێگۆژێڤسكی دیدگای شێوەكاری خۆی بۆ شانۆ لەڕێگەی وێنەكێشانەوە بنیات نەناوەو پشتی بەستووە بە تێكستی شانۆیی؟
ئەوە پرسیارێكە ڕەوایەتی وەردەگرێت ولەكاتی توێژینەوە لەبارەی كارەكانی دەشێت هەموومان ڕووبەرووی ببینەوە، بەڵام ئەو دەمەی شانۆگەری (باڵكۆن) ی ژان ژینە دەردەهێنێت، كاتێ‌ باڵكۆن دەگۆڕێت بۆ شوێنی بینەر و دەیكاتە ڕووبەرێك بۆ داڕشتنەوەی بۆشایی، لەوەدا وەڵامی پرسیارەكەی خۆمان دەست دەكەوێت، ئیشكردنەوە لەتەك تێكست بەمەبەستی دۆزینەوەی پەیوەندیی شێوەكاریانەی شانۆكەیەتی، ڕەنگە ئەگەر ئەو شانۆگەری (ئەمریكا) ی فرانز كافكای دەرنەهێنابوایە نەیتوانیبوایە بیناسازی ئیتاڵی بەتەواوی ڕەت بكاتەوە و شوێنی بینەران بەتەواوی ببێتە شوێنی نمایش.
ئەو بنەمایانە بۆ شانۆكەی بەرەنجامی گەڕان وتێگەیشتنیەتی بۆ شانۆی شێوەكاری كە تیایدا دنیای ڕەنگ دەگوازێتەوە بۆ جیهانی دەلالەتەكانی جولە، كە ڕووداوەكان هەمیشە زیاتر لەخەونەوە نزیكن، خەون تیایدا پانتاییەكانی نەست وای لێدەكات بەرەو ڕووبەری ئازاد بۆ كاركردن بڕوات، ئەكتەرەكان لەهەندێك ئەزمووندا بە پۆشاكی تەواو ڕەش دەردەكەون، مۆسیقا و ڕەنگ بەشداری لەبونیادی مۆتیڤی وێنە دەكەن، ئەو ئەزموونە بووە بە شانۆیەكی شێوەكاری كە لەنەخشەی ئەزموونی شانۆی جیهانی چەندین هەوڵی بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت لەشانۆی شێوەكاری پۆڵەندیش بەیەكێك لەبنەما و هەوڵە بوێرەكانی ئەو شانۆیە سەیر دەكرێت.
کێشەیەک لێرەدا بەگرنگەوە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە، لەمەعریفەی شانۆی ئێمەدا شانۆ ئەزموونیەکان وەک خاسیەتێکی هەمیشەیی شانۆکاران سەیرمان کردووە، ئەو قۆناغە ئەزموونیەی ئەو دەرهێنەرە پەیوەستە بەتەمەنی شانۆ ئەزموونگەریەکەی، کارەکانی دواتری دوورن لەشانۆی شێوەکاریی، لێرەدا ئاماژە بۆ دوو نمایشی کۆتاییەکانی دەکەین، هەردووکیان لەنووسینی ڤیسپیانیسکی، یەکەمیان بەناوی “دادوەر” لەساڵی ١٩٩٩ لەشانۆی نیشتمانی وراشۆ نمایشی کردووە، ڕووداوەکانی نمایشەکە لەدۆسیەی دادگاوە وەرگیراوە، باس لەکووشتنی کچێکی مناڵکا ر دەکات لەلایان خاوەنی مەیخانەیەکەوە، بەلام بەهۆی نەبوونی بەڵگە، بکوژەکە بێتاوان دەردەچێت.
گژێگۆژێڤسکی لەم نمایشەدا لەڕیتمی خێرا و بایەخە تایبەتیەکەی وەک هەمیشە بۆ هونەری مۆسیقا پەیوەندیەکی زیندوو لەگەڵ کۆمەڵە ئەکتەرێک درووست دەکات، کەبەسەر شانۆکەدا دابەش بوونە، بریتیە لەمەیخانەیەکی فراوان، ناوەڕاستی شانۆ سەکۆیەکی بازنەیی هەیە، کە ئەکتەرێک دەتوانێت بیجولێنێت، لەهەمان کاتدا زەمەنی پێ بەرەو پێش بەرێت، شوێنەکە چەندە بونیادێکی واقعی ڕاستەوخۆیە، بەڵام نەیویستووە لەڕێی کورسی ومێزەوە مەیخانە بەرجەستە بکات، بەڵکو کارەکتەرەکانی دێنە مەیخانەکە بەدەم سەما و گۆرانیەوە بەشداری لەڕووداوەکان دەکەن، تەنانەت دیمەنی دادگایی کردنەکە کە کۆمەڵە گۆرانی بێژو مۆسیقیەک بە کورسیەوە دێنە سەکۆی ناوەڕاستی شانۆ، تا لەڕێی گۆرانیەوە دیمەنی دادگایی کردنەکە نیشان بدەن، کە زیاتر لەگروپێکی سەمفۆنی دەچن گۆرانیەکی ئۆپیرایی پێشکەش بکەن، لەگەڵ سوڕانەوەی سەکۆ بازنەییەکە دادگاییەکە کۆتایی دێت.
لەڕووی بیناسازی شوێنی نمایشەوە دواوەی شانۆ دەرگاو پەنجەرەی ژوورو شوێنە تایبەتیەکانیترە، ئەکتەری تیا دەردەکەوێت، لەهەمان کاتدا بونیادێکی جوانکاری بەکارەکە بەخشیووە، کە وایکردوە ئەکتەر لەبۆشاییەکی ئازادی واقعیانە گوزارشت لەژیانێکی کۆمەڵایەتی پڕ کێشە بکات، ئەگەر نووسەر ئەو کچەی دەکوژرێت بە کچێکی جولەکە ناوی بەرێت، بەڵام دەرهێنەر لەڕێی جل وبەرگەوە بابەتی جولەکە چڕ دەکاتەوە، لەلایەک ئێمە کچێکی مناڵکارتر دەبینین، کە کڵاوێکی تایبەتی لەسەرە، ئاماژەیە بۆ جولەکە، وەک چۆن حاخامێش لەنمایشەکە لەسەریەتی، لەهەمان کاتدا ئەو کچەی دەکوژرێت مناڵکار نیە وگەنجێکە، ئەوەش وایکردووە ئەو کچە مناڵکارەی چاوەروانی مردنی دەکەین لەلایان خاوەن مەیخانەکەوە، کەچی دەبینین ئەوەی دەکوژرێت ئەو نیە کچێکیترە، کچێک بە پۆشاکی کولتووریی پۆڵەندیەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بیەوێت ئەو توندوتیژیە نیشان بدات کە چۆن پۆڵەندی بەهۆی کێشەی ئاینەوە نەک تەنیا لەلایان سیاسیەکانەوە لەناو دەبردرێت، بەڵکو لەلایان مرۆڤە دژەکانیشی لەناو دەبردرێت.
ئەم نمایشە بەتەواوی دوورکەوتنەوەیە لەشانۆی شیوەکاریی، ئەوەش مۆرک وتایبەتمەندی کارکردنیەتی کەوا چۆن قۆناغە ئەزموونکاریەکەی بەجێهێشتووە، بەتایبەت لەدوا کاری شانۆیی ئەو دەرهینەرە، شانۆگەری “هاملێت” ی ڤیسپیانیسکی لە ٢٠٠٣ نمایشی کرد، ڕێک دوای ئەوەی لەبەڕێوبەری شانۆی وارشۆ نەمابوو، بەتەواوی دەردەکەوێت دەیەوێت وێنەیەکی جیاوازتر ببەخشێت بەم شانۆیە، کە هیچ پەیوەندیەکی بە شانۆی شێوەکاریەوە نیە.
هاملێت بۆ ئەو دەرهێنەرە کارێکە لەگەمەیەکی شکسپیریی و چۆنیەتی خولقاندنەوەی ئێستایە لەناو کلاسیکدا، بۆیە ویستویەتی تەواو قووڵ بێتەوە لەو تێگەیشتنەی نووسەر ویستویەتی، هەموو ئەوانەی لەناو تێکستەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، لەوێنەی بەرجەستەکراوی تەواو دەیخاتە ڕوو.
تەواوی سەر شانۆیەکی کۆن نیشان دەدرێت، وەک ئەوەی لەلای شکسپیر هەبێت، یاخود هەر هۆڵێکی شانۆیی بێت لەکاتی پڕۆڤەدا، تەنانەت لەدیمەنی ڕەشەباکاندا هەر بەشێوازی کۆن کەچۆن لەڕێگەی سندوقێکی بازنەیی لاکێشەیی داپۆشراو بە گونیە ئەکتەر دەیجولێنێت بۆ درووست کردنی ڕەشەبا، کە ئەو سێ ژنە ئەکتەرە ئەنجامی دەدەن کاتێک لەو ساتەدا ڕۆڵیان نیە، کارەکتەری تارمایی باوک لەسەرەتاوە دەردەکەوێت، لەدواوەی شانۆ دەگەڕێتەوە سەر کورسی دەسەلات چاودێر دەبێت بەسەر تەواوی نمایشەکە تا کۆتایی دێتەوە بۆ دەیالۆگکردن.
ئەم نمایشە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی نێوان شانۆ و ژیان درووست دەکات، پڕۆسەیەکە وابەستەی ئاگایی و نائاگاییە، سێنتەری شانۆیی شکسپیر هەڵدەوەشێنرێتەوە، نووسەر دەیەوێت سەرلەنوێ لەڕێی بونیادەکانەوە ئەو گوتارەی بووە بە شکسپیریزم لەناو نمایش بنووسێتەوە، دەرهێنەر کەوتۆتە نێوان گوتار وبونیاد، گوتاری شکسپیریی و ڕێکخستنەوەی بونیادەکانی ڤیسپیانیسکی، نمایش بۆتە خولقاندنەوەی ساتی لەدایکبوونی شانۆ لەڕێی ئەکتەرەوە، بینەر لەو هاوکێشەیەدا وەک بەشێکی زیندوو لەگەڵ ئەکتەر بەشداری لەپڕۆڤەکان دەکات، ئەویش لەڕێگەی ئەو سێ کچە ئەکتەرەی لەڕیزی پێشەوەی بینەران دادەنیشن و تا ئەو کاتەی لیدی ماکبێس دێت دەیەوێت ئەو بۆ خۆی سنووری ئەو گەمە شانۆییەیان بۆ دەست نیشان بکات، سەرەنجام ئەویش چارەنووسی بەدەستی نووسەرەکەوەیە، بۆ ئەوەی لەفەزای شکسپیریی بسوڕێنەوە، بەلام بەسەر لەنوێ تێگەیشتنی ئەو دۆخە شانۆییەی ناو پۆڵەنداوە.
شانۆنامەی هاملێتی فیسپیانیسکی وایکردووە هاملێت وشکسپیر ببنە بەشێک لەناو ئاگایی کولتووری مرۆڤی پۆڵەندی، بەدوای ئەو شانۆنامەیەوە، هەمیشە شانۆگەری هاملێت جێی سەرنجی بینەرانی شانۆ بووە، کە ڕەنگە لێرەدا نەتوانین و نەکرێت باس لەکۆی ئەو دەرهێنانە جیاوازانە بکرێت، بەڵام دەتوانین ئاماژە بەچەند نمایشێک بکەین، لەوانە هەردوو دەرهێنەر ئاندژێی ڤایدا و یان کلاتا (٧) لەڕێگەی کردەی دەرهێنانیان بۆ ئەو شانۆنامەیە قسەوباسی زۆریان درووست کردووە.
دەرهێنەرێک نیە لەشانۆی پۆڵەندیدا هێندەی ڤایدا گەڕابێتەوە بۆ شانۆنامەی هاملێت، ئەو ئەگەر لەشانۆگەری “شەوی نۆڤێمبەر” بەڕوونی کاریگەری ئەو شانۆنامەیەی بەسەرەوە بووبێت، ئەوا بۆ خۆشی تا کۆتایی ژیانی چوار جار وەک دەرهێنەر کاری تیا کردووە، یەکەمجار لەسالێ ١٩٦٠ شانۆگەریەکەی پێشکەش کرد، لە ١٩٨١ دووجار کاری دەرهێنانی بۆ هاملێت کردووە، لە ١٩٨٩ دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت (٨) و هاتنە ئارای دۆخێکی نوێ سەرلەنوێ ئەو شانۆنامەی بۆ شانۆ دەرهێناوە، لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ژیانی مرۆڤی پۆڵەندی بەرەو دۆخێکی جیاوازتر هەنگاو دەنێت، شانۆنامەکانی شکسپیریش لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا ئازاد دەبن، بەرەو دیدی کراوە هەنگاو دەنێن، گەر سیستمی کۆمۆنیستی ڕێگای ئەو کرانەوەیە نەدات، بەڵام بەدوای ڕووخانی سۆڤیەت شانۆنامەکان بەرەو دیدو خوێندنەوەی جیاواز دەبردرێت، دەبنە هۆکارێک بۆ قسەکردن لە کۆمەڵگای پۆڵەندی دوای هۆلۆکۆست و کۆلۆنیالیزم، هەروەها پرسی ژن وەک بابەتی فێمێنیستی لەناو شانۆنامەکانی شکسپیر دەبنە پرسی خوێندنەوەی دەرهێنانی.
گرنگترین سیما چیتر پاڵەوان لەشانۆنامەکانی شکسپیر لەپۆڵەندا چیتر تەنیا وێنەیەکی ئالۆزی دەروونی نیە، یاخود کارەکتەرێک نیە بخرێتە نێوان ململانێی سەرمایەدارو کۆمۆنیستێک، هەروەها مانا ڕەمزیەکان لەسنورێکدا نامێننەوە، بۆیە ساڵی ١٩٨٩ بەساڵی گۆڕانکاری لەشانۆنامەکانی شکسپیر دادەنرێت.
ڤایدا هەمیشە لەڕیی هاملێت خوازیاری خوێندنەوەی مێژووی پۆڵەندایە، پەیوەندیەک دەدۆزێتەوە تاوەکو ئەو ڕابردووە بکاتە زەمینەی تێگەیشتی کۆمەڵگا لەخۆی، پەردە هەڵدانەوەیە لەسەر نهێنیە شاراوەکان، بەتایبەت لەدواهەمینی دەرهێنانی بۆ ئەو شانۆنامەیە دەیەوێت لەڕێی دیمەنی نواندنی ئەکتەرەکان لەنمایشەکە کاتێک گروپێکی شانۆیی دەهێنێتە کۆشک تا نواندن بکەن، دەرهێنەر هەوڵیداوە ئەو دیمەنە تەنیا وەک هەوڵی هاملێت نەبێت بۆ نیشاندانی تاوان، بەڵکو پەیوەندی هاملێت بە ئەکتەرەکانەوە.. بەچوونی بۆ ژووری خۆگۆڕین و بڕینی پەیوەندی نێوان شانۆو هۆڵ دەیەوێت وەک بەشێکی ڕاستەقینەی ژیان بیب ینێت نەوەک تەنیا وەک شانۆ.
بەبڕوای مۆنیکا پیلخ (٩)، هیچ کاتێک ڤایدا نەیویستووە دەرهێنەرێکی شانۆیی بێت، ئەو بۆچوونەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ کاتەکانی بەشانۆ دەبەخشێت، کە لەکاتی پشووی وێنەگرتنی فیلکمەکاندا بووە بەشانۆی بەخشیووە (١٠)
هەندێک ڕوانینی شانۆیی لەدەرەوەی پۆڵەندا بۆ هاملێت جێی بایەخی شانۆی پۆڵەندی بووە، وەک چۆن شانۆی پۆڵەندیش بۆ شانۆی ئەوروپی شانۆیەکە بەگرنگیەوە لێیان ڕوانیووە، بەهەمان شێوەش شانۆی پۆڵەندیش لەگرنگی شانۆکانی تری ڕوانیووەو تا ئاستێکیش دەرگای بۆ گفتوگۆی ئەو شانۆیانە کردۆتەوە، بەنمونە لەگفتوگۆیەکی مۆنیکا پیلخ لەگەڵ دەرهێنەری لیتوانی ئۆسکاراس کۆرسونۆڤاس (١١) هەندێک تێگەیشتنی جیاوازتر لەبارەی شکسپیر دەبیستین، کە بەهۆی ئەوەی وەک کۆمەڵێک پرسیار ورووژێنراوە، دەتوانین وەک جۆرێک کاریگەریش بۆ داهاتووی ئەو باسە لەپۆڵەندا گرنگی خۆی هەبێت.
بۆچی ئەو دەرهێنەرە بەشانۆی پۆڵەندیەوە دەبەستینەوە؟ لەبەر دوو هۆکار یەکەمیان رەخنەگرێکی نوێی ئەم شانۆیە دیدارەکەی لەگەلیدا ئەنجامداوە کەوا لەگۆڤارێکی تایبەت بەشانۆ بڵاوکراوەتەوە کەوەک سەرچاوەی سەرەکی شانۆکاری پۆڵەندیە هەر لەهەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە، هۆکارێکیتریش ئەوەیە ساڵانێکە لەپۆڵەندا نیشتەجێیەو کارەکانی لەپۆڵەنداو چەندین وڵاتی تری دنیا نمایش دەکات، سەرباری ئەوەی ئەو دەرهێنەرە بەجۆرێک دنیای شانۆیی شکسپیر وابەستەی کۆمەڵگای پۆڵەندی دەکاتەوە، ئەوەتا کاتێک باس لەوە دەکات کەوا تەواوی شانۆنامەکانی شکسپیر لەبارەی هێزەوە دەدوێن، ئەوەش بەمشتومری هێز ناو دەبات جا لیبڕالی بێت یاخود دیکتاتۆری “ئەوەش ئەو ڕێگاییە ئەو درامایەم پێی خوێندۆتەوە، لەبەر ئەوە ڕوانینێکم هەیە ئەویش ئەوەیە ئەو تێکستە (١٢) وابەستەی پەیوەندیەکە بەشیوەیەکی تایبەت بە پۆڵەندا” (١٣)
پەیوەندی شانۆنامەکانی شکسپیر بەمرۆڤی پۆڵەندیەوە باسێکە لەو ساڵانی دوایی قسەوباسی زۆری لەبارەوە دەکرێت، پێشتریش ئاماژەمان بۆ توێژینەوەکەی ڕۆژنامەنووس کاتاژینا جیێژبیچکا کرد لەبارەی ئەو پرسەوە.
هەلبەت شانۆگەری هاملێت لەدەرهێنانی یان کلاتا بەهەمان شێوە قسەو باسێکی زۆری بەدوای خۆی هێنا، بەهۆی ئەوەی دەرهێنەر ویستویەتی لەکردەی دەرهێناندا بەشێک لەمێژووی کۆمەڵگای پۆڵەندی پێ بخوێنێتەوە.
ئەگەر هەمیشە قسەوباس لەوەدابێت کەچۆن شکسپیر لەڕێی نامەیەکەوە ئۆڤیلیا شێت دەکات، بەڵام لەلای دەرهێنەر یان کلاتا دوای وەرگرتنی کارتێک کە نامەی لەسەر نووسراوە ئۆڤیلیا دەچێت کارتەکانی تریش دێنێت، ئەو شووشە شەرابانەش دێنێت کەلەهەر دیدارێکدا دوای خواردنەوە نامەی ئەو ڕۆژەی تیا هەڵگرتووە، دەردەکەوێت چەندین نامەو خواردنەوە لەنێوانیان هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بچێتەوە سەر دیدە شکسپیریەکەو تەنیا لەسەر نامەیەک بگیرسێتەوە دێت هاملێت توورە دەکات و دەکەوێتە شکاندنی شووشە شەرابەکان ئۆڤیلیاش بەهەمان شێوە، لێرەدا بۆ ئەوەی دیمەنەکە لەخۆشەویستیەکی پاکیزەیی نەمێنێتەوە نەوارێکی مۆسیقای دەخاتە سەر کەپڕە لە ئیحای شەهوەت و ئارەزووی دەجولێت لەپڕ پەلاماری هاملێت دەدات ماچی دەکات، بەلام هاملێت خۆی لەدەستی دەرباز دەکات
لێرەدا دوو خاڵ وادەکەن ماناکان ببنەوە شکسپیریی شکاندنی شووشە شەرابەکان ئاماژەیە بۆ روانینی شکسپیریانە بۆ کەسێتی هاملێت بەهۆی ئەوەی دیدی ناو شانۆنامەکە ئەو ڕوانینەیە کە هاملێت نایەوێت ئەو پەیوەندیەی بیربێتەوە، بۆیە دەرهێنەر ویستویەتی ئەو وێنە شاراوەیەی شکسپیریی بکاتە وێنەیەکی بینراو، تەسلیم نەبوونی هاملێت بۆ شەهوەتی ئۆڤیلیا داکۆکیکردنێکی شکسپیریانەیە بەوەی ئەوەی لەنێوانیانە تەنیا ئەو نامەیەی ئێستایە، بەڵام هەر بەڕاست هەر ئەو نامەییە؟ ئەوە دنیابینی شکسپیرو هاملێت کۆ دەکاتەوە، بەڵام لەناو نمایش حەقیقەت بریتیە لەوەی ئۆڤیلیا نیشانی دەدات سەرباری نکولی شکسپیرو هاملێت، بەڵام یان کلاتاو ئۆڤیلیا ڕوانینی تریان بۆ ئەو بابەتە هەیە.
بۆلۆنیسی باوکی ئۆڤیلیا بێئاگا نیە لەو بابەتە بۆیە دوای ڕۆیشتنی هاملێت دێت ئەو ناوە پاک دەکاتەوە، بەڵام ئەو ئاگاداربونەی لەرووداوەکان توورەبونی ئۆڤیلیای لێ دەکەوێتەوە، کۆی ئەو دیدە شانۆییە تەواو دوورکەوتنەوەیە لەمانا شکسپیریەکان و نووسینەوەی دیدێکی نوێ کەچەندە لەشکسپیر دوور دەکەوێتەوە، بەڵام لەکۆتاییەکاندا سەرلەنوێ بو مانا شکسپیریەکە دەگەڕێتەوە.
دیمەنی ئاهەنگ گێرانی پاشای بکوژو دایکی هاملێت، ئاهەنگێکی شێتانەو پڕ لەئارەزوی زەبروزەنگی بەزمەساتە بۆ دەسەڵات، کە خاڵی نیە لەهەستی زەوتکردن و غەریزی بۆیە کلەو دیمەنەدا پاشای نوێ دەکەوێتە ماچکردنی شاژن وشاژنیش تاوێک تووشی خورپەیەک دەبێت، تا شادیەک دەکەوێتە سەر رووخساری ولەگەڵ پاشای نوێ پێکەوە دەڕۆن، وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ ژیان و دەسەڵات.
تارمایی لەم نمایشەدا دەرناکەوێت، کەواتە کاریگەری تارمایی لێرەدا لەکوێدایە؟ هاملێت کتێبێک دەخوێنێتەوە باس لەگەڕانەوەو دەرکەوتنی باوک دەکات لەئاسمانەوە، ئەوەیان لەبنەرەتدا نزیکبونەوەیە لەخوێندنەوەیەکی فەلسەفیانەی ژاک دێرێدا لەکتێبی “تارماییەکانی مارکس” کاتێک تارمایی باوک بە تارمایی مارکس ناو دەبات، لێرەدا کلاتا پشتی بەستووە بەو تێگەیشتنە فەلسەفیە، بۆیە بەبێ دەرکەوتنی تارمایی، ئەو لەکتێبدا ئاگادارمان دەکاتەوە لەهاتنی، ئەوەشیان بابەتێکە سەرەتا لەلای دێرێدا بۆ تارمایی باوکی هاملێت و مارکس خوێندومانەتەوە.
بوونی تارمایی لەناو کتێبدا، بابەتێک نیە دوورکەوتنەوە بێت لەشکسپیر، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ئەو تێگەیشتنە لەشیکردنەوەی کارەکتەر کاتێک هاملێت کارەکتەرێکە ئارەزووی لەئەدەبیات و کتێبە، بۆیە لەسەر ئەو تێگەیشتنە تارمایی خراوەتەوە ناو کتێب، نەک دەرکەوتنی بێت لەئاسماندا، هەرچەندە وەک هاملێت دەلێت باوک لەنیوەشەودا لەئاسمان دەردەکەوێت؟ ئێمە کاتێک لەدیمەنی کلێساکە هاملێت و ئۆڤیلیا دەبینین قسەدەکەن و کتێبەکەی هەر بەدەستەوەیە لەخۆمان دەپرسین ئاخۆ ئەو کتێبە ئینجیلە بۆیە لەکلێساش بەدەستیەوەیەتی؟ ئاخۆ باوک مەبەست لەخودا یا مەسیحە؟ ئەگەر لەمانا شکسپیریەکە بەدور بین دەتوانین لەو دیدەوە بڕوانینە هاملێت، بەڵام کاتێک لەکۆی شانۆنامەیەکەوە سەیری بکەین ئەوە کتێبەکە بەشانۆنامەکانی شکسپیر دەبینین و دەتوانین ناوی بەرین کە خەریکی خوێندنەوەی کارەکانی شکسپیرە، بەو پێیەی چەندە شکسپیر بۆ مرۆڤی پۆڵەندی گرنگە، بەهەمان شیوەش شانۆنامەکە هەر لەسەرەتاوە ناوی شوێن دەگۆڕێتە سەر پۆڵەندا بۆ ئەوەی نیشانمانی بدات ڕووداوەکان لەسەردەمی پاشایەتی پۆڵەندیە
هەر لەو دیمەنەدایە دەرهێنەر چڕ دەبێتەوە لەسەر ئەو پەیوەندیە بۆیە ئۆڤیلیا تەواوی دیاری ونامەکانی بۆ هێناوەتەوە، ئەوەیان ڕوانینێکی نوێ و جیاوازە بۆ ئەو شانۆنامەیە کەوا دەرهێنەر لەناو نمایش دۆزیویەتیەوە
هاملێت لەگەڵ هۆڕاشیۆو هاورێکانی دیمەنێک دەنوێنن کەگوزارشت لەدۆخی ئەمڕۆ بکات، ئەویش کە وەرگیراوی دیمەنە نواندنەکەی ناو شانۆنامەکەیە، لاسایی گفتوگۆی ناو بەرنامە تەلەڤزیۆنیەکان دەکەنەوە، وەک چۆن مەنەلۆژە ناسراوەکەی هاملێت “من هەم یان نیم ئەمەیە گرفتەکە” هاملێت نایلێت، بەلکو ئارەزوومەندێک دەیلێت کە هاتۆتە بەردەم لیژنە بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانی وەک ئەکتەر، دوای تاقیکردنەوەی تواناکان هەر ئەوان هەلدەستن بە پێشکەشکردنی دیمەنی نواندنەکە لەبەردەم شاو شاژن
یەکێک لەجوانیەکانی ئەم دیمەنە ئەوەیە هاملێت بۆ خۆی ڕوناکی بەدەستەوەیە، ئەو ئەکتەرەی دەیالۆگ دەلێت ڕوناکیەکەی ئاراستە دەکات، وەک ئەوەی ئەو بۆ خۆی ئاراستەی ڕووداوەکانی نواندنەکە بگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە دەیەوێت، ئەوەش پەیوەستە بەو حەقیقەتەی کە خۆی ناتوانێت ڕاستیەکان ئاشکرا بکات، بۆیە لەڕێ ئەو گروپی نواندنەوە تاوانەکە ئاشکرا دەکات، تەنانەت ئەو کەللە سەرەی هاملێت لەدیمەنی سەر گۆڕستانەکە هاملێت بەدەستیەوە دەگرێت، لەو دیمەنی نواندنە بەدەست پاشای ئەکتەری ناو نواندنەکەوەیە
بەدوای کووشتنی باوکی ئۆڤیلیا، هاملێت بەدایک دەلێت “هیچ کەسێک هەیە برای خۆی بکوژێت؟” ئەو پرسیارە لە گرترودی دایک ئاگادارکردنەوەیەتی بەوەی لەکۆی تاوانەکەیان ئاگادارە، وەک چۆن دواتر بە مامیشی دەڵێت “هەموو شتێک دەزانم” بەو گۆڕانکاریانە دەرهێنەر هەوڵ دەدات رابردووی کۆمەلگاکەی پێ بخوێنێتەوە، هەمیشەش لەکۆتاییدا هێلێک هەیە دەیگەڕێنێتەوە لای شکسپیر، بەواتای خوێندنەوە نابێتە مانایەکی سەربەخۆ بۆ نمایش، هێندەی چەندە گۆڕانکاری دەکرێت، سەرەنجام ئەوە شکسپیرە دەیگەڕێنێتەوە سەر هێلی درامی ڕووداوەکە، کاتێک لایەرتیس دەگەڕێتەوە دەبینێت باوکی کوژراوە هاوار دەکات “باوکە تۆ لەکوێی؟” لێرەدا هاملێت ولایەرتیس دوو مرۆڤی باوککوژراون، بەلام سەر بەیەک سیستمی زەبروزەنگی دەسەڵاتێکن، هاملێت کە باوکی کوژراوە، کەچی ئەویش باوکی لایەرتریسی کووشتوە، واتە لەیەککاتدا باوککوژراو و باوککوژە، ئەو تێگەیشتنە کاتێک لایەرتیس دەبینین هاواری باوک دەکات، ئەوسا بیرۆکەی هاملێتی کوژراو وبکوژ لەلامان سەر هەڵدەدات، ئەو بەتەنیا لەرێی جەستەوە بکوژ نیە، بەلکو لەڕیی فیکریشەوە دەبێتە بکوژی رۆحی عاشقانەی ئۆڤیلیا، ئۆڤیلیا کە هەست بەمەرگی رۆحی خۆی دەکات، ئەوە وای لێ دەکات بڕیاری خۆکوشتن بدات، ئەو ڕەتکردنەوەیەی ژیان وایکردووە شێتی ئۆڤیلیا بوونی نەبێت هێندەی خەمۆکیەک دایبگرێت کە بگاتە بریاری خۆکووشتن.
کۆتاییەکەی نمایش چەندە شەرەشمشێرێک و تراژیدیایەک دەخولقێنێت کەهەمووان دەمرن و هاملێتی زامدار بەتەنیشت هۆڕاشیۆ دادەنیشێت و بەگریانەوە دەڵێت “هۆڕاشیۆ دەمرم” مردنێک کۆتاییەکی شکسپیریانە بەتراژیدیاکە دەبەخشێت، کەچەندە لەتێکست دوور بکەوێتەوە هێندەش لێی نزیک دەبێتەوە، ڕەنگە هیچ دەرهێنەرێکی پۆڵەندی هێندەی کلاتا بەهۆی خوێندنەوەی بونیادی کۆمەڵایەتی دوورکەوتنەوەی لەماناکان لەشکسپیر ڕانەگەیاندبێت، وەک چۆن هەمیشەش ویستویەتی خۆی ڕابکێشێتەوە ناو ماناکان، بەڵام چەندە دوور دەکەوێتەوە تا ئاوڕ لەمێژووی پۆڵەندی بداتەوە، هێندەش لەنا وئەو مێژووەوە دەگەڕێتەوە لای شکسپیر.
دواهەمین نمایشی هاملێت کە لە پۆڵەندا نمایش کرابێت کارەکەی دەرهێنەر “میخاو کۆتانیسکی”
میخاو کۆتانیسکی (١٩٧٦) یەکێکە لەدەرهێنەرە شانۆییە نوێیەکانی شانۆی پۆڵەندی، دەرچووی بەشی دەرهێنانی کۆلێژی هونەری شاری کڕاکۆڤ ، هەروەها لەزانکۆی وارشۆ فەلسەفەی خوێندووە، وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری کردووە لەتەک دەرهێنەران ڤایدا وکریستینا لوپا ویێژی یارۆچکی بوو، هەوڵیداوە یەکەی زەمەنی تێکستی شکسپیر بپارێزێت بۆ کارەکتەری هاملێت لەنێوان ئاستی دەروونی کەسێتی و هەوڵدان بۆ تۆڵەکردنەوە، دەرهێنەر پابەندی تەواوی تێکستەکە نەبووە، بەڵام پابەندی زەمەنی شکسپیریی دەبێت بۆ کارەکتەرو بیرۆکە، ریتمێکی خێرا وا دەکات ڕووداوەکان بەرەو چڕبوونەوەی دەیالۆگ ببردرێت، ڕووداو سەر بەزەمەنی تێکستە بەڵام جل وبەرگی ئەکتەرەکان زادەی مرۆڤی هاوچەرخن، وەک ئەوەی هەموو شتێک لە ئەمڕۆدا ڕووبدات.
پەیوەندی هاملێت بە باوکی کوژراو وابەستەی حەقیقەت و خەیال نیە، دەرکەوتنی تارمایی لەنیوە شەودا لەوێنەیەکی بەتەنیشت یەکەوە نیشان دەدرێت، تا باوک چیرۆکی کووشتن بگێڕێتەوە، لێرەوە تارمایی دەبێتەوە بەشێک لەگێڕانەوەی حەقیقەتی کوژراو، تارمایی خەیاڵ نیە، هێندەی مردوویەکە لەگۆڕدا هەلساوەتەوە تا چیرۆکی کوژرانی خۆی بگێڕێتەوە، ئەوەش وێنەیەکی شکسپیریی ڕوونە دەرهێنەر تەنیا ئەو وێنەیەی لەبارگاوی خەیاڵی بۆ تێگەیشتن لەدیمەنەکە دەرباز کردووە، جۆرە دراماتۆرگیەکی تیا کردووە کە باشتر لەو پەیوەندیەمان بگەیەنێت.
هاوچەرخ بوونی شکسپیر بۆ دەرهێنەر تەنیا دەستەواژەیەک نیە، هێندەی ئەو هاوچەرخێتیەی شکسپیر بەکردەوە لەناو نمایشدا ئامادەبوونی دەبێت، ڕووداو کارەکتەر لەساتەوەختێکی مرۆڤی هاوچەرخدا ڕوو دەدەن، جل وبەرگ و شوێن وابەستەی دنیای ئەمڕۆن، ئەوە دەیالۆگە ڕووداو دەخوڵقێنێت، بۆیە دەرهێنەر لەڕووی پێکهاتەکانی نمایشەوە دەیەوێت جێپەنجەی خۆی وەک دەرهێنەرێکی شکسپیریی بخاتە ڕوو.
رووداوەکان خێراتر لەوادەی خۆیان بەرەو پێش دەبات، گروپی نواندنەکە بریتین لەسێ ئەکتەر ژن و پیاوێک کە چوونەتە تەمەنەوە، لەگەڵ کوڕێکی گەنج، لەهۆڵی کۆشکەکە هاملێت خۆی کورسی ڕیز دەکات تا ببنە بینەری نمایشی گروپە شانۆییەکە، لەو هۆڵەی کۆشک پەنجەرە فراوانەکە لەڕێگەی بۆیەی ڕەنگێکی کاڵەوە شێوەی دەچێتەوە سەر تابلۆی “شەوی پڕ ئەستێرەی”ڤان کوخ.
تابلۆکەی ڤان کوخ لەپەنجەرەی ژوورێکی نەخۆشخانەیەکتی دەروونیە، کەوا گوزارشت لەبینینی ئەوە دەکات کە لەشەودا بینیویەتی، بۆیە لێرەدا کە پەنجەرەکە تۆنی ڕەنگەکەی دەچێتەوە سەر ئەو تابلۆیە، دەرهێنەر دەیەوێت گەشە بەئاستی دەروونی هاملێت بدات، لەڕێگەی تابلۆیەکی ڤان کوخ، لەهەمانکاتدا وێنەیەکی ئاوێتەیی شکسپیرێکی ڤان کوخیانە بەرجەستە بکات، هەڵبەت ڤان کوخ لەژیانی خۆیدا سێ ساڵ لەبەتریتانیا ژیاوە کە شیکردنەوەی کردووە بۆ چەند نووسەرێکی ئینگلیزیی وەکو شکسپیر وچارلز دیکنز، بۆیە ئەو مۆرکەی لەو نمایشەدا وێنەیەکی هەرەمەکیانە نیە، بەقەد ئەوەی پڕۆسەیەکی ووردی تێگەیشتنە لەپەیوەندیی ئەو دوانەوە، کە دەر‌هێنەر ئەو تابلۆیە دەکاتە دنیابینێکی هاملێتیانە.
کاتێک تیپە شانۆییەکە نمایشەکە پێشکەش دەکەن و پاشای نوێ دۆخی دەروونی تێک دەچێت و ئەو دەمەی ؛ەگەڵ باوکی ئۆڤیلیا قسە دەکات، هاملێت لەبەردەم تیشکی پەنجەرەکە کەوا دیمەنێکی تاریکە، بەڵام پەنجەرەکە لەناو ئەو تاریکیەدا تەواو تابلۆکەی ڤان کوخ بەرجەستە دەکات
ئەو پەیوەندیە قولکردنەوەی دنیابینی شکسپیرە بۆ کارەکتەر، کە کۆتاییەکەی پارێزگاری لەشەڕەشمشێرەکە دەکات، بەلام لەڕێی ڕوناکیەوە نامەیەکی ترسناک بۆ دوای مەرگی هاملێت و دایک و پاشای تازە دەخاتە ڕوو، ئەویش هۆڕاشیۆ لەناو تەرمی مردووەکان هێرشی جەنگی پێ ڕادەگەیەنرێت، جەنگێک ڕوناکیەکی سووری خوێناوی سەر شانۆکە داگیر دەکات، وەک بەردەوامیەک بۆ تراژیدیایەکی شکسپیریی کە بەرۆکی مرۆڤی هاوچەرخی گرتۆتەوە، لێرەوە تێدەگەین بۆچی دەرهێنەر دەیەوێت لەدیدی مرۆڤی ئەم ڕۆژگارەوە هاملێت نمایش بکات و دەریبکات لەناو فۆڕمێکی کلاسیکی، چونکە کۆتاییەکەی زۆر ڕوون بۆمان دەخاتە ڕوو کەوا ئەو ئێستایەی ئێمە تیایداین ژیانە لەناو تراژیدیایەکی شکسپیریی، ئەوەش ئەو گەڕانەوەییە بۆ یان کۆت کەوا شکسپیری بەشانۆنووسی هاوچەرخ ناو برد..

پەراوێز و سەرچاوەکان

(١) Katarzyna Dzierzbicka, Polska i Polacy w dziełach Williama Szekspira, numer 5, 2016
(٢) کاتاژینا جیێژبیچکا رۆژنامەنووسێکە تایبەت بە شانۆ و مۆسیقا و ئەدەب و مێژووی وارشۆ، لەگۆڤارو ڕۆژنامە پۆڵەندیەکان دەیان وتاری هونەری و مێژوویی نووسیوە، هەروەها کتێبێکی چاپکراوی هەیە بەناونیشانی “پەنجا ساڵ لەشانۆی تەلەڤزیۆنی
(٣) ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی ( ١٨٦٩- ١٩٠٧) شانۆنووس ونیگارکێش و شاعیر بووە، کارەکانی بە درامای ڕەمزی ناسێنراوە، لەساڵانی ١٩٨٧- ١٩٩٦ لەسەر پارەی دەهەزار زوۆتی پۆلەندی وێنەی ئەو نووسەرە هەبوو، ئەنجومەنی نوێنەرایەتی کۆماری پۆڵەندا ساڵی ٢٠٠٧ ی ناونا بەساڵی ئەو نووسەرە، لە٢٠١٩ لەسالیادی ١٥٠ ساڵەی لەدایکبوونی وێنەی خرایە سەر پولی پۆستە، پێنج ئۆپێڕای نووسیوە، لەپاڵ بیست کاری شانۆیی، شانۆگەری هاملێت دیارترین کاری شانۆییەتی، کە توێژینەوەیەکی درامیە لەبارەی کرۆکی شانۆ و پەیوەندی بە ژیانەوە.
(٤) یێرزی گژێگۆژێڤسکی لەدایکبوی ١٩٣٩ ی شاری ئوچ، لە ٢٠٠٥ لە وارشۆ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، بەشی دەرهێنانی شانۆیی لە١٩٦٦ لەوارشۆ تەواو کردووە، لەساڵانی ١٩٩٧-٢٠٠٣ بەڕێوبەری شانۆی وارشۆ بووە، چەندین خەلات و بڕوانامەی شانۆیی و میدالیای نیشتمانی وەرگرتووە، کۆلێژی هونەری ئوچ دکتۆرای شانازی پێ بەخشیووە، ئەوە سەرباری ئەوەی لە ١٩٧٨ کراوە بەبەڕێوبەری شانۆ لەشاری ڤرۆسواڤ، شانۆیەکی ئەزموونگەری دامەزراندووە، بەبڕوای توێژەری شانۆی پۆڵەندی ئاوگوست گرۆجیچکی دامەزرێنەری شانۆی شێوەکاری پۆڵەندیە، هەڵبەت ئامادەبوونی دیدگای شێوەكاری لەشانۆی نوێی پۆڵەندی، هەوڵێكی دەگمەنی شانۆكارێك نیە، چونكە لەلای بەشێك لە دەرهێنەرەكان بایەخدان بەهونەری شێوەكاری دەدرێت، هەروەها پەیوەندیەكی ئۆرگانی پتەو هەیە لەنێوان سینۆگرافیا و شێوەكاری، ئەوەش چەندە پەیوەستە بە سینۆگرافیاوە، لەهەمان كاتدا بایەخدانیان بەهونەری شێوەكاری وایكردووە ڕۆڵی سینۆگرافیا لەشانۆكەیاندا جێگای بایەخی تایبەت بێت، بەڵام شانۆ ئەزموونگەریەکەی گژیگۆژێڤسكی تایبەتمەندیەکی سەربەخۆی هەبوو.
(٥) هێنریک تۆماشێڤسکی (١٩١٩-٢٠٠١) کیریۆگراف و دەرهێنەری شانۆییە، گروپێکی شانۆیی تایبەت بەشانۆی پانتۆمایمی لەپۆڵەندا دامەزراند، بەناوی شانۆی جولە.
(٦) أوجست جرودجيتسكى ، حركة التجديد في المسرح العالمي.. ، ترجمة: د. هناء عبدالفتاح، الهيئة المصرية العامة
(٧) یان کلاتا (١٩٧٣) لەکاری دەرهێنانی شانۆیی وەک نوسەر ودراماتۆرگیش لەشانۆدا کار دەکات، لە وارشۆ شانۆی خوێندووەو لە کراکۆڤیش سینەما، سەرەتای دەرهێنانی شانۆیی بە کارکردن لەناو چیرۆک و ڕۆمان دەستی پێکرد، بەتایبەت لە ٢٠٠٤ ئەو دەمەی لەشاری ڤرۆسواڤ کاری کرد، سەرەتا “ژێرزەمینەکانی ڤاتیکان” ی ئەندریە ژید بۆ شانۆ دەرهێنا، لەبەشی دواتر لەبارەیەوە دەدوێین
(٨) لەبەشێکیتری ئەو کتێبەدا بەووردی باسمان لەشانۆی پۆڵەندی لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا کردووە، هەروەها لەسەر بەشێکی کارەکانی ڤایداو نمایشی “شەوی نۆڤێمبەر” شیکاریمان کردووە، بۆیە دەکرێت بۆ تێگەیشتنی زیاتری کارەکانی خوێنەر بۆ ئەو بەشەیان بگەڕێتەوە
(٩) مۆنیکا پیلخ ڕەخنەگرێکی نوێی شانۆیی پۆڵەندیە، لەبارەی کێشەکانی شانۆی پۆڵەندی ونمایشە شانۆییەکان دەنووسێت، وتارەکانی زیاتر لەگۆڤاری شانۆ بڵاو دەکاتەوە.
(١٠) Monika Pilch, Andrzeja Wajdy spojrzenie na teatr, Teatr numer 2/2017
(١١) ئۆسکاراس کۆرسونۆڤاس (١٩٦٩) دەرهێنەرێکی لیتوانیە، چەندین شانۆنامەی شکسپیری بۆ شانۆ دەرهێناوە لەوانە “هاملێت، رۆمیۆ وژۆلێت، خەونی نیوە شەوی هاوین،زریان” خاوەنی چەندین خەڵاتی شانۆییە، گرنگترینینان خەڵاتی شانۆی ئەوروپی بۆ واقعی نوێ، لە ٢٠١٦ خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە نەرویژو لیتوانیا وەرگرتووە، لە١٩٩٨ شانۆیەکی تایبەت بەخۆی درووست کردووە لە ڤیلنیێ، کەجەخت لەسەر دراما هاوچەرخ و کلاسیکیەکان دەکاتەوە.
(١٢) مەبەستی شانۆنامەی “پێوانە بە پێوانە” یە
(١٣) Monika Pilch, Szekspir nie moralizuje, teatr numer 6/2016للكتاب (القاهرة) 2010، ص116




شانۆی پۆڵەندی لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا.. نیهاد جامی

کاتێک بمانەوێت لەبارەی شانۆی پۆڵەندی بدوێین ناکرێت بابەتیداگیرکاری و شەر لەم وڵاتەدا فەرامۆش بکەین، کۆتایی هاتنی جەنگیجیهانی یەکەم چەندە دەبێتە مژدەی سەربەخۆیی ئەم وڵاتە، بەڵام ئەومژدەیە ئاسۆیەکی نوێ لەبەردەم ئەو کۆمەڵگایەدا ناکاتەوە بەهۆیئەوەی لە ١٩٣٩ دوای ڕێکەوتنەکەی ئەلمانیا و ڕووسیا وپاشگەزبوونەوەی هیتلەر لەڕێکەوتنەکە، شەش ملیۆن پۆڵەندی دەبنەقوربانی جەنگ، دیسان پۆڵەندا دەکەوێتەوە بەر شاڵاوی جەنگ، ئیدیهەریەکە لەیەکێتی سۆڤیەت وئەلمانیا هێرشیان لەدژی یەکتریهێرشکردن دەبێت بۆ سەر پۆڵەندا، لە ١٩٤٤ سەرلەنوێ سۆڤیەت ئەووڵاتە داگیر دەکاتەوەو ئەڵمانیا دەکاتە دەرەوە، ساڵی دواتر حکومەتیپۆڵەندی سەر لەنوێ درووست دەکرێتەوە، حکومەتێک لەژێر چاودێرییەکێتی سۆڤیەت بەڕێوە دەچێت تا ڕووخانی کۆمۆنیزم پۆڵەندا لەژێرسایەی سۆڤیەتدا دەژیێت.

چەند ساڵێک بوو پۆڵەندا لەژێر حوکمی یەکێتی سۆڤیەتدا بوو، کاتێکجەنگی دووەمی جیهانی کۆتایی دەهات، ، بەتایبەت لە ١٩٥٢ لەگەڵراگەیاندنی دەستوور، ئەو کۆمەڵگایە لەبەردەم خەونی ژیاندا بوو، بەلامبەدرێژایی ساڵەکان گرفتی سیاسی و ئابوری زیانی گەورەی لەوکۆمەلگایە دەدا، نەیدەهێشت بەرەو پێش چوون بەخۆیەوە ببینێت، بەلاملەگەڵ ڕووخانی یەکیتی سۆڤیەت، سەرکەوتنی سەندیکای کرێکارانیپۆڵەندی لەهەڵبژاردنەکانی ١٩٨٩ توانیان یەکەم حکومەتی دوایکۆمۆنیزم درووست بکەن، ساڵی دواتر دەست لەکارکێشانەوەیسەرۆک کۆمار، دەرگایەکی نوێتری لەبەردەم ژیانی ئەو کۆمەڵگایەداکردەوە، بەڵام شانۆ بەدرێژایی ساڵانی ١٩٤٥-١٩٨٨ئەو ساڵانە دەبوولەژێرهەیمەنەی یەکێتی سۆڤیەتدا کار بکات، کاتێک پاڵەوان لەو وێنەکۆمۆنیستیە یاخی دەبێت، ئەوا سزایەک هەیە و ڕووبەرووی دەبێتەوە.

ناوەراستی دەیەی چلەکانی سەدەی بیستەم تەواوی شارەکان هۆڵیشانۆیان تێدابوو، ئەوەش وایکرد مرۆڤی پۆڵەندی تەواو بەشانۆ ئاشناببێت، لەڕووی دروستکردنی بیناسازی هۆڵی شانۆ گەشە سەندنێک لەووڵاتەدا لەئارادا بوو ، شاری ئوچ لە ١٩٤٥ وەک ناوەندێکی شانۆییزۆربەی کارە شانۆییەکانی دەگرتە خۆی، لەماوەی پێنج ساڵی یەکەمداواتە تاوەکو پەنجاکان، سێ شانۆ گرنگی خۆیان وەدەستهێنابوو، شانۆی سەربازی کەوا لەلایان شیللەر (١) بەڕێوە دەچوو، شانۆیشیعریی لەلایان هەردوو شانۆکار ڤیرچینیسکی و کۆژێنیڤسکیبەڕیوە دەبردرا، هەروەها شانۆی ژوور کە لەلایان ئێرڤین ئەکسێر (٢)وم. مێلینا سەرپەرشتی دەکرا.

تەنیا ئەو سێ شانۆیە نەبوو کە دەرکەوتن، بەنمونە هەندێک شانۆ هەبووکەزیاتر کۆمیدیا بوو، بەڵام لەناو ئەو سێ شانۆیەشدا کارەکانیشیللەر گرنگی و تایبەتی خۆی هەبوو، وەک تێبینی دەکەین لەلایەکواقعی بوونی شانۆکەی بەشێک بووە لەتینوویەتی مرۆڤەکانی کۆمەڵگاکەخۆیانی تیا بینیوەتەوە، لەلایەکیتریش شانۆیەکی سەربازیپێویستیەکیتری ژیانی کولتووریی بوو کە سوپا بەگرنگەوە تەماشادەکرا بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بپارێزێت، ئەو دوو هۆکارە وایکردبووشانۆکانی شیللەر لەنەخشەی ئەم شانۆیەدا بەگرنگیەوە لێیبڕواندرێت.

لەپاڵ ئەو دەرهێنەرە کارە دەرهێنانیەکانی ئێرڤین ئەکسیریش ببووەسەرنجی بەشێکی دیاری بینەرانی شانۆ کەشانۆیەکیان دامەزراندبووبەناوی ژوور، بەتایبەت لەیەکەم سەرکەوتنی لەنمایشێکی نووسەرشانیاڤسکی، دواتر شانۆگەری “ئەڵمانەکان” ی کروچکۆڤسکیێ، هەرلەو کاتانەدا بوو گاڵا شانۆیەکی ڕاگەیاند بەناوی کەنار دەریا، شاریوارشۆش بەدوای هەڵمەتی چاککردنەوەو بنیاتنان لە١٩٤٦ ژیانیشانۆیی بۆ دەگەڕێتەوە لەیەکەم کاری دەر‌هینەر ئۆستێرڤی.

شانۆنامە ڕووسیەکان تائاستێکی دیار توانای ئەوەیان هەبووشانۆکانی پۆڵەندا داگیر بکەن، بۆیە بەشیوەیەکی فراوان ئەو شانۆنامەڕووسیانەی نمایش دەکران، زیاتر بەرهەمی شانۆنووسانی وەکوچێخۆڤ و گۆگۆڵ و تۆڵستۆی ومەکسیم گۆرکی وئیڤانۆڤاوئۆسترۆڤسکی، بۆیە شتێکی سەیر نیە کەوا لە ١٩٤٩ پۆڵەندافێستڤاڵی هونەری ڕووسی ساز بکات، کەوا ٣٠ نمایشی شانۆیی لەمڤێستڤاڵە نیشان دەدرێت، هەر لەو ساڵەدا وەزارەتی کولتور یەکەمکۆنفرانسی شانۆکارانی ساز کردووە، ئەم کۆنفرانسە دەبێتە هۆییەکەم مەترسیەکانی کۆمۆنیزم بۆ سەر شانۆ، کەدەبێت شانۆ لەخزمەتیواقعی سۆسیالیستیدا دەربکەوێت، بۆیە زۆر شانۆنامەی شانۆنووسانئیدی دەکەونە ناو هێلی سوورەوە، لەوانە شانۆنامەکانی میتسکیێڤیچاو کراشینیسکی وڤیسپیانیسکی.

بڕیارەکانی کۆنفرانس هەر بەوەندە ناوەستێت، بەڵکو کۆمەڵێک گریمانەدەسەپێننە سەر شانۆکاران لەوانە دەبێت پابەندی شانۆی واقعی ببن، هەر شتێک بەناوی هونەری نوێیە نابێت بۆ فریودان لێی نزیک ببنەوە، هەروەها ستانسلاڤسکی دەبێتە شێوازی سەپێنراو لەشانۆی پۆڵەندیئەو ڕۆژگارە، داوا لەئەکتەرەکانیش دەکەن کەوا لەجوتیارو کرێکارەکاننزیک ببنەوە تا هەست بەشێوازی ژیانیان بکەن و لەسەر شانۆکانژیانی ئەوان ڕەنگ بداتەوە، ئەوە سەرباری ئەوەی لەسەرەتایپەنجاکان شانۆیەکی نوێ لە شاری ئوچ دەکەنەوە، کەوابەستەیجوانیناسی واقعی سۆسیالیستی بێت، وەک دەزگایەکی کولتورییشانۆیی بۆ کۆمۆنیزم.

ئەو سەپاندنە لەشانۆدا هۆکارەکەی ئەوە بوو دەیانزانی شانۆ دەتوانێتبەرەنگاری دەسەڵاتەکەیان ببێتەوە، بۆیە دەیانوویست ئاراستەی شانۆبۆ ئەو شوێنە بێت کەخۆیان دەیانەوێت، بۆ ئەوەی مەترسی نەخاتە سەرژیانی دەسەڵاتەوە، بۆیە بەگژ لیستێک شانۆنامەی پۆڵەندی و جیهانیدادەچنەوە و دەیانەوێت لەو رۆژگارەدا ئەو کارانە نمایش بکرێن کەواقعی سۆسیالیستین، ئەو بریارانە ڕەنگدانەوەکەی تەواو فراواندەبێت، بەتایبەت ئەو دەرهێنەرانەی گۆڕانکاریان لەئاستی هۆشیاریسیاسی و کولتوریی بۆ کۆمەڵگا خوڵقاندووە لەکاری شانۆییاندووریان دەخەنەوە لەوانە شیللەر و گال و شییفمان، دوای چەند ساڵێکدەستیان لەو بریارانە هەڵگرت، بەڵام هەولیان دەدا ئەو ترسە نیشانبدەن، پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارانە شکستی دەسەلات نیە بەقەد ئەوەیسزایەکە بۆ ئەوەی بزانن لادان لەو دەسەلاتە دوورخستنەوەیانەلەشانۆدا، هەڵبەت بەجۆرێکیتر ترساندنی دەرهێنەروئەکتەرەکانیتریشە.

ئەو دۆخە بەردەوامی هەیە تا کۆتایی جەنگ و ئاسایی بوونەوەی دۆخیپۆڵەندا، لە١٩٥٥ یەکەم نمایشی دوای جەنگ لەشاری وارشۆپێشکەشکرا لەژێر ناوی “باپیران” لە دەرهێنانی ئەلێکساندێرباردینی، ئەو سەرەتایە دەرگا لەکۆمەڵە شانۆنامەیەکی نوێ دەکاتەوەبەتایبەت شانۆنامەکانی برێخت وسارتەرو دورێنمات، لەپاڵ کاریشانۆنووسانی پۆڵەندی وەکو مرۆژێک وبرۆشکچێڤیچا وروژێڤیچا، ئەومێژووە سەرەتایەکی گرنگی شانۆی پۆڵەندی پێک دێنێت، بەوەی دەرگالەدنیای جیاوازی شانۆنووسان دەکرێتەوە، دەتوانن کارلەتێکستەکانیاندا بکەن، بەتایبەت لەشانۆنامەکانی ژان ژینیە و یۆژینیۆنسکۆ و سامۆئێل بیکیت، بەدوای ئەوە بۆ یەکەمجار لە ١٩٥٧ شانۆگەری “لەچاوەروانی گۆدۆ” نمایشکرا، بەرهەمی ئەو نووسەرانەچەندە لەدوای جەنگ ڕێگای نمایشکردنیان درا، بەڵام کۆمەڵەنووسەرێکی پۆڵەندی بەر لەجەنگەوە کەوتبوونە ژێر کاریگەری ئەوان، لەشانۆنامەکانیان ڕەنگی دابۆوە لەنموونەی ئەبرامۆڤ نێڤێرلی وبریلیودرۆزدۆڤسکی وگرۆخۆڤیکا وئیردینیسکی کراشنیسکی ریمکیێڤیج وسیتۆ.

چەندە لەو شانۆ نوێیەی جەنگدا نووسەرانی پۆڵەندی رۆڵی گرنگیاندەرکەوت، لەپاڵ ئەوەدا کۆمەڵە دەرهێنەرێکیش بەهۆی نمایشەکانیانناوبانگێکی دیاریان پەیدا کرد، کارەکانیان بوونە جێی سەرنجیبینەران وناوەندە شانۆییەکە، لەوانە ئەکسێر ودۆزینەوەی شێوازەشانۆییە نوێێەکەی لەشاری ئوچ بەناوی ژوور، ئەو لەو شانۆیەدا زیاد لەدەساڵ بوو کاری تیادەکرد، بەلام لەو دۆخەی دوای جەنگ کاریگەریلەسەر مرۆڤی پۆڵەندی بەتەواوی دەرکەوتبوو، هەوڵی دەدا لەنێوانشانۆی کۆنی پۆڵەندی و شانۆی سونەتی پەیوەندیەک ڕێکبخاتەوە، بەتایبەت لەنمایشەکانی “شارەکەمان ١٩٥٧، کاروان-برێخت ١٩٦٢، تانگۆ ١٩٦٥”
لەوەی دواییان “تانگۆ” وێنەیەكی كۆمەڵایەتی ئەو كۆمەڵگایە دەخاتەڕوو، ئەوە ڕەخنەیەكی كۆمەڵایەتیە، هاوبەشیكردنی دنیای نووسراوینوسەر و دروستكردنەوەی پەیوەندیی ئەكتەرە وەك كۆمەڵگای سەرشانۆ بۆ كۆمەڵگای بینەر، كە كۆمەڵگای ڕاستەقینەی پۆڵەندیە، بەڵامنایەت لەوێنەی كۆمیدیەوە ئەو ڕەخنەیە بخاتە ڕوو، هێندەی ئەوكۆمیدیایە دەگۆڕێتە سەر وێنەیەكی گاڵتەجار، لێرەوە دنیای واقعی وسوریالیەتی ئەو دەرهێنەرە بۆ شانۆ دەردەكەوێت.

گەڕانەوەش بۆ ناو شانۆی تۆماری پیتەر فایس و بەتایبەت لەكاركردنیلەتەك شانۆگەری (لێكۆڵینەوە) لەبنەڕەتدا لێكۆڵینەوەیە لەیادەوەریكۆمەڵگایەك كە فاشیزم جەنگی بۆ هێناوە، ئەگەر پیتەر فایس پرسیاریئەخلاقی ڕووبەرووی مرۆڤگەلێك بكاتەوە كە لەكۆمەڵگای ئەڵمانیدا بەپۆشاكێكی قەشەنگەوە دەردەكەون و تاوان دەكەن، ئەوە دەبێتەوەپرسیاری ئەكسێریش، كە لێرەدا چەمكی قوربانی بوون لەناو شانۆكانسەر لەنوێ‌ خۆیان دەخەنەوە ڕوو.

بەتایبەت بۆ ئەو ڕۆژگارە بەشداریكردنی سەرۆكی دادگا لەناو بینەران، لەپاڵ پشت نەبەستنی ئەكتەرەكان بە ئارایشت، وا دەكات نمایشەشانۆییەكە وەك وێنەیەكی ڕاستەقینەی ناو ئەو كۆمەڵگایە خۆی بخاتەڕوو، ئەو وێنەیە پەیوەندیەكی كۆمەڵناسیانە دەبەخشێتە كارەكانی ئەودەرهێنەرە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی “ئەو نمایشە شانۆییە بەهەمووپێوەرەكان جۆرێك بێت لە ئەزموونی شانۆیی، چ لەكاركردنی دەرهێنەرلەگەڵ بابەتێكی درامی/ بەڵگەنامەیی، چ لەگەڵ موفرەدەكانی نمایشیشانۆییدا” (٣)

ئەو پەیوەندیە لەشوێنێكدا ناوەستێنێت، بەڵكو دەیەوێت لەگەڵتێكستیتردا ئەزموونی بكات، بەڵام نەك بەفۆڕمی شانۆی تۆماری، بەڵكو ئەوەی بەلایەوە گرنگە، چۆنیەتی بنیاتنانەوەی كۆمەڵگای دوایجەنگە، بۆیە دەیەوێت دیدێكیتر بە دنیای یۆژین یۆنسكۆ ببەخشێت.

بۆ قسەكردن لەخوێن وكوشتار وكۆمەڵگایەك كە دەبێت لەو دۆخەدەربازی بێت ئەمجارەیان شانۆگەری (ماكبێس) ی شكسپیردەردەهێنێت، ئەوەش سەرباری ئەوەی نزیكبوونەوەیە لەچەمكی ناپاكیوكوشتن، بۆ ئەوەی لەو زەمینەیەوە پەیوەندیی كۆمەڵایەتی سەردەمیجەنگ بنوسێتەوە، بەدوای كاركردن لە یۆژین یۆنسكۆ و ئیشكردنلەسەر ماكبێسی شكسپیر، ئەو دیدە ڕەخنەییەی یۆنسكۆ بەتەواویدەخاتە ڕوو، كاتێ‌ باس لە شكسپیر دەكات وەك باوكی شەرعیشانۆی ئەبسێرد.

ئەوەش وەك پرۆژەیەك لەتەك شكسپیر درێژ دەبێتەوە، ئەمجارەیانڕووبەرووی تێكستی شالیر دەبێتەوە، پەیوەندیی ئەو وەك دەرهێنەرلەتەك شكسپیر بەرجەستەكردنی وێنەیەكی شالیر نیە بەپێی گریمانەیتێكست، بەڵكو لەشیكردنەوەی بۆ تێكست كۆمەڵێك جیاوازیی خۆیدەخاتە ڕوو، هۆكارەكەشی ئەو دیدە كۆمەڵناسیانەییە كە بۆ كۆمەڵگایپۆڵەندی لەشالیر دەیخاتە ڕوو.

ئێرڤین ئەكسێر بەپێی كاركردنی كۆمەڵناسیانەی بۆ شانۆ دیدێكیڕەخنەیی بۆ یادەوەری جەنگ و چۆنیەتی بنیاتنانەوەی مرۆڤەكانلەكۆمەڵگادا دەخاتە ڕوو، كە ئەزموونكردنی لەتەك كۆمەڵگا لەناوتێكست دەبێتەوە دەرهێنەرێك كە سەر لەنوێ‌ بەشداری لەنووسینەوەیتێكست دەكات.

لەلایەکیتر شانۆی شارەکانی ڤرۆسواڤ و وارشۆ و کراکۆڤتوانیبوویان بەهایەکی گرنگ بەهونەری شانۆ بدەن، شانۆنامەجیهانیەکان لەسەر شانۆکان نمایش دەکران، سارتەر ودۆرینمات ولەپاڵ رۆمانەکانی دستۆڤسکی دەخرانە سەر شانۆ(٤)، تەواوی ئەوبزووتنەوە شانۆییە بنەمایەکی بۆ دامەزراندنی شانۆکە دەخوڵقاند، کەلەگەڵ هەفتاکانی سەدەی بیستەم ببێتە دەرگایەک بۆ لەدایکبوونیچەندین شانۆی ئەزموونی ئەوە لەپاڵ ئەوەی هۆشیاری شانۆییلەهەفتاکان دەگاتە ئاستێک ئەو شانۆیە بەهیچ شانۆنووسێک نامۆنەبێت بەتەختەی شانۆکانی، دیارترین لەو کارانەی لەسەرەتایهەفتاکان نمایش دەکرێت شالیری شکسپیر و تاوانی کوشتنیئەلیۆت، ئەوە لەپاڵ ئەو گەشە سەندنە دەرهێنانیەی بەشانۆی پۆڵەندیلەهەفتاکان دەردەکەوێت وەک لەکارکردنی ئاندژێی ڤایدا لەڕۆمانەکانیدستۆڤسکی لەوانە” شەیتانەکان، تاوان وسزا” هەروەها لەنمایشیشاکارە گرنگەکەی بەناوی “شەوی نۆڤێمبێر” دواتریش لەگەڵکارەکانی شکسپیر لەوانە هاملێت و ماکبێس.

ڤایدا کەناوبانگیمان زیاتر لەسینەمادا بیستووە وکەمتر وەکشانۆکارێک باسی کراوە، بەڵام ئەو نەک تەنیا لەسەرەتادا بەشانۆدەستی بەکاری هونەری کرد، بەڵکو لەپاڵ سینەماش هەردەستبەرداری شانۆ نەبوو، لێرەدا هەوڵ دەدەین ڕوانینێکی گشتیلەسەر شانۆگەریەکانی بخەینە ڕوو.

ئاندژێی ڤایدا لەدایکبوی ١٩٢٦ و لەتەمەنی ٩٠ ساڵیدا واتە لە ٢٠١٦ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، سەرەتا وەک نیگار کێشێک دێتە بواریهونەری دواتر لەنێوان شانۆ و سینەمادا دەمێنێتەوە، ئەو كارانەی بۆشانۆ دەریدەهێنێت زۆربەی جار رۆمانە دیارەكانە لەجۆریڕۆمانەكانی دستۆفسكی و ئەلبێر كامۆ، ئەوە ڕوانینی سینەماییانەیەبۆ چۆنیەتی كاركردن، چونكە بەتایبەت دستۆفسكی بۆخۆی سەركێشیكاركردنە لەشانۆدا، بەوەی چۆن ئەتوانین وێنەیەكی دستۆفسكیلەئاستێكی هونەری دوور کە لەڕەگەزی گێڕانەوە دەیگۆڕین بۆ ڕەگەزیدەیالۆگ بەرهەم بێنین؟

ئێمە كاتێك لەبارەی كەسێكی وەكو ڤایدا قسە دەكەین، مانای وایەلەسەر دەرهێنەرێك دەوەستین كە هەر لەسەرەتاوە دیدی بۆ شانۆلەوانیتر ناچێت، زۆرجار لەگفتووگۆکاندا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووەبەوەی ئەو کارانەی نمایشی دەکات دەبێت وێنای بکات لەسەر شانۆئەوسا بیر لەدەرهێنانی دەکاتەوە، ئەو هەر لەسەرەتاوە خەیاڵیسینەمایی وای لێدەكات دەبێت ئەو تێكستانەی دەیەوێ‌ بۆ شانۆدەریبهێنێت، تەواوی دیمەنەكە و پێكهاتەكانی وێنە بەبەرچاوی خۆیببینێت، ئەوە تێگەیشتنێكی فیلمسازە بۆ وێنە، كە دەرهێنەری شانۆییبەدەگمەن بەم شێوەیە بیر لەوێنەی شانۆیی و نمایشەكەی دەكاتەوە، ئەوەش وای لێدەكات سەرسامی خۆی بەرامبەر ئەو دەرهێنەرانە بخاتەڕوو، كە كەسانیتر كاری سینۆگرافیایان بۆ ئەنجام دەدەن، چونکە هەرخۆشی کاری سینۆگرافیای دەکرد.

ئەو ئەگەر بۆ سینۆگرافیا و دیمەنەكان پێویستی بەوە بێت لەسەرەتاوەهەموو شتێك ببینێت، بەڵام تاكە شتێك كە نایەوێ‌ لەسەرەتاوە بیخاتەڕوو، تەواوی ووردەكاری نواندن و كەسایەتیەكانە بۆ ئەكتەر، دەیەوێتلەئەتمۆسفێری شانۆكەدا ئەكتەرەكان بەدوای بونیادی كەسایەتیەكان وئەو دیدگایە بگەڕێن كە ڤایدا دەیەوێت بیخاتە ڕوو، بۆیە كاتێ‌ بەمشێوەیە لەتەك ڕۆمانی (سەگەكان) ی دستۆفسكی كار بكات، ئەوگریمانە سەرەتاییانەی خۆی ناسەپێنێت، هێندەی دەیەوێت ئەكتەرلەپرۆژەیەكی هاوبەشی مەشقدا بتوانێ‌ بگات بە بونیادی كەسێتیكارەكتەر.

ئەو هەندێكجار ئەو دەقانە هەڵدەبژێرێت كە هەر لەناونیشانەوە هەڵگریتانوپۆیەكی شیعرین، وەكو شانۆگەریەكەی میشێل ڤینست گازۆبەناوی (شەبقەیەكی پڕ لەئاوی باران) سەیر نیە لەكۆتایی پەنجاكانیسەدەی بیستەم ئەوە یەكەم كاری شانۆیی ئەو بوو بێت، ئەوەی گرنگەئەوەیە هەر لەسەرەتاوە ئەو ڕوانینە شیعریە لەناونیشانەوە دەبێتەجێگای سەرنجی، وەك چۆن ئەوەی بۆ ئێمە دەبێتە جێگای تێڕامانسەركێشی و كاركردنە لەگەڵ ئەو تێكستانەی سەختن بۆ كاركردن، یاخود بونیادی پێكهاتەكانیان گوتاری فەلسەفی و ئاستی بەرزیهونەرین، ئەوانە دەبنە پڕۆژەی دەرهێنانی ڤایدا لەشانۆدا، وەكشانۆگەریەكانی (هاملێت) ی شكسپیر و (با تەمسیل بكەینسترەندبێری) دۆرینمات.

ئەو زانیویەتی كەشانۆ دەردەهێنێت.. ئەوە شانۆیە سینەما نیە، دەبێتهەڵگری سیستم و گوتاری شانۆیی بێت، بەڵام لەهەمان كاتدا ئەوەشینەشاردۆتەوە، كە شانۆ پێویستی بەزمانێكی سینەمایی هەیە، ئەوە وادەكات شانۆكەی لەئاستێكی بەرزی هونەری بێت، بۆ خۆشی ببێت بەیەكێك لەناوە گرنگەكانی شانۆی پۆڵەندی، لەهەمانكاتدا ویستویەتیپەیوەندیەك لەنێوان دیدی سینەمایی و شانۆیی بەرجەستە بكات وەككاتێ‌ یەكێك لە ڕۆمانەكانی ئەلبێر كامۆ بۆ شانۆ دەردەهێنێت، لەجلوبەرگی ئەكتەر و پێڵاوەكانیان كە قوڕاوین، پەیوەندیەكی لەگەڵدیمەنەكە درووست كردووە كە دیمەنێكی قوڕاویی بێت، ئەوەش تەنانەتپەیوەندیی بەئاسمانی شانۆكەشەوە هەیە، ئەو دیمەنە ئەگەر زیاترلەسینەماوە نزیك بێت، بەڵام لەهەمان كاتدا بۆ ئەو دیمەنە ویستویەتیلەشانۆی بونراكی ژاپۆنی نزیك ببێتەوە.
لەڕووی تەكنیكیەوە دەشێت شانۆگەریەكانی ڤایدا لەشانۆی شێوەكاریپۆڵەندی نزیك بێت، بەتایبەت لەبوونی شیعریەتی شانۆكەی و دابەشبوونی بەسەر خەون لەشانۆگەری (ٍشە‌وی نۆڤێمبەر)، بەڵام ئەو وێنەشانۆییە نابێتە شانۆیەكی شێوەكاری، بەقەد ئەوەی ئەزموونێكیتایبەتمەند دەخوڵقێنێت، ئێمە لەگەڕانەوەمان بۆ ڤیدیۆ تۆماركراوەكەیئەم شانۆگەریە بۆ تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی كە ساڵی ١٩٧٨ تۆمار كراوە، وێنەی ڕوونی دنیا شانۆییەكەی ڤایدا دەبینین، شانۆگەریەكە باسلەشەوی ٢٩ ی نۆڤێمبەر دەكات، ئەو شەوەی لە ١٨٣٠ بە شەویڕاپەرین ناسراوە، تێكستەكەی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسكی دەبێتەپڕۆژە خەونی ڤایدا بۆ ماوەیەكی درێژ تاوەكو لەدنیابینیەكی سینەماییشانۆیی بەرجەستەی دەكات، شیعریەتی ئەو نمایشە چەندە وێنەیەكیسینەماییە هێندەش شیعرییە، بەو پێیەی دەیەوێت دیمەن بۆ گێڕانەوەیڕووداو لەسەرەتاوە چڕ بكاتەوە لەشێوە كۆرسی شانۆی كلاسیك، بەڵاموەزیفەی كۆرس دەگۆڕێتە سەر شێوەیەكی ڕیتواڵی تایبەت، لەنێوانشانۆی گۆرانی و ئۆپیرا ئاوێتە بوونێك بەرجەستە دەكات، كە دیمەنیشانۆیی ببێتە ئاهەنگێكی شانۆیی، بۆیە گێڕانەوەی ڕووداو لەشێوەیكۆڕس دەردەكەون، بەلام گۆرانی ئۆپیرایی و فۆڕمی شانۆی گۆرانیبەرجەستە دەكەن، تا دەگاتە سەر دیمەنی شا وشاژن، لەوێوە ململانێیدرامی و ترس و توندوتیژی جەستەیی شا لەگەل ئەفسەر و دەستوپێوەندەكان لەلایەك و لەلەیەكیتر لەپەیوەندی جەستەی لەگەڵ شاژن، دەست وپێوەند شورەیەك درووست دەكەن بۆ پارێزگاری لەكۆشك، كەپڕە لەتوندو تیژیی وسەركوتكردنەوە لەپێناو تاكە مرۆڤێك كە نوێنەرایەتیدەسەڵات دەكات.

دیمەنی چاودێریكردن لەشەودا بیری شكسپیرمان دەخاتەوەلەدەركەوتنی تارمایی لەنیوە شەودا، هەروەها بوونی تارماییەكلەشێوەیەكی باڵا لەساتی دەربڕینی دەنگی ئۆپیراییلەئاگاداركردنەوەی كارەكتەرەكان لەوەی ڕوو دەدات، دەرخەریحەقیقەتێكیتری شكسپیریە لەكاریگەری شانۆنامەی هاملێت بەسەر ئەونمایشەوە.

ئەگەر لەهاملێتدا دیمەنێكی نمایشی شانۆیی هەیە كەشانۆ لەناوشانۆیە و چۆنیەتی كوشتنی چیرۆكی تارمایی دەگێڕێتەوە، ئەوا لێرەدانمایشێك لەناو نمایشەكە هەیە ڕووتی دەسەڵاتی شا دەگێڕێتەوە، دەست وپێوەندەكان ڕووتن، هەرچەندە ئەو ڕووتیە دەرخەری وێنەیەكیهۆمۆسێكسوالێتی ئەو دەسەڵاتەش دەردەخات، كە شا ئارەزوویدەكات، بەبەڵگەی ئەوەی لەدیمەنی پێش ئەو نواندنە لەئامادەبوونیشاژنیش لەخۆشی هەواڵی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران یەكێكلەدەستە ڕاستەكانی خۆی چەند جارێك ماچ دەكات.

سەرەنجام ترسێك كە بوونی هەیە دەبێت ڕوو بدات، پارێزگاریكردنلەشا بەپارچە قوماشێكی سپی نیمچە ڕووتەوە دەریدەخات، دەسەڵاتچەند ڕووت و چەندە ئامادەبوونی وابەستەی دەنگیەتی نەوەكپەیوەندیەكانی هێز، ئەگەرچی ئەوە خۆ ڕووتكردنەوەیە لەپلەسەربازیەكەی تا نەناسرێتەوە، بەڵام تا كوێ شاژن (پۆلكا) دەتوانێتپارێزگاری لەدەسەڵاتی شا بكات؟

كاتێك دوو شۆڕشگێرەكان دەخاتە ژوورێكەوە، بەبیانوویشاردنەوەیان، بەڵام ئەوە بەس نیە بۆ ئەوەی دەسەلاتێكی بەتاڵیتۆقێنەر بتوانێت درێژە بەزەبروزەنگ بدات، دەسەڵاتێك بوونی تەنیاوابەستەی ساتی ئارامیە، دەنا لەبنەڕەتدا ترسێكی پتەو بەدی دەكات.

ئەو شانۆ لەناو شانۆیە بەشێكی دیاری نمایشەكەی دەكەوێتە ئەستۆ وڤایدا تەواو پشتی پێ بەستووە، لەو ڕووەدا چەندە سوودی لەودیمەنەی شكسپیر وەرگرتووە، بەهەمان شێوە ئەو فۆڕمە براندیللۆیەقوڵ دەكاتەوە، كاتێك براندیللۆ لەشانۆگەری “شەش كارەكتەر بەدواینووسەرەكەیان دەگەڕێن” لێرەدا گەڕان پڕۆسەی توێژینەوەیەلەدەسەڵات وتێگەیشتنەكان، تاوەكو دوو ئاراستە لەنمایش بەدەسەڵاتببەخشێت، ئاراستەی یەكەم وابەستەی سیستمی ئۆپیڕایی وەكگێڕانەوە و بوونی شاو شاژنە لەكۆشك، ئاراستەی دووەم وابەستەینمایشە شانۆییەكەی ناو شانۆگەریەكەیە، ئەوەی ئەو دوو ئاراستەبەیەكەوە دەگەیەنێتەوە، یەكێك لەو ژنە گۆرانیبێژە ئۆپیرایانەیە كە دەنگیئاگایی مێژووییە لەئێستای ڕووداوەكاندا، بینەران لەمەترسی دۆخەكەئاگادار دەكاتەوە كەبڕۆنەوە ماڵەوە، سەرەنجام ئەو ژنە دەمێنێتەوەلەگەڵ ئەو پیاوەی كە لەپشت ڕووداوی خۆپیشاندانە، ئەو پیاوەیبەدرێژی شانۆنامەكە كاغەزی قوماری بەدەستەوەیە، سەرەنجام كەدەدۆڕێت كاغەزەكان فڕێ دەدات وهۆڵەكە بەجێ دێلێت.

ئەو وێنەیە كە كۆتا وێنەی نمایشەكەیە لەشانۆگەریەكەدا ئاماژەیەكیگرنگی كۆتایی ڕاپەڕین وشكستێكە كە لەڕۆژەكانی دواتر ڕوو دەدەن، وێنەیەكیتری شۆڕش بەرجەستە دەكات، كە هیچ نیە جگە لەقوماریقوماربازەكان كە دەدۆڕێن هەڵدێن و ئەوێ جێدێلن، بەڵام ئەوەی لەناوشانۆ لەناو شانۆ خستۆتە ڕوو، كاتێك دەگەڕێینەوە ناو ڕووداوەكانهێشتا مردن لەناو شەقامەكاندایە، هەندێك گەیشتنە كۆشكیپاشایەتی و لەوێدا مردن و خەڵكانێكیشیان كووشت، لەولاوەشەقامەكان هەر توێژێك دەیەوێت داكۆكی لەدەسەلاتی خۆی بكات، قەشە پیاوانی دەسەڵاتیان پێ دەناسێنێت تا خۆپیشاندەران بیانكوژن، لەولاوە خۆشی چارەنووسی لەكوژراوەكان باشتر نابێت و پەتیسێدارە چاوەروانیەتی.

لەكۆتاییدا ڕاپەڕین سەركوت دەكرێت و شاری وارشۆ دەبێتە شوێنیگۆڕستانی مرۆڤەكان بەدەستی دەسەڵاتی خۆیانەوە، دەسەلاتسەردەكەوێت بەسەر هاوڵاتیەكانی، ئەوەش بۆخۆی سەركەوتندەگۆڕێت بەشكست، شاژن وەك ئۆڤیلیای هاملێت پاكیزەیی بەرەوشێتی دەبات، شا لەگەڵ كۆمەڵێك پاسەوان لەدەرەوەی كۆشكە ودەیەوێت عەرشەكەی بەجێ بێلێت، بڕیاری بەدەستی جەنگ بەرپرسدەكات، وەك چۆن جێبەجێكارێكیتر بۆ كوشتنی هاوڵاتیەكان بۆ خۆیكەلەپچە دەكاتە دەستی خۆی و دەچێتە بەردەم لوولەی تۆپەكە، ئەووێنەیە لەڕێگەی گۆرانیەكی ئۆپیرایی لوتكەی ئاستی درامی شكستیدەسەڵات و كۆتایی هاتنە لەڕێگەی مەرگی خۆیەوە، كە لەكوشتنیهاوڵاتیەكانی بەرجەستە بووە.

لەئەزموونێكیتری ڤایدا لەگەڵ هەمان نووسەر ئەمجارە وەك خۆیمامەلەی لەگەڵ تێكستەكە كردووە تەنانەت یەك دێر چیە لای نەبردووەلەتێكستی “ئاهەنگی ژنهێنانی” ستانیسواڤ ڤیسپیانیسكی، كەچیلەهەمان كاتدا وێنە لەنێوان خەون وشیعر و مۆسیقاوە نزیكە لەتەكنیكیشانۆی شێوەكاریی، ئەو نزیك بوونەش زادەی دیدی سینەماییە بۆوێنە، بەتایبەت لەدیمەنە بێدەنگەكان، مۆسیقا كاریگەری تەواو بەسەروێنە جێدێلێت.

ئەو تێگەیشتنە هونەریانەی وای كردووە دوو لەكارەكانی بۆ شانۆبتوانێ‌ دیدگای شانۆكاران بەتەواوی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت، شانۆگەری (كاتێ‌ تێگەیشتن دەخەوێت) ئەوە زیاتر لەتەكنیكی شانۆیشێوەكاری نزیك دەبێتەوە، كە دەتوانین بەشانۆیەكی وێنەیی زیاتربیبینین، بەهۆی بوونی وێنە وەك پێكهاتێكی سەرەكی ناو سینەما وشێوەكاری كە مۆسیقا بەشداری ئەو هونەرانە دەكات و لەنمایشێكیشانۆییدا چڕ بونەتەوە، كارەكەش لەبارەی كارە شێوەكاریەكانی(گۆیا) یە، ڤایدا بەم نمایشە توانی خەڵاتی كۆنڕاد سڤینارسكیبباتەوە كە گۆڤاری شانۆی پۆڵەندی ئامادەی كردبوو، بەهۆی ئەوەیئەم نمایشە بە باشترین شانۆگەری ساڵی 1976 ی پۆڵەندا ناو براوە.

هەروەها شانۆگەری (دوو كۆچەر) ی مرۆژێك، كە بە بروای توێژەرانباشترین كاری دەرهێنانە بۆ ئەو تێكستە كرابێت لەسەرانسەریجیهان، ئەو دەرهێنانەیە كە لەهۆڵێكی سینەمایی نمایشكراوە، تەختەیشانۆكە و شاشەی سینەماییەكەی داپۆشیوە، شێوە كادرێكیسینەمایی درووست كردووە، ئەكتەر و كەسایەتیەكان لەهۆڵی بینەراننزیك دەبنەوە، ڕووداوەكانی شانۆگەریەكە لەناو كادرە سینەماییەكەوەڕوو دەدەن.

ئەو هەوڵانەی ئاندژێی ڤایدا لەشانۆدا وایكردووە ڕۆڵی ئەو هێندە گرنگبێت لەشانۆی نوێی پۆڵەندی كە بەهیچ شێوەیەك دەركردنی ناوی ئەولەو شانۆیە وێنەیەكی تەواومان پێ‌ نەبەخشبێت لەو شانۆیە، لەڕاستیدادەتوانین ڤایدا بۆ شانۆی هەفتاکانی پۆڵەندی بەتابلۆی ئەو ژنەیمۆدیلیانی ناوی بەرین كە ڕووخساری ژنێكە تەواوی فیگورەكەیكێشراوە، بەڵام نیگای چاوەكانی بە بەتاڵی جێهێشتووە، ئەوە شێتینیە دیدگای هونەریە وا دەكات بەبێ‌ ڤایدا نەتوانین نیگاكان و دیدگاهونەریەكانی ئەو شانۆیە ببینین.

ئەگەر لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا ڤایدا دەنگێکی گرنگی ناو شانۆیپۆڵەندی بێت، ئەوا بەدوای ڕووخانی سۆڤیەتیش دیسان دەرکەوتنەوەیلەشانۆدا بەهێزێکی نوێی خەون بینەوە لەم دۆخە نوێیەی مرۆڤیپۆڵەندی تیای دەژیا کاری دەکرد، بەتایبەت دوای مەرگی زیگمونتهوبنێر، لە ١٩٨٩ کاتێک لەشوێنی ئەو کرا بە بەڕێوبەری شانۆیگشتی لەوارشۆ، کە بۆ ماوەی ساڵێک بەڕێوبەری ئەو شانۆیە بوو، گڕوچالاکی بۆ شانۆ زیاتر پەڕەی سەند و تا ساڵی ٢٠٠٤ کۆمەڵێکشانۆگەری نمایشکرد لەوانە “سۆناتای تارمایی” سترێندبێری، “نەفرەت” ی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی، “میشیما” ی یۆکیۆمیشیما، “کلاوی حەسیری” یوگینیا لابیخی، “ڕاگوزەرێک لە وارشۆ” و”گۆرانیەک لەگەشانەوەی ئاودا” و “چۆنت ئەوێ” ی شکسپیر و”ئەهریمەن جارێکیتر” دوا شانۆنامەش کە پێشکەشی کرد، شانۆگەری”ماکبێس” ی شکسپیر بووە.
بانگەشەکردنی گرۆتۆڤسکی (٥) بۆ لابۆرە شانۆییەکەی لە١٩٦٨ بەشێکیتری ئەو گەشە سەندنە دەرهێنانیە بوو لەشانۆدا، کە چەندهەوڵێکیتری هەمان شێوە هەبوو بۆ شانۆ لەوانە شانۆی ستۆدیۆییۆزیف شاینا، بەتایبەت لەنمایشەکانی “ریبیلکا، دانتی” کە چەندەلەڕووی هونەریەوە ئاستێکی بالایان دەبێت لەهەمان کاتدا لەسەرساتەوەختی مەرگی مرۆڤی ئەو کۆمەڵگایە دەوەستێت، کە چۆن مەرگلەهەموو شوێنێک یەخەی دەگرێت، بەبێ گوناهباری گوناهبار دەکرێتو سزای مەرگ بەسەریدا دەسەپێنرێت، هەر لەدرێژەی ئەو هەوڵانەنمایشە بانتۆمیمەکانی تۆماشێڤسکی (٦) دەرخەری جەستەی مرۆڤیپۆڵەندی بوو جەستەیەک کە ڕووبەرووی لەناوچوون ببۆوە لەشانۆدادەیویست ئازادی بکات، بەتایبەت لەنمایشەکانی “پێچاو پێچ، کراس، نۆڤێمبەر شەوی خەون”

دۆزینەوەی میكانیزمی نوێ‌ بۆ شانۆیەك كە تایبەت بێت بەجەستەوە، بەتەنیا بنیاتنانەوەی ئەزموونێك نیە تایبەت بێت بە پانتۆمایمەوە، بەڵكوبەلای تۆماشێڤسكی ئەوە ئەزموونكردنی جەستەیە لەتەك سەماودرامادا، بۆیە شانۆكەی ئەو ئەگەر لەپڕۆسەی ناونان پانتۆمایم بێت، بەڵام لەجەوهەردا پانتۆمایمێكە كە هەڵگری سەما و درامایە، جۆرێكینزیكە لەسەمای بالێ‌، ئەوەش سەرەتا ناكۆكی بۆ درووستكرد لەگەڵیەكێك لەپێشەنگەكانی شانۆی پۆڵەندی كە مامۆستای خۆشی بووئەویش ئیفۆ كاڵ بوو، كەپێی وابوو تۆماشێڤسكی بەم نزیكبوونەوەیپانتۆمایم لەسەمای بالێ‌ لەڕاستیدا ناپاكی لەشانۆ كردووە، هەڵبەتتۆماشێڤسكی بەهۆی ئەوەی ئەكتەرێكی بەتوانا بوو هەروەها خەریكیخوێندنی سەمای بالێش بوو، ئەوە وایكردبوو لەشانۆكەیدا تەوزیفیبكاتەوە.

ئەم شانۆیە بووە كۆڵەگەی پانتۆمایمی هاوچەرخی پۆڵەندی، بەهۆیئەوەی ئاراستەیەكیتری لە پانتۆمایمی شانۆی پۆلەندی دۆزیەوە، كەپانتۆمایم لەم شانۆیەدا هونەرێكی گوزارشتی بوو، كە نەیدەتوانیسنورەكانی خۆی تێپەڕێنێت، بەلام بەكاركردنی تۆماشێڤسكیئاراستەیەكیتر و رووبەرێكی فراوانتری ئەم شانۆیە دەركەوت، كە بووەسەرەتایەك بۆ خوێندنەوەی جەستە لەشانۆدا.

هەڵبەت لەڕووی ستراتیژی پرسیارە شانۆییەكان و هەندێكلەچەمكەكانی كاركردن ئەو لە گرۆتۆفسكی نزیكە، بەتایبەت لەبوونیجولەكردن كە دیدێكی هونەری ڕووت نیە بۆ شانۆ، بەقەد ئەوەیگوتارێكە بۆ مرۆڤ وبایەخدانیانە بە مرۆڤ وبینەری ئامادەبوو، ئەوەشكاركردنێكی جیاوازە لەگەڵ بینەر، هەوڵدانە بۆ گوتارێكی هاودژ كەپێشتر بایەخدان بە بینەر پەیوەست نەبووە بە جەستەوە، بەڵكوبایەخدان بە ووشە بووە، زۆربەی جار ووشە ڕۆڵی كاریگەری بینیووە لەفریوودان وسەرگەرمكردنی.

هەڵبەت نزیكی نێوانیان بەو مانایە نیە، بونیادەكانی ئەم دوو شانۆیەلەیەكەوە نزیك بن، وەك ئەندرە هازبرانت لەتوێژینەوە فراوانەكەیلەبارەی شانۆی تۆماشێڤسكی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات و دەنووسێت”شانۆی پانتۆمایمی تۆماشێڤسكی وشانۆی لابۆریی گرۆتۆفسكی دووشێوەی لەیەكچوو نین لەشانۆدا، بەقەد ئەوەی بەرەو نزیكبوونەوەیەكیڕوون دەچن یاخود دەیانەوێ‌ یەكتری تەواو بكەن، لەمیتۆد و هەڵوێستداهەریەك لەم دوو هونەرمەندە خاڵی تایبەت بەخۆی هەیە” (٧)

هەوڵە سەرەتاییەكانی شانۆی تۆماشێڤسكی هەوڵی تاكگەرایانە بوونلەشێوەی شانۆی مۆنۆدرامی نمایشی دەكرد، یەكەم كاریشی بەناوی(پیانۆژەن) بوو كە مۆنۆدرامایەكی بێدەنگ بوو لە چارەگێكتێنەدەپەڕی، بڕوای وابوو لەڕابردوودا پۆڵەندا شانۆی وەك هونەرنەناسیووە، ئەو تێگەیشتنە پەیوەست بوو بەسووربوونی لەسەرشانۆیەكی هونەری كە لەتەك خەونی ئەو نەوە شانۆكار یەكبگرێتەوە.

بەدوای ئەوە هەنگاوەكانی بردە ناو شانۆیەك كە پەیوەست بێت بەخەیاڵەوە، كاتێك هەوڵەكانی لەشانۆیەكی تاك ئەكتەری گواستەوە بۆشانۆیەكی فراوان، پرۆژەكەی فراوان كرد، ئەوە وایكرد بایەخدانیشیبە پێكهاتە هونەریەكانیتری وەكو جل و بەرگ ومۆسیقا گرنگی خۆیهەبێت لەشانۆكەیدا، دەنگ ئامادەبوونێكی پتەوی هەبوو وەكبونیادێكی سەرەكی ئەم شانۆیە، هەروەها بۆ پەیوەندیی نێوان جەستەو گوزارشتەكانی زۆربەی كات پشت دەبەستێت بەمۆسیقایكلاسیكی..
سەرباری پابەست بوونی بەخەیاڵی هونەری بۆ شانۆكەی، كە هەمیشەجەختی لەسەر خەیاڵی هونەری وفراوانبوونی رەهەندەكانی خەیاڵكردنو پەیوەندیی نێوان ئارەزوو وعەقڵ بەیەكەوە كۆ دەكاتەوە، بۆ ئەوەیبتوانێ‌ رووبەری فراوان بۆ شانۆكەی تەرخان بكات، بەڵام ئەوەبەفەرامۆشكردنی نەبوو بۆ تێكستی ئەدەبی، بەڵكو تێكستی ئەدەبیدەكردە زەمینەیەك بۆ ئەوەی سەرلەنوێ‌ كاری تیا بكاتەوە و بەپێیپێداویستی شانۆكەی بەكاری بێنێتەوە، وەك لەكاركردنی لەتەك فیكتۆرهۆگۆ یاخود لە (پاڵتۆ) ی گۆگۆڵ، هەروەها كاری لەتەك ئەفسانەیگلگامش كردووە، ئەو دەمەی ڕووبەرووی فاوستی گۆتە دەبێتەوە، دەیەوێ‌ بەپێی ویستی هونەری و پێداویستی شانۆكەی كارێكی لێ‌ درووست بكات، بۆ ئەوەش شانۆیەك نمایش دەكات بەناوی (رۆیشتنیفاوست)

لە شانۆكانیدا جگە لەخۆی كەس ئامادەكار و نوسەر و دەرهێنەر نەبوو، تەواوی بەشداران ئەكتەر بوون، ئەوەش وای كردبوو بیركەرەوەی ناوكارەكان خۆی بێت، چونكە دەیزانی پڕۆژەیەكی هەیە لەم شانۆیەدادەبێت هەنگاوەكانی بەپێی هەوڵەكان تێپەرێَنێت.

ئاوێتە بوون چەمكێكی سەرەكی شانۆكەیەتی كە شانۆیەكی سەمایدرامیە، ئەم شانۆیە لەڕێگەی ئاوێتە بوون سەما و پانتۆمایم لەگوتارێكیدرامیدا چڕ دەكاتەوە، ئەوەش جولە دەكاتە سێنتراڵی پانتایی و زەمەن، تیایدا جولە وێنای ماتریالەكان دەكات، پانتۆمایم لەهونەرێكیگوزارشتی ناهێلێتەوە، وەك چۆن سەماش بەتەنیا هونەرێك نیە لەناوكاری ئیرۆتیكی و جەستەیی، بەقەد ئەوەی جولە پانتایی و زەمەنیكارەكە چڕ دەكاتەوە لەناو یەكتری و یەكگرتنێكی هونەری پێك دێنێت، كە گوتاری شانۆكەیە، ئەوەش بوو بە سیما تایبەتمەندیەكانیپانتومایمی هاوچەرخ لەشانۆی پۆڵەندیدا.

لەباشترین ئەو دەرهێنەرانە بوون کەلەسەر شانۆکان دەنگیان دایەوە، باردینی لەو قۆناغەدا یەکێک لەباشترین کارەکانی شانۆنامەی “یانگابرێل بۆرکمان” ی هینریک ئەپسن بوو، هەروەها کارەکانی ز. هوبنێر (١٠) لەسەر شانۆکانی کراکۆڤ هیچی لەڕۆلێ باردینی کەمترنەبوو گەر زیاتریش نەبووبێت.

لێرەدا پێویست دەکات لەسەر سڤینارسکی بووەستین، هەڵبەت بەشێكی دیاری شانۆكارانی پۆڵەندی پێشتر لەبواری هونەریشێوەكاریدا كاریان كردووە، ئەویش كەسێك بووە لەوانەی لەو بوارەداكاری كردووە، ئەو كاركردنە دیدێكی شێوەكاری بەكارە شانۆییەكانیبەخشیووە، كە وای كردووە ئامادەبوونی مرۆیی لەپاڵ ئەو هونەرە، دیدێكی هاوبەش دەخاتە ڕوو لەپەیوەندیی نێوان هونەر و ژیان، كەخۆی بەدیدی پۆلیڤۆنی ناوی دەبات، ڕەنگە ئەوەیان ڕووبەروویوەستانمان بكاتەوە، كە بۆچی دیدی شێوەكاری و ئامادەبوونی مرۆییدەبنە دیدی پۆلیڤۆنی؟

ئەو فرە دەنگیە (پۆلیڤۆنیەت) لەكاری شانۆییدا پەیوەستەبەتێكشكاندنی فۆڕم لەمانای باودا، بەتایبەت لەبڕوا بوونی فۆڕملەوێنەی شانۆیی، وێنە دیدێكی تەكعیبی بەخۆیەوە دەگرێت، ئەوەشپەیوەستە بەیادەوەری كاركردنی لەبواری هونەری شێوەكاریدا، ئەوەشلەو سۆنگەیەوە كاری تیا دەكرد، كە فۆڕم بەرەنجامی ئەو بابەتەیە كەتێكست خوازیاریەتی.

هەڵبەت پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت كە ئەو لەژێر دەستی دووهونەرمەند كاری كردووە، دەتوانین ڕوانینی ئەوان وەك جۆرەكاریگەریەك لەسەر كارە هونەریەكانیدا ببینین، ئەو كاتەی وەكشێوەكارێك كاری دەكرد لەژێر دەستی ستگیمینسكی خەریكینیگاركێشان بوو، كاتێ‌ شانۆشی خوێند لەسەر دەستی یەكێك لەناوەدیارەكانی شانۆی پۆڵەندی ئەو هونەرەی دەخوێند كە ئێرڤین ئەكسێربوو، ئەو دوو هونەرمەندە كاریگەریان لەسەر پێكهاتی عەقڵیەتی شانۆیئەودا هەبوو.

كاتێ‌ بەرەو ئەڵمانیاش رۆیشت و ڕاستەوخۆ ویستی نزیك بێتلەشێوازە شانۆییەكەی شانۆی داستانی برێخت، لەنزیكەوە برێختببینیت، تەنانەت چەند شانۆنامەیەکی برێختی بۆ شانۆ دەرهێنا، لەیەكێك لەنمایشەكانیدا برێخت خۆشی ئامادە بووە، جگە لەوە هەوڵیداهەندێك تێكست كە بنەمای ئەرستۆیی بەتەواوی تیا بەرجەستە كراوە، یابەدەقی نا برێختی ناسراون، وەك دیدی داستانی برێخت بۆ شانۆیاندەربهێنێت، لەوانە شانۆگەری (فریشتەیەك لە بابل دادەبەزێت) یدۆرینمات.

كاتێ‌ لەناوەراستی شەستەكان لەو سەفەرەی بۆ ئەڵمانیا و بەتایبەت لەبەرلین كە شانۆگەری (مارا- صاد) نمایش دەكات، ئەو كارە دەبێتەجێگای سەرنجی نێوەندە شانۆییەكە و دەتوانێت بەم نمایشە خەڵاتیرەخنەی شانۆی ئەڵمانی بەرێتەوە.

شوناسی شانۆ لەلای ئەو دەرهێنەرە پێكهاتووە لە ئامادەبوونێكیمرۆیی، ئەو تێگەیشتنە بۆ شانۆ، گەڕانەوەی بەهایە كە بەبیانویكۆمۆنیزم، نەك بەتەنیا كۆمەڵگای پۆڵەندی بەرەو جۆرێك لەتوند وتیژییبردراوە، تەنانەت بۆتە گوتارێك بەدژی فەلسەفەی ماركسیزمیش، بۆیەشانۆی سڤینارسكی گەڕانەوەی حورمەتە بۆ چەمكی مرۆیی، مرۆڤبوون خاڵی جەوهەری تێگەیشتنە لەشانۆ، ئەوەش دەرفەتیجۆرێكیتری كاركردنی بۆ كردۆتەوە، لەلایەك وا دەكات ڕوو بكاتەدەرهێنانی شانۆگەری (بالكۆن) ی ژان ژینیە، لەلایەكیتر گەڕانەوەی بۆرۆمانتیك لەشانۆدا، ئەو ڕۆمانتیكی بوونە جۆرێكیتری گەڕانەوەیماناكانی بوونە بۆ مرۆڤ، لەو سۆنگەیەوە ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆشكسپیر و چەندین تێكستی شكسپیریی دەردەهێنێت لەوانە (خەونینیوە شەوی هاوین، هاملێت) دیارە لوتكەی ئەو تێگەیشتنەی بۆ شانۆ لەدواهەمین كاریدا دەخرێتە ڕوو، كە بەناوی (مێشوولە) تێكستێكە لەنوسینی مایكۆفسكی.

دیارە ئەو كارەی دوایی كە دواهەمین كاری بوو، تەنیا دوو هەفتە بووشانۆگەریەكە نمایش دەكرا، ئەو دەمەی لە ئابی 1975 دەچوو بۆفێستڤاڵێكی شانۆیی لە شاری شیرازی ئێران، لە ئاسمانی دیمەشقفرۆكەكەیان دەكەوێتە خوارەوە، تەمەنی تەنها 46 ساڵ دەبێت كۆتاییبە بەژیانی دێت، بۆیە بەلای توێژەرانی شانۆ ئەوە ڕۆژێكیمەرگەساتاویە بۆ شانۆی پۆڵەندی هاوچەرخ، كە دیارە دوای مردنیشیشانۆگەریەكەی بەردەوام دەبێت لەنمایشكردن، چونكە ئەو كارە وەكڕەخنەگران ئاماژەی بۆ دەكەن، دەركەوتنی تەواوی سیمائەفڕێنەرەكانی شانۆی سڤینارسكی بوو.

ئەو دۆخە لەبەردەم شانۆیەکی سیاسیدا خۆی دەبینیەوە، بەڵام دەبووشانۆیەک بێت بزانێت چۆن چارەسەریەکانی دەخاتە ڕوو، بۆیە کاتێکكاژیمیێژ دێیمێك (١١) شانۆیەكی سیاسی شیعریی بنیات دەنێت، ئەوە وەستانە لەسەر ئەو میراتە كولتووریەی شانۆی پۆڵەندی، كەوادەكات بتوانێ‌ ئەو میراتە بەرەو كرانەوە و دیدی جیاواز بۆ شانۆبەرێت، ئەو كە پێشتر وەك ئەكتەر لەژێر دەستی شیللەر كاری كردبوو، لەهەمان كاتدا وەك هەر شانۆكارێكی سەردەمی خۆی سەرسام بوو بەستانسلافسكی، ئەو دوو شێوازە شانۆییە جۆرە دەرباز بوونێكی بۆهێنادی، بەڵام نەك لەسەر بنەمای دژایەتیكردنی میتۆد و فیكر، بەقەدئەوەی ئاراستەیەكیتر لەناو تیۆر بدۆزێتەوە، لەپێناو ئەوەی جیاوازبوونبێنێتە كایەوە، ئەو كە شانۆكەی شانۆیەكی سیاسی شیعریی بوو، بڕواشی بە واقعی سۆسیالیستی هەبوو، ئەوەش وایدەکرد لەلایاندەوڵەتەوە دژایەتی نەکرێت، چونکە ئەوان خۆیان پشتگیریان لەشانۆیواقعی سۆسیالیستی دەکرد، ئەو ئاراستە و ڕەوتانە دەبنە گوتاریپێكهاتەی شانۆی دێیمێك.

یەكێك لەكارە دیارەكانی كەوایكرد بە بایەخەوە لەم شانۆیە سەیربكرێت، هەوڵدانی بوو لەتەك میكوای فیلكۆ فیتسك كە نوسەرێكیچاخی ناوەڕاست بوو، ئەو دەمەی شانۆگەریەكی ئەو نووسەرەیدەرهێنا، بەناونیشانی (چیرۆكی هەڵسانەوەی حەزرەتی مەسیحیپیرۆز)، بەم شانۆگەریە دەرگای بەڕوو كرایەوە وەك دەرهێنەرێكیشانۆیی خاوەن توانایەكی بەرز، بەتایبەت بەدوای ئەوەی ئەوشانۆگەریەی لەچەندین ووڵاتی دنیا پێشكەش كرد، لەوانە (فەڕەنساوبەریتانیا وئیتاڵیا وچیكسلۆفاكیا) هەر بەم نمایشە ساڵی 1964 لەچوارچێوەی فێستڤاڵی نەتەوەكان لە پاریس خەڵاتی ڕەخنەگرانیشانۆی فەڕەنسی وەرگرت، ئەگەرچی دە ساڵ بەر لەو كارەشانۆگەریەكیتری گرنگی نمایش كردبوو بەناوی (كۆترەكان) كەلەنوسینی مایكۆفسكی شاعیر بوو، كە بەیەكێك لەكارە هەرەگرنگەكانی لە شانۆ دادەنرێت.

بنەمای كاری دەرهێنانی شانۆیی لای دێیمێك پەیوەستە بە ڕاڤەكردن وتەئویل، ئەوەش پەیوەندیی نێوان تێكستی شانۆیی و تەختەی شانۆیە، ڕاڤەكردن بنەمای سەرەكی پرۆسەی دەرهێنانە، لەو سەرەتایەوەپەیوەست دەبێت بە ڕاڤەكردنی تێكستەوە، ڕاڤەكردنێك ناوی دەنێتدڵسۆزی بۆ تێكست، بەواتای دەیەوێت بگاتە ئەو بنەمایانەی دیدینووسەر، ئەوانە ڕاڤە بكات، پرۆسەی تەئویلكردنیش لەسەر تەختەیشانۆ ئەنجام دەدرێت، كە بەدوای ڕاڤەكردنەوە دێتە دی، بەمانای دیدیدەرهێنانی لەوێوە دەگاتە لوتكە، ئەوەش پەیوەستە بە پەیوەندییدەرهێنەر بە ئەكتەر و سینۆگرافیای شانۆوە.

لەڕووی میتۆدیەوە بۆ تەئویل ئەو ڕوانینەی دەرهێنەر ناتوانین بە دووئاراستەی كاركردن ناوی بەرین، چونكە ڕاڤەكردن پرۆسەیتاكرەهەندی لێكدانەوەیە، تەئویلیش بەشداریكردنی ئاگاییە، ئەوەشئامادەبوونی سێ‌ ئاراستەیە لە ئاگایی كە جوانكاری و مێژوویی وزمانەوانین، بۆیە لێرەدا تەئویل و ڕاڤەكردن بۆ خۆی بەگژداچوونەوەییەكتریە، چونكە گەر ڕاڤەكردن دڵسۆزبوون بێت بۆ تێكست، ئەوا تەئویلبۆ خۆی بەگژداچوونەوەی ئەو دڵسۆزییە.

بۆیە ئەوەی لەتەئویلدا ئەنجامی دەدات پەیوەندیی نیە، بەدنیای تێكستو كارەكتەرەكانیەوە، بەقەد ئەوەی پەیوەستە بەدیدی شێوەكاریانەی لەسینۆگرافیا و پێكهاتی جولەی ئەكتەر، سەرەنجام ئەو ئاگاییە لەتەكڕاڤەكردنی بۆ دەق وێنای كردەی دەرهێنان دەكات لەشانۆیەكیشیعریی و سیاسی، شیعریەت بەرەنجامی ئەو مۆركە شێوەكاری وزمانەوانییە، كە تا ئاستی ئەوەی بەرەو ئۆپەرێت وهەندێكجار دیدیدنیای نوسەرانی وەكو چێخۆڤ دەچێت، وەك لەشانۆگەری (لالۆ فانیا) كە تەئویل شتێك نیە، جگە لەوەی دەیەوێ‌ ڕاڤەی سایكۆلۆژی بۆكارەكتەر بخاتە ڕوو، ئەوانەش لەناو دوو ئاراستەی گرنگی گوتارەشانۆییەكەیدا چڕی دەكاتەوە، كە سیاسەت وشیعرە، ڕەنگە ئەو دوانەلەبنەماوە جۆرە ناكۆكیەك بخوڵقێنن، بەڵام دێیمێك هەوڵ دەدات شانۆسیاسیەكەی لەدیدی شانۆیەكی شیعریەوە بخاتە ڕوو، شیعریەتبەتەنیا بەرەنجامی شیعر نیە، هێندەی شیعریەت لەناو سینۆگرافیا ودیدی دەرهێنانی بەرجەستە دەكات.

ئەو شانۆ واقعیە پۆڵەندیە پێویستی بەکودەتایەک هەبوو، کە بەبروایئێمە دەتوانین دوو شانۆکار بەهەڵسێنەری ئەو کودەتایە ناو بەرین (١٢) ئەوانیش تادیۆش روژێڤیچ (١٣) و یێژی یارۆچکی (١٤)

شانۆی واقعی نوێی پۆڵەندی، شانۆیەک بوو لەساتەوەختی خۆیداتوانی ئاراستەیەکی نوێ لەنەخشەی شانۆی پۆڵەندی بخوڵقێنێت، ئەوشانۆیە کاریگەری بەسەر ئێستادا ڕەنگە تەنیا وەک زەمینەیەکیشانۆیەکی واقعی بێت، بەڵام شانۆیەک بوو توانی لەو گوتارە بەردەوامەبێتە دەرەوە، تادیۆش روژێڤیچ بەشداریەکی کاریگەری لەوگۆڕانکاریەدا کردووە، رۆژێڤیچ لە ٩ ی ئۆکتۆبەری ١٩٢١ لەشاریڕادۆمسکۆ لەدایکبووە و لە ٢٤ ی نیسانی ٢٠١٤ لە ڤرۆتسواڤماڵئاوایی لەژیانک کردووە، جگە لەکاری شانۆکاریی وەک نووسەر وشاعیریش لەئەدەبی پۆڵەندی ناسراوە، دووەم مناڵی خانەوادەکەیەتی، ئەوان سێ برا بوون هەرسێکیان لەکولتووری پۆڵەندی ناسراون، براگەورەکەی ستانیسلاڤ دەرهێنەری بواری سینەما وشانۆیە و برابچووکەکەشی یانوش شاعیر بوو.

یانوش یەکەم کەسی خانەوادەکە بوو کە شیعری بلاوکردۆتەوە، لەقۆناغی ناوەندی لەخوێندن دەردەکرێت بەهۆی بۆچوونەسیاسیەکانی، دواتر دەتوانێت خەڵاتی شیعری گۆڤارێکی پۆڵەندیبەرێتەوە.

سەرباری ئەوەی خۆشی یەکێک بوو لەشاعیرە دیارەکانی پۆڵەندی، بەتایبەت سەرەتای دەست کردن بە کارەکانی، بە نووسینی شیعردەستی پێکرد، لەگەڵ برا گەورەکەی لەچلەکانی سەدەی بیستەمبەشداریان کردووە لە سوپای نیشتمانی پۆڵەندیی، لە ١٩٤٤ لەلایانپۆلیسی نهێنی ئەلمانی “گیستابۆ”، ستانیسلاڤی برای کە دەرهێنەریسینەماو شانۆ بوو لەسێدارە دەدرێت، بە لەسێدارەدانی براکەیئازارێکی زۆر دەچێژێت و دیوانێکی تایبەتی بۆ دەنووسێت، هەلبەتچلەکانی سەدەی بیستەم بۆ ئەو دەرکەوتنی بوو وەک شاعیرو چەندیندیوانە شیعریی بڵاوکردەوە لەوانە “دەنگدانەوەی دارستان، دڵەڕاوکە، پەنجەوانەی سوور، قەسیدە نوێیەکان”

هەندێک لەڕەخنەگران بڕوایان وایە ئەدەبی روژێڤیچ خاڵی نیەلەکاریگەری، بۆیە گەر لەشانۆدا کەوتبێتە ژێر کاریگەری شانۆیئەبسێرد و شانۆنامەکانی بیکیت و یۆنسکۆ، ئەوا لەشیعریشداکاریگەری ئیلیۆت و ئەزرا پاوند زۆر بەڕوونی بەسەریەوە دەبینرێت.

هاوکاری “ستانیسلاڤ” ی برای کردووە بۆ نووسینی سیناریۆیفیلمەکانی لەو بارەیەوە پێنج فیلمنامەی بە هاوبەشی براکەینووسیووە، دواتر بۆ خۆشی سیناریۆی بۆ چوار فیلمیترنووسیوە “سێژن، شوێنێک لەسەر زەوی، دەنگێک لەم جیهانە، دۆزەخ و ئاسمان”

لەکارە شانۆییەکانی “دۆسیە، فەرهەنگی ناسنامە، گروپی لاکۆنا، شاهیدەکان، دەرچوون لەماڵ، پیرەمێردێکی پێکەنیناوی، ڕەتکردنەوەیپیرەژنێک، سپاگێتی و شمشێر، نمایشێکی ناتەواو، باخچەیبەهەشت، لەسەر چوار، هاوسەرگیریی سپی، رۆیشتنی برسێتی، زیادکردنی سرووشتی، مردن لە زەخرەفە کۆنەکان، بۆ لم، بۆسە، دوکەڵکێش”

سالێ ١٩٩٨ بە شانۆنامەی دۆسیە خەڵاتی نایکی ئەدەبی وەرگرتووە، هەلبەت ئەوەش پانزەهەمین خەڵات بوو کە لەژیانی ئەدەبی و شانۆییوەریگرتبێت، یەکەم خەڵاتی لە ١٩٥٥ بوو کاتێک خەلاتی پلە دوویدەوڵەتی وەرگرت، لە ١٩٦٦ ئەمجارە خەڵاتی پلە یەکی پێبەخشرا، دکتۆرای شانازی لەچەندین زانکۆی پۆڵەندی پێبەخشراوە، هەروەهانازناوی شانازی لەئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی فرۆتسواڤ

ئەو پەیوەندیە چیە کە ئەو لەنێوان شیعر وشانۆ درووستی دەکات؟ شیعر بۆ ئەو ململانێیە لەگەڵ ژیار و کولتوور، ئەوەش فۆڕمێکی درامیدەگرێتە خۆی، لێرەوە بونیادی وێنەی شیعری دەبێتە ڕووبەری درامی، ئەوەش دەرگا دەکاتەوە بۆ پەیوەندی نێوان شیعر وشانۆ، لەو بارەیەوەلە کتێبی” شانۆی حوکمە پێشینەییەکان” کە ساڵی ١٩٧٠ لە وارشۆچاپی کردووە. دەنووسێت “چی من بە شانۆوە دەبەستێتەوە؟ لەگەڵشانۆدا لەیەک کاتدا ئارەزویەکم هەیە لەنووسینی واقیع وهونەریشیعردا، ئەوە بابەتێکی ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی نازانم جیاوازی چیەلەنێوان شانۆی شیعریی و واقعیدا، ئایا پێویستە هونەری شیعر مەزنبێت لەگەڵ ڕەسەنایەتی واقیعدا؟ یاخود پێویستە درامای ڕاستەقینەلەگەڵ رەسەنایەتی شیعردا مەزن بێت؟”

ئەو ململانێیەی بۆ مرۆڤی هاوچەرخ لەناو شانۆنامەکانیدا دەیەوێتبیخاتە ڕوو، لەبنەرەتدا بەرەنجامی گومانێکی بەردەوامە کە بەرەوپرسیاری دەبات لەپەیوەندی نێوان شیعر و واقیعدا، بۆیە بۆ خۆیدەبێتە ناوەندی نێوان ئەو پەیوەندییە، کێشەی کولتوور بۆ مرۆڤیپۆڵەندی کێشەیەکی سەرەکی ئەو شاعیر وشانۆکارەیە، کە هەمیشەوەک پرۆژەیەکی بەردەوام لەسەری دەوەستێت، بۆ ئەوەی بیگەیەنێت بەشێوەیەک بۆ درامای نوێ، بۆیە لەبەرگی یەکەمی کۆبەرهەمەکانیبەناوی شانۆ کە ساڵی ١٩٨٨ لە کراکۆڤ چاپکراوە دەنووسێت “ئەوەهەولیکی باوەڕپێکراوە بۆ یەکگرتنی جیهانی مرۆیی، هەندێکگێڕانەوەی خودی، چارەنوسی نەوەیەک کە شارەزاییەکی گەورەتریهەیە بەشیوەیەکی کارەساتاوی، کە ئەمڕۆ تەنیا گروپێکن، گروپێکلەشتێک بۆمان دەردەکەون، لەحالەتێکی ئاژاوەگێریدان، کە ئاوێتەیەکینێوان بابەت و زنجیرەی هەڕەمین بۆ بایەخ و بەها”

کەوتنی بەها مرۆڤەکان ڕووبەرووی جۆرێک لەترس وشێتی دەکاتەوە، وەک لەشانۆنامەی “بۆ لم” تێبینی دەکەین، بەتایبەت لەو نمایشەی کەوەک ئەرشیفێکی تۆمارکراو پارێزراوە، دەبینین مۆسیقا و گۆرانیدەیانەوێت زالبن بەسەر ئەو پانتاییە ڕەشە، کە ئامێرێکی مۆسیقیتایبەت بەو کۆمەلگایە وا دەکات، جۆرە پەیوەندیەک بە یادەوەریمرۆڤەکانەوە بخوڵقێنێتەوە، لەم نمایشەدا وەک هەر شانۆنامەیەکی تریهەست بەو کاریگەرە زاڵەی بیکیت دەکەین، لێرەدا دیمەنی بوزۆ و لکینێو شانۆنامەی “لەچاوەروانی گۆدۆ” لەفۆڕمێکیتردا دەبینینەوە.

یەکێک لەدیارترین ئەو وتارانەی لەبارەی کارەکانیەوە نووسرابێتنووسینێکی میخاو بویانۆڤیچ ساڵی ٢٠٠٤ لە سایتی کولتوور بڵاویکردۆتەوە، هەر لەسەرەتاوە نووسەر باس لەوە دەکات کە درامایپۆڵەندی لەشانۆنامەکانی رۆژێڤیچ سەری هەڵداوە، ئەوە ناشارێتەوە کەچێخەف و بیکیت کاریگەریان بەسەر شانۆنامەکانیەوە هەبووە.

لەدەرەوەی ئەو کاریگەرێتیە کە بویانۆڤیچ ئاماژەی بۆ دەکات، بەڵامسیمای شانۆیی رۆژێڤیچ ئاستێکی ڕوونی بەخۆی بەخشیووە، بەوپێیەی لەبونیادی درامی رووداو لای چێخەف و زمانی کارەکتەر لایبیکیت، دەیەوێت وێنەیەکیتری شانۆیی بخولقێنێتەوە، ئەوەلەشانۆنامەی “دۆسیە” زۆر بەڕوونی هەستی پێدەکەین، بۆیەواقعیەتێکی ئەبسێردیانە دەخوڵقێنێت، کە توانای هێلێکی درامیسەربەخۆی هەبێت، ئەوەش لەهەردوو ئاستی نووسین و دەرهێنان وەکسیمایەکی ڕوونی شانۆنامەکانی دەردەکەوێت.

لەلایەکیتر یارۆچکی دەیویست کودەتا بەسەر شانۆی واقعیدا بکات، پەیوەندیی نێوان شانۆ و واقیع لەكۆمەڵگای پۆڵەندی، پەیوەندیەكی نوێ‌ بوو بۆ گوزارشت كردنی ئەم كۆمەڵگایە لەڕێگەی شانۆوە، شانۆ بۆئەوان زمانێك بوو دەیویست واقیع بەشێوەیەكیتر بخاتە ڕوو، ئەوەشچەندە پەیوەست بوو بەدۆخی تراژیدیای جەنگەوە، لەهەمان كاتداگەڕان بوو بەدوای زمانێكی شانۆیی ئەلتەرناتیڤ، هەڵبەت جەنگیادەوەری ئەو شانۆیەی بنیات دەنا، بەڵام یادەوەریەك هێزی كاركردنیدەگۆڕی بۆ چۆنیەتی داڕشتنەوەی واقیع و شانۆ، بۆیە ئەوداڕشتنەوەیە لەسەرەتادا ناوبرا بە شانۆی واقعی نوێ‌، كەچییارۆچكی لەشەستەكانی سەدەی بیستەمەوە كاتێ‌ دەستی بەكاركردنكرد، ویستی كودەتا بەسەر ئەو واقعیەتە نوێیەشدا بێنێت.

گۆڕین و كودەتا بەسەر واقعی نوێ‌، گەڕانەوە نەبوو بەرەو شانۆیەكیسوونەتی، بەقەد ئەوەی خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی بوو بۆ مێژووی ئەوشانۆیە، بۆ ئەوەی لەنێوان یادەوەری شانۆی پۆڵەندی وشانۆی واقعینوێی پۆڵەندی، بەرەو ئاراستەیەكیتر هەنگاو بنێت، كە جۆرێك لە ئاوێتەبوون دەخوڵقێنێت لەنێوان واقیع و واقیعی خەیاڵی، ئەوە لەڕۆماندا بەواقعی سیحری ناسیومانە، بۆیە ئەو جۆرە خەیاڵە یارمەتی دەدات، كەستراتیژیی شانۆكەی بخاتە ڕوو. هەرچەندە زۆربەی ڕەخنەگران لەسەرئەوە كۆكن كە سەختە دید و ڕووخساری شانۆكەی بە ئاسانیبناسرێتەوە، بەڵام ئەو خەیاڵكردنەوەیە لەناو واقیع، گەڕانەوەیە بۆ ناوتێكست، بە تەئویلی جیاوازەوە، تەئویلكردنەوە بۆ تێكست، پەیوەندیەكیترە، كە وێناكردنەوەكانی لەڕێگەی تێكستەوە سەر لەنوێ‌ دەیەوێت دنیای تێكست بەرەو خەیاڵكردنەوەی واقیعی بەرێت.

بۆیە بەلای یارۆچكی نوێبوون لەشانۆدا بەتەنیا فۆڕم نیە، بەڵكو فۆڕملەناو تێكستەوە بنیات دەنێت، بەواتای نایەوێ‌ ئەو واقیعە نوێیەیدەخرێتە ڕوو، دیدێكی فۆڕمالیستی بێت، بەقەد ئەوەی فۆڕمەكانبەرەنجامی دنیای كارەكتەر و بابەتی ناو تێكستەكان بن، ئەوەشهەژاندنی بونیادی دەقە، گەڕانە بۆ هەژاندنی ئەو بونیادە كە بەكۆمەڵێكڕووبەند داپۆشراوە، دەرهێنەر دەبێت بیهەژێنێت و زەمەنی كاركردنیخۆی تیا بدۆزێتەوە، ئەوەش پرۆژەی چۆنیەتی كاركردنەوەیە لەتەكتێكست.

مرۆڤ و پەیوەندیە مرۆییەكان ئەو دوو چەمكە گرنگەی بایەخدانیەتیلەشانۆدا، ئەوەش كارێكە وەك خۆی جەختی لەسەر دەكاتەوە پەیوەستەبە ئەكتەرەوە، بەواتای ئەكتەر ئەو مرۆڤەیە كە چۆن لەشانۆدا ئاماژەیبوونی لەپەیوەندیە مرۆییەكانی بەكار دێنێت، ئەوەش ئەكتەر و ئاماژەوەك دوانەیەك لەبەرهەمهێنانی گوتار دەبنە خوڵقێنەری دەلالەت، چونكەبە بڕوای ئەو ئەكتەر كەناڵی پەیوەندیی نێوان ئاماژە و دەلالەتەكانیەتی.

یارۆچكی كە دەرهێنەری حەفتا تێكستی شانۆیی بووە، لەنێوانتێكستی پۆڵەندی و جیهانیدا، لەوانە كاركردن لەتەك نووسەرانی وەكوبرۆنر یاشنسكی و ژۆن ئۆزبۆرن و دۆرینمات و ئەنتوان چێخۆڤویۆژین یۆنسكۆ ولیامز و یۆژین ئۆنێڵ وكرۆتشكۆفسكی و مرۆژێكوكافكا.
لەسەفەر و گەڕانێكی بەردەوامی ناو دنیای جیاواز بووە، جۆرەئینتیمایەكی بۆ نووسەر هەبووە، ئەو ئینتیمایە بەجۆرێكیتر بیریلەكاركردنی تێكست كردۆتەوە، ویستویەتی بەرەو دیدی شیعرییهەنگاو بنێت، چونكە زانیویەتی ئەوە كۆمەكێكی زۆری دەكات بۆپەیوەندی نێوان خەیاڵ وواقیع، شیعریەتی وەك رووبەرێكی سەرەكی بۆخەون بینینی واقیع سەیر كردووە، ئەوە وایكردووە شانۆكەی ئەمرۆ بۆئێمە وەك ناوەندێكی پێكگەیشتنی دوو تیۆریتر بكەوێتە ڕوو، ئەوانیشلەڕووی ئەكتەرەوە بمانگەڕێنێتەوە بۆ گرۆتۆفسكی، هەرچەندەگرۆتۆفسكی زیاتر لەڕێگەی جولە و دەنگەوە توانا شاراوەكانیئەكتەری خستۆتە ڕوو، لەئاستی جوانكاریشەوە زیاتر لەشانۆیشێوەكاری گژیگۆژیڤسكی نزیكمان دەكاتەوە، ئەو دوو ئاراستە تیۆریەوایان كردووە شانۆكەی ببێتە ناوەندی پێكگەیشتن، ئەو دوو شانۆیەببنە میراتێك بۆ چۆنیەتی لەدایك بوونی شانۆیەكیتر، كە وەك پێشترئەوەمان خستە ڕوو، ئەو زیاتر لەئەنجامی ڕەخنەگرتنی لەیادەوەریشانۆكە و هەوڵە نوێیەكانی شانۆكەدا ویستویەتی هەنگاوەكانی بەرەودیدێكیتر بەرێت.

لاسۆ ئادەمیک یەکێکیترە لەو دەر‌هینەرانەی پۆڵەندی کە لەو نەخشەیەداجێ پەنجەی دیارە، بەتایبەت لەنمایشی “دادگا” ی کافکا، گواستنەوەی فەزای ڕۆمانەكانی كافكا بۆ شانۆ، دنیایەكە توانایهەڵگرتنی پرسیارو هەلوەستە كردنی هەیە، بەتایبەت گەرلەهەڵبژاردنەوە تاچۆنیەتی خوڵقاندنی نمایش توانرا بزانرێت چیلەپشت ئەو ئیشكردنەوە دەوەستێت كەدەهێنرێتە ناو شانۆ.

ڕۆمانی “دادگا” ی كافكا، یەكێكە لەو رۆمانانەی ساڵی١٩٨٠لەشانۆی پۆڵەندی نمایشكراوە، دواتر بۆ تەلەفزیۆنی پۆڵەندیشتۆماركراوە، كارەكە بەهاوبەشی لەلایان هەردوو دەرهێنەر خاتووئاگنیێشكا هۆڵەند (١٥)و هاوسەرەكەی لاسۆ ئادەمیك (١٦) بۆ شانۆدەرهێنراوە، كاتێك ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، چی لەپشتكاركردنە لەدنیای كافكاوە؟ ئاخۆ ڕۆمانی دادگا پەیوەندیەكی هەیە بەوكۆمەڵگایەوە؟ یاخود مەبەست لە سەركێشیەكی ئەدەبیە لەدنیایڕۆمانووسێكی ناسراو بۆ كاری شانۆیی؟

ئەو نمایشە توانای ئەوەی هەیە وەڵام بەتەواوی پرسیارەكانمانبداتەوە، ئاسۆیەكی ڕوونمان لەهەڵبژاردن بۆ تێكست بۆ بكاتەوە، دنیایڕۆمانەكە لەدنیای كۆمەڵگای پۆڵەندی دوای جەنگ دەچێت، كۆمەڵگایەكبەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت ڕووبەرووی دادگایی كردن دەبێتەوە، ئەوتۆمەتباركردنەی كۆمەڵگای پۆڵەندی بەوەی دەستی لەگەڵ نازیەتتێكەڵكردووە و بەشدارە لەهۆلۆكۆست (١٧)، هەمان وێنەی دادگاییكردنی كارەكتەرە سەرەكیەكەی ڕۆمانەكەی كافكایە، لەناو ماڵەكەیخۆیدا بەخەبەردێت و دەبینێت هاتوون دادگایی بكەن.

لەو سەرەتایەوە تا كۆتایی بەناو ڕۆمانی دادگا دەچینە خوارەوە، بەشێوەیەك هەست دەكەین تێكستەكە لەبنەرەتدا تێكستێكی شانۆییەنەك ڕۆمانێك بێت، پەیوەندی تێكست (نمایش) لەگەڵ بینەر، نووسینەوەی دنیای بینەرە، ئەوەش هۆكارێكی گرنگی پشتهەڵبژاردنی تێكستە بۆ شانۆ، ئەو دوو دەرهێنەرە هێندەی چارەسەریشانۆیی لەڕووی دیمەن و پێكهاتەكان دەكەن، نەهاتوون ئیزافەكاریبەڕۆمانەكە ببەخشن یاخود بەشێوەیەكی ئەوتۆ ڕووداو لابەرن كە كاربكاتە سەر چنینی درامی تێكستی ڕۆمانەكە.

ئەگەرچی كاریان لەسەر ئەوە كردووە كەوا هەندێك ڕووداو چڕ بكەنەوە، ئەوەش پەیوەستە بەگۆڕینی ئاستی ڕەگەزی تێكست لەگێڕانەوە(ڕۆمان) بۆ دەیالۆگ (شانۆنامە) لەلایەك لەلایەكیتر نەیانویستووەهەندێك چیرۆك كە پەیوەست نیە بەژیانی كارەكتەرو كاریگەریەكانی بۆسەر ڕووداوەكان، لەجۆری ئەوەی چیرۆكێكی كۆن لەلایان قەشەدەگێڕدرێتەوە ویوزیف پێشبینی خۆی لەناو چیرۆكەكە دەخاتە ڕوو.

هەروەها تاكە كارەكتەرێك كە لادەبردرێت، پۆرستنەرە ئەو كچەیلەشانۆدا كار دەكات، ڕەنگە ئەو كارەكتەرەش كاریگەریەكی ئەوتۆبەجێ نەهێلێت، بەبەڵگەی ئەوەی جگە لەچوونە ژوورەكەی و تێكدانیكەل وپەلەكانی و گۆڕینی دۆستەكانی شتێكی ئەوتۆ نیە كە كاربكاتەسەر ڕووداو.

ئەوەی ئەو دوو دەرهێنەرە بە ڕووداوەكانی دەبەخشن، پەیوەستەبەكردەی دەرهێنانەوە، ئەوەش چەندە لەسەر بنەمای تێكست ڕۆنراوە، هێندەش پەیوەستە بەخوێندنەوەی مرۆڤی پۆڵەندی لەڕوانینی بۆئەویتری ئەڵمان و ڕووس، بۆیە ئەوانەی هاتوونەتە ماڵەكەیەوە بۆ ئەوەیلەو بەیانیەدا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكەن، دەبینین كاتێك ئەو خۆیدەگۆڕێت ئەوانیش كراسەكانی بەبەرچاویەوە دەدزن، لەكاتیداكۆكیردن لەخۆی تەنانەت پێخەفی نوێنەكەشی دەبەن، ئەوەشئاماژەیەكی ڕوونی ڕوانینە بۆ سەیركردنی ئەویتر كەچۆن بەناویدادوەری هاتوون تاڵانیان بكەن.

دادگا ئاماژەی دەسەڵاتە، دەسەلاتێك بۆ مەعریفەی سزا، بەڵام ئەوەیوونە تاوانەكەیە، گەرچی دەیانەوێت ڕەوایەتی بەو سزایە بدەن، لێرەداسێگۆشەی ئەو هێلكاریەی ڕووداوەكان بەرزو نزم دەكاتەوە، بریتین لە”دەسەڵات، فاشیزم، سێكس” هەڵبەت ئەو سێگۆشەیە كەمێك نامۆدەكەوێتەوە، بەڵام سێگۆشەیەكە دژبوون بۆ یۆزیفی كارەكتەریسەرەكی دەخوڵقێنن، هەرنەبێت ململانێی نێوان قوربانی و جەللاددەكەن بە منی قوربانی لەبەردەم ئەوانی جەللاددا، دادگا كەنوێنەریڕاستەوخۆی دەسەڵاتە، لەڕێگەی سەپاندنی بریار دەتوانێت ڕەوایەتیبەو فاشیزمەی خۆی بدات، هەر نەبێت ئەو هێلە فاشیستە بۆ دادگالەپشت بانگهێشت و ڕووداوەكان و سزادانی دوو پاسەوانەكەی شەوبەڕوونی دەردەكەوێت، لەلایەكیتر ئامادەبوونی ژن لەناو نمایشەكەدائامادەبوونێكی جەستەییە بۆ پتەوكردنی دەسەڵات.

لەهەمانكاتدا وێنەیەكی تری قوربانی نیشان دەدەن، دەتوانین بەڕوویدووەمی یۆزیف بیان بینین، ئەو ژنەی لەگەڵ مێردەكەی لەوێ دەژین ولەبەردەمی ژووری دادگا كار دەكات، تەنانەت ئەو ڕۆژەی دەوامیدادگا نیە یۆزیف دەباتە ژوورەوە، كەمێك دەستبازی لەگەڵ دەكات وڕێی دەدات دەستكاری ئەو كتێبەش بكات، كە وێنەی ڕووتی لەسەرە، لێرەدا وێنەی سەر بەرگی كتێبەكەی دادوەر و ئەو ژنە دەبنە ڕووی یەكدراو.

ئەوە لەنمایشە شانۆییەكەدا شتێك نیە ڕێكەوت بێت، ئاماژەیەكیلەخۆڕا بێت و فڕێ درابێت، بەڵكو پەیوەستە بەستراتیژی ئەو دەسەڵاتە، كە ئەخلاقی فاشیزم بوونی لەڕێی جەستەی ئەویترەوە دەیەوێت بوونیئەوانیتر بسڕێتەوە، وەك چۆن پارێزەرە پیرەكە كەبەردەواملەئۆفیسەكەیدا لەناو نوێنە كە دۆستی دادوەرەو هاوڕیی دێرینی مامییۆزیفە، ئەویش كچە خزماتكارەكەی هێندەی وەك ژنێك بۆ مەیلیسێكسی بەكار دێت، یۆزیف بەئاسانی لێی نزیك دەبێتەوە، شتێكیترنیە جگە لەوەی دەسەلاتەكە بەدەوری سێگۆشەكەدا هێلەكانی خۆیاندەبڕن.

دیمەنی خەونەكە دیمەنێكە پڕ لەپرسیار، كە لەئاگاییدا وادەكات كۆتاییڕۆمانەكە كراوە بێت و دادگاییەكە وەك كافكا ئاماژەی بۆ دەكاتدۆخێكی بەردەوام بێت، بەڵام نمایشە شانۆییەكە پرسیارەكاندادەخات، وەك كۆتایی درامایەكی ئەرستۆیی نمایش تەواو دەكات، ئەگەرچی كۆتاییەكی ئەرستۆییە لەناو دیدگایەكی كافكاییدا، بۆیەكاتێك ڕووداو لە ڕۆمانەكەدا زەمەنێكی بەردەوام و كراوەیە، لەنمایشەشانۆییەكە ڕووداو گەیشتۆتە وێنەی باڵاو بە لەسێدارەدانی یۆزیفكۆتایی دێت، ئەو دوو ئاستە زەمەنیە لەڕاستیدا دژ بەیەكن، چونكەكافكا دادگاییەكە وەك بەردەوامی دەخاتە ڕوو، بەڵام لەنمایشەكەدابەلەسێدارەدانی یۆزیف دادگاكە كۆتایی دێت، ئەگەرچی ئاستیدووەم، ئاستێكی كافكاییە، بەوەی دادگایی كردنەكە كەوتۆتە پێشبڕیاری دادگایی دادگا، واتە فرمانەكە پێش تەواو بوونی دادگاییكردنە.

ئەو نمایشە چەندە هەوڵێكی گرنگی ناو ڕووبەری نمایشی شانۆیپۆڵەندیە، كە بۆتە جێی سەرنجی ڕەخنەگران لەساتەوەختی نمایش، بەڵام ئەوە ڕێی ئەوەمان لێ ناگرێت، سەرنجێكی ڕەخنەیی لەبارەوەتۆمار بكەین، بەهۆی ئەوەی سیمای تازەگەری و دەرچوون لەدرامایئەرستۆیی لەو ڕۆژگارەدا بەتەواوی بەشانۆی پۆڵەندی دەركەوتبوو، بەڵام ئەو دوو دەرهێنەرە بە مەبەستەوە لەناو نمایش دەیانەوێت داكۆكیلەو بنەما ئەرستۆییانە بكەن، ئەوەش لەدوو ئاستدا زۆر بەڕوونیهەستی پێدەكەین.

لەئاستێكدا كە پەیوەستە بەكۆتایی نمایشەكە وەك ئاماژەمان بۆیكرد كەچۆن لەڕێگەی دیاریكردنی چارەنووسی پاڵەوان، وێنە سونەتگەراكەداكۆكی لێ دەكات، لەئاستی دووەمیشدا پەیوەستە بە لابردنیكارەكتەری پۆرستنەر، چونكە ئامادەبوونی ئەو كارەكتەرە نزیكیدەكردەوە لەدرامایەكی دژە ئەرستۆیی بەو پێیەی دەبووە وێنەیەك بۆچۆنیەتی دەرچوون و چوونەوە ناو شانۆ، لەڕێگەی ئەو كارەكتەرەوە كەلەشانۆ كار دەكات، بۆیە بەلابردنی ئەو كارەكتەرە كە لەبنەرەتداكاریگەریەكی ئەوتۆی بەسەر ڕووداوەكان نیە، لابردنی داكۆكیكردنە لەوگوتارەی نمایشەكە هەڵگریەتی.

هەڵبەت دەرهێنەرێکیتر کە تا ئەمڕۆ بەگرنگەوە لەنەخشەی ئەم شانۆیەجێگەی دەیالۆگە، کارە شانۆییەکانی ئادام هانوشکیێڤیچ (١٨) سەرەتای کارکردنی بۆ شانۆ دەگەڕێتەوە ساڵی ١٩٤٥ بەشداریشانۆگەریەکی کرد لەدەرهێنانی ستیڤانیا دۆمانیسکا، لەهیچقوتابخانەیەکی شانۆیی نەیخوێندووە، پێنج سالێ کارکردنی رۆڵیکۆمەڵێک کەسایەتی گرنگی لەشانۆ بینیووە کەدیارترینیان ڕۆلیهاملێت بووە، لە ١٩٥١ بۆ یەکەمجار وەک دەرهێنەر لەشانۆداولەشاری پۆزنان کاری کردووە، شانۆنامەی “پیری بەناچاری” نووسینی لێۆنیدا ڕاخمانۆڤای بۆ شانۆ دەرهێناوە، شانۆنامەکەتێکستێکی واقعی سۆسیالیستی بووە، دواتر لەشاری وارشۆ دەستیبەکاری شانۆیی کردووە، لە ١٩٥٥ ئەزمونێکی نوێ تاقی دەکاتەوە، ئەویش شانۆی تەلەڤزیۆنیە (١٩)

شانۆی تەلەڤزیۆنی هۆکارێکی گرنگی بە کولتوورکردنی شانۆیەلەکۆمەڵگادا، بۆ ئەوەی ڕەگێكی پۆڵاین بۆ داهاتووی ئەو كۆمەڵگایەبنیات بنێت، بۆ ئەوەش دەستكرا بە تۆماركردنی شانۆ بۆ كەناڵیتەلەفزیۆنی پۆڵەندی، ئەوەش بەمەبەستی ناسینی شانۆ بە كۆمەڵگاوەك كولتوورێك، هەڵبەت لەو كارەشدا كێشەكانی مرۆڤی هاوچەرخیپۆڵەندی تەوەری سەرەكی ئەو شانۆیانە بوو.

بۆ ئەو مەبەستە ئادام هانوشکیێڤیچ هەوڵێكی زۆریدا كە وێنەیەكیڕوونی ئەو شانۆیە بخاتە ڕوو، ئەو شانۆیە كە بەشانۆی تەلەفزیۆندەركەوت، بەڵام شانۆیەك بوو لەهەناوی كۆمەڵگاوە دەهاتە بوون، بۆیەكۆمەڵگا پێشوازیەكی بەربڵاوی لێكرد، ئەو شانۆیە چەندە لەهونەریسینەما و شێوەكاری نزیك دەبۆوە، لەهەمان كاتدا دەربڕین شێوەیەكیڕوون و ڕاستەوخۆی هەبوو، چونكە مەبەست لێی تێگەیشتنی ڕەوانیبینەر بوو لە شانۆكە، وەك چۆن بۆ ئاشنابوون بە مێژووی ئەو شانۆیەهەوڵیدەدا لەدیدێكی هاوچەرخانەوە شانۆی كلاسیكی پۆڵەندی بەوكۆمەڵگایە ئاشنا بكات، بۆ ئەو كارەش شانۆی گشتی و شانۆینەتەوەیی ڕێبەرتوارێكی ڕێكخەریان هەبوو، بۆیە سەرەتای هەوڵەكانمیراتی كولتووریی كۆمەڵگا تەوزیف دەكرا لەكارە شانۆییەكان، وەكهانوشکیێڤیچ شانۆگەری (ئاهەنگی ژنهێنان) پشتی پێبەستبوو، دواترلەشانۆگەری (كۆردیان) درێژەی بەو شێوازەدا، ئەو سەرەتایە دەرگاكردنەوە بوو بۆ ئاشنابوون بە كولتووری شانۆ، بۆ ئەوەی هەنگاوەكانیداهاتوو بتوانن شانۆگەریەكانی مۆلێر و شكسپیر نمایش بكەن، لەپاڵئەوەدا هەندێك هەوڵیتری ئەنجامدا لەبواری ئەدەبی جیهانی لەوانەرۆمانی (تاوان و سزای) دستۆفسكی بۆ شانۆ دەرهێنا، كە ئەوشانۆگەریە بەیەکێک لەدیارترین كارەكانی هەفتاكانی شانۆی پۆڵەندیدادەنرێت، كە بۆتە جێگای سەرنجی زۆرینە، بەدوای شانۆگەری(هاملێت) ڕوو دەكاتە شاكارەكانیتری ئەدەبی ڕوسی بەتایبەتتۆرگینیف و چێخۆڤ، لەپاڵ ئەوەدا ئەدەبی پۆڵەندی بەشێكی دیارلەنەخشەی كارەكانی داگیر دەكات، بۆیە ئادام هانوشکیێڤیچ هەوڵیدالەتەواوی كارەكانی شانۆی تەلەفزیۆن بكاتە ڕووبەرێك بۆ كۆبونەوەیشانۆ وەك كولتوور و كێشەكانی مرۆڤی هاوچەرخی پۆڵەندی وەككێشەیەكی بوونگەرایی ئینسان، كە زەمینەیەكی پتەو بۆ داهاتوو بنیاتبنێت لەڕێگەی پرۆژە ستراتیژیەكەی بۆ شانۆ، كە ڕەگی ئەو شانۆیەبەهەناوی كۆمەڵگادا بەرێتە خوارەوە، ئەو دەرهێنەرە ڕۆڵێکی گرنگیبینیووە لەناساندنی شاکارەکانی شانۆی جتیهانی بەشانۆی پۆڵەندی، بەتایبەت کاتێک کارەکانی وەک شانۆی تەلەڤزیۆنی تۆمار کردووەلەوانە “خاتوو ژۆلیا” ی سترێندبێری و “هێدا گابلەر” ی ئەپسن.
یەکێک لەونمایشانە شانۆگەری “ئەپۆڵۆ لەگەڵ بێڵاچ” نووسینی ژێاناگیڕاودۆ بوو کە بەرهەمی ساڵی ١٩٥٨ دواتر لە ١٩٦١ بۆ تەلەڤزیۆنتۆمار کراوە، تائێستا وەک شانۆیەکی تۆمارکراو لەسایتی تەلەڤزیۆنیپۆڵەندی پارێزراوە، کارەکتەری سەرەکی شانۆنامەکە کچێکی شەرمنبەدوای کاردا دەگەڕێت دێت بۆ ئۆفیس، بەڵام لەپرسگەی بەڕێوبەریکارەکە ئەو کەسەی لەوێیە زۆر بەخراپ مامەلەی لەگەڵدا دەکات، لەوشوێنەدا تووشی گەنجێکی قۆز ئەبێت و ئامۆژگاری دەکات پێویستەسوود لەجوانیەکەی خۆی وەربگرێت وبتوانێت دڵی ئەو پیاوەو بەڕێوبەرڕازی بکات تا بگات بە کارەکە، بەڕێوبەری کارەکە لەوەدا سەری سووڕدەمێنێت کەوا کێ ڕاوێژکاری بووە، پێی وایە ڕەنگە ئەپۆلۆی خوایجوانی کۆمەکی کردبێت، بەڵام بەدوای ئەوەی دەتوانێت تەواوی ئەوپیاوانەی شوێنی کار کۆنترۆڵ بکات، کاتێک باسی جوانی هەموویاندەکات، ئەوانیش هێمن دەبنەوە .. عاشقی دەبن، بەلام کاتێک لەپێشبورجی ئیڤڵ کۆتایی بەناسینی ئەو پیاوە دێت کە ڕێنوینی کرد، ئەوپیاوەی ئەو بەڕاستی سەرسام بوو عاشق بوو پێی کاتێک جێیدەهێلێت و بەڕێوبەرو هەموو پیاوەکانی تر دێن، ئەو پێیانڕادەگەیەنێت کە رۆیشتنی ئەپۆلۆ خەمباری کردووە هەمووان بۆ ئەپۆلۆدەگەڕین، ئەو دەزانێت ئیدی ئەپۆلۆکەی ئەو وەک ئەفسانەکە وایەو ئیدینایبینێتەوە، بۆیە ئەویش تەواوی پیاوەکان جێ دێلێت، ئەو گوڵە دەبینینکە بەدەستی بەڕێوبەرەوەیە هاتبوو تا کچەکە لێی وەربگرێت، ئەوبیرۆکەیە ناونیشانی نمایشەکەی لەسەر درووست کراوە کەدواترڕووداوەکانی لەسەردا چنراوە.

لە ١٩٦٨ کاتێک کاژیمێژ دێیمک لەبەڕێوبەری شانۆی نیشتمانیلابردرا، ئەویان خستە شوێنی، بەهۆی ئەوەی نمایشە شانۆییەکانیوەک پشتگیریی بۆ یەکێتی سۆڤیەت سەیردەکرا، لەبارەی کارەکانیەوەڕۆمان پۆلانسکی (٢٠)دەڵێت “شانۆ بەبێ من و ئادام هانوشکیێڤیچبێزارو ماندووکەرە”(٢١) هەڵبەت ئەو بۆچوونە چەندە پەیوەندی بەکاریئەوان هەیە لەشانۆی تەلەڤزیۆنی هێندەش پەیوەستە بەکارەکانیانلەسەر تەختەی شانۆوە، تا رۆژی مردنی ئەو لەشانۆدا کاری کردووەبۆیە لەئێستاشدا بوونی وەک پێگەیەکی گرنگی ئەو شانۆیە دادەنرێت.

بەقسەکردنمان لەشانۆی پۆڵەندی لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەت، ئەوەدەردەکەوێت کەوا نیو سەدەی تەمەنی ئەو شانۆیە چۆن گەشەیکردووەو ئاستی پێشڤەچوونەکانی چۆن بوونە، گەرچی لەو ڕۆژگارداکۆمەڵێک دەرهێنەریتر هەبوونە، بەڵام نەدەکرا لەسەر کاری هەمووانبووەستین و قسە بکەین، بەڵکو مەبەستمان لەم قسەکردنە دەرخستنیسیمای ئەو شانۆیە بوو لەسەردەمی کۆمۆنیزمدا.

هەڵبەت یەکێک لەگرنگترین ئەو کتێبانەی باس لەو قۆناغە دەکات، بەوردی تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکاریەکانی شانۆی پۆڵەندی کتێبی”شانۆی ئۆکتۆبەری پۆڵەندی” (٢٢)ماریا ناپیۆنتکۆڤا باس لەپۆڵەندایسەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و پەنجاکانی سەدەی بیستەم دەکات، کەتیایدا شانۆ سەرەتای گەشەسەندنی لەو کۆمەڵگایەدا بۆ ئەو کاتەدەگەڕیتەوە، بۆیە ئەو کتێبە زۆر بەدواداچوونی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەوانە بەدواداچوونێکی سایتی پەیمانگای شانۆ باس لەوە دەکاتکەهەندێک زانیاری لەو کتێبەدا هەیە ڕاست نین و لەجێگەی خۆیدا نیە.

کاتێک وەک توێژەرێک خۆمان بێلایەن لەبەرامبەر ئەو بۆچوونانەدەبینینەوە، تێبینی ئەوە دەکەین نووسەری ئەو کتێبە کە وەک تێزیدکتۆرا کتێبەکەی نووسیوە باس لەو دۆخە سیاسیە دەکات کەوا شانۆلەو سەردەمەدا کەوتبووە ناوی، بەتایبەت لە پەنجاکان و شەستەکان، هەڵبەت ئێمە هەوڵماندا لەسەر چەندین ئاستی نمایش و کارەکانلێرەدا هەڵوەستە بکەین، کەوا هەموومان بتوانین وێنەیەکی ڕوونمان بۆئەو شانۆیە و سەردەمەکەی هەبێت، لێرەدا بۆ ئەوەی تەواویتێگەیشتنەکان ڕوون بن، هەوڵ دەدەین باس لەو کتێبە و هەندێکڕوانینی توێژەرێک بکەین کە بڕوامان وایە گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت.

کتێبەکەی ناپیۆنتکۆڤا بریتیە لە سێ بەش، بەشی یەکەمی باسلەئاراستە سیاسی وکولتووریەکانی پۆڵەندای چلەکان و پەنجاکاندەکات، هەروەها هەڵوەستە لەسەر ئەو داڕووخانی بەڕێوبردنەی پۆڵەندابەهۆکارێکی دۆخەکە ناو دەبات، لەبەشی دووەمیشدا دێتە سەر ڕۆڵیدامەزراو وڕێکخراوەکان، لەوانە باس لەوەزارەتی کولتووروسانسۆرەکانی دەکات لەسەر شانۆ، هەروەها ڕۆڵی حزبی کۆمۆنیستلەسەر ئەو بارودۆخە، جگە لەوە لەسەر کۆمەلەی سینەماکاروشانۆکاراندەوەستێت، بەشی سێیەم دەکرێت وەک گرنگی گەشەسەندنەکانسەیری بکەین بەهۆی ئەوەی باس لەئەنجومەنە هونەریەکانی شانۆ ، هەروەها پێشێلکاریەکانی سیاسەت و دەستتێوردان لەشانۆ، جگە لەوەلەتەوەرێکدا باس لەکرانەوە بەسەر جیهان دەکات لەڕێی ڤێستڤاڵینەتەوەکان.

بەلای توێژەری شانۆیی پاڤێو پوۆسکی ئەو کتێبە گرنبگیەکی تایبەتیهەیە، چونکە باس لەگەشە سەندنی شانۆی پۆڵەندی دەکات بەتایبەتلەپەنجاکان، ئەو هەوڵ دەدات لەڕوانگەی کتێبەکەوە کۆی ئەو مێژووەبخوێنێتەوە، باس لەو گەشەسەندنە، لەپاڵ ئەو ڕۆڵە خراپەی دەسەلاتیسۆڤیەت بکات، بەڵام چاپکردنی بلاوکراوەی شانۆیی و درووستکردنی هۆڵی شانۆ و دواتر دەرگا کردنەوە لەشانۆی جیهانی بەو بنەماگرنگانەی گەشەسەندن ناو دەبات، لەهەمان کاتدا باس لەو شیوازەسەپێنراوەی ستانسلاڤسکی دەکات بەسەر شانۆی پۆڵەندی، کەپێویست بوو ئەو شێوازە ئاگاییەکی نوێ بۆ ئەکتەر بخوڵقێنێت، شۆڕشێک لەمیتۆدە ئەکادیمیە شانۆییەکان بخوڵقێنێت، کەچی”واقعیەتی سۆسیالیستی جۆرێک بوو لەکەرەنتینەی تەندرووستیلەسەر نواندنی پۆڵەندی” (٢٣) لەڕێی پشت بەستنەوە بەکتێبەکەیماریا ناپیۆنتکۆڤا کە باس لە وەزارەتی کولتوور دەکات کارەساتی ئەوڕۆژگارە دەکات و دەنووسێت “سیاسەتی کارەساتاوی کولتووریی لەوسەردەمدا خۆی خستبووە ژێر مەترسیەوە، بەهۆی ڕێگایەکی گەمژانەو ناپیشەیی بۆ بەڕێوەبردنی” (٢٤)

ئاماژەکان

(١) لیۆن شیلەر “١٨٨٧-١٩٥٤” رەخنەگرو دەرهێنەری شانۆیی بوو، ناوێکی گرنگی شانۆیی پۆڵەندی بوو بەتایبەت وەک دەرهێنەرسەرباری ئەوەی وەک رەخنەگرێک بەوە ناوبانگی دەرکرد کەتوانیویەتیشیکردنەوەی وورد بکات بۆ شانۆنامەکانی میچکیێڤیچا ، لەساڵی١٩١٧ وەک دەرهێنەر دەستی بەکارکردن کردووە، سالێ ١٩٣٣ کراوەبە سەرۆکی بەشی دەرهێنان لەپەیمانگای حکومی بۆ هونەری شانۆ، لە١٩٣٥ خەڵاتی ئەکادیمیای پۆڵەندی بۆ ئەدەب وەرگرتووە بەهۆیبایەخدانی بە ئەدەبی شانۆ، ماوەیەک لای ئەڵمانەکان دیلکراوە، لە١٩٤٦- ١٩٤٩ لەشاری ئوچ کراوە بەبەڕێوبەری خوێندنگای بالایشانۆ، لە ١٩٤٧- ١٩٤٩ بووە بەسەرنوسەری گۆڤاری شانۆ، لەژیانیدابەهۆی شانۆوە چەندین مەدالیای ڕێزلێنانی لەلایان دەوڵەتەوە پێبەخشراوە.

(٢) ئێرڤین ئەکسێر”١٩١٧-٢٠١٢” دەرهێنەری شانۆییودامەزرێنەری شانۆی ژووری پۆڵەندی بووە، ١٩٣٩ پەیمانگای شانۆیتەواو کردووە، لە١٩٦٠ لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی شانۆیپۆڵەندی خەڵاتی تادێوش بۆی پێدراوە، سەرباری کاری دەرهێنانچەندین وتاری لەبارەی شانۆو ئەدەب نووسیوە، لەگۆڤارەکانی دەیالۆگو شانۆ بەرهەمەکانی بڵاو کردۆتەوە.

(٣) حركة التجديد في المسرح العالمي.. أوجست جرودجيتسكى، ترجمة: د. هناء عبدالفتاح، الهيئة المصرية العامة للكتاب (القاهرة) 2010، ص29

(٤) سەبارەت بە مێژووی ئەو سالانە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتوناوی نمایش و دەرهێنەرەکان بۆ تەواوی زانیاریەکانی ئەو مێژووەپشتمان بەستووە بە توێژینەوەیەکی ماڵپەری ئینسکلۆپێدیای شانۆیپۆلەندی لەژێر ناونیشانی “

Polska. Teatr. Okres 1944–89 i lata 90″

بەواتای “شانۆی پۆڵەندی لەنێوان ١٩٤٤-١٩٨٩ و ٩٠ ساڵدا” کەتوێژینەوەیەکی بیبلیۆگرافیە تیشک دەخاتە سەر شانۆی دوایکۆمۆنیزم و تا دەگات بەنمایشەکانی ساڵی ٢٠٠٠

(٥) یێژی ماریان گرۆتۆڤسکی (١٩٣٣-١٩٩٩) دەرهێنەرو راهێنەریشانۆییە، شانۆیەکی ئەزموونی کردۆتەوە بەناوی شانۆی هەژار، لەسەرانسەری جیهان ناسراوە، لەو کتێبەدا بەدرێژی لەسەر کۆیپڕۆژەو چالاکیە سانۆییەکانی دەوەستین.

(٦) هێنریک تۆماشێڤسکی (١٩١٩-٢٠٠١) کیریۆگراف و دەرهێنەریشانۆییە، گروپێکی شانۆیی تایبەت بەشانۆی پانتۆمایمی لەپۆڵەندادامەزراند، بەناوی شانۆی جولە.

(٧) مسرح توماشفسكي.. أندرة هازبراندت.. ترجمة (يحيى صاحب) دار الشؤون الثقافية (بغداد) 2006، ص36

(٨) کۆنراد سڤینارسکی (١٩٢٩-١٩٧٥) دەرهێنەرێکی شانۆییوتەلەڤزیۆنی بووە لەبواری ئۆپێراشدا کاری کردووە، کاریگەریجێهێشتووە لەسەر دەرهێنەرانی پۆڵەندی بەتایبەت گرۆتۆڤسکی وکریستیانا لوپیۆم و یێژێگۆ یارۆچکێگۆ

(٩) ئەلێکساندێر باردینی (١٩١٣-١٩٩٥) ئەکتەرو دەرهێنەرێکیشانۆییە، سەرەتا لەژێر دەستی شیللەر شانۆی خوێندووە، دواتر وەکدەرهێنەرێکی شانۆیی پێگەی خۆی دیاری کردووە، بەتایبەتلەشانۆنامەکانی چێخۆڤ کە سیمای تایبەتی بەکردە دەرهێنانیەکەیبەخشیووە وەک ئەوەی پێویست دەکات کە چۆن ووشەی نووسەردەگۆڕێت بە مرۆڤ.

(١٠) زیگمونت هوبنێر (١٩٣٠-١٩٨٩) ئەکتەرو دەرهێنەری شانۆییبووە، لە١٩٥٢ بەشی نواندنی لەوارشۆ تەواو کردووە، لە ١٩٥٦ بەشیدەرهێنان لەپەیمانگای شانۆ تەواو دەکات.

(١١) كاژیمیێژ دێیمێك (١٩٢٤-٢٠٠٢) ئەکتەرو دەرهێنەری شانۆیی، لەماوەی ساڵانی ١٩٩٣-١٩٩٦ وەزیری کولتوور بووە.

(١٢) گرۆجیچکی باوەری وایە ئەوە یارۆچکی بوو کودەتای بەسەر ئەوشانۆ واقعیە بەرپا کرد

(١٣) تادیۆش روژێڤیچ (١٩٢١-٢٠١٤) نووسەرو شاعیروشانۆکاربووە

(١٤) یێژی یارۆچکی (١٩٢٩-٢٠٠٨) دەرهێنەری شانۆیی

(١٥) ئاگنیێشكا هۆڵەند ئێستا یەكێكە لەسینەماكارە ناسراوەكانیپۆڵەندی، لەسالی ١٩٤٨ لە وارشۆ لەدایك بووە، كچی كۆمەڵناسیپۆڵەندی هنری هۆڵەندە، ساڵی ١٩٧١ كۆلێژی هونەری شانۆی لە براگتەواو كردووە، بەو پێیەی دەرچووی بەشی سینەماو تەلەفزیۆن بووە، بۆیە لەو ڕۆژگارەو تا ساڵانی هەشتاكانی سەدەی بیستەم، وەك ئەكتەربەشداری كردووە لەفیلمەكانی هەردوو دەرهێنەری پۆڵەندی ئاندژێیڤایدا و كژی شتۆڤ زانووسی، سێ جار كاندید كراوە بۆ خەڵاتیئۆسكار، جگە لەوەی ئێستا وەك سینارێست و دەرهێنەر ناوێكیگرنگی سینەمای پۆڵەندیە.

١٦) لاسۆ ئادەمیك لە ١٩٤٢ لە چیكسلۆڤاكیا لەدایك بووە، ساڵی١٩٧٢ سینەمای لە براگ تەواو كردووە، لەسەرەتای هەشتاكانیسەدەی بیستەم تا سەرەتای نەوەتەكان دەرهێنەری گروپێكی شانۆییناسراوی وارشۆ بووە، لەبیست ساڵی ڕابردووش كراوە بە بەرێوبەریئۆپیرای كراكۆڤ، جگە لەكاری شانۆیی بەبەردەوام وەك دەرهێنەرێكیسینەمایی لەسینەمای پۆڵەندی كاری كردووە، لەپاڵ دەرهێنەری بەشێكلەكارە شانۆییەكان بۆ تەلەفزیۆن، ئەوەش هەر لەو كاتەوەی كە لە١٩٧٣ شانۆگەری “پەتا سپیكەی” بۆ تەلەفزیۆن تۆمار كرد، بەدوایئەوەی وەك كارێكی سینەمایی پێشكەشی كردبوو، وەك كاریشانۆیش تۆماری كردەوە، لەكارەكانی دواتری “پیلیاس و مێلیساندا” ی مۆریس مەتەرلینگ و “بۆریس گۆدۆنۆڤ” ی پوشكێن و هەروەهابەهاوبەشی لەگەڵ هاوسەرەكەی خاتوو ئاگنیێشكا هۆڵەند چەندنمایشێكی شانۆییان پێشكەشكردووە لەوانە “كۆشك” ی كافكا و”لۆرێنساچیا” ی فرێد دی مۆسێت، هەروەها یەكێك لەدەركەوتنەبەراییەكانی ساڵی ١٩٧٥ بووە لەشانۆگەری “دارستان” كە بۆ ئەو وەكسەرەتایەكی گرنگی دەركەوتنی دادەنرێت، بەهۆی ئەوەیلەشانۆگەریەكی دەرهێنەر ئۆسترۆفسكی بەشداری كردووە، لەكارەگرنگەكانی ئەو دەرهێنەرە كە لەنەخشەی شانۆی پۆڵەندی بەگرنگسەیری دەكرێت، سەرباری شانۆگەری كۆشك، ئەو كارانەیترین “سێقروشەكەی” برتۆلد برێخت و “ئۆپۆ پاشای” ئەلفرید گاری و”تەرمیكۆمپانیای درووستكراو” ی داریۆفۆ، لەساڵی ٢٠١٠ وەك ئەكتەرلەشانۆی ئۆپیرای فرۆسلاڤ ڕۆڵی میوزیكژەن فرەدریك چۆپیندەبینێت لەكارێكی دەرهێنەر گیاسۆمۆ ئۆرێفیتسی، ئەو دەرهێنەرەكارەكانی لەبواری ئۆپیراو سینەمادا تا ئەمرۆش گرنگیەكی تایبەتیهەیە، بۆیە گەر دەرفەت بگونجێت شایستەی ئەوەیە نووسینی تایبەتیبۆ تەرخان بكرێت

(١٧) هەندێك جار لەئاستی سیاسیەوە، پۆڵەندا تاوانبار دەكرێت، بەوەی لەتاوانی هۆلۆكۆست ناڕاستەوخۆ بەشدارە، بەهۆی ئەوەیهاوكاری ئەڵمانەكانی كردووە، بەتایبەت ئیسرائیل تۆمەتی ئەوە دەخاتەپاڵ پۆڵەندا

(١٨) ئادام هانوشکیێڤیچ (١٩٢٤-٢٠١١) ئەکتەر ودەرهێنەری شانۆییە

(١٩) شانۆی تەلەڤزیۆنی لەپۆڵەندا یەکێکە لەئەزموونە ناوازەکان، وایکردووە ئەرشیفی ئەو شانۆیە تا ئەمڕۆ بپارێزرێت، دوایتۆمارکردنی وەک فیلم لەبازار دەفرۆشرێت، سەرباری ئەوەیتەلەفزیۆنی پۆڵەندی کەناڵی یەک پەخشی دەکات

(٢٠) رۆمان پۆلانسکی (١٩٣٣) دەرهێنەرێکی شانۆیی و سینەماییە، زیاتر ناوبانگی وەک دەرهێنەرێکی سینەمایی دەرکەوتووە، هەروەهالەشانۆشدا کاری کردووە، بەتایبەت لەشانۆنامەکانی شکسپیردا، کەدواتر وەک فیلمی سینەمایی سەر لەنوێ کاری تیا کردۆتەوە، دیارترین کارەکانی ماکبێس، شاکارەکانی لەسینەمادا چەندینخەڵاتی گەورەی پێ وەدەست هێناوە

(٢١) Gazeta Wyborcza, 29 sierpnia 2002

(٢٢) MARIA NAPIONTKOWA, TEATR POLSKIEGOPAŹDZIERNIKA, Wyd. Instytut Sztuki PAN, Warszawa2012

(٢٣) Paweł Płoski, Teatralna odwilż – kilkaintensywnych lat, teatr, numer 9/2013

(24) هەمان سەرچاوە




رۆڵی چالاکی قوتابخانەکان لە رەوتی شانۆی هەولێردا.. ن- کامەران حاجی ئەلیاس

هەمیشە قوتابخانە،پێگەیەکی گرنگی ناو کۆمەڵگا بووە، بۆ پێگەیاندنی کادری لێهاتوو، لە هەموو بوارەکانی ژیان دا، لە نێو خشتەی وانەکانی قوتابخانەدا چەند وانەیەکی هونەری وەکو (نیگار، سروود مۆسیقا) هەن ،ئەم دوو وانە هونەرییە لەپاڵ وانەی وەرزش دا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ قوتابیان بۆ زاخاوی و حەسەناوەی مێشکی قوتابی هەرلەم ڕوانگەوە زۆربەی زۆری قوتابیان هەردوو وانەی وەرزش و هونەریان لەلا خۆشەویستە زۆریش گرنگی پێدەدەن هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قوتابیان تارادەیەک ئازاد دەبن لە ئەنجامدانی چالاکییەکانیان چ لەوانەی وەرز ش یاخود لە وانەی هونەر بێت،چونکە راستەوخۆ توانستی خۆیان دەردەخەن و پێشکەشی ئامادە بووانی دەکەن، هەربۆ ئەم مەبەستە بۆ زیاتر گرنگی دان بە قوتابیانی بەهرەمەند، لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق جگە لە قوتابخانەکان فەرمانگەیەکی هونەری و وەرزشی دەکرێتەوە بەناوی چالاکی قوتابخانەکان کە مەبەست لە کردنەوەی ئەم فەرمانگایە، برەودانە بەو قوتابیانەی خاوەن بەهرەن جگە لە مەش ساڵانە پیشانگاو فێستڤاڵی تایبەت بە وتاربێژی و شانۆ و پەخشان ونیگار و کاردەستی بۆ قوتابخانەکان ساز دەکات کە خودی قوتابیان بەشدار دەبن و بەرهەمەکانیان نمایش دەکرێت ، سەرکەوتووان خەڵات دەکرێن.
ئەوەی مەبەستمە هەڵوێستەی لەسەر بکەم بەرێوەبەرایەتی گشتی چالاکی قوتابخانی هەولێرە،کە هەر لەسەرەتای دامەزراندنییدا لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو، تائێستا،چەندین کادیری هونەری لە بواری شانۆ و میوزیک و گۆرانی و شێوەکاری شانۆیی لەرێگەی ئەم فەرمانگایە پەروەردە و هونەرییەدا توانیویانە ببن بەئەستێرەی هونەری لە کوردستان بە گشتی لە هەولێر بەتایبەتی ، بەڵام من هەوڵدەدەم لە باسە کورتەدا زیاتر جەخت لە بواری هونەری شانۆ و هونەرمەندانی شانۆ بکەم، کە بەهۆی ئەم دامەزراوە هونەری و پەروەردەییە چەندین بەرهەمی شانۆیی و ئۆپەرێتی ناوەزەیان پێشکەش کردوە ، لە هەمان کاتیشدا توانیویانە ،بەشداری چەندین فێستێڤاڵ بکەن لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان ،ئەم دامەزراوە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو لە معاریفی (پەروەردە)ی هەولێر دامەزراوە ، یەکەم بەرێوەبەریش بەرێز “سوڵتان عەبدوڵاَ مردان “بووە لە نێوان ساڵانی (1955-1972) لە ماوەیەدا تائێستاش چەندین هونەرمەند وەکو مامۆستا و سەرپەرشتیاری هونەری کاریان کردوە لەوانە هونەرمەندان (چەتۆ حەسن، سەباح عەبدولڕەحمان ، تەڵعەت سامان ، یەحیا مەرجان ،فواد ئەحەمەد ، واحید مەرجان ، تەحسین تەها ، عەبدوڵا دڵسۆز، ئیسماعیل سەعید ئیساعیل ،جەودەت شاکر ، وەلید مەعروف جارۆ ،شاهین نەجەمەدین ،کامەران حاجی ئەلیاس، نەوزادی حاجی شوشە…چەندانی تر ) .
لە ساڵی 1967 هونەرمەند “سەباح عەبدولڕەحمان” دوای ئەوەی پەیمانگەی هونەرجوانەکانی بەغدا بەشی شانۆ تەواو دەکات دەگەرێتەوە کوردستان ، لە ساڵی 1968لەیەکێک لە قوتابخانەکانی شاری رواندز وەکو مامۆستای پەروەدەی هونەر دەستەبەکار دەبێت ،هەمان ساڵ دەگورازێتەوە هەولێر لە چالاکی قوتابخانەکان دەست بەکا ر دەبێت، ئەو شوێنەش کەشێکی لە بار دەبێت، بۆ هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان بۆ ئەوەی خەونەکانی خۆی بهێنێتە دی ،هەر بۆئەمەبەستە سەردانی قوتابخانەکانی شاری هەولێر دەکات ، بەنیازی دۆزینەوەی قوتابیانی بەهرەمەند لە بواری شانۆ لەم ماوەیەدا چەندین بەهرەمەندی لە نێو قوتابخانەکان دۆزییەوە،کە لە دوا رۆژدا بوون بە ئەستێرەی گەشی شانۆی کوردی وەکو خوالێیان خۆش بێت هونەرمەندان (سەلام کۆیی، سوبحی کۆیی ، جەلال بەیار لەگەڵ هونەرمەندان فەیسەڵ محمەد ساڵح ، زایەر عەبدوڵڵا..چەندانی تر) هەر لەم ساڵەدا شانۆگەری “چارەڕەش” لە دەرهێنانی هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر پێشکەش دەکات.
یەکێک لەهەرە گرفتەکانی فەرمانگەی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر، نەبوونی شوێنی گونجا بوو، نەبوونی هۆڵێکی تایبەت بەخۆی بۆ ئەوەی کارەهونەرییەکلنی خۆیان وەکو نمایشکردنی شانۆ و شێوەکار و ئاهەنگی میوزک، بۆیە هەرجارە و لە شوێنک بووە ، یەکەمین جار لە ژوورێکی بچووک لە گەرەکی ئیسکان بوو، دوای چەندین شوێنێکی تریان کردوە .. بەڵام ئەگەر هونەر و شاکاری مەزن هەبێت ئەوا دەتوانرێت هۆڵ و شوێنی گونجا و دروست بکات ، فەرموون بزانن چۆن ئۆپەرێتێک شوێنکی نایاب و مۆدرێن بۆ چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر دروست دەکات، ئۆپەرەتی “تارا”، یەکێکە لەو ئۆپەرێتانەی کە هونەرمەند خواڵێی خۆشبێت (واحید مەرجان) نووسیویەتی هەر خۆشی کاری دەرهێنانی بۆ کردوە،لە ساڵی 1974 فیستڤاڵێکی تایبەت بە ئۆپەرێت لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی عێراق لە شاری بەغدا سازدەکرێت بەناوی “فیستیڤاڵی چالاکی قوتابخانەکانی عێراق” ،چالاکی قوتابخانەکانی هەولێریش یەکێک دەبێت لەو پارێزگایانە کە بە ئۆپەرێتی (تارا) لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەندی خوالێی خۆشبێت “واحید مەرجان” بەشداری ئەم فیستیڤاڵە دەکات ، هەرخۆشی ئاوازی بۆ گۆرانییەکان دادەنێت و دیزاینی دیکۆرەکەشی لەلایەن خودی خۆی ئامادەکات لە هەمان کاتیشدا وەکو ئەکتەریش رۆڵ لە ئۆپەرێتە کە دەبینێت.
لە کۆتایی فیستیڤاڵدا ئۆپەرێتی “تارا” کە بەرهەمی چالاکی قوتابخانەکانی شاری هەولێر بوو، توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بەهێنێت ببێتە ماییەی رەزامەندی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندەن و سەرپەرشتیاران و ئامادەبووانی فیستیڤاڵ ، وەزیری پەروەدەی عێراقی ئەو کات یەکێک دەبێت لەوانەی کە بە ئۆپەرێتەکە لەرووی (بابەت ، دیکۆر ، نواندن ، دەرهێنان ، موزیک) زۆر سەرسام دەبێت ،هەربۆیە لەدوای تەواو بوونی فیستیڤاڵەکە لەگەڵ سەرجەم ستاڤی ئۆپەرێتەکە کۆدەبێتەوە دوای دەست خۆشی لێکردن و پیرۆزبایی لێکردنی لە ستاڤی ئۆپەرێتی “تارا” ، بە بەرێوەبەری چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر (م. جەمال هیدایەت ) دەڵێت ” ئۆپەرێتەکەی ئێوە زۆر دڵخۆشی کردم ، کارێکی واتان کردوە زۆر لەئاستی پارێزگاکانی تر عێراق وەکو بەسرا و موسڵ بگرە لە بەغداش باشتر بێت بۆیە کارەکانتان لەو ئاستە دایە کە چیتان پێویستە بۆتانی جێبەجێ بکەم. وەزیر بە بەرێوەبەری چالاکی قوتابخانەکانی هەولێری ئەو کات (جەمال هییدایەت) دەڵێت” فەرموون چیتان پێویستە” مامۆستا جەمالیش لە وەڵامدا بە وەزیر دەڵێت: بەداخەوە ئێمە لە شاری هەولێر تا ئێستا باڵەخانەیەکی تایبەت بە خۆمان نییە وەکو چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر ، بۆ ئەوەی کارەکانی خۆمان وەکو راهێنان وپرۆڤەونمایش کردنی بەرهەمەکانی خۆمانی لێ نمایش بکەین.. لە وەڵامدا وەزیرش راستەوخۆ فرمان دەدات بەزووترین باڵەخانەیەکی تایبەت بە چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر دروست بکرێت بەڵێ ئێستا ئەو باڵەخانەی چالاکی قوتابخانەکان هەولێر کەلە گەرەکی رووناکییە لە هەولێر، بەرهەم و دەستکەوتی ئۆپەرێتی “تارا”یە وەبەتایبەتیش بۆ هونەرمەندی گەورە “واحید مەرجان ” دەگرێتەوە.
بەرێزان هێشتا بەرهەم و دەستکەوتی ئۆپەرێتی “تارا” کۆتایی نەهاتووە ئەو کات لە عێراق تەلەفزیۆنی پەروەردەیی هەبوو هەرە بۆیە بەرێوەبەری تەلەفزیۆنەکە بڕیار دەدات ئەو ئۆپەرێتە (تارا) بۆ تەلەفزیۆنی خۆیان تۆماربکەن لەوێش ستاڤی ئۆپەرێتەکە داوای تریان دەبێت ،دەڵێن تا ئەو داوەیان جێبەجێ نەکرێت ئۆپەرێتەکە تۆمار ناکەن ، داوەکەش بریتییە لە مۆڵەت دان بۆ تۆمار کردنی درامای تەلەفزیۆنی (چڵپاو) کەبەرهەمی تیپی هونەری هەولێر بوو هەر بۆیە دوای چەند کاتژمێرێک رەزامەندی وەردەگرن ئەنجا ئۆپەرێتەکەیان تۆمار دەکەن ئەمەش دەستکەوتێکی تری هونەرمەند واحید مەرجانە.
بێگومان ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی شانۆی هەولێر بدەیەنەوە، گوزەرێک بەنێوە شانۆکارانی هەولێردا بکەین ،ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ، ئەو شانۆکارانەی لە گۆرەپانی هونەری شانۆی بوونیان هەبووە ، چ لە رابردوو چ لە ئێستادا زۆربەیان لە رێگەی چالاکی قوتابخانەکان دەرکەوتوون بەجۆرێک وەکو پەیمانگایەکی هونەری بووە ، بۆ پێگەیاندنی ئەو هونەرمەندانە،بێگومان لەهەرسێ بەشە هونەرییەکە (شانۆ ، شێوەکار ، گۆرانی و میوزیک) بە دەیان کادری پێگەیاندووە، بەڵام من لەو باسەکورتەدا ،زیاتر هەڵوەستەم لەسەر بواری شانۆ کردەوە ، رۆڵی چالاکی قوتابخانەکان دەکرێت چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.. بێگومان هونەرمەند زۆرن خۆیان بە قەرزاری چالاکی قوتابخانەکان دەزانن کە رەنگە من ناوی هەموویانم لە بیر نەبێت بۆیە ئەگەر لە ناونەهێنیان لە لەبیرم کردبێت لەم کورتە باسەدا داوای لێبووردنیان لێدەکەم…
لە چالاکی قوتابخانەکان چەندین بەشی سەرەکی بوونیان هەیە وەکو بەشی (رۆشنبیری ، شانۆ، میوزک ، شێوەکاری ) کە ساڵانە فیستیڤاڵ بۆ سەرجەم قوتابخانەکان ساز دەکەن خودی قوتابیان بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەش دەکەن، لە کۆتاییدا باشترینەکان خەڵات دەکرێن ، جگە لەوەش پیشانگای تایبەتی بۆ مامۆستایانی پسپۆری هونەری دەکرێتەوە.
لە کۆتاییدا بەباشم زانی ئاماژە بە ناوی ئەوە بەرێوەبەرانە بکەم کەهەریەکەو بەپێی کاتی خۆی خزمەتێکی باشی بواری هونەرییان کردووە یەکەم بەرێوەبەر بەرێز “سوڵتان عەبدوڵاَ مردان “بووە لە نێوان ساڵانی (1955-1972) ،هونەرمەند “فوئاد ئەحەمە” لە نێوان ساڵانی (1972- 1974) ، هونەرمەند ” جەمال هیدایت عەبدوڵڵا” لەنێوان ساڵانی ( 1974- 1994)، هونەرمەند” ئیسماعیل سەعید ئیسماعیل” لەنێوان ساڵانی ( 1994- 1996) ، هونەرمەند “یەحیا خدر مەرجان” لە نێوان ساڵانی ( 1996- 1997)، بەرێز ” حەیدەر جەوهەر تەها ” لەنێوان ساڵانی ( 1997- 2000)، بەرێز “ئیسماعیل ئەبوبکر مستەفا” لەنێوان ساڵانی (2000- 2002) ، هونەرمەند “فەرهەنگ غەفوور” لەنێوان ساڵانی ( 2002- 2008) ،هونەرمەند “هوشیار واحید مەرجان ” لە ساڵی 2008 دەست بەکار بووە تائێستاش بە ردەوامە .
بۆ ئەم باسە سوودم لەم بەرێزانە وەرگرتووە:

  • هونەرمەند” چەتۆ حەسن “پەیوەندی تەلەفۆنی.
  • هونەرمەند “سەباح عەبدولڕەحمان ” پەیوەندی تەلەفۆنی.
  • هونەرمەند “شاهین نەجەمەدین” دیدار.
  • هونەرمەند “هۆشیار مەرجان” دیدار.
    -چالاکی قوتابخانەکان- هەولێر “هەڵمەت کازم عەبدوڵڵا



خاڵە هاوبەشەکانی لیر پاشا و کامەران ڕەئووف.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

لەپەراوێزی وێنەیەکی دراماتۆرگی نمایشی (لیر پاشادا) کە ئێستاکە لەفیستیڤاڵی نێو دەوڵەتیی شانۆ لەبەغدا نمایش دەکرێت، کامەران ڕەووف تێڕامانێکی خۆی بۆ بەرجەستەکردنی دیمەنێک لە نمایشەکەدا نیشان داوە، لە پەراوێزی هەمان ئەو وێنەیەدا منیش بەو بەیانیە ئەو خوێندنەوەیەم بۆی کرد:
لەهەندێ حاڵەتی نواندندا ئەکتەر بەناچاری دەگەڕێتەوە سەر ڕەگەزی بنەڕەتی خۆی کە مرۆڤە…
مرۆڤیش لەهەموو حاڵەتێکدا دەکەوێتە ژێر چەند فشارێکی دەرووونی جۆراوجۆر، ئەگەرچی ستانسلافسکی نایەوێ ئەکتەر دووچاری نامۆ بوون ( تغریب ) بێت و بەپێچەوانەوە لەچرکەکانی نواندندا، زێتر بیر لە پێرفۆرمانس بکاتەوە.
کامەران ڕەئووف لەو نمایشەدا بەڕاستەقینە لیر پاشایە، تا ئەو کاتەی لەسەر شانۆیە، لەهەمان حاڵەتی دەروونی لیر پاشا دەژیت، هەمان کاریگەرییەکانی لیر پاشای بەسەرەوەیە، وەک کاراکتەرێک کە لەتاو ئازارەکانی، بەتایبەت ئەو ئازارانەی بەدەست هەرە نزیکەکانی دەیچێژێ، خەریکە لەشێت بوون نزیکی دەکاتەوە.
ڕەنگە هەندێ جاریش ئەگەر خۆی هەوڵی ئەوە نەدات ، خۆی هوشیار کاتەوەو خۆی ڕاچڵەکێنێ، ئەوەی لەبیرچێتەوە ئەو کامەرانەو لیر پاشا نیە،
هونەری گەورەی ئەکتەر لەوە دایە، لەو چرکە سۆزداریانەی نواندندا، لەژێر کاریگەریەکانی کاراکتەر پارێزگاری لەپێرفۆرمانسی خۆی بکات و توانای ئەوەی هەبێت، بەدوای جوانترینیاندا بگەڕێ.
ئەو دەسەڵاتەی هەبێت لە نێوان هەردوو ڕەگەزی کاراکتەرو ئەکتەردا هاوسەنگیەک دروست بکات، کە تێیدا هەم حاڵەتە دەروونیەکانی خۆی تێر کات، هەمیش هەست و چاوی بینەر پڕکات لەجوانی.
گرنگ لەنێوان هەردوکیاندا ئەوەیە ئاخۆ تا چەند بەو دەسەڵاتە جەستەیی و فیزیکیانەی هەیەتی، بینەر بوروژێنێ، بەتایبەت بەنواندن، پێرفۆرمانس، دەنگ و ئیلقاو ڕیتم.
گرنگ پاراستنی هاوسەنگی ئەو توخمانە، دەبنە سەرچاوەی بەهێز بۆ وروژاندنی بینەرو بوون بەپارچەیەکی زیندوو لەجەستەی نمایشدا.
هونەری گەورەی بەزیندوو ڕاگرتنی ئەکتەر و نەمردنی ئەکتەر لەسەرشانۆ، لەسەر پاراستنی جەستەو پەروەردە کردنی جەستە وەستاوە، کە هەندێ جار دەکەوێتە ژێر فشاری تەمەن و کاریگەرییەکانی،.
بەڵام کاتێ کاراکتەرێک لەگەڵ تەمەنی ئەکتەر یەکتر لەباوەش دەگرن، وەک نزیک بوونەوەی لیر پاشاو کامەران ، ئەو کاتە بە شێوەیەکی سروشتی فاکتەرەکانی سەرکەوتنی نمایشیش لێکتر نزیک دەبنەوە.
زۆر جاران ئەکتەر ئاواتی ئەوە دەخوازێ، لەو تەمەنەدا کاراکتەرێک بدۆزێتەوە، لە تەمەنی خۆی نزیک بێت،
چونکە دیارە ، لەنواندنیشدا هەر تەمەنێک، بۆن و بەرامی تایبەتی خۆی پێوەیە،
من دڵنیام بژاردە کردنی کاراکتەری لیر پاشا لای کامەران ڕەئووف بەڕێکەوت نەبووە، بەڵکو کۆمەڵێ فاکتەری هاوبەش هەبوونە لە نێوان ئەکتەرو کاراکتەر بۆ ئەو بژارەیە، لەوانە:
زەمەنی ئەکتەرو کاراکتەر زەمەنێکی لێکچوون، لەڕووی مەعدەنی ئەمڕۆی کۆمەڵگاو چاوەڕوانیە لۆژیکییەکانی خیانەتکاری و بێ نمەکی مرۆڤ.
دووفاقی و دوو ڕوویی، خۆگێل کردن لە ڕاستی و ژێرپئ خستنی بیروباوەڕ لە پێناو خود و پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتیکان.
دەبێ ئەوانەی بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێن ، باجی ساولکەیی و نەفامی خۆیان بدەن.
بۆیە بژاردەی دووەمی لیر پاشا لە ڕووی زەمەن و دەرهاوێشتەکانی، هەمان زەمەنی نیو سەدەی بەر لە ئێستایە، کە شکسپیر بۆ نیشاندانی کۆمەڵگایەکی فاسیدی وەک ئێستا دەری بڕیووە.
کەواتە کامەران لەو بژاردەیە چەند ئامانجێکی گرنگی پێکاوە، کە بەهەر هەموویان دەبنە بنەما بۆ زامن بوونی سەرکەوتن.
دوو: بژاردە کردنی فۆرم و گەڕانەوە بۆ شانۆی مێژوویی بەو فۆرمە تایبەتیەی کامەران پێشکەشی کرد، پڕکردنەوەی بۆشاییەکی گەورەیە لە ون بوونی فۆرمی کلاسیکی…کە بەشی زۆری دەرهێنەرانی ئێمە خۆی لێ دوورە پەرێز ڕادەگرن.. چونکە بەوە هەڵخەڵەتاون، کە داهێنان تەنیا لەفۆرمی مۆدێرن دایە وبینەر قەبوڵی فۆرمی کلاسیک ناکات، کەچی ڕاستیەکەی لەوە دایە ، دەسەڵاتی دەرهێنەر چەندە بۆ تێڕوانین و داهێنان، ئیتر جۆری فۆرم گرنک نیە ، بەقەد توانستی داهێنان..
زۆر جاران فۆرم خۆی بڕیار لەسەر خۆی دەدات، ئایا بەچ شێوازو ستایلێک خۆی پێشکەش بکات، هەر دەرهێنەرێک فۆرمێک بە شایەستە دەزانێت بۆ نمایش و هیچ فۆرمێک ڕەها نیە، بەڵام لای کامەران ئەم فۆرمە کلاسیکیە لێوەشاوەترین فۆرم بووە،
ڕەنگە لای سەلاح قەسەب فۆرمێکی ترو لای عەقیل مەهدی یەکێکی تر.
لەهەموو حاڵەتێکا دەرهێنەر چ فۆرمێک بە گونجاو دەزانێ، ئازادەو ڕێژەیەک لە سەرکەوتن بە دەست دێنێ، بینەر ڕێژەکەی دیاری دەکات.




لێكترازان لەنێوان تیۆرو پراكتیكدا.. حەيدەر عەبدولرەحمان

بۆ یەكەمجار لەساڵانی هەشتاكان بوو، لەئەكەدیمیای هونه ره جوانه كانى بەغدا( دانا ڕەئووف)م وەك گەنجێكی تینوو بۆ شانۆ ناسی، جارجارەش لەپەراوێزی نمایشێكی قوتابیانی ئەكادیمیا، یەكترمان دەبینی، زۆر بەچڕی دەخزاینە نێو گفتوگۆی گەرمی شانۆیی.
جارێكی تر هەر لەو سەردەمەدا لەگەڵ بینینی نمایشی (باخچەی ئاژەڵان) لەسلێمانی، لەگەڵ {دانا ڕەئووف) بەیەك گەیشتینەوە.
ئەو كات دانا، هاوكوف لەگەڵ چەند گەنجێكی دیكەی ئەكادیمی لەشانۆی ئەزموونگەری، لە هەوڵی ئەوە دابوون، فۆرمێكی نوێ بەشانۆی كوردی ببەخشن و بینەری كورد لەڕەوتێكی نوێ ڕابێنن، كە فریاد ڕەسێكی ئەو فۆرمە واقیعیە تەقلیدیە بێت شانۆی كوردی تێدا دەژیا، بەڵام ئەزموونگەری نەیتوانی وەك ڕيبازيك شوێنی خۆی بكاتەوەو پانتاییەك لەشانۆی كوردی داگیر بكات و بەئاسانی پووك نەبێتەوە.
زۆر ئارەزووم بوو دوای تێپەڕ بوونی زەمەنێكی درێژ (دانا ڕەئووف) وەك دەرهێنەر لەسەر شانۆدا ببینم، بۆ وەڵامدانەوەی كۆمەڵێ پرسیار كە بەردەوام لەمێشكمدا گینگڵیان دەخوارد.
وەك پرسیاری ئەوەی: ئایا (دانا ڕەئووف) دوای ئەو هەموو پێشكەوتنە فیكری و تیۆریەی لەو ساڵانەی دواییدا لەئەوروپا بەدەستی هێنا، ئایا بەهەمان شێوە، توانیوویەتی لەڕووی پراكتیكیشەوە توانستە زانستی وفیزیكی و لابورییەكانی خۆی پەرە پئ بداو وەك پێویست سوود لەشانۆی ئەوروپی و پێشكەوتنەكانی ببینێ؟
ئایا (دانا ڕەئووف) بەخۆی و ئەزموونی چەند ساڵەی لەكوردستان و ئەوروپا ئێستا دەتوانێ وەك دەرهێنەرێكی خاوەن ئەزموون، لەسەر پێی خۆی بوەستێ و شان بەشانی دەرهێنەرەكانی كوردستان لەسەر شانۆ ڕكابەری لەسەر داهێنان بكاو لەڤیستیڤاڵە نێو دەوڵەتیەكاندا سەركەوتن بەدەست بێنێ؟
دەیان پرسیاری دیكە، منیان بەخۆیانەوە سەر قاڵ كرد.
بەڵام كاتێ خۆی و بەرهەمەكەیم لەنمایشی (لێكترازان )بەچاوی خۆم بینی، وەك چاوەڕوانیم دەكرد نمایشەكە وەڵامی تەواوی پرسیارەكانی دامەوە و لەهەموو ئەو تەمومژییە رزگاری كردم.
بەر لەهەموو شتێ دەڵێم، ڕاستی من هەستم بەهاوسەنگ بوونی ئەو دوو لایەنە تێورییەو پراكتیكیە نەكرد كە (دانا ) وەك مەعریفەو كولتوورو تێكست ومیتۆدەكانی دیكەی شانۆ وەك كتێب و توێژینەوەو وتاری ڕەخنەیی بڵاویان دەكاتەوە، لەگەڵ فۆرم وتەكنیك و ستاتیكای شانۆیی لەسەر شانۆ وەك پراكتیك بینیمان.
بێ شك، ئەگەر بەدیدێكی ڕەخنەیی و لۆژیكی و زانستی دوور لەهیچ پێوەرێكی دیكەی مەزاجی هەڵی سەنگێنی و ئەو بەراوردە مەودا دوورەی نێوان شانۆ لەكوردستان وشانۆ لە ئەوروپا لەبەرچاو بگری، ئەوە لۆژیك وا دەخوازی، كە دەبوا ئەزموونی (دانا) زۆر لەوەندەی ئێستا دەوڵەمەند تر بێت و زۆر لەئەنجامەكانی ئەو ئەزموونانەی پەخشی سەر شانۆكارەكانی كوردستان بكردایەو زۆریشی لێ فێر بوونایە، وەك چۆن لەڕووی تیۆرییەوە سوودییان لێی بینیووە، لەڕووی پراكتیشەوە دەبوا هەروابێ.
وەك چۆن كاتێ سەڵاح قەسەب چووە یوگسلافیا ، لەوێ ئەزموونی شانۆی ( وێنە) ی لەگەڵ خۆی هێنایەوەو قوتابیەكانی ئەكامیای شانۆی لەبەغدا ڕاهێناو بەدەیان قوتابی لەسەر ئەو ئەزموونە ڕاهاتن، بەهەمان شێوە دەبوا (دانا ڕەئووف) لە ڕووی پراكتیكیەوە، وەك دەرهێنەرێكی ئەكادیمی بەلانی كەم خۆی بەهێزتر کردایە..
بەگشتی وڕاشكاوی ئەوەی چاوەڕوانیمان دەكرد، لەئاست خۆزگەكانی ئێمە نەبوون وەك ئاواتمان بۆی دەخواست
ڕەنگە فاكتەری هەرە بنەڕەتی لەو چەند خاڵەدا گرد ببنەوە:
یەكەم : ئەوەندەی دانا سەرقاڵی نووسین و توێژینەوەی شانۆیی بووە، ئەوەندە كاتی بۆ هونەری دەرهێنان و نواندن و تەكنیك و ڕاهێنانی ئەكتەر لەڕووی فیزیك و جەستەو دەنگ وئیلقاو پێرفۆرمانسەوە تەرخان نەكردووە
دووەم:هەموو پیشەیەك لەوانەش شانۆ، بەمومارەسە بوونی بەردەوام و دوور لەداپچڕان پێشكەوتن بەخۆیەوە دەبینیت، بەڵام من وا هەست دەكەم ئەومومارەسەیە لای (دانا رەووف) كەمتر بووە لەوەی بۆ دەرهێنەرێك پێویستن و دەرفەتی كەمتری بۆ ڕەخساوە و سوودێكی ئەوتۆی لە ئەزموونەكانی ئەوروپا وەرنەگرتووە.
داناـــ لەهەندێ بواردا باس لەوە دەكات كەلە سوید چالاكی هەبووە و لەشانۆی پاشایەتی كاری كردووە، بەڵام هیچ لەو چالاكییانە نەگەیشتۆنەتە كوردستان و نەبوونەتە بنەمایەك بۆ گەشەو سەقامگیر بوونی توانستەكانی لەبواری دەرهێناندا.

دەق
لەو بەرهەمەدا دەرهێنەر خۆی نووسەری دەقە، ویستیەتی فەلسەفەیەكی وجودی بۆ سەردەمێكی نامۆی مرۆڤایەتی داڕێژێ، كە تێیدا مرۆڤایەتی بەرەو لێكترازان و دابڕان دەبات و خۆپەرستیەتی و نەرگزیەتی تێدا زاڵە.
سەردەمێك مرۆڤ تێیدا دەستەمۆی بێ هودەیی و بئ ئومێدی دەكات، زۆر جاران سەلوای مرۆڤ دەبێتە تەنیا بوكۆڵەیەك كە جێی مرۆڤی بۆ بكاتەوە، بە حەسرەتی ئەوە دەبێت، كەسێك هەبێت گوێ ی لێ بگرێ و ئەویش ئازارە دەروونیەكانی بۆ هەڵڕێژێ.
دەقەكە زمانێكی سادەو ڕۆمانسییانەی هەیە و پشت بەدیالۆگ دەبەستێت، كەمتر پەنا بۆڕوداو دەبات، بەڵام كەمێك درێژە دادڕی تێدا كراوەو بۆ خوێندنەوە ئاساییە، بەڵام بۆ نمایشی شانۆیی، ناچاری ئەوەت دەكات ئامادەی بكەیت و كورتی بكەیتەوە و هەندێ لەدیمەنەكانی هەڵگریت.
بۆیە هەستم دەكرد، بونیاتی درامی دیمەنەكان مكۆم نین و پرۆسەی هەڵوەشانەوەو بونیات نانەوە لەدەقەكەدا هەیە.
پرسی كات دەرهێنەری ناچار كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی یەكسان بوونی دەق و كات.
چونكە زۆر جاران كورتی و درێژی دەق بەپێی جوگرافیاو شارستانیەت و ئاستی هوشیاریی و كولتووری و كۆمەڵایەتیەوە دەگۆڕێت، بۆیە لەسەردەمی ئێستادا ئامادەكاری بۆ دەق دەكرێت.
زۆر جاران هاوسەنگ نەبوونی كات و دەق دەبێتە هۆی شێواندنی نمایش لەڕووی دەركەوتن یا بزر بوونی كارەكتەرەكان، هەندێ جاریش ئامانج و فەلسفەی نمایش دەشێوێنێ‌.

وێنەى درامى:
بینەر لەنمایش دا هەمیشە چاوەڕێ ی وێنەی درامیە، لەو وێنانەی بونیاتی درامی گەشەپئ دەدەن.
لە (لێكترازان)دا قەیرانێك لەوێنەی درامی هەیە، بەدەر لەچەند دیمەنێكی كورت، لەوانە سەمای كۆتایی (هلند ئیبراهیم) لەگەڵ بوكۆڵەكەی وگەمەی بلقە ڕەنگاوڕەنگەكان و هەڵدانی كاغەزەكانی شاعیر.
دەكرا دەرهێنەر نمایشەكە تێرتر بكات لەوێنەی درامی، بۆ بەرزكردنەوەی ریتمی نمایشەكەو رزگاركردنی لە سارد بوونەوە مەیین كە هەندێ‌ جار باڵی بەسەر هۆڵەكەدا دەكێشا.

ئەكتەر
چاەڕوانی ئەوەمان دەكرد ئەو كۆمەڵە ئەكتەرە بە توانایە، كە پڕن لە ئەزموونی بەپێز و بەرهەمی دیارو بەرچاو، فاكتەرێكی یاریدەر بن بۆ سەركەوتنی دەرهێنەر، بەڵام ئەو دەرفەتە وەك پێویست دەستەمۆ نەكرا، بۆ ئەوەی هێزو توانستی هەموو ئەو ئەكتەرانە لەسەر ڕووپەڕی بەرهەمەكەدا ڕەنگ بداتەوە، یا ببنە دەمارێكی سەرەكی لە ئەكتیف بوونی دەسەڵاتی دەرهێنەر.
پێم وایە دیسان هەر هۆكاری تر هەبوون بۆ نادیاری ئەكتەر لەسەر پانتایی نمایشكەو كاریگەری لەسەر وروژاندنی بینەرو بەتێن كردنی ریتمی نمایشەكە. لەوانە :
زۆری ژمارەی ئەكتەرەكان و كەمی دەرفەتی دەركەوتن و نەڕەخسانی هەلی پێویست بۆ نواندنی ئەكتەرەكان و دەرخستنی تواناكانیان.
ئەم بچووك كردنەوەی ئەكتەر، كێشەی بۆ دروست كردنی شوناسێك بۆ هەر یەك لە كاراكتەرەكان دروست كردبوو.
كەهەم بێبەش بكرێن لەدەرخستنی تواناو بەهرەیان، هەمیش بینەر بێبەش بێت لە ناسینی كاراكتەرەكان لە ڕەهەندە جیاجیاكانیاندا.
بینەری كورد لەپەراوێزی چەندین ئەزموونی جیا جیادا ئاشنا بەتوانست و دەسەڵاتی زۆر لەو ئەكتەرانەیە، بۆیە كاتێ پێرفۆرمانسی ئەو ئەكتەرانە لە ئاستێكی نزمتر لە خۆیان دەبینێ، ناچارە پرسیاری زۆری لادروست بێت و بەدوای وەڵامەكانیاندا بگەڕێت.
هەر بۆ نموونە شەماڵی عەبەڕەش لە نمایشی ( باوك ) دا ڕۆڵێكی مێژوویی بینی وگەیشتە ئاستێك تا تەمەن مابێت ئەو دەرفەتەی بۆ ناڕەخسێتەوە ببێتەوە ئەو باوكەی جاران، بەڵام لەو نمایشەدا زۆر بچووك بۆتەوەو زۆر لە بەها هونەرییەكانی لە دەست دەدات، كەتێیدا بینەر دووچاری نیگەرانی بكات
شیلان عەبدوڵا لەنمایشی (بەردی سەبوری) ئاسەوارێكی بەجێ هێشت بای دە ساڵی بێدەنگی و بەزیندوو ڕاگرتنی بكات، كەچی لەو بەرهەمدا ئاسەوارێكی لە زەهنی بینەردا بەجێ نەهێشت.
ئه كته ره بە تواناكانی تریش چەشنی گۆران عەبدوڵا، محەمەد هوشیار، گۆران ناميق ، ديارى عومه ر، ره وه ند ئه حمه د، هلند ئيبراهيم، لارؤ ياسين، توانايه كى زؤريان نيشاندا، به لام شوينه واريكي دياريان به جى نه هيشت.
زۆری ژمارەی ئەكتەرەكان و كەمی دەرفەتی دەركەوتن و نەڕەخسانی هەلی پێویست بۆ نواندنی ئەكتەرەكان و كرفت بوون بؤ دەرخستنی تواناكانیان.

سینۆگرافیا
ڕووی دووەمی بۆشاییەكان لە لێكترازاندا لایەنی ستاتیكای نمایشەكە بوو، بەتایبەت لەڕووی سینۆگرافیاوە، چونكە زۆر جاران سینۆگرافیا دەبێتە ئەلتەرناتیف بۆ پڕكردنەوەی زۆر لە بۆشاییەكانی شانۆ، بەڵام لێرەدا كێشەكە لە خودی سینۆگرافیادا هەیە كە زۆر لە توخمەكانی تێڕ نەكراون.
سینۆگرافیا لە شانۆدا هونەرێكە و تایبتمەندی خۆی هەیە و ڕەنگە پیشەی دەرهێنەرێك نەبێت بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی كاری سینۆگرافیا بكات، چونكە سینۆگرافیا لێكەوتەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بینەردا هەیەو زۆربەی سەرچاوەكانی سینۆگرافیا كاریگەری خۆیان بەسەر چاوو ئیحساس و سایكۆلۆژیەتی بینەرەوە هەیە، كە تۆ سنۆگرافیات لاواز بوو ، ئامرازێكت بە دەستەوە نامێنێ بۆوروژاندن، غەیرە زمان و دیالۆگی وشك نەبێت، من وەك بینەر هەموو پەنجەرەكانی ئیحساسم خستبووە سەر پشت، چی بكەم كە تەنیا شنەیەك لەو پەنجەرانە ئیحساسیان نەجولاندم.
بینەر كاتێ دەكەوێتە ژێر تەوژمی سینۆگرافیا، خۆشی نازانێ چ كەهرۆموگناتیسێكی جەستەیی و ڕۆحی دەیهەژێنێ، بەڵام كە ئیحساسی مرد، خۆشی نازانێ لەكوێوە دەڕوخێ.
لە ئەسڵ دا بینەر نایەتە شانۆ بۆ ئەوەی گوێ ی لە وشەی بریقەدارو فەلسەفەی سواو بێت، بەڵكو بۆ ئەوە دێتە شانۆ ڕۆحی خۆی بشواتەوە و هەست بكات سەر لەنوێ لەدایك دەبێتەوە.

كل التفاعلات:
١١٢Didar Haider Nanakali، ومحسن حمد و١١٠ أشخاص آخرين




گفتوگۆ لەگەڵ شانۆکار ئەحمەد جەمیل.. ئامادەکردنی: کامەران حاجی ئەلیاس

ئەحمەد جەمیل: بینەر زیاترحەز بەنمایشێک دەکات کە کە باری دەروونی ئارام بکاتەوە کاتی باس لە مێژووی شانۆ ی کوردی دەکرێت بەتایبەتی لە شاری هەولێر، ناکرێت باس لە هونەرمەند “ئەحمەد جەمیل عەبدولسەمەد” نەکەین ئەو خاوەن مێژوویەکی پڕشنگدارە خاوەنی چەندین نمایشی شانۆ و درامایە، رۆڵێکی گرنگی بیینوە لە پێشڤەچوونی رەوتی شانۆ لە شاری هەولێر بەتایبەتی لە هەشتایەکانی سەدەی رابردوو ئێمە بۆ زیاتر ئاشنا بوو بەو هونەرمەندە لە نزیکەوە بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردوە.
هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس

  • ئەرشیفی هونەریتان دەوڵەمەندە بە چەندین بەرهەمی بەپێز ئەگەر بکرێت ئاماژەیان پێبدەیت. سەرە تای کاری هونەریم دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کاتەی کە قوتابی بووم لە قوتابخانەی مەولەوی کوِران لە شاری هەولێر کاتێ بە شداریم دەکرد لە چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستای هونەرمەند “تەحسین تەها” وە لە یەکییەتی قوتابیانی کوردستان .. لەساڵی 1975 لە ئۆردوگای رەبەت لەرۆژهەڵاتی کوردستان تیپێکی شانۆییمان بە ناوی تیپی ( خەبات) دامەزراند لەگەڵ هونەرمە ندان (موئەیەد فقێ وفەرەیدون ئاریۆخی) چەند شانۆگەرییەکمان پێش کەش کرد..
    دوایی بە شداری چەند بەرهەمێکیم لە چالاکی قوتابخانەکانی هەولێرم کردوەکو:
    ئۆپەرێتی “رووباری ژیان” لە نووسین “مدحت بێ خەو” دەرهێنانی هونەرمەند” تەحسین ها” ساڵی 1978 ،ئۆپەرێتی “داستانی شۆرش “لە نووسین “مدحت بێ خەو” دەرهێنانی هونەرمەند”تحسین تەها” ساڵی1979 ، درامای “هونەر و ژیان” لە نووسین “رێواس جاف ” دەرهێنانی “عادل عبدوڵڵا” ساڵی 1977 کە بەرهەمی تیپی کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی هەولێر بوو.
    دا کردوە لەوانە: هەروەها شداریم کرد لە چەند بەرهەمێک لەگەڵ تیپی شانۆی هەولێر
    شانۆگەری” هەبوو نەبوو” لە نووسینی” قاسم محەمەد”دەرهێنانی هونەرمەند” سەباح عەبدولڕەحمان” ساڵی 1980 بۆ تەلەفزیۆن تۆمار کرا، شانۆگەری “لاس و خەزال” لە نووسینی “نازم دڵبەند” دەرهینانی هونەرمەند “سەباح عەبدولڕەحمان” ساڵی 1983 بۆ تەلەفزۆین تۆمار کرا،درامای ” تاپۆ هەقی چی یە” لە نووسینی هونەرمەند”چەتۆ حسن” دەرهێنانی “زوهیر عەبدولمەسیح” ساڵی 1983 ،شانۆگەری “ئادابا” لە نووسینی “معاز یوسف” لە دەرهێنانی “هاشم زەینەل” ساڵی 1984
    ، درامای ” سورمە خان “لە نووسینی “محەمە یونس “دەرهێنانی “سەفوەت جەراح” ساڵی 1983، درامای “هەورو ساماڵ ” لە نووسینی”چەتۆ حسن” دەرهێنانی هونەرمەند” عادل عەبدوڵڵا “ساڵی 1980،شانۆگەری “خاتووکڵاوزەر” لە نووسین” حەمە کریم هەورامی” دەرهێنانی “سەفوەت جەراح” ساڵی 1985 ،شانۆگەری “خانە دان” لە نووسینی مۆلێر دەرهێنانی هونەرمەند”تەحسین شەعبان” ساڵی 1984،شانۆگەری “مرۆڤ و ئازارەکانی” نووسینی “پیتر ڤایس” دەرهێنانی هونەرمەند” سەباح عەبدولڕەحمان” ساڵی 1983، شانۆگەری “قەڵای دم دم” نووسینی عەرەب شەمۆ دەرهێنانی هونەرمەند”سەعدون یونس” ساڵی 1984، شانۆ گەری”حەمە دۆک” نووسینی “یەشار کەمال” دەرهێنانی هونەرمەند “تەڵعت سامان” ساڵی 1988،شانۆگەری “گوڵی نەهێنی” لە نووسین و دەرهێنانی “لەتیف نوعمان” ساڵی 1986 درامای”ئاسکە” نووسینی “حەیدر عەبدولڕەحمان” دەرهێنانی “سەعدون یونس” ساڵی 1978،شانۆگەری “مەرزی و کاکە مین” لە نووسینی “چەتۆ حەسن ” دەرهێنانی “سەعدون یونس” ،شانۆگەری “قاسپەی کەو” نووسینی “سەمیر عەبدولستار”دەرهێنانی “سەعدون یونس” ساڵی 1978،تەمسیلی”گەرەکەمان”نووسینی “چەتۆ حەسن” لەدەرهێنانی هونەرمەند”سەعدون یونس”،درامای” کۆلار” نووسینی “حەیدەر عەبدولڕەحمان” دەرهێنانی “سەعدون یونس”، شانۆگەری “مردووی سەر شۆستەکە”دەرهێنانی هونەرمەند “فەرهاد شەریف”،شانۆ گەری” نالی خەونێکی ئەرخەوانی” نووسینی هونەرمەند “ئەحمەد سالار” دەرهێنانی “حەمە عەلی خان”،شانۆ گەری” تاشە بەردوو چاڵ ” نووسین و دەرهێنانی “سەباح عەبدولڕەحمان”، شانۆگەری “شاهەر شایە” نووسینی “سەعدوڵڵا یونس” دەرهێنانی “سەباح عەبدولڕرحمان”.
    هەروەها لەگەڵ هونەرمەند بەکر مەعروف تیپی شانۆی پێشرەوی کرێکارامان دامە زراند چەندین شانۆگەریمان پێشکەش کرد لەوانە شانۆ گەری “خەبات” ،شانۆگەری “کێ بەرپرسیارە” شانۆگەری ” بەندی ژمارە 47″،هەرلەمیانی کارەکانم چەندین بەرهەمی رادیۆییمان بۆ رادیۆی بەغدا تۆمار کرد.

    *جگە لەکاری شانۆ لە دراماش دا کارت کردوە چ جیاوازیک هەیە لە رووی نواندنەوە؟

  • بەرای من جیاوازیکی زۆر هەیە لە نێوانیاندا هەیە،لە شانۆ دا هونەرمەند دەبێت خۆی زۆر باش ئامادە بکات بۆ ئەزبەرکردنی دیالۆگەکان وە کاتێکی زۆریش پرۆڤەدەکات چونکە لە کاتی نمایش راستەوخۆ رووبەرووی بینەران دەبێتەوە بۆیە دەبێت بە وردی مامەڵە لەگەڵ هەموو شتێک بکات، دەبێت باش کۆنتروڵی خۆی بکات ،بەبۆچوونی من هونەرمەند زیاتر چێژ لە شانۆ دەبینێت، بەڵام لە دراما وا نیە ئەکتەر رووبەروو کامێرادەبێتەوە بە ئارەزووی دەرهێنەر کامە گرتەیان بەدڵ بوو ئەو هەڵدەبژێرێت لە هەمەکان کاتدا کاتی ئەکتەر لەکاتی وێنەگرتن، هەڵە دەکات دەتوانێت چەندین جار دووبارە بکاتەوە، کە لە نواندنی سەرتەختەی شانۆدا ئەم حاڵەتە بوونی نییە .

    *بەو پێیەی ساڵنێکە لە هاندەران دەژیت شانۆی کوردی لەدەرەوە چۆن دەبینی؟

    زۆر بە داخەوە شانۆی کوردی لەهاندەران زۆر زۆر کزە وەک پێویست نییە لەوانەیە دووساڵ جارێک شانۆگەریک نمایش بکرێت،کاتێ شانۆگەرێک لە وڵاتێک نمایش دەکرێت،لە هەموو ووڵاتێک نمایش ناکرێت،هۆکاریش زۆرن وەکو نەبوونی کات لەلای هونەرمە ندەکان چونکە زۆربەی هونەرمەندان بۆ بژیوی ژیانیخێزانەکان کاردەکەن،هیچ لایەنێک هاوکاری مادیان ناکات زۆرجاریش لەکوردستان هەندێ تیپی هونەری بۆنمایشکردنی بەرهەمەکانیان دێنە ئێرە ئەوانیش کێش و گرفتی خۆیان هەیە..بێگۆمان کێشە زۆر ئەگەر باسیان بکەین..

    *ئاستی شانۆکوردی بەگشتی لە ئیستادا چۆن دەبینی؟

  • بە داخەوە شانۆی کوردی زۆر لەکزی دایە،بە تایبەتی لە شاری هەولێر ئەگەرلە ساڵێک نمایشیکی شانۆ بکرێت ،هۆکاریش زۆرن لەوانە کەمی هاوکاری دارایی تەرخان کراو بۆ شانۆ ، دەست نیشان کردنی دەقی خراپ، وەنە بوونی هۆڵی نمایشی شانۆیی ئەوانە هەموویان هۆکارن بۆ دابەزینی ئاستی شانۆی کوردی ، بۆیە دەبێت بەرپرسان چارسەرێک بۆ ئەو قەیرانە بدۆزنەوە، وە دوور کەوتنەوەی شانۆکارانی بە ئەزموون ئەوانە پێمان دەڵێن کەوا شانۆی کوردی لە قەیرانێکی گەورە دایە کەجێگای داخە بەڵام لە شاری سلێمانی جوڵەی شانۆیی بەربەردەوامی هەیە هیوادارم ئەو جووڵایەش لە هەموو شارەکانی کوردستان بوونی هەبێت، داوا لە شانۆکاران دەکەم با هەموویان یەک دەست بن یەکگرتووبن لە پێناو شانۆی کوردیمان.
  • بینەر چێژ لەچ جۆرەنمایشێکی شانۆیی دەبینیت (بەزمەسات یان مەرگەسات)؟

    -بە بۆچوونی خۆم لەم کاتە دا بینەری شانۆ لە کوردستان تارادەیەک بێزارە،بە باردۆخی ژیانی سەخەت گوزەر دەکات ، ناسۆرییەکانی زۆرە بۆیە حەز بەنمایشێک دەکات کە کەمێک لەو ناخۆشیانەی کەم بکاتەوە لەبەر ئەوە هەست دەکەین بینەر زیاتر حەز بەنمایشێک دەکات کە کە باری دەروونی ئارام بکاتەوە زیاتر حەز لە نمایشی بەزمەسات دەکات، بەمەرجێ پەیامێکی شانۆیی مرۆڤایەتی هەبێت نەک تەنیا ئامانج لێی تەنیا پێکەنین بێت.

    *رۆڵی و گرنگی تەکنیک بە تایبەتی رووناکی لە شانۆدا تا چەند لە خزمەت نمایش شانۆ دایە؟

  • رووناکی رۆڵیکی گرنیکی هەیە لە شانۆدا،چارە سەری زۆر شت دەکات ،هەندێک لە نمایشە شانۆییەکان بەبێ رووناکی پەیامی خۆی وون دەکات،چونکە لە رێگەی رووناکی ،دەست نیشان کردنی هەمووکاتەکانی شانۆدەکرێت بۆیە چەندە دە قی شانۆ گرنگە ئەوەندەش تەکنیکی رووناکی گرنگە بۆ شانۆ ،بەڵام بە داخەوە شانۆی کوردیمان لەم بوارەدا زۆر هەژارە بەجۆرێک تائێستا نەمان توانیوە هونەرمە ندی پسپۆری رووناکی ئامادە بکەین، بە تایبەتی لە کۆلێژ و پەیمانگاکان زۆر گرنگی بەم بوارە نادەن بۆ ئەوەی کادیری لێهاتووی رووناکی دروست بکەین ئێستا لە وڵاتی ئالمَانیا هیچ کەس ناتوانێ لەم بوارە کار بکات ئەگەر هاتوو بڕوانامەی پسپۆری رووناکی نەبێت چەندین پەیمانگا و کۆلێژی هونەری تایبەت بەم بوارە هەن ،بەو هیواییەی لە کوردستانیش گرنگی بەو بوارە بدرێت.

    *هیچ پرۆژەیەکت بۆ داهاتوو هەیە؟

  • هیوادارم کاتێ گەرامەوە بۆ کوردستان سوود لە تواناکانم وەربگیرێت ،چونکە من ماوەی(25) ساڵە لە شانۆی نورنبێرگ لە بەشی تە کنیکی رووناکی کارە دەکەم ئەزموونێکی باشم لەو بوارە دا هەیە.




نامەیەك بۆ دۆلفین.. نووسینی/ ڕزگار باهیر

١… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەنار دەریایە.
پەڕۆیەکی ڕەش بەری کادری گرتووە، لەناوە ڕاستەوە دەکرێت بەدوو لەتەوە، لەجێی دڕینەکەوە کادر ڕۆشن دەبێتەوە و دەریا دەردەکەوێ… کەناری دەریا نیشان دەدرێت کە چەند جێ پێیەکی مناڵانەی لەسەرە … ڤۆکس دەچێتە سەر جێ پێکان…. لەسەر ئاوی دەریاکە نامەیەك بەهێواشی لەنگەری گرتووەو دەڕوات.

٢… عەسرە … دەرەوەیە … بەرهەیوانی ماڵی فرۆیە.
دەنگی بانگ دەبیسترێ ، شیرینی دایکی فرۆ بەرماڵ ڕادەخات و دەست دەکات بەنوێژکردن.

٣… عەسرە … دەرەوەیە … کۆڵانە.
کامێرا لەسەر شارۆچکەکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ سەرکۆڵانی ماڵی فرۆ، دەنگی بانگ دێت و چەند مناڵێك یاری دەکەن وبەدەم گۆرانی وتنەوە پەت پەتێن دەکەن. فرۆ لەناویاندا بە قژێکی ڕەشی خاوی درێژەوە دەردەکەوێت لەگەڵ شادانی هاوڕێی قسە دەکات.
فرۆ/
شادە گیان توخوا ئەو سەرپۆشەم بەرەوە عەمرت
نەمێنێ! بەخوا دایکم وابمبینێ هەر ئەمکوژێ.
شادە/
بەخوا لای من نییە بزانە کامیان بردویانە ئێسکت
خواتە هەر یەخەی من ئەگری، بڕۆ خۆت بۆی بگەڕێ.
فرۆ ڕودەکاتە منداڵەکانی تر بەپاڕانەوە داوایان لێدەکات …………………………………
فرۆ/
دەتوخوا بمدەنەوە داوەشێن، سەرپۆش هی یاری
پێکردن نییە.
فرۆ بۆ سۆراخی سەرپۆشەکەی دەچێتە لای منداڵانی ترو بەردەوام پرسیار دەکات .دیمەنەکە دەبێت بە میوتی.

٤… ئێوارەیە … دەرەوەیە … بەردەم دەرگای ماڵی فرۆ.
فرۆ بە کزۆڵەیی لەدەرگای ماڵەوە دەدات ، شیرینی دایکی فرۆ دەرگا دەکاتەوە و دەبینێت فرۆ سەرپۆشی بەسەرەوە نیە تووشی هێستریا دەبێت و چنگی دەکات بە قژە خاو وڕەشەکەی فرۆدا بەدەستەکەی تری پێیدادەکشێ.
شیرین/
تۆ کچی کێت پێدەڵێن تاسەرت ڕووت بێ؟
ئەتەوێ ڕوو ڕەشی دنیاو قیامەتیشمانکەی؟
دایکی بەقژ ڕایدەکێشتە ژوورەوەو دەرگای حەوشە بە تووندی دادەخات ………………….

٥ … ئێوارەیە … دەرەوەیە … سروشتە.
قژ دەبارێ ، لەسەرەتا بەڕەنگی سوور و پرتەقاڵی و سپی وپاشان هەموو ڕەنگەکانی تر تا دەگاتە ڕەنگی ڕەش و کادر بەتەواوی ڕەش دەکات.

٦… شەوە … ناوەوەیە … ژوورێکی ماڵی فرۆیە.
فرۆ دانیشتووەو لەچکێکی لەسەردایەو بوووکەکەی لەباوەشدایە، لەچکێك دەکاتە سەری بووکەکەی،توند تێی دەئاڵێنێ ولەپشتی ملیەوە گرێی دەدات.
فرۆ/
نەوەڵا کەزی گیان، هیچ جوان نییە .. ئێ خۆ منیش
حەزم لە لەچك و سەرپۆش نییە بەقوربان .. بەس
چیبکەم؟ لەترسی دایکم! ئەترسم لێمان تووڕەبێ.
کەمێك وەستان و دیقەتی بووکەکەی دەدات و دەستدەکاتەوە بەقسە کردن بۆی……………….
نەوەڵا، هیچ لەچکت لێ نایەو دایکیشم قەت لەتۆی
نەیاوە.
بەخێرایی لەچکەکە لە بووکەکەی دەکاتەوەو باوەشی پیا دەکات …………………………….

٧… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
چەند کەسێك بەتۆڕی ماسی گرتنەوە مەشغوڵن، ماسییەکان دەردەهێنن و دەیکەنە سەبەتەوە …..ڕەزای باوکی فرۆ، لەژێر کەپرەکەی خۆیدا دوو سێ سەبەتە ماسیی لەبەردەمدایە و تۆڕەکانی هەڵدەگرێتەوە. ئۆتۆمۆبیلێك دێت و باوکی فرۆ سەبەتەکانی هەڵدەگرێت و دەیکاتە سندوقی ئۆتۆمۆبیلەکەو،پاشان ڕەزا لە نێو سندوقی ئۆتۆمۆبیلەکەو لە چاوی ماسییەکانەوە نیشان دەدرێت، کاتێك بۆنیتی سندوقی سەیارەکە دادەخات و کادر تاریك و ڕەش دەبێت.

٨… ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆیە.
فرۆ یاری بەقژی بووکەکەی دەکات و بۆی دەکات بەپرچ، تەماشای ئاوێنە دەکات و دیقەتی بووکەکەی دەداتەوە و پەشیمان دەبێتەوە وپرچەکانی بەپەلە بۆ دەکاتەوە.
فرۆ/
نا .. نا ، ئاوا زۆر ناشرینە کەزی خان
بەکراوەیی بەبێ بەستنەوە جوانترن.

٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
فرۆ هەندێك گوڵ ئاو دەدات، کەلە ناو سەتڵێکی فافۆندا چاندوونی … دایکی فرۆ بەدوو شووڵی ماسییەوە لێ ی نزیك دەبێتەوە.
شیرین/
ئەوە سەعیت لەسەر نییە؟ واهەرخەریکی خۆ
مەشغوڵکردنی.
فرۆ/
نەخێر دایە ، وەزیفەکەم نووسیەوە.
شیرین/
دەبچۆ چەقۆ گەورەکەم بۆ بێنە بۆ لای تەنکیەکە،
فرۆ/
لەکوێ یە؟
شیرین/
لەچاڵایی چاوتایە، ئەوەتا لای تەباخەکەیە.
دایکی بەرەو لای تەنکی حەوشە دەچێت و فرۆش بەرەو ژوورەوە دەڕوات بۆ چەقۆکە ……

١٠… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەرتەنکی حەوشە.
دایكی فرۆ لەبەر تەنکیەکەدا دانیشتووە و ئاوڕ دەداتەوە بۆلای دواوە بۆ فرۆ و بەدەنگی بەرز بانگی دەکات.
شیرین/
ئەوە نەتهێنا گێژو وێژ؟
دەنگی فرۆ/
با.. با، واهێنام.
دایکی فرۆ ماسییەکان لە شوڵەکە دەکاتەوەو دەیکاتە ناو سوزگییەکەوە ……………………..

١١ … ڕۆژە … دەرەوەیە … بەرهەیوان وحەوشەی ماڵی فرۆیە.
فرۆ چەقۆیەکی پێیە و بەخێرایی بەرەو لای دایکی دەڕوات ………………………………

١٢… ڕۆژە … ناوەوەیە … حەوشەی ماڵی شادەیە.
باوکی شادە لەسەر قەرەوێڵەیەك نووستووە… شادە دەیەوێ خەبەری بکاتەوە…………….
شادە/
دەهەستە خەوخۆش …دەهەستە…. دەی
هەستە باوە گیان ، بەسبنوو…ئۆی خوایە
گیان.
سەرکەوتی باوکی هەرتەپاو تلێتی وهەڵناسێ و شادە هەر خەریکی خەبەرکردنەوەیەتی…

١٣…ڕۆژە … دەرەوەیە … بەر تەنکی ..گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی (١٠).
دایکی فرۆ پوولەکەی ماسی لێ دەکاتەوە بەچەقۆکەو فرۆش بێتاقەتەو تەماشای دایکی دەکات.
شیرین/
دەبچۆ باوانم ئەو بڕبەنەشم بۆ بێنە..دەی گوڵ.
فرۆ/
ئۆ هۆ بۆ چیتە؟
شیرین/
ئەی نابینی چەقۆکە کولەو پوولەکە ناوەرێنی؟
دەی ڕاکە لەدەورت گەڕێم.
فرۆ/
من بڕ بڕە چوزانم ، خەریکە شەق بەرم
شیرین/
بۆ شەق ئەبەی عەیار؟
فرۆ/
ئەی هەموو ڕۆژێك ماسی، ماسی! کەی تێر
ئەخۆن؟
شیرین/
خوا هەر ئەوەی یاوە! ئەی ئەگەر باوکت ئەم
کاسبییەشی نەبووایە چیمان بخواردایە؟ بەخوا
نانی وشکیشت دەست نەئەکەوت.ناشوکورمەبە.
فرۆ/
ئاخر گوناحن ! ئێوە زۆر ئەکوژن !
شیرین/
ئەوەنەچەنە مەیەو بڕۆ بڕبەنەکەم بۆ بێنە کچێ.

                                           فرۆ/
                  من نازانم کامەیە !
                                           شیرین/
                  ئەی تۆ هەر ڕاکە ڕاك و سەر ڕووتکردن
                  ئەزانی؟ ئەك خوا بتبڕێ بۆ چ کچێکی.

دایکی فرۆ دەڕوا بۆ ژوورەوەو فرۆش لە ماسییەکان نزیك دەبێتەوە و دوو ماسی دەخاتە سەر هەردوو لەپی دەستی.

١٤…ڕۆژە .. ناوەوەیە … حەوشەی ماڵی شادە. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی (١٢).
سەرکەوتی باوکی شادە هەڵساوەو هەر لەسەر قەرەوێڵەکە ڕاکشاوە و شادەش لەلایەوە دەستی لەسەر شانێتی.
سەرکەوت/
چیت ئەوێ بەقوربان، بۆناهێڵی بخەوم؟
شادە/
هەستە هەر ئەخەوی! بچۆ بۆئیش، تۆش وەك
باوکی فرۆ ماسی بگرەو بووکە شووشەیەکی
وەك کەزی خانم بۆ بکڕە.
سەرکەوت/
کچم من شەو تا بەیانی حەرەسیاتی دوکان و
بازاڕ ئەگرم ڕۆژەکەژم پێ ڕەوا نابینی تاوێ
بخەوم.
شادە/
نەوەڵا حەرەسیات خراپە..ماسی گرتن باشە.
سەرکەوت/
نا کچم بەقوربان هەر کەسەو ئیشی خۆی..
بەڵێن بێت منیش سەری مانگ کە معاشمان
وەرگرت، بووکە شوشەیەکی وەك ئەوەی
فرۆت بۆ بکڕم.
نەسرینی دایکی شادە دێت و هەندێك پیاڵەو سینی و قۆرییەکی بەدەستەوەیە ………………..
نەسرین/
ئاخری، تا هەڵت نەسان کۆڵت نەیا، هەی
نازانم بەچی بیت.

١٥… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەر تەنکی. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی (١٣).
فرۆ بەدیار ماسییەکانی سەردەستیەوە ڕاماوە لە ناخی خۆیدا قسە دەکات (مۆنۆلۆژی ناوەکی).
فرۆ/
ئاخر ئیوە چیتان کردووە بەقوربان
وا ئەمانە هەر ئەتانکوژن…بتانخەمە
قاپێكەوە یاریم بۆ ئەکەن؟ دەی هەر
ئێستا ..هەر ئێستا.

١٦… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
دەنگی نارنجۆکێك دێت و فوارەی ئاو بە ئاسماندا دەچێت … هێوەر دەبێتەوەو ماسی سەر ئاوکەوتوو نیشان دەدرێت. ڕەزا باوکی فرۆ لە ژیر کەپرەکەیەوە دێتە دەرەوەو سەیر دەکات و توڕە دیارە.
رەزا/
هەر ئەوەیان ماوە ڕومانە بەخۆمانا بتەقێنن.
دەڕواتەوە بۆلای کەپرەکەی وشەقێك لە کۆڵەکەی کەپرەکەی دەدات ومقەستێكی بەدەستەوەیە فڕێی دەداتە سەر شەبەکەو داوی ماسییەکان.

١٧… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
فرۆ دەستی و ماسییەکانی خستۆتە پشتی و بەرەو ژوورەوە دەچێت و دایکی بەرەو ڕووی دێت.
شیرین/
ئا ئەمە بڕبەنەکەیە تێگەیشتی؟
فرۆ/
باشە .. باش.
شیرین/
بەخوا بەقەد من ئەزانی پیرێژن! بەس
تاقەتت نەبوو بچی بیهێنی هەی تەمەڵی
تەوەزەل.
فرۆ و شیرینی دایکی هەر یەکەیان بەپێچەوانەی ئەوی تر دەڕوات ………………………..
١٨… ڕۆژە … ناوەوەیە … موبەقی ماڵی فرۆی.
کەوانتەرێكی زۆر سادە و کۆمەڵێك قاپ و مەنجەڵ و هەندێك پێداویستی مەتبەخ دانراوە لەگەڵ تەرمۆزێکی ئاو سارد کردن. فرۆ دێتە ژوورەوە، دەچێ قاپێکی قووڵ لە کەوانتەرەکە دەردەهێنێ و دوو ماسییەکەی تێ دەکات و دەچێتە لای تەرمۆزەکەو دەست دەنێت بە بەلوعەی تەرمۆزەکە و قاپەکەی دوو ماسییەکەی تێدایە نیوە دەکات لە ئاو…… پاشان بووکەکەی لەسەر بەڕەیەك لە لای پەنجەرەکەوەیە بە خۆیی و قاپی ماسییەکانەوە دەچێتە لای بووکەکەی.
فرۆ/
کەزی گیان ئێستا ماسییەکان چاك ئەبنەوە و
یاریمان بۆ ئەکەن.
فرۆ دڵخۆشە و بووکەکەی ئامادە دەکات بۆ بینین ، کە ماسییەکان ناجوڵینەوە دەستیان تێوە دەدات و دەیان جوڵێنێ .
ئەوەچی یە؟ خۆ ناجوڵێنەوە کەزی خان.

١٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەر تەنکی لە حەوشەدا.
شیرینی دایکی فرۆ هەر ئەمدیو ئەودیوی ماسییەکان دەکات دەیانژمێرێت وەك ئەوەی هەست بە نوقسانیان بکات. لە ناخی خۆیدا هەر یەك و دوویەتی.(مۆنۆلۆژی ناوەکی).
شیرین/
هەرکەتنی ئەو سەر تاشراوەیە.

٢٠… ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆ.
فرۆ یاری بەماسییەکان دەکات و قسە بۆ کەزی خان دەکات ……………………………….
فرۆ/
دەی عەمرت نەمێنێ، ئەوە تۆش بۆ قسەیەک
ناکەی؟چییان لێ بکەم باشە.
شیرینی دایکی فرۆ لەم کاتەدا خۆی دەکات بەژوورداو تووڕە دیارە ………………………
شیرین/
ئەك بەزیادی خێرم نەکرد، لەبری ئەوەی
یارمەتیم بەیت، ماسیشم لێ ئەشاریتەوە ..
بێنە .. بێنە.. درەنگە باترش خوێیانکەم.
فرۆ/
من نایدەم! ئەم دووانە بەشەکەی خۆمە، من
نایانخۆم یارییان پێ ئەکەم.
شیرین/
کچێ بێنە بێ مێشك! یاریی چی؟ ئەوە ماسی
خواردنە خواردن.
فرۆ/
نا دایە گیان من نایخۆم، با لە ئاوەکەیابن تا
لەمەکتەب دێمەوە چاك ئەبنەوە ئیتر یاریمان
بۆ ئەکەن.
شیرین/
تۆ مێشکت کای تیایە بێ ئەقڵ !؟ یارچی ؟
ماسی بەس لە ئاوا ئەژی.
فرۆ/
ئەی ئەوە نیە لە ئاوان؟
شیرین/
ئەم ماسییانە لە ئاو دەرهاتوون، لەبەر ئەوە مردوون
ئیتر سەد ساڵ بیخەیتەوە ناو ئاو جارێکی تر ناژین.
فرۆ/
ئەی بەشکو چاك بوونەوە؟
شیرینی دایکی فرۆ پڕ ئەداتە قاپە ئاوەکەی ماسییەکانی تێدایە و بەزۆر لێی دەسەنێ، فرۆ دەست دەکات بەگریان.
شیرین/
تۆ کەڵکی قسەت نییە.
فرۆ/
دەبێنە .. دەبێنە.. بێنە بمدەرەوە.
شیرین/
بۆگەن ئەکا بۆگەن هەی ڕەزا قورس! بێدەنگ بە.
فرۆ زیاتردەنگی گریانی بەرز دەبێتەوە …………………………………………………..
ئەوە لەگەڵ تۆم نیە ناشرین بێدەنگ دەی .
فرۆ/
بێدەنگ نابم، وەڵ هەر ئەگریم.
شیرینی دایکی فرۆ زلەیەك لە فرۆ دەدات …………………………………………………
شیرین/
هەردوو چاوت دەردێنم! نەکەی لە ڕووما
هەڵگەڕێیتەوە. بەو خوایەی تاکو تەنیایە ئەبێ
ئەمڕۆ ئەمە جێت بێ و نەچیتەوە دەرەوە …
مەکتەبیش ناچی !
دایکی فرۆ بە خۆی و قاپی ماسییەکانەوە دەچێتە دەرەوە و دەرگای ژوورەکە دادەخات…….

٢١… ڕۆژە … دەرەوەیە … ڕێگەی قوتابخانەی سەرەتایی شارۆچکەکەیە.
منداڵان بەرەو قوتابخانە دەڕۆن و شادە لە نێو ئەو قوتابیانەدا نیشان دەدرێ کە ملی ڕێگەیان گرتووە بۆ قوتابخانە دەچن.

٢٢ … ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆیە.
شرینی دایکی فرۆلە نوێژبۆتەوەو دووعا دەکا وهەردوو دەستی بەرەو ئاسمان بەرزکردۆتەوە لەپشتەوە فرۆ دیارە لەکادرا نووستووە.
شیرین/
خوای گەورە بە گەوەریی و عەزەمەتی خۆت
ڕەحممان پێ بکەیت و بەئەهلی ئیمانمان حساب
بکەیت … ئیمانمان سەلامەت بێ و لەکردەوەی
خراپمان عەفومانکەو ڕەحم بەمردووکانیشمان
بکەیت خوای گەورە. ئەو پیاوەشمان بۆ بپارێزی
و ڕزق و ڕۆزی زیادکەیت، ئەو تولفەشمان بۆ
بپارێزی … ئامین یاڕەبەل عالەمین.
دایکی فووبە چواردەوری خۆیدا دەکات وتەواو دەبێت لە نوێژکردن وهەڵدەسێ وبەرماڵەکەش دەدات بەسەر فرۆدا.
٢٣… ڕۆژە … دەرەوەیە … سروشتە.
فرۆ بەسەر جۆلانەیەکەوەیە کە بە لقی دارێکەوە هەڵواسراوە و دارەکە کۆمەڵێ سەرپۆشی پێدا هەڵواسراوە لە بەشی خوارەوەشی لەلای پێیەکانی فرۆە ئاوێکی ڕوونی تەنک دەڕوات.هەندێك هەنجیر و سێو و هەنار بەسەر ئاوەکەوە دەڕۆن… فرۆ لەم دیمەنەدا هەموو جەستەی ڕووتەو قژیشی بەرەڵایە وهەنجیرێك یان سێوێك یان هەنارێك لە دارەکەی جۆلانەی لێبەستراوە دەکاتەوەو دەیخوات ، لەکاتی جوڵان و جۆلانەکردندا جاروبار قاچی بەر ئاوەکەی ژێری دەکەوێت زۆر دڵیخۆشە.
دەنگی شیرین/
فرۆ … فرۆ ….فرۆ..
فرۆ ڕادەچڵەکێت و خەبەری دەبێتەوە و ئارەقێکی زۆری کردۆتەوە ……………………….

٢٤ … ئێوارەیە … دەرەوەیە … بەرهەیوانی ماڵی فرۆ.
ڕەزای باوک و شیرینی دایکی فرۆ لەبەر هەیوانەکەدا سفرەیان ڕاخستووەو ناندەخۆن. شیرین بەدەنگی بەرز بانگی فرۆ دەکات.
شیرین/
دەوەرە کچم … بەقوربان …دەهەستە وەرە
نانەکەت بخۆ باوانم.
دەنگی فرۆ/
ئەوا هاتم .. باشە … باشە.
فرۆ لەم کاتەدا بەچاوی خەواڵ و دەموچاوێکی مۆنەوە دێتە بەر هەیوانەکە ………………..
ڕەزا/
دەوەرە باوەی باوە، وەرە باوەشم بۆ نەچوویت
بۆ مەکتەبەکەت! لەگەڵ دایە شەڕت بوو؟
شیرین/
ئەگەر تۆ لەباتی من بوویتایە لێشت ئەیا و
ئینجا نەت ئەهێشت بچێتەوە بۆ مەکتەبەکەی.
ڕەزا باوکی باوەشی پێدا دەکات دەیەوێت بیهێنێتە سەر سفرەکە ………………………….
ڕەزا/
دەی ..دەی ..باوکەکەی باوکم ! بەقوربانی
کچی خۆمبم.
شیرین/
وازی لێبێنە بابچێ دەم و چاوی بشواو بێ
نانەکەی بخوا.
فرۆ/
من ئیتر قەد ماسی ناخۆم …
شیرین/
لێمان هەڵئەکەویت … باشە هێلکەمان هەیە
بۆت دەکەم.
رەزا/
بەوخوایە وای لەگەڵابکەی ژنەکە.. ئیتر تا
کاتی مەکتەب لەگەڵ خۆما ئەیبەم.
شیرین/
ئەگەر بەیانیش بوو پاش نیوەڕان بیبە …
فرۆ/
وەڵا ئەچم.
ڕەزا/
لەسبەینێوە کچی خۆم ئەبەم …
شیرین/
کورە من خەمی ئاوەکەمە لێ ی ئەترسم ئەگینا
بۆ نایبەی .
ڕەزا/
خەمی ئاوت نەبێ .
شیرین/
دەبیبە .منیش خەمێکم لەکۆڵ ئەبێتەوە . باشترە
بابچم هێلکەو رۆنەکەی بۆ بکەم.
شیرین دایکی فرۆ دەڕوات بۆ ژوورەوە و ڕەزای باوکی باوەش بە فرۆدا دەکات و ماچی دەکات.

٢٥… شەوە … دەرەوەیە … بازاڕە.
سەرکەوتی باوکی شادە نیشان دەدرێ بەتفەنگێکەوە لە لای دوو ڕیز دوکان هاتوو چۆ دەکا و خەریکی پاسەوانیە.

٢٦… فرۆ و شادە لەماڵەکانەوە بەڕەو کەناری دەریا دەچن، فرۆ بووکە شووشەکەی لەسەر شانەو شادەیش وێنەیەکی دۆلفینی بەدەستەوەیە… سەرەتا دەنگی فرۆ و شادە لەسەر ئەم دیمەنە هەیە.
فرۆ/
زۆر جوانە شادە گیان، ئەوە لەکوێت بوو؟
شادە/
باوکم بۆی کڕیم.
فرۆ/
ئێ خۆ تۆ ئەزانی من ماسیم چەند خۆش ئەوێ
هەر حەزیش ناکەم خەڵك بیانخوا… بۆ نایدەی
بەمن ؟
شادە/
ئاخر باوکم بۆ منی کڕیوە، وتی ئەمە ناوی
هینە… هین .. ئاخ، وەڵا بیرم چووەوە.
فرۆ/
ئەمە باوکی ماسییەکانە ئەو شەوەش لە
تەلەفزیۆن زۆری نیشاندا،هەموو دایك و
باوکەکان.
شادە/
منیش بینیم … باوکم وتی ئەمانە مرۆڤیان
خۆش ئەوێ و زۆر زیرەکن لەژێر ئاوان.
فرۆ/
ئا .. ها .. دیارە لەژێر ئاوەکەیان … بۆیە
ئێمە نایانبینین.
شادە/
ئەی چۆن؟
فرۆ/
دە دەی داوەشێی با شەوێك لام بێ.
شادان/
تۆش کەزی خانم بەرێ با لام بێ.
فرۆ/
ها.. دەی بالات بێ بەس ئاگات لێی بێت،
دەی تۆش ڕەسمەکەم بەرێ.
شادە/
بەخوا تۆ ماسیت زۆر خۆش ئەوێ.
فرۆ وێنەکە دەخاتە ژێر کراس و پانتۆڵی بیجامەکەی و لەسەر ئاوەکە بەچیچکانەوە دائەنیشێ .. دەم و چاوی فرۆ لەژێر ئاوەکەوە نیشان دەدرێ ئاو دەخواتەوە …دواتر بەگوپ ئاو ئەکا بە شادەدا و ئەویش ئەیکا بەشەڕە ئاو لەگەڵیا … قا قاو پێکەنین و هەڵدانی ئاو بۆ یەك تێکەڵ بە جریوەی تەیر و تیر و چۆلەکەی سروشت دەبێت.

٢٧… ڕۆژە … دەرەوەیە … بازاڕە.
شارۆچکەکە نیشان دەدرێ لەگەڵ وێنەی گشتی بازاڕ، پاشان بۆ سەر دوکانی ماسی فرۆشێك … ڕەزا باوکی فرۆ پارەی لێوەردەگرێ.
دوکاندار/
وەزعی ئەمساڵم بەدڵ نییە… ماسییەکان زۆر
جوان نین زۆریشتان لەسەر زیاد کردووین.
ڕەزا/
جا چی لەجێ ی خۆیا ماوە بێقەزابیت !؟
ئەزانی ئەمساڵ قومبەلە چی بەماسی کرد؟
بەدنیایەك بەرتیل و دەست ماچ کردن تا
شوێنێکمان دەست ئەکەوێ،لەولاوە ڕاوچی
قومبەلەیەکی تێ فڕێ ئەیاو ڕیسەکەمان
ئەکاتەوە بەخوری.
دوکاندار/
لەچاو ئەوەشا هەر گرانە…تۆ چیت پێیاوە؟
ڕەزا/
جا خۆ تۆش لەگیرفانی خۆت نامدەیتێ…
دوای لە مشتەری وەریئەگریتەوە.
دوکاندار/
ئەی وایە.

٢٨… شەوە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی شادەیە.
شادە یاری بە بووکەی فرۆی هاوڕێی دەکات و دایکی دەرئەکەوێت و دێت بۆ لای ……….
نەسرین/
کچم پێم وتی عەیبە! بووکەکەی بۆ بەرەوە
وەعد بێت بە باوکت بڵێم بوکێکت بۆ بکڕێ.
شادە/
ئاخر پێم وتی منیش ڕەسمی ماسییە گەورەکەم
داوەتە ئەو ئەمشەو لای بێ … لەڕوم نایەت
لێ ی وەرگرمەوە.
نەسرین/
منیش ناڵێم لێ ی وەرگرەوە.. ئەڵێم بووکەکەی
بۆ ببەرەوەو ڕەسمەکەشی لێوەرمەگرەوە …..
شادە/
باشە بەس کەی بۆم ئەکڕن؟
نەسرین/
هەر باوکت حەرەسانەی وەرگرت پێ ی
ئەکڕم.

٢٩… شەوە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
ئاسمانی شینی پڕ ئەستێرە نیشان دەدرێ تا دێتە سەر وێنەی دۆلفینێك و پاشان دەستی فرۆ،کە بەوێنەکەوەیە و لەسەر جێگەکەی پاڵکەوتووە بەرامبەر دەمووچاوی گرتویەتی و تەماشای وێنەکە دەکات.
فرۆ/
بەخوا من حەز ناکەم کەس بەچکەکانت بخوا
بەڵام کەس بەقسەم ناکا… توڕە مەبە، من ئیتر
قەت قەت بەچکەی تۆ ناخۆم! من حەز ئەکەم
بۆ خۆیان لە ئاوا هەر یاری بکەن.

٣٠… ڕۆژە … دەرەوەیە… پۆلی قوتابخانە.
لەناو پۆلدا مامۆستای وێنە، وێنەیەکی لەسەر تەختە ڕەشەکە دروستکردووە و لەبەردەمیا وەستاوە.
مامۆستا/
ئادەی فرۆ ئینجا بزانم پرسیارەکەت چی بوو؟
فرۆ/
مامۆستا ئەم ماسییە ناوی چی یە؟ باوکم وتی
نەهەنگە وایە؟
مامۆستا/
ئەبێ نەهەنگ بێ فرۆ گیان!.. تۆ باوکت
ماسیگرەو ئەیزانێ… ئادەی باسەیری بکەم.
فرۆ وێنەی دۆلفینەکە دەدات بە مامۆستاو ئەویش سەیری دەکا و پاش کەمێك تێ ڕامان …..
ئۆو فرۆ … ئەمە نەهەنگ نییە … دۆلفینە
زۆر مرۆڤ دۆستە.
فرۆ/
دلڤین؟
مامۆستا/
نا … دۆلفین .. دۆلفین زۆریش زیرەکە.
فرۆ/
دۆلفین …. دۆلفین کە ناوێکی خۆشە.
مامۆستا/
ڕاستە …. ئەها منداڵینە فرۆی هاوڕێتان
وێنەیەکی چەند جوانی پێ یە ..ئەمە وێنەی
دۆلفینە با ئێوەش بزانن.
ڕازاو/
مامۆستا منیش لە فیلمەکەیا بینیم ، بەس
نەمزانی ناوی چیە.. یاری لەگەڵ مناڵان
ئەکرد.
مامۆستا/
ناوی دۆلفینە بیرتان نەچێتەوە.
کەژاڵ/
مامۆستا منیش لە ئەفلام کارتۆنا بینم لەسەر
ماسییە بچکۆلەکان وبۆقەکانی دەکردەوە.
مامۆستا/
ڕاستە … دۆلفین یارمەتی هەموو جۆرە
گیاندارێك ئەدا، چونکە زۆر زیرەک و
گوێ ڕایەڵە …ئێوەش حەزئەکەن وابن؟
هەموو قوتابیەکان/
بەڵێ مامۆستا…………………….
مامۆستا/
دەکەواتە ئەبێ دەرس و دەوری باش بکەنەوە
سەعی زۆر بکەن و یەکتریشتان خۆش بوێ.
لەم کاتەدا جەرەسی وانە تەواو بوون لێدەدرێ بۆ قوتابییەکان ………………………………
هەموو قوتابییەکان/
بەڵێ بەسەرچاو.
مامۆستا ئەچێتە دەرەوەو قوتابییەکان هەندێکیان بۆ لای فرۆ و هەندێکیشیان جانتا دەدەن بە شانیاناو بۆ دەرەوە دەڕۆن.

٣١… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی قوتابخانە.
حەوشەی قوتابخانەیە و کۆمەڵێ قوتابی یاری دەکەن و دێن ودەچن .فرۆ دێت و لەحەوشەکەدا چاو بۆ شادە دەگێڕێت… تا ئەو کاتەی شادە دەبینێ و دەچێت بۆ لای.
فرۆ/
شادە ئەوە وێنەکەیە ئەزانی ناوی چی یە؟
شادە/
ئا ..باوکم پێ ی وتم دیسان بیرم چووەوە.
ناوی چی بوو؟
فرۆ/
بابڕۆین پێت ئەڵێم.
شادە/
نایەم ناوی چی بوو؟
فرۆ/
سا وەڵاهی تانەیەی بۆ ماڵی ئێمە نەوێنەکەت
ئەدەمەوەو نە ناوەکەیشت پێ ئەڵێم.
چۆپی قوتابیەکی قوتابخانەیەو هاوڕێی فرۆ و شادەیە و لەگەڕەک دراوسێیانەو دێت بۆ لایان.
چۆپی/
دەی خێرا بڕۆنەوە خۆتان بگۆڕن و وەرن
بۆ خەت خەتێن.
فرۆ/
باشە .. باش … وتت چی شادە؟
شادە/
دەی بابڕۆین.
فرۆ/
ها ئەوە ڕەسمەکەتە .
شادە/
قەیناکە بۆ خۆت .. بابڕۆین ..چۆپی ئێمە
جارێ نایەین.
بەڕاکردن فرۆ و شادە چۆپی جێ دەهێڵن دەڕۆن ………………………………………….

٣٢… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
ڕەزا باوکی فرۆ لە ژێر کەپرێك بە دەرزی و دەزوی تایبەت خەریکی توند کردنەوەی تۆڕی ماسییەکانەو لەبەر خۆیەوە گۆرانی دەڵێت تا ئەو کاتەی دەرزییەک دەچێت بەدەستیا.

٣٣… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
فرۆ وشادە خەریکی یاری چاوچاوێنەن بەوێنەی دۆلفینەکە، وێنەی دۆلفینەکەیان لەدوور داناوە وخۆشیان تاکە و تاک بەچاویان دەکەن. واتە دەست بەچاوێکیانەوە دەگرن و سەیری دەکەن وپاشان دەست بەچاوەکەی تریانەوە دەگرن و سەیری دەکەن ،چەند جارێک ئەم یارییە بەخێرای دەکەن کە وێنەی دۆلفینەکە دەبینین واهەست دەکەیت جوڵە دەکات.
شادە/
هەی لەوە دۆلفینەکە یاری ئەکا.
فرۆ/
توخوا یارییەکی خۆش نیە شادە؟
فرۆ بووکەشووشەکەی کەزی خان دەخاتە باوەشی و دەیەوێت بەویش هەمان یاری بکات…..
دەی بائەمیش سەیر بکا .
شادە/
تۆ هەموو ماسییەکان و دۆلفینت زۆر
خۆش ئەوێ.
فرۆ/
ئەی چۆن بەس خوابکا لەکەنار دەریاکە
بیبینم یەکسەر شکاتی باوکم و ئەوانی لا
ئەکەم.
شادە/
عەمرت نەمێنێ چۆن مناڵ شکات لە باوکی
خۆی ئەکا؟
فرۆ/
ئەی بۆچی بەچکەکانی ئەو ئەکوژن، منیش
پێ ی ئەڵێم.
شادە/
ئینجا خۆ دۆلفین گوێ ی لەتۆ نابێ.
فرۆ/
چۆن گوێی لێ نابێت؟ ئەی مامۆستا نەیووت
زۆر زیرەکە.
شادە/
دەبێنە کەزی خان بە بەمن و خۆشت یاری
بەڕەسمەکەی دۆلفین بکە.
لەم کاتەدا شادە دەست دەبات بۆ لەچکەکەی فرۆ بۆ ئەوەی لە سەری بکاتەوە بەڵام فرۆ ناهێڵێ.
دە ئەم لەچکەش لایە توخوا ! خۆ دایکت
دیار نییە.
فرۆ ناهێڵێ و بەپەلە لەچکەکەی توند دەکاتەوە و دەڕوات بۆ لای گوڵی ناو سەتڵە فافۆنەکە.
فرۆ/
نا..نا.. نابێت ، شادە من ئەچم گوڵەکان
ئاو ئەیەم خەریکە سیس ئەبن.
شادە/
تۆ گوڵەکانیشت خۆشەوێت؟
شادە یاری بەکەزی خان دەکات و فرۆش دەچێت بەلای گوڵەکانی ……………………….

٣٤… شەوە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
مانگەشەوە … ڕەزا باوکی فرۆ تۆڕ هەڵئەداتە ناو ئاوی دەریا …. ئۆتۆمۆبیلێك لەدوورەوە لایتەکانی دەرئەکەوێ و کامێرا بەرەو ڕووی لایتەکانی دەچێت و پاشتر بۆ سەر خۆری بەیەیانی لەدیمەنی داهاتوودا.

٣٥… ڕۆژە … ناوەوەیە …. ژورێکی ماڵی فرۆیە.
فرۆ خەریکی وێنە کێشانە لە پڕ بووکەکەی کە بەلای دیوارەکەوە پاڵی داوەتەوە دەکەوێت بەسەر دەفتەری وێنەکەیدا، پاشان راستی دەکاتەوە بەپەلە دیسانەوە دەکەوێتەوە بەسەر دەفتەرەکەیدا ، هەر بۆیە فرۆ دەکێشێ بە قاچی بووکەکەیدا.
فرۆ/
دانیشە سەدجارم پێ وتی نابێ هاروهاجی
بکەی، کەچی هەرشتم لێ تێك ئەیەی!
شیرینی دایکی فرۆ لەم کاتەدا خۆی دەکات بە ژووردا …………………………………….
شیرین/
ئەوەچیە دیسان؟
فرۆ/
بەقسەم ناکا !
شیرین/
جا ئەوە گوێی لەچییە کچم..تابەقسەت بکا.
فرۆ/
ئەی بۆ من بەقسەی تۆ ئەکەم؟
شیرینی دایکی فرۆ دادەنەوێتەوەو ماچی فرۆ دەکات …………………………………..
شیرین/
چونکە تۆ عاقڵی و گوێت لەهەموو
شتێکە. دەی هەستە خۆت بگۆڕە و
بابجین بۆ بازاڕ بۆلای باوکت.
فرۆ/
ئینجا باوکم کوا لە بازاڕە؟لەسەردەریایە.
شیرین/
با عەیار ! بەڵام خۆی وتی سەعات یانزە
لە بازاڕ لای ماسی فرۆشەکە چاوەڕوانتانم.
فرۆ دەفتەری وێنەو قەڵەمەکانی دەکاتەوە جانتەکەی و دایکیشی کەزی خان بۆ دەخاتە لایەکی تر.

٣٦… ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی شادەیە.
باوکی شادە نووستووە، نەسرینی دایکی چای تێکردووە بیخواتەوە، شادە لە پەنای دایکیایەتی.
نەسرین/
دایە بەقوربانت بێ، هەر ئێستە هەڵی
ئەسێنم و پێ ی ئەڵێم بتبا بۆ بازاڕ
بووکە شووشەیەکی وەك خۆت جوان
بۆ تۆ و تۆپێکی چاکیش بۆ شادومانی
برات بکڕێ.
شادە/
دەتوخوا خێراکە ..ئەی شادومان نایەت؟
نەسرین/
باشە باش .. نائەو نایەت لەگەڵتان ئەو
چووە دەرەوە لە کۆڵان یاری ئەکا.
شادە/
ئەبێ خۆشت بێ ی لەگەڵما.
نەسرین/
منی بۆ چییە کچم؟ باوکت خۆی ئەزانێ
شادە/
نەخێر هەر ئەبێ بێیت؟
نەسرین/
ئاخر لەبەر شادومانی برات نابێت بەتەنها
بێت.

٣٧… ڕۆژە … دەرەوەیە… بازاڕە.
بازاڕی گشتی شارۆچکە نیشان دەدرێ، پاشان لەبەر دوکانی ماسی فرۆشەکەدا فرۆ ودایکی نیشان دەدرێت چاوەڕوانیان پێوە دیارە و لەم کاتەدا ڕەزای باوکی فرۆش پەیدا دەبێت. فرۆ لوتی گرتووەو بێزاری پێوە دیارە کە ماسییەکانی لای ماسی فرۆشەکە دەبینێ..
ڕەزا/
چی یە فرۆ گیان بۆنی ماسیت پێناخۆشە؟
فرۆ/
نەوەڵا گوناحن، بەوخوایە لای دۆلفینەکە
شکاتتان لێ ئەکەم… هەمووی خەتای
تۆیە دەریان ئەهێنی لەئاوەکە.
ڕەزا/
باشە بێ عەقڵ باش.
رەزا پاش سڵاو پارە وەردەگرێت لە ماسی فرۆشەکەو دەیان بژێرێ و هەندێکی دەدات بە دایکی فرۆ.
فرۆ/
پارەمان ناوێ … ماسیەکان مەکوژە گوناحن
ڕەزا/
نا..نا .. کچم، ئێمە بەمە ئەژین و ئەوانیش
گوناح نین ….. تۆ ماچێك بە باوەی خۆت
وا پارەم داوە بە دایە شتی جوانت بۆ بکڕێ
چییە ناتەوێ؟
فرۆ بەسەر ئیشارەتی نەخێر ئەداتەوە بە باوکی و ڕوو دەکات بەودیواو ……………………

٣٨… ڕۆژە … دەرەوەیە …. ڕێگای گشتیە.
پیکابێك لە لێخوریندا نیشان دەدرێت شادە و سەرکەوتی باوکی شادە، لەگەڵ دوو نەفەری تردا لە دوای پیکابێك دانیشتوون و دڵیان خۆشە .
٣٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … کۆڵانێك.
فرۆ و دایکی نیشان دەدرێ پێکەوە دێن و دیارە لە بازاڕ گەڕاونەتەوە……………………..
فرۆ/
من ئەچم بۆ لای شادەی ڕەفیقم.
شیرین/
دەبا جارێ بگەینەوە کاولەکە !
فرۆ/
نا .. نا ..من ئەچم بۆ یاری….
شیرین/
باشە ئاگات لە خۆت بێ.
فرۆ ڕائەکا بۆ بەردەرگای ماڵی شادە وشیرینی دایکیشی ڕێگەی خۆی دەگرێ بەرەوماڵەوە.

٤٠… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەردەم دەرگای ماڵی شادە.
فرۆ دێتە بەردەرگای ماڵی شادە لەدەرگایان دەدات وپاش کەمێك شادومانی تەمەن ١٠ ساڵی برای شادە دەرگای بۆ دەکاتەوە.
شادومان/
بۆ لای شادە هاتووی؟ لە ماڵ نیە !
فرۆ/
ئەی لە کوێیە؟
شادومان/
لەگەڵ باوکم ڕۆیشتۆتە دەرەوە .
فرۆ/
باشە …. دەی خواحافیز.
فرۆ ڕوو وەردەگێڕێ و بە ڕاکردن دەڕواتەوە …………………………………………….

٤١… شەوە … دەرەوەیە … سەربانی ماڵی فرۆیە.
فرۆ تەماشای ئەستێرەکان دەکات و لە جێگەکەی خۆیەوە ..دەست بەقژی بووکەکەیدا دەهێنێ.
فرۆ/
ئەزانی کەزی خان دۆلفینەکە زۆر گەورەو
ئازایە؟ ئەگەر بچین بۆ لای پێ ی بڵێین ئیتر
ناهێڵێ باوکیشم ماسییەکان بگرێ.
شیرینی دایکی فرۆ دێت بۆ لای فرۆ دەیەوێت بخەوێ ……………………………………
شیرین/
ئەرێ دەبنوو کچم دەبنوو! وا نیوە شەوە.

٤٢… ڕۆژە … دەرەوەیە …کەنار دەریا.
فرۆ بووکە شووشەکەی پێیەو لەکەناری دەریا بەهێمنی دەڕوات لەپڕ بە دەنگی نارنجۆکێك بە ئاگادێتەوە.. لە دوورەوە سێ پیاو دەبینێ تەماشای کەنارەکە دەکەن، قاچیان هەڵکردووە و بەرەو ئاوەکە دەچن، فرۆ ئەڕوانێ هیچی تر نابینێ و بەرەو لای ئەوان ڕادەکات.

٤٣… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
ڕەفیق و عەباس وشیروان لەکەناری ئاوەکەیا وەستان و سەیری ئەو ماسییانە دەکەن کە کەوتونەتە سەر ئاوەکە.
رەفیق/
دەی ، دەی، دەی ..بەقوربانتانبم سەر
ئاوکەون.
شیروان/
ڕەفیق تۆ دوعا بکە گەورەی تیابێ
عەباس/
بەخوا پێم وانیە گەورەی تیابێ شیروان.
شیروان/
جا تیاشیا نەبێ چی تیایە؟ بۆ هەفتەیەکی
تر.
ڕەفیق/
بەس ئیتر عەباس ناهێنین، دەم ڕەشە ،
دەم ڕەش !
فرۆ لەگەڵ بووکەشووشەکەی بەهەڵەداوان و بە هیلاکی و تەنگە نەفەسی ئەگاتە لایان و تەماشای ڕووی ئاوەکە دەکات و ماسییەکان ئەبینێ توڕە دەبێت..
فرۆ/
ئەوە خاڵە ئەو هەموو ماسیەتان بۆ کوشت؟
شیروان/
خاڵە لەدەورت گەڕێ! تۆش حەزت لەماسییە؟
عەباس/
ئا بەشی ئەو میوانە بچکۆلەیەشی لێبەن .
فرۆ/
نەخێر حەزم لێی نییە… عەیب ناکەن ماسیە
بچکۆلەکان ئەکوژن.. بەو خوایە بەدۆلفینەکە
ئەڵێم.
لەم کاتەدا سەیارەیەک لە لەدوورەوە دەرئەکەوێت………………………………………….
ئەوە پۆلیس هات ئێستە پێیان ئەڵێم.
سەیارەکە نزیك دەکەوێتەوە سۆران و حەسەن دائەبەزن و مەشروب و چەند کیسەیەکی تر دادەگرن.
شیروان/
دەی مزگێنیم بەرێ بامژدەی خۆشت بەمێ.
سۆران/
ئەی خۆش مژدەبن.
فرۆ سەیریان دەکات و زۆر بێتاقەت دەبێ و بە توورەییەوە دەڕوات……………………

٤٤… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
فرۆ کەزی خانی بە باوەشەوەیەو بەبێاقەتی و کزی بە کەناری ئاوەکەدا دەڕوات وبیر دەکاتەوە (مۆنۆلۆجی ناوەکی).
فرۆ/
عەمری نەمێنێ کەزی خانیش، نازانێ
دوو قسەبکا… ئەگینا هەر خۆیم ئەنارد
بۆلای دۆلفینەکەو هەمووشتێکی تێبگەیانایە.
پاش کەمێك ڕۆیشتن …. لەپڕێکا فرۆهەڵوێستەیەك دەکات وبەپەلە بەرەو ڕووی دیوی شارۆچکەکە و بۆ ماڵەوە ڕادەکات.
٤٥… ڕۆژە … دەرەوەیە … رێگەوبان.
لەچەند شوێنێکی جیاواز فرۆ نیشان دەدرێ زۆر بە پەلە ڕادەکات تا دەگاتەوە ماڵی خۆیان و بەپەلە خۆی دەکات بە ژووردا.

٤٦ …. رۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆیە.
فرۆ لاپەڕەیەك لە ناوەڕاستی دەفتەرەکەی دەکاتەوەو لەگەڵ قەڵەمێکی رەساسدا دەردەهێنێ لە جانتاکەی و دەست دەکات بەنوسین لەسەر پەڕەکە.
فرۆ/
دۆلفین گیان.. بە ماسییەکان بڵێ با لێرە
بڕۆن…. باوکم و ئەو پیاوە ناشرینانە
ئەیانکوژن… باشە.
فرۆ نامەکە قەد دەکات ودەیپێچێتەوە دەیخاتە ژێر جلی بووکەکەی و دەستی بووکەکەی دەخاتە سەر نامەکە ولە باوەشی دەنێ و بە پەلە لەماڵ دەچێتە دەرەوە.

٤٧… رۆژە … دەرەوەیە … کەنار دەریا.
فرۆ لە دوورەوە دەبینرێ بەڕاکردن بەرەو ڕووی کەناری دەریاکە دێت تا دەگاتە لای ئاوەکە.
فرۆ/
کەزی گیان ئەزانم لەهەموو شتێك تێئەگەی
ئەم نامەیەم بۆ بەرە دەستی دۆلفینە گەورەکە
باشە بەقوربان.
فرۆ ماچی بووکەکەی دەکات و دەست بەسەروو قژیا دەهێنێ و لە ئامێزی دەگرێت ………..
ئەگەر ئەوێ خۆش بوو لای ئەوان بمێنەوە
خەمی منت نەبێ، من شادانم لەگەڵایا.
فرۆ کەزی خان دەبات کەم کەم دەچێتە ئاوەکە تا دەگاتە ئەژنۆی و کەزی خان دەخاتە سەر ئاوەکە .
ئاگات لەخۆت بێت خەفەت نەخۆی.
ئاوەکە کەزی دوور دەخاتەوە و فرۆ،بای بای بۆ ئەکات بەگریانەوە ………………………..
کەزی گیان .. خواحافیز..کەزی گیان.

٤٨… شەوە … دەرەوەیە … سەکۆی حەوشەی ماڵی فرۆ.
دایك و باوکی فرۆ دانیشتوون ،قۆری پیاڵەیان لەلاوەیەو چا دەخۆنەوە و فرۆش لە لایەنەوە پاڵکەوتووە. ڕەزا باوکی دەست لە ناوچەوانی فرۆ دەدات.
ڕەزا/
ئەوە بۆ وا بێتاقەتی فرۆ گیان؟ خۆ شوکور
گەرمیش نیت تا بڵێم تات هەیە.
فرۆ/
نا .. نا.. نەخۆشنیم.
شیرین/
لەوە ئەچێ لەگەڵ بووکەکەی شەڕی کردبێ.
ڕەزا/
دەهەستە باوانم وەرە لای باوکی خۆتەوە ..
سبەی هەر لەمەکتەب هاتیتەوە لەگەڵ خۆما
ئەتبەم… باشە ..خۆم یەمەوە بەشوێنتا.
فرۆ/
باشە یەم ، بەس نابێ ماسی بگری..
ڕەزا/
نا، کچم .. با بێی ئەوسا تێئەگەی ماسی گرتن
چەند خۆشە.
فرۆ/
نا..نا.. ماسیەکانیش حەز ئەکەن بژین.
ڕەزا/
وەڵا تەواومان کرد… تازە وا خەڵك
خەریکن فێری ماسی خواردن ئەبن
دادە فرۆش لێمانی مەنع ئەکا.
شیرین/
ئەرێ فرۆ عەجایب کەزی خانت پێ نییە؟
دیارە شەڕتان بووە.
فرۆ هەڵدەسێ و دەڕوات ………………………………………………………………….
فرۆ/
من ئەچم ئەخەوم .

٤٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی قوتابخانەیە.
فرۆ و شادە پێکەوەن لەحەوشەی قوتابخانە ………………………………………………..
شادە/
ئەی چۆن؟ بووکێکی بۆ کڕیم بەقەدەر
کەزی خان ئەبێ ناوی بنێم چی؟
فرۆ/
من زۆر بیری کەزی خان ئەکەم، ئێستە
ئەو لای دۆلفینەکەیە ئیتر نایەتەوە، دیارە
ئەوێ خۆشترە.
شادە/
باوکم قەڵەمی ڕەنگاو ڕەنگیشی بۆ کڕیم
لەوەی کوڕەکەی مامۆستا.
فرۆ/
بووکەکەت ناوبنێ کەزی خان..دەی توخوا.
شادە/
ئاخر نابێت! دوای ئەبێ بەهی تۆ.

٥٠… ڕۆژە … دەرەوەیە … کۆڵان.
فرۆ لارە لارو بەبێتاقەتی ، جانتاکەی قوتابخانەی داوە بەلایەکی شانیاو گەیشتۆتە کۆڵانی خۆیان وپاشان دەگاتە بەردەرگاکەیان پاڵی پێوەدەنێت و ودەیکاتەوەو دەچێتە ژوورێ.

٥١ … ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆ.
فرۆ تازە لە خۆگۆڕین دەبێتەوە ئەچێ بە دیار کەنتۆرەکەوە دائەنیشێ و دایکی دێتە ژوورەوە.
شیرین/
ئەوە چی ئەکەی لەوێ؟ تۆ پێم ناڵێی بێتاقەتی
چیت؟ من کەزی خانت بۆ دەربێنم ..درەنگە
ئێستە باوکت دێتەوە بەشوێنتا.
فرۆ/
کەزی خان لێرە نییە.
شیرین/
ئەها ! ئەی داوتە بەکێ؟
فرۆ/
نەمماوە بەکەس ! ڕۆیشت بۆ لای دۆلفینە
گەورەکە.
شیرین/
کچێ کێ هەڵئەخەڵەتێنی؟ بووکەشووشە بۆ
کوێ ئەچێ، پێم بڵێ چیت لێکرد؟ ……..
ونتنەکردبێ؟.
فرۆ/
بەخوا بەڕاستمە.
شیرین/
دەی ڕۆڵە ملت شکێ ! خوا ئەزانێ لە کوێ
لێت بەجێ ماوە هەی قنگ لێکەوتوو.
فرۆ/
تۆ باوەڕم پێناکەی !
شیرین/
وەرە زەهرەکەت بخۆ تا باوکت نەهاتۆتەوە.
فرۆ/
هیچم بۆ ناخورێت لەفەم لە مەکتەب خوارد.
شیرینی دایکی فرۆ دەچێتە دەرەوە و فرۆش لە کەنتۆرەکەدا لە ژێر جلەکانیەوە وێنەی دۆلفینەکە دەردەهێنێ تەماشای دەکات.
توخوا ئاگات لەکەزی خان بێت.
ماچی وێنەکە دەکات و دەیخاتەوە جێگەی خۆی لە کەنتۆرەکەدا ………………………

٥٢ … ڕۆژە … ناوەوەیە … ڕارەوی ماڵی فرۆیە.
فرۆ دەبینرێ لەسەر دیواری ڕارەوەکە چەند وێنەی ماسی و بووکەشووشەی نەخشاندووە سەرقاڵی وێنە کردنە، لەم کاتەدا گوێی لە دەنگی ڕەزای باوکی دەبێت کە بانگی دەکات.
دەنگی ڕەزا/
فرۆباوکەکەم …فرۆ وەرە با بڕۆین کچەکەم.

٥٣ … ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریایە.
فرۆ و باوکی لەژێر کەپرەکەدا دانیشتوون،ڕەزا سەرقاڵی توندکردنەوەی تۆڕی ماسیگرتنە ،فرۆش هەڵماقۆ بە چەند بەردێك دەکات بە بێتاقەتی. مام فایەقی ماسیگر دێت بۆ لایان.
مام فایەق/
چۆنی کچە بچکۆل .. ئەوە گێلە گێلی چیتە
ڕەزا لەم ناوە.
رەزا/
ئای بەخێر بێی مام فایەق! وەڵا ئەم تۆڕانە
توند ئەکەمەوە.
مام فایەق/
جا بۆچی باشە؟
رەزا/
ئەی خۆ ئاو لەبێژنگ ناکەم مام فایەق هەر
بۆ ماسیگرتن نییە؟
مام فایەق/
کوڕم خۆت بێئەقڵ مەکە،سەیرانگەڕلەئێورەوە
لەم ناوە زرم و کوتیانە ، بەخوا گەراشیان بۆ
نەهێشتوویتەوە نەك ماسی.
رەزا/
جا بەملی شکاویان شوێنیان نەدۆزیوەتەوە
ئێرە نەبێ ، ئەی نیازی چیت هەیە؟
مام فایەق/
رەزا ئەگەربێی لەگەڵما بەبەلەمە کە ئەچینە قوڵایی.
ڕەزا/
دەی وەڵا هەزار جار …هەر ئێستە ئەمانە توند
دەکەمەوە و نوێژێ ئەکەم و ئەچین..ئەم تۆڕەش
ئەهێنم.
مام فایەق/
ئەی ئەو کچە بۆ کوێ ئەهێنی؟
ڕەزا/
نا ..نا .. نایهێنم هەر بەفڕکانێك ئەیبەمەوە.
مام فایەق/
دەی باشە چاوەڕێتم ..جاری خواحافیز.

٥٤… رۆژە .. دەرەوەیە … کۆڵان.
شادە لەدەرەوە لە کۆڵانە و زۆر بەدڵخۆشییەوە بووکەکەی نیشانی منداڵانی گەڕەك دەدات ….

٥٥… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریایە ….گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی ٥٣.
فرۆ و باوکی لە ژێر کەپرەکەدا دانیشتوون. باوکی بەدەرزییەكەی دەستی بەردەوامە لە توند کردنەوەی داوەکان.
فرۆ/
باوکە گیان مەچۆ بۆ قوڵایی.
ڕەزا/
بۆ فرۆ گیان؟
فرۆ/
ئاخر ڕەنگە دۆلفینە گەورەکە بتانخوا.
ڕەزا/
کچم ئێرە دۆلفینی لێ نییە.
فرۆ/
بالێیەتی باوکە گیان … دەتخوا با بێم.
ڕەزا/
بۆ کوێ دێی چەتیو؟
لەم کاتەدا دەرزییەکە دەچێت بەدەستیا و توڕە دەبێت ……………………………………
ئەها ماڵم بەقوڕ گرتی کەچەنەبازی ..
خۆم زۆر دڵمخۆشە، هەر لەجەنەبازی
تۆ و دەرزیم کەمە.
توڕە دەبێت و تۆڕەکە فڕێ دەدات………………………………………………………
ئا لەو تورەکەیەی قەد کۆڵەکەکە ئەو
مقەستەم بۆ دەربێنە.
فرۆ/
تۆڕەکان ئەبڕی و ئیتر ماسی ناگری؟
ڕەزا/
ژەهری مار ئەکەم وئەیکەم بەچاوی تۆیا
هەر لە سیك و سەوای خۆت ناکەوی …
هەرچەند تۆ ئەهێنم بۆ ئێرە ئەبێ توشی
بەزمێببم.
فرۆ مقەستەکە لە توورەکەکە دەر دەکات و دەیهێنێ بۆ باوکی …………………………..
فرۆ/
ئینجا خەتای من چییە؟

                                    ڕەزا/
                  پێ و قدومت شەڕە شەڕ.

ڕەزای باوکی مقەستەکەی لێوەر دەگرێ و داوی تۆڕەکە دەبرێ وبەئیشارەت مقەستەکەی دەداتەوە هەڵی بگرێتەوە..پاش کەمێك پێڵاو سەرپێ دەکات و دەڕوا..
فرۆ/
باوکە بڕۆینەوە؟
ڕەزا/
نا نەعلەتی ئەچم دەستنوێژێ ئەگرم و
دواتر دەتبەمەوە.

٥٦… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
ڕەزا باوکی فرۆ لە جێگەیەکی تری کەنار دەریاکە دەستنوێژ دەگرێ …………………

٥٧… ڕۆژە … دەرەوەیە … ژێر کەپری کەنار دەریا.
فرۆ هەر سەیری تۆڕی ماسیگرتنەکە دەکات و لێی ورد دەبێتەوە بیر دەکات……………..
مۆنۆلۆژی فرۆ/
خۆ لەقوڵایشا وازیان لێ ناهێنن ..دەی
شەرت بێ نەهێڵم بچن ..
فرۆئەچێ مقەستەکە لەتورەکەکە دەرئەهێنێ وتۆڕی ماسیگرتنەکە کەباوکی ئامادەی کردووە،
دەستئەکات بەبڕین لەت و پەت کردنی . باوکی پاش کەمێك دێتەوە کە پڕپۆڵی تۆڕەکەی ئەبینێ دەمارگیر ئەبێت.
ڕەزا/
ئەوە بۆ واتکرد هەی بەچکە سەگ؟ ئاخر
تۆ ڕزق بەچاوتەوەیە هەی نان و دۆ بڕ.
ڕەزای باوکی زۆر بەتوڕەیی و دەمارگیرییەوە دەچێت بۆ فرۆ …………………………..
فرۆ/
باوکە گیان … توخوا .. توخوا..
ڕەزای باوکی بۆی دەچێت بە هەردوو ناو لەپی ئەکێشێ بە هەردوو گوێچکەیا … فرۆ قیژەیەك دەکات و چاوی لێك دەنێ و ئەکەوێ و وێنە لەچاوی فرۆوە نامێنێ و کادر ڕەش دەبێت.

٥٨ … ڕۆژە … دەرەوەیە … کۆمەڵێ جێگەیە رێگە و بان.
کۆمەڵێك دار نیشان دەدرێ لە بینینی ژێرەوە و پاشان دەچێتە سەر خەتی جادە بە ڕۆیشتنەوە تا دەگاتە گڵۆپی خەتی سەقفی ڕارەوێکی خەستەخانە بە ڕۆیشتنەوەو نیشاندانی تایەی نەقالەیەك بە ڕۆیشتنەوە لە کۆتایدا جەستەی فرۆ دەخرێتە سەر قەرەوێڵەیەکی خەستەخانە.

٥٩ … شەوە … ناوەوەیە … حەوشەی ماڵی شادەیە.
شادەو دایکی و شادومان لە حەوشە دانیشتوون تەماشای تیڤی دەکەن …………………..
شادە/
دایکە تۆ بڵێی فرۆ چاك بێتەوە؟
نەسرین/
بەخوا کچم بڵێم چی؟ نەدکتۆر هیچی
وتوەو نە خۆشی زمانی هەیە قسەبکا.
شادومان کەناڵی تەلەفیزیۆنەکە بە کۆنترۆڵێ دەگۆڕێ و لە تیڤییەکەدا ئیسعافێك نیشان دەدرێ لە شەقامێکی شار دەڕوات.

٦٠ … ڕۆژە … ناوەوەیە … نەخۆشخانەیە.
فرۆ لەسەر قەرەوێڵەیەکی نەخۆشخانە ڕاکشاوەو، باوکی دکتۆرەکەی بۆ ئەهێنێ … پەشۆکاوی پێوە دیارە .. دایکی فرۆ واقی وڕماوە.
ڕەزا/
ئەوەتا کاك دکتۆر گیان چاوی هەڵهێناوە.
دکتۆر فەحسی فرۆ دەکات ، بەتایبەتی گوێکانی ……………………………………….
بەساقەوبم کاك دکتۆر گیان …….
شیرینی دایکی فرۆ واقی وڕماوەو لەپڕێکا ئەداتە پڕمەی گریان .. فرۆ نوزە دەنگی دێت و دەڵێت.
فرۆ/
دەمەگری دەی … ئەگەر بگری من ئەمرم.
دکتۆر/
هەست بەچی ئەکەی کچی باش؟ قسەم بۆ بکە.
ڕەزا/
دەی باوە گیان قسەی بۆ بکە … کاك دکتۆر
پرسیارت لێ ئەکات.
فرۆ هەر چاو دەگێڕێ و حاڵی نابێت …. دکتۆر ئەشڵەژێ کە فرۆ وا دەبینێ ………….
دەی باوە گیان ، قسەیەك بکە.
فرۆ/
ئەوە بۆ دەمتان ئەجوڵێ و دەنگتان نایەت؟
ڕەزا کەمێك سڕ ئەبێ و بەدەنگی بەرز ئەگری و هاواری لێ بەرز دەبێتەوە……………..
ڕەزا/
ئەی باوکە ڕۆۆ…………..

٦١… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی شادەیە.
نەسرینی دایکی شادە لە حەوشەکەیان گسک دەدات و شادە بە غەمبارییەوە دێت بۆ لای و دەست دەکات بەپرسیار کردن.
شادە/
دایە فرۆ بەچی چاك ئەبێتەوە؟
نەسرین/
خوا ڕەحمی پێ بکات …
شادە/
یەعنی ئیتر گوێ ی لەهیچ نابێ؟
نەسرین/
نا … ئیشەڵا بیبەن سەر نزرگەی پیاو
چاکان و مەولوی بۆ قەراربەن، خوای
گەورە ڕەحمی پێ ئەکا.

٦٢… ڕۆژە … ناوەوەیە … ژووری دکتۆرە.
ڕەزای باوکی فرۆ لەبەردەمی دکتۆرا وەستاوەو دکتۆر قسەی بۆ دەکات …………………..
دکتۆر/
حاڵەتەکەی پێ ی ئەوترێت ئۆتایتس میدیا،
لۆسینگ هێرینگ واتە لەکیسچوونی بیستن.
بە بوورانەوەکەیا گومانی ئەمەم لێ ئەکرد.
ڕەزا/
ئەی چارە دکتۆر گیان.
دکتۆر/
گرنگ ئەوەیە وریایبن …. ئاگاتان لێی بێت
چونکە بۆماوەیەك باری دەرونی خراپ ئەبێ.

٦٣ … شەوە … دەرەوەیە … بەردەم نەخۆشخانە.
خەڵکێکی زۆر لەبەردەم نەخۆشخانە وەستاون لەم کاتەدا لورەی ئیسعاف دێت …………..

٦٤… شەوە … ناوەوەیە … نەخۆشخانەیە.
فرۆ دەموچاوی ناوە بە شووشەی پەنجەرەکەوە و ئیسعافێك لەدەرەوە دەبینێ لەسەر شەقامەکە دێت بۆ نەخۆشخانە بەخێرای و گڵۆپەکانی هەڵگردوەو دیارە نەخۆشی خەتەری پێیە، بەڵام هیچ دەنگێک لای فرۆ نیەو نایبیستێ. لەم کاتەدا ڕەزای باوکی دێتە ژوورێ و لە کیسەیەکدا کەبابی تێدایە دەری دەهێنێ.
ڕەزا/
بابیهێنم کەباب بخوا.
شیرین/
واتلێنەکردایە… تازە کەبابی بۆ چییە؟
رەزای باوکی دەچێت و لەپشتەوە دەست لە شانی دەدات و بەرەو سەر قەرەوێڵەکەی ئەهێنێ.
فرۆ/
باوکە جاران بەدەنگی ئیسعاف زۆر
ئیزعاج ئەبووم، بەس ئێستە گوێم
لێ ی نییە.
باوکی دەگری و دکتۆر دێتە ژوورێ و دایک و باوکی فرۆ لەبەری هەڵدەسن…………….
ڕەزا/
فەرموو کاك دکتۆر.
دکتۆر/
خوێنەواری هەیە؟
ڕەزا/
بەڵێ وا دەرئەچێ بۆ سێ.
دکتۆر/
ئەبێ لە ڕاپۆرتی پۆلیسدا بەجۆرێك
تاوانبار بکرێ ی کە سزایەکی زۆر
قورست بەرکەوێ.
شیرین/
توخوا دکتۆرگیان فریامانکەوە،هەر ئەم
سەرچاوەی بژێویمانە با سجن نەکرێ.
دکتۆر/
ئاخر بەهەموو کەسێکیش ئەڵێن باوك..
توخوا تۆ باوکی ؟ کەس دەستی ئەچێتە
دوژمنی خۆشی وای لێبکا؟ تۆ دڕندەی.
فرۆ/
دایکە ئەوە ئەڵێ چی ؟

٦٥ …. رۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا .
لە کەنار دەریا کەپر و بەلەمەکەی ڕەزای باوکی فرۆ نیشان دەدرێت … ڕەزا لە کەناری ئاوەکە دانیشتووە هەردوو دەستی ناوەتە بەر ئەژنۆی و تەماشای ئاوەکە دەکات ….. لەپڕ ڕەزا واهەست دەکا گوێی لەدەست دابێت، ڕادەچڵەکێ و گوێی لە هیچ نییە و دەست دەبات بۆ گوێی دەنگی ئاو و تەیرو تیرو سروشتی بۆ دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بەگریان.

٦٦… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەر دەرگای ماڵی فرۆیە.
شیرین دایکی فرۆ لەناو دەرگاداو، نەسرین دایکی شادە لەبەردەگا وەستاون قسە دەکەن……
نەسرین/
ئەرەوەڵا …. من ئەڵێم مەولویەکی بۆ
قەراربەو ئیشەڵا بەو دەنگی قورئان و
دەفە گوێ ی ئەکرێتەوە.
شیرین/
جا تۆ بڵێ ی وابێ؟ خۆ منیش عەقیدەم
زۆر پێیەتی.
نەسرین/
ئیشەڵا خوا ڕەحمی پێئەکاو بەقسەی من
ئەکەی هیچ سێ و دووی لێ مەکە.
شیرین/
دەی هانام بەدەمت!
نەسرین/
ئەبێ ئێستە وەزعت چۆن بێ وەیش بمرم
یاخوا.
شیرین/
ئەبێ چۆنبم؟ بەخوا هەر ئەوەیە گڕناگرم.
نەسرین/
دەی تەحەمولت بێ ئیشەڵا گوێی ئەکرێتەوە.
شیرین/
خوا چاکت بۆ بکا یاخوا … جەرگت نەسوتێ.
نەسرین/
توخوا شادەم بۆ بانگ ناکەی زەحمەت نەبێ.

٦٧ … ڕۆژە … دەرەوەیە… ماڵی فرۆیە.
فرۆ و شادە لە لای سەتڵە گوڵەکەی فرۆوە دانیشتوون … فرۆ وێنەی دۆلفینەکەی پێیەو شادانیش ماجیکێکی بەدەستەوەیە و چەند پەڕەیەکی نووسراوی لەبەردەمایە.
دەنگی شیرین/
شادە گیان وەرە دایکت بانگت ئەکا.
شادە/
باشە باش ! وا ئێستە یەم.
شادە بە ماجیکەکەی دەستی لەسەر پەڕەیەکیان بۆفرۆ دەنووسێ(دایکم هاتووە بەشوێنما.. جارێ ئەڕۆم … خواحافیز). نیشانی فرۆی دەدات و ئەویش دەیخوێنێتەوە.
فرۆ/
خواحافیز شادە.
شادە بووکەکەی هەڵدەگرێ و دەڕۆن و فرۆش هەڵدەسێ و دەڕوات لەگەڵی……………….

٦٨… شەوە …. دەرەوەیە … سەکۆی ماڵی فرۆ.
ڕەزای باوکی فرۆ دەیەوێ بە ئیشارەت فرۆ لە شتێك تێبگەیەنێ ،دەستی کردووە بە جوڵەی دەستی.
شیرین/
ئەوە ئەتەوێ پێ ی بڵێ ی چی؟
ڕەزا/
هاتووە بەخەیاڵما پێ ی بڵێم ئیتر واز لە
ماسیگرتن ئەهێنم.
شیرین/
دەی ئینجا بمانکوژە لەبرسا ! ماسی ناگری
ئەی چی ئەکەی؟
ڕەزا/
هەر ئیشێکی تر بێ.
فرۆ/
ئەوە باسی چی ئەکەن ، دڵم تەقی بۆم
بنووسن لەسەر پەڕەیەك.
شیرینی دایکی فرۆ بە ئیشارەت پێ ی دەڵێت هیچ …………………………………………
شیرین/
رەزا ئەوەندە لەبەر چاویا قسەمەکە، خۆی
دڵی سەغڵەتەو لێشمان تێ ناگات خراپتر
ئەبێ.
ڕەزا/
باشە باش.
شیرین/
ئیشەکەی خۆشت بکە، ئیشەڵا بەیانی
مەولوەکە ئەکەم وئەمیش گوێی ئەکرێتەوە.

٦٩… ڕۆژە … دەرەوەیە …. کۆڵانی ماڵی فرۆیە.
چەند ژنێکی عەبا بەسەر و لەچک بەسەر ، خۆیان دەکەن بە ماڵی فرۆدا …………………

٧٠… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
کۆمەڵێك ژن لە حەوشەی ماڵی فرۆ دانیشتوون …شیرینی دایکی لای ژنێكەوەیە قورئان دەخوێنێ بەسەر فرۆدا، فرۆش لەبەردەمیا دانیشتووە … فرۆ هەر دیقەتی ژنەکان ئەدا تا دەست دەکرێ بەدەف لێدان و مناجاتی مەولوو گەرم دەبێت … فرۆ وردە وردە لە ناو سەرقاڵی ژنەکاندا بەزکر و گوڵاو پرژاندن و تقوسی دینیەوە خۆی دەدزێتەوەو دەچێتە دەرەوە.
٧١ … ڕۆژە … دەرەوەیە … کۆڵانێکە.
کۆڵا نێکە پیاوێك نیشان دەدرێ مریشکێکی کوردی وکێردێکی پێیە دەیەوێت سەری ببڕێ، لەم کاتەدا فرۆش لە پشتی کابراوە دەر دەکەوێت و نزیك دەبێتەوە ، کابرا بە کێردەکەی دەستی سەری مریشکەکە لێدەکاتەوە و فرۆ بەتەواوی نزیک دەبێتەوە و مریشکەکە دەبینێ هەڵدەبەزێتەوە ……… …لای فرۆ و لە خەیاڵیدا وێنەی ماسییەکانی دێتە بەرچاو کە لە ئاو دەریدەهێن و دەیانکوژن واتە تێکەڵکردنی هەردوو وێنەی مریشك و ماسی کاتێك لە ژیان دەسڕێنرێنەوە پاشان بەخێرایی و بە تووڕەیی دەڕوات.

٧٢ … ڕۆژە … دەرەوەیە … سەرشەقامێکە.
پیکابێك وەستاوەو ماسی دەفرۆشێت و خەریکی ماسی چاک کردنە بۆ مشتەرییەك و فرۆ دێتە لایان.
فرۆ/
ئەرێ ماسی کوژتن بەس نییە؟
ماسیفرۆش تەنها دەمی دەجوڵێتەوە و بەدەست ئیشارەتی بۆ دەکات بڕوات ، فرۆش کەمێك دەچێتە ئەو لاوەو پاشان بە خێرایی دەڕوات.
ئەبێت ئەم ناشرینە بڵێ چی؟

٧٣ … ڕۆژە … ناوەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆ ، گەڕانەوە بۆ دیمەنی ٧٠.
بەشێکی تری مەولودەکە نیشان دەدرێت و زیاتر گەرمی پێوە دیارە …………………..

٧٤ … ڕۆژە … دەرەوەیە … زەوییەکی پانی نزیك شارۆچکە.
پیاوێکی قات لەبەر لەسەیارەیەکی لاندگرۆزەر دادەبەزێ و چەند پۆلیسێك بەدوایدا خۆیان هەڵدەدەنە خوارێ …. پیاوەکە بە هێمنی دەڕوات و پۆلیسەکان بەدوایەوە … فرۆ بەدیان دەکات و یەکسەر بەرەو پیاوە قات لەبەرەکە دەچێت .
فرۆ/
ئەو پیاوانە و باوکم هەموو ماسییەکانیان
کوشت و لە ئاویان دەرهێنان.
کابرا/
بەڕاست منیش حەزم لە ماسییە وەڵا.
فرۆ/
من نازانم تۆ چی ئەڵێی،گوێم لێت نییە.
پۆلیسێك بە دەست فرۆ دور دەخاتەوەو پاڵێکی پێوە دەنێت ، پۆلیسێکی ترخەریتەیەکی گەورە دەکاتەوەو دەیباتە بەردەم کابرای شیک پۆش.
کابرا/
من لە چیام و ئەوەش خەمی چییەتی؟.
فرۆ کە پاڵەکەی پێوە دەنێن کەوتووە و هەڵدەسێتەوەو ڕا دەکات ………………………….

٧٥ …. رۆژە … دەرەوەیە …. حەوشەی ماڵی فرۆیە. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی ٧٣.
بەشێکی تری مەولودەکە نیشان دەدرێ کە شیرینی دایکی فرۆ بە تەواوی چۆتە دونیای جەزبەوەو جوڵە بە سەر و قژی دەکات بە گەرمی لەگەڵ دەنگی دەف و مناجاتەکە.

٧٦ … ڕۆژە … دەرەوەیە …. کەنار دەریا.
فرۆ دێتە کادرەوە لە نزیک کەناری دەریایە و لەچکەکەی سەری شل بۆتەوە و ڕادەکات بۆ لای ئاوەکە ،دەنگی موناجات و دەف لەسەر ئەم دیمەنە هەیە.

٧٧… ڕۆژە … دەرەوەیە …. حەوشەی ماڵی فرۆ. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی ٧٥.
مەولودەکە بەردەوامە و سەربادان لە لایەن ژنانەوە دروست بووەو لە زیکرکردندان و ڕیتم بەرەو خێرایی دەڕوات.

٧٨… رۆژە … دەرەوەیە … کەنار دەریایە.
فرۆ لەڕاکردن بەردەوامەو بەتەواوی نزیک بۆتەوە لە ئاوەکەو خۆی دەکات بەناو ئاوەکەداولەچکەکەی سەری کە زۆر شل بۆتەوە لەسەری دادەکەنێ و فڕێی دەداتە سەر ئاوەکەو، قژی فرۆ بەتەواوی دەردەکەوێت کە ئەو قژە درێژەی دیمەنی سەرەتای نەماوەو هەمووی دیارە بە مقەست هەڵپاچراوە زۆر کورت بۆتەوە…. فرۆ زیاتر بۆ ناو قوڵایی ئاوەکە دەڕوات.

٧٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی ٧٧.
مەولودەکە زۆر ریتمی خێرایەو جوڵەی دەروێشی زۆری پێوە دیارەو دەف زۆر بەهێزە وبە گەرمی لێدەدرێ.جوڵەی سەرو قژی دایکی فرۆ زۆر خێرایە

٨٠… ڕۆژە …. دەرەوەیە … کەناری دەریایە.
دەنگی مەولودەکە لەسەر وێنەی ئەم دیمەنانەیەو فرۆ لە قوڵایی ئاوەکە دەبینرێ بەقژی هەڵپاچراوەو وردە وردە نوقم دەبێت و ژێر ئاو دەکەوێت و پاشان لەچکەکەی فرۆ بەسەر ئاوەکەوە دەبینرێ و گوێمان لەدەنگی فرۆ دەبێت.
دەنگی فرۆ/
خۆ کەس بەقسەم ناکا! شەرتبێ بچم لای
دۆلفینە گەورەکە شکات لە هەمووتان بکەم.

٨١ … رۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
شادە بووکەکەی لە باوەشدایەو لای سەتڵە گوڵەکەی فرۆیە وچامێ ئاوی پێیەو ئاوی گوڵی سەتڵەکە دەدات.
شادە/
بووکە جوانەکەم ناوەکەت ئەگۆڕم
ئیتر من پێت ئەڵێم فرۆ خان.
شادە بووکەشووشەکەی ماچ دەکات و لە باوەشی دەگرێت و پاشان پێکەوە بۆنی گوڵەکانی سەتڵەکە دەکەن .

کۆتایی.




گفتوگۆ لەگەڵ شانۆکار سلێمان گەڵاڵی.. سازدانی- کامەران حاجی ئەلیاس

سڵێمان گەڵاڵی: شانۆی کوردی بەگشتی لە هەولێر بەتایبەتی گەلێ ئاستەنگی لەبەردەم دروست بووە
سلێمان گەڵاڵی: شانۆی شەقام تاکەرێگایە بۆ بەردەوام بوون و گوزارشت کردن لە ناسۆریەکانی ژیانی جەماوەر

هونەرمەندی شانۆکار و نووسەر “سلێمان گەڵاڵی” ماوەیەکی زۆر لە بواری شانۆ و نووسین دا کار دەکات هەرچەندە سەرەتا بە شیعر هاتە نێو جیهانی ئەدەب و هونەر بەڵام لە کۆتاییدا خۆی لە نێو هونەری شانۆدا خۆی دییەوە وەکو نواندن و دەرهێنان خاوەنی چەندین کاری شانۆییە، لە هەمان کاتدا خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوە، بۆ زیاتر ئاگاردار بوون لە کارو چالاکییەکان لە نزیکەوە ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵی سازدا:
هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بۆ خوێنەرمان باس لە ژیانی هونەری خۆت بکەیت
شانۆڤان (سلێمان ئیبراهیم قادر) زیاتر بە (سلێمان گەڵاڵی) ناسراوم،‌لەساڵی 1965 لەگەڕەکی سەیداوەی شاری هەولێر لەدایکبووم، خوێندنی سەرەتایی لەقوتابخانەی (بێتوش و بڵێسە) و ناوەندی لەچیمەنی کوڕان لەسەیداوە تەواوکردووە هەر لەناوەندی دەستم کردووە بەشیعر نووسین لەچەند ڤیستیڤاڵی شیعریم بەشداری کردووەو خەڵات کراوەم بەداخەوە نووسینەکانی ئەو سەردەمیم لێ وون بووە لەپەیمانگای هونەرەجوانەکانی موسڵ وەرگیرام، تا قۆناغی چوارەم لە لەموسڵ خوێند، دواترگوراسترامەوە، بۆ پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی” ساڵی 1988 پەیمانگام تەواو کرد” بەشداری چەندین شانۆگەری کردوە وەک ئەکتەرو دەرهێنان و کاری هونەری لەوانە (ئیمپراتۆر جۆنز/ دەرگا/ برایانی هۆریاس/ قەرەج/ کەرەشین/ ڕۆمیۆ جولێت/ شێتەکانی ئەم ڕۆژگارە/ بەسەر شۆستەی نەویستەوە/ بارانی ژێر خۆر)” ساڵی 1983 بۆ 1985 بوومە ئەندامی تیپی شانۆی شەماڵ لەبنکەی لاوان بەشداریم کرد لەشانۆگەری (خزم و ناسیار/ خەڵکی گوندەکەمان/ میرات/ سمایل و مامز) لەنووسین و دەرهێنانی مامۆستا (سەمیر عەبدولستار)” لەوماوەیەدا چەندین پارچە شیعرو چیڕۆکی لەگۆڤارو ڕۆژنامەکانی (هاوکاری/ بەیان/ عێراق/ کاروان/ ڕەنگین) بڵاوکردەوە، بەشداری کۆڕی شیعری کردووە لەهەولێر و سلێمانی” ساڵی 1987 بەشداری فیستیڤاڵی دهۆکی کرد بەشانۆگەری (دەنکە شقارتە) لەبەرهەمی تیپی کاروان پلەی دووەمان بەدەستهێناوە” ساڵی 1988 بوومە ئەندامی تیپی شانۆی هەڵگورد لەسلێمانی شانۆی (خۆناسەکان) ی پێشکەش کردووە” ساڵی 1993 لەڕادیۆی قوتابیان و لاوان دەرهێنەرو بێژەرو ئامادەکارو پێشکەشکاری بەرنامە بووم تاساڵی 2001 لەڕاگەیاندن بەردەوام بووە لەڕادیۆ و تەلەفزیۆنی گوڵان – هەرێم – نەورۆز – لقی دوو” دواتر گواسترامەوە بۆبەشی ڕاگەیاندن لەوەزارەتی ئەوقاف” ساڵی 1999 بەشداری لەخولی سینەما کرد کەلەلایەن سەلمان کاکەیی بەرێوە دەچوو،هەر لە خوولەکە کورتە فیلمی (لەخۆبایی) دەرهێنا. ساڵی 2007 بۆخوێندنی بەکالۆریۆس چووەتە کۆلیژی هونەرەجوانەکان” لەوێش ئەو بەرهەمە شانۆییانەی بەرهەم هێناوە (گیانی ئیلیانۆرا) (ڕۆڵەی خاک – دەرهێنان) (سواڵکەر – نواندن) (کۆتایی گەمە – نواندن)” هەر لەساڵی 2007 بەهاوبەشی ژیلوان تاهیرو سەڵاح حەسەن “گروپی شانۆڤانی کوردی”مان دامەزراند و چەند بەرهەمێکمان پێشکەشکرد وەک ئەکتەرو کاری هونەری تر بەشداری لە چەند بەرهەمێک دا کرد وەکو (وەرزی بەهار/ هەولێر نابەزێ/ ئەوینی تەنیایی/ گۆڕەپانی دیموکراسی/ نەورۆزو بەهار/ فەرهادو ئەوینێکی تر) لە ساڵی 2010 خوێندنم تەواو کرد و بەشداری (5) ۆرگشۆپی شانۆیی لەگەڵ ڕێکخراوی ئەمریکی و (5) شانۆیی لێ بەرهەمهات کە لەهەولێرو سلێمانی و دهۆک نمایش کران (خەمەکانی ئازاد/ مەریەمانە/ پێکەنینی شادی/ چیڕۆکی کۆچبەرێک/ زەمەنی شێواو)” هەر لەساڵی 2010 کاری دەرهێنانی بۆ(دەرچوانی گەنج/ دۆزەخ/ پەرپوت/ خەونی ئەبابیلەکان) کردووە” ماوەی دوو ساڵ سەرۆکی گروپی شانۆڤانی کورد بووم” ماوەی چوار ساڵ سەرۆکی تیپی شانۆی تیشک بووم” ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان”-م هەروەها خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوم.

*ئەوهونەرمەندانە کامەن کە کاریگەریان لەسەر تۆ هەبووە یاخود بە کارەکانیان سەرسام بوویت؟

سلێمان گەڵاڵی

  • سەرەتای هەشتاکان بینەری چەندین درامای کوردی و عەرەبی بووم کاریگەریان دروست کرد بۆ ئەوەی دونیای هونەر هەڵبژێرم و بچمە پەیمانگە بۆ ئێوەی بتوانم بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی تێکهەڵکێشی هونەر بم و رۆڵی خۆم ببینم
  • لە ئێستادا،ئاستی شانۆی کوردی چۆن دەبینی؟
  • شانۆی کوردی لە هەولێر بەتایبەتی گەلێ ئاستەنگی لەبەردەم دروست بووە کە هونەرمەند نەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێت. بۆیە پێویستە پاڵپشتی تەواوی بکرێت و ئاسانکاری بۆ بکرێت تا بتوانێت هەنگاوەکانی گورج بکات. هەر چەندە لە ماوەی رابردوودا چەندین کاری خۆبەخشی بەئەنجام گەیشت بەڵام نەبووە هۆی بوژانەوەی هونەری شانۆ. بە هۆی ئەوەی لە کاتی هەبوونی بودجە و پاڵپشتی دارایی هونەرمەندە خۆبەخشەکان پەراوێز دەخرێن کە دەبێتە هۆکاری خاوبوونەوەی هونەرمەند.

    *شانۆ چۆن دەتوانێت گوزراشت لە ناسۆرییەکانی جەماوەر بکات؟

  • شانۆی شەقام تاکەرێگایە بۆ بەردەوام بوون و گوزارشت کردن لە ناسۆریەکانی ژیانی جەماوەر، چونکە تێچووی کەمە بە کەرەستەی ساکار ئەنجام دەدرێت لە هەمان کاتد چێژ بەخشە.
  • بەرێزتان لە بواری نووسین خامەتان ڕەنگینە ئەگەر بکرێت ئاماژە بە کتێبە چاپکراوەکانت بکەیت؟
  • کتێبی یەکەمم بە ناوی “مەدالیای قەرەجێکی شەرمەزار” بوو کە کتێبێکی شیعرییە لە ساڵی 1997 بڵاوکرایەوە. کتێبی دووەمم بە ناوی” دەرچوانی گەنج” بوو کە کۆمەڵێک دەقی شانۆیی لە خۆدەگرێت لە ساڵی 2010 بڵاوکرایەوە. لە سەنتەری داهێنان لە هەولێر چاپکراوە. کتێبی ” پەڕاوی شانۆڤان”چەند ووتار و لێکۆڵینەوەی شانۆیی پێک هاتووە لە ساڵی 2023 لە چاپکراوەکانی ڤیستیڤاڵی شانۆیی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر بوو. کتێبی ” دۆزەخی ئادەم” کۆمەڵێک دەقی شانۆیییە لە ساڵی 2023 لەلایەن دەزگای رۆشنبیری بڵاوکردنەوەی کوردی بەغدا چاپکراوە. دوا کتێبم بەرگی یەکەمی “بیۆگرافیای زانایانی ئایینی” لە ساڵی 2023 لەسەر ئەرکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چاپ و بڵاوکرایەوە.
  • بۆ پرۆژەی داهاتوو چیتان لە هەگبە دایە؟
  • لە ئێستادا خەریکی بەرگی دووهەمی “بیۆگرافیای زانایانی ئایینی” م لە هەمان کات دا وەک کاری هونەریش داواکاریمان پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر کردووە کە کار لەسەر دەقی شانۆیی ئادەم بکەین. کەی رەزامەندی وەرگیرا. دەست بەکارکردن دەکەین.



گەڕانەوە بۆ گۆرانیەکانی دیسرامپ.. نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

سەرەتا بابزانین گۆرانیەکانی دیسرامپ چیە؟ لەکوێ سەریهەڵدا؟ و چۆن گەشەی کرد؟.

دیسرامپ کە دیسرامیۆسیشی پێدەگوترێت، واتە چرینی گۆرانی بە کۆڕاڵ، کەشێوازێکی هۆنراوەیی هەیە، شێوازی گۆرانیەکە سەرەتا هەراو زەناو خۆشی و بەیت وبالۆرە و ئای ئای خودا پەرستی بوو بۆ دیۆنیسۆس، خودای بەپیت و فەڕ کە پاشان وەک خودای شەراب سەیریان کرد. کە لە گروپێک خەڵک پێکهاتووە کە هۆنراوە بە لاوانەوە و پارانەوە لە شێوەی گۆرانیدا دەچرن، کە سەماکردن شانبەشانی خوێندنەوەی هۆنراوەی ئاینی بەشێکی گەورەیی شانۆی یۆنانی پێکدەهێنێت. دیسرامپ کە لە رێگای پارانەوە بۆ دیۆنیسیۆس ( باخۆس) کە یەکێکە لە خواوەندەکانی یۆنان، بە یەکێک لە چوار جۆری شانۆی یۆنانی دائەنرێت.. دیسرامپ سەرەتا لە موسیک، دانس و هەڵبەست پێکهاتبوو، دیسرامپ ، سەمایەکی هەرەوەزیە کە لەوێدا پەنجا سەماکەر سەمایان دەکرد لە شێوەیەکی بازنە,یدا، لە هەمان کاتدا تاکژەنێک (سولیست) کە رۆڵی دیۆنیسیۆس بەرامبەر بە کۆرسەکە دەبینێت بەتەنها گۆرانی بەرامبەریان دەڵێت، بەگوێرەی دابو نەریتەکان بۆ یەکەم جار دابو نەریتی دیسرامپ لە ئاریۆنی هەلبەستڤان و موسیکزانی شاری (کۆرنیت)ەوە داکەوت پاشان هەموو یۆنانی گرتەوە، هاوشان لەگەڵ پەرستنی دیۆنیسۆسدا. لەساڵی 600 پێش میلادوە پەرستنی دیۆنیسۆیس بو بە بابەتی پێشبڕکێی هەلبەستڤانەکان.
دیۆنیسیۆس کوڕی (زیۆس)ە کە گەورە خواندەکانی (ئۆلیمپیۆس)ە، ئەو خواوەندەیە کە لە جەستەی گایەکی ڕەشدا بەدەردەکەوێت. لەم ڕیتوالەدا یۆنانیەکان گایەکی ڕەشیان دەبەستەوەو، پاشان نزاو دوعایان دەکرد و، خواوەندیان لە گارەشەکدا دەبینی، دواتر هەموو ئامادەبوان تاویان بۆ گارەش دەهێناو هەربەزیندوێتی دەیانخوارد. بەمجۆرەو بە بۆچونی ئەوان خواوەند دەبوو بە بەشێک لەخۆیان،. هەر لە گۆرانیە کۆنەکانی دیسرامپەوە، تراژیدی و کۆمیدی سەرەیهەڵدا. لەم جۆرە نزاو پارانەوەیە ئەم شێوازە شانۆییە سەری هەڵدا و ئەندامانی کۆرسەکە بەرگی کەوڵی بزنیان دەپۆشی و (tragos) لێرەوە تراژیدیا دروست بوو، لەو شێوازی ڕێورەسم و نەریتانەی ململانێی نێوان سیستەم و نەبووندا هەبوو. ووشەی تراجیدیا (tragoedia) بە مانای گۆرانی بزن دێ چونکە ئاژەڵ وێنەی خواندی هەبوو.
کۆمەڵناس هەمان رۆڵی دەرونزانێکی هەیە لە کۆمەڵگادا ئەو یتریان بواری تاکەکانی کۆمەڵگادا و ئەویان لەبواری کۆمەڵگادا، شانۆش دەوری دەرونزان دەبینێت، لێکۆلەراوانی بواڵ ناسەکان دەڵێن شانۆکەی بواڵ دەوری هەردوکیان دەبینێت. هەم وەک دەرونزانێک و هەم وەک کۆمەڵناسی.

هەموو کارتێکردنانە لە ئاین و نەریدا هەبووە کە ئێستا زەرورەتێکی گەورەی شانۆیە
شانۆ رەگێکی کۆنی مێژویی لە بۆنەو جەژن و رێورەسمە ئاینیەکان و گۆرانیە بەکۆمەڵەکاندا هەیە، بەڵام ئەوا چینی ئەریستۆکراتیەکان بوون ئەم گەمەکەیان والێکرد بەشێوەیەک کە بوو بە پارێزگاریکردن لە چوارچێوەی یاساو رێساکانی سنورەکانی دەسەڵاتی خۆیان، بەشێوەیەک کە هەرەمی کۆمەڵگا وەک خۆی بهێڵنەوە.
هەرئەریستۆکراتەکانیش بوون ئەو دیوارەیەن لە نێوان بەشداران هەڵچنی و تێگەیشتنێکی تریان دا بە بەشداریکردن لەو گەمەیەدا، بەناوی ئەکتەرو بینەر، لەبری بەشداریەکی خۆرسکانە لەو کەرنەڤالانەدا. خۆ ئامادەکردن بۆ کاری نواندن و نووسین کۆریۆگرافی و مەشق و دیکۆر هتد هەموو ئەمانە لە لایەن بەرێوەبەرێکی ئەرستۆکراتیەوە یان شاعیرێکەوە جێی گرتەوە. لەم خاڵەوە ڕا جیاکاری کەوتە نێوان بەشداران، دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا ئەکتەر و بینەر. ئەکتەرێکی ئەکتیڤ و بینەرێکی پاسیڤ.
باسکردن لەم خاڵە رەگوڕیشەی شانۆی چەوساوەکانە.
هەیکەل و بنەمای شانۆی کلاسکیکی لەسەر بناخەی نوێنەرایەتی کردن بنیادنراوە. بینەران رۆڵێکی پاسیڤیان دەدرێتێ و نوێنەرایەتی کردن و دەسەلات دەدەنە ئەکتەرەکان، لەدەورانی خۆیدا لەبری خۆیان نوێنەرایەتیان دەکرێت، ئەوەش لە بنەچەدا یەک جۆر پەیامە ئەویش پەیامێکی مۆنلۆگیە کە ناتوانێت دیالۆگ بخوڵقێنێت. بواڵ رەخنەی لەشانۆی کلاسیکی و بۆرجوازی ئەوەبوو کە هەمان دەوری میدیا و رۆژنامەو تەلەفیزیۆن دەبینێیت بۆ پاسیف کردنی کۆمەڵگا.
ئەو لە کتێبەکەیدا ( شانۆی چەوساوەکان) زیاتر قوڵ دەبێتەوە لە تیۆریەکەیدا و دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە دەڵێت: (شانۆ سیاسەتە) پاشان بۆمان رووندەکاتەوە و پێمان دەڵێت کە چۆن و بە چ شێوەیەک شانۆ سیاسەتە، بواڵ لە چاپی یەکەمی کتێبەکەیدا سەرچاوەو سەرەتاکانی درووستبوونی شانۆمان بۆ ڕووندەکاتەوە دەڵێت: شانۆ لە سەرەتادا سەربەست بووە، گۆرانیەکانی دیسرامپ بوو هەموو خەڵک بەشداری تێداکردووە، پاشان ئەرسیتۆکراتەکان چەند جارێک گۆڕانکاریان تێدا کرد. لە گۆرانیەکانی دیسرامپدا خەڵک ئازادانە گۆرانیان دەووت، چینێک و دابەشکرایەک نەبوو بە نێوی ئەکتەرو بینەر. هەموو پێکەوە سرودەکانیان دەوتەوەو پێکەوە دڵخۆش دەبوون، بەڵام ئەریستۆکراتەکان هاتن و خەلکەکەیان دابەشیان کرد بەسەر دوو بەرەدا، هەندێکیان بچنە سەر تەختەی شانۆو رۆڵ ببین و پێیان بووترێت ئەکتەرو، ئەوانی تریش و پێیان بووترێت تەماشاکەر. لێرەوە بواڵ بەو دابەشکردنە دەڵێت کە شانۆ و و ئازادیان دابەشکرد بەسەر دوو بەشدا یەکێکیان ئەکتیڤ و ئەویتریان پاسیڤ. پاشان زیاتر و زیاتر دابەش دەبن . بواڵ شیکاری بۆدەکات. بابزانین بواڵ چۆن باس لەم دابەشکردنە دەکات.

دابەش بوون تەنها لە ناو خەڵکەکەدا نەبوو بەڵکو جارێکی تر لەناو ئەکتەراکنیشدا دابەشبوونێکی تر دروست بوو.
گۆڕانکاریەکانینیش بەمشێوەیە بووە.
یەکەم گۆرانکاری: یەکەمجار ئەریستۆکراتەکان مرۆڤەکانیان دابەشکرد، هەندێکیان لەسەر شانۆکە کرداربنوێن و ڕۆڵ ببینن، بەشەکەی تریشیان تەماشاکەربێت و بۆ بینینی نمایشەکە بێن. دوای ئەم دابەشبوونە بواڵ ناوی دەنێت وەرگرێکی پاسیڤ و ئەکتەرێکی چالاک، ئەمەش دابەشبوونێک بوو کە مرۆڤەکانیان جیاکردەووە.
لە گۆڕانکاری دووەمدا: لە خودی شانۆی گریکیدا بوو، ( پاڵەوان و رەشەخەڵک) لە نمایشەکاندا. واتە کەسی سەرەکی و پاڵەوان لە نمایشەکاندا ئۆرستۆکراتەکان بوون و رەشەخەڵکەکەش کۆرس بوون. کۆرس هێمابوو بۆ ڕەشەخەڵک و پاڵەوانیش بۆ ئەرستۆکراتەکان.
سێیەم گۆڕانکاری لە پاڵەوانەکاندا روویدا. کە هەموو دەڕبڕین و هەستەکان بەشێوەیەکی بابەتی ئۆبجەکتیڤی گۆڕی بۆ گوزارشتی هەست و سۆزی زاتیانەی سوبجەکتیڤی کارەکتەراکان، چونکە لە پێشودا لە گۆرانیەکانی دیسرامپدا بەشێوەیەکی بابەتی گشتی هەمووان گوزارشتیان لە هەست و سۆزەکان دەکرد، بەلام پاشان ئەکتەر داماڵدرا لە هەموو هەست و سۆزێکی خۆی و ئەو لەوێدایە تەنها نوێنەرایەتی هەستەکانی چینی دەسەڵاتدار دەکات، کە قەڵەمڕەون لە واقعدا، بە واتای سیفەتەکانی وەک غیرەو دڵپیسی لە بابەتەوە بوو بە شێوازێکی دەربڕینی خود و تاکەکەس لەبنەمای ئەو هەست و دەربڕینانە، واتە کەسێک گوزارشت لە دردۆنگی و دڵپیسی بکات. سوبجەکتی ئەکتەر دەبێتە قسەکەری هەستەکانی چینی دەسەڵاتدار، بەشێوەیەکی ڕونتر بڵێین ئەو پاڵەوانەی لە نمایشەکدا دڕدۆنگ و غەمبارە، ئەوە ئەکتەرەکە نیە کە غەمبارە بەڵکو ئەوە پیاوانی دەسەڵاتن غەمبارن چونکە ئەو نوێنەرایەتی خۆی ناکات وەک ئەکتەر.
بە دیدی بواڵ ئەوە بۆرجوازیەکان بوون کە پاڵەوانەکانین دابەشکرد، شانۆ لەم گۆرانکاریانەدا بوو بە قسەکەری چینی باڵا دەست و بەهاکانی خاوەن دەسەڵات، خەڵکیش لە نۆبەی خۆیدا دەبێت بە بابەتێکی پاسیڤ و هیچ پەرچدانەوەیەکی نابێت، و لەو حاڵەتەدا تەنها وەرگرە. بەبۆچونی ئۆگستۆ بواڵ پێویستە ئەو دیوارانە تێکبشکێنرێت و ئەو بەربەستانە لا ببرێت کە دەسەڵاتداری چینە باڵاکان دروستیان کردووە، بۆ ئەوەی جارێکی تر شانۆ بگەرێتەوە سەر ئەسڵ و نەسلی خۆی. ئەو خاڵە سەرەتایەو ئەو شوێنەی کە شانۆ سەرەتا چۆن بووە و چۆن هەموو خەڵک خۆی بە خاوەنداترێتی شانۆ دەزانی و بەشداری تێدا کردووە. ئەمەش لە چەند ووڵاتێکی لاتین ئەمریکا روویدا، لەوێدا تا رادەیەک شانۆ دەگەڕێتەوە سەر فۆرمە بنچینە ڕەسەنەکەی.
بواڵ بۆمان رووندەکاتەوە و داوادەکات لە سێ هەنگاودا گۆڕانکاری لە شانۆدا بۆ گەرانەوەی فۆرمە رەسەنەکەی رووبدات، دیوارەکانی نێوان ئەکتەر و بینەر بروخێنرێت. لەم گۆرانکاریەدا دەخوازێت کە کۆمەڵگا بەشداری بکات و رۆڵی خۆی ببینێت. لەگەڵیشیدا دیواری نێوان پاڵەوانی نمایش و کۆرس و کەرەسەی بەرهەمهێنانی پێویستە بروخێنرێت. واتە شانۆ ئامرازێکە ئەو ئامرازەش دەبێت لە لایەن خەڵکەوە بەکاربهێنرێت. بۆ چۆنێتی گەیشتن بەم سێ هەنگاوە هەردوو میتۆدی کارکردنی تیۆری شانۆی چەوساوەکان باسی ڕووخاندنی ئەو سێ دیوارە دەکات.




سۆسیۆمەتری چیە؟.. زاهیر عەبەڕەش

ڕەنگە زۆربەمان لە نێت فلیکس فیلمی نوسەرانی ئازادی Freedom Writers ـ بینیبێت، ئەم فیلمە، فیلمێکی درامی ئەمریکییە لە ساڵی ٢٠٠٧ بەرهەم هێنراوە لە نووسین و دەرهێنانی ڕیچارد لاگراڤینیز Richard LaGravenese و هیلاری سوانک Hilary Swank ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە. فیلمەکە ڕوداوێکی راستەقینەیەو باس لە شێوازی ناوازەی ئیرین گروێڵ Erin Gruwell دەکات، کە بووە هۆی بڵابوونەوەی کتێبی ڕۆژنامەی نووسەرانی ئازاد، کە چۆن مامۆستایەک و ١٥٠ هەرزەکار نووسینیان وەک ئامڕازێک بەکار هێنا بۆ گؤرینی خۆیان و دەوروبەریان. : فیلمکە جەوهەری ئەو ئەو کتێبەیە کە ئیرین و خوێنداکرەکان نووسیان.
ئیرین لە سەرەتادا بەنیازی ئەوە بووە بچێتە قوتابخانەی یاسا بۆ ئەوەی ببێتە پارێزەر نەک مامۆستا. دوای ئەوەی لە ڕووماڵی هەواڵەکاندا سەیری ئاژاوەییەکانی لۆس ئەنجلۆسی ساڵی ١٩٩٢ی کرد، بڕیاریدا پیشەکەی بگۆڕێت بۆ مامۆستایی، چونکە پێیوابوو پەروەردەکردنی خوێندکاران دەتوانێت جیاوازییەکی زیاتر دروست بکات. ئەو هۆکارەکەی بوو و وتی: “من بیرم لەوە کردەوە خودایە، تا ئەو کاتەی تۆ بەرگری لە منداڵێک دەکەیت لە هۆڵی دادگا، شەڕەکە پێشتر دۆڕاوە. پێموایە کە شەڕی ڕاستەقینە دەبێ لێرە، لە پۆلی خوێندندا ڕووبدات
بەواتای پێش ئەوەی کەسەکە کەتنەکە بکات و تۆ بەرگری لێ بکەیت دەبا لە پۆلی خوێندندا کەسەکە دروست بکەیت، پێویستی بەدادگا نەبێت.
ڕوداوی فیلمەکە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ڕوودەدات، کە هێشتا هەست بە کاریگەرییەکانی ئاژاوەگێڕییەکانی ساڵی ١٩٩٢ی لۆس ئەنجلۆس دەکات،
لە دوای بڵاوبوونەوەی نووسەرانی ئازادی بووەتە بابەتی گفتوگۆ لە دووبارە داڕشتنەوەی شێوازەکانی وانەوتنەوەدا، بەتایبەتی لە پۆلەکاندا کە منداڵانی جەربەزە، سەرچڵ و مەترسیداری دێدایە ئەو شوێنانەی سەر بەکیشەن و ئە ناوچانەی کە گروپ گروپێن و بە گێتۆ ناسراون،
فیلمەکە باس لەوە دەکات کە مامۆستایەکی ژن ناچاربوون لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری توندوتیژی ئامادەیی کاربکەن کە بەردەوام ململانێیان، ئەو دامەزراوە پەروەردەییەی کە قەدریان نازانێت و هیچ نیازێکی نییە وەبەرهێنانیان تێدا بکات، پشگوێ خراون. شەڕانگێزی خوێندکاران بە شێوەی جۆراوجۆر تەنها لە دژی مامۆستایە هەروەها گرژی لە نێوان خوێنداراندا، لە نێوان گروپە نەتەوەییە جیاوازەکانیشدا هەیە.
پۆلەکە لە (ئیسپانی، ئەفریقایی-ئەمریکی، ڕۆژهەڵاتی) پێکهاتووە. هیچ شتێک پێکەوە نایان بەستێتەوە.
لێرەدا دەرهێنەر نوسەری فیلمەکە و تەنانەت خاوەنی بیرۆکەکەش ئێرین گورێل پەنا دەبەنەوە بەر چەمکەی سۆسیۆ مەتری لای مۆرینۆ، باشترین شت ئێمە کە لە چەمکی سۆسیۆمێتری جاکۆپ مۆرینۆ بگەین بینینی ئەو فیلمەیە.

مامۆستا وەک پارچە گۆزەیەکی تەنێکی شکاو پارچە شکاوەکانی خوێنداران هەڵدەگرێتەوەو پێکیانەوە دەنێتەوە، سۆسیۆمێتری خوێندکاران بەم شێوەیە پیشان دەدات کە بەراوردیان دەکات کێ ( دایک و بابی مردووە، کێ خزم و کەس و کاری بێ کارە، کێ خوشک و برای دەستگیر کراوە، چەند کەس لە پێکدادانی باندەکان کەسی نزیکی لە دەست داوە، کێ لەسەر یاسا شکێنی دەستگیر کراوە؟) کێ سەر بە هەمان نەتەوەیە، کێ ماڵیان لەیەک گەڕەکە، کێ لە یەک کیشوەرەوە هاتوون. سۆسیۆمێتر خوێندکارەکان چەند شتێکی هاوبەشیان هەیە. ئەڵقەی هاوبەشیان لێ دروست دەکات، دەکەونە دۆزینەوە شتی هاوبەش لەگەڵ یەکتردا، پاشان دۆزینەوەی جیاوازی.
ئەم بەراوردکردنەی سۆسیۆمێتری دەبێتە بنەما بۆ دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری نوێ و گەڕان بەدوای زانیاری ڕاستەقینە لە نێو منداڵانی قوتابخانەدا، کە لەوێوە دەست پێدەکەن
ساتێک بۆ هاوکاریکردن لەسەر بابەتەکانی بەرژەوەندی هاوبەش، لەوانەش نووسینی داهێنەرانە. لێرەدا کە باسی سۆسیۆدراما کرا، ئەی سۆسیۆ دراما چیە؟
سۆسیۆدراما شێوازێکی نەرم و نیان بۆ کارکردن لەگەڵ تاک و گروپەکان و پشکنینی ئەو سیستەمە جیاوازانەی تێیدا دەژین و کاری تێدا دەکەن، گرنگی کاری سۆسیۆدراماتیک لەسەر پەیوەندییەکانی ناو تاکەکانی ناو گروپ ، پەیوەندی گروپەکان لەگەڵ گروپەکانی تردا و هەروەها نێوان گروپ و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگایە. ئەمەش لە ڕێگەی تەکنیکە چالاک و داهێنەرەکانەوە دروست دەبێت کە بەشداربووان سەرقاڵی کارکرنی هەردوو جەستەیی و ڕۆحن. بە پێچەوانەی سایکۆدراما کە گرنگی بە تاک و کێشە ناو دەروونییەکانی دەدات، تەرکیزی سۆسیۆدراما لەسەر گروپە بەگشتی.
زۆر گرنگە بزانین ئێمە چۆن سەیری یەک دەکەین، چ تیڕوانینێکمان بۆ یەکتری هەیە، چ ڕۆڵیکمان پێدەدرێت کاتێک دەچینە کۆمەڵگایەکی گەورەترەوە. هەندێک جار پێدەچێت هەمان کەس تەواو هەمان کەسایەتی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام بۆچی؟ ئەوە چیە کەوا دەکات مرۆڤ هەست بە دڵنیای بکات، زیتەڵ بیت، بەدەستەڵات بیت یان گەوج و نەدیوبدی بیت لە کۆمەڵەو یەکێتیەکاندا؟ ئەم پرسیارانەیە کە بۆنەتە هۆی سۆسیۆمێتری بەردەوام بەکار دەهێنرێت و پەرەی پێدەدرێت.
سۆسیۆمەتری میتۆدێکە بۆ پێوانەکردنی هەموو جۆرە پەیوەدنیەکی کۆمەڵایەتی بەکاردێت، یەکێکە لە میتۆد و لێکۆڵینەوەکانی مۆرینۆ لە بارەی کۆمەڵناسیەوە، ئەو دەیوست ڕێیەک بدۆزێتەوە کە لێکۆڵینەوە لەوە بکات کە پەیوەندی نێوان خۆشبەختێتی رۆحی (باشبوونی دەروونی) و سترکتوری مرۆڤی کۆمەڵایەتی چۆنە. ئەو خۆی کاتێک پێناسەی سۆسیۆمەتری دەکات بە لێکۆڵینەوە لە گەشەسەندن و رێکخستن لە نێو کۆمەڵە جیاوازاکاندا باسی دەکات، هەروەها چۆن تاک سەیری ڕۆڵی خۆی دەکات لەناو گروپدا. لەڕێگەی سۆسیۆمەتریەوە مرۆڤ دەتوانێت شێوەو هەیکەلی گروپەکانمان لا ئاشکرا بێت، چونکێ لەدەرەوە ڕا بینینی گروپ شتەکان شاراوەن ونابینرێن. لە ژێرباڵی ئەو گروپانەی کە سەرهەڵدەدەن، ڕێککەوتنی ئاییدۆلۆژیانە هەیە، کێ بریاردەرو ناوەند بێت، پەیامانی ژێربەژێر و شارە هەن.
کرداری سۆسیۆمێتری بریتییە لەوەی کە بە پشت بەستن بە چ مەرج و پێوەرێکی جیاواز یەکتری هەڵدەبژێرین. ئەوەش دەتوانێت ئاگاهی وشیاری فەردی زیاد بکات بەرامبەر بەو بژاردانەی هەڵیدەبژێرین. ئێمە لەگەڵ هەڵوێستی هەڵبژاردن و تەنگی و دوڕیان و جۆراوجۆر کاردەکەین بۆ ئەوەی بزانین تا چەند خۆمان چالاکانە هەڵوێستێک دەگرینە بەر و بەرپرسیارێتی لە ژیانماندا دەگرینە ئەستۆ بۆ ئەوەی خۆمان لەو قسە هەڵبەستراو و بێ مانەیە بەدوور بگرین کە دەڵێت “شتەکان تەنها ڕوودەدەن و من لە هیچ تێناگەم”. ئەوەش تەواو رێک وە فیلمەکە کە دەسەڵاتدارانی پەروەردە هیچ دەربەست نین بە گۆڕانکاری لە فیلمەکەداو دەڵێن، ئێرە خۆی هەروایەو چاک نابێت بۆیە هیچ سەرمەیەگوزاریەکی تێدا ناکەن. هەروەها پەیوەندی بەوەوە هەیە کە مرۆڤ جێگایەک بدۆزێتەوە لە ناو کۆمەڵ و گروپداو لێکۆڵینەوە لەوە بکەیت و تێیبڕوانیت کە بە چ شتێک بەوانەوە دەمانبەستێتەوە، چۆن پەیوەندیم پێیانەوە هەبێت، کە بەو شێوەیە بیرمان کردەوە نەرم و نیانیانمان زیاد دەبێت ڕۆحی گونجاندنمان پەرە پیدەدەین. هەموو دۆخ و هەڵوێستێکی هەڵبژاردن پەیوەستە بە ” لێرە و لە ئێستادا” لەسەر پێوەرێکی دیاری کراو جێبەجێ دەکرێت.
سپێکترۆگرام: کاتێک بە پێی پێوەرەکان بوونی تۆ لەویدا هەیەو بە گویرەی پێوەرەکان دوور و نزیکیت لە سەنتەرەوە کە سەرکەردەی لێیە، سەرکردە وات لی دەکات کە بەڵگە بهێنیتەوە لەوەی کە چەند لە ناوەندی گروپەوە نزیکیت. بە پێی ئەو پیوەرانە.
لۆکۆگرام: وجودی تۆ پەیوەستە بەوەی لەچ گروپێکدا هەیت.




زێرکا مۆرێنۆ و سایکۆدراما.. چاوپێکەوتن.. وەرگێڕانی: زاهیر عەبەڕەش

زێرکا مۆرینۆ باس لە جەوهەری تیۆری و تەکنیکی سایکۆدراما دەکات، هەروەها باس لە ژیان و کارەکانی دەکات لەگەڵ هاوسەرە کۆچکردووەکەی جاکۆب مۆرێنۆ.

ڤیکتۆر یالۆم لە ساڵی ٢٠٠٤ دا ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ زێرکا مۆرینۆ ئەنجامی داوە، لە ماڵپەری تایبەتی سایکۆ تراپی بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بۆتەوە و پاشان زانکۆی ستۆکهۆڵم بە هەندێک گۆرانکاری لە تەکنیکی چاوپێکەوتنەکدا وەریانگێراوەتە سەر زمانی سویدی، چونکێ کاتێک باسی جاکۆب مۆرینۆ دەکرێت ناتوانین باسی پاڵ پشت و خوێندکارە هەرە بلیمەتەکەی ئەو نەکرێت کە زێرکایە.

زێرکا تۆمان مۆرینۆ (Zerka Toeman Moreno) لە ١٣ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٧ لە هۆڵەندا لەدایکبووە ولە ئەیلولی ٢٠١٦ لە ئەمریکا مردووە. هاوکار و هاوسەری جاکۆب مۆرینۆی دامەزێنەری میتۆدی سایکۆدراما بوو. دوای هاوژینەکەی بەردەوامی بە پەیمانگەکەی ئەودا.

زێرکا تۆمان مۆرینۆ

ڤیکتۆر یالۆم ، دەروونناس و هونەرمەندی سانفرانسیسکۆ هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا، کاریکاتێریست و دەروونزان، تراپیست چارەسەرکەری دەرونی بەهۆی هونەرەوە، نیشتەجێی سانفرانسیسکۆ، ئێستا خۆی و خێزانەکەی سەرقاڵی بەرێوەبردنی سایتی سایکۆتراپیین
ئەم چاو پێکەوتنە لە زاری سویدیەوە وەرگڕاوەتە سەر زاری کوردی، بە بەراوردکردن لەگەڵ چاوپێکەوتنە کە بە ئینگلیزی سازکراوە، هەندێک گۆرانکاری تەکنیکی تێدایە، بۆنموونە کە دووپرسیار لەیەک دەچێن، یاخود یەک وەڵامدانەوە کراوە بە وەڵامی دوو پرسیار.
لە ساڵی ١٩٣١ کە زێرکا تەمەنی چواردە ساڵ بوو، لەگەڵ دایک و باوکی ڕوویان لە لەندەن کرد، لەوێ خوێندنی ئامادەیی تەواو کرد و دواتر هونەر و دیزاینی جلوبەرگی خوێند. لە ساڵی ١٩٣٩ بۆ یەکەمجار زەریای ئەتڵەسی بەزاند و لەگەڵ هەندێک هاوڕێی خێزانەکەی گەیشتە ئەمریکا. زێرکا خوشکێکی هەبوو کە دوچاری نەخۆشی دەرونی ببوو. لە ساڵی ١٩٤١ توانی خوشکە گەورەکەی لە بەلجیکا بباتە نیویۆرک، بۆ ئەوەی بەدوای چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکانی خوشکەکەیدا بگەڕێت.
ساڵێک دوایچاوپێکەوتنی مۆرینۆ پەیمانگای سۆسیۆمێترییان لە پارک ئەڤینۆ لە شاری نیویۆرک و لە ساڵی ١٩٤٢دا پەیمانگای سایکۆدراماتیکیان لە نیویۆرک دامەزراند.
لە ساڵی ١٩٤٧ دەستیان بە دەرکردنی گۆڤاری سایکۆتێراپی (لە سەرەتادا ناوی سۆسیاتری) کرد، کە تایبەت بوو بە زانستە کۆمەڵایەتیەکان، کۆمەڵناسی، سایکۆدراما و سۆسیۆمێتری. زێرکا بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ هاوبەشی ژیان هاو داهێنەری جەی ئێڵ مۆرێنۆ بووە تا ساڵی ١٩٧٤.
مۆرینۆ لە دوای مردنی دکتۆر مۆرێنۆ، بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەردەوام بوو لە ڕاهێنان و فێرکردنی تیۆری و میتۆدی سایکۆدرا، ڕاهێنانی بە سایکۆدراماتیکستەکان دەکرد و وارکشۆپی لە سەرانسەری جیهاندا دەکردەوە.
بیرکردنەوە لە پشت بەرهەمهێنانەوەی بەشەکانی ئەم چاوپێکەوتنە ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووس ڤیکتۆر یالۆم، نزیکەی هیچ لەبارەی سایکۆدراما نازانێت، ئەوەش وا دەکات زێرکا مۆرێنۆ بە شێوەیەکی زۆر دڵکراوە و ئاسان بۆ تێگەیشتن وەڵام بداتەوە. ئەم فۆرمەی پرسیار و وەڵامەش سەرنج ڕاکێش و لە گفتوگۆیەکی ئاسایی و تێروانین بۆ ژیان دەچێت، زیاتر لە کەسایەتیان نزیک دەبیتەوە.
منیش حەزم کرد ئەم چاوپێکەوتنە وەربگێڕمە سەر زمانی کوردی و هاوبەشی بکەم لەگەڵ خوێنەرانی کورد زمان.

(بۆم باس مەکە پیشانم بدە)

ڤیکتۆر یالۆم: تۆ قەشەنگ دەردەکەوێت، بەڕاستی تەمەنت ٨٣ ساڵە؟
زێرکا مۆرینۆ: مانگی داهاتوو. ١٣ی حوزەیران. دەبم بە ٨٣ ساڵ، بیرمە کاتێک تەمەنم ٨ ساڵ بوو، بیرم لەوە دەکردەوە “لە ١٣ی حوزەیران کاتێک تەمەنم دەبێتە ١٣ ساڵ، ئایا پیر نابم؟”
ڤیکتۆر یالۆم: زۆر دڵخۆشم کە تۆ لێرەیت و ڕازی بوویت بۆ ئێمەو خوێنەرانمان باسی و ژیان و کارکردنت لە سایکۆدرامادا بکەیت، کە سەرەتادا لەلایەن هاوسەرە کۆچکردووەکەتەوە، جاکوب مۆرێنۆ دامەزراوە. سەختە باوەڕ بکەیت کە تەمەنت ٨٣ ساڵە؛ تۆ زۆر پڕی لە ژیان. زۆر شتت لە خۆتدا هێشتۆتەوە.
زێرکا مۆرینۆ: سوپاس. منیش دڵخۆشم کە لێرەم. هەمیشە حەزم لە قسەکردنە لەسەر کارەکانم.
ڤیکتۆر یالۆم: وە ژیانی خۆشت.
زێرکا مۆرینۆ: ژیانی خۆشم، ئەو دوانە تێکەڵاون.
ڤیکتۆر یالۆم: باشترین جێگا لێوەی دەست پێ بکەین ئەوەیە بڵێین، پێم بڵێ سایکۆ دراما چییە؟
زێرکا مۆرینۆ: ئاسانترین ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکردنەوەیە لەوەی “عەقڵ لە جووڵەدا ـ لە کرداردا ” یە. لەبری ئەوەی باسی نیگەرانیەکانین بکەن، دەڵێین “پێم مەڵێ، نیشانم بدە!” نیشاندان واتە مامەڵەکردن لە ناوەوە ” واتە نواندنی، بەو شێوەیە دەتوانیت پیشانم بدەیت کە خەمی تۆ چییە. باسی ئەوە بکە چی نیگەرانت دەکات، ئەوە کورترین رێگایە بۆ وەسفکردنی.
ڤیکتۆر یالۆم: ئامانجی سایکۆ دراما چییە؟
زێرکا مۆرینۆ: ژیان سنوردارکردنی خۆی بەرهەم دەهێنێت، زۆرێک لە ئێمە ناتوانین بە ئاسوودەیی مامەڵە لەگەڵ ئەمانە بکەین. پێت دەڵێم بۆچی. ئێمە بانگەشەی ئەوە دەکەین گرنگترین شتی مرۆڤ سپۆنتانێتی / العفویة و داهێنانە، هیچ ڕۆشنبیریەک نیە کە جەخت لە سپۆنتانێت و داهێنانی تاکەکان بکاتەوە. ئێمەی سایکۆدراماتیک جەخت لەسەر سپۆنتانیتی و داهێنان دەکەینەوە، منداڵانیش پشکی شێریان هەیە ، بەڵام لە ڕێچکەی ژیانیاندا ئەم داهێنان وسپۆنتانێتیەی منداڵان دەشێوێت و سەرکوت دەکرێت کاتێک گەورە دەبن. ئێمەی مرۆڤ ئەمرۆ باوەڕمان بەوە هەیە کە منداڵان فێر بکەین کە کۆنترۆڵی جوڵەی خۆیان بکەن و زیرەک بن، فێرکردنی منداڵان ڕێز بۆ عەقڵ و زیرەکی دادەنێت، بەڵام سپۆنتانێتیمان بیرچۆتەوە. خەڵکانێکی زۆرهۆشمەند هەیە، بەڵام تا بڵێی خراپ و دەستە پاچەن لەبەرامبەر داهێناو سپۆنتانێتی (العفویة)، سپۆنتانێتییان لاوازە. منداڵان کە نوێنەرایەتی سپۆنتانێتی ( العفویە) ئێمە دەکەن. کە بڵێ ” بەڵێ “! بۆ ژیان. ویستی ژیان، هاوار بۆ خۆشی ژیان بکات. ئەگەرسەرنج لە منداڵێکی بچووک بدەیت، تێبینی ئەوە دەکەیت کە پڕە لە ژیان. بەڵام ئێمە ڕێگرییان لێدەکەین لە هه‌راوهورییاكردن، چەپڵە لێدان، پێکەنین هەرچەندە ئەمە شێوازی ژیانی خۆیانە. بەڵام ئێمە زۆر باش لەم شتە تێناگەین. دەمانەوێت بەو شێوەیەڕەفتار بکەن خۆیان بگونجێن وەک مرۆڤە باشەکانی دنیا، بۆیە ئەوەی دەبێت بیکەین و هەوڵێکی زۆر دەدەین لەگەڵ تەمەنماندا بۆ لێسەندنەوەی ئەو مافە سەرەتایەی “خۆمان”
ڤیکتۆر یالۆم: سایکۆ دراما دەتوانێت یارمەتی دەربێت لەوەدا؟
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ سایکۆ دراما یارمەتیدەرمانە کە بە شێوازێکی نوێ گوزارشت لە خۆمان بکەین. بە شێوازێک کە ژیان بەزۆری ڕێگەی پێ نادات، دەتوانیت بڵێیت ئێمە لە دوو جیهاندا دەژین، دەزانی ئێمە لە جیهانی واقیعدا دەژین، لە جیهانی واقیعی بابەتییدا. من و تۆ دەتوانین کۆک بین کە لێرەین، ڕاستە؟ بەڵام تۆ جیهانێکی ترت هەیە، منیش جیهانێکی ترم هەیە کە نابینرێت. سایکۆدراما ئەو جیهانەی تر دەکاتە دیار.
ڤیکتۆر یالۆم: بۆ چ ئامانجێک؟
زێرکا مۆرینۆ: بۆ ئەوەی ببین بە کەسێکی کامڵتر، بۆ ئەوەی بەرهەمدارتر بین، بۆ ئەوەی کەسایەتیەکی یەکگرتوومان و پتەومان هەبێت، ئێمە باوەڕمان بەکەسایەتی یەکگرتوو هەیە.
ڤیکتۆر یالۆم: چۆن ئەم کارە دەکەیت؟ چۆن سایکۆ دراما بەکار دەهێنن؟ سایکۆدراما چ سترکتورێکی هەیە؟
زێرکا مۆرینۆ: باشە، سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە تەنها وەک جۆرێک لە چارەسەری دەروونی بەکارناهێنرێت. ئەوە تەنها یەک جۆری بەکارهێنانە. ڕەنگە تۆ بزانی ڕێگەیەکی زۆر بەسوود بۆ بەکارهێنانی سایکۆدراما لە ڕۆڵگێڕاندایە. ئەوەش ئەمڕۆ لە بواری پەروەردەدا، لە کارگێڕیدا، لە زۆر بواردا بەکاردەهێنرێت. لە بنەڕەتدا لە سایکۆدراماوە هاتووە. بەڵام سەرچاوەکەی عەقڵی خۆتە، هەر ڕۆڵێک لە ژیانتدا بگێڕیت؛ ئێمە لەوێوە دەست پێدەکەین.

ڤیکتۆر یالۆم: چۆن ئەم کارە دەکەیت؟

سایکۆدراما ڕوونکرایەوە
زێرکا مۆرینۆ: باشە با بڵێین کەسێک دێت و دەڵێت “کێشەیەکی ترسناکم هەیە، هاوسەرەکەم دەخواتەوە، لێم دەدات، قومار دەکات و نابەرپرسیارە و خۆی چاک ناکات”. دۆخێکی خراپ لە دەوروبەرمە. “چی بکەم؟ ناتوانم جیاببمەوە، من کاسۆلیکم. لە کڵێسا فڕێ دەدرێمەوە دەرەوە، و بە تەواوی گۆشەگیر دەبم. چی بکەم؟” باشە ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە، زۆر جدییە. – منیش پێی دەڵیم: نیشانم بدە مێردەکەت چۆنە، بەو پێیەی ئەو لێرە نییە، ئایا ئەو ئەهات بۆ ئێرە؟ “نا، ڕەنگە نەیەت بۆ ئێرە. ئەو باوەڕی بە هیچ کام لەم شتانە نییە.” بۆیە دەبێت هەڵسەنگاندن بکەم: چی دەتوانم بکەم بەشدارم بۆ خۆشگوزەرانی ئەم ژنە؟ ئایا شتێک هەیە لەم پەیوەندییەدا کە هێشتا بەردەوام بێت، یان نا؟ بەداخەوە پەیوەندیەکیی تەندروست و پتەویان نییە، بەڵام ڕەنگە ناچار بم یارمەتی بدەم، بۆ ئەوەی ئەقڵی لەدەست نەدات، ژیری بهێڵیتەوە. یان بیەوێت لەو ژیانە بمێنێتەوە
ڤیکتۆر یالۆم: بە عاقڵی بمێنێتەوە، یان لەو ژیانەدا بمێنەرەوە؟
زێرکا مۆرینۆ بەدڵنیایی. بۆیە، من بەم شێوەیە دەست پێدەکەم: “من لێرە هاوسەرەکەتم لا نییە؛ تەنها شتێک کە هەمبێت تێڕوانینی تۆیە بۆ هاوسەرەکەت.” بێ لەوەش لەوانەیە ئەو تێڕوانینە شێواو بێت و تەواو نەبێت، بەڵام تاکە تێگەیشتنێک کە لای من هەبێت ئەوەیە. ئەوە ئەو کەسەیە کە لەگەڵیدا دەژی. بۆیە دواتر داوای لێدەکەم ڕۆڵەکان پێچەوانە بکاتەوە و ببێتە هاوسەری (ڕۆڵی پیاوەکە ببینێت). بەزۆری وایان لێدەکەم لەسەر کورسییەکی جیاواز دابنیشن، بۆ ئەوەی جەستەشی بە هەمان شێوە بجوڵێنێت، ئەوە گرنگە. چونکە ئێمە تەنها لە سەر و مێشکیاندا کار ناکەین. بڵکو ئێمە دەمانەوێت هەموو جەستە بەکاربهێنین؛ ئێمە ئەکتەرین. ئێمە دەڵێین مرۆڤ ئیمرۆڤیسەتۆری شانۆی ژیانە. بە پێچەوانەی شانۆ، تێکستێکی نوسراو نییە؛ من سیناریۆم نییە. دەبێت لەکاتی کاردن و ئیمۆرۆڤیسەشوندا مامەڵە بکەین ڕاستە وخۆ کارلیکردنمان هەبێت، لێرە و لە ئێستادا. هەرچییەک لە نێوانماندا هەبێت.
ڤیکتۆر یالۆم: وە هاوسەرە کۆچکردووەکەت مۆرینۆ، کە دامەزرێنەری سایکۆدرامایە، ئەو چەمکی ” لێرە و لە ئێستادا” ی داهێنا؟
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ ڕاستە. ئەو، ئەو زاراوەیەی داهێنا و دواتر زۆر کەسی دیکە بەکاریان هێنا، لەوانە فرێدریک سالۆمۆن پێرڵز و تیۆری گێستاڵتەکەی، ئیرڤین یالۆم و بوونگەراییەکان.
ڤیکتۆر یالۆم: بەڵێ، دەستەواژەکە بەردەوامە لەگوزارشت کردن لەدەمی کات و ساتی ئەزموونە کارلێکیەکانی مرۆڤ.
زێرکا مۆرینۆ: دواتر چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو ژنە دەکەم وەک ئەوەی مێردەکەی بێت، (خۆی دەخاتە بەرگی هاوسەرەکەیەوە). لەو پرۆسەی کارکردنەدا ئەم ژنە شتی زیاتر فێر دەبێت دەربارەی هاوسەرەکەی، وەک لەوەی پێشتر دەیزانی، زۆر لە واقیعی پیاوەکەی نزیک دەبێتەوە.
ڤیکتۆر یالۆم: ئەوە چۆنە؟
زێرکا مۆرینۆ: ڤیتگنشتاین لە شوێنێکدا دەڵێ ” بۆ ئەوەی دەربارەی خۆت بزانیت، دەبێت لە دەرەوە هەنگاو بۆ خود بنێیت”. کەواتە ئەوەی کە دەیکات ئەوەیە، لە ڕۆڵی هاوسەرەکەیدا، هەست بە خۆی دەکات. لێی دەپرسم چ کەمایەسیەک و چەوتیەک لە نێوانیاندا هەیە ؟ من بیستوومە ژنەکەت چی دەڵێت. ئێستا حەز دەکەم بزانم ڕای تۆ چییە.” ئێستا زانیاریت دەست دەکەوێت و کە چۆن کارلێکردنیان هەبێت لەگەڵ یەکتر.
ڤیکتۆر یالۆم: کەواتە ژنەکە ڕۆڵی هاوسەرەکەی خۆی دەبینێت و قسە لەگەڵ خۆی دەکاتەوە (لەبەرگی پیاوەکەوە قسە لەگەڵ خۆی دەکات)؟
زێرکا مۆرینۆ: لە کۆتاییدا، لەوانەیە. ئەگەر کەسێکی تر بەردەست بێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەکتەر، ئەوا ئێمە ئەو کەسە دەهێنین ئەگەر نا، ئەوا خۆی ڕۆڵی خۆی بەرامبەرەکەشی دەبینێت. هەردوو ڕۆڵەکە دەگێڕێت، هەندێک جار، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەمەدا، ڕەنگە من ڕۆڵی ئەو ببینم و و ئەویش ڕۆڵی مێردەکە بگرێتە ئەستۆ.
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا ئەمە یارمەتی دەدات لە تێگەیشتن و هاوسۆزی لەگەڵ هاوسەرەکەی؟
زێرکا مۆرینۆ: با زیاتر ڕوونی بکەمەوە کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ چی دەکەین. ئێمە مامەڵە لەگەڵ دوو کەس دەکەین بەڵام بە سێ یەکە، ژن و مێرد و پەیوەندی نێوانیان، یەکەی سێیەم پەیوەندیەکەیانە. ئێمە وا دائەنێین کە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروونێک هەبێت، تەنها لە ڕێگەی پەیوەندییەکی بەرچاوەوە نەبێت. ئەوەی ئێمە مەمەڵەی لەگەڵ دەکەین، تەنها لە پەیوەندییەکە ناکۆڵینەوە، بەڵکو هەوڵ دەدەین چاکی بکەینەوە. پرسیارە چارەنووس سازەکە ئەوەیە، ئایا ئەم پەیوەندییە دەتوانرێت چاک بکرێتەوە یان نا؟. هەروەهە ئەگەری ئەوە هەیە کاتێک ڕۆڵێ مێردەکەی دەبینێت، لە ناکاو زۆر شتی بۆ کەشف دەبێت وشت فێر دەبێت، بە شێوازێکی نوێ مێردەکەی دەناسێت و دەبینێت. ئەگەر چی پێشوتریش ئاگاداری ژیانی ڕابوردووی مێردەکەشی بووبێت و چۆن بە منداڵی ئازار دراوە، لەبەر ئەوەی کە لایەنێکی نوێی مێردەکەی کەشف دەکات و هەستی پێ دەکات، لایەنە مرۆییەکەی مێردەکەی دەبینێت دەدرەوشێتەوە. لەبەر ئەوەی بە شیوەیەکی نوێ دەیبینێت و هەستی پێدەکات، کە دەگەڕیتەوە ڕۆڵی خۆی و ناچارە شێوازی پەیوەندیەکانی لەگەڵیدا بگۆڕێت، ئەوەی ئێمە لێرەدا باسی دەکەین گۆڕینی ڕەفتارەکانە نەک تێڕوانینی مەعریفی، پێمان وانییە تێگەیشتنە فیکرییەکان ئەوەندە چارەسەر بن.
ڤیکتۆر یالۆم: نەک تێڕوانینێکی مەعریفی بە خۆی.
زێرکا مۆرینۆ: نەک بە خۆی، پێویستە لەگەڵ بەشێکی هەست و سۆزەکان پەیوەست بکرێ، سایکۆدراما مامەڵە لەگەڵ هەردووکی دەکات. خەڵک زۆرجار بۆ تێگەیشتن بەکاری دەهێنن. پێم وایە ئەوە تەنها نیوەی کارەکەیە. من ئەوەندە خەمی ئەوەم نییە کە لێرە سەرەوە چی ڕوودەدات ( ئاماژە بە کەللـەسەری خۆی دەکات) چونکە ئەوەی لێرەدا بەرەو سەرەوە دەڕوات ئەوەیە…

ڤیکتۆر یالۆم: ئەگەر بە جەستەت ، یان بە هەست و سۆز ئەزموون بکەیت ئەوا هێزی زۆر زیاتر دەبێت.؟
زێرکا مۆرینۆ: بۆ نموونە کاتێک ئەو ژنە لێرە دادەنیشێت، دەڵێم “چۆن دادەنیشیت؟ بە جەستەت نیشانم بدە کە چۆن دادەنیشیت.” وە لەوانەیە بە لەسەر لا دابنیشێ، بە جۆرێک کەسی بەرامبەری ڕەت بکاتەوەە. یان لەوانەیە زۆر لە نزیکەوە دانیشتبێت چونکە دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵیدا دروست بکاتەوە. بۆیە هەموو جۆرە زانیارییەک بەدەست دەهێنیت، تەنها بە ئەنجامدانی گۆڕینی ڕۆڵەکان، ڕەنگە ئێستا یان دواتر ئەگەری ئەوە هەبێت کە من لە ڕاستیدا بتوانم پیاوەکەی بیبینم. دەزانی بابەتێکی نووسی ناوی ناوی لێنا “Psychodrama and the Psychopathology of Interpersonal Relationships “سایکۆدراما و سایکۆپاتۆلۆژی لە پەیوەندی نێوان کەسەکان، کە تێیدا خۆی وەک ناوبژیوانێک لە نێوان ژن و مێرددا بەکارهێناوە. ئەو بۆ دەستپێکردنی کارەکەی ژن و پیاوەکەی بەجیا دەبینی، سەرەتا هەردووکیانی پێکەوە نەدەبینی، پێکەوە داینەناون و مامەڵەیان لەگەڵ بکات، هەر یەکەیان گلەییان لە ئەوی تر هەبوو. ئەوە شێوازێکی تەواو نوێ بوو بۆ بەردەوام بوون. فرۆید هەرگیز ئەو کارەکەی نەکردووە، تاکەکانی بەرامبەر بەیەکتر شی نەکردۆتەوە، بەڵکو تەنها لە پەیوەندی بە ژیانی خۆیانەوە.
ڤیکتۆر یالۆم: دکتۆر مۆرێنۆ پێکەوە نەیانیدەبینی؟
زێرکا مۆرینۆ: هێشتا نا. ژنەکەی بۆ مێردەکە لێکدەدایەوە، مێردیش بۆ ژنەکە.
ڤیکتۆر یالۆم: بێگومان بە مۆڵەتی خۆیان.
زێرکا مۆرینۆ: بێگومان. هەردووکیان لەو پەیوەندییەدا کاریان دەکرد. هەندێک جار کەناڵێکی نوێی نێوان ئەو کەسانەدا دروست دەکرد. هەندێک جار ئەوە بە ڕوونی دەبینرا ئەو کەناڵە بوو کە بەڕاستی پێویستیان پێیەتی، بۆ ئەوەی هەردووکیان هەست بە عەقڵێکی تەندروست بکەن، جیا نەبنەوە. وە دواتر لەوانەیە ئەو شتە بەرهەم هاتبێت کە ئێمە پێمان دەگوت divorce catharsis “کاتارسیسی جیابوونەوە” و ئەوەش بیرۆکەیەکی نوێ بوو.
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا هیچ شتێکی کردووە کە لە چارەسەری دەروونی نەریتی بچێت؟
زێرکا مۆرینۆ: دەستی کرد بە فڕێدانی ئەو ڕیو ڕەسمە نەریتیانە. لە کۆتاییدا پەرەی بە سایکۆدراما دا و خستیە ناوپەیوەندی کارلێکی کەساکانەوە
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا مۆرینۆ هەروەها سایکۆ ئەنالیزی ( شیکاری دەروونی) خوێندبوو؟
زێرکا مۆرینۆ: نەخێر. دژە شیکاری بوو. باوەڕی بە مۆدێلی کارکردنی فرۆید نەبوو. پێشینەی فرۆید بایۆلۆجی بوو. مۆرینۆ دەیگوت ئیلهامی لە ئاینە گەورەکانی جیهان وەرگرتووە. فرۆید کەسێکی بێدین بوو. بەڵام مۆرێنۆ نا. مۆرینۆ دەیگوت لەڕوانگەی گەشەکردنی تاک و ڕەگەزی مرۆڤەوە، گەشەسەندنی قسەکردن زۆر درەنگ کەوت، مرۆڤ فێری گاگۆڵکێ کردن دەبێت، فێری دانیشتن دەبێت، فێری ڕۆیشتن دەبێت، هەموو ئەمانە فێر دەبێت ئەوجا فێری قسەکردن دەبێت. تۆ پێش ئەوەی فێری قسەکردن بیت نزیکەی دووتا سێ ساڵ بەچڕی بە جەستەو کارلێکردن ژیاویت لەگەڵ دەوروبەرت.

ڤیکتۆر یالۆم: بەجەستە؟
(سەیرکرنی ئایندە و دوو ژیانی ــ زێدە واقیع. Surplus Reality)

زێرکا مۆرینۆ: لەگەڵ جەستە، بە جەستە و لە تێکەڵاو بوون و کارلێککردن لەگەڵ
کەسانی دیکە. ئێمە لە ساتەوەختی لەدایکبوونەوە پەیوەستین بە خەڵک ولە کارلێککردنداین لەگەڵ کەسانی تر. دیارە ئەوە کاریگەری لەسەر ئێمە هەیە. با ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببینەوە. خەڵک درۆ دەکەن وشەکان دەتوانن درۆ بکەن. سەیری تیڤی بکەن، گوێ لە سیاسەتمەداران بگرن، لە زاریانەوە درۆ دەبارێت … ئاستێکی ڕەسەنتر هەیە، لە ژێر “ئاستی زمان”ەوە و ئەوە ئاستی کردار و کارلێککردنە. بۆیە درامای هەڵبژارد، بەڵام نەک درامای ئاسایی و نەریتی نا، بەڵکو فۆرمێکی نوێی دراما ــ درامای ئیمپرۆڤیسەیشن. کە ئەمەش شێوازی ژیانمانە. نازانم تۆ ئەو کتێبەمت بینیوە، لە وێدا نووسراوە کە جارێک یەکێک لە نەخۆشەکانم پێی وتم
دەزانم سایکۆدراما چییە؟ دووجار ژیانە، ئەم دەستاواژەیە زۆر قوڵ و سەرنجڕاکێشە، تۆ لەژیاندا ژیانێکی خۆت هەیەو لە سایکۆدرامادا ژیانێکی تر.
ڤیکتۆر یالۆم: ساڵی ٢٠٠٤ دیسان کارتان لەسەر ئەو پرسە کردووە و کتێبێکتان بڵاو کردەوە بە ناوی ”Surplus reality and the art of Hegalin”. ناونیشانێکی زۆر سەرنج ڕاکێش، وێڕای پیرۆزبایم، بڵێ چۆن پێناسەی ”Surplus reality دەکەن؟
) Surplus reality ¬– ڕۆژگاری جێماو، زێدە واقیع ، ئەوەی لە ئیستادا لەپێشە و لەبەردەمماندا لە رووە، سەیرکردنی ئایندە لە ڕۆڵبینیندا، خەونەکان هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە. هەروەها the art of Hegalin ـ واتە بەکارهێنانی هونەر بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشی، جا هەر جۆرێکی هونەری بێت. زاهیر )
زێرکا مۆرینۆ: دەزانم بەرەو چ ئاڕاستەیەک دەڕۆیت؟. ئەوەی ئەم ژنە دەیکرد ئەوەبوو کە دەچووە ناو واقعی هاوسەرەکەیەوە، ئەوە ) ڕۆژگاری جێماو، زێدە واقیع ـ Surplus reality ¬– ڕۆڵ گۆڕین تەکنیکێکی surplus reality ــ ە ، زێدە واقیع یان ژیانی بەجێماو، یان سەیرکیدنی ئایندەیە – ئەوە واقیعێکە یان بڵێن ڕاستیەکە لەدەرەوەی ژیانی ڕۆژانەمانەوەیە، ژیانێکە دیار نییە و واقعێکە نەبیراوە بەڵام زۆر ڕاستەقینەیە و پەیوەندی بەژیانی ئێمەوە هەیە و مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. ئەو ژیانەش دەتوانرێت ئەفسانە یان چیرۆکێکی دروست کراو بێت، یاخود ژیانی تۆ بێت وەک ئەوەی تۆ حەزت لێیە. فیلمە کۆنەکەی The Secret Life of Walter Mitty ژیانی نهێنی واڵتەر مێتی، خۆی سایکۆ درامابوو، کەواتە ئێمە هەوڵی چی دەدەین، چی لە کاتارسیسدا جەوهەرییە؟ باشە ئێمە باوەڕمان بەو دیمەنانە هەیە، ئەو کارلێکانە، ئەو واقیعانەی کە ژیانمان ڕێگەی پێ نەداوین ئەزموونی بکەین و بیبینین، بەڵام ئێمە دەبێت هەمیشە هەست بەو ژیانە نەبینراوە بکەین، . من عادەتەن ئەوە ناو دەنێم ” تەنها ئەگەرەکان”. بیر لە ووشەی ئەو هەموو (تەنها جارێک ) لەژیانمدا بکەرەوە، ” تەنها ئەگەر”ەکان بکەرەوە لە ژیانتدا کە نەتکردووە. بزانە چەند بڕێکی زۆر وزە و کات بەفیڕۆ دەدەیت؟.
ڤیکتۆر یالۆم: بەدڵنیایی وزەو کاتێکی زۆر خەرج دەکەیت.
زێرکا مۆرینۆ: بڕێکی زۆر گەورە، تەنها لەسەرئەو ئەگەرانەی کە نەتکردووە، لەسەر ئەم ” تەنها ئەگەر” انە، مێشکت دەبات بۆ شوێنێکی تر، ئەو پەیوەندیە تەلەفونیانەی کە نەتکردووە، یان ئەو ئەو پەیوەندییە تەلەفونییانەی کە کردووتەو لەوێدا بیردەکەیتەوە ، ئەگەر ئەو پەیوەندیە تەلفونییەم نەکردبا، ئەو نامانەی دەبوو وەڵامیان بدابایەتەوە، ئەو ئیمەیلانەی کە دەبوو بماناردایە، ئەمانە ڕێگریت لێدەکەن لەو کارانەی کە دەتەوێت لە ژیانی رۆژانەدا بیکەیت لێرە و ئێستادا.
هەر چەمکی “لێرە و ئێستا”، بوو کە جاکۆب مۆرێنۆ کە دایهێنا، لە پاشاندا هەرچەندە لەو کاتەوە لەلایەن زۆر کەسی دیکەوە وەک پێرڵز و یالۆم و بوونگەراییەکان بەکارهێنراوە.
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا سایکۆدراما دەتوانێت دەربارەی هەر شتێک بێت؟
زێرکا مۆرینۆ: ( بەپێکەنینەوە) بەڵێ، دەتوانین نزیکیی هەموو لایەنەکانی ژیان وەربگێڕین بۆ فۆڕمی سایکۆدراما. هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی خۆت بە شێوەیەکی نوێ و لە کایەی نوێدا. بۆ ئەوەی سپۆنتانی و داهێنەر بیت بە شێوەیەک کە پێشتر نەبووبیت. هەروەها ڕێگایەکە بۆ چاککردنەوە و کامڵ بوونی “خود”. دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە چۆن حەزت دەکرد منداڵیت یان هەرزەکاریت یان تەنانەت ژیانی پیشەیی خۆت بگۆڕیت. ڕەنگە هەمیشە کار نەکات. زۆرجار بیر لە سایکۆدراما دەکەمەوە پێم وایە مامەڵە لەگەڵ لێوارەکانی ژیان دەکەین. ئەمە بیرۆکەیەکی نوییە کە ئێستا تازە بەدەستی دێنم.
ڤیکتۆر یالۆم: بیرۆکەی نوێت هەیە دوای شەست ساڵ کارکردن.
زێرکا مۆرینۆ: بەڵی، شتێکی سەرنج ڕاکێشە، بەردەوام بیرۆکەی نوێ دێتە ئاراوە، داهێنان بەوشێوەیەیە. وەک پرەنسیپێکی دووانەیی /جمک کاردەکات. سپۆنتانێتی spontaneity وەک وەڵامێکی نوێ بۆ دۆخێکی کۆن پێناسە دەکرێت، یان وەڵامێکی گونجاو بۆ دۆخێکی نوێ. داهێنان شتێک دروست دەکات کە پێشتر نەبووە. بۆ نموونە بیل گەیتس وەربگرە. لە ڕێگەی ویندۆزەوە جیهانێکی تەواو نوێی دروست کرد کە پێشتر بوونی نەبووە! تەواوی بیرۆکەی ئەوەی کە “شتەکان ناگۆڕدرێن” لەم دنیایەدا قسەی بێمانایە! کێ دەیتوانی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر خەون بە ئینتەرنێتەوە ببینێت؟ مەسەلەکە لێرەدا شتێکی داهێنەرانەیە – کەسێک شتێکی تەواو نوێ دروست دەکات، ئەوە چەند گرنگە بۆ جیهان، بەردەوام شتەکان وا دروست دەبن.
ڤیکتۆر یالۆم: کەواتە، باس لە دروستکردنی ژیان دەکەین.
زێرکا مۆرینۆ: پێویستە ژیانمان دروست بکەینەوە.

(دیدارو خۆشەویستی دکتۆر مۆرینۆ)

ڤیکتۆر یالۆم: حەز دەکەم کەمێک زیاتر دەربارەی ژیانت ببیستم. چۆن چاوت جاکۆب مۆرینۆکەوت ؟
زێرکا مۆرینۆ: من لە ئەوروپاوە خوشکە گەورە دەروون ناساغەکەم هێنایە لای ئەو بۆ ئەوەی چارەسەری بکرێت.
ڤیکتۆر یالۆم: تۆلە ئەوروپاوە ئەو ڕێگا دوورودرێژەت گرتەبەر، خوشکەکەت هێنا بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بکرێت؟ ئەوە چۆن بوو؟
زێرکا مۆرینۆ: لە ئینگلتەرەوە یەکەمجار بە تەنیا هاتم بۆئێرە، ، دوای ڕاگەیاندنی جەنگی جیهانی دووەم بوو، ئەوکات تەمەنم ٢٢ ساڵ بوو. هیچم لەبارەی مۆرێنۆ و سایکۆدراما نەدەزانی. هونەر و دەروونناسی خوێندبووم.
خوشکەکەم لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا تووشی بارگرژی دروونی ببوو، بڕیار بوو ببمە هونەرمەند، دیزاینەری کەوالیس وجلوبەرگ، بەتایبەتی جلکی شانۆ و نواندن. دەزانی لەندەن شوێنێکی نایاب و ناوازەیە بۆ شانۆ. پاشان خوشکەکەم بە شێوەیەکی نائومێدانە تووشی نەخۆشی دەروونی هات، بیرم کردەوە و بە خۆمم وت “ئۆه، دەبێت بەشیوەیەکی بابەتیەنە سەیری ئەم شتە بکەم” و دەستم کرد بە خوێندنی دەروونناسی. بەڵام هیچ کام لە دەروونناسی کلاسیک فێری نەکردم کە دۆخی خوشکەکەم چۆنە وە هەستم کرد و تێگەیشتم کە شتێکی هەڵە هەیە. من لە ڕاستیدا لە خوشکەکەم زۆر باش تێدەگەیشتم. بێ قسەکردن ، لای خوشکەکەم هیچ پەیوەندیەک و تێکەڵاویەک دروست نابێت، مومکین نییە، لێرەدا شتێک هەیە، بەڵام کاتێک مۆرینۆم ناسی ئەو تێکەڵاویە دروست بووئەو شیانە دروست بوو.
ڤیکتۆر یالۆم: وە چۆن مۆرێنۆت ناسی؟
زێرکا مۆرینۆ: شەڕەکە هەڵگیرسا. خوشکەکەم لە بەلجیکا دەژیا، ماڵەکەیان لە سنوری ئەڵمانیاوە ٢٥ کیلۆمەتر دوور بوو، شوێنەکەیان زۆر مەترسیداربوو.
ڤیکتۆر یالۆم: شوێنەکەیان باش نەبووە کە تیا بمێنەوە؟
زێرکا مۆرینۆ: مەتریسیداربوو. بەڵام من هاتمە ئەم وڵاتە. بە دایکم و باوکمم گوت: با بڕۆم، ڕەنگە بتوانم خوشکەکەم ڕزگار بکەم. ئەو تاقە خوشکەم پێنج ساڵ لە من گەورەتر بوو، شەڕەکەش تا دەهات تەشەنەی دەسەند هەموو ناوچەکەی گرتەوە، دواجار توانیم هەندێک پارەکە کۆبکەمەوە، لە ساڵی ١٩٤١دا هاتمە سەر ئەم خاکە.خوشکەکەیشم بڕستی لێ بڕابوو تا دەهات باری دەرونی خراپتر دەبوو، پێویستی بە چاودێری بوو لە نەخۆشخانە بیخەوێنین. بیرۆکەی خۆکوشتنیش ڕۆژ نەبوو بیری لێ نەکاتەوە. منداڵێکی بچووکیشیان هەبوو کە دەبێت کەسێک ئاگاداری بێت. بۆیە زاواکەم خانەیەکی بەخێوکەرانی بۆ کوڕە بچووکەکە دۆزیەوە، منیش نەخۆشخانەیەکم بۆ خوشکم دۆزیەوە.
ڤیکتۆر یالۆم: ئەمە چ شوێنێک؟
زێرکا مۆرینۆ: لە بیکۆن، نیویۆرک. نزیکەی ٦٠ میل لە باکووری شاری نیویۆرکەوە دوورە لەسەر ڕووباری هادسۆن
ڤیکتۆر یالۆم: ئەمە ئەو شوێنەیە کە ئێستاش لێی دەژیت؟
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ، ئێستاش لەوێ دەژیم. بە خوێندکارەکانم دەڵێم “ژیانم حیکایەتێکی سەیرە، وەک پەنابەرێکی بچووکی بێدەسەڵات هاتوومەتە ئێرە، بەهۆی نەخۆشی خوشکەکەمەوە ئاسودە نەبوو، هاتووم بۆ ئێرە بۆ ئەوەی ژیانێکی نوێ بۆ خوشکەکەم بدۆزمەو، کەچی. ژیانێکی نوێم بۆ خۆم دۆزییەوە. دەزانی عیبرەتەکە چی بوو؟ ئەوە بوو
لەم تەمەنەدا بەخۆم دەڵێم زێرکا، بۆ بەدوای هیچدا مەگەڕێ بۆ خۆت مەگەڕێ. بەڵکو بەدوای یارمەتیدانی کەسانی تردا بگەڕێ، لەوێ ڕا خۆشبەختی بەدەست دەهێنیت. وانەیەکی گەورەبوو بۆ من. بەڕاستی بوو بە بنەمای ژیانم؛ خۆشبەختی من لەوێوە سەرچاوە دەگرێت
ڤیکتۆر یالۆم: خۆشەبەختی تۆ لەوەوە سەرچاوە دەگرێ؟
زێرکا مۆرینۆ: من زۆرلە ژیانم ڕازیم. تا زیاتر بژیم، جەوهەری ژیان بەدەست دێنم، ئێمە لە جیهانێکی گەمژەییدا دەژین، با ڕاستی بڵێین بە تەواوی شێتانە! لە گەنجیدا بەم و ئەو تووڕە دەبووم. ئێستا، هەرچەندە جیهان شێتانە بێت، هەست بە باشی دەکەم. من ئەوەی لە توانامدا بێت دەیکەم، لەوەدا زۆر باشم، چی لەوە دڵخۆشتر هەیە؟ بەهەر حاڵ مۆرێنۆ بەهرەی منی دۆزیەوە.

( لە وڵاتی بەلجیکاوە بۆ شاری نیویۆرک)

ڤیکتۆر یالۆم: بەهرەی تۆ بۆ؟
زێرکا مۆرینۆ: کاتێک تەندروستی خوشکەکەم باشتر بوو، ، مۆرینۆ بۆ کارەکانی خۆی منی تاقیکردەوە و کردمی بە خوێندکاری خۆی، لە شاری بیکۆن لە نیۆرک ژیام و وەک سکرتێری تایبەتی ئەو کارم دەکرد، دەرماڵەیەکی بۆ پێشنیاز کردم و منیش قبوڵم کرد، بەڵام پێمووت دەمەوێت کارت بۆ بکەم لەبری ئەوە، چونکێ تایپچییەکی خێرابووم، من هەمیشە حەزم کردووە لەگەڵ نوسەران و داهێنەران کار بکەم، ئەویش وتی باشە، بۆیە لەبەر دەرماڵەکە و خوێندنەکەم لای ئەو دەستم بەکارکردن کرد. جەنگ تا دەهات پەرەی دەسەند و پیاوان دەچوون بۆ سەربازی. پەیمانگایەکی تایبەت بەخۆی لە نیۆرک کردەوە، منیش بووم بە یاریدەدەری توێژەنەوەی کارەکانیی و لە نیۆرک ژیام،
ڤیکتۆر یالۆم: لە شاری نیویۆرک؟
زێرکا مۆرینۆ: لە پارک ئەڤینۆ یەک گەرەک لە ویستگەی ناوەندی شارەکەوە دوور بوو، هەفتەی پێنج ڕۆژ هاتوو چۆم دەکرد، پاشان داوای لێکردم لە بێم و لە بیکۆن بژیم، چونکێ لەوێ پێویستی بە یارمەتییە.
خوشکەکەم ساڵی دواتر منداڵی دووەمی بوو، جارێکی تر نەخۆش کەوتەوە. دە ڕۆژ دوای لەدایکبوونی منداڵی دووەمی، گەڕاویەوە بۆ بیکۆن. ئێستا دوو منداڵ هەیە کە دەبوو ئاگاداریان بم. کەواتە، هەموو ژیانم ئاگاداری کەسێک بووم، دەزانی؟ ئیتر پێویست ناکات ئەوە بکەم. بیهێنە بەرچاوت، ئێستا نزیکەی ٨٣ ساڵم و تەنها شتێک کە دەبێت ئاگاداریم بم، خۆمم. ئایا ئەوە شتێکی نایاب نییە؟

(هەموو شتە چەوتەکانم کرد)

ڤیکتۆر یالۆم: کە نابێت مرۆڤ بیکات ، All the Shalt Nots
زێرکا مۆرینۆ: بەهەر حاڵ دواجار بووم بە هاوسەری، ئەو کاتە هاوسەرگیری کردبوو و منداڵێکیشی لە ژنی پێشووی هەبوو. وە بەو پێیەی دانپێدانان بۆ ڕۆح باشە، هەموو کارە هەڵەکانم کرد. هەموو ئەو کارانەم کرد کە کچێکی جوولەکەیەکی جوان و چینی ناوەند نایکات. ” the Shalt Nots ” پەیوەندیکردن لەگەڵ پیاوێک کە باوکی منداڵێکە، کە هاوسەرگیری کردووە. دۆخێکی زۆر ئاڵۆز بوو، ئەو ئامادەنەبوو وازم لێ بهێنێت. تەنانەت کاتێک هەوڵمدا جیاببمەوە، ئەو وتی ناتوانم، بۆهەرشوێنێکیش بچیت شوێنت دەکەوم.
ڤیکتۆر یالۆم: ئەو عاشقی تۆ بوو؟
زێرکا مۆرینۆ: بەتەواوی، پێت دەڵێم کاتێک بۆ یەکەمجار یەکترمان بینی چی ووت. کاتێک بۆ یەکەمجار چوینە ئۆفیسەکەیەوە بۆ ئەوەی خوشکەکەم وەک نەخۆشێک لای ئەو داخڵ بکەین ، لە پشت مێزەکەوە دانیشتبوو، هەر کە چاوی پێمان کەوت لە پشت مێزەکەوە هەستاو و هەردوو باڵی کردەوەو وتی “Yeeesssss!” بەڵێێێێ.
پێم وابوو ئەمە سەیرترین سڵاوە کە تا ئێستا بیستبێتم.
بەڵام ئەو ساتەم زۆر باش لەبیرە، تەنانەت ڕەنگی کراسەکەیم لەبیرە سەیرم کرد و بیرم کردەوە: ئەو ئاشنا دەردەکەوێت. من ئەم پیاوە دەناسم!” و دەنگی ناوەوەم وتی: “تۆ وەک خوشکەکەت شێتی، پێشتر هەرگیز نەچوویتە بیکۆن!
تۆ دەچیتە ناو مێژووی منەوە، و ناچیتە ناو سایکۆدراما، هەرچەندە هەمووی بەیەکەوە بەستراوەتەوە-ئایا ئەوە ئەوەیە کە تۆ دەتەوێت؟
دەزانی چی؟ دواتر پێی وتم کە بیری لەوە کردۆتەوە “ئەمە ئەو کچەیە” کە بەدواید دەگەڕا، ئەو بەدوای muse میوز ـ ێکدا دەگەڕا، من بووم بە میوزی ئەو.
ڤیکتۆر یالۆم: مەبەستت چییە؟
زێرکا مۆرینۆ: میوز، خوداوەندێکی ئیلهام بەخشینە. تۆ دەزانی میوزەکان؟ میوزی موسیک و سەما. ئەو بەدریژایی ژیانی بەدوای میوزدا گەڕاوە. میوز دەبێت بە ئیلهام بەخشی ئەو. ئەوەی کە ئاسایی نەبوو ئەوەبوومن ئەو کات تەمنم ٢٤ سا بوو، باوەڕم نەبوو بەوەی کە خوێندەوارێکی باشم، هەندێک سەرنجی سەرپییانەم لەسەر ڕووداوەکانی جیهان هەبوو، ” ئەو دەیگوت چیت وت؟ دوبارەی دەکەیتەوە؟ ئەوە زۆر گرنگە” منیش دوبارەم دەکردەوە و پێی دەوتم زۆر چاکە وەرە، دەچووینە لای ئامێری تایپکردن و، چەندەها لاپەڕەمان لە خەیاڵ و فەنتازیاکانی ڕەش دەکردەوە. داوا لە کچە گەنجەکان ناکەم کە هەتا هەتایە پەیوەست بن بە کەسانێک کە تێبینی سەرپێی بێ ئاگاییا هەبێت بەڵکو ببن بە ئیلهام بەخشیكی گەورە.
ڤیکتۆریالۆم: وا دەکات زۆر هەست بە گرنگی خۆت بکەیت.
زێرکا مۆرینۆ: من هەرگیز کەسێکم نەبووە بەو شیوەیە گوێم لێ بگرێت، کە هەست بکەم کەسێکی گرنگم. من چوارهەمین کەسی خێزانەکەمان بووم، دایکم هەمیشە مژوڵی ئەوە بوو بیرلەوە بکەینەوە کە ئێمە کەسێکی گرنگین.
ڤیکتۆر یالۆم: ئایا یەکسەر سەرنجی ڕاکێشایت؟
زێرکا مۆرینۆ: بە ڕەهایی، بەتایبەتی عەقڵی، بۆ ئەو کەسانەی کە لەدەورو پشتی بوون کەسێکی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو، زۆریش خۆش مەشرەبیش بوو. هەڵبەت لایەنی نەرێنیشی هەبوو، ئایا هەموومان لایەنەی خراپمان نییە؟ بەڵام لایەنە نەرێنیەکان ووردە ووردە پیی ئاشنا دەبین وا نییە؟

(لاپەڕەی تاریکی دکتۆر مۆرینۆ )

ڤیکتۆر یالۆم: هەندێ لەو شتە شێتایەتی و خۆبەزلزانییەی چین کە کردوویەتی، وک خۆت دەڵیێت لایەنی تاریکی ئەون ؟
زێرکا مۆرینۆ: لایەنی تاریکی. پێم وابوو وزەیەکی زۆری بەفیڕۆ داوە لە بەرەنگاربوونەوە، بۆ نموونە دژی فرۆیدییەکان ، بەلام بەشێکی پاڵنەر بوو، لەوکاتەدا هەمووان فرۆیدی بوون، بەجۆرێک هەرکەسە دژی فرۆید بووبێت، دوژمن بووە یان بێزراو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیرۆکەکانیان لێ دەدزی بەناوی خۆیانەوە بڵاویان دەکردەوە بە بێ ئەوەی ئەو شەرەفە بەو بدەن کە ئەو خاوەنێتی و سەرچاوەکە دەستنیشان بکەن کە ئەو بوو، وە تا ئەمڕۆش هەروا ڕوودەدات. ئەوەش ئازاری دەداو و تووڕەی کرد. دەکرا ئەو وزەو کاتانە بۆ شتی باشتر بەکاربهێنرێت. بەڵام ئەویش بەو شێوەیە بوو. هەندێک لە نیگەرانییەکانی ڕەوا بوو، بەڵام هەندێک شتی لە مێشکی خۆیدا گەورە دەکرد، چونکە پشتگیرییەکی زۆر کەمی هەبوو. دەیتوانی توڕەیی خۆی لەدەست بدات کاتێک هەستی دەکرد بەڕاستی کەس گوێی لێناگرێت. گوێم لە چەند وانەیەکی گرت و تێبینیم کرد لەسەرو تێگەیشتنی خەڵکەوە قسە دەکات.
من کاتێک بۆ یەکەمجار بینیم کە لەگەڵ نەخۆشە دەروونییەکان کاردەکات، تێگەیشتم لەو کاتەدا کەس چالاکانە وەکو ئەو لەگەڵ نەخۆشە دەروونییەکان کاری نەدەکرد. من باسی سەرەتای ساڵانی چلەکان دەکەم. وە بیرمە لە دڵی خۆمدا بیرم لەوە دەکردەوە “هەرگیز ناتوانم ببمە دەرهێنەر. هەرگیز ئەوەندە نازانم، هەرگیز ئەوەندە زیرەک نابم.

ڤیکتۆر یالۆم: دەرهێنەرێکی سایکۆدراما؟
زیرکا مۆرینۆ: بەڵێ، هەرگیز من پێم وا نەبوو بتوانم ببمە دەرهێنەری سایکۆدراما، بەڵام دەتوانم ببم بە ئەکتەری چارەسەری و وەرگێڕی جاکۆب. پەیامەکانی پێویستی بە لێکدانەوە هەبوو بۆ ئەوەی خەڵک تێبگەن. بیرم لەوە دەکردەوە ئەو پەیامێکی گرنگی هەیە بەڵام ناگاتە خەڵک. ئەوەی من نووسیومە خەڵک زیاتر بە قەناعەت پێکەری دەزانن. شێوازی نووسینەکانی، چڕ، توندو تۆڵ و سەخت بوو، زۆر بارگاویکراوە، زۆر جێرمانیی بوو هەموو ڕستەیەکی بارگاوییە بە بیرۆکە.
ڤیکتۆر یالۆم: کەواتە تۆ بیرۆکەکانی ئەوت وەردەگێڕا بۆ فۆرمێک کە خەڵک باشتر لێی تێبگەن.
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ وە تا زیاتر فێر دەبووم و دەچوومە ناو کارەکەوە، خوێندنەوەی کتێبەکانی ئەو ئاسانتردەبوو.

ڤیکتۆر یالۆم: زیاتر خۆشت بە کاری دەرهێنانەوە خەریک دەکرد
زێرکا مۆرینۆ: زیاتر بەشداریم کرد و تا ساڵی ١٩٤٩ هاوسەرگیریمان کرد.
ڤیکتۆر یالۆم: هەموو ئەو کاتە هەر خۆشت دەویست؟
زێرکا مۆرینۆ: دەزانیت زۆر جار بیرم لەوە کردۆتەوە، من نەک هەر خۆشم دەویست، بەڵکو عاشقی بووم، جایاوازی هەیە، دەمپەرست، هەستی خۆشەوسیستی عیشق دوو شتی جیاوازن، . ڕۆژێک پێی وتم: “پەیوەندیەکەمان تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئیمان بنیات نراوە: باوەڕ بە یەکتر.” وە پێموایە ئەوە ڕاست بوو.
بۆیە دەستم کرد بە فێربوونی شێوازەکە. حەوت ساڵ شاگردی بووم. وە ئەوەش ئەوەیە کە لە ڕۆژانی کۆندا هەبووە کاتێک دەچوویتە لای وەستایەک، وەک هونەرمەندێک. حەوت ساڵ خوێندن بوو.
ڤیکتۆر یالۆم: بەڕاستی؟ ئەو حەوتە لە چییەوە هاتووە؟
زێرکا مۆرینۆ: نازانم. بەڵام تۆ دەچوویت و لانیکەم حەوت ساڵ شاگردیت دەکرد پێش ئەوەی ببیتە هونەرمەندێکی ڕاستەقینە.
ڤیکتۆر یالۆم: ئەوە تا ڕادەیەک پەیوەندی بەو شتەوە هەیە کە زۆر کەس بۆ بەدەستهێنانی دکتۆرا پیویستی بەو کاتە دەبێت.
زێرکا مۆرینۆ: ئەوە ڕاستە.
ڤیکتۆر یالۆم: دوای ئەوەی ئەوەت دەستکەوت، لانیکەم ئەوا دەست دەکەیت بە فێربوونی کەمێک دەربارەی چارەسەرکردن.
زێرکا مۆرینۆ: بەڵێ، لەگەڵ ڕۆیشتنی کارەکەدا دڵخۆشتر دەبووم، . ئەوەی لە سایکۆدرامادا سەرنجی ڕاکێشام، تێکەڵکردنی زانست و هونەر بوو. ئەوە بوو لەو بارەیەوە من زۆرم حەز لێ دەکرد.
ڤیکتۆر یالۆم: هونەرەکەی ئاشکرایە ، ئەی زانست لە کوێدایە؟.
زێرکا مۆرینۆ: ئێ، زۆر شتی تەکنیکی هەیە بۆ فێربوون، بێگومان میتۆد، تیۆری و بیرۆکەکان.
ڤیکتۆر یالۆم: وە ئێستا لە خوێندکارەکەوە بووەیتە دەرهێنەر.
زێرکا مۆرینۆ: فێربوون بەو شێوەیە سۆزداریانە وپەیڕەوکردنی ڕێگایەکی ئاوا تایبەت، ژیانی منی کردووە بە گەشتێکی نایاب.
ڤیکتۆر یالۆم: سوپاس بۆ ئەوەی ڕێگەت دا بە من و بە هەموو ئەوانەی ئەمە دەخوێننەوە، خولیا و وزەی تۆ بۆ ژیان و کارەکەت بڵاو بێتەوە.
زێرکا مۆرینۆ: سوپاس منیش چێژم لی وەرگرت.




جاکۆپ مۆرینۆ و سایکۆدراما.. نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

سایکۆدراما یەکێکە لە چوار شێوازی چارەسەری دەروونی لە ڕێگەی هونەرەوە، جگە لە چارەسەری وێنە و سەما و مۆسیقا، چارەسەر بە شێوەی دراما هەیە ، کە پرۆسەی چارەسەرەکە بە شانۆ پێی دەوترێت سایکۆدراما.

سنورەکانی شانۆ:
بەدرێژای مێژوو، رۆژگار لە پێشکەوتنێکی خێرادا بووە، ئەم پێشکەوتنەش هەموو بوارەکانی ژیان، زانست، ئابوری، ئەدەب، هونەر، فەلسەفە، کۆمەڵناسی و پەیوەندیەکانی مرۆڤیشی گرتۆتەوە، هیچ زانستێکش سەربەخۆ نەماوەتەوە و سنوری هەموویان تێکەڵ بەیەکتری بوون. ئەو دوو زانستەی کە دەمەوێت لێرەدا باسی لێوەبکەم شانۆ و بواری پزیشکی (دەرونزانی) یەکە ئەم دوانە تێکڵ بوون لە ژێر ناوی سایکۆ دراما کە زانستێکی تری پێک هێناوە، ئێستا لە دونیادا چەندەها ناوەند و خوێندنگا هەیە توێژینەوە لەم زانستە نوێیە دەکەن، بابەتێکی سەرەکی و گرنگی بواری پەروەردەشە، لە پەیمانگا وکۆلیژەکانی پێگەیاندنی مامۆستیان وانەیەکی گرنگ و سەرەکیە و، سەرچاوەی کارکردنیشیان کۆمەڵناسیە. جا بە چەند پرسیارێک دەست پێدەکەین سایکۆ دراما چیە؟ دامەزرێنەری سایکۆدراما کێیە؟ لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ سایکۆ دراما چۆن دەتوانێت هاوکاری خەڵک بکات؟ میتۆد و ئامڕازەکانی کارکردنی چین؟ چۆن بەکار دێت؟ سایکۆدراماتیست کێیە؟ تۆ ئەگەر بوویت بە سایکۆدراماتیست و ئەگەر ڕۆژێک لە رۆژان وارکشۆپێکت کردەوە چۆن بەرنامەی کارکردنت ڕێک دەخەیت لەگەڵ بەشداربوانی وارکشۆپەکەت؟ چیاوازی نێوان سایکۆدراماو سۆسیۆ دراما چییە؟ ئەم دوو جۆری کارکردنە چۆنە؟ لە درێژەی نووسیەنەکەمدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە.
چارەسەری دەروونی چییە؟
کاتێک کە تۆدەچیت بۆ چارەسەری دەروونی، ئەوە مانای ئەوەیە کە تۆ لێکۆڵینەوە لە ناوەوەی خۆت ئەو ئەزموونانەکانی ژیانت کە هەڵت گرتوون. یارمەتی دەدرێیت کە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕابردوو دەکەیت کە کاریگەرییان لەسەر ئێستا هەیە بە شێوەیەکی نەرێنی.
کاتێکیش لە خۆت و بیرکردنەوەکانت تێدەگەیت، ئەوکات پەیوەندیت باشتر دەبێت لەگەڵ هەستەکانتدا و دەرفەتێک بۆ داڕشتنی ژیانێکی پڕمانا دروست دەکەیت. بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکی باشترت لەگەڵ خودی ناوەوەت هەیە ئەوا پێویستییەکانت بە ڕوونتر دەبینیت و دەتوانیت بڕیاری گرنگ لە ژیانتدا بدەیت.
شێوازی چارەسەری دەروونیش جۆراوجۆری هەیە بۆ گەڕان بەدوای خۆتدا. ڕەنگە باوترینیان ئەوەبێت لە ڕێگەی گفت وگۆوە بێت، کەسێک یان نەخۆشێک کە زەبری دەروونی هەیە دەچێت بۆ لای سیکۆلۆگێک دروونزانێک و چەند دانیشتنێک وەردەگرێت بۆ قسەکردن لەگەڵیدا، مەرجیش نییە ئەوانەی دەچن بۆ لای سیکۆلۆگێک نەخۆشی دەروونیان هەبێت یان زەبرێکی دەرونیان بەرکەوتبێت. لە کوردستان یاخود بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین باوترین چارەسەری دەروونی ئەوەیە کە تۆ دەچیت بۆلای دەروونزانەکەو چارەسەر وەردەگریت، تەنها قسەکردنەوە و چەند جارێک ئەو دانیشتنە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئێمە باس لە جۆرێکی تری دەکەین لە مەسافەیەکی فروانتردا، لەگەڵ بەکارهێنانی هونەری شانۆدا کە ئەویش سایکۆ درامایە. ڕێگەیەکی نوێیە بۆ چارەسەری دەروونی، لێرەدا شانۆ و نواندن ڕۆڵێکی کاریگەر دەبیننن.
دامەزرێنەری سایکۆدراما
جاکۆب لیڤی مۆرینۆ

دامەزرێنەری سایکۆدراما ( جاکۆب لیڤی مۆرینۆ ) Jacob Moreno بوو ( 1889 – 1974 ) لە بوخارێست لە بنەماڵەیەکی کۆنی جولەکە سەفاردیەکان، لە خێزانێکی زەنگینی پڕنازو نیعمەت لە دایکێکی بولگاری و باوکێکی ڕۆمانی لە دایک بووە، باوکی ناوی مۆرێنۆ نیسیم لیڤی بوو، باوکی مۆرینۆ بازرگانێکی جولەکە سێفاردی بوو، لە ساڵی ١٨٥٦ لە شاری پلێڤنا لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ( پلێڤن لە بولگاریا) لەدایکبووە. دایکی جاکۆب مۆرێنۆ، پاولینا ئیانکو یان وۆڵف، هەروەها ئەویش جولەکەیەکی سێفاردی بووە، لە ساڵی ١٨٧٣ لەدایک بووە و لە شاری کالاراشی لە بنەچەدا خەڵکی ڕۆمانیا بوو.
لە ساڵی ١٨٩٥ و لە سەردەمی داهێنەری فیکریی گەورە و گێژاوی سیاسیدا، خێزانەکە ڕوویان لە ڤیەننا کرد. لەبەر شکستی باوکی لە بازرگانیدا بۆ وڵاتانی وەک هەنگاریا، ڕۆمانیا، ئەڵمانیا، کۆچ دەکەن و لە دواجاردا لە نەمسا نیشتەجی دەبن، لە زانکۆی ڤیەنا پزیشکی و بیرکاری و فەلسەفەی خوێندووە، لە ساڵی ١٩١٧ بڕوانامەی پزیشکی بەدەست دێنێت. بووەتە دکتۆری پزیشکی، لە کاتێکدا هێشتا خوێندکاری پزیشکی بووە، ، تیۆریەکانی فرۆید ڕەت دەکاتەوەو بە بەرهەڵستکارێکی سەرسەختی فرۆید دەناسرێت و حەزی لە توانای ژینگەی گروپی بۆ پراکتیکی چارەسەری بووە.
مۆرێنۆ لەو شوێنەی کە فرۆید وازی لێهێنابوو، بە تیۆری پەیوەندییە نێوان کەسییەکان و پەرەپێدانی کارەکانی لە بواری سایکۆدراما، سۆسیۆمێتری، چارەسەری دەروونی گروپی، سۆسیۆدراما و دەستی پێکرد.
شارەزایی زۆری لە هەردوو بیری لاهوتی جولەکە و فەلەسەی یۆنانیدا هەبووە. پاشان لە ساڵی ١٩٢٥ ڕوودەکاتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە شاری بیکۆن نیشتەجێ دەبێت.
بەڵام کاتێک کۆچ دەکات بۆ ئەمریکا ڕای دەگەیەنێت کە سێ ساڵ لەو بەرواری لەدایکبوونە گەنجترە، واتە لە ساڵی 1892 لەدایکبووە. بەڵام لە هەموو دۆکۆمێنتەکاندا لە بەرواری 1889 دا تۆمارکراوە.
لە شاری نیویۆرک دەستی بە کارکردن کرد. لە ژیاننامەی خۆیدا باس لەوە دەکات کە، لە هەموو شوێنەکانی جیهان تەنها لە نیویۆرک، مەنجەڵی توانەوەی گەلانە، شارە گەورەکە، بە هەموو ئازادییەکەیەوە لە هەموو تێڕوانینە پێشوەختەییەکان، دەتوانم ئازاد بم. نیویۆرک مەڵبەندی گەشەکردنی کارکردن و لێکۆڵینەوەیە لە چەمکی سۆسیۆمێتریدا”. ئەو شێوازە گەورەیەی کە ئەو پێشبینی کردبوو”.دواتر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا پۆستی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی وەرگرتووە.
مۆرینۆ بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٣٢ چارەسەری دەروونی بە کۆمەڵی بە کۆمەڵەی دەرووناسانی ئەمریکی ناساند. پاش ئەوە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ تیۆری پەیوەندییی نێوان کەسییەکان هۆکارەکای پەیوەندیان بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکانی پەرەپێدا و ناوی لێنابوو سۆسیۆدراما، سایکۆدراما و سۆسیۆمێتری. لە توێژینەوە ئەکادیمیەکەیدا بەناونیشانی “داهاتووی جیهانی مرۆڤ” باس لەوە دەکات کە چۆن پەرەی بەو زانستانە داوە بۆ بەرپەرچدانەوەی “ماتریالیزمی ئابووریی مارکس و ماتریالیزمی دەروونی فرۆید و ماتریالیزمی تەکنەلۆژی” سەردەمی پیشەسازیی مۆدێرنمان، مۆرینۆ بە تیۆریەکەی فرۆیدیش دەڵێت ماتریالیزمی دەروونی فرۆید.
سێ جار هاوسەرگیری کردووە، دواهەمین خێزانی زێرکا مۆرینۆیە کە بوو بە خوێندکاری مۆرینۆ و پاشان هاوسەری، و پاڵپشتێکی تەواوی مۆرینۆ بوو، دوای مردنی مۆرینۆش بەردەوامی بە کارەکانی مۆرینۆ دا.
لەگەڵ حەزکردنی بۆ شانۆ وای لێکرد گرنگی بەو ئەگەرانە بدات بۆ دەڕبڕین کە دراما پیشکەشی دەکات، بیری کردەوە کە چۆن بتوانێت سود لە شانۆ وەربگرێت بۆ چارەسەرکردنی دەروونی، بەدوای شێوازێکی نوێدا گەڕا، لەساڵی ١٩٢٠ دا شانۆیەکی ئەزمونکاری دروست کرد. بانگهێشتی بەشداربووانی دەکرد کە بە نۆرە ڕۆڵی هەمە چەشنە و جیاواز ببینن. مەبەستیشی لەم “ڕۆڵگێرانە” هەستکردنی هەرمرۆڤێک بوو بەرامبەر بە لایەنە جیاوازەکانی کەسایەتی خۆی هاوبەش و کەسە نزیکەکانی، ئەوەش ڕێگەیەکی زۆر هونەری داهێنەرانەبوو بۆ دەربڕینی توانای سەست و سۆزەکانی بە شێوەیەکی سپۆنتانێتی ــــ العفویة.
مۆرینۆ بەردەوام دەبێت لە لە تاقیکردنەوەکانی، سەرنجمان بۆ پەیوەندی خێزانی، پەیوەندی کەسەکان و داینامیکەتی گرووپ ڕادەکێشێت. ئەم لێکۆڵینەوەیەی لەسەر بنەمای سۆسیۆمەتری داهێنا. لە کتێبێکدا بە ناوی کێ لە ژیاندا بمێنێتەوە پەرەی پێبدا؟ لە ساڵی ١٩٣٤ دا بڵاوی کردۆتەوە. هەندێک لە یاداشتەکانی خۆی تێدا تۆمار دەکات، کە چۆن لەگەڵ منداڵان و پاشان لەگەڵ لەشفرۆشەکانی ڤییەنا کاری کردووە.
کاتێک مرۆڤ ناوی مرۆینۆ دەهێنێت، دەبێت وەک کۆمەڵناس، شاعیر، شانۆکار، دەرووناس، فەیلەسوف، بیرمەند و پیداگۆگ باسی بکەین، لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگ بووە.
مۆرینۆ خاوەنی داهێنانی چەمکی سۆسیۆمەتریە، کە تەکنیکە سۆسیۆمێتریەکان ئامانجیان پێشکەشکردنی وەسفێکی بابەتیانە بوو بۆ ئەو کارلێکانەی کە لەناو گروپەکاندا کاردەکەن، و تیۆریزەکردن سەبارەت بە لایەنە جیاوازەکانی کارلێکی گروپی.
لە ساڵی ١٩٥٠ لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ گروپی سایکۆتراپی لە پاریس دروستکرد، و یەکەمین کۆنفرانسی جیهانی سایکۆدرامای لەوێ لە ساڵی ١٩٦٤ ڕێکخست، ئەمەش ڕێگەی بۆ ئاڵوگۆڕی نوێی نێوان سایکۆدرامیسیتەکان، دەروونشیکاران و پسپۆڕانی پزیشکی دەروونی کردەوە، کە زانیارەیکانی ئاڵوگۆڕ بکەن. دوای ئەوە شێوازەکانی لە ئەمریکا و ئەوروپادا سەرکەوتنی زیاتریان بەدەستهێنا.
مۆرینۆ وەک پزیشکی دەروونی حەزی لە کردەوەی ڕۆژانەی مرۆڤ و توانای پێکەوە ژیان هەبوو. سەرنجی زۆر دەخستە سەر ئەو کەسانەی کە نەیاندەتوانی ژیانی سادەی رۆژانەی خۆیان ببەن بەڕێوە و لەگەڵ ژیانی سادەی خۆیاندا هەڵبکەن. ئەو پابەندیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزی هەبوو، هەروەها کارکردن لەگەڵ لەشفرۆش و پەناهەندەکان ئیلهام بەخشی جۆری کارکردنی ( چارەسەرکردنی دەروونی بەکۆمەڵ) بوو لەپاشاندا بایەخی بە داینامیکی گروپی دا لەبواری دەرونزانیدا. مۆرینۆ زۆر جار لە باخچەکانی ڤییەنا لەگەڵ منداڵان کۆدەبووە و چیرۆکی بۆ دەخوێندنەوە، بەدەم چیرۆک خوێندنەوەوە نمایشی بۆدەکردن ڕۆڵی کارەکتەرانی حیکایەتەکەی بۆ بەرجەستە دەکردن. ئەم چیرۆک خوێندنەوەیە و نمایشکردنە، تۆو و سەرچاوەی دروستبوونی میتۆدی سایکۆدرامایە. جیاواز لەوجۆری چیرۆک گێرانەوەکەو شێوازی زارەکی دەڕبڕین، مۆرینی فۆکەسی دەخستە سەڕ ڕوداوی ناو چیرۆکەکە، واتە ئەو زیاتر سەرنجی لەسەر ڕوداوەکان بوو نەک گێڕنەوە بەزارەکیی وەک گیرانەوەیەکی ئاسای. باکگراوندو و ئەزموونەکانی کارکردنی مۆرینۆ لە شانۆدا لە شاری ڤییەنا، پەیوەندی و یاریکردنی لەگەڵ منداڵاندا و کارکردن لەگەڵ لەشفرۆشەکانی ڤیەنا کۆڵەکە بنەڕەتەتیەکانی ئەو شتەن کە پێی دەڵێین سایکۆدراما Psychodrama.
یاریکردن و خۆبەخۆی (العفویة ــSpontaneity )، داهێنان و پێکەوە بوون لەگەڵ کرداردا ڕێگەی گۆڕانن. مەبەستی ئەوەیە کە ڕوداو و کردار پێش گەشەکردنی زمان دەکەوێت. لە ڕێگەی میتۆدی سایکۆدراماتیکەوە، مرۆڤ دەتوانێت لە ڕەهەندی دەرووناسیەوە توێژینەوە لە کێشەکانی خۆی بکات و بیاندۆزێتەوە و یارمەتی بدات کە کێشەکانی خۆی وێنا بکات ، لەبری ئەوەی تەنها قسەیان لەبارەوە بکات. ڕیشەی کایەبازی، تێبینی و دیقەتی ئەو بۆ یاری منداڵان، کە چۆن بە شێوەیەکی خۆبەخۆیی و داهێنان ” گەمەی خۆیان دەکەن لێرە و لە ئێستادا” ئەوەش ئامرازێکی گرنگی سایکۆدرامایە. مۆرینۆ لەشاری ڤییەنا شانۆی خۆبەخۆیی ( the spontaneity theater) دامەزراند لە پاشاندا گەشەی کرد بوو شانۆی چارەسەری دەرونی واتە سایکۆدراما، هەرخۆشی پێشەنگ بوو لە دانانی گروپی چارەسەری دەرونی بەکۆمەڵ، هەروەها سۆسیۆمێتری دامەزراند sociometrin کە بەمانای رێگەیەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە مەوداو پەیوەندی گروپ لە نێو خۆیاندا. لە سۆسیۆدراما لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری گروپەکان دەکات
لە ماوەی ژیانیدا وەک یەکێک لە پێشەنگی زانایانی کۆمەڵایەتی ناسێندرا، لە ژیانامەکەیدا باسی دەکات: سپۆنتانێتی spontaneity و داهێنان هێزی پاڵنەرن لە بەرەو پیشەوەچوونی مرۆڤدا، لە پشت ئەو سەربەخۆیی بوون و پاڵنەرە ئارەزووە کۆمەڵایەتییە ئابووریانە، کەوا زۆر جار سپۆنتانێتی و داهێنان تێکەڵاون. مۆرینۆ لە ساڵی ١٩٧٤ لە شاری نیویۆرک لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، دوای نەخۆشییەکی درێژخایەن بە دوورکەوتنەوە لە هەموو خواردن و ئاوێک مردنی هەڵبژارد، لەسەروەسێتی خۆی، دەڵێت “ئەو پیاوەی کە پێکەنینی هێنایە دەرووناسییەوە”
دوای مردنی مۆرینۆ، زێرکای هاوژینی بەردەوامی بەکارەکانی مۆرینۆ دەدات، لە هەموو کیشوەرەکاندا نزیکەی هەزارەها سەنتەر سەداها هەزار خوێندکار هەن کە خەریکی فراوانکردن و پەرەپێدانی ڕاهێنان و فێرکردنی هونەر و زانستە مۆرێنییەکان بەشێوەیەکی دیسپلین.
مۆرینۆ ساڵی 1941 (زێرکە تۆمان- Zerka Toeman) دەناسێت، هاوسەرگیری دەکەن، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە (واڵت ئەنردسن) ی رۆژنامەنووس لە مۆرینۆی دەکات پێی دەڵێت گرنگترین ڕوداوی داهێنانەکانی ژیانت چی بووە؟. مۆرینۆش وەڵامی دەداتەوە دەڵێت: هاوبەشی کردنی ژیانمە لەگەڵ خاتوو زێرکا. پرسیارێكی تری لێدەکات بەدەڵێت: چ شتێک هەیە کە حەز بکەیت بتەوێت لە پیشەو کارەکانتدا بیگۆڕیت؟ مۆرینۆ لە وەڵامدا دەڵێت: تەمەنام دەکرد 15 ساڵ پیشتر ئەوم بناسیایە. زێرکاو مۆرینا لە کوڕێکیان هەیە بە نێوی جۆناتان مۆرینۆ کە کتێبێکی لەسەر ژیانی باوکی نووسیوە بە نێوی The Impromptu Man پیاوە ڕاگوزەرەکە.
ڤیەنا
مۆرینۆ و چارەسەرکردنی بەکۆمەڵ:
ڤیەنا ئەو کاتە پایتەختی ڕۆشنبیری بوو، خاڵی دەست پێکی کراوەی مۆرینۆبوو لە زۆر بوارەکانی کولتوری و ڕۆشبیری بوو هەر لە ڤیەننا دەستی کرد بە نووسین و بڵاوکردنەوە لە بواری وێژە و هونەردا، هەر لەوێش گروپی شانۆیی بەخۆی دادەمەزرێنێت، مۆرینۆ خۆی لە نێو کافێتریاو هۆڵەکان دەبینیەوە، ئەندامێکی چالاکی بزاوتی ژیانی ڕۆشببیری بوو، هەم بەنووسین و هەم بە ووتاردان بیرۆکەکانی خۆی تاقی دەکاتەوە، مۆرینۆ سەرەتا فەلسەفەی خوێند پاش ساڵێک لە خوێندنی فەلسەفە چووە بەشی دەرمان سازی. مۆرینۆ شێتانە منداڵی خۆش دەویست، دەچووە باخچەو پارکەکانی ڤیەنا و لەژێر دارێکدا دەدەنیشت و بەشێوەیەکی دراماتیکی و بەجوڵەوە چیرۆکی بۆ منداڵان دەخوێندەوە، منداڵەکانیش بە لێشاو دەهاتن بۆ لای و بەدەوریدا دەدەنیشتن و گوێیان لێدەگرت، لەکاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکاندا هەڵدەستایە سەرپێ و یان بەدارەکەدا هەڵدەزنا، یان لەسەر لقێکی دارەکە دادەنیشت، ناوەڕۆکی چیرۆکەکەی دەکرد بە ڕوداو بۆ منداڵەکان.
مۆرینۆ لە ساڵەکانی 1908 تا 1918 چەندین دەقی ئەدەبی و هونەری شێعری نووسیوە.
لەگەڵ هەندێ خوێندکاری تردا ماڵی بێ نەوایانی (House of Encounter) دامەزراند، کە هاوکاری ئەو کەسانی نوێ کە داهاتن بۆ ڤیەنا و کۆمەکیان بکەن بۆ وەرگرتنی مافی مانەوەو یان ئەوانەی بێکار بوون ، هاوکاریان دەکردن و کاریان بۆ دەدۆزینەوە، بەشێوەیەکی کردەیی هاوکاری ئەوکەسانەیان دەکرد کە پێویستیان بە یارمەتیە، ماڵێک بوو بۆ هاوکاری خەڵک.
مۆرینۆ لە هۆنراوەیەکدا، چەمکی دیدار دەکات بە ناوەندی هۆنراوەکەی، پاشان دەبێتە یەکێک لە مەشقەکانی بەناوی ڕۆڵ گۆڕین، کە کڕۆکی سایکۆدرامایە.
Then I will look at you with your eyes.
And you will look at me with mine
ئەوکاتە من بە چاوی تۆ لێت دەڕوانم
تۆش بە چاوی من لێم دەڕوانیت.
هەرچەندە کۆپلەیەکی تەواو رۆمانسیانە دەردەکەوێت، بەڵام لە راستیدا ئەو مەبەستێکی تەواو دەروونزانی و درامیانەی هەبوو.
لەوکاتەدا ڤینا پڕ بوو ژنانی لەشفرۆش، مۆرینۆش حەزی دەکرد لە بارو دۆخ هەلو مەرجی ژیانی ئەوان بکۆڵێتەوە، ئەوانە لە خواری خوارەی چینە کۆمەڵایەتیەکان بوون، لە دەوروبەری قەراخ شاردا لە شوێنە هەرە ژارنشینەکاندا دەژیان، کەس حەزی بە تێکەڵاوبونیان نەبوو کەس نەیدەویست لەوشوێنانە بژی، کەسانێكی نەفرەت لێکراو بوون لە چاوی کۆمەڵگەوە، بەڵام مۆرینۆ لەگەڵ پزیشکێک و رۆژنامەنوسێکدا بۆ ئەوێ ڕۆیشت و پاش ماوەیەک لەوێ مانەوە مۆرینۆ توانی باوەڕ و متمانەی ئەو ژنانە بەدەست بهێنیت. ئەوان سەرسام بوون بە رۆیشتنی مۆرینۆ بۆ ئەوێ، چونکە ئەو ژنانە ڕاهاتن کە بەوەی یارمەتی دەدرێن. مۆرینۆ هەفتەی سێ ڕۆژ هەموو عەسرێک لە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕوە دەچوو بۆلایان، ژنان هاوکاری دەکران و پشکنینی ژینۆكۆلۆگیان بۆدەکرا (gynecological – ژینۆكۆلۆگ ،ئه‌و نه‌خۆشی و ناڕه‌حه‌تیانه‌ی كه‌ پێوه‌ندیان به‌ ئامرازی زاووزێ و منداڵدانه‌وه‌ هه‌بێت) هەروەها پارێزەری بۆ کێشەکانیان دەگرت، پێکەوە لەگەڵ ئەواندا گروپێکی دروست کرد بەناوی خۆ یارمەتی (en själv-hjälp) المساعدة الذاتية، کە ئامانجیان ئەوەبوو ئەو ڕەوشەی کە تێیکەوتبوون بە شێوەیەکی بنجبڕ بگۆڕدرێ
ئەمەش بووە بەردی بناخەی چارەسەری بەکۆمەڵ و سۆسیۆدرامی کە مۆرینۆ چەندین ساڵ دواتر پەرەی پێدا، کۆمەڵە خەڵکێک دەتوانێت کە هێزی خۆیان هەبێت و پیکەوە کاربکەن و خۆیان ڕێکبخەن، ئەوەش پێویستی بە ستروکتورێک هەیە، مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە شتێک دەربارەی ئەویتر وەک هاومرۆڤی و هاوهەستی بزانێت، پاشخانی کۆمەڵایەتی، پاشخانی خێزانی و ڕوداوەکانی ژیان و هتد. بە هەمان شێوە مۆرینۆ هاوکاری زیندانیەکانی جەنگی جیهانی یەکەمی کرد لە کەمپی میتندۆرف.
زێرکا مۆرینۆ Moreno Zerka لەدوای مردنی مۆرینۆی هاوژینی بەردەوامی بەم میتۆدەدا، زێرکا دەستی کرد بە وانە وتنەوە لەبارەی سایکۆدراما وە، هەروەها گەشتێکی زۆری بە وڵاتاندا کرد بۆ ناساندنی سایکۆ دراما و رێچکەی مۆرینۆی بەرنەداو بەردوامی بە کارەکانی مۆرینۆی مێردی دا. لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئەم چیرۆکەدەگێڕێتەوە کە هەرخۆشی جاکۆب لێڤی مۆرینۆ لە یاداشتەکانیداباسی دەکات دەڵێت: ساڵی 1912 مۆرینۆ چاوی بە فرۆید دەکەوێت، فرۆید ئەو کات تەمەنی 56 ساڵان بوو، کە لەبواری دەروونزانیدا ناوبانگێکی زۆر و درەوشاوەی هەبوو، مۆرینۆش ئەودەمە تەنها 23 ساڵ دەبوو دوای پێنج ساڵ لەو بەروارە بڕوانامەی پزیشکی وەرگرت، ئەوکات مۆرینۆ خوێندکار بوو، دەڵێت جارێک لە یەکێک لە وانەکانی فرۆید ئامادەبووم و دوای تەواو بوونی وانەکە لە ڕوبەڕوبونەوەیەکدا فرۆید بەدەر لە قوتابیەكانی تر جیایکردمەوەو ليی پرسیم چ كارەیت ؟ منیش لەوەڵامدا بە فرۆیدم ووت: دکتۆر فرۆید من بۆ ئەو شوێنە دەرۆم کە تۆ تێیدا دەوەستیت، تۆ لەکەشوهەوایەکی ناسروشتی نوسینگەدا چاوت بەخەڵک دەکەوێت، بەڵام من لە سەر جادەو کۆڵانەکان لە ماڵەکانیان لە ژینگە سروشتیەکی خۆیاندا دەیانبینم. (تۆ شیكاری بۆ خەونی خەڵكی دەكەیت و منیش هانیان دەدەم سەرلە نوێ خەو ببینن. تۆ شییان دەكەیتەوە و دەیانكەیت بە چەندین وردە كەرتی دەروونی منیش یارمەتیان دەدەم ئەو كەرتانە سەر لە نۆێ پێكەوە بلكێننەوە،. فێریان دەکەم چۆن رۆڵی خودا ببین و گەمەی خودا بکەن) . فرۆید زۆر بەسەرسوڕمانەوە سەیری ئەو لاوە دەکات، وەڵامەکەی بەلاوە سەیر دەبێت.

مۆرینۆ و شانۆ.
مۆرینۆ ڕکابەرێکی سەرەکی هونەری شانۆی نەریتی بوو، پێی وابوو شانۆی سونەتی شانۆیەکی کۆن، نامۆدرێن و كۆنسه‌رڤاتیڤە، لە گیانەڵادایە و خەریکە دەمرێت. ئەو دەیوت من تێناگەم و چ مانایەکی هەیە کە تێکستێک سەدەها ساڵە نوسراوە، پاش چەندەها مانگ پرۆڤە، نمایشی دەکەن بەڵام ئێوارە دوای ئێوارە هەمان شت دوبارە دەکەنەوە. بۆچی تێکستێکی خەیاڵی نمایش بکرێت ئەی بۆ تێکستەکە ژیانی ئەکتەرەکان خۆیان نەبێت؟. لەبەر ئەوە بڕیاری دا کە لە ساڵی 1921 بە ئامانجی شۆرشکردن لە ڤیەنا شانۆی خۆبەخۆیی (مسرح العفوية) (The theater of spontaneity) ی دەمەزراند

کارەکەش بەم جۆرە دەکرێت:
1- وەلانانی دەقی شانۆو نووسەر
2- بینەر وەک بەشداربوو. شانۆیەک بێ بینەر، هەموو بەشداری دەکەن، هەموو ئەکتەرن.
3- هەموو شتێک لەپڕداکردنە، ڕاگوزەرە، ئیرتیجالە ( ئیمپرۆڤیسیونە). هەموو پێکەوە، تێکست، ڕووداو، وەڵام، بینین و بەیەکگەیشتن و ناکۆکیەکان دروست دەکەن .

شانۆی کۆن گۆڕدرا بە شانۆیەکی کراوە، شوێنی کراوە، دیمەنێکی کراوە، ژیانێکی کراوە. لەو دەمەدا کە مۆرینۆ جاڕی ئەو جۆرە تەکنیکەی لە شانۆدا، لەو کاتەدا هەم خەڵک و بینەران و هەم رۆژنامەکان بەچاوێکی وگومانەوە دەیانڕوانییە مۆرینۆ، چونکە ئەوان چاویان، بیستنیان، بینینیان و تێگەیشتنیان بەو کلتورە نەریتئ کۆنەپارێزی و لە قوتونراوە ڕاهاتبوو، باوەڕیان بە داهینانە سپۆنتانێتیەکەی (العفویة) ی مۆرینۆ نەبوو.
مۆرینۆ بۆ بەرێوەبردنی شانۆ نوێیەکەی تووشی قەیرانی دارایی دێت کاتێک کە یەکێک لە ئەکتەرە نزیکەکانی بۆ کارکردن لە شانۆی نەریتیدا بەجێیدەهێڵێت لە شوێنێکی تردا کار دەکات، مۆرینۆش توشی قەیرانێکی دارایی دێت، لە سەروەختی ئەوەدا دەبێت کە شانۆکەی مایە پوچ بێت، بەڵام مۆرینۆ ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە دەردەکات بە ناوی ڕۆژنامەی زیندو، کە ڕوداوەکانی ڕۆژانەی لەسەر شانۆ نمایش دەکرد، ڕوداو هەواڵەکانی ڕۆژنامەکە دەبوونە بابەت و ناوەڕۆکی نمایشەکەی، هەڵبەت شانۆکەی تەکنیکێکی جیاوازتری هەبوو، وەک ئەوە نەبوو کە پێشتر خەڵک پێی ئاشنابوون.
“ڕۆژنامەی زیندو” هەنگاوێک بوو بۆ پێشەوە بەڵام ئەو پێی وابوو کە رۆژنامەکە ئەو کاریزما و مانا قوڵەی نیە کە ئەو دەیویست، هەستی کرد شتێکی نوقسانە، بیری کردەوە و رێچکەیەکی تری دۆزیەوە، شانۆ وەک ئامرازێک بۆ چارەسەر بەکاربهێێنێ، هەواڵەکانی ناو ڕۆژنامەکەی وەربگێڕیتە سەر ئاکت و ڕووداو لەسەر شانۆ پیشانی بدات، لەبەر ئەوە درکی بەوە کرد کە شانۆی سپۆنتانیتیەت ــ ( العفویە) سەدەرسەت ئەو شتەیە کە پێی بگات.
ئەوەش بە قازانجی مۆرینۆ گەرایەوە کاتێک دامەزراندنی شانۆ نوێیەکەی بوو بەهەواڵی ڕۆژنامەکان. ڕەخنەگرەکان بەم شێوەیە لەسەریان نووسی:
(Giacomo Boni, Il Sereno, Rome, Nov 26, 1924.، ئەوان شانۆ وەک ڕۆژنامە بەکاردێنن! ڤیەنا گروپێکی شانۆی بەسەرپەرشتی مـۆرینۆ هەیە، لەبری ئەوەی ئەوان دووبارە خەریکی بەرهەم هێنانەوەی ووشە نووسراوەکان بن، لەوشوێنەدا خەریکی ڕاگوزەرین ( ئیمپرۆڤیسەسیون)، دڵنیاتان دەکەم کە ئەمە دەتوانرێت، کەیف خۆش و سەرنج ڕاکێشترو کاریگەرتربێت لە بەرهەمە کلاسیکیەکانی وەک ستریندبێرگ و پاوڵ ستێفان.
ڤیەنا 24 ی مایسی 1924. ئەوە چ دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشە خوێنەری ئازیز بیهێنە پێش چاوی خۆت کە بینەران پێشنیار بۆ ئەکتەر دەکات، بینەر دەتوانێت نمایش بکات Haagsche Courant, The Hague, February 27, 1925..
بەهۆی ئەم نووسینانە لەسەر شانۆکەی مۆرینۆ تیشک کەوتە سەر جۆری شانۆکە و شێوازی کارکردنی، بەهۆی ئەو دوو نووسینە کورتەی کە لەسەر مۆرینۆ نووسراوە، ئەوەمان لا کەشف دەبێت کە شانۆی ئیمرۆ بەو کامڵیی و تەکنیکەی کە ئێستا هەیە کە خاوەندارێتی بۆ مۆرینۆ دەگەرێتەوە و بەر ڤیۆلا سپۆلین و کتیس جۆنستۆن، ئەو بەو شێوازە کاری کردووە.
ڕەنگە کارێکی دژوار بێت کە چاو بپۆشین لە جوانی، دەنگ و ڕەنگ، هەروەها ڕەهەندە دەرونی و دەرەکیەکانی ئەکتەرێکی ئاسایی، لە شانۆیەکی نەریتی یاخود هەر پێرفۆرمانسێک، دەرهێنەر کۆمەڵێک مەرجی جواناسی و دەروونی بۆ هەڵبژاردنی ئەکتەر هەیە. بەڵام لە شانۆکەی مۆرینۆ (شانۆی خۆبەخۆی – سپۆناتیتی) سایکۆدرامادا، یاخود وەک دکتۆرێک بۆ چارەسەرکردنی دەروونی نەخۆش تۆ ئەو مەرجانەت نیە، بەڵکو تۆ تەواو نەخۆشەکە یان کەسەکەت قبوڵە وەک ئەوەی خۆی کە هەیە. سەرجەم ئەو ئەکتەرانەی تر بەشداری دەکەن وەک هاوکارێک بۆ یارمەتی دانای پاڵەوانەکە و کەشو هەویەکی بۆ دەخوڵقێنن بۆ چارەسەرکردنی.
مۆرینۆ فۆرمێکی تری لە بناغەی شانۆی سپۆنتانیتێت العفویة پەرەپێدا بە نێوی شانۆی کاتاریسیس (Theatre of catharsis)
کاتێک مۆرینۆ بۆ ئەمریکا کۆچ دەکات و لە نیۆرک نیشتەجێ دەبێت، ئەزمونەکانی لە شانۆکانی Carnegie Hall و Civic Repertory بەردەوام دەبێت، لە شانۆی The Guild Theatre دەبێتە رێکخەری بەرنامەکانی دەرهێنان و رۆژنامەی The Living Newspaper ڕۆنامەی زیندو ئامادەی دەکرد، هەروەها لە شانۆی The Mansfield Theatre چەند جۆرێک بەرهەمی شانۆیی خۆبەخۆی (العفویة) ی نمایش کرد. بیرۆکەکانی مۆرینۆ وردە وردە کاریگەری لەسەر گروپی شانۆو the Group Theatre و خوێندارەکانی ستانسڵاڤسکی دانا، the Group Theatre ئەو گروپە لە ساڵی 1931 لەسەر دەستی لی ستراسبێرگ- وە دەمەزرا خوێندکارەکان لەسەر مەنهەجیێکی دیسپلینی ساتانسلاڤسکی پەروەردەدەکران. کە بەر لەوان ئیلیان کازان و لی سترانبێرگ ئەوانیش میتۆدی سایکۆدرامایان تاقی کردەوە. هەروەها ستودیۆی ئەکتەری The Actors Studio میتۆدی سایکۆدرامایان ئەزموون و ڕاڤەدەکرد و بەکاریان دەهینا لە مەشقەکانیاندا چونکە باوەڕیان وابوو کە لینکیكی هاوبەش هەیە لە نێوان ستۆدیۆی ئەکتەرو مەشقەکانی سایکۆدرامادا. مۆرینۆ پیی وابوو لەگەڵ ئەوەشدا (ڕاگوزاریەکەی)ئیمپرۆڤیسەشونەکەی ستانسڵاڤسکی کامڵ بوون دروست دەکات، بەڵام ئیمرۆڤیسەشوینەکەی خۆی دژە کامڵ بوونە و تەواو لەسەر بناغەی خۆبەخۆی (اڵعفویە – سپۆنتانیتی) دروست بووە. ساڵی 1936 دەگوێزێتەوە بۆشاری بەیکۆن لە نیۆرک لەوێ نەخۆشخانەیەک (سەنەتوریۆم) دەکاتەوە کە پەیوەندی بە شانۆوە هەیە. ئەوەش دەرفەتێک بوو کە هەم نەخۆشەکان و هەم چەندین ئەکتەرەی ناودار ئەزموونی خۆیان بکەن لە شانۆ.
ساڵی 1942 لە شەقامی ئەڤینیۆ پارک شانۆی نیۆرکی سایکۆدرامای New York Theatre of Psychodrama کردەوە، دوای دەساڵ ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پەیمانگای مۆرینۆ. ئەم پەیمانگایە هەموو دانیشت و کۆر و کۆبوونەوەکان کراوەبوون بەردەوام بوون تا سەرەتای ساڵەکانی حەفتاکان، ئەکتەرێکی بەناوبانگی وەک دۆستین هۆفمان لە سەر شانۆکەی ئەو کاری دەکرد.
مۆرینۆ کەسێکی زۆر چالاک بووهەروەها بەرهەمەکانی فرە ڕەنگ بوو، چەندان کتێبی نووسیوە، تێکستی ئەدەبی، تێکستی شانۆیی، سیناریۆی زنجیر تەلەفیزیۆنی، لەهەمان کاتیشدا پرۆفیسۆر بوو لە کۆمەڵناسیدا. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی دەڵێت بێگومان حەزم دەکرد ببم بە کەسێکی نائاسایی بونموونە پێغەمبەرێک یان دۆن جوان، بەڵام ئەگەر ڕازیبوومایە بەوەی بەوە و کەسێکی قەناعەتکار بوومایە شتێکی نوێم بۆ تێگەیشتن و زیاد نەدەکرد لەبارەی سپۆنتانیتی و داهێنان چیەو چۆنی بەئەنجام بگەیەنین.
زۆر شت هەیە کە لەبارەی مۆرینۆە بوترێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر عەشقی ئەو منداڵ، خێزان، ئەوکەسانەی لە پەراوێزدا بوون بۆ مرڤدۆستی ئەمە وایکرد ببێت بە کەسێکی هەمە ڕەنگ و فرە جۆر. کاتێک دواتر.کاتێک ئەو دیمەنە کانی بەرهەم دەهێنا لە پرۆسەی چارەسەریەکان و هەم لە شانۆکەشیدا هەمیشە یەک شێوە بوو دەستپێکی جوڵاندنەوەکەی لە ناوەندەوە بووە. ئەو پشتی کردە هەموو شانۆ سونتەتی و جوانکاری دیمەنە شانۆیەکان، بەڵام یەک ڕێگای هێشتەوە ئەویش ڕێگای بەرەو بینەر بوو. بەدیدی مۆرینۆ لەویاندا مەودایەکی دووری و پەرستن دروست دەکات، بەڵام لەمیاندا ژیان، نزیکایەتی و هاودەمی دەخوڵقێنێت. مرۆینۆ گرنگی دەدا بەو تاکەکان لە گۆمەڵگا بچوکەکاندا، تەواو قەناعەتی وابوو کە ژیانیان لە ئێستادا زۆر سەرج ڕاکیشتر و بزوێنەرترە. بۆچی ژیان دووبارە دەکەینەوە لە کاتێکدا ئێرەو ئێستامان هەبوو؟ بۆچی ژیان پاشەکەوت بکەین کاتێک زیندوێتی هەیە؟

سایکۆ دراما چییە؟
جۆرێک لە چارەسەری دەروونییە بە شێوەیەکی داهێنەرانە بە خۆبەتاڵکردنەوەی هەست هەڵچونەکانی نەخۆش/ پاڵەوان و ئەو هۆکارانەی کە بۆتە هۆی ناڕەحەتکردنی ئەویش لە ڕێگەی نواندن و بەرجەستە کردنی نمایشێکی شانۆیی. وشەی سایکۆدراما لێکبدەینەوە (Psychodrama) لە دوو ووشەی سایکۆ Psyche واتە دەروون یان رۆح هەروەها وشەی دراما Drama واتە ڕوداو یان کردار پێک دێت، کە بەمانای وشە واتا (درامای دەروونی) دێت، بەڵام لەبەکارهێناندا شێوەیەکی ترە و بۆ چارەسەری دەرونی بەکاردێت ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنای تەکنیکی شانۆ و دراماوە، بەکارهێنانی ئەم میتۆدە وەک ناوەندێکی پەروەردەیی و تێکەڵاوکردنی دەرونزانی و شانۆ و دراما پێکەوە بۆ چارەسەرکردنی رۆحی، دەرونی و هاوکاریکردنی کەسەکە بۆ بەتاڵکردنەوەی هەست و سۆزەکانی، چارەسەرکرنی تەنگەژە ڕۆحیەکان، ئەویش بەئەنجامدانی ڕۆل بینین کە پەیوەستە بەو بارودۆخەی کە لەئێستادا کەسەکە ئەزمونی دەکات یان لە ڕابردوودا ژیاوە یان دەشێت لە داهاتودا تێیدا بژی.
لێرەدا من ووشەی پاڵەوانم لەبەرامبەر نەخۆشدا نووسی، ئەویش بۆ ئاسان تێگەیشتن لە بابەتەکە، چونکە مەرج نییە ئەوکەسە نە خۆش بێت کە دەچێتە لای سایکۆدراماتیستێک بۆ ئەوەی چەند دانیشتنێک بۆ چارەسەرکردن بە سایکۆ دراما وەربگرێت. جاکۆپ مۆرینۆ کە دامەزرێنەری سایکۆدرامایە و هەموو سایکۆدراماتیستەکانی تریش بەو کەسانە دەڵێن پاڵەوان، منیش بۆ بەرچاو ڕوونی لە درێژەی باسەکەماندا هەر بە پاڵەوان ناویان دەهێنم.
زێرکا مرینۆ کە هاوکار و هاوسەری دامەزرێنەری سایکۆ درامابوو لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە سایکۆ دراما چییە دەڵێت: ( ئاسانترین ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکردنەوەیە لەوەی “عەقڵ لە جووڵەدا ـ لە کرداردا ” یە. لەبری ئەوەی باسی نیگەرانیەکانین بکەن، دەڵێین “پێم مەڵێ، نیشانم بدە!” نیشاندان واتە مامەڵەکردن لە ناوەوە ” واتە نواندنی، بەو شێوەیە دەتوانیت پیشانم بدەیت کە خەمی تۆ چییە. باسی ئەوە بکە چی نیگەرانت دەکات، ئەوە کورترین رێگایە بۆ وەسفکردنی)
گەر بەشێوەیەکی وردتر سەرنجی بدەین پیناسەیەکی ورتری بکەین دەتوانێن بڵێین سایکۆدراما شیوازێکە ـــ میتۆدێکە، کە توخمەکانی هونەر و زانست و فەلسەفەی تێدایە و بە ڕێگەی دراما لە ڕەهەندە دەروونییەکانی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. سایکۆدراما چارەسەرکردنی کێشەیە بە شێوەیەکی سیستماتیکی و ئامانجدار، خەسڵەتەکانی ئەوەیە کە تاک بە هۆی جوڵە و ئاماژەی درامی، کە ش و هەوای شانۆیی لەو دیمەنە درامیەدا کە نمایش دەکرێت مامەڵە لەگەڵ گرفتەکانی خۆی دەکات. میتۆدێکی تایبەتە لە بوارێکی بەرفراواندا دەتوانرێت پیادەبکرێت. مرۆڤ بە پاڵپشتی سایکۆدراماتیستەکان و گروپەکە و بە بەکارهێنانی میتۆدی سایکۆدراما، تاک هەوڵدەدات بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکردنی زیاتر ی هەبێت بەسەر دۆخی ژیانی خۆیدا، توانایەکی باشتری هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەرێنی لە ژیانیدا. باسکردنە لەوەی مەساحەیەکی زیاتر بدەین بە سپۆنتانێتی (spontaneity) لە ژیاندا، نەهڵین کاردانەوەکان و بەسەرهاتە کۆن و بەسەرچووەکان ئێستامان داگیر بکات و ئێستای ژینمان بەڕیوە ببات. سایکۆدراما لەسەر بنەمای میتۆدی دیالۆگ لە ڕێگەی گۆڕینی ڕۆڵەوە دامەزراوە، دەتوانرێت وەک میتۆدێکی دیالۆگی وەسف بکرێت.
میۆدێکە لەسەر بنەمای ئەزموونکردن دامەزراوە، لە پرۆسەیەکدا مرۆڤەکان وشەکان دێدەپەڕێنن و دەیانباتە ناو کردارەوە. لەمەوە ڕا دەڵێین کردار جەوهەری سایکۆدرامایە.
ئەگەر باس لە مێژووی زانستی دەرونزانی بکەیت ناتوانیت باسی مۆرینۆ نەکەیت، ئەگەر باسی شانۆ بکەیت هەروەها ناتوانیت ناتوانیت ئاماژە بە مۆرینۆ نەکەیت، ئەگەر باسی شیعر بکەیت ئەو بەشێکی زۆر دنیای شیعری ئەمریکی داگیر کردووە. مۆرینۆ (سایکۆدراما) بە هەنگاوێکی لۆژیکی دەبینێت دوای لێکدانەوەی دەروونی. کارکردن لەم نۆرینگەیەدا بەوشێوەیە هەلێک بوو بۆ بەکردارکردن لەبری قسەکردن.
هەندێک کەس لە ژیانماندا گرنگن بۆ ئێمە بەڵام دووچاری حاڵەتی ناجۆر و دەرونی هاتوون، جا بۆ ئەوەی بتوانین ڕۆڵی ئەو کەسە گرنگ و نزیکانەی کە لە ژیانماندان لە ژینگەیەکی پڕ دڵنیای بیانبینین و لێانتێبگەین، چۆن ئەو کەسانە بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵ؟ چۆن بتوانین هاوڕێکانمان لەدەست نەدەین؟ چۆن بتوانین لە خوێندگەدا کەشێکی ئارام دروست بکەین؟ ئێمە کورد بە درێژی مێژوومان لە حاڵەت و دۆخێکی تراومادا دەژین، لەم بەشەدا داوادەکەم هەموو ئەو ژنە ڕزگاربوانەی دەستی داعش هاوکاریان بکرێت بە میتۆدی سایکۆدراما جارێکی دی بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو ژیان … جا بۆ ئەوەی لەو کابوسە ڕزگارمان بێت چی بکەین؟ باشترین میتۆد سایکۆ درامایە هاوکارمانە ئەو کەشە هێمن و دڵنیایەمان بۆ دەخوڵقێنێت ، لەوەش گرنگتر ئەو کەسانە دەتوانن بگەڕێنەوە کۆمەڵگاو ببنە کەسانێکی بەهرەمەند و خۆبەخۆ و داهێنەر. سیکۆ دراما یان چارەسەری دەرونی بەدراما، جۆرێکە لە چارەسەری دەرونی. بەڵام جیاوازە لە چارەسەری دەرونی کە زۆر کەس وە لە سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێی ئاشنان، زۆربەی خەڵک و دەرونزانەکان تەنها بەو ڕێگەیە ئاشنان کە نەخۆش قسە بکات و دەرونزان گوێبگرێ، بەڵام سایکۆدراما تەنها قسەکردن و گفتوگۆی نێوان سیکۆلۆژێک (دەرونزانێک)و نەخۆشێک نیە کە تەنها وشە بەکاربهێن، نەخۆش قسە بکات و دەرونزان گوێی لێبگرێت، ئەوەی ڕوبدات لە نێوانیان تەنها قسەبێت. بۆ چارەسەری دەرونی قسەکردن لەگەڵ نەخۆشێک بەکاربهێنرێت. ڕەنگە تەنها قسەکردن، رێژەیەکی کەم لە نەخۆش کەڵکی لێببینێت.دەشێت بۆ گشت نەخۆشیە دەرونیەکان تەنها قسە کەڵکی نەبێت. بەڵکو مرۆڤ بۆ چارەسەرکردن پێویستی بە داهێنانی میتۆدی ترە. لەم حاڵەتدا دەکرێت سایکۆدراما بژاردەیەکی تربێت، فۆرمێکی تری چارەسەری دەرونی بێت کە جەستە، هەناسە، دەنگ، رۆڵ بینین، ئازار و فشاری دەرونی دەورێکی کاریگەر دەگێڕێت. بۆ ئەوەی مرۆڤ تێگەیشتینی لەخۆی هەبێت و خۆی باشتر بناسێت دەتوانێت لە سیکۆدراماد، خۆبەخۆی (عفويةــــ spontaneity)و ، گەمەکردن، رۆڵ بینین و خۆنمایشکردن هەموو ئەمانە بەکاری بهێنێت. ئەوەش رێگایەکە بەکاردەهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆش. سیکۆدراما جۆرێکە لە چارەسەری دەرونی کە ناوەرۆکەکەی بریتیە لە بەرکارهێنای شانۆ. واتە شانۆ بەشێکە لەچارەسەری دەروونی. لە سایکۆدرامادا شانۆ دەبێت بە بەشێک بە ئامرازێکە بۆ ئاشبوونەوەی تاکەکان لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ دەوروبەریاندا، دەبێت بە مەساحەیەک بۆ لێبوردەیی و تێکشکانی مەنەلۆگ و لەبری ئەەی پەرە بە دیالۆگ بدەین، شانۆ دەبێت بە ئاوێنەیەک و خۆمان و پاشەڵمانی تێدا دەبینین، بێگومان ئەمەش لەسەر تەختەی شانۆ یان شوێنێک کە بەشێوەی شانۆ بچێت، کە هەموو ئیکسسوار و دیکۆر و روناکی و موسیک بەکاردێت. سایکۆدراما جۆرێکی چارەسەری دەروونیە کە کە نەک تەنها وشە، بەڵکو، جەستە، هەناسەدان، مەشق، هەڵسەنگاندن دەنگ و رۆڵبینین بەکاردێت و ڕێگایەکە بۆ زاڵبوون بەسەر سنوورداریاکانی دنیای زمانەوانیدا خۆی لە هەموو کۆت و بەندەکانی زمان ڕزگار دەکات دەکەوینە ناو ئەو هەست و سۆزە ڕاست و دروستەی کە نەخۆش لەو حاڵەتەی کە بەسەریدا هاتووە، زمانێک دەدۆزێتەوە گوزارشت لە دۆخی ڕاستەقینەی خۆی دەکات.
یەکێک لە ڕۆژنامە نووسەکان پرسیار لە زێرکا دەکات و پێی دەڵێت دەتوانیت پێم بڵێیت سایکۆ دراما چییە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: ئاسانترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکەرەوە هۆشت و عەقڵت لە جوڵەدایە، لەبری ئەوەی بە قسە باس لە کێشەکانت بکەیت، پیشانمان بدە بۆمان باس مەکە،” پیشاندان ” واتە ڕەفتاربکە، نواندنی ناو ناخت بکە، بەوشیەوەیە بجوڵێرەوە، لە چ شتێک نیگەرانیت بە هەڵسو کەوت پیشانمان بدە نەک بەقسە. کارکردنی پرۆسە دەرونیەکان خۆیان لە کاردانەوە جەستەیەکاندا بەرجەستەدەکەن.




یەکەمین دیمانەی شانۆیی کوردی دیاسپۆرا لەوڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.. ئا- کامەران حاجی ئەلیاس

بەئامانجی پردی پەیوەندی و تێکەڵبوونی کلتورەکان ، ناساندنی ھونەری شانۆیی کوردی، یەکەمین دیمانەی شانۆی کوردی دیاسپۆرا
لەژێر دروشمی”بیرەوەری، گێرانەوە،گەڕانەوە بۆ نیشتیمان،بۆشانۆ” لە وڵاتی ئەڵمانیا یەکەمین دیمانەی شانۆی کوردی بەرێوە دەچێت
لە ڕۆژانی 16، 17، 18ی ئەم مانگە، بەم ناونیشانە:
Theaterverin Teutschenthal
Maerkertraase 30A
06179Teutschenthal
کاتژمێر 18:00 ئێوارە.
دیمانەکە وەک دەستپێک و ھەنگاوی یەکەمە بۆ زیاتر ناساندن و لێکنزیکبوونەوەی کلتورە جیاوازەکان و چێژ بینین لەھونەری شانۆیی.
سەبارەت بەم دیمانەیە بەڕێز “کاروان عەلی مەجول “وەک سەرۆکی دیمانەکە وتی” شانۆ ئەو ھونەر زیندوەیە کە ھەموومان کۆدەکاتەوە، بۆیە ئێمەی گروپی هونەریی کابارێتی کوردی ، یەکەم ھەنگاومان بەرەو ڕێکخستنی یەکەمین دیمانەی شانۆیی نا”.
هەروەها وتی “خۆشحاڵم کە دەبینە مایەی کۆکردنەوەی چەند شانۆکارێکی بە ئەزموون کە سەردەمانێک ئێمەیان فێری خۆشویستنی شانۆ دەکرد ،با ئەم بەیەکگەیشتنە بکەینە دیمانەی جوانی و ئازادی و پەیامی مەزنی شانۆ ھیواخوازیشم کەئەم دیمانەیە بکەینە نەریتێکی ساڵانە”.

ڕۆژی یەکەم 16ی 6 دەستپێکی دیمانەکە بەمشێوەیە دەبێت:
یەکەم پێشانگەی نیگارکێشی لەلایەن ھونەرمەند شیلان ڕەشیدو چەند پارچە میوزیکی کوردی لەلایەن ھونەرمەندان ( فاروق میرزا سدیق ) . پاشان وتەی سەرۆکی دیمانەکە پێشکەش دەکرێت لەلایەن ھونەرمەند : کاروانی عەلی مەجۆلەوە. پاشان وتاری گروپی کابارێی کوردی کەڕێکخەری دیمانەکەیە لەلایەن ھونەرمەند ڕزگار مونزیرەوە پێشکەش دەکرێت. پاشان دوو بەرھەمی شانۆیی پێشکەش دەکرێن . ئەوانیش بریتین لە :
یەکەم : مۆنۆدرامای( فرمێسک لە چاوی رۆژگاردا).نوسینی مەهاباد قەرەداخی و
دراماتورگی دەهەب باولۆس و
وەرگێڕانی بۆ زمانی ئەڵمانی (د.نیگار حەسیب قەرەداغی) و
ئامادەکردن و نواندنی ھونەرمەند (فرمێسک مستەفا). ھەروەھا میوزیکی بەرھەمەکەش لەلایەن ھونەرمەند فاروق میرزا سدیقەوە ئامادەکراوە. ئەم نمایشە لەکاتژمیر:19:00ی ئێوارە بەزمانی ئەڵمانی پێشکەش دەکرێت.
نمایشی دووەم : کە بەرھەمی گروپی کابارێی کوردییە بەناوی ( لایکچی)، نوسین و دەرهێنانی ھونەرمەند( ڕزگار مونزیر )ەو
نواندنی ھەر یەک لە ھونەرمەندان (ھیوا عەونی و فاروق میرزا سدیق)ە.ئەم بەرھەمە کارێکی کۆمیدییەو لەکاتژمێر: 20:45ی شەو بەزمانی کوردی نمایش دەکرێت.

ڕۆژی دووەمی دیمانەکە 17ی 6 کە پێکھاتووە لە دوو بەرھەمی شانۆیی بەمشێوەیە :
یەکەم : شانۆی ڕێحانە ، لەنوسین و دەرهێنانی ھونەرمەند گەزیزە عومەرو
نواندنی ھەر یەک لە ھونەرمەندان: بێگەرد ئەحمەدو بڕیار ڕەشید و
فرمێسک مستەفا. ئەم کارەش بەرھەمی تیپی هاوڕیانی گەزیزەیەو لەکاتژمێر: 19:00 بەزمانی کوردی نمایش دەکرێت.
بەرھەمی دووەمی ئەم ئێوارەیە، بەرھەمێکی لابوری شانۆی لالشە لەوڵاتی نەمسا.کە بریتییە لە
پیرفۆرمانسێکی فیدیۆی بەناوی (یادەوەری)
کۆنسێپت و کامێراو دەنگ و میلۆدی و ئامادەکاری ڤیدیۆی و پیرفۆرمەر ھونەرمەند( د.نیگار حەسیب قەرەداخی) یە ، کەکاتژمێر:21:00 شەو پێشکەش دەکرێت.

ڕۆژی سێھەمی دیمانەکە 18ی 6 بەم شێوەیە دەبێت :
یەکەم : سیمینارێک بۆ نوسەرودەرهێنەر میرزا مەتین لەژێر ناونیشانی (جوڵە شانۆییەکانی باکوری کوردستان لە نێوان لاسایکردنەوە و گێڕانەوەدا).
رێکخەری سیمینارەکە لەلایەن شانۆ مەتۆوە بەڕێوە دەچێت.
کاتژمێر : 14:00ی پاش نیوەڕۆ
پاشان تیپی نواندنی سلێمانی ،
مۆنۆدرامای ( ژنێکی تەنیا) لە
نوسینی( فرانکۆڕاماو داریۆفۆ ) و وەرگێڕان و دەرهێنانی: فازیڵ قەساب. لەنواندنی ھونەرمەند (نەشمیل غەریب) ، لەکاتژمێر:18:00 ی ئێوارە بەزمانی کوردی نمایش دەکرێت.
جێگەباسە لەکاتژمێر : 20:00 ی شەو وتاری کۆتایی دیمانەکە لەلایەن کاروان عەلی مەجۆلەوە پێشکەش دەکرێت.
جێگەی باسە لەدوای ھەر نمایشێک لە نمایشەکانی ئەم دیمانەیە گفتوگۆیەکی کراوە لەلایەن ھونەرمەند بورهان قەرەاخیەوە بۆ ھونەرمەندان و بینەران ڕێک دەخات.
دەستەی باڵای ئەم دیمانەیەش لەم ھونەرمەندانە پێکھاتوون :
کاروان عەلی مەجۆل: سەرۆکی دیمانە.
ڕزگارمونزیر: بەڕیوبەری هونەری
هیوا عەونی: کارگێڕی
فرمێسک مستەفا: ڕێکخستن و پەیوەندیەکان.
بورهان قەرەداخی : وتەبێژی دیمانەکە، ھەربۆیە ئەویش ڕایگەیاند” :
جێگەی خۆیەتی کە بڵێین کەکەسانێکی زۆر لە ھونەرمەندان و میدیاکاران و کەسانی خۆبەخش لەپشت دیمانەیەوەن تا کارەکانی بەسەرکەوتویی ئەنجام بدەن. لەپێناو ئاڵوگۆڕی کلتوریدا”.




شانۆیی: مریریدا لەکوێیە؟.. نووسینی: زاهیر عەبەڕەش و لاسی فرانزین

کۆریۆگراف: ئۆسە ئێن ئۆستریۆم
دانس: ئۆسە ئێن ئۆستریۆم
لویس کڤاربی
موسیک: العاطي اللە حسن
دەرهێنانی: زاهیر عەبەڕەش
ئەکتەرەکان:
لاسێ فرانزین
لویس کڤاربی
ماجدولین الیوسفي
نسرین اسموني
اسامە الهواویر
عزیزلحسایني
سفیان انغور
المهدي عبد الجلیل نعیمي
ئەم بەرهەمە بە هاوکاری کۆمەڵەی Zåll Kultur Förening و جمعيه فضاء الإبداع للسينما والمسرح. بوو
بەرێوەبەری بەرهەم: عبدالفتاح الديوري
بەرێوەبەری هونەری: فاطمه الزهره الهبطي
بەرێوەبەری ڕاگەیەندان: سارة السفياني

شانۆییەکە لە شاری فاس لە وڵاتی مەگریب نمایشکرا. ئەم شانۆییە، نمایشكی سەما و گۆرانی ئامێز بوو، بە هەر سێ زمانی عەرەبی مەگریبی، فەرەنسی وئینگلیزی دیالۆگەکان دەوترا.
ناوی شانۆییەکە لە خاتوونێکی شاعیرەوە وەرگیراوە، مریریدا خاتوونێکی بەربەری بووە. هەر زوو بە منداڵی داویانەو بەشوو، بەڵام پاش ماوەیەک لە مێردەکەی جیا دەبێتەوە.
لە سۆزانیخانەیەک سەرەتا گۆرانی دەڵێت و، دەبێت بە گۆرانی بێژێکی گەڕۆک و هۆنراوە دەهۆنێتەوە. شاعیرێکی نەخوێندەوار، بەڵام لە ئاستی باڵادا، بەدەماو دەم وبەزارەکی شیعری دەگوت. زۆر بەووردی وەسفی سروشتی کردووە لە هۆنراوەکانیدا.
مەملەکەتی مەغریب ئەوسا لە ژێر کۆڵۆنیالی فەرەنسادا بوومامۆستایەکی وانەی زمانی فەرنسی بە نێوی ڕۆنی ئۆلۆج، کە دەوڵەتی فەرەنسا لە شاری دمنات دایمەزراندبوو.هاتوو چۆی خانەکە دەکات، عاشقی میریریدا دەبێت، هەر بەهۆی بەهۆی عەشقی ئەوەوە خۆی فێری زمانی زمانی ئەمازیغ دەکات. لەبەر ئەوەی ئۆلۆج مامۆستای زمانی فەرەنسی و شاعیر و توێژەر بووە، سەر سام بووە بە شیعرەکانی مریریدا هەندێک لە هۆنراوە زارەکیەکانی مریریدا کۆدەکاتەوە وەریدەگێڕێتە سەر زمانی فەرەنسی و لە دیوانێکدا چاپی دەکات بە نێوی گۆرانیەکانی تاسوت
مریریدا بەرگریکارێکی تەواوی مافەکانی ژنان بوو، هەوڵی بەرز ڕاگرتنی کولتوری بەربەری دابوو، ئەو داوای ئەوەی دەکرد با ژنان داوای مافی خۆیان بکەن. بە گژ کولتوری داگیری کاری و باوک سالاریدا بوەستنەوە، بەڵام جۆری هەوڵدان و خەباتی ئەو زۆر جیوازتربوو. ئەو بانگەشەی ئەوەی دەکرد با ژنان هەوڵ نەدەن بچن بۆ قوتابخانە، و فێری زمانی داگیرکەران ببن، ئەو بە ژنانی دەوت دەبێت ئێوە تەنها بەزاری ئەمازیغی بدوێن، ئەگەر بچنە قوتابخانەو زمانی عەرەبی و فەرەنسی فیر بن ئەوا کاریگەری لەسەر ئێوە دەبێت و فەرهەنگی خۆتان بیر دەچێتەوە.
هاوکات لە لەگەڵ باسکردنی ژیانی مریریدا، باس لە کارین بۆیی Karin Boye دەکرا ئەو بەشەی ژیانی کە ئەویش شاعیرێکی بەناوبانگی سویدی و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بوو، هەردووکیان هەم مریریدا و هەم کارین بۆیی، لە هەمان ساڵدا لەدایکبوون، مریریدا لە هەمان ساڵدا کارین بۆیی خۆی دەکوژێت و مریریدا دایارنامێنیت و کەس نازانێت چی بەسەر هاتووە.
کۆتایی نمایشەکەش هەم مرییردا و هەم کارین بۆیی لەگەڵ دەستەخۆشکەکانیدا گۆرانی ژن ژیان ئازادی دەڵێنەوە.
شایەنی باسە، زۆرێک لە هونەرمەندە ناودارەکانی وڵاتی مەگریب ئامادەی نمایشەکە بوون، بووە جێی ڕەزامەندیان.




لەسەر درامایەک سێ ڕۆژ زیندانی کرام.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

زۆرم دەربارەی زنجیرە درامای ئێرانی (پێستی شێر) ی دەرهێنەر (جەمشید مەحموودی) بیستبوو، بەڵام تا خۆم نەکەوتمە ناخ تەوژمەکانی، نەمزانی دراماش هەیە وەک ماددەی هۆشبەر ئاڵودەی خۆیت دەکات و ئۆقرەت لێ هەڵدەگرێ و وەک شەپۆلێک لەگەڵ خۆیت ڕادەماڵێ.
ئیدی چ پنج و بەربەستێک نامێنێ بتگرێتە خۆی تەنیا خوا نەبێ.
سێ ڕۆژان چ تاوانێکم نەکردبوو خۆم سزا دا، خیانەتم لەگەڵ کەس نەکردبوو، لەژوورێکی تەنیادا خۆم زیندانی کرد.
سێ ڕۆژان بەیانیان و ئێواران و شەوان، بەسێ بەش و سی و چوار ئەلقەوە، بەدیار ڕووداوەکانی زنجیرە دراماى (پێستی شێڕ) ى دەرهێنەرى بە رەچەڵک ئەفغانى( جمشید مەحموودى) ڕادەچڵەکام.
لەناو دیالۆگە ئاگرین و وێنە سیحراوی و گۆرانیە حەزینەکانی، لەگەڵ ئەو باوکە بەد بەختە ژیام (نەعیم – هادی حیجازی فەر) کە پانزە ساڵان لەزیندان دابوو، بەو ئاواتەی رۆژێ بێ ئازاد بکرێت و بە(ساحل ـــ پەردیس ئەحمەدیە) ی کچی شاد بێتەوە، ئەو ساحلەی بەمنداڵی لێک جیابوونەوە، بەعازەبی باوکی خۆی بینییەوە.
بەم بۆنەیەوە ویستیان هەردوکیان تۆڵەی ئەو لێک دابڕانە دوورو درێژەیان بکەنەوە، باوک و کچ بۆ سەیران و کەیف و سەفا ڕوویان لەشیمالی ئێران کرد، نەیانزانی مرۆڤە گورگەکان لێکیان دادەبڕێنن و مەرگەساتەکان ڕوویان تێ دەکەن.
زۆر هۆگری ڕەزا پەروانە(عەلی ڕەزا کەمالی)ی هاوڕێ ی گیانی بەگیانی نەعیم بووم، دڵسۆزییەکی لەوەفاو قوربانی دانی هاوڕێیەتی نیشان داین، نموونەی نەبێت.
ئەو خۆشەویستی و وەفادارییە ڕەسەنەی لەژنەکەی ڕەزام بینی (ژیلا شاهی) هەموو خەڵکی فێری زمانی ڕاستەقینەی خۆشەویستی نێوان هاوسەران کرد، هەر جارێ لەناخی دڵیەوە بەڕەزای مێردی دەگوت (قوربانت بم)، دڵم لەگەڵیا لەبێخەوە هەڵدەکەنا، چۆن ئەوەندە راستگۆ بوو لەو گوتنە.
کەخۆشەویستی سەدرا(میهرداد سدیقیان) بۆ ساحلم بینی، تێگەیشتم کە هێشتا خۆشەویستیە پاکیزەییەکانی سەردەمی مەم و زین لەملاو لەولا هەر ماون.
سەرم لەتواناو دەسەڵاتی هونەریی ئەو سیناریۆ نووس و دەرهێنەرە سوڕمابوو، کە چۆن ئەو خەڵکە بەکۆمەڵەیان پێکەوە خستبووە ژێر سیحری وروژاندن و شاگەشکە بوونە کردووە، کە هەر یەکەو دەستی لەسەر دڵی خۆی داناوە نەوەستێ، کە چۆن دەیانتەزێنێ و هەندێ جاریش ناچاری فرمێسک ڕشتنیان دەکات…
من خۆم سێ جاران لەتاو داهێنانی هەندێ لەدیمەنەکانی ژێر ڕێژنە بارانەکان و سەمای سەدرەو ساحیل، بەناچاری بۆ تاوێک پشووم دا، لەتاو شاڵاوی ئەو هەموو جوانیەی داگیریان کردم.
ستاتیکا هەر تەنها لە سیناریۆ و وێنەو هاوێنەکانی کامێرادا نیە، بەڵکو سەرچاوەی هەرە بە تینی دراماکە لەستاتیکای نواندنی ئەکتەرە بلیمەتەکاندایە، کە بەنواندنە بەهێزەکانیان دڵت دەلەرزێنن، لەسەرووی هەمووشیانەوە مەنسوور- کە (موجتەبی پیر زادە) ڕۆڵەکەی دەبینی، ئەو ئەکتەرە ڕەهیبەی ترس و خرۆشێکی تۆقێنەری دروست کردبوو، کە بینەر لەچاوو حەرەکەی ڕوخسارو تێڕامانە کارەباییەکانی، هاوێنەی کامیراکانی تێک دەشکاندو لەبێدەنگی و کپ بوونی دا چاوەکانی پئ دادەخستی.
ئەکتەرێکی وەک نەعیم ( هادی حیجازی) کەسایەتیەکی ئەوەندە بەهێزی هەبوو، باڵانسی نواندنی دراماکەی گەیاندبووە لوتکە، بێ ئەوەی هەموو ئەو مەرگەساتانەی ڕوو بەڕوویان بۆوە، ترس، یا داهێزران، لە ڕوخساریدا دەرکەوێ.
بەڵام وێڕای هەموو موچڕک و وروژاندنە بەتینانەی دراماکە، ئاشناشی کردم بەکۆمەڵگایەکی تاوانکارو مافیاو خوێن ڕێژ، کە لێواو لێوە لەبێ ڕێزی بەرامبەر بە یاساو، کۆمەڵگایەکی بەڕەڵاو تینوو بە غەدرو ڕق و تۆڵەسەندنەوە.
کۆمەڵگایەکی ناشیرین، کە تێیدا یاسا لەداوە مووەک لاوازترە، تەنانەت کوشتن و بڕین و چەقۆ کێشی لەناو جەرگەی بەندیخانەکانیشدا دەکرێت.
ئەوەی لەو درامایەدا کۆمەڵگای ئێرانی بەو قێزەوەنیەوە ببینێ، ئیدى بەهەموو ژیانی تێکەڵی نابێت و لێی نزیک نابێتەوە.
کۆمەڵگایەک دروشمێکی ئایینی هەڵگرتووە، بەڵام بەسەدان گروپی چەتەگەرو ڕێگرو بکوژو قاچاخچی ئەوتۆی تێدایە، لە هیچ وڵاتێکی مافیایی وێنەی نەبێت.
کەس نازانێ ئەو کوشتن و بڕۆیە، چۆن لەژێر سانسۆری توندو تیژی ئەو وڵاتە دەربازی بووە !!
جگە لەتاوان دەرهێنەر زۆر بوێرانە پەنجەی لەسەر مافە زەوت کراوەکانی ژن داناوە، لەچەند دیمەنێکدا ژنە غەدر لێکراوەکەی ڕەزا نیشان دەدات ( ژیلا) کە بەسیغە ژنی ڕەزایەو هەر سێ مانگ جارێک بە ڕێکەوتن نوێ ی دەکاتەوە، هەمیشە بە دەم گریانەوە ئاواتی ئەوە دەخوازێ، هاوسەرگیری بۆ ئەبەد لەگەڵ ڕەزا بکا، بەڵام ڕەزا ڕێگرە لەبەردەم بەدی هاتنی ئەو ئاواتەی، بۆیە شەوێکیان دڵی خۆی بۆ ڕەزا دەکاتەوەو دەڵێ بۆ هاوسەرگیری نەکەین؟
خۆ من قستی سەیارە نیم هەر سێ مانگ جارێ سیغەکە نوێ دەکەیتەوە؟
بەڵام کاتێ بە ژنەکەی دەڵێ خۆت ئامادەکە دەچین بۆ دادگا، ژنەکە باڵ دەگرێ، وادەزانێ ئەوە ئەوڕۆژەیە چاوەڕوانی دەکرد و لەگەڵ ڕەزا مارە بڕی دەکەن، بەڵام لە ناکاو پێی ڕادەگەیەنن کە ڕەزا خانووی بەناو کردووە، وەک قەرەبووی ئەو غەدرەی ڕەزا لێی کردووە، بۆیە بەدەم گریانەوە بە ڕەزا دەڵێ من پێویستیم بە خانوو نیە، پێویستیم بە تۆیە.
گرنگ دەرهێنەر زۆر بەڕاستگۆیی گوزارشتی لەهەقیقەتی کۆمەڵگاکەی خۆی کردووە وەک هەیە.
ڕەنگە هەمووتان هەموو شتێ دەربارەی جەمشید مەحموودی دەرهێنەر نەزانن، بەڵام من کورتە زانیاریەکتان پئ دەدەم ، حەز دەکەم بزانن کە ئەو لە ڕەسەندا ئەفغانیە، بەڵام تەمەنی یەک ساڵ بووە، راى کردۆتە پاکستان و دواتریش بە یەکجارى لەئێراندا گیرساوەتەوە.
ئێستا لەئێران لەگەڵ (نافید مەحموودی) برا دەرهێنەرو بەرهەم هێنەرەکەی بە یەکەوەن و کار بۆ دراماو سینەما دەکەن و تەمەنی چل ساڵێک دەبێت، سیناریۆنووس و بەرهەم هێنەرو دەرهێنەرە، لەڕێگەی فیلمی(چەند کیلۆ مەترێک بۆ خۆشەویستی)، بوو بەخاوەنی ناوداریەتێکی زۆرو چەندین فیلمی بەناوبانگی دروست کردووە وەک:
مردن لە ئاوی پیرۆزدا
چەند کیلۆمەتر لەخۆشەویستی
حەوت و نیو
تێکشکاندنی بیست ئێسقان لەیەک کاتدا 1918
دایکێکی مەزن
لەو فیلمانە چەندین خەڵاتی گرانبەهایان وەرگرتووە.
جگە لە (پێستی شێر)چەند زنجیرەیەکی تریشی هەیە وەک :
ئازیزەکەم
سێبەر
لە دوماهیدا دەڵێم: چەند ئەوەندەی ئەو هونەرە گەورانە دەبینین
ئینجا دەزانین ئێمە مانان چەند فەقیرو پەڕپووتین لەو بەرهەمانەی ناوی دەنێین دراما




لیر پاشاو ئەزموونێك لەتراژیدیا.. حەیدەر عەبدولرەحمان

لەزۆربەی تراژیدیاكانی شكسپیردا هەمیشە هێزی شەڕ بەسەر هێزی خێردا زاڵە، بۆیە لە لیرپاشاش دا، بەچاوی خۆمان مەرگی پاشاو كچە راستگۆكەی دەبینین، كە نەیانتوانی كۆتایی بەغەدرو خیانەت و تەماعكاری بێنن و دنیا لێو لێوكەن لەراستگۆیی و خۆشەویستی راستەقینە.
شكسپیر لا تەنیشتێكی لەتراژیدیایەكدا نیشانداین، كە هەر تەنها لەدایك بووی كۆمەڵگای ئینگڵتەرا یا ئەوروپا نین، بەڵكو ئەمە كولتووری زۆرینەی مرۆڤایەتی ئەمڕۆیە ، نەك هەر تەنها لەسنووری وڵاتێك، یا لەدەوروبەری زەمەنێكدا، نەخێر ئەمە دەرهاوێشتەیەكی بێ‌ سنوورەو بۆ هەموو وڵاتێك و بۆ هەموو سەردەمانێك بەردەوامی هەیە.
بۆیە رەخنەگری بەریتانی ( ئەدوارد بۆند) دەڵێت: ئەم هەموو توندو تیژی و تاوانكارییە لە كۆمەڵگای ئەوروپادا شایەستەی ریسوا كردنە، چونكە ئەوەی هەیە مایەی شەرمەزاری بوونە.
شكسپیر دەیەوێت بڵێت لەهەموو سەردەمەكاندا گوتنی هەقیقەت تفت و تاڵەو هەندێ‌ جاریش باجی قورسی لەسەرە.
هەموو كەسێك بەرگەی هەق پەرستی ناگرێ‌، بەپێچەوانەكەی ستایش و پیا هەڵدانی ناڕاست، لای هەندێ‌ كەس بەهەند وەردەگیرێن و رێزیان لێ‌ دەگیرێت .
لەوەتەی تراژیدیای ( لیر پاشا)ی شكسپیر لەساڵی 1606 ەوە بۆ یەكەم جار نمایش كراوە، تاوەكو ئێستاكە بەسەدان شێواز و لەلایەن چەندین گەورە دەرهێنەری شانۆیی و سینەمایی لە جیهاندا نمایش دەكرێت، كەچی وەك ئەوە وایە كە بۆ یەكەمجار، لیر پاشا ببیندرێ‌. كاتی خۆی شكسپیر بیرۆكەی ئەم نمایشەی لەداستانێكی (سبنسر) بە ناوی (شاژنی جنەكان ) وەرگرتووە، كە كولتوورێََكی كۆنی ئینگڵتەرایە .
شانۆگەریەكە سەربوردەی پاشایەكی بەریتانی دەگێرَێتەوە كە كاتی خۆیو لەتەمەنی لاویتی دا سوارچاكێكی لێهاتوو بووە، بەڵام دواتر كە دەكەویتە تەمەنەوە، بڕیار دەدا ئەو دەسەڵاتە و موڵك و سامانەی هەیەتی، بەسەر سێ‌ كچەكانی( گۆن ریل، ریگن، كۆردیلیا ) دابەش بكات، داواشیان لێ‌ دەكات، هەریەك لەوان هەستی تایبەتی خۆی بەرامبەر بەو عەدالەتی و خۆشەویستیەی باوكیان دەربڕن.
كچە گەورەو كچە ناوەندییەكەی، بەزمانێكی لووس دەكەونە بەر مەدح ستایشی خۆشەویستی خۆیان بۆ باوكیان، بەڵام كچە بچووكەكەیان ناتوانێت درۆ لەگەڵ باوكی بكاو دەڵێ‌ خۆشەویستی نێوان من و تۆ تەنیا خۆشەویستی كچێك و باوكێكە، ناتوانێت لەوەندە زێتر ستایشی درۆزنانەی باوكی بكات، ئەمەش دەبێتە مایەی تورەِبوونی باوكی و وای لێ‌ دەكات، كچەكەی پێِشكەش بەپاشای قەرەنسا بكات و لەمەمەلەكەت بەدەری نێ‌ .
دواتر كە زەمەن دێ‌ و زەمەن دەڕوا، درۆو راستیەكان دەردەكەون و هەموو شتێ‌ ئاشكرا دەبێت، ئەو دوو كچەی دەسەڵات و موڵكی پاشایان بەسەردا پەخش كرا، هەوڵ دەدەن، پاشای باوكیان لەدەسەڵات رووت كەنەوە، پاشان پیلان بۆ لەناو بردنی دابنێن .
بەڵام كاتێ‌ پاشا پیلانەكەی بۆ ئاشكرا دەبێ‌، بەنهێنی لەدەست پاسەوانەكانی كۆشك و پیلانی دوو خوشكەكە وەك شێت رادەكا، تاجێكی پەڕە موچە لەسەر دەنێ‌ بەدەم گۆرانیەكەوە كەكەس تێی ناگاو دەكەوێتە نێو گیژەنەی زریانێكی توندو لەكۆتاییدا لەگەڵ كچە خۆشەویستەكەی سەر دەنێنەوە،
ئەم تراژیدیایە لای زۆربەی كۆمەڵگاكانی دنیا بیندراوە، بەڵام هیچ نمایشێك كۆتایی بە لیر پاشا ناهێنێ‌، بەڵكو لیر پاشا بە ئایدۆلۆژیایێكی ترو فۆرمێكی تر دیسان دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی سەر لە نوێ‌ دەرسێكی تر لە بێ‌ نمەكی و خیانەتكاری و دوو روویی بڵێتەوە.
بۆیە ( كامەران رەئووف ) پەنجەی لەسەر دەقێك داناوە، كە لە رووی ئایدۆلۆژیاو واقیع، هاوكوفە لەگەڵ ئەمڕۆی مرۆڤایەتی بەگشتی و ژیانی كۆمەڵگای كورد بە تایبەت، لە سەردەمێكی پڕلە ململانێ‌ و سەردەمێكی پڕ لەخۆپەرستی و خوێن خۆری، لە پێناو دەسەڵات .
لە لایەكی ترەوە(كامەران ) كاراكتەرێكی بژاردە كردووە ، كە رەنگە ئەو كاراكتەرە بێت، بتوانێت تێنوویەتی مرۆیی و هونەریی ئەو بەتەواوی بەیەكەوە بشكێنێ‌ .
گرنگ لە بەرجەستە كردنی كاراكتەری (لیر پاشا) نواندنی جەستەیی نەبوو، گرنگتر لەوە نیشاندنی دیوی ناوەوەی لیر پاشا بوو، بەهەموو زام و رق و غەدرە ون بووەكانی.
دیوی ناوەوەی كاراكتەرێك كە غەدر شێتی كردو كردی بە كەسێك بە زیندوویی مەرگی خۆی بە چاوان ببینی.
بۆیە گرنگ بۆ ئەكتەر ئەوە نیە، ئەداو فۆرمێكی گوزارشت بەخشت بداتێ‌، گرنگتر لەوە ئەوەیە ئەو ئەكتەرە ئەو دەسەڵاتەی هەبێ‌ ناخی ئەو كاراكتەرەت لە سەر شانۆدا بۆ هەڵڕێژێ‌.
تا ئەكتەریش بەر لە بینەر ژانی ئەو كاراكتەرە نەگوازێتەوە ناو رۆحی خۆی ، وەك گواستنەوەی خوێنی كەسێك بۆ كەسێكی تر، ناتوانێت كارێك بكات ، دڵنیا بێت لەوەی تۆ وەك ئەكتەر خیانەتت لە كاراكتەرەكەت نەكردووە، یا راستگۆ بوویت لەگەڵیدا.
لەو حاڵەتانەیە هەندێ‌ كاراكتەر مۆركێكی ئەبەدی بەرووی ئەكتەرێكەوە دەلكێنن، كە تا مردن و دوای مردن، هەندێ‌ كاراكتەر دەبنە شوناسی هەندێ‌ ئەكتەرو پێی دەناسرێنەوە، وەك شوناسی زۆربا بۆ ئەنتۆنی كوین .
ناسینی (لیر پاشا) تەنیا لەبەسەرهاتە تراژییەكەی دانیە، بەڵكو لەناسینی خودی (لیر پاشا ) خۆیەتی، لەرووە مرۆیی و سایكۆلۆژی و ئەخلاقی و ئایدۆلۆژیەكەیەوە، بۆیە كە دەچیتە بەرگی لیر پاشا، دەبێت بەرگەی ئەو بروسكە دەرونیەت گرتبێ‌، كە وەك مرۆڤ لە رەگو ریشەوە هەڵی كێشاوی، تا لە زیندانی كۆشكەكەت مابیت، پاڵت پێوە دەنێن بەرەو روخانی دەروونی..
بینەر بەحاڵەتێكی نا سەقامگیر دەتبینی، هەست دەكا مرۆڤێكی ئاسایی نیت، وەك كەسێكی خۆپەرست و هەڵچوو دەردەكەوێ‌، بڕیارەكانت راگوزارو بەپەلەن، بەشێوازێكی نامەسئولانە و نا عەقلانیەت بریار دەدەیت ، هەموو شتێ‌ بەرەو شێواندن دەچیت…
كامەران بەو شێوەیە لیر پاشامان نیشان دەدات و ئەو حاڵەتە دەروونیەمان بۆ ئامادە دەكات، لە لیر پاشا چاوەڕوانی دەكەین.
بۆیە بینەر لەسەرەتادا رقی لەهەڵسوو كەوتی نامەسئولانەی لیر پاشا دەبێتەوە، بەڵام دواتر هە هەست دەكات ئەو پاشایە غەدری لەخۆی كردووە و بەرهەمی هەڵەكانی وەردەگرێتەوە، بە لە دەست دانی دەسەڵات و بێ‌ نمەكی كچەكانی بەهۆی ئەو تەمەعكارییەی بەرچاوی گرتوون، وردە وردە بینەر سۆز دەیگرێ‌ و ئاواتی ئەوە دەوازێ‌ ئەوەی روخاوە راست بكرێتەوە.
دەرهێنان
كامەران رەئووف دوای هەموو ئەو چەند ئەزموونە شانۆییانەی لەگەڵ چیخەف و ستایلی چیخەف نیشانی داین، چ وەك دەرهێنەر چ وەك ئەكتەر، ئەمجارە دەخزێتە سەر شكسپیرو كاراكتەرێك لەكاراكتەرە هەرە كاریگەرەكانمان بۆ بەرجەستە دەكات، كە هەموو ئەكتەرێك ئاواتی ئەوە دەخوازێ‌ خۆی لەو ئەزموونە قورسە بدات و یا خود ببێت بەئەكتەرێكی بەشداربوو لە( لیر پاشا)دا .
بۆیە پێم وایە بژاردەی (لیر پاشا ) بۆ شانۆی كوردی لە چەند جەمسەرێكەوە بایەخی خۆی هەیە.
لە رووی پراكتیكییەوە بینەری كورد ئاشنا بوونی بەتراژیدیاو كاراكتەرە ناودارەكانی شكسپیر كەمە، ئەگەرچی لەواقیع دا هەر خۆی پارچەیەكە لەو واقیعەو لێواو لێوە لە تراژیدیا.
بۆیە بیر كردنەوە لە (لیر پاشا) بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە گرنگی خۆی هەیە .
2.كاراكتەری (لیر پاشا) نزیكترین كاراكتەرێكە لەرووی شێوەو فۆرمەوە بۆ (كامەران) بەتایبەت لە رووی تەمەن و فۆرمی نواندن، بۆ بەرجەستەكردنی توانا جەستەیی و فیزیكیەكانی لەو كاراكتەرەدا، كە كاراكتەرێكی كاریگەرو ناخ هەژێنە وفەزایەكی بەرفرەوان بۆ كامەران دروست دەكات، كە باشترین تواناكانی بەرجەستە بكات.

  1. ئەم تێكستەو ئامانج و فەلسەفەكانی، گونجاوترین تێكستە بۆ بەرجەستە كردنی ئەوەی ئەمڕۆ لە كۆمەڵگای كوردی دا روو دەدا، لەخیانەتكاری و تەماعكاری لەسەر دەسەڵات و خۆپەرستی دا .
    كار كردن لەتراژیدیاكانی شكسپیر لەشانۆی كوردی دا بە دەگمەنە وەك شانۆ، مەگەر كۆمەڵێ‌ ئەتروحەی قوتابیانی لێ‌ دەرچێت، چونكە تا ئێستا شانۆی كوردی بەهۆی لاوازی زۆر لە پێكهاتەكانی، بەتایبەت ئەكتەری پرۆفیشناڵ و پێداویستیەكانی شانۆی كلاسیكی لەرووی جلو بەرگ و دیكۆرو ئیكسسواراتی دیكە خۆی لە شكسپیر نادا، ئەوە جگە لەوەی شانۆی شكسپیری تایبەتمەندی خۆی هەیە، دەبێت ئەو تایبەتمەندیانە بڕەخسێ‌ بۆ بەرهەم هێنانی بەرهەمێكی شانۆیی، بەر لەهەمووشیان ئەكتەری شكسپیریی .
    كامەران لەدەرهێناندا لەرووی فۆرمەوە نەیتوانیووە لەو چەند نمایشە جیهانیانە تایبەتمەندی خۆی هەبێت، كە دەربارەی لیر پاشا نمایش كراون، بەڵكو لەشێوەدا لەدەوری یەك بازنەدا دەسوڕێنەوە، بەڵام بۆ شانۆی كوردی شتێكی تازەیە، كە بینەری كورد لیر پاشا ببینێ‌ و ئاوێزانی ئەو كاراكتەرە تراژیدیە بێت كە شانۆی جیهانی هەژاندووە.
    لە بەشی یەكەمی شانۆگەریەكەدا سیمای كلاسیكی كۆشك و تەلاری ئینگلیزی و جلو بەرگی بنەماڵەی پاشازادەكان و دەست و پێوەندەكانیان، دەروازەیەكە بۆ رەسم كردنی شوێن و مۆركە كلاسیكییەكە كە تایبەتمەندی خۆی پێوە دیارە، پاشان دیكۆری تۆڕەكانی جاڵجاڵۆكە هەر زوو ئەو هەستەت لا گەڵاڵە دەكات، كە ئەمە شوێنێكە بۆ چنینی پیلان و هێڵەكانی تاوانباری، هەموو ئەوانەش كەوتونەتە ناو چوارچیوەی ئەو تۆڕانە لەو تاوانكاریانەدا تێوە كڵاون و گەمەی خۆیان دەكەن لەرووداوەكاندا.
    ریتمی نمایشەكە لەدەستپێكی شانۆگەریەكەدا زۆر هێورە، بەڵام دواتر لەگەڵ بەرەو پێشەوە چوونی رووداوەكان، بەرەو هەڵكشان دەچێ‌ .
    بینەر هەست دەكات پەڕینەوە بۆ بەشی دووەم خێرایی پێوە دیارە، چونكە دەرهێنەر هەوڵی كورت كردنەوەی كۆمەڵێ‌ دیمەن و رووداوو دیالۆگی داوە، كە لەبایەخی سروشتی نمایشەكە كەم دەكەنەوە، چونكە نەشوونووما كردنی ململانێكان بەشێوە سروشتیەكەی خۆیەوە، هاوسەنگی شانۆگەریەكە رادەگرێ‌و دەرفەتی دەستەبەر بوونی چێژ دەپارێزێ‌.
    دەرهێنەر هەوڵی ئەوە دەدات قورسایی خۆی بخاتە نێو رووداوەكانی دوایی و خۆی لەدیالۆگە سەرەتاییەكانی نێو كۆشكی پاشایەتی رزگار كات و شانۆگەریەكەی تەواو كورت كردۆتەوە، زۆر لە دیمەن و دیالۆگەكانی هەڵگرتووەو بە خیرایی بەسەر دیمەنەكاندا تێپەڕیوە، بەڵام كەم و زۆرێك بونیاتی درامی نمایشەكەو كرۆكی روداوەكانی پاراستووە.
    دەرهێنەر پێویستی بەوە هەبوو زێتر لەسەر مەرگەساتی كوشتنی لیر پاشاو كچە خۆشەویستەكەی بوەستایە و جەختی لەسەر سینۆگرافیا بكردایەوە، بەتایبەت موزیك و رەنگ كە دیمەنەكەی وەك پێویست تێر نەكرد.
    لە دەرەوەی سیناریۆی دەقەكە دەرهێنەر بۆ تێر كردنی دیمەنەكان پێویستی بەچەند دیمەنێكی درامی هەبوو بۆ دەوڵەمەند كردنی سینۆگرافیا.
    دڵنیام دەرهێنەر مەعریفەیەكی زۆری لەسەر ئەو نمایشانەی (لیر پاشا) هەبوو، رەنگە بەشێكیش لەو نمایش و فیلمانەی بینیی بێت كە رۆڵی (لیر پاشا)یان بەرجەستە كردووە، لەوانە نمایشی گەورە ئەكتەری بەریتانی (ئەنتۆنی هۆبكنز) كە خاوەنی خەڵاتی ئۆسكارە، لەپێشەوەی ئەو ئەكتەرە جیهانیانەیە كە سەركەوتوانە رۆڵی ( لیر پاشا) ی بینیووە، بینەر هەست دەكات كامەران لێك نزیك بوونەوەیەكی زۆری هەیە لەگەڵ (هۆبكنز) لە بەرجەستە كردنی كاراكتەری لیر پاشادا.
    هەروەها ئەكتەری ناسراوی جیهانی (باتشینۆ) بۆ 13 جار رۆڵی لیر پاشای لەشانۆو سینەمادا بینیووە، خۆی دەڵێ‌ بەڵام تا ئێستا هەست دەكەم مافی تەواوم بەو كاراكتەرە نەداوە.
    بە گشتی شالیر هەر تەنها تاقیكردنەوەیەك نەبوو بۆ كامەران ، بەڵكو هەموو ئەكتەرە بەشداربووەكانی خستە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەخت.
    ئەو ئەكتەرانەی بۆ كاراكتەرەكانی لیر پاشا بژاردە كرابوون بەگشتی، هەر یەك لەوان و بەرێژەیەك تیگەیشتنێكی باشیان بۆ كاراكتەرەكانیان هەبوو، لەوانە:
    گۆن ڕیڵ (هیرۆ جەواد)
    كچە گەورەی لیر پاشایە، رووی دووەمی شەڕی ململانێكە بوو لەگەڵ خێردا
    (گۆن رێل) كە داڕێژەری پیلانی كوشتنی باوكیەتی، لەو نمایشەدا دەبێتە هێمای خیانەتكاری و تەماعكاری و چاوچنۆكی، بەمەش سەراپای مرۆڤایەتی روو بەرووی
    شەرمەزاری و رەشبینی دەكاتەوە.
    هیرۆ جەواد لایەنی دووەمی هێزی دراماكەی هاوسەنگ راگرتبوو بەرامبەر لیر پاشا و ئاستی ململانێكەی توندتر دەكرد، ئەو دڵ رەقی و دەمار گرژیە توندەی نواندنی هێرۆ هەرگیز لەكێش و بەهای هاوسەنگی نواندنی ئەوی كەم نەكردەوە، بەڵكو هەموو ریتمەكان بە شێوەیەكی سروشتی قەدی خۆیان گرتبوو، هەموو هێزە داهێنانەكەی هێرۆ لەو بوێری و تێگەیشتنە بوو لە كاراكتەرەكەی خۆی .
    بەهلول ( ئەژین حەمە نوری)
    بەهلول كاراكتەرێكی هوشیارو عەقلی كراوەی پاشا بوو، یەكێك بوو لەكاراكتەرە هەرە نزیك و باوەڕ پێكراوەكانی پاشا ، هەمیشە پاشا گوێڕایەڵی بۆچوونەكانی بوو.
    ئەژین ـ ئەكتەرێكی لێوەشاوە بوو بۆ رۆڵی (بەهلول) لە بەر ئەوەی لەش و لارێكی پەهلەوانی و لاستیكی باشی هەبوو، لە رووی ئەداش توانی ئەدایەكی ستاتیكی جوان بەرجەستە بكات، ئەمەش لەزۆرینەی ئەكتەرەكانی تری جیا دەكردەوە.
    كینت ( ئالان هادی )
    لە هاوڕێ‌ نزیكەكانی پاشا بوو، بەهۆی بەرگری كردن لەكچە بچوك و دڵسۆزەكەی.
    لیر و بەرگری كردن لەراستی شار بەدەر كرا.
    لە تاڵترین ساتەكاندا بەفریای پاشا كەوت، لایەنگیرێكی دڵسۆزی هەق بوو.
    بۆ یەكەمجار ئالان م لەسەر شانۆدا بینی، لەدەرفەتێكی شایەستەو لەرۆڵێكی وا گرنگ و لە نمایشێكی وەك لیر پاشا.
    هەستم دەكرد زۆر بە پەرۆشی رۆڵەكەی خۆیەتی و زۆر بە جدی كار بۆ سەركەوتنی كاراكتەرەكەی دەكات .
    ریگن ( رۆژە ئومێد )
    كچی ناوەندی پاشا بوو، ئەویش كەسی دووەم بوو لەو تاوانبارانەی پلانی كوشتنیان بۆ باوكیان دانابوو.
    رۆژە بە هێمنی كەوتبووە ژێر سێبەری خوشكی گەورەی، ئەو توندو تیژیەی پێوە دیار نەبووكە لە هێرۆدا هەبوو، بۆیە كاراكتەرەكەی هاوسەنگ بوو.
    تۆمای هەژار ( سالار ماهیر )
    كوێری لای شكسپیر مانایەكی جیاوازی هەیە لەوەی كەسێك بینایی لەدەست بدات، بەڵكو لای بینایی مرۆڤ لەرووناكی مێشك دایە نەك لە دیدەكانی، بۆیە تۆمای هەژار لە نێوەندی كۆمەڵگایەكدا شوێنێكی بۆ نامێنێتەوە.
    تۆمی هەژار یەكێك بوو لەوانەی بەنابینایی رێ‌ نیشاندەری (لیر پاشا) بوو، لەكاتێكا پاشا چاو ساغ و تۆماس نابینا بوو.
    (ماهیر) وەك ئەكتەر جەستەیەكی چاپووك و زیندووی درابوێ‌، لەسواڵكەرێك نەدەچوو، دەبوا لاوازترو بێ‌ هێزتر دەركەوتایەو لە كاراكتەرەكەی نزیكتر بوایە.
    كوردیلیا(هیڤی جەبار)
    كچە بچووكەكەی لیر، راستی نەگۆڕیەوە بەماڵی دنیا و تا دوا هەناسە قوربانی بەخشی لە پێناو راستی دا.
    كاراكتەرێكی هێمن، هاوسەنگ ، دوور لە هەڵچوون.



فیستیڤاڵ و دەرخستنى شانۆى ئۆرجیناڵ.. شکۆ عومەر کاکەڕەش*

فیستیڤاڵ لە وێنە گشتییەکەیدا بریتییە لە کۆکردنەوەى چەند ئەزموونێکى جیاوازى هونەرمەندان و دواتریش لەشێوەى پاکێجێکدا سەرجەم ئەو نمایش و ئەزموونە جیاوازانە پێشکەش بە بینەران بکات ئەوەش بەو ئامانجەى کە ببێتە ئامرازێک بۆ ئاڵوگۆڕى کلتورى لە نێوان ئامادەبووان و بەشدارانى ئەو ئیڤێنتە هونەرییە. بەم پێیەش فیستیڤاڵى نێودەوڵەتى هەولێر بۆ شانۆ، کە ساڵانێکە وەک دیاردەیەکى هونەریى گرنگى ناوچەکە، خۆى راگەیاندووە و بەردەوامى بە خۆى داوە و بووەتە ناوەندێک بۆ کۆبوونەوەى هونەرمەندانى زۆربەى ووڵاتانى جیهان لە هەرێمى کوردستان و هاوردەکردنى چەندین نمایشى شانۆیی وڵاتانى جیهان و ئاشناکردنى بینەر و شانۆکارى کورد بەو ئەزموونە گرنگانە و لە زۆربەى خولەکانى رابردووشدا ئەگەر بەرێژەیەکى کەمیش بێت توانیویەتى نمایشى جوان و جیاواز بانگهێشت بکات. ئەمساڵیش بۆ خولى حەوتەم دیسان توانى ئەو ئەزموونە دووبارە بکاتەوە و کۆمەڵێک نمایشى گرنگ و جیاوازى بانگهێشت کرد و بە بینەرى کوردى ئاشنا کرد. زیاتر لەوەش خولى حەوتەمى فیستیڤاڵ بۆ من خاڵێکى گرنگیی ترى هەبوو ئەویش ئەوەبوو لەرێى بانگهێشتکردنى یەکێک لەو نمایشانەوە بینەر رووبەرووى شۆکێک بکاتەوە. کە من لێرەدا هەوڵ دەدەم لەسەرى بوەستم جگە لەوەى کە خوێندنەوە بۆ دوو نمایشى ترى ئەو فیستیڤاڵە بکەم.
یەکێک لە نمایشە زۆر جیاواز و گرنگ و جوانەکانى ئەم فیستیڤاڵە بریتی بوو لە شانۆیی (کالیگۆلا) کە بەرهەمى وڵاتى ئۆکرانیا بوو. لە نمایشى (کالیگۆلا)دا جگە لەوەى کە هۆڵى نمایش وەک هەمیشە لە خزمەتى کارەکەدا نەبوو بەڵام هەر لەسەرەتاوە کاتێ بینەر دەچێتە هۆڵەکەوە و لە یەکەم ساتدا چاوى بەر پێدراوەکانى سەر ستەیج و کۆى گشتى سینۆگرافیاى بینراو دەکەوێت، تێدەگات لەوەى کە ئەقڵێکى جدى لە پشتى نمایشەوە وەستاوە و سنۆگرافیا تەنها بریتی نیە لە ریزکردن و دانانى کۆمەڵێک کەرەستە لەسەر ستەج. واتا سینۆگرافیا لە کالیگۆلاى ئۆکرانیدا بریتی نیە لە سینۆگرافیایەکى زەخرەفیی دەرەوەى گوتارى گشتى نمایش، بەڵکو سینۆگرافیایەکى دارێژراو و تێکهەڵکێش لەگەڵ سەرجەم رەگەزەکانى دیکەى نمایش. ئەمەش دواجار بە سوودى کردەى داهێنان لە نمایشدا تەواو دەبێت و کار لەسەر دامەزراندن و پاراستن مەوداى ستاتیکى دەکات و لێناگەڕى ئاسۆى پێشبینکراوى بینەر زاڵ بێت، بەپێچەوانەوە بەردەوام ئەو ئاسۆى پێشبینیە تێکدەشکێنێت. سینۆگرافیا دەبێتە ئامرازێکى سەرەکى بۆ هونەرى باوەرپێهێنانى بینەر، ئەفلاتون دواى ئەوەى کۆمەڵێک بنەما بۆ هونەرى باوەرپێهێنان دەخاتەروو کە بەرمەبناى بنەمایەکى زانستى نین بەڵکو لەسەر چەند مەبەستێکى تایبەت دانراون و هاوکات دەشڵێت هونەرى باوەرپێهێنان ئامرازێکى هەڵخەڵەتێنەرە بۆ ئەوەى حەق بکاتە پوچەڵ و پوچەڵیش بکات بە حەق. بۆیە سینۆگرافیاى کالیگۆلا دروست بەو شێوەیە بوو کە لە رێگەى چەند دۆشەکێکى خەوتنەوە کە بەشێوەى ستونى دانرابوو کارى لەسەر کردەى باوەرپێهێنان کردبوو و ئامانجەکەشى پێکا و چەندین دەلالەتى جیاوازى بە نمایش بەخشیبوو.
جیاوازى زمانى نمایش و ئەکتەر لە شانۆیی کالیگۆلادا لەگەڵ زمانى بینەر یەکێک لەو خاڵانە بوو کە پێشبینى دەکرا ببێتە لەمپەر لەو نێوانەدا و پرۆسەى پەیوەندى نێوان بینەر و نمایش گرفتى تێبکەوێت و بە ئاسانى دروست نەبێت، بەڵام ئەو گرفتە نەک هەر دروست نەبوو بەڵکو تەواو پێچەوانەکەى هاتەئاراوە بەو پێیەى سەرەڕاى درێژى ماوەى نمایش و گرفتە تەکنیکییەکانى هۆڵ، بەڵام بینەر بەدرێژایی زیاتر لە 100 خولەکى نمایش لەسەرەتاوە ئەو پەیوەندییەى دامەزراند و بەردەوام پەیوەندى خۆى لەگەڵ نمایشدا نوێدەکردەووە بەتەواوى بوو بوو بە بەشێک لە نمایش و چەمکى ژیانکردن و هاوبەشیکردن لەو نێوانەدا بەدروستى بەدیدەکرا. کە ئەوەش لە ئەنجامى تۆکمەیی داڕشتنەوەى نمایش و دروست کارکردن لەسەر رەگەزەکانى نمایش دێتە ئاراوە. جگە لەوەى بونیادى نمایش و کارەکتەرەکانى بەجۆرێکى وا داڕشتبوەوە کە هەست بە هیچ نەنگ و بۆشاییەک نەکرێت و گوتارى گشتى نمایش بەجۆرێک دارێژرابوو کە گوزارشتى لە دۆخى ئەمرۆى ووڵاتەکەی خۆیان دەکرد کە چۆن جەنگ چووەتە هەموو کون وقوژبنێکى ژیانەوە و سیستەمە سیاسى و داراییە خاوەن بڕیارەکان بوونە بە مۆتەکەیەک بەسەر ژیانى مرۆڤایەتییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە پەراوێزى ئەو بابەتە سەرەکییەوە کارى لەسەر سیستمى دیکتاتۆرییەت و سەرکوتکارى و بوودەڵەیی پیاوانى ئایینى کردبوو کە هەمیشە وەک مشەخۆرێک سوود لە قەیران و تەنگەکان دەبینن بۆ پتەوکردنى پێگەکانى خۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێ رۆڵ و تەکنینکەکانى نواندن فەرامۆش بکرێت لەم نمایشەدا کە لە ئاستێکى باڵادا بوو، بەتایبەت ئەو ئەکتەرەى کە رۆڵى کالیگۆلاى بەرجەستە دەکرد، گاهێک وەک ئەکتەرێکی باڵادەستى نمایش و گاه وەک ئەکرۆپاک و جارێک وەک جمناستیک و دەمێک وەک سەماکارێکى بالێ دەردەکەوت و هەموو جوڵەیەکى پلان بۆدارێژراوبوو و دوور بوو لە عەفەویەت و زیاتر لەو بۆچوونە ئەنترۆپۆلۆجیەى (یۆجینۆ باربا) نزیکمان دەکاتەوە کە باسى جووڵە دەکات و دابەشى دەکات بۆ سێ ئاست، ئاستى سێیەمى بە قۆناغى گوزارشتخوازى وێنا دەکات پێیوایە لەو قۆناغەدا ئیدى جوڵە بەپێى سات و بارودۆخى پێویست دێتە ئاراوە و دەبێتە پاوەرێک بۆ جوڵاندنى هەست و هۆشى بینەر و تێکهەڵکێشکردنى نمایش و بینەر و یەکخستنیان لە یەکەیەکى تەواو سەربەخۆى و یەکگیردا. و لەرێگەى ئەم تێکەڵکێشییەوە و جوڵە مسداقیەتى و راستگۆیی تەواو وەردەگرێت و بینەر بەشێوەیەکى تەندروست وەریدەگرێت.
بەڵام ئەوەى مایەى هەڵوەستە و شۆکى بینەر بوو لەم نمایشەدا بریتییە لە لێکچوونى زۆر نزیکى نێوان بونیادى کەسایەتى کالیگۆلا لە شانۆگەرى (کالیگۆلا)ى ئۆکرانى و بونیادى کەسایەتى بابلۆى شانۆگەرى (دوارۆژەکانى بابلۆ)ى شوان کەریم! ئەم لێکچوونە لە سەرەتاوە بەشێوەیەکى کاڵ دەردەکەوێت کەچى نابێتە جێى سەرنج، بەڵام کاتێ لە نیوەى دووەى نمایشەوە دەبینین ئەکتەرەکان هەموو لە کالیگۆلا نزیک دەبنەوە و بە تەکنیکێک جلوبەرگێکى لەبەر دەکەن و دەیخەنەوە قاوغەکەى خۆى، دەقیق هەمان وێنە دروست دەبێت کە کارمەندانى نەخۆشخانە لە نمایشى (دوارۆژەکانى بابلۆ)دا هەمان کردار بەرامبەر بابلۆ ئەنجام دەدەن و دەیانەوێت بیرى بخەنەوە کە ئەو لە دۆخێکى نەخوازراودایە و دەبێت بگەڕێتەوە دۆخى پێشووى خۆى و لە واهیمەى ناو مێشکى خۆى رزگار بکات. لێرەدا لێچوونەکان هێندە نزیکن کە پێویستە بینەر توشى راچەڵەکین بێت و لە خۆى بپرسێت ئایا من پێشتر ئەم دیمەن و نمایشەم بینییوە؟! بەتایبەت کە دەبینى جگە لە بونیادى کارکتەر تەنانەت فۆرمى جلوبەرگ و شێوازى لەبەرکردنیشیان بۆ کالیگۆلا هەمان شێواز و فۆرمە کاتێ کارمەندانى نەخۆشخانە دووبارەى دەکەنەوە بەرامبەر بابلۆ، بەڵام بۆ ئەو پرسیارەى بینەر ساتى پێشوو لە خۆى کرد دەگاتە ئەو بڕوایەى کە بێگومان نەخێر چونکە ئەم نمایشە لە وڵاتێکى بێگانەوە هاتووە و دەرفەتى بینینى نمایشێکى ئۆکرانى بۆ بینەرى کورد لەو دۆخەى کە ئێستا ئۆکرانیاى پێدا تێپەڕدەبێت، ئەستەمە.
ئەمە جگە لە چەند لێکچوونێکى تر وەک بوونى ئەو مایکەى کە لە کالیگۆلادا بەکارهات و لە بابلۆش بۆ هەمان مەبەست و ئامانج بەکارهات. شێوازى ئەندازیارى دارشتنەوەى سەر ستەیج کە لاى بابلۆ بەشێوەى ریالیزم دارێژرابوو بەڵام لە کالیگۆلا بەشێوەى گوزارشتگەرا بوو، بەڵام دواجار هەردووکیان لە رووى هەندەسییەوە لێکدەچوون بەتایبەت لە شێوازى تەوزیفکردنەوە لە نێو نمایشدا و چۆنیەتى مامەڵەى ئەکتەر لەگەڵیاندا.
بۆیە سەرئەنجام بینەر توشى ئەو گومانە دەبێت کە ئایا ئەو دوو نمایشە بۆ هێندە لەیەک دەچن؟ ئاخۆ ئەمە تەنها رێککەوتە یاخود سودبینینە لە یەکتر؟ ئایا کالیگۆلا نوسخەى ئۆرجیناڵە یان بابلۆ؟ ئایا شانۆى کوردى هێندە لە ئاستێکى باڵاى جیهانیدایە کە شانۆى ئۆکرانى کاریگەر بێت پێى؟ ئەمانە و چەندین پرسیار و گومانى تر کە بینەر توشى بەدگومانییەکى ئەوتۆ دەکات تا چیدى متمانەى تەواوى بە هەموو نمایشێک نەبێت کاتێ وەک کردەیەکى داهێنان خۆى رادەگەیەنێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ لە داهاتوودا سەرجەم یاخود زۆربەى ئەو گومانانە روون ببنەوە و دەربکەوێت ئایا کام نمایش ئۆرجیناڵە و سوودى لەویترى بەرامبەر بینیوە.
یەکێکى تر لەو نمایشانەى لە فیستیڤاڵى شانۆى هەولێر پێشکەش کرا و بۆ من مایەى هەڵوەستەیە، شانۆیی (تروسکاییەک لە تەم) بوو کە بەرهەمى کۆلێژى هونەرەجوانەکانى هەولێر بوو و کاری دەرهێنانى لەلایەن (یوسف یوسفى)ەوە بۆ ئەنجامدرا بوو. (تروسکاییەک لە تەم) هێندە نمایشێکى لاواز و ئاست نزم بوو کە زیاتر وەک شانۆی قوتابخانە و ئارەزوومەندانى سەرەتا و ئەماتۆر خۆى دەنواند و کەمتر ئەو وێنەیەى دەگەیاند کە بینەر بەدیار بەرهەمێکى ئەکادیمیی ناوەندێکى ئەکادیمی وەک کۆلێژى هونەرەجوانەکانەوە دانیشتبێت. مرۆڤ کاتێ خۆى لەبەرامبەر ئەو جۆرە کارانەدا دەبینێتەوە تێدەگات کە ناوەندە ئەکادیمییەکانى ئێمە لە چ هەژارییەکى مەعریفیدان و خوێندکاران چۆن بەرەو هەڵدێر دەبرێن لەو شوێنانەدا.
ناوەندە ئەکادیمیەکان لە وێنە گشتیەکەدا بریتیین لەو شوێنانەى کە زۆرترین کەسانى ئەکادیمیى و پێداگۆگ و مامۆستاى بەئەزموونى تێدا کۆدەبنەوە و لەوێوە ئیدى دوا مۆرى پێگەیاندن و دروستبوون لە دۆسیەى ئەو گەنجانە دەدەن کە بەنیازى فێربوونى دواین تێزەکانى شانۆى جیهانى روویان تێکردوون. بەڵام پرسى گرنگ ئەوەیە ئاخۆ کۆلێژى هونەرەجوانەکانى هەولێر تاچەند هەوڵیداوە ئەو وێنە گشتییە دروست بکات و ئەو کەسانەى لەوێدا کۆبوونەتەوە بەراستى کەسانى ئەکادیمی و پێداگۆگن؟ ئەگەر بۆ دەستکەوتنى وەڵامى ئەو پرسانە بینەرى شانۆیی (تروسکاییەک لە تەم) بین ئەوا سەرجەم وەڵامەکانت بە نەخێرێکى توند وەردەگریتەوە.
ئەم نمایشە لەلایەن د.ژیلوان تاهیرەوە کارى نوسینى بۆ کراوە و بابەت و جەوهەرى نمایش لە ئاستێکى باڵادایە و بینەر درک بەوە دەکات کە بابەت بەووردى کارى لەسەرکراوە و بەریەککەوتنى لەگەڵ دروست دەکات، بەڵام بۆ پرۆسەى پیشەسازى نمایشدا تەنها بابەت پێویست نیە و دەبێت سەرجەم رەگەزەکانى ترى نمایش لە یەکەیەکى گشتگیر و یەکگرتوودا خۆى رێکبخاتەوە و بخرێتەڕوو.
کردەى دەرهێنان لەم نمایشەدا بەرادەیەک سست و لاوازە ئەسڵەن لە زۆر شوێندا سێبەرى دەرهێنەر بەسەر نمایشەوە هەر نامێنێت و زیاتر وەک نمایشێکى راگوزەر و ئیرتیجال خۆى دەخاتەڕوو. کاتێکیش نمایش حزورى دەرهێنەرى بەسەرەوە نەمێنێت و ئەکتەرەکانیش بریتی بن لە چەند خوێندکارێکى قۆناغى سەرەتاى خوێندنى شانۆ بن ئەوا هەموو دۆخێک دروست دەبێت تەنها دۆخى ستاتیکى و هونەرى باڵا نەبێت. هەژارى مەعریفى دەرهێنەر هێندە بە زەقى بە نمایشەوە دەبینرا، کە تەواوى رەگەزەکانى نمایش بووبوون بە قوربانى ئەو هەژارییە و گرنگترین ئەو قوربانییەش بریتی بوو لە ناهاوسەنگى بونیادى درامى نمایش نەبوونى ریتمى نمایش و کارەکتەر و دیالۆگ و هاوکات نەبوونى بونیادێکى روون بۆ کەسایەتییەکان، کە ئەمەیان دەردى کوشندەى هەر بەرهەمێکى شانۆییە چونکە لە غیابى بونیادێکى تۆکمە و روونەوە ئەکتەر توشى سەرلێشێوان دەبێت لە نێو پرۆسەى نمایشدا و بێئامانج دێت و دەچێت. بونیادى کارکتەر لە شانۆیی (تروسکاییەک لە تەم) هێندە ناروون و شێواو بوو کە سێ کچەکە دواى مردنى دایکیان لە حاڵەتێکدا دەیانەوێت لۆمەى باوکیان بکەن کە ئەو هۆکاربووە بۆ مردنى دایکیان و بەیەکەوە هێرش دەکەنە سەرى. بەڵام دواى دەرچوونى باوک لەسەرستەیج ئیدى کچەکان مردنى دایکیان بیردەچێتەوە و دەستدەکەنەوە بە کچێتى خۆیان و خەریکى کەفا و سەفا کچانەى خۆیان دەبن. ئەمەش سەرەتاى دەرکەوتنى هاودژییەکان بوو، ئەم ناروونیەى بونیادى کەسایەتییەکان گرفتى گەورەى بۆ ئەکتەر دروست دەکرد و پێمووایە خودى دەرهێنەریش درکى بەم کەلێنە کردبوو بۆیە بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە سوودى لە ئەکتەر (چنار عیزەدین) بینیبوو تا بتوانێ بە هەندێ جووڵەى کۆمیدى و تارادەیەک تەهریجی کۆنترۆڵى سستى ئیقاعى نمایش بکات و پەیوەندییەک لەگەڵ بینەر دروست بکاتەوە ئەگەرچى ئەو پەیوەندییەش زۆر زۆر لاواز بوو. لێرەشدا دەرهێنەر دیسان کەوتە ئەو هەڵەیەوە کە ئاستى نواندن لە نێوان ئەکتەرەکان هەمووى لەلایەک و نواندنى (چنار) لەلایەکى دى خاڵى بوو لە هەموو باڵانسێک و جیاوازییەکى زۆرى پێوەدیاربوو کە دواجار بە زیانى نمایش کۆتایی پێهات. دەرهێ،ەر بە فەرامۆشکردنى رەگەزى ریتم و تیمپۆ دەکەوێتە هەڵەى کوشندەوە.
لە کۆتاییشدا شانۆ بەو پێیەى هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوە و دواجاریش بەستنى پەیوەندى رۆحى نێوان خۆى و بینەر. بۆیە دەبێت بەوپەڕى ئاگاییەوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت و حساب بۆ تەواوى جوڵە فیزیکى نافیزیکییەکان بکرێت.
یەکێکى تر لەو نمایشانەى کە مایەى وەستانە لەسەرى شانۆیی (سرودێک بۆ ئیکارۆس)ە کە بەرهەمى شانۆکارانى هەڵەبجە بوو.
ئەو گروپە لەسەرتاى دروست بوونیەوە دوو چەمکى بۆ کارەکانى خۆى داڕشت و کردنى بە بنەماى کارکردن بۆ پرۆژەکانى داهاتووى ئەوانیش هەردوو چەمکى (زبرییەتى و زیندویەتى) بوو. ئەوەشى کە هەر لەسەرەتاوە روون بوو ئەوەیە کە بەپێى بانگەشەکانى خۆیان ئەو چەمکە دەگەڕێننەوە بۆ شانۆ توندوتیژەکەى ئانتۆنین ئاڕتۆ-ى فەرەنسى.
بەڵام با ئێمە سەرەتاى قسەکانمان بەوە دەست پێبکەین ئایا بەراستى شانۆى توندوتیژى ئاڕتۆ بریتی بوو لە توندوتیژى و هەرا و زەنا؟ ئایا ئارتۆ مەبەستى لە توندوتیژى لایەنە فیزیکییەکە بوو؟ ئایا ئەسڵەن شانۆ فەلسەفییەکەى خۆى بۆ بەناوى توندوتیژییەوە ناونا؟ ئاخۆ رەچەڵەکى شانۆکەى لە کوێوە سەریهەڵدا؟
ئەگەر ئێمە بگەین بە وەڵامى ئەم پرسیارانە ئەوا بەروونى لەوەش تێدەگەین کە بابەتى (زبرییەتى و زیندویەتى) لە کوێى نەخشەى شانۆ توندوتیژەکەى ئاڕتۆ دایە.
ئارتۆ لەسەرەتاى مانیفێستۆى یەکەمى شانۆکەیدا دەڵێت: شانۆ ناگەڕێتەوە بۆ کارتێکەرە دەرەکیەکانى و هێز و زمانەکەشى لەوەوە وەرناگرێت و پێویستە لەو بنەمایە دوورکەوێتەوە کە پاڵپشت بە هەیمەنەى دەقى ئەدەبى خۆى بخاتەروو و و بەپێچەوانەوە دەبێت پشت بە دەقە رەسەن و پیرۆز و خاوەن رەهەندە مێژووییەکان ببەستێت بۆ ئەوەى زمانە دەگمەن و تایبەتەکەى خۆى بدۆزێتەوە کە خۆى لە نێوان جووڵە و بیرۆکەدا دەبینێتەوە.
ئەم داوایەى ئارتۆ زۆر دژى ئەو نمایشەى شانۆکارانى هەڵەبجەیە چونکە ئەوان لە دەستپێک تا کۆتایی ئەوەى کە باڵایە لەلایان بریتییە لە زمان و دەق و دیالۆگ و بەپێچەوانەشەوە جوڵەى مەدروس و حیساب بۆکراو کەمترین ئامادەیی هەیە، ئەم حاڵەتە بە رادەیەک بوونى هەیە کە بینەر هێندێ جار پێویستى بە هاوکارێک هەیە تا گرێکانى دەق و ئەدەبیاتى نێو نماایشى بۆ شیبکاتەوە و هاوکارى بێت لە بەیەکەوەگرێدانى سەرەداوەکانى چیرۆک!کە ئەمەیان من پێوایە بۆ ئاڵۆزى بیرۆکەکانى نێو خەیاڵى دەرهێنەر دەگەڕێتەوە، کە پێویستى بە رێکخەرێک هەیە توانا و دەسەڵاتى لەسەرووى ئەوەوە بێت و لێنەگەڕێت ئەتمۆسفێرى گشتى نمایش بەو جۆرە ئاڵۆز بکات، چونکە هەمان حاڵەت لە ئەزموونەکانى پێووى ئەو دەرهێنەرەدا دەبینرێت بەڵام لەبەر ئەوەى لەوانى تردا تەنها خۆى بوونى هەیە و هەر لە ژێر تایتڵى (دەهێنەر)دا کاریکردووە کەمتر بینەر هەستیان پێدەکات. بەڵام لە (سرودێک بۆ ئیکارۆس)دا ئەو باسە بە زەقى هەستى پێدەکرا لەبەر چەند هۆکارێک کە گرنگترینیان ئەمانەن: لێرەدا ئەو هاوڕێیانە بەوپەڕى بڕواوە چەمکى دەرهێنانى رەدکردەوە و لەبرى ئەوە وشەى دراماسازیان داتاشى بەو بیانووەى گوایە چەمکى دەرهێنان لە بنەڕەتەوە بە هەڵە لە عەرەبەوە بۆ نێو کلتورى شانۆیی ئێمە گوازراوەتەوە و ئیدى پێویستە ئەو هەڵە باوەى خۆمان چاک بکەینەوە، هەڵبەت من کاتى خۆشى لەگەڵ ئەو دۆستانە کەتمە گفتوگۆیەکى هونەرییەوە کە دژى رایەکەى ئەوان بووم. بەڵام نەگەیشتین بە ئەنجام. چونکە من پێداگریم لەوە دەکرد کە دەرهێنان چەمکە دروستەکەیە چونکە ئەو کەسەى بە کردەى دەرهێنان هەڵدەستێ لە عەدەمەوە نمایشێک دێنێتە بوون ئەمەش رێک هەمان حاڵەتى لەدایکبوون (ولادە) یەوە و وەک ئەو پرۆسەیە بریتییە لە دەرهێنان و پێویستە هەر بە دەرهێنان بمێنێتەوە بەڵام ئەوان مکوڕ بوون لەسەر بۆچوونەکەى خۆیان. جگە لە هەموو ئەمانە ئەو هاوڕێیان دواى ئەو هەموو روونکردنەوەى کە دایان بۆ گۆڕینى چەمکى دەرهێنان بە دراماساز، بەڵام داواجار لە پۆستەرى گشتى فیستیڤاڵ هەر بە دەرهێنان ناویان هێنرا و تەنانەت ئەو خەڵاتەى کە پێشیان بەخشرا هەر بە ناوى (باشترین دەرهێنان) وەریانگرت! ئیدى شتێک لە گۆڕى نەما بە ناوى دراماساز و هەر وشەسازییەکى تر کە ئەو چەند مانگێک بوو ئامادەکارییان بۆى دەکرد. جگە لەمە هۆکارێکى ترى ئاڵۆزى پر لە هەرایی ئەم نمایشە دەگەڕێتەوە بۆ بوونى زیاد لە دەرهێنەرێک لە نمایشدا، کە بەراى من ئەگەر لە ئەزموونەکانى پێشوودا تەنها جەنجاڵییەکانى نێو خەیاڵى (راڤیار نەوزاد) باڵى بەسەر نمایشدا کێشابێت ئەوا لێرەدا دوو کەس هەن و هەر یەکەیان دەیەوێت هەیمەنەى خۆى بەسەر نمایشەوە بەدەربخات. کە ئەمەش دواجار وەک بینرا بەقوربانیبوونى نمایشى لێکەوتووە چونکە ئەزموونى (سرودێک بۆ ئیکارۆس) دوو دەرهێنەر (دراماساز)ى هەبوو.
ئارتۆ لە هەموو ژیانى شانۆیی خۆیدا شەڕى بۆ دەربازکردنى شانۆ لە ژێر دەسەڵاتى ئەدەبدا دەکرد و تەنانەت باجى زۆر گەورەشیدا لەو پێناوەدا، بەڵام دەرهێنەرى ئەم نمایشە کە هەموو هەوڵى بۆ ئەوەیە ببێت بە تاکە ئاڵاهەڵگرى ئارتۆ لەم جوگرافیایەدا، لەم ئەزموونە و هیچ ئەزموونێکى پێشوویدا نەیتوانییوە شانۆکەى ببکاتە خاوەن زمانێکى تایبەت لە دەرەوەى دەسەڵاتى دەق و هەمیشە باکگراوندە ئایدۆلۆژییە تایبەتەکانى خۆى و سەرسامییەکانى خۆى بە مرۆڤە باڵاکە نیتشەى لە نمایشەکانى بکاتە دەرەوە و ئەمەش وایکرووە کە راڤیار و ئەزموونە شانۆییەکانى هەمیشە بارگاوی بن بە چەندین رەهەندى ئایدۆلۆژی.
لەپاڵ ئەمانەدا راڤیار ئەزموونەکانى پێشووترى چونکە خۆى دوا کەسى بریار بەدەست بووە بەردەوام هەوڵیداوە کە سروت و ئەتمۆسفێرى دێرین و رەسەنى رۆژهەڵات لە نێو نمایشەکانى ئامادەییان هەبێت دروست بەو شێوەیەى کە ئارتۆ بانگەشەى بۆ دەکات و پێیوایە ئەوە بنەماى رەسەنى شانۆیە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگەیە. ئەمەش بە روونى لە ئەزموونى (شینە لە شیندام)دا دەردەکەوت. بەڵام لە (سرودێک بۆ ئیکارۆس)دا کەمترین سروت بوونى هەبوو و کەمترین ئیشکردن هەبوو لەسەر چەمکى جووڵە و شانۆى بینراو و جێهێشتنى قۆناغى دروشمگەرا و ئارامگرتن لە زۆنى شانۆى بینراودا. ئارتۆ لە هەردوو مانیفێستۆکەیدا یەکێک لەو خاڵانەى کە زۆر جەختى لەسەر دەکاتەوە بریتییە لە سروت. هێنانەوەى سروتە کۆن و سەرەتاییە کۆمەڵایەتى و ئایینییەکان و دووبارە داڕشتنەوەیان لە بۆتەیەکى شانۆییدا و پێشکەشکردنەوەیان بەبینەر، ئەمەش بە هۆکارى بوونى هێڵى رووحى لە نێو ئەو سروتانە و زیندویەتی و کاریگەرییان لەسەر تاکى بەرامبەر (بینەر)، بەو ئامانجەى لە کۆتاییدا پرۆسەى هاوبەشیکردنى نێوان بینەر و نمایش بێتەئاراوە و هەردووکیان لە یەکەیەکى گشتگیردا ئاوێزان بن. بەڵام لە کۆی نمایشى (سروتێک بۆ ئیکارۆس) جگە لە دیمەن و ساتى مردنى سەرەتاى کەسایەتى (پارێزگار) و کەوتنى لە نێو حەوزە ئاوەکە و سەرکەوتنى میزەڵانەکە بەرەوە ئاسمان هیچ سروتێکى ترى تێدا نەبوو. بابەتى (التشارکیە) هاوبەشیکردنى بینەریش لە هەموو ئاستەکانیدا لەگەڵ نمایش لەوپەڕى لاوازیدا بوو چونکە لەتەواوى نمایشەکە ە تەکنیکێکى زۆر لاواز کاتێ ویستى بەشداری بە بینەران بکات لە رێگەى دەنگدانەوە، ئەنجامێکى ئەوتۆى بەدەست نەهێنا و تەنانەت چەند بینەرێک راى پێچەوانەیان بۆ درووست بوو کاتێ لە نێو نمایشدا هاواریان کرد کە ئەوان تەنها یەک جۆر کارتیان پێیە و ناتوان هەڵبژاردەى دووەم بەکاربهێنن، ئەوەش تارادەیەک ئاڵۆزى لاى ئەکتەرەکان دروست کرد و چارەسەرکردنى دۆخەکەش ئاسان نەبوو.

سەرچاوەکان:

  1. د. علي صباح. الاقناع في الخطاب المرئي. الشؤن الثقافية العامة، ط.1، بغداد، 2017.
  2. د. قاسم بياتلي. لغة الحركة والجسد وفن الممثل. الهيئة العربية للمسرح. ط.1، المصر. 2016.
  3. د. قاسم بياتلي. المسرح الوسيط. دائرة الثقافة الشارقة. ط1، الشارقة 2022.
  4. الكسندر دين. اسس اخراج المسرحي. مصر.
  5. اريك بنتلي. نظرية المسرح الحديث. تر: يوسف عبدالمسيح ثروت. دار اشؤون الثقافة العامة، بغداد، 1986.



سەرەتای فەلسەفەی سیستەماتیکی لە ئیسلامدا.. وەرگێڕانی: کاوە جەلال

3- سەرەتای فەلسەفەی سیستەماتیکی لە ئیسلامدا
ئەلکندی و ئەلڕازی

گێرت ‌‌هێندریش

فەلسەفاندنی سیستەماتیکی سەرەتا ئەو واتایەی دەگەیاند کە هزرڤانان دەگەڕانەوە بۆ سیستەمە فەلسەفەییە هەبووەکان، واتا بۆ فەلسەفەی مەزنی ئەنتیکە و ئەنتیکەی دەمەو کۆتایی (درەنگ): بۆ پلاتۆن، ئەڕیستۆتێلیس و نوێپلاتۆنییەکان. وەلێ فەلسەفاندنی سیستەماتیکی ئەو واتایەش دەگەیەنێت کە فەیلەسوفە ئیسلامییەکان لە لایەنی خۆیانەوە دەستیاندایە هەڵبەستنی “سیستەم”ی فەلسەفەیی لە پێناوی ڕوونکردنەوەی جیهاندا، سیستەمەکانیش تا ڕادەی شیان کاریان لە هەموو بوارەکانی هزرینی فەلسەفەییدا کرد (لایەنی کەم ئەو زانستانەش کە ئەمڕۆ ناو دەنرێن زانستە سروشتییەکان، لە بنەڕەتەوە سەر بەو بوارانە بوون). لەم ڕەوتەدا توخمگەلی جیاوازی نموونە پێشەنگەکانی ئەنتیکە ڕژانە نێو سیستەمەکانەوە و بوون بە پاڵهێز بۆ سەرهەڵدانی تێڕوانینێکی ئۆتۆنۆمی جیهان. بەڵێ فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی لە قۆناغە “کلاسیکی”یەکەیدا بە هیچ شێوەیەک لاساییگەرا نییە. بێگومان فەلسەفەی کریستیانیی ئەوروپاش هەمان ڕەوتی لە نموونە پێشەنگەکانەوە ڕووەو سیستەمی فەلسەفەیی خۆی گرتە بەر. سەرەڕای ئەوە گەرەکە هەردوو فەلسەفەی ناوبراو سۆسیۆلۆگییانە تەواو جیاواز دیاری بکرێن. لە ئەوروپا نزیکی لە توێژی پیاوانی ئایین شەقڵی بە فەلسەفاندن دابوو. فەلسەفە بەشێکی تیۆلۆگی بوو، فەیلەسوفانیش رۆحانییەکانی ئایین بوون، سەرەتاش بەتایبەتی کەشیش بوون. بۆیە لە کۆنتێکستی ئەوروپیدا بۆ یەکەم جار لە چەرخی ناڤینی دەمەو کۆتایی و ڕێنیسانسدا “فەیلەسوف” وەک مامۆستا و زانای سەربەخۆ دیاردەدات. بە پێچەوانەشەوە زانایان لە کۆنتێکستی ئیسلامیدا سەر بە مەدرەسەی جیاواز بوون و بواری کارکردنیان بەتایبەتی “پراکتیکی” بوو. بەڵێ زۆرینەی فەیلەسوفە “مەزنەکان”ی ئیسلام لە فێرگە پزیشکییەکاندا پێگەیەنران، ناوبانگیشیان تا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ زانینی پزیشکییان. فێرگە پزیشکییەکان نەک تەنیا نێوەندی فێرکردنی مەئریفەی پزیشکی بوون، بەڵکو زۆرتر لەوەش سەرجەم کانۆنی زانینی ناسراوی ئەو دەمەیان بە فێرخوازان دەگەیاند و بواری تەواو جیاوازی لە خۆ گرتبوو: “زانستە سروشتییەکان”، ئەستێرەناسی، ماتماتیک، فەلسەفە و لۆگیک، قورئانناسی و یاسای (شەریئەی) ئیسلامی. هەر بەگوێرەی ئەم بوارانەش گرنگیدانی زانستیانەی زانا ئەرەبی-ئیسلامییەکان گشتگیر بوو. بەدەگمەن زانایەکیان تێدا بوو کە تەنیا لە یەک بواری زانیندا دەرکەوتبێت. بێگومان هاوکات گەرەکە ئاماژە بۆ فێرگەی دیکەش بدەین کە هەمان زانینی گشتگیریان دەگەیاند، بۆ نموونە بەیت ئەلحیکمە، فێرگەکانی وەرگێڕان، هەروەها سەرەتا فێرگەکانی قورئان و شەریئە.

3-1 ئەلکندی و هزری نوێپلاتۆنی
شارەزایی گشتگیر لە سەرجەم زانستەکاندا هەروەها ئەدگاری یەکەم فەیلەسوفی مەزنی ئەرەبی-ئیسلامی بوو. ئەبو یوسف یەئقوب ئیبن ئیسحاق ئەلکندی نزیکەی ساڵی 800 لە کوفەی باشوری ئێراق هاتە جیهانەوە. باوکی لەوێ پارێزگاری دەوڵەتی ئەباسی بوو. ئەلکندی بە ڕەچەڵەک سەر بە حەزرەمۆتی باشووری ئەرەبستان و هۆزی کیندە بوو، هەر بۆیە ناونراوە “ئەلکندی”. ئەو تەنانەت لە سەردەمی ژیانیدا وەک “فەیلەسوفی ئەرەبەکان” ناوبانگی دەرکردبوو، لە ڕاستیشدا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن هەر تاکە فەیلەسوفی بەواتای ڕەچەڵەک ئەرەب مایەوە. ئێمە هیچ شتێک لەبارەی پێگەیاندنی فێرگەیی ئەو نازانین، وەلێ زانیاریمان لەبارەی سەرئەنجامی پێگەیاندنەکەی هەیە: “فەهرەست”ی ئەلنەدیم کە لە سەدەی دەیەمدا نووسراوە و کۆکراوەیەکی هەموو نووسینەکانە لەکاتی محەمەدەوە، ناوی 240 بەرهەمی کندی دەبات. بێگومان ئەم لیستە گۆتاری بچووک و نامەش لە خۆ دەگرێت، وەلێ فرەجۆریی ئەو بابەتانە کە کندی کاری تێدا کردوون، بەتایبەتی سەرنجڕاکێشە: فەلسەفە، تیۆلۆگی، لۆگیک، ئەستێرەناسی، ئەلخێمی، ژمێرە، ئەندازە و موزیک.
بەرهەمێکی بەواتا کە لەنێو ئەم بڕەی بابەتەکانی کندیدا ماوەتەوە، نووسینێکە بە ناونیشانی “لەبارەی یەکەم فەلسەفە” کە پێشکەشی خەلیفە ئەلمەئمونی (842 مردووە) کردووە. کندی پەیوەندییەکی تایبەتیی بەو خەلیفەیەوە هەبوو: بوو بە ڕاوێژکاری متمانەپێکراوی ئەو و مامۆستای کوڕەکەی بە ناوی ئەحمەد. ئەو هەروەها بوو بە ڕاوێژکاری ئەلواتیق (847 مردووە) کە وەک خەلیفە جێی مەئمونی گرتەوە. وەلێ لە سەردەمی دەسەڵاتداریی خەلیفە ئەلموتەوەکیلدا (861 مردووە) دووچاری دەسیسەیەکی نێو کۆشک بوو و دوای ئەوەی بەو هۆیەوە بەر غەزەبی خەلیفە کەوت، ئیدی بەغدادی بەجێهێشت. کندی ساڵی 873، پێدەچێت هەژارکەوتوو و بێزار، کۆچی دوایی کرد. ئێمە بێگومان دەتوانین ئەم ڕوداوانە پەیوەند بکەین بە کەشی هۆشەکیی گۆڕراوی ئەو سەردەمەوە: خەلیفە ئەلموتەوەکیل “میحنە”ی خەلیفە ئەلمەئمونی هەڵوەشاندەوە و بیروباوەڕی موئتەزیلەیی ڕەتکردەوە، هەروەها تێزی ئەزەلییەتی قورئانی کرد بە دۆگمی فەرمی. ئەوە بوو ئیدی بەو ڕێیەوە ئۆرتۆدۆکسیی سوننی خۆی بەسەر موئتەزیلەدا سەپاند، کە هەروەها کندیش بە یەکێک لە لایەنگرانی دادەنرا. لە کۆتاییدا تەنیا ئەو ناوبانگە بۆ کندی مایەوە کە وەک زانا و بەتایبەتی وەک فەیلەسوف پێی گەیشتبوو. بە هەر حاڵ، ئێمە لای کندی بۆ یەکەم جار بەو پێکەوەگرێدانەی هزری ئەڕیستۆتێلیس و نوێپلاتۆنی دەگەین کە بۆ فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی زۆر بەواتا بوو، یان بە شێوەیەکی دی ببێژین: دەگەین بە ئەڕیستۆتێلیسی نوێپلاتۆنیانە ڕاڤەکراو. لەم جێیەدا گرنگە کەمێک بەرەو پاش بگەڕێینەوە تاکو واتای ئەم هزرە پێشان بدەین. ئاخر فەلسەفاندنی نوێپلاتۆنی نامۆ دەنوێنێت بە ئاگایی “مۆدێرن”ی ئێمە، جا گەر تەنانەت نەبێژین وەک بێواتا دیار دەدات: لەو فەلسەفاندنەدا ئاخافتن هەیە لەبارەی “کایەکانی مانگ”، لەبارەی “ڕژان” (ئێماناسیۆن)ی زەین لە کایەیەکەوە بۆ یەکێکی دی، ئەمەش پتر لە ڕێبازی غەیبانییەت دەچێت نەک لە فەلسەفە.

هزری نوێپلاتۆنی

نوێپلاتۆنیزم یەکێکە لە دوایەمینی ئەو بەرنامە مەزنە فەلسەفەییانەی ئەنتیکە کە دەیانەوێت جیهان وەک سەرجەم ڕوونبکەنەوە و دیاریبکەن. ئەوجا فەلسەفەکان لە ڕووی پێکهاتەیانەوە چەند جیاوازیش بن لە یەکدی، هێشتا هەر هەموویان لەژێر ڕکێفی پارادیگمای ئۆنتۆلۆگیدان، واتا ئەو ئاڕاستەیەی فەلسەفاندن کە لەبارەی بوون دەپرسێت، کەواتە دەپرسێت، داخۆ چی ئەوەکەیەک، شتێک، ڕەوشێک، بە ئەوەکەیی خۆی بکات. پەیوەند بەم پرسیارەوە هەموو فەیلەسوفانی ئەنتیکە لەوەدا هاوڕا بوون کە ئەم “بوون”ە (بە گریکی “ئۆن / Ón”)، کە کرۆکی (ئێسێنسی) شتەکانە، دەبێت چۆنێتییەکی جیاوازی لە لێرەبوونی (وجودی) ماتەرییانەی خۆی هەبێت. بەم شێوەیە هزرینی ئۆنتۆلۆگییانە لە لێرەبوونی کۆنکرێتی شت دوورمان دەخاتەوە و دەمانبات بەرەو هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە “کرۆک”ی شتەکان، لە “بوون”یان. بەمەش ئیدی فەلسەفە “مەئریفەی زانستیانەی ڕاستی”یە، واتا مەئریفەی پێکهاتەی ڕاستینەی بوونە – وەک چۆن ئەڕیستۆتێلیس دەبێژێت (مێتافیزیک، 933b، 20). ئەمە بێگومان نەک تەنیا سەرجەمێتیی جیهان و گەردوون لە خۆ دەگرێت و بەو ڕێیەوەشەوە دەبێت بە ڕوونکردنەوەی گەردوونناسییانەی جیهان، بەڵکو هەروەها پرسیاریش لەبارەی کرۆکی ڕێکخراوی جیهان، لەبارەی ئامانج (بە گریکی: تێلۆس) و مەغزاکەی لە خۆ دەگرێت. بۆیە فەلسەفاندنی ئۆنتۆلۆگییانە هەمیشە لە سەرئەنجامدا دەگات بە پرسیار لەبارەی پێکهاتەی ڕاستی و بوونی “پەتی”، بەمەش هەروەها دەگات بە پرسیار لەبارەی “هەرە یەکەمین بنەڕەت” (Urgrund) ی سەرجەم بوون. هەر بەگوێرەی ئەمەش وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کە لەبارەی بوون کراوە، چەند پلەیەکی یان چەند مەرتەبەیەکی پێکهاتەی شتێک وەک سەرئەنجام لەتەک خۆیدا دەهێنێت: لە ئێکزیستێنسیا (existentia)ی پەتییەوە، واتا لە ئەوەکە-بوونەوە ڕووەو ئێسێنسیا (essentia)ی یان ڕووەو چی-بوون ی ئەوەکەیەک / شتێک.

پلاتۆن بوونی پەتیی وەک ئیدێ (ئایدۆس / eidos) دیاری کرد. بە تێروانینی ئەو ئەرکی فەلسەفە هەڵچوون بوو لە ئاستی بۆچوونی (دۆکسای / doxa) پەتی و دیاردەی سێنسییەوە ڕووەو ئاستی مەئریفەی (ئێپیستێمەی / episteme) فۆرمەکانی بوونی ڕاستینە: ڕووەو خودی ڕاستینە و چاکە و جوانێتیی پەتی، کە دوایەمین ترۆپکی ئەنجامییانەی بریتییە لە “یەک” (ئەلئەحەد). وەلێ مایەی سەرنجە کە مەئریفەی بوون لەم ڕێبازەی ئیدێکانی پلاتۆندا یادهێنانەوەیە (ئانامنێزیس / anamnesis)، واتا: کاتێک دەروونی ئاوارەکراو بۆ نێو لەش خۆی سیستەماتیکییانە یان “زانستییانە” بە کرۆکی بوونەوە خەریک دەکات، لەم ڕەوتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئێکزیستێنسی پێشینەیی خۆی بەر لە ئاوارەکردنی بۆ نێو لەش، واتا بۆ ئەو ڕەوشە دەگەڕێتەوە کە دەیتوانی “بە چاوی هۆش” ڕاستەوخۆ لە ئیدێکان بڕوانێت. کەواتە کاتێک سێنسەکانمان شتێکمان لەبارەی جیهانی دەرەوە پێدەگەیەنن بەبێ ئەوەی هەرگیز پێمان ببێژن کە داخۆ کرۆکی، ئێسێنسی، بوونی جیهان چی بێت، ئیدی لێرەوە ئەو دەرئەنجامە دەکەوێتەوە کە دەبێت مەئریفەی بوون سەرەتا لەنێو ئێمەدا وەنەوزی دابێت. لەم ڕوانگەیەوە ڕەوتی مەئریفەی فەلسەفە لە جیهانی بەرجەستەیی دوورمان دەخاتەوە و دەمانبات ڕووەو “ڕوانین”ی (نەزەری) هۆشەکییانەی پەتی لە جیهان. بێگومان ئەم ڕوانینە هۆشەکییە پەتییە تایبەتە تەنیا بە کەمینەیەکی دانایان.
شاگردە مەزنەکەی پلاتۆن، ئەڕیستۆتێلیس، بە پێچەوانەوە وای دادەنێت کە ئاگایی مرۆڤ بەجەختی دەتوانێت ڕێگەی ڕووەو مەئریفەی بوون، ڕووەو ڕاستی، بگرێتە بەر. گەر فەلسەفە زانستی گشتێتی یان هینی بنەڕەت و هۆکارەکان بێت، بەمەش لە کۆتاییدا زانستی کرۆکی شتەکان و بوون بێت، ئەوا دەبێت سیستەماتیکی بێت، لێرەشەوە دەبێت شیاوی فێرکردن بێت و هەموو یەکێک لێی تێبگات. بۆیە ئەڕیستۆتێلیس لۆگیکییانە ڕێگەی مەئریفە لە دەرککردنی سێنسییانەی شتەکانەوە دەگرێتە بەر، لێرەشەوە ئیدی زانست وەک لای پلاتۆن “یادهێنانەوە” نییە، بەڵکو ئەزموونە. ئەڕیستۆتێلیس هەر بەگوێرەی ئەم تێڕوانینە بایەخێکی زۆر دەدات بە مێتۆدناسیی ڕێگەکردنەوە ڕووەو گۆزارە ئەزموونییەکان و هەروەها بە بناغەڕشتنی دەرئەنجاماندن (سیلۆگیزم / زانستی قیاس – و). فەلسەفە وەک زانستی بنەڕەت و هۆکاری بوونەوەر هەروەها دەمانبات ڕووەو پرسیار لەبارەی “یەکەمین” بنەڕەت و هۆکارەکان. ئەمە ئەڕیستۆتێلیس ناچار دەکات کایەی زانستەکانی ئەزموون جێبهێڵێت، کە ئیدی ئەویش هاوشێوەی پلاتۆن دەگات بە کایەی کرۆکە “ناماتەریەلەکان”ی (هۆشەکییەکانی – و) بوون. لێرەدا ئاوەزمەندانە دەبێت کە مرۆڤ ‘پاش’ مەئریفەی جیهانی فیزیکی یان جیهانی شیاوی دەرککردنی سێنسی، کار لەم پرسیارەدا بکات. لەبەر ئەم هۆیە بوو کە ئالێکساندەری ئافرۆدیسیاسی، کە لە سەدەی دوومی پێش زایینیدا خەریکی توێژینەوە بوو لە ئەڕیستۆتێلیس، پرسیارەکەی ناو نا “مێتا تا فیزیکا”: “پاش فیزیک” (لێرەوە وشەی “مێتافیزیک” سەریهەڵدا). کێشەکە لێرەدا خەریکبوونە بە یەکەمین پرنسیپی بوونەوە کە مرۆڤ لۆگیکییانە بەنێو زنجیرەیەکی هۆ و ئەنجامدا پێی دەگات. ئەڕیستۆتێلیس ئەم یەکەمین پرنسیپەی ناو نا “بزوێنەر نەبزواو” (لە: Metaphysik, 1012) و چوونیەک داینا بە پرنسیپی خودایەتی. پرنسیپەکە لە هزری تایستیی سەردەمانی درەنگتردا بوو بە “بزوێنەری نەبزۆک” کە چوونیەک بوو بە خودای کەسەکییانەی ئافرێنەر.

لێرەوە ڕووندەبێتەوە کە بۆچی پلاتۆنیزم و فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلی توانییان بچنە پەیوەندییەکی چڕەوە لەتەک ئایینە مۆنۆتایستییە جیهانییەکاندا: تیۆلۆگەکانی جوویەتی و کریستیانەتی و ئیسلام لەوەدا یەکدەگرنەوە کە پێکڕا دەگەڕێنەوە بۆ ڕوونکردنەوە فەلسەفەییەکانی جیهان لە ئەنتیکەدا. ڕێبازی ئیدێکانی پلاتۆن ڕاستێتیی پەتی، واتا بوون، دەباتە نێو کایەیەکی ناماتەرییەوە کە مرۆڤ تەنیا بە “لێڕوانینی / نەزەری” دەروون پێی دەگات. ئەم ڕێبازە شوێنێک بۆ ئیمان دەسازێنێت. هەروەها ئەڕیستۆتێلیس دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی “یەکەم بزوێنەر”ی خودایی هاوکات وەک کەرتی ڕێکخراوێکی سەرجەم بوونەوەران دیاربدات، ڕێکخراوێک کە دەشێت سیستەماتیکییانە ئاوەڵا بکرێت و بەمەش ئاوەز پەی پێببات. هەر بەم شێوەیە دەتوانین وای دابنێین کە خودا جیهانی مەغزامەندانە ڕێکخستووە و مرۆڤیش دەتوانێت بە ئاوەز لێی تێبگات، ئەویش چونکە خودا خۆی ئاوەزی پەتییە. لێرە ئێستا شوێنێک بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەری ئاوەزمەند دەهێنرێتە گۆڕێ. ئەوجا کاتێک فەلسەفەی چەرخی ناڤین کەوتە دەمەقاڵەی بەتینەوە لەبارەی کرۆکی ئاوەز پەیوەند بە کرۆکی خودا و ئیمانەوە، لێرەدا درزی سەرهەڵداوی نێوان فەیلەسوفان بەزۆریی لەوەدا بوو کە هەر لایەنەیان جەختی لە میراتەکەی پلاتۆن یان ئەڕیستۆتێلیس دەکرد. لە کۆنتێکستی ئیسلامییانە و کریستیانییانەی چەرڤی ناڤیندا تەنیا ژمارەیەکی کەمی فەیلەسوفان بە پرسیارە ڕادیکال و تێزەکانیان چوونە دەرەوەی هزرینی ئۆنتۆلۆگییانە، لێرەشەوە ڕێیان خۆش کرد بۆ شوێنگرتنەوەی ئەو جۆرە هزرینە ناوبراوە. سەرەتا لە فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامیدا بەڕوونی جەخت دەکرا لە میراتی نوێپلاتۆنی.
نوێپلاتۆنیزم لە ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییدا (درەنگدا) دوایەمین هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی هزرى پلاتۆنى و ئەڕیستۆتێلى بە شێوەیەکى سیستەماتیکى و لەسەر پرنسیپى یەکانە پێکەوە بگونجێنرێن. لێرەدا هەروەها فەلسەفەی دیکەش کە لەژێر کاریگەریی هزرڤانانی مەزنی گریگیدا بوون، وەک ستۆئایکی و گنۆستیکییەکان کە پاڵهێزی خۆیان نارد، ڕژانە نێو نوێپلاتۆنیزمەوە. ئەوجا گەرچى پلۆتین (205-270) دامەزرێنەرى نوێپلاتۆنیزم نییە، وەلێ بە یەکەمین و گرنگترین نوێنەرى دادەنرێت. پلۆتین، خۆگرێداو بە پلاتۆنەوە، ئەم تێڕوانینە ڕادەگەیەنێت: بوونى “پەتى” تەواو هۆشەکییە، بوونێکی بەدەرە لە ماتەری، ئەوجا گەرچی مرۆڤ لە دەروونی خۆیدا پەیوەندیی بەو بوونەوە هەیە، سەرەڕای ئەوە تەنیا بەناڕۆشنی هەستی پێدەکات، تەنیا “هەناسە”یەکى ئەو بوونە ئاگامەندانە دەناسێتەوە. پلۆتین لە خۆى دەپرسێت کە داخۆ چۆن ئەم کێماسەی مەئریفەی پەتى ڕوون بکرێتەوە، لێرەشدا سەرەتا بۆی خویا دەبێت کە جیهانى ماتەریانەی ئەزموونکردنمان لەژێر ڕکێفى سەرهەڵدان و لەناوچووندایە (فانییە)، بە پێچەوانەشەوە گەردوون و ڕێکخراوییەکەى (گریکەکان لە کۆسمۆس دەدوان) هەمیشەیین. گەردوون لێرەبوون و ڕێکخراویى خۆى وەک سەرجەم دەپارێزێت، جا گەرچى کەرتەکانى تایبەتن بە لەناوچوون. لەم تێڕوانینەوە دوو دەرئەنجام بۆ پلۆتین دەکەونەوە: یەکەم، ئەوە کە نافانی و ئەزەلییە، دەبێت هاوشێوەى ئەوە کە فانی و کاتەکییە، شوێنێکى چەسپى لەنێو ئەم ڕێکخراوەدا هەبێت؛ دووەم، دەبێت نافانی چۆنێتییەکى دیکەی، واتا باڵاترى لە ئەوە هەبێت کە فانییە. بەم شێوەیە دوو ئەدگاری نوێپلاتۆنیزم کە سەرەتا بە لێڕوانینێکى رواڵەتی وەک “نافەلسەفەیى” و ئێسۆتێریکییانەی پەرۆشمەند بۆمان دەردەکەون، چە وەک زانستى جددى و چە وەک بەشێکى دابی فەلسەفاندنى پلاتۆنى-ئەڕیستۆتێلى ڕووندەبنەوە.

ڕێکخراوی “جیهان” کۆسمۆلۆگیانەیە، گشتگیرە، هەروەها “پلە”ییە لە بوونی نافانی و پەتییەوە بەرەو ژێر ڕووەو لێرەبوونی فانی کە تەنیا ماتەریانەیە. بەم ڕێیەوە لە فەلسەفەی نوێپلاتۆنیدا ئاخافتن لەبارەی “کایە” کۆسمۆلۆگییەکان واتای فەلسەفەیی وەردەگرێت. ڕێکخراوی ماکرۆکۆسمۆس پێکەوە لەتەک ڕێکخراوە نافانییەکانی ئەستێرەکانیدا، بەرەو ژێر ڕووەو جیهانی بگۆڕ کە ئێمە لەسەری دەبزوێین، لەو ڕێکخراوەدا وێنەدەدرێتەوە کە ئێمە خۆمان وەک بوونەوەری هزرڤان لەژێر ڕکێفیداین. لێرەبوونی ماتەریانەی جەستەییمان بریتییە لە پلە فانییە نزمترینەکەی بوون، بە پێچەوانەشەوە ئاوەزمان یان هۆش ئاڕاستەیەکی ڕووەو بوونی نافانیی پەتی وەرگرتووە.

تێڕوانینی ڕێکخراوی گەردوون کە کایەى جیاواز لە خۆ دەگرێت، دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەى سروشت ی گریکى لە قۆناغی کلاسیکییدا، وەلێ بەتایبەتى بۆ ئەڕیستۆتێلیس، کە هێڵی سووڕانەوەی بۆ پلانێتەکان دانا، واتا کایەى (سفێری) تایبەتی دانا کە پلانێتەکان لەسەریان دەبزوێن. ئەڕیستۆتێلیس بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بزووتنە وای گریمانە کرد کە “سفێرگەلى هاوکێش” هەن و کاریگەری لەسەر یەکدى دەنوێنن. وەلێ بەگوێرەی ئەم گریمانەیە دەبوو سەرجەم بزووتنەکانى پلانێتەکان لە کۆتاییدا بگەڕێنەوە بۆ دەرەکیترین کایە کە خۆیشى لە لایەن “بزوێنەرى نەبزۆکەوە” بزوێنرابوو، هێندە نەبێت کە نەدەشیا ئەم بزواندنە میکانیکییانە بەربخرێت، چونکە دەبوو “یەکەم بزوێنەر” فۆرمێکى ناماتەریانەی (هۆشەکییانەى – و) هەبێت کە ئیدی لە لایەنى خۆیەوە نەبێتەوە بە کەرتى پەیوەندییەکى هۆ-ئەنجام. کەواتە ئایا بە چە ڕێیەکەوە بزووتنەکە هێنرایە گۆڕێ؟ نوێپلاتۆنیزم وەڵامێکى سەرنجڕاکێشى ئەم پرسیارەی دایەوە: ئەوە بەڕێى خودى “ژیان”ـەوە، بە گریکى بەڕێی پسیهێ-وە (psyché) ڕووی دا، واتا بەرێی ئەوەوە کە ئێمە بۆ دەروون وەریدەگێڕین. کەواتە “زیندە” یان “دەروون” لە باڵاترین کایەوە پلە بە پلە دەڕژێتە خوارەوە. ئەم ڕژانە ناودەنرێت “ئێماناسیۆن” (Emanation). لەم ڕوانگەیەوە یەکەم بنەڕەتی سەرجەم بوون خۆى لەسەر باڵاترین پلەکەى ڕێکخراوى گەردوون دەبینێتەوە. ئەم یەکەم بنەڕەتە دەبێت لە ڕووى چۆنێتییەوە ئەوەکەیەکی تەواو جیاواز بێت لە پلە نزمترەکانى بوون، بۆیە ئێمە کە وەک مرۆڤ بە پلەى ماتەرییانەی بوونەوە گرێدراوین و پلەیەکى نزمترە، تەنیا بە شیفرە (Chiffre) دەتوانین ئەو یەکەم بنەڕەتەی بوون دیارى بکەین: وەک “یەک-ى هەرە سەرەتایى”، ئەویش چونکە شیاوی دابەشاندن نییە بەسەر کەرتگەلی دیکەدا و هەروەها لەژێر ڕکێفى هیچ دۆخگۆڕییەکدا نییە؛ یان ئێمە ئەو وەک “ئەبسولوت” (لێجیابۆوە) دیاری دەکەین، چونکە ئەو گشتگیرە و بەمەش لە توانستى سنووردارى هزرمان جیابۆتەوە. “یەک-ى هەرە سەرەتایى” خۆی لە خۆیدا شتێکى سەرجیهانییە، ترانسسێندێنتە، بۆیە لەخۆڕا نییە کە نوێپلاتۆنیزم خوازەی “تیشک”ی بۆ بەکاردەهێنێت: یەک-ى هەرە سەرەتایى بریتییە لە تیشکى پەتى کە ئێمەى مرۆڤ کوێر دەکات. وەلێ پلۆتین هەروەها یەک-ى هەرە سەرەتایى ناو دەنا “بابە”، بەمەش نزیک دەبینەوە لە ڕاڤەکردنی تایستییانەى هەرە یەکی سەرەتایی وەک خودایەکى کەسەکى.

بەدووى یەکەم بناغەى بووندا بینایەکى پلەیى شۆڕدەبێتەوە تا دەگات بە لێرەبوونى “تاریک”: لێرەبوونى ماتەرییانەی پەتی.
کایەى یەکەمی “خودایانە”ى تیشک لە کایەکەی دیکەدا وەک هۆشى پەتى (نووس / nus)، یان وەک هزری ڕەها، دیاردەدات. هۆشى پەتی، هزرى ئیدێ پەتییەکانی سەرجەم بوون بەرجەستە دەکات. ئیدێ پەتییەکان لە پێناوی بەماتەریکردنى خۆیاندا دەڕژێنە نێو زیندەوە، واتا نێو دەروونى جیهانەوە. بەم شێوەیە یەک-ى هەرە سەرەتایى، بە نێوەندیاریی هۆش، خۆی بەزیندوویى لەنێو دەروونى جیهاندا پێشان دەدات. کەواتە خودا، یان یەک-ى هەرە سەرەتایى، سێبارە لەنێو جیهاندایە: وەک تیشکی پەتى و ڕەها (ئەبسولوت)؛ وەک هۆش کە ئیدێ پەتییەکان بەرجەستە دەکات؛ هەروەها وەک دەروونى ژیانخەرەوەی جیهان. ئەم بنەڕەتە دەرفەتی بۆ تیۆلۆگیى کریستیانەتى ڕەخساند کە بە بڕوا بنەماییەکەی خۆی لەمەڕ سێ-یەکانە زۆر بەچاکی لەتەک نوێپلاتۆنیزمدا یەکبگرێتەوە. بە هەر حاڵ، پاشان ڕەوتى پلەکان بەرەو خوارتر شۆڕ دەبێتەوە تا دەگات بە ماتەریى نەفۆرمێنراو. پلۆتین ئەم ماتەرییە نەفۆرمێنراوە هاوچوو دادەنێت بە تاریکیى ڕەها و خراپە. ئا لێرەدا مۆدێلێکی هزرینی گنۆسیس تێکەڵ بە فەلسەفەی نوێپلاتۆنی دەبێت. “گنۆسیس” (کە بە گریکی واژەیەک بوو بۆ “مەئریفە”) بە دیدی کلێمێنس ی ئالێکساندریایی (150 تا نزیکەی 215) مەئریفەی خودا بوو بەپاڵ کرداری پابەندی ئیمانی کریستیانییەوە. وەلێ گنۆسیس هەروەها واتای هەڵوێستێکی ئایینی-فەلسەفەیی دەگەیەنێت کە لە ئەنتیکەی ڕۆمیدا هاتە ئاراوە و دەیویست بەڕێی “ڕوانینی / نەزەر”ی میستیکییەوە بە خودا بگات نەک بەڕێی مەئریفەی ئاوەزمەندانەوە. بەمەش گنۆسیس دەبێت بە شێوەیەکی “زانینی نهێنی” کە تەنیا موختاران دەتوانن پێی بگەن. لایەنی هاوبەشی سەرجەم ڕێبازە گنۆستیکییەکان بریتی بوو لە دوالیزمی چاکە و خراپە کە تێیدا چاکە وەک خودایەتی و هۆشەکێتیى پەتى، وەلێ خراپە وەک ماتەری و ئارەزووەکان کە خودی ماتەری وروژێنیان بوو، دیاری دەکران. بێگومان مرۆڤ پابەندی هەردووکیانە، سەرەڕای ئەوە دەبێت بۆ خەڵاس (ڕزگاربوون) لە لەشى ماتەریانەی گوناهبار تێبکۆشێت. ئەوجا نوێپلاتۆنیزمیش تێڕوانینێکى هاوشێوەى هەیە: ئامانجى مرۆڤ جیابوونەوەیە لە لەشەکێتیی خۆی – لەشەکێتی کە “تاریکی” و “خراپەى” ڕێکخراوى بوون بەرجەستە دەکات. وەلێ ئێستا کۆسمۆلۆگیى نوێپلاتۆنى ڕەوتى پلەکان هەڵدەگێڕێتەوە، ئەمەش جێی سەرنجە، چونکە لێرەدا دەتوانین کۆسمۆلۆگییەکە بە تێلیۆلۆگى (هۆئەنجامناسی) دابنێین، ئەویش چونکە ئامانجێک (تێلۆس-ێک) بۆ مرۆڤ و جیهان دادەنێت. ئاخر چۆن هەر کایەیەک دەڕژێتە نێو هەر فۆرمێکی نزمترى بوونەوە، مرۆڤیش بە هەمان شێوە دەتوانێت ڕێگەى بەرەڤاژ بگرێتە بەر: بەهێزى ئاوەزى بۆی دەلوێت خۆى لە لەشەکێتییەکەى و بەمەش لە خراپەی نێو لەشی ئازاد بکات و بگات بە ڕوانین لە یەک (ئەلئەحەد): لە خودایەتى. وەلێ ئەم تێپەڕکردنە لە جیهانی ماتەری بە هیچ شێوەیەک لاى نوێپلاتۆنییەکان هەڵپەچێتییەکى جەمبوو (ئیسۆتێرى) نییە، بەڵکو زۆرانێکە لە پێناوی زانیندا، بێگومان زۆرانێک کە بە ئەڕیستۆتێلیس مەشقی پێکراوە: بریتییە لە فەلسەفە وەک زانستى تەواوەتی، هێندە نەبێت کە لە کۆتاییدا (جیاواز لە ئەڕیستۆتێلیس) ئاماژەیەکى هێور ڕووەو لێرەبوونی “بزوێنەرێکى نەبزۆک” خۆی نابینێتەوە، بەڵکو ئەزموونێکی میستیکی (تەسەوفی) لەو کۆتاییەیدایە، یان ڕوانین لە خودا هەیە کە مرۆڤ تەنیا بە پشتکردنە جیهان و بە زوهد پێیدەگات.
نوێپلاتۆنیزم وەک بەرنامەیەکی سیستەماتیکییانەى مەزنى ڕوونکردنەوەى جیهان دەردەکەوێت کە خۆی بە فەلسەفاندنى پلاتۆنی و ئەڕیستۆتێلییەوە گرێ دەدات، وەلێ هاوکات توخمگەلى دوالیزمێکى مێتافیزیکى و مۆرالى لە خۆ دەگرێت، دوالیزمێک کە دەبێت بە دوژمنکاریى لەش و وەرگرتنی شێوازی ژیانى زاهید (ئاسکێزى) و ئەزموونى میستیکی. بەتەواوەتی ئا لێرەدا بوو گرنگیدانە تایبەتییەکەى فەیلەسوفانی ئەرەبی-ئیسلامى بە نوێپلاتۆنیزم. ئاخر نوێپلاتۆنیزم شیاوی وەرگرتن بوو چە وەک بەردەوامیپێدان و چە وەک دەرخستەی چارەسەر بۆ ئەو دانوستاندنانەی تیۆلۆگیى سەرەتای ئیسلامی و موتەکەللیمونەکان کە سەبارەت بە کرۆکى خودا و ئافرێنراوەکەى، هەروەها سەبارەت بە پەیوەندیى مرۆڤ و زەینى مرۆڤ بە کرۆکى خوداوە، بەردەخران. وەلێ جێی سەرنجە کە “ترۆپک”ى ڕێکخراوە کۆسمۆلۆگییە نوێپلاتۆنیزمییەکەى جیهان لە دیدى ئیسلامییەوە پڕکێشە بوو، چونکە زۆر دەشیا ئەو ترۆپکە چە وەک هێمای سێ-یەکانەى کریستیانەتی و چە پانتایستییانە راڤە بکرێت، بەمەش خودا قادیرە ئافرێنەرەکەى قورئان بهیچێنرێت (نەفی بکرێت). لێرەوە چەند پرسیارێک سەریانهەڵدا و هیچ نەبێت یەکەمین هزرڤانە سیستەماتیکییە مەزنەکانى فەلسەفەى ئەرەبى-ئیسلامى کاریان تێدا کردن: ئایا چۆن ڕژانى یەک-ى هەرە سەرەتایى، واتا خودایەتى، بۆ پلەکەى دی ڕوودەدات و ئەوجا بە پێچەوانەشەوە ئایا چۆن ئێمە لە هەنگاوی هۆشى مرۆڤ ڕووەو “نەزەر / ڕوانین” لە ڕەهایەتی (ئەلموتڵەق) تێبگەین؟

مێتافیزیک و تیۆریى زەین لاى ئەلکندى

کندى بەهێزتر لە فەیلەسوفانى پاش خۆى هەوڵ بۆ بەیەکگەیاندنی پەیامى قورئانى و فەلسەفەى گریکی دەدات. ئەو لەنێو فەیلەسوفانی بەواتای ئیسلامیدا تاکە فەیلەسوفێکە کە تێڕوانینى ئەڕیستۆتێلیس سەبارەت بە ئەزەلییەتى جیهان ڕەتدەکاتەوە و ئافراندنێک لە هیچەوە (ئێکس نیهیلۆ / ex nihilo) وەردەگرێت، چونکە تەنیا ئەم تێڕوانینە بە خودا ئافرێنەرەکەى قورئان دەگونجێت. بێگومان ئەم خۆزگەیەی کندی بۆ یەکێتیى نێوان ئیمان و ڕوونکردنەوەى فەلسەفەییانەى جیهان ناگەڕێتەوە بۆ ناچارییەک بەرانبەر زانا ئۆرتۆدۆکسەکانى ئایین، هەروەها هەڵوێستێکى هەلبازانە نییە بەرانبەر ئەوان، بەڵکو نیشانەى ئیماندارییەکى قووڵە. جگە لەوە کندی زۆر بەبایەخەوە دەیویست سیستەماتیکییانە ئیدێگەلی فەلسەفەیی دیاری بکات، ئەمەش تەنیا بەوەدا نابینرێت کە هەوڵی دا ژمارەیەکی زۆر فەیلەسوفی گریکی بۆ ئەرەبی وەربگێڕرێن، بەڵکو هەروەها ڕێبەرییەکەشی بۆ نووسینی “لەبارەی یەکەم فەلسەفە” هەواڵێکمان لەو بارەوەیە پێڕادەگەیەنێت. ئاخر ئەو لەم نووسینەیدا گەڤی خوێنەر دەکات کە “لە هەر سەرچاوەیەکی خوازراوەوە، جا گەر تەنانەت هینی نەوەکانی ڕابوردوو و گەلانی دیکە بێت”، تێڕوانین هەڵبهێنجێت. بە دیدی ئەو فەلسەفە بریتییە لە “ناسینى سروشتى ڕاستینەى شتەکان تا ڕادەی بڕکردنی توانای مرۆڤ بۆ ئەو ناسینە”، هەروەها نابێت هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم ئەو مەبەستەدا هەبێت(1). باوەجو، وەک کندی دەبێژێت، فەلسەفە لە سەرئەنجامدا هەر بەو تێڕوانینە دەگات کە پێشتر پەیامەکەى قورئان گەیاندوویەتى، ئەمەش هەروەها یەک-ى هەرە سەرەتایى، واتا خودایەتى، دەگرێتەوە. بێگومان کندى لێرەدا تەنیا پێی دەکرێت ئاماژە بۆ ئەوە بدات کە ئاوەزى مرۆڤ لە توانایدا نییە هیچ لەبارەى کرۆکى خودا ببێژێت، لەم تێڕوانینەشدا پەیڕەوی هزرڤانە نوێپلاتۆنییەکانى کریستیانەتیى سەرەتا دەکات کە گۆتبوویان، ئاخافتن لەبارەى خودا کارێکی نەشیاوە. ئەم شێوازەی ڕاڤەکردن کە لە مێژووى فەلسەفەدا ناونراوە “تیۆلۆگیى نێگەتیڤ”، فەیلەسوفانى ئایندە ڕەتیان کردەوە، چونکە بە دیدی ئەوان دەرفەت بە وەڵامدانەوەی پرسیارە فەلسەفەییەکان نادات.
کندى زۆرتر بە تیۆرییەکەی خۆی لەمەڕ زەین کاریگەریى لەسەر فەلسەفەى ئیسلامى نواند. ئەو لێرەدا هەرەمى پلەییانەى بوون کە لە نوێپلاتۆنیزمدا گۆڕان پێدراوە، هەڵدەگێڕێتەوە، واتا لەژێرەوە بەرەو ژوور دەڕوات. دەرچەی پرسیارەکەى کندى لەم پەیوەندییەدا ئەمەیە: ئایا چۆن زەینى مرۆڤ کە پابەندی ماتەرییە، دەتوانێت بە هۆشى پەتى (نووس) بگات؟ کاتى خۆى ئەڕیستۆتێلیس جیاوازیى کردبوو لە نێوان دوو فۆرمى زەیندا (De anima III, 430a): زەینى چالاک (intellectus agens / activus) و زەینى ناچالاک یان موئاناتاوی (intellectus passivus). زەینى چالاک بریتییە لە چالاکیى کرۆکى و مەئریفە دەخاتەوە، بە پێچەوانەشەوە زەینى ناچالاک تەنیا وەرگرە (rezeptiv)، واتا تۆمارکەرە و بە جیهانى ماتەرییەوە گرێدراوە. وەلێ، وەک کورت فلاش دەبێژێت، ئەم کۆنسێپتە پەیوەند بە ئەڕیستۆتێلیسی زاناى ئەزموونەوە نەک تەنیا “گوزارشتێکى سووڕهێنەرە”، بەڵکو هەروەها پرسیاریش سەبارەت بە کرۆکى زەینى چالاک دەخاتەوە: ئایا زەینى چالاک نزیکەى زەینێکى خوداییە، ئەویش چونکە تەنیا بەهۆى چالاک-بوون-ییەوە “خودى خۆیەتى”؟ کندى ئەم جیاوازیکردنەى ئەڕیستۆتێلیس لە نێوان زەینى چالاک و زەینى ناچالاکدا دەهێنێتە نێو فەلسەفەى ئیسلامییەوە، هاوکات دەیەوێت خۆى لە کێشەى کۆنسێپتەکەی ئەڕیستۆتێلس لابدات، ئەویش بەوە، کە تێگەى زەین پتر ورد دەکاتەوە و پلەی دیکە وەک نێوەندیار لە نێوان زەینى چالاک و ناچالاکدا دادەنێت: “یەکەمیان زەینی چالاکە؛ دووەمیان زەینێکە کە شیمانەییە / هێزەکییە (پۆتێنسیەلە) و لەنێو دەرووندایە؛ سێیەمیان وەرگۆڕینى ڕەوشە شیمانەییەکەى نێو دەروونە بۆ ڕەوشی کردەکی (ئەکتوالێتى)؛ چوارەمیان زەینێکە کە دەتوانین لەبارەى ببێژین: ئەو خۆی بەیان کردووە” (al-Kindi, 1950, 353).
کەواتە زەینى چالاک لاى کندى هەمیشە وەک باڵاترین پرنسیپ لەنێو شتەکاندا ئامادەیە، هەروەک ببێژین، ئەم زەینە ئاوەزی پەتییە، ئاوەزی تیۆرییانەیە، یان بریتییە لە نووس. زەینى چالاک ئاڕاستەیەک ڕووەو جیهانى هۆشەکى (ئینتەلیگیبل) وەردەگرێت، واتا ڕووەو ئەو جیهانە کە دەبێت بەگوێرەی پارادیگماى ئۆنتۆلۆگیانە وەک کرۆکى گشتى، وەک فۆرمى پەتیى بوونەوەر (2)، لێی تێبگەین. بە شێوەیەکی دی ببێژین: زەینى چالاک “لە دەرەوە” دێت و کاریگەری لەسەر زەینى مرۆڤ دەنوێنێت، واتا سەرەتا کار دەکاتە سەر پلەى دووەم. ئەم پلەیە دەرووندارە، دەروونیش (psyché) بۆ فەیلەسوفە ئەرەبییەکان هەروەها واتاى “ژیان”ى دەگەیاند. دەروون “وەک کرۆک یەک-ە؛ گەوهەرى دەروون هاوشێوەی گەوهەرى خودایە، هەر وەک چۆن تیشکى خۆر هاوشێوەی خۆرە” (, 2731950al-Kindi ). کەواتە لەنێو دەرووندا بەشیمانەیى / هێزەکییانە زەینى پەتى، چالاک، دانراوە. ئەوجا سێیەم پلەى هزر پەیوەندییەک لە نێوان هەردووکیاندا دەهێنێتە گۆڕێ، واتا لە نێوان کایەى زەینى چالاکى دانراوی نێو دەروون و کایەى زیندەدا، واتا کایەى بزواو و پابەندی سروشتدا. ئەوجا کندى فۆرمێکى دیکەى زەین دەداتە پاڵ سەرئەنجامى ئەم پەیوەندییەى نێوان زەینى پەتى و کایەى زیندە، کە بریتییە لە بەیانبوونی پەیوەندییەکە. ئێمە بەڕێی بەیانبوونی پەیوەندییەکەوە دەتوانین ئەو زانینە هۆشەکییە بناسینەوە کە خۆى لەنێو جیهانى بەرجەستەیی شیاوی دەرککردندا دەبینێتەوە. کندی لەسەر ئەم پلەیەی زەین زانستەکان و فەلسەفە یان پەیامهێنی دادەنێت. بێگومان کندی بەم مۆدێلە هێشتا هەر وەڵامى ئەو پرسیارە ناداتەوە کە داخۆ چۆن دوایی پەڕینەوەکە لە مەئریفەی سێنسییەوە ڕووەو مەئریفەی هۆشەکى ڕووبدات. ئەو پەرە بە پلەکانى زەین دەدات، وەلێ کارێکی بەم چەشنە هیچ لە پاڵیەکیی زەینەکان ناگۆڕێت گەر هاتوو ڕووننەکرێتەوە کە داخۆ چۆن خودی پلەکان بتوانن لە یەکدییەوە بێنەگۆڕێ. ئێمە دەتوانین هۆی دەلاقەکان کە لەنێو فەلسەفە سیستەماتیکییەکەى کندیدان، بۆ ئەوە بگەڕێنینەوە کە بەرهەمەکەی ناتەواو بە ئێمە گەیەنراوە. وەلێ هەروەها دەتوانین ڕەوایانە گومانی ئەوە لەو هزرڤانە مەزنە بکەین، کە ئەو ئاگامەندانە وەڵامدانەوەى فەلسەفەییانەى هەندێک پرسیارى بۆ خاترى وەڵامدانەوەیەکى ئایینى پشتگوێ خستووە.

3-2 ئەلڕازی و گومانگەرایی فەلسەفەیی
(بڕوانە هەمان ماڵپەڕ – و)

پەراوێز

(1) سیتاتەکە وەرگیراوە لە وەرگێڕانەکەی:
Watt/Marmura 1985, 331, Vgl. al-Kindi 1950, 82 ff.
(2) بەم تێگەیەدا جیاوازیی نێوان پارادیگمای ئۆنتۆلۆگیانە و پارادیگمای نوێسەردەم-مۆدێرنی مێنتالیستی ڕوودەبێتەوە: کانت تەنیا ئەو بابەتانە ناودەنێت “ئینتەلیگیبل” (هۆشەکی، دەرسێنسی) کە “تەنیا بە زەین شیاوی پێشبینیکردنن و هیچ کامێکی لێڕوانینەکانمان ناتوانێت ڕوویان تێبکات” (Prolegomena zu einer jeden künftigen Metaphysik, § 34 Anm.). کەواتە بابەتەکان “کرۆکی هۆشەکین” (Gedankendinge) کە ئاوەزمان بنیاتیان دەنێت بۆ ئەوەی بتوانین گۆزارە لەبارەی دەرککردنە سێنسییەکان دەرببڕین (وەک: پرنسیپی کاوساڵێتی، یان زەروورەی کردار (die Imperative) لە مۆرالدا). بە پێچەوانەشەوە فەلسەفاندنی ئۆنتۆلۆگیانە ئا لێرەدا شوێنی مەئریفەی “ڕەها” و ڕاستییەکان بەسەر کرۆکی جیهانەوە دەبینێت.

سەرچاوە
Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

تێبینیی وەرگێڕ
ئەم وەرگێڕانانە کە بەدووی یەکدا بڵاودەکرێنەوە، دەگەڕێنەوە بۆ نزیکەی پازدە ساڵ لەمەوبەر بۆ “فێرخوازان”ی بەشی فەلسەفەی زانکۆی ڕاپەڕین.

فەرهەنگۆک

بۆچوون: لای پلاتۆن نزمترین پلەی مەئریفەیە و تەنانەت دەکەوێتە ژێر مەئریفەی دەرککردنی ڕاستەوخۆی بابەتەوە. کە من دەبێژم “بە بۆچوونی من ئەمە ئەوهایە”، لێرەدا من تەنیا وای بۆ دەچم کە ڕەوشەکە ئەوهابێت، وەلێ من هیچ لەبارەی نازانم.
پارادیگما: نموزەج، نمونەیی، مۆدێلی ڕوونکردنەوە، شێوازێکی مەئریفەیی.
ترانسسێندێنت: دەرجیهان، لەوبەر توانستی مەئریفەی مرۆڤەوە.
ترانسسێندێنتکردن: تێپەڕاندن لە کایەی سێنسی، کایەی شیاوی دەرککردن و ناسین؛ هەڵزنان ڕووەو کایەی هۆشەکێتی.
تیۆلۆگی: زانستی توێژەرەوە لە خودا / خودایەتی و کرۆکی ئەو.
تێلیۆلۆگی: زانستی هۆئەنجامی، واتا گریمانە دەکات کە جیهان لە پەیوەندیی هۆئەنجامیدایە؛ هەردووکیان پابەندی یەکدین: هۆ وەک کاریگەری، ئەنجام وەک سەرهەڵداو لەو کاریگەرییەوە.
ڕوانین (نەزەر)ی میستیکی: ئەزموونی نهێنیئامێزی دیتەنییانەی خودا (بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا).
ستۆئایک: ستۆئا مەدرەسەیەکی فەلسەفەیی گریکی بوو دوای ئەڕیستۆتێلیس (بەگشتی دوای قۆناغی کلاسیکی). مەدرەسەکە بەتایبەتی ئێتیکی (ئەخلاقناسی) بوو و ڕوونی دەکردەوە کە چۆن مرۆڤ یەکگرتۆوە لەتەک “خۆی” و “سروشت”دا بژی، هاوکات لەدژی سۆزەکانی کارا بێت تاکو بەو مەئریفەیە بگات. ستۆئایکییەکان خۆیان هەروەها لە سیاسەت بەدوور دەگرت.
سیلۆگیزم: زانستی قیاس، دەرئەنجاماندن. لە دوو پێشدانراوەوە (پرێمیسەوە) کە تێگەیەکی نێوانییان هەبێت، بەزەرووری دەرئەنجامێک دەکەوێتەوە: “سۆکرات مرۆڤە”، “مرۆڤ بمرە”، کەواتە: “سۆکرات بمرە”. سۆکرات لە پێشدانراوی یەکەمدا بکەرە (سەبژێکتە)، مرۆڤ پرێدیکاتە (مەحمولە)؛ مرۆڤ لە پێشدانراوی دووەمدا بکەرە، بمر پرێدیکاتە؛ مرۆڤ لە هەردوو پێشدانراوەکەدا تێگەی نێوانییە.
سێنسی: مەحسوس، ئەوە کە بەڕێی سێنسەکانەوە (چاو، گوێ، لووت، هتد) چێدەبێت.
سێ-یەکانە: تیۆلۆگیی کریستیانەتی جەخت لە سێ یەکانە، یان لە سێ-یەکانەیەک دەکات کە بریتین لە: خودا جارێک وەک “بابە”ی ئاسمان کە مرۆڤان دەپارێزێت، جارێک وەک “کوڕ” (ئیسا)، واتا خودا هاتۆتە نێو مرۆڤەوە، ئەوجا خودا جارێکی دی وەک “هۆشی / گیانی پیرۆز” کە هەمیشە لەنێو کریستیانییەکاندا ئامادەگیی هەیە.
کرۆکی هۆشەکی، یان شتی هۆشەکی / بیرۆکەیی لای کانت بریتین لە “ئیدێکان” کە ئاوەز خۆی بەناچاری دەیانهێنێتە ئاراوە، هەروەها “شت لە خۆدا”.
کلاسیکی: سەر بە کلاس (پۆل)ی یەکەم، هەمیشە چواندوو، هەمیشە هەنووکەیی. کە دەگۆترێت سۆفۆکلێس کلاسیکە، یان بووە بە کلاسیک، مەبەست لەوەیە کە دراماکانی ئەو هەرگیز کۆن نابن. کلاسیک جیاوازە لە “تەقلیدی”، بۆ نموونە مرۆڤ ناتوانێت ببێژێت: “فڵان کلاسیکییە”، “ئەو پارتانە کلاسیکین”.
گنۆستیک: واتا مەئریفە، کۆناوێک بوو بۆ ئەو ئاڕاستانەی کریستیانەتیی سەرەتا لە سەدەی دووەم تا سێیەم کە ئیمانی کریستیانییان بە هەندێک هزری ئەنتیکەوە گرێ دەدا؛ ئەوان دەیانویست بە مەئریفەی خودی خۆ (خودناسین) و جیهانبینیەکی دوالیستی (هۆش و ماتەری) بەهای لەشەکێتی بەرانبەر هۆشەکێتی تا بشێت کەمبکەنەوە، تاکو ئیدی مرۆڤ بەو ڕێیەوە خەڵاسی خۆیی بەدیبهێنێت.
ماکرۆکۆسمۆس: “مەزنە گەردوون”، واتا گەردوونی دەرەکی بە پێچەوانەی میکرۆکۆسکۆس، واتا گچکە گەردوون کە لە ناخی مرۆڤدا شیاوی سەرهەڵدانە.
مۆنۆتایزم: ناساندنی خودایەکی “تاک” و “گشتگیر”، وەک لە ئایینەکانی جوویەتی و کریستیانەتی و ئیسلامدا.
میحنە: بریتی بوو لە “ئینکڤیزیسیۆن”ی ئەباسییەکان کە خەلیفە ئەلمەئمون ساڵی 833 داینا و هەموو کەسێکی ناچار دەکرد پابەندی ڕێبازی دەوڵەت بێت. دەوڵەت دەیسەپاند کە “قورئان دانراوی مرۆڤە” (“خەلق ئەلقورئان”)، بە پێچەوانەی پیاوانی ئایین کە قورئانیان بە پەیڤی ئەڵلا دادەنا. بەتایبەتی موئتەزیلەییەکان جەختیان لە قورئان دەکرد وەک مەخلوق.
مێنتالیزم: مێنتال بەواتای “کایەی هۆش”. مێنتالیزم لە فەلسەفەدا (هەروەها پسیکۆلۆگیدا) گریمانەی سروشتێکی هۆشەکییانەی مرۆڤ دەکات بەپاڵ سروشتی بیۆلۆگییانەی ئەوەوە. سروشتی هۆشەکی خۆی لە زمانێکی گشتگیری هزریندا دەخەمڵێنێت، ئەوە سەربەخۆ لە سروشتە ماتەریالیستییەکەی مرۆڤ (لە نیۆرۆلۆگی).
نووس: ئاوەزی پەتی، یان هۆشی پەتی ی تێکەڵنەبوو بە هەر ڕەوشێکی سێنسی، هەستەکی و ئەندێشەیی.
ئۆڕتۆدۆکسی: پابەندی بە بنەما چواندن پێدراوەکانی ئیدیۆلۆگییەک یان ئایینێکەوە.
ئەزەلی: نەئافرێنراو، هەمیشە هەبوو. بۆ نموونە گەردوونێکی نەئافرێنراو لە لایەن خودایەکەوە. ئەمە تێڕوانینی ئەڕیستۆتێلیس بوو و لەتەکیدا فارابی، ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد هاوڕا بوون.
ئیدێ: وێنەی هۆشەکی.
ئێسۆتێریک: هەموو ڕێبازە میستیکییەکان (نهێنیئامێزەکان) دەگرێتەوە، وەک تەسەوف، کە دەیانەوێت بەنهێنی، مێتافیزکییانە، بە مەئریفەی خودی خۆ بگەن. ئامانجیان لێرەدا بریتییە لە “ڕیالیزەکردنی خودی خۆ” (تەحقیق ئەلزات).




ئەرگۆمێنتسازی لەشانۆدا.. رێباز محەمەد جەزا

“ژیانی ناوسیستمە تۆتالیتاریەكان ، رێك وڕاست بە دۆزەخ دەچێت”

ئاهەنگی ماڵئاوایی – میلان كۆندێرا

بەكێشەنەكردنی (ئەرگۆمێنت ) لە (شانۆ)دا چەند ئاستێكی هەیە و زۆر جارئەم گرفتانە بزردەبن و جاریش هەیە كە دەی دۆزینەوە زوو لێمان ووندەبێت و نادیدەدەبێت ، واتا كیشەی بون و نەبونی (شانۆ) وەكو ژانرێك وەكو یەك وایەو بەدیوێكی تردا نەبینیی وەكوكێشەوبایەخ پێنەدان و پشت گوێخستنی ئەوەندەی تر لەئەرگۆمێنتسازی شانۆیی دوورمان دەخاتەوە .
كەواتە دنیایەك كێشەی ترمان بۆزیندووبۆوە كەلەسنووری وتاردەردەچێت و پێویستە بەكتێب قسەلەسەر ئەم دۆزە بكەین چونكە ئەرگۆمێنتسازی كۆڵەکەیەكی پتەوی بەرهەمە شانۆییە ( نووسراو –بینراو) كانە و پێویستە مامەڵەیەكی لۆژیكی لەگەڵ دا بكەین (بەواتاكلاسكیەكەی ) و لەپێناو گەیشتن بە بڕیاری دروست و تێگەیشتن لەوبابەتانەی كە شانۆیین چونكە لەئێستا كەسانی ئاسایی لەدۆزەكەتێناگەن ڕەنگە ژمارەیەك لە شانۆكارەنیش بەهەمان ڕێژە لێی تێنەگەن بەهۆی سادەگۆیی و بازاِڕی كردنەوەی كێشە شانۆییەكانەوە . هەروەها ئەرگۆمێنت و پرۆسەی كاری شانۆیی پێویستیان بە حوكمی ئیستاتیكی هەیە كە ئەم دەسەڵاتە بە بێ شارەزایی لۆژیكی و ئیستاتیكی دروستنابێت و مومكین نیە .
لەبەرئەوە كاتێك كەسێكی نەشارەزا دەكەوێتە مامەڵەكردن لەگەڵ زاراوەكاندا خۆبەخۆ نالۆژیكی و پڕلەهەلًە و ئۆكسی مۆران حوكمی ئیستاتیكی دەدات و هەموو دەربڕینە هونەریەكان دەبن بە دەربڕینی رەوشتی و ئاكاری و نمایش دابەشدەكەن بۆ (چاك و خراپ ) و یان(جوان و ناشرین )و هەندێك جاریش كورتیان دەكەنەوە بۆ ژمارەی بینەران !!!
لەبیرمان نەچێت بینەران (بینەری شانۆ) وەكو بابەتێكی گرنگ وپێویست، دەبێتە دیوی تەواوكاری بەرهەمێكی كامڵ و پێگەیشتوو لەكاتی نمایشی شانۆییەكاندا، بەجۆرێك هیچ بەرهەمێكی شانۆیی نییە بەبێ بینەر واتایەكی هەبێت یان بەمانایەكی تر بەرهەمێكی شانۆیی لە هاوكێشەیك پێكدێت : (بەرهەمی ئامادەكراو بۆنمایش) لەبەرامبەردا (بینەری نمایشە شانۆییەكە ).بەڵام لەم دۆخەدا بینەران لای ئەم تایپە لەشانۆكار بۆپڕكردنەوەی كورسی و كڕینی تكت نەبێت ئەرك و گرنگی تریان نیە !!
بەهەرحاڵ ئەم دۆزە زۆردەخایەنێت ، تا هێزی ئەوەمان دەبێت شانۆلە پرۆسەیەكی ئەخلاقی (بەواتا باوەكەی) جیادەكەینەوە و شانۆ دەگەڕێتەوە بۆپێگەو مەقامی ئیستاتیكی و لۆژیكی و ئەرگۆمێنتسازی سەررێگا دەخەین كەبەهیوام هەمووان لەم هەڵمەتەدا بەشداربن .
لەبەرئەوەی شانۆ لەكوردستان لە پرۆسەی ئەرگۆمێنتسازی دواكەوتووەو لەسەرئاستی هەموو لق و توخمەكانی ئالوودەی نەزانی و نەشارەزایی هەندێك (شانۆكار)بووەو لەڕووی تیۆری و پراكتیكەوە كاتیەتی بڵێم : ئەو جۆرەكەسانە پێویستیان بەپەروەردەنەبووەو نیەو نابێت و ئەوان پەروەردەیان تەواو كردووە .





هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” لە وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌چوو

-مەنسوور جیهانی

هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” به هه‌وڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی نێوده‌وڵه‌تی یۆتۆبۆری له شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌چوو.

هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” به هه‌وڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی نێوده‌وڵه‌تی یۆتۆبۆری Internationella Sköna Konster، بە دروشمی “بەسە ژن کوشتن لە کوردستان” و بە نمایشی شانۆگەری “مەرگی ئاو” کاتژمێر ٦ی ئیوارێی رۆژانی 19 و 20 ئۆگۆستی ٢٠٢٢ له شانۆی “دڕاماتیکی گۆتێبۆڕگ” Dramatiska teater i Göteborg له شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌چوو.

ئەم شانۆگەریە بەرهەمی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، لە نووسینی “یەڵدا حوسێن” و له دەرهێنانی “بەکر ڕەشید”ه که تیایدا “کامەران کەماڵ” و “ئەرینا موحه‌مەدی” ڕۆڵیی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن و هەروەها کاری دیزاینی دیکۆری لە لایەن هونەرمەندی شێوەکار “ئەحمەد نامۆ” بۆ ئه‌نجامدراوه و “ئاسۆ دیلان” هونه‌رمه‌ندی موزیکزانی کوردی دانیشتووی وڵاتی سوید به ژه‌نینی ئامێری عوود تیایدا به‌شداریی کردووه.

شانۆگەری “مەرگی ئاو” له لایه‌ن هۆگرانی هونه‌ری شانۆ و هه‌روه‌ها ئامادەبووانه پێشوازییه‌کی باشی لێکرا به شێوه‌یه‌ک که به‌رپرسانی هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” ئیزنیاندا کە لە هەر ڕۆژە و دوو جار، ئه‌م شانۆگەریه نمایش بکرێت، واتە لە دوو رۆژی دیداردا چوار جار نمایش کرا.

ئەم شانۆگەریه لە ڕووداوێکی ڕاستەقینە له هه‌رێمی کوردستان وەرگیراوە کە لەم ساڵدا لە شاری هەولێر ڕوویدا کە “ماریا سامی” به‌داخه‌وه بە دەستی کەسووکاره‌که‌ی کوژرا.

دیداریی ئەمساڵی شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” به سه‌رۆکایه‌تی بەشی هونەری “عیزه‌ت ڕه‌ئووف” و هەروەها به سه‌رپه‌‌ڕه‌شتی سەرۆکی کۆمەڵە “شەمال ئیبراهیم” و بەرپرسی ئیداری دیدار بەڕیز “محه‌مه‌د تۆفیق” و به‌شی ته‌کنیکی ڕووناکی و ده‌نگ له لایه‌ن “نه‌وزاد باهیر” به‌ڕێوه‌چوو.

کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان لە خۆئامادەکردندایە بۆ سازدانی نۆهەمین دیداری فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” کە لە رۆژانی 26 و 27ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە هۆڵی سینەمایی “فۆڵکت هیووس” Fulket Hus له ناوچه‌ی “هەمەرکۆلەن” Hammarkullen له شاری یۆتۆبۆری بەڕێوەدەچێت و هەر لێرە لە هەموو فیلمسازانی کورد داوا دەکات کە پێیان خۆشە نوێترین بەرهەمەکانی خۆیان بۆ ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه بنێرن.

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.facebook.com/kurdiskafilmtraffen

راگەیاندنی گشتیی هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی یۆتۆبۆری.




شانۆنامەی رۆژی شکۆمەندی گۆڕهەڵکەن… نووسینی: سۆسانا رۆتۆنیان

1

 وەرگێڕ: ئەندەرنیک خاچۆمیان

وەرگێڕانی لە فارسییەوە بۆ کوردی: ڕەحمان عەزیزی

1

سۆسونا هارتۆنیان لە ساڵی 1٩٦٣ لە شاری »ئیرەوان« وەاڵتی ئەرمینیا لەدایکبووە. دەرچووی بەشی ئەدەبی

»زانکۆی دەوڵەتی خاچاتور ئابوویان« بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان بووە و کۆمەڵە چیرۆکەکانی لە کتێبێکدا بە ناوی

“نەمربوون” باڵوکراوەتەوە. توانیویەتی خەاڵتی ئەدەبی بەناوبانگی “»ئاودیك ئیساهاكیان«” بۆ خۆی بەدەستبهێنێت.

ئەم شانۆگەرییە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠1 لە ژمارەی سێیەمی شانۆنامەنووسی تایبەتمەند “دراما دۆرگیا”

باڵوکرایەوە…

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن…




مێژووی شانۆی که‌نه‌دی… وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

نووسینی : ئینسایکلۆپیدیای شانۆی که‌نه‌دی

یه‌که‌مین شانۆ
نەیتیڤەکان، خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نه‌کانی که‌نه‌دا، دراما و نه‌ریته‌ ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان وه‌کو به‌شێک له‌ بۆنه‌ و ئاهه‌نگه‌کانیان، به‌ سه‌دان ساڵ پێش هاتنی ئه‌وروپییه‌کان بۆ که‌ناری جیهانی نوێ، نمایش کردووه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ وه‌ک شانۆی خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نەکان ئه‌یبینین، چه‌شنی شانۆگه‌رییه‌کانی تۆمسۆن هایوه‌ی، زۆرجار پشت به‌ میتۆلۆژی یان ئه‌فسانەناسی نه‌یتیڤه‌کان ده‌به‌ستێ.

شانۆی ئه‌وروپییه‌ به‌راییه‌کان
مێژوونووسی شانۆیی ده‌یڤد گرانده‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ شانۆی ئه‌وروپی، له‌گه‌ڵ هامفره‌ی گیلبێرت و “گروپێکی بچووکی ئه‌کته‌ره‌ ئیمائییەکان”، (١) له‌ساڵی ١٥٨٣دا هاتۆ‌ته‌ که‌نه‌دا. پێشتریش به‌رهه‌مهێنانی مارک لێسکاربۆرد بۆ شانۆی نیبتۆن له‌ فه‌ره‌نسای نوێ، له‌ چوارده‌ی تشرینی دووه‌می ١٦٠٦ و سامۆیڵ دی چامپله‌ین له‌ پۆرت ڕۆیه‌ڵ (که‌ ئێستا نۆڤه‌سکۆشیایه‌)، یانه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییان دامه‌زراند له‌ژێر ناوی مه‌دالیای به‌خته‌وه‌ری. ئه‌مه‌ش له‌میانه‌ی فەرمانێکەوە‌ بوو که‌ لێسکابۆرد سه‌رگه‌رمییه‌‌کانی خۆی نیشان ده‌دا که‌له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌کانی فه‌ره‌نساوه‌ نمایش ئه‌کران و‌ ڕووخساری خۆیان ‌ده‌گۆڕی بەجۆرێک وه‌کوو ڕووخساری خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نه‌کان و زینده‌وه‌ره‌ ئه‌فسانه‌کان ده‌رده‌که‌وتن. ئامانج له‌و کاره‌، ئاهه‌نگی گه‌ڕانه‌وه‌ی دامەزرێنەرانی ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌کان بوو له‌ گه‌شتێکی مه‌ترسیدار. شوێنی ده‌وڵه‌تی ژێرده‌ست و به‌رهه‌مەکە‌ له‌ ساڵی ١٦٠٧ جێهێڵدرا و هیچ ئاماژه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به‌ هیچ چالاکییه‌کی شانۆیی نه‌بوو‌ تا ساڵی ١٦٤٠. که‌ زیاتر وا ده‌رده‌که‌وێ که‌ سه‌رگه‌رمی‌ بێباکانه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌شێکی ژیانی ئیمپریالیستییانە بوو.

باڵه‌خانه‌ی نیبتۆن له‌ شاری کوبێک له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م که‌ شوێنی کۆبوونه‌وه‌ بوو و وه‌کو ڤینۆسه‌ شانۆییه‌کانی ‌ به‌رایی که‌نه‌دا خزمه‌تی ده‌کرد.
له‌ ئه‌رشیفی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌.

کلاسیکه‌ نوێیه‌کانی جیهانی نوێ
مه‌حاڵه‌ له‌ وڵاتی که‌نه‌دا به‌چاکی گه‌شه‌ی درامای زمانی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی به‌ته‌واوه‌تی لێک جودابکرێنه‌وه‌ که‌ ترادیسیۆنی شانۆیییان وه‌کوو یه‌که‌. له‌هه‌ندێ حاڵه‌تدا شانۆگه‌رییه‌ ئینگلیزییه‌که‌ به‌ زمانی فه‌ره‌نسی نمایش کراوه‌ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، کە تا ئه‌مڕۆش ئه‌م دۆخه‌ له‌ شانۆی که‌نه‌دی هه‌ر به‌رده‌وامه‌. ئه‌وه‌ی به‌ڕه‌هایی بتوانرێ بوترێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له‌سه‌ره‌تادا کاریگه‌ریان هه‌بووه‌ له‌ به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا، گاریگه‌ریشیان به‌سه‌ر شانۆی به‌رایی که‌نه‌داوه‌ هه‌بووه‌. ئەوانیش به‌تایبه‌تی بریتیبوون له‌ مۆلێر و شه‌کسپیر و هه‌روه‌ها پییر کۆرنی و جان راسین. ستایڵه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانیشیان هه‌ر به‌و جۆره‌ بوو کە له‌ دراما به‌راییه‌کانی که‌نه‌دا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌‌وه‌. بۆ نموونه‌ داستانی قاره‌مانێتی له‌ ئیشە سه‌ره‌تاییه‌کاندا به‌رچاو ده‌که‌وێ که‌ جه‌نگی جه‌نگاوه‌رانی ئیبراهیم به‌نه‌مری نیشان ئه‌دا.
شتێکی تری ڕوونیش‌ ئه‌وه‌یه‌‌ که‌ شانۆی که‌نه‌دی له‌ ئاره‌زووه‌وه‌ له‌دایکبووه‌، که‌ تا چه‌ند ده‌یه‌ له‌ دوای دامەزراندنی ده‌وڵه‌ته‌ ژێر ده‌سته‌کان، ئینجا ئه‌کته‌ره‌ پرۆفیشناڵه‌کان له‌ هه‌ر (٣٠) سی ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌کانه‌وه‌‌ گه‌یشتنه‌ که‌نه‌دا. ئه‌وکات ترادایسیۆنی نمایشکردنی سه‌رگه‌رمی و شانۆیی ده‌وڵه‌تی ژێر ده‌سته‌ی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی دامه‌زرا. به‌رهه‌مه‌(کاره‌) سه‌ره‌تاییه‌کان به‌پانتایی هه‌ردوو کۆمه‌ڵگەکه‌ نمایش ده‌کران، له‌ سه‌ربازه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ بازرگان و سه‌وداچییه‌کان ڕۆڵیان تێدا بینیوه‌. بۆ نموونه‌ له‌ هالیفاکس، گاریسن چه‌ند شانۆگه‌رییه‌کی هه‌بوو هەروەها له‌سه‌ره‌تای ساڵی ١٧٨٨ دا له‌گه‌ڵ شێردیان شانۆگه‌رییه‌کیان به‌ناوی قوتابخانه‌ بۆ ئابڕووچوون نمایش کرد. ئه‌کته‌ره‌کان ئه‌فسه‌ر و کوڕ بوون که‌ ڕۆڵی ژنیان ئه‌بینی. گاریسن له‌ ساڵی ١٧٨٩ دا بوو به‌ خاوه‌نی‌ هۆڵی شانۆیی و شانۆگه‌ری بازرگانی ڤینیسیا وه‌ک یه‌که‌م کاریان له‌و هۆڵه‌ خسته‌ به‌ر دیدی بینه‌ران.
ڕابه‌رانی کڵێسا هه‌ر زوو که‌وتنه‌ ڕێگه‌ گرتن له‌ گه‌شه‌ی شانۆ به‌ زمانی فه‌ره‌نسی له‌ خاکی نوێدا. ئه‌مه‌ش ئایرۆنییە وه‌ک قوتابخانه‌کان کە له‌لایه‌ن کڵێساکانه‌وه‌ قۆرخ کرابوون، ده‌بوایه‌ ئه‌و شانۆگه‌رییانه‌ نمایش بکرێن که‌ به‌شێک بوون له‌به‌رنامه‌ی خوێندن و شێوازێک بوون بۆ نه‌پچڕان له‌گه‌ڵ دایکی خاک و زمان. کڵێساکان له‌ ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌‌کاندا زۆر به‌هێزتر بوون وه‌ک له‌وه‌ی له‌‌ ئه‌وروپا هه‌بوون. ڕابه‌رانی کڵێسا هیچ به‌لایانه‌وه‌ زه‌حمه‌ت نه‌بوو نمایشه‌کانی مۆلێر قه‌ده‌غه‌ بکه‌ن به‌تایبه‌تی له‌و هێرشانه‌ی که‌ له‌ شانۆگه‌ری “دووڕوو”دا ده‌یکاته‌ سه‌ر ڕابه‌رانی کڵێسا. له‌ ڕووداوێکی به‌ناوبانگ له‌ ١٦٩٣-١٦٩٤ دا حاکمی گشتی فڕۆنتناک له‌لایه‌ن قه‌شه‌ی ساینت ڤاڵیه‌ره‌وه‌ به‌رتیلی پێدرا بۆ قه‌ده‌غه‌ کردنی نمایشی ئه‌م کاره‌ ناوبانگ زڕاوه‌. کڵێسای ساینت ڤاڵیه‌ر له‌ هه‌موو بواره‌کاندا شانۆی قه‌ده‌غه‌ کرد.
دوای داگیرکاری به‌ریتانییه‌کان، مۆلێر جارێکی تریش له‌لایه‌ن سه‌ربازانی به‌ریتانیاوه‌ به‌زمانی فه‌ره‌نسی هاته‌وه‌ سه‌ر شانۆی جیهانی نوێ. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ کۆمه‌ڵە شانۆییه‌کان ببینرێ کە سه‌ربازان و خه‌ڵکی سیڤیڵ پێکه‌وه‌ کار ده‌که‌ن بۆ سه‌رکه‌وتنی به‌رهه‌مه‌کانیان. له‌ ده‌یه‌ی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، لە کەنەدا دوو گروپ(کۆمه‌ڵه‌)، تیپی ئاڵن بۆ کاری کۆمیدی و تیپی لاوه‌ که‌نه‌دییه‌‌کان نمایشی شانۆییان ئه‌نجام ئه‌‌دا. (٢)هه‌ردوو لاشیان مۆلێریان نمایش ده‌کرد و هه‌روه‌ها تیپی ئاڵن جگە لە مۆلێر، شه‌کسپیریشیان نیشان ده‌دا. له ‌وه‌رزی نمایشی ١٧٨٩-١٧٩٠ دا، ئه‌م دوو گروپه‌ کاته‌کانیان له‌نێوان خۆیاندا ڕێکخستبوو.

هۆڵی ئۆپرای نوێ له‌ شاری داوسن له‌ ئه‌رشیفی “یۆکن”ه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌

بنیادنانی هۆڵه‌کانی شانۆ
کڵێساکانی پرۆتستانت و کاسۆلیک به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پشتیوانیان له‌ شانۆ نه‌ده‌کرد. ئه‌وان هۆڵه‌کانی شانۆیان ده‌شوبهاند به‌وه‌ی که‌ بۆ به‌دڕه‌وشتی بنیاد نراون. به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕاست و ئه‌تله‌نتیکی که‌نه‌دا، شانۆ له‌هه‌ر جێگایه‌ک بواری بۆ بڕه‌خسایه‌‌ نمایش ده‌کرا وه‌کوو مه‌یخانه‌کان و به‌گشتیش هه‌ر پیاوان ڕۆڵیان تێدا ده‌گێڕا. له‌ هالیفاکس سه‌ربازه‌کان هۆڵێکی نوێی شانۆیان بنیاد نا و له ساڵی‌ ١٧٨٩ به‌ نمایشکردنی شانۆگه‌ری بازرگانی ڤینیسیای شه‌کسپیر کرایه‌وه‌. هه‌ر زوو دوای ئه‌وه‌ش شارله‌تاون هۆڵی شانۆیی تێدا کرایه‌وه‌ و دوای ئه‌وانیش له‌ شاری سەین جۆنز هۆڵێکی تر کرایه‌وه‌.
یه‌که‌مین باڵه‌خانه‌ی تایبه‌ت به‌ نمایشی کاری هونه‌ری له‌ ناوه‌ڕاستی که‌نه‌دا له‌ هۆڵی شانۆی پاشایه‌تی بوو له‌ شاری مۆنتریاڵ و هەروەها هۆڵی پاشایه‌تی سێرک – که‌ هه‌ر زوو ناوه‌که‌ی گۆڕا و بوو به‌ هۆڵی شانۆی پاشایه‌تی – له‌ شاری کوبێک ( هه‌ردووکیان له‌ساڵی ١٨٢٥ دا دامه‌زران). هاوکات تیپە هونەرییە کۆچەرییەکان له‌ فه‌ره‌نسا کەوتنە ده‌رکه‌وتن و به‌مه‌ش کڵێساکان زیاتر په‌ست و تووڕه‌ ده‌بوون. له‌گه‌ڵ بنیادنانی سیستمی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر که‌ بووه‌ هۆی گه‌شه‌کردنی زیاتر و زیاتری گەشتی تیپه‌ هونه‌رییه‌ بێگانه‌کان‌ بۆ که‌نه‌دا، جۆرێک له‌ کلتووری ئیمپریالیزم (جووتبوون له‌گه‌ڵ نوخبه‌ی لووت به‌رز) که‌ به‌ره‌وپێشچوونی به‌رچاوی کاره‌کته‌ری شانۆی نه‌ته‌وه‌یی به‌هه‌ڵواسراوی هێشته‌وه‌.

ستایڵی شانۆگه‌رییه‌کان
هاوکات له‌گه‌ڵ هاتنی هونه‌رمه‌نده‌ ئه‌وروپییه‌کان، سیاسه‌تی ئه‌وروپیش دژایه‌تی ده‌کرا و هه‌ر زوو کاریگه‌ری ڕابه‌رانی کڵێسا لاواز بوو و زیاتریش لاواز ‌بوو وه‌ختێ شانۆ بووه‌ ئامڕازێکی سیاسی. ڕێک هه‌روه‌کوو بارودۆخی ئه‌وروپا، که‌ ئێستا له‌ سێ به‌شی فراوان پۆلین کراوه‌، ئایین، په‌روه‌رده‌یی، سیاسه‌ت و سه‌رگه‌رمی. یه‌که‌مین به‌ش له‌سه‌ر به‌رفراوان بوونه‌وه‌ی سیستمی قوتابخانه‌ ئاینییه فه‌ره‌نسی زمانه‌کان به‌رده‌وام بوو، به‌تایبه‌تی‌ له‌نێوان مه‌سیحییه‌کان ( ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام بێباکانه‌ لیبراڵترن له‌ فه‌رمانه‌کانی کاسۆلیک). درامای سیاسیش دیسانه‌وه‌ له‌نێو فه‌ره‌نسی زماندا له‌ شێوه‌ی وتار هاته‌ مه‌یدان و له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ڕۆژنامه‌ سیاسییه‌کان بڵاو ده‌بۆوه‌، هه‌ندێجاریش له‌ شێوه‌ی دراماتیکی به‌و مانایه‌ی که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌کاندا به‌ده‌نگی به‌رز ده‌خوێنرانه‌وه ( وه‌ک خه‌مڵێنراوه‌ ئه‌وکات سەدا پێنجی خه‌ڵک خوێنده‌وارییان هه‌بووه‌). سه‌رگه‌رمیش له‌ ئه‌مریکاوه‌ گه‌یشت و له‌شێوه‌ی گه‌شتی تیپه‌کان که‌ میلۆدراما و سێرکیان نمایش ده‌کرد وه‌کوو تیپی جۆن ب.ڕیکێتسی ئه‌مریکی که‌له‌ شاره‌کانی مۆنتریاڵ و کوبێک له‌ ساڵه‌کانی ١٧٩٧ و ١٧٩٨ دا نمایشیان ئه‌نجامدا.

شانۆنامه‌نووسه‌کان
ئه‌گه‌ر نووسین بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ خوا سڵ ئه‌که‌نه‌وه‌، بۆ سیاسییه‌ فێڵبازه‌کان، یان بۆ جه‌ماوه‌ری به‌ربڵاو بنووسرێ، ئه‌وا دراماتیسته‌ ناوخۆییه‌کان زۆر قه‌رزاری ئه‌وه‌ بوون که‌ چییان بۆ ترادیسیۆنی ئه‌وروپی و ئینجیل نووسیوه‌. ئیلیزا له‌ینسفۆرد کوشینگ ئایه‌ته‌ به‌تاڵه‌کانی درامای کتێبی پیرۆز”ئه‌سسه‌ر”ی له‌ساڵی ١٨٣٨ و ڕوحی چارڵس هێڤیسێگ له‌ساڵی ١٨٥٧ و داستانی نیشتمانی فلیکس پۆوتره‌ی لویس فرێشیت له‌ ساڵی ١٨٦٠ نووسی، به‌ڵام ناکۆکی سیاسی به‌چاکی و به‌زیندوویی به‌ زمانه‌کانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی له‌ شانۆگه‌رییه‌که‌ی فرێشیت به‌ناوی پاپینۆ و کاره‌ ساتیرئامێزەکانی وه‌ک درامای هەرێمی هیو سکۆبی به‌ناوی فشاری خێزان له‌ ساڵی ١٨٣٩دا، دیاربوون.
هه‌ر زوو ئه‌کته‌ره‌ هه‌وه‌سکاره‌کان قایل نه‌بوون به‌ زه‌خیره‌ی کلاسیکی نوێ و ده‌ستیان کرد به‌ تێکه‌ڵبوونی زیاتر له‌گه‌ڵ نووسه‌ره‌ خۆماڵییه‌کان. لەوماوەیەدا هیچ حاڵه‌تێکی به‌رچاوی وا له‌ئارادا نه‌بووه‌، جگە لە فلیکس گابریاڵ مارچه‌ند کە بوو به‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی کوبێک له‌ نێوان ١٨٩٧- ١٩٠٠ ، که‌ به‌ناوبانگترین شانۆگه‌ری ئه‌ڵماسی ساخته‌ی نووسی، که‌له‌ ده‌یه‌ی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ له‌ شاری کوبێک به‌ سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌وه‌ نمایش کراو و چه‌ندین جاریش دووباره‌ کرایه‌وه‌. شه‌قامی کۆمیدیای فه‌ره‌نسی بۆ بینه‌رانی کوبێکیی خواستراو و بارهێنرابوو.
له‌به‌شی ئینگلیزی که‌نه‌دا، له‌ کۆتایی ده‌یه‌ی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، گه‌لێ بابه‌تی جۆراوجۆر نمایشکران که‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ست بوون به‌ بینه‌رانه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ چوون بۆ بینینی شانۆ تا ئه‌و کات چالاکییه‌کی نوخبه‌وی بوو(به‌ زۆری له‌ شاری کوبێک) شانۆگه‌رییه‌کان که‌وتنه‌ بایه‌خدان به‌ که‌سایه‌تی و ڕووداوه‌ ناوخۆییه‌کان له‌چه‌شنی تیکۆمسییه‌ و له‌ورا سیکۆرد و هه‌روه‌ها جین ڕۆبه‌رڤاڵ. ولیه‌م ویلفرێد کامبڵ که‌ تا ئه‌وکاتیش زۆر به‌ توندی له‌ژێر گاریگه‌ری شه‌کسپیر دابوو، شانۆگه‌ری کۆشکی دۆلارد ئۆرمیکسی نووسی.
هه‌رچه‌نده‌ بێگانه‌کان به‌رده‌وام ده‌هاتن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ که‌نه‌دییه‌کان نیشان بده‌ن که‌ چی پێویسته‌ له‌سه‌ریان و ” به‌ڕاستی ده‌بێ چیبکه‌ن” و هه‌ندێجار وه‌ک بزوێنه‌رێک بۆ کارامه‌ کردنی ناوخۆ ڕه‌فتاریان ده‌کرد. بۆ نموونه‌ گه‌شته‌کانی سارا بێرنهاردت له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م کە هه‌ڵسوڕاوێک بوو بۆ دروست کردنی سیسته‌می ئه‌ستێره‌ی هونه‌ر که‌ گه‌لێک کەسی هاندا ده‌ست بده‌نه‌ قه‌ڵه‌م که‌ پێشتر بیریان له‌ نووسین بۆ شانۆ نه‌کردبۆوه‌.
شانۆ تا ئه‌و کاته‌ش به‌زۆری مه‌سه‌له‌یه‌کی به‌رز و جوان بوو ‌له‌گه‌ڵ هه‌ندێ جیاوازی سه‌رنجڕاکێش‌. ئاشووبه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌که‌ی ساڵی ١٨٦٠ له‌ ڤیکتۆریا، وه‌ختێ ڕه‌شپێسته‌کان ڕێی خۆیان کرده‌وه‌ بۆ دانیشتن له‌سه‌ر ئه‌و کورسییانه‌ی که‌ بۆ سپی پێسته‌کان ته‌رخانکرابوو له‌ شانۆی ئیمپریالی ڤیکتۆریا.(بڕوانه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ بایه‌خداره‌کان – شانۆ له‌ ڤیکتۆریا ١٨٥٠) و نمایشکردنی های ڕیڤه‌ر له‌ شاری ئه‌لبێرتا له‌ ١٩٠٢ که‌ به‌ هێلکه‌ بارانی نمایشکه‌ران کۆتایی هات. زۆر شتی سه‌یریش هه‌بوو وه‌کوو ئه‌وانه‌ی که‌ کڵێساکان ده‌ستییان به‌سه‌ردا گرتبوو. قه‌شه‌کانی کوبێک که‌وتنه‌ سه‌رزه‌نشت کردنی “بێرنهاردت”، قه‌شه‌کانی ئۆنتاریۆش ده‌رباره‌ی ئه‌و دیمه‌نانه‌ ده‌دوان وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌له‌ ئه‌نجومه‌نه‌کاندا بینیبویان. ڕێڤ ج.پ.سیلیکۆکس له‌ ساڵی ١٨٨٣ دا ده‌ڵێ: ” به‌هۆی قه‌ومی “لوت”ه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌شه‌رماندا سوور هه‌ڵگه‌ڕان، وه‌ گوێیه‌کانیشیان له‌شه‌رماندا که‌ڕ بوون”. سه‌رباری ئه‌م ژه‌هرانه‌ش، نوخبه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کوو ده‌فرین خانم و ئێرڵ گره‌ی پشتیوانی شانۆیان کرد له‌ شێوه‌ی پێشبڕکێی سه‌رگه‌رمی و چاودێریکردنه‌وه‌.
کۆتایی ساڵه‌کانی سەدەی نۆزدەهەم، شاره‌کانی سه‌رتاسه‌ری که‌نه‌دا په‌ره‌سه‌ندنی بنیادنانی هۆڵه‌کانی شانۆیان به‌خۆوه‌ بینی. له‌نێوان ساڵانی ١٨٧٣-١٨٩٢ چل هۆڵی زیاتر له‌ هەزار کورسی کرانه‌وه‌. که‌ ئێستا به‌هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وه‌ به‌یه‌کتره‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌. ئه‌م هۆڵانه‌ مێوانداری به‌رهه‌می ئه‌و تیپانەیان ده‌کرد که‌ سێرک و به‌تایبه‌تی سێرکی گه‌ڕۆک که‌له‌ شاری وینیپیگه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد. هه‌روه‌ها تیپە خۆجێیه‌ پاره‌داره‌ پرۆفێشیناڵه‌کان له‌شاره‌کانی وینیپیگ و ئێدمه‌نتۆن دامه‌زران. له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا و له‌شاری کوبێک شانۆگه‌رییه‌ نمایش نه‌کراوه‌کان که‌وتنه‌ بڵاو بوونه‌وه‌. له‌ ساڵی ١٨٦٨ وه‌ تا ساڵی ١٩٠٠ سه‌د و شانزه‌ شانۆگه‌ری بڵاو بوونه‌وه‌ که‌ ته‌نها چل دانەیان نمایش کرابوون.

ئاغایه‌ک له‌گه‌ڵ خانم گره‌ی ئه‌چنه‌ ناو هۆڵی شانۆ (ئه‌رشیفی نه‌ته‌وایه‌تی)

سه‌رده‌می زێڕین
شانۆ له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م زۆر چالاک بوو. مێوانداری گه‌لێ ئه‌کته‌ر و تیپی بیانی و ناوخۆیی ئه‌کرد، ڕوودانی دوو جه‌نگی جیهانی و داهێنانی ڕادیۆ و ته‌له‌فیزیۆن و ئینجا ده‌ستیان کرد به‌ پێداگری له‌سه‌ر بینینی خۆیان له‌سه‌ر تەختەی شانۆکان. هه‌رچه‌نده‌ هۆڵه‌کانی شانۆی کۆمیونیتییه‌کان له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات خه‌ریکی چالاکی نواندن بوون، به‌ڵام زۆربه‌یان له‌شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی شانۆیی له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنران. به‌ڵام هونه‌رمه‌نده‌ شانۆییه‌کان وه‌کوو مه‌ریڵ دانیسۆن له‌سه‌ر درامای ڕادیۆی که‌نه‌دی و (دواتر ته‌له‌فیزیۆن) کاری ده‌کرد و بۆ ئێوارانیش له‌ شانۆکانی کۆمیونیتی و زانکۆکان به‌ خۆڕایی و بێبه‌رامبه‌ر نمایشی ده‌کرد وه‌کوو هۆڵی شانۆی هارت هاوس.
له‌ شانۆ و درامای کۆمیونیتییه‌کان پێشبڕکێ هه‌بوو وه‌کوو فیستیڤاڵی درامای دۆمینیۆن که‌شانۆی که‌نه‌دی سازی ئه‌کرد له‌میانی مه‌شق و ڕاهێنانی ئه‌و ئه‌کته‌ر و نووسه‌رانه‌ی که‌ له‌ توانایاندایه‌ سه‌رکه‌ون بۆ پاڵه‌وانێتی شانۆیه‌کی به‌ڕاستی که‌نه‌دی. چالاکییه‌ شانۆییه‌کان پرۆگرامی درامای له‌ زانکۆکان داڕشت و به‌رهه‌می تیپه‌ شانۆییه‌ گه‌ڕۆگه‌کانیش که‌وتنه‌ گه‌شتکردن بۆ مه‌ڵبه‌نده‌ بچووکه‌کان به‌تایبه‌تی بۆ مه‌ڵبه‌ندی ئیلیزابس ستێرلینگ هاینس بۆ بەدەستهێنانی خه‌ڵاتی شانۆیی ئیدمنتۆن، هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی ئیلیزابس ستێرلینگ هاینس که‌ به‌خه‌ڵاتی ستێرلینگ ناونراوه‌، ‌ یه‌کێکه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی (مه‌ڵبه‌ندی بانف)ە بۆ هونه‌ر.(٣)
مامۆستای شانۆ هارمان ڤۆدن ڕایگه‌یاند‌؛ “له‌و بڕوایه‌دا بووه‌ ‌که‌ ئه‌وه‌‌‌ ستایڵێکی شانۆییه‌ که‌ گوزارشتی له‌ ڕوحی که‌نه‌دییه‌کانی ‌باکوور و ” سه‌مفۆنیای ده‌ربڕینخوازی” کردووه‌. هونه‌رمه‌نده‌کانی تریش به‌ ئاراسته‌ی داهێنانی شانۆی ڕه‌سه‌ن که‌وتنه‌ کارکردن. دۆرا ماڤۆر موور کۆمه‌ڵگەی شانۆی نوێی له‌گه‌ڵ چه‌ند شانۆنووس و ئه‌کته‌ری تردا دامه‌زراند وه‌ک جۆن کۆڵته‌ر، لیسته‌ر سننگله‌ر، ماڤۆر موور . وه‌ هەروەها باوه‌ پییر ‌و ئیمڵی لێگاوتش تیپی دی سان لۆرانییان له‌گه‌ڵ جین گاسکۆن و ده‌نیس پێلێتیه‌ر و جین لویس رۆکس، دامه‌زراند.
له‌و ماوه‌یه‌ی ئه‌و دوو تیپە و ئه‌و تیپانەی له‌وان و له‌ده‌وروبه‌ری ئه‌وانه‌وه‌ له‌دایک بوون وه‌ک ڤیستیڤاڵی ستراتفۆرد (٤) و شانۆی دو موند نۆڤۆ، داهێنانی شانۆییان ئه‌نجام ئه‌دا، کاره‌کته‌رێکی بچووک و نامۆ که‌ به‌رگی کاندیانزی له‌به‌ر بوو له‌ مۆنتریاڵ موژده‌ی له‌دایکبوونی جۆرێکی تری شانۆیدا. فریدۆڵین داهێنه‌ری گراتین گلیناس، منداڵ خستنه‌وه‌ی تیک-کۆک ،کێ کۆمیدیای کانداینیسی هێنایه‌ بوون و ..تاد، شانۆنووسه‌کانیش وه‌کوو مارسێڵ دوبێ فرانگۆیس لۆرانگه‌ر، که‌ شانۆگه‌رییه‌کانی له‌وێدا نمایش کراون.

دیمه‌نێک له‌ شانۆگه‌ری مارش هه‌ی له‌ فیستیڤاڵی شانۆیی له‌ساڵی ١٩٩٦

شانۆی هه‌رێمایه‌تی و شانۆی ئه‌لته‌رناتیڤ

له‌ کۆتایی ده‌یه‌ی په‌نجاکان و شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، شانۆی هه‌رێمایه‌تی له‌ زۆربه‌ی ناوه‌ند‌ی شاره‌کان له‌سه‌رتاسه‌ری کەنەدا دامه‌زرا. ناوه‌ندی شانۆی مانیتۆبا(١٩٥٨)، شانۆی یانە هونەرییەکان ( ١٩٥٨)، شانۆی نیپتۆن ( ١٩٦٣)، هۆڵی شانۆی ڤانکووڤەر ( ١٩٦٣)، شانۆی ستەیدڵ (١٩٦٥)، شانۆی گڵۆب (١٩٦٦)، شانۆی نیوبرۆنزویک ( ١٩٦٨)، شانۆی گالگەری ( ١٩٦٨). شانۆی ئه‌لته‌رناتیڤ و ئه‌زموونگه‌ری له‌به‌شی ئینگلیزی که‌نه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا. ۆرک شۆپی به‌رهه‌مهێنان لە تۆرۆنتۆ (١٩٥٩)، شانۆی پاسی مورێڵ ( ١٩٦٨) و شانۆی فاکتری( ١٩٧٠)و له‌به‌شی فه‌ره‌نسی(گروپی کار) که‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر گه‌شه‌کردنی شانۆی که‌نه‌دی و هه‌ندێجاریش شێوازی دۆکیمێنته‌ری ده‌کرده‌وه‌ و داهێنانی به‌کۆمه‌ڵیان ئەنجام دەدا.
له‌سه‌ده‌مین ساڵیادی دروستبوونی که‌نه‌دا، له‌ ساڵی ١٩٦٧ تەکانی زیاتر درا بۆ پشتیوانی نووسینی شانۆ و به‌رهه‌مهێنان، له‌وانه‌ شانۆگه‌رییه‌کانی جۆرج ڕایگا، جه‌یمس ڕینه‌ی و جۆن هاربێرت. ساڵی ١٩٦٨ شانۆگەرییە دوو پەردەییەکەی مایکڵ ترامبڵی لەسەر شانۆی مۆنتریاڵ نمایشکرا، کەبووە هۆی پێشکەشکردنی جوال( دایەلێکتی (شێوە ئاخاوتنی) چینی کرێکاری کوبێک بوو) بە شانۆی کوبێک.
لەدەیەی حەفتاکان لەگەڵ بڕیاری گەشەپێدان و بەرەپێدانی شانۆی کەنەدی، گەلێ شانۆی بچووک بچووک هاتنە دەرکەوتن. شانۆی تاراگۆن کە بیل گلاسکۆ و جینی هاوژینی دایان مەزراندبوو، کەوتنە پشتیوانی کردنی نووسەرانی ئیندیڤیجواڵ لە چەشنی دەیڤد فرێنچ، دەیڤد فریمان، مایکڵ ترێمبلەی بە وەرگێڕانی هەریەک لە( گلاسکۆ و جان ڤان بورک)، کارۆڵ بۆڵت، شارۆن پۆڵۆک، ئیریکا ڕیتەر، ئاڵن ستراتن، دودیس تۆمسن و جەیسن شێرمان. هەروەها لەساڵی ١٩٧١ جان گرەی و لاری لیللۆ شانۆی تەماهنۆسیان لەشاری ڤانکووڤەر دامەزراند. شانۆی ئازادی تۆرۆنتۆش دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی کارە ئەزموونگەراییەکانی تۆم هێندری و مارتین کینچ و جان پالمەر و هەروەها ئەندراس تان و دەرچوانی تری زانکۆی ساسکاچوان، شانۆی شەقامی ٢٥یان لەشاری ساسکاتوون دامەزراند. ساڵی ١٩٧٢ لە هەرێمەکانی ماریتامیز هەریەک لە کریس برووکس و لین لوند شانۆی مەمەرتراوپسیان دامەزراند و ئینجا هەریەک لە ئێڤلین گاربەری، تۆم میللەر، سارا لی لویز شانۆی پەری دەریایان لە هەرێمی نۆڤاسکۆشیا دامەزراند کە شانۆیەکی ئیستعرازی جەماوەری بوو بۆ توێژی گەنج. هەر لە هەمان ساڵ لە هەرێمی ئەلبێرتا، دۆگلەس ڕیسک و لوسیل واگنەر پڕۆژەکانی شانۆی ئەلبێرتایان دامەزراند وەک شانۆیەک بۆ بینەری گەنج، کە دواتر گەشەی پێدرا بۆ شانۆیەکی هەرێمی گەشەسەندوو بۆ گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی کاری نوێ لە میهرەجانی پلەی رایتس. لە شاری کالگەریش شانۆی پەمهاوس لە پاشماوەی شارەوانی پەمهاوسی مێژوویی هاتە دامەزراندن. ساڵی ١٩٧٣ لە مانیتۆبا، وۆرشۆپی شانۆی مانیتۆبا دامەزرا، کە دواتر بوو بە شانۆی پیریەر ئێسکسچەینج و دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی کاری تازە و میهرەجانی بلیسش لە وەرزی هاوین لە شارۆچکەیەکی ئۆنتاریۆ هاتە بەڕێوەبردن. لە ساڵی ١٩٧٤ و لە شاری برۆنزویک شانۆی جەماوەری ئەکەدیا دامەزرا. ساڵی دواتر ژمارەیەک تیپی شانۆیی هاتنە دامەزراندن لەوانە شانۆی ئەزموونگەری مۆنتریاڵ ( کەدواتر ناوەکەی گۆڕدرا بە شانۆی ئەزموونگەری نۆڤیۆ)، شانۆی نێتوۆرک، شانۆی نۆرترن لایت لە ئیدمنتۆن؛ شانۆی بێلفری لە ڤیکتۆریا، شانۆی کەنەدی مەزن لە ئۆتاوا. شانۆی کاربۆن ١٤ لە مۆنتریاڵ. ساڵی ١٩٧٨ پێکهاتنی گەلێ شانۆی وەرزشی لە کالگەری، وۆرکشۆپی شانۆی ڕۆژئاوایی لە ئیدمۆنتۆن، شانۆی رایزینگ تاید لە ساین جان، شانۆی ناکای لە شاری وایت هۆرس بەخۆوە بینی.
شانۆی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جەماوەرییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لەمێژووی شانۆی کەنەدی گێڕاوە بەجەغدکردنە سەر داگیرکردنی پانتایی هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی شانۆی کەنەدی. ساڵی ١٩٧٧ شانۆی کاتالیست لەلایەن ژمارەیەک لە خوێندکارانی خوێندنی باڵای زانکۆی ئەلبێرتا هاتە دامەزراندن. ساڵی ١٩٨٤ گراوند زیرۆ پرۆداکشن لەگەڵ کۆمەڵگە و ڕێکخراوە کرێکارییەکان، بەئامانجی گۆڕینی کۆمەڵایەتی، کەوتە کارکردن. ساڵی ١٩٧٩ شانۆی نایتوود ژمارەیەک شانۆگەری سەبارەت بە پەروەندەی بەهێزی فیمینیستی، چەشنی شانۆنامەی (هاوڕێ لە کاتی ناڕێک ئەجندای ناوازە)، بەرهەمهێنا.
بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی، سەرکەوتنی جەماوەری گەورەی لەساڵەکانی ١٩٧٨ و ١٩٧٩ لەسەرتاسەری کەنەدا بەدەستهێنا. شانۆنامەی (بیڵی بیشۆپ دچێت بۆ شەڕ) بە گەشتێکی نیشتمانی لەگەڵ ژمارەیەک ئەکتەر و دا‌هێنەر وەک جان گرەی، ئیریکا پیتەرسن؛ لە ڕۆڵی ماگی و پییەر بەهێنانەپێشچاو و نواندنی لیندا گریفتس بە نیشاندانی چیرۆکی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ترودۆ و وەیواردی هاوسەری، توانی سەرنجی هەموو جیهان ڕابکێشێت.
بەهاتنی دەیەی هەشتاکان، شانۆنامەکانی جۆرج ف وۆڵکەر و شارن پۆڵۆک لە سەرتاسەری کەنەدا و دەرەوەی کەنەداش هاتنە نمایشکردن؛ وەک شانۆنامەکان نمایندەی ئەلتەرناتیڤی نوێ بوون هەنگاویان نا بەرەو دامەزراندنی شانۆی هەرێمایەتی و هەروەها بەرەو شانۆی بەریتانی و ئەوروپی و ئەمریکی و دەرەوەی ئەوانەش. تیپەکانی وەکوو نێسیسەری ئەنجڵ ١٩٨١ و شانۆی ڕیپەیر ١٩٨٢ ئەزموونگەراییانە لەگەڵ بەرهەمهێنان لە شوێنە دۆزراوەکان بە شێوازی تازە و داهێنەرانەی شانۆ، کەوتنە کارکردن. ساڵی ١٩٨٦ دانیاڵ مەکلڤۆر لەڕێگەی شانۆنامەی دە دە کامیرا، توانی مەنەلۆگە نائاساییەکان و لوغزە سایکۆلۆژییەکان بخاتە بەرچاوی بینەر.
لە شارەکانی مۆنتریاڵ و تۆرۆنتۆ و ڤانکووڤەر، گەلێ شانۆی تایبەت بە گەشەپێدانی کاری کلتوورە جیاوازەکانی دانیشتوانی کەنەدا پێکهێنرا؛ وەکوو وۆرکشۆپی شانۆی بلاک (١٩٧٢) و شانۆی تێسری دونیا ( ١٩٨١) و پڕۆژەی شانۆیی کاهووت ( ١٩٨٦) و تیپی شانۆیی ئۆبسیدیان(٢٠٠٠) و تیپی شانۆیی فوجینی ئاسیایی- کەنەدایی ( ٢٠٠٢) و شانۆی نیوۆرلد (١٩٩٤). هونەرمەندانی بەرچاوی شانۆی کەمایەتی، جیاوازی درامییان لەمیانی گێرانەوەی چیرۆکەکانیان دەربارەی خەڵکە بنەڕەتی و موهاجیرەکان و کەشفکردنی کارتێکردن و پێکدادانیان لەگەڵ کۆمەڵگەی مەوجود، نیشان دەدا. شانۆی نەیتیڤەکانی کەنەداش دەگەنە جەماوەرێکی بەرین لەکەنەدا و دەرەوەی کەنەدا لەمیانی کارەکانی تۆمسن هایوەی، مۆنیکا مۆجیکا، دانیال دەیڤد مۆسس، درو هەیدن تایلەر،ماری کلێمێنتس، کێنت ویلیەمز، و زۆری تر.
بزووتنەوەی فرینج کە میهرەجانی ساڵانەی شانۆییە لە ئیدمنتۆن دامەزرا، وەک مۆڵگەی کەشەسەندی شانۆی نوێ کە هەموو هاوینێک لەسەرجەم شارەکانی کەنەدا، دێتە سازکردن.
لە ساڵی ٢٠٢٠، شانۆی کەنەدی بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کرۆناوە داڕووخا. کۆڤید ١٩ کەلە چینەوە سەریهەڵدا و بەخێرایی بەجیهاندا بڵاوبۆوە، بووە هۆی داخستنی شوێنە گشتییەکان وداخرانی شارەکان. بۆیە زۆرێک لە تیپە شانۆییەکان هەوڵیاندا بەرهەمەکانیان لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە نمایش بکەن بە ژمارەیەکی کەم لە ئەکتەر، یانیش بەهۆی پرۆگرامی زووم کە ئەکتەرەکان بەهۆی ئەنتەرنێتەوە پێکەوە لەڕایەڵەدان، نمایشەکانیان بخرێنە سەر سکرینی کۆمپیوتەرەکان. بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە، هونەرمەندانی شانۆیی بۆ ماوەیەک ڕووبەڕووی بێکاری بوونەوە.(٥)

پەراوێزەکان وەرگێر ئامادەی کردوون:.
(١)ئەکتەری ئیمائییەکان بەو هونەرمەند و ئەکتەرانە دەوترێت کە لەگەڵ هونەرمەندە هاوپیشەکانیان لەشوێنێکەوە دەچوون بۆ شوێنێکی تر یانیش نمایشی شانۆییان ئەنجام دەدا. ئەم ئەکتەرانە خۆشی لە جەژن و کار و نمایشی سەرشانۆ وەردەگرن کە زۆربەی کات نمایشەکەیان کۆمیدیین وەک ئاماژە بە ڕووداوێکی فاشل یان نالۆژیک یان دروستکراو.
(٢)ئەم تیپە لە شاری مۆنتریاڵ لە هەرێمی کوبێک لەساڵی ١٨١٧ دامەزرا. بەڕیوەبەری تیپەکە کاپتن جۆزیف بوو. یەکەم بەرهەمیان شانۆگەری گریگۆری وەڕسکەرە مەزنەکە و پاشان دەقێکی مۆلێریان نمایش کرد. پاشان گەلێ کاری ئیستیعرازییان ئەنجامدا. لەساڵی ١٧٨٩-١٧٩٠ تیپەکە دەچێتە شاری کوبێک و دوای چەندین شوێنی کاتی، لەساڵی ١٨٠٤ هۆڵی شانۆی پەتەگۆنیان وەک بارەگای تیپ دروست کرد.
(٣)مەڵبەندی بانف بۆ هونەر مەڵبەندێکی کەوتۆتە شاری بانف لە هەرێمی ئەلبێرتا و لەساڵی ١٩٣٣ لەلایەن زانکۆی ئەلبێرتاوە دامەزراوە. پرۆگرامە هونەرییەکانی وەکوو نمایش و شێوەکاری و میدیا و مۆسیقا و ئەدەب و ئەدەبی نەیتیڤ و تیا دەخوێنرێت.
(٤)فیستیڤاڵی ستراتفۆرد، فیستیڤاڵێکی شانۆییە کە لەنێوان نیسان تا تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک لە شاری ستراتفۆرد لە هەرێمی ئۆنتاریۆ دێتە سازدان.
(٥)ئەم نووسینە لەڕاستیدا پرە لە ناوی کەس و تیپ و شوێن و ڕووداو، کاتێک ویستم پەراوێزیان بۆ بنووسم، بینیم هەویرێکە و ئاو زۆر دەکێشێت. بۆیە جگە لەم دوو سێ پەراوێزەی سەروە، ئیتر وەکوو خۆی لێی گەڕام تا ئەگەر خوێنەر ویستی زانیاری لەسەر هەر ناو و ڕووداو و تیپێک دەست بکەوێت، دەتوانێت لەڕێگەی گووگڵەوە ئەو کارە بکات.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سه‌رچاوه‌ی ئه‌م نووسینه‌ ئینسایکلۆپیدیای شانۆی که‌نه‌دییه‌
http://www.canadiantheatre.com/dict.pl?term=History%20of%20Canadian%20Theatre




راوبۆچوونی هونه‌رمه‌ندانی كوردستانی باكوور و رۆژهه‌ڵات و باشوور له‌سه‌ر دووه‌مین خوولی فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك

ئا- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی ، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری و هونه‌ری كه‌ركووك به‌ هاوكاری ده‌زگای فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك ،له‌ شاری كه‌ركووك دووه‌مین فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك خوولی هونه‌رمه‌ند (عه‌لی كه‌ریم) بۆ ماوه‌ شه‌ش رۆژله‌ 25تا 30-12-2021 ساز كرد، له‌ كۆتایی فیستیڤاڵ خه‌ڵات به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتووان دابه‌ش كرا.
فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌به‌شداری 14 گروپی شانۆیی له‌ هه‌ر پارچه‌ی كوردستان له‌ شاری كه‌ركووك به‌رێوه‌ چووه‌ ، ئه‌مه‌ش دووپاتكردنه‌وه‌ی كوردستانی بوونی شاری كه‌ركووكی سه‌لمانده‌وه‌ زیاتر 300 هونه‌رمه‌ندی شانۆكار له‌ هه‌رچوار پارچه‌كانی كوردستان وه‌كو میوان بانگێشتی فیستیڤاڵه‌كه‌ كرابوون .
له‌فیستڤاڵه‌كه‌دا 14 شانۆگه‌ری نمایش كرا دوانزه‌ نمایش چوونه‌ نێوپێشبڕكێ فیستیڤاڵه‌كه‌، له‌ كۆتاییدا، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دادوه‌ری كه‌پێك هاتبوون له‌ هونه‌رمه‌ندان (قوتبه‌دین سادقی ، حه‌یده‌ر مونه‌عسه‌ر ، گه‌زیزه‌ عومه‌ر ،عه‌بدولڕه‌زاق محه‌مه‌د) خه‌ڵات به‌سه‌ر باشترینه‌كان دابه‌ش كرا كه‌به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ بوو :
خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری كوڕ سێ هونه‌رمه‌ند كاندید كرا بوون، كه‌ بریتی بوون له‌ (عه‌لی نامیق ، یاوز ئاكۆز، محه‌مه‌د موسا) له‌ ئه‌نجامدا هونه‌رمه‌ند (یاوز ئاكۆز ) له‌ شانۆگه‌ری ته‌رتوف خه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ ده‌ست هێنا .
بۆخه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر كچ سێ ئه‌كته‌ری كاندید كرابوون بریتی بوون له‌ (چاوان خه‌لیل، فرمێسك زینه‌ل، شاهپه‌ری ئه‌لفان) هونه‌رمه‌ند چاوان خه‌لیل خه‌ڵاته‌كه‌ب به‌ده‌ست هێنا.
خه‌ڵاتی باشترین سینۆگرافیا سێ هونه‌رمه‌ند كاندید كرابوون كه‌بریتی بوون له‌ ( بارزان مدحه‌ت ، شیراز عزیز ،روگه‌ش كرك) خه‌ڵاتی باشترین سینۆگرافیا درا به‌ هونه‌رمه‌ند روگه‌ش كرك.
خه‌ڵاتی باشترین به‌رهه‌م سێ ده‌رهێنه‌ر كاندید كرابوون كه‌بریتی بوون له‌هه‌ریه‌ك له‌ شانۆگه‌ری ( “روگه‌ش كرك، عومه‌ر شاهین ، جیهاد ئیكنجی” ،مه‌هدی حه‌سن،روكنه‌دین گون) له‌ كۆتایی دا ده‌رهێنه‌ر (ڕوكنه‌تین گۆن ) خه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ست هێنا.
وه‌كو ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی له‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ ئاماده‌ بوون به‌باشمان زانی راوبۆچوونی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ وه‌ربگرین لێره‌دا ده‌یانخه‌ینه‌ روو:
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك خوولی دووه‌م شكۆ عومه‌ر له‌سه‌ر كۆی فیستیڤاڵ ووتی” ئێمه‌ دوای ته‌وابوونی خوولی یه‌كه‌می فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك له‌ ساڵی 2019 خۆشبه‌ختانه‌ سازكرا له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای فیستڤاڵ دانیشتین كه‌ ئه‌و فیستیڤاڵه‌ به‌رده‌وامی پێبده‌ین یه‌كێك له‌ راسپه‌رده‌كانی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندین خوولی یه‌كه‌می فیستیڤاڵ ئه‌وه‌ بوو كه‌ شانۆكارانی كه‌ركووك له‌ئێستادا ئه‌نجامدانی فیستڤاڵێكی نێو ده‌وڵه‌تی كارێكی قورسه‌، به‌ڵام ده‌توانن فیستیڤاڵێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردی سازبده‌ن خۆش به‌ختانه‌ توانیمان ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ین فیستیڤاڵه‌كه‌مان بكه‌ینه‌ فیستڤاڵێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان،دوای ئه‌وه‌ 25 نمایشمان بۆ لیژنه‌ی بینین نێردرا لیژنه‌كه‌ بڕیاری دا 14 نمایش وه‌ربگرین 12 نمایش بۆ پێشبركێ و 2 نمایش له‌ په‌راوێزی فیستیڤاڵه‌كه‌ نمایش كران ،فیستیڤاڵ شه‌ش رۆژ ی خایاند به‌ئاماده‌ بوونی زیاتر له‌ 300 شانۆكاری ده‌روه‌ی شاری كه‌ركووك له‌گه‌ڵ بینه‌رو شانۆكارانی كه‌ركووك هه‌روه‌ها ئێمه‌ توانیمانه‌ له‌پاڵ نمایشه‌كان كۆڕ و سیمنار بۆ شانۆگه‌رییه‌كان ئه‌نجام بده‌ین له‌هه‌مان كاتدا رۆژنامه‌یه‌كی رۆژنه‌ی فیستیڤاڵمان هه‌بوو رۆژانه‌ به‌شێوازی كورمانجی و سۆرانی له‌پاڵ زمانی عه‌ربی ده‌رده‌چوو كاروچالاكیانی فیستیڤاڵ و وتار بۆچوونی هونه‌رمه‌ندانی بڵاو ده‌كرده‌وه‌ هه‌روه‌ها ئێمه‌ سێ ۆرك شۆپمان بۆ فێرخوازانی شانۆ هه‌بوو كه‌ له‌ شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك راهێنه‌ره‌كانمان بانگێشت كردبوون به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئێمه‌ هه‌وڵمان داوه‌ هونه‌رمه‌ندان بخینه‌ نێو كه‌شێكی هونه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش رۆژه‌یه‌ زیاتر ئه‌زموونی یه‌كتری ببینین خۆشبختانه‌ ئه‌و فیدباكه‌ی رۆژنی فیستیڤاڵمان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ فیستیڤاڵكه‌ سوودێكی باشی هه‌بووه‌، چه‌ندین بیروڕا له‌نێون هونه‌رمه‌ندان ئاڵوگۆر كراون “.
هونه‌رمه‌ند به‌رفین ئاماكتار له‌ كوردستانی باشوور ئه‌ندامی تیپی شانۆی ئامه‌د،به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌نمایشه‌كان و فیستیڤاڵی كه‌ركووك ده‌كات ” فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زۆر باش ده‌بینم، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ زمانی كوردی به‌باشی حاڵی نه‌ده‌بووم بۆیه‌ له‌ چه‌مه‌كی شانۆگه‌رییه‌كان حاڵی نه‌ده‌بووم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر دڵخۆشی كردم له‌م فیستیڤاڵه‌دا ناسینی كۆمه‌ڵێ له‌ شانۆكار و مامۆستای شانۆی كورد بوو. من سی ساڵه‌ له‌ بواری شانۆكار ده‌كه‌م به‌ڵام ماخابن له‌توركیا قسه‌كردن به‌ زمانی كوردی قه‌ده‌غه‌یه‌ بۆیه‌ ناچار بووین زۆبه‌ی شانۆگارییه‌كان به‌زمانی توركی پێشكه‌ش بكه‌ین هه‌ندێك جاریش به‌نهێنی شانۆگه‌رییه‌كانمان به‌زمانی كوردی نمایش كردوه‌ دووباره‌ مخابن من له‌ دیالكتی زمانی باشوو و رۆژهه‌ڵات تێنه‌گه‌یشتم..سه‌باره‌ت به‌ رۆڵه‌كه‌ی من له‌ شانۆگه‌ری “ته‌رتوف” رۆڵی خێزانی پاشام ده‌بینی كه‌ كاره‌كته‌رێكی پۆزتیڤ بوو هیودارم رۆڵه‌كه‌م به‌سه‌ركه‌تووی ئه‌نجام دابێت”.
هونه‌رمه‌ند فه‌ریدونی حامیدی له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌شاری سنه‌ به‌رێوه‌به‌ری حه‌ڤده‌هه‌مینی خوولی شانۆی سه‌قز به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌فیستڤاڵه‌كه‌ ده‌كات ” وه‌ك خه‌ونێك ،وه‌ك خوولیایه‌ك هه‌میشه‌ ئێمه‌ی شانۆكاری كورد ئاواتمان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بتوانین هونه‌رمه‌ندانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان ، له‌ شوێنك كۆ ببینه‌وه‌،بۆئه‌وه‌ی كاره‌كانی یه‌كتر ببینین، سوپاس كه‌ شانۆكارانی كه‌ركووك ئه‌م هه‌وڵیان داوه‌ ،كه‌ئه‌مه‌ دوومین خوولی شانۆی كه‌ركووكه‌ ،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وشته‌ی من چاوه‌ڕوانیم ده‌كرد نه‌م بینی ، له‌وانه‌یه‌ هۆكاری زۆر هه‌بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی شانۆكاران له‌ نێوان هونه‌رمه‌ندانی هه‌رچوار پارچه‌ نه‌بێت پێویسته‌ ئێمه‌مانان تۆڕێكی په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاگامان له‌یه‌كتری بێت ،من له‌و بابه‌ته‌وه‌ ره‌خنه‌م له‌ فیستیڤاڵ هه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر دووكار له‌ رۆژهه‌ڵات یان له‌ باشوور یان له‌ هه‌ر شوێنێكی تر بۆ فیستیڤاڵ بانگێشت كراون له‌وانه‌یه‌ ئیشی باشتریش هه‌بێت بۆیه‌ ده‌بێ فیستیڤاڵ دوور بێت له‌ هاورێیه‌تی و په‌یوه‌ندی تاكه‌ كه‌سی له‌سه‌ر ئاستی كوالێتی ده‌زگاكان بێت واته‌ ده‌زگایه‌كه‌نمایشه‌كان ده‌ست نیشان بكات بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌ی باش ده‌ست نیشان بكات بۆفیستیڤاڵ چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌یه‌ك دوو رۆژی فیستیڤاڵ له‌ ئاستی خواره‌وه‌ بوو ،بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بێت فیستڤاڵ بۆ ساڵانی داهاتوو به‌رده‌وام بێت ، ده‌بێت كاره‌كان به‌پسپۆری بكرێت كه‌ ئاواتی گشتمانه‌ ،به‌ڵام ده‌بێ ئێمه‌ دانیشین لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین گروپه‌ باشه‌كان بۆ نه‌هاتوون ئایا گرفت له‌ ئێمه‌یه‌ یان ئه‌وان كێشه‌یان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ فیستیڤاڵ یان له‌گه‌ڵ تاكه‌كه‌س، چونكه‌ من هه‌ست ده‌كه‌م ئاستی شانۆی كوردی له‌ونمایشانه‌ی تائێستا بینیومانن به‌رزتره‌ من كاری باشترم بینیوه‌ ئه‌وان كاری ئێمه‌یان بینوه‌ بۆیه‌ ده‌بێ كۆببینه‌وه‌و گفتۆ گۆ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌بینی شانۆییه‌كان ماندوییمان به‌حه‌سێته‌وه‌وچێژ وه‌ربگرین ، نه‌وه‌ك ئاخ هه‌ڵبكێشین بڵێین بریا وا نه‌بوایه‌ بریا باشتر بوایه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ ناخۆشه‌ ئێمه‌ كه‌ هاتوون سه‌ردانی كه‌ركووكی دڵی كوردستان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تری پارچه‌كانی كوردستان ئاشنا ببین ئه‌مش هه‌نگاوێكی به‌رزه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ده‌سكه‌وته‌ چونكه‌ ئێمه‌ كاتێ كۆده‌بینه‌وه‌ جیا له‌ شانۆ باسی زۆر شتی تریش ده‌كه‌ین هیودارین بۆساڵانی داهاتوو كاری جوانترو باشتر
هه‌ڵبژێرین”.
هونه‌رمه‌ند خاتووجوان سه‌عید به‌م شێوه‌یه‌ بۆچوونه‌كانی خۆی له‌مه‌ر فیستیڤاڵه‌ك خسته‌ روو” فیستڤاڵه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانه‌ ، تاڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتووه‌،بێگۆمان كه‌مووكوڕی له‌ هه‌موو فیستیڤاڵه‌كه‌ دا ده‌بێت له‌م فیستیڤاڵه‌دا نمایشی جوانمان بینی ، هه‌بوو ئاستی زۆر باشی هه‌بوو له‌ هه‌مان كات دا هه‌بوو ئاستی مام ناوه‌ند بوو ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شانۆگه‌ری هه‌بوو هی ئه‌وه‌ نه‌بوو بێته‌ ناو فیستیڤاڵ .. من وه‌ك به‌شدار بووه‌یه‌كی فیستڤاڵه‌كه‌ كێشه‌ی هۆڵ و كێشه‌ی كاره‌با مان هه‌بوو بۆ نموونه‌ ئێمه‌ هیچ كاتمان نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی پرۆڤه‌ له‌سه‌ر رووناكی و موزیك بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌مانه‌ به‌شێكی گرنگن بۆ كارئه‌كته‌ره‌كه‌ هیودارم بۆ ساڵی ئاینده‌ ئه‌گه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ له‌ وه‌رزی زستان ئه‌نجام درا ژه‌می نان خواردن ببێته‌ دوو ژه‌می نان خواردن چونكه‌ خواردن كاتێكی زۆری له‌ئێمه‌ ده‌برد ،ئه‌و كاته‌ی بۆ نان خواردن ته‌رخان ده‌كرێت بدرێت به‌ سیمناره‌كان زۆر باشتره‌ ئه‌مه‌پێشنیاری منه‌ دووباره‌ ده‌ست خۆشی له‌رێخكه‌رانی فیستیڤاڵ ده‌كه‌م”.
هونه‌رمه‌ند د.هاوڕێ زه‌نگه‌نه‌كه‌له‌ده‌روه‌وی وڵات بانگێشتی فیستیڤاڵه‌كه‌ كرابوو ووتی” سه‌ره‌تا زۆر سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ به‌ڕاستی ئه‌و فیستیڤاڵه‌ رۆڵێكی زۆ رگرنگی هه‌یه‌ سازادانی ئه‌و فیستیڤاڵه‌ له‌ شاری كه‌ركووك تایبه‌ت مه‌ندییه‌كی گه‌وره‌و مه‌زنی هه‌یه‌ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ له‌سه‌رووی هه‌موو توانه‌كانی ترن ، مه‌به‌ستم له‌ هه‌موو ئه‌و توانایانه‌ی له‌ مێژووی ئه‌وشاره‌دا هه‌یه‌ ئه‌م فیستیڤاڵه‌ گه‌ورتره‌ بۆ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆكه‌،مه‌یدانی سه‌كۆی شانۆ،ناو هۆڵی فیستیڤاڵ ناو شاری كه‌ركووك بووته‌ به‌نمایش بۆ بووه‌ته‌نمایش؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێ ئێمه‌ ئه‌و شانۆكارانه‌ له‌ هۆڵی شانۆیه‌كه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ هۆڵێكی تر سه‌رنجی هه‌موو خه‌ڵك رائه‌كێشێت ئه‌م سه‌رنج راكێشانه‌ ده‌بێته‌هۆی پرسیار كردن له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌پرسن ئه‌وه‌ چییه‌؟ ده‌ڵێن ئه‌وه‌ فیستیڤاڵی شانۆییه‌ كه‌واته‌ له‌ مێشكی مرۆڤه‌كان شتێك دێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ شانۆییه‌ باشه‌ ده‌ڵین فیستڤاڵی شانۆیی كوێ؟ ده‌وترێت فیستیڤاڵی شانۆی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان كه‌واته‌ ئه‌مه‌ خاڵێك ده‌چێته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و زاكیره‌ی له‌مێشكی منایه‌ وه‌ك خه‌ڵكێكی كه‌ركووكی كه‌له‌ باو باپیرانمه‌وه‌ هه‌موو ئاواتمان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ كه‌ركووك به‌شێكه‌ له‌ چوارپارچه‌ی كوردستان ،وه‌چوارپارچه‌ی كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌كه‌ركووك ،واته‌ ته‌واوكه‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هزرییه‌ ،كه‌ئێستا شانۆ ده‌یكات كه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نه‌یتوانیوه‌ بیكات ،وه‌ ئه‌مڕۆكه‌ ئه‌و هیوایه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ی باوباپیرانمان كه‌هه‌موو كاره‌سات و رۆژگارانیان پێوه‌ چێشتووه‌ ،ئه‌مڕۆ شانۆ توانی ئه‌و سه‌كۆیه‌ بكات به‌ سه‌كۆیه‌كی تری واته‌ سه‌كۆیه‌ك نییه‌ ته‌نیا ئه‌كته‌رێك كار بكات نه‌خێر ، به‌ڵكو سه‌كۆیه‌ك كار ده‌كار ده‌كات ،هۆڵه‌كه‌ كارده‌كات ، ده‌ره‌وه‌ كار ده‌كات ،نمایشه‌كان كار ده‌كه‌ن هه‌موو مرۆڤه‌كان كار ده‌كه‌ن به‌یه‌ك هیوا و به‌یه‌ك ئامانج ئه‌م یه‌ك هیواو ئامانجه‌ ده‌چێته‌ هزری هه‌موو به‌شداربووانی خه‌ڵك به‌شداربووانی شانۆكاران به‌شدار بووانی نمایش كاران به‌شدار بووانی هزرمه‌ندان له‌رێگه‌ی نمایشه‌كان وسیمناره‌كان كه‌واته‌ خوڵقاندێك دروست ده‌بێت وه‌كو یه‌كه‌مین رۆژی كردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌ وایه‌ چونكه‌ رۆژێك پێش كردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌ هه‌وره‌تریشقه‌ و بارانێك بوو ،تاریكارییه‌ك بوو ڕاسته‌ له‌ولا خاكی ئاودان كرد به‌ڵام له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م رۆژی فیستیڤاڵ خۆر ده‌ركه‌وت ،من ئه‌و خۆره‌ به‌ ره‌سانه‌یه‌تی ئه‌و شاره‌ ده‌زانم كه‌ پێش 2500 ساڵ خۆر ده‌رچووه‌ مرۆڤ پیرۆزبایی لێكرده‌وه‌ سڵاوی داوه‌ پێی ، من ئه‌و خۆره‌ی ئه‌ورۆژه‌م وا بینی تا ئه‌م ساته‌ كه‌ ئێستا خۆر ئه‌بینین ،ئه‌و خۆره‌ به‌خێرهاتنی میوانه‌كان ده‌كات له‌ هه‌ولێر وزاخۆ تا خانه‌قین له‌ سنه‌و سه‌قز و بانه‌ و قامیشلی دیار به‌كر و كۆبانێ تا ئه‌و شوێنه‌ی چاوپڕبكات ،ڕۆشنایی پڕبكات ئه‌م فیستیڤاڵه‌ ئه‌م ماناییه‌ی خۆیه‌تی “.
باشه‌ د. هاوڕێ سه‌باره‌ت به‌ نمایشه‌كان چی ده‌ڵێت؟
“نمایشه‌كان جۆراجۆر و تێكه‌ڵاون،چونكه‌ئه‌مه‌ فیستیڤاڵه‌ تێكه‌ڵاوه‌ ره‌نگه‌ كاره‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ واقعدا نه‌ گونجێت ،كه‌واته‌ ئێمه‌ی كورد پێویستمان به‌ئه‌مڕۆی واقعێكه‌ كه‌ هزرمان بجوڵێنێت بمانخاته‌ ئه‌ندێشه‌وه‌ ، واقعێكم ده‌وێت بمخاته‌ بیركردنه‌وه‌ واقعێك من خۆم بگۆڕم چۆن ئه‌مریكا له‌ دوای 11ی سمپێته‌ر هه‌موو ده‌رهێنه‌ران و نووسه‌ران و شانۆكاران وسینه‌ماكاران وتیان ده‌بێ عه‌قڵی خۆمان بگۆرین له‌سفره‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین،بۆئه‌وه‌ی به‌ گۆڕانێكی نوێ ده‌ست پێ بكه‌ین.. ئێمه‌ش له‌ دوای كاره‌ساتی كه‌ركووك، به‌ڕاستی پێویستمان به‌و هه‌یه‌جانه‌ هه‌یه‌،كه‌مێشك و بیركردنه‌مان بگۆڕین، به‌بیركردنه‌وه‌كی تر بیركردنه‌وه‌ی یه‌ك ریزی له‌ ئاستی خاك دا كاتێ بیركردنه‌وه‌مان گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ئاستی خاك دا یه‌ك ریز بین شانۆ ده‌سه‌ڵاتی ده‌چێته‌ گه‌وره‌ وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌چێته‌ خزمه‌تی خاك هه‌ركه‌سێكیش بیه‌وێ خزمه‌تی خاك بكات ده‌بێ خزمه‌تی شانۆ بكات من به‌و شێوه‌یه‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌بینیم”.
له‌شاری هه‌ڵبجه‌ هونه‌رمه‌ند سه‌ربه‌ست میرزا محه‌مه‌د له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ ووتی” ئێمه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی شاری هه‌ڵبجه‌ به‌ شانۆگه‌ری “ناوی بنێن چی” به‌شداری دووه‌م فیستڤاڵی شانۆی كه‌ركووكمان كرد سوپاس بۆ ئێوه‌ سوپاس بۆ رێكخه‌رانی فیستیڤاڵ ئه‌م خووله‌ی فیستیڤاڵه‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ فیستڤاڵی ساڵی رابردوو نمایشه‌كان باشتر بوون له‌وانه‌یه‌ له‌خواستی ئێمه‌دا نه‌بێت به‌ڵام تاراده‌یه‌ك گۆرانكاری به‌سه‌ر داهاتووه‌ ئه‌مه‌ش ماییه‌ی دڵخۆشییه‌ بۆیه‌ ده‌ست خۆشی له‌ ستاڤی فیستیڤاڵ بكه‌ین ،شانۆگه‌ری (ناوی بنێن چی) له‌ نووسین و ده‌رهێنانی خۆم بوو ، سوودم له‌ ده‌قێكی شكسپیر(رۆمیۆ جولێت) وه‌رگرتبوو كه‌ گوزراشتی له‌بوونی مرۆڤی ده‌كرد باس له‌و ئاریشانانه‌ی ده‌كرد كه‌ تووشی مرۆڤ ده‌بێت ،به‌جۆرێك هه‌ندێ ئاریشه‌ له‌ مرۆڤدا هه‌یه‌ به‌ڵام بیری لێناكه‌ینه‌وه‌، بۆنموونه‌ ئه‌گه‌ر تۆ بیر له‌وه‌ بكه‌یته‌وه‌ بۆ بوویت ؟ ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆت بكه‌ له‌ كوێ ؟ئه‌م كێش و گرفتانه‌م له‌رێگه‌ی كارێكته‌ره‌وه‌ ده‌م خسته‌ به‌ر چاوی بینه‌ر توانیبووم ته‌كنیكی میاو كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سیفه‌ته‌كانی پشیله‌ ،كه‌ له‌بیر چوونه‌وه‌ منیش ئه‌وه‌م خستبووه‌ به‌ر چاوی بینه‌ر كه‌ تۆ شتت له‌بیر ده‌چێته‌وه‌ بۆنموونه‌ مه‌رگه‌ساتێك رووده‌دات له‌ كۆبوونه‌یه‌ك دا ده‌ڵێن خووله‌كێك بۆگیانی پاكی ئه‌و شه‌هیدانه‌ دوای كاتژمێرێك خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌مووی له‌بیر ده‌چێته‌وه‌ ،ئه‌وه‌ په‌یامی من بۆ بینه‌ر كه‌ تۆی داوای مافی خۆت ناكه‌یت، تۆی ناگه‌ریت ، تۆی بیرناكه‌یته‌وه‌”.
هونه‌رمه‌ند دكتۆر مه‌نسوڕ نوعمان مامۆستای كۆلیژی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ولێر له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌ڵێت” سوپاس بۆ خودای گه‌روه‌ دوای ئه‌و هه‌موو وه‌ستان و كۆسته‌ی توشی رۆشنبیری بوویه‌وه‌ وه‌ تووشی ژیان بوویه‌وه‌ هه‌وڵێكی زۆمان دا بۆئه‌وه‌ی وه‌ستان و كۆسته‌دا ده‌رباز بین ، كه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی نه‌گریسی كۆڤید 19 هه‌موو جیهانی گرتبووه‌ ، له‌ ئێستادا له‌رێگه‌ی به‌شێك له‌ نمایاشه‌كان سه‌رله‌ نوێ ده‌ژینه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و به‌ها جوانی و هونه‌ره‌ی كه‌له‌نمایشه‌كان دا بینیمان ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ ئێمه‌ كات وساتێكی نوێمان وه‌رگرت ،له‌ راستییدا هه‌ندێك شانۆگه‌ری زۆر جوان و ئاست به‌رزله‌ م فیستیڤاڵه‌دا نمایش كران به‌تایبه‌تی نماشی كوردستانی توركیا ، به‌جۆرێك نمایشه‌كه‌ زۆر به‌ووردی كاری له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ساتیكای نمایش كرابوو ،زۆر به‌ ووردی كار له‌سه‌ر سینۆگرافیا كرابوو به‌جۆرێك زۆر ساده‌ بوو به‌ ڵام گه‌وره‌ بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و وورده‌كارییه‌ی له‌ میزانسێنی جووڵه‌ دا كرابوو ئه‌مه‌ش به‌ هۆی راهێنان و عه‌شق بوون له‌ جیهانی شانۆدا. هیوام وایه‌ فیستیڤاڵه‌كانی داهاتوو له‌و ئاسته‌دا بن به‌ڵكو باشتریش بێت”.
هونه‌رمه‌ند ئه‌رسه‌لان ده‌روێش به‌م شێوه‌یه‌ بۆچوونه‌كانی خۆی له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو” دووه‌م خوولی فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك ،خوولێكی زۆر سه‌ركه‌وتووه‌ ،له‌رووی رێكخستنه‌وه‌ له‌رووی ئاماده‌ بوونی میوانه‌كان له‌رووی نمایشه‌كان وێرای شاره‌كانی باشوور له‌پارچه‌كانی تری كوردستانی گه‌وره‌ش به‌شداری گرنگ و به‌شداری دیاری تیایه‌ ئه‌م نمایشانه‌،خودی فیستیڤاڵه‌كه‌ ئومێد به‌خشه‌ بزاوتێكی گه‌رم و گوڕی شانۆی و هونه‌ری له‌شاری كه‌ركووكه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ ته‌واوی كوردستان بكرێت ماییه‌ی ئومێده‌ كه‌ ئه‌م فیستیڤاڵه‌ جارێكی تری رۆناكی و رۆشنایی خسته‌وه‌ سه‌ر شاری كه‌ركووك وه‌ جارێكی تر ئه‌و راستییه‌ی دووپات كرده‌وه‌ ،كه‌ ئه‌م شاره‌ له‌ هه‌ناوی كوردستان دایه‌ وه‌ ئه‌م شاره‌ گرنگ و پڕبایه‌خی كوردستانه‌ ده‌توانم بڵیم وه‌ قیبله‌گایه‌ك له‌هه‌موو شوێنێكی كوردستان رووی تێده‌كرێت و ته‌ماشا ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ماییه‌ی خۆشحاڵییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك نمایشی جوانمان بینی ، به‌تایبه‌تی نمایشی (ته‌ڕتوف) له‌ باكووری كورستانه‌وه‌ هاتبوون نمایشێكی تۆكمه‌ جوان بوو له‌ زۆر رووه‌وه‌ ،هه‌روه‌ها فیستیڤاڵه‌كه‌ كۆمه‌ڵی چالاكی له‌خۆگرتووه‌ ، وه‌كو ده‌ركرنی رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌ تایبه‌ت به‌ فیستڤاڵ به‌ زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌رده‌چێت له‌گه‌ڵ كۆڕه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كان ، گفتوگۆی گه‌رمی شانۆكاران به‌تایبه‌تی شانۆكارانی باشووه‌ له‌گه‌ڵ شانۆكارانی پارچه‌كانی تر و به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌گه‌ڵ شانۆكاره‌ عه‌ره‌به‌كان كه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و له‌ شاره‌ جیاجیاكانی عێراق ئاماده‌بوون بۆیه‌ من ده‌ست خۆشیان لێده‌كه‌م ئومێدی سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌و فیستیڤاڵه‌ ده‌خوازم هیوای به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازم له‌ هه‌مان كاتدا زۆر زۆر گرنگه‌ حوكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتیوان بێت له‌ هه‌موو شاره‌كان به‌تایبه‌تی له‌ شاری كه‌ركووك “.
ماوه‌یه‌تی
هونه‌رمه‌ند عادل حه‌سه‌ن له‌شاری دهۆك له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ راو بۆچوونی خۆی خسته‌ روو” من ئه‌وه‌ جاری دووه‌مه‌به‌شداری ئه‌م فیستیڤاڵه‌ ده‌كه‌م ئه‌م خووله‌ باشتره‌ له‌ خوولی یه‌كه‌م ،چونكه‌ كاری شانۆیی هونه‌ری زیاترن نمایشه‌كان له‌ چوار شوێنی گرنگ هاتوون له‌ كوردستانی توركیا ، هه‌رێمی كوردستان عێراق ، كوردستانی ئێران ،كوردستانی سوریا ..هه‌موو نمایشه‌كان كوردین ،له‌ هه‌مان كاتدا ژماره‌ییه‌كی زۆر له‌ شانۆكارانی كورد وه‌كو میوان بانگێشتی فیستیڤاڵه‌كه‌ كراون نمایشه‌كان باشن وه‌ كۆڕه‌شانۆییه‌كان باشن ،له‌ هه‌موو جوانتر رێكخستن و میوان دۆستییه‌ی شاری كركووك به‌شێوه‌یه‌كه‌ مرۆڤ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن بۆیه‌ من ده‌ست خۆشی له‌ رێكخه‌رانی فیستیڤاڵ ده‌كه‌م هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم”.
هونه‌رمه‌ند موه‌فه‌ق عارف له‌هۆنی به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ فیستیڤاڵ ده‌كات ” ده‌ست خۆشی له‌رێكخه‌ران و له‌سه‌ر جه‌م به‌شداربووان و میوانان ده‌كه‌م به‌دڵنیایی ئێمه‌ پیشتگیرو هانده‌رین بۆ سازدانی ئه‌و فیستیڤاڵه‌ به‌تایبه‌تی فیسیڤاڵی كه‌ركووك كه‌لای من شوناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌ ئه‌وه‌تا هه‌ر پارچه‌ی كورد به‌شانۆ به‌ هونه‌رهاتوونه‌ ناو كاییه‌كی مه‌عرفی هونه‌رییه‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌لای من كارێكی زۆر پیرۆزه‌ ،به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌شمان له‌یاد بچێت ،كه‌هه‌ندی كه‌مووكوڕی له‌سازدانی فیستیڤاڵه‌كه‌ هه‌یه‌ له‌رووی كواڵێتی به‌رهه‌مه‌كانه‌وه‌ به‌رهه‌می تیاییه‌ له‌ ئاستێكی باڵاو به‌رزه‌ له‌ هه‌مان كاتدا به‌رهه‌می وای تیایه‌ له‌و ئاسته‌دا نییه‌ بێته‌ ناوفیستیڤاڵ ،ئه‌كته‌ری باڵاو به‌توانامان بینی وه‌ ئه‌كته‌ری بێ تواناوبێ ده‌سه‌ڵات له‌ نواندنمان بینی به‌هه‌مان شێوه‌ش بۆ كایه‌كانی دی بۆیه‌ پێمان باشه‌ ئه‌م فیستیڤاڵه‌كه‌ چوارچێوه‌یه‌ك دیاری بكات كه‌ چ جۆره‌ نمایشێك بێته‌ ناو فیستیڤاڵ واته‌ ده‌بێ پرنسیسێك هه‌بێت ئه‌م كاته‌ شانۆكار ده‌زانێ كه‌ چ ده‌قێك چ نمایشێك بۆ فیستیڤاڵ ئاماده‌ ده‌كات .له‌لایه‌كی تریش من پێم باشه‌ گرنگی زیاتر به‌لایه‌نی تیۆری و لایه‌نی ره‌خنه‌یی بدرێت و زیاتر هه‌ڵسه‌نگاندن به‌نمایشه‌كان بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ره‌كان زیاتری سوود وه‌ربگرین “.
له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر خاتوو سامانه‌ میرزایی له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ ووتی ” ده‌رفێتێك بۆمن هاتا پێش بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌دووه‌م خوولی فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك بكه‌م ئێمه‌ به‌ شانۆگه‌ری (دوورترین شاری جیهان ) وه‌كو گروپی شانۆیی ته‌خته‌ ڕه‌ش به‌شداربوون هیودارم نمایشه‌كه‌مان به‌ دڵی بیینه‌ران بووبێت نمایشه‌كه‌مان باس له‌ چوار پارچه‌ی كوردستانی (رۆژهه‌ڵات ،رۆژئاوا ، باكوور، باشوور)ی ده‌كرد باس له‌ داستانی ژنێك ده‌كات كه‌ چه‌ندساڵه‌ به‌دوای شاری خۆی ده‌گرێت له‌ دوایی ده‌ڵێت: ناتوانم بگه‌رێم ، ماندوو بووم له‌هه‌كان كاتدا ده‌نگه‌ێن دێت ده‌ڵَێت نابێ تۆ بوه‌ستیت ، ده‌بێ به‌رده‌وام بیت و بگه‌رێیت ئه‌م ده‌نگه‌ ده‌نگی وڵاته‌ ده‌ڵێت نابێ مرۆڤ بێ هیوا بێت بۆیه‌ ژنه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ پێمان ده‌ڵێت كورد زۆر نه‌هامه‌تی و شه‌ڕی بینیوه‌ به‌ڵام كورد بێ هیوا نه‌بووه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌وڵ و كۆشش تا ده‌گاته‌ به‌ ئامانجی خۆی ئه‌مه‌ ناوه‌رۆكی شانۆگه‌رییه‌كه‌ بوو .سه‌رباره‌ت به‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ هه‌رله‌كردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵ تا كۆتایی فیستیڤاڵه‌ سه‌ركه‌و تووبوو هیودارم له‌خوولی سێیه‌می فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك به‌شداربم ئه‌وه‌ی ماییه‌ی شانازییه‌ له‌ فیستیڤاڵه‌ دا هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان به‌شدارن هیوای به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازم “.
هونه‌رمه‌ند یاسین سه‌عید ده‌رهێنه‌ر وشانۆكار بۆ فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌لێت “من ده‌ست خۆشی له‌رێكخه‌رانی خوولی دووه‌می فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك خوولی هونه‌رمه‌ند عه‌لی كه‌ریم ده‌كه‌م ، كه‌توانیان هونه‌رمه‌ندان و شانۆكارانی ئازیز له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان كۆ بكه‌نه‌وه‌ به‌گشتی نمایشه‌كان تاراده‌یه‌ك باش بوون هه‌ندی نمایشی جاد مان بینی ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندانی هه‌رێمی كوردستان پێویستیمان به‌ شانۆی جاده‌ هه‌ندێ كاریشمان بینی له‌ ئاستێكی ئه‌و تۆیانه‌ نه‌بوو تا ئێمه‌ بتوانین قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین.. له‌كۆڕه‌ ره‌خنه‌ییه‌كان هونه‌رمه‌ندان به‌ئازادانه‌ راوبۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر نمایشه‌كان ده‌رده‌بڕی ده‌رهێنه‌ره‌كانیش به‌شێوازێكی باش پێشوازیان له‌ره‌خنه‌كان ده‌كرد ئه‌وه‌ی زۆر گرنگ بوو ئێمه‌ كۆمه‌ڵێ هونه‌رمه‌ندی ترمان له‌شاره‌كانی تر ناسی هیوادارم ئه‌مه‌ كۆتا فیستیڤاڵ نه‌بێت به‌رده‌وامی هه‌بێت له‌ هه‌مان كاتدا له‌ ساڵانی داهاتوو لیژنه‌یه‌كی باشتر هه‌بێت بۆ بینینی نمایشه‌كان دووباره‌ ده‌ست خۆشی له‌ هه‌موولایه‌ك ده‌كه‌م”.
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د هیجران له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ به‌م شێوه‌ باس له‌ فیستیڤاڵ ده‌كات” ئێمه‌ به‌ شانۆگه‌ری (دونیا) به‌شدار بوون ئه‌م فیستیڤاڵه‌ تاراده‌یه‌ك باش بوو ماییه‌ی دڵخۆشی بوو كه‌ شانۆكارانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان له‌ فیستیڤاڵه‌دا كۆبوونه‌وه‌ ئه‌م بۆخۆی ئاڵنگه‌رێكی گه‌وره‌یه‌ به‌هۆی ئه‌وكێشه‌ و ململانێیانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كورد له‌ناو كه‌ركووك دا هه‌یه‌ ” .
له‌شاری كۆیه‌ هونه‌رمه‌ند دكتۆر كه‌یفی كه‌ وه‌كو میوان بانگێشتی فیستیڤاڵ كرابووه‌ سه‌باره‌ت به‌ فیستیڤاڵ ووتی” فیستیڤاڵی شانۆی كه‌ركووك خوولی دووه‌م خوولی هونه‌رمه‌ند عه‌لی كه‌ریم ئه‌م خووله‌له‌چاو خوولی یه‌كه‌م هه‌نگاوی باشی ناوه‌ له‌رووی كواڵێتی و له‌ رووی رێكخستن وبه‌شداری تیپه‌كان و زۆری میوانان ئه‌م هه‌نگاوانه‌ هه‌مووی پێشكه‌وتنه‌ جگه‌ له‌مه‌ش زۆر سودیان له‌هه‌ڵه‌كانی فیستیڤاڵی یه‌كه‌م وه‌رگرتووه‌ ،شانۆگه‌رییه‌كان تاراده‌یه‌ك باشن،ناتوانین بڵێین هه‌موو كاره‌ كان باش هه‌موو فیستیڤاڵێكی وایه‌ ده‌بێ ئاسته‌كان جیاواز بن واته‌ هه‌ندێ كاری شایسته‌ ده‌بینین ،هه‌ندێ كاری ئاست نزم ده‌بینین خوولی یه‌كه‌می فیستیڤاڵ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ یان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم بوو به‌ڵام ئه‌م خووله‌له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر پارچه‌ی كوردستان بوو ،ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا خووله‌كانی داهاتوو بتوانن هه‌نگاوی گه‌وره‌تری بۆبهاوێژن بگاته‌ ئاستی فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی چونكه‌ هه‌ركارێك ئه‌گه‌ر به‌هه‌نگاو ده‌ست پێبكات ئه‌وا داهاتووه‌یه‌كی باشی ده‌بێت من ده‌ست خۆشیان لێده‌كه‌م هیوای به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازم”.
هونه‌رمه‌ند زیاد كه‌ریم كه‌میوانی فیستیڤاڵه‌كه‌بوو ده‌ڵێت” ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سیاسیه‌كان نه‌یان توانی بیكه‌ن ئه‌مرۆفیستیڤاڵی دووه‌می كه‌ركووك خوولی هونه‌رمه‌ند عه‌لی كه‌ریم كردی ، كاتێ توانی له‌رێگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو تواناكانی هونه‌ری هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان له‌ باكور و له‌باشوور له‌رۆژهه‌ڵات له‌ رۆژئاوا به‌نمایشكردنی چه‌ند شانۆگه‌ری تینویه‌تی بینه‌ری كه‌ركووك و ئه‌و میوانانه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌ هاتبوون شكاند، ئه‌و كۆكردنه‌وه‌و گردبوونه‌وه‌ی شانۆكاران به‌سیاسیه‌كان و هه‌موو لایه‌نه‌كانیان ووت ئه‌گه‌رڕێگه‌مان پێبده‌ن ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ند ئێمه‌ی شانۆكار وتار بۆچوونی ئێوه‌ له‌رێگه‌ی شانۆوه‌ ده‌گه‌یییه‌نین ، هه‌رواشیان كرد له‌چه‌ند نماشێك دا هه‌رهه‌مووی پرسیاربوو ئاراسته‌ی ئه‌م ره‌وشه‌ی سیاسیه‌ی ئه‌مڕۆیان كرد..له‌فیستیڤاڵ چه‌ند نمایشێكی جوان و به‌پێز پێشكه‌ش كران له‌ هه‌مان كات دا ئه‌و بینه‌ره‌ی له‌ فیستیڤاڵی كه‌ركووك بینرا له‌ هیچ فیستیڤاڵێك دا نه‌بینراوه‌ ،له‌ هه‌مان كات دا فیستیڤاڵه‌كه‌ له‌رووی رێكخستن وپێشوازی له‌ میوانانان زۆر رێك و باش بوو هه‌روه‌ها له‌ رووی رۆماڵی رۆژنه‌مه‌وانی و میدیایی زۆر باش و گرنگ بوو بۆیه‌ ده‌ست خۆشی له‌رێكخه‌رانی فیستیڤاڵ ده‌كه‌م”.
هونه‌رمه‌ند د.عبود حه‌سن مه‌هه‌نه‌ له‌كۆلێژی هونه‌ره‌جوانه‌كانی زانكۆی بابل له‌سه‌ر فیستڤاڵ ده‌ڵێت” سازدانی خوولی دووه‌می فیستیڤاڵی كه‌ركووك وكۆكردنه‌وه‌ی ئه‌وهه‌موو هونه‌رمه‌ندانه‌ و بینه‌رانه‌ كارێكی باشه‌ دیارده‌یه‌كی شارستانییه‌ نمایشه‌كان جۆراو جۆر بوون وه‌كو كلاسیك ، ئه‌زموونگه‌ری تاراده‌یه‌ك نمایشه‌كان له‌ئاستێكی باش دابوون ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی منی له‌و فیستیڤاڵه‌ راكێشا تێكڵ بوونی بینه‌ران بووجگه‌ له‌ بینه‌ری پسپۆر به‌نمایشه‌كان به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی پێبده‌م نمایشه‌كان به‌ زمانی كوردی بوون ، كۆڕره‌كان به‌ زمانی كوردی بوو هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌بیش زۆر بۆ فیستیڤاڵه‌كه‌ بانگێشت كرابوون خۆزه‌گه‌مان ئه‌وه‌ بوو كه‌ وه‌رگێر هه‌بووایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاترچێژ له‌ نمایشه‌كانمان وه‌رگرتبا هه‌رچۆنێك بێت فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جوان رێكخرابوو بۆیه‌سوپاسی رێكخرانی ئه‌م كه‌رنڤاڵه‌ شانۆییه‌ ده‌كه‌ین به‌هیوای ئه‌وه‌ین له‌ساڵی داهاتوو به‌شێوه‌یه‌كی جوانتر وباشتر سازبكرێت”.
له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هونه‌رمه‌ند ره‌حمان عه‌زیزی محه‌مه‌د له‌روانگه‌ی خۆیه‌وه‌ باس له‌ فیستیڤاڵ ده‌كات” سه‌ره‌تا زۆر خۆم به‌خۆشحاڵ ده‌زانم كه‌ له‌م فیستیڤاڵه‌دا به‌شدارم زۆر تامه‌زرۆی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ بووم چونكه‌ كه‌ركووك لای ئێمه‌ هه‌ست سۆزێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و كلتووره‌ی كه‌هه‌یه‌تی له‌ ناو دڵی هه‌موومان شوێنی تایبه‌تی هه‌یه‌ من ئه‌وه‌ دووه‌مین جاره‌ به‌شداری ئه‌و فیستیڤاڵه‌ ده‌كه‌م ،سازادنی ئه‌و جۆره‌ فیستیڤاڵانه‌ بۆ ئێمه‌ زۆ رگرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئاستی شانۆی كوردی له‌كوێ دایه‌ ئه‌و گۆرانكارییه‌ چین كه‌ له‌ شانۆی كوردی رویداوه‌ واته‌ زانینی ئاستی نمایشه‌كان له‌گه‌ڵ پاردا چۆنه‌ ئایا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووه‌ یان نا له‌ م فیستیڤاڵه‌دا هه‌ست ده‌كه‌ین لاوه‌كان له‌ كوڕان و كچان ئاستێكی باشیان پێشكه‌ش كردووه‌ له‌چاو فیستیڤاڵه‌كانی رابردوو زۆر باشترن سوودێكی تری فیستیڤاڵ دیداری شانۆركارانه‌ له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان و بینینی ئه‌زموونی یه‌كتره‌ .وه‌ك ده‌زانن هونه‌ری شانۆ له‌ هه‌موو هونه‌ره‌كانی تر به‌هێز تره‌ بگره‌ زۆر به‌هێزتره‌له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی سیاسییه‌كانیش شانۆ ته‌مه‌نێكه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ بۆ دیموكراسی پرۆسیه‌كه‌ بۆ دیالۆگ كردن پرۆسه‌یه‌كه‌ بۆ ئاشتی بۆ پێكه‌وه‌ ژیان نموونه‌ش ئه‌م گربوونه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانه‌ تائێستا هیچ هێزێكی سیاسی نه‌یتوانیوه‌ به‌وشێوه‌ی هورنه‌رمه‌ندان كۆ ببنه‌وه‌ لێره‌ هه‌ركێشه‌یه‌كی هونه‌ری هه‌بێت له‌نێوخۆمان چارسه‌ری ده‌كه‌ین” .
هونه‌رمه‌ند شه‌هرام نامیق بۆچوونی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر فیستیڤاڵ هه‌یه‌” سه‌ره‌تا ده‌ست خۆشی له‌ به‌رێوه‌به‌رانی فیستیڤاڵ ده‌كه‌م دیاره‌ ئه‌وه‌ خوولی دووه‌می فیستیڤاڵه‌،من له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌شداری چه‌ندین فیستیڤاڵم كرده‌وه‌ له‌ توونس ، هیندستان ، ئێران ، لوبنان .. ده‌سپێكی فیستڤاڵ له‌رووی ئه‌ته‌كێك تاراده‌یه‌ك زۆر باش بوو ،چونكه‌ له‌ فیستیڤاڵی جیهانی ئه‌ی ،بی ، سی هه‌یه‌ به‌ڵام من پێم وایه‌ تا په‌نجا ساڵی تر ئێمه‌ ناگه‌ینه‌ فیستیڤاڵی ئه‌ی ،بی ، سی چونكه‌ ئه‌مانه‌ په‌یوه‌ندارن به‌خوودی مێوانه‌كان و به‌رهه‌مه‌كان زۆر شتی تر هه‌یه‌ تائێستا كاری باش و كاری كرچووكاڵمان بینیوه‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌سته‌ی فیستیڤاڵه‌وه‌ نییه‌ چونكه‌ ئێمه‌ی كورد هه‌رئه‌وه‌نده‌ی لێ هه‌ڵده‌ته‌كێ په‌ندێكی كوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێت (ساواری بخۆیت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ وزه‌ت هه‌یه‌ ) ،له‌م فیستیڤاڵه‌ كه‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان رۆژهه‌ڵات ، رۆژئاوا ، باكوور ، باشوور هه‌ریه‌كه‌مان كاریگه‌ری نه‌ته‌وه‌یكی له‌سه‌ر بۆنموونه‌ رۆژ ئاوا كاریگه‌ری زمان ومعریفی عه‌ره‌بیان له‌سه‌ره‌ ، رۆژهه‌ڵات كاریگه‌ری فارسییان له‌سه‌ره‌ ، باكوور كاریگه‌ری توركییان له‌سه‌ره‌ ،نه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ باشوور زمانی عه‌ره‌بی نازانین.. له‌ كۆڕه‌كانیش به‌شێك به‌ عه‌ره‌بی قسه‌یان ده‌كرد به‌شێك به‌ فارسی به‌شێك به‌ توركی..ئه‌مه‌ له‌هیچ شوێنێكی دونیادا بوونی نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌وڵه‌ت نین خاوه‌ن مێژووی خۆمان نین له‌و كاته‌ی تۆ ده‌بیته‌ ده‌وڵه‌ت مێژوو ده‌ست پێده‌كات هه‌رچۆنێك بێت من ده‌ست خۆشیان لێده‌كه‌ین بۆ ئه‌نجام دانی ئه‌و فیستیڤاڵه‌”.
شانۆكار خاتووچنار عه‌زه‌دین له‌شاری كه‌ركووك به‌م جۆره‌ باس له‌ گرنگی سازدانی فیستیڤاڵ ده‌كات” سه‌ره‌تا ده‌ست خۆشییه‌كی گه‌ره‌م له‌سه‌رجه‌م لیژنه‌كانی فیستیڤاڵی كه‌ركووك ده‌كه‌م ،كه‌ ئه‌مه‌ دووه‌م فیستڤاڵه‌ به‌رێوه‌ی ده‌بن ،سه‌رباره‌ت به‌نمایشه‌كان به‌شێكی زۆری نمایشه‌كان له‌ئاستێكی به‌رز دان بێگومان نمایشی ئاست مام ناوه‌ند له‌نێو فیستیڤاڵه‌كه‌ هه‌بوو ،به‌ڵام من ئه‌وه‌ی زۆری سه‌رنجی راكێشام شانۆگه‌ری (ته‌رتوف) كه‌ به‌رهه‌می باكوور بوو ئه‌كته‌ره‌كان له‌رووی جه‌سته‌ و ده‌نگ زۆر سه‌ركه‌وتووبن بۆیه‌ من وه‌كو بینه‌رێك چێژم له‌نمایشه‌كه‌ وه‌رگرت.. هیودارم ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌رده‌وام بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندان زیاتر ئاشنای یه‌كتری بین له‌ كۆتاییه‌دا دووباره‌ ده‌ست خۆشی له‌رێكخه‌رانی فیستیڤاڵ ده‌كه‌م”.




مێژووی شانۆی سریانی.. ن- سه‌باح هورمز.. و: كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م نمایشی كوردی له‌ كوردستانی عێراق به‌دیاركراوی له‌ شاری هه‌ولێر له‌ ساڵی 1921 نمایش كرابێت ، ئه‌وا یه‌كه‌مین نمایش به‌زمانی سریانی له‌ ساڵی 1912 له‌ شارۆچكه‌ی ئه‌لقۆشی سه‌ر به‌ پارێزگای موسڵ له‌ژێر ناوی (الملكه‌ استر) نمایش كراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن (مه‌تران ئستیڤان كجۆ ) كاری نووسین و ده‌رهێنانی بۆ كردبوو ، واته‌ ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ ،به‌ 9 ساڵ پێش شانۆی كوردی نمایش كراوه‌ .
ئه‌گه‌ر ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌ی كه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینی، له‌ موسڵ كه‌ له‌ كنائیسه‌كان نمایش كراون به‌ نمایشی سریانی له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین ئه‌وا یه‌كه‌م نمایشی سریانی مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵی 1880 ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ شانۆگه‌ره‌یه‌ك بووه‌ به‌ ناوی (ئاده‌م و حه‌وا) له‌نووسینی (شماس حنا حبش) بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ من(سه‌باح هورمز) ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌ی كه‌به‌زمانی عه‌ره‌بی پێشكه‌ش كراون به‌ شانۆیی سریانی هه‌ژمار ناكه‌م.
له‌به‌رئه‌وه‌ی شانۆی سریانی له‌عه‌نكاوه‌ به‌شێكه‌ له‌ شانۆی كوردی له‌ شاری هه‌ولێر ،به‌هۆی ئه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌ له‌شاری هه‌ولێر زۆر نزیكه‌ و وه‌كو ناحییه‌ك سه‌ر به‌ شاری هه‌ولێره‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا به‌راوردكردنی ئاست ودروست بوونی شانۆ له‌ عه‌نكاوه‌ له‌گه‌ڵ شانۆ له‌ هه‌ولێر كارێكی زه‌حمه‌ته‌ به‌جۆرێك ، به‌راوردكرنیشی له‌ گه‌ڵ شارۆچكه‌كانی تری سریانی وه‌كو بخدیدا و ئه‌لقۆش زه‌حه‌مه‌ته‌.
به‌رده‌وام نه‌بوونی شانۆی سریانی له‌گه‌ڵ شانۆی عێراقی و شانۆی كوردی به‌تایبه‌تی له‌ عنكاوه‌ به‌هۆی ئه‌و ستمكاره‌ی كه‌ به‌درێژایی مێژوو له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوایی یه‌كه‌كان، رووبه‌رووی گه‌له‌كه‌مان بۆته‌وه‌ ،به‌تایبه‌تی رووداوه‌كانی سمێل كه‌ بووه‌ هۆی ترس له‌ قه‌واره‌كه‌ی بكرێت به‌جۆرێك سریانه‌كان واراهاتن كه‌خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و باروو دۆخه‌ بگونجێنێت كه‌به‌سه‌ریان سپێنراوبوو، چ له‌رێگه‌ی دامركانه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی یان ناچار كردنی كه‌ پشتگیری له‌ رۆشنبیری عه‌ره‌بی بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی نامۆیه‌ شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌، به‌ ده‌یان په‌روه‌دكار و ئه‌ندازیار و پزیشك و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رز به‌رزی به‌رهه‌م هێناوه‌ كه‌جێ په‌نجه‌یان له‌ نێو شاره‌كانی عێراق به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی دیاره‌، به‌ڵام له‌م بواره‌ هونه‌ره‌یه‌ شارستانیه‌دا ده‌سته‌وه‌ستان بووه‌ ته‌نیا ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ شانۆكارانی به‌به‌راورد، به‌ بواره‌كانی تر به‌رهه‌م هێنراون ، هۆكاره‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بۆ بۆچوونی خۆم، بۆ په‌روه‌رده‌ی دایك و باوكان ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ هانی نه‌وه‌كانیان ده‌دات له‌خوێندن سه‌ركه‌تووبن و بڕوانامه‌ی به‌رز به‌ده‌ست بێنن،بۆ ئه‌وه‌ی له‌ زانكۆییه‌كان وه‌ربگیرێن به‌جۆرێك بۆچوونیان له‌سه‌ر هونه‌ر به‌گشتی و شانۆ به‌تایبه‌تی بۆچوونێكی كراوه‌یی نه‌بوو.
له‌گه‌ڵ بووژانه‌وه‌ شانۆ له‌ شاری هه‌ولێر كۆمه‌ڵی له‌ ئاره‌زوومه‌ندانی شانۆ له‌ شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه‌ ده‌ركه‌وتن به‌تایبه‌تی له‌ سه‌ره‌تایه‌كانی حه‌فتایه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی نه‌بوونی تیپێكی هونه‌ری فه‌رمی مۆڵه‌ت پێدراو ،بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ كۆبكاته‌وه‌ ، بۆ نمایشه‌كانیان، زیاتر پشتیان به‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌ست بۆیه‌ له‌ كاروانه‌كه‌ به‌رده‌وام نه‌بوون له‌ دیارترینیان: زوهێر عبدولمه‌سیح ، سه‌عدی ئه‌لمالح ، جۆرج مه‌نسوڕ ، ئه‌كره‌م نوری ، بترۆس هرمز ، ره‌فیق نوری ، له‌ گه‌ڵ نووسه‌ری ئه‌م وتاره‌ (سه‌باح هرمز).
هه‌رچه‌نده‌ كۆمه‌ڵی ئاسته‌نگ وكێشه‌ رووبه‌روی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجه‌ بوویه‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ حه‌فتاییه‌كان توانیان كۆمه‌ڵێ له‌ شانۆگه‌ری پێشكه‌ش بكه‌ن وه‌كو شانۆگه‌ری (شمعدانات الاسقف) كه‌له‌ رۆمانی (البوساْ ) ئاماده‌كرابوو له‌گه‌ڵ شانۆگه‌ری (راتب شهر) له‌ نووسینی سوبحی خزعه‌لی بوو یه‌كه‌میان به‌زمانی عه‌ره‌بی پێشكه‌ش كرا ئه‌وی تریان به‌ زمانی سریانی بوو ،هه‌ردوو شانۆگه‌رییه‌كه‌ له‌ ده‌رهێنانی (زوهێر عبدولمسیح) بوو، به‌ڵام نووسه‌ری ئه‌م وتاره‌ (سه‌باح هرمز) كاری ده‌رهێنانی بۆ سێ شانۆگه‌ری كردوه‌ كه‌ بریتیتن له‌ شانۆگه‌ری (الانتصار ) له‌نووسینی سه‌عدی ئه‌لمالح، شانۆگه‌ری (تومر بیك) له‌نووسینی یوسف ئه‌لعانی ، شانۆگه‌ری (من الاتی) له‌نووسینی داود زیا، هه‌رسێ شانۆگه‌رییه‌كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی پێشكه‌ش كرا، هه‌ر له‌ هه‌شتایه‌كان هونه‌رمه‌ند ره‌فیق نوری حه‌نا شانۆگه‌ری له‌رووداوه‌ گرنگه‌كان له‌ ژیانی مه‌سیحا پێشكه‌ش ده‌كات.
ئه‌گه‌رچی نمایشه‌كان له‌رووی زمانه‌وه‌ زمانێكی خۆرسك بوون ، به‌ڵام كه‌شێكی باشی بۆ كۆمه‌ڵێ لاوی عنكاوه‌ی خوڵقاند بۆ ئه‌وه‌ی عه‌شقی هونه‌ری شانۆ بن تا ئه‌و راده‌یه‌ی هه‌ندێكان بچنه‌ په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان چه‌ندین شانۆگه‌ری نماش بكه‌ن وه‌كو: ره‌فیق نوری ، خه‌لیل لۆقا ، سامی سڵیوه‌ ، مهه‌ند بترۆس ، سیروان بترۆس ،فوئاد سڵێوه‌.
وه‌كو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بۆ مێژوو ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ند كه‌ له‌ عه‌نكاوه‌ ده‌رچووی كۆلێژی هونه‌ر- به‌غدا بێت خودا لێی خۆشبێت (دنحا بۆیا) بوو،له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌و خووله‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د سالاربوو وه‌ هونه‌رمه‌ندی دووه‌م زوهێر عه‌بدولمه‌سیح بوو.
به‌پێوه‌ری سه‌رده‌م وكاته‌كان مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی شانۆیی سریانی به‌به‌راورد به‌ شانۆی نه‌ته‌وه‌كانی تر له‌ عێراق وه‌كو شانۆی عه‌ره‌بی شانۆی كوردی و شانۆی توركمانی شانۆی سریانی درێژترین و كۆنترین شانۆیه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی مێژووی له‌ دایك بوونی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1880 ، چه‌ندلێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ شانۆی سریانی پێش ئه‌م مێژووه‌ هه‌بووه‌ له‌و كاته‌ی شانۆی عێراقی له‌ سه‌ده‌ی رابردوو به‌ دیاركراوی له‌ ساڵی 1922 سه‌ریهه‌ڵداوه‌ وه‌ شانۆی كوردی له‌ ساڵی 1921 له‌ دایك بووه‌ واته‌ شانۆی سریانی به‌(42) ساڵ پێش شانۆی عێراقی بووه‌ وه‌ به‌(41) ساڵ پێش شانۆی كوردی بووه‌.
له‌ خۆبایی بوون نییه‌ ئه‌گه‌ر مێژوو دووباره‌ بێته‌وه‌ و شارستانییه‌تی شكۆی ئاشوورییه‌كان دووباره‌ بێته‌وه‌ ، یه‌كه‌مین تروسكه‌ی له‌ كۆنترین شار كه‌له‌مێژوودا ناسانرابێت ئه‌وه‌ شاری نه‌ینه‌وایه‌ كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو شانۆكارانی عێراقی و كوردی دا هه‌بووه‌ ، چه‌ندین ده‌قی شانۆییان له‌نووسه‌ركانیان ورگرتووه‌ باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ ده‌قی( الامیر الاسیر) له‌ نووسینی (نه‌عوم فه‌تحوڵڵا سحار) كه‌ له‌شاری هه‌ولێر پێشكه‌ش كراوه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌وردی و بابه‌تییانه‌ بچینه‌نێو ته‌مه‌نی راسته‌قینه‌ی شانۆی سریانی ، به‌ره‌چاو كردنی ژماره‌ی ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی سه‌ده‌ونیوێك،پێشكه‌ش كراون له‌رووی ئاستی هونه‌ره‌یان به‌به‌راورد به‌ ئاستی ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌ی كه‌له‌لایه‌ن شانۆكارانی عێراقی و كورد پێشكه‌ش كراوه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ به‌راورده‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ واته‌ ته‌مه‌نی شانۆی سریانی زۆر كورتره‌ له‌ ته‌مه‌نی شانۆی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌كه‌ (كورد و عه‌ره‌ب) چونكه‌ ده‌بێ له‌ رووی ئاسته‌وه‌ به‌راورد بكرێت.

هۆكارێكی تری كه‌ شانۆ له‌ عه‌نكاوه‌ له‌ نێو كاروانی شانۆی سریانی لاوازه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو ده‌رفه‌تی به‌ شانۆكارنی نه‌ده‌دات نمایشه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌و بواره‌ كار ده‌كه‌ن ، سه‌ر به‌لایه‌نی سیاسین . بۆنموونه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاییه‌كان ده‌سڵات له‌رێگه‌ی رێكخراوی به‌عس له‌عه‌نكاوه‌، رێگه‌ی نه‌دا شانۆگه‌ری (الحزیز ) له‌نووسینی مه‌كسیم گۆركێ پێشكه‌ش بكرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ستاڤی شانۆگه‌رییه‌كه‌ لایه‌نگری حزبی شیوعیین ئه‌مه‌شمان له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 بۆ ده‌ركه‌وت ، ئه‌وه‌ی جێگای پێكه‌نییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ی خوێندۆته‌وه‌ بۆ مۆڵه‌ت دان دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به‌ شانۆ نه‌بووه‌ له‌ ژیانیدا یه‌ك ده‌قی شانۆیی نه‌خوێنۆته‌وه‌ و یه‌ك شانۆگه‌ریشی نه‌بینیوه‌ ، بگره‌ زۆریش له‌ بواری شانۆ دوور بووه‌.

بۆ مێژوو ده‌ڵێم شانۆكارانمان، له‌دوای راپه‌رینی ساڵی 1991ی گه‌لی كوردستان نه‌یان توانییوه‌ ده‌رفه‌ته‌كان بقۆزنه‌وه‌ ، دامه‌زراندنی هه‌ردوو تیپی (عه‌شتار) و تیپی( شمشا) به‌داخه‌وه‌ نه‌یان توانی به‌باشی به‌ گیانی قوربانی دان و راستگۆیانه‌ هه‌ڵس و كه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ردوو تیپه‌كه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌ره‌ شانۆییه‌ به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌ش وباش ببن و جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ندێك به‌ربه‌ست و رێگری تر هه‌بوون بۆیه‌ تیپه‌كان نیان توانی په‌ره‌ به‌كاره‌كانیان بده‌ن تا ئه‌و راده‌ی ئێستا هه‌ردوو تیپه‌كه‌ نه‌ماوه‌ن.




سیناریۆیی برسێتی بەتامی تێربوون.. نوسینی: ڕزگار باهیر

١… ڕۆژە… دەشتێکە …دەرەوەیە.
کۆمەڵێك سەگی ڕەش وسپی و قاوەی و بەڵەکی ماندوو و هیلاکی لەڕو لاوازی برسی لە وەڕین و حەپە حەپ و قورسکانەوەدا نیشان دەدرێت.
٢… ڕۆژە … دوکانێکە … ناوەوەیە.
دەستێکی زلی دەسکێش ڕەش لەدەست ماسیەکی هێشتا زیندوو دەدات بەکۆنکرێتی سەکۆی بەردەم دوکانەکەیداو بەچەقۆ تێیدەنیشێ و لەتوپەتی دەکات.
٣ … ڕۆژە … شەقامێکە … دەرەوەیە.
وێنەی هەردوو تایەی ماتۆڕێک نیشاندەدرێ لەکاتی لێخوریندا.
٤… ڕۆژە … دوکانی برژاندنی ماسییە … ناوەوەیە.
خاوەنی دوکانەکە سەرقاڵی ناوسك دەرهێنانی ماسیەو نیازی ٥٥ ساڵەش دێتە ناو دوکانەکە.
نیاز:
کاکە گیان سڵاو .. ماسییەکی گەورەم دەوێت
ئەگەر بتوانن لە دوای سەعاتێکی تر بە دلیڤەری
بۆمان بهێنن بۆ سەر ئاوەکەی لای پردەکە.
دوکاندار:
هەی بەسەرچاو …. بەڵام لەو وشکانیە چی دەکەن
ئاو مانا چیە تێیدا نەماوە بۆ نایەن لێرە بیخۆن مامۆستا.
نیاز:
نا کاکە گیان پارەی دلیڤەریەکە چەندە دەیدەین و لەوێ
دەیخۆین خۆمان حەزمان لێیە… ئەگەر بەئەرکی نەزانی
ئەو ناوسکی ماسی و زیادانەشم بدەیتێ مەمنونم .
نیاز دەست دەکات بەگیرفانیداو دەیەوێت پارە بدات بەڵام کابرا دوکاندار دەیوەستینێ ………
دوکاندار:
پارەی ماسیەکە بدەن بەوەی دەیهێنێت بۆتان ..
چونکە جارێ نازانم چەند کیلۆیە، بەڵام مامۆستا
ئەو ناوسک و پیسیە ناخورێ بۆچیتە.
نیاز بە سەر سوڕمانەوە سەیرێکی کابرای دوکاندار دەکات …. هیچ وەڵامی ناداتەوە……………….

٥ … ئێوارەیە … دەشتایی و چەمیکی وشکە …. دەرەوەیە.
لەچاوی سێ هاوڕێکەی نیازەوە کەهەموویان نزیك تەمەنی خۆین ..ئۆتۆمۆبیلەکەی نیاز دەردەکەوێت و دێت بەرەو ڕویان تا دەگاتە لایان و دادەبەزێ و کیسەیەکی گەورەی پێیە و سەگەکان چوار دەوری دەگرن و یەکێك لە هاوڕێکانی کیسەی ناوسکی ماسیەکان وەردەگرێ لە نیاز و هەڵیدەڕێژێ بۆ سەگەکان کە زۆر بەپەرۆش و بە تامەزرۆوە دەست دەکەن بەخواردنی .

٦ … ئێوارەیە … دوکانی ماسی فرۆشەکەیە … ناوەوەیە.
دەنگی ماتۆڕێك دێت و دەوەستێ پاشان دەکوژێنرێتەوە .. دانەری تەمەن ١٧ ساڵ دێتە ژورێ بۆلای خاوەن دوکانی ماسییەکە.
دانەر:
وەستا گیان هەرچۆنێك بوو ماتۆڕەکەم چاککردەوە.
دوکاندار:
ئەم ماتۆڕە شڕەی تۆ مشتەریەکانی هەموو لێکردم
بۆ خاتری خوا بڕۆ وازم لێبێنە من بەتەکسییەکەی
نەوە جوجە دەینێرم بە نیوقیمەت .. ئەم فڕە فڕەم
لە کۆڵکەرەوە.
دانەر:
توو گۆڕی باوکت و باوکم وەستا فازیل بهێڵە ئیشکەم
… بڕوات بێت پارەم قەرزکردووە هەموو شوێنێکیان
بۆ چاککردومەتەوە.. ئەوە دوو ڕۆژە لای فیتەر نفت و
نوێیان کردۆتەوە بۆم … هیچ خەمت نەبێت.
دوکاندار:
هەتیو نازانم چیت لێبکەم بێتاقەت بووم بەدەستەوە …
بەڵام ئەمجارە ئەخیر جارت بێت من ماتۆرم ناوێت
بشکێ … دوای نیو سەعاتی تر ئەو ماسیە بەرە بۆ ئەو
سەرلێشێواوانە دیارە ئێستە ئەوەندەی ترسەرخۆشبوون
سەریان لێتێکچووە لە خوار پردەکەوەن لەو دەشتەیان.

٧ … ئیوارەیەکی تاریکە … دەشتایی وچەمێکی وشك … دەرەوەیە.
هەندێك لەسەگەکان سەریان لەو قاپە سەفەرییانەدایە کەنیازو هاوڕێکانی ئاویان بۆ تێکردون و ئاو دەخۆنەوە … ئەندام بتڵێ بیرەی پێیەو دەینێت بەسەریەوە.
ئەندام:
ئەم سەگانە دەڵێی ئێستا لە گۆڕەوە هاتونەتەوە…

شەماڵ:
ئەم زەمەنە پێویستی بە دەنگی وەرین و وەفاو
خۆشەویستی ئەمانەیە.

زەنگی تەلەفونەکەی نیاز دێت و وەڵام دەداتەوە …………………

نیاز:
بەڵێ ئەوم … کاکە گیان هەر لەولای پردەکەوە
بەدەستی ڕاستا وەرەخوارێ … ماتۆڕت پێیە ..
ئێ زۆرچاکە…
ڕزگار:
جاکەس هەیە ئەم جێگەیە نەزانێ… چەمێکی بێ
ئاووخاکێکی وشکی بێ بەرهەم پڕیش لە گیانەوەری
برسی….

٨ … ئێوارەیە … سەرەڕێگایەك … دەرەوەیە.
ماتۆڕێکی کۆنی نیمچە شڕ نیشاندەدرێ کەدانەر لێیدەخوڕێ ولەبەشی دواوەی قەفەزێکی سوری لێبەستراوەو خواردنی تێدایە بەخێرایی دەڕوات تائەوکاتەی ماتۆڕەکە لەپڕ لە تاسەیەکی چاوەڕوان نەکراو دەدات و بەرزدەبێتەوە و وەردەگەڕێ.

٩ … ئێوارەیە … دەشتایی و چەمێکی وشکە… دەرەوەیە.
سەگەکان بەئارامی لەوناوەدا دێن ودەچن و پاڵدەکەون. نیاز و هاوڕێکانیشی خەریکی خواردنەوەن… لەم کاتەدا زەنگی تەلەفوونەکەی نیاز لێدەدات.
نیاز:
چۆنی کاکە!!!!!ناتوانیت بێیت؟ بۆ کاکە تۆ ئێستا
ووتت بۆتانی دێنم … ئێستا بۆ پەشیمان بوویتەوە.
دەنگی دانەر لەتەلەفونەکەی نیازە دێت ……………………………………
دەنگ:
بەکەڵك نایە ماسییەکە سارد بۆتەوە وەرن لە دوکان
ماسیەکی ترتان بۆ دەکەین.
نیاز:
ئێمە ئەمانەوێ لێرە بیخۆین … چۆن با ساردبێت
کێشە نیە …سەیری تۆ برالە.. بەکەڵكنایە!!!!!!!
باشە کاکە بابزانم …خواحافیز .
هەموویان سەیری نیاز دەکەن چاوەڕێن قسەیان بۆ بکات ……………………………
شەماڵ:
چی بووە بۆ قسەی گۆڕی ..یەعنی چی سارد بۆتەوە!
ئەندام:
دیارە شتێك بووە .. ناڵێت بۆم نادۆزرێتەوە دەڵێت
دەڵێت ساردبۆتەوە… شوێن لەمە ئاسانتر نیە .
شەماڵ:
ئیتر ئەوە بڕوبیانووە.. ساختە چیە..
ڕزگار:
ئێ جەماعەت ئێرەش خەریکە بەتەواوی تاریك دەبێت
دەڵێن چی بیکەین بەشەو و بچین لای ماسی فرۆشەکە
بیخۆین.
نیازو هاوڕێکانی فکرەی ڕۆیشتن بۆ لای ماسی فرۆشەکە بەگونجاو دەزانن و خۆیان کۆدەکەنەوە…..

١٠ … ئێوارەیە … سەرڕێگای نزیك پردێکە … دەرەوەیە.
دانەر خەریکی چاکردنی ماتۆرەکەیەتی کە بەوەرگەڕانەکە شکاوە سەبەتە سورەکەی پاش ماتۆڕەکەش شکاوەو خواردنەکەی ناویشی لەسەر زەوییەکە کەوتووە …. لەگەڵ خەریك بوونی بە ماتۆڕەکەی ، دانەر فرمێسك بەچاوانیا دێنە خوارێ، لەم کاتەدا نیاز و هاوڕێکانی بەئۆتۆمۆبیل دێن و لەنزیك دانەرەوە دەوەستن … دەنگی سەگەکانیش دێت.هەر لەپەنجەرەی ئۆتۆمۆبیلەکەوە یەکێکیان پرسیار لە دانەر دەکات.

ئەندام:
تۆ بوویت بەماتۆڕ ماسییەکەت بۆ ئەهێنایین؟

دانەر بەشەرم و جۆرێك بەدزییەوە چاوە فرمێسکاوییەکانی دەسڕێ و بە سەر جوڵەی بەڵێ وەڵام دەداتەوە.
نیازو هاوڕێکانی دادەبەزن دەبینن ماتۆڕەکەی شکاوەو خواردنەکەی بۆ ئەمانیشی هێنابوو لەولاوە لەسەر
زەوییەکە کەوتووە، هەموویان زۆر بەسۆزەوە سەیری دەکەن.

دانەر:
ببوورن ئاوام لێهات بۆیە نەمتوانی خواردنەکەتان
بگەیەنمێ بەڵام دەتوانن بچینەوە دوکان و لەوێ لە
خزمەتانادەبم.
نیاز:
بای چەند بوو ماسییەکە و دلیڤەریەکەت؟
دانەر:
هیچ ناکات ئێوە هیچتان نەخواردووە.
شەماڵ:
چۆن دەبێت تۆ زەرەر بکەیت.. ئەگەر نایڵێیت دەچین
لەدوکانەکە پارەکەی دەدەین.
دانەر:
نا ..نا .. بای بیست هەزارە … بەس ئاخر چۆن دەبێت
پارەبدەن.

جەماعەت پارە دەردەهێنن بۆی کۆدەکەنەوە وبەزۆر دەیدەنێ …………………
شەماڵ:
فەرموو ئەوە بیست پێنج هەزاربۆ ماسییەکە ئەوەش
سی هەزار بۆ چاکردنەوەی ماتۆڕەکەت.
دانەر:
نابێت بەخوا چۆن شتی وادەبێت …………..
جەماعەت بەزۆر دەیکەن بە گیرفانیاو باوەشی پێدادەکەن و دڵی دەدەنەوە … سەگەکان کەبەدوای ئۆتۆمۆبیلەکەدا هاتبوون خەریکی خواردنی ماسی و خواردنەکەن کە دانەر بەدلیڤەری هێنابووی کە لەسەر زەوی کەوتووە.
نیاز:
وەرە کوڕم بابتبەینەوە بۆ دوکان چی دەکەی لەم
چۆڵەوانییە بەم شەوە.
دانەر:
نابێت چۆن ئێوە عەزێت دەدەم ..دوای ئەوەش دەبێت
ماتۆڕەکەم بەرمەوە.
شەماڵ:
بڕۆ باوکم عەزێت نیە … ماتۆڕەکەشت بەیانی
بەپیکابێك بەرەوە.
دانەر:
ناتوانم بێم وەستاکەم ئاوا بمبینێ دەرم دەکات.
ئەندام:
ئەوەیان کێشە نابێت نزیک دوکانەکە داتدەگرین.
دانەر:
ئاخر تەلەفوونم بۆ هاوڕێیەکم کردووە ئەویش ماتۆڕی
هەیە و شتی چاکردنیش لەگەڵ خۆی دێنێت ئێستا بەڕێوەیە
بەرەو ئێرە دێت. توخوا بمبورن ئێوەم بەبرسێتی هێشتەوە.
نیاز:
کوڕەکەم ئێمە تێر بووین هەر نان ناخۆین و ناشچین
بۆ دوکانەکەشتان بڕوات بێت… دەی مادام وایە ئێمە
دەڕۆین.
هەموویان خواحافیزی لێدەکەن سواری ئۆتۆمۆبیلەکە دەبن دەڕۆن……………………

١١ … شەوە … شەقامێکی دەرەوەی شار… دەرەوەیە.
دەسکی بەنزین زیادکردنی ماتۆڕێك نیشان دەدرێ لەکاتی لێخوریندا، لەسەرشەقامێکی دەرەوەی شار کە بەخێرایی دەڕوات.
١٢ … شەوە … شەقامێکی دەرەوەی شار… دەرەوەیە.
سەر هەمان ڕێگاوبانی دیمەنی ١٢یەو تەواوکەرێتی… تەنکەرێکی نەوت نیشاندەدرێ دەنگی گۆرانی تورکی دەبسترێ و شۆفێرەکەی سەرقاڵی جگەرە خواردن و قسەکردنە بەتەلەفوون، لێخورینەکەی خێرایە … لەم کاتەدا لە ناکاو لەگەڵ ماتۆڕی دیمەنی پێشوو بەتەواوی نزیکی یەك دەبنەوە و دەنگی ئیستۆپی تایەو زرمەیەکی گەورە دێت لەگەڵ وێنەی خشاندنی تایە.

١٣ … شەوە … سەر ڕێگای پردێکە … دەرەوەیە.
دانەربەلای ماتۆڕە شکاوەکەی لەسەر بەردێك دانیشتووە و چاوەڕێیە، سەگەکانیش لەو چواردەوری پاڵکەوتون جارجارێك دەنگی وەڕین وقوروسکانەوەیان دێت لەوشەوە تاریک و بێ دەنگەدا.
کۆتایی.




شكسپیر له‌ نێوان شانۆو سینه‌مادا.. حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

دوو فاكته‌ری هه‌ره‌ گرنگ هه‌ن بۆ مكۆم بوونی په‌یوه‌ندی نێوان سینه‌ماو شانۆ كه‌بریتین له‌
یه‌كه‌م: په‌یوه‌ندی جوان بینی له‌ نێوان هه‌ردوو هونه‌ردا.
دووهه‌مییان: په‌یوه‌ست بوونی تێكسته‌ شانۆیی و سیناریۆ سینه‌ماییه‌كان به‌ یه‌كتره‌وه‌.
ده‌ستپێكی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان سینه‌ما به‌شانۆوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆساڵانی سه‌رهه‌ڵدانی سینه‌ما، له‌وێوه‌ ئه‌و دوو هونه‌ره‌ پێكه‌وه‌ نه‌شوو نوومایان كردووه‌، له‌ ده‌ستپێكیشدا به‌فیلمی بێده‌نگو تۆمار كردنی دیمه‌نه‌ شانۆییه‌كان به‌كامێرا بۆ به‌رهه‌م هێنانی فیلمی دیكۆمێنتكاری له‌ نمایشه‌ شانۆییه‌كانه‌وه‌.

ئه‌كته‌ری ناسراوی فه‌ره‌نسی(ساره‌ برنار) له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ‌:
تۆماركردنی هه‌ندێ‌ له‌م فیلمانه‌ به‌ئامانجی به‌دیكۆمێنت كردن و تۆماركردنی نواندنی گه‌وره‌ی هه‌ندێ‌ له‌ئه‌كته‌ره‌ بلیمه‌ته‌كان بووه‌، بۆئه‌وه‌ی وه‌ك دیكۆمێنت هه‌ڵی بگرن و له‌ژیانی هونه‌ری خۆیاندا وه‌ك شانازییه‌ك بیپارێزن،به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی فیلم، مه‌ودای ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌و ئامانجه‌كانی زۆر له‌وه‌نده‌ زێتر ته‌شه‌نه‌یان سه‌ندو هێلێكی هاوبه‌ش له‌نێوان سینه‌ماو شانۆدا دروست بوو به‌ناوی ( وشه‌ی بینراو)
هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بوون و به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی ئه‌و دوو هونه‌ره‌ زه‌به‌لاحه‌ی دنیا، پرسیارێك له‌نێو هه‌وادارانی سینه‌ماو شانۆدا سه‌رهه‌ڵده‌دا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، ئاخۆ له‌ئاكامدا سینه‌ما یان شانۆ كامییان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وی تریاندا چۆك ده‌ده‌ن؟
هه‌ر خۆیان دوای شیكردنه‌وه‌و تێڕامانێكی كه‌م ده‌گه‌نه‌ ئه‌نجام و ده‌ڵێن: هه‌ردوكییان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌نو به‌یه‌كه‌وه‌ چێژ به‌ژیان ده‌به‌خشن، هیچیان ناتوانن چۆك به‌وی تریاندا بده‌ن، چونكه‌ هه‌ردوكیان بوونه‌ته‌ پارچه‌یه‌ك له‌ژیانی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی و ناتوانین به‌هیچ كڵۆجێ‌ ده‌ست به‌رداری هیچ كام له‌وان بین.
پرسیارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا هونه‌رمه‌نده‌ داهێنه‌ره‌كان چۆن ده‌توانن ئه‌و دوو هونه‌ره‌ ئاوێزانی یه‌كتر بكه‌ن و هه‌ردوو هونه‌ر له‌رووی داهێنانه‌وه‌ سوود له‌یه‌كتر ببینن.
ئه‌مڕۆ نیه‌ سینه‌ما سوودی له‌شانۆ وه‌رگرتووه‌، دێر زه‌مانێكه‌ گه‌وره‌ سینه‌ماكاره‌كان شانۆگه‌رییه‌ به‌پێزه‌ جیهانیییه‌كانیان خستۆته‌ توێ‌ی سینه‌ما، له‌و نێوه‌نده‌شدا پشكی شێر به‌ر شكسپیر و شانۆگه‌رییه‌كانی كه‌وتووه‌.
بۆیه‌ ولیه‌م شكسپیر وه‌ك چۆن پادشای شانۆی جیهانیی بووه‌ و تا ئه‌به‌د له‌سه‌ر عه‌رشی ئه‌و پاشایه‌تیه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌ستێره‌یه‌كی هه‌ره‌ دره‌وشاوه‌ی بواری سینه‌ماشه‌ و خاوه‌ن هه‌وادارێكی ئێجگار زۆره‌ له‌هه‌موو جیهاندا، ئه‌گه‌رچی ره‌نگه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و هه‌وادارانه‌ شانۆگه‌رییه‌كانی شكسپرییان هه‌ر نه‌دیبێ‌، زۆر له‌وان بێ‌ ئاگابن له‌مێژووی ئه‌ده‌بی جیهانیی و بلیمه‌ته‌كانی، یا له‌وكه‌سه‌ سادانه‌ بن كه‌شتێكی ئه‌وتۆ ده‌رباره‌ی رابووردووی مرۆڤایه‌تی نه‌زانن، ته‌نها بۆكات به‌سه‌ربردن روو له‌سینه‌ما بكه‌ن، به‌ڵام به‌و ساده‌ه‌ییه‌ی خۆشیانه‌وه‌ باسی هاملیت و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ (جرتۆلد) ی دایكی و كلۆدیوسی مامی و ئۆڤیلیای خۆشه‌ویستی و چۆنیه‌تی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی هاملێتت بۆ ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر پرسی ئه‌ڤینداری و سۆزداریش له‌گۆڕێ‌ بێت، ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ سه‌ربورده‌ی رۆمیۆو جولێتیان له‌سه‌ر زاره‌، وه‌ك خۆشه‌ویستیه‌كی رۆمانسی نه‌مر بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی.
هه‌ر له‌ته‌وه‌ری شكسپیرو سینه‌مادا پرسیاری ئه‌وه‌ش دێته‌ ئاراوه‌، ئاخۆ هۆی چیه‌ گه‌وره‌ به‌رهه‌م هێنه‌رو ده‌رهێنه‌ره‌كان، زێتر له‌نووسه‌ره‌ بلیمه‌ته‌كانی دیكه‌ی دنیا به‌و په‌رۆشیه‌ روویان له‌شانۆگه‌رییه‌كانی شكسپیر كردووه‌ بۆ سینه‌ما؟
ئایا فاكته‌ره‌كانی راكێشانی ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ ئایدیاو فه‌لسه‌فه‌ تراژیدیاكانی شكسپیرن كه‌ له‌سه‌رده‌می خۆیاندا و تا به‌مڕۆ ده‌گات له‌ناو هه‌موو كۆمه‌ڵگاكاندا ئاماده‌ییان هه‌بووه‌و خواستی خه‌ڵكین؟
یاخود تێكسته‌كان خۆیان زه‌مینه‌یه‌كی له‌باربوونه‌ بۆ دروست كردنی فیلم؟
خۆراسته‌ شكسپیر له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا گه‌لێك كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وروژاندووه‌، له‌كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و ساته‌ی مرۆڤ كه‌ تائه‌مڕۆ و تا بنیاده‌م له‌سه‌ر گوێ‌ ی ئه‌م هه‌ساره‌یه‌دا مابێت هه‌ر ده‌مێنن، به‌تایبه‌ت كێشه‌كانی وه‌ك رق، خۆشه‌ویستی، ده‌سه‌ڵات، غیره‌، ته‌ماعكاری، خیانه‌ت، چاوچنۆكی، له‌خۆ بایی بوون، به‌خیلی، تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌و ده‌یان پرسی تر.
شكسپیر له‌وه‌دا زاناو دانا بووه‌ كه‌ ده‌ست نیشانی یه‌كه‌ یه‌كه‌ی ئه‌و كێشه‌ مرۆییانه‌ی كردووه‌، هه‌موویانی خستۆته‌ قالبێكی درامی سه‌رنج راكێش، كه‌سایه‌تیه‌كانی كردووه‌ به‌نموونه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی دروست كه‌ری ئه‌و كێشانه‌ن، هه‌مان ئه‌و كێشانه‌و ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌، هه‌مان ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی وه‌ك ئاوێنه‌ به‌تراژیدیاو كۆمێدیاكانیه‌وه‌، نیشانی كۆمه‌ڵگاكه‌ خۆی داوه‌ته‌وه‌.
ئه‌مه‌ هۆكاری هۆگر بوونی بینه‌رو خوێنه‌ر بووه‌ به‌به‌رهه‌مه‌ به‌چێژه‌كانی.

شكسپیر بۆ داڕشتنی هه‌موو ئه‌و رووداوو به‌سه‌رهاتانه‌، سودێكی زۆری له‌كولتوورو مێژوو ئه‌فسانه‌و چیرۆكی زۆر له‌گه‌لانی دنیا وه‌رگرتووه‌، به‌و شێوه‌ درامیه‌ كاریگه‌ره‌ هاوچاخه‌ جیهانیه‌ دایڕشتوونه‌ته‌وه‌، كه‌هه‌موو جیهان بگرێته‌وه‌و وابه‌سته‌ی پارچه‌ جوگرافیایێكی دیاری كراوی ئه‌م جیهانه‌ نه‌بێت، یا تایبه‌ت نه‌بێت به‌گه‌لێكی دیاری كراوی ئه‌و دنیایه‌، ئه‌مه‌یه‌ نهێنی به‌جیهان بوونیی شكسپیر و مانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی له‌سه‌ر ئه‌و عه‌رشه‌ی به‌توانست و ده‌سه‌ڵات و بلیمه‌تی خۆی داگیری كردووه‌و بۆ هیچ بنیاده‌مێكی تر له‌جیهاندا به‌جێی ناهێڵێ‌ تا ئه‌و دنیایه‌ مابێت.
جگه‌ له‌وه‌ش هه‌میشه‌ شكسپیر به‌دوای ئه‌و توخمانه‌دا وێڵ بووه‌ كه‌بینه‌ر ده‌كه‌نه‌ هاوبه‌شی كێشه‌كان و له‌رێگه‌ی یه‌كێ‌ له‌و پرسه‌ مرۆییانه‌ی بژاری كردوون، بینه‌ری گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ سه‌ر كێشه‌ مرۆییه‌ ره‌سه‌نه‌كانی خۆی و له‌گه‌ڵ وروژاندنیان هه‌ستی كردووه‌ كه‌ ئه‌و یه‌كێ له‌ كارَكه‌اكته‌ره‌كانیه‌تی، به‌مه‌ش مه‌ودای ئاوێزان بوونی بینه‌رو تێكستی لێكتر نزیك كردۆته‌وه‌، كه‌ تێیدا بینه‌ر ته‌نها ته‌ماشاكه‌رێك نه‌بێت له‌كاره‌ شانۆییه‌كاندا به‌ڵكو بینه‌ر ره‌گه‌زێك بێت له‌ ره‌گه‌زه‌كانی بونیاتی شانۆیی و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی.
هه‌مان ئه‌و فاكته‌ره‌ وروژێنه‌رانه‌ی له‌شانۆدا هه‌ن، هه‌مان ئه‌و فاكته‌رانه‌ بوونه‌ته‌ هۆكار بۆ لێك نزیك بوونه‌وه‌ی بینه‌ر به‌ به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌كانی شكسپیر له‌سینه‌مادا.
له‌ده‌ستپێكدا ئه‌و فیلمه‌ بێده‌نگه‌ی ده‌رهێنه‌ر( دیفید وارك) (راهێنانی پلنگ) كه‌ساڵی 1908 له‌ نواندنی(فلۆرانس لۆرانس) به‌رهه‌م هاتووه‌، سه‌ركه‌وتووترین فیلم بووه‌ له‌سه‌رده‌می سینه‌مای بێده‌نگ، كه‌ له‌شانۆگه‌رییه‌كانی شكسپیره‌وه‌ وه‌رگیرابن.
له‌سیه‌كان و چله‌كاندا چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی وه‌ك (رۆمیۆ و جولێت ) له‌ده‌رهێنانی (جۆرج كوكور)ساڵی 1936، هه‌روه‌ها فیلمی(وه‌ك ئاره‌زوو ده‌كه‌یت) له‌ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری به‌ریتانی( بول زینه‌ر) له‌نواندنی (لۆرانس ئۆلیڤیه‌) ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌یان به‌ده‌ست نه‌هێنا كه‌ چاوه‌ڕوانی لێ‌ ده‌كرا.
هه‌ندێ‌ فیلمی سینه‌مای بێده‌نگ تابه‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌كانی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م و دواتریش، ئه‌و پێشوازییه‌یان نه‌بووه‌ كه‌ پێویستن به‌هۆی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ شانۆییه‌ی به‌سه‌ر نواندنی ئه‌كته‌رانه‌وه‌ هه‌بووه‌ له‌سینه‌مادا، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ سیحری كامێراو وێنه‌ی سینه‌مایی دا هاوكوف نه‌بووه‌، ئه‌وه‌تا كاتێ‌ كۆمپانیای(برایانی وارتر) ساڵی 1935 بڕیاری به‌رهه‌مهێنانی زنجیره‌یه‌ك كاری سینه‌ماییان دا له‌كاره‌كانی شكسپیر و به‌به‌رهه‌م هێنانی فیلمی ( خه‌ونێك له‌ نیوه‌شه‌وی هاوێن دا ) ده‌ستی پێكرد له‌ده‌رهێنانی ( ماكس راینهارد)
به‌ڵام سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌ندێ‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ نه‌بووه‌ مایه‌ی سارد بوونه‌وه‌ی كۆمپانیاو سینه‌ماكاران له‌به‌رهه‌مه‌كانی شكسپیر، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕ بوونی سه‌رده‌م بایه‌خدان به‌و به‌رهه‌مانه‌ زێتر له‌جاران ده‌بوونه‌ جێگه‌ی بایه‌خ یپێدانی ئه‌وان.
له‌سه‌رده‌می نوێشدا، دوای ئه‌وه‌ی سینه‌ما ساڵی 1927 و به‌جێ هێشتنی قۆناغی فیلمی بێده‌نگ، گه‌شه‌سه‌ندنێكی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینی.
هه‌ر له‌و ده‌ستپێكه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می سینه‌مای بێده‌نگیشدا زێتر له‌ 500 كار له‌شاكاره‌ شانۆییه‌كانی شكسپیر كران به‌فیلم، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی سینه‌ما ده‌نگی هێناو ساڵی 1929 یه‌كه‌م به‌رهه‌می سینه‌مایی كه‌ له‌شانۆگه‌ریه‌كانی شكسپیر به‌به‌رهه‌م هاتن فیلمی(راهێنانی پلنگ) بووه‌ له‌ده‌رهێنانی( سام تیلۆر) و نواندنی دوو له‌ناودارترین ئه‌كته‌ره‌ ئه‌مریكیه‌كانی وه‌ك(ماری بیكفۆرد ودۆگلاس فیربانكس ) ی هاوسه‌ری بوون، كه‌بوو به‌پڕ بینه‌رترین فیلمی شكسپیر له‌و سه‌رده‌مه‌دا.
سینه‌ماكارانی جیهان به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی، بایه‌خیان به‌گواستنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی شكسپیر دا بۆسینه‌ما، به‌سه‌دان ده‌رهێنه‌رو سینه‌ماكار كه‌وتنه‌ كاركردن بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی شانۆنامه‌كان، چه‌ندین وڵاتی جیهان هه‌ریه‌كه‌و به‌فۆرمێك و ستایلێك كه‌وتنه‌ به‌ر به‌رهه‌مهێنانی فیلم له‌سه‌ر ئه‌و شاكاره‌ گه‌ورانه‌ی شكسپیر، له‌پێشه‌وه‌یاندا دوو له‌سینه‌ماكاره‌ هه‌ره‌ دیاره‌كانی دنیای شكسپیر بوون به‌پێشه‌نگ بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ بۆ سینه‌ما.
گۆڤاری (تایم) ساڵی 1997 توژینه‌وه‌یه‌كی دوورو درێژی ده‌رباره‌ی ئه‌و گه‌شه‌سه‌نه‌ له‌ناكاوه‌ بڵاو كرده‌وه‌ له‌و فیلمانه‌ی له‌كاره‌ شانۆییه‌كانی شكسپیره‌وه‌ وه‌رده‌گیرێن، به‌تایبه‌ت دوای نمایش كردنی فیلمی( رۆمیۆو جولێت) له‌ ده‌رهێنانی (باز لۆرمان) و نواندنی ئه‌كته‌ری لاوی ئه‌و كاته‌ ( لیۆناردۆ دی كابریۆ) .
هه‌روا ده‌ركه‌وتنی چه‌ند فیلمێكی دیكه‌ له‌و ده‌مه‌دا، له‌وانه‌ فیلمی ( هاملێت) له‌ ده‌رهێنان و نواندنی( كینیس برانا،فیلمی( ریتشاردی سێیه‌م ) ده‌رهێنانی رێتشارد لۆنكرین، فیلمی ( ئۆتیللۆ) ده‌رهێنانی(ئۆلیڤه‌ر باركر) ،ماكبێس ـ نواندنی ( جیسۆن، فیلمی ( شه‌وی دوانزه‌هه‌مین ) به‌نوسخه‌ی به‌ریتانی و چه‌ند فیلمێكی تر.
سایتی ( IMDB) كه‌ گه‌وره‌ترین سایتی ئه‌له‌كترۆنیه‌ بۆ فیلمه‌ جیهانییه‌كان، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌ئه‌رشیفی ئه‌و سایته‌دا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ زیاتر له‌ 2000 كاری سینه‌مایی له‌شاكاره‌كانی شكسپیره‌وه‌ وه‌رگیراون و كراون به‌فیلمی سینه‌مایی، به‌مه‌ش شكسپیر به‌چانسترین مرۆڤه‌ له‌سه‌ر رووی زه‌وی دا كه‌ كاره‌كانی به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ جیهانیه‌ بكرێت به‌فیلم.
1.ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌رو به‌رهه‌م هێنه‌ری گه‌وره‌ی به‌ریتانی (لۆرانس ئۆلیڤیه‌) له‌چله‌كانه‌وه‌ ده‌ستی كردووه‌ به‌كاركردن بۆ سینه‌ماو چه‌ندین به‌رهه‌می نایابی شكسپیری گواسته‌وه‌ بۆ سینه‌ما، هه‌ر له‌چله‌كانه‌وه‌( 1948) هاملێتی پێشكه‌ش كردو خۆی رۆڵی سه‌ره‌كی تێدا بینی و له‌په‌نای ئه‌و فیلمه‌وه‌ خه‌ڵاتی ئۆسكاری به‌ده‌ست هێنا، پاشان زنجیره‌یه‌كی دیكه‌ی له‌ شاكاره‌كانی شكسپیر كرد به‌فیلم، له‌وانه‌ (هنری پێنجه‌م، ریتشاردی سێیه‌م و چه‌ندینی تر.
2.ئه‌وه‌ی دووهه‌میان ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌رو به‌رهه‌م هێنه‌ری ناوداری ئه‌مریكی(ئۆرسۆن ویلز) بوو، كه‌ چه‌ندین له‌شاكاره‌كانی شكسپیری مه‌زنی كردووه‌ به‌فیلم له‌وانه‌:(ماكبیس ـ 1948) ( ئۆتیللۆ 1952)
ئه‌نسكلۆپیدیاكان ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه‌ كه‌ شكسپیر خاوه‌نی زۆرترین ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیانه‌یه‌ كه‌ بۆ سینه‌ما سوودییان لێ‌ وه‌رگیرابێت و خۆی له‌زیاتر له‌ 500 به‌رهه‌می سینه‌مایی ده‌دات، به‌ڵام پێگه‌ی (زانیاریی سینه‌مای جیهانیی) له‌و ژماره‌یه‌ زێتر له‌وه‌نده‌ تێده‌په‌ڕێنێ‌ و پێی وایه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌گه‌ڵ فیلمه‌ بێده‌نگه‌كان ده‌گاته‌ هه‌زار به‌رهه‌م، توێژه‌رو ره‌خنه‌گره‌كان له‌و دیارده‌یه‌یان كۆڵیوه‌ته‌وه‌ كه‌بۆچی شكسپیر بۆته‌ خاوه‌نی ئه‌و ژماره‌ پێوانه‌ییه‌؟
ئه‌وان پێیان وایه‌ زۆر هۆكار هه‌ن، له‌وانه‌ دوو توخمی هه‌ره‌ سه‌ركی هه‌ن:
یه‌كه‌میان: بایه‌خ دانی زۆری نووسه‌ر به‌حاڵه‌ته‌ درامی و ده‌روونیه‌كانی كاراكته‌ره‌كانی، هه‌ر له‌ حاڵه‌ته‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ تابچووكترین و ورترین حاڵه‌ت، له‌هه‌ر بابه‌تێكدا كه‌ ئه‌و هه‌ڵی بژاردووه‌، كۆمێدی بێت یاتراژیدیا یا مێژوویی.
دووهه‌میان: شكسپیر خۆی پیاوی شانۆ بووه‌ به‌مانای ته‌واو، ئه‌و خۆی له‌كاتی نمایش كردندا ده‌چووه‌ ناو بینه‌رو چاودێری ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی ده‌كرد كه‌ بینه‌ری ده‌وروژاند، به‌مه‌ش ره‌گه‌زه‌كانی خواستی بینه‌ری دیاری ده‌كردو ده‌یزانی بینه‌ر چی ده‌وێت، بۆیه‌ بۆ رۆژی دوایی ده‌سكاری ده‌كردن، به‌و شێوه‌یه‌ی عه‌قَڵ و ده‌روونی بینه‌ر ئاره‌زووی ده‌كات.
كه‌س بیری بۆ ئه‌وه‌ نه‌ده‌چوو كه‌ رۆژێ‌ له‌رۆژان شانۆگه‌رییه‌كانی شانۆكاری گه‌وره‌ی جیهانیی شكسپیر (1564 ــ 1616) ده‌بێته‌ توخمێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی سینه‌ما.
جێگه‌ی نامۆبوون نیه‌، كه‌ شكسپیر بلیمه‌تی سه‌رده‌می خۆی و سه‌رده‌می ئێمه‌و هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی دوای ئێمه‌ش بێت .
شكسپیر هه‌ر ته‌نها شاعیر نه‌بووه‌، به‌ڵكو بلیمه‌تێكی گه‌وره‌ی بواری شانۆ بووه‌، ئه‌و شانۆی بۆ ئه‌وه‌ نه‌نووسیووه‌ بخوێندرێته‌وه‌، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی نووسیووه‌ خه‌ڵكی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر شانۆ له‌گه‌ڵیاندا بهه‌ژێ‌.
خودی خۆی كاتێ‌ له‌به‌رده‌م شانۆگه‌رییه‌كانی خۆی داده‌نیشت و هه‌ستی بینه‌ری ده‌خوێنده‌وه‌، له‌و نهێنیانه‌ ده‌گه‌یشت كه‌بینه‌ر ده‌وروژێنێ‌ و ئه‌وه‌ش كه‌ بینه‌ر ده‌ڕوخێنێ‌، بۆیه‌ له‌رۆژانی دواتر هه‌ندێ‌ دیالۆگ و دیمه‌نی ده‌سڕییه‌وه‌ و هی تری له‌شوێنی دا ده‌نا، به‌و شێوه‌یه‌ی بینه‌ر لێی رازی بن …ئه‌م خوێندنه‌وه‌ی بۆ بینه‌ر توخمێك بوو له‌توخمه‌ كاریگه‌ره‌كانی شكسپیر.

حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان




چەمكی كاراكتەر Character لەشانۆدا.. حەیدەر عەبدولرەحمان

لەوەتەی شانۆ هەیە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت، كاراكتەر كرۆكی بنەڕەتی درامایە، بەڵام هەمیشە سروشتی كاراكتەر لەگۆڕان دابووە، بەپێی پێویستی دراماو شانۆو گۆڕانكارییەكانی پێشكەوتنی سەردەم و خواستەكانی .
دروست كردنی كاراكتەر وەك بونیاتێكی بنەڕەتی لەپێكهاتەی شانۆیی دا، سەرچاوەی كۆكردنەوەی فەلسەفەو ئایدیای شانۆیە، بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی دەرهێنەر دەیەوێت لەرێگەی كاراكتەرەوە بیگەیەنێتە وەرگر.
بۆ چۆنیەتی رەسم كردنی ئەو كاراكتەرەش لە كاری درامی دا، دەرهێنەر هەمیشە پێویستی بەئەكتەرێكی ئەكتیف هەیە، لەو ئەكتەرانەی توانستێكی كارامەی جەستەیی و خەیاڵێكی بەر بڵاوو سەلیقەیەكی درێژ و هوشیاریەكی باشیان هەیە، بۆ بەرجەستە كردنی ئەو كاراكتەرانەی لە سەر شانۆ بینەر تێر دەكەن، لە وێناكردنی ئەو كاراكتەرانە بەرووە جیا جیاكانیانەوە .
پەیوەندی ئەكتەرو كاراكتەر
پەیوەندی ئەكتەر بەكاراكتەرەوە پەیوەندییەكی رۆحی و جەستەییە، زۆر جاران ئەو پەیوەندییە بە شێوەیەك ئاوێتەی یەكتر دەبن، بینەر هەست بەوە بكات، كاراكتەری سەر شانۆ زۆر جوانتر ببینێت لە كاراكتەرێكی راستەقینە، ئەگەر واش نەكات، ئەوە ئەو مانایە دەگەیەنێت كە ئەكتەر دەست كورت بووە لە گەیاندنی ئامانجە راستەقینەكە.
ئەكتەر بەرلەوەی بەرجەستەی درامی كاراكتەرێك بكات، دەبێت لەچەندین رووەوە ئامادە باشیەكی زانستی و رۆشنبیریی قوڵی هەبێ‌ بۆ ناسینی بیری نووسەرو ئەو فەلسەفەیەی دەیەوێت لەرێگەی كاراكتەرێكەوە بیگەیەنێ‌، هەر بۆ نموونە ئەگەر دەرهێنەرێك یا ئەكتەرێك ئاشنا بەچیخەف و شێوازو ستایلی چیخەف نەبن، هەرگیز ناتوانن كاراكتەرێكی چیخەفی لەسەر شانۆ نیشان بدەن.
ئەگەربرێخت وستانسلافسکى و بیتەربرۆك نەناسن ناتوانن سەركەوتوو بن لەبەرجەستەكردنی ستایلی هیچ لەو خاوەن تیۆرانەی شانۆ.
كەواتە ئەكتەر بەر لەهەموو شتێك پێویستی بەباگراوندێكی رۆشنبیریی تیۆریی و پراكتیكی هەیە لەسەر میتۆدە جیاوازەكان و شێوازو رێبازە جیهانیەكان.
بۆیە سەركەوتنی كاراكتەر تاراددەیەكی زۆر پەیوەستی بەتوانستی ئەكتەر هەیە لەرووی جەستەیی و فیزیكی و پێرفۆرمانسەوە، تا توانای گۆڕینی كاراكتەرەكانی هەبێت لەكاتی پێویست دا.
یاخود ئەم فۆرمە فرە كاراكتەرییەی تەنیا ئەكتەرێك لەنمایشێكدا، بەچەندین فۆرمی لێكتر جودا بەرجەستەیان دەكات، بەپێكهاتەیەكی هارمۆنی و درامی ئەكتەرو دەرهێنەرو تێكست نووس فەراهەم دەبێت، بەفۆرمێك زۆر جاران ئەكتەر دەگەیەنێتە حاڵەتێكی جیاواز و نا تەقلیدی لەنواندندا.
لەشانۆگەری (گەشتەكەی حەسەن) ی كامەران رەئووف هەر دیمەنێك لەشانۆگەریەكەدا شانۆگەرییەكی نیمچە سەربەخۆیە و پێنج كاراكتەر لەیەك نمایشدا لەلایەن یەك ئەكتەر بەرجەستە دەكرێت، بۆ هەر دیمەنێك كاراكتەرێكی سەربەخۆ، هەر كاراكتەرێك لەرەگو ریشەوە لەگەڵ تێكڕای كاراكتەرەكانی دیكەی نمایش لەیەكتر جودان و هەر یەكەو فۆرمێك و وێنەیەك و تام و چێژێكی تایبەتی خۆیان وەردەگرن، لەكەسایەتی، سروشتی نواندن، دەنگ، شێوە.
گرنگتر لەوە ئەوەیە ئەو ئەكتەرە لەهەمان كات و شوێندا بتوانێت ئەو ئامادەییە هونەریی و دەروونییەی هەبێت، بتوانێت كاراكتەرەكانی خۆی بەخێرایی بگۆرَێت و هەریەك لەوان خەسڵەت و سروشت و فۆرمی تایبەتی خۆی بداتێ‌، بێ‌ ئەوەی لە نرخ و بەهای هیچ لەو كاراكتەرانە لەسەر حیسابی ئەوی تریان كەم كاتەوە، بەڵكو بەهەمان ریتمی داهێنان بەردەوام بێت لەپێرفۆرمانسی نواندندا،
بەتایبەت لەكاتی مەودای دووری نێوان كاراكتەرەكان لەرووی سروشت و فۆرم و شێوازی نواندن بۆ هەريه ك لەكاراكتەرەكان .
ئەمەش راستیەك دەردەخاو ئەوە دەسەلمێنێ‌، كەم ئەكتەری كورد لەرووی هاوسەنگ راگرتنی توانای جەستەیی و هونەرییی و خێرایی گۆڕینی خەسڵەتەكانی كاراكتەر، توانای كامەران رەئووفیان تێدایە.
لەگەشتەكەی حەسەن دا سەختە بۆ ئەكتەرێك بتوانێت لە یەك كاتدا بتوانێت ببێتە كاراكتەرێكی دڵ رەق و توندو تیژی وەك (عەلی كەشتیەوان) به بيجه وانه ى ( سەلامی كەمانچەژەن) كە كاراكتەرێكی هێمن و ئارامە و پاك و بێگەردی و بەرائەتی مرۆیی لێ‌ دەباری، یاخود كوێرەوەری كاراكتەرێكی وەك ( ئیبراهیمی دێوانە) بگۆڕێ‌ بەكاراكتەرێكی تاوانباری وەك (حەسەن) هەر یەكەو بەفۆرمی تایبەتی خۆیان.
بینەر لەچەندین كاراكتەری لێك جودا لەهەر یەك لەوان چێژێك دەبینی، رقی لەهەندێكیان دەبێتەوەو هەندێكی تریانی خۆش بوێت .
ئەوە هونەری ئەكتەرە وات لێ‌ دەكات ئەو هەستە دەروونیەت بۆ دروست بێت، ئەمە بەڵگەی نا تەقلیدیەتی نواندنە لای ئەكتەر، كە هەرگیز ساڵانی تەمەنی نواندن نابێتە پێوەر بۆ دەرچوون لەقالبێكی دیاری كراوی نواندنی هەندێ‌ ئەكتەر، چونكە تەقلیدیەت بە راددەیەك بە سەر هەندێ‌ لەو ئەكتەرانەدا زاڵە كە تا ئەوان لەسەر شانۆ مابن، ناتوانن خۆیان لەو مۆرك و تەقلیدیەتە رزگاربكەن كە پێیانەوە نووساوە.

فاكتەرەكانی ئەو كلێشە گرتنەی نواندن ولاوازی توانستی ئەو جۆرە ئەكتەرانە زۆرن، گرنگترینیان :

1.سنووردار بوونی توانستی پێرفۆرمانسی ئەكتەر لەرووی جەستەو دەنگ و ئیلقا.
2.دوور كەوتنەوەی لەراهێنان و وۆرك شۆپ و پرۆڤە .
3.كار كردنی لەگەڵ یەك دەرهێنەرو راهاتن لەسەر یەك فۆرمی دیاری كراوی نواندن و یەك ستایل .
4.هەندێ‌ ئەكتەر، بەتایبەت ئەوانەی نواندن نەبۆتە پیشەی بەردەوامیان ناتوانن جەستەی خۆیان پەروەردە بكەن، لەهەمان كاتیشدا ئاستی هوشیاریی و كولتووری شانۆییان پەرە پێ‌ بدەن، بەپشت بەستن بەخۆیان .
5.دووركەوتنەوەیان لە بینینی ئەزموونی گەلان و نەشووما نەبوونی بەهرەكانیان .
6 .لاوازی هەندی دەرهێنەر لەرووی شارەزایی و پسپۆری بۆ دروست كردنەوەی ئەكتەرو راهێنانیان لەسەر میتۆدێكی دیاری كراوی جیهانیی، چونكە هەندێ‌ لەو دەرهێنەرانە تا ئێستا لەرووی تیۆری و پراكتیكییەوە ناتوانن راهێنان لە سەر رێبازی ستانسلافسكی و گەورە دەرهێنەرەكانی تر لەرووی ئامادە كردنی ئەكتەرەوە بكە، یا جیاوازی ستایلی ئەو راهێنەرە جیهانیانەی وەك برێخت و مایر هۆلد و بیتەر برۆك و ئارتۆو ئەوانی تر بزانن، بۆ ئەوەی لەكاتی كاركردن لەسەرستایل و میتۆدی هەر یەكێ‌ لەوان بزانن ئایا بە چ ستایلێك نواندن دەكەن، پاشان تێگەیشتنی دروستی ئەكتەر لەكاراكتەرەكەی و ئەبعادو و گوتاری ئەو كاراكتەرەو خەسڵەتەكانی تێ‌ بگەن .

هەندێ‌ ئەكتەرهەیە لەژیانی هونەریی خۆیدا رۆڵی چەندین كاراكتەر دەبینێت، بەرۆڵە سەركەوتوو ناسەركەوتووەكانیشەوە، بەڵام ئەوان لەنێوان سەدان لەو كاراكتەرانە ناوداریەتی تەنیا بە كاراكتەرێكەوە دەردەكەن، ئەو كاراكتەرە تا ئەبەد دەبێتە ناونیشانیان و پێیانەوە دەناسرێنەوە،
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هۆكار چیە ئەو ئەكتەرە لەنێوان ئەو هەموو كاراكتەرە جیا جیا یانەوە لەسەر تەنیا كاراكتەرێك دەگیرسێتەوەو لێی جیا نابێتەوەو تەنیا لەسەر ئەو كاراكتەرە دەگاتە لوتكە، بەدرێژایی تەمەنی خەون بەوێنەیەكی هاوتای ئەو كاراكتەرە دەبینێ‌ و نایدۆزێتەوە، رەنگە وەلامدانەوەی ئەو پرسیارەش پێویستی بەوەڵامدانەوەیەكی زانستی تێرو تەسەڵە .

با بگەڕێینەوە دواوەو بپرسین چمكی كاراكتەر چیە ؟ دیارە كاراكتەر ئەو كەسە دەگرێتەوە كە ئەكتەرێك لەسەر شانۆ نمایشی كەسایەتیەكەی دەكات بۆ وێنا كردنی ئەو كاراكتەرەو بەرجەستەكردنی خەسڵەتەكانی لەچەندین لایەنی جیا جیای فسیۆلۆژی و ماددی و كۆمەڵایەتی و دەروونییەوە ، چەشنی كاراكتەرە ناودارەكانی وەك هاملێت، ماكبیس ،لیر پاشا، ئۆدیب، ئوتیلل، كە هەر یەك لەوان بوونەتە هاوڕێ‌ ی زۆرینەی بینەرانی شانۆ لەهەموو جیهانداو هەر یەك لەوان كاریگەرییەكی لەدەروونیاندا دروست كردووەو بینەر ناتوانێ‌ لە بیریان كات.
دروست كردنی ئەو كاراكتەرانە وێنەیەكن لەمێشكی نووسەرێك و دەرهێنەرێك دەیانهێنێتە سەر شانۆو ئەكتەرێك لەسەر شانۆ بەرجەستەیان دەكات، بەڵام بەرجەستە كردنێك كە لەسەر شانۆ مێژوو دروست بكەن .
دروست كردنی كاراكتەر كارێكی هونەریی وردە بۆ دەرهێنەر، كە تێیدا رەچاوی چەندین بنەما دەكات لەوانە:

  1. لەرووی فسیۆلۆژی و مادییەوە:
    كورتی و درێژی باڵای كاراكتەر، كێش و رەنگی پێست،جوانیی و ناشیرینی، تەمەن، چونكە زۆر جاران بزووتنەوەی كاراكتەر لەسەر ئاستی تەمەن دیاری دەكرێت.

    2 . لەرووی كۆمەڵایەتیەوە:
    چینی كۆمەڵایەتی و ئاستی رۆشنبیریی و هەلومەرجی دارایی و خێزانداریی و داب و نەریت و بیروباوەڕ، كاریگەری خۆیان هەیە لەسەر ناساندنی كاراكتەر .

    3.لایەنی دەروونی:
    نیشاندانی توانست و بەهرەی كاراكتەر لەرووی سەركەوتنی، یاخود لاوازی كاراكتەرو كەم توانایی لەكارو كاریگەرییە دەروونیەكان لەسەر ئەو كاراكتەرە، ئایا ئەو كاراكتەرە گرێ‌ ی دەروونی هەیە ؟ یاخود تێڕوانینی چۆنە بەرامبەر بەژیان ؟
    كاراكتەرەكان بەگشتی كە دابەشی دوو بەش دەبن لەوانە كاراكتەری سەرەكی و كاراكتەری لاوەكی و چەند جۆرێكیان لێ‌ دروست دەبێت، لەوانە:
    1.كاراكتەری كۆمێدی و دەم بەپێكەنین .
    2.كاراكتەری تراژیدی و ئاڵۆزو گرژو داخراو .
    گرنگە بۆ رەسم كردن و دروست كردنی كاراكتەر دەرهێنەر رەچاوی لایەنی كۆمەڵایەتی بكات، بۆ دیاری كردنی خەسڵەتەكانی كاراكتەر لەرووی ژینگەی دەورو بەرو پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان و ئاستی ئابووری.
    هەروەها لایەنی دەروونی بۆ دیاری كردنی كاراكتەر بەلایەنێكی گرنگ دەزانرێت بۆ ئەوەی سایكۆلۆژیەتی كاراكتەرو عەقلیەتی بزانرێت، روون بێتەوە ئایا كاراكتەر هەڵگری ئایدیاو ئامانج و گوتارێكی مرۆییە، یاخود نا .

    ئەكتەر كە دوای كاراكتە ر سەرچاوەی هەرە بنەڕەتی دەبێت بۆ بەرجەستە كردنی كاراكتەر، گرنگە بایەخ بەچەند تەوەرێكی گرنگ بدات:
    1.پێویستی بە ئامادەكارییە دەروونیەكانە كە بریتین لە:

    دروست كردنی خەیاڵَێكی بەر بڵاوو قوڵ بوونەوە لە خەسڵەتەكانی كاراكتەرو خۆ ئامادە كردن لەگەڵ رووداوو ئەتمۆسفیری نمایشەكە، راهاتن لە گەڵ قەزای نمایش و دیكۆرو رووناكی و ئارایشت و جلوبەرگ
    2.پرۆڤەی جەستەیی بەردەوام و بەوا داچوون بۆ تێگەیشتنی تەواو لە كاراكتەرەكە، لەوانەش لەپیرفۆرمانس و دەنگ و ئیلقا.
    3 . بڕوا بەخۆ بوون لەبەرجەستەكردنی رۆڵەكەو خۆ ئامادەكردنێكی دەروونی بێ‌ گرێ‌ .
    ئەكتەر دەبێت لەوە بگات كە هەموو كاتێك لەبەردەم ئەزموونێكی نوێ‌ دایەو بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەزموونێكیش تاقیكرنەوەیەكی سەختە، هەر نیگەرانیەك لای ئەكتەر دروست بێت، ئەگەری روخانی زۆرتر دەبێت له سەركەوتنی.




حەوتەمین دیداری شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” به یادی “دڵشاد ئەحمەد” لە سوید به‌ڕێوه‌چوو

مەنسوور جیهانی ـ

حەوتەمین دیداری شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” به یادی “دڵشاد ئەحمەد” ئەکتەر و دەرهێنەری ناوداری شانۆی کوردستان له شاری یۆتۆبۆری لە سوید به‌ڕێوه‌چوو.

حەوتەمین دیداری شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” به یادی ڕه‌وانشاد “دڵشاد ئەحمەد” ئەکتەر و دەرهێنەری ناوداری شانۆی کوردستان و سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی نێوده‌وڵه‌تی یۆتۆبۆری Internationella Sköna Konster، به دروشمی “شانۆ نوێبوونەوەی ژیانە” و به به‌شداریی دوو گرووپی شانۆیی له شانۆکارانی کورد و هه‌روه‌ها دوو سیمیناری پسپۆڕانه‌ی شانۆیی لە کاتژمێر 4ی دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژانی 27 و 28 و 29ی ئۆگۆستی 202١ بە شێوەی ئۆنلاین له شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌چوو.

له رۆژی یەکەمی حەوتەمین دیداری شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” واته ڕۆژی هه‌ینی 27ی ئۆگۆستی 202١ شانۆگەری “هیچم نییە بیشارمەوە” لە دەرهێنانی “ڕێژەن جەمال” بە شێوەی ئۆنلاین نمایشکرا و دیدارێکی کورت لەگەڵ ئه‌م‌ شانۆکاره کورده سازکرا و له رۆژی دووهەم واته ڕۆژی شه‌مه 2٨ی ئۆگۆستی 202١ شانۆگەری “کچە سەتڵییەکە” لە دەرهێنانی “فاتیح بادپەروا” بە شێوەی ئۆنلاین نمایشکرا و دیدارێکی کورت لەگەڵ ئه‌م شانۆکاره مه‌ریوانییه سازکرا و له رۆژی سێهەمیشدا واته ڕۆژی یه‌کشه‌مه 29ی ئۆگۆستی 202١ سیمیناری پسپۆڕانه‌ی شانۆکار و نووسەر “دانا عەلی سەعید” و هەروەها سیمیناری پسپۆڕانه‌ی شانۆکار و نووسەر “زاهیر عەبە ڕەش” بە شێوەی ئۆنلاین به‌ڕێوه‌چوو.

دیداریی ئەمساڵی شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” به هه‌وڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی نێوده‌وڵه‌تی یۆتۆبۆری، به سه‌رۆکایه‌تی “عیزه‌ت ڕه‌ئووف” و هەروەها به سه‌رپه‌‌ڕه‌شتی به‌شی ته‌کنیکی له لایه‌ن “نه‌وزاد باهیر” بە شێوەی ئۆنلاین به‌ڕێوه‌چوو، چونکه دۆخی پەتای کۆرۆنا تاکوو ئیستا له سوید ئاسایی نەبۆتەوە و بەپێی رێنماییەکانی تەندروستی لە‌م وڵاته کۆبوونەوە بەشیوە ئاسیاییەکەی رێگەپێدراو نییە.

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.facebook.com/kurdiskafilmtraffen

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی حەوتەمین دیداری شانۆی کوردی یۆتۆبۆری.




پەرەسەندنی دەنگ لەشانۆدا هۆكارو دیاردەكانی-2.. ڕانانی : ڕێباز محەمەد جەزا

ڕانانێكی كتێبی ” التطورالصوتي في الالفاض ، اسبابه وظواهرة “
نووسینی : دكتور محمود عكاشە
بەرهەمی : دارالنشر للجامعات ، 2009
ڕانانی : ڕێباز محەمەد جەزا
ساڵی : 2021

(بەشی دووەم )

دەنگەكان لەگوتارو قسەكردندا ملكەچن بۆ هۆكارەباوو لاوازەكانی نێوان دەنگە دەنگە هەراسان كەرونزیكەكان ، گوتاری قسەكردن مەیدانی پەرەسەندنی زمانەوانی ، بۆ گۆڕینی دەنگەكان پێویستی بەكاریگەری و هۆكارەكانی پەرەسەندنە ، لەم نێونەدا پەرەسەندن دەكەوێتە وێنەیەكی جیاوازەوە كەبەنەخۆشیەهەڵگەڕاەوەكان و ئالوگۆڕەكانی ئەودەنگانە نمایندەی خۆی دەكات و دەی سوێنێت و پێچەوانەیدەنگە ملەجوڕێ‌ كان و دواتر نمونەكان و كاریگەری دەنگ لە دەرچەو سیفەتیاندا وكاریگەری خێرای لەدەم ودووبێژانیاندا ، جگەلەوەی ڕێككردنەوەی دەرچەو سیفەت و وێنەو هاوشێوەكانیان كە بەلابردنی دەنگەكانیان پەرەناسێنن ، بەڵكو دەچنە ناو پەرەسەندنی بیناكردنەوە كە بابەتی پەرەسەندنەكە لەڕەگەزی ئەو مادەیەیە كەگۆڕان دروستدەكات لە قۆناغەكانی گەشەو گۆڕیندا .
پەرەسەندنیش لەدەنگدا دووجۆرە :
یەكەم / بەرهەڵستی نزیكی دەكات لەدەرەوەی هۆكارەكانی خۆی و گەڕاندنەوەی بۆ ئەسڵەكەی . دووەم/ هەمیشە لەكاتی قسەكردندا دەمێنێتەوە لەناو بانگ و زۆری بەكارهێنانەكانی هەتا وەهمەكان .پەرەسەندن لەدەنگدا بەدوو ئیعتبار كاردەكات :
1) بەناساندن دەردەكرێتە دەردەهاویژرێتە دەرەوە و بەپێچەوانەی ئەوەی كە كەناودەبرێت بە پێوانەی دەرچوو .
2)ناوازەو بەناوبانگ نا ! بەڵكو بەبیستنی هەندێك بێژەو دەم ودووی دەنگە دەرهاویژراوەكە ، دەبرێتەوە بۆئەسڵەكەی .

تێگەیشتن لە پەرەسەندنەكانی دەنگ :
نیشتمانی پەرەسەندنی دەنگە بێژەییەكان ، گەشەی بونیادی ، گۆڕینەكەدەكەوێتە ناو مادەی دەنگەكەوە یاخود سیفەتی دەنگ یان جوڵەی دەنگی ” لاوەكی – ناوەندی ” هاوەڵێتی دەنگەكە دەكات و قۆناغەكانی گۆڕین و گەشەسەندن و ئاڵو وێری چاودێری لەمادەكەدا كارلێكردنە لەگەڵ زماندا .
زاراوەی پەرەسەندن : لەئەسڵدا عەرەبیە ، دەگەڕێتەوە بۆماوەی گەشەكردنەكە ، بەتەنیا یەو دواتریش بەتەنایو هەربەتەنیا پەرەسەندنەكە دروستدەكات . هەروەها پەرەسەندن لەزانستی مۆدێرندا ، لەشێوەی پێشووی دا لەڕێگای جۆری ئەركەوە دەئاڵۆسكێت ، وزنجیرەیەك دیاردەی گەشەسەندوو دەربارەی ئەسڵی پێشوو بناغە دادەنێت …
زاراوەی Evolutionبەوردی دەلالەتەلە change واتە گۆڕان و گواستنەوە دێت Development واتە گەشەپێدان ، كەهەندێك لەتوێژەرانی پەرەسەندن بەكاری دێنن بەمرادفی زاراوەی change بەواتای گۆڕین و گواستنەوە ، هەندێك كاتی تر وادەڕوانن كەبەواتای پەرەسەندن نایەت لەناو سیستمەكەدا بەگۆڕینی بێژەی Evolution واتە گۆڕینی لەناو سیتمێكی ڕێكخراودا ، زاناكانی دواتر هاتوون و ئەم دوو زاراوەیەیان جێگیر كردووە : Evolution و Development .
هەروەها زاناكان زاراوەی گەشەی بەدوای یەكدا هاتوویان بەزاراوەی پەرەسەندنی زمانەوانەوانی داناوە ، كە (تازیار – یمتاز )لە كێڵگە مەعریفیەكەدا .. دەرچوون لە ڕێساكانی زمان یاخود ناسینی بەگەشەسەندن دانانرێت ، بەڵكو پەرەسەندن گەشەكردنی ناوازەیەو لەبنچینەدا هاوسەنگبوونەلەگەڵیدا .

پەرەسەندن لەبواری زمانەوانیدا ، لەپێودانگییە یان بێژراوە یان گوتاری رۆژانەی دەم و دوودا ، وزیندوو لەبەكارهێنانی ژیانی رۆژانەدا و كارلێكی بەكۆمەڵی كەبەتەنها گوتارێكی زارەكی نیە بەڵكو ڕێكخستنێكی دەقپ جێگیرە كەسنورداركراوە بۆ ناساندنی كۆمەڵگە لەپەیوەندی رۆژانەدا .
گوتاری زمانەوانی ناچێتە ناو پەرەسەندنەوە لەبەرئەوەی لەزمانی عەرەبی دا دەردەچێت لە وەی پێی دەگوترێت گوزارشت ، دەرهێنانی دەنگ لەدەرەوەی خۆی ناچێتە ناو پەرەسەندنی دەنگییەوە لەسیتمی دەنگی زماندا .
هەڤبەرێتی دەنگی – التماثل الصوتی
هەڤەرێتی دەنگی – Assimilation ، كارلێكی دەنگە پەیوەستەكان و كاریگەری هەندێكیان لەبەرئەوانی تر و كاریگەری دەنگ و بەدەرچەی دەنگ ونزیك لە سیفەتی دەنگی نزیك و تەنیشت ، كەئەو دەنگە نمونەییەكە لە تەنیشت ئەو دەنگە نمونەییەكەلە تەنیشت و پەیوەست و پێوەلكاو یان نزیك لێی كەهاو ڕێكەو دەربڕی هەڤبەرێتی تەواوە و دلێ بابەتەكەیە یان هاوشێوەكەیەتی كە هەڤبەرێتی ناتەواوە و لەوسیفەتانەش كەهەیانە بریتین لە :

1- الجهر والهمس ( سرپەو ڕوون ) / لەكاتی مامەڵكردن لەگەڵ ئەو جۆرە دەنگانەی كەدەگۆڕێن پێویستە ، كەسی خاوەن ەدەم و دوو ، كەبەهەمس دەبێژێت رٍوون بێت و دیارو ئاشكرابزاندرێت چیە دەبێژێت ؟ كەئەمەش لەڕێی كاریگەری خستنە سەرپیتەكان و قورسكردنیان وەیان هاوڕێكی وكردنەوەی چینەدەنگیەكان و چاودێری كردنی بەردەوامی دەنگەكان .كەئەمەش لەدواتردا دەبێتە هۆی گونجاندنی دەنگی كەئمانیش بریتی دەبن لە :

بونیادی وشە بزاوتنی دەنگەكان وشەی تر جگەلەمانەی باسمانكردن
2- المخالفە الصوتیە (ناكۆكیە دەنگیەكان ) / ناكۆكیە دەنگیەكان دەگوازرێنەوە بۆ دەنگێكی تر كە جیاواز بێت لە دەرچەو سیفەت بێت .
3- ادغام –( تێهەڵكێشان ) : دەنگێك دەچێتەناو دەنگێكی ترەوە ، لەجێگەكەی دا هاوشێوەی دادەنرێت بەپیت یان زیاتر كەزمان لەیەكێكیاندا دەوەستێت . ئامانجی ئیدغام پوختەكردنەوەەی وەستانەكانە و هاوشێوەكردنیەتی لە وەستانێكی قورسدا .
4- التخفیف ( سووككردن ) : زیاتر لە گوتاری رۆژانەدایە كە قورساییەك دەبەخشێت ، ڕێدەدات وشەقورس و دوانیە لەسەریەكەكان دووبارە لەناو دەنگە لەیەكچووەكاندا دابندرێـتەوە كەئەمەش چەند جۆرێكن :
أ . سووكردن بەلابردنی لاوازی و هەڵوەشاندنەوەی ئیدغام . ب. سووككردن بە گۆڕین لەنمونەكانی : یەكەم / دەنگی تاك و لە دەم و دوو بێژەدا . دووەم / دەنگی وەكو یەك كەسوككردنێكی هەڵەیە .
ئەمیش لەڕێی : سووكردن و لابردن زۆربەكارهێنان

5- الاتباع (چاودێری ) /شوێنكەوتنی وشەیەكە كەپێدێت لە وەزن و ڕوانین و كێشەكانی بێژەو دەم و دوو بۆجەختكردنەوەلە واتا كەچەند جۆرێكی هەیە :
أ. چاودێری بزاوتنەكان : كەدەكەوێت نێوان دەنگەكان (پیتەكان ) و بزاوتەكانی ناو دەنگە ناوەندیەكان كەهاوەڵێتی وشەكان دەكەن .
ب. چاودێری نەلكاو / چاودێری كردنی نەپچڕاو یان نەلكاو پەیوەستەبە وشەیەك یان دووان ی نزیك لەیەك ڕوودەدات .
6- أشباع الحركات ( تێركردتی بزاوتەكان ) / كەئەمانیش بریتین لە درێژكردنەوەو ڕووكەشكردنی بزاوتەكان و دروستكردنی جوڵ‌ی كورت و پوخت .
7- النقل المكان ( گواستنەوەی شوێن ) / ناودەبرێت بەدڵی شوێن و گەمەكردن بە پیتەكان و ئاڵوگۆِری بابەتەكان و دیاردەیەكی دەنگیە و دەكەوێـە ناو وشەیەكە .

جیاوازی شێوه‌ زاره‌كان

شێوه‌زاره‌كان : دیارده‌یه‌كی ده‌نگی ناو كۆمه‌ڵه‌ جیاوازه‌كانن ، به‌وه‌جیاده‌كرێنه‌وه‌له‌یه‌كتری كه‌زیاتر زمانی دایكیان به‌شداری تێداده‌كات ، ئه‌وانیش به‌چه‌ند ڕێگایه‌ك ده‌كرێن له‌وانه‌ :
ڕیًگای یه‌كه‌م : لێكۆڵینه‌وه‌ی شێوه‌زاره‌كه‌ و لاوازكردنی پیت بۆنمونه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌له‌ سێوی ئاده‌م ( قوڕگ ) ده‌رده‌چن یان سنگ پاشان له‌وێوه‌ بۆده‌رچه‌كه‌ی .
ڕێگای دووه‌م : جێگیركردنی بزاوتنی ده‌نگی پیته‌كه‌ یان وشه‌كه‌ و كۆتاییه‌كه‌ی . ڕێگای سێهه‌م : تێهه‌ڵكێشكردن له‌ گه‌ڵ زاره‌كان : ئه‌مه‌ش ئاسانكاری ده‌كات بۆپیته‌كان یان وشه‌كان .

هه‌ریه‌كه‌له‌م وشانه‌ ئه‌ركێكیان هه‌یه‌ له‌گوزارشتی ده‌نگیدا و پێویستی به‌شاره‌زایی زمان و ده‌نگ هه‌یه‌ به‌تیۆری و پراكتیكی .
هه‌ڵوێستی شێوه‌ زاره‌كان : الرروم / ئه‌دائی بزاوت لاوازده‌كرێت و بیستن نزیك ده‌كرێته‌وه‌ له‌واتا . الاشمام / ئاماژه‌ بۆبزاوته‌كه‌ ده‌كات له‌ وه‌ستانی جوڵه‌دا به‌هۆی لێوه‌كانه‌وه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌نگی لێوه‌ ده‌ربچێت .

كۆتایی :

له‌ئه‌نجامی ئه‌م خوێندنەوە خێرایه‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ ده‌نگ وه‌ك( زانست )له‌ ڕووی ( تیۆر ) یان ( پراكتیك ) كه‌مته‌رخه‌می و بێباكی زۆرمان هه‌یه‌و تاكو ئێستا به‌چاره‌سه‌ر نه‌كراوی ماونه‌ته‌وه‌و له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌وڵی چه‌ند مامۆستایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك (ئه‌حمه‌د سالار) له‌بیرناكرێت كه‌ له‌بواری ده‌نگسازی و ده‌م و دوودا كاری گرنگ و كاریگه‌ریان ئه‌نجام داوه‌ .

ڕێباز محەمەد جەزا




پەرەسەندنی دەنگ لەشانۆدا هۆكارو دیاردەكانی.. ڕێباز محەمەد جەزا

رِانانيَكي كتيَبي “ التطورالصوتي في الالفاض ، اسبابه وظواهرة
نووسيني : دكتور محمود عكاشة
بەرهەمی : دارالنشر للجامعات ، 2009
ڕانانی : ڕێباز محەمەد جەزا
ساڵی : 2021

(بەشی یەكەم)
پێشەكی :

دەنگ لەشانۆدا بابەتێكی گرنگ ومێژووییە ، بەتەنها پەویەست نییە بەرۆژگاری ئەمرۆو ئەم كاتەی قسەی لەبارەوە دەكەین ، لەبەرئەوەی میراتێكی فراوان هەیەو شانۆ لەكوردستان بەشداری تێدا نەكردووە لەڕووی میتۆدی و مێژوویی و دامەزراندنەوە ، كەواتە گرنگە هەوڵە سەرەتاییەكانمان بخەینەگەڕ بۆزیادكردن و فراوانكردنی ئەو پانتاییە گرنگەی شانۆ كەنیمچە بەتاڵ و خاڵیە . ..
لەپێشەكی كتێبی ” التگورالصوتی فی الالفاچ ، اسبابه وڤواهرە ” ، نووسەر باسی توێژینەوەكەی دەكات لەبارەی پەرەسەندنی دەنگی كەلەدوای دا گەشەسەندنی زمان و گواستنەوەی ئەو بنەمایانە دێن كە زۆرێك لەتوێژەران دەستیان بۆبردووە یاخود لەكاتی نواندا نزیكیان كردووەتەوەلە( دەنگ ، وشە ) ، هەروەها نووسەر باسی ئەو هۆكارانەدەكات لەگەڵ كاریگەریەكانیان لەگۆڕینی دەنگە ڕەسەنەكان بۆ قۆناغی گۆڕانكاریی و جێبەجێكردنی دەرچەو شوێنی پێكهاتنیان كەبەشێوەزاری پەرەسەندوویان دەبنە دەنگی زمانەوانی و لەوێوە بۆباەتی توێژینەوەو پاشماوەكانی لەناو پرۆسەی دەم و وو بێژان و بوونی دەنگی شانۆیی كەدەچنە ناو گەشەی بیناكردنی دەنگەكانیان كەوشەو پیتە لاواز یان سواو و سڕدراوەكانیان .

بەشی یەكەم :
أ / پەرەسەندنی جوڵە دەنگیەكان :

ئەوەی لەبارەی پەرەسەندنی جوڵەكانەوەزانراوە وڕوویداوە لەگۆڕانكاریەكاندا ، ئەودەنگانەن كەلەهەندێك بێژەی دەم ودووەوە بیناكراون وەكو ڕاناوەكان بەگشتی و ڕاناوی نیشانەو پیتەكاندا كە ئەم گەشەكردنە دەنگیە : گۆڕینی دەنگێكە بۆدەنگێكی تر بەكاریگەری دەرهێنەر كەنزیكەلە سیفەتەكانی ئەودەنگانەی كەدەكەونە قۆناغەكانی زەمەنەوە و قسەكەرشعوری پێناكات لەدەنگیدا ، لەبەرئەوەی دەكەوێتە قۆناغی زەمەنی چاودێردا و دەنگەكەی دەگۆڕێت ، دەیكات بەدەنگێكی تر ، لەچێوەی ڕێسایەكی پێوانەیی گستیدا كە قسەكەر بەكاری دەهێنێت ، بەبێ ئەوەی هۆكاری ڕوودانی ئەو دەنگە و بنچینەكەی بزانێت لەوشوێنەدا .
لەجێگەیەكی هەڵە لەبیستنی دەنگدا ، پەرەسەندن ڕوونادات كەبیسەر تووشی خەیاڵپڵاوی دەنگێكی تردەكەن هاوشێوەی ئەوەی لەزماندایە ، ئاوازو لاوازكردن و پاشان پەرەسەندنەكەی لەژێر ڕێسای دەنگە گشتیەكەیدا ، كەلەوانەیە لێكدانەوەی ئەوەی بۆبكرێت كە لەچێوەی هۆكارەكانی گەشەسەندنی دەنگی كەتەحەكوم بە وكارلێك دەكات لەنێوان دەنگە لەیەكچووەكان لەپێرفۆرمانس و لاساباری بێژان و دەم و دوودا ، پەرەسەندنی زمان نیشانەیەكەلە قۆناغەمێژووییەكانی دەقەكان و فەرهەنگەكان و شێوەزارو گوتە كاریگەرو دروشمەكان و پاشان لەناو ئەو گەشەسەندنەدا لەگوتاری هاوچەرخدا دوای ئەو گەشە كردنەی دیاردەكان و ڕێساكانی زمان و خوێندنەوە كەحوكمی دەكەن .

ب/ هۆكارەكانی پەرەسەندنی دەنگ ودیاردەكانی :

هۆكارگەلێك هەن ، بەشداری دەكەن لە پەرەسەندنی دەنگەكاندا كەتاكو ئێستاش كاریگەرییان ماوەو ئەوگەشەكردنەبەهێزە لەزمانە زیندووەكانی گوتاری رۆژانەو كارلێكی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و ژیاریدا كەلێرەدا هۆكارە زمانەوانییەكە بەشداری دەكات لە پەرەسەندنی دەنگیدا ، بەگۆڕینی دەنگی لەنوانداو جیاوازی كردن لە سوواندن و هەڵوەشاندنەوەو لاوازكردن و تەنككردن و ڕاهاتن و كارلێكی زامانە بیانیەكان ، لەگەڵ هۆكارە هەڵواسراەوەكان بەكۆمەڵگەو سەردەم و ژیارو رۆشنبیریەوە كەشێوەزارەكانیان و گەیەنەرە كۆمەلاًیەتیەكانیان و ئاستەكانیان لەناو سیستمی دینی و كۆمەڵایەتیدا .
لەبەرئەوە نووسەر چەند هۆكارێكی كاریگەر دەخاتە سەر زمان ، لێرەدا بەكورتی چەند خاڵێك دەستنیشان دەكەین بەمجۆرەی خوارەوە :
یەكەم / ابدال الاصوات – گۆڕینی دەنگەكان :
الابدال ” گۆڕین” : زاراوەیەكی وشەسازیە ، گۆڕین دەكات لە دەنگەكاندا هەروەها زاراوەیەكی دەنگیشە ، گۆڕین لەدەنگدا دەكەوێتە لقێكەوە لەناو زانستی وشەسازیدا كە دەنگەكان دەكەنە مادەی توێژینەوە ی بونیادی لە بێژەو دەم و دوودا كەدەنگەكان بنچینەی ئەو بونیادەن .
گۆڕین وەكو زاراوەیەكی سەربەخۆ : بریتیەلە گۆڕینی دەنگێك بەدەنگێكی تر ، دابەزینی بابەتەو لەڕووی مێژووییەوە پابەندی شوێنە ، كەمامەڵە لەگەڵ بێژەو دەم و دوو دەكات بەنمونەی ئاڕاستەی ئەو شوێنەی كەدەبێتە دڵی دەنگەكە وەئەم گۆڕینە بەگشتی لەپیتە نەخۆشەكانی زمانی عەرەبیدا ( أ ، و، ی ) وە دەردەچێت كە دەیگۆڕێت و دەچێتە ناو هەمووپیتەكانەوە جگەلە پیتە نەخۆخشەكان و پێوستیشی بە ئەسلەكەی نیە وەكو لەزمانی كۆندا هەبووە ، كەئمەیش لەدوو واژەی تر پێكدێت كەبریتین لە :
أ/ دەرەپەڕێندراو : سنوپێونەیەكی هەیە و كارەكەی پێویستی بە (نڤیر – هاوتا) یەك هەیە و دەچێتە ناو دڵی نەخۆشیەكەوە .
ب/ دەرنەپەڕێندراو : هیچ سنورو پێوانەیەكی نییە ، تێر نیە ، لەوشەی ناوازەدا كەلەگوێبیست بوون لەكەسێكی عەرەبەوە دێت واتە لەڕێی گوێچكەو بیستنەوە دەگوازرێتەوەو دەگۆڕێت .
بەگشتی سێ جۆر گۆڕین هەیە :
یەكەم / گۆڕینی ئەسڵەكە : بەپێی كۆتایی دەنگەكە دیاری دەكرێت و لەبنەمای وشەكەدایە . دووەم / گۆڕین بەزیادكردن : گۆڕینی دەنگێكە بەدەنگێكی تر كەزیاتربێت لەئەسڵەكەی . سێهەم / گۆڕین بە جێگرتنەوە : دەنگێك دەبێتە جێگرەوەی دەنگێكی تر لەوشەكەدا و بەمەش گۆڕین پێكدێت .

” ماویەتی … “




شانۆ و ئۆتیزم.. د. هاوڕێ زەنگەنە

شانۆ دەبێتە هاوکاریەکی گرنگی کەسانی تووشبووی ئۆتیزم.
ئەم هەواڵە بۆ شانۆکاران و سەنتەرەکانی ئۆتیزم وکەس وکاریان تووشبووانی ئۆتێزم گرنگە.
لە دوای داخستنی هٶلەکانی شانۆ و سینەما وئۆپیرای شاری میونشن بۆ ماوەی سالێک وا تازە دەست دەکرێت بە نمایش و پێشکەشکردنی بابەت هونەریەکان. بینەرەکان بە ماسكەوە و دوور لەیەکتر دادەنیشن. دەعوەتنامەیەکم لە دەرهێنەری شانۆ ئۆتۆ نۆڤاوە پێگەیشت،کەئامادەی بینینی پرۆژەی تازەکەی ئەمجارەیان بم، کە زیاتر لە دەساڵە بەردەوام لەگەل ئۆتیزمەکان بەزانستی شانۆ هاوکاریان پێشکەش دەکات. هاوکاریەکانی گرنگی شانۆ بۆ تەندروستبوونیان. کاری هونەری شانۆی کارێکی پرۆسەی زانستی وپەروەردەیەی دیقەتیە ولەرۆژی یەکمی پرۆسەکەوە کاریگەری وێنەی خۆی لەهزری بەشداربووند بەجی دەهێلێت ، ئەم پرۆسە هونەریە بەکورتی چی پێشکەش بە تووشبووانی ئۆتیزمەکان دەکات.
١. یەکتر قبوڵکردن.
٢. تێکەل بوونینا لەگەل یەکتر
٣. گۆرینەوەی گفوگۆی نیوان یەکتر
٤. هەست کردن بە بینین وبیستن وتماس و بۆن و چێژ و تێکەڵ بوونێکی تر و هەلس وکەوت و دروست کردنی تیکستێکی سەربەخۆ
٥. فیرکردنی هەندێ هەلس وکەوت
٦. بەهێزکردنی قودرەتی ترکیزکردن ٧
. بەهێزکردنی بیرکردنەوەی هزری
٨. پێزانینی خەڵکی بۆ کارەکانێان
٩. دانپێدان لەرێگەی چەپلەو گولبارنەوە
١٠. لەکۆتای نمایشەکە پرسیاری بینەران ورای بینەران و وەڵامدانەوەی ئەوان وپێشکەشکردنی ریزو حورمەتێکی بیپایان بە ئۆتیزمانەی، کە رۆلی نواندنیان وەکو ئەکتەر دەنواند …زۆر زۆر شتی تریش.
رێزلێنانێکی گەورە لەلایەن رۆژنامە و میدیا و بەریوەبەرایتی رٶشنبیری شاری میونشنەوە . یەکەم پرۆژەی کردنەوەی هۆڵی شانۆی ئەم مالە شانۆیە بەم نمایشە بوو.. چەنابی موفیشی گۆگۆل بوو، ئەمان بەسدەکاریەکی زۆر زۆر بەنرخەوە پیشکەشیان کرد. کچێکی بەخۆ رۆلی جەنابی موفەتیشی دەبینی. لە هەمووی گرنگتر ئەوەبوو هەموو دایک وباوکی کەسایتیە ئۆتیزمەکان هاتبوون بۆ سەیری نمایشەکە، بەیکە خۆشی موحبەتەوە دەیان روانیە کوروکچەکانێان بۆ ئەم سەکەوتنە بەنرخەی ،کە کچ وکورەکانێان لەسەر سەکۆی شانۆ دەبینن وخەڵکی چەپلەێان بۆ لێ دەدا، هزری و ئگاهی و هۆشمەندی ورٶشنبیری کەس وکار یان بەرامبەر بە کەسانی تووشبوو دەگۆرێت، کەواتە ئەوانە توانیان هەیە و بەو چاوکەمیەوە سەرێان مەکەن بۆ هۆشمەندی رۆشنبیری گشتی خەڵکی و گۆرێنی بیرو هزری کۆمەڵ بەرامبەر بەو تووشبوانی ئۆتیزم. ئا بەم شیوەیە هاوکاری خانەی دەماغی نیو مێشکی تووشبووان دەگورێت و هی کۆمەلگاش دەگۆرێت، ئا بەم شیوەیە قودرەت شانۆ بۆ مرۆڤایەتی و قودرەتی شانۆ بۆ خۆشەویستی مرۆڤایەتی بە هەموویان دەبەخشیت، ئا بەم شیویە هونەری شانۆ هەم چیژ وەرکگرتنە لە مەعریفە و لە هونەر ولە رٶشنبیری ئەدەبیاتی کۆمەلایەتی وسیاسی و فەلسەفی و دەبێتە هاوکاری پزیشکی یش.
هەرکەس خوازیاری هاوکاریبێت بۆ کردنەوەی دەوریەکی ئەوتۆ لەسەنتەرەکان و یان شووینەکانی خوێندنی هونەری شانۆ .. من لەگەل دەرهێنەر ئۆتۆ نۆڤا زیاتر لە بیست سالە یەکتر دەناسێن بەردەوام لەئالو گۆری هونەری هاوکاری یەکتر بەردەوامین.

دەتوانڕیت بەم ناونیشانی مایلەوە پەیوەندیم پیوە بکات. Zangana.k@gmail.com
د. هاوڕێ زەنگەنە




شانۆگەری- کۆمەڵگە.. نووسینی: ئۆمەر هانسن.. وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ڕووداوەکە لە ژوورێکدا ڕوو دەدات

کارەکتەرەکان : بایرۆن، کیتس

شوێنکات : ژوورێکە مێزێک و دوو ئەسکەمیلی تێدایە. دەرگایەک هەیە- داخراوە – و پەنجەرەی تێدا نییە.
( دوو پیاو لەناو ژوورەکەدان. یەکێکیان لەسەر مێزەکە خەوتووە و ئەوی تریشیان دانیشتووە و تەماشای ئەکات. دوای پیاکێشانی کیتس بە مێزەکەدا و بایرۆن بەئاگا دێت، ئینجا دەست پێدەکەن)

بایرۆن : زۆر چاکە.

کیتس : بەڵێ زۆر چاکە. هاوڕام (کۆکم) لەگەڵتا.

بایرۆن : خۆ ئەوە ماوەیەکی زۆرە.

کیتس : ماوەیەکی زۆرە. وا بوو بەساڵێكی تەواو.

بایرۆن : من کاس بووم.

کیتس : دەبێت دەست پێبکەین.

بایرۆن : بێگومان،ڕاست دەکەی.( هەردوو پیاوەکە ئەچنە پشت مێزەکەوە. بایرۆن بەپێوە ئەوەستێت.) بابزانرێت کە کۆمەڵگەی شاعیرانی جیهان و گەردوون ئێستا بە فەرمانی شیعرییەوە دێن.

کیتس : جوان بۆی چووی.

بایرۆن : سوپاس. پێویستە حەز بکەین گوێبیستی خوێندنەوەی یادنامەکە بین.( بایرۆن دائەنیشێ و کیتس هەڵدەستێتە سەرپێ پارچە کاغەزێکی بەدەستەوەیە)

کیتس : من ئێستا یادنامەکەی دووایین کۆبوونەوە دەخوێنمەوە. خوێندنەوەی یادنامە،خستنەبەرچاوی تێبینییەکان، خوێندنەوەی شیعر. گفتوگۆی زیندوو، بێ خۆێڕشتن، کۆکردنەوەیان و ئەنجامەکان(کیتس دائەنیشێت)

بایرۆن : سوپاس. بەڕێزینە ئێستا ئێمە تێبینییەکان دەخەینە بەرچاو. بەڕێزینە وڵاتی هونەرەکان لەهەموو کاتێک لاوازترە. شانۆ بۆ چەندین ساڵ دەچێت مردووە. هونەری شێوەکاری لە گۆڕاندایە.مۆسیقا میلۆدیانە ئەمێنێتەوە لەبەر ئەوە دوودڵ و بێبایەخە.(نابەجێیە). سینەماش هەرگیز شێوازێکی هونەر نەبووە،ڕۆمانیش بۆتە کرێی جەماوەر و کورتەچیرۆکیش هەموو ساڵێک درێژتر دەبێتەوە. ئەوە شیعرە و بەتەنها هەر شیعرە وەک هونەرێکی شایستە بە ژیان ئەمێنێتەوە. پرسیار ئەکەی بۆچی؟ بەوپەڕی سادەییەوە وای دابنێ: ئێمە لە تۆڕی بۆگەنی مانا و لە زۆنگاوی هۆکار هەڵاتووین. ئێمە هونەرین و هونەریش ئێمەیە.ئێمە شیعرین و ئەوەش ڕووناکی شیعرە لە ناخمانەوە. ( کیتس دەست بەچپڵەلێدان دەکات. بایرۆن بە تووڕەییەوە تەماشای کیتس دەکات.) ئـێمە ملکەچی فەرمانەکانی دەرەوە نین، فەرمان ئاژاوەیە و ئاژاوەش فەرمانە. لێرە لەم شوێنە و بەتەنها ئەم شوێنە لەوانەیە بیرکردنەوە هەبێت و گەشە بکات( بایرۆن دادەنیشێت و کیتس بە قایمی چەپڵە لێدەدات)

کیتس : ئازیزی خۆم.

بایرۆن : سوپاس.

کیتس : ئەوە جوان بوو.

بایرۆن : تۆ زۆر میهرەبانیت.

کیتس : پێموابێت ئەبێت بگرێم.

بایرۆن : نا مەگریێ.

کیتس : شاعیرانە بوو.

بایرۆن : بەڵێ.

کیتس : ڕاپۆرتەکە لە سکرتێرەوە بوو؟

بایرۆن : دەستگیرۆیی وەستێنرا. دەسەڵات یارمەتیدانی ڕەتکردۆتەوە.

کیتس : مەرگ بۆ ستەمکار، دەسەڵات بۆ دەبەنگەکان.

بایرۆن : هێمن بەرەوە.

کیتس : تۆ ڕاست دەکەیت…

بایرۆن : من دووەمم، کێ دەست پێبکات؟

کیتس : من دەست پێبکەم؟

بایرۆن : بەهەموو مانایەکەوە.

کیتس : ( کیتس هەڵدەستێتە سەرپێ. وچانێک) شێلان”…سمی ئەسپ…دەموچاوێکی تەخت.( دادەنیشێت. بایرۆن دادەنیشێت و بەترسەوە لێی دەڕوانێت)

بایرۆن : چ کورت و پڕ مانایە…ئەمبینی…ئەسپەکە…سمەکە…دەموچاوەکە…ئەوە شاکارە. ئەوەی مانا بێ نەیبوو.

کیتس : تۆش زۆر میهرەبانیت.

بایرۆن : بەڕاست؟

بایرۆن : ئۆ بەڵێ، تکایە. ئێمە لەسەروبەندی دەستپێکردنێکی باشداین.

بایرۆن : ( هەڵدەستێتە سەرپێ و چاویلکەی خوێندنەوە لەچاو دەکات) چوون بۆ پارک و سەرما بوون لەشەوانی زستانا لە مانهاتان،وەختێ وامزانی پێمخۆشە، بەڵام هیچ نەبوو.

کیتس : ئەوە ناوونیشانەکەیە؟

بایرۆن : (واقی وڕماوە) بەڵێ.

کیتس : ئۆی، بەڵام من پێمخۆشە. حەزم پێی هەیە. زۆر شاعیرانەیە.

بایرۆن : ئۆی، لەو بڕوایەدایت؟

کیتس : ئۆی، بەڵێ بەدڵنیاییەوە.

بایرۆن : سەرمابردنێکی خۆڵەمێشی ڕەش…پەنچەکان…ژانێکی ئەرخەوانی…تۆ، لێوێکی ڕەشی مەیلەو قاوەیی.( نامەیەکی بچکۆلانە لەژێر دەرگاکەوە دەخرێتە ئەمدیوەوە. کیتس دەیبینێت)

کیتس : ئەوەت بینی؟

بایرۆن : چی؟

کیتس : ئەوەی لای دەرگاکە.

بایرۆن : من تەواو نەبوومە.

کیتس : کەسێک نامەیەکی لەژێر دەرگاکەوە فڕێیدایە ئەمدیوەوە.

بایرۆن : بەڵام من تەواو نەبوومە.

کیتس : کەسێک فڕێیدایە…

بایرۆن : ئەمە دادپەروەری نییە.

کیتس : من…

بایرۆن : تۆش ئەبێت ئەوەی خۆت بخوێنیتەوە.

کیتس : بەڵام کەسێک نامەیەکی لەژێر دەرگاکەوە فڕێدایە ژوورەوە.( ئەمە بۆ یەکەمین جارە نامە بۆ بایرۆن دێت. هاوار دەکات) تەماشای بکەین بزانین چییە؟

بایرۆن : مەبەستت ئەوەیە لەودیوی دەرگاکەوە فڕێدرایە ژوورەوە.

کیتس : بەڵێ. نازانم ئەبێ مانای چی بێت.

بایرۆن : (ترساوە) باش، لەوانەیە یەکێکمان تەماشای بکات بزانێت ئەوە چییە.

کیتس : من قایلم.

بایرۆن : (نایەوێت) ئەتەوێت بزانم چییە؟

کیتس : قەیناکە خۆم دەیکەم.

بایرۆن : باشە.( کیتس بەرەو لای دەرگاکە دەڕوات و نامەکە هەڵدەگرێت. بەڕوانینێکی نیگەرانییەوە تەماشای دەرگاکە دەکات و ئەگەڕێتەوە لای بایرۆن)

کیتس : ئەشێت هاوار بکەین بزانین کێ ئەو نامەیەی خستۆتە ژێر ….

بایرۆن : نا نا هاوار مەکە!لەوانەیە تێکدەرێکی کۆمەڵگە بێت.( کیتس بازێک لە دەرگاکە دوور دەکەوێکەوە) ئەوە چییە؟

کیتس : (نامەکە هەڵدەپچڕێت) بۆچی…ئەوە شیعرە. ئەوە شیعرە. ئەتەوێت بۆتی بخوێنمەوە؟

بایرۆن : نا نا ئەوە هی دەرەوەیە. وابزانم باشترە هەر لەژێر دەرگاکەوە بیخەینەوە…

کیتس : ڕەنگە پێمان باش بێت.

بایرۆن : نەتخوێندەوە وا نییە؟

کیتس : خوێندمەوە. ئەشمەوێت بۆ کۆمەڵگەی بخوێنمەوە.

بایرۆن : من دژی ئەوەم.

کیتس : پێویستە ئازایەتی لەخۆمان نیشان بدەین.

بایرۆن : زۆر چاکە. ئەوە لەمێشکی تۆدایە( بایرۆن ئەچێتە لای ئەسکەمیلەکەی و دادەنیشێت. کیتس ئەچێتە لای ئەسکەمیلەکەی و بەپێوە دەوەستێت و دەست دەکات بەخوێندنەوە)

کیتس : بەزۆری ئەوەستێتە سەر …چی ئەنووسم و…چۆن بیر ئەکەنەوە. بەڵام هەرگیز ئەم دووانە ناگەن بەیەک.( وچانێکی درێژ)

بایرۆن : ئەوە بۆنی مانای لێدێت.

کیتس : چی؟

بایرۆن : ئەیڵێمەوە. ئەوە بۆنی مانای لێدێت.

کیتس : پێموابێت ڕاست ئەکەیت. ئەی چی بکەین؟

بایرۆن : بیخەرەوە شوێن خۆی.

کیتس : ژێر دەرگاکە؟

بایرۆن : بەڵێ، بەڵێ.

کیتس : ئێستا؟

بایرۆن : چەند زووتر بێت باشترە. ( کیتس ئەچێتە لای دەرگاکە و دائەچەمێتەوە و وەختە نامەکە بیخاتە ژێر دەرگاکە و دەوەستێت)

کیتس : بۆ پێتوایە ئەو نامەیەیان بۆ ناردین؟

بایرۆن : تا گەندەڵمان بکەن. ئەیانەوێت گەندەڵمان بکەن. بیخەرەوە ژێر دەرگاکە.

کیتس : بەڵام…دەرگاکە…قەت پێشتر شتی وا ڕووینەداوە. کەسێک لەودیوەوە هەیە.

بایرۆن : گەندەڵی لەودیوەوەیە.

کیتس : بەڕاستیتە؟

بایرۆن : ئەگەر نایخەیتەوە ژێر دەرگاکە لانی کەم لەسەر ئەرزەکە دایبنێ و شیعری زیاتر بخوێنەوە…وەرە…بخوێنەوە.

کیتس : لەوانەیە تۆ ڕاست بکەیت.

بایرۆن : شیعرێکی تری خۆت بخوێنەوە.

کیتس : بەڵام تۆ شیعرەکەی خۆت تەواو نەکرد.

بایرۆن : قەیناکە. بیخوێنەوە.( کیتس بۆ ماوەی خولەکێک تەماشای مێزەکە دەکات و پاشان ڕادەوەستێت و بۆ خوێندنەوەی شیعرێکی تر. تەماشای نامەکە دەکات لای دەرگاکەوە) تەماشای مەکە!( کیتس ڕوو وەردەگێڕێت و تەماشای شیعرەکەی دەکات)

کیتس : شەوەکە …تاریکییەکی فێنک…زۆر یان کەم…ئەوە…

بایرۆن : ئەوە شیعری کێشدارە.

کیتس : نا وا نییە.

بایرۆن : بەڵی وایە. تۆ شیعری کێشدارت خوێندەوە.

کیتس : نەخێر شیعری کێشدارم نەخوێندەوە.!

بایرۆن : ئەزانم خوێندنەوەی شیعری کێشدار کە بەر گوێم دەکەوێت. ئەوە کێشدار بوو.

کیتس : بەهەرحاڵ.. لەوانەیە وا بێت. هەندێکجار حەزم لە شیعری کێشدارە.

بایرۆن : چی؟

کیتس : حەزم لە شیعری کێشدارە.

بایرۆن : باوەڕ ناکەم. گەندەڵی دەستی پێکرد. ئەو نامەیە! وێرانمان ئەکات. ئەبێت لەناوی بەرم.( بایرۆن بەرەو لای نامەکە ئەچێت بەڵام کیتس پێشی پێدەگریت و ناهێڵێت دەستی بگاتە نامەکە) من پێتدەڵێم لێگەڕێ با لەناوی بدەم.

کیتس : بوەستە! بوەستە! تۆ زۆر عەبەس بوویتە!

بایرۆن : سوپاس.

کیتس : مەبەستم ستایشکردنت نەبوو.

بایرۆن : ئەی چیتر بم؟

کیتس : من لەم دەرگایەوە ئەڕۆمە دەرەوە.

بایرۆن : ( بایرۆن لەترسا هاواری لێهەڵدەستێت) نەخێر.

کیتس : وای دەبینم ئەبێت بڕۆم.

بایرۆن : تۆ تێناگەیت…تۆ گەنجی…لەدەرەوە گەندەڵی هەیە…لەدەرەوە مانا هەیە.

کیتس : تۆ چۆن ئەزانیت؟

بایرۆن : ناتوانم پێت بڵێم!

کیتس : ( بەرەو لای بایرۆن ئەڕوات و ڕووبەڕووی دەبێتەوە) ئەمەوێت بزانم!

بایرۆن : ( بەدەم هەنسکدانەوە بەچۆکدا دەکەوێت) ناتوانم! ناچارم مەکە. تکایە ناچارم مەکە.

کیتس : ( یەخەی کراسەکەی بایرۆن ئەگرێت) پێمبڵێ!

بایرۆن : ( بەهێواشی) …ئەزانم… لەبەر ئەوەی لەو دەرگایەوە چوومەتە ئەودیو! بەڵام بەختم هەبوو. گەندەڵیم بینی. مانام بینی و زانیم لەناوم دەبات. چۆن ژوورەکەم جارێکیتر دۆزیەوە، نازانم. بەڵام تۆ نابێت ئەوە تاقی بکەیتەوە. تۆ ناتوانیت بگەڕێیتەوە ژوورەکە. هەندێک وێڵ بوون و نەگەڕانەوە. کۆمەڵگە لەوێ ئەمێنێتەوە. بەڵام ئەوان ناگەڕێنەوە. تکایە گوێم لێبگرە.

کیتس : بەڵام مەبەستت چی بوو؟ ئەو دووانە هەرگیز بەیەک ناگەن.

بایرۆن : نابینی چیت بەسەر هاتووە؟ تۆ پرسیارت کرد مانای چییە. گوێت لە خۆت نییە چیت گوت؟

کیتس : من وام گوت؟

بایرۆن : بەڵێ گوتت.( کیتس بەرەو لای دەرگاکە دەڕوات نامەکە هەڵدەگرێتەوە)هەڵی مەگرەوە! هەڵی مەگرەوە! بیخەرەوە ژێر دەرگاکە. لەدەرگاکە دوور بکەوە.( بە وچانێکی درێژ کیتس ڕادەوەستێت و نامەکەی بەدەستەوەیە. دواجار لەژێر دەرگاکەوە دەیخاتە ئەودیوەوە. بەهێواشی بەرەو لای بایرۆن دەڕوات کە شەرمەزاری دەکرد) کوڕە ئازیزەکە، تۆ بردتەوە، جەنگەکەت بردەوە… پێموابێت ئەبێت بەردەوام بین…بەڵام شیعری تر ناخوێنینەوە. دوای ئەمە لەوانەیە وەک شتێکی بێکەڵک چاوی لێبکەن. وەرە با بگەڕێینەوە و کۆنفرانسەکە تەواو بکەین. هێشتا ئەنجامگیری ماوە و ئەنجام نەدراوە. (هەردووکیان ئەچنەوە لای مێزەکە. بایرۆن قاپەکە سەر مێزەکە هەڵدەگرێت و فووی لێدەکات و تۆزەکەی سەری پاک دەکاتەوە و بەرەو لای کیتس پاڵی پێوە دەنێت. کیتس بە ڕوانینێکی نیگەرانیانەوە لێی دەڕوانێت. لەناو گیرفانییەوە هەستی پێدەکات. پاڵ بە قاپەکەوە دەنێت بۆ بایرۆن. بایرۆن ئاوڕ دەداتەوە و دەیبینێت. تۆزیک شەرمەزار دیارە)…ئێستا بۆ دوا ئەنجام …جارێکیتر خۆمان نوێ کردەوە. ئێمە بڕوامان وایە وەک هونەر بین.

کیتس : ئەوە زۆر جوانە.

بایرۆن : سوپاس. ئەوە ئێمە کۆتاییمان پێهێنا. وەرە باوەشم پێدا بکە. ئەوە ئەزموونێکی جوان بوو.

بایرۆن : بەڵێ.

بایرۆن : تا ساڵێکی تر؟

کیتس : ساڵێکی تر.(بایرۆن پێدەکەنێت و بەرەو دوورترین گۆشەی ژوورەکە لە دەرگاکەوە دەڕوات. پاڵ دەکەوێت و دەخەوێت. کیتس تەماشای دەکات و پاشان لە دەرگاکە دەڕوانێت. دەچێتە لای بایرۆن و ئەبینێ نووستووە. تەماشای دەرگاکە و ئینجا بایرۆن دەکات. بەرەو لای دەرگاکە دەڕوات. دەست دەداتە دەسکی دەرگاکە و دەرگاکە دەکرێتەوە. ئاوڕ لە بایرۆن دەداتەوە. لەدەرگاکەوە دەچێتە دەرەوە. لەگەڵ کزبوونی ڕووناکی بایرۆن دەست بە پرخەپرخ دەکات )

                                           کۆتایی

تێبینی : مەسەلەی جێندەر لەهەڵبژاردنی کارەکتەرەکان بۆ ئەم دەقە کێشە نییە. کارەکتەرەکان چ نێر بن یا مێ یانیش نێر و مێ بن پێکەوە هیج کاریگەرییەک لەسەر دەقەکە و تەکنیکی دەرهێنان و نمایش دانانێت.

دەربارەی ئۆمەر هانسن
شانۆنامەنووس و شاعیر و نووسەر و ئەکتەر ئۆمەر هانسن وانەی دراما لە کۆلیژی سەڵت لەیک کۆمینیتی دەڵێتەوە .ئێستاش بە وەرگێڕانی شانۆگەرییەکانی فرانز گریلپارزەرەوە خەریکە. شانۆگەری کۆمەڵگە لەساڵی ١٩٩١ لەسەر شانۆ لە وۆرکشۆپی پرۆگرامی گەشەپێدانی شانۆنامەنووسان خوێنرایەوە کەلەلایەن کۆمەڵەی شانۆ لە خوێندنی باڵا لە شاری سیاتڵ ڕێکخرا. لەکۆتایی ئەو ساڵەش خەڵاتی پریمیەر پرۆداکشنی کارە شانۆییەکانی خۆرئاوای شاری سەڵت لەیکی وەرگرت. ج. ئۆمەر هانسن حەوت شانۆگەری نووسیوە لەگەڵ چەندین ڕۆمان و چیرۆک و شیعر بۆ منداڵان و مێردمنداڵان.

سەرچاوەکان :

1- Play It Again
By Norman A. Bert & Deb Bert
U.S.A. 1993 Pages 141 – 148
2- http://normanbert.files.wordpress.com/2011/02/curriculumvita1.pdf
3-https://www.meriwetherpublishing.com/AuthorsDetails.aspx?CatID=18

تێبینی : ئەم شانۆنامەیە لە گۆڤاری وانەر ژمارە ١ ی ساڵی ٢٠٢١ بڵاو بۆتەوە.




مەرجەکانی کارکردن لە شانۆی ئیمپرۆ.. ئامادەکردن و وەرگێرانی: زاهیر عەبەڕەش

کە ئەکتەر بیت لە نمایشێکی ئیمپرۆدا

  • ڕووبکەرە بینەر
  • دەنگ بەرزبکەرەوە
  • فۆکەس بخەرە سەر شوێنێکی شانۆکە
  • خێرا ڕۆلەکەت بگۆڕە
  • گورج گۆڵبە لە هاتنت بۆسەر شانۆکە
  • تێمپۆ ڕابگرە
  • بەپەرۆش بە بۆ بەدواکەوتنی ڕوداوەکان
  • دەست و قاچ و جەستەت بەکاربهێنە لە کاتی نواندندا
  • لە دوای نمایشکردنی دیمەنەکە بگەڕێرەوە ببەرەوە بەخۆت.
    تۆ دەبیت بە ڕێکخەر و چاودێری بینەران- ئامۆژگاری.
    مانای چاودێرو و ڕێکخەری بینەران(مودراسیون- عریف حفل) چیە؟
  • چاودێری بکە بۆ بابەت و ناوەڕۆکی نمایشەکەی ئێوارەت کە بەردەوام دەبێت.
  • وێنەیەکی گشتیت هەبێت لەسەر، کات، شوێن و خەڵک و بابەت.
  • مامەڵە لەگەڵ ڕودای چاوەروان نەکراو دەکەیت.
  • لە پیشەکیەکەیدا هەوڵ بدە سەرەتا هاوکاری بینەر بکە کەشێکی دڵخۆشی و پێکەنیناویان بۆبخولقێنیت.
  • تەواو ئاگاداری کات بە.
  • گروپەکەت/ ئەکتەرەکانت پێشکەش بەبینەرەکان بکەو بیان ناسێنە.
  • لە شتی گرنگدا بینەرەکەت ئاگادار بکەرەوە.
    ئامۆژگاری
  • ئەو کەسەی کە گەمەکە دەبات بەڕێوەیە (مودراسیون) ئەو زۆر گرنگ نیە بەڵکو ئەکتەرەکان زۆر گرنگن .
  • لە کات و شوێنی ڕاست و دروستدابیت و دەرکەویت.
  • هەژمون و دەسەڵاتت هەبێت بەڵام لەگەڵیدا بێفیز، نەرم و ئارام و دڵخۆشبە.
  • زیادەڕەوی بکە لە دڵخۆشیدا
  • هاوکاری ئەکتەرەکان بکە لەکاتی پیویستیدا.
  • تەواو ئەرێنی و پۆزەتیڤ بە ئەگەر هەستت کرد بابەتەکە خراپ نمایش دەکرێت و بەرەو خراپی دەروات، تۆ دەبێت هێندە پۆسەتیڤ بت بتوانیت بەلانس ڕابگریت.
  • دیمەنەکە ڕابگرە کاتێک پیویستی کرد.
  • دەبێت هەموو یاساو ڕیسای مەرجی گەمەکان بزانیت.
    زمانی جەستە:
  • دەستەکانت لەخوارەوە نەبێت و بێ جوڵەبێت
  • دەست باڵەکانی بجوڵێنە
  • دەمووچاوت کراوەو دڵشادی پیوە دیاربێت
  • کۆنتاکتی چاو کەلەڵ بینەردا دروست بکە
  • قنج و قیت و پەو بوەستە.

پرسی پراکتیکی

  • پیش نمایش ئەو ڕۆژە هەندێک چالاکی و مەشقی ڕاهێنانی دڵخۆشی بکەن.
  • دەربەستی کات بە
  • دەنگ، شوێن، ئێسکسوار ئەو شتە پراکتیکیانەی بەکاری دەهێنن بپشکنە.
  • لە ڕووی دەرونیەوە تەواو ئامادەبن.
  • خەڵکەکانی دەوروبەرت بناسی

گەرمکردنەوەی بینەر

  • گەرمکردنی بینەرانیش وەک گەرمکردنی ئەکتەرەکان گرنگە
  • هەموو بژاردەیەکی گەرمکردنەوە کراوەبێت بۆت، سەیری بارودۆخەکە بکە.

بۆنموونە

  • جەستەیان گەرمبکەنەوە، بە شێلان و دەستبەرزکردنەوەو، هەڵبەز و دابەز و سترێچنین هەر گەرمکردنەوەیەک تۆ بەباشی بزانیت بەکاری بهێنیت.
  • با بینەر پرسیار لەوەی تەنیشتی بکات بۆ خۆگەرمکردنەوە.
  • با بینەر دەنگ بەکاربهێنێت بۆ گەرمکردنەوە.
  • پرسیار لە بینەر بکە چۆنن؟ ئیوە لێرەن؟ جەند دڵخۆشین بە بینینی ئێوە لەم شوێنە.
  • بۆنموونە داوایان لێبکە بە جەستەیان وێنەی k ی ئینگلیزی دروست بکەن
  • چەپڵە لێدان
  • ناوەکان بڵێ بەریز
  • زۆر بەکورتی باسی ئیمرۆیان بۆ بکە
  • یان بە کورتی نوکتەیکیان بۆ بکە
    چۆن کەسێک نمیشێکی ئیمرۆ بەرێوە دەبات.
    بزانە بۆچی گروپەکەت دەیانەوێت ئیمپرۆ نمایش بکەن.هەوڵ بدە بزانیت هۆکارە تایبەتیەکانی تاک تاکی گرۆپەکەت بۆچی دەیانەوێت لە وانەکانی ئیمرۆ بن؟ چ چاوەڕوانیەکیان هەیە؟ هەموو ئەندامانی گروپەکەت هاوچەشنن و، هەمان ئامانجیان هەیە؟ ئەگەر نەتزانی بۆچی دێن هەوڵبدە چەند تەمرینێکیان لەگەڵ بکە ئەوکات خۆت هەدێک شتت بۆ لا روون دەبێتەوە. فریای ئەوە دەکەویت شوێن هەڵبژێریت و کارەکەت ڕاپەڕێنیت.
    بۆ نموونە لەم جۆرە بابەتانە
    ڕەنگە گوێت لەم جۆرە کۆمێنتانەبێت لە کاتی پرسیارکردن یان گفتو گۆو قسەکردنی گروپەکەت.
    1- شتێکی خۆشە بۆ خۆم
    2- سەرگرمکردن و خۆ خەریکردنێکە لەگەڵ ئەوانی تر
    3- دەمەوێت بەگژ ئەو ترسە کۆمەڵایەتیە بممەوە کەهەمە
    4- ئەمەوێت تەکنیکەکانی نمایش فێربم بۆ ئەوەی لە ئایندەدا تێکستێک نمایش بکەم
    5- دەمەوێت زیاتر لە سەر شانۆ شارەزابم
    6- دەمەوێت هەفتەی ئایندە بەشداری بکەم لە پێشبڕکێەکدا لەسەر شانۆی سپۆرت( ئەم جۆرە زیاتر پێش بڕکێی قوتابخانەکانە)
    7- ئەموێت خەڵکی تر ببینم

یەکێک بدۆزەرەوە- نامەیەک – بەرەوە – ماڵەوە
کە هەوڵ بدەیت هەموو ڕوانگەکەانی ئیمرۆ لە ئێوارە نمایشێکە جێی بکەیتەوە، ئەوە شتێکی مەحاڵەو نابێت. ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەیە ئامانجی گروپ چیە. هەوڵ بدە( نامەیەک لەگەڵ خۆتدا بەوە) ئەوەش بەواتای کە گروپەکەت چ شتێک فێربوون لەو ماوەیەدا تۆ کارت لەگەڵ کردوون ئەوە نمایش بکە.

نموونە بۆ نامەیەک بۆ ماڵەوە بەرەوە:

  • هیچ شتێکی مەترسی تێدا نیە کە هەڵە بکەیت.
  • هەڵەکردن چێژت پێدەبەخشێت.
  • ئەگەر تەکنیکی ڕاست بەکاربهێنیت، مێشکت بە شێوەکی چاوەڕوان نەکراو خۆبەخۆیی (سپۆنتان- العفویة) دەبێت
  • دیمەنە باشەکان پێکهاتەو بونیادیان هەیە.

مەشقی گونجاو بدۆزەرەوە
بەسەر مەشق و ڕاهێنەنەکاندا بچورەوەو موراجەعەیەکیان بکەرەوە، ئەو مەشقانە بکە کە خۆت حەزی پێدەکەیت، گرنگ نیە ئەگەر گروپەکەت لەوەپیش ئەو مەشقانەیان ئەنجامدابێت، گرنترین شت ئەوەیە کە خۆت حەزت لییبێت.
یەکەم خۆگەرمکردن:
دڵنیابە لەوەی کە گروپەکەت هەموویان هەست بە دڵنیایی و ئارامی بکەن لەگەڵ تۆدا، ناوی هەموویان بزانیت، بە هین بانگیان نەکەیت، کە تۆ وەک ڕابەرێک ناویانیت زانی ئەوە بەشێکە لەوەی کە دڵنیایان پێدەبەخشێت، هەوڵبدە خەسڵەت و خوە تایبەتیە سەرنجڕاکێشەکانی یەکیەکیان بزانیت، دڵنیابە لە دەنگ و جەستەت، گەرم و سازو ئامادەبێت کە میشک ڕابهێنرێت بۆ گەمەکانی ئیمپرۆ، ڕایبهێنە بۆ پەیوەندیکردن، خۆبەخۆی ( سپۆنتانی – العفویة)، لەگەڵکەوتن (affirmation).

دووەم قۆناغی سەرەکی:
لەم بەشەدا کارکردنمان هەیە بۆ گێمی کورت و گێمی درێژ و چەمکێکی قوڵتر، لەم بەشەدا کارەکتەر، دیمەن و حاڵەت دروست دەکەیت و گەشەی پێدەدەیت.

خڕبونەوەو کۆتایی پێهێنان:
بۆ ئەم قۆناغە مەشقێکی لەسەرخۆ و بێ هیچ لەخۆکردنێکی زۆر شتێکی باشە، دوای تەواوبوونی وانەکە، شتێکی باش بووە کە گروپەکەت بەهۆی مەشقە نزیک و و گەرمو گوڕەکانەوە یەکتریان ناسیووە، دوای تەواوبوونی دەردەکەت هەوڵبدە ڕووناکیەکە خامۆش بکە و پیکەوە لەگەڵ گروپەکەت ڕۆژەکە هەڵسەنگێنن.
ڕاهێنانەکان ڕێکبخەو بینووسە
هەوڵبدە لە دەفتەرێکدا ئەو مەشقانەی لەگەڵ گروپەکەدا دەیکەیت لە دەفتەرێکدا بیننوسە، ناو و ناوەرۆکی مەشقەکانی تێدا بنووسە، پێش ئەوەی دەستبەکار بکەیت و مەشقەکان بکەیت بزانیت ئەوڕۆژە کام ڕاهێنان هەڵدەبژێریت بۆ خوێندکارەکانت، هەروەها دەبێت بزانیت رۆژی پیشووتر چیتان کردووە، رۆژانە یاداشتەکان تۆمار بکە. تەئکید لەوە بکەرەوە کە ئایا ئەو وەختەی لە بەردەستدایە چەندە و؟ دەتوانیت چەند ڕاهێنانیان بە خوێندکارەکانت بکەیت، کات و مەشقەکان لەگەڵ یەکدا بگونجێنە.
ڕیکلام کردن بۆ نمایشیكی ئیمپرۆ:
هەوڵبدە با ناونیشانی نمایشەکەت لەسەر پۆستەر و ڕیکلامی نمایشەکەت بۆ رۆژی پیشاندان سەردێڕێکی (مانشێتێکی) خۆشی هەبێت، زەردەخەنە بخاتە سەر لیوی خەڵک، دەشتوانی پۆستەرەکان لە شێوەی کاریکاتێردا بن، ئەمە ئەگەر لە کاتێکدا شوێنێک بانگهێشتنی نەکردبێتی، هەندێک جار فەرمانگەیەک یان شوێنێک خۆیان ڕیکلام بۆ ئێوارە نمایشێک دەکەن و ئەو ئێوارە نمایشەکەیان لە تۆ کڕیوە، یان بانگیشتیان کردوویت، خۆیان خاوەنی کارەکەن
لەکاتی دەرسەکاندا، ڕاهێنانەکان ڕونبکەرەوە.
کاتێک تۆ ڕاهێنانەکان ڕوندەکەیتەوە بە شێوەیەکی سروشتی چەمکێک ئامادە دەبێت بۆ رونکردنەوەی مەشقەکان. لەسەرخۆ و بەڕونی قسە بکە، هەندێک ڕاهێنان باشترە ئەگەر هاوکاری وەرگریت لە ئەکتەرەکان/ ئیمرۆڤیسەتۆرەکان.

بیر لەم پرسیارانەی خوارەوە بکەرەوە

  • پیویستە هەموو ڕاهێنەنەکان بەیەجار ڕوون بکەمەوە یان ڕونکردەوەکانم دابەشبکەمە سەر چەند قۆناغێک؟ بەواتای لەکاتی پیادەکردنی ڕاهێنانەکاندا ئەکتەرەکان بوەستێنم و سەرنجی خۆم بدەم لەبارەی توخمەکانی گەمە و گێم و ڕاهێنانەکان؟.
  • ئایا پیشتر ئامانجی ڕاهێنانەکان ئاشکرابکەم یان ئامانجی ڕاهێنانەکان ئاشکرا نەبێت بۆ ئەکتەرەکان؟ زۆرجار پێویست ناکات مەشقەکان ڕونبکرێتەوە، پیاو فیرئەبیت باشتر دەبێت ئەگەرچی خۆشی نەزانێت ئەوە شتە چیە کە ئەیکەیت ، زۆر جار بەشداران خوازیاری ئەوەن کە بۆچی هەندێک مەشق دەکەن.
  • ئایا پێشنیازی چاکردنیان بدەمێ و ڕەخنەی بنیاتنەرانەیان لێبگرم یان زیاتر وازیان لیبهێنم و کەشەکە ئارام و هێمنتر بێت؟. زۆر جار دەبینرێت و سەرنج دەدرێت، ئەکتەرکان هەستی پێدەکەن کە هەڵەکە لەکوێدایە، ئەوە شتێکی زهنیە سوبجەکتیڤیە. هەندێک جار بەشداربوان تێناگەن چۆن مەشقەکان دەکرێت، زۆر گرنگە کە تێبینی بکەن و بزانن چ پەیوەندیەک و وەرگرتنەوەیەک گونجاوەو کامە نەگونجاوە .

دابەشکردنی گروپ

دابەشکردنی گرروپەکە بۆ گروپی بچوکتر دەتوانیت بەشێوەی هونەری دابەشیان بکەیت، هەوڵ بدە ئەکتەرەکان بەو شێویە کار بکەن کە هەموویان ئەو دەرفەتەیان بۆ هەڵکەوێت کە بەریەکتر بکەون و لەگەڵ یەکدا مەشق بکەن. بەڵام بیر لەوەبکرەوە هەندێک مەشق هەیەپیویستی بە متمانەی زیاتر هەیە، زۆر باش نیە کە ئەکتەرەکە بگۆڕیت لەکاتی شەوێکی نمایشدا.

بانگیان بکە، سێ سێ و یەک یەک دابەشیان بکە، ڕەنگە هەندێک جار تێکەڵاوبوونی گروپەکان ناخۆشی لێدەکەوێتەوە، چونکە هەندێک کەس هەیە حەز دەکات لەگەڵ هاورێکەی ڕاهێنان بکات و بەرهاورێکەی بکەوێت. چەند جۆرێک دابەشکردنی گروپ هەن.

  • هەڵبژاردنی ئازاد
  • دابەشکردنی گوروپەکە کە چۆن ڕاوەستاوەن
  • گروپەکە دەکەیت بە چەند گروپیکەوە بۆ نموونە بە چوار گروپەوە هەر یەکێک لەو گروپانە لە چوار خوێندکا رپێکهاتووە هەرکەسەو ژمارەیەکیان پێبڵێ، بۆ نموونە ( ١،٢،٣،٤) پاشان داوا لە هەموویان بکە هەرکەسەو ژمارەی خۆی بدۆزێتەوە، ژمارە یەکەکان لەم شوێنەدا بن و دووەمەکان لەوێدا سێەمەکان ، بەو جۆرە دابەشکردنە.
  • گروپەکەت بەشێوەیەکی و ڕون و کاتەگۆری و دەستە دەستە دابەش بکە بۆنموونە کێ ئاژەڵی ماڵی هەیە لە ماڵەوە بچێتە ئەو گۆشەیە، کێ نیەتی بۆ ئەو شوێنە، جاری واهەیە ئەم جۆرە دابەش کردنە شتی هاوبەش دەدۆزنەوە لە ناو خۆیاندا، خۆی دەبێت بە یاریەک. گروپی خاوە ئاژەڵ. یان بۆ نموونە کێ بە پاسیک هاتووە بۆ ئێرە؟ یان هەر شتێی تر کە تۆ وەک ڕابەر بەخەیاڵدا دێت.
  • ێشبڕکێەک بۆ شتێک کە ئەنجامەکەی بێتە هۆی پلەبەندی بەنمرە یان دابەشکردن لە گروپەکەدا، بەسەر دۆڕاو و براوەدا دابەش دەبن، کاتێک مەشق دەکەن دؤراوێک و براوەیەک، بەریەک دەکەون، بەڵام ئەوەش لایەنی نەرێنی خۆی هەیە، ئەوانەی کە دۆڕاون هەست بە ئیزعاجی دەکەن، دەتوانرێت هەندیک یاری هەڵبژێریت کە هیچ هەیبەت و (پریستیژ) شتێکی گرنگی تێدا نیە تەنها بۆ خۆشیە.

کە بەشێوەیەکی پراکتیکی کە بیر لە دروستکردنی دیمەنێک بکەینەوە:

شوێن – ئایا ئاشكرایە شوێنی نمایش لەکوێی سەرتەختەی شانۆکە دەبێت؟
پەیوەندی – ئایا ئەوانەی ئامادەگیان هەیە لەسەر شانۆکە لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندیەکی ڕوون و ئاشکرایە؟
دۆخ (ئاتمۆسفار) – ئایا هەست بە کە ش و دۆخەکە دەکەیت لە دیمەنەکەدا و ئاتمۆسفیرەکە دیارە؟
کارەکتەر – ئایا ئەوە دیارە ئەو کارەکتەرانەی ئامادەن کێن و چۆنن؟
کات – ئایا لە کات حاڵی دەبین و تێدەگەین، کاتێک دیمەنەکە نمایش دەکرێت؟
ناسینەوە – ئایا ئەوانەی سەیری دیمەنەکە دەکەن خۆیانی تێدا دەبینەوە؟
مەبەست (ئامانج) – کارەکتەرەکان چ مەبەستێکیان لەم حاڵەتەدا هەیە لە دیمەنەکەدا؟ و دیمەنەکە بە چ مەبەستێک خزمەتی نمایشەکە دەکات؟
ناکۆکی – چ ناکۆکیەک لە دیمەنەکەد ڕودەدات و، ناکۆکیەکە چ وەزیفەیەکەی هەیە لەسەرتاسەری چیرۆکەکەدا؟
کۆی ئەزمونەکە – ئایا ئەو پێکهاتانەی سەرەوە و ئەو خڵانەی کەباسمان کرد لەگەڵ یەکتر دەگونجێن و ئەزمونێکی تەواومان دەدەنێ کە شایەنی بینین بێت.




شانۆی کوردی بەپێی جوگرافیا.. حه‌يده‌ر عه‌بدولرِه‌حمان

ماوەیەکە هۆڵە شانۆییەکانی سلێمانی بەردەوام جمەیان دێ لەچالاکی و تیپە شانۆییەکان نۆرەیان گرتووە بۆ نمایش کردنی بەرهەمەکانیان .
بینەری شانۆییش کە بینەرێکیی هوشیارو تینووی شانۆیە، وێڕای بەربەستی کۆرۆناو تەنگژەی ئابووری، پشت لەشانۆ ناکاو ڕێگە نادا هەرگیز هۆڵەکان بێ بینەر بن، بۆیە ئەم هەڵوێستەی شانۆکاران و بینەری شانۆیی لەو شارەدا ، هەر تەنها چمکێکی هونەریی بەخۆیەوە هەڵناگرێ، لەوەندە گەورەتر مانایەکی نیشتیمان پەروەری دەگەیەنێت، کە لەو قۆناغەدا قورسایی خۆیان هەیە بەسەر ڕووپەڕی هەنگاوەکانی ئەو کۆمەڵگایە بەرەو بە مەدەنی بوون کە دیارە شانۆ یەکێکە لە کۆڵەگە مکۆمەکانی
هەمیشە بڕوام بەوە هەیە کە ئاستی شانۆ لەکوردستاندا ئاستێکی ڕێژەییە نەک ڕەها، ئەو ئاستە بەجوگرافیاوە بەندەو لەشوێنێکەوە دەگۆڕێت بۆ شوێنێکی تر.
ڕاستە کە ئێستا سلێمانی لەگۆڕەپانەکەدا سوار چاکە، بەڵاَم کەرکوک و دهۆک و هەندێ لەشارۆچکەکانی تری وەک دەربەندیخان و کەلاریش لەگۆڕەپانەکەدا دیارن و بزافێکی بەتینی شانۆییان دەست پئ کردۆتەوە
ئەوەی لەگۆڕەپانەکەدا غائیبەو لەچاوەڕوانی بودجە کەوتۆتە خەوێکی قوڵ، تەنیا هەولێرە، کە ساڵێ جارێ چالاکیەکی بەناو فیستیڤاڵی مۆنۆدراما پێشکەش دەکات و دەکەوێتەوە ناو خەوەکەوە تا ساڵێکی تر بەدەم چاوەڕوانی هاتنی بودجەوە بەئاگا دێتەوە .
تا ئەو کۆمەڵە داگیرکارەی کارگێڕیی شانۆ لەهەولێر دەسەڵاتی خۆسەپێنەرانەی خۆیان بەسەر فەزای شانۆدا بسەپێنن ، شانۆ هەر وەک لاشەیەکی مردوی بۆگەن لەو شارەدا هەر بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە




ترس …لەكاری شانۆییدا.. حه‌يده‌ر عه‌بدولره‌حمان

بتەوێت یا نەتەوێت، دەست پێكردن و ئەنجامدانی هەر پرۆسەیەكی داهێنان، لەوانەش لە كاری شانۆییدا، كۆمەڵێ‌ پرسی عەقلی و سایكۆلۆژی لەناخی شانۆكاراندا دەوروژێنێ‌، بەتایبەت لای ، دەرهێنەر، ئەكتەر، نووسەری دەقی شانۆیی، بەگشتی، هەر هەمووشیان پەیوەستن بەچارەنووسی هەر بەرهەمێكی شانۆیی نوێ‌ .
شتێكی سروشتیە هەمیشە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا لەململانێیەكی بەردەوام دایە، بۆ دۆزینەوەی هەنگاوەكانی پێشكەوتن، بەتایبەت لەكاتی ئەنجامدانی بەرهەمێكی نوێ‌، كە بۆ ئەو دەست پێكردنی هەنگاوێكی ترەو شانۆكار دەخاتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی تر‌ .
هەمیشە لەو لەحزانەی دەستپێكی كاركردن، مرۆڤ وا هەست دەكات لەهەموو تەمەنی دا دارێكی لەسەر بەردێك دانەناوە و ژیان لەسفرەوە دەست پێ‌ دەكاتەوە، بۆیە دەكەوێتە بەردەم بەرپرسیاریەتێكی مێژوویی، پەیوەست بە چارەنووسی هونەریی ئەو.
بۆ یەكەم جاریەتی كار دەكات، زۆر بەترس و نیگەرانیەوە ، بەڵام لەرەسەندا ئەم تێڕوانینە عه بدولره حلەچەند روویەكەوە تێڕوانینێكی لۆژیكی دروستە بۆ دەرهێنەر .
هه تا ئه كه ر ئەو شانۆكارە لەبوارەكەی خۆیدا مێژوویەكی دوورو درێژیشی هەبێت لەو بارەیەوە.
زۆر جاران شانۆكاری وا هەیە لەلوتكەدا دەڕوخێ‌، بەهۆی هەر فاكتەرێكی نەخوازراو، ئەم روخانە پێویستی بەماوەیەكی دوورو درێژی بەخۆ داچوونەوە دەبێت، تا یتوانێ‌ ئەو دەرفەتە بڕەخسێنێتەوە، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بگاتەوە هەمان ئاستی توانستی جارانی خۆی .
گەڕانەوەی دوای روخان و دروست بوونی ئەو بۆشاییە، تەنها بەئەنجامدانی كاری داهێنەرانە پڕ دەكرێتەوە، ئەگەرنا ئەو شانۆكارە پەڵەیەكی شكست هێنان بەهونەرەكەیەوە دەنووسێ‌، كە بەئاسانی نەتوانێت دەست بەرداری بێت، تەنانەت بۆ ئەو سەختتر دەبێت جارێكی دیكە، بەهەمان مۆرالی جارانی، بەرامبەر بە بینەر بوەستێتەوە لەسەر شانۆ.
ئەوانەی ئەنجامدانی هەر كارێكی داهێنانیی بەگەورەیی دەبینن، لەچەند لایەكەوە ترس و نیگەرانی دەیانگرێ، ئەمەش مافێكی رەوای هەر یەك لە شانۆكارەكانە كە ترسێكی لۆژێكی و هاوسەنگیان هەبێت لەهەر ئەزموونێكی نوێ‌ ی خۆیاندا.
دیارە هەر كارێكیش كۆمەڵێ‌ دەرهاوێشتەو پرسیارو وەڵام لەگەڵ خۆیا دێنێ‌، كە پەیوەندیان بەچارەنووسی هونەریی ئەوانەوە هەیە .
ڕەنگە كاریگەریەكانی ئەو نیگەران بوونە دوو جەمسەرە بێت و لەرووی هەڵسەنگاندنی لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەكانەوە و هەر یەك لەوان دەرهاوێشتەی خۆیانیان هەبێت.
شانۆكار كەخۆی لەقەرەی هونەرێكی گەورە دەدا، هەر شكست هێنانێكی دەبێتە هۆی شكست هێنانێكی دەروونی و لەدەست دانی متمانەو ئەزموونێكی پڕ لەخەون و خولیا بوون، وەك ئەو شكستە گەورەیەی (نیمرۆفتش) ی رووسی لەشانۆگەری (باڵندەی دەریا) تووشی بوو.
چیخەف ئەو شكستە تاڵەی ئیمرۆفتیشی دەرهێنەری بەچاوی خۆی بینی، بەشەرمەزارییەوە لەناو بینەران ڕای كردو چووە سەر دەریا، لەوێ لەسەرمان تووشی نەخۆشی سیل بوو.
وەك ستانسلافسكی، لەكتێبەكەیدا (ڕاهێنانی ئەكتەر) دا باسی ئەوە دەكات كە شكست هێنانە سەرەتاییەكانی هەندێ لەدەرهێنەرەكان لەگەڵ چیخەفدا، هۆكارەكەی ئاشنا نەبوون بووە بە ستایل و كەشو هەوای هێمن و لەسەر خۆیی چیخەف.
دواتر ڕوونی دەكاتەوە، كاتێ ئەو دەرهێنەرانە سیحری چیخەفیان بۆ ئاشكرا بووە، گەورەترین سەركەوتنیان بەدەست هێناوە، لەهەمان ئەو شانۆگەریانەدا كە شكستیان هێنابوو.
ئەم ترسە لای ئەكتەریش هەیە، بۆیە زۆر لەئەكتەرە زەبەلاحەكانی دنیا، خەونیان بەڕۆڵی هاملێت و ماكبێسەوە دیوە، بەڵام بەهۆی بەگەورە روانینیان لە بەرجەستە كردنی ئەو كاراكتەرانە، زۆربەیان شكستیان هێناوە.
ئەم پێشبینیەی شكست خواردن و سەرنەكەوتن، فاكتەرێكی نەگەتیفی سەرەكییە بۆ شانۆكارەكان، بە پێچەوانەكەشی هێزو مۆرالێكی ئەكتیفە بۆ زامن كردنی سەركەوتن و زاڵ بوون بە سەر ترس و نیگەرانی
بەڵام دەبێ‌ ئەوە بزانین كە ترس هەر تەنها رەگەزێك نیە بۆ شكست خواردن ، بەڵكو رووی دووەمی ئەوەیە دەبێتە ترسێكی رەواو پۆزەتیفانە، وا لەشانۆكار دەكات زۆر بەجدی و بایەخ پێ‌ دانەوە، خۆی بۆ هەر كارێك ئامادە بكات كە ئەنجامەكەی لەسەر ئەو هەژمار دەكرێت و ئاستی متمانە پێدان و لێورگرتنەوەی متمانەی بینەری لەسەر بونیات دەندرێت و لەئاكامدا بەهەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی وەك خۆی دەچێتە ناو مێژوو.
بەڵام لەو دوو جەمسەرەی باسمان كردن، كامەیان جەمسەری راستن بۆ كاركردن ؟
بێگومان جەمسەری یەكەمیان لۆژیكێكی هەڵەیە، چونكە هەموو ئەزموونێكی گەورە لەسەرەتایەكی بچووكەوە گەورە بووە، هیچ ئەزموونێكی سەركەوتوو بەگەورەیی لە دایك نەبووە، دواتر ئەگەر لەئەنجامی هەركارێكدا نیوەی ئەو سەركەوتنە بەدەست بێنێت، بەسەركەوتوو هەژمار دەكرێت.
هەروەك گومان و ترس، خەسارەتێكی گەورەیە بۆ هەندێ كەس، چونكە بەهۆیەوە دەرفەتێكی زۆرلەدەست دەدەن لەچاوەڕوانی ئەو قەناعەت هێنانە بەخود، كە ڕەنگە لەو دەرفەتەدا دەیان كاری جوان لەدەست دەچن و تۆش بە دیار بڕیاردان هەر دەستەپاچە وەستاوی .
هەروا دەبێت شانۆكار ئەوە بزانێ كە تا بەپراكتیكی خۆی نەخاتە ناو ئەزموونەكەوە ئەوە هەرگیزخۆی ناناسی، تەنیا لەڕێگەی لێكدانەوەیەكی بەهەڵە، ئەم حوكم دانە بەسەرخۆیا دەسەپێنێ‌، كە ڕەنگە حوكمێكی نا عادیلانە و سەرەڕۆیانە بێت و تۆكەسێكی تر بیت لەوەی خۆت دەناسیی.
لەهەموو حاڵەتێكا شانۆ پیشەیەو هەموو پیشەیەك بە بەردەوام بوون و پیادە بوونی پیشەكە بە زیندوویەتی دەمێنێتەوە، چەند ئەوەندەی شانۆ بەپراكتیك بكرێت و لە قالبی تەنیا تیۆریەكەیەوە دەرچێ‌، ئەوەندە زێتر گەشە دەكات.
بۆ نموونە ئەكتەر پشت بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەجەستە دەبەستێت و هەمیشە پێویستی بە رێك خستنی جەستەو ماسولكەكانی لەشی هەیە، تا بتوانێت لەشو لارێكی ئامادەی هەبێت، بۆ هەر كارێكی شانۆیی، بەڵام كاتێك ئەكتەر لە وۆرك شۆپ و راهێنانی جەستە دوور دەكەوێتەوە، رەنگە لەشو لاری بە شێوەیەك شێواو بێت، لەگەڵ خۆیدا دەكەوێتە نیگەرانی و ترس و هەردەم لە كاتی نواندندا دەكەوێتە ژێر تەوژمی ئەو پرسیارەی ئایا بینەر لەو ئەدا كردنەم رازی دەبێت؟
دەتوانم بە هەمان توانستی جارانم لە سەر شانۆ بوەستم؟
هەموو ئەو پرسیارو مۆنۆلۆژە دەروونیانە لە سەر شانۆ كار لەئەدا كردن و پێرفۆرمانسی نواندن دەكات و بینەریش بەئاسانی هەستی پێ‌ دەكات.
بۆیە دەكرێ‌ بڵێین لایەنە سایكۆلۆژیەكە رۆڵێكی كارای هەیە لەروخان یان هاوسەنگ راگرتنی توانستی هونەریی ئەكتەر .
ئەوەی هاوكێشەیەكی یەكلا كەرەوە لەو نێوانەدا ئەوەیە كە ئەكتەر پێش ئەوەی سەرقاڵی چۆنیەتی ئەدا كردنی رۆڵەكەی خۆی دەبێت لەسەر شانۆ، ئامادە كردنێكی سایكۆلۆژی بۆ خۆی بكات و خۆی لەو گرێ‌ دەروونیانە پاك كاتەوە و بڕوا بەخۆ بوون دروست كاتەوەو شكستەكانی خۆی لە بیر باتەوە، چونكە تەنیا بیركردنەوە لەروخان بەسە بۆ ئەوەی ئەكتەر لەهەرەس هێنان نزیك كاتەوە.
جاری وا هەبووە ترس لە روخان وای لەئەكتەر كردووە لەسەر شانۆ ببوورێتەوە ، یا دڵی لە لێدان بكەوێت.
بۆیە ناكرێت هیچ لەشانۆكارەكان هەتا نووسەری دەقیش ئەوەندە بەحەساسیەتەوە بڕوانێتە بەرهەمەكەی خۆی كە كار لەچەقینی بیركردنەوەی بكات،بەڵكو لەوە گرنگتر ئەوەیە هەمیشە ئازادی بەخۆی ببەخشێت، هەموو داهێنانێك لە ئازادی دان بخود فەراهەم دەبێت .




دووالیزمی (شکۆو ئیستاتیکا) لە نمایشی شانۆیی: زەماوەندی دڕندەیی دا .. ڕێباز محەمەد جەزا

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ….




شانۆی كوردی ئاراسته‌ جیاوازه‌كانی جوگرافیا … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

شانۆی كوردی له‌هه‌ر سنوورێكی كورستان بێت هه‌ر موڵكی كورده‌ ، به‌ڵام ئاستی داهێنانی له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێك، له‌شارۆچكه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌یه‌كی تر، توانستی شانۆكاره‌ به‌تواناو داهێنه‌ره‌كانی، له‌گه‌ڵ شانۆكاره‌ گه‌نده‌ڵ و مردووه‌كانی، بینه‌ری هوشیاریی، له‌گه‌ڵ بینه‌ری ساده‌ی شارێكی تر ده‌گۆڕێت .
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و تواناو بوێریه‌مان هه‌بێت، وه‌ك شانۆكار، دوور له‌نه‌خۆشیه‌ ناوچه‌گه‌ریی و سیاسییه‌كانه‌وه‌ بیر كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت شانازی به‌و بزاڤه‌ نوێیه‌ی شانۆ بكه‌ین له‌شاری سلێمانی، كه‌ له‌قۆناغێكی سه‌ختو دژواریی سیاسی، ته‌ندروستی، ئابووری، سایكۆلۆژی ده‌ست پێ‌ ده‌كاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی شانۆ به‌رله‌وه‌ی چاره‌سه‌ری زۆر له‌كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بكات كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كوردستاندا له‌بن نایه‌ن، چاره‌سه‌ری ده‌روونی بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ بێ‌ ئومێدییه‌ كوشنده‌یه‌ بكات كه‌ تاڵترین و ناكامترین حاڵه‌تی نامۆ بوونه‌ له‌مێژووی نوێ‌ دا .
بۆیه‌ ئامانجه‌ مرۆییه‌كان و به‌ئه‌كتیف كردنی شانۆ وه‌ك چاره‌سه‌رو مقاوه‌مه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ‌، كه‌ شانۆ كاریگه‌رترین هێزه‌ بۆ به‌رز كردنه‌وه‌ی رۆماڵی بینه‌ر و دوور خستنه‌وه‌ی له‌ئه‌تمۆسفیرێكی خنكێنه‌ر، به‌ره‌و كه‌شو هه‌وایه‌كی ئارام و سه‌قامگیر.
سوور بوونی شانۆكارانی سلێمانی له‌سه‌ر حزوری شانۆ له‌و ئان و ساته‌دا، به‌و رۆحه‌ پڕ له‌ سه‌ركێشیه‌، شانازییه‌ك بۆ شانۆ تۆمار ده‌كات، كه‌ رۆژێ‌ له‌ رۆژان له‌ساته‌ هه‌ره‌ سه‌خت و دژواره‌كاندا، شانۆكارانی كورد ده‌سته‌پاچه‌ و بێ‌ ئیراده‌ نه‌بوونه‌ بۆ مقاوه‌مه‌ت كردن ، چونكه‌ ده‌ست به‌ردان له‌شانۆ، مردنێكی تره‌ چه‌شنی مردن به‌ كۆرۆنا .
بۆیه‌ شانۆگه‌ری ( هیچم نیه‌ بیشارمه‌وه‌) له‌ده‌رهێنانی رێژه‌ن جه‌مال ، بۆ مێژوو ئه‌و شه‌خته‌به‌ندییه‌ی شكاندو له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی نمایشی دا، بینه‌رێكی زۆری راكێشایه‌ هۆڵه‌كه‌ .
ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خا، كه‌ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا له‌شانۆ گه‌یشتبێ‌ و ره‌گو ریشه‌یه‌كی رۆحی و فكری له‌ گه‌ڵ شانۆدا هه‌بێت، ئه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ هه‌موو زروفێكی تاڵو شیرین دا شانۆ به‌زه‌روره‌ ده‌زانێت ، و وه‌ك نان و ئاو پێویستی به‌ شانۆ ده‌بێت، به‌ڵكو ئاماده‌یه‌ سه‌ركێشی له‌وه‌ش گه‌وره‌تر بكات بۆ شانۆ ..
ئه‌و بینه‌ره‌ ئه‌گه‌ر بینه‌رێكی هوشیار و زیندوو نه‌بێت ، ئاماده‌ نیه‌ بۆ بینینی نمایشێك روو به‌ رووی هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بێته‌وه‌، بۆیه‌ من سه‌رسامم به‌و بینه‌ره‌ كه‌ له‌هه‌موو حاڵه‌تێكا، ناتوانێت ده‌ست به‌رداری شانۆ بێت .
كه‌ باس له‌مه‌ده‌نیه‌ت و پێشكه‌وتنی شانۆ ده‌كه‌ین، نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێته‌وه‌ كه‌ بینه‌ر یه‌كێكه‌ له‌توخمه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێشكه‌وتنی شانۆ، به‌لاًَم شانۆ خۆشی له‌پاڵ په‌روه‌رده‌و هوشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی، دروست كه‌ری بینه‌ری هوشیاره‌، ئه‌وه‌تا غیابی شانۆ و به‌رده‌وام نه‌بوونی هه‌رگیز نابێته‌ هۆكار بۆ دروست بوونی بینه‌ری هوشیاریی شانۆیی.
ببینن چونكه‌ شانۆ له‌شارێكی وه‌ك هه‌ولێر پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام نیه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز نابێته‌ فاكته‌رو قوتابخانه‌ بۆ دروست كردنی بینه‌رو شانۆ .
دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رهێنه‌رو كۆمه‌ڵه‌ ئه‌كته‌ره‌ی بڕیاری نمایش كردنی شانۆیی ( چیم نیه‌ بیشارمه‌وه‌) یان دا، ئه‌گه‌ر متمانه‌یان به‌خۆیان نه‌بوایه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردیان بۆ ئاستی رۆشنبیریی و هوشیاریی بینه‌ری خۆیان نه‌بوایه‌، به‌و شێوه‌یه‌ باوه‌ڕیان به‌سه‌ركه‌وتنی خۆیان نه‌ده‌بوو.
بینه‌ریش به‌هه‌مان شێوه‌ ئگه‌ر له‌ توانست و كارامه‌یی ئه‌و شانۆكارانه‌ دڵنیا نه‌بێت، نایه‌ت بۆ نمایشێك به‌ده‌ست به‌ تاڵی هۆڵی شانۆ به‌جێ‌ بێڵێ‌ .
له‌هه‌ر شوێنێكدا هه‌ر كایه‌كی هونه‌ریی پشت به‌حكومه‌ت ببه‌ستێ له‌ڕووی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌،، ئه‌وه‌ دڵنیابه‌ هه‌رگیز نابێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی متمانه‌ پێكراو، بۆ به‌رده‌وام بوون .
به‌تایبه‌ت له‌شانۆدا، كه‌ خۆی له‌خۆیدا پرۆسه‌یه‌كی پراكتیكی و تیۆری ڕۆژانه‌یه‌، بچووكترین بۆشایی وه‌ستان دووچاری ئیفلیج بوونی ده‌كات و له‌په‌لوپۆی ده‌خات،
بۆیه‌ شانۆ ناكرێت به‌ساڵ بكه‌وێته‌ پشیه‌ خه‌وی درێژ به‌ پاساوی نه‌بوونی بودجه‌و له‌پڕ به‌ئاگا بێته‌وه‌و نمایشێكی سه‌قه‌ت پێش كه‌ش بكات، بۆ ئیسپات وجود.
بۆیه‌ هونه‌ركاره‌كان ناچاری ئه‌وه‌ ده‌بن وه‌ك گۆدۆ هه‌ر له‌ چاوه‌ڕوانی سه‌قامگیر بوونوو جێگیر بوونی بودجه‌ به‌دیار به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه‌ دانیشن، تا ئێكسپایه‌ر ده‌بێت و ده‌مرێت.
ئه‌مه‌ فاكته‌ری بنه‌ڕه‌تی مردنی شانۆیه‌، له‌هه‌ر كوێیه‌ك دابێت.
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر شوێنێك به‌ئه‌زموون بۆی ده‌ركه‌وتبێ كه‌ پشت به‌ستن به‌حكومه‌ت بێ هوده‌یه‌ له‌كاری به‌رهه‌م هێنانداو به‌دوای ئه‌لته‌رناتیف دا گه‌ڕابێت، ئه‌وه‌ ده‌توانێ ڕێگایه‌كی لۆژیكی و بازرگانی سه‌ركه‌وتوو دابین بكات، كه‌ پشت به‌خۆی ببه‌ستێت بئ ئه‌وه‌ی چاوی له‌ ڕه‌حمی حكومه‌ت بێت،
ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆكه‌ چه‌ندین تیپی شانۆیی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ شاری سلێمانی هه‌ن ، كه‌ به‌رده‌وام له‌كار كردن دان، هه‌میشه‌ خاوه‌ن پرۆژه‌ی نوێن، نایه‌ڵن هۆڵه‌كانی شانۆ خامۆش بن و تۆزو گه‌ردیان له‌سه‌ر هه‌ڵنیشێ و بئ نمایش بن.
ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌چه‌ندین سه‌ر به‌قازانجی شانۆكاران و تیپه‌ شانۆییه‌كان و شانۆی كوردی هه‌ڵده‌كه‌وێته‌وه‌:

1.شانۆ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕكابه‌ری له‌نێو تیپه‌كان، ئه‌مه‌ش له‌قازانجی شانۆ دایه‌.

  1. ئه‌و تیپانه‌ ده‌توانن ببن به‌خاوه‌نی سه‌رمایه‌، بۆ به‌ردوام بوونوو پیاده‌كردنی پرۆژه‌كانیان.
  2. ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌رو نووسه‌ره‌كانی شانۆ بۆ هه‌میشه‌به‌ئه‌كتیفی ده‌مێننه‌وه‌.
  3. بینه‌ر له‌شانۆ دانابڕێت و بڕی هوشیاریی شانۆیی زێتر ده‌بێت.
    5.بازاڕی شانۆیی له‌گه‌شه‌ سه‌ندن داده‌بێت ، ئه‌مه‌ش هانی به‌رده‌وام بوونی شانۆ كاران ده‌دات بۆ كاری زیتر.
  4. دانه‌بڕانی شانۆكاران له‌پیشه‌ی ڕه‌سه‌نی خۆیان.
    7.پاراستنی توانست و زێده‌ بوونی ئه‌زموونی شاۆیی
  5. دروست بوونی گه‌شبینی بۆ ئاینده‌ی شانۆ .
  6. زێده‌ كردنی بڕی بینه‌ری شانۆیی و به‌كولتوور بوونی شانۆ، له‌كۆمه‌ڵگادا.
    مخابن ئێستا له‌هه‌ولێر هیچ له‌و تیپه‌ شانۆییانه‌ی هه‌بوون نه‌ماون، جگه‌ له‌ تیپی شانۆی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شانۆ نه‌بێت، كه‌ ساڵه‌و ساڵ فیستیڤاڵێكی ڕووكه‌ش ئه‌نجام ده‌دات، هیچ كاریگه‌رییه‌ك به‌سه‌ر باری چه‌ق به‌ستراوی شانۆ دروست ناكات ، ناتوانێ له‌ سه‌دا یه‌كی خواستی بینه‌ره‌ تینووه‌كانی شانۆ له‌و شاره‌دا بشكێنێ. بۆیه‌ هه‌لومه‌رجی شانۆ هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نایه‌ت بۆ گۆڕینی ئه‌و واقیعه‌ نه‌خوازراوه‌ی ده‌مێكی زۆره‌ خۆی به‌سه‌ر باری شانۆیی ئه‌و شاره‌دا سه‌پاندووه‌
    له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ شانۆكاره‌ گه‌نجه‌كانیش، كه‌ هه‌ندێكیان توانای باشیان هه‌یه‌ بئ ئومێدی دایگرتوون و ڕووویان له‌ شانۆ وه‌رگێڕاوه‌.



شانۆی چینی … ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

چین یه‌كێكه‌ له‌وڵاته‌ كانی رۆژهه‌ڵات ، به‌شداره‌ له‌بونیادی ژیارێكی ده‌وڵه‌ندی هونه‌ر به‌گشتی و شانۆ به‌تایبه‌تی كه‌ناوده‌برێت به‌ (شانۆی رۆژهه‌ڵات) و زۆرێك له‌ڕه‌خنه‌گرانی دراما و شانۆ باوه‌ڕیان وایه‌ شانۆ له‌وڵاتی چیندا بایه‌خی نه‌بووه‌ تاسه‌رده‌می كۆنفۆشیۆس ، هه‌روه‌كو (د. حه‌مدان )ده‌ڵێت : ” له‌سه‌رجه‌م پێداویستیه‌ مرۆڤی و پرۆگرامی یه‌ گشتیه‌كانه‌وه‌ ، به‌شێوه‌یه‌ك ڕوون نه‌بووه‌ تا سه‌ده‌ی (6 پ.ز ) ، تا ئه‌وكاته‌ی كۆنفۆشیۆس ” دانای چینی ژیاوه‌ .(د. حمدان ،2000-2001 ، ل3)ئه‌وماوه‌یه‌ی كه‌شانۆی چینی ده‌كه‌وێته‌ پێش زاین ، شانۆی چینی ته‌نها بۆده‌مه‌ته‌قێ و كات بردنه‌ سه‌ر بووه‌ ، چه‌ندان هونه‌رمه‌ند له‌مه‌یدانه‌دا خۆیان له‌قاڵبداوه‌ ، به‌ڵام چونكه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌وه‌ ، به‌چاوێكی كه‌م ته‌ماشا كراون ، بۆیه‌ رۆژگاریش ناوه‌كانیانی له‌به‌رده‌م مێژوودا شاردووه‌ته‌وه‌ .(هه‌ورامی ، 2001، ل167)

قۆناغه‌كانی شانۆی چینی :
یه‌كه‌م / قۆناغی سه‌ره‌تایی : قۆناغێكی نامۆو سه‌یره‌ له‌شانۆچینیدا ، هیچ شانۆیه‌ك ناكه‌وێته‌ ململانێ له‌گه‌ڵیدا ، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش زاراوه‌ی (كاری كه‌لتووری ) داهات بۆناو ژیانی چینییه‌كان و له‌نیوه‌ی هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می پێش زایندا كه‌پێی ده‌وترێت ده‌رخستنی ڕووی ژیانی كه‌لتووری هونه‌ره‌كان . http://www.al-jazirah.com/2001/20010710/cu17.htm))
له‌م قۆناغه‌دا شانۆی چینی بریتی بووه‌ له‌ :

  1. قه‌سیده‌ی شیعری له‌جیاتی ده‌قی شانۆنامه‌. 2. ژماره‌یه‌ك دانه‌ری موزیك به‌شداربوون . 3. سه‌دان سه‌ماكه‌ری ته‌عبیری . 4. به‌كارهێنانی جل و به‌رگ و ئێكسسوارات و چه‌ك له‌بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كاندا . 5. به‌شداری جه‌ماوه‌رله‌و سه‌ماو ده‌ربڕینانه‌دا .
    دووه‌م / قۆناغی شانۆی ئه‌كرۆپات : ناوی دووه‌می شانۆی سێرك ( پای هسی – Pai Hsi) ئه‌م بێژه‌یه‌ به‌چینی واته‌ سێرك كه‌پشتی به‌ستبوو به‌ مه‌هاره‌تی جولًه‌و ئازایه‌تی و به‌كارهێنانی گوریس و لاستیك و یاریه‌ ئاگرینه‌كان ، هه‌روه‌ها دواتر ئه‌م جۆره‌ هونه‌ره‌و جۆره‌كانی تریش سه‌ریان هه‌ڵدا . http://www.al-jazirah.com/2001/20010710/cu17.htm))

له‌م قۆناغه‌شدا ، شانۆبریتی بووله‌ :

  1. ده‌ق : كه‌بریتی بووله‌ ” چیرۆك و حیكایات ” ی میللی . 2. به‌رزی ئاستی هونه‌ری . 3. هونه‌ری خیال الڤل ( یینگ هسی – Iing His ) ئه‌م بێژه‌یه‌ش به‌چینی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان بڵاو بۆوه‌ . 4. به‌كارهێنانی تایبه‌تی و دیالۆگ و تایبه‌تمه‌ندیه‌ درامییه‌كان له‌ڕووداوه‌كانی نمایشدا .
  • هونه‌ری نواندن :
    دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ركرۆ نۆلۆژیای شانۆ دا، به‌پێی ڕیزبه‌ندی زه‌مه‌نی و گه‌شه‌ی هونه‌ره‌كه‌ له‌سه‌رده‌می “تانگ ئیبان ” له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا بووبه‌پاڵپشتی مێژوویی له‌ئه‌ده‌ب و سه‌رهه‌ڵدانی رۆمانی میللی و هه‌نه‌رمه‌نده‌كان . به‌گشتی ده‌توانین له‌م قۆناغه‌دا هونه‌ری نواندن له‌چه‌ند خاڵێكدا كۆده‌كه‌مه‌وه‌ :
  1. به‌كارهێنانی ئاماژه‌كانی ” ده‌ست و ڕووخسارو ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ ” . 2. به‌كارهێنانی ماسولكه‌كانی ده‌م و چاو . 3. شیعرو شانۆیه‌كان پشتیان به‌ چیرۆك ده‌به‌ست . 4. به‌كارهێنانی چین و تۆنه‌ ده‌نگیه‌كان و كاریگه‌ری ده‌نگی . 5. پشت به‌ستن به‌ زه‌خره‌فه‌و هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ڕازاندنه‌وه‌و دیكۆردا .
  2. سێهه‌م / چاخی گوان – Juan :
    له‌م چاخه‌دا ، دراما به‌سترایه‌وه‌به‌ ڕێسا هونه‌ری و زانستیه‌كانه‌وه‌ ، له‌دیارترین ئه‌و شانۆكارانه‌ ” كوان هان تشینگ – Kuan Han Csing ” كه‌نووسه‌ری 60دراما بووه‌ و تۆماركراون . سه‌ره‌تا كه‌شانۆنامه‌ی ده‌نووسی بۆخوێندنه‌وه‌ بوون نه‌ك نمایشكردن ، دواتر بوون به‌ چه‌ند په‌رده‌یه‌كی زۆر و له‌وێشه‌وه‌ بۆ پێشه‌كیه‌ك و چوارپه‌رده‌ ، له‌پێناو نواندن و نمایشكردن . هه‌روه‌ها كاركردن له‌ شانۆی كۆمیدی دا واتای ” ئیرتجال – خۆزاهی ” هه‌بووه‌و ئاماژه‌ بووه‌ به‌ و شانۆیه‌ی سه‌ده‌ی 13زاینی دا باوبووه‌ ، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ده‌ی 16ی زاینی له‌ “كۆمیدیای دیلارتێ – Commedia Dellarte ” كه‌ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ تاكو ئه‌مرۆش هه‌رماوه‌ .
    شانۆی چینی هاوچه‌رخ ، پڕه‌له‌ ( خادعه‌البصر – I llusionism) كه‌ بۆئیستاتیكا و ده‌رخستنی هێڵه‌ جۆراوجۆره‌كانی شانۆ به‌كاردێن ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی پڕن له‌ زه‌خره‌فه‌و ته‌كنیكی به‌رزو ئێكسسسواراتی هه‌مه‌جۆرو دیكۆرو سینۆگرافیای هاوچه‌رخ و ڕازاوه‌و هه‌مه‌ڕه‌نگ .
    شانۆی چینی خۆی شه‌پۆلێكه‌ و هه‌رتاكێكی ئه‌كته‌ر قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆبووه‌ له‌كۆندا دابه‌ش بووه‌ بۆ قوتابخانه‌ی (باكوری و باشووری ) و له‌وێشه‌وه‌ دێته‌ ناوژانره‌كانی (داستانی و ته‌عبیری ) هه‌روه‌ها پشت به‌ستوو بووه‌ به‌ ئه‌ده‌بی فۆلكلۆریی و ناوچه‌یی .
    به‌گشتی ژیانی شانۆو دراما له‌سه‌ده‌كانی چاخی “مینگ ” دا به‌دیار كه‌وتووه‌و دواتر به‌ئاراسته‌ میللیه‌كه‌یدا گه‌شه‌ی كردووه‌و پێشكه‌وتوووه‌ ، سه‌رباری ئه‌مه‌ش قوتابخانه‌ی ئۆپیِرا كه‌ئیتر له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌دا له‌چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی 16 زاینی شاعیر ( لیانگ بۆلۆنگ ) و دانه‌ری مۆزیك ( فای لیانگ فو) ئه‌م قوتابخانه‌یه‌یان دامه‌زراند به‌ناوی ( كونشانی بۆئۆپیِرا ).
    https://draft.blogger.com/blog/post/edit/124856123158413752/8201963982683792421
  3. كۆتایی :
    ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین ، له‌م قۆناغه‌دا كه‌له‌ساڵانی ( 1644- 1912)زاینی ، ته‌قه‌نیه‌ی به‌رزی نواندن خرانه‌ڕوو كه‌ بۆ (الاسلبه‌ –شێوازاندن ) گونجاو بوون و لێره‌وه‌ شانۆیه‌كی مۆدێرنی هاوچه‌رخ ده‌ستپێده‌كه‌ن .
    لیستی سه‌رچاوه‌كان :
  4. د. حمدان ، محمد زیاد ، گه‌شه‌كردنی خوێندنگا له‌به‌ره‌به‌اینی مێژووه‌وه‌ تائیمڕۆ ، وه‌رگێڕانی ، به‌سۆز سعید محمود ، پیاچونه‌وه‌ی ، حمه‌صالح ، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان ، ساڵی 2000 -2001 2. هه‌ورامی ، حه‌مه‌كه‌ریم ، درامای كوردی له‌ناو درامای جیهاندا ، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ، زنجیره‌ی رۆشنبیری، هه‌ولێر : 2001
  5. http://www.al-jazirah.com/2001/20010710/cu17.htm 4. https://draft.blogger.com/blog/post/edit/124856123158413752/8201963982683792421



بە بێ دەق دڵی شانۆ لێ نادات … عەبدولڕەحمان عەزیزی

یەکەمین فستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی

شانۆی کوردی یەکێکە لە ھەرە گرینگ‌ترین ھونەرەکانی کورد و کوردستان و ئەمڕۆکە لە شارەکانی کوردستاندا چەندین شانۆ به شێوازی جۆراوجۆر دەچیته سەر شانۆ و نمایش دەکرێت، و روژ لە دوای روژی گرینگییەکی زیاتر بەم بوارە دەدریت.
هەڵبەت شانۆی کوردی به تایبەت له کوردستانی ئیران، بۆ گەیشتن بەم قۆناغە رێگەیەکی سەخت و دژواری بریوه.
ساڵانی ڕابردوو و به تایبەت له سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئیران و به پێی بڕیاری فەرمی و دۆخی ناوچەکه کۆمەڵێک شانۆ به زمانی فارسی نمایشکران، کە زیاتر بۆ فێستیڤاڵەکان یا خۆ ڕێوڕەسمی تایبەت به دامودەزگاکانی حکوومەت بوون و زۆرتر لە شانۆگەلی کلاسیکی وەرگیراو له ئەدەبی فارسی یا خۆ دەقی وەرگێڕدراو لە زمانەکانی دیکە پێک دەهاتن.
هیچ تێبینی و گوتار و ڕەخنە و خوێندنەوەیان لە سەر نەدەکرا و له لایەن بەرپرسان و چاپەمەنییەکانی حکوومیش یان بەها و گرینگیان پێ نەدەدرا یان بە شێوەیەکی ناعەقڵانی بە بەژن و باڵایاندا هەڵدەوترا.
ئەو شانۆیانه لە سەرەتادا هەتا دەیەی حەفتای هەتاوی بینەرێکی زۆریان ھەبوو، بەڵام کەم تین و بێ گیان بوون و زۆركه‌م خاوه‌ن بنه‌مایه‌كی فیكری و هه‌ڵگری پرسیار و تێڕامان بوون و نەیان‌دەتوانی ورووژێنەری گفتوگۆیه‌كی جدی و کۆمەڵایەتی بن یان لە پاش خۆیان ڕەوتێکی هونەری و شانۆیی بخولقینن.
هەر بەو هۆیەش شانۆ لەو دەمەدا نەیتوانی خۆی بگەیێنێته ئاستی ژانرەکانی مۆسیقایی و ئه‌ده‌بیی وەک شیعر و چیرۆک‌ و په‌خشان کوردی و له ئەدەب و هونەری کوردی دابرا و بەرەوڕووی کەمایەسیی بینەر و بەردەنگ بوو؛ بەردەنگ بە زمانی بێ زمانی هاواریان دەکرد شانۆیەکان دەویت کە دەروەستی به ژیانی خویانەوه بێت.
پاش ئەوە بوو کە شانۆی فارسی و کوردی لە ناوچه کوردەواری بۆ چەند ساڵێک قەتیس‌ما.
به ‌دەرچوونی خوێندکارانی شانۆ له‌ قوتابخانه‌ و زانکۆكان و پێگەیشتنی بەرەی گەنج و جیلی نوێ و تێگەیشتنی خوێندکاران و نووسەر و شاعێرانی هاوچەرخ لە زەروورەتەکانی سەردەم و گۆڕانکاری له پێڕەونامەگەلی فەرمی و حکوومی له دەیەی هەشتاکانی هەتاوی، ڕەوتێکی نوێ لە بواری شانۆییدا دەستی‌پێکرد.
کۆڕی و گرووپ و ده‌سته‌وتاقمی شانۆیی سه‌ربه‌خۆ به شێوازێکی نوێ و ئورگانیستی له سەر بنەما و ململانێی هزریی نوێ و بە ئاوڕدانەوە له سروشت و ڕەوتی ژيان سیاسی و کۆمەڵایەتی جیهان و به تایبەت ژیانی کوردەواری و بە پشت‌بەستن بە دەقی خۆماڵی سەریان هەڵدا.
ئەگەرچی هەوڵەکانی ئەمان تا ڕادەیەکی زۆر نەریتی و ته‌قلیدی، کەم و لاواز بوو، بەڵام لە گەڵ خۆی مزگێنی‌دەری ڕەوتێکی تازە بوو کە هەوڵی دەدا بە شێوازێکی زانستی و تێگەیشتنی دروست مامەڵە لە گەڵ شانۆ بکات.
ئەم ڕەوتە وەک وتم هاوکات بوو لە گەڵ دەرچوونی خوێندکارانی کورد و هەڵگیرسانی ڕەوتێکی نوێ لە بواری شانۆییدا.
وەرگێڕانی دەقی شانۆیی کلاسیک و بەرهەمه گەورە و ناسراوەکانی جیهانی شانۆ و هەروەها نووسینی دەقی شانۆیی لە دوای سەرهەڵدانی ئەو بەرە نوێیە، کرانەوەی دەروازەیەکی نوی و تازه بوو بەڕووی شانۆی کوردییەوە و سەرەڕای تەواو کەم و کۆڕییەکان، چرای شانۆی کوردی لەوساوە هەڵگیرسا و ڕووناکایی خسته سەر پەردەی شانۆ.
دەقی وەرگیراو لە ئەدەبی کلاسیک و وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی لەم قۆناغەدا دەرفەتێک بوو بۆ ئاشتبوونەوەی بەردەنگ لە گەڵ شانۆ و شانۆی کوردی و فەرهەنگی رۆشنبیرانە و تێكستی فیكری کوردی وەک پالپشتێک بۆ شانۆی کوردی ئاوری لێ‌درایەوە.
بەڵام لەو قۆناغەشدا شایەدی نووسینی شانۆنامه و لێکۆلینەوەی جیدیی خۆماڵی نین و شانۆنامەی کوردیی بەپێز ئامادەبوونێکی بەرچاوی نییە، ئەگەرچی یەکەم هەنگاوەکانی ئەو پروسەیە دەستی پێکردبوو؛ پڕۆسەیەک کە پێدەچوو رێگەیەکی سەخڵەت و چەتوونی لەبەرە.
چونکە تێوەگلانی کورد لە کارەساتگەلی گەورە و دڵتەزێن لەو سەردەمەدا دەستی باڵای بوو لە نامومکین نواندنی رێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانی شانۆی کوردی و پەرەستاندنی.
هەڵبەت شانۆی کوردی لەو کاتەدا زۆر ئازایانە هەمان ڕەنج و نەهامەتی و کارەساتی خەڵکی کوردی قۆزتەوە و گرێی داوە بە هیوا و ئازار و ئەوینی مرۆڤایەتی بە گشتی.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەنگاوانەی لە بواری شانۆی کوردیدا هەڵگیراوە، ئەوی هێشتا وەک کەمایەسییەک بە ناوچاوی ئەم هونەرەوە هەست پێ‌دەکردێت جێگەی بۆشی دەقی شانۆیی و شانۆنامەیە.
شانۆنامەکان لە بری ئەوەی بەهرە لە چیرۆک و ئەدەبی کۆن و زارەکیی کوردی وەرگرن، هێشتا سەرقاڵی دەقە مۆدێرن و نوێیەکان بوون، بە بێ ئەوەی بیر لە توونیەتی و تامەزروویی بینەری کورد بۆ بیستن و دیتنی سەرچەشنە کوردییەکان بکەنەوە.
شانۆی مەم و زین، خەج و سیامەند، سیدەوان، سپی مەند، گەنجو خەلیل، زەنبیل فرۆش و زۆر دەقی دیکەی وەک ئەوان توانیویانە سەرنجی بینەر و خوێنەری کوردی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و میژوویەکی زێڕین له ماوەی ئەم بیست و چەند ساڵەی ڕەوت و بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا بنەخشێنن.
کەواته گرفتی سەرەکی چ نییە جیا لە هەمان دەقی شانۆی کوردی و هەڵبژاردن و چونییەتی نمایشکردنی.
هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییه که دەبێت تەنیا و تەنیا بۆ شانۆی کوردی بەهرە لە دەقی کلاسیک و کوون یان چیرۆک و بەسەرهاتی دێرینی کوردی وەرگرین، بەڵکوو مەبەست ناسینی ئایدیا، فۆرم، شێواز و ستایلی نووسین بە پێوەری ڕوانینی ئەمڕۆیی و بەکارهێنانی ئەو دەقانە لە قەوارەیەکی نوێ و ستانداردە کە هاوکاتی ئەوەی دەروەستی بە فەرهەنگ کۆن و کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردەوە هەیە، خۆدەبوێرێت لە بێزارکردن و تۆراندنی بینەران.
لەمناوە ڕەوتی شانۆنامەنووسیی کوردی زۆر به ئەسپایی و خاو هەنگاو دەنێت و زوریش کەم و کۆڕی تێدایە، بەڵام شانۆ گەشه دەکات و ئەزموونێکی چر و دەوڵەمەند لە خۆی بە جێ دێڵێت.
شانۆنامەنووسی له ئەدەبی کوردیدا زور نامۆیه و تا ئێستا نەیتوانیوه وەک ژانرێکی سەربەخۆ دەرکەوێت و پێویستە لەوبارەوە هەوڵی زور جیدی بدەین هەتا جێگە و پێگەی شیاوی خوی بدۆزێتەوە و دەبێ نووسەرانیش کاتێکی زیاتر بۆ ئەم ژانره تەرخان بدەن و هەروەها شانۆکارانیش هاوڕێ و یاریدەدەری نووسەران بن.
ئەگینا شانۆنامەنووس به تەنیا ناتوانیت دەقی سەرکەوتوو بنووسێت و بەرهەمێکی زیندوو و مۆدێرن بخولقێنێت.
ڕۆڵی شانۆکار بۆ یارمەتیدانی شانۆنامەنووس ئەوەیه که لە پێناو باشترکردن و بەپێزترکردنی بەرهەمەکەی، پێشنیار و ڕەخنەی هونەریی شیکارانە و شانۆگەرانە له سەر نووسراوەکه ئاراستە بکات.
شانۆنامەنووس و شانۆکار دوو چینی پێکەوە گرێ‌دراوەن، كاتێک شانۆنامەنووس نەیتوانی بەرهەمەکەی بباتە سەر شانۆ و بە تەواوەتی خۆی لەو جیهانییە داببڕێت، ئیتر شانۆی ئەو گەلە ڕوو لە داڕمان و لە ناوچوون دەنێت و لە گەڵ پەرەسەندنی بێ متمانەیی، کەلێنێک دەکەوێتە نیوان هونەری شانۆ و كۆمەڵگە.
بە بێ دەق دڵی شانۆ لێ نادات و بەرەو تەنگژەی مەرگ دەچێت و به سەختی چارەسەریشی بۆ دەستەبەر دەکرێت.
بۆیه دەبێت هەموو هەوڵی خۆمان بدەین کە له بناغەوە بە هزر و جەستەی نووسینی شانۆنامەدا بچینەوە.




شانۆی چەوساوەکان لە سیاسەتدا نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

ساڵی 1964 بەرازیل کودەتایەکی سەربازیی بەخۆیەوە دەبینێت کە ئەمریکا پاڵپشتی ئەو کودەتا سەربازییە بوو. تەواوی بەرازیل بەساربازگە دەکرێت و عەسکەر دەسەڵاتێکی تەواو وەردەگرێت، ئەوەش تەواو پێچەوانەی دید وبیروباوری ئاوگۆستۆ بواڵ بوو، کە ئەو کاتە وەک کەسێکی چالاکوانی کولتوری دەناسرا، لەساڵی 1971 ئۆگستۆبواڵ لەلایەن هێزی سەربازیەوە دەڕفێنرێت و ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر دەدرێت لەسەر بیرو باوەرە کۆمۆنسیتی و ئەکتیڤیستیەکەی، ئەویش بەناچاری هەڵدێت و ڕوو لەوڵاتی ئەرجەنتین و پاشان وڵاتی فەرەنسا دەکات.
لەساڵی 1984 دا کاتێک ئۆگستۆبواڵ دەگەڕێتەوە بۆ بەرازیل بە چەند میتۆدێکی جوراو جۆری شانۆیی کار دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا سەنتەرێک بۆ شانۆی چەوساوەکان دادەمەزرێنێت. بواڵ لەوە تێدەگات کە پێویستە گەشە بە کارەکەی بدات و بەدوای چەند فۆرمێکدا بگەرێت بۆ گوزارشتکردن لە شانۆی چەوساوەکان و. گەرەنتی بەردەوام بوونی ئەو شانۆیەی هەبێت.
بواڵ تارمای ئەو چەوساندنەوەیەی هەر بەسەرەوە مابوو کاتێک دەگەرێتەوە، ئەو دەیووت ئێستاش لە ناخی هەموو تاکێکماندا چەوساندنەوەیەک هەیە،کە هەموو نۆڕمەکان و پەتا خراپەکانی کۆمەڵگای تێدایە، چەوساندنەوە لە ناخماندا دەژی، جا بەهوشیاریەوە بێت یان ناهوشیاری. کۆیلەش لە ناخی خۆیدا حوکمرانی قبووڵکردووە، بۆیە دەبێت بە پێی یاسا ئەو چەوساندنەوەیە، لەکۆمەڵگاو لە ناخماندا بنەبڕ بکەین.

هەر لەبەر ئەوە، لە شاری ڕیۆ دی جانیرۆ، شانۆی یاسادانان ( The legislative theatre) دادەمەزرێنێت، کە فۆرمێکی تری درامایە، کە جاری وا هەیە تیشک و ئاسۆکانی بۆ داهاتوو درێژدەبێتەوە، وەک بناغەیەک بۆ گۆڕینی واقیعیەتی کۆمەڵایەتی. کە پەیوەندیەکەی تەواوی شانۆ و سیاسەت دەخاتە بەرچاو، بیرکردنەوە لەم فۆڕمی کارکردنە، ئەوەیە کە بەشداران خۆیان کاریگەربن لە پرۆسەی شانۆو سیاسیدا.
ئێمە نەک تەنها پێویستمان بە گۆرینی خۆمان هەیە، بەڵکو پێویستیشمان بە گۆڕینی کۆمەڵگا هەیە، باشترین جۆریش بۆ ئەم گۆرانکاریانە، گۆرینی یاساکانە. ئەم میتۆدی شانۆی یاسادانانە سەرنج و حەزی خەڵکانێکی زۆری بۆ گوڕین و گەشەکردنی پرسە لۆکاڵیەکان راکێشا، بەتایبەتی لای تاکەکان وگروپە تایبەتیەکان، ئەوانەی بەشێوەیەکی ترادیسێۆنی و تەقلیدی کاریان دەکرد.

بواڵ لە ساڵی‌ (1992) بۆ ئەنجومەنی‌ شارەوانیی‌ شاری‌ (ڕیۆ دی‌ جانیرۆ) هەڵبژێردرا، ئەو هێزو دەسەڵاتەی کە لە ئەنجومەنەکەدا هەیبوو، بەکاریهێنا بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی جیاواز کاربکات. بواڵ لەو ماوەیەدا لەگەڵ 19 جۆر گروپی دووچاربوو بە کێشەو نەهامەتی لەکۆمەڵگادا کاری کردبوو. ئەو هەوڵیدابوو لەگەڵ ئەو جۆرە لەخەڵک و گروپانەدا نمایش پێشکەش بکات، کە لەبارەی کەسەر و کێشەو پێداویستەیەکانی خۆیانەوە بدوێن. ( کە ئێمە دەڵێن کۆمەڵگای بچوک واتە وەک توێژی جوتیاران، کاسبکاران، پارێزاران، کرێکاران، کرێنشینان، شوفێران، مامۆستایان، نەخۆش و پەککەوتە یان ئەوەنەی دووچاری نەخۆشی ئایدز بوون، هتد.. هەموو ئەمانە ئەم توێژانە کۆمەڵگا گەورەکە پێک دەهێنن) لە نۆبەی خۆشیاندا، هەر کۆمەڵەیەک و گروپێک لە گفت و گۆدابوو لەگەڵ کۆمەڵە لۆکاڵیەکە و گروپەکەی خۆیدا. لەگەڵیشیدا لە لە دیالۆگدا بوون لەگەڵ کۆمەڵەکانی تردا. ئەم گروپانە لە ناوخۆیاندا فێستیڤاڵیان دروست دەکرد، لەناو ئەم ڤیستیڤاڵانەدا پێشنیارێکی زۆر دەهات و دروست دەبوون لەبارەی ڕێکخراو کۆمەڵگا بچوکەکەی خۆیان.

ئەکتەرێک و پارێزەرێک پێشنیازەکانیان کۆدەکردەوەو لە شێوەی یاسادا پێشنیازیان بۆ بواڵ دەکرد، ئەو پێشنیازانەش دەگۆرا بۆ یاساو لەسەر مێزەکەی بواڵ دادەنرا. ئەویش لەدەستەکەی خۆی لە ئەنجومەنی شارەوانی هەموو ئەو پێشنیارانەی پێشکەش بە هاوڕیکانی دەکرد، بۆ قسەلەسەرکردن لەسەری بۆ ئەوەی بگۆردرێت بۆ یاسا. هەموو پێشنیازەکانی بواڵ لە خەڵکەکەوە دەهاتن و بۆ ئەنجومەنەکە دەرۆیشتن. هیچ پێشنیازێک لە خودی بواڵەوە نەرۆیشتبوو، ئامرازی بەدەستهێنانی پێشنیارەکانیش تەنها ئەو جۆری میتۆدی کارکردنە بوو. هەروەها لە سەردەمی بواڵدا 13 لەو پێشنیارانەی خەڵک، لە ئەنجومەنەکەدا بوو بە یاسا. ئەو جۆرە میتۆدی کاکردنی شانۆیە لەدواجاردا دەبێتە دەنگ و فۆرمێکی هاوکار و هونەری و دەستپێشخەر بۆ گفتو گۆ. پاشان ئەم جۆری شانۆیە، شانۆی یاسادانان بەزۆربەی ووڵاتانی دونیادا بڵاودەبێتەوە. بەسەرکەوتنێکی گەورە ئەژمار دەکرێت لە کەنەدا و بەریتانیادا.

لەساڵی 2008 بواڵ کاندیدکرا بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە ئاشتیدا، بەهۆی کارەکانی لە دژی چەوساندنەوە، ئامرازێکی هونەری و بەیارمەتی شانۆی چەوساوەکان، ئەوەش لەلایەن خەڵکەوە دانی پێدانراوە وەک گەورەترین ئامرازی زانیاری و کۆمەڵگا. ئەوکەسانەشی بواڵیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ کاندید کرد لە ناویاندا ئەندامانی حوکمەت، براوەکانی خەلاتی نۆبڵ، ئەندمانی مەحکەمەی نێودەوڵەتی، پرۆفیسۆرەکانی زانستەسیاسیەکان و ئەندامانی پەرلەمان بوون.

——————————————————–
ئۆگستۆ بواڵ
لە 16/ 3/ 1931 لە بەرازیل لەدایکبووە
لە 2 / 5 / 2009 بۆ دواجار ماڵئاوایی دەکات.




مەلا و مزگەوت و شانۆ، چۆن بتوانین لەگەڵ یەك هەڵبکەین؟ … ڕزگار حەمە ڕەشید

(١)

زۆرجار بۆ دەستنیشانکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، ڕەخنەکانمان لەسەر حوکمڕانە خۆسەپێنەکان چڕتر دەکەینەوە، بەمەش باز بەسەر گرێ مەترسیدارەکاندا دەنێین و ناپەرژێینە سەر دەستنیشانکردن و لێوردبوونەوە لێیان. کێشەی ئەم بازدانە بەتەنیا ئەوە نییە کە ناپەرژێینە سەر لە خود ڕامان و تێگەیشتن لە هەلومەرجە تایبەتییەکان، بەڵکو قووڵتر دەبێتەوە بۆ ئەو بڵقانەی لەئەنجامی ئەو بۆشاییەدا هەڵدەتۆقێن و بە هێمنی بوونمان داگیر دەکەن.
کێ دەتوانێت نوێنەرایەتی خودا بکات لەسەر زەمین؟ داخۆ خودا پێویستی بە دامەزراندنی کۆمەڵێك مووچەخۆر هەیە تا داکۆکی لێبکەن؟ ئەوانە کێن بەناوی خوداوە وەعز دەدەن و فتوا دەردەکەن و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان حەڵاڵ و حەرام دەکەن؟ ئایا مزگەوت جێگایەکە بۆ خودا پەرستی و دۆزینەوەی ڕێگای گەیشتن بە پاکژبوونەوەو گەیشتن بە خودا، یان جێگایەك بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و دوژمنایەتی نێوان مرۆڤەکان؟ لەکوێدا پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودا پێویستی بە نێوەندکاری حیزبی و مرۆیی هەیە تا بیپارێزن؟ ئەگەر زەمین و هەسارەکان دەستکردی خودان، کێ مافی کۆتاییپێهێنانی ئەفراندنەکانی خودای هەیە لەسەر زەمین، کە مرۆڤ بەشێکی گرنگیەتی؟ چۆن وەك خوداپەرستێکی مسوڵمان خۆت لە داعش و قاعیدە و ئیخوان و سەلەفیەکان و تیرۆریستەکانی دژە مرۆڤ دەپارێزیت تا بگەیتە سەر بنەچەی ڕاستەقینەی مرۆڤبوون؟ چۆن پەیوەندی خۆت بە خوداوە لە گەمەی سیاسییە دەمامکدارەکان قوتار دەکەیت و وەك مرۆڤێکی کراوە و ئازاد، ئازادی مرۆڤەکان وەك هەڵبژاردەی تایبەتی کەسەکان تەماشا دەکەیت؟ چۆن ئاشتی بە مانا قووڵەکەی قبووڵدەکەیت و بەسەر ئەوانیتریشدا دەیبەخشیتەوە؟ لێبوردەیی لای تۆ چی دەگەیەنێت؟ چۆن بتوانین لەگەڵ یەکتر هەڵبکەین؟
وەستان لەبەردەم پرسیارەکاندا ڕەنگە سەرەتایەکی زۆر باش بێت بۆ هەنگاونانێکی تەندروست. زۆرجار مرۆڤەکان، لەژێر کاریگەری ئەو هەموو ئاژاوە و ژاوەژاوە فیکری و ئایدیۆلۆژیانەی پێوەی دەرگیرن، یان لەژێر کاریگەری ئەو ئیشکردنە سیستماتیك و پرۆگراماتیکە دووبارەبۆوانەی سیستەم لەسەر ژیانیان پیادەی دەکات، ناپەرژێنە سەر بیرکردنەوەیەکی تەندروست لەسەر خۆیان و ئەو ژینگەیەی تێیدان.
بۆیە دەشێت وروژاندنی پرسیارەکان سەرەتایەك بێت بۆ نزیکبوونەوە لەو مرۆڤەی لەژێر ئەو کاریگەریانەدا، لەناوەوەماندا خەفەکراوە.

لە مێژووی کۆنەوە پەیوەندی پیاوانی ئایینی و هونەرمەندان بە چەندین لێکهەڵشاخان و بەرەوڕووبوونەوەدا تێپەڕیوە، بەڵام دواجار “لانیکەم لەمێژووی ڕۆژئاوای دوای ڕێنیسانسەوە” بە ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتن، ئەویش ئەوەی کە کاری ئایینزاکان ( کریستیان و موسوڵمان و جو) لە بابەتە سۆفستایی و عیرفانیەکاندا چڕ بکرێتەوە و هونەریش بە گفتوگۆی نێوان کۆمەڵگاکانەوە سەرقاڵبێت. بەو پێیەی گوتار و ڕاگەیاندراوەکانی پیاوانی ئایینی زۆرجار بەر ژێ کۆمەڵایەتییە هەستیارەکان دەکەون، بۆیە لەو کاتانەدا کارە هونەریەکان بەرامبەری دەوەستنەوە و ڕەخنەی لێدەگرن.

مەبەستم لە ژێ کۆمەڵایەتییە هەستیارەکان، دەستتێوەردانی پیاوانی ئایینییە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیە دونیاییەکان، وەك جۆری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خواردن و خواردنەوەو جلوبەرگ و هەڵسوکەوتە ڕۆژانەییەکان. ئەمانە هەریەکەو تایبەتمەندیی بوارێکی جیاوازە. جۆری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاری سۆسیۆلۆجیستەکانە، خواردن و خواردنەوە کاری پزیشك و پسپۆرەکانی نوتریشنە، جلوبەرگ هەڵبژاردەی تایبەتی کەسەکانە و سەرەتاییترین مافی ئازادی تاکە، هەڵسوکەوتە ڕۆژانەییەکانیش دەرهاویشتەی پەروەردە و شێوازی گەشەکردن و ئەزموونی تایبەتی کەسەکانە و لە حاڵەتی نا ئاساییشدا، کاری سایکۆلۆجیست و سایکایەتریست و توێژەرە دەروونیەکانە دەستنیشانی بکەن و کاری لەسەر بکەن.

بەڵام کاتێك هەموو ئەو بەرپرسیارێتی و ئەرکانە بە پیاوانی ئایینی دەسپێردرێن، ئیتر جێگایەك بۆ هیچ یەکێك لەو پسپۆریانە نامێنێتەوە. بە مانایەکیتر، هەر کۆمەڵگایەك تێکڕای ئەو پرسە سیاسی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی بە دەستەیەکی دیاریکراو.ی وەك پیاوانی ئایینی بسپێرێت، ئەو کۆمەڵگایە ناتوانێت هەنگاوێك لە ئاسوودەیی و ژیانێکی سەرفراز نزیك ببێتەوە و هەمیشە لەناو کێشە ناوخۆییەکانیدا نغرۆ دەبێت.
ئایین و ئایدیۆلۆژیا و بیرو باوەڕەکان هەڵبژاردەی تایبەتی کەسەکانن، هیچ کەسێك مافی ئەوەی نییە بەسەر هەمواندا بیسەپێنێت، ئاسانترین ڕێگای ئاشتییانە بۆ بەیەکەوە ژیان، پەسەند کردنی ئەم ڕاستییەیە. بەڵام مەخابن، ئەم دیدە ئاشتیخوازانەیە زۆرجار لە بەرژەوەندی حیزبە سیاسییەکان نییە، بۆیە پەنا بۆ دروستکردنی پشێوی دەبەن و ناکۆکییەکان دەدرەوشێننەوە، یان لە نەبوو دروستی دەکەن.

                  -2-

هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هونەرییەکان کاری کەسانی پسپۆری ئەو بوارانەیە. دەشێت کەسێك تێڕوانینی خۆی دەربارەی کارێکی هونەری بنوسێتەوە، بەڵام ناکرێت کەسێك بەناوی هەموانەوە قسە بکات. بەتەنیا مەبەستم دید و بیروڕا نییە، بەڵکو مەبەستم چێژیشە، چونکە وەك چۆن دەکرێت تێڕوانینی مرۆڤەکان جیاواز بێت، بەهەمان شێوە شێوازی چێژبینینیشیان جیاوازە. ئێمە بەهەڵەیەکی گەورەدا دەڕۆین گەر پێمان وابێت لە یەك بەرهەمی هونەریدا دەتوانین خزمەتی ئاوەز و چێژبینی بینەرەکان بەهەمان ئەندازە بکەین.

بەهەمان شێوە، هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر بینەری کارە هونەریەکان چاەڕوانیی ئەوەیان هەبێت کە هەموو بەرهەمێکی هونەری بە پێوانەکاریەکانی ئەو بەرهەم بێت. بۆ نمونە زۆر جار گوێمان لێدەبێت کە کەسێك زۆر لەژێر کاریگەری دەنگی گۆرانیبێژێک، یان موزیك، فیلم، شانۆ، تابلۆ یا پەیکەر یان پێرفۆرمانسێکدایە، وەك ئەوە باسی دەکات کە هەموومان ناچاربین بەهەمان ئەندازەی ئەو چێژی لێببینین. بە خۆم تا ئەم دواییانەش نەمدەوێرا بڵێم دەنگی حەمە ساڵەح دیلان نامبزوێنێت و زۆر جار بێزاریشم دەکات، چونکە بە گشتی هاوتەمەنەکانم و ئەوانەی پێشتریش هەموو کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو دەنگە لەسەروو ڕا و پرسیارەوەیە. بەڵام ڕاستییە سادەکە ئەوەیە کە دەکرێت زۆرینە لەژێر کاریگەری بەرهەمێکی هونەریدا بن، بەڵام زۆریش ئاساییە ئەو بەرهەمە “وەك چێژ” لای ژمارەیەك کەسیتر پەسەند نەبێت.

بەڵام لە ئاستی بەرهەمهێنانی مانادا، بەرهەمێکی هونەری توانای دامەزراندنی دیالۆگی هەیە، جا دەکرێت ئەو دیالۆگە تەنیا لەناوەوەی کەسێکدا ڕوو بدات، دەشکرێت ببێتە دیالۆگیکی فراوانی کۆمەڵایەتی. لەم ئاستەدا، دەشێت لەژێر باڵی بزوتنەوە توندڕەوەکان و ئایینزا و ئایدیۆلۆژیستە توندڕەوەکاندا، هونەر بەکار بهێنرێت بۆ هاندانی توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی، وەك ئەو گرووپە شانۆییانەی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستگیرۆیی دەکردن، لەبری بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی و لەخۆبردوویی بۆ کاری چاکە، هانی گەنجانیان دەدا بۆ کوشتنی نەیارانیان. یان باگخوازەکان، پیشەی ئەوانیش جۆرێکە لە پێرفۆرمانس، کەچی زۆریان دەبینیت ئەو پێرفۆرمانسە بۆ دژایەتیکردن و ئاژاوە نانەوە بەکار دەهێنن و فتوای کوشتنی ژنان و نوسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەوانەکانی لێوە دەر دەکەن. هەر ئایین و بیروباوەڕێك کار بۆ داگیرکردنی تێکڕای کۆمەڵگا بکات، لەهیچ جۆرە هەڕەشەو سوکایەتی و دەستدرێژی و توندوتیژییەك نابوێرێت.

هەر ئایین و بیروباوەڕێك پێگەی خۆی لەڕێی پێکدادانی ئیلیەتە کۆمەڵایەتیەکانەوە بەدەست بهێنێت، پرۆژەی دوبارەکردنەوەی نازیزم و فاشیزمی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەو نوخبە ئیسلامییەی کوردستان ئەوها کار دەکەن و بۆ ئەمەش تەنیا بەوەوە نەوەستاون لە خوندنگەکاندا هەر لە سەرەتاییەوە تا زانکۆ، لەشکرێک لە کەسانی مێشکشۆراو بنێرنە ناوەوە و تۆوی ئاژاوەگێڕی و ڕق و بوغزاندنیان تێدا بنێژن، بەڵکو زۆر لەوە زیاتر پەلیان هاویشتۆتە ناو هەموو خانە وردیلە کۆمەڵایەتیەکانەوەو دەیانەوێت گەرای ئەو ژەهرە دژە مرۆڤەی تێدا بڵاو بکەنەوە. هەر ئەوانیشن هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی ئاستی ژن کوشتنن لە هەرێمدا، دەنا کورد کۆمەڵگایەکی نەك ژنکوژ نەبووە، بەڵکو وەك هاوڵاتی ڕەسەنی ناوچەکە ( بەهەمان شێوەی هاوڵاتییە ڕەسەنەکانی کەنەدا و ئەمریکا و…هتد، indigenous) ئەوەندە تێکەڵاوی سرووشت بووە، نەك
مرۆڤ، ڕێزی بۆ دار و کێڵگەکانیش داناوە و ژیانی خۆیی لەگەڵ پەلەوەر و ئاژەڵەکاندا هاوبەش کردووە.

لەوەتەی ئەمانە دروست بوون و بەتایبەتیش لەدوای ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ەوە، بزانە چۆن کاریان لە مێنتاڵێتی گشتی کردووە و وایانکردووە زۆر کەس بڵێت ئێمە سەر بە کۆمەڵگایەکی ژنکوژین ( کە ئەمەش بێدادییەکی گەورەیە هەموان بخەیتە هەمان قۆزاخەوە). بەهەرحاڵ ئۆباڵی زۆر بەی هەرەزۆری توندوتیژی و لێکترازانەکانی کۆمەڵگای ئێمە لە ئەستۆی ئەو بانگخوازو حیزبە ئیسلامیە توندڕەوانەیە. ئەوانیش بێگومان سوودی تەواویان لەو ڕووبەرە ئێجگار فراوانە وەرگرتووە کە یەکێتی و پارتی و گۆڕان لە ئەنجامی ململانێکانی نێوان خۆیان بۆیان فەراهەم کردوون.
لەم ڕووەوە میدیاش ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە دروستکردنی هامچێژی و لەناوبردنی تۆن و دەنگ و ڕەنگی جیاواز.
ئەمەش تەنیا لە بەرهەمە هونەریەکاندا نا، بەڵکو لە ئاراستەکردنی تێکڕای ڕوخسارەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا. بۆیە کاتێك هێرشێکی بەربەریانە دەکرێتە سەر هونەرمەندێك یان هەر کەسێکیتر، شانبەشانی بەدواداچوون و لێپێچینەوەو بەرەوڕووبوونەوەی ئەو خێڵە بەربەریە، پێویستە هەمان شت بەرامبەر میدیاکانیش بکرێت. بۆ نمونە لە کەیسی ئەو هونەرمەندانەی کەلاردا، وەك چۆن پێویستە لێپێچینەوە لەو مەلایانە بکرێت کە گوتاری توند و دوژمنکارانەیان لەسەر داوە، پێویستە لێپێچینەوە لەو بەرپرسە حکومیانەش بکرێت کەبڕیاریان دژی گرووپە شانۆییەکە دەرکردبوو، بەهەمان ئەندازە پێویستە سزای هەندێ میدیاش بدرێت، بەتایبەتی ڕوداوو NRT کە نەك خزمەتێکیان بە حورمەتی مرۆڤەکان نەکرد و لێی نەهاتنە دەنگ، بەڵکو کەناڵەکانیشیان خستبووە خزمەتی ئەو سەلەفی و مەلا بێ پرنسیپانەوە تا لەوێشەوە هەڕەشەکانی خۆیان توندتر بکەنەوەو هەوڵی چەواشەکردنی ڕای گشتی بدەن، لەمەدا حیزبە سیاسییەکانیش ڕۆڵی زۆر کاریگەریان هەیە لە ئاراستەکردنی دەزگا میدیاییەکان و ڕای گشتیدا.

پێویستە ئەم چەواشە کارییە ڕابگیرێت، ئەو گرووپە شانۆییەی کەلار دەیانەوێت کۆتایی بەو زمانە زبر و جنێوئامێزە بهێنرێت بەرامبەر کۆمەڵگا کە مەلا هەڵۆ و مەلا مەزهەر لە دیارترینی بەکارهێنەرەکانین، هەر مەلایەك و حەوزە و مزگەوت و یەکێتییەکی ئیسلامی دژی ئەو شانۆگەریە قسە بکات، ئەوا بەشێکە لە تۆڕی ئەو جنێوفرۆشە بازاڕیانەی مەڵا هەڵۆ و مەزهەر نوێنەرایەتی دەکەن.
. پێویستە “پەرلەمان” و “سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران” و “سەرۆکایەتی هەرێم” لێپرسراوانە بێنە قسە و ڕێ لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش بگرن. ئەویش بەوەی لێپێچینەوە لەو بەڕێوەبەرەی ڕۆشنبیری گەرمیان بکەن و لەو پۆستە دووری بخەنەوە، مەلا هەڵۆ و هەر مەلایەکی تر دەستگیر بکرێن کە مینبەری مزگەوت بەکار دەهێنن بۆ سوکایەتیکردن بە “هاوڵاتیان” و هانی توندوتیژی دەدەن. ئەمە کاری هەموو هونەرمەندان و هەر سەندیکا و دەزگایەكە کە بەناوی نوسین و هونەر و ڕۆشنبیرییەوە کار دەکات (بە یەکێتی نوسەران و سەرجەم ناوەندە ڕٶشنبیرییەکانیشەوە) ئەو داواکریانە بەرز بکاتەوەو بچێتە پشتی. پێویستە فشارەکانمان جددیتر و هەمەلایەنتر بکەین بۆ سەر ئەوانەی دەیانەوێت ئازادی خۆیان بە تەفروتونا کردنی ئازادی ئێمە دەستەبەر بکەن.

ڕزگار حەمە ڕەشید




… دڵه‌راوكێی ئه‌كته‌ری شانۆ له‌ كاتی نواندن دا ن/ كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

یه‌كێك له‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندان (ئه‌كته‌ر، گۆرانی بێژ ، پێشكه‌ش كار..) تووشی ده‌بنه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بینه‌ران هه‌رچه‌ند خاوه‌ن ئه‌زموو نێكی زۆریش بێت یان مێژوویه‌كی هونه‌ریشی هه‌بێت.. به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ترس و دڵه‌راوكێیه‌ كارێكی سروشتییه‌، چونكه‌ ده‌ركه‌وتن به‌رامبه‌ر به‌جه‌ماوه‌ر كارێكی ئاسان نیه‌ به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر شانۆ كاتێ ئه‌كته‌ر به‌شێوه‌یه‌كی زیندوو راسته‌وخۆ دیالۆگ یان جوڵه‌ له‌گه‌ڵ بینه‌ران ده‌كات ، هۆكاره‌كه‌شی بۆ هه‌یبه‌ت و مه‌زنی شانۆ ده‌گه‌رێته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ توانستی ئه‌كته‌ر رۆڵ ده‌بینێت بۆ ده‌رباز بوون له‌و دڵه‌راوكییه‌ له‌ كاتی نواندندا ئه‌گه‌رچی زۆر ێك له‌ پسپۆرانی شانۆ ترس و دڵه‌راوكێ له‌لای ئه‌كته‌ران له‌سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی نواندن به‌ پێوێستی ده‌زانن بۆ ئه‌وه‌ی نواندنه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بێت.. ئه‌كته‌ره‌ مه‌زنه‌كان كه‌هه‌موو ژیانیان له‌سه‌ر شانۆ بووه‌ هه‌رده‌م دووپاتی ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ (5-10) خووله‌كی سه‌ره‌تای نمایش توشی جۆرێك له‌ ترس و دڵه‌راوكێ ده‌بن ، به‌ كارێكی نۆرماڵ ده‌زانن.
دڵه‌راوكێی شانۆ چیه‌؟
دڵه‌راوكێی شانۆ له‌و كاته‌ی ئه‌كته‌ر دیالۆگێك یان جوڵه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر به‌ بینه‌ران ده‌كات ئه‌و حاڵه‌ته‌ پێیده‌گوترێت (دڵه‌راوكێ سات) له‌و كاته‌ی ئه‌كته‌رله‌ هه‌موو نمایشیكدا كه‌ سه‌ره‌تا پێده‌نێته‌ سه‌رشانۆ جۆر ترسی و دڵه‌راوكێ و ته‌نگ نه‌فسی له‌لادروست ده‌بێت له‌راستییدا دڵه‌راوكێ به‌ پله‌یه‌كی مامناوه‌ند پێویسته‌ بۆ ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی له‌سه‌ر شانۆ ده‌وستن كه‌ پسپۆران به‌ دڵه‌راوكێیه‌كی ته‌ندروست ناوده‌بن، هه‌ر بۆیه‌ هه‌موو دڵه‌راوكێیه‌كی شانۆیی نابێته‌ هۆی ناله‌باری كه‌سایه‌تییه‌كه‌ و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر نواندنه‌كه‌ی نابێت به‌ تایبه‌تی كاتێ دڵه‌راوكێیه‌كه‌ بۆ چه‌ند چركه‌یه‌كی دیار كراو بێت ئه‌وه‌ی ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ له‌ دڵه‌راوكێی شانۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌كته‌ره‌ نه‌توانێت دیالۆگ و جوڵه‌و نواندنه‌كه‌ی وه‌ك پێویست ئه‌نجام بدات به‌ جۆرێك هه‌موو شتێكی له‌ بیر بچێته‌وه‌،كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر رۆڵه‌كه‌ی هه‌بێت بگره‌ له‌سه‌ر كۆی نمایشه‌كه‌ ده‌بێت.
نه‌ك هه‌ر كه‌سی ئاسایی زۆر ێك له‌ ئه‌كته‌ران خاوه‌ن به‌هره‌و توانستی زۆر باشن به‌ڵام ئه‌و گره‌كێوره‌یان هه‌یه‌(دڵه‌راوكێی شانۆ) ناتوانن ئه‌و په‌یامه‌ی هه‌یانه‌ بگیینه‌ بینه‌ران ئه‌مه‌ش زیاتر بۆترس و شه‌رم ده‌گه‌رێته‌وه‌.
نیشانه‌كانی دڵه‌راوكێی شانۆ له‌لای ئه‌كته‌ران:
هه‌ندێك ئه‌كته‌ر له‌ ڕۆژانی پرۆڤه‌ باشترین نواندن ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌تایبه‌تی له‌جه‌نراڵ پرۆڤه‌دا هه‌رله‌رووی دیالۆگ و جوڵه‌ و ده‌نگ كه‌چی له‌ رۆژی نمایش له‌و ئاسته‌دا نین بێگومان فاكته‌ر زۆرن یه‌كێك له‌وفه‌كته‌رانه‌ بۆ دڵه‌راوكێی شانۆ ده‌گه‌رێته‌وه‌ به‌هۆی بیركردنه‌وه‌ له‌ بینه‌ران به‌جۆرێك هه‌ر بۆیه‌ ه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی تووشی ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌بن له‌كاتی نواندنه‌كه‌یان بینه‌ر له‌ هیچ له‌ وشه‌كانی ئه‌كته‌ر حاڵی نابێت ،له‌ هه‌مان كاتدا گرژی ده‌مووچاو و ئارقه‌ی شه‌ره‌م و ترس به‌روونی به‌ ده‌مووچاوی ئه‌كته‌ر به‌دیار ده‌كه‌وێت نه‌ك ئارقه‌ی ماندووبوونی نواندن.
ئه‌كته‌ر چۆن به‌سه‌ر دڵه‌راوكێی شانۆدا زاڵ ده‌بیت؟
زۆر جار له‌ كاتی نواندن ئه‌كته‌ر تووشی ترس و دڵه‌راوكێ شانۆ ده‌بێت بۆ ده‌ربازبوون و زاڵ به‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ چه‌ند رێگایه‌كی زۆر ئاسان هه‌یه‌ ئه‌ویش به‌هۆی راهێنان كردن له‌سه‌ر جه‌سته‌ و مێشك ده‌بێت به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك ئه‌كته‌ر ده‌توانێ له‌و دڵه‌راوكێیه‌ رزگاری بێت لێره‌دا باس له‌ هه‌نگاوانه‌ ده‌كه‌ین:
1-خاوكردنه‌وه‌ی جه‌سته‌: پێش ده‌رچوونت بۆ سه‌ر شانۆ هه‌وڵبده‌ هێمنی ئارامی خۆت بپارێزیت له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانت ، چونكه‌ ئه‌مانه‌ هاوكارت ده‌بن بۆ خاوبوونه‌وه‌ی مێشكت وه‌ له‌هه‌مان كاتدا ده‌نگت جێگیر بێت ،ئینجا راهێنانێك له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه‌ یان ئه‌و دیلۆگانه‌ بكه‌ كه‌له‌سه‌ر شانۆ ده‌یڵێت، چه‌ند ئامۆژگارییه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ت خاو بێته‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ده‌ربكه‌ویت:

  • كه‌مێك پرۆڤه‌ی ده‌نگت بكه‌.
  • مۆزێك پێش نواندنه‌كه‌ت بخۆ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ده‌ت خاڵی نه‌بێت،له‌هه‌مان كاتدا هه‌ست ناكه‌یت كه‌ گه‌ده‌ت پڕه‌.
  • وه‌رزشی ناو ده‌مت بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رچوونی وشه‌و پیته‌كان ته‌ندروست بێت به‌تایبه‌تی شه‌ویلگه‌ی خواره‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی بنێشت جووین یان راهێنانی زمان ده‌بێت به‌ڵام ئاگاداربه‌ نابێن گه‌ده‌ت خاڵی بێت.
  • وه‌رزشێكی شانۆیی بۆ ماسولكه‌كانت ئه‌نجام بده‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ترس و دڵه‌ راوكێ رزگارێت بێت وه‌ تووشی گرژی ماسوولكه‌ نه‌بیت، به‌تایبه‌تی بۆ هه‌ردوو ده‌سته‌كانت و قاچه‌كانت و پشت و شانه‌كانت.
    2- خه‌یاڵ و بیر كردنه‌وه‌: ماوه‌ی 15-20 خووله‌ك له‌ كاتی خۆت بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ نواندنه‌كه‌ت به‌تایبه‌تی بۆ دیالۆگه‌كانت وه‌به‌گشتی بۆ نمایشه‌كه‌ ته‌رخان بكه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ شوێنێكی هێمن و ئارام دابنیشیت و هه‌ردوو چاوه‌كانت دابخه‌ ده‌ست به‌ هه‌ناسه‌ وه‌رگرتن و هه‌ناسه‌ دانه‌وه‌ بكه‌یت به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موو جه‌سته‌ت خاو بێته‌وه‌، دوایی ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسمان كرد ئه‌م دوو خاڵانه‌ی خواره‌ بكه‌:
  • له‌سه‌ر زه‌وی راكشێ هه‌ردوو ده‌سته‌كانت له‌سه‌ر رانه‌كانت دابنێیت.
  • هه‌وڵده‌ بگیته‌ قۆناغێك بیر له‌ هیچ شتێك نه‌كه‌یته‌وه‌ به‌تایبه‌تی بیر له‌ رۆڵه‌كه‌شت نه‌كه‌یته‌وه‌ ته‌نیا بیر له‌ خاوبوونه‌وه‌ی جه‌سته‌ت بكه‌.
    3-دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنه‌وه‌ی چاو و قاوه‌: هه‌ر چه‌ند هۆگر و ئاڵووده‌ بیت له‌ رۆژی نمایش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ خواردنه‌وه‌ی چا و قاوه‌ دووربكه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ خواردنه‌وه‌ی ببێته‌ هۆی زیته‌ڵ و خیرایی به‌ڵام له‌ راستیدا گرژی و ده‌مارگیریش زیاد ده‌كات.
    4-كاتێك بۆ كۆتایی هێنان به‌ حاڵه‌تی دڵه‌راوكێی خۆت دیار بكه‌: له‌رۆژی نمایش په‌یمانێك له‌گه‌ڵ خۆت بكه‌ له‌ كاتژمێرێكی دیار كراو كۆتایی به‌ دڵه‌راوكێی خۆت ده‌هێنیت بۆنموونه‌ كاتژمێر 3 دوایی ئه‌و كاتژمێره‌ حاڵه‌تی دڵه‌راوكێ له‌لای خۆت كۆتایی ده‌ێت كۆنترۆڵی خۆت ده‌كه‌یت ئه‌م په‌یمانه‌ له‌گه‌ڵ خودی خۆت ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ ئاسان بێت.
    5- راهێنان: رۆژی نمایش به‌لایه‌نی كه‌م بۆماوه‌ی (30) خووله‌ك راهێنان بكه‌ سی خووله‌ك به‌پێ هامووشۆ بكه‌، هه‌موو گرژییه‌ك و دڵه‌راوكێییه‌كه‌ت ده‌ڕوێته‌وه‌ جه‌سته‌یه‌كی گونجاوت ئاماده‌ ده‌بێت بۆ نواندن .
    6- پێبكه‌نه‌: سه‌یری فلیمێكی به‌زمه‌سات بكه‌ یان گرته‌ ڤیدیۆییه‌كی كۆمیدی له‌ یوتیوب سه‌یر بكه‌ له‌ گه‌ڵ هاورێكانت پێبكه‌نه‌ ،چونكه‌ پێكه‌نین هاوكاره‌ بۆئه‌وه‌ی جه‌سته‌یه‌كی خاو ئاماده‌بێت له‌ هه‌موو ده‌مار گیری و ده‌ڵه‌راوكێیه‌كه‌ت دوورده‌خاته‌وه‌.
    7- زوو ئاماده‌بوون له‌ شوێنی نمایش: هه‌وڵده‌ پێش هه‌مووان له‌ شوێنی نمایش ئاماده‌ به‌ له‌و كاته‌دا هه‌ست به‌ كۆنترۆڵ له‌سه‌ر هه‌موو حاڵه‌ته‌كان ده‌بیت به‌پێچه‌وانه‌ش له‌وكاته‌ی تۆ ده‌گه‌یته‌ شوێنه‌كه‌ هۆڵه‌كه‌ پڕبووه‌ له‌ بینه‌ران و هه‌موویان چاوه‌ڕی تۆ ده‌كه‌ن له‌و حاڵه‌ته‌دا جۆره‌ گرژییه‌ك و دڵه‌راوكێیه‌كت له‌لا دروست ده‌بێت كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر نواندنه‌كه‌ت ده‌بێت بۆیه‌ ئه‌گه‌ر زوو گه‌یشتییه‌ هۆڵه‌كه‌ كه‌شێكی هێمن و ئارام ده‌بێت.
    8- له‌گه‌ڵ بینه‌ران گفتۆگۆ بكه‌: هه‌وڵبده‌پێش ده‌ركه‌وتنت له‌سه‌ر شانۆ له‌گه‌ڵ بینه‌ران تێكه‌ڵ بیت ، بێگومان ئه‌مه‌ش فاكته‌رێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جۆره‌ به‌رده‌وامیه‌كت پێببه‌خشێت له‌ هه‌مان كاتدا ده‌شتوانی له‌ناو بینه‌ران دابنیشیت بێ ئه‌وه‌ی پێیان رابگه‌ینت كه‌ تۆ ئه‌كته‌ری و رۆڵت هه‌یه‌ له‌ نمایشه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش له‌و كاتانه‌دا ده‌بێت كه‌ جلوبه‌رگی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ت له‌ به‌رنه‌كردبێت یاخود ماكیاژت نه‌كردبێت.
    9- بیر له‌ كه‌سی باشی ناو بینه‌ران بكه‌: له‌بری ئه‌وه‌ی بیر له‌ جلوبه‌رگی بینه‌ران بكه‌یته‌وه‌
    بیر له‌ كه‌سێك بكه‌وه‌ له‌ناو بینه‌ران كه‌ تۆی خۆش ده‌وێت هه‌رده‌م زۆر به‌گه‌رمی هانت ده‌دات و له‌ كۆتایی نمایش چه‌پڵه‌ت بۆ لێده‌دات.
    10- خوراده‌نه‌وه‌ی شه‌ربه‌تی پرتوقاڵ: به‌نیوكاتژمێر پێش نمایش هه‌وڵده‌ هه‌ندێ ئاوی ترشییات بخۆیته‌وه‌ ، چونكه‌ هاوكارته‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپه‌ستۆی خوێن و دڵه‌راوكێت كه‌م بكاته‌وه‌.
    11- ئه‌و گۆرانیه‌ بڵێ كه‌پێت خۆشه‌:هه‌رده‌م ئه‌و گۆرانییه‌ بڵێ كه‌ ریتمه‌كه‌ی هێمنی و ئارامیت پێده‌به‌خشێت.
    به‌م هه‌نگاوانه‌ ئه‌كته‌ر ده‌توانێ خۆی به‌سه‌ر ترس و ده‌ڵه‌راوكێی شانۆیی رزگار بكات بێگومان له‌سه‌رووی هه‌مووی ئه‌وانه‌ی باسمان كرد باوه‌ڕ به‌خۆبوون به‌وه‌ی له‌ هه‌ر حاڵه‌تیكێدا تۆی ئه‌كته‌ر ده‌توانی باشترین شێوه‌ نواندن بكه‌یت، ئاماده‌یت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ روودانی هه‌رحاڵتێكی چاوه‌رنه‌كراو كه‌تۆی ئه‌كته‌ر ده‌توانی به‌شێوه‌یه‌كی راگوزه‌ر چاره‌سه‌ر بكه‌یت.
    بۆ ئه‌م بابه‌ت سوودم له‌م سه‌رچاوه‌ وه‌رگرتووه‌:
    -القلق المسرحی فی ادا‌و الممپل المسرحی / محمد فچیل شناوه‌



مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سیاسی له‌شانۆدا !! … ڕێباز محەمەد جەزا


خوێندنه‌وه‌ی مرۆڤ و كاركردن له‌ سیاسه‌ت و شانۆدا ، هه‌وڵێكی فه‌لسه‌فیانه‌ی پوخته‌و له‌هه‌مان كاتیشدا ئاڵۆزو هه‌ستیار و وورد . له‌به‌رئه‌وه‌ به‌گرنگی ده‌زانم ئه‌م دۆزه‌ به‌كێشه‌ بكه‌م و هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی بده‌م . هه‌ رچه‌نده‌ خۆم نابه‌ستمه‌وه‌ به‌میتۆدێكی دیاریكراوه‌و باسه‌كه‌ش كه‌مێك چڕو پڕو پانۆرامی ده‌خوێنمه‌وه‌ ، به‌ڵام فه‌رامۆشكردنی هه‌ستنه‌كردنه‌ به‌به‌رپرسیارێتی و خۆگێلكردنه‌ له‌ و مێژووه‌ی شانۆكه‌ هه‌یه‌تی كه‌ تائه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت قسه‌و باسه‌كان به‌رده‌وامن و كۆتاییان نه‌هاتووه‌ و چاوه‌ڕاونیش ناكرێت به‌م زوانه‌ كۆتاییان بێت .

هه‌ربۆیه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌م هه‌ڵبژارد تا ئه‌و په‌رده‌یه‌ لابه‌رم كه‌ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕوخساری هه‌ندێك له‌وانه‌ی وه‌ك “ئایدلۆژیایه‌كی تۆتالیتار” ی خۆیان مه‌ڵاس داوه‌و گورزی قورس له‌ژیانی شارو ژیار ده‌وه‌شێنن له‌ ڕێگه‌ی شانۆوه‌ ،. ئه‌مه‌ ئه‌و غه‌دره‌ قورسه‌ ژیاریه‌یه‌ كه‌ئێمه‌ له‌و مێژووه‌ نزیكه‌ی شانۆدا هه‌مانه‌ و زۆربه‌ی كات ، (نزعه‌ – ڕه‌وت) ێكی بازاڕی نه‌وه‌یه‌ك سه‌رقاڵ ده‌كات به‌ وه‌ك یه‌ك لێكردن و یه‌ك ڕه‌نگكردن و كارتی سوور فڕێدان بۆ په‌راوێزخستنی ئه‌كتیڤیست و كاراكانی ناو ئه‌و فه‌زا شێواوو ناته‌ندروست و ناهونه‌ریه‌ی كه‌ ته‌نها چه‌ند كه‌سێكی هه‌ڵگری ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ خاوه‌ندارێتی ده‌كه‌ن و به‌رگری له‌مانه‌وه‌و پاراستنی ده‌كه‌ن .

بۆئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی شایسته‌ و گشتگیر ڕه‌نێو بهێنین له‌شانۆدا ده‌رباره‌ی مرۆڤ ، پێوسستمان به‌ جیاكردنه‌وه‌یه‌تی له‌ بوونه‌وه‌ره‌كانی تر و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ڕه‌چه‌ڵه‌كی دۆزه‌كه‌ كه‌بوونی مرۆڤه‌ و لێڕه‌دا ته‌نها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ بوونی (مرۆڤ) له‌شانۆدا هه‌بوویه‌كی ئاگامه‌ندانه‌یه‌و ده‌بێت مرۆڤ خۆناس بێت و بیر له‌ بوونی خۆی بكاته‌وه‌ و بزانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی جیهاندانیه‌ ، جه‌گه‌له‌و ناته‌واوی و كه‌م و كورتیانه‌ی كه‌ له‌بوونیدا هه‌ن سیفه‌تێكی تریشی هه‌یه‌ كه‌ كاركردن و تیشك هاویشتنه‌ بۆ سه‌رشته‌كانی ده‌ره‌وه‌ .

ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت لێره‌دا باسی ده‌كه‌م ، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌نیاز نیم ڕه‌چه‌ته‌یه‌ك به‌یان بكه‌م بۆچاره‌سه‌ر ، به‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت گفتوگۆی جدی و به‌رهه‌مدار بخه‌مه‌ سه‌ر خوانی بیری شانۆییمان خۆئه‌گه‌ر مرۆڤ رادیكاڵیست بوو ئه‌وا مانای وایه‌ مرۆڤ روئیایه‌كی دیاریكراوی هه‌یه‌ بۆ كۆی دۆزه‌كه‌ و توانایه‌كی شاردراوه‌ی مێژوویی لادروست ده‌بێت . له‌م ڕووه‌وه‌ تێگه‌یشتنی شانۆكارێك بۆ ڕادیكاڵیزم ڕزگاربوونه‌ له‌ كۆت و به‌ندی ڕابردوو!! به‌ڵام ئه‌ی چی ده‌رحه‌ق به‌و مرۆڤه‌ دۆگمایه‌ ی كه‌ بۆهه‌ڵته‌ كاندنی سیستم و به‌ها دووباره‌كان دووباره‌ هه‌مان دۆگم بینابكاته‌وه‌ به‌ سه‌ره‌و نخونی یان به‌ لنگه‌و قوچی !! بیه‌وێت رۆحی شۆڕش دروست بكات و به‌ تیۆرێك بیسه‌ پێنێـت ، له‌كاتێكدا نه‌خوێنده‌وارێكی ته‌واو عه‌یاره‌ 24 بێت !!؟ بیرۆكه‌ی شۆڕش هه‌رگیز چاره‌نووسی دیاریكه‌ری ڕادیكالًیزمی سیاسی نه‌بووه‌ ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ دواوه‌و بۆمێژوویه‌ك كه‌ ته‌حه‌كومی پێوه‌ بكرێت . هه‌روه‌كو چۆن سایمۆندیس ووتی : ” ئه‌گه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌دیمه‌نه‌ جوانه‌كانه‌وه‌ هه‌بێـت ئه‌واله‌بارێكی خراپدا ده‌بیتَ”.

بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆئه‌و سه‌ره‌تایه‌ی كه‌تێگه‌یشتن له‌مرۆڤ گه‌لێك ئاڵۆز و سه‌خته‌ و خوێندنه‌وه‌كانیش هه‌مه‌ جۆرن و هه‌رهێزێكی نۆستالیژی و خاوه‌ن ته‌كنیكی كۆن ، بیه‌وێت ئه‌و فه‌ زاگشتیه‌ داگیربكات جاڕی مه‌رگی خۆی ده‌دات و دووباره‌ تۆتالیتاریزم به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌ . ئه‌مه‌ش بانگی راِستیه‌كه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێـت مرۆڤ بكه‌نه‌ پێوه‌رو پێودانگی هه‌موو شته‌كان .
باشتر وایه‌ مرۆڤ بن تاله‌مرۆڤ پچن یان تێی بگه‌ن !!
قسه‌كردن له‌سیاسه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵات به‌گشتی و له‌كوردستان كه‌مێك ئاڵۆزو ناڕوونه‌ ، به‌ڵام تێًگه‌یشتن له‌ڕوانگه‌ی شانۆوه‌ بۆ سیاسه‌ت یان بینینی شانۆییانه‌ بۆسیاسه‌ت و تێروانین و په‌یوه‌ندی نێوانیان و چێتی و ته‌ندروستی مامه‌ڵكردنیان كێشه‌ی قورس و هه‌مه‌جۆر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و ده‌بێت بڕیار بده‌ین له‌وه‌ی (شانۆوسیاسه‌ت ) به‌واتا دۆگم و باوه‌كه‌ی وه‌ربگرین یان به‌شێوه‌ ڕاسته‌قینه‌و فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ؟َ ! كه‌له‌ڕاستیدا بۆهه‌ركامیان قورسه‌ سه‌رپێی بیخوێنمه‌وه‌ به‌ڵام به‌گشتی سه‌رنج و تێڕاوانینی خۆم به‌یان ده‌كه‌م له‌ڕیی ئه‌و میراته‌ شانۆییه‌ی كه‌هه‌مانه‌ له‌مامه‌ڵه‌كردنی سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ شانۆدا !! بۆچی؟ چونكه‌ كاریگه‌ریه‌كانی سیاسه‌ت و سیاسیه‌كان له‌دنیای ئه‌مرۆدا كه‌شێكیان دروستكردووه‌ ده‌توانن ده‌ستكاری ته‌واوی ژیان و شانۆش بكه‌ن وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی ژیانی و شارستانی و ژیاری پشكیان به‌رده‌كه‌وێت .
به‌ڵام گه‌ربمانه‌وێت به‌دیوه‌ فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی دا بیخوێنینه‌وه‌ هه‌ر زوو ڕووبه‌ڕووی نه‌بوونی پێشینه‌ی فكری و فه‌لسه‌فی ده‌بینه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی شانۆكه‌ی ئێمه‌ به‌و ڕابردووه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی هه‌ر زوو ده‌پچڕێین و تووشی بێ ئومێدی ده‌بین . ئه‌مه‌جگه‌له‌وه‌ی ئێمه‌ی وه‌رگرو بینه‌رانی شانۆ، پێویستمان به‌هه‌ماهه‌نگی كلتوری و مه‌عریفی هه‌یه‌ تابزانین ئێمه‌ له‌كوێی دۆزه‌كه‌داین ؟ ده‌كه‌وینه‌ كوێی قه‌له‌قیه‌كانی جیهانی نوێ‌ و شانۆ وه‌ وه‌كو كورد شانۆو سیساسه‌ت له‌م ئاسته‌ لۆكاڵی و ناوچه‌گه‌رێتی و تایفه‌گه‌رێتیه‌دا بۆكوێ‌ ؟ كه‌ئه‌مانه‌ش په‌یوه‌ستن به‌ هوشیاری و جێگیری جه‌ماوه‌ری شانۆو بكه‌ره‌كانی شانۆ (شانۆكار) به‌گشتی ده‌توانم بڵێم شانۆ (له‌كوردستان) له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك له‌مامه‌ڵه‌دایه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت ئه‌اونیش بریتین له‌ :

  1. دارایی و بودجه‌ .
  2. هێزو پاوه‌ری ڕاگه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه‌.
  3. له‌سه‌ر ئاستی بازاڕو ماركێتینگ به‌ ئایكۆن كردنی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ناو دنیای سیاسه‌ت و قسه‌كردن له‌سه‌رهه‌ندێك به‌رهه‌م و وونكردنی هه‌ندێكی تر و گه‌روه‌كردنی هه‌ندێك كه‌سایه‌تی و پووچه‌لًَكردنه‌وه‌ی هه‌ندێكی تر ..
    به‌هه‌رحاڵ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م دنیا ناڕون ونادیاره‌ پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌و تێبینی قوڵ و تیۆری هه‌یه‌ له‌ڕووی (فه‌لسه‌فی و زانستی ) و چونه‌ ناو قۆناغه‌كانی ئه‌و ژیانه‌ نیمچه‌ ( هونه‌ری – سیاسی )یه‌وه‌ كه‌ دنیایی ئێمه‌ له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌رم ده‌كات و نائاگا له‌ شارستانیه‌تیه‌ فره‌ چه‌شن و جۆراو جۆره‌كان كه‌ده‌بنه‌ پێش مه‌رجی دروست بوونی شانۆیه‌كی پوخت و هونه‌ری كه‌به‌دوای خۆیاندا دیالۆگ و مشت و مڕی (جددی – ڕژد) به‌رهه‌م ده‌هێنن ، به‌ڵام ده‌رهه‌ق به‌م باسه‌و لێره‌دا نامه‌وێـت بچمه‌ناو ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌وه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی لام گرنگه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كاریگه‌رو فره‌ لایه‌نه‌ ببه‌ستمه‌وه‌ به‌ ته‌اووكه‌ری پرۆسه‌كه‌ ئه‌وانیش :
    یه‌كه‌م : سیستمی شانۆ كه‌نیمانه‌
    دووه‌م : سه‌رچاوه‌ی دارایی شانۆ كه‌نیمانه‌
    سێهه‌م : هێزو ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌ری شانۆ (دیسان كه‌نیمانه‌ )
    چواره‌م : بازاڕی شانۆ كه‌ئه‌میش له‌و په‌ڕی لاوازیدایه‌ .
    واته‌ له‌كۆتاییدا باسكردن له‌ كێشه‌كانی شانۆ په‌یوه‌ستن به‌ حیزب و تیۆرو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی نیه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م مامه‌ڵه‌نازانستی و ناهونه‌ری و ناكارگێڕیه‌ هه‌ر ئه‌و شێوازه‌ ی لێدروست ده‌بێت كه‌ جۆرێك له‌ خۆهه‌ڵواسین به‌ جه‌ماوه‌ری لێ سه‌وزده‌بێت كه‌ ئامانج پڕكردنی هۆڵه‌كان ده‌بێت نه‌ك بینینی شانۆیه‌كی هونه‌ری وئه‌مه‌ش دووره‌ له‌و بیانوووه‌ی كه‌ به‌ناوی دروستكردنی بینه‌ره‌وه‌ ڕووده‌دات به‌ڵكو ئه‌وه‌ له‌بینین خستنی ئه‌و بونه‌وه‌ره‌یه‌ كه‌ شانۆده‌كات و شانۆ ده‌بینێت .



دروستكردنی بینەر لە شانۆی كوردی دا … حەیدەر عەبدولڕەحمان

پرسیارێكی گرنگم هەبوو بۆ هەموو شانۆكارانی كوردستان، ویستم بپرسم ئاخۆ هۆی چیە نمایشێكی شانۆیی كوردی زێتر لە 2500 بینەری هەبێت و بۆ ماوەی 18 رۆژ لە نمایشكردندا بەردەوام بێت و هۆڵی شانۆیی جمەی بێت لەبینەران، كەچی نمایشی تریش هەبێ‌ بینەر بۆ تەنیا جارێكیش سەلیقەی بینینی نەبێ‌ و و بیەوێت وەك چۆلەكەیەكی هەناسەلێبڕاو لە قەفەزدا پەنجەرەیەك بدۆزێتەوەو بفڕێت و خۆی رزگار بكات؟

ئایا ئەو بەردەوام بوونەی بە زیندووڕاگرتنی شانۆ، یاخود فاكتەرەكانی مردنی شانۆ لەدەسەڵاتی كێ‌دایە، یان كێ‌ لێی بەرپرسیارە؟
بێگومان بەپلەی یەكەم دەرهێنەرە كە پێشەنگی كارە و شادەماری خوێنی شانۆو بە زیندووڕاگرتن، یان كوشتنی شانۆیە.
دەرهێنەر ئەو كەسە ساحیرە لێزانەیە كە هەموو ئامرازەكانی گەمەی شانۆیی بەكار دێنێ‌، بۆ ئەوەی بینەر بخاتە ژێر كاریگەرییەكانی نمایش ..
دەرهێنەر لە شانۆدا دوو جەمسەری گرنگی بە دەستەوەیە، یەكێكیان بە هاوسەنگڕاگرتنی ریتمی نمایشە لە رێگەی پیرفۆرمانسی ئەكتەر و سینۆگرافیای شانۆیی .
دووهەمیان: بەهاوسەنگڕاگرتنی چێژی بینەرە بۆ وەرگرتن و دانەبڕان لەبەردەوامبوونی وەرگرتنی ئەو چێژە، ئەگەر هەر كاتێ‌ ئەو دوو جەمسەرە بەیەك ئاراستەو بەیەك ئاست لەریتم وەرگرتن نەڕۆیشتن، ئەوە ریتمی هاوسەنگڕاگرتنی نمایش لەنگ دەبێت و مەودای نێوان نمایش و بینەر دەڕوخێ‌ و زۆر بە خێرایی نمایش دەمرێت، ئیدی هیچ دەسەڵاتێك بەدەست دەرهێنەرەوە نامێنێ‌ بۆ ئەوەی شانۆیەكی مردوو لە سەر شانۆ زیندوو بكاتەوە .
بەڵام دەكرێ‌ بپرسین ئاخۆ سەرچاوە بنەڕەتیەكانی ڕاگرتنی ریتمی نمایش و سەرچاوەكانی ورووژاندنی بینەر لەكوێ‌دایە؟

پیرفۆرمانسی ئەكتەر
بێگومان لەكۆی گشتی نمایشدا نواندن و ئەكتەر، كرۆكی بەزیندووڕاگرتنی نمایشن كە دەتوانن بە پێرفۆرمانسی ئەكتەر و بەرجەستەكردنی جەستە، ئەكتەر ببێتە سەرچاوەی سەرنجڕاكیشانی بینەرو ورووژاندنی …
هەر كات ئەكتەر توانی ببێتە نیگار كێشێكی سەركەوتوو لە رەسمكردنی فۆرمی ناوەوەو دەرەوەی كاراكتەر بە تایبەت لە رووی بەرجەستەكردنی حاڵەتە سایكۆلۆژییەكانی، ئەوە دەتوانێت تایبەتمەندییەكی جیاواز لە كاراكتەرەكانی دیكە دروست بكات و وەك ئەكتەر كاریگەری ئەكتیفی هەبێت لەڕاگرتنی ریتمی نمایش و ورووژاندنی بینەر بە هەموو هەستە جیاوازییەكانییەوە ..

كاریگەرییەكانی سینۆگرافیا لەسەر بینەر
بەڵام جگە لەئەكتەر دەرهێنەر زۆر كارتی دیكەی بەدەستەوەیە بۆ ورووژاندنی بینەرو كەوتنە ژێر كاریگەریی سیحری شانۆ، بەتایبەت ئەو كارتانەی پەیوەندیی راستەوخۆیان بەچاوی بینەرەوە هەیە، لەوانەش (سینۆگرافیا) بەتایبەت (تەكنیكی شانۆیی) كە دەتوانێت بەهێما و رووناكی چاوی بینەر تێر بكات لەجوانی، لەو تەكنیكەدا دەرهێنەر فاكتەرە ورووژێنەرەكانی وەك بەكارهێنانی رووناكی، بۆ تاریك و روونكردنی فەزای شانۆو دروستكردنی ئەتمۆسفیری شانۆیی و بەكارهێنانی رەنگ بۆ بەرجەستەكردنی وێنەی شانۆیی بەكار بێنێ‌.
هەمیشە سینۆگرافیا بەرەگەزەكانی دیكۆر و رووناكی و جلوبەرگ و تەكنیكەكانی دیكەی شانۆ دەبنە پێكهاتەیەكی هەمە لایەنە لە ستاتیكای شانۆیی و دروستكردنی توخمەكانی كاریگەربوونی بینەر .

ورووژاندنی سایكۆلۆژی :
لەپاڵ ئامرازە شانۆییەكانی دیكەی دەرهێنەر بۆ فێڵی چاوتێركردنی دەرهێنەر چەند ئامرازێكی سایكۆلۆژی دیكەی بەدەستەوەیە، كە راستەوخۆ پەیوەندییان بەهزرو دەروونی بینەرەوە هەیە و دەبن بە فاكتەرێكی كاریگەر بۆ ورووژاندنی بینەر لەناخەوە، لەوانەش بەكارهێنانی موزیك، كارتێكەرە دەنگیەكان.

ریتم:
هەموو ئەو تەوژمانە بەیەك ئاست و بە یەك ئاراستە روو لەهەست و بیرو ئەندێشەی بینەر دەكەن، بۆ ئەوەیە بینەر تابوتێك نەبێت لەهۆڵی شانۆدا داندرابێت، بەڵكو پارچەیەكی هەرە زیندووی جەستەی ئەو شانۆیە بێت
كاردانەوەی بینەر بۆ سەر نمایش
كەواتە دەرهێنەر چەند ئەوەندەی كار بۆ دروست بوونی ئەكتەر و پێكهێنانی ئامرازەكانی دیكەی شانۆ دەكات، ئەوەندەش بۆ دروستكردنی بینەر، هەركاتێك بینەر بوو لەپرۆسەی شانۆییدا لەزەهنی دەرهێنەردا غائیب بوو، ئەوە بزانە نمایش چارەنووسێكی رەشی دەبێت .
بەڵام ئەوەمان لەبیر نەچێت، چەند ئەوەندەی نمایش كاردانەوەی بەسەر هزرو ئەندێشەو حاڵەتی فسیۆلۆژی و سایكۆلۆژی بینەرەوە هەیە، ئەوەندەش بینەر كاردانەوەی لەسەر شانۆكارەكانەوە هەیە لە سەر شانۆدا، هەمیشە ئەكتەرەكان بەشێك لەوزەو خوێنی پیرفۆرمانسی خۆیان لەبینەرەوە وەردەگرن، بۆیە كاری شانۆیی هەمیشە پرۆسەیەكی دوو لایەنەیە لەنێوان نمایش و بینەردا و ناتوانن پێكهاتەی شانۆیی تاك تاكەیی پێك بێنن .

بە كولتووركردنی شانۆ
ئەو تیۆرە لەپیشەسازی درستكردنی بینەردا لەلایەن دەرهێنەرەوە هەر تەنها گرەنتیەك نیە بۆ سەركەوتنی نمایش و بەجێمانی ئاسەوارەكانی نمایش بۆ ماوەی دوورو درێژ لەسەر پانتایی هزری بینەردا، بەڵكو دەبێتە تیۆرێكش بۆ پەروەردەكردنی بینەرو بەكولتوور بوونی شانۆ لەرووە كۆمەڵایەتیەكەوە، چونكە هەمیشەپرۆسە شانۆییە زیندووەكانن دەبنە هاندەر بۆ گەڵاڵە بوونی ئەو كولتوورەو بەرز بوونەوەی قەوارەی هوشیاری شانۆیی، پرۆسە مردووەكانیشن دەبنە مایەی تێكشكاندنی كولتوورە شانۆییەكان لەكۆمەڵگادا .

پەروەردەكردنی بینەر
كەواتە نمایش ئاراستەیەكی پەروەردەیی شانۆییشی هەیە، كە هەمیشە بینەر وەك نموونەیەكی بچووكی كۆمەڵگا وەری دەگرێت و بەسەر كۆمەڵگادا پەخشی دەكات، ئەگەر نمایش توانی بینەر لەئەزموونی خۆی دا رازی بكات و بیخاتە ژێر كاریگەرییەكانی، پەیوەندیی شانۆ لەگەڵ بینەردا بەهێز دەكات و بینەر ناچاری ئەوە دەكات، وەك پێداویستیەكی ژیانی رۆژانەی، پێویستی بەشانۆ بێت و بە دوای شانۆدا بگەڕێت، ئەگەریش نمایش ئامانجی راستەقینەی بۆ بینەر نەبوو، بەڵكو بینەر بكات بەوەسیلە بۆ گەیشتن بەكۆمەڵێ‌ بەرژەوەندی تایبەتی، بینەریش نەیتوانی جوگرافیای خۆی لەنمایشدا بدۆزێتەوە، ئەوە بینەر شانۆ بەزەرورەت نازانێ‌ و پێی وا دەبێت كە بوون و نەبوونی شانۆ بۆ ئەو وەك یەكە، بەمەش پرۆسەی بەكولتوور بوونی شانۆ پێویستی بەزەمەنێكی تر دەبێت بۆ خۆ دروستكردنەوەی دوای رووخان كەواتە نمایش رۆڵی سەرەكی هەیە لەچارەنووسی شانۆو بەكولتوور بوونی شانۆو بەكولتوور نەبوونی..

بینەرو مەعریفەی شانۆیی
لەپاڵ ئەو تیۆرانەی لەرووی پەروەردەی شانۆیی و بەكولتوور بوونی شاانۆ لەكۆمەڵگادا ورووژاندمان لە هەمان كاتدا نمایش كاریگەری هەیە لەسەر هوشیاریی و مەعریفەی شانۆیی بینەر ..هەمیشە بینەر سەرچاوەكانی هزرو مەعریفەی خۆی لەشانۆدا وەردەگرێت، لەشانۆوە بینەر دەبێتە كەسێكی خاوەن خەیاڵی جوان، لەوێ‌ راستەوخۆ چێژ وەردەگرێ‌، لەوێ‌ سەرسام دەبێ و تەزوو بەجەستەی دادێ‌، بەنهێنی فرمێسك دەڕێژێ‌، بەنهێنی دەگری ..ئەو تەفاعولاتە راستەوخۆیانە بینەر دەگۆڕن بۆ ئینسانێكی تر، ئەوە نەبێت پێش هاتن بۆناو هۆڵە شانۆییەكە هەبوو ..كەواتە ئەگەر نمایش بەو شێوە موگناتیسیە كار لەمێشك و هەست و ناخی بینەر بكات و بیكات بە ئینسانێكی تر، بینەر ناچاری ئەوە دەبێت لەژێر گوشاری ئەو هەموو فاكتەرە ورووژێنەرانە بەدوای نهێنیەكانی ئەو ورووژاندنادا بگەڕێ‌ و ببێت بە كەسێكی هوشیارو خاوەن مەعریفەیەكی شانۆیی .




کارگە، ژینگە و رۆشنبیری … زاهیر عەبەڕەش

safar club de théâtre 🎭 نادي سفر للمسرح

رۆژی ١/ ٧ی ئەمساڵدا لەسەر بانگێشتی دەزگای Médiathèque میدیا تێک، مۆڵتی مێدیا الخزانە الوسائطیە، لەشاری خوریبکە لە وڵاتی مەگریب بۆ ماوەی سێ رۆژ وارکشۆپێیان بۆ رێکخستم، بابەتەکەش، لەسەر ناسینی سنوورەکانی خۆت، ناسینی جەستە خۆمان و جەستەی ئەویتر، دابەشکردنی دڵخۆشی لەگەڵ ئەویتردا، هەروەها لەگەڵ گەمەکانی شانۆی ئیمرۆڤیسەسێۆن. جەدوەلی کاردنم لەگەڵ ئەم رێکخراوەدا بەم شێوەیە بوو، لە کاتژمێری دەی بەیانی تا کاتژمێر دوانزی نیوەرۆ لەگەڵ منداڵان، دوانیوەروانیش لەکاتژمێر دووی پاش نیوەر تا شەشی ئێوارە کارم دەکرد.
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا زیاتر لەسەری بدوێم دەزگای Médiathèque. بە واتای کتێبخانەی بیستن و بینین.
Médiathèque سەنتەرێکی رۆشنبیری لاوانە، فەزایەکی ڕۆشنبیری گەورەیە، بەردەوام چالاکی لەم سەنتەرەدا هەیە، لەهەفتەیەکدا شەش رۆژ چالاکیان هەیە، تەنها رۆژی دووشەمان پشویان هەیە، خەڵكێکی زۆر لە دانیشتوانی شاری خوریبگە سوندمەندن لە چالاکیە زانستی، ئەدەبی، رۆشنبیری و هونەریەکان، چالاکیەکانیشیان ئاڕاستەیە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای شارەکە، وەک خۆیان دەڵێن هەر لە منداڵی تەمەن 5 ساڵانەوە هەتا گەورەساڵان و خانەنیشینانیش سودیان لەم سەنتەرە بینیووە. تەنانەت رەچاوی کەم ئەندامانیش کراوە هەموو پێداویستیەکی بینین و بیستن و شوێنی ڕۆیشتنی دووچەرخەی کەم ئەندامانی تێدایە، لەسەر دیزانیكی فەرەنسی لە سەر رووبەری 7000 مەتر چوارگۆشە دروست کراوە.

لە زۆربەی بەشە هونەری و وێژەی و زانستیەکان پێکهاتووە وەک بەشی، وێنەکێشان، موسیک، شانۆ، سەما، خولی فێکردنی کۆمپیوتەر، بەشی فێرکردنی فۆتۆگرافی، کلیب و ئەنیمەیشن و ئێدیت کردن.خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان، گفتوگۆی پێنچ شەمە هەموو پێنج شەممەیەک نوسەرێک، فیلۆسۆفێک، هونەرمەندێک یان ئەدیبێک ،هتد بانگێشت دەکرێت بۆ سازدانی سیمینارێک، ئەویش لە لایەن شاعیرە نەوال شەریف پێشکەش دەکرێت. لەگەڵیشدا سێ کتێبخانەی گەورە و چوار هۆڵی گەورەی خوێندنەوە تێدایە، کە نزیکەی 36 هەزار کتێبی زانستی و هونەری و ئەدەبی بەزمانەکانیی عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسی تێدایە، هەروەها چوار هۆڵی پڕ لە کۆمپیوتەر کە دوانیان تایبەتە بە خوێندکارانی ماستەرو دکتۆرا کە دێن بۆ سێرچو گەران بەدوای زانیاریدا. بەهۆی چالاکی رۆژانەیان ئێستا نزیکەی 12 هەزار ئەندامیان هەیەو پێناسەی ئەم سەنتەرەیان بۆ کراوە.

خەڵکی شارەکە خۆیان چالاک و بەشدارن لە سازدانی چالاکیەکاندا و هەم دێن بۆ بینینی چالاکیەکانی ئەوانی تر. شوێنی کۆکردنەوەی گەنجان و منداڵان و دەرخستنی بەهرەکانیانە. لەهەمان کاتدا خۆبەخشێکی زۆریان لە لەدەوری بەرنامەی Act 4 community کۆکردۆتەوە کە هەڵدەستن بە کردنەوەی وەرشە بۆ منداڵان لە ناوچە دوورەکان، پیشاندانی چالاکیەکان بۆ ئەو شوێنە دوورە دەستانە. گێرانی پێشبڕکێ لە نێوان یانە و سەنتەرە رۆشنبیریەکان، بۆیە ئەوی ئاگاداری بزوتنەوەی رۆشنبیری هونەری ئەدەبی وڵاتی مەگریب بێت، هێندەی هەموو وڵاتە عەرەبیەکان فێستڤاڵ و پێشبڕکێی تێدا ساز دەکرێت.

ئەوەی دەموێت لێرەدا دیقەتی بخەمەسەر سیستم،کاردن دابین کردنی ماڵی و داراییە بۆ ئەم سەنتەرە.
سەنتەرەکە، ئاماده كردنى به رنامه ى act 4community يه كه په يوه ندى بەکۆمەڵەی فۆسفاتەوە هەیەOCP. ئەمەش بەمانای چی دەگەیەنێت؟
شاری خوریبگە بەناوبانگە بەوەی کە کانێکی زۆری فۆسفاتی هەیە ، هەروەک چۆن لە کوردستان لە شارەکانی کەرکوک و هەولێر و سلێمانی ، بیر و چاڵە نەوتی هەیە. ئەوەش سەرچاوەیەکی دارای زۆر و زەوەندە و دەشبێت هەڵبکۆڵرێت و بفرۆشرێت و پارەکەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەرێتەوە. لەبەر ئەوەی هەم ووڵاتی مەگریب و هەم کوردستان نەگەیشتتونەتە ئەو ئاستەی بەرهەمی زیرەکی و واتە داهێنان بفرۆشنەوە، هەرچەندە وڵاتی مەگریب زۆر بەناوبانگە لە رووی کوشتوکاڵ و گەشت و گوزاریەوە. بەڵام کوردستان جگە لەنەوت هیچ بەروبومێکی تری نیە.
هەر کارکردنێکیش لەو چاڵە نەوت و کانە فۆسفاتانە، دەبێت هۆی پیس بوونی ژینگە،
بێگومان کاردن و هەڵکۆلین لە کانەکانی فۆسفات ژینگە پیس دەکات.

جا بۆ قەرەبوکردنەوەی پیسبونی ژینگە، شارەوانی ئەوشارە مەرجی کارکردن بۆ ئەو کانە فۆسفاتانەی لە شاری خوریبکە ئەوە یە کە چەند سەنتەرێکی رۆشنبیری، بە هەموو ئەو مەرجانەی کە باسم کرد بکرێتەوە، جگە لە خوێندگا فەرەنسیاکان و دەیەها سەنتەری لێکۆڵینەوەو ناردنی هەزارەها خوێندکار بۆ فەرەنسا ، سازدانی فێستڤاڵی هونەری و سیمیناری کۆنفرانسی زانستی ئەمانە هەموو لەسەر خەرجی ئەو بەڵێندەرو کارگە گەورانەیە کە فۆسفات بەرهەم دەهێنن، لەگەڵێشدا هەموو ئەو کارگوزار و موچەخۆرانەی کە لەو سەنتەرانەدا کار دەکەن موچەکانیان یەکسانە بە موچەی کارگوزارێکی فەرەنسی کە لەوڵاتی فەرنسادا نیشتەجێە. ئەو ئەو چەند رۆژەی کارکردنم لەو سەنتەرەدا هەرگیز هەستم نەکرد کە من لە وڵاێکی عەرەبیدام. جێی خۆشحاڵیە لەم سەنتەرە ڕۆشنبیریە نادیەکی شانۆی هەیە، لەبەر ئەو هاوکاریانەی من پێشکەشم کردوون ناویان نا نادی عەبەڕەش بۆ شانۆ، بەڵام کە بە زمانی عەرەبی دەنوسرا دەبوو بە ( ابرس) لەسەر پێشنیاری هاوڕێم هاودەم حەمە ساڵح، پێم راگەیاندن کە ناوی نادیەکە بکەن بە سەفەر ئێستا بووە بە ( SAFAR club de théâtre 🎭 نادي سفر للمسرح). لەبەر ئەوەی کە خۆم ناوی دووەم سەفەرە و جاران لە ژێر ناوی سەفەر دەمنوسی.
بێمەوە سەر باسە سەرەکیەکی خۆم، ئەم جۆری کارکردن و سیستەم و پرۆژانە دەتوانرێت لە کوردستان سودێکی زۆر بە بزاوتی هونەر و ئەدەبی، چاپەمەنی، ژینگە و پەروەردە بگەیەنێت. کۆمەڵە هونەری و ئەدەبی و ژینگەپارێزانیش دەتوانن هاوکاربن لەوەی.

ـــــــ هەر شەریکەیەک بیەوێت نەوت دەربهێنێت سەرەڕای ئەوەی کە رێژەیەکی لەدەسکەوتەکەی بۆ ئەو شارەبێت. یان تێچوی ریسایکلین بۆ پاکردنەوەی ژینگە لەسەر ئەرکی شەریکەکە بێت، هەروەها پەیمانیان لێوەربگیرێت کە چەندەها خوێندکار بنێردرێتە دەرەوەی وڵات و لە بواری نەوت و ژینگەدا بخوێین. هاوکات دەبێت داوایان لێبکرێت چەند سەنتەرێکی هونەری و ڕۆشنبیری دروست بکات، موچەی کارگوزارەکان و فەرمانبەراکانی ئەو سەنتەرانە بۆ دابین بکات.
ـــــ ئەو بەڵێندەرانەی کە کار دەکەن و هەر پرۆژەیەکیان هەبێت کە کار لە ژینگەی کوردستان دەکات، ئیجبار بکرێت بەوەی شانۆ یان هۆڵی سینەما دروست بکات. یان هەر سەنتەرێکی ئەدەبی و رۆشنبیری، تێچوی فێستیڤاڵ و چالاکیە هونەریەکان لە ئەستۆ بگرن.
ـــــــ ئەو بازرگانانەی کە کەل و پەل لە وڵاتانی ترەوە دەهێنن و پاشماوەی لاستیک ئاسن و موقەبا و هەر مادەیەکی زیان بەخشی هەبێت بۆ ژینگە. تێچووی هەموو ئەو کتێبانەی لە لە قوتابخانەکان چاپ دەکرێت بگرێتە ئەستۆ.
ـــ هەموو ئەو بازرگانانەی کە مادەی لاستیک و پێڵاو سفرە و نایلۆن هاوردەدەکات، یارمەتی تێچووی کۆنفراس و توێژینەوە زانستیەکان بکەن.
ـــ هەموو ئەو کارگانەی کە هەوای کوردستان پیس دەکەن تێچووی ئەوفیلمانەی لە کوردستان بەرهەم دێین بگرنە ئەستۆ.
ــــ ئەو بازرگانانەی کە ئۆتۆمۆبیل هاوردەدەکەن، ئەرکی خەرجی و تێچووی هەموو فێستیڤاڵە شانۆییەکان و فێستڤاڵی سینەمای سلێمانی هەولێرو دهۆک بگرنە ئەستۆ.
ـــ ئەو دوکانانەی کە کاری میکانیکی و رۆنگۆری هتد بەهۆی رژانی رۆن و کەلو پەلەکانیان ئەرکی لەچاپدانی کتێبەکانی دەزگای سەردەم و موکریان ، هتد بگرنە ئەستۆ.
دەتوانرێت ئەم پێشنیازانە ببێتە بابەتی گفت و گۆ.

بەمەش هەم خزمەت بە بزاوتی ڕۆشنبیری گەلەکەیان دەکەن و هەم سەرچاوەیەکی دارایشە بۆ دەوڵەت. بەتایبەتی وەزارەتی ڕۆشنبیری. بەهیوام ئەم بابەتە بێتە هۆی گفت و گۆیەکی ڕژد.




شه‌ماڵی عه‌به‌ ره‌ش له‌ نێوان دوو جه‌مسه‌ری شانۆیی دا … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

                                                                                              

ناكرێت
وا به‌ سووك و سانایی به‌ سه‌ر ئه‌و رۆڵه‌دا تێپه‌ڕین كه‌ ئه‌كته‌رێكی وه‌ك ( شه‌ماڵی
عه‌به‌ ره‌ش) له‌ نمایشی ( باوك) له‌ نووسینی ( سترانبیرگ ) و وه‌رگێڕانی ( دلاوه‌ر
قه‌ره‌داغی) و ده‌رهێنانی ( سدیق عه‌زیز) بینی، ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ری نه‌وه‌ستین و به‌
وردی و به‌ دیدێكی ره‌خنه‌ییانه‌ تێی نه‌ڕوانین، به‌و ناوه‌ی ئه‌و نواندنه‌ له‌ دوو
جه‌مسه‌ره‌وه‌  بایه‌خی تایبه‌تی خۆیان هه‌بوو،
چ  وه‌ك 
وه‌رچه‌رخانێكی نوێ‌   له‌ ره‌وتی هونه‌ریی
شه‌ماڵی عه‌به‌ ره‌ش  له‌ ماوه‌ی زێتر له‌ چل
ساڵی كاری هونه‌ری دا  له‌ بواری دراماو شانۆدا،
چ  له‌ ئاستی  نواندن 
له‌ سه‌رده‌می نوێ‌ ی شانۆی كوردی  و
ئاسته‌نگه‌كانی نواندن و داهێنانی ئه‌كته‌ر.

بینه‌ر
دوای بینینی نمایشه‌كه‌،پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ بزانێت ئاخۆ فاكته‌ره‌كانی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌
چین له‌ تێپه‌ڕاندنی  ئه‌كته‌رێك له‌ قاوغێكی
ته‌قلیدی گشتی، به‌ره‌و قۆناغێكی تری  نا ته‌قلیدی،
له‌ نواندندا ؟

 ئایا سه‌رچاوه‌ی
ئه‌و تێپه‌ڕاندنه‌ سینۆگرافیای جه‌سته‌ی ئه‌كته‌رو ده‌نگ و ئیلقاو پێرفۆرمانسی ئه‌كته‌ره‌
بۆ راگرتنی ریتمی نمایش و به‌ هاوسه‌نگ راگرتنی ره‌گه‌زی  وروژاندن لای بینه‌ر، یاخود كاریگه‌ری ده‌رهێنه‌ره‌  به‌سه‌ر ئه‌كته‌رو ستایل و فۆرمی  ده‌رهێنانی؟

به‌ڵام
ره‌هه‌ندێكی لۆژیكی و ره‌هایه‌ كه‌ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی ده‌رهێنه‌ر كاریگه‌ریی خۆی به‌سه‌ر
ئاستی نواندنی ئه‌كته‌ردا به‌ جێ‌ بێڵێ‌، ناتوانێت ئه‌كته‌رێك دروست بكات له‌ سنووری
ده‌سه‌ڵات و توانستی  جه‌سته‌یی خۆی تێیپه‌ڕێنێ‌
و بیكات به‌ ئه‌كته‌رێكی داهێنه‌ر (ئه‌گه‌ر) ئه‌كته‌ره‌كه‌ خۆی خاوه‌نی خه‌یاڵ و پێرفۆرمانسی
تایبه‌تی خۆی نه‌بێت و ئازاد نه‌بێت له‌ به‌رجه‌سته‌ كردنی توانسته‌كانی خۆی له‌ شانۆدا،
هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وای كردووه‌ توانستی ئه‌كته‌ره‌كان له‌ یه‌ك نمایش و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی
یه‌ك ده‌رهێنه‌ردا،  یه‌كێك جیاوازی هه‌بێت
له‌ گه‌ڵ ئه‌وی تردا ..

بۆیه‌ ئه‌و
نواندنه‌ی شه‌ماڵی عه‌به‌ ره‌ش  له‌( باوك)
دا ئه‌نجامی دا، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م  موڵكی ئه‌زموونیی
تایبه‌تی خۆی  بووه‌ له‌ گه‌ڵ نواندندا،  به‌ڵام زۆر زه‌مینه‌ی تر هه‌بوون یاریده‌ده‌ر بوون
بۆ شه‌ماڵ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و رۆڵه‌ 
به‌شێوه‌یه‌ك به‌رجه‌سته‌ بكات، ببێته‌ خاڵێكی وه‌رچه‌رخان له‌ ژیانی هونه‌ریی
ئه‌ودا له‌وانه‌:

1.شه‌ماڵ عه‌به‌ ره‌ش   له‌و
ته‌مه‌نه‌ی ئێستای دا و به‌و روخساره‌ سپی ره‌نگه‌، له‌ رووی فۆرمه‌وه‌ روخسارێكی درامایی  هه‌یه‌ بۆ رۆڵی  كاراكته‌ره‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان، كه‌ پێویستی  به‌ ئارایشت نه‌بێت، سیمایه‌ك له‌ هێمنی و دنیا
بینی  پێوه‌ دیار بێت،  زۆر له‌ ئه‌كته‌ره‌  ناوداره‌كانی جیهان چه‌شنی ( ئه‌نتۆنی كوین) سوودییان
له‌و قۆناغه‌ی ته‌مه‌ن وه‌رگرتووه‌  بۆ هه‌ندێ‌
رۆڵی گرنگ له‌ كه‌سایه‌تیه‌ جیهانییه‌كانی وه‌ك 
(زۆربا) و (عومه‌ر موختار) كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌كته‌رێكی تر چه‌ند لێوه‌شاوه‌ بێت،
نه‌توانێت ببێت به‌ ئه‌لته‌رناتیفی (ئه‌نتۆنی كوین) به‌ هۆی ته‌مه‌ن و سیمای درامییانه‌ی.

  بێگومان ئه‌كته‌ر له‌و قۆناغه‌دا
هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات سوود له‌ ئه‌زموونی رابووردووی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ وه‌رگرێ‌  و له‌ رۆڵێكی لێوه‌شاوه‌ له‌گه‌ڵ  كه‌سایه‌تی خۆی به‌رجه‌سته‌ی بكات، یان زۆرێك له‌
همومی تایبه‌تی خۆی  له‌ ناو ئه‌و كاراكته‌ره‌دا  بدۆزێته‌وه‌ و بیه‌وێت ئه‌و همومه‌ی خۆی له‌و ده‌رفه‌ته‌دا
له‌ كار اكته‌ره‌دا به‌رجه‌سته‌ بكات ..

شه‌ماڵ
له‌و نمایشه‌دا به‌ دوو فۆرم  نواندنی ئه‌نجام
دا، له‌ یه‌كه‌مدا وه‌ك ئیمبراتۆرێكی به‌ ده‌سه‌ڵات و به‌هێز و خاوه‌ن بڕیار له‌ ناو
كۆشكدا، كه‌ ریتمی نواندنه‌كه‌ی فۆرمێكی ئاسایی هه‌بوو، له‌ رووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ هاوسه‌نگ
بوو، خۆ ئه‌گه‌ر ته‌واوی  نواندنه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تای
نمایش تا كۆتایی به‌و فۆرمه‌ بڕۆیشتایه‌، ئه‌وه‌ 
شه‌ماڵ وه‌ك هه‌ر ئه‌كته‌رێكی دیكه‌ی ئاسایی نمایشه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام  له‌قۆناغی دوای شكست هێنانه‌ ده‌روونییه‌كه‌ی، فۆرم
و ریتمی نمایش كردنی،  شێوازێكی دیكه‌ی وه‌رگرت،
كه‌ له‌رووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ هاوكوف بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌روونییه‌ ئاڵۆزییه‌ی
به‌ هۆی  ته‌وژمه‌كانی گومان و كاریگه‌رییه‌كانی
له‌ سه‌ر ته‌ندروستی دروست بوون، ئه‌و حاڵه‌ته‌ جوانییه‌كی به‌ فۆرمی نواندنه‌كه‌ به‌خشی
و ریتمی نواندنی لای ئه‌كته‌ر به‌رز كرده‌وه‌ و ئاستی وروژاندنی بینه‌ریشی له‌گه‌ڵ  خۆیدا بڵند كرد. 

بۆیه‌ بینه‌ر
به‌ ئاسانی درك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ستاتیكای نواندن له‌ قۆناغی دووه‌مدا زۆر كاریگه‌رترو
سه‌رنج راكێشتر بوو له‌ وه‌ی یه‌كه‌م .

2. كاراكته‌ر له‌ هه‌ندێ‌ نمایشدا ده‌بێته‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی بۆ ده‌ركه‌وتنی
ئه‌كته‌رو سروش به‌خشین به‌ ئه‌كته‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت وه‌ك پێویست ئه‌و كاراكته‌ره‌
سه‌ره‌كییه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات، كه‌ پاڵه‌وانی نمایش و داینه‌مۆی هاوسه‌نگ راگرتنیه‌تی.

بۆ نموونه‌
زۆرینه‌ی كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی شكسپیر چه‌شنی هاملێت و ئۆتیللۆو لیر پاشاو رۆمیۆ
جولێت و ماكبێس، كاراكته‌ر فاكته‌ری سه‌ركه‌وتنیانه‌، ئه‌و كاراكته‌رانه‌ بوونه‌ته‌
سروش و ئیلهام بۆ ئه‌كته‌رێكی وه‌ك (لۆرانس ئۆلیڤیه‌) تا ببێت به‌و ئه‌كته‌ره‌ جیهانییه‌،
شه‌ماڵ له‌گه‌ڵ كاراكته‌ری ( ئه‌دۆلیف) ی كابتن هاوسۆزییه‌كی زۆری پێوه‌ دیار بوو،
تێگه‌یشتنێكی ته‌واوی هه‌بوو له‌ كه‌سایه‌تی و له‌ رووی ده‌روونی و هزری و رۆشنبیریی
و سایكۆلۆژییه‌تی ئه‌و كاراكته‌ره‌، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ شه‌ماڵی كردبوو، به‌ وێنه‌یه‌كی
كۆپی كراوی كه‌سایه‌تی ئه‌و .

3. تێكسته‌كه‌ی سترانبیرگ ـ به‌ تایبه‌تی  كاراكته‌ری ئه‌دۆلیف ـ ی كابتن و زاناو نووسه‌رو
توێژه‌ر و رووداوه‌ نیمچه‌ تراژیدییه‌كانی ناو تێكسته‌كه‌، زه‌مینه‌یه‌كی له‌ بار بوو
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر سۆزێك له‌ گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و رووداوه‌ واقعیه‌كانی په‌یدا بكا،
ئه‌و سۆزه‌  وزه‌و ده‌سه‌ڵاتێكی زێتری پێ‌ ببه‌خشێت،
به‌ تایبه‌ت له‌ دوایین دیمه‌نه‌كانی كۆتایی دا، كه‌ قۆناغی راده‌ست بوون بوو، به‌
چاره‌نووسێكی تاڵی چاوه‌ڕوان نه‌كراوو به‌ سه‌ردا سه‌پێتدراو، له‌ ده‌ره‌وه‌ی  ویست و ده‌سه‌ڵاتی خۆی، كه‌ له‌لای ئه‌و له‌ خه‌ون
ده‌چوو..

له‌ هه‌مان
كاتیشدا چۆن كاراكته‌ر كاریگه‌ری ده‌روونی به‌ سه‌ر ئه‌كته‌ره‌وه‌ هه‌بوو بۆ په‌لكێش
كردنی به‌ره‌و داهێنان، به‌ هه‌مان شێًوه‌
كاراكته‌ر هه‌مان ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو به‌ سه‌ر حاڵه‌تی سایكۆلۆژی بینه‌ریش، بۆ ئه‌وه‌ی
كارلێك كردنی له‌ گه‌ڵ كاراكته‌ره‌كه‌ ببێته‌ كارلێك كردنێكی فیزیكی و ده‌روونی بۆ
ئاوێته‌ بوون له‌ گه‌ڵ نمایش، كه‌واته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی بۆ په‌یوه‌ندی
نێوان نمایش و بینه‌ر ئه‌كته‌ر بوو، بۆ وێنا كردنی كاراكته‌رێكی به‌هێز.

4.ئه‌م ئه‌زموونه‌ نوێیه‌ی شه‌ماڵ عه‌به‌ ره‌ش ـ ده‌رفه‌تێك بوو بۆ
قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ساڵانێكی زۆری  بێ‌ ده‌نگی
له‌گه‌ڵ شانۆدا له‌ كوردستان، ئه‌و خه‌ونه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆو پڕ
كردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ و ئاوێزان بوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نواندندا، شه‌ماڵی خسته‌ به‌رده‌م  تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورس، كه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی
خۆی  له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا به‌رجه‌سته‌ بكات
و ده‌رفه‌ته‌كه‌ وه‌ك پێویست بقۆزێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ببێته‌ شوناسێك
بۆ ئه‌و ..

كه‌واته‌
شه‌ماڵی عه‌به‌ ره‌ش  وه‌ك ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی
نمایش ـ له‌ چه‌ند گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ بوونی خۆی له‌ نمایشه‌كه‌دا به‌رز راگرت:

1.فاكته‌ری سه‌ره‌كی راگرتنی ریتمی نمایش بوو به‌ هۆی  به‌هاوسه‌نگ راگرتنی نواندن، ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتی
ئه‌كته‌ر نیشان ده‌دا  بۆ به‌ ئه‌لته‌رناتیف
بوونی فه‌راغی سینۆگرافیاو هه‌ندێ‌ لایه‌نی تری ستاتیكای شانۆیی، یاخود بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی
گرفته‌كانی ده‌رهێنان.

2. سه‌رچاوه‌ی وروژاندنی بینه‌ر بوو، بۆ چێژ وه‌رگرتن  له‌نواندن و فۆرمی نمایش، له‌ پاڵ كۆمه‌ڵه‌ ئه‌كته‌رێكی
دیكه‌ی به‌ توانا، كه‌ زۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆیان له‌ یه‌كتر وه‌رده‌گرت، بۆ
ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر له‌ نمایشه‌كه‌دا ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی  راگرتنی ریتم و چێژی شانۆیی.

3.ئه‌و نواندنه‌ی شه‌ماڵی عه‌به‌ ره‌ش له‌ باوك دا به‌رجه‌سته‌ی كرد،
كاریگه‌ری ئه‌رێنیانه‌ی به‌ سه‌ر به‌رز كرنه‌وه‌ی ئاستی نواندنی ئه‌كته‌ری كورد به‌
جێ‌ هێشت و ئاستی نواندنی له‌ شانۆی كوردی به‌ره‌و قۆناغێكی تر ته‌كان پێدا. 




ڕۆژنامەی شانۆکار ژمارە 5

ڕۆژنامەی شانۆکار تایبەتە بە یەکەمین ڤیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک خولی جیهاد دڵپاک

ژمارە … 5

لاپەرەی یەکەم ……..

لاپەڕەی دووەم ……….

لاپەڕەی سێیەم …………

لاپەڕەی چوارەم …………

بۆ خوێندنەوەی ژمارەکانی تر کلیکی ئێرەبکەن …………….




ڕۆژنامەی شانۆکار ژمارە 4

ڕۆژنامەی شانۆکار تایبەتە بە یەکەمین ڤیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک خولی جیهاد دڵپاک

ژمارە … 3

لاپەرەی یەکەم ……..

لاپەڕەی دووەم ……….

لاپەڕەی سێیەم …………

لاپەڕەی چوارەم …………

بۆ خوێندنەوەی ژمارەکانی تر کلیکی ئێرەبکەن …………….




ڕۆژنامەی شانۆکار ژمارە 3

ڕۆژنامەی شانۆکار تایبەتە بە یەکەمین ڤیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک خولی جیهاد دڵپاک

ژمارە 3

لاپەرەی یەکەم ……..

لاپەڕەی دووەم ……….

لاپەڕەی سێیەم …………

لاپەڕەی چوارەم …………

بۆ خوێندنەوەی ژمارەکانی تر کلیکی ئێرەبکەن …………….




ڕۆژنامەی شانۆکار ژمارە 2

ڕۆژنامەی شانۆکار تایبەتە بە یەکەمین ڤیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک خولی جیهاد دڵپاک

ژمارە … 2

لاپەرەی یەکەم ……..

لاپەڕەی دووەم ……….

لاپەڕەی سێیەم …………

لاپەڕەی چوارەم …………


بۆ خوێندنەوەی ژمارە یەک کلیکی ئێرەبکەن …………….




ڕۆژنامەی شانۆکار … 1

ڕۆژنامەی شانۆکار تایبەتە بە یەکەمین ڤیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک خولی جیهاد دڵپاک

ژمارە 1….

لاپەرە …1

لاپەرە … 2

لاپەڕە …. 3

لاپەڕە…4




لە هەولێر لە گەڵ (باوك) بە یەك گەیشتین … حه يده ر عه بدولره حمان

واتێ‌ بگەم راستەوخۆ بچینە نێو كرۆكی بابەتی شانۆگەری ( باوك) باشترەو و دوو سێ‌ قسە لە سەر ئەو نمایشە بكەین، ئەوەندە لە سەر تێكستەكەی ئۆگیست سترانبیرگ ـ ی گەورە نووسەری سویدی نەوەستین ، چونكە فەلسەفەو ئامانجی شانۆیی (ئۆگیست سترانبیرگ ) وەك خاوەن میتۆدێكی سروشتی و واقیعی ، پێگەی تایبەتی خۆیان هەیە لە بواری رۆمان و شانۆ و ئەدەبی جیهانی و پرسی ململانێی كۆمەڵایەتی و دەروونی، بە تایبەت دوای نمایش كردنی شاكارە مەزنەكەی ( باوك ) كە زۆرینەی شانۆكانی جیهانی هەژاندووە.
ئۆگیست سترانبیرگ ـ ئەو نووسەرە بلیمەتەی ئەدەب و كولتوورو، شانۆی سویدی و شانۆی جیهانیی بە هزرو رۆمان و بەرهەمە بە پێزەكانی دەوڵەمەند كردووە، یەكێكە لە سێ‌ جومگەكانی وەك چیخەف و ئەبسن، كە پێشەنگی شانۆی نوێی جیهانی بوونە، تا سەدەی بیستەم.

سترانبیرگ ساڵی 1887 ئەم شانۆگەریەی بڵاو كردۆتەوە، كە یەكێكە لە دیارترین ئەو شانۆگەریانەن لە ئەدەبی جیهانیدا زۆر بە تێرو تەسەلی بەرجەستەی ملمڵا نێ‌ ی نێوان پیاوو ئافرەت دەكەن، ناوداریەتێكی زۆری بە هەردوو شانۆگەری سروشتی و تەعبیر ییەكانی وەك ( باوك ) و (خاتوو جولیا ) و چەند شانۆگەری تر، دەربارەی ملمڵانێی ئافرەت و پیاو پەیدا كرد، دواتر بوو بە پێشەنگی شانۆی دەروونی، بە تایبەت دوای نووسینی شانۆگەری (خەون و ئەقلی قوڵایی)
چمكی نمایشەكەی (باوك) ی سترانبێرگ ، سەربوردەی ( ئەدۆلف ) ی كابتنە، كەسێكی بە مەعریفەو زانست پەروەرە، ئەو پیاوەی هەموو ژیانی بۆ بایەخ پێدان بە توێژینەوە زانستیەكان تەرخان كردووە، بە بەردەوامی بە دوای كتێبدا دەگەڕێنت و ماڵەكەی پڕ كردووە لە فەلسەفەو زانست، هاوسەرگیری لە گەڵ ( لۆرا ) ی خوشكی قەشە كردووە، بیست ساڵی تەمەنیان بە یەكەوە بە سەر بردووە، كچێكیان كەوتۆتە نێوان بە ناوی (بیرتا) كە سەرچاوەی سەرەكی كێشەی نێوانیان بووە.

لورا ـ ئارەزووی ئەوەی دەكرد ( بیرتا ) لە گەڵیاندا بژی و فێری هونەری رەسم كردن بێت، بەڵام ئەدۆلیفی باوكی بە پێچەوانەوە دەیویست كچەكەی لێیان بە دوور كەوێتەوەو لە گەڵ ژنانی تر دابڕێ‌ ، ببێت بە مامۆستا،تا ئەگەر هاوسەرگیریشی نەكرد، بتوانێت خۆی بەڕێوە ببات
كابتن لە سەر بیرو ڕاكەی خۆی مكوڕە، چونكە خۆی بە بەرپرسی یەكەم دادەنێ‌ بەرامبەر بەئایندەی كچەكەی،
لورا ـ دڵگرانە بەوەی كابتن هەموو ئەو پارەو پوولە بۆ كڕینی كتێب و توێژینەوەی زانستی خەرج دەكات و دژایەتی ژنەكەی دەكات بۆ پەروەردەكردنی كچەكەی.

ئەم كێشەیەی پەروەردە كردنی منداڵ و و رێكخستنی كاروباری نێو خێزان، كێشەی سەرەكی مل مڵانێی نێوان ئەو ژن و مێردە بوو، ئەو كاتە كابتن لە پۆپەی دەسەڵات بوو، قسەی یەكەم لەو ئیمپراتۆریەتە بچووكەی ماڵ، قسەی ئەو بوو، بەڵام دواتر كە پەتای گومان و رارایی رووی تێ‌ كرد و هەست و دەروونی داگیر كرد، بە هۆی گومان كردن لەوەی بیرتا ـ كچی راستەقینەی ئەو بێت و ژنەكەی خیانەتی لێ‌ نەكردبێت ، گومان ئەدۆلیفی كابتنی خستە قۆناغێكی ترسناك لە ژیانیدا، تەنانەت كاتێ‌ پزیشك سەردانیان دەكات ، لورای هاوسەری ئەدۆلیف بە شێت بوون لە قەڵەم دەدات، چونكە ئەدۆلیف گومان لەوە دەكات كە بیرتا كچی ئەو بێت، بەڵام كاتێ‌ پزیشك دەیبینێ‌ ، زۆر پێی سەرسام دەبێت و رێز لە توێژینەوەكانی دەگرێ‌ ، ئەدۆلف وا لە پزیشك دەگەیەنێت كە هۆكاری توڕە بوونی ئەوەیە خاوەن كتێبخانەكات كەمتەرخەمن لە ناردنی كتێب بۆ توێژینەوەكانی، ئەگەرچی چەندین نامەی بۆ ناردوون.
بۆیە پزیشك بە لورا دەڵێت كە ئەو هەست بەهیچ نیشانەیەكی شێت بوونی ئەدۆلیف ناكات، ئەو توێژینەوانەش هەمووی نیشانەی بیرمەندی مێردەكەیەتی.
بەڵام (لورا) پێداگری دەكات لەسەر بە شێت بوونی مێردەكەی و داوای لێ‌ دەكات چاوەڕوانی بكات تا نیشانەكانی شێتی تیا دەردەكەوێت.

كاتێ‌ كابتن لە پۆستە خانە دەگەڕێتەوەو دەزانی ژنەكەی ناردنی هەندێ‌ نامەی لێ‌ قەدەغە كردووە، توڕە دەبێت ، ئەوەندەی تر لورا دەیهەژێنێ‌ كە پێی دەڵێ‌ هەموو دۆست و برادەرانی بە شێت بوونی ئاگادار كردۆتەوە و بەم زووانە دەست بە سەر سەرو سامانیدا دەگرێ‌
ئەدۆلیف ئاگاداری ژنەكەی دەكاتەوە ئەگەر ئەو مەبەستی شێت كردنی بێت ، ئەوە پێش ئەوەی ئەوە روو بدات خۆی دەكوژێت، بەمەش ئاواتی دەست بە سەر داگرتنی قرۆشێكی بۆ نامێنێتەوە لە سەرو سامانەكەی .لە ئەنجامی ئەو روو بە روو بوونەوە توندو تیژە ئەدۆلیف لە حاڵەتێكی توڕە بووندا،چرایەكی هەڵگیرساوی بۆ داوێ‌ ..
(لورا) قەشەی برای و پزیشك بانگ دەكا، بۆ ئەوەی رووداوەكەیان بۆ بگێڕێتەوە، بۆیە پزیشك داوا دەكات بە زووترین كات بۆ چارەسەر كردنی شێت بوونەكەی ئەدۆلیف رەوانەی نەخۆشخانە بكرێت، داواش لە مارگرێتی دایەن دەكات كراسی شێتخانەی لە بەركات، بەڵام ئەو رەتی دەكاتەوە.
(ئەدۆلیف) بە تەنیا لە ژوورەكەی خۆی دادەنیشێ‌ و دەردە دڵی خۆی دەكات، یادی ئەو ئافرەتانە دەكاتەوە كە لە ژیانیدا خیانەتیان لە گەڵدا كردووە،
ئینجا (بیرتا)ی كچی دێتە ژوورو لە هۆكاری پەلامارەكەی باوكی دەپرسێ‌ بۆ سەر دایكی ..ئەویش لە تاو گەورەیی كارەساتەكە لەویش توڕە دەبێت و بە بێ‌ ئەوەی ئاگای لە خۆ بێت بە دەمانچە هەڕەشەی لێ‌ دەكات، بۆیە (بیرتا) هاوار دەكا كە باوكی شێت بووە.

دواتر (مارگرێت)ی دایەن دێت و بە دەم گێڕانەوەی یادگارە كۆنە بە چێژەكانی، بە ئەسپایی كراسی شێتخانەی لە بەر دەكات و بەو كراسەوە دەیبەستێتەوە، كابتن كە هەست بە بەستانەوەی خۆی دەكات ، بە گلەییەوە بە مارگرێت دەڵێت : تۆش مارگرێت ؟
ئەدۆلیف ـ تووشی داهێزران دەبێت و بە دەم ئێش و ئازارە دەروونییەكانی، خەو دایدەگرێ‌،كاتێ‌ دەزانێ‌ پاڵتۆكەیان لە بەر كردۆتەوە، كە ئەو بە پێستی شێر ناوی دەبات، دەزانێ‌ ئیدی هەموو شتێ‌ بەرەو كۆتایی هاتن دەچێت ، بۆیە داوا لە مارگرێتی دایەن دەكات، رانی بۆ بكاتە سەرین، بۆ ئەوەی پشوویەك بدات و بە ئارامی رادەستی مەرگ بێت.
بەم دیمەنە كۆتایی بە ئیمپراتۆریەتی كابتن دێت لە ماڵەكەو ژنەكە سەركەوتوو دەبێت لە بەدی هێنانی خەونەكانی و دەست بە سەرداگرتنی دەسەڵات و سەرو سامانی كابتن.

سترانبیرگ نەیویستووە واقیع رتوش بكات، بەڵكو وێنەیەك وەك خۆی نیشان بدات، چونكە ئەو هەمیشە مۆركی بە ململانێ كۆمەڵایەتیەكانەوە گرتبوو، بە تایبەت ئەو نەخۆشییانەی لە ناو خودی خێزانەوە تەشەنە دەكەن.
ململانێی ژن و مێرد لە شانۆیی ( باوك ) دا ئەو دژایەتیە فیكری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و دەروونی و پەروەردەییەیە، كە دەرهاوێشتەی زەمەنێكە لێواو لێوە لە نیگەرانی و گومان و دوو دڵی ، لە دوای روخانی خۆشەویستی بە ئەلتەرناتیفی خۆپەرستیەتی و نەرگزیەت و تەماعكاری
زەمەنێك نغرۆی گومانە، لە بۆشاییەكدا كە مرۆڤ هەموو شتێك دەكات لە پێناو سەپاندنی غەریزە ئەهریمەنیەكانی خۆی، ئەم گومانە لە یەكەم رۆژی ناوك بڕانی مرۆڤایەتیەوە هەیە، تا ئەو دەمانەش و دوای ئەو دەمانەش ، بەردەوام دەبێت.

لە شانۆیی ( باوك) دا ئەو گوتارەی سترانبیرگ بۆ سەردەمی خۆی هەیبووە، رەنگە درێژەی هەبێت بۆ زۆر لە سەردەمەكانی دوای خۆشی، لە سنووری كۆمەڵگایەكی دیاری كراوەوە بپەڕێتەوە بۆ زۆر لە كۆمەڵگاكانی جیهان، لە زەمەنێكەوە بۆ چەندین زەمەنی تر.. بێ‌ ئەوەی سترانبیرگ بە سنوورێكی جوگرافی و زەمەنێكی دیاری كراوەوە بەسترابێتەوە.
بە هەمان شێوەش ( باوك) تەنیا ئەو رەسمە نامێنێتەوە كە سترانبیرگ كێشاویەتی ، لەوانەیە دەرهێنەرێكی هۆڵەندی لە رەسمی باوكدا وێنەو چمكێكی تر هەڵێنجێ‌، كە پێشتر بە رەنگێكی تر نیشان درابێت، دەرهێنەرێكی كوردیش ، بۆی هەیە بەو شێوەیە باوك نیشاندا كە لە خەیاڵی ئەو دایە، گرنگ ئەوەیە ئەو داهێنەرێكی تر بیت جودا لەوانی تردا
ئەوەی گرنگە ئەوە یە، دەرهێنەر ئاشنا بە عالەمی سترانبیرگ بێت و بزانێت ستایلی سترانبیرگ جیاوازی هەیە لە گەڵ ئەوانی تر، چونكە زۆر لەوانەی پێشتر ئاشنا بە عالەمی چیخەف و ستایلەكەی نەبوونە، هەمیشە شكستییان خواردووە، تۆ وەك دەرهێنەر پێویستیت بە میتۆدی تایبەتی هەر یەك لەوانە، كە لە رێگەی بە بە پراكتیك كردنی تیۆرو بە پیشە بوونی شانۆییەوە ئاشنایان دەبیت، رەنگە كەم دەرهێنەری كوردیش ئەگەر ئەكادیمی و دەرهێنەرێكی پیشەیی نەبێت بتوانێت بچێتە ناو دنیای هەندێ‌ لەو بلیمەتانەی كە میتۆدو ستایلی تایبەتی خۆیانیان هەیە
سترانبیرگ ، شێوازی سروشتی خۆی هەیە لە شانۆدا، لە پاڵ ئەندریە ئەتوان ، چیخەف ، ئەبسن ، بە دوای گەڕان بە دوای ئەشكەنجەو ئازارەكانی كۆمەڵگاو نەخۆشییەكانیدا دەگەڕێن، بۆیە ئەو ئەكتەرانەش كە لەو جۆرە نمایشانەدا كار دەكەن، دەبنە وێنەیەك لەو ستایلە سروشتیە، دەبێت خۆیان دوورە پەرێز رابگرن لە گوتار بێژی و دایەلۆژی راستەوخۆ و دوور لە هاتو هاوارو جولانەوەی زێدە ڕۆیی.

دەرهێنان:
دەرهێنەر( سدیق عەزیز) كەمتر وەك دەرهێنەر بە بینەری كورد ئاشنایە، تا ئێستا هیچ بەرهەمێكیمان لە كوردستاندا نەبینییووە، ناشزانین لە كوێوە چۆتە ناو پیشەی دەرهێنانی شانۆییەوە، بەڵام ئەركی ئێمە گەڕان بە دوای ئەو باگ راوندەدا نیە، هەڵسووكەوت لە گەڵ بەرهەمێكی شانۆیی دەكەین كە ئەو دەرهێنەرەكەیەتی، ئەو توانی وێنەیەكی ترمان لە شانۆی واقیعی نیشان بداتەوە ، بەڵام هەموو ئەزموونێكیش مەرج نیە لە هەموو بۆشاییەك بە دەر بێت،بۆیە من وا هەست دەكەم شوێن پەنجەی هەندێ‌ خاڵی لاواز لەسەر پانتایی نمایشەكەدا دەبیندرێت ، لەوانە:
1.رانەگرتنی هاوسەنگی لە ریتمی نمایش، بە هۆی چارەسەر نەكردنی كێشەی تێكست و دیالۆگی درێژو دادڕ
2.لاوازی لە بونیاتنانی ئەو دیمەنانەی هەمە رەنگی لە فۆرم دا دروست دەكەن، نمایش رزگار دەكەن لە فۆرمی چەقیوو.

  1. لاوازی لە سینۆگرافیا و ستاتیكای شانۆیی و بەجێ‌ هێشتنی فەزای شانۆ بە رووناكی و رەنگی كراوەو فلات، سوود وەرنەگرتن لە تەكنیكی شانۆیی ، بە تایبەت بۆ نمایشێكی دەروونی و سایكۆلۆژی بۆ بەرجەستە كردنی ناخی ئەكتەر بە سینۆگرافیا، كە رەنگە هەندێ‌ جار نمایش هەر تەنها جەستەو ئەدای ئەكتەر بەس نەبێت بۆ دەرخستنی هەندێ‌ هێمای دەروونی.
    4.لە دەست دانی چێژ بە هۆی ریتمی چەسپاوو بۆشایی سینۆگرافیا، لە هەندێ‌ دیمەندا.
    5.بە گشتی دەرهێنەر هەموو پشت بەستنێكی بە ئەكتەر بوو، زۆرینەی پێكهاتەكانی دیكەی فەرامۆش كردبوو، رەنگە ئەگەر رەگەزەكانی دیكەی ستاتیكای شانۆیی كارا بوونایە، ئەوە نمایشەكە ئاستێكی تری وەردە گرت ، كە زۆر لەوەی ئێستا باشتر بێت.
    6.كاتێ‌ دەرهێنەر بڕیاری بژاركردنی ئەو تێكستەی دا، خۆی خستە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی زۆر سەخت ، كە رەنگە هەموو دەرهێنەرێك دەرەقەتی نەیەت، بە هۆی پێداویستیە هونەرییەكانی ، كێشەی هەرە گەورەی دەرهێنەرێك كە خۆی لە قەرەی شانۆیی (دیالۆگ ) دەدات ئەوەیە، دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت دیالۆگ لە چوارچیوەی تەنیا وشەو رستەو دەستەواژە دەربێنێ‌ و بیخاتە نێو چوارچیوەیەكی هونەریی ئەوتۆ بینەر دووچاری خاوبوونەوە نەكات، كاتێ‌ بینەر سەعات و نیوێك لە سەر كورسیەكی رەق دادەنیشێ‌ ، لە چاوەكانیشەوە چێژ وەرگرێ‌، خۆ بینەر هەر تەنها بۆ گوێ‌ گرتن نایەتە هۆڵی شانۆیی ئەگەر رەگەزەكانی تر نەیوروژێنن و هەست بە تێپەڕبوونی كات نەكات.
    بۆیە بینەر چۆن پێویستی بە بیستنە، زێتر لەوەندەش پێویستی بە بینینە، خۆ ئەگەر لە نمایشی باوك دا بەراوردی نێوان بیستن و بینین بكەین، بە روونی هەست بە لەنگ بوونی هاوسەنگی دەكەین و لەوە بە ئاگاین كە سێ‌ بەشی رووبەری نمایش بە دیالۆگ داگیر كراوەو تەنیا بەشێكی بۆ چاو و رەگەزەكانی دیكەی وروژاندن ماوەتەوە.
    ئەكتەر :
    راستە هەر پێكهاتەیەكی شانۆیی كاریگەری تایبەتی خۆیان بە سەر نمایشەوە هەیە، بەڵام هەندێ‌ لەو پێكهاتانە جومگەیەكن لە هەیكەلی شانۆیی دا،بۆ راگرتنی ریتمی نمایش .
    ئەو ئەكتەرانەی لە باوك ـ دا دەركەوتن بە گشتی ئەكتەری پرۆفیشنالن و زۆرینەیان ئەزموونێكی دەوڵەمەندییان هەیە چ لە گەڵ شانۆی كوردستان چ لە گەڵ شانۆی ئەوروپا، ئەم چانسەی گرد بوونەوەی ئەو كۆمەڵە ئەكتەرە بە توانایە لە دەوری ئەو نمایشەدا، بوون بە فریاد رەزی نمایشەكەو رزگار كردنی لە تاقیكردنەوە سەختەكە.
    دەرهێنەر لە كاتی هەڵسووكەوت كردن لە گەڵ ئەكتەری پرۆفیشنال و خاوەن ئەزموون ، ئەركە هونەرییەكانی ساناتر دەبێت ، لە رووی وەرگرتن و لە رووی ئیزافەی نوێ‌ لە لایەن ئەكتەرەكان خۆیانەوە، بەو ناوەی كە ئەوان خاوەن مەعریفەن بۆ ناساندنی ستایلی كاركردن و ناسینی كاراكتەرەكانی خۆیان، ئەگەر دیقەت بدەیت دەبینی كە جگە لە شەماڵی عەبە رەش كە ئەو لە دەرەوەی بازنەی بەراورد پێكردن بوو، ئەوە زۆرینەی كاراكتەرەكانی دیكە، ئەكتەری ئامادە بوون ..دەكرێ‌ بڵێن نمایشەكە نمایشی ئەكتەر بوو، چونكە ئەكتەر بوو بە ئەلتەرناتیف بۆ پڕ كردنەوەی هەموو بۆشاییەكان، سەرچاوەی چێژ لای بینەر لە پێرفۆرمانسی ئەكتەر دابوو، ئەگەر شەماڵی عەبە رەش دیارترین نیشانەی نواندن بێت ، ئەوە خەرمان هیرانی ، سیروان جەمال، دلشاد ئەحمەد ، شادان فوئاد ، دییە عەلی و ئەوانی تر هەر یەكەو بە قەد رۆڵی خۆی كاریگەری هەبووبە سەر ئاستی نمایشەكە.
    ئەكتەرەكان لە نێًوان خۆیاندا هێزیان بە یەكتر دەبەخشی، بۆ ئەوەی ویًَڕای ئەو بارە قورسەی لە دیالۆگدا لە سەر شانیان بوو، ریتمی نمایشەكە لە دەست نەدەن .
    شەماڵی عەبە رەش كە هەموو پێكهاتەكانی جەستەی هەر لە ئەداو ئیلقاوە ، تا دەگاتە سیماو روخساری سپی رەنگی، لەو نمایشەدا شوێنەوارێكی لە دوا تاقیكردنەوەكانی تەمەنی هونەری خۆی بە جێ‌ هێشت، كە لەو بڕوایە دانیم هیچ لە ئەكتەرەكانی شانۆی سترانبێرگی لە ئەوروپا دەسەڵاتی ئەو ئەدا بەرزو بڵندەی بووبێت ، بۆیە هەر كات ناوی نمایشی (باوك) بێت، ئەوە ئەو دیمەنەی كۆتایی شەماڵ بە زاكیرەماندا دێتەوە، جارێكی تر چێژێكی دیكەمان پێ‌ دەبەخشێتەوە.



ره‌هه‌ندی ئیستێتیكا له‌ نمایشی (كه‌سێك.. هه‌ردێت) …. ن/ كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

له‌ چوارچێوه‌ی پێنجه‌مین فیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ شانۆ، تیپی هونه‌ریی رۆژ شانۆگه‌ری (كه‌سێك.. هه‌ردێت) له‌ نووسینی (یۆن فۆسته‌) ده‌رهێنانی (مه‌هدی حه‌سن) ،نمایش كرا.
هه‌ڵبژاردنی ده‌ق بۆ هه‌ر ده‌رهێنه‌رێك كارێكی ئاسان نییه‌ بگره‌ یه‌كێكه‌ ده‌بێت له‌ فاكته‌ره‌كانی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی نمایشه‌كه‌ پاشان هه‌ڵبژردنی ئه‌كته‌ران بۆ رۆڵ بینین دێت.. هونه‌رمه‌ند (مه‌هدی حه‌سن) ده‌قێكی شانۆیی هه‌ڵبژاردبوو به‌ناوی (كه‌سێك هه‌ردێت) له‌ نووسینی نووسه‌ری نه‌رویجی(یۆن فۆسته‌) ئه‌م نووسه‌ر زۆربه‌ی ده‌قه‌كانی له‌ پێناو مرۆڤایه‌تیین بۆنموونه‌ له‌م ده‌قه‌ شانۆییه‌دا بیرۆكه‌كه‌ی تایبه‌ت نه‌بوو به‌ شوێنكی دیاركراو یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك یاخود به‌ زه‌مه‌ن و كاتێكی دیاركراو ده‌قی (كه‌سێك.. هه‌ردێت) گوزراشت له‌ بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی ،سیاسی ، ئابووری.. ئێستای كوردستان ده‌كات.. گومان ، ترس ، دڵه‌راوكێ چه‌مكی سه‌ره‌كی ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ن له‌نێوان ژن و مێردێك (ئه‌وی نێر و ئه‌وی مێ). هه‌رله‌سه‌ره‌تای نمایشه‌كه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ردووكیان به‌ گومانن بۆیه‌ به‌دوای شوێنێك یان ماڵێك ده‌گه‌رێن دووربێت له‌ هه‌موو شتێك به‌تایبه‌تی له‌ مرۆڤه‌كان دوور بن گومانه‌كه‌ سه‌ره‌تا لای ئافره‌ته‌كه‌ دوایی به‌هاتنی كه‌سی سێیه‌م (پیاوه‌كه‌) ئه‌و كه‌سه‌ی خانووه‌كه‌ی پێفرۆشتوون گومانه‌كه‌له‌لای پیاوه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت تاكۆتایی شانۆگه‌رییه‌كه‌ش گومان له‌لای هه‌ردووكیان به‌رده‌وامه‌ له‌وكاته‌ی ئه‌وان به‌دوایی ماڵێك ده‌گه‌رێن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هێمنی و ئارامی تیابژین هه‌ر بۆیه‌ ماڵێكی كۆن ده‌دۆزنه‌وه‌ سه‌ره‌تا زۆر دڵخۆش ده‌بن به‌ڵام به‌هاتنی كه‌سی سێیه‌م ژیانیان زۆر ناجێگیر و گوماناویتر ده‌بێت.

لێره‌دا ده‌رهێنه‌ر مه‌هدی حه‌سن له‌ هه‌ڵبژاردنی ده‌ق زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو به‌جۆرێك توانی خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی بۆده‌قی نووسه‌ر بكات و ده‌قێكی نمایش ئاماده‌ بكات كه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆی و دیدگای وه‌كو ده‌رهێنه‌رێك له‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌ زۆر به‌روونی بونیاد بنێت چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ر نه‌توانێ مانا و ئاماژه‌ شاراوه‌كانی ده‌قه‌كه‌ بدۆزێته‌وه‌ ته‌نیا هه‌مان وشه‌و ده‌قه‌كه‌ وه‌كو خۆی ئه‌كته‌ره‌كان به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن له‌و كاته‌دا هیچ گومانی تێدانیه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر له‌ چه‌مكی ده‌قه‌كه‌ نه‌گیشتووه‌،مه‌هدی حه‌سن ده‌قێكی نمایشی وای بۆ ئێمه‌مان ئاماده‌كردبوو كه‌ بینه‌ر به‌ چێژ وه‌ تێرامانی بۆ روداو دیالۆگه‌كانی ئه‌كته‌ره‌كان ده‌كرد،چونكه‌ ده‌رهێنه‌ر زۆر زیركانه‌ به‌چاوی ده‌رهێنان نه‌ك به‌ چاوی خوێندنه‌وه‌ی ئاسایی كاری له‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌ كردبوو له‌هه‌مووی گرنگتر بینه‌ران چه‌ندین خوێندنه‌وه‌یان بۆنمایشه‌كه‌ كرد ئه‌وه‌ش یه‌كێك بووه‌ له‌ ئامانجه‌كانی ده‌رهێنه‌ر ، بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر و پسپۆرانی شانۆ لێكدانه‌وه‌ی جیا جیای خۆیان هه‌بێت له‌سه‌ر نمایشه‌كه‌ ، هه‌موو ئه‌و بۆچوون خوێندنه‌وانه‌ش له‌سه‌ر نمایشه‌كه‌ له‌لای ده‌رهێنه‌ر ماییه‌ی قبوڵكردن بوو.

ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و نمایشه‌و نمایشه‌كانی تری ده‌هێنه‌ر مه‌هدی حه‌سن وه‌كو شانۆیی (ئه‌وه‌ی رویدا هه‌رچی بێت گرنگه‌) و (به‌توڕه‌یی ئاوه‌ر له‌رابردووه‌ بده‌وه‌) بكه‌ین هه‌ست ده‌كه‌ین نیمچه‌ ستایل و شێوازی كاركردن تایبه‌ت به‌ خۆی دیار ده‌كات به‌تایبه‌تی له‌رووی كار كردن له‌سه‌ر گۆرینی “شوێن” چونكه‌ ئه‌و هه‌رده‌م هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ له‌ ده‌قی نووسه‌ره‌كان شوێنه‌كان تێكبشكێنێ،تا راده‌یه‌كیش به‌ زه‌مه‌نی ده‌قی نووسه‌ریش پابه‌ند نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كرداری ده‌رهێنان له‌ چوارچێوه‌یه‌كی داخراو نه‌بێت به‌ڵكو ره‌هاو ئازاد بێت له‌م كاره‌ و له‌ دوو كاری رابردووشی مه‌هدی حه‌سن شوێن ده‌كات به‌ دارستان یان بیابان وه‌كو گوزرشتێك كه‌مرۆڤ هه‌رده‌م له‌ بیابان یان له‌ دارستان خۆی وون ده‌كات بۆنموونه‌ له‌م شانۆگه‌رییه‌دا له‌ ده‌قی نووسه‌ر شوێن ماڵێكه‌ به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر كردوویه‌تی به‌ دارستان و ته‌نیا دارێكی وشكی بێ گه‌ڵا له‌ ناوه‌ڕستی شانۆییه‌ كه‌ده‌بێته‌ خه‌ونی ئه‌و ژن ومێرده‌ بۆ ئه‌وه‌ی ماڵێك دروست بكه‌ن كه‌ده‌كرێت داره‌كه‌ ببڕنه‌وه‌ بكه‌نه‌ ماڵێك بۆ خۆیان چونكه‌ سه‌ره‌تای دروستكرنی خانوو له‌ دار بووه‌ له‌گه‌ڵ بوونی كۆمه‌ڵی گه‌ڵای وه‌رین كه‌ پانتای ته‌خته‌ی داپۆشییه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ هیچ هیواییه‌ك نییه‌ به‌ڵام ئه‌وان (ژن ومێرده‌) به‌ ئۆمێده‌وه‌ بۆ گه‌ڵا وه‌رینه‌كان ده‌چن له‌هه‌مان كاتدا له‌سه‌ره‌تای نمایشه‌كه‌پایسكلێك هه‌یه‌ له‌ژێر كۆنترڵی (ژن و مێرده‌)كه‌یه‌ چه‌ند جارێك هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ پایسكله‌كه‌ ده‌خوولێنه‌وه‌ كه‌هێمای به‌رده‌وام بوونی ژیان و هێمای زه‌مه‌ن و رۆیشتنش دێت له‌ كۆتایی نمایشه‌كه‌شدا پایسكله‌كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سی سێیه‌م لێده‌خوڕێت كه‌ كه‌سێكی گوماناوی و نه‌رێنیه‌ ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژیانی ئه‌و دوو كه‌سه‌ پڕ بكات له‌ گومان و دڵه‌وراوكێ بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌رامه‌كانی خۆی هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ كۆتایی نماشیدا جڵه‌وی پایسكه‌له‌كه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌هێمای هێز و ده‌سه‌ڵات و پاره‌یه‌، وه‌ گومانه‌كانیش له‌گه‌ڵ ژیانی ئه‌وان هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت .

ده‌رهێنه‌ر بنیادی نمایشه‌كه‌ی له‌سه‌ر شوێن و له‌سه‌ر گومان بنیاد ناوه‌ كه‌ بریتنین له‌ گۆرینی ماڵ بۆ دارستان یاخود بیابان له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌ر ماڵه‌ واته‌ سرووتێكی شانۆیی ناو ماڵ و ده‌ره‌وه‌ی ماڵی بۆ بینه‌ر فه‌راهه‌م كردبوو به‌جۆرێك هاوسه‌نگی له‌ نێوان هه‌ردوو سرووته‌كه‌ دا دروست كردبووه‌ كه‌ ئێمه‌مانان هه‌ستمان ده‌كرد ئه‌و شوێنه‌ی نمایشی تیا ده‌كرێت ماڵێكه‌ له‌ هه‌مان كاتدا دراستانیشه‌ گومانیش له‌لای هه‌ردووكیان بوونی هه‌یه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی كه‌سی سێیه‌م گومان زیاتر ده‌چێته‌لای مێره‌كه‌ هه‌ربۆیه‌ كاتێ گومان ده‌كه‌وێته‌لای پیاو بێگومان وه‌كو زانراوه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وتدا توند تیژه‌كه‌ی نێر هه‌رده‌م به‌هێزتر ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌لای ئافره‌ت ئه‌م گومانه‌ش زیاتر له‌ كۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی بوونی هه‌یه‌ .

گومان له‌نێو هه‌موو تاكێك وله‌ نێو هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك دا بوونی هه‌یه‌ و كارێكی قێزه‌ ونه‌ بێ له‌م كاره‌ شانۆییه‌دا ده‌رهێنه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری كه‌ ره‌هه‌ندی ئیستێتیكای له‌رووی دیالۆگ و جوڵه‌ و رووناكی وه‌رگرتبوو زۆر فه‌نتازیانه‌ خستییه‌ به‌رده‌م بینه‌ران واته‌ به‌فۆرێكی هونه‌ری كاری له‌سه‌ر گومانه‌كه‌ كردبوو كه‌بینه‌ر چێژی له‌و گوومانه‌ وه‌رگرت ، ئه‌وه‌ش كاری پرۆسه‌ی ده‌رهێنانی دروسته‌، خاڵێكی تری ئه‌م نمایشه‌ ریتمه‌ كه‌له‌ له‌ هه‌موو شانۆگه‌رییه‌ك گرنگه‌ به‌واتایه‌كی تر ریتم رۆحی نمایشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر توشی وه‌رس بوون نه‌بێت ده‌رهێنه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ كاری له‌سه‌ر هه‌رسێ جۆر له‌ ریتم كردبوو(ریتمی بینین،ریتمی بیستن ،ریتمی جوڵه‌) كه‌ هه‌ر خاوه‌ن ریتمه‌كه‌ ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بوون .

جوانی ئه‌م نمایشه‌ بوونی چه‌ند دیمه‌نێكی رۆمانسی شانۆیی بوو هه‌رچه‌نده‌ بوێری له‌ نواندنی (خۆشه‌ویستی،ئه‌ڤین ،عشق ،ماچ ،له‌ باوه‌ش گرتن) داهێنان نیه‌ به‌ڵام له‌ نێو كۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی به‌تایبه‌تیش له‌ نێوكۆمه‌ڵگای كوردی ده‌توانم بڵێم بوێری داهێنانه‌ كارێكی ئاسان نیه‌ كچێك له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ كورێك له‌ باوه‌ش بگرێت و ماچی بكات ده‌رهێنه‌ر دیمه‌نی له‌باوه‌ش كردن و ماچكردنه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ به‌ جوانی كاری له‌سه‌ر كرابوو كه‌ ئامانج له‌و دیمه‌نانه‌ ورووژێنه‌ر وسێكسی نه‌بوو بۆ بینه‌ران ئه‌وه‌نده‌ی دیمه‌نێكی ئه‌فسوناوی له‌ نێو شانۆی رۆمانسی بوو ره‌هه‌ندێكی جوانناسی سه‌رنج راكێش بوو له‌لای بینه‌رانیش هه‌ر به‌و ره‌هه‌نده‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆكرا، كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی نه‌بوو.
ئه‌وداره‌ ی كه‌ له‌ناوه‌راستی شانۆ بوونی له‌رووی جۆر و بگره‌ شێوه‌كه‌شی له‌ له‌ داره‌كه‌ی شانۆگه‌ری (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆ)ی بیكێت نزیك بوو یان ده‌كرێن خوێندنه‌وه‌ی دار سێوه‌كه‌ی (ئاده‌م و حه‌وا)شی بۆ بكرێت لێره‌ ده‌رهێنه‌ر له‌ نێو داره‌كه‌ی سیمای ئافره‌تێكی دروستكردبوو له‌هه‌مان كاتدا ئه‌و سیمایه‌ له‌شێوه‌ی هێلانه‌ش بوو ده‌شێ ئه‌و شوێنه‌ یان ئه‌و ماڵه‌ هێمن وئارامه‌ بێت كه‌ئه‌و(ژن و مێرده‌) به‌دوایی ده‌گه‌رێن زۆرجاریش ئه‌و سیمایه‌ ئه‌وه‌ی ده‌بخشی كه‌ گوومان به‌رده‌وام له‌ناوه‌ی هه‌موو تاكێك بوونی.

كاتێ نواندن و ده‌رهێنان هاوتای یه‌ك ده‌بن له‌به‌رجه‌سته‌ كردندا نمایشێكی سه‌ركه‌توو له‌ دایك ده‌بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ دوو توخمه‌دا ئاست نزم بێت كاریگه‌ری نه‌رێنی ته‌واوی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی نمایشه‌كه‌ ده‌بێت له‌م نمایشه‌دا (یوسف عوسمان ، چاوان خه‌لیل ، دلشاد) ئه‌كته‌ری ئه‌و نمایشه‌ بوون به‌داخه‌وه‌ تائێستاش له‌لای هه‌ندێك له‌ بینه‌ران وا باوه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌رێك زۆر له‌سه‌ر شانۆ ده‌ركه‌وت یان دیالۆگی زۆر بوو ئه‌وه‌ ئه‌كته‌رێكی باش و سه‌ركه‌وتووه‌ كه‌ بۆچوونێكی هه‌ڵه‌یه‌ زۆر جار ئه‌كته‌ری وا هه‌بووه‌ به‌یه‌ك جوڵه‌ یان چه‌ند دیالۆگێكی كه‌م توانیویه‌تی به‌ جوانترین شێوه‌ نواندنه‌كه‌ی بكات و په‌یامه‌كه‌ی خۆی به‌ بینه‌ران بگیینێت ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ ئاماژه‌ی پێبده‌م نواندنه‌كه‌ی (م.یوسف عوسمان) له‌ رۆڵی “پیاوه‌كه‌” له‌م نمایشه‌دا راسته‌ كه‌م ده‌ركه‌وت و دیالۆگه‌كانی كه‌م بوو به‌ڵام به‌هۆی بوونی ئه‌زموونێكی زۆری نواندن توانی له‌رێگه‌ی جوڵه‌، ئاماژه‌ ، هێما و گوزراشته‌كانی جوانترین كاره‌كته‌ری (ده‌سه‌ڵاتدار ، نیاز ناپاكی، فێڵباز )پیشان بدات ئه‌كته‌ری خاوه‌ن توانست (چاوان خه‌لیل) كه‌رۆڵی “ئه‌وی مێ”ی به‌رجه‌سته‌كردبوو به‌ جۆرێك له‌چه‌مكی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ گه‌یشتبوو خوێندنه‌وه‌ی بۆ هه‌موو وورده‌كارییه‌كانی جوڵه‌ و گوزارشته‌كان كردبوو زۆریش به‌ بوێری ئه‌نجامی دا كه‌سایتییه‌كه‌ی زۆر ئاڵۆزبوو زۆرجار له‌لوته‌كه‌ی توڕه‌یی ،دڵه‌راوكێی نواندن بۆلوته‌كه‌ی نواندنی رۆمانسی جگه‌ له‌ ماندووبوون و هه‌ڵ و كۆششی خۆی شیكردنه‌وه‌ی ورده‌كاری ره‌هه‌ندی كه‌سایتیه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر هۆكاری سه‌ركه‌تووی چاوان بوون له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی رۆڵه‌كه‌ی.

زۆر جار بوونی ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌كته‌ر ده‌تواندرێت بوونی خۆی و توانسته‌كانی ده‌ربخات (دڵشاد شهاب) رۆڵی كه‌سایه‌تی “ئه‌وی نێر”ی به‌رجه‌سته‌ كردبوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێكی باشی له‌ چه‌مكی شانۆگه‌رییه‌كه‌و رۆڵه‌كه‌ی خۆی هه‌بوو هاوتای نواندنی (چاوان) كه‌ هه‌ردووكیان هاوكاری یه‌كتر بوون توانی سه‌رنجی زۆرێك له‌ بینه‌ران بۆخۆی رابكێشێت به‌تایبه‌تی نواندنه‌ رۆمانسییه‌كان .
له‌ كۆتاییدا ده‌ست خۆشی له‌ ستاڤی ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ ده‌كه‌م به‌هیوای كاری باشتر و به‌رده‌وامی.




فۆکسه‌كانی نمایشی (ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ دا) چیمان پێده‌ڵێن … كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

ئه‌گه‌ر له‌ مانشێتی شانۆگه‌رییه‌كه‌ ده‌ست پێبكه‌ین (ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ دا) سه‌ره‌تا راسته‌وخۆ فۆكسمان بۆ ئه‌و بۆ ئه‌و دۆزه‌خه‌ و به‌هشته‌ ده‌چێت ، كه‌ خودای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا باسی لێوه‌ده‌كات ، به‌ڵام دوای بینینی نمایشه‌كه‌ ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستی له‌و دۆزه‌خه‌یه‌ كه‌ خودی مرۆڤ له‌م جیهانه‌دا به‌گشتی به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤ وه‌به‌ تایبه‌تیش به‌رامبه‌ر ئافره‌ت ئه‌نجام ده‌دات .
روداوه‌كانی شانۆگه‌رییه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی گێرانه‌وه‌ی روداوی راسته‌قینه‌ی پێنج ئافره‌ته‌ كه‌ له‌ژێر دڕندایه‌تی مرۆڤدا گه‌یشتوون به‌ دۆزه‌خ ده‌ست پێده‌كات كاتێ پیاو به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه‌ دژی ره‌گه‌زی مێینه‌ هه‌ڵس وكه‌وت ده‌كات باس له‌ پێنج دیارده‌ی قێزه‌ وونی ناو كۆمه‌ڵگا كه‌له‌ژێرپه‌رده‌ی ئاین و كلتوور وحه‌ز و ئاره‌زووه‌كان، ئه‌نجامی ده‌دات.
ده‌رهێنه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی فیدباك روداوه‌كان ده‌گێرَته‌وه‌ ، كاتێ پێنج ئافره‌ته‌كه‌ له‌ تابوته‌كان دێنه‌ده‌ره‌وه‌ هه‌ره‌یه‌كه‌و باس له‌ چۆنیه‌تی كوشتنی خۆیان ده‌كه‌ن ، ده‌رهێنه‌ر به‌ نیشاندان و فۆكس كردنی له‌سه‌ر رووداوێكی وه‌كو كوشتنی (دوعا) به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وینداری له‌گه‌ڵ كوره‌ موسڵمانێك هه‌یه‌ پاشان روداوی كچه‌ كریستانه‌كه‌ی به‌غدا و له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌ئینگلیزه‌ی ته‌مه‌ن (17) ساڵان (ساراكان) كه‌له‌لایه‌ن باوكی ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كرێته‌ سه‌ری بۆیه‌ (ساراكان) خۆی ده‌كوژێت به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌رێگه‌ی كاركته‌ری (ڤیان) باس له‌ ئافره‌تانی ئێزێدییه‌كان و كریستانیه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش ده‌كات كه‌ چۆن به‌ناوی ئاین جینۆساید ده‌كرێن و ده‌ستدرێژی سێكسیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت ،له‌گه‌ڵ بوونی چه‌ندین فۆكسی تر وه‌كو كوشتنی ئافره‌تێك به‌هۆی بوختان هه‌ڵبستن وكوشتنی ئافره‌ت له‌سه‌ر ئابروو به‌ڵام هه‌ندێك له‌ تاوانه‌كان خودی ئافره‌ت هۆكار بوو بۆ كوشتنی ئافره‌ت به‌ تایبه‌تی له‌دیمه‌نی بووختان هه‌ڵبستن له‌سه‌ر ناپاكی و خیانه‌تكردن.
ده‌رهێنه‌ر ئه‌و هه‌موو رووداوه‌ تاوانكارییه‌ نه‌بستۆته‌وه‌ به‌ شوێنێك یان كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت مرۆڤ دڕنده‌یه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك بێت یان له‌سه‌ر هه‌ر ئایین و مه‌زهه‌بێك بێت به‌ڵام زیاتر فۆكسه‌كان بۆسه‌ر نێو كۆمه‌ڵگای خۆمان بوون.

ده‌رهێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای نمایش بینه‌ر بخاته‌ نێو كه‌شوهه‌وای شانۆگه‌رییه‌كه‌و به‌شداربووی رووداوه‌كان ببن له‌رێگه‌ی تونێلێكی تاریك ده‌چنه‌ ناو هۆڵی نمایش كه‌ گوزراشت له‌ودۆزه‌خه‌ ده‌كات كه‌ مرۆڤی دڕنده‌ به‌ده‌ستی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌ت ئه‌نجامی ده‌دات.
راسته‌ پێنج ئه‌كته‌ری كچ رۆڵه‌كانیان به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا جگه‌ له‌ رۆڵی سه‌ره‌كی خۆیان چه‌ندین رۆڵی تریان به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نیه‌ كه‌ له‌یه‌ك كاتدا بتوانی دوو تا سێ كاركته‌ر به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین به‌تایبه‌تی له‌رووی ده‌نگ و ئاماژه‌كان به‌ڵام پێنج ئه‌كته‌ره‌ كچه‌كه‌ تاراده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بوون ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك جار له‌رووی ده‌موو دوو جۆره‌ تێكه‌ڵ بوونێك هه‌بوو به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر نواندنه‌كه‌ نه‌بوو چونكه‌ وه‌كو زانراوه‌ جۆری ده‌نگی ئافره‌ت له‌گه‌ڵ ده‌نگی پیاو جیاوازه‌ به‌ڵام ئه‌وان زۆر جار له‌رێگه‌ی گۆرینی به‌شێك له‌ جل وبه‌رگیان كه‌سایه‌تی پیاویان به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد گرنگ ئه‌وه‌ بوو به‌گشتی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر نمایشه‌كه‌ نه‌بوو ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستی بوو له‌گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ گه‌یشته‌ بینه‌ران ،قوماشه‌ سپییه‌كه‌(كفن) هاوكارێكی باش بوو هه‌م وه‌كو ئیكسسوارات هه‌م وه‌كو جل و به‌رگ به‌ چه‌ندین شێوه‌ به‌كاری بهێنن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ له‌وه‌ی قوماشی سپی ماناومدللولی زۆر هه‌ڵده‌گرێت وه‌كو پاكی و راستگۆیی…

ئه‌گه‌ر باس له‌ سینۆگرافیای نمایشكه‌ بكه‌ین دیكۆر و رووناكی و میوزك له‌گه‌ڵ ئیكسسوارت هاوكارێكی باشی ئه‌كته‌ره‌كان بوو به‌كارهێنانی تابوته‌كان گۆرینی بۆ چه‌ندین فۆرم لای من ماییه‌ تێرامان بوو له‌ هه‌مان كاتدا هاوكارێكی زۆری كه‌ش گشتی نمایشه‌كه‌ بوو تا ئه‌و راده‌ییه‌ی بینه‌رانی به‌ ته‌واوی نقومی نمایشه‌كه‌ كردبوو .
له‌ كۆتاییدا ده‌ست خۆشی له‌ ستاڤی شانۆگه‌ری (ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ دا) ده‌كه‌م به‌هیوای كاری زیاتر .
شانۆگه‌ری (ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ دا) له‌ نووسینی و ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند “هیوا سوعاد یونس” نواندنی هه‌ریه‌ك له‌(كه‌ژاڵ حه‌سه‌نی،شه‌یما فریاد ،سۆنیا هیوا، عه‌سه‌ل ئه‌حمه‌د حه‌سه‌نی، ئه‌ژین بێلاف سارمه‌می) بوو له‌22-24/1/2019 بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت نمایش كرا له‌ 5/2/2019له‌ شاری ده‌ربه‌ندیخان نمایش كرا ، له‌ 7/2/2019 له‌ شاری سلێمانی پایتخه‌تی رۆشنبیری نمایش كرا (ئافره‌ت له‌ دۆزه‌خ دا) به‌رهه‌می به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆیی هه‌ولێر بوو .




ئه‌رسه‌لان ده‌روێش مێژوی كورد ده‌باته‌ … پاریس ن/ كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

زۆر جار له‌هه‌ر تابلۆیه‌كی هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاردا( سه‌ره‌تا ، كۆتایی ، جوڵه‌ ، رووناكی ، سینۆگرافیا ، ململانێ ،ره‌نگ ، كه‌سایه‌تی ، دیالۆگ ..) به‌دیده‌كرێت به‌ تایبه‌تی له‌ تابلۆكانی واقعیدا هه‌ر بۆیه‌ له‌ كاتی سه‌ردان كردنم بۆ زۆربه‌ی پیشانگای هاورێیه‌ شێوه‌كارانم دا ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌ روونی ده‌بینم بۆیه‌ له‌و ده‌فته‌ره‌ی كه‌ بۆ را و تێبینیه‌كان له‌ هه‌موو پیشانگایه‌ك دانراوه‌ من یه‌كێك له‌ راو سه‌رنجه‌كانم دوای سه‌یركردنی تابلۆكان بۆ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ ده‌نووسم كه‌ له‌ هه‌ر تابلۆیه‌ك شانۆگه‌رییه‌كم بینی كه‌ پڕه‌ له‌ ململانێ ، سینۆگرافیا ،ره‌نگ ، روناكی.. چونكه‌ وه‌كو ده‌قێكی شانۆیی سه‌یری تابلۆكان ده‌كه‌م ، هه‌ر تابلۆیه‌ك چه‌ندین بابه‌تی سه‌ره‌كی و لاوه‌كی له‌ خۆ ده‌گرێت .

له‌ شانۆگه‌ری ” تاریكتر له‌ شه‌وه‌ زه‌نگ” له‌ نووسینی (دكتۆر دڵشاد مسته‌فا) و ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند (ئه‌رسه‌لان ده‌روێش) من زۆربه‌ی ده‌قه‌كانی نووسه‌ر دكتۆر دڵشاد مسته‌فام خوێندۆته‌وه‌ یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌كانی ده‌قه‌كه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر بناماكانی بونیادی ده‌قه‌كانی له‌ئاست ده‌قی جیهانین به‌تایبه‌تی له‌ رووی هه‌ره‌می ده‌ق (سه‌ره‌تا ، ململانێ ، لوتكه‌ ، چاره‌سه‌ر ، كۆتایی)
له‌ ده‌قی ” تاریكتر له‌شه‌وه‌ زه‌نگ” نووسه‌ر له‌ رێگه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كار كه‌خه‌ریكی نیگاری تابلۆیه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌و تابلۆیه‌ به‌شداری پیشانگایه‌ك بێت له‌ پاریسی پایته‌ختی فرنسا له‌ نێو ئه‌و تابلۆیه‌ چه‌ندین بابه‌ت ،روداو ، كه‌سایه‌تی.. به‌شێوه‌یه‌كی زیندوو ده‌رده‌كه‌ون ده‌بنه‌ هێلی سه‌ره‌كی گقتۆگۆ له‌گه‌ڵ نیگار كێشه‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌،نووسه‌ر زۆر به‌ وردی باس له‌ مێژوی و پرسی كورد (خه‌بات ، شۆرش ، نه‌هامه‌تی ، مه‌رگه‌سات ، جینۆساید ، ئه‌نفال ، هه‌ڵبجه‌ و كیما ، خیانه‌ت ، ئابرووی هتكراو ، نیشتمانی پارچه‌ پارچه‌كراو..) ده‌كات بێگومان لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیش وه‌كو توندتیژی دژی ئافره‌تان و باوك سالاری پشكی خۆی هه‌بوو، خاڵێكی تری نووسه‌ر هه‌رده‌م ترۆپكی بابه‌ته‌كان یان چیرۆكه‌كان په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ دۆزی گه‌له‌كه‌ی به‌واتایه‌كی تر خوێنه‌ر یا خود بینه‌ر بابه‌ته‌كانی نووسه‌ری له‌لا نامۆ نیین و خۆی تیا ده‌بینێته‌وه‌ و زۆر نزیكه‌ له‌ ناسۆرییه‌كانی به‌تایبه‌تی كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌مه‌ش خاڵێكی گرنگی سه‌ركه‌وتنی ده‌قه‌كانی نووسه‌ره‌ نابێ زمانی نووسینیش له‌ بیر بكه‌ین كه‌هه‌م ساده‌یه‌ هه‌میش زمانێكی پاراوه‌.
ده‌رهێنه‌ر زۆر زیته‌ڵه‌نه‌ و زۆر به‌وریایی له‌ رێگه‌ی تابلۆیه‌كی شێوه‌كاری زیندوو كاری له‌ سه‌ر ده‌قه‌كه‌ كردبوو كه‌ گوزارشتی له‌ چه‌ندین لایه‌نی دۆزی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مانی ده‌كرد به‌ تایبه‌تی ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی كه‌ له‌ رابردوو به‌سه‌ر كورد هاتوون ئه‌وه‌ی زۆر گرنگیش بوو ئه‌رسلان ده‌روێش ئه‌و هه‌موو رووداو مه‌رگه‌ساتانه‌ی كورد به‌دیقه‌ته‌وه‌ به‌زه‌مه‌نی ئێستا به‌ستۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئێستای سه‌ركێش و یاخی…

ده‌توانین بڵێین ده‌رهێنه‌ر ، دوو هاوكێشه‌ی هاوته‌ریب و هاوسه‌نگ (فكری و جوانناسی ) به‌رجه‌سته‌كردبوو به‌تایبه‌تی كێشه‌ی كورد له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاست وه‌كو نه‌ته‌وه‌ و وه‌كو تاك بۆنموونه‌ یاخی بوونی گه‌نج و كۆچكردنی تاكی كورد له‌و ده‌قه‌دا بوونی هه‌بوو به‌ جۆرێك مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی بریتی بوو له‌ به‌ئاگاهاتنی تاكی كورد تا سیاسیه‌كانیش به‌ تایبه‌تی له‌و گۆرانكاریانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ ده‌وری به‌ری كوردستان و ناوچه‌كه‌ هه‌ن .
ده‌رهێنه‌ر سه‌ركه‌وتوونانه‌ كاری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ده‌رهێنان كردبوو ،ئه‌وه‌ی زۆ رسه‌نجی منیش راكێشا ئه‌و ره‌هه‌نده‌ شانۆییه‌ بوو كه‌ له‌سه‌ر شانۆ له‌رێگای به‌كارهێنانی موزیكی وێنه‌یی و رووناكییه‌كی گونجاو تا ئه‌و راده‌یه‌ی بینه‌ر هه‌ستی به‌ چه‌ندین ره‌های فه‌لسه‌فی و ئیستاتیكی ده‌كردزۆر جار جوڵه‌ی تابلۆیه‌كه‌ وه‌كو گوزارشتێك له‌ دیالۆكه‌كان چێژی به‌ بینه‌ران ده‌به‌خشی چونكه‌ ریتمی نمایشه‌كه‌ دوور بوو له‌ هات هاوار.

بابه‌تێكی زۆر گرنگ و گه‌رم به‌ڵام هێمن ئارام ده‌گه‌یشته‌ بینه‌ران به‌ بۆچوونی خۆم ئه‌مه‌ش هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر كپ وبێده‌نگ بێت به‌سه‌لیقه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌ش وهه‌وای شانۆگه‌رییه‌كه‌ بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی وه‌رز بوون بێت، ئه‌وه‌ش بۆ خوێندنه‌وه‌ی معریفی ده‌رهێنه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ توانی بووی به‌جوانی ئه‌وه‌ی له‌ هزروفكری خۆی هه‌یبوو به‌ خوێنده‌یه‌كی ده‌قی نمایش بۆمان به‌رجه‌سته‌ بكات .

هیچ گومانی تێدانیه‌ ئه‌كته‌ری باش ئه‌ركی ده‌رهێنه‌ر ئاسانتر ده‌كات به‌واتایه‌كی تر ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌ری باش له‌ ژێرده‌ستی هه‌ر ده‌رهێنه‌رێك بێت چه‌مك و خواستی ده‌رهێنه‌ر باشتر ده‌كات بۆیه‌ ئه‌رسلان ده‌روێش بۆ گه‌یاندی په‌یامه‌كه‌ی سوودێكی باشی له‌ توانستی هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند(به‌هه‌مه‌ن حاجی ، پشكۆشێخ عه‌لی ، رۆزه‌ فرهاد ) هاوكارێكی باش بوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رسێ ئه‌كته‌ر له‌ رێگه‌ی توانستی ده‌رهێنه‌ر له‌م نمایشه‌دا زۆر جیاواز بن به‌تایبه‌تی له‌ رووی ده‌نگ و جوڵه‌ و ئاماژه‌كان وه‌ به‌تایبه‌تیش رۆزه‌ خان (په‌ری) كه‌ له‌گه‌ڵ زۆ به‌ی نواندنه‌كانی رابردووی جیاواز بوو بێگومان مه‌به‌ست لێره‌دا ئه‌وه‌نیه‌ نواندنه‌كانی رابردووی وه‌ك پێویست نه‌بووه‌ له‌وانه‌یه‌ رۆڵه‌كه‌ی له‌م شانۆگه‌رییه‌دا وای خواستبێت كه‌ كاركته‌رێكی هێمن و ئارام بێت من بۆخۆم یه‌كه‌مین جاره‌ ئه‌م جۆره‌ نواندنه‌ی به‌رێزیان ببینم.

ناكرێت باس له‌ رۆڵی هه‌ردوو ئه‌كته‌ری به‌توانا (به‌همه‌ن حاجی و پشكۆ علی) خاوه‌ توانستێكی زۆرن به‌تایبه‌تی له‌ رووی نواندن و ده‌موودوو چونكه‌ ده‌نگی شانۆیین توانیان ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستی بوو بگه‌ینیه‌ بینه‌ران به‌لڵام من پێم باش ئه‌و رۆڵه‌ی درا بوو به‌ پشكۆ(خانی له‌پ زێڕین ) به‌همن حاجی به‌رجه‌سته‌كرا به‌ پێچه‌وانه‌ش رۆڵی گه‌نجه‌كه‌ی یاخی (به‌همه‌ن حاجی) پشكۆ علی به‌رجه‌سته‌كردبا ئه‌وه‌ بۆچوونی خۆمه‌ چونكه‌ هه‌ردوو ئه‌كته‌ره‌كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ ده‌نگ و ئاماژه‌ و جوڵه‌ و نواندنیان زۆر باش ئاشنام.. نابێ رۆڵی ئه‌كته‌ره‌كانی ناو تابلۆیه‌كه‌ له‌ بیر بكه‌ین راسته‌ دیالۆگیان نه‌بوو به‌ڵام جوڵه‌ و هێماكانیان زۆر جوان به‌شێوه‌یكی ئیستاتیكی به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد به‌تایبه‌تی هه‌ندێ جوڵه‌ی جێگیر چونكه‌ هه‌ندێ له‌ جوڵه‌كان پێوستی به‌ وزه‌یه‌كی زۆر هه‌بوو ئه‌وانیش سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ هه‌موو نمایشێكدا (دیكۆر ،جلوبه‌رگ ، روونكی ، میوزیك ، مه‌كیاژ) هاوكاری ئه‌كته‌ر بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كانیان و سه‌ركه‌وتنی نمایشه‌كه‌، له‌م نماشه‌دا مه‌كیاژ به‌ووردی كرا بۆ كرابوو ده‌ست خۆشی له‌ ستاڤی ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ ده‌كه‌م به‌هیوای به‌رده‌وامی.

شانۆگه‌ری” تاریكتر له‌ شه‌وه‌ زه‌نگ” به‌ره‌هه‌می به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆی هه‌ولێر و تیپی شانۆی سالار بوو له‌ رۆژانی 27/28/29/12/2018 له‌ هه‌ولێر نمایش كرا .




زمانی گێڕانەوە، ترازان لە وەهم و هێژمۆنی… کاوان محەمەدپوور

زمانی گێڕانەوە، ترازان لە وەهم و هێژمۆنی 

“کورتەیەک لەسەر شانۆنامەنووسیی کوردی”

هێرتا مولەر لە چیرۆکی (بەڵێنی دیدەنییەکە)(1997) دەڵێت: “هەندێ شت کێشەیان نییە، تاکوو تۆ دەست دەکەی بە ئاخافتن لەبارەیانەوە”. ڕەنگە هەر کات ئێمە بیر لە هونەری کوردی بە عام و بە تایبەت -شانۆی کوردی- دەکەیەوە زیاتر مانای ئەم ڕستەی مولەرمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. بیرکردنەوە لە چییەتی شانۆی کوردی بە هۆگەلی جیاواز هەمیشە وەکوو گرفتێکی سەرەکی بۆمان دەردەکەوێت. ئەم گرفتە هەر لە سەرەتای پرسیارکە زەق دەبێتەوە. نەبوونی هیچ بنەمایەکی فەلسەفی و پاڵپشتێکی زانستی لە ئارگیومنتەکانی کورد و لە سەرێکیشەوە، نەبوونی ئارشیوگەلێک لە شانۆگەری کوردی، کە توێژەر و ڕەخنەگر، لانیکەم بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی، بتوانێت ئیماژی ئەم هونەرە لای کورد بە جیهانەوە بدۆزێتەوە، تەنیا لە کێشە سەرەکییەکانی وڵامدانەوە بەو پرسیارەیە. لە درێژەی دەستەویەخەبوون لەگەڵ ئەم پرسیارە، ئەمجا خودی  گرفتی (زمان) زەق دەبێتەوە، ئایا تەنیا نووسینی شانۆنامە بە کوردی، شانۆی کوردییە؟ تەنانەت ئەگەر هیچ چەمک و ئایدیایەکی کوردیشی تێدا نەبێت؟

 بەڵام بەم هەموو کێشە و گرفتە کە ڕووبەرووی ئەم پرسیارە دەبێتەوە، کاتێک پرسیارەکەی وەگڕدەخەین، ناچار دەبین چەمکێک وەکوو بنەما بگرین و لە تاوتوێی ئەم چەمکە، مەودا و دەرەتانێک بۆ وڵامدانەی ئەم پرسیارە بدۆزینەوە، ڕەنگە خودی پرۆسەی تاوتوێ کردن لە ئاکامدا ئەوەشمان بۆ دەربخات کە تاکوو ئێستا ئێمە چەندە بە هەڵەداچووین و خودی پرسیار لە شانۆ بەم شێوە نابێت و ئێمە کێشەکەلی زانستی و مێتۆدۆلۆژیکمان لەگەڵ شێوەی پرسیار لە شانۆ هەیە. لە هەر ڕووەوە دەستنیشان کردنی چەمکێک بۆ بیرکردنەوە یەکەم هەنگاو بۆ دۆزینەوەکانە؛ چ دۆزینەوەی وڵامێک بۆ دیاری کردنی چوارچێوی شانۆی کوردی و چ دەرخستنی هەڵە تێۆریەکانی خۆمان.

من لەو وتارە کورتەدا (زمان) وەکوو چەمکی بنەڕەتیی گێرانەوە ڕەچاو دەگرم و لە پێناو زماندا هەوڵ دەدەم دەلاقەیەک بۆ بیرکردنەوە لە مانای شانۆی کوردی یان بە گشتی هونەری گێڕانەوەی کوردی بدۆزمەوە. جەختی ئەم وتارە لە سەر (زمانی گێڕانەوە)یە و مەبەست لە زمان لێڕەدا (زمانی ئاخافتنی ڕۆژانە) نییە، زمانی گێڕانەوە، زمانێکە کە ئێمە لە سیستەمی گێڕانەوەدا بە کاری دێنین. ئەم زمانە بە پێی سیستەمی زاڵی گێڕانەوە خۆی هەڵگری چەندین چەمک و لق و پۆیە کە لە زاتیاندا تەکنیک و فۆرمی بەکار هێنانی زمان دیاری دەکەن. دیارە لە کاتی گێڕانەوەدا، نووسەر یان بێژەر بۆ بەیانی چیرۆکی خۆی کەڵک لە کەرەستەگەلێکی تایبەت دەگرێت، چۆنیەتی بە کارهێنانی ئەم کەرەستەیە خۆی لە خۆیدا فەزایەکی تایبەت لە چیرۆک و زمان دەخولقێنێت کە ڕەنگە تەنیا لای ئەم نووسەر/بێژەرە دەست کەوێت. زمانی ڕۆژەزار، هەمیشە تێکەڵاوی سیستەمی سەپێندراوی بیری -هزرییە کە پشت ئەستوور بە ئایدیۆلۆژییەکی تایبەتە، لە لایەکی ترەوە زارەکی بوونی ناخافتنی ڕۆژانە بە هۆی نەبوونی (دەق) و کارکردی نەستی بەکۆمەڵ لە مێشکی هەر مرۆڤێکدا، باشترین شوێنە بۆ کارتێکەری ئایدیۆلۆژی و هێژمۆنی زاڵ. هەر بۆیە ئەم زمانە (واتە زمانی ڕۆژەزار) بە بێ پاڵپشتی زمانی بەدەق‌کراو (جەستەمەند)، کە وێنای زیاتر لە (زمانی گێڕانەوە)دا دەبینێتەوە ناتوانێت گوشار و هێژمۆنی زاڵ تاوتوێ بکات و دەرەتانێکی هزری بۆ بدۆزێتەوە،

کۆستیکا براداتان، پسپۆری فەلسەفەی ئاکسفۆرد، لە وتارێکدا لەسەر بەرهەمەکانی هێرتا مولەر، دەڵێت: “زمان وەك هەوا وایە؛ تەنیا کاتێ پیس ببێ، تۆ تێدەگەی چەندە گرنگە”. مەبەست لە (پیسی زمان) لە بۆچوونی براداتان، ئالوودەبوونی زمان بە دژە حەقیقەتەکانە، واتە زمان جیا لەوەی دەتوانێت دژ بە سیستەمی تۆتالیتار بوەستێت، لە هەمان کاتیشدا توانستی ئەوەی هەیە بە پێچەوانە بێتەوە و لە خزمەت بەرژەوەندیی سیستەمی دژە حەقیەقەتدا بێت. ڕۆڵان بارت لەم بارەوە دەڵێت: “زمان ڕواڵەتێکی فاشیستی هەیە، شکاندنی ئەم ڕواڵەتە و دۆزینەوەی مەودایەک بۆ دەربازبوونی زمان لە فاشیزم، تەنیا بە گێڕانەوە دەکرێت”. لێردا گێڕانەوە (Narration)  هەمان -بەپێچەوانە کردنی زمانە-، واتە سیستەمی سەپێندراو خۆی زمانێکی تایبەت بە مانایەکی تایبەت، بەرهەم دێنت کە لە پرۆسەی ئاخافتن و بەکار هێنان وەکوو هێژمۆنیای زاڵ گشت مانا و چەمکەکان دەباتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، لێرەدا گێڕانەوە- کە همیشە گێڕانەوەی شتێکە- لە هەوڵی ختۆکەدانی هێژمۆنیای زاڵە. شەری دەستەویەخەی -گێڕانەوە و هێژمۆنی زاڵ- لانیکەم یەک چەمک بۆ ئێمە ڕوون دەکاتەوە: ئەویش جیاوازی بیرکردنەوەی (من گێڕەوەر) و سیستەمی بە هێژمۆنی‌کەری زمانە. کەواتە -پیسی زمان- تەم و ڵێڵ بوونی حەقیقەتە، بە زمانێکی‌تر، پیسی زمان، پێشگری لە وەدەرخستن و وەگڕخستنی منی گێڕەوەرە. زمانی گێڕانەوە بە شێوەی ناراستەوخۆ -هەندێ جاریش ڕاستەوخۆ- فەزای بیر و هەست و ئارگیومنت تا ڕادەیەکی بەرچاو زەق دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بەو زمانە لە چەمکێک بدوێت کە هیچ پێوەندی بە ژین ـ جیهانەوە نەبێت. بۆ نموونە کاتێک زمانی کوردی بۆ گێڕانەوە- لێرەدا جەخت لەسەر گێڕانەوەیە، نە زمانی ئاسایی ئاخافتن- بەکار دێنین بە شێوەی نەستەکی دەکەوینە ناو بازنەیەکی بیری و هزری لە فامستی ئێمەی کورد بە (جیهان، مرۆڤ و بوون). تەنانەت ئەگەرچی منی کورد ئەزموونێک کە کامۆ و سامۆئێل بێکێت، پاش چەند سەد ساڵ فەلسەفە و ئەندێشە هەیانبووە، نیمە، بەڵام کاتێک منی کورد بە فەزای زمانی گێڕانەوەی کوردی لەگەڵ ئەم نووسەرانە بەروروو دەبمەوە، ئەوە دیسانەکە دەرکی منی کورد-تەنیا منی کورد- لەو نووسەرانە و کێشەکانیان بەرجەستە دەکاتەوە. کەواتە لێرەدا بە کارهێنانی زمانی گێڕانەوەی کوردی نە تەنیا جیاوازی دەرک و فامی من لە جیهان بە عام و لە هونەر بە تایبەتی زەق دەکاتەوە، بەڵکوو دەرەتانێکی تەکنیکیش بۆ من دەخولقێنێت. چۆنیەتی بە کارهێنانی ئەم تەکنیکە لە کاتی گێڕانەوەی بەردەوامدا بە باشترین شێوە خۆی وەدەردەخات، بۆ نموونە لە شانۆدا جەخت کردن لەسەر مانایەکی تایبەت و نیشاندانی ئەم مانایە بە بەردەنگ پێویستی بە داڕشتنێکی تایبەتیش هەیە و ئەم داڕشتنە پێویستی بە کەرەستەی تایبەتەوە هەیە. بەم پێیە پرسیار لە زمانی گێڕانەوە دەکەوێتە پێش پرسیار لە هونەر/شانۆی کوردی. واتە زمانی گێڕانەوەی ئێمە چییە؟ کاتێک مرۆڤێکی کورد دەست بە گێڕانەوە دەکات، فەزای چیرۆکی چۆن دادەڕێژێت؟ و لە کەرەستەکانی گێڕانەوە چۆن سوود وەردەگرێت؟ بێگومان بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەبێت گشت دەقگەل و دەنگبێژیی کوردی کە شێوەیەک لە گێڕانەوەی پێوە دیارە، تاوتوێ بکرێن تا بتوانین ئارگیومنتەکانی کورد بە جیهان و مرۆڤ و بوون بدۆزینەوە.

هەمیشە یەکێک لە گرفتەکانی شانۆنامەنووسی و شانۆگەری کوردی، کەوتنە ژێر ڕکێفی جیهانبینیی غەیری کورد بووە. هەڵبەت مەبەستی من لێرەدا نەک ڕوانینێکی ناسیۆنالیستی بۆ ئەو پرسە، بەڵکوو ئاوردانەوە لە ژین ـ جیهانەکانە کە بێ ئەوەی هیچ بریارێکی فەلسەفی لەسەر بێت، لەسەر جیهانی تاک بە تاکی مرۆڤەکان کاریگەری هەیە. یان بە واتایەکی‌تر لە ژێر ڕکێف‌بوونی جیهانی کوردی، بیر و هەڵسەنگاندی جیهان لە لایەن مرۆڤی کورد بە سیستەم و هێژمۆنیای زاڵە. بێگومان یەکێک لە هۆیەکانی ئەم ژێر ڕکێف کەوتنە، دەگەڕێتەوە سەر نەناسینی زمانی گێڕانەوەی کوردی. بۆ وێنە کاتێک لەگەڵ شانۆنامەیەک کە بەکوردی نووسراوە بەروڕوو دەبینەوە، لایەنەکانی ئەم باسەمان زیاتر بە لاوە ڕوون دەبێتەوە؛ تەنیا بە سەرنجدانی ڕاوێژی کاراکتێرەکان بۆمان دەردەکەوێت ئەم زمانە زمانی گێڕانەوە نییە و زیاتر وەکوو زمانی وتارنووسین و وتاربێژی دەچێت تا زمانێک کە خەریکە بۆ ئێمە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، ئەم گرفتە لە دەقی وەرگێڕدراو بۆ کوردی زیاتر بەرچاوە. نەبوونی دەرک و تاوتوێ لە چییەتی زمانی گێڕانەوە شانۆنووس بەرەو زمانێک دەبا کە نموونەکەی بە هیچ ڕوو لە گێڕانەوەدا ڕوو نادات و نایەتە هیچ خانەیەکی گێڕانەوەیی. ڕەنگە لە ڕواڵەتدا ڕاوێژی کاراکتێر وەکوو زمانی ڕۆژەزار بێت، بە پێی بۆچوونی گێڕانەوەناسی ئەمە کەم‌وکۆڕی بە هیچ چەشنێک بۆ ڕاوێژی چیرۆک ناگرێتەوە، بەڵکوو بەرزی ئاستی گێڕانەوەش دەگەیەنێت، زمانی گێڕانەوە شێوەیەک لە بەکارهێنانی ڕاوێژ و چەمک و نموونەی دەست نیشانکراو نییە، بەڵکوو لێرەدا، مەبەست سیستەمی گێڕانەوەیە کە لە کۆی گشتی چیرۆکدا پێک دێت، ئەم سیستەمە ڕوانگەی منی نووسەر بە جیهان و ماناکانی ڕوون دەکاتەوە. ڕەنگە هەر بە هۆی نەناسینی زمانی گێڕانەوەیە کە ئێمە کاتێک شانۆیەک بە زمانی کوردیش دەخوێنینەوە، دیسانەکە ناتوانین ئارگیومنت و ئیماژەکانی مرۆڤی کوردی تێدا ببینینەوە، هەر بۆیە هەر کات باس لە شانۆی کوردی دەکرێت بێ یەک و دوو بیر لە شانۆیەک دەکەینەوە کە یان خەریکی گێڕانەوەی بەیت و حەقایەتەکانی فۆلکلۆری کوردییە یان سەرقاڵی گێڕانەوەی کارەساتەکانی کوردە. واتە زیاتر خودی ناوەرۆک و بابەتی شانۆ بۆمان دەردەکەوێت تا چۆنییەتی بە کارهێنانی کەرەستەی گێڕانەوە و تەکنیک و فۆرمی نوێ کە لە ئاکامدا بیرو هزر بە نسبەتی جیهان و مرۆڤ و بوون ڕوون دەکاتەوە. بەم پێیە شانۆنووسی کورد حوکمی لەسەر دەکرێت کە (تۆ کاتێک شانۆی کوردیت نووسیوە کە تەنیا یەکێک لەم جیهانانەی کورد باس بکەی)!، کەواتە بەم دەرکە، باس کردن لە گرفت و کێشەکەلی ئەمڕۆی کۆمەڵگا یان ورووژاندنی باسێکی فیکری نایەتە خانەی شانۆی کوردی. ئەم بۆچوونە بە پێی گێڕانەوەناسی و زانستگەلی مرۆیی تا سەرئێسقان هەڵەیە، چونکە هەر کات من وەکوو کورد یان هەر نەتەویەکی‌تر بە زمانی گێڕانەوە – هەڵبەت بەو مەرجە کە من زانستم بە سەر زمانی گێڕانەوەدا هەبێت- بە شێوەی نەستەکی ئەو ڕوانینەم بە سەر جیهاندا زاڵ دەکەم؛ ڕوانگەیەک کە لە ژیانی ژیندراومدا سەرچاوەی گرتووە. تەنانەت بە ڕوانگەیەکی پۆست کۆلۆنییالەوە، ئەگەر نووسەرێک لە زمانی چیرۆک و نووسینەوە خەریکی وێناکردنی جیهانی ئەویتریش بێت، دیسانەکە شێوەیەک کە جیهانی خۆی وێنا دەکا، ئەویش جیهانی کۆلۆنییال کراوی خۆیەتی، کەواتە بەردەوام‌بوون لە گێڕانەوەدایە کە توانستی ئەوەی پێدەدات لەم جیهانە کۆلۆنییالە بێتە دەر.

بە پێی بۆچوونەکانی سەرەوە، پێویستە ئێمە ئارشیوێک لە دەقگەل و دەنگبێژی/بەیت بێژیی کوردیمان هەبێت کە لە تاوتوێی ئەم دەقانە شێوە گێڕانەوەی کوردی تا ڕادەیەک دیاری کەین. ڕەنگە ئەم کارە کارێکی ئەستەم بێت، بەڵام بە مانای نەکران نییە. نموونەگەلی بەرچاومان لە چیرۆکی جیهانی و تەنانەت شانۆی جیهانی هەیە کە بێ ئەوەی ناوی نووسەرەکەی بزانین تەنیا بە خوێندنەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەم چیرۆکە هی فڵانە شوێنە. ڕیالیزمی سیحراویی ئەمریکای لاتین بە ساکاری لە ڕیالیزمی سیحراویی ئەڵمانیا جیا دەکرێتەوە. یان شانۆی ژاپۆن تەواو لە شانۆی بریتانیا جیاوازە. ئەم جیاوازییە لە تەواوی شێوەکانی گێڕانەوەدایە، لە سینەماوە بگرە تا ڕۆمان و نیگارکێشی.

(کاوان محەمەدپوور)

سەرچاوە: حەوتەنامەی سیروان




نوێترین پرۆژه‌یان راگه‌یاند …. شه‌هێن سابیر

له‌ده‌ستپێكی ساڵی نویَدا، تیپی (شانۆی هاورێیانی گه‌زیزه‌)، به‌رهه‌مێكی نوێیان راگه‌یاند‌و بریاره‌ له‌ناوه‌راستی مانگی شوبات دا نمایشی بكه‌ن.
له‌مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا به‌ئاماده‌بونی پارێزگاری سلیمانی (د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر)‌و به‌رێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری (بابه‌كر دره‌یی)و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان‌و به‌به‌شداری كه‌ناله‌كانی راگه‌یاندن، نوێترین به‌رهه‌می تیپی (شانۆی هاورێیانی گه‌زیزه‌) به‌ناوی (دكتۆر فاوست) راگه‌یندرا كه‌ ده‌قئاوێزان‌و ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند (رێباز محه‌مه‌د)ه‌.
له‌مه‌راسیمه كه‌‌دا پارێزگاری سلێمانی وێرای پیرۆزبایی، ده‌ستخۆشی له‌ستافه‌كه‌كرد‌و پشتگیری خۆی دوباره‌كرده‌وه‌ بۆهه‌ركارێكی فه‌رهه‌نگی‌و هونه‌ری كه‌ خزمه‌ت به‌مێژووی هونه‌ری میلله‌تی كورد بكات.
لایخۆشیه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند (گه‌زیزه‌ عومه‌ر)، باسی مێژووی كاركردنی تیپه‌كه‌ی كرد، كه‌تائێستاو بێ دابران‌و به‌ده‌یان گرفتی نه‌بونی شوێن‌و نه‌بونی پشتگیری دارایی، به‌لام به‌رده‌وامبون له‌كاری به‌رهه‌مهێنانی دارماو شانۆ .
ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆكی شانۆییه‌كه‌ش (رێباز مه‌حه‌مه‌د) وتی:” دکتۆر فاوست دەقێکی ئاوێزان ـ میکسی نێوان چەند دەقێکی جیهانیە و هەریەکە لەو دەقانە کەم و زۆر بەکار هاتوون لەناو ئەم تێکستەداو تێهڵکێشکراون لەدەقەکانی هەریەکەلەنووسەران (کریستۆڤەر مارلۆ ، گۆتە، د.عبدالکریم برشید)و منیش هەم وەک نووسینەوەو هەم وەک کاری دەرهێنان ، بەگونجاوم زانیوە هەندێ تێگەیشتنی کوردیانەی بۆشانۆ تێکەڵبکەم”
له‌و شانۆییه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ (دکتۆر سەردار ، لیناعوسمان ، شادی ئارام ، گلێنە حەمە علی ، محمد تاھیر ، سەنگەرمحمد، ئەژدەرسازگار فواد، ، محمد حسن) وه‌ك ئه‌كته‌ر رۆڵی تێدا ده‌بیننن هه‌روه‌ها به‌رێوبەری شانۆ(بێستان سالار)ه‌و كاری موزیكیش له‌لایه‌ن (مشتاق فازل)ه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، دیكۆری شانۆییه‌كه‌ش (وه‌ستا سه‌باح) كاری بۆده‌كات.

شه‌هێن سابیر
به‌رپرسی راگه‌یاندنی تیپی شانۆی هاورێیانی گه‌زیزه‌.




كه‌سێك هه‌ر دێت .. منیش ده‌یبینم … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

له‌ ده‌ستپێكی نمایشی ( كه‌سێك هه‌ر دێت ) له‌ نووسینی ( جۆن فوسه‌) و ده‌رهێنانی (مه‌هدی حه‌سه‌ن ) ئه‌كته‌رێكی ژن و یه‌كێكی پیاو، به‌ سواری پایسكلێكه‌وه‌ له‌ تاریكییه‌وه‌ دێنه‌ سه‌ر شانۆ، له‌ سه‌ر ئه‌رزێكی چنراو به‌ گه‌ڵای زه‌ردی هه‌ڵوه‌ریوی پایز، به‌ ده‌وری پیره‌ دارێكی وشكی بێ‌ گه‌ڵا ده‌سوڕێنه‌وه‌، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شانۆدا چه‌قیووه‌، به‌ده‌م گفتو گۆ كردنه‌وه‌ به‌ره‌و دورگه‌یه‌كی دابڕاو له‌ هه‌موو دنیا، خانوویه‌ك بۆ نیشته‌جێ‌ بون ده‌كڕن، كه‌ بێجگه‌ له‌وان هیچ بنیاده‌مێكی لێ‌ نیه‌، پێیان وایه‌ ئه‌و شوێنه‌ دووره‌ په‌رێزه‌ گونجاوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به‌ خۆشه‌ویستی خۆیان بده‌ن و ژیانێكی ئارامی تێدا بگوزه‌رێنن.

نمایشه‌كه‌ هه‌ر له‌ ده‌ستپێكدا ، كۆمه‌ڵێ‌ ئاماژه‌ت بۆ ده‌رده‌خا، تا تۆش وه‌ك بینه‌ر بچیته‌ ناو ئه‌تمۆسفیری نمایش و رووداوه‌كانی، كاتێ‌ چاوت به‌و گه‌ڵا وه‌ریوه‌ پایزیانه‌ ده‌كه‌وێت ئه‌و دوو كاراكته‌ره‌ به‌ ده‌م گفتوگۆ كردن له‌ سه‌ر ئه‌و هیوایه‌ی بۆی ده‌چن، ئه‌و وشكه‌ داره‌ بێ‌ گه‌ڵایه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شانۆدا ده‌بینی ره‌سمی ژیانێكی بێ‌ هوده‌ت بۆ ده‌كێشێ‌، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌یت ئه‌و شوێنه‌ شوێنی هیوای هه‌ڵوه‌ریووه‌، بۆیه‌ زوو خه‌یاڵت بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت، به‌ڵێ‌ ئه‌و ژن و مێرده‌ش له‌ ئاكامی ئه‌و بێ‌ هیواییه‌، راده‌كه‌ن و ئه‌و شوێنه‌ به‌جێ‌ دێڵن ..به‌ڵام ئاخۆ راكردن و روو كردنه‌ گۆشه‌گیریی ، چاره‌ی برینی ئه‌وان ده‌كات ؟
نه‌خێر كه‌ ئه‌وان ده‌گه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ست، له‌ پڕێكا هه‌ستێكی نامۆ ژنه‌كه‌ داده‌گرێ‌، ترسێك ئه‌و شوێنه‌ داده‌پۆشێ‌، نیگه‌رانیه‌ك وه‌ك سێبه‌ر به‌دوایانه‌وه‌ دێت، نیگه‌رانی ئه‌وه‌ی كه‌سێك هه‌ر دێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی دڵنیا بێت له‌وه‌ی، كه‌سێك هه‌ر دێت، بۆیه‌ له‌ ناو شه‌پۆلێك له‌ ترس و رارایی، چه‌ند جارێك به‌ پیاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: چ روو ده‌دات ئه‌گه‌ر كه‌سێ‌ بێت ؟ راده‌كشێ‌ و گوێ‌ له‌ زه‌ویه‌كه‌ ڕاده‌گرێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی گوێ‌ ی له‌ خشپه‌ پێی هاتنی ئه‌و كه‌سه‌ بێت كه‌ دێت :
(پێ‌ ده‌چێ‌ قه‌ده‌ری ئێمه‌ ئاوا بێت كه‌ به‌ته‌نیا نه‌ژیین ! نه‌خێر لێ‌ ناگه‌ڕێن ئێمه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ بین !ئا ئه‌وه‌تا كه‌سێكمان لێ‌ په‌یدا ده‌بێت ..)
دواتر نه‌خۆشی ئه‌و گومانه‌ له‌ ژنه‌كه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ پیاوه‌كه‌، نیشانه‌ی تووش بوون به‌و نه‌خۆشی گومانه‌ لای پیاوه‌كه‌ له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ‌ ده‌كات، ئاخۆ چۆن ئه‌و ژنه‌ مكوڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێك هه‌ر دێت ئه‌گه‌ر خۆی به‌و هاتنه‌ نه‌زانێ‌ ؟ بۆیه‌ به‌ توڕه‌یی هێرشی بۆ ده‌بات و پێی ده‌ڵێ‌ : پێم بڵێ‌ كێیه‌ دێت ؟
به‌ڵام دیسان بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و هیستریایه‌ی ژنه‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌، پیاوه‌كه‌ په‌نا بۆ دڵ نه‌وایی و له‌ ئامێز گرتن ده‌بات، ته‌نیا به‌ له‌ ئامێز گرتن ده‌توانێت ئارامی به‌ ژنه‌كه‌ ببه‌خشێت و له‌ناو ئه‌و ترس و گومانه‌ هێوری كاته‌وه‌ ..

ده‌رهیَِنه‌ریش به‌ هه‌مان فۆرم له‌گه‌ڵ له‌ ئامێز گرتنه‌كه‌، رووناكی كز ده‌كات و ده‌یانخاته‌ ناو گه‌رووی تاریكی، له‌وێ‌ جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنێ‌، هه‌ردوكییان به‌ یه‌كه‌وه‌ هه‌ر جاره‌و قومێكی قوڵ له‌ جگه‌ره‌كه‌ هه‌ڵده‌مژن و دوكه‌ڵه‌كه‌ی به‌با ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ئه‌تمۆ سفیره‌ ئارامه‌، هه‌م ریتمی هه‌ڵچوونی ده‌روونیی لای كاراكته‌ر هێور كاته‌وه‌، هه‌میش بینه‌ر ئارام بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌ته‌ كاتیه‌ش دادیان نادات و گومانه‌كه‌ به‌توندتر له‌ جاران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

وه‌همه‌كه‌ ده‌بێته‌ راستی، كه‌سێكی نامۆ په‌یدا ده‌بێت كه‌ فرۆشیاری خانووه‌كه‌یه‌ و باوكو باپیرانی له‌و خانووه‌دا نیشته‌جێ‌ بوونه‌، ده‌چێته‌ ناو ژیانیان، وه‌ك گه‌رده‌لولێك ده‌یانخاته‌ گێژه‌نه‌یه‌ك، وێڕای توڕه‌بوونی پیاوه‌كه‌ و ئه‌و هه‌سته‌ پڕ له‌ ئازاره‌ ده‌روونییه‌ی تووشی ده‌بێت ، ئه‌مجاره‌ زۆر له‌ ژنه‌كه‌ زێتر، گومان ده‌ست ده‌خاته‌ قاقای و به‌ره‌و شێت بوونی ده‌بات، ئه‌وه‌تا به‌ گومانه‌وه‌ به‌ كچه‌كه‌ ده‌ڵێت: تۆ داوات كرد له‌ ته‌نیشتته‌وه‌ دانیشێ‌، چاو ببڕیته‌ ناو چاوی ؟ به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ قه‌بوڵی ئه‌وه‌ ده‌كات پیاوه‌كه‌ به‌ ده‌ستی خۆی ژماره‌ی ته‌له‌فونه‌كه‌ی بخاته‌ نێو سوخمه‌كانییه‌وه‌، ئه‌ویش قه‌بوڵی بكات، هه‌موو ئه‌وانه‌ ترس و دڵه‌ راوكێیه‌ك لای پیاوه‌كه‌ دروست ده‌كه‌ن و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و گرێ‌ كوێره‌ ده‌روونییه‌ی ئازاری ده‌دات و ناوه‌ ناوه‌ به‌ ژنه‌كه‌ بڵێ‌: پێم بڵًێ‌ زه‌روری بوو كه‌ تۆ چاو ببڕیته‌ ناوچاوی ؟
ژنه‌كه‌ش ده‌یه‌وێت له‌و گومانه‌ی دابڕێنێ‌ و چه‌ند جارێك دووپاتی ده‌كاته‌وه‌: (بڕۆ بابچینه‌ ژووره‌وه‌) بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ‌ غه‌ریزه‌كانی خۆیان هه‌ڵڕیّژن و كۆتایی به‌ نیگه‌رانیه‌كانیان بێنن.
به‌ڵام بینه‌ر هه‌ر زوو ئه‌و پرسیاره‌ی لا دروست ده‌بێت، ئاخۆ هۆكاری نه‌رمی نواندنی ژنه‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پیاوه‌ خانوو فرۆشه‌كه‌ چی بوو؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ندو خاوه‌ن پاره‌ بوو؟ یاخود له‌ بڕوا به‌خۆ بوونی ژنه‌كه‌ بوو به‌ خۆی، چونكه‌ له‌ دایه‌لۆژێكا ده‌ڵێ‌: من نه‌ نه‌فره‌تی لێ‌ ده‌كه‌م، نه‌ خۆشیشم ده‌وێ‌، به‌ڵام ئه‌و بڕوا به‌ خۆ بوونه‌ به‌هایه‌كی نه‌بوو لای پیاوه‌كه‌، تا له‌ ئاكامدا به‌ به‌رده‌وامی له‌ سه‌ر گومان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو تاریكیه‌كه‌ و خانوو فرۆشكه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ سوڕ خواردنه‌وه‌ به‌ ده‌وریاندا .

شوێن له‌جوگرافیای نمایشدا

شوێن له‌ نمایشه‌كه‌دا پرسیاری زۆر دروست ده‌كات، ئایا شوێن ده‌توانێت ئاسووده‌ییه‌كی ره‌ها ده‌سته‌به‌ر بكات ؟ یا شتێ‌ له‌ هاوكێشه‌ ده‌روونی و مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ بگۆڕیێت ؟ یان جێ‌ گۆڕكێ‌ به‌ شوێن وه‌همێكه‌و هه‌موو شوێنه‌كان وه‌ك یه‌كن بۆ خۆشه‌ویستی و ئارامی ؟ تۆ بڵێ‌ ی سوچێك هه‌بێت به‌ گۆڕانی شوێن كۆتایی به‌ گومان و نا ئارامی بێنێت ؟
یان ده‌گه‌یته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ نه‌خێر هه‌موو شوێنه‌كان وه‌ك یه‌كن مادام بنیاده‌م له‌سه‌ر هه‌ساره‌یه‌كا ده‌ژیت كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤ دایه‌
ده‌رهێنان:

هه‌ر شانۆكارێك بیه‌وێت كار له‌ سه‌ر شانۆگه‌رییه‌كانی (جۆن فۆسه‌) بكات، ئه‌وه‌ ده‌بێت پێشتر ئه‌و نووسه‌ره‌ شانۆكاره‌ نه‌رویجیه‌ بناسێت كه‌ به‌ جێگره‌وه‌ی ئه‌بسن ـ ناونراوه‌، به‌ هۆی لێك نزیك بوونه‌وه‌ی له‌ هونه‌ری (ئه‌بسن) و ( بیكیت ) و كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌وان له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیدا.
به‌ هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ( فۆسه‌) هه‌یه‌تی، ره‌نگه‌ بۆ ده‌رهێنه‌رێكی كوردی وه‌ك ( مه‌هدی حه‌سه‌ن ) كارێكی ئاسان نه‌بیت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ نیه‌، كه‌ ده‌رهێنه‌ره‌ كورده‌كان به‌هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی فۆسه‌ـ هه‌یه‌تی ، نه‌توانن خۆیان له‌ قه‌ره‌ی بده‌ن، بۆیه‌ خۆ لێدانی مه‌هدی له‌و به‌رهه‌مه‌، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی جیاوازه‌ و كارێكی ئاسایی نه‌بووه‌.

زۆربه‌ی شانۆگه‌رییه‌كانی (فۆسه‌) وه‌ك : پاڵتۆی زه‌رد، چه‌ترێك بۆ باران، خه‌ونی پایز، سۆزان ، به‌چه‌ندین زمانی جینهانیی له‌شانۆ ئه‌وروپیه‌كاندا نمایش كراون، مه‌هدی حه‌سه‌ن له‌ نێوان 30 ده‌قی شانۆیی ـ جۆن فۆسه‌ ـ شانۆیی ( كه‌سێك هه‌ر دێت ) ی ده‌ست نیشان كردووه‌، كه‌ فۆسه‌ـ ساڵی 1994 نووسیویه‌تی و یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و له‌ لایه‌ن ( هاوده‌م ساڵح جاف) له‌ نه‌رویجیه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی، ده‌رهێنه‌ر به‌ سێ‌ ئاراسته‌ كاری له‌ سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ كردووه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ كرۆكی به‌رجه‌سته‌ كردنی فه‌لسه‌فه‌ی نمایشه‌كه‌ : له‌وانه‌ :

1.موزیك :

ئه‌و فۆرمه‌ نمایشانه‌ی كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێو ئه‌تمۆسفیرێكی سایكۆلۆژی و ده‌روونی له‌ ترس و نیگه‌رانی و رارایی له‌ چه‌شنی ستایله‌كانی (بیكیت ) پێویستی زۆریان به‌ موزیك هه‌یه‌ بۆ گوزارشت كردن له‌ ناخی كاراكته‌ره‌كان و به‌رجه‌سته‌ كردنی رووداوه‌كان، واش باشتره‌ كه‌ موزیكی زیندوو تایبه‌ت به‌ نمایشه‌كه‌ هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ موزیك ژه‌نی درامی مان نیه‌، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت موزیك هاوشان بێت له‌گه‌ڵ ریتمی نمایشه‌كه‌، له‌و نمایشه‌دا موزیكێكی گونجاو له‌ گه‌ڵ ریتمی نمایش هه‌یه‌ كه‌ بۆته‌ ئه‌لته‌رناتیفی موزیكی زیندوو، بینه‌ر هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ موزیك كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌یه‌ به‌ جێ‌ هێشتووه‌ له‌ سه‌ر سینۆگرافیای نمایشه‌كه‌ .

2. تاریكی و رووناكی:

له‌ نمایشه‌كه‌دا شوێن له‌ گه‌ڵ زه‌مه‌ندا لێك گرێ‌ دراون، زه‌مه‌ن ئێستایه‌، ته‌ماشای چوار ده‌وری فه‌زای شانۆ بكه‌، هیچ دیكۆرێك نابینی جگه‌ له‌ باگ راوندێكی ره‌ش نه‌بێت ، كه‌ فه‌زای نمایش به‌ ره‌شی بنوێنێ‌ ، له‌ به‌ر دوو هۆ : یه‌كێییان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ وه‌ك بینه‌ر له‌وه‌ بگه‌یت كه‌ ره‌نگی ره‌ش ره‌نگی زه‌مه‌نێكی تاریكه‌ .
دووهه‌میان: فه‌زای ره‌ش ده‌توانێ‌ به‌رجه‌سته‌ی ره‌نگه‌كانی تر بكات و ئاوێزانی هه‌ر ره‌نگێكی تر بێت ، به‌ تایبه‌ت بۆ رووناكی سوورو شین و ئاوێته‌ بوونێكی هارمۆنی دروست بكات ..به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌و نمایشه‌ كه‌ تاریكی و رووناكی، دوو هێمای بنه‌ڕه‌تی ره‌نگه‌كانن بۆ دوو رووی جیاوازو دوو فه‌لسه‌فه‌ی دژ به‌ یه‌ك ، به‌ڵام تاریكی له‌م نمایشه‌دا زۆرینه‌ی فه‌زاو پانتایی نمایشه‌كه‌ی داگیر كردووه‌ و له‌ ئاستی سینۆگرافیاو ستاتیكای شانۆیی جوانتر كردووه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی دیمه‌نه‌كان، ئه‌وه‌تا ده‌سپێكی نمایش به‌ تاریكی ده‌ست پێ‌ ده‌كات و كۆتایی هاتنه‌كه‌شی به‌ تاریكی كۆتایی دێت .

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی گومان ساراپای نمایشه‌كه‌ی داپۆشییووه‌ ، هه‌میشه‌ پێویستیت به‌ تاریكی ده‌بێت، بۆ ده‌ربڕینی حاڵه‌ته‌كانی ترس و كڵپه‌ ده‌روونییه‌كان و سایكۆلۆژیه‌تی شوێن ، له‌ هه‌مان كاتیشدا حاله‌ته‌كانی ئارام بوونه‌وه‌ ، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ندێ‌ دیمه‌ندا ریتمی نواندن به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و كاراكته‌ره‌كان ده‌گه‌نه‌ پۆپه‌ی نیگه‌رانی و ترس و توڕه‌بوون و پیاوه‌كه‌و ژنه‌كه‌ بۆ خۆ رزگار كردن له‌و حاڵه‌ته‌ هیستیریییانه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئامێزی یه‌كتر ئه‌و ریتمه‌ خاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و حاڵه‌تێكی رۆمانسی دروست ده‌كه‌ن، دیسان ده‌رهێنه‌ر پێویستی به‌ تاریكی ده‌بێته‌وه‌ .
ده‌رهێنه‌ر بایه‌خێكی ئه‌وتۆی به‌ دیكۆر نه‌داوه‌،به‌ڵكو سه‌راپای فه‌زای شانۆی به‌ ره‌نگی ره‌ش داپۆشیووه‌، تیشك و سێبه‌ری به‌كار هێناوه‌، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ گۆشه‌گیر بوونی ئه‌و دوو كه‌سه‌ له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا، هه‌ردوو ئه‌كته‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ تاریكییه‌وه‌ دێن .

ئه‌كته‌ر :

ئه‌كته‌ر كرۆكی نمایشه‌كه‌یه‌و هه‌موو هیواكان به‌ توانست و ئه‌دای ئه‌كته‌ره‌وه‌ به‌ندن، ئه‌گه‌ر داینه‌مۆی نمایش كه‌ ئه‌كته‌ره‌ هاوسه‌نگ نه‌بێت له‌ گه‌ڵ ئه‌و چوارچیوه‌ ستاتیكییه‌ی بۆ ئه‌كته‌ر ئاماده‌ كراوه‌ ، ئه‌وه‌ هیچ له‌ ئامرازه‌كانی دیكه‌ی سینۆگرافیا ناتوانن ببن به‌ ئه‌لته‌رناتیلف بۆ ئه‌كته‌ر.
ده‌رهێنه‌ر به‌ ده‌ستپێكێكی دروست ده‌ستی پێكردووه‌ كه‌ سێ‌ ئه‌كته‌ری به‌ توانای ده‌ست نیشانكردووه‌ بۆ رۆڵی كاراكته‌ره‌كان كه‌ بریتین له‌
یوسف عوسمان ( فرۆشیاری خانوو) :
ئه‌كته‌رێكی خاوه‌ن ئه‌زموونه‌، ته‌مه‌نی ئه‌و و ئه‌و توانایه‌ی له‌ رووی نواندنه‌وه‌ هه‌یه‌تی، هه‌میشه‌ بوونه‌ته‌ یاریده‌ده‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنی له‌لایه‌ن زۆر له‌ ده‌رهێنه‌ره‌كان بۆ بینینی رۆڵی كاراكته‌ره‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كان، له‌م به‌رهه‌مه‌دا كه‌ كه‌سی سێه‌می نمایشه‌كه‌یه‌، رۆڵی ئه‌و پیاوه‌ خاوه‌ن خانووه‌ ده‌بینێت ، كه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌ری دروست كردنی گومان و دووبه‌ره‌كی نانه‌وه‌، بۆ روخاندنی خۆشه‌ویستی له‌ نێوان ژن و مێرده‌كه‌ سه‌رچاوه‌ی ترس و مردنه‌، ته‌نانه‌ت تا ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ دابێت ئه‌و كاراكته‌ره‌ وه‌ك ئه‌هریمه‌ن به‌ دوای تێكدان و ۆدروست كردنی گومان له‌ سه‌ر رۆحی مرۆڤایه‌تی دا هه‌ر ماوه‌و هه‌ر ده‌مێنێ‌ .

یوسف عوسمان ـ له‌ رووی ته‌مه‌نه‌وه‌ جیاوازییه‌كی زۆری هه‌بوو له‌ گه‌ڵ ژنه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی دروست كردنی په‌یوه‌ندییه‌كی سۆزداری له‌ گه‌ڵدا ببه‌ستێت، به‌ حوكمی پاره‌و سه‌رو سامان كه‌ زۆر جاران ده‌یوست بیكات به‌ كارتێك بۆ ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیه‌كه‌ له‌ كوڕه‌كه‌ بستێنته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، چونكه‌ ئه‌و پێی وابوو پاره‌ زۆر له‌ هاوكێشه‌كان ده‌گۆڕێت، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی خۆشه‌ویستی گه‌وره‌ بێت ، به‌ڵام ره‌نگه‌ له‌ زۆر حاڵه‌تدا نه‌بێته‌ ئه‌لته‌رناتیف بۆ دابین كردنی ژیانێكی ئارام و به‌خته‌وه‌ر، بۆیه‌ بینه‌ر وا هه‌ستی ده‌كرد خه‌ریكه‌ به‌ نه‌رمی نواندنی ئه‌م گومانه‌ ژنه‌كه‌ ببێته‌ ئه‌مری واقیع ، ئه‌گه‌رچی نه‌رمی نواندنه‌كه‌ی ژنه‌كه‌ زۆر لێكدانه‌وه‌ی جیا جیای بۆ ده‌كرێت .

چاوان خه‌لیل :

كه‌ به‌ داینه‌مۆی بنه‌ڕه‌تی نمایشه‌كه‌ ده‌هاته‌ به‌رچاو، به‌ ئه‌داو نواندنی بوێرانه‌و داهێنه‌رانه‌ی خۆی ، هه‌میشه‌ ریتمی نمایشه‌كه‌ی له‌سه‌ر شانی خۆی راگرتبوو، وه‌ك ئه‌كته‌رێك تێگه‌یشتوو له‌ كاراكته‌ره‌كه‌ی خۆی و رۆڵه‌كه‌ی ئازادییه‌كی ره‌های له‌ نواندندا به‌ خۆی به‌خشیبوو، بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر هه‌ست به‌ هیچ گرێیه‌ك نه‌كا له‌ به‌رجسته‌ كردنی نواندنه‌كه‌ی و دیمه‌نه‌كان تێر كات له‌ ستاتیكاو سینۆگرافیای شانۆیی به‌ جه‌سته‌و ئیلقاو ده‌نگ، چێژێكی زۆری به‌ بینه‌ر به‌خشی، به‌ تایبه‌ت له‌و شوێنانه‌ی كه‌ راجفرین و ترس و نیگه‌رانی لێ‌ ده‌كه‌وته‌وه‌ ، یا له‌ كاتی له‌ ئامێز گرتن و ئاوێزان بوونه‌ رۆحیه‌كان له‌ گه‌ڵ دلًَداره‌كه‌ی دا .
بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌موومان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌كرد، كه‌ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری ئافره‌ت به‌ چاوان ببه‌خشرێت ، كه‌ وا ده‌رنه‌چوو، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ لای بینه‌ر بوو كه‌ میدالی خۆشه‌ویستی به‌و ئه‌كته‌ره‌ داهێنه‌ره‌ به‌خشی كه‌ شایه‌سته‌ی زۆرتر بوو .

دلشاد شه‌هاب:

ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بۆ (دلشاد)* ده‌رفه‌تێكی له‌ بار بوو، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو توانستێكی خۆی وه‌ك ئه‌كته‌ر نیشان بدا، ئه‌گه‌رچی كارێكی سه‌خت بوو بۆ ئه‌و له‌ته‌ك ئه‌و توانسته‌ فره‌ جه‌مسه‌ره‌ی (چاوان) بتوانێت خۆی رابگرێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌ك هه‌ر توانی هاوسه‌نگییه‌كه‌ رابگرێت، به‌ڵكو تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خۆی به‌ كاراكته‌ره‌كه‌ی به‌خشی بوو، به‌شدار بوونێكی دیاری كرد، له‌ چێژ وه‌رگرتن و تێر كردنی سینۆگرافیای نمایشه‌كه‌ .




شانۆی ئاواتە مەزنەکانی دیکنز … ھۆزار ئەحمەد

بێژەر فەرموون لەگەڵ کورتەی ھەواڵەکان:-
– تەقینەوەیەک لە پارێزگای کەرکوک ڕوویدا سێ کەس شەھید بوون و پێنج کەسیش برینداربوون ..”دیمەنی یەکەم”
– تەقینەوەیەکی تر لە پارێزگای دیالە ڕوویدا، شەش کەس کوژران و دەکەسی تر بریندر بوون..”دیمەنی دووەم”
-زیاتر لە سی ھەزار گەنجی بێکار ھەن، کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن..”دیمەنی سێیەم”
-شەوی ڕابردوو شاجوانی ساڵ ھەڵبژێردرا…”دیمەنی چوارەم”
-بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتوانی بازاڕی لەنگەی ھەولێر، کە سێ ڕۆژ بەر لە ئیستا بەھۆی شۆرتی کارەباوە گڕی گرت، وتەبێژی حوکومەت ڕایگەیاند:- پێویستە زیانمەندان بە گرێبەست قەرەبوو بکرێنەوە…”دیمەنی پێنجەم”
– ھەر ئەمڕۆ وتەبێژی حوکمەت ڕایگەیاند، حوکمەتی ھەرێم بە جدی بیر لە کارەبای ٢٤ سەعاتی دەک…. “دیمەنی شەشەم”
کارەبا دەبڕێت.
لاوەکە: نەفرەت!
ڕادیۆکەی دادەگیرسێنێت:-
ئیزگەی یەکەم:- بڕۆن بڕۆن ئێوە دۆڕان… بڕۆ بنو لەسەر سینگی برادەر…”گۆرانی”
لاوەکە:- کامە برادەر!
ئیزگەی دووەم:-
بگەڕێوە بۆ کوێ دەڕۆییت، لەکوێ ھەوارت ھەڵدەدەیت..”گۆرانی”
لاوەکە: لە ژووری بازرگانی!
ئیزگەی سێیەم:-
ئەی جەماوەری بەشەڕەف، ھەونیشتیمانیان لەپێناو ئاسایش و ھێمنی، دەنگ بدەن بە لیستی ٧٣٠..”ڕیکلام”
ڕێژنەی دەنگەیلێک، ھاوسەدای قڕەقڕ، ھەتڕەشی لێ برد، لێ ھەر زوو مەدھۆشی نەما و لەبەر خۆیەوە گووتی:- لە بیرم کرد ئێرە نیشتیمانی منە…!
ئیزگەی چوارەم:- ئەو کاتەتان باش، من کاندیدی ژمارە یەکم، لەسەر لیستی عەدالەت، ناوم یاسایە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسم ھەیە لە یاسا و ماستەر لە مافەکانی مرۆڤ و دکتۆرا لەھەمان بەش، چەندین وۆرکشۆپم ئەنجامداون، چەندین وەڵات گەڕاوم بۆ لێکۆڵینەوە، لە سروشتی دادگاکانیان و مافی مرۆڤ لە وەڵاتەکانیان، بۆ ئەم مەبەستە زیاتر لە پازدە کتێبم ھەن، بۆ ئەوەی ببن خاوەن مافی خۆتان، متمانەم پێ ببەخشن، ئەگەر دەتانەوێ دادگا ببێتە دادگای خەڵک، دەنگ لە ئێوە و خزمەت لە ئێمە، دەنگ بدەن بە لیستی ٧٣٠، دەنگەکانتان پارێزراوە ئەی جەماوەری بەشەڕەف…
دەنگی ئەم جارە لە دەرگاوە ھات، گەنجەکە دەڵێ من دەرگا دەکەمەوە، کیلۆنی دەرگاکە ڕادەکێشێ، ئوتومبێڵێک لە خێزانی فۆرت، لەبەر دەرگا وەستاوە، یەک لە پۆلیسەکان:-
دەکرێ تا ئێرە بێیت.
چوویە پێش، کەلەپچەیان کرد و خستیانە نێو ئوتومبێڵەکە.
پۆلیسی یەکەم:- ھاھاھا بەخوا چاک فێڵمان لە قانون کرد.
پۆلیسی دووەم:- ئەی چۆن ئەگەر نەھاتبایە دەرەوە نەماندەتوانی لە نێو ماڵەکەی قۆڵبەستی بکەین ھاھاھا
پۆلیسی سێیەم:- من دڵنیام ئەو خەڵاتەی بەڕێوبەری پۆلیس سێ وەرقە دۆلارە دڵنیام..
لاوەکە:- تکایە لێرە چ باسە یەکێکتان پێم بڵێن بۆ دەستگیرتان کردووم، من چیم کردووە!!
پۆلیسەکان بەیەکەوە:- ھاھاھا
پۆلیسی یەکەم:- سەیری بکە ھێشتا دەڵێ چیم کردووە، دەزانی تا ئیستا چەند کەس بریندار بووە؟ چەند کەس کەوتوەتە نێو مەزرا؟ بێدەنگ بە، لە بنکە بەرگری لە خۆت بکە…
پۆلیسی یەکەم:- گەورەم ئەوە ھەمان ئەو کەسەیە، کە سەرەمەزراکانی ھەولێری دزیبوو.
زاپتی پۆلیس:- دەتوانی بڕۆیت، ئەتۆش دانیشە.
– ناوت چیە؟
-ئومێد.
– دەخوێنیت؟
-خوێندنم تەواو کردووە.
– چی بەشێک؟
– بەشی یاسا.
– ئێ باشە دزەکەمان شارەزایی یاسایە. ئەی باوکت چ کارەیە؟
– پێشمەرگەیە.
– پێشمەرگەی کێیە؟
– پێشمەرگەی سنوورە.
-ڕەنگ دەڵێم ھەی کەرە..
– گەورەم دەترسم..
-لەچی دەترسی؟
-لە قسەی ھەڵە..
– شەرم ناکەی باوکت پارێزگاری لە تۆ و نیشتیمان دەکا، ئەتۆش خەریکی دزی لە نیشتیمان دەکەیت؟! سەرەمەزراکانت بۆ چی بوون؟
– وەکوو ئاسن دەمفرۆشتنەوە.
– بە کیلۆ؟
– بەڵێ.
– کیلۆی بەچەندە؟
– ١٠٠ دینار.
– بۆ مردوون لە برسان؟
– گەورەم برسیمانە..
– قسەی قۆڕ ئەمڕۆ کەس لە برسان نەمردووە،
-ئەی بۆ کاری پارێزەری ناکەیت؟
-نازانم تاوانبار کێیە و تاوان چیە؟!
-فەلسەفەی حیز.. دیار دزیت پێ باشترە لە ناساندنی تاوانبار؟!
-ئاخر لە دزی دڵنیام…
– چیتر قسەی قۆڕ مەکە.. بەھەرحاڵ ئێمە دەبێ ئەو فایلە بنێرینە دادگا، لەبەر ئەوەی بڕیاری دەسگتیرکردنی سەرەمەزرا دزەکە، لەسەرووی دەسەڵاتی ئێمەوەیە.
دووای شەش مانگ.
ئومێد نیگا و ھزری، مژویڵی سەر شاشەی موبایلەکەیتی، ئەکاونتی فەیسبوکەکەی کردوەتەوە.
یەکەم بڵاوکراوە:- ژنێ کورژراوە، دوایی ئەوەی نەیویست لە دادگای بەرایی ھەولێر ئامادەبێ، تاوەکو ڕەزامەندی بدا، کە ژنی دووەم بێتە ماڵەکەی.
دووەم بڵاوکراوە:- دوو بنەماڵە لە دامێنی یەک لە چیاکانی کوردستان، لەسەر پارچەیەک زەوی، بوو بە شەڕیان، شەش کەس لە ھەردوولایەن کوژراون، ئەمە ھەفتەی ڕابردوو بوو، تاوەکوو ئیستا پۆلیس ھیچ کام لە پازدە کەسی داوالێکراوی دەستگیر نەکردووە.
سێیەم بڵاو کراوە:- مەھزەلەی سیاسەت لێرەیە، ١٦٠ ڕۆژ بەسەر ھەڵبژاردن تێپەڕیوە، تا ئیستا حوکمەت پێکنەھاتووە.
موبایلەکە دوای تێڕامانێکی کورت، دەخاتە سەر بڵاوکراوەی شەوی ڕابردووی وێنەیەکی لە پاڕکی شار چرکاندووە.
کۆمێنتەکان: خۆشبەخت بی، تەمەن درێژ بی، زۆر جوانە، ھەر سەرکەوتووبی، پڕ تەمەن بی….
زەنگی تەلەفۆن لێدەدا:-
تەلەفۆن: لە بەر دەرگام دەچینەوە شوێنی مەبەست.
ئومێد:- ھەر ئیستا.
شەقامی ئیسکان تەراتێن دەکەن، دوو چا لەگەڵ چارەگێک گوڵەبەڕۆژە شەویان بۆ دەکاتەوە، ئەوان ھیچ نالێن تەنیا دەبێت چەند ڕەمزێک بەکار بێنن، لە حیوارەکانیان، وەک کابرا، بەداخەوە فلان کەس، کلاوت بگرە، کێ گوو بە کلاومان دەپێوی، باشترە حیز بین تا سەلامەت بین دوایی لە تڕی سەی دەچین…
دوای بەڕێکردنەوەی شەوەکەیان، ئومێد جوزدانەکەی دەردێنێت ھەزار دینارەکەی نێوی دەدات بە چایچی، بەحەسرەتێ دەڵێ:- ئەمەش تەواو بوو!
کاتژمێر یەکی شەوە، مەفرەزەی ئاسایشی شار لەسەر ڕێگان.
ئەفسەر:- کوا ناسنامەکانتان؟
ئومێد:- ھەویەم ساڵێکە لەمامەڵەی دامەزراندنە.
ئەفسەر :- لۆ کاکە ئێرە کوێیە بێ ھەویە دەسوڕێیتەوە لەو کاتەشدا!
ئومێد:- ئەی منیش ھاوشاری نیم!
ئەفسەر:- زۆری مەڕێسە، کێ دەزانێت چیتان لە ھەگبەیە بەم شەوە زەنگە!
دەیکوتن و دەیشێلن.
ئومێد:- بۆ لێمدەدەن؟ تکایە!
ئەفسەرەکە:- لەبەر ئاسایشی شار.
ھاوڕێکەی : ئەمشەو باشتر دەنوی؟
ئومێد: بەڵێ زۆر ماندووم.
کاتژمێر دووی شەوە، لەتاو ئازار جنێو بەکات و خەو و خۆی و پیرۆزیەکان دەدا، دوای کەمێک دەخەوێت.
کاتژمێر دەی بەیانی لەگەڵ زەنگی تەلەفۆن لە خەو ڕادەبێت..
ئومێد:- بەلێ؟
تەلەفۆن:- بەڕێزم ئەو سیڤیەی پڕت کردۆتەوە، چوارەم زمانت کە تورکیە لاوازیت، وە بڕوانامەکەشت قانونە، بەڕێوەبەرەکەمان نایەوێ ووشەی قانون ببیستێ لەبەر باج.
دوای خواردنی نانی نیوەڕۆ، دەچێتە پاڕکی وەفایی. ئاواتە مەزنەکانی چارلس دیکنز، دوا دێڕەکان دەخوێنێتەوە :-
” پیپ: چم لەدەست دەھات، جگە لەوەی بەدوایدا بڕۆم پێی نیشانبدەم کە سەرشۆر و شەرمەزار گەڕاومەتەوە، بۆ لای ئەو، بەلێ دەبوو بۆلای بیدیش بگەڕێمەوە، پێی بلێم ئەو ھەستە گەرموو گوڕەی ڕۆژگارێ بۆ ئاواتەکانم ھەمبوون، ئەمڕۆ ھەمووی بەباچوون!!”
بۆ تاوێک داما، نەیدەزانی بیر لەچی بکاتەوە، سەیری گەڵا چنارەکانی نێو پاڕکی وەفایی دەکرد، کە لەگەڵ سیرکە و ھاشوھوشی بایەکە، خۆیان دەکێشا بەیەکتر، پاڕکی جێھێشت.
لەشەقامەکەی بەردەم پاڕکەکە وەستا، لەگەڵ زرینگەی مەسنجەری موبایلەکەی ھات، خوێندیەوە:-
” من چیم ئەویست لە نیشتیمان
جگە لەنانێک و کونجێکی دڵنیایی و گیرفانێکی بەحورمەت.
مشتێ ھەتاوی ئارام و بارانێکی خۆشەویستی،
پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادی و عەشقم باتێ!
من چیم ئەویست و لەوە زیاتر نەیدامێ..
بۆیە ئیتر نیوەڕۆیەک دەروازەیەکم شکاند و چوومە دەرێ..
بە ئێجگاری چوومە دەرێ…!*
سەیری ئاسمانی کرد، ھیچی نەبینی جگە قوڵاییەک بەڕەنگی زەریاکان، بێ ئەوەی لە ڕاست و چەپی بنواڕێ، پەڕیەوە، چەند مەترێ دوور لە شۆستەکە سەیارەیەک دەیپلیشێنێتەوە، ئاواتە مەزنەکان، دوور لە جەستەی کەوتە ژێر ڕەفیسکەکە، خوێن لە ھەموو گیانی فیشقە دەکات، ئوتومبێلە جامڕەشەکە تێیدەقوچێنێت، بۆ ماوەی چارەگە سەعاتێک کەوتن، لەشەقامەکە دەیان وێنە چرکێنرا، ھەر ئەو دەمی بڵاودەکرانەوە، گوایە گەنجێک لەناوەڕاستی شار سەیارە پێیدا کێشاوە، کەس نایەتە فریایی، ئاخری شوفێری تاکسیەک ڕایدەگرێ و دەیبات بۆ نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا، ژووری بەرکەوتنەکان.
شوفێرەکە، لە دڵی خۆیدا دەیگوت:- خودا بەڵکو دەروازەیەکی خێرم لۆ بکەیتەوە.
پۆلیس: بیگرن.
ئومێد ھێشتا گیانی دەدا، کە سایەق تەکسیان قۆڵبەست کرد، پێش ئەوەی ئیحالەی ژووری بەرکەوتنەکانی بکەن، ئومێد گیانی سپارد.
شوفێری تەکسیەکە بەھۆی نەبوونی شاھێد دوای دوومانگ دادگایی کردن، بە حوکمی حەپس زیاتر لەسێ سال گیرا.
تەرمەکە ھەفتەیەک لە نەخۆشخانە مایەوە، بەھۆی نەبوونی بەلگە لەسەر ئەوەی ئومێد چیە و کێیە!
ئاواتە مەزنەکان، چەند ھەفتەیەک دوواتر زبڵ ڕێژێکی پیر و ماندوو، پەڕەکانی ھەڵدەدایەوە، چەند جارێک ھەڵگێڕ و وەرگێری کرد، پێدەچوو بە دوای وێنەدا بگەڕێ، دواتر خستیە نێو عەرەبانەکەی، دەستەسڕەکی لە گیرفانی دەرھێنا و تەوێلی پێ سڕیەوە، عەڕەبانەکی پاڵدا و بەردەوام بوو لە گەڕان.

* بەشێک لە قەسیدەی” ئیستا کچێک نیشتیمانمە” نوسینی شێرکۆ بێکەس، لەگەڵ گۆڕینی ووشەی نیوەشەو بۆ نیوەڕۆ.




ئه‌گۆستۆ بوال و شانۆی شه‌قام …. ئاراز عه‌بدولڕه‌حمان

ئه‌ڵبه‌ته‌ قسه‌ كردن له‌سه‌ر ئه‌گۆستۆ بوال ئه‌كرێت قسه‌ له‌سه‌ر شانۆی چه‌وساوه‌كان بكه‌ین كه‌ ئه‌زمونێكی نوێی شانۆییه‌ و ده‌رهێنه‌ری به‌رازیلی ئه‌گۆستۆ بوال دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م جۆره‌ ئه‌زمونه‌یه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ته‌رح ده‌كات و له‌گه‌ڵ بینه‌ر كه‌ ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كیه‌ له‌ كاره‌ شانۆییه‌كه‌ گفتوگۆی ته‌واوی له‌سه‌ر ده‌كرێت، پاڵپشت به‌ نمایشی كورت و گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌و كێشانه‌ كه‌ بینه‌ر به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ری ده‌بێت له‌م گفتوگۆیانه‌دا كه‌ بوال پێیوایه‌ ئه‌و جۆره‌ گفتوگۆیانه‌ دروستكه‌ری هۆشیارییه‌ له‌ هزری بینه‌ردا، هه‌روه‌ها بوال هاوشانی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چالاكوانێكی سیاسی بوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ شانۆییه‌كانیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ته‌واوی هه‌بووه‌ كه‌ هه‌وڵی داوه‌ شانۆ وه‌ك شۆڕێك به‌كاربهێنێت به‌تایبه‌ت كاتێك پێش هه‌ڵهاتنی له‌ به‌ڕازیل و له‌ ژێر حوكمی دكتاتۆری له‌و وڵاته‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی بیری چه‌پی هه‌بووه‌ بۆیه‌ زۆرینه‌ی ئه‌زمونه‌كانی كاریگه‌ربوه‌ به‌ تیۆریه‌كانی ماركس بۆ دنیای سه‌رمایه‌داری و چینی كرێكاران و چه‌وساوه‌كان بۆیه‌ ئه‌گۆستۆ بوال ئه‌ڵێت ” ئه‌گه‌ر شانۆییه‌كانم به‌مانایه‌كی ته‌واو شۆڕش نه‌بێت به‌لای كه‌مه‌وه‌ بینه‌ر هانده‌دات بۆ شۆڕش” وه‌ هه‌موو ئه‌م كاره‌ شانۆییانه‌ی بوال له‌نێو چینی چه‌وساوه‌كاندا و له‌ بازاڕو كوچه‌و كۆڵانه‌كان و له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژار نشینه‌كاندا نمایش كراون ئه‌ویش زیاتر بۆ دروست كردنی ڕای گشتی له‌سه‌ر كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان..
كاتێك ده‌ستوه‌ردانه‌كانی وڵاته‌یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له‌ كۆتایی شه‌سته‌كاندا له‌ ئه‌مریكای لاتین و پاڵپشتی سیستمه‌ دیكتاتۆریه‌كان له‌و وڵاتانه‌دا بۆ په‌ره‌دان به‌سیستمی سه‌رمایه‌داری كاریگه‌ریه‌كی زۆر له‌ هزری بوال دا دائه‌نێت كاتێك سیناتۆری ئه‌مریكی باری گوڵدوته‌ر ئه‌ڵێت “دنیایی سه‌رمایه‌داری پێویستیه‌كی زۆری به‌ هه‌ژارانه‌ چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌بێته‌ هۆی كارئاسانی سه‌باره‌ت به‌ پێدانی موچه‌كانیان و شوێنی كاركردنیان له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ له‌وه‌ ئه‌ترسن كاره‌كانیان له‌ده‌ست بده‌ن بۆیه‌ سازشی زۆر بۆ خاوه‌ن كاره‌كانیان ده‌كه‌ن” ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بیرو بۆچون و هۆكارانه‌ی كه‌ بوال ئه‌یه‌وێت هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكات له‌سه‌ری و دژ به‌م سیستمه‌ كاربكات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌بێت له‌ كاره‌كانیدا بۆیه‌ شانۆ ده‌كات به‌ بڵندگۆیه‌ك بۆ ته‌رح كردنی گیروگرفتی چینی كرێكاران و چه‌وساوه‌كان وه‌ دروست كردنی ڕای گشتی سیاسی له‌ نێویاندا وه‌ پاش ناچاركردنی به‌هه‌ڵهاتن له‌ وڵات و ڕوو له‌ ئه‌وروپا ده‌كات و زیاتر په‌ره‌ به‌ ئه‌زمونه‌كه‌ی ده‌دات وه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌شی له‌ ساڵ 1986 بۆ به‌ڕازیل 19 ناوه‌ندی شانۆیی داده‌مزرێنێت و به‌شدارییه‌كی كارای ده‌بێت له‌ پرسه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا كاریگه‌ری شانۆییه‌كانی به‌جۆرێك ده‌بێت كه‌ ئه‌م گه‌وره‌ ده‌رهێنه‌ره‌ به‌ره‌و ئه‌ندامێتی پارله‌مانی وڵاته‌كه‌ی له‌نێو شه‌ش ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراوی پارتی كرێكاراندا ئاڕاسته‌ ده‌كات ساڵی 1993 ئه‌بێت به‌ ئه‌ندامی پارله‌مان كه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی كاریگه‌ری شانۆییه‌كانیه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ له‌نێو شه‌قامه‌كان و گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژار نشینه‌كانی ڕیۆدی جانیرۆ نمایشی كردوون.

بۆ ئه‌وه‌ی شانۆ كاریگه‌ری زیاتر و خێراتر له‌سه‌ر پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان دابنێت ئه‌گۆستۆ بوال ته‌كنیكی نوێی له‌ شانۆدا به‌كارهێنا كه‌ شانۆی له‌ شێوه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌ی هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ نێو چینه‌ جیاجیاكان و له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كاندا به‌ ته‌كینیكێكی نوێ نمایش كرد وه‌ چیتر لێنه‌گه‌ڕا بینه‌ر ده‌ورێكی نێگه‌تیڤی هه‌بێت ته‌نها بینه‌ربێت و هیچی تر، ئه‌وانی كرد به‌ ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی له‌ كاره‌ شانۆییه‌كانیدا و ده‌وری كاریگه‌ر و سه‌ره‌كی پێبه‌خشین وه‌ داینه‌میكێتی به‌شانۆییه‌كانی به‌خشی كه‌ به‌رده‌وام له‌ جوڵه‌ی نوێ و هزری نوێ و كاریگه‌ردا بێت كه‌ ئه‌ویش ئه‌زمونی فۆریوم تیاته‌ر بوو واته‌ شانۆی كردبوو به‌ سه‌كۆیه‌ك بۆ گفتوگۆكردنی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ته‌واوی پرسه‌كان بۆیه‌ هه‌میشه‌ بینه‌ر به‌ بیر و هزری نوێ ئاماده‌گیه‌كی به‌رده‌وامیان له‌ كاره‌كاندا هه‌بوو، بوال پێیوایه‌ به‌پێی تیۆری ئه‌ره‌ستۆ بینه‌ر به‌ته‌واوی ته‌سلیمی كاره‌كته‌ری درامی ده‌بێت ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ درامییه‌ له‌بری ئه‌وان بیرده‌كاته‌وه‌ و له‌بری ئه‌وان بڕیار ده‌دات و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كات، وه‌ به‌پێی تیۆری برێخت به‌هه‌مان شێوه‌ بینه‌ر له‌ شانۆییه‌كاندا ته‌سلیمی كاره‌كته‌ری درامی ده‌بێت به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك ڕێگه‌ ده‌درێت بینه‌ر بیر له‌و كێشانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ته‌رح ده‌كرێن وه‌ هه‌ندێك جار بیركردنه‌وه‌ی بینه‌ر هاوته‌ریب نابێت به‌ بیركردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ری درامی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا، وه‌ ئه‌مه‌ له‌ شانۆی چه‌وساوه‌كان دا به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌یه‌ بینه‌ر له‌م جۆره‌ شانۆییانه‌دا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه‌ بۆ كاره‌كته‌ری درامی به‌ڵكو ڕوبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه‌ و خۆی هه‌ڵده‌سێت به‌ گێڕانی ڕۆڵی سه‌ره‌كی وه‌ زۆربه‌ی كات مه‌جرای شانۆكه‌ ده‌گۆڕێت و به‌ بۆچونی خۆی كێشه‌ درامییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌بینین ئامانجی بوال له‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ بینه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ئازادانه‌ به‌بێ هیچ به‌ربه‌ستێك ته‌عبیر له‌ بیرو بۆچونی خۆیان بكه‌ن كه‌ دواجار ئه‌مه‌ ده‌بێت به‌هۆكارێك بۆ دروست كردنی ڕای گشتی له‌سه‌ر پرسه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، وه‌ هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی شانۆی بوال شانۆی ده‌رمانییه‌ كه‌ دواجار لیڤی مۆرینۆ كه‌ كاریگه‌ره‌ به‌ ئه‌فكاری فرۆید ناوی لێده‌نێت سایكۆدراما كه‌ شانۆ وه‌ك چاره‌سه‌رێك به‌كارده‌هێنرێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ته‌وشی شۆكی ده‌رونی هاتون یاخود ئه‌و مناڵانه‌ی كه‌ ڕوبه‌ڕوی توندوتیژی بونه‌ته‌وه‌ وه‌یان ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ ئالوده‌ن به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر و چه‌ندین جۆری تری نه‌خۆشی ده‌رونی كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌كنیك و شێوازی خۆی هه‌یه‌.

ده‌كرێت ئه‌م ئه‌زمونانه‌ی بوال ببه‌ستینه‌وه‌ به‌و ئه‌زمونانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ كوردستان دا به‌شێوه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك كه‌م له‌ شانۆی شه‌قام دا به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێت به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی زیاتر گرنگی به‌م بواره‌ بدرێت چونكه‌ كوردستان هه‌ڵگری چه‌ندین ده‌ردی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابورییه‌..وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ كوردستان گرنگیه‌كی تایبه‌ت به‌ شانۆی شه‌قام یاخود نمایش كردنی شانۆ له‌ پانتایی كراوه‌دا ده‌درێت ناكرێت شانۆكاران ئه‌گۆستۆ بوال و ته‌كنیكی شانۆكانی له‌به‌رچاو نه‌گرن كه‌ بێگومان ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ته‌واوی ده‌بێت له‌سه‌رخستنی كاره‌كانیان به‌ ئامانجی دروستكردنی كاریگه‌ری زیاتر له‌سه‌ر بینه‌ر چونكه‌ كاره‌كانی بوال له‌ شه‌قامه‌كان و له‌ نێو چین و توێژه‌ جیاجیاكان به‌تایبه‌ت چینی چه‌وساوه‌كاندا نمایش كراون.

————————
سه‌رچاوه‌:

• العاب للممپلین وغیر الممپلین.. أغوستو بوال.. ترجمه‌ ولید ابوبكر
• عقیده‌ الصدمه‌.. نعومی كلاین.. ترجمه‌ نادین خوری
• المسرح والتغیر الاجتماعی فی جنوب السودان (دراسه‌ فی تقنیات مسرح المقهورین).. مایكل نصر عمیره‌.. مجله‌ العلوم الانسانیه‌.. مجلد 17 (3) 2016
• ویكوبیدیا




گوێچكه‌كانم قسه‌ ده‌كه‌ن ..منیش ده‌یانخوێنمه‌وه‌ … حه‌یده‌رعه‌بدولڕه‌حمان

ئه‌گه‌ر بته‌وێ‌ بخزێیته‌ ناو نمایشه‌كه‌ی ( كارۆخ ئیبراهیم ـ گوێچكه‌كانم قسه‌ ده‌كه‌ن) كه‌ دوێنێ‌ ئێواره‌ له‌چوارچیوه‌ی فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی شانۆ له‌ هه‌ولێر ـ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێ‌ ی فیستیڤاڵه‌كه‌ نمایش كرا، ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ دوو جه‌مسه‌ره‌وه‌ بیخوێنیته‌وه‌، یه‌كێكییان روونكردنه‌وه‌و شیته‌ڵ كردنی فه‌لسه‌فه‌ی نمایشه‌كه‌ و كاراكته‌رو باگ راونده‌كانی، كه‌ نیوه‌ی پانتایی نمایشه‌كه‌یان گرتۆته‌وه‌ ، نیوه‌كه‌ی تریشیان ئامرازه‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌رهێنه‌ر، له‌ رووی ستایلی ده‌رهێنان و ئه‌كته‌رو سینۆگرافیا به‌ موزیك و دیكۆرو ده‌نگ و ئامرازه‌كانی دیكه‌یه‌وه‌ ، پرسیاری ئه‌وه‌ش بكه‌ین ئاخۆ ده‌رهێنه‌ر چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ هاوسه‌نگ راگرتنی هه‌ر دوو ته‌وه‌رو ئاوێته‌ بوونیان وه‌ك دوو جه‌مسه‌ری هارمۆنی بۆ راگرتنی بالانسی تمایشه‌كه‌،.

كارۆخ ئیبراهیم یه‌كێكه‌ له‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی هه‌میشه‌ پشت به‌ خۆی ده‌به‌ستێت بۆ نووسینی تێكسته‌كانی ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئامانجیه‌تی له‌ به‌رجه‌سته‌ كردنی ئه‌و وێنانه‌ی له‌ خه‌یاڵی دایه‌، تێكست نه‌بێته‌ به‌ربه‌ست له‌ دروست كردن و گه‌یاندنی ئه‌و وێنانه‌، به‌ڵام ئاخۆ كارۆخ ئه‌وه‌نده‌ی له‌ رووی هونه‌ری ده‌رهێنانه‌وه‌ ده‌ست رۆیشتووه‌، ئه‌وه‌نده‌ش له‌ بواری نووسینی ده‌ق دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت ؟ ئه‌مه‌ هه‌رگیز مه‌رج نیه‌، چونكه‌ زۆرینه‌ی شانۆكارانی دنیا له‌ بواری نووسین دا پشت به‌ ده‌قی نووسه‌ره‌ شانۆكاره‌كان ده‌نووسن، تێڕوانینی خۆیان وه‌ك نووسه‌ری دووه‌م، له‌ سه‌ر ئه‌و ده‌قانه‌ بونیات ده‌نێن هه‌ر یه‌كه‌و به‌ قه‌د پسپۆری خۆی له‌ بواره‌كه‌دا
ئه‌وه‌تا زۆر جاران نمایشی جوان هه‌بووه‌ له‌ رووی ده‌رهێنانه‌وه‌، به‌ڵام له‌ به‌ر ده‌ست كورتی ده‌رهێنه‌ر له‌ نووسینی تێكست دا، بوونه‌ته‌ هۆكار بۆ روخاندنی نمایش به‌ تێكڕایی ، من به‌ قه‌د ئه‌و به‌دواداچوونه‌ی له‌ گه‌ڵ كارۆخ و شانۆگه‌ریه‌كانی هه‌م بووه‌، هه‌ستم به‌ بۆشاییه‌ك كردووه‌ له‌و بواره‌داو هه‌میشه‌ گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ كه‌ كارۆخ خۆی تێكسته‌كانی خۆی نه‌نووسێ‌ و به‌ دوای ئه‌و تێكستانه‌دا بگه‌ڕێت، كه‌ بۆی هه‌یه‌ نمایش تێر بكه‌ن له‌ پێكهاته‌كانی خۆیاندا.

ئه‌و له‌و به‌رهه‌مه‌شدا، كێشه‌ی تێكستی هه‌یه‌ و له‌ ده‌وری ئامانج و فه‌لسه‌فه‌یه‌كدا خول ده‌خواته‌وه‌ ،تێیدا روو به‌ رووی حاڵه‌تێكی ئاڵۆزی ئه‌وتۆ ده‌بێته‌وه‌ ، كه‌ نه‌توانێ‌ ئامانجه‌كانی خۆی وه‌ك پێویست بپێكێنێ‌ ، كۆمه‌ڵێ‌ بابه‌تی گه‌وره‌ی تێكه‌ڵ یه‌كتر كردووه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ی پێ‌ پڕ كات ، كه‌چی چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵی پڕ كردنی ده‌قه‌كه‌ی داوه‌، ئه‌وه‌نده‌ له‌ به‌های سه‌ره‌كی ئامانج و فه‌لسه‌فه‌ی ده‌قه‌كه‌ی كه‌متر كردۆته‌وه‌ .

ئه‌و هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات له‌(گوێچكه‌كانم قسه‌ ده‌كه‌ن ) فه‌لسه‌فه‌ی نمایشه‌كه‌ی په‌یوه‌ست كات به‌ رابووردووه‌ تاڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی، به‌ هه‌موو ئه‌و روداوو كاره‌ساتانه‌ی به‌ سه‌ریدا تێپه‌ڕیون، تا ده‌گاته‌ روداوه‌ نوێ‌ كانی سه‌رده‌م، له‌ تراژیدیا پڕ له‌ مه‌رگه‌ساته‌كانی داعشه‌وه‌ ، تا ده‌گاته‌ رۆژه‌ ره‌شه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ له‌ بابه‌تدا له‌ سه‌ر حیسابی سه‌رلێ‌ شێوانی بینه‌ر و ماندوو كردنی بووه‌ له‌ تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فه‌ی نمایشه‌كه‌ی .

ده‌رهێنه‌ر سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دێر زه‌مانێكی دووری باوكو باپیرانی و نه‌فره‌ت له‌و كولتووره‌ ده‌كات ، كه‌ ئه‌وان و نه‌وه‌كانی دوای ئه‌وانیش فرچكییان پێوه‌ گرتووه‌و پشتاو پشت وه‌ك كولتوورێك بۆ نه‌وه‌كانی دوای خۆیانیان به‌ جێ‌ هێشتووه‌، بۆیه‌ هه‌ر سه‌ندوقێك له‌و مێژووه‌ به‌جێ‌ ماوه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌، كتێبێك ، به‌ردێك ، ژه‌هرێكی تێدایه‌ ، پڕیه‌تی له‌ نهێنی و هه‌ر یه‌ك له‌وان ده‌لالاتی تایبه‌تی خۆیان به‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرن، له‌وانه‌ش ئه‌و دوانزه‌ كتێبه‌ی ی باوكی كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌و كتێبانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مێك و باس له‌ مه‌رگه‌ ساتێك له‌ مه‌رگه‌ ساته‌كانی مێژووی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ن.

ته‌ماشای دیكۆرو ته‌خته‌ ره‌شه‌كه‌ی شانۆ بكه‌، كه‌سه‌راپای ره‌نگێكی ره‌ش قه‌ترانیه‌و گوزارشت له‌ زه‌مه‌نێكی پڕ له‌ ره‌شبینی و نیگه‌رانی و ماته‌مینی ده‌كه‌ن ، كه‌ سه‌راپای شانۆی ته‌نیووه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و زه‌مه‌نه‌ ره‌شه‌یه‌ كه‌ كاراكته‌ره‌كانی تێیدا ده‌ژین، ئه‌و تابلۆ گه‌وره‌ پڕ له‌ سه‌ندوقانه‌ ببینه‌، كه‌ هه‌ر سه‌ندوقه‌و ببینه‌، كه‌ به‌ ده‌یان له‌مبه‌رو ئه‌و به‌ر به‌ دوو گوێ‌ ی لای راست و لای چه‌پی شانۆدا نه‌خشێندراوه‌، ئه‌وانی تر سكێچی سه‌رچاوه‌كانی ده‌نگن كه‌ سه‌رچاوه‌ی ژاوه‌ ژاوو هاوارو ده‌نگه‌ خنكێندراوه‌كانن.
كه‌ شانۆ ده‌كرێته‌وه‌ راسته‌وخۆ دوو كاراكته‌ری سه‌ره‌كی له‌ سه‌ر شانۆدا ده‌بیندرێن ، ژنێك و مێردێك ( سێبه‌ر ئیبراهیم ـ گۆران ساڵح ) پیاوه‌كه‌ كه‌سێكی گه‌نج له‌ رواڵه‌تدا، به‌ڵام ئایین په‌روه‌رو، خوێنده‌وار له‌ ناوه‌رۆكدا، پابه‌ند به‌ عه‌قلیه‌ت و بیرو باوه‌ڕی كۆنی باوكو باپیرانی، هه‌میشه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كێشه‌كانی پشت به‌و كتێب و سه‌رچاوه‌و كه‌ره‌ستانه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ به‌ نهێنی لای پارێزراوه‌ و به‌ به‌رده‌وامی له‌ گه‌ڵیاندا ده‌ژیت ..
هه‌ر یه‌ك له‌و دوو كاراكته‌ره‌ چه‌ندین كاراكته‌ریان له‌ ناو دایه‌، ژنه‌كه‌: له‌ یه‌كه‌میاندا كه‌نیزایه‌كی داعشه‌كانه‌ و وه‌ك هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كی بازاڕی سه‌ودای پێكراوه‌، له‌و پیاو بۆ ئه‌و پیاو، له‌ هه‌ر یه‌كێكییان چه‌ندین له‌و مناڵانه‌ی ناوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ سه‌ندوقه‌كه‌دا گه‌ڵاڵه‌ كراون و ناوه‌ ناوه‌ به‌ پانتایی شانۆكه‌ هه‌ڵیان ده‌ڕێژێ‌ .

كاراكته‌ری دووهه‌مییان گولیشانه‌ كه‌ ژنی ( سعوده‌) ئه‌و هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌یه‌ كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا به‌ ته‌نیا ده‌كوژرێ‌ ،هێمایه‌كه‌ بۆ قوربانی دان له‌ پێناو بیرو باوه‌ڕ.
سێه‌مییان (كه‌ڤێ‌ ) ئه‌و ژنه‌ی ئێستایه‌ له‌ گه‌ڵ سه‌یواندا كه‌ هه‌میشه‌ ده‌ستییان له‌ هه‌وكی یه‌كتر ناوه‌و له‌ ململانێیه‌كی به‌رده‌وامدا ده‌ژین، ئه‌و له‌ ئه‌نجامی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی له‌ نێو داعشدا به‌ سه‌ری هاتوون ، دووچاری نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی ( شیزۆفرینیا ) بووه‌و دووچاری له‌ بیرچوونه‌وه‌ بووه‌ ، به‌ هۆی حه‌بێكه‌وه‌ خۆی له‌و كێشه‌ی له‌ بیر چوونه‌وه‌ ده‌پارێزێ‌ وه‌ك ده‌رمانێكی هێور كه‌ره‌وه‌ی كاتی ، هه‌ر كاتێ‌ ئه‌و حه‌به‌ نه‌خوات تووشی هه‌مان كێشه‌ی له‌ بیرچوونه‌وه‌ ده‌بیت، بۆیه‌ هه‌میشه‌ مێرده‌كه‌ی ئاگاداری ده‌كاته‌وه‌ حه‌به‌كه‌ بخوات و به‌ ئاگا بێت له‌وه‌ی رووده‌دات .

له‌ ناو گێژاوی ئه‌و وه‌همه‌دا، كاتێ‌ ده‌ست به‌ سه‌ر منداڵه‌ بێ‌ باوكه‌ نادیاره‌كاندا دێنی، گله‌یی ئه‌وه‌ له‌ مێرده‌كه‌ی ده‌كات بۆچی نازی ئه‌و منداڵانه‌ ناكێشێ‌ و بایه‌خییان پێ‌ نادا، لای مناڵه‌كانیش گله‌یی له‌ بێ‌ به‌زه‌یی باوكییان ده‌كات .
ئه‌و هه‌میشه‌ له‌ گومانی نهێنیه‌ شاراوه‌كانی مێرده‌كه‌ دا ده‌ژیت ، بۆیه‌ گله‌یی ئه‌وه‌ له‌ مێرده‌كه‌ی ده‌كا بۆچی نهێنییه‌كانی لێ‌ شاردۆته‌وه‌، له‌و ده‌لاقانه‌دا چی حه‌شار داوه‌؟ تا رۆژێكییان خۆی بۆ خۆ رزگار كردن له‌ ته‌لیسمی ئه‌و سه‌ندوقانه‌، هه‌موو سه‌ندو قه‌كان هه‌ڵده‌ڕێژێ‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و ژه‌هره‌ش كه‌ هێمای ده‌یان ده‌ردی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌ ناو ئه‌و سه‌ندوقانه‌ی باوكو باپیری مێرده‌كه‌ی ده‌ردێنێ‌ و له‌ شێوه‌ی هه‌ڵمێكی چڕ په‌خشی سه‌ر شانۆوه‌ سه‌ر بینه‌رانی ده‌كاو ته‌نانه‌ت سه‌ر روخساری مێرده‌كه‌شی ، تا به‌و ژه‌هره‌ ده‌یكوژێ‌ و تۆڵه‌ له‌ هه‌موو پیاوه‌ داعش ئاساكان ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ ئافره‌ت بكه‌ن به‌ كۆیله‌و هه‌تكی بكه‌ن، به‌شێكیش په‌خشی سه‌ر ئه‌و بینه‌رانه‌ ده‌كا كه‌نموونه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كن به‌شێك له‌ گوناهه‌كانیان به‌رده‌كه‌وێت .

پیاوه‌كه‌ش( سه‌یوان ) به‌ هه‌مان شێوه‌ دابه‌ش كراوه‌ بۆ چه‌ند كاراكته‌رێك،هه‌ر كاراكته‌رێك روویه‌كی جیاواز له‌ یه‌كتری پیاوه‌، هه‌ر كاراكته‌رێك له‌و پیاوانه‌ چیرۆكێكی هه‌یه‌، له‌وانه‌: ئه‌وه‌تا كاتێ‌ یه‌كێ‌ له‌ چه‌فیه‌ ره‌شه‌كانی ژنه‌كه‌ی له‌ سه‌ر ده‌نێ‌ ، ده‌بێته‌ پیاوێكی داعش و باوكی كۆمه‌ڵێ‌ له‌و مناڵانه‌ی باوكییان ناناسرێته‌وه‌ به‌ هۆی زۆری ژماره‌ی ئه‌و پیاوانه‌ی سه‌ودایان به‌ ژنه‌كان كردووه‌.
كاراكته‌ری دووه‌م : سه‌یوانی مێردی كه‌ڤێ‌ یه‌، ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ داوا له‌ ژنه‌كه‌ی ده‌ كات ، خۆی بناسێته‌وه‌ ، ئه‌و هه‌میشه‌ به‌ ئاگای دێنته‌وه‌ كه‌ ده‌بیچت خۆی بناسێته‌وه‌ ئاگای له‌وه‌ بێت كه‌ ئه‌و كه‌ڤێ‌ نیه‌، به‌ڵكو كه‌سێكی تره‌، بۆیه‌ ده‌ڵێت : ده‌بێت تۆ من هه‌موومان خۆمان بناسینه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موومان ون بووین ، كه‌سمان ئه‌وی تر وه‌ك خۆی ناناسێته‌وه‌.

له‌ ناو تێكه‌ڵ كردنی هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌، فه‌لسه‌فه‌ی نمایشه‌كه‌ كه‌وتۆته‌ ئه‌تمۆسفیرێكی پڕ له‌ ته‌م و مژ، به‌ شێوه‌یه‌ك بینه‌ر نه‌توانێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی روون بۆ فه‌لسه‌فه‌ی نمایشه‌كه‌ بكات، ده‌رهێنه‌ریش هه‌موو شتێكی بۆ بینه‌ر به‌ جێ‌ هێشتووه‌، كه‌ ئازاد بێت له‌ هه‌رخوێندنه‌وه‌یه‌ك هه‌ستی پێ‌ ده‌كات، پێی وایه‌ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ راسته‌ كه‌ بینه‌ر هه‌ستی پێ‌ ده‌كات، بێ‌ ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر سوور بێت له‌ سه‌ر هه‌لبژاردنی ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت .

ده‌رهێنان : ستایلی كارۆخ ئیبراهیم تا رادده‌یه‌ك لای بینه‌ر ئاشكرایه‌، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی كاری ده‌رهێنانی له‌ شانۆگه‌ریه‌ك بۆ ئه‌وی تریان بگۆڕێت ، هه‌میشه‌و له‌ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیدا پشت به‌ سینۆگرافیا ده‌به‌ستێت ، سینۆگرافیا له‌ رووی ئه‌كته‌رو ته‌كنیك و دیكۆرو موزیك و جوانكارییه‌كانی دیكه‌ی شانۆ..
یان هه‌موو ئامرازه‌ ته‌كنیكیه‌كان به‌كار دێنێ‌ بۆ گه‌شكردنه‌وه‌ی چاو بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری بینینی ستاتیكای شانۆ ، به‌ تایبه‌ت به‌ جه‌سته‌ی ئه‌كته‌رو ره‌نگ و دیكۆرو ته‌كنیك و جلو به‌رگ و هه‌موو ئامرازه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ بینین ، بۆ ئه‌وه‌ی چاو تێركات له‌ جوانی، چاوێك كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئیحساس و چێژ وه‌رگرتن .

دووهه‌مییان موزیك : ده‌رهێنه‌ر پشت به‌ستنێكی سه‌ره‌كی به‌ موزیكه‌و هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ داوه‌ پشت به‌ كه‌سانی پرۆفیشنال له‌ باره‌ی موزیكی شانۆیی ببه‌ستیێت ، وه‌ك له‌و نمایشه‌ی دوایی دا هه‌ستی پێ‌ ده‌كرێت ، نزیكترین سه‌رچاوه‌ی ده‌روونی بۆ كارتێكردنی راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر هه‌ستی بینه‌رو زاخاو دانه‌وه‌و راچڵه‌كینی موزیكه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی له‌ سه‌ر هه‌مان ریتمی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر له‌ سه‌ر شانۆدا ده‌ڕوات و ده‌توانێت ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ له‌ چوارچیوه‌ی ریتمێكی به‌هێز به‌رجه‌سته‌ بكات و جوانیه‌ك به‌ نمایش ببه‌خشێت ، له‌ هه‌مان كاتیشدا كارلێكێكی ده‌روونی بۆ بینه‌ریش دروست ده‌كات بۆ وه‌رگرتنی نمایش وه‌ك پێویست ، بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین كرۆكی سینۆگرافیای ئه‌مجاره‌ی كارۆخ له‌و نمایشه‌دا موزیك بوو.

رووناكی : له‌ هه‌موو نمایشه‌كاندا ده‌رهێنه‌ر شوێنی تایبه‌تی بۆ رووناكی ته‌رخان ده‌كات له‌ ستایلی كاركردنیدا، چونكه‌ به‌لای ئه‌وه‌وه‌ رووناكی فاكته‌ری هه‌ره‌ سه‌ره‌كی جوانكارییه‌كانی شانۆو به‌رجه‌سته‌ كردنی حاڵه‌ته‌ ده‌روونییه‌كانی ئه‌كته‌ره‌ له‌ ناوه‌وه‌، بۆیه‌ رووناكی هه‌رگیز نه‌بۆته‌ هونه‌رێكی ته‌قلیدی لای كارۆخ ئه‌وه‌نده‌ی بۆته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ به‌ زیندووراگرتنی شانۆو به‌رجه‌سته‌ كردنی ناواخنه‌كان .
به‌ڵام له‌و نمایشه‌دا ئه‌گه‌رچی توانستێكی زۆری رووناكی به‌كار هێندراوه‌، به‌ڵام هاوسه‌نگی رووناكی تێك چووه‌و زێده‌ رۆییه‌كی زۆر له‌ رووناكیدا كراوه‌، كه‌ وای كردووه‌ له‌ نرخ و به‌های رووناكی كه‌م بێته‌وه‌ ، خۆ رووناكیش وه‌ك هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كی شانۆیی وه‌ك پێویست به‌رجه‌سته‌ نه‌كرا، ئه‌وه‌ روخساری نمایش ده‌شێوێنێ‌ و ده‌بێته‌ په‌ڵه‌یك به‌ رووی ستاتیكای شانۆییدا.

ته‌كنیك :

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی فۆرم هه‌میشه‌ له‌ شانۆگه‌رییه‌كانی كارۆخ جێگه‌ی بایه‌خ پێدانه‌، هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ ته‌كنیك بكاته‌ كرۆكی فرۆم، به‌ تایبه‌ت له‌ ته‌كنیكی دیكۆردا، كه‌ پێی وایه‌ دیكۆر نابێت ببێته‌ پێكهاته‌یه‌كی چه‌سپاوو مردوو، به‌ڵكو ده‌بێت ببێته‌ پارچه‌یه‌كی زیندوو له‌ جه‌سته‌ی شانۆدا
دیكۆر له‌و به‌رهه‌مه‌دا پێكهاته‌یه‌كه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ گۆڕان دایه‌و بۆ هه‌ر دیمه‌نێك به‌ شێوه‌یه‌كی تۆماتیكی دیكۆر ده‌گۆڕێت، به‌و شێوه‌یه‌ی وه‌ك باگ راوند ببێته‌ ته‌واو كه‌ری وێنه‌، وه‌ك دیكۆری مناره‌و مزگه‌وته‌كه‌ له‌ كاتی نوێژ كردن و دیكۆری سك پڕ بوونی ژنه‌ داعشه‌كان له‌ كاتی گێڕانه‌وه‌ی به‌ سه‌رهاته‌كانی ژنه‌كه‌ له‌ ژێر ده‌ستی داعشه‌كاندا، دیكۆری ئاواره‌كان و چه‌ند وێنه‌یه‌كی تری ئه‌و دیكۆرانه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ روداوه‌كاندا دروست بێت و ون بێت.

به‌ڵام كه‌ مادام ده‌رهێنه‌ر به‌ ته‌كنیك ده‌سه‌ڵاتی تۆماتیكی گۆڕینی دیكۆری هه‌یه‌، نه‌ده‌بوا قه‌واره‌ی سه‌ندوقه‌كان فۆرمێكی ته‌قلیدی وه‌ربگرێت و به‌و زه‌خامه‌تیه‌ ده‌ركه‌وێت كه‌ سه‌رتاسه‌ری شانۆكه‌ داگیر بكات، وێڕای ئه‌وه‌ی مادام سه‌ندوقه‌كان ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می پێشووی كاراكته‌ره‌كان، ئه‌گه‌ر سیمایێكی كلاسیكی هه‌بوایه‌ گونجاو تر ده‌رده‌كه‌وت .
جگه‌ له‌ دیكۆری بگۆڕ، ده‌رهێنه‌ر ته‌كنیكێكی جوانی بۆ دروست كردنی هه‌ڵم دروست كردووه‌ كه‌ له‌ كۆتایی نمایشه‌كه‌دا به‌ ده‌ستی كاراكته‌ره‌ ژنه‌كه‌ په‌خش ده‌كرێت و تێكه‌ڵ به‌ موزیك و ریتمێكی تراژیدی ده‌بێت و له‌ سه‌ر شانۆو له‌ ناو هۆڵه‌كه‌دا بڵاو ده‌بێته‌وه‌
سه‌ما : سه‌ما ده‌كه‌وێته‌ چوارچیوه‌ی سینۆگرافیای شانۆیی و ئاوێزانی موزیك و ریتمێكی بڵًنتر له‌ ریتمی گشتی شانۆ ده‌بێت ، بزووتنه‌وه‌ی ئه‌كته‌رو ره‌نگ ورووناكی و موزیك هارمۆنیایه‌ك له‌ ستاتیكای شانۆیی دروست ده‌كه‌ن كه‌ تێیدا ده‌رهێنه‌ر كۆمه‌ڵێ‌ ئامانجی گرنگ به‌ ده‌ست بێنێت له‌وانه‌ :

1.ده‌رهێنه‌ر ئه‌تمۆسفیرێكی سیحراوی له‌ سه‌ر شانۆدا دروست ده‌كات كه‌ هه‌م جوانییه‌ك به‌ ته‌كنیكی نمایش ببه‌خشێت، هه‌م پشوویه‌ك به‌ بینه‌ر بدا، بۆ زاخاو دانه‌وه‌ی مێشك .
2. ریتمی شانۆ به‌ شێوه‌یه‌ك به‌رز ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بینه‌ر تێیدا هه‌ست به‌ زیندوو بوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی نمایش بكات.

3. سه‌ما ـ به‌هێترین كه‌ره‌سته‌یه‌كی درامیه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی روداوه‌كان، بۆیه‌ ده‌بێته‌ پارچه‌یه‌كی هه‌ره‌ زیندوو له‌ نواندن به‌ڵام به‌ریتمێكی جیاواز.
كارۆخ ئیبراهیم ـ له‌ زۆرینه‌ی ئه‌و سه‌مایانه‌ی له‌شانۆگه‌ریه‌كانی خۆیدا به‌رجه‌سته‌یان ده‌كات، ده‌ف و رووناكی و ئه‌دای ئه‌كته‌ر تێكه‌ڵ به‌ یه‌كتر ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌و سێ‌ توخمه‌ بتوانێت وروژاندن لای بینه‌ر دروست بكات، به‌ڵام ئاستی سه‌ركه‌وتن یا سه‌رنه‌كه‌وتنی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر جۆری راهێنانی ده‌رهێنه‌رو توانستی ئه‌كته‌ر بۆ سه‌ما
له‌ چوارچیوه‌ی ئه‌و بایه‌خ پێدانه‌ی ده‌رهێنه‌ر بۆ سه‌ما، ئه‌گه‌ر بته‌وێت جیاوازی له‌ نێوان سه‌مای شانۆگه‌ری (كچی شه‌ره‌فه‌دین) له‌گه‌ڵ سه‌مای نمایشی (گوێچكه‌كانم قسه‌ ده‌كه‌ن) بكه‌یت، ئه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت، كاریگه‌رییه‌كانی سه‌مای ( ئیلاف ئیبراهیم) له‌ كچی شه‌ره‌فه‌دین تا ئێستاش له‌ مێشكی بینه‌ردا كاڵ نه‌بۆته‌وه‌، له‌ گه‌ڵ سه‌ماكه‌ی ( سێبه‌ر) به‌راوردییان پێ‌ ناكرێت ، به‌ڵام دیسان هه‌ر له‌ كۆتاییدا هه‌میشه‌ سه‌ما لای كارۆخ فاكته‌رێكی گرنگی چێژه‌ وه‌ك له‌ دوا نمایشدا ده‌ركه‌وت .

نواندن :

ده‌رهێنه‌ر بۆ شانۆگه‌ری ئه‌مجاره‌ی ته‌نیا دوو ئه‌كته‌ری خستۆته‌ سه‌ر شانۆ (سێبه‌ر ئیبراهیم و گۆران ساڵح ) كه‌ هه‌روكییان دوو ئه‌كته‌ری تازه‌ پێگه‌یشتوون له‌ شانۆدا، سێبه‌ر ـ ده‌رچووی ئه‌كا دیمیایێكی شانۆیی نیه‌ و شانۆی نه‌خوێندووه‌، به‌ڵام گۆران ـ ئه‌گه‌رچی له‌ بواری گۆرانی گوتن دا ناسراوه‌، به‌ڵام ده‌رچووی شانۆیه‌ .
بێگومان ده‌رهێنه‌ر له‌گه‌ڵ دوو ئه‌كته‌ری تازه‌ پێگه‌یشتووی نا ئه‌كادیمی، ماندوو تر ده‌بێت له‌ ئه‌كته‌رێكی خاوه‌ن ئه‌زموون و ئه‌كادیمی، به‌ڵام ئه‌وه‌شییان ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌رهێنه‌ر له‌ دروست كردنی ئه‌كته‌رو راهێنانی، هه‌روه‌ها بڕی توانستی جه‌سته‌یی ئه‌كته‌ره‌كه‌ له‌ رووی ئه‌داو ئیلقاو و ده‌نگ .
ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و باگ راوندانه‌ له‌ به‌رچاو نه‌گرین و ته‌نیا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و نواندنه‌ بكه‌ین كه‌ هه‌ردوو ئه‌كته‌ر له‌ سه‌ر شانۆدا نیشانیان داین ، ئه‌وه‌ به‌ روونی ئه‌و راستیه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سێبه‌ر ـ وه‌ك پاڵه‌وانی یه‌كه‌می شانۆگه‌ریه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وت ئینجا گۆران، بۆیه‌ زۆر جار بینه‌ر هه‌ستی به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ سێبه‌ر به‌ سه‌ر گۆراندا زاڵه‌ له‌ نواندندا .

هه‌میشه‌ له‌ كاتی نمایشه‌كه‌دا پرسیاری ئه‌وه‌م لا دروست ده‌بوو، كه‌ هۆكار چیه‌ ده‌رهێنه‌ر له‌ نێو ده‌یان ئه‌كته‌ری پسپۆرو خاوه‌ن ئه‌زموون ، په‌نا بۆ ئه‌كته‌رێكی بێ‌ ئه‌زموون ببا، ئایا ئه‌وه‌ مه‌ترسی نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی له‌ شانۆگه‌ریه‌كدا ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌زموونه‌كه‌ سه‌ر نه‌كه‌وت، ببێته‌ هۆكار بۆ روخانی شانۆگه‌ریه‌ك و فه‌شه‌ل پێ‌ هێنانی ده‌رهێنه‌رێك له‌ دوا ئه‌زموونی دا ؟
من و زۆرێك له‌ بینه‌ران له‌ گه‌ڵ خۆیاندا له‌ نیگه‌رانی دابووین، له‌ سه‌ركه‌وتن یا روخانی نمایشه‌كه‌ به‌ هۆی ئه‌كته‌ره‌وه‌.
خۆ ناهه‌ق نین چونكه‌ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی تۆ پشت به‌ سینۆ گرافیاو كه‌ره‌سته‌كانی دیكه‌ی فۆرم بكه‌یت بۆ جوانكردنی شانۆ، ئه‌وه‌ نابێته‌ ئه‌لته‌رناتیف بۆ ئه‌كته‌ر كه‌ رۆحی راسته‌قینه‌ی نمایشه‌ له‌سه‌ر شانۆدا .

به‌ڵام ئاخۆ ده‌رهێنه‌ر توانی هاوسه‌نگی ( ئه‌كته‌ر) له‌ گه‌ڵ (سینۆگرافیا ) رابگرێت ؟

ره‌نگه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ له‌ نێوان هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ جیاوازی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وی ترماندا، به‌ڵام من پێم وایه‌ ئه‌وه‌نده‌ی كارۆخ به‌ سینۆگرافیاوه‌ سه‌ر قاڵ بووه‌ (ئه‌گه‌رچی كۆمه‌ڵێ‌ براده‌ری ده‌ست ره‌نگین كاری سینۆگرافیایان هه‌ڵًسوڕاندبوو) ده‌رهێنه‌ر به‌ قه‌د سینۆگرافیا ئه‌و بایه‌خه‌ی به‌ ئه‌كته‌ر نه‌داوه‌، خۆ ئه‌گه‌رچی ئامرازه‌كانی سینۆگرافیا هه‌میشه‌ ئامرازی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رن بۆ چاوی بینه‌ر، به‌ڵام جوانترین سینۆگرافیا له‌ شانۆدا سینۆگرافیای جه‌سته‌ی ئه‌كته‌رو ئه‌دای ئه‌كته‌ره‌، كه‌په‌یوه‌ستی راسته‌قینه‌ی به‌ رۆحی بینه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك چاوی، ئه‌كته‌ر ده‌توانێت بێ‌ سینۆگرافیاش ئه‌و بۆشاییه‌ت بۆ پڕ كاته‌وه‌ و به‌رهه‌مێك پێشكه‌ش به‌ بینه‌ر بكات به‌په‌رۆشه‌وه‌ له‌ ئامێزی بگرێت، چونكه‌ سینۆگرافیا به‌ گشتی ئامرازێكه‌ بۆ خزمه‌تی ئه‌كته‌رو نمایش ، هه‌رگیز ناكرێت ئه‌كته‌ر بكه‌یته‌ ئامراز بۆ تێر كردنی سینۆگرافیا .

به‌ڵام باشترین حاڵه‌تی بژارده‌ له‌و نێوانه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر هاوسه‌نگییه‌ هونه‌رییه‌كان وه‌ك یه‌ك رابگرێت و بایه‌خی سه‌ره‌كی به‌توخمه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی وه‌ك ئه‌كته‌رو تێكست بێت ( وه‌ك په‌یكه‌ری بونیاتی شانۆیی) ئینجا توخمه‌ لاوه‌كییه‌كانی دیكه‌ی جوان كردن و كارتێكردن و وروژاندن و چێژ وه‌رگرتن ..
له‌و پێو دانگه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دواوه‌ و شانۆگه‌ری ( كچی شه‌ره‌فه‌دین ) به‌بیر خۆمان بێنینه‌وه‌، ئه‌وه‌ هه‌ست به‌ جیاوازی ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت كه‌ ئه‌كته‌ر له‌وێ‌ داینه‌مۆی نمایش بوو، ئینجا سینۆگرافیا ، به‌ڵام له‌و نمایشه‌ی ( گوێچكه‌كانم قسه‌ ده‌كه‌ن) به‌ پێچه‌وانه‌ی هاوكێشه‌كه‌ی تره‌، بۆیه‌ بینه‌ر هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كارۆخ نه‌یتوانیووه‌ له‌ كچی شه‌ره‌فه‌دین تێپه‌ڕێنێ‌، یا شتێ‌ پێشكه‌ش بكات له‌ ئاستی ئه‌و دابێت له‌ هه‌موو رووه‌كانه‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ئه‌و خاڵانه‌ی له‌ به‌شی یه‌كه‌مدا ئاماژه‌مان پێدا .

ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌كته‌رێكی تازه‌ پێگه‌یشتووی كه‌م ئه‌زموون ته‌ماشای (سێبه‌ر ئیبراهیم ) بكه‌یت، ئه‌وه‌ ناتوانین نكۆڵی له‌وه‌دا بكه‌ین كه‌ له‌ ئاست ئه‌و ته‌مه‌نه‌ كورته‌ی له‌ شانۆدا هه‌یه‌تی ، توانی به‌رگه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌ قورسه‌ بگرێت و به‌ بوێرییه‌وه‌ رۆڵه‌كه‌ی خۆی راپه‌ڕێنێ‌، به‌ڵام هه‌ست به‌ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ ناكه‌ین له‌ رووی به‌رجه‌سته‌ كردنی ئه‌و چه‌ند كاراكته‌رانه‌ی كه‌ ئه‌و ده‌بوا بۆ هه‌ر یه‌ك له‌وان جیاوازییه‌ك له‌ فۆرمی نواندن دروست كات له‌گه‌ڵ ئه‌وی تریاندا، به‌ڵكو هه‌ر سێ‌ كاراكته‌ر له‌ یه‌ك ده‌چوون …
گۆران ساڵح : خۆی له‌ ئه‌زموونێكی سه‌خت داوه‌، ره‌نگه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ نه‌ بۆ خۆی نه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌كه‌ی كارۆخ ئیبراهیم جێگه‌ی متمانه‌ نه‌بووه‌و جۆرێك له‌ سه‌ركێشی تێدا بووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ هه‌قیقه‌تێكه‌ كه‌ گۆران ناتوانێت ببێت به‌ ئه‌كته‌ر.




پێشه‌نگی شانۆی نامۆو ئه‌فسوونی رۆژهه‌ڵات … نووسینی : د. محه‌مه‌د جه‌لال — ئاماده‌كردنی : ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

ئارتۆ فێرخوازێكی نه‌جیبی ئه‌و مامۆستایه‌ بوو كه‌ناوی ” ئه‌لفرێد جاری” یه‌، له‌ساڵی 1926دا به‌هاوكاری ” رۆجیه‌ ڤیتراك – Roger Vitrac ” هه‌ستا به‌دامه‌زراندنی “شانۆی ئه‌لفرێدجاری ” كه‌ له‌م شانۆیه‌وه‌ “بیر” ه‌ پێشه‌نگه‌كانی ئارتۆ ده‌رباره‌ی شانۆ ته‌قینه‌وه‌ . هه‌روه‌ها یه‌كێكه‌ له‌ ژێده‌ره‌ گرنگه‌كانی شانۆی هاوچه‌رخ له‌پاڵ ئه‌زموونه‌كانی” ئه‌لفرێد جاری” دا، توێژه‌ران باوه‌ڕیان وایه‌ به‌هۆی بیرو بۆچونه‌كانی ئه‌لفرێدجاریه‌وه‌و بیره‌ ” مبعپره‌ – په‌رش و بڵاوه‌ ” كانی و توێژینه‌وه‌ چاكسازیه‌كانیه‌وه‌ به‌ره‌و تیۆری شانۆی “دڵڕه‌قی – قسوه‌ “چوو كه‌ له‌ناو كتێبی “المسرح و قرینه‌ – شانۆو گریمانه‌” كه‌ی ساڵی” 1938ز “بڵاو بۆوه‌ .

كه‌سێتی ئارتۆ ئاره‌زوو ده‌جوڵێنێت بۆ توێژینه‌وه‌و به‌دواداچوون ، به‌ڵام لێره‌دا جه‌خت ده‌كه‌ینه‌سه‌ر ئه‌ولایه‌نه‌ی كه‌ له‌خاڵێكدا كۆكیكن له‌سه‌ری ئه‌ویش پاشماوه‌ی شانۆی رۆژهه‌ڵاته‌ له‌شانۆكه‌ی ئارتۆدا و په‌رۆش بۆ دیارده‌ غه‌یبیه‌ “میتافیزیكیه‌كان ” و ڕێگا جادوییه‌كانی لای گه‌لانی سه‌ره‌تایی و له‌ دۆخه‌كانی “هه‌وه‌س و جادووگه‌ری ” ئه‌و جیهانه‌ ناماقوڵه‌ی كه‌كاریگه‌ری دانا له‌سه‌ر جه‌سته‌و رۆحی . ژێده‌ره‌ فكری و فه‌لسه‌فی و ئه‌نترۆپۆلۆجیه‌كانی كردووه‌ به‌ “شانۆی دڵڕه‌قی ” وه‌كو له‌ معجمی ئادابی فه‌ره‌ِنسی ساڵی 1968 دا هاتووه‌ كه‌ ئالوده‌بوون به‌ شانۆی “باو” لای ئه‌و بگێڕه‌وه‌ی توخم و ژێده‌ره‌ و هه‌یكه‌لی تیۆری دۆزینه‌وه‌ی داهێنانی شانۆییه‌ له‌ڕووی رۆحی و ژیانی . له‌م كرده‌یه‌دا ئارتۆ یاخی بوو له‌ ڕێگاكانی شانۆی واقعی و سایكۆلۆجی و بنه‌ماكانی شانۆو ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌نترۆپۆلۆجیای ژیاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی پێچه‌وانه‌ی “صفا‌و – ڕوون” ی رۆح و “السجیه‌ – خوو” بارگاوی كردنیان به‌ شارستانی ئه‌وروپی و شانۆی رۆژئاوایی تا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وتوخم و ژێده‌رانه‌بكات كه‌ پاشكۆ و لاوه‌كی و دوورن له‌چه‌ق كه‌ ئارتۆ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ستابه‌ جیاكردنه‌وه‌ی توخمه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی ئه‌و چه‌قه‌و منتیمیه‌كانی واقعی ماددی به‌و سیفه‌ته‌ی وه‌رگیراوێكی ڕاسته‌و خۆن و فڕێدانی به‌ره‌و په‌راوێزو ڕاكێشانی په‌راوێزیی و لاوه‌كیانه‌ بۆ چه‌قی ” نواه‌ – مه‌به‌ست” ی گوتاری شانۆی هاوچه‌رخ .

“تعلیل – پاساو” ی ئه‌و گۆڕانه‌ چییه‌؟ كه‌ ده‌بێته‌ شانۆیه‌كی رۆژئاوایی به‌هێز له‌سه‌ر بنه‌مای وشه‌ی بابه‌تی شانۆیی كه‌ شایانی ته‌قه‌نیه‌كان و خه‌یاڵه‌كان و جوانیه‌كانن ، هه‌روه‌ها وشه‌كه‌ ده‌رباره‌ی چه‌مكی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ جوڵه‌ ، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ له‌هه‌مان كاتدا شانۆی دڵڕه‌قی ده‌ستبه‌ردار ده‌بێـت تاكۆتایی . له‌باره‌ی وشه‌وه‌ “هه‌رده‌قێك” و له‌و ئاراسته‌یه‌وه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی نوێ و تازه‌ و وه‌زیفه‌یی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌سه‌ر توخمه‌كانی تردا بێت ، به‌تایبه‌تی ده‌رهێنان ، له‌وه‌دا جه‌خت بكاته‌ سه‌ر توخمه‌ درامیه‌كان “خودی سیفه‌ته‌ شانۆییه‌ پوخته‌كان ” ، واته‌ له‌ڕوویه‌كی تره‌وه‌ جه‌ختكردنه‌ سه‌ر پێكهاته‌كانی تری سه‌رته‌خته‌ی شانۆ ، به‌تایبه‌تی مۆزیك و سه‌ما و هونه‌ری شێوه‌كاری و نواندنی بێده‌نگ و گۆرانی و ڕووناكی و دیمه‌ن . وه‌ ئه‌و توخمانه‌ تێكه‌ڵده‌كرێن به‌شێوه‌یه‌كی قووڵی وا كه‌ ئارتۆ ناوی ده‌نێت :” شاعیریه‌تی ڕووداو ” كه‌هه‌میشه‌ گرنگترین ئامڕازی ده‌ربڕینن له‌شانۆدا .

ئه‌و توخمانه‌و تێكه‌ڵكردنیان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕاده‌ گه‌وره‌یه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی نمایشی شانۆییه‌ لای ئارتۆ و جوانیه‌ له‌شانۆی “بالی” . ئه‌و جوانیانه‌ی ناكرێت به‌رگری سیحری بكه‌یت و بانگی بكه‌یت له‌كاتێكه‌ وه‌ بۆكاتێكی تر ، ئارتۆ ده‌ڵێت : “دوای بینینی یه‌كه‌م نمایشی شانۆیی گروپی بالی كه‌ توشی سه‌رسامی كردین له‌ به‌رامبه‌ر چه‌مكه‌ نامۆكانی شانۆ كه‌ زۆربه‌ ئینكاری لێده‌كه‌ن له‌هه‌ر سیفه‌تێكی شانۆییدا ، له‌كاتێكدا جوانترین ده‌ربڕینن له‌ شانۆی پوخته‌ دا .

له‌و ڕوانینه‌دا ئێمه‌ی ئه‌وروپی عه‌قڵانین كه‌هه‌ست به‌ ” گقگقاتها –ته‌قه‌ته‌ق ” ده‌كه‌ین له‌ هه‌موو شوێنێك، هه‌ر له‌ چنینی جوڵه‌ ده‌قیقه‌كاندا و له‌گۆڕینی ده‌نگه‌ هه‌مه‌ جۆرو بێ كۆتاییه‌كاندا ، له‌م بارانی “الرنان – زرنگاندنه‌وه‌” یه‌دا كه‌ده‌بێته‌ دارستانێكی “شاسع – به‌رفراوان ” و هه‌روه‌ها هاوشێوه‌یه‌ی جوڵه‌كانی “ئه‌و زرنگاندنه‌وه‌ “یه‌دا. ئه‌و جوڵانه‌ ناگوێزرێته‌وه‌ بۆ ” الصرخه‌ –قیژه‌” یان ده‌نگ : هه‌مووشتێك به‌توافق و تێپه‌ڕ بوون له‌چه‌ناڵه‌ نامۆ و ئاركۆلۆژیه‌كانی فكردا ڕاسته‌و خۆ ده‌ڕۆن .

ئارتۆ له‌و بۆچونه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ ئه‌زموونی شانۆیی داده‌مه‌زرێنێت له‌ كه‌ڵه‌كه‌ بوونی ئه‌و ته‌م تومانه‌ی شانۆی رۆژئاوا ” وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ ناو ده‌برێت ” و ململانێ ده‌كات له‌گه‌ڵ شانۆدا له‌گه‌ڵ واقع و داڕشتنه‌وه‌ی به‌ زمانێكی مردوو و توندكردنی زمانی شانۆیی و ڕاكێشانی چه‌ندین زمانی تر له‌پێناو دامه‌زراندنی گوتاری داهێنه‌رانه‌ و ئه‌و زمانه‌ش هه‌وڵ ده‌دات كه‌ پاكژ بێت له‌ده‌قی پیشه‌یی بۆگۆڕینی زمانی ئیشاره‌ت و جوڵه‌ و جه‌سته‌و زمانێك كه‌له‌ شانۆی رۆژهه‌ڵاتی و گشتیه‌وه‌ و له‌ شانۆی “البالی ” به‌تایبه‌تی كه‌یه‌كێك له‌تایبه‌تمه‌ندیه‌ درامیه‌ پاكژه‌كانیه‌تی .




فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی شانۆ له‌ هه‌ولێر له‌ نێوان دروشم و ئامانج دا

حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان
——————————

زۆر جاران له‌ ساڵانی رابووردوودا دروشمی گه‌وره‌مان به‌ ناوی فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی شانۆ به‌رز كردۆته‌وه‌، له‌ پێناو رێكلام و خۆهه‌ڵكێشان، كه‌چی له‌ ناوه‌رۆكدا تواناو ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵگرتنی ئه‌و دروشمانه‌مان نه‌بووه‌، ئیدی نه‌ك هه‌ر ته‌نها دووچاری شكست هاتن و بێ‌ ئومێدی بووینه‌، بگره‌ ده‌رفه‌تێكیشمان له‌ ده‌ست داوه‌ كه‌ ئێمه‌ زۆر بۆی به‌ په‌رۆش بووین
كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه‌ له‌وه‌ دایه‌، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت خزمه‌ت به‌ بزاڤی شانۆیی بكه‌ین و به‌ جدی هه‌وڵی زیندوو كردنه‌وه‌ی شانۆ بده‌ین له‌و شاره‌دا، پێویسته‌ نه‌خشه‌و پلانێكی ئه‌وتۆمان هه‌بێت بمانگه‌یه‌نێته‌ رێگه‌ چاره‌ی گونجاو بۆ گۆڕانكاری و هه‌نگاو نان بۆ بونیاتنانی شانۆیه‌كی جاد، واز له‌ دروشم و خۆ هه‌َلخه‌ڵه‌تاندنی خۆمان بێنین و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ت و لاوه‌كییه‌كان به‌لاوه‌ بنێین و بیر له‌ به‌رژوه‌ندییه‌ باڵاكانی شانۆی كوردی بكه‌ینه‌وه‌ .

هه‌موو كه‌س ئه‌و راستییه‌ ده‌زانێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ بۆ شانۆ له‌و شاره‌دا ده‌سه‌ڵاتێكی دیاری كراوه‌ ، ئێمه‌ جگه‌ له‌ فیستییڤاڵێكی مۆنۆدرامای شكست خواردوو نه‌بێت له‌ ساڵانی رابووردوو هیچمان بۆ شانۆ پێ‌ نه‌كراوه‌، ته‌نانه‌ت نه‌مان توانییووه‌ ساڵێ‌ جارێك نمایشێكی شانۆیی پێشكه‌ش بكه‌ین، نه‌مانتوانیووه‌ وۆرك شۆپێك ئه‌نجام بده‌ین، كۆرشێك، سیمینارێك بۆ شانۆ ئه‌نجام بده‌ین، ئیدی چۆن ده‌توانین فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی بۆ شانۆ ئه‌نجام بده‌ین ؟!

به‌ڵێ‌ ئێمه‌ ده‌توانین به‌پینه‌و په‌ڕۆ شتێكی كاتی بۆ میدیا بكه‌ین، به‌ڵام ناتوانین واقیعی شانۆ له‌و شاره‌دا به‌و شێوه‌یه‌ بگۆڕین، ئێمه‌ پێویستیمان به‌و خه‌مخۆرانه‌ی شانۆ هه‌یه‌، كه‌ ئاینده‌ی شانۆیان به‌لاوه‌ گرنگتره‌ له‌ هه‌موو شتێكی تر، پێویستیمان به‌ گۆڕینی خوێنی شانۆو ئه‌وانه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌كان ده‌خه‌نه‌ سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌، ئیدی له‌ بری ئه‌وه‌ی بیر له‌ ئه‌نجامدانی فیستیڤاڵی به‌ناو نێو ده‌وڵه‌تی بكه‌ینه‌وه‌، با بیر له‌ فیستیڤاڵێكی نێو نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ری ئێمه‌ ئاشنا به‌ شانۆی كوردی بێت له‌ دیار به‌كرو له‌ مه‌ریوان و سنه‌و قامشلو، به‌راوردێك له‌ نێو ئاستی شانۆ بكات له‌و پارچانه‌ی كوردستان، نامۆ نه‌بێت به‌ شانۆی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی ،له‌ هه‌مان كاتیشدا ئاراسته‌یه‌ك دروست بكه‌ین به‌ره‌و دروست بوونی شانۆیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، كه‌ ئێمه‌ له‌و ساته‌دا له‌ هه‌موو كاتێك زێتر پێویستیمان به‌ نزیك بوونه‌وه‌ی یه‌كتر هه‌یه‌، شانۆ بكه‌ین به‌ فاكته‌رێكی سیاسی و په‌یامێكی نێو نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتوو، شانۆ له‌و جۆره‌ فیستیڤاڵه‌دا گوتاری به‌ هێزی خۆی ده‌بێت، كه‌ به‌هێزتر بێت له‌ هه‌ر كارتێكی دیكه‌ی سیاسی نێو نه‌ته‌وه‌یی ..

ئێمه‌ تا له‌ گۆشه‌ نیگا ته‌سكه‌كانه‌وه‌، بڕوانینه‌ شانۆ، هه‌میشه‌ شانۆ بچووك ده‌كه‌ینه‌وه‌و له‌ وه‌زیفه‌ راسته‌قینه‌كانی دایده‌چۆڕێنین، وا تێ‌ ده‌گه‌م سه‌رده‌می داچۆڕاندن و بێ‌ نرخ كردن و موزایه‌ده‌ كردنیش به‌ شانۆ كاتی به‌ سه‌ر چووه‌،به‌سه‌ ئیدی با ئه‌و شاره‌ دێرینه‌ گه‌وره‌یه‌، چیدیكه‌ خامۆش و وێڕان نه‌كه‌ین له‌ شانۆ، چیدیكه‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ تینووه‌ی شانۆ كه‌ ساڵانێك بوو ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ی شانۆكانیان ده‌شكاند بۆ بینینی نمایشێك دڵ ساردو بێ‌ هیوایان نه‌كه‌ین .

وا نیشان مه‌ده‌ن ئه‌و شاره‌ ده‌سه‌ڵاتی شانۆی نیه‌، خه‌مخۆری كه‌مه‌، نه‌خێر، بڕۆن متمانه‌ به‌وانه‌ ببه‌خشنه‌وه‌ كه‌ له‌ داخی بێ‌ شانۆیی و دابڕان له‌ ئه‌شقی شانۆییان، شاریان به‌ جێ‌ هێشت، ئه‌و لاوانه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ كه‌ پشتییان له‌ شانۆ كردوو، روویان له‌ كه‌ناڵی دیكه‌ كرد، بۆشاییه‌كانی ژیانیانی پێ‌ پڕكه‌نه‌وه‌
كێشه‌ی ئێمه‌ لای هه‌ندێ‌، نه‌بوونی كادیری شانۆیی نیه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ی كێشه‌ی گه‌وره‌ بودجه‌یه‌ بۆ شانۆ، بودجه‌یه‌ك كه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی ته‌كانێك به‌و هه‌لو مه‌رجه‌ ته‌نگه‌تاوه‌ی شانۆ بدات و تینوویه‌تی خه‌ڵك له‌ قه‌یرانی شانۆیی بشكێنێ‌، چه‌ند وزه‌و ده‌سه‌ڵاتێكی نوێ‌ ی شانۆ بێنێته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵكو زێتر دووچاری بێ‌ هیواییمان ده‌كات، چونكه‌ دڵنیابن كه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ نه‌ما، شانۆش نامێنێ‌ .

نازانم له‌ چ وڵاتێكی دنیا هه‌یه‌، شانۆكاران، تیپه‌ شانۆییه‌كان،ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ بوه‌ستن و له‌ چاوه‌ڕوانی بودجه‌ دابن ؟ له‌ وڵاتانی دنیا گه‌ڕێ‌، له‌نێو هه‌مان واقیع و هه‌مان هه‌لو مه‌رجی نیشتمانی خۆماندا، بۆ ده‌بێت شار هه‌بێت له‌ ماوه‌ی سێ‌ مانگدا دوو نمایشی شانۆیی پێشكه‌ش بكات و بیست رۆژ نمایش به‌رده‌وام بێت و به‌ هه‌زاران بینه‌ریش له‌ هه‌موو كوردستان رووی تێ‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نمایشی ئه‌وان بێبه‌ش نه‌بن، بێ‌ ئه‌وه‌ی بودجه‌شی هه‌بێت ! بۆ ناچن لێیان بپرسن ئه‌رێ‌ چه‌ندتان بودجه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رگرت ؟ هه‌موو ئه‌وانه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ ئامانجی راسته‌قینه‌ی ئێمه‌ پێشخستنی شانۆو دروست بوونی بنه‌ماكانی شانۆ و به‌ زیندوو راگرتنی شانۆ نیه‌، به‌ڵكو شانۆ وه‌ك هه‌ر ده‌زگایێكی دیكه‌ی حكومه‌تی لیَِ هاتووه‌، وه‌ك شاره‌وانی و تاپۆ …وه‌ك ئه‌وان له‌ چاوه‌ڕوانی هاتنی موچه‌ن، شانۆی ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانی هاتنی بودجه‌یه‌ .

كه‌ ده‌ڵێم با ئێمه‌ بۆ خاتری زیندوو كردنه‌وه‌ی شانۆ واز له‌ دروشمی فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی بێنین و جه‌خته‌ له‌سه‌ر چاكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌لو مه‌رجه‌ سه‌قه‌ته‌ی خۆمان بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ‌ فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی ساز كراو، میوانه‌كانتان هێناو له‌ ناو قه‌فه‌زی شانۆی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شانۆتان تان په‌ستین، نه‌توانێ‌ له‌ نێو ته‌سكو تریسكی هۆڵ و جه‌نجاڵی بینه‌ران هه‌ناسه‌ بدات، ئه‌وكات ئه‌و میوانه‌ به‌ڕێزه‌ ناڵێ‌ ئه‌رێ‌ ئه‌گه‌ر كاكه‌ ئێوه‌ كه‌ هۆڵێكتان بۆ شانۆ نیه‌ ، چۆن فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی بۆ شانۆ ساز ده‌كه‌ن ؟




سیمپاتی لەسیتمی سیاسی ــ شاعیرانەی ئەرستۆ و شانۆی سەکۆدا … زاهیر عەبە ڕەش

بواڵ لە شانۆکەیدا لە شاری ( ڕیو دی جانیرۆ ) کاری لەگەڵ ئەو پرس و کێشانە دەکرد، کە سەری هەڵدەدا، شکڵی شانۆکە و چۆنێتی کارکردنیان بە شێوەی شانۆی سەکۆ بوو. لەگەڵ ئەو کێشانەدا دەست و پەنجەیان نەرم دەکرد کە دەهاتە بوون، بەشانۆکەیان دەیان وویست ئەو چەوساندنەوە و کێشانە نەهێڵن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە لە کۆمەڵگاکەیاندا بوونی هەبوو. لە ماوەی کارکردنیشیاندا لەگەڵ ئەو کێشانە و ئاریشانە کاریان دەکرد، کە لەناو پەرەگراف و دێری یاساکاندا پەیدا دەبوون. نەهێشتنی چەوساندنەوە بە مانای تێکشکانی ئەو یاسایانەی کە لەمپەرە بۆ ئازادی مرۆڤ و چارەسەرکردنی گرفتەکانی.

بواڵ میتۆدی شانۆی لە کۆمەڵگادا وا دەبینی ،وەک ئامرازێکی سەربەخۆ بۆ مل ملانی و بەگژاچونەوەی ئەو قۆرخ و بەربەستانەی کە لە یاساکاندا رێی لە بە دیموکراتیزەگرتنی کۆمەڵگا دەگرت. لەبەرئەوەی بواڵ خۆشی ئەندامی ئەنجومەنی ڕیۆ دی جانیرۆ بوو، (شانۆی یاسادانان ) ی دروستکرد، ئەویش بەمانای ئەوەی خەڵک خۆی لە دروستکردنی یاساکاندا دەستی هەبێت. پاشان شانۆی یاسادانان لەو پرۆسەیەدا بوو بە رووداوێکی شۆڕشگێرانە، شانۆ بەربەستی لە دروستبوونی كێشەکان دەگرت لە ناو خودی یاساکاندا.
بەوشێوەیە بواڵ گەشە بە تیۆریەکەی دەدات لە بارەی شانۆ و پەیوەندی بە سیاسەت و کۆمەڵگاوە، بنچینەی ئەم بۆچونەشی لە سەر سێ پێداگیری دارشتووە.

1ـ هاوسۆزی ( سیمپاتی ) دەشێت لە دوو حاڵەتدا بەکاربهێنریت، جارێک بە نەگەتیڤی بۆ مەبەستی چەوساندنەوە و جارێکیش بە پۆزەتیڤی، زۆر گرنگە کە بە مەبەستی سەرفرازی بەکاربهێنرێت.
2ـ شانۆ سیاسەتە
3ـ بەشداران سەرزیندەو بەگوڕبن

ئەرگومێنتی بواڵ بۆ ئەوەی کە شانۆ سیاسەتە، رەخنەکەی دژ بە ئەرستۆتاڵیس بنیات دەنێت. ئەریستۆ جەخت لەوە کردۆتەوە کە شیعر و سیاسەت دوو شتی جیاوازن. بواڵ دەیەوێت ئەوەمان بۆ ڕوون بکاتەوە کە فۆرمی سیستمی ( سیاسی ــ شاعیرانە ) ی ئەریستۆ تاڵیس مرۆڤ کەم بایەخ و دەکات و دەیانچەوسێنێتەوە. بە بۆچوونی بواڵ سیستەمەکەی ئەرستۆ لە خزمەتی چینی دەسەڵاتداردا بووە، بەلام بەهۆی شیعرەوە ئەو چەوساندنەوەیە لە خەڵک شاراوە و پەنهان بووە، بەرگێکی بەشمەکی بووە بۆ شاردنەوەی ستەم لێکردن. ئەرستۆ لەو سیستەمەیدا باسی هیچ مەیل، خراپە و سەرنجێک ناکات کە زیان بە سیستمی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت.
بەواتایەکی تر سیستمی ( سیاسی ـ شیعر)یەکەی ئەرستۆ پارێزگاری لەو چەوساندنەوەیە دەکات و دەیانهێڵێتەوە کە لە کۆمەڵگادا هەیە، ئەویش بە نەهێشتن و قەلاچۆکردنی ئەوتێروانین وبیروباوەرنەی کە دژی ستروکتووری کۆمەڵگە هەبوو، یان هەیکەلی پێکهاتەی کۆمەڵگای بخستایەتە ژێر پرسیارەوە. ئەویش بەرگری کردنە لەو سیستم هەیکەلی کۆمەڵگە بەڕێگای هونەرەوە، چونکە ئەوەش لای چەوسێنەرەکان خۆی لە خۆیدا بوونێکی جیگیر و چەسپاوە، لەگەڵ بوونی مرۆڤدا خوڵقاوە و بریاری لەسەر دراوە، شتێکە دەبێت مرۆڤەکان خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن، چونکە مرۆڤ کەمدەستە لەلابردن و سڕینەوەی ئەو بڕیارە سروشتتیانەدا، بۆیە مرۆڤ تەنیا وەک تەماشاکەرێک وایە و توانای نییە لە سڕینەوەیدا.

تیۆریەکەی ئەستۆ درێژە پێدانی ئەفسانەکانە، کە چۆن ئەفسانەکان مرۆڤەکانی فێر دەکرد، کە چۆن ڕەفتار بکەن، دەسەڵاتدارانیش چۆن هەژموونی دەسەڵاتی خۆیان بەکاربهێنن، ڕەشەخەڵکیش چۆن ملکەچی دەسەڵات بن، هەروەها ئەرگومێنیتی خۆشیان پێشکەش کردووە بۆ بەردەوامی ئەو ڕەوشە. لەبری ئەوەی یەکسانی ژیانی خەڵک لە کۆمەڵگادا بەرەوپێش بەرێت، بەپێچەوەنەوە بەهۆی سیتمی شیعر ـ سیاسی، خەڵکانێکی وەک یەک بە پاسیڤی لە کۆمەڵگایەکی نایەکساندا دەنەخشێنێت. بواڵ ئاماژە بە قسەیەکی Arnold Houser دەدات کە دەڵێت: خەڵک لە چوارچێوەیەک دا بەگشتی لە درامادا موعایەشەی دیموکراتی کردووە، بەڵام لە راستیدا ناوەرۆکێکی نادیموکراسی و ئەریستۆکراتیانەی هەبووە، ئەویش نموونەیەکە بۆ چەوساندنەوەی پەنهان لە سیستەمەکەی ئەرستۆ کە پارێزگاری لێدەکات، چەوساندنەوەیەک کە لە ژیان و نەریت و ترادیسیۆنی خەڵکدا گوزەردەکات. تیۆریەکەی ئەرستۆ هەروەک تراژیدیەکانی کلاسیک لە ئاستێکی سیاسی باڵادا، باس لەوە دەکات تا چەند یاسا و ڕێساو کانی ووڵات لەگەڵ یاساکانی سروشتدا یەک دەگرنەوە. ئەوەش تراجیدیا وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ بەردەوامی سیاسەتی ستەملێکردن بەکار دەهێنن، ئەوەش هەروەک میتۆدی بانکی، پەروەردەکردن و فێرکردنی خەڵک بۆ قبوڵکردنی ئەو واقیعەی کە هەبووە بێ هیچ نارەزایەک.

بواڵ دەیەوێت ئەوە پیشان بدات کە چۆن بەها سیاسیەکان بە هۆی شیعرەوە گوزارشتیان لێدەکرێت و چۆن بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، کە ئەرستۆ دژی دەوەستێتەوە. بواڵ بۆمان ئاشکرا دەکات کە چۆن ئایدیا و بیری سیاسیانە بە دەقە شیعریەکانەوە داپۆشرابوو، بەڵام بەو بەوشێوە شیعریە کە لای خەڵک شاراوەبوو، تراژیدیەکان هەرچەندە لە میتۆلۆژیاو ئەفسانەکانەوە سەرچاوەی گرتووە و بناخەیەکی پر لە نهێنی و پەنهان و راز و نیاز هەڵگرتووە، کە بەرگریکردنە لە ئافسانەی دەسەڵات، لەوێدا پاڵەوان ڕووبەرووی چارەنووسی خۆی دەبێتەوە، ئەوەش سەرەتایەکی تێگەیشتنە لە سیماتی هاوسۆزی بەرامبەر ئەو ئەفسانەو داکەوتە ئەو واقیعە دەبێتە ڕاستی لای بینەران. ئەو هاوسۆزیە بۆ پاڵەوان و بۆ واقیع، بە دیدی ئەو لە فۆرمی شانۆدا بەکارهێنرابوو.

بواڵ مەبەستی ئەوەیە کە بەکارهێنانی سیمپاتی لە شیعردا، بۆ ئەوەبوو چونکە خەڵک نزیکایەتی و ئاشانیەتی لەگەڵ دەقە شیعریەکاندا هەبوو. هەروەها سیستمی ( سیاسی ـ شیعری) لەسەر دیاردەو فۆرمەکانی چینی باڵادەست دامەزراوە، کە چەوساندنەوەی لە تێکستدا شاردبووە، بۆ پارێزگاری لێکردنی ئەوستروکتورەی کۆمەڵگا و دابەشکردنی چینەکان و دەسەڵاتەکان لەسەرەوە بۆ خوارەوە. کە هەل و مەرجی دەسەڵات وەک ئاکارێکی سروشتی و بێ ئەڵتەرناتیڤ چاو لێبکات، کە ئەو واقیعی دەسڵات دابەشکردنە وەک ڕاستیەکی شاراوە قبوڵ بکات، کە خەڵک بەرامبەر بە پاڵەوانی ریوایەتەکان protagonist هەست بە هاوسۆزی سیمپاتی بکات.

مانای ئەوەی خەڵک هاوسۆزی بۆ دیاردەکانی کۆمەڵگا و هەیکەلەکەی هەیبێت، کە هەمان سیستەم بەرهەم بهێنێتەوەو چەوساندنەوە تێکناشکێنێت، لەبیرمان نەچێت پاڵەوانی دراما و ریوایەتەکان protagonist هەمیشە سیمبوڵ و نوێنەرایەتی چینی باڵا دەستی کۆمەڵگا بوون. بواڵ باسی تراجیدیاکەی ئەرستۆ دەکات کە سیمپاتی چ کاریگەریەکی هەیە بۆ سەر چەوساندنەوە، بەڵام لە لایەکی تریشەوە بواڵ پێناسەیەکی تری هەیە بۆ سیمپاتی کە جیاوازە لە دیدەکی ئەریستۆ، لەشانۆی سەکۆدا سیمپاتی زۆر گرنگە بۆ کارکردن بۆ ئازادی و سەرفرازی. پاشان بینەر سیمپاتی دەبەستێتەوە بە رووداوەکان، وە بە چ شێوەیەک بینەر سیمپاتی بنووێنێت و بۆ کێ سیمپاتی هەبێت، جا بۆ ئەو چەساندەوەیە بێت یان بە پێچەوانەکەی بۆ ئازادی سەرفرازی و گۆڕینی واقیع و داکەوتەکە بێت.

بواڵ گازندەی خۆی ئاراستەی ئەریستۆ دەکات، بەوەی کە بەرهەمهێنەری ئەفسانەیە، ئەو ئەفسانەیەی کە بێدەنگمان دەکات لە بەگژاچونەوەی ستەمکاریدا، ئەو ئەفسانەیەی کە لەخوڵقاندنی مۆنۆلۆگدا دەورێکی باڵای هەیە، ژیانی ئێمە بەردەوام دەجوڵێت، لەم چرکەدا کە ژیان وەک هەل و مەرجێک تاقی دەکەینەوە، گەر هیچ وەلامێک لە ژینگەی دەورو بەرمانەوە نەهات ، بەو واتایەی کە دیالۆگ جێگەی خۆی لەگەڵ تاکە دەنگی مەنەلۆگ گۆریوەتەوە.

گەلێک جاران ئەفسانەکان دەوری سوکنایەتی و تێراپیدان لە ژیانماندا هەیە، بۆ نموونە خۆسازاندن لەگەڵ نادادوەری کۆمەڵایەتی و بندەستی، کاتێک دەگونجێت ئەگەر ئەمانە پەیوەندیان بە بەسەرهاتی سروشتی مرۆڤەکان و پێویستی سزای هێزە خواوەندەکانی دەرەوەمان هەبێت.

تراجیدیاکەی ئەریستۆ تالیس لە رووداوی چیرۆکی پاڵەوانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، لە تراجیدیادا پاڵەوانەکان بۆ میهرو چاکە خەبات و کۆشش دەکەن، دیارە چاکەکردن لە لای بواڵ زۆر بەروونی دیارە کە لە پێکهاتەی دەستور و یاساو رێساکانی کۆمەڵگادا خۆی بەیان دەکات. لەو کاتەدا مەرگەسات و تراجیدیا دەست پێدەکات کە خاڵی لاوازی پاڵەوانەکە ئاشکرا دەبێت، لاوازیەک کە لە دەستپێکەوە هۆکارێک بووە بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە پلەی باڵای پاڵەوانەکە پێش کەشف بوونی کە تێیدا ژیاوە، لاوازیەک کە هەمیشە خەسڵەتێکی ناجۆر و خراپ بووە کە ڕێی لە پاڵەوانەکە گرتووە بە کۆمەڵگا هۆمۆژین و یەکپارە و هاوشێوەبێت.

هەروەها لەسەرەتای تراجیدیاکەشدا هانی بینەر دەدات کە هاوسۆزی خۆیان بنووێنن بەرامبەری. بەڵام هاوسۆزی لە دیدی بواڵ ئەوەیە کە وەک بینەر خۆخستنە ناو دۆخێک و پەیوەندی ببەستیت، هەست بە بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکە بکەیت، خۆخستنە ناو بارودۆخێک کە پەیوەندییەک دەخوڵقێنێ کە بینەر لە کایەی خۆیدا پاسیڤ رەفتار نابێت، بینەر رێ بە بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکان دەدات، کە رووداوەکان بەجێبگەیەنن. لە پاشاندا تراجیدیا خاڵێکی وەرچەرخان وەردەگرێت، کە بینەران بەهۆی هاوسۆزیەوە لەگەڵ پاڵەواندا لە هەوراز و نەهامەتییەک بەیەک دەگەن، لە دواجاردا ڕووداوەکان بە ئاکام دەگەیەنن. جا بۆ ئەوەی رووداو و چیرۆکەکە تێک نەچێت و جێگای پاڵەوان نەڕمێت لە دواجاردا پاڵەوان دان بە لاوازی خۆیدا دەنێت. بە بروای بواڵ مەبەست لەم دانپیانانە ئەوەیە کە بینەر لە سیمپاتی و هاو هەستی خۆیاندا دان بە هەڵەو لاوازی خۆیاندا بنێن.
ڕوانگەی بواڵ بۆ کێشەکە ئەوەیە کە پێویست ناکات بینەران تووشی هیچ کارەسات و ناخۆشیەک ببن، چونکە هەموو ئەوشتانەی کە روویداوە لە کارەکتەرێکەوە بووە لەبەر ئەوە لە هەر وەختێکدابێت بینەر ئەوە بەجێدەهێڵێت.
ئەریستۆ تاڵیس داوا دەکات، کە تراجیدیا بە موسیبەتێک و کارەساتێک کۆتایی بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی لە رێگای هاوسۆزی بینەرانەوە تەواو هەست بە گرنگێتی دانپیانانی تاوان بکەن، لەگەڵیشیدا گرێی بدەنەوە بە ژیانی رۆژانەوە، بە بۆچونی ئەریستۆ بەهۆی کەوتنە ناو ئەو ترسی نەهامەتی و موسیبەت و کارەساتەوە بینەر پاک دەبۆوە لە خاڵی لاوازیان.
بەڵام جارێکی دی بواڵ جەخت لەوە دەکاتەوە کە خاڵی لاوازی پاڵەوانەکان، سیفاتی ناجۆر و خراپیان لە سەرچاوەی یاساو ڕێساو دەستوری کۆمەڵگە بنیات نراوە. ئەمەش ئەرستۆ وای دەبینێت کە هەموو بۆچونەکان پاک بکرێتەوە لەو گازندانە و رەخنانەی کە لە ستروکتوری کۆمەڵگا دەگیرێت، بە واتەیەکی دی بۆمان نییە ڕەخنە لە ستروکتوری کۆمەڵگا بگیرێت، کە چۆن دابەش کراوە.
هاوسۆزی لە تراژیدیا بەو شێوەیە نموونەی بەردەوامی و جێبەجێکردنی چەوساندنەوەیە. تراژیدیاکەی ئەریستۆ دەرسی خەڵک دادەدات و کە باریان دەکات بە خۆڕاهێنان و خۆ گونجاندن لەگەڵ داکەوتە و واقیعەکە، کە بەدەنگ نەیەن و بەگژیدا نەچنەوە
بواڵ دەڵێت ئەم جۆرە سیمپاتی و هاوسۆزیە هەتا ئێستاش بوونی هەیە، بەتایبەتی لەناو فیلمە سەرکەشە رۆژئاواییەکان،و لە شانۆ ڕەسمی و نەریتیەکاندان konvention و لە زنجیرە تەلەفیزۆنیە خۆشهاتەکاندا Tv.sopor دا، لەوکاتەدا بینەر خۆی لەگەڵ پاڵەوانی دراماکەدا پەیوەند دەکات، بۆ ئەوەی هێزی خێر بەسەر شەردا سەرکەوێت. یا وەک لە هەندێک تێکست و شانۆییە دروشم بازیەکاندا بە ناوی نەتەوەپەرستییەوە، پاڵەوان لەسەر دروشم بازی رادەهێنن، ئەو جۆرەش خزمەت بە دەسەڵاتی سەرکوتکرانە دەکات، لەژێر ناوی نەتەوەو بە پیرۆزکردنی سەرکردەکاندا، چونکە ئامانجی مرۆڤیانەو و گەرانەوەی مرۆڤبوون بەدروشمگەرایی دژی چەوسێنەران نابێت.

بەواتایەکی تر دراما تراجیدیەکەی ئەریستۆ تاڵیس نوێنەرایەتی شۆڕشگێرانەی گروپەکان ناکات، لەودەمەدا فۆرمی تراجیدیا داوای کۆمەڵگەیەک دەکات، کە سترکتورو فۆرمی تایبەتی هەبێت بێ هیچ گۆرانکاریەک، پاشانیش دراما تەنها ئەو سترکتورە ببینێت و تێیدا بژی. کۆمەڵگایەک کە چۆن بەروونی بەو ئاراستەیەی کە چ بوونێکی هەیە و چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، تەنها ئەوکاتە دەتوانیین خۆمان لەو دۆخەدا ببینینەوەو، بگەینە خاڵی پاک بوونەوە. ئازادی لە روانگەی ئەریستۆ تالیسەوە.

ئەو جۆرە هاوسۆزیە بەلای ئۆگستۆ بوڵەوە ووشەیەکی خراپە، چونکە ئەوەش دەبەسترێتەوە بەو میتۆدەی کە لەشانۆی ئەوروپادا بەکاردەهێنرا بۆ ئەوەی کار لە مرۆڤەکان بکات. بەڵام لە لایەکی تریشەوە نابێت ئینکاری ئەوەبکرێت کە لە شانۆی سەکۆدا پێویستە باوەڕمان بە سیمپاتی هەبێت کە بینەر بتوانێت خۆی بناسێتەوە لە پاڵەوانی ڕیوایەتەکەدا.
بەدیدی بواڵ بە هاوشێوەی ئەوەی کە باسی ئەرستۆمان بۆدەکات، کە چ رۆڵێکی هەبووە لە بناخە سەرەتاییەکانی شانۆدا، هەروەها چ کاریگەریەکی هەبووە لە بەرەو ]ێشەوە چونی دونیا و رەوتی شانۆدا، هەروەها باسی نیکۆڵای میکیاڤیللی و شکسپیریشمان بۆ دەکات و ئەرگومێنتەکانی خۆیمان پێشان دەدات، کە چۆن بە هوشیاریەوە لە بونیادی شانۆی رۆژئاوادا بەرجەستەکردنی چەوساندنەوە درێژەی هەیە. هەروەها بەگشتی باسی میکیاڤیللی و شکسپیر دەکات کە چۆن لە شانۆدا گەشەیان بە خوڵقاندنی کارەکتەرەکانیان لە ئۆبجەکتەوە بۆ سوبجەکت داوە ، هەردووکیشیان لە ماوەی چاخەکانی ناوەراستدا گەلێک چالاک بوون، لە سەردەمێکدا کە لە کۆمەڵگادا کەنیسە خاوەن دەسەڵاتێکی زۆر بووە ، بەتایبەتی لە کۆمیدیاکەی میکیاڤیللی بە ناونیشانی ماندراگۆلا Mandragola کە مەرامێتی نیشان بدرێت کە بینەران کەیف خۆش بن، بەڵام ئەویش بەرێگای دەسەڵاتی ئایندارێتی ئەقڵیەتی کەنیسە. لە ڕۆمای کۆندا چینی دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆیان و ئارامکردنەوەی نارەزای خەڵک، نەک دیالۆگکردن لەگەڵیاندا دەیان ووت زۆرکردنی نان و سەما بۆ گەل زۆر پێویستە ، لە پێناوی نەرمکردنەوەو مسۆگەرکردنی ئارامی خەڵکدا، بۆ ئەوەی بەگژ ئەو ناعەدالەتیەدا نەچنەوە، واقعی سەرداری خۆیان مسۆگەر بکەن و درێژەی پێ بدەن.

بەلای بواڵەوە ماندراگۆلا یەکەم قۆناغی پەرینەوەیە لە مێژووی شانۆدا، کە کارەکتەراکان رۆڵەکان بە ( تاکگەرایی) ئندیڤیژواڵ کرا، پێشتر رۆلەکان وەک سیمبوڵ هەبوون، تەنها دەلالەتیان دەبەخشی و بۆ موتیڤ و هۆی شانۆییەکە ئامژەیەک بوون. لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵەکان لە ماندراگۆلادا مۆرکێکی تەواو گەشەسەندوو نەبوون، لەو زەمەنی کارەکتەرا ئۆبجەکتیڤانەوە گۆرانکاریەکی کەمی بەسەردا دێت بۆ بە سوبجەکت بوون، واتە کارەکتەراکان کەمێک بوون بە سوبجەکت،بەلام سوبجەکتی تەواو نا. لە ماندراگۆلادا کارەکتەرەکانی ناو دراماکە کەمێک بەرگی ئۆبجەکتیان داکاند، ئەوەش ئاراستەو وەرچەرخانێکی زۆر باش بوو بۆ ئەوەی نووسەرانی دوای میکیاڤیللی جۆرێکی تر کارەکتەر دابرێژن. تا لای شکسپیر زۆر بەتەواوەتی ئیندڤیژوڵی تاکگەرایی کەسەکان گەشە دەسەنێت.

شکسپیر لە دراماکانیدا هەموو مرۆڤەکان وەک مرۆڤ بوونی خۆیان باسیان دەکات و دەیانگێرێتەوە، واتە لەلای شکسپیر کارەکتەرەکان ناسنامەی مرۆڤ بوونی خۆیان وەرگرت، بەنموونە هاملێت دیار نییە کە بەرجەستەی گومان و نادڵنیایی بکات یان سیمبوڵێک بێت بۆ گومان و نادڵنیایی بەڵکو کەسێکە خۆی گومان دەکات و نادڵنیایە، کاتێکیش کە بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکان دەبێت بە چەمکێکی کۆنکرێتی، بە دیدی بواڵ، ئەوە پێشکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ تێگەیشتنی بۆرجوازیەکان.




تاجەکەم شایەنی کێیە..؟… شانۆییەکە لە یەک پەردەدا… نووسینی: رەزا شوان

کەسایەتییەکان بە پێی دەرکەوتنیان لەسەر شانۆ:
١ـ مەرگ
٢ـ ئیزرائیل
٣ـ نەخۆشی
٤ـ برسێتی
٥ـ نەخوێندەواری
٦ـ گەندەڵی
٧ـ دووبەرەکی
٨ـ داعـش
٩ـ نیشمان فرۆش
١٠ـ چوار پێشمەرگە کە دوانیان کچن.
١١ـ کۆمەڵەڵێک منداڵی کوڕ و کچ بە جلی کوردییەوە.

(شوێن تەختەی شانۆ.. لە ناوەڕاستی سەر شانۆکەدا، لە لای دواوە.. کورسییەکی شاهانەی جوان دانـراوە.. دیکۆری پشت کورسییەکەوە، دیمەنێکی شاری کەرکوکە و ئاگرەکەی باوەگوڕگوڕ دیارە.. تاوەری نەوت..مـەرگ دێتە سەر شانـۆکە.. شێوەیەکی زەبـەلاح و زۆر ناشیرینی هەیـە.. لووتێکی درێـژ.. دوو ددانـی گـەورە و درێـژی هەیـە.. برۆکـانی زۆردرێـژن.. پەنجەکـانی قـەینـاغی درەو کە بە بۆیـە سوورکراون لە پەنجەکانی دان .. جووتی کەوشی درێژوولکـەی لە پێـدان.. جلـوبەرگـێکی شێوە تایبەتی لە بەردایە.. تاجـێکی زێڕینی لە سەردایە.. دێت و لەسەر کورسییەکەدا، دادەنیشێت..)

مەرگ (لەسەر سنگی نووسراوە ـ مەرگ ـ هاواردەکـات): ئیزرائیل.. ئیزرائیل.

ئیزرائیل (لە سەر سنگی نووسراوە ـ ئیزرائیل ـ دێتە سەر شانۆ): بەڵێ گەورەم..
(لە بەردەم مەرگـدا سەری دادەگـرێت و دەچەمێتەوە..) فەرمانکە گـەورەم.
مەرگ: ئیزرائیل.. هەر ئێستا دەستوپێوەندەکـانم بۆ بانگ بکە.. دەمەوێت تاجە زێڕینەکەم
پێشکەش بەو دەستوپێوەندەم بکەم.. کە لە هەمـوویان زیاتـر خزمەتی کـردووم.
ئیزرائیل: بەڵی گەورەم.. فەرمانتە.. هەر ئێستا یەک بە یەک بانگیان دەکەم..(هاوار دەکات)..
نەخۆشی .. نەخۆشی.

نەخۆشی (دێتە سەر شانۆ..لەسەر سنگی نووسراوە ـ نەخۆشی ـ وەڵام دەداتەوە): بەڵی ئیزرائیل..
ئیزرائیل (بۆ لای راستی شانۆکە ئاماژەدەکات..): بـڕۆ .. لەوێوە بوەستە.
نەخۆشی: بەڵێ بەڕێزم.. (دەچێت و لە لای راستی شانۆکە دەوەستێت و.. رووی لە بینەران دەکات)
ئیزرائیل: برسێتی.. برسێتی.. وا دیارە کەڕنیت.. برسێتی.
برسێتی (دێتە سەر شانۆ.. لەسەرسنگی نووسراوە ـ برسێتی ـ وەڵام دەداتەوە..):
بەڵێ .. بەڵێ .. ئیزرائیل گیان ببـوورە.. کەمی دوور بـووم.. فەرمانکە.
ئیزرائیل: بـڕۆ لە لای چەپی نەخۆشییەوە بوەستە.
برسێتی: بەڵێ بەڕێزم.. (دەچێت و.. لای چەپی نەخۆشییەوە دەوەستێت..)
ئیزرائیل: نەخوێنداواری.. هۆ نەخوێندەواری.
نەخوێندەواری (دێتە سەر شانۆ.. لەسەر سنگی نووسراوە ـ نەخوێندەواری ـ وەڵام دەداتەوە..):
بەڵێ بەڕێـزم.. فەرمانکە.
ئیزرائیل: بڕۆ لە تەنیشتی برسێتییەوە بە جـوانی بوەستە.
نەخوێندەواری: بەڵێ باشە.. (دەچێت.. لە لای برسێتییەوە دەوەستێت..)
ئیزرائل: گەندەڵی .. هۆ گەندەڵێ.. ئەو بۆ وەڵام ناداتەوە.. (بە تووڕەییەوە) گەندەڵی .. گەندەڵێ.
گەندەڵی (دێتە سەر شانۆ.. لەسەر سنگی نووسراوە ـ گەندەڵی ـ وەڵام دەداتەوە..): بەڵێ بەڕێزم.
ئیزرائیل: ئەوە کەڕیت.. گوێت لە هـاوارم نەبوو؟
گەندەڵی: ببوورە.. سەرقاڵی کارێک بووم بـووم و گوێم لێنەبوو.. فەرمانکە.
ئیزرائیل (ئاماژە بۆ لای چەپی شانۆکە دەکات..): بڕۆ لەوێوە بۆستە.
گەندەڵی: بەڵێ فەرمانتە.. (دەچێت و لای چەپی شانۆکە دەوەستێت و.. رووی لە بینەران دەکات..)
ئیزرائیل: دووبەرەکی.. دووبەرەکی.. کورە دەبەرکی.
دووبەرەکی (دێتە سەر شانۆ.. لەسەر سنگی نووسراوە ـ دووبەرکی ـ وەڵام دەداتەوە): بەڵێ بەڕێزم.
ئیزرائیل: بڕۆ لە لای چـەپی گەنـدەڵییەوە بوەستە.. رووت لە خەڵکییەکە بکە.
دووبەرەکی: بەڵی بەڕێـزم فەرمانتە.. (دەچێت و.. لای چەپی گەندەڵییەوە دەوەستێت..)
ئیزرائیل: داعش.. داعش.. داعش.. وادیارە لە تونێلێکدا خۆی حەشار داوە.. داعش .. داعش.
داعش (دێتە سەر شانۆ.. لەسەر سنگی نووسراوە ـ داعش ـ سەر و ریشێکی درێژ و هەیە.. کراس و کورتەکێکی دەستوور ئەفغانی و شەرواڵێکی خامی سپی و سەر و مێزەرێکی رەشی لەبەردایـە. ئاڵایەکی رەش و .. شمـشێرێکی خوێناوی بە دەستەوەیە.. لە شـێوەی پشتێنێکی خۆکـوژی لە پشتیدایە.. وەڵامی ئیزرائیل دەداتەوە..): اللە اکبر.. اللە اکبر.. ئیزرائیل.. بۆ چی بانگت کـردم.
ئیزراعیل: بـڕۆ.. بە جـوانی و رێکی لە لای چـەپی دووبەرەکییەوە بوەستە.
داعش: باشە بەڕێـزم..(دەڕوات و لە تەنیشت دووبەرەکییەوە رادەوەستێت.. سەیری لای کچ و ئافـرەتەکانی ناو هۆڵەکەدەکـات و.. چاویان هەڵدەتەکـێنێ و دەست بە ریشەکەیدا دەهێنێت..) جوانن.
ئیزرائیل: نیشتمانفـرۆش.. نیشمان فـرۆش .. وادیـارە خەریکی پارەوەرگـرتنە.
نیشمان فـرۆش: ببوورە بەڕێزم.. ئەوە خەریکی فرۆشتنی پارچەیەکی تری نیشتمان بووم.. نەمویست لەکیسم بچـێت بە قـست فـرۆشتم.
ئیزرائیل: بڕۆ لە تەنیشتی داعشی هاوڕێتەوە بوەستە. رووت لە خەڵکی نیشتمان فرۆشراو بکە.
نیشتمان فـرۆش: جەنابی ئیزرائیل.. ببوورە.. من ناوێـرم روویـان لێکەم..!
ئیزرائیل: تۆ هەمیشە ترسنۆک بێغـیرەت بوویتە.
(هەموو خەڵکی بینەرانی ناو هۆڵەکە هەڵدەسنە پێوە و.. هەمـوویان.. چەمـۆڵە لە نیشتمان فرۆش دەنێن.. سێ جـار، تفوو.. تفوو.. تفووو.. هەی ناباکی کوڕی ناپاک.. گەورەترین بەشی کوردستان فرۆشت.. تفوو.. تفوو.. تفووو)
ئیزرائیل (لە بەردەم مەرگدا دەچەمێتەوە..): فەرموو گەورەم.. فەرمان کە.

مەرگ: دەستوپێوەندە دڵسۆزەکـانم.. دەزانن بۆچـی بانـگم کـردوون.
هەموویان: نەخێر گەورەمـان نازانین بۆچی بانگـت کـردووین.
مەرگ: گوێم لێبگرن.. دەزانـم هەمووتان دڵسۆزمن و خزمەتان کردووم.. بۆ ئەوە بانگم کردوون
دەمەوێت تاجـە زێڕینەکـەم پێشکەشی ئەوەتـانی بکەم، کە لە هەمووتـان زیاتر خـزمەتی کردووم..
ێستا هەر یەکەتان چ خزمەتێکتان کردووم بۆمی باس بکەن.. تا بزانم کێتان شایەنی تاجەکەمن..؟
ئیزرائیل: با لە نەخۆشییەوە دەست پێبکەین.. نەخۆشی بۆ گەورەمانی بگێڕەوە کە چیت کـردووە.

نەخۆشی: گەورەم مەرگ.. من دەرد و پەتایەکی زۆرم بڵاوکـردۆتەوە.. سوپایەکی گەورە و چالاکی ڤایرۆس و بەکتریام هەیە.. سوودیشم لە بێدەرمانی و بێ پارەیی خەڵکی ئەم وڵاتە و لە بارودۆخـی ئەمڕۆیان وەرگرتووە.. ژمـارەی پزیشکەکـان و پەرستیارەکـان و نەخۆشخانەکـان کەمـن و لەهـەقم نایەن. لەم ماوەیەدا خەڵکییەکی زۆرم بە پەتای کـوشندە کوشتوون.. کەواتە مـن خـزمەتێکی زۆرم کردووی.. بۆیە خۆم بە شایەنی وەرگـرتنی تاجە زێڕینەکەی بەڕێزتان دەزانـم.
برسێتی (روو لە نەخۆشی دەکات و بە تەڵفیسییەوە پێیدەڵێ): رەنگ زەردەوەبوو.. فشەی زل مەکە.
بـڕۆ شاری کەس نەتناسێ….. خـۆت هەڵکێشە پڕ بە کـراسێ.
نەخۆشی (وەڵامی برسێتی دەداتەوە): ئەی سیسەڵەی وشکەوەبوو.. ئەوە لەوچە لەوچـی چیتە.. خۆ جەنابیشت سەری شاتان نەپەڕانـدووە.. چیتان لەمن زیاتـر کـردووە؟
ئیزرائیل (بە تووڕەییەوە): بێدەنگ بن.. کاتی ئەم مشتومڕە نییە.. بێرێزی بە یەکتری مەکەن.. دەبێ بـزانن کە لە بەردەم کێدا قسەدەکەن.. دەی برسێتی تۆ باسی خۆتمان بۆ بکە.. کە چیـتان کـردووە.

برسێتی (روو لەمەرگ دەکات): گـەورەم.. من نەبوونی و هـەژاری و بێکاری و بێ مووچـەیی و گـرانیم خستۆتە نێو زۆربـەی خـەڵکی ئەم وڵاتـەوە.. خـێزانێکی زۆرم بـرسی و توینی کردوون.. رەش و رووتن، نـان نییە کە بیخۆن، دەسەڵاتـدارانی تێریش، بێباکن و یارمـەتیـم دەدەن، چونـکە ئەوانیش زۆریان پێخۆشە کە خەڵکی برسی و نەبـوون بن، تا دوایان بکـەون.. ژمارەیەکی زۆری منـداڵانیش لەبەر نەبوونی و دەستکورتی و وازیان لە قوتابخـانە و لە خوێنـدن هێناون.. کـەواتە تاجەکەت شایەنی منە.
گەندەڵی: برسێتی نابی هـەر باسی خۆت بکەیت.. بۆ وادەزانـی ئێمە خەریکی پیاز پاکـردن بووینە.
برسێتی (برسێتی بە تووڕەییەوە وەڵامی گەندەڵی دەداتەوە): ئەری گەنـدەڵی بۆگـەن و قـێزەوەن من کەی ناوی تۆم هێناوە.. تۆ خۆت لەهەموو شتێک هەڵـدەقورتێنی و.. بوویتە بە کەوگیری نیو هەموو مەنجەڵێک.. حاڵت جوانە.. بـڕۆ بەر ئاوێنە و لە خۆت بـڕوانە.
گەندەڵی (سەیرێکی برسێتی کرد): دەمـدرێژی مەکە.. لە بەردەم گەورەم نەبوایە.. تەمێم دەکـردی.
ئیزرائیل: ئەم ژاکـە ژاکەتـان لە چییە.. بێدەنگـبن.. سوکـایەتی بە یەکـتری مەکەن.. دەی گەنـدەڵی نۆرەی تۆیە کە باسی کارەکانت بکەیت.
گەندەڵی (روو لە مەرگ دەکات): گەورەم، بۆ کەس هەیە من نەناسێت..؟ من گەندەڵێم.. لە هەموو شوێنێکدا قـوت دەبمـەوە.. کارەکـانم هێندە زۆرن لە ژمارە نایـەن.. بۆ نموونە: بەرتیـل و دیـاری وەرگـرتن ..دەم چـەورکـردن.. پێشێلکردنی یاسا.. دزینی سامـانی خەڵـکی.. خـزم خـزمێـنە.. حـزب حزبێنە.. خۆ خۆیی و قورخکردن.. خۆپەرستی.. جیاوازی و نادادپەروەری.. رۆتین و رانەپەڕاندنی کـاری خەڵکی.. مامـە حەمـەیی و ماستاوکـردن.. شان تەکاندنی گـەورەکان.. واسیتە.. هەلپـەرستی.. ئەمانە و گـەلێ شتی تریش.. ئەمانـە کاری منن.. هەر لە من دەوەشێنەوە.. ئەگەرچی پرۆژەیەک بە ناوی (چاکسازی و دژەگەنـدەڵی) لە ئارادایە.. بۆ رووبەڕووبوونەوە و دژایەتی مـن.. بەڵام پێکەنینم پێی دێت.. چونکە ئەو پرۆژەیە هەر قسە و فیشاڵی دەسەڵاتداران.. درۆی رووتن.. بۆیە ترسم لێیان نییە و بە من ناویرن.. شایانی باسیشە کەسی نەشیاوم خستۆتە شوێنی نەشیاوەوە.. رەجەبم کردوەە بە سەرپاڵەیان.. گـەورەم.. تاجـە زیڕینەکەت شایستەی منە و.. بە منی ببەخشە.
ئیزرائیل: دووبەرەکی.. نورەی تۆیە باسی خۆتمان بۆ بکەیت.. چیت کـردووە و چیت نەکردووە؟
دووبەرەکی: گەورەم.. خەڵکی هەموویان باش من دەناس.. کە من چ زیان و نەهامەتییەکم بەسەر
خەڵکی هێناون.. ئاژاوەگـێڕی.. ململانێ.. نەسازان و رێکنەکەوتن.. یەکنەگـرتن.. بەربەرەکـانی و تاوانبارکردنی یەکتری.. سووکایەتی و شەڕە قسەی و شەڕە جوێنی راگەیاندن و میدیاکـان.. رق و کینە و دوژمنایەتی.. خۆپەرستی و بەرژەوەندی پەرستی.. نەک کوردایەتی و کوردستان پەروەری. گەورەم، من برا و برا.. خوشک و خوشکم کردوون بە دوژمنی یەکتری.. دروشمی من (پەرتکە و زاڵبە)یە.. تا ئێستا یەکێتی و یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی لە ناو خەڵکیدا نییە و تەنیا دروشمی بریقەدار و قسەی رووتن.. ئەویان دەڵێ سیر و ئەوەی تریان دەڵێ پیاز.. من منم و تۆ تۆییە.. باڵ باڵێنەیە.. رق رقـێنەیە.. وام لێیان کردووە کە ئاگایان لە داگیرکەران و لە دوژمنەکانیان نەماوە.. هەر کاکـە و خۆی بە قـارەمان دەزانێت.. کـردوومە بە وڵاتێکی فـرە کوێخـا و بێسـەرە و بـەرە.. دەم رووتی هیـچ لەبارم زۆرکـردووە.. کەسی وەکو من شایەنی وەرگرتنی تاجەکەت نییە.
داعش: اللە اکبر.. اللە اکبر.. (شمشێرەکەی بۆ لای ملی دووبەرەکییەوە دەبات..).. لەسەری مەڕۆ.
دووبەرەکی: ئەم دەعبا قێزەوەنە نامۆیە کێیە..؟! وا پێدەچێت کە تۆ خەڵکی تاریکستان بیت.. ئەی ئەوە چیـیە لەپشتت بەستووە..؟ دەستەکـانت بە خوێنەوەن.. لە تەنوورخـانـدا دەژیت..؟!
ئیزرائیل: دەی داعشی نوکەر و دەستوپێوەندی تـازە.. لە ئەمـڕۆدا لە جیهاندا، باس لە تـاوانە بێوێنەکانی تۆ دەگـرێن.. ئـەوەی تۆ دەیکەیت شەیتانیش رێی پێ نابـات.. هەمـوو سـنوورێکت بەزاندووە.. خۆت بۆمانی بگێڕەوە کە چیت کردووە.. ئەگەرچی کردەوەکانت روون و ئاشکران.
داعش: اللە اکبر.. اللە اکبر.. من داعشم.. بەڵام من نۆکـەرێکی تازەی ئیسلام نیـم.. ئێمە زیـاتر لە (١٤٠٠) ساڵە ئـەم کـار و پیشەمـان بووە.. لە باوباپیرانمانەوە بۆمـان ماوەتەوە..ئێمە ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت هەر نۆکەر و بەکرێگیراوبوونە.. ئێمە دڵسۆزترین خزمەتکاری مەرگین.. ئەوەی ئێمە کردوومانە.. لە هیچ سەردەمێکدا نەکراوە.. ئێمە دەکوژین و دەبڕین و دەسووتێنین و کاول دەکەین. دەست لە منداڵی ناو لانک و لە پیر و پەکەوتە و ژنیش ناپارێزین.. دەیان کوژین یا زیندە بە چاڵیان دەکەین.. تـاڵان و دزی و ئابڕووبردنی ئـافرەت و پەلاماردانی کچی نۆ ساڵانیش لای ئێمە حەڵاڵـن.. ویژدان، بەزەیی، رەوشت، مرۆڤایەتی، قورئان، حەدیس، شەریعەت ئەمانە لە فەرهـەنگی ئێـمەدا نین.. تەنها بۆ پەردەپۆشیش ئاڵای (لا الە الا اللە) مان بەرزکردۆتەوە.. یاسا و رێساش بە لامانەوە قسەی بێ مانانن.. ئێمە دۆژمنێکی زۆر سەرسەختمان هەیە.. هەرچەند دەکەین دەرەقەتیان نایەین.
مەرگ: کێن ئەو دوژمنە سەرسەختانەتان؟
داعش: گەورەم ناویان پێشمەرگەیە.. بەڵی تەنها لە (پێشمەرگەیە) دەترسین.. تەنگیان پێهەڵچنیوین .. ناتوانین رووبەرووی هێڕشەکانیان ببینەوە.. تەنانەت لە نێو تونێلەکانیشدا بین دەمان دۆزنـەوە.. بە دەستی خۆمان نییە کە ناوی پێشمەرگە دێت لە ترسان لەرزمان لێدێت و میز بە خۆماندا دەکەین.. کونە مشکمان لێدەبێت بە قەیسەری.. دەشزانن کە گەلێ کاری خۆکوژیمان لە شار وشارۆچکەکاندا ئەنجام دان.. گرنگیش نییە بە لامانەوە کێ دەکـوژرێن.. گرنگ بەڵامانەوە کوشتن و خوێنـڕشت و وێرانکردنە.. شایەنی باسیشە ئەم رەفتار و کردەوە جوانانەمان.. بەشێکی نەمـرن لە کولتوورێکی رەسەنمان، کە لە باوباپیرانمـانەوە و بۆمـان ماونەتەوە.
جەنابی مەرگ.. من لە هەموو کەسێ زیاتر خـزمەتم کـردووی.. تاجـە زێڕینەکەت شایەنی منە.
نیشتمان فرۆش: بێـدەنگ بە داعش.. وا دیـارە لە بەرچـاوت نییە کە چـەند یارمـەتیم داون.. کەم نەوت و گـاز و شتی تـرم پێفرۆشتن..؟
ئیزرائیل: کاتی باسکردن و هەڵماڵینی هاوکـارییە نهێنییەکـانی نێوانتان نییە.. دەی نیشتمان فرۆش تۆ چیت کردووە بۆمـانی بگـێرەوە.
نیشتمان فـرۆش: ئەوە منم کە خـۆڵم لە چـاوی ئەم میللەتە کـرد.. مـنم بووم بە كڵاو سووری پيش لەشکری داگیرکـەر.. من بە دەیـان پێشمەرگـەم بە کوشـتدا.. و بە هـەزارن خێزانم بە گورگان خوارد دا.. منم بە هەرزان و بە پـارە و بەبێ پـارە رووبەرێکی زۆری نیشتمانم فـرۆشت.. بـەڵام نیشتمان کڕەکان فێڵیان لێکـردم.. نە پارەیان پێـدام.. نە سوپاسیشیان کـردم.. سەرەڕای ئەوەش بە چاوێکی سسوکیشەوە لێـم دەڕوانـن.
مەرگ: بەڵێ راست دەکەی.. ئـەوەی تۆ کـردووتە کەس نەیکـردووە.. تاجـەکەم بە تـۆ دەبەخـشم.. وەرە پێشەوە با بیخەمـە سەرت.
(نیشتمان فرۆش لە مەرگ نزیک دەبێتەوە.. بۆ ئەوەی مەرگ تاجـەکە زێڕینەکەی خۆی لەسەری بکات.. بەڵام پێش ئەوەی کە تاجەکـە بنێتە سەر نیشتمان فرۆش.. هەمـوو ئەو بینەرانەی کە لەناو هۆڵەکـەدا هەڵدەسنە سەر پێوە و روویان لە نیشتمان فـرۆش کرد)
جەماوەر و ئەو چوار پێشمەرگەیە: تفوو.. تفوو.. تفووو.. نەفـرەت.. نەفـرەت.. نەفـرەتان لێبێت.
کچەپێشمەرگەیەک لە چوار پێشمەرگەکەی ناو هۆڵەکە: ئەی نیشتمان فرۆشی ناپاک.. بەکرێگیراو.. خۆفـرۆش.. رووڕەش.. نۆکەری قێزەوەن.. سەرشۆڕ.. کلکشۆڕ.. سووک و رسوا.. لە پـاڵ هـەچ لایەنێکدابیت و خۆت و هـاوڕێیانی ناپـاکت دەربازبوونتان نییە.. ئەم ڕۆ رۆژی ئەوەیـە کە سـزای ناپاکیتان وەربگرن.. رسوابکرێن.. ببن بە پەند بۆ هەموو کوردستان فـرۆشێکی ناپاک.. رامەکەن وا هاتین.. وا هاتین..

(جەماوەری نێو هۆڵەکە و ئەو چوار پێشمەرگەیە بە چەکەوە هێڕش دەکەن بۆ ئەوەی کە بچنە سەر تەختەی شانۆکە و پەلاماری نیشتمان فـرۆش و مەرگ و دەست وپێوەندەکانی تری بدەن.. بـەڵام مەرگ تاجـە زێڕینەکەی فرێدەداتە سەر شانۆکە و لەسەر کورسییەکەی دادەبەزێ)
نیشتمان فـرۆش: گەورەم راپەڕین گەل دەستیپێکرد.. خـێرا با راکـەین.. با راکةەین .. با خۆمان دەربازبکەین.. ئەمە ئەو رۆژەی کە تیادەچـین.. راکەن.
(مەرگ و دەستوپێوەندەکـانی زۆر بە خێرایی بۆ پشتەوەی شانۆکەوە رادەکەن .. لەچاو ونـدەبن.. پێشمەرگەکـان و جەمـاوەریش دەچـنە سەر شانـۆکە..)
پێشمەرگەیکیان: بەڵـێن بێت.. بەڵـێن بێت.. واز لە خەبات و لە تێکوشان ناهێنین.. دەست لە چـەک هـەڵناگـرین.. تا کوردستان لە داگیرکـەران و لە خۆفـرۆشان و لە نیشتمان فـرۆشان رزگـارنەکەین.
جەماوەر(پێکەوە، بە دەنگێکی قایم): بژی کـورد.. بژی کـوردستان.. بژی پێشمەرگـەی قارەمـان.

(کۆمەڵێک منداڵی کوڕ و کچ.. کە جلی کوردیان لە بەردایە.. دەچنە لای پێشەوەی سەر شانۆکە.. منداڵەکان و پێشمەرگەکان پێکەوە.. بە دەنگێکی زوڵاڵ .. سـروودی ـ ئەی کـوردینە ـ دەڵێن)
ئەی کوردینـە
هۆنراوەی: زێـوەر

ئـــــــەی کـــوردینە ، ئــــــەی مـەردینـە
با دەسـت لە نـــاو دەسـت کـەین هەمـوو
بـۆ بـــــــەرزێتـی خـــــاکی وەتـــــــــــەن
بۆ یەکێتی بچین هەموو کوردیـن هەموو
بـێ کـــــەس نییە دایــــــکی وەتــــــــەن
ئێمـــــــە فیــداکـــــــــاری ئـــــــــــــەوین
تـا کــــــورد لـە عـــــالەم دەرکــــــــەوێ
بۆ یەکێتی بچین هەموو کوردیـن هەموو
ئـەجــــــدادمـان شــــــێری زەمـــــــــــان
حوڕبــــــوون بە ســــەربەستی ژیــــــان
باکمـــــان نیـە ئێمــــــەش لـە کــــــــەس
بۆ یەکێتی بچین هەموو کوردیـن هەموو

(کۆتـــــــــــــــایی)

(*) ئەم شـانۆییە، بە دەستخەتی خۆم لە ساڵی (١٩٧٥) دا.. لە ژمارە (٢)ی گۆڤاری (ئەستێرە) دا
بڵاوم کردۆتەوە ـ گۆڤارێک بوو بۆ منداڵان ـ دەزگای رۆشنبیری کوردی لە بەغـدا دەریدەکرد.. بەڵام دەسکاریم کرد و دەستوپێوەندەکانیشم زیاتر کـردوون، تا لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆی کوردستاندا بگونجێت. ئەم ژمارەیەی گۆڤاری ئەستێرە، رژێمی بەعس دەستی بە سەریدا گرت و رێیان نـەدا کە بڵاوبکرێتەوە.. بە هۆی پێشەکییەکەی خوالێخۆشبوو دکتۆر (ئیحسان فوئاد) و چیرۆکێکی نووسەری شەهیـد (دڵشاد مەریـوانی)ی کە بۆ منـداڵان.. کە چـیرۆکێکی توانجـدار و مەبەستدارە.

(*) قەینـاغ: لە لای ئاسنگەرەکان هەیە.. لە تەنەکە دروست دەکرێت.. لە کاتی دروێنەوەی جۆ و
گەنمدا دروێنکەران لە پەنجەکانی دەستی چەپیان دەکەن، بە دەستی راستیشیان بە داس گەنم یا جۆیەکە دەبڕن، بۆ ئەوەش لە پەنجەیان دەکەن، تا داسەکە پەنجەکانیان نەبڕێت و سواڵەکانیشیان ـ قامکی دروێنەوەیان ـ گەورەتر بێت.. دەتوانرێت بە کارتۆنی سووریش دروست بکرێت تەنها بۆ نیشاندانی سامناکی مەرگە لەم شانۆیەدا.

رەزا شوان
نەرویـــج: ٢٠١٨




سیناریۆی جوگرافیای ترس … نووسینی: ڕزگار باهیر

١… شەوە… ماڵەوەیە … ناوەوەیە.
خونچەی تەمەن ٢٤ساڵان سەرقاڵی گەڕانە بەدوای شتێكدا لەم تاکی کەنتۆر بۆ ئەو تاك. پاشان چەکمەچەی کەنتۆری جلەکان دەگەڕێت لە نێو جلی براکانیا چەند کیسەیەکی بچووکی پاودەری سپی دەبینێ و زۆر بەوردی تێیان دەڕوانێت وبۆنیان دەکات حاڵی نابێت، لەم کاتەدا محەمەدی برای کە تەمەنی ٢٦ساڵ دەبێت دێتە ژورێ و دەبینێ کیسە پاودەرە سپیەکان بەدەست خونچەی خوشکیەوەن شێت دەبێت. خونچە بەپەلە سەرپۆشەکەی سەری بەدەستێك چاك دەکات.
محەمەد/
ئەوە تۆ خەریکی چیت لێرە؟
خونچە/
ئەم هەموو تۆزە سپییە چیە؟
محەمەد/
بەسە پرسیارمەکە بیخەرەوە جێی خۆی
ئەوانە هی حەسەنی براتە.. بەدوای چییەوەیت
بۆچی دەگەڕێیت؟.
خونچە/
بۆ تەسکەرەکەم…
محەمەد/
تەسکەرەت بۆچییە بەرەڵا ها پێم بڵێ؟
دیسانەوە بۆ دامەزراندنتە لە دائیرە لەگەڵ
کوڕانا…. دەنا من دوو ئەوەندەت پارە
دەدەمێ ئیتر دامەزراندنت بۆ چییە؟
هەستە برۆ دەرەوە لە بەرچاوم مە مێنە.
خونچە بەتوڕەییەوە کیسە پاودەرە سپییەکان فڕێ دەداتە سەر زەوی ژوورەکە و دەڕواتە دەرەوە.
٢… ڕۆژە … کۆڵانێکە… دەرەوەیە.
خونچە لە کۆڵانێکی چۆڵدا دەردەکەوێت، زۆر بەووریاییەوە دەڕواو سەیری چواردەوری خۆی دەکات کەس دیار نیە، دەوەستێ و دەستدەبات سەر پۆشەکەی سەری کە قژی داپۆشیوە لێیدەکاتەوە و دەیخاتە نێو جانتاکەی شانی، دەست بە قژیا دێنێ و بەدەم هەنگاونانەوە خۆی ڕێكدەخات.
٣… ڕۆژە … دائیرەیە.. ژورەوەیە.
ئیحسانی تەمەن ٢٧ساڵ لەسووچێك لە هۆڵی چاوەروانیدا دانیشتووە وفایلەکەی لەکۆشیا داناوە و خۆی سەرقاڵی تەلەفوونەکەی کردووە بەچاویش ناو بەناو چاودێری ئەو خەڵکانە دەکات کە دێنە هۆڵەکە. خونچە بەبێ سەرپۆش وبەفایلێك کەبەدەستییەوەیەتی لەگەڵ سامانی فەرمانبەری ٣٠ساڵدا بەگفتووگۆوە دێنە ژورێ. ئیحسان کەخونچە دەبینێ یەکسەر چاوی زەق دەبێت، پاش کەمێك تێڕامان و وەستان بەتەلەفوونەکەی دەستی چەند وێنەیەکی خونچە و سامان دەگرێت بەبێ ئەوەی ئەوان بە خۆیان بزانن.
٤… ڕۆژە … ڕێگاوبانە… دەروەیە.
محمەد سەرقاڵی شۆفێری و قسەکردنە بەتەلەفوون لە نێو شەقامێکی شار.
محەمەد/
شتی وانیە خوشکی من لە ماڵە..
چۆن؟ بۆم دەنێری …. هەر ئەو نیە غەڵەتی.
قسەی پیاو بێت یەك کیسەی ٢٠٠غرامیت
بۆ دەهێنم ئەگەر راستکەیت.. بەس من خوشکی
خۆم دەناسم ئەو نیە… باشە باش.
محەمەد بە جنێودان وبەهێستریاوە پێچێکی شێتانە بە ئۆتۆمۆبیلەکەی دەکاتەوە و زۆر بەخێرای دەڕوات. لەم کاتەدا دەنگی گەیشتنی نامەیەکی مەسنجەر دێت لە تەلەفوونەکەیەوە زۆر بەخێرایی محەمەد دەستی پێدا دەنێت دەیکاتەوە وێنەی خونچەی خوشکی بەبێ سەرپۆش لەگەڵ کوڕێك دەبینێ. زیاتر شێت دەبێت و پێ لە بەنزینی ئۆتۆمۆبیلەکەی دەنێت.
٥… ڕۆژە … ماڵەوەیە … ناوەوەیە.
ماڵەوەی خونچەیە. محەمەد ژوور بە ژوور دەگەڕێ و هاواری خونچە دەکات.
خونچە … خونچە …خونچەی قەحبە.

٦… شەوە … ڕێگاوبانە… دەرەوەیە.
لە کوێرە ڕێگایەکی دوورە شار ئۆتۆمۆبیلەکەی محەمەد دەبینرێت تا دەگاتە نزیك یاڵێك دەوەستێت و حەسەنی٢٣ساڵ بەپەلە دا دەبەزێ وخونچەی خوشکیان بەزۆر دادەگرێ خونچە هاوار هاوارێتی بەدەستییەوە و فڕێی دەدەتە بەردەم ڕووناکی لایتی ئۆتۆمۆبیلەکە. پاشان محمەدی برایان لەلای شۆفێرەوە دادەبەزێ و دەمانچەیەکی بەدەستەوەیە.
خونچە/
من دەمەوێت وەك مرۆڤ بژیم و هەست
بە بوونی خۆم بکەم تاکەی لە چوار
دیوارم دەنێن وەك خزمەتکار و کۆیلە.
من چەندین ساڵە دایك و خوشك بووم بۆ ئێوە
تکاتان لێدەکەم لێمگەڕێن با لەو هەستە بێبەش
نەبن و بایەکتریمان خۆشبوێت ئەوەی ئێوە
بیری لێدەکەنەوە زۆر دوورە لە ڕاستیەوە.
لەم کاتەدا محەمەد میلی دەمانچەکەی دەهێنیتەوە و ڕوی دەکاتە خونچەی خوشکی.
حەسەن/
تۆشەرەفمانت لەکەدار کردووە، هەربۆیە
دەبێت بە خوێنی تۆ شەرەفمان پاك بکەینەوە.

خونچە/
کام شەرەف… ئەو شەرەفەی لەو تاو
ناشەریفی ئێوە هەناسەیەکی بۆ نەدراو
بۆ ئەبەد مرد… من ناترسم لەکوشتن بەڵکو
ئێستا بەتەواوی دەترسم لە ژیان.
دەنگی فیشەکی دەمانچەکە دێت. کادر یەکسەردەگۆڕێت ودەبێتە دەنگ و ڕەنگی یاری ئاگرین بەچەندین شێوە و ڕەنگی جیاواز.

تەواو.




“ساره‌ برنارت” ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ی له‌ پێناو شانۆ ژیا … كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

زۆرن ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی له‌ پێناو شانۆ و بۆ شانۆ ژیان وه‌كو زانراوه‌ رۆژی 27 ی ئاداری هه‌موو ساڵێك رۆژی جیهانی شانۆیه‌ ده‌ست نیشانی كردنی ئه‌م رۆژه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ 27 ئاداری ساڵی 1961 له‌ پاریس فیستیڤاڵێكی شانۆی به‌ناوی “ساره‌ برنارت” (1844 – 1923) ئه‌نجامدرا وه‌كو رێزلێنانێكیش بۆئه‌و كچه‌ ئه‌كته‌ره‌ فه‌رنسییه‌ كۆچكركردووه‌ “ساره‌برنارت” ئه‌م رۆژه‌ به‌ رۆژی جیهانی شانۆ ناوزه‌ند كرا.

ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگی فرنسی “ساره‌ برنارت ” له‌ 22ی ئه‌كتۆبه‌ر 1844 له‌دایك بووه‌ ،له‌سه‌ره‌تایی حه‌فتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م یه‌كێك بوو له‌ ئه‌كته‌ر به‌توانای ئه‌ورپاو ئه‌مریكا به‌ به‌رده‌وامی گرنگی به‌ توانستی خۆی ده‌دا، وه‌كو ئه‌كته‌رێكی درامی هه‌ر ناوبانگی ده‌كرد هه‌ر بۆیه‌ نازناوی “ساره‌ی پیرۆز”ی پێبه‌خشرا.
ساره‌ ژیانی هونه‌ری خۆی له‌ ساڵی 1862 ده‌ستی پێكرد وه‌كو قوتابی له‌ قوتابخانه‌ی به‌ناوبانگی كۆمیدیای فرانسیز ده‌یخوێند هه‌ر له‌سه‌ره‌تایی حه‌فتاییه‌كان له‌رێگه‌ی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ناوبانگی زۆری په‌یداكرد، به‌جۆرێك بووه‌ ئه‌كته‌رێكی به‌ناو بانگ له‌سه‌رده‌می خۆیدا.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ جگه‌ له‌ هونه‌ری شانۆ گرنگی به‌ هونه‌ری نیگارو هه‌ڵكوڵین و ئۆپرا و نووسین ده‌دا.. له‌ هه‌مان كاتداوه‌كو ئه‌كته‌ر به‌شداری فلیمه‌كانی بێده‌نگ ده‌كرد.. له‌ ساڵی 1900 رۆڵی “هاملێت”ی بینی (ئه‌م فلیمه‌ له‌روو هونه‌ری ده‌قاوده‌ق فلیمێكی بێده‌نگ نه‌بوو به‌مانایه‌كی تر به‌شێوه‌ی به‌كره‌ روداوه‌كانی فلیمه‌كه‌ی نمایش ده‌كرد بۆئه‌وه‌ی له‌ خزمه‌تی دیالۆژ دابێت) له‌گه‌ڵ ئه‌م فلیمه‌ ساره‌ به‌شداری 8 فلیمی كردوه‌ دوو له‌و فلیمانه‌ باس له‌ ژیانی خۆی ده‌كرد دوا فلیمیش وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شدار بوو به‌ناوی (حسناْ جزیره‌) بوو له‌ساڵی 1912 وه‌ له‌ ساڵی 1914 خه‌ڵاتی (جۆقه‌ی شره‌ف)ی پێبه‌خشرا.

دوای 10 ساڵ له‌ كاركردن له‌ساڵی 1915 تووشی نه‌خۆشییه‌كی مه‌ترسیدار ده‌بێت و هه‌ردوو قاچی ده‌شكێن به‌ ناچاری كورسی جوڵاوی به‌كار هێنا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆئه‌وه‌ی دووباره‌ له‌سه‌ر پێیه‌كانی بوه‌ستێت قاچی ده‌ستكردی له‌ داری به‌كار هێنا بۆ كاره‌ شانۆییه‌كان به‌رده‌وام بێت .

شایانی باسه‌ دوای گشتێكی سه‌ركه‌وتوو بۆ ئه‌مریكا له‌ ساڵی 1922 گه‌راییه‌وه‌ فه‌رنسا تا مردن له‌ نواندن به‌رده‌وام بوو به‌هۆی خه‌راپی باری ژیانی نه‌یتوانی جوڵه‌ بكات له‌گه‌ڵ پیر بوونیشدا به‌ڵام ده‌نگی هه‌روه‌كو جاران بوو تاوه‌كو له‌ 26 ئۆكتۆبه‌ری 1932 به‌ رووداو كۆچی دوایی كرد.

سارا برنارت خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی شانۆیی بووه‌ له‌گه‌ڵ رۆڵ بینین له‌ زیاتر 50 شانۆگه‌ری و چه‌ندین فلیمی سینمائی .
ئه‌م ئه‌كته‌ره‌ مه‌زنه‌ له‌زۆربه‌ی شاكاری نووسه‌ره‌ ناوداره‌كانی جیهان به‌شداری كارای هه‌بوو وه‌كو ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆڵی بینیوه‌ له‌ نووسه‌رانه‌ی وه‌كو (شكسپیر، مۆلێر، راسین ،ئبسن..)

كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس




هونه‌ری [نمایشكردن] له‌ شانۆیی دووپێغه‌مبه‌ر دا … نووسینی : ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

پوخته‌:
هونه‌ری نمایشكردن بابه‌تێكی نوێ نییه‌ ، به‌ڵكو ئه‌م هونه‌ره‌ پێشتر هه‌بووه‌و ناسراوبووه‌ ، هه‌روه‌كو له‌م توێژینه‌وه‌یه‌شماندا جه‌ختی لێده‌كه‌ینه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ڕووی تیۆریه‌وه‌ به‌دیاریكراوی بۆ ده‌ستنیشانكردن و په‌یوه‌ست به‌نمایشی شانۆیی دووپێغه‌مبه‌ر وه‌ك بناغه‌یه‌ك له‌میتۆدێكی دیاریكراودا ده‌یخوێنمه‌وه‌ كه‌دواتر له‌رێی جیاوازیه‌كانی نێوان هونه‌ری (ژیانكردن و نمایشكردن)ه‌وه‌ ، بنه‌ما ڕێكخراوو رۆشنه‌كانی نمایش ده‌خه‌مه‌به‌ر باس و خواسی زانستی كه‌ له‌و به‌رهه‌مه‌دا به‌ ئاشكرا دیاربوون و په‌یڕه‌و كرابوون ،ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌دا زانراوه‌ له‌دایكبوونی میتۆدی نمایشكردن له‌ شانۆدا په‌یوه‌سته‌ به‌ میتۆدێكی دیاری جیهانی وه‌كو مایرهۆڵد كه‌ له‌ئێستادا وه‌ك ئایكۆنێكی دیاری شانۆله‌ جیهاندا گرنگی و كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌. ئاشكرایه‌ پێشتر له‌كوردستان كه‌متر قسه‌و باسی زانستی له‌باره‌وه‌ كراوه‌و ڕه‌وایه‌تی ده‌درا به‌تیویریزه‌كردنی به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌كان و زۆرتر وه‌ك هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی خوێندنه‌وه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌كان ده‌كران كه‌ جیاوازی خوێندنه‌وه‌كان له‌ئاستێكی نزم دابوون له‌ په‌یوه‌ست به‌ هه‌ندێ قسه‌ی گرنگ و كاریگه‌ر ، ….

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن …..!




دروست كردنی بینه‌ر له‌ شانۆی كوردی دا … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

پرسیارێكی گرنگم بۆ هه‌موو شانۆكارانی كوردستان هه‌بوو ، ویستم بپرسم ئاخۆ هۆی چیه‌ نمایشێكی شانۆیی كوردی زێتر له‌ 2500 بینه‌ری هه‌بێت و بۆ و ماوه‌ی 18 رۆژ له‌ نمایش كردن به‌رده‌وام بێت و هۆڵی شانۆیی جمه‌ی بێت له‌ بینه‌ران و كه‌چی نمایشی تریش هه‌بێ‌ بینه‌ر بۆ ته‌نیا جارێكیش سه‌لیقه‌ی بینینی نه‌بێ‌ و و بیه‌وێت وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كی هه‌ناسه‌ لێ‌ بڕاو له‌ قه‌فه‌زدا په‌نجه‌ره‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌و بفڕێت و خۆی رزگار بكات ؟

ده‌رهێنه‌ری ساحیر

ئایا ئه‌و به‌رده‌وام بوونه‌ی به‌ زیندوو راگرتنی شانۆ، یاخود ده‌سه‌ڵاتی مردنی شانۆ له‌ ده‌سه‌ڵاتی كێ‌ دایه‌ ؟
بَێگومان ده‌رهێنه‌ره‌ كه‌شاده‌ماری خوێنی شانۆو به‌ زیندوو راگرتن یان كوشتنی شانۆیه‌.
ده‌رهێنه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ساحیره‌ لێزانه‌ی هه‌موو ئامرازه‌كانی گه‌مه‌ی شانۆیی خۆی به‌ كار دێنێ‌ ،بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر بخاته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كانی نمایش ..
ده‌رهێنه‌ر له‌ شانۆدا دوو جه‌مسه‌ری گرنگی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ ، یه‌كێكیان به‌ هاوسه‌نگ راگرتنی ریتمی نمایشه‌ له‌ رێگه‌ی پیرفۆرمانسی ئه‌كته‌رو سینۆگرافیای شانۆیی .

دووهه‌میان : به‌هاوسه‌نگ راگرتنی چێژی بینه‌ره‌ بۆ وه‌رگرتن و دانه‌پچڕان له‌ به‌رده‌وام بوونی وه‌رگرتنی ئه‌و چێژه‌ ..ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێ‌ ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌ به‌ یه‌ك ئاراسته‌و به‌ یه‌ك ئاست له‌ ریتم و وه‌رگرتن نه‌ڕۆیشتن ، ئه‌وه‌ ریتمی هاوسه‌نگ راگرتنی نمایش له‌نگ ده‌بێت و مه‌ودای نێوان نمایش و بینه‌ر ده‌ڕوخێ‌ و زۆر به‌ خێرایی نمایش ده‌مرێت ، ئیدی هیچ ده‌سه‌ڵاتێك به‌ ده‌ست ده‌رهێنه‌ره‌وه‌ نامێنێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی شانۆیه‌كی مردوو له‌ سه‌ر شانۆ زیندوو كاته‌وه‌ .
به‌ڵام ده‌كرێ‌ بپرسین ئاخۆ سه‌رچاوه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی راگرتنی ریتمی نمایش و سه‌رچاوه‌كانی وروژاندنی بینه‌ر له‌ كوێ‌ دیه‌ ؟

پیرفۆرمانسی ئه‌كته‌ر

بَێگومان له‌ كۆی گشتی نمایشدا نواندن و ئه‌كته‌ر، كرۆكی به‌ زیندوو راگرتنی نمایشن كه‌ ده‌توانن به‌ پێرفۆرمانسی ئه‌كته‌ر و به‌رجه‌سته‌ كردنی جه‌سته‌، ئه‌كته‌رببێته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌رنج راكیشانی بینه‌رو وروژاندنی …
هه‌ر كات ئه‌كته‌ر توانی ببێته‌ نیگار كێشێكی سه‌ركه‌وتوو له‌ ره‌سم كردنی فۆرمی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی كاراكته‌ر به‌ تایبه‌ت له‌ رووی به‌رجه‌سته‌ كردنی حاڵه‌ته‌ سایكۆلۆژییه‌كانی ، ئه‌وه‌ ده‌توانێت تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیاواز له‌ كاراكته‌ره‌كانی دیكه‌ دروست بكات و وه‌ك ئه‌كته‌ر كاریگه‌ری ئه‌كتیفی هه‌بێت له‌ راگرتنی ریتمی نمایش و وروژاندنی بینه‌ر به‌ هه‌موو هه‌سته‌ جیاوازییه‌كانییه‌وه‌ ..

كاریگه‌رییه‌كانی سینۆگرافیا له‌ سه‌ر بینه‌ر

به‌ڵام جگه‌ له‌ ئه‌كته‌ر ده‌رهێنه‌ر زۆر كارتی دیكه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ وروژاندنی بینه‌ر و كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ری سیحری شانۆ ، به‌ تایبه‌ت ئه‌و كارتانه‌ی په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان به‌ چاوی بینه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ش (سینۆگرافیا) به‌ تایبه‌ت (ته‌كنیكی شانۆیی) كه‌ ده‌توانێت به‌ هێما و رووناكی چاوی بینه‌ر تێر بكات له‌ جوانی ،له‌و ته‌كنیكه‌دا ده‌رهێنه‌ر فاكته‌ره‌ وروژێنه‌ره‌كانی وه‌ك به‌كارهێنانی رووناكی ،بۆ تاریك و روون كردنی فه‌زای شانۆو دروست كردنی ئه‌تمۆسفیری شانۆیی و به‌كارهێنانی ره‌نگ بۆبه‌رجه‌سته‌ كردنی وێنه‌ی شانۆیی به‌كار بێنێ‌…

هه‌میشه‌ سینۆگرافیا به‌ ره‌گه‌زه‌كانی دیكۆرو رووناكی و جلوبه‌رگ و ته‌كنیكه‌كانی دیكه‌ی شانۆ ده‌بنه‌ پێكهاته‌یه‌كی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ له‌ ستاتیكای شانۆیی و دروست كردنی توخمه‌كانی كارگه‌ر بوونی بینه‌ر .

وروژاندنی سایكۆلۆژی:

له‌ پاڵ ئامرازه‌ شانۆییه‌كانی دیكه‌ی ده‌رهێنه‌ر بۆ فێڵی چاوو تێر كردنی،ده‌رهێنه‌ر چه‌ند ئامرازێكی سایكۆلۆژی دیكه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌،كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ هزرو ده‌روونی بینه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌بن به‌ فاكته‌رێكی كاریگه‌ر بۆ وروژاندنی بینه‌ر له‌ ناخه‌وه‌ ،له‌وانه‌ش به‌كارهێنانی موزیك ،كارتێكه‌ره‌ ده‌نگیه‌كان ، ریتم
هه‌موو ئه‌و ته‌وژمانه‌ به‌ یه‌ك ئاست و به‌ یه‌ك ئاراسته‌ روو له‌ هه‌ست و بیرو ئه‌ندێشه‌ی بینه‌ر ده‌كه‌ن ، بۆ ئه‌وه‌یه‌ بینه‌ر تابوتێك نه‌بێت له‌ هۆڵی شانۆدا داندرابێت ، به‌ڵكو پارچه‌یه‌كی هه‌ره‌ زیندووی جه‌سته‌ی ئه‌و شانۆیه‌ بێت

كاردانه‌وه‌ی بینه‌ر بۆ سه‌ر نمایش

كه‌واته‌ ده‌رهێنه‌ر چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی كار بۆ دروست بوونی ئه‌كته‌ر و پێكهێنانی ئامرازه‌كانی دیكه‌ی شانۆ ده‌كات ، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ دروست كردنی بینه‌ر ..هه‌ر كاتێك بینه‌ر بوو له‌ پرۆسه‌ی شانۆییدا له‌ زه‌هنی ده‌رهێنه‌ردا غائیب ، ئه‌وه‌ بزانه‌ نمایش چاره‌نووسێكی ره‌شی ده‌بێت .
به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌ بیر نه‌چێت ، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی نمایش كاردانه‌وه‌ی به‌ سه‌ر هزرو ئه‌ندێشه‌و حاله‌تی فسیۆلۆژی و سایكۆلۆژی بینه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ش بینه‌ر كاردانه‌وه‌ی له‌ سه‌ر شانۆكاره‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ر شانۆدا ، هه‌میشه‌ ئه‌كته‌ره‌كان به‌شێك له‌ وزه‌و خوێنی پیرفۆرمانسی خۆیان له‌ بینه‌ره‌وه‌ وه‌رده‌گرن ،بۆیه‌ كاری شانۆیی هه‌میشه‌ پرۆسه‌یه‌كی دوو لایه‌نه‌یه‌ له‌ نێوان نمایش و بینه‌ردا و ناتوانن پَكهاته‌ی شانۆیی تاك تاكه‌یی پێك بێنن .

به‌ كولتوور كردنی شانۆ

ئه‌و تیۆره‌ له‌ پیشه‌سازی درست كردنی بینه‌ردا له‌ لایه‌ن ده‌رهێنه‌ره‌وه‌ هه‌ر ته‌نها گره‌نتیه‌ك نیه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی نمایش و به‌جێ‌ مانی ئاسه‌واره‌كانی نمایش بۆ ماوه‌ی دوورو درێژ له‌ سه‌ر پانتایی هزری بینه‌ردا ، به‌ڵكو ده‌بێته‌ تیۆرێكش بۆ په‌روه‌رده‌ كردنی بینه‌رو به‌ كولتوور بوونی شانۆ له‌ رووه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌وه‌ ..چونكه‌ هه‌میشه‌ پرۆسه‌ شانۆییه‌ زیندووه‌كانن ده‌بنه‌ هانده‌ر بۆ گه‌ڵاڵه‌ بوونی ئه‌و كولتووره‌و به‌رز بوونه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هوشیاری شانۆیی ، پرۆسه‌ مردووه‌كانیشن ده‌بنه‌ مایه‌ی تێكشكاندنی كولتووره‌ شانۆییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگادا .

په‌روه‌رده‌ كردنی بینه‌ر

كه‌واته‌ نمایش ئاراسته‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی شانۆییشی هه‌یه‌، كه‌ هه‌میشه‌ بینه‌ر وه‌ك نموونه‌یه‌كی بچووكی كۆمه‌ڵگا وه‌ری ده‌گرێت و به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگادا په‌خشی ده‌كات ، ئه‌گه‌ر نمایش توانی بینه‌ر له‌ ئه‌زموونی خۆی دا رازی بكات و بیخاته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كانی خۆی ، په‌یوه‌ندی شانۆ له‌ گه‌ڵ بینه‌ردا به‌هێز ده‌كات و بینه‌ر ناچاری ئه‌وه‌ ده‌كات ، وه‌ك پێداویستیه‌كی ژیانی رۆژانه‌ی ، پێویستی به‌ شانۆ بێت و به‌ دوای دا بگه‌ڕێت ، ئه‌گه‌ریش نمایش ئامانجی راسته‌قینه‌ی بۆ بینه‌ر نه‌بوو، به‌ڵكو بینه‌ر بكات به‌ وه‌سیله‌ بۆ گه‌یشتن به‌ كۆمه‌ڵێ‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ، بینه‌ریش نه‌یتوانی جوگرافیای خۆی له‌ نمایشدا بدۆزێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ بینه‌ر شانۆ به‌ زه‌روره‌ت نازانێ‌ و پێی وا ده‌بێت كه‌ بوون و نه‌بوونی شانۆ بۆ ئه‌و وه‌ك یه‌كه‌، به‌مه‌ش پرۆسه‌ی به‌ كولتوور بوونی شانۆ پَێویستی به‌ زه‌مه‌نێكی تر ده‌بێت بۆ خۆ دروست كردنه‌وه‌ی دوای روخان …كه‌واته‌ نمایش رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌ چاره‌نووسی شانۆو به‌ كولتوور بوونی شانۆو به‌ كولتوور نه‌بوونی..

بینه‌رو مه‌عریفه‌ی شانۆیی

له‌ پاڵ ئه‌و تیۆرانه‌ی له‌ رووی په‌روه‌رده‌ی شانۆیی و به‌ كولتوور بوونی شاانۆ له‌ كۆمه‌ڵگادا وروژاندمان …له‌ هه‌مان كاتدا نمایش كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ سه‌ر هوشیاریی و مه‌عریفه‌ی شانۆیی بینه‌ر ..هه‌میشه‌ بینه‌ر سه‌رچاوه‌كانی هزرو مه‌عریفه‌ی خۆی له‌ شانۆدا وه‌رده‌گرێت ، له‌ شانۆوه‌ بینه‌ر ده‌بێته‌ كه‌سێكی خاوه‌ن خه‌یاڵی جوان ،له‌وێ‌ راسته‌وخۆ چێژ وه‌رده‌گرێ‌ ، له‌وێ‌ دووچاری شۆك بوون ده‌بێت و ته‌زوو به‌ جه‌سته‌ی دادێ‌ ، به‌ نهێنی فرمێسك ده‌ڕێژێ‌ ، به‌ نهێنی ده‌گری ..ئه‌و ته‌فاعولاته‌ راسته‌وخۆیانه‌ بینه‌ر ده‌گۆڕن بۆ ئینسانێكی تر ، ئه‌وه‌ نه‌بێت پێش هاتن بۆ ناو هۆڵه‌ شانۆییه‌كه‌ هه‌بوو ..كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر نمایش به‌و شێوه‌ موگناتیسیه‌ كار له‌ مێشك و هه‌ست و ناخی بینه‌ر بكات و بیكات به‌ ئینسانێكی تر، بینه‌ر ناچاری ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ ژێر گوشاری ئه‌و هه‌موو فاكته‌ره‌ وروژێنه‌رانه‌ به‌ دوای نهێنیه‌كانی ئه‌و وروژاندنادا بگه‌ڕێ‌ و ببێت به‌ كه‌سێكی هوشیارو خاوه‌ن مه‌عریفه‌یه‌كی شانۆیی .




شانۆگەری میرات …. نووسینی: جەلال قادر

A Play (Inheritance)

{قەرەوێڵەیەک لە گۆشەی تەختەی شانۆ. گۆزەیەک لەسەر مێزێک دانراوە،کورسیەک لەنێوان مێزەکە و پەنجەرەیەکدایە }
ئەکتەرەکان ( نووسەر. پیاوکوژ)

نووسەر: باشە براکەم خۆتدەزانی تازە لەفڕۆکەخانە دابەزیوم و ماندووم. هەروەک جاران یەک دووشەو لەباخەکەم پشوو دەدەم.(هەلوێستەیەک).
سبەینێ یەکتر دەبینین… بەلێ ئەمجارە سەفەرەکەم بۆ یەک مانگ دەبێت و زۆرتر یەکتر دەبینین.
ئەمجارەیان بەبەردێک دوو چۆلەکە دەکوژم. یەک میراتەکەم وەردەگرم، دوو کتێبەکەم چاپدەکەم.
ئای غەریبی چەند ناخۆشە. مرۆڤ تا نەگەڕێتەوە نیشتمان نازانێت چ گەنجینەیەکی جێهێشتووە.
(پێکێ ویسکی و جگەرەکێشان. کردنەوەی لاپتابەکەی)
هەرچەندە هاوڕێکانم وتیان با کتێبەکە لە حیسابی دەزگاکان چاپکەین، لێ من قەبووڵم نەکرد.
لە خارجەوە هاتووم و پارەم هەیە و بۆ خۆم چاپی دەکەم.
ئای کە ماندووم؛ دەترسم ئێستا دوشبگرم و خەوم بڕەوێتەوە، وا چاکترە سبەینێ خۆم بشۆم، پاشان قەیماخ و کولێرەی گەرم بکڕم و بچمە ماڵی برام.
(بەدەم خەواڵووەوە…لەسەر قەرەوێڵەکەی ڕادەکشێ؛ گوێی لە خشپە خشپێک دەبێت. گۆزەکە لەسەر مێزەکە هەڵدەگرێ. دزێک بە دەمانچەوە دێتە ژوورەوە. گۆزەکە دەداتە پشتی سەری و بەریدەداتەوە)

تاریکی

{ دزەکە بە کورسسیەکەوە بەستراوەتەوە }
نووسەر- گیرفانی دزەکە دەپشکنێ و ناسنامەکەی دەخوێنێتەوە.

نووسەر : ئەمەیە نەگبەتی، لەگەڵ یەکەم ڕۆژی گەڕانەوەم دزێک پێشوازییم لێدەکات.
سەیرکەن گەنجیشە؛ وادیارە لەبەر بێکاری و برسیەتی دزی دەکات. نا باوەڕ ناکەم ئەوەی دزی لە خوێنیا نەبێت ناتوانێت دزی بکات.
باشە چۆن ئەم شوێنەی دۆزیەوە؟ چۆن زانیویەتی من لێرەم؟
(هەلوێستەیەک)
(دزەکە بە ئاگا دێتەوە)
دز: ئەوە بۆ بەستراومەتەوە؟؟
نووسەر: پێدەکەنێ…
دز: باشترە تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکەیت.
نووسەر : چەند بێ منەتە؛ تەلەفۆن ناکەم، دەمەوێت بزانم تۆ کێیت و چۆن ئێرەت دۆزیوەتەوە؟ هاتووی دزی لەمن بکەیت.
دز: برسیم بوو…
نووسەر: ئەی ئەم دەمانچەیە بۆ لەگیرفانتایە؟
دز : لەترسی ژیانی خۆم.
نووسەر: ڕاستییەکەی بڵێ!
دز : بەڵێ هاتووم بۆ دزی…پێویستم بەپارەیە.
نووسەر: پارەی ژەمێک خواردن یان زۆرتر؟
دز : زۆرتر، دەمەوێت دەرچم لەم وڵاتە.
نووسەر: منیش بەسەفەر گەڕاومەتەوە ئەم وڵاتە! (سەرسووڕمان).
دز: گەر پام لە خارج گیربێت، هەرگیز ناگەڕێمەوە ئەم کاولبووە.
نووسەر: بێزارییت؟؟
دز : ئەم دزیەش هۆیەکە لە بێزاربوونم.
نووسەر : پێمبڵێ تۆ من دەناسیت؟
دز : نەخێر…
نووسەر : ئەی چۆن هاتووی بۆ ئەم باخە؟
(بێدەنگی)
ڕاستم پێبڵێ یارمەتیت دەدەم، ئەگینا، پێشئەوەی بتدەم بەدەست پۆلیس دارکارییەکی باشتدەکەم.
(نووسەر تووڕەیە)
ئەمە یەکەمینجارە دزی دەکەیت؟
دز: بەمنداڵی هەندێک وردە دزیم کردووە، بەڵام لەم تەمەنە یەکەمینجارە…ئەگەر لێم خۆشبیت بەڵێن دەدەم ، هەرگیز ئەم کارە دووبارە نەکەمەوە.
نووسەر: تۆبەی گوورگ مەرگە؛ باوەڕناکەم.
دز: بەچی باوەڕدەکەی؟ تا سوێندت بۆ بخۆم.
نووسەر: دەمەوێت بزانم تۆ کێیت و لە کوێ دەژیت؟
دز: ناوێرم پێتبڵێم لەگەڕەک ئابڕووم دەچێت.
نووسەر: ئەگەر لە ئابڕووت بترسیتایە دزیت نەدەکرد.
دز: من دز نیم؛ ئەگەر لەبەر خارج نەبوایە هەرگیز بیرم لەم کارە نەدەکردەوە..
نووسەر: لەبەر خارج ئامادەی پیاو بکوژی؟
دز : ناچارم…زانکۆم تەواو کردووە و لە هیچ شوێنێک دەنەمەزراووم…دەبێت ڕەشوە بدەم ..لە نیوەی مووچەکەم خۆشبم. ئینجا دامدەمەزرێنن.
نووسەر: ئنجا کەست نەدۆزیەوە منی نەگبەت نەبێت؟باوەڕکە دوو سەد دۆلار لە گیرفانمایە…بەس من گوومانم هەیە کە تۆ من دەناسیت و بە تایبەت هاتووی بۆ کوشتنم.
دز: تۆ ناناسم..بۆ تۆ ئەوەندە بەناوبانگیت؟
نووسەر : من نووسەرم، ئەگەر ناونیشانی کتێبەکانمت پێتبڵێم دەمناسیتەوە.
دز: من کتێب ناخوێنمەوە
دز: ( پێکەنین) نووسەروڕۆشنبیرەکان دزی دەرەجە یەکن…
نووسەر: سەرم سووڕماوە نازانم چی لەتۆ بکەم؟!
دز: لەم سەردەمەش بەس ناوی گۆرانی بێژەکان دەزانم.
نووسەر: تۆ قوتابی زانکۆ بوویت و یەک کتێبی ئەدەبیت نەخوێندۆتەوە؟
دز: نەخێر؛ لەم مەملەکەتە جەنگ بەدوای جەنگە بەردەوامە، بێ هیوادەژین…چیمان لە کتێب خوێندنەوە داوە.
نووسەر : ئەم قسە زلانە دەزانیت…واباشترە خۆتم پێ بناسێنیت؟
دز : من برسی و تینوومە، قوومێ ئاوم بەرێ، دواجار بۆ خۆت چی بڕیاردەدەی بیدە. دەمدەی بەدەست پۆلیس یان ئازادم دەکەی…
نووسەر: ئازادت ناکەم..
دز : بیستوومە نووسەرەکان مهرەبانن.ئەوەنییە گەڕاویتەتەوە بۆ نیشتمان ودڵت پێمان دەسووتێ.
نووسەر: نیشتیمان….
دز: ئەی بۆچی گەڕاویتەتەوە؟ بۆ ژنهێنان…
نووسەر: نەخێر؛ ڕۆمانێکم نووسیوەتەوە دەمەوێ چاپی کەم.
دز: قسەیەکت پێبڵێم پێتناخۆش نابێت؟
نووسەر: فەرموو..
دز: تووخوا پارەی ئەو چاپە بدەیت بەمن باشترنییە؟ لەم وڵاتە کەس کتێب ناخوێنێتەوە.
نووسەر: نا وانییە..تۆ ناخوێنیتەوە…خەڵکێک هەن دەخوێننەوە.
دز: دەپێمبڵێ چیرۆکەکەت باسی چیدەکات؟
نووسەر: باسی دزێکی وەک تۆ دەکات.
دز : ئنجا من نایخوێنمەوە…(بەپێکەنینەوە).
نووسەر: گالتەم پێدەکەی؟
دز: نەخێر گاڵتە ناکەم؛ چونکە لەم وڵاتە ئەوەندەمان دز هەیە هەتا خوا دەڵێت بەس. ڕۆژانە لەبەرچاومان دزی دەکەن…ناوێرین فزەبکەین.
نووسەر: تۆش دزێکی سیاسیت.
دز : نا ئەمە شتێکی ئاشکرایە، جاران دیکتاتۆرێک هەبوو دەیکوشتین. ئێستا سەدان مافیا هەیە بەخەفەت دەمانکوژن.
نووسەر: ئەم قسە زلانە دەزانی و دزیش دەکەیت؟
دز : پێموتی ..من دزی دەکەم تا لەم وڵاتە رزگارم بێت.
نووسەر: هەی گەمژە، نابێت دزی بکەیت..نازانم، چیتلێبکەم.
دز: ئازادم کە…
نووسەر: بەس ؛ باسی ئازادی مەکە.
دز : ئازادم کە، بەڵێن بێت هەرچی کتێبت چاپکردووە دەیخوێنمەوە.
نووسەر: مەیکڕە، بیدزە.
دز: نا نا، باوی کتێب دزین نەماوە. ئێستا سەردەمی ئاودیوکردنە.
نووسەر: دیسان ڕادەبوێری؟
دز : نەخێر، بەس بەڕێزتان ئەوەندە بەناوبانگن..لەم نیشتیمانە ماڵێک نەبوو میوانداریت بکەن. لەم باخە نەبێت؟
نووسەر: نامەوێت کەس ئەزیەت دەم.
دز : دەڵێن ئەم خارجیانە سپۆرتن…(پێکەنین)
نووسەر: بەسە زمان درێژی.
دز: ئەی باشە ماڵی برا و خوشک، دایک ..باوک کەسێک نەبوو….؟
نووسەر: دایک و باوکم ئێوە خۆش، یەک براو خوشکێکم هەیە.
دز: خوا لێکتان نەکات. منیش یەک برا و خوشکێکم هەیە.
نووسەر: ئۆی لەو درۆیە.
دز؛ هەقتە باوەڕنەکەی، من لەگەڕەکی ئیسکان دەژیم هەموو کەس دەمناسێت.
نووسەر: ئەی لەگەڕەکی شۆڕجە کەس دەناسیت؟
دز: شۆڕجە؟ (بیرکردنەوە)
نووسەر: براکەم لە ناو بازاڕ دوکانی دەڵاڵی هەیە.
دز: دەڵاڵ..خانووبەرە..
نووسەر: کەس دەناسیت لەناوبازار نزیک ئەحمەئاغا؟
دز: ها..نازانم..تۆ برات هەیە لەناو بازار..دەڵاڵی پاسکیل و سەیارە و خانووبەرە زۆرن.
نووسەر: (قوومێک ئاودەدات بە دزەکە)
دزەکە: وتت میرات وەردەگریت؟
نووسەر: بۆ حەزدەکەی بزانیت؛ نزیکی بیست سی دەفتەرە لەنێوان من و خوشک و براکەم بەشی دەکەین.
دز: ئەگەر سی دەفتەربێت..تۆ نزیک سیانزە دەفتەرت بەردەکەوێت، ئیتر قەپاتی بۆخۆت، خوشکەکەشت کەمتری بەردەکەوێت.
نووسەر: وانییە؛ من داوام لەبراکەم کرد کە بە یەیەکسانی بەشیکەین، بەڵام خوشکەکەم ڕازی نەبوو، وتی من لە شەریعەتی ئیسلام لانادەم.
دز: دونیا پڕ لە تەماحە، بەس مێشکی خوشکەکەتیان باش شۆریوەتەوە، ژن نیوە ئینسانە!.
نووسەر: تۆش ئەگەر بەپێی ئیسلام بێت دەبێت قۆڵت ببڕمەوە.
دز: لەخوا بەزیاد بێت نووسەرەکان کاری واناکەن.
نووسەر: واز لە قسەی زل ناهێنیت.
دز: دڵنیام ئازادم دەکەیت.
نووسەر: نەخێر دەتدەمە دەست پۆلیس…تا بە سزای خۆت بگەیت.
دز: بۆ خۆت باشترە ئازادم کەیت!.
نووسەر: (رووی دەمانچەکەی لێدەکات) مەبەستت چییە؟
دز: چی دەکەیت؟ دەزانی دەمانچەکە فیشەکی تیا نییە!.
نووسەر: (تاقیدەکاتەوە)…کەواتە تۆ نەتویستووە من بکوژی؟
دز: خوا دەزانێت!.
نووسەر: ڕاستیم پێبڵێ!.
دز : ویستم بتترسێنم و پارەکەت بەرم.
نووسەر: ( قاچ و دەستی دزەکە دەکاتەوە) تۆ دزێكی بەڕەحمی!.
دز: خوا دەزانێت!
نووسەر: بڕۆ دەرەوە..نامەوێت بتناسم.
[ لەناکاو دزەکە چەقۆیەک لە ملی نووسەرەکە گیردەکات]
نووسەر: دەتەوێت بمکوژی؟ بۆ دوو سەد دۆلار؟!
دز: (پێکەنین) دوو دەفتەر نەک دووسەد دۆلار.
نووسەر: دوو دەفتەر… با میراتەکە وەرگرم.
دز: بەخوا نووسەرێکی گەمژەی؛ من بەدیار تۆ دانیشم تا میراتەکەت وەردەگری..تۆ وادەزانی ئەوەی نەخوێنێتەوە گەمژەیە.
نووسەر: ئاخر من تێناگەم بۆ دەبێت من بکوژیت..دڵنیام حزبێک لایەئەنێک تۆیان ناردووە بۆ کوشتنم…بەرمدە من کەسێکی نیشتیمان پەروەرم.
دز: (پێکەنین) نیشتیمان بۆ ئەوکەسانەیە کە سەفتەی دەکەن…پێمووتی من لە دەست ئەم نیشتیمانە ڕادەکەم و بێزارم..تۆ هێشتا نازانیت لەناخی مرۆڤەکان چیدەگووزەرێت؟!.
نووسەر: چی دەگووزەرێ…دەتەوێت تاوانێک بکەیت لەبەرئەوەی بێزاریت.. دەتەوێت مرۆڤێک بکوژی بۆ ئەوەی بگەیت بە ئەوروپا.
دز: تۆ تێناگەیت…(چەقۆکە تووندتر دەکات).
نووسەر: تێمگەیەنە…کێشەکەت چیە..پارەیە..هەموو سەروەتی خۆمت دەدەمێ!.
دز: نەخێر…کێشەکە براکەتە.
نووسەر: برا….
دز: بەڵێ. براکەت منی ناردووە تا بتکوژم.
نووسەر: (سەرلێشێواو) باوەڕناکەم.
دز: ڕاستیەکەی من نەمزانی ئەوەی منی ناردووە براکەت بووە…تا خۆت پێناساندم و وتت برام هەیە دەڵاڵە لە ناو بازاڕ..پاشان ڕەنگتان بەیەکتر دەچێیت.
نووسەر: دەتۆ بەرمدە…شێتم مەکە…وێنەی براکەم لەناو موبایلەکەم هەیە و پێت پیشاندەدەم…ئەگەر خۆی بوو، خۆم بۆت ڕادەکشێم و بمکووژە.
(دزەکە ئازادی دەکات و سەیری وێنەی ناو موبایلەکە دەکەن)
دز: خۆیەتی و مەکتەبەکەشی ناوی (برایەتی)یە..
نووسەر: باوەڕ ناکەم..بۆ دەبێت بمکووژێ؟!
دز: دەڵێم لە گوێی گایا نووستووی..
نووسەر: خۆزگە، بمردمایە بەڵام ئەم کردەوەیەم لە خێزانەکەمان نەدیبایە…تۆ دڵنیایت، براکەم تۆی ناردووە.
دز: بەڵێ (شەماڵ)ی برات منی ناردوە، و وتی: کەسێک هەیە کات خۆی پارەی خواردووم، لە فڵانە باخە و بڕۆ بیکوژە دوو دەفتەرت دەدەمێ. ئیتر سەرم مەیەشێنە…منیش بەرگەی ئەم ڕووداوە ناگرم، برا برا بکوژێ!!
( دز ڕادەکاتە دەرەوە).
نووسەر: وەرە بۆ کوێ دەرۆی ..من بەرگەی ئەم ڕووداوە ناگرم…نا نامەڕۆ بەتەنیا جێم مەهێڵە…هەموو شتەکان با وەک جارانی لێبێتەوە…بگەڕێوە توانای ژیانم نەماوە.

——————–
تێبینی:
بۆ نمایشکردنی ئەم دەقە شانۆییە، تکایە پەیوەندی بە نووسەرەوە بکەن.




بینه‌ری شانۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان … نووسینی: ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

بینه‌ری شانۆ وه‌كو بابه‌تێكی گرنگ وپێویست ، ده‌بێته‌ دیوی ته‌واوكاری به‌رهه‌مێكی كامڵ و پێگه‌یشتووله‌كاتی نمایشی شانۆییه‌كاندا ، به‌جۆرێك هیچ به‌رهه‌مێكی شانۆیی نییه‌ به‌بێ بینه‌ر واتایه‌كی هه‌بێت یان به‌مانایه‌كی تر به‌رهه‌مێكی شانۆیی له‌ هاوكێشه‌یك پێكدێت : ( به‌رهه‌می ئاماده‌كراو بۆنمایش ) له‌به‌رامبه‌ردا (بینه‌ری نمایشه‌ شانۆییه‌كه‌ ) . له‌به‌رئه‌وه‌ ی بینه‌ر گرنگی و بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ پێویستی به‌ تیۆریزه‌كردن و خوێندنه‌وه‌ی جدیش هه‌یه‌ به‌جۆرێك له‌ ئاست پێداویستی قۆناغه‌كه‌دا بێت چونكه‌ هه‌رشتێك وه‌ك بابه‌ت خوێندرایه‌وه‌ ده‌بێته‌ (كلتوور) به‌مه‌رجێك خوێندنه‌وه‌ درێژكراوه‌ی به‌رهه‌مه‌كان بێت . بینه‌رو كلتوور دوانه‌یه‌كی پێگه‌وه‌گرێدراون و پێویستیان به‌ (میراتێك ) هه‌یه‌ تا بخوێندرێنه‌وه‌ ، فه‌رامۆش كردنیان ده‌ست به‌رداربوونی به‌شێكه‌ له‌نمایشه‌كانی شانۆ . بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش لێڕیدا به‌م نه‌خشه‌یه‌ گرنگی باسه‌كه‌ ده‌بێت له‌ میراتی شانۆیی وورد بینه‌وه‌ و پرسیاری لێبكه‌ین چونكه‌ له‌م دۆخه‌دا (میرات :بریتی ده‌بێت له‌ :

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن .....!




ژیان له‌ نمایشی (ماڵێك له‌ بێده‌نگی) …. ن/ كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

بیرۆكه‌ شانۆگه‌رییه‌كه‌:

بیرۆكه‌ی شانۆگه‌رییه‌كه‌ باس له‌ شه‌ڕ و ئاكامی شه‌ر ده‌كات له‌ نێو خێزان له‌ كۆمه‌ڵگاش به‌گشتی روداوی شانۆگه‌رییه‌كه‌ به‌ ژیانی پیاوێك ده‌ست پێده‌كات كاتێ وه‌كو وێنه‌گری فۆتۆگرافی جه‌نگ هه‌موو چركه‌ساته‌كانی جه‌نگی له‌ رێگه‌ی كامیراكه‌ی وێنه‌گرتووه‌ هه‌ر له‌وێنه‌گرتنی سه‌ركه‌وتن و ونوشستی تا وێنه‌گرتنی زۆربه‌ی هاورێیه‌كانی كه‌ له‌كاتی شه‌ڕ ده‌بنه‌ قوربانی .. ئه‌نجا شانازیش به‌ كاره‌كانی خۆی ده‌كات له‌ هه‌مان كاتدا خۆی به‌ پاڵه‌وان و سه‌ركه‌وتوو ده‌ناسێت كه‌چی له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كه‌سێكی دۆراو و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ ده‌ستداوه‌ ئافره‌تێك كه‌خێزانی ئه‌و پیاوه‌یه‌ وه‌كو ره‌تكردنه‌وه‌و ده‌ربڕینی ناره‌زایی به‌رامبه‌ر به‌ شه‌ڕ بڕیار ده‌دات به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قسه‌و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌كات تا ئه‌و كاته‌ی بتوانێ هاوسه‌ركه‌ی بگۆرێت،هه‌ر واش بوو به‌ بێده‌نگی خۆی توانێ ببێته‌ فاكته‌ری خێر و گره‌وی كلیلی سه‌ركه‌وتن به‌ به‌رۆكی خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌یدا بدات ئه‌مه‌ چه‌مكی شانۆگه‌ری ماڵێك له‌ بێده‌نگی بوو،كه‌ پێمان ده‌ڵیت : هه‌رده‌م لایه‌نی خێر و پاك و راستگۆیی و خۆشه‌ویستی گراوه‌كان ده‌كه‌نه‌ ترۆپكی ئاشتی و به‌خته‌وه‌ری .

ده‌ق:

به‌نده‌ چه‌ندین جار له‌ نووسینه‌كانمداجه‌ختم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌كرنی ده‌قێكی شانۆیی له‌ دوو ده‌ق و له‌ دوو نوسه‌ری جیاواز،یاخود زیاتر كارێكی سه‌خت و ئاسان نیه‌، ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ كه‌ هیچ نووسه‌رێك ئه‌وه‌ی لاپه‌سند نه‌بێت چه‌ند دێرێك یان بیرۆكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی نووسه‌رێكی تر تێكه‌ڵكێش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قێكی نوێی نمایشی له‌سه‌ر بونیاد بنرێت، راسته‌ له‌م نمایشه‌دا هه‌ردوو نوسه‌ره‌كه‌ عێراقین (یوسف سائغ و فه‌لاح شاكر) وه‌گیراوه‌ له‌یه‌ك كۆمه‌ڵگاو له‌یه‌ك بارودۆخ ژیاون ، به‌ڵام مه‌رج نیه‌ وه‌كو یه‌ك به‌یه‌ك شێوه‌ و به‌یه‌ك فۆرم بیر بكه‌نه‌وه‌ واته‌ یه‌ك بیركردنه‌وه‌یان بۆ بابه‌تێك هه‌بێت ، كه‌چی ده‌رهێنه‌ر (كرمانج مسته‌فا) تاراده‌یه‌ك توانیبووی ده‌قێكی نمایشمان پێشكه‌ش بكات به‌ تایبه‌تی له‌ رووی سه‌ره‌تا ، ململا نێ ، روداو ، ترۆپك ، چاره‌سه‌ر له‌گه‌ڵ كۆتایی.. به‌جۆرێك بێت بینه‌ر هه‌ست به‌وه‌ ناكات شانۆگه‌رییه‌كه‌ له‌دوو ده‌ق وه‌رگیراوه‌، ئه‌وه‌شیان خاڵێكی گرنگی سه‌ركه‌وتنی شانۆگه‌رییه‌كه‌ بوون.

نواندن/

نواندن له‌م شانۆگه‌رییه‌دا تاراده‌یه‌ك ده‌توانین به‌ نواندنی تاكه‌ كه‌سی (مۆنۆدراما) له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین به‌تاییبه‌تی له‌ رووی دیالۆژ (زمانی گفتۆگۆ)، ئافره‌ته‌كه‌ به‌ درێژی ماوه‌ی شانۆگه‌رییه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تا تاوه‌كو كۆتایی شانۆگه‌رییه‌كه‌ بوونی هه‌بوو به‌ڵام ته‌نیا یه‌ك دیالۆژی له‌ كۆتایی نمایشه‌كه‌دا هه‌بوو كه‌ بریتی بوو له‌ وشه‌ی (به‌ڵێ) ئه‌مه‌ له‌رووی دیالۆژه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ هونه‌ر و ئه‌كادیماییه‌كه‌ سه‌یری رۆڵی ئافره‌ته‌كه‌ بكه‌ین بێگومان نواندنه‌كه‌ی زۆر زه‌حمه‌ته‌ تۆ بتوانی دیالۆژه‌كان به‌بێ دیالۆژی قسه‌كردن ته‌نیا له‌ رێگه‌ی ئاماژه‌ و هێما بگه‌ینیته‌ بینه‌رانی ئاماده‌ بوو نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت كه‌ نواندن به‌ زمانی ئاماژه‌ و هێمای و جه‌سته‌ی مرۆڤ كارێكی ئاسان نیه‌ ده‌بێ ئه‌و كه‌سه‌ زانیاری ته‌وای له‌سه‌ر زانستی هێما كان و ئاماژه‌كان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باشترین شێوه‌ ئاڵوگۆر و بیروبۆچوونه‌كان و چه‌مه‌كه‌كان به‌رجه‌سته‌ بكات و له‌گه‌ڵ كه‌سی به‌رامبه‌رو بگه‌ێنێته‌ بینه‌ران .

ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ی رۆڵی ئافره‌ته‌كه‌ی ده‌گێرا خاتوون(لیلا مه‌جیدی) تاراده‌یه‌ك توانی بووی له‌رێگه‌ی ئاماژه‌ و جوڵه‌كانی دیالۆژه‌كانی بگینتێته‌ بینه‌ران به‌تایبه‌تی گه‌یاندنی هه‌ردوو چه‌مكی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كه‌و سه‌رجه‌م حاڵاته‌كان به‌تایبه‌تی حاڵه‌تی ده‌رونی له‌گه‌ڵ،كاروكاردنه‌وه‌كانی پیاوه‌كه‌ و له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی كه‌لوپه‌لی (ئیكسسوارات) شانۆی به‌ تایبه‌تی مه‌كینه‌ی دوورمان ، قوماش : مه‌قست .. روناكی و موزیكی شانۆیی یارده‌رێكی باشی بوون زۆرجاریش له‌یه‌ك ساتی زۆر كورتدا به‌جوڵه‌یه‌كی بچووك له‌رێگه‌ی چاو یان په‌نجه‌كان یاخود له‌رێگه‌ی ئاوڕدانێك ماناو گوزارشتی زۆری ده‌به‌خشی هه‌ندێ دیالۆژ كه‌ ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ به‌ دیالۆژی زمانی قسه‌كردنی كردبا له‌وانه‌یه‌ به‌قه‌د زمانی جوڵه‌ و ئاماژه‌ به‌هێزو كاریگه‌ر نه‌بونایه‌ به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت ئه‌كته‌ری به‌رامبه‌ر(پیاوه‌كه‌) كه‌ ده‌رهێنه‌ر خۆی رۆڵه‌كه‌ی به‌رجه‌سته‌ كردبوو هاوكار و یارمه‌تی زۆر بوو بۆ سه‌رخستن و گه‌یشتنی په‌یامه‌كه‌ی (لیلا مه‌جیدی) به‌جۆرێك بینه‌ر دركی به‌وه‌ ده‌كرد ئافره‌ته‌كه‌ وه‌كو پیاوه‌كه‌ دیالۆژه‌كانی به‌زمانی قسه‌كردن ده‌ڵێت نه‌ك به‌ ئاماژه‌ و هێما ئه‌مه‌ش بۆ توانستی ئه‌كته‌ره‌كه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆیه‌ ماییه‌ی رێزه‌ ده‌ست خۆشییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا (لیلا مجیدی) له‌هه‌ندێ حاڵه‌تدا وه‌ك پێویست نه‌بوو بۆنموونه‌ له‌كاتی دیالۆژی كه‌ته‌نیا وشه‌ی (به‌ڵی) زیاتر له‌ چه‌ندجارێك دووباره‌ی كرده‌وه‌ ده‌كرا هه‌ر جاره‌ و به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌رووی ده‌موودووه‌كه‌ی بكردایه‌ ، یاخود ته‌نیا یه‌كجار ئه‌م دیالۆژه‌ی گووتبا به‌جۆرێك ماناو مدللولی خۆی كه‌ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستی بوو بگات به‌ ئاماده‌بووان .

هونه‌رمه‌ند كرمانج مسته‌فا رۆلی پیاوه‌كه‌ی ده‌گێرا ئه‌وه‌ندی من كاره‌كه‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ م بینیوه‌ هه‌رده‌م له‌بواری ده‌رهێنان سه‌ركه‌وتووتر بوو له‌ نواندن به‌ڵام له‌م نمایشه‌دا ده‌توانم بڵێم هاوسه‌نگی ته‌واوی له‌ نێوان نواندن و ده‌رهێنان دورست كردبوو ئه‌گه‌ر چی بۆچونێك هه‌یه‌ ده‌ڵێت: ئه‌و كه‌سه‌ی نواندن ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی بینه‌ران نواندنه‌كه‌یان ده‌بینن خۆیان نوندنه‌كه‌ی خۆیان وه‌كو بینه‌ر نابینن له‌هه‌موو روێكه‌وه‌ بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ كه‌موو كوڕی له‌ نواندنه‌كه‌ هه‌بێت به‌ڵام خودی خۆی دركی پێنه‌كات.
هه‌رچه‌نده‌ زۆرجار ئه‌كته‌ر له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌ نواندنه‌كه‌ی خۆی ده‌كات یان له‌رێگه‌ی كامیرا پرۆڤه‌كانی تۆمارده‌كات ،پاشان سه‌یری ده‌كاته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی دیاركردنی لایه‌نی پۆزه‌تیف و نیگه‌تیڤی نواندنه‌كه‌ی خۆی به‌ڵام بۆچوونی خۆم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتێ ده‌رهێنه‌ر كاری ده‌رهێنان ده‌كات خۆی نواندن نه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو هزر و توانستی خۆی بۆ پرۆسه‌ی ده‌رهێنان ته‌رخان بكات و نمایشه‌كه‌ له‌هه‌موو روێكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت كاتێ له‌ كرمانج مسته‌فا پرسی بۆچی خۆت رۆڵی (پیاوه‌كه‌ت ) به‌رجه‌سته‌ ، له‌ وڵامدا گوتی:” رێزم هه‌یه‌ بۆهه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان به‌ڵام بۆ رۆڵ بینینی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌كته‌ری وام له‌به‌ر ده‌ست نه‌بوو بتوانێ ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ به‌رجه‌سته‌ بكات له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ من هه‌ستم كرد خۆم زۆر له‌م رۆڵه‌ نزیكم “.

كرمانج مسته‌فا به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی دیالۆژی گفتۆگۆكردن به‌ته‌نیا بوو راسته‌ ئه‌كته‌ری دووه‌م له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ بوو به‌ڵام كه‌سێكی (لاڵ) بوو ئه‌مه‌ش ماندووبوون توانستێكی زۆری پرۆڤه‌ی پێویسته‌ له‌هه‌مانكاتدا بۆ سه‌ركه‌وتنی رۆڵه‌كه‌ی تاراده‌یه‌كی زۆر سوودی له‌ كه‌سایه‌تی (هاملێت) و ( ئۆتۆئێلۆ)ی شكسپیر بینیوه‌ به‌تایبه‌تی له‌ دیمه‌نه‌كانی شێت بوون ، گوڵ فرێدان ، فرێدانی جلوبه‌رگه‌كه‌ له‌گه‌ڵ زرۆبه‌ی هه‌ڵچوونه‌كانی.. ئه‌مه‌ش كارێكی ئاساییه‌ بۆهه‌ر ئه‌كته‌رێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌ رۆحیه‌كانی ئه‌و كه‌ساییه‌تیه‌ی به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات .
خاڵێكیتری سه‌ركه‌وتنی كرمانج مسته‌فا ئاماده‌ باشی بۆ(فلاش باك) بوو كه‌ پێویستیه‌ هه‌موو ئه‌كته‌رێك ئه‌و ئاماده‌باشییه‌ی هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌كته‌رێك دیالۆژی له‌بیر چووه‌ یان روداوێك روویدا چۆن چاسه‌ری ده‌كه‌یت بێئه‌وه‌ی بینه‌ران هه‌ستی پێبكه‌ن واته‌ ده‌بێ ئه‌كته‌ری سه‌ركه‌وتوو ئاماده‌باشی هه‌بێت بۆ رۆڵ بینینی كه‌سییه‌ت له‌ناو كه‌سییه‌ت ، روداو له‌ناو روداو ، كات له‌ ناوكاتدا.. له‌نمایشی ئه‌م شانۆگه‌رییه‌دا روداوی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ رویدا كاتێ پارچه‌ ئاگرێك له‌ بنمیچی شانۆ كه‌وته‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ له‌م حاڵه‌تدا ده‌بێ ئه‌كته‌ر چۆن هه‌ڵسوكه‌وت بكات ؟چۆن ئاگره‌ بكوژێنێته‌وه‌ له‌هه‌مان كاتدا كار له‌ رێره‌وی نمایشه‌كه‌ نه‌كات به‌جۆرێك هه‌ڵسوكه‌وت بكات هیچ كاریگه‌ری نیگه‌تیڤی له‌سه‌ر نمایشه‌كه‌ نه‌بێت كاتێ زیاتر له‌ (30 -40) جار پرۆڤه‌كراوه‌ به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته‌ روینه‌داوه‌ به‌ڵام له‌رۆژ نمایش رویدا، كرمانج به‌شێوه‌یه‌كی زۆر هونه‌ری ئاگره‌كه‌ی دامركانه‌وه‌ وه‌ گیانی ئه‌كته‌ره‌كان و بینه‌رانیشی پاراست به‌جۆرێك روداوه‌كه‌ی كرده‌ خزمه‌تی نماشیه‌كه‌ی و نواندنه‌كه‌ی ، ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌رێكی تر له‌ شوێنی ئه‌و بوایه‌ له‌وانه‌یه‌ تووشی شڵه‌ژان با و نمایشه‌كه‌ش سه‌ركه‌توو نه‌ده‌بوو گیانی هه‌موولایه‌كیش ده‌كه‌وته‌ مه‌ترسی ده‌ست خۆشی له‌ كرمانج ده‌كه‌م كه‌ توانی حاڵه‌تی ئاگره‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی نۆرماڵ تێپه‌راند به‌راده‌یه‌ك هه‌ندێ له‌ بینه‌ران هه‌ستیان به‌ ئاگره‌كه‌ نه‌كرد هه‌روه‌كو به‌شێك له‌ نمایشی شانۆگه‌رییه‌كه‌یان بینی بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌كته‌رئاماده‌یی هه‌بێت بۆ هه‌ر حاڵه‌تێك .

كرمانج مسته‌فا راسته‌ له‌ رۆڵه‌كه‌یه‌ی واده‌خواست كه‌سێكی شه‌رانگێز به‌ هاتوو هاوار و توڕه‌ بێت ، به‌ڵام به‌رده‌وامی له‌سه‌ر ئه‌م ریتمه‌ی له‌ هه‌ندێ دیمه‌ن دیالۆژ و نواندنه‌كه‌ی ونده‌بوو، نا بێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت كه‌ زۆرجار بێده‌نگی مه‌به‌ستدار به‌هێز ترین پرماناترین دیالۆژه‌.

ده‌رهێنان /

ده‌رهێنه‌ر به‌سوود وه‌رگرتن له‌ چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی ده‌رهێنان وابه‌ست نه‌بوون به‌ رێبازێكی دیاركراوی شانۆیی نمایشه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو له‌هه‌مان كاتدا جۆره‌ ده‌رباز بوونێك بوو له‌ ره‌خنه‌گرتن . ده‌رهێنه‌ر له‌ پانتایه‌كدا شه‌ڕ و ئاشتی پیشانداین به‌ دابه‌ش كردنی ته‌خته‌ی شانۆ و هاوسه‌نگی له‌ نواندن و كه‌رسته‌و دیكۆر روناكی.. له‌هه‌مووی گرنگتر سینۆگرافیا هاوكاری باشی پرۆسه‌ی ده‌رهێنان بوو به‌تایبه‌تی (فیگه‌ری وێنه‌كان) ئه‌گه‌رچی زۆرێك له‌ئاماده‌بووان (فیگه‌ره‌كانیان) به‌تێكه‌ڵكردنی سینه‌ما به‌ شانۆ دانابوو به‌ڵام ئه‌مه‌ كارێكی سینه‌مایی نه‌بوو چه‌ند (فیگه‌ری) كامیرای فۆتۆی وێنه‌یی جێگیر بوون له‌لایه‌كی تر ده‌رهێنه‌ر زۆر زیره‌كانه‌ له‌ گۆرانی دیمه‌نه‌كان و لكاندی به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو به‌ جۆرێك بینه‌ران زۆر له‌گه‌ڵ دیمه‌نه‌كان ئاوێته‌ی روداوی شانۆگه‌رییه‌كه‌ ببوون به‌واتایه‌كی تر كه‌شێكی شانۆیی له‌رێگه‌ی ده‌رهێنان بۆ ئاماده‌بوان فه‌راهه‌م كردبوو.هه‌ڵبژردنی هۆڵی نمایش زۆر گرنگه‌ ده‌هێنه‌ر ئه‌و هۆڵه‌ی هه‌ڵبژاد كه‌ بینه‌ر زۆر له‌ ته‌خته‌ی شانۆ نزیك بوون بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ هه‌موو هێماو ئاماژه‌ و چرپه‌ی ئه‌كته‌ر ببینێت .

ئیكسسواراتی شانۆی له‌به‌رجه‌سته‌كردن وشێوازی دیدگای ده‌رهێنه‌ر له‌خزمه‌تی پرۆسه‌ی ده‌رهێنان به‌ ماناو مه‌دللولی زۆروه‌ به‌كارهاتبوو وه‌كو (مقست) وه‌ سوود وه‌رگرتن له‌ ده‌سته‌واژه‌ییه‌كی كوردی (زمانت به‌ مه‌قست ده‌بڕم) به‌كارهێنانی مه‌قست به‌شێوازێكی هونه‌ری له‌گه‌ڵ دورستكردنی نیشانه‌ی (ئێكس) له‌ رێگه‌ی په‌تی هه‌ڵخستنی جلوبه‌رگ و فرێدانی پۆستاڵ وه‌كو هێمایه‌ك بۆ ده‌رباز بوون له‌ رۆحی شه‌ر ، نیشاندانی تارمایی كۆمه‌ڵی كه‌س له‌دواوه‌ی شانۆ له‌كاتی ناشتنی قوربانیه‌كی شه‌ڕ . دیمه‌نه‌كانی گرته‌ی ژیانی رۆژانه‌ی (ئافره‌ته‌كه‌) له‌رێگه‌ی فیگه‌ره‌كان له‌چه‌ند ساتێكی كورت سه‌ركه‌وتوو بوو، له‌ كۆتایی شانۆگه‌رییه‌كه‌ ئه‌و كامیراییه‌ی پیاوه‌كه‌ بۆ شه‌ری به‌كار ده‌هێنا توانی بیگۆرێت بۆ وێنه‌ی (سیڵڤی) خۆشه‌ویستی خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی.

ده‌رهێنه‌ر كه‌شێكی شانۆیی بۆ ئاماده‌بووان دورستكرد بوو به‌ جۆرێك هۆڵی شانۆی كپ كردبوو به‌ مانایه‌كی تر بینه‌ر خۆی له‌نێو نمایشه‌كه‌ ده‌دۆزییه‌وه‌ به‌راده‌ی ئه‌بڵقبوون، شانۆگه‌رییه‌كه‌ كۆتایی هاتبوو بینه‌ر هه‌ربێ ده‌نگ بوو.
شانۆگه‌ری ماڵێك له‌ بێده‌نگی له‌ ده‌قی (عه‌با)ی هه‌ردوو نووسه‌ری عێراقی یوسف سائغ و فه‌لاح شاكر وه‌گیراوه‌ له‌ وه‌رگێڕانی رێبین ره‌سوڵ ، سینۆگرافیای (ئه‌یار سلێمان) دراماتورگ و ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند (كرمانج مسته‌فا)بوو،به‌رهه‌می تیپی رۆژ – په‌یمانگه‌ی هونه‌رجوانه‌كانی هه‌ولێره‌ بوو له‌ میانی چواره‌مین فیستیڤاڵی نێوه‌ده‌وڵه‌تیی شانۆی هه‌ولێر له‌ 17/12/2017 نمایش كرا.




شانۆو سته‌مكاری … نووسینی ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

شانۆوسته‌مكاری دوو زاراوه‌ی دوورو له‌هه‌مان كاتدا نزیكن، به‌ڵام له‌ڕووی میتۆدیه‌وه‌ ئه‌م دوو چه‌مكه‌ له‌سه‌ر دووئاست و دووتایپی جیاواز یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌ یه‌كه‌میان : هونه‌ر كه‌ بنه‌ما ئیستاتیكیه‌كه‌یه‌تی و ئه‌وی تریان بنه‌ما سیاسیه‌كه‌یه‌تی كه‌ ده‌رگیری فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیه‌ و له‌ڕوی مێژویه‌وه‌ پێشتر هه‌بووه‌و ناسراوبووه‌ . ئه‌وه‌ی له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا جه‌ختی لێده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌مه‌وێت قسه‌ له‌سه‌رئه‌و بنه‌مافیكری و ئایدۆلۆژی و پۆپۆلیستیانه‌ بكه‌م كه‌ شانۆو سته‌مكاری هاو ئاهه‌نگ و له‌یه‌كچوو ده‌كات ، ئه‌مه‌ش به‌ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و جیاوازیانه‌ ده‌بێت كه‌ له‌نێوان (شانۆ و سته‌مكاری)دا هه‌یه‌ و بنه‌ما ڕێكخراوو ڕوونه‌كانی كه‌ بۆ فێركردن و به‌كارهێنانی له‌ ئاماده‌كردنی به‌رهه‌میًَكی شانۆییدا په‌یڕه‌و ده‌كرێن .

ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌دا زانراوه‌ له‌دایكبوونی میتۆدی سته‌مكارانه‌ له‌ پێر فۆرمانسی شانۆییدا ، په‌یوه‌سته‌ به‌ سیستمی سیاسی كه‌ له‌ئێستادا بابه‌تێكی گه‌رمی بازاڕی شانۆی هاوچه‌رخ و ناوچه‌كه‌یه‌ كه‌ له‌كوردستان وه‌كو دیارده‌یه‌كی هاورده‌كراوه‌و له‌ ژێر كاریگه‌ری ته‌وژم ی ئه‌و لاسایگه‌ریه‌ باوه‌ی دنیای ئه‌مرۆ پیای ده‌گوزه‌رێًت ، پیاده‌ ده‌كرێت . ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م دیارده‌یه‌ش پێش شانۆی مۆدێرن ڕه‌وایه‌تی نه‌ده‌درا یه‌به‌تیویریزه‌كردنی تاكو سیستمه‌ سیاسیه‌ مۆدێرنه‌كان هاتن و جڵه‌ویان گرتنه‌ ده‌ست و خۆیان له‌كرده‌ی ئاماده‌كردنی نمایشه‌كاندا ڕه‌نگیان دایه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش به‌ پشت به‌ستن به‌ژیانكردن له‌سه‌ربنه‌مای زانستی و به‌زیادكردنی ئه‌و خاڵه‌ دیاله‌كتیكیه‌ی ده‌رباره‌ی ڕێبازی هونه‌ری هه‌یه‌ و له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ به‌ ڕێبازی نمایشكردن یان پێشكه‌شكردن .
ئه‌م مه‌عریفه‌یه‌ خزمه‌تی شانۆكار ده‌كات به‌شێوه‌یه‌كی بناغه‌یی له‌ناسینی سنووری وزه‌ی خۆی له‌و تیۆره‌دا و له‌ پێر فۆرمانسی ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ خۆی ئاماده‌ ده‌كات بۆ نمایش وه‌ یان ئه‌وكه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ بینه‌ری به‌رخۆره‌كی یان قۆناغی پێًر فۆرمانس له‌شانۆدا و ده‌بنه‌ چێژو چه‌ناڵێك بۆ خۆشی وه‌رگرتن و خۆبه‌تاڵ كردنه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌ و كاریگه‌ری و په‌یوه‌ندی به‌تین له‌ نێوان شانۆو وه‌رگر و به‌دوایدا خزمه‌تی ئامانجه‌ باڵاكه‌ی هونه‌ر كه‌ واده‌كات هه‌میشه‌ گومانی ئه‌وه‌ لای بینه‌ران دروست ببێت جگه‌ له‌و نمایشه‌ی بینیویانه‌ ئه‌وانی تر شتێكی ترن نه‌ك شانۆ !!

ده‌ستپێكردنی شانۆ ڕوه‌و ئاراسته‌ی سته‌مكاری له‌و بیركردنه‌وه‌یه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ خاوه‌ن بیری به‌رهه‌مه‌كه‌ چۆن پرۆژه‌كه‌ ده‌خاته‌ پێش چاوی ده‌زگا یان ستاف یان گروپ یان هه‌رجێگایه‌كی تر ، جیاوازی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ دا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م جاره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ترو به‌ پشتیوانیه‌كی تر و دیدگایه‌كی تره‌وه‌ وای لێده‌كرێت كه‌ هه‌مووان وابزانن بووه‌ته‌ شتێكی باوو ئاسایی له‌ پسپۆڕیه‌كانیاندا وه‌ك ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت به‌ دۆخێكی زۆر ئاسایی ته‌ماشا بكرێت. گه‌ر چاوێك به‌ پوخته‌ی كاری شانۆ ی مۆدێرندا بگێرین له‌ شانۆی سروشتیدا په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ قوتابخانه‌ی فه‌ڕه‌نسی و به‌شێك له‌ قوتابخانه‌ی ئه‌ڵمانی ، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ نایه‌ت كه‌نیشتمانی هونه‌ری سته‌مكاری ئه‌وێ بێت و پێشینه‌ی نه‌بێت به‌ڵكو ئێمه‌ له‌ شانۆی مۆدێرندا خوێندنه‌وه‌ی بۆده‌كه‌ین گه‌رنا پێشینه‌یه‌كی دوورودرێژی هه‌یه‌ كه‌له‌ گریك و رۆمان و شانۆكانی رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ درێژ ده‌بنه‌وه‌ به‌تایبه‌تی شانۆی هندی و میسری و چینی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر ، به‌ڵام ئه‌م ناولێنانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ و دۆخه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵدانی جۆرێك له‌شانۆ كه‌پێشتر وێنه‌یه‌كی ڕێك وه‌ك خۆی نییه‌ و ئه‌و وڵاته‌و ئه‌و هونه‌ره‌ یان هه‌رشتێكی تر بگره‌ په‌یوه‌سته‌ به‌تایبه‌تمه‌ندێتی هه‌رهونه‌رمه‌ندێكه‌وه‌ .

له‌م ئاراسته‌یه‌وه‌ هونه‌ری (شانۆو سته‌مكاری) به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆ سه‌رهه‌لًنادات كه‌له‌دۆخی ژیانكردنی حه‌قیقی شانۆدایه‌ به‌ڵكو تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ له‌هونه‌ری به‌یانكردن و نمایشی دیمه‌ن و شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بینه‌ران (جه‌ماوه‌ر) دا ، له‌به‌رئه‌م هۆیه‌ ڕه‌نگه‌ كه‌سانێك هه‌بن بڵیئَن بۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شانۆی قۆناغه‌كانی پێشووتر ؟ زۆر به‌ساده‌یی وه‌ڵام ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ له‌ ئێستادا له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌م قۆناغه‌دا گیرمان خواردووه‌ و چه‌قمان به‌ستوه‌ و هاتۆته‌ ناو ژیانی هونه‌ریمانه‌وه‌ كه‌متر كاریگه‌ری شانۆی كلاسیك یان نیو كلاسیك و رۆمانتیك ده‌بیندرێت ، گه‌رنا ده‌توانین هه‌مووی بده‌ینه‌ به‌رنه‌شته‌ری توێژینه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی كات و ده‌رفه‌تی زیاتر مان ده‌داتێ‌ تا به‌وردی خۆمان بۆئه‌م كاریگه‌ریه‌ی سته‌مكاری به‌سه‌ر شانۆی نوێوه‌ ببینین ، له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر به‌كورتی لێره‌وه‌ كۆتایی به‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌هێنم و ده‌یبه‌ستمه‌وه‌ به‌ شانۆی نوێ‌ له‌په‌یوه‌ست به‌ سته‌مكاریه‌وه‌ وبێگومان بووه‌ به‌به‌شێك له‌دنیای هونه‌ری ئێمه‌ و شانۆ له‌كوردستان پێی كاریگه‌ره‌ و ژه‌هراوی كردووه‌ و خاوێن بوونه‌وه‌ی نزیكه‌ له‌مه‌حاڵ .

مشتو مڕی زۆر هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی چه‌مكی سته‌مكاری، به‌جۆرێك به‌سه‌دان كتێب و چاپكراوی هه‌مه‌ جۆر نووسراون و ده‌نووسرێن كه‌ دنیای ئیًمه‌ی لێ بێبه‌شه‌ ، به‌ڵام له‌ په‌یوه‌ست به‌شانۆ دوای گه‌ڕانێكی زۆرم شتێكی وام نه‌ بینی كه‌شایانی ئاماژه‌ بۆكردن بێت و مرۆڤی كورد و شانۆكارو بینه‌رو وه‌رگره‌كانی بتوانن له‌باره‌یه‌وه‌ بخوێننه‌وه‌ . بۆئه‌وه‌ی له‌م كێشه‌یه‌ به‌ڕوونی تێبگه‌ین ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بنه‌ڕه‌تی دۆزه‌كه‌ كه‌ نامه‌وێت له‌رٍووی فه‌لسه‌فیه‌وه‌ هیچی له‌ باره‌وه‌ بڵێم جگه‌له‌ ئاماژه‌ .

به‌گشتی من لێره‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌كی هاوچه‌رخانه‌ و په‌یوه‌ست به‌ شانۆی مۆدێرنه‌وه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ كه‌ دابه‌شده‌بێت بۆ دووقوتابخانه‌ی سه‌ره‌كی ” ژیانكردن و نمایشكردن ” ، له‌م ڕوه‌وه‌ له‌ ناو شانۆكارانیشدا مشت ومرێكی زۆرهه‌یه‌ ده‌رباره‌ی شێوازی پێرفۆرمانسی شانۆیی و به‌رجه‌سته‌كردنی كه‌سێًـتی له‌سه‌رته‌خته‌ی شانۆ . له‌به‌رئه‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و دووقوتابخانه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ریشه‌یه‌ك كه‌ له‌چه‌ندین سه‌ده‌ی مێژوویی شانۆی جیهانیه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ . ئه‌م دووچه‌مكه‌ تازه‌نین ، به‌ڵكو ته‌نها په‌یوه‌ستن به‌ ئامانجی بنه‌ڕه‌تی شانۆوه‌ ، به‌پێًی پێویستی و پاراستنی تایبه‌تی هونه‌ری شانۆیی به‌ ئاراسته‌ی هونه‌ره‌ درامیه‌كانی تر كه‌ئه‌م دۆزه‌ دروست ده‌كات و ده‌یگۆرێت بۆ خاڵێكی دیاله‌كتیكی وروژێنه‌ر له‌ مێژووی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ودرێژده‌بێته‌وه‌ بۆ ئێستا له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ شێوازێكی ئیداره‌دانی كرده‌یی شانۆیی و به‌رده‌وام له‌ناوچه‌كه‌و له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆو له‌وێوه‌ بۆ ناو هۆڵه‌كان و بێگومان به‌هۆی ئه‌كته‌ره‌وه‌ و له‌پێناو وه‌رگر .

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژیانی هونه‌ری و سته‌مكارانه‌ی شانۆكاران و هه‌ندێك له‌ جه‌ماوه‌ره‌كانی شانۆ ئاره‌زووی یه‌ك جۆر كرده‌ی بینین و تێكه‌ڵه‌یه‌كن له‌ شانۆو سیاسه‌ت ( مه‌به‌ست له‌ سیاسه‌ت به‌مانا ئه‌ مرۆییه‌كه‌ی !! نه‌ك حه‌قیقیه‌كه‌ی !) له‌نمایشكردنی دیمه‌ن و ساتی ژیانكردنی حه‌قیقی و رۆڵی نمایشه‌كان له‌و ڕوه‌وه‌ ، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بهێڵنه‌وه‌ بۆ بۆچوون و تێگه‌یشتنه‌ هه‌مه‌چه‌شن و هه‌مه‌جۆره‌كانی تری شانۆ و بێ ئاگان له‌وه‌ی هه‌تا زۆرێك له‌ میتۆده‌ شانۆییه‌كان سوودیان له‌ قوتابخانه‌ی ” نمایشی و ژیان كردن ” وه‌رگرتووه‌و هه‌ندێك جار جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ ڕه‌تناكه‌نه‌وه‌كه‌ هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ پڕكردنی هۆڵی نمایشه‌كانی شانۆو دوور له‌ هیچ پێوه‌رێكی هونه‌ری و ئیستاتیكی ، به‌ڵكو ئه‌و بكه‌رانه‌ی شانۆ به‌شێوه‌یه‌كی لێبڕاوانه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ده‌كه‌ن، گه‌یشتن به‌بینه‌ر به‌ هه‌رپێوه‌رێك بێت .
به‌ڵام ئه‌ده‌بیاتی شانۆو میتۆد و قوتابخانه‌ شانۆییه‌كان ئه‌م گشتگیریه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌روه‌كو نمونه‌یه‌ك له‌م ڕوه‌وه‌ ( ویلیام شكسپیر) له‌ شانۆنامه‌ی ( ڕیچاردی سێهه‌م) دا له‌سه‌ر زاری (گڵۆسته‌ر )دا ده‌ڵێت : ” تووك و نه‌فره‌ت له‌ خۆ مه‌كه‌ ئه‌ی ئافه‌ریده‌ی نه‌شمیل ! چونكه‌ تۆ هه‌ردووكیانی ، هه‌م رۆژی هه‌م شه‌وی ” له‌مه‌دا جۆرێك له‌ ڕونی و تێفكرین ده‌خوێنمه‌وه‌ كه‌ له‌فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ئه‌م شانۆكاره‌وه‌ هاتووه‌ نه‌ك له‌شتێكی تر وه‌ك هه‌ندێك له‌ ئه‌مرۆدا شانۆ به‌بێ تیۆرو به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی قوڵ و جددی و سه‌رپێیانه‌ وه‌كو خویه‌ك ته‌ماشاده‌كه‌ن . چونكه‌ فكر له‌ شانۆدا خۆی قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌زموونی شانۆی درامی كه‌ له‌ڕۆژگاری ئه‌مرۆدا به‌ره‌و فه‌نا بوون و نه‌مان ده‌چێت.

ته‌واوكردنی سوودی نمایش وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بۆ یه‌كه‌م جار تێده‌گه‌ین له‌ نرخ و گرنگی و بایه‌خی رۆڵی كاره‌كته‌ر له‌ پاراستنی هۆكاره‌كانی نواندنداو زیان گه‌یاندن بیرم كرده‌وه‌ ، ڕێگای داهێنان له‌ڕێی كاره‌كته‌ری ده‌ره‌كیه‌وه‌ و له‌وێوه‌ بۆشعووری ناوه‌كی. له‌وه‌دا باشه‌ كه‌ كاره‌كته‌ر دێت و پێر فۆرمانسی خۆی ده‌كات لێره‌دا و به‌م پێوه‌ره‌ پێویسته‌ شانۆكار سنوری وزه‌ی خۆی بزانێت له‌ ڕوو ی هونه‌ریه‌وه‌ و مه‌ودای ده‌نگی كاره‌كته‌ر بگوازێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی پێویسته‌ نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی خاوه‌ن كرداره‌كه‌ ئاره‌زوویه‌تی. ئه‌مه‌ جگه‌له‌ مه‌ودای كاریگه‌ری له‌هونه‌رو جه‌ماوه‌ردا ، به‌جۆرێكه‌ هیچ تێگه‌یشتنێك به‌دی ناكرێت به‌ هه‌ردوو میتۆده‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕوون و به‌هۆی پشت به‌ستن به‌ ته‌كنیكی پێویست و هه‌ڵبژاردنی فۆرمی پێویست بۆ نمایش و به‌دیاریكراوی و باشكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی نێوان شانۆكارو وه‌رگرو سته‌مكاری و سیاسیه‌كان ده‌خوێنینه‌وه‌ ، به‌و ده‌ربڕینه‌ی كه‌ ڕێگایه‌كی زۆرتر ته‌ندروسته‌ بۆداهێنان .




بەكێشەكردنی شانۆ …. نووسینی : ڕێباز محەمەد جەزا

كێشەی شانۆ بەگشتی بەیەكێك لەماناكان كاركردنە لەسەرهەموو ئەو پێشگریمانە و پێشمەرجانەی كە لە خۆیاندا ناڕاستەوخۆ كاركردنە لەناو فەلسەفەی جوانیدا، بەجۆرێك دەبێتە پەخشكەرەوەی گومان بەسەركەرەستەو بابەتە جیاوازەكانی ئەوهونەرە خۆیدا. هەرلەبەرئەوەشە دەتوانین لەم باسە بدوێین وەكو ئەوەی ( كێشە)یەكی فەلسەفیەو پێویستەخوێندنەوە بۆ(جوانی) بكەین ، ئەڵبەت مەبەستیشم لە كێشە دورە لەمانا سایكۆلۆجی و رۆژانەییەكەی بەڵكو لێرەدا كێشە وەكو كەڵكەڵەیەكی (ئیستاتیكی)و خاوەن نۆرم و بەهای جوانی و پێگەی هونەری . بەڵێ‌ كاركردن لەسەر هەرگریمانێك واتاكاركردن لەسەرفەلسەفە و هزر..

ئەمەش لەسەرەتای كێشەكانەوە كە پەیوەستن بەم هونەرەوە باسدەكەین و بەڕوونی گومانی (شانۆییانە)لەسەر هەر ڕووداوو پێشهاتوو گریمانەیەك دەردەخەین ..وەكو “هایدگەر”دەڵێت :”مرۆڤ لەوشوێنەدا دەدوێ‌ كەبەزمان وەڵام دەداتەوە” لەبەرئەوەپێویستە لە(شانۆ)دا بەدوای نهێنیەكاندا بگەرێین و لەوانەش لەڕووی ئیستاتیكی و بەها فەلسەفی و فیكری ومە عریفیەكاندا . وەكو “هرمان بروگ “ڕای وایە :”ئەوەی (.. ) كە هیچ نادۆزێتەوە ، لەدیدی ئەودا بێ‌ ئەخلاقانەیە.

دەمەوێت بڵێم دەشێت (شانۆ) شێوەیەك بێت لەشێوەكانی یاخی بوونی جوانی ، ئەگەرزمانی ئیكۆ بەكاربهێنین دەڵێین (شانۆ) بۆخۆی چێژلەوناو نانە بێ‌ سنورەوەردەگرێت و تە عبیر لە جیهانێكی هەلاهەلا دەكات ، هەندێك لە ڕەخنە گران لەبارەی “دۆستۆیڤسكی”یەوە ، ئەوەدەخەنە ڕوو كە دیستۆڤسكی هەمیشە رۆحی خۆی بەنەخۆش زانیوە ، دەشێ‌ هەمان شتیش لەبارەی هونەری (شانۆ) بگوترێ‌.بەم پێوەرەش (شانۆ) دەچێتە ئەم خانەیەوە كە بكەرانی چارەسەركردنیان تەنهاوتەنها لەڕێی نمایشەوە دەبێت و شێوەیەكیشە لە خۆهاوشێوەكردن بەو ئازارو نە خۆشیە .

. گومان و دوودڵیەكانی دونیای تازە بە جۆرێك ئالودەمان دەكات لەگەڵ چاوەڕوانی و دڕدۆنگی و قەلەقیەكاندا ماناكان پڕو تەژی دەبن لە ئالودەییو كەمتر بەرەو حەقیقەتی شتەكان ، “سوكرات” وتەنی : “مەعریفەی چێتی مەعریفەی حەقیقیە “.لەم روانگەیەشەوە “نمونەیئایدیا” “یاخود وێنە”حەقیقەتی هەمەكی هەبووە بەكردار وبونیان دەرەكی یە . كەواتە نزیكبوونەوە لەو وێنەیەو پیشان دانی ئەتمۆسفێرێكی سایكۆلۆجی تێكەل بە فەزای سروشتی نزیكمان دەكاتەوە لە یەقین ، هەروەها “ئەرستۆ”ش ڕای وابوو مەعریفەی حەقیقی ئەومەعریفەیەیە كە پەیوەستە بە “مرتبە”ی یەقینەوەو ئەوە مەبدەئی مەعریفەیەو ژینالۆژیاكەی لای “ئەرستۆ “(هەستە ڕاستەوخۆكان) دەبنە بەشێك لە ئێستە . دۆخەكە بەبەشەكی وەسف دەكات .

لەم تێگەیشتنەوە بەپێی هەردوو بۆچوونەكە ی”ئەفڵاتوون وئەرستۆ”، (شانۆ)خاوەنی “وێنەو ئایدیا ” ی خۆیەتی و پێویستی زۆریشی بەهەستی ڕاستەوخۆ هەیە كەوادەكات بەتەواوەتی نیشتەجێ‌ ببین لەناو ڕووداوو كردارەكاندا . چونكە “بەرهەمی هونەری دەمانباتە ناخی خۆیەوە ، ئێمە ئاگامان لەناخی خۆمان نامێنێت . چونكە ئەمەهەمان ئەوشتەیە كە رۆلان بارت لەچێَژی دەق دا دەیگووت . هەروەها دێریدا “ش لەمبارەیەوەدەیگووت:”بەردەوام هەوڵَمدا تافەلسەفە بێَنمە مەیدانەوە “. مەیدانێك كەلەودا فەرمانڕواییەك نەبێت كەبەڕای من ئەمە لە(شانۆ) دا زۆر گونجاوتر دێتەدی هەرچۆن “لیۆتاریش دەیگووت:”رۆڵی ئێمە وەەكو هزرڤان ئەوەیە كەزانیاری خۆمان لەوشتەی كەلەزماندا گوزەردەكات قوڵتر بكەینەوە ، بیرۆكەی بێ گیانی زانیاریەكان ڕەخنە بكەین ، ئاڵۆزی لەبەر چاو نەهاتوو لەجەرگەی زماندا ئاشكرابكەین .

لەیۆنانی كۆندا جوانییەكان دەنگی خواوەند بوون (لۆنجینیۆس)نووسەری كۆنی گریكی لەوكتێبەی بەناونیشانی “لەبارەی جوانیەكان – عن الرائع”دا دەنووسێ‌ :”جوانیەكان سۆزێكن بۆخواوەند ، خواوەند بەرەو پاكیمان دەبات ، بەرەو ناخ ، بەرەو حەقیقەتە خواوەند ئامێزەكان هەروەكو چۆن رای ئەرستۆو ئەفڵاتوونیشمان لەوبارەیەوە زانی … دەبێت ئەوەش باش بزانین لایەنگری “ئیستاتیكای موتڵەق”بەمەعنای دابڕان لەهەلومەرجە مێژوویی و كۆمەڵایەتیەكان نیە ، چونكە ئەو هەلومە رجانە ئەم چێژە ستاتیكیە دیاری دەكەن .




شانۆی هاوچه‌رخی جیهانی … ڕێباز محەمەد جەزا

بۆ توێژینه‌وه‌ی شانۆی نوێ‌ له‌ ئیپۆكی هاوچه‌رخدا ، پێویستمان به‌وه‌یه‌ دڵنیابینه‌وه‌ له‌ تێگه‌یشتنه‌كانی پێشووترمان ، [ شانۆ چییه‌؟ ] ئایا گونجاوه‌ هه‌مان تێگه‌یشتنی پێشترمان بگوێزینه‌وه‌ بۆ ئێستا ؟! یان شتێكی ترمان سه‌ربار خستووه‌ كه‌له‌ قۆناغه‌كانی ترمان جیاوازتر بێت ؟َ! یان خۆڕێكخستنه‌وه‌و خۆئاماده‌كردنێكی ترو به‌ره‌و پێشچوون و گه‌ڕان و پشكنینه‌كانمان زیاد بكه‌ین و دیسانه‌و ه‌ به‌قه‌له‌ قیه‌وه‌ پرسیاره‌كانمان بكه‌ینه‌وه‌ !!

ڕه‌نگه‌ له‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌دا جۆرێك له‌گه‌ڕانه‌وه‌و پاشه‌كشه‌ به‌دی بكه‌ین ، به‌ڵام بێگومان بۆئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنتی زیاتر و نوێ‌ ڕه‌نێو بهێنین ، ده‌بێت وه‌ڵامه‌كان له‌ گوتار( Discourse) دا دابڕێژینه‌وه‌ و له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك جار له‌ئاست ئه‌و پرسیاره‌دا [شانۆچییه‌؟!] ده‌ممان ته‌ته‌ڵه‌ بكات یان شتگه‌لێك بڵێین كه‌ ڕه‌نگه‌ زۆر دوورنه‌بێت له‌ كه‌سێكی تر كه‌ هیچی له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌بیستووه‌ یان هه‌ندێك شت بخه‌ینه‌ پاڵ شانۆ كه‌له‌ڕاستیدا له‌ڕووی تیۆریه‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ شانۆوه‌ نه‌بێت ، یان له‌باشترین حاڵه‌تدا هه‌مان تێگه‌یشتنی ساده‌گۆییانه‌و وه‌ڵامه‌كانی پێشووترمان دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌ !!

خۆ له‌ قه‌ره‌دانی پرسیاری (شانۆ چییه‌؟) یان چۆن له‌ شانۆ تێبگه‌ین ؟! له‌ بنه‌ڕه‌تدا شێوه‌ی پرسیاره‌كه‌ فه‌لسه‌فی دێته‌ پێش چاو ، به‌ڵام توێژه‌ر نابێت ئه‌وه‌ی بیر پچێت كه‌ هه‌رچاخ و قۆناغێكی مێژوویی جۆره‌ تێگه‌یشتن و شانۆیه‌كی به‌ رهه‌م هێناوه‌ ، هه‌ندێكیان خوڵقاوی پێویستی و داواكاری جه‌ماوه‌رو بینه‌رانی شانۆ بوون ، هه‌ندێكیان تریان قه‌ده‌ر سه‌پاندوونی و هه‌ندێكی ترشیان هاتوون و زوو تێپه‌ڕیوون له‌ به‌ر هه‌رهۆیه‌ك بێت ، به‌هه‌رحاڵ ئه‌م دۆخه‌ش خۆئاماده‌كردن و تێرامان و بیركردنه‌وه‌ی ده‌وێت و پێویسته‌ له‌و تێگه‌یشتنانه‌ دووربكه‌وینه‌وه‌ كه‌له‌سه‌ری ڕاهاتووین یان سه‌رنجی ساده‌و باو جێبهێڵین بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ بۆ ئاستێكی باڵا ترو بیركردنه‌وه‌ی هوشیارانه‌ له‌ دۆزه‌كه‌ . هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ ووروژاندنی پرسیاری [شانۆ چییه‌؟] ببێت به‌مایه‌ی زیندوكردنه‌وه‌و به‌رز ڕاگرتنی پرۆسه‌ی كاركردن له‌ هونه‌ری شانۆ و زه‌مینه‌ خۆشكردن بۆ (شانۆ)یه‌كی ڕاسته‌ قینه‌ ، له‌ هه‌مان كاتدا وه‌رگرتنی په‌روه‌رده‌یه‌كی هونه‌رییانه‌.

پرسیاری ئێمه‌ له‌م قۆناغه‌دا له‌ قوتابخانه‌و میتۆده‌ جیاوازه‌كانی (شانۆ) و شاره‌زایی هونه‌رییانه‌و ته‌ییار بوون و مه‌شق و ڕاهێنانه‌ له‌ روانگه‌ی میتۆده‌كان و تێگه‌یشتنه‌ جیاوازه‌كانه‌ و كاری (ده‌رهێنه‌رو ده‌رهێنان) ه‌ له‌ شانۆدا و به‌پله‌ی ئیمتیاز پرسیاری ئه‌خلاقی و هونه‌رییه‌ .
چونكه‌ له‌دوای وروژاندنی چه‌مكه‌كان لای هه‌ریه‌كه‌ له‌ و میتۆده‌ جیاوازانه‌ گشت ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌وهونه‌ره‌مان بۆئاوه‌ڵا ده‌كه‌ن .

بۆنمونه‌ له‌ هه‌موویان ده‌پرسین (شانۆ چییه‌؟! ) ئایتمه‌كانی (چیین؟َ) كه‌ئه‌مه‌ش ڕاسته‌و خۆ پرسیاری ئیستاتیكی و مۆراڵین . به‌ڵام ئایا هه‌مووبه‌رهه‌مێك كه‌له‌سه‌رشانۆ پێشكه‌ش ده‌كرێت ، شانۆیه‌كی هونه‌ری ته‌واوه‌؟ كام میتۆد شایانی خوێندنه‌و كامه‌یان پێویسته‌ په‌راوێز بخرێن ؟! كه‌ره‌سته‌و پێداویستی هه‌ریه‌كه‌ له‌و میتوادانه‌ چیین ؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هونه‌رمه‌ندی شانۆكار له‌ پاڵ هه‌مووئه‌مانه‌شدا ده‌توانێت ئازادانه‌ موماره‌سه‌ی شانۆبكات و خۆی مانیفێست بكات و سه‌رقاَلی ته‌حقیق كردنی هونه‌رو شاكاره‌كانی بێت . ئه‌مرۆ له‌ ده‌زگا ئه‌كادیمی و هونه‌ریه‌كانی كوردستان پێویستمان به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی میتۆد و تیۆرو قوتابخانه‌ جیاوازه‌كان هه‌یه‌ و ده‌بێت توانای ئه‌وه‌ مان هه‌بێت به‌ كێشه‌یان بكه‌ین ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ڕووی ژیاری و فه‌رهه‌نگیمانه‌وه‌، لاوازی و سستی زۆرمان هه‌یه‌ و ده‌بێت ئیمتحانی توانا هونه‌ری و ئه‌كادیمیه‌كانی خۆمان بكه‌ین .




داکۆکی لە ڕۆماننووس یان (چی ئەقەومێ کە کەس ئیتر چیرۆک نەگێڕێتەوە؟)* … کاوان محەمەدپوور

«مووزلمان» ( Musselmanیا Muselmann) دەستەواژەیەک بوو لە زیندانەکانی نازی بە کەسێک دەکوترا کە لە ترسان و برسان و به هۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە، هەر چەشنه ئاگاهی و هەستیارییەک کە نیشانەی شوناسی مرۆڤ بێت لە دەروونیدا نەمابوو و هیچ هەست و ئامانج و هەڵوێستێکیان لەمەڕ ژیانەوە بە خۆش و ناخۆشیەوە نەبوو. ئەوانە کەسانێک بوون کە رووبەڕووی دژوارترین ئەشکەنجەکانی سەربازانی نازی دەبوونەوە و تەنانەت لە بەرامبەر ئەشکەنجەشدا هەوڵ و خواستێکیان بۆ دەربازبوون-چ بە هات و هاوار یان بە ڕاکردن-نەبوو.

مڕۆڤێکی داماڵدراو لە هەر چەشنە شوناسێکی مرۆیی. واتە مووزلمان پێش مەرگی بایۆلۆژیکی توشی مەرگێکی نمادین ببوونەوە. پریمولوی لە بیرەوەریەکانی خۆی لە ئۆردوگای ئاشوویتس لە بارەی گەنجێکەوە به ناوی (018) دەنووسێت: “من وەها بیردەکەمەوە کە تەنانەت ناوی خۆشی لەبیر چۆتەوە، بێ‌گومان ئەو هەر وەها ئەنوێنێت”.(١) مووزلمان بەهۆی بەسەرهاتە تاڵ و قیزەونەکانی ناو ئۆردوگای ئاشوویتس هەستی مرۆڤ بوون و توانستەکانی مرۆڤیان لێ سڕابۆوە. لای ئاگامبێن، مووزلمان وێنای تەواوکۆی مرۆڤی دیلکراو لە لۆژیکی ئۆردوگایە، نە دەتوانن بمرن-مەرگی بایۆلۆژیکی- نە دەتوانن قسە بکەن، نە دەتوانن مان بگرن، نە دەتوانن ئۆمێدوار بن، تەنیا لە ژێر فەرمانی حاکم ئەتوانن ژیان بکەن، ژیانێکی داماڵدڕاو لە هەر چەشن یاسا و رێسایەک بۆ پشتگیری لە پێگەی ئاسایی مرۆڤ.

(٢) ئەوەی کە مووزلمان چ ئەزموونێکیان لە ئۆردوگا هەبووە تەنیا لە بەشێک لە بیرەوەریەکانی پریمولوی و جۆرج سێمیریۆن دەردەکەوێت کە بە گوێرەی ئەوان، ئەم بیرەوەرییە تەنیا بەشێکی زۆر کەم و بچکۆلە لە چەرمەسەرییەکانی ئەو مرۆڤانەیە. هۆی ئاگادار نەبووبی تەواوکۆ – یان زیاتری- ئێمە لەو چەشنە مرۆڤە!!، و پۆرنۆگرافی مەرگ لە ئۆردوگاکانی ئاشوویتس، دەگەرێتەوە سەر دوو لایەن. یەکم، بەشێکی زۆر لە مووزلمانەکان لە ئاگردانەکانی ئاشوویتس سووتان و ئیتر هەر بوونیان نەبوو تا بەسەرهاتەکانیان “بگێڕنەوە”- جا بەهەر چەشنێک لە گێڕانەوە بێت!- ، دووهەم، ئەو بەشەی کە زیندوو مانەوە ئیتر نەیان دەتوانی “بگێڕنەوە”!، لە واقیع دا تووشی وێستانی زەمەن لە کاتی ئاشوویتس هات بوون و توانستی دەربازی لەم زەمەنەیان نەبوو، بە شێوەی سایکۆلۆژیکی لە دۆخێکی ناوازە لە زەمەن-ترسی کارەسات- کەوت بوونەوە. لەم دۆخەدا توانستی زمان لەسەر ئاخافتنی ئاسایی لەمەڕ بیرەوەری سەقەت دەبێت، کە واتە تووشی چەشنێک لە “لاڵی” و “بێ‌زمان” هاتبوون.(٣) ئەم دۆخە- وێستانی مێشک لە کاتی کارەسات دا- توانستی گێڕانەوەی کارەساتی لەو چەشنە مرۆڤەی هەستاندبۆوە!.

“نەگێڕانەوە”ی مووزلمان فەرامۆشی یان هیچ نەبێت کەمترین بیرەوەری بۆ نەوەی داهاتووی خۆی پێیە. ئەگەر ئەم بیرەوەرییانە گرینگ بن، وەها پاساوێک لەسەر گێڕانەوە ئەتوانین بێنینەوە کە لە تاوتوێ کردنی دەستەواژەی “گێڕانەوە” (Narration)، بەم دەرئەنجامە دەگەین کە ریشە و بنەماکەی دەگاتەوە سەر وشەی (Narrara) لە لاتین و (Gnarus)‌ی یۆنانی کە بە مانای “زانست” و “ناسین” دێت کە ڕیشەی هێند و ئۆرووپایی (gnos)ی هەیە. بەم پێیە گێڕانەوە، دەبێتە “دۆزینەوەی زانست”، ئەرەستووش لە بووتیقادا هەر بەم مانایەی گرتووە.

بەم پێیە گێڕانەوە، “زانست لەسەر رووداو و بەسەرهاتێکی تایبەتە”،(٤) زانست لەسەر رووداو، لە رووی مانەوە و ئەزموونی داهاتووی رووداوە کە بۆ مرۆڤ گرینگ ئەنوێنێت. بە چەشنێک گێڕانەوە، هەوڵدان بۆ هەرمان بوونەوەیە، چون لە گێڕانەوەدایە کە شێوازێک لە رووداو و بەسەرهاتەکان خۆ ئەنوێنن و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی‌تر هەناردە دەکرێن. مێتافۆری “شەهرزاد” لە کتێبتی حەقایەتەکانی “هەزارو یەک شەو”، باس لە هەوڵی شەهرزاد بۆ زیندوومان‌و نەکووژرانی ئەو لەلایەن پاشاوە دەکات، ئەم هەوڵەی شەهرزاد لە “گێڕانەوەی چیرۆک” بۆ پاشا خۆ دەنوێنێت. شەهرزاد هەر شەو بۆ زیندومانەوەی چیرۆکێک بۆ پاشا ئەگێڕێتەوە، بەم شێوە پاشای تامەزرۆی بیستن دەکات بۆ شەوێکی تر. کە واتە تەنیا بە گێڕانەوەیە کە دەتوانێت زیندوو بمێنێت، بە شێوەی مێتافۆر، “نەگێڕانەوە” فەرامۆشییە و فەرامۆشیش چەشنێک لە مەرگە.

بێگومان بەسەرهاتی مووزلمان، چیرۆکێکی چێژ بەخش نییە و هیچکات بەتەواوی ناگێڕدرێتەوە- زمانی گێڕانەوە لەمەڕ کارەسات تووشی قەیران دەبێت-، بەڵام ئەم بیرەوەریەی پریمولوی و دەیان بیرەوەری‌تر لە بەسەرهاتەکان، گرینگی “گێڕانەوە” لە سووچەگەلی جیاوازەوە دەردەخات.

ئەگەر هەنووکە و بۆ مرۆڤی ئاسایی!- هەڵبەت ئەگەر دەستەواژەی مرۆڤی ئاسایی درووست بێت- دۆخی “بێ تابشتی لەمەڕ گێڕانەوە”(٥)، ڕووبدات یان ئەگەر زۆر بە ئاسانی جارێکی‌تر پرسیارەکەی مارتین مەکۆئیلان بهەژێنین و خۆمان بەرەوڕووی ئەمە بکەینەوە (کە چی ئەقەومێت کە ئیتر چیرۆک نەوترێتەوە یا نەنووسرێتەوە؟!(٦)، بەڕاستی جیهانی مرۆڤ چی بەسەر دێت؟، ئایا ئایدیا و هەستەکانی تووشی قەیران دەبێتەوە؟ ئایا مرۆڤ هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چیرۆکی نوێ دەدات؟ یان واز لە چیرۆک دێنێت و کۆتایی بە بیرەوەری و ئایدیاکانی خۆی دێنێت؟. بەڕای ڕۆڵان بارت تەنانەت بیرکردنەوە لەم پرسیارە و یان خود وازهێنان لە چیرۆکیش -ئایدیای چیرۆک- خۆی چەشنێک لە (گێڕانەوەیە):”گێڕانەوە لەسەرانسەری ژیانی مرۆڤ دایە، گێڕانەوە خۆی ژیانە”(٧).

یەکەمین فەرزی گێڕانەوەناسەکان لەسەر گشتی و بەردەوام بوونی گێڕانەوەیە، واتە ئەوەی کە گێڕانەوە بەرساختێکی زمانییە و مرۆڤ بەردەوام لە زمان دایە. پرسیارەکەی مەکۆئیلان دووهەمین فەرزی گێڕانەوەناسەکانیش- کە” جیهانی ئێمە پڕە لە چیرۆک”- بە چەشنێک تووشی مەترسی دەکاتەوە. بەڕای گێڕانەوەناسەکان مرۆڤ بەردەوام چیرۆک دەڵێتەوە یان بە زمانێکی گێڕانەوەناسانه خودی ئایدیای چیرۆک (story )، هەمیشە لە زەینی مرۆڤ دایە. بێگومان بۆ وڵامدانەوەی مەکۆئیلان دەبێت سەرەتا وەک هەموو پرسیارێکی‌تر پاساوێک بۆ گرینگی پرسیار (کە لێڕەدا لە ناوچوونی هەمیشەیی چیرۆکە) بهێنینەوە و دوواتر واتای گێڕانەوە و چیرۆک تاوتوێ بکەین تا گرینگی ئەم باسەمان بۆ دەرکەوێت یان دەرفەتێک بۆ وڵامەکەی بدۆزینەوە.

پاساوی من بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسیارە، گرینگی گێڕانەوەی چیرۆکە. بۆ شیکردنەوەی مەبەستەکم ئاوڕ لە چەن ڕوانگەی تایبەت بە چیرۆک ئەدەمەوە کە تا ڕادەیەک بابەتەکە بەڕبڵاوتر دەکاتەوە. کۆندرا لە کتێبی (هونەری ڕۆمان)دا دەڵێت: «باوکی ئەندێشەی مۆدێڕن تەنیا دیکارت نییە بەڵکوو سێروانتێسیشە»(٨). بە ڕای کۆندرا سێروانتێس وەک یەکەمین ڕۆمان نووس، شێوازێکی نوێی لە (گێڕانەوەی ئەم جیهانە)ی بۆ ئێمە خولقاند، ئەم شێوازە نوێیە “ڕوانگەیەکی نوێ” و “شێوەڕوانینی نوێ” و لە ئەنجامدا “جیهانێکی نوێ” یان باشترە بڵێین بەشێکی نوێی لە جیهان بۆ مرۆڤ دەرئەخات. گێڕانەوەی نوێ، بەرهەمهێنەری زانستی نوێشە، سیمۆر چەتمەن لە کتێبی (چیرۆک و گوتار)دا، ئاماژە بە وتاری ژان پیاژە لەسەر پێکهاتە دەکات و بەم ئەنجامە دەگات کە بەڕای پیاژە «گێڕانەوەی نوێ و شێوە ڕوانینی نوێ بە جیهان، زانستی نوێ بەرهەم دێنێت، گشت پێکهاتەکانی زانستەمرۆییەکان -مرۆڤ ناسیی، فەلسەفە، دەروونناسیی، زمانناسیی و… هتد- لەسەر سێ چەمکی کووللییەت، ئاڵۆگۆڕی شێواز و بە نیزام کردن، پێک هاتوون.»(٩).

هەر بە پێی ئەم ڕوانگەیه دەتوانین ڕۆمان – گێڕانەوەی چیرۆک- وەک زانستێکی نوێ پێناسە بکەین. شێوە ڕوانینی نوێ بە چەشنێک ئاشکرا کردنی داپۆشراوەکانی جیهانی مرۆڤە، هەر سووچێک لە ڕوانین بێ گومان نەڕوانین لە دەیان سووچی ترە، بەڵام لۆژیکی چیرۆک، حەول بۆ ڕوانین لە زۆرینەی شێوە ڕوانینەکانە. میخایل باختین ئەم تایبەتمەندییەی چیرۆک- هەڵبەت لێرەدا مەبەستی باختین ڕۆمانە نە شێوەکانی‌تری گێڕانەوە وەکوو کورتە چیرۆک. حەقایەت، چیرۆکی مینیماڵ و….- وەک دەرکی چەمکی دێمۆکراسی پێناسە دەکات و کۆمەڵگایەک کە هەڵگری ژانری ڕۆمانە بە کۆمەڵگایەک دەزانێ کە مێشکی مرۆڤەکانی توانستی دەرکی دێمۆکراسییان هەیە(١٠)، کاراکتێرگەلی ڕۆمان، جیهانە جیاوازەکانی مرۆڤ نیشان دەدەن، مرۆڤ‌گەلێک کە هەر کام مەجالی جیاواز ژیان و ڕوانگەی جیاوازیان هەیه و هاوتەریب لەگەڵ ئەم جیاوازییە، دژوازی و لەمپەڕ و کێشەی ژیان ئاشکرا دەکەن.

ریچارد روورتی لە وتاری (هایدیگەر و کوندرا و دیکێنز)دا پرسیارێک دێنێتە ئاراوە کە وەڵامەکەی هەوڵ بۆ بەجەستەکردنەوەی پێگەی گێڕانەوەی ڕۆمان لەمەڕ جیهان و مێژووی فەلسەفەیه. لەو وتارەدا روورتی داوا لە ئێمە دەکات بیر لە جیهانێک بکەینەوە کە هەرچی ئاسەوار و دەستکەوتی مرۆڤ که لە جیهانی رۆژئاوا دایه، لە کارەساتێک‌دا لە ناو ئەچێت و هیچ نامێنێتەوە، جیا لە بەرهەمەکانی چارڵز دیکێنز وەک ڕۆمان نووس و هایدیگەر وەک فەیلەسووف. دوواتر روورتی پرسیارەکەی بەروەرووی وەها جیهانێکی خاپوورکراو دەکاتەوە، ئەو دەپرسێت: بەرهەمی کام یەک لەوە دووانە بە داهاتوو دەڵێت- رۆژئاوا- چ دەستکەوت‌گەلێکی هەبووە؟ چ مێژوویەکیان ڕابواردوە؟ و مرۆڤەکانی چلۆنیان بیرکردۆتەوە؟. روورتی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا بەرهەمەکانی دیکێنز هەڵدەبژێرێت و ئاماژە ئەکات: (جیهانی دیکێنزە بە داهاتووان دەڵێت ئێمە چ دەستکەوتێکمان هەبووە، چلۆن بووین و چیمان کردووە، دیکێنز بە خولقاندنی کاراکتێرگەلی جیاواز، جیهانێکی سەیروسەمەرەی لە مرۆڤی جیاواز و تاک بۆ ئێمە پێک هێناوە، بێ گومان جیهانی فەلسەفە- وەک مێژوویی فەلسەفە- توانای خولقاندنی ئەم جیهان‌گەلەی نییە)(١١).

ئێستا ئەگەر وەک گێڕانەوەناسەکان،(فۆرمالیست و پێکهاتەخوازو پاش‌پێکهاتەخواز)گێڕانەوەی چیرۆک لە گێڕانەوەکانی‌تر جیا بکەینەوە، تا ڕادەیەک لە مەترسی و دژواری پرسیارەکەی مەکۆئیلان کەم ئەکەینەوە. ئەم بۆچوونه لە رۆڵان بارت وەردەگرین کە لە وتاری( پێشەکییەک لەسەر شی کردنەوەی پێکهاتەی گێڕانەوە)دا، شێوازگەلی بێ‌ژومار بۆ گێڕانەوە پێناسه دەکات. بارت لەم وتارەدا شێوازگەلی گێڕانەوە بە ڕادەی شێوە ڕوانیینەکانی مرۆڤ بێ‌ئەژمار دەزانێت و گشت ئاکارەکانی مرۆڤ هەر لە وتووێژ ڕا تا دەگاتە وێنەکێشان و پەیکەرسازی بە چەشنێک لە گێڕانەوە پێناسە دەکات. ئەو تەنیا چۆنییەتی دەربڕینی ئەم گێڕانەوانەی پێ جیاوازه، بۆ نموونە گێڕانەوەی چیرۆکنووس- باسی تایبەتی فۆرمالیستە رووسەکان و پێکهاتەخوازانی فەڕەنسی- لە گێڕانەوەی وێنەکێش جیاوازە، بەڵام هەر دووک گێڕانەوەن. واتە لە گێڕانەوەدا (شێوەی نواندن) هەیە، یەک شێوە نواندن لە مێدیادا خۆی نیشان ئەدات و شێوەێکی‌تر لە وێنە یان لە دەقدا.

لە ڕوانگەی پێکهاتەخوازەکانەوە گێڕانەوە هەمیشە هەیە(١٢)، بەڵام گێڕانەوەی چیرۆک چی؟ ئایا چیرۆکیش هەمیشە هەیە؟ یان سەردەمانێک دێت کە بەکۆتایی دەگات؟. ئەگەر دیسانەوە بەرەوڕووی پرسیارەکەی مەکۆئیلان سەبارەت بە لەناوچوونی چیرۆک لەمەڕ گێڕانەوە ببینەوە چی؟ و ئایا گێڕانەوەی چیرۆک چ گرینگییەکی هەمبەر به شێوەکانی‌تری گێڕانەوە هەیه؟. ئەگەر روورتی وڵامی ئەو پرسیارەی دابایەوە، ڕەنگە بیگوتبایە: جیهانی چیرۆک، جیهانی جیاوازیەکانە، جیهانێک کە گرینگی به تاک دەدا، هەر بەو جۆرەی که هەیه، یا بەو شێوەیەی کە خۆی لە وتاری ((هایدیگەرو کوندرا و دیکینز)، باس دەکات: “جیاوازی کەسایەتییەکی وەکوو دیکێنز، رابلە و سێروانتێس لەگەڵ وۆڵتر و مارکس لە شێوە ڕوانینی ئەوان بە چەمکی مۆرالێتییە. دیکێنز، رابلە و سێروانتێس وەها بیر دەکەنەوە کە (گوناح)، دەرئەنجامی نەزانی مرۆڤە نەوەکوو پەستی و لەجاجەت، بەڵام وۆڵتر و مارکس گوناح جیاواز لە نەزانی مرۆڤ، به دەرئەنجامی خواستێکی لاواز لەمەڕ پاکی و خواستێکی بەهێز لەمەڕ ناپاکیش دەزانن”. روورتی لە درێژەدا گرینگی ڕۆماننووس لە وێناکردنی کردارە ورد و نادیارەکانی مرۆڤدا دەبینێت و مێژووی فەلسەفە لەم کارکردەدا به ناکارامە لە قەڵەم ئەدات.

میلان کۆندرا لۆژیکی ڕۆمان جیاواز لە لۆژیکی فەلسەفە دەزانێت و لە کتێبی ” هونەری رۆمان” دا دەڵێت: “ڕۆمان خولقاوی رۆحی نەزەری نییە، بەڵکوو خولقاوی ڕۆحی تەنزە ( satire) ، هونەرێک کە لە پێکەنینی خوداکانەوە سەرچاوەی گرتووە، خزمەتی ئایدۆلۆژییه دوگمەکان ناکات، بەڵکوو ئاوقایان دەبێتەوە، ڕۆمان هەموو شەو حەریری هۆنینراوی فەیلەسووف و زانایان و ئەندێشمەندان وەک پێنێلۆپە هەڵدەوەشێنێتەوە”. کۆندرا ڕوانینی ڕۆمان نووس بە ژیان و کێشەگەلی مرۆڤ لەسەر- گێڕانەوە و شانس و ئیقباڵ- پێناسە دەکات و ڕای وایە دەبێ ببێته جێنشینی شێوە ڕوانینی فەیلەسووفەکان کە -عەقڵانییەت و دیالکتیک و تەقدیرە-.

بەڵام لەمەڕ گێڕانەوی چیرۆک خودی چەمکی “گێڕانەوە” بە چ مانایە؟ ئەگەر وەک سیمۆرن چەتمەن کە لە ڕوانگەی پیاژەوە دەڵێت: جیاوازی زانستە مرۆییەکان، جیاوازی لە گێڕانەوە دایەوە و بە ڕای کۆندرا و روورتی گێڕانەوەی چیرۆک بەرزەجێترین گێڕانەوەیە بە نیسبەتی تەنانەت فەلسەفەش، ئەم گێڕانەوەیه چییە؟ پێکهاتەی چییە و چڵۆن ئەتوانیین بیناسین؟. چیرۆک دەتوانێت ئایدیای رووداو یان بەسەرهاتەکان بێت لە زەینی مرۆڤ دا، بێ ئەوەی بگێڕدرێتەوە و یا بەردەنگی هەبێت.
بەڵام هەرکە لە پێش وشەی چیرۆک، گێڕانەوە وترا بە مانای هەبوونی بەردەنگ و پێکهاتەیەکی تایبەت لەسەر سیستەمی چۆنییەتی گێڕانەوەیە و هەروەها ماناگرتوو لە گوتارێکی تایبەت دایە.
لە مێژووی گێڕانەوەناسیی چیرۆک، دوو چەمکی (گریمانەی گێڕانەوە و گێڕانەوەناسیی) لەیەک جیا دەکەنەوە،- هەڵبەت ئەم جیاوازییە بە مانای دوو کارکردی جیا لەیەک نین-، گریمانەی گێڕانەوە، پێناسەی گشتی سیستەمی گێڕانەوەیە- هەر گێڕانەوەیەک گۆشەنیگا، گێڕەوە، کاراکتێر و رووداوی تایبەتی تێدایە کە لە زەمەن و شوێنی تایبەت روو ئەدات-، بەڵام گێڕانەوەناسیی شیکاری و تاوتوێی گێڕانەوەکانە(١٣)-بۆ نموونە ئەگەر سیستەمی گێڕانەوە (گۆشەنیگا، گێڕەوە، کاراکتێر، رووداو و …هتد) لەسەر بەیتی کوردی تاوتوێ بکەین کارێکی گێڕانەوەناسانەمان لەسەر بەیت کردووە-. هەڵبەت هەر وەک ئاماژەمان پێ کرد ئەم دوو چەمکە بەمانای جیاوازیان لەیەک نییه، ریمۆن-کنان هەر دووکیان لە ژێر چەمکی گێڕانەوەناسیی پێناسە دەکات، کنان دەڵێت: (گێڕانەوەناسیی هەم شرۆڤەی سیستەمی سەقامگیر لەسەر گشت گێڕانەوەی چیرۆکەکانە و هەمیش شێوازێک لە تاوتوێی دانەدانەی گێڕانەوەکان وەک نیزامێکی گشتی بە ئێمە دەدات)(١٤).

لە چەمکناسیی ئەدەبیدا، گێڕانەوە بەمانای دەقێک دێت کە چیرۆکێک دەگێڕیتەوە، تاوتوێی گێڕانەوە کە بە گێڕانەوەناسیی ناوی لێ دەبردرێت یەکەم جار لەلایەن تێزۆتان تۆدۆرۆف لە کتێبی (رێساکانی دیکامێرۆن)(١٩٦٩) ناوی لێبردرا. تۆدۆرۆف مەبەستی لەم وشە تاوتوێی سیستەمی سەپێندراو بەسەر گێڕانەوەی چیرۆک‌گەلی دیکامێرۆن -نووسراوەی بۆکاچیوۆیی ئیتاڵی- بوو. بەڵام یەکەم کەس کە ئەم زانستە بەکار دێنێت ڤلادیمیر پراپه لە کتێبی (مۆرفۆلۆژی حەقایەتگەلی پەرییەکان)دا، کە تاوتوێی ساکاری گێڕانەوەناسانەی حەقایەتەکانی فۆلکلۆری رووسە. کارەکەی پراپ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕوانگەی پێکهاتەخوازەکانی فەرانسی لە مەڕ ئەدەبیاتەوە هەبوو. لە پاش ئەو گێڕانەوەناسەکانی‌تر شێوازی گێڕانەوەیان لە چیرۆکە مۆدێڕنەکان کە بێگومان پێکهاتەیەکی دژوارتریان بە نیسبەتی چیرۆکی فۆلک هەیە ئەنجام دا. ئەتوانین بنەمای ئەم زانستە بگەڕێنینەوە بۆ تاوتوێی چیرۆک لە بووتیقای ئەرەستوودا، بەڵام ئەرەستوو زیاتر شێوازێکی وەسفی لە گێڕانەوە ڕەچاو دەکا، زۆربەی پێناسەکانی گێڕانەوە لەلایەن گێڕانەوەناسە بەناوبانگەکان (پراپ، تۆدۆرۆف، ژێرار ژنێ، ئاگریماس، سیمۆر چەتمەن، ریمۆن-کنان) بەم شێوەیەیه: «ئاڵۆگۆری لە دۆخێکی سەقامگیر ڕا بەرەوە ناسەقامی و دیسانەکە گەڕانەوە بۆ سەقام».

بە پێی ئەو بەڵگانەی باسمان کرد بازنەی گێڕانەوە لە چیرۆک بەربڵاوترە. یان بە دەربڕینێکی‌تر، لە گێڕانەوەی چیرۆکدا-هەر وەک فۆرمالیستەکان ئاماژەدەکەن- یەکەم جار چیرۆک(Story) لە زەینی مرۆڤدا پێک دێت، لێڕەدا مەبەست لە چیرۆک ئادیایی چیرۆکە، کە رووداوێکی تایبەتە لە زەمەن و شوێنی تایبەتدا. دوواتر لە دارشتنی چیرۆکدا(Story) گێڕانەوە(Narration) یان خود سیستەمی گێڕانەوە، پێک دێت(١٥). کەواتە دەستپێکی گێڕانەوەی چیرۆک، بە چەشنێک کۆتایی چیرۆکە، ئەم کۆتاییە بەمانای بەسەرئەنجام گەیاندنی ئایدیای چیرۆکە. ئەگەر ڕوانگەی بارت سەبارەت بە بێ‌ژومار بوونی جۆرەکانی گێڕانەوە پەسەند بکەین، ئەمجار چیمان هەیە کە پێناسەیەکی تایبەتمان لەمەڕ گێڕانەوە بداتێ؟.

واتە لە گشت جۆرینەکانی گێڕانەوە چ تایبەتمەندییەکی هاوپیت و هاومانا هەیە کە گێڕانەوەکان پێکەوە گرێ ئەدات؟. کلۆد بێرمون، ئەو تۆخمە هاوپیتە لە ناو بێ‌ژمار گێڕانەوەکان دا “چیرۆک” دەزانێت. ئەو دەڵێت:« بابەتی چیرۆک ئەتوانێ بنەما و دەستمایەی سەمای باڵە یان شانۆ یان فیلمێکی سینەمایی بێت، ئەتوانین فیلمێکی تایبەت بۆ کەسێک کە نەیبینی‌وە بگێڕینەوە، ئێمە وشەکان ئەخوێنینەوە. وێنەکان ئەبینین و ڕاڤەی ئیماژ و نیشانەکان دەکەین، بەڵام بەهۆی وشەکان و وێنەکان و ئیماژەکان، بەشوێن چیرۆک دەکەوین و چیرۆکە کە هەمیشە بوونی هەیە»(١٦). بە چەشنێکی‌تر گێڕانەوە خاوەنی مانایەکی چەند لایەن و چەند ڕەهەندە، بەڵام گشت ڕەهەندەکانی خەریکی گێڕانەوەی بەسەرهات یان رووداو یان مانایەکی دەروونییە، ئەم رووداوە کاتێک لە هەوڵی چیرۆکێک دایە ،”گێڕانەوەیە”. چیرۆک دەتوانێک بیرەوەری تاکی یان بیرەوەری نەتەوەیی بێت، بۆ نموونە “بەیت”بێژ، یان کەسێک کە”سیاچەمانە” دەخوێنێت ئەگەر لە هەوڵی حەقایەت بێژیشدا نەبێت دیسانەکە بۆ ئێمەی کورد، بەم هۆیەی کە پێوەندی لەگەڵ ڕۆحی نەتەوەیی هەیە، لە هەمان کاتدا کە گوێ بیستی دەبین، لەگەڵ مێژوویەکی زەینی یەکمان دەخاتەوە، بۆیە دەتوانێت وەک گێڕانەوە بێتە ئەژمار، کە واتە هەمیشە گێڕانەوە هەڵگری ڕەواڵەتێک لە چیرۆک یان باشتر وایە بڵێین (ئایدیایی چیرۆکە).

ئەگەر لە کۆتاییدا دیسانەوە پرسیارەکەی مەکۆئیڵان لە خۆمان بپرسینەوە، بە پێی ڕوانگەی گێڕانەوەناسیی، تا مرۆڤ هەبێت “نواندنی زمان” هەیە و تا زمان هەبێت “نواندنی گێڕانەوە” هەیە و لە گێڕانەوەشدا تۆخمە هاوپیتەکەی “چیرۆکە”. کە واتە مرۆڤ بەردەوام لە ناو گێڕانەوەی چیرۆکدا ئەتلێتەوە، ئەم چیرۆکە لە ئیماژ و نیشانە بگرە تا دەگاتە وێنە و هەڵسووکەوت دێنێتەوە بازنەی خۆی. ئەم گێڕانەوەی چیرۆکە، بە هەر چەشنێک دەتوانێت خۆی بنوێنێت. بێگومان تاوتوێی گێڕانەوەی چیرۆک، بەم شێوەیەی کە سیستەمی تایبەتی گێڕانەوەی چیرۆکی لەسەر بێت- مەبەست لەم نیزامی گێڕانەوەیە وەک گۆشەنیگا، گێڕەوە و رووداوە کە لە زەمەن و شوێنی تایبەت لە لایەن کاراکتێرەوە روو ئەدات- تاوتوێی گێڕانەوەناسیی تایبەتی پێویستە، تا ئەو گێڕانەوەیەی کە مانایەکەیمان بۆ تاکەکەسی دەبێتەوە وەکوو مۆسیقا یان وێنەیەکی تایبەت. هەڵبەت زانستی ئێستای گێڕانەوەناسیی تایبەتمەندی تریش لە سیستەم و شێوازی گێڕانەوە پێناسە دەکات، وەکوو دەستەواژەی “بیسەری گێڕانەوە” (Narratee)، یا ناوەندی کردنەوە (Focalization) کە باس لە شێوەی فامی کاراکتێرەکانی چیرۆک دەکات،

تاوتوێی گێڕانەوە تا مرۆڤ هەبێت بەردەوامە، مرۆڤیش بەپێی مێژوو و ئەزموونەکانی بەردەوام لە ئاڵۆگۆر دایە و هەر بۆیە شێوەگێڕانەوەی سەردەم (ڕۆمان، چیرۆک) لەگەڵ شێوەگێڕانەوەی پێشوو (حەقایەت) جیاوازی هەیە. بەپێی بەڵگەی توێژینەوەی گێڕانەوەناسەکان حەقایەته کۆنەکانی هەر نەتەوەیەک ئەتوانێت شێوەیەکی تایبەتی لە گێڕانەوە و مۆدێڵی گێڕانەوەیی لەگەڵ خۆی پێ بێت، واتە گێڕانەوەناسیی تایبەتی خۆیان لەسەر سیستەمی گێڕانەوە هەبێت. ئەویش شێوەڕوانینی تایبەت تا دەگاتە مۆدێلێکی تایبەتی گێڕانەوە لەبەر دەگرێت. هەر ئەم شێوە توێژینەوەیه بەشێکی زۆر لە لایەنە نادیارەکانی بۆ نموونە بەیتی یان چیرۆکی کوردی بۆ ئێمە دەردەخات. ئەویش شێوازی گێڕانەوەی کوردە کە لە چۆنیەتی وەسفی رووداوەکان ڕا بگرە تا دەگاتە بەرجەستەکردنەوە چەشنێک لە ئاکار و هەڵسووکەوتەکان.

ئەگەر دیسانەوە “مووزلمان” لە ئۆردوگاکانی ئاشوویتس بێنینەوە یادمان، یان دەیان بەسەرهات و رووداو کە ئێمە لێیان بێخەبەرین، ئەو مەترسیەمان لەمەڕ نەگێڕانەوە بۆ دەردەخات. هەڵبەت چیرۆک دەتوانێ گێڕانەوەی رووداوێکی ڕاستەقینە بێت بە زمانی چیرۆک، کەواتە پەروەردەکردنی ئەندێشەی گێڕانەوەی خۆمان، لە ڕاستی‌دا هەوڵێکه بۆ سازدانی جیهانێکی نوێ و هەرمان و تەنانەت دەنگ دەربڕینێکی نوێیە. یان وەک کۆندرا دەڵێت: «تەنیا لە ڕۆمان دایە کە کێشە تاکە کەسییەکانی مرۆڤ خۆ دەنوێنێت» و«ڕۆمان نووس تەنیا پێناسەی، ئاگایی لەسەر رووداو و هەڵسووکەوتەکانی چیرۆکە». هەرمان بوونی مرۆڤ، لە بەردەوامی گێڕانەوە و سازدانی چیرۆکی نوێیە. نەبوونی ئەم هەست و هەوڵە لە پانتای نەتەوەدا بەربڵاوتر و هەڵبەت مەترسیدارتر دەبێتەوە، ئەو کات بەرەڕووی ئەم پرسیارە دەبینەوە: ئەگەر نەتەوەیەک توانستی “گێڕانەوەی خۆی” نەبێت ئایا بوونی هەیە؟!”.

—————————————

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

*کورت کراوەی ئەم وتارە، یەکەم ڕا بە فارسی لە رۆژنامەی شەرقی تاران-روزنامه شرق-، ژمارەی ٢٩٧٥ (١٠ مهر١٣٩٦)، بەناوی (اگر داستانی روایت نشود، چه پیش می‌آید؟) بڵاوکراوەتەوە.
١. لوی ، پریمو. آیا این یک انسان است؟.. ترجمه: رویا طلوعی. کتابخانه علاالدین (www.aladdinlibrary.org)
٢. کیانپور، امیر. فلسفه در زندان وجدان: درباره یادداشت «جدال زندانی با زمان و وجدان». سایت (www.meidaan.com)
٣.کاتێک موریس بلانشۆ باس لە قەیرانی شارۆمەندی جوولەکەکانی سەردەمی نازی دەکات، ئەم دەستەواژەی بەکار دێنێت. جوولەکەکان بۆ ئەوەی لە شەقام و کۆڵانەکاندا نەناسرێنەوە، قسەیان نەدەکرد، وەک ئەوەی (ڵاڵ) بووبن.
٤.ریمون-کنان، شلومیت ، روایت داستانی، بوطیقای معاصر، ترجمه البوفضل حری، تهران، نیلوفر. (١٣٨٧)
٥.مەبەست نەتوانین لەمەڕ گێڕانەوەدایە، بەهۆی کێشەی سایکۆلۆژیک یان ترسی سیاسی-کۆمەڵایەتی، هێز و هەوڵی گێڕانەوە بزر دەبێت.
٦.مکوئیلان،مارتین ، گزیده مقالات روایت شناسی (مقاله معماهای نوشتار:روایت و ذهنیت)، ترجمه: فتاح محمدی، تهران، چاپ دوم، مینو خرد،(١٣٩٥)
٧.بارت، رولان، درآمدی بر تحلیل ساختار روایت ها، ترجمه: محمد راغب، تهران، چاپ اول، فرهنگ صبا.(١٣٨٧)
٨.کوندرا،میلان ، هنر رمان، ترجمه: پرویز همایون پور، تهران، نشر قطره (١٣٨٢)
٩.چتمن، سیمور. داستان و گفتمان، ترجمه: راضیه سادات میرخندان، تهران، مرکز پژوهش‌های صدا و سیما، چاپ اول (١٣٩٠)
١٠.باختین، میخایل. تخیل مکالمه‌ای (جستارهای درباره‌ی رمان).ترجمه: رویا پورآذر، تهران، نشر نی، (١٣٨٧)
١١.رورتی، ریچارد. مقاله : هایدگر و کوندرا و دیکنز، ترجمه: هاله لاجوردی، مجله ارغنون، شماره 1، (١٣٧٣)
١٢.دیوید هرمن و دیگران. دانشنامه‌ی نظریه‌های روایت، گردآوری و ترجمه: محمد راغب. تهران. نیلوفر. (١٣٩٦)
١٣.حری، ابوالفضل. مقاله: درآمدی بر رویکرد روایت‌شناختی به داستان روایی با نگاهی به رمان آیینه‌های دردار هوشنگ گلشیری. پژوهش‌های زبان های خارجی (نشریه دانشکده ادبیات و علوم انسانی دانشگاه تبریز) پاییز و زمستان ١٣٨٧
١٤. ریمون-کنان، شلومیت (سەرچاوەی پێشوو)
١٥. مکوئیلان،مارتین ،(سەرچاوەی پێشوو)
١٦.برمون، کلود. پیش درآمدی بر بوطیقای روایت‌شناسی ساختارگرا، ترجمه: محبوبه خراسانی، نشریه: ادبیات داستانی، شماره ٧٩، اردیبهشت ١٣٨٣

سەرچاوە: حەوتەنامەی سیروان. ژمارە 972




چمكی شانۆ لای پیته‌ر برۆك … حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

خۆ ئه‌گه‌رچی بیته‌ر برۆك له‌ دایك و باوكێكی رووسی له‌ له‌نده‌ن له‌ دایك بووه‌ دواتر سه‌ریان هه‌ڵگرتووه‌ بۆ فه‌ره‌نساو له‌ ئینكلته‌را جێگیر بووه‌ و زۆرترین كاره‌ شانۆییه‌كانی له‌وێ‌ ئه‌نجام داوه‌، تا له‌ ئه‌نجامدا بۆته‌ یه‌كێك له‌ دیارترین دیارده‌كانی شانۆ له‌ جیهاندا، به‌ هۆی كاره‌ شانۆیی و سینه‌ماییه‌كانی وه‌ك لیر پاشا، فاوست، ماراساد، مها بارتا، هاملێت ،كارمن و كۆنگره‌ی باڵنده‌كان و چه‌ندینی تر ..

زۆر له‌ ره‌خنه‌گره‌كان پێیان وایه‌ نهێنی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی داهێنانی بیته‌ر برۆك له‌وه‌ دایه‌ كه‌ شانۆكارێكی بوێره‌و زۆر ئازایانه‌ روو به‌ رووی كۆتوپێوه‌نده‌ ته‌قلیدییه‌كان بۆته‌وه‌، هه‌ر ته‌نها هه‌وڵی گۆڕینی وێنه‌ی نمایشی شانۆیی نه‌داوه‌, به‌ڵكو شێوه‌ی نوێ‌ی شانۆییشی به‌ره‌و ره‌وتێك بردووه‌ كه‌ ئه‌و بڕوای پێ‌ هه‌یه‌, به‌ تایبه‌ت له‌ رووی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و دیواره‌ وه‌ههمییه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئه‌كته‌رو جه‌ماوه‌ر ..بۆیه‌ خۆی ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تاكانی كار كردنی له‌ بواری ده‌رهێناندا ده‌دوێ‌ و ده‌ڵێت: له‌و كاتانه‌دا زۆر جاران بیرۆكه‌یه‌كی رۆشنبیری ئه‌وتۆم نه‌بوو، ته‌نها ره‌چاوی بوونی غه‌ریزه‌یه‌كی تایبه‌تیم ده‌كردبۆ دروست كردنی چه‌ند وێنه‌یه‌ك كه‌ سرنج رابكێشی, ته‌نها ئاره‌زوویه‌كم ئه‌وه‌بووكه‌ جیهانێكی هاوسه‌نگی ئه‌وتۆ له‌ سه‌ر شانۆدا دروست بكه‌م كه‌ پڕ بێت له‌ سرنج راكیشان ..

من له‌ كاری شانۆییدا هه‌رگیز ئه‌وه‌م نه‌كردووه‌ كه‌ خه‌ڵكی له‌ ده‌رهێنه‌رێكدا چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن , قه‌ت رۆژێ‌ له‌ رۆژان بیرم له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ شانۆگه‌رییه‌ك دروست بكه‌م بۆ چه‌ند ده‌ورێك , كه‌ شانۆكارێك رۆڵی تیا ببینێ‌ ‌ یاخود له‌ پێناو پرسێكی رۆشنبیریی, هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م درك به‌ هه‌ست و ناخی خۆم بكه‌م ,
جێگه‌ی رامان بوو كه‌ بیته‌ر برۆك له‌ كاری شانۆیی خۆیدا بایه‌خێكی زۆری به‌ ئه‌فریقیا ده‌دا , ئه‌وه‌تا ساڵی 1972 له‌ گه‌ڵ تیپه‌كه‌ی خۆی زۆر له‌ شارو شارۆچكه‌كانی ئه‌فریقیای به‌سه‌ر كرده‌وه‌و كاره‌كانی خۆی تێدا پێشكه‌ش كرد, له‌وێدا كاری ده‌رهێنانی بۆ چه‌ندین شانۆگه‌ری كردووه‌, له‌وانه‌ هه‌ردوو شانۆگه‌ری, ئای كی و شانۆگه‌ری كۆنگره‌ی باڵنده‌كان, هه‌روه‌ها له‌ گه‌شته‌كانی دوایی بۆ ئه‌فریقیا شانۆگه‌ری تیرنی بوكار- ی گه‌وره‌ نووسه‌ری مالی ئادادۆی نمایش كرد, تێیدا باس له‌ ژیانی زانای سوفی تیرنی بۆكار ده‌كات كه‌ پێشڕه‌وایه‌تی بزووتنه‌وه‌یه‌كی نهێنی ئیسلامی كردووه‌ له‌ مالی ..دواتر له‌و پێناوه‌دا ئازار ده‌درێ‌ و شه‌هید ده‌كرێت ..

وه‌ك بیته‌ر برۆك بۆی چووه‌ شانۆگه‌ری تیرنی بوكار –تیشكێكی نوێ‌ ده‌خاته‌ سه‌ر شێوازه‌كانی توندو تیژی و لێبوورده‌یی , كه‌ ئه‌مڕۆكه‌ بۆته‌ هه‌ممێكی گه‌وره‌ی جیهانیی ..
ئه‌وه‌تا میخائیل بنتختۆن له‌ رۆژنامه‌ی گاردیان-ی له‌نده‌نی ده‌ڵێت: ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ هه‌ندێ‌ پرسیاری وروژاندووه‌ كه‌ هیچ كۆتاییه‌كییان بۆ نیه‌ له‌ روووی مانای بوون و ململانێ‌ ی ئازاد و له‌ رووی قه‌زاو قه‌ده‌ر .هه‌رووه‌ها شانۆگه‌رییه‌كه‌ ململانێ‌ ی به‌ها ئه‌فریقییه‌ ئیسلامییه‌كان نیشان ده‌دات له‌ گه‌ڵ شارستانیه‌تی رۆژئاوا , بیته‌ر برۆك له‌ شانۆگه‌رییه‌كه‌ی دا بانگهێشته‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌نا بۆ تێگه‌یشتن و رۆحی لێبووورده‌یی هاوكوف له‌ گه‌ڵ سه‌رده‌می نوێ‌ دا ببردرێت نه‌ك توندو تیژی ..

ره‌خنه‌گره‌كان ده‌ڵێن : برۆك هه‌لسوو كه‌وتێكی ئازادانه‌ی له‌ گه‌ڵ ده‌قدا ككردووه‌ , هه‌رگیز خۆی به‌ پیرۆزی ده‌ق نه‌به‌ستۆته‌وه‌ , وه‌ك ئه‌و هه‌لسوو كه‌وته‌ ئازادانه‌ی له‌ گه‌ڵ شانۆگه‌رییانه‌ی شكسپیر بیندراوه‌ , هه‌میشه‌ تێڕوانینێكی ره‌خنه‌ییانه‌ی بۆ ده‌قه‌ كلاسیكی و نوێَكاندا هه‌بووه‌, به‌ڵكو هه‌وڵی داوه‌ ساكاری له‌ بیرۆكه‌كان و پاكیزه‌یی له‌ ژیاندا به‌رجه‌ست بكات , ئه‌و خۆی ده‌ڵێت : هه‌قیقه‌تێك له‌ تۆو هه‌قیقه‌تێك له‌ من و هه‌قیه‌تێكیش له‌ هه‌قیقه‌ت خۆی دایه‌, ئه‌مه‌ لای من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌گوترێت شانۆی پیرۆز ..مارگرێت كۆریدن له‌ گۆڤاری شانۆی ئه‌مریكی دا دیمانه‌یه‌كی له‌ گه‌ڵ یته‌ر برۆك بڵاو كردۆته‌وه‌, له‌ پرسیارێكا كه‌ پێی ده‌ڵێ‌ : چی ووای لێكردوی ئه‌و بایه‌خه‌ زۆره‌ به‌ ئه‌فریقیا بده‌یت ؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: كێشوه‌ری ئه‌فرقیا به‌ به‌راورد له‌ گه‌ڵ كیشوه‌ره‌كانی تر, كیشوه‌رێكی كه‌م مه‌عریفه‌یه‌, هه‌رگیز ئه‌و كاریگه‌ربوونه‌م به‌ ئه‌فریقیا له‌ سه‌ردانی یه‌كه‌مم بۆی له‌ بیرناچێته‌وه‌ , سه‌ردانی پاشام كرد له‌ كۆشكه‌كه‌ی خۆیدا كه‌ بریتی له‌ كوخێكی له‌ قوڕ دروست كراو, ده‌رگاكه‌ی ئه‌وه‌نده‌ نه‌وی بوو ده‌بوا خۆتی بۆدابێنیته‌وه‌ , مه‌به‌ست له‌مه‌دا په‌ڕپووتی بونیات نان نه‌بوو به‌ڵكو به‌شێك بوو له‌ كولتووری ئه‌وان ..

كاتێكیش مارگرێت لێی ده‌پرسێت ئه‌گه‌ر پێت بڵێن شێوازی ده‌رهێنان لای تۆ چۆنه‌ چییان پێ‌ ده‌ڵێیت؟ برۆك وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ ده‌ڵێت: بێ‌ ماناترین شتێ‌ بۆ ده‌رهێنه‌ر , یا ئه‌كته‌رو دیزایین كار یاخود موزیك ژه‌نی شانۆیی به‌شتێ‌ ده‌ست پێ‌ بكات ناوی چمك بێت , چونكه‌ ده‌بێت تۆ هه‌میشه‌ به‌ دوای شتێكا بگه‌ڕێیت كه‌ زۆر واقیعی تر بێت له‌ ناوه‌رۆك , سه‌قامگیر بوون له‌ سه‌ر گه‌ڕانماندا ده‌وه‌ستێت , ئه‌وه‌تا پێش ساڵێك له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م پرۆڤه‌دا, وۆرك شۆپێكمان له‌ شاری ئیفجنون ساز كرد , كه‌ زۆرترین ستافی نواندن به‌شدارییان تێدا كرد, هه‌موومان یه‌كه‌م هێڵكاری شانۆگه‌رییه‌كه‌مان خوێنده‌وه‌و موزیكمان به‌لاوه‌ نا, ئه‌م هه‌وڵه‌مان یه‌كه‌م هه‌نگاو بوو بۆ چوونه‌ ناو كاره‌كه‌ , دواتر هه‌موومان له‌ گه‌ڵ به‌رپرسی موزیك و به‌رپرسی رووناكی چووینه‌ ئه‌فریقیا, به‌ مایدا تێپه‌ڕین تا چووینه‌ ئه‌و شوێنه‌ی تیرنی بۆكارتێیدا له‌ دایك بوو , تێیدا ماڵئاوایی كردبوو , له‌وێ‌ كۆمه‌ڵێ‌ وێنه‌و فیلمی شوێنه‌كه‌مان گرت, كه‌ پرۆڤه‌شمان ده‌ست پێكرد, زه‌وی به‌ردین و زه‌وی لماوییمان تاقی كرده‌وه‌, دوای ئه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ تیپه‌كه‌مان وۆرك شۆپێكمان له‌ شاری فاس له‌ مه‌غریب كرده‌وه‌ , به‌م شێوه‌یه‌ ئێمه‌ توانیمان زه‌مینه‌ بۆ شانۆگه‌رییه‌ك خۆش بكه‌ین .

دواتر مارگرێت لێی ده‌پرسێ‌ : به‌و ته‌مه‌نه‌ش هه‌ر مكوڕی له‌ سه‌ر گه‌ڕان به‌ دوای نهێنی تر له‌ شانۆدا ؟ بیته‌ر برۆك ده‌ڵێت : ته‌مه‌نی من شتێكی نهێنی نیه‌, به‌ڵام من وه‌ڵامی ئه‌و جۆره‌ پرسیارانه‌ ناده‌مه‌وه‌, من له‌ ئێستادا ده‌ژیم, ئا له‌م چركه‌یه‌دا, ئێستا ده‌رهێنان بۆ ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ ده‌كه‌م, من به‌ دوای شتی شاراوه‌دا ده‌گه‌ڕێم, ره‌نگه‌ بۆ شه‌ش مانگی تر شتی ترم به‌ڕێوه‌ بێت, به‌ڵام هێشتا كاتی قسه‌ له‌سه‌ر كردنی نه‌هاتووه‌
بیته‌ر برۆك چۆن تێكسته‌ شانۆییه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌بژێری ؟

بیته‌ر برۆك یه‌كێ‌ له‌و ده‌رهێنه‌ره‌ به‌ده‌گمه‌نه‌ جیهانیانه‌یه‌ كه‌ شاكاره‌كانی جۆرێك له‌ جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی تێدایه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌رهێنه‌رانی دیكه‌دا ، وێڕای قورسایی تیۆره‌ شانۆییه‌كانی و تێڕوانینه‌ تازه‌گه‌رییه‌كانی بۆ شانۆ ، كه‌ له‌ توێ‌ ی چه‌ندین كتێبدا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ ، له‌وانه‌ش ( خاڵی گواستنه‌وه‌ ، شوێنی خاری ، هیچ نهێنیه‌ك له‌ ئارادا نیه‌ ) وێڕای چه‌ندین كتێب و وتارو نووسینی دیكه‌و دیمانه‌ی رۆژنامه‌ نووسی كه‌ تیشكییان خستۆته‌ سه‌رتێڕوانین و شێوازی تایبه‌تی برۆك و ئه‌زموونیی شانۆیی ئه‌و.

مارتن ئه‌سلن ـ ی ره‌خنه‌گر ده‌ڵێت : هه‌موو ئه‌و كتێب و تیۆرو ئه‌زموونانه‌ی برۆك بۆ شانۆ، بێ‌ شك روداوێكی پڕ به‌ها بوونه‌ ، كه‌ ده‌رهێنه‌رو شانۆكارانی دیكه‌ به‌ دوای ئه‌وه‌دا گه‌ڕاون كه‌ سوود له‌و ئه‌زموونانه‌ وه‌ربگرن بۆ كاره‌كانی خۆیان و تێگه‌یشتنیان بۆ شانۆ، له‌و روانگه‌شه‌وه‌ ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ به‌ دوای وه‌ڵامی پرسیارێكدا گه‌ڕاون ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ بیته‌ر برۆك چۆن تێكستی بۆ شانۆگه‌رییه‌كانی خۆی هه‌ڵبژاردووه‌ ، ئه‌و فاكته‌رانه‌ چین وایان له‌ برۆك كردووه‌ بڕوای به‌م تێكست و بڕوا نه‌بوونی به‌وه‌ی تری له‌ سه‌ر بونیات نابێت ، به‌لای برۆكه‌وه‌ كاكمه‌ تێكست شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ كاری له‌ سه‌ر بكرێت، یان تێكست به‌لای ئه‌وه‌وه‌ چ پێگه‌یه‌كی هه‌بووه‌ له‌ كاری شانۆیی دا ؟
بێگومان به‌شێك له‌ فاكته‌ره‌كانی ئه‌و هه‌ڵبژارنه‌ په‌یوه‌ستن به‌ خودی ده‌رهێنه‌رێك و نیگه‌رانیه‌ ئایدۆلۆژیه‌كانی، هه‌ڵوێست و بۆچوونی ده‌رباره‌ی هه‌ندێ‌ پرسی مرۆیی ، یا خواستی خه‌ڵك و ئه‌و هه‌لو مه‌رجه‌ی كه‌ تێیدا شانۆ ده‌بێته‌ ره‌نگدانه‌وه‌و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی سه‌رده‌م و به‌ره‌ژانه‌كانی، وێڕای ئه‌و بونیاته‌ رۆشنبیریی و هزرییه‌ی كه‌ ده‌رهێنه‌ر په‌یدای كردووه‌ بۆ شانۆ ره‌نگه‌ ئه‌و دوو فاكته‌ره‌ كلیلێك بن بۆ چوونه‌ ناو دنیای خه‌یاڵی ده‌رهێنه‌رو ئاراسته‌ شانۆییه‌كانی، بیته‌ر برۆكیش خۆی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كات و ده‌ڵێت : چۆن تێكست بۆ شانۆگه‌ریه‌كانمان هه‌ڵده‌بژێرین ؟ ئایا به‌ رێكه‌وت هه‌ڵیان ده‌بژێرین یان به‌ بژار ؟

دواتر برۆك خۆی باس له‌و هۆكارانه‌ ده‌كات كه‌ وایان كردووه‌ بۆ چه‌ند جارێك له‌ سه‌ر یه‌ك تێسته‌كانی شكسپیر هه‌ڵبژێرێ‌ و و ده‌یانگه‌ڕێنته‌وه‌ بۆ غه‌ریزه‌ی یه‌كه‌می ده‌رهێنه‌ر ، دواتر ده‌ڵێت : من حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و تێكسته‌ هه‌ڵبژێرم ، به‌ڵام ده‌شپرسم بۆ حه‌ز ده‌كه‌م ؟ له‌ به‌رچی ؟

به‌م شێوه‌یه‌ برۆك باس له‌ سه‌ره‌تاكانی دروست بوونی بیرۆكه‌ی هه‌ڵبژاردنی تێكست ده‌كات ..هه‌روا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاستی تێكستی ئه‌ده‌بی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ سه‌ر بڕیاری ده‌رهێنه‌ر ، هه‌ندێ‌ جار ئاستی ئه‌و تێكسته‌ ئه‌ده‌بیه‌ ده‌بیته‌ فاكته‌رێكی هه‌ره‌ گرنگی سه‌ركه‌وتنی ده‌رهێنه‌رێك ، هه‌ندێ‌ جاریش تێكستی ئاست نزم ده‌رهێنه‌ری باشیش ده‌ڕوخێنێ‌ ، ئه‌وه‌تا هه‌ندێ‌ تێكستی درێژ ساردن و بینه‌ر دووچاری مه‌یین ده‌كه‌ن ، ده‌یانقرتێنین كه‌چی هێشتا رزگارمان نابێت له‌و ساردییه‌ ، بۆیه‌ وه‌ك برۆك گوته‌نی له‌و حاڵه‌تانه‌دا ده‌بێت ده‌رهێنه‌ر به‌ دوای فۆرمێك بگه‌ڕێت كه‌ بۆشاییه‌كانی تێكست پڕ كاته‌وه‌و به‌ جوانیی خۆی بینه‌ر له‌ سارد بوونه‌وه‌ رزگار بكات …بۆیه‌ برۆك ده‌ڵێت ده‌بێ‌ ده‌رهێنه‌ر وریا بێت له‌ سارد بوونه‌وه‌ی بینه‌ر، چونكه‌ كاری بینه‌ر دیقه‌ت دانه‌و ناتوانێت سێ‌ سه‌عات ، یان دوو سه‌عات گوێت لێ‌ بگرێ‌ ، تۆ ده‌بێ‌ ئه‌و سێ‌ سه‌عات و دوو سه‌عاته‌ی بۆ بكه‌یت به‌ سێ‌ خوله‌ك و خۆت له‌ تێكستی پڕ له‌ قسه‌ رزگار بكه‌یت ، بۆیه‌ به‌ بڕوای برۆك ده‌رهێنه‌ر مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ تێكست بقرتێنێ‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌ قازانجی شانۆگه‌رییه‌كه‌ی دایه‌ و رێگه‌ خۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر ده‌یخوازێ‌ .

ته‌نانه‌ت برۆك لای خۆیه‌وه‌ ئه‌و تیۆره‌شی ره‌ت كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌سكاری تێكست نه‌كرێت ، له‌وانه‌ش شانۆگه‌رییه‌كانی شكسپیر و ئه‌و كاره‌ش به‌ ( سه‌خافه‌ت ) ناو ده‌بات و ده‌ڵێت : من هه‌رگیز له‌ گه‌ڵ رێگه‌ گرتن له‌ نوێكردنه‌وه‌ی كاره‌كانی شكسپیردا نیم ، به‌ڵام بێ‌ ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆكه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی بسوتێنین ، ئه‌و خۆی له‌ هه‌ڵسسوو كه‌وت كردنی له‌ گه‌ڵ شانۆگه‌رییه‌كانی شكسپیردا هه‌موو ئازادییه‌كی به‌ خۆی داوه‌ .

پاشان ده‌ڵێت : كاتێ‌ ئێمه‌ تێكستێك هه‌ڵده‌بژێرین ده‌بێ‌ ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌مان هه‌بێت ده‌سه‌ڵاتی به‌رجه‌سته‌ كردنی پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌و تێكسته‌یان هه‌بێت ، هه‌ر بۆ نموونه‌ش كه‌ ده‌ته‌وێت هاملێت نمایش بكه‌یت ، ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ت هه‌بێ‌ كه‌ توانای ئه‌دای هاملیتی هه‌بێت ..ئه‌گه‌رنا ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ندین ساڵ پرۆژه‌یه‌كت له‌ خه‌یاڵدا بێت ئه‌وه‌ ناتوانیت له‌ جێ‌ به‌جێ‌ كردنی دا سه‌ركه‌وتوو بیت ئه‌گه‌ر ئامرازه‌كانی جێ‌ به‌ جێ‌ كردنت نه‌بێ‌ بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی ئه‌وه‌ی تۆ وه‌ك ده‌رهێنه‌ر ئاواتی بۆ ده‌خوازی ، به‌ تایبه‌ت ئه‌كته‌ر ..ئه‌گه‌ر ئه‌و تیمه‌ جێ‌ به‌ جێ‌ كاره‌ به‌رده‌ست بوون ئه‌و كات ده‌رهێنه‌ر هه‌موو ئازادییه‌كی ره‌های خۆی بۆ به‌رهه‌می شانۆیی به‌رده‌ست ده‌بێت .

له‌ كاتی بڕیاردان له‌ سه‌ر كار كردن له‌ سه‌ر تێكستێك برۆك دانیشتنی ده‌رهێنه‌ر له‌ گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كان بۆ خوێندنه‌وه‌ی تێكست ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت : ده‌بێ‌ ئه‌و ئامانجه‌ی ئیمه‌ كاری بۆ ده‌كه‌ین ئاوێته‌ی هه‌موو گیانمان بێت ، به‌ تایبه‌ت له‌ كاتی پرۆڤه‌ جه‌سته‌یی و ده‌نگییه‌كان ، هه‌وڵیش بده‌ین تێڕوانینی خۆمان وه‌ك ده‌رهێنه‌ر له‌ نێو تێكسته‌كه‌دا بتاوێنینه‌وه‌ ..چۆن برۆك ئاماده‌یی ده‌كات بۆ كاره‌كانی ، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا پێی وایه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر ده‌ست له‌ و قالبانه‌ هه‌ڵگرێ‌ و خۆی نه‌كاته‌ كۆیله‌ی ئه‌و نه‌خشه‌و قالبه‌ بۆ كێشراوانه‌و ببێت به‌ ده‌رهێنه‌رێكی مردوو كه‌ ئازادی له‌ خۆی زه‌وت بكات له‌ پێناو په‌یوه‌ست بوون به‌و قالبانه‌وه‌ .




شانۆ له‌ نێوان تیۆرو پراكتیكدا … نووسینی : ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

كاری تیۆری به‌گشتی و له‌ هونه‌روئه‌ده‌بدا به‌تایبه‌تی ، به‌یه‌كێك له‌ماناكان كاركردنه‌ له‌سه‌رگریمانه‌، ئه‌و یش كارێكه‌ به‌یه‌كێك له‌جۆره‌كان په‌خشكه‌ره‌وه‌ی گومانه‌ به‌سه‌ر كه‌ره‌سته‌و بابه‌ته‌ جیاوازه‌كاندا وه‌كو”دیكارت” له‌كتێبی “پرنسیپه‌كانی فه‌لسه‌فه‌”دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ئێمه‌ بۆئه‌وه‌ی راستی بپشكنین ،ده‌بێت گومان له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌بكه‌ین كه‌ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه‌ (1)شانۆكه‌ی ئێمه‌ له‌كوردستان تاكو ئێستاش نه‌یتوانیوه‌ له‌سه‌ربنه‌مایه‌كی ته‌ندروستی تیۆری و پركتیك پێكه‌وه‌ خۆی دابمه‌زرێنێت یاخود نه‌مان توانیوه‌ وه‌ك ” كێشه‌”یه‌ك و له‌ڕووی فه‌لسه‌فیه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ ی بۆبكه‌ین و تێ!گه‌یشتنێكی شایسته‌ بۆ(جوانی) بكه‌ین ، ئه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستیشم له‌ كێشه‌ دوره‌ له‌مانا سایكۆلۆجی و رۆژانه‌ییه‌كه‌ی به‌ڵكو لێره‌دا كێشه‌ وه‌كو كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌كی (ئیستاتیكی)و خاوه‌ن نۆرم و به‌های جوانی و پێگه‌ی ئه‌ده‌بی .

به‌ڵێ‌ كاركردن له‌سه‌ر هه‌رگریمانێك ، واتاكاركردن له‌سه‌رفه‌لسه‌فه‌ و هزر..(2) ئه‌مه‌ش وه‌كو له‌سه‌ره‌تای كێشه‌كانه‌وه‌ لێی ده‌دوێین به‌ڕوونی گومانی خۆمان په‌خشده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ نێوان تیۆرو پراكتیكدا له‌سه‌ر هه‌ر ڕووداوو پێشهاتوو گریمانه‌یه‌ك كه‌ده‌ریده‌خات شانۆ له‌كوردستان له‌ بیمارییه‌كی قوڵدایه‌و كه‌سیش نماینده‌ی ئه‌و بیماریه‌ناكات و هه‌مووان خۆیان به‌سه‌ركه‌وتوو قاره‌مان ده‌بینن وه‌كو “هایدگێر”ده‌ڵێت :”مرۆڤ له‌وشوێنه‌دا ده‌دوێ‌ كه‌به‌زمان وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ (3) ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستیه‌ به‌دیارده‌خات كه‌له‌ شانۆ بێ سه‌قفه‌كه‌ی كوردستاندا بنه‌مای بنیادی فه‌لسه‌فه‌ ئه‌مه‌یه‌ :”هه‌رچه‌شنه‌ نێواخندۆزیه‌كی په‌تی و ڕه‌سه‌ن ، ڕه‌گاژۆی ڕه‌واو په‌سندكراوی زانیاریه‌(4) زانیاریش لێره‌دا بریتی ده‌بێت له‌ ویست و ئاره‌زووی بكه‌ره‌كانی و زۆرینه‌یه‌كی ڕێژه‌یی پێ ئالووده‌كراو و بارگاوی به‌ ناولێنان و هه‌ڵه‌ی لۆژیكی كوشنده‌و چه‌ندین نه‌وه‌ی پێ نه‌خوێنده‌وارده‌كرێت و بواره‌كه‌ی پێ بارگاوی ده‌كرێت ، ئه‌مه‌ش له‌هه‌مان ئه‌وشوێنه‌وه‌یه‌ كه‌ دژه‌ به‌و ” ڕێگه‌ی خه‌یاڵسازی به‌های مه‌ده‌نیه‌تی داهێنانه‌ی خۆی ئه‌سه‌لمێنێت”(5) له‌به‌رئه‌وه‌پێویسته‌ له‌( شانۆدا )دا به‌دوای دۆزینه‌وه‌كاندا بگه‌رێین و دووره‌ په‌رێزی بكه‌ین له‌وانه‌ی به‌ناوی تیۆره‌وه‌ سه‌رقاڵی لاقه‌كردنی ئه‌و هونه‌ره‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ لێره‌ به‌دوا جگه‌ له‌ سه‌رنج هییچ بۆچوونێكی ترم نابیبَت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت.

قسه‌ی من لێره‌ به‌دواوه‌” پوخت ” بریتی ده‌بێت له‌باسی شانۆ له‌نێوان تیۆرو پراكتیكدا و له‌وانه‌ش له‌ڕووی ئیستاتیكی و به‌ها فه‌لسه‌فی و فیكری ومه‌ عریفیه‌كاندا .چونكه‌ وه‌كو “هرمان بروگ “ڕای وایه‌ “ئه‌وه‌ی (.. ) كه‌ هیچ نادۆزێته‌وه‌ ، له‌دیدی ئه‌ودا بێ‌ ئه‌خلاقانه‌یه‌”(6)ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌خلاق به‌مانا واقعی و رۆژانه‌ییه‌كه‌ی نا به‌ڵكو به‌مانا هونه‌ریه‌كه‌ی ، پێویسته‌ وه‌رگرو بكه‌رانی شانۆ هه‌وڵی دروستكردنی ئه‌و ‌وئه‌خلاقه‌ بده‌ن …له‌م ڕوه‌وه‌ “شانۆ” ده‌شێت شێوه‌یه‌ك بێت له‌شێوه‌كانی یاخی بوونی جوانی (…)(7) یاخود ئه‌گه‌ر زمانی ئیكۆ به‌كاربهێنین ده‌ڵێین (شانۆ) بۆخۆی چێژله‌و ناونانه‌ بێ‌ سنوره‌ وه‌رده‌گرێت و ته‌ عبیر له‌جیهانێكی هه‌لاهه‌لا ده‌كات (8) هه‌روه‌كو “لۆكاچ”پێی وایه‌ (تیۆر*) ته‌عبیر كردنه‌ له‌ ڕوتبوونه‌وه‌ یه‌كی ترانستدنتاڵیانه‌، یان هه‌ندێك له‌ ڕه‌خنه‌ گرانی ئه‌ده‌بی له‌باره‌ی “دۆستۆیڤسكی”یه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ ڕوو كه‌ دیستۆڤسكی هه‌میشه‌ رۆحی خۆی به‌نه‌خۆش زانیوه‌ ، ده‌شێ‌ هه‌مان شتیش له‌باره‌ی هونه‌ری (تیۆره‌كانی شانۆش**) بگوترێت..(9) ئێمه‌ له‌دنیایه‌كدا ده‌ژین گومان و دوودڵیه‌كانی ئه‌و دونیا تازه‌ یه‌ به‌ جۆرێك ئالوده‌مان ده‌كات له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانی و دڕدۆنگی و قه‌له‌قی ئیدی ماناكان پڕو ته‌ژی ده‌بن له‌ ئالوده‌یی و كه‌متر به‌ره‌و حه‌قیقه‌تی شته‌كان ده‌چین ، ئه‌وه‌نده‌ دووركه‌وینه‌وه‌ تا نادیده‌ ده‌بین ، چونكه‌ “سوكرات” وته‌نی :”…”مه‌عریفه‌ی چێتی مه‌عریفه‌ی حه‌قیقیه‌ “…”(10) وه‌ له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ “نمونه‌ی ئایدیا” “یاخود وێنه‌”حه‌قیقه‌تی هه‌مه‌كی هه‌بووه‌ به‌كردار وبونیان ده‌ره‌كی یه‌ ….”(11) كه‌واته‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌و وێنه‌یه‌و پیشان دانی ئه‌تمۆسفێرێكی سایكۆلۆجی تێكه‌ل به‌ فه‌زای سروشتی نزیكمان ده‌كاته‌وه‌ له‌ یه‌قین ، هه‌روه‌ها “ئه‌رستۆ” ڕای وابوو(…) مه‌عریفه‌ی حه‌قیقی ئه‌ومه‌عریفه‌یه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ “مرتبه‌”ی یه‌قینه‌وه‌ (12) ئه‌وه‌ مه‌بده‌ئی مه‌عریفه‌و ژینالۆژیاكه‌ی لای “ئه‌رستۆ “(هه‌سته‌ ڕاسته‌وخۆكان) ده‌بنه‌ به‌شتێك له‌ ئێسته‌ و دۆخه‌كه‌ به‌به‌شه‌كی وه‌سف ده‌كات “(13). له‌م تێگه‌یشتنه‌وه‌ به‌پێی هه‌ردوو بۆچوونه‌كه‌ ی”ئه‌فڵاتوون وئه‌رستۆ” ، “وێنه‌و ئایدیا “ی خۆیه‌تی و پێویستی زۆریشی به‌هه‌ستی ڕاسته‌وخۆ هه‌یه‌ له‌كاتی خوێندنه‌وه‌دا كه‌واده‌كات به‌ته‌واوه‌تی نیشته‌جێ‌ ببین له‌ناو ڕووداوو كرداره‌كاندا .

چونكه‌ “به‌رهه‌می هونه‌ری ده‌مانباته‌ ناخی خۆیه‌وه‌ ، ئێمه‌ ئاگامان له‌ناخی خۆمان نامێنێت”(14) ئه‌ی گه‌ر ئالوده‌یی رۆحی و خراپی په‌روه‌رده‌ و بیماری هه‌ستی و عه‌قڵیمانی داپۆشی بوو؟ ئه‌و كاته‌ چۆن به‌دوای چییه‌تی شته‌كان و ڕووداوه‌كاندا برۆین؟ هیچ شتێك مه‌ستی نه‌كردین جگه‌له‌ پارچه‌ پارچه‌ بوونی جه‌وهه‌ری شته‌كان ؟ لێگه‌رێن با جیاوازی بێ‌ هه‌واڵ له‌جیاتی پارادۆكس دانرێ‌ (15)چونكه‌ پارادۆكس هیچ چێژێك به‌رهه‌م ناهێنێت (16) ئه‌مه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ رۆلان بارت له‌چێَژی ده‌ق دا ده‌یگووت .

دێریدا “ش له‌ه‌مباره‌یه‌وه‌”ده‌یگووت:”به‌رده‌وام هه‌وڵَمدا تا فه‌لسه‌فه‌ بێَنمه‌ مه‌یدانه‌وه‌ . مه‌یدانێك كه‌له‌ودا فه‌رمانڕواییه‌ك نه‌بێت (17 ) ئه‌مه‌ به‌نمونه‌یه‌كی دروستی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ ده‌زانم هه‌رچۆن “لیۆتاریش ده‌یگووت:”رۆڵی ئێمه‌ وه‌ه‌كو هزرڤان ئه‌وه‌یه‌ كه‌زانیاری خۆمان له‌وشته‌ی كه‌ له‌زماندا گوزه‌رده‌كات قوڵتر بكه‌ینه‌وه‌ ، بیرۆكه‌ی بێ گیانی زانیاریه‌كان ڕه‌خنه‌ بكه‌ین ، ئاڵۆزی له‌به‌ر چاو نه‌هاتوو له‌جه‌رگه‌ی زماندا ئاشكرابكه‌ین “(18) به‌ڵگه‌شم له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ئه‌و بێژه‌یه‌ی “ناتالی ساروت”ه‌ كه‌ده‌ڵێت :”ڕووی شاعیرانه‌ی به‌رهه‌مێك ده‌رخه‌ری توخمی نه‌بینراویه‌تی “..كه‌ واتێده‌گه‌م به‌ته‌ئویل به‌دیارده‌خرێت كه‌ له‌ دنیای ئێستای شانۆ له‌كوردستاندا بوونی نییه‌ یان له‌ ئاستێكی زۆر نزمدا یه‌ . ئه‌و مێژووه‌ی شانۆ هه‌یه‌تی و مرۆڤانی كورد له‌گه‌ڵی ژیاون و نزیك ودوور ئاشنان پێی كه‌چی تاكوئێستا شاكارێكی ئه‌ده‌بی و شانۆیی حه‌قیقیمان له‌و مێژووه‌نه‌دی !!! گه‌ر هه‌شبێت تائه‌و شوێنه‌ی كه‌من ئاگادارم له‌ حیكایه‌تێكی بێ‌ له‌زه‌ت و بێ‌ تام تێپه‌ڕیان نه‌كردووه‌.

وورده‌كاریه‌كانی ناو چیرۆكی شانۆنامه‌كان پڕن له‌و راِستیه‌ ی كه‌ زۆربه‌ی مرۆڤان ته‌ماشاده‌كه‌ن و كه‌متر هه‌ستی پێده‌كه‌ن . شكلۆفسكی ووته‌نی” ئێمه‌ هه‌موورۆژێك سه‌یری یه‌كتری ده‌كه‌ین ،به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وی دیكه‌ ببینین “(19) ئه‌مه‌ش دووره‌ له‌چه‌ناڵی گه‌یشتن كه‌ پێویسته‌ و به‌ “واتایه‌كی كۆن ئێمه‌ ده‌گه‌یه‌نێنه‌ فۆرمێكی تازه‌و هه‌ر ئه‌م بزاوته‌ ، هه‌مووبه‌رهه‌م ده‌گۆڕێت ” (20) “بارت “یش له‌تێزی كورتی “سۆلێری نووسه‌ردا”ده‌نووسێ “ژین ده‌ق ئاسایه‌”(21) ئالێره‌دا من جه‌ربه‌زه‌یی شانۆكارێك هه‌ست پێ ناكه‌م له‌وه‌دا كه‌ سه‌ركێشی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌بكات ، له‌فۆرمێكی هونه‌ری و زیندوودا ، كه‌مانا ده‌خاته‌وه‌ ناو ڕووداوه‌كان وگێڕانه‌وه‌ …

له‌یۆنانی كۆندا جوانییه‌كان ده‌نگی خواوه‌ند بوون (22)(لۆنجینیۆس)نووسه‌ری كۆنی گریكی له‌وكتێبه‌ی به‌ناونیشانی “له‌باره‌ی جوانیه‌كان-عن الرائع”دا ده‌نووسێ‌ :”جوانیه‌كان سۆزێكن بۆخواوه‌ند ، خواوه‌ند به‌ره‌و پاكیمان ده‌بات ، به‌ره‌و ناخ ، به‌ره‌و حه‌قیقه‌ته‌ خواوه‌ند ئامێزه‌كان (23)ئه‌ی كاتێك بڕوامان به‌ حه‌قیقه‌ت و خوداو پره‌نسیپه‌كان لاواز ده‌بن چی بكه‌ین به‌ پراكتیك و كێشه‌كان به‌ره‌و كوێ‌ ده‌ڕۆن؟ هه‌روه‌كو چۆن رای ئه‌رستۆو ئه‌فڵاتوونیشمان له‌وباره‌یه‌وه‌ زانی … ده‌بێت ئه‌وه‌ش باش بزانین لایه‌نگری “ئیستاتیكای موتڵه‌ق”به‌مه‌عنای دابڕان له‌هه‌لومه‌رجه‌ مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان نیه‌ ، چونكه‌ ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ ئه‌م چێژه‌ ستاتیكیه‌ دیاری ده‌كه‌ن (24) قاره‌مانانی رۆمانه‌كانی “فلۆبێر” ، بایه‌خی وه‌سایقی خۆیان له‌ جیهانبینی بابه‌تگه‌ریانه‌ ی فلۆبیره‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. بابه‌تگه‌ری فلۆبیر كردویه‌تیه‌ كارێك هه‌ركه‌سێك بیه‌وێ‌ به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه‌ له‌دیارده‌ سایكۆلۆژیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بكۆڵێته‌وه‌ ناچاره‌ په‌نایان بۆبه‌رێت .
بابه‌تگه‌ری به‌هێزترینی لایه‌نی رێباز ی فلۆبیر بوو (25)ئه‌ی تۆبڵێی شانۆ پێویستیه‌كی هاوچه‌شنی نه‌بێت ؟ له‌ساڵی 1750وه‌كه‌ بۆمگارتن جوانیناسی دامه‌زراند،(…)(26)له‌ورۆژه‌وه‌كێشه‌ی ستاتیكاكێشه‌یه‌كی هاوبه‌شی نووسه‌ره‌ مه‌زنه‌كانه‌و ده‌بێت وه‌كو كێشه‌ش له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێین ، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌گه‌ر گه‌شتێكی خێرا به‌ناو بیروڕاو مقۆمقۆكانی ناوبیریاراندا بكه‌ین ده‌بینین راوبۆچوونه‌كان سه‌رجه‌میان به‌م جۆره‌ چڕده‌بنه‌وه‌ بۆنمونه‌ : به‌باوه‌ڕی بۆمگارتن (1714-1762)بابه‌تی مه‌ عریفه‌ی لۆژیكی حه‌قیقه‌ته‌و بابه‌تی جوانیناسی یا(مه‌عریفه‌ی هه‌ستی )جوانییه‌ .جوانی ته‌واو یا ڕه‌ها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هاوكاری هه‌ست ده‌ناسرێته‌وه‌ .

حه‌قیقه‌تی كامڵ یاڕه‌ها ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ عه‌قڵ ده‌ناسرێته‌وه‌ ، چاكه‌ی ته‌واو یا ڕه‌ها ئه‌وه‌یه‌ كه‌له‌ڕێگای ئیراده‌ی ئه‌خلاقیه‌وه‌ به‌ده‌ست دێت(27)ئه‌مه‌ وه‌كو لایه‌نی تیۆری و فه‌لسه‌فی و له‌ ڕووی “كرده‌ی مرۆیی ده‌قێكی ئه‌گه‌راویه‌” (28) ئه‌وئه‌گه‌رانه‌ش له‌جیهانی (جوانی)دا كۆمه‌ڵێك ده‌روازه‌ی گرنگ ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ گوته‌ی (هۆم) (1696-1782) جوانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دڵپه‌سند بێت، له‌م ڕووه‌ وه‌ ته‌نیا به‌هۆی زه‌وقه‌وه‌ دیاری ده‌كرێ (29) به‌ڵام ئایا زه‌وق ڕاسته‌و خۆ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌په‌روه‌رده‌و مه‌شق و ڕاهێنانه‌كانی ژیانی بكه‌ران و وه‌رگرانی شانۆوه‌؟ وه‌ به‌باوڕی (بێرك) (1720_1797) (كتێبی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌رچاوه‌ ی وێناكردنه‌كان له‌باره‌ی باڵا- وجوانه‌وه‌ (…) ، پێی وایه‌ له‌بنه‌ڕه‌تیاندا، خاوه‌نی هه‌ستی پاراستنی ده‌روون وهه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تین (30) به‌باوه‌ڕی فیخته‌ (1761_1814) ئاگایی له‌باره‌ی شتی جوانه‌وه‌ ، له‌مه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت : دنیا واته‌ سروشت. ئه‌مه‌ش دوولایه‌نی هه‌یه‌ ، ئه‌م دوو لایه‌نه‌ ئاكامی دوو كارن ، یه‌كیان به‌رته‌سكی ئێمه‌و ئه‌ویتریشیان چالاكی ئازادو به‌ربڵاوی وێناكردنه‌كانمان .

به‌مانای یه‌كه‌م : جیهان به‌رته‌سكه‌و به‌مانای دووه‌میش: جیهان ئازادو به‌ربڵاوه‌ (31) به‌باوه‌ڕی شافتس بری (1670-1713)ئه‌وه‌ی جوانه‌ ، هاوسه‌نگ وگونجاوو حه‌قیقیه‌ و ئه‌وه‌یش كه‌ له‌یه‌ك كاتدا هه‌م جوان وهه‌م حه‌قیقیه‌ ، دڵپه‌سه‌ند وچاكه‌ . جوانی به‌باوه‌ڕی شافتس بری ته‌نها به‌هۆی رۆحه‌وه‌ ده‌ناسرێت (32)ئه‌مه‌ش خودی كێشه‌كه‌یه‌ ئایارۆح كێشه‌یه‌كی زه‌مینیه‌؟!یان به‌مانایه‌كی تر ئه‌م ئاڵۆزیه‌ له‌كوێوه‌ دێت ؟ یا ن سه‌رزه‌مین به‌بێ‌ رۆح دیناو”مكاشفه‌”ناكرێت ؟ یان شتێكی مومكینه‌ ڕووبدات؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌ ڕه‌سه‌نانه‌ن كه‌ بینایی به‌شێك له‌شانۆكارو ئاره‌زوومه‌ندانی بواره‌كه‌ی گرتوه‌ته‌وه‌ به‌وانه‌شی ده‌بنه‌ وه‌رگری به‌رهه‌مه‌كان .
هه‌روه‌هاگه‌رپچینه‌لای جوانیناسی (كانت)ئه‌وه‌یه‌ : مرۆڤ به‌باوه‌ڕی كانت ، مه‌عریفه‌ی سه‌باره‌ت به‌ سروشتی ده‌ره‌وه‌ی خۆی و هه‌روه‌ها به‌بوونی خۆی له‌سروشتداهه‌یه‌. مرۆڤ له‌سروشتی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ، به‌دوای حه‌قیقه‌تدا ده‌گه‌ڕێت وله‌خۆشیدا به‌دوای (چاكی)دا . قۆناغی یه‌كه‌م كاری ئاوه‌زی (عه‌قڵ) موجه‌ڕه‌ده‌و قۆناغی دووه‌م كاری ئاوه‌زی كرده‌ییه‌ كه‌ به‌(ئازادی ئیراده‌ش)ناسێنراوه‌. سه‌ره‌ ڕای ئه‌م دوو وه‌سیله‌یه‌ مه‌عریفه‌ش وه‌سیله‌یه‌كه‌ كه‌به‌توانای داوه‌ری كردن ناسراوه‌ ، ڕاستیه‌كان به‌بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی ماناكه‌یان ، پێكدێن و چێژیش ئاره‌زوو حه‌ز بۆئێمه‌ به‌رهه‌ڤ ده‌كات (33).
ئه‌وه‌ش ڕیشه‌ی به‌رهه‌مه‌ هونه‌ریه‌كانمان بۆدیاری ده‌كات و ئاستی به‌رهه‌مه‌كانمان بۆ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌ .به‌ڵام لای شیلله‌ر (1759-1805)كێشه‌كه‌ به‌جۆرێكی تره‌ ، وای بۆ ده‌چوو (ئامانجی هونه‌ر )وه‌كوئه‌وه‌ی كه‌ (كانت)په‌سه‌ندی كردووه‌ ، جوانییه‌وجوانیش چێژه‌ ، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ جۆره‌ سوودو پێشكه‌وتنێكی كرده‌یی تێدابێت (34)وه‌ فریدریك (شلیگڵ)یش (1779-1829)پێی وابوو كه‌ (جوانی نه‌ك ته‌نیا له‌هونه‌ردا ده‌دۆزرێته‌وه‌ به‌ڵكوله‌ سروشت وخۆشه‌ویستیشدا خۆی ده‌نوێنێ. به‌م هۆیه‌وه‌ ،به‌گوته‌ی (شلینگ)(1775-1854)(جوان بریتیه‌ له‌ ده‌ركه‌وتنی بێ‌ كۆتایی له‌ كۆتاییدا )(35)به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی ڕامان و له‌سه‌ر وه‌ستانه‌ بیروڕای (هیگل)ه‌ (1770-1831)كه‌ به‌م جۆره‌ ده‌دوێت : (خوا خۆی به‌دووشێوه‌ ده‌رده‌خا : یه‌كێكیان به‌شێوه‌ی ده‌رهه‌ست (زه‌ینی ) وئه‌وه‌ی تریشیان به‌شێوه‌ی به‌رهه‌ست (عینی) . به‌ده‌ربڕینێكی تر، خواله‌سروشت و ڕۆحدا خۆی ده‌نوێنێ‌ . (36) واته‌ كاری (هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانه‌) كه‌ گه‌ڕان ده‌ست پێبكه‌ن تا خوا ده‌دۆزنه‌وه‌و گه‌یشتن به‌خوا ده‌ستڕاگه‌یشتنه‌به‌(سروشت وڕۆح) كه‌ به‌باوڕی(هیگڵ)، حه‌قیقه‌ت وجوانی ، یه‌ك شتن . ته‌نیا جیاوازیه‌ك كه‌هه‌یانه‌ ئه‌وه‌یه‌ حه‌قیقه‌ت تاجێگایه‌ك هه‌یه‌و له‌خودی خۆیدا شیاوی تێڕامانه‌ بۆخودی (ئایدیایه‌/ وێناكردنه‌)كه‌ .

به‌ڵام ئایدیا كاتێك كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ، نه‌ك ته‌نیا ده‌بێته‌ حه‌قیقی بۆشعوری مرۆڤ ، به‌ڵكو جوانیش ده‌بێت . به‌مجۆره‌ جوان ده‌ركه‌وتنی ئایدیایه‌ (37). زانسته‌كانی رۆح و بابه‌تی رۆح بابه‌تی نیین به‌ته‌نیا به‌ڵكو دوانه‌ (رۆحی توێژینه‌وه‌و رۆحی لێتوێژراوه‌ن ) … (38) هه‌روه‌كوچۆن (كرۆچه‌)ش باوه‌ڕی وابوو : (جوانی بریتییه‌ له‌ دركاندن یان په‌ی بردن یان دیده‌ گایه‌كی رۆشن بوونه‌وه‌ یان سرۆش (39)به‌م گریمانه‌یه‌ جوانی یه‌كێكه‌ له‌ چالاكیه‌ گیانیه‌كان …
زۆرێك له‌شانۆكاران له‌كوردستان له‌م نێوانه‌دا گیری خواردووه‌ (له‌نێوان تیۆرو پراكتیدا ) كه‌ باوه‌ڕی زۆرێك وایه‌ ئێمه‌ بۆئه‌وه‌ی كاربكه‌ین پێویستمان به‌ تیۆر نیه‌و كۆمه‌كمان ناكات بۆكاری كرداری و ئه‌م تایپه‌ باوه‌ڕیان وایه‌ شانۆ جگه‌له‌ چالاكیه‌ك بۆكه‌ڵه‌كردنی به‌رهه‌م هیچی تر دروست نابێت و “له‌كۆتاییدا ئه‌م چالاكیه‌ به‌دی نایه‌ت ، ئه‌گه‌ر بزوێنه‌رێكی ده‌ره‌كی نه‌بێته‌ هۆكار” (40) . كه‌واته‌ تیۆرو پراكتیك به‌ بێ‌ كێشه‌ كردن دروست نابێت به‌ تایبه‌تی له‌بواری ئیستاتیكادا ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م كێشه‌یه‌ نه‌خوێندرایه‌وه‌و ته‌ئویلی بۆنه‌كرێت ئه‌وا زیندوویی وكاریگه‌ری خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، شانۆش جگه‌له‌و ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌رایه‌ی كه‌ نامانگه‌یه‌نێت به‌ هیچ كوێ‌ !!! هیچی تری له‌ده‌ست نایه‌ت و پراكتیك بریتی ده‌بێت له‌ خۆده‌وڵمه‌ندكردن بۆدروستكردنی سیڤی كار.

————————————————

لیستی سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان

1)هیگڵ –فه‌لسه‌فه‌و مۆدێرنیزم –ڕێبین ڕه‌سوڵ ئیسماعیل ،رێبین بۆ چاپ و په‌خشی كتێب (2)چاپی یه‌كه‌م 2003ل 75 2)هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل 74 3) بابه‌ك ئه‌حمه‌دی- پێكهاته‌و ڕاڤه‌ی ده‌ق – كتێبی (چواره‌م) –،وه‌رگێڕانی : مه‌سعوود بابایی ،له‌ بڵاو كراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵنه‌وه‌ی فیكریی وئه‌ده‌بی نما زنجیره‌ ( 22)چاپی یه‌كه‌م هه‌ولێر 2005 ل54 4) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل55 5) سیدنی فینكلشتاین، ده‌ربڕینی ئه‌ندێشه‌ له‌ میوزیكدا ، وه‌رگێرانی: ستاركریم، پیاچوونه‌وه‌ی (ع.ج.سه‌گرمه‌)،ده‌ زگای چاپ وپه‌خشی سه‌رده‌م –چاپی یه‌كه‌م –سلێمانی 2005 ل53 6) عبولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵاعه‌ڵیب ، خۆكوژیه‌كی ته‌واونه‌كراو”كۆمه‌ڵێك وتارو گفتوگۆی ئه‌ده‌بی ” هه‌ڵیبژاردووه‌و وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر كوردی ل80 7) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل79
8) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل79 9) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل79 10) عبدالرحمن مرحبا من الفلسفه‌ الیونانیه‌ الی الفلسفه‌ الاسلامیه‌ ، ،مكتبه‌ الفكر الجامعی –منشورات عویدات –لبنان –بیروت گبعه‌ الاولی 1970 ص126 11)هه‌مان سه‌رچاوه‌ص 126-127 12) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ص 161 13) هه‌مان سه‌رچاوه‌ص162 14) بابه‌ك ئه‌حمه‌دی ، پێكهاته‌وهێرمنیوتیك – وه‌رگێڕانی ئیسماعیل زارعی ،ده‌زگای وه‌رگێڕان ،چاپی یه‌كه‌م –هه‌ولێر 2007ل33 15) رۆلان بارت ،چێژی ده‌ق ، وه‌رگێڕانی ئیسماعیل زارعی ،ده‌زگای وه‌رگێڕان ، چاپی یه‌كه‌م هه‌ولێر 2007ل36 16) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل36 17) (بابه‌ك ئه‌حمه‌دی) پێكهاته‌و ڕاڤه‌ی ده‌ق – كتێبی ( سێ‌ هه‌م ) –،وه‌رگێڕانی (مه‌سعوود بابایی)،له‌بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵنه‌وه‌ی فیكریی وئه‌ده‌بی نما زنجیره‌ ( )چاپی یه‌كه‌م هه‌ولێر 2005 ل179 18) هه‌مان سه‌رچاوه‌- كتێبی یه‌كه‌م -ل 83 19) هه‌مان سه‌رچاوه‌-كتێبی دووه‌م ل212 20) هه‌مان سه‌رچاوه‌-ل94 21) عبولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵاعه‌ڵیب ، نووسین خۆكوژیه‌كی ته‌واونه‌كراوهه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشووتر ل79 22) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل78 23) (پلیخانۆف) ، هونه‌روژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ، وه‌رگێرانی : (حه‌مه‌كه‌ریم عارف) ،ده‌زگای چاپ وبڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی زنجیره‌ی كتێب (12)(115)چاپی یه‌كه‌م هه‌ولێر 2005-ل37 24) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل41 25) (لیۆ تۆڵستۆی ) هونه‌ر چییه‌؟ وه‌رگێڕانی هه‌ژار ڕه‌حیمی ،ده‌زگای توێژینه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی زنجیره‌ی كتێب (386)چاپی یه‌كه‌م 2009ل29 26) هه‌مان سه‌رچاوه‌34 27)ا(نزفیتان تودوروف ) لمبدا الحواری”دراسه‌ فی فكر میخائیل باختین ” ،ترجمه‌ فخری صالح دار الشۆن الپقافیه‌ العامه‌ ،افاق عربیه‌ الگبعه‌ الاولی 1992ص31
28) لیۆ تۆڵستۆی ، هونه‌ر چییه‌؟هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشووترل36 29) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل36 30) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل39 31) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل36 32) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل36 33) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل38 34) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل38 35) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل39 36) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل40 37) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل41 38) هه‌مان سه‌رچاوه‌ ل41 39) نزفیتان تودوروف ) المبدا الحواری هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشووترص37 40) (بندیتۆ كرۆشه‌) ، چه‌مكه‌كانی جوانناسی ، وه‌رگێڕانی: (سه‌ربه‌ست خه‌ سره‌و عارف)،ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ،چاپی یه‌كه‌م –سلێمانی 2010 ل17




ئەكتەر لە ژێر كاریگەرییە فیزیكی و سایكۆلۆژییەكاندا … حەیدەر عەبدولڕەحمان

ئەكتەرلە كاتی نمایش كردندا دەكەوێتە بەر تەوژمی دوو سێكتەری ریشەیی و ناتوانێت لە هەردوكییاندا دابڕێت، بۆ بەرجەستە كردنی ئەو نمایشەی كە خواستیەتی نیشانی بدات و بریتین لە ئاوێتە بوون لە گەڵ حاڵەتە سایكۆلۆژییەكان و حاڵەتە فیزیكییەكان .
ئەوەی پەیوەستە بە حاڵەتە سایكۆلۆژییەكانەوەئەو هەستە نامۆ و شاراوەو نادیارانەن كە ئەكتەرلەلای خۆیەوە لە سەر بونیاتنانی سۆز دایدەرێژێ‌ و كاریگەری خۆیان لە سەر نمایشی شانۆییدا بە جێ‌ دێڵن، بە تایبەت بەو پەیوەندییانەی ئەكتەر لە گەڵ كەسایەتییەكەی خۆیدا دروستی دەكات و ئەو دەرهاوێشتە سۆزدارییانەی لە گەڵیدا سەرهەڵدەدەن لە كاتی نمایشكردن دا،بە تایبەت بەرامبەر بە كاراكتەرەكەی خۆی و چوونە ناو پێستی ئەو كاراكتەرە لە رووی كەسایەتی و خەسڵەتە تایبەتیەكانییەوە ،كە هەر هەموویان لە هەست و ناخی ئەكتەردا دەخولێنەوە لە ناوەوە و تەنها ئەكتەر لە كاریگەرییەكانی تێ‌ دەگا و بینەر كەمتر لە ئەكتەر هەستی پێ‌ دەكات ،بەڵام حاڵەتە فیزیكییەكان ئەو نواندنە دەگرێتەوە كە ئەكتەر لە دەرەوەی دەروونی خۆیدا نیشانی دەدات لە رێگەی جەستەوە .

سەرەتادا ستانسلافسكی لەم بارەیەوە رێسایێكی پوختی بۆ ئەكتەرو نواندنی ئەكتەر بەرجەستە كردووە و توانیوویەتی تیۆرێك بۆ ئەكتەر و نواندنی ئەكتەر داڕێژێ‌ و لە كتێبەكەی خۆیدا ( ئامادە كردنی ئەكتەر ) كە كتێبێكە و بە سەرچاوەیەكی گرنگی دروست بوون و پێگەیاندنی ئەكتەر دادەندرێت ،توانی زۆر هێڵ بۆ بەرجەستە بوونی دەسەڵاتی ئەكتەر داڕێژێ‌ و زۆر لە شانۆكارانی جیهان بۆ كاری نواندنی خۆیاندا پیادەی بكەن .

هیچ لە قوتابخانەو رێبازە شانۆییەكان لە قەدی خۆیاندا نەماونەتەوەو هەمیشە لە گۆڕان دابوونە،بۆ گەڕان بە دوای دۆزینەوەی ئەو فۆرمە نوێیانەی گۆڕان لە شانۆو چێژی شانۆییدادروست دەكەن،ئەوەتا كاتێ‌ كرۆتۆفسكی هات و تێڕوانینی خۆی بۆ دروست بوون و پێگەیاندنی ئەكتەر بە شێوەیەكی جیاواز لە ستانسلافسكی خستە روو،ئەو دووەم مونەزیرێك بوو دوای ستانسلافسكی بۆ راهێنانی ئەكتەرو پێشخستنی هونەری نواندن لە لابوورەكەی خۆیدا،كرۆتۆفسكی هەوڵی ئەوەی دا كە هەموو ئەو تەكنیكە نوێیانەی وەك ئەزموونێكی نوێ‌ پەیدای كردبوو لە جەستەی ئەكتەردا بەرجەستەی بكات بۆ پێشخستنی ئەدای ئەكتەر،لە پێناو چەسپاندنی ئەو تیۆرەی كرۆتۆفسكی بە ناوی ( شانۆی هەژار ) داینابوو .

كرۆتۆفسكی لەو رێبازە تایبەتیەی خۆیدا ویستی قورسایی هەرە گەورە لە كاری شانۆییدا بخاتە سەر ئەكتەر، بۆیە دەڵێت : ئەكتەر كرۆكی راستەقینەی شانۆیە لەوەی ئەنجامی دەدات و لەوەش كە دەیگەیەنێت ،ئەكتەر تەنیا توخمێكە لە نمایشی شانۆییدا كە ناتواندرێت دەست بەرداری بین .. ئێمە دەتوانین دەست بەرداری دەرهێنەرو دەق و موزیك و ئارایشت و زۆر شتی تر بین لە شانۆدا تەنها ئەكتەر نەبێت .. چونكە ئەكتەر بە هێزترین و كاریگەرترین ئامرازێكە لە شانۆدا بۆ گەیاندنی گوتاری شانۆیی بە بینەر ..
بۆیە دەرهێنەری ناوداری ئینگلیزی بیتەر برۆك دەڵێت : كرۆتۆفسكی لە بواری خۆیدا دەست پێشخەری یەكەمە،بەڵام دەكرێ‌ بپرسین بۆ ؟
چونكە ئەوەندەی من بزانم،كەسێ‌ نەبووە لە جیهاندا دوای ستانسلافسكی توانیبێتی بە قەد ئەو ئەوەندە بە دوای سروشتی نواندن و رواڵەت و ماناو چمكەكانی نواندندا گەڕابێت،هەروا بەو تێرو تەسەلییە كاری بۆ زانستە هزری و جەستەییەكانی ئەكتەر كردبێت .

كرۆتۆفسكی هەوڵی داوە بپرژێتە سەر ئامادە بوونی سۆز لای ئەكتەر لە سەر شانۆدا لە رێگەی ئەو سۆزە عەمبار كراوانەی لە یادگەی ئەكتەردا هەن، بۆ ئەوەی ئەكتەر لە كاتی پێویست دا بۆ كاری نواندن سوودییان لێ‌ ببینێت و بەرجەستەیان بكات ،ئەگەرچی هەندێ‌ لە توێژەرە گەورەكانی شانۆ پێیان وابوو كە سوود وەرگرتن لە یادگەو سۆز بۆ ئەكتەر ، كارێكی كاتییە كە هەندێ‌ كات دێت و هەندێ‌ كاتی تر نایەت ،بۆیە لەو رووەوە گەڕانەوە بۆ ستانسلافسكی و بەكاهێنانی تیۆری سیحراوی ( ئەگەر ..) بە باشتر زانراوە بۆ ئەكتەر لە كاتی نماشكردندا.
هەمیشە ئەو ئەگەرەی ستانسلافسكی پرسیار بۆ ئەكتەر دروست دەكات ،وەك لە ناخی خۆیدا بڵێ‌ ئەگەر من لە جێی ئەوكاراكتەرە بوومایە چیم دەكرد ؟ ئەگەر روداوێكی لەم جۆرە هاتە پێش چی بكەم باشە ؟
ستانسلافسكی یەكێك بووە لە گەورەترین دامەزرێنەرانی قوتابخانەی شانۆیی رووسی ،كە دواتر شوێن پەنجەی خۆی لە سەر زۆربەی رێبازە شانۆییەكانی دوای خۆشی بە جێ‌ هێشت،كە تا ئێستاكەشی لە گەڵ دابێت لە روووی ئامادەكردنی ئەكتەرەوە تیۆرە هونەرییەكانی بۆ دروست بوونی ئەكتەر لە زۆر شوێنی جیهاندا پیادە دەكرێت .

كرۆتۆفسكی كاتێ‌ لە ستانسلافسكی دەدوێت دەڵێت : بەهەق ستانسلافسكی مونەزیری یەكەمی هونەری نواندنە لای ئەكتەر،من لە قوتابخانەی ستانسلافسكی پەروەردە بووم ،لە توێژینەوە قوڵەكانی ئەوو ستایلە نوێكانی دەربارەی هونەری نواندندا زۆرشت فێر بووم، هەموو ئەمانە وایان كرد كە ستانسلافسكی بۆمن ببێتە نموونەی هەرە باڵا لە هونەری نواندندا .
بە قسەكانی ئەجینوباربا هەموو ئەوانەی لە قوتابخانەی ستانسلافسكی پەروەردە بوون هیچیان وەك (مایرهۆلد) قوتابی راستەقینەی ئەو نەبوون ،كە توانی نەك هەر تەنها ئەزموونەكانی ئەو بەردەوامی پێ‌ بدات بەڵكو چڕتریشیان بكاتەوە.

كاتێكیش كرۆتۆفسكی لە مەڕ ئەزموونی خۆی قسە دەكات دەڵێت : سەبرو ئارامم نامێنێ‌ كاتێ‌ یەكێك لێم دەپرسێ‌ : لەنمایشە شانۆییە ئەزموونگەرییەكانت رەسەنایەتی لە كوێ‌ دا دەبینیت ؟ دەمەوێ‌ لەو كاتەدا بڵێم لە شانۆدا بنكەو پنتێكی جێگیر نیە،بەڵكو هەموو ئەزموونێكی نوێ‌ كۆمەڵێ‌ تەكنیكی نوێ‌ ی تێدا بەكار دێ‌،ئەمە دەبێتە لق نەك كرۆكی رەسەن، ئێمە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەداین كە لە پنتێكی دیاری كراودا جێگیر نەبین و هەمیشە بە دوای گۆڕاندا بگەرَێین،چونكە ئەزموونە نوێكان لە گۆڕان دان نەك لە دووبارە كردنەوەی ئەوەی باوە.
كرۆتۆفسكی ئەزموونە شانۆییەكانی خۆی لە لابوری شانۆییدا- ستۆدیۆی ئەكتەر چڕ كردەوە و بایەخی زۆری بە تیۆری روخان و بونیات نانەوە دا لە شانۆدا، یا گەڕان بە دوای خود لە پێناو دەرخستنی توانستی جەستە دا، كرۆتۆفسكی كە هەموو پشت بەستنێكی بە ئەكتەر بوو هەموو هەوڵی بۆ ئەوەبوو كە بتوانێت وا لە ئەكتەر بكات خۆی توانای تەقاندنەوەی توانستەكانی خۆی هەبێت و بتوانێت بینەر بكات بە بەشێك لە نمایشە شانۆییەكان و سنوورێك لە نێوانییاندا نەمێنێ‌ .

هەردوو تەوژمی ستانسلافسكی و كرۆتۆفسكی بە پلەی یەكەم لە سەر ئەكتەر دەوەستن و ئەكتەر دەكەن بە رەگەزی بنەڕەتی نمایشی شانۆیی ، چونكە پییان وایە بونیاتنانی ئەكتەر و پەرەپێدانی توانستەكانی دەكرێ‌ ببێت بە سەرچاوەی بە زیندووراگرتنی شانۆ ، چونكە وەك ئەوان دەڵێن : بینەر هەموو هەستەكانی لای ئەكتەر دەمێنێتەوە،ئەگەرچی هەموو پێكهاتەكانی دیكەی شانۆ هەر یەكەو بە ئاستی خۆی گوتاری خۆیان دەبێت ،بەڵام هیچییان وەك ئەكتەر ناتوانن موخاتەبەی هزری و دەروونی بینەر بكەن .




بەردی سەبووری … حەیدەر عەبدولڕەحمان

كە دەچیتە نێو هۆڵی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر بۆ بینینی نمایشی ( بەردی سەبووری ) لە نووسینی دلشاد حوسێن و دەرهێنانی (بارزان محەمەد) لە چوارچیوەی چوارەم فیستیڤاڵی شانۆیی هەولێر،لە بەر جەنجاڵی هۆڵە بچووكەكەو دانیشتنی هەندێ لە بینەران لە سەر زەوی،خەمی ئەوەتە چۆن شوێنێك بۆ خۆت بدۆزیتەوە بۆ دانیشتن،كە رووناكیش دەكوژژێتەوە و نمایش دەست پێ‌ دەكات،لە گەڵا دەنگی هۆرەیەكی هەورامی نادیار فەزایێكی رەش دەبینی،كە هەر چوار دەوری شانۆی تەنییووە،ئەو فەزا رەشە تەواو لەگەڵ رەنگی جلو بەرگی رەشی ئەو ژنەهاوكوفە كە ژیانێكی نا ئارامی پڕ لە نیگەرانی و بەد بەختی لە گەڵ پیاوێكدا بە سەر بردووە كە ئەوەتا ئەمڕۆكە قەدەر وای بۆ هێناوە، وەك مردووییەكی رۆح لە بەر لە سەر چوارپایەكی سپی خەوتن بێ‌ هۆش بكەوێت و بە هۆی موغەزییەك كە لە تەنیشت چوارپایەكەیەوە داندراوە هەناسە بدات ..
ئەو ژنە بەد بەختە بە كەفو كۆڵێكی ئاگرین و بە جەستەو ئیمایێكی سرنج راكێش، بە فرمێسك و گریانێكی بە كوڵ و هەناسەیەكی سارد، سەربوردەی تاڵی رابووردووی خۆی لە گەڵ ئەو پیاوە دڵ رەقە بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە كە ئەو بە بەردی سێبوری ناوی دێنێ‌،ئێمەش لە نێو ئەتمۆسفیری سیحری نمایشەكە، بێدەنگی دامان دەگرێ‌ و كپ وخامۆشییەك سەراپای هۆڵەكە داگیر دەكات ،ئیدی ناچاری ئەوە دەبین ،هەناسەكانمان قوت دەینەوە، بۆ ئەوەی چاوەكانمان تێر كەین و گوێ‌ بیستی دیالۆگە كاریگەرەكانی بین ..

كاراكتەری یەكەم ..ژنەكە

هەر لە رۆژانی كچینییەوە لەجەورو ستەمە گەورەكانی باوكێكی قومار بازی كەو دەناڵێنێ‌،باوكێك كە هەموو ژیانی بریتی دەبێت لە شەڕە كەو ،شتێكیش بە لای ئەو باوكە كەللە رەقە لە كەو بازی بەهادار تر نیە، بۆیە بەلایەوە ئاساییە لە گرەوێكی شەڕە كەودا كچێكی خۆی بدۆڕێنی ئەوەتە ئەو كاراكتەرە ژنە دەگێڕێتەوە دەڵێت :

خوشكە گەورەكەمی لەبری پارە دانا و دۆراندی خوشكەكەم ناچار بوو ببێتە ژنی پیاوێكی چل ساڵان، منیش زۆر ترسام لەوەی ببمە قوربانی گرەوەكانی باوكم …
بەڵام دواتر دیسان وا هەڵكەوتەوە كە چارەنووسی لە چارەنووسی خوشكە گەورەكەی باشتر نەبێت، نسیب بە پیاوێكی كەللە رەقترو دڵ رەقتتر لە باوكی بوو، ئەو كات تەمەنی حەڤدە ساڵان بوو، كاتێ‌ دایكی پیاوەكەی هاتۆتە خوازبینی، كە ئەو كات خوازیارەكەی پێشمەرگە بووە،دەڵێت : من ئەو كات شانازیم بەوە دەكرد كە دەزگیرانەكەم قارەمانێك بێت ..
راستە ئەو كەسێكی شۆڕشگێر بوو، بەڵام هیچ مافێكی مرۆیی بە ژنەكە نەداوە و گوێ‌ ی لە ژنەداماوەكەی ڕانەگرتووە،بۆیە ژنەكە دەیەوێت خەمە خەفەكراوەكانی دڵی هەڵڕێژێ‌و ئەگەر لە سەرە مەرگیش بیت ، گوێ‌ ی لێ‌ بێت یان نا ..پێی بڵێت : تۆ هیچت لە مەڕ ژانی ژن و مێر دایەتی نەدەزانی، دێتە یادت كە شەوانە دوای سەرجێكردن بەشێوەیەك جێت دەهیشتم . پوورم ناهەق نەبوو دەیگوت ئەوانە سەرجێیی نازانن بەس بۆ حەنگ باشن …
ئینجا گلەییە پڕ لە سۆزدارییەكانی خۆی لێ‌ دەكات :

تۆهەرگیز ڕێگات نە دەدا باوەشت پیا بكەم من هەرگیز تۆم ماچ نەكردوە (ماچی ئەكا) یەكەم جار كە ویستم ماچت بكەم خۆت دورخستەوە .
ئیدی ئەوە قەدەرەو رۆژێ‌ هاتە پێشەوە ئەو پیاوە لە خۆ باییە لە شەڕدا بریندار بێت و بە بێ‌ هۆشی لە جێدا بكەوێت، كەس بە سەریەوە نەبێت تەنیا ئەو ژنە ستەم لێكراوە بە وەفایە نەبێت كە وێڕای هەموو دڵ رەقیەكانی ناتوانێت بە جێی بێڵێ‌، ئەوەتا باسی ئەو تەنیاییەی خۆی و بێ‌ وەفایی براكانی بۆ مێردە بێ‌ هۆشەكەی دەكات و دەڵێت :

براكانت هەمیشە تەمەننای ئەوەیان دەكرد لەگەڵم بخەون،ئەوان بە دزییەوە لەمنیان دەڕوانی..
تەنانەت گلەیی لە دایكەكەشی دەكات : ئەی دایكت لەكوێ یە كە هەمیشە خۆی دەكردە قوربانی تاڵە مویەكی تۆ ..
وێڕای هەموو ئەو رۆژە سەختانە،بەڵام ئەو ژنە خۆگرە،هەرگیز دەست بەرداری مێردەكەی نابێت و ناتوانێت بە جێی بێڵێ‌، بەو لاشە مردووە دەیەوێت قەرەبووی رابووردوو بكاتەوە ، بە ئارەزووی خۆی قسەی لە گەڵً پیاوەكەی بكاو دەست لە جەستەی بداو ماچی بكات ..
دەڵێ‌ : تەنیا سێ‌ هەفتەیە هەمووشتێكت بۆباس ئەكەم .ئەتوانم دەستت لێبدەم جاران جاران تۆهەرگیز ڕێگات نە دەدا باوەشت پیا بكەم .. (دەست بە پیاوەكە دادێنێ‌ و ماچی دەكات هەوڵی سەر جێكردن دەدات لەگەڵی دا
قەت ئاواتی ئەوە ناخوازێت لە مێردە نیمچە مردووەكەی جیا بێتەوە،پاڕانەوەو تەزبیحات كردن و زكرو نزاكانی وەك مەلا بۆی دانابوو ئومێدێكی پێ‌ نەبەخشی ، بۆیە بە دەم گلەییەكانی خۆیەوە ، روو لە ئاسمان دەكاو دەڵێت : هەرگیز تۆ مافی ئەوەت نیە بەم جۆرە دەست لە ئێمە بەربدەی؟
بەڵام دواتر هەموو ئاوات و خەونەكانی زیندە بە چاڵ دەبن و پیاوەكەی بۆ دوا جار هەناسەكانی دەوەستێت و گیان لەدەست دەدات،ئیدی بە دەم تەقسێكی ماتەمینیەوە، جلە رەشەكانی هەڵدەزڕێنێ‌ و رووتی دەكاتەوەو بە دەستەكانی خۆی تەرمی پیاوە مردووەكەی دەشوا و وەك ئەوەی بیەوێت لە گوناهەكانی پاكی بكاتەوە ،بە كفنێكی رەش دایدەپۆشێ‌ و كۆتایی بە تراژیدیا بەردەوامەكانی ژیانی دێت ..
بێگومان هەڵبژاردنی تێكست لای دەرهێنەر یەكەم هەنگاوی دیاری كردنی چارەنووسی نمایشە لە نێوان سەركەوتن و شكست هێناندا، دەرهێنەر چەند ئەوەندەی هوشیارو ورد بین بێت لەو هەڵبژاردنە، ئەوەندە دەتوانێت بڕی سەركەوتنی خۆی لە نمایشدا مسۆگەرتر بكات، ئەو توخمانەش كەلە تێكست دا خاڵی زیندوون ئەوەیە ئاخۆ ئاستی فەلسەفی و ئامانجی تێكست چەند لە گەڵ باری كۆمەڵایەتی و كێشەو ئاریشاكانی كۆمەڵگا نزیكە، یان تا چەند ئێمە لەو تێكستانەدا دەتوانین دەست لە سەر برینەكان دابنێین و چارەسەرییەكان دیاری بكەین ،دواتر دەرهێنەر لەو تێكستەدا تا چەند دەسەڵاتی دەڕوا لە بونیاتنانی وێنەی درامی و روداوەكانی و زۆر پرسی تر .

تێكستی( بەردی سەبووری) كە پانتاییەكی بەرفرەوانی لە ئاستی هونەری و هزری نمایشەكە داگیر كردووە،وێڕای ئەوەی تیشك دەخاتە سەر كێشەو ئاریشا كۆمەڵایەتیەكانی كۆمەڵگەیەكی دوا كەوتووی پیاو سالاری، كە تێیدا ژن لە هەموو بەها مرۆییەكانی رووت دەكرێتەوە و پیاویش دەبێتە دڕندەیەك، زۆر لەو خەسڵەتانەی رەخساندووە كە یاریدەی دەرهێنەر دەدەن بۆ دروست كردنی ئەو بنەما درامیانەی نمایش بە زیندوویی را دەگرن و زەمینە خۆش دەكەن بۆ دروست كردنی چەندین تابلۆی درامی و دیمەنی وروژێنەر و بەكارهێنانی سینۆگرافیا كە بینەر چێژێكی هزری و ستاتیكی لە بینینیان وەربگرێت ،بۆیە تێكستەكە چ لە رووی فەلسەفەو ئایدیاوە، چ لە رووی زمان و ریتم و داڕشتنەوە ، تێكستێكی ئێجگار دەوڵەمەندە، كە سەرچاوەكەی رۆمانێكە، بەڵام ئامادە كردنێكی ئەوتۆی بۆ كراوە ، كە هەست بكەیت نمایشێكی سەر بەخۆیەو تایبەتمەندی خۆی دراوەتێ‌ لە رووی نمایشی شانۆییەوە، ئەزموونی ئێمە لە رووی سوود وەرگرتن لە رۆماندا زۆر لاوازە، بەڵام ئەگەر ئەو ئەزموونە هاو شێوەی ئەو ئەزموونەی دلشاد حوسێن پەرە پێ‌ بدەین، ئەوە رەنگە زۆر لە گرفتەكانی نەبوونی دەقی شانۆیی كەم كەینەوە .
دووهەم فاكتەری سەركەوتن لە نمایشدا ئامرازەكانی بەرجەستە بوونی تێكستە،لە سەرووی هەموشییانەوە ئەكتەر ..لەوانەی دەسەڵاتی ئەو بەرجەستە بوونەیان هەیە چ لە رووی جەستەو ٍچ لە رووی ئەداو بوێری دا، بۆیە هەڵبژاردنی هەردوو ئەكتەر ( شیلان عەبدوڵڵا و ئۆرڤان ئاراس) بۆ نمایش كردنی رۆڵە سەرەكییەكان،تێكستەكەیان بە ئاستێكی سەركەوتووانە بەرجەستە كردووە و زۆرێك لە مافی تێكستەكەیان داوە .

توخمی سێیەم: دەرهێنەر دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت هەردوو توخمی یەكەم و دووەم بە تێكست و ئەكتەرەوە بخاتە نێو چوارچیوەی سینۆگرافیایێكی تەكنیكی كاریگەر بۆ رەخساندنی ئەتمۆسفیری نمایش بە موزیك و رووناكی و دیكۆرو ئامرازەكانی دیكەی نمایش .
دەرهێنەر تێكستەكەی بە شێوەیەك بەرجەستە كردووە، كە جگە لە نووسەر ئەویش بۆچوونی تایبەتی خۆی هەبێت،بە تایبەت لە رووی چارەسەر كردنی درامی كۆتایی دیمەنەكە،لە تێكستەكەدا بە شۆرینی مردووەكە نمایش كۆتایی دێت ، بەڵام دەرهێنەر دیمەنێكی دیكەی زێدە كردووە، بەوەی پیاوە مردووەكە لە پڕێكا زیندوو دەبێتەوە و دەست دەخاتە هەوكی ژنەكە و وێڕای ئەو هەموو خۆشەویستی و دڵسۆزی و قوربانی دانە دەیخنكێنێ‌، بۆ ئەوەی بڵێت پیاو بێ‌ وەفایەو لە هەموو حاڵەتێكا چەند ئەوەندەی ژن وەفادارو دڵسۆز بێت ، ئەو لە ئاكامدا دەست لە جەزرەبە دان و كوشتنی ئافرەت هەڵناگرێ‌،هەر ئەو دڕندەیەدەمێنێتەوە كە بۆ ئازاری ژن خوڵقاوە ..
بەڵام ئەو دیمەنە ئەگەر لە رووی فەلسەفیشەوە خوێندنەوەی جۆراو جۆریشی بۆ بكرێت، بەڵام لە رووی هونەرییەوە دەبێتە دیمەنێكی نا مەعقول و ناوازە كە لە گەڵ ستایلی نمایشەكە نەگونجێ‌، وێڕای ئەوەی ریتمی نمایشی لە دوا دیمەندا كوشت و زۆر لە بەها جوانەكانی لە بار برد.

دەرهێنان :

لەم نمایشەدا دەرهێنەر بارزان محەمەد ..خۆی لە فۆرمە تەقلیدییەكان بە دوور گرتووە و نمایشەكەی كردووە بە چەند تابلۆیەك،كە هەر یەك لەو تابلۆیانە چەندین دەلالاتی جوان ببەخشن،بە تایبەت لە رووی جەستەییەوە ، بە بەردەوامی بینەر تینوو بكات بۆ بینین و ریتمی نمایش لە ئاستێكی ئەوتۆدا رابگرێ‌ كە بوار بۆ بینەر بە جێ‌ نەهێڵێ‌ هەناسەش بدات .
ئەو لە هەموو ئەو نمایشانەی لە شارەكانی سلێمانی و دهۆك و هەولێر پێشكەشی كردوون لە رووی فۆرمەوە لە گۆڕانكارییەكی بەردەوام دایە و فۆرمێكی چەسپاوی نیە، ئەمەش نیشانەی بە زیندوو راگرتنی نمایش و گەڕان بە دوای فۆرمێكی جوانتر لەوی ترە .. بەڵام رەنگە ئەو گۆڕانكارییانە جیاوازی لە ئاستی هونەریدا دروست بكەن،هەر بۆ نموونە ئەو فۆرمەی لە سلێمانی و دهۆك نیشان دران، زۆر لەو فۆرمە جوانتر بوو كە لە هەولێر نمایش كراو زۆر لە سینۆگرافیا جوانەكان لە هەولێر لە دەست دران، بە تایبەت لە رووی دیكۆرەوە، ئەو پەیكەری سینگەی كە تەواوی فەزای نمایشەكەی داگیر دەكردو هەموو رووداوەكان لە ناو ئەو سینگە بەڕێوە دەچوون ،لە هەولێر وەك ئەوە وابوو بوونی نەبێت ، بۆیە پارچەیەكی هەرە زیندوو لە فۆرم و جەستەی نمایشەكە كاڵ بۆوە و ئاڕمی نمایشەكە كە پەیكەری سینگەكە بوو لە دەست دەرچوو ..بەرپرسیاری گەورەش دەرهێنەرە كە رازی بوو، نمایشەكەی بەم كەم و كوڕیەشەوە نمایش بكرێت …
نەك هەر تەنها دیكۆر بگرە رووناكیش بە هەمان شێوە زۆر لە دیمەنە جوانەكانی وەك خۆی بەرجەستە نەكرد، بە هۆی جیاوازی هۆڵ و گرفتی خۆ ئامادە كردنەوە .

موزیك

بە گشتی لەو نمایشەی ئێمە لە هەولێر بینیمان هەستمان بەوە كرد، دەرهێنەر ئەوەندەی پشتی بە ئەكتەر بەستووە ئەوەندە بایەخی بە فۆرم و تەكنیكی شانۆیی نەداوە، بەڵام ئەلتەرناتیفی دیكەی بۆ وروژاندنی بینەر داناوە، لەوانەش ئەو موزیك ژەنەی لە لای چەپی شانۆ(ئەركان عەبدولقادر) بە فۆرمێكی زیندوو ،خۆی و ئامێرێكی ریتم دانیشتووە كە لە دروست كردنی خۆیەتی و لە پارچە چەك دایهێناوەو هەموو جۆرە ریتمێكی پێ‌ لێ‌ دەدرێت، لە سەرەتاوە تا كۆتایی نمایش ئەو ریتمە لە گەڵ نمایش دا دەڕوات، لە هەندێ‌ دیمەن نەبێت كە موزیك ژەن دەف بەكاردێنێ‌،لە گەڵ سەمای ئەكتەر، بە تایبەت لە دوا دیمەندا ریتمی نمایش بە هۆی جەستەی ئەكتەرو ریتمی دیمەنەكە بەرز دەبێتەوە و دەگاتە لوتكە .
بۆیە موزیك شان بە شانی ئەكتەر رۆڵی سەرەكی بینی لە وروژاندنی بینەر، هونەری هەرە گەورەش لەوە دابوو كە بۆ یەكەمجار ئەو ئامێرە نەناسراوەو ئەو ریتمە نوێ‌ یە لە شانۆدا بەكار دەهێندرێت ..
وێرٍای ریتمی ئەو ئامێرە موزیكییە(دەف) لە هەندێ‌ دیمەندا، بە تایبەت لە دیمەنە ماتەمگێڕیەكەی كۆتایی دا رۆڵێكی كارای هەبوو بۆ بەرجەستە كردنی روداوەكان و وروژاندنی بینەر، دەشكرا دەرهێنەر سوودی زیاتر لە دەف ببینێ‌ ، بە تایبەت لە دیمەنی سەمای ژنەكە لە سەر جەستەی پیاوەكە، كەچی دەرهێنەر ئەوەندە دیمەنی سەماكەی كورت كردەوە، بواری جوانتر كردنی دیمەن و وروژاندنی بینەری نەدا چێژی زیاتر لە سەماكە وەرگرێ‌، بەمەش دیمەنی سەماكە زۆر بە سەرپێیی تێپەڕی .

ئەكتەر :

راستە دەرهێنەر زۆرینەی كەرەستە هونەرییەكانی بۆ بەرجەستە كردنی نمایش ئامادە كردووە ،كە هەریەك لەوان كاریگەری تایبەتی خۆیان هەیە لە سەر ئاستی نمایش، بەڵام كرۆكی نمایش لای ئەكتەرە، كە جێگەی بایەخی سەرەكی دەرهێنەرە لەو نمایشەدا، چونكە ئەكتەر چەقی تێڕامانی بینەرە لە سەر شانۆ و ئامرازەكانی دیكە تەواوكەرن .
دەرهێنەر دوو ئەكتەری سەرەكی ( شیلان عەبدوڵڵا و نۆرڤان ئاراس) ی هەڵبژاردووە بۆ بەرجەستە كردنی نمایش و بینەر درك بەوە دەكات كە هەردوو ئەكتەر هوشیارانە ئەدای رۆڵەكانی خۆیان دەكەن و تێگەیشتنێكی باشیان بۆ كاراكتەرەكانی خۆیان هەیە،
ئۆرڤان ئاراس .پیاوەكە :
ئۆرڤان رۆڵی مێردی ژنەكە دەبینێ‌ ، وەك ئەكتەر لە نمایشەكەدا رۆڵەكەی وای لێ‌ كردووە كە نەتوانێت هیچ توانستێكی خۆیمان نیشاندا،چونكە لە سەرەتاوە تا كۆتایی نمایش هیچ ئەكشنێكی ئەوتۆی نیە، ئەوەندە نەبێت كە جار جارە كە لە گیان كێشان نزیك دەبێتەوە، هەناسەكانی دەبڕێ‌ و ژنەكەی یاریدەی دەدا هەناسەكانی بۆ بگێڕێتەوە، بۆ ئەوەی مەرگی ئەو بە چاوی خۆی نەبینێ‌، بەڵام دەرهێنەر لە دیمەنی كۆتاییدا غەدری لە ئۆرڤان كردووە ، كاتێ‌ زیندووی دەكاتەوە و ژنەكەی دەخنكێنێ‌، بواری ئەوە هەبوو دیمەنەكە تێر تر بكات و رق و قین و دڕندایەتی ئەو زێتر نیشان بدات و خنكاندنی ژنەكەی ترسناكتر نیشان دابووایە، بۆ ئەوەی ئێمە وەك بینەر هەقیقەتی دڵ رەقی ئەو كاراكتەرەمان بە چاو بینیبوایە،بوارێكیشمان بۆ ئۆرڤان رەخساندایە توانستەكانی خۆیمان نیشان بدات.
لە نێو ئەكتەرەكاندا هاوسەنگی نیە لە رۆڵ بینیندا،چونكە نمایشەكە لە رەسەندا دەچێتە چوارچیوەی مۆنۆدراماو تەنیا ئەكتەرێك رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینی ،بەڵام دەرهێنەر بۆ هەندێ‌ لەو گێرٍانەوانە كاراكتەری دروست كردووە و ئەكتەری لاوەكی بۆ داناوە،بۆ ئەوەی كەسایەتیەكان بە وێنە نیشانی بینەر بدات ..بۆیە شیلان لە نمایشەكەدا وەك پاڵەوانی سەرەكی ماوەتەوە لە گۆڕەپانی نمایشەكەدا .

پیاوی ئایینی:

كەسایەتی پیاوە ئاینییەكە كە كاری رانموونی ژنەكەی پێ‌ سپێردراوە ، بۆ ئەوەی دوعاو نزاو تەزبیحات كردنو زكركردنی بە بەرنامە جێ‌ بە جێ‌ بكات، بۆ چارەسەر كردنی مێردەكەی، بوون و نەبوونی ئەو كاراكتەرە لە سەر شانۆ وەك یەك وابوو، رەنگە ئەگەر نەبوایە باشتر بوو ،بەڵام ئامانج لە دروست كردنی لای دەرهێنەر دەرخستنی هەندێ‌ كولتووری دوا كەوتووی كۆمەڵایەتی بوو، بە تایبەت لای ژنان، ئەگەرچی ئەقلیەتی ئەو ژنە لەوەندە گەورەتر بوو ، بەڵام بۆ رزگار بوونی مێردەكەی ئامادەی هەموو هەوڵێك بوو ئەگەر بڕواشی پێ‌ نەبوایە .

شیلان عەبدوڵڵا ..ژنەكە

قورسایی هەرە زۆری نمایشەكە دەكەوێتە سەر ئەستۆی شیلان عەبدوڵڵا،بە هۆی وەستانی بەردەوامی لە سەر شانۆو پاراستنی ریتمی نمایش، وێڕای سەختی نواندن وئەدا .
ئەو لە زۆر دیمەندا وای كرد هۆڵێكی گەورەی پڕ لە بینەر، بێدەنگی باڵی بە سەردا بكێشێ‌ و هەناسەی خۆی ببرَێت، بۆ ئەوەی چێژ لە نواندنی شیلان ببینێ‌، كە زۆر لە سنوورە تەقلیدیەكانی شكاند و زۆر وێنەی جوانی نیشانی بینەردا، بە تایبەت لە دیمەنە سێكسیەكان وئەو دیمەنەی قاچەكانی پیاوە لە هۆش خۆ چووەكە دەخاتە سەر شانی ، دیمەنی هەڵًزڕاندنی جلی رەشی پیاوە مردووەكەی ، دیمەنی شۆرینی مردووەكە و دیمەنی تەزبیح پساندنەكە، دیمەنی سەماكان لە سەر لاشەی پیاوەكە و چەندین دیمەنی تر ، كە وای كردبوو ریتمی نمایشەكە بە بەردەوامی بە زیندوویەتی رابگرێ‌ و لە كۆتاییشدا بگاتە ترۆپ.

من وای بۆ دەچم نهێنی هەرە بەرچاوی زاڵ بوونی شیلان بە سەر رۆڵەكەی ئەوەبوو، وەك ئەكتەرێكی ئافرەت بە جەستەی خۆی بەرگری لە مافی مرۆیی خۆی بكات بەرامبەر بە پیاوێك كە ژیانی خستۆتە قەفەز و دەیەوێت گوتارێك بگەیەنێتە پیاوو بڵێ‌ : ئەگەر بتانەوێ‌ ببن بە خاوەنی راستەقینەی ئەوەی پێی دەڵێن پیاوەتی بەرامبەر بە ژن، بە ناونیشان و نازناوی پیاوەتی لاف و گزاف لێ‌ مەدەن و ژن لە مافە مرۆییەكانی خۆیان داچۆڕێنن، هەموو خۆشەویستییەكی لێ‌ زەوت بكەن و خۆپەرست بن لە كردەی ژن و مێردایەتی و چێژ وەرگرتن،هاندەر مەبن بۆ ئەو كردانەی ئێوە لە پشت دروست بوونیدان و بە گوناهو تاوان و خیانەتكاری لە قەڵەمی دەدەن ، بەڵكو وا باشترە ئێوە لەوە تێ‌ بگەن، تەنها شتێك ئێوە لە ژن جودا بكاتەوە ئەندامە نێرو مێیەكانتانە،تا ئەو كاتەش ئێوە لەوە دەگەن .. رەنگە زەمەن تێپەڕی بێ‌، كەچی شتێ‌ لە چمەكەكانی ژیانی ژن و مێردایەتی تێ‌ نەگەن ، بەڵام رەنگە دواتر تێ‌ بگەن كە ئێوە چەند نابەڵەدو ستەمكارو خۆپەرست بوون بەرامبەر بەو رابووردووەی تێ‌ پەڕێ‌ و چەند مانای جوانیشتان لە ژیان لە گەڵ ژندا لە دەست داوە ..




ڕاڤیارنەوزاد لەنێوان (باوکی خۆی وباوکی سەردەم ) لەشانۆی (پرتەقاڵی خۆین ) دا


نوسینی یاسین سعید …

شانۆی پرتەقاڵی خۆێن دوا کاری شانۆی گرووبی پانتای شانۆی واڵا بوو کەلەبەرواری 11 -11-2017 لەهۆڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵبجەی شەهیدهاتەنمایش کەلەنوسین دەرهێنانی ڕافیارنەوزاد نواندنی کۆمەلێک کوروکچی پەیمانگا ….. هەرجەندەئاسان نیەلەبینینی یەکەم ڕۆژی نمایشدا پەی بەهەمووئەونهێنیانەببەیت بیگەیەنێتەمنی بینەرمنیش حەزدەکەم وەک بینەرێکی نمایشەکەتێڕوانین وتێگەشتنی خۆم لەسەرنمایشەکە شرۆڤەبکەم بەڕەچاوکردنی شێوازی ئیشکردنی ڕاڤیار چ لەڕووی فۆڕمەوەبێت یان شێواز کەنامەوێت هەندێک شتی تەقلیدی وبەسەرستافی ئیشەکەوڕاڤیاریشدا بسەپێنم بۆیەهیوادارم دونیابینی منی بینەرفراوانتروکراوەتربێت کەلەسەرئیشەشانۆییەکانی بەردەوام دەیەوێت شتێکبڵێت بەتایبەت وتێکشکاندنی کۆدوپەندەکانی تێکبشکێنێت کەهەست بەوردبینی دەکات بۆئەوەی لەڕووی فۆرم وپانتایەوونبوەکان بدۆزێتەوەکەدیگاوخەیاڵ وواقیع وگریمانەکان ناتوانێت وەک کەرەستەیەکی تەواوپێوانەبکات من لەم نمایشەدا هەم چێژوهەم جواۆیم بینی بێگومان بۆبینەرێکی ترگۆڕانکاری بەسەردادێت وئەوی بینەربینەری خۆی هەیەوکەهەرکەسەوبەپشت بەستن بەئاستی معریفی وجوان بینی خۆی دەکرێت بەشێوازی جیاوازلەنمایشەکەی پرتەقاڵی خوێن تێبگات وقسەی هەبێت لەم نمایشەدا تەکنیکی گێڕانەوەوچیرۆک بەشێوەیەکی(تەشبیهی ) واتالێکچویان بەخستنەبری ناوچیرۆک کەتەوصیف کردنی باوک بەسەردوولایەنی ناجۆری (خێزانی وحیزبی )یان سیاسی دابەشکردبوو هەردووباوک هۆکاری نەهامەتی وپەروەرددەی وبەهەدەردانی مادیەتی ژیاری کۆمەڵایەتین بۆیە ڕاڤیارلە تەواوی نمایشدا زیاترپەنای بۆ تراژیدیا بردوە هەروەک چۆن شکسپیرلەزۆربەی شانۆگەریەکانیدا پەنای بۆ تراژیدیا بردوە کەلەڕووی بونیادی درامیەوە ڕەخنەگرەکان شکسپیردەبەستنەوە بەئەرستۆوە بەڵام ڕاڤیارخۆی هەڵواسیوە بەئەنتۆنێۆئارتۆدا کەلەڕووی ئامادەبوونی دەقەوەهێڵەکانی لەسەر بونیاتناوە کەهەموو ئەکتەرەکانی خستبوەناو تراژیداوە کەسەرجەم هەڵچون وقیژەوهاوارەکان ومردنی باوک ومراهیقیەتی کوڕو عەشقی کچ کەلەپێناوبەدەستهێنان وخۆگونجاندنی لەگەڵ جیهانی مۆدرێنەدا بۆیە ڕاڤیار نەی دەتوانی لەنێو ئەم گێژاوەزۆرەدا چارەسەرێکی درامی بدۆزێتەوە بۆنمایشەکە وەک پرسیاردایە دەستی بینەر کەواتە وەزیفەی باوک کۆتایپێهات ئەگەرلەجێگەی کورە گەورەش بێت یان باوکەحیزب هەروەک چۆن سەرجەم دایەلۆکەکانی نێونمایش دەرهاوێشتەی خەیاڵ نین ولەواڤیعدا بوونی هەیە بەڵام ڕاڤیار ویستی ڕوداوەکانی نێو نمایش بکاتە یەکەمین فاکتەر لای بینەرو.

وروژاندنی هەست وخەیاڵی بینەرلەناویدا زۆر جاردڵ ڕەقی مرۆڤەکانی وانیشان ئەدا کەدەگاتە ڕادەیەک کەپەنابۆ هەندێک شتی نامۆ ببات وەک کوشتن وسوتاندن کەنەبوو .. من لە تەواوی نمایشەکەدا جوان وبێگەردی مرۆڤم بەدی نەکرد کەچۆن خۆشەویستی دەکات یان پرۆسەی خێزان زیاد دەکات کەخۆی بۆخۆی خێزانێک بوو جگەلەکۆتادا لەڕێگەی دانەوەی کارەساتی قیستی موبایلەکەوە.. وەک وەڵامێک بۆ خاوەن قیست وتەواوی کۆمەڵگا وخێزان کەئیترئەوئازادەو وەک پیاوان جۆن لەهەڵپەی وەڕیندان ودەچنەپێستی سەگێکی برسیەوە.ئەویش باکی نیە بەوەڕینی کۆمەڵایەتی بۆئەوەی گومانەکانی ناوخێزان وکۆمەڵگا خەفەبکات وبوونی خۆی بسەلمێنێت جگەلەم هەموو جوانیە نازانم بۆ ڕاڤیار نەی دەتوانی گرێی دەروونی لەم نمایشە تراژیدیەدا دروست بکات کەپێمان بڵێت حاڵەتەدەرونیەکان چەند کاریگەری هەیەلەژیانی مرۆڤ وخێزاندا کەمرۆڤ چۆن دەبێتەهۆی هۆکارێک بۆ ڕوخاندن وهەڵتەکاندنی ژیان کەلەئەنجامی دەرهاوێشتەکانەوە دروست بوە ڕاستەسەرجەم دایەلۆگەکانی نێونمایش ڕەنگدانەوەی ئەم سەردەمەبووکەپەیوەندی توندوتۆڵیان پێکەوەهەیەودەقی نمایش لەکاتی پرۆڤەدابونیات نراوە بەڵام بەزۆر هەوڵی ئەداببێتەدەقێکی ئەدەبی وڕۆح بکات بەبەریدا بەڵام بەبڕوای من نەی ئەتوانی چونکەبەجۆرێک لەماناکان تێکستکەی لەسەربنەما بونیات نەنابوو واتە(بنەمای خێزان کەباوک گەورەیەوبنەمای حیزب کەئەمڕۆجێگەی باوکی گرتۆتەوە ) کەشۆڕشگێربوەو شانازی بەخۆیەوەدەکات .. بەڵام ئەوەی کەسەرنجی منی ڕاکێشابوو کەسێکی نادیاری وەک خاوەن مۆلیدەبۆکۆکردنەوەی پارەی کارەبا.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات وگۆڕانکاری ڕووناکی ناوخێزان بەنەبونی پارەی مۆلیدە ئەو ڕوناکیە پێکەوەژیانەی ناوخێزان کز کز دەبوو کێشەکانی سەری هەڵدەدا … کەلەم نمایشەدا هەموو ترادسێۆنەکۆمەڵایەتی سیاسی وتەکنۆلۆژیا تێدا ڕووخاوە. بۆیە لەڕوانگەی ئەنتۆنێۆ ئارتۆوە هەوڵیداوەشتەکانی نێو نمایش هەڵماڵێت لەگەڵ سەرجەم خوارو خێچیەکان وەک خراپ بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیاو تەکنۆلۆژیا لەسەرئاستی تاک وکۆ دەخاتەڕوو جگەلەوەی کەهێڵی سەرکی نمایشەکە بریتی یە لەخزاندنەناوچەمک وفەلسەی ئارتۆی وکەشانۆ خۆی بۆ خۆی دەرگایەکەبۆ شتەخەفەکراوەکانی ناخی مرڤ .




لەبەردەم دەرگای نزادا … ڕزگار باهیر

١… دەرەوەیە … بەردەم مزگەوتێکە… رۆژە.
لەپڕ دەنگێکی ناخۆشی بەرزی لەناکاو کە قرخەی پاکردنەوەی قورگی مەلایەکە لە پێش بانگ لە بڵندگۆی مزگەوتەوە دەبیسترێ و ئازادی تەمەن ١١ساڵان کە لەسەر کورسییە بچووکەکەی بەردەم دەزگای بۆیاخچێتییەکەی دانیشتووەو بتڵێك ئاوی بچووکی بەدەمییەوە ناوە بیخواتەوە دەنگی مەلاکە رایدەچڵەکێنێ، پاشان دەنگی بانگ دەبسترێ.
لەبەشی خوارەوەی شەقامەکە لەولای ئازادەوە بە دوومەترێك کاوەی تەمەن ٤٠ساڵ بەدیار عەرەبانەیەکی بچووکی ماست و پەنیر وەستاوە و هاوار دەکات.
کاوە/
وەرە بۆ دۆی دادە …. وەرە بۆ ماستەکەی قەرەجەتان
وەرە بۆ ماست و سەرتوێژو ودۆکەی لادێکانی خۆمان
وەرە و خۆت بێبەش مەکە لە شیری تازەی مەرەکانمان.
پیاوێك دێت و چووتێك بڵاوی قاوەیی بەدەستەوەیەو لەبەردەم ئازاد دایدەنێت.
پیاو/
ئەو پێڵاوانەم بۆیاخکە پاش سەعاتیکی تر دێمەوە بۆی.
ئازاد/
بەسەرچاو… نەعلت ناوێت؟
پیاو/
گێلە نابینیت پێڵاوم لە پێدایە. جوان بۆیاخی بکە با بریقەی
بێت .. دواتر پارەت دەدەمێ.
پیاوە دەڕوات و کاوەی ماست فرۆش بەرەو لای ئازادی بۆیاخچی دێت.
کاوە/
ئازە گیان ئاگات لە عەرەبانەکەم بێت تا نوێژەکەم
نەچووە… هەرئێستا دێمە.
ئازاد/
کاک کاوە کەی ماستی قەرەچەتانە … کەی ماستی لادێیە..
ئەی لەماڵی خۆتان دروستی ناکەن!
کاوە/
هەتیو تۆ تازەی لە بازاڕدا ئەوە تەکنیکی ئیشە تۆ نایزانی.
کاوە بەپەلە دەروات و خۆی بە مزگەوتا دەکات بۆ نوێژکردن.

ئازاد بزەیەک دەیگرێت وەك ئەوەی گاڵتەی بەقسەکانی بێت و دەستدەکاتەوە بە بۆیاخ کردنی پێڵاوە قاوەییەکانی کابرا، لەم کاتەدا پیاوێکی پیری ریش سپی بە پێی پەتی دێتە بەردەم ئازاد.
پیاوی پیر/
ڕۆڵەکەم ئا چوتێك نەعلم بدەرێ پێڵاوەکانیان دزیوم
دواتر بۆت دێنمەوە.
ئازادیش سەیری پیاوەی ریش سپی دەکات و بەزەیی پێدا دیتەوە چووتێك نەعل دەخاتە بەردەم قاچە وشك هەڵاتووەکانی.
ئازاد/
باشە مامە.. بۆچی ئاوا زووزوو لێتان تیکدەچێت
پێڵاوی یەکتر دەبەن؟
پیاوی پیر/
بەسە قسەی هەلەق ومەلەق مەکە.. دواتر بۆت دێنمەوە.
پیاوەی ریش سپی بەتورەییەوە بەرەو سەرەوەی شەقامەکە دەڕوات.
لەدەرگای مزگەوت پیاوێکی تەنگە ئەستوری قەڵەوی جل وبەرگ شیك کە چووتێك نەعلی دڕاوی لەپێدایە و دەمووچاوی توڕە یی لێدەبارێت بەرەو لای ئازادی بۆیاخچی هەنگاودەنێت هەر لەدوورەوە.
پیاوی قەڵەو/
هەتیو ئەوە تۆ ئەم نەعلانەت بۆ داناوم من چەند جارم وت
بۆیاخ ناکەم؟
ئازاد/
نەخێر ئەوە نەعلی من نیە.. من هەر نەهاتومەتە مزگەوت
پیاوی قەڵەو/
درۆمەکە ناشرین ئەمە نەعلی تۆیە ؟
ئازاد/
بەسەری باوکم ئەوە نەعلی من نیە
پیاوی قەڵەو/
ئەوە چییە ئەو پێڵاو قاوەییانە ئادەی با سەیریانکەم.
ئازاد/
ئەوە هی پیاوێکە دایناو تۆزیکی تر بۆی دێتەوە
پیاوی قەڵەو/
هەتیوە خوێرییەی دزو و درۆزنە هێشتا دەمت گەرمە
ئەوە خۆ پێڵاوەکانی منە.
پیاوی تەنگەئەستور یەك زلە دەدات بە دەموچاوی ئازاداو دەکەوێت و خەڵکیان لێ کۆدەبێتەوە پۆلیسیش لەوبەری شەقامەکەوە بە پەلە دێت بەرەو ڕووی قەڵەباڵغیەکە.
شەرم ناکەیت بێ ئەدەبی ساختەچی درۆزن.
ئازاد/
ئازاد چاوی پر دەبێت لە فرمێسك و لە جێگەی خۆی بەرز دەبێتەوە وەڵامی پیاوەی قەڵەو دەداتەوە.
ئازاد/
من درۆناکەم ئێوەن نوێژدەکەن شتی یەکتری دەدزن .
پیاوی قەڵەو دەستێکی ئازاد دەگرێ و ڕوودەکاتە پۆلیس و بە تورەیی و دەنگی بەرزەوە دەڵێت.
پیاوی قەڵەو/
گەورەم ئەم هەتیوە ناشرینەی بێ ئەدەبە پێڵاوکانی دزیوم.
پۆلیسیش یەکسەر دەستەکەی تر ئازاد دەگرێت لە ناو قەڵەباڵغیەکە دەیبەنە دەرێ.

کۆتایی




له‌ نێوان (چنوور)ی قوتبه‌دین سادقی و(میدیا)ی محه‌مه‌د جه‌میل دا … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

له‌ چوارچیوه‌ی دووه‌م فیستیڤاڵی مۆنۆدرامای هه‌ولێر وا ڕێكه‌وت هه‌ردوو نمایشی (قوتبه‌دین سادقی )و(محه‌مه‌د جه‌میل)له‌ رۆژێكا ببینم،ئه‌گه‌رچی هه‌ردوو ده‌رهێنه‌ر جیاوازییه‌كی زۆریان له‌ نێوان دا هه‌یه له‌ رووی نه‌وه‌ و ئه‌زموون و ته‌مه‌ن و ستایل وته‌كنیكی شانۆیی،به‌ڵام له‌ رووی بابه‌تی نمایشه‌كانیان لێك نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر هه‌بوو،هه‌ردوكییان موخاته‌به‌ی مردووه ئازیزه‌كانی خۆیانیان ده‌كرد له‌ گۆڕه‌كانیاندا،به‌ڵام هه‌ر یه‌ك له‌وان به‌ ته‌كنیك و فۆرمێكی جیاواز له‌وی تریان.
قوتبه‌دین سادقی ده‌رهێنه‌رێكی پڕ له‌ ئه‌زموونه‌و ئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌كاری شانۆیییدا هه‌یه‌‌،ستایلێكی تایبه‌تی خۆشی هه‌یه‌و هه‌میشه‌ پشت به‌ دوو مه‌تریالی سه‌ره‌كی ده‌به‌ستێت له‌ به‌رجه‌سته‌ كردنی كاره‌كانیدا،كه‌ یه‌كێكییان تێكسته‌ و ئه‌وی تریان ئه‌كته‌ره‌ .

له‌ رووی تێكسته‌وه‌ هه‌میشه‌ قوتبه‌دین سادقی خۆی تێكسته‌كانی بۆ شانۆگه‌ریه‌كانی خۆی ده‌نووسێ چونكه‌ وه‌ك چۆن ده‌رهێنه‌رێكی لێهاتووه‌،له‌ هه‌مان كاتێشدا نووسه‌رێكی باڵا ده‌سته‌ له‌ نووسینی تێكستی شانۆییدا،تێكسته‌كانی فۆرمێكی ئه‌ده‌بی رۆمان ئامێز ده‌گرنه‌ خۆیان و‌ پڕن له‌ روداوو به‌سه‌رهات و دیالۆگی درێژ،ئه‌و پێی وایه‌ شانۆ وه‌ك هونه‌ره‌ له‌هه‌مان كاتیشدا ئه‌ده‌بیشه‌و ته‌ژییه‌ له‌گوزارشتی فانتازیایی و هه‌ر تێكستێك سه‌ربورده‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌،له‌ توێ ی ئه‌و سه‌ربوردانه‌ وێنه‌ درامیی و دیالۆگه‌كان له‌ نمایشدا داده‌ڕێژێ،كه‌ زۆر جاران بینه‌ر له‌و حاڵه‌تانه‌دا پێویستی زؤری به‌ ئه‌تمۆسفیرو ئاماده‌باشییه‌كی ده‌روونی باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت تێكسته‌كه‌ وه‌ك خۆی وه‌ربگرێت،خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ریشی نه‌گرێت قورساییه‌كی زۆر له‌ سه‌ر باری ده‌روونی دا دروست ده‌كات و له‌ نمایشه‌كه‌ی داده‌بڕێنێ.

له‌ راستیدا زۆرینه‌ی ئه‌و جۆره‌ تێكستانه‌ پێویستییان به‌ ئاماده‌ كردن هه‌یه‌،بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر له‌ هؤڵێكی ته‌سكو تریسك و خنكاوی چه‌شنی هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانؤ،دووچاری ته‌نگه‌تاوییه‌كی ده‌روونی نه‌یه‌ت،كه‌ حه‌وسه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی نه‌بێت و به‌ ناچاری له‌ شانۆدا دابڕێ،جگه‌ له‌وه‌ ئه‌و چه‌شنه‌ تێكستانه‌‌ هه‌ر ته‌نها قورسایی ناخه‌نه‌ سه‌ر بیری بینه‌ر،بگره‌ ئه‌كته‌ریش گیروده‌ی ئاسته‌نگ ده‌كه‌نه‌وه‌و زۆر جاریش له‌ سه‌ر حیسابی نمایش و ئه‌كشن و ئه‌دای ئه‌كته‌ر هه‌ڵده‌كه‌ونه‌وه‌،چونكه‌ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ش بینه‌ر تامه‌زرۆی دیالۆگی كورت و درامییه‌،ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌كته‌ر پێویستی پێیه‌تی بۆ بژارده‌كردنی ریتمی جه‌سته‌و ئه‌دای جوان”
دیاره‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تی وه‌رگرتنی بینه‌ر له‌ شانۆدا (چاوه‌)زیاتر له‌وه‌نده‌ی گوێ بێت،هه‌ر هونه‌رێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریش ئامرازو زمان و مه‌تریالی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ شانۆدا زیاتر به‌دوای بینین دا ده‌گه ڕێین،هه‌موو هه‌سته‌كانی خۆمان له‌ چاودا كۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌،له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر به‌و ئامرازانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی دایه‌ بتوانێت ئێمه‌ بوروژێنێ،به‌ڵام له‌ هه‌ندێ نمایشی وه‌ك (چنوور) ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ له‌ به‌رچاو نه‌گرین كه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ به‌رهه‌می قوتبه‌دین سادقیه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن له‌سه‌رئاستی به‌رهه‌م دا بۆ بكه‌ین،ئه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین تا دوا دیمه‌نی نمایشه‌كه‌چاومان به‌ برسیه‌تی به‌ جێ ده‌مێنێ، شتێ نیه بمانوروژێنێ! چواردیوار و فه‌زایه‌كی ره‌ش كه‌ ته‌نها دره‌ختێكی تێدایه‌،بلاجكتۆرێكی له‌ سه‌ر جێگیر كراوه‌” ئیدی نه‌ سینۆگرافیایه‌ك” نه‌موزیك و ریتمێك،جگه‌له‌ ته‌كنیكێكی ته‌قلیدی نه‌بێت كه‌ بریتیه‌ له‌ دوو ته‌خته‌ی مردووی بێ وه‌زیفه‌..‌
هه‌موو فه‌زای شانۆگه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌رگ ده چێت،به‌ڵام مه‌رگێك كه‌ جوانیه‌كت پێ نه‌به‌خشێت و هه‌ستت ناجولێنێ .

‌‌ له‌و نێوه‌نده‌دا بینه‌ر له‌ شانۆدا هیچی بۆ نامێنێته‌وه‌ جگه‌ له‌ ئه‌كته‌ر نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ست ئه‌و فۆرمه‌ كلاسیكیه‌ی ده‌رهێنان رزگاری بكات،به‌ڵام ئاخۆ ئه‌كته‌ر له‌ شانۆدا هه‌موو شتێكه‌؟
ئه‌كته‌ری (نمایشی چنور ــ فه‌رشیدگه‌ویڵی)ئه‌كته‌رێكی به‌ توانایه‌،له‌ سه‌ر شانۆدا ماندوو بونێكی زۆری پێوه‌ دیاره‌،نزیكه‌ی یه‌ك كاژێر له‌نێو كۆمه‌ڵێ ئه‌كشنی بێ ده‌لاله‌ت وهێما وه‌ك حیكایه‌ك خوانێك تێكستی بۆ ده‌خوێندینه‌وه‌،بێ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ر ببێته‌ ئه‌لته‌رناتیف و بۆشاییه‌كانی سینۆگرافیا پڕكاته‌وه‌،وه‌ك هه‌ندێ جار سینۆگرافیا توانستی ئه‌كته‌ر له‌ سه‌ر شانۆدا داده‌پۆشێ .
ده‌رهێنه‌ر كه‌ هه‌موو پشت به‌ستنێكی به‌ تێكست و ئه‌كته‌ره‌،ناتوانێت هاوسه‌نگی له‌ نێوان ئه‌و دوو توخمه‌ سه‌ره‌كییه‌دا دروست بكات،خۆ ئه‌كته‌ر بۆ ئه‌وه‌ له‌ سه‌ر شانۆیه‌ رۆح بخاته‌ به‌ر تێكست و وێنه‌كانت بۆ به‌رجه‌سته‌ بكات و كاراكته‌ره‌كانت نیشان بدات،نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قت بۆ بخوێنێته‌وه‌.
كاتێك ده‌رهێنه‌ر هاوسه‌نگی له‌ ده‌ست ده‌دات،كه‌ نه‌توانێت ریتمی جه‌سته‌ و ریتمی دیالۆگ هاوسه‌نگ بكات و ئه‌و هارمۆنیایه‌ له‌ نمایشدا دروست بكات كه‌ بینه‌ر چاوه‌ڕوانی ده‌كات ..ره‌نگه‌ بینه‌ر ده‌لالاته‌كانی جه‌سته‌ی ئه‌كته‌رت به‌ ته‌نیا لێ وه‌ربگرێ،به‌ڵام ئاماده‌ نیه‌ دیالۆگی بێ ده‌لالاتی جه‌سته‌یی قه‌بوڵ بكات،چونكه‌ ئه‌و له‌و له‌و له‌‌حزه‌یه‌ی له‌ شانۆ دانیشتووه‌(بینه‌ره‌) نه‌ك(خوێنه‌ر)
زۆر جاران ده‌رهێنه‌ر نه‌ك به‌ له‌ ده‌ست دانی هاوسه‌نگ بوون ریتمی نمایش له‌ ده‌ست ده‌دات و بینه‌ر ناچاری باوێشك دان ده‌كات،له‌ هه‌مان كاتیشدا گڕو تینی نمایش لای ئه‌كته‌ریش ده‌كوژێ و ئه‌و بواره‌ی بۆ به‌ جێ ناهێڵێ كه‌ به‌ دوای جوانترین ئه‌دادا بگه‌ڕێـت،ئه‌وه‌نده‌ی بیری لای دیالۆگی دوورو درێژه‌ ئه‌وه‌نده‌ بیری لای ئه‌دای نواندنی خۆی نیه‌.
ده‌رهێنه‌ریش به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌كته‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پانتاییه‌ به‌رفره‌وانی تێكستی نابێت بۆ ئه‌وه‌ی بیانكات به‌ وێنه‌ی شانۆیی،بۆیه‌ ناچاری ئه‌وه‌ده‌بێت تێكست به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ كۆڵ خۆی بكاته‌وه‌،بۆیه‌ كه‌متر ده‌توانێت دراما له‌ جه‌سته‌ی ئه‌كته‌رو وێنه‌ی شانۆیی دا نیشانی بینه‌ر بدات …ئه‌وه‌تا ده‌رهێنه‌ر هه‌ندێ كرده‌ی بێ پاساو به‌ ئه‌كته‌ر ده‌كات بۆ شڵه‌قاندنی ئه‌تمۆسفیریی شانۆ،كه‌ هیچ ده‌لالاتێكیان نیه‌ وه‌ك وه‌رگڕاندنی كورسیه‌كان و هه‌ندێ په‌لاماری تر كه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی درامییان پێوه‌ دیار نیه‌ جگه‌ له‌ ده‌سته‌پاچه‌یی نه‌بێت بۆیه‌ من پێم وایه‌ هه‌ڵبژاردنی گه‌وێڵی به‌ باشترین ئه‌كته‌ری پیاوی فیستیڤاڵ ره‌نگه‌ له‌ سه‌ر بنچینه‌ی كۆمه‌ڵێ ئیعتیباراتی لابه‌لایی بێت، وه‌ك رێز لێنانی شانۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌و فیستیڤاڵه‌و قه در راگرتنی قوتبه‌دین سادقی،ئه‌گه‌رنا ئه‌كته ری دیكه‌مان هه‌بوو له‌ فه‌رشیدی زێتر شایه‌سته‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌ بوون.

ئامانجی سه‌ره‌كی ده‌رهێنه‌ر له‌(چنوور)دا دوا دیمه‌نی كۆتایی بوو بۆ چاره‌سه‌ر كردنی درامیانه‌ی نمایشه‌كه‌و سه‌رتاپای دیمه‌نه‌ په‌راوێزه‌كانی تر له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌و دیمه‌نه‌ دروست كرابوون،ته‌نها دیمه‌نی كۆتایی نمایشه‌كه‌ بوو كاتێ كاراكته‌ره‌كه‌ ده‌خزێته‌ شوێنی گۆڕه‌كه‌و چه‌پكه‌ گوڵه‌ سپیه‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕی خۆی داده‌نێ و مۆمه‌كه‌ش له‌ سه‌ر كێله‌كه‌ی خۆیدا داده‌گیرسێنێ بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕه‌كه‌ بۆ هه‌میشه‌ رووناكی ببه‌خشێت .

به‌ڵام محه‌مه‌د جه‌میل له‌نمایشی(میدیا) دا تێكستێكی زمان ساكاری هه‌یه‌،به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌و ئایدیایێكی چڕ به‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرن ده‌رباره‌ی مه‌رگ و ئازاره‌كانی ته‌نیایی .
ئه‌و دیالۆگه‌ سادانه‌،كه‌ زۆربه‌یان گوزارشتێكی مرۆیی و سایكۆلۆژی ده‌به‌خشن،بۆ كه‌سێك كه‌ ژیان له‌ سه‌ر دنیادا بۆ ئه‌و له‌گۆڕی ئازیزه‌كه‌ی ته‌سكتره‌”له‌ رووی نمایشه‌وه‌ بارگرانییه‌كی نه‌خستۆته‌ سه‌ر ئه‌كته‌ر،به‌ڵكو یاریده‌ی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسانی ئه‌و دیالۆگانه‌ له ناو نمایشدا بتاوێنێته‌وه‌.

ده‌رهێنه‌ر ستایلێكی ته‌عبیری هه‌یه‌ و به‌ دیكۆرێكی هێمادار له‌ وه‌ره‌قه‌كانی قومارو ئامێره‌ ره‌نگ سپییه‌كانی ته‌له‌فون و جۆلانه‌و په‌یكه‌رێكی دروست كراو له‌ دارو تا‌بوتێك كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شانۆ راكیێشراوه‌،كۆمه‌ڵێ ده‌لالاتی فه‌لسه‌فی و سایكۆلۆژیت پێ ده‌به‌خشێت و بینه‌ر ناچاری ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌وهێمایانه‌دا بگه‌ڕێت كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ ئه‌تمۆسفیری روداوه‌كان و شوناسی كاراكته‌ره‌كانی .

ده‌رهێنه‌ر به‌ سینۆگرافیا هه‌م جوانیه‌ك به‌ نمایش و فه‌زای شانۆیی ده‌به‌خشێت بۆ به‌رجه‌سته‌ بوون،هه‌م ئامرازه‌كانی ده‌كات به‌ فاكته‌رێكی دیكه‌ی گوزارشت كردن،ئه‌گه‌ر توانی رۆڵێك به‌ سینۆگرافیا ببه‌خشێت و بۆ خزمه‌تی نمایش به‌رجه‌سته‌ی كرد.

ئه‌م سینۆگرافیا هێمادارانه‌ ی نمایشی (میدیا) له‌ (چنوور)دا كه‌متر ده‌بیندرێـت..بۆیه‌ كاریگه‌رییه‌ فه‌لسه‌فی و ده‌روونییه‌كانی نمایش به‌ سه‌ر بینه‌ردا لاوازتر ده‌بێت .
ده‌رهێنه‌ر محه‌مه‌د جه‌میل وه‌ك چۆن به‌ فۆرمێكی هاوسه‌نگ تێكست و سینۆگرافیای به‌كارهێناوه‌،هه‌ردوكیانی بۆخزمه‌تی ئه‌كته‌ر به‌رجه‌سته‌ كردووه‌،ئه‌كته‌رێكی كچ (رۆزانا فه‌رهاد) كه‌ هه‌م بۆته ‌داینه‌مۆی راگرتنی ریتمی نمایش”هه‌م ستاتیكایێكی سروشتی به‌ وێنه‌ درامیه‌كان به‌خشیووه‌.
وه‌زیفه‌ی ده‌رهێنه‌ر ئه‌وه‌یه‌ بتوانێت سه‌رچاوه‌كانی وروژاندن له‌ جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ردا بۆ دروست كردنی وێنه‌ی درامی‌ ته‌وزیف بكات،ره‌نگه‌ به‌رجه‌سته‌ بوونی دیمه‌نی وروژێنه‌ریش زێتر له‌ جه‌سته‌ی ئه‌كته‌ری ئافره‌تدا كاریگه‌رتربن .

بۆیه‌ ده‌رهێنه‌ر توانیویه‌تی بوێری و چاو نه‌ترسی(رۆزانه‌) بقۆزته‌وه‌ بۆ دروست كردنی دیمه‌نه‌ وروژێنه‌ره‌كان كه‌ هه‌ندێ جار له‌ تابلۆیه‌كی دراماتیكی جوان ده‌چوون و گه‌شه‌یان به‌ ریتمی تمایش ده‌دا،ئه‌گه‌رچی له‌هه‌ندێ دیمه‌نیش دا بینه‌ر ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ كه‌ ئاستی هونه‌ری دروست كردنی دیمه‌نه‌كان وه‌ك یه‌ك نین،هه‌ندێ دیمه‌نی لاوازی ئه‌وتۆ هه‌بوون كه‌ نمایشه‌كه‌یان ده‌خسته‌ ژێر مه‌ترسی روخانی بونیاتی درامی و هه‌ره‌س هێنان …

به‌ گشتی رۆزانا فه‌رهادــ ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌نی هونه‌ریی كورته‌و له‌ ده‌ستپێكی ئه‌زموونه‌كانیه‌تی له‌ گه‌ڵ شانۆدا” به‌ڵام له‌و به‌رهه‌مه‌دا ده‌رهێنه‌ر توانی توانسته‌كانی به‌ ده‌رخاوئاماده‌كارییه‌كی باشی بۆ بكات له‌ رووی نواندنه‌وه‌،به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌دای جوان جوانی له‌ نمایشه‌كه‌دا نیشان داین” به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر جۆلانه‌كه‌،له‌ راكردن له‌ ترس،له‌ پچڕاندنی كفن،له‌ راكێشانی تابووته‌كه‌،له‌ ریتمی جوانی پێكه‌نینه‌كه‌و زۆر وێنه‌ی تردا،بۆیه‌ من پێم وابوو ده‌كرا ئه‌و خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری ئافره‌تی له‌ گه‌ڵ رووبار ئه‌حمه‌د دابه‌ش كردایه‌.

له‌ شانۆدا سه‌ختترین ئه‌ركی ده‌رهێنه‌ر له‌وه‌ دایه‌ كه‌ چۆن چاره‌سه‌ری كۆتایی بۆ نمایش دابنێت،چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی نمایشه‌كه‌ی به‌و فۆرمه‌ هونه‌رییه‌ بێت كه‌ بینه‌ر له‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كانی نمایش نغرۆ بكا،ئه‌وه‌بوو جیاوازییه‌كی زۆر له‌ نێوان هه‌ردوو نمایش دا هه‌بوو بۆئه‌و راده‌ست كردنه‌ درامیه ئه‌وه‌تا له‌(میدیا)دا ده‌رهێنه‌ر نمایشه‌كه‌ی به‌ئاراسته‌یه‌كی خیتابی ده‌باو كۆتایی نمایشه‌كه‌ی به‌ كۆمه‌ڵێ دروشمی لاواز هێنا” ئه‌گه‌رچی ده‌رفه‌تی زۆر له‌ بارتر هه‌بوون بۆ كۆتاییه‌كی به‌هێزتر له‌وه‌ی بینیمان.

به‌ پێچه‌وانه‌ی نمایشه‌كه‌ی قوتبه‌دین سادقی كه‌ كۆتاییه‌كی رۆمانسی پر له‌ ستاتیكای درامی بوو،كاتێ كاراكته‌ره‌كه‌ ده‌چێته‌ ناو گۆڕی یه‌كه‌م و به‌ ده‌ستی خۆی چه‌پكه‌ گوڵه‌ سپیه‌كه‌ له‌ سه‌ر سینگی خۆی داده‌نێ و مۆمه‌كه‌ش ده‌خاته‌ سه‌ر سه‌رینی … به‌مه‌ زۆر له‌ بۆشاییه‌كانی نمایشی به‌و كۆتاییه‌ هێماداره‌ پڕ كرده‌وه‌،كه‌ بینه‌ر به‌ ئاسانی ئه‌و وێنه‌ درامیه‌ی له‌ زه‌هندا دا كاڵ نه‌بێته‌وه‌ .




سەرنجێک لەسەر باسەکەی کاک نیهاد جامی ’’شانۆی سه‌رشه‌قام ’’! …


بەهادین حاجی بەکر دارتاش ناسراو بە ریبوار عارف…..

ئەوانەی بە نوویسن و بەرهەمە هونەریەکانی شانۆکاری ئەزیز کاک نیهاد جامی، ئاشنان ئاگادارن کە ئەم سالانەی دوای کاک نیهاد خەرمانێک لەبەرهەمی بەپێزی خستووەتە بەردەست هونەرمەندان وخۆینەران. بۆیە بۆمن ئەم بابەتە ئەوەندەی سەرنجراکێشانێکە لەسەر نووسینێکی، ئەوەندەش پرسیارگەلێکە بۆ نزیکبوونەوەیەکی ڕۆشنتر لە مێژوویەک کەنووسەر باسی دەکات. بەم مانایە ئەم باسە ئەوەندە ڕەخنەیەک نیە بۆ رەخنەگرتن، بۆیە ئەوەی مەبەستە لەم نووسینەدا ڕاگرتنی کاک نیهاد لەدووڕیانی ئەمڕۆو دوێنێدا بۆ وردبوونەیەکی زیاتردا لە مێژووی شانۆی شەقام لە کوردستاندا.
هەربۆیە ئەگەر بمەوێ سەرنجەکەم لەدەربڕینێکی چردا بخەمەڕوو ئەوەیە کە نەدەبوو کاک نیهاد لەم نووسینەدا ئەوەندە حوکمێکی خێرابدا، بەتایبەت ئەمە لەکاتیکدا کە چاوەڕوانی ووردبینیەکی زیاتری لەم نووسەرە دەکرێت. بۆیە لەمبارەوە هەوڵدەدەم ئاوڕیک لە نووسینەکەی بدەمەوە بەناوی’’ کاریگه‌ریی شانۆی سه‌رشه‌قامی ئێرانی له‌سه‌ر نمایشه‌ کوردیه‌کان’’

جەوهەری ئەو پرسیارەی کە لەم نووسینەدا پەلکێشیکردم بەدوایخۆیدا، لەو پەرگرافەوە دەستپیدەکات، کە نووسەر دەلێ’’ ئه‌زموونی شانۆی سه‌رشه‌قام له باشوری ‌کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوای ڕاپه‌ڕین ئه‌وه‌ش له‌چه‌ند هه‌ولێکدا که‌ مه‌به‌ست گوزارشت کردن بوو له‌ ئازاره‌کانی مرۆڤی کوردیی، ئازاره‌کانی یاده‌وه‌ری ئه‌و مرۆڤه‌.. به‌داخه‌وه‌ تائێستا ووتارێکی نووسراومان نیه‌ باس له‌و سه‌ره‌تایه‌ بکات،… ڕه‌نگه‌ سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌کانیش بگه‌رێته‌وه‌ بۆ شانۆکار ڕزگار ئه‌مین ئه‌و ده‌مه‌ی له‌که‌لاوه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ کارێکی گه‌رۆکی ئه‌نجامدا کەچه‌ندین شیو به‌رده‌وام بوو،…هه‌روه‌ها شانۆکار به‌کر ڕه‌شید کارێکی تاکئه‌کته‌ری شه‌قامی ئه‌نجامداوه‌ له‌ سلێمانی و له‌ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م …’ ئاماژە بە چەند نموونەیەکیتر دەکات لەسلیمانی ،دەربەندیخان، هەولیرو شارەکانیتری کوردستاندا …

لەمبارەوە سەرنجتان بۆ مەسەلەیەکی لەڕوالەتدا سادەو بەلام لەناوەڕۆکدا گرنگ ڕاکیشم. لەسالی1986 پێشمەرگەی کۆمەلە ڕێکخراوی حزبی کۆمۆنیستی ئیران بووم، لە ئۆردگای مالومە شانۆگەریەکمان پێشەکەشکرد، کە لەنووسینی ڕێبوار مسلح و دەرهێنانی ڕێبوار عارفـ، بەناوی ’’مامە حەمە بوو بە کۆمۆنیست’’… بۆ سبەی نیوەڕۆ کاتیًک کە لە هۆلی نانخواردن دانیشتبووین دوو پیشمەرگەو پیاوێکی کەمێک بەتەمن هاتنە تەنیشتمەوەو دەستیانکرد بە نان خواردن… ئاگاداربووم مامە پیرەکە زوو زوو سەیریکی دەکرم، سەرئەنجام کەوتە قسەکردن لەگەلمدا… ووتی دوێنی زۆر بە ئاسانی منت گەراندەوە سەردەمی مندالی…منیش ووتم چۆن مامە گیان؟ ووتی بەلی کاتێک کە مندال بووم مالمان لەهەجیج بوو دواتر چووینە دەوربەری پاوە، ئەوکاتەی کە مندال بووین بەو شێوەی ئێوە هەندێک جار کەسانێک دەهاتن و بەهەمان شێوە نمایشیان دەکرد… قسەکەی یەکجار بۆ من سەرنجراکیش بوو، منیش کەوتمە دوان و بەدواچوون لەسەر باسەکەی … پاشان ووتم باشە مامە گیان تۆ باسی نمایشکردنی شانۆ دەکەیت لە هەجیج کەحەتمەن ئەوکات لادیەکی زۆر بچکتربوو، بەلام هەر بەراست شانۆ بوو یان کوڕوکاڵی ئاوای کۆدەبوونەوە و حیکایەتیان دەکرد.. لە وەلامدا ووتی وەلا ڕۆلە هەروەک ئەمەی ئێوە وابوو، تازە ئێوە لەم دەشت و دەرەدا بوو، ئەوەی ئەوان لە سەر سەکۆیەک بوو کە زۆرجار دەرویشەکانیش تیدا کۆدەبوونەوە زکرو خواپەرستیاندەکر.. بەدەم زەردەخەنەیەکەوە ووتی ئەگەر جیاوازیەک هەبووبیت، ئیوە باسی مامە حمە دەکەن کە چۆن دەبیت بە کۆمۆنیست و ئەوانیش باسی خواپەرستی عبادەتیان دەکرد…ئەم دەربرین و زانیاریە ماوەیەکی زۆر منی خستە سەر کەلکەلەی ناسینی ئەوجۆرە شانۆیەو بەلام بێفایدەبوو…تادواتر پاش تیپەربوونی 20 سالیک برای بەریزم کاک (حەکیم مەلا سالح)م لەکوردستان بینیەوە،
ئەیش بەدەر لەوەی کە چەندین لیکولینەوەو باسی میژووی هەیە، هاوکات یەکیک کە هونەمەندەدیارەکانی شاری هەلەبجە بوو لە خەفتاکاندا… بەهەمان شێوە ئەویش لەو دیدارەدا باسی ئەوەیکرد کە چۆن لە دوای شەڕی جیهانی دووهەمەوە لەهەندی ناوچەی هەورامان و بەتایبەت لە هەجیج شانۆیان لە تەقسی خواپەرستی و ئاینیدا نمایشکردوە…بائەم میژووە دیرینترە لیرەدا راگرین و بینەوە سەر باسەکەی کاک نیهاد سەبارەت بەمیژووی شانۆی شەقام لە هەلەبجە.

بەبروای من پیموایە مێژووی شانۆی گەر لە هەر فرمێکی جیاوازیشدا بووبیت دەگەریتەوە بۆ قۆناغگەلێکی زۆر دوورترو کەمیک گۆمانم هەیە لەو سەردەمەی کە کاک نیهاد ئاماژەی پیدەکات. نەک تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو مێژووەم بەلاوە دەقیق نەبێت، بەڵکو جیاواز لەوە لایەنی کەم ئەوەندەی کە بۆ خۆم بەشداریم تیداکردوەو ئاگادارم لەهەمان شاری هەلەبجەدا لەسالانی 1976 تا 77 چەندین جار لە لاکۆن و کەلاوەکانی هەلەبجەدا شانۆگەریمان پیشکەشکردوە. لەمەش زیاتر من تارمای هەمان ئەو رۆژانەم لەیادە کە لە ئازاری سالی 1970 یان 71دا لە گەرەکی ئەوکاتی شەهیدانی هەلەبجە بەهەمان شیوە شانۆگەری شەقامیان پیشکەشکرد. لەپال ئەمەشدا ئەگەر بماویت ئاماژەیەکی دوورتر بکەم بەم جۆرە نمایشانە دەبیت بگەریمەوە بۆ سالانی کۆتای پەنجاکان کە ئەو کات بە بۆنەی یەکی ئایارەوە لە تەویلە لەم جۆرە شانۆگەریانەیان پیشکەشکردوە.
جیاواز لەمەش دیویکیتری ئەو میژووەی کە کاک نیهاد ئاماژەی پیدەکات دروست قۆناغی سەرهەلدانی و گەشەکردنی شانۆی شەقامە ’’ڕۆژهەڵاتی کوردستان’’ ناوەندی ئاوڕدانەوەو دەستپیشخەریی بووە لە شانۆی سەرشەقامدا. ئەم جرەقەیە سەرەتا لەسالەکانی دوای 1990دا بەدیکرا. دەکریت بلین شانۆکارانی مەریوان، لەم بوارەدا پشکی شیریان بەردەکەویت کە لە کۆتای سالانی نەوەدەکانەوە هەستان بە بەرپاکردنی فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، کە دواتر نەک هەر لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەلاتی کوردستان ئەم جۆرە شانۆی شەقام تەنیەوە، بەلکو لە زۆریک لە شارەکانی ئیرانیشی گرتەوەو دواتر فیستیڤالەکانیان تیپ و هونەرمەندانی تری پارچەکانیتری کوردستانیشی پەلکیشکرد بەدوای خۆیداو بەمانایەک فیستفالەکانیان ناوچەیتر بووەوە. تازە لە چاوپیکەوتنیکدا کە رۆژنامەی کوردستان لەگەل به‌ڕێز جه‌مشید به‌هرامی شاره‌زای بواری شانۆ سازداوه‌، باس لەوە دەکات کە لەم فیستیفالانەدا هونەرمەندان و شانۆکارانی بەشێک لەولاتانی ئەوروپاش بەشداریان تیداکردوە.*

بۆیە دواتر لەمبارەوە دەڵێم ئەگەر کاک نیهاد نمایشکردنی بەرهەمەکانی ئه‌سخیلۆس، یۆرپیدس ،سۆفۆ کلییس لە یونان بەبەشێک لە سەرەتای سەرهەلدانی مێژووی شانۆی یونان بزانیت، ئەوا دەکرێت بۆ ناسینی و دلنیابوونمان لە میژووی شانۆی شەقام لەکوردستانیشدا بەدواچوونیکی وردترو زیاتر بکەین لەو شانۆگەریانەی کە لە ناوچەکانی ترو بەتایەبت لە هەورامان و هەجیجدا بەرپاکراوە کە هەرئێستە سەرەداوگەلێکمان لەبەردەستدایە.

لیرەوە ئەگەر ئەو دەربرینەی کاک نیهاد بەهەندوەرگرین کە دەنووسیت’’ له‌دایک بوونی شانۆیه‌ ده‌کرێت له‌دوو ئاستدا بیبینین له‌لایه‌ک وه‌ک خواستێکی کۆمه‌ڵگا به‌تایبه‌ت له‌چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان که‌ شاتۆکارانی ناچارکرد بڕژێنه‌ شه‌قامه‌کان و له‌وێ خواستی کۆمه‌ڵگا بخه‌نه‌ ڕوو، ئاستی دووه‌م په‌یوه‌سته‌ به‌ ئایدیۆلۆژیا کردنی شانۆ به‌و پێیه‌ی ئه‌و شانۆیه‌ مه‌رامێکی سیاسی ڕوونی له‌ پشته‌’’. لەپال ئەوەشدا کە ئەم بۆچونەم بەلاوە دروستە، بەلام نامەویت واحالیبم لە کاک نیهاد کە گوایە پیوایە دیواریکی چین هەیە لەنیوان سیاسەت و ئایدۆلۆژی و شانۆدا. کاتیک کە شانۆ مەکۆی رەنگدانەوەی باسوخواست و کیشمەکیشەکانی ناو کۆمەلگا بیت، بەدلنیا شانۆ شانۆکارانیش بەهەمان تونیلدا تیپەردەبن. گرنگ ئەوەیە ئەو کردەیە بەچ رادەیەک و لە چ ئاستیکدا وەلامی پرسیارەکانی رۆژو بە پاراستنی نازمەی هونەریکی خولقینەرو لەزەتبەخش داوەتەوە.

دواجار ئەوەی بەلای منەوە جیگەی پرسیارە ئەوەیە کە تۆبلی لەو قۆناغەدا کە شانۆی گەرەک لە گروگالدایە دەرفەتێکی زیاتر دەرخسینیت بۆ ئەوەی کە بەناچار پەرستگاکان بکرینە دەروازەی نمایشکردنی شانۆگەریەکان لە تەقسیکی ئاینداو، دواتریش لەو قۆناغەدا کە ستەم و چەوسانەوەیەکی یەکجار زۆرتر لەگورۆیدایە دووبارە لە بارودۆخیکدا کە کۆمەلگا ڕەنج دەبات لە هەڵکشانی ستەم و چەوسانەوەو نەبوونی ماف و ئازادیەکانیان بەتایبەت ئازادی بەیان و بیرورادەربرین، ڕەنگە وا لە شانۆکاران بکات کە لە دەرەوەی ئەو بزوتنەوە تەقلیدیەی کە نزیک بە سەدەیەکە لە کۆمەلگای ئیمەدا دەستبردن بۆ چەکی وەک سەرەکیترین و یان تەنیا ریگە لەقەلەمدات، ئەوا هونەرمەندانیش بۆ نیشاندان و جەختکردنەوە لە ریگەیەکی شارستانیانەو کارا رەنگە دەنگی نارەزایەتیەکانی خەلک بەشیوەیەکتر لە سەر سەکۆی شانۆکان بەرزکەنەوە تا کۆمەلگا بەرەو ئایندەیەکی باشتر بەرن.

ئەم بابەتە لە مالپەری شانۆکاردا بلاوکراوەتەوە!

تیبینیەک لەسەر وینەکان
وینەی یەکەم/ ناوشاری تەویلەیە لە یەکی ئایاری 1958 کە شانۆگەری تیدا پیشکەشکراوە
وینەی دووهەم/ بەهادین حاجی بەکر لە دەوری مەلا مارفدا،هەروەها ئەوکەسەی تەنیشتم، سەلام تۆفیفی مختار.

وینەی سیهەم / ئەوە بەریزانةي لەم وینەیەدان بريتين، لە پیالَە بەدەستەكە، فەرهەنگی حەمەی سمائیل، سەر کورسیەکە خۆم (/ بەهادین حاجی بەکر ) ئەولاتر، لە پشتەوە ئەحمەد شاسوار، ناوەراست ئیحسان شیخ حەسن، لای راستەوە فواد حەمەفەرج نانەوا




كێشەی شانۆی كوردی ئەكتەرە یا دەرهێنەر؟… حه يده‌ر عه‌بدولره‌حمان

لە شانۆی كوردی دا ناتوانین نكۆڵی لەوەدا بكەین كە كێشەی ئەكتەرو كێشەی دەرهێنەر دوو كێشەی ریشەیین، سەرباری دەیان كێشەی دیكەی بواری پسپۆری لە تەكنیك و كاری هونەریی و سینۆگرافی،بەڵام هەر یەكەیان بە رێژەیەكی جیاواز لە یەكتر،بەڵام ئەگەر بپرسین كامەیان لەوی دیكەیان لە پێشترە بۆ شانۆ،ئەوە دیارە كە كاری شانۆیی كارێكی هەمە هەنگیەو هەموو پێكهاتەكانی لە رەچەڵەكدا تەواوكەری یەكترن بەڵام دەرهێنەر لە پێشەوەی هەموو ئەوانی دیكەدا دەبینین ،چونكە دەرهێنەر پێشەنگی كارو بونیاتنەرو و بزوێنەری بنەڕەتی دروست بوونی نمایشی شانۆییە.
ئەكتەریش هەرچەندی پڕ لە بەهرە بێت بە بێ دەرهێنەر دروست نابێت وەك دەرهێنەریش بە بێ ئەكتەری بە توانا ناتوانێت گوتاری هونەریی خۆیت پێ بگەیەنێت چەند ئەوەندەی بە دەسەڵات بێت ،ئەوەتا دەرهێنەرە ناودارەكان هەمیشە پەنا بۆ ئەو ئەكتەرە بە توانستانە دەبەن كە لە فەزای سینۆگرافیایێكی سیحراوی و شانۆ پڕ دەكەن لە داهێنانی جوان بۆ سرنج راكێشانی بینەرو نغرۆبوونی لە نیو فانتازیای نواندندا .
زۆر جاران دركمان بەوە كردووە كە دەرهێنەرێكی بە تواناو خاوەن ئەزموون چۆن بە هۆی ئەكتەرێكی بێ توانا شكستی خواردووە، یا بە پێچەوانەشەوە هەندێ ئەكتەری بە توانا لەژێر دكتاتۆریەتی هەندێ دەرهێنەری لاوازدا توانستەكانیان تواوەتەوە و فەشەلیان هێناوە ، كەواتە نمایشی سەركەوتوو لە سۆنگەو دەسەلاچت و فانتازیای هەردوو توانادا بەرجەستە دەبێ رەنگە دەرهێنەر لە رەحمی ئەكتەرەوە دروست نەبێت و هەرگیزیش وەك ئەكتەر نەچوبێتە سەر شان بەڵام ئەو بەهرەو زانست و مەعریفەییەی هەیەتی ئەو دەسەڵاتەی دەداتێ كە كەبتوانێت بە تێڕوانینی خۆیەوە ئەكتەر بەڕێوە ببات ، یا دروستی بكات .

لە رابووردوودا دەرهێنەرانی ئێمە بۆ پەروەردە كردن و ئامادە كردنی ئەكتەر تەنها ئەكتەریان فێری نواندن كردووە و ئەو ئامرازە زانستییە شانۆییانەیان بە دەستەوە نەبووە كە خەسڵەتەكانی ئەكتەری تێدا فەراهەم بكەن لە رووی جەستەیی و دەنگ و ئیلقاوئەداو هونەرەكانی دیكەی ئەكتەرەوە ..بۆیە دەستەپاچە بوونە لە دروست كردنی ئەكتەری هاوچاخی ئەكادیمی لە رێگەی لابورو وۆرك شۆپ و راهێنانی جەستەیی بەردەوام،ئەم فۆرمە تەقلیدییە هەر تەنها بە زۆرینەی ئەكتەرەكانی ئێمەدا وەنەنووساوە ، بگرە دەرهێنەرەكانیشمان ، بە دەر لە ژمارەیەكیان نەبێت كە دەرچووی ئەكادیمیای شانۆیی بەغدا بوونە و شانۆی كوردی پشتی پێ بەستوون ، نەبوونەتە ئەو دەرهێنەرە پرۆفیشنالانە كە توانای دروست كردنی ئەكتەریان بووبێت بە شێوەیەكی زانستی .

تا دوای راپەڕین هیچ ئەكادیمیایێكی شانۆیی لە كوردستاندا نەبووە بۆ گەشە پێدانی شانۆی كوردی لە رووی فۆرم و شێوەدا،ئەوانەش كە لە بەغدا دەردەچوون ژمارەیان بە پەنجەی دەست ژماردراون،بۆیە ئەو كاریگەرییە بنەڕەتیەیان بە سەر گۆڕینی توخمە ئۆرگانیكییەكانی شانۆوە نەبووە،سەرچاوەی كاركردنیان تەنها ئەو تیپە شانۆییانە بووە كە ئارەزوومەندانی شانۆ لە دەورییدا گردبوونەتەوە
دەرهێنەرانی ئێمە چونكە دوور بوونە لە شانۆی جیهانیی و بێ ئاگا بوونە لە پێشكەوتنەكانی شانۆو فۆرمە نوێ ی و ستایلە هاوچاخەكانی ،هەمیشە دوورە پەرێز بوونە لەو پێشكەوتنە و تەنیا پشتییان بە ئەزموونە ناوخۆییەكانەوە بەستووە كە نەیان توانیووە ئیزافەی نوێ ببەخشن و مەودای تێڕوانینی ئەو دەرهێنەرانە پەرە پێ بدەن .

دەرهێنەر كاتێك دەتوانێت ئیزافە دروست كات كە توانی بەر لە دروست كردنی نمایش ، خۆی دروست بكات،ئاشنا بە ئەزموونی نوێ ی جیهانیی بێت و چەندین وۆرك شۆپی بینیبێت ، لە خوێندنی ئەكادیمی پێشكەوتووی خۆیدا فێری وەزیفەی دەرهێنان و چۆنیەتی دروست كردنی ئەكتەرو ئامادەكاری نمایشی شانۆیی بێت ، كاتێك دەیەوێت شانۆگەریەكی چیخەف ئامادە بكات ،بزانێت ستایلەكانی چیخەف چۆنە و چیخەف چ جوداییەكی هەیە لە گەڵ مایرهۆلد و برێخت و ستانسلافسكی و ئەوانی تر،ئەگەر نا گوناهە دەرهێنەرێك كار لە شكسپیر بكات و نەزانێ تایبەتمەندییەتی شكسپیر چیە و لە ژیانیشیدا شانۆگەرییەكی شكسپیریشی نەدیبێ ، ئایا ئەكتەرێكی كورد ئەگەر دەرهێنەرەكەی ئاشنا بە شكسپیر نەبوو بێت چۆن دەتوانێت لە شكسپیر بگات و كاراكتەرێكی وەك ئۆتیللۆ بەرجەست بكات ، كە كاتی خۆی (لۆرانس ئۆلیڤیا) لە لابورە شانۆییەكانی بەریتانیا تەنها لە تۆنی دەنگ و ئیلقای دەنگی ئەوكاراكتەرەی شكسپیر بۆ ماوەی شەش مانگ خوێندویەتی
بۆیە ئەو دەرهێنەرانەی خاوەنی ئەوئەزموونە سادەو تەقلیدیەی چارەگە سەدەیەك پێش ئێستان و لە جیهانیی نوێ ی شانۆدا دابڕاون،لە دەسەڵاتی ئەواندا نیە بتوانن بە ریتمی ئەو سەردەمە نوێیەی شانۆ بڕۆن .

سەردەمی ئەمڕۆش وەك رابووردوو وەچەی نوێ ی خۆی پێیە ، لەوانەی كە هوشیارانە تر لە هەلو مەرجی رابووردوو دەتوانن هەڵسوكەوت لە گەڵ شانۆدا بكەن و فۆرمێكی نوێ بە شانۆ ببەخشن ، هەرچەند من دڵنیام كە هەر تەنها ئەكادیمیا شانۆییەكان سەرچاوە نین بۆ ئەو گۆڕانكارییە ، ئەوانیش ئێستاكە بە گشتی دووچاری قەیرانی ئەو مامۆستا شانۆكارانەن كە دەسەڵاتی پێگەیاندنی قوتابیە ئەكادیمییەكانیان هەبێت ،ئەو مامۆستایانەی بە مامۆستای شانۆ ناوزەد كراون،كەچی دەسەڵاتی خۆ پێگەیاندنی خۆیان نیە نەك قوتابیەكانیان،تەنیا چەند مامۆستایەك نەبێت كە ژمارەیەك لەو قوتابیە بەهرەمەندانەیان لە بواری دەرهێنان و ئەكتەری دا جۆش داوەو ئامادەكارییەكی تەندروستیان بۆ كراوە،بەڵام دامەزراوە ئەكادیمییەكان هەر بەوەندە ناتوانن دەرهێنەرو ئەكتەر بۆ شانۆ دروست بكەن،ئەگەر ئەو قوتابیە بەهرەمەندانە ئاشنا بە ئەزموونی نوێ نەكەن،وەك چۆن قوتابیانی بەشی ئەڵمانی و توركی قۆناغی چوار كە ساڵانە دەنێردرێنە دەرەوەیوڵات بۆ فێر بوون،بەهەمان شێوەش ئەو قوتابیە شانۆكارانە رەوانەی ئەوروپا بكرێن بۆ بینینی خولی راهێنان و وۆرك شۆپی زانستی و بینینی بەرهەمی بیانی ، یاخود ئەو دەرهێنەرو راهێنەرە جیهانیانە بانگهێشتی كوردستان بكرێن بۆ ئەوەی ئەو قوتابیانە لە ئەزموونی نوێ ی پراكتیكی شانۆ بە تایبەت لە رووی ئامادەكردنی جەستەو فیزیكی جەستەو دەنگ و ئیلقاو نواندنەوە..

نەك هەر قوتابیەكان بگرە مامۆستایانی شانۆ زێتر پێویستییان بە دەوڵەمەند كردنی ئەزموون هەیە ، بۆیە وا دەخوازێ كە لە چوارچیوەی پەیوەندییە ئەكادیمیە نێو دەوڵەتیەكان رەوانەی دەرەوە بكرێن و لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی شانۆدا خوێندنی خۆیان پەرە پێ بدەن ، وەك چۆن لە هەشتاكاندا د. سەلاح قەسەب مامۆستای ئەكادیمیای شانۆیی لەكاتی خوێندنیدا لە یوگسلافیا شانۆیی ( وێنە) ی گواستەوە ئێراق .

هەروەها دەكرێت ئەكادیمیا شانۆییەكانی ئێمە سوود لە ئەزموونیی جیهانیی كەسانی پسپۆری وەك د. فازڵ جاف ، نیگارحەسیب قەرەداغی ،شەماڵ عومەر ، ديار عومه ر ببینن بۆ سازدانی وۆرك شۆپ و دروست كردنی لابوور لە كوردستاندا ، وەك چۆن ئەو زاتانە ئێستاكە بە بەردەوامی ئەو وۆرك شۆپانە لە وڵاتانی جیهان ساز دەكەن ، بە هەمان شێوەش كوردستان سوود لە ئەزموونی ئەو پسپۆرانە وەربگرێ .

دەكرێ لە سەر ئاستی تاك ئاماژە بەوە بدەین كە لەو ماوەیەدا هەندێ لە دەرهێنەرە لاوەكانمان هەوڵی دروست كردنی روخساری نوێیان داوە و چەندین ئەكتەری كوڕوكچیان بە توانستێكی ئەرێنیانە هێناوەتە سەرشانۆو بەو نمایش و فۆرمانەی لە سەر شانۆدا بەرجەستەیان كردووە ، دەسەڵاتی لێهاتووانەی ئەو دەرهێنەرە لاوانە سەلمێنراوە لە رووی دروست كردنی ئەكتەرەوە ، ئەودەرهێنەرانە پێیان وایە كە هەندێ ئەكتەری سواوی لە قالب دراو ، ناتوانن بە جەستەو ئەدا گوتاری دەرهێنەرەكان لە سەرشانۆدا بگەیننە بینەر ..بۆیە ئەكتەر لە كەرەستە خاوەكانی جەستە دروست دەكەن و بەو شێوەیەش تەوزیفی دەكەن كە ئەوان دەیانەوێت ، لە هەمان كاتیشدا ئەو دەرهێنەرانە جگە لە پێشكەش كردنی نمایشێكی شانۆیی ئەركێكی قورسترو سەخت و دژوارتر دەگرنە ئەستۆی خۆیان كە ئەویش دروست كردنی ئەكتەری نوێ و روخساری نوێیە .. دەشیسەلمێنن كە ئێمە دەسەڵاتی گۆڕینی خوێنی شانۆی كوردیمان هەیە




سه‌ربورده‌ی موزیك له‌گه‌ڵ شانۆدا … حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

موزیك كه‌ هه‌میشه‌ پێكهاته‌یه‌كی گرنگی شانۆ بووه‌،له‌ رابووردوو له‌ ئێستاشدا گرنگی خۆی هه‌بووه‌ لای شانۆكاران،سه‌ربورده‌ی موزیك له‌گه‌ڵ شانۆشدا سه‌ربورده‌یه‌كی دێرینه‌و هه‌زاران ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ موزیك و شانۆ ئاشنا به‌یه‌كتر بوونه‌،پێش ئه‌و ئاشنابوونه‌ش، شانۆی (پانتۆمایم) یا شانۆی ئاماژه‌ هه‌بووه‌،له‌و ساتانه‌ی كه‌ هونه‌ری گریكی كۆن تازه‌ چه‌كه‌ره‌ی ده‌كردو دیالۆگ له‌ شانۆدا بوونی نه‌بوو،له‌جیاتی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ وهێمای جه‌سته‌یی شوێنی دیالۆگیان ده‌گرته‌وه‌،له‌ رووی لاسایی كردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كان،یالاسایی كردنه‌وه‌ی سروشت،به‌شێوه‌یه‌كی كۆمێدی گاڵته‌ئامێز بۆ ختووكه‌دان و به‌پێكه‌نین هێنانی بینه‌ر،دوای ئه‌و قۆناغه‌ به‌ ماوه‌یه‌ك ئه‌وجا شانۆگه‌ریی به‌ده‌نگ سه‌ری هه‌ڵدا،به‌هه‌ردوو جۆری كۆمیدی و تراژیدییه‌وه‌،له‌و جۆره‌ شانۆگه‌رییانه‌ش به‌پێویست ده‌زانرا كه‌ ره‌گه‌زێكی گۆرانی (سروود ) ئاوێته‌ی ئه‌و شانۆگه‌رییانه‌ بكرێ‌،كه‌ به‌ده‌نگی (كۆرس) ده‌وترانه‌وه‌،هه‌ندێ جار ئه‌و سروودانه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێ نووسه‌ره‌وه‌ ده‌نوسران،كه‌ خۆیان ئه‌كته‌ر نه‌بوون، یاخود ئه‌كته‌ربوون و شاره‌زاییان له‌ كاری درامیدا هه‌بوو،تا ئه‌و كاته‌ش هێشتا وه‌ك پێویست درك به‌زه‌رووره‌تی موزیك نه‌ده‌كرا له‌ شانۆدا،ته‌نیا هه‌ر پشت به‌ كۆرس ده‌به‌سترا،به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی (كۆرس) له‌شانۆگه‌رییه‌كانی یۆرپیدس و سۆفوكلیس و ئه‌ره‌ستۆفانس ـ ی گریكی،ئه‌وجا درك به‌زه‌رووره‌تی موزیك كرا،له‌پاڵ ئه‌و كۆرسانه‌دا موزیك خزایه‌ ناو شانۆ،ئه‌و كاته‌ به‌ته‌واوه‌تی هه‌ست به‌وه‌ كرا كه‌ بۆی هه‌یه‌ موزیك شوێنێكی دیار له‌كاری درامیدا پڕبكاته‌وه‌،یا ئیزافه‌یه‌كی دیكه‌ بخاته‌ سه‌ر ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی شانۆ و ببێته‌ فاكته‌رێكی دیكه‌ی سه‌ره‌كی بۆ لێك نزیكبوونه‌وه‌ی بینه‌ر به‌شانۆ و ره‌خساندنی دینامیكیه‌تی سه‌رنجڕاكێشانی بینه‌ر به‌چاوو به‌گوێ و هه‌موو هه‌سته‌كانی دیكه‌،له‌وانه‌ش هه‌سته‌ رۆحییه‌كان كه‌ كاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر ویژدان و هه‌ست و ده‌روونی بینه‌ردا به‌جێ دێلن،شاعیره‌ گریكه‌كان كه‌سانی نابه‌ڵه‌د نه‌بوون به‌موزیك،له‌و كاته‌دا كه‌ فه‌یله‌سوف و نووسه‌ر بوون له‌هه‌مان كاتدا هۆشیارییه‌كی تێرو ته‌سه‌لیان له‌ موزیكیشدا هه‌بوو،هه‌ندێك له‌وان خۆیان ئاوازو موزیكییان بۆ به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان داده‌نا،ئه‌و تێك هه‌ڵكێشانه‌ی نێوان شانۆ و موزیك تا سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی (ئۆپێرا) و بووژانه‌وه‌ی ئیتاڵیا به‌رده‌وام بوو، ئه‌وكاته‌ پێوه‌ندیی موزیك و شانۆ كه‌وته‌ قۆناغێكی دیكه‌ی هونه‌ریی و زانستی و بناغه‌یه‌كی پته‌وتر بۆ شانۆ و موزیك داڕێژرا،به‌ چه‌شنێك كه‌ جۆرێك له‌ جودایی هه‌بێت له‌گه‌ڵ قۆناغه‌ ره‌مه‌كیی و میللیه‌كانی رابردووی موزیك له‌شانۆدا، ئه‌وه‌بوو ئۆپێرا- شانۆی گۆرانی كه‌ جۆری سیسته‌می ئه‌و شانۆگه‌رییانه‌ بوونه‌ له‌دوای پانتۆمایم و سروود و كۆر س له‌ چاخه‌كانی ناوه‌ڕاستدا سه‌ریان هه‌ڵدا یه‌وه‌،یه‌كه‌م ئۆپێراش ساڵی (1597) له‌شاری فلوره‌نسای ئیتاڵی دا پێشكه‌ش كرا،پاشان هه‌ر ئه‌و ئۆپێرایه‌په‌ره‌ی سه‌ندو چه‌ندین شاكاری گه‌وره‌ی جیهانیی ئۆپێرایی لێكه‌وته‌وه‌،له‌وانه‌ش (زیخگرید) (تانهاوزر) (بارسیگال) جگه‌ له‌و شاكارانه‌ چه‌ندین ئۆپێرای دیكه‌ له‌و بواره‌دا ناوبانگیان ده‌ركرد له‌وانه‌ش (سه‌رتاشی ئه‌شبیلیه‌ی رۆسینی ) (خوازبێنی فیگارۆ) و (شمشاڵی ئه‌فسوناویی مۆزارت) و فیدیلیوی هه‌تیوی بتهۆڤن و جیناف ـ شۆپان و زۆر ئۆپێرای دیكه‌ش كه‌له‌ جوغزی كاری نمایشی ده‌رده‌چوون،به‌ڵام هونه‌ری چواره‌می شانۆ ( بالێ ) ی شانۆی سه‌مایی بوو، بۆیه‌ ئه‌و شانۆگه‌رییانه‌ی كه‌پشت به‌سه‌ما ده‌به‌ستن له‌ دیالۆَگ دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌،تێیدا موزیك ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ بزووتنه‌وه‌ی سه‌ماكاره‌كان،ئه‌م جۆره‌ شانۆگه‌رییانه‌ سه‌ره‌تا له‌ رووسیای قه‌یسه‌ری دا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌،پاشان گوازرانه‌وه‌ ئه‌مریكا و هه‌ندێك وڵاتی ئه‌وروپی،له‌وانه‌ش بالییه‌كانی چایكۆفسكی وه‌ك بوندوق شكێن و ده‌ریاچه‌، هه‌روه‌ها لومسكی كۆرساكۆف ـ شه‌هره‌زادو لایكۆرسترافنسكی بتروشكا و شۆستا كۆفتیش سووره‌ ره‌ش،دواتر جۆری پێنجه‌می ئه‌و شانۆگه‌رییانه‌ شانۆگه‌ریی نوانددن بوو كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ چه‌كه‌ره‌ كردنی نووسینی شانۆییدا هاته‌ كایه‌وه‌ و تا ئه‌مڕۆ كه‌شی له‌گه‌ڵدا بێت درێژه‌ی هه‌یه‌و شوێنی ئۆپێراو بالێی گرته‌وه‌ .

ره‌خنه‌گره‌كان به‌تێكڕ ایی وای بۆ ده‌چن كه‌ كارێكی ئاسته‌م بۆ شانۆگه‌رییه‌ گریكییه‌ كۆنه‌كان وه‌ك تراژیدییه‌ مه‌رگه‌ساته‌كانی یۆرپیدس و كۆمیدیاكانی ئه‌ره‌ستۆفانس به‌بێ موزیك ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌یان هه‌بووبێت نرخ و به‌هایه‌كی هونه‌ری تێروته‌سه‌لی شانۆیی به‌بینه‌ر ببه‌خشن ،بۆیه‌ ئه‌گه‌ر موزیك ئه‌وكاته‌ و له‌وسه‌رده‌مه‌ وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كی سه‌رهه‌ڵدانی شانۆ ئه‌و بایه‌خه‌ی پێ درابێت ،ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌مڕۆ دوای تێپه‌ربوونی ئه‌و زمه‌نه‌ تێرو چڕو پره‌ی پڕ له‌داهێنان و ململانێی جۆراو جۆری ته‌وژم و رێبازه‌ جیا جیاكانی شانۆ ، موزیك چ پله‌وپایه‌كی له‌شانۆدا په‌یدا كردبێت ؟ دیاره‌ پێویستی شانۆ بۆ موزیك له‌ته‌شه‌نه‌ سه‌ند ندا بووه‌، ده‌رهێنه‌ره‌ گه‌وره‌كانیش بۆیان یه‌كالا بۆته‌وه‌ كه‌به‌بێ موزیك ناتوانن شانۆیه‌كی زیندوو پێشكه‌ش بكه‌ن ، چونكه‌ ئه‌وان گه‌شتنه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ شانۆ په‌یوه‌ستبوونێكی راسته‌وخۆ و بنه‌ڕه‌تی به‌و كه‌شوهه‌وا ده‌وونییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر دروستی ده‌كات ، بۆ لێك نزیكبونه‌وه‌ی بینه‌ر به‌شانۆو ئاوێته‌ بوونی له‌گه‌ڵ رووداو و كاراكته‌ره‌كاندا ،بۆیه‌شه‌ گه‌وره‌ ده‌رهێنه‌ره‌كانی وه‌ك ڤاگنه‌ر ، بیته‌ر فایس ، برێخت ، چیخه‌ف ،ستانسلاڤسكی ،ئارتۆ ،تا ده‌گاته‌ بیته‌ر بروك ،بایه‌خێكی زۆریان به‌موزیك داوه‌و زۆر له‌ خواسته‌كانی خۆیان به‌ موزیك به‌رجه‌سته‌ كردووه‌ ،كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و خواست و تێڕوانینانه‌ نه‌ به‌ دیالۆگ نه‌به‌ جووله‌و بزووتنه‌وه‌ی شانۆیی نه‌ده‌هاتنه‌ دی ,،زۆر له‌و نووسه‌رو ده‌رهێنه‌رانه‌ كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆیان موزیك ژه‌ن بوون ،به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ژیانی هونه‌ریی پڕ له‌داهێنانی ئه‌وانه‌وه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ ،له‌وانه‌ش پۆشكین له‌مۆزارت و سالێری ، كه‌موزیك سه‌راپای شانۆگه‌رییه‌كه‌ داده‌پۆشێ و كه‌شوهه‌وایه‌ك له‌بلیمه‌تیی موزیكژه‌نه‌كان نیشانده‌دات . هه‌روه‌ها لای برێخت –موزیك هه‌مان گرنگی هه‌بووه‌ چه‌ندین له‌شانۆگه‌رییه‌كانی پشتیان به‌ موزیك به‌ستووه‌ ،له‌وانه‌ش شانۆگه‌ریی ته‌پڵی شه‌وان ئۆپێرای سێ قڕۆشه‌كه‌، دایكی ئازا ، موزیك له‌و شانۆییانه‌دا هه‌ر ته‌نیا شوێنه‌وارو كاریگه‌ریی خۆی به‌سه‌ر بینه‌ردا به‌جێ ناهێلێ به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ی كه‌یاریده‌ی ئه‌كته‌ریش ده‌دات بۆ ره‌خساندنی ئه‌و كه‌شوهه‌وا ده‌روونییه‌ی وای لێ ده‌كات بتوانێت رۆلی خۆی به‌داهێنانه‌وه‌ ببینێ ،چونكه‌ ئه‌كته‌ریش وه‌ك بینه‌ر پێویستی به‌ره‌خساندنی ئه‌و كه‌شوهه‌وا ده‌روونییه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌وروبه‌رو كۆمه‌ڵێ فاكته‌ری دیكه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ده‌وره‌كه‌ی ببنه‌ یاریده‌ده‌رو پاڵپشتی ،ئه‌وه‌تا ترفستۆكۆف ده‌لێت :

ئه‌گه‌ر وامان مه‌زنده‌ كرد كه‌ی هونه‌ری شانۆیی ئۆركسترایه‌كی سیمفۆنیاییه‌ تیایدا موزیك ده‌بێته‌ ئامێرێك له‌ ئامێره‌كانی ئه‌و ئۆركسترایه‌،بۆیه‌ پێویسته‌ موزیك په‌یوه‌ست بێت له‌گه‌ڵ هه‌مووئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی كه‌له‌شانۆدا ده‌بیندرێن ،كه‌واته‌ موزیك پارچه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌مووان وبه‌بێ‌ ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی شانۆیی هیچی له‌ده‌ست نایه‌ت ، مایرهۆڵد یش وای بۆ ده‌چێت كه‌ ئه‌گه‌ر شانۆگه‌رییه‌ك پێویستی به‌ موزیك هه‌بوو ئه‌وا ده‌بێت جێگه‌ی شیاوی خۆی بۆ بدۆزرێته‌وه‌ ، ئالن دانیلۆ ده‌ڵێت : موزیك فاكته‌رێكی تێگه‌یشتنی كاری بیرو بۆچوونه‌كانی ئێمه‌یه‌ ئه‌و كاریگه‌رییه‌ ئه‌خلاقییه‌ی دێته‌ ئه‌نجام كارێكی واده‌كات كه‌ هه‌ستی مرۆیی بنیاده‌م پاك وبێ گه‌ردتربێت ،هه‌روه‌ها زانا دسكی ریش ـ وای بۆده‌چێت كه‌ موزیك یاریده‌ری ده‌رهینه‌ر ده‌دات بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی وێنه‌و ریتمی شانۆگه‌رییه‌كه‌.
سایكۆلۆژناسه‌كانیش وای لێك ده‌ده‌نه‌وه‌ ، كه‌ موزیك له‌ شانۆدا هه‌ر ته‌نها كاریگه‌ری له‌ سه‌ر ریتمی شانۆو حاڵه‌تی ده‌روونیی ئه‌كته‌ر نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌دایێكی باشتر بكاوپتر له‌ رووداوو به‌رجه‌سته‌ كردنی كاراكته‌ره‌كانی نزیك بێته‌وه‌ ، به‌ڵكو به‌ هه‌مان شێوه‌ زێتر كاریگه‌ریی له‌ سه‌ر حاڵه‌تی ده‌روونیی بینه‌ر هه‌یه‌ كه‌ رووداوه‌كانی سه‌ر شانۆ وه‌ك خۆی ببینێ‌ ، له‌ هه‌مان كاتدا چێژێكی رۆحی به‌ بینه‌ر ببه‌خشێت.

جیۆكارلین ـ ی گه‌وره‌ ده‌رهێنه‌ری به‌ریتانی ده‌ڵێت : دیالۆگ كاتێك فه‌لسه‌فیه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت و كاریگه‌ریی خۆی له‌ مێشكی بنیاده‌مدا به‌ جێ‌ دێلێ‌ كه‌ موزیك به‌رجه‌سته‌ی بكات و بخرێته‌ ناو چوارچیوه‌ی ریتم ، چونكه‌ جگه‌ له‌ ریتمی سروشتی ، ئێمه‌ له‌ شانۆدا پێویستیمان به‌ ریتمی دروست كراو هه‌یه‌ ، ئه‌و ریتمانه‌ن هێز به‌ وشه‌ ده‌به‌خشن و به‌رجه‌سته‌ی ده‌ورو به‌رو كه‌شو هه‌واو دیوی شاراوه‌ی دیمه‌نه‌كان و ناخی ئه‌كته‌ر ده‌كه‌ن .




كاریگەریی تێكست لەسەر رەوتی شانۆییدا … حەیدەر عەبدولرەحمان

راستە كە لە سەردەمی ئەمڕۆكەدا هەر تەنها تێكست بە تاقی تەنیا زمانی شانۆ نیەو گەلێك ئەلتەرناتیفی دیكەی كاریگەر هەن بۆ گەیاندنی گوتاری شانۆیی،لەوانەش جەستەی ئەكتەرو سینۆگرافیاو پێكهاتەكانی دیكەی شانۆ بە هەمان شێوە زمانێكی دیكەی نمایشن،ئەوەتا هەتا رۆژی ئەمڕۆكەی لەگەڵ دابێ ، شانۆی جیهانی ،هەمیشەپەنا بۆ تێكست دەبات لەكارە شانۆییەكانیدا،لەوانەش شاكارە مەزنەكانی شكسپیر و بیكیت و چیخەف و مولیر و میلەرو زۆربەی بلیمەتەكانی دیكەی شانۆ،بەردەوام لەسەر تەختەی شانۆ جیهانیەكاندا دەبیندرێن ، بەڵام مەرج نیە ئەو تێكستانە دەقاو دەق وەك خۆیان پێشكەش بكرێن،بەڵكو هەر دەرهێنەرێك بە ستایل و تێروانینی تایبەتی خۆیەوە رەفتاری هونەریی لەگەڵ ئەو تێكستانەدا دەكات، كە تێیدا مۆرك و تایبەتمەندی خۆیان وفەلسەفەو چێژی تایبەتی خۆیان بەبینەر بگەیەنن.

بینەری ئێمە چونكە كەمتر ئەزموونی لەگەڵ شانۆی جیهانیی و ستایلەجیاجیا كانی شانۆدا هەبووە ،پتر مەیلی لەو جۆرە ستایلانەدا هەیە كە ستایلی تەقلیدی و باون، یا زمانی تێگەیشتنیان سوكترو ئاسانترە لە زمانەكانی دیكەی شانۆیی،لە وانەش شانۆی واقعی و شانۆی ئاهەنگسازی،كە تێكستییان بە رەگەزێكی بنچینەیی زانیووە لەكاری شانۆییدا،كەچی لای هەندێ دەرهێنەری دیكەی شانۆیی تێكست نابێتە ئەو بنەما بنەڕەتیەی كە هەندێ لە شانۆكارەكان بۆی دەچن،یان ئەوانەی ئەلتەرناتیفی تێكستیان هەیە،وەك ئەلتەرناتیفی جەستەی ئەكتەر، سینۆگرافیا ، بەڵكو بوون ونەبوونی تێكست وەك یەك دەبینن ،لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بۆً ئێمە مانان، بوونی تێكست بەمانای دەوڵەند بوونی شانۆیە،چونكە شانۆی پێگەیشتوو ئەو شانۆیەیە كە تەواوی رەگەزەكانی شانۆیی بگرێتە خۆی،یان شانۆیەك نەبێت كە پارچەیەك لە پارچەكانی جەستەی ئیفلیج بووبێ‌ ، بینەری ئێمە بەگشتی، هەمیشە خوازیاری ئەوەیە كە شانۆ بە سپی كراوەیی ببینێ‌،كەمترمەیلی ئەوە دەكات كەلە جەستەی ئەكتەردا ئەو وشانە بخوێنێتەوە كە لە تێكسدا گوێ‌ ی لێ‌ دەبێت ،یا ئاستی تێگەیشتن و مەعریفی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەكە توانای خوێندنەوەی جەستە یا كەرەستەكانی دیكەی شانۆیی هەبێت ، لەبەر ئەوە رەنگە توانای هەزم كردنی زێتر بێت لەشانۆگەرییەكی دیكەی ئەزموونگەری،بەڵام درك بەوە دەكات كەهەندێ‌ لەو نمایشانە لەو نمایشە هاوچاخە زیندووانەن كە سیحرێكیان تێدایە،بەڵام ئەو نابەڵەدە بەو هونەرە سیحراوییە.

شانۆ جیهانیەكان توانیوویانە سوودێكی زۆر لە كولتوورو كەلە پووری خۆیان ببینن و ئەو سەروەت وسامانە نەتەوییانەی خۆیان لە ئەفسانە و چیرۆك و حیكایەتی میللی بە شێەوەیەكی هاوچاخانە بۆ شانۆكانیان بەرجەستە بكەن، بەڵام ئێمە ئەگەرچی لەوانیش دەولەمەندتر بووبین،ئەگەر لاوك و حەیران و چیرۆك و ئەفسانەكانمان پڕیش بووبن لە درامای كاریگەر ئەوە لە دەرەنجامی قەیرانی تێكست نووس نەمان توانیوە كەم و زۆر سوود لەو سامانە بە پێزەی خۆمان وەربگرین،بۆیە فاكتەری بنەڕەتی غیابی تێكستی هاوچاخانە، دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی ئەزموونی نوێی شانۆییمان،بۆیە هەوڵە كانی بەهاوچاخ بوونی شانۆ لای ئێمە ئەگەر هەبووبێت كەوتۆتە نێوان دوو بازنەوە : یەكەمیان زۆرینەی نمایشە نوێكانمان پتر پشتیان بە تێكستی بیانی بەستووە،دووهەمیان : كۆمەڵێكی تر لەوان پشتیان بە خۆیان بەستووە،بۆ پێك هێنانی (تێكستی كۆكتێڵی) كە لە لێك بەستنەوەی چەند كورتە قەسیدەیەك پێك هاتووە، وەك هەندێ‌ لە شانۆگەرییەكانی سدیق حوسێن و مەهدی حەسەن دا دەردەكەوێت ، ئەمەیان حاڵە تێكی چەسپاونیە،بەڵام رەنگ و خەسڵەتی تایبەتی خۆیان هەیە و لاوەكان پتر روو لەم شێوازە دەكەن بۆدەربڕین،ئەگەر چی نابنە چارەسەر بۆ بونیاتنانی تێكستی نوێ،چونكە لەو حاڵەتانەدا،دەرهێنەر پشت بە تێكست نابەستێت ، بەڵكو هەموو پارسەنگی خۆی دەخاتە سەر وێنەی شانۆیی وكەرەستە درامیەكانی دیكەی شانۆ ، وەك جەستەی ئەكتەر و رووناكی و موزیك و رەنگ ، دەرهێنەر دەیەوێت بە زمانی سینۆگرافیا كاریگەری سایكۆلۆژی و دارماتیكی خۆی لە سەر دەروون و رۆحی بینەردا بە جێ بێڵێ نەك بە دیالۆگ،كە بەلای ئەوانەوە دیالۆگ پتر بەلای هزردا دەشكێتەوە،ئەو كاریگەرییە دەروونیە سیحراویە لای بینەر دروست ناكەن،كە دەرهێنەر خوازیاریەتی .

قەیرانی تێكستی شانۆیی ئەمڕۆ نیە لە شانۆی كوردیدا سەرهەڵدەدا،چونكە لەوەتەی شانۆ لای ئێمە سەری هەڵداوە بە دەگمەن نووسەری تایبەتمەند بە نووسینی تێكستمان هەبووە،راستە جارەو بار لەملاو لەولا هەندێ هەوڵی سەرەتایی هەبوونی بۆ نووسینی تێكست،بەڵام كاریگەرییەكی ئەو تۆیان بەسەر رەوشی شانۆیی نەبووە،بەو جۆرەی كە بتوانن پارچەیەك لەو بۆشاییە بەرفراوانەی گۆرەپانی شانۆییمان پڕ كەنەوە،لە هەمان كاتدا ئەوانەی دەستیان لەكاری نووسین وەرداوە بۆ ئارەزوو بووە،نەك وەك پێشەیەكی سەرەكی و پسپۆر بە نووسین ، بەلگەشمان بۆئەو راستیە ئەوەیە ئەوەتا ئەو نووسەرانە بەردەوام نەبوونەو ئێستاكە زۆر ینەیان لەگۆڕەپانەكەدا بزر بوونە ، بەشێكی تر لەوانەی مومارەسەی كاری نووسینی تێكستیان كردووە ، دەرهێنەرەكان خۆیان بوونە، كەتوانای نووسینیان هەبووە ، بۆیە لەدەرەنجامی ئەو قەیرانەی هەبووە،پیشتیان بە خۆیان بەستووە بۆ شانۆگەرییەكانیان،بۆیە ئەگەر تێكست لە رابووردوودا لە ئاستەنگیكدا بووبێت،ئێستا قەوارەی ئەو ئاستەنگە زۆر لە جاران پتر هەڵا یساوە و بۆتە پارچەیەكی گەورەی نەخۆشیەكانی ئەمڕۆی شانۆ، فاكتەری سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیەش هەمدیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەلوو مەرجە تەنگەتاوەی ئەمڕۆكە شانۆ بە گشتی پییدا تێدەپەرێت،لەهەمان كاتدا ئەو فاكتەرە ئەرێنیانەی كەدەبنە هاندەر بۆ رووتێكردنە تێكست،ئەوەتا نەوەی نوێ‌ لە دەرەنجامی غیابی ئەو هاندانە بە هیچ شێوەیەك توخنی ئەو ئاقارەی نووسینی تێكست نەكەوتوون، وێڕای هەموو ئەمانەش هونەریی نووسینی هونەرێكی تایبەتەو لەو هونەرە باڵایانەیە كە كەم كەس دەسەڵاتی ئەوەی هەیە خۆی لە قەرەبدات،لەبەركەم ئەزموونی لەم بوارەدا،چونكە ئەوانەی دەیانەوێت بنووسین دەبێ لەدووسەردا شارەزاییان هەبێت ،لەبواری هونەریی و لە بواری ئەدەبی ،رەچاوی رەگەزە هونەرییەكانی شانۆ بكەن لە بواری دروست كردنی گری َو كاراكتەروو دابەش كردنی دیمەنی و دیالوگ و زۆر رەگەزی تر كە رەنگە نووسەرێكی گەورەی بواری ئەدەبی ئەگەر شارەزایی لەبواری نووسینی تێكسدا نەبێت دەسەڵاتی پێ نەشكێ‌،هەر بۆ یەش رەنگە چیرۆك نووسێك یان رۆمان نووسێكی بەتوانادەسەڵاتی نوسینی تێكستێكی شانۆیی نەبێت ، لەدەرەنجامی ئەو تایبەتمەندیەی كەشانۆ هەیەتی و ئەو مەودا فرەوانەی لە نێوان هەردووكیاندا هەیە.

تێكستیش وەك هەر هونەرێكی دیكە خۆ بە بڕیار دروست نابێت ئەگەر ئەو هونەرە زە مینەی بۆ خۆش نەكرێت و ئەو كەشووهەوایەی بۆ نەڕەخسێندرێت كە یاریدەری نەشوونووما بوون و دروست بوونی دەدەن، مەرج نیە شانۆ پابەند بێت بە تەنها فۆرم وشێوازێكی دیاری كراوو لە بازنەی ئەو شێوازەدا نەچێتە دەرەوە ،ئەمە كۆتووپێوەندێكە دەكرێتە ملی شانۆ و لە مەودای داهێنانی و پەلووپۆ هاوێشتنی شانۆ كەم دەكاتەوە بەرەو ئاقارەكانی داهێنان و سەر هەڵدان كاتێ شانۆ دەبێتە شانۆیەكی دەوڵەمەند كە رەنگاوڕە نگیەتی تێدابێت لە رێباز و ستایل و شێوازە جیا جیاكانییەوە،رەنگە لێك جودایی لە رێبازو ستایلدا هەم جۆرێك لە بۆڕبۆرین دروست بكات لە نێوان شانۆكاران ، كەلە دەرەنجامدا بە قازانجی شانۆ هەڵدەكەوێتەوە،هەم دەبێتە مایەی دەوڵەمەندبوونی شانۆ و بەدی هێنانی خواستە جۆراو جۆرەكانی شانۆ،چونكە بمانەوێت و نەمانەوێت هەر رێبازو ستایلێكی شانۆیی بینەری تایبەتی خۆی هەیە، ناكرێت حەزی هەندێ‌ لەبینەران بەدی بێت و حەزی هەندێكی دیكە فەرامۆش بكرێت.

نەوەی نوێ پتر لەنەوەی كۆن پەنا بۆشانۆی وەرگیراو دەبەن لەبەر ئەو هۆیانە:
یەكەم: نەبوونی تێكستی هاوچەرخ كە لەگەڵ سەردەم بگونجێت و ببێتە بنەمایەك بۆ پێشكەش كردنی شانۆی نوێ و فاكتەرێكی لەبار بێت بۆ گەیاندنی گەلێ پەیام و تێڕوانینی هونەری،كە رەنگە ئەو خواستانە كەمتر لە تێكستێكی خۆمانەدا دەست كەوێت
دووەم : هەڵبژاردنی هەندێ تێكستی جیهانی كە لێك نزیك بوونەوەیەكی ئێجگار نزیكیان هەیە لەگەڵ پرس و روداوەكان و واقعی نەتەوەیی ئێمە.
سێیەم : سوود وەرگرتن و بەسەر كردنەوەی شانۆی جیهانی یاریدەی دەوڵەمەند بوونی باری شانۆییمان دەدات ،بەڵام لە هەمان كاتدا ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ئێمە روو لە تێكستی كوردی وەرگێڕین و دیاردەی وەرگێڕان بەسەر روخساری شانۆییماندا زاڵ بێت ، بە شێوەك هاوسەنگییەكە لە دەست بدەین و جۆرێك لە لەنگی لەم بوارەدا دركی پێ بكرێت ،بگرە دەبێت لاوەكان بڕوا بەوە بهێنن كە داهێنان گوزارشت كردن و هێما و هەموو خواستەكانی دیكەیان دەكرێ لە تێكستی خۆماڵیشدا دروست بێت ئەگەر ئەوان هەوڵی بۆ بدەن ، هەر بۆ نموونە (شەمال عومەر) وەك هونەرمەندێكی نوێ خواز و ئەزموون گەری شانۆیی جوانترین داهێنانی لە شانۆگەری (خەج و سیامەند) دا دروست كردووە (گەزیزە)ی هونەرمەند زۆرینەی تێكستەكانی لە نووسینی خۆیەتی من پێم وایە ئێمە دەبێت هەوڵی دەوڵەمەندبوونی ئەو رەوتە لە شانۆدا بدەین و تێكستی خۆمان فەرامۆش نەكەین چونكە ئەگەر وا نەبێت كەمتر دەتوانین گوزارشت لە كێشەی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و مرۆییەكانی بینەری كورد بكەین ،شانۆ وەك پێویست بۆ پرسە تایبەتییەكانی خۆمان بەرجەستە بكەین .




سینۆگرافیا ..له‌ ئه‌زموونی نوێ‌ ی شانۆی كوردی دا … حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان

ناتوانین نكۆڵی له‌وه‌دا بكه‌ین كه‌ چمكی راسته‌قینه‌ی سینۆگرافیا په‌یوه‌سته‌ به‌ ته‌كنیكی شانۆیی و هه‌موو ئه‌و جوانكاریی و پێكهاته‌ ده‌ره‌كی و ناوه‌كییانه‌ی شانۆ به‌ جوانی و رۆحه‌ زیندووه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن، سینۆگرافیاش وه‌ك هونه‌رو زانست چونكه‌ په‌یوه‌ست بوونێكی راسته‌وخۆی به‌ دیدو ده‌روونی بینه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌،به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ كار ده‌كاته‌ سه‌ر بینه‌رو وروژاندنی،تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ندێ‌ جار له‌ ژێرتینی ئه‌و كاریگه‌ر بوونه‌ به‌ سه‌ر بینه‌ردا ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ كه‌ به‌ نهێنی له‌ ناو تاریكایی شانۆدا فرمێسكی خۆشی پێ‌ بڕژێنێ‌ ،بینه‌ر له‌و له‌حزانه‌دا وا هه‌ست ده‌كا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر خه‌سڵه‌ته‌ ره‌سه‌نه‌كانی ئینسانیه‌تی خۆی،هه‌سته‌ فسیۆلۆژییه‌كانی تێكراِ چه‌شنی شه‌پۆلێك له‌ سۆزو ئه‌ندێشه‌ هه‌ڵده‌چن،كه‌ هه‌ندێ‌ جار به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ له‌وه‌رگرتنی چێژو ستاتیكاو سۆز ناگرێ‌،به‌ بێ‌ ویستی خۆی له‌ ژێر فشاری ئه‌و قه‌واره‌ بێ‌ سنووره‌ له‌ چێژ وه‌ر گرتنی سینۆگرافیا ، وای لێ‌ دێت كۆنترۆڵی خۆی له‌ ده‌ست بدات ،به‌ تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی نمایش هه‌موو پێكهاته‌ سینۆگرافیاكانی به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌گه‌ڕ ده‌خا، له‌ گه‌ڵ ریتمی موزیك و سه‌ما، ئه‌دای جه‌سته‌ و ئیلقای جوانی ئه‌كته‌ر،كاتێ‌ ئاوێزانی موزیك و رووناكی ده‌بن ،نمایش له‌ باگ راوندی ژێر په‌رده‌ی شانۆو رووداوه‌ نه‌بیندراوه‌كان،كه‌ هه‌ندێ‌ جار وێنه‌ی سینه‌مایی تێدا دروست ده‌كرێت و تێكه‌ڵ به‌ موزیك ده‌كرێت، یان دروست كردنی تابلۆیه‌ك له‌ بێده‌نگی و كپی و خامۆشی و به‌ ئاگا هێنانه‌وه‌ی له‌ ناكاوی بینه‌ر و به‌ هاوسه‌نگ راگرتنی ریتمی شانۆ، به‌كارهێنانی موئه‌سیراتی ده‌نگ،له‌ گه‌ڵ رێژنه‌ی باران و هاژه‌ی شه‌پۆل و ده‌نگ و لووره‌ی ئاژه‌ڵه‌ كێویه‌كان له‌ كه‌شو هه‌وایێكی خامۆش و ده‌یان كه‌ره‌سته‌ی دیكه‌ی به‌ سیحراوی بوونی شانۆو نغرۆ كردنی له‌ نێو ئامرازه‌كانی سینۆگرافیا ،هه‌موو ئه‌م دیمه‌نانه‌چه‌ند نموونه‌یه‌كن له‌ سیحری سینۆگرافیای شانۆیی بۆ به‌ ئاگا هێنانه‌وه‌ی هه‌سته‌كانی بینه‌رو جولاندنیان .
سینۆگرافیا تاكه‌ هونه‌رێك نیه‌ بینه‌ر بتوانێت هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ گه‌ڵدا بكات به‌ ته‌نها، به‌ڵكو كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رێكی یه‌كگرتووه‌ كه‌له‌ هارمۆنیایێك ده‌چن پێكه‌وه‌ له‌ شانۆدا یه‌ك ده‌گرن و ته‌وژمێك له‌ جوانی ده‌خه‌نه‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامه‌ هه‌ستیاره‌كانی بینه‌رو ناچاری ئه‌وه‌ی ده‌كه‌ن بێ‌ كه‌وتنه‌ ژێر ئه‌و هارمۆنیا هونه‌رییانه‌ له‌ هۆڵی شانۆدا به‌ دیدو ده‌روونێكی خاڵی نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، به‌ڵكو وای لێ‌ ده‌كه‌ن نه‌توانیَِت تا دێر ده‌مانێكییش له‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كانی سینۆگرافیاو ته‌كنیكی شانۆییدا نه‌توانێت خۆی رزگار بكات.
شانۆی هاوچاخ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خی به‌ ناوه‌رۆك و نمایش و ئه‌كته‌ر داوه‌ له‌ ناوه‌وه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ش زێتر بایه‌خی به‌ شێوه‌ داوه‌، چونكه‌ له‌ ره‌سه‌ندا هه‌ردوكییان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن ، نه‌ ناوه‌رۆك به‌ ته‌نیا ده‌توانێت بینه‌ر به‌ هه‌مووئه‌ندامه‌ هه‌ستیاره‌كانی تێر بكات ، نه‌ شێوه‌ی بێ‌ گیانیش ده‌توانێت شانۆ به‌ زیندوویه‌تی رابگرێت .

ده‌رهێنه‌ر ناتوانێت له‌و نێوه‌نده‌دا بایه‌خی خۆی به‌ ته‌نیا لایه‌كدا بدات،ئه‌گه‌ر هاوسه‌نگی له‌ نێوان شێوه‌و ناوه‌رۆكدا دروست نه‌كات،كه‌ ره‌نگه‌ هه‌موو ده‌رهێنه‌رێكیش ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و هاوسه‌نگ راگرتنه‌ی نه‌بێت،یان پێی وابێ‌ ته‌نیا تێكست ده‌توانێت هه‌موو بۆشاییه‌كانی شانۆی بۆ پڕكاته‌وه‌ ،خۆ ئه‌گه‌ر وابوایه‌و ته‌كنیك و سینۆگرافیا نه‌بونایه‌، ده‌بوا هه‌موو تیكسته‌كانی چیخه‌ف تا ئه‌مڕۆش له‌ ده‌لاقه‌كاندا تۆزیان له‌ سه‌ر هه‌ڵبنیشێ‌،شانۆنامه‌كانی شكسپیر گه‌رده‌لوولی زه‌مه‌ن رایان ماڵێ‌،ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ به‌ هه‌ڵه‌یه‌بووه‌ تا زه‌مه‌نێكی دوور شانۆی كوردییان دووچاری چه‌قین كردووه‌ و له‌ بازنه‌یه‌كی داخراودا خولی خواردۆته‌وه‌،بایه‌خ نه‌دانی هونه‌ریی و زانستی وه‌ك پێویست له‌ رووه‌ ستاتیكی و سایكۆلۆژی ومه‌عریفی و ته‌كنیكییه‌كانی شانۆ،لایه‌نێكی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی لاوازی شانۆی كوردی بووه‌،وه‌ك هه‌مان لاوازی به‌ گشتی له‌ دروست كردنی ئه‌كته‌ریشدا هه‌بووه‌،له‌ رابووردوودا هه‌ندێ‌ له‌ ده‌رهێنه‌رانمان په‌روه‌رده‌یه‌كی به‌ هه‌ڵه‌ی ئه‌كته‌ریان كردووه‌ ، ئه‌كته‌ریان چه‌شنی تووتی له‌ قه‌فه‌س ناوه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ ئازادییه‌كی پێ‌ ببه‌خشن،هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی سینۆگرافیایان به‌ فۆرمێكی واقیعی و سروشتی له‌ نمایشدا به‌رجه‌سته‌كردووه‌ ،قورسایی هه‌ره‌ زۆری خۆیان خستۆته‌ سه‌ر ده‌ق، دوور له‌ دروست كردنی ده‌لاله‌ت و هیمای گوزارشت به‌خش له‌و سینۆگرافیا لاوازانه‌،بۆیه‌ ئێستاش له‌ گه‌ڵ دابێت خۆ رزگار كردن له‌و ته‌قلیدیه‌ت و مه‌ئلوفیه‌ته‌ پێویستی به‌ ده‌ست پێكردنی سه‌ره‌تایێكی تر هه‌یه‌ كه‌ هاوكوف بێت له‌ گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی زه‌مه‌ن و پێشكه‌وتنه‌كانی،كه‌چی ده‌رهێنه‌ری وا هه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌مڕۆكه‌شدا هه‌مان ئه‌و توتیانه‌ی په‌نجا ساڵ دێنێته‌وه‌ سه‌ر شانۆو هه‌مان شێوازو فۆرم و ستایله‌كه‌ی نیو سه‌ده‌ی به‌ر له‌ ئێستا به‌كاردێنێ‌، هه‌رگیزیش دان به‌ كۆتایی خۆی ناهێنێ‌ …ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی مه‌رگی شانۆیه‌له‌ هه‌ندێ‌ جوغزی جوگرافی و لای هه‌ندێ‌ ده‌رهێنه‌ری ماوه‌ به‌ سه‌رچوو .

هه‌تا ئێستاش له‌ نێوه‌ندی هه‌ندێ‌ له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ گه‌نجه‌كانیشمان كێشه‌ی سینۆگرافیا هه‌یه‌ له‌وانه‌ :
1.به‌كارهێنانی سینۆگرافیا به‌ مانای گه‌وره‌ كردنی قه‌واره‌ی دیكۆرو ئارایشت و هه‌ندێ‌ پێكهاته‌ی دیكه‌ی سینۆگرافیا نیه‌ وه‌ك له‌ نمایشی هه‌ندێ‌ له‌و ده‌رهێنه‌ره‌ گه‌نجانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ، به‌ڵكو هه‌ر زێده‌ كارییه‌ك له‌و پێكهاتانه‌ وه‌ك سیمایه‌كی زه‌ق و ناوازه‌ له‌ نمایشدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سینۆگرافیا لاواز ده‌كات،چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی ماندوو بوونی تێدا كرابێت ، به‌ڵكو یه‌كێك له‌ رووه‌ جوانیه‌كانی سینۆگرافیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر سیناریۆ به‌ ساده‌یی به‌رجه‌سته‌ بكات، به‌ڵام له‌ ناو ساده‌ییه‌كه‌دا مه‌غزاو فه‌لسه‌فه‌و ستاتیكای شانۆیی وه‌ك پێویست بگه‌یه‌نێت .
2.هه‌ندێكی دیكه‌یان قورسایی هه‌ره‌ گه‌وره‌یان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر یه‌كه‌یه‌كی سینۆگرافیا كه‌چی پێكهاته‌كانی دیكه‌ فه‌رامۆش ده‌كه‌ن، ئێمه‌ له‌ شانۆدا گرنگه‌ تا بۆمان بكرێت سوود له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی سینۆگرافیا ببینین بۆ خزمه‌تی ئه‌كته‌ر كه‌ كرۆكی راسته‌قینه‌و ریشه‌یی نمایشه‌.
3.ناكرێت ده‌رهێنه‌ر له‌ رووی پراكتیكییه‌وه‌ بۆ دروست كردنی سینۆگرافیا ته‌نها پشت به‌ خۆی ببه‌ستێت،وه‌ك هه‌ندێ‌ له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ لاوه‌كانی ئێمه‌ پیاده‌ی ده‌كه‌ن،به‌ڵكو گرنگتر له‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سانی پسپۆر له‌وبواره‌دا به‌شدار بن بۆ دروست كردنی سینۆگرافیا و به‌رجه‌سته‌ كردنی وه‌ك پێویست،چونكه‌ زۆر جار به‌كارهێنانی به‌ هه‌ڵه‌ له‌ رووناكی ،له‌ موزیك ، له‌ دیكۆر ده‌بێته‌ مایه‌ی له‌ بار بردنی سینۆگرافیا .
4. ده‌بێت ئه‌وكه‌سانه‌ی ئه‌ركی كاری سینۆگرافیا ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ تێگه‌یشتنیان هه‌بێ‌ بۆ شانۆ و له‌و بواره‌دا خاوه‌ن ئه‌زموون بن ،ده‌رهێنه‌ر هه‌ر كات ویستی ئه‌و بۆشاییانه‌ به‌ كه‌سانی ناپسپۆر پڕ كاته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ری روخانی نمایشه‌كه‌ی به‌ دوور نه‌بینێ‌ .

5.بۆ بونیاتی نمایش ده‌رهێنه‌ر پێویستی به‌ دابه‌شكردنی قۆناغه‌كانی جێ‌ به‌جێ‌ كردن هه‌یه‌، هه‌ر له‌ ئاماده‌كردنی تێكست و ئه‌كته‌ره‌وه‌ تا ده‌گاته‌ دیاری كردنی كات بۆ پرۆڤه‌و ماوه‌ی پرۆڤه‌ و به‌ پراكتیك كردنی، ئینجا خۆ ئاماده‌ كردن بۆ سینۆگرافیاو رتووش كردنی نمایش ده‌رهێنه‌ر ئه‌گه‌ر هه‌ر قۆناغێك له‌و قۆناغانه‌ به‌ كاڵی به‌ جێ‌ بیڵێ‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زۆرینه‌ی كاتی خۆی بۆ سینۆگرافیا ته‌رخان بكات ،ئه‌وه‌ بۆشایی له‌ پێكهاته‌كانی شانۆ دروست ده‌كات ، به‌ تایبه‌ت له‌ دروست كردنی ئه‌كته‌ردا،كه‌ دواتر كاتی ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ست نامێنێ‌ پڕیان كاته‌وه‌، سینۆگرافیاكه‌ش ئه‌و ئامانجانه‌ ناپێكێ، كه‌ ده‌رهێنه‌ر زۆر له‌ ئاواته‌كانی خۆی له‌ سه‌ر بونیات نابوو..
6. هه‌ندێكی دیكه‌ له‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ تێكست به‌ هه‌ند وه‌رناگرن و پێیان وایه‌ ته‌نها سینۆگرافیا ده‌توانێت بینه‌ر رازی بكات ،دیسان ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی نمایش له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن ، چونكه‌ ته‌كنیك هه‌ر چه‌ند به‌هێز بێت ئه‌گه‌ر نه‌خرێته‌ نێو فه‌لسه‌فه‌یه‌كی دیاری كراو، ئه‌وه‌ بینه‌ر به‌ ته‌نها (شێوه‌)ی بێ‌ ئامانج نمایشه‌كه‌ت لیَِ وه‌رناگرێت كه‌ هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌ك له‌ گه‌ڵ خۆیدا نه‌باته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ هۆڵی شانۆییدا ..

شانۆی وێنه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ زۆر له‌ وڵاتانی جیهاندا به‌رجه‌سته‌ كراوه‌و بینه‌رێكی زۆری هه‌یه‌ ، له‌ ئێراقیشدا له‌ساڵانی هه‌شتاكاندا له‌ سه‌ر ده‌ستی ده‌رهێنه‌ری ناسراو سه‌لاح قه‌سه‌ب وه‌ك ئه‌زموونێكی نوێ‌ ی شانۆیی گواسترایه‌وه‌ ئێراق ،ئه‌و كات ژماره‌یك له‌ قوتابیانی ئه‌كادیمیای هونه‌ره‌ جوانه‌كان له‌ به‌غدا كه‌ كورد بوون ، توانیان سوود له‌ شانۆی وێنه‌ وه‌ربگرن ، ئه‌وانیش وه‌ك ئه‌زموونێكی نوێ‌ به‌ ناوی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری بیگوازنه‌وه‌ كوردستان و كاری له‌ سه‌ر بكه‌ن ، سینۆگرافیا له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی رابووردوودا له‌ شانۆی كوردی دا به‌كار هاتووه‌و ئاسته‌كانیان به‌ پێی ئه‌زموونی تایبه‌تی ده‌رهێنه‌ره‌كان گۆڕاوه‌ ، به‌ڵام وه‌ك دیارده‌یه‌كی گشتی به‌ تێرترین شێوه‌ له‌ كوردستاندا له‌ شانۆی ئه‌زموونگه‌ری دا په‌ره‌ی سه‌ندووه‌،، دواتریش له‌ گه‌ڵ پێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵێ‌ ده‌رهێنه‌ری خاوه‌ن ئه‌زموون له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ر له‌ نوێ‌ بایه‌خدان به‌ سینۆگرافیای شانۆیی زێده‌ بووه‌ .
ئێستا بایه‌خ دان به‌ سینۆگرافیا نه‌بۆته‌ ئاره‌زوو به‌ ده‌ست ده‌رهێنه‌ره‌وه‌ بگره‌ بۆته‌ چاره‌نووسی نمایش به‌ ده‌ست بینه‌ری هوشیاریی شانۆیییه‌وه‌ كه‌ زۆر به‌ وردی هه‌ڵسوكه‌وت له‌ گه‌ڵ نمایشدا ده‌كات، تا ده‌رهێنه‌ر له‌ نمایشدا هه‌موو مافێك به‌ بینه‌ر نه‌به‌خشێت،بینه‌ر ئاماده‌ نیه‌ نمایش له‌ ده‌رهێنه‌ر وه‌ربگرێت،ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ وا ده‌كات ده‌رهێنه‌ر به‌ ئاگاییه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌ گه‌ڵ نمایشدا بكات ،له‌ نێوان دوو بژارده‌دا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێ‌ ، یان ئه‌وه‌ی بینه‌ر لێی وه‌رده‌گرێ‌ ، یان بێده‌نگ بوون .
.




وێستگه‌كانی مردن … نوسینی: شكۆ عومه‌ر& شاهۆ قادر& سه‌نگه‌ر قوباد

سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به‌ لم داپۆشراوه‌ به‌به‌رزی 15سم. له‌ سه‌ره‌تا تا كۆتایی نمایش ئاو و ئاگر له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به‌كارده‌هێنرێت.
پێدراوه‌كانی سه‌ر شانۆ بریتیین له‌ دوو پێڵاوی گه‌وره‌ كه‌ قه‌باره‌ی هه‌ر یه‌كێكیان هێنده‌ی تابوتێك ده‌بێت و، ئه‌كته‌ره‌كان به‌ ئاسانی ده‌توانن بچنه‌ ناوییه‌وه‌ و لێی ده‌ربچن. له‌ نێوان بینه‌ر و ئه‌كته‌ره‌كانیشدا تۆڕێكی ماسیگرتن هه‌یه‌ و هه‌ڵواسراوه‌، به‌ جۆرێك دونیای ئه‌كته‌ر و دونیای بینه‌ر له‌یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه‌.
له‌ ده‌ستپێكی نمایشه‌وه‌ تا كۆتایی، له‌ هه‌ردوو سوچی كۆتاییی ته‌خته‌ی شانۆدا دوو ده‌ف هه‌ن و به‌ به‌رده‌وامی له‌ سه‌ره‌وه‌ دڵۆپ دڵۆپ ئاویان تێ‌ ده‌زێت. له‌ كۆتاییدا ئه‌كته‌ره‌كان ده‌فه‌ پڕ له‌ ئاوه‌كان هه‌ڵده‌گرن یه‌كێكیان ده‌یرێژێت به‌سه‌ر ئه‌ویتردا و ئه‌ویتریش ده‌فه‌ پڕ له‌ ئاوه‌كه‌ ده‌رێژت به‌سه‌ر بینه‌راندا.
له‌م نمایشه‌دا دوو كاره‌كته‌ر بوونیان هه‌یه‌، كه‌ هه‌ردووكیان هه‌ر یه‌ك كه‌سن، به‌ جۆرێك هه‌ر یه‌كه‌یان تاكێك پێڵاوی له‌ پێدایه‌ و ده‌كرێ ده‌رهێنه‌ر ئه‌و له‌یه‌كچوونه‌یان له‌ نمایشدا ته‌وزیف و ڕوون بكاته‌وه‌. (باشتر وایه‌ ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی ڕۆڵه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن تا ڕاده‌یه‌ك له‌ یه‌كتر بچن.)
ئه‌تمۆسفێری نمایش به‌ گشتی كه‌شێكی خاو و له‌سه‌رخۆیه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتاییی نمایش، بێزاری و ماندوویه‌تی به‌ سیمای كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ دیاره‌.
وێستگه‌ی یه‌كه‌م: ته‌نیایی
(كه‌سێك له‌سه‌ر پێڵاوێكی گه‌وره‌ دانیشتووه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌له‌مێك بێت و خه‌ریكی راوه‌ ماسی بێت، قولاپێكی وه‌همی فڕێ ده‌دات، چه‌ند جارێك ئه‌م كرداره‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچی ده‌ست بكه‌وێ.)
یه‌كه‌م: (بۆ قولاپه‌كه‌) به‌ نه‌فره‌ت بی. مرۆڤ ته‌نیاترین بوونه‌وه‌ری كه‌ونه‌.
دووه‌م: (له‌ ژێر لمه‌كه‌وه‌ ته‌نها قاچێكی ده‌ردێنێت) ته‌نیاتره‌ له‌ویش؟
یه‌كه‌م: به‌ڵی. ته‌نیایی مرۆڤ له‌و ساته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سكی دایكییه‌وه‌. له‌وێ‌ نۆ مانگ و نۆ رۆژ ته‌نیا و ته‌نیا خۆیه‌تی، هیچ كه‌سێك شك نابات بۆ دڵنه‌وایی خۆی.
دووه‌م: ته‌نانه‌ت دایكیشی؟
یه‌كه‌م: به‌ڵی ته‌نانه‌ت دایكیشی.
دووه‌م: مه‌گه‌ر ته‌كنه‌لۆژیا ناڵێت دایك هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ساتی دروست بوونییه‌وه‌ هه‌ست به‌ منداڵه‌كه‌ی ده‌كات؟
یه‌كه‌م: له‌ درۆیه‌كی گه‌وره‌ زیاتر نیه‌، ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌ درۆكانی مرۆڤ خۆی، كه‌ سه‌ره‌نجام هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ ژیركردنه‌وه‌ی ژیان و خۆڕزگاركردنیه‌تی له‌ ته‌نیایی.
دووه‌م: به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ سوودێكی هه‌بێت.
یه‌كه‌م: دوای ئه‌وه‌ش كه‌ دێته‌ دنیاوه‌ له‌یه‌ك ساته‌وه‌، له‌ جه‌نجاڵترین شوێن، ئه‌و بۆ ته‌نیایی خۆی ده‌گری، تا هێزی تیایه‌ ده‌گری! ده‌گری و ده‌گری و ده‌گری، كه‌سێكیش نیه‌ له‌ ته‌نیاییه‌كه‌ی تێبگات و بزانێت ئه‌م بونه‌وه‌ره‌ بۆچی ده‌گری!
دووه‌م: من كه‌ مناڵ بووم هه‌میشه‌ ته‌نیابووم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیرم له‌ ته‌نیایی ئه‌كرده‌ووه‌ و له‌ ته‌نیایی ئه‌ترسام، ئه‌ترسام كه‌ گه‌وره‌ش بم هه‌روا ته‌نیا بم. سه‌ره‌تا خووم به‌ دایكمه‌وه‌ گرت تا له‌و ته‌نیاییه‌ رزگارم بێ‌.
یه‌كه‌م: بێسوود بوو.
دووه‌م: دواتر ته‌تكه‌ و په‌تكه‌یان خسته‌ به‌رده‌مم و خووم به‌وان و به‌ خوشك و براكانمه‌وه‌ گرت.
یه‌كه‌م:: هه‌ر سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: پاشان منداڵه‌كانی گه‌ڕه‌ك.
یه‌كه‌م: ئه‌وانیش دادیان نه‌دام.
دووه‌م: ئینجا هاوڕێكانی قوتابخانه‌.
یه‌كه‌م: هه‌روه‌ها…
دووه‌م: له‌ هه‌رزه‌كاریدا په‌نام بۆ ده‌یان شت برد و هه‌وڵی زۆرمدا، تا خۆم له‌ ته‌نیایی قوتار بكه‌م. (دوای كه‌مێك بیركردنه‌وه‌، كه‌ ئه‌یه‌وێت ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بیر بكه‌وێته‌وه‌..) بۆ نمونه‌ گۆرانیم ووت.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: چوومه‌ شانۆ و سینه‌ماكان.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: ده‌ستم كرده‌ مه‌شروب خواردنه‌وه‌.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: ته‌واو بوومه‌ كه‌سێكی به‌دمه‌ست و بێ سه‌واد.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: بوومه‌ پیاوكوژ.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: سه‌فه‌رم كرد.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: عه‌شقم كرد.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: ژنم هێنا.
یه‌كه‌م: سوودی نه‌بوو.
دووه‌م: مرۆڤێكی دیكه‌م دروست كرد..
یه‌كه‌م: (به‌ هاواركردنه‌وه‌ قسه‌كه‌ی پێده‌بڕێت) هه‌ر سوودی نه‌بوو.. ئه‌وه‌بوو هه‌ڵه‌كه‌ی من، ته‌نیایه‌كی وه‌كو خۆمم زیاد كرد، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ ئه‌ویش وه‌ك من ته‌نیایه‌ و كه‌سێك نابێ‌ ده‌ره‌تانی خۆی بدات، چ جای ئه‌وه‌ی ببێته‌ هاوده‌می من و له‌ ته‌نیایی رزگارم بكات.
یه‌كه‌م: كه‌س له‌ ته‌نیایی من تێنه‌ده‌گه‌یشت.
دووه‌م: ئێستاش كه‌س تێیناگات.
یه‌كه‌م: سه‌ره‌تا ووتیان شێت بووه‌. بردمیان بۆ لای شێخ و سه‌ید و تا دوو دوعام بۆ بكه‌ن و له‌ شێتی چاكم بكه‌نه‌وه‌.
دووه‌م: هه‌ر ته‌نیابووم، واتا هه‌ر شێت بووم.
یه‌كه‌م: دواتر ووتیان توشی نه‌خۆشی نه‌فسی بووه‌ و چه‌ندین دكتۆری زۆر باش و شاره‌زا و باشیان پێكردم.
دووه‌م: من هه‌ر ته‌نیا بووم، واتا هه‌ر نه‌خۆش بووم.
یه‌كه‌م: دواجار چاریان نه‌ما و بردمیان بۆ شێتخانه‌، تا چیتر نه‌بمه‌ مایه‌ی شه‌رم و عه‌یبه‌ بۆیان، له‌وێ‌ به‌ زنجیر و كۆت به‌ستیانمه‌وه‌، چه‌ندین ساڵی له‌ شێتخانه‌ مامه‌وه‌.
دووه‌م: من هه‌ر ته‌نیا بووم، واتا شێت بووم.
یه‌كه‌م: له‌ كۆتاییدا بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ هیچ شتێك چاره‌سه‌ری ته‌نیایی من ناكات، چونكه‌ من هه‌ر وا دروست كراوم، بۆ ئه‌وه‌ دروست بوومه‌ تا به‌ته‌نیا بمێنمه‌وه‌.
دووه‌م: له‌ ته‌نیایی خۆمه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئازاری ته‌نیایی هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كان كرد.
یه‌كه‌م ته‌نانه‌ت ته‌نیایی خواشم لا روون بوه‌وه‌.
دووه‌م: ئیدی ته‌واو، ته‌نیایی بوو به‌ به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌ من، من و ته‌نیایی یه‌كتر ته‌واو ئه‌كه‌ین.
یه‌كه‌م: من به‌ ته‌نیاییه‌وه‌ جوانم و ئولفه‌تم پێوه‌ گرتووه‌.
دووه‌م: ئێمه‌ به‌ ته‌نیاییه‌وه‌ ماوین. ته‌نیایی نه‌بێت ئێمه‌ یه‌كتر ئه‌خۆین, خۆ ڕه‌نگه‌ پراوه‌یه‌كیش بێ‌ بۆ پاش مه‌رگ، چونكه‌ له‌وێ‌ دووچاری ته‌نیایییه‌كی ئه‌به‌دی ده‌بین.
یه‌كه‌م: ته‌نیایی مرۆڤ ئه‌نارشی ده‌كات، (به‌ده‌م هاواركردن)
دووه‌م: رقم له‌قه‌ره‌بالغییه‌، رقم له‌ده‌وڵه‌ته‌، رقم له‌مێژوومه‌، رقم له‌كۆمه‌ڵگایه‌، رقم له‌ خۆشمه‌ خۆشم.
یه‌كه‌م: (به‌بێزارییه‌وه‌) مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا نه‌بێت ده‌بێت رقی هه‌بێت.
دووه‌م: (ده‌نگێكی نزم) گه‌وره‌ترین درۆیه‌ كه‌ ده‌ڵێن مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌. رابردوو، ئیستا، داهاتوو شایه‌ده‌، مرۆڤ له‌ دیواری ئه‌شكه‌وته‌كان، له‌ ده‌رگای ئاوده‌ستی مزگه‌وته‌كان، له‌كتێبی ئاسمانی، له‌په‌یامبه‌ره‌كان، له‌نامه‌ی دڵداری، له‌ناو پێخه‌ف، به‌ ئاشكرا و نائاشكرا به‌ شه‌رم و بێ شه‌رم باس له‌ ته‌نیایی ده‌كات.
یه‌كه‌م: هه‌میشه‌ شه‌قاوه‌ و چه‌قۆكێشه‌كان ته‌نیاترین كه‌سه‌كانن.
دووه‌م: په‌یامبه‌رێك به‌سه‌ر خاچه‌كه‌یه‌وه‌ هاوار ده‌كات خودا بۆ به‌ته‌نیا جێتهێشتم. ئه‌كته‌رێك ده‌لێت شانۆ ته‌نیای كردم، حوسێنێك له‌ ته‌نیایی سه‌حرادا بێكه‌سكوژ ده‌كرێت. عه‌بدێكی موتیع به‌خشوعه‌وه‌ ده‌ڵێت ته‌نیایی خوای منه‌…..(به‌شۆكه‌وه‌ ستۆپ كادر ده‌بێت) تومه‌ز له‌ ته‌نیاییدا هه‌موو شتێته‌كانی لێ تێكه‌ڵبووه‌ و خودا و ته‌نیایی بۆ لێكجوودا ناكرێته‌وه‌. له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ ته‌نیاییه‌ك له‌بوونی مرۆڤدا هه‌بووه‌.
یه‌كه‌م: واز له‌وه‌ بێنه‌ ، ئایا تۆ له‌مردن ده‌ترسیت؟
دووه‌م: من له‌ته‌نیایی ده‌ترسم! به‌ده‌م گۆرانیی : ناترسم، من له‌مردن ناترسم، من له‌ته‌نیایی ده‌ترسم ئای ته‌نیایی، وای ته‌نیایی ئه‌ی تاجی مه‌مله‌كه‌تی دۆڕاوم ئه‌ی خورپه‌ی ، دڵه‌ی ترساوم ئای ته‌نیایی ، وای ته‌نیایی.
یه‌كه‌م: زه‌مه‌نی ته‌نیایی ته‌واو، سه‌ده‌یه‌كیش ئه‌بێ عارفێك په‌یدا نه‌بووه‌، دێوانه‌یه‌ك هه‌ڵنه‌كه‌وتووه‌. ئێستا ئیدی هه‌موشته‌كان بوون به‌گشت، بوون به‌ كۆ، به‌ژماره‌، هه‌مومان ژماره‌ین، هه‌مومان كۆین، به‌ڵی من، تۆ هه‌موومان ژماره‌ین. له‌ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك له‌پایته‌خت 6 هاوڵاتی بوونه‌ قوربانی، له‌خۆپیشاندانی چه‌پره‌وه‌كانی باشوور 4 چالاكه‌وان ده‌ستگیركران. له‌ته‌قینه‌وه‌ی كانیكی خه‌لوز له‌ خۆرهه‌ڵاتی دوور 200 كرێِكار گیانیان له‌ده‌ستدا. _ له‌ئاكامی داڕووخانی شاخێكی به‌فرین له‌ جه‌مسه‌ری باكوور هه‌زاران كه‌س بوون به‌ قوربانی. بڕوانه‌ هه‌موومان ژماره‌ین، ژماره‌یه‌كی هیچ، مردنی كه‌سێك، ته‌نیاییه‌ك، به‌های تاكیك قۆنده‌ره‌ی نیه‌. قه‌ت بیستوته‌، بینیوته‌، بڵێن كه‌سێك مرد؟ یه‌كه‌م: ئاده‌ی پێم بڵی كوا مه‌رگی ته‌نیاییه‌ك؟ نییه‌.
دووه‌م: نییه‌
یه‌كه‌م: نییه‌ بێگومان، ته‌نیایی لاقه‌كرا، تیرۆركرا.
دووه‌م: له‌بیرمه‌ كاتێك هه‌واڵی مه‌رگی گۆرانبێژێك بلاوبۆیه‌وه‌ كچێك له‌ترسی ته‌نیایی، له‌شۆكی ته‌نیابوون خۆی له‌ بینایه‌ك هه‌ڵدایه‌ خواره‌وه‌.
یه‌كه‌م: زۆرجار ته‌نیایی خۆمان له‌وانی دی ده‌بینین، كت و مت وه‌ك ئه‌و كچه‌ی كه‌ باسی ده‌كه‌ی.
دووه‌م: نا نا واز له‌و قسه‌ پڕوپووچانه‌ بێنه‌ ته‌نیایی له‌ هه‌موو شوێنێكه‌، له‌ پێكێكی شه‌راب دایه‌، له‌مینبه‌ری مزگه‌وته‌، ته‌نیایی له‌سینگی قه‌حپه‌یه‌كه‌، ته‌نیایی له‌نیگای هه‌تیوێكه‌، ته‌نیایی ماڵێكه‌، شه‌قامێكه‌، دره‌ختیكه‌، ته‌نیایی ئه‌واتا وا له‌ ئاسمانه‌. ته‌نیایی بۆ من له‌ هه‌موو شتێك پێویستتره‌.
یه‌كه‌م: تۆ له‌ترسی مردن حه‌ز به‌ ته‌نیایی ده‌كه‌ی، بێئاگا له‌وه‌ی بزانی ته‌نیایی تاكه‌ وێستگه‌ی به‌ر له‌ مردنه‌ ترس و ته‌نیایی له‌هێلكه‌دانی مه‌رگه‌وه‌هاتوون.
دووه‌م: ته‌نیایی باشترین هاوڕێمه‌.
یه‌كه‌م: كه‌واته‌ ته‌نیاییت باش
دووه‌م: ته‌نیاییت باش
یه‌كه‌م: ته‌نیاییت باش
دووه‌م: ته‌نیاییت باش
(بێده‌نگی)
هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌: ته‌نیایی من ئه‌كوژێت…..
وێستگه‌ی دووه‌م: چاوه‌ڕوانی
(هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌ر نوكی یه‌كێك له‌ پێڵاوه‌ گه‌وره‌كان دانیشتووه‌ و چاوه‌ڕوانن، (خه‌ریكی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ خواردنن یان هه‌ر وه‌سیله‌یه‌كی دیكه‌ بۆ خۆخافڵاندن، بۆ نمونه‌؛ ده‌كرێ‌ خۆیان به‌ ته‌سبیحه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكه‌ن) به‌ ده‌م چاوه‌ڕوانییه‌وه‌ هێدی هێدی جله‌كانی به‌ریان داده‌كه‌نن، تا ته‌واو رووت ده‌بنه‌وه‌، له‌ كۆتاییدا خه‌وییان لێده‌كه‌وێت، دواتر راده‌چه‌ڵه‌كێن).
یه‌كه‌م: نه‌هات؟
دووه‌م: نازانم.
یه‌كه‌م: پێویست بوو بێت.
دووه‌م: (به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌) یانی بۆ ده‌بوو بێت؟ ئه‌م پێویستبوونه‌ له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ رزگارمان بێ‌؟!
یه‌كه‌م: ئاخر خۆی وایووت….
دووه‌م: (قسه‌كه‌ی پێده‌بڕێت) خۆی درۆی كرد.
یه‌كه‌م: ئه‌و هه‌میشه‌ هه‌روا بووه‌. ئێمه‌ش هه‌روا ده‌مێنینه‌وه‌.
دووه‌م: (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانییه‌وه‌) من به‌ چاوه‌ڕوانی كۆشكراوم.
یه‌كه‌م: ناتوانم چاوه‌ڕوانم نه‌بم.
دووه‌م: چاوه‌ڕوانی له‌دایكبوونی خۆمم. چاوه‌ڕوانی گه‌وره‌ بوونم، چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونی ریش و سمێڵمم، چاوه‌ڕوانی گه‌وره‌بوونی مه‌مكمم، له‌ وێستگه‌ی پاسدا چاوه‌ڕوانی خۆشه‌ویسته‌كه‌مم، چاوه‌ڕوانی ژنهێنانم، چاوه‌ڕێم كوڕێك بێته‌ خوازبێنیم، چاوه‌ڕێم مناڵێكمان ببێ‌، چاوه‌ڕێم ده‌وڵه‌مه‌ند ببم، چاوه‌ڕێم ببم به‌ كه‌سێكی ناودار و ناسراو. چاوه‌ڕێم بانگ بدات و نوێژه‌كانم بكه‌م، چاوه‌ڕێم قیامه‌ت بێت. چوزانم گرنگ ئه‌وه‌یه‌ من چاوه‌ڕێم.
یه‌كه‌م: هه‌میشه‌ بیانوییه‌كم هه‌یه‌ بۆ چاوه‌ڕوانی.
دووه‌م: ئه‌و شاره‌ی منی تیام، هه‌ر خۆی وێستگه‌یه‌كه‌ بۆ چاوه‌ڕوانی.
یه‌كه‌م: منیش كوڕی ئه‌و بسته‌ خاكه‌م كه‌ پێیده‌وترێت زێد، بۆیه‌ قه‌ده‌رم وایه‌.
دووه‌م: زۆر هه‌وڵیان له‌گه‌ڵمدا تا له‌م قاڵبه‌ی خۆم بێمه‌ ده‌رێ‌ و ئاسایی بژیم.
یه‌كه‌م: ئه‌وان ئه‌زانن كه‌ راستگۆم له‌ باس كردنی ئازاره‌كانی خۆم.
دووه‌م: به‌ڵام هه‌میشه‌ ترسیان هه‌یه‌ له‌ باسكردنی ئه‌و ئازاره‌ ئه‌به‌دییانه‌.
یه‌كه‌م: هه‌موو نوسه‌ره‌ گه‌وره‌كان ناتوانن من له‌ چاوه‌ڕوانی ده‌ربكه‌ن (لێره‌دا هه‌ردووكیان دیمه‌نێك له‌ شانۆیی (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆوه‌) به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن و یه‌كێكیان ئه‌چێته‌ پشتی په‌رده‌وه‌ و دارێكی ووشكهه‌ڵاتوو دێنێت و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وی دیكه‌یان ده‌كات كه‌ ده‌ست بكه‌ن به‌ به‌رجه‌سته‌كردنی دیمه‌نێكی نمایشه‌كه‌ی گۆدۆ).
یه‌كه‌م:
دووه‌م:
هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌: به‌ ده‌م چاوه‌ڕوانییه‌وه‌ رۆحمان ده‌رچوو.
وێستگه‌ی سێیه‌م .. نامۆبوون
وێستگه‌ی چواره‌م: ترس
( ئه‌كته‌ری یه‌كه‌م و دووه‌م له‌ شێوه‌ی جه‌لاد و قوربانی دێنه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و یه‌كه‌م قامچییه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و په‌تێكی له‌ ملی دووه‌م كردووه‌ و رایده‌كێشێ‌ و هه‌ر جاره‌وه‌ و قامچییه‌كی پێدا ده‌كێشێ‌.)
یه‌كه‌م: ئێستا یارییه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین. من ئه‌مه‌وێ‌ ئه‌مشه‌و كه‌مێك دڵخۆش بم. بێگومان ئه‌ویش به‌ ئازاردانی تۆ.
دووه‌م: (شه‌كه‌ت و مانووه‌ و كۆڵه‌پشتێكی قورسی هه‌ڵگرتووه‌، به‌ ئاماژه‌یه‌ك نیشانه‌ی ره‌زامه‌ندی ده‌رده‌خات).
یه‌كه‌م: ده‌ی فه‌رموو.
دووه‌م: (ده‌یه‌وێت سه‌ما بكات به‌ڵام ناتوانێ‌ و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ.)
یه‌كه‌م: چیه‌؟ وادیاره‌ رۆڵه‌كه‌ی خۆت بیرچوه‌ته‌وه‌؟!
دووه‌م: هه‌رگیز گه‌وره‌م ( دووباره‌ خۆی كۆده‌كاته‌وه‌ بۆ یارییه‌كه‌).
یه‌كه‌م: (قامچییه‌ك راده‌وشێنێ‌ و هاوار ده‌كات) ده‌ی هاوڕێكه‌م ده‌ی، تۆ ئه‌مشه‌و شادیهێنی ئێمه‌ی. ده‌ی به‌خته‌وه‌رمان كه‌.
دووه‌م: (هه‌رچۆنێك بێت هه‌ندێ‌ جووله‌ی شێوه‌ سه‌ما یان هه‌ڵپه‌ڕین ده‌كات به‌ڵام له‌ كۆتاییدا له‌ بێهێزیدا توانای نامێنێ‌ و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی).
یه‌كه‌م: (به‌ قاقایه‌كی به‌رز پێده‌كه‌نێ‌ و پێ ده‌خاته‌ سه‌ر پشتی دووه‌م). ئێمه‌ له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ هه‌ر وابووینه‌، به‌بێ‌ بوونی هیچ یاسا و چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو، خۆمان جه‌لادی خۆمانین. هه‌ر خۆمان واده‌كه‌ین ببینه‌ قوربانی. جه‌لادبوون و قوربانیبوونی خۆمان له‌ ده‌ستی خۆمان دایه‌.
دووه‌م: (له‌ رۆڵی قوربانی ده‌رده‌چێت و كۆڵه‌پشته‌كه‌ی له‌ خۆی ده‌كاته‌وه‌ و خۆی ده‌ته‌كێنێت و هه‌ڵده‌ستێته‌ سه‌رپێ‌). تاكه‌ هۆكارێك كه‌ ئێمه‌ بكاته‌ قوربانی بریتییه‌ له‌ ترس. ترس له‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ی كه‌ نیمانه‌، ترس رابردوو و داهاتوو و ئێستاشمان واده‌كات پشت بۆ یه‌كتر نه‌وی بكه‌ین و خۆمان بكه‌ینه‌ قوربانی و ئه‌ویتریش جه‌لادی گیانی خۆمان.
یه‌كه‌م: ئێمه‌ له‌ یه‌ككاتدا هه‌ر خۆمان جه‌لاد و خۆشمان قوربانیین.
دووه‌م: ترسی ئێمه‌ نه‌بڕاوه‌یه‌، مرۆڤ ترسنۆكترین بونه‌وه‌ره‌، ئه‌و له‌ هه‌موو شتێك ده‌ترسێت، ته‌نانه‌ت له‌ خۆیشی.
یه‌كه‌م: ترس له‌ باوك.
دووه‌م: ترس له‌ خوا.
یه‌كه‌م: ترس له‌ ناوبانگی خیزان.
دووه‌م: ترس له‌ ته‌ریقبوونه‌وه‌.
یه‌كه‌م: ترس رێگایه‌كه‌ به‌ره‌و مردن، ڕێگایه‌كیشه‌ بۆ مانه‌وه‌ له‌ ژیان.
هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌: ترس ترس ترس ترس ترس (هه‌ریه‌كه‌یان به‌ره‌و سوچێكی پشته‌وه‌ی شانۆ ده‌رۆن و ده‌فه‌ پڕ ئاوه‌كان دێنن و ده‌یكه‌ن به‌سه‌روچاوی یه‌كتردا و ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ ده‌ف ژنین و تا هێزیان له‌به‌ر ده‌بڕێت و ده‌كه‌ون و كۆتایی به‌ نمایش دێت).

ته‌واو..

به‌هاری 2016
كه‌ركوك.

*هه‌ر ده‌رهێنه‌رێك ویستی كاركردنی تێیدا هه‌بوو ده‌توانێ بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر كاری تێدا بكات




گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند دانا ڕەئوف … سازدانی/ شاخه‌وان سدیق


دانا ڕه‌ئووف:
ده‌قی خۆماڵی هه‌میشه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌ له‌ دروستكردن و بونیادنانی شانۆدا.

سازدانی/ شاخه‌وان سدیق

شانۆ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ره‌ زیندوترین هونه‌ره‌كانی دونیاو، ڕۆژانه‌ له‌ شاره‌گه‌وره‌كانی دونیادا چه‌ندین نمایشی جدی به‌ چه‌ندین شێوازو ڕێبازی جیاجیاوه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش تاڕاده‌یه‌كی باش گرنگی به‌م بواره‌ دراوه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌ پێویستمان زانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند(دانا ڕه‌وف) ده‌رباره‌ی گرنگی شانۆ ئه‌م دیداره‌ سازبدین.

شاخه‌وان سدیق/ ساڵانی ڕابردوو كۆمه‌ڵێك نمایشكران، كه‌ زیاتر نمایشی شانۆیی كلاسیكی بوون و ده‌قه‌كانیان زیاتر ده‌قی وه‌رگێڕاو بوون، ئه‌م كارانه‌ له‌ سه‌ره‌تادا بینه‌رێكی زۆریان هه‌بوو، به‌ڵام ورده‌ورده‌ ئه‌م بینه‌ره‌ نه‌ما تا ئه‌وكاته‌ی كۆڕی شانۆی با ده‌قی خۆماڵیان دروست كرد، ده‌قێك كه‌ پێشتر نه‌ بووه‌ و خۆیان دروستیان كرد، به‌ستیانه‌وه‌ به‌ بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ وه‌ ده‌قه‌كانیان باسكردن بوو له‌ ئه‌مڕۆو ئێستای ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆمان. ئه‌م كارانه‌ بینه‌رێكی زۆریان هه‌بوووه‌ و بۆ چه‌ند ڕۆژێكی زۆر نمایشكران، هه‌ست ناكه‌ی تۆرانی بینه‌ری ئێمه‌ پێوه‌ندی هه‌بووه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ده‌قه‌ وه‌رگێڕاوانه‌ پێوه‌ندیان نه‌ بووه‌ به‌ ئێستای كۆمه‌ڵگای ئێمه‌وه‌؟ هه‌ست ناكه‌ن بینه‌ری ئێمه‌ شانۆیه‌كی ده‌وێت بیبه‌ستێته‌وه‌ به‌ واقیعی ژیانی خۆیانه‌وه‌؟

دانا ڕه‌ئووف / پێش هه‌موو شتێك ده‌قی وه‌رگێڕاو و شانۆی كلاسیكی، سه‌رچاوه‌یه‌كی گرینگ و پێویستی هه‌موو شانۆ و بزووتنه‌وه‌یه‌كی شانۆییه‌، به‌بێ شانۆی كلاسیكی یان هه‌ر ده‌قێكی تری وه‌رگێڕاو شانۆ كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی تێدایه‌، ئه‌و كه‌لێنه‌یش هه‌رگیز به‌ ده‌قی خۆماڵی پڕناكرێته‌وه‌. له‌ هه‌موو دونیادا شانۆ ته‌نها شانۆی خۆماڵی نییه‌ و شانۆ پرۆسه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ و شتێكه‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌؛ ئه‌مه‌یش هۆكارێكی زۆر ساكاری هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆ هه‌میشه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مرۆڤ و خه‌ون و هیوا و ئازاره‌كانی مرۆڤ و پێوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ به‌ یه‌كترییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر نه‌مایشكردنی ده‌قی وه‌رگێڕاو و كلاسیكی بینه‌ری له‌ شانۆ ته‌كاندبێته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌بێ هیچ گومانێك هه‌ڵه‌ی ئه‌و ده‌قه‌ وه‌رگێڕاوه‌ یان كلاسیكییه‌ نه‌بووه‌ و نییه‌، به‌ڵكو هه‌ڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌، كه‌ نه‌مایشی ده‌كه‌ن. شانۆنامه‌ تازه‌ و مۆدێرنه‌كان، له‌ پاڵ ده‌قه‌كانی شانۆی كۆنی گرێكی، شه‌كسپیر، مۆلییر، ستریندبێرگ، چێخه‌ف، برێشت، پینته‌ر… و هه‌زاره‌های تریش، كه‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر شانۆكانی دونیا نه‌مایش ده‌كرێن، نه‌ك هه‌ر بینه‌ریان له‌ شانۆكان نه‌ ته‌كاندۆته‌وه‌، به‌ڵكوو وزه‌یه‌كی گه‌وره‌بوون بۆ شانۆ، شانۆكاره‌كان و بینه‌ریان بێشوومار له‌ ده‌وری خۆیان كۆكردۆته‌وه‌. ده‌بێ ئێمه‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆمان بكه‌ین، چۆن و بۆچی ئه‌و هه‌موو ده‌قه‌ كلاسیكییه‌ تا ئێستا به‌ به‌رده‌وامی پێشكه‌ش ده‌كرێن. گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ ئێمه‌ ده‌قی وه‌رگێڕاو یان شانۆی كلاسیكی پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ چی هه‌ڵده‌بژێریت و چۆنی پێشكه‌ش ده‌كه‌یت.

هه‌ر ئێستا، كه‌ من وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی تۆ ده‌ده‌مه‌وه‌، هه‌ر كۆڕی شانۆی با-یش نه‌مایشێكی گه‌لێك سه‌ركه‌وتوویان له‌ شانۆی جیهانی و ده‌قێكی وه‌رگێراوه‌وه‌ پێشكه‌ش كردووه‌، كه‌ ئه‌ویش (مارا/ساد-ه‌. مارا/ساد) له‌ ماوه‌ی ئه‌م سی چل ساڵه‌ی ڕه‌وت و بزووتنه‌وه‌ی شانۆی كوردیدا، له‌ چه‌ند هه‌ل و مه‌رجی جیاوازی وڵات و شاره‌كه‌ماندا نه‌مایش كراوه‌، بۆ نموونه‌، كه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌شتاكاندا و له‌ كاتی جه‌نگی عێراق/ئێران و له‌ تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری مارا/سادمان نه‌مایش كرد، هه‌مان ئه‌م نه‌مایشه‌ی ئێستا نه‌بوو، هه‌روه‌ها كه‌ كۆمه‌ڵێك براده‌ری تر و له‌ كه‌لاوه‌كانی ئه‌وسای ئوتێل حسیب ساڵح، دوای شه‌ڕی عێراق/ئێران مارا/سادیان نه‌مایش كرد، هه‌مان نه‌مایشه‌كه‌ی ئێمه‌ نه‌بوو. كه‌واته‌ گرفته‌كه‌ ده‌قی وه‌رگێراو یان شانۆی كلاسیكی نه‌بووه‌ و نییه‌، به‌ڵكوو هه‌ڵبژاردن و چۆنییه‌تی نه‌مایشكردن و چاره‌سه‌ره‌ هزری، هونه‌ری و ئێستاتیكییه‌كانه‌. كه‌ له‌ دونیایشدا به‌ به‌رده‌وامی ده‌قی كلاسیكی نه‌مایش ده‌كرێت، له‌ فۆرم و شێواز و ستایله‌ كلاسیكییه‌كه‌یدا نه‌مایش ناكرێت، گه‌ر وا بوایه‌ شانۆ ده‌مێ بوو مردبوو. كاری شانۆكار و شانۆ ئه‌وه‌یه‌ پرسیاره‌كانی ئه‌مڕۆ و هه‌ناسه‌یه‌كی نوێ له‌و ده‌قانه‌دا بدۆزێته‌وه‌: گرینگ نییه‌ چی نه‌مایش ده‌كه‌یت، كلاسیك، مۆدێرن یان ده‌قێك خۆتان له‌ كاتی پرۆڤه‌ و به‌كاری ڕاگوزاری و هاوبه‌ش ده‌ینووسن، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌وای ئه‌مڕۆ و ئه‌م ساته‌ هه‌ناسه‌ بدات و بژی. كاری شانۆ و شانۆكار ڕازاندنه‌وه‌ و دروستكردنی مۆزه‌خانه‌ نییه‌ له‌سه‌ر شانۆكان، هاوكات وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاریش نییه‌، به‌ڵكوو وروژاندنی پرسیاره‌كانه‌، ده‌رخستنی ڕاستییه‌كانه‌ و بێزاركردنی بینه‌رانه‌.

من له‌و بڕوایه‌دانیم كۆڕی شانۆی با یان هه‌ر شانۆیه‌كی تر چ له‌ كوردستان یان له‌ هه‌ر سووچێكی تری ئه‌م دونیایه‌دا بتوانێت پشت بكاته‌ ئه‌و كولتووره‌ دێرین و گه‌وره‌یه‌ی شانۆی جیهانی و ته‌نها خۆی ده‌قی خۆی به‌رهه‌مبهێنێت. له‌و كاته‌دا زۆر كه‌موكووڕی تێدا ده‌بێت؛ نه‌ شانۆ گه‌شه‌ ده‌كات، نه‌ تواناكانی ئه‌كته‌ر و نه‌ دیدی ریژیسۆر. نووسینی ده‌قی خۆت و به‌ كاری هه‌ره‌وه‌زی و پرۆسه‌یه‌كی ڕاگوزاری، له‌ قۆناخ و ڕه‌وشێكی دیاریكراودا ئه‌زموونێكی باش و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و زۆربه‌ی شانۆكاره‌كانی دونیایش، بۆ نموونه‌ (ئاریان موشكین و پیته‌ر برووك)، كاری وایان كردووه‌، به‌ڵام پشتكردنه‌ شانۆی جیهانی و ده‌قی وه‌رگێڕاو و كلاسیكی و ته‌نها و ته‌نها خۆت به‌ كاری هه‌ره‌وزی ده‌قی تایبه‌ت به‌ خۆت به‌رهه‌مبهێنیت، ئه‌وا بێگومان تێنه‌گه‌یشتنێك هه‌یه‌. ده‌كرێت شانۆنامه‌نووسێك به‌ به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ گروپێك كار بكات و ئه‌و گروپه‌ ته‌نها ده‌قه‌كانی ئه‌و شانۆنامه‌نووسه‌ به‌كاربهێنن و نووسه‌ره‌كه‌یش له‌ پرۆسه‌یه‌كی گه‌شه‌كردوودا، له‌ دیدی ریژیسۆره‌وه‌ ده‌قه‌كانی نووسێت. ئه‌م جۆره‌ كارانه‌یش نموونه‌یان له‌ شانۆی جیهانیدا زۆره‌ و ئه‌زموونێكی گه‌لێك ده‌وڵه‌مه‌نده‌. مولییر بۆ ئه‌و شانۆیه‌ی ده‌نووسی، كه‌ خۆی كاره‌كانی تیا پێشكه‌ش ده‌كرد، چێخه‌ف به‌ ته‌واوی خۆی ته‌رخانكردبوو بۆ شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ، داریۆ فۆ نموونه‌یه‌كی تری دانسقه‌یه‌، كه‌ خۆی نووسه‌ر، ئه‌كته‌ر و ریژیسۆر بوو… هتد. ئێستایش زۆر شانۆنامونووس هه‌ن، كه‌ پێوه‌ندییان به‌ شانۆیه‌كه‌وه‌ یان ریژیسۆرێكه‌وه‌ هه‌یه‌ و پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن، ئه‌و ده‌ینووسێت، ریژیسۆره‌كه‌یش له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كانی تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ گه‌شه‌یه‌كی دراماتۆرگی گرینگدا چ ده‌قه‌كه‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چێت و چ دیدی ریژیسۆر و هه‌روه‌ها ئه‌كته‌ره‌كانیش.

شاخه‌وان سدیق/ نه‌بونی ده‌قی كوردیه‌ وای كردووه‌ شانۆكاره‌كان ده‌قی وه‌رگێڕاوی ئه‌وروپی به‌كاربهێنن بۆ به‌رهه‌م هێنانی كارێكی شانۆیی یان چی؟ هه‌ست ناكه‌ی بینه‌ری ده‌قی شانۆیی كوردی زیاتربێت؟

دانا ڕه‌ئووف / ئه‌ده‌بی كوردی بنه‌ماكانی له‌سه‌ر شیعر ڕۆناوه‌، شیعری كلاسیكی كوردی له‌ مه‌وله‌وی-یه‌وه‌ بۆ شێركۆ بێكه‌س سامانێكی گه‌وره‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و ڕۆڵێكی گه‌وره‌یشی له‌ پارێزگاریكردن و گه‌شه‌ی زمانی كوردیدا گێڕاوه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ژانره‌كانی تری ئه‌ده‌ب، ڕۆمان و ته‌نانه‌ت كورته‌ چیرۆك و ده‌قی شانۆیی ئه‌و مێژووه‌ درێژه‌یان نییه‌ و تا ڕاده‌یه‌ك به‌ ئه‌ده‌بی كوردی نامۆن. خۆ ئه‌گه‌ر كورته‌ چیرۆك له‌ حه‌فتاكانه‌وه‌ هه‌ندێك هه‌نگاوی جدی نابێت، ئه‌وه‌ ڕۆمان له‌ كۆتایی هه‌شتا و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ زیاتر ده‌ركه‌وتوه‌ و بره‌وی به‌ ئه‌ده‌بی كوردی داوه‌. نووسینی ده‌قی شانۆیی تا ئێستا نه‌بووه‌ به‌ كولتوور و نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك ژانرێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ربكه‌وێت و خۆی بسه‌پێنێت، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین هه‌وڵی زۆر جدی هه‌ن و به‌ر له‌ ڕۆمانیش چه‌ندان قه‌له‌می به‌پێز و به‌ توانا ده‌قی شانۆییان نووسیوه‌، بۆ نموونه‌ (عه‌بدلڕه‌حیم ڕه‌حیمی هه‌كاری، پیره‌مێرد، ئه‌لف با هه‌وری و تا ده‌گاته‌ ئه‌نوه‌ر قادر ڕه‌شید، فه‌تاح خه‌تاب، ئه‌حمه‌د سالار، دڵشاد مسته‌فا)… هتد كه‌ جێگا په‌نجه‌یان دیاره‌ و هه‌نگاوی گرینگ و پێویستیان ناوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نووسینی ده‌قی شانۆیی نه‌بووه‌ به‌ كولتوور و نه‌یتوانیوه‌ جێگای خۆی بگرێت. هیچ كه‌سێكیش تا ئێستا سه‌ت له‌ سه‌ت خۆی بۆ ئه‌م ژانره‌ ته‌رخان نه‌كردووه‌. به‌ ڕای منیش یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان گه‌شه‌نه‌كردن و بێهێزی شانۆی كوردییه‌، كه‌ نه‌یتوانیوه‌ چ له‌ ڕووی ریژی و چ له‌ ڕووی دراماتۆرگییه‌وه‌ بره‌و به‌ توانای ئه‌و شانۆنووسانه‌ی خۆمان بدات، ئه‌وه‌ی ئه‌وان نووسیویانه‌ له‌سه‌ر شانۆكان به‌رجه‌سته‌ی بكات. كاری شانۆنووسه‌كانی ئێمه‌ به‌و پرۆسه‌ هاوبه‌ش و هاوكارییه‌ گرینگه‌ی نێوان ریژیسۆر/شانۆنامه‌نووس، شانۆنامه‌نووس/ئه‌كته‌ردا نه‌ڕۆیشتوه‌ و سوودیان له‌ ئه‌زموونی یه‌كتری وه‌رنه‌گرتووه‌ و به‌ركه‌وتنێكی قووڵ و تێگه‌یشتنێكی دوولایه‌نه‌ بۆ پرۆسه‌كه‌ نه‌بووه‌. بێگومان له‌م بارودۆخه‌یشدا شانۆكاره‌كان به‌ ده‌قی وه‌رگێڕدراو هه‌وڵی پركردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌یان داوه‌.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌قی خۆماڵی هه‌میشه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌ له‌ دروستكردن و بونیادنانی شانۆدا، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ده‌قی سه‌ركه‌وتوو، هاریكاری نێوان شانۆ، ریژیسۆر و شانۆنامه‌نووسه‌كان دروست ده‌كات، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. چێخه‌ف ڕۆڵێكی بێهاوتا و گرینگی له‌ دروستكردنی شانۆی هونه‌ری مۆسكۆدا بینیوه‌، ستانیسلاڤسكی هه‌رگیز به‌بێ چێخه‌ف نه‌یده‌توانی ئه‌و شانۆیه‌ دروست بكات، كه‌ ڕۆڵێكی گرینگی له‌ مێژووی شانۆی جیهانیدا بینیوه‌؛ شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ چێخه‌ف ده‌كات به‌ شانۆنامه‌نووسێكی پله‌ یه‌ك، به‌هه‌مان شێوه‌ چێخه‌ف-یش شانۆی هونه‌ر ده‌كات به‌ شانۆیه‌كی هونه‌ری، كه‌ ناوبانگه‌كه‌ی سنووره‌كانی هه‌موو دونیا ده‌به‌زێنێت.
بێگومان له‌م باره‌یشدا بینه‌ر زیاتر له‌ شانۆكان كۆده‌بنه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسانتر خۆیان له‌سه‌ر شانۆكان و له‌نێو ئه‌كته‌ره‌كاندا ده‌دۆزنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یبینن ڕاسته‌وخۆتر په‌یوه‌سته‌ پێیانه‌وه‌، ریژیسۆریش به‌ شیوه‌ و فۆرم و ڕێگایه‌كی تر هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی دیمه‌نه‌كان ده‌دات و ئه‌و ته‌كنیكه‌ی به‌كاری ده‌هێنێت زیاتر له‌ واقیعی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆمانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ وه‌رده‌گرێت. ده‌مه‌وێت سه‌رله‌نوێ ئه‌وه‌یش دووپات بكه‌مه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی پێشكه‌ش ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی شتێكی زیندوو و نزیك له‌ واقیعی مرۆڤی هاوچه‌رخ و مۆدێرنی خۆمانه‌وه‌ بێت، ده‌بێت به‌ هه‌وای ئه‌مرۆ بژی و هه‌ناسه‌ بدات. ده‌بێت شانۆی كلاسیكی، مۆدێرنی وه‌رگێراو و ده‌قی خۆماڵی له‌ جووڵه‌یه‌كی دیالێكتیكی دا یه‌كتر ته‌واو بكه‌ن و سوود له‌ ئه‌زموونی یه‌كتر وه‌ربگرن.


شاخه‌وان سدیق/ ئه‌مڕۆ ساردو سڕیه‌كی زۆر له‌ ناو دنیای هونه‌ری ئێمه‌دا له‌ ڕوی نه‌بوونی ڕه‌خنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ڕه‌خنه‌ی هونه‌ری و شانۆیی. به‌جۆرێ ئه‌و هه‌موو كار و نمایشه‌ تێده‌په‌ڕێت كه‌س ته‌نها دوو دێڕی له‌ سه‌رناڵێت، تۆ ئه‌مه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌میی هونه‌رمه‌ندان ده‌گێڕیته‌وه‌، كه‌ گرینگی به‌ بواری نوسین ناده‌ن یان ئه‌مه‌یش وه‌ك هه‌موو كێشه‌كانی تر په‌تای نه‌بوونی نوسه‌ری ڕه‌خنه‌ی هونه‌رییه‌؟

دانا ڕه‌ئووف / ده‌بێت ئێمه‌ ئه‌وه‌ باش بزانین، ڕه‌خنه‌ی شانۆیی یان ئه‌ده‌بی له‌خۆوه‌ دروست نابێت، هه‌ر بۆ نموونه‌، گه‌ر تۆ رۆمانی كوردیت نه‌بێت و هیچ ڕۆمانێك نه‌كه‌وێته‌ بازاڕه‌وه‌، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیشت نابێت و كه‌س قسه‌ له‌سه‌ر ڕۆمان ناكات. شانۆیش هه‌مان هاوكێشه‌یه‌، ئه‌گه‌ر نه‌مایشی باش پێشكه‌ش نه‌كرێت و شانۆ نه‌بێت و هیچ ڕێپرتوارێكی شانۆیی له‌ ئارادا نه‌بێت، بێگومان ڕه‌خنه‌ی شانۆیشمان نابێت. بزووتنه‌وه‌ی شانۆی كوردی سسته‌ و ڕێپۆرتوارمان نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڕێزیشت له‌ پرسیاره‌كه‌تدا ئاماژه‌ت پێكردووه‌، ڕاست نییه‌. له‌م یه‌ك دوو ساڵه‌دا، چ له‌ هه‌ولێر و چ له‌ سلیمانی كۆمه‌ڵێك كاری باش پێشكه‌ش كراون و له‌سه‌ریشیان نووسراوه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كاندا دانیشتن و گفتوگۆیشیان له‌سه‌ر كراوه‌. هه‌ندێك قه‌ڵه‌می باشیشمان هه‌یه‌، كه‌ له‌ شانۆ ده‌گه‌ن و ئه‌وه‌ی ده‌ینووسن، له‌ خودی پرۆسه‌ شانۆییه‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتووه‌. من بۆ نموونه‌ چه‌ند ناوێك ده‌ڵێم، كه‌ به‌ڕاستی هه‌وڵی جدییان له‌م بواره‌دا هه‌یه‌؛ (حه‌مه‌سوار عه‌زیز، حیده‌ر عه‌بدره‌حمان و هه‌ندێك ته‌قه‌لای ڕه‌خنه‌یی نیهاد جامی-یش).

له‌م ڕۆژانه‌دا، كه‌ له‌ سلیمانی مارا/ساد نه‌مایش كرا، چه‌ندین گوتاریی ڕه‌خنه‌ی جدیشی به‌ دوای خۆیدا هێنا، هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، كه‌ (شوان عه‌توف) كارێكی مۆنوداراما، هاوكات شانۆنامه‌ی (سێ خوشك)ی چێخه‌ف هه‌ر له‌ سلێمانی نه‌مایش كران، به‌هه‌مان شێوه‌ كۆمه‌ڵێك گوتاری ڕه‌خنه‌ییان به‌ دوای خۆیاندا هێنا. كاری جدی هه‌میشه‌، كاردانه‌وه‌ی جدیشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

ڕه‌خنه‌گری شانۆیی به‌هایه‌كی گرینگی هه‌یه‌ و ڕۆڵی ئه‌و ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌، وه‌ك ڕاوێژكارێكی به‌سه‌لیقه‌، ڕێنمایی بینه‌ر بكات، تا كارێكی باش ببینن و كارێكی خراپ نه‌بینن. هه‌روه‌ها كاری ڕه‌خنه‌گریش ئه‌وه‌ نییه‌، دوای بینینی نه‌مایشێك خاڵه‌ باش و خراپه‌كان ده‌ستنیشان بكات؛ ڕه‌خنه‌ی شانۆیی زۆر له‌وه‌ گرینگتر و پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزتریشه‌. هه‌موو فۆرمه‌كانی هونه‌ر، شانۆ، مۆسیقا، وێنه‌كێشان… هتد، به‌بێ ڕه‌خنه‌ و ڕۆڵی ڕه‌خنه‌، به‌ڕای من له‌ژێر هه‌ره‌شه‌دایه‌. هونه‌ری مۆسیقا و وێنه‌كێشان به‌ ته‌واوی له‌م بواره‌دا فه‌رامۆش كراون و هیچ شتێك له‌سه‌ر پێشانگا و كۆنسێرته‌ مۆسیقییه‌كان ناوترێت و نانووسێت، به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌.

شانۆ هونه‌رێكی گرانه‌، هونه‌رێكه‌ به‌ ئاسانی ناگه‌یته‌ دوا ئه‌نجامه‌كان، ڕه‌خنه‌گری شانۆیش ده‌بێت ئه‌م ڕاستییه‌ بزانێت، ئه‌و توانا و جورئه‌ته‌ی هه‌بێت، په‌رده‌ له‌سه‌ر نه‌ك ته‌نها هه‌ڵه‌كان، به‌ڵكوو له‌سه‌ر توانای هونه‌رمه‌نده‌كانیش هه‌ڵماڵێت. باشترین ڕه‌خنه‌گره‌كانی شانۆیش ئه‌وانه‌ن، كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ هۆڵی پرۆڤه‌كاندا داده‌نیشن و چاودێری پرۆسه‌ی داهێنان و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاوی كاری ئه‌كته‌ر و ریژیسۆر ده‌كات. ڕه‌خنه‌گر چاوی سێیه‌م و خوێنه‌ری سێیه‌می نه‌مایشه‌كه‌یه‌، دوای ئه‌كته‌ر و ریژیسۆر، ئه‌و نه‌مایشكه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئاستی گه‌شه‌ و ته‌واوی پرۆسه‌ پراكتیكی و كرده‌ییه‌كه‌ شیده‌كاته‌وه‌ و توانای كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانی هه‌یه‌. من له‌و بڕوایه‌دام، هه‌ندێك یان چه‌ند ڕه‌خنه‌گرێكی دیاری كراو تا ئاستێكی باش ئه‌و توانایه‌یان هه‌یه‌. بێگومان بینه‌ر یاخود ریژیسۆر و ئه‌كته‌ره‌كان چه‌ند هاوڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر ده‌ینووسێت، ئه‌وه‌ شتێكی تره‌ و گرینگیش نییه‌.

شاخه‌وان سدیق/ ڕه‌خنه‌گری شانۆیی تا چه‌ند پێویستی به‌ تیۆری شانۆ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرێكی باش بێت؟ ئایا بنه‌مایه‌كی تیۆری بۆ ڕه‌خنه‌گر پێویسته‌؟

دانا ڕه‌ئووف / ڕه‌خنه‌گرێكی باشی شانۆیی ده‌بێت له‌ شانۆ بزانێت و له‌ هونه‌ری شانۆ بگات، شانۆ ئه‌ده‌ب نییه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی ده‌نووسێت به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان پێوه‌ندی به‌ شانۆوه‌ هه‌بێت. كاتی خۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆییان ده‌نووسی كه‌سانی پسپۆر نه‌بوون، به‌ڵكوو زیاتر ئه‌و كه‌سانه‌بوون، كه‌ سه‌رقاڵی ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بوون، وه‌ك كارێكی ئه‌ده‌بی باسی ناوه‌ڕۆك و بنه‌ما هزرییه‌كان و ده‌قه‌ شانۆییه‌كه‌یان ده‌كرد، نه‌ك لایه‌نه‌ كرده‌ییه‌كه‌ و ئێستاتیكای شانۆ. له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ ئه‌م ڕێچكه‌یه‌ گۆڕاوه‌ و ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ ده‌نووسن به‌شێكن له‌ شانۆ و كاره‌ شانۆییه‌كان. من خۆم، به‌رله‌وه‌ی بنووسم چ وه‌ك ئه‌كته‌ر و چ وه‌ك ریژیسۆر كارمكردووه‌، ئه‌زموونی شانۆ و لایه‌نه‌ كرده‌یی و پراكتیكییه‌كه‌م گواستۆته‌وه‌ بۆ نێو گوتاره‌ ڕه‌خنه‌یی و شانۆییه‌كان.
تیۆری شانۆیی و شیكردنه‌وه‌ی ده‌ق و تێگه‌یشتن له‌ پێكهێنه‌ره‌كانی تری نه‌مایشی شانۆیی، ره‌خنه‌گر له‌ نه‌مایش و سروشتی كاره‌كه‌ زیاتر نزیك ده‌كاته‌وه‌ و دیده‌ ئێستاتیكییه‌كه‌ی له‌ ڕاڤه‌ی ریژیسۆر و خوێندنه‌وه‌ی نه‌مایشه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت. ئێمه‌ نامانه‌وێت ره‌خنه‌گر ریژیسۆ و ئه‌كته‌ر بێت، به‌ڵام پێویسته‌ له‌ كاری ریژیسۆر و ئه‌كته‌ر بگات، زانیاری له‌ مێژووی شانۆدا هه‌بێت و له‌ بنه‌ما دراماتۆرگییه‌كانی ده‌ق/نه‌مایش بگات.

ڕه‌خنه‌یش چه‌ندین ڕێباز و ته‌وژمی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و ده‌بێت ڕه‌خنه‌گر بزانێت له‌ چ بنه‌مایه‌كی فه‌لسه‌فی، ده‌روونی، جوانكاری یان هه‌ر ڕیبازێكی تره‌وه‌، نه‌مایشه‌كان ده‌خوێندێته‌وه‌. ئه‌مه‌یش پێویستی به‌ ڕۆشنبیرییه‌كی قووڵ و گشتگر و هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌گرێكی باش به‌بێ بنه‌مایه‌كی تیۆری نابێت به‌ ره‌خنه‌گرێكی باش و هه‌رگیز ناتوانێت كۆد و سمبۆله‌كانی نه‌مایش بدۆزێته‌وه‌ و نووسینه‌كانیشی بریتی ده‌بێت له‌ داڕشتن و وشه‌ ڕیزكردن.

بەرگ... دانا ڕەئوف




مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا … بەشی چوارەم … ڕزگار حەمە ڕەشید

٤-٤

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە بە فۆرماتی پیدی ئێف کلیکی ئێرەبکەن …..

بەشەکانی تر:

بەشی یەکەیم …..

بەشی دووەم ….

بەشی سێیەم …..




مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا … بەشی سێیەم

٣-٤

نوسینی: ڕزگار حەمە ڕەشید

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …..




مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا … بەشی دووەم … نوسینی: ڕزگار حەمە ڕەشید


٢-٤

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم بابەتە کلیکی ئێرە بکەن …..

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )
مارا ساد باس لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی دەکات بە ناوی شارنتۆن کە لە ساڵی ١٦٤٥ەوە دامەزراوەو بە چارەسەرە مرۆییانەکەی بۆ نەخۆشەکانی ناسراوە، بە تایبەتیش لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ لە ژێر چاودێری کۆڵمیێر دا. ئەو خەستەخانەیە کۆمەڵێك نەخۆشی بەناوبانگی گرتۆتە خۆی، لە ناویاندا مارکیز دو ساد ١٨٠١ تا ١٨١٤. ساد وەك ئەرستۆکراتێك و فەیلەسوفێك و نوسەرێك و تاوانبارێك ناوی دەرکردووە، نوسینەکانی پڕ بوون لە دیمەنی ئاشکرای سێکسی و توندوتیژی و سوکایەتیکردن بە کەنیسەی کاسۆلیکی. لە ماوەی شۆڕشی فەرەنسیدا بە نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵبژێردرا، ١٣ ساڵی کۆتایی تەمەنی لە نەخۆشخانەی دەروونی بەسەر برد، زۆربەی کارەکانی لە زیندانەکان نوسیوە. ساڵی ١٨٠١ بە هۆی کتێبی جەستین و جولییەت، ناپلیۆن بۆناپارت فەرمانی گرتنی دەرکرد و دواتریش گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی چارنتۆن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە “کۆڵمیێر” ڕێگەیدا هەندێك لە شانۆنامەکانی خۆی لە ڕێی نەخۆشەکانەوە ئامادە بکات و بۆ خەڵك نمایشیان بکات، کۆڵمیێر بەوە ناسرابوو وە ڕەخنەی لێدەگیرا لیبراڵانە هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆشەکانیدا دەکات و ڕێگەی دەدان بە هونەر گوزارشت لە خۆیان بکەن.

sad

ڤایس بۆ کۆکردنەوەی چەندین چیرۆك و چەندین دەنگی جیاواز، شێوازی شانۆ لەناو شانۆی بەکار هێناوە. دەیەوێت لە ڕێگەی باسکردنی شۆڕشی فەرەنسییەوە چەندین بابەتی گرنگ و هەستیار بخاتە ژێر تیشکی لێوردبوونەوەوە. ساد دەکات بە نوسەری گریمانەکراوی ئەو چیرۆکەی لە نەخۆشخانەکەدا نمایش دەکرێت، بۆیە بینەران بە بەردەوامی بەدوای جیاکردنەوەی چیرۆکەکەی سادەوەن لە چیرۆکەکەی ڤایس. ڤایس لە ڕێگەی ڕووداوەکانی شۆڕشی فەرەنسا و فیگەری دی سادەوە پرسیاری گەیشتن بە دونیایەکی باشتر لە چەندین ڕووەوە دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و تێڕامانەوە. ئەو شۆڕشەی بە یەکێك لە ڕوداوە گرنگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت، دە ساڵ و نیو بەردەوام بوو، ١٧٨٩- ١٧٩٩ ماوەیەکی درێژ لە هەڵگەڕانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەو شۆڕشە کۆتایی بە سیستمی پاشایەتی هێنا و بە کۆماری جێگای گرتەوە. بە چەندین ناڕەزایەتی و هەڵگەڕانەوەی پڕ لە توندو تیژیدا تێپەڕی و دواجاریش لە سەر دەستی ناپلیۆن گەیشتە قۆناغی دیکتاتۆری و زۆربەی پرنسیپەکانی شۆڕشی بە ئەوروپادا بڵاو کردەوە کە پێکهاتبوو لە بۆچوونە لیبراڵ و ڕادیکاڵەکان، وە گۆڕنکاری قووڵی لە مێژووی نوێدا دروستکرد.
ئەگەر شۆڕش جۆرێك بێت لە یاخیبوون لەو سیستمەی لە ئارادایە، ڤایس هێڵەکانی ئەو یاخیبوونەمان بەم شێوەیە بۆ دەکێشێت:

France

ساد نوێنەرایەتی ئەو جۆرەیە لە یاخیبوون کە تەنیا لەپێناوی یاخیبووندایە و هیچ پلانێکی بۆ مانەوەو شوێنپێدانان نییە. هەرچەندە چەندین پرسیاری ئەنتۆلۆجی و گرنگ دەوروژێنێت، ساد: ” مارا من چاک دەزانم ئەم شۆڕشە بەرەو کوێ دەمانبات، بەرەو نەمانی مرۆڤ وەکو خودێکی تەنیا، تا هێدی هێدی دەتوێتەوە، دەخرێتە نێو ئەوانیتر، یەك ڕەنگ و یەك شێوە.” بەڵام تەنیا ئەو چرکە ساتە دەژی کە تیایدایە: ساد: ” ئەو کاتەش کە نامێنم و لەناو دەچم، دەمەوێت هیچ شوێنەوارێك لەدوای خۆم بەجێ نەمێنێ، تا بۆم بکرێ ئەسەری بوونم بسڕمەوە.” لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ئەو جووڵە خێرایانەی ساد بکەم لە نمایشەکەدا، کە زۆر بە وردی ئەم حاڵەتەی بەرجەستە دەکرد و وەك کارەکتەرێکی نهێلیست هەستت دەکرد بە قاچ پێش خۆی و دوای خۆی دەسڕێتەوە. جۆری جووڵانەوەی ئەکتەرەکان بۆ بەرجەستەکردنی ژیانی کارەکتەرەکان یەکێکە لەو لایەنە سەرنجڕاکێشانەی وردبینی نەخشەکانی دەرهێنان و نواندنمان بۆ ئاشکرا دەکەن. لە درێژەی ئەم نوسینەدا هەندێك لەو وردەکاریانە خوێندنەوەیان بۆ کراوە.

مارا نوێنەرایەتی جۆرێکیتری یاخیبوون دەکات ئەویش یاخیبوونە لە پێناوی شوێنپێداناندا، بەڵام لە شوێنێکدایە کە هێشتا قاچێکی لەناو پێشینەکانی خۆیدایە، ئەو پێشینانەی مومارەسەی توندوتیژی دەکەن بە بیانووی شۆڕشگێڕانە و لە کۆتاییشدا یاخیبوونەکانیان بە خۆشکردنی شوێنپێیەك کۆتایی دێت کە هەمان ئەو جێگایەیە ئەوانەی پێش ئەو زەمەنێکی نەگۆڕیان تیادا دروست کردبوو. واتە دەشێت گۆڕانکاری لە فۆرمی حوکمڕانیدا بکات، بەڵام هەرگیز نایەوێت خودی حوکمڕانی و دەسەڵات لەناو ببات، ئیش بۆ دروسکردنی فۆرم و زەمەنی جیاواز دەکات لەناو هەمان زەمینەکانی پێشخۆیدا، هەرگیز ئەو سەرکەشییە ناکات تێکڕای زەمینەی ململانێکان بگۆڕێت. مارا دەستپێکی هەمان ئەو هێڵەیە کە ناپلیۆنی لێوە بەرهەمدێت، سەرقافڵەی بیری لیبرالیزم بەرەو جیهان، ئەوەی هیگڵ بە سوارچاکی کردنەوەی دەرگای کۆتایی مێژوو ناوی دەبات. لە نمایشەکەشدا لە جۆری ئەدای کارەکتەری مارادا، هەمیشە هەست بە جێگیری دەکەین، یان لە هەر جووڵەیەکدا چاوی لەوەیە چۆن بگەڕێتەوە ناو داڵدەکەی خۆی، بانیۆکە، ئەو شوێنەی لەم نمایشەدا و لە زۆر نمایشی تری “مارا ساد” یشدا شێوەی تاکە پێڵاوێکی دراوەتێ. وەك دەڵێن پاش کوژرانی مارا هەر بەو شێوەیە وەسفی بانیۆکەی کراوە کە لە تاکە پێڵاوێك چووە.

کۆردی نوێنەرایەتی تێکڕای ئەوانە دەکات کە هەرگیز خەونی تێپەڕاندن و سڕینەوەی ئەو داڵدە ئاسوودەیەیان نییە کە لە پێشینەکانیانەوە دامەزراوە، بە هەموو توانایەکیانەوە شەڕی هەر نەیارێکی سەرکەش دەکەن ئەگەر بیەوێت ببێتە مەترسی بۆ ئەو مەنزڵگا ئارام و ڕەها و ئاسوودەیە. کۆردی: “مارا من هاتووم تۆ بکوژم تا هەموو خەڵکی ئازاد بن.” یان هەموو هەوڵێك دەدات ئەوەی لەدەست چووە بیگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی و هەموو شتەکان بە شێوەکەی جارانی ڕێکبخاتەوە، کۆردی: ” ڕۆژێك دێ ئەو خەونە بێتە دی، وای لێ دێ مرۆڤ لەگەڵ خۆی و خەڵکیدا ئاشت بێتەوە، لەوپەڕی ڕێکی و تەباییدا بژی.”

دکتۆر نوێنەر و نموونەی دەسەڵاتە، لە سیستمی هەرەمیی خەستەخانەکەدا، لە دکتۆرەوە بۆ کارمەندەکانیتر، لە مومارەسەکردنی سەرکوت و دەمکوت و سزا و دیسیپلینکردنەوە تا ڕامکردن و بە کۆیلەکردنی هەموان. لە تێکستەکەدا دکتۆر نموونەی پیاوێکی لیبراڵە کە بەتەواوی لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی ناپلیۆندایە. ئەوەی ئەو قەدەغەی دەکات، ئەو بەشانەیە کە دژی کەنیسە و دەسەڵاتە، بەتایبەتی ئەو بەشانەی دیالۆگەگانی ساد دژی شۆڕش و بەدگومانیەکانی سەبارەت بە شۆڕش و ئەو ڕەخنانەی مارا لەسەر گەندەڵکاران. لە نمایشەکەدا ئەمە زیاتر فراوان کراوە و ڕاستەوخۆتر کاری لەسەر سزا جەستەییەکان کردووە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەبەرچاوی بینەرانەوە. ئەمەش بۆ خەستەخانەیەك کە دەیەوێت خۆی وەك نموونەیەکی شارستانی پیشان بدات و وەك دکتۆر باسیدەکات گوایە دەیانەوێت لە ڕێگای هونەرەوە یارمەتی نەخۆشەکانیان بدەن، داواش لە بینەران دەکات لەوە تێبگەن ئەمانە تاوانبار نین و هەر یەکەیان بەر لەوەی بچنە ئەو شوێنە ئەرکی کۆمەڵاتییان هەبووە ڕایپەڕێنن. کەچی ئەو دکتۆرە بەڕێزە بە نواندنی ئەکتەری بەتوانا ( ڕۆژە فایەق) دەگۆڕێت بۆ جەللادێکی ڕووداماڵراوو بەربادێکی پڕ لە هاوار و پاش سەربڕینی سمۆرەکەشی بەدەستی ساد، ئیتر وەك نەخۆشێک بەو ناوەدا دێت و دەڕوات و تەنانەت لە کاتی لاقەکردنی یەکێك لە نەخۆشەکانیشدا، هیچ هەڵوێستێکی جددی نانوێنێت و هەر بە ئازاری سمۆرەکەیەوە دەناڵێنێت.


ماویەتی …..




سێهەمین دیداری شانۆی کوردیی یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌ده‌چێت

ئاگاداری بۆ شانۆکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان و هەندەران، کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری سێهەمین دیداری شانۆی کوردیی تایبەت بە “مونٶدراما” لە رۆژانی ٢٤ و ٢٥ و ٢٦ی مانگی 3 (مارچی) 2017 لە شاری یوتوبوری لە وڵاتی سوید ساز دەکات.
• کارە بەشداربووەکان لە لێژنەیەکی تایبەتەوە هەڵدەبژێرێت، بفەرموون ئارەزوومەندانە بە پێشکەشکردنی داواکاری بەشداربوون لە ڕێگەی ئەم ئیمیلەوە isk.gbg2@gmail.com
• ڕێکەوتی 1-2-2017 واته رۆژیی ١ی مانگی فێبرییه‌ی ٢٠١٧ دوا مۆڵەتە بۆ داواکاری بەشداربوون، دوای ئەم بەروارە هەموو داواکارییەکان ڕەت دەکرێتەوە.

تێبینی ….
 کارەکە لە 60 خولەک زیاتر نەبێت.
 زانیاری تەواو لە سەر ستاف و کارە شانۆییەکەی بنێرێت ..
 بۆ هەر کارێک تەنها ئەکتەر و دەرهێنەر بانگێشتنامەی بۆ دەکرێت ..
 داوەتنامەی ڤیزە بۆ کۆنسولخانەی سوید لە ئیران دەنێرێت.
 لە کاتی ڕەتکردنەوەی ڤیزەدا، کۆمەڵەکەمان بەرپرسیار نییە ..
 بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و فۆرمی بەشدار بوون، پەیوەندی بکەن بەم ئیمه‌یل و ژمارە تەلەفۆنەوە:
تەلەفۆن: 0046707405717 ئیمه‌یل: isk.gbg2@gmail.com

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی سێهەمین دیداری شانۆی کوردیی یۆتۆبۆری.




مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا … بەشی یەکەم … ڕزگار حەمە ڕەشید


١-٤

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )
لەم ماوەیەدا و پێشتریش، کۆمەڵێك نوسەری بەڕێز و چەند هاوڕێیەکی خۆشەویستم دەربارەی مارا ساد و پیتەر ڤایس و شانۆی تۆماری و کاریگەری برێخت و ئارتۆ لەسەر تێکستەکە و نمایشەکەی پیتەر برووك و، کەمێکیش دەربارەی ئەم نمایشە نوسرا، من هەوڵمدا ئەوەی لەو بارەیەوە نوسرا دەستم بکەوێت و بیانخوێنمەوە، ئەمەش بەو مەبەستەی باسکردنی ئەو لایەنانە دووبارە نەکەمەوە.

لەم نوسینەدا هەوڵم داوە خوێندنەوەیەك بۆ تێکستەکە و شێوازی نوسینی، وە نمایشەکە و شێوازی بەرجەستەکردنی بکەم. لە سەرەتادا خودی تێکستەکە و هەندێك ڕەهەندی سیاسی و فیکری ناو تێکستەکە باس دەکەین، دواتریش پێکهێنەرەکانی نمایش و هەندێك لایەنی تەکنیکی و نواندن باس دەکەین.
سەرەتا دەمەوێت دژی ئەو ڕا کۆلەکتیڤخوازە بووەستم کە سەرجەم ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتووریمان لە ناوێك، نوسراوێك، کارێکی هونەری، ڕابەرێکی سیاسی، یان شێوە ڕەفتارێکدا دەتوێنێتەوەو لێرەوە شەرعییەتی مانەوە و بەرەو سەر ڕۆیشتنی خۆی وەکو ناوێك و شێوە بیرکردنەوەیەك دەسەپێنێت بەسەر هەمواندا. ئەو ڕا فاشیستەی زاراوەکانی تاك و تەنیا و تا سەر ئێسقان و لە ئەلفەوە تا یا و ئەو دەستەواژانەی تری ئاخنیوەتە ناو قسەکردن و نوسینەکانەوە کە هەموو لەناو یەكدا دەتوێنێتەوە. ئەگەر پێتوایە ئێمە خاوەنی هیچ نین و لە بۆشاییداین و تەنیا چەند فریاد ڕەسێك وزەی کارکردنیان کردووە بە بەری ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتووریماندا، تۆ لە شوێنێکی هەڵەدا یارییەکی هەڵە دەکەیت.

دەشێ بۆ چەند ساڵێك بتوانیت زۆرێك لە خشتە بەریت، بەڵام خۆت لە هەموومان باشتر دەزانیت، ئەو ئاراستەیە ناتوانێت مێژوو ببڕێت و چرکەساتی گرنگ لەو کاروانەدا بەرهەم بهێنێت. هەر ئەم شێوە بیرکردنەوەو گوزارشتکردنەشە وایکردووە ڕەخنەی جددی نەتوانێت سەر دەر بهێنێت و فەوزایەکی پڕ لە غرووری بۆش و دۆشدامان و دڵەڕاوکێی بێ بەرهەم لە دەروونی ئەو گەنجانەدا جێگیر بکات، کە دەبوایە بزوێنەری داهێنان و خۆ تازە کردنەوە و ڕەخنە لەخۆ گر و تێپەڕێنەر بوونایە. ئەو نەوە فاشیستە، یان نەوەیەکی فاشیستیتر دەبێت بەژێر باڵی ئەواندا سەرهەڵبدات، یان ناهێڵن هیچ دەنگێکیتر ببیسترێت. ئەمەی دەیڵێم بە داخەوە زۆربەی بوارەکانی تریشی گرتۆتەوە. هەر لەم ڕووەوە، دەمەوێت ئەو تەوژمە هەڵەشە بێئاگایە بخەمە ژیر ڕەخنەی وێرانکەرەوە کە هەر جارەو کەسێك یان کارێك لە ژانرێکدا هەڵدەبژێرێت و ئیتر دەڵێت وا هەناسەیەکمان تێگەڕایەوە. ئەو شەپۆلە خەوتووەی تەنیا لەم نێوەندەدا جێی خۆیی کردۆتەوە و هەرگیز ناتوانێت خۆی لە سیحری ئەوانیتری دەرەوەی ئەم جوگرافیایە دەرباز بکات و لێرەش خۆی دەکاتە داکۆکیکەر و پێغەمەری تەووژمەکان. دەشێ بۆ خوێنەرێك یان بینەرێکی ئاسایی کە بەهۆی ژیانی ڕۆژانەیەوە نایپەرژێتە سەر بینین و خوێندنەوەی دەنگە جیاوازەکان، ئەم حاڵەتە داوەری هەڵنەگرێت. بەڵام بۆ بەڕێزێك کە ئەوە کار و سەرقاڵیی ڕۆژانەیەتی، ناکرێت هەروا وازی لێبێنین تێپەڕێت.

لەم شارەدا مانگی چەند نمایشی شانۆیی، سیمینار، پێشانگای شێوەکاری و کۆنسێرت و ئەو جۆرە شتانەمان هەیە؟ کە تۆ بەهۆی کبریائێکی ئەرستۆکراتیانەی پڕ لە زەیفەوە دانابەزیت و نایانبینیت، ئیتر چۆن ڕێگە بە خۆت دەدەیت دەربارەی کەلتوور و هەلومەرجی پێشکەوتن و زیندوویی یان پاسیڤ بوونی چالاکیەکان و دیدگاکان قسە بکەیت؟ لەم بارەیەوە بۆ ئەم نمایشەو زۆر کاری هونەری و کەلتووری تریش کە لەم شارەدا دەکرێن، گوێبیستی ئەو قسانە دەبین کە جگە لە پیاهەڵدانێکی کوێرانە، هیچیتر بەرهەم ناهێنێت، لە کۆتاییشدا نە خزمەت بەو ڕێچکە هونەریە دەکات و نە هونەرمەندەکان. من لە ماوەی ئەم ساڵدا چەندین کاری شانۆییم بینی شایستەی بینینن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لەسەر حسابی هیچ یەکێکیان ئەوانیتر داپڵۆسین و دەمکوتیان بکەین. لە هەشتاکانەوە شانۆی ئێمە بە کۆمەڵێك ئەزموونی گرنگدا تێپەڕیوە، لەو نێوەشدا چەندین ماوەمان هەیە تیایدا شانۆکەمان تووشی نشێوو بەربەست و تەنانەت وەستان بووە.

لەپاڵ ئەو بزووتنەوە جدیەدا کە دەستی پێکرد، وەك ئەوەی لە هەموو دونیادا هەیە، چەندین کاری نا هونەری و نا پرۆفێشناڵمان بینیوە، ئەوەشمان بینیوە کە گرووپێکی هونەری دواجار بوونەتە گرووپێكی پڕ لە بەرهەمی ناتەواو، یان وەك ئەوەی ئێستا دەیبینین، وەرگێڕانی نوسین لە سایتەکانەوە و دابەزاندنیان بەناوی خۆتەوە، کۆپیکردنی دیمەن و سینۆگرافیا و دیکۆر و تەنانەت جۆری ئەداکردنیش لە سایتەکانەوە و لە ڕێگەی یوتوبەوە. بەشێکی ئەم حاڵەتانەش دیسانەوە پەیوەندی بەو هەوڵە فاشیستیانەوە هەیە کە باندێک لە نوسەران و هونەرمەندان وەکو گەرا لەناو کون و کەلەبەری ئەو نێوەندەدا دایانناوە و هەوڵی زۆری دەوێت تا پاکبکرێنەوە.

لێرەوە ڕووی دەمم دەکەمە ستافی شانۆگەری مارا ساد و داوایان لیدەکەم بە چاوێکی کراوەوە گوێ لە تێبینیەکان بگرن و دڵنیا بن تەنیا بە ڕەخنەی زانستی و بەخۆدا چوونەوە و داڕشتنەوەو کاری بەردەوام دەتوانین شکڵێکی تایبەت بە شانۆکەمان ببەخشین.
سێ خوێندنەوە و سێ قۆناغی کاری جیاواز لە مارا ساد دا لە سلێمانی ١٩٨٧، ١٩٩١، ٢٠١٦
ساڵی ١٩٨٨ دەرهێنانی شەماڵ عومەر، بەهێزکردنی گوتاری مارا و بیری شۆڕشگێڕی، هاوشانی بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکانی شاخ و ڕاگرتنی هاوسەنگییەك لە نێوان کردار و دیالۆگەکاندا. دابەشکردنی کۆرس بەسەر هەرسێ لادا . تەنها کاتێك کە کۆرس بە بێ پاڵنان بە گالیسکەکانی مارا و ساد ەوە دەبینرێن، کاتی ئەو دیالۆگانەیە کە کە کۆرس دەگەڕێنەوە بۆ حاڵەتی نەخۆشی، ئاماژەی نەخۆشخانەکەش لابرابوو تا ڕاستەوخۆتر وەك نەخۆشیەکانی کۆمەڵگا ببینرێن.
ساڵی ١٩٩١ دەرهێنانی ڕزگار ئەمین، فۆکەس خستنە سەرئەو دیالۆگانەی باس لە دڕندەیی شۆڕش و سەرکردەپەرستییان تێدایە، ئەمەش وەك سەرەتای زەنگی ئاگادارکردنەوەی مەترسییەکانی دوای ڕاپەڕین و چەپڵەلێدان بۆ سەرکردەکان و بەرزکردنەوەیان تا ئاستی پەرستن و شەڕکردن لە پێناویاندا.
ساڵی ٢٠١٦ دەرهێنانی هیوا فایەق، دۆشدامان لە نێوان ماناکانی شۆڕش و ئازادیدا، سترێس خستنە سەر ئەو دیالۆگانەی باسی گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی دەکات.
دەبینین لە هەر یەك لەو نمایشانەدا خوێندنەوەی هەلومەرجی ئێستا بوونەتە داینەمۆی داڕشتنەوەی گوتاری نمایشەکان.

کورتەیەك دەربارەی تێکستەکە:
Petir

مارا ساد لە لایەن پیتەر ڤایسەوە وەك تاقیکردنەوەیەکی جیاواز بۆ دەسەڵاتی چیرۆك لە ساڵی ١٩٦٣ دا نوسراوە، تیایدا کۆمەڵێك چەمکی وەك: شۆڕش و شۆڕشی دژ، سەرکوتکردنی شۆڕشگێڕان و بە جەللاد بوونی شۆڕشگێڕان، شوناس و سنورەکانی ئازادی، کاریگەریەکانی ئەوانیتر لەسەر تاك و کاریگەری تاك لەسەر ئەوانیتر. حەقیقەت وەك چەکێك بۆ سڕینەوەی ئەوانی تر و وەك چەکێك بۆ خود پاراستن لەوانیتر، دەسەڵات لە پلە بەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ( پیادەکردنی دەسەڵات و هەیمەنەی دەسەڵات لە لوتکەی بڕیارەوە تا بنتکەی ملکەچی، یەك لەسەر ئەوانی ژێرتر)، ئایین وەك ئەفیونێك بۆ ئامادەکردنی تیرۆریست و جەنگاوەرە خەواڵوەکانی خودا، ئایین وەك چەکێك بۆ شەرعییەتدان بە لەناوبردنی نەیاران، تا گەیشتن بە دەسەڵات… وە چەندین چەمك و واتای پڕ پێچ و پەنایتر، سەرجەم بەیەکەوە گوتاری شانۆنامەی مارا ساد دەنوسنەوە. لەو تێکستەی ڤایس دا بە ئاشکرا کاریگەری ڕوداوەکانی پاش دوو جەنگە جیهانییەکەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست دەبینرێن، بە تایبەتیش بزوتنەوەکانی دژی شەڕ وەك بزووتنەوەیەکی فراوان لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا بە تایبەتیش شەڕی ڤێتنام ١٩٥٤- ١٩٧٥، بزوتنەوەی چەپە نوێکان وەك شێوازێکی نوێ لە لایەن بیریاران و خەباتگێڕانەوە سەری هەڵدا بۆ چاکسازیکردن لە هەندێك بابەتی وەك مافە مەدەنیەکان و پرسی جەندەر و ..هتد، هەروەها کاریگەری گفتوگۆ فەلسەفییەکان و بڵاو بوونەوەی کتێبی “ئیرۆس و ژیاری”ی هێربەرت مارکیوز ١٩٥٥ “شێتی و ژیاری” ی میشێڵ فۆکو ١٩٦١ ، و چەندین کتێبی گرنگی تر.

ماویەتی….




سەرنجێکی خێرا لەسەر شانۆی (ئەزموونگەری) کرێکاران لەکەنەدا … نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەرەتایەکی کورت لەڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە

ئەم کۆمەڵگە مۆدێرنەی مرۆڤایەتی سەرتاپا دەرگیری کێشمەکێش و ململانێی بەردەوامی نێوان چینەکانە. چین و توێژە جیاجیاکانیش لە هەوڵی ئەوەدان زۆرترین کارێک بکەن کە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان بپارێزن و تای تەرازووی هێز لەم ململانێ بەردەوامە بەلای خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بشکێننەوە. وەک ئاشکرایە لە کۆمەڵگەی نوێی مرۆڤایەتی دوو چین تیایدا مۆری خۆیان بەدیاردە و ڕووداوەکانەوە دەنێن. بە پێی لێکدانەوەی ماتریالیزم بۆ مێژوو و چینە کۆمەڵایەتییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک لە دوو چینی دژ بەیەک و ڕاوەستاو بەرامبەر بەیەک پێک دێت کە هەریەک هەڵگری تایبەتمەندی و بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیەتی. لە سیستەمی سەرمایەداری چینی باڵا یان سەرمایەداری خاوەن هێز و سوپا و زیندان و دامودەزگاو حیزب و میدیای زەبەلاح و ئەدەب و هونەری خۆیەتی و تەواوی دیاردە و دەرکەوتەکان لە ڕەوتی ململانێی چینایەتی بەسوود و قازانجی خۆی بەکار دەهێنێت. دەرکەوتەکانی دیاردەگەلی وەک ئایین و نادادپەروەی کۆمەڵایەتی و بێکاری و ستەم لە ژنان و تاد بە ئەندازەی سوود و قازانجیان بۆ سەرمایەداران، بەو ئەندازەیەش کۆت و زنجیرن لە دەست کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. چینی کرێکار لەم جەنگە چینایەتییەدا دەست بۆ گەلێ ئامراز دەبات بۆ بەگژاچوونەوەی ستەمی بورژوازی لەوانە شۆڕش و مانگرتن و خۆپیشاندان و دەرخستنی نارەزایەتی و لەهەمان کاتیشدا دەست بۆ ئەدەب و هونەری چینایەتی وەک پێویستییەکی ئەو خەباتە دەبردرێت. ئەدەب و هونەری کرێکاری بەدرێژایی مێژووی خەباتی چینی کرێکار ڕۆڵی گێڕاوە لە جۆشدانی خەبات و بەرچاوڕوونکردنەوەی ئەم چینە بنیادنەرە کە تەواوی ژیانی گۆی زەوی لەسەر ئارەق و ڕەنجی ئەم دامەزراوە. ئەدەب و هونەری کرێکاری وەک بەشێک لە پانتایی تێکۆشانی چینی کرێکار دژ بە ستەمی سەرمایەداری ناسنامەی خۆی لە خەبات و ناڕەزایەتی ئەو چینە خۆیەوە وەردەگرێت. پایەکان و بنەماکانی ئەم هونەرە چینایەتییە خۆی لە لێکهەڵپێکرانی هونەر بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار بنیاد دەنێت.

تەمەنی وڵاتی کەنەدا گەرچی کەمتر لە سەد و پەنجا ساڵە، بەڵام لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەیدا گۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ بنیادنراوە و ئەو کلتوور و نەریت و زانست و فەرهەنگەی لە ئەوروپا بەگشتی و بەریتانیا بەتایبەتی لەو ڕۆژگارەدا برەوی هەبووە، گەیشتۆتە ئەم وڵاتە تازەیە. مرۆڤە گواستراوەکان یان ئەوانەی ئارەزوومەندانە هاتوون بۆ ئەم وڵاتە خاوەن ئاستێک لە تەوەقوع بوونە بۆ ژیان کە زۆر لە سەرووی تەوەقوعی مرۆڤە نەیتیڤەکانی (خەڵکە ئەسڵییەکان)ی کەنەداوە بوونە. وڵاتی کەنەدا پێچەوانەی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەروپا بەو ڕێڕەوە مێژووییەدا تێنەپەڕیوە. واتە بە تونێڵی قۆناغەکانی “کۆمۆنەی سەرەتایی و کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری” گوزەری نەکردووە، بەڵکو وڵاتی بەریتانیا بەهەموو توانا مرۆیی و زانستی و سەربازییەکانییەوە پایەکانی کۆمەڵگەیەکی کۆلۆنیاڵی مۆدێرنی لەسەر ئەم خاکە دامەزراندووە. هەر لەم ڕێگەیەشەوە کلتوور و نەریت و پرنسیپە گشتییەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپا بە ئاسانی دەگەنە کەنەدا. مرۆڤە نوێیەکانی سەر ئەم زەمینە هەر زوو حەز و خولیا و ئارەزووەکانیان لە ڕێگەی ئەدەب و هونەرەوە دەربڕیوە.

لە ڕووی مێژووییەوە چینی کرێکاری کەنەدی گەرچی لەداکبوونێکی زەحمەتی هەبوو ، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەگەڵ یەکەمین ڕۆژەکانی دروستبوونی ئەم وڵاتەوە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەهامەتی و کرێی کەم و ناتەندروستی هەلومەرجی کارو بیمەی بێکاری و بێمافی کۆمەڵایەتی و بەگشتی لەگەڵ نزمی ئاستی ڕیفاهی کۆمەڵایەتی نەرمکردووە. ئەم چینە هەوڵیداوە لە سەد و پەنجا ساڵی ڕابردوو کارەکتەری خۆی گەشە پێبدات و پێ بەپێی ئاڵوگۆرە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی کەنەدی، ئەمیش ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و وریاتر بۆتەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆی زیاتر ناسیوە. لێرەدا نابێت ڕۆڵی دیار و بەرچاوی باوکی بزووتنەوەی چینی کرێکاری کەنەدی (دانیاڵ ئۆ دۆنیهۆ)لە یاد بکەین کە سەرتاپای ژیانی هەوڵیدا و تێکۆشا لەپێناو ڕێکخستن و بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی کرێکاران(1). هەروەها بڵاوبوونەوەی (Labour Gazette) گۆڤاری کرێکاری یان گۆڤاری کار لەساڵی 1901 ڕۆڵیکی زۆری گێرا لە هۆشیارکردنەوەی کرێکارانی کەنەدی.
سەرەتای سەدەی بیستەم بۆ بزووتنەوەی کرێکاری کەنەدی سەرەتای خۆڕێکخستن و بەرەو یەکگرتوویی چینی کرێکار بوو لەدژی چڵێسی سەرمایەداران. بورژوازی کەنەدی لە هەوڵی ڕاگرتنی ئەو بارودۆخە ناهەموارە بووە و تێکۆشاوە لەم دۆخە نائینسانییەی کاردا زۆرترین قازانج بۆ خۆی دەستەبەر بکات. هەرچەندە بورژوازی کەنەدی و دامودەزگاکانی لەهەوڵی بەرێخستنی کەمپینێکی دژە سەندیکا دابوو، بەڵام ئارەزووی کرێکاران بۆ ڕیکخراوبوون تا دەهات پەرەی دەسەند و بۆیە دەبینین ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوی کۆنگرەی کار و بازرگانی ( (Trades and Labour Congress کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کرێکاران بوو لە ساڵی 1902 بۆ 1914لە 13,000 ئەندامەوە بوو بە 80,000(2). ئەم گەشە سەندن و هۆشیاربوونەوەیە و ڕێکخراوبوونە دۆخێکی هێنابووە ئاراوە کە خوازیاری ئەدەب هونەرێک بوو کە گوزارشت بێت لە خەبات و ئامانجی خەباتکارانەیان. شانۆ هۆکارێکی گونجاو بوو کە نووسەرانی کرێکاری هەر زوو دەستیان بۆ برد و هونەرمەندانیش کاریان لەسەر کرد.
گەرچی خودی هونەری شانۆ زۆر لەو مێژووە زووتر هاتۆتە کەنەدا هەروەک” مێژوونووسی شانۆیی ده‌یڤد گرانده‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ شانۆی ئه‌وروپی له‌گه‌ڵ بەرێز هامفره‌ی گیلبێرت و “کۆمپانیایەکی بچووکی ئه‌کته‌ره‌کان” له‌ساڵی 1583دا هاتۆ‌ته‌ که‌نه‌دا. پێشتریش به‌رهه‌مهێنانی مارک لێسکاربۆرد بۆ شانۆی نیبتۆن له‌ فه‌ره‌نسای نوێ له‌ چوارده‌ی تشرینی دووه‌می 1606 و سامۆیڵ دی چامپله‌ین له‌ پۆرت ڕۆیه‌ڵ (که‌ ئێستا هەرێمی نۆڤه‌سکۆشیایه‌) یانه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییان دامه‌زراند له‌ژێر ناوی مه‌دالیای به‌خته‌وه‌ری و ئه‌مه‌ش له‌میانه‌ی سیستمێکه‌وه‌ بوو که‌ لێسکابۆرد سه‌رگه‌رمییه‌‌کانی خۆی نیشان ده‌دا که ‌له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌کانی فه‌ره‌نساوه‌ نمایش ده‌کرا و‌ ڕوخساری خۆیان ‌ده‌گۆڕی که‌ وه‌کو ڕوخساری خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نه‌کان و زینده‌وه‌ره‌ ئه‌فسانه‌کان ده‌رده‌که‌وتن”.(3)
سەرەتای ئەم سەدەیە و بەتایبەتی لە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەمدا بزووتنەوەی کرێکاری و چەپ لە کەنەدا لەقۆناغێکی پڕ لەگەشەو بەرەوپێشچوون دا دەژیا.

بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران وەک بزووتنەوەیەکی دانەبڕاو لە چینی کرێکار و ناڕەزایەتییە شۆڕشگێڕەکانی بەپشتیوانی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدا هەنگاوی دەنا و ڕۆڵی خۆی دەگێڕا. ئەدەب و شانۆی چەپ لەدەیەی سییەکاندا وەک بزووتنەوەیەکی دانپیانراو و هەمەچەشن بووە و هەڵگری شوێنێکی ئیستاتیکی دیار و بەرچاو بووە لە مێژووی ئەدەبی نەتەواتەتی(میللی) لە کەنەدا((4. ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی گەرچی بەوردی لەسەر مێژوو و بزووتنەوەی شانۆ کەنەدی دواوە و وەک سەرچاوەیەکی ئەکادیمی باوەڕپێكراو پشتی پێدەبەسترێت، کەچی لە ئاماژە و باسکردنی شانۆی کرێکاران لەو وڵاتە بێدەنگی هەڵبژاردووە و بچووکترین ئاماژەی بەو هەوڵ و کۆششانە نەکردووە کە هونەرمەندە چەپ و کرێکارەکان لەبڕگەیەکی زەمەنی و لەناو ڕێڕەوی مێژووی شانۆی کەنەدی ئەنجامیان داوە. بۆیە ئاشکرایە کە چینە باڵاکان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان ئامادەن مێژوو بشێوێنن یانیش هەر وەلای بنێنن. بۆیە ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی دەکرێ بوترێت تەنها ئینسکلۆپیدیای شانۆی چینی فەرمانڕەوا یان ئەو بزووتنەوە شانۆیەیە کە هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ژیان و داهاتووی چینی فەرمانڕەوای کەنەدا نەبووە و نییە.

http://dengekan.ca/wp-content/uploads/2016/12/shano_canada1.jpg
ئەندامە سەرەکییەکانی شانۆی کرێکاران

بەڵام جگە لە هەوڵەکانی چینی باڵا بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و شێواندنی مێژوو، هەوڵی تر لەئارادایە کە دەیەوێت بەپێچەوانەی ویست و خواستی چینی باڵا و دەسەڵاتدار، ڕاستییەکان بگەێنێتە خوێنەر و ڕووی ڕاستەقینەی مێژوو نیشان بدات. لەوانەش دکتۆر کاندیدا ڕیفکایند پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی وینیپیگ، بەوردی ئیشی لەسەر ئەدەب و کلتووری وڵاتی کەنەدا کردووە بەتایبەتی ئەدەب و کلتووری نێوان هەردوو جەنگی جیهانی، دەیەی بیستەکان دەیەی سەرهەڵدان و نەشونمای بیری ناسیونالیستی و ئابووری و کلتووری بوو لەکەنەدا. ئەوەبوو بۆ یەکەمجار ژمارەیەک ڕەخنەگر دەستیان کرد بە ڕەخنە و شیکردنەوەی ئەدەبی ئەمریکی و بەریتانی. بەڵام لەساڵی 1929 بەدواوە کۆمەڵێک ئەدیب و نووسەر کەوتنە نووسینی بەرهەمی چەپ و کۆمۆنیستی. باڵی چەپی ئەدەبی مۆدێرنیزمی کەنەدی کە دکتۆر کاندیدا لە کتێبی “کۆمۆنیستەکان و ڕەخنەگران : ژن و ئەدەب و چەپ لەدەیەی سییەکان لە کەنەدا” دا بەوردی بەدواداچوونی بۆ کردووە، دەڵێت” ئەدەبی چەپی کەنەدی لەو بڕگە زەمەنییە دوو ئەرکی لەسەرشان بووە. لەلایەکەوە گوزارشتی داهێنەرانە بوو لە سۆشیالیزم و لەلایەکی ترەوە هەڵگێڕانەوەی ئەدەبی ترادیسیۆنی زاڵ بوو”(5). ساڵی 1929 مایکڵ گۆڵدی نووسەری پرۆلیتاری بەئایین جولەکە شانبەشانی هەریەک لە ئیدا ڕەوه و چۆن هوۆرد لاوسن و جاسپەر دیدەر هەوڵی دروستکردنی شانۆی کرێکارانیان داو و ناویان نا(Workers Worke Drama). بەڵام ئەفسوس ئەم هەوڵە بەناکامی مایەوە و نەیتوانی هەنگاوێکی بەرچاو بنێ لەبردنە پێشەوەی شانۆی کرێکاران.
شانۆ و بزووتنەوەی شانۆیی کرێکاران لەئەنجامی ئەو هەلومەرجە لەبارەی گۆمەڵگەی کەنەدی نەشونمای کرد و هەنگاوی گەورەی بەرەو پێشەوە نا. مێژوونووسانی بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی دەستەواژەی “بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران” یان بەو ژمارە لە شانۆی ئەزموونگەری سیاسی باڵی چەپی کەنەدی دەگوت کە لە دەیەی سییەکان هاتنە دەرهێنان و نمایشکردن. زۆربەی ئەم شانۆگەرییانە بەسپانسۆری (یانەکانی هونەری پێشکەوتووخواز)) و بەدنە(تحریض)ی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی و پشتیوانی ئەو حیزبە هاتوونەتە نمایش. لەنێو بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران دوو جۆر تێڕوانین دەبینرێت کە یەکێکیان کۆمۆنیستییە و ئەویتریان سۆشیال دیموکراتە(6). یەکێک لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری لە شاری تۆرنتۆ لە کەنەدا لەساڵی 1933 خانمە نووسەر تۆبی گۆردۆن ڕایەنە. تۆبی گۆردن ڕایەن نەک هەر بە نووسەرێکی چەپ بەڵکو بە پێشەنگ و دامەزرێنەری شانۆی چەپ دادەنرێت.
ئەم خانمە پێشکەوتووخوازە دوای ئەوەی ئۆسکار ڕایەن دەناسێت، لەساڵی 1949 دەبنە هاوسەری یەکتر و تا مردن بەیەکەوە دەژین. تۆبی تەنها نووسەرێکە کە نووسینەکانی لەم دواییانە لەلایەن ئەرشیفی کتێبخانەی زانکۆی گەڵف وەک تاکە مەتریاڵێک دەربارەی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران لەدەیەی بیستەکان کەتائەمڕۆ چنک کەوتبی و لەبەردەستدا بێت، کەڵکی لێوەرگیراوە(7). تۆبی ڕایەن کۆمەڵێ هەوڵی لەبواری شانۆی کرێکاران هەیە لەوانە : شانۆی چەپ و شانۆی کەنەدا و دەیەی سییەکان-یادەوەری جگە لەتۆبی گۆردۆن ڕایەن، هەندێ ناوی تر هەن کە کاریگەرییان لەسەر نەخشاندنی ئەو مێژووە دیارە لەوانە ئالن فایلود، هارۆڵد گریفن(لەشاری ڤانکۆڤەر-هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیا)، جۆ زاکن(لەشاری وینیپیگ- هەرێمی مانیتۆبا)، ڕۆز کاشتان(لەشاری مۆنتڕیاڵ- هەرێمی کێبێک)، ئۆسکار ڕایەن، ئێدوارد سیسیڵ سمیس، فرانک لەڤ، میڵدرێد گۆڵدبێرگ و وەینو شاستەر، دۆەسی لایڤسەی، ئان ماریۆت، ئیرینا بەیرد. بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی بەگشتی و شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری لە کەنەدا وەک هەر جێگایەکی تر پیاو نەخشی بەرچاوی زیاتری هەبووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ژنان ڕۆڵی داهێنەرانەیان نەگێڕابێت لەو بوارەدا. بەچاوگێڕان بەسەر ناوە بەرچاوەکانی ئەو سەردەمە ژمارەیەک ئافرەت دەبینین کە ڕۆڵی گرنگ و پێشەنگیان گێڕاوە. دیارە نابێت وا بزانین کە بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران بەردەوام ڕوو لەسەر هەنگاوی ناوە.

نەخێر لەساڵانی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم بارودۆخێکی نالەبار لەدژی ئەم بزووتنەوەیە هاتە ئاراوە و لەزۆر لاوە دژایەتی دەکراو تەنانەت شانۆگەرییە چەپە توندڕەوەکان قەدەغە کران. دواتر خانمە نووسەر تۆبی رایەن تیپێکی شانۆیی تر دادەمەزرێنێت بەناوی ( Play Actor) کە کاری لەسەر هۆشیارکردنەوەی توێژی گەنچ دەکرد لە کۆمەڵگای کەنەدی. ئەم بزووتنەوەیە ئیتر بەهەوراز و نشێوی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی کەنەدی تێدەپەڕێت و دواجار لەسەر ئەو سەکۆیە لەنگەر دەگرێت کەپێی دەلێن شانۆی کەنەدی. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە هەر پێشڕەوییەکی شانۆیی و هەر هەنگاوێکی هونەری لەبەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندی چینایەتی لەو سەردەمە دژ بە شانۆی بورژوازی و هونەری بورژوازی بوو.


گەی گلۆڤەری ئەکتەر لە دیمەنێک لە شانۆی ” لەچاوەڕوانی لیفتیدا”، لە فیستیڤاڵی دۆمینیۆن دراما لە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا لەساڵی 1936

بەرهەمە شانۆییەکانی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران

کاتێ گروپی شانۆنامەنووسانی نوێ لە ساڵی 1926 دامەزرا، ئۆتۆ خان بوو بەدابینکەری سەرچاوەی دارایی و بڕی 30,000 دۆلاری ئەو سەردەمەی خستە بەردەستیان، ئەمەش نەک هەر نووسەرانی چەپ بەڵکو نووسەرانی تریشی هێنایە ناوەوە کە لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری ئەوروپا بوون. جان هەورد لاوسن ئەو کاتەی لە پاریس دەبێت، هەردوو دەقی ( ڕۆجەری تازە پێگەیشتوو)لە ساڵی 1923 کە شانۆگەرییەکە دەربارەی گەنجێکە کە خەریکی خەباتکردنە لە جیهانی واقیعی، و (ئاواز و مۆسیقای نمایش) لە ساڵی 1925، دەنووسێت. دواتریش لە سەرەتای دەیەی سییەکان شانۆی کار (Theatre of Action) دێتە ئاراوە و دەرهێنەر لە شاری نیویۆرکەوە دێنن و ستافی بەردەوامی دەبێت و قوتابخانەی هاوینی دەکاتەوە گەلێ نمایشی شانۆیی ئەنجام دەدات و بەرهەمەکانی دەگەنە قۆناغی کۆتایی فیستیڤاڵی دۆمۆنیۆن بۆ دراما لە شار وینیپیگ. هەرچەندە شانۆی کار خەڵاتەکەی نەبردەوە بەڵام ئەمە هەنگاوێکی گەورە بوو لە بواری گەیشتنی نمایشێکی کرێکاری بۆ ئەو پلە باڵایە. شانۆی کار سەرباری ستراکتۆری گورپیی و بۆچوونی کۆمەڵایەتی و قوتابخانە هاوینییەکەی و خۆ تەرخانکردنی بۆ شانۆی کەنەدی، کەچی شانۆی کاری تۆرۆنتۆ پێشەنگێک بوو بۆ ئەلتەرناتیڤی شانۆی ئەمڕۆ(8).

یەکێک لەو کارە بەرچاوانەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران، شانۆنامەی “هەشت پیاو دەدوێن”ە کە لە نووسینی کۆمیتەیەک بوو لەوانە ئۆسکار ڕایەن، ی،سیسیل سمیس، فرانک لەڤ، میڵدرێد گۆلدبێرگ و تۆبی گۆردۆن دەریهێنا بۆ شانۆ. ئەم شانۆگەرییە لە ساڵی 1933 دا نووسراوە کە دەربارەی پەروەندە(فایل)ی ئەو پاسەوانەیە( کینگستۆن پەنیتێنتەری) کە ویستی لیدەری حیزبی کۆمۆنیست(تیم باک) بکوژێت. ئەم شانۆگەرییە دوای ئەوەی لە شاری تۆرنتۆ مۆڵەتی نمایشی لێ سەندرایەوە، لە شاری وینیپیگیش پۆلیس مۆڵەتی نمایشیکردنی لێ سەندنەوە و قەدەغە کرا. ئەم دەقە وەک میتا-تێکست لە ساڵی 1934 هاتە نمایشکردن لە ئاهەنگی ئازادکردنی لیدەری حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی. هەروەها “لە چاوەڕوانی لیفتی”دا بەرهەمێکی تری کرێکارییە کەلەلایەن شانۆنامەنووسی ئەمریکی “کلیفۆرد ئۆدێتس”ەوە نووسراوە. ئەم بەرهەمە باسی کۆمەڵێ (شوفێر) سایەق تەکسی دەکات کە بە نیازن مانگرتن ڕابگەیەنن. ئەم شانۆنامەیە شەش دیمەنە و ناوەڕۆکەکەی لە واقیعی مانگرتنی سایەق تەکسییەکانی شاری نیویۆرکەوە وەرگیراوە کە لە شوباتی ساڵی 1934 مانگرتنێکی گەورەیان ڕاگەیاند، هاتە نمایشکردن.

شایانی باسکردنە ستافی ئەم شانۆنامەیە و بەڕێوەبەرانی هونەری هەموو کرێکارانی بێکار بوون. هەروەها شانۆنامەی (Stevedore- کرێکاری بارگەڵگری بەندەر) یەکێک بوو لە بەهێزترین شانۆنامە کرێکارییەکان لە دەیەی سییەکانی سەدەی ڕابردوو. ئەم نمایشە دەربارەی ستەمی ڕاسیستی پیاوانی سپی پێست بوو دەرهەق بەو ڕەش پێستانەی کە پێیان دەوترا ڕەوەندی ئەفریقی- ئەمریکی. شایانی ئاماژەیە دۆخی جوگرافیا و کلتووری ئەمریکا و کەنەدا بەجۆرێکە کە تێکەڵییەکی زۆر بەرچاو دەکەوێت و سەدەها جار بەرهەمە شانۆییەکان لەسنوور پەڕیونەتەوە. بۆیە نمایشێکی کرێکاری گەرچی لەدایکبووی ئەمریکایە بەڵام لەکەنەدا دەخرێتە سەر شانۆ و بەهونەری کرێکاری کەنەدییش دێتە ئەژمار و پێچەوانەکەشی ڕاستە. جگە لەمانەش کورتە شانۆگەری “جەنگ لە ڕۆژهەڵات”، ناشتنی مردوو ساڵی 1936، ئاسنی قایم ساڵی 1938 لە هۆڵەکانی ” هارت هاوس یان مارگرێت هیتن” نمایشکراون(9). تۆبی گۆردۆن نەک هەر لە شاری تۆرۆرنتۆ ، بەڵکو لەپەیوەندیدا بوو لەگەڵ هونەرمەندانی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە سەرتاسەری کەنەدا بەتایبەتی لەشارەکانی وینیپیک و مۆنتڕیاڵ و ڤانکوڤەر. هەرچی ئالن فایلودە بە کتێب و نووسینەکانی ئاوڕی لەم لایەنە داوەتەوە. ئالن فایلود لە کتێبی ( شانۆی ئیلتزام، شانۆی ڕادیکاڵیزم و دەستدرێژی سیاسی لە کەنەدا)، کە کتیبێکە بەپێی بۆچوونی میشیڵ ویڵڵەر خوێندنەوەی مێژووی شانۆی ڕادیکاڵی کەنەدییە(10).

ئەم پرۆفیسۆرەی زانکۆی گۆیلف کە لەبوارەکانی خوێندن و دەرهێنانی شانۆدا وانەی دەوتەوە، چالاکانەش لە بوارەکانی مێژووی شانۆی کەنەدی و شانۆی ڕادیکاڵی سیاسی کاری کردووە. ئالن فایلود لە نووسینی (بەسەرمایەداریکردنەوەی شانۆی میللی)دا پەنجە دەخاتە سەر کۆمەڵێ گرفت کەڕەنگە باسکردنیان لێرە پێویست نەبێت چونکە پەیوەندی بەباسەکەی ئێمەوە نییە، بەڵام دەتوانم ئاماژە بەوە بکەم کە بورژوازی کەنەدی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی لە هەوڵی ئەوەدابووە کە بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری کەنەدی بەلارێدا ببات و لە ئامانجە چینایەتییەکانی دوور بخاتەوە. بۆیە لەگەڵ سەرکەوتنی زیاتری چینی سەرمایەداری کەنەدی و پەرش و بڵاوبوونەوەی زیاتری چینی کرێکار، بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران تا دەهات لە ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەی خۆی دوور دەکەوتەوە و هونەرمەندانیش لەژێر ئەو کاریگەرییە هەندێ ئاڵوگۆڕیان لەو بزووتنەوەیە پێکهێنا لەوانە گۆڕینی ناوی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری بۆ شانۆی میللی. وەک ئاڵن فایلود دەڵێ ” لە گوتاری شانۆی کەنەدی بزووتنەوەکان ناوی جیا جیا وەردەگرن، وردبوونەوەش لەمە ئەوە دەردەخات کە کرداری ناونان لە زۆربەی کاتەکاندا ستراتیژیەتی ڕابەرایەتی ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنەکانە. (11)

http://dengekan.ca/wp-content/uploads/2016/12/shano_canada3.jpg

وێنەی دیمەنێک لە کاتی نمایشی شانۆگەری هەشت پیاو دەدوێن. ئەم وێنەیە لە ساڵی 1977 گیراوە لەسەر شانۆی ستاندارد لە شاری تۆرنتۆ لە هەرێمی ئۆنتاریۆ لە کەنەدا.

خەسڵەتەکانی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە کەنەدا

یەکێک لە ئەو خەسڵەتانەی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە کەنەدا پێی دەناسرێتەوە بریتییە لە یاخیبوون لە سەرجەم نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگە و لادان لەهەموو ئەو نەریتانەی کە شانۆی کەنەدی شوناسی خۆی لەسەر بنیاد ناوە. هەڵگەڕانەوە لەشوناسی کۆن یان باو خۆی بە مانای گەڕانە بەدوای شوناسێکی نوێ کە هەم بونیادێکی نوێ بەشانۆ دەبەخشێت و هەمیش دەبێتە مایەی تەکان و بەرەو پێشچوون. هەرچەندە ڕەگەزە هونەرییەکانی شانۆ بەقوڵی ڕەگیان بەناو ترادیسیۆنی کلتووری کۆمەڵگای کەنەدی ڕۆچۆتە خوارێ، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو ڕەگەزانە دوور لە گۆڕان و لە گۆشەیەکی بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی خەریکی خۆ بەرهەمهێنانەوە بن. زمانی دەقەکان یان زمانی بەکارهاتوو کە زمانێکی سادەیە و بەئاسانی بینەر تێی دەگات. سادەیی زمان کەناڵێکی گونجاوە بۆ گەیشتنی پەیام و مەبەستی دەق. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەو سەردەمەی ژیانی چینی کرێکاری کەنەدا و ئاستی خوێندەوارییان دەبێ ئەو مافە بدەینە نووسەری دەق تا بەو زمانە سادەیە مەبەستەکەی دەربڕێت چونکە لەو سەردەمە واتە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەم و بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتوانی کەنەدا هەشت ملیۆن و سەد و شەست و نۆ هەزار و شەش سەد و بیست و دوو کەس بووە و ڕێژەی نەخوێندەواری 4.3 % بووە(12). ئەم ڕێژەیە بۆ وڵاتێکی وەکو کەنەدا کەم نەبووە و نووسەرانی شانۆ و ئەدەبی کرێکاری کەنەدی نەیان دەتوانی چاوی خۆیان لە ئاست ئەم واقیعە بنوقێنن. ئەمەش بە پێی ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت داگرتنی ئاستی هونەری نمایشەکانە بۆ ئاستێکی خوارتر، نەخوازراو ڕەتکراوەیە، چونکە لایەنگرانی ئەو بۆچوونە پێیان وایە زمانی دەق دەبێت لە ئاستێکی باڵادا بێت. تایبەتمەندییەکی تر بریتییە لە ناوەڕۆکی دەقە شانۆییەکان کە ڕەنگدانەوەی ژیان و ناڕەزایەتی چینی کرێکارە دژ بە چینی سەرمایەدار. ئەم ناڕەزایەتی و خەباتە بەهەموو جۆرەکانی و لەهەموو ئاستەکانیدا لە دەقەکان و کارە هونەرییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. مانگرتن و داستانی پڕ لە قارەمانی و سەروەرییەکانی کرێکاران دەبوونە هەوێنی بەرهەمی هونەری. کارەکتەرەکان هەر لەناو جەرگەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەڵبژێردراون و ئاشنان بە خودی خەڵک. ڕەگەزە هونەرییەکانی تر بەتایبەتی ڕەگەزی شوێن بریتییە لەشوێنی کار و ژیانی کرێکاران و ڕووداوەکان هەر لەو شوێنەدا ڕوو دەدەن. ڕەخنە ئەدەبی و هونەرییەکانیش لەسەر بنەمای بەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندی چینایەتی هەنگاویان ناوە و کارە هونەرییەکانیان شیکردۆتەوە و لێکداوەتەوە. بۆیە پێیان وابووە باشترین دادوەر بینەران خۆیانن و ئەوە گرنگ بووە کە بینەران یان گوێگران لە کوێی کارە هونەرییەکانەوەن. شانۆی ئەزموونگەری شانۆیەکی یاخییە لە نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگەو یەکێک لە پایەکانی ئەم شانۆیە پرسیارکردنە لە پەیوەندی نێوان نمایشکەران و بینەران و بەرپرسیارەتی نێوانیان و شوێنی ڕوودانی شانۆگەرییەکە و ڕێگا جیاوازەکانی حیکایەتخوان و گرنگی و بایەخی حیکایەت و پرسیاری ئەوەی ئایا کارەکتەر بوونی هەیە؟ ئەم پرسیار و سۆراخانەی شانۆی ئەزموونگەری لەمێژە لەلایەن شانۆی باوەوە پشتی تێکراوە. سەرباری ئەمانەش شانۆی ئەزموونگەری ڕووی لە هەموو ئایدۆلۆژیاو بۆچوونە جیاوازەکانە. لەم دۆخەدا شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری ڕووی دەمی لە چینی کرێکار و ئایدیۆلۆژی مارکسیزم و کۆمۆنیزم بووە.



ڕێپێوانی بێکارانی شاری ڤانکۆڤەر لەسەر شەقامی هەیستینگز کاتێ بە بەردەم هۆڵی شانۆی ئیمپرێس تێدەپەڕن لە حوزەیرانی 1938

شانۆی میللی و پەیوەندی بەشانۆی ئەزموونگەری کرێکارانەوە
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، شانۆی کرێکاری تا دەهات لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکانی کۆمەڵگای کەنەدی و پارسەنگی هێزە چینایەتییەکان ئەویش بەرەو کەنارەگیر ڕۆیشت )دیارە لە ڕووی تییۆرییەوە)، بەڵام لە ڕووی پراکتیکەوە مەیدانی چۆڵ نەکرد. گوتاری ئەو بزووتنەوەیە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و شانۆی میللی جێی شانۆی کرێکاری گرتەوە. لە دەیەی سییەکان مۆدێرنیزمی شوشیالیستی بەردەوام بوو لە گەشەکردنی خۆی بە ئیحتیکاک و دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کەنەدی کە لە ساڵەکانی دواتردا ئەم دوو بزووتنەوەیە تێکەڵاوی یەکتر بوون. ئەم ئاڵوگۆڕە دەرئەنجامی ئاڵوگۆڕێک بووە لە ڕەوتی سیاسی کۆمەڵگە و جیهانبینی سیاسی و ئایدیۆلۆژی حیزبە کۆمۆنیست و کرێکارییەکان. بۆیە دەبینین کاتێ قورسایی بۆچوونی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی لەسەر شۆڕشی پرۆلیتاریایە، نووسین و خوڵقاوە ئەدەبی و هونەرییەکانیش هەمان ڕەنگدانەوەیان هەیە و کاتێکیش حیزبەکان دیدگای سیاسیان دەگۆڕێت و لەبری شۆڕشی پرۆلیتاریا دەیانەوێ زۆرترین ژمارە لە ئەدەیب و هونەرمەند لەناو بازنەی (خەبات لە دژی فاشیزم) کۆبکەنەوە، ئەوسا ڕەنگدانەوەی ئەم دیدە پۆپۆلیستییە بە بەرهەمەکانەوە دەردەکەون. ئیتر لەو خاڵەوە لەبری جەغدکردنەوە لەسەر میتۆدی کرێکاری لە بواری شانۆ، دەبینین جۆرێکی تر لە شانۆی سیاسی دێتە ئاراوە کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ خەڵکدا هەیە. ئەم جۆرە شانۆ سیاسییە بەشانۆی میللی ناوزەدکراوە. شانۆی میللی (Popular theatre ) لەوپەڕی پێناسەی سادەی خۆیدا یانی شانۆی خەڵک،کە بەتێگەیشتن و زمانی خەڵکەوە لە گرفت و چارەسەرەکان دەدوێت. ئەم شانۆیە شانۆی خەڵکە چونکە پەیوەستە بەهەموو خەڵکەوە نەک تەنها گروپێک لە خەڵک.
هەروەها تواناییەکانی خۆی لە خەڵکەوە وەردەگرێت و ڕەگ و ڕیشەشی لەناو ترادیسیۆنی کۆمەڵگەدایە و لەهەمان کاتیشدا دەبێ واقیعی و ڕەخنەگر و ئازاد بێت (13). شانۆی میللی وەک درێژراوەی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران دەرئەنجامی ئەو ئاڵوگۆڕە بوو لە جیهانبینی و تێڕوانینی سیاسی و ئایدیۆلۆژی حیزبە سیاسییەکان. ئەم ڕەوتە ڕادیکاڵە لە شانۆ لەسەر کۆمەڵێ بنەما کاری دەکرد کە پوختەکەی بەمجۆرەیە : یەک : ئێمە شانۆ بۆ کۆمەڵگەکان و هەر لەناو ئەوانیشەوە شانۆ هەڵدەبژێرین. دوو: بینەران دادوەرمانن. سێ : بڕوامان بەوە هەیە شانۆ بەرینە ناو خەڵک نەک ئەوان بهێنینە لای خۆمان. چوار : دەبێ کارەکانمان وابەستەبن بە ڕۆشنبیری میللیەوە . پێنج : باوەڕمان وایە کارەکانمان لەگەڵ نمایشی شانۆگەرییەکان دەست پێناکەن و تەواو نابن. شەش : باوەڕمان وایە کارەکانمان دەبێ بەزمانی خەڵک بدوێ. حەوت : ئێمە قایلین بەوەی بەڕێزەوە بەرخورد بە شانۆی میللی کرێکاران بکەین. هەشت : ئێمە دانی پیا دەنێین کە مەرجەکانی کارکردنمان دەبێ لەگەڵ پێویستی کۆمەڵگەکان بگۆردرێن و ئێمەش دەبێ بە نەرمی وەڵامی ئەو گۆرانە بدەینەوە( 14). ئەم پرنسیپانە (بنەمایانە) نەخشەڕێگای شانۆی میللین کە شێوازێکی سیاسیانەی هەیە. لێرەدا ئێمە ئەوە بەڕوونی دەبینین کە هەم شانۆی کرێکاران و هەم شانۆی میللی لەپەیوەندییەکی بەهێزدان لەگەڵ بینەر یان جەماوەر، یان وەک پیتەر بروک دەڵێت ” شانۆی پێویست یان خوازیار ، ئەو شانۆیەیە کە یەک جیاوازی پراکتیکی هەیە لەنێوان ئەکتەر و بینەر، نەک جیاوازییەکی بنەرەتی” ( 15). هەرچەند پەیوەندییەکی ورد لە نێوان شانۆی میللی و شانۆی ئەزموونگەریدا هەیە بەڵام ناتوانین ئەم دوو جۆرە لەشانۆ لەژێر یەک سەقف و پێناسە و ناودا کۆبکەینەوە.

دواجار
شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری توانی لە دوو ئاستدا کاریگەرییەکانی خۆی بە کۆمەڵگەی کەنەدی نیشان بدات. لەلایەک توانی ئاڵوگۆڕێک لە بنەما و پێکهاتەکانی شانۆ بێنێتە ئاراوە بەتایبەتی لە بوارەکانی شوێن و زمان و جووڵە و میزاج و ڕەمزو ڕەگەزەکانی تر. وە لە لایەکی ترەوە توانی لەبڕگەیەکی زەمەنی لەمێژووی کرێکاری کەنەدا ڕۆڵێکی بەرچاو و ئاشکرا ببینێت لە بەرجەستەکردنەوەی خەباتی چینایەتی کرێکاران لە دژی سەرمایەداری و لە هەمان کاتیشدا بەڕۆڵی خۆی کاریگەری هەبێت بەسەر بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی، ئەو بزووتنەوەیەی کە لە بەردەم گەلێ پرسیاری گەورە گەورەدایە و هێشتا نەیتوانیوە وەڵامێکی گونجاویان بداتەوە.

———————————————
سەرچاوەکان :

1- The story of union in Canada by Jack Williams 1975 p32
2- The Canadian Labour movement 1902-1960 by Irving Abella Ottawa 1975 p, 5.
3- مێژووی شانۆی کەنەدی نووسینی ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی http://www.canadiantheatre.com/HistoryofCanadianTheatre
4- لێکۆڵینەوەی شانۆ لە کەنەدا ڕۆبین بێڵتسکی ئێندەرس http://journals.hil.unb.ca/index.php/tric/article/view/7488/8547
5- http://www.uwinnipeg.ca/index/research-2009-rifkind-c
6- جۆوان سەنگستەر ..دووبارە ئەزموونکردنی فیمینیزم لە ئەدەبی چەپی کەنەدی ل ٢٢٠
7- شانۆی ئاکشن خوێندنەوە بۆ کتێبی شانۆی چەپ شانۆی کەنەدی لەسییەکانی سەدەی رابردوو – یادەوەری نووسینی شێڕڵ گرەیس بڕوانە سایتی ئەدەبی کەنەدیhttp://canlit.ca/reviews/theatre_of_action
8- شانۆی کار نوووسینی تۆبی گۆردن رایەن ڕانانی شێڕڵ گرەیس وەرزنامەی ڕەخنەیی ئەدەبی کەنەدی بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە http://canlit.ca/reviews/theatre_of_action
9- http://www.lib.uoguelph.ca/resources/archival_&_special_collections/collection_update/11/16af
10- میشیڵ ویڵڵەر یاداشکردنی دووبارە سەرنجدان لە ڕەگەکانی شانۆی ڕادیکاڵی کەنەدی . بۆ زانیاری زیاتر بروانە
http://rabble.ca/books/reviews/2011/11/committing-theatre

11- ناونانی بزووتنەوەکان ..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی شانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلودhttp://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf

12- زانیاری زیاتر بروانە ئەم سایتەی خوارەوە یۆنیسکۆ ئاماری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوان و ڕێژەی خوێندەوار و نەخوێندەوار لەوڵاتانی جیهان.بۆ
http://unesdoc.unesco.org/images/0000/000028/002898EB.pdf

13- ناونانی بزووتنەوەکان ..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی شانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلودhttp://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf
14- ناونی بزووتنەوەکان..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی سانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلود http://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf
15- بۆشایی بەتاڵ نووسینی پیتەر بروک ساڵی ١٩٦٨
http://en.wikipedia.org/wiki/Experimental_theatre




مارا – ساد نماییشی شۆڕشێکی تەواو نەکراو … حسن حسێن

لەگەڵ ئەوەی شانۆنامەی مارا ‌ـ‌ ساد، باس لە دۆخی دوای شۆڕشی فەڕەنسی دەکات، بەڵام وەك هەر کارێکی هونەریی و ئەدەبیی زیندوو بازنەی شوێنکات دەبڕێت و بە زمانێکی جیهانی خەم و خەونەکانی مرۆڤی دوای شۆڕش دەردەبڕێت. هەر بۆیە بە نزیکی لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە شۆڕشیان تیا کراوە، جۆرێك لە ئاوڕدانەوە و گەڕانەوە بۆ ئەم شانۆگەرییە هەبووە و هەیە. چونکە بە نزیکی دۆخی دوای هەموو شۆڕشەکان خاڵی لێکچوونیان زۆرە، هەر بۆیە نماییش کردنی بە لای هەر کۆمەڵگەیەکەوە دروستکردنی رایەڵەیەکی پەیوەندی و دۆزینەوەی خاڵە لێکچووەکانی نێوان شانۆنامەکە و دۆخی کۆمەڵایەتی دوای شۆڕشە.
جاری یەکەم کە شانۆگەریی مارا – سادم بینی لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا بوو، کە لەلایەن تیپی شانۆی ئەزمونگەری کوردییەوە نماییش کرا و هونەرمەند شەماڵ عومەر دەری هێنا بوو. ئەو کاتە زۆر لە شانۆگەرییەکە حاڵی نەبووم، ئەمەش لە لایەکەوە بەهۆی پاشخانی رۆشنبیریی خۆمەوە بوو، لە لەلایەکی ترەوە بە هۆی ئەوەی شانۆییەکە خۆی کارێکی سادە و ئاسان نییە و شانۆییەکی ئەزموونگەرییە کە تێیدا پیتەر ڤایس بە شێوەیەکی جیاواز ئایدیا هونەری و فیکرییەکانی دەخاتە روو. لە رووی هونەرییەوە شانۆییەکمان لە ناو شانۆدا بۆ نماییش دەکات و ستەیجەکەیشی نەخۆشخانەیەکی دەروونییە. لە رووی فیکریشەوە شۆڕشی فەڕەنسی دەکاتە پاساوێك تا لەو مێژووەوە بێتەوە و باسو خواسێك لەسەر شۆڕشەکانی سەدەی بیست دروست بکات و تێڕوانینە جیاوازەکان لەبارەی چەمکی شۆڕشەوە بخاتە روو. بۆ ئەم مەبەستەش پەنا دەباتە بەر شانۆی تۆماری (المسرح التسجیلي) و گرنگترین رووداوەکانی شۆڕشی فەڕەنسیمان بۆ دەگێڕێتەوە و بە تەکنیکی جۆراوجۆر و جیاواز لە گۆرانییەوە بۆ دیکۆر، لە جووڵەی ئەکتەرەوە بۆ رووناکی، وێنە و دیمەنەکانی شۆڕشمان نیشان دەدات.

ئەوەی کە ئەم شانۆییە پشت بە رووداوی راستەقینە دەبەستێت بە مانای ئەوە نایەت کە نووسەر خەریکی نووسینەوەی مێژوو بێت، بەڵکو ئەم تەکنیکە دەکاتە ئامڕازێك بۆ خستنە رووی بابەتگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دروست کردنی ئیلتیزامی هونەر بە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەك چەوسانەوەی چینایەتی، ستەمکاریی و نەبوونی ئازادی . جگە لەوە ڤایس بە بەکارهێنانی تەکنیکی شانۆ لە ناو شانۆدا دەیەوێت بینەر لەگەڵ رووداوەکاندا تێکەڵ نەبێت و لە بیری نەچێتەوە کە خەریکی سەیرکردنی نماییشێکی شانۆییە و بەمەش بواری بیرکردنەوەی بۆ بڕەخسێنێت. دەرهێنەر هیوا فایەق هەر لە یەکەمین ساتەوەختی نماییشەکەدا ئەمەی بە جوانی نیشان دا کاتێك کە گڵۆپی رووناکی هەڵ دەبێت، مارکێز دوساد هاوار دەکات هێشتا دەستمان پێ نەکردووە. لە چەند دیمەنێکیتریشدا و لە رێگەی گۆڕینی دیکۆرەوە زووزوو ئەوەی بەبیر دەهێناینەوە کە ئێمە خەریکی بینینی شانۆییەکین.
ناونیشانی تەواوی شانۆییەکە بریتییە لە ( ئازاردان و تیرۆرکردنی ژان پۆڵ مارا بەو جۆرەی کە تیپی نواندىی نەخۆشخانەی چاینتۆن بە سەرپەرشتی بەڕێز دی ساد پێشکەشی کرد) و ئەکتەرەکان کۆمەڵێك نەخۆشی دەروونیین کە لە نەخۆشخانەی چاینتۆن کەوتوون. دەرهێنەری شانۆییەکە مارکێز دوسادە کە چێژێکی زۆر لە ئازاردانی مرۆڤ دەبینێت و گەلێك کتێب و نووسینی هەن کە تیایاندا ستایشی ئازار دەکات، هەڵبەتە چەمکی سادیزمیش هەر لە ئایدیا و رەفتارەکانی ئەم بیرمەندەوە داڕێژراوە.
مارکێز دو ساد و ژان پۆڵ مارا هەر بە تەنها دوو جەمسەری سەرەکی شانۆییەکە نین، بەڵکو بەرجەستەکەری دوو روانینی جیاوازن بۆ مانای شۆڕش و بەهاکانی و دەسەڵات و رەهەندەکانی. ساد روانینێکی سیاسی – سێکسواڵێتی بۆ شۆڕش هەیە (خێری شۆڕش ئەبێت چی بێت گەر نێر و مێ تێک نەئاڵێن)، ئەو دەسەڵاتەیشی کە وەک دەرهێنەری شانۆنامەکە پێیدراوە لە نماییشکردنی ئازار و ئەشکەنجەدان و تەنانەت ئیغتیساب کردنی یەکێك لە نەخۆشەکان(کە یەکێک بوو لە دیمەنە هەر بوێرەکانی نماییشەکەی کۆڕی شانۆی با) رەهەندێکی سایکۆلۆژی دەبەخشنە دەسەڵات و رووداوەکانی دوای شۆڕش و تەنانەت کردەی تیرۆرکردنەکەی مارا. ژان پۆڵ ماراش لە رێگەی پاڵپشتیکردنی هیوا و ئاواتە بەدی نەهاتووەکانی کرێکاران و هەژاران و ئازادیخوازەکانەوە نەك وەك خوێنڕێژێك، بەڵکو وەك سەرکردەیەکی سیاسیی چەپڕەو دەردەکەوێت، کە جەماوەر چاوی ئومێدیان تێ بڕیوە و باوەڕی بەوەیە بە هێز دەتوانرێت دادپەروەری و ئازادی و یەکسانیی بەدی بهێنرێن و دەکرێت لەو پێناوەشدا خوێن بڕژێت ئەمەشیان رەهەندێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی دەبەخشێتە دەسەڵات و شۆڕش.
پیتەر ڤایس لە رێگەی ئەم شانۆگەرییەوە رووداوەکانی شۆڕش و بێئومێدییەکانی دوای شۆڕشمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەمانباتەوە بۆ سەردەمی ناپلیۆن کە شۆڕش بە تەواوی سەرکوت کراوە و ناپلیۆن بە دەستێکی پۆڵایینەوە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. هەر بۆیە کاتێك کە ئەکتەرەکان لە دەقەکە دەردەچن و حەماسەت دەیانگرێت، کۆڵمی کە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەیە رایان دەگرێت و داوای لێبووردن لە ئامادەبووان دەکات؛ لێرەشدا جگەلەوەی وەك بەڕێوەبەرێکی مەراییکەر بۆ دەسەڵاتی ناپلیۆن دەردەکەوێت، هەرەوەها لە تێگەیشتنە فۆکۆییەکە بۆ رۆڵی نەخۆشخانە و زیندانەکان لە کۆنترۆڵ و سزادانی نەخۆش و بەندکراوەکان نزیکمان دەکاتەوە. بەوەشدا کە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە رەمزی دەسەڵات وسیستمە، بۆیە دووبارە بوونەوەی دیمەنەکانی دەرچوونی ئەکتەرەکان لە ریتم و سیاقی شانۆییەکە و هەوڵی کۆنترۆڵ کردنەوەی لەلایەن بەڕێوەبەر و کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە، وەك رەمزێك بۆ هەوڵ و تەقالاکانی مرۆڤ بۆ دەرچوون لە سیستم و تێپەڕاندنی و کاردانەوەی سیستمیش بەرامبەر بەو هەوڵانە، لێک بدەینەوە. بۆیە بە مانایەکی دیکە دەکرێت بڵێین ئەکتەرەکان، نەخۆشی دەروونی نین، بەڵکو ئەو شۆڕشگێڕانەن کە رژێم و دەسەڵات وەك سزایەك لە نێو نەخۆشخانەی دەروونیی توندی کردوون. ئەوە بۆیە ژان پۆڵ مارا چەندین جار حەماسەت دەیگرێت و وەك شۆڕشگێڕێك قسە دەکات و تەنانەت لە کۆتایی شانۆییەکەیشدا کاتێك لە دیمەنێکی درامی و کاریگەردا مارا دەکوژرێت ئەکتەرەکان هێرش دەبەن بۆ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە.
ئەم نماییشەی کۆڕی شانۆی با، وەک نواندن و کارە هونەرییەکانیتری وەک دیکۆر ، مۆسیقا و رووناکی ، هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری تیا ئەنجام درابوو. بۆ نمونە نواندن و جووڵەی ئەکتەر ، لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بوون. جووڵەی جەستە جگە لە لایەنە ئیستاتیکییەکەی تەواوکەری حیواریش بوو. زۆربەی ئەکتەرەکان جەستەیەکی نەرم و جومناستیکییان هەبوو کە ئەمە هێزێکی زۆر دەدا بە کاری نواندن. مۆسیقاش، کە نەوا موکورجی بە پیانۆ ئەدای دەکرد و بەشێک بوو لە نماییشەکە، رەهەندێکی ئاهەنگسازییانەی دابوو بە نماییشەکە، هەندێکجار دەبووە حیکایەتخوانێکی رووداوەکان و هەندێکجاریش دەبوو بە ریتمێک بۆ جووڵەی ئەکتەرەکان. هەڵبەتە وەکو ئاواز و دەنگیش چێژ و جوانییەکی زۆری دابوو بە نماییشەکە.
دیزاینی گشتی سەر شانۆ، مەقسەڵەکەی لێ دەرچێت سیمایەکی وای پێوە نەبوو کە دەربڕی دۆخی شۆڕش یا فەزایەکی فەڕەنسییانە بێت. بەڵام دابەش کردنی پلیکانەکان، کە رەمزی دەسەڵات یا گەیشتنە پێی لەلای راست و قاوشی نەخۆشخانەکە، وەکو شوێنی شۆڕشگێڕە نەخۆشەکان، لە لای چەپ و ئەو رەنگە شینەی کە پێی درا بوو کە رەمزی حوزنە و پاشانیش حەوزەکە کە زیاد لەبەکارهێنانێکی هەبوو، هەموو ئەمانە ئەو لاوازییەیان شاردبووەوە کە ئاماژەم پێی کرد. لەمە زیاتر لەسەر نماییشەکە ناڕۆم و وردەکارییەکان بەجێ دەهێڵم بۆ شانۆکاران.

کورد و شانۆیی مارا – ساد

پرسیارە بەردەوامەکانی کارەکتەرەکانی شانۆییەکە ئەوەیە: شۆڕش بۆچی بە ئەنجام نەگەییشت؟ چۆن بەردەوامی بە شۆڕش بدرێت؟ ئایا شۆڕش کردەیەکی کۆمەڵایەتی و دەرەکییە یا زاتی و ناوەکی؟ بەڵام خۆ ئەوە بە تەنها پیتەر ڤایس و ئەکتەرەکان نین کە ئەم پرسیارانە دەکەن. بەڵکو پرسی شۆڕش و بەها و ئامانجەکانی، مەرج و ئەنجامەکانی و … هتد هەر لە ئەفڵاتون و ئەرەستۆوە تا بە رۆژگاری ئەمڕۆمان دەگات کەڵکەڵەی بیر و فەلسەفەی سیاسی بووە و بە قەولی هانا ئارنێت کێشەیەکی سەنتەریی سیاسەتە و ئەوەش کە هەتا ئێستا پرسی شۆڕشی بە گەرمو گوڕی هێشتۆتەوە هەڕەشەی قڕکردنی مرۆڤ و ئومێدی رزگاربوونە(١).
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کورد لەگەڵ ئەم دوو دەستەواژەیەی قڕکردن و رزگارییدا ئاشنایەتییەکی زۆری هەیە. هەر بۆیە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری کورد بەردەوام دەیانەوێت جووڵانەوە چەکدارییەکان وەك شۆڕش وێنا بکەن و ئەم وێنایەش لە مێشکی مرۆڤی کورددا بچەسپێنن. ئامانجی ئەمەش لە رووی سیاسییەوە دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بەسەر بەرەی شۆڕش و دژە شۆڕشدا و رەوایەتیدانە بە زاتی شۆڕشگێڕ بەچنینەوەی دەستکەوتی سیاسیی و ماددی و دروونەوەی سەرانی دژ بە شۆڕش. لە رووی سایکۆلۆژیشەوە زەوتکردنی زاتی ستەملێکراوی کوردە تا لە پرۆسەی هەڵهاتنی لە زاتی خۆیدا لە نێو زاتی فەرمانڕەوا کوردەکەیدا بتووێتەوە و نەتوانێت بازنەی ئایدیا و جیهانی فەرمانڕەواکەی تێپەڕێنێت(٢). بۆیە ئەم نوخبە سیاسییە هەر بەتەنها بە تیۆریزەکردنی ئەم روئیایەوە ناوەستێت، بەڵکو لە رێی هونەر و ئەدەبیشەوە ئەم تەماهییە لە نێوان ئەو جووڵانەوانە و چەمکی شۆڕشدا تۆختر دەکاتەوە و ئەو رەخنانەش کە لەم سیاقەدا لێی دەگیرێ، کە شانۆگەری مارا – سادیش هەر لەم سیاقەدایە، نەك هەر نیگەرانی ناکەن بەڵکو بەهێزیشی دەکەن. چونکە هەر هیچ نەبێت شکۆی شۆڕشگێڕیی پێ دەبەخشن و مێژوویەکی بۆ دروست دەکەن، مێژووی شۆڕشەکانی کورد!!، کە لە بنەڕەتەوە هەر بوونی نییە.
کاری فیکر، هەروەها هونەر و ئەدەبیش، لە ئێستای کۆمەڵگەی کوردیدا تێکدان و شێواندنی ئەو وێنایەیە کە نزیکەی یەک سەدەیە جووڵانەوە سیاسی – چەکدارییەکانی کورد لەژێر ناوی شۆڕشدا لە ئەندێشەی مرۆڤی کورددا دەی چەسپێنن. گۆڕینی رێچکە و ئاراستەکانی مرۆڤە لە گەڕان بە شوێن بەهەشتەوە بۆ پەیجووری کردنی جەهەننەم. ئەوەی کە قەشە(جاك رۆ) قاچێکی رووەو ئاسمان هەڵدەبڕێت و پەنا دەباتە بەر شەیتان تا نەك بە تەنها حوکمی جەهەننەم بەڵکو حوکمی زەویش بکات، لەبەرئەوەیە کە دەسەڵاتدار و سەرمایەدارەکان هەموو پیرۆزییەکان و خودا و بەهەشتیان داگیر کردووە و لە رێگەی ملکەچ پێکردنیانەوە بۆ خودا، لە پێناو چوونە بەهەشت، ملکەچی مرۆڤیان بۆ دەسەڵات وسیستم بە دەست هێناوە. لە رێگەی بە پیرۆزکردنی خوداوە پایەکانی دەسەڵاتیان پیرۆزکردووە. چونکە ملکەچ بوون بۆ خودا هیچ نییە جگە لە دەلالەتێکی رەمزیی بۆ ملکەچ بوون بۆ دەسەڵات و سیستم. ئەگەر بەهەشت دوا مەنزڵی مرۆڤە ملکەچ و کۆیلەکان بێت، کەوایە دەبێت مرۆڤی یاخی لە سیستم و دەسەڵات، مرۆڤێکی جەهەننەمی بێت، رێکەوتنێکی فاوستییانە لەگەڵ پرۆمسیۆسدا(*) مۆر بکات بۆ گەیشتن بە دوا مەنزڵ کە جەهەننەمە. شۆڕشەکان و دەسەڵاتدارەکان تا ئێستا مرۆڤیان بە ناوی رزگاری و ئازداییەوە بردۆتەوە بۆ مەملکەتی کۆیلەکان” بەهەشت”. ئەم وێنە و رێگە ئاوەژووە بەرهەمی سیستمێکی مەعریفییە کە وابەستەی سیستمێکی ئابووری ـ سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ستەمکارە. بۆیە جەهەننەم و‌ێنە راستەقینەکەی مەملەکەتی ئازادی و رزگارییە و شوینی مرۆڤی یاخی و بیرکەرەوەو ئازادە.

پەراوێز:

1. حنا ارندت، ” في الثورة” ترجمة عطا عبدالوهاب، الطبعة الاولی ، بیروت، ٢٠٠٨، ص ١٣.
2. د. مصطفی الحجازي، التخلف الإجتماعي او مدخل الە سیکولوجیة الإنسان المقهور، الطبعة التاسعة بیروت، ٢٠٠٥، ص ١٢٣.
• پرۆمسیۆس لە ئەفسانەی یۆنانیدا بەرامبەر ئینکی لە ئەفسانەی سۆمەری و لۆسیفەر(واتە هەڵگری رۆشنایی)ی گەورەی فریشتەکانە لە باوەڕی مەسیحییەتدا، هەموویان لە فەرمانی خواوەند یاخی دەبن و دەبنە هاوڕێی مرۆڤ. لە شانۆیی ( د. فاوستۆس)ی کریستۆفەر مالرۆدا لۆسیفەر بە د. فاوست دەڵێت:” ئەگەر رێکەوتنەکەت لەگەڵماندا مۆر بکەیت، دەبمە کۆیلەت و چیت دەوێت بۆت دەکەم…”.

http://hasanhosen.blogspot.com

وێنەکە: دیمەنێك لە (شانۆیی مارا – ساد)ی کۆڕی شانۆی با




لە چوار سندوقەوە بۆ نمایشی مێژووی با -2-… ڕزگار حەمە ڕەشید

بەشی دووەم
٢-٢

کاتێك چوار سندوق لە لایەن ئەم گرووپە خەمخۆرەی شانۆی ئێمەوە نمایش کرا، کۆمەڵێك گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو کە شایانی لەسەر وەستان و لێپێچینەوەیە. ئەمەش لەبەر کۆمەڵێك هۆ:
١/ بەشدارانی ئەم نمایشە بە بەشێك لە بزوتنەوەی جاددی شانۆی ئێمە ئەژمار دەکرێن.
٢/ قسەکردن لەسەر شێواز و هۆکارەکانی دەستکاریکردنی ئەم تێکستە، پەلکێشمان دەکات بۆ گفتوگۆیەکی زۆر پێویست دەربارەی شانۆو بینەر، کە ئێستا لێرەو لەوێ لەنێو شانۆکاراندا قسەی لەسەر دەکرێت و یەکێکە لە پرسیارە چارەنوسسازەکان بۆ ئێمە.
لێرەدا هەوڵدەدەم تێبینیەکانم لەو بارەیەوە لە چەند خاڵێکدا کورت بکەمەوە:
١/ مێژووی با جیاواز لە چوار سندوق، بە جۆرێکیتر دەست پێدەکات کە ئەمە سەرلەبەری گوتاری کارە شانۆییەکەی گۆڕیوە. لای بەیزایی سەرەتا قسە لە کێشە و مەترسییە ئانی و پێشبینیکراوەکانیش دەکرێت، بەر لەوەی بڕیاری دروستکردنی داهۆڵەکەیان دابێت. بەڵام لە مێژووی با دا ژیانێکی ئارام و ئاسوودە بەرجەستە دەکرێت و تا ڕاددەیەکی زۆر بۆ ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو دروستی دەکەن. جیاوازی بنەچەیی ئەم دوو تێڕوانینە لێرەدا ئەوەیە کە یەکەمیان نکوڵی لە بوونی کێشە مێژووییەکانی مرۆڤایەتی ناکات و لەسەر ئەو مێژووەوە دەیەوێت ئەوەی لە ڕابردوودا ماکیاژ کراوەو داهێنانی تیادا کراوە، لە شێوەو ناوی دەسەڵات و ئیتیكەکاندا بخاتە ژێر ڕەخنەوە. بەڵام لە دووەمیاندا جۆرێك لە ئاسوودەیی و ئارامی بەرجەستە دەکرێت کە لەزۆر شوێندا هەستدەکەیت ئەمانە وەك یارییەك داهۆڵەکە دروست دەکەن و توانای خۆیانی تیادا تاقیدەکەنەوە. بەو پێیە، ئەمان هەڵەی هەڵبژاردنی یاریەکە دەخەنە ژێر ڕەخنەوە نەك خودی ڕوداوە واقیعیەکە. لە نمایشەکەدا ژیانی بەر لە دروستکردنی داهۆڵ وەك ژیانێکی ئاسایی و خۆشگوزەران بەرجەستە دەکرێت، بەڵام لە تێکستە ئۆریژیناڵەکەدا کێشە و ململانێ مرۆییەکان بەشێکن لە ژیانی بەر لە دروستکردنی داهۆڵەکە.
shano
٢/ لە تێکستەکەدا ڕەنگەکان بەپێی کارەکتەرەکان دابەشکراون، بەڵام لە نمایشەکەدا ڕەنگەکان یەکانگیر کراونەتەوە لەگەڵ مانا لۆکاڵیە حیزبیەکاندا. لای بەیزایی کارەکتەری ڕەنگەکان هەمان واتاکانی خودی ڕەنگەکانیان هەڵگرتووە،بەمجۆرە:
سور: نوێنەری کەسێکی بازرگانی سودپەرست و سازشکار و هەلپەرستە کە بە ئاشکرا مل بۆ دەسەڵات دادەنەوێنێت و تەنیا بیر لە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکاتەوە.
سوردەڵێ: من لە بازرگانێکی بێکەڵك زیاتر هیچیتر نیم.
داهۆڵ: ڕێگەت پێدەدەم هەر وەك بازرگانێکی بێکەڵك بمێنیتەوە
سور: خوایە گیان چ بەخشندەییەکە، ڕێگەم بدە دەستت ماچ بکەم. ( دواتر قاچی پێ ماچ دەکات)
کارەکتەری سەوز نوێنەری مرۆڤی ئایینی ڕیاکار و زانای درۆزنە کە ئایینی کردووە بە دوکانێك و بەرژەوەندیەکانی خۆیی لێوە دەستەبەر دەکات.
زەرد نوێنەری ئەو ڕۆشنبیرانەیە (لینینیانە، وردەبۆرژوا) کە هەرجارەو بەجۆرێك دەردەکەون ، جارێك دژی دەسەڵاتە و جارێك لەگەڵیایەتی.خزمەتی دەکات و مەرایی بۆ دەکات. لە چوار سندوقدا زەرد نوێنەری ئەو ڕۆشنبیرانەیە کە تا ئەو شوێنەی مەترسی لەسەر ژیانیان نییە ناڕازین، بەڵام هەر کە هەستیان بە مەترسیکرد دەگەڕێنەوە ژێرباڵی دەسەڵات بەڵام هەوڵدەدەن خۆیان ئاشکرا نەکەن. ئەوانە نەك مەترسی نین بۆ سەر داهۆڵ، بەڵکو ئەو خزمەتەی بەوان دەکرێت ڕەنگە بە دەست وقاچەکانی داهۆڵ خۆی نەکرێت. داهۆڵ بە ئاشکرا پێیدەڵێت کە خۆشحاڵە بەو ناڕەزایەتیانەی ئەو.
داهۆڵ: ڕێگەت پێدەدەم دوژمنی من بیت، ئەوە غرورم تێر دەکات.

shano2

ڕەش نوێنەری حەشامات و خەڵکی بەشمەینەتی کۆمەڵگایە، هەڵبژاردنی ڕەنگەکەش بۆ گوزارشتکردنە لە چارەڕەشی خەڵکی بەشمەینەت و مرۆڤە زوڵملێکراوو بەشخوراوەکان. کارەکتەری ڕەش زمانێکی توند و تیژی هەیە و بێڕەحمانە دەسەڵات دەداتە بەر ڕەخنە. لە ڕوکەشدا گێل دیارە، بەڵام مافەکانی خۆی دەزانێت و کە دەکەوێتە سەر پێی خۆی، خاوەنی قسەی خۆیەتی، بۆیە لە تێکستەکەی بەیزاییدا بە تەنیا ئەو سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و بەرامبەر داهۆڵ دەوەستێتەوە، ڕەش: من ئێستا هەم، من ئێستا هەم. بەمەش شانۆگەریەکەی بەیزایی تەواو دەبێت.
تێکستەکە هەرچەند سیاسییەو سادە دێتە بەرچاو، بەڵام هەڵگری چەندین پرسیاری قووڵیشە. بەڵام نمایشی مێژووی با تێکستەکەی سادەتر کردبووەوە، وەك باسمکرد هەموو مانایەکی لە ڕەنگەکان داماڵێبوو وە کردبوونی بە ڕەنگی باوی حیزبەکانی ئێرە، هەر بۆیەش ڕەنگی ڕەشیان گۆڕیبوو بە سپی، تا چوار ڕەنگە سەرەکیەکەی حیزبەکانی باشوور بخاتە ڕوو. ئەمەیە کە دەڵێم سەرلەبەری گوتاری تێکستەکەیان گۆڕیوە. ئەمە کۆمەڵێك ئیشکالیاتی تریشی بەدوای خۆیدا هێنابوو، هەموو کارەکتەرەکانیتر پیاو بوون تەنها ڕەش، نوێنەری ڕەشەخەڵکەکە نەبێت، ئەویش بە بەرگێکی پیاوانەوە. بە بڕوای من ئەم ئایرۆنیەتە لەناو کۆنتێکستی نمایشەکەدا هەنگاوێك لە تێگەشتنی باو نەچووبووە پێشەوە (لە پەیوەند بە جێگەو ڕێگەی مێینەوە لە کۆمەڵگادا)، بە مانای ستریۆتایپ، مەبەستم ئەو پێناسانەیە کە لە تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگادا سەپێنراون بەسەر مێینەدا و پێناسەی مێینەی پێدەکەن وەك بێدەسەڵات و گێل و بێ کارەکتەر و بێبڕیار و نا بەرپرسیار و..هتد ڕەشە خەڵك وەك مێینەیەك بەو پێناسانەوە دەبێتە یەکەم کەس کە بێ بیرکردنەوە سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و دواتر یەك یەك بەدوای ئەوانیتردا ڕادەکات و لێیان دەپاڕێتەوە بەجێی نەهێڵن و ئەوانیش سندوقەکانی خۆیان بشکێنن. کە یەکێکیان پەشیمان دەبێتەوە، ئەو کارەکتەرە هەڵەشەیە دۆشدادەمێنیت و دادەنیشێت و بیر لە هەڵەکەی خۆی دەکاتەوە، تا لە کۆتاییدا هەموویان سندوقەکان دەشکێنن. جیاوازی ئەم هەڵوێستەی کارەکتەری ڕەش لە نمایشەکەدا لەگەڵ تێکستەکەی بەیزاییدا، پەیوەندی بەو ئیرادە ئازاد و بەرپرسیارەوە هەیە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەیە لەگەڵ پێدراوە سەپێنراوەکاندا. بەیزایی هەوڵدەدات ئەو تێڕوانینە بەرجەستە بکات کە هیچ یەك لە چین و توێژە ئۆپۆرتۆنیستەکان کە لە بەرژەوەندی دەستکەوت و سوودە تایبەتیەکانی خۆیانەوە ڕەنگە خۆیان تێکەڵ بە ناڕەزایەتیەکان بکەن، تا کۆتایی نامێننەوەو لە کوێدا دەستکەوتەکانی خۆیان کەوتە ژێر مەترسیەوە لەوێدا پاشەکشە دەکەن. بەڵام لە نمایشەکەدا هەریەك لەو دوودڵی و ترس و دوورەپەرێزی و پاشەکشانە بیانووی بۆ دەدۆزرێتەوەو لە دووبارە بوونەوەو داوای بەردەوامدا ( بیشکێنە بیشکێنە…) ئەو باڵە سیاسیانە یەکدەگرن و بە هەموویان کۆتایی بە تۆتالیتاریزم و کۆلێکتیڤیزم و دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنن.
کێشەیەکیتری ئەم کارەکتەرە مێینەیە کە بەرگی پیاوی لەبەردایە، ئەوەیە کە زۆر هەڵسوکەوتی پیاوانەش دەکات. بوونی کارەکتەرێکی مێینە لەناو بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیدا دەمانگوازێتەوە بۆ خوێندنەوەی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانی ژنان لە کۆمەڵگادا. نمایشکردنی ئەو کارەکتەرە لەو فۆرمەدا بەتەواوی لەگەڵ ئەو تێڕوانینە پاتریارکیەدا یەکانگیر دەبێتەوە کە پێیان وایە ئەگەر مێینە بیر لە شۆڕش و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بکاتەوە ئەوە لاسایی پیاو دەکاتەوە. ئەو تێڕوانینەی هەر لە شەپۆلی یەکەمی فەمێنیزمەوە ڕوبەڕووی فەمێنیستەکان دەبووەوەو وەك کۆمەڵێك ژنی تووڕە ناوزەد دەکران کە دەیانەوێت لاسایی پیاو بکەنەوە و بگەنە مەرتەبەی پیاو، ئەمە وەك نوکتەیەکی هەرزانی کۆمەڵگای پاتریارکی تا ئێستاش لە زۆر شوێندا بەردەوامە.

shano3

دواتر لە تێکستەکەی بەیزاییدا ڕەش سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و ئەوانیتر خۆیان دەخزێننەوە ناو سندوقەکان، ڕەش بە تەنیا بەرامبەر داهۆڵ دەوەستێت و هاوار دەکات:
ڕەش: من ئێستا هەم، ئێستا هەم.
ئەمە بوونێکی فیعلییە. ساتەوەختێکە کە مرۆڤ بە فیعلی مومارەسەی بوون دەکات، ڕەوانە کردنیکە بۆ بیرکردنەوە لە ژیانی مرۆڤی کۆیلەو مرۆڤی ئازاد، ئەوەی دەڵێن مرۆڤە ئازادەکان بە پێوە دەمردن و لەسەر چۆك ناژین. ئەم ساتەی تێکستەکە ئەوەمان دێنێتەوە بەرچاو کە مرۆڤ بەبێ ئازادی، یان بڵێین بە ملکەچی، لە بووندا نییە، مردوویەکە لەناو ژیاندا چونکە کارەکتەری نییە. ئەمە پرسیارێکی ئەنتۆلۆژی گرنگە لە تێکستەکەدا. مرۆڤ کاتێك دەتوانێت مومارەسەی فیعلی بوون بکات کە خاوەن کارەکتەرە، کە ئیرادەی هەیە و ئازادە و بەرپرسیارە لە هەڵوێستەکانی خۆی. ئەو کارەکتەرە ئۆپۆرتۆنیست و بەرژەوەندخواز و ڕیاکار و سازشکارانە ناتوانن سندوقەکانی خۆیان بشکێنن، ئەوانە کۆیلەکانی بوونێکی سەپێنراون. بەڵام لە نمایشەکەدا، چونکە بە لۆژیکی ئێستا و ئێرەیەکی سادە داڕێژراوەتەوە، بەو لۆژیکەی کە بۆ ئەوەی ببینەران بە شانۆ ئاشتبکەینەوە دەبێت بە پێی میزاج و داخوازیەکانی ئەوان کار بکەین! (کە ئەمە بابەتێکی گرنگە و هەوڵدەدەم لە نوسینێکی سەربەخۆدا قسەی لەسەر بکەم) هەموو ڕوداوەکانی نمایشەکەش بەو ئاراستەیەدا دەڕوات، تا لە کۆتاییدا هەموویان سندوقەکانی خۆیان دەشکێنن.
لە کۆتایی ئەم بەشەی قسەکانی خۆمدا، هیوای بەردەوامی بۆ ئەو گرووپە ئازیزە دەخوازم و هیوادارم لە پشکنین و شیکردنەوەو هەڵسەنگاندنی شانۆ و بینەر بەردەوام بن. بە ئومێدی ئەوەی کارەکانی داهاتوویان تیۆر و ڕەخنەی جددیتر بەدوای خۆیدا بهێنێت.




شانۆو بوون …. نووسینی : ڕێباز محەمەد جەزا

بەكێشەنەكردنی (بوون) لە (شانۆ)دا چەند ئاستێكی هەیە و زۆر جارئەم گرفتانە بزردەبن و جاریش هەیە كە دەیدۆزینەوە زوو لێمان ووندەبێت و نادیدەدەبێت ، كێشە لەهەر ژانرێكدا هەبێت چەند گەورەبێت ئەوەندە (ئەوژانرە) گەورەدەكات و دەمانبات بۆ مانا گەورەكەو باسەكە هەستیارتر دەكات , واتا كیشەیبونو نەبونی(شانۆ)وەكو ژانرێك دروست دەبێت,بەدیوێكی تردا نەبینیی وەكوكێشەوبایەخ پێنەدان و پشت گوێخستنی دەبێتە بەشێكی تری گرفتەكە و بەهەردووكیشیان بەدوای خۆیاندا قەیران دەهێنن , بۆیەلێرەوە دەبێت بگەڕینەوە بۆ ڕۆڵە سەرەكییەكەی (شانۆ) خۆی كەگومان و قەلەقی لەسەر ئاستی (بوون ) بە دیار دەخات .
هەرچەندە مێژووی ئەم كێشەیە تازە نیە ، بەڵام بەپێی قۆناغە جیاوازەكانی مرۆڤایەتی گۆرانی بەسەردا هاتووە بۆنمونە هەندێك لە توێژەران كێشەی بوون لە ئەدەبدا وشانۆدا بۆ (هۆمیرۆس و هزیۆدو هونەری شیعری ئەرستۆ) دەگەڕێننەوە وەك دەزانین < شێوەی شانۆیی ئەم سەردەمە> كە هەبوونی مرۆڤ لە پێشەوە پڕاو پڕە لەماناو بەهرەیەك كەدەتوانێت لەدەقی جۆراو جۆرو تۆكمەی هەستیەوە، فەزیلەت یاخود بەختەوەری بگۆڕێت . (هیراكڵیتس ) دەڵێت : (شتی گۆراو شتێكی جێگیر نییە)، ئەمەش بۆ ئەم پەرێزە بەواتای ڕەهابوونی(بوون) دێت . پاشان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ فەلسەفەی ئیسلامی لای ئیبن سینا هەموو هەبوونێك واجبی بوونە لە خۆیدا یان توانای بوون خۆیەتی لای فارابی (وادادەنرێت لەگرنگترین گوتەزا فەلسەفیەكان ، ئەوەیە كە بینای فكری ڕوخسارێك بەدیار بخات بۆدۆزی چییەتی و بوون لەمێژووی گەشەی فەلسەفەی ئیسلامیدا بەڵام لەفەلسەفەی هاوچەرخدا بەتایبەتی لەسەدەی بیستەمدا(بوون) وەكو قوتابخانەو شێوازی جۆراوجۆر مانیفێستێك دەبێت تاڕادەی جیاكردنەوەی (بون) لە(ئارایی) . كێشەكە لای ئەفڵاتون لە ئایدیاڵ دا واتە جیهانی ئایدیاڵ دەبێتە هۆو سەبەبی پەیدابوونی شتەكان. بەڵام ئەرستۆ باوەڕی وایە (مەحاڵە بوونێك لەنەبوونەوە ، بەرەو بوون پەلكێش بكرێت ) بەڵام لە ڕووی بنیات و لە جیهانی مۆدیرندا و خویندنەوە وەكو”دۆكترینیكی – عقیدە”یەكی شایان بەخوڵقاندندنی فۆڕم و شیوازی جۆراوجۆر. یان بە مانایەكی تر بەخویندنەوەی كێشەكان دەتوانین لێكدانەوەی درووست بۆ (شانۆ) بكەین، واتە كاتێك شانۆ دەبێتە كێشە و ئاوس دەبێت بە یەكەكانی فەلسەفە و تەكنیك و مێژو…هتد. ئیترلێرەوە مانا راستەقینەكانی بوونی شانۆ دەردەكەون و خوێندنەوەیش دەبێتە دیار خەری ئەو لایەن و نهێنیە شاراوانەی (دەق و نمایش )و گەیشتنە هەناوی داهێنان- لەمەوە پرسەكە بەرە و شوێن و بابەت دەڕوات. (خەمە) كەسی و هەستپێكراوەكانی تاك وەكو(نوسەر و بكەری شانۆ)بەدی دەكرێت بە هەندێك جیاكاری كە زۆرجار ڕێژەیەكی زۆر لە خەیاڵ. یەكێك لە دروشمەكانی (جۆرج باتای) ئەوە بو كە دەیگوت:”پەسەند كردنی ژیان تا سەرە مەرگ”. لەم ئاستەیدا شانۆ دەبێتە (خەم ) خەمێكی وجودی و قورس و خاڵی لە مانا سایكۆلۆژیەكەی، پەژارەیەك وەكو ئەدەب هەڵگری پەسەند كردنی خەمەكانی بوون خۆیەتی كە لە ئێستادا چەندان بابەتی گرنگ و ڕیشەیی هەن فەرامۆش كراون و پەراوێز كەوتون ، ئەدەب كە دەمانخاتە سەركەڵكەڵەی (بوون) وەكو بابەتێكی گرنگ و پڕ لە بەرپرسیارێتی، لەم كاتەدا(شانۆ) دەبێتە نمونەیەكی بەرجەستەی پڕ لە كێشە. كەواتە (شانۆو بوون ) دووانەیەكی پڕلەگریمانەو پرسیارێكی جدی ئەوهونەرەیە .




لە چوار سندوقەوە بۆ نمایشی مێژووی با …1 … ڕزگار حەمە ڕەشید

…بەشی یەکەم…

شانۆگەری (مێژووی با)، بەرهەمی بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی لە نوسینی بەهرامی بەیزایی، دەرهێنانی هونەرمەند دێرین حامید، نواندنی هونەرمەندان: ئالان هادی، لینا عوسمان، کاردۆ عەزیز، نەهرۆ محەمەد و ئەژین حەمە نوری لە ڕۆژانی ٢٤/٥ – ١/٦/ ٢٠١٦ لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا.
مێژووی با لە تێکستی چوار سندووقی نوسەری ئێرانی بەهرامی بەیزاییەوە وەرگیرابوو، وە هەوڵدرابوو بە لۆژیکی ئێستا- ئێرە بخوێنرێتەوەو دابڕێژرێتەوە. ئەم نوسینە هەوڵدانێکە بۆ قسەکردن دەربارەی چۆنیەتی گواستنەوەی گوتار لە تێکستەوە بۆ نمایش. چونکە لە مێژووی با دا لە زۆر شوێندا دەستکاری تێکستەکە کرا بوو، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە، جەوهەری پەیامە جیاوازەکانی دەق و نمایشە. زۆر جار ڕوودەدات گرووپێکی شانۆیی تێکستێك هەڵدەبژێرن چونکە جگە لەوەی لە ڕووی تەکنیکەوە کۆمەك بە پرۆژە هونەریەکەیان دەکات، وەك بیرۆکەش جیهان بینی و لێکدانەوەکانی نوسەر نزیکایەتی هەیە لەگەڵ دید و ڕوانینی گرووپەکەدا. بەڵام ئەوەی لەم نمایشەدا بەرچاو دەکەوێت تا ڕاددەیەك ناکۆکە لەگەڵ ستراکچەری گشتی گوتار و جیهانبینی نوسەردا.
تایتڵ لە “چوار سندوق” ەوە بۆ “مێژووی با”:
لە تێکستەکەی بەیزاییدا، “چوار سندوق” ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سندوقەکانی ئەو توێژە کۆمەڵایەتیانەی هەڵیبژاردوون، ئەو توێژە کۆمەڵایەتیانەی شەپۆلی ئیندیڤیجوالیزم( تاکگەرایی)، کە پلانێکی وردی دەسەڵاتە بۆ سەرقاڵکردنی مرۆڤەکان بە ژیانی تایبەتی خۆیانەوە، دایبڕاندوون لە هەر ئەگەرێکی کاری دەستەجەمعی و پێکەوە بیرکردنەوە لە ئایندە. قسەکردن دەربارەی ئەم حاڵەتانە زۆرجار بەستراوەتەوە بە چۆنیەتی لێکدانەوەو ڕەخنەکردنی سیستمی تۆتالیتاریزم و کۆلێکتیڤیزمەوە. کارەکتەرەکانی چوار سندوق هەریەکەیان نوینەرایەتی دیدو بەرخوردی توێژە کۆمەڵاتیەکانی خۆیان دەکەن: ئایین، بازرگان، ڕەشەخەڵك و ڕۆشنبیر. لای بەیزایی دواجار ئەوەی بەتەنیا دەمێنێتەوەو پێ لەسەر درێژەدان بە ناڕەزایەتی دەدات و خەون بە ژیانێکی باشترەوە دەبینێت خەڵکە بەشمەینەتەکەیە. لە دیمەنی بەسەرکردنەوەی نوێنەری سندوقەکاندا لە لایەن داهۆڵەوە، تەنیا نوێنەری بەشخوراوەکان ئیرادەی بەرەوڕووبوونەوەی تیادا بەدیدەکرێت، کە بە شێوازێکی تەنزئامێز وەڵامی داهۆڵ دەداتەوە، هەرچی سیانەکەیترن بەتەواوی خۆیان ڕادەستی ئەو چارەنوسەی ئێستایان کردووە. بۆیە لە کۆتاییشدا دەبینین تەنیا ئەو توانای شکاندنی سندوقەکەی خۆیی هەیە، دواتر کەمێك زیاتر لەم بارەیەوە قسە دەکەم.
بەڵام گۆڕینی ناوی نمایشەکە لە چوار سندوقەوە بۆ مێژووی با، ڕەنگدانەوەی ئەو جیهانبینییە جیاوازەیە کە نمایشەکەی لەسەر بونیاد نراوە، هەرچەندە لە ناو تێکستەکەشەوە وەرگیراوە. مەبەستم ئەوەیە ناوی مێژووی با لە تێکستەکەو نمایشەکەشدا ئەو کاتە بەدی دەکرێت کە لە دیمەنی بەسەرکردنەوەی نوێنەری سندوقەکاندا لە لایەن داهۆڵەوە، کاتێك دێتە لای سەوز، نوێنەری کەسە ئایینیەکان، لێی دەپرسێت دوایین بەرهەمتان چییە؟ ئەویش دەڵێت:قوربان، خەریکم مێژووی با دەنووسمەوە. ئەمە تەنیا ئاماژەیەکە لە تێکستەکەش و لە نمایشەکەشدا بۆ مێژووی با کە کراوە بە تایتڵی نمایشەکە. ئەم ئاماژەیە دەمانگەیەنێتە دەرەنجامێکی تەواو جیاواز لە گوتار و جیهانبینی نوسەر و ڕەنگە بەشێك لە بەشدارانی نمایشەکەش. ئێمە تێکستی دووەممان لە بەردەستدایە کە ناوی مێژووی بایە. کارەکتەرێکیشمان هەیە کە دەڵێت خەریکی نوسینەوەی مێژووی بام. کەواتە ئەم تێکستەی دووەم دەکرێت بەرهەمی کارەکتەری سەوز بێت کە نوێنەرایەتی مەزهەب و کەسانی ئایینی ڕیاکار و هەلپەرست و خۆویست و ئۆپۆرتۆنیست دەکات. لێرەوە ئەم گریمانەیە دەمانگەیەنێتە ئەوەی بە چاوێکیترەوە نمایشەکە بخوێنینەوە. لە تێکستەوە تا ڕوناکی سەر پارچە ئەبستراکتەکانی سینۆگرافیای نمایشەکە. بە گشتی دەبینین ڕەنگەکان لەسەر ئەو پارچانە بەرجەستە دەکرێن، زۆرجاریش هەر لەڕێی ڕوناکییەوە تێکڕای پانتاییەکە دەبێتە ڕەنگی سپی. دواتر باسی ئەوە دەکەم کە چۆن وەزیفەی ڕەنگەکان لەم نمایشەدا سادەتر کراونەتەوەو گۆڕاون بۆ ڕەنگی حیزبە سیاسیەکان. لە نمایشەکەدا ئەوە ڕەنگی سەوز نییە کە نوێنەرایەتی مەزهەب و باڵی ئیسلامی و ئایینی کۆمەڵگا دەکات، بەڵکو لەم نمایشەدا ئەوە ڕەنگی سپییە، وەك هەموومان دەزانین ئەوانی پێدەناسرێتەوە. هەر بۆیە کاروانی بەرەو پێشچوونی ڕوداوەکانیش چیدی بە ئاراستەی چنینەکانی نوسەری یەکەم ناڕوات، بەڵکو نوسەری دووەم کە مەزهەبیەکانن ڕوداوەکانمان بۆ دەگێڕنەوە: قوربان خەریکی نوسینەوەی مێژووی بام.

لە تێکستە ئۆریژیناڵەکەی بەهرام بەیزاییدا پێنج کارەکتەرمان هەیە کە چواریان بەناوی چوار ڕەنگەوە: سور، سەوز، زەرد، ڕەش دەستنیشانکراون و پێنجەمیش داهۆڵێکە. چوار ڕەنگەکە دابەش بوون بەسەر بازرگان و ڕۆشنبیر و پیاوی ئایینی و ڕەشەخەڵک دا. هەوڵدەدەن بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەی چاوەڕوانکراو داهۆڵێك دروستبکەن تا بیانپارێزێت. داهۆڵەکە ئامادە و پڕچەك دەکەن، دواتر داهۆڵەکە دەبێتە گیانلەبەر و فێری قسە دەبێت، سەرەتا ئەم حاڵەتە هەر چواریان دڵخۆش دەکات و ئاگاداری ئەوە نین کە داهۆڵ وردە وردە دەسەڵاتی خۆیی فراوان کردووە و لە دواجاردا دەست بەسەر هەموو وردەکاریەکانی ژیانیاندا دەگرێت و بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی ناچاریان دەکات هەر یەکێکیان سندوقێك بۆ خۆیان دروس بکەن و بچنە ناوی و هیچ پەیوەندیەکیان بە جیهان و یەکتریشەوە نەمێنێت. بەڵام لە درێژەی ئەو ژیانەدا ڕۆژێك لە سندوقەکانیان دێنە دەرەوە و بڕیار دەدەن دژی داهۆڵ بووەستنەوەو سندوقەکانیان بشکێنن. بەڵام تەنها کارەکتەری ڕەش کە بەشمەینەتەکانی کۆمەڵگا بەرجەستە دەکات، سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و بەرامبەر داهۆڵ دەوەستێتەوە. سیانەکەیتر بە دەلیلی شوێن و بەرژەوەندی ئابووری و ژیانی تایبەتی خۆیان پاشگەز دەبنەوە. بەڵام بەر لەوەی کارەکتەری ڕەش جێبهێڵن و بگەڕێنەوە ناو سندوقەکانی خۆیان، بۆ دواجار ئامۆژگاری ڕەش دەکەن و داوای لێدەکەن تا داهۆڵ پێینەزانیوە سندوقەکەی خۆی دروست بکاتەوە. ( ئەوان دەچنە ژوورەوەو هەریەك دەرگای سندوقەکەی خۆی دادەخات، ڕەشیش لە تاریکیەکەدا دەست بە گریان دەکات. قاقایەکی ترسناك دەبیسترێت، ڕەش شێتانە تەورەکە هەڵدەگرێت و بەرەو تاریکیەکە دەنەڕێنێت: من هێشتا هەم، من لێرەم. داهۆڵ دێتە پێشەوەو ڕەش دەبینێت و تفەنگەکەی لێ بەرز دەکاتەوەو داوای لێدەکات کڕنووشی بۆ ببات، بەڵام ڕەش ئامادە نییە. شانۆگەریەکەی بەیزایی بە هاواری ڕەش تەواو دەبێت کە هاوار دەکات : خۆرەتاو، خۆرەتاو.
ئەم تێکستەی بەیزایی هاوکاتە لەگەڵ شۆڕشی بەناوبانگی قوتابیان کە لە ١٩٦٧ ەوە دەستی پیکرد و دواتر زۆربەی بوارەکانی تری کۆمەڵگاکانی گرتەوە، بە تایبەتی لە ئەوروپا. نیگەرانی قوتابیان بوو لە بەرامبەر بابەتە ئەکادیمی و سیاسیەکاندا و جوڵاندنی ئەم بابەتانە بەرامبەر دەسەڵات( زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ) و بەگشتی کۆمەڵگا تا ئەو کێشە و گرفتانە چارەسەر بکەن. فۆرمی ناڕەزایەتیەکان بریتی بوون لە دانیشتن لەسەر شەقامەکان و داگیرکردنی ئۆفیس و بینای زانکۆ و مانگرتن و..هتد جگە لە هەندێك فۆرمی توندڕەوی وەك خۆکوشتن. بەناوبانگترینی ئەو ناڕەزایەتیانەش ئەوەی ئایاری ١٩٦٨ی فەرەنسا بوو، زۆر جار ئاماژە بۆ ئەم ڕۆژە دەکرێت وەك خاڵی وەرچەرخانی ڕۆسنبیری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لە مێژووی ئەو ووڵاتە دا. ئالان گەیزمەر، وەك یەکێك لە سەرکردەکانی ئەو کاتە ڕوونیدەکاتەوە کە ئەو بزوتنەوەیە وەك شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی سەرکەوتنی بەدەست هێنا نەك وەك بزوتنەوەیەکی سیاسی.
لە زۆر شوێندا هەست دەکەم بەیزایی لە نوسینی چوار سندووقدا کاریگەری ئەو ڕوداوانەی نیوەی دووەمی شەستەکانی بەسەرەوەیە . چونکە ئەو ناڕەزایەتیانە بەرز بوونەوەی ئاستی ململانێ کۆمەڵایەتیەکان بوو لە جیهاندا، تا ڕاددەیەکی زۆریش لەلایەن خەڵکی یاخیەوە بەڕێوەچوو دژی ئێلیت ( نوخبە) ی عەسکەری و بیرۆکرات، ئەوانەی بە زیادکردنی سەرکوتی سیاسی وەڵامی داخوازیەکانیان دەدایەوە. ناڕەزایەتیەکان تەنیا ئەمەریکا و وڵاتە کەپیتالیستەکانی نەگرتەوە، بەڵکو لە ووڵاتە سۆشیالیستەکانیشدا دژی ڕێگریەکان لە ئازادی قسەکردن و مافە مەدەنیەکان ناڕەزایەتی فراوان بەڕێخران. بەشی هەرە زۆری ئەم ناڕەزایەتیانەش بە بێ ئاراستەکردنی حیزبی و ڕێکخراوی سیاسی بەڕێوە دەچوون.
بەیزاییش لە چوار سندوقدا بەو ئاراستەیە بیر دەکاتەوە، ئەوانەی ناڕەزایەتییە فیعلیەکان بەڕێدەخەن، خودی خەڵکە بەشمەینەتەکەیە نەك بازرگان و ڕۆشنبیرە ئۆپۆرتونیستەکان و کەسە ئایینیەکان. دواتر دێمەوە سەر ئەم ئاراستەیەی بەیزایی.