ئێستێتیکی فریدریش شیلەر.. کاوە جەلال (بەشی هەشتەم و کۆتایی)

7– کاریگەری و واتای سەردەمییانەی ئێستێتیکی شیلەر

“پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ” کە شیلەر لە ئیدیالێکی مرۆڤپەروەرانەوە دەینووسێت، وەرچەرخانە لە فەلسەفەدا (ئێستێتیکدا)، چونکە ئەو بۆ یەکەم جار هونەر وەک خۆمەبەست و هونەر وەک دەستوێژی گۆڕانی جڤاکی هەڵدەگرێت و بەوەش تێکهەڵکێش دەکات: جوانێتی کۆتایی بە نامۆبوونی مرۆڤ دەهێنێت و دەیخاتە ڕەوشی ئازادییەوە، بەو ڕێیەشەوە دەوڵەتی ناچارەکی وەردەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی ئاکارییانەی ئاوەز.
بێگومان ئەوە سەرەتا هێگل بوو وەک یەکەم فەیلەسوف کە لەژێر کاریگەریی ڕوسۆ و شیلەردا واتایەکی تایبەتیی فەلسەفەیی بە تێگەی نامۆبوون دا. ئەو نامۆبوونی وەک دەر-دان، دەر-چوون (Entäußerung) پێناسە کرد: هۆش ناچارە لە پێناوی خۆناسیندا لەنێو خۆیەوە بچێتە دەرەوە و ببێت بە ئۆبژێکت، یان شێوەی دەرەکی وەربگرێت: ببێت بە سروشت، مێژوو، کاری هونەری، یان کردار و هتد. کەواتە هۆش دادەبەشێت و هاوکات خۆی لێ گوم دەبێت. وەلێ ئەمە تەنیا قۆناغێکی ڕاگوزەرە، چونکە هۆش لەم ڕەوتەدا فێردەبێت لەتەک ئۆبژێکتی نامۆدا ئاشبێتەوە، ئەویش کاتێک وەک خۆیی دەیناسێت(ەوە). بۆ نموونە سەبژێکت (بکەر) لە پرۆسەی کاردا شتێک (ئیدێیەک، هێزی خۆی) دەردەدات و لە بەرهەمێکدا بەرجەستەی دەکات، وەلێ ئێستا ئەم بەرهەمە لە دەرەوە سەربەخۆیی لە ئەوی بکەری وەردەگرێت. دوایئەوەی بکەر بە کارکردن لە ئۆبژێکتدا، واتا لە پرۆسەی بەهیخۆکردنی (Aneignung) ئەودا، ئارەزووەکانی دادەمرکێنێتەوە، ئیدی فێردەبێت جڵەویان بگرێت، بەدووی ئەوەشدا دەبینێت کە ئۆبژێکتی کارتێداکراو بەرهەمی خۆیەتی. ئیدی ئەو خۆی دەفۆرمێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ لای خۆی.
ئێمە پەیوەند بە پرسی نامۆبوونی مرۆڤەوە زۆرتر ئامانجی هاوشێوە لە نێوان شیلەر و مارکسدا دەبینین، هاوکات هەردووکیان لە کەتواری جڤاکییەوە دەردەچن. ئاشکرایە ئیدیالیزمی ئەڵمانی کاریگەریی گەورەی لەسەر مارکس نواند، هەروەها پەیوەند بە مارکسەوە ئاماژە بۆ ئەوە دراوە کە ئەو هێگل دەهێنێتە نێو جیهانەوە. ئێمە دەتوانین لەم پەیوەندییەدا شیلەر لەبریی هێگل دابنێین. جگەلەوە توێژینەوە نوێکان جەخت لەوە دەکەن کە مارکس زۆرتر لەژێر کاریگەریی شیلەردا گۆڕان بە تێگەی نامۆبوون دەدات (54).
شیلەر مرۆڤ لە ستاتۆیەکی سروشتیدا وەک بوونەوەرێک وەردەگرێت کە لە دوو ڕەمەکی دەرکی و فۆرم پێکدێت، وەلێ هەردووکیان لەم ستاتۆیەدا تەبان بە یەکدی، چونکە مرۆڤ ڕەمەکییانە (ئینستینکتیڤ) سازاو بە سروشت دەژی، کەواتە جارێ زەبری فیزیکی و ئەخلاقی ناناسێت. ئەو جارێ هەمەکییە (مارکسیزم بەگشتی ئەم ستاتۆیە ناودەنێت کۆمونەی سەرەتایی). وەلێ مرۆڤ بە کاری دابەش و بەپسپۆرکردن لە خۆی نامۆ دەبێت، واتا هەمەکێتیی خۆی لەدەستدەدات، چونکە مرۆڤ لە جڤاکی مۆدێرندا تاکلایەنە بە هێزی ئاوەز هەوڵ دەدات ببێت بە پسپۆر، بەوەش هەست و سۆزەکانی دەچەوسێنێتەوە. شیلەر دەبێژێت: «چێژ لە کار، دەستوێژ لە مەبەست، ڕەنج لە پاداشت جیاکرانەوە. مرۆڤ کە تاهەتا بە تاکە کەرتێکی بچووکی سەرجەمەوە گرێدراوە، خۆی تەنیا وەک کەرت پێدەگەیەنێت؛ ئەو هەرگیز هارمۆنیی کرۆکی خۆی گەشەپێنادات، بەڵکو تاهەتا تەنیا ژاوەژاوی مۆنۆتۆنی (جاڕسکەری) ئەو چەرخەی لە گوێدایە کە ئەو خۆی دەیخولێنێتەوە، هەروەها لەبریی ئەوەی مرۆڤایەتی لەنێو سروشتی خۆیدا پێبگەنێت، تەنیا دەبێت بە کۆیلەی کارەکەی، زانستەکەی». (55)
مارکس لەتەک ئەم تێروانینەی شیلەردا یەکدەگرێتەوە، وەلێ کێشەی مرۆڤییانەی نامۆبوون وەک نامۆبوونی کار لە سەرمایەگەریدا دەخاتە ژێر ڕەخنەوە، بە شێوەیەکی دی ببێژین، ئەو کێشەی نامۆبوون دەگەڕێنێتەوە بۆ پەیوەندییە ماتەریەل (بەرجەستە) و ئابوورییەکانی سەرمایەگەری. ئەو لە نامەیەکدا بۆ فێردیناند لاسال (19 ئەپریلی 1859) ڕەخنەییانە دەبێژێت کە شیلەر لە دراماکانیدا کارەکتەرەکانی وەک «زمانحاڵی هۆشی سەردەم» داناوە(56)، واتا سەربەخۆیی کۆنکرێتی پێنەداون، بەڵکو تا ڕادەیەکی زۆر خستوونیەتە ژێر ڕکێفی ئیدێی ئەبستراکتەوە. مارکس بە پێچەوانەوە وایدادەنێت کە بەرهەمهێنانی ئیدێ، پێشبینی و ئاگایی، ڕاستەوخۆ ئاڵاوە بە چالاکیی بەرجەستە و پەیوەندییەکانی مرۆڤانەوە: «هەرگیز ناشێت ئاگایی شتێکی دیکەی جیاواز بێت لە بوونی بەئاگا، بوونی مرۆڤانیش پرۆسەی کردەکییانەی ژیانیانە» (57).
سەرباری ئەوە شیلەر و مارکس ئامانجی هاوشێوەیان هەیە: هەردووکیان ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە نامۆبوونی مرۆڤ، بۆ بەدیهێنانەوەی کرۆکی هەمەکییانەی ئەو، بە پێویست دادەنێن. شیلەر داوا دەکات کە دەوڵەتی ئێستێتیکی (گەمە) جێی دەوڵەتی ناچارەکیی چەوسێنەر بگرێتەوە، بە تێروانینی ئەو گەمە (کردار و بەدیهێنانی ئازادی بێمەبەست) باڵاترین فۆرمی مرۆڤبوونە، چونکە تەنیا لەم ستاتۆیەدا توانستی دەرکگیری و ئاوەز لە هارمۆنیدان. وەلێ مارکس بەدیهێنانی ئەو ئامانجە دەخاتە ئەستۆی کۆمونیزم کە لە لایەنی خۆیەوە بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە: «کۆمونیزم بۆ ئێمە ڕەوشێک نییە کە گەرەک بێت بهێنرێتەگۆڕێ، یان ئیدیالێک بێت کە کردەکێتی پێوەی بەند بێت. کۆمونیزم بۆ ئێمە بزووتنی کردەکییە کە ڕەوشی هەنووکە هەڵدەگرێت (ناهێڵێت – ن). مەرجەکانی ئەم بزووتنە لەو پێشمەرجانەوە دەکەونەوە کە هەنووکە لەگۆڕێن» (58).
ئەوجا مارکس جیاوازیی نێوان جڤاکی کاری نامۆبوو و کۆمونیستی بەرجەستانە دەردەخات: لە جڤاکێکدا کە بەرژەوەندیی گشتی و تایبەتی دابەشیون، لەو جڤاکەدا «هەریەکێک بەگوێرەی دابەشکردنی کار بازنەیەکی دیاریکراو و دابڕاوی چالاکیی هەیە کە بەسەریدا دەسەپێنرێت و ئەویش ناتوانێت لێی دەربچێت؛ ئەو ڕاوچییە، ماسیگرە یان شوانە یاخود ڕەخنەگری ڕەخنەییە و دەبێت ئەوها بمێنێتەوە گەر نەیەوێت دەستوێژی بژێوی لەکیس بچێت»، وەلێ بە پێچەوانەوە لە جڤاکی کۆمونیستیدا هەرکەس دەتوانێت خۆی لە هەر بوارێکی خوازراودا پێبگەیەنێت، «هەروەها جڤاک بەرهەمهێنانی گشتی ڕێکدەخات و هەر بەو ڕێیەشەوە دەشێنێت»، کە «ئیدی من ئەمڕۆ ئەمە و سبیەنێ ئەوە دەکەم، بەیانیان ڕاودەکەم، پاشنیوەڕوان ماسی دەگرم، ئێواران خەریکی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەبم و دوای خواردن بە حەزی خۆم ڕەخنە دەگرم، بەبێ ئەوەی هەرگیز ببم بە ڕاوچی، ماسیگر، شوان یان ڕەخنەگر» (59).
کەواتە ئازادی ئامانجی شیلەر و مارکسە: جڤاکێک کە تێیدا چیدی مرۆڤ ناچەوسێنرێتەوە یان وەک بەکرەیەکی بچووکی نێو ئامێری ئابووری نەچەسپێنراوە. وەلێ ئەوە هاوکات لای هەردووکیان مەرگی دەوڵەتە: لای شیلەر هارمۆنیی نێوەکییانەی مرۆڤ وا دەکات کە یاسا دەرەکییەکان زیادە بن؛ لای مارکس دەوڵەت نامێنێت دوای ئەوەی جڤاکی فرەچین و ئامرازەکانی سەروەری نامێنن. ئێمە لای هەردووکیان „یوتۆپیا“ی نەهێشتنی نامۆبوون و ستاتۆی ئازادیی مرۆڤیمان هەیە.
„پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“ هەروەها کاریگەریی لەسەر „تیۆریی ڕەخنەیی“ (ناسراو بە „فێرگەی فرانکفورت“)، بەتایبەتی لەسەر هێربەرت مارکوزە نواند. ئەو لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانی „بونیادی ڕەمەک و جڤاک“ (بە ئینگلیزی: „ئێرۆس و سیڤیلیزەیشن“) خۆی بە تێگەی ڕەمەکی گەمەوە لای شیلەر خەریک دەکات. ڕەمەکی گەمە، کە تێکهەڵکێشی هارمۆنیانەی هەردوو ڕەمەکی دەرکی و فۆرمە، مارکوزە وەک کلیلێک بۆ نەهێشتنی کاری نامۆبوو و بناغەیەک بۆ بنیاتنانی جڤاکی ئازادکراوی یوتۆپیانە دەیبینێت. ئەو لێرەدا هاوکات لەتەک مارکسدا ئەرگومێنت دەهێنێتەوە.
واتایەکی کرۆکیانەی شیلەر بۆ مارکوزە لەوەدایە کە شیلەر „هێزی پێشبینیکردن“ بە توانستێکی کرۆکیانەی هۆشەکی، هەروەها جوانی بە مەرجێکی زەرووریی مرۆڤایەتی دادەنێت، بەو ڕێیەشەوە کارایی ئێستێتیک وەردەگۆڕێت: «ئێستێتیک دەتوانێت رۆڵێک لە بنیاتنانەوەی نوێی کولتووردا بگێڕێت» (60). ئاخر، وەک شیلەر دەبێژێت، ئەوە کولتوورە کە مرۆڤی مۆدێرنی بریندار کردووە (نامەی 6)، بۆیە تەنیا فۆرمێکی نوێی کولتوور دەتوانێت مرۆڤ چاکبکاتەوە: هەردوو ڕەمەکە بنەڕەتییەکەی ئەو: توانستی دەرکگیری و ئاوەز یەکبخاتەوە. شیلەر گونجاندنەوەی هەردوو ڕەمەکی ناوبراو دەخاتە ئەستۆی ڕەمەکی گەمە کە بابەتەکەی جوانییە و دوا ئامانجیشی ئازادییە. کەواتە، وەک مارکوزە دەبێژێت، „سیاسەت“ کێشەی شیلەرە: «ئازادکردنی مرۆڤ لە مەرجە نامرۆڤییەکانی لێرەبوون»(61)، لێرەشدا شیلەر بە پێویستی دەزانێت کە مرۆڤ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە سیاسییە ڕێگەی ئێستێتیکێتی، ڕێگەی ڕووەو هەستی جوانی، بگرێتە بەر تا بەو ڕێیەوە بە ئازادی بگات. ئەوجا مارکوزە بەردەوام دەبێت: «ڕەمەکی گەمە ئامرازی ئەم ئازادکردنەیە»، وەلێ ئەوە گەمەکردن نییە «بە» هەرشتێک، «بەڵکو ئەوە گەمەی خودی ژیانە لەوبەر پێداویستی و زەبری دەرەکییەوە – بەدیهێنانی لێرەبوونێکە بەبێ (…) ترس، بەمەش بەدیهێنانی ئازادییە» (62). ئاخر تەنیا کاتێک مرۆڤ ئازادە، گەر ئەو ئازاد بێت لە زەبری فیزیکی و ئەخلاقی – گەر ئەو بەناچاری بەند نەبێت بە پێداویستی یان بە یاساوە. تەنیا «لە کولتوورێکی ڕاستینەی مرۆڤیدا لێرەبوون بەزۆری گەمەیە نەک ڕەنج، مرۆڤیش لە ئاوەڵابوونی گەمەییدا دەژی نەک لە کێماسدا» (63).

گەمە لای شیلەر لەنێو کولتووری زەبر و پێداویستییەوە کارا دەبێت: «لەنێو جەرگەی جیهانی ترسناکی هێزەکان و جەرگەی جیهانی پیرۆزی یاساکانەوە ڕەمەکی ئێستێتیکییانەی سازاندن هەستپێنەکراو کار لە بنیاتنانی جیهانێکی سێیەمی شادمان-ی گەمە و دەرکەوتەدا دەکات کە تێیدا مرۆڤ لە کۆتگەلی سەرجەم پەیوەندییەکان دەکاتەوە و بەریدەدات لە هەر شتێک کە ناوی زەبر بێت، جا زەبری فیزیکی یان ئەخلاقی بێت»(64). مارکوزە ئەم تێڕوانینە بنەڕەتییەی شیلەر ناودەنێت «ئەدگارە ئێکسپلۆزیڤەکانی (موتەفەجیرەکانی) پرۆژەکەی شیلەر» (65)، چونکە دژبەریی حەز (ئێرۆس) و کار ناهێڵێت، دەسەڵات لە پرنسیپی بەرهەمخستنەوەی سەروەر دەسەنێتەوە و ستاتۆی ئازادی لەوبەر زەبرەوە پێشان دەدات. بێگومان کۆنسێپتی مارکوزەش ئەوەیە کە جڤاکی چەوسێنەر (ڕێپرێسیڤ) مرۆڤ لە خۆی نامۆدەکات، ڕەمەکەکانی دەچەوسێنێتەوە و „پێداویستیی هەڵە“ بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش کێشەیەکی دژواری کولتووری مۆدێرنە کە لە نائازادیی سۆسیالدا خویا دەبێت، چونکە مۆرکە کرۆکییەکانی بریتین لە زەبر، نەمانی هزرینی ڕەخنەیی و نامۆبوون. ئەمە لای مارکوزە نەخۆشیی کولتوورە کە بە جیابوونەوەی هەردوو ڕەمەکی دەرکی (کەرەسە) و فۆرم (ئاوەز) هاتۆتەئاراوە، وەلێ ئەو هۆی نەخۆشییەکە زۆرتر لە „چارەسەر“ی زەبرمەندی ئەو ناکۆکییەدا دەبینێت کە لە نێوان هەردوو ڕەمەکی ناوبراودا لەگۆڕێیە: چارەسەرەکە «بنیاتنانی ستەمی ئاوەزە بەسەر توانستی دەرکگیریدا»(66). بە تێڕوانینی مارکوزە تەنیا بە نەهێشتنی ئەم ستەمەی ئاوەز بەسەر کایەی دەرکیی مرۆڤەوە (ڕەمەک و هەست و سۆزەکانەوە)، هەروەها قبووڵکردنی کایەکە لە هەقیقەتی خۆیدا، دەشێت هەردوو توانستە مرۆڤییەکە پێکەوە بگونجێنرێنەوە و بەو ڕێیەشەوە ئازادی بەدیبهێنرێت. کەواتە گەر مرۆڤ بییەوێت بە ئازادی بگات، ئەوا بە تێروانینی مارکوزە پێویستە پێشتری بە «ڕزگارکردنی توانستی دەرکگیری» بدرێت: «فریاکەوتنی کولتوور نەهێشتنی کۆنترۆلە چەوسێنەرەکان لە خۆ دەگرێت کە کولتوور بەسەر توانستی دەرکگیریدا سەپاندوونی … هەر ئەمەشە بەڕاستی ئەو بیرۆکەیە کە خۆی لە پشتی „پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“ەوە دەبینێتەوە: ئامانجەکەی ئەوەیە کە ئاکار لەسەر بناغەی توانستی دەرکگیری بنیاتبنێت. دەبێت یاساکانی ئاوەز لەتەک بەرژەوەندییەکانی دەرکەوەرەکاندا ئاشتبکرێنەوە (شیلەر) (…). گومانی تێدا نییە کە نەک تەنیا ئاوەز، بەڵکو هەروەها „ڕەمەکی دەرکی“ش پێویستی بە وەرگۆڕینی سنووردانەر هەیە („کەواتە هەردوو ڕەمەک پێویستیان بە سنووربۆدانانە، ئەوجا لەبەرئەوەی هەردووکیان بە وزە دادەنرێن، ئەوا پێویستیان بە خاوکردنەوەیە)“، ئەوە گەر هاتوو گەرەک بێت ئازادی بە پرنسیپی ڕێبەرییانەی کولتوور» دابنرێت(67). مارکوزە لێرەدا ئێستێتیکی شیلەر و پسیکۆئانالیزی زیگموند فرۆید پێکەوە گرێ دەدات بۆئەوەی پێشانی بدات کە چۆن وزەی مرۆڤیانەی ژیان لە نێوان ئێرۆس و ئاوەز و چەوساندنەوەی جڤاکیدا دادەبەشێنرێت، لێرەشەوە شیمانەی جڤاکێکی ئازاد بەدەر لە چەوسانەوە، ئاشتکردنەوەی ئاوەز و توانستی دەرکگیری و هەروەها وەرگۆڕینی کار بۆ گەمەی ئازاد ڕووندەکاتەوە.
ئازادکردن لە کەتوار کە شیلەر ڕایدەگەیەنێت، مارکوزە بە یەکێک لە پێشڤەرووترینی هەڵوێستە هزرییەکانی دادەنێت، چونکە لای شیلەر ئازادکردنەکە «لە کەتوار ترانسسێندێنتال نییە، ناخەکی یان تەنیا ئینتەلەکتوێل نییە (…)، بەڵکو ئازادییە لەنێو کەتواردا»(68)، بەمەش ئیدی کردەکێتیی نامرۆڤدۆستی کێماس و ناچاری، بە واتایەکی دی: ستاتۆی خەباتی فیزیکی و سۆسیالی خۆهێشتنەوە، «جددییەتی نامێنێت» (شیلەر)، وەلێ بە تێڕوانینی مارکوزە تەنیا کاتێک ئەمە ڕوودەدات «گەر بشێت کێماس و ناچاری بەبێ کاری نامۆبوو ساتاربکرێن. ئەوسا ئیدی مرۆڤ ئازادە کە بە توانست و شیمانەکانی و هەروەها بە ئەوانەی (توانست و شیمانەکانی – ن) سروشتیش گەمە بکات (…)، ئیدی ئەو ئازادە، ئیدی جیهانی ئەو ‘دەرکەوتە’یە و ڕێکخراوەکەشی جوانییە. بەهۆی ئەم بەدیهاتنەی ئازادییەوە گەمە زۆرترە لە کردەکێتیی ئاستەنگدانەر و ئەخلاقی» (69).
ئێمە گەرەکە لەم جێیەدا جیاوازیی شیلەر و مارکوزە ڕوونتر دەربخەین. شیلەر شۆڕشی (ڕێڤۆلوسیۆنی) تەواوەتیی „مەئریفە و شێوازی هزرین“ وەک پێشمەرجی کولتووری ئێستێتیکی دادەنێت. مارکوزە ئەم شۆڕشەی مەئریفە و شێوازی هزرین بە شیاو دادەنێت، وەلێ پەیوەندی دەکات بە گۆڕانی پێشڤەچووی سیستەمی سەرمایەگەرییەوە. کەواتە ئەو لە سیستەمی “سەرمایەگەریی درەنگ”دا کە ناوی دەنێت “جڤاکی پێشڤەچووی ئیندوستری” (بەرهەمهێنان بە کۆ-فابریکە)، یان هەروەها جڤاکی ڕەفاهی (Überflussgesellschaft) لەبارترین زەمینەی گۆڕان ڕووەو جیهانی ئازادی دەبینێت. بێگومان جڤاکی ئیندوستریی پێشڤەچوو جڤاکێکی ئەوتۆیە کە مرۆڤان بەڕێی ڕەفاهیەت و بەرخۆری و ئازادیی رواڵەتییەوە لەتوانادەخات، بەوەش مرۆڤانی تاکڕەهەند دەهێنێتەگۆڕێ، سەرباری ئەوە لە ڕەوتی گۆڕانی پێشڤەچووی سەرمایەگەریدا «… کولتوور دەگات بە باڵاترین شکۆفەی فیزیکی و هۆشەکیانەی خۆی»، لێرەشەوە ئیدی دەشێت بە تەکنۆلۆژیی مۆدێرن کۆتایی بهێنرێت بە خەباتی فیزیکی و سۆسیال کە مرۆڤان لە پێناوی خۆهێشتنەوەدا ئەنجامی دەدەن، بەڵێ ئێستا ئیدی دەرفەت دەڕەخسێت بۆئەوەی لێرەبوونی مرۆڤ بەربخرێت بەرەو „بزووتنی ئازاد کە بۆ خودی خۆی مەبەست و دەستوێژە“ نەک دەستوێژ بێت بۆ مەبەستی دەرەکی، وەک چۆن شیلەر جەختی لێدەکات(70). ئاخر «دەشێت لە جڤاکێکدا کە لە ئاستی باڵادا ئیندوستریالیزە کراوە، کاری قورسی لەشەکی بەئۆتۆماتیکی بکرێت. ئەوسا ئیدی کار پێچەوانەی گەمە نابێت. ئەوسا ئیدی ناشێت تەنیا کاری هونەری چۆنێتیی هونەرییانە وەربگرێت، (یان) خەریکبوونێکی ئەوتۆی حەزمەند بێت بە بابەتەکەوە کە خۆی ڕێسا و ئامانج بە خۆی بدات» (71)، بەڵکو ئەم بەئۆتۆماتیکیکردنەی ئیندوستری توانستێکی ئەوتۆ لە خۆ دەگرێت کە بەڕێیەوە دەرفەت دەڕەخسێت بۆئەوەی کاری ماندووکەر بۆ سەر ئاستێكی نزم داببەزێنرێت و پەرە بە ئازادیی مرۆڤ بدرێت. ئاخر تا چەند تەکنۆلۆژی، بەئۆتۆماتیکیکردن و زانست پێشڤەبچن، تا چەند پتر سیڤیلیزاسیۆن بگۆڕرێت، هێندەش زۆر „دەشێت“ کاری نامۆبووی پابەندی کێماس „لەدەسەڵاتبخرێت“، هاوکات جڤاکێکی ئەوتۆی ڕەفاهی بنیاتبنرێت کە پرنسیپی حەز (ئێرۆس) لە خۆ بگرێت و تێیدا هەژاری و زەبری کار چیدی پێویست نەبن. لەم جڤاکەدا کە ئێرۆس بنەڕەتێکی پێویستی ژیانە، شادی و پێکڤەیی ئافرێنەرانە مەغزا و مەبەستی لێرەبوونی مرۆڤن.
تێگەی گەمەی شیلەر کلیلی ئەم گۆڕانەیە کە مارکوزە دەیخوازێت، ئەویش چونکە لە گەمەدا ژیان و شێوە لەنێو یەکدیدا تێكهەڵکێش دەبن، یان بە زمانی مارکوزە: چونکە «لە گەمەدا دژبەریی نێوان کەتوار و ئێرۆس، کار و حەز، ناهێڵرێت. (…) گەر پرنسیپی حەز لە گەمەدا لەنێو خودی خۆیەوە بە کەتوار بگونجێت، ئیدی کار وەک پرنسیپی سەروەرینوێنی کەتوار لەدەسەڵاتدەخرێت»؛ وەلێ بە نەمانی زەبری دەرەکی، بۆ نموونە زەبری ئاوەز کە پارێزەری کەتوارە و تەنیا بەگوێرەی خواست و ڕادەی بەرگەگریی جڤاک دەرفەت بە حەز دەدات، «بە هیچ شێوەیەک (…) زیادەڕەویی (ئێکسسێسی) بەڕبەڕیانە سەرهەڵنادات. بە پێچەوانەوە لە گەمەدا شتێکی هاوشێوەی یاسابەخۆدانی حەز خویا دەبێت. ئاخر گەمە بێڕێسا نییە، وەلێ ڕێساکان لە دەرەوە نایەن، بەڵکو لە میانەی گەمەکەدا و بە شێوازی گەمەیی گۆڕان پێدەدرێن. گەمە لە واتایەکی تایبەتیدا حەزە کە لە نێوەوە خودی خۆی ڕێکدەخات، کەواتە پڕحەزانە و گەمەڤانانە بۆ ڕێسا و یاسای ئەوتۆ دەگەڕێت و دەیانبینێتەوە کە بە خۆی دەگونجێن»(72). بەم ڕێیەوە ئیدی کەتوار سەرلەنوێ دەسازێنێتەوە، بە چەشنێک کە چیدی سروشت وەک سەروەر بەسەر مرۆڤدا ئەزموون ناکرێت (وەک لە جڤاکی پریمیتیڤدا) یان وەک شتێک کە مرۆڤ بەسەریدا سەروەری دەنوێنێت (وەک لە جیهانی مۆدێرندا)، بەڵکو بەزۆری وەک ئەو بابەتەی „لێڕوانین“ یان „لێهزرینی پەرچاوە“ ئەزموون دەکرێت کە شیلەر لە پەروەردەی ئێستێتیکیدا لێی دەدوێت(73). بە تێڕوانینی شیلەر لێڕوانین یان لێهزرینی پەرچاوە یەکەم پەیوەندیی ئازادی مرۆڤە بە جیهانەوە، کە وەک ئارەزوو هەڵپەی ژێرخەری بۆ بابەت نییە، بە پێچەوانەوە مرۆڤ لە لێڕوانیندا، لێهزریندا، واز لە نواندنی زەبر بەسەر سروشتدا دەهێنێت و هەڵوێستی میانەگیر بەرانبەری وەردەگرێت، کەواتە بابەتەکەی لە خۆی دوور دەخاتەوە، بەوەش دەرکەوەرەکانی ئارام دەبنەوە و لە نێویاندا ئاشتی بەرپا دەبێت (74).
لەم ڕوانگەیەوە گەمە لە دوو ڕووەوە کاریگەری دەنوێنێت: چە لە مامەڵەکردن لەتەک ئۆبژێکت و چە لە جیهانی سەبژێکتیڤیدا: ئەدگاری کرۆکیانەی گەمە ئەوەیە کە هەرگیز هەڵوێستی زەبرمەند و داڕوتاندنەوە بەرانبەر ئۆبژێکتی ئەزموون وەرناگرێت، بە پێچەوانەوە ئەو خۆی ئۆبژێکت دەسازێنێت، بەو ڕێیەشەوە سروشت ئازاد دەبێت بۆ داڕشتنی گەمەییانەی بڕی فۆرمە بێمەبەستەکانی خۆی کە تێکڕا دەرهاویشتەی „ژیانی نێوەکییانە“ی بابەتەکەین؛ ئەوجا هەڵوێستی گەمەیی هەروەها جیهانی سەبژێکتیڤی دەخاتە ڕەوشی گۆڕانەوە، چونکە ئێستا ئەزموونی ئێستێتیکی کۆتایی دەهێنێت بە توانستی بەرهەمخستنەوە (پرۆدوکتیڤێتی)ی زەبرمەند و ڕووتێنەرەوە کە مرۆڤ دادەزنێنێت بۆ سەر ئاستی ئامرازی کار. مارکوزە لەم گۆڕانە سەبژێکتیڤییەدا هیچ مەترسییەک نابینێت، چونکە بە تێڕوانینی ئەو ئێستا لەم ڕەوشەدا گەمە چالاکیی ئازاد و حەزی دەرکی و ئۆتۆنۆمی پێکەوە گرێ دەدات نەک مرۆڤ خۆی لەو ستاتۆیەی ناچالاکیدا ببینێتەوە کە ژیانی ڕۆژانەی سەرمایەگەری بەسەریدا دەیسەپێنێت، بە پێچەوانەوە مرۆڤ چالاکانە لێرەبوونی خۆی لەوبەر کێماس و ترسەوە بەردەخات، ئەویش چونکە ئێستا „داڕشتن“، یان بەدیهێنانی ئازادی شیمانەکان، بەرهەمی چالاکییەکەی ئەوە(75).
„پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“ هەروەها لەو ڕوانگەیەوە کاریگەرترین نووسینی کلاسیک-ی ئەڵمانییە، کە نووسینەکە دەبێت بە بناغە بۆ ئیدیالی کلاسیکییانەی (واتا نموونەیی) پەروەردە بە کاریگەرییەوە لەسەر پێداگۆگیکی (پەروەردەناسیی) مۆدێرن و هاتنەئارای تێگەی “دەوڵەتی کولتووری”.
بە تێڕوانینی شیلەر مرۆڤ تەنیا لە گەمەکردندا بەڕاستی ئازادە، چونکە لە گەمەدا توانستە هۆشەکی و دەرکییەکانی ئەو چوونەتە ڕەوشی هارمۆنییەوە. شیلەر لێرەدا وەک پەروەردکارێکی فەلسەفەیی هەوڵ بۆ پەروەردەیەکی ئێستێتیکی دەدات کە تا ئەمڕۆ هەنووکەییە، چونکە پەروەردەی ئێستێتیکی کە گەمەییانە بەردەخرێت، تەنیا زانینی پسپۆریانە بە مرۆڤ ناگەیەنێت، بەڵکو هاوکات توانای پێدەدات خۆی لە زەبرە دەرەکییەکان بەربدات و وەک تاکەکەسێکی ئۆتۆنۆم کردار بنوێنێت. ئەم ئیدیالە مرۆڤخوازییەی شیلەر ئەمڕۆ وەک دژەپرۆژە بەرانبەر فشاری بەرهەمخستنەوە و بەپسپۆرکردن خۆی دەنوێنێت، چونکە بە پێچەوانەی ئەو فشارەوە توانا بە مرۆڤ دەدات بڕیاری خۆیی بدات سەربەخۆ لە هزری سوودمەندی. ئاخر لەم پەروەردە ئێستێتیکییەدا ڕاومێکی (فەزایەکی) ئازاد دەسازێنرێت و تێیدا دەرفەت بۆ ئۆتۆنۆمی و نوێکاریی خۆیی دەڕەخسێت، بۆ نموونە کۆرسێکی شێوەسازی بۆ زارۆکان یان گەنجان کە خۆیان شادمان و گونجاو بە کارەکەیان ڕیالیزە دەکەن. ئەوجا، هەر لەم پەیوەندییەدا، بەهەندوەرگرتنی فێرکاریانەی لایەنی هەستەکی و سۆزەکی، ئەندێشە و ئافرێنەریی مرۆڤ، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ پێگەیاندنی کەسێتییەکی شوناسمەند و چێبوونی هەڵوێستی ڕەخنەیی بەرانبەر سەرجەمی ئەو هەوڵانە کە (بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵات) بە دەرخپێکردن و خۆشەکردن بۆ جوینەوەی نووسراوەکان بەگەڕدەخرێن، ئەوە بە سەرئەنجامێکەوە کە سستبوونی پسیکۆی (ژیانی ناخيکیی) مرۆڤە، یان داخستنی هەر دەروویەکە کە بشێت لێوەی تاکەکەس گۆڕان بە هزرین و هەڵوێستی ڕەخنەیی بدات چە بەرانبەر جڤاک و چە بەرانبەر جیهانێک کە تێیدا ئەمڕۆ میدیاکان بە گەیاندنی تاکلایەنەی وێنە هۆش و دیتەنێتیی تاکەکەس دەشێوێنن.
شیلەر هەروەها جەخت دەکات کە هونەر وەک بەرهەمی گەمە دەتوانێت بە سازاندنی دەروونی جوان جڤاک لەنێو خودی خۆیەوە بگۆڕێت. هەر لەم بنەڕەتەوە تێگەی „دەوڵەتی کولتووری“ هاتۆتە ئاراوە کە تێیدا کولتوور و هونەر وەک هێزمەند بۆ شکۆفەی دێمۆکراتی کارادەکرێن: پەروەردەی کولتووری گەرەکە مرۆڤان ببزوێنێت هۆشی ئازاد و ئافرێنەری خۆیان ئاشکرا بکەن. ئاخر ئەو ڕاومە ئازادە کە شیلەر بە پێویستی دادەنێت، لە دەرەوەی بەرژەوەندییەکانی سەروەری و دەسەڵاتی سیاسیدایە، ئەوە ڕاومێکە کە تێیدا تاکەکەس بە گەمەی ئێستێتیکیانە ئەزموونی ئازادی و هەمەکێتیی خۆی دەکات، بەم ڕێیەشەوە، وەک شیلەر دەبێژێت، دەتوانێت ئەزموونی „ئیدێی مرۆڤایەتی“ بکات.
لە کۆتاییدا گەرەکە هەروەها ئاماژە بدەین بۆ واتای تێگەی گەمە لە پسیکۆلۆژیدا، بەتایبەتی لەو پراکسیسەی زانستەکەدا کە ناودەنرێت “تێڕاپیی هونەری”. ئەم ئاڕاستەیەی چارەسەرکردنی کێشە پسیکۆییەکان (ژیانی ناخەکی) بەندە بەو مەئریفەیەوە کە وایدادەنێت سازاندنی وێنە و نیگار کاریگەریی چاککەرەوەی لەسەر مرۆڤانی کێشاوی یان نەخۆش هەیە، چونکە مرۆڤ لەم ڕەوشەدا بە سازاندنی گەمەڤانانەی هونەری ڕوو لە جیهانی نێوەکیی خۆی دەکات، بەو ڕێیەشەوە دەشێت هەست و بیرۆکەی شارراوە ببینێتەوە و هونەریانە دەریان ببڕێت – کە بێگومان مەرج نییە ئەوە هونەری مەزن بێت. ئاخر مرۆڤ دەتوانێت بە وێنە ئاسانتر هەستی خۆیی دەرببڕێت وەک بە وشە.

پەراوێز
(54) بڕوانە:

  • Marcel H. Van Herpen: MARX WERDEN. Wie der junge Karl Marx zum Marxisten wurde (BECOMING MARX. How the Young Karl Marx Became a Marxist.) Maastricht 2016.
    فان هێرپن لە تەوەری „کاریگەریی تیۆریی نامۆبوونی شیلەر لەسەر مارکسی گەنج“دا دەنووسێت: کاتێک توێژەران لە تیۆریی نامۆبوون لای مارکس دەدوێن، لەو لێدوانانەدا تیۆرییەکەی ئەو لەبارەی کاری نامۆبوو کرۆکییە، ئەمە لەو شێوەیەدا کە مارکس لە “مانوسکریپتە ئابووری-فەلسەفەییەکانی ساڵی 1844″دا گۆڕانی پێداوە. مرۆڤ هەروەها هەندێک جار لە تیۆرییەکانی سەرەتای ئەو لەبارەی نامۆبوونی ئایینی و سیاسی دەدوێت. وەلێ بە تێڕوانینی فان هێرپن هەرگیز ئاماژە بۆ ئەوە نەدراوە کە ئێمە دەتوانین دەستپێکە هەرەسەرەتاییەکانی مارکس سەبارەت بە بیرۆکەی نامۆبوون لەو سەردەمەدا ببینینەوە کە جارێ ئەو گۆڕانی نەدابوو بە تیۆرییەکی کامڵی نامۆبوون: لە دەمی خوێندنی فێرگەییدا. لەم سەردەمەدا مارکس لەژێر کاریگەریی شیلەردا بوو. بۆ بەدواداچوونی ئەم کاریگەرییە دەبێت ئاوەڕ لە نووسینە هەرە سەرەتاییەکانی ئەو بدەینەوە، بەتایبەتی وتاری تەواوکردنی خوێندنەکەی لە وانەی ئەڵمانیدا بە ناونیشانی “تێڕوانینی گەنجێک لە هەڵبژاردنی پیشەیەکدا” کە لە تەمەنی حەڤدە ساڵاندا نووسیوێتی. ئەم نووسینە دیدێکی گونجاومان بۆ نێو جیهانی هزری مارکسی گەنج بۆ دەڕەخسێنێت. نووسینەکە بەم شێوەیە دەستپێدەکات:
    “خودی سروشت بازنەی ئەو کاراییەی دیاری کردووە کە گەرەکە ئاژەڵ تێیدا ببزوێت، ئەویش بەئاشتەوایی لەنێو ئەم بازنەیەدا دەبزوێت بەبێ ئەوەی هەوڵ بدات لەو سنوورە دەربچێت، بەڵێ تەنانەت بەبێ ئەوەی لەبارەی بازنەیەکی دی هەر بزانێت. خودایەتی هەروەها بە مرۆڤیش ئامانجێکی گشتیی داوە – چاککردنی مرۆڤایەتی و خودی خۆی-، وەلێ ئەو خۆی سەرپشک کردووە بەدووی دەستوێژەکاندا بگەڕێت تا بەڕێیانەوە بەو ئامانجە بگات؛ (خودایەتی) ئەو خۆیی سەرپشک کرد ئەو پێگە جڤاکییە هەڵببژێرێت کە بە باشترین شێوە بەو دەگونجێت و لێوەی دەتوانێت خودی خۆی و جڤاک بە باشترین شێوە هەڵبزنێنێت”. (لا 93).
  • هەروەها بڕوانە:
    Harald Lemke: Michel Foucault in Konstellationen. (بەشی) : Die schwierige Lebenskunst. Foucault‚ Schiller und Marcuse. Maastricht 1995.
    هارالد لێمکە دەنووسێت: شیلەر ئەزموونکردنەکانی نامۆبوون و تاکڕەهەندبوونی هەمەجۆرێتیی مرۆڤ لە جڤاکی بۆرژوازیدا وەک „ستاتۆیەکی سروشتی“ ئەزموون دەکات. ئەو ستاتۆیەکی یوتۆپیانە بەرانبەر نامۆبوونی مۆدێرنی جڤاک، هینی سروشت و خودی خۆ دادەنێت کە تێیدا مرۆڤان پەیوەندییەکانی ژیانیان ئازادانە دەسازێنن. لەم ڕوانگەیەوە وەرگۆڕینی جڤاکی لای شیلەر جێگرتنەوەی دەوڵەتی ناچارەکییە بە دەوڵەتی ئازادی کە شیلەر ناوی دەنێت کولتووری ئێستێتیکی. بەمەش شیلەر یوتۆپیایەکی ئێستێتیکێتی دەهێنێتە نێوانەوە کە بۆ هێگل، مارکس و بەگشتی بۆ دابی هێگلی-مارکسیستی تا لوکاچ و مارکوزە شوێنگەیەکی ڕێنوێنی ماوەتەوە(119 بەدوواوە).
    (55) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 6. Brief. S. 20 f.
    (56) Marx, Karl. Engels, Friedrich. Briefe Januar 1856 – Dezember 1859. Werke. Band 29. Berlin 1978. S. 592.
    (57) Marx, Karl. Engels, Friedrich. Die Deutsche Ideologie. Werke. Band 3. Berlin 1978. S. 26.
    (58) Ebenda (هەمان سەرچاوە), S. 35.
    (59) Ebenda, S. 33.
    (60) Marcuse, Herbert: Triebstruktur und Gesellschaft. Frankfurt am Main 1968. S. 184.
    (61) Ebenda, S. 185.
    (62) Ebenda, S. 185 F.
    (63) Ebenda, S. 186.
    (64) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 27. Brief. S. 85.
    (65) Marcuse, Herbert: Triebstruktur und Gesellschaft. S. 188.
    (66) Ebenda, S. 188 F.
    (67) Ebenda, S. 189.
    (68) Ebenda, S. 186.
    (69) Ebenda, S. 186 f.
    (70) Ebenda, S. 187.
    (71) Erne, Thomas: Eros und Spiel. In: Kunst-Religion. Herausgeber: Thomas Erne.
    (72) Ebenda (هەمان سەرچاوە).
    (73) Marcuse, Herbert: Triebstruktur und Gesellschaft. S. 187 f.
    (74) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 25. Brief. S. 106.
    (75) Marcuse, Herbert: Triebstruktur und Gesellschaft. S. 188.
    ئەم یوتۆپیایەی مارکوزە، هەروەها ئیدیالیزمی شیلەر، دەشێت پەیوەند بە ناوچەی کولتووریی ڕۆژهەڵاتەوە دانوستان بکرێن. بۆ نموونە لەوێ بە تێزی دێمۆکراتیکی برایەتیی گەلان هەوڵی ئیدیۆلۆژییانە بۆ گۆڕینی سەرجەم پەیوەندییەکانی ناوچەکە لەگۆڕێیە. جوانیی هزری شیلەر لەوەدایە کە گەرچی ئەو تیۆریی دەوڵەتێکی ئێستێتیکی دادەنێت، وەلێ هەر ئەو خۆی دەبێژێت کە ئەوە تەنیا ئیدێیە، یان ئەو کۆنسێپتە سەرناگرێت، چونکە مرۆڤ لە ناخەوە ئامادە نەبووە بۆ گۆڕانێکی بەو چەشنە. هەروەها ئەزموون پێشانی داین کە سەرهەڵدانی دێتەرمینیستیانەی کۆمونیزمەکەی مارکس بەدینەهات، بەڵکو لە هزری سیاسیانە ڕاڤەکراوی ئەوەوە چەندین دەوڵەتی تۆتالیتێر دامەزرێنران، بۆیە کۆمونیزیمەکەی ئەو لە کۆتاییدا هەر وەک یوتۆپیا خۆی نواند، جا چەند زۆر ئەو هەڵوێستی لەدژی یوتۆپیستەکان وەرگرت. ئەوجا هێربەرت مارکوزە لە شەستەکاندا پەیوەند بە شۆڕشی بگۆڕی پەیوەندییە بەرجەستەکانەوە دەبێژێت، کە ئەو شۆڕشە تەنیا لە جیهانی سێ شیاوە، وەلێ ئیمپریالیزم دەتوانێت بیخنکێنێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە تەنیا بە گۆڕینی پەیوەندییە سیاسی-جڤاکییەکانی ڕۆژئاوا (کە زەحمەتە ئەوە بە شۆڕش ڕوو بدات) دەروویەک بۆ گۆڕان لە وڵاتانی دیکە (بۆ نموونە ڕۆژهەڵات) دەکرێتەوە. ئەمە بێگومان ئەو واتایە ناگەیەنێت کە لەو دەڤەرە ناوبراوەدا مرۆڤان دەستەوستان بن و چاوەڕوانی ڕەحمەتی ڕۆژئاوا بکەن. ئێمە لەم پەیوەندییەدا و دەرنەچوو لە بابەتەکە تەنیا بە یەک ئاماژە وەڵامی ئەم پرسە دەدەینەوە: گۆڕانی شۆڕشگێڕی لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی تەنیا خەیاڵی خاوە، یان “ڕەنگە” ئەوە تەنیا لەنێو دەوڵەت-نەتەوەدا بشێت کە بێگومان زەمینەی زانستی و تەکنۆلۆژی و سوپایی زۆر بەهێزی پێویستە (کەواتە لێرەدا دێینەوە سەر زەمینەی کەتوار و لێرەشەوە بۆ لای شیمانە یان ناشیمانەی شۆڕشێکی بەو چەشنە)، ئەوجا، لە لایەکی دیکەوە، „گەر شیاو بێت“، دەبێت „بەتایبەتی و سەرەتا“ لەنێو گەلانی سەروەردا ئیدێ و پلان و کۆشش بۆ گۆڕانی دێمۆکراتیخواز و برایەتیی گەلان دەسپێبکەن، “ڕەنگە” پێکەوە یان بە ڕاکێشان و هاوکاریی گەلانی ژێردەستە.

سەرچاوەکان
سەرچاوەی سەرەکی

  • Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen (Reclam). Stuttgart 1965
    سەرچاوەی لاوەکی
  • Erne, Thomas: Eros und Spiel. In: Kunst-Religion. Herausgeber: Thomas Erne. https://kunst-religion.de.
  • Marcuse, Herbert: Triebstruktur und Gesellschaft. Frankfurt am Main 1968.
  • Marx, Karl. Engels, Friedrich. Die Deutsche Ideologie. Werke. Band 3. Berlin 1978.
  • Marx, Karl. Engels, Friedrich. Briefe Januar 1856 – Dezember 1859. Werke. Band 29.



وێنەی مرۆڤ لە “خودێکی مانابەخشەوە” بۆ “کاڵایەکی دیجیتاڵی”- بەشی دووەم-.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(2)
مرۆڤی دابەشبوو
(نا-میکانیکی بوون)

لە کایەی فەلسەفەی هاوچەرخدا، پرسی تێگەیشتن چیتر بابەتێکی پەراوێزی یان تەنها ئامرازێکی سەرەکیی ناسین نییە؛ تێگەیشتن، بەر لەوەی مێتۆدێکی مەعریفی بێت، شێوازێكی ئۆنتۆلۆژیانەی (بوونناسانەی) مرۆڤە لە جیهاندا؛ لە ڕوانگەی فینۆمینۆلۆژیای مارتن هایدیگەرەوە، مرۆڤ “بینەرێکی نامۆ” نییە کە بێلایەنانە لە بوون بڕوانێت، بەڵكە بوونەوەرێکە کە تێگەیشتن پێکهاتەی بنەڕەتیی بوونی پێکدەهێنێت؛ هەرگیز تێگەیشتن نابێتە خەسڵەتێکی دەرەکی مرۆڤ، چونکە لە جەوهەری خۆیدا پڕۆسەیەکی بەردەوامی تێگەیشتن و ماناڕێژی و خۆشیکردنەوەیە لە گشتێتی ئەو واقیعەی تێیدا ئامادەیە.
کەواتە مرۆڤ پێش هەموو شتێ مانا دروست دەکات؛ بەمجۆرە، جیهان تەنها کاتێک دەبێتە جیهانێکی مرۆیی کە دەبێتە تۆڕێک لە واتاکان و هێماکان؛ زمان، ئەدەب، هونەر، ئایین، سیاسەت، و تەنانەت وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەش، هەموویان هەوڵی بەردەوامن بۆ بەرهەمهێنان و دووبارە لێکدانەوەی مانا مرۆییەكان! هەرگیز مانا شتێکی جێگیر نییە، بەڵكە پڕۆسەیەکە لەگەڵ هەر ئەزموون و ئەزموونگەرییەکدا، مرۆڤێكی جیاواز دەخاتەوە؛ بەمجۆرە مرۆڤ تەنها بە شتەکان ناژی، بەڵكە بەو واتایانەش دەژی کە بە شتەكانی دەبەخشێت؛ لێرەوە کاتێک مرۆڤ توانای بەرهەمهێنانی مانا لەدەست دەدات، توانای تێگەیشتن لە مرۆڤ، مرۆڤایەتی و جیهانی دەوروبەریش لەدەست دەدات.
مارتن هایدیگەر نووسەری فەیلەسوف و بیرمەندی ئەڵمانی لە کتێبی ناوداری خۆیدا (بوون و کات)- د. محەمەد كەمال لە ئینگلیزییەوە كردوویەتی بە كوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی چاپ و بڵاویكردۆتەوە، ئەو تێزە دەخاتە ڕوو کە تێگەیشتن، جولەی “دەرکەوتن” یان “ئاشکرابوون”ی بوون بەرجەستە دەكات! شتەکانی نێو جیهان بەهۆی ڕۆتین و بەکارهێنانی ڕۆژانەوە داپۆشراون و لەبەرچاو ونن، تێگەیشتن دێت بۆ ئەوەی ئەم پەردەیە لابدات و ڕێگا بدات شتەکان بە ڕاستی خۆیان دەربخەن… دەكرێ ئەو دەرکەوتنە تەرجەمەی “دیمەن” و “وێنە” بكەین؛ بەو مانایەی كە دیمەن نەک وەک ئاڕاستەکردنی واقیع، بەڵكە وەک مەیدانێک دەبینرێت کە تێیدا گرژییەکی بەردەوام لە نێوان تۆڕی ماناکان و کرانەوەی جیاوازییدا هەیە؛ بە مانایەكی دیكە، لەنێوان دیمەن- ئامادە بۆ ئاڕاستەکردن، کە بەشێک لە نادیارێتی دەپارێزێت، و وێنە- ئامادە بۆ جیاوازی کە دەركەوتنی تایبەتی هەیە.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم تێگەیشتنە، کاتێک تەماشای دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ دەكەین، لە بەردەم پاشماوەی ئاراستەكردنی مێژووییەك وەستاوین؛ بەڵام لێرەدا تێگەیشتن، کۆکردنەوەی زانیاریی ئاسەوارناسی یان مێژوویی نییە، بەڵكە تێگەیشتن ئاراستەیەكی بوونناسی وەردەگرێ! ئەو دیمەنە چۆڵە، لای ڤالتەر بنیامین، وێنەیەکی دیالەکتیکییە؛ شوێنێکە کە تێیدا «ڕابردوو» و «ئێستا» لە چرکەساتی بەریەککەوتندا دەبنە یەک کات و خەرمانە! بێدەنگیی کۆڵانەکە، جۆرێکە لە وەستانی مێژوو (مێژووی فەرمی)، کە ڕێگا بە بینەر دەدات لە مێژوویەکی هێڵی ڕزگاری بێت و بچێتە ناو کاتی ئێستا! لەو ساتەوەختەدا، دەركەوتنی وێنە، بە هەموو سه‌رسوڕمان و خەرمانەی خۆیەوە، تایبەتمەندی، جیاوازی و ڕاستیی کات و دەسەڵاتی مرۆڤ بۆ بینەر ئاشکرا دەكات؛ جیهانێکی فرەوان دەکاتەوە کە تێیدا بینەر تەنیا تەماشاکەر نییە، بەڵكە شاهیدی هەڵوەشاندنەوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی مانا مێژووییەکانی دیمەنە یان ئاراستەكردنە لەڕێگای وێنەی جیاواز و تایبەتەوە، ئەگەرچی هەمیشە دیمەن بەشێک لە نادیارێتییەکەی خۆی دەپارێزێت، بەڵام وێنە مانای جیاوازی و تایبەتی خۆی وەک دواین هێڵی بەرگریی دەگەیەنێت.
كەواتە ڕابردوو لەڕێگای کۆکردنەوەی داتای مێژووییەوە نادۆزرێتەوە، بەڵكە لە چرکەساتێکی چاوەڕواننەکراودا وەک “وێنەیەک” دەدرەوشێتەوە کە تێیدا جیاوازی نێوان ڕابردوو و ئێستا دەنوێنن؛ دیمەنی کۆڵانە بێدەنگەکە مێژووی هێڵی ڕادەگرێت و دەرگای پچڕانێکی کاتی دەکاتەوە کە تێیدا وێنە دەسەڵاتی خۆی بەسەر کاتدا دەبینێتەو؛ ئەگەرچی شوێنە چۆڵەکان باشترین شوێنن بۆ دەرکەوتنی ئاراستەكردنی ڕاستی… بەو مانایە کۆڵانە چۆڵەکە گرژی نێوان “نادیارێتی” و “ئاشکرابوون” دیاری دەكەن، کۆڵانە چۆڵەکە جەوهەری تێگەیشتنی بوونناسییە کە ناکرێت لە هاوکێشەیەکی جێگیردا کورت بکرێتەوە… پرسیارە جەوهەرییەکەی ئەمڕۆ ئەوەیە: چەمكی مرۆڤبوون دەكەوێتە كوێی ئەو كۆڵانە چۆلەوە؟ لەم نێوەندەدا مرۆڤ چی لێ دێت کاتێک خودی دیمەنەكان، ئامێرەکان “مرۆییانە” بیر دەکەنەوە؟!
وەک دەزانین، ڤاڵتەر بنیامین لە قسەكردن لەو بارەوە پێیوابوو کاتێک تەکنەلۆژیا وێنە و هونەر کۆپی دەکاتەوە، ئیتر مرۆڤ لە پەیوەندییە حسی و مێژووییەکەی لەگەڵ دیمەن یان واقیع دادبڕێت و لەبەردەم شاشەکان و ئامێرەکاندا دەبێتە وەرگرێکی پاسیڤ (بێدەسەڵات) کە تەنها سەیری لێشاوی دیمەنەكان دەکات؛ بە مانایەكی دیكە مرۆڤی ئەمڕۆ لە دیمەنی واقیعەكاندا ناتوانێ تایبەتمەندی خۆی بنوێنێ، تەنها تەماشاكەرێكی بێدەسەڵاتە… لێرەدا مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کاتێک تەکنەلۆژیا وێنەی مرۆڤ لە جەوهەرەکەی دادەماڵێت، کاڵا و تەکنەلۆژیا خۆیان دەبنە خاوەن سیفەتی مرۆیی، مرۆڤبوون لە بوونەوەرێكەوە كە تێگەیشتن پێکهاتەی بنەڕەتیی بوونی پێکدەهێنێت، دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی فاشیزمی تەکنەلۆژیا و مرۆڤی بێدەسەڵات چێژ لە لەناوچوونی خۆی لە کۆڵانە چۆڵەکان دەبینێت، تەنها لەبەر ئەوەی بە شێوازێکی تەکنەلۆژیی جوان نیشان دەدرێت… مرۆڤ وەك تێگەیشتن، وەك بكەری مەعریفی چی لێدێت؟
لێرەدا مرۆڤ لەژێر هەڕەشەی فاشیزمی تەکنەلۆژیاوە چیتر “بکەر” یان داهێنەری جیهان نییە، بەڵكە گۆڕاوە بۆ جێگرەوەیەکی ئامێری و ناوەندێكی پاسیڤ (ناچالاک) بۆ گواستنەوەی کۆدە ژمارەیی و زانیارییەکان لەناو تۆڕە گەورەکاندا؛ ئەو دۆخە گوزارشت لە مەرگی بکەری مەعریفی دەكات؛ مرۆڤ کە پێشتر لەڕێگای “تێڕامان” و “ئەزموونی زیندووەوە” جیهانی بەرهەم دەهێنا، ئەمڕۆ چیتر خاوەنی بیرکردنەوە و سۆزی سەربەخۆی خۆی نییە؛ بەڵكە تەکنەلۆژیا چووەتە ناو قووڵایی مێشک و دەروونییەوە، و گۆڕیویەتی بۆ تەنیا بۆرییەک یان تێپەڕگەیەک کە داتا و زانیارییەکانی پێدا تێپەڕ دەبێت… بەو مانایەش تەکنەلۆژیا تەنیا ئامرازێکی دەرەکی نییە لە دەستماندا بێت، بەڵكە هاتووەتە ناو قووڵایی ژیانی تایبەتی کات، بیرکردنەوە، و سۆزەوە و ناوەوەی مرۆڤی لە جیاوازی و تێگەیشتن، لەو تایبەتمەندییە ڕۆحی و سەربەخۆییەی کە هەیبوو بەتاڵ کردووەتەوە؛ ئەمڕۆ كاری مرۆڤ ئەوەیە كە داتا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بگوازێتەوە، بەبێ ئەوەی بیربکاتەوە! لێرەوە ئێمە ڕۆژانە تەنها كلیك دەكەین، تەنها پۆست، نامە، و زانیاری دەبینین و دەیاننێرینەوە (شێر و ڵایک دەکەین)، بەبێ ئەوەی کاتمان هەبێت قووڵ ببینەوە یان شتێکی نوێ لە تێگەیشتن دابهێنین.
ئیتر کاتێک تەكنەلۆژیا دەتوانێت خێراتر و بەرفرەوانتر بیر بکاتەوە، باشتر وێنە بکێشێت، و تەنانەت ڕوخسار و سۆزی مرۆڤیش کۆپی بکاتەوە، ئێمە دەچینە ناو قۆناغی “سیمۆلاکرا- کۆپییەک کە ئەسڵەکەی نەماوە یان هەر نەبووە”ی تەواوەتییەوە؛ دەچینە ئەو شوێنەی کە کۆپییەکە (وێنە دەستکردەکە) پێش واقیع دەکەوێت و وێنەی واقیعی هەڵدەلووشێ؛ کاتێک سۆز و ڕوخسار (کە دوا پێگەی پیرۆزی خەرمانە و ڕەسەنایەتی مرۆڤ بوون) دەبنە داتای شیاوی کۆپیکردن، ئیتر نەک هەر “مرۆڤبوون” مانا بوونناسییەکەی لەدەست دەدات، بەڵكە خودی “واقیع”یش دەگۆڕێت بۆ “هایپەر-واقیع”؛ لێرەدا نە واقیع هەیە نە مرۆڤ؛ لێرەدا واقیع و مرۆڤبوون بەیەکەوە ناچنە ناو نەبوونەوە، بەڵكە لە ناو زۆربوونی بێمانای کۆپییەکاندا، بەیەکەوە دەمرن! هەر بەو مانایەش لای (ژان بۆدریار)، مرۆڤبوون لەم سەردەمەدا، یان بە مانایەكی دیكە مەرگی مرۆڤ لە “هایپەر-واقیعدا”، وەك جۆرێک لە “شۆکی مەعریفی” دەبینرێت؛ چونكە ئەو پێیوایە مرۆڤ بووەتە زیندانیی ئەو وێنە ساختەیەی کە خۆی بۆ خۆی دروستی کردووە، و هیچ ڕاستییەكی لەپشتەوە نییە؛ لەو حاڵەتەدا مرۆڤ چیتر ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ “سروشتی ڕەسەنی خۆی”، بۆ وێنەی تایبەت و جیاوازی خۆی، چونکە تەکنەلۆژیا بە تەواوی پێناسەی سروشت و ڕەسەنایەتیشی گۆڕیوە!

بەمجۆرە مرۆڤی کۆنترۆڵکراو لە “تاک”ەوە بۆ “دابەشبوو” گۆڕدراوە.
چیتر مرۆڤ ناسنامەیەکی جێگیری نییە، بەڵكە بریتییە لە کۆمەڵێک کۆد، داتا، کارتی بانکی، و ژمارەی دیجیتاڵی لەناو سیستمدا… ئەو گۆڕانكارییانە، (ژیل دۆلۆز) بە مەرگێکی نائومێدانە وەسفی دەكات، یان بە گواستنەوە بۆ سەردەمی “پۆست-هیومانیزم” (پاش-مرۆڤگەرایی) ناوی دەبات؛ بەمجۆرە تەکنەلۆژیا مرۆڤ ناچار دەکات کە سنوورە ئەندامی و بایۆلۆژییەکانی خۆی تێپەڕێنێت! چیتر مرۆڤبوون لە جیاکردنەوەی خۆمان لە ئامێردا کورت نابێتەوە، بەڵكە لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە چۆن دەتوانین وەک “ئامێری ئارەزوومەند” لەگەڵ تەکنەلۆژیادا تێکەڵ بین، بەبێ ئەوەی ببینە کۆیلەی دەسەڵاتی سیستمی سەرمایەداری؟! هەڵبەتە ئەمڕۆ جەوهەری جیاوازی مرۆڤبوون لەو خاڵەدا چڕبۆتەوە…
بەڵام ژیل دۆلۆز دەیەوێ بڵێ چیتر مرۆڤبوون چەمکێکی جێگیر و جەوهەری نییە، بەڵكە «پرۆسەیەکی بەردەوامی بوون و گۆڕانە»؛ چونكە لەناو فیکری تەکنەلۆژیدا، پێوەرە کۆنەکانی وەک تێگەیشتن، خەرمانە، “عەقڵی لۆژیکی” یان “توانای داهێنانی حیسابی” چیتر ناسنامەی مرۆڤ دیاری ناکەن (چونکە ئامێریش ئەوانەی لە ئاستێکی باڵاتردا هەیە)؛ لێرەدا، ئەوەی لە جەوهەردا مرۆڤبوون لای دۆلۆز دیاری دەكات، ئەوەیە كە مرۆڤبوون دەچێتە ناو کایەی «نا-میکانیکی بوون»ەوە؛ واتە کایەی «هەستپێکراوەکان»: هەڵەکردن، حەپەسان، سەرسامبوون، و ئازار چەشتن… لێرەدا دۆلۆز جیاوازی لە نێوان “سۆز” (کە دەکرێت وەک داتا کۆد بکرێتەوە) و “هەستپێکراوەکان” كە نا-میکانیکی بوونی هەڵگرتووە، دەكات؛ پێیوایە هەستپێکراوەكان بریتین لە توانای جەستە بۆ کار تێکردن و کار لێکردن (تەڕبوون بە باران، ژان و ئازاری کتوپڕ، حەپەسان لەبەردەم نەزانراودا)… نا-میکانیکی بوونن و جیاوازە لەوەی کە دەکرێت سۆز وەک داتا کۆد بکرێتەوە!! واتە ئەگەرچی ئامێر مێشکی هەیە (پرۆسێسەر)، بەڵام جەستەی نییە! هەڵبەتە ڕاستیی مەعریفیی تێکستەکە لەوەدایە کە دەڵێت: ڕاستی لە ناو مێشکی حیسابکاردا نییە، بەڵكە لە ناو پێستی تەڕبوو و جەستەی ئازارچەشتوودایە!
نا-میکانیکی بوون تەنها لادانی لۆژیکی و دەروونی نین، تەنها کەمکوڕی نین، بەڵكە هێزی بەرگریی بوونناسیی مرۆڤن لە بەرامبەر گشتگیریی ئامێردا؛ ڕاستە ئامێر دەتوانێت بە وردترین کۆد وێنەی باران بکێشێت، بەڵام توانای ئەزموونکردنی “تەڕبوونی بارانەکە”ی نییە، چونکە ئامێر خاوەنی جەستەیەکی زیندوو نییە تاوەکو بەر لێشاوی بوون بکەوێت! مرۆڤبوون گەڕانی مرۆڤە بەدوای مانادا، بەڵام لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا، ئەم گەڕانە گۆڕاوە بۆ «دوا خاڵی بەرگریی مۆدێرن»؛ جۆرێک لە خەباتی ڕۆحی بۆ پاراستنی “هەستپێکراوەکان” ئەو بەشە بچووك، تەمومژاوی و سێبەرەی ناوەوەی مرۆڤ کە هێشتا ئەلگۆریتمەکان نەیانخستۆتە ناو کۆدی سیفر و یەک.
بەمجۆرە مرۆڤ “جەوهەرێک”ی نەگۆڕ نییە کە کانت یان دیکارت پێناسەیان کردبێت (بۆ نموونە: مرۆڤ ئاژەڵێکی عاقڵە)؛ بەڵكە مرۆڤبوون هەمیشە لە ناو پرۆسەی گۆڕان و پێکهاتندایە! بەو مانایەش کاتێک تەکنەلۆژیا دەست بەسەر عەقڵدا دەگرێت، مرۆڤ ناچار دەبێت “ببێتە شتێکی تر، ئەو گۆڕانە بەرەو کایەی “نا-میکانیکی بوون”، ڕزگارکردنی مرۆڤە لەو پێناسە دۆگمایانەی کە ئامێر بە ئاسانی دەتوانێت کۆپییان بکاتەوە، دەكات…
تەکنەلۆژیا لەسەر بنەمای پێشبینیکردن و نەزم کار دەکات؛ بەڵام هەڵەی مرۆڤ، ئازا، حەپەسانی، و… گەڕانە بێهودەکەی مرۆڤ بەدوای مانادا، تەواوی سیستەمە ئەلگۆریتمەیەکە تێکدەدات! نەك لەبەر ئەوەی مانا حەقیقەتێكی دۆزراوەیە، بەڵكە لەبەر ئەوەی مانا چیتر حەقیقەتێکی دۆزراوە نییە، بەڵكە مانا هێڵی هەڵاتن و دەربازبوونە… مانا دوا سەنگەرە کە مرۆڤ بتوانێ لە داتایەکی ڕوون و شیاوی خوێندنەوە خۆی دەرباز بكات.

هەولێر 7/7/2026
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




شکاندی مامۆستا و کارەساتە ڕیشەییەکانی پەروەردە.. نووسینی: کارزان عەزیز عەبدولرەحمان

پێشەکی: شکاندنی مامۆستا، هەڕەشەیەکی ڕیشەیی لەسەر ئایندەی پەروەردە
لە مێژووی شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا، هیچ پیشەیەک وەکو پەیامی مامۆستایی پیرۆز, بلند و کاریگەر نەبووە. مامۆستا تەنها ئەو کەسە نییە کە لە پشت سەدەیەک لە تەختەی ڕەش و سپی و لە ناو ژوورێکی داخراوی پۆلدا چەند زانیارییەکی بیرکاری یان زمانەوانی بە قوتابی دەسپێرێت، بەکو ئەو «ئەندازیاری ڕۆح»، «بونیاتنەری کەسایەتی»، و «چرای ڕووناککەرەوەی ڕێگەی نەوەکان»ە. لە کۆمەڵگە ڕەسەن و هۆشیارەکاندا، مامۆستا هەمیشە وەک ڕێنیشاندەر، باوکی ڕۆحی، و گەورەی کۆمەڵگە سەیر کراوە. ئەگەر سەیری مێژووی خۆمان بکەین، دەبینین کۆمەڵگەی کوردی هەمیشە ڕێزێکی بێوێنەی بۆ مامۆستا هەبووە، چونکە زانیویەتی هەر شارستانییەتێک لەسەر شانی مامۆستا ڕاوەستاوە.
بەڵام، کاتێک واقیعی ئێستای پەروەردە و بارودۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتیی مامۆستایان لە وڵاتەکەماندا دەخەینە ژێر وردبینییەوە، ڕووبەڕووی دیمەنێکی تراژیدی و نیگەرانکەر دەبینەوە. دیاردەی «شکاندی مامۆستا» ئیتر تەنها کێشەیەکی سادەی کارگێڕی یان ناکۆکییەکی کاتی نێوان دوو کەس نییە، بەڵکو بووەتە برینێکی قووڵ لە جەستەی سیستەمی پەروەردەدا کە هەڕەشەیەکی ڕژد لە داهاتووی نەوەکانمان دەکات. کاتێک شکۆی مامۆستا دەشکێت، لە ڕاستیدا بناغەی فیکری و ئەخلاقیی تەواوی کۆمەڵگە بەرەو داڕمان دەچێت.

یەکەم: هۆکارە ڕیشەییەکانی شکاندی مامۆستا لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا
شکاندی مامۆستا بۆشاییەکی کاتی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی چەندین قەیرانی کەڵەکەبووی ئابووری، یاسایی و فەرهەنگییە. بۆ ئەوەی لەم دیاردەیە تێبگەین، دەبێت هۆکارە بنەڕەتییەکانی بە دڵسۆزییەوە هەڵسەنگێنین:
• قەیرانی قورسی بژێوی و ئابووری: یەکێک لە ستەمە گەورەکانی کە لە مامۆستا دەکرێت، پشتگوێخستنی باری ئابووری و مافە داراییەکانیەتی. کاتێک مامۆستا ناچار دەبێت سەرنجی خۆی لەسەر دابینکردنی پاروی نان و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکەی بێت، و لەبری ئەوەی خەریکی توێژینەوە و خۆئامادەکردن بێت بۆ پۆل، سەرقاڵی کاری لاوەکی یان نیگەرانیی مووچە بێت، لە بنەڕەتدا ئەمە شکاندنی شکۆی ئەو کەسەیە کە دەبێت ئارامترین مێشکی هەبێت.
• لاوازیی پارێزبەندیی یاسایی: لە زۆرینەی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، مامۆستا لە ناو پۆل و دەرەوەیدا خاوەنی پارێزبەندییەکی توندی یاساییە. کەچی لێرەدا، زۆر جار مامۆستا لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەركەکەیدا ڕووبەڕووی بێڕێزی و دەستدرێژی دەبێتەوە، بەبێ ئەوەی یاسایەکی کارا هەبێت کە بە توندی سزای ئەو کەسە بدات کە شکۆی پەروەردە دەشکێنێت.
• داشکانی بەهای کەلتووری و لادانی ئاراستەی کۆمەڵایەتی: لە هەندێک قۆناغدا، بەهۆی لاوازبوونی هۆشیاریی گشتییەوە، بەهای زانست و مامۆستا دابەزیوە. کاتێک دایک و باوک بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان بکەن، لەسەر هەڵەیەکی بچووک یان ڕێنماییەکی پەروەردەیی دەجەنگن لەگەڵ مامۆستادا، یان لەبەردەم منداڵەکانیان خۆیان سووکایەتی بە مامۆستا دەگەیەنن، لە ڕاستیدا ئەوان نەک هەر مامۆستا، بەڵکو مانا پیرۆزەکانی فێرکردنیش دەشکێنن.

دووەم: کاریگەرییە کارەساتبارەکانی شکاندی مامۆستا لەسەر ڕەوتی پەروەردە

کاریگەرییەکانی شکاندنی مامۆستا تەنها لە سنووری کەسایەتیی ئەو مامۆستایەدا ناوەستێت، بەڵکو وەک تەوژمێکی وێرانکەر بەناو دەمارەکانی سیستەمی پەروەردەدا تێپەڕ دەبێت و ئەم دەرئەنجامە مەترسیدارانەی لێ دەکەوێتەوە:

  1. لەدەستچوونی متمانە بە پرۆسەی فێرکردن: قوتابی لە ماوەی ژیانی منداڵی و مێردمنداڵیدا چاوی لەسەر مامۆستاکەیەتی و وەک نموونەیەکی باڵا سەیری دەکات. کاتێک قوتابی دەبینێت مامۆستاکەی لە لای کۆمەڵگە، بەڕێوەبەرایەتی یان خێزانەکەیدا بێڕێزیی پێ دەکرێت و پێگەی ناشکێنرێت، ئیتر متمانەی بەو پرۆسەیە نامێنێت. قوتابی بە چاوی سووک سەیری زانست و کتێب دەکات، چونکە دەبینێت ئەو کەسەی نوێنەرایەتی زانست دەکات، هیچ پێگە و ڕێزێکی نییە.
  2. ساردبوونەوەی پەیامی پەروەردەیی و گۆڕانی بۆ ئەرکێکی بێڕۆح: مامۆستایەک کە دەروونی بشکێنرێت، ورەی بڕوێنرێت و بەردەوام لە خەمی بژێوی و ناڕەحەتیدا بێت، توانای دروستکردنی گڕکانێکی زانستی لە دەروونی قوتابیدا نابێت. پرۆسەی خوێندن دەبێتە کارێکی میکانیکیی سارد؛ مامۆستا تەنها بۆ تەواوکردنی کات و گەیەندنی چەند وشەیەکی ڕووت دەچێتە پۆلەوە، بەبێ ئەوەی گیانی داهێنان، بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و بەهای جوانکاری لە نەفسی قوتابیدا بچێنێت.
  3. داڕمانی ئەخلاقی و بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە ناوەندەکانی خوێندن: شکاندی مامۆستا دەرگاکە بە ڕووی دەیان دیاردەی نەخوازراودا دەكاتەوە. کاتێک سنوورەکانی ڕێزگرتن تێک دەشکێن، ڕەوشتی قوتابخانەکان بەرەو تێکچوون دەچێت. توندوتیژی، بێگوێپێدان بە ڕێساکان، سەرپێچی و بێڕێزی بەرانبەر بە هاوڕێکان و دەستەی کارگێڕی زیاد دەکات. کۆمەڵگەیەک کە نەتوانێت ڕێز لە مامۆستای خۆی بگرێت، چۆن دەتوانێت چاوەڕوانی نەوەیەکی خاوەن ئەخلاق و بەرپرسیار بێت؟
  4. بێهیوابوونی نەوەی نوێ و کۆچی مێشکەکان: کاتێک لاوانی بەتوانا، دەرچووان و ئەوانەی خاوەن توانا و بەهرەن دەبینن مامۆستایان و نوخبەی فیکری وڵات لە چ بارودۆخێکی نائومێدکەردان و چۆن شکۆیان دەشکێنرێت، بڕیاری بێهیوایی دەدەن. بەشێکیان پشت لەو پیشە پیرۆزە دەکەن و هەندێکی تریش ڕێگەی بێگەڕانەوەی کۆچ دەگرنە بەر. ئەمەش بۆشاییەکی کوشندە لە کادری زانستی و پەروەردەیی وڵاتدا دروست دەکات کە قەرەبووکردنەوەی ساڵانێکی زۆری دەوێت.

    سێیەم: ڕێگەچارە کردارییەکان بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ پەیامی مامۆستایەتی
    بۆ ئەوەی بتوانین لەم دۆخە مەترسیدارە دەرباز بن و کۆمەڵگە لە داڕمانی پەروەردەیی بپارێزین، پێویستە هەنگاوی بوێر، خێرا و هەمەلایەن بنرێت کە لە چەند خاڵێکدا خۆیان دەبیننەوە:
    • دابینکردنی سەربەخۆیی ئابووری و مووچەی شایستە: دەبێت حکوومەت و دەسەڵاتی پەیوەندیدار مامۆستا لە سەرووی هەموو خەرجییە گرنگەکانەوە دابنێن. دابینکردنی مووچەی شایستە و چەندین ئیمتیازاتی تایبەت بە نیشتەجێبوون و دابینکردنی بژێوی، تاکە زامنە بۆ ئەوەی مامۆستا بگەڕێتەوە سەر ئەرکە ڕەسەنەکەی و خەمی نانی نەبێت.
    • دەرکردنی یاسای توند و کاریگەر بۆ پاراستنی مامۆستا: پێویستە یاسایەکی تایبەت و بێگەرد هەبێت کە سزای توند بۆ هەر کەسێک دیاری بکات کە لە ناو پۆل یان دەرەوەیدا بێڕێزی بە مامۆستا دەکات. دەبێت مامۆستا هەست بەوە بکات کە دەوڵەت و قانون پشت و پەناین لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەركە پیرۆزەکەیدا.
    • بەرزکردنەوەی هۆشیاریی خێزان و چاککردنەوەی پەیوەندیی خێزان و قوتابخانە: دەبێت دامودەزگاکانی راگەیاندن و پەروەردە کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی دایک و باوکان بکەن. پێویستە خێزانەکان لەو ڕاستییە تێبگەن کە شکاندنی مامۆستا لە پێش چاوی منداڵ، وێرانی بنەمای دەروونیی خودی منداڵەکەیە پێش ئەوەی زیان بە مامۆستا بگەیەنێت.
    • گرنگیدان بە گەشەپێدانی پیشەیی و ڕێزلێنانی ئەدەبی: پێویستە مەراسیمی ساڵانە و ڕێزلێنانی شایستە بۆ مامۆستایانی دڵسۆز ڕێک بخورێت، و دەرفەتی بەشداریکردن لە خول و کۆنفرانسی نێودەوڵەتییان بۆ بڕەخسێت تاوەکو هەست بە گرنگیی خۆیان بکەن لە کۆمەڵگەدا.

    کۆتایی: پاراستنی مامۆستا، پاراستنی داهاتووی نیشتمانە

    مامۆستا وەک ئەو چرایەیە کە لە تاریکییەکاندا دەسووتێت بۆ ئەوەی ژیان بۆ دەوروبەرەکەی فەراهەم بکات. بەڵام ئەگەر ئەم چرایە بە باهۆزی پشتگوێخستن، بریندارکردن و شکاندن بشکێنرێت، تاریکییەکی هەمیشەیی هەموو کۆمەڵگە داگیر دەکات. پەروەردەی ڕاستەقینە، نەوەی هۆشیار، و نیشتمانی پێشکەوتوو تەنها لە سایەی مامۆستایەکی خاوەن شکۆ، ئازاد و ئاسوودەدا دەڕوێت و گەشە دەکات.
    پاراستنی شکۆی مامۆستا تەنها داکۆکیکردن لە توێژێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو پاراستنی ڕیشەی داهاتووی نیشتمان و ئارامیی ئایندەی نەوەکانمانە. با هەموومان پێکەوە دەست لە ناو دەست کار بکەین بۆ ئەوەی جارێکی تر ڕێز لەو دەستە پاکانە بنێین کە پیت بە پیت زانست و مرۆڤایەتیمان فێر دەکەن، چونکە ڕادەی پێشکەوتن و گەورەیی هەر نەتەوەیەک لە ڕێزگرتن و پاراستنی مامۆستاکانیدا دەردەکەوێت.




کوردستان بیابانێکی تاریک و کۆمەڵگایەکی وێڵکراو.. یاسین لەتیف


‏تەنها وەکو نموونەیەک ، ئەڵمانیا کاتێک لە جەنگی جیهانیی دووەم هاتە دەرەوە، وڵاتێکی وێرانە بوو! ڕواندا لە ناو جەرگەی کۆمەڵکوژیی ناوخۆیی و فیتنەی کوشندەوە هاتە دەرێ! سەنگافورەش خاوەنی ئەو سەرچاوە و سامانانە نەبوو کە بیکاتە دەوڵەتێکی کاریگەر! بەڵام ئەم وڵاتانە لەسەر یەک شت کۆک بوون؛ ئەویش ئەوەیە کە ململانێ لەسەر دەسەڵات دەوڵەت بنیاد نانێت! و ناکۆکیی سیاسی نە کارگەیەک دەخاتە گەڕ، نە زانکۆیەک پێش دەخات، و نە ڕێگاوبانێکیش چاک دەکات. لە کوردستان هێزە سیاسیەکان پێچەوانەی ئەم بۆچوونە تا بینەقاقایان لە ململانێیەکی خەستوخۆڵدان لە پێناو مۆنۆپۆڵ کردنی دەسەڵات و زیاتر تاڵان کردن و دزینی سەروەتو سامانی کوردستان ، مێژوو ئەوەی سەلماندووە دەوڵەتە سەرکەوتووەکان پرسیاری ئەوەیان نەکرد “کێ سەردەکەوێت؟” بەڵکو پرسییان “چۆن دەوڵەت سەردەکەوێت؟” کاتێک ئەزموونی نەتەوەکان دەخوێنینەوە، دەبینین هەرەسهێنان لە کەمیی پارەوە دەست پێ ناکات! بەڵکو ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە بەرژەوەندییە تەسکەکان دەخرێنە پێش بەرژەوەندییە گشتییەکان! و کاتێک سۆز و دڵسۆزی بۆ( حزب و کەس و بنەماڵە) لە لێهاتوویی گرنگتر دەبێت، دروشم لە دەستکەوت گرنگتر دەبێت، و کاردانەوە لە پلاندانان گرنگتر دەبێت! هەر بۆیە دەبینین وڵاتانێک هەن هەموو شتێکیان هەیە بەڵام بە دەست دواکەوتنەوە دەناڵێنن! وەکوکوردستانی خۆمان ، وڵاتانیش هەن کە کەمترین شتیان هەیە بەڵام ساڵانە بەرەو پێش دەچن وەکو سەنگافورە! ئەو ڕاستییەی مێژوو سەلماندوویەتی ئەوەیە کە نیشتمانەکان هێندەی پێویستییان بە ئیدارەدانێکی باشتر و ، دیدگایەکی ڕوونتر و بوێرییەکی گەورەتر هەیە لە سوودوەرگرتن لە پسپۆڕان و کەسانی لێهاتوو و تکنۆکرات ، هێندە پێویستییان بە سەرچاوەی داهاتی زۆر نییە. بۆیە هەر دەوڵەتێک بەدوای سەقامگیریی ڕاستەقینەدا بگەڕێت، دەبێت پەروەردە بکاتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی، هەروەها ئابووری بکاتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی، و لێهاتوویی بکاتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی. پێویستە لەوەش تێبگات کە داهاتووی نەوەکان بە وتارەکانی دوێنێ بنیاد نانرێت، بە شانازیکردن بە خەباتی شاخ و عەقڵی شاخ بەرەو پێشەوە ناڕوات، بەڵکو بە پلانەکانی سبەی دروست دەبێت. لە کۆتاییدا، نیشتمانەکان بە جیاوازیی ڕاوبۆچوون ناڕووخێن، بە دەستەبەر کردنی ئازادی و چەسپاندنی مافی ئینسان ناڕوخێن بگرە پتەوتر و خۆڕاگرتر دەبێت بەڵکو ئەو کاتە دەڕووخێن کە نوخبەکان (دەستەبژێرەکان) لەسەر پشتگوێخستنی ڕاستییەکان ڕێک دەکەون. دەوڵەتەکانیش بە گۆڕینی کەسەکان هەڵناستنەوە، بەڵکو ئەو کاتە هەڵدەستنەوە کە شێوازی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و حوکمڕانی و سیستەم دەگۆڕێت . ئەگەر کوردستان وەکو نموونەیەک تەماشا بکەین و براوردێکی بکەین لە گەڵ ئەو وڵاتانەی پێشکەوتنی تێدا بەرجەسە بووە بە پێی ئەو ماوە زەمەنیەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی حوکمی تێدا دەکەن کە زیاد لە ٣٣ ساڵە هیچ خەسڵەتێکی پێشکەوتنی پۆزەتیف و بەڕێوەبردنی تەندروستی سەردەمیانەی تێدا بە دیناکرێت ، ئەگریش هەبێت تەنها بۆ سیاسیەکان و سەرمایەدارەکانە بۆ نموونە ئەگەر هاوڵاتیەکی ئاسایی پێویستی بە نەشتەرگەریەکی بچوک بێت پێویستە خانوەکەی بفرۆشێت یان سەیارەکەی بفرۆشێت ئەو کات ڕەنگە بتوانێت نەشتەرگەریەکەی بۆ ئەنجام بدەن ،هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی گەورەیان دروست نەکردووە کە جێگای باس و بەرچاو بێت و پایەی ژێرخانی کوردستان بتەو بکات، سەرەڕای ئەوەش باس لەوە دەکرێت هەرێم ٣٣ ملیار دۆلار قەرزارە، بە کورتیەکەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە سەر پشتگوێ خستنی ژیانی خەڵک ڕێککەوتوون ئەوەی پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە توخنی ناکەون کوردستانیان تەحویل کردووە بۆ بیابانێکی بێ خاوەن و بێسەروبەر کۆمەڵگاکەشی بۆ کۆمەڵگایەکی وێڵکراو ، ئەگەر ئەم فۆرمە لە حکومڕانی چەتەکان بەردەوام بێت ڕەنگە تراژیدیایەکی سیاسی ترسناک چاوەڕێمان بکات .




دەسەڵاتدارانی هەرێم و دڵخۆشکردنی خەڵک.. نەوزاد بەندی

بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتیی، هیچ دەسەڵاتێک لەم سەرزەمینەدا، ئەوەندەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دڵی میللەتەکەیان خۆش نەکردووە .. ئەوەندەی دەسەڵاتدارانی کورد ، کوردیان نەگەیاندۆتە لوتکەی کەیف و ئارامیی و هێوربوونەوەی دڵ و ڕۆح.
دوێنێ شەو موبەڕیدەکە ئینزاری بێ ئاویی دا، چومە سەربان، تەماشا ئەکەم تەنکێکە دوو بست ئاوی تێدایه، هەر بۆیه بە پەللە موبەڕیدەکەی خۆمانم کوژاندەوە، بەڵام دڵم نەهات موبەڕیدەی مناڵەکان بکوژێنمەوە، ووتم بەڵکو بەرەکەتی تێ بکەوێ و ئەو شەوە لەناو گەرمادا نەتلێنەوە.
ئیتر دڵەڕاوکێ و بێزارییەکەم دەستی پێکرد، لەگەڵ ئەوەیشدا کارێزی عەرەق لە پشت ملمەوە تەقی و .. بە گازەرای پشتما هاتە خوارەوە، بۆنی عەرەقی بن باڵم بێزاری کردم، چونکە بە تەما بووم دوشێک بکەم کاتێ موبەڕیدە بۆر ئەو زەنگە دڵتەزێنەی دا بە گوێمانا، زەنگی کەمبوونەوەی ئاو..
ئیتر تاقەتی نوسین و خوێندنەوەم نەما، شەوێکی زۆر گەرم و قورس و پڕ لە خەمۆکییم بەسەر برد، تەنانەت حەوسەڵەی وەڵامدانەوەی مۆبایل و کۆمێنتی هاوڕێکانم نەبوو.. لە دوای نیوە شەو هەتا بەیانی چەند جارێک چومە لای بۆری ئاوی ڕەئیسی و گوێم لێگرت، بێدەنگ و بێ وورتە، لە خەوێکی قوڵدا بوو..بەلوعەم ئەکردەوە قڕقێنەیەکی ئەدا و پێی ئەووتم: ئیشێکت هەبوو ؟
ماڵێکی لە کوڵهاتوو، قاپ و کەوچک لەسەر سنکەکە کەڵەکە بووبوون، پیاو نەیدەوێرا تەنانەت دەستێکیش بە ئاو بگەیەنێت، نەک بە تەواوەتیی وشک بکات، ئەوسا مناڵ لە کوێ دەست و دەم و چاوێک بشۆن؟
دڵەڕاوکێکەم سات بە سات زیادی ئەکرد، بە تایبەت دوێنێ شەو تەلەفۆنیشم بۆ غاز فرۆشەکە کردبوو بتڵێ غازم فریا بخات، ئەویش ووتبووی فۆرمی بایعییەکەت حازر کە، مقەدەر نەبێ سەعات نۆ ئەگەمە لات ..ئەوا سەعات نۆ لای دا و نە غاز و نە ئاو ..تەلەفۆنم بۆ هاوڕێیەکم کرد لە چەند کۆڵانێکی ئەو دیو ماڵی خۆمانە، ووتی : لای ئێمە پێرێ ئاو هاتۆتەوە ..
ئەوەیش دڵەڕاوکێکەی زیاد کردم، چونکە ئێمە پێرێ مزەخەی ئاومان کوژاندبۆوە، حەز ناکەم بەردەوام مزەخەی ئاو ئیش پێبکەم، تەنها یەک سەعات، وا دیارە ئاو هاتۆتەوە و مزەخەی حەرەسی دراوسێکان دوا قومی هەڵکێشاوە و من بێ بەش بووم.
برادەرێکی تر لەو نزیکانە ووتی : لای ئێمە هاتۆتەوە بەڵام تۆزێ کزە ..
ئەمە وای لێکردم پڕ بکەم بە ئیسپانەدا و بڕۆمە لای مزەخەی ئاوەکە، برغوم کردەوە و هەوام دەرکرد و .. ڕەباتەکەم کردەوە، سەیر ئەکەم ئاو نییە، تەنها ئەو ئاوەی کە بە حیساب هەوای مزەخەکەم پێ دەرکرد، بە تەوژم لە دەرچەی تەنفیسەکەوە، کێشای بە دەم و چاوما وەک نیمچە تف تێکردنێک وا بوو.
بە ئیسپانە و سەر و پۆتەڵاکی تەڕەوە، هاتمەوە.. ووتم بە هیچ جۆرێ لای ئێمە ئاو نییە.
ژمارەی تەنکەرە ئاوێکم لەلایه، خێزانم ووتی تەلەفۆنی بۆ مەکە، ئەو تەنکەرانە پیسن ..تازە پەنجەم بەر ژمارەکەی کەوتبوو، دامخستەوە، ئەمجارە ئەو تەلەفۆنی کرد .. ووتی تەنکەرێکی هەژدە بەرمیلیی بە بیست و پێنج هەزارە .. ووتم ئەی وەکو بزانیت بۆچی ئاو نییە ؟ .بۆری و شت نەشکاوە وەک چۆن هەموو ساڵێ له مانگی حەوت و هەشتا ئەشکێن؟ .. ووتی : نەوەڵڵا ..هەر بۆ پڕۆژەکانی خۆیان زیاتر بەری ئەدەنەوە، ئەگینا ئاو ئەوەنە زۆرە خەریکە سەدەکەی دوکان ئەتەقێ ..
ووتم : یەک سەعاتی تر ئاوەکە سەر و سۆراخی نەبوو، تەلەفۆنت بۆ ئەکەم تەنکەرێکم بۆبێنە.
ئاو بڕا و .. موبەڕیدەی مناڵەکانیشم کوژاندەوە و پانکەکانم بۆ هەڵکردن.
سەعاتەکە لای دا، ئاو نەبوو .. بەڵام کابرای غاز پەیدا بوو، مەعمیلەکەم نەبوو، غازێکی بۆ داگرتم و فۆڕمی بایعێکە و نۆ هەزارێ لێ وەرگرتم، ووتی : سێ شەممە فۆڕمەکەت بۆ دێنمەوە..
دوایی خەمێکی ترم بۆ دروست بوو، چونکە ژمارەی تەلەفۆنم لێ وەرنەگرت، ئەی چۆن بیدۆزمەوە و ..فۆڕمی بایعێکەی لێ وەربگرمەوە؟
لەو کاتەدا لە پڕ خۆشترین ئاوازی مۆزارت و بتهۆڤن و باخم هاتە بەر گوێ .. دەنگی مزەخەی ئاوەکەمان .. یەکسەر موبەڕیدەکانم هەڵکرد، ماڵ بڕ بوو لە بۆنساردی مقەبا وشەکەوەبووەکانی موبەڕیدەکان .. گرنگ نییە.. گرنگ ئەوەیە ئیتر ئەڕۆم دوش ئەکەم و لە بۆنی عەرەق ڕزگارم ئەبێ .. قاپ و کەوچکەکانی دوێنێ شەو ئەشۆین و چێشت لێ دەنێین .. ئەیهاوار لەو خۆشیی و شادییە…
ئاخر چ دەسەڵاتێک لە دنیادا ئەتوانێت ئاوا دڵی هاووڵاتییەکانی لە پڕێکدا خۆش بکات و بیانگەیەنێتە ترۆپکی شادیی ؟ .. بۆ نمونە لە کوردستانی ئێراندا تانکی ئاو بە سەربانەکانەوە نابینیت، کەواتە تا ئێستا کوردێکی ڕۆژهەڵات ئاویان لێ نەبڕیوە و لە پڕێکا ئاوەکەی بۆ بەربدەنەوە و دڵی خۆش بکەن، ئاو بیست و چوار کاتژمێر هەیە .. کەواتە هیچ ئێرانییەک تا ئێستا لە ڕێی ئاوەوە دڵی خۆش نەبووە و نەگەیشتۆتە لوتکەی شادی و کەیف و سەفا ..سیمفۆنیای مزەخە، ئۆرکسترای ئاوی ڕەئیسی، کۆنسێرت و هەڵپەڕکێی بۆ ساز نەکردوون.. بێ بەش بوون لەو مژدە خۆشانە، لەو هەواڵە پڕ لە هیوا و ووزە بەخشانە.
هەروەها بۆری غاز گەیتشتۆتە دوورترین لادێی ئێران، بەو جۆره لە سیمفۆنیای تەقەی بتڵە غاز و مارشی شڵپەی بتڵە غاز بێ بەشن کاتێ لە عەنتەرەکەوە هەڵی ئەدەنە خوارەوە و .. لچ و لێوی بتڵەکان ئەقوپێن بە جۆرێ هیچ بۆتۆکس و فیلەرێ چاکیان ناکاتەوە .. میللەتانی تر وەک ئێمە لە هیچ و خۆڕایی دڵخۆش نین، چ میللەتێک شمشاڵەکەی قاڵە مەڕە مژدەی پێداون و هێناونیەتە هەلەکە سەما؟ نەخێر.. چ میللەتێک گەورە و بچوک، ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە بە دڵخۆشییەوە غاز دەنێنە سەر شانیان و لە کەرنەڤاڵێکی نەتەوایەتیدا، بە دوای عەنتەرە پڕ لە بتڵەکاندا، بە ئاوازی شمشاڵەکەی قالە مەڕەوە ، ڕا دەکەن و غازە بۆشەکان بە پڕیی دێننەوە؟ بێ ئەوەی ئاگادار بن، هەموویان لە جیمدان و ماسولکەکانیان هەڵئاوساون، ئاخر چ دەسەڵاتێک لە مێژووی مرۆڤایەتییدا توانیوێتی بتڵە غاز به هەموو میللەت هەڵبگرێ، بەوەیش بەخۆڕایی یاری ئاسن و جیم بۆ هەموو هاووڵاتییەکانی دابین بکات؟ ..
لەوەیش سەیرتر، قالە مەڕە ئارامگاکەی لە ناڵەشکێنەیە، کەچی شمشاڵەکەی لێرە دڵی شەش حەوت ملیۆن کورد خۆش ئەکات بە مژدەی غاز دوای غاز بڕان، بە زیندوو بوونەوەی غاز دوای غاز قڕان ؟ ئاخر ئەوە کەی ڕەوای حەقە، لەوان بێ و تەنها گۆڕەکەی بۆ ئەوان بێ، کەچی شمشاڵ و مژدانە و دڵخۆشکردنەکەی بۆ ئێمە بێ ؟
کێ هەیە شمشاڵەکەی قالە مەڕەی سەر عەنتەری غازەکان، یەک دنیا دڵخۆشیی و خولیا و عەشق و هیوای بۆ دروست نەکردبێ؟ کێ هەیە بە دوای ئەو ئاوازەدا بە بتڵێ غازەوە ڕاینەکردبێ؟
کێ هەیە بە گیزەی مزەخەی ئاو، نەچوبێتە حەوت تەبەقەی ئاسمانی دڵشادیی و ئیلهام و بەختەوەرییەوە؟ ئەم هەموو مژدە و دڵخۆشکردنە، چ دەسەڵاتێک توانیوێتی بۆ هاووڵاتییەکانی فەراهەمی بکات بێجگە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی باشوور ؟

( بە سەد بتهۆڤنی نادەم، زیکەزیکی مزەخەی ماڵ ..
چی ئۆرکسترای دنیا هەیە نایگۆڕمەوە بە یەک شمشاڵ ..
شمشاڵەکەی قالە مەڕە، لای ئێمە بەربوونی غازە..
ئازادییەکە ناوازە، بۆی هەڵئەپەڕن ماڵ بە ماڵ ..)

پاشان هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژیی چەند ساڵ و لە پڕێکا بڕیاری ئاگر بەست و هەڵپەڕینی تەواوی دوو دەڤەری کەسک و زەرد، حەوت شەو و حەوت ڕۆژ ..دابەشکردنی شیرینیی و دەیان و سەدان سرود بە قەد و باڵای ئەو دوو سەرۆکە کاریزمایەی کە شەڕی براکوژییان ڕاگەیاند و دواییش کوژاندیانەوە، بەوەیش‌ گەورەترین مژدەیان دا بە گوێی تاک بە تاکی ئەم هەرێمەدا .. له بیرمە لە گەرمەی ئەو ئاهەنگە شەوانانەدا کە لەسەر شەقامەکانی شار سازدەکران، گەنجێکی باڵا بەرز و جوانخاس و دەنگخۆش، هەڵدەپەڕی و به دەوری خۆیدا ئەخولایەوە و به دەنگی بەرز‌ ئەم سردووە نیشتمانییەی ئەووتەوە :
(( هەی داد هەی بێداد گیانە ..
گیانی شیرینم ..
هەی مامە گیان کاکە گیان ..
وەی کاکە گیان
مامە گیان ..
وەی مامە گیان .
کاکە گیان ..
مامە.. کاکە ..
ماکە .. کامە ..))
بڕوا ناکەم لە تەواوی دانیشتوانی‌گۆی زەمیندا کە وا بزانم گەیشتۆتە هەشت ملیار کەس، کەسێکی ئەوەندەی ئەو کوڕە جوانخاسە دڵی خۆش بووبێ.. دەی ئەوە دەسکەوت نییە ؟ دەی ئەگەر شەڕی براکوژیی نەکرایه، چۆن ئەتونرا گەنجی وا جوانخاس و دڵخۆش لە کۆمەڵگادا بەرهەم بهێنن ؟
پاشان دواخستنی موچە و ڕیسوا کردن و قەرزار کردنی فەرمانبەران، لە پڕێکا دوای دوو مانگ و زیاتر، بڵاوکردنەوەی خشتەی موچە .. ئای لەو دڵخۆشییە .. ئەزانن هیچ میللەتێک لەسەر گۆی زەوی مژدەی موچەی پێ نەدراوە و بەو هۆیەوە نەگەیشتۆتە لوتکەی چڵەپۆپەی کەیف وسەفا، بێجگە لە میللەتەکەمان ؟؟ چ میللەتێک هەیە بە بینینی خشتەی دابەشکردنی موچە، دڵی لەسەر سەد و بیست لێی دابێ و چاوی گەشابێتەوە و .. وەک نامەی دڵداریی بۆ یەکتریان ناردبێ؟؟ برادەرم هەیە لە ئەوروپاوە خشتەکەی بۆ ناردووم، وتویەتی لای ئێمە ئەنتەرنێت خێرایه، وتوومە با زوو مژدەی پێ بدەم ..! دەی لەچ ئومەت و نەتەوەیەکدا مژدەی وا خۆش و بەلەزەت هەیە دوای وەرزێک لە پڕ موچەیەک دابەش بکرێ ؟
نییە .. هەر بۆیه ڕۆژ بە ڕۆژ لە ووڵاتان خەمۆکیی و شیزۆفرینیا و خۆکوشتن لە پەرەسەندندان بەڵام لای ئێمە و لە سایەی ئەم دەسەڵاتدارە مژدە بەخشانەدا، شتێک نییە بە ناوی نەخۆشیی دەروونیی و جەستەیی .. ئێ لە زانستی دەرووندا هاتووە، ئەو کەسانەی بەردەوام مژدەیان پێ دەردێ، خەڵکێکی دوورن لە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە.
لە بیرمە شەوێکی دەیجور، عەلی بانیبنۆکیی تەلەفۆنی بۆ کردم، لەناو دەنگە دەنگ و هات و هاوار و عیو عیودا، بە حاڵ گوێم لە دەنگی عەلی بانیبنۆکیی بوو، بەهات و هاوار پێی ووتم : مامۆستا خانۆکانی شێخانیان لەسەر تاپۆ کردین، حەزم کرد پێت بڵێم چونکە تۆ زۆر مەراقت بوو ..
ووتم: ئەی ئەو هۆسە و ژاوە ژاوە چییە؟
ووتی : وەڵڵا لە خۆشیی ئەو هەواڵە هەموو ئەهلی گەڕەک کردوومانە بە شایلۆغان، ئەوە سەرچۆپێکە بە منە ئەگینا مەجال نەبوو ئەم هەواڵەت پێ بدەم .. جارێ بە دۆعا !
دوای چەند ساڵ عەلی بانیبنۆکییم بینی، ووتی ئەزانی هێشتا خانۆکانیان بۆ تاپۆ نەکردووین ..
ووتم : ئەی شایلۆغانەکەی ئەو شەوە چی بوو؟
ووتی : درۆ بوو..ڕاست نەبوو.

ئینجا تۆ سەیری ئەو دەسەڵاتدارانەی ئێمە بکەن، تەنانەت بە درۆیش لە هەوڵی دڵخۆشکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندان، ئاخر دەسەڵاتداری وا لە کوێی دنیادا هەبووە واز لە هەموو داب و نەریتێکی مرۆڤایەتیی بێنێت و لە پێناوی دڵخۆشکردنی خەڵکەکەیدا درۆی شاخدار بکات؟ تۆ وەرە ئەوەندە دڵسۆز و خەمخۆر و عاشقی میللەتەکەت بیت، هەستیت درۆی شاخداریان بۆ بکەیت تەنها و تەنها لەبەر ئەوەی ئەگەر بۆ سەعاتێکیش بێ دڵیان خۆش بێ و بکەونە هەڵپەڕکێ و شایلۆغان و سەرچۆپییەکە بدەنە دەستی عەلی بانیبنۆکیی ..
بەڕاستی هەتا ئەم دەسەڵاتدارانەتان لە دەست نەچێت، هەست بەو هەموو خزمەت و دڵخۆشکردن و خەمخۆریی و پیاوەتییانەیان ناکەن .. هەزاران هەزار جار، توشی قات و قڕیی و شەڕ و نائارامییان کردوون، دوایی بە نوکە قەڵەمێک، هەمووانیان هێناوەتە هەلەکە سەما .. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا، هونەرە، دڵسۆزییە، داهێنانە، پێزانینە، باوکایەتییە و دایکایەتییشە ..
داهێنەری ئەم جۆرە دڵخۆشکردنە بە کۆمەڵە، سەدام حسێن بوو.. بۆ نمونە کاتێ بۆ ماوەی هەشت ساڵ، شەڕێکی گەورەی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند، ملیۆنان خەڵکی کوشت و ئاوارە و هەتیو و بێوەژن و کەمئەندام کرد، دوای ئەوە یەکسەر بڕیاری ڕاگرتنی شەڕی دا و ..خەڵکەکەی هێنایە هەلەکە سەما و ..حەوت شەو و حەوت ڕۆژ، لە زاخۆوە هەتا فاو هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ بوو، کاکە ڕەش خۆیشی بە میللەتەکەی ووت :
( کل من یحتفل بطریقته الخاصة )
واتە هەر کەسەی بە چ ڕێگایەک پێی خۆشە، ئاهەنگ بگێڕێت ..
ئەمانە هونەرمەندی زۆرگەورەن پێش ئەوەی سیاسەتمەداری باڵا بن، ئەتوانن سەر بەقوڕ بهێننە هەلەکە سەما، ئەتوانن باوک مردوو بخەنە هەڵپەڕکێ .. ئەتوانن مێرد مردوو بهێننە هەلهەلەلێدان.. ئەمانە ئەندازیاری وێرانکاریی و مژدە و دڵحۆشیین .. ئەتوانن لە فرمێسک پێکەنین و .. لە برسێتیی، بۆفیەی کراوە و.. لە گۆڕستان، سێپێیی دامەزرێنن..




بۆچی شۆڕشی رۆژئاڤا شکستی هێنا؟ – چاوپێکەوتنی گۆڤاری بەرگری لە مارکسیزم لەگەڵ فرێد وێستۆن

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

بۆ ماوەی چەندین ساڵ، شۆڕشی رۆژئاوا وەک نموونەیەکی شۆڕشگێڕانە سەیردەکرا. ئەمڕۆ خیانەتی لێ کراوە. بۆ فێربوون لە وانەکانی ئەم بزووتنەوە قارەمانە و شکستە تراژیدییەکەی، گفتووگۆیەکمان ئەنجامدا لەگەڵ فرێد وێستۆن، نووسەری ( رۆژئاڤا: بۆچی شۆڕشەکەی شکستیهێنا؟) لە ژمارەی تازەی گۆڤاری بەرگری لە مارکسیزم بڵاوبۆتەوە.
هەروەها فرێد لە مانگی داهاتوودا لە قوتابخانەی جیهانیی کۆمۆنیزم قسە دەکات لەسەر ئەزموونی شۆڕشی رۆژئاڤا، گەورەترین قوتابخانەی ئۆنلاین بۆ بیرۆکە کۆمۆنیستییەکان لەسەر گۆی زەوی.

  • لە سەرەتای وتارەکەتدا، بەکورتە مێژوویەک دەستپيدەکەیت لەسەر چەندین خیانەت کە لەگەلی کورد کراوە، بە تایبەتی لەلایەن ئیمپریالیزمی بەریتانییەوە. بە وردی چۆن پێتوایە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا خیانەتی لە کورد کردووە؟

پاش شکستهيێنان و رووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە شەڕی یەکەمی جیهانییدا ، ئیمپریالیزمی بەریتانیا بەهۆکاری بەرژەوەنديەکانی هەستا بە دابەشکردنی ناوچەکە. کورد وەک ئیتنیکێکی نەتەوەی لە ناوچەکە بەشێک بوون لە کێشمەکێشەکان وە بەریتانییەکان بەکاریانیان هێنا وەک چۆن هەموو گەلێک بەکاردەهێنن کاتێک پێویستیان پێیانە و دواتر وازیان لێ دەهێنن کاتێک پێویستیان پێیان نییە.
لە بنەڕەتدا بەڵێنیان بە کوردەکان دا کە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم دەتوانن سەربەخۆیی خۆیان بەدەستبهێنن. مەبەست لەوە ئەوە بوو کە کوردەکان بەکاربهێنن دژی عوسمانییەکان. کاتێک جەنگ کۆتایی هات و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕووخا و تورکیا پێکهات، بەریتانییەکان پەشیمان بوونەوە و خیانەتیان لە بەڵێنەکانی خۆیانکرد و لەگەڵ تورکیا رێککەوتن کە کوردستان سەربەخۆ نەبيت.
لە ڕاستیدا، خاکی کوردەکان پارچەپارچە کرا: بەشێکی خرایە سەر تورکیا و بەشەکانی تریش خرانە ناو چوارچێوەی ئەو وڵاتە نوێیانەی کە لەلایەن ئیمپریالیستەکانەوە دروست کران وەک سوریا، عێراق و هتد. عێراق بوو بە بەشێک لە ئینتیدابی ئیمپریالیزمی بەریتانیا کە خواستی سەرەکییان دەستکەوتنی نەوت بوو. کاتێک کوردەکان لە قۆناغێکی دیاریکراودا بوونە هۆی کێشە بۆیان بێسڵەمینەوە بۆمبیان بەسەردا باراند.
ئەمە شێوازی هەڵسوکەوتی ئیمپریالیزمی بەریتانیا بوو. ئەمە شێوەی ئاسایی ئیمپریالیزمە. ئەوان وەک پارێزەری گەلێک دەردەکەون کاتێک لە بەرژەوەندییاندا بێت. هەر کە بەرژەوەندییەکانیان بەدەست هێنا، وازیان لێ دەهێنن.

  • وەسفکردنەکەت بۆ ڕووداوەکانی شۆڕشی رۆژئاڤا زۆر هاندەرانەیە، بە تایبەتی کۆبوونەوەی بەرفراوانی ژنان و دروستکردنی ئەنجومەنەکان، کە زۆر دەچنەوە سەر سۆڤییەتاتەکان. بە ڕاستی دەتوانیت دۆخێکی شۆڕشگێڕانە ببینیت. ئەمە چۆن ڕوویدا؟

ئەو باسە دەبێت لە سیاقی خۆیدا شیکردنەوەی بۆبکريت. ڕوونکردنەوەیەکی مادی، ڕاستەقینە و کۆنکریتی هەیە بۆ ئەوەی ڕوویدا. قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ کە هەموو ئابووریی جیهانی گرتەوە، کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر سەرانسەری جیهان و زۆر وڵاتیش راستەوخۆ کەوتە ژێر ئەو کاریگەرییانەوە. جیهانی عەرەبی لە ٢٠١١ خرۆشا. لە تونس دەستی پێ کرد و بڵاو بووەوە بۆ میسر و ڕووخانی موبارەکی بەدواداهات. جووڵانەوەکان سەراسەری بوونەوە هەموو دونیای عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە: کوردەکان عەرەب نین – ئەوان گەلێکی هیندوئەورووپین.

خۆپیشاندانەکان سوریاشیان گرتەوە. لە ٢٠١١ خۆپیشاندانە بەرفراوانەکان دەستیپێکرد و ڕژێمی ئەسەد ڕووبەڕووی ئەگەری ڕووخاندن بووەوە لەلایەن ئەم جووڵانەوەیەوە. لەو چوارچێوەیەدا کوردەکانی سوریا توانیان بە شێوەیەکی کاریگەر خۆبەڕێوەبەری بەدەست بهێنن لەو ناوچەیەی کە دواتر بە ناوی رۆژئاڤا ناسرا.

ڕژێمی ئەسەد، بەهۆی سەرهەڵدانەکانەوە، نەیتوانی کوردەکان ڕابگرێت لەو ناوچەیە. بە شێوەیەکی دەستکاریکراو قبووڵی کرد وەک شتێکی کەمتر خراپ بۆ خۆی. وەک خۆی قبووڵی کرد. بۆیە لە سوریا، دەرفەتێک بۆ کوردەکان هاتە پێش بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا لە ناوچەکانی خۆیان. درێژکراوەیەکی PKKی تورکیا لە سوریا دروست بوو. ئەوان دەسەڵاتیان گرت، هێزی چەکداری خۆیان دروست کرد و کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان کرد کە بە ناوی رۆژئاڤا ناسرا: بەشی کوردستانی سوریا.

ئەمە بەشێک بوو لە شۆڕشەکە کە بە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بووەوە. بە ئەگەری زۆر پێشکەوتووترین دەربڕینی ئەو شۆڕشە بوو، چونکە لەوێ خەڵک بە ڕاستی دەسەڵاتیان لە دەستدا بوو. خۆبەڕێوەبەرییان هەبوو. کۆنترۆڵی ژیانی خۆیان لە بەشی کوردیی سوریادا هەبوو.

  • پرسیارێکی سەرەکی کە لە وتارەکەدا دەردەکەوێت پەیوەندی نێوان کاروباری سەربازی و هێڵی سیاسیی شۆڕشەکەیە. وادیارە زۆر بڕیار لەسەر بنەمای «پراگماتیزم» دراون، وەک هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا. ئایا شۆڕشەکە ئەم هاوسەنگییەی بە دروستی بەدەست هێنا؟ ئایا کوردەکان هەڵە بوون کە پشتیوانیی ئیمپریالیزمی ئەمریکییان وەرگرت؟

ئەمە پرسیارێکی هەستیارە. لە هیچ شۆڕشێکدا ناتوانیت بڵێیت «چەک وەرمەگرن». بە ئاشکرا پێویستیان بە چەک هەیە. پرسیارەکە ئەوەیە بە چ نرخێک و بە چ مەبەستێک. ئایا بە ڕاستی دەتوانین خەیاڵ بکەین ئیمپریالیزمی ئەمریکا بە تەواوی سەربازییانە پشتگیری ناوچەیەک بکات کە تێیدا سەرمایەداری لەناو دەبرێت و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی کرێکاران دروست دەکرێت؟ زەحمەتە خەیاڵی ئەمریکا بکەین کە ئەم کارە بکات.

ئەوەی ئەمریکا کردی ئەوە بوو کە لەوە تێگەیشت کوردەکان باشترین شەڕکەر بوون. بۆچی؟ چونکە بۆ بەرگری لە نیشتمانەکەیان شەڕیان دەکرد. بە ڕاستی بۆ خاکی خۆیان شەڕیان دەکرد. دیاردەی داعش هاتە پێش – ئەم گرووپە ئیسلامییە توندڕەوە کە ئەمریکا وەک هەڕەشەیەک بۆ بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە دەیبینی. بەهەمان شێوە ڕژێمی ئەسەدیش وەک هەڕەشەیەک لەسەر خۆی دەبینی.
ئەوان کوردەکانیان وەک هيزێکی زەمینی کاریگەر بینی کە ئەمریکاییەکان خۆیان ئەوەیان پێنەدەکرا. چەکیان پێدان بەڵام بە شێوەیەکی سنووردار، هەروەها یارمەتییاندان لە هەندێک لە هێرشە ئاسمانییەکان.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: کاتێک هێزی سەربازی دەبێتە پێشینەی کارەکانت، وە کارە کۆمەڵایەتییەکان پشتگوێ دەخرێن وەک: زەوی لە دەستی خاوەن زەویەکان دەرهێنان و دابەشکردنی بەسەر جوتیاراندا، گرتنی ئامێرە پیشەسازییە سنووردارەکانی ئەم ناوچەیەی کەمپێشکەوتوو و خستنە ژێر کۆنترۆڵی کرێکاران، دەستپێکردنی پرۆسەی دروستکردنی ئابووریی پلاندار ئەوا شتێکی بنەڕەتی لە دەست دەدەیت.
ئەگەر تۆ پێشکەوتنی سەربازییانەت بەم ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییە تێکەڵ بکردایە، ئەوا هێزی سەربازیی پێشکەوتووی کوردی بە عەرەبەکانی سوریا و جوتیارەکانی دەوت: ئێمە تەنها بۆ کوردستان شەڕ ناکەین، بەڵکوو بۆ مافی ئێوەش لە کۆنترۆڵکردنی زەوی و ئابوورییەکانتان شەڕ دەکەین.
ئەگەر ئەوان ئەمەیان بکردایە بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە و ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکەیان بڵاو بکردایتەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژئاڤا، بەدڵنیاییەوە کاریگەرییەکی گەورەیان دەبوو لەسەر سەرانسەری سوریا، تەنانەت لە دەرەوەی سوریاش. هاوسۆزییەکی بەرفراوان بۆ کوردەکانی ڕۆژئاڤا لە نێو کوردەکانی عێراق، کوردەکانی تورکیا و تەنانەت لە ئێران هەبوو.
بۆچی هاوسۆزی هەبوو؟ چونکە ئەوان لە کوردەکانی رۆژئاڤا شۆڕشێکی ڕاستەقینەی خەڵک لە خوارەوەیان دەبینی. لە کاتێکدا لە عێراق، ناوچەی کوردی بە شێوەیەکی کاریگەر لەلایەن خێزانە بۆرژوازییەکانەوە بەڕێوە دەبرا کە هیچ بەرژەوەندییەکیان نەبوو لە پشتگیری شۆڕشی کوردی لە سوریا.
بەشيوەیەکی گشتی لە لایەن خەڵک و گەنجانەوە هاوسۆزییەکی زۆر بۆ رۆژئاوا هەبوو. ئەگەر ئەوان شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینەیان لێ دروست بکردایە و بانگەوازێکیان لە دەرەوەی سنوورەکانی رۆژئاڤا کردایە – زەوی و سەرچاوە ئابوورییەکانتان بگرنە دەست، ئەوە مانای وابوو کە دەکەوتنە ململانێیەکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ سیاسەتمەدارە بۆرژوازییەکانی کە بەشی کوردیی عێراق بەڕێوە دەبەن و ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەردۆغان لەسەر پرسی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
ئەوان پاشەکشێیان کرد لەبنەما بنەڕەتێکانی شۆڕش بەهۆکاری ترس لە بەڕێوەبەرانی ناوچەکانی تر، چونکە بۆ ئەوان پرسی سەربازی لە پيشینەی کارەکانیان بوو. بۆ نموونە، تەنها هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ئەمریکا نەکرد، بەڵکوو هاوپەیمانێتییان لەگەڵ سەرکردە عەشیرەتییە عەرەبەکانی سوریاش کرد. هەندێک لەم کەسانە زۆر کۆنەپەرست و خاوەن زەویین و خاوەنی داب و نەریتێکی زۆر کۆنەپەرستانەیان هەیە بەرانبەر بەژنان.
چۆن دەکريت لایەنی پێشکەوتووی شۆڕشی رۆژئاڤا لە پرسی ژنان تێکەڵ بکرێت؟ ژنان رۆڵێکی زۆر گەورەتریان لە شۆڕشەکەدا هەبوو، تەنانەت گرووپە چەکدارەکانی ژنانیشیان هەبوو، مافەکانی ژنان دامەزراوەیببون – لەگەڵ هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەرکردە خێڵەکییەکان کە بەتەواوی پێچەوانەن! زۆر کۆنەپەرست و پیاوسالارانە کە هیچ جێگاو شوێنێک بەڕەوا نابیینن بۆ ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەد!
هەرکاتێک تۆ هاوپەیمانێتییەکی سەربازی لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە دابمەزرێنیت، ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکەی خۆت لە دەست دەدەیت و شۆڕشەکە لاواز دەبێت. ئەوەی بینیمان ئەوە بوو کە کاتێک ئیمپریالیزمی ئەمریکا چیتر بەرژەوەندیی نەما لە پشتگیری کوردەکانی سوریا ، ترەمپ بەرژەوەندی هەبوو لە پشتگیری ڕژێمی ئیسلامیی نوێ [بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع] کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرا و لە دیمەشق دەسەڵاتی گرتبوو – ئەمریکاییەکان رووی خۆیان گۆڕی.
ئەوان چیتر پێویستیان بە کوردەکان نەما و پشتیان بە ڕژێمی دیمەشق دەبەست. ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو کە بە وردی ئەو سەرکردە عەشیرەتییانەی کە هاوپەیمانێتی سەربازییان لەگەڵ کردبوون وەلائیان گۆڕی، چوونکە بەرژەوەندیی ئابوورییان لەئێستادا کەوتۆتە دەستی ڕژێمی نوێی دیمەشق چوونکە پارێزراوترە لەوەی لەگەڵ ئەم کوردە ڕادیکاڵانە. هەر بۆیە لەو کاتەی ڕژێمی دیمەشق پێشڕەوی دەکرد بۆ رۆژئاوا و ناوچەکانی کە سەربازییانە کۆنترۆڵیان دەکرد، کوردەکانی رۆژئاوا هەشتا لە سەدی خاکەکەیان لە دەستدا.
ئەوەی روویدا پاشەکشەو شکست بوو. لە ئێستاشدا لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە تێکەڵ بە دەوڵەتی نوێی سوریا دەکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا رۆژگارێک وەک جۆرێک لە نموونەی شۆڕش و چۆن دەتوانیت شۆڕشێک ئەنجام بدەیت، سەیری دەکرا.

  • جێگای سەرنج بوو کاتێک شیکردنەوە بۆ شکستەکە دەکەیت سەرنجت دەخەیتە سەر پرسی هەڵەی تیۆری، نەک هەڵەی سەربازیی و مەیدانی. بۆچی؟

لە نووسینی وتارەکەدا، دەقەکانی ئۆجالانم خوێندەوە. نەمویست تەنها یەک یان دوو وتار بخوێنمەوە؛ تەواوی کتێبەکەم خوێندەوە – کۆکراوەی چوار وتاری ئۆجالان. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو کە لە کرداردا پراکتیزەکردنی ئەنارکیزمە بەرامبەر دەوڵەت.
ئۆجالان بۆ نزیکەی سێ دەیەیە لە تورکیا زیندانی کراوە. رووی لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی بیرمەندێکی ئەمریکی نەک ئەنارکیستی کراوە، بەڵکوو نیمچە ئەنارکیست (ماری بووکچین) کرد. کە بیرۆکەی ( کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی) و ئەنجومەنە ناوخۆییەکانی پەرەپێدا. لە بنەڕەتدا ناوەڕۆکەکە ئەنارکیستییە لە ڕەتکردنەوەی ئەوەی کە لە شۆڕشی کرێکاراندا پێویستە دەوڵەتی کرێکاران دروست بکەیت، چونکە بە شێوەیەکی گشتی دەوڵەت بە خراپ یان نەگونجاو دەبینن.
لاوازیی ئەو باوەڕە ئەمەیە: ئەگەر دەوڵەتی کرێکاری دروست نەکەیت، ئەگەر ئەوە رەتبکەیتەوە کە دەوڵەتێکی جێگرەوە بنیاتبنێیت، ئەوا دەکەویتە دۆخێکەوە کە ناتوانیت دەوڵەتی بۆرژوازی بڕووخێنیت. دەوڵەتی کرێکاری چییە؟ ئەوە هێزە چەکدارەکەتە. ئەوە گرووپە چەکدارەکانی کرێکارانن بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان، کاتێک کۆمەڵگەیان گۆڕیوە. کتێبی دەوڵەت و شۆڕشی لینین بخوێنەوە لەو بارەوە تێگەیشتنی تەواوت دەبێت.
ئەوەی لە ڕۆژئاڤا ڕوویدا ئەوەیە کە دەوڵەتی بۆرژوازی گەڕایەوە و خۆی دووبارە دامەزراندەوە. ئەگەر دەقەکانی ئۆجالان بخوێنیتەوە، رەخنە لە مارکسیزم دەگرێت لە پرسی دەوڵەت. تەنانەت دەڵێت خۆبەڕێوەبەری ناتوانرێت لە رێگەی شۆڕشەوە بەدەست بهێنرێت. قسە لەسەر دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت دەکات و ئاماژە بە هەموو ئەو دەوڵەتانە دەکات کە کوردەکان تێیدا دەژین – تورکیا، سوریا، ئێران و عێراق – و قسە لەسەر بەدیموکراتیزەکردنیان دەکات و زیاتر بە دیموکراتی بکرێنەوە.

ئەو قسە لەسەر دەوڵەتی بۆرژوازی دەکات. باش، بینیمان چۆن دەوڵەتی بۆرژوازیی تورکیا هەڵسوکەوتی کرد. دەوڵەتی بۆرژوازیی تورکیا هیچ بەرژەوەندییەکی نەبوو لە بەدیموکراتیزەکردن لەلایەن ئۆجالان و PKK، وە بە ڕاستی شەڕی لە دژی PKK کرد. لە رێی سەربازییەوە دەستیان وەردایە ناوخۆی سوریا. مەبەستیان لەناوبردنی رۆژئاڤا بوو. لە ڕێگەی ڕژێمەکەی [شەرعە]وە کە پشتیان پێ دەبەست بۆ ئەجنداکانیان ئەوەیان بەدەست هێنا.
بۆیە ئەمانە دەوڵەتە بۆرژوازییەکانن. لاوازیی تیۆریی ئەنارکیزم، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بیرۆکەکانی ئۆجالانەوە دەربڕاوە، بە ڕاستی بوون بەهۆکاری شکستی شۆڕشی ئێستا، زۆر کەس دەڵێن: تۆ قسە لەسەر تیۆری دەکەیت، ئێمە پێویستمان بە سیاسەتی کردارییە. جا، لێرە دەبینین کە ئەگەر هەڵەیەکی بنەڕەتی لە تیۆری بکەیت، هەڵەی گەورە لە کرداردا روودەدات، رێک وەک ئەوەی کە لێرە ڕوویدا.
سەرباری ئەوەی کە چەکداریان هەبوو، بە شێوەی دیفاکتۆ دەوڵەتی خۆیان هەبوو، بیرۆکەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەدیل و ڕووخاندنی دەوڵەتە هەبووەکانیان ڕەتکردەوە. بیرۆکەکەیان ئەوە بوو لە رێی بە دیموکراتیزەکردنەوە دەچنە پێشەوە. کاتێک دەقەکانی ئۆجالانم دەخوێندەوە، بیرم کردەوە: ئەمە سەرکردەی سوپایەکی گەریلایە یان ڕێکخراوێک کە لە شەڕدایەو ٤٠ هەزار قوربانیداوە؟ کاتێک قسە لەسەر دەوڵەت دەکات زۆرتر وەک ریفۆرمخوازێک قسە دەکات!
لێرە لاوازیی شۆڕشی ڕۆژئاڤا دەردەکەوێت: لاوازیی تیۆری و ئەمەش بووە هۆی شکست. وەک مارکسیستەکان، پێویستە لەم وانەیە هەموومان فێر بین و ڕوونی بکەینەوە کە ئەگەر هەڵەیەکی بنەڕەتی لە تیۆری بکەیت – وەک لە پرسی دەوڵەت – ناتوانیت شۆڕش ئەنجام بدەیت و تەواوی بکەیت.

  • ئایا شۆڕشەکە دەیتوانی سەرکەوتوو بێت؟

بەڵێ، پێم وایە دەیتوانی. دەزانیت، ئەو مەرجانەی لەلایەن جووڵانەوەی ٢٠١١ەوە دروست بوون، لەسەر بنەمای قەیرانی دارایی ٢٠٠٨، نشانیان دا کە توانای شۆڕشگێڕانە لە سەرانسەری باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو. جووڵانەوە لە تونس هەبوو، جووڵانەوە لە میسر هەبوو، سودانیش پێی گرتبوو و شۆڕشێک سەرو سیمای بە خۆیدەدا.
جووڵانەوەکان لە سوریا، لوبنان و وڵاتە عەرەبییەکانی تر هەبوون. وڵات دوای وڵات پەیوەست دەبوون. لە ٢٠١٣ جووڵانەوەیەکی گەورە لە تورکیا هەبوو. جووڵانەوە گەورەکان لە ئێران هەبوون. توانای شۆڕشێک کە بە سەرانسەری ئەم وڵاتانە بڵاو ببووەوە هەبوو.
ئێستا، کوردەکانی رۆژئاڤا دەیانتوانی چ رۆڵێک بگێڕن؟ ئەگەر شۆڕشەکەیان تەواو بکردایە، ئەوە بەشێوەیەکی بنەڕەتی مانای وادەبوو: دەستکۆتاکردنی خاوەن زەوییەکان و سەرمایەداران. خۆت وەک دەوڵەتی کرێکاران ڕابگەیەنبایە. بانگەوازی جەماوەری سەرانسەری سوریات بکردبایەو راتبگەینبایە: ئێمە تەنها بۆ خۆبەڕێوەبەریی کوردی شەڕ ناکەین، بەڵکوو بۆ ئازادی کرێکاران و جوتیارانیش شەڕ دەکەین.
بانگەوازی کرێکاران و جوتیارانی سوریات بکردبایە ئەوان وەڵامیان دەدایتەوە. ئەوان لەشەڕدابوون لەگەڵ خاوەن زەوی و سەرمایەداران. ئەمە بە ڕاستی پرسی سەربازیشی چارەسەر دەکرد و دەسەڵاتی ئەسەدی دەڕووخاند پێش ئەوەی ئەم ئیسلامییانە بێن.
ئەم ئەزموونە دەیتوانی ببێتە نمونەیەک بۆ کوردەکانی عێراق، کە دەبووە سەرەتای شۆڕشی عێراقی. دەیتوانی پەلبهاوێت بۆ کوردەکانی تورکیا، کە سەرەتای شۆڕشی تورکی دەبوو. نموونەیەک دەبوو بۆ شوێنکەوتنی لە سەرانسەری ناوچەکە.
هاوسۆزییەکی زۆر گەورەیان لە دەرەوەی ناوچەکە هەبوو، لەسەرانسەری ئەوروپا و زیاتر. شۆڕشی رۆژئاڤا زۆر بەناوبانگ بوو. لەلایەن زۆرێک لە گەنجانەوە شوێنی دەکەوتن. هەندێکیان چوونە ئەوێ و شەڕیان کرد بۆ یارمەتیدان لە بەرگریکردن لێیان. دەیتوانی ببێتە بزوێنەری شۆڕشێک لانیکەم لە ئاستی ناوچەیی. تراژیدییەکە ئەوەیە کە ئەمە ڕووی نەدا.
بەڵام هۆکاری ئەوەی ڕووی نەدا ئەوە بوو کە سەرکردایەتی بە ئاگایی باوەڕی وابوو کە ئەمە مەحاڵە. باوەڕیان وابوو کە خەبات بۆ سۆسیالیزم و شۆڕشی سۆسیالیستی مەحاڵە. ڕێگەیان بۆ ئەنجومەنە دیموکراتییەکانی ئاستی خۆماڵی بوو، خۆبەڕێوەبەری و بە شێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو دیموکراتیزەکردنی ئەم دەوڵەتانە – جۆرێک لە لەناوچوونی هەنگاو بە هەنگاوی دەوڵەتی بۆرژوازی. ئەمە لەگەڵ جیهانی راستەقینەدا ناگونجێت.

١٧ی تەمموزی ٢٠٢٦

—————————-
سەرچاوە:
https://marxist.com/why-was-the-rojava-revolution-defeated-exclusive-interview-with-fred-weston.htm




چ رۆژگارێکە تێی کەوتووین!.. د.حیکمەت نامیق

ئامانجی ئەم وتارە کورتە بەم تایتڵە مەبەست لێی ئەوەیە کە ڕۆژگارێکی یەکجار ناخۆشە مرۆڤ لەم سەردەمەی سەرمایەداریدا تێی کەوتووە تێیدا مرۆڤ ڕۆژانە لەنێو قەیراندا گوزەر دەکات، بۆیە کارکردن لەسەر ڕۆڵی کایەی سیاسی و دەسەڵات لەسەر گۆڕانە کۆمەڵایەتی وئابوورییەکانی تاک یەک جار گرنگە، چونکە دەسەڵات بەرپرسی یەکەم و کۆتای کۆمەڵگەیە. قسەیەک هەیە دەڵێ{ دەسەڵات هێزی ئەوەی هەیە ژیان لەیەککاتدا هەم بکاتە دۆزەخ هەم بکاتە بەهەشت} ڕەنگە ئەم گوتەیە تائەندازەیەکی تەواو دروست بێت، چونکە ئەوە دەسەڵاتە خاوەن ئابوریی و بازرگانی و بڕیاری سیاسی و دامەزراوە فەرمییەکانە. هەروەها هەر خودی دەسەڵاتی سیاسیش جڵەوی کۆمەڵگە دەکات هەرکات بیەوێ هەڵیدەسوڕێنێت وبەکارێ دێنێت بۆ ئەوەی هەمیشە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بمینێتەوە. لێرەوە ژیانی مرۆڤەکان بەشێوەی سەرەکی لەژێر هەژموونی دەسەڵاتە جیاوازەکانە، هەرچەند ئەم بۆچوونە ڕەنگبێ پێچەوانەی ئەو سۆسیۆلۆژست و توێژەرانە بێت کەوا نوێنەرایەتی قوتابخانەی سترەکتوری کۆمەڵایەتی و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی دەکەن، بەڵام بەواقیعی دەرکەوت لەکوردساندا خۆشی و ناخۆشییەکانی مرۆڤ لەژێژ هەژموونی دەسەڵاتداران وسیاسییەکانە هەرکاتێ بیانەوێ ئەوا بەیەک بڕیارو گوتار ژیانی کۆمەڵگە دەکەنە بەهەشت تێیدا مرۆڤ لەژێر سێبەری ئەم حکومە ئاسودە دەبێت. هەرکاتێکیش ئارەزوویان لێبێت دەیکەنە دۆزەخ دۆخێک دروستدەکەن تێیدا مرۆڤ بێز لەمرۆڤبوونی خۆی بکاتەوە هەمیشە وەک کەسێکی تووڕە و هەڵچوو دەرکەوێت. ئەگەرچی پەروەردەو سترەکتۆری کۆمەڵایەتی و پێگەیاندنی مرۆڤەکان بەشێکی گەورەی ئازارو خۆشییەکانی کۆمەڵگا پێدەهێنێت نکۆڵی ئەم کایە گرنگەی کۆمەڵگا ناکرێ. بەڵام ئەوەی هەیە پێچەوانەکەی بەرجەستەیە فاکتەری دەسەڵات بە چەمکە کلاسیکی و نوێگەریی مارکسییەکان دەیسەلمێنێ کەوا تەنیا دەسەڵاتی سیاسی ڕەنگدانەوەی ئەرێنێ و نەرێنی هەیە لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان. لەمێژە ئەم بۆچوونە گرەو لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەکاتەوە بۆنموونە دەسەڵاتی سیاسی بە چاکسازییە ئابوریی و داراییەکانی دەتوانێ فۆکسی تەواویش بخاتە سەر گەشە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان بەرەنجامەکەشی ئەگەر ئەنجامی بدات هەم گەشەی ئابووری تاکەکەس و هەم گەشەی مێنتالیتی وعەقڵیەتی مرۆڤەکانی لێدەکەوێتەوە. ئەفسوس هەموو کردەوەو هەڵسوکەوتەکانی دەسەڵات دژە لەگەڵ خواست و ئارەزووەکانی مرۆڤ. وای لێهاتووە مرۆڤ هەمیشە بەنیگەرانی قەلەقییەوە ژیان بگوزەرێنێ وەک ئەوەی کە ئێستا هەیە. دەسەڵات لەبری ئەوەی خۆشگوزەرانی و خۆشی نیشانی هاوڵاتییانی بدات، کەچی هەر ڕۆژەو بارگرانی و قەیرانێکی دیکە دەخاتە سەر هەموو ئەو ناخۆشی و ناعەدالەتییانەی کەوا دەمێکە بوونی هەیە لەکوردستاندا. بەبۆچوونی من دەسەڵات ئەگەر خواستی لەسەر بێت هەم دەتوانێ ژیانی کۆمەڵگە بکاتە بەهەشت هەم بیکاتە دۆزەخ بەمانایەکی دیکە دەسەڵات میللەت دڵخۆش دەکات بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئابوریی و دەستکەوتی تاک بەپێچەوانەوەش هەر ڕاستە توڕەو بێتاقەتی دەکات بە دروستکردنی قەیران و ناعەدالەتی زیاتر.

د.حیکمەت نامیق




دۆزی فەلسەفە5: کارەساتبارە کاتێک گەمژەکان دەکەونە داوی ژیرەزۆڵەکانەوە.. ئازاد حەمە

5

گوتنی زۆڵ bastard بە کەسێک سووکایەتیپێکردن و قێزەوەنکردنی ئەو کەسەیە، بگرە ناشرینترین ئاوەڵناویشە. هەرچی گەمژەیە(گەوجە) Stupid ئاوەڵناوێکە بۆ کەسێک بەکاردەبرێت کە هەڵبژاردنی خراپ دەکات، خاوەنی عەقڵێکی کەمترخەمە؛ ئاستی درککردن و هۆشمەندیشی زۆر لەخوارە. بۆیە کاتێک ژیرەزۆڵ و گەمژە(زۆڵیی و گەمژەیی)یەکدەگرنەوە کارەساتباریی دەستپێدەکات؛ لەو بەینەدا تەنها گەمژەکان (گەوجەکان) زەرەرمەندی یەکەمدەبن.
بەدڵنیاییەوە ئەو جۆرە ژیرەزۆڵەیbastard intelligence لەم نووسینە کورتە باسدەکرێت ئەو کەسەیە،کە گەمژەکان(گەوجەکان) بۆ مەبەستی خۆی بەکاردەبات. ژیرەزۆڵەکان،کە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا هەن زۆرجار پێشیان دەگوترێت شەیتان، کەسانی بێ ئەسڵ و فەسڵ، بێ ڕەوشت، نامرۆیی و حەرامزادە. لە ئیستاشا،کە تەنراوینەتەوە بە تەکنەلۆژیای زانیاریی و ئەویش بەرەو کۆمەڵگەی ژیریی دەستکردی بردووین کارەساتبارییە کاتێک گەمژەکان(گەوجەکان)دەکەونە داوی ژیرەزۆڵەکانەوە.
دیاردەی ئەوەی کاتێک گەمژەکان دەکەونە داوی ژیرەزۆڵەکانەوە لە کۆمەڵگەی ئێمە زێدە زۆرە و بواری ئامادەبوونیشی جۆراوجۆرە. لەنێو میدیکارەکانەوە بگرە ئەم دیاردەیە لە نەشونمادایە بەرەو بواری سیاسیی، نێوەندی ئەکادێمی، ناو بازاڕ و عەوام و تادەگاتە خێزان(کاتێک پیاوێکی گەمژە دووچاری ژنێکی زۆڵ و فێڵباز دەبێت یان بەپێچەوانەوە کاتێک ژنێکی دەبەنگی داماو توشی پیاوێکی یان مێردێکی زۆڵ و زۆرزان دەبێت).
ئەوەی لەم پوختە نوسینە باسیدەکەین ئەو زۆڵە نییە، کە بە زۆڵیی لە دەرەوەی پەیوەندییەکی نایاسایی لەدایکدەبێت، بەڵکو مەبەستی ئێمە لە زۆڵ ئەو زۆڵەیە،کە لە ئامێزی خێزانێکی یاسای(شەرعی) لەدایکدەبێت و کەچی کەسێکی زۆڵەشەیتانی قۆڵبڕ، بێوەفا، هەلپەرست، بێباک و دژە بەهایە. کارەساتباریەکە ئەوکاتەیە، کە ئەم کەسە ڕێکەوتی گەمژەکان(گەوجەکان) دەکات.
پێشتر لە نووسینێکماندا ئەوەمان پرسیووە کە، ئایا زۆڵیی جۆرێکە لە ژیریی؟ یان جۆرێک لە ژیریی لە زۆڵییدا اپەنهانە؟ دەکرێت زۆڵ بیت و لە زانکۆیەک پرۆفیسۆر بیت؟ لەناو حیزبێ وەزیر یان ئەندامی سەرکردایەتی بیت؟ یەکێک بیت لە ڕوناکبیرەکانی شار(شێوەکار، شاعیر، نووسەر، ڕۆماننوس، شانۆکار، موزیسیان، و…)؟ پزیشکێکی ناسراوی بواری تەندروستیی؟ یاخود پەروەردەکارێکی دیار؟ لێرەوە دەتوانین بڵێین، مەترسیەکە ئەوەیە، کە زۆڵەکان لە کۆمەڵگە دروستکەری پاشاگەردانین، دوژمنی سەرسەختی بەهاکانن و هیچ گرنگیەکیش بە ڕەوشت نادەن. بەم پاشخانەوە دەتوانن گەمژەکانی کۆمەڵگە بخەنەژێر ڕکێفی خۆیانەوە. ژیرەزۆڵەکانی سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاریی، کۆمەڵگەی ئێلکترۆنی، جۆرێکی ترن لە زۆڵ، جۆرە غەم و پەژارەییەکی تر بۆ کۆمەڵگەی ئێمە دێنن، جیاوازتر کاری دزێوی خۆیان ئەنجامدەدەن و ترسناکانە گەوجەکانی کۆمەڵگە بەکاردەبەن.
ژیرەزۆڵەکان هەردەم مەرامدارن، هەمیشە نیازی پیسی شاراوە تیایاندا بەرجەستەیە، بۆیە کاتێک گەمژەکان(گەوجەکان)دەکەونە داویانەوە نەهامەتی نوێ ذووچاری گەمژەکان دەبێتەوە. زۆڵەکان ژیرییەکی خۆیانیان هەیە و ژیریەکەشیان تەنیا خزمەت بە خۆیان دەکات. ئەمانە ئامادەن گشت ڕێگایەک بگرنەبەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. کاتێکیش گەوجەکانی کۆمەڵگە دەکەونە داوی ئەم چەشنە مرۆڤەوە ڕووبەری تەنگوچەڵەمەکانی کۆمەڵگە زیاددەکات.
ژیرەزۆڵەکان هەردەم و لە گشت بوارەکان(نێوەندی پەروەردە و ئەکادێمیی، نێوەندی رۆشنبیریی، بواری مێدیاکاریی، بواری سیاسەتکاریی، بازرگانیی، و..) کار بۆ مەرامی خۆیان دەکەن و ئەمەش پیشەی بەردەوامیانە. گشت ئەوەی ئەندێشەی ژیرەزۆڵی داگیرکردووە مەرامەکانیەتی. ژیرەزۆڵی بێ مەرام بوونی نییە. ئەمە کێشەکە نییە، کێشەکە ئەوەیە،کە مەرامی زۆڵەکان کۆتایی نایەت. زۆڵ واتە مەرام. زۆڵیی بێ مەرام بوونی نییە. کاتێک کەسێک دەستدەداتە زۆڵێتی واتە باشترین پەیوەندی لەگەڵ مەرامدا هەیە. مەرامی زۆڵەکان بوونیشیانە؛ واتە بوونی زۆڵەکان بە مەرامەکانیانەوە گرێدراوە. ئەوەی لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیەیە گەوجەکانە. گەوجەکان لە جەوهەری مەرام حاڵینیین. چونکە لای گەوج دونیا بەبێ مەرام بەڕێوەدەچێت.
گومانی ناوێت زۆڵبوون لەگەڵ ڕەوشتدا یەکناگرێتەوە. باشە چۆن؟لەبەرئەوەی زۆڵیی، کە لە خودیخۆیدا پەتایەکی زیانبەخش و ئاکار مەترسیدارە، لەگەڵ زۆڵیی زۆڵدا نەبێت لەگەڵ هیچ شتێکی تردا یەکناگرێتەوە. زۆڵ دەروەسی ئەوە نییە زانکۆ پێویستە شوێنی زانین و ڕوناکبیری بێت، سیاسەت بوارێکی هزریی و بەرپرسیاریەتییە، خێزان کانگای پەروەردەیە، ژن بدەری خۆشەویستییە و….. بۆ زۆڵ باشترین شوێن ئەو شوێنەیە، کە پاشاگەردانی تیایدا سەروەرە. لەناو ئەو پاشاگەردانییە هەمیشە گەمژەکان قووربانی یەکەمی ژیرەزۆڵەکانن.
ژیرەزۆڵەکانی دەمی ئیستامان لە فێڵبازی و تەڵەکەبازیدا سەرسامکەرن. ئەوە دەکەن بیریلێنەکراوەتەوە. دەیانەوێت وێنەیەکی ئەوتۆ لەسەر خۆیان دروستکەن، کە ئەمانە مرۆڤگەلێکی مرۆیی و تێگەیشتووی بە هۆشن. هەر لەبەرئەوە ژیریی کەسی زۆڵ جێیسەرنجە. کارەساتەکە ئەوەیە، کە زۆرجار زۆڵەکان ژیرەکانیان پێدەوترێت. یەکەم نێچری ئەم ژیرەزۆڵانەش هەردەم گەمژەکانە. ژیرەزۆڵەکان، کە فێڵ لە سێبەری خۆشیان دەکەن، کۆمەڵگە بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردەبەن. گەوجەکان درک بە ترسناکی ئەم جۆرە لە مرۆڤەکانی کۆمەڵگە ناکەن. نەک هەر ئەوە گەوجە دەبەنگەکان لە یاریی و تەڵەکەبازیی ژیرەزۆڵەکان بەئاگانیین و توانای ئەوەشیان نییە لێکدانەوە بۆ هەلپەرستی و چاوچنۆکیەکانیان بکەن.
لە کۆتاییدا ئەوەش هەر پرسیارێکی دەستکارینەکراوە، کە کێ دەکارێت بۆ لەمەودوا ئارکیۆلۆژیای (هەڵکۆڵینناسی) زۆڵگەرایی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بنوسێتەوە؟ گرنگە نوسینی ئەو بەشە، چونکە زۆڵەکان گاڵتە بە کوردایەتی، مرۆڤدۆستی، ئەڤینداری و گشت بەهاکان دەکەن. کەواتە سەرئەنجام ئەوە دەڵێیم، کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست ئەم زۆڵانەوە دەناڵێنێت. زۆڵەکان کۆمەڵگەی ئێمەیان کردووەتە كەلاوە و بێباکیشن بەرامبەر بە ئاییندەمان. زۆڵەکان ڕۆژانە نەمامی ناشرینی و دزێوی دەچێنن و لەوسەرەوە بە کوێستان بە ئیمەی دەفرۆشنەوە. ئێمە لەوەش حاڵیین، کە قسە لە ژیرە زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی ئێمە و گەوجە قوربانیەکانی ئەو سێ نێوەندە قسەوباسی زۆری لێدەکەوێتەوە، کە لەم نوسینەدا کەمترینی ئاوڕی لێدراوەتەوە.

ئەم باتە درێژەی هەیە…………

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




ئایا چەپ دەتوانێت قەڵای دیجیتاڵی سەرمایەداری بشکێنێت؟.. ڕزگار ئاکرێی

پێشەکی: قەیرانی ڕێبازە تەقلیدییەکان لە سەردەمی ئەلگۆریتمەکاندا

شەڕی ئازادی سۆسیالیستی لە سەدەی بیست و یەکدا بە ئامرازەکانی سەدەی پێشوو سەختە. لە سەردەمێکدا کە ئەلگۆریتمەکان زاڵ دەبن، کاریگەری دیجیتاڵیزەکردن و زیرەکی دەستکرد لەسەر میدیا، کەلتوور، پەروەردە، کار و ژیانی ڕۆژانە بەربڵاوە و سیاسەت و ستراتیجی ئابووری لە ڕێگەی شیکردنەوەی داتای گەورە و بڕیاردانی سیاسی و ئابوورییەوە شێوە دەدرێت، چەپ خۆی لە بەردەم پرسیارێکی وجودی دەبینێتەوە: چۆن ئەو بزووتنەوانەی کە هێشتا کار دەکەن و خۆیان بە لۆژیکی تەقلیدی رێکدەخەن دەتوانن بەرگەی سەرمایەداری دیجیتاڵی بگرن کە گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا؟
بەردەوامی پشت بەستنی ڕێکخراوە چەپەکان بە شێوازە تەقلیدییەکانی گوتاری و ڕێکخستن و کردار، تەحەدایەکی گەورە بۆ ئەوان دروست دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سەرمایەداری. ئێمە ڕووبەڕووی دوژمنێک دەبینەوە کە خاوەنی جبەخانەیەکی پێشکەوتووی ئامرازی دیجیتاڵی و ئابووری و سیاسی و سەربازی و میدیاییە و لە هەموو بوارەکاندا بە درێژایی خولەکێک لە گەشەسەندندایە و سەرەڕای قووڵایی قەیرانەکانی خۆی دەگونجێنێت و سەرەڕای ململانێی نێوان بلۆکەکانیدا بە شێوەیەکی چینایەتی یەکدەگرن لە کاتێکدا بەشێکی بەرچاوی چەپ هێشتا پشت بە میتۆد و ئامرازی بەسەرچوو دەبەستێت کە چیتر لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە نوێیەدا ناگونجێت. ئەمە ئەو شتەیە کە ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەیبینین و پێویستی پەرەپێدان و نوێکردنەوەیان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە.
لە وتارەکانی پێشوودا، ئەم دابەشبوونە گەورەیەم بە لێکچوونی فیل و مێروولە دەربڕیوە. هەرچەندە، پاش گەشەسەندنی خێرا و گەورەی سەرمایەداری دیجیتاڵی، لەگەڵ کاریگەری چەپی سنووردار و پێشکەوتووخوازی دیجیتاڵی و بەهۆی کارە پیشەییەکانم لە بوارەکانی ئەلگۆریتمی و حوکمڕانی دیجیتاڵی، لەو باوەڕەدام کە ئەم بۆشاییە ئێستا فراوانتر بووە و بووە بە مێروولە و دایناسۆرێک. ئەمە ڕاستییەکی سەخت و تاڵە کە دەبێت بە ڕاشکاوانە دانی پێدا بنێین، بۆ ئەوەی لەم دانپێدانانەوەیە دەست پێبکەین بە لێکۆڵینەوەی جددی لە بەدیلی گونجاو.

مارکس و ئەنگلس: زانست و تەکنەلۆژیا وەک شمشێرێکی دوو دەمی

زانست و تەکنەلۆژیا ناوەندی بیری کارل مارکس و فریدریش ئەنگلس بوون کە وەک ئامرازێک دەیانزانی کە دەتوانرێت بۆ ئازادی یان پەرەپێدانی هەژموونی چینایەتی بەکار بهێنرێن. لە ژێر دەسەڵاتی سەرمایەداریدا، پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژیا بۆ زیادکردنی قازانجی بۆرژوازی و چەوساندنەوەی کاری دەستی و ڕۆشنبیری بەکاردەهێنرێت و نامۆبوون و نایەکسانی چینایەتی زیاتر دەکات. بەڵام مارکس و ئەنگلس درکیان بەوە کرد کە ئەم دژایەتیانە توانای شۆڕشگێڕی هەیە کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی سۆسیالیستی دادپەروەرانەتر. ئەمڕۆ، تێڕوانینی ئەوان لە سەردەمی سەرمایەداری دیجیتاڵیدا زۆر پێویستە، کە تەکنەلۆژیا بۆتە ئامرازێکی نوێی کۆنتڕۆڵکردن، لە هەمان کاتدا دەرفەتی ئازادی مرۆڤایەتی دەڕەخسێنێت.
هۆشیارییەکی قووڵیان لە سروشتی دیالێکتیکی مێژوو و کۆمەڵگا وای لێکردن کە پێشکەوتنی زانستی وەک هێزێکی ماددی و کۆمەڵایەتی ببینن کە ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی چینایەتی و شمشێرێکی دوو دەمی خاوەن توانای ئازادیخوازی گەورە و لە هەمان کاتدا بۆ قوڵکردنەوەی چەوساندنەوە و پتەوکردنی هەژموونی سەرمایەداری بەکار دەهێنرێت. بیرکردنەوەیان بەڵگەی توانای شیکاری ماددی بوو بۆ تێکەڵکردنی زانست لەگەڵ ململانێی چینایەتی، کە تێیدا زانین دەبێتە هێزێکی پاڵنەر بۆ گۆڕینی جیهان، نەک تەنها ئامرازێک بۆ تێگەیشتن. پڕۆژەی ڕۆشنبیری ئەوان بە ڕوونی داوای تێپەڕاندنی سنووری سیستەمی سەرمایەداری دەکات بەرەو داهاتوویەکی مرۆڤانەتر، لەسەر بنەمای ئەو ئەگەرە ئازادیخوازانەی کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا پێشکەشی دەکات.
لە شیکردنەوەی مارکس بۆ سەرمایەداری، تەکنەلۆژیا پێگەیەکی سەرەکی هەبوو لە ئاشکراکردنی دژایەتییە بنچینەییەکانی سیستەم. ئەو باوەڕی وابوو کە ئامێرەکان کە نوێنەرایەتی لوتکەی پێشکەوتنی زانستی دەکەن لە سەردەمی ئەودا ئامرازێک نین بۆ باشترکردنی ژیانی مرۆڤ یان ئازادکردنیان لە بارگرانی کاری سەخت، بەڵکو بوونە ئامرازێکی کاریگەر بۆ کەڵەکەکردنی قازانجی سەرمایەداران و زیادکردنی چەوساندنەوەی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر. ئەم بەکارهێنانە لە تەکنەلۆژیا بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی بەهای زیادە بە کەمکردنەوەی پێویستی بە کاری مرۆڤ و پرۆلیتاریا لە دۆخێکی نامۆدا جێدەهێڵێت کە کرێکار لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و دەرئەنجامی کارەکەی دابڕاوە. بۆ مارکس، ئەم دژایەتییە بەڕێکەوت نەبوو، بەڵکو بەشێکی گرنگی میکانیزمەکانی سەرمایەداری بوو کە زانست و تەکنەلۆژیا دەکاتە ئامرازی زاڵبوونی چینایەتی.
ئەنگلس زانستی وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە ململانێی کۆمەڵایەتی بە قووڵتر دەبینی. کاریگەری ئەو لەسەر دۆزینەوە زانستییەکان وای لێکردووە ببینێت کە ململانێ تەنها بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە نییە، بەڵکو سروشتیش دەگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو دیترمینیزمی بایۆلۆجی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە یاساکانی فەرمانڕەوایی سروشت جیاوازن لەو یاسا کۆمەڵایەتیانەی کە کاریگەری کرداری مرۆڤی هۆشیاریان لەسەرە. ئەنگلس ڕەهەندێکی زانستی بۆ ماتریالیزمی دیالێکتیکی زیاد کرد، نیشانی دا کە یاساکانی دیالێکتیک بەسەر سروشت و کۆمەڵگادا جێبەجێ دەکرێن، تێگەیشتن لە گۆڕانە مێژووییەکان وەک بەشێک لە بزووتنەوەیەکی پەرەسەندنی سەرتاسەری بەهێز دەکات.
ئەم بۆچوونە بۆ پێداچوونەوە بە تیۆری لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانە مێژووییەکاندا بۆ خودی مارکس نامۆ نەبوو، وەک خۆی و ئەنگلس بە ئاشکرا دانیان پێدا ناوە: لە پێشەکیی هاوبەشیان بۆ چاپی ئەڵمانی مانیفێستی کۆمۆنیستی کە لە لەندەن لە ساڵی 1872 دەرچووبیست و چوار ساڵ پاش دەرچوونی مانیفێستی سەرەتایی، پرەنسیپە گشتییەکانی هێشتا بە تەواوی ڕاستن، بەڵام هەندێک لە وردەکارییە پراکتیکییەکانی، واتە بەرنامەی شۆڕشگێڕانەی کە لە کۆتایی بەشی دووەمدا پێشکەش کرا، کۆن بوون و پێویستیان بە فۆرمولەیەکی تەواو جیاواز هەیە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو گەشەسەندنە پیشەسازییە گەورەیەی کە جیهان لە ساڵی 1848 ەوە بەخۆیەوە بینیوە، فراوانبوونی ڕێکخراوی سیاسی چینی کرێکار و ئەو دەرسانەی کە لە کۆمونەی پاریس لە ساڵی 1871 وەرگیراون. ئەگەر مارکس ئەمڕۆ ئامادە بوایە، بە هەمان لۆژیکەوە ئاماژەی بەوە دەکرد کە سەرمایەداری دیجیتاڵی قۆناغێکی پێشکەوتووی هەمان دینامیکی چەوسێنەرانە دەنوێنێت کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا باسی کرد، هەرچەندە بە شێوازێکی زیرەکتر، وردتر، کۆنتڕۆڵکەر و قووڵتر. کۆنتڕۆڵکردنی چیتر تەنها بە خاوەندارێتی کارگە و کەرەستە خاوەکانەوە نییە، بەڵکو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێشاوی داتا و ئاراستەکردن و کۆنتڕۆڵکردنی هەڵسوکەوت و هۆشیاری مرۆڤ فراوان بووە. بۆ توندوتیژی، سەرکوتی دیجیتاڵی، و سەربازیکردن لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوەتا ئەو کاتەی کە لە زۆر حاڵەتدا بوو بەهۆی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕاستڕەوی توندڕەو، فاشیزمێکی دیجیتاڵی نایاب. ئەو گۆڕانکاریانەی سەردەمی دیجیتاڵ هێناویەتی لەوانەیە ڕێگە بۆ دەرفەتی نوێ بۆ خەبات و ڕێکخستنی سۆسیالیستی بکاتەوە بە مەرجێک سوودیان لێوەربگرین و بە شێوەیەکی زانستی ورد مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.
ئەمە مافێکی ڕاستەوخۆیە کە لەلایەن واقیعی کاری ژنان و ڕۆشنبیران لە بەشە جیاجیاکانی جیهاندا سەپێنراوە. سەرمایەداری دیجیتاڵی سەرەڕای سروشتی چەوسێنەری تەقلیدی، هێزی خۆی لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوە بەکاردەهێنێت کە ئەمڕۆ نەک تەنها لێشاوی زانیاری ڕێکدەخات بەڵکو زۆربەی جومگەکانی ژیانی ڕۆژانە کۆنتڕۆڵ دەکات، هەروەها بڕیار دەدات کام بیرۆکە بگاتە هۆشیاری خەڵک و کام بیرۆکەکان لەناودەچن یان پەراوێز دەخرێن. ئەم گۆڕانە قووڵە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی چینایەتیدا چەپ ناچار دەکات بە شێوەیەکی بنەڕەتی چاو بە ئامرازەکانی شیکاری و شێوەکانی ڕێکخستنی لەسەر زەوی بخشێنێتەوە.

تەکنەلۆژیا ئامرازی سەرمایەدارییە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانیدا و خۆڕاگریی زانستی وەک خەباتێکی چینایەتی مۆدێرن

ململانێ لەسەر تەکنەلۆژیا دژی خودی زانست نییە، بەڵکو دژی قۆرخکاری ئەو هێزانەیە کە کۆنتڕۆڵی دەکەن. زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیا بە گشتی نابێت وەک هەڕەشە سەیر بکرێت، بەڵکو وەک گۆڕەپانێک تەماشا بکرێت کە تایبەتمەندییەکانی بە هاوسەنگی هێز کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری دیاری دەکرێت. لەم ساڵانەی دواییدا خێراییەکی بێ وێنە لە چڕبوونەوەی هێزی دیجیتاڵی لە نێو ژمارەیەکی دیاریکراو لە وڵاتانی گەورەی سەرمایەداری و قۆرخکارە زەبەلاحەکان بەخۆوە بینیوە کە ژێرخانی زیرەکی دەستکرد، هەور، و داتای جیهانی کۆنتڕۆڵ دەکەن. ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی ئابووری و سیاسی و کەلتووری پێبەخشی لە دیاریکردنی داهاتووی مرۆڤایەتی.
لە کاتی قەیراندا، سەرمایەداری هەمیشە پەنا دەباتە بەر بەرهەمهێنانەوەی خۆی لە ڕێگەی ئامرازی زانستی پێشکەوتووەوە کە توانای زاڵبوون بەسەر تەحەددیاتەکاندا دەدات بەبێ سازش کردن لەسەر جەوهەری چەوساندنەوەی، ئەمەش لە چەند قۆناغێکدا دەردەکەوێت: لە قەیرانی 2008 دا تەکنەلۆژیا و میتۆدی زانستی بۆ ڕزگارکردنی سیستەمی دارایی بەکارهێنرا لە کاتێکدا چینی کرێکار باجی زیانەکانیان لە ئەستۆ گرت و لە کاتی پەتای کۆرۆنادا سەرمایەداری بە برەودان بە ئۆتۆماتیک، زیرەکی دەستکرد و کار لە دوورەوە بەسەر قەیرانەکەدا زاڵ بوو گەشەی بەرفراوانی زیرەکی دەستکرد لە ساڵی 2023 ەوە قۆناغێکی نوێی دووبارە ڕێکخستنەوەی کرێکارانی کردەوە، چونکە پشت بەستن بە ئۆتۆماتیک و سیستەمی زیرەک لە زۆربەی کەرتەکاندا فراوان بوو، و نیگەرانییەکان سەبارەت بە داهاتووی ملیۆنەها هەلی کار زیادیکرد.
ئەم خاڵانە پێکەوە نیشانی دەدەن کە چۆن سەرمایەداری زانست وەک ئامرازێک بۆ پێکهاتن و بەردەوامی سیستەم بەکار دەهێنێت و چۆن هەندێک جار هەندێک بیرۆکەی سۆسیالیستی وەک دەستێوەردانی دەوڵەت وەک ڕێوشوێنی کاتی بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری وەردەگرێت.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم تەحەدایانە، چەپ دەبێت سوود لە پێشکەوتنی زانستی وەربگرێت لە ڕێگەی داڕشتنەوەی سیستماتیکی گوتاری و ئامرازەکانی. ئەمەش پێویستی بە بەکارهێنانی ئامرازی مۆدێرن هەیە بۆ شیکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، پەرەپێدانی گوتاری زانستی واقیعی بەپێی ئەوەی کە دەکرێت نەک ئەوەی پێویستە، و میکانیزمی ڕێکخراوی و سەرکردایەتی نەرم کە سەرنجی ئەو گەنجانە ڕادەکێشێت کە لە جیهانێکدا گەورە بوون کە تەکنەلۆژیا بەسەریدا زاڵ بووە. وەبەرهێنان لە ئامرازە زانستییەکان مانای ناساندن بە بەهاکانی سەرمایەداری نییە، بەڵکو ستراتیژێکە بۆ سوودوەرگرتنیان لە خزمەتی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی نایەکسانی چینایەتی وەک هەنگاوێک بەرەو ئەلتەرناتیڤێکی سۆسیالیستی.
ئەگەر شۆڕشی پیشەسازی پێشوو هاوکێشەکانی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی ئامێر، هەڵم، کارەبا و کۆمپیوتەرەوە گۆڕیبێت، سەردەمی ئێستای زیرەکی دەستکرد، گەورە داتا و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی بەرهەمهێنان و کار و زانیاری و پەیوەندی مرۆڤ بە شێوەیەکی قووڵتر و فراوانتر دەگۆڕێت. لەم سەردەمەدا، داتا، ئەلگۆریتم، و سیستەمەکانی AI بوونەتە ئامرازی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانەوەی زاڵبوون بە شێوەیەکی تاڕادەیەک نادیار، لە ڕێگەی کاریگەری لەسەر ڕای گشتی، ڕێنمایی کردنی هەڵسوکەوتی تاک و کۆمەڵ، و کۆنتڕۆڵکردنی دەستگەیشتن بە زانیاری و زانیاری.

هاککردنی قەڵا و دەستکاریکردنی ئامرازەکان: بەرەو بەدیلی چەپی دیجیتاڵی

لە کاتێکدا بوونی چەپ لە یەکێک لە شەڕەکانی ئێستادا لە کەمبوونەوەدایە لە ئەنجامی مامەڵەکردنیان لەگەڵ تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێکی دووەم، بەڵام هێشتا شەڕەکە یەکلایی نەبووەتەوە. سەرکەوتن پێویستی بە گۆڕینی دیدگاکە هەیە بۆ پرۆگرامێکی کرداری کۆنکرێتی لەسەر بنەمای بەکارهێنانی هۆشیارانەی تەکنەلۆژیا. چەپ ناتوانێت لە بەرگریدا بمێنێتەوە چونکە دەبێت ئەکتەرێک بێت لە داڕشتنەوەی داهاتووی تەکنەلۆژیا و تێکەڵکردنی لە پڕۆژەی ڕزگاریخوازی.
لەگەڵ ئەوەشدا، تەکنەلۆژیا جێگرەوەی ڕێکخستنی هۆشیارانەی مرۆڤ نییە. هێزی ڕاستەقینە لە مرۆڤی ڕێکخراودایە کە دەتوانێت ئەم ئامرازانە بەکار بهێنێت بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی خۆی. زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیا بەگشتی ئامرازێکی کاریگەرن بۆ بەگەڕخستن، ڕێکخستن و شیکردنەوە، بەڵام جێگەی هاوپشتی و کاری مەیدانی ناگرێتەوە کە وەک پاڵنەری سەرەکی گۆڕانکاری دەمێننەوە.
قەیسەر، ئێمە لە مێژوودا سەرکەوتوو بووین لە پێشکەشکردنی بەدیل لە بوارەکانی ئابووری، دادپەروەری، سیاسەت، ماف و ئەوانی تردا، و هەمیشە پێشنیاری سەربەخۆیی ڕۆشنبیری و سیاسی و ڕێکخراوەیی و میدیامان کردووە. بەڵام ئەمڕۆ، ئێمە ڕووبەڕووی تەحەدایەکی چارەنووسساز دەبینەوە بۆ هەر ئەم بنەمایە: هێشتا بینینێکی دیجیتاڵی گشتگیر، سەربەخۆ و جێگرەوەمان کەمە کە بتوانێت کۆت و زنجیرە تەکنەلۆژیای سەرمایەداری بشکێنێت، کە چەپ و جەماوەرەکەی لاواز دەکات بۆ سنووردارکردن، پەراوێزخستن، سەرکوتکردن و چوونە ناوەوە. وەک لەسەرەوە باسمان کرد، گرنگترین وانەی دیالێکتیکی کە دەبێت فێری ببین ئەوەیە کە تەکنەلۆژیا بێلایەن نییە، بەڵکو گۆڕەپانێکی خەباتی چینایەتییە و کێشەی بنەڕەتی لە جەوهەری زیرەکی دەستکرد یان ئۆتۆماتیکدا نییە، بەڵکو لە پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی دایە کە بەڕێوەی دەبات، واتە لە قۆرخکردنی لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاح و وڵاتانی گەورەی سەرمایەداری، بەشێوەیەک کە بۆشایی چینایەتی قوڵتر دەکاتەوە، چاودێری جەماوەر فراوان دەکات و هۆشیاری مرۆڤ لە خزمەتی قازانج و هەژموونی فکری و سیاسیدا کڵێشە دەکات.
بەم پێیە، چیتر بەس نییە کە چەپ ڕازی بێت بە هەڵوێستی ڕەخنەگر یان تەماشاکەرێک کە لەسەر دیوارەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە بوەستێت و تەنیا لە دەرەوە ڕەخنە لە چەوساندنەوەی بگرێت، چونکە ئەمە بەتەنها گۆڕانکاری خوازراو ناهێنێت و لەوانەیە لە بازنەی تەسکی ڕۆشنبیری و گشتیدا دوور لە ڕەوتی ڕاستەقینەی ململانێکە بهێڵێتەوە. ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە بگەینە دڵی پرۆسەی تەکنیکی و لە لۆژیکی ئەلگۆریتمەکان تێبگەین بۆ هەڵوەشاندنەوە و بنیاتنانەوەیان بە شێوازێکی ئازادیخوازانە لە ڕێگەی پێشنیارکردنی میکانیزمی نوێ و بوێرانە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەپێی سیستەمە دیموکراتییە بەشداربووەکان و شەفافەکان.
ئێمە پێویستمان بە “زیرەکی دەستکرد و ئەلگۆریتمی جەماوەری” هەیە کە لەگەڵ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و یاسا و یاسا و یاساکانی جیهانی و ناوخۆیی کار بکات و لە ڕێگەی دیجیتاڵی هاوکاری سۆسیالیستییەوە گەشە پێبدات کە شەفاف بێت و لەلایەن هەمووانەوە چاودێری بکرێت و ئامانجیان دابەشکردنی سامان، ڕێکخستنی بەرهەمهێنان، چارەسەری نەخۆشی و هەژاری و بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بێت، بەشێوەیەک کە خزمەت بە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی مرۆڤ بکات، نەک ئارەزووی بازاڕ و پەرەپێدانی هەژموونی و میلیتاریزم. هەروەها پێویستمان بە مۆدێلی سەرچاوە کراوە، پلاتفۆرمی دیجیتاڵی سەرچاوەی کراوەی پێشکەوتوو، چ پلاتفۆرمی پەیوەندی، بزوێنەری گەڕان، یان ئەوانی تر، و دەستپێشخەری تەکنەلۆژیای هاوبەش کە لەژێر لۆژیکی قۆرخکاری بازرگانیدا نەبێت، و ڕێگە بە کۆمەڵگاکان و بینەران بدات بەشداری بکەن لە بەڕێوەبردنی زانیاری و داتا و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێ.
هەروەک چۆن مارکس و ئەنگلس زانستە ئابووری و فەلسەفییەکان و پەرەسەندنی زانستی و مەعریفی سەردەمی خۆیان گۆڕی بۆ چەکێکی تیۆری و پراکتیکی لە دەستی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر، ئەمڕۆ چەپ پێویستە ئەکتەرێک بێت لەم گۆڕەپانەدا و لە پۆلێنی “بەکارهێنەری وەرگر” ملکەچی هەلومەرجەکانی پلاتفۆرمی سەرمایەداری بجوڵێت بۆ ڕۆڵی “بەرهەمی ئەلتەرناتیڤ” کە ئەڵتەرناتیڤی تەکنەلۆژیای کۆمەڵایەتی کراوە و ئازاد پێشنیار دەکات.
ململانێ لەسەر هێزی ئەلگۆریتمەکان چیتر تەنها داهاتووی تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو داهاتووی کار، دیموکراسی، کەلتوور و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.

دەرئەنجام
ئەم لێدوانە ڕەخنەییانە بۆ کەمکردنەوەی چەپ و مێژووی ناسراوی لە وڵاتەکانماندا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پەرەپێدانی مشتومڕێکی بێدەنگ لە بازنەی ئێمەدا سەبارەت بە بەدیلی دیجیتاڵی خوازراو. ئاسان نییە، بۆشاییەکە گەورەیە و سەرمایەداری دیجیتاڵی تا ڕادەیەکی زۆر زاڵە بەڵام مێژوو فێرمان دەکات کە هیچ شتێک مەحاڵ نییە لە بەرامبەر خەباتی بێوچان: هەروەک چۆن لە ڕابردوودا کاتژمێرەکانی کارکردن لە هەفتەیەکدا 70 کاتژمێر تێپەڕاندووە، ئەمڕۆ لە هەندێک وڵات تەنها 37 کاتژمێر یان کەمترە بەهۆی خەباتی کەڵەکەبووەوە کە پێشتر خەونێکی دوور بوو. هەروەک چۆن سەدەیەک لەمەوبەر ژنان مافی دەنگدان و خوێندن و کارکردنیان لە دەرەوەی ماڵ نەبوو، ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتان لە پێشەنگی حکومەتەکان، پەرلەمان و زانکۆکانن، ئەمەش بەهۆی خەباتی بەردەوامی فێمینیستی و چەپ کە سەرەڕای ناهاوسەنگی هێز لە سەرەتای دامەزراندنیدا، هەرگیز هێور نەبووەتەوە.
بەگوێرەی ئەم گۆڕانکارییە زەبەلاحانە و ئەو قۆناغە زۆر پێشکەوتووەی کە سەرمایەداری پێی گەیشتووە، دەبێت بە چەکی کوشندەی خۆی ڕووبەڕووی ببینەوە، بە سوود وەرگرتن لە زانستی مۆدێرن و شۆڕشی دیجیتاڵی و داهێنانی بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا، بۆ ئەوەی بەسەریاندا تێپەڕین. لەم چوارچێوەیەدا، ئاراستەی بەرەو چەپی ئەلیکترۆنی -دیجیتاڵ وەک تەوژمێکی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ئەم وەرچەرخانە گەورەیە و گەشەکردنی هۆشیاری مافەکانی مرۆڤ و مەعریفە و هەوڵدان بۆ ئاراستەکردنی ئەم هۆشیارییە بەرەو گۆڕانێکی سۆسیالیستی ڕادیکاڵ و گشتگیر لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکاندا و لە هەمان کاتدا پاراستنی ئەو بەها بنچینەییانەی کە بە درێژایی مێژوو کرۆکی بیری مارکسیستی و چەپگەرایی پێکهێناوە.
واقیع سەلماندی کە ڕێکخراوە چەپەکان کە بەردەوام گوتار و ئامراز و کار و ڕێکخراوەکانیان نوێ دەکەنەوە و پەرە پێدەدەن و لەگەڵ تەحەداییە نوێکان و پێشکەوتنی زانستی و مەعریفی یەکدەگرن و لەگەڵ پێشکەوتنە نوێیەکان و پێشکەوتنی زانستی و مەعریفی زیاتر توانای پاراستنی ڕۆڵ و کاریگەری خۆیان هەیە، لە کاتێکدا ئەو تەوژمانەی کە پەیوەست دەبن بە میتۆدۆلۆژیای کۆنی خۆیانەوە وەک لە سەرەتای ئەم وتارەدا باسمان کرد وردە وردە ئەندام و پشتیوانی جەماوەری خۆیان لە دەست دەدەن و ڕۆڵەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە. ئەمە واقیعێکی قورسە بۆ چاودێریکردن لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، بەڵام نکۆڵی لە بوونی ئەزموونی چەپ و پێشکەوتووخواز ناکات کە ئیلهام بەخش بێت و مۆدێلی دابین بکات کە بتوانرێت لەسەری بنیات بنرێت.
بەبێ بوونی چەپی چالاک و کاری هاوبەش کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بوارەدا هەماهەنگی بکات، سەرمایەداری دیجیتاڵی بەردەوام دەبێت لە دیاریکردنی ئاراستەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە بەرژەوەندی خۆی و کۆنتڕۆڵکردنی داهاتووی مرۆڤایەتی. لە کۆتاییدا، هێزی ڕاستەقینەی چەپ لە توانایدا لە یەکخستنی ڕێکخراوی مرۆیی لەسەر زەوی لەگەڵ سەروەری دیجیتاڵی، بەشێوەیەک کە بۆشایی دیجیتاڵی ببێتە گۆڕەپانێکی پاڵپشتی و کاریگەر، نەک جێگرەوەی خەبات، بەڵکو باڵێک بێت بۆ فڕین بەرەو ئایندەیەکی مرۆڤانەتر و دادپەروەرانەی سۆسیالیستی.
ئەم ڕەهەندە ئینتەرناسیۆنالیستییە لە ڕووبەڕووبوونەوەدا بابەتی وتارێکی داهاتوو دەبێت لەباری: دیجیتاڵی چەپی نێونەتەوەیی. ئەم وتارە تەنها سەرەتای دیالۆگێکی کراوەیە کە تێیدا داوا لە هەڤاڵان دەکەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی وۆرکشۆپی دیجیتاڵی هاوبەش پێکبهێنن کە ئەگەرەکانی بنیاتنانی بەدیلی تەکنەلۆژیای چەپ و پێشکەوتووخواز تاقی بکەنەوە و بناغەی پراکتیکی بۆ ئەنتەرناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی دابنێن کە شەڕی داهاتوومان پێویستی پێیەتی.

ڕزگار ئاکرێی

————————————————

تێبینی: چاپی یەکەمی ئەم وتارە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکرایەوە، پاشان بۆ چەند زمانێک وەرگێڕدرا و لە دەیان ماڵپەڕدا بڵاوکرایەوە، گرنگترینیان بریتین لە: Globetrotter (ئینگلیزی، ئیسپانی، پورتوگالی، جیهانی)، Znetwork (دەیان زمان، جیهانی)، CounterPunch (ئینگلیزی، جیهانی)، MROnline (ئینگلیزی، جیهانی)، Countercurrents (ئینگلیزی، هیندستان)، NewsClick (ئینگلیزی، هیندستان)، Aliran (ئینگلیزی، مالیزیا). The Left Chapter (ئینگلیزی، کەنەدا)، Sinistra in Rete (ئیتاڵی، ئیتاڵیا)، Contropiano (ئیتاڵی، ئیتاڵیا)، Jornal GGN (پورتوگالی، بەرازیل)، Diário Carioca (پورتوگالی، بەرازیل)، Revue Supernova (فەڕەنسی، فەڕەنسا)، elviejotopo (ئیسپانی، ئیسپانیا)، El Maipo (ئیسپانی، چیلی)، Insurgencia Magisterial (ئیسپانی، مەکسیک))، Amiidonk (هەنگاریا، هەنگاریا)، Perjamuan Buku (ئیندۆنیزیا، ئەندۆنیزیا)، Slguardian (ئینگلیزی، سریلانکا).




بەعەرەبکردنی کورد یان بەعەرەبستانکردنی کوردستان: وەڵامێک بۆ ڕێبوار سیوەیلی.. شێرکۆ کرمانج

لە بابەتێکی ڕەخنەئامێز و ورد و پڕزانیاری و قووڵ و فیکری لەمەڕ بەکارهێنانی چەمک و چەمکسازیی، نووسەر و ڕووناکبیر، ڕێبوار سیوەیلی، ڕەخنەیەکی ئێجگار زۆری لە بابەتێکی من گرتووە کە بە ناونیشانی “تەعریب و تەرحیل، ئامرازەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ لەناوبردنی کورد” لە ماڵپەڕی سەکۆ بۆ نیشتمانسازی بڵاو بۆتەوە. بەشێکی ڕەخنەکانی بەڕاستی نەک هەر جێگەی دەستخۆشییە بەڵکوو شایستەی هەڵوەستەکردنە چونکە چوارچێوەی فکری و تیوری تێگەیشتن و توێژینەوە لەپەیوەند بە پڕۆسەکانی تەعریب و تەرحیل و جینۆسایدی کورد لە عێراق فراوانتر و قووڵتر دەکاتەوە و دەیبات بۆ ئاستێکی باڵای ئەکادیمی و زانستی، بۆیە خوێنەران هاندەدەم بۆ خوێندنەوەی، کە هەمدیسان لە ماڵپەڕی سەکۆ بەناونیشانی “لە «تەعریب»ەوە بۆ «بەئەویدیکردن»: لە وەڵامنامەیەکدا بۆ شێرکۆ کرمانج” بڵاو بۆتەوە.
لە هەمووی گرنگتر، بابەتەکەی سیوەیلی بۆ من وەئاگاهاتنەوەش بوو لەوەی کە نەک هەر ئەو خۆی بە هەڵە لە هەندێک چەمکەکانی کە من بەکارم هێناون گەیشتووە، بەڵکوو بۆ خۆشم لە پلەبەندی و گرنگی و چەمکەکان بەئاگاهاتمەوە. لە هەمووی زەقتر، وەک لە ناونیشانی بابەتەکەی پێشووتری من دەردەکەوێت، من تەعریب‌ـم وەک ئامرازێک بۆ لەناوبردنی کورد بەکارهێناوە، کەچی لەڕاستیدا، وەک لەم بابەتەش هەوڵدەدەم بیسەلمێنم، تەرحیل و جینۆساید وەک ئامراز بۆ تەعریبی کوردستان بەکارهاتوون. ئەوە بەو مانایەیە، ئەگەر ئەمڕۆ بابەتەکە بڵاو بکەمەوە ئەوە بەو ناونیشانە بڵاوی دەکەمەوە: “تەرحیل و جینۆساید، ئامرازەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ تەعریبکردنی/بەعەرەبستانکردنی کوردستان.” لە خوارەوە هەوڵدراوە گفتۆگۆ و شرۆڤەی ئەو چەمک و زاراوانە بکرێن و وەڵامێکیش بۆ ڕەخنەکانی سیوەیلی بخەمە ڕوو کە دواجار ببێتە مایەی فراوانتربوونی تێگەیشتنەکانمان بۆ پڕۆسەکانی تەعریب و ئەنفال و جینۆسایدی کورد لە باشووری وڵات و بەشدارییەکیش بێت لە ئەدبیاتی کوردی لە پەیوەند بەو پرسانە.
سەرەتا دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە سەکۆ بۆ نیشتمانسازی لە نووسیندا پلەی ئەکادیمی (وەک دکتۆر) یان پێشگری وەک بەڕێز و کاک بەکارناهێنێت، بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە ڕێبوار سیوەیلی ئەم جۆرە پلە و پێشگرانەی لە نووسینەکەی خۆیدا بەکارهێنابوو بەڵام سەکۆ لایداون. منیش لێرە پابەند دەبم بە ستایلی سەکۆ و پێشگر و پلەی ئەکادیمی بەکارناهێنم، ئەگەرنا ڕێبوار سیوەیلی چ وەک ئەکادیمی چ وەک هاوڕێ ڕێزی تایبەتی هەیە لای من. با بگەڕێینەوە سەر کڕۆکی پرسەکە، لەم بڕگانەی خوارەوە هەوڵدەدەم هەڵوەستەی زیاتر لەسەر ئەو خاڵانە بکەم کە هاوڕانیم لەگەڵ سیوەیلی، ئەوانەشی کە هاوڕام لێرە و لەوێ ئاماژەیەکی خێرایان پێ دەکەم.
بەکورتی، دەتوانم ڕەخنەکانی سیوەیلی لە دوو خاڵدا کورت بکەمەوە، یەکەمیان هەڵەتێگەیشتنێک لە پێناسە و تێگەیشتنی من بۆ هەندێک چەمک، بەتایبەتی چەمکی “تەعریب”؛ دووەمیان، تێگەیشتنی جیای ئەو بۆ هەندێک چەمک و دەستنیشانکردنی هەندێک ڕەهەند و لێکەوتە و دەرئەنجامی پڕۆسەکانی تەعریب و تەرحیل و جینۆساید کورد لە عێراق، کە بەشێکیان من یان پەیم پێ نەبردبوون یان لە شوێنی دیکە نەک لەو بابەتەی کە جەنابی خستبوویە ژێر زەڕەبین باس و شرۆڤەم کردوون. لە خوارەوە گفتوگۆی ڕەخنە و سەرنجەکانی سیوەیلی دەکەم، لەپاڵ ئەویش قووڵتر و وردتر شەنوکەوی پڕۆسە و چەمکی تەعریب دەکەم.

یەکەم، “تەعریب” لای سیوەیلی و لای من
سیوەیلی کێشەی سەرەکی لە توێژینەوەکەی مندا لەوەدا دەبینێت کە گوایە من زاراوەی “تەعریب” بۆ “گونجان” و “خۆگونجاندن”ی کورد لە عێراق دا دەبینم و بەکاردێنم. ئەو دەڵێت: “کاتێک دەگوترێت تەعریب، وا دەگەیەندرێت کە دەسەڵات هەوڵی داوە کورد وەک هێزێک بەشدارى پێ بکات لە ناو جەستەی نەتەوەی عەرەب یان شارستانیەتی ئیسلامیدا، واتە کورد ڕابهێنێت تا شانازیى بە عەرەببوونەوە بکات. لە ڕاستیدا، من هیچ کاتێک “تەعریب”م نە بەو شێوەیە بینیوە، نە وا پێناسەم کردووە، نە پێم وابووە دەوڵەتی عێراق مەبەستی لە تەعریب “گونجان” یان “خۆگونجاندنی” کورد بووبێت.
تا ئەو ڕادەی من ئاگادار بم، وەک لە کتێبێکی عارف قوربانی دەردەکەوێت، یەکەم کەس کە زاراوەی تەعریبی لە ئەدەبیاتی فەرمی دەوڵەتی عێراقی‌دا بەکار هێنابێت، قائید فرقەی کەرکووک لە سوپای عێراق‌‌دا بووە. ئەو لە نامەیەکدا کە لە ١٩٢٩ بۆ سەرۆکی ئەڕکانی سوپا نووسیویەتی، دەڵێت: ئەو عەرەبانەی ئێستا لە کەرکووک‌ـن ژمارەیان زۆر کەمە ناتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت بۆ تەعریبکردنی کەرکووک، بۆیە داوا دەکەم کە عەرەب بنێرن بۆ پارێزگاکە. ئەم دەربڕینەی قائید فرقەی کەرکووک دوو ڕاستیی گرنگ دەردەخەن، یەکەم، کە پەیوەندی بە پێناسەی تەعریبەوە هەیە و خاڵی ناکۆکی سیوەیلی و منیشە، ئەویش ئەوەیە کە مەبەست لە تەعریب هێندەی ‌هێنانی عەرەبە بۆ کوردستان هێندە بەعەرەبکردنی کوردەکانی کەرکووک و کوردستان نییە. ئەگەر مەبەست لە تەعریب “گونجاندن” یان “خۆگونجاندن” بوایە، قائید فرقە دەکرا لەبری ناردنی عەرەب داوا بکات کە هاوکاری ماددی بکرێت، یان یاسای نوێ دەربکرێت، تاوەکوو کوردەکانی کەرکووک بەعەرەب بکەن. بەڵام، لەبەر ئەوەی مەبەست زەوتکردن و داگیرکردنی خاک بووە بۆ هەتاهەتایە، بۆیە داوای ناردنی عەرەب دەکات تاوەکوو لە پڕۆسەیەکی درێژخایەن و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا، ژمارەی عەرەب لە کەرکووک زیاد بکرێت. دیارە دواتر دەرپەڕاندنی کوردیشی لەو پارێزگایە هاتە سەر، هاوشانی هێنانی عەرەب. دووەم، بە بنەما لەسەر ئەوەی کە ئەم نامەیە لە فەرمانبەرێکی دەوڵەتییەوە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە نێردراوە، هاوکات، لەبەر ئەوەی نامەکە بەبێ پێچوپەنا، بەئاشکرا ئاماژە بە زاراوەیەکی ئاوەها لە دەقێکی فەرمیدا دەکات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، نیاز و کردەی تەعریب لە ئاستی باڵا لە دەوڵەت و حکومەتدا گفتوگۆی لەسەر کراوە و پلانی بۆ داڕێژراوە.
تێگەیشتن و پێناسەی من بۆ “تەعریب”، دەتوانم بڵێم مەبەستی دەوڵەتی عێراقیش لە تەعریب، وەک لە کورتە-توێژینەوەکەی چەند ڕۆژ پێشووتر ئاماژەم پێ کردووە، ئەوەیە کە تەعریب “ستراتیجیەتێکی سیاسیی حکوومەتەکانی عێراق بوو… کە بەشێوەیەکی سیستەماتیک داڕێژرا بوو بۆ گۆڕینی دیموگرافیا و ناسنامەی ناوچە پلان بۆ دانراوەکان، ئەویش بە دەرکردنی کوردەکان ‌و نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردەکراو… لە جێگەی کورد.” ڕوونتر بڵێم:
• دەوڵەتی عێراقی لە “تەعریب” پێش ئەوەی مەبەستی تاکی کورد، وەک کەس، بێت تاوەکوو بیکات بە عەرەب، وەک ئەوەی سیوەیلی باسی لێوە دەکات، ئامانجی ئەندامانی کۆمەڵگەی/نەتەوەی کورد بووە لە شوێنی جیا جیا لە باشووری کوردستان (بۆ زانیاری زیاتر، تەماشای کتێبی “شوناسی عێراق”، ل.ل. ٣٦٢-٣٧٦ بکەن).
• لە تەعریبدا/بەعەرەبکردندا، کورد لە ناوچە کوردستانییەکان دەرپەڕێندراوە، ماڵوحاڵی دەستی بەسەردا گیراوە، خانووبەرەی سووتێنرا یان داڕمێنراوە، واتە کورد سڕێنراوەتەوە (cleansed) لەو ناوچانە. ئینجا عەرەبی هاوردە هێنراوەتە جێگەیان، پارەیان پێدراوە، خانوویان بۆ دروستکراوە، قەردیان بۆ تەرخان کراوە، پڕۆژەیان بۆ فەراهەم کراوە، هتد. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کورد وەک تاک بە ئامانج نەگیراوە بەڵکوو وەک نەتەوە، هاوکات وەک خاک و زێد و نیشتمان، واتە کوردستان بە ئامانج کراوە.
• مەبەستی پشت تەعریب “گونجاندنی” کورد نەبووە لە عێراق‌دا، بەڵکوو ئامانج داگیرکردنی خاکەکەی بووە، واتە مەبەست بەعەرەبکردنی کورد نەبووە بەڵکوو بەعەرەبستانکردنی کوردستان بووە، ڕێک وەک ئەوەی کە نیشتیمان عەبدولقادر، شاعیر، لە سەرنجێکی لەسەر بابەتەکەی سیوەیلی دەری بڕیوە.
• بۆ سیاسەتوانە عێراقیییەکان بەگشتی و بەعسییەکان بەتایبەتی، کورد “میوانە” لەسەر “خاکی عەرەب” (تەماشای دەستووری ١٩٤٧ی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی بکە، کە ئێستاش لەم لینکە وەک خۆی دەستکاری نەکراوە)، بۆیە یان دەبێت خاکەکە بەجێبێڵێت یان دەبێت بتاوێنرێتەوە و لە کوردبوون داماڵدرێت. بەڵام وەک لە پڕۆسەی تەعریب دەردەکەوێت، دەوڵەتی عێراقی بەگشتی ئەوەی یەکەمی هەڵبژاردووە، هەربۆیەشە، لەسەر خاکی خۆی دەری دەکات و عەرەب دێنێتە جێگەی. ئەمە نە “گونجاندنە” نە “خۆگونجاندن”، وەک ئەوەی سیوەیلی پێناسەی دەکات.
• بە سەرنجدانێکی خێرا لە پڕۆسەی تەعریب بۆت دەردەکەوێت کە دەوڵەتی عێراقی هەر لە دوای دامەزراندنییەوە درێژەپێدەر و هەمان ئەو پڕۆسانەی تەعریبی جێبەجێ کردووە کە بەدرێژایی مێژوو لە دژی کورد و کوردستان پەیڕەوکراوە، کە خۆی لە بەخشکەیی هاتنی عەرەب بۆ باکوور و ناچاکردنی کورد بۆ هەڵکشان بۆ شاخەکان، دەبینێتەوە. ئەمە لە نەمانی (یان ئێجگار کەم بوونی) کورد لە بەدرە و جەسان و مەندەلی و جەلەولا و حەویجە و قەراج و دەشتی نەینەوا و سیمێڵ و زومار و شنگال دەردەکەوێت. لەم ناوچانە بەگشتی کوردێک بوونی نییە کە کاتی خۆی خۆی گونجاندبێت یان دەوڵەتی عێراق ئەوی گونجاندبێت. تەعریب بە واتەی بەعەرەبکردنی کورد نایەت، بەڵکوو بە مانای سڕینەوەی کورد لە زێد و نیشتمان و زەوتکردنی خاک و وڵاتەکەی دێت. من هەر ئاوای تێگەیشتووم و پێشم وایە دەوڵەتی عێراقی هەر ئەوە مەبەستی بووە لە تەعریبدا.
• هەر کاتێک گوندێک تەعریب کراوە، خەڵکەکەی یان لەناوبراون وەک لە حالەتی ئەنفال، یان تەرحیل و تەهیجیر کراون وەک لە حالەتی گوندەکانی کەندێناوە. ئێمە لە گابەرەکە دوو جار گوندەکەمان بەر هەڵمەتی تەعریب کەوتووە، لە ١٩٦٣ و ١٩٨٧، هیچ جارێک دەوڵەتی عێراقی داوای لە خەڵکی گابەرەکە نەکردووە وەرن ببن بە عەرەب و لێتان خۆش دەبین، بەڵکوو هەر دوو جارەکە ئێمە دەرپەڕێنراوین، گوندەکەمان خاپوور کراوە، ئینجا عەرەبیان هێناوەتە سەر خاکی ئێمە. ئەمە “گونجاندن” و “خۆگۆنجاندن” نییە بەڵکوو ئەمە زەوتکردن و داگیرکردنی خاک و وڵاتە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تەعریب پێش لەناوبردنی کورد مەبەست لێی سڕینەوەی کوردستان بووە، وەک خاک و نیشتمانی کوردستانیان. کەسەکان چیان بەسەر دێت بۆ عێراق کێشە نەبووە، چونکە بۆ ئەوان خاک گرنگ بووە، ڕێک وەک ئەوەی ئیبراهیم مەلازادە، ئەکادیمی، لە کۆمێنێکدا بۆ ڕێبوار سیوەیلی لەسەر بابەتەکەیدا نووسیویەتی.
• لە درێژەی ڕەخنەکانی، ڕێبوار سیوەیلی دەڵێت: ئێمەمانان بۆیە زاراوەی تەعریب بەکاردێنین چونکە «دەوڵەت خۆی لە بەڵگەنامە فەرمییەکانیدا (وەک بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش) زاراوەی تەعریبی بەکارهێناوە، بۆیە بەکارهێنانی لە ئەکادیمیادا بەڵگەیەکی کۆنکرێتیی مێژوویی و کارگێڕییە.» من دەڵێم نەخێر لەبەر ئەوە نییە بەڵکوو لەبەر هۆکاری دووەمە کە بەڕێزی هەر لەوێدا ئاماژەی پێ دەکات و دەڵێت «تەعریب ئامانجە سیاسییەکە بوو و ئەنفال و تەرحیل ئامرازی توندوتیژ بوون بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.». بەڵێ، ئەنفال و تەرحیل و تەهجیر و جینۆساید هەموویان ئامراز و میتۆدی گەیشتن بە تەعریب بوون کە دوا ئامانج بەعەرەبستانکردنی کوردستان بوو، چونکە مەبەست لە تەعریب “گونجاندن” و “خۆگونجاندن” نەبوو بەڵکوو ڕیشەکێشکردنی بوونی کورد بوو لەسەر خاک و نیشتمانەکەی و جێگریکردنی عەرەب لە شوێنیان.

دووەم، ئەنفال و تەعریب، تەواوکەری یەکدین نەک ڕەتکەرەوەی یەکدی
خاڵێکی دیکەی ناکۆکی لەنێوان ڕێبوار سیوەیلی و من لە بابەتەکە لەسەر پەیوەندی نێوان پڕۆسەی ئەنفال و پڕۆسەی تەعریبە. پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بڵێم کە بەبێ خوێندنەوەی ئەو توێژینەوە هاوبەشەی کە ئارام ڕەفعەت و من ئەنجامان داوە و لە گۆڤاری (National Identities) بە ئینگلیزی بڵاوبۆتەوە لەگەڵ ئەو بڕگەیەی کە لەژێر ناونیشانی “ئەنفال: سڕینەوەی کورد لە پارێزگای کەرکووک” لە کتێبی “شوناسی عێراق”دا هاتووە و لە نووسینی خۆمە، هەندێک زەحمەتە لە دروستکردنی ئەو پەیوەندییە بگەین. سەرەڕای ئەوە لێرە هەوڵدەدەم بەکورتی بە خستنەڕووی چەند ڕاستییەک ئەو پەیوەندییە نیشان بدەم.
بەڵام پێش ئەوە، دەمەوێت بڵێم لێرەش سیوەیلی بە هەڵە لە من تێگەیشتووە. ئەو دەڵێت: “کەسێک یان سیستەمێک، کە بیەوێت نەتەوەیەک «بەعەرەب بکات» یان شوناسەکەى بگۆڕێت، پاکتاوی جەستەیی و بایۆلۆجی ناکات. بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و زیندەبەچاڵکردنی هەزاران منداڵ و ژن لە بیابانەکانی نۆگرە سەلمان، ئامرازی پرۆسەی «تەعریب» نین، بەڵکوو ئامرازی کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدن.” هەڵە تێگەیشتنەکە لەوەدایە کە میکانیزمەکانی لەناوبردنی کورد لە عێراق لەیەکدی جودا بکرێنەوە، کە پێ دەچێت سیوەیلی ئەوە بکات. من پێم وایە، هەموو میکانیزمەکانی لەناوبردنی کورد لە عێراق، چ تەرحیل (ڕاگواستن) بێت، چ تەهجیر (چۆڵکردن) بێت، چ تەعریب بێت، چ کۆمەڵکوژی (جینۆساید) بێت، چ بەبەعسیکردن بێت، چ کوشتنی تاکە کەس بێت، تەواوکەری یەکدین و مەبەست و ئامانج لێیان کۆکردنەوە و بەرزەفتکردن و کۆنتڕۆڵکردن و لەناوبردن و سڕینەوەی نەک هەر کورد بووە بەڵکوو لە هەمان کاتیشدا داگیرکردنی خاکی کوردستان بووە. دەوڵەتی عێراق هەرچی کردبێت و چ میکانیزمێکی بەکارهێنابێت، دوا ئامانج و دوا مەبەست زەوتکردن و بێخەڵکردن و بێخاوەنکردنی خاکی کوردستان بووە، ئەویش بۆ درێژەدان بە داگیرکاریی و مسۆگەرکردن و بردنی سەروەت و سامانی سەر عەرد و بن عەردی کوردستان.
هەر چۆنێک بێت، چەند خاڵێک گرنگە کە هەڵوەستەی لەسەر بکەین لەمەڕ پەیوەندی نێوان ئەنفال و تەعریب، بەڵام تەعریب وەک ئەوەی من لێی تێگەیشتووم و لەسەرەوە ڕوونم کردەوە نەک وەک ئەوەی سیوەیلی لە بابەتەکەیدا خستوویەتیە ڕوو.
• من لە لە کورتە-توێژینەوەکە و لە کتێبی “شوناسی عێراق” و توێژینەوە و سیمینارەکانم بە وردی لەسەر پەیوەندی نێوان ئەنفال و تەعریب قسەم کردووە. هۆکاری پشت هەستکردنم بەو پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە پارێزگای کەرکووک ئەنفالکراون بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، کە من لە توێژینەوەکانم بە “حەوز” ناوم بردوون. بەپێی توێژینەوەکانی من ٨٨٪ی هەموو ئەوانەی لە کوردستان ئەنفالکراون لە حەوزی کەرکووک بوون. لە توێژینەوەکان بە ژمارە و داتا و خشتە و نەخشە ئەوەم سەلماندووە، کە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەریان. بەڵام لێرە ئاماژە بە دوو موفارەقە دەکەم. یەکەم، لە کاتی ئەنفالەکاندا ئەو کەسانەی کە لە ناوچەکانی ئەنفالی دوو (حەوزی سلێمانی) بەرە و عەربەت‌ و سلێمانی ڕۆیشتوون، بەگشتی بە سەلامەتی ڕزگاریان بووە. کەچی ئەو خەڵکانەی هەر لە قۆناغی دووەمی ئەنفالکان بەرەو خوار بۆ ناوچەی گەرمیان، واتە حەوزی کەرکووک هەڵاتان، هەموویان وەک ئەوانەی قۆناغەکانی سێ و چوار لە ئەنفالەکان گیراون و شونبزر کراون. دووەم، لە قۆناغی چواری ئەنفالەکان کە ناوچەی خاڵخاڵانی لە حەوزی کەرکووک و دەشتی کۆیەی لە حەوزی هەولێر کردبووە ئامانج، ئەوە خەڵکە مەدەنییەکەی خاڵخاڵان زۆربەیان گیران و بێسەروشوێن کران، بەڵام هەمان مامەڵە لەگەڵ ئەوانەی دەشتی کۆیە، حەوزی هەولێر، نەکراوە. بەپێی داتا پشتڕاستکراوەکان لەو ٧٢٠١ کەسەی کە لە ئەنفالی سێ لەناوبردراون تەنیا ٨٥٤ کەسی لە دەشتی کۆیەی حەوزی هەولێر بووە، کەچی ٦١٦٧ لە ناوچەی خاڵخاڵانی پارێزگای کەرکووک بوون. ئەمانە و ئەو بەڵگە و داتایانەی دیکە کە لێرە ئاماژەم پێ نەکردوون، هەموو دەیسەلمێنن کە مامەڵەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ خەڵکی حەوزی/پارێزگای کەرکووک جیا بووە لەگەڵ خەڵکی پارێزگاکانی دیکە چونکە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەنفال لە پارێزگای کەرکووک سڕینەوەی بوونی کورد بووە لەو پارێزگا دەوڵەمەند بە نەوتە تاوەکوو کارئاسانی بۆ پڕۆسەی تەعریبی پارێزگاکە بکات. بەمەش زەمانەتی پچڕاندنی ئەو بەشەی خاکی کوردستان بکات، کە عێراقییەکان، بەعسی و نابەعسییەکان، پێیان وابووە کە تەنیا بە سڕینەوەی کورد لە کوردستان ناتوانن زەمانەتی زەوتکردنی یەکجارەکی خاکی کوردستان بکەن بەڵکوو بە هاوردەکردنی عەرەب و نیشتەجێکردنیان لە زێدی ئەوان لەسەر خاکی کوردستان ئەم هەوڵە بە ئامانج دەگات. هەر بۆیەشە من پێم وایە ئەنفال ئامراز بووە بۆ تەعریب، واتە تەعریب ئامانجە سەرەکییەکەیە و ئەنفال چەک و میتۆدی جێبەجێکردن بووە. بەڵام، وەک پێشتر پێداگری لەسەر کرا، تەعریب بەواتای بەعەرەبستانکردنی کوردستان نەک بەعەرەبکردنی تاک و ئینسانی کورد.
• ئەو سنوورەی کە لە ١٩٩١ دەوڵەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی کێشا، دوای ئەوەی دامودەزگا و دامەزراوە ئەمنی و ئیدارییەکانی لە بەشێک لە کوردستان کێشایەوە، هەمان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنن کە هێندەی دەوڵەتی عێراق چاوی لە کەرکووک و ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەکان بووە هێندە نە کورد، نە بوونی کورد، نە ئەو بەشانەی دیکەی باشووری کوردستان گرنگی بۆی هەبووە. ئەم ئەنجامگیرییەش لە کتێبی “شوناسی عێراق” بەدرێژیی و بەوردی هەڵوێستەی لەسەر کراوە و شرۆڤە کراوە. سەرەتا دەبێت بزانین کە ئەو سنوورە سنووری ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمییە نییە کە دەوڵەتی عێراق لە ١٩٧٤ تاکلایەنە دانی پێدانا، بەڵکوو سنوورێکی نوێیە بۆ ئەو بەشەی کوردستان. ئەمەش قسەی زۆر هەڵدەگرێت بەڵام لە کتێبەکدا گوتوومە: ڕژێمی عێراقی نیاز و پلانێکی ستراتیجی هەبوو لەپشت کشانەوەی لەو ناوچە کوردستانییانەی ئێستا بە هەرێم ناسراوە. حکومەتی عێراقی بە کێشانەوەی هێز و دامودەزگاکانی سنوورێکی نوێی بۆ ناوچە کوردستانییەکان کێشا، “ئەویش بە بڕینی ئەو ناوچانەی کە لەو دواییانە نەوتیان تێدا دۆزرابۆوە وەک مەخموور و دیبەگە لەگەڵ چاڵەنەوتەکانی خورماڵە، کە درێژکراوەی چاڵەنەوتەکانی ‘ئاڤانە’یە، وەک بابەگوڕگوڕ لە گەورە-چاڵەنەوتەکانی ناوچەکەن. خورماڵە و دیبەگە و مەخموور پێشتر بەشێک بوون لەو ناوچە ئۆتۆنۆمییەی کە حکومەتی عێراقی تاکلایەنانە لە ١٩٧٤دا ڕایگەیاندبوو، کەچی لە تخوبکێشانەکەی ١٩٩١دا لە ناوچە ئۆتۆنۆمەکە دابڕێنران. چەند ناوچەیەکی دیکەش کە پێشتر بەشێک نەبوون لە ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەی ١٩٧٤، وەک ئاکرێ ‌و کفری‌ و کەلار، لەگەڵ سنوورکێشانەوەکەی ئەمجارە خرانە سەر ئەو ناوچانەی کە ئێستا وەک هەرێمی کوردستان ناسراوە” (تەماشای نەخشەی ژمارە ٧-١ بکە لە کتێبی شوناسی عێراق). ئەو ناوچانەی کە عێراق دایبڕین کڕۆکی ئەو ناوچانە پێک دەهێنن کە لە پڕۆسەکانی تەعریب تەرکیزیان خرابووە سەر، کەندێناوە و قەراج و تەواوی پارێزگای کەرکووک. لێرە دەمەوێت بڵێم کە دابڕینی ئەو ناوچانە و سڕینەوەی کورد لەو دەڤەرانە بەشێواز و میکانیزمی جیاجیا ئەنجام دەدران، بە ئەنفال و جینۆسایدیشەوە. واتە، ئامانج دزین و زەوتکردنی خاک بووە، بەڵام میکانیزم، تەرحیل و تەهجیر و ئەنفال و جینۆساید بووە. کێشەی سەرەکی لە ئارگیومێنتەکانی سیوەیلی ئەوەیە کە پاڵنەری ئابووری سیاسی (جیۆئیکۆنۆمیک) لە پشت پڕۆسەکان نابینێت، ئەوەش لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ پسپۆڕی ئەو کە فەلسەفە و سۆسیۆلۆجییە. هەر بۆیەش ئەو چەمکانەی کە ئەو خستویەتی ڕوو و من کەڵکم لێ وەرگرتن و دنیابینی منیان لەو بوارەدا فراوانتر کرد ئەوانەن کە پەیوەندیان بە ڕەهەندە مرۆیی و سۆسیۆلۆجییەکانەوە هەیە. بەگشتی پاڵنەری ئابووری لە پشت زۆربەی جینۆسایدەکان لە جیهاندا خۆی حەشار داوە. نازییە ئەڵمانەکان جووەکانیان بەس لەبەر ئەوە جینۆساید نەکرد کە دینیان یان گرووپی ئیتنیان لە ئەڵمانەکان جیاواز بوو، بەڵکوو هۆکارێکی سەرەکی لە پشت هۆلۆکۆست دەوڵەمەندی و توانای دارایی و بازرگانی جووەکان بوو. ئەمە بۆ کوردە-فەیلییەکانیش ڕاستە چونکە کوردبوون و شیعەبوونی کوردە-فەیلییەکان تاکە هۆکاری جینۆسایدییان نەبوو، بەڵکوو هۆکاری هەرە سەرەکی ئەوە بوو کە کوردە-فەیلییەکان دەوڵەمەندبوون و کۆنتڕۆڵی بانکەکان و بازاڕی شۆرجە و بازرگانی هەناردە و هاوردەی عێراق‌ـیان کردبوو. من توێژینەوەیەکم لەسەر ئەو پرسە لە ماڵپەڕی سەکۆ بڵاو کردۆتەوە بەناونیشانی “بۆ کوردە-فەیلییەکان لە عێراق دەرپەڕێنران؟”، کە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆی. هەر چۆنێک بێت، دەتوانم بڵێم سەرەڕای هاوڕانەبوونم لە هەندێک پرس و ڕەهەند، ئەوا تێگەیشتنەکانی سیوەیلی و من دەکرێت وەک تەواوکەری یەکدی تەماشا بکرێن، کە خزمەت بە ئەدەبیاتی کوردی دەکەن لەم کایە ئەکادیمییەدا.
• ڕێبوار سیوەیلی گفتوگۆی قسەکانی عەلی حەسەن مەجیدی کردووە و ڕەخنەی لەو ئەنجامگیرییە گرتووە کە من پێی گەیشتووم لە پەیوەندی لە نێوان قسەکان و پڕۆسەی تەعریب. من لەوێدا قسەی خۆم کردووە بۆیە ناگەڕێمەوە سەری، خوێنەر دەتوانێت بابەتەکەی من بخوێنێتەوە، بەڵام هەوڵدەدەم کە ئاماژە بە بەڵگەیەکی دیکە بکەم لەو پەیوەندەدا. وەفیق سامەڕائی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیستیخباراتی عەسکەریی عێراق، دوای ئەوەی لە بەغدا ڕایکرد و ڕووی لە هەرێم کرد، لە ناوەڕاستی نەوەتەکان کۆڕێک لە سلێمانی ساز دەکات. لەوێدا، سامەڕائی گوتویەتی، من جارێک لە سەدام حوسێن، سەرۆکی عێراق (١٩٧٩-٢٠٠٣)‌ـم پرسیوە، هەڵمەتەکانی ئەنفال کاتێکی زۆری ویست، نزیکەی هەشت مانگ، بەشێکی زۆر لە سوپای عێراق تەرخان کرابوون بۆ ئەو هەڵمەتانە، لانی کەم دوو فەیلەق، کەچی ژمارەی ئەو کەسانەی لەو هەڵمەتانە دەستگیرکران (بە دەربڕینی ئەو) زۆر نەبوون؛ باشە سەیدی (مەبەستی سەدام بووە)، مەگەر نەدەکرا لەبری ئەمە ئێمە لە شارێکمان دابا، خۆ ژمارەی کوژراوە کوردەکان زۆر لەوە زیاتر دەبوو. گوایە (وەک عارف قوربانی کە ئامادەی کۆڕەکە بووە و چەند جارێک ئەم چیرۆکەی بۆ گێڕاومەتەوە) وەڵامی سەدام ئەوە بووە: بەڵێ، من دەمتوانی بە نیو سەعات، بە چەکی کیمیایی لە هەولێر یان لە سلێمانی بدەم بە سەدان هەزار کورد بکوژم، بەڵام ئامانجی من کوشتنی خەڵک نەبوو، بەڵکوو مەبەستم بووە ئەو ناوچانەی کە بەر هەڵمەتەکان کەوتوون (کە وەک لێرە سەلماندمان ٨٨٪ لە پارێزگای کەرکووک بوون) عەرەبی لێ نیشتەجێ بکەم. ئەم چیرۆکە پشتڕاستی ئەو ئارگیومێنتەی من دەکاتەوە کە دەڵێت: “پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەنفال و تەعریبدا هەیە”. هاوکات، ئەوە دەسەلمێنێت کە لە توێژینەوەکانم دووبارەم کردۆتەوە، کە “ڕاستە مەبەست لە ئەنفال قڕکردنی بەشێک لە خەڵکی کوردستان بوو، بەڵام ئامانجێکی سەرەکی و ستراتیجی لە پشت پڕۆسەی ئەنفال سڕینەوەی کورد بوو لە پارێزگای کەرکووک،” واتە تەعریبی کوردستان، نەک بەعەرەبکردنی تاکی کورد.
• سیوەیلی لە ڕەخنەکانی لە چەمکە بەکارهاتووەکانی من، چەند چەمکێک پەرە پێ دەدات، کە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات لە ٢٠٠٣وە لە کتێبی “قەفەسی ئاسنین” گفتوگۆی کردوون، کە بەڕاستی پڕبایەخن. ئەو دەڵێت: ئەو لێدوانانەی عەلی حەسەن مەجید، کە من ئاماژەم پێ کردوون بۆ سەلماندنی پەیوەندی نێوان تەعریب و ئەنفال، “دانپێدانانە بە پڕۆسەى «بەدوژمنکردن» نەک بەعەرەبکردن، لە شوێنێکی دیکە چەمکی “بەئەویدیکردن”یش پەرە پێ دەدات”. لێرە هاوڕام کە بەردەوام، حکوومەت و ڕژێمە عێراقییەکان، کوردیان وەک دوژمن و ئەویدیکە وێنا کردووە، ئەمە بەشێکە لە پڕۆسەی بەئاساییشکردنی پرسی کورد کە من لە کتێبی “سەد ساڵ دوای سیڤەر” لە بەشی دووەمدا شرۆڤەم کردووە. بەڵام من پێم وایە بەئەویدیکەکردن (othering) و بەدوژمنکردنی کورد بۆ پاساودان و زەمینەخۆشکردنی جینۆسایدی کورد بووە، کە پێم وایە لێرە سیوەیلی هاوڕامە. بەڵام وەک پێشتر جەختم لەسەر کردەوە من جینۆساید بە کۆتائامانجی دەوڵەت و حکومەتەکانی عێراق نازانم، بەڵکوو وەک گوتم، جینۆساید (بە هەموو فۆرمەکانی) میکانیزم و میتۆد بوون بۆ تەعەریبکردنی کوردستان. دەشکرێت بڵێین، کە تەعریب و بەدوژمنکردن و بەئەویدیکەکردن و جینۆساید هەموویان چەندین پڕۆسەن کە تەواوکەری یەکدین نەک ڕەتکەرەوەی یەکدی. بەڵام لەوەدا هاوڕای سیوەیلی‌ـم کە دبێژت: کاتێک عەلی حەسەن مەجید دەڵێت وایان لێ دەکەم هەموویان عەگالی عەرەبی لەسەر بکەن یان شەڕواڵ لەپێ دەکەم، “ئەمە گوزارشت لە پرۆسەیەکی فەرهەنگیی بەعەرەبکردن ناکات، بەڵکوو گوزارشت لە سووکایەتیپێکردن و زۆرداری و داماڵینی کەرامەت دەکات.” بەڵێ، لە ڕاستیدا گرنگی بابەتە ڕەخنەییەکەی سیوەیلی لە هێنانە پێشی چەمکگەلی وەک ئەوانەی لێرە گفتۆگۆ کران لەگەڵ چەمکگەلی وەک “سووکایەتیپێکردن” و “زۆرداری” و “داماڵینی کەرامەت”ـن. ئەم چەمکانە گوزارشت لە داگیرکەربوونی عێراق دەکەن، بەڵام هاوکات گوزارشت لە هەوڵی بەعەرەبکردنی، تەعریبی، کوردیش دەکات، وەک ئەوەی کە سیوەیلی پێناسە بۆ بەعەرەبکردن دەکات.

سێیەم، تەرحیل و تەعریب: هاوڕایی و ڕەخنە لە یەکدی
لە درێژەی بابەتە ڕەخنەئامێزەکەی، ڕێبوار سیوەیلی دیدێکی دیکەی من ڕەخنە دەکات. ئەو دبێژت “ئەگەر ستراتیجیەتی دەوڵەت «تەعریب» بووایە، دەبوو ئەم گوندە سنوورییانەش [ئەوانەی بە قووڵایی ٢٠ کم لەسەر سنوورەکانی تورکیا و ئێران ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێکان] پڕ بکرێنەوە لە عەرەب. بەڵام کاتێک ناوچەکە دەکرێتە «زۆنی قەدەغەکراو»، ئەمە دەیسەلمێنێت کە ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت لەسەر بنەمای بەئەویدیکەکردن کار دەکات، واتە پاککردنەوەی خاکەکە لە بوونی کورد وەک ئامانجێکی سەرەکی.
بەڵێ، تەرحیل و تەعریب لێک جیاوازن، بەڵام من هەردووکیان وەک دوو پڕۆسەی هاوتەریب و تەواوکەری یەکدی دەبینم بۆ لەناوبردنی کورد، واتە ئەگەر تەرحیل بووبیتە مایەی تەعریب یان نا، ئەوە هەر مەبەست لێی سڕینەوەی کورد بووە، کە دواجار مەبەست لێی بە عێراقییکردن و بەعەرەبکردنی کوردستانە، جا لێرە کوردەکان وەک جەستە دەمێینن یان نا گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە کە تێی بگەین تەرحیل و تەعریب و جینۆسایدی کورد پڕۆسەگەلی هاوشانی یەکدی بوون. پڕۆسەشن نەک کردەیەکی یەکجارەکی، پڕۆسەیەک کە سەدان ساڵە دەستی پێ کردووە. دەوڵەتی عێراقی بە بوونی بەعس و بەبێ بوونی بەعس، واتە پێش بەعس و دوای بەعس لەسەری بەردەوام بوون و لەسەری بەردەوامن. پێشم وایە شەڕی کوێت نەبا، ڕاپەڕین و کۆڕەو نەبا، دەوڵەتی عێراقی بەخەستی لەسەر پڕۆسەکانی تەعریب و جینۆسایدی کورد بەردەوام دەبوو تاوەکوو، نەک کوردی بەعەرەب دەکرد، بەڵکوو تاوەکوو کوردستانی خاڵی دەکرد لە کورد و خاکەکەی وەک بەشێک لە نیشتمانی عەرەب/عێراق لەقەڵەم دەدا.
هاوکات من لەم کورتە-توێژینەوە نا، کە بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ توێژینەوەکانی تێزی دکتۆراکەم و کارەکانم لە کتێبی “شوناسی عێراق”، بەڵکوو لە کارە سەرەکییەکانی دیکەم، باسی ئەوەم کردووە کە بۆچی عێراق ناوچە سنوورییە شاخاوییەکانی لە نزیک سنووری ئێران و تورکیا سەرەڕای ڕاگواستن، تەعریب نەکرد. لەوێدا گوتوومە: “یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی تەعریبنەکردنی گوندە سنوورەییەکان ئەوەبوو کە پارێزگاریکردن لە عەرەبە هاوردەکان زۆر زەحمەت دەبوو بۆ حکومەت چونکە ئەو ناوچانە بەدەگمەن لەلایەن حکومەتەکانی عێراق کۆنتڕۆڵکراون، ئەوە ئەگەر نەڵێین هیچ کاتێک دەستیان پێڕانەگەیشتووە، چونکە پێشمەرگە کەم تا زۆر بەردەوام لەو ناوچانە بوونیان هەبووە” (تەماشای کتێبی شوناسی عێراق بکە).
بەڵێ، لەوەش لەگەڵ سیوەیلی هاوڕام کە دەڵێت: “قەدەغەکردنی کارکردنی کورد لە گوندەکان و کەرکووک، هەوڵدان نەبوو بۆ ئەوەی کوردەکە ببێتە عەرەب، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ برسییکردن، خنکاندنی ئابووری و دەرپەڕاندنی فیزیکیی کورد لە سەر ماڵ و زەویی خۆی. بەعس باش دەیزانی کە بە بەستنی عەگالێک کوردێک نابێتە عەرەب، بەڵکوو ئەمە «نمایشێکی سەربازییانەی دەسەڵات» بوو بۆ سڕینەوەی ئیرادەی ڕەگەزێک.” وایە، بەڵام ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین کە دەرپەڕاندنەکە بۆ جێگرتنەوەی ناوچەکان بە عەرەبی هاوردە بووە، ئەمەش جەوهەری تەعریبە.
هاوکات، ئەوەش ڕاستە کە “ڕاگواستنى لادێنشینەکان بۆ ئۆردوگای زۆرەملێ لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەربازیدا، پڕۆسەیەک بوو بۆ: یەکەم، داڕماندنى بونیادی ئابووریی خۆبژێوی کورد تاوەکوو کورد نەکرێتە «عەرەب»، بەڵکوو ببرێتە ئاستی بوونەوەرێکی بەکاربەری بێ ئیرادە و سەرشۆڕ کە بەتەواوی پشتی بە کۆپۆنی خۆراکی دەوڵەت ببەستێت. دووەم، کۆنتڕۆڵی ئەمنی و پۆلیسی؛ کۆکردنەوەی سەدان هەزار مرۆڤ لە شێوەی زیندانی کراوەدا (ghettoization) بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەر جووڵەیەکی ڕزگاریخوازی بگیرێت.” هاوڕای سیوەیلی‌ـم، بەڵام ئەمە فرەڕەهەندی و فرەدەرکەوتە و فرەلێکەوتەی تەرحیل و تەهیجیر نیشان دەدات. هاوکات، منیش لە کتێبی شوناسی عێراق گوتوومە: “ڕاگواستن‌ و چۆڵکردنی دێهاتەکان دیمەنەکانی داگیرکاریی ناوخۆیی (internal colonization) لەخۆنیشان دەدا.” هەر لەو کتێبەشدا نووسیوەمە کە “مەبەستی سەرەکی ڕژێم لە ڕاگواستن ‌و چۆڵکردنی گوندە سنوورییەکان، یەکەم، کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری خەڵکی کوردی ناوچە دوورەدەستەکان بوو لە ئۆردوگا زۆرەملێکان لە نزیک شارە گەورەکان تاوەکوو [حکوومەت] بتوانێت لەنزیکەوە چاودێری‌ و کۆنتڕۆڵیان بکات. دووەم، حکومەت دەیویست ناوچە کوردییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ داببڕێت بۆئەوەی ئەگەرەکانی پەیوەندی‌ و وەرگرتنی یارمەتی لە وڵاتە جیرانەکان ‌و کوردانی نیشتەجێ لەو وڵاتانە کەم بکاتەوە.”

ئەنجام
لە کۆتاییدا، پێویستە جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە بابەتەکەی ڕێبوار سیوەیلی یەکێکە لەو وەڵامە ڕەخنەییانەی کە بە وردبینی و زانستیبوون و ئاشنابوون بە چەمک و تیۆری، گفتوگۆکان لە پەیوەند بە چەمکگەلی وەک تەعریب و تەرحیل (ڕاگواستن) و تەهجیر (چۆڵکردن) و جینۆساید لە ئاستی دەربڕینێکی ڕۆژنامەوانی بۆ ئاستی گفتوگۆیەکی ئەکادیمی و زانستی بەرز دەکاتەوە. بە تایبەت، پەرەپێدانی چەمکگەلێک وەک «بەئەویدیکردن»، «بەدوژمنکردن»، «سووکایەتیپێکردن» و «داماڵینی کەرامەت»، کە هەنگاوی گرنگن بۆ تێگەیشتنی فراوانتر لە شێوازی مامەڵەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کورد. هەرچەندە لە هەندێک خاڵدا جیاوازیی تێگەیشتنمان هەیە، بەڵام زۆربەی ئەو ڕەخنانە هەم جێگەی سوپاسن و هەم دەبنە هۆی قووڵبوونەوەی گفتوگۆ و تێگەیشتنەکان.
ئەوەی من لەم وەڵامەدا هەوڵم دا ڕوونی بکەمەوە ئەوەیە کە «تەعریب» لە تێگەیشتنی مندا پێش هەر شتێک ستراتیجییەکی سیاسی دەوڵەتی عێراق بوو بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و زەوتکردنی خاکی کوردستان، نەک پڕۆژەیەک بۆ بەعەرەبکردنی تاکی کورد. بۆیە تەرحیل و تەهجیر و ئەنفال و جینۆساید و تەعریب لە تێڕوانینی مندا نە پڕۆسەی دژبەیەکن، بەڵکوو ئامراز و میکانیزمی جیاوازن بۆ گەیشتن بە هەمان ئامانجی ستراتیجی؛ واتە سڕینەوەی بوونی کورد لە خاکی کوردستان بۆ درێژەدان بە داگیرکاریی.
لەو ڕوانگەیەوە، جیاوازیی سەرەکی نێوان من و سیوەیلی زیاتر لەسەر پێناسە و چوارچێوەی تیوریی چەمکی «تەعریب»ە، نەک لەسەر خودی تاوانەکان یان سروشتی سیاسەتەکانی دەوڵەتی عێراق. هیوام وایە ئەم گفتوگۆیە ببێتە دەستپێکی گفتوگۆیەکی زانستیی فراوانتر کە تێیدا هەموومان بە هاوکاری یەکدی چەمک و تێگەیشتنەکانمان قووڵتر بکەین و مێژووی ئەو تاوانانە بە وردی و زانستی بخەینە بەردەم خوێنەر.




بۆچی ڕۆڵی فەلسەفە لە دروستکردنی داهاتوودا پاشەکشەی کردووە؟.. 
ن: زکریا نمر.. 
و. لە عەرەبیەوە(یاسین لەتیف)


پاشەکشەی ڕۆڵی فەلسەفە لە سەردەمی نوێدا تەنها گۆڕانکارییەک نەبوو لە پڕۆگرامەکانی خوێندن یان گۆڕانی بایەخی کۆمەڵگاکان، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵترە کە پەیوەندی بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و مەعریفە و ماناوە هەیە. جیهان کەمتر پێویستی بە فەلسەفە نەبووە، بەڵکو زیاتر لە جاران پێویستی پێیەتی، بەڵام لە هەمان کاتدا زیاتر لێی دوور کەوتووەتەوە؛ چونکە فەلسەفە سروشتەکەی وایە کە گومان لە چەسپاوەکان دەکات، ناڕێکییەکان ئاشکرا دەکات و ئەو پرسیارانە دەورووژێنێت کە کۆمەڵگاکان هەندێک جارهەوڵدەدەن هڵبێن لێیان .لە قۆناغە مێژووییە درێژخایەنەکاندا، فەلسەفە تەنها تێڕامانێکی تیۆریی دوور لە واقیع نەبوو، بەڵکو هێزێکی بنەڕەتی بوو لە داڕشتنی هۆشیاریی مرۆیی. لە ڕێگەی فەلسەفەوە، مرۆڤ گفتوگۆی لەسەر مانای دادپەروەری، سنوورەکانی دەسەڵات، سروشتی ئازادی و چەمکی ڕاستی دەکرد. فەلسەفە ئەو بزوێنەرە بوو کە کۆمەڵگاکانی پاڵ دەنا بۆپێداچوونەوە بە بیرۆکە و سیستمەکانیاندا، چونکە تەنها بە وەسفکردنی جیهان نەوەستا، بەڵکو هەوڵیدا لەو یاسا فیکری وئەخلاقییانە تێبگات کە حوکمی جیهان دەکەن.بەڵام سەردەمی نوێ گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سروشتی مەعریفەدا بەخۆیەوە بینی. کۆمەڵگاکان بوون بەوەی نرخی بیرۆکەکان بەپێی توانایان بۆ بەرهەمهێنانی خێرا و بەدیهێنانی سوودی ئابووری ڕاستەوخۆ بپێون. پرسیارە بنەڕەتییەکە چیتر ئەوە نییە:”ئەم بیرۆکەیە تا چەند قووڵە و کاریگەری لەسەر مرۆڤ هەیە؟” بەڵکو بووە بە: “سوودی کردەیی چییە و تا چەند دەتوانێت قازانج بەدەستبهێنێت؟” لێرەوە فەلسەفە پێگەی خۆی لەدەستدا لە بەرامبەر زانستە تەکنیکییەکان کە زیاتر بە پێداویستییەکانی بازاڕەوە بەستراونەتەوە. بەڵام کورتکردنەوەی پێشکەوتن لە تەکنەلۆژیا و بەرهەمهێناندا،تێگەیشتنێکی ناتەواو بۆ مانای شارستانییەت نیشان دەدات. پێشکەوتن تەنها بە توانای مرۆڤ بۆ داهێنانی ئامێری نوێ ناپێورێت، بەڵکو بە توانای دیاریکردنی چۆنیەتی بەکارهێنانیان و ئامانج لێیان دەپێورێت. تەکنەلۆژیا هێزێکی مەزن بە مرۆڤ دەبەخشێت، بەڵام بە تەنها ئەو حیکمەتەی پێ نابەخشێت کە بۆ ئاڕاستەکردنی ئەو هێزە پێویستە.لێرەدا ڕۆڵی ڕاستەقینەی فەلسەفە دەردەکەوێت؛ ئەو ئامێر دروست ناکات، بەڵام پرسیار
لەبارەی کاریگەرییەکانیان لەسەر مرۆڤ و داهاتووی کۆمەڵگا دەکات.جیهانی مۆدێرن بووەتە دیلی لۆژیکی خێرایی و کارایی، کە تێیدا مرۆڤ بەپێی ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت هەڵدەسەنگێنرێت، نەک بەپێی ئەوەی بیری لێ دەکاتەوە. مرۆڤ بەرە بەرە بووە بە بەشێک لە سیستمێکی ئابووری زەبەلاح، و پرسیارەکانی پەیوەست بە مانا و
ئامانج لەبەردەم زمانی ژمارە و بەرژەوەندییەکاندا بایەخیان کەم بووەوە. مرۆڤ لەکۆنترۆڵکردنی سروشت و پەرەپێدانی هۆکارە سەرسوڕهێنەرەکانی پەیوەندی و بەرهەمهێنانداسەرکەوتوو بوو، بەڵام لە هەمان ئاستدا لە تێگەیشتنی خۆی و بەڕێوەبردنی ناڕێکییەکانی خۆیدا سەرکەوتوو نەبوو. مرۆڤایەتی هێشتا ڕووبەڕووی جەنگ، دەمارگیری،جەمسەرگیری ودابەشبوون دەبێتەوە، سەرەڕای هەبوونی زانستێکی پێشکەوتوو. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کەقەیرانی مرۆڤ هەمیشە قەیرانی مەعریفە نییە، بەڵکو قەیرانی حیکمەت و توانای بەکارهێنانی مەعریفەیە بە شێوەیەکی بەرپرسانە.کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆ لە قەیرانێکی پەیوەست بە پاشەکشەی بەهای “پرسیار”دا دەژین. سەردەمی دیجیتاڵی بڕێکی زەبەلاح لە زانیاری بە مرۆڤ بەخشیوە، بەڵام مەرج نییە توانای شیکردنەوە یان ڕەخنەگرتنی پێ بەخشیبێت. کولتووری باو مەیلی بۆ وەڵامە
خێراکان و هەڵوێستە ئامادەکراوەکان هەیە، لە کاتێکدا فەلسەفە پێویستی بە کات، و تێڕامان و ئارامگرتن هەیە. ئەو کۆمەڵگایەی توانای پرسیارکردنی لەدەست دەدات،
ئاسانتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری و ئاراستەکردن؛ چونکە نەبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وا لە تاک دەکات ببێتە بەکاربەری ئەو بیرۆکانەی کە دامەزراوە سیاسی، میدیایی وکولتوورییەکان بەرهەمی دەهێنن، بێ ئەوەی توانای پشکنین یان ڕەخنەگرتنیان هەبێت.هەرچەندە بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بەشداربوون لە پاشەکشەی ئامادەیی فەلسەفە، بەڵام فەلسەفە خۆشی بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆ. زۆر کات بووەتە دیلی زمانی ئەکادیمی ئاڵۆز و لە کێشە ڕۆژانەکانی مرۆڤ دوور کەوتووەتەوە، ئەمەش وایکردووە وەک بوارێکی تایبەت بە نوخبەکان (بژاردەکان) دەربکەوێت. فەلسەفەی ڕاستەقینە کۆمەڵێک زاراوەی داخراو نییە، بەڵکو ڕێگەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ژیان. دەبێت لە گفتوگۆکانی کۆمەڵگادا سەبارەت بە دەسەڵات، دادپەروەری، پەروەردە، ئابووری،ناسنامە و تەکنەلۆژیا ئامادەیی هەبێت. کاتێک فەلسەفە لە واقیع دادەبڕێت، توانای کاریگەرییەکەی لەدەست دەدات، بەڵام کاتێک بە پرسیارەکانی مرۆڤەوە دەبەسترێتەوە،ڕۆڵە سروشتییەکەی خۆی وەردەگرێتەوە.یەکێکی دیکە لە دیاردەکانی قەیرانی ئەم سەردەمە، پاشەکشەی ڕۆڵی ڕۆشنبیری خاوەن
دیدگای گشتگیر و سەرکەوتنی مۆدێلی “پسپۆڕ”ە لە بوارێکی تەسکدا. گومان لەوەدا نییەکە پسپۆڕی زانستی زۆر پێویستە، بەڵام کۆمەڵگاکان ناتوانن تەنها پشت بەمەعریفەی
تەکنیکی ببەستن. پسپۆڕ زۆربەی کات وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە: “چۆن جێبەجێ بکەین؟”، بەڵام فەیلەسوف دەپرسێت: “بۆچی جێبەجێ دەکەین؟ ئامانج لێی چییە؟ ودەرئەنجامە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کارە چی دەبن؟”. بۆیە شارستانییەتەکان پێویستیان بە کۆکردنەوەی نێوان مەعریفەی پسپۆڕی و دیدگای فیکری فراوان هەیە.پاشەکشەی فەلسەفە ڕێک لەو ساتەدا ڕوو دەدات کە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی پرسیارە فەلسەفییە گەورەکان دەبێتەوە. ژیریی دەستکرد پرسیار دەربارەی هۆشیاری و مرۆڤ دەورووژێنێت، گۆڕانی کەشوهەوا پرسیار دەربارەی بەرپرسیارێتی مرۆڤ بەرامبەر سروشت دەخاتە ڕوو، و پەرەسەندنە زانستییەکان دەرگای گفتوگۆ لەسەر سنوورەکانی دەستوەردان لە ژیاندا دەکەنەوە. ئەم کێشانە تەنها بە ئامرازە تەکنیکییەکان چارەسەر ناکرێن،
چونکە پەیوەستن بە بەها و هەڵبژاردنە مرۆییەکانەوە. کێشەکە تەنها ئەوە نییە چۆن تەکنەلۆژیا پەرە پێ بدەین، بەڵکو ئەوەیە چۆن زامن بکەین کە ئەم تەکنەلۆژیایە نەبێتەهۆکارێک بۆ زیادبوونی هەژموونی مرۆڤ بەسەر مرۆڤەوە.نەتەوەکان تەنها بەهۆی لاوازی سەرچاوەکانەوە شکست ناهێنن، بەڵکو بەهۆی لاوازی بیرۆکەکانیشەوە تووشی شکست دەبن. ئەو کۆمەڵگایەی لە بەرهەمهێنانی پرسیار دەوەستێت،دەبێتە کۆمەڵگایەک کە بیرۆکەی ئەوانی تر بەکاردێنێت و لەناو ئەو تێڕوانینانەدادەژیت کە خۆی دروستی نەکردوون. هەر پڕۆژەیەکی شارستانی لە جەوهەری خۆیدا لەسەر دیدگایەکی فەلسەفی بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا و داهاتوو بونیاد نراوە. بۆیە نەبوونی فەلسەفە
بە مانای نەبوونی بیرۆکە نایەت، بەڵکو بەو مانایەیە کە بیرۆکەکان لە سەرچاوەی ترەوە دێن، بێ ئەوەی توانایەکی پێویست هەبێت بۆ ڕەخنەکردن یان ئاڕاستەکردنیان. پاشەکشەی ڕۆڵی فەلسەفە تەنها قەیرانێک نییە کە پەیوەندی بە فەیلەسوفەکانەوە هەبێت،بەڵکو قەیرانێکی شارستانییە و پەیوەندی بە شێوازی تێگەیشتنی مرۆڤ لە خۆی و داهاتووی هەیە. لۆژیکی خێرایی بەسەر تێڕاماندا سەرکەوت، و بەرهەمهێنان بەسەر مانادا سەرکەوت، و توانای دروستکردنی شتەکان گرنگتر بوو لە توانای تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانیان.بەڵام مێژوو دەیسەلمێنێت کە هێز بەبێ حیکمەت ڕەنگە بەرەو پەشێویمان ببات، و مەعریفە بەبێ ئەخلاق ڕەنگە ببێتە مەترسی. زانست پێویستی بە فەلسەفەیەکە ئاڕاستەی بکات، سیاسەت پێویستی بە فیکرێکی ڕەخنەیی هەیە کە ڕێگری لێ بکات نەبێتە ململانێی بەرژەوەندییەکان، و ئابووریش پێویستی بە دیدگایەکی مرۆیی هەیە کە لە لۆژیکی تەنها
قازانج تێپەڕێت.گەڕاندنەوەی فەلسەفە بۆ پێگەی خۆی هەوڵێک نییە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، بەڵکوپێویستییەکە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی بەئاگاتر. داهاتوو تەنها پێویستی بە مێشکێک نییە کە توانای داهێنانی هەبێت، بەڵکو پێویستی بە مێشکێکە کە توانای پرسیارکردن،
ڕەخنەگرتن و دیاریکردنی مانای پێشکەوتنی هەبێت. قەیرانی ئەم سەردەمە کەمیی زانیاری نییە، بەڵکو نەبوونی ئەو حیکمەتەیە کە زانیاری دەگۆڕێت بۆ مەعریفەیەکی سوودبەخش.ئەو نەتەوانەی خاوەن توانای بیرکردنەوەی قووڵن، دەتوانن داهاتووی خۆیان دروست بکەن،بەڵام ئەو نەتەوانەی دەستبەرداری بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەبن، خۆیان لەناوداهاتوویەکدا دەبیننەوە کە کەسانی تر بۆیانی کێشاوە.


ن (زکریا نمر)




شەڕی نادیار دژی جیاوازەکان.. فەریق مەحموود

لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، یەکێک لە بەڵا لەناوبەرەکان ئەوەیە کە مرۆڤی جیاواز زۆرجار بە ئاسانی قبوڵ ناکرێت. کەسێک کە لە هزروبیریدا، کار، خوێندن، هونەر، زانست یان بەرهەمهێناندا هەنگاوێکی نوێ و سەرکەوتوو و جیاواز دەنێت، لەبری ئەوەی ببێتە سەرچاوەی شانازی هەمووان، دەبێتە ئامانجی هێرش و گومان، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەخنەی کوێرانە و هەوڵی لێدان و کەمکردنەوەی کەسایەتی.
ئەمە یەکێک لە نیشانەکانی ئەو کۆمەڵگایانەی کە هێشتا لەگەڵ بیرۆکەی جیاوازی و سەرکەوتنی تاکدا پەنجەی نەرم نەکردووەو ڕانەهاتووە.
ئەو کاتانەی کەسێک سنووری توانا باوەکان تێدەپەڕێنێت، هەندێک کەس لەجیاتی ئەوەی بپرسن: «چی فێربین لێی؟»، دەپرسن: «چۆن بیخەینە خوار؟»
لە ڕاستیدا، حەسادەت زۆرجار لە نەزانین و ناتەوانایی مرۆڤەوە پەیدا دەبێت، کە دەبێتە ڕێگر لە داننان بە بەهای کەسانی تردا. کەسی حەسود سەیری سەرکەوتنی کەسی تر ناکات وەک بەڵگەی سروشتی لە بوونی توانای مرۆڤدا، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک لەسەر خۆی دەیبینێت. بۆیە لەبری ئەوەی خەریکی دروستکردنی خۆی بێت، هەوڵ دەدات وێنەی ئەوی تر تێکبدات.
لەوێدا ئەخلاق زۆرجار دەکرێتە ئامرازێکی شەڕەنگێزیی. هەندێک کەس کە ناتوانن بەرهەم و توانای کەسێک ڕەت بکەنەوەو ببنە ڕێگر لە بەرەوپێشچوونیدا، پەنا دەبەنە بەر دروستکردنی تۆمەت و قسەی ناڕاست. چونکە لای ئەوانە ئاسانترە کە کەسێک کەم ‌نرخ بکرێت، وەك لەوەی دان بەوەدا بنێیت کە لە خۆی باشتر بووە لە بوارێکدا، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە هیچ کەسێک بێ کێشەو دەرد نییە لەم ڕۆژگارەدا، ئەوەی شتێکی هەیە لەبەرانبەردا شتانێکی تری نییە.
بەڵام ئەوەی زۆر مەترسیدارە، تەنیا حەسادەتی تاک نییە؛ بەڵکو ئەو کولتوورەیە کە حەسادەتی تیا قبوڵ دەکرێت و بگرە هەندێك جار هانیش دەدرێت. کاتێک کۆمەڵگەیەک لەبری ئەوەی دەست لەسەر شانی مرۆڤی بەرهەمهێنەر دابنێت و شانازی پێوە بکات، هەوڵی کەمکردنەوەو سوکایەتی پێکردنی دەدەن، بێ ئەوەی بزانن بەوە زیان لە کۆمەڵگاو بەرەو پێشچوونی گشتی دەدەن، جگە لەوەی ئەو کەسانەی بەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن خۆیان لە داهێنان و گەشەکردن بێ‌بەش دەکەن، بەوەی خۆیان بە مالایەعنییەوە سەرقاڵ و سەغڵەت دەکەن.
نەتەوەکان بەو کەسانە پێش دەکەون کە جیاوازن، نەک بەو کەسانەی کە هەمووان دەخوازن یەکسان و بێ‌جیاوازی بن و بگرە هەمیشە لە خۆیان کەمتر بن. دەبێت ئەوانە بزانن کە جیاوازی هەڕەشە نییە؛ بەڵکو جیاوازی سەرچاوەی گەشەپێدان و کێبڕكێی ئیجابی بەرەو پێشچوونە.
پێویستە بزانین کە شکاندنی مرۆڤی سەرکەوتوو، نیشانەی بەهێزیی نییە؛ زۆرجار نیشانەی ئەوەیە کە مرۆڤ ناتوانێت لەگەڵ تواناو گەشەو لێهاتوویی کەسانی تردا بژی و پێی قەبوڵ ناکرێ، لە کاتێکدا بەهەوڵ و شەونخوونی و مافی خۆیان پێی گەیشتوون. کەسی بەهێز ئەوە نییە کە ڕووناکیی ئەوانی تر بکوژێنێتەوە؛ کەسی بەهێز ئەوەیە کە بتوانێت لەگەڵ ڕووناکیی ئەوانی تردا ببێتە ڕووناکییەکی ترو گەشاوە بێت.
کۆمەڵگەیەک کەسانی هەڵکەوتووانی خۆی بشکێنێت، لە ڕاستیدا خۆی دەشکێنێت. چونکە دوژمنی پێشکەوتن هەمیشە ئەو کەسە نییە کە ئاواتەخوازی نەبوونی توانای داهێنانە؛ بەڵکو تەنانەت زۆرجار ترسە لە بینینی تواناکان.
لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت؛ ڕێزگرتن لە تواناو جیاوازییەکان، تەنیا پێداویستییەکی ئاکاریی نییە؛ بەڵکو پێویستییەکی ژیانی کۆمەڵگەیە لە پێناوی بەدیهێنانی گۆڕانکاری ئەرێنیدا. چونکە هیچ گەشەیەک لە هیچ شوێنێکدا ڕوونادات کە مرۆڤی بیرکەرەوە و داهێنەر بکەوێتە بەر هێرشی حەسادەت و ئاکام خامۆش بکرێت، کە هەندێكجار ڕەنگە تاوانی هەر ئەوە بێت سەر بە گروپ و حیزبێکی دیاری کراو نییە، ئەوا ئەو کەسانەی بەم کارە قێزەونە هەڵدەستن پێ بزانن یان نا، دادەنرێن بە یەکەم دوژمنی نەتەوەو میللەتەکەی خۆیان.
فریدریك نیتشە لەسەر ئەم جۆرە لە کینەی مرۆڤ دەنووسێت:
«ئەوەی ناتوانێت بگات بە بەرزیی کەسێک، زۆرجار هەوڵ دەدات ئەو بەرزییە نەوی بکات»
هەروەها بیرتراند رەسڵ دەڵێت:
«ئیرەیی یەکێکە لە هۆکارە گەورەکانی نەخۆشی مرۆڤ، چونکە مرۆڤ لەبری ئەوەی چێژ لە ژیان و تواناکانی خۆی وەربگرێت، سەرقاڵی بەراوردکردنی خۆیەتی بەوانی تر و خەمبار دەبێت بە پێشکەوتنیان.»
ئارسەر شۆپنهاوەریش زیرەکی مرۆڤ دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خۆی بە خۆی بەراورد بکات، نەك بە کەسانی تر چونکە ئا لەوێوە دڕكی ئیرەیی چەکەرە دەکات».

فەریق مەحموود




دوای پەیماننامەی لۆزان, ساختەکردنی ناسنامە، زمانی ساختە.. فەرەیدوون سامان

١٠٣ ساڵ تێپەڕی، ئێستاش دەرەنجامە شوومەکانی پەیماننامەی لۆزان کاریگەرییان بەسەر دابەشکردن و لێکترازانی بەشەکانی کوردستان هەیە، وێڕای نیشتمانەکەمان، نەتەوەکەش بەردەوام پرۆژەیەک بووە بۆ جینۆساید، بە هۆکار و بیانووی جیاواز، ناسنامەی نەتەوەیی و زمانی کوردیش ڕووبەڕووی شاڵاوێکی بێبەزییانەی حاشالێکردن و ساختەکردنی ناسنامەکەی بۆتەوە، بەتایبەتتر لەو چەند ساڵانەی دوای دەسەڵاتی خۆڕێبەری لە هەرێمی کوردستاندا، بە پلان و بەرنامەی قووڵی ستراتیژی برادژمنەکانمان لە وڵاتانی ئیقلیمی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون تەگەرە بخەنە بەردەم یەکێتی نەتەوەییمان، لە ڕێگەی دژایەتی زمانی کوردی و قەدەغەکردنی، یان ناساندنی شێوەزارەکان وەک زمانی جیاواز لە زمانی کوردی، یان ناساندنی بە کۆمەڵە زمانە کوردییەکان، بەڵام زمان دەفری یادەوەری بەکۆمەڵە و یەکێکە لە گرنگترین توخمەکانی داڕشتنی ناسنامەی نەتەوەیی، لێرەو لەوێش هەن گرووپ و پێکهاتە هەن خەریکن خۆیان لە کوردبوون جودا دەکەنەوە، و هەوڵدەدەن ناسنامەیەکی ساختە بۆ نەتەوەو بۆ زارەکانیان هەڵدەگرن، لە پلاتفۆرمە میدیاییەکان حاشا لەڕەسەنایەتی مێژوو و کەلتووری خۆیان دەکەن، دیارە هەرکەسێک، گرووپێک بانگەشەی بوونی نەتەوەیەکی سەربەخۆ بکات، بەرایی دەبێت بزانێت ئەو بناخە بابەتییانەی کە ئەم نەتەوەیەی لەسەری وەستاون ڕوون بکاتەوە، کە بەر لە هەر شتێک زمان و ناسنامەی نەتەوەکەیە، نەک ئایین یان ئایینزاکەی بکاتە کۆڵەگەی بنەڕەتی ناسنامە و تاکە بنەمای شوناسی نەتەوەیی خۆی.
زمان هەڵگری مێژوو و کەلتوور و هۆشیاری بە کۆمەڵی گەلانە، زمان ئەو پردەیە کە نەوەکان بەیەکترەوە دەبەستێتەوە، بۆیە هەر تاکێک باس لە ناسنامەی خۆی بکات، ناتوانێ ئەم توخمە بنەڕەتییە پشتگوێ بخات، کە بە درێژایی سەدەکان کوردبوونی بەنەمری پاراستووە، لێرەدا ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی ئایینی یان کولتووری بە واتای گۆڕینی بۆ ئامرازێک بۆ حوکمدان لەسەر بەهای مرۆڤ یان ڕەسەنایەتی ناسنامەی نەتەوەیی نییە، شکۆو و ناسنامەی مرۆڤ زۆر فراوانترە بۆ ئەوەی لە یەک پێوەردا کورت بکرێتەوە، دابەشبوونێکی لەم شێوەیە دەرگا بەڕووی کێشەیەکی قووڵتر دەکاتەوە، چونکە گەلان لەسەر پلەکانی ڕەسەنایەتی لە نێوان ئەندامەکانیاندا بنیات نراون، لەسەر ئەو دانپێدانانەی یەکترن کە مێژووی هاوبەش بەهۆی بیروباوەڕی جیاوازەوە ناسڕدرێتەوە، فرەچەشنی لەناو یەک کۆمەڵگەدا دەتوانێت سەرچاوەی هێز بێت، نەک هۆکارێک بۆ دابەشبوون، جا گەر بیەوێت ڕەسەنایەتی واقیعێکی بابەتیی بێت، دەبێت لەسەر بنەمای پێوەرێکی دادپەروەرانە بێت کە مافی هەمووان دابین بکات، نەک لەسەر ئینتمای ئایینی، کە بە سروشتی خۆی قەناعەتێکی ڕۆحی و هزرییە. ڕەنگە مرۆڤ لە ماوەی ژیانیدا ئایین یان ئایینزای خۆی بگۆڕێت، بەڵام ناتوانێت ئەو بنەچەی کە تێیدا لەدایک بووە بیگۆڕێت.
ڕاستە لە سەردەمێکی جیاوازی مێژووی ئێمەدا بە فبیتی داگیرکەران لەلایەن میرانی سۆران و بابان و بۆتان بە ناوی ئیسلامەوە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان کراوە، بەڵام بەدرێژایی ڕۆژگاریش بە گشتی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ئایین و ئایینزاکان شایەنی ڕێز و پێزانین بوون وەک هەڵبژاردنی ڕۆحی و هزری مرۆڤەکان، پێکەوەژیان و ئاشتەوایی لە نێوان ئایین و ئایینزایەکان هەبووە، لە کاتێکدا ناسنامەی نەتەوەیی بەرهەمی کەڵەکەبوونی مێژوویی، کولتووری، زمانەوانی و کۆمەڵایەتییە، کە چەندان نەوە لە دوای نەوە پێکهاتووە، بۆیە هەڵەیە ئەم دوو کایە لە دژایەتی یەکتردا دابنێین، یان یەکێکیان بکرێتە پێوەر بۆ نکۆڵیکردنی لە ئەوی دیکە.
مخابن مێژووی ئێمە پڕە لە ستەم و چەوسانەوە و کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن و گۆڕانکاری دیمۆگرافی، بەڵگە مێژوویەکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە چەوساندنەوە تەنیا لە هیچ گرووپێکی ئایینی یان تائیفیدا قەتیس نەبووە، بەڵکو کارەساتەکان بێ جیاوازی بەسەر هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستاندا هاتووە، بەتایبەت خوشک و برا ئێزیدییەکان، کریستانەکان، فەیلییەکان، بارزانییەکان…تد، ئەم کارەساتانە پێویستییان بە خوێندنەوەیەکی مێژوویی بێلایەنی هەیە، ئەگەر نادادپەروەرییە مێژووییەکان پاساو بۆ وازهێنان لە ناسنامەی نەتەوەیی مرۆڤ دەهێننەوە، بۆچی کوردی موسڵمان سەرەڕای بەرگەگرتنی هەڵمەتەکانی ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارەیی، دەستبەرداری ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان نەبوون؟ بۆچی بەرخودانی کۆبانی دوای زاڵبوونی بەسەر تیرۆریستانی داعشدا وەک سیمبولی ناسنامەی نەتەوەیی کورد مایەوە، هەروەک چۆن شەنگال وەک سیمبولی خۆڕاگری ئێزیدییەکان ماوەیەوە.
ئەو قوربانیدانانەی کە گەلی کوردستان داویەتی، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئازاری هاوبەش هۆکاری یەکگرتنمان بووە، هەروەها ئەو خوێنەی کە بۆ بەرگری کردن لە خاک و شکۆی مرۆڤی کورد ڕژاوە، پێش پێشکەشکردنی، پرسیاری لەبارەی ئایین و ئایینزای کەس نەکردووە، بەڵکو لە هەستێکی قووڵی سەربەخۆیی و بەرپرسیارێتی بەرامبەر مرۆڤایەتی و خاکەوە سەرچاوەی گرتووە، داعش لە دوژمنایەتی کوردی موسڵمان و ئێزیدی هیچ جیاوازییەکی نەکرد؛ بەپێی بارودۆخی شەڕەکە هەمووانی کردە ئامانج. لە کاتێکدا کە کۆمەڵکوژی شنگال بە هۆی سروشتی ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئێزیدییەکان ئەنجام دران، سیمایەکی تایبەتی وەرگرت، ئەو پرسیارەی کە دێتە ئاراوە ئەوەیە: ئایا دەکرێت تاوانەکانی ڕێکخراوێکی توندڕەوی تیرۆریست بگەڕێندرێتەوە بۆ تەواوی نەتەوەیەک، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرینەی ڕەهای ئەندامەکانی بە هیچ شێوەیەک کورد نەبوون، بەڵکو زۆربەیان عەرەبی سوننە بوون. ئایا تەنها بۆ هەموو گەلی کورد بەرپرسیارێتی کارەکانی گروپێکی توندڕەو هەڵبگرێت کە نوێنەرایەتیان ناکەن، پێویستە بگوترێ ئەوانەی بەرگرییان لە ئێزیدییەکان کرد و داعشیان لە شنگال بەرپەرچ دایەوە و ئازادیان کردن و شەهیدی بێژماریان پێشکەش کردن لە بەرگری و ڕزگارکردنیدا، هەموویان ئەندامی نەتەوەی کورد بوون.
دادپەروەری لە حوکمدانی گەلاندا پێویستی بە جیاکردنەوەی کردەوەی گروپە توندڕەوەکانە لە ناسنامەی خودی خەڵک، کە ڕەنگە لە ڕیزی ئەو کەسانە بن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لەلایەن ئەو گروپانەوە. گەلێک بە کردەوەی ئەو کەسانە ناپێورێت، کە دژایەتی دەکەن یان زیانی پێدەگەیەنن، بەڵکو بە مێژووەکەی و هەڵوێستی گەلەکەی و بەشداری کردنیان لە بەرگری کردن لە مرۆڤایەتیدا دەپێورێت، جگە لەوەش، ئایا دادپەروەرانە نییە باس لەوە بکەین کە هەزاران چەکداری کورد، لە پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤان لە بەرگریکردن لە شەنگال و گەلەکەی، گیانی خۆیان بەخت کرد، تەنانەت هەندێکیان لە خەباتی ڕزگارکردنی خاک و ڕزگارکردنی خەڵکی سیڤیلی ئێزیدیدا شەهید بوون، ئەگەر تاوانەکە ناتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ تەواوی نەتەوەیەک، ئایا دروستە چاوپۆشی لەو کەسانە بکرێت کە خۆیان کردە قوربانی بەرگری کردن لە ئێزیدییەکانیان؟
دداننان بە قوربانیدانی ئەوانی تر لە کارەساتی هیچ گروپێک کەم ناکاتەوە؛ بەڵکو بەشێکە لە بەدەستهێنانی دادپەروەری مێژوویی. ڕاستی تەواو لەسەر یەک یادەوەری بنیات نراوە، بەڵکو لەسەر کۆکردنەوەی هەموو ڕاستییەکان و داننان بە هەموو ئەوانەی دژی نادادپەروەری وەستاونەتەوە، لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە: ڕەسەنایەتی ڕاستەقینە لە کوێدایە؟
ئایا لەو کەسەدا نیشتەجێیە کە سەرەڕای ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەرگەی دەگرن، بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەوە دەلکێت، یان لەو کەسەدا نیشتەجێیە کە لە یەکەم تاقیکردنەوەدا واز لە نەتەوەی خۆی دەهێنێت؟ ئایا ڕەسەنایەتی بە چەسپاوی پەیوەندی نەتەوەیی کەسێک دەپێورێت، یان تەنها بە پابەندبوونیان بە باوەڕی ئێزیدییەوە؟ ئەمە بە هەموو ڕێزێکەوە بۆ شوێنکەوتووانی دەگوترێت.
ڕەسەنایەتی ڕاستەقینە بەو شێوەیە ناپێورێت کە مرۆڤ چەندە بانگەشەی دەکات، نە بە قۆرخکارییەکەی لەلایەن گروپێکەوە بەسەر گروپێکی تردا. بەڵکو بە ڕاستگۆیی مرۆڤ بە مێژوو و کولتوور و زمان و پەیوەندی بە کۆمەڵگەکەیەوە دەپێورێت و بە توانای ڕێزگرتن لە جیاوازیی ئەوانی دیکە بەبێ ئەوەی نکۆڵی لە بوونیان بکات، پرسیاری هەرە بەرچاو لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر لایەنگرانی هەر یەکێک لەو ئایین و باوەڕانەی کە لە نێو کورددا باو بوون، تووشی نادادپەروەری و دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی ببن و دواتر لە ئەنجامدا ئینکاری ناسنامەی کوردبوونی خۆیان بکەن، ئایا هیچ کوردێک دەمێنێتەوە؟
ئەم پرسیارە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کارەساتەکان هەرچەندە مەزن بن، نابێت ببنە هۆکارێک بۆ لەناوبردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئەندامانی یەک کۆمەڵگە، بەڵکو پاڵنەرێک بن بۆ پێداچوونەوە بە هەڵەکانی ڕابردوو و بەهێزکردنی بەهاکانی دادپەروەری و پێکەوەژیان، ناسنامەی نەتەوەیی بەرگێک نییە کە مرۆڤ بە ئارەزووی خۆی دایبکەنێت و لەبەری بکات، هەروەها نازناوێکیش نییە کە لەلایەن کەسانی دیکەوە ببەخشرێت یان بکێشرێت، بەڵکو لوتکەی مێژوویەکی دوور و درێژی زمان و کولتوور و یادەوەری و سەربەخۆییە، ناسنامە تەنها هەڵبژاردنێکی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو درێژکراوەی ئەو ڕەگانەیە کە لە ماوەی درێژخایەندا پێکهاتوون و ئەزموونی باوباپیران و یادەوەرییەکانی نەوەکانی پێشوو لەناو خۆیاندا هەڵدەگرن، بۆیە مامەڵەکردن لەگەڵیدا پەند و هۆشیاریی دەوێت نەک بچووککردنەوە یان دوورخستنەوە.
ئایا مرۆڤ مافی ئەوەی هەیە نەتەوەی خۆی هەڵبژێرێت، هەروەک چۆن بیروباوەڕەکەی هەڵدەبژێرێت. ئەمەش پرسیارێکی لۆژیکی دەوروژێنێت: ئایا نەتەوەبوون کردەوەیەکی ڕەهای هەڵبژاردنە، یان پەیوەندییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییە کە مرۆڤ تێیدا لەدایک دەبێت، مەرج نییە ڕێزگرتن لە ئازادی خۆدەربڕینی مرۆڤ بە مانای سڕینەوەی ئەو واقیعە مێژوویی و کۆمەڵایەتییانە بێت کە شوناسەکان لە قاڵب دەدەن، جیاوازییەک هەیە لە نێوان ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنی کەسی و پێناسەکردنەوەی چەمکە سەرەکییەکان بەبێ پشتبەستن بە پێوەرە ڕوون و بابەتییەکان، ئەگەر کەسێک ڕایبگەیەنێت کە بووەتە تورک، فارس، عەرەب، یان هەر نەتەوەیەکی دیکە، ئایا ئەم ڕاگەیاندنە بەسە بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لەو مێژوو و زمان و کولتوورەی کە بەدرێژایی چەندان سەدە بۆ ئەو نەتەوەیە دروست بووە، کە ئێستا خۆیان لەگەڵیدا دەناسێنن؟
ئایا شوناس تەنیا لە ڕێگەی ئارەزووی کەسییەوە دەگۆڕێت، یان توخمگەلێکی بابەتیی هەن کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن، ئازادی هزر و دەربڕین لەسەر بنەمای بانگەشە نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پەیوەندی مێژوویی و کولتووری و کۆمەڵایەتییە کە بە تێپەڕبوونی کات کەڵەکە دەبن، لە هەمانکاتدا جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە تاک و مافی دەربڕینی ناسنامەی خۆیان دەکەنەوە کە خۆیان دەیبینن. ڕێزگرتن لە مافی تاکەکان بۆ پێناسەکردنی خۆیان، ڕێگری ناکات لە باسکردنی خودی چەمکی ناسیۆنالیزم، هەروەها ڕێگری ناکات لە پرسیارکردن لە سنوورەکانی نێوان سەربەخۆیی کەسی و مێژوویی. دیالۆگ سەبارەت بە شوناس نابێت بچێتە ناو ململانێ لە نێوان ئەندامانی یەک نەتەوەدا، بەڵکو دەبێت ئامرازێک بێت بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە خودی دەستەجەمعی و دۆزینەوەی فۆرمولێک کە جیاوازیی هەمووان لە چوارچێوەی ڕێزگرتنی یەکتردا بپارێزێت.
لە کۆتاییدا بە ڕای من ئەم جۆرە کێشانەی وەک هەڵگەڕانەوەو حاشاکردن لە زمان و ناسنامەی نەتەوە وەک گرووپێک لە ئێزیدی و شەبەک دەیکەن، دەبێت ئیحتوا بکرێت نەک بە توندوتیژی وەڵام بدرێتەوە، بێ ئەوەی دەست بەسەر مافی هیچ کەسێکدا بگرین بۆ دەربڕینی ناسنامەی خۆی، بەڵکو داوای گفتوگۆیەکی عەقڵانی بکەین کە خۆی لەو پۆلێنکردنانە بە دوور بگرێت کە ئایین دەکاتە پێوەر بۆ ڕەسەنایەتی نەتەوەیی خۆی، چونکە ئەمە نادادپەروەرییە بەرامبەر بە خەڵکی دیکە و دەستوەردانی ئایین بۆ بابەتێک کە لە بنەڕەتدا جیاوازە لە ئیمان.
دواجار ڕێزگرتن لە هزرین و هەڵوێستی بەشێک لە ئێزیدییەکان و گرووپەکانی دیکە بە کەمکردنەوەی پێگەی ئەوان یان پرسیارکردن لە ناسنامەکەیان نیشان نادرێت، بەڵکو بە یەکترناسینی ئەوەی کە فرەچەشنی ئایینی و کولتووری لەناو یەک کۆمەڵگەدا دەتوانێت سەرچاوەی دەوڵەمەندی و بەهێزی بێت، نەک هۆکارێک بۆ دووبەرەکی و ناتەبایی. ئەگەر هەموو ئەندامانی گەلێک خاک و زمان و مێژوو و ئازار و قوربانیدانیان هاوبەش بووبێت، ئەوا ئەم مێژووە هاوبەشە دەبێت سەرچاوەی یەکڕیزی بێت نەک دابەشبوون و دیالۆگ لەسەر بنەمای ئارگیومێنتی عەقڵانی نەک تۆمەتبارکردن و لەسەر لۆژیک بێت نەک هەست و سۆز.
ئەو گەلانەی ڕێز لە مێژووی خۆیان دەگرن، ئەو گەلانەن کە دەتوانن ڕووبەڕووی ئێستای خۆیان ببنەوە و داهاتوویان لە قاڵب بدەن، گۆڕینی جیاوازییە ناوخۆییەکان بۆ ئامرازی دابەشبوون تەنیا خزمەت بە دوژمنانی پێکەوەژیان و سەقامگیری دەکات، ئەو پەیوەندییانەش لاواز دەکات کە کۆمەڵگەکەیان لە سەرانسەری نەوەکاندا بەردەوام کردووە.




نەریت بۆ ژن، ژانە.. ڕەنگین مەلا سەمەد

بۆ منێکی ژن دژی نەریتێک نەوەستم کە چەندین مافی لێ داگیرکردووم؟

نابێت کوێرانە نەریت پەیڕەو بکرێت بێ پرسیارکردن لە کۆت و بەندەکانی، نابێت دوای تەڵەیەک بکەوین کە لەڕووە مەعریفییەکەوە قەتیسمان ئەکات، نەریت بۆ منێکی ژن داتاشراوە؟ یان ڕەگەزی بەرامبەریش دەگرێتەوە؟
نەریت پاساوه بۆ پەیڕەوکردنی ڕابردوویەکی تاڵ ؟ یان کوشتنی داهێنان و نوێگەرییە؟

ژن هەمووکات قوبانیی نەریت و عورف و عاداتەکان بووە، بەبیانووی وشەی (عەیبە) هەموو زانست و جوانییەکیان لە باڵای داماڵیوەو نووقمی حەسرەتێکی بێکۆتایان کردووە، نەیانهێشتووە چاوی ببڕێتە ئاسۆیەکی ڕوون، هەمیشە چاویان بۆ دواوە ڕاهێناوە، نادادپەروەری و پێشێلکردنی مافەکانیان کردووەتە ئامانجێکی بەردەوام بۆ سەرکوتکردن و گرێیەکی ئاڵۆزی دەروونیی، بەو جۆرەی، ژن هەمیشە خۆی پێ کەمبێ و چاو لەدەست و چاوەڕوانبێ بۆ پێدانی میهرێکی پڕ لە بەرژەوەندیی.

ئەم جۆرە ڕادەستبوونەی تاک بە عورف و عاداتەوە گەمژەییە، نابێت مرۆڤ کوێرانە ڕێگا بگرێتە بەر، تەوێڵی پڕ لە هیوای بە نەزانیی، بپۆشێ پێویستمان بە هۆشیاریی و بوێرییە بۆ ڕاماڵینی تۆزی سەر نەریتە لەقاڵبدراوەکان، عەقڵ و لۆژیک پێویستیان بە خستنەکارە بۆ بەرپاکردنی شۆڕش دژی نەریتە کوێرو کەڕەکان.

مرۆڤی ژیر هەم ڕێز لە عورفێک دەگرێت کە لەڕابردوودا باو و باپیرانی پەیڕەویانکردووە، هەم بەهاو پێوانە بۆ هەڵسەنگاندنی عورفە لەقاڵدراوەکان دادەنێت و، ناهێڵێت عەقڵ تووشی پەککەوتن بێ و پاشکۆیی هەڵبژێرێ.

بۆ دەربازبوون لە نەریت و پەیڕەوکردنی لە کۆمەڵگا، پێویستمان بەم دەستەواژانە دەبێت، من هەم، تۆ هەیت، ئەو هەیە، ئێمە هەین، بیردەکەینەوە، بڕیاردەدەین، جیاواز دەڵێن و جیاواز بیر دەکەینەوە، یەکدی بە جیاوازییەکانەوە قبووڵ دەکەین، ئەمەیە فریادڕەسی ئەو دەردە کوشندەیەی کە دەمێکە زۆربەمانی گەمژە کردووەو، ناشتوانین لێی دەربازبین.

ـــــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس




بەردەوامی شەڕی ئەمریکا و ئێران!.. عوسمانی حاجی مارف

ململانێ و ڕوبەڕوبونەوەی واشنتۆن و تاران بەدوای ماوەیەکی زۆر لە ڕاگرتنی شەڕەکەیان، لەم ماوەیەدا بۆ جارێکی تر وەها دەردەکەوێت کە بچێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، بەدوای بنبەستبونی دانیشتن و دانوسانەکانیان خەریکە تێدەپەڕێت بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی، کە هەڕەشەی گڕگرتنی تەواوی ناوچەکە دەکات، لەگەڵ هەر هەڕەشەو کردارێک لەبەرامبەر یەکتردا، هەر لایەنێکیان هەوڵی زیاتریان بۆ ئەوەیە لە دانوسانەکاندا ئیمتیاز لە بەرامبەر یەکتردا بەدەست بهێنن.!
ئێستا ئەمریکا لەبەردەم دوڕیانێکی ئاڵۆزدا دەرگیر بووە، هەرچەشنە هەڵکشانێکی زیاتر، دەتوانێت پاڵ بە ئێرانەوە بنێت بۆ جێبەجێکردنی تەواوی هەڕەشەکانی بۆ بەردەوامبونی لە داخستنی گەرووی هورمز بەشێوەی کاریگەر و بەردەوام، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری ئەمریکا و جیهان دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبونەوەی پێشبینیکراوی نرخی وزە. هاوکات پاشەکشەکردن لە دۆخەکەدا دەشێ بە بەرژەوەندی تاران لێکبدرێتەوە، لەکاتێکدا واشنتۆن خەریکی شەڕی سیاسی ئاڵۆزی ناوخۆیی و ململانێی جیهانیە.
بەردەوامی داخستنی گەرووی هورمز، دەتوانێت شۆکێکی ڕاستەقینە لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا دروست بکات، کە ئەگەری هەیە هەندێک لە زلهێزەکان فشارێکی دیپلۆماسی توند بخەنە سەر هەردوو تاران و واشنتۆن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە پێش ئەوەی لەژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت، هەر هەوڵێکی ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە زۆر، دەتوانێت بەمانایەک تێوەگلان بێت بۆ شەڕێکی ناوچەیی کراوە، لەگەڵ مەترسیە گەورەکانی بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ناوچەکە.
لەناو ئەم دیمەنی ئەگەری تەقینەوەیەدا، گرنگترین پرسیار کە ماوەتەوە ئایا واشنتۆن و تاران بواریان هەیە بۆ بەرگرتن بە توندبونەوەی ڕوبەڕوبونەوەکەیان، کە دۆخەکە لە دەست هەردوولایان دەرنەچێت؟. یان لەڕاستیدا ناوچەکە بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنە دەڕوات کە دۆخەکە بەرەو کارەساتی گەورە کێشبکات،؟ ڕۆژانی داهاتوو ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە ئایا داخستنی هورمز تەنها تاکتیکێکی فشاری کاتیە، لە نێوان ئەمریکاو ئێراندا، یان سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێ و مەترسیدارترە لە ململانێی نێوان زلهێزەکانی دنیادا.
تائێستا پەرەسەندنی سەربازی لە سنووری قبوڵکراودا ماوەتەوە، بەپلەی یەکەم ئامانجی هەوڵی لایەنی ئێران بۆ ئەوەیە ئیمتیازات لەسەر مێزی دانوستانەکان بەدەستبهێنێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەم خێراییە ناتوانێت و بەردەوام نابێت، ئەگەر ڕژێم هەڵوێستی ئێستای خۆی بپارێزێت، بەتایبەت کە ئەم هەڵکشانەی کە لە بەشی توندڕەوەکانی ناو سوپای پاسدارانی ئێرانیدا هەر دانوستانێک لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بە ناپاکی دەزانن.!
ئابووری جیهانی لە چەقی قەیراندایە، کاریگەری داخستنی گەرووی هورمز تەنها لە بازاڕەکانی نەوتی ناوچەکەدا سنوردار نییە، بەڵکوو تەواوی زنجیرەی دابینکردنی نەوتی جیهان دەگرێتەوە، گەرووەکە تەنها ڕێگایەکی ترانزێت نییە بۆ نەوتی خاو، بەڵکو ڕێگایەکی سەرەکیە بۆ تانکەرەکانی غازی سروشتی شل (LNG) کە بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا دەڕۆن، بە پلەی یەکەم ژاپۆن، کۆریای باشوور و چین، ئەو وڵاتانەی زۆر پشتیان بە هاوردەکردنی وزە بە وڵاتانی کەنداوەوە بەستووە، هەر پچڕانێکی درێژخایەن لەم ڕێڕەوی ئاویەدا دەتوانێت ببێتە قەیرانێکی ڕاستەقینەی وزە لەم بازاڕانەدا، کە لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر نرخی کاڵا و خزمەتگوزاریەکان دەبێت لەسەر ئاستی جیهانی.
سەرەڕای هێرشە ئاسمانیە چڕوپڕەکان، کە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران دەستیپێکردۆتەوە، ئێرانیش بەردەوام وەڵام ئەداتەوە بە هێرش بۆسەر بەرژەوەندیەکان و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بەڵام گومانی تیا نیە کە واشنتۆن بە قوڵی نیگەرانە لەوەی کە ئەم هێرشانە بکێشرێتە ناو ناچاری شەڕێکی زەمینی تەواو لە ئێراندا، هەر ئەم دوودڵیەی ئەمریکا ڕێگەی بە تاران داوە وەک جۆرێک لە ناردنی نامەیەکی سیاسی درێژە بە هێرشەکانی خۆی بدات.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە، داهاتوی ململانێ و ڕوبەڕوبونەوەکان لە ئەگەری چەندین سیناریۆدا پێشبینی دەکرێت، سەرەتا هەوڵێکە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی و گەڕانەوەی زۆرەملێ بۆ دانوستانەکان بەبێ بەزاندنی هێڵە سوورەکان تا نەبێتە شەڕێکی درێژخایان.
ئێران پێداگری لەسەر بەکارهێنانی جبەخانەی بالستیکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەکات بۆ نیشاندانی ئیرادەی نەگۆڕی خۆی بۆ مسۆگەرکردنی خواستەکانی لە دانوسانەکاندا، لەبەرامبەردا ئەمریکا بەردەوامە لە لێدانی دامەزراوەکانی ڕاداری کەنار دەریاکان و شوێنە مووشەکیەکان و قەڵاکانی سوپای پاسداران بۆ لاوازکردنی ڕژێمەکە، هەوڵی دەستەبەرکردنی کەشتیوانی دەریایی و پاراستنی سەقامگیری نرخی نەوت دەدات بەبێ ئەوەی پەنا بۆ لەشکرکێشی زەمینی ببات، وە لە هەوڵی ئەوەدایە ئیران ناچار بە ملکەچی نێو دانوسانەکان بکات.
لەناو ئەم کەشوهەوایەدا، ناوبژیوانانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی فشار دەخەنە سەر کەناڵەکانی پشتەوەی پەیوەندیکردن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە فۆرمۆڵێک بۆ گەڕانەوەی دانوستانەکان دەبێت، فۆرمۆڵێک کە ڕەنگە سەرکردایەتی ئێستای ئێران ناچار بکات کە ئیمتیازات سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی و مووشەکەکانی بالیستیکی بدات لە بەرامبەر ڕێکخستنە ئیداریەکانی تایبەت بە پاراستنی داخستنی گەرووی هورمزەوە.
سیناریۆیەکی تر، ئەگەری “داڕمانی نێوخۆیی”ه لە ئێران، لەلایەک بەهۆی قۆستنەوەی ئەو لاوازیەی لەدوای لێدانەکانی ئەم دواییەی ئێرانی توشی زیانی گەورە کردووه، لەلایەکی ترەوە دەرکەوتنی ناڕەزایەتیەکان و قوڵبونەوەی زیاتری قەیرانەکانی. ئەمەش بە مانای چاوەڕوانی هەردوو واشنتۆن و تەلئەبیبە بۆ پەکخستنی توانای فەرماندەیی ناوەندی کۆماری ئیسلامی لە کۆنترۆڵکردنی توڕەیی و ناڕەزایی خەڵکی ئێران، کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا لە تاڵاوی لەشکرکێشی ڕاستەوخۆی سەربازی بۆ سەر زەویەکانی ئێران ڕزگار بکات!؟.
بەڵام ئاشکرایە مەترسیەکانی ئەم سیناریۆیە بریتین لە نوقمکردنی ئێران لە گێژاو و ئیفلیجی نزیک بە تەواوی ناوەندەکانی بڕیاردان، ئەمەش لەڕادەبەدەر دۆخی ئێران ئاڵۆز دەکات، چونکە دەتوانێت ببێتە هۆی شەڕێکی ناوخۆ، یان دەبێتە ململانێی دەسەڵاتی ناوخۆیی لەناو سوپای پاسداراندا بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی ئەو جبەخانە مووشەکیانەی کە ماونەتەوە. هەروەها نیگەرانی ئەوە هەیە کە دۆخەکە بە شێوەیەک لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت کە لایەنگرانی سەربە سەرۆکایەتی موجتەبا خامنەیی، هەست بکات کە ڕووخانی ڕژێم بە هۆی فشاری ناوخۆیی یان هێرشی ئەمریکا حەتمیە، لەوانەیە لەو کاتەدا پەنا بۆ کردەوەی خۆکوژی ببەن وەک داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز بە مووشەک و مینە دەریاییەکان، ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی بالیستیکی بەرفراوان و هاوئاهەنگ کە ژێرخانی نەوت و گاز لە سەرتاسەری کەنداو دەکاتە ئامانج، لە هەمان کاتدا گەرووی باب ئەلمەندەبیش لە ڕێگەی حوسیەکانەوە دابخەن و تەنانەت ڕەنگە ئاوەکانی کەنداو بە نەوت پیس بکەن، ئەم سیناریۆ کارەساتبارە کاردانەوەی بێوێنەی ژینگەیی و مرۆیی و ئابووری دەبێت.
لەڕاستیدا گەرووی هورمز ئیتر تەنیا موزایەدەیەک نییە بۆ دەرهێنانی ئیمتیازات لە دانوسانەکاندا، بەڵکو خەریکە دەبێتە یەکێک لە گرنگترین هێڵە ستراتیژیەکانی بەرگری بۆ مانەوەی خودی ڕژێمی ئێران و لاوزای ئەمریکا.
کۆماری ئیسلامی بە هۆی لەدەستدانی زۆرێک لە سەرکردەکانی، تووشی گێژاوی سیاسی و ئەمنی و بەڕێوەبردن بووە، سوپای پاسداران هەوڵدەدات یەکگرتوویی خۆی بە چڕکردنەوەی هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەستگرتن بەداخستنی گەروی هورمزەوە، یەکگرتوویی خۆی نیشان بدات.
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە، کە هێرشی کردۆتە سەر بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ئوردن، بەحرەین و کوەیت وە پەیامێکی ڕوونیان ناردووە کە تاران خۆی لە بەرگریکردن لە سنوورەکانی خۆیدا قەتیس ناکات، بەڵکو ڕوبەڕوبونەوەکە بۆ هاوپەیمانە ناوچەییەکانی واشنتۆن درێژدەکاتەوە، لە پەرەسەندنێکی زیاتردا، هێزی دەریایی سوپای پاسداران داخستنی گەرووی هورمزی ڕاگەیاند، کە کردنەوەی گەرووەکەی کردۆەتە مەرجی کشانەوەی دەستی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
دەیان ساڵە زلهێزەکان بەشێکی بەرچاو لە ململانێ و کێبڕکێ لەڕێگەی گۆڕەپانە ناوچەییەکان و بەڕێگەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەبەن، وەک ئەم بارگرژییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگرتووە، ئێستاش مەیدانی شەڕەکە ئێرانە، بەڵام دیارترین گۆڕانکاری کە سەرهەڵدەدات گۆڕانی وردەوردەی ناوەندی کێشکردنە بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی ئاشکراتر لە نێوان ئەمریکا و چیندا، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، سنووردار نیە و درێژدەبێتەوە بۆ کێبڕکێی ڕاستەوخۆ لەسەر شێوەی نەزمی نێودەوڵەتی داهاتوو.
لەداهاتودا قۆناغێکی نوێ لە ڕکابەری نێوان واشنتۆن و پەکین زیاتر دەردەکەوێت و کەمتر توانای خۆدزینەوە لە پشت قەیرانەکانی ناوچەکەدا دەبێت. ئەم گۆڕانکاریە بەرهەمی ساتێکی سیاسی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو دەرئەنجامێکی سروشتیە لە سەرهەڵدانی وردەوردەی چین کە چیتر بە پێگەی خۆی وەک هێزێکی گەورەی ئابووری ڕازی نییە، بەڵکو وەک زلهێزێک هەوڵدەدات ئامادەییەکی سیاسی و ستراتیژی هاوتا لەگەڵ قورسایی ئابووری و تەماحە نێودەوڵەتیەکانیدا بنیات بنێت، وردە وردە لە قۆناغێکی سەرکەوتنی بێدەنگەوە دەچێتە قۆناغێکی پیداگرتن لەسەر پێگەی خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە داڕشتنی یاساکانی یاریە جیهانیەکەدا، ئەم دۆخەی ئێستای جیهانی زلهێزەکان، ڕوبەڕوی یەک سیناریۆ و پێشوەختەی دیاریکراو نابێتەوە، بەڵکو تۆڕێکی ئاڵۆزی ئەگەرەکان و ڕێڕەوی یەکتربڕینی پر لە ململانێ و کێبڕکێیە.
لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، کۆتایی نەهاتووە و نازانرێت کەی کۆتایی دێت، بەتایبەتی ئەوە شاراوە نیە کە ئەمریکا و ترامپ و ئیسرائیل بەجۆرێک لە گێژاوێکدا بەرەورون،نازانن چۆن لەم گێژاوە دەرباز ببن. دیاردەی شەرەکە وێنەیەک لە ئەمریکا ئیسرائیل و ئێران نیشان ئەدات، بەڵام ناوەرۆکی شەرەکە ئاست و رەهەندێکی جیهانیە.
لەهەمانکاتدا ناتوانین دەست بکەین بە پرسیارکردن، لە کاتەکانی وەستانی و کاتەکانی دەستپێکردنەوەی، هێوربونەوەی ئەم شەرە بە مانای کۆتاییهاتنی شەڕ نیە، بەڵکو ڕەنگە بە مانای بەردەوامبونی بێت لە ڕێگەی دیکەوە، ناوچەکە لە لێواری چەقۆیەکدا دەمێنێتەوە، لەنێوان ئاگربەستی کورت و هەڵکشانی لەناکاودا دەگۆڕێت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وەک پێشتر دەکاتە تەقینەوەترین ناوچەی جیهان.

عوسمانی حاجی مارف




نە موسەقەف نە عەشایر !.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                  

لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، مرۆڤەكان بۆ خۆیان ناژین، بەڵكو بۆ ئەوانیتر دەژین، بۆیە تاكەكان ئەوەندەی لە هەوڵی ئەوەدان، سازش بۆ بەرانبەرەكەیان بكەن و ڕازیان بكەن و لە چاوی ئەوان نۆرماڵ و جیاوازا دەربكەون، ئەوەندە بەلایانەوە گرنگ نییە چۆن دەژین، وەك ئەوەی لە خۆرئاوا هەیە. كەسێك لە بنەڕەتدا لووتی هیچ كێشەیەكی بۆ خۆی نییە، بەڵام ئەوانیتر پێیان جوان نییە، ئیدی جوانكاری لووتی دەكات، تا لە چاوی ئەوان جوانتر دەربكەوێت، نەك خۆی ! لەو ڕۆژانەدا، بە هۆی دەرچوونیان بە پلەی یەكەم لە ئەزموونە گشتییەكانی پۆلی دوانزە، دوو كچ بوونە ( ترێند _ باو) لە سۆنگەی قسەكردن و پۆشاك و چۆنیەتی دەركەوتیان لە شاشەكانی تیڤییەكانەوە، كە یەكێكیان بە عەشایر، ئەویتریشیان بە موسەقەف، بە زمانی كۆمەڵگە وێناكران و لەو پەراوێزەشەوە، سەدان كۆمێنت و پۆست و دەڕبرینی شیاو و نەشیاو، ئاراستەی ئەو دوو كچە خنجیلانەیە كرا و پەسن و ڕەخنە باران كران. بێگومان ئەمە وایكرد، فۆكسی ئێمە لە سەر تواناو لێهاتووی ئەوان و پێشەنگبووینیان لە خوێندن و دەرچوونیان بەو ئاستە بەرزە لا بچێت و بیر لە پۆشاك و چۆنیەتی دەركەوتیان بكەینەوە كە یەكجار هەڵەیە. مرۆڤ ئازادە لەوەی چی دەپۆشیت، چۆن خۆی دەنوێنێت و قسە دەكات، تا ئەو ئاستەی ماف و ئازادی بەرانبەرەكەی پێشێل ناكات و غرورێكی كەسی نایگرێت، ئیدی چی لە بەر كردووە، لەگەڵ دایكی خۆشی دەردەبڕێت، چەپڵە لێ دەدات، دایكی چۆنە، دەبێ ئێمە تێبگەین ئەمانە لە تایبەتمەندی كەسەكانە بۆ ئێمە نییە بچینە ناوی . ڕەگەزی مێ بەگشتی و لە نێویشیاندا كچان بە تایبەتی، هەمیشە ڕۆمانسیتر، ناسكتر و نەرم و نیانتر دەردەكەون و خۆیان دەنوێنن لە میانەی قسەكردن و زمانی دەربڕین و ئاماژەدا. ئەمە پەیوەندی بەو جیاوازییە بایۆلۆژیی و سایكۆلۆژییەوە هەیە، كە هەردوو ڕەگەزەكە لە یەكتری جیا دەكاتەوە، كاتێ كچێك بەناسكی و نازەوە قسە دەكات، ڕەنگە خۆپەسندان و خۆگەورەیی نمایش نەكات و خۆی وەك موسەقەف پیشان نەدات، وەك ئەوەی ئەوانیتر تێی گەیشتوون، بە هەمان شێوە كاتێ كچێكیش بە هێمنی و جۆرێك لە میللی و كۆمەڵایەتییەوە قسە دەكات، عەشابیر نییە، ئەوەی گرنگە عەشایر و موسەقەفبوون نییە، بەڵكو ئەتەكێتی قسەكردن و خۆنواندنە وەك ئەوەی كە هەیە، نەك وەك ئەوەی ئەوانیتر دەیانەوێت، چونكە ئێمە دەبێ تێبگەین بۆ خۆمان دەژین، ئازادی كەسەكان هی خۆیانە، نابێ لەو پەراوێزە بریندار بكرێن و پۆلێن بكرێن ! كێ ئەو مافەی بۆ تۆ داوە، ناسنامەی ڕۆشنبیریی و عەشاییربوون ببەخشییەوە؟ ئەوە گرنگە مرۆڤ ماف و ئازادی ئەوانیتر پێشێل نەكات، ئیدی چۆن دەردەكەوێت، شانێكی ڕووتە، یان لاری كردۆتەوە كەی گرفتی تۆیە؟ گەر ئارەزوو دەكەی تۆ دەتوانی شانت لار نەكەیتەوە، یان چۆنت بوێت وەها دەربكەویت.

سەدیق سەعید ڕواندزی




بەکوردستانیکردنی هەرتاکێکی عێراقی کە بیەوێت لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێبێت!.. کاوە حەسەن

ئەگەری گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان لە ڕێگەی هاتنی هاوڵاتییانی عەرەب یاخوود هەرتاکێکی تر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ شارەکانی کوردستان باسێکی داخی ڕۆژە و گشت فۆرمەکانی میدیای کوردی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە. ئەم سەرقاڵییەی میدیای کوردی و پلاتفۆرمە جیاکانی سۆشیال میدیا پرسی ئەگەری گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە.
بەرەیەک نیگەرانە و دەنگی نارەزایی بەرزکردووەتەوە پێی وایە گۆڕینی دیمۆگرافی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕوو دەدات. لەبەرامبەر ئەم بەرەیەدا بۆچوونێکی تر هەوڵدەدات لەڕێگەی پاساوی پێداویستی ئابووری و سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنان بە تایبەت لە بواری درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و فرۆشتنیان بە خەڵکانی عەرەب نیگەرانییەکانی بەرەی یەکەم بڕەوێنێتەوە. هەر لە نێو ئەم بەرەیەی دووەمدا، جار جارە باسەکان دەکێشێت بۆ بەرچاوتەسکی ناسیۆنالیزمی کوردی و هەڵنەهاتنی چاویان بە پێکەوە ژیانی نەتەوەکان لە شارەکانی کوردستاندا.
لەم کورتە نووسینەدا ئەگەر بمانەوێ لەم دوو بەرەیە حاڵی بین، پێویستە لە نیگەرانیی و پاساوەکانی هەردوو بەرەکە وورد ببینەوە. نیگەرانییەکانی بەرەی یەکەم ناکرێت بەهەند وەرنەگیرێت چونکو ئەگەر ئاوڕێک لە میژووی ئەو ناوچانە بدەینەوە کە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی تێیدا ئەنجامدراوە، دەبینین نیگەرانییەکانی ئەم بەرەیە لەجێی خۆییدایە. کەم نیین ئەو ناوچانەی کە دانیشتوانەکەی بەگشتی کورد زمان بوون، بەڵام ئەمڕۆ ڕەنگە تاکوتەرا خەڵکی کوردزمانیان تێدا مابێت. بۆ نمونە، ئەگەر چەند ساڵێک بگەڕێینە دواوە و تەماشای شاری کەرکوک بکەین، دەزانین گەرەکەکانی قادسیە و حەی واستی و ڕێی بەغدا و چەندین گەڕەکی تر بوونە مایەی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە، وەئەتوانین چەندین نمونەی ترلێرەدا ڕیز بکەین.
لەهەمان کاتدا، کارێکی زیرەکانەیە کە ئەرگویمەنتی سەرمایەگوزاری و پێکەوە ژیان فەرامۆش نەکرێت. ئەم باسە گرنگە چونکو لە کوێی دنیادا بووە تۆ چاو بپۆشی لە پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەت لە ڕێگای هەڵبژاردنی شوناسی نەتەوەیی کڕیارەکانتەوە. ناکرێت تۆ بتەوێت سەرمایەگوزاری بکەیت، بەڵام مەرجەکەت و کاڵاکەت تەنها بۆ هاوزمانەکانی خۆت بێت. بازاڕ وکار وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ گەشەکردنی هەر ناوچەیەک دەبێت زۆر ئازادانە بچەرخێت بە لەبەرچاوگرتنی هەندێ تایبەتمەنی شوێنەکان کە کوردستانی باشوور نمونەیەکی زیندووە.
ڕیزکردنی ئەم دوو لایەنە و بەهەند وەرگرتنی هەردوو بۆچوونەکانیان کارێکە کە پێویستە وامان لێ بکەن بەدوای چارەسەری بنەڕەتی و بەردەستدا بگەڕێین. گرنگە چاو لەو ئەزموونانە بکەین کە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە کێشانە بوونەتەوە یاخوود تاکو ئێستاش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.
هەموو دەزانین لە ئاکامی ڕێکەوتنەکانی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، لایەنەکانی نێودووبارە بنیاتنانەوەی عێراق، مۆدێلی حکومڕانیان لە عێراقدا لەسەر بنەماکانی مۆدێلی فیدرال دیموکراسی سەریەک خستەوە. ڕاستە لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی حکومڕانی لەعێراقدا، چەندین ساڵ بگرە تاکو ئەمڕۆش لانی کەمی پایە سەرەکیەکانی مۆدێلی فیدرال دیمۆکراسی تێدا جێکەوتە نەبووە، بەڵام دەستگرتن بەهەندی چەمکی ئەم مۆدێلەوە، ڕەنگە ڕێگایەک بێت بۆ بەرگرتن بە سیاسەت، یاخوود ترسی دیمۆگرافی گۆڕینی کوردستان و شارەکانی.
تایبەتمەندیەکانی ئەم مۆدێلە زۆرن کە ڕەنگە نەتوانین لێرەدا هەموویان باس بکەین، وەلی بەئاسانی دەتوانین ئاماژە بەهەندی بوار بکەین کە لەسایەی ئەم مۆدێلەدا کەڵکی لێ وەرگیراوە بۆ پاراستن و ڕێزگرتنی دیمۆگرافی نەتەوەکان و هەڵکردنیان لەگەڵ یەکتریدا بەبێ هیچ پاوانخوازی نەتەوەیەکی تایبەت. لە ئەمڕۆدا کەنەدا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، سویسرا، نەمسا، بەلجیکا، بەرازیل، مەکسیک و ئەرجەنتین بە ووڵاتانی فیدرال دیمۆکراسی دەناسرێنەوە. بەڵام ئەوەی زیاتر لە م باسەوە نزیکەو ئەکرێت کەڵکی لێ وەربگیرێت، کەنەدا، ئەڵمان ، سویسرا و ئوسترالیایە، هەرچەندە ئەم ووڵاتانەش هەریەک بۆخۆی تایبەتمەندی جیاوازی هەیە، ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین باس لەو چەمکانە بکەین کە کۆمەکمان دەکەن لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرس و ئەگەری گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان. دیارە ئەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئەم نموونانە ووڵاتی سەربەخۆن و خاوەنی دەستورو سنووری دیاریکراوی خۆیان هەیە. بەڵام ئەم خشتەیەی خوارەوە ڕەنگە ڕێ خۆشکەربێت بۆ هەندێ بەرچاو ڕۆشنی هەردوو لایەنی خەمخۆر ، چی بۆ ئەوانەی بانگێشەی پاراستنی دیمۆگرافی کوردستان دەکەن ، وە چی ئەوانەی کە بەرگری لە هاتنی هاوڵاتیانی عەرەب دەکەن بۆ گەشەی ئابووری زیاتر و سەرمایەگوزاری لە کوردستاندا.

ئەم چوار وڵاتە هاوبەشەن لەسەر ئەم بنەمایانەن کەئەکرێت کەڵکیان لێ وەربگیرێت بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ هاتنی خەڵکی غەیرە کورد بۆ ناوچە کوردستانییەکان:
• تێکەڵبوون (Integration) لە جێی بنەمای نەتەوەیی
• ئەو کەسانەی دەیانەوێت وەکو هەر دانیشتوویەکی بەردەوامی ئەو ووڵاتە یاخوود هەرێمە بن کە بۆی چوون دەبێت:
• زمانی فەرمی ئەو هەرێمە یاخوود ئەو ووڵاتە فێربن،
• یاسا و دەستور ی ئەو هەڕێمە قبووڵ بکەن بە باشی ووردەکاریەکانی بناسن،
• وەکو هەرتاکێکی ئەو هەرێمە یاخوود ئەو ووڵاتە بەشداری ژیانی مەدەنی بکەن.
• پاراستنی دەستور، ( کە دیارە کوردستان تاکو ئێستا نەیتوانییوە لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا دەستوڕێک بۆ خۆی پەسەند بکات، وە ئەمە یەکێکە لە گرفتە سەرەکیەکان) و سیستمی دیموکراسی ( کە ئەمیشیان بووەتە قوربانی و لەبری لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی نیشتیمانی ، بەرژەوەندی حزب و شایستەبوونی شۆرشگێری بوونی هێزی چەکداری حزب تاکو ئێستا بەردەوامە)
• هاووڵاتیبوون تەنها بەڕەسمی ناسینی ماف نییە؛ بەڵکو بەرپرسیاریەت و پابەندبوونیشە بە یاسا و بنەما دیموکراسییەکانی ئەو هەرێمەی یاخوود ووڵاتەی تێیدا دەژیت.
• فیدرالیزم و دەستبردن بۆ مۆدێلێکی لەم بابەتە تەنها هەڵبژرانێکی هەڕەمەکی نییە، ئەم سیستەمە وەک مۆدێلێکی شیاو بۆ ئەو ووڵاتانە بە گونجاو بینراوە کە خاوەنی چەند نەتەوەی جیاوازن لە یەک ووڵاتدا کە مافی هەریەک لەو نەتەوانە پارێزراوە لە ڕێگەی ئەمخاڵانەی خوارەوە:
• هەرێمەکان مافی پاراستنی زمان، کولتوور و ناسنامەی خۆیان هەیە.
• بۆ نموونە:
• کیبێک زمانی فەڕەنسی دەپارێزێت، هاوکات کۆمەڵێک شایستەی دارای و خزمەتگوزاری تایبەتی فەراهەم کردووە بۆ فێربوونی زمانی فەڕەنسی، لەهەمان کاتیشدا بەربەستی یاسای و دارای زۆریش درووستکردووە کە ڕێگە نەدات زمانی فەڕەنسی لاواز ببێت. ئەگەر کەسێک بییەوێت زمانی ێنگلیزی فێر ببێت دەبێت خەرجی خۆێندن بدات و هیچ کۆمەکێکی دارای پێنادرێت.
• کانتۆنەکانی سویسرا زمانە جیاوازەکان دەپارێزن.
• هەرێمەکانی ئەڵمانیا بەرپرسیاری پەروەردە و کولتوورن.
ئەم جۆرە سیاسەتانە زۆرجار بە “مۆدێلی تێکەڵبوونی مەدەنی” (Civic Integration Model) ناو دەبرێن، واتە تێکەڵبوونێکی مەدنیانە دەبێتە ڕێگایەک بۆ بەهێزکردنی نەتەوەو شوناسی هەڕێمەکە یاخوود ووڵاتەکە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون. ڕێساو یاساکەنی ئەم پرۆسەیەش چی لەو ووڵاتانەی کە باسمان لێوە کردن بریتین لە پابەندبوون بە یاساکان، زمان و بەشداریکردن لە ژیانی گشتی ئەو شوێنەی کە تێەدا تاک ژیان دەکات.
ئاشکرایە کوردستان ووڵاتێکی سەربەخۆ نییە، وە تاکو ئێستا بە هەزار و یەک شێوە پەیوەستە بە دەوڵەتی عێراقەوە. ئاشکراشە کوردستان چەندین گرفتی گەورەی تری هەیە کە بەدەستیانەوە دەناڵێت. بەڵام ئێمە بۆ هەر باسێک یاخوود گرفتێک، کە لەم بابەتەدا باسی مەترسی گۆڕینی دیمۆگرافی کوردستان دەکەین، گرنگە کەڵک لەدەرس و ڕابردووی چۆنێتی ئالوگۆرکردن لە دیمۆگرافیای ئەو شوێنانەی کە بەشێک بوون لە کوردستان وەربگرین. ئەگەر تاکو چەند ساڵێک پێش ئێستا لەڕێگەی سیاسەتی شۆڤێنیستانەوە دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە ووردە ووردە ناوچە کوردستانیەکان لەدەست چوون، لە ئەمڕۆدا بە هۆی نەبوونی بەرچاو ڕۆشنی و بێ دەستوری و نەبوونی سیاسەتی ڕۆشن، ئەم ئاڵوگۆرە بەخێرایەکی بەربڵاو لە لەگەشەسەندندایە. بۆیە زۆر گرنگە دوور لە پەنابردن بۆ نەژادپەرستی ، یاخوود بەتەنها لەبەرچاوکردنی بەرژەوەندی ئابووری و گەشەی بازاڕو ساغکردنەوەی یەکەی نیشتەجێ بوون و کۆشک و باخچەی نیشتەجێبوون ، کەڵک لەو ڕێگاچارانە وەربگرین کە لەو ووڵاتانەدا دەستیان بۆ براوە بۆ پاراستنی دیمۆگرافیا و کەلتورو زمانی دانیشتوانە ڕەسەنەکانیان. پێویستە هەرتاکێک کە ڕوو لە شارەکانی هەرێم دەکات و دەیەوێت وەک مافێکی خۆی ژیان بکات لە کوردستاندا، پێویستە ببێت بە کەسێکی کوردستانی ڕێز لە زمان، داب و نەریت خەڵکی کوردستان و کوردستانیان بگرێت، نەک پێچەوانەکەی.

کاوە حەسەن

—————————————————
سەرچاوەکان:
Constitution Acts, 1867–1982 (Department of Justice Canada). The constitutional foundation of Canada’s federal system, including the distribution of powers between
Bakvis, H., & Skogstad, G. (Eds.). (2020). Canadian Federalism: Performance, Effectiveness, and Legitimacy (4th ed.). Oxford University Press.
Constitution Acts, 1867–1982 (Department of Justice Canada). The constitutional foundation of Canada’s federal system, including the distribution of powers between
Conradt, D. P. (2013). The German Polity (10th ed.). Rowman & Littlefield.
Hueglin, T. O., & Fenna, A. (2015). Comparative Federalism: A Systematic Inquiry (2nd ed.). University of Toronto Press.
Gunlicks, A. B. (2003). The Länder and German Federalism. Manchester University Press. Galligan, B. (1995). A Federal Republic: Australia’s Constitutional System of Governmenت. Cambridge University Press.
Government of Canada – Federalism in Canada. Explains the principles of Canadian federalism, the division of powers, and the roles of the federal and provincial governments.
Linder, W., & Mueller, S. (2021). Swiss Democracy: Possible Solutions to Conflict in Multicultural Societies (4th ed.). Palgrave Macmillan.
Saunders, C. (2021). The Constitution of Australia: A Contextual Analysis (2nd ed.). Hart Publishing.
von Beyme, K. (2010). The Political System of Germany. Palgrave Macmillan.
Vatter, A. (2018). Swiss Federalism: The Transformation of a Federal Model. Routledge.
Watts, R. L. (2008). Comparing Federal Systems (3rd ed.). McGill–Queen’s University




دۆزی فەلسەفە4 : گەمژە(دەبەنگ) ناتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە.. ئازاد حەمە

فەلسەفەسازیی کردەیەکی ئاوەزداری قووڵە. ئەمەوادەکات فەلسەفەکردن بریتیبێت لە وردەکاریی ڕاڤەکاریی، پرسیارسازیی کراوە و فرەبیرکردنەوە. کەواتە بەڵێ گەوجاندن (دەبەنگاندن)و فەلسەفاندن یەکناگرنەوە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی گەمژەکان ناتوانن فەلسەفییانە بیربکەنەوە. لەم بارەیەوە تێگەیشتن زۆرە و لەم باسە کورتدا بەشێکیان دەخەینەبەرباس.
سەرەتا دەبێت بزانین بیرکردنەوەی فەلسەفیی چییە؟ئەڵبەتە کە ئەوەمان زانی ئەوکاتە لەوە حاڵیدەبین بۆ گەمژە (دەبەنگ) ناتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە. بیركردنەوەی فەلسەفیی كردەیەكی خودیە و خودی فەلسەفەكردنیش ئەزموونێكە لە بیركردنەوە. بیركردنەوە، كە فەلسەفیی دەبێت بەهۆیەوە فەلسەفەكردن چەكەرەدەكات. كەواتە، فەلسەفەكردن لەناو بیركردنەوەدا دێتەدونیاوە و هەنگاوەكانی خۆی دەنێت. گرنگیی ئاوەزی مرۆڤیش لەوەدایە، کە سازێنەری بیركردنەوەیە؛ واتە دروستکەری فەلسەفەیە.
بەواتایەکی فراوانتر، دەڵێین: فەلسەفەكردن بەگشتی چێژێكە بۆ تێگەیشتن لە خودی چێژی ژیان، لە بەختەوەریی و ئازادیی تاك. دیدگای هزرەڤانە گەورەكانی مێژووی هزریش گەواهیی ئەوە دەدەن، کە فەلسەفە هەمیشە پرسیارە گەورەكانی ناو ژیانی مرۆڤی جووڵاندووەتەوە. بەدڵنیاییەوە کاتێک بیری ڕەخنەیی لەسەر بنەمای فەلسەفیی قووڵ بێت، هەڕەمەكیی و بێبناغە نابێت و دیرۆكی هزریی ڕۆژئاوایش لەو بارەیەوە وانەیەكی زۆری پێگوتوینەتەوە.
بیركردنەوە فەلسەفییەكان لە هیچەوە دروستنابن و ئامانج و پەیامی خۆیان هەیە. ئەوەتا بیرکردنەوەیەک لەگەڵ بیرکردنەوەیەکی تر یان دژە Anti، یان كۆكەPro . لەم ڕێگایەیشەوە بۆچوونەكان یەكتر پەسەنددەكەن، یان ڕەتدەكەنەوە. ئەمەیش كاری هەمیشەیی فەلسەفە بووە و مێژووی هزری فەلسەفییش بەڵگەیە لەسەر ئەم لایەنە. بۆیە چێژی بیركردنەوە چێژە بۆ ژیان، ویستە بۆ تێگەیشتن لە ئازار و ڕاڕایی و لە پەرۆشیی مرۆڤ بۆ مانەوە و خۆکامڵکردن. گشت ئەم گووتنانەش بۆ کەسی گەمژە(دەبەنگ) هیچ مانا و بەهایەکی نییە. لای خوارەوە ڕوونیدەکەینەوە بۆ:
گەمژە(گەوج و دەبەنگ) بێتوانا و ناکارزانە لە ئاست بیرکردنەوەی فەلسەفیی. ئەمە دەرئەنجامە، هۆکارەکەش ئەوەیە،کە گەمژە ئاشنانییە بە ئامرازەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفیی(شیکارکاریی، ئارگومێنتهێنانەوە، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و…..). هەروەها کەسی گەمژە (گێل) توانای گومانکردن و لێکدانەوەی بێئەندازە لاوازە و چیپێبڵێیت خۆشباوەڕانە پەسەندیدەکات.ئەمە وادەکات پرسیارسازی ئەو مانایەی بۆ گەمژە نەبێت؛ بۆ گەمژە ئاسانە بێچەندوچۆن شت وەک خۆی قبوڵبکات.
گەمژە کەسێکی جدی و ووردکار نییە و بەسەر شتەکاندا بازدەدات و خێرا خێرا لەبیریاندەکات. تەنانەت توانای وەستانی هەستیارئاسایانە و تێڕاماناویانەی لەسەر پرسەکانیش نییە. گشت ئەمانەش دژە فەلسەفەن. لەوە ترسناکتر ئەوەیە گەمژە(گێل) لە گومان دەترسێ و لەبەردەم پرسیارسازیشا لاوازە. سروشتی فەلسەفە وایە،کە هیچ یەک لەو خەسڵەتانەی کەسی گەمژەی لا پەسەند نییە.
کەواتە لێرە دەپرسین: گەمژەکان پێویستیان بە فەلسەفە هەیە؟ ئەڵبەتە نەخێر. بۆ گەمژە فەلسەفە نەک بەس پێویست نییە؛ بوونیشی نییە. فەلسەفە چ پێویستدەکات هەبێت،کە هەموو شتێ سادە و ڕوونبێت. بۆیە بەبێ گوماناوە دەڵێین: ئەرکی فەلسەفە بە پلەی یەک بەرەنگاربوونەوەی گەمژەییە(دەبەنگییە). لەبەرئەوەی لەناو گەمژەییدا بیرکردنەوە بەرهەمهێنەر نییە و سادە و ڕواڵەتییشە. بۆیە گۆکردنی (نەخێر) بۆ گەمژە ئاسان نییە. لەبەرئەوەی گەمژە لە دیدگا و بۆچوونی نوێ دەترسێت و ناتوانێت شتێ بخاتەسەر خەرمانەی ئەوەی سەبارەت بە دیاردە یان ڕووداوێک دەگووترێت. لێرەوە دەکرێت ئەوەش بڵێین، کە بۆ گەمژە(دەبەنگ، گێل) سەختە بپرسێت بۆ؟
سەرنجدەخەینەسەر ئەو لایەنەی، کە گەمژەیی بۆئەم زنجیرە باسە گەورەترین تەگەرەیە لەبەردەم فێربوون و پەروەردە. یان گەمژەیی تەقەلایەکە بۆ خۆدزینەوە لە بیرکردنەوە و تێگەیشتن. فەلسەفە،کە دروستکەری بیرکردنەوە و تێگەیشتنە بەرەو فێربوونی ڕاڤە و گومان و ڕەخنەمان دەبات. ئەمە وادەکات بێژین بڵاوبوونەوەی فەلسەفە، یان گرنگیدان بە فەلسەفە لەناو دامەزراوەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاستی زانین جۆراوجۆر و قووڵدەکات.
کەسی گەمژە لەبەرئەوەی خاوەنی پاشخانێکی فەلسەفیی یان هزرێکی ئاوەزیی قوڵ نییە ڕێک پێچەوانەی دڵخوازانی (شارەزایانی) فەلسەفە لە قسەکردن و گفتوگۆدا ڕەفتاردەکات. چۆن؟ کەسی گەمژە دەخوازێ بە سادەیی و سەرپێی چارەسەری گشت پرسە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و دەروونیەکان بکات و خاوەنی هیچ بیرۆکە و ئایدیایەکی ئاییندەیی نییە. ئەمە وایلێدەکات نەزانێ هەڵەی لۆجیکی چییە و ڕاستی چۆن لەدایکدەبێت و بۆ خەڵک خەمی ئەوەیەتی بگات بە دەرهاویشتە و ئاکام .
بەپێیئەوەی گەمژە بیرچەقبەستوو و بیرکورتە، توانەی ڕەتکردنەوەی بۆچوون و ڕاڤەی بۆچوونی نییە و لێبوردەییەکەشی سادە و کاتییە. هێندە بیرگۆشەگیر و کۆنخوازە کە بەئاسانی ناتوانێت پێمانبڵێت بۆ ئەمە بکەین و بۆ ئەوی دی نەکەین. باشە بۆ گەمژە ئەوەندە نافەلسەفییە؟ لەبەرئەوەی گەمژە هیچ لەسەر ئارگومێنت(بەڵگە)، بەڵگەھێنانەوەی لۆجیکی، هەڵهێنجان، پاساوهێناوەی لۆجیکی و..چی و چی نازانێت. ئەم لایەنانە کە پایەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بیرکردنەوەی لۆجییکیانە دروستدەکەن لە زەینی گەمژەدا مانا و بەهای نییە.
هاوکات گەمژە نافەلسەفییە نەک دژە فەلسەفە. گەمژە نازانێت بە فەلسەفە چی ئەنجامدەدرێت بۆیە ناتوانێت دژایەتی بکات و بۆ ئەو چەنوچون و پرسیارکردن و سڵکردنەوە لە قسە و گفتووگۆ پێویستناکات، ئیدی ئەو لێرەوە بە فەلسەفە قەڵسە بێئەوەی بزانێت ناواخنی فەلسەفە چییە. کەچی لای ئەهلی فەلسەفە مشتومڕی ئاوەزەیی، مەشقێکی هزرییە، کە بنەما لۆجییکیەکان دەیبەنەڕێوە. بۆیە بیری ئازاد و بیرکردنەوەی سەربەخۆ بۆ گەمژەکان ئەو گرنگییەی نییە.
ئاسۆی بیری فراوان و بەرین لە کەسی گەمژەدا بەدیناکرێت. ئەوەی بەدیدەکرێت زۆر قسەکردن و چەنابازییە و هیچیتر. سەربارئ ئەوە، دیدگای جیاواز بۆ گەمژە بەهای نییە. بۆ گەمژە تەنها ئەوە گرنگە کە ئێمە قسەبکەین و بەس، کە قسەشمانکرد بڵێین: (بەڵێ). بەڵێ تاکە شتە، کە گەمژە لە گووتنیدا زیرەکە. بەواتایەکی دیکە، بیرۆکە و بۆچوون بۆ گەمژە بوونی نییە. ڕاستی هەر ئەوەیە،کە گوتراوە، گووتنی تر بۆ گەمژە سەرئێشەیە و پێویستناکات.
فەلسەفە سەرقاڵی ڕاڤەکردنی جیهانە، گەمژەیەتی سەرقاڵی خۆیەتی. یان بابڵێین فەلسەفە باشترین ئامرازە بۆ گۆڕینی جیهان، گەمژە خۆشی پێناگۆڕدرێت. بۆیە فەلسەفە هەردەم بە داهێنانی ئایدیای نوێ و سەردەمییەوە سەرقاڵە. فەلسەفە لە خەمی مرۆڤایەتییە، لە خەمی ئازادی و هاوڕێیەتی و مافە. گەمژەکان(دەبەنگەکان، گەوجەکان) تەنها لە خەمیخۆیانن و بەس. هەرچی فەلسەفەیە کار لەسەر ئاستبەرزکردنەوەی فێربوون و پەروەردە دەکات تا ڕووبەری زانین و فێربوون بەرین و بێسنووربکات؛ بەوەش فەلسەفە لەکۆتاییدا ئاست بۆ گەمژەیی(دەبەنگیی) دادەنێت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

ئەم بابەتە درێژەی هەیە……………




تەعریب، ستراتیجی پشیلەی مردوو.. ئەحمەد ڕەسوڵ

                      

ئەم ماوەیە بابەتی بەعەرەبکردنی کوردستان، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیای کوردیی تەنیوە.
بە پارلەمانتاری خانەنشینکراوی کوردستان و عێراقەوە، بە وەزیری خانەنشینکراوی کوردستان و عێراقەوە، بە نووسەر و شیکەرەوەی سیاسییەوە، بە ئەکادیمیی و مامۆستایانی زانکۆوە، بە سەرمایەدار و بەڵێندەرەوە، بە کادێری حزبیی و تەنانەت بە میدیاکارەکانیشەوە، پێکڕا کە ڕاستەوخۆ سەر بە دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتیین یان بە ناڕاستەوخۆ و بە دەستی دوو و سێ و لە سێبەردا سەر بە ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتیین، باسی تەعریبکردنی کوردستان دەکەن.
ئایا تەعریبی شارەکانی کوردستان، وەکو شۆڕشگێڕەکانی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمڕۆ و ئەم ماوەیە دەستیپێکردووە یان ئێستا گەیشتبێتە بەرزترین ئاستی خۆی؟
واتا ئەگەر پرسێک بە ناونیشانی “بەعەرەبکردنی کوردستان” هەبێت! و کەمترین بڕی ڕەوایەتی! هەبێت، یەکەم پرسیاری هەرە سادە کە لەبەردەم پرسەکەدایە، ئەوەیە، ئایا بەعەرەبکردنی کوردستان، لە کەیەوە دەستپێدەکات، ئەم چەند ڕۆژ و مانگەی ڕابردوو ڕوویداوە و لە پڕ وەکو پرسێکی گرنگ! و چارەنوسساز! هاتووەتە بەردەممان؟
وەڵامەکەی ئاشکرایە، نەخێر. ئەو دیاردەیەی کە تیۆریسیۆنەکانی! ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی باسی دەکەن و بە تەعریب ناوی دەبەن و هاواریان لێبەرز بووەتەوە لەبارەیەوە، لە چەند ڕۆژ و مانگی ڕابردووەوە نییە و لەپڕ نەبووە.
ئەی کەواتە بۆچی ئەو بەڕێزانە لە پڕ بیریان کەوتەوە؟!
ئایا ئەوەی ناودەبرێت بە تەعریب، چۆن و لە کەیەوە دەستیپێکردووە؟
پڕۆسەی هاتنی بە لێشاوی خەڵکی عەرەبی ناوچەکانی ناوەڕاست و هەندێک لە ڕۆژئاوای عێراق و هەندێکیش لە خەڵکی شارەکانی موسڵ و سەلاحەدین و دیالە لە دوای کەوتنی ڕژێمی دەسەڵاتداری بەعسەوە لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ وە سەرەتاکەی دەستپێدەکات و لە دوای شەپۆلە توندوتیژییەکان و نائارامییەکانی ناوەڕاستی عێراق و ناوچە سووننەنشینەکان لە ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ ەوە زۆر زیاتری کرد، بەهۆی ئەوەی کە هەڕەشە لەسەر گیان و کار و ژیانیان هەبوو. هەروەها لە دوای سەرهەڵدانی داعش “دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام” و کەوتنی موسڵ و ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادییەوە لە ساڵی ٢٠١٤ گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی و تا نزیکەی سێ ساڵێک دواتر، ئەو کۆچە بەلێشاوەی خەڵکی عەرەب هەر بەردەوام بوو.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ وە و ئەو جێگیریی و ئارامییەی گەڕایەوە بۆ بۆ شارەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق، بەشی زۆری ئەو عەرەبانەی پەنایان هێنابووە بەر شارەکانی کوردستان، گەڕانەوە بۆ شار و ناوچەکانی خۆیان.
هەروەها بەشی زۆری ئەوانەش کە لە دوای کەوتنی موسڵ و بە دەسەڵات گەیشتنی داعشەوە هاتبوون بۆ شارەکانی کوردستان، لە دوای ڕووخانی خەلافەتە ئیسلامییەکەی داعش و ئەبوبەکر بەغدادییەوە بە پڕۆسەیەکی درێژخایەن گەڕانەوە بۆ شار و ناوچەکانی خۆیان.
بە کورتی هەموو ئەو عەرەبانەی کە بە کۆچی بەلێشاو بە هۆکاری نائارامیی هاتنە کوردستان، گەڕانەوە بۆ شار و ناوچەکانی خۆیان تەنیا بەشێکی زۆر کەمیان بە هۆکارێک یان پتر، لە کوردستان مانەوە.

ئەوەی ئێستا باسدەکرێت، ئەوەیە کە گوایا پڕۆسەی بەعەرەبکردن لە ڕێگەی کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوونەوە بەڕێوەدەچێت، لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی بەڵێندەرەکان و سەرمایەدارانەوە کە دەگمەنیان تێدایە لە نێو سەرمایەداران و بەڵێندەران، هاوبەشی دەسەڵاتدارێک نەبێت و پڕۆژەی نیشتەجێبوونەکەی وەکو ڕێگایەک بۆ سپیکردنەوەی سامانی گوماناویی و سەرچاوەنەزانراو بەکارنەهێنابێت.
واتا کاتێک سەرمایەدارانی کوردستان لەپێناوی قازانج و بەدەستهێنانی دارایی تایبەتی خۆیاندا، هەموو کوردستان نقوم دەکەن لە پڕۆژەی یەکەکانی نیشتەجێبووندا کە بەشێکیان پارە سپیکردنەوەی تاڵانچێتیی دەسەڵاتدارانن کە داهاتی گشتی کوردستانیان هەڵلوشیوە و بەردەوامیشن “ڕەنگە ئەگەر بڵێم بەشێکی زۆر لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەو جۆرەی سپیکردنەوەی پارەن، هەڵە نەبێت”، دێن لە پێناوی ساغکردنەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی خۆیاندا بە بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان کە دیسانەوە بڕیاری هاوبەشی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران خۆیانە، بڕیار دەدرێت ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانە بفرۆشرێن بە خەڵکی عەرەب، ئایا ئەم پڕۆسەی نیشتەجێکردنەی خەڵکی عەرەب لە کوردستان جگە لە کاری دەسەڵاتداران و سەرمایەداران کێیە؟ هەڵبەت کە ئەوە دەسەڵاتداران و سەمایەدارانی هاوبەشیانن کە یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ خەڵکی عەرەب دروستکردووە و پێیان فرۆشتوون و دەفرۆشن.
ئێستا با بپرسین تەعریب چییە؟
تەعریب، بریتییە لە پڕۆسەیەکی بەرنامەڕێژکراو و پلان بۆ دانراوی تەنگپێهەڵچنین و ناچارکردنی خەڵکی سەر بە نەتەوە و ئیتنیک و کەمینە زمانیی و ئاینییەکانی دیکەی عێراق جگە لە خەڵکی سەر بە نەتەوەی عەرەب، بۆ کۆچکردن و بەجێهێشتنی شوێنی ژیان و زێدی باب و باپیرانیان و لە جێگایاندا نیشتەجێکردنی خەڵکی عەرەبی شار و ناوچەکانی دیکە بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای شار یان ناوچەکە. ئەم پڕۆسەیە بە سەرپەرشتیی دامەزراوە دەوڵەتییەکان و سوپا و دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکان بەڕێوەدەچوو هەروەکو لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتداری پێشوو بۆ ماوەی چەندین دەیە ئەنجامدرا.
جا لێرەدا باسەکەی ئێمە لەبارەی کوردەوەیە. واتا پڕۆسەی بەرنامەڕێژکراو و پلان بۆ دانراوی تەنگپێهەڵچنین و ناچارکردنی خەڵکی سەر بە نەتەوەی کورد و کورد زمان، بە جێهێشتنی شوێنی ژیان و زێدی باب و باپیرانیان لە ناوچەکانی ئەوەی ناودەبرێن بە “ناوچە کێشە لەسەرەکان – جاران، هەروەها بە زمانی عەرەبیش “مناطق متنازع علیها” کە لەو دەستوورەی عێراقدا هاتووە کە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە کاتی خۆیدا خەڵکی کوردستانیان ئاڕاستەکرد و هاندا لە ڕاپرسییەکی گشتییدا دەنگی پێبدەن و هەر ئەوەش ڕوویدا” و “ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم – ئێستا و لە چەند ساڵێک پێشترەوە” وەکو کەرکوک، خانەقین، جەلەولا، … هتد و لە بەرانبەردا نیشتەجێکردنی خەڵکی سەر بە نەتەوەی عەرەب لە جێگایاندا کە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە دەهێنران بە شێوەیەکی دەزگایی و سیستماتیک بە سەرپەرشتی دەوڵەت.
واتا پڕۆسەی تەعریب ناچاریی و لە ژێر فشاردا بووە و لەو ناوچانە بووە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و بە گوێرەی دەستوور ناویان لێناون ناوچە کێشە لەسەرەکان.
بەڵام ئاشکرایە ئەوەی ئەو بەڕێزانەی بانگەشەکارانی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی باسی دەکەن، ئەو ناوچانە نیین، بەڵکو مەبەستیان لە چوار پارێزگا و چوار ئیدارە سەربەخۆکەی هەرێمی کوردستانە. ئایا دەکرێت و ڕاستە، پڕۆسەی هاتنی خەڵکی عەرەب و کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکانی کوردستان بە تەعریب، یان بە عەرەبکردن ناوببرێت.
هەڵبەت کە ناوبردنی پڕۆسەی هاتنی خەڵکی عەرەب بۆ کوردستان و کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون، بە تەعریب هەڵەیە و هێندەی مەبەستێکی ئایدیۆلۆژییە، هێندە ناونانێکی دروست نییە.
بۆچی ناوبردنی ئەم پڕۆسەیە بە تەعریب، هەڵەیە؟ لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
یەکەم: ئەمە پڕۆسەیەک نییە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی داگیرکەری بێگانەدا ڕووبدات، بەڵکو لە ژێر دەسەڵاتی دەسەڵاتدارێییەکی کوردیی خۆماڵییدا، ڕوودەدات. ئایا هیچ دەسەڵاتدارێتییەک هەیە لە قەڵەمڕەوییەکەیدا دژ بە میللەت و نەتەوەکەی خۆی، پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیی بەڕێوەبچێت؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە نەخێرە، کەواتە هەر لە بنەماوە پڕۆسەیەک بە ناوی تەعریب لە گۆڕێ نییە و ئەگەریش وەڵامەکەی بەڵێیە، ئەوا لایەنی تاوانبار، دەسەڵاتدارێتییەکەی کوردایەتییە نەوەکو عەرەب یان عێراق.
دووەم: ئەمە پڕۆسەیەک نییە بەسەرپەرشتی دەوڵەت و دەزگاکانی، بەشێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو و پلان بۆ دانراو بەڕێوەبچێت، بەڵکو هەڕەمەکییە و هەندێکیان دوای ماوەیەک یەکەی نیشتەجێبوونەکەیان دەفرۆشنەوە.
سێیەم: لەم پڕۆسەیەدا هیچ کەسێکی کورد ناچار نەکراوە بە هەرزانفرۆش یان چۆڵکردنی خانوو و ماڵەکەی یان لێی زەوت و داگیرکرابێت و ناچار بە جێهێشتنی شار و ناوچەکەی خۆی کرابێت.
چوارەم: دەوڵەتی عێراق پارەی نەداوە و پاڵپشتیی دارایی هیچ کەسێکی عەرەبی نەکردووە و هانی نەداون لە ناوچە و شارەکانی ناوەڕاست و باشوورەوە بێن و لە شار و ناوچەکانی هەرێم نیشتەجێ ببن، هەروەکو لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتدار دەیکرد.
بەپێچەوانەوە، ئەوەی ئەو بەڕێزانە بە تەعریب ناوی دەبەن، دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتییە کە هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی کردووە و هاندانی زۆری هەیە هاوشانی بەڵێندەران، کۆمپانیاکان و ژوورەکانی بازرگانیی و پیشەسازیی و یەکێتی بەڵێندەران، لەژێر ناوی بووژانەوەی کەرتی گەشتیاریی و جووڵەی ئابووریی و بازاڕ.
پێنجەم: ئایا ژمارەی هاتنی عەرەب و کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون و جێگیربوونیان لە شارەکانی هەرێم، هێندە زۆرە، کە کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت و ڕێژەیەکی هێندە بەرز بێت کە مەترسی گۆڕینی دیموگرافیی شارەکانی هەرێمی لە نێو خۆیدا هەڵگرتبێت. من هیچ ئامارێکی ورد و ڕاستەقینە شک نابەم. وا دەزانم ئەو بەڕێزانەش کە هاواریان لێبەرز بووەتەوە، ئامارێکی ورد و ڕاستەقینەیان لەبەردەست نەبێت.
ئەگەر ئامارێکیش لەبەردەست نییە، ئایا لە بازاڕەکانی شارەکانی هەرێم، پرسیاریان کردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە لە هەر خاوەن ١٠٠ دوکان و مۆڵ و باڵەخانەی بازرگانیی و تەنانەت خانوو و شووقەیەکیش، یەکێکیان کەسێکی عەرەب بێت و ئەمەش ترسی گۆڕینی دیمۆگرافیی دروستکردبێت لەلای ئەو بەڕێزە نەتەوەپەروەرانە!
شەشەم: تەعریب چۆن دەکرێت، لە کاتێکدا ئەوانە سوڕەت قەید و کارتی نیشتمانیی و هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانی دیکەیان لە شارەکانی دیکەی عێراقە نەوەکو شارەکانی هەرێم. لە کاتێکدا، نە مافی دەنگدان و ڕاپرسییەکی گشتییان لێرە لە هەرێم و شارەکانی هەیە و دەبێت. نە دەتوانن نوێنەرایەتیی و ڕێژەی نوێنەرایەتیی لە پەرلەمان و دەزگاکان بەدەستبهێنن.
ئایا ئەم خاڵانەی سەرەوە و چەندین خاڵی دیکەش کە دەکرێت ڕیز بکرێن، بەس نیین بۆ ئەوەی کە بانگەشە و هاواری بەعەرەبکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستان، پووچەڵ بکەنەوە و بە بانگەشەیەکی ئایدیۆلۆژیی و سیناریۆیەک لە کاتێکی دیاریکراودا و بۆ هەندێک ئامانجی تایبەتی سیاسیی و حزبیی، دایبنێین و لێکیبدەینەوە!
خاڵێکی تریش کە لێرەدا پێویستە بەبیر ئەو بەڕێزانەیدا بهێنینەوە، ئەوەیە کە یاساکان و بڕیار و ڕێنماییەکانی وەزارەتەکانی هەرێم “لەوانە ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ناوخۆ و دەستەی وەبەرهێنان” ن کە ڕێگەیان بە وەها کارێک داوە و یاسایی و بێگرفتە. هەروەها یاساکانی عێراق و دەستوورەکەشی ئەو مافەی بە هەموو عێراقییەکان داوە کە ئازادن و دەتوانن لە هەر شوێنێک، ناوچەیەک و شارێکی عێراق نیشتەجێ ببن و مافی کڕین و خاوەندارێتییکردنی خانوو و زەوی و دوکان و باڵەخانەیان هەیە. ئەمە بۆ هەموو عێراقییەکان مافی هاونیشتمانییبوونە، بەبێ جیاوازی نەتەوە و دین و زمان و ئیتنیک، مافێکی بنەڕەتییە.
ئایا ئێوە ئەگەر ئەمە بە تەعریب دادەنێن، دەتوانن یاساکانی هەرێم و عێراق بگۆڕن و ئەو مافەی هاونیشتمانییان نەهێڵن! ئایا کە ناتوانن ئەوە بکەن، دەتانەوێت لەم هەڵڵا و هەنگامەیە چی سەوز ببێت! دەتانەوێت بە ئاڕاستەکردنی ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، دژایەتی عەرەب و بەغدا بکەن و دواتریش لە عێراق جیاببنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ پێک بهێنن؟! ئایا ئەمە دەکرێت؟!
من نازانم ئایا بەڕاستی ئەمەتان دەوێت و کاری بۆ دەکەن یان نا! بەڵام تا ڕاددەیەکی زۆر لەوە دڵنیام کە هەموو ئەو کۆڕاڵە گەورەیە، پێکڕا و لەم کاتەدا، جگە لە تاکتیکێکی دیکەی دەسەڵاتدارانی خێڵی کوردایەتیی و ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی چیتر نییە کە توانیویەتی لە ڕێگەی دەستی یەک و دوو و سێوە لە ڕێگەی کەسایەتییە هێما بۆ کراوەکانی پێشترەوە و بە وەگەڕخستنی ئیمپراتۆرێتییە میدیاییەکەیان مۆبەڵایزی بەشێکی گەورەی دەستەبژێر “ئیلیت” ی سیاسیی، ڕووناکبیریی، ئەکادیمیی و میدیایی کۆمەڵگای ئێمە بکەن و بیانخەنە خزمەت ئەجێنداکانی خۆیانەوە.
ئێستا با باسی “ستراتیجی پشیلەی مردوو” بکەین و دواتر دێینەوە سەر باسەکە بە تێکهەڵکێش لەگەڵ ئەم ستراتیجەدا.

ستراتیجی پشیلەی مردوو (Dead Cat Strategy)*

(با وەهای دابنێین کە تۆ لە گفتوگۆیەکدا خەریکە دەدۆڕێیت، ڕاستییەکان بە شێوەیەکی سەرسەختانە دژی تۆن و تا خەڵک زیاتر سەرنجیان لەسەر واقیع بێت، بۆ تۆ و کەیسەکەت خراپترە. باشترین گرەو لەم بارودۆخانەدا ئەوەیە کە مانۆڕێک ئەنجام بدەیت، کە ستراتیجیستێکی سیاسیی و کەمپەینکارێکی گەورەی ئوستوڕالیی بە ناوی “لینتن کڕۆسبی”، چارەی دۆخەکە بەم شێوەیە باس دەکات: “فڕێدانی پشیلەیەکی مردوو بۆ سەر مێزەکە” چارەسەرەکەیە.
ئەم کارە لەبەر ئەوەیە کە شتێک هەیە کە بە تەواوی لێی دڵنیایە، لە فڕێدانی پشیلەیەکی مردوو بۆ سەر مێزی ژووری نان خواردن، مەبەست ئەوە نییە کە خەڵک تووڕە ببن، زەنگ لێبدەن و بێزار ببن. ئەوانە ڕاستن و دەرئەنجامن، بەڵام مەبەستەکە ئەوە نییە. بەڵکو خاڵە سەرەکییەکە ئەوەیە کە هەمووان ڕاستەوخۆ و دەمودەست هاوار دەکەن “پشیلەیەکی مردوو لەسەر مێزەکەیە!”؛ بە واتایەکی تر باسی پشیلە مردووەکە دەکەن، ئەو شتەی کە تۆ دەتەوێت باسی بکەن و باسی ئەو بابەتە یان بابەتانە ناکەن کە لە دژی تۆن و پێیان نیگەرانیت.)**
واتا ئیتر باسی ئەو بابەتە یان بابەتانە ناکەن کە تێیاندا لاواز و دۆڕاویت و نیگەرانیت بە باسکردنیان. کەواتە هەمووان پێکڕا، هەم لایەنگرەکانت و هەم ڕکابەرەکانت و نەیارەکانت، باسی ئەو بابەتە دەکەن کە تۆ پێشنیارت کردووە و خستووتەتە بەردەمیان و بەمەش باری لاری خۆت ڕاست دەکەیتەوە.
ستراتیجی پشیلەی مردوو، لە نێو چێوەی سەرقاڵکردنە سیاسییەکان و دابەشکردنی کۆمەڵگای سیاسیی و گۆڕینی ئاڕاستەی بابەتە سیاسییە بەرهەمهێنراوەکان یان دروستکراوەکان “مانیفاکتۆرکراوە سیاسییەکان” وەکو تاکتیک “Tactic” هەژمار دەکرێت.
دەسەڵاتدارانی سیاسیی و کارگێڕیی لە پلەی باڵادا پەنا دەبەنە بەر ستراتیجی پشیلەی مردوو وەکو تاکتیک لە کاتێکدا کە گەندەڵییەکانیان، سەروەت و سامانی سەرچاوە نەزانراو و گوماناوییان، ناپاکیی نەتەوەییان، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتیان، یان شکستی بەڕێوەبردن، یان قەیرانی ئابووریی و سیاسیی و کارگێڕیی یان سەرکوت و ستەمکارییەکەیان دەبێتە گفتوگۆی گشتی کۆمەڵگا یان بابەتی گەرمی ڕاگەیاندن و بابەتی چالاکییەکانی توێژی چالاکوانان “ئەکتیڤیست” ی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و شیکەرەوە سیاسییەکان و تەنانەت بابەتی گفتوگۆی ڕۆژانەی هاونیشتمانیان لە ڕووبەری گشتی کۆمەڵگادا.
لێرەدا ئەم دەسەڵاتدارانە بە ئامانجی گۆڕینی ئاڕاستەی باری سەرنجی فەزای گشتیی و دەستەبژێری سیاسیی و ڕۆشنبیریی و دواتریش تاکە تاکەی هاونیشتمانیییان، پشیلەی مردوو، وەکو بابەتێکی هەستیار و سەرنجڕاکێش، فڕێدەدەنە نێو فەزای گشتییەوە لە ڕێی ڕاگەیاندنەوە کە بۆ ئەمەش کۆمەڵێک لە بکەرە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی خۆیان ڕادەسپێرن و بابەتەکە لە ڕوانگەی جیاوازەوە و لە ڕێگەی کەسایەتییە جیاوازەکانەوە دەخەنە سەر مێزەکە و بەردەمی ڕای گشتیی و کۆمەڵگا. لێرەوە ئەم بابەتە سەرنجڕاکێش و هەستەوەر و ناسکە لە کاتێکدا دەوروژێنن کە ڕکابەر و نەیارەکانیان نەتوانن کەمترین پێشگیری لێبکەن و تەنانەت تا ئەو ئاستەی کە ڕکابەر و نەیارەکانیشیان هەستی پێناکەن و دەبنە بەشێک لە یارییەکە و مشتومڕەکە.
واتا پشیلەی مردوو، تاکتیکی لابردنی تەرکیز و سەرنجی خەڵک و دەستەبژێری سیاسیی، فەرهەنگیی و مێدیایی و تەنانەت هاونیشتمانییانە بە ڕکابەر و نەیارەکانیشەوە لەسەر ئەو ڕاستییانە و ئەو بابەتە واقعییانەی کە دەسەڵاتداران نیگەرانن لە باسکردنیان و لاواز و دۆڕاون تێیاندا، هەروەها ڕاکێشانی تەرکیز و سەرنجی هەموو ئەو گشتەیە بۆ بابەتێک کە دەسەڵاتداران تێیدا سەلامەتن و تەنانەت نەوەکو تەنها سەلامەت بەڵکو هەژموونگەرن تێیدا، واتا بابەتەکە و کاریگەرییەکانی لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتداراندایە و بۆ ئەمەش هەمووان ناچار دەکەن، ناچارکردنێکی تاکتیکی و ناراستەوخۆ، لەسەر ئەو بابەتە قسە و گفتوگۆ بکەن کە لە بەرهەمهێنراو و دروستکراوی سیاسیی ئەوانە.
ئێستا ئەگەر وردببینەوە لە هەڵڵا و هەنگامەی مێدیا و سۆشیاڵ مێدیا لەبارەی بەعەرەبکردنی شارەکانی کوردستانەوە، تێدەگەین دەسەڵاتدارانی خێڵی کوردایەتیی چۆن لە ڕێگەی وەکیلەکانیانەوە، لە نێو نێوەندی ڕوناکبیریی و نێوەندیی سیاسیی کوردستاندا چۆن هەموو ئەو کەسانەی بەکارهێناوە کە لە نێو چێوەی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتییەکەی دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتییدا جێگا دەگرن.
سەرنجبدە، چۆن پشیلەی مردووی بەعەرەبکردنی شارەکانی کوردستان، بەشێکی زۆر لە چالاکوانانی مەدەنیی، نووسەران و شیکەرەوە سیاسییەکان، نێوەندی ڕوناکبیریی، ئەکادیمیی، فەرهەنگیی و کەناڵە جۆراوجۆرە مێدیاییەکان و سۆشیاڵ میدیاشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و سەرنجی هەموو ئەو گشتەی لەسەر گەندەڵییە گەورە و خەیاڵییەکەی دەسەڵاتدارانی دوو حزبخێڵی کوردایەتیی لابردووە، سەرنجی هەمووانی لەسەر قەیرانی دروستکراوی کەمئاویی لەم ساڵەی باران و ئاو زۆرییەدا کە هەموو پۆند و بەنداوەکان پڕ بوون لابردووە، سەرنجی هەمووانی لەسەر قەیرانی گەورەی کەمیی و نرخ گرانیی بەنزین و غاز و نەوت و مووچە و دروستکردنی ئاستەنگییەکانی بەردەم مووچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە لابردووە.
لابردنی سەرنج لەسەر جیاکاریی ناوچەیی لە هەرێم. لابردنی سەرنج لەسەر زیندانییکردنی ڕۆژنامەنووسان. لابردنی سەرنج لەسەر بێکارەبایی و بەڵام لە هەمان کاتدا نرخێکی خەیاڵیی بۆ کارەبا.
لابردنی سەرنج لەسەر پەکخستنی پەرلەمان و نەمانی بودجە و دیاریکردنی بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ شار و ناوچەکان هەر بە میزاج. لابردنی سەرنج لەسەر تەقدیسکردنی بنەماڵە و سیمبول و مێژووی خۆیان. لابردنی سەرنج لەسەر ئەوەی هەر منداڵێکی بنەماڵەی دەسەڵاتدار خاوەنی کۆشکی شاهانە لە وڵاتانی خۆرئاوا، خاوەنی زانکۆ، دەزگای فەرهەنگیی، دەزگای خێرخوازیی، کەناڵ و دامەزراوەی زەبەلاحی مێدیایی، پاڵاوگەی نەوت، بانک و گروپی کۆمپانیاکانن. لابردنی سەرنج لەسەر شکستی سیاسیی و کارگێڕیی سەراپاگیر.
بۆچی پشیلەی مردووی بەعەرەبکردن لەم کاتەدا!
ڕاستە قەیرانگەلی پێشتر هێما بۆکراو لەمێژە هەن و بەردەوامن بەڵام بەڕێخستنی دیبەیت، کۆڕ و کۆنفڕانس بۆ پشیلەی مردووی بە عەرەبکردنی شارەکانی کوردستان و فەرمانپێدان بە هەموو کەناڵە جۆراوجۆرەکانی میدیا و پەیج و ماڵپەڕە بێشومارەکانیان بە سێبەر و بەرتاوەوە کە بیکەن بە بابەتی هەرە گرنگ و لەپێش، بۆچی لەم کاتەدا؟!
بەهۆی شکستهێنان لە بەغدا و نەمانی هەژموونیان، هەروەها لەم ماوەیەدا کە هەڵمەتی ئەوەی کە ناودەبرێت بە پاکتاوکردنی گەندەڵیی و دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و دەستەبەسەرداگرتنی سامانەکانیان، بەڕێوەدەچێت لەلایەن کابینە نوێیەکەی حکومەتی عێراقەوە و بە پاڵپشتییکردنی زۆرینەی هاوپەیمانێتیی و هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەروەها پشتیوانیی ئەمریکا و خودی ترەمپ لە عەلی زەیدی سەرۆکی حکومەتی عێراق، ترسی لە دڵی دەسەڵاتدارانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کوردستاندا دروستکردووە.
ترسی کەمبوونەوەی هێز و هەژموونیان، ترسی لەدەستچوونی بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتیان، ترسی قۆناغ بە قۆناغ دەرخستنی گەندەڵییەکانیان و بەرەو لێژبوونەوەی ڕەوڕەوەی دەسەڵات و ملنەدانیان بە بڕیارەکانی بەغدا، هەروەکو لە ڕابردوو کردوویانە. ترسی نەمانی پاڵپشتیی نێو دەوڵەتیی و لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا. ترسی بە دادگا گەیاندنی هەندێک لە نزیکەکانیان کە ئەمەش خۆ بەخۆ یەکسانە بە شکانی شکۆ و جەبەڕووتیان کە لە درێژایی سی و ئەوەندە ساڵەی ڕابردوودا لەسەر شکاندنی شکۆی ئینسانی کورد و شکستپێهێنانی سایکۆلۆژیای گشتی کۆمەڵگای کوردیی و ئیرادەی ئینسانی کورد، بونیادیان ناوە.
ترس لە چارەنووسی دەسەڵات و داهاتووی سامانی بێشوماریان کە لەسەر تاڵانکردنی داهاتی گشتیی و وێرانکردنی کوردستان کەڵەکەیان کردووە.
ئێستا لە ڕێگەی پشیلە مردووی بە عەرەبکردنی شارەکانی کوردستانەوە، دەیانەوێت ئەگەری شکانی شکۆی خۆیان یەکسان بکەن بە ئەگەری شکانی شکۆی میللەت و نەتەوەی کورد.
هەر لە ماوەی ڕابردوو، خاوەنی کۆمپانیایەکی گەیاندنی سەر بە یەکێک لە دوو خێڵە دەسەڵاتدارەکە، سزادانی کۆمپانیاکەی لەلایەن وەزارەتی گەیاندنی عێراقەوە بە سزادان لەسەر کوردایەتیی و کورد و کوردستان، ناوبرد.
ئەوان “دەسەڵاتداران و سەرمایەدارە هاوبەشەکانیان” لە ڕێگەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە بۆ سپیکردنەوەی سەروەت و سامانە گوماناویی و سەرچاوە نەزانراوەکانیان و قازانجی خەیاڵیی خۆیان و تێکدانی عیمرانی شارەکان، پشیلەی مردووی بە عەرەبکردنی شارەکانی کوردستانیان وەکو پڕۆسەیەک جێبەجێکردووە، ئێستا دەبێت خەڵکی قوربانیی و ستەملێکراوی کوردستان، شەڕ لە دژی بە عەرەبکردن! بەرپا بکات و ببێتە سەربازی خۆبەختکەری ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی!. دەیانەوێت لە ڕێگەی پشیلەی مردووی بەعەرەبکردنەوە، مۆبەڵایزی ڕای گشتیی سیاسیی و خەڵکی کوردستان بکەن بە ئاڕاستەی دژایەتییکردنی حکومەتی عێراق و سیناریۆی پووچ و بێناوەڕۆکی هەڕەشەی خۆجیاکردنەوە لە عێراق و دەوڵەتی سەربەخۆ!
دەیانەوێت نمایشەکە وەها بکەن، کە ئەوە خەڵکی کوردستانە کە ئەمجارەیان دژی عێراقە و خواستی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە نەوەکو پلان و ئەکتی سەرکردە سیاسییەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکان.
دواتریش ئەم کارتە بەکاربهێنن وەکو ڕێگەیەک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ خۆ دەربازکردن لە ئەگەری دەرخستنی گەندەڵییەکانیان و ئەگەری دەستگیرکردن و دادگاییکردنی هەندێک لە نزیک و دەستوپێوەندەکانیان.
لێرەوەیە، تێدەگەین خێڵە دەسەڵاتدارەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیی و ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی، دەتوانن تا چەند کاریگەر بن لە ئاڕاستەکردنی بیرکردنەوەی گشتییدا و هەردەم لەڕێگەی بابەتە هەستیار و وروژێنەرەوەکانەوە، دەست بەسەر عەقڵی نەوەکو ئاپۆڕای جەماوەرییدا بگرن، بەڵکو دەستەبژێرەکانی نێو کایە جیاوازەکانیشدا بگرن لە مەنگەنەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی خۆیاندا لە قاڵبی بدەن.
پشیلە مردووەکانی سەرانی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی، هێندە زۆرن هەرگیز دواییان نایەت و کۆمەڵگاش هەزار جاری دیکە لە هەمان کونەوە، هەمان مار پێوەی دەداتەوە.

ئەحمەد ڕەسوڵ
………………
تێبینی١: * ستراتیجی پشیلەی مردوو دەگەڕێتەوە بۆ ستراتیجیستی سیاسیی ئوستوڕالیی، لینتن کڕۆسبی.
تێبینی٢: ** ئەو دوو پەرەگرافەی نێوان دوو کەوانەکان، دەقی دوو کورتە پەرەگرافی نێو ستوونێکی بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیایە کە لە هەندێک بەشی وتارەکەدا لەبارەی ستراتیجی پشیلەی مردوو دەدوێت، کە لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕی زە تەلەگرافی بەریتانییدا لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە، کە لە کاتی نووسین و بڵاوکردنەوەی ستوونەکەدا لە ساڵی ٢٠١٣ ،بۆریس جۆنسن، پارێزگار “مایەر” ی شاری لەندەن بوو. ئەمەی خوارەوەش لینکی وتارەکەیە:
This cap on bankers’ bonuses is like a dead cat – pure distraction




فێمینیزم لە بازنەی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکاندا.. كارزان عزيز عەبدولرەحمان

چەمکی فێمینیزم یەکڕەهەند و چەقبەستوونییە، بەڵکو وەک هەر ڕێبازێکی تیۆری و فیکری تر، بە چەندین ئاراستەی جیاوازدا گەشەی کردووە و لە ڕێگەی ئەم ئاراستە هەمەجۆرانەوەیە کە پرسەکانی وەک هێز، دەسەڵات، ژێردەستەیی، چەوساندنەوە و نایەکسانی شیکار دەکرێن. بۆیە کاتێک شیکاری بۆ ئەم چەمکە دەکرێت، پێویستە پرسیاری ئەوە بکرێت کە بابەتەکە بە چ چاویلکەیەکی فیکرییەوە سەیری واقیع دەکات، چونکە تەنیا تێگەیشتن لە چەمکی گشتیی فێمینیزم بەسنییە، بەڵکو دەبێت کۆنتێکست و پاشخانە مێژووییەکانیش هەڵبسەنگێندرێن. مێژووی بزووتنەوەکانی ژنان پیشان دەدات کە ئەم ڕەوتە بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە کە هەر قۆناغێکیش بەپێی ئەو بارودۆخە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەی تێیدا سەری هەڵداوە، دەرککردن و لێکدانەوەی تایبەتی خۆی هەبووە. لەگەڵ گۆڕانکارییە مێژوویی و سیاسییەکاندا، چەمکەکە بەرگی نوێی بە بەردا کراوە، ئەمەش دیاردەیەکی جیهانییە و زۆربەی چەمک و تیۆرییە سیاسییەکان لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە پاشگری تایبەتیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی وەک ڕێبازێکی زانستی و سیاسی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەگەرچی زاراوەی فێمینیزم خۆی بۆ یەکەمجار لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا وەک ئایدیایەکی سیاسی دژی نێرایەتیی باڵادەست بەکارهێنرا. لە کڕۆکدا، خەباتی ژنان و فێمینیزم یەک ئامانجی هاوبەشیان هەیە کە ئەویش ڕەخساندنی هەلومەرجێکی دادپەروەرانە و دابینکردنی مافە سەرەکییەکانی ژنانە لە هەموو کایەکانی ژیاندا، لە دەوڵەت و حوکمڕانییەوە تا کۆمەڵگا، کولتوور و سنووری خێزان، کە ئامانجی سەرەکی تێیدا دابەشکردنی یەکسان و دادپەروەرانەی ماف، ئازادی و دەرفەتەکانە. خەباتی ژنان پێویستە وەک کارێکی پێکەوەیی و چالاکییەکی کۆمەڵایەتی ببێندرێت کە دەیەوێت کۆتایی بە نادادپەروەری و نایەکسانییە ڕەگەزیی و جێندەرییەکان بهێنێت و وەک تیۆرییەکی سیاسیی گشتگیر، تەواوی پەیوەندییە پێکهاتەییەکانی کۆمەڵگا شیکار بکات.
بزووتنەوە سەرەتاییەکانی ڕزگاریخوازیی ژنان، وەک لە مێژوودا تۆمار کراوە، زیاتر لە ناو ژنانی چینی بۆرژوازیدا ڕەنگی دایەوە و داواکارییەکانی ئەوان لەو ئیمتیازانەدا کورت ببووەوە کە پیاوانی چینی باڵا هەیانبوو بەڵام ژنانی هەمان چین بەهۆی نۆرمە باوەکانەوە لێی بێبەش بوون، وەک مافی دەنگدان، خوێندن، خاوەندارێتی سەروەت و میرات. نووسەرانی وەک ڤیرجینیا وۆڵف، ئاماژەیان بەوە دەکرد کە چەوساندنەوەی ژنان لە پێکهاتەی نایەکسانی دابەشکردنی کار و ڕێگریگرتن لە گەیشتنیان بە سەربەخۆیی دارایی و خوێندندایە، و پێی وابوو کە پێویستە ژنان زمانی تایبەت بە خۆیان و پەروەردەی سەربەخۆیان هەبێت، نەک تەنیا خۆیان بە پێوەرە پیاوانەکان یەکسان بکەنەوە. سەرەڕای گرنگیی ئەم بزووتنەوە سەرەتاییانە، بەڵام نەیتوانی نوێنەرایەتی تەواوی ژنان بکات چونکە داواکارییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی چینی دەسەڵاتداردا مابووەوە، هەر بۆیە لەلایەن بیرمەندە سۆسیالیستەکانی وەک ڕۆزا لوکسمبورگ و کلارا تسەتکینـەوە ڕەخنەی توندی لێگیرا، بەو پێیەی ئەوان باوەڕیان وابوو مافی سیاسی دەبێت لەلایەن تاکە چالاک و بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگاوە کە چینی کرێکارە داوا بکرێت و سەرکەوتنی پرسی ژن بە خەباتی چینایەتییەوە گرێدراوە، بەمەش دۆزی ژنیان لە بازنەی نوخبەی بۆرژوازی دەرهێنا و کردیان بە بزووتنەوەیەکی جیهانی کە سەرنجی دەخستە سەر ژنانی هەژار، جوتیار و چەوساوەکانی سەرانسەری جیهان. مێژوو شایەتی دوو قۆناغی پەرچەکردار و هێرشی پێچەوانە بووە بەرامبەر بەم هۆشیارییە، کە قۆناغی یەکەم تێیدا دروستبوونی جووڵانەوەی کۆنزێرڤاتیڤ و ڕاستڕەو بوو کە وایان نیشان دەدا مافی ژنان واتە لێسەندنەوەی مافی پیاوان و زەمینەی بۆ بیرۆکە فاشیستەکان خۆش کرد، و قۆناغی دووەمیش پەرەسەندنی سیاسەتی نیولیبڕاڵ بوو لە جیهاندا کە هەوڵ دەدات پرسی ژن تەنیا لە چوارچێوەی دەستکەوتی تاکەکەسی و بازاڕدا کورت بکاتەوە و ڕەهەندە پێکهاتەیی و ئابوورییەکانی لێداماڵێت.
بۆ تێگەیشتنێکی گشتگیر لە کێشەکانی جێندەر، پێویستە ئاماژە بە چەند ئاراستەیەکی تیۆریی سەرەکی بکرێت کە یەکەمینیان فێمینیزمی فێمینۆلۆژییە و تێیدا سیمۆن دو بۆڤوار لە کتێبی ڕەگەزی دووەمدا ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی ژن لە کۆمەڵگادا لە بەرامبەر پیاودا پێناسە دەکرێت، بە جۆرێک پیاو وەک سوبیێکت واتە بکەری سەرەکی وێنا دەکرێت، لە کاتێکدا ژن دەکرێت بە ئۆبیێکت یان ئەوی دیکە، و دواتریش تیۆرییەکانی بەهێزبوون لێرەوە دابەش بوون بەسەر فێمینیستە لیبڕاڵەکان کە پێیان وایە بەکارهێنانی سەرنجڕاکێشی دەکرێت ببێتە ئامرازێکی هێز و ڕەوتە ڕادیکاڵەکان کە ئەمە بە کاڵابوونی زیاتری ژن دەبینن. ئاراستەی دووەم فێمینیزمی لیبڕالە کە هێز و پێگە وەک سەرچاوەیەکی کۆمەڵایەتی دەبینێت کە بە نایەکسانی دابەش کراوە و داواکاری سەرەکییان ئەوەیە کە ژنانیش هاوشێوەی پیاوان بگەنە بەڕێوەبردن، سەرکردایەتی و لوتکەی دەسەڵات، بێ ئەوەی مەرج بێت خودی پێکهاتە گشتییەکە بگۆڕن. لە کاتێکدا فێمینیزمی ڕادیکاڵ وەک ئاراستەی سێیەم پێی وایە جیاوازییە جێندەرییەکان بەرهەمی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتین کە لەسەر دوالیزمی باڵادەستی و ژێردەستەیی بونیاد نراوە و بیرمەندانی وەک شولامیت فایەرستۆن پشت بە دیالێکتیکی ئاغا و کۆیلە دەبەستن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باڵادەستییە. لە پاڵ ئەمانەشدا، فێمینیزمی مارکسیستی و سۆسیالیستی پێی وایە کێشەی ژن لە دابڕاندا نییە لە کێشە ئابوورییەکان، بەڵکو هەوڵ دەدات کاتێگۆرییە جێندەرییەکان لە پەیوەندیدا لەگەڵ مەسەلەکانی چینایەتی و سەرمایەداریدا بخوێنێتەوە، چونکە نایەکسانی ڕەگەزی ئامرازێکە لە خزمەت سیستەمی ئابووریدا. دواجار فێمینیزمی ئینتەرسێکشنالیتی یان خاڵی یەکتربڕ کە لەلایەن کیمبەرلی کرێنشاو و فێمینیستە ڕەشپێستەکانەوە پەرەی پێدرا، پێی وایە چەوساندنەوەی ژن تەنیا لە ڕەگەزەکەیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەرئەنجامی یەکتربڕینی سێ توخمی سەرەکییە کە بریتین لە جێندەر، ئابووری، و نەتەوە، بەپێی ئەم دیدەش ستەمی سەر ژنێکی هەژاری کەمینە، زۆر جیاوازە لە ستەمی سەر ژنێکی دەوڵەمەندی زۆرینە و دەبێت کێشەکان بە گشتگیری چارەسەر بکرێن.
لە تیۆرییە ڕەخنەییەکاندا، ژنان زۆرجار وەک هێزێکی کاری پاشەکەوتکراو یان ئامرازێکی بەرهەمهێنانەوە دەبینرێن، و بیرمەندانی وەک بێڵ هوکس ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشە سەرەکییەکە تەنیا خودی پیاوان نین وەک تاک، بەڵکو پێکهاتەی سیستەمەکەیە، چونکە ئەگەر تەنیا پێگەی جێندەری بگۆڕدرێت و پێکهاتەی دەسەڵات وەک خۆی بمێنێتەوە، ژنانیش دەتوانن ببنە بەشێک لە سیستەمی چەوساندنەوەی چینایەتی. بۆ تێگەیشتن لە لایەنی مێژوویی ئەم بابەتە، سیلڤیا فێدیریچی لە کتێبی کالیبان و جادوگەرەکەدا چەمکی کەڵەکەکردنی سەرمایە دەبەستێتەوە بە ڕووداوەکانی سەدەکانی ناوڕاست و ڕوونی دەکاتەوە کە لە سەردەمی گواستنەوە بەرەو سەرمایەداری، دەوڵەت و کڵێسا لە ڕێگەی پرۆسەی ڕاوکردنی جادوگەرانەوە، هەوڵیان دا بەرگریی ژنان دژی بەتایبەتیکردنی زەوییەکان تێکبشکێنن، تا کاری ناوماڵ و توانای کۆمەڵایەتیی ژنان بێبەها بکەن و بیخەنە خزمەت بەرهەمهێنانی هێزی کارەوە بەبێ بەرامبەر. ئەم تێڕوانینە پێی وایە سیستەمی ئابووری هەمیشە پێویستی بە دەستی کارێکی هەرزان یان بێکرێ هەبووە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی ناوماڵ و چاودێری کۆمەڵایەتی، و تەنانەت کاتێک ژنانیش دێنە ناو بازاڕی کاریشەوە، ئەو کارانەی پێیان دەسپێردرێت وەک پەرستاری، پەروەردە و چاودێری، لە ڕووی مادییەوە کەمتر بەهاکەیان دەستنیشان دەکرێت، لە کاتێکدا لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا وەک پەتای کۆڕۆنا بە ڕوونی دەرکەوت کە مانەوەی کۆمەڵگا لەسەر شانی ئەم سێکتەرە گرنگانەیە. لێرەوە دەکرێت بپرسین ئایا هێنانەناوەوەی دروشمە لیبڕاڵییەکان بۆ بازاڕی ئازاد، دۆزی ژن بەرەو ڕزگاریی ڕاستەقینە دەبات، یان وەهمێکی ئازادی دروست دەکات کە تێیدا ژنان ناچار دەبن خۆیان لەگەڵ پڕەنسیپەکانی سەرمایەداری و پیاوسالاریدا بگونجێنن و جەستەی خۆیان بەکاڵا بکەن.
لە زۆرێک لە کۆمەڵگا نەریتی و گەشەسەندووەکاندا، ترسی کۆمەڵایەتی لە وشەی فێمینیزم هەیە کە ئەمەش بەهۆی ئەو پێشگریمانە نەرێنییانەی لە دەوروبەری دروست کراون و ئەم ترسە زۆرجار وای کردووە کە تەنانەت چالاکییەکانی داکۆکیکردن لە ژنانیش لە بازنەیەکی سنوورداردا بمێننەوە. بۆ نموونە، زۆرجار لە بۆنە فەرمییەکاندا وشەی ژن دەگۆڕدرێت بۆ چەمکی وەک خانم، یان لەبری خستنەڕووی داواکارییە ڕادیکاڵ و پێکهاتەییەکان، زیاتر جەخت لەسەر لایەنە کولتووری و فۆلکلۆرییەکان وەک جلوبەرگ و ئاهەنگگێڕان دەکرێتەوە. لە ڕوانگەی شیکاریی کۆمەڵایەتییەوە، ئەم گۆڕانکارییە زمانی و فۆرمەڵییە وا دەکات خەسڵەتە نەریتییەکانی ژن پیرۆز بکرێن و پەیوەندییە جێندەرییە باوەکان وەک خۆیان بمێننەوە، بەبێ ئەوەی کێشە ڕاستەقینەکان و ژێرخانە ئابووری و یاساییەکان چاکسازییان تێدا بکرێت. هاوکات، شیکارە فەلسەفییەکانی وەک تێڕوانینی جودیت بەتلەر پیشانمان دەدەن کە جێندەر پێگەیەکی سیمبۆلی و نەزمێکی کۆمەڵایەتییە کە لە ڕێگەی زمان و نۆرمە کولتوورییەکانی ڕۆژانەوە بەسەر تاکدا دەسەپێنرێت و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان زۆرجار پێکهاتە پیاوسالارییەکانی پێش خۆیان دەگۆڕن بۆ ئامرازێک لە خزمەت پاراستنی نەزمی باودا، و لە نێوان تیۆریستەکانیشدا دوو ڕوانگەی جیاواز هەیە، بە جۆرێک شولامیت فایەرستۆن ڕیشەی دوالیزمی جێندەری لە بایۆلۆژی و وەچەخستنەوەدا دەبینێت و پێی وایە پێشکوتنی تەکنەلۆژیا دەکرێت ژن لەم کۆتە بایۆلۆژییە ڕزگار بکات، لە کاتێکدا میشێل بارێت پێی وایە ئەرکەکە گۆڕینی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو گۆڕینی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەیە کە جیاوازییە سروشتییەکان دەگۆڕن بۆ باڵادەستی و ژێردەستەیی.
تەنانەت توێژینەوە هاوچەرخەکانی بواری جێندەر و پێشکوتنە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە نێوان ئەناتۆمی فیزیکی جەستە و شوناسی جێندەریدا پەیوەندییەکی حەتمی و ئەبەدی نییە، بەڵکو جێندەر زیاتر بەرهەمێکی کولتووری و کۆمەڵایەتییە و لێرەوە هۆشیاریی جێندەری بابەتێک نییە کە تەنیا تایبەت بێت بە ژنان. تا ئەو کاتەی پیاوانیش لەو پێگەیەی کە سیستەمی نەریتی بۆی دیاری کردوون وەک پێگەی باڵادەستی یان ئەرکی توندوتیژی بەئاگا نەیەنەوە، گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی کۆمەڵگادا ڕوونادات. لە کۆمەڵگادا زۆرجار ئەرکی خۆپاراستن و هۆشیاری تەنیا دەخرێتە سەر شانی ژنان، لە کاتێکدا پێویستە پیاوانیش بەشدار بن لە پرۆسەی پێداچوونەوە و ڕەخنەکردنی پیاوێتیی باودا، چونکە سیستەمە کۆنەکان پیاوانیش نامۆ دەکەن و دەیانکەنە کارەکتەری توندوتیژ؛ بۆیە پەروەردەی هاوچەرخ پێویستی بەوەیە کە کچان و کوڕان بەبێ جیاکاریی نەرێنی و لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی هاوبەش گۆڕش بکرێن. وەک دەرئەنجام، کۆتاییهێنان بە قەیرانە کۆمەڵایەتی و جێندەرییەکان بەندە بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە دابەشکردنی کار، هێز و بەرپرسیارێتییەکاندا و تائەوکاتەی کارەکانی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ژێر سایەی پێکهاتە هیرارکییەکاندا بمێننەوە، یەکسانیی ڕاستەقینە بەدینایەت، چونکە شیکاریی فێمینیستی پێویستی بە یەکگرتنی ڕەهەندەکانی ڕەگەز، چین و ئێتنیک هەیە بۆ تێگەیشتن لە تەواوی ئەو سیستەمانەی پێگەی مرۆڤ کورتدەکەنەوە بۆ ئاستی کاڵا.

كارزان عزيز عەبدولرەحمان




تەنگەژەی ئەمریکا لە جەنگی بۆسەر ئێران!.. نوری بەشیر

خولی سێیەمی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران هاوکاتی دەورەی دانوسانەکانی نەشەڕ نەئاشتی نێوانیاندا بوو، کە ١٣هەمین شەوی خۆی تێدەپەڕێنێت کە لەم شەوەدا بەپێی سەرچاوەکانی ئەمریکا هێرشەکانی بۆسەر ئەم ناوچانە؛ ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازیی ئێران، کۆگاکانی درۆن، تۆڕەکانی پەیوەندی، بنکەکانی چاودێریی دەریایی و تواناکانی هێزی دەریایی ئێران، بووە.
ئەم خولەی هێرشەکان بەجیا لە دورگەکانی ئێران لە باشوری ئێرانەوە تا رۆژئاواو باکوری ئێرانی گرتۆتەوە، ئەمە دەورەیەکی گەورەی هێرشی دوای جەنگی ١٢ رۆژەو ٤٠ رۆژەی ئەمریکایە، کە کاریگەری زۆر گەورەی لە سەر ئێران داناوە. بە‌دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، ئەم هێرشانە ئەگەرچی ئەمجارە سەرانی جمهوری ئیسلامی نەکردۆتە ئامانج، بەجیا لە دورگەکانی ناوچە ئاویەکان، زیاتر لە ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەی داوە لە: وێستگەکانی کارەبا، پرد، تونێل، و ژمارەیەک شوێنی سەربازی و تەقەمەنی، بەجۆرێک خزمەتگوزاریەکانی کارەبا، تونێل و پردی گرتۆتەوە کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵكی ئێران داناوە، بۆ دابڕانی ناوچەکان لەیەکتری، کە کاریگەریەکانی لە دوو دەورەی پێشوو کەمتر نەبوون.
مارکۆڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، تاران لە دوای دروستکردنی ئاستەنگ لە گەرووی هورمز و تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی، لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئابووری، هەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراک بووەتەوە. لە درێژەدا دەڵێت: واشنتن بەرگری لە ئازادیی دەریاوانی دەکات و ئەو شوێنانە دەکاتە ئامانج کە هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکان، هاوکات دەڵێت: وڵاتەکەی دەرفەتی بۆ چارەسەری دیپلۆماسی هێشتووەتەوە و دۆناڵد ترەمپ ڕێککەوتنی پێ باشترە وەک لە جەنگ، بەڵام تاران ڕێککەوتنەکانی پێشووی پێشێل کردووە. بەڵام لە راستیدا لەولاوە هەڕەشە توندەکانی ترەمپ و ‌هێرشە توندەکان بۆسەر ئێران بەردەوامە.
لەبەرامبەردا ئێران هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکە فراوانکردۆتەوە لەوانە بۆسەر: ئەردەن، سوریا، عومان، قەتەر، سعودیە، ئیمارات، بەحرەین، ئەردەن، عێراق و کوردستان، هەرەها لە رێگای چەند گروپی میلیشیای عێراقەوە هێرش کراوەتەوە سەر وڵاتانی ناوچەکەو لەوانە ئەردەن، هەروەها هەوڵی ناردنی چەک و تەقەمەنی داوە لەرێگای سوریاوە بۆ حزبوڵای لوبنان، هەروەها حوسیەکانی یەمەن هێرشەکانیان بۆسەر دەریای سورو گەرووی باب ئەلمەندەب توند کردۆتەوە.
هەروەها بەدوای هەڕەشەکانی ترەمپ دا، حکومەتی ئێران و سەرانی لە: قه‌رارگای خاته‌مولئه‌نبیا و محه‌مه‌د باقر قالیباف، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران، هەڕەشەی ئەوە دەکەن، کە ژێرخانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ ئامانج و بەوە وەڵامی ترەمپ و هەڕەشەکانی دەدەنەوەو دەڵێن، لە بەرامبەردا سەرجەم ژێرخان و دامەزراوەکانی وزە لە ناوچەکەدا دەبێتە ئامانجی سەربازی ئەوان، کە ئەمریکا بەرژەوەندیی تێیاندا هەیە. ژێرخانی هیچ وڵاتێكی ناوچه‌كه‌ پارێزراو نابێت و ده‌شڵێن، لە ناوچەیەکدا کە ئێمە نەوت نەفرۆشین، هیچکەسێک نەوت نافرۆشێت، هێزه‌كانیان ڕێگە بە هەناردەکردنی یەک دڵۆپە نەوت نادەن و ژێرخانی نەوت، غاز، کارەبا و ئابوریی ناوچەکە ده‌كه‌ینه‌ ئامانج.
واتە هەروەک چۆن ئەمریکا هەڕەشە دەکات و دەیەوێت لە رێگای زۆرەوە ئاشتی بکات بۆ سەپاندنی خواستەکانی، بەهەمانشێوە ئێرانیش بۆ ملنەدان بە ئەمریکاو تەسلیم نەبوون بە خواستە و مەرجەکانی رێگای وەڵامدانەوەی توندو فراوانکردنەوەی دامەنەی جەنگەکە بۆ ناوچەکە و هێرشکردنە سەر بەرژەوەندیە ئابوری و بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەڵدەبژێرێت.
ئەم دۆخەی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا و نە ئاشتی و نە جەنگ دۆخی ناوچەکەی بە تەموومژاوی و نائەمنی هێشتۆتەوە و کاریگەری لەسەر دۆخی ئابوری جیهانیش کردوە. ئێستا نە ئەمریکاو نە ئێران، لە حاڵەتی پێش دەستپێکردنی جەنگەکەدا نین، واتە نە ئەمریکا دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگی ٤٠ رۆژە، نە ئەو هەیبەتەی ئەوسای ماوە لەئاستی دنیادا، نە ئێرانیش جێگاو رێگای دەسەڵاتێکی بەهێزی ولایەتی فەقێ کە هەیبوو، دەگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگی ١٢ رۆژە، لە جێگاوڕێگاو قسەڕۆشتوویی و یەکدەستی لەناو ئێران و ناوچەکەدا.
راستی ئەم جەنگەی ئەمریکا بۆسەر ئێران نە چەکی ئەتۆمی و نە گەروی هورمزە، ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەتایبەت ئیسرائیل ئەم جەنگەی لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ دەستیپێکرد دەورەی دنیای چەند جەمسەریە، واتە کێشەی ئەمریکا لەگەڵ جەمسەرەکانی چین و روسیا کە ئێران لە پاڵ ئەم جەمسەرانەدابوو، وە ئێران لە ناوچەکەدا رێگربوو لە نەخشەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نوێ، نەک تەنیا لە ئێران بەڵكو بە دەخالەتی لە زۆریک لە وڵاتانی ناوچەکەداو بە رێکخستنی رێزێکی زۆر لەبەرەی مقاومە.
بەڵام هاوکێشەو هەلومەرجەکە ئەوەی ئەمریکا دەیویست bوچاوەڕوانی دەکرد، هەروا بە ئاسانی نەچووە پێشەوەو وا دەرنەچوو، وە کێشەو تەنگەژەی زۆری بۆ دروستبوو. ئەمریکا لە حساباتی خۆیدا وایدانابوو کە لە جەنگەکەی لەگەڵ ئێراندا لەماوەیەکی کورتدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. بەپێی ئەزمونی جەنگەکانی لە عێراق و ئەفغانستان و هەروەها فڕاندنی سەرۆکی فەنزەیویلا خوێندنەوەی بۆ ئەم جەنگەی لەگەڵ ئێراندا کردبوو. بەڵام ڕاستیەکانی جەنگ دژی ئێران پێچەوانەی لێکدانەوەو حساباتەکانی ئەمریکای سەلماند و ئەمریکا دەرگیری جەنگێکی نەبڕاوە کرد کە ئاکامەکەی نادیارە.
ئەمریکا لە نەخشەکەیدا کە بەو چاوەڕوانیەوە رۆیشت، بەدوای جەنگی دوانزە رۆژە بەتەواوی تێڕوانینەکەی گۆڕا. ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ئەو رژێمەی ئەم داینابوو بە لێدانی گورزی سەربازی و بە کوشتنی سەرانی پلە یەکی رژێمەکەی دەتوانێ تەسلیمی بکات و پرۆسەی گۆڕینی رژێم ئەنجام بدات بەپێی بەرژەوەندی و خواستی ئەمریکا، رووی نەدا و هیشتاش سەرباری ئەو زیانە مادی و ئابوریانەی لێی کەوتوەو سەرانی کوژروان، بەڵام رووبەڕووی ئەمریکا بوەتەوەو توانای زیان گەیاندنی بە ئەمریکاو دۆستەکانی هەیە لە ناوچەکەدا. ئێستا ئەمریکا بە کۆکردنەوەی هێزیكی زۆری سەربازی و هێنانی فڕۆکەی جەنگی وێرانکەرو هەڕەشەی گورزی کەمەرشكین لە توانای سەربازی و ئابوری و دامەرزاوە خزمەتگوزاریەکان دەیەوێت ئەو ئامانجەی بەدەست بهێنێت.
ئەمریکا کە هۆکاری هێرشەکانی بۆسەر ئێران بەوە پاساودەکرد کە بۆ رێگریکردنەوەی لەوەی ئێران دەستی بە چکی ئەتۆمی بگات و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەستی ئەمریکا بکات، ئێستا خواستی سەرەکی بووەتە کردنەوەی گەرووی هورمز. ئەگەرچی پرسی کردنەوەی گەروی هورمز هەروەکو مەسەلەی چەکی ئەتۆمی ئێران، ئەسڵی کێشەی نێوان ئەمریکاو ئێران نیە، بەڵکو ئەمریکا دەیەوێ ئێران بکێشێتە ژێر هەژمونی سیاسی و و ئابوری خۆیەوەو لە دژایەتی ئەمریکاو ئیسرائیل دەست هەڵگرێت و دوور بکەوێتەوە لە بەرەی چین و ڕوسیا، بەڵام بەکارهێنانی ئەو دوو پاساوە بۆ دانی شەرعیەتی سیاسیە بە پەلامارەکەی بۆ سەر ئێران بەناوی بەگریکردن لە جووڵەی ئازادی دەریایی و بازرگانی و دەست ڕاگەیشتنی تیرۆریستان بە چەکی ئەتۆمی!
نەخشەی رۆژهەڵاتی نوێ کە ئەمریکا دەیەوێ ئارایشی بداتەوە، بەبێ بوونی ئاسایش و ئیستقراری سیاسی ناتوانێت بچێتە پێشەوە، هەربۆیە ئەگەرچی ئێستا هەریەکە لە سعودیە، ئیمارات و کوێت و بەحرەین و قەتەر خەرێکی پڕۆژەکانیانن بەرەو سوریا و تورکیا و دەریای ناوەڕاست و بەستنەوەیان بە ئەوروپاوە، بەڵام بوونی ئەم جەنگە کاریگەری داناوەو رێگرە لە جێبەجێبوونی.
واتە ئەمریکا لەم جەنگەی بۆسەر ئێران توشی تەنگەژەیەکی چەند لایەنە بۆتەوە، کەکێشەی نەک لە ناوچەکەدا بۆ دروستبووە، بەڵكو لەناوخۆی ئەمریکا بەهەمانشێوە، وە لە ئاستی دنیادا لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی کە پێش جەنگی بۆسەر ئێران هەموویان و ناتۆشی خستبووە لاوەو فشاری بۆ دەهێنان، ئێستا بانگەوازیان دەکات بۆ هاوکاری دژی ئێران. هەربۆیە خەریکە سیاسەتەکانی دەگۆڕێت و لە ژێر ناو داواکاری ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندیان لە گەروی هومرزدا هەیە بەشداری بکەن، کە ژمارەیەک وڵاتان ئامادەییان دەبڕیوە لەوانە فەرەنساو بەریتانیا..
ئەوەندەی بە ئێران و میلیشیاکانی ناوچەکە دەگەڕێتەوە شەڕی مانونەمان دەکەن، لەبەرئەوەی دەورەی ئێستای دەورەی لەدەستدانی دەسەڵاتی سیاسیە بەهەموو باڵەکانیەوە، بۆیە کێشەکەیان لەوەدا نیە کە بە ملیۆن خەڵكی ئێران بکوژرێت، ناوچەکەو ئابوریەکەی بەتەواوی دادەڕوخێت، گرنگ بۆیان ئەوەیە کە یەکدەستبن و ئەم جەنگەی ئەمریکا بەسەرکەوتویی تێپەڕێنن و بمێننەوە، کە ئەمەش سەختەو هاوکێشەکان لەبەرژەوەندیان ناچێتە پێشەوە.

نوری بەشیر




لە گۆڕی بەکۆمەڵی عێراقێکانەوە بۆ گۆڕی به کۆمەڵی ئاڵتونەکان.. نەوزاد بەندی

ڕەنگە عێراق بە کوردستانیشەوە، تاکە ووڵات بێ کە زۆرترین ئاهەنگی سەرکەوتن و سەرفرازیی تێدا ئەنجام درا بێ، کەچی سیستم لە دوای سیستم خراپتر و تاوانبارتر و گەندەڵتر بووە ..
وەک دەڵێن لە دەمی سەگ ڕایانکردووە، کەوتونەتە دەمی گورگەوە.. وەک خەیام ئەڵێ دەرمانی دەردیان بە دەرد بۆ کردوون.
بەردەوام لەم عێراقە سەیر و سەمەرەیەدا، کە وەک کۆمەڵگا و وەک دەسەڵات و تەنانەت وەک ئاو و هەوایش بۆ مانەوەی مرۆڤ گونجاو نەبووە ونییە، شتی سەیر و سەیرتر ڕوودەدات.
ئاخر لە چ ووڵات و گەل و نەتەوەیەکدا ڕووی داوە، کوڕێک بە بەرچاوی دایک و باوکییەوە گوللە باران بکرێ، ئینجا داوا لە دایک و باوکی بکرێت چەپڵە لێ بدەن و هەلهەلە لێ بدەن و نرخی تێچووی فیشەکەکانیش بدەنەوە بە حوکمەتەکە تاوانەکەیشی ئەوە بووە کوردایەتیی کردووە ؟!!.. ئێ ئاخر ئەمە تەنها لەسەردەمی بەعسدا ڕووی داوە و زۆر بە ئاساییش پڕۆسەکە بەڕێوە چووە، کە بڕوا ناکەم نیرۆنی ڕۆماسوتێن، شتی وایکردبێ ..بڕوا ناکەم جەنگیزخان کە قەسابێکی بێ وێنە بوو، هەرگیز بیری لەوە کردبێتەوە پارەی شمشێرەکەی له کەس و کاری کوژراوەکە وەربگرێتەوە یان پێی وتبن کاتێ کوڕەکەتان ئەکوژم چەپڵە و هەلهەلە لێبدەن، چونکە ئەم کارە لۆژیک و ئەخلاق قبوڵی ناکەن، واتا ئەگەر هەر جۆرێکی ئاژەڵ بێنیت، بێچووەکەی لە پێش چاویدا بکوژیت، نەک ناتوانیت وای لێ بکەیت خۆشحاڵیی دەرببڕێت، تەنانەت بە هەموو تواناکانییەوە هێرشت بۆ دێنێت و تۆڵەت لێدەکاتەوە، هەموومان ئەو مریشکەمان بینیوە کە بە گژی مارێکی کۆبرادا دێتەوە و ناهێڵێت توخنی جوجکەکانی بکەوێت.
ئەم دۆخە نالۆژیکییە نا ئەخلاقییە تایبەتە بە عێراقیی و عێراقییەکان و ..قبوڵیشیان کردووە و قبوڵیشی ئەکەن.
ئێ لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس له لایەن ئەمەریکاوە چی ڕووی دا ؟ ئاهەنگ و شایلۆغان .. چەندەها ڕۆژ هەتا ئێوارە، چەندەها ئێوارە هەتا بەیانی، ئاهەنگ بوو ..عێراقی نوێ گەیشت و ..دیکتاتۆرییەت کۆتایی هات..
بەڵام ئەو عێراقییەی کە لە دەست سەگە هارەکانی بەعس ڕزگار کرا، کەوتە سەر کەڵبەی گورگە نادیارەکان .. هەر زوو هەستی بە نەمانی نەخۆشخانەی خۆڕایی و خوێندنی خۆڕایی و گەیاندنی خۆڕایی کرد .. هەستی بە نەمانی ڕێز و شکۆ و ڕەوشت و بەها کۆمەڵایەتیی وئاینییەکان کرد .. لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران زانا و دانای عێراقیی لەسەر شەقامەکان و ماڵەکاندا، بە دەستێکی نادیار تیرۆر کران ..تەقینەوە و شەڕی ناوخۆ و مەزهەبی دەستی پێکرد.. برسێتیی سەری هەڵدا.. کۆچی بە کۆمەڵ ڕووی دا.. کۆچی مەزهەبیی و برسێتیی ..
بەڵام عێراقییەکان قبوڵیان کرد، وەک چۆن پێشتریش قبوڵیان کردبوو.. عێراقییەکان ناپرسن ئەرێ ئەو هەموو ڕۆژ و شەوە ئاهەنگ و شایلۆغانمان بۆچی کرد؟
کوردستانی خۆیشمان پێش شایلۆغانی عێراقییەکان بە یەک دەرزەن ساڵ، ئازادیی و خودموختاریی هەرێمایەتیی خۆی ڕاگەیاندبوو، برسێتیی و شەڕی ناوخۆ و گۆڕبزربوونی دەهەزار ڕۆڵەی کوردی ڕاگەیاندبوو.. دوو ئیدارەیی و بڵاوکردنەوەی شەڕی ڕاگەیاندن یان جنیوی دژ بەیەکی وا، کە بڕوا ناکەم هیچ بێگانەیەک بەو شێوەیه ئیهانە و شکاندنی بۆ کورد کردبێت.. باشە لە چ مێژوو ، جوگرافیایەکدا، لە چ فەلسەفەیەکی هیتلەر و مۆسۆلینیی و ڕەزاشا و شاعەباسدا هاتووە، له شەڕی براکوژیدا، خێزانێکی نەناسراو لە ماڵی خێزانێکی دوژمنیدا نیشتەجێ بکرێت؟ یەکێتی و پارتی کردیان، لە سلێمانی ماڵە ئاوارەی هەولێریی یەکێتیی لە ماڵە پارتی مەشرەبەکاندا نیشتەجێ کران، لە هەولێریش بە هەمان شێوە ..ئاخر تۆ جوان لێکی بدەنەوە و تێی بڕوانن، دوو خێزانی دوژمن لە سەروەختی شەڕێکی خوێناویی نێوانیاندا، چۆن لە یەک ماڵدا ئەتوانن پێکەوە بژین؟ لەلای ئێمە پێکەوە ژیان و قبوڵیشیان کرد..و سوپاس بۆ خوا، تێیشمان پەڕاند.
ئینجا موچە نەدان بە هاووڵاتیان.. لەوەیش سەیرتر پاشەکەوتکردنی موچە، لە چ سیستم و کۆمەڵگایەکدا ڕووی داوە؟ موچە وەک ئۆکسجین وایە، وەک چۆن ئۆکسجین خوێنی مرۆڤ گەش دەکاتەوە و ووزە ئەگەیەنێتە خانەکانی لەش بۆ بەردەوامبوونی چالاکییە زیندەییەکان، بە هەمان شێوە موچە، خواردن دەگەیەنێتە خانەکانی لەش بۆ ئەوەی لە ڕێی ئۆکسجینەوە، شی بکرێنەوە و بگۆڕێن بۆ پێویستییە پڕۆتینیی و میناڕاڵییەکانی لەش .. تۆ بێیت و بێ خەم بڵێیت من موچەکەتان نادەمێ و بۆتان پاشەکەوت ئەکەم !! ئەم حاڵەتە لە هیچ کلتوور و سیستم و قۆناغێکی مێژوویی و جوگرافیی و جاهیلیی و تەنانەت لە ئەشکەوتیشدا ڕووی نەداوە.. هیچ جیاوازییەکی نییە لە قوقوڕاگە گرتن و خنکاندن و بێ بەشکردن لە ئۆکسجین ..ئینجا لەوەیش سەیرتر قبوڵکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە داراییەیە لە لایەن خەڵکەوە .. لەوەیش سەیرترین و سەیرترین دووجا و زیاتریش، بەردەوامبوونی ئەم موچە نەدانە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ، هەر ساڵەی بە جۆرێک و بە بڕێک و بە چەند مانگێک، لە زۆر زۆر و لە کەم کەم، بە جۆرێک ساڵ هەبووە شەش موچە و زیاتری تیا نەدراوە.
بەڵام کە لایەکیان ویژدانی نەبێت و لایەکەی تریش قبوڵی بکات، ئێمە لێرەدا تەنها ئاماژەی پێدەکەین وەک ئەو شتە سەیر و سەمەرانەی لە عێراقدا ئەگوزەرێن و هەموو لایەکیش قبوڵییانە .
پاشان فرۆشتنی نەوت و قەرزار بوون..ئەم کارەساتە بیرکاریی و عەقڵیی و مۆڕاڵییە سەختە، کاتێ تۆ ملیۆنەها بەرمیل نەوت ئەفرۆشیت بۆ ئەوەی ملیارەها دۆلار قەرزار بیت !! لێرەدا ئیتر هەرچی هاوکێشەی بیرکاریی و فیزیا و کیمیا هەیە ڕائەوەستن.. هەرچی یاسای ئابووریی و سۆسۆلیۆژی و سیاسیی هەیە، توشی شۆک ئەبن.. بەڵام وەک ووتم نەوتفرۆشەکە زۆر بە ئاسایی ئەڵێ نەوتم فرۆشتووە و ملیارەها دۆلار قەرزم کردۆتە گەردنتانەوە ئەی میللەتی پاڵەوان .. لەوەیش سەیرتر میللەتە پاڵەوانەکە قبوڵی ئەکات، ئەمەیش یەکێکی ترە لە دیاردە سەرسوڕهێنەرە قبوڵکراوەکان، کە تایبەتن بە عێراق.
هێشتنەوەی سەدان هەزار دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکان، بۆ ماوەی دەیان ساڵ، بێ دامەزراندن و بێ ئیش و بێ داهاتوو، ئەمە لە هەر ووڵاتێکدا بێ، دەسەڵات خەوی لێ ناکەوێ و لە نزیکترین فرسەتدا، مایەپوچبوون و دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت، بەڵام لە عێراق نا .. چونکە لە عێراق هەموو لایەک قبوڵیانە، هەر بۆیە کە ئەم ڕازی و ئەو رازی بێ،حەتمەن قازی ئەبێ خەریکی قوتدانی لوقمەقازی بێ.
لەوەیش سەیرتر کە کۆیلەکانی ئەهرامەکان قبوڵی ناکەن و لە عێراقدا قبوڵ کراوە و ئەکرێ، لێدانەوەی قەوانی کورتهێنانی بودجەیە..لە هەمان کات سەرهەڵدانی سەدان و هەزاران ملیۆنێر و ملیاردێری سیاسییە.. لێسەندنەوەی فلس بە فلسی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانە لە هاووڵاتیان لە کاتێکدا حوکمەت پێنج شەش ملیار دۆلاری فەرمانبەران قەرزارە، ئەمەیش سەرسوڕهێنەرێکی جیهانییە کە هەردوو لا قبوڵیانە و وەزعەکەیش چ عەیبی نییە.
لەوەیش سەیرتر کە هەموو لایەک قبوڵیانە سەرۆکەکان دەیان و سەدان ملیۆن دۆلار دەدەنە کۆشک و فڕۆکەی تایبەت و قات و بۆینباخ و سەعاتی مارکە و کچی شۆخ و شەنگ، لە بەرامبەردا مامۆستایەک لەسەر شاشەی تیڤییەکان ئەگری و ئەڵێ سێ مانگە کرێ خانووم نەداوە و سێ ڕۆژە لە ماڵەکەمدا ئاگر نەکراوەتەوە، بەڵام هیچ ڕوونادات چونکە مامۆستا گریاوەکە و سەرۆکە خۆشبەختەکانیش قبوڵیانە و ڕازین، ئیتر با قازی بۆ خۆی هەر لوقمەقازی بخوات.
سەیرترین شتیش ئەوەیە کۆمەڵێ بەناو ئۆپۆزیسیۆن بە قات و بۆینباخ و لاندکرۆزەر و ڤێڵاوە، بەردەوام ئەوە دەدەن بە گوێی میللەتەکەدا کە ئەوەندە ملیاریان دزراوە و ئەوەندە نەوت و غازیان حەپەلوشکراوە و ئەوەندە هەزار دۆنم زەوییان پاوانکراوە، لە ڕاستیدا ئەم کۆمەڵە مەبەستیان ووریا کردنەوەی خەڵک و گۆڕانکاریی نییە، بەڵکو وەک ئەو یاریزانەی زۆرانبازیی گا وایە کە کاتێک گاکە خەریکە ئەمرێ و ئەکەوێ، دێتە لایەوە و کۆمەڵێ شمشێر ئەکات بە پشتیدا .. ئەم زانیاریی و داتا خەمگینانەی سەبارەت بە تاڵانکردنی ژێر خان و سەرخانی نیشتمان، تەقاندنی فیشەکی ڕەحمەتە لەناوچاوی میللەت، بۆ ئەوەیە خەڵکەکە ئەوەندەی تر نائومێد و کۆیلەتر و داماوتر بن، چونکە بیریارێک ئەڵێت ئەگەر ئازارێکی کەمی بەرامبەرەکەت بدەیت، بیر له تۆڵەکردنەوە ئەکاتەوە، بەڵام ئەگەر بەردەوام ئازاری بدەیت و لە هەموو ڕوویەکەوە برینداری بکەیت، ئیتر بیری تۆڵەکردنەوەی تێدا نامێنێ، هەرگیز بیر له تۆڵەکردنەوە ناکاتەوە و تۆ ئەباتە ئاستی سوپەرپاوەر و خواوە و خۆیشی ئەبێتە عەبدێکی بێ دەسەڵات و دەست سپی ..ئیتر هەردوو سێ لایان قبوڵیانە، هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزیسیۆن و هەم میللەتی ڕەش و ڕووت، ئەوەیشی قسە ئەکات زیاد ئەڵێ هەروەک ئەفراسیاب لە تەمسیلی ژن بە ژندا عەرزی کردین.
یەکێک لە دیاردە نامەعقولەکانی ڕژێمی بەعس، گۆڕی بە کۆمەڵی هاووڵاتیان بوو .. ئاخر ڕەنگە لە ووڵاتان گۆڕی بە کۆمەڵ هەبێ، بەڵام هی بومەلەرزە و تسۆنامی و زریان و لافاو و تاعون و کارەساتە سروشتییەکانە .. یان هی دوژمنەکانیانە لە شەڕە گەورەکاندا، کەچی سەدام حسێنێک کە ملیۆنان هاووڵاتی خۆی لەسەر بیر کردنەوە و مەزهەب و نەتەوایەتیی و زۆرجاریش بە بێ هۆ، ئەکوژێت و ئەیانخاتە ناو گۆڕی بەکۆمەڵەوە، ئەمە شتێکە عەقڵ و لۆژیک قبوڵی ناکەن، بەڵام مادام گەلانی عێراق قبوڵیانە، ئەبێتە شتێکی ئاسایی و .. زۆر بە نۆرماڵییش بەسەر هەموواندا تێدەپەڕێت.
دوای شایلۆغانی ڕوخانی بەعس و بە پەتاکردنی سەدام و جەماعەتەکەی، خۆ عێراق نابێتە شامی شەریف .. عێراق هەر عێراقە و ..هەر عێراقیش ئەبێت، هەر خاڵیی نییە لە دیاردەی سەیر و سەمەرەی قبوڵکراو، لەلایەن هەموو لایەکەوە ..
عێراقێک لەسەر دەریایەک نەوت و گازی سروشتیی و کانزای گرانبەهای ترە، کەچی تەماشایەکی کۆمەڵگای عێراقیی دەکەیت وەکو ئەوە وایە کینیا و تەنزانیا بێت.. ڕۆژ بە ڕۆژ دیاردەی عەرەبانە و هەژاریی و سواڵکردن و .. نان پەیداکردن لەناو خۆڵ و خاشاکی قەراغ شارەکاندا زیاد ئەکات .. لەو لایشەوە لە پڕێکا سەرۆکێک پەیدا ئەبێ، حەزی لە چەپڵەیه، خۆی لێ ئەبێتە مەهاتیر محەمەد و ماندێلا، دەست ئەکات بە ڕاوەدونانی دز و گەندەڵکارانی ووڵات.. ئەمجارەیان گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کیلۆ ئاڵتوونەکان و ملیارە دۆلارەکان ئاشکرا ئەبن .. جومەیلییەکی ملباریک ئەکەنە کەبشی فیدا، گوایا ملیارەها دۆلاری خستۆتە ناو دەبەی بەڕادی ئاو و لە ژێر زەویدا شاردوونیەتەوە .. سەدان و هەزاران کیلۆ ئاڵتونی خستۆتە ناو سپلیت و ژێر خان و ژێر زەوی بەغا و هەولێرەوە!! هههههه .. ..ژنێکی چاو زەق دەست بەسەر دەکەن، گوایا ئەوەندەی جومەیلی و زیاتریشی خستۆتە ناو گۆڕی بە کۆمەڵی زێڕ ودۆلارەوە .. ئیتر خەڵکەکە دڵیان خۆش ئەبێتەوە و چەپڵە لێدەدەن و دۆعای تەمەن درێژی بۆ سەرۆکی گەندەڵکوژ و دزتەقێن و جەردەفڕێن دەکەن.. نوسەرەکان پڕ ئەدەن بە قەڵەما و .. دەستدەکەن بە حیسابکردنی ئەو هەموو داهاتە دزراوەی کە سەرۆکی قوماندانی نوێ لە دزەکانی سەندۆتەوە و خستوویەتیە ناو خەزێنەی دەوڵەتەوە ..ئیتر ئاهەنگ و شایلۆغانی دەروونیی و ڕاگەیاندنەکان دەست پێدەکات و دۆلار له لەسەد و پەنجا و سێوە دێتە خوارەوە بۆ سەد و پەنجا و دوو و نیو ..!
بە بێ ئەوەی یەک سواڵکەر کەم بووبێتەوە ..بە بێ ئەوەی یەک کرێچی بووبێتە خاوەنی ماڵ ..بە بێ ئەوەی یەک بێکار دامەزرابێ..به بێ ئەوەی یەک نەفەر لەوانە کەم بوبێتەوە کە لەسەر مقەبا و خۆڵ و خاشاکی قەراغ شارەکان بژێوی ژیانیان دەستەبەر ئەکەن..
کەسیش ناپرسێ ئەرێ ئاغای قەشەنگ، ئەو ملیۆنەها و ملیارەها دۆلارە دۆزراوەیە لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی جەردەکاندا .. ئەو سەدەها و هەزارەها کیلۆ ئاڵتوونە دۆزراوەیە کە ئەکاتە بودجەی ووڵاتێکی ئەوروپیی، چییان لێ هات؟ بۆچی برسییەکیان تێر نەکرد ؟ کێ بردی و کێ دۆزییەوە و کێ دیسان بردییەوە و خواردی؟ بەڵێ، سەرۆکی قەشەنگ، گۆڕە بە کومەڵەکانی داهاتی نیشتمانێکی هەڵدایەوە و .. دوای چەپڵە لێدانێکی گەرم و دەستخۆشییەکی جەماوەریی، لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی تایبەت بە خۆیدا ئەسپاردەی کردنەوە.. بە ڕەزامەندی هەموو لایەک و .. و للمرحوم سورة الفاتحة ..
انا للە و انا الیە راجـعـــــــــــــــــــــــــــون..




بەپاشکۆکردنی مرۆڤ و خنکاندنی دەنگی سەربەخۆ.. ستار ئەحمەد

لە سێبەری دەسەڵات و حوکمڕانیی ڕامیاریی هاوچەرخدا، دياردەیەکی مەترسیدار ڕووبەری ئازادییەکانی سەراپا داگیر کردووە؛ هەوڵێکی ڕێکخراو، بەبەرنامە و نەپچڕاوی لایەنە جیاوازەکان بۆ گۆڕینی مرۆڤی ئازاد، هۆشیار و بیرکەرەوە بۆ بوونەوەرێکی بەستراوەی بێخواست؛ پاشکۆیەک کە تەنها لە پەراوێزی ویست، بەرژەوەندی و مەبەستە تایبەتەکانی ئەواندا مافی بوونی هەبێت. ئەم ڕەفتارە بەرنامەڕێژکراوە تەنها لە سنووری کایەی ڕامیاری یان کارگێڕیدا ناوەستێتەوە، بەڵکو پەلی کێشاوە بۆ تەواوی کون‌وکەلێنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، دارایی، وێژەیی و بەتایبەتیش بواری ڕاگەیاندن.
کاتێک لایەنێک یان دەستەیەک دەست بەسەر دەسەڵات یان دارایی و جومگە بڕیاردەرەکاندا دەگرێت، یەکەم ئامانجی سەردەست و نەنووسراوی بریتییە لە ملکەچکردنی تەواوەتیی تاکەکان و سڕینەوەی جیاوازییە بیرو باوەڕییەکان. لە دیدی ئەواندا، مرۆڤی خاوەن هەڵوێست، ئازاد و سەربەخۆ مەترسییەکی گەورەیە، چونکە هۆشیاریی سەربەخۆ پرسیاری ڕاستی دروست دەکات، هەڵەکان دەخاتەڕوو و دەسەڵاتی بێ‌سەروبەر و نادادپەروەر دەخاتە ژێر گومان و لێپرسینەوەوە. لەبەر ئەوە، جۆرەها ئامرازو شێوازی نەرم و ڕەق بەکاردێنن تاوەکو مرۆڤ لە ناخەوە ڕووتبکەنەوە لە بڕوا بەخۆبوون، بەها مرۆییەکان و سەربەخۆیی بڕیار، تا لە کۆتاییدا ببێتە شوێنکەوتەیەکی کوێرانە و پاشکۆیەک کە تەنها ئەركی چەپڵەلێدان، پاساودانەوە و چڕینەوەی دروشم و خواستی ئەوانی لەسەر بێت.
ئەم پرۆسەی پاشکۆکردنە لەسەر بنەمای بەتاڵکردنەوەی ژیریی مرۆڤ لە توانای ڕەخنەگرتن بەڕێوەدەچێت. کاتێک ئامرازەکانی پەروەردە، ڕاگەیاندن و ئابووری دەخرێنە خزمەت جێبەجێکردنی خواستی لایەنەکان، مرۆڤ تووشی جۆرێک لە سڕبوون و بێباوەڕیی دەکرێت. تاکی پاشکۆکراو بە هۆی گوشاری بژێوی یان ترس لە پەراوێزخران، هێدی هێدی دەستبەرداری بڕوا و هەڵوێستە ڕەسەنەکانی خۆی دەبێت و دەبێتە دەنگدانەوەی بەتاڵی ئەو هاوارانەی کە لە سەرەوە بۆی دیاری دەکرێن.
مەترسیدارترین و زیانبەخشترین لێکەوتەی ئەم جۆرە ئاراستەیە لە شێوازی دابەشکردنی ماف و دەستکەوتە گشتییەکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ملکەچی بووەتە پێوەری سەرەکی و تاقانەی هەڵسەنگاندن، بەخشش، ڕێزلێنان، پلە و ئیمتیازاتە مادی و مەعنەوییەکان بە هیچ جۆرێک ناکرێنە خەڵات بۆ لێهاتوویی، زانست، توانا، یان خزمەتی ڕاستەقینە، بەڵکو دەکرێنە دیاری و پاداشت تەنها بۆ ڕێژەی دەستەمۆیی. لە هەموو بەخشینێکدا، تەنها دەرگاکان بۆ ئەوانە دەکرێنەوە کە سەریان نواندووە، ویژدانیان بەستۆتەوە بە بەرژەوەندیی لایەنەکانەوە و بوونەتە ئامرازی بێدەنگی جێبەجێکردنی نەخشەکان. لەم هاوکێشە ناڕەوا و وێرانکەرەدا، مرۆڤی خاوەن شکۆ، سەربەخۆ و خاوەن توانا بە مەبەست پەراوێز دەخرێت، پشتگوێ دەخرێت و لە مافە سادە و ڕەواکانیشی بێبەش دەکرێت، تەنها لەبەر ئەوەی ئامادە نییە خواست و سەربەخۆیی خۆی بفرۆشێت یان سەری ملکەچی بۆ خواستەکانی ئەوان بچەمێنێتەوە.
ئەم دەست بەسەرداگرتنە بە ڕەنگدانەوەیەکی بەئازار لە کایەی ڕۆژنامەگەری، بڵاوکردنەوە و وێژەدا دەردەکەوێت. ئەو ڕۆژنامە، گۆڤار و سەکۆ دەزگاییانەی کە دەبوو ناوەندی ئازادیی دەربڕین، بڵندگۆی دەنگی ڕاستی، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و شوێنی خستنەڕووی ڕوانگە جیاوازەکان بن، دەکرێنە مۆڵگەیەکی تەسک تەنها بۆ دەنگدانەوەی خواستی لایەنەکان و ڕەواییدان بە پاشکۆکان. لاپەڕەی بڵاوکراوەکان دەبنە دیوەخانی کوێخاکان، گەورەکردنی بێ‌بنچینە بۆ ئەو نووسەرانەی کە بەپێی خواست، بە بەژن وباهووی دەسەڵاتداران و دەستەکان هەڵدەدەن و وشەکانیان دەکەنە بەخششی کڕدراو.
کاتێک نووسەرێک، ڕووناکبیرێک، یان خاوەن پێنووسێکی سەربەخۆ ڕەتیدەکاتەوە ببێتە پاشکۆی هیچ لایەنێک و سوور دەبێت لەسەر پاراستنی ڕەسەنایەتی و ئازادیی وشەکانی، ڕاستەوخۆ بەرهەم و بابەتی لە لاپەڕەی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەدا جێگەی نابێتەوە؛ بڕیاری بێدەنگ کردن و ڕەتکردنەوەی ناڕاستەوخۆی لەسەر دەدرێت، و بەرهەمە بەپێز و دانسقەکانی بە ئەنقەست بێبەش دەکرێن لە بڵاوبوونەوە و گەیشتن بە خوێنەران. بەم شێوەیە، خنکاندنی دەنگی سەربەخۆ ئەنجام دەدرێت؛ دەستەمۆکراوەکان دەکرێنە خاوەنی تاقانەی سەکۆ و لاپەڕەکان، و دەنگی ڕەسەن، ئازاد و خاوەن هەڵوێستی سەربەخۆکانیش ڕێگری لێدەکرێت و دەخرێتە پشت بەستۆکی بێدەنگییەوە.
ئەم خنکاندنە سیستماتیکەی دەنگی سەربەخۆ زیانێکی گەورە بە ڕەوتی داینامیکی کۆمەڵگە دەگەیەنێت. کاتێک ڕۆژنامەوانی و نووسین لە توانای ڕەخنەکاری بێبەش دەکرێن، دەسەڵاتداران لە هەڵەکانی خۆیان دابڕاو دەبن و تووشی لووتبەرزیەکی کوێرانە دەبن، چونکە چواردەوریان بەوانە تەنراوە کە تەنها چەپڵە دەکوتن و ڕاستییەکان دەشارنەوە. لە لایەکی ترەوە، خوێنەر بڕوای بە سەکۆکانی بڵاوکردنەوە نامێنێت و جۆرێک لە تەنگژەی متمانە لە نێوان جەماوەر و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دروست دەبێت.
دەرئەنجامەکانی ئەم ڕەفتار و سیاسەتە نادادپەروەرانەیە، کۆمەڵگە بەرەو داڕمانی ڕەوشتی و ڕۆشنبیریی مەترسیدار دەبات. کاتێک گەنجان، نووسەرانی نوێ و نەوەی تازەپێگەیشتوو دەبینن تەنها پاشکۆکان و دەستەمۆکراوەکان دەگەنە بەخشش، دەرفەت، ئیمتیازات و شوێنپێی دیار لە لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، کلتووری هەوڵدان، ڕاستگۆیی، داهێنان و سەربەخۆیی ڕوو لە کزی و فەوتان دەکات. لە ئەنجامدا وێژە، هونەر و ڕۆژنامەگەری لە ناوەرۆکی ڕاستەقینە و پەیامی مرۆڤ دۆستانەی خۆیان بەتاڵ دەبنەوە و دەبنە کۆمەڵێک نووسینی دووبارە، بێ‌گیان و کاریگەری کە هیچ خزمەتێک بە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست ناکەن.
خەڵک پەروەردەکردن لەسەر بنەمای دەستەمۆبوون و جێبەجێکردنی کوێرانەی فەرمانەکان، توانای گەشەکردن و داهێنان لە جەستەی کۆمەڵگەدا دەکوژێت و داهاتوو ڕووبەڕووی تاریکی دەکاتەوە. بۆیە پاراستنی سەربەخۆیی خواست، سووربوون لەسەر ئازادیی خامە و وەستاندنەوە لە بەرامبەر هەموو هەوڵێک بۆ پاشکۆکردنی مرۆڤ و بازرگانیکردن بە وشەوە، ئەرکێکی بنەڕەتی، ڕەوشتی و مێژوویی تەواوی ئەو کەسانەیە کە پەرۆشی ئازادی، دادپەروەری، و داهاتوویەکی ڕۆشنترن بۆ مرۆڤایەتی.




وێنەی مرۆڤ لە “خودێکی مانابەخشەوە” بۆ “کاڵایەکی دیجیتاڵی”-1-..عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(1)
وێنەی مرۆڤ
(دیموكراتیزەكردن/ كڕین و فرۆشتن)

فیکریی تەكنەلۆژی، مێژووی داماڵینی (وێنەی مرۆڤ)ە لە مرۆڤبوون، بە مانایەكی دیكە تەكنەلۆژیا، وێنەی مرۆڤ لە “خودێکی بەرهەمهێنەری مانا”وە، بۆ “کەرەستەیەکی بەکاربردن” دەگۆڕێت؛ لە ئەزموون و ئەزموونگەرییەوە بۆ “سیمای دیجیتاڵی”… هەر بەو مانایەش (جەستەی مرۆڤ) لە واقیعێکی کلتووری بۆ مەکینە و ئامرازێکی میکانیکیی ڕووت و (ڕوخساری مرۆڤ)یش لە ژێر زەبری پیشەسازیی جوانکاری و مۆدێلە ستانداردەکانی بازاڕدا لە ناسنامەوە بۆ کاڵا دەگۆڕێت.
ئەگەر وێنەی مرۆڤ شێوازی تێگەیشتن لە ناوەوە و مانای مرۆڤ دەستنیشان بكات، ئەوا وێنەی ڕوخسار لای (ڤالتەر بنیامین) لە سەرەتای سەردەمی فۆتۆگرافیدا، وەک دواین هێڵی بەرگریی تەماشا دەکرا… بەمجۆرە فەیلەسوفی ئەڵمانی (ڤالتەر بنیامین) جیاکاریی لەنێوان دوو جۆر بەهای بنەڕەتیی وێنەدا دەکات، “بەهای پەرستش” و “بەهای نمایش”.
بەهای پەرستش، لە هونەری کلاسیک و وێنەکێشانی کۆندا، ئەوەیە كە وێنە هەڵگری ڕەهەندێکی ئایینی و ئۆنتۆلۆژیی پیرۆزە و “خەرمانە”ی هەیە: (وەک ئایکۆنە پیرۆزەکان یان تابلۆی یادەوەریی مردووان کە لە شوێنە دابڕاو و تایبەتەکاندا دەپارێزران)؛ بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای کۆپیکردن و بڵاوبوونەوەی بەکۆمەڵی وێنەکان، ئیتر بەهای نمایش پاشەکشێی بە بەهای پەرستش كرد و بەهای پەرستش جێگەی خۆی بۆ بەهای نمایش چۆڵ كرد! واتە وێنە لە کایەی پیرۆزییەوە بەرەو کایەی بەکاربردن و تەماشاکردنی جەماوەری وەرچەرخا! بنیامین پێیوایە، ڕوخساری مرۆڤ هێمای ئەو وەرچەرخانە مێژووییەیە کە تێیدا هونەر لە “پیرۆزی و تاکایەتی”یەوە بەرەو “گشتیبوون و تەکنەلۆژیا” هەنگاو دەنێت؛ بەو مانایە ڕوخسار دوا ڕایەڵی پێوەستبوونی مرۆڤی مۆدێرنەیە بە ڕابردووی خۆیەوە- هەڵبەتە پێش ئەوەی تەکنەلۆژیا بەتەواوی وێنەکە بکاتە کاڵایەکی جەماوەریی ڕووت.
بەڵام وێنەی ڕوخسار (وەكـ سیمای دیجیتاڵی) لای کۆمەڵناس و ئەنثرۆپۆلۆژیستی ناوداری فەرەنسی (دافید لۆ برتۆن)، نامۆبوونی خود و جەستە دەگەیەنێت؛ واتە کتێبی (ئەنثرۆپۆلۆژیای جەستە) لە (وەرگێڕانی عەرەبی: محمد عرب صاصیلا، چ٢، ١٩٩٧- بەیروت)، تەنها قسەكردن نییە لەسەر پیرۆزی جەستە، بەڵكە لەوێدا جەستە نوێنەرایەتیی خودی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکات؛ لە بەشی (هەشتەم)ی كتێبەكەدا دەڵێت: لەگەڵ هاتنی مۆدێرنێتە و باڵادەستبوونی فەلسەفەی دێکارت و چەمکی “دووانەیی جەستە و ڕۆح” ئیتر لە جیهاندا، جەستە وەک ناسنامە لە خودی مرۆڤ جیاکرایەوە؛ جەستە نەک وەک خودی مرۆڤەکە، بەڵکە وەک “ئامرازێک” یان “خاوەندارێتییەک” دەبینرا کە مرۆڤ هەیەتی… ئەو جیاکارییە لە کلتووری هاوچەرخدا، جەستەی تووشی لەت لەتبوون و نامۆبوون کرد.
هەڵبەتە بنیامین پێیوایە پارچەپارچەبوونی مرۆڤ، تەنها گوزارشت لە کەوتنی خودی مرۆڤ ناکات، بەڵكە گوزارشت لە لێکترازانی ناسنامە کلتوورییەکەش دەكات… بنیامین لە نەریتیی هونەر (وەک تابلۆی زەیتی) بۆ سەرەتای سەردەمی تەکنەلۆژیای نوێ (وەک فۆتۆگرافی و سینەما) دەکۆڵێتەوە و پێیوایە ئەم کەنەفتبوونە تەنها گوزارشت لە کەوتنی بەهای ئەزموونی ڕەسەن ناکات، بەڵكە چییەتی ئەزموونی هونەریی نوێش ئاشكرا دەکات… (بڕوانە: كتێبی “واڵتەر بنیامین”، لەبارەی وێنەی ڕوخساری مرۆڤ لە تێکستە بەناوبانگەکەی”كاری هونەری لە سەردەمی دووبارە بەرهەمێنانەوەی میكانیكیدا” بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا، زنجیرە ٢٠٠-٢٠١٧، ل 159).
ئەگەر بەهای ئەزموونی هونەری بە (خودی مرۆڤ) دابنێین، ئەوا چییەتی ئەزموونگەری هونەری (ناسنامەی مرۆڤ)ی لێدەكەوێتەوە؛ بەم مانایەش ئەزموون و ئەزموونگەریی مرۆڤ بەردەوام لەگەڵ جێگیربوون و نەریتگەراییدا لە قەیراندایە! بۆیە ئەزموون و ئەزموونگەری هونەری لای بنیامین لە سەردەمی مۆدێرنەدا، چیتر هۆکارێک نییە بۆ گواستنەوەی نەریتیی هونەری، بەڵكە پانتاییەکی ڕەخنەیییە کە مرۆڤ تێیدا فێر دەبێت چۆن بەرگەی زەبر و شۆکەکانی (کات- زەمەن) بگرێت؟!.
بەڵام ڕوخسار وەك لوتكەی جەستە تەنها پێکهاتەیەکی بایۆلۆژی (پێست و ئێسک) نییە، بەڵكە سەکۆیەکی گەیاندنی سیمبۆلیی گەورەیە… بۆیە لۆ برتۆن شیکاری بۆ گرژییەکانی ماسولکەی ڕوخسار، چاوتروکان، زەردەخەنە و نیگاکان دەکات و پێیوایە پێش ئەوەی مرۆڤەکان زمان (وەك ئەزموون) بەکاربهێنن، ڕوخسار (وەك ئەزموونگەری) دەست دەکات بە ئاخاوتن و دەربڕینی هەستە بنەڕەتییەکانی وەک (ترس، خۆشی، تووڕەیی، خەمۆکی…)؛ لۆ برتۆن جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەربڕینانە، ئەگەرچی ڕەهەندی فیسیۆلۆژییان هەیە، بەڵام لەڕێگای کلتوورەوە ڕێک دەخرێنەوە (بۆ نموونە: دۆخی کلتووریی زەردەخەنە، یان سووربوونەوەی ڕوخسار لە کاتی شەرمدا) ئەو تەنها قسە لە کۆمەڵناسیی پێست و گۆشت ناکات، بەڵكە مێژووی سەرهەڵدانی “تاکگەرایی پێشکەوتوو” لەڕێگای مێژووی وەرچەرخانی جەستەوە دەخوێنێتەوە! جەستەی گۆڕاو (ناسنامەی فرەڕەهەند) لە هاوسەنگیی گەردونییەوە بۆ مەکینەی توێکاری لە كتێبی “ئەنثرۆپۆلۆژیای جەستە”ەوە قسەی لێكراوە، لەوێدا (دافید لۆ برتۆن) پێناسەی جەستە وەک دەستکەوتێکی کلتووری و کۆمەڵایەتی دەکات، نەک وەک پێکهاتەیەکی بایۆلۆژیی ڕووت.
لە (بەشی دووەم)ی كتێبەكەدا گەشتێکی (مێژوویی-مەعریفی) بۆ تێگەیشتن لە سۆسیۆلۆژیای جەستە دەکات و پێیوایە لە کۆمەڵگا نەریتی و سەرەتاییەکاندا: جەستەی مرۆڤ سنوورێکی دابڕاو و سەربەخۆی نییە؛ بەڵكە بەستراوەتەوە بە تۆڕی سروشت، گەردوون و جەستەی کۆمەڵگاوە: كاتێک جەستە نەخۆش دەکەوێت، وەک تێکچوونی هاوسەنگیی گشتیی گەردوون تەماشا دەکرێت؛ لێرەدا جەستە “دوورگەیەکی دابڕاو” نییە.
لە (بەشی سێیەم: جەستە، مەکینە و ناسنامە)دا وێنەیەکی نوێ لەڕێگای توێکاریی پزیشکییەوە بۆ جەستە دەكێشێ، وەک چۆن بۆ یەکەمجار لە نەشتەرگەری (ئەندریاس ڤیسالیوس) و گومانەكانی دێکارتیدا قسەی لێكراوە؛ لەو بەشەدا جەستە وەک “ئامادەییەکی میکانیکیی سەربەخۆ” لە کۆمەڵگا و گەردوون دادەبڕێ و دەیخاتە سەر مێزی گومان و توێکارییەوە… لۆ برتۆن پێیوایە لە دوای ئەم وەرچەرخانە، جەستە بوو بە “پاشکۆ”؛ چیتر مرۆڤ خۆی جەستە نییە، بەڵكە بوو بە “خاوەنی جەستە”، و جەستەش بوو بە یەکەمین کەرەستەی خاوەندارێتیی تایبەت.
ئەگەر بەراوردێك لەنێوان (بنیامین و لۆ برتۆن)دا بكەین، دەبینین ئەم دوو بیرمەندە لە دوو گۆشەنیگای جیاوازەوە قسە لەسەر دەستکاریکردنی جەستە و ڕوخسار دەكەن؛ (ڤالتەر بنیامین) لە (سەرەتای سەردەمی پیشەسازی) و (دافید لۆ برتۆن ) لە (لوتکەی سەردەمی دیجیتاڵی)ەوە لە هەندێ تێڕوانیندا بەیەك دەگەنەوە! (ڤالتەر بنیامین) قسە لە سروشتی (جەستە/ وێنەفۆتۆگرافی) و پرۆسەی دووبارەبوونەوەی تەکنیکیی ڕوخسار دەكات و (دافید لۆ برتۆن ) قسە لە جەستە وەک پێکهاتەیەکی (تەواونەکراو) دەكات، کە بەردەوام دەستکاری دەکرێت!
لای بنیامین ئەنجامی دوورکەوتنەوە لە ڕەسەنێتی ئەو کاتە بەدەردەكەوێت كە فۆتۆگرافی لە ڕوخسار دووردەکەوێتەوە، بۆ نموونە (دیمەنی کۆڵانە چۆڵەکان- وەك دەسەڵاتی دیمەن)، لەو حاڵەتە وێنە دەبێتە کەرەستەیەکی سیاسیی ڕزگاریخواز، کاتێک ڕوخساری مرۆڤی ئاسایی (نەک دەسەڵاتداران) دەردەکەوێت، ئیتر مانا و بەهایەکی مێژوویی نوێ دەبەخشێت؟! بەو مانایەش ئەگەرچی دیمەن هەڵگری دەسەڵاتە، بەڵام لەگەڵ دەركەوتنی وێنەدا دەتوانین دەسەڵات لە دوو ڕوودا بخوێنینەوە.
بەڵام کاتێک دەسەڵات و دەسەڵاتی تەکنەلۆژیا و سەرمایەداری هێرش دەکەنە سەر ڕوخسار و دەیکەنە بابەتێکی بازرگانی و دەستکاریکراو، یان بابەتێكی ساختە، لە ڕاستیدا هێرش دەکەنە سەر دوا مۆڵگەی مرۆڤایەتی و تاکێتیی ئێمە؛ واتە هێزی ئاڕاستەکەر دەستکاریی نمایشەکان (دیمەنەكان) دەکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی (درۆیینە) و ئاڕاستەكردنی جەماوەر، بازرگانی و بازاڕ…
بە بڕوای (ڤالتەر بنیامین) دەسەڵاتی تەكنەلۆژی لەلایەك دەلالەت لە لەناوچوونی خەرمانەی “هالە”ی ڕوخسار دەكات؛ لەلایەكی دیكە لەناوچوونی هالەی ڕوخسار دەرگا بۆ دیموکراتیزەکردنی هونەری دەکاتەوە و هونەر لە قۆرخکاریی چینە باڵاکان ڕزگار دەکات! بەگوێرەی بیركردنەوەی بنیامین لە توانای بەرهەمهێنانەوەی هونەری هاوچەرخدا هێزێکی شاراوە هەیە، ئەو هێزە شاراوەیە بەدژی نەریتگەرایی و جێگیربوون كار دەكات! بەڵام ئایا هێزێكی ساختەكارانەش نییە؟.
(دافید لۆ برتۆن ) دەسەڵاتی تەكنەلۆژی و بازرگانیکردن وەک نامۆبوونی خود دەبینێ؛ بەو مانایەش پیشەسازیی جوانکاری و فلتەرە دیجیتاڵییەکان، ڕوخسارەکان دەکەنە یەک مۆدێلی ستانداردی بازرگانی و یەك مۆدیلی ستانداردی سیاسی و بە تەواوی لە بوونی مرۆیی و جیاوازییەكان دای دەبڕن!.
لە (بەشی نۆیەم)ی کتێبەکەدا بەناوی (ئێش و ئازار)، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ درێژە بە بیركردنەوەكانی لەبارەی بازرگانیكردن وەك نامۆبوونی خود دەدات و پێیوایە شاشە و سنوورەکانی جەستەی دیجیتاڵی دەچێتە ناو ئەنثرۆپۆلۆژیای ئازارەوە و لەوێوە دەڵێ: ئەگەرچی لە کاتی تەندروستیدا، جەستە “بێدەنگە” و ئێمە هەست بە کارکردنی ئەندامەکانمان ناکەین؛ بەڵام لە کاتی ئازاری فیزیکیی توونددا، جەستە فەرمانی خۆی بەسەر خوددا دەسەپێنێتەوە و دەبێتە زیندان؛ لەو بەشەدا دەیەوێ بڵێ مۆدێرنێتە لەڕێگای پزیشکی و تەکنەلۆژیاوە (بێهۆشکردن و سڕکردنی بەردەوام) هەوڵی لەناوبردنی تەواوەتیی ئازار دەدات، ئەوەش وایکردووە مرۆڤی هاوچەرخ توانای بەرگەگرتنی مانایی و دەروونی بۆ ڕووداوە سەختەکانی ژیان کەم ببێتەوە، چونکە ئازار چیتر بەشێک نییە لە “مەشقی ڕۆحی” یان تاقیکردنەوەی بوونیی مرۆڤ، بەڵكە تەنها وەک “کێشەیەکی تەکنیکی لە مەکینەکەدا” سەیر دەکرێت.
بە كورتی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، ڕوخسار لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی دابڕاوە؛ لە کۆمەڵگای شاشەکاندا، ڕوخسار پێویستی بە ئامادەیی فیزیکی نییە؛ بەڵكە لەڕێگای وێنەی پرۆفایل و فلتەرەکانەوە، ڕوخسارێکی “ئایدیاڵ” و دەستکرد بەرهەم دەهێنێتەوە کە ماسکێکە بۆ ڕازیکردنی نیگای ئەوانی دی؛ ئەوەش دەبێتە هۆی کاڵبوونەوەی ئەو پەیوەندییە ئەخلاقییەی کە فەیلەسوف (ئیمانوێل لێڤیناس) پێی دەگوت “بەهای ئەخلاقیی ڕوخسار”، چونکە تەماشاکردنی ڕوخسارێکی فلتەرکراوی سەر شاشە، تەماشاکردنی “کاڵایەکی بازرگانییە” نەک مرۆڤێکی خاوەن ئێش و ئازار، مێژوو و یادەوەری…
کتێبی “ئەنثرۆپۆلۆژیای جەستە” هاوارێکی ڕەخنەیییە دژ “بە مەکینەکردنی مرۆڤ”… (دافید لۆ برتۆن) بانگەواز بۆ گەڕانەوە بۆ جەستەیەک دەکات، بۆ ئەوەی جەستە خۆی مانا بەرهەم بهێنێت؛ جەستەیەک کە پیر دەبێت، کاتی بەسەردا تێدەپەڕێت، هەست بە ئازاری ئەوی دی دەکات، و خاوەن ڕوخسارێکە کە ناکرێت لە ناوەندە بازرگانی و دیجیتاڵییەکاندا کۆپی بکرێتەوە؛ لای ئەو جەستە تەنها تێکەڵەیەکی ئۆرگانی نییە، بەڵكە “نووسراوێکی کلتووری و مێژووییە” کە دەبێت بە وریاییەوە بخوێنرێتەوە.
دواجار ئەو دوو بیرمەندە جیاوازییەکی قووڵی چەمکسازیمان پێدەبەخشن؛ ئەگەرچی هەردوولا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە وێنەی مرۆڤی هاوچەرخ لە بەها و ڕەسەنێتییەکەی خۆی داماڵدراوە، بەڵام جیاوازیی ڕادیکالی نێوانیان لە تێڕوانینیاندایە، بۆ: “ئامانجی” ئەم گۆڕانکارییە و “ئەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی” کە بەسەر مرۆڤایەتیدا دەسەپێت؟!.
لەو نووسینەدا دەمەوێ لەو خاڵە ورد ببمەوە کە (ڤالتەر بنیامین) و (دافید لۆ برتۆن) تێیدا یەکدەگرنەوە، واتە کاتێک فۆتۆگرافی لە ڕوخسار دوور دەکەوێتەوە (بۆ نموونە لە دیمەنی شەقامێكی چۆڵ)، هالەی ئەویدیكەی جیاواز بەتەواوی دەشکێت؛ ئیتر مەترسییەکە ئەوەیە كە وێنەی جیاوازی (وەک دوا مۆڵگەی ناسنامە و گەرمیی مرۆیی) لە دیمەنەكەدا نامێنێت، بۆشاییەك دروست دەبێت، ئەو بۆشاییە لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتی بازاڕ و سەرمایەدارییەوە بە خێرایی پڕ دەکرێتەوە؟! لێرەدا بۆشاییەكی هاوبەشی ترسناک لەنێوان هەردوو بیرمەنددا دەبینین: لای بنیامین فۆتۆگرافی لە ڕوخساری مرۆیی دوور دەکەوێتەوە، لەو كاتەدا ئیتر ئەو “پانتاییە مرۆیی و ئۆنتۆلۆژییە” نامێنێت کە وێنەکەی بە ڕەسەنێتییەوە دەبەستەوە! لەم چرکەساتە مێژووییەدایە جەستە و ناسنامەی مرۆڤ تووشی لەت لەتبوون و پارچەپارچەبوون دەبێت؛ لێرەوە بە بڕوای بنیامین بازاڕی سەرمایەداری (وەک هێزێکی شاراوە) ڕێک دەچێتە ناو بۆشاییەكەوە! بەڵام ئەو بۆشاییەی بۆ بنیامین هێزێکی شاراوەیە بۆ دیموكراتیزەكردن! كەچی لۆ برتۆن لە لوتکەی مۆدێرنێتەدا وەک “کارەساتێکی بازرگانی” دەیناسێنێت؛ چونكە پێیوایە سیستەمی بازاڕ لەوێوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پارچە و لەتانەی جەستە و ڕوخساردا دەکات و دەیانکاتە کاڵای ڕووت بۆ بەکاربردن و قازانجکردن! بەو مانایەش مرۆڤ لە گشتێکی یەکگرتووەوە، دەبێتە کۆمەڵێک “سیمای دیجیتاڵی” (ماسک، فلتەر، گۆشت، پێست) کە لە بۆرسەی جوانکاری و شاشەکاندا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت!
بە كورتی (دیموكراتیزەكردن) و (شکاندنی مۆنۆپۆلی مەعریفە و دەسەڵات)ی بنیامین، لای لۆ برتۆن وەكـ (کاڵایەکی بینراو) بۆ (كڕین و فرۆشتن) دەبینرێت! لۆ برتۆن دەیەوێ بڵێ دیموکراتیزەکردنی مرۆڤ لە سیستمی تەکنەلۆژییدا پرۆسەیەکی تەواونەکراوە و پڕە لە گرژی… كەواتە ئەگەرچی تەکنۆلۆژیا مرۆڤی لە دەسەڵاتی ستونیی ڕزگار کردووە، بەڵام هاوکات خستوویەتییە ناو تۆڕێکی ئاسۆیی لە چاودێری و نامۆبوون؛ بۆیە ئەمڕۆ مرۆڤی هاوچەرخ لە نێوان “سەروەریی دیجیتاڵی” و “بەکاڵابوونی تەواوەتی”دا دەژیت.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 25/6/2026




دۆزی فەلسەفە3: گەمژەکان نەزانەکانن یان ئەوانەن،کە خۆیان گێژ(گێل) نیشاندەدەن؟.. ئازاد حەمە

زۆرێک لە ئێمە دەزانێت گەمژە داماوە و هزری نییە، دەوروبەریشمان، کە تەنراوەتەوە بە قسە و کردارە پڕگەمژەکان بۆیە پێویستمان بەوەیە لەوە حاڵیبیین، گەمژەکان نەزانەکانن یان ئەوانەن،کە خۆیان گێژ(گێل) نیشاندەدەن؟گومانمان نییە، کەسانێک بە فیعلی هەن، کە گەمژەن، بەڵام هەشن گەمژە نیین، بگرە یاری گەمژەیانەمان لەگەڵدا دەکەن، واتە دەمانخەڵەتێنن و فریوماندەدەن. ئەمە خۆگێلکردن و خۆگەوجکردنیشی پێدەگووترێت. واتە کەسانێک هەن، دەخوازن خۆیان وانیشاندەن، بێمێشکن(بێعەقڵن، بێئاوەزن)، گەر ئەمە یارییەک بێت و مرۆڤەکان بەمەبەستەوە لەگەڵ یەکتردا دەیکەن ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم یارییە لە پێویستییەکەوە سەرچاوەدەگرێت. پەیڤی گەمژە ئاوەڵناوی تریش بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت، وەک: بوونەدەبەنگ، بوونەگێژ، بوونەگەلحۆ؛ گشت ئەوانەش بەکاربردنی جوداوازی خۆیانیان هەیە.
لەم بەشە زنجیرە نووسینە،کە بە((فەلسەفە و گەمژەیی))یەوە تایبەتە بە چەند پرسیارێکی بنەڕەتی دەستپێدەکەین، کە گفتوگۆی بابەتی((گەمژەیی و نەزانیی)) دەخاتەڕوو: چۆن ڕێگری لە خۆمانبکەین کاری گەمژانە نەکەین؟ باشە گەمژەبوون جۆرێک نییە لە نەزانی؟ ئەی لەناو نەزانییدا زیرەکییەکی شاراوە بوونی هەیە؟ ئایا گەمژە کەسێکی ڕاستەقینەیە یان تەنها ناوێکی ترە بۆ کەسێکی نەزان؟ نەزانەکان ئەو کەسانە نیین پێویستیان بەوەیە خۆیان نەزان و گێل نیشاندەن؟ واتە گەمژەیی کەمییە لە زانین، یان چۆن؟
پێناسەکان بۆ گەمژە یان گەمژەیی Stupidityلە جۆراوجۆرییدایە. هەریەکەو بە شێوازێک پێناسەی دەکات. بۆ هەندێک گەمژەیی بابەتییە و بۆ هەندێکی دیکە خودییە، ئەمەش بەندە بەوەوەی، کە چۆن تەماشای گەمژەیی دەکرێت.ئەوەتا بەپێی فەیلەسوفی ئەڵمانی(کانت) گەمژەیی شکستییە لە دادوەریکردن. کێشەکە هەر ئەوە نییە، چونکە زۆرجار گەمژەیی بە پاشخانی کولتوورییەوە گرێدەدرێتەوە؛ هەندێکجار لەڕوانگەی کولتوورییەوە کەسانێک بە گەمژە و ئەویتر بە بزان دەزانیین. بەڵام ئەمەش بڕیارێکی گەمژانەیە، کە لەڕوانگەی باوەڕی کولتووریمانەوە(بینینمان بۆ بەهاکان) کەسانێک بە گەمژە و کەسانێک بە نەزان بزانیین.
سەرباریئەوە، زۆرجار گەمژەیی دەبەسترێتەوە بە کەمیی ژیرییەوە Smart نەک بە کەمیی زانینەوە. کەمیی لە زانین بە پەروەردە و فێربوونی باڵا چارەسەر دەبێت هەرچی ژیرییە نا. دەتوانین بڵێین، کە بلیمەتی(بلیمەت)دژە جەمسەری گەمژەییە(گەمژە). گەمژەیی کەمیی یان نەبوونی ژیریی و تێگەیشتنە، نەبوونی ئاوەز و هەستە. بۆیە گەمژە Stupid ناتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە.
لێرە پێویستمان بەوەیە بزانیین، نەزان کێیە؟ کەسێکی فێلبازە یان گێلە؟ چی گەمژە لە نەزان جیادەکاتەوە؟ دەکرێت بڵێین کە گەمژەیی نەبوونی بیرکردنەوەی لۆجیکییە، هەرچی نەزانییە نەبوونی زانیارییە. بۆنموونە گەر گەڕان بەدوای ئەنجامێکی دروست لە زانینەوە بێت، ئایا بۆ گەمژە ئەم هاوکێشەیە چۆنە؟ ڕاستییەکەی نەزان ئەو کەسەیە زانینی نییە. کاتێک زانینی لەڕێگای پەروەردە و فێربوونەوە بەدەستهێنا ئیتر نەزان نییە، بزانە. کێشەکە هێشتا چارەسەر نەبووە. چونکە زۆرێک بزان دەتوانن یاری گێلیەتیمان لەگەڵدا بکەن؛خۆیان گێلدەکەن تا کارەکانی خۆیان بەو خۆگێلکردنە مەیسەرکەن.کەواتە لەمحاڵەتە دەپرسین:بۆچی تاکەکان هەندێکجار بە شێوەیەکی نەزانانە ڕەفتار دەکەن؟کە وایانکرد نەزانن یان گەمژە؟ ڕوونە، گەمژە ئەوانەن مێشک بەکارنابەن؛ جا بەهۆکاری ئەوەبێت کێشەیان لە مێشک(تێکچوونی مێشکیان) هەیە یان کێشەی بۆماوەیی(فسیۆلۆجی).
هەندێک توێژینەوە جەغتلەوەدەکەن، کە کەسێک شتێکی نەزانی کەواتە ئەو کەسە نەزانە. بۆنموونە کەسێک، کە نازانێ خواردنی(پاستە)چییە ئەم کەسە نەزانە، دوایئەوەی زانی (پاستە)چییە بەوە دەبیتە بزان. لێرە دەگەینە ئەو دەرهاویشتەیە، کە گەلێکجار مرۆڤەکان بە هۆی نەزانی و خراپی بیرکردنەوەوە وەک گەمژە دەبینرێن، جاریواشە بەهۆی نەزانیەوە.
ئەو شتەی نایزانی یان کەمیلێدەزانی دەتوانیت دواتر بیزانیت و فێریبیت؛ کەواتە نەزان جیایە لە گەمژە یان گێل. دەکرێت شتێک نەزانی لەئاکامی تەمبەڵی، ئەمە دەرئەنجامی بێباکیی و کەمترخەمیە نەک گەمژەیی. بەمجۆرە، نەزانی کەمییە لە زانیین و لە فێربوون. گەمژەیی دەرئەنجامی نەبوونی زانینە و فێربوونیش بۆ گەمژە هیچ گرنگیەکی نییە. گەمژە ناخوازێ دەستیبگات بە ئامرازەکانی زانیین؛ بۆ گەمژە زانیین هیچ ناگۆڕێت.
زۆرێک دەپرسن: ئایا بەڕاستی گەمژەیی بوونی هەیە؟یان تەنها بەرهەمی بڕیارێکی خراپی ئێمەیە وایاندەبینین؟هەندێک پێیانوایە گەمژەیی پەیڤێکی دروستکراوە، ئەی ئەوەیان چۆن؟؟واتە ئەوە ئێمەین خەڵکانێ وەک گەمژە دەبینین یان ئەوانن وامانلێدەکەن وەک گەمژە بیانبینین؟زۆرجار ئێمە رەفتاری خەڵک و دەوروبەرمان بە ناکامڵ و گەمژانە دەبینین(لێکدەدەینەوە). باشە لەم حاڵەتەدا هەڵەکە لە ئێمەدایە،کە وایدەبینین یان ئەوانن،کە گەمژە و نالۆجیکیانە مامەڵەی دەوروبەردەکەن؟ڕوونتر بێینەگۆ دەڵێن: ئێمەی مرۆڤ پێمان چاکە شێوازەکانی بیرکردنەوەی نالۆجیکی لەگەڵ کات بەرەو کەمی بڕوات. بەس ئایا وایە، یان کۆمەڵگە ڕۆژانە زۆرتر بەرەو گەمژەیی یان نەزانیەکی بەئەنقەست و مەبەستدار دەڕوات؟ توێژەران وایبۆدەچن، کە کەسێک بەمەبەستەوە خۆی نەزان نیشاندا نەزانەفێڵبازە نەک گەمژە.
زۆرجار مرۆڤ وایلێدێت ئاوا لەگەڵ خۆی بێتەگۆ: ئەوە منم نالۆجیکیم یان رەفتار و قسە نالۆجیکییەکانی ئەوانی ترە دادوەرییەکانم نالۆجیکیدەکەن؟زۆرێک نازانن لۆجیک چییە و ژیانیانیش زۆر نالۆجیکی گوزەردەکات، کردە و رەفتاری لە ڕادەبەدەر نالۆجیکییش ئەنجامدەدەن: نالۆجیکیین لە هاوسەرگیرییکردن، لە سیاسەتکردن، لە هاوڕێیەتی و….. . باشە ئەمانە بە فیعلی نەزانن یان گەمژە؟ سەبارەت بەم لایەنە ئەوە دەڵێێن: سەیرەکە لەوەدایە،کە هەندێک کەس گەمژەیەتییان کردوەتە ئامانج؛ پێویستیان بەوەیە گەمژەبن.
بابەتی گەمژەیی ئەم پرسیارەشمان لا دروستدەکات: چۆن ڕزگارمان بێت لەو هەموو گەمژانەی لە دەوروبەرمانن؟ دورخستنەوەی گەمژەکان لە دەوروبەرمان کارێ ئاسان نییە. چونکە گەمژەکان و جۆرەکانیان زۆرن و جاریواشە لە نزیکەکانمانن (هاوسێن، خوێدندکارن،هاوڕێن، کارمەندمان، ….).
ئارگومێنتی سەرەکی لەم شیکارییە پوختە ئەوەبوو، کە بەپێی ئەوەبێت باسکرا،کەسی گەمژە هێندەی کێشەی هزریی هەیە کێشەی جەستەیی نییە. هەندێک لە توێژینەوەکانیش بۆئەوە دەچن،کە گەمژە کێشەی دەروونی نییە. بەڵام ئاستی تێگەیشتن و هۆشەنگیەکەی لە ئاستی خوارەوەی نۆرماڵە. ئەمەو لێکۆڵینەوە لە چەمکی گەمژەییStupidnessبەرەو بۆچونگەلێکمان دەبات ،کە پەچەپۆشینی گەمژەیی بۆهەندێک چارەسەرە بۆبازدان بەسەر تێگەیشتن و بەرپرسیاریی. ئەمەش بەزۆری دەچێتەخانەی خۆگەمژەکردنەوە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




ئەو پەروەردەیەی عەقڵ دەکوژێت.. زەکەریا نەمر.. و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

قوتابخانەکان چۆن نەتەوەیەکی دەستەوستان دروست دەکەن؟
دەوڵەتەکان ئەو کاتە ناڕووخێن کە دراوەکانیان بەهاکەی لەدەست دەدات، نە ئەو کاتەشی نرخی نەوت دادەبەزێت، و نە تەنانەت کاتێک لە جەنگەکاندا دەدۆڕێن. دەوڵەتەکان ڕۆژی ڕووخانیان لەوێوە دەست پێدەکات کە قوتابخانە لە کارگەیەک بۆ دروستکردنی عەقڵەوە دەگۆڕێت بۆ کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی “گوێڕایەڵی”، و لە فەزایەکدا لە پرسیارکردنەوە دەبێتە زیندانێک بۆ بیرۆکەکان.

هەر ڕووخانێکی سیاسی، ئابووری یان ئەخلاقی، هەمیشە
ڕووخانێکی بێدەنگ لە ناو پۆلەکانی خوێندندا پێش دەکەوێت؛ لەو شوێنەی کە خولیای زانین دەکوژرێت، پاداشتی تەنها “لەبەرکردن” دەدرێتەوە و سزای “بیرکردنەوە” دەدرێت. لەبەر ئەوە، قەیرانی پەروەردە قەیرانی پڕۆگرام، باڵەخانە یان تاقیکردنەوە نییە، بەڵکو قەیرانی پڕۆژەیەکی نیشتمانییە. ئەو دەوڵەتەی هاووڵاتییەکی ئازادی دەوێت، قوتابخانەیەک بونیاد دەنێت کە فێری بکات “چۆن” بیر بکاتەوە، بەڵام ئەو دەوڵەتەی لە گەلەکەی دەترسێت، قوتابخانەیەک بونیاد دەنێت کە فێری بکات “لە چی” بیر بکاتەوە. جیاوازی نێوان ئەم دوو پڕۆژەیەش، جیاوازی نێوان نەتەوەیەکە کە شارستانیەت دروست دەکات، لەگەڵ نەتەوەیەکی تر کە تەنها ئەوە بەکار دەهێنێت کە ئەوانی تر دروستی دەکەن. قوتابخانە وەک ئەوەی زۆرکەس بڕوایان پێیەتی دامەزراوەیەکی بێلایەن نییە، بەڵکو کاریگەرترین دامەزراوەی دەوڵەتە لە داڕشتنی داهاتوودا. لە ناو پۆلەکانەوە کەسایەتی هاووڵاتی دروست دەبێت، پەیوەندییەکانی بە دەسەڵات و، یاسا و نیشتمان و جیاوازی و ڕاستییەوە دیاری دەکرێت. هەر بۆیە ڕژێمە تاکڕەوەکان لە زانکۆکان ناترسن بەهۆی باڵەخانەکانیانەوە، بەڵکو لەو عەقڵانە دەترسن کە ئەگەر سەربەخۆ بن لێیانەوە دەردەچن. هەموو پڕۆژەیەکی ستەمکاری بە کۆنتڕۆڵکردنی پەروەردە دەست پێدەکات. بە خاڵیکردنەوەی پڕۆگرامەکان لە “بیری ڕەخنەگرانە” دەست پێدەکات، مێژوو دەگۆڕێت بۆ پڕوپاگەندە، نیشتمانپەروەری بۆ پیاهەڵدان بەسەر فەرمانڕەوادا، و گوێڕایەڵیش بۆ فەزیڵەتێکی ڕەها. کاتێک منداڵ لە ساڵە سەرەتاییەکانیدا ڕادێت لەسەر ئەوەی وەڵامی ڕاست تەنها ئەوەیە کە مامۆستا دەیڵێت، نەک ئەوەی عەقڵ دەیسەلمێنێت، ئەوا دواتر ئاسان دەبێت هەر وتارێکی سیاسی بە بێ لێپرسینەوە و گومان لێکردن قبوڵ بکات. بەم شێوەیە پەروەردە چیتر نابێتە هۆکاری ئازادی، بەڵکو دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی ژێردەستەیی نەوە لە دوای نەوە. لە زۆرێک لە وڵاتە هەژارەکاندا، بەرپرسان شانازی بە ژمارەی ئەو قوتابخانە و زانکۆیانەوە دەکەن کە کردوویانەتەوە، بەڵام لە گرنگترین پرسیار خۆیان لادەدەن: ئەم دامەزراوانە چی بەرهەم دەهێنن؟ ئایا زانا بەرهەم دەهێنن یان بێکار؟ توێژەر یان لەبەرکەر؟ خاوەنکار یان فەرمانبەرێک کە چاوەڕێی دامەزراندن دەکات؟ زۆربوونی ژمارەی زانکۆکان هیچ واتایەکی نییە ئەگەر دەستەوستان بن لە بەرهەمهێنانی زانیاری یان چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا. بەدەستهێنانی بڕوانامە بووەتە ئامانجێکی جێگرەوە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری. زانکۆ لەفەزایەک بۆ توێژینەوە و دۆزینەوە گۆڕاوە بۆ وێستگەیەک بۆ وەرگرتنی پارچە کاغەزێک کە دەرگای وەزیفەی بۆ بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر خاوەنەکەشی کەمترین لێهاتوویی پێویستی نەبێت. بەم شێوەیە بڕوانامەکان کەڵەکە دەبن، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان پاشەکشە دەکات و پشت بەستن بە شارەزای بیانی زیاد دەکات، چونکە سیستەمی پەروەردە ئەو کارامەییەی بەرهەم نەهێناوە کە ئابووری پێویستی پێیەتی. پەروەردەی کلاسیک مرۆڤ لەسەر “ترس” پەروەردە دەکات.
دەترسێت لە هەڵەکردن، دەترسێت لە پرسیارکردن، دەترسێت لە جیاوازی و دەترسێت لە تاقیکردنەوە. لە کاتێکدا هەموو شارستانیەتی مرۆڤایەتی لەسەر دەستی ئەو کەسانە بونیاد نراوە کە وێراویانە گومان لە چەسپاوەکان بکەن، وەڵامە ئامادەکراوەکانیان ڕەتکردووەتەوە و پێداچوونەوەیان بۆ ئەو شتانە کردووە کە خەڵک بە ڕاستی کۆتاییان دادەنا. ئەو کۆمەڵگایانەی ڕێگری لە ڕۆڵەکانیان دەکەن بیر بکەنەوە، ڕێگرییان لێ ناکەن لە هەڵەکردن، بەڵکو ڕێگرییان لێ دەکەن لە دۆزینەوەی ڕاستی. هەروەها دەتوانرێت پەیوەندی نێوان پەروەردە و گەندەڵی تێبگەین؛ ئەو فەرمانبەرەی فێری بەهای دەسپاکی نەبووە و مەشقی لەسەر بیرکردنەوەی سەربەخۆ نەکردووە، زیاترئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی نایاسایی. ئەو سیاسییەی فێری کلتووری لێپرسینەوە نەبووە، دەسەڵات وەک ئیمتیازێکی کەسی دەبینێت نەک بەرپرسیارێتییەکی گشتی. ئەو دادوەرەی لەسەر سەربەخۆیی عەقڵ پەروەردە نەکراوە، بۆی قورس دەبێت بەرگەی فشارەسیاسییەکان بگرێت. بۆیە گەندەڵی لە وەزارەتەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە قوتابخانەوە دەست پێدەکات.لەو وڵاتانەی بەدەست دابەشبوونی خێڵەکییەوە دەناڵێنن، قوتابخانە دەبێتە یەکەم هێڵی بەرگری لە ناسنامەی نیشتمانی. ئەگەر قوتابخانە شکستی هێنا لە بونیادنانی چەمکی هاووڵاتیبوون، ئەوا بۆشاییەک دروست دەبێت کە خێڵ و مەزهەب و ناوچەگەرێتی پڕی دەکەنەوە. کاتێک قوتابیەک دەردەچێت و خێڵەکەی خۆی باشتر دەناسێت وەک لەنیشتمان، ئەوا دەوڵەت گرنگترین جەنگی خۆی دۆڕاندووە پێش ئەوەی دەست پێبکات. هەر بۆیە گەشەپێدان پێویستی بە وتاری سیاسی زیاتر نییە، بەڵکو پێویستی بە شۆڕشێکی ڕاستەقینەی پەروەردەیی هەیە. شۆڕشێک کە شکۆ بۆ مامۆستا بگەڕێنێتەوە، پەروەردە بە بازاڕی کارەوە ببەستێتەوە، توێژینەوەی زانستی بکاتە ئەولەویەتی نیشتمانی، سەربەخۆیی بداتە زانکۆکان، کلتووری “تەڵقین” (لەبەرکردن) بگۆڕێت بە کلتووری گفتوگۆ، لەبەرکردن بە تێگەیشتن، و ترس بە ئازادی. وەبەرهێنانی ڕاستەقینە لە دەرهێنانی نەوتدا نییە، بەڵکو لە دەرهێنانی ئەو وزە شاراوانەدایە کە لە ناو مرۆڤدان. سامانە سروشتییەکان ڕەنگە ببڕێن، بەڵام عەقڵە داهێنەرەکان تاکە سامانن کە هەتا دەوڵەت وەبەرهێنانیان تێدا بکات، پتر زیاد دەبن. ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ جیهان بەڕێوە دەبەن، بەوە نەگەیشتوونەتە ئەو شوێنە چونکە خاوەنی گەورەترین سەرچاوەن، بەڵکو چونکە خاوەنی باشترین قوتابخانە، بەهێزترین زانکۆ و ئازادترین توێژەرن. لە کاتێکدا ئەو وڵاتانەی دەوڵەمەندن بە سەرچاوە و هەژارن بە عەقڵ، لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە، چونکە سەیری پەروەردەیان کردووە وەک خزمەتگوزارییەکی کۆمەڵایەتی نەک پڕۆژەیەکی شارستانی. نەتەوەیەک هەڵناسێتەوە کە مامۆستاکەی بترسێت لە گفتوگۆ، قوتابییەکەی بترسێت لەپرسیار، و زانکۆکانی ژێردەستەی “سۆز و مەیلی سیاسی” بن نەک “لێهاتوویی”.
ئابوورییەکی مۆدێرن بە عەقڵێک بونیاد نانرێت کە مەشقی لەسەر “دووبارەکردنەوە” کردبێت زیاتر لەوەی مەشقی لەسەر “داهێنان” کردبێت. پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوە نییە: چەند قوتابخانەمان بونیاد ناوە؟ بەڵکو ئەوەیە: چەند عەقڵمان ئازاد کردووە؟ ئەوە نییە: چەند زانکۆمان کردووەتەوە؟ بەڵکو ئەوەیە: چەند بیرۆکەی نوێمان بەرهەم هێناوە؟ نەتەوەکان بە ژمارەی باڵەخانە پەروەردەییەکان ناپێورێن، بەڵکو بە ژمارەی ئەو عەقڵانەی دەتوانن واقیع بگۆڕن.لەبەر ئەوە، جەنگی پەروەردە تەنها جەنگی مامۆستاکان یان تەنها قوتابییەکان نییە،بەڵکو جەنگی هەموو کۆمەڵگایە. ئەوەی ئەمڕۆ لە قوتابخانەدا سەردەکەوێت، سبەی ئابووری و سیاسەت و کلتووری بەدەستەوە دەبێت. هەرکەسێکیش قوتابخانە بە دیلی “تەڵقین” و بیرۆکراسی و پڕوپاگەندە جێبهێڵێت، تەنها هەژاری، گەندەڵی و ستەمکاری زیاتر دەچنێتەوە، گرنگ نییە چەندە نەوت، زێڕ یان دروشمی نیشتمانی هەبێت. قوتابخانە تەنها ئەو شوێنە نییە کە لێی فێر دەبین، بەڵکو ئەو شوێنەیە کە چارەنووسی دەوڵەتی تێدا دیاری دەکرێت. ئەگەر عەقڵ لە ناو پۆلدا مرد، هیچ حکومەتێک ناتوانێت دوای ئەوە نیشتمان زیندوو بکاتەوە.

و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف
زەکەریا نەمر




قسەکردن لەسەر بێدەنگی؛ کەی میدیا بووە هۆکاری کوشتنی بیرکردنەوە؟.. کارزان عزیز عبدالراحمن

هەموومان لەو ساتە تەنیاییانەی کە مێشکمان پڕە لە پرسیار، هەست بەوە دەکەین کە بیرکردنەوەی مرۆڤ و زمانەکەی چ پەیوەندییەکی ئاڵۆزیان هەیە. بەڵام ئەمڕۆ، کاتێک سەیری میدیای کوردی و جیهانی دەکەم، پرسیارێکی گەورەتر دێتە پێشەوە: ئایا ئێمە هێشتا بە ڕاستی بیر دەکەینەوە، یان میدیا وشەکانی خستووەتە دەممانەوە و وا دەزانین ئەوە بیرکردنەوەی خۆمانە؟
١. کاتێک میدیا دەبێتە “مێشک” دووەم
مێژووی فەلسەفە، لە سۆقراتەوە تا ئەفلاتون، پێی دەوتین بیرکردنەوە “گفتوگۆی نهێنیی دەرون لەگەڵ خۆی”یە. سۆقرات دەیوت: بیرکردنەوە دادگایەکە لە ناوەوەی خۆت. بەڵام کەی میدیا هاتە ناو ئەم دادگایەوە؟ ئەمڕۆ میدیا تەنها ئامرازێکی گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو بووەتە “مێشکێکی کرێ”.
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە میدیا پێش ئەوەی بیر بکەینەوە، بۆمان دیاری دەکات چی بڵێین. کاتێک سۆشیالمیدیا و کەناڵەکان بە خێراییەک کە ئاگامان لێی نییە وشەکانمان بۆ دەڕێژن، بیرکردنەوە ڕاستەقینەکەمان “دەخنکێت”. ئێمە لە ڕاستیدا قسە ناکەین، تەنها وشەکانی میدیا دووبارە دەکەینەوە. ئەمە ئەوەیە کە ئەفلاتون پێی دەوت “دیالۆگی بێدەنگ”؛ بەڵام ئێستا میدیا ناهێڵێت ئەو بێدەنگییە هەبێت تا ئێمە لەگەڵ خۆمان قسە بکەین.
٢. ئۆگستین و ئەو هەستانەی میدیا ناتوانێت بیانبینێت
قەشە ئۆگستین باسی “کلامی ناوەکی” دەکرد؛ ئەو هەستە قووڵانەی کە وشە شک نابەن بۆ وەسفکردنیان. خۆشەویستی، ئازار، تێڕامان لە مانای ژیان. بەڵام میدیای ئەمڕۆ چی دەکات؟ هەموو شتێک بە “وشە” و “مانشێت” و “لایک” و “شەیر” دەپێوێت.
میدیا هەموو ئەو هەستە قووڵ و بێدەنگانەی مرۆڤ دەچەمێنێتەوە و دەیانخاتە قالبێکی بازرگانییەوە. کاتێک تۆ ئازارت هەیە، میدیا دەیەوێت بە وشەیەک بۆت کورت بکاتەوە تا “کلیک”ێک بۆ ئەو پەیجە بکەیت. میدیا نایەوێت تۆ بێدەنگ بیت، چونکە لە بێدەنگیدا، بیرکردنەوەی ڕاستەقینە دروست دەبێت. میدیا دەیەوێت تۆ بەردەوام قسە بکەیت، تەنانەت ئەگەر قسەکانیشت هیچ مانایەکیان نەبێت.
٣. زمان؛ عەینەکێک یان زیندانێک؟
هومبۆڵت دەیوت زمان عەینەکی جیهانبینیی ئێمەیە. بەڵام ئایا میدیا ئەمڕۆ ئەم عەینەکەی بۆ “ڕەش” نەکردوین؟ کاتێک میدیا بەردەوام وشەی “دڵەڕاوکێ”، “کێشە”، “سیاسەت” و “جەنگ” بەکاردێنێت، ئایا ئێمە دەتوانین بە شێوەیەکی تر بیر بکەینەوە؟
میدیا زمانی ئێمەی “هەژار” کردووە. کاتێک زمان هەژار بوو، بیرکردنەوەش هەژار دەبێت. ئێمە ئێستا لە زیندانێکی زمانییداین کە میدیا دروستی کردووە. وشەگەلێکی دیاریکراو بەردەوام دووبارە دەبنەوە، تا ئەو ڕادەیەی وا هەست دەکەین بیرکردنەوەکانمان لە چوارچێوەی ئەو پەیجانە دەرناچن. ئەمە ڕەخنەی سەرەکیی منە: میدیای ئەمڕۆ نەک تەنها زمانەکەی گۆڕیوین، بەڵکو بیرکردنەوەکانیشی تەم و مژاوی کردووە.
٤. ئایا مێشکی مرۆڤ بۆ میدیا دروست بووە؟
چۆمسکی باسی “ڕێزمانی گشتی” توانای سروشتیی مرۆڤ بۆ زمان دەکات. بەڵام سەیری ئەوە بکەن میدیا چۆن ئەم توانایە “سڕ” دەکات. مێشکی مرۆڤ پێویستی بە پشوو هەیە بۆ ئەوەی بیر بکاتەوە، بەڵام میدیا بە “ژاوەژاو” بۆشاییەکانی مێشکی پڕ کردووەتەوە.
لە کۆتاییدا، کاتێک دەپرسم بیرکردنەوە قسەکردنە یان قسەکردن بیرکردنەوەیە؟ وەڵامەکەم بۆ ئێوە ئەمەیە: ئەگەر میدیا ڕێگەت لێ دەگرێت کە بەبێ دەنگی بیر بکەیتەوە، ئەوا تۆ چیتر بیر ناکەیتەوە؛ تۆ تەنها “بەرهەمی میدیایی”. قسەکردن کاتێک بیرکردنەوەیە کە لە ناخی خۆتەوە بێت، نەک لە ستۆدیۆکانەوە.
بانگەوازێک بۆ خوێنەران: با جارێکیش بێت، بێدەنگ بین. با باوەڕ بەو مانشێتانە نەکەین کە دەیانەوێت مێشکمان کۆنتڕۆڵ بکەن. بیرکردنەوە پێویستی بە زمانە، بەڵام زمانێک کە خۆت دات ڕشتووە، نەک زمانێک کە بۆیان بۆت داتاشیوە. میدیا دەتوانێت هەواڵت پێ بدات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لە جیاتی تۆ “مانای ژیان” دروست بکات. ئەگەر ڕێگەت نەدەین بیر بکەینەوە، ئەوا بێگومان دەبین بەو بوونەوەرانەی کە تەنها قسە دەکەن، بێ ئەوەی بزانن چی دەڵێن.

نووسینی: کارزان عزیز عبدالراحمن
قوتابی زانکۆ




ئافرەتانی وەک، یەنار محمد و بەهار علی، تەنیا نین.. سامی المالح

کە چالاکەوانی ناودارو ئازا و بوێر یەنار محمد لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەم ساڵ تیرۆرکرا، لە نووسینێکدا بۆ ڕسواکردنی تیرۆرستان و ئەو بیرو فیکرەی لە پشتیانەوەیە، من ئەوم دووپاتکردەوە: ئەمە یەکەم تیرۆر نیەو دوا تیرۆریش نابێ.
ناوچەکە بەگشتی و عیراق بە تایبەتی، لە ناو گێژەنی ئیسلامی سیاسیدا گیری خواردوە. وڵات لە دەریایێکی بێ بنی گەندەڵی و دزی و داڕوخانی بەهاکان و وێرانکردنی سیستەمی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری بنەرەتیدا دەژی، چونکە هێزە ئیسلامیە تایفەگەرییەکان و هاوپەیمانانیان لە هێزە ناسیۆنالستیەکانی عەرەب و کورد، دەوڵەت و دامودەزگاکانیان کردۆتە مۆڵگەی دابەشکردن و تاڵانکردنی سامان و سەروەتی گشتی و، خۆیان بە بوونی چەک و میلیشیا و پارەوەی دزراو، خستۆتە سەرووی دەوڵەت و یاسا و، بنیاتنانی ژێرخان و خزمەتکردنی گەل و ئاوەدانی و ئاسودەیی خەلک وپێکەوەژیانیان لە لا گرنگ نیەو، تەنانەت لێشی دەترسێن و ڕێگری لێدەکەن.
نزیکەی سی ساڵە، ژینگەیێکی بۆگەن دروستدەکرێ بۆ خنکاندنی بیرکردنەوە و بڕاو بە مەعریفە و زانست و ئایندە. ئەو هێزانەی حوکمڕانن، دەخوازن فکری سەدەکانی ناوەڕاست وجەهل و نەخوێندەواری وموڕالی نزم تەشەنە بکات و، کۆمەڵگا ببێتە مێگەلێکی گوێڕایەل و بێتوانا و بێ ڕێکخستن و بێهێز. بۆ ئەوەش دەسەڵات دامەزراوە ئایینی و شێخ و سەیدو مەلاکان بەکار دێنێ و بەشداریشیان دەکات لە گەندەڵی و دزین و چەواشەکاری و هەلخەڵەتاندن و پەکخستنی هەموو جۆرە بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن و داهێنان و نوێخوازی.
ینار محمدیی شەهید و بەهار علی، ئەو ئافرەتە بوێرو ئازایانە تەنیا نیین. تەنیا نین بە دوو جۆر:
یەکەم – هەموو ئافرەتە چاڵاکەکان، بە شێوەیێک لە شێوەکان، دەکەونە بە هێرش و گرتن و ڕاونان و دادگایی کردن. ئافرەتانیش لێرەدا، لە قوربانیدان و بەخشیندا تەنها نین، چونکە پیاوانیش لە هەمان سەنگەردا، قوبانیێکی زۆریان بەخشیوەو دەبەخشن. سەدان گەنجی ئەکادیمی و میدیا کار و هونەر مەند و نووسەر و چالاکەوانی مەدنی، شان بە شانی ئافرەتان قوربانی دەبەخشن و، دەیسەڵمێنن کە ئازادی ئافرەت بنەمای هەموو ئازادیێکە و بەردی بناغەی پێشکەوتن و بنیاتنان و ئاوەدانی و ئاسوودەیی و ئاسایش و ئایندەیێکی گەشە.
دووەم – ئافرەتان، وەک یەنار و بەهارو سەدان و هەزارانی دیکە، لە بەردەوامی خەباتدا تەنیا نین و کۆمەڵێک دام و دەسگا و ڕێکخستن و سەنتەری چالاکی و میدیا و میدیاکاران و نووسەر و ڕۆشنبیری پیاویان لەگەڵدایە. ڕەنگە هێزو تواناکانی هەم ئافرەتان و هەم پیاوان تا ڕادەیێک پەتەوازەیە و، لە ئاستی هێرشەکاندا یەکیان نەگرتبێ و پێکەوە یەکدەست و یەک ئامانج چالاکیان نە نواندبێ، لێ هێشتا دەرفەتێکی زۆر لە پێشدایەو، ئاڵنگاری زیاتریش ماوە و، ئەستەمە کۆمەڵگا تا هەتایە بێ هەڵوێست و بێ قسەو بێ کردار و لە چاوەڕوانیدا بمێنێت.
دیارە، ئافرەتانی هوشیارو ئازاو بوێر، مەترسیێکی گەورەن لەسەر سەلەفیەت و فیکری کۆنەپەرستی و بەکارهێنانی ئاین و توندڕەوی ئاینی و نەتەوییدا، هەر بۆیە پیاوانی ئایینی خزمەتکاری دەسەڵات، زیاتر و زیاتر هێڕشیان دەکەنە سەر و، پێیان بکرێ تیرۆریان دەکەن و کۆمەلگا هەمووی دەخەنە نێو زیندانی بیرکردنە و ڕوانینیان و ئارەزووەکانیان و بەرژەوەندیەکانیان و بەهاکانیان و ژێر چەپۆکی دەسەڵاتی ڕەهایان.
لە عیراقدا بە هەرێمی کودستانیشەوە و لە دەورو بەریشدا، تەوژمی ئیسلامی سیاسی توندڕەو لە هەڵکشاندایە. بە داخەوە ئەو تەوژمە سوودێکی زۆ لە بێهێزی دەوڵەت و ژینگەی گەندەڵی و تووندڕەوی و تایفەگەری ودەسەڵاتی چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا و پەرتەوازەیی هێزە مەدەنیەکان دەبینێ. داڕمانی پەروەردە و فێرکردن و سیستەمی تەندروستی و ژێرخانی وڵات و بێکاری و بێ هیوایی هاوڵاتیان پەکخستوە و کردۆتە پاشگەرێکی بێئیرادە و بێ توانا و بێ ئامانج. ئەمانە هەمووی ئەرکی مەدەنیەکان و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی وفەرهەنگیەکان ئالؤز و قورستر دەکات.
ئایندەی هەر وڵاتێک، هەر و گەلێک و نەتەویێک ، بەندە بە ئازادی و مافی بیرکردنەوە و ڕادەڕبڕین و ڕەخنەگرتن و هەستکردن بە لێپرسینەوە. لە پێش هەمووشیانەوە ئازادی ئافرەتان، بۆ ڕزگار کردنیان لە کۆیلایەتی و پاشکۆیی و، بۆ ئەوی دەست لەناو دەست بە یەکسانی لە گەڵ پیاواندا، ببنە بەشێکی چالاک و هێزێکی کۆمەڵایەتی و نموونەی ئەرێنی بۆ پەروەردەکردنی نەوەکان و بەخشینی هیوا و خۆشەویستی و ئارامی وئاشتی و ئاسایش.

سامی المالح




ئێرانی دوای جەنگ.. عوسمانی حاجی مارف

ڕژێمی ئێران هەوڵ دەدات سەردەمی موجتەبا خامەنەیی وەک درێژەپێدەرێکی سروشتی پێکهاتەی دەسەڵاتی پێشوو بخاتەڕوو، بەڵام ئێستا ڕوبەڕوی کێشەیەکی بنەڕەتین، ئەویش ئەوەیە کە گوێڕایەڵی لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتدا کە لە مێژوودا لەژێر ڕێبەرایەتی خامەنەیی باوکدا بەڕێوەچووە، چۆن دەتوانن پەیڕەی لێبکەنەوە، کە هێشتا نەیانتوانیوە شەرعیەتی هاوشێوە یان دەسەڵاتی چارەنوسساز بە موجتەبا ببەخشن؟
ناوەڕۆکی پەیامەکەی موجتەبا بۆ پەرلەمان بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی سێیەمی خولی ئێستای پەرلەمانەوە، لەسەر هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و حکومەت و دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی و گرنگیدان بە ئابووری و ئیدارەدان بوو. بە واتایەکی تر پەیامەکە بانگەوازێکی ئاشکرا بوو بۆ ڕێکخستنەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکی خۆیدا، زیاتر وەک هەوڵێک دەرکەوت بۆ سەپاندنی “هاوئاهەنگی زۆرەملێ” بەسەر پەرلەمانێکدا کە خۆی ڕەنگدانەوەی دابەشبوون و دڵەڕاوکێکانی ڕژێمە بەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.
ڕەنگه ئەمڕۆ ڕژێمی ئێران له بەردەم دابەشبوونێکی ئاشکرادا نەبێت، بەڵام چۆته قۆناغێکی مەترسیدارتر، قۆناغێکی گوماناوی لەنێو ڕیزەکانی خۆیدا، ئەم قۆناغە، لە دەسەڵاتێکدا کە زیاتر لە مشتومڕی ناوخۆیی لە شەقام و ناڕەزایەتی ڕێکخراو دەترسێت، دەکرێت سەرەتای درزێک بێت کە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بیشارێتەوە.
ئەم بانگەوازەی موجتەبا لەناو ڕژێمدا دەرگای لێکدانەوە و ململانێی کردەوە، وەک پشتیوانیەکی بێدەنگ بۆ محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان، قالیباف خۆی هەوڵیدا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش سوود لەو ساتەوەختە وەربگرێت، دەیەوێت وەک یاریزانێکی ناوەندی لە دانوستانەکاندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوەش دەزانێت کە هەر زمانێکی سازان بەرامبەر واشنتۆن دەتوانێت ببێتە ئامانجێکی ئاسان بۆ لایەنە توندڕەوەکان، بۆیە ڕایگەیاند کە ئیمتیازەکان لەڕێگەی دیالۆگەوە بەدەست ناهێنرێن، بەڵکو لە ڕێگەی هێزەوە بەدەست دەهێنرێن، ئەمە تەنها پەیامێک نییە بۆ جیهانی دەرەوە، بەڵکو پەیامێکە بۆ ناوخۆی ئێران، قالیباف بە نەیارەکانی دەڵێت کە پیاوی سازان نییە، تەنانەت ئەگەر بەشێکیش بێت لە تیمی دانوستانکار.
هەروەها هێشتا موجتەبا ڕوبەڕوی بەرەیەکی ڕێکخراو نییە کە بە ئاشکرا ڕەتی بکاتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە درێژخایاندا و لەدۆخی قەیراناوی ئێراندا، ڕوبەڕوی حاڵەتێکی زۆر جدیتر ببێتەوە، ئەویش واقعیەتی نەبوونی کۆدەنگی و یەکگرتنێکی سروشتیە لە ئایندەی ڕژێمی ئێراندا، ئەمەش بەو مانایەیە کە سەرکردایەتی نوێ هێشتا لە پرۆسەی سەپاندندایە نەک لە پرۆسەی قبوڵکردنی سەقامگیریدا.
تەحەدای ڕاستەقینەی ئەمڕۆی ڕژیمی ئێران، چۆنیەتی سەرکەوتنی شەڕ نییە، بەڵکو چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە لەدوای زیان و کارەساتەکانی شەڕ. ئابوری ئێران بارگرانی قەیرانەکانی لەسەرە، متمانە و هیوای کۆمەڵگا زیاتر کەم بۆتەوە، دامەزراوەکان دووبارە بە ململانێ و دابەشکردنەوەی دەسەڵاتدا تێدەپەڕن، بۆیە قۆناغی داهاتوو یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانە لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە.
کاتێک شەڕەکان کۆتاییان دێت، بەشێوەیەکی گشتی ئاوەدانکردنەوە دەست پێدەکات، بەڵام لە ئێراندا وێنەکە جیاوازە، لەگەڵ کۆتایی هاتنی دوایین ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی، پێناچێت وڵات بەرەو قۆناغێکی سەقامگیری بڕوات، بەڵکو ڕووبەڕووی ئاستەنگی ناوخۆیی دەبێتەوە کە رەنگە لە خودی شەڕەکە ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر بێت.
ئەگەر ڕژێمی ئێران سەرکەوتوو بووبێت لە تێپەڕاندنی ڕوبەڕوبونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و پاراستنی مانەوەی سیاسی خۆی بەدەست هێنابێت، بەڵام لە پرسیاری ئێستادا توانای بەڕێوەبردنی کاردانەوەکانی دوای شەڕە، بە لەبەرچاوگرتنی بونی ئابوریەکی پڕ لە قەیران، زیاتر بونی هەژاری، هەروەها پێکهاتەیەکی سیاسی کە گۆڕانکاریەکی بێوێنەی لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بڕیارداندا لە ململانێکاندا بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەتوانین بڵێین ئێستا ئێران لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیەوە لەگەڵ یەکێک لە توندترین قەیرانە ئابوریەکانی بەرەوڕوو بووەتەوە. بەپێی داتا و بەیاننامە فەرمیەکان، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا نزیکەی دوو ملیۆن کەس کارەکانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە پێنچ ملیۆن زیاتر کەوتبونە بەر حاڵەتی نەبونی و هەژاریەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕادەی ئەو فشارە کۆمەڵایەتیانەی کە لە ئەنجامی ئەو قەیرانەوە دروستبون.
هەرچەندە خودی جەنگەکە کاریگەری لەسەر قوڵبونەوەی قەیرانەکەدا کردووە، بەڵام بەشێک لە زیانە ئابوریەکان بەهۆی هۆکاری ناوخۆییەوە پێشهاتووە، بە پلەی یەکەم پچڕانی درێژخایەنی ئینتەرنێت، داخستنی تۆڕەکە بۆ چەند مانگێک کەرتە گەورەکانی ئابووری دیجیتاڵی و خزمەتگوزاریە ئەلکترۆنیەکانی ئیفلیج کرد، کە ملیۆنان ئێرانی وەک سەرچاوەی سەرەکی داهات پشتیان پێدەبەستن.
شانبەشانی قەیرانی ئابووری، شەڕ واقعێکی سیاسی نوێی خوڵقاندووە، کە پەرەسەندنی کاریگەری دامەزراوەی سەربازی و ئەمنیە لەناو دەوڵەتدا. لەکاتێکدا کە سیستمە سیاسیەکان لەکاتی شەڕدا بەهۆی پێویستیە ئەمنیەکانەوە، زیاتر دەسەڵاتەکانی ئامێری نیزامی فراوانتر دەکەن، بەڵام بەردەوامی ئەم فراوانبوونە دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان، پرسیار لەبارەی هاوسەنگی هێزی داهاتووی ناو ڕێژیمی ئێران دەوروژێنێت. هەر بۆیە زۆرێک لە چاودێران پێشبینی ئەوەدەکەن، کە گواستنەوەی دەسەڵاتی زیاتر بۆ ئەو کەسایەتیانە دەبێت کە پێشینەی سەربازیان هەیە، لەهەمانکاتدا دەبێتە هۆی لاوازبونی دامەزراوە مەدەنی و یاسایی و سیاسیەکان.
بەڕێوەبردنی شەڕ جیاوازە لە بەڕێوەبردنی ئابووری و کۆمەڵگا و مەرج نییە سەرکەوتن لە بەرەکانی شەڕدا وەربگێڕێتە سەر ئەو شارەزاییەی کە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وەک بێکاری، هەڵاوسان، هەژاری و خزمەتگوزاریە گشتیەکان و چۆنیەتی وەڵامدانەوە بە خواست و ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران. ئەم فاکتەرە لەژێر ڕۆشنایی نەبوونی ئەو کەسایەتیەدا کە بۆ دەیان ساڵ ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات لەناو سیستەمەکەدا گێڕاوە، تادێت گرنگتر دەبێت. عەلی خامنەیی، خاڵی جەوهەری هاوسەنگی نێوان دامودەزگاکان و کێبڕکێکارەکان بوو.
ئایا موجتەبا خامنەیی، بەناوی ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت هەمان ڕۆڵ بگێڕێت و یەکگرتوویی قەوارەی سیاسی هەنووکەیی بپارێزێت؟!.
سەرەڕای دیمەنەکانی خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ لایەنگری بەرگریەکان کە لەکاتی شەڕدا لە ئێران شاهیدی بوین، مانای ئەوە نیە کە هەموو کۆمەڵگای ئێران لە پشت ڕژێمەوە کۆببێتەوە. چەندین دیاردە ئەوە پیشان دەدات کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئێران، چاوەڕوانی و بینینی دەرئەنجامی ڕوبەڕوبونەوەکەیان هەڵبژاردووە، نەک بەشێوەیەکی چالاکانە پشتیوانی یان دژایەتی ڕژێم بکەن.
ئەزموونی ڕابردوو دەریخستووە کە ناڕەزایەتیەکان لە ئێران بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی شەڕەکان یان قەیرانە ئەمنیە گەورەکاندا سەرهەڵنادەن، بەڵکو لەدوای کەمبونەوە و هێوەربونەوەی دۆخەکە دەست پێدەکاتەوە، کاتێک پرسی بژێوی ژیان دەبێتە مەبنا، کاریگەری لەسەر ناڕەزایەتیەکان و ڕێکخستنی دەبێت، بەردەوامی هەڵاوسان و بێکاری و هەژاری بەربڵاو دەتوانێت ببێتە هۆی دووبارەبونەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتی، بەتایبەتی ئەگەر هاوڵاتیان و کرێکاران هەست بکەن قورسایی شەڕەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و بەسەریاندا دەشکێتەوە. هەروەها لەکاتێکدا بەڵێنەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخەکان یان چارەسەرکردنی قەیرانە کەڵەکەبووەکان بە بێ جێبەجێکردن بمێننەوە، ناڕەزایەتیەکان فروانتر دەبێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە تەحەدیاتەکان تەنیا لە کۆمەڵگا و ئابووریدا قەتیس نین، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ خودی پێکهاتەی دەسەڵات. لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕدا، ڕەنگە دامەزراوە سیاسیە نەریتیەکان دەست بکەن بە وروژاندنی پرسیار سەبارەت بە سنووری ڕۆڵی سەربازی بەدەخاڵەتی ڕاستەوخۆ لەدەسەڵاتدا و لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، چونکە زۆرێک لە ناوەند و دامودەزگاکانی دەسەڵات کە لەکاتی شەڕدا فراوانبوونی کاریگەری دامەزراوەی سەربازیان قبوڵکرد، ڕەنگە خۆیان کەمتر ئامادەبن بۆ قبوڵکردنی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە لە قۆناغی دوای جەنگدا.
بەگشتی قەیرانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لە ئێراندا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار، کە تێیدا ڕژیمی مەلاکان چیتر ناتوانن ترسە ڕاستەقینەکانی خۆیان لە پشت جەنجاڵی شەڕی ناوچەیی، دانوستان، یان پڕوپاگەندەی هێز و خۆڕاگری بشارنەوە. نیگەرانیە سەرەتاییەکانی ناو داڵانەکانی دەسەڵات هێندە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە نییە، بەڵکو لە ئەگەری هەڵچوون و ئاڵۆزی ناوخۆیدایە. بەتایبەت دوای ئەو ڕاپەڕینە بەربڵاوانەی کە لەنێوان کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا تەواوی ئێرانی گرتەوە و مەترسیەکی بەردەوامە لەسەر مانەوەی کۆماری ئیسلامی.
زانکۆ لە ئێران هەرگیز تەنیا دامەزراوەیەکی خوێندن و پەروەردەیی نەبووە، فەزایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە، تاقیگەی بیرکردنەوەی ئازادە، ناوەندێکی مێژوویی ناڕەزایەتییە، ئازادی بیرکردنەوە، مافی پرسیارکردن و توانای گۆڕینی تووڕەیی کۆمەڵایەتیە بۆ کاری ڕێکخراوەیی. دەسەڵاتداران شەپۆلێکی بەرفراوانی بانگهێشتکردن و ڕاگرتن و دەرکردنیان دەستپێکرد، لانیکەم ٣٥٢ خوێندکار لە چوار زانکۆی گەورەی تاران لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بانگهێشت کراون یان سزا دراون، ئەم هەڵمەتە تەنیا لە تاراندا قەتیس نییە، درێژبۆتەوە بۆ زانکۆکانی مەشهەد، شیراز، ئەسفەهان، گیلان، بیرجەند، و بابۆڵ، بەتایبەتی ئەو خوێندکارانەی کردۆتە ئامانج کە بەشداریان لە ڕاپەڕینەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا کردووە یان هاوسۆز بوون. بەم شێوەیە لیژنەکانی بەڕێوەبردن لە زانکۆکان، چیتر تەنها میکانیزمی کارگێڕی نین لەناو زانکۆکاندا، بەڵکو گۆڕاون بۆ قۆڵێکی ئەمنی کە هاوتەریب لەگەڵ دەزگای دادوەری و ئەمنی کاردەکات بۆ دیاریکردنی خوێندکارانی ناڕازی، لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە حکومەتی مەسعود پزێشکیان لە دەرەوەی ئەم هەڵمەتە نییە، بەڵکو هاوبەشە لەو هەڵمەتەدا.
بەڵام هەموو ئەم سەرکوتکردنە نەیتوانیوە زانکۆکان بێدەنگ بکات، ڕێکخراوەکانی خوێندکاران ڕەتکردنەوەی خۆیان لەم هەڵمەتە فرەلایەنە دەربڕیوە و کۆبوونەوەی خوێندکارانیش بەردەوامە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە سیاسەتەکانی ڕژێم. هەروەها داتاکان ترسێکی قووڵ لە ژنانی گەنجی ئێرانی ئاشکرا دەکەن کە لە پێشەنگی ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییەدا بون. لە هەموش گرنگترە کۆماری ئیسلامی دوای ئەم شەرە، لە وەڵام بەرامبەر گەشە و رێکخرابونی بزوتنەوەی کرێکاری و ئامادەیی و یەکگرتویی کرێکاران بۆ نارەزایەتی بەرفراون و سەراسەری دەتوانێت چی بکات؟.




دامەزراوە ئیسلامییەکان لە ئەوروپا لە نێوان تێکەڵبوون و کاریگەری بیانی: کێ گوتاری ئایینی پێکدەهێنێت؟.. ڕزگار ئاکرێی

لە نێوان ڕێوڕەسمی عاشورا لە کۆپنهاگن و تۆڕە دەرەکییە بیانییەکان

لە ڕۆژی هەینی 26 ی حوزەیرانی 2026 شەقامەکانی ناوچەی نۆربرۆ لە کۆپنهاگن ڕێپێوانێکی گەورەی عاشورا بەخۆوە بینی بۆ یادکردنەوەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن بە بەشداری نزیکەی هەژدە هەزار کەس. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەوە بوو کە ڕێکخەرانی ئاهەنگەکە جیاکردنەوەی تەواویان لە نێوان ژن و پیاودا سەپاند، پیاوان، منداڵان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پێشەوە دەڕۆیشتن و ژنان لە ڕیزێکی جیادا بەدوایدا دەڕۆیشتن.
ئەگەر لە ڕوانگەی بەهاکانی یەکسانی لە ڕۆژئاوای ئەوروپا تەماشا بکرێت، ئەم کردارە جۆرێک لە جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە بواری گشتیدا پێکدەهێنێت. ئەو شێوازە هاوشێوە لە سیستەمەکاندا بەبیر دەهێنێتەوە کە بە شێوەیەکی سووکایەتی مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن و سنووردارکردنی توند دەخەنە سەر ئامادەبوونیان لە شوێنە گشتییەکان و مافە مەدەنییەکانیان، وەک رژێمی ئێران[4] کە یاسای جلوبەرگی زۆرەملێ دەسەپێنێت و مافی ژنان بۆ هاتوچۆ و کار و بەشداری گشتی سنووردار دەکات. و سیستەمی سعودیە، کە بەردەوامە لە پیرۆزکردنی سەرپەرشتیاری پیاوان بە شێوەی جۆراوجۆر سەرەڕای چاکسازییە بەشێکیەکان کە ڕاگەیەندراون. هەروەها ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی بزووتنەوە ئاینییە توندڕەوەکاندان کە مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن وەک مێردمنداڵی هەمیشەیی، وەک بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان کە ژنان لە خوێندن و کار و جوڵە بەبێ پاسەوانی پیاو قەدەغە کردووە. هەروەها گروپی حوسییەکان لە یەمەن، کە چەندین کۆتوبەندی هاوشێوە دەسەپێنێت.
لەوەش گرنگتر، ئەم جۆرە کردارانە لە بۆشایی گشتی ئەوروپا پرسیاری جددی دەربارەی ئاڕاستەی کۆمەڵگە تەریبەکان دروست دەکات کە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی و بەهای هاوبەشی وڵاتانی خانەخوێیان کار دەکەن. ئەم ڕووداوە کاردانەوەی بەرفراوانی لە دانیمارک لێکەوتەوە. پارتە ڕاستڕەوەکان ئەمەیان بەستەوە بەوەی کە پێی دەڵێن “بەها نەتەوەییەکان”، مشتومڕێکی کە لە زۆربەی پایتەختەکانی ئەوروپا سەرهەڵدەداتەوە هەر کاتێک کێشەیەکی هاوشێوە سەرهەڵدەدات، لە بەلجیکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و سوید وەک یەک.
لەگەڵ ئەوەشدا هەمان ئەو هێزە ڕاستڕەوانە بە دەگمەن خۆیان بە ڕەخنەگرتن لە کردارێکی جیاکاری دیاریکراو سنوردار دەکەن. ئەوان بەشێوەیەکی ڕۆتینی ئەم جۆرە دەرفەتانە دەقۆزنەوە بۆ داکۆکیکردن لە یاسایەک کە زۆر لە مەرجەکانی یەکسانی تێدەپەڕێت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ ناکۆک دەبێت، وەک سنووردارکردنی ئازادی پەرستن بە تەواوەتی، یان سەپاندنی کۆتوبەندی جیاکاری لەسەر کۆچبەران و پەنابەرێتی لەسەر بنەمای ئایین یان ڕەچەڵەک. ئەم جۆرە داواکاریانە پێشێلکردنی ئازادی بیروباوەڕ و مافی پەنابەرییە کە لە ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا مسۆگەر کراوە، وە هیچ جیاوازییەک ناکەن لە نێوان چارەسەرکردنی کردارێکی جیاکاری دیاریکراو و سزادانی تەواوی کۆمەڵگەیەکی ئایینی.
کێشەکە لێرەدا هاوڕابوون لەگەڵ ماف نییە، نە وەرگرتنی ڕەوانبێژی. ئەمە بابەتێکی تەواو سەربەخۆیە لە بنەماکاندا. جیاکردنەوەی جێندەر لە بواری گشتی دەوڵەتێکی دیموکراتی ئەوروپایی، کە تیایدا ژنان پلەیەکی بەرچاوی یەکسانییان بەدەست هێناوە، پێچەوانەی بەها چەپەکانە، بزووتنەوەکانی فێمینیستی، پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، و پرەنسیپی یەکسانی تەواو لە نێوان ژن و پیاودا، یەکسانییەکە کە بزووتنەوە پێشکەوتووەکان، چەپ و فێمینیستی لە ئەوروپا بە درێژایی نەوەکان بەدەستیان هێناوە.
بۆ ڕوونکردنەوەی مشتومڕەکە: ئەگەر بزووتنەوەیەکی ڕاستڕەو خۆپیشاندانێک ڕێکبخات و بەشداربووانی سپی پێست لە ڕەش و قاوەیی جیا بکاتەوە، ئایا ئەوە جیاکاری ڕەگەزی ئاشکرا نابێت کە شایەنی ئیدانەکردنی ئاشکرایە؟ هەمان لۆژیکا بۆ جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە بواری گشتیدا جێبەجێ دەکرێت. ئازادی ڕادەربڕین و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان پارێزراون، بەڵام کاتێک دەبنە جیاکاری رێکخراوی ئاشکرا لەسەر شەقامەکان دەگاتە سنوورەکانیان.
گاڵتەجاڕییەکە ئەوەیە کە ئەم جۆرە کردارانە لە کۆتاییدا خزمەت بە ئەجێندای سیاسی ڕاستڕەوی ڕەگەزپەرست لە ئەوروپا دەکەن کە ئەوان دەقۆزنەوە بۆ لادانی خەباتی کۆمەڵایەتی لە ململانێی چینایەتی لەسەر دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ناسنامە و بەها لە نێوان “شارستانیەتی ئەوروپی” و “ئیسلام”.
ئەم چوارچێوەیە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ڕاستڕەوەکان دەکات زۆر زیاتر لەوەی خزمەت بە دانیشتوانی ئەو وڵاتانە بکات، لە هەر ئایینێک یان بیروباوەڕێک، یان کرێکاران، دەستی و ڕۆشنبیر، بە گشتی. سەرنج لە کێشەکانی چەپ و هێزە پێشکەوتووەکان لادەدات و ئاراستەی ململانێیەکی کەلتووری دەکات کە ڕاستڕەوەکان بە ئاسانی دەتوانن بە چەکی هەڵبژاردن بەکار بهێنن.
بەڵام ئەوەی زۆر مەترسیدارە ئەوەیە کە ئەم کردارانە سێبەرێکی درێژ دەخەنە سەر هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە وڵاتانی زۆرینەی موسڵمانەوە سەرچاوەیان گرتووە، جا ئەو باوەڕدارانە بن کە بە بەردەوامی ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان پەیڕەو دەکەن، یان ئەوانەی باوەڕیان نییە، یان عەلمانییەکان کە بە تەواوی ئەم ئاراستە ئایینییە ڕەتدەکەنەوە. ملیۆنەها کۆچبەر کە تێکەڵ بە کۆمەڵگاکانی ئەوروپا بوون و بەشدارییان لە بنیاتنانی کۆمەڵگاکانیان کردووە خۆیان لە هەڵمەتی گومان و ئامانج دۆزیوەتەوە کە کەس ناپارێزێت.
لێرەدا ئەوە دەبینین کە دەتوانرێت وەسف بکرێت وەک هاوپەیمانییەکی بابەتی دیفاکتۆ لە نێوان مافە ئاینییەکانی ناو کۆمەڵگەی کۆچبەران و پەنابەران لە لایەک و ڕاستڕەوی ڕەگەزپەرست لە ئەوروپا لە لایەکی ترەوە. هەردوولا بەرژەوەندی هاوبەشیان لە ڕێگرتن لە تێکەڵاوبوون دەبینن: یەکەمیان دەیەوێت ناسنامەی ئایینی داخراو و پشت بەستن بە خاڵە دەرەکییەکان بپارێزێت، دووەمیان دەیەوێت کۆچبەران لە دەرەوەی چوارچێوەی مەدەنی بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی بوونیان وەک کارتی هەڵبژاردن بقۆزنەوە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، قوربانی زۆرینەی بێدەنگی کۆچبەرانن کە دەیانەوێت تێکەڵاوبوون و بەشداری کردن و ژیانی مەدەنی تەواویان هەبێت.
هەرچەندە بەس نییە لەوێدا بوەستین. دەبێت قووڵتر بچینە ناو دیاردەکەوە و ئەو پرسیارە بنەڕەتییە بخەینە ڕوو: کێ گوتار و ئاراستەی ئایینی ئیسلامی لە ئەوروپا بنیات دەنێت؟ دانمارک لێرەدا نموونەیەکە بۆ دیاردەیەکی فراوانتر.
لەم ڕوانگەیەوە، ئەوەی پێویستە تەنها ڕەخنە نییە. ئەوەی پێویستە گرتنەبەری سیاسەتی کرداری کە بریتییە لە قەدەغەکردنی جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە بواری گشتی، دڵنیابوون لە شەفافییەت لە پارەی ئایینی، ڕاهێنانی ئیمامەکان لە ناوخۆدا، و بەستنەوەی هەر پشتگیرییەکی فەرمی یان دانپێدانانێک بە ڕێزگرتن لە یەکسانی و یاسا، ئەو سیاسەتانەی کە لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا جێبەجێ دەکرێن، نەک تەنها لە دانیمارک.

کێ گوتاری ئایینی ئیسلامی لە ئەوروپا پێکدەهێنێت؟
من لە هەڵوێستێکی چەپەوە پێم وایە دابڕانێکی تەواو لە نێوان ئایین و ناسیۆنالیزم لەلایەک و دەوڵەت لەلایەکی دیکەوە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی دیموکراتی مۆدێرن لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان کە تێیدا هەموو هاووڵاتییەک بێ گوێدانە ئایین و نەتەوە لە ماف و ئەرکدا یەکسان بێت ڕەگەز، یان باکگراوندی کۆمەڵایەتی. ئەم پرەنسیپە لەوانەیە بناغەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە زۆربەی دیموکراسیەکانی ئەوروپا پێکبهێنێت، هەرچەندە بە دەربڕینی جیاواز.
چەندین وڵاتی ئەوروپا لە سەرووی هەموویانەوە دانمارک مۆدێلێک دەگرنەبەر کە ئایین لە دەوڵەت بێلایەن دەکات و ئایین وەک بابەتێکی تاک و کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسایی و مەدەنیدا رێکدەخرێت، بەبێ هیچ ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی یان دامەزراوەکانی حوکمڕانی. ئەمە مانای جیابوونەوەی تەواوی ئایین لە دەوڵەت ناگەیەنێت. هیچ وڵاتێکی ئەوروپایی نەگەیشتووەتە ئەو خاڵە. واتە ڕێکخستنی ئەو پەیوەندییە لە ڕێگەی چوارچێوەی مەدەنی و یاسایی ڕوونەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، کڵێساکانی مەسیحی مێژووی، چ لوسەران لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا یان کاسۆلیکی و پرۆتستانت لە بەشەکانی تری ئەوروپا، لەژێر چوارچێوەی یاسایی فەرمی و رێکخستن و چاودێری دامەزراوەیی لەناو دەوڵەتدا، دڵنیابوون لە گونجاندنیان لەگەڵ یاسا گشتییەکان و سیستەمی مافە مەدەنییەکان، و دایاندەنێن وەک دامەزراوەیەکی ئایینی کە لە چوارچێوەی گشتی مەدەنی کار دەکەن نەک لەسەرووی ئەوەوە. دانمارک بە کڵێسای نەتەوەییەکەیەوە مۆدێلێکی ڕوونی ئەم پەیوەندییە رێکخراوەی نێوان ئایین و دەوڵەت نیشان دەدات.
بە پێچەوانەوە، بەشێکی بەرچاوی دامەزراوە ئاینییە ئیسلامییەکان لە چەندین وڵاتی ئەوروپا کەمتر لەم چوارچێوەیەدا تێکەڵ بوون، بە بەردەوامی پشت بەستن بە پارە و کاریگەری دەرەکی، بەتایبەتی لە وڵاتانی وەک تورکیا[5]، قەتەر[6]، سعودیە[7]، و ئێران[8]، لە ڕێگەی دامەزراوە و دامەزراوە ئایینییە جۆراوجۆرەکانی حکومەت یان نیمچە حکومی.
نمونەی بەرچاو لە دانیمارک مزگەوتی ئیمام عەلی لە کۆپنهاگن کە ڕۆژنامەی بەرلینگسکی دانیمارکی لە ڕێگەی بەڵگەنامەی نهێنییەوە ئاشکرای کرد کە ملیۆنەها کرۆن لە لایەن دامەزراوە ئێرانییەکانەوە لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی ئێرانەوە گواستراوەتەوە، لە کاتێکدا توێژەرانی زانکۆی کۆپنهاگن پشتڕاستیان کردەوە کە رژێمی ئێران لە پشت دروستکردن و بەڕێوەبردنی مزگەوتەکەیە. و سەرۆکی کۆمەڵەکەی بە فەرمی لەلایەن ڕێبەری باڵاوە دەستنیشان دەکرێت. شایانی باسە ئەم شێوازە تەنها بە دانیمارکەوە نییە: ئەڵمانیا مزگەوتی ئیمام عەلی لە هامبورگ لە ساڵی 2024 بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا داخست. دەسەڵاتدارانی سوید لێکۆڵینەوە لەو مزگەوتانە دەکەن کە پەیوەندییان بە تۆڕە تورکییەکانەوەیە. فەڕەنسا و بەلجیکا بەڵگەنامەی پارەدانی سعودیە و قەتەریان بۆ ژمارەیەک دامەزراوە ئاینیەکانیان تۆمار کردووە.
هەموو ئەمانە پلەیەکی نایەکسانی بێلایەنی لە نێوان ئایینەکان و دامەزراوە ئایینییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتە خانەخوێکانیان بەرهەم دەهێنێت، کە لە ئەنجامدا ئاستی جیاوازی ئۆتۆنۆمی و تێکەڵاوبوون لە بواری گشتی ئایینی کیشوەرەکەدا دروست دەبێت.
ئەمە مانای ئەوە نییە کە هەموو دامەزراوە ئیسلامییەکان پارەی بیانی وەردەگرن. مەبەستەکە ئەوەیە کە ئەم دیاردەیە لە ژمارەیەک دامەزراوەدا هەیە و مشتومڕی سیاسی بەرفراوانی لە زیاتر لە یەک وڵاتی ئەوروپا دروستکردووە کە دانمارک یەکێکە لە دیارترین نمونەکان. هەروەها شایانی باسە کە سیاسەتەکانی ئەوروپا خۆیان وەک یاساکانی تێکەڵاوبوون، سیستەمی جیاکاری، وەبەرهێنان لە پەروەردەی مەدەنی و تەوژمی ڕەگەزپەرستی، هەروەها ڕۆڵیان هەیە لە داڕشتنی گوتاری ئایینی لەناو کیشوەرەکەدا، هەرچەندە بە شێوەیەکی کەمتر ڕاستەوخۆ.
لەم ساڵانەی دواییدا، مشتومڕ لەسەر کاریگەری پارەی دەرەکی لەسەر وتاری ئایینی لە پایتەختەکانی ئەوروپا چڕتر بووەتەوە. بەتایبەتی لە دانیمارک، پەرلەمان لە ساڵی 2021 یاسایەکی دەرکرد بە ئامانجی سنووردارکردنی هەندێک شێوەی پارەی بیانی بۆ دامەزراوە ئاینییەکان[10]، وەک بەشێک لە گفتوگۆیەکی فراوانتر لەسەر تێکەڵاوبوون، شەفافییەت و کاریگەری سیاسی بیانی. فەڕەنسا و نەمسا بە ئاراستەی یاسادانانی هاوشێوە هەنگاویان ناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، جێبەجێکردنی کرداری ئەم یاسایانە لە زۆربەی وڵاتانی وەرگردا سنووردارە و ئەمەش مانای ئەوەیە کە کاریگەری پارەدانی سنوور و تۆڕە ڕێکخراوەییەکان بە پلەی جیاواز بەردەوامە.

بەشی یەکەم: کۆمەکی دەرەکی بابەتێکی بێلایەن نییە

هەر دامەزراوەیەکی ئایینی کە کاریگەری لەسەر هۆشیاری خەڵک هەبێت و سەرچاوە داراییەکان بەڕێوە ببات و بەشداری لە داڕشتنی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بکات ناکرێت وەک بۆشاییەکی دابڕاو لە سیاسەت و کۆمەڵگا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. کەواتە پارەدانی بیانی تەنها پرسیارێکی تەکنیکی یان کارگێڕی نییە. ئەمە پرسیارێکە کە پەیوەستە بە سروشتی ئەو گوتارەی کە لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپا بەرهەم دەهێنرێت و ئەو هێزانەی کە بەشداری لە شێوەپێدانی دەکەن.
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، قەوارە و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە وڵاتانی بیانییەوە بەشدارییان کردووە لە دابینکردنی پارە بۆ ژمارەیەک مزگەوت و دامەزراوە ئیسلامییەکان لە سەرانسەری کیشوەری ئەوروپا لە دانمارک و ئەڵمانیاوە تا فەڕەنسا و بەلجیکا و بەریتانیا. هەندێک لەم دەوڵەتانە ئەجێندای سیاسی و ئایینی ڕوونیان هەیە و هەوڵ دەدەن کاریگەری کەلتووری و کۆمەڵایەتی خۆیان لە ڕێگەی دامەزراوە ئایینییەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانیانەوە فراوان بکەن. لە زۆر حاڵەتدا، پارە لە ئاراستەی فکری و سیاسی جیانەکراوە.
ئەم واقیعە گرژی لەناو وڵاتانی خانەخوێ دروست دەکات. لە لایەکەوە، ئەم دەوڵەتانە لەسەر بنەمای مەدەنی و دیموکراسی دامەزراون و بنەماکانی یەکسانی تا ڕادەیەک ڕوونن. لەلایەکی ترەوە، بەشێک لە دامەزراوە ئاینییە ئیسلامییەکان بەردەوامن لە کارکردن لە ژێر کاریگەری ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی وڵاتانی تۆتالیتار، کۆنەپارێز و ژینگەی سیاسی جیاواز لەو بەهایانە.
ئەم کاریگەرییە لە پارەی دارایی ناوەستێت. ئاماژە بە خاڵە ئاینییەکان، تۆڕەکانی ڕاهێنانی ئیمام و پەیوەندییە ڕێکخراوەییە سنوورییەکان دەگرێتەوە کە مزگەوتەکانی دانمارک لەگەڵ مزگەوتەکانی تری ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە چوارچێوەی هەمان تۆڕی رێکخراویدا دەبەستنەوە.
کێشەکە خودی ئایین و مافی موسڵمانان نییە بۆ ڕێکخستنی ئایینی. ئەمە لە نەبوونی چوارچێوەیەکی ناوخۆیی سەربەخۆ لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا کە پارە و شەفافییەت و سەربەخۆیی دامەزراوە ئاینییەکان لە کاریگەری سیاسی بیانی مسۆگەر بکات.
بەردەوامی ئەم دۆخە موسڵمانان دەخاتە دۆخێکەوە کە پشت بە خاڵە دەرەکییەکان دەبەستێت، نەک پەرەپێدانی دامەزراوە ئاینییەکان کە لە واقیعی خۆیانەوە لە کۆمەڵگە ئەوروپییەکانیاندا دەردەکەون. شایانی باسە لەناو ئەم کۆمەڵگایانەدا دەستپێشخەری و تاک و دامەزراوە هەن کە کار دەکەن بۆ پەرەپێدانی گوتارێکی ئایینی سەربەخۆ کە زیاتر لەگەڵ بەهاکانی دیموکراسی و یەکسانیدا بگونجێت، بەڵام ئامادەبوونیان لە بەرامبەر قورسایی دامەزراوە نەریتییە دەرەکییەکاندا سنووردارە و پشتگیریکردنیان دەکاتە پێویستییەک نەک بژاردە.
لەبەر ئەم هۆیە، زۆر گرنگە کە لەگەڵ دامەزراوە ئاینییەکان بەپێی ستانداردی مەدەنی یەکگرتوو و لەسەر بنەمای شەفافییەت و بەرپرسیارێتی و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ تێکەڵ بکرێن.
بەشی دووەم: دانمارک وەک مۆدێلێک — چۆن دەوڵەت دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئایین ڕێکبخات؟
ئەزموونی دانمارکی سەرەڕای تایبەتمەندی چینایەتی دەوڵەت و پەیوەندییە مێژووییەکانی کڵێسای نەتەوەیی مەسیحی بە پێکهاتەی دەسەڵاتی سەرمایەداری، ئەوە دەردەخات کە دەوڵەت دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ دامەزراوە ئاینییەکان ڕێکبخات بەبێ پێشێلکردنی ئازادی ئایینی یان ئۆتۆنۆمی بیروباوەڕ. کڵێسای دانیمارکی یاسای ڕوونی هەیە. پارەی گشتی هەیە. و کارەکانی لە چوارچێوەیەکی مەدەنی لەگەڵ مافە بنچینەییەکاندا بەڕێوە دەچێت. هەروەها بە پرۆسەیەکی درێژخایەنی گەشەسەندندا تێپەڕیوە کە لە بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی نزیک بووەتەوە.
ئەو پرسیارەی کە لەسەر ئاستی ئەوروپا خۆی دەسەپێنێت: بۆچی چوارچێوەیەکی بەراورد بۆ دامەزراوە ئیسلامییەکان لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا پەرەی پێنەدراوە؟
مەبەست کۆنتڕۆڵکردنی ئایین نییە. بنیاتنانی چوارچێوەیەکی مەدەنی شەفافە کە کاری دامەزراوە ئایینییەکان وەک بەشێک لە بواری گشتی ڕێکدەخات. هەر دامەزراوەیەک کە پارە بەڕێوە دەبات و کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە دەبێت ڕووبەڕووی شەفافییەت و لێپرسینەوە و قەدەغەکردنی هاندانی ڕق و جیاکاری بێت، بێ گوێدانە ئەوەی لە چ وڵاتێکدا کار دەکات. ئەم پێوانانە دەبێت بەسەر هەموو کەسێکدا جێبەجێ بکرێت، چونکە پرسیارەکە پەیوەندی بە سروشتی بواری گشتییەوە هەیە، نەک هیچ ئایینێکی دیاریکراو.
لێرەدا ناتوانرێت خاڵێکی بنەمایی فەرامۆش بکرێت: زۆربەی موسڵمانانی وڵاتانی ئەوروپا هاووڵاتی تەواون و باج دەدەن و بەشداری لە بنیاتنانی کۆمەڵگاکەیاندا دەکەن. بەم پێیە، دەوڵەت بە پێی بنەمای هاووڵاتیبوون و یەکسانی پابەندە بە دوور نەخرێنەوە لە دامەزراوە ئاینییەکانی لە پاڵپشتی گشتی ئەگەر پشتگیری لە دامەزراوەکانی ئایینەکانی تر بکات. پێوەرەکە ئایین نییە. پابەندبوونی تەواوە بە ستانداردەکانی شەفافیەت، یەکسانی و سەربەخۆیی لە هەر پارەدانێکی سیاسی بیانی.
دامەزراوەیەکی ئیسلامی ناوخۆیی کە ئەم مەرجانە جێبەجێ بکات شایەنی هەمان پشتیوانی کڵێسایە نەتەوەییەکانە، نەک لەبەر ئەوەی ئیسلامییە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هاوڵاتیانی شایستەی دامەزراوە ئاینییە مۆدێرنەکانن کە لە کۆمەڵگاکەیاندا ڕەگ داکوتاوە و لە ڕێگەی باجەکانیانەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت.
وڵاتانی ئەوروپا لە سەرووی دانمارکەوە، بەرپرسیارێتی پشتگیری کردن لە بنیاتنان و دابینکردنی دابینکردنی دامەزراوە ئاینییە ئیسلامییە ناوخۆییەکان و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە پارەی دەرەکی و هاندانی دەستپێشخەری چاکسازی کە لەگەڵ بەهاکانی هاووڵاتیبوونی دیموکراتی و یەکسانیدا گونجاندووە. ئەمە چاکەیەک نییە لەلایەن دەوڵەتەوە. ئەوە پابەندبوونێکە کە بە پێی بنەمای یەکسانی لە نێوان هاوڵاتیاندا دەسەپێنرێت.

بەشی سێیەم: ڕاهێنانی ئیمام لە ئەوروپا پێویستییەکی کۆمەڵایەتییە

ڕۆڵی ئیمام بە نوێژ و وتاردان ناوەستێت. ئەمە بۆ کاروباری خێزان، بەخێوکردنی منداڵ، پەیوەندی گەنجان لەگەڵ کۆمەڵگا، هەڵوێست بەرامبەر ژنان، و تێکەڵبوون لەگەڵ کەسانی جیاواز درێژ دەبێتەوە. کەواتە ڕاهێنانی ئیمام لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا پرسێکی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و سیاسییە کە پەیوەندی بە تێکەڵاوبوونەوە هەیە. ڕاستیەکە ئەوەیە کە زۆرێک لە دامەزراوە ئیسلامییەکان لە سەرانسەری کیشوەری ئەوروپا بە دانمارکیشەوە پشت بە ئیمامەکان دەبەستن کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوون یان لە چوارچێوەی ئایینی و سیاسی جیاواز لە ژینگەی ئەوروپا ڕاهێنراون.
ئەم ڕاهێنانە دەبێت لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە کۆمەڵگای خانەخوێ و ڕێزگرتن لە یاسای ناوخۆیی و دەستوور و دانپێدانان بەوەی کە چوارچێوەی یاسایی بواری گشتی بەڕێوە دەبات و باوەڕ بابەتێکی تاکەکەسییە . هەروەها دەبێت لە کەلتووری مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیدا ڕەگ دابڕێژرێت، کە یەکسانی نێوان ژن و پیاو بنەمایەکی بنچینەیی و بێ گفتوگۆیە و هەر گوتارێک کە جیاکاری پاساو بدات پێچەوانەی ئەم بەهایانەیە. دەبێت پلۆرالیزم بەرز بکرێتەوە و جیاکاری ئایینی یان نەتەوەیی ڕەت بکرێتەوە، چونکە کۆمەڵگاکانی ئەوروپا بە شێوەیەکی گشتی لەسەر پێکەوە ژیان لە چەندین باکگراوند بنیات نراون.
بەمەش جیاوازی لەنێوان ئیمامێک کە لە ئەوروپا لە ڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییە باوەڕپێکراوەکانەوە ڕاهێنراوە و ئیمامێک کە لە چوارچێوەی سیاسی و ئایینی جیاوازدا ڕاهێنراوە، ڕوون دەبێتەوە. یەکەمیان تێکەڵ بە واقیعی یاسایی و کەلتووری ناوخۆیی کراوە. دوایینیان لەوانەیە ئەو بیرۆکەیە بگوازێتەوە کە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژی ناگونجێت.

بەشی چوارەم: چاکسازی ئایینی پرۆسەیەکی مێژوویی ئەوروپییە

چاکسازی ئایینی جیاوازییەکی مێژوویی نییە. ئەزموونی ئەوروپا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە کە پەیوەندی نێوان ئایین و دەوڵەتی لە زیاتر لە یەک وڵاتدا گۆڕیوە و وردە وردە بەهاکانی هاووڵاتیبوون و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا پتەوتر دەکات.
هەروەها لە چوارچێوەی ئیسلامیدا، تەوژمی ڕیفۆرمیستی و ڕەخنەگرانە سەریان هەڵداوە کە هەوڵیان داوە دەقی ئایینی بخوێننەوە و بیبەستنەوە بە واقیعی هاوچەرخەوە[13]، بە ئەوروپا خۆیشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی لاوازی پشتیوانی لە بەرامبەر بەهێزی دامەزراوە تەقلیدییەکان کە لە دەرەوە پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت، سنووردار ماونەتەوە.
پرسیارەکە لێرەدا ناکۆکی لەگەڵ ئایین نییە. بەڵکو ڕەتکردنەوەی هەر قۆرخکارییە بەسەر لێکدانەوەکەیدا. کردنەوەی بوارەکە بۆ خوێندنەوەی جۆراوجۆر و پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەریەکانی چاکسازی لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی گوتاری ئایینی کە زیاتر لەگەڵ کۆمەڵگای مۆدێرن گونجێت.
لەلایەکی ترەوە بەجێهێشتنی ئەم بوارە بە بێ چارەسەر مانای ئەوەیە کە کاریگەری هێزە دەرەکییەکان لە داڕشتنی بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو وڵاتانی خانەخوێ بەردەوامە، هەروەک لاوازی ئۆتۆنۆمی دامەزراوە ئاینییە ئیسلامییەکان لە دانمارکەوە بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا.
لەم چوارچێوەیەدا، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت وەک پرۆسەیەکی وردە وردە دەمێنێتەوە کە پەیوەستە بە گەشەسەندنی هەر کۆمەڵگایەکی ئەوروپایی و هەڵبژاردنی خەڵکەکەی. تا ئەو کاتەی ئەو جیاکردنەوەیە بەدی دێت، پێوەرەکانی شەفافییەت و بەرپرسیارێتی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ وەک چوارچێوەیەکی پێویست دەمێنێتەوە کە هەموو دامەزراوە ئاینییەکان بەبێ جیاوازی لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا کار بکەن.

بەشی پێنجەم: چەپی ئەوروپا و ئیسلام – پێویستیی هەڵوێستێکی عەلمانی

چەپی ئەوروپا بە هاوشانە دانیمارکییەکانیشەوە ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە کاتێک باس لە ئیسلامی سیاسی و دامەزراوە ئاینییەکان دەکرێت کە پارەی دەرەکی وەردەگرن. لە لایەکەوە، چەپ لە نەریتێکی ڕۆشنبیرییەوە سەرچاوە دەگرێت کە جیاکاری ڕەتدەکاتەوە و بەرگری لە مافەکانی کەمایەتیەکان دەکات.
لەلایەکی ترەوە، هەمان ئەو پرەنسیپانە داوای هەڵوێستێکی ڕوون دەکەن لەسەر هەر گوتارێک کە پلەبەندی نێوان ڕەگەزەکان بچەسپێنێت، پرۆگرامەکانی پەروەردەیی بەرز بکاتەوە کە دژ بە بەهاکانی هاووڵاتیبوون بێت، بە سووکایەتیەوە مامەڵە لەگەڵ جیاوازی سێکسیدا دەکات، داوای سزادانی ناگونجێت لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا، یان کۆمەڵگاکان لەژێر چاودێری خاڵە دەرەکییەکاندا دەهێڵێتەوە دوور لە بنەمای جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت.
ئەم گرژییە پاڵ بە بەشێک لە چەپەکان لە زیاتر لە یەک وڵاتی ئەوروپا دەنێت بۆ دواخستنی هەڵوێستی خۆیان یان ڕازیبوون بە ڕێبازێکی زۆر وریا، لە ترسی ئەوەی تۆمەتبار بکرێن بە وەرگرتنی گوتاری ڕاستڕەوی ڕەگەزپەرست. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشیاری زۆر لێرەدا خزمەت بە بنەماکانی یەکسانی و عەلمانییەت ناکات کە چەپی ئەوروپا لە مێژوودا لەسەری بنیات نراوە. کاتێک جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە شەقامەکانی کۆپنهاگن یان هەر شارێکی تری ئەوروپا بە ناوی ڕێوڕەسمی ئایینییەوە ڕێکدەخرێت، ئەوە بەس نییە کە چەپەکان ئەم بابەتە بگێڕنەوە بۆ ئازادی پەرستن یان ئازادی ڕادەربڕین. کێشەکە قووڵترە و پەیوەندی بە کێ هەیە کە ئامرازەکانی بنیاتنانی هۆشیاری ئایینی و کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگە کۆچبەرەکان لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا هەیە.
هەڵوێستی چەپی جێگیر مانای ئەوە نییە کە ڕەوانبێژی ڕاستڕەوی ڕەگەزپەرست پەیڕەو بکەین. ئەوە مانای وەرگرتنی ڕەخنەیەکی عەلمانی ڕەگ داکوتاوە کە لە هەمان کاتدا جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز، ئایین و ڕەگەز ڕەت دەکاتەوە. پشتگیری سەربەخۆیی دامەزراوە ئاینییەکان دەکات لە دەستێوەردانی دەوڵەتە بیانییەکان. داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات کە دامەزراوە ئیسلامییەکان بە پێی بەها مەدەنییەکانی هاوچەرخ پشتگیری بکەن و بنیاتنانەوە. وە لە پاڵ ئەو موسڵمانانە دەوەستێت کە لەناو کۆمەڵگاکانی خۆیاندا داوای چاکسازی و یەکسانی دەکەن. ئەمانە هاوپەیمانی سروشتی چەپی ئەوروپان، نەک ئەو هێزانەی کە دەسەڵاتی ئایینی پیاوسالاری لە دڵی کیشوەرەکەدا بەرهەم دەهێننەوە، چ لە کۆپنهاگن بێت یان لە هەر پایتەختێکی تری ئەوروپا.

بەشی شەشەم: هەموو ئەمانە لە پراکتیکدا لەسەر ئاستی ئەوروپا مانای چییە؟
ئەوروپا ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی ڕوون دەبێتەوە و دانمارک نموونەی ئەوەیە: یان بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتەکانی ئێستا و ئەو دژایەتیانەی کە دروستی دەکەن، یان بنیاتنانی مۆدێلێکی نوێ کە لەسەر بنەمای بێلایەنکردنی هەموو ئایینەکان لە دەوڵەت و بڕینی پشت بەستن بە دەوڵەتە ئاینییەکان بێت کە دامەزراوە ئایینییەکان وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ فراوانکردنی کاریگەرییان لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا. ئەم مۆدێلە دروشمێکی گشتی نییە. ئەمە پاکێجێکی ڕێوشوێنی کرداری یە کە هەر وڵاتێکی ئەوروپا دەتوانێت پەیڕەوی بکات.
یەکەمیان قەدەغەکردنی یاسایی ئاشکرایە لەسەر جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە هەر بۆنەیەکی گشتی یان مۆڵەتپێدراودا، هاوتایە لەگەڵ قەدەغەکردنی جیاکردنەوەی ڕەگەزی. هیچ پاساوێک نییە بۆ لێخۆشبوون لە جیاکردنەوەی ڕەگەزی لەسەر بنەمای ڕێوڕەسمی ئایینی، چ لە کۆپنهاگن بێت یان پاریس یان بەرلین.
دووەمیان سنووردارکردنی پاڵپشتی دەرەکییە و داواکردنی هەر دامەزراوەیەکی ئایینی کە پارەی بیانی وەردەگرێت، حکومی یان نیمچە حکومی، بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوە و بڕی پارەی خۆی. شەفافییەت لێرەدا مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ متمانەی کۆمەڵگا، نەک سنووردارکردنی ئازادی ئایینی.
سێیەمیان بەستنەوەی هەر پشتگیرییەک یان مۆڵەتێکی حکومەتە بۆ ڕوونکردنەوەی ستانداردە مەدەنییەکان: قبووڵکردنی ئاشکرای یەکسانی جێندەر، ڕەتکردنەوەی وتاری جیاکاری و سەربەخۆیی لە دامەزراندنی ئیمام لە هەر دەسەڵاتێکی بیانی.
چوارەمیان پاڵپشتیکردن و دابینکردنی پارە بۆ دامەزراوە ئاینییەکان لەسەر بنەمای یەکسانی و وەبەرهێنان لە پەیمانگا ناوخۆییەکان بۆ ڕاهێنانی ئیمام لە هەر وڵاتێکی ئەوروپا نەک بەجێهێشتنی ئەم بۆشاییە بۆ تۆڕە بیانییەکان، وەک زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لە مێژوودا لەگەڵ ڕاهێنانی پیاوانی ئاینی مەسیحیدا کردوویانە.
چەپی ئەوروپا ناتوانێت تەنها لەسەر هەڵوێستی پرەنسیپی پشوو بدات. دەبێت ئەم داخوازییانە لە هەموو وڵاتێکدا بە ئاشکرا پەسەند بکات و جیاوازی بکات لە نێوان بەرگریکردن لە مافی موسڵمانان بۆ پەیڕەوکردنی ئایین و بێدەنگ بوون لە بەرامبەر ئەو کردارانەی کە جیاکاری چەسپاند و کۆمەڵگاکان لەژێر چاودێری خاڵە بیانییەکاندا دەهێڵنەوە. بێدەنگی کەس ناپارێزێت. بە سادەیی زەوی بۆ ڕاستڕەوی ڕەگەزپەرست لە لایەک و بۆ دامەزراوە دەرەکییەکان لە لایەکی ترەوە، لە دانیمارکەوە تا ئەورووپا.

ڕزگار ئاکرێی

————————————————————
سەرچاوەکان..
ڕووماڵی ڕۆژنامەگەری

  1. ڕێوڕەسمی عاشورا لە کۆپنهاگن – TV2 Kosmopol
    https://www.tv2kosmopol.dk/koebenhavn/nu-gar-tusindvis-sorgemarch-pa-norrebro-i-kobenhavn-4ea23
  2. ئیمام حوسێن – ویکیپیدیا
    https://en.wikipedia.org/wiki/Husayn_ibn_Ali
  3. جیاکردنەوەی ڕەگەزەکان لە ڕێوڕەسمەکەدا – TV2 Kosmopol
    https://www.tv2kosmopol.dk/koebenhavn/konsopdelt-optog-gennem-kobenhavn-er-forkasteligt-mener-politiker-b7ead
  4. مزگەوتی ئیمام عەلی لە کۆپنهاگن و پەیوەندییەکانی بە ئێرانەوە – TV2 Kosmopol
    https://www.tv2kosmopol.dk/koebenhavn/forbindelse-mellem-koebenhavnsk-moske-og-iran-paavist
    ڕاپۆرتەکانی مافەکانی مرۆڤ
  5. لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەر سەرکوتکردنی مافەکانی ژنان لە ئێران
    https://www.amnesty.org/en/latest/news/2025/03/iran-authorities-target-womens-rights-activists-with-arbitrary-arrest-flogging-and-death-penalty/
    پشتگیری ئایینی و ڕووماڵکردنی میدیای پسپۆڕی
  6. کۆمەکی تورکیا بۆ مزگەوتەکان لە دانیمارک – پەیمانگای گەیتستۆن
    https://www.gatestoneinstitute.org/11400/turkey-denmark-mosques
  7. پارەدانی قەتەر بۆ مزگەوتی حەرام لە دانیمارک
    https://middle-east-online.com/en/danish-politicians-slam-qatar%E2%80%99s-control-grand-mosque
  8. ڕاپۆرتی پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر کۆمەکی سعودیە
    https://www.europarl.europa.eu/doceo/document/B-9-2020-0087_EN.html
  9. ئێران ئینتەرناسیۆنال لەسەر کۆمەکی ئایینی ئێران
    https://www.iranintl.com/en/202508161375
    یاسادانان و بەڵگەنامە فەرمییەکان
  10. یاسای دانمارک کە بەخشینی بیانی بە دامەزراوە ئاینییەکان قەدەغە دەکات
    https://www.lovguiden.dk/loven/lov-om-forbud-mod-modtagelse-af-donationer-fra-visse-fysiske-og-juridiske-personer/1
    سەرچاوە ئەکادیمیەکان
  11. توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر پەیوەندییەکانی ئایین و دەوڵەت لە ئەوروپا – MDPI
    https://www.mdpi.com/2077-1444/9/5/144
  12. نەریتی ڕیفۆرمیستی لە ئیسلامدا – پەیمانگای خوێندنی ئیسماعیلی
    https://www.iis.ac.uk/scholarly-contributions/islams-reformist-tradition
  13. تەوژمەکانی ڕیفۆرمیستی ئیسلامی – قەبارەی ئەکادیمی ئۆکسفۆرد
    https://academic.oup.com/edited-volume/43158/chapter-abstract/362193978?redirectedFrom=fulltext



شیهایگۆ: چیرۆکی بە بەهەشتکردنی بیابانی تینوو.. هەڵۆ حەسەن

بنبڕکردنی هەژاری و بووژاندنەوەی گوندەکان بوونەتە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەزموونی گەشەپێدانی چین لە چەند دەیەی ڕابردوودا. لە نێوان چەندین چیرۆکی گۆڕانکاری لەم وڵاتەدا، ئەزموونی ناوچەی ئۆتۆنۆمی نینگشیا هوی،وەک یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین نموونەکان دەردەکەوێت، کە نیشانی دەدات چۆن پلاندانانی درێژخایەن، سیاسەتە ئاڕاستەکراوەکان و هاوکاری ناوچەیی دەتوانن داهاتووی ناوچەیەکی بێبەش لە ڕووی ئابوورییەوە سەرلەنوێ دابڕێژنەوە، نینگشیای دوێنێ کە بە وشکیی خاک و قورسیی ژیان دەناسرایەوە، نینگشیای ئەمڕۆ بە وەرچەرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆی، سەرنجی جیهانی ڕاکێشاوە. ئەم ڕاپۆرتە شی شی دەکاتەوە کە چۆن ڕووبەڕووی ئەو ڕابردووە پڕ لە تەحەددییە بوونەتەوە و چ ستراتیژێک بەکارهاتووە، هاوکات ئەو ڕێچکە سەرکەوتووە دەخاتە ڕوو کە دەبێتە ئیلهامبەخش بۆ وڵاتانی تر لە پێناو گەشەپێدانی بەردەوامدا.

شیهایگۆ

بۆ چەندین دەیە، شیهایگۆ هاوواتای هەژاری و سەختی ژینگە بوو. ئەم ناوچەیە بە شاخی سەخت، دۆڵی قووڵ و سروشتێكی بێبەر و وشك دەورەدراوە. بارانبارینی ساڵانە كەمترە لە 200 ملیمەترە، لە كاتێكدا ڕێژەی بەهەڵمبوون لە 1000 ملیمەتر زیاترە، ئەمەش كشتوكاڵی زۆر قورس كردبوو. ناوە خۆجێییەكانی وەك “هانجیاوشوی” و “هانتینلینگ” (تەپۆڵكەی وشكەساڵی) ڕەنگدانەوەی ململانێی چەندین نەوە بوون لە دژی وشكەساڵی و كەمیی ئاو،لە ساڵی 1972، ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی نەتەوە یەكگرتووەكان (فاو) و بەرنامەی جیهانی خۆراك ، شیهایگۆیان وەك یەكێك لەو شوێنانەی جیهان دەستنیشان كرد كە كەمترین شیاوی بۆ ژیانی مرۆڤ هەیە.

سەرەتای گۆڕانكارییەكی مێژوویی

وەرچەرخانێكی مێژوویی لە ساڵی 1996دا هاتە كایەوە لە ڕێگەی ستراتیژی هاوكاری هەرێمی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای چین، كە هاوبەشییەكی درێژخایەنی لە نێوان پارێزگای فوجیان و نینگشیا لە مەودای زیاتر لە 2000 كیلۆمەترەوە دامەزراند،لە تەممووزی 1997دا، لە ژێر ڕێنمایی شی جینپینگ كە ئەو كاتە بەرپرسێكی باڵای فوجیان بوو، هەردوو ناوچەكە بە هاوبەشی گوندی میننینگ – لە قەزای یۆنگنینگ لە نزیك ینچوان دامەزراند. زیاتر لە 8000 دانیشتووی شیهایگۆ لە چیاكانەوە گوازرانەوە بۆ بیابانی گۆبی بەدوای دەرفەتی باشتردا.ساڵانی سەرەتایی زۆر قورس بوون. ناوچەكە بە لمی بیابان دەورەدرابوو، سەوزایی تێدا نەبوو، و تێكڕای داهاتی ساڵانەی خێزانە گواستراوەكان كەمتر بوو لە 500 یوان. بەڵام بە پشتیوانی بەردەوامی بەرپرسان، پسپۆڕانی تەكنیكی و بەرنامەكانی وەبەرهێنانی فوجیان، ئەم كۆمەڵگە نوێیە قۆناغ بە قۆناغ ژێرخان، كشتوكاڵ، نیشتەجێبوون و پیشەسازی خۆی گەشەپێدا.

لە یارمەتی دەرەكییەوە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام

دوای نزیكەی سێ دەیە، هاوبەشیی نێوان فوجیان و نینگشیا لە یارمەتی دارایی سادەوە گۆڕاوە بۆ مۆدێلێكی گەشەپێدانی گشتگیر كە بوارەكانی هاوكاری پیشەسازی، پەروەردە، چاودێری تەندروستی، گەشەپێدانی بەهرەمەندان، ئابووری دیجیتاڵی و بەڕێوەبردنی گوندەكان دەگرێتەوە،ئەم مۆدێلە كە بە “مۆدێلی میننینگ” ناسراوە، بووەتە یەكێك لە دیارترین نموونەكانی چین لە هاوكاری دووقۆڵی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا و گەشەپێدانی هەرێمی هەماهەنگ،خودی شیهایگۆ تووشی گۆڕانكارییەكی سەرنجڕاكێش بووە. زیاتر لە پەنجا ساڵ دوای ئەوەی وەك ناوچەیەكی نەشیاو بۆ ژیان وەسفكرا، ئێستا ناوچەكە بەهۆی دەستكەوتەكانی لە كەمكردنەوەی هەژاری و گەشەپێدانی بەردەوامدا دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.

ئەزموونی چین لە كەمكردنەوەی هەژاریدا

كەمپەینی فراوانتری چین بۆ كەمكردنەوەی هەژاری، زەمینەی نیشتمانی بۆ سەركەوتنی شیهایگۆ دابین دەكات،لە ساڵی 2012دا، نزیكەی 99 ملیۆن هاووڵاتی گوندنشینی چین هێشتا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژیان. لە ڕێگەی سیاسەتە ئاڕاستەكراوەكانی كەمكردنەوەی هەژارییەوە — بە بەرنامەكانی گواستنەوەی نیشتەجێبوون، گەشەپێدانی پیشەسازی، پشتیوانی پەروەردەیی، پاراستنی تەندروستی وەبەرهێنانی ژێرخان — چین ڕایگەیاند كە تا كۆتایی ساڵی 2020 هەژاری ڕەهای لە گوندەكاندا بەپێی پێوەرە نیشتمانییەكانی خۆی بنبڕ كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی بانكی جیهانی، لەم دەیان ساڵەی دواییدا نزیكەی 100 ملیۆن كەس لە هەژاریی ڕەها ڕزگاركراون، و چین پشكی زیاتر لە 70٪ی كەمكردنەوەی هەژاری لەسەر ئاستی جیهان لەم ماوەیەدا بەركەوتووە. هەروەها وڵاتەكە 10 ساڵ پێش وادەی دیاریكراو، گەیشتە ئامانجی كەمكردنەوەی هەژاری لە ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی 2030.

بووژاندنەوەی گوندەكان بنبڕكردنی هەژاریی

ئەمڕۆ، ستراتیژی چین لە بنبڕكردنی هەژاری تێپەڕیوە و بەرەو بووژاندنەوەی درێژخایەنی گوندەكان و خۆشگوزەرانی هاوبەش هەنگاو دەنێت،نموونەیەكی دیار لەم بوارەدا، دامەزراندنی گوندێكی شانۆیی ناوازەیە بۆ یادكردنەوەی 30 ساڵەی هاوكارییەكانی نێوان فوجیان و نینگشیا. ئەم پڕۆژەیە مێژووی ناوخۆیی دەگۆڕێت بۆ گەشتوگوزاری ڕۆشنبیری، ئەمەش ڕێگەی بە زیاتر لە 100 دانیشتووی ناوچەكە داوە ببنە ئەكتەر و نمایشكار، لە هەمان كاتدا دەرفەتی كاری نوێ لە ڕێگەی گەشتوگوزار، بەرهەمە خۆماڵییەكان و كەلەپووری كولتوورییەوە دەڕەخسێنێت،مەزندە دەكرێت نزیكەی 2500 دانیشتووی ناوچەكە لە ڕێگەی زیادبوونی داهاتیانەوە سوودمەند بن لەم دەستپێشخەرییە هاوبەشەی كولتوور و گەشتوگوزار.

چیرۆكی گەشەپێدان

گۆڕانكارییەكانی شیهایگۆ دەیسەلمێنن كە نەهێشتنی هەژاری پێویستی بە پلاندانانی درێژخایەن، گەشەپێدانی ژێرخان، سیاسەتی گشتیی ئاڕاستەكراو، هاوكاری ناوچەیی و وەبەرهێنانی بەردەوام هەیە لە سەرمایەی مرۆییدا،بۆ زۆرێك لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو كە هەوڵی مۆدێرنەكردن دەدەن لەگەڵ پاراستنی ڕێڕەوی سەربەخۆی گەشەپێدانی نیشتمانی خۆیان، ئەزموونی نینگشیا وانەی بەنرخ پێشكەش دەكات لەسەر چۆنیەتی تێكەڵكردنی پلاندانانی حكومی، هاوبەشیی هەرێمی، گەشەپێدانی پیشەسازی و بەشداری كۆمەڵگەی ناوخۆیی،چیرۆكی شیهایگۆ تەنها سەركەوتنێكی ناوچەیی نییە؛ بەڵكو نوێنەرایەتی یەكێك لە گرنگترین نموونەكانی كەمكردنەوەی هەژاری لەسەر ئاستی بەرفراوان و گۆڕینی گوندەكان دەكات لە سەدەی بیست و یەكەمدا.

هەڵۆ حەسەن




دۆزی فەلسەفە2: فەلسەفە دژبە گەوجاندن (گەمژاندن) دەجەنگێت.. ئازاد حەمە

فەلسەفە بە گەمژەکان لاوازدەبێت؟ ئەڵبەتە نا. (نا)، چونکە گەمژەکان نامۆن بە فەلسەفە. فەلسەفە، کە لێوانلێوە لە ئاوەز(عەقڵ) لەتەک گەمژەکان یەکناگرێتەوە. گەمژەکان شادن بە نەمانی فەلسەفە، لێ نەمانی فەلسەفە بە نەمانی گەمژەوە، بە نەمانی پرسیارەوە گرێدراوە. پەنجا ساڵ لەمەوبەر ژیل دولۆز Deleuzeی گەورە بیرمەندی فەڕەنسی،پێیوابوو،”فەلسەفەیەک کە زیان بە گەمژەیی نەگەیەنێت و شەرمەزاری نەکات، فەلسەفە نییە”. فەلسەفەی ڕاستەقینە لەوێوە دەستپێدەکات، کە دژ بە گەمژەیی(گەوجیی) Stupidityبجەنگێت.
سەرەتا با پێناسەی گەمژەیی بکەین. گەمژە(گەوج)Stupidکێێە؟ گەمژە تاکێکی کۆمەڵگەیە و مرۆڤایەتیش بەدەرنییە لە دیاردەی گەمژەیی.گەمژە یان گەوج کەسێکی ناهۆشیارە، بێهەستە، کێشەی زیرەکیی هەیە، توانای تێگەیشتنی خراپە و دەشێت ئەم گەمژەییەی(گەوجییەی)زگماکیی بێت. کەواتە گەمژە کردار و گووتنی دوورە لە ئاوەزەوە، لەبەرئەوە توانای ئارگیومێنتهێنانەوەی نییە بۆ کردارە نابەجێکانی دەرک بەوە ناکات سودی بۆ ئەویتر نییە و سودی خۆشی لامەبەست نییە. گەمژە توانای خۆکۆنتڕۆڵکردن و خۆکۆکردنەوەی نییە، زێدەڕۆییدەکات لە رەفتارەکانی و کێشەی سەرنجدانیشی هەیە.
ڕاستە سروشتی فەلسەفە دژ بە گەمژەییە، بەڵام خودی چییەتیی گەمژەبوون پرسیارێکی دێرینی فەلسەفییە. فەلسەفە هەردەم تێکۆشاوە لە گەمژەیی(گەوجیی) نزیکببێتەوە تا ناواخنەکەی بناسێنێت. لەناو فەلسەفەدا شتێک هەیە،کە خودی گەمژەیی هەرگیز نییەتی، ئەوەش داناییە(حیکمەت Wisdom). داناکان بلیمەتن،بەس گەمژەکان گەوجن(گێلن). کێشەکە لە گەمژەییدا هەرئەوە نییە، کە کەسی گەمژە دەبەنگ و گێلە و هەڵگری توخمی ژیریی نییە.کێشەکە ئەوەشە،کە گەمژەکان بیر و دۆگما ڕەقن.هەروەها فەیلەسوفەکان، کە نەیاری ڕاستەقینەی گەمژەکانن، لەبەرئەوەیە، کە گەمژەیی داهێنانی هزریی تیانییە و لەگەڵ بلیمەتییدا یەکناگرێتەوە.
گەمژە نە ئەرکی هەیە نە هەڵوێستوەردەگرێت، لەناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانیشدا وادەردەکەوێت رەفتار ناهاوسەنگ و نالێهاتووە لە پرسیارکردن و وەڵامدانەوە، بێتوانایە لە شیکاریی و ڕەخنەکردن. کەوابێت، گەڕان بەدوای دانایی گەمژەکان هیچ ناخاتەسەر خەرمانەی خودی داناییەوە.هەندێک لە توێژەران بۆ ئەوەدەچن،گەمژەیی و نەزانی هەمان شت نیین. وێڕایئەوە، ئەو توێژینەوانەش،کە پێداگیرییدەکەن لەسەر ئەوەی گەمژە کێشەی پەروەردەیی هەیە بۆ ئەوەدەچن،کە گەمژەکان شایانی هاوکارین. تا پەروەردەش بێتەخوارەوە گەمژەیی پتر چرۆدەکات.
بەکاربردنی فەلسەفە وەک دژە ژەهری گەمژەیی چارەسەرە؛ چارەسەر بۆ ڕزگاربوون لە نەزانییەک کە دووچاریی گەوجاندنمان(گەمژاندنمان) دەکات. بەڵام بەکاربردنی زانینیی فەلسەفیی کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی گەمژەیی دادەنێت. فەلسەفە وەک گەمژەیی نییە لە مامەڵەی لەگەڵ دڵنیایی و تێڕوانینە پێشوەختەکان. تێڕوانینە پێشوەختە و حوکمە ڕەهاکانمان بۆ گەمژەکان جێگای باس نییە. هەرچی فەلسەفەیە جوانییەکەی لەوەدایە ئەوە هەڵدەوەشێنێتەوە یەقین و دڵنیاییمان تیادروستدەکات. ئەم هەڵوەشاندنەوەیە پێویستە بۆ تێگەیشتن لەوەی دەیزانین یان فێریبووینە.
لەناو گەمژەیدا تاریکیەک هەیە و ناسنەمەی گەمژە تەمومژاوییە، ئاسمانی سەری گەمژە هەورە، بێ خۆرە. ئەوەی گەمژە گۆیدەکات بێمانا و ناڕوونە. کردار و گوتنی زمانەوانیی گەمژە، کە پڕکەند و کۆسپە هەڵقوڵاوی تێنەگەیشتن و نەزانیینە و کوانووی هیچ دید و تێڕوانینێکیش نییە.لەمسۆنگەیەوە دەڵێێن:گەمژە بێتوانایە لە دەرکپێکردن و بەکاربردنی زمان. هەربۆیە کێشەی گوزارەکردنی هەیە و توانای دەرئەنجامدان و گومانیشی نییە.زۆربەمان زۆرجار بەزییمان بە گەمژەکان دێتەوە،چونکە دڵنیایین، ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن بێئاگاییانە ئەنجامدراوە. دەشزانیین گوتنی گەمژە ناواخن بێهەست و بێسۆزە. گەر وابێت گەمژەکان رەفتاری ناڕەوشتی ئەنجامنادەن. بەمجۆرە بۆمان نییە بە گەمژە بڵێین بێڕەوشت. سەرئەنجام،کێشەی ذهنی لە گەمژە نابێتەوە، ئەمەش وادەکات نە زانین تێبگات و نە زانین بخوڵقێنێت.
لە گەمژەییدا بیری باو و شێوازی بیرکردنەوەی کۆنەپەرستانە زاڵە. بنەماکانی هزریی فەلسەفییش لەگەڵ تێگەیشتنی گەوجانە(گەمژانە)دا یەکناگرێتەوە. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی شتگەلی گەمژانە شتگەلێکی ناعەقڵانی و دەبەنگانەیە.مەبەست،اتە گەمژە عەقڵ بەپێی پێویست ناخاتەگەڕ، هیچ پەیوەندیەکیشی بە لۆجیکەوە نییە. لۆجیک سەروی گەمژەییە. چونکە کەسی گەمژە(گەوج) ماتوانێت بۆچوون و دیدگای لۆجیکی هەبێت.
سەرباری ئەوەی لایسەرەوە گووترا،فەلسەفەکردن چرکەی هۆشیارییە، کەسی فەلسەفەکار وریا و بەئاگایە؛ کاری تێڕامان و ڕەخنەسازییە. گەمژە هیچشتێک گرێیناداتەوە بە تێڕامان و قوڵبیرکردنەوەوە. هاوکات گەمژە کەسێکی کەمترخەم و بێباکە. ئەوی دەیڵیت بەرهەمی بینین و ئەندێشەسازیی نییە. گەمژەکان(گەوجەکان)کە قسەدەکەن وایبۆدەچن ئەوەی ئەوان دەیڵێن سەنگی مەحەکە و سەرچاوەی فێربوونە. کێشەکە لێرە لەوەدایە، لەناو گووتنی گەمژەدا فێربوون و پەروردە بوونی نییە.
فەلسەفە تەقەلایە بۆ دەربازبوون لە وڕێنە و سادەیی لە بیرکردنەوە. گەمژەکان(گەوجەکان)نووقمی سادەیی و ڕووکەشیین؛ لە سەربەخۆیی عەقڵ تێناگەن و ناشتوانن ڕووبەڕووی بیرکردنەوە نەریتیی و کوێرانەکان ببنەوە. ئەوەی گەمژەکان دەیڵێن گووتنی سەرپێی و قسەی سواو و گووتنی باوی ناوخەڵکە. کەواتە گووتنی گەمژەکان هیچناخاتەسەر ئەندێشەمان و بۆنی دانایی بەهیچ جۆرێک لێنایەت.
فەلسەفە ڕێگا لەبەردەم بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەکاتەوە. لەناو گەمژەییدا ئەمە بوونی نییە. شتێکی ڕوونە، کە فەلسەفە دژ بە زانیاریی و تێگەیشتنی ڕووکەش و ناقوڵە. واتە فەلسەفە، کە داناییە، ئەو داناییە پێکهاتەیەکی قوڵ و بەرینی هەیە. جگەلەوە، فەلسەفە گریمانەکان دەخاتە ژێرپرسیارەوە و گومانیشیانلێدەکات. بۆ فەلسەفە پرسیارسازیی و گومانکاریی گرنگیی خۆی هەیە، هەرچی گەمژەییە نە پەیوەندی بە پرسارسازییەوە هەیە، نە بە گومانکارییەوە.
سەرباری ئەوە، فەلسەفە زانیاریی بڵاوکردنەوە نییە، بەڵکو دانایی دانە؛ لەوەش بگەڕێتەوە فەلسەفە زانین دەدات نەک زانیاریی ڕووکەش و سەرپێی. ئەو سادەخوازیی و ڕووکەشییەی گەمژەکان کاریپێدەکەن دوژمنی پرۆسەی بەڕوناکبیرکردن و گەشەی ئەدەب و هونەریشە. لەژێرسایەی گەمژەیەتیی ئەدەب و هونەر نابن بە کردەیەک لە زانین و داهێنان.

ئەم بابەتە درێژەی هەیە……………

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




پۆپۆلیزمی قەیرانساز.. جوتیار مەلا ڕەئوف

ئەوجۆری گوتارەی لەو ماوەیەدا لەلایەن شاسوارعەبدولواحید و وتەبێژەکەیی و میدیا و نوسەرو رۆژنامەنوسەکانیان و هەندێک لایەنی تری بە ناو ئۆپۆزیسیۆن وهەتا بەشێک لە سەرکەردەکانی یەکیەتی و پاڤڵ تاڵەبانیش پێشکەش دەکرێت، زیاتر لەوەی هەڵگری بەرنامە و دیدگایەکی سیاسیی بەرپرسانە بێت، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ترس، دڵەڕاوکێ و گومان لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا، کاتێک ناکۆکییەکی حزبی یان گفتوگۆیەکی سیاسی بە «مەترسیی لەناوچوونی قەوارەی هەرێم» دەفرۆشرێتەوە بە خەڵک، ئەوە ناجێتە ناو چوارچێوەی هۆشدارییەکی نیشتمانی؛ بەڵکوو بازرگانی ‌کردنێکی ڕوونە بە نیگەرانی و هەستی خەڵک و کۆمەڵگا، قەوارەی هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حزب و سەرکردەیەک نییە، تا مانەوە یان لەناوچوونی بە جێبەجێکردنی داواکارییە حزبییەکانەوە بەستراو بێت، قەوارەی هەرێم بە خوێن، قوربانی، ڕاپەڕین و خەباتی چەندین نەوە لە خەڵکی کوردستان دروست بووە؛ نە بە میکرۆفۆنی حزبێک و نە بە شانۆی میدیاییی کەسێک، هیچ سەرکردەیەک مافی ئەوەی نییە ئەو مێژوو و قوربانییە بکاتە کارتێکی فشار و هەر جارێک کە داواکارییە سیاسییەکانی جێبەجێ نەکران، هەڕەشەی لەناوچوونی هەرێم بخاتەوە بەردەم خەڵک.
لە ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخدا، ئەو جۆرە ڕەفتارە بە وە ) کە Crisis-performing populism( «پۆپۆلیزمی قەیرانساز» ناسێنراوە، کە کاراکتەری سیاسی ناکۆکییەکی ئاسایی چارەسەرهەڵگر بە شێوەیەکی قەیراناوی، قوڵ و ریشەیی پیشانی خەڵکو کۆمەڵگا دەدات، مەترسییەکە بێ هیچ هۆکارێک گەورە دەکاتەوە، خەڵک دەترسێنێت و پاشان خۆی وەک تاکە ڕزگارکەر و چارەسەر دەخاتەڕوو.
ئەوەی لە هەندێک گوتاری سیاسیی ئێستای کوردستاندا دەبینرێت، تا ڕادەیەکی زۆر هەمان شێوازە، هەر ناکۆکییەکی حزبی بە قەیرانێکی نیشتمانی ناودەبرێت، هەر داواکارییەکی حزبی وەک مەرجی مانەوەی هەرێم پیشان دەدرێت و هەر ڕەتکردنەوەیەکیش بە هەڕەشەیەک بۆ چارەنووسی کۆمەڵگا هەژمار دەکرێت، ئەوە سیاسەتکردنێکی بەرپرسیارانە نییە؛ بەڵکو ئەدای بەرهەمهێنانی قەیرانە، هەوڵدانە بۆ ئەوەی خەڵک لە ژێر فشاری ترسدا مل بۆ داواکاریی سیاسی بدەن و بێ ‌بەرنامەیی و شکستی حزبی بە قەیرانێکی نیشتمانی دابپۆشرێت.
ئەگەر هەر بزوتنەوەیەک، حیزبێک، سیاسیەک، یاخود پەرلەمانتارێک بەڵگەی یاسایی، دەستوری یان نێودەوڵەتییان هەیە کە نیشان بدات قەوارەی هەرێم لە مەترسیدایە، دەبێت بەڵگەکانیان بە ڕوونی و بە شێوەیەکی فەرمی بخەنە بەردەم ڕای گشتی، بەڵام ئەگەر هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نییە و تەنها بانگەشەی بێکەڵک وبێ ناوەرۆکە، کە تەنها وەکوو هەڕەشەی ناڕوون و سیناریۆی ترسناک بەکار دەهێنرێت، ئەوا ئەم گوتارە هیچ ناوێک و هۆشداریەک هەڵناگرێت؛ بەڵکوو تەواو پۆپۆلیزمێکی قەیرانسازو و بێ‌ بەرپرسیارانەیە لە بەرامبەر ژیان و هەستی خەڵکدا.
خەڵکی کوردستان هیچیتر توانای ئەوەیان نەماوە هەر ڕۆژەو کەسێک بە ناوی ڕزگارکردنیانەوە بێتە بەردەم مایکەکان و بە ئارەزوی مەزاجی سیاسی خۆیەوە بیانترسێنێت، خەڵک بێزار بوون لەوەی بازرگانە سیاسیەکان بەجێی بەرنامە، هەڕەشە پێشکەش بکەن و بەجێی چارەسەر، قەیران دروست بکەن؛ بەجێی بەڵگە، بە هەست و نیگەرانیی خەڵک یاری بکەن.
خەڵک لە دروشمی بەتاڵ و شانۆی میدیایی بێزار بوون، ئەوان دەزانن پۆپۆلیزم هیچ نەخۆشخانەیەک دروست ناکات، هیچ قوتابخانەیەک چاک ناکات، مووچە دابین ناکات، بێکاری چارەسەر ناکات و هیچ گەنجێک لە کۆچکردن ناگەڕێنێتەوە.
پۆپۆلیزم تەنها دەنگ بەرز دەکاتەوە، بەڵام دەستی بە چارەسەر ناگات. تەنها قەیران دەفرۆشێت، بەڵام هیچ بەرنامەیەک بۆ دەرچوون لە قەیران پێشکەش ناکات. بەرهەمی ئەم جۆرە گوتارە زیاترکردنی ترس، دابەشبوون، بێهیوایی و لاوازکردنی متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکانە.
خەڵکی کوردستان پێویستییان بە پۆپۆلیزمی بێکەڵک نییە، پێویستییان بە دادوەرییەکی سەربەخۆ، دەسەڵاتێکی دادخواز، حکومەتێکی بەرپرسیار، پەرلەمانێکی کارا و یاسایەکی یەکسان هەیە، خەڵک خزمەتگوزاری، مووچە، ئاسایش، دادپەروەری و ژیانێکی شایستەیان دەوێت؛ نە بازرگانێک یان سیاسیەک کە خۆی وەک تەنها ڕزگارکەر پیشان بدات و هەر شتێک کە دژی ئەو بوو بە هەڕەشە بۆ سەر نیشتمان و ئاسایشی نەتەوە ناوزەد بکات.
کەسێک کە هەموو ناکۆکییەکی حیزبی و دەستەڵات بە «کۆتایی قەوارەی هەرێم » دەفرۆشێتەوە بە کۆمەڵگا، ئەوا بە دڵنیایەوە ناتوانێت قەوارەی هەرێم بپارێزێت؛ بەڵکوو متمانەی خەڵک بە مەبەست بە قەوارە و دامەزراوەکانی لاواز دەکات.
ئەوەی بەڕاستی قەوارەی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە، ڕەتکردنەوەی داواکاریی حزبێک نییە؛ بەڵکوو ناکارایی دامەزراوەکان، لاوازیی دادوەری، نەبوونی شەفافیەت، دواخستنی پڕۆسەی سیاسی، دەستێوەردانی حزبی و بەکارهێنانی دەزگا گشتی و ئەمنییەکانە بۆ ململانێی سیاسیی.
بە راستی پێویستە ئەوە ئەرکی داواکاریی گشتیی بێت ئەگەر هەبێت، دەبێت ئەرکی خەڵکی کوردستان بێت ئەگەر شتێک بەناوی هەڵوێست هەبێت ، دەبێت داوای دەستە و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، میدیای سەربەخۆ، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەموو لایەنە بەرپرسیارەکان بێت کە بەبێ دواخستن لەو بانگەشانە بکۆڵنەوە و بیانکەن بە ڕای گشتی
ئازادیی ڕادەربڕین مافێکی بنەڕەتییە بۆ هەر ئینسان و گروپێک، بەڵام ئەو مافە شتێک نییە لە بەرپرسیاری جیا بێت، کاتێک سیاسەک، بازرگانێک، نوێنەرایەتیەک و قسەکەرێک بە ناوی قەوارە، نیشتمان و چارەنووسی خەڵک قسە دەکات، دەبێت بەڵگە، دەلایل و وەڵامی ڕوونی هەبێت.
نابێت ئازادیی ڕادەربڕین بکرێتە پەناگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەراوکێ لە ناو کۆمەڵگادا، بکرێتە دەنگۆ و هەڕەشە و قسەی بێ‌ بەڵگە، هەر کەسێک قەیران دەفرۆشێت، دەبێت لەبەردەم پرسیار و لێپرسینەوەشدا وەڵام بداتەوە.
میدیای بەرپرسیاریش نابێت بەبێ پرسیار و پشتڕاستکردنەوە، ببێتە بڵاوکەرەوەی هەر گوتار و بانگەشەیەکی حزبی، ئەرکی میدیا گواستنەوەی ترس نییە؛ ئەرکی میدیا پشکنینی بەڵگە، دروستکردنی لێپرسینەوە و پاراستنی مافی خەڵک بۆ زانینی ڕاستییە. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆپۆلیزمی قەیرانساز بە هەڕەشە یان توندوتیژی نابێت، وەڵامی ئەو جۆرە لە پۆپۆلیزم وەڵامێەکە بە یاسا، بەڵگە، لێپرسینەوە، میدیای پیشەیی و ڕووبەڕووبوونەوە بە هەڵوێستی سیاسیی بێ سازش.‌
ئەو پەیامە دەبێت زۆر ڕوون بێت، خەڵکی کوردستان چیتر بە ترساندن بەڕێوەناچن، خەڵک لە گوتاری بێ ‌بەرنامە، بێ کردار و شانۆی میدیایی و پۆپۆلیزمی بێکەڵک بێزار بوون، خەڵک پێویستییان بە سیاسی و بازرگان و نوسەرو ئەکادیمیستو پەرلەمانتاری قەیرانساز نییە؛ پێویستییان بە دادوەر، دامەزراوە و دەسەڵاتێکی دادخواز هەیە، پێویستییان بە سەرکردەیەک نییە کە بەردەوام خەڵک بترسێنێت و خۆی وەک تەنها ڕزگارکەر پیشان بدات؛ پێویستییان بە بەرنامە، بەرپرسیاری و یاسا هەیە، قەوارەی هەرێم بە هەڕەشە، دەنگۆ و ئەدای قەیران ناپارێزرێت؛ بە دادپەروەری، دامەزراوە، شەفافیەت و ئیرادەی ئازادی خەڵک دەپارێزرێت.




هەڵمەتی دژی چەکداری و گەندەڵی!.. عوسمانی حاجی مارف

بە ئامانجگرتنی دەوڵەتانی کەنداو لەلایەن کوتلەکانی سەر بە ئێران لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق شتێکی نوێ نییە، ئەم ڕێکخراوانە کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک گروپی تیرۆریستی دەستنیشانکراون و داوای هەڵوەشانەوەیان دەکات، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران، بەردەوامن لە هەڵدانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو نیمچە دوورگەی عەرەبی. هەروەها هێرشەکانیان ساڵانێکە کارمەندانی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریکیان لە عێراق کردۆتە ئامانج.
هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەنداو، ئەزمونێکی گەورەی دەوری عەلی زەیدی دەبێت لە هەوڵدانی بۆ سنوردارکردنیان، وەڵامی پێشوەختەی بەغدا ئاشکرای دەکات، کە ئایا حکومەتەکەی زەیدی ئەتوانێ ڕێڕەوێکی نوێی بۆ حکومرانی لە بەغدا دابڕێژێت، یان درێژە بە سیاسەتی هێورکردنەوە و بێلایەنی خۆی ئەدات بەرامبەر بە کوتلە لایەنگرەکانی ئێران.
واشنتۆن وەها مامەڵە دەکات کە گەشبینە بە حکومەتی نوێی زەیدی، لەلایەکی ترەوە پێدەچێت تارانیش هەمان جۆش و خرۆشی هەبێت. مەسعوود پزێشکیان هیوای ئەوەی دەربڕی کە حکومەتی زەیدی “قۆناغێکی نوێی هاوکاری ستراتیژی” لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەستپێبکات. هەروەها زەیدی پشتیوانی یەکگرتووی لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”وەرگرتووە، کە بلۆکی پەرلەمانی لایەنە شیعەکانە و نوێنەرانی ڕێکخراوە تیرۆریستیە دەستنیشانکراوەکانی ئەمریکا لەخۆدەگرێت و ئێران پشتیوانییان لێدەکات، وەک عەسائیب ئەهلی حەق، بزوتنەوەی حزبوڵڵای نوجەبا و کەتائیبی حزبوڵای عێراق.
ئیدارەی ترەمپ فشار دەخاتە سەر عێراق بۆئەوەی لە پێشینەی کارەکانی چەکداماڵینی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بێت، لە هەمانکاتدا تاران چالاکانە بەرەنگاری دەبێتەوە، هەر لەوبارەیەوە سەبارەت بە پرسی چەکداماڵینی میلیشیاکان هۆشداریاندایە گروپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەرامبەر پۆستە حکومییەکاندا ئاگاداری پێشنیارەکانی ئەمریکا بن، هەروەها ئەو دەزگایانەی لایەنە شیعەکان تیا باڵادەستن و دەسەڵاتی بە کوتلەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی داوە، داوایان لێکردون وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بدەنەوە.
تاران جۆش و خرۆشێکی کەمتر لە واشنتۆن بۆ سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق نیشان نادات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دۆخی ئێستای بەغدا کە میلیشیاکان بەسەریدا زاڵن، ئەستەمە و بواری گۆرین نادات.
لە کاتێکدا داماڵینی چەک پڕۆژەیەکی درێژخایەنە لەعێراقدا و ئەگەری جێبەجێبونی زەحمەتە، بۆیە کەمترین مەرج لەئێستادا بۆ زەیدی ئەوەیە کە داوا لەم گروپە میلیشیایانە بکات، هێرشیان بۆ سەر دەوڵەتانی کەندا و کارمەندانی ئەمریکی و لایەنە کوردیەکانی عێراق و ئیسرائیل ڕابگرن و ئەوکارانە دوبارە نەکەنەوە.!
وەستانی شەڕی ئەمریکا و ئێران، دەرچونی ئێران بەجۆرێک لە سەرکەوتن، ئەگەری ئەوەش هەیە ببێتە هۆی ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە سەروەت و سامانی بەستووی تاران، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە گەشەیەکی زیاتر بەم میلیشیایانە دەدات و هەڵوەشاندنەوەیان قورستر دەکات. بەڵام ئەگەر زەیدی نەتوانێت کەمترین ڕێوشوێن بۆ سنووردارکردنی میلیشیان بگرێتەبەر، ئەوا بە ناچاری ئەم گروپانە زیانێکی گەورە بە پەیوەندیەکانی بەغدا لەگەڵ واشنتۆن و دەوڵەتەکانی گەنداو دەگەیەنن و ڕێگر دەبن لە گەشەسەندنی ئابوری عێراق. دەبنە هۆی لێدانی سەربازیی دەرەکی زیاتر لەسەر خاکی عێراق، لەهەمانکاتدا تاڵانچێتی و گەندەڵی پارێزراو دەبێت، گەر زەیدی چەندین هەوڵی هەلمەتی دژ گەندەڵی پەیرەوی بکات.
تا ئێستا زەیدی لە کۆی ٢٣ پۆستی وەزاری تەنها ١٤ پۆستی پڕکردۆتەوە و وەزارەتە گرنگ و هەستیارەکانی وەک بەرگری و ناوخۆ بە بەتاڵی ماوەتەوە. واشنتۆن و تاران بە وردی چاودێری ئەم دامەزراندنانە دەکەن بەهۆی ئەگەری کاریگەریە سیاسیەکانیانەوە. لەهەمانکاتدا بەدوای راگەیاندنی حکومەتی بەغدا بە ناتەواوی، زەیدی دوو کاری خستە بەردەم جێبەجێکردنەوە، یەکەم سنوردارکردنی هێزی چەکداری لەدەرەوەی دەزگاکانی دەوڵەتدا، واتە دەستکردن بە پرۆسەی هەڵوەشانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی. دووەم بەرەنگاربونەوەو هێرش کردنە سەر گەندەڵکاران و دادگایی کردنیان.
هە ڵبەتە لەسەرەتا ئەوە نیشاندرا و کرایە ئەولەویەت، کە سنوردارکردنی ‌هێزی چەکدارانی سەربەخۆیە، بەڵام لەباری عەمەلیەوە بۆی دەرکەوت، کێشەو ناکۆکیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و فشار و کێشمەکێشی نێوان لایەنەکانی دەسەڵاتدارن لە عێراقدا، رێگەی پێنادات کارێکی لەوچەشنە ئەنجام بدات، بۆیە زەیدی بەخێرایی کەوتەبەر راگەیاندنی هەلمەتی دژی گەندەڵی.
ئەوەی لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا شاهیدی هەڵمەتەکە بوین، تەنیا ڕوداوێکی سەرپێیی نەبو، شەپۆلی دەستگیرکردنەکان کە سیاسەتمەداران و پەرلەمانتار وبەرپرسانی کردە ئامانج، لە چوارچێوەی ئەوەی حکومەتی عێراق هەڵمەتی دژە گەندەڵی ڕاگەیاندووە، پرسیارێکی لەناو و ژمارەی دەستگیرکراوەکان وروژاند، ئایا ئێمە شاهیدی دەستپێکی چاکسازیی دامەزراوەیی ڕاستەقینەین، یان ساتێکی سیاسیە کە دەسەڵات لەناو دەوڵەتدا لەژێر ئاڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا دەیەوێت نمایشێک بکات.؟
کاتێک عێراق بە دەسەڵاتی تایفەگەری و بنەماڵەیی و گەندەڵی و میلیشیایی و تێکەڵبونی پارە بە پۆستی سیاسی حزبیەوە بەستراوە، گومانی تیا نیە کە پێویستی بە ڕوبەڕوبونەوەیەکی جددی و شۆرشێک هەیە لەبەرامبەر دەسەڵات و گەندەڵکاران و گونجاندنی لە سیستمی حوکمرانیەکی نوێدا، کە بتوانێت شەفافیەتی داهات و خەرجی بەرجەستە و جێگیرکات. ئەزمونەکانی ئەم دواییە ئەوە دەردەخەن کە جدیەتی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی تەنها بە ژمارەی دەستگیرکردنەکان ناپێورێت، بەڵکو بە شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەکە و پلەی شەفافیەت و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و ئەو پایەیەی حکومەتی لەسەر راگیراوە، ئایا هەڵمەتەکە هەمان پێوەر بۆ هەمووان جێبەجێ دەکات یان دەبێتە ئامرازێک تەنها بۆ لاوازکردنی هەندێک لە نەیاران و بەهێزکردنی ئەوانی دیکە.!؟
گەندەڵی و تاڵانچێتی لە عێراق و کوردستاندا رەگی لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا داکوتاوە و بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان، کە چاندنی نەمامی گەندەڵی، چۆنیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتی تائیفی و بنەماڵەیی و دەسەڵاتی حزبی میلیشیایە کە تۆوەکەی رشتووە. سادەترین بیرکردنەوە ئەوەیە کەهیچ کەس لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا دۆشدانەماوە، کە بپرسین ئایا گەندەڵی هەیە؟، چونکە گەندەڵی لە عێراق و کورستاندا ناسراوە و بۆتە دیاردەیەکی رۆشن و نەشاراوە، لەبەر چاو و هەستی هەموکەسێکدا مۆرانەیەکی رۆچووە لە قوڵایدا. بۆیە پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە، کە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی چۆن بەڕێوەدەچێت؟ ئایا بەڵگەکان ئاشکرا دەکرێن؟ ئایا لێکۆڵینەوە و دادگایکردنەکان ئاشکرا و کراوە دەبن بۆ ڕای گشتی؟ ئایا پرۆسەی یاسایی ئەم هەڵمەتە هەموو لایەنەکان دەگرێتەوە، یان سنووردار دەبێت بە نەیارانی سیاسی یان تۆڕە تایبەتەکان.؟
هەڵمەتی دژی گەندەڵی بە ژمارەی دەستگیرکردنەکان ناپێورێت، بەڵکو بە توانای دروستکردنی متمانەی نوێ لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا دەپێورێت. خەڵکی تەنیا پێویستیان بە بینینی کەسانی گەندەڵ لە پشت مێزی دادگاوە نییە، بەڵکو پێویستیان بە بینینی دەسەڵاتی دادگاو دادوەری سەربەخۆیە، گرتنەبەری ڕێکارە ڕوونەکان و بەڵگەی بەردەست و ئاشکرا و دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تاوانباران، شەفافیەت لێرەدا وردەکارییەکی یاسایی نییە، بەڵکو پێشمەرجێکی بنەڕەتیە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە، ئەم متمانەیە حکومەتی بەغداو هەرێم ناتوانن پەیرەوی لێ بکەن، چونکە خۆیان سەری مارەکەن و وەستا و مامۆستای گەندەڵکارانن.
ئایا شەڕی گەندەڵی دەبێتە سەرەتای چاکسازی دەوڵەت، یان تەنها دەرفەتێکی دیکە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات فەراهەم دەکات؟ وەڵامەکە لە ڕۆژی دەستگیرکردندا ئاشکرا نابێت، بەڵکو لە هۆڵەکانی دادگا، لە شێوازی خستنەڕووی بەڵگەکان و لە توانای حکومەت بۆئەوەی خەڵک قەناعەت پێبکات کە یاسا لە سەرووی هەموو کەسێکەوەیە نەک تەنها کەسانی لاواز لەبەرامبەر دەسەڵات و لایەنە بەهێزەکاندا.
لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەمریکا هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراقیان کردە ئامانج وێرانیان کرد، جگە لە وەزارەتی نەوت، کەس نەیدەتوانی خەیاڵی ئەوە بکات کە دواتر ببێتە گەورەترین و چەسپاوترین دامەزراوەی حکومی بۆ دزی و تاڵانی و گەندەڵی. ئەم گەندەڵیە لە بۆشاییدا ڕووی نەداوە، لەشەری کەنداوی یەکەمی ١٩٩١ و داگیرکردنی عێراق پێش٢٣ ساڵ، گەورەترین کردەوەی تاڵانکاریەکی بێوێنەیە کە لە مێژودا رویدابێت و دژی دانیشتوانەکەی ئەنجام درابێت.
گەر ئەم هەڵمەتەی زەیدی کە ئاڵای بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەرزکردەوە، گورزێکێش بوەشێنێت، بەڵام لەکۆتایدا رێکخسنەوەی هەمان ئەو دەسەڵاتدارانەیە کە رەگی بنەمای ئەو گەندەڵکاریەن.بۆیە هەڵمەتی دژی گەندەڵی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی لە عێراق و کوردستاندا، دەتوانی کۆتایی دەسەڵاتی تائیفی و بنەماڵەیی و هێزی میلیشیایی سەرەتاکەی بێت.

عوسمانی حاجی مارف




خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ چەمکی “خوا” لە نێوان پێویستیی بوون و وێناکردنی مرۆیی.. کارزان عەزیز عەبدولرەحمان

پێشەکی
پرسیاری “خوا چییە؟” و “بۆچی ئەم چەمکە لە ئەقڵی مرۆڤدا دروست بووە؟” بێگومان دێرینترین و ئاڵۆزترین پرسیارە کە مرۆڤ لە مێژووی هزری خۆیدا ڕووبەڕووی بووەتەوە. ئەمە تەنها پرسیارێکی ئایینی نییە، بەڵکو پرسیارێکی فەلسەفیی قوڵە کە دەیەوێت لە سنوورەکانی بوون و هۆشیاریی مرۆڤ تێبگات. مێژووی فەلسەفە، بە شێوەیەکی گشتی، بەردەوام لە نێوان “سەلماندنی خوا وەک هۆکارێک” و “ڕەخنەگرتن لێی وەک وێنایەکی مرۆیی”دا هاتوچۆ دەکات.
١. فەلسەفەی یۆنانی؛ دەستپێکی گەڕان بەدوای هۆکاردا یۆنانییەکان یەکەم کەسان بوون کە خواپەرستییان لە چوارچێوەی ئەفسانەوە گواستەوە بۆ ناو لۆژیک. ئەفلاتون لە فەلسەفەکەیدا، جیهانی مادی وەک سێبەرێک دەبینێت و “خێرە سەرەکییەکە” وەک مەرجەعی ڕەهای هەموو بوون و جوانییەک دەناسێنێت. لای ئەفلاتون، خوا ئەو سەرچاوە بێخەوشەیە کە ڕۆح پێش هاتنە ناو جەستە ئاشنای بووە.
لە بەرامبەردا، ئەرستۆ بە لۆژیکێکی میکانیکییەوە دەچێتە ناو بابەتەکەوە. ئەو دەڵێت هەر جوڵەیەک لەم گەردوونەدا پێویستی بە هۆکارێکە، و چونکە ناکرێت ئەم زنجیرەیە تا هەتاهەتایە بەردەوام بێت، دەبێت “جوڵێنەرێکی نەجوڵاو” هەبێت. ئەم جوڵێنەرە نەک وەک خودایەکی ئایینی، بەڵکو وەک ئامانجی کۆتایی و کێشکردنێک هەموو بوون بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێت.
٢. سەردەمی ڕۆشنبیری و هەوڵەکانی سەلماندن لە سەردەمی مۆدێرندا، دیکارت لە ڕێگەی “کۆجیتۆ”وە (من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم) هەوڵی دا بوونی خوا بسەلمێنێت. ئەو بە لۆژیکێکی سەیر دەڵێت: مێشکی مرۆڤی ناتەواو ناتوانێت چەمکی “تەواوەتی و بێسنووری” دروست بکات، کەواتە دەبێت بوونێکی تەواو (خوا) ئەم بیرۆکەیەی لە مێشکمدا چاندبێت.
بەڵام کانت لە ڕەخنەی ئەقڵی پەتیدا، سنوورێکی بۆ ئەمە دانا. ئەو پێی وایە عەقڵی تیۆری ناتوانێت بوونی خوا بسەلمێنێت یان نکوڵی لێبکات، چونکە خوا لە دەرەوەی سنووری تاقیگەیی و ئەزموونی مرۆڤە. بەڵام کانت لە ڕەخنەی ئەقڵی کردەییدا ڕێگەیەکی تری دۆزییەوە: باوەڕ بە خوا پێویستییەکی ئەخلاقییە. ئەگەر دادپەروەریی کۆتایی نەبێت، ئەوا سیستەمی ئەخلاقی مانای نامێنێت. کەواتە خوا لای کانت، نەک بەڵگەیەکی لۆژیکی، بەڵکو گەرەنتییەکە بۆ مانای ئەخلاقی.
٣. ململانێی سەدەی نۆزدەیەم؛ لە هێگڵەوە تا نیچە هێگڵ خوای وەک “ڕۆحی ڕەها” بینی، کە لە ڕێگەی مێژوو و مێشکی مرۆڤەوە خۆی دەناسێتەوە. بەڵام کیرکەگارد دژ بەم ڕێڕەوە وەستایەوە. ئەو پێی وایە خوا بە لۆژیک نادۆزرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە “پەڕینی باوەڕ”ە. واتە کاتێک مرۆڤ لەبەردەم دڵەڕاوکێی بوون و نامۆییدا دەمێنێتەوە، بڕیارێکی ئازایانە دەدات کە باوەڕ بهێنێت.
لە لایەکی ترەوە، نیچە بە وتەی “خوا مردووە”، ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵی گرت. مەبەستی نیچە ئەوە نەبوو خوا بە واتای لیتراڵی (ڕاستەوخۆ) مردبێت، بەڵکو مەبەستی ئەوە بوو کە لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، چیتر خوا وەک بنەمایەکی مێتافیزیکی بۆ واتا بەخشین بە ژیان پێویست نییە. نیچە پێی وایە مرۆڤ خوا وەک قەڵغانێک دروست دەکات بۆ ئەوەی بەرگەی لاوازی و ترسی خۆی بگرێت.
٤. سارتەر و ئازادی ڕەهای مرۆڤ سارتەر لە سەدەی بیستەمدا بە کورتی گوتی: “بوون پێش ماهییەت دێت”. ئەگەر خوا هەبوایە، ماهییەتی مرۆڤ پێشوەختە دیاری دەکرا. بەڵام مرۆڤ سەرەتا دێتە بوون و دواتر خۆی خۆی دروست دەکات. بۆیە ئازادی ئێمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خوایەک نییە بڕیارمان بۆ بدات. چەمکی خوا لای سارتەر تەنها پڕۆژەیەکی دەروونییە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە بەرپرسیارێتی و ئازادیی خۆی ڕابکات.
٥. دەرەنجام؛ خوا بۆچی مایەوە؟ لە کۆتاییدا، فەیلەسووفانی شیکاری وەک بێرتڕاند ڕاسڵ بە توندی ڕەخنەیان لە بەڵگەکان گرت و گوتیان باری بەڵگە لەسەر بانگەوازکەرە. بەڵام سەرەڕای ئەم ڕەخنانە، چەمکی خوا هێشتا وەک پێویستییەک ماوەتەوە:
• پێویستی لۆژیکی: وەک هۆکاری یەکەمی بوون.
• پێویستی مێتافیزیکی: وەک بنەمایەکی ڕەها بۆ تەواوەتی.
• پێویستی ئەپیستەمۆلۆژی: وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ژیان و بەهاکانمان مانایەکی قووڵتریان لە پشتەوەیە.
بە کورتی، خوا لە مێژووی فەلسەفەدا، یان وەک “سەرچاوەی بوون” سەیر کراوە، یان وەک “پڕۆژەیەکی خۆپارێزی” بۆ دابینکردنی مانا. ئەم گفتوگۆیە هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە و هەر مرۆڤێک لە دیدگای خۆیەوە ئەم پرسیارە گەورەیە شیدەکاتەوە.




مردن.. نەوزاد بەندی

دیارنەمانی کت و پڕی کەسێک .. وونبونی هەتاهەتایی و .. دروستبوونی بۆشاییەک لە چواردەورتا ..ڕۆیشتن بۆ جێگایەکی نادیار ..ماڵئاوایی کۆتایی و .. دەستهەڵگرتن لە هەموو دەستکەوتە مادی و ڕۆحییەکان، ڕۆیشتن بۆ جیهانی حەق و حیساب، ئەمانە بەشێکن لە پێناسەکانی مردن، کە لە ڕاستیدا تاکە دیاردەیە کە زۆرترین خۆپارێزیی و لێکۆڵینەوە و پێناسە و لێکدانەوەی بۆ کرابێ.. بە جۆرێک زۆرینەی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان، گۆشەگیر کردن و لەیاد بردنەوە و خۆلێنەدان و وێڵکردنی تێرمی مردن پەیڕەو دەکەن .. پێویست ناکات بیر له مردن بکەیتەوە، مادام ژیان هەیە.. پێویستە بە هەموو جۆرێک باوەش بکەیت بە ژیاندا و .. بە قوڵیی ڕۆبچیتە ناو تام و چێژ و حەز و ئارەزووەکانییەوە بۆ ئەوەی بە تەواویی یان بە نیمچە تەواویی لە هەستکردن بە مردن، ڕزگارت بێ.. گوڵبارانکردن و عەتر پرژێنکردن و ڕازاندنەوەی لاشە و گۆڕ و هەڵبەستنی گۆڕ و دروستکردنی باڵەخانە تیایدا، بەشێکن لە سڕینەوەی مردن و داپۆشینی بە چالاکییەکانی ژیان .. هەمان کات، پێشوازیی کردن لە مردن بە جلی ڕەش و فرمێسک و گریانەوە، وەک ناڕەزایی و ڕەتکردنەوە و بەگژاچوونەوەی مردنە بە نمایشێکی تایبەت.. لە ڕاستیدا ڕازاندنەوەی مردن یان ڕەشپۆشکردنی، هیچ کەڵکێکی نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ شکاندنی سنوورەکانی مردن و موتوربەکردنی بە ژیان، تا کار گەیشتۆتە ڕەتکردنەوەی ناشتن و مۆمیاکردنی پاشا و هەندێ کەسایەتیی و پاراستنیان لەناو مۆم و فۆرمالیندا .. ئەم کارانە دەسترێژیکردنە سەر مردنن، بە بێ ئەوەی تۆسقاڵێک لە حەقیقەتی مردن بگۆڕن .. هەر بۆیە پێغەمبەر داوا دەکات هەموو ئەو گۆڕانە بڕوخێنرێن کە هەڵبەستراون، چونکە لۆژیک وا ئەخوازێت مردن مردن بێت و ژیانیش ژیان بێت، لوتکەی گەمژەییە ئەو جێگایە کۆنکرێت بکرێت و بهێڵرێتەوە لە کاتێکدا کەسەکە شی بۆتەوە و نەماوە.. هێشتنەوە و نەمرکردنی گۆڕ و ڕازاندنەوەیان، بەشێکە لە نوشوستیی مرۆڤ بەرامبەر مردن، ئەوسا لە جیاتیی مردن لە خۆی بتەکێنێ و ژیان فراوانتر بکات، پاوانخوازیێ و فراوانخوازیی بە گۆڕستانەکان دەدات و ..چەندەها قەبارەی فراوان لە زەوی لە کاردەخات و دەیانکاتە شاری مردووەکان لە کاتێکدا بە پابەند بوون بە سنووری هەردووکیان، هەم شەپۆلی گوڕستانەکان بەو جۆرە ترسناکە فراوان نابێت، هەم ژیانیش ئەو هەموو پەڵە گۆڕستانە گەورانەی پێوە لەسەر دروست نابێت، وەک ئەمڕۆ ئەیبینین گۆڕستانەکان و کۆڵانی زیندووەکان تێکەڵ بوون و بوون بە دراوسێ .. هەربۆیە پێغەمبەر داوا ئەکات ئەوەی لەسەر مردووەکە دروستکراوە، بڕوخێنرێ، بۆ ئەوەی گۆڕ، تەنها گۆڕ بێ و نەبێتە ماڵ.. گۆڕ پێویستە دوای ساڵانێک نەمێنێ و بپوکێتەوە و لە جێگایدا کەسێکی تر بنێژرێت، نەک هەتا هەتایە بمێنێ و .. گیر بخۆین بە دەست شوێنگۆڕ و گۆڕستانەوە و گۆڕخانەکان هەتا بێ لە زیاد بووندا بن.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خۆپارێزیی و ڕازاندنەوەی ژیان و فراوانکردنی خەیاڵ و خەونەکانی ژیان و گەڕان بۆ چارەسەریی لە نەخۆشییەکان و .. تەنانەت گەڕان بۆ گیای نەمریی لە ئەفسانەکاندا بە تایبەت لە ئەفسانەی گلگامێشدا، لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا، پەیکەری مردن، هەستکردن بە مردن، دەرکەوتنی مردن، دیاردەیەکی بەردەوامە لە ژیانماندا و ..هەمیشە ئەو هەستە لە ناخماندا، لە جم و جوڵماندا، لە بەرهەم و خولیا و خەونەکانماندا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ڕەنگ ئەدەنەوە .. بۆ نمونە ئەو هەموو نەخۆشخانە و دەرمانخانە و پزیشک و کارمەندە تەندروستیی و ئەمبوڵانس و ڕاگەیاندنە تەندروستییانە، نیشانەی هەبوونی مردنن.. هەوڵدانن بۆ دەستگرتن بە ژیانەوە ..واتا هەتا زیاتر ژیان لە ئامێز بگیرێت، زیاتر کاراکتەری مردن لە شانۆکەدا دەردەکەوێت .. ئەو جل و بەرگە گەرم و ئاگردانانەی زستان، دەرگا و پەنجەرە و بنمیچی ژوورەکان، خواردن و خەو و حەوانەوە، هەموویان بۆ ئەوەیە نەمرین و خۆپارێزیی له مردن بکەین، واتا بەردەوام مردن خۆیمان نیشان ئەدات و ئێمە لە دەستی هەڵدێین و خۆمانی لە دژ چەکدار ئەکەین، هەر بۆیە نزیکەی هەموو هەڵس و کەوتەکانمان ڕاکردنن لە مردن.. خۆ حەشاردانن لە مردن. خۆگۆڕین و خۆ سواغدانن بە جۆرەها شتی ماددی و ڕۆحیی، بۆ ئەوەن بەڵکو مردن نەماندۆزێتەوە !
لە قورئاندا هاتووە کە هەموو کەسێ ئەبێ مردن بچێژێ و .. ئەو مردنەی کە خەڵک لە دەستی ڕادەکەن هەر پێیان دەگات ئەگەر لە تاوەرە توند و تۆڵ و بەرز و شاهانەکانیشدا بن..
بەڵام غەریزەی ژیان و مانەوە، هەتا دوا هەناسەی ژیان، لە ڕاکردن و خۆدزینەوە لە مردن بەردەوامە..
خوجوانکردن و خۆ گەنجکردنەوە و بۆیاخکردنی ڕوخسار و قژ و نینۆک و . خۆگۆڕین و پۆشاکی جۆرا و جۆر و عەتر و وەرزشەکان و جۆرەها پاککەرەوە و .. دەیان و سەددان چالاکیی ڕۆژانە، تێکڕایان ئەچنە قاڵبی خۆدزینەوە لە مردن و.. . هەڵکەندنی سەنگەر و تونێل و پەنا و پاسار لە ژیاندا بە مەبەستی خۆ شاردنەوەن لە مردن ..
لەوەیش کارەساتبارتر ئەوەیە کە دیاردەی چینایەتیی و زوڵمی کۆمەڵایەتیی و ڕەگەزپەرستیی و جەنگە گەورەکان و داگیرکاریی و دزیی و تاڵانیی و پاوانخوازیی و گەندەڵیی و تێکڕای تاوانەکان، ئەچنە قاڵبی ژیانپارێزیی و خۆلادان لە مردن لەسەر حیسابی ئەوانی تر … کابرا ئەڵێ من وەجاخزادەم و دەست بەسەر موڵک و ماڵی خەڵکیدا ئەگرێت، بە ئومێدی ئەوەی لەو ماڵ و موڵکە حەرامەدا، خۆی بشارێتەوە و تارمایی مردن نەیدۆزێتەوە.. دزیی و داگیرکاریی و کوشت و بڕ، لە ڕاستیدا بۆ ئەوەیە بە هەژارکەوتن و نەخۆشخستن و پەکخستن و کوشتنی کەسانێک، دەوڵەمەندیی و لەشساغیی و سەرکەوتن و ژیانی هەتاهەتایی !! بۆ کەسانێکی تر دابین بکرێت .. واتا ئەتوانین بڵێین زیادە ڕەویی لە خواردن و داڵدە و پۆشاک و کەرەستەکانی ڕۆژانەدا لای کەسانێک، دوور ونزیک، برسێتیی و ئاوارەیی و بێداڵدەیی و پەککەوتنی کەسانێکی ترە .. هەربۆیە لە قورئاندا خوا باس لەوە دەکات کە هەموو شتێک بە پێی پێویست دروستکراوە، واتا کاتێ تۆ دوو نانت پێیە و بە نانێک تێر ئەخۆیت، لە جێگایەکی دوور یان نزیک کەسێک هەیە یەک نانی دەست ناکەوێت، بەو جۆرە لێرە و لەوێ جۆرە مرۆڤێکی دەگمەن پەیدا ئەبن، سەروەت و سامانەکەیان بەسەر هەژارەکاندا دابەش ئەکەن و هەوڵ ئەدەن هەژارانە بژین، بۆ نمونە وەک لیڤ تۆڵستۆی لە ڕوسیا و عەلی کەمال لەم شاری سلێمانییەی خۆمان.. لەوانیش گرنگتر و دەگمەنتر ، کەسانێکن کە ژیانی خۆیان له پێناوی ئەوانی تردا بەخت ئەکەن و سەرجەم تەمەنیان لە زیندان و ئەشکەنجەدان و کوشتندا بەسەر ئەبەن، ئەمانە ئەبنە کەسانی باڵا و لە بیرەوەریی و مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەمێننەوە.
بەو پێیە شەڕە گەورەکان و شەڕه بچووکەکانیش، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە ژیانی نەتەوە و تیرەیەک، هەڵدەگیرسێنرێن، لە ڕێی کوشتن و تەفروتوناکردنی نەتەوە و تیرەکانی ترەوە، ژیان و مانەوە بۆ دەستە و تاقمێک زامن ئەکەن.. جینۆسایدکردنی نەتەوە و ئایدیۆلۆجیا و ئایینزایەک، لە بنچینەدا بۆ ئەوەیە نەتەوە و ئایدیۆلۆجیا و ئاینانزایەکی تر لەسەر زەوییەکی فراوانتر و لەناو داهات و سامانێکی زیاتردا بژیی و .. هەلی مانەوەی تەمەنێکی درێژتر بۆ خۆی دابین بکات..
بەلام سەیر لەوەدایە، لە شوێنە هەژارنشینەکاندا، لە گوێ شەقامەکاندا، پیرەمێردی به تەمەنی وا دەبینی لەناو تەپ و تۆز و برسێتیی و نەهامەتیدا، ئیشێکی قورس ئەکات، کەچی بەردەوامە لە ژیان، لە کاتێکدا هاوتەمەنە میر و وەزیر و گزیر و لە تەڕ خۆر و له وشک خەوتووەکانیان، لە مێژە مردوون !! ئەوەیش ئەو تیۆرەی چاڕڵس داروین بەتاڵ دەکاتەوە کە دەڵێت مانەوە بۆ بەهێزترینە.
کاتێ دزێک ماڵی کەسێک تاڵان ئەکات، لە ڕاستیدا بۆ ئەوەیە دزەکە بەردەوام بێ له ژیان و .. کەسەکەی تر ڕووبەڕووی ئەگەرەکانی مردن و لەناچوون ببێتەوە..
کاتێ ڕۆژانە ملیۆنەها پەلەوەر و ماڵات لەسەر زەمین ئەکوژرێن، مەبەست لێی قارسکردنی ژیانی ئەوانە و پینەکردنێتی بە ژیانی مرۆڤەکانەوە.. پڕۆتین و ڤیتامین و کانزای لەشی باڵندە و گیاندارەکان ئەدزین و ئەیانخەینە لەشی خۆمان بۆ ئەوەی زیاتر بژین.. بەو جۆرە زۆر بە لامانەوە ئاساییە بۆ نمونە مەڕێک لە کارژۆلەکەی داببڕین، مریشکیک لە جوجەڵەکانی جیاکەینەوە و بیانخۆین.. ئەم دیمەنە ترسناک و تراژیدییە وای لە بەشێک لە مرۆڤەکان کردووە واز لە گۆشتخواردن بێنن، بەو پێیەی هەموو گیانداران شایانی ژیانن..! وەک چۆن هەمووان مردن چاوەڕوانیانە، ئیتر ئەم یەکتر خواردنە بۆچی ؟
دیاردەی جەردەیی و مافیاگەرێتیی بێ سەروبەری تاکە کەسیی، هەتا ئەگاتە دیاردەی داگیرکردنی نێونەتەوەیی جیهانیی بەرنامە بۆ داڕێژراو، مەبەست لێی دابینکردنی هەلی ژیانێکی شاهانەیە بۆ هەندێ کۆمەڵگای داگیرکەر، لە هەمان کاتدا کوشتن و هەژارکردن و نەزانکردن و نوقومکردنی کۆمەڵگا داگیرکراوەکانە لە نەخوێندەواریی و نائومێدیی و تاوان و لە دەستدانی کولتوور و ئایین و هەموو نەهامەتییەکاندا، ئەوانە هەر یەکێکیان مردنێکن و تێکڕایش پاڵپێوەنانی ئەو کۆمەڵگایانەن بۆ مردنە تەقلیدییەکە .. چونکە هەتا هۆکارە دەروونیی و مادییەکانی ژیان کەمتر بنەوە، هۆکارە دەروونیی و مادییەکانی مردن زیاد دەکەن.
مردن پانتاییەکی فراوانی لە بیر و بەرهەمی دانا و بیریارەکاندا داگیرکردووە، زۆرترینی بەرهەمە هونەریی و ئەدەبیی و هزرییەکان، گەڕانن بۆ دۆزینەوەی ژیانی هەتاهەتایی یان هیچ نەبێ دابینکردنی نەمریی و هەتاهەتایی بۆ دانا و زانا و بیریارەکان بە شێوەیەکی زارەکیی، وەک ئەوەی ئەووترێت فڵان کەسی نەمر، لە کاتێکدا سەدان و هەزاران ساڵە مردووە و نەماوە.
کۆشکەکەی کافکا بۆ نمونە، گەڕانێکی بەردەوامە بۆ ژیان و ..خۆ حەشاردانە له مردن، کە دواجار مردن ئەیباتەوە.. مارسیل برۆست لەو هەموو لاپەڕەیەدا بە دوای کاتی وون بوودا ئەگەڕێ، لە هەزاران لاپەڕەدا بە دوای کاتە وونبووەکاندا وێڵە بۆ ئەوەی پانتایی نێوان ژیان و مردن فروانتر بکات.. هەزاران لاپەڕەی شەڕ و ئاشتی و ئاناکارنینای تۆڵستۆی گەڕانە بە دوای ژیاندا بە هەموو هۆکارەکان ..بە هەمان شێوە تەواوی ڕۆمانەکانی دیستۆیڤسکی و هێمنگوای و ستانداڵ و فۆکنەر و سارۆیان و ئەوانی تر، هەوڵدانن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەناو بازنەکانی مردندا کە بەردەوام لە چواردەورمان ڕەنگڕێژ دەکرێن و تیرەکانیان بچوک و بچوکتر دەبنەوە، هەتا ئەوەی بەرکەوتەی دەبێت لەگەڵماندا و ئەمانسڕێتەوە..
لە زۆربەی چوارینەکانی خەییامدا، تارمایی مردن بە ئاشکرا و بە نیمچە ڕوونیی دەردەکەوێ، کاتێ ئەڵێ ناگەڕێتەوە کەسێ لەو دنیا تا لێی بپرسین ئەحواڵی مردوو .. واتا ئەم پیاوە ئەوەندە سەرقاڵبووە بە مردنەوە، هیوادارە یان تەنانەت چاوەڕوانە بەڵکو مردوویەک بگەڕێتەوە و باسێکی ئەودیومان بۆ بکات هەرچەندە ئەمرۆ لەناو تراژیدیای ڕاگەیاندنە جۆراو جۆرە بێ سانسۆر و بێ سنوورەکاندا کەسانی وا پەیدا بوون باس لەوە دەکەن گوایا مردوون و پیاسەیەکی ئەودیویان کردووە و جا بە کاوەخۆ گەڕاونەتەوە بۆ پیرە دنیاکەی خۆمان !!
مردن یان بیرکردنەوە لە مردن بەرپرسە لە تەواوی خەڵات و پلە و پایەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگاکانی مرۆڤدا .. پلەی سوپاسالار ئەدرێتە کەسێک، چونکە زۆرترین هێرشی جەنگیی و نەخشەی جەنگیی داڕێژاوە بە مەبەستی کوشتنی زۆرترین ژمارەی دوژمنان، واتا دابینکردنی زۆرترین هەلی ژیان بۆ هاووڵاتیەکانی خۆیان، هەر بۆیە پلەی سەربازیی بەرز ئەخرێتە سەر شانەکانیی و مەدالیای ئازایەتیی بە سنگیدا هەڵدەواسرێت و ..پەیکەری بۆ دروست ئەکرێت .. و ئەکرێتە سەرۆک و ناوی ئەچێتە مێژوو ، سروودی نیشتمانیی و ..وێنەکەی ئەچێتە سەر دراوەکانی ووڵات .. ئەوانە هەمووی پاداشتی ڕاستەقینەن بەرامبەر بە دابینکردنی وەهمی ژیانکردنێکی درێژ و نەمریی، بۆ هەردوولا، هەم بۆ میللەتەکە و هەم بۆ سەرکردەکە..
پێدانی خەڵاتە جیهانییەکان بە داهێنەرانی دەرمانی نەخۆشییەکان و ئامێرەکان و خزمەتگوزارییەکان، تێکڕایان بۆ ئەوەیە ئەو داهێنەرانە لە هەموو بوارەکاندا پەرەیان بە ژیان داوە و دژی مردن جەنگاون، بۆیە شایانی خەڵاتن.
دزینی نەوت و زێڕ و ئەڵماس و خەزێنە کەلەپوورییەکانی ئاسیا و ئەفەریقا لەلایەن داگیرکارە ڕۆژئاواییەکانەوە، بەشێکن لەو کارەساتە گەوره مرۆییەی کە بە خەیاڵیی نەمریی و ژینکردنی هەتاهەتایی خۆیان ئەنجامدراون ..
پیرۆزکردنی دایکایەتیی و باوکایەتیی بۆ ئەوەیە ژیانی منداڵەکان بپارێزن و نەهێڵن ڕوو بە ڕووی مردن ببنەوە..
خێزان دروستکردن و وەچە خستنەوە و سێکس و خواردن، بۆ ئەوەن ژیان بەردەوام بێ و بتوانێت ڕوو بە ڕووی مردن بێتەوە یان هیچ نەبێ بتوانێ وەک هێڵێکی تەریب لەگەڵ مردندا بەردەوام بێ ..
بەو جۆرە عەشق و خەبات و شۆرش و پیشمەرگایەتیی و پارتیزانیی و تەواوی چالاکییە بە کۆمەڵەکانی مرۆڤ، مەبەست لێی دابینکردنی ژیانێکی ئارامتر و جوانتر و درێژترە بۆ کۆمەڵگاکان و .. دوور کەوتنەوەیە لە مردن و لەناو چوون و هەڵوەشان و هەرەسهێنان ..
پاشان کە ئەو شۆڕش و خەباتە جەماوەرییانە سەردەکەون و ئەگەنە ئامانج، کەسێک یان چەند کەسێک بەر و بوم و کاکڵەکەی ئەخۆن، چونکە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکان، کێبڕکێ ناوخۆییەکان سەرەڵدەدەن هەتا کەسانێکی تایبەت و خێزانەکانیان زۆرترین هەلی ژیانکردن دابین بکەن بۆ خۆیان لەسەر حیسابی هاووڵاتیەکانی هەمان کومەڵگا..یان ڕاستتر جەنگی ژیاندزینی ئەوانی تر، جەنگێکی ئەزەلییە و بۆ چرکەیەکیش ڕاناوەستێت، نەک هەر له نەتەوەیەکدا، تەنانەت لە خێزانێکیشدا، شەڕی ژیاندزین و مردنسەپاندن لە نێوان براکاندا هەیە .. کوڕەکانی پاشا.. وەچەی بازرگانەکان یەکتری ژەهرخوارد ئەکەن بۆ ئەوەی خۆیان بگەنە دەسەڵات وداهاتی زۆر، براکان خوشکەکانیان لە میراتیی بێ بەش ئەکەن، بە هیوای ژیانێکی دوور و درێژ یان ژیانێکی هەتاهەتایی بۆ خودی خۆیان و هەمان کاتیش تەمەنکورتیی و مردنی خوشکە لاواز و بێهێزەکانیان ..!
کاتێ ستالین هاتە سەر کورسی فەرمانڕەوایی سیستمی کۆمۆنیستی بە حیساب یەکسان بۆ هەمووان، زۆرینەی وەزیرەکانی لینین ی لە دەسەڵات لادا و کوشتنی، پاشا ملیۆنان کەسی ناوخۆ ،و دەرەوەی بە کوشت دا، کەچی هەمان کات زاناکانی بایۆلۆجی و بایۆکێمستری ڕادەسپێرێت هەوڵ بدەن خانەیەکی زیندوو لە تاقیگەدا دروست بکەن، بۆ ئەوەیش هەموو خەزێنەی دەوڵەت دەخاتە خزمەتیانەوە !! هەتا بەو داهێنانە ژیانی هەتا هەتایی بۆ خۆی و خێزانەکەی دابین بکات !! ..وەک چۆن سەدام حسێن دوای سەرکەوتنی کودەتای حیزبەکەی، وەزیر و هاوڕێکانی خۆی کوشت، بۆ ئەوەی ژیانی خۆی درێژتر بێتەوە و ڕکابەرە ڕاستی و وەهمییەکانی چواردەوری نەمێنن.
وەک عێراقی نوێ، دوای ساڵەهای ساڵ خەباتی جەماوەریی و قوربانیدانی چین و توێژەکانی گەلانی عێراق و کوردستان، کاتێ سیستمی بەعس ئەڕوخێت و سەدام حسێن لەسێدارە ئەدرێت، دەیان و سەدان سەدام حسێنی تر لەناو کورد و عەرەبدا سەرهەڵدەدەن، و ملیۆنان هاووڵاتیی عێراق ئەکوژن و زیندان و ڕاو ئەنێن بۆ تاراوگە، تەواوی سەروەت و سامانی ووڵات بۆ خۆیان و خێزانەکانیان ئەدزن، ئەوەیش له ڕاستیدا هەوڵی مانەوەی چەند خێزانێکە لەسەر حیسابی مردن و ڕاوەدونان و زیندانکردن و ئەشکەنجەدان و وێرانکردنی میللەتێک، بێگومان لە غیابی یاسا و دادگادا.
لێرەدا ئیتر بۆ فەراهەمکردنی کۆمەڵگای مۆدێرن بە جۆرێک ژیان بۆ هەمووان بێ و ..ڕاکردن لە مردن مافی هەمووان بێ، شتێک سەروەر کرا و لەسەروو هەمووانەوە دانرا، ناونرا یاسا .. کۆمەڵێ بینای گەورە دروستکران ناونران دادگا..
یاسا بۆ ئەوەیە هیچ کەسێ نەتوانێت ژیانی ئەوانی تر بۆ خۆی ببات ومردنی خۆی بەسەر ئەوانی تردا دابەش بکات ..
دادگا ئەو جێگایەیە هەوڵی تێدا دەدرێت بۆ ئەوەی ژیانی دزراوی خەڵکێک بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان و .. مردنی سەپێنراوی سەر خەڵکێک، بگەڕێنرێتەوە بۆ سەپێنەرەکان ..
هەر بۆیە لە کۆمەڵگا هوشیارەکاندا، یاسا لەسەروو هەمووانەوەیە، تیایدا سەرۆک و گەدا پێکەوە لەبەردەم دادگادا ڕائەوەستن و .. ژیانێک دزرا بێ، وەرئەگیرێتەوە و ..مردنێک سەپێنرابێ، ئەخرێتەوە گەردنی خاوەنەکەی.
ئەم یاسا لەسەروو هەمووانەیش، شتێکی ڕێژەییە و لە هیچ کۆمەڵگایەکدا یاسا ناتوانێت لەسەروو هەمووانەوە بێت، بە تایبەت لە کۆمەڵگا گەندەڵەکاندا، یاسا لە ژێر پێی بەهێز و دڕندە و مافیاکاندایە، بەڵام بە سەرزارەکیی و لە نووسراو و ڕاگەیاندنەکانیاندا یاسا لەسەروو هەمووانەوەیە و بە درۆیەکی شاخدار، هەمووان هەمان هەلی ژیانکردن و لە مردن ڕاکردنیان بۆ ڕەخسێنراوە . تەنها لەو کۆمەڵگا ئاینییە ڕەسەنانەدا یاسا لەسەروو هەمووانەوە دانراوە، کە مژدەی ژیانێکی هەتاهەتاییان تێدا دراوە بەوانەی کە پابەندن بە یاساکانەوە..واتا لەوێیشدا لە پێناوی دابینکردنی ژیانێکی هەتاهەتایی بەهەشت، کەسانێکی سەرکردە و بەتوانای وەک عەلی کوڕی ئەبو تاڵب لەگەڵ جولەکەیەکی هەژاردا لەبەردەم دادوەردا ڕادەوەستێ و ڕازی نابێت دانیشێت هەرچەند دادوەر داوای لێ دەکات دانیشێت، ئەڵێت هەتا ئەو مافە نەدۆزرێتەوە بۆ ئەو پیاوە کە گوایا لەلای منە، من دانانیشم و وەکو ئەو بە پێوە ڕائەوەستم.. عەلی کوڕی ئەبوتاڵب کەسێکە بە ووتەی خۆی دنیای تەڵاقداوە و خۆی بۆ ژیانی هەتاهەتایی دوای مردن ئامادەکردووە، هەر بۆیە ئامادەیە لەبەردەم دادگادا ڕاوەستێت .. ئەو دادگایەی کە کافکا له چیرۆکێکیدا، دەرگاکەی لەبەردەم پیاوێکی دەشتەکیدا ناکرێتەوە هەتا کابرای دەشتەکی پیر ئەبێت و ئەمرێت، چونکە گەیشتن بە دادپەروەریی واتا دەستخستنی هەلی ژیانکردن و ڕاکردن لە مردن،مافی دەشتەکییەک نییە بەڵکو تایبەتکراوە بە کەسە دەست ڕۆیشتوو، وەجاخزادەکان، هەر بۆیە کابرای دەشتەکیی پێش ئەوەی ڕۆحی دەربچێت، به پۆلیسی بەردەرگاکە ئەڵێت : باشە لەو هەموو ساڵەدا، بێجگە لە من کەسێکی تر پێویستی بە دادگا نەبوو ؟ خۆ هیچ کەسێک بێجگە لە من نەهاتە بەر ئەم دەرگا داخراوەی دادگا ؟
پۆلیسەکە پێی ئەڵێ : خەڵکی تر زۆرن کە پێویستیان بە دادگا هەبووە و هاتوون و چوونەتە ژوورەوە و مافی خۆیان وەرگرتووە، بەلام من و ئەم دەرگا داخراوەی دادگا، تایبەت بە تۆ دانراوین.. بۆیە بێجگە لە تۆ هیچ کەسێکمان نەدی!!
خەییام ئەڵێ:
لە نزمیی زەوی تا بەرزیی زوحەل
چەند گرێ هەبوو یەک یەک کردم حەل
لە مەکر و حیلە دەرچووم پەلە پەل
وەک خۆی مایەوە موشکیلەی ئەجەل

نەوزاد بەندی




دۆزی فەلسەفە1: فەلسەفە دایکە نابایۆلۆجیەکەم بوو.. ئازاد حەمە

فەلسەفە دایکمە؛ پتر لە چوار (دەیە) زیاترە فەلسەفە وەک دایکێکی پەروەردەکاری شارەزاباڵا ڕێنوماییمدەکات، ئاگایلێمە و خەمی منیەتی. ئەم دایکە زۆرزۆر جیاوازترە لە دایکی بایۆلۆجی. مەبەستم، ئەو دایکە ڕاستەقینەیەی(بایۆلۆجییەی)هەر هەموو هەمانە بەجۆرێکی تر خەمی مناڵەکانیەتی؛خواردنلێنان و جلشتن و …. . ئەوانە ئەرکە دایکایەتیەکەی دایکی بایۆلۆجیین. کەچی فەلسەفە وەک دایکی نابایۆلۆجی دوورتر دەڕوات لەگەڵ مناڵەکانی. دایکایەتی فەلسەفە نەمرە، تا ئێمە هەبین فەلسەفە وەک دایک هەیە، کە ئێمە نەماین (ئەو) هەر هەیە و بۆ ئەوانی دیکە دایکایەتی دەکات.
فەلسەفە دایکم بوو. گەر بشخوازین ئەم دایکە نەک هەر بۆ (من) بۆ هەمووان دایکە(دایکبوو)؛ دایکی وا دەگمەن و ناوازە کەم کەس هەیەتی. فەلسەفە وەک دایک ئەو جۆرە دایکەیە، کە هەردەم و لە گشت جێگایەک پشتی پێدەبەسترێت. ئەوجار فەلسەفە، کە دەبێتە دایکمان چاوەڕوانیی زۆری لە ئێمە هەیە؛ لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتیش بۆ سەوزبوونی چاوەڕوانییەکان بژاردەیەکی زۆرمان دەخاتەبەردەست.
ئەوینی دایک بۆ ڕۆڵەکەی هیچکات جێگای لەقنابێت. بەس ئەو ئەوینەی فەلسەفە وەک دایک بۆ ئێمەی مرۆڤ هەیەتی ئەوینێکی جودایە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی لەناو پەیڤی فەلسەفەدا ئەوین خۆی مەڵاسداوە(فەلسەفە واتە ئەوین، یان فیلۆ بۆ دانایی، سۆفیا). کە فەلسەفە دەبێتە دایک، ئەوە سەرەتای بیرکردنەوەیەکی سەرنجڕاکێشە. چونکە مرۆڤەکان هەر هەموو پێیانوایە هەریەکەیان دایکێکی خۆیانیان هەیە؛ دایکێکی بایۆلۆژی دیار. قسەکە لێرە لەو جۆرە دایکە نییە، لەبەرئەوەی فەلسەفە جۆرێکی دیکەیە لە دایک؛ دایکێکی بێوەی، خۆنەویست و پتر لە دایکێکی ڕاستەقینە دایک ترە، فەلسەفە ئەو دایکە نییە تەنها خەمی مناڵەکانی خۆیبێت و بەس.
دایکایەتیەکەی فەلسەفە لەوێشەوە دەستپێدەکات،کە سەرساماندەکات بەخۆی؛دوای ئەو سەرسامییە کتوپڕ داگیرماندەکات. ئەڵبەتە لەناو دایکایەتی فەلسەفەدا دیلبوونێک بوونی هەیە. ئەمە تەنها بۆ ئەوانە دەرئەنجامە، کە لەو دایکایەتییە تێدەگەن. ئێمە لێرە قسەمان لەوانە نییە فەلسەفە وەک دایک نابیین و خۆشبەختیش نیین دایکێکی وەک فەلسەفەیان هەبێت.
ئازار، دڵەڕاوکێ و نائومێدی بەهۆی فەلسەفەوە، وەک دایک، دەگۆڕدرێن بەرەو شتی دیکە. دایکایەتیەکەی فەلسەفە لێرەوە دەستپێدەکات. هەوڵی ئەم دایکە بۆ ڕاهێنانمان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی، زاڵبوون بەسەر وڕێنە و شکستیی ئامانجە جوانەکەی فەلسەفەیە وەک دایک. بۆیە، کە دەپرسین: کۆتا ئامانجی فەلسەفە چییە؟ دەکرێت بێ دوو دڵی بڵێین: ئەوەیە، کە ئێمە بە دانایی بگەیێنێت. دایکێک، کە ئەوە بکات پتر لە دایکی بایۆلۆجی دایک ترە.
ئاشکرایە، کە فەلسەفەکردن بریتییە لە بیرکردنەوە. بەری ئەم بیرکردنەوەیە هەر بۆ خۆت نییە؛ هەر بۆ ئەو کەسە نییە لە فەلسەفەدا دایکێک دەبینێتەوە. وەکیتر بابڵێین، کە فەلسەفە ئەندێشەی کەسێکە، ئەم کەسە عەقڵ دەخاتەگەڕ تا بفەلسەفێنێت. بۆ فەلسەفە عەقڵ پێویستیە و پێشمەرجیشە. بەس ئەمە مانای ئەوە نییە، کە گشت عەقڵدارێک (مرۆڤێک کە عەقڵی هەیە) دەکارێت بفەلسەفێنێت؛ هەر لەڕێگای ئەم عەقڵەشەوە دەزانێت بەختەوەریی، باشە، نەگبەتیی چییە. گشت ئەوانەش،کە خاوەنی عەقڵن وەک فەیلەسوف لە چاکە و خراپە، داد و بێدادی، مرۆییبوون و نامرۆییبوون حاڵی نیین.
سەرباری ئەوەی گووترا، فەلسەفە دایکە، دایکێکی میهرەبان؛ دایکێک کە شتمان فێردەکات. ئەم دایکە عەقڵێک دەیجوڵێنێت. گشت جوڵەکانی دایکی وا سەرچاوە لە ئاگاییەوە وەردەگرێت؛ دایک، کە فەلسەفە بوو دەرگا لە گفتوگۆ، فێربووندەکاتەوە. دەسەڵاتی دایک لەم دۆخە دەسەڵاتێکی دایکسالاری نییە. فەلسەفە وەک دایک مێشک فراواندەکات. زۆربەی سوچەکانی مێشک بە گومان و پرسیار و ڕەخنەسازیی داگیردەکات. بۆیە دەنگی فەلسەفە لەناو مێشکا دەنگی دایکە.
فەلسەفە دایکم بوو، دایکە فرەباشەکەم. دایکێکبوو هەرگیز لە دایکایەتی شەکەتنەدەبوو. دایک لە جۆری فەلسەفە هەموو کەس پێویستییەتی، وەلی هەموو کەس نییەتی. ئەمە لەسەر ئەوەش وەستاوە چەند (ئەو) وەک دایکدەبینیت، چی لەو دایکایەتییە داوادەکەیت. کەواتە، فەلسەفە دایکێکە ئازادیی و بەختەوەریی ئێمەی دەوێت. هانماندەدات بەدوای ڕاستییدا وێڵبین، لە کۆنیشەوە ئەم دایکە هەوڵی ڕۆشنکردنەوەی پرسیارە گەورەکانی ژیانی مناڵەکانیداوە.
فەلسەفە کە دەبێتە دایک، پەیوەندیەکەی بە خاکەوە بەهێزدەبێت. لە گشت خاکێکیشدا فەیلەسوفەکان بە مەبەستی پێشخستنی بیری مرۆڤەکان هەنگاوی چاکیانناوە. ئەمە بەو مانایە نایەت ،کە””فەلسەفە تەنها مەشقێکی ئەکادیمی بێت. نەخێر وانییە، بەڵکو “هونەری ژیان”ێکی پراکتیکییە بە ئامانجی گەیشتن بە دانایی””. بۆیە نە چەپاندنی عەقڵ کاری فەلسەفەیە، نە پاشەکشەی هزریی خەونەکەیەتی. پڕۆژەی ڕێنێسانسیش، کە لەناو فەلسەفەدا بوونیادنراوە، ئەمە لە ڕێنێسانسی خودی تاکەوە دەستپێدەکات بەرەو دەرەوەی ئەم خودە.
هاوکات فەلسەفە وەک دایک سنوور بۆ فەشەلی هزریی دادەنێت، کە فەلسەفە سەروەربوو بانگەشەبۆ ریفۆرم کاری بەردەوامیەتی و شتی گەورەشی لێوەبەردێت. ئەمەش کاتێک دێتەدی، کە فەلسەفە دیدی ڕەخنەیی قوڵدەکات. بەواتایەکی دیکە، ڕێگای جیاواز بۆ بەدواداچوونەکانی فەلسەفە بوونی هەیە؛ بۆبەدواچوون بۆئەوەی فەلسەفە چیمان دەداتێ، چیمانبەسەردێنێت. هەر بەهۆی فەلسەفەشەوە دەتوانیین چێژ لە فێربوونی ئەو ئەگەرە بێکۆتایانە وەرگرین کە فەیلەسوفەکان بیریان لێکردۆتەوە .

سەرنج: فەلسەفە لە زۆربەی زمانەکانی بێگانە مێیە. مێبوونی وشەی فەلسەفە ئەوەمان پێدەبەخشێت نازناوی دایکیشی بدەینەپاڵ. بۆنموونە لە زمانی فەڕەنسیی دەگووترێت La philosophie، لە ڕووسی Философия، لە عەرەبی فلسفة، لە ئیتاڵی La filosofia، لە ئیسپانیla filosofía ، لە ئەڵمانیدا die Philosophie،لە پورتوگالی a filosofia، لەو زمانانە لا La ئامرازی ناساندنی ناوی مێیە. کەچی لە هەندێک زمانی دیکە فەلسەفە جێندەر(ڕەگەزی) نییە، بێ لایەنە، نە مێیە نە نێر ،وەک: فارسی کوردی سۆرانی، تورکی، ئینگلیزی…. .

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




گوزەرێك بە نێو دووتوێی كتێبی: (بەختی ڕەش یا كۆمەڵی چەوت)ی (نەژاد عزیز سورمێ).. پارێزه‌ر كرێكار عبدالله خۆشناو

ئەم كتێبە بە سەنگ سووك بە قەبارە بچووكه‌ی‌ نووسه‌ر رێك پێچەوانەی ناوەرۆكەكەیەتی چونكە بارتەقای شاخەكانی كوردستان مانای لەخۆ گرتووە و سەنگی لە سەنگی شاخ كەمتر نیە و قەبارەكەشی لە دیدی مندا گەلێك مەزنترە!، چونكە نووسەر لەجیاتی هەموو ئەوانەی رۆژگارێك بەشداربوونه‌‌ لە شۆڕشی رزگاری نەتەوەیی هه‌روه‌ها لەگەڵ هەموو ئەوانەی هیوایان بەم شۆڕشە هەڵچنی بوو لە شارەكانی كوردستان و دەرەوەی سنووریش زۆر به‌جوانی و ڕاستگۆیی وێنای كردوون.
ئه‌م كتێبه‌ پڕاوپڕه‌ لە هەستی ناسك و ڕەوانبێژی لە لایەك و په‌رده‌ هه‌ڵمالین و خستنەرووی راستیەكان وەك خۆی ئەگەر تاڵیش بن له‌لایه‌كه‌ی تر و ‌گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربرده‌ی ‌ ‌به‌شێكی شاراوه‌یه‌ له‌مێژووی دانه‌بڕاوی نه‌ته‌وه‌كه‌مان.
سەرەتا، نووسەر لە هەڵبژاردنی ناونیشانی سه‌ره‌كی و ناونیشان لاوه‌كی زۆر سەركەوتوو بووە و لە دێڕی (بەختی ڕەش یا كۆمەڵی چەوت) لە لاپەڕە 161 ئاماژە بۆ ئەوە ده‌كات ناونیشانه‌كه‌، ناونیشانی یاداشتەكانی باوكی بەرێزیان بووە كە زیاتر لە 900 لاپەڕەی لەخۆگرتبوو بەڵام ئەفسوس نەكەوتە بەردیدەی خوێنەران و به‌هۆی بۆمبابارانی ماڵیان له‌گه‌ڵاڵه‌ تیاچووه،‌ كه‌ مێژوویه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێـته‌وه‌ بۆ ساڵی 1974 ، بێ ئەسەرنییه‌ نووسه‌ر له‌ دوای نزیكی پەنجا ساڵ هەمان ناونیشان بۆ ئه‌م كتێبه‌ی هەڵدەبژێرێت، ئەمەش گەواهی ئەو ڕاستیەیه‌ كە میللەتەكەمان یا ئەوەتا بەختی سیاهە، یان كۆمەڵگاكەمان راستەڕێ ناڕوات، هەڵبەتە ئەم ناونیشانە خۆی لە خۆیدا هەڵگری پەیامێكی هزری مێژوویی سایكۆلۆژی یە رووبەرووی هەموو تاكێكی كورد دەبێتەوە و ده‌رهاوێشته‌ی مێژووه‌، لێره‌دا پرسیارێك سه‌رهه‌ڵده‌دات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌و ناونیشانه‌ی لێرەدا دووبارە بۆتەوە دوای (50) ساڵ ئایا هەمان ده‌رئه‌نجامی پێشوو و پێشووتری ده‌بێت؟ یان نا؟
له‌ وەڵامی ئەم پرسیارەدا، نووسەر زۆر بەڕاشكاوی و بەئەسپایی لە وێنه‌ی بەرگی پێشەوەدا وەڵامه‌كه‌ی به‌خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت ئەویش له‌ڕێگای ئه‌و كۆلاژەیە كە بەرگی كتێبەكەی پێ ڕازاندۆتەوە!. چاوی نووسەر لە كۆلاژەكاندا هەمیشە ئامادەیی هه‌بووه‌، ئەوەش دەربڕی زادەی تێگەیشتنی نووسەر ده‌گه‌یه‌نێت چونكه‌ وەڵامی ناونیشانه‌ سەرەكییه‌كه‌ بە كۆلاژێك دەداتەوە ، به‌قسه‌ نا به‌ڵام به‌ئاماژه‌ پێمان ده‌ڵێت: بەختی كۆمه‌ڵگا لە سێ گۆشەیەكدا تەنراوە بە رەش و سپی، ئه‌مه‌شیان ئاماژەیە بۆ میلله‌تێك كە ساڵەهای ساڵە لە شاخەكاندا داكۆكی لە مافی سه‌ربه‌خۆبون ده‌كات به‌ڵام قه‌تیسماو له‌چوارچێوه‌ی شاخێكدا لە سەرووی ئه‌مانیشەوە دەستێك هەیە كە یاری بە شاخ و سومبلی تاكی كورد ده‌كات و نایه‌ڵێت له‌م سنوره‌ قه‌تیسماوه‌‌دا په‌ل بۆ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌كان بهاوێژێت و كێشه‌ی كورد له‌چه‌ق به‌ستوویی ڕزگار بكات.

ناونیشانی لاوەكی سێیەم بریتییە لە (رۆژگارەكانی دوای كۆربوونەوەی ئاگردانێكی دی)یە:
ئاگردان و كۆربوونه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ بە ژیانی ڕەوەندی نەوەك ژیانی ژیاری، ئەوەی شارەزا بێت لەم بوارەدا لەكاتی گواستنەوەیان لە شوێنێكەوە بۆ شوینێكی تر به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان بەدوای بژوێنێكی تر رەوەنده‌كان زۆر بەئاسانی و به‌ساده‌یی ئاگردان كۆردەكەنەوە و لەو شوێنە تازەیەی كه‌ خێڵه‌كان بۆی دەچن دوای رەشماڵ هەڵدان لە زۆم و هۆبە یەكسەر ئاگردانێكی تر دروست دەكەن. لێرەدا ئاگردان بە مانای (ژیان)یش دێت بۆ یەك خێزان له‌خێڵدا. چونكه‌ خێزان بێ ئاگردان نابێت. نووسەر لێرەدا مەبەستیەتی پەیامێك به‌خوێنه‌ر بدات: سه‌ڕه‌رای باڵه‌خانه‌ی به‌رزو ئۆتۆمبیلی گرانبه‌ها كه‌ ده‌ربڕی شارستانیه‌ته‌! به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆكدا، له‌هزردا، له‌چوار چێوه‌ی بونیاتی عه‌قڵی خێڵه‌كی ده‌رنه‌چووین و قه‌تیس ماوین!.
ئه‌وه‌تا ؛ تا ئێستاش به‌شێكی زۆر له‌ نووسەرە بیانییەكان لە زۆربەی كتێبەكانیان لەسەر كورد نووسیوویانە لەم ناوچەیەدا كه‌ مه‌به‌ستی كوردستانه‌ یەكێتی هۆزەكانی كورد دەژین نەوەك بڵێن نه‌ته‌وه‌ی كوردا!!! (Nation) بێگومان هه‌ڵبژاردنی ئه‌م چه‌مكه‌ له‌خۆڕانییه‌!.
ئا لێرەدا نووسەر بە دیوێكی تر ئەم بابەتە وەبیر هەموو كورد دەهێنێتەوەو پێمان ده‌ڵێت: كە ئاگردان و شاخ راستە لە قۆناغی گوزەری كۆمەڵایەتیدا بۆ كورد پێویست و په‌یوه‌ست بووە، بەڵام لە سه‌رده‌می ئێستاماندا ئاگردان لەگەڵ گۆڕانكاریه‌كانی جیهان و تەكنەلۆژیا و شارنشین بوون، ناگونجێت و ده‌بێت گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت، بۆیه‌ پێویستە چیتر تاكی كورد، خێزانی كورد، ڕوویان له‌ئاگردان نه‌بێت به‌ڵكو پێویسته‌ ناندین بونیات بنێت به‌مانا فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی!. ، چونكه‌ تا كورد ناندینی نەبێت و واز لە ئاگردان نەهێنێت بزووتنەوەی ژیاری دەست پێناكات لەمەشیان چاوی نووسەر لە بەرگی كتێبەكەدا زۆر به‌دیقەت وه‌ك هه‌ڵۆ چۆن سه‌یری نێچیری ده‌كات پێمان ده‌ڵێت: ئەوانەی یاری (قومار) بە شاخ و جامانەی كورد دەكەن هەمیشە لە هەوڵدان بۆ زیندووكردنەوەی هزری (ئاگردان و خێڵ و هۆز و تەكیە و خانەقا) تەنانەت لە شارە هەرە پێشكەوتووەكانی هەرێمی كوردستاندا. كه‌ ئێستا به‌ڕوونی به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێت بەداخەوه‌ له‌مه‌ش زیاتر، بگره‌‌ بۆتە دیاردە. مخابن!، دەبووایە تا ئێستا ئێمە بۆ جیهان بمان سەلماندبووایە كە بنه‌ماكانی میلله‌تێكی سه‌ربه‌خۆمان هه‌یه‌ نه‌وه‌ك یەكێتی هۆزەكانی كورد!. به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی گه‌لێك له‌ نووسه‌ره‌ بیانیه‌كان كه‌ نووسیه‌كانیان له‌ناوه‌نده‌ كاریگه‌ره‌كانی سیاسه‌تی جیهان به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێن.
مێژوو پێمان دەڵێت تا كورد وه‌ك (نەتەوە) لە دیدی وڵاتانی زلهێزەوە خۆی نمایش نه‌كات ناتوانێت قه‌ناعه‌ت به‌ده‌وروبه‌ر بهێنێت كه‌ ئه‌و ناندینه‌ی هه‌یه‌تی ئاگردان نییه‌!.
له‌نێو سۆما چاوه‌كانی سەر بەرگی كتێبەكەدا نووسه‌ر زۆر بە تیژی دەڕوانێت و پێمان دەڵێت كورد دەمێكە دەبوایە (شاخ و دەوار هۆبه‌و زووم)ی هه‌ر به‌ته‌نها تاكه‌ هاوڕێی خۆی نەزانیبوایە! بەڵام دیاره‌ قەدەر وایە ئەوەتا زینەفون یان زەیزەفون لە دەوروبەری ساڵی 333ی پێش زایین له‌كاتێكدا ڕوو له‌ ناوچەكانی كوردنشین ده‌كات له‌نامه‌یه‌كدا بۆ ئەلكسەندەری مەكدۆنی دەنووسێت: قەومێك لێرە دەژین پێیان دەڵێن كارەكاس یان كاردۆس كە (مەبەست لێی كورد بووە هەروەك مێژوونووسان خوێندنەوەیان بۆ كردووە)، پێشنیار بۆ ئەلكەسەندەر دەكات كە لە شەڕەكاندا ئەگەر بەم ناوچانه‌دا گوزەر بكات بەكاریان بهێنێت چونكە (شەڕكەری ئازان).
داخەكەم چەند ساڵێك پێش ئێستا كاتێك (ترمپ) سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكان ئەمریكا دوو سەركردەی كوردی بینی یەكسەر ووتی (Good Fighter) واتە شەڕكەری باشن (ئازان). دیاره‌ دیدگای بیانییەكان تا ئێستاش هه‌ر به‌چاوی زه‌یزه‌فون سه‌یری كورد ده‌كه‌ن!. و دیدو بۆچونیان نه‌گۆڕاوه‌! یان ئه‌وه‌تا له‌ به‌ختی ڕه‌شی ئێمه‌یه‌ نه‌مانتوانیوه‌ جگه‌ له‌م سیفه‌ته‌ جه‌سته‌یی یه‌، لێهاتوویی هزری تاكی كوردیان پیشان بده‌ین! بەداخەوە دەیڵێم نەمانتوانی لەبەر هەر هۆكارێك بێت وەك پێویست خۆمان به‌نه‌ته‌وه‌ نیشان بدەین زیاتر وەك له‌وه‌ی (یه‌كێتی هۆز و عەشیرەت و حزب و گروپ) ! ئا لێرەدا دەستە دیارەكە بە سەر مانەوە وەك یاری قومار یاری به‌چاره‌نووسمان ده‌كات و هه‌ر رۆژه‌ی بگره‌ ترسێك نیشانی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌دات كه‌ هه‌ڵچێنیووی نه‌یارانی ئه‌م هه‌رێمه‌ن وناحه‌زانی ئه‌م میلله‌ته‌ن!.
لەسەر ناوەرۆكی ئەم (ڕۆمانه‌)! ناوازەیە كە دەتوانم بڵێم هەر لاپەڕەیەك چیرۆكێكی ناخ هەژێنە بۆ خۆی و دەتوانرێت گەر شی بكرێتەوە هەزاران لاپەڕە لەسەری بنووسرێت. بەڵام سوپاس بۆ نووسەر كە توانیوویەتی مێژوویەك لە دەردەسەری و نەهامەتی گەلەكەمان بەم شێوازە جوانە وه‌ك‌ عه‌ره‌ب ده‌ڵێت: (السهل الممتنع والسرد السلسل) تۆمار بكات.
لە راستی دا ئەم كتێبە لە هەر وڵاتێكی تر بووایە دەكرا بە سیناریۆ چەندین سیناریست دەورەیان لە نووسەر دەدا بۆ ئه‌وه‌ی رێگایان پێ بدات بیكه‌ن بە بابەتی فیلمێك یان زنجیرە درامایەك كە هیچی كەمتر نییە، له‌زنجیره‌ دراما باوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ نموونە لە زنجیرە درامای عەرەبی (التغریبة الفلسطینیة)! دیسانەوە لێرەوە دەڵێم بەداخەوە كورد وه‌ك پێویست رێز لە مێژووی خۆی ناگرێت ئەگینا دەبوایە خەمخۆرانی مێژووی كورد ئەم دەرفەتەیان بە هەل زانیبووایە و بیان كردبووایە بەرهەمێكی هونەری گەورە هه‌م له‌‌ ئاست گەورەیی نه‌ته‌وه‌ی كورد و هه‌م لە ئاست چیرۆكی ناخ هه‌ژێنهی كارەساتی داڕمانی یه‌كێكی دیكه‌ له‌ شۆڕشه‌كانی دیكه‌ی نەتەوەكەمان، له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌دا خوێنەر دەچێتە ناو دونیایەكی تر، دونیایەك پڕ لە ئازار و مەینەتی كە پێویستە هەموو تاكێكی كورد هەڵوەستەی لەسەر بكات و لە بیری نەكات و واباشه‌ نەوە دوای نەوە وه‌بیر كوڕ و كچانی ئەم میللەتە خێر لە خۆ نەدیووە بهێنرێتەوە، ئه‌مه ‌له‌لایه‌ك و لەلایەكی تر خوێنەر دەچێتە بیركردنه‌وه‌ له‌ ژیانی پڕ لە ئێش و ئازار و خەفەت بۆ ئێستا و داهاتوومان به‌هۆكاری زیادبوونی ترس له‌سه‌ر داهاتووی میلله‌ته‌كه‌مان و وڵاته‌كه‌مان ترسی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ نەخوازیا رۆژێك دابێت ئەم ئازادیەی كە ئەمرۆ لە كوردستانی باشور بە دەست هاتووە لە دەستمان بچـێت و خوانه‌ خواسته‌ ئه‌م ئاگردانه‌شمان كۆرببێته‌وه‌!، چونكه‌ هه‌موومان ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین: ئەم هەرێمە تەنها به‌شان و باڵی چەند كەس وحزب و لایەنێك دروست نه‌بووه‌!، بەڵكو ئەم هەرێمە زادەی خوێنی هەزاران شەهید و دەربەدەری هەزارانی دیكە و سەرگەردانی هەزارانی تر لە رێگای رزگاری خوازی نەتەوەییدا كه‌ خۆیان كردۆتە سەرە ڕم و له‌پێناو ئازادی وڵات خه‌باتی نه‌پساوه‌یان كردوه‌و بە ناخی پڕ كەسەرەوە سه‌ریان ناوه‌ته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ئەم ئازادیە ببینن!. له‌لایه‌كی دیكه‌‌، ئەم كتێبە لایەنێكی شاراوەشی تیایە ئەویش ئه‌وه‌یه‌ چەندە پەناهەندەیی لە خوارەوەی عێراق ئازار بەخش بووه‌ بۆ گوێزراوەكان له‌به‌رامبه‌ریشدا سەدان جار بارتەقای ئەوانیش ئازار بەخش و جەرگ بڕ بوون بۆ كەسوكاریان ئه‌وانه‌ی لە كوردستان مابوونەوە ئەمەشیان ئه‌گه‌ر له‌م دیدگایه‌وه‌ سەیر بكرێت چیرۆكێكی ناوازه‌ی لێ دروست دەكرێت كە لێوان لێو ده‌بێت لە ئازاری ئافرەت و مناڵی كورد بە دەست ئەو دەستە نادیارانه‌، كە یاریان بە چارەنووسی میللەتەكەمان كردوه‌و ده‌كه‌ن.! ئه‌و ده‌سته‌ی كه‌ له‌به‌رگی كتێبه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌!.
كاتێك ئەم كتێبە دەخوێنیته‌وه‌ لەگەڵ یەكەم رستەدا ناتوانیت وازی لێ بهێنیت تا هەمووی تەواو نەكەیت! بەڵام لێرەدا نووسەر وەك نموونەی كەسی خۆڕاگر و قارەمان و رۆشنبیر ئەوە نیشان دەدات كە لە هەموو بارە سەختەكانی ژیان كە تەنگیان پێ هەڵچنیووه‌ وازی لە خوێندنەوە نەهێناوە. لە رووی كەسایەتەیەوە دیاره‌ زادەی پەروەردەی دروستی خێزانەكەشی بووه‌ لەكاتێكدا نووسه‌ر زۆر پێویستی به‌هاوكاری بۆ پەیداكردن بژێوی ژیانی هەبووە یارمەتی نووسەرێكی گەورەی كورد مامۆستا (مسعود محمد) رەتكردۆتەوە، ئەمەشیان نموونەی خۆڕاگری و جوامێری نووسەر نیشان دەدات، وەك خۆی دەڵێت بە نان و پیاز و هێلكەیەك هێزی داوەتە بەرخۆ بۆ ئه‌وه‌ی ئەم زاتەی لێ دەرچێت كە ئەمرۆ ئێمە لە خزمەت نووسنیەكانیدا بین جا چ بە كتێب، شیعریان، وەرگیران هتد بێت. بۆیە نووسه‌ر پێمان ده‌ڵێت: (بۆ ئەوەی كە لێشمان دەقەومێ هەمیشە كارەسات و نووشوشتیەكان بە جل ئاوێزی خەڵكی ترەوە هەڵنه‌واسین!) وە (نەخۆشی (دەردە كورد) و یەكتر تاوانبار كردن هەمیشە دووبارە و سه‌د بارە نه‌بێته‌وه‌) هیوادارم ئەم ده‌ربڕینه‌ ببێـه‌ پەند بۆ هه‌موومان و له‌به‌رچاومان بێت هەمیشە بە تایبەت سه‌ركردایه‌تی به‌رێزی میلله‌ته‌كه‌مان.
بۆیه‌ لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم كه‌ بڵێین: تكایە تا كار لە كار نەترازاوە، تا دەرفەت نه‌ده‌ین به‌ده‌ست ناحه‌زو دوژمنانی میلله‌ته‌كه‌مان با هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ین واز له‌ دووبه‌ركی و ناحه‌زی نێوان خۆمان بهێنین و هه‌وڵ بده‌ین بۆ نه‌وه‌كانی ئاینده‌مان داهاتوویه‌ك فه‌راهه‌م بكه‌ین ، كه‌ دووره‌ په‌رێز بن له‌چاوچنۆكی دووژمنان وله‌لایه‌كی دیكه‌ ژیانێكی ‌ئاسووده‌ و خۆشگوزه‌رانییان بۆ مسۆگه‌ر بكه‌ین گومانی تیا نییه‌ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌یه‌كگرتوویی و پلانسازی و به‌رنامه‌سازی هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی ئه‌م میلله‌ته‌ به‌بێ جیاوازی له‌ره‌نگ و بۆچون و ئایدیۆلۆژیه‌كان.

پارێزه‌ر كرێكار عبدالله خۆشناو




ئایا پارتە کۆمۆنیستەکان فەلسەفەی مارکسیان کوشت؟.. نووسینی: زەکەریا نمر.. و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

لەگەڵ تێپەڕبوونی ١٠٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا، چیتر پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوە نییە کە ئایا کۆمۆنیزم سەرکەوت یان شکستی هێنا؟ چونکە ئەمە پرسیارێکە زیاتر سەر بە لۆژیکی سەرکەوتن و شکستهێنانە نەک مەعریفە. بەڵکو ئەو پرسیارەی شایەنی وروژاندنە ئەوەیە کە چۆن چین توانی لە دەوڵەتێکی وێرانبوو بەهۆی جەنگ وهەژاری و برسیێتییەوە، بگۆڕێت بۆ یەکێک لە گەورەترین هێزە ئابوورییەکانی جیهان لەژێر سەرکردایەتی پارتێکدا کە ئاڵای کۆمۆنیزمی بەرز کردووەتەوە، لە کاتێکدا زۆرێک لە ئەزموونە کۆمۆنیستییەکانی تر کۆتاییان بە هەرەسهێنان هات، یان کاریگەرییە سیاسییەکانیان لەدەستدا، یان گۆڕان
بۆ پارتگەلێک کە زیاتر لەسەر شکۆمەندی ڕابردوو دەژین نەک دروستکردنی داهاتوو؟
ئەم پرسیارە نە بەدوای پیاهەڵدانی چیندا دەگەڕێت و نە بەدوای ئیدانەکردنی
کۆمۆنیزمدا، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی نێوان فیکر و واقیع، نێوان ئایدۆلۆژیا و دەوڵەت، و نێوان دەق و مێژوو. مێژوو پاداشتی بیرۆکەکان ناداتەوە لەبەر ئەوەی جوانن، و سزایان نادات لەبەر ئەوەی ناشیرینن، بەڵکو تاقیكردنەوەیان بۆ دەكات لەسەر توانای گونجانیان لەگەڵ واقیع و بەرهەمهێنانی دامەزراوەی کارامە.
دەوترێت چین سەرکەوت چونکە کۆمۆنیزمی بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ کرد، لە کاتێکدا ئەوانی تر شکستیان هێنا چونکە خراپ جێبەجێیان کرد. بەڵام ئەم وەڵامە خۆی ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتێکی ئایدۆلۆژییە؛ چونکە لە بنەڕەتەوە وای دادەنێت کە تیۆرییەکە بێ کەموکوڕییە و هەڵەکە تەنها لە مرۆڤەکاندایە. لێرەوە کێشەکە دەست پێدەکات، چونکە
ئەو فیکرەی عاجزە لە لێپرسینەوە لە خۆی، لە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە واقیعەوە
دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ واقیع. فەلسەفە لە گومانەوە دەست پێدەکات، بەڵام ئایدۆلۆژیا لە دڵنیاییەوە. فەلسەفە دەپرسێت: بۆچی؟ چۆن؟ ئایا دەکرێت ئێمە هەڵە بین؟ بەڵام ئایدۆلۆژیا دەپرسێت: چۆن بیسەلمێنین ئەوەی باوەڕمان پێیەتی ڕاستە؟ بۆیە جیاوازی نێوان فەیلەسوف و تێکۆشەرێکی ئایدۆلۆژی لە زیرەکیدا نییە، بەڵکو لە هەڵوێستیاندایە بەرانبەر بە ڕاستی. فەیلەسوف بەدوایدا دەگەڕێت، بەڵام ئایدۆلۆژی وا دەزانێت خاوەنیەتی. هەموو ئایدۆلۆژیایەک دژبە یەکییەکی مەترسیداری تێدایە. سەرەتا وەک هەوڵێک بۆ ڕاڤەکردنی جیهان دەست پێدەکات، پاشان بە هەوڵدان بۆملکەچکردنی جیهان بۆ ڕاڤەکەی خۆی کۆتایی دێت.کاتێک ئەوە ڕوودەدات، واقیع دەبێتە تۆمەتبار نەک تیۆرییەکە. ئەگەر ئابووری شکستی هێنا، دەوترێت گەل لە پرەنسیپەکان تێنەگەیشتووە. ئەگەر دەوڵەت هەرەسی
هێنا، دەوترێت پیلانگێڕی دەرەکی هۆکارەکەیە. ئەگەر خەڵک ڕاپەڕین، دەوترێت قوربانی پڕوپاگەندەن. بەڵام پێداچوونەوە بە خودی بیرۆکەکە، وەک حەرامکراوێک دەمێنێتەوە. مارکس لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕەخنەیەکی ڕیشەیی لە سەرمایەداری گرت و ئامرازی شیکاریی وای پێشکەش کرد کە تا ئێستاش لە ئابووری و کۆمەڵناسی و سیاسەتدا کاریگەرن. بەڵام مارکس دەستوورێکی ئەبەدی بۆ دەوڵەتان نەنووسی، و بانگەشەی ئەوەی نەکرد کە دەقەکانی کۆتایی مێژوون. پڕۆژەکەی ئەو لە بنەڕەتدا ڕەخنەیی بوو، هەوڵی دەدا واقیع ڕاڤە بکات و شیکاری بکات. بەڵام زۆرێک لە پارتە کۆمۆنیستەکان ئەم پڕۆژەیەیان گۆڕی بۆ سیستەمێکی داخراو؛ مارکسیزم لەمیتۆدێکی ڕەخنەییەوە بوو بە عەقیدەیەکی سیاسی، و لە ئامرازێکی گۆڕانکارییەوە بوو بە دەقگەلێک کە هەموو شتێک ڕاڤە دەکەن و ڕێگە بە کەس نادەن ڕاڤەیان بکات.مارکس خۆی شۆڕشگێڕ بوو دژی بنەماچەسپاوەکان، لە کاتێکدا لای هەندێک لەشوێنکەوتووانی بوو بە بنەمایەکی چەسپاو کە بۆت نییە لێی نزیک بیتەوە. ئەو پیاوەی داوای ڕەخنەگرتنی لە کۆمەڵگا دەکرد، لای هەندێکیان بوو بە کەسێک کە لە سەرووی ڕەخنەوەیە. بەم شێوەیە فەلسەفە گۆڕا بۆ ئۆرسۆدۆکسییەکی سیاسی، بیرکردنەوە گۆڕا بۆدووبارەکردنەوە، و داهێنانیش گۆڕا بۆ لەبەرکردنی دەقەکان. پۆپەر ئاگاداری کردینەوە لە مەترسی ئەو تیۆریانەی بانگەشەی خاوەندارێتی یاساکانی
مێژوو دەکەن، چونکە ئەوەی پێی وایە داهاتوو دەزانێت، ڕەنگە هەر هۆکارێک بۆ گەیشتن پێی ڕەوا بکات. کاتێک پارتێک قەناعەتی وایە نوێنەرایەتی حەتمییەتی مێژوو دەکات، بۆی ئاسان دەبێت کە ئۆپۆزسیۆن پەراوێز بخات، چاکسازی دوابخات و ستەمکاری بەناوی ئامانجە
گەورەکەوە پاساو بدات. بەڵام هەڵەیەکی گەورە دەبێت ئەگەر ئەزموونی چین وەک بەڵگەی سەرکەوتنی کۆمۆنیزم وەک
تیۆری دابنێین. چین بە دیلی جێبەجێکردنی حەرفی مارکسیزمی کلاسیک نەمایەوە، بەڵکو جارێکی تر ڕاڤەی کردەوە بە شێوەیەک کە لەگەڵ مێژوو، کولتوور و پێکهاتە ئابوورییەکەیدا بگونجێت. ئابووری بازاڕی قبوڵ کرد، هانی وەبەرهێنانی تایبەتی دا، سوودی لە جیهانگیری وەرگرت، و گرەوی لەسەر پەروەردە و توێژینەوەی زانستی و
تەکنەلۆژیا کرد، و شەرعییەتی پارتەکەی بەستەوە بە توانای باشکردنی ئاستی بژێوی وبەدیهێنانی گەشەپێدان. لێرەدا پرسیارێکی ڕەوا سەرهەڵدەدات: ئایا کۆمۆنیزم لە چین
سەرکەوت، یان پراگماتیزم (کردارگەرایی) بەسەر چەقبەستوویی ئایدۆلۆژیدا سەرکەوت؟ ئەزموونی چین دەری دەخات کە دەوڵەت لەسەر دروشم ناژی، بەڵکو لەسەر توانای فێربوون دەژی. چین زۆرجار سیاسەتە ئابوورییەکانی گۆڕی کاتێک بۆی دەرکەوت هەندێک بژاردە چیتر گونجاو نین. پاشەکشە لە سیاسەتێکی دیاریکراوی بە خیانەت لە عەقیدە دانەنا، بەڵکو وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێداویستییەکانی واقیع سەیری کرد. ئەم نەرمییە ڕەنگە یەکێک
بێت لە گرنگترین هۆکارەکانی سەرکەوتنی.
زۆرێک لە پارتە کۆمۆنیستەکان پێداگرییان دەکرد لەسەر ئەوەی دڵسۆزی دەق بن زیاتر لە دڵسۆزییان بۆ کۆمەڵگا. خەریکی بەرگریکردن بوون لە پاکژیی بیرۆکەکە، لە کاتێکدا دەوڵەت دادەرزا، ئابووری لاواز دەبوو، پەروەردە پاشەکشەی دەکرد و گەنجە لێهاتووەکان کۆچیان دەکرد. کۆنگرە حزبییەکان گۆڕان بۆ گۆڕەپانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان گوتار، نەک پێداچوونەوە بە سیاسەتەکان یان ڕەخنەگرتن لە هەڵەکان. لە زۆرێک لە ئەزموونە ئەفریقی و عەرەبییەکاندا، کێشەکە تەنها لە مارکسیزمدا نەبوو،
بەڵکو لەو ژینگەیەشدا بوو کە پارتەکان تێیدا کاریان دەکرد. لە ناو دەوڵەتە
لاوازەکاندا گەورە بوون، کە بەدەست دابەشبوونی خێڵەکی و تائیفی و لاوازی
دامەزراوەکان و قەیرانی ناسنامەوە دەیانناڵاند. لە ژینگەیەکی ئاوادا، زەحمەتە هەر پڕۆژەیەکی سیاسی سەرکەوتوو بێت ئەگەر پێش بونیادنانی ئایدۆلۆژیا، دەست بە
بونیادنانی دەوڵەت نەکات. بەڵام خستنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی تەنها بۆ ژینگە، جۆرێکی ترە لە ڕاکردن لە ڕەخنە؛ چونکە ژینگەی سەخت قەدەرێک نییە ڕێگری لە سەرکەوتن بکات، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکە بۆ لێهاتوویی سەرکردایەتی. چین خۆشی لە بارودۆخێکی نموونەییدا دەستی پێ نەکرد، بەڵکو لە ناو جەنگی ناوخۆیی و داگیرکاری و هەژارییەکی فراوانەوە هاتە دەرێ. بۆیە جیاوازییەکە تەنها بە بارودۆخەکان ڕاڤە ناکرێت، بەڵکو بە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو بارودۆخانەشە. گرامشی درکی بەوە کردبوو کە دەسەڵات تەنها کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت نییە، بەڵکو بونیادنانی کولتوور و مەعریفە وهۆشیارییە. بۆیە هەر پارتێک پشتگوێی پەروەردە، زانکۆ، توێژینەوەی زانستی و بەرهەمهێنانی کولتووری بدات، شەڕەکەی دەدۆڕێنێت تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیشی بەدەستەوە بێت. هەروەک چۆن ڕوونی کردەوە کە دامەزراوە پەروەردەیی و میدیایی و کولتوورییەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی بیرۆکەکاندا، ئەمەش وادەکات بونیادنانی مرۆڤ گرنگتر بێت لە
بونیادنانی تەنها ڕێکخستن. قەیرانی ڕاستەقینە تەنها قەیرانی چەپ نییە، نە قەیرانی ڕاستڕەو، نە لیبرالیزم یان
ناسیۆنالیزم یان ئیسلامی سیاسی. بەڵکو قەیرانی خودی “عەقڵی ئایدۆلۆژی”یە؛ ئەو
عەقڵەی وا دەزانێت یەک کتێب دەتوانێت ڕاڤەی کۆمەڵگایەکی گۆڕاو بکات، و تیۆرییەک کە لە چوارچێوەیەکی مێژوویی دیاریکراودا لەدایکبووە، بۆ هەموو کات و شوێنێک دەست دەدات بەبێ پێداچوونەوە. ئایدۆلۆژیا کاتێک دەبێتە عەقیدەیەکی داخراو، لە فێربوون پەککەوتە دەبێت. کاتێکیش لە فێربوون پەککەوتە بوو، ناتوانێت سەرکردایەتی دەوڵەت بکات، چونکە دەوڵەت بە “دڵنیایی” بەڕێوە ناچێت، بەڵکو بە پێداچوونەوەی بەردەوام، داننان بە
هەڵەکان، سوودوەرگرتن لە ئەزموون و توانای گۆڕینی سیاسەتەکان بەڕێوە دەچێت.
نەتەوەکان لەبەر ئەوە هەڵناستنەوە چونکە باشترین تیۆرییان هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی
باشترین دامەزراوەیان هەیە.دامەزراوەکانیش بە دڵسۆزی فیکری بونیاد نانرێن، بەڵکو بە کارامەیی، سەروەری یاسا، لێپرسینەوە و بەڕێوەبردنی ژیرانە و وەبەرهێنان لە مرۆڤدا بونیاد دەنرێن. بەڵام ئەو پارتەی سەرکەوتنی خۆی بە ژمارەی ئەو دروشمانە دەپێوێت کە بەرزیان دەکاتەوە، نەک بە ژمارەی ئەو قوتابخانانەی دەیانبینێت، یان ئەو نەخۆشخانانەی پەرەیان پێ دەدات، یان ئەو هەلی کارانەی دەیڕەخسێنێت، ئەوا لەگەڵ کاتدا دەگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی پڕوپاگەندەیی زیاتر وەک لە دامەزراوەیەکی سیاسی. گرنگترین وانەیەک کە چین پێشکەشی دەکات، چ کۆک بین لەگەڵیدا یان نا، ئەوەیە کە بیرۆکەکان شەرعییەتی خۆیان لە جوانییە تیۆرییەکەیانەوە وەرناگرن، بەڵکو لە ئەنجامە کردەییەکانیانەوە وەری دەگرن. سیاسەت تاقیکردنەوەی لەبەرکردنی دەقەکان نییە، بەڵکو هونەری بەڕێوەبردنی واقیعە. واقیعیش دان بە ئایدۆلۆژیاکاندا نانێت، بەڵکو دان بەو کەسەدا دەنێت کە لە تێگەیشتن و مامەڵەکردن لەگەڵیدا سەرکەوتوو دەبێت. گەورەترین هەڵە کە نوخبە سیاسییەکان تێی بکەون، ئەوەیە کە وا بزانن سەرکەوتنی چین ڕەچەتەیەکی ئامادەکراوە و دەکرێت بۆ هەر وڵاتێک بگوازرێتەوە. هەر کۆمەڵگایەک مێژوو،
کولتوور، پێکهاتەی ئابووری و دامەزراوەی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆیە چاوپۆشی و
لاساییکردنەوەی حەرفی چین، ڕەنگە شکستی نوێ بێت، ڕێک وەک چۆن لاساییکردنەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە زۆرێک لە ئەزموونەکاندا شکستی هێنا. ئەوەی داواکراوە کۆپیکردنی ئەزموونەکان نییە، بەڵکو تێگەیشتن لە مەرجەکانی سەرکەوتنیان و خستنە ژێر ڕەخنەوەیە.
ڕەنگە نهێنی چین ئەوە نەبووبێت کە تیۆرییەکی تەواوی دۆزیوەتەوە، بەڵکو ئەوە بووە کە تیۆرییەکەی نەکردووەتە زیندانێک کە ڕێگری لێ بکات لە فێربوون. ڕەنگە هۆکاری شکستی ئەزموونەکانی تریش ئەوە نەبووبێت کە تیۆری هەڵەیان هەبووە، بەڵکو ئەوە بووە کە وەک ڕاستییەکی کۆتایی و بێ پێداچوونەوە مامەڵەیان لەگەڵ تیۆرییەکەدا کردووە. شارستانیەتەکان بە عەقیدەی چەقبەستوو دروست نابن، بەڵکو بەو عەقڵانەی دەوێرن پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن. نەتەوەکان لەبەر ئەوە ناڕووخێن چونکە هەڵەیان کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی پێداگرییان کردووە لە گۆڕینی هەڵە بۆ عەقیدە، گۆڕینی عەقیدە بۆ قەدەر، و گۆڕینی قەدەر بۆ چارەنووسێک کە بۆت نییە بیر لە گۆڕینی بکەیتەوە. ڕاستی نە موڵکی پارتێکە، نە فەیلەسوفێک و نە دەوڵەتێک. ڕاستی پڕۆژەیەکی مرۆیی کراوەیە، بە ڕەخنە زیاتر بەرەو پێش دەچێت وەک لە دڵنیایی، و بە پرسیار زیاتر وەک لە دروشم. ئەمەش، ڕەنگە، گەورەترین دژبەیەک بێت کە مێژووی هەموو ئایدۆلۆژیاکان دەری دەخەن.

نووسینی: زەکەریا نمر




ترەمپ لە چ کۆمۆنیزمێک دەترسێ!.. ئاسۆ کەمال

ترەمپ لە کۆبونەوەیەکی لایەنگرەکانیدا ترسی خۆی لە جۆرێک لە کۆمۆنیزم لە ئەمریکادا نیشان دا کە داوای خانو و ژیانی باشتر بۆ خەڵک دەکەن. وتی ئەگەر من بمەوێ ئەم بەڵینانە بە خەڵک بفرۆشم گەورەترین کۆمۆنیست دەبم، بەڵام ئەمانە ئەمریکا وێران و هەژار دەکا.
ئەم ترسە لە بزوتنەوەی دیموکرات سۆشیالیستەکانی ئەمریکایە کە مەمدانیان کردە پارێزگاری نیۆرک و چەند ئەندام پەرلەمان و پارێزگاری تریان لە شارە گەورەکانی ئەمریکا بەدەست هێناوە. ئەوەی بورژوازیەکی وەک ترەمپ و حکومەتی کۆماریەکان لێی دەترسن ئەو بزوتنەوەیەیە کە لە چینی کرێکار و کەم دەرامەتی ئەمریکاوە دەستی پێکردوە و بەردەوام لە باری سیاسی و ڕێکخراوەیی و جەماوەریەوە گەشەدەکا و لە دەنگدانەکان و هەڵبژاردنەکانیشدا پشتی کۆماریەکان دەشکێنێ.
ترەمپ بەشێکی سەرکەوتنەکانی بە هەڵخەڵەتاندنی چینی کرێکار بەدەست هێناوە بەوەی کار و ئابوری لە ناوخۆی ئەمریکا بەهێزدەکا، بەڵام ئەمڕۆ بە پیچەوانەوە لەسایەی سیاسەت و شەڕەکانی ترەمپەوە گرانی و بێکاری زیاتری ڕوبەڕوی کرێکاران بوەتەوە. لە کاتێکدا تەنیا ترەمپ خۆی لە یەکەم ساڵی سەرۆکایەتیەکەیدا یەک ملیار دۆلار تەنیا لە بازاڕی پارەی دیجیتاڵ قازانجی کردوە و باقی هاوڕێ ملیاردێرەکانی تری خۆی کردۆتە خاوەن ترلیۆن دۆلار و سامانی ئەم ئۆلیگاریشیە پارەدارەی بە هیچ درۆیەک بۆ ناشاردرێتەوە. لەسایەی ئیدارەی ترەمپدا سامانی ١٪ سەرمایەدارەکان بوەتە ٣١.٧ وە ئەو بەشەی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی ئەمریکا کە لە شێوەی کرێ و قەرەبووکردنەوە بۆ کرێکاران تەرخانکراوە، بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی ٧٥ ساڵیدا دابەزیوە.، کە سەرجەمی نیوەی خوارەوەی دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەنی ٢.٥٪ی سامانی ئەمریکان .*١ ئەمە بەشێوە ئابوری پیتی K ناسراوە، واتە فڕینی ئاستی دەوڵەمەندبونی سەرمایەدارەکان و کەوتنە نشێوی کرێی کرێکاران.
هەربۆیە کرێکاران و چینە کەمدەرامەتەکان بە بینینی ئەم ڕاستیانە لە ترەمپ و حزبەکەی دوور دەکەونەوە و ڕوو دەکەنە خەباتی ڕادیکاڵ دژی سیاسەتەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەمریکا.
ئەم خەباتەی کرێکاران دژی کەڵەکەی سەرمایەی بێ شوماری چینی سەرمایەدار و دژی هەژارترکردنی کرێکارانە. ترەمپ ترساوە کە داوای خاونوو و خۆراک و موچەی زیاتر ئەم بەهەشتەی ترەمپ و میلیاردێر و خاوەن ترلیۆن دۆلارەکان وێران دەکا و هەربۆیە تارمایی کۆمۆنیزمی تیا دەبینێ. کۆمۆنیزمێک کە لە خەباتی سەر جادە و کارگە و شوێنە گشتیەکانەوە دەستی پێکردوە و گیانی کردۆتەوە بەبەری یەکیتیە کرێکاریەکان و بزوتنەوەی سیاسی ناو جەماوەری کرێکاران، لە نمونەی دیموکرات سۆشیالیستەکانی ئەمریکا.
ئەمڕۆ ئەم بزوتنەوە جەماوەریە سیاسیە نوێ یەی لە ئەمریکا گەشەدەکا بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەیاییەکانی وەک خانو و کرێ و تەندروستی و پەنابەری لەمەیداندایە، بەڵام مەترسی کۆمۆنیزم بۆسەر دەسەڵاتی ڕەهای بورژوازی ئۆلیگارشی ئەمریکا لەم هێز نمایشکردنە ملیۆنیەیدا و لە هەر سەرکەوتنێکی بچوکدا نیشان دەدا. ئەمە کۆمۆنیزمێکی نوێی زیندوە کە لە خوارەوە بە شێوەیەکی جەماوەری گەشەدەکا و خاوەن پەیامێکی ڕۆشنە کە ئەم سیستەمە چەوسێنەرانەی سەرمایەداری قبوڵ ناکا.

ئاسۆ کەمال

https://www.cnbc.com/2026/01/30/wealth-inequality-k-shaped-economy-united-states-consumer-spending-trump.html




چی بۆ ئێوە و چی بۆ ئێمە؟.. نەوزاد بەندی

فڕۆکەی تایبەت بە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ ئێوەی خەباتگێڕ و ماندوو نەناس، کەناری و کۆتریش بۆ ئێمەی پێشمەرگەی سادە و ساکار و بێ ناوونیشان .. کۆشک و تەلاری بەرزایی و سەر گرد و شاخەکان بۆ ئێوەی کاریزما و بیریاری مەکیاڤیلیزم، خانووی بێ تاپۆ و زیادەڕەوی خوار و خێچی ناو چەم و دۆڵ و نشێوەکانیش بۆ ئێمە.. گوند و شاری ئیتاڵیی و ئەڵمانیی و هۆڵندیی بۆ ئێوە، گەڕەکی شەهیدان و کوژراوان و کەمئەندامانیش با بۆ ئێمە بێ.. لاندکرۆزەر و لەگزسی دوا مۆدێل و درع بۆ ئێوە، ئوتومبیلی دەعمکردوو، سوکان محەوەری بێ تابلۆ و علوجی ووڵاتانیش بۆ ئێمە.. کوپەڵەی پڕ لیرەی زێڕ و زیوی ناو ڕەحمی خاک و مێژوو بۆ ئێوە، کنگر و وشتراڵوک و چاوبازە و کەرتەشیش بۆ ئێمە .. نەوت و گازی ژێر زەوی بۆ ئێوە، مینی چێنراو بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ ئێمە با قاچ و دەستمان بپەڕێنن.. زانکۆی کامبردج و ئەمەریکی و ئۆکسفۆرد بۆ ئێوە، حوجرە و قوتابخانە داڕوخاوەکانی مەحوی و مەولاناخالیدیش بۆ ئێمە..کچە جوانە سێکسییەکانی ناوخۆ و ئێران و شام و ڕۆم بۆ ئێوە بە حەرامیی، کچە ناشیرینە نەخۆشە کەمئەندامەکانیش بۆ ئێمە بە حەڵاڵیی .. سەعاتە گرانبەهاکانی ڕۆلێکس و پاتیک فلیب بە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ مەچەکی شۆڕشگێڕ و ماندوونەناسی ئێوە، ئێمەیش بە گاز سەعات لە مەچەکی مناڵەکانمانا دروست ئەکەین و ڕازییان ئەکەین و ئەیانکەینە خاوەن سەعات، کە گەورەیش بووین سەعاتمان ناوێت، چونکە کرێکار سەعات لە دەست بکا پڕ ئەبێ لە ئاو و عەرەق و لم و چیمەنتۆ و ئەڕزێت و ئەشکێت.
بتڵە ویسکی و گرانتس بە دەیان هەزار دۆلار بۆ سەرگەرمکردنی ئێوەی ماندووی کوردناسی ماندوو نەناس، ئێمەیش بە چای دیژلەمەی خەست سەرمان گەرم ئەکەین.. کەناڵی سەتەلایت بە سەدان بێژەری جوانکیلە بە ملیۆنەها دۆلاری خەرجیی مانگانەوە بۆ ئێوە و مناڵەکانتان، ئێمە تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنمان ناوێت، چونکە بێجگە له خوا بڕوامان بە هیچ هەواڵ و کەناڵ و فڕ و فیشاڵێک نەماوە.. چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخی بڕاندی ئیتاڵیی بە سەدان هەزار دۆلار بۆ قەد و باڵای ماندووی ئێوە، ئێمەیش لە بازاڕی لەنگەکە پانتۆڵێکی کاوبۆی کۆن بە دوو هەزار دیناری تەبعی بریمەر ئەکڕین، کە ڕەنگە هی سەردەمی چاڕڵس بڕۆنسن بێ، عەیبی چییە ؟ ..ئێوە پێڵاوی زیگنا و بۆگاتی و کامێڵ و کارتەر لە پێبکەن بە هەزاران دۆلار، قەیناکا ئێمە پاتەی ئێرانیی و چینیی بە چوار هەزار دیناری تەبعی بریمەریی لە جادەی شێخەڵا وکاک ئەحمەدی شێخ ئەکڕین، قەیناکا با لەگەڵ هەر هەنگاوێکا جڕتێک لێبدەن.. بۆ جەژنی سەری ساڵ و جەژنەکانی تر، ئێوەی سەرکردەی ماندوونەناس بە فڕۆکەی تایبەت، لەگەڵ ماڵ و مناڵەکانتاندا بفەرموون بۆ نەمسا و سویسرا و لەندەن و پاریس و دبلن ، ئێمەیش ئەو ڕۆژانە ناچین بۆ ئیش و تا نیوەڕۆ ئەخەوین و ئیسراحەت ئەفەرمووین، عەسرەکەیشی مەنجەڵێک یاپراخ ئەخەینە ناو چارۆکەیەک و لەگەڵ ماڵ و مناڵدا ئەیبەین لە پارکی ئازادی و شانێدەر لە ژێر درەختێکی خەمگیندا، ئەیخۆین .. ئێوە عەتری گرانبەهای وا بدەن لە خۆتان، کچە مۆدێل و مێینە جوانەکانی چواردەورتان بخەنە سەر کەڵکەڵەی موسارەعە حوڕەی ناو حەلەبەی ژووری نوستنەکانتان، حەقی خۆتانە دوای ئەو هەموو کوردایەتییە، مەلەوانیی لە ئەستێڵکی لەش و لارە گۆشتنەکانا، خەمی ئێمەتان نەبێ، چونکە عەتر و عەرەقی شین و مۆری ناوچاومان ناگونجێن، پارەی عەترەکە ئەدەین بە نیڤیا و ڤازالین بۆ دەست و قاچە شەقار شەقار بووەکانمان، تاکو ئازاری کزانەوە و برژاونەوەکانیان مات بن و بتوانین شەو بنووین تاکو سبحەینێ زوو هەستین و بڕۆین بۆ ژوانی پاچ و خاکەناز و لم و چیمەنتۆی پڕۆژە زەبەلاحەکانتان ..مناڵەکانی ئێوە با لە قوتابخانەکانی ئەوروپا بخوێنن، بۆ ئەوەی هەم زمانە زیندووەکانی دنیا فێر بن و هەم فێری ئەتەکێت و هەڵس و کەوتی نۆبڵمان و مۆدێرن بن، پاشان دێنەوە و ئەبنە سەرۆک و سەرکردە و شت بەدەست دوای ئەوەی کە خوای گەورە ڕۆحی گرانبەهاتان لێ وەرئەگرێتەوە، بەڵام مناڵەکانی ئێمە هەتا ئیعدادی لە مەکتەبە سارد و سڕ بە زستان و گەرم و گوڕ بە بەهار و هاوینەکانا ئەخوێنن، هەتا ئەوەی مەکتەب تەرک ئەکەن و لە هەژاریدا شێت ئەبن یان بە قاچاخ بە خەیاڵی ژیانێکی جوان و شەرەفمەندانە، ڕوو دەکەنە ئەوروپا، لە ڕێگا بەشێکیان لەناو دەریاکاندا ئەخنکێن و بەشەکەی تریشیان لە زیندان و دارستان و کەمپە بێ ڕەحمەکانی ئەوروپادا، کەڕووی چاوەڕوانیی و لەش تێیان ئەدات، قەیناکا، خۆ ئەمانە لە داهاتوودا نابنە سەرۆک و سەرکردەمان، بوون و نەبوونیان وەکو یەک وایە، وەک بڵێی تۆبە ئەستەغفیروڵڵا، بە هەڵە هاتبنە دنیاوە و غەڵەتی مەتبەعیی بووبن، ئەگینا توخوا مەعقولە کەسێک بێتە ژیانەوە و هیچ ڕزق و ڕۆزی و دامەزراندن و هەلی ژیان و کارکردنێکی نەبێ؟
با ئێوەی ئازا.. ئێوەی دەبابە و فڕۆکە خۆری بەعس و تۆمارکەری داستان و ئەفسانەکانی شەڕی براکوژیی، ببنە خاوەنی دەیان و سەدان و هەزاران مۆڵ و بەنزینخانە و بازاڕ و تاوەری پەنجا شەست نهۆمیی، بە قەبارەی بەرزیی و بڵندیی دەیان هەزار گەنجی شەهیدی وون و گۆڕ وون و بێ سەر و شوێن، ئێمەیش بۆ خۆمان دوای سەعات دووی نیوەڕۆ کە ئێوە چوون بۆ ڕابواردن، ڕێگا بە ئێمە دەدرێ عەرەبانەی سەوزە و میوە و نەعلفرۆشتن بهێنینە گۆڕەپانەکانی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخەڵڵا لە ماوەی دوو سەعاتدا، هەتا خۆر ئاوا ئەبێ، ڕێپێدراوین دوو سێ هەزار دیناری تەبعی بریمەریی پەیدا بکەین، لەناو دەنگە دەنگو قەڵەباڵغیی و شەڕ و شەڕەجنێودا چونکە هەزاران کەس لە هەموو چین و توێژە فلیقاوەکانی میللەتەوە ئەڕژێنە ئەو شوێنانەی کە دوو کیلۆی بە هەزارێکه یان سیانی بە دوو ..
مۆڵ و کارگە و تاوەرەکانی ئێوە لە باج بەخشراون، چونکە ئێوە سەرکردە و بەخشندە و نیشتمانپەروەریی دێرینن، بەڵام عەرەبانەکانی ئێمە لە فەرمانگەی باج و سەرانەدا، هەموویان ژمارە و دۆسیەی تایبەتیان بۆ کراوە و ئەبێ ساڵانە باج بدەین، ئێ ناحەقیان نییە ئێمە کوا سەرکردە و ڕێکخەری شەڕە گەورەکانی ناوخۆ و براکوژیی بووین، هەتا بمانبەخشن ؟
بۆ ئێوە ئەسپی گرانبەها و مەیدانی ئەسپسواریی و کچۆڵەی مەیتەری ناسکۆڵەی ئۆکرانیی و ئێرانیی، بۆ ڕاهێنانی مناڵۆچکەکانتان کە پێویستە ئەو سەرکردانەی داهاتوومان، فێری ئەسپسواریی و شاسواریی ببن، بۆ ئەوەی لە بۆنە جیهانییەکاندا گەر بڕگەی ئەسپسوارییان تێدا بێ، بە خۆدا نەشکێنەوە و ئاوزنگی لێدەن و بیهێننە جونبوش و چوار ناڵە، بەڵام ئێمە ئەسپ و مایین و چارەوێمان ناوێ، زیادمەسرەفییە و بەخی نیعمەتە، با خواگیان دەرگای ڕزق و ڕۆزیمان لێ دانەخات .. دەیان و سەدان دۆنم زەوی تایبەت و دوورە دەست، بۆ مەزاری مردووەکانی ئێوە، لەناو باخ و گوڵ و گوڵزار و بینای بەرز و مەڕمەڕی شاهانەدا، با لاشەی پیرۆز و ماندوو نەناس و پڕ خەبات و بەرخۆدانتان، ئارام و حەواوە بێ و دوای ئەو هەموو خۆنەویستییە، لەگەڵ پەرییەکانی ڕەحمەتدا، بێ قەید و شەرت و حەق و حیساب، بەرەو بەهەشت بڕۆن.. قەبرەکانی ئێمەیش بە یاڵێکەوە یان لە نشێوێکا، لە تەنیشت یەکدا، هەر یەکەی مەترێک زەمینی لار و وێر ، سەرمان ئەدا لە پەراسووی مردوویەکی شەڕی ناخۆ و .. کەللەی ڕاکردوویەکی سوپای بەعس، ئەچەقێ لە سەر شانمان، قاچمان ئەچێ بە چاوی پارتیزانێکی ناوشاردا، کە لە کۆلێژ ئاشکرا بوو، پێش پەنجا ساڵ بە دەسڕێژی گوللە شەهید کرا، هەمان کات نینۆکی ژنێکی کوژراو ئەچێ به گوێچکەمانا، کە پێش 45 ساڵ به تاوانی ناندان بە پێشمەرگە، لە زینداندا بە ئەشکەنجە گیانی سپارد، کەللە سەر ساوایەک کە لە سکی دایکیدا بەر دەسڕێژ کەوتبوو، ئەچەقێتە چەپرغەمان، کێشە نییە، هەر چۆنێ بێ شوێنی خۆمان ئەکەینەوە، خۆ ڕۆحمان تیا نییە ئازار بکێشین، خۆ پێویستمان بە موچە و دامەزراندن و تەرفیع و عەلاوە نەوت و غاز و برنج و ڕۆن و فێنککەرەوە نییە، کۆمەڵێ ئێسک و ماسولکە و پێست و نینۆکی بێگیانین، بەرە بەرە بەکتریا و مێرووی خاک ئەمانخۆن و ئەبڕێینەوە، قەیچێکا با لە نیو مەترا بە لاو نیو لێی ڕاکشێین، بەدانیشتنانەوە، یان بە پێوە، لە گۆڕی بە کۆمەڵدا، یان بە هەر جۆرێک بێ، ئێمە وەک ئێوە زۆر کۆڵمان بەو دنیا بێ شەرەفەوە هەڵنەگرتووە، ئەویش لەبەر ئەوەیە بۆگەنی لاشەمان، هاوشارییەکان بێزار نەکەن ئەگینا پێویستی بەو زەحمەتە نەدەکرد و هەروەک پاکەتێکی بەتاڵی پیتزا، فڕێتان داینایە ناو زبڵدانەکانەوە، خۆ ئازارمان پێ ناگات، ئێمە کە هەموو تەمەنمان ئازار و زوڵم و ئەشکەنجە و بێبەشکردن و زیندان و دەرکردن و دوورخستنەوە و بێداریی و بێزاریی و نادادیی بوو .. ئێمەی تاوانبار بە تاوانی ئەوەی کە لە خاکێکا لە دایک بووین، هەمووی بەش کرا بوو، هەمووی لوشکرابوو.. تۆبە، ئەستەغفیروڵڵا، تۆ بڵێی خوای گەورە ملیۆنان کوردی بە بێ ڕزق و ڕۆزی و کار و موچە و داهاتوو دروستکردبێ؟
ئێوەی ماندوونەناس و سەرکردە و شەهیدی زیندوو، مافی خۆتانە بڕۆن بۆ تیاترۆخانە و قومارخانەکانی مۆنتیکارلۆ و لاس فیگاس و ڕۆما، بە ملیۆنان دۆلار بدۆڕێنن بە دیار سەمای شاکیرا و سەماکارە جیهانییەکانەوە، مافی شەرعیی و شۆڕشگێڕیی خۆتانە، ئێوە کە لاویتان لە ئەوروپا و شام و شیراز بۆ نیشتمان بە هەدەر دا، ئێمەیش لە چایخانەی کرێکاران و قەرداران و پینەدۆزان و مچکۆ و شەعب و کەوفرۆشان، تاوڵە و ئەزنیف ئەکەین بە دیار مەقامێکی تۆزلێنیشتوی عەلی مەردانەوە ..
مافی خۆتانە خاک و ئاوی ووڵات پاوان بکەن و .. مناڵەکانتان ببنە خاوەن کۆمپانیای گەیاندن و وەستاندن و کەل و پەل و کارەبا و گومرک و ئەنتەرنێت و هەموو بازرگانییەکانی تر و ببنە ملیاردێر، بەڵام ئێمە نانی ئەو ڕۆژەمان هەبێ، بەسە، ئەگەر نەیشبێ هەر شایەنمانە، چونکە ئێمە کوا سەرکردە و ئەندازیاری شەڕ و ئاشوب و دووبەرەکیی و حیزبخیزبێنە و باڵباڵێنە بووین ؟ دنیا پێنج و دوو ڕۆژێکە، ملیاردێر بیت یان قەردار، کە ئەجەلت هات ئەتدەن لە دار.
مافی خۆتانە درۆکردن و پەیمانی هەوایی و فرمێسکی تیمساحیی.. مافی خۆتانە پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران و وەستاندنی دامەزراندنی گەنجان و ..ڕاگرتنی پلە بەندی دامەزراوان و .. گرانکردنی نەوت و غاز و بەنزین و کارەبا و ئاو، ئێ ئێوە خۆتان سەرۆکی کوڕی سەرۆکی کوڕەزای سەرۆکن و خۆتان باش ئەزانن ئەم میللەتە سپڵە پێنەزانە بۆره پیاوە حەسودە چاوپیسە، چۆن دەرمان ئەکرێ.. ئێوە شارەزان لە چارەسەرکردنی دەرد بە دەرد ..لە شکاندنی بەرد به بەرد .. لە ڕەواندنەوەی خەم بە خەم .. لە نەهێشتنی کێشه بە کێشە ..لە دورینەوەی برین بە زام .. ئێوە خۆتان ئەندازیاری هەموو نەهامەتییەکن، سوورەی بەر لەشکری هەموو گیروگرفتێکن .. ئێوە نەبێ کێ هەیە بتوانێ ڕۆڵی برسێتیی و سواڵکردن بدات بە دەوڵەمەندترین میللەت ؟ ئێوە یەکەم داهێنەرن لە بواری پێنەدانی موچە بە فەرمانبەرانی دوڵەت .. ئێوە لە حاتەمی تەی، نانبدەتر و سەخیتەبیعەتترن، کاتێ نەوتی پەنجا ساڵ بە قەرزی چل ملیار دۆلار ئەگۆڕنەوە .. ئێوە گەورەترین دەرهێنەری فیلمی ترسناکن، کاتێ میللەتێکی شاهانە، ئەکەن بە میللەتی سواڵکردن و عەرەبانە ..کاتێ ڕۆڵگۆڕکێ دەکەن لە نێوان دز و پۆلیس .. سەربەرز و بێ شەرەف .. زانا و گەمژە .. تاوانبار و دادوەردا ..
ئێمە ئەو شتانە چوزانین؟ ئێمەی کە تۆبە ئەستەغفیروڵڵا لەوە ئەچێ بە هەڵە لە دنیادا ناونوس کرابین .

نەوزاد بەندی




چەسپاندنی ناجێگیری سیاسی کوردستان.. عوسمانی حاجی مارف

پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا میراتێکی دوورودرێژی ناکۆکیان لەسەر داهات و نەوت و گاز و بودجە و هێزی چەکداری و بەرێوەبەرایەتی کارگێری و سیاسی و یاسایی و دەستوری هەڵگرتووە. زۆرجار بەئاشکرا دەبینین کە مووچە دەبێتە مایەی دڵەڕاوکێ بۆ دەیان هەزار خێزان، کە وەک ڕێبوارێک چاوەڕێی هاتنی بەسەلامەتی هەموو مانگێکی دەکرێت. هەرکاتێک تەواوی ناوچەکە رووبەرووی گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریە خێراکان دەبێتەوە، ناکۆکی و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر توندتر و ئاڵۆزتر دەبنەوە.
لە دۆخێکی ئەم جۆرە پەیوەندیە لەرزۆک و ناجێگیریەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کات بەدوای ئەوەدا نەبووە چۆن دەتوانێت دەستکەوتی بەرچاو و سەقامگیر بەدەست بهێنرێت، بەڵکو چۆن خۆی دەپارێزێت و ڕێگری لە پەرەسەندنی قەیرانەکان بکرێت، بۆ ئەوەی بەتەواوی ئیفلیج نەکرێت، یان بێئاسۆیی لە جوڵەی ژیاندا لەناو زریانی پشێودا بە بێ وەڵام دەسورێننەوە. گرنگ ئەوەیە بەهەر رێگایەک بێت دەستکەوتێکی دارایی خێرا بەدەست بهێنن.
بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وەزیران لەساڵی ٢٠١٩وە مەسرور بارزانی دامەزرێنرا، هەر لە سەرەتاوە لەبەرامبەر کۆمەڵێک کێشە روبەروو بوەوە، کە لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا دروست نەبوبون، بەڵکو بەسادەیی بە ئامادەیی لەسەر مێزەکەی دانرابون، ئەم پرسانە لە گرژیە سیاسی و ئابوریەکانی ساڵانێکەوەیە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا سەرچاوەی گرتووە، هەروەها پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە قەیران و نا جێگیری ئابوری و لاوازی خزمەتگوزاری و نالەباری ژێرخانی هەرێمی کوردستان و دوو ئیدارەیی و گەندەڵی فراوان، واقعیەتی پێکهاتەی خودی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە، مەسرور نەک نەیویست ئەوانە تێپەرێنێت، بەلکو بونی خۆشی بەسەرۆک وەزیران و مانەوەی وەک کاربەڕێکەر بۆتە کێشەیەک و جێگای بۆهیچ پرنسیپێکی حوکمداری شارستانی نەهێشتۆتەوە.تا ئێستاش وەک حکومەتێکی کاربەڕێکەر و لە دۆخی چەقبەستوی پەیوەندی پارتی و یەکێتیدا، بەبێگوێدانە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک، هەردوو حزب مامەڵە بە قەیرانە ناوخۆیی و پەیوەندیەکانی بەغداو هەولێرەوە دەکەن، لە دۆخێکی چاوەڕوانیادا خۆیان و خەڵکیان ڕاگرتووە.
قەوارەی سیاسی هەرێم هەمیشە لە ناکۆکی و تێڕوانینی جیاواز و بەردەوامی کێشەکان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی پرسە هەستیارەکان، کەمی نەهێناوە، دابەشبونی هەرێم بە زۆنی زەرد و زۆنی سەوز لە ناچاریدا هەمیشە مامەڵەی ئاستی هاوسانگی هێز و نفوزی سیاسیان بووە، زۆرجار حکومەتەکانی هەرێم خۆیان وەها دەبینی کە ناچار بوو بە کردەوەکانی هاوسەنگی سیاسیدا بڕوات و رێکەوتنێک پێکبهێنن و گرژیەکانیان بۆ دەورانێک رابگرن، بەڵام لە قەیرانێکی تردا هەمان لۆژێکی گرژیەکان دەست پێدەکاتەوە. گەورەترین تاوانی عەقڵی سیاسی حزبەکانی کوردایەتی ئامادەنەبون و نەویستن و نەتوانینیانە بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی دوو حزبی و هێزی میلیشیا و پاشکۆ بونیان بۆ لایەنێکی دەرەکی و دانەمزراندنی حکومەتێکی سەراسەریە لە تەواوی هەرێمدا.
کاتێک دوای شەری کەنداوی یەکەم، هێزەکانی پارتی و یەکێتی هاتنە ناو شارەکان و ناوچەی ئارام جێگیرکرا، چەکەکان بێدەنگ بون و فرۆکە جەنگییەکان لە دوای بەهاری پڕ لە گێژاوی ساڵی ١٩٩١ لە کوردستانی عێراق قیژەی خۆیان وەستاند، خەڵکی کوردستان کە لە دۆزەخی کۆچێکی بەرفراوان بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا هەڵاتبون، پێیانوابوو کە لاپەڕەیەکی نوێی ژیان دەستی پێکردووە. هەمووان دڵخۆش بوون بە ئاسۆی دانیشتنی بەرەی هێزەکان، کە لەسەر مێز گفتوگۆیان لەگەڵ سەدام حسێندا کرد، زۆرینەی خەڵک کەوتنە وەهمی ئەوەی “خەباتی” ئەو هێزانە بەرهەمی هێناوە، دەسەڵاتی “خۆبەڕێوەبەری” فراوانکراوەکانی ئامانجەکانە و کۆتا لوتکەی هیوایە.
بەڵام لە جەنجاڵیی گەرمی سۆزداری و خۆشحاڵی خەڵک بۆ دەربازبوون لە کابوسی ترس و بۆمب و کیمیاوی بەعس و سەدام، ئەوە لەبیرکرا کە بەگفتوگۆی حزبە ناسیۆنالستەکان و هێزی میلیشیا و دواتر جێگیرکردنی دەسەڵاتی سیاسیان، شەڕەکان و بارگرژی و نائارامی و ناجێگیری سیاسی کۆتایی نایەت، بەڵكو تەنیا کاتێک کۆتاییان دێت کە دەور و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا جێکەوتبێت.
دانوستانەکانی بەغدا لە ساڵی ١٩٩١ کە شاندی پارتی و یەکێتی بە ناوی “شۆڕش” و بەدواداچوون بۆ دانپێدانان بە ئۆتۆنۆمی مامەڵەیان دەکرد و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجام ئەدران، تیشکی دەخستە سەر بونی تەمومژێک لە ئایندەی کوردستان و نارۆشنی لە چارەنوسی خەڵکی کوردستاندا، کە ئاکامەکەی لە ماوەی ئەم ٣٥ ساڵەی دەسەڵاتداریاندا چەندین کارەسات و بارگرانی دۆخی ژیان کرانە دیاری بۆ خەڵک.
هەر لەسەرەتاوە پارتی و یەکێتی بەتەواوی تەرکیزیان لەسەر هێڵکاریی سنوورەکانی خۆبەڕێوەبەری خۆیان و دەستەبەرکردنی دانپێدانانی سیاسی و دیاریکردنی چۆنیەتی جیاکردنەوەی دەسەڵاتی ئیداریان بوو، کە زۆر بەسادەیی و بە پەلە رەسمیەتیاندا بە دابەشکردنی هەرێم بە دوو زۆن، باسێک و ئاراستەیەک لەسەر دەوڵەتداری بەهیچ جۆرێک لە بیر و کاریاندا نەبوو. ئەم شێوازەش گونجاوترین رێرەوێک بو بۆ تاڵانی و دەستبەسەراگرتنی سەرەوەت و سامانی کوردستان و دابەشکردنی لە نێوان خۆیاندا، هەر بۆیە لەسەرەتاوە کەوتنە گیانی یەکترو چوار ساڵ خەڵکی کوردستانیان بە شەری ناوخۆوە سەرقاڵ کرد، ڕەگی ئەبەدی قەیران و قۆرخکردنی دەسەڵات و دابەشکردنی هەرێم، ئەو ڕێچکە وێرانکەرەیە کە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ئەم پێکهاتە کوشندەیەی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم و لە ساڵی ١٩٩١وە تەنیا ڕووداوێکی تێپەڕ نەبوو کە بەهۆی بارودۆخی ئەو ساتەوەختە رێکخرابێت، بەڵکو بەردی بناغە و مۆدێلی دەسەڵاتی ناسیۆنالستی کوردە کە نە دەیەوێت و نەدەتوانێت لەوە زیاتر بەرهەم بهێنێت، هەرچەندە ماوەیەك لەژێر ناوی ئابوری سەربەخۆداو بەدیاریکراوی لەکاتی ریفراندۆمدا بارزانی بانگەوازی بۆ جۆرێك لە دوورکەوتنەوە لە عێراق دەکرد، بەڵام دوای شکستهێنانی ریفراندۆم و ئابوری سەربەخۆ، دوبارە گەرایەوە سەر ستراتیژی پاراستنی یەکگرتوویی عێراق.
لەلایەکی ترەوە وەک نەریتێكی سیاسیان، تەنها کەسانێک لە پۆستە سەرەکی و باڵاکاندا دادەمەزرێنن، کە ئەندامی بنەماڵەکەیان و دڵسۆزی حزبەکەو سەرۆکی حزبەکەیانە. لەوبارەیەوە کێشە لە نێوانیاندا دروست دەبێت، هەروەها ساڵانە ملیۆنان دۆلار دەچێتە سەر حسابەکانیان. چونکە دانانی کەسی ناکارامە و گوێڕایەڵ لە پۆستەکاندا کافیە بۆ ئەوەی دۆخەکە ڕاگرن و بەهیچ جۆرێک بیر لەدامەزراندنی دەوڵەت و خواستەکانی خەڵک نەکرێتەوە، تا سود لەو دۆخە ناجێگیرە وەرگرن، بۆ چەسپاندنی گەندەڵی و بازرگانی و قاجاخچێتی و دەستبەسەراگرتنی سەروەت و سامانی کوردستان.
کارەساتێکی گەورەی هەرێمی کوردستان لەسەرەتاوە ئەوەیە، لە ساڵی ١٩٩٢ەوە، ئەم “رێچکەی وێرانکەرە” جێبەجێکراوە. لەبری ئەوەی پێوەرەکانی لێهاتوویی و شارەزایی زانستی و کارگێڕی لە پڕکردنەوەی پۆستە هەستیارەکاندا بە بنەما وەرگیرێت بەڵکو بەپێی لایەنگری بنەماڵەیی و بەرژەوەندی تەسکی حزبی بەرەوپێشچون،
بەردەوامیشی تا ئەوڕادەیەی کە وەک نەخۆشییەکی ساری بەسەر تەواوی دامەزراوەکانی پێکهاتەی حکومەتدا بڵاوبۆتەوە، هیچ ئاسۆیەک لەخودی پێکهاتەی ئەو سیستمەدا نەک گۆڕانی تیا نابینرێت، بەڵکو ناتوانێت چاکسازیش لە خۆیدا قەبوڵ بکات.
ئێستا زیاتر لە جاران و هاوکاتی ئاڵوگۆری ناوچەکە بەتایبەتی لە دۆخی شەری ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەرامبەر ئێراندا، دۆخی هەرێم و سیستمی حوکمرانیەکەی لێژتر و ململانێکانی قوڵتر بۆتەوە، رێکەوتنی پارتی و یەکێتی سەختر بووە، نا ئارامی فراوانترە، ئەم دۆخە بە نیەتی چاکی ئەکتەری حزبەکان و دەسەڵاتدارەکان و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرجوازی نە پاک دەکرێتەوە و نە دەتوانن ئاڵوگۆربکەن. ئەوەی دەتوانێت ئەم دۆخە بە حاڵتێکی ئەرێنی بگەیەنێت، نارەزایەتی و راپەرین و شۆرشێکە تەواوی دامودەزگاکانی ئەم حکومەتە هەڵوەشێنێت، راپەرینێک دەست پێبکات کە دابینی دەور و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک دابین بکات لە دەسەڵاتی سیاسیدا.

عوسمانی حاجی مارف




دژبەرەکانی زمانی کوردی-2- .. فەرەیدوون سامان

بەشی دووەم..

زمان بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ناسنامەی نەتەوەیی دادەنرێت. بۆیە بە هێرشکردنە سەر زمانی کوردی، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرش کردنە سەر خودی شوناسی نەتەوەیی، ئەمەش لە ڕەچاوکردنی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو سنوورە سیاسیانەی کە کوردستانیان دابەش کردووە بەسەر چوار وڵاتدا، ئەم سنوورانە بەهۆی هەلومەرجی مێژوویی و کۆلۆنیالیزمەوە سەپێندراون، پەیوەندی زمانەوانی و کارلێکی ڕاستەوخۆی نێوان کورد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان سنووردار کردووە، ئەمە هۆکارێکی بنەڕەتییە بۆ نەتوانینی کورد لە زاڵبوون بەسەر هەموو زارەکانیدا. هەر جۆرە هەوڵدانێک بۆ گۆڕینی پڕۆژەیەکی پەروەردەیی وەک ئامرازێک بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو و هەڵوەشاندنەوەی زمانی کوردی، کە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی لەگەڵ مێژووی نەتەوەکەماندا بنیات نراون، نەک لەسەر داهێنانی ناوی نوێ بۆ خزمەتکردنی ئەجێندا سیاسییە کاتییەکان، لە ئەنجامدا خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەرانی کوردستان دەکەن، بۆ نموونە: ماوەیەکە باس لە زمانی ئێزیدی و خوێندن بە زمانی ئێزیدی دەکرێت، لە ڕاستیدا کەس ناڕەزایەتی نییە بەرامبەر بە کردنەوەی قوتابخانە یان دامەزراوەیەکی پەروەردەیی، بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکانمان، بەڵکو ئەمە بە زەروورەتێکی کەلتوری و نەتەوەییشی دەزانم، بەڵام گوتنی ئەوەی کە “یەکەم قوتابخانەی زمانی ئێزیدی” کرایەوە، بە ڕای من ئەوەندەی دەستکەوت نییە، بەڵکو ساختەکردنی مێژووی نەتەوەکەمانە، چونکە ئێزیدی ئایینێکی دێرینی کوردستانە، زمانەکەشیان سەر بە زاری کرمانجییە، واتە زمانێکی سەربەخۆ نییە، بەپێی ئەوەی لە توێژینەوە زمانەوانیدا ناسراوە، سەبارەت بە زمانی زۆرینەی ئێزیدییەکان بە درێژایی مێژوو، هەر زمانی کوردی-زاری کرمانجی بووە، کە تێیدا میراتی ئایینی و کولتووری ئێزیدییەکان نەوە لە دوای نەوە پارێزراوە، جا ئەگەر زمانێکی سەربەخۆی ئێزیدی هەبووبێت، کەواتە کتێبە مێژووییەکانیان لە کوێن و کوا یاسا زمانەوانییەکانی؟ لە کوێ میراتی نووسراوەکەی کە بە درێژایی سەدەکان درێژ بووەتەوە، بۆچی دەقە ئایینی و میراتی زارەکی ئێزیدی بە زاری کرمانجی پارێزراون؟
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بە هاندانی پارتی ناسیۆنالیستی دەسەڵاتدار لە ئەرمەنستان، بەشێک لە کوردانی ئێزیدی لەناکاو ئەو بیرۆکەیەیان پەرەپێدا، کە گەلێکی سەربەخۆن و هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە، تەنانەت کوردیان بە دوژمنی سەرسەختی ئێزیدییەکان دەزانی و کوردستانیان بە تابو دەزانی، باشووری کوردستانیان بە “باکوری عێراق” و باکووری کوردستانیان بە “ڕۆژئاوای ئەرمینیا” ناودەبرد، ئەم بیرۆکەیە لەلایەن ناسیۆنالیستە ئەرمەنییەکان و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەرمەنستان و هەندێک نووسەر و ئەکادیمی ئەرمەنستانەوە پشتیوانی لێکرا. ڕۆژانە پەخشی ڕادیۆیی ٣٠ خولەکی تایبەت بە سووکایەتی کردن بە کورد و کوردستانیان پێدەدرا و جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئێزیدییەکان گەلێکی سەربەخۆن و کوردنین، کورد دوژمنی هەردوو گەلی ئێزیدی و ئەرمەنە. تەنانەت ئەوەندەش ڕۆیشتن کە بانگەشەی ئەوە بکەن کە زمانی کوردی نییە، تەنیا زمانێکی ئێزیدییە.
لە ساڵی١٩٨٩ بەشی ئاماری ئەرمەنستان ڕایگەیاند کە ئێزیدییەکان گەلێکی جیاوازن لە کورد و هیچ پەیوەندییەکیان بە نەتەوەی کوردەوە نییە. پەرلەمانی ئەرمەنستانیش دانی بە زمانی ئێزیدیدا نا و دەستی کرد بە چاپکردنی کتێبی خوێندن بە زمانی ئێزیدی و بە شێوەیەکی موجیزە، زمانی کوردی بوو بە زمانی ئێزیدی. ئەو کوردە ئێزیدییانەی دژایەتی ئەو بێماناییانەیان دەکرد، کەوتنە بەر هێرشی جەستەیی. لەوانەش ئەکادیمیستەکان شاکر خدۆ و کارلین چاچان و ئەوانی تر لەلایەن ئەم گروپەوە لێیاندرا بەهۆی ئەوەی ڕایانگەیاند “ئێمە کوردی ئێزیدین “.تەنانەت هێرشیان کردە سەر کەسایەتییە ئایینییە ئێزیدییەکان و میر تەحسینیان بە خائین ناساند، بەهۆی پێداگری لەسەر کورد بوونی ئێزیدییەکان، ئەم ئێزیدییە نوێیانە پاڵپشتی سەرکردایەتی سیاسی ئەرمەنیان هەیە. بۆ نموونە کاتێک پترۆسیان سەرۆک کۆماری ئەرمینیا بۆ بەشداری کردن لە پرسەی تورگوت ئۆزال سەردانی تورکیای کرد، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “لە ئەرمینیا کورد نییە؛ ئێزیدی هەیە، ئەوانیش کورد نین”.
ئەوەی گرنگە لە سەرەتاوە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم جۆرە پرسە زمانەوانییانە پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی بابەتییانە هەیە، نەک سۆزدارانە و دوور لە سادەکردنەوە یان حوکمدانی نادادپەروەرانە، چونکە زمان لە جەوهەرەکەیدا، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە، کە مێژوو و کولتوور و سیاسەت تێکەڵ دەکات و ئەمەش وای کردووە ئەم باسە لە ڕادەبەدەر گرنگ بێت، بەتایبەت کاتێک باس لە ناسنامەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەی کوردستان و سیستەمی زمانەوانییان دەکرێت.
دیاردەی ناساندنی پرسی ئێزیدییەکان وەک نەتەوە و ناساندنی زارەکەیان وەک زمان(زمانی ئێزیکی)، جگەلە پیلانێکی قێزەونی ناحەزانی نەتەوەکەمان، پرسێکی تازەش نییە و ساڵانێکی زۆرە لەلایەت ناسیۆنالیستی تورک و عەرەب و ئەرمەنەوە کاری بۆ دەکرێت.
بەشێوەیەکی گشتی گەلان لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتەکانیاندا بەربڵاوترین زارەکانیان لەبەرچاو دەگرن، وەک زمانی ستاندارد وەریاندەگرن، کە دواتر بە زمانی فەرمی دەوڵەت دەناسرێن، بەڵام ئەم شێوەزارانە، لە جەوهەردا بەشێک لە سیستەمی فراوانتری زارە لەناو یەک زماندا دەمێننەوە، نەک بە تەواوی بوونێکی جیاواز، ئەم شێوازە لە زۆربەی ئەزموونە زمانەوانییەکان لە سەرانسەری دنیادا دووبارە دەبنەوە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوەی لە دۆزی زمانی کوردیدا ڕوودەدات، هەڵاوێر نییە، بەڵکو یاسایەکی گشتییە کە بۆ هەموو گەلان کاری پێدەکرێت.
بێگومان ئەگەر کورد دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزراندبا، لە نموونەی گەلانی دیکەی جیهان و بەرفراوانترین زاری خۆی هەڵدەبژارد، وەک زمانی ستاندارد، هەڵبەتە دوای پاککردنەوەی له وشەو زاراوە بیانییەکان، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو زەخیرە بەرفراوانەی وشەسازیی ڕەسەنی کوردی کە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا دەبینرێن. پاشان ئەم زارە لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان و لە بەڵگەنامەکردنی بەرهەمە هزرییەکانیاندا بەکاردەهێنرێن. دواتر پێیان دەڵێن زمانی فەرمی، هەروەک چۆن گەلانی دیکەی ناوچەکە و جیهان کردوویانە.
ئەمە ڕێڕەوی سروشتی و لۆژیکییە بۆ وەرگرتنی یەکێک لە زارەکانی وەک زمانی ستاندارد و فەرمی خۆی، گەلان بە زۆری لە کاتی بنیاتنانی دەوڵەتە مۆدێرنەکانیاندا دەیکەن، کە پێویستیان بە زمانێکی یەکگرتوو هەیە بۆ ئیدارە و پەروەردەو فێرکردن، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەوان بە زمانێکی نوێ هاتوون کە ئەوانەی بە زاری دیکە قسەیان دەکرد نەیاندەتوانی لێی تێبگەن. ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەگەر ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەربڵاوترین شێوەزاری کوردی بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە گەلی کورد خاوەنی هەموو توخمێکی پێویستە بۆ ئەوەی زمانێکی کوردی ستانداردی هەبێت، کە بتوانێت هەموو کورد یەکبخات و وەک زمانی هاوبەشی خۆی خزمەت بکات. ئەو بەربەستەی لە ئێستادا ڕێگری لە کورد دەکات بۆ گەیشتن بەم کارە سیاسییە، نەک زمانەوانی، زمانی کوردی زمانێکی بەهێز و دەوڵەمەندە و چەندان زار و شێوەزاری هەیە.
ئاشکرایە کە هێزی هەر زمانێک تەنیا بە ژمارەی ئاخێوەرەکانی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای بەرهەمهێنانی مەعریفە و پانایی وشەسازییەکەی و هەمەجۆریی پێکهاتە ناوخۆییەکەی، جگە لە توانای گونجاندنی لەگەڵ زانستە مۆدێرنەکاندا، زمانی کوردی دەوڵەمەندە بە وشەسازی، نەرم و نیان و خاوەنی میکانیزمی دروستکردنی وشەی نوێ، کە لە خودی جەوهەر و ڕۆحی زمانەکەوە وەرگیراوە، وەک زمانێکی ئەگلۆتیناتیڤ پۆلێن دەکرێت، وەک زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئەوانی تر، واتە زۆرجار دوو وشە کۆ دەکرێنەوە و وشەیەکی نوێ بە مانایەکی نوێ پێکدەهێنن. زمانی کوردی خاوەنی ئەم توانایەیە کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ زاراوەی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی کە بۆ وەسفکردنی داهێنان و دۆزینەوەکان بەکاردێت.
جیاوازی شێوەزارەکان دیاردەیەکی سروشتییە و کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی زمان و یەکیتی نەتەوەیی نییە، ئەگەر جیاوازی زۆر لە وشەسازی لە نێوان ناوچەیەکی تردا بدۆزینەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد لە ناوچەیەکدا بە زمانێکی جیاواز قسە دەکەن، جیاوازە لەو زمانەی کە کورد لە ناوچەیەکی دیکەدا قسەی پێدەکات، ئەم جۆرە ئارگیومێنتە یان دەرەنجامە لە ڕادەبەدەر بێمانایە و یان لە نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو کەسە لە جیاوازیی نێوان زمانێک و زارێک تێناگات، یان لە هەوڵێکی بە مەبەست بۆ تێکدانی خودی زمانی کوردی و گومان خستنە سەر بوونی زمانی کوردی. جیاوازییە بەرچاوەکانی بەکارهێنانی وشەسازیی دیارکراو لە ناوچەیەکی کوردییەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، دەرخەری دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانی کوردییە، هەر ناوچەیەک خاوەنی وشەسازی تایبەتی خۆیەتی، جیای دەکاتەوە لە دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی یەک زماندا دەمێنێتەوە و لە زمانی ڕەسەنی کوردییەوە لک و پۆپ دەکات. زمان سەرچاوەیە، زارەکانیش لک و پۆپن.
ئەم فرەچەشنییە لە شێوەزارەکاندا، لە واقیعدا، لاوازی نییە، بەڵکو هێزێکە بۆ زمانەکەمان، چونکە ڕەنگدانەوەی زیندوویی و دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانە، توانای بەرگەگرتنی لە سەرانسەری جوگرافیایەکی فراوان و لە ژێر بارودۆخی سیاسیی جیاواز و ئاڵۆزدا. بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە وشەسازیی کوردی بەسەر هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دابەش بووە، ئەگەر لە یەک ناوچەدا قەتیس بوایە، بەشێکی زۆری دەوڵەمەندی خۆی لەدەست دەدا و بەشێکی زۆری بە تێپەڕبوونی کات نەدەما. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نەیاندەتوانی هەموو وشەسازییەکانی ناو فەرهەنگی کوردی بەکاربهێنن؛ بەڵکو شێوازێکی تایبەتی وشەیان هەڵدەبژارد و ئەوانی دیکەیان بەجێدەهێشت، کە دواتر لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا کاڵ دەبووەوە و نەدەما.
دابەشبوونی جوگرافی و هەروەها دابەشبوونی کتێبخانەی زمانەوانی بەرفراوانی کوردی لە سەرانسەری هەموو ناوچەکانی کوردستاندا، بەشداری کردووە لە پاراستنی ئەم میراتە زمانەوانییە دەوڵەمەند و بەرفراوانە. سەرەڕای ئەو سیاسەت و شەڕە تایبەتانەی کە زمانی کوردییان کردە ئامانج، ئەو قۆناغانەی کە بەکارهێنانی قەدەغەکرابوو و سەرەڕای هەڵمەتەکانی شێواندن و ئینکاری، هەر وەک زمانێکی زیندوو و بەهێز دەمێنێتەوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر توانای مانەوە و بەرگەگرتن و ئەوەی کە زمانێکە بەرگەی لەناوچوون دەگرێ. تەنانەت ئەو کەسانەش بە شڵەژانی دەروونی و دوور لە میتۆدێکی زانستی ڕەخنە لە هەوڵی زمانناسانی کورد دەگرن، هەوڵەکانیان دەچێتە خانەی خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەرانی نەتەوەکەمان.

فەرەیدوون سامان




ڕاڤەیتر4: پەیڤی سوپاس لە کۆمەڵگەی ئێمە لە پاشەکشەدایە!.. ئازاد حەمە

4-

گووتنی سوپاس ئەرکێکی ڕەوشتییە

سوپاس و ناسوپاس دیوی زۆریان هەیە. پەیڤی سوپاس کردەیەکە لە بیرکردنەوە. کاتێک دەڵێیت: سوپاستدەکەم کەواتە تۆ بیردەکەیتەوە. تەنانەت گووتنی سوپاس لە زۆر زماندا هاومانای نرخاندن و دانپێدانانە. بەواتایەکی دی، سوپاس کردەیەکە لە پێزانین و هەڵسەنگاندن؛ خودی سوپاسگوزارییش کۆتایهێنانە بە گازندە و گلەییکردن. هەرچی ناسوپاسە، ئەویش هەر بەرهەمی بیرکردنەوەیە، لێ بیرکردنەوەیەکی نێگەتیڤ.
سەرباری هەموو ئەو لێکۆڵینەوە و باس و خواسانەی لە زمانە جیاکاندا لەبارەی سوپاسگوزارییەوە کراون هێشتا سوپاسگوزارییGratefulness/Thankfulness کەمترینی لەسەر نوسراوە. هەرچیش لەمبارەیەوە بە کۆمەڵگەی نوێی کوردیەوە تایبەتە ئەوەیە، ھیچکات هێندەی ئەمڕۆ سوپاسگوزاریی لە کۆمەڵگەی ئێمە بێبەها و ئاوا بارخوار نەبووە. ئەمەش لەڕووی ئاکارییەوە ئاماژەیە لەسەر بەدبەختییەکی کۆمەڵایەتیی، کە گووتنی سوپاس لە کولتووری تازەی کورد ڕووی لەکزی بنێت!
کۆمەڵگەی تازەی کوردی پێویستە لەوە حاڵیبێت، کە گووتنی سوپاس قەرزێکە، دەکرێت بە گووتنی سوپاسێک بدرێتەوە؛دەربازبوونیشە لە شتێک، کە قەرزارییەکی ڕەوشتییە، تایبەتیشە بە باشەیەک، کە لەگەڵمانداکراوە. گووتنی سوپاس زۆرێک شت دەگۆڕێت، هەستێک لەویتردا دروستدەکات تا لەسەر باشەکردنەکانی بەردەوامبێت. سوپاس سوپاسی دی بەدوای خۆیدا دێنێت، لەگەڵکاتیشا سوپاسکردن وادەکات پەیڤی سوپاس ببێتە بەرپرسیاریەتیی.
باشە کەی دەڵێین سوپاس؟ سوپاس کات و شوێنی گووتنی هەیە؟ ئەی ڕەچەڵەکی وشەی سوپاس چیە؟ سودی گووتنی چییە؟ یان سوپاس بۆ چ شتێک دەگووترێت؟ کێ سوپاسی کێ دەکات یان کێ یەکەم کەس سوپاسەکە دەکات؟
بۆوەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە لەوێوەدەستپێدەکەین، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، زمانیش، کە بەشێکە لە کردە کۆمەڵایەتییەکان پێکهێنەری ئاخاوتن، گوزارە و دەربڕینەکانیەتی. سوپاسیش لەناو سێستەمی زمانەوانییدا لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئێمەی مرۆڤ پێزانینمان بۆ کردە و کارەکانی خۆمان و ئەویتر هەیە. واتە گووتنی سوپاس دەرئەنجامە.
بەپێی ئەوە بێت لای سەرەوە هێمایبۆکرا، لەمیانەی مرۆڤبوونەوە درک بە گووتنی سوپاسدەکەین. تەنانەت لەناو سوپاسگوزاریدا جوانیناسییەکیش بوونی هەیە. بەواتایەکی دی، سوپاسگوزاریی ھەستیشە. بۆنموونە سوپاسکردنی خودی خۆت. ئەم جۆرە لە سوپاس سوپاسێکی ناوەکیی خودییە. سوپاسکردنی خودی خۆت بەو مانایەدێت،کە هەیت، چالاکیت و خەمۆک نیت. ئەم جۆرە لە سوپاسگوزاریی وزە بەخشە، ناهێلێت پەرت و ماندوو بیت.
سوپاس، کە دەگووترێت دەبێت بەجۆرە گۆیەکەوە بگووترێت، کە هەست بە باشی گووتنەکەی بکرێت، واتە مەرجە سوپاس بە گۆکردنێکی دلێرانەوە،نەک بە غرورەوە، بگووترێت. هاوکات پێویستە سوپاسکردن بە جۆرێک بگووترێت، کە ئەویتر هەست بە نیەتپاکی گووتنەکەی بکات.
لە هەریەک لە زمانەکان گووتنی سوپاس مێژوویەکی خۆی هەیە، بۆ ئەوەی پێناسەی وشەی سوپاسیش بکەم دەڵێم: سوپاس وشەیەکی سۆزاوییە؛ کردەیەکی ئەقڵی مرۆڤە بەرامبەر بە باشەیەک، خودی باشەش لێرە وشەیەکی رەوشتییە. کەواتە بۆدەبێت گووتنی سوپاس هەبێت؟ گووتنی سوپاس گووتنی شتێکە، بەرامبەرێکە، گووتنە بەرامبەر بەوەی کراوە/دراوە/وەرگیراوە. گووتنی سوپاس گووتنە بۆ چاوەرێنەکراوێک، کە هاتووە/کراوە. کەوابێت سوپاس کردەیەکی بێ بەرامبەر نییە؛ بەرامبەر بە هیچ، بە بۆشایی بوونی نییە.
گووتنی سوپاس دیاردەیەکی کولتوورییە یان پەروەردەیی؟ بێگومان، سوپاسگوزاربوون جگەلە دیوی کولتووریی و ئاینیی دیوی پەروەردەییشی هەیە. پەروەردە لەناو کولتووردا سوپاس بەرجەستەدەکات.
گومانیناوێت، پەیوەندییەکی بەهێز و هەمیشەیی لەنێوان گووتنی سوپاس و پەروەردەدا هەیە. پەیوەندی گووتنی سوپاس بە پەروەردەوە پەیوەندیەکی کۆنە. لە پەروەردەدا ئاکاری باش جێگای باسە. پەروەردە ڕاقییەکان لەگەڵ سوپاسدا دەستلەملانن؛ واشیان لە گووتنی سوپاسکردووە ببێت بە بەشێک لە ئەتەکێت. هاوکات لە زۆر پەروەردەدا (کولتووردا) گووتنی سوپاس گەرم وگوڕی کۆمەڵایەتیی دروستدەکات.
گەر بچینە ناو زمانە جیاکانەوە(روسی،فەرەنسی،عەرەبی،ئینگلیزی، ئیتالی و فارسی…هتد) دەبینین لەڕووی زمانەوانیەوە وشەی سوپاس مێژوویەکی ئێتمۆلۆژی(ڕیشەی وشەسازی) خۆی هەیە، کە سوپاس لەوێڕا هەمیشە ئاماژە بووە، چووشەتە خانەی سەرسوڕمانەوە. بۆیە قسەی من لەسەر سوپاس قسە نییە لەسەر خودی سوپاس و بەس، یان سوپاس وەک ئەوەی یۆنسکۆ رۆژێکی بۆداناوە(چوارشەم،September 21). سوپاس ڕۆژی نییە، لە گشت کاتەکانا ئامادەیە، سوپاس بەردەوامە، چەند کەسیی و خودییە چەندین ئەوەندە دەستەجەمعییە. سوپاس سوپاسیشە لەکاتی خۆیدا. ئەڵبەتە سوپاسی درەنگوەختیش هەیە.
گوتنی سوپاس تەنھا لە ڕاستگۆیی و ئاکاربەرزییەوە سەرچاوە ناگرێت، لەو وزە خۆییە مرۆڤدۆستیەشەوە سەرچاوەدەگرێت لە هەندێک تاکدا دایە. بۆنموونە، ئەوەی، کە تەندروستیت، دەبێت ئەمە هەستی سوپاسگوزاریت لادروستکات؛ هەستی ئەوەت لادروستدەکات تۆ باشیت، لەوە گرنگتر کەسی سوپاسگوزار کەسێکی گەشبینە، گەشبینترە لەوانیتر، چونکە ناسوپاسگوزار هەردەم کەسێکی توڕە و ماندوو و ڕەشبینە، هەرچی کەسی سوپاسگوزارە هەست سادە و هێمنە، ئارام و نەرمتر رەفتاردەکات.
ڕاهاتن لەسەر گووتنی سوپاس لە شوێنی کار و لەناو خێزان زۆرجار فۆرمی زمانەوانی جۆراوجۆر وەردەگرێت(سوپاس، زۆر سوپاس، سوپاستدەکەم، سوپاسگوزارم، دەستخۆش، بژیت و …). هەر لەو بارەیەوە زۆرێک لە توێژەران پێیانوایە سوپاسگوزاریی دروستکەری هەستێکی پۆزەتیڤە لای تاکەکان؛ لای ئەوەی سوپاسدەدات و لای ئەوەش وەریدەگرێت، ئەم هەستە واشدەکات سوپاس ببێتە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشە خودییەکانی تاک.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




قەحبەخانە.. نەوزاد بەندی

ئەمڕۆ، لەگەڵ تێک و پێکدانی کۆمەڵگاکاندا، زاراوەکانیش گۆڕاون ..بۆ نمونە جاران بە کەسێکت بووتایه بلیمەت، جنێوێکی گەورەت پێدا بوو، نەیئەزانی چۆن حەقت لێبکاتەوە، ئەمڕۆ بەهەر کەسێک بڵێیت بلیمەت، زۆری پێخۆشە و نازانێ چۆن پاداشتت بداتەوە..
جاران کەسێک شەوێکی درەنگ لە دەرەوە بووایه پێیان ئەوت سەرخۆش یان شەوکوت، وەک بەدمەست و دز ئاماژەیان بۆ دەکرد، ئەمڕۆ خەڵک هەتا بەرەبەیان بە شەقامەکاندا دێن و ئەچن، لوتکەی ڕۆشنبیریی و شارستانییە، ئەگەر سەعات دووی شەو لە کافیتریایەک نێرگەلە بکێشیت ..جاران گەورەترین تاوان ئەوە بوو واز لە خوێندن بێنیت، ئەمڕۆ نەخوێندەواریی گەورەترین پلە وپایەیە و ..ئەگەر لێی بزانیت ئەتگەیەنێتە گەورەترین پلە وپۆستی ووڵات، بە جۆرێک سەد پڕۆفیسۆری زەمانە ساز ماستاوت بۆ دەکەن و بە قەد و باڵاتا هەڵدەدەن، جاران نیشتمانپەروەریی ئەوە بوو پێشمەرگە یان ڕێکخستنەکانی ناوشار بیت و ..ئەمن و تەواری ڕاو بکەیت و بۆ دۆزەخیان بنێریت، ئەمڕۆ نیشتمانپەروەریی ئەوەیە نیشتمان تاڵان و پاوان بکەیت و ملیاردێربیت و هەوڵ بدەیت بگەیتە تریلیۆن .. بێ کۆتا کۆمپانیا و مۆڵ و ڤێلات هەبێ و هەر کەسێ زیاترت پێ بدات، نیشتمان بەو بفرۆشیت .. جاران باوکایەتیی ئەوە بوو کتێب و فکر و ڕەوشتە بەرزەکانی و کولتور و ئاین بخەیتە مێشکی مناڵەکانتەوە، ئێستا باوکایەتیی ئەوەیە ئایفۆن و پیتزای بۆ دابین بکەیت..
قەحبەخانەیش وەک زاراوەکانی تر، گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە..
ئەمڕۆ قەحبەخانە ئەوەیە لە خەستەخانە حوکومییەکاندا هیچ دەرمان و پێداویسییەکی پزیشکیی و فەحسێک نەبێ، کەچی لە نەخۆشخانە ئەهلییە حیزبییەکاندا هەموو جۆرە دەرمان و پێداویستییەکی پزیشکیی و هەموو جۆرە فەحسێک، بەردەست بێ ..
قەحبەخانە ئەوەیه لە نەخۆشخانەی میرییدا نەشتەرگەریی بۆ نەخۆش بکرێ بە پارەیەکی زۆر و ناوی لێ بنرێت، سیمی پریڤەیت، واتا نیمچە بازرگانیی .. بە بینا و خەستەخانەی حوکمەت، بە کەرەستە و ئاو و کارەبای حوکمەت، بە کارمەند و فەرمانبەرانی حوکمەت، نەشتەرگەریی بە نرخی بازرگانیی بۆ نەخۆش ئەنجام بدرێ و پارەکەی تەنها بۆ حیزبی باڵادەست و پزیشکەکان بێت.
قەحبەخانە ئەوەیە زانکۆی حکومیی، وەک بینا و جادە و بان و هۆڵ و خزمەتگوزاریی، وەک ئەشکەوت وابێت، هی سەردەمی حوکمی پاشایەتیی و ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر بن، بەڵام زانکۆ حیزبییە بەناو پریڤەیتەکان، تازەترین دیزاینی بینا و جادە و باخ و خزمەتگوزاریی تێدا بێ ..
قەحبەخانە خانە ئەوەیە لە زانکۆ حکومییەکاندا، نزیکەی پەنجا دۆلار لە هەر خوێندکارێک وەربگریت کاتێ دێتە زانکۆوە، لە کاتێکدا سەدام حسێن بە خەویش بیری لەم جۆرە سەرانەیە نەکردبۆوە، بە پێچەوانەوە، مانگانە بێ منەت بیست دیناری بۆ خوێندکار خەرج دەکرد کە بەرامبەر بە حەفتا دۆلاری ئەمڕۆ بوو.
قەحبەخانە ئەوەیە کاتێ خوێندکارێک ئەڕوات بۆ زانکۆکەی داوای فۆتۆکۆپییەکی بڕوانامە هەناسەساردەکەی دەکات، پێی بڵێن بێنە پەنجا هەزار دینار، بە بێ ئەوەی نە دامەزرابێت و نە دینارێک سودی لەو هەموو خوێندنە وەرگرتبێت.
قەحبەخانە ئەوەیە نمرە بە خوێندکار بفرۆشیتەوە و لە کولێژێکەوە بڕوات بۆ کۆلێژێکی بەرزتر به ناوی سیستمی پاڕالێل، لە بەرامبەر نرخێکی خەیاڵییدا، بۆ نمونە 0.2 ی نمرەیەک بە 42 ملیۆن دینار بۆ هەموو ساڵەکانی کۆلێژ ..
قەحبەخانە ئەوەیە باخ و شەقام و پرد و ئاو و هەوای پڕۆژە نیشەجێبوونە حیزبییەکان وەک شەقام و پرد و باخەکانی سویسرا وابن، بەڵام گەڕەکە هەژار نشینەکانی شار، بە دەردی بێ ئاویی و چاڵ و چۆڵیی شەقام و بێ خزمەتگوزارییەوە بناڵێنن ..
قەحبەخانە ئەوەیە پێشمەرگەیەکی دێرین لە برساندا و لە بێ گوزەرانییدا، خۆی بکوژێت..
قەحبەخانە ئەوەیە تاوانبارێکی جەنگ و خۆفرۆشێکی دێرین، لە پلە و پۆست و کۆشک و ڤێلایەکی شاهانەدا ڕابوێرێت.
قەحبەخانە ئەوەیە ئیشی تێدا ناڕوات، ئیمزای بەڕێوەبەرێک کە لە پیاسەیە، وەک کۆشکەکەی کافکا هەموو ژیانت خەسار بکات.. بچووکترین مامەڵەی فەرمانگەیەک، لە دین وەرتبگێڕێ و مێشکت بسوتێنێ.
قەحبەخانەی سەردەمێ نوێ، کتێب و خاوەن فکری سەربەخۆ، تێیدا بێکەس و بێ پاڵپشت و هەژارن، ئەبنە جێگای پێکەنین و قەشمەریی، هیچ کەسێ نایانخوێنێتەوە و جارجاریش وەک سەگی بەرەڵڵا چەند دانەیەکیان لێ ئەکوژن ..
قەحبەخانە ئەوەیە بە تەلەفۆنێک کورسییەکی ماستەر و دکتۆرا بدرێتە جەلادێک یان کوڕە جەلادێک .. بە تەلەفۆنێک، بڕوانامەیەک بە دێلیڤەریی بگەیەنرێتە دەستی نەخوێندەوارێک..کورسییەکانی خوێندنی باڵا، وەک لەعابە و پەشمەک بەسەر کوڕه بەرپرس و دۆستەکانیاندا دابەشبکرێ.
قەحبەخانە ئەوەیە لە پڕێکا چەند گەوادێکی تێدا ببنە ملیاردێر.. لە پڕێکا پڕ بێ لە کۆشک و تاوەری هەور بڕ .. لە چاوتروکانێکا، سواڵکەرێک، جامبازێک، ببێتە خاوەن پڕۆژەی ستراتیجیی و بە قات و بۆینباخێکەوە، بە دەم و قەپۆزێکی کە نەخوێندەواریی پڕ لە گەمژەیی و کاڵفامیی، نهێنییەکانی بزنسمانی سەرکەوتوو، دەرخواردی خەڵکەکەی بدات .
قەحبەخانە ئەوەیە هۆڵی جیم و مەلەوانگە و شوێنی نێرگەلەکێشانەکانی، فلات بن یان بە مەسعەد بۆی بچیت، کەچی فەرمانگەی خانەنشینیی، بە بیست سی قادرمەی تاقەتپڕوکێن بۆی بچیت، کە ئەبێ ئەو هەموو پیر و پەککەوتەیە سی چل پێپلیکانە ببڕن ..چۆن ئەیبڕن؟ نازانم، کێشەی خۆیانە.. نەیبڕن مامەڵەکانیان جێ به جێ ناکرێت و ئەبێ لە برساندا بمرن.
قەحبەخانە ئەوەیە قومارخانە و تیاترۆخانەکانی بە تازەترین دیزاین دروستکرابن، کەچی بانکی کەمئەندامەکانی لەناو چاڵێکدا بێ، بەناو گرد و کەندڕا بۆی شۆڕبیتەوە و ..بڕژێیتە ناو چەمێکی قوڕاویی، لەبەردەم پەنجەرەیەکی ژەنگاویدا ڕابوەستیت، لەبەر سەرمای زستان و گەرمای هاویندا، پەنجە مۆرت پێ بکەن و.. بتنێرن بۆ ژوورێکی تر، دیسان بچیتە سەرەوە، بۆ تەسدیق و تەدقیق و تەحدیق و کەشف، بزانن تۆیت ئەم سەد و پەنجا هەزارە وەردەگریت، یان هاوشێوەکەتە ..
قەحبەخانە ئەوەیە کۆمەڵگاکەی کراوە بە هەزار بەشەوە .. دەوڵەمەند و بازرگان و جەردەکان، هەر لە دایەنگاوە، بە پریڤەیت و بە پارە ئەخوێنن، بۆ ئەوەی پۆز بەسەر هەژاراندا لێ بدەن کە ناتوانن بچنە دایەنگاوە .. دوای ئەوە باخچە و هەموو قۆناغەکانی خوێندن، تایبەت و جیاوازە بۆ ئەوان ..زانکۆ و خوێندنگا بازرگانییەکانیان بەناوی وڵاتانی ئەوروپیی و ئەمەریکییەوەن، کە تێکڕایان تایبەتن بەوانەی ئەزانن چۆن نیشتمان بدۆشن و بیفرۆشن و پارەی خەیاڵیی لێ هەڵهێنجن.. لە قەحبەخانەدا هیچ زانکۆ و پڕۆژەیەکی نیشتەجێ و مۆڵێک فەرمانڕەوا قارەمانەکان بەناوی شەهیدەوە ناو نانرێن، لە قەحبەخانەدا ئەو پڕۆژە و تاوەر و زانکۆ و مۆڵانە بە ناوی ناسکی ئەوروپیی و ئەمەریکیی ناو دەنرێن.. لە قەحبەخانەدا، گەڕەک و کلینیکە میللییە هەژارنشینەکان بەناوی شەهیدەکانەوە ناودەنرێن، ئەو کلینیکانەی هەژارانی تێدا بە پارەیەکی مامناوەند دەستخەڕۆ دەکرێن.. بۆ ئەوەی شەرم لەناوی شەهیدەکان بکەن و بەڕەی ژێرخۆیان بفرۆشن بۆ کڕینی دەرمان و دەرزییە بێ سودەکان، چونکە لەو جۆرە شوێنانەدا پزیشکی زیرەک و بەتوانا نییە.. نەخۆشخانە گەورەکانی خۆیان و شارە پزیشکییەکانیان وەک موگناتیز هەرچی پزیشکی زیرەکە ڕایدەکێشێت، واتا نەخۆشی هەژار بۆی نییە پزیشکی شارەزا بیبینێت.
لە قەحبەخانەدا خەبات و شەهید بوون بۆ هەژارانە و .. بەر و بومی وڵاتیش بۆ ئەوانەیە کە لە دەرەوەی ووڵات چاوەڕێن شۆڕش سەربکەوێ و پۆل پۆل بێنەوە سەر حازریی..
لە قەحبەخانەدا قەت قەت بازرگانێکی زەمانە ساز و سیاسییەک لە سەرەی سەمونخانەدا نابینیت..چونکە ئەوان سەرەی سەمونیان وەک دەستکەوتێک بۆ میللەت فەراهەم کردووە و پێیان شەرمە لەو دەسکەوتەدا بەشدار بن..شۆڕش و خەباتەکەی ئەوان نەبوونایە چۆن تۆ ئەتتوانی ئەمڕۆ بەو پەڕی ئازادییەوە لەسەرەی سەموندا ڕابوەستیت؟؟
هەروەها لە بازاڕە میللییەکاندا، لە سەرەی پارەدانی کارەبا و ئاو و غاز و گاز و بەنزین و نەوتدا نایانبینیت، چونکە ئەوانە هەمووی دەسکەوتن بۆ میللەت، ئەوان خۆیان لە نیعمەتی پارەدانی کارەبا و ئاو و نەوت و بەنزین و غاز و گاز بێ بەش کردووە، ناچارن تەنها پارە وەربگرن، ئەویش دوای ئەوەی ئەکرێنە گونیه و بە ووردیی، بە ئاسۆیی و ستوونییش حیسابی کۆتاییان بۆ کراوە.
هەروەها ئەوان لە قەڵەباڵغیی ناو فەرمانگەکانی باج و خانوو بەرە و کارتی نیشتمانیی و پاسپۆرت و هات و چۆدا نابینرێن، چونکە ئەو جۆرە کەرنەڤاڵە جەماوەرییانە تایبەتن بە هاووڵاتیی سەربەرز و سەرکەش و . ئەمانی سەرکردەی لێ مەحروم کراوە..ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییانەی فەرمانگەکانی هاتوچۆ و باج و گومرک و خانوو بەرە، تایبەتە بە هاووڵاتیان..ئەمان تەنها و تەنها ئەو گونییە پارانە وەردەگرن، کە میللەت بەو پەڕیی ئازادییەوە دەیداتە بەشی ژمێریارییەکان، ئەوانەی حیساباتی نیهائیی ئاسۆیی و ستوونییان بۆ کراوە.
قەحبەخانە ئەوەیە لە هەموو ڕوویەکەوە، ژیان لەو خەڵکە بکەیت بە دۆزەخ کەچی کاتی هەڵبژاردن، زۆرینەی ئەو خەڵکە دەنگت پێ بدەن..
قەحبەخانە لە فەرهەنگی ئەمڕۆدا، ئەوەیە مامۆستایەک بە 42 ساڵ خزمەت بەو حاڵە دوو هۆدە و هەیوانێکی خۆی پێکەوە نابێت، دیوارەکانی بە چاوەزار داپۆشیبێ، نەک چاوی پیس کاری لێ بکات و لە دەستی بچێ و بکەوێتە سەرجادە، کەچی مناڵ و تواڵ و گێڵفرێندی بەرپرسەکان بە ملیۆن و ملیار قسە بکەن و بە فەردە دۆلار لە ژێر پێڵاوەکانیاندا بێ.
قەحبەخانە ئەو ووڵاتەیە، کە سیاسییە عەلمانییەکانی لەسەر ڕەقەم و مۆدێل کیژۆڵەیان لە ناوەوە ودەرەوەی وڵات بۆ دابین بکرێ بۆ ڕازاندنەوەی مێز و پێخەف و شەوە سوورەکانیان، هەرچی ئوسوڵییە دەستڕۆیشتووەکانیشیانە، دووان و سیان و چوار ژن لە خۆیان مارە ببڕن، لەو لایشەوە سەدان هەزار گەنج، لە لوتکەی حەز و پیاوەتیدا، نەک پارەی ژنهێنانیان پێ نییە، بەڵکو تەنانەت پارەی شاورمە و چایەکیان لە بەڕکدا نییە .
قەحبەخانەی مۆدێرن ئەوەیە خۆت و کەس و کار و خزم و دۆست و ئەحبابەکانت، ـVIPبن و وەک دەڵێن شەق لە پارە هەڵبدەن، ئیتر بۆت گرنگ نییە کۆمەڵگا نیوەی بووە بە سواڵکەر و نیوەکەی تری توشی هەزار نەخۆشیی دەروونیی بوون.
قەحبەخانە ئەوەیە دار و بەردت پڕ کردبێ لە ووشەی دیموکراسیی و سۆسیال دیموکراسی و شورا و سوێند بە خوا و گەل بخۆیت، کەچی بە حوکمی پشتا و پشت کار بکەیت.
قەحبەخانەی نوێ ئەوەیە دانیشتووانەکەی تەنها خواردن و زاوزێ ئەنجام بدەن، کەس حەقی نەبێ بەسەر کەسەوە و ..لە گەدە بەرەو خواریان مافی چالاکیی هەبێ.. زانست و هونەر و ئەدەب و داهێنان و بەرهەمهێنان بە ناخی زەویدا چووبن..هیوا و ئاواتی تێدا نەبێ، داهاتووی نەبێ، ژیان تیایدا تەنها ئەو چرکەیە بێ، هەموویشیان بەئەتایست و کۆمۆنیستەکانیشیانەوە، بڵێن ئیشەڵا خوا چاکی ئەکا، لە دەستی عەبدا نەماوە..
قەحبەخانەی سەدەی بیست و یەک، ئەوەیە تۆ ڕۆشنبیر و بیرمەندی سەربەخۆ و دژە دەسەڵات و ڕیفۆرمخواز و ڕادیکاڵ بیت، کەچی لە ژێرەوە بە پلەی ڕائید و عەقید و موقەدەم لەلایەن دەسەڵاتەوە خانەنشین کرابیت، موچەیەکی چەوری حەرام وەربگریت بە بێ ئەوەی لە ژیانتا کاسکێت یان بێریی سەربازیت کردبێتە سەر..
قەحبەخانە ئەوەیە نوێنەرانی گەل بە ملیۆنەها دۆلار و بە سەدان کیلۆ ئاڵتون بدزن و لە ژێر زەمین و شوێنی هەزەلیدا بیشارنەوە، کەچی بەشێکی زۆر لەو گەلەی دەنگیان پێداون، سواڵکەری ترافیکلایت بن و هەندێکیان لە خۆڵە عەمەلەکاندا بۆ بژێوی ڕۆژانەیان بگەڕێن.
لە قەحبەخانەی نوێدا، باج لە عەرەبانچی و دەستگێڕ وەردەگیرێت، کەچی ملیاردێرەکان باج نادەن.. چونکە ملیاردێرەکان باج وەرئەگرن، چۆن ئەبێ باج بدەن؟ چونکە لەیاساکانی فیزیادا هاتووە، تەنەکان یان ئەبێ وەرگر بن یان ئەبێ بدەن، ئێ ئەو مێگاــ بازرگانە سیاسییانە تەنە وەرگرەکانن، چۆن ئەبێ بدەن؟ خاک و خەڵک تەنە بدەرەکانن ..ئەوان ئەدەن و ئەمان وەرئەگرن.
لە قەحبەخانەی مۆدێرندا، هیچ جۆرە مافێک دەست ناکەوێ، بەڵام هەموو جۆرە ساختە و داتاشینی یاسا و داگیرکردن و زوڵم و زۆرێک دەست ئەکەوێت، هەموو ئەوانەیش بە درۆ و فێڵ داپۆشراون، بەو جۆرە دزترین کەس، وەک مەردترین کەس دەردەکەوێت .. پیاوکوژترین بێ شەرەفترین شەڕواڵپیسترین کەس، ئیداریی و یاسا دانەر و پەروەردەکارە..واتا قەحبەخانەی نوێ گەورەترین شانۆیە و شارەزاترین ئەکتەرەکان ڕۆڵی تیدا ئەگێڕن، بە جۆرێک ملیاردێرەکانی ڕۆڵی سواڵکەر ئەبینن، شەو و ڕۆژ سواڵە سەنت و فلس ئەکەن و بێزارت ئەکەن، وات لێدەکەن نانێکت پێ بێ، بیاندەیتێ..ئیتر تەماشا ئەکەیت گەورەترین بیریار، نەخوێندەوارە و ڕێنوس نازانێ، گەورەترین سەرکردەی دڕ و چاونەترس، لە حەوزی شیردا خۆی ئەشوا و ..لە کاتی شەڕەکاندا، لە نێوان دوو کیلو گۆشتی سپی و پڕ لە سلیکۆن و بۆتۆکسدا، ئەگەوزێت و ئەتلێتەوە و خەبات ئەکات.
ئیتر بەو جۆرە هاوڕێیان، قەحبەخانەی سەردەمی جیهانگیریی، ئەوەندە پێناس و ڕوونکردنەوە هەڵدەگرێت، کە بە چەندەها کتێب ناتوانیت حەقی خۆی بدەیتێ و بە تێر و تەسەلیی لەسەری بدوێیت..
ئەوەندە هەیە لە قەحبەخانەی نوێدا، پاک و خاوێنیی نییە و ..شەقامەکان یەکپارچە خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی جگەرە و شتی ترە، چونکە خەڵکەکەی بە دوای چێژدا ئەگەڕێن و عەقڵیان ئیش ناکا هەتا پارێزگاریی لە پاک و خاوێنیی بکەن..ئەوانەیشی کە کرێکاری شارەوانین، موچەیەکی ئەوەنده کەم وەرئەگرن، تاقەت و توانای پاککردنەوە و هەڵگرتنەوەی پاشماوەی ملێگەلێکی ملیۆنەها کەسییان نییە ..ئیتر بەو جۆرە بۆگەن لە هەموو کونج و گۆشەیەکی هەڵدەستێ ..ڕوو لە هەر شوێنێکی بکەیت، پەشیمان ئەبیتەوە، چونکە توشی شەڕ یان سوکایەتیی و جنێو و پاڵپاڵێن و ژاوە ژاو ئەبیت..
لە قەحبەخانەدا، خواردن و دەرمان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی دەنگدەر ئێکسپایەر و بێ کوالێتین، بەڵام خواردن و دەرمان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی دەنگپێدراو، هەمووی هاوردەی تایبەتیین یان ئیستیراد خاسی ئەوروپا و ووڵاتانی ترن تەنانەت مەشروب و جگەرەکانیان تایبەت و سپێشەڵن.
لە قەحبەخانەدا درۆ عەیب نییە
لە قەحبەخانەدا خیانەت شانازییە
لە قەحبەخانەدا فێڵ و فڕ زیرەکییە
لە قەحبەخانەدا هەموو شتە چارەنوسساز و نیشتمانییەکان ئەفرۆشرێن و بە نرخێکی گونجاو دەست دەکەون وەکو پرسیاری تاقیکردنەوەکانی بەکلۆریی و کۆدی شکاندنی هاردوێرەکان و کتێبەکان و .. نوشتەی ڕێکخستن و تێکدان و ملشکاندن و ..موچەخۆری بندیوار و هەر شتێک کە شەیتانیش پەی پێ نەبردووە.
لە قەحبەخانەدا دین هۆکارێکە بۆ گەیشتن بە کورسی و پارە و ژن و لە تەڕ خواردن و لە وشک نوستن.
ئەوانەی لە قەحبەخانەدا ئەژین، لوتبەرز و گەمژە و بێ هونەرن
لە قەحبەخانەدا خەڵکەکە زۆربڵێن، لە پڕۆفیسۆرێکەوە هەتا دەرگاوانێک، لە قسەکردن تێر ناخۆن، هەر بۆیە هەزاران جار گوێمان لە شەڕی نێوان دوو پڕۆفیسۆر بووە لە کەناڵێکی ڕاگەیاندندا، بە هۆی ئەوەی یەکێکیان مافی ئەوەی تریانی خواردووە لە کاتی قسە کردندا، چونکە کورت و کرمانجیی پێتان بڵێم لە قەحبەخانەدا زۆرینەیان بە عەرەقی زمانیان ئەژین، هەتا درێژ دادڕتر و بێ شەرمتر و بێ شەرەفتر و ڕووقایمتر و درۆزنتر بیت، دەوڵەمەندتر و ناسراوتر و بەڕێزتر و پڕۆفیشناڵتریت و کەناڵە بەناوبانگەکانی قەحبەحانەکە شەڕت لەسەر دەکەن و ملیۆنان دۆلار ئەخەنە ئاخوڕەکەتەوە بۆ ئەوەی عەزێت بفەرموون لەو کەناڵەدا ئیش بکەیت، چونکە بینەرانی قەحبەخانە حەزیان لە قسەکەری بێ شەرم و بێ حەیایە کاتێک بێ پەردە باس لە کاری سێکسیی و لێدان و هەڵگرتن و داگرتن دەکات لە هەواڵەکاندا.. بەوجۆرە بینەر و هەوادارێکی زۆر لە دەوری ئەو کەناڵە و ئەو قسە قۆڕانە کۆدەبنەوە و هۆگر و ئاڵودەی دەبن و دەبێتە کەناڵێکی بێ ڕکابەر.
لە قەحبەخانەدا زۆر زەحمەتە حەقدەست و کرێ و موچەی خۆت وەربگریت، ئەبێ بیکەی بە شەڕ و مانگرتن و ڕێپێوان و فەرتەنە یان ئەبێ سەبرێکی گەورەت هەبێ و چاوەڕوان بکەیت، خۆ ئەگەر حەقدەست و کرێ و موچەیان خواردیت، ئەبێ بە لاتەوە ئاسایی بێ، چونکە پیاو لە قەحبەخانەدا بژی، هەرچی نەهامەتیی هەیە دێتە ڕێگای.
لە قەحبەخانەدا وەعد و بەڵێن نییە.
لە قەحبەخانەدا هیچ شتێ گەرەنتی نییە.
لە قەحبەخانەدا دادگا نییە، هەیشبێ بۆ شەرعیەتدانە بە نادادیی..
قەحبەخانەی مۆدێرن پڕ پڕە لە وێنە و پەیکەری گەورە ..پڕە لە مۆنۆمێنت و مەزاری گەورە و گرانی چۆڵ و هۆڵ، کە ملیۆنەها دۆلاریان بۆ تەخسیس کراوە ..
قەحبەخانە پڕپڕە لە سروود و دروشم و ئارم و لۆگۆ و ڕێکخراو و ئەو جۆرە چالاکییانەی کە هەموویان جۆرێکن لە بازرگانیی و پارووی چەور گلاندن.
قەحبەخانە پڕ پڕە لە سیخوڕ و خەت مایل و عەمیل و نهێنگر و دووزمان و بوختانچیی و ڕاپۆرتنووس و چاودێر و چاڵ و تەپکە و داو و فاقە.
قەحبەخانە پڕ پڕە لە زیندانی فەرمیی و نهێنیی.. پڕە لە زیندانی کەسیی و گشتی و تاکەکەسیی و بەکۆمەڵ.
قەحبەخانە جۆرەها هێزی چەکداریی تێدایه، هەر جۆرێکیان تایبەتن بە کەسێک..ئەم هێزانە بە هۆی ئەوەی کە نزیکن لە کەسە باڵاکانەوە، هەندێکیان زۆر گرنگ و دەستڕۆیشتوون، تەنانەت شا بە سەپان ناگرن.
لە قەحبەخانەی نوێدا، خەڵکەکە هەموویان لاساییکەرەوەن، چونکە هیچ داهێنانێکیان تێدا نییە، هەر بۆیە هەموویان سەیری یەکتری ئەکەن و لاسایی یەکتری ئەکەنەوە، قسە و ستایڵ و سمێڵ و ڕیش و شتی یەکتری ئەدزن و ئەیکەنە هی خۆیان .. نزیکەی هەموویان نەشتەرگەریی جونکاریی لوت و لێو و سمتیان کردووە، نزیکەی هەموویان قژیان چاندۆتەوە.. ددانیان کردووە بە برغو، حەزیان لە ئوتومبیلی درعە، شیعر و چیرۆک و ووتار و تابلۆی شێوەکاریی یەکتریی ئەدزن و بەناوی خۆیانەوە بڵاویان ئەکەنەوە..ئیتر یەکێکیان بایەکی لێ بێتەوە، ئەوانی تر هەموو ئەکەونە پاڵەپەستۆ و زەخت لە خۆکردن، هەتا ڕەفیق کەم نەبن.
قەحبەخانە ئەوەیە کە هەموو کاڵاکانت هاوردە بن.. ئەگەر سنوورەکان بگیرێن، هەموویان لە برساندا بمرن .. نان و ئاو و جل و دەرمان و مەسینە و تەڵەی مشکگرتن و سوژنی لێفەدروو و هەموو شتێک هاوردە بکەن.
یەکێک لە نیشانەکانی ئاخر زەمان و قەحبەخانەی نوێ ئەوەیە، ئەگەر لەسەر زەریایەک نەوت و گاز و ئاڵتون و سامانی سروشتیش بن، هێشتا هەر قەرزارن.. هێشتا هەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، برنج و ئارد و دۆشاو و زەیت و لەتکە نۆکیان بەسەردا دابەش بکات، ساڵانە سێ چوار مانگی ئەو شتانەیشیان نەدەنێ، بەسەر یەکەوە بیدەنە کوڕە بەرپرسێ بۆ ئەوەی بیکا بە پڕۆژەیەک بۆ خۆی یان بیداتە کۆمەڵێ ئوتومبیلی تایبەتی بڕاندی جیهانیی.
لە قەحبەخانەدا، برسیترین چین و توێژ، چین و توێژی بازرگانە زەبەلاحە سیاسیە ملیاردێرەکانن.. زۆر برسین، تەنانەت ئەگەر قەراغە نانی کەڕوو لێداویشیان بدەیتێ، لێت وەرئەگرن و ئەیهاڕن و ئەیکەنە ئارد و بۆ سبەینێ بە خۆتی ئەفرۆشنەوە.
لە قەحبەخانەدا خەڵک زۆر بێزار و خەمبار و خەمۆکیی و بێ حەوسەڵەن، چونکە نیوەی لەشیان لەکار خراوە، لە گەدەوە بەرەو سەریان ئیش ناکات.. بێ گومان مرۆڤی ئیفلیج بە هیچ شتێ دڵی خۆش نابێ، هەرچەندە زۆرینەیان لە لایەن بەشە ڕێپێدراوەکەی لەشیانەوە، کە لە گەدە بەرەو خوارە، بەردەوام لە کار و چالاکیی حەڵاڵخواردن و حەڵاڵکردن، یان حەرامخواردن و حەرامکردندان، بەڵام مادام گەدە و بەرەو ژووریان سڕ کراوە، هەست بە ئاسوودەیی ڕەها ناکەن و .. ئەو زیادە ڕەوییەیش لە کار و چالاکیی لە گەدە بەرەوخواردا، حەتمەن کێشەی سووربوونەوە و برینی گەدە و پڕۆستات و لە دەستدانی پیاوەتیی لێوە سەرچاوە ئەگرێ، هەر بۆیە گەر دیقەت بدەیت دەرمانخانەکانی قەحبەخانەکانی سەردەمی نوێ، ئەگەر بڕوخێن بەسەر دەرمانەکانی گەدە و پڕۆستات و هینەکانی ترا ئەڕوخێن.
لە قەحبەخانەی مۆدێرندا، نوکتە و قسەی خۆش گرنگییەکی زۆریان پێدراوە، یان ئەتوانین بڵێین یەکپارچە قسە و باسەکانیان، نوکتە و پێکەنینی تێکەڵاوە وەک چۆن سەرچاوە ئاوییەکانی خواردنەوەیان، زێرابیان تێکەڵاو بووە .. بەو جۆرە سیاسیی و دەستڕۆیشتووەکانیان بەردەوام پێدەکەنن و نوکتە ئەکەن، لە گەرمەی شەڕە ناوخۆییەکانیاندا، کە بۆ دانوستان دادەنیشن، یەکڕاست پێدەکەنن و قاقای وا لێدەدەن، وەک ئەوەی لە فیلمێکی کۆمیدیدا دانیشتبن وایە، بەو جۆرە خەڵکە سەر بە قوڕە کوڕ کوژراوە ماڵوێرانەکەیش، کە سەیری ئەو دەستڕۆیشتووانە دەکەن، ئەمانیش ناچارن پێبکەنن، چونکە ڕاست نییە گەر گەورەکان پێکەنین، بچووکەکان خەمبار و دڕدۆنگ بن .. داوای مافە زەوتکراوەکانت بکە، دەستڕۆیشتووەکان نوکتەیەکت بۆ ئەکەن و قاقا پێدەکەنن، ئیتر تۆیش ناچاریت پێ بکەنیت، بەو شێوەیە مافە زەوتکراوەکەت ئەبێ بە ژێر پێی پێکەنین و نوکتەکانیانەوە .. بەو جۆرە قەساب نوکتە ئەکات ..مامۆستای ئایینی ئەوانەی قورئانیان لەبەرە، نوکتە ئەکەن و قاقا پێ ئەکەنن ..شیوعیی، مولحید، سەلەفیی، سۆفیی، عەلمانیی، مناڵ، پیر ، شێت، نوکتە ئەکەن و پێدەکەنن.. تەنانەت لەسەر قەبران لەکاتی ناشتنی مردوودا، لە ڕیزەکانی پشتەوە، لە کاتی تەڵقیندا، جەماعەتێ نوکتە بۆ یەکتری ئەگێڕنەوە و پێدەکەنن ..
ئەمەیش حاڵەیش پەل بۆ بە دۆکیومێنتکردنی نوکتە و پێکەنین ئەکێشێ و ..هەندێک نوسەر ئەیکەنە نامیلکە ..تەنانەت هەندێ لە عەللامە ئاینییەکانیان بە سەرا خۆی ئەخاتە ناو گۆماوەکە و چەندین بەرگ یان موجەلەد نوکتە و قسەی قۆڕ ئەنووسن و .. دەیان جار چاپ دەکرێنەوە و بە خێرایی لە بازاڕدا نامێنن، ئیتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستادا چ نوکتە و قسەیەکی قۆڕ کرابێ، نووسراوەتەوە، زۆرینەی نوکتە و قسەخۆشەکانی قەحبەخانە مۆدێرنەکان، ئەندامی زاوزێ و سەرجێگاکردن و ئەو شتانەیان تێدایە لەگەڵ توێژێک لە کەلەپور و نەتەوایەتیی وەک موقەبیلات، پێیدا ئەپرژێنرێن بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بە شانازیی و سەربەرزییەوە ئەو جۆرە شتانە بخوێننەوە و ڕەوانی بکەن و بۆ یەکتری بیانگێڕنەوە.
عەبدوڵڵا پەشێو دەڵێت :

خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:
دان و مێروو برای یەکن
خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:
خوێن و زەروو برای یەکن
خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:
ماسی و چەنگاڵ
مشک و جەواڵ
دەست و چزوو برای یەکن
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن
پەت و گەردن
گوێزان و موو برای یەکن




پێویستە کۆتایی بە حکومەتی تائیفی بهێنرێت.. عوسمانی حاجی مارف

واقعی گۆڕەپانی سیاسی عێراق تادێت بێسەروبەر و شێواو سەرگەردانتر دەردەکەوێت، تا ئەو ئاستەی مرۆڤ هەست دەکات کە هەرجارێک ئەم وڵاتە لە هەوڵی بۆ دەربازبون لە هەر تەنگانەیەکی سەخت، کە بەرەوڕوی دەبێتەوە، دەکەوێتە ناو تەنگانەیەکی قووڵترەوە، بە چەواشەکاری و فریوکاری، بەناوی چارەسەرەوە لە بازنەیەکی بۆشدا دەسوڕێتەوە.
تەواوی هاوپەیمانی نێوان لایەنەکان، وەک هێزی میلیشیای تائفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستی بەهاوپەیمانی کۆن و نوێیانەوە، نەک کێشەکانی دۆخی سیاسی عێراقیان چارەسەر نەکردووە و نایکەن، بەڵکو هەمیشە دیمەنی سیاسیان زیاتر ئاڵۆزتر و لێڵتر کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دۆخی سیاسی عێراق بەدوای کۆتایی دەسەڵاتی سەدامدا کە بۆتە ناوەڕۆکی کێشەکانی وەک سەرگەردانی و نەبونی ئاسایش و ناسەقامگیری بەردەوام، لەهەمانکاتدا هۆکاری توندوتیژی و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان بووە.
دانیشتوانی عێراق پێویستیان بە هێزێکی جەماوەریە کە بتوانێت لە مەیدانی شەڕێکدا بێت بۆ کۆتایی بە دەور و دەسەڵاتی هێزی میلیشیای تائفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستی، لەهەمانکاتدا دامەزراندنی دەسەڵاتێک کە دابینی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵکدا بکات لەدەسەڵاتی سیاسیدا. لەهەمانکاتدا ئامانجی ڕەخساندنی زەمینەیەک بێت بۆ دامەزراندنی دەستور و دەوڵەتێک کە لەسەر بنەمای غەیرە قەومی و سیکولار وهاووڵاتیبون بەڕێوەببرێت، پرۆسەیەک بێت بەرەو بەرجەستەکردنی، ئازادی و یەکسانی بڕواتە پێشەوە. بەڵام پێش هەر شتێک لە ئێستادا، پێویستە کۆتایی بە تەواوی هێزە ملیشیاکان بە هەر ناوێکەوەن، لە عێراق و هەرێمدا، بهێنرێت.
ئەزمونی حکومرانی ئێستای عێراق بەهەر دروشمێک کە لە هەندێک لایەنەوە ڕادەگەیەنرێت، کە دەڵێن چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، نەک ئەو کارە لەسەر بنەمای پێکهێنانی حکومەتەکانی ئێستا ناکرێت، هێزە چەکدارە غەیرە دەوڵەتیەکانیش وەک خۆیان دەمێننەوە، لەهەمانکاتدا ئەو ژینگە سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتیەی لە حکومەتی ئێستای عێراق و کوردستاندا بەرجەستە بۆتەوە بە نوێنەرایەتی هێزی تائیفی و ئیسلامی و ناسیۆنالستی سەرمایە و سەرمایەداری دەپاریزن، بەردەوام ڕێگەیان پێدەدات دووبارە سەرهەڵبدەنەوە، واتە پێویستە ئەو ژینگەیە بنبەست بکرێت.
هەڵبەتە شانە سڕکراوەکانی داعش و هەر لایەنێکی توندڕەو و تیرۆرستی بەردەوامن بۆ ئامادەبونیان لە ئۆپەراسیۆنە پچڕپچڕەکان و لە ناو هێزە میلیشیاکان کە لە عێراق و سوریا کاری خۆیان دەکەن، ڕەنگە سڕبونی ئێستایان پرۆسەیەک بێت بۆ قۆناغێکی توندوتیژتری ئەو ڕێکخراوانەی تەنها باوەڕیان بە توندوتیژی و زاڵبون بەسەر کۆمەڵگەدا هەیە.
دانیشتوانی عێراق بەدوای کۆتایی زاڵبونی ئایدۆلۆژی بەعسی نەتەوەپەرستی و شۆفێنی، لە ماوە بیستوسێ ساڵی ڕابردودا، زیاتر بەدەست لە جۆرێک لە توندوتیژی ئایدیۆلۆژی تائیفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستیەوە دەناڵێنێت، دوای داگیرکاری عێراق لەلایەن ئەمریکاوە شایەتی شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی و مەترسیدار بوین لەژێر دەنگی تائیفی سوننە و شیعە کە شیرازەی کۆمەڵگەی لەبەریەک هەڵوەشاند. تیرۆر لە بۆشایدا سەرهەڵنادات، بەڵکو بەزۆری خۆراک لە دابەشبون و ناسنامەی داخراو و هەستکردن بە جیاکاری و دوورخستنەوە وەردەگرێت. دەوڵەت تا زیاتر ببێتە لایەنێک لە ململانێی ناسنامە، وەک ناسنامەی شیعە یا سونە یا ئیسلامی و نەتەوەپەرستی، ئیتر لە دنیای واقعدا ناتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوانێکی بێلایەن لەنێو لایەنە سیاسیەکان و هاووڵاتیانیدا بگێڕێت، ناتوانێت دۆخێک فەراهەم بکات مانای ئازادی بدات.
هەر بەو مانایەش دەوڵەتێک پێناسەکەی ئیسلامی بێت، چەند بانگەوازی پێکەوە ژیان بکات، هیچ کات پێکەوە ژیان مانایەکی عەمەلی نابەخشێت، بەهەمانشێوە بۆ دەوڵەتێكیش نەتەوەپەرستی پیرۆزکات، ئەو کۆمەڵگەیە ئاسودە نابێت. پیرۆزکردنی هەر ئایدۆلۆژیەک زەمینەی ڕاستەقینەی پەروەردەکردنی توندوتیژی و توندڕەویە و بەردەوام لە ژێر تەقینەوەی بورکانێکی مەترسیداردایە.
توندڕەوی، لە جەوهەری خۆیدا، بە شوناسی تائیفی یان ئایینی و هەر ئایدۆلۆژیەک ناپێورێت، بەڵکو دەبێتە بیرۆکە و سیستم و ڕەفتارێک لەسەر بنەمای نەهێشتنی بەرامبەرەکەی، بە پیرۆزکردن و سەپاندنی بیرۆکە و بۆچونەکانی بەسەر کۆمەڵگەدا، هەربۆیە توندوتیژی و زۆرداری و تیرۆر، نوێنەرایەتی دەربڕینی کردەیی ئەم سیستەمە دەکات.
جیاوازی نێوان توندوتیژی و توندڕەوی داعش و توندوتیژی و توندڕەوی کە لەلایەن گروپە تائیفیە چەکدارەکانەوە لە عێراقدا پراکتیزە دەکرێت، جیاوازیەکی تیۆری بەرچاویان نیە. هەردووکیان لە قەناعەتی خاوەندارێتی حەقیقەتی ڕەها سەرچاوە دەگرن، هەردووکیان هەوڵ دەدەن دیدگای خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن و هەردووکیان بۆ نەیارەکانیان وەک دوژمنێک دەڕوانن، کە دەبێت ژێردەستە بکرێن یان لەناوببرێن. هەردووکیان بە ناوی مەزهەب و ئایین توندوتیژی ئەنجام دەدەن.
دەوڵەتێک کە لە شوێنێکدا توندوتیژی و توندڕەوی سەرکۆنە بکات و بانگەوازی ئازادی بکات، بەڵام لە شوێنێکی دیکەدا ئایدۆلۆژیەکەی خۆی پیرۆزکات و بەرجەستەی کات و هەمان کرداری توندوتیژی بەکار بهێنێتەوە، بانگەوازی ئازادیەکەی پوچ و مامەڵە و بازرگانی دەردەچێت، لە هەمانکاتدا متمانە و کاریگەری خۆی لەدەست دەدات.
ئەگەر دەوڵەتێک دابەشبونە تائیفیەکان بەهێز بکات یان ناسنامەیەک بخاتە پێش هەر ناسنامەیەکی تر، ئەوا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدارن لە بەرێخستنی ئەو کەشوهەوایەی کە توندوتیژی و توندڕەوی بەرهەم دەهێنێت.
ئەمەش جەخت لەسەر گرنگی جیایی دین و تائیفی و نەتەوەپەرستی لە دەوڵەت دەکاتەوە، جیایی دین لەدەوڵەت بەمانای دوژمنایەتی بەرامبەر دینداران نیە یان سەرکوتکردنی تایبەتمەندیە کولتوریەکانی کۆمەڵگا نیە، بەڵکو بەو مانایەیە کە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبێ لە سەر بنەمای هاوڵاتیبونی یەکسان مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیان بکەن، نەک لەسەر بنەمای پەیوەندی تائیفی و ئاین و نەتەوە. کاتێک هاووڵاتیان هەست دەکەن مافەکانیان پەیوەستە بە پێگەی خۆیانەوە وەک هاووڵاتی نەک وەک ناسنامەکەی، یان نەک بە ئەندامبونی لە گروپێکی ئاینی یان تائیفیدا، پێویستی نابێت پەنابەرێت بۆ توندڕەوی و توندو تیژی. هەر دەوڵەتێک دیدگایەکی تائیفی و ناسنامەیەکی دیاریکراو لە یاسادانان و بەڕێوەبردن و دادوەریدا پەیرەوی بکات، ناتوانێت قەناعەت بە هیچ کەس بکات کە ئازادن و وەک یەک هاوبەش و یەکسانن لەو وڵاتەدا.
دادپەروەری لە بە فەرمی نەناسین و پیرۆزنەکردنی هەر ئایدۆلۆژیەک چەکی دژی جیاکاری و توندوتیژیە، ئەو جۆرە دادپەروەریە فەرشەکە لە ژێر پێی سەپاندنی تائفیەتی و ئیسلامی و عەشیرەتی و نەتەوەپەرستی دەردەکێشێتە دەرەوە، یەکسانی لە نێوان هاووڵاتیاندا زامن دەکات و دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت، ئازادی تاکەکان دەپارێزێت و یاسا لەسەر هەمووان بەبێ جیاوازی جێبەجێ دەکات. لە ژینگەیەکی وادا تانە و تەشەرو قسەی زبر و کینە کەمتر سەرنجڕاکێش دەبێت، لە دواجاردا دین و تائیفی و نەتەوەپەرستی دەبێتە مەسەلەیەکی شەخسی.
عێراق و کوردستان، بەشێوەیەکی فراوانتر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە شۆڕشێکی جەماوەریە، کە تەواوی ئەو لایەن مەیلانەی دین و هەر ئایۆلۆژیەک لە دەوڵەت جیاناکانەوە بە خۆیان و هێزە چەکدارەکانیان پاککرێنەوە.
پرسی سنووردارکردنی چەک، لە دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان تا ئێستاش، وەک نیگەرانیەکی درێژخایەن بۆ هەمووان ماوەتەوە و دۆخی ناوچەکەی داگیرکردووە و کێشەیەکی گەورەیە، چاوەڕوان لەوەی ئەمریکا کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت، حاڵەتێکی نادروست و نەرێنیە، چونکە رۆڵی ئەمریکا شاراوە نیە، کە چۆن لەگەڵ ئەو لایەنانەو مەیلەکان و هێزە میلیشیاکان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی چۆن سەوداومامەڵە دەکات. تاقیکردنەوەی ئەمریکا نیشانی داوە نەک بەهیچ جۆرێک بیر لە کۆتاییهێنان بەو دۆخە ناکاتەوە و کاری لەسەر ناکات، بەڵکو بۆ خۆشی بەشێکی سەرەکیە لە داڕشتن و بەردەوامیدان بەو دۆخە، لەهەمانکاتدا هەلومەرجی هەوڵدانی بزوتنەوەیەکی جەماوەری بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە گرانتر و ئاڵۆزتر کردووە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا پێویستە هەوڵ و دەنگمان بەرزڕاگرین، کەمپینی بەرفراوان دەست پێبکەین، بزوتنەوەیەکی بەرگریکار و هێرشبەری جەماوەری بەڕێبخەین، ئەرکی هەموو کەسێکی ئازادیخوازە، بکەوێتە سەر ئەو ڕێگایەی چۆن عێراق و کوردستان و ناوچەکە لەم دۆخە دەردەکێشێن، هێزێک برەو پێبدەین، کە ناسنامەی دین و تائیفە و نەتەوەپەرستی بەهیچ جۆرێک لە ئەجندا و بەرنامەیدا نەبێت، ئازادی و گۆرانکاری، کۆتایهێنان بەتەواوی هێزە میلیشیاکان بەرنامەی کاری بێت، بەرەو دابینکردنی دەورودەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا هەنگاو بنێین.




هەڵماڵینی دەمامکی جەردەکان.. ستار ئەحمەد

لە سایەی ڕژێمە ستەمکار و داپڵۆسێنەرەکاندا، دەسەڵات تەنیا لە قۆرخکردنی ماڵ و سامانی وڵاتدا ناوەستێتەوە، بەڵکو ڕێبازێکی بەربڵاوتر و مەترسیدارتر دەگرێتەبەر کە ئەویش برسیکردن و سەرشۆڕکردنی بەمەبەستی گەلە. ئەم جۆرە دەسەڵاتدارییە، کە دەکرێت بە دەسەڵاتی دەسپیس و جەردە ناوزەد بکرێت، دەمامکێکی فریودەر دەپۆشێت بۆ شاردنەوەی ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی، دەمامکێک کە لە دروشمی بریقەدار، بەڵێنی درۆینە، و پاساوی نیشتمانی چنراوە، لە کاتێکدا لە پشت ئەم دەمامکەوە پرۆسەیەکی ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت بۆ تێکشکاندنی شکۆی مرۆڤی کۆمەڵگە.
بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشە ئاڵۆزە، دەبێت سەرەتا سەیری سروشتی ئەو دەمامکە بکەین کە دەسەڵاتی جەردە لەسەری دەکات. ئەوان هەمیشە خۆیان وەک پارێزەری نیشتمان و نەتەوە نیشان دەدەن. لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە سێبەر و زمانحاڵەکانیانەوە، وا لە هاوڵاتی دەکەن بڕوا بەوە بهێنێت کە ئەگەر ئەم دەسەڵاتە نەبێت، وڵات بەرەو وێرانبوون دەچێت. ئەمە گەورەترین جادووی ڕەشە کە ستەمکاری بەکاریدەهێنێت؛ ترساندنی کۆمەڵگە لە پاشەڕۆژێکی نادیار بۆ ئەوەی ڕازی بن بە دۆخە تاڵ و پڕ لە چەوسانەوەکەی ئێستایان. لێرەوە، دەمامکەکە دەبێتە ئامرازێک نەک تەنیا بۆ شاردنەوەی دزییەکان، بەڵکو بۆ ڕەواییدان بە مانەوەی خۆیان لەسەر پشتی میللەت بەناوی پاراستنی سەقامگیری.
پرۆسەی ڕیسواکردنی گەل لەلایەن ئەم تاقمە دەسپیسانەوە، پرۆسەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکوو نەخشە بۆکێشراوە. کاتێک دەسەڵاتێک مافە سەرەتاییەکانی وەک ئاو, کارەبا، تەندروستی، پەروەردە، و مووچە دەکاتە خەون و خەڵات، ئەو کاتە هاوڵاتی لە مرۆڤێکی خاوەن بیرکردنەوەی فراوان و ڕەخنەگرەوە دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێک کە تەنیا خەمی دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەیەتی. ئەمە ڕێک کورتکردنەوەی شکۆی مرۆڤی کۆمەڵگەیە. کاتێک گەنجێک، دەرچوویەکی زانکۆ، یان باوکێکی بەتەمەن ناچار دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی مافێکی سەرەتایی خۆی کڕنوش بۆ لێپرسراوێک ببات یان ببێتە پیاهەڵدەری حیزب و دەسەڵات، ئەمە لوتکەی ڕیسواکردنی مرۆڤە. دەسەڵاتی جەردە دەیەوێت کۆمەڵگەیەک دروستبکات کە تێیدا ملکەچیی ببێتە مەرجی مانەوە، و یاخیبوون و داواکردنی ماف ببێتە ناپاکی.
لێرەدا، لوتکەی ئەم دۆخە تاڵە لە هەرێمی کوردستاندا خۆی دەنوێنێت؛ لەو شوێنەی کە دەسەڵاتداران بە ئاشکرا تانە لە شکۆ و بژێوی خەڵک دەدەن. چۆن دەکرێت دەسەڵاتێک لافی بێپارەیی و تەنگژەی دارایی لێبدات، لە کاتێکدا ملیۆنان دۆلار و سەدان دەفتەر پارەی ئەم میللەتە هەڵدەڕێژێت بۆ پرۆژەی بێبایەخ ….؟
چ هۆشمەندییەک قبوڵی دەکات سەدان دەفتەر دۆلاری ئەم خاکە پێشکەشی ئەکتەر و گۆرانیبێژی بیانی بکرێت بۆ چەند کاتژمێرێک لە نمایش و خۆدەرخستن، بەڵام کاتێک نۆرەی مووچەخۆری ناوخۆ دەگات، گەنجینەکان بەتاڵ بن….؟
ئەم کەرنەڤاڵ و بەخشینە سەرشێتانانە لەسەر پشتی گەلێک دەکرێت کە ساڵانێکە لە ژێر ناوی پاشکەوت، لێبڕین و دواکەوتنی مووچەدا، مافەکانیان لووش دەکرێت. ئاخر کەی ڕەوایە و چ ویژدانێک دەیگرێتە خۆی کە هەر مووچەخۆرێکی ئەم هەرێمە، زیاتر لە دەفتەرێک دۆلاری شایستەی خۆی لەلایەن ئەم دەستەیەوە خورا بێت، کەچی دەسەڵات بە پارەی دزراوی ئەوان کڕیاری ناوبانگی ساختە بێت لە دەرەوە..؟
ئەمە نەک تەنیا گەندەڵی ئابوورییە، بەڵکو ڕیسواکردنی بەمەبەستی مرۆڤی کوردە، تا هەمیشە چاوی لە دەستی ستەمکار بێت بۆ قوتێکی کەم.
ئەم دەسەڵاتە جەردەیە تەنیا پارەی ناو بانکەکان نادزێت، بەڵکوو ئومێد، داهاتوو، و بەها ڕەوشتییەکانی کۆمەڵگەش تاڵان دەکات. کاتێک گەندەڵی دەبێتە کارێکی هەمیشەیی و بێدەنگی لێدەکرێت، بەهاکانی وەک دڵسۆزی، دەستپاکی، و زانست بایەخیان نامێنێت، و لە شوێنی ئەواندا ماستاوکردن، خزمخزمێنە، و زمانلووسی دەبنە پێوەری سەرکەوتن. ئەم گۆڕانکارییە کولتووری و ڕەوشتییە گەورەترین زیانە کە بەر جەستەی میللەت دەکەوێت، چونکە چاک کردنەوەی ژێرخانی ڕەوشتیی کۆمەڵگە سەدان ساڵی دەوێت، لە کاتێکدا ژێرخانی ئابووری بە چەند ساڵێک چاک دەبێتەوە.
لێرەوە پرسیارە بنەڕەتییەکە سەرهەڵدەدات: ڕۆڵی میللەت چییە لەبەرپەرچدانەوەی ئەم دۆخەدا..؟ ئایا پێویستە گەل هەمیشە قوربانییەکی بێدەنگ بێت..؟
مێژووی مرۆڤایەتی سەلماندوویەتی کە هیچ ستەمکارییەک هەتایی نییە و هێزی ڕاستەقینە هەمیشە لای میللەتە، بە مەرجێک لە هێزی خۆی تێبگات. یەکەم هەنگاو لە بەرهەڵستکارییەدا، داماڵینی دەمامکەکانە. پێویستە کۆمەڵگە چیتر بڕوا بە دروشمە بریقەدارەکان نەکات. کاتێک لێپرسراوێک باسی نیشتمانپەروەری دەکات بەڵام سامانی گشتی دەباتە دەرەوەی وڵات، ئەرکی هۆشیاریی گەلە کە پێی بڵێت: تۆ دزیت، نەک پارێزەر. پێویستە زمان و فەرهەنگی ڕەخنەگرتن لە ناو کۆمەڵگەدا زیندوو بکرێنەوە و هێڵی جیاکەرەوە لە نێوان نیشتمان و دەسەڵاتی گەندەڵدا بکێشرێت؛ نیشتمان هی هەمووانە، بەڵام دەسەڵاتێکی جەردە تەنیا نوێنەرایەتی گرووپێکی مافیا دەکات.
هەنگاوی دووەم لە بەرپەرچدانەوەدا، ڕەتکردنەوەی ئەو جۆرە ژیانەیە کە تێیدا شکۆ بریندار دەبێت. بێدەنگی لەبەرامبەر ستەمدا، جۆرێکە لە ڕەواییدان بەو تاوانە. میللەت دەبێت لە ڕێگەی خەباتی مەدەنی، خۆپیشاندانی هێمنانە، بایکۆت، و بەکارهێنانی پێنووس و وشەی ئازادەوە، بەردەوام بەربەست بۆ بڕیارە ستەمکارەکانی دەسەڵات دروستبکات. بێگومان دەسەڵاتی جەردە هەمیشە پەنا بۆ توندوتیژی و تۆقاندن دەبات بۆ کپکردنی دەنگەکان، بەڵام مێژوو نیشانی داوین کە سوپای تۆقێنەری دەسەڵاتدار کاتێک دەڕوخێت کە ترسی گەل دەگۆڕێت بۆ توڕەییەکی ڕێکخراو.
ڕۆڵی بژاردەی ڕۆشنبیر، مامۆستایان، نوسەران و ڕاگەیاندنی ئازاد لەم قۆناخەدا زۆر گرنگە. ئەوان دەبێت ڕێبەری هۆشیاریی کۆمەڵگە بن. دەسەڵات هەمیشە هەوڵدەدات کۆمەڵگە دابەش بكات بەسەر کەمینە و کوتلەی جیاوازدا بۆ ئەوەی پێکەوە سەرقاڵ بن و چاویان لەسەر دزییە گەورەکان نەبێت ستراتیژیەتی پەرتکە و زاڵبە بەکاردەهێنێ. لێرەدا ئەرکی گەلە کە یەکڕیزیی خۆی لە دەوری داواکارییە ڕەواکان بپارێزێت. یەکگرتوویی گەل، گەورەترین مۆتەکەی دەسەڵاتە دەسپیسەکانە. کاتێک کرێکار, فەرمانبەر، خوێندکار، و کاسبکار پێکەوە هاودەنگ دەبن، چۆکی دەسەڵات دەلەرزێت چونکە دەزانێت چەک و بەندیخانەکانی ناتوانن تان و پۆی کۆمەڵگەیەکی ڕاپەڕیو کۆنترۆڵ بکەن.
دەبێت هەموومان ئەو ڕاستییە بزانین کە ئازادی و شکۆ بە دیاری پێشکەش بە چەوساوەکان ناکرێت، بەڵکوو دەسەندرێت. دەسەڵاتی دەسپیس و جەردە تا ئەو شوێنە دەڕوات کە گەل پێی ڕازی دەبێت. ئەگەر میللەت ملکەچی هەژاری و سوکایەتی بێت، دەسەڵات زیاتر دەچێتە پێشەوە؛ بەڵام کاتێک میللەت بڕیاری بەرپەرچدانەوە دەدات و چیتر ڕێگا نادات ملیۆنان دۆلاری بخرێتە باخەڵی بێگانە و خۆی لە سەرەتاییترین ماف بێبەش بێت، ئەو کاتە دەمامکەکان بای بوێری دەیانبات، جەردەکان ڕیسوا دەبن، و شکۆ دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی کە تەنیا و تەنیا گەلە. ئەمە یاسایەکی حاشاهەڵنەگری مێژووە و هیچ هێزێک ناتوانێت پێچەوانەی بکاتەوە.

ستار ئەحمەد




ئێستێتیکی فریدریش شیلەر.. 7- کاوە جەلال

بەشی حەوتەم

2-5 ستاتۆی ئێستێتیکی

سروشت وەک یەکەم ئافرێنەری مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە ئاوەزی بەو داوە، کەواتە ئاوەزمەندە، وەلێ ئەو بە زمانی شیلەر جارێ مرۆڤی ئاوەز نییە. ئەو تەنیا بە پەروەردەی ئێستێتیکی بەم ڕەوشە دەگەیەنرێت و لە ناخیدا ئازادیی ئاکاری دێتەگۆڕێ. ئێمە دەبێت لێرەدا ڕەچاوی لایەنێکی کرۆکی بکەین: شیلەر وەک هزرڤانێکی مۆدێرن بناغەی پەروەردەی ئێستێتیکی دەڕێژێت، ئەمەش بەواتای، ئەو „دەرچەی سفر“ بۆ ئەو پەروەردەیە دەچەسپێنێت.
بێگومان دەرچەی سفر واتای „هیچ“ (نابوون) ناگەیەنێت، بەڵکو بێمەبەستی و ئازادیی تەواوەتیی مرۆڤە کە نە لە ڕووی دەرکی و نە لە ڕووی ئاوەزییەوە پابەندی ڕێنومای ئەمپیرییە، یان پابەندی ڕەمەک و رۆڵی جڤاکییە. دەرچەی سفر تەنیا ستاتۆی گەمەیە کە شیلەر ناوی دەنێت „میزاجی ئێستێتیکی“. لەم ستاتۆیەدا مرۆڤ سەرجەمیانە بە میزاجی ناوبراو دەتەنرێت، ئەو ئێستا تەنیا گەمەڤانێکی شادیبینە لە دەرکەوتەی ئێستێتیکی (نەک لۆژیکی)، بەوەش ئێستا لای ئەو جیهانێکی دیکەی گەمە و دەرکەوتە بەخامۆشی لەنێو جەرگەی جیهانی ترسناکی هێزەکان و جیهانی پیرۆزی یاساکانەوە ئاوەڵا دەبێت. ئێستا لەنێو مرۆڤی لێڵنەبوودا کە لە کۆتی سەرجەم زەبری فیزیکی و ئەخلاقی بەردراوە، مرۆڤایەتی دیاردەدات. ئاخر میزاج لە ڕووی مەئریفەوە نە گرنگیدانی هەیە و نە بەرهەم دەخاتەوە، چونکە جوانی هەرگیز سەرئەنجامێکی دیاریکراو بە زەین و ویست نادات، هەروەها هیچ مەبەستێکی هزری و ئەخلاقی بەجێناگەیەنێت.
گەرچی جوانی جیانەبۆوە پابەندی شعورە، وەلێ مرۆڤ ناتوانێت تەنیا بە شعور پێشبینیی جوانی بکات، بەڵکو ئەو دەبێت بۆ ئەو مەبەستە فێری هزرین ببێت تا لە هەستی پەتیی ژیانەوە بە هەستی جوانی بگات. کاتێک مرۆڤ وەک وەرگر (ڕێسیپیەنت) لە ستاتۆی ئێستێتیکیدا موئایەشەی جوانێتی دەکات، ئیدی بەو ڕێیەوە ئازادیی ناخەکییانەی خۆی دەناسێت، ئێستا سەربەخۆیی ئاوەز (یان کەس) لەنێو کایەی توانستی دەرکگیریی ئەوی گەمەڤاندا ئاوەڵا دەبێت و هاوکات سنوور بۆ شعورکردنی دادەنێت. ئێستا ئەوە „کەس“ە کە گەمەی دیاردەکان دیاری دەکات، ئەمەشی بۆ دەلوێت، چونکە کەس پرنسیپی ئازادە لە مرۆڤدا. مرۆڤ بەم ڕێیەوە دەسەڵات لە سروشت دەسەنێت. وەلێ ئێستا چیدی ئاوەزی نێوەکی ئەبستراکت نییە و فەرمان بەسەر توانستی دەرکگیریی دەرەکیدا بدات، بەڵکو بەرجەستانە (بەکۆنکرێت) ئەزموون دەکرێت، بۆیە ئاوەز و توانستی دەرکگیری چوونەتە ڕەوشی هارمۆنییەوە و مرۆڤ هاوکات ئازادییە ناخەکییەکەی دەردەخات: دەیکات بە دیاردە، ئەوجا شایەتمان دەهێنێت کە ئەو خۆی دەخاتە ژێر ڕکێفی ئەو یاسایەوە کە هەموو دیاردەکان دەگرێتەوە. کەواتە گەرچی ئێستا سروشت (دیاردە) پابەندی ئەوە، وەلێ لەو کاتەشدا کە سروشت لە خزمەتی ئەو خۆیدایە، هێشتا هەر وەک سروشت دەیهێڵێتەوە نەک ئەرکە بنەڕەتییەکەی بشێوێنێت، بە پێچەوانەوە تەنیا بەگوێرەی ئەو ئەرکەی مامەڵەی لەتەکدا دەکات. ئاخر لە ستاتۆی ئێستێتیکیدا هەردوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرمی ئەو یەکخراون، ئەوەش هەر خودی سروشتە کە لە سەرەتاوە ئازادیی پێداوە بۆ ئەوەی بتوانێت وەک یەکێتییەکی لەشەکی-دەروونی ئۆتۆنۆم بێت. لێرەوەیە کە شیلەر جوانی ناودەنێت دووەمین ئافرێنەری مرۆڤ و بۆ یەکەم جار لای ئەو مرۆڤایەتی دەشێنێت، ئەوجا سروشت هەر ئەو خۆی ڕادەسپێرێت کە ویستی ئازادی خۆی بکات بە کردەکی، کەواتە شیمانەی بێسنووری بۆ خودڕیالیزەکردن هەیە. بێگومان لێرەدا بۆ ئەو هەروەها پرسیاری ڕاستی وەڵام دراوەتەوە، چونکە ڕاستی لەنێو جوانیدایە.
بێگومان ئەو کارە بە هونەرێک ناکرێت کە لە ئەزموونی دەرکییەوە دەردەچێت. وەک لە سەرەوە بینیمان، شیلەر لە کاری هونەریی ڕاستینەدا هیچ رۆڵێک بە نێوەرۆک نادات، بەڵکو تەنیا بە فۆرم، چونکە نێوەرۆک کە ماتەریەلە، دەرکەوەرەکان دەهەنگێوێت و دەیانوروژێنێت، کەواتە بە یەک ئاڕاستەدا مرۆڤ دەبات، بەو ڕێیەشەوە ئەو پابەندی سروشت دەمێنێتەوە، وەلێ فۆرم، یان جوانیی کاری هونەری، بە پێچەوانەوە سەرجەمێتیی مرۆڤ دەگرێت، کەواتە جودا لەتەک توانستی دەرکگیری یان ئاوەزی ئەودا نائاخڤێت، بەڵکو هەردووکیان دەخاتە ڕەوشی هاوسەنگییەوە، بەوەش لە پابەندیی ماتەریەل بەریدەدات و پۆتێنسیالی ئەو دیاردەهێنێت، ئەوە بە شێوەیەک کە بەسەر سروشتی خۆیدا هەڵیدەزنێنێت و دەیفۆرمێنێت: دەیکات بە کەسێتییەکی سەرجەمییانەی ئازاد. بۆ نموونە نێوەرۆک لە درامایەکدا هێزە مرۆڤییەکانی وەرگر دەوروژێنێت: کوشتنی دەسەڵاتدارێکی زۆردار دەبێت بە وروژێنەری هەستی ئەخلاقیانەی ئەو بۆ چاکە و خراپە، یان دراماکە لە جێیەکدا شادیهێن و لە یەکێکی دیکەدا خەمبزوێنە، توڕەکەر یان دڵنەواییکەرە، وەلێ فۆرمی دراماکە (شەنگیی زمان، ڕیتم و هاوسەنگیی دراماتورژییانە) خودی ئەو درامایە دەکات بە ڕوداوێک کە سەرجەمێتیی مرۆڤ: ئاوەز و سۆزەکانی پێکڕا دەهەنگێوێت. گەرچی مەرگی مرۆڤ لە کەتواردا ڕاچڵەکین و پەژارە دەخاتەوە، وەلێ کاری هونەریی مەزن ئەو ڕوداوە وەک خۆی وەرناگرێت، بەڵکو کەرەسە خاوەکە بە فۆرمی تەواوکراو (پڕۆپۆڕسیۆن، سیممەتری / چوونیەکی، میانەی ئێستێتیکی) هەڵدەگرێت، یان بە زمانی شیلەر: نایهێڵێت، بۆیە وەرگر لە داڕشتنی مەرگدا تەنیا بە ڕوداوەکە ناهەنگێورێت، بەڵکو هاوکات هەست بە شادییەکی گشتگیری ئێستێتیکی و هەڵزنانی هۆشەکی دەکات. ئەمەیە ستاتۆی „سفر“ کە تێیدا شعوری وەرگر یەکانگیرە بە هزرینی. ڕوانین لە بەرهەمێکی بەو چەشنە (دراما، تابلۆ و پەیکەر و هتد) بۆ خۆی ڕەوشێکە کە تێیدا هیچ ڕەمەکێک وەرگر بەم یان بەو ئاڕاستەیەدا ڕاناکێشێت. ستاتۆکە تەواو بۆشە، مرۆڤیش بەردراوە لە ئاستەنگ و زەروورە و دەتوانێت خۆی بەوە بکات کە ئەو خۆی دەیەوێت. ئەو ئێستا لە دەستپێکی ئافراندنێکی دووەمیندایە (دوای یەکەمین ئافراندنەکەی سروشت). شیلەر بەجەختی دەبێژێت، کاتێک مرۆڤ هەست بە جوانیی کارێکی هونەری دەکات، ئیدی بەو ڕێیەوە لە ئیدیالی مرۆڤایەتی نزیکدەکەوێتەوە، چونکە ئێستا ویستی ئەو دەبێت بە تاکە دەسەڵات. ئێستا مرۆڤ هەرئەوەندەی پێویستە کە ئەو خۆی „بییەوێت ئەخلاقی بێت“، ئەوەشی بۆ دەلوێت، چونکە ئەو لە ستاتۆی سفردایە. کەواتە گەرچی ستاتۆی ئێستێتیکی لە ئەخلاقەوە نایەت، سەرەڕای ئەوە بەبەرهەمترین ستاتۆیە بۆ مەئریفە و ئەخلاق.
وەلێ شیلەر لەم پەیوەندییەدا مەرجێک دادەنێت: تەقەلادان بۆ دەرکەوتەی جوان پێویستی بە توانستی زۆرتری ئەبستراکسیۆنە، پتر ئازادیی دڵ، پتر وزەی ویست، تێکڕا پتر لەوە کە مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەی کەتواریدا پێویستی پێیەتی. ئاخر مەئریفەی ئازادی کە بۆ شیلەر هاوواتایە بە تێگەی جوانی، پێشمەرجە بۆ چێبوونی تێڕوانینێکی تەواوەتیی مرۆڤیانە لەنێو ئێمەدا. بەدووی ئەم مەئریفە خۆییەی مرۆڤدا نامۆبوونی ئەو کۆتایی پێدێت. ئاخر کاتێک لە گەمەدا هەردوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرم تێکهەڵکێش دەبن، ئیدی بەو ڕێیەوە شێوەی ژیندار (زیندوو) دێتەگۆڕێ و مرۆڤ چە لە ڕووی ئەخلاقی و چە لە ڕووی لەشەکییەوە دەچێتە ڕەوشی ئازادییەوە. ئێستا هەردوو زەبری دەرکەوەرەکان و ئاوەز بزر بوون، مرۆڤیش بە ڕێز و ئارەزووی خۆییەوە لە ئازادیدا گەمە دەکات، واتا: هاومرۆڤانی خۆشدەوێت. لەم ڕوانگەیەوە ڕێزی مرۆڤ بۆ یەکەم جار لەنێو مرۆڤی دەرکی-ئاوەزکارادا سەرهەڵدەدات، ئەوە بێگومان وەک „مەبەست لە خۆدا“ („فەرمانی زەرووری“یەکەی کانت)، ئەویش کاتێک ئێمە بەڕێزەوە مرۆڤێکی دی وەک مەبەست نەک دەستوێژ بەهەند وەردەگرین.

6 – دەوڵەتی ئێستێتیکییانەی ئاوەز

شیلەر لە دیاریکردنی دەرکەوتەی جوانەوە گۆڕان بە دەوڵەتی ئێستێتیکی دەدات (نامەی 27). بێگومان دەرکەوتەی جوان هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەخلاق نییە، بەڵکو مەئریفەی جوانی مرۆڤ دەبزوێنێت خۆی لە سروشت ئازاد بکات، بەو ڕێیەشەوە توانستی هزرین لە ئەودا دەبزوێت و دەبێت بە „کەس“ێکی بناس. ئێستا ئیدی، دوای ئەوەی خۆگەرایی سروشتییانەی لەکاردەکەوێت، ئاسوودەیی هەمووان دەناسێنێت. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ لە ژیانی سروشتییەوە بەسەر ستاتۆی ئێستێتیکیدا دەبێت بە مرۆڤی ئاوەزکارا، کە ئیدی دەتوانێت ژیانێکی ئەخلاقی بژێنێت. ئەمە بۆ شیلەر تاکە پێشمەرجە بۆ سەرهەڵدانی جڤاکی مەدەنی (سیڤیل).

ئێمە گەرەکە بۆ پتر نزیکبوونەوە لەم گۆڕانە لە سێ جۆری دەوڵەت لای شیلەر بڕوانین: دەوڵەتی دینامیکییانەی ماف، دەوڵەتی ئەخلاقییانەی فرمان (واجب)، ئەوجا دەوڵەتی ئێستێتیکی.
مرۆڤان لە ستاتۆی سروشتیدا وەک هێز بە یەکدی دەگەن و سنوور بۆ کاریگەریی یەکدی دادەنێن. ئاخر تەنیا زەبری فیزیکی، یاسا سروشتییەکان و ئاسایشی خۆیی دەستوێژن بۆ پاراستنی لێرەبوونی خۆیان. لەنێو ئەم ڕەوشەی خۆگەرایی و خۆسەپاندنەوە، کەواتە لەسەر زەمینەی زەبری فیزیکی و ماف و فرمان، دەوڵەتی دینامیکییانەی ماف بەناچاری دادەمەزرێنرێت بەو مەبەستە کە جڵەوی سروشت (هەوەس و ئارەزووە دەرکییەکان) بگرێت و بەو ڕێیەوە هێشتنەوەی جڤاک مسۆگەر بکات. لێرەدا یاساکان نەک نێوەکییانە، بەڵکو تەنیا دەرەکییانە کرداری هەوەسمەندی مرۆڤ و مەترسییەکان لە سنووردا ڕادەگرن تا ئاشتی و ئاسایش لە جڤاکدا بچەسپێنن. لەم ڕوانگەیەوە ناکۆکیی نێوان ڕەمەک و ئاوەز هێشتا هەر لەنێو هەر تاکە مرۆڤێکدا بەردەوامە. وەلێ مرۆڤ لای شیلەر لە کرۆکییەوە ئەخلاقییانە جۆردراوە جا گەرچی ئەو جارێ مرۆڤی ئەخلاقی نییە. لەبەر ئەم هۆیە دەوڵەتی دینامیکییانەی ماف بەس نییە بۆ ئەو. گەرچی ئەو لەنێو ئەو دەوڵەتەدا دێتە ژیانەوە، سەرباری ئەوە خواستی بۆ شتی باڵاتر هەیە.
لە دەوڵەتی ئەخلاقییانەی فرمانەکاندا مرۆڤان بەرەو ڕووی سەروەریی یاسا دەکرێنەوە کە ویستیان لەژێر ڕکێفی ویستی سەرجەمدا ڕادەگرێت تا بەو ڕێیەوە ئەخلاقییانە جڤاک بسەپێنێت. ئاوەزی نێوەکی و فرمان (واجب) پرنسیپی ئەم دەوڵەتەن. وەلێ ئێستا مرۆڤ سروشتی دەرکی و ئارەزووەکانی بۆ خاتری فرمانی توندوتۆڵ دەچەپێنێت. ئەو بێگومان هێندە ئاسان ئەم ڕەوشە قبووڵ ناکات. ئاخر سەرەتا ئەوە جیهانی هەوەس و ئارەزووەکانە (سروشتە) کە تێیدا یاسای ئاکار سەرهەڵدەدات و ڕێساکانی کردار دەسەپێنێت، لێرەشدا ئاشکرایە یاساکان یەکسەر بەر فیزداریی دەرکیانەی مرۆڤ دەکەون، تەنانەت خاتری دەشکێنن و ئێشی پێدەگەیەنن، چونکە ئەوی دەرکی ڕێساکان بە زەبری دەرەکی دادەنێت و دەچێتە بەرەنگارییەوە لەدژیان. بۆ ئەوەی مرۆڤ دەنگی ئاوەز ببیستێت و لە ڕاستینەی خۆیدا بیناسێتەوە، ماوەیەکی درێژخایەن پێویست دەبێت. ئێستا ئیدی مرۆڤی دەرکی دەگات بەو مەئریفەیە کە یاسای ئاکار لە ڕاستیدا ڕزگارکەرێتی، چونکە سنوور بۆ حەز و ئارەزووە دەرکییەکانی دادەنێت، هاوکات ئێستا بۆی ڕووندەبێتەوە کە سەرجەمی ماف و یاساکان تەنیا ماف و یاسای پۆزەتیڤن، واتا دانراوی مرۆڤیین، وەلێ ئەو جارێ نازانێت کە یاسای ئەبەدی و بەگشتی چواندوو هەیە.
بە پێچەوانەی هەردوو جۆری دەوڵەتی ناوبراوەوە بنەڕەتەکانی دەوڵەتی ئێستێتیکی بریتین لە ئازادی، هارمۆنی و هونەر. شیلەر بۆ ئەم گۆڕانە ستاتۆی ئێستێتیکی وەک بنەڕەت وەردەگرێت، ئەمەش هێندە ئاڵۆز و پڕئەرک نییە وەک هەنگاونانی مرۆڤ لە ستاتۆی سروشتییەوە (ژیانی پەتییەوە) ڕووەو ستاتۆی ئێستێتیکی (فۆرم)، چونکە ئێستا لە ستاتۆی ئێستێتیکیدا تەنیا ئازادی هەیە و دەرفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت بە گەمە، بە کرداری هاوئاهەنگی ئاوەز و توانستی دەرکگیری، ڕووەو ستاتۆی دەوڵەتی ڕاستینەی ئاوەز هەنگاو بنێت. کاتێک سەرەتا لە ستاتۆی سروشتیدا پێداویستییەکان مرۆڤ بۆ بنیاتنانی جڤاک ناچار دەکەن، هەروەها کاتێک لە ستاتۆی دەوڵەتی ئەخلاقیانەی فرمانەکاندا ئاوەز بنەمای پێکڤەیی بۆ مرۆڤان دەچەسپێنێت، ئەوا جوانی بە پێچەوانەوە کارەکتەرێکی خۆشهاوەڵ بەوان دەدات. ئێستا ئیدی چە بڕیاردان و چە کردارەکانی مرۆڤی ئێستێتیکییانە میزاجپێدراو چواندنی گشتییان دەبێت، ئەویش چونکە ئێستا چیدی شعور رۆڵی دیاریکەر لە کایەی ڕاستی و ئەخلاقدا وەرناگرێت، بە پێچەوانەوە لەم دۆخەدا تەنیا „فۆرم“ هەیە و تەنیا „ڕەمەکی گەمە“ کارایە. شیلەر ئەم ڕەوشە ناو دەنێت بەختیاری. بە تێروانینی ئەو لە هەر گەلێکدا هۆش و چێژ هەبن، لەوێ دەرکەوتەی سەرڕاست و ئۆتۆنۆم لەگۆڕێن، ئێستا بۆ یەکەم جار لەنێو گەلێکی بەو چەشنەدا ژیانی ڕاستینەی ئیدیال بەرکەماڵە، لەوێ ئابڕوو لە سەرووی سامانەوەیە، هزر لە سەرووی چێژەوەیە، خەونی نەمری بەسەر لێرەبووندا باڵادەستە. لەنێو ئەم گەلەدا تەنیا „دەنگی گشتی“ ترسێنەرە.
لە ستاتۆی دەوڵەتی ئێستێتیکیدا چێژ هارمۆنی دەهێنێتە نێو جڤاکەوە، ئەویش چونکە سەرەتا هارمۆنیی لەنێو مرۆڤدا سازاندووە: لای ئەو توانستی دەرکگیری و ئاوەز سازاو بە یەک کاران، کەواتە مرۆڤ هەمەکییە (تۆتالە). ئێستا هاووڵاتییان لەم جۆرەی دەوڵەتدا تەنیا وەک „شێوە“ بۆ یەکدی دیاردەدەن، بۆیە ئەوان بۆ یەکدی هیچی دیکە نین جگە لە ئۆبژێکتی گەمەی ئازاد. لەوێ هیچ هاو-گەمەڤانێک لەم گەمە جڤاکییەدا دەستوێژی هیچ مەبەستێکی ئەوانیدی نییە، بەڵکو تەنیا „لە ڕاستینەی خۆیدا“ مەبەستە. لەم دەوڵەتە ئێستێتیکییەدا نا-پابەندی، سەربەخۆیی، کردەکییانە لەگۆڕێیە، بەدیهاتنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەقیقەتە کە ئێستا کرداری مرۆڤ لە مامەڵە جڤاکییەکاندا ئازادە لە هەر بەرژەوەندییەکی خۆویستانە. کەواتە ئاوەڵابوونی جوان جڤاک یەکدەخات، چونکە لایەنی هاوبەشی هەمووانە. دەوڵەتی ئێستێتیکی جڤاک دەکات بە کردەکی، چونکە ویستی سەرجەم بەڕێی سروشتی تاکەکەسەوە کارا دەکات. بۆیە شیلەر جەخت دەکات: گەر چێژ سەروەر بێت و جیهانی دەرکەوتەی جوان تەشەنە بسێنێت، ئیدی هیچ سەروەرییەکی تاکەکەسی، هیچ زوڵمێک، قبووڵ ناکرێت. لێرە تەنیا ئازادی پێشمەرجی ئازادییە. ئەم پێشمەرجە بۆ شیلەر دەستوورە بنەڕەتییەکەی دەوڵەتی ئێستێتیکییە. بێگومان دەبێت دەوڵەت هەمان پەیوەندیی بە تاکە مرۆڤانەوە هەبێت وەک چۆن ئەوان لەنێو خۆیاندا هەیانە، دەوڵەت دەبێت لەنێو دڵی هاووڵاتیدا نوێنەری „مرۆڤی ئیدیال“ بێت، دەبێت ڕێزی تاکەکەس بگرێت، بەمەش ئیدی دەوڵەت دەبێت بە فۆرمی ئۆبژێکتیڤییانەی یاسادانانێکی ناخەکی. ئێستا ئەخلاق کاریگەری لەسەر چواندنی گشتیی یاسا ئاکارییەکان دەنوێنێت، وەلێ بەبێ ئەوەی سروشتی تاکەکەس بشێوێنێت یان نەخوازە لەکاربخات.
بێگومان شیلەر بەئاگایە لەوە کە لە جڤاکی سەردەمدا کۆسپی گەورە لە بەردەم ئەو ئیدیالەیدا زیتدەبنەوە. بە تێڕوانینی ئەو کێشەیەکی کرۆکیانەی مرۆڤانی مۆدێرن ئەوەیە کە ئەوان بەدەرن لە „سێنسیبیلیتێ“ (دەرککردنی ورد و ڕۆشنی هەر ڕەوشێکی نێوەکی و دەرەکی)، کەواتە ئەوان درشتن، بۆیە ناتوانن هێندە ئاسان هەنگاو بنێنە نێو ئازادیی ئاکاری و دەوڵەتی ئاوەزەوە. لەم ڕوانگەیەوە دەستووری دەوڵەتی ئێستێتیکی کە فەرمان دەدات „بەڕێی ئازادییەوە ئازادی“ بە مرۆڤان بدرێت، هێندە ئاسان و خێرا ناهێنرێتە دی، بەڵکو، وەک شیلەر دەبێژێت، پێدەچێت پرۆسەی سەرهەڵدانی ئەو دەوڵەتە پتر لە سەد ساڵ بخایەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت سەرەتا „شۆڕشێکی هەمەکی لەنێو سەرجەم شێوازی شعورکردنی مرۆڤدا هەڵبگیرسێنرێت“ تاکو ببێت بە ئێستێتیکی. ئەوە نامۆبوونی مرۆڤە لە خۆی و ئەرکە جڤاکییەکانی کە وا دەکات پەروەردەی ئیستێکی پێویست بێت. تەنیا دوای ئەوەی مرۆڤ فێردەبێت بە چاوان بچێژێت، ئەوجا بینین بۆ ئەو بەهایەکی سەربەخۆ وەربگرێت، ئیدی ئەو ئێستێتیکییانە ئازادە و ڕەمەکی گەمەش ئاوەڵابووە، کە ئیدی ئەو پەسنی دەرکەوتە دەکات.
بێگومان هەڵگیرساندنی شۆڕشی هەمەکی لەنێو سەرجەم شێوازی شعورکردنی مرۆڤدا هاوکات ئەو واتایە دەگەیەنێت کە شیلەر نواندنی زەبری شۆڕشگێڕانە بۆ نەهێشتنی دەوڵەتی ناچارەکی ڕەتدەکاتەوە. بۆ ئەوەی لە دەوڵەتی ناچارەکییەوە دەوڵەتی ئێستێتیکی دابمەزرێنرێت، هەنگاوێکی نێوانی، یان ستاتۆیەکی ڕاگوزەر، پێویستە: بەئاگاهاتنی گەل لەو هەقیقەتە کە ئەو خۆی لەکەرامەتخراوە. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت دەوڵەت بەردەوامی بە کارایی خۆی بدات و هەر لەو ڕەوتەدا دۆخگۆڕییەکان لەسەرخۆ ڕووبدەن، ئەوەش سەردەگرێت گەر دەوڵەت ئەرکی پێگەیاندنی هارمۆنی لە نێوان ڕەمەکەکاندا وەربگرێت. وەلێ گەرەکە هەر لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بۆ هەڵوێستێکی بنەڕەتییانەی شیلەر بدەین: بە تێڕوانینی ئەو ناشێت وەرگۆڕینی هەڵوێستی هۆشەکی ببێت بە بنەڕەت بۆ وەرگۆڕینی پەیوەندییە سیاسییەکان، بەڵکو شۆڕشی هەمەکی کە لە شێوازی شعورکردنی مرۆڤدا هەڵدەگیرسێنرێت، ئامانجێکی بنەڕەتیی هەیە: „چاکسازیی کارەکتەری مرۆڤ“. گەرەکە لێرەوە هەوڵ بۆ چاکسازیی ژیانی سیاسی و دەوڵەتی بدرێت. ئەوە هونەری جوانە وەک بەرهەمی گەمە کە ئەو ئەرکە لەئەستۆدەگرێت. بێگومان گەمە وەک توانست لە هەموو مرۆڤێکدا لەگۆڕێیە، وەلێ تەنیا پەروەردەی ئێستێتیکی ئەم توانستە لە مرۆڤدا پێدەگەیەنێت بەو ئامانجە کە „بە واتای وشە بیکات بە مرۆڤ“ – لە وەحشییەتی بخات، یان لە گوێرایەڵیی کوێرانەی ئاوەز (ی ئەبستراکت) و یاسای پۆزەتیڤ. دوای ئەوەی مرۆڤ لە ستاتۆی ئێستێتیکیدا بەڕێی گەمەوە ئازاد دەبێت، ئیدی هەنگاودەنێتە نێو ستاتۆی ئاکارەوە و تێیدا بەتەواوی لە یاسای دەرەکیانەی دەوڵەت و ڕەمەکی کوێر ئازاد دەبێت. ئێستا دەوڵەتی ڕاستینە و هومانی ئاوەز هاتۆتە گۆڕێ، ئێستا مرۆڤان لە هارمۆنیی ناخەکیدان و بە ویستی ئازادی خۆیان ئەخلاقیانە کردار دەنوێنن.
وەلێ شیلەر گومانی هەیە کە هەرگیز ئیدیالی دەوڵەتی ئێستێتیکی لە کەتواردا شیاوی ڕیالیزەکردن بێت. ئاخر هەرگیز لە هیچکوێی جیهانی کردەکیدا دەوڵەتی دەرکەوتەی جوان لەگۆڕێ نەبووە، تەنانەت خودی کاری هونەری تەنیا تا ڕادەی شیان لە ئیدیالی پەتیی ئێستێتیکی نزیک دەکەوێتەوە، کە بێگومان نزیکبوونەوەی هەمیشە و تەنیا بەندە بە میزاجی هونەرمەندەوە. سەرباری ئەوە دەوڵەتی ئێستێتیکی بەگوێرەی پێداویستی لە هەموو دەروونێکی ناسکدا هەیە، یان لە „کۆماری ئیدیال“دا هەیە، وەلێ ئەم دەوڵەتە لە جڤاکی سەردەمدا دەشێت لەنێو هەندێک نێوەندی دەستەبژێردا (ئێلیتدا) لەگۆڕێ بێت، چونکە لەم جۆرە نێوەندانەدا هیچ کەس بێهۆشانە لاسایی ئاکارە نامۆکان ناکاتەوە، بەڵکو لەوێ تەنیا سروشتی جوانی خۆیی ڕەفتار دەئاژوێت، هەروەها لەو نێوەندانەدا مرۆڤ بە سادەیەتییەکی دلێر و بێزیانییەکی ئارام بەنێو ئاڵۆزترین پەیوەندیدا ڕەت دەبێت بەبێ ئەوەی ئازادیی کەسانی دی بچەوسێنێتەوە تەنیا بۆ خاتری ئەوەی ئازادیی خۆی بسەپێنێت.

7- واتای شیلەر لە سەردەمدا

    

ماویەتی..




شەر و دبلۆماسی لە سیاسەتی ئەمریکادا.. عوسمانی حاجی مارف

شەری چل رۆژەی واشنتۆن و تەلئەبیب، لە بەرامبەر تاراندا، کەمبونەوەی کاریگەری نەخشەی بەکارهێنانی ئەو ئامرازە سەربازیانە بوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانویست بە کورتماوە و دەستبەجێ بگەنە ئامانجە سیاسی و سەربازیەکانیان، ئەمەش بەکارهێنانی خاڵە گوشارە گرنگەکان لەلایەن ئێرانەوە بۆ نموونە داخستنی گەرووی هورمز و هەڕەشەکانی بۆ پەکخستنی کەشتیوانی لە گەرووی بابولەمەندەب هاوکێشەکەی تەواو گۆری، دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزتر کرد و زیانی ئابوری زیاتری لێکەوتەوە، تا ئەو ئاستەی توانی دۆخی شەرەکە بە بەرەژەوەندی ئێران بشکێتەوە.
شەڕەکە هاوکێشەی خۆپارێزی لایەنەکانی نیشاندا، دیمان لایەنەکان پشتیان بە ئاڵوگۆڕی لێدانێکی حیسابکراو بەست بۆ ئەوەی نەکەونە ناو شەڕێکی تەواوەوە. ئەم شێوازە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاریە لە نێوان لایەنی شەڕکەرەکاندا، کە بەڕێوەبردنی پەرەسەندنیان هەڵبژاردووە نەک سەرکەوتنێکی سەربازی یەکلاکەرەوە. لە شەڕی ناهاوسەنگدا، ئامانجی ستراتیژی، بە تایبەت بۆ ئەو لایەنەی توانای سەربازی و ئابووری کەمتری هەیە، لە سەرکەوتنەوە دەگۆڕێت بۆ ڕێگریکردن لە شکست، لە تەسلیمبوونەوە بۆ بەرگری.
ئێران پشتی بە تۆڕی هاوپەیمانە ناوچەیەکانی خۆی بەستبو بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندیە ئابوریەکان، جا چ لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان بە هەڕەشەکردن لە ڕێڕەوی ئاو. ئەم تاکتیکە ڕوبەڕووبونەوەکەی گۆڕیوە بۆ شەڕێکی درێژخایەن کە کۆتاییکەی نادیارە وهێڵەکانی نێوان ئامانجە سەربازی و ئابوری و سیاسییەکانی کاڵ کردبووەوە و هەر ڕێگایەک بۆ دەرئەنجامێکی یەکلاکەرەوە مەحاڵ کردووە.
ئەو یاداشتنامەیەی کە لەم دواییانەدا ڕاگەیەندرا و نزیکبونەوەی لایەنەکانی لە رێکەوتن خستەروو، نیشانەی کۆتاییهاتنی ململانێکان نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی گواستنەوەیەک دەکات بۆ قۆناغێکی نوێ، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی بارگژیەکانی هاتوچۆی دەریایی و ئابووری و سەربازییە لەسەر هەموو لایەنەکان بە دابینکردنی بوار بۆ مانۆڕی دیپلۆماسی. جگە لەوەش، لەلایەکی ترەوە شەڕەکە دەریخستووە کە یەکگرتنی بەرژەوەندیەکان لە نێوان زلهێزەکاندا وەک پارێزبەندیەک دەمێنێتەوە لە بەرامبەر ئاگرێکی تەواو لە ناوچەیەکی گرنگی ستراتیژی جیهانیدا، کە رۆژهەڵاتی ناوەراستە و زلهێزەکان رکابەری تێدادەکەن.
ئەتوانین بڵێین سەرکەوتن و شکست بە مانای ئاسایی لەم شەڕەدا پێناسە ناکرێت. لایەنەکان دەستکەوتی تاکتیکی سنورداریان بەدەستهێناوە، بەگوێرەی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی شەڕەکە، لەکاتێکدا ئامانجە ستراتیژیە سەرەکیەکان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. بۆ نموونە ئەمریکا و ئیسرائیل سەرکەوتوو نەبون لە سنووردارکردنی یەکلاکەرەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ئێرانیش نەیتوانیوە بە زۆر دیدگای باڵادەستی ناوچەیی خۆی بسەپێنێت.
ئەم شەڕە ئەو وانەیەی نیشاندا، کە شەڕەکانی ئەم سەردەمە چیتر بە واقیعی مەیدانی سەربازی پێوانە ناکرێن، بەڵکو بە توانای بەڕێوەبردنی ململانێکان و کەمکردنەوەی زیانەکان دەپێورێت، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، دەسەڵاتی سەربازی بە تەنها بەس نییە بۆ داڕشتنی چارەسەری سیاسی لە ناوچەیەکدا کە بەرژەوەندی و مەترسیی بەیەکەوە گرێدراو بێت.
لەکاتێکدا ململانێی ئەمریکا و ئێران چووە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە، هەردوولا بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی ڕوبەڕوبونەوەیەکی گەورە بون و چەند هەفتەیەک بەردەوام بون، دوای شەڕێکی دڕندانەی ئاسمانی و دەریایی و سەربازیی، داخستنی گەرووی هورمز و سەپاندنی گەمارۆی بەرامبەری لەخۆگرتبوو، واقیعێکی سیاسی نوێی خستەروو، کە کێ قسەی کۆتایی و سەپاندنی مەرجە ستراتیژییەکانی لە دەستدایە.؟
لەپشت پەردەی ئەم دۆخەوە، کەلێنێکی قووڵ لەنێوان هەردوولادا ئەگەری هەیە. ئەمریکا پێداگری لەسەر ڕێکەوتنێکی توند دەکات، کە هەوڵ دەدات بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کە ئەگەری هەیە بگاتە بیست ساڵ بۆ لابردنی کۆگا پیتێنراوەکانی لە وڵاتەکەدا، وەک پێشمەرجێک بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە، تا خواستی ئەتۆمی ئێران سنووردار بکات. بەڵام تاران ماوەیەکی کاتی دیار دەکات و کۆنترۆڵکردنی ئاسان نیە، ئێران تواناکانی دابینکردنی پیتاندن و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیی خۆی بەو سەروەت و سامانە دەزانێت کە لە ڕێگەی خۆڕاگری خۆیەوە لەسەر زەوی دەستەبەری کردووە و لە بەرامبەر بەڵێنی زارەکی یان هەڵگرتنی بەشێکی گەمارۆی دەریایی دەستبەرداریان نابێت.
دیپلۆماسی ئەمریکی بەهۆی خواستی سەرکردایەتی لە واشنتۆن بۆ پڕۆژەکردنی وێنەیەکی دەسەڵاتی سەرسەخت و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی سیاسی تایبەت، تا لە دەستکەوتەکانی ئیدارەکانی پێشوو زیاتر تێدەپەڕێت، ئەم سەرکەوتنە بە نیشاندانی ئەوەی کە فشاری ئابووری و سەربازی توندی تارانی ناچار کرد ئیمتیاز بدات و بەشێکی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی نێودەوڵەتی و هاتوچۆی دەریاییدا بکاتەوە.
لەبەرامبەردا هەڵوێستی ئێران لەسەر لێکدانەوەیەکی جیاواز دامەزراوە، دەڵێت کەناڵە کراوەکانی پەیوەندی و هەوڵە بەردەوامەکانی نێوەندگیری ناوچەیی بەرهەمدار نەدەبوو، یان بەقازانجی ئێران نەدەبو ئەگەر لایەنی بەرامبەر سەرکەوتنێکی سەربازی یەکلاکەرەوەی بەدەستبهێنایە، جگە لەوەش ئێران ڕووبەڕووی ئەو واقیعە بووەتەوە کە ئابووری جیهانی چیتر ناتوانێت بەرگەی تێچووی لەڕادەبەدەری گیرانی ڕێڕەوی هورمز و بەرزبونەوەی نرخی وزە بگرێت. ئەمەش داخستنی گەرووەکەی گۆڕیوە بۆ کارتێکی فشاری زۆر کاریگەر، کەخەرجی واشنتۆن و هاوپەیمانە ناوچەیەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
لەکاتێکدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێشگرتن لە چوونەناو شەڕێکی ناوچەیی، بەڵام هێشتا وەک ڕێکەوتنێکی کاتیی و ئاڵۆز دەمێنێتەوە. ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دواییەی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە، نوێنەرایەتی ساتێکی سەرەکی دەکات کە تەعبیرە لەو گۆڕانکاریانەی سروشتی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا هێناویەتییە ئاراوە. ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە تەنیا پێکدادانێکی سەربازی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بەرجەستەکردنی واقیعێکی ستراتیژی نوێ بوو کە ڕەهەندە ئەمنی و ئابووری و جیۆپۆلیتیکییەکان تێیدا تێکەڵ دەبن.
ئەم شەڕە دەریخست کە تێچووی شەڕ لە ژینگەیەکی ناوچەیی زۆر ئاڵۆزدا زۆر زیاترە لە دەستکەوتە ئەگەریەکانی هەر لایەنێکیان، بۆیە ئێران هەوڵیدا پیادەی ئەوەبکات، هاوکێشەی هاوسەنگی خۆی لەو روبەروبونەوەیەدا فراوانتر و بەربڵاوتر بکات، مەودای خۆی دابەشکرد بە کەڵک وەرگرتن لە دەوڵەتە عەرەبیەکانی کەنداو وەک گۆڕەپانێکی جیۆپۆلەتیکی و ئابووری پەیوەست بە تێوەگلانیان بە جەنگەوەکەوە، ئەمەش سیمایەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بە ململانێکان بەخشی، وایکرد کە چارەسەری سەربازی ڕاستەوخۆ ببێتە بژاردەیەکی مەترسیدار و دەرئەنجامەکانی نادیار بێت.
ئەوەی رۆشنە ئەمریکا وەک سەرمایەیەکی ستراتیژیی گرنگ لە ناوچەکەدا سەیری ئیسرائیلی کردووە. بەڵام ئەمڕۆ ئەم گریمانەیە لەبەردەم لێکۆڵینەوەیەکی تری سەربازی و سیاسیدایە! نەزمی نێودەوڵەتی ئێستا لە گۆڕانکاری خێرادایە، دەیان ساڵە هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، باری ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە قاڵب داوە، ئەوەی کاتی خۆی وەک هەڵمەتێک بۆ هەژموونی سەربازیی ڕەها دەستیان پێکرد، بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە بۆ بەرگری سیاسی و مانەوە.
ڕاگەیاندنە سەرەتاییەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب بەڵێنی گۆڕینی تەواوەتی هاوسەنگی هێزی ناوچەیییان دابو، بەڵام واقیع پاشەکشەی تیژی لەو مەبەستانەیان نیشاندا. ئێستا چوارچێوەی ئاشتی سەریهەڵداوە، کە لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە لە ئیسلام ئاباد دەکرێت، واقیعێکی جیۆپۆلەتیکی وەهای ئاشکرا کرد کە زلهێزەکان ناتوانن واقیعە سەختەکانی ئابووری جیهانی پشتگوێ بخەن. ئەم ڕێکخستی ستراتیژییە کاریگەری قووڵی لەسەر ناوچەکە هەیە، بەدواداچوونی بێوچانی دۆناڵد ترەمپە بۆ دەرچوونێکی دیپلۆماسی ڕاستەوخۆ، هەموو ئەو کاریگەرییە سیاسییە دەکاتە قوربانی کە بنیامین ناتانیاهۆ دروستی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دابەزینی ئاستی هاوسەنگی ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
لەسەرەتای ململانێکاندا، قسەکانی کۆشکی سپی یەکلاکەرەوە و ڕەها بوو، داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا داوای تەسلیمبوونی تەواوەتی تارانیان کرد، بە ئاشکرا باسیان لە سەپاندنی گۆڕانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی تۆڕەکانی بەرگری ناوچەیی دەکرد، ئەمەش هەڵەی وەهمی ئاسۆیەکی بەخشی بە بەشێکی زۆری ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و خۆیان ئامادەدەکرد بۆ دۆرانی ئێران و روخانی کۆماری ئیسلامی لەم شەرەدا.
بەڵام ئامێری دەوڵەتی ئێران نەڕووخا، لەبری ئەوە، ئیدارەی واشنتۆن خۆی لە نقوم بونی شەڕێکدا تێوەگلانووە، کە کۆتایەکی ڕوونی لە بەرچاودا نەبوو، ئەمەش لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی کۆنگرێسدا فشارێکی زۆری ناوخۆیی بو لەسەر سەرۆکایەتی ئەمریکا، خەڵکی ئەمریکا ئیتر تاقەتی ئەوەیان نەمابوو کە بودجەی هەڵمەتێکی سەربازی دیکەی درێژخایەن لە ڕۆژئاوای ئاسیادا دابین بکەن. لە ئەنجامدا کۆشکی سپی بە شێوەیەکی سیستماتیکی داواکارییەکانی دابەزاند، پێداگری پێشوو لەسەر گۆڕینی ڕژێم بە دانوستانی پراگماتیک جێگەی گرتەوە، واشنتۆن ئامادە بوو گەرەنتی تایبەت سەبارەت بە کۆگاکردنی یۆرانیۆم و ئاسایشی دەریایی قبوڵ بکات، ئەمەش پاشەکشەیەکی بەرچاوە لە ئاواتەکانی جیۆپۆلەتیکی ئەمریکا، لە هەمانکاتدا گورزێکی گەورەبو بۆ ئەو ئومیدەی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی چاوەروانی دەکرد.
بزوێنەری سەرەکی ئەم پاشەکشە دیپلۆماسییە گۆڕانکاری لە ئایدۆلۆژیای سیاسیدا نییە، بەڵکو واقیعی توندی جوگرافیای دەریاییە. داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە چەکێکی ئابووری بوو کە هێزە سەربازییە تەکنەلۆژییە بەرزەکان نەیانتوانی بێلایەنی بکەن، ئەم گەمارۆیە بە شێوەیەکی کاریگەر لەسەدا ٢٠ی دابینکردنی نەوتی خاو لە جیهانی ڕاگرت و لەسەدا ٣٠ی بازرگانی نێودەوڵەتی بە پێوانەی کیمیایی پەکخست.
کاردانەوەی ئابووری دەستبەجێ و توند بوو، نرخی بەنزینی ناوخۆیی لە ئەمریکا بەرزبووەوە و فشارەکانی هەڵاوسانیش دەستی کرد بە هەڕەشەکردن لە سەقامگیری دارایی ڕۆژئاوا، هەڵمەتی ئاسمانی ئەمریکا ملیارەها دۆلاری خەرج کرد لە هەوڵی پاراستنی ڕێڕەوی ئاوەکە، بەڵام سیستەمی بەرگری دەریایی پێشکەوتوو نەیتوانی بەسەر تۆپۆگرافیای بنەڕەتی کەنداودا زاڵ بێت، کەناراوەکانی باکووری شاخاوی ئێران پاراستنی پێکهاتەیی بۆ جبەخانەی مووشەکی ناهاوسەنگەکەی دابین کرد، سوپای ئەمریکا درکی بەوە کرد کە کردنەوەی ڕێڕەوی کەشتیوانی بە زۆر پێویستی بە شەڕێکی زەمینی بەرفراوان دەبێت، لە بەرامبەر هەڵبژاردنی نێوان داڕمانی ئابووری لە ناوخۆ و لەشکرکێشییەکی زەمینی درێژخایەن لە دەرەوەی وڵات، واشنتۆن دیپلۆماسی هەڵبژارد، ئەولەویەتەکان لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی سەربازی یەکلاکەرەوە گۆڕا بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی وزەی جیهانی. ئەم بڕیارە تیشک دەخاتە سەر وانەیەکی چارەنووسساز، کە جوگرافیا وەک تەکنەلۆژیای باڵادەست لە شەڕی ئەم سەردەمەدا دەمێنێتەوە و پلاندانەرانی سەربازی ئێستا دەبێ پشتبەستنیان تەنها بە هێزی ئاسمانی هەڵسەنگێننەوە.
ئەولەویەتەکانی جیهانی ئەمریکا بە ناچاری و لە دنیای واقعدا لە گۆڕاندان، واشنتۆن دەبێت هەڵاوسانی ناوخۆیی بەڕێوەببات و دابینکردنی وزە مسۆگەر بکات و سەرنجی ستراتیژی درێژخایەنی خۆی لەسەر بەرزبوونەوەی چین چڕبکاتەوە. ململانێ درێژخایەنەکەی ڕۆژئاوای ئاسیا خەریکە سەرچاوە بەنرخەکانی ئەمریکا دەڕژێنێت و واشنتۆن لە هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی دابڕێت.
لەکاتێکدا واشنتۆن کەمکردنەوەی پەرەسەندنی ناوچەیی بە شتێکی بنەڕەتی بۆ سەقامگیری ئابووری جیهانی دەزانێت، تەلئەبیب هەر چوارچێوەیەکی ئاشتی پێشوەختە وەک شکستێکی لە بونی خۆیدا دەیبینێت.
کاتێک ترامپ وەک دۆڕاوێک بەڵگەنامەی سەرکەوتن واژۆ دەکات، چوارچێوەى ئێستا “شەرعیەتى نێودەوڵەتى و هەرێمى” بە تاران دەبەخشێت وەک یاریزانێکى سەرەکى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

عوسمانی حاجی مارف




دژبەرەکانی زمانی کوردی.. فەرەیدوون سامان

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە ڕاستەوخۆ لە سەنتەری کۆمەڵایەتی کۆییانی شاری سلێمانی لە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٦/٦/٢٠٢٦ پێشکەشکرا.
دەتوانین ئاماژە بە دوو هۆکاری سەرەکی دژبەرەکانی زمانی کوردی بکەین، یەکەمیان هۆکارەکانی دەرەوە کە بریتین لە هۆکاری سرووستی- جوگرافی، هۆکاری سیاسی و ئایدۆلۆلۆژی، هەروەها هۆکارە یاسایی و دەستوورییەکان، کە کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکاری دیمۆگرافی و جینۆسایدی کەلتووری ناسنامەو زمانی کوردیدا هەبووە.
هۆکارە ناوخۆییەکانیش بریتین لە نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی و هەبوونی فرە زار و فرە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستان و هەروەها دژەگوتاری ئایینی و مەزهەبی، خەمساردی دەزگە کولتوورییەکانی حکومەت و نزمی ئاستی زانستی بەشە کوردییەکانی زانکۆیەکانی هەرێمی کوردستان.
بە ڕای زمانناسی کوردی سۆڤیەتی جاران (زارا یوسوبۆڤ ئەلینۆڤا) زمانی کوردی لەسەر بنەمای ئیتنیکی لە دوو زاری سەرەکی(کورمانجی و گۆران) پێکهاتووە، واتە کرمانجی ژوورو و کرمانجی ژێری بە بنزارەکانیانەوە، زاری گۆران(زازاکی- ھەورامی، بە بنزارەکانی شەبەک و باجەلان و زەنگنە..تد)، بەڵام بە ڕای زانایەکی کوردی فەیلی وەک د.ئیسماعیل قەمەندار کە ئەندامی ئەکادیمیای زانستی فرەنسایە، نووسەری کتێبی(زارە کوردییەکانی خوارین- اللهجات الکوردیە الجنوبیە)ە، ئەو زارەکانی(لەک و لوڕ و کەڵھور و گەرووسی..تد)، بە کۆمەڵەی سێیەمی زارە کوردییەکان دەناسێنێت، مخابن ئەو زارە ڕەسەنە کوردییانە لە بەشەکانی کوردستاندا، سەبارەت بە زۆر ھۆکاری ئایدۆلۆژی و سیاسی کە پێشتر ئاماژەم پێکردوون، دووچاری نکۆڵی لێکردن و هەڵمەتی جینۆسایدی کەلتووری ھاتوون، ئەویش لە ڕێی قەدەغەکردنی قسەپێکردن و نەخوێندنی لە بوارەیلی پەروەردە و فێرکردندا، لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا بەشکراوە، ساڵانەش بوودجەیەکی قەبەیان بە پلان و بەرنامەڕێژی کردنی ئاسمیلەکردنی ئەو زارە کوردییانە تەرخان کردووە، تەنانەت چەندان نووسەر و زمانناسی ئەکادیمی لە خودی ئەو خەڵکانەیان ھانداوە بۆ ئەوەی توێژینەوەو کتیبەکانیان لەسەر جیاوازی و سەربەخۆیی ئەو زارانە بە چاپ بگەیەنن و بانگەشەی ئەوەش بکەن کە زارەکانیان زمانی سەربەخۆن و کوردی نین.
کاتێک کۆمەڵگەیەک پێدەزانێ ‌زمانەکەی لە مەترسی لەناوچووندایە، دەتوانێ تێکۆشانەکانی بەدەر لە ئایدۆژیای سیاسی و حیزبایەتی و ناوچەگەرێنی بکاتە یەک و ھەنگاوی ئەوتۆ ھەڵبێنێت کە بە ڕاستی بکرێ زمانەکەی ببۆژێنێتەوە، بۆ سەرکەوتن لەو کارەشدا ھەڵبەت ھەموو خەباتێک دەبێ بە ئاوایەکی نەتەوەپەروەرانە دروست بکرێ، واتە تاک و کۆی کۆمەڵگەکە خۆی دەبێت ویستی ڕزگارکردنی زمانەکەی ھەبێت، واتە ئەو کولتوورەی کە پارچەیەک پێویستی بەوە ھەیە کە ڕێزی زمانەکەی خۆی بگرێت، ئەو کارەش دەرفەت و دەرەتانی مادی و مەعنەوی و میدیایی پێویستە، دیارە پێویستی بە ھەبوونی زمانناسانیش ھەیە، کە بە ئەرکی سەرەتایی گردەوەکۆیی و بە بەڵگەیی کردنی زمانانەوە خەریک بن.
د.فوئاد حەمە خورشید لە پێشەکی کتێبی(زمان و زارە کوردییەکان)یدا دەڵێت: لەم سەردەمەدا زمانی کوردی لە نێو باھۆزی بە جیھانیبوون و سەدەی مردنی زمانەکان و باڵادەستی زمانی ئینگلیزیدا، بە ڕێرەوێکی سەخت و پڕ لە کەند و ھەڵەت تێدەپەڕێت. ئەم زمانە بە درێژایی مێژوو ھەر بە زیندوویی ماوەتەوە، ئەمە ھەر چەندە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لە لایەن دەوڵەتە ناسیۆنالیستەکانی تورکیا و ئێران و عیراق و سووریاوە زۆر بە توندی نکۆلی لێ کراوە و بە زۆر شێواز ھەوڵی لەناوبردنی دراوە، مەگەر تەنھا لە بەشێکی کوردستاندا کە باشووری کوردستانە، دوای خەباتێکی بێوچان و قوربانییەکی زۆر، ئازادیی بەکارھێنانی بۆ ڕەخساو ھەتا ڕادەیەکی بەرچاویش گەشەی کردووە.
لە کوردستاندا کە پتر لە سی و چوار ساڵە خاوەنی حکومەت و دەیان دەزگەی توێژنەوەو ناوەندی کەلتوورین، تا ئێستا وەکو پێویست بە شێوەیەکی زانستی توێژینەوە لەسەر ئەم زارە کوردییانە نەکراوە، کە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی ئەدەبی زارەکییش لە نێو زارەکاندا ھەیە و بە میتۆدێکی زانستی کۆنەکراوەتەوە، ئەمڕۆ ئەم گەنجینە ئەدەبییە لەبەردەم مەترسی لەناوچووندایە، ئەمە لە کاتێکدا ئێمە لە سەردەمی کۆکردنەوەی زانیاریداین و تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتووی تۆمارکردن و نەخشەسازیمان لەبەردەستدایە، کەچی تا ئێستا ئەتڵەسی زارەکانمان نییەو ناشزانین ژمارەی ئاخێوەری زارەکانیشمان چەندن، نەک ھەر زارەکان، بەڵکو ھەتا ئێستا نازانین لەسەر نەخشە جوگرافیای زمانی کوردی لە کوێوە ھەتا کوێ درێژ دەبێتەوە، ھەندێک توێژەری کورد بە کاریگەری ھەندێک لە ڕۆژھەڵاتناس و کوردناسە ئەوروپییەکان گومان لە ناسنامەی کوردبوونی زمان و ناسنامەی لوڕ و لەک و زازا و ھەورامییەکان دەکەن، چاوەڕێ دەکەن ئەوان بە ئێمە بڵێن ئەم زارە کوردییە و ئەو شێوەزارە کوردی نییە، ئەوان بە ئێمە بڵێن کە زمانی کوردی چەندان زاری ھەیە، ئەوسا ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە بڵێین ئەدی ئەوە نییە ئەوروپییەکان دەڵێن ئەوانە کوردن، کەواتە ئەوانە زاری کوردیین، ئیدی کاتی ئەوە ھاتووە کە ئێمە بە خۆمان لە زارەکانی کوردی بکۆڵینەوە و لەسەر بنەڕەتی مێژووی گەشەکردنی زمانی کوردی و بنەماکانی زمانەوانی نوێ ناسنامەیان دیار بکەین، ھەروەھا دابەشکردنێکی سەردەمییانە بۆ زارەکان بکەین و نەخشەی ورد و زانستییانەیان بۆ بکێشین.
ئایا زمانی کوردی ھێشتا لە سنووری مان و نەمان ‌دایە؟
ئەمڕۆ زمانی کوردی ئەو سنوورەی بەرەو پانتاییەکانی ژیانی ھەمیشەیی بەزاندووە و مەترسییە سەرەکییەکانی سەر ئەم زمانە لە سەردەمی گلۆباڵ و تەکنەلۆژیای زانیاریدا کامانەن، چۆن دەتوانین زمانی کوردی لەم مەترسییانە دوور بخەینەوە و ھاوکاتیش بەرە و گەشەکردن و بەخشینی توانای ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تایبەتمەندییە نوێیەکانی سەردەمی ببەین و لە باری فورم و ناوەڕۆکەوە دەوڵەمەندتری بکەین، چۆن دەتوانین بارودۆخ و توانستەکانی ئەم زمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زانست و دیاردە مودێرنەکاندا فراوانتر بکەین، بێ گومان چ زمان بە خانەی ھەستیی بزانین یان بە ئامرازی پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان، چ بە دیاردەیەکی مێژوویی دابنێین یان وەکوو سیستەمێک لە نیشانەکان بیبینین و بە شێوەیەکی ھەنووکەیی سەیری بکەین، ناتوانین خۆمان لەم ڕاستییە بشارینەوە کە زمان و هزری مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراوی یەکترن، بە واتایەکی‌ دیکە زمان ئامرازی هزرکردنە و هزریش بنەمای زمانە.

زمانی کوردی و گوتاری ناسیۆنالیزم
هزری نەتەوەیی، کۆڵەکەی سەرەکی ڕزگارکردنی ئەم زمانەیە، کە لە ژێر پەنجە نەگریسەکانی سڕینەوەی کولتووریی ئەو دەسەڵاتە پاوانخوازانەی کە سەردەمانێک خەونیان بە درووستکردنی یەک نەتەوە و یەکزمان دەبینی. بەڵام ئێستاکە بە ئاشکرا و بە تەواوی پەیکەری ئەم ئاواتە نامرۆڤانەیان ڕووخاوە، ئەم حکومەتانە بە ناچاری ئاراستەی سیاسەتەکەیان گۆڕیوە بۆ سیاسەتی برایەتی ڕواڵەتیی و ڕازی کردنی ڕووکەشییانە، پێیان خۆش بێت یان نا، ئێستە زمانی کوردی یەکێکە لەو زمانە زیندووانەی کە تەنانەت لە غیابی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیشدا ڕووبەرێکی سیاسی و کولتووریی بەرین و بەرفراوانی ھەیە.
ئەوەی لێرەدا جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە دەرکەوتە ئایدیۆلۆژیکەکەی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، ھێشتا قەناعەتی بەم وەرچەرخانە مێژووییە نەھێناوە و ھەر لە ڕەھەندی دووانەی مەرگ و ژیانەوە مێزەی زمانی کوردی دەکات، بەم پێیەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەگەر و دۆخەکانی گەشەی زانستیی لێوەر‌گرتۆتەوە و ڕێگەی بۆ ھەر چەشنە دەستێوەردانێکی نازانستیی خۆش کردووە؛ ئەو دەستێوەردانانەی کە بە دروشمی ڕەسەنایەتی و پاراستن و دەوڵەمەندکردنی زمان و کتێبخانەی کوردی پاساو دەدرێن، بە گشتیی دوو گرووپ خاوەندارێتی ئەم دەستیێوەردانە ئایدیۆلۆژیک و نازانستییە دەکەن:
یەکەم- ئەوانەی تا ئێستەش ئاگاداری ئەم ڕاستییە نین و بە شێوازەکانی ڕابردوو ھێشتا ھەر پاراستنی زمان بە ئەرکی خۆیان دەزانن.
دووەم- ئەوانەی بە تەواوی ئاگادارن، بەڵام ئەم دۆخەیان پێخۆشترە و شکۆی دەستکرد و نانی خۆ ھەڵواسین بەم زمانەدا بە ئاسانی ڕادەستی پرۆسەی بە پسپۆڕیی بوون و زانستیی کردنەوەی زمانی کوردی ناکەن، بە داخەوە نموونەیان کەم نییە ئەوانەی کە هەرچەند توانستی وەزیفی و داراییان قۆرخکردووە، ھێشتا گرفتی سەرەکییان لە نووسینی کوردیدا ھەیە، کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بڵاودەکەنەوە.
بە ئایدیۆلۆژیی کردن یەکێکە لەو مەترسییانەی دەتوانێت پێوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان زمان و هزر تووشی دابڕان بکات، ئایدیۆلۆژی وەکوو دەزگەیەکی هزریی سیاسیی پێشتر داڕێژراو و بە پیرۆزکراو، ئاراستەی گەشەی زانستیی زمان دەگۆڕێت و سیستەمێکی چەقبەستوو لە نیشانەکان بەرھەم دەھێنێت، کە دەروازەکانی زمان لەسەر گەشەکردن و نوێبوونەوە دادەخات، لە ساتەوەختێکدا بە دووپات بوونەوەی دروشمگەلی وەکوو “ھەرچی بێت ھەر کوردی بێت” زمان دەبێتە بەستێنی تەراتێنی ناشارەزایی و لە ئەنجامدا دەقی لاواز و نەزۆک بەرھەم دەھێنێت. بۆ نموونە دوای ڕاپەڕین و لە ژێر کاریگەریی ململانێی سیاسیی و ئابووریی و فەرھەنگیی نێوان حیزبەکانی باشووری کوردستاندا کە بوو بە ھۆی ھەڵتۆقانی دەیان زانکۆی ئەهلی و بەخشینی سەدان بڕوانامەی باڵاو دامەزراندنی دەیان مامۆستای زانکۆی بێ بەهرە و بوونی چەندان دەزگە و ڕێکخراو بۆ زمان و کەلتووری کوردی، دیاردەی وەرگێڕانێکی بە لێشاو ھەموو ڕووبەری زمان و هزری داگیر کرد، کە بە داخەوە لە غیابی میکانیزمی زانستیی و چاودێریی پێویستدا تا ئێستەش بەردەوامە و خراپترین شێوە تەنیوەتەوە. ڕاستییەکی تاڵ کە بووەتە ھۆی زمان‌بێزیی بەشێکی بەرچاو لە خوێنەران و ھۆگرانی زمانی کوردی.

                                    (بەشی دووەم)

هەر جۆرە هەوڵدانێک بۆ گۆڕینی پڕۆژەیەکی پەروەردەیی وەک ئامرازێک بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو و هەڵوەشاندنەوەی زمانی کوردی، کە لەسەر ڕاستگۆیی لەگەڵ مێژووی نەتەوەکەماندا بنیات نراون، نەک لەسەر داهێنانی ناوی نوێ بۆ خزمەتکردنی ئەجێندا سیاسییە کاتییەکان، کە خزمەت بە ئەجیندای داگیرکەرانی کوردستان دەکەن، بۆ نموونە ماوەیەکە باس لە زمانی ئیزیدی و خوێندن بە زمانی ئیزیدی دەکرێت، لە ڕاستیدا کەس ناڕەزایەتی نییە بەرامبەر بە کردنەوەی قوتابخانە یان دامەزراوەیەکی پەروەردەیی، بۆ خوشک و برا ئێزیدییەکانمان، بەڵکو ئەمە بە زەروورەتێکی کەلتوری و نەتەوەییشی دەزانم، بەڵام گوتنی ئەوەی کە “یەکەم قوتابخانەی زمانی ئێزیدی” کرایەوە، بە ڕای من ئەوەندەی دەستکەوت نییە، بەڵکو ساختەکردنی مێژووی نەتەوەکەمانە، چونکە ئێزیدی ئایینێکی کۆنی کوردستانە، زمانەکەشیان سەر بە زاری کورمانجییە، واتە زمانێکی سەربەخۆ نییە، بەپێی ئەوەی لە توێژینەوە زمانەوانیدا ناسراوە، سەبارەت بە زمانی زۆرینەی ئێزیدییەکان بە درێژایی مێژوو، هەر زمانی کوردی-زاری کرمانجی بووە، کە تێیدا میراتی ئایینی و کولتووری ئێزیدی نەوە لە دوای نەوە پارێزراوە، جا ئەگەر زمانێکی سەربەخۆی ئێزیدی هەبووبێت، کەواتە کتێبە مێژووییەکانیان لە کوێن؟ کوا یاسا زمانەوانییەکانی؟ لە کوێ میراتی نووسراوەکەی کە بە درێژایی سەدەکان درێژ بووەتەوە، بۆچی دەقە ئایینی و میراتی زارەکی ئێزیدی بە زاری کرمانجی پارێزراو بوون؟ ئێزیدییە نوێیەکان، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ئەرمەنستان، بەشێک لە کوردانی ئێزیدی لەناکاو و موجیزەیی ئەو بیرۆکەیەیان پەرەپێدا، کە گەلێکی سەربەخۆن و هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە، تەنانەت کوردیان بە دوژمنی سەرسەختی ئێزیدییەکان دەزانی و کوردستانیان بە تابو دەزانی. باشووری کوردستانیان بە “باکوری عێراق” و بەشی باکووری کوردستانیان بە “ڕۆژئاوای ئەرمینیا” ناوبرد، ئەم بیرۆکەیە لەلایەن ناسیۆنالیستە ئەرمەنییەکان و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەرمەنستان و هەندێک نووسەر و ئەکادیمی ئەرمەنستانەوە پشتیوانی لێکرا. ڕۆژانە پەخشی ڕادیۆیی ٣٠ خولەکی تایبەت بە سووکایەتی کردن بە کورد و کوردستانیان پێدەدرا و جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئێزیدییەکان گەلێکی سەربەخۆن و کوردنین و کورد دوژمنی هەردوو گەلی ئێزیدی و ئەرمەنستانە. تەنانەت ئەوەندەش ڕۆیشتن کە بانگەشەی ئەوە بکەن کە زمانی کوردی نییە، تەنیا زمانێکی ئێزیدییە.

  • لە ساڵی١٩٨٩ بەشی ئاماری ئەرمەنستان ڕایگەیاند کە ئێزیدییەکان گەلێکی جیاوازن لە کورد و هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردەوە نییە. پەرلەمانی ئەرمەنستانیش دانی بە زمانی ئێزیدیدا نا و دەستی کرد بە چاپکردنی کتێبی خوێندن بە زمانی ئێزیدی و بە شێوەیەکی موجیزە، زمانی کوردی بوو بە زمانی ئێزیدی. ئەو ئێزیدییانەی دژایەتی ئەو بێماناییانەیان دەکرد، کەوتنە بەر هێرشی جەستەیی. ئەکادیمیستەکان شاکر خدۆ و کارلین چاچان و ئەوانی تر لەلایەن ئەم گروپەوە لێیاندرا بەهۆی ئەوەی ڕایانگەیاند “ئێمەی کوردی ئێزیدین “.تەنانەت هێرشیان کردە سەر کەسایەتییە ئایینییە ئێزیدییەکان و میر تەحسینیان بە خائین ناوزەدکرد، بەهۆی پێداگری لەسەر کورد بوونی ئێزیدییەکان دەکرد، ئەم ئێزیدییە نوێیانە پاڵپشتی سەرکردایەتی سیاسی ئەرمەنیان هەیە. بۆ نموونە کاتێک پترۆسیان سەرۆک کۆماری ئەرمینیا بۆ بەشداری کردن لە پرسەی تورگوت ئۆزال سەردانی تورکیای کرد، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “لە ئەرمینیا کورد نییە؛ ئێزیدی هەیە، ئەوانیش کورد نین”.
    ئەوەی گرنگە لە سەرەتاوە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم جۆرە پرسە زمانەوانییانە پێویستیان بە خوێندنەوەیەکی بابەتییانە هەیە، نەک سۆزدارانە و دوور لە سادەکردنەوە یان حوکمدانی نادادپەروەرانە، چونکە زمان لە جەوهەرەکەیدا، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە، کە مێژوو و کولتوور و سیاسەت تێکەڵ دەکات و ئەمەش وای کردووە ئەم باسە لە ڕادەبەدەر گرنگ بێت، بە تایبەت کاتێک باس لە ناسنامەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەی کوردستان و سیستەمی زمانەوانییان دەکرێت.
    بۆیە دیاردەی ناساندنی پرسی ئێزیدییەکان وەک نەتەوە و ناساندنی زارەکەیان وەک زمان(زمانی ئێزیکی)، جگەلە پیلانێکی قێزەونی ناحەزانی نەتەوەکەمان، پرسێکی تازەش نییە و ساڵانێکی زۆرە لەلایەت ناسیۆنالیستی ئەرمەن و تورک و عەرەبەوە کاری بۆ دەکرێت.
    بەشێوەیەکی گشتی گەلان لە کاتی دامەزراندنی دەوڵەتەکانیاندا بەربڵاوترین زارەکانیان لەبەرچاو دەگرن، وەک زمانی ستاندارد وەریاندەگرن، کە دواتر بە زمانی فەرمی دەوڵەت دەناسرێن، بەڵام ئەم شێوەزارانە، لە جەوهەردا، بەشێک لە سیستەمی فراوانتری زارە لەناو یەک زماندا دەمێننەوە، نەک بە تەواوی بوونێکی جیاواز، ئەم شێوازە لە زۆربەی ئەزموونە زمانەوانییەکان لە سەرانسەری جیهاندا دووبارە دەبنەوە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوەی لە دۆزی زمانی کوردیدا ڕوودەدات، هەڵاوێر نییە، بەڵکو یاسایەکی گشتییە کە بۆ هەموو گەلان کاری پێدەکرێت.
    ئەگەر ئەمڕۆ گەلی کوردیش دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزراندبا، لە نموونەی گەلانی دیکەی جیهان و بەرفراوانترین زاری خۆی هەڵدەبژارد، وەک زمانی ستاندارد، هەڵبەتە دوای پاککردنەوەی له وشهو زاراوە بیانییەکان، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو زەخیرە بەرفراوانەی وشەسازیی ڕەسەنی کوردی کە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا دەبینرێن. پاشان ئەم زارە لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان و لە بەڵگەنامەکردنی بەرهەمە هزرییەکانیاندا بەکاردەهێنرێن. دواتر پێیان دەڵێن زمانی فەرمی کوردی، هەروەک چۆن گەلانی دیکەی ناوچەکە و جیهان کردوویانە.
    ئەمە ڕێڕەوی سروشتی و لۆژیکییە بۆ وەرگرتنی یەکێک لە زارەکانی وەک زمانی ستاندارد و فەرمی خۆی، گەلان بە زۆری لە کاتی بنیاتنانی دەوڵەتە مۆدێرنەکانیاندا دەیکەن، کە پێویستیان بە زمانێکی ستانداردی یەکگرتوو هەیە بۆ ئیدارە و پەروەردەو فێرکردن، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەوان بە زمانێکی نوێ هاتوون کە ئەوانەی بە زاری دیکە قسەیان دەکرد نەیاندەتوانی لێی تێبگەن. ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەگەر ئێمە مامەڵە لەگەڵ بەربڵاوترین شێوەزاری کوردی بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە گەلی کورد خاوەنی هەموو توخمێکی پێویستە بۆ ئەوەی زمانێکی کوردی ستانداردی هەبێت، کە بتوانێت هەموو کورد یەکبخات و وەک زمانی هاوبەشی خۆی خزمەت بکات. ئەو بەربەستەی لە ئێستادا ڕێگری لە کورد دەکات بۆ گەیشتن بەم کارە سیاسییە نەک زمانەوانی، زمانی کوردی زمانێکی بەهێز و دەوڵەمەندە و چەندان زار و شێوەزار و وشەسازی هەیە.
    ئاشکرایە کە هێزی هەر زمانێک تەنیا بە ژمارەی ئاخێوەرەکانی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای بەرهەمهێنانی مەعریفە و پانایی وشەسازییەکەی و هەمەجۆریی پێکهاتە ناوخۆییەکەی، جگە لە توانای گونجاندنی لەگەڵ زانستە مۆدێرنەکاندا، زمانی کوردی دەوڵەمەندە بە وشەسازی، نەرم و نیان و خاوەنی میکانیزمی دروستکردنی وشەی نوێ، کە لە خودی جەوهەر و ڕۆحی زمانەکەوە وەرگیراوە، وەک زمانێکی ئەگلۆتیناتیڤ پۆلێن دەکرێت، وەک زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئەوانی تر، واتە زۆرجار دوو وشە کۆدەکرێنەوە و وشەیەکی نوێ بە مانایەکی نوێ پێکدەهێنن. زمانی کوردی خاوەنی ئەم توانایەیە کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ زاراوەی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی کە بۆ وەسفکردنی داهێنان و دۆزینەوەکان بەکاردێت.
    زمان بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ناسنامەی نەتەوەیی دادەنرێت. بۆیە بە هێرشکردنە سەر زمانی کوردی، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر خودی شوناسی نەتەوەیی و ئەمەش لە ڕەچاوکردنی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەربەستی بابەتیی تریش هەن کە ڕێگرن لەوەی کورد شارەزا بێت لە هەموو ئەو وشە زمانەوانییانەی کە لە سەرانسەری کوردستاندا قسەی پێدەکرێن. گرنگترینیان ئەو سنوورە سیاسیانەیە کە کوردستانیان دابەش کردووە بەسەر چوار وڵاتدا، ئەم سنوورانە بەهۆی هەلومەرجی مێژوویی و کۆلۆنیالیزمەوە سەپێندراون، پەیوەندی زمانەوانی و کارلێکی ڕاستەوخۆی نێوان کورد لە پارچە جیاجیاکانی کوردستان سنووردار کردووە، ئەمە فاکتەرێکی بنەڕەتییە بۆ نەتوانینی کورد لە زاڵبوون بەسەر هەموو زارە کوردییەکاندا، جیاوازی شێوەزاری دیاردەیەکی سروشتییە و کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی زمان و یەکیتی نەتەوەیی نییە.
    ئەگەر جیاوازی زۆر لە وشەسازی لە نێوان ناوچەیەکی تردا بدۆزینەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد لە ناوچەیەکدا بە زمانێکی جیاواز قسە دەکەن، جیاوازە لەو زمانەی کە کورد لە ناوچەیەکی دیکەدا قسەی پێدەکات، ئەم جۆرە ئارگیومێنتە یان دەرەنجامە لە ڕادەبەدەر بێمانایە و یان لە نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو کەسە لە جیاوازیی نێوان زمانێک و زارێک تێناگات یان لە هەوڵێکی بە مەبەست بۆ تێکدانی خودی زمانی کوردی و گومان خستنە سەر بوونی زمانی کوردی. بەڵام جیاوازییە بەرچاوەکانی بەکارهێنانی وشەسازیی دیارکراو لە ناوچەیەکی کوردییەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، دەرخەری دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانی کوردییە، هەر ناوچەیەک خاوەنی وشەسازی تایبەتی خۆیەتی، جیای دەکاتەوە لە دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی یەک زماندا دەمێنێتەوە و لە زمانی ڕەسەنی کوردییەوە لک و پۆپ دەکات. زمان سەرچاوەیە، زاراوەش لک و پۆپن. ئەم فرەچەشنییە لە شێوەزارەکاندا، لە واقیعدا، لاوازی نییە، بەڵکو هێزێکە بۆ زمانەکەمان، چونکە ڕەنگدانەوەی زیندوویی و دەوڵەمەندی و فرەچەشنی زمانە، توانای بەرگەگرتنی لە سەرانسەری جوگرافیایەکی فراوان و لە ژێر بارودۆخی سیاسیی جیاواز و ئاڵۆزدا. بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە وشەسازیی کوردی بەسەر هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دابەش بووە، ئەگەر لە یەک ناوچەدا قەتیس بوایە، بەشێکی زۆری دەوڵەمەندی خۆی لەدەست دەدا و بەشێکی زۆری بە تێپەڕبوونی کات نەدەما. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نەیاندەتوانی هەموو وشەسازییەکانی ناو فەرهەنگی کوردی بەکاربهێنن؛ بەڵکو شێوازێکی تایبەتی وشەیان هەڵدەبژارد و ئەوانی دیکەیان بەجێدەهێشت، کە دواتر لەگەڵ کاتدا کاڵ دەبووەوە و نەدەما، دابەشبوونی جوگرافی و هەروەها دابەشبوونی کتێبخانەی زمانەوانی بەرفراوانی کوردی لە سەرانسەری هەموو ناوچەکانی کوردستاندا، بەشداری کردووە لە پاراستنی ئەم میراتە زمانەوانییە دەوڵەمەند و بەرفراوانە. سەرەڕای ئەو شەڕ و سیاسەتانەی کە زمانی کوردییان کردە ئامانج، و ئەو قۆناغانەی کە بەکارهێنانی قەدەغەکرابوو و سەرەڕای هەڵمەتەکانی شێواندن و ئینکاری، هەر وەک زمانێکی زیندوو و بەهێز دەمێنێتەوە، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر توانای مانەوە و بەرگەگرتن و ئەوەی کە زمانێکە بەرگەی لەناوچوون دەگرێ.
    زمانی کوردی خاوەنی دەوڵەمەندی و فرەچەشنییەکە کە وای لێدەکات بتوانێت زمانێکی یەکگرتوو پێکبهێنێت، بە مەرجێک مەرجە مێژوویی و سیاسییە گونجاوەکان جێبەجێ بکرێت، هەروەک چۆن لەگەڵ زمانەکانی دیکەی جیهاندا ڕوویداوە، جگە لەوەش جیاوازییە شیوەزارییەکانی ناو خۆی، یەکێتییەکەی نکۆڵی ناکات، بەڵکو زیندوویی و وشەسازی دەوڵەمەند و قووڵی مێژووییەکەی دووپات دەکەنەوە.



شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل لە گەڵ ئێران!.. حەسەن ڕازانی

ئەمریکاو ئیسرائیل ئەو شەڕەیان لەسەرچی لەگەڵ ئێران دەست پێکرد؟
شەڕ ئامانجی هەیە. کەواتە ئایا ئامانجەکانی ئەو شەرە هاتوونەتەدی؟
ئایا شەڕەکە بە تەواوی کۆتایی هاتووە؟

ململانێی سیاسیی و سەربازیی لە نێوان ئەمریکاو ئێراندا شتێکی تازە نیەو مێژوویەکی هەیە. کاتێکیش کە ڕێبازی سیاسیی و دیبلۆماسیی شکەست دەهێنێت و ئامانجەکانی بە تەواویی بەدەست ناهێنێت، ئیتر ڕێبازی شەڕو توندو تیژیی دەگیرێتەبەر!
لەو ململانێیەدا ئیسرائیل وەک بەرەی پێشەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت نەک تەنها وەکو پرۆکسیەکی ئەمریکاو بەس! مێژووی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا بریتییە لە هەوڵی مانەوەی وەکو تاکەجەمسەری جیهان و تا ڕاددەیەکیش تاکو ئەم دواییانەش ئەمریکا توانیویەتی لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو بێ!
ئەمریکا زۆر دەمێکە وەک تاکە جەمسەری بەهێزی جیهان مامەڵە لە گەڵ دەوڵەتاندا دەکات بە تایبەتی لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە!
ئێستا جیهان لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە گۆرانی بەسەردا هاتووە. لە بەرامبەر ئەمریکادا هێزی زۆر کاریگەری تر سەری هەڵداوە بۆ نموونە چین کە بۆتە مۆتەکە بەسەر دڵی کۆمپانیا زەبەلاحە سەرمایەدارییەکانی ئەمریکاوە! چین لە ڕووی ئابووری وسەربازیی و تەکنەلۆژیاوە توانیویەتی بە ئاشکرایی ترس بخاتە ناو هەناوی سیاسەتمەدارە تاک جەمسەر ویستەکانی ئەمەریکاوە!
ئێستا کێشەی سەرەکی نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل لە گەڵ ئێران، لە بنەڕەتدا ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکیی و ئایدۆلۆژیی قووڵە کە بە زەقی لە دوای ١٩٧٩وە کە کۆماری ئیسلامی دامەزرا سەریهەڵداوە. ئەمریکا دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی خۆی و بەرژەوەندی و سەقامگیریی هاوپەیمانەکانیشی، کە ئیسرائیل بە پلەی یەکەم دێت، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بپارێزێت.
ئێران لەو نێوەدا ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم ئەمریکاو ئیسرائیلدا. چونکە ئێستا چین و ڕووسیا بە تایبەتی چین لە ڕووی ئابووریی و سەرمایەو بازارو تەکنەلۆژیاوە خەریکە تەنگ بە ئەمریکا هەڵبچنێت.
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پڕە لە سەرچاوەی سرووشتیی بەتابەتی نەوت و گازی شل، کە چین زۆری پێویستن و ئەمریکاش ئاگای لەمە هەیە و دەیەوێت ڕێگریی بۆ چین درووست بکات، بەڵام لەو نێوەدا ئێران ڕێگرە. ئێرانیش لەبەرامبەردا زۆر بە ئاشکرایی دژی هەژموونی ئەمریکایە و هەوڵدەدات نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا فراوان بکاتو وەک تاکە جەمسەریش لە ناوچەکەدا دەربکەوێت!
بەهانە سەرەکیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل کە شەڕیان لەگەڵ ئێراندا دەستپێکردووە هەندێکیان کە بە ئاشکرا باسیان لێوە دەکەن بریتین لە:
ئێران بەرنامەی ئەتۆمی هەیەو چەکی ئەتۆمیی درووست دەکاو لە دژی بەرژەوەندیی و دۆستەکانی ئەمریکا، کە مەبەستی بە پلەی یەکەم لە ئیسرائیلە، بە کار دێنێت!
ئێران بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی هەیەو پەرەی پێدەدات و مووشەکی بالیستیکی درووستکردوون و ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمریکاو ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکەدا! بە تایبەتی ئیسرائیل ترسی زۆری لە ئێران هەیە.
ئیران بە ئاشکرایی شیعاری مەرگ بۆ ئەمریکای بەرزکردۆتەوە.
ئێران ئەمریکا بە شەیتانی گەورە ناودەبات و هەر بەوپێەش مامەڵە لەگەڵ ئەمریکاو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو دۆستەکانی ئەمریکا بە تایبەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکات!
ئەمریکا دەڵێت کە ئێران دەست وەردەداتە نێو کاروباری دەوڵەتەکانی ناوچەکەو لە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لە ڕووی سەربازیی و سیاسیی و ئابووریەوە هەنگاوی کرداریی ناوە!
ئێران، بە قسەی ئەمریکاو ئیسرائیل، پاڵپشتیی لە تیرۆرو پشگیریی لە گرروپە تیرۆریستەکان دەکات و گرووپی تیرۆریستیش لە دژی دۆستەکانی ئەمریکا بە تایبەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا درووست دەکات کە ئیسرائیل دەمێکە بەدەست ئەو گرووپانەوە گیری خواردووە!
ئێران نیازی سڕینەوەی ئیسرائیلی هەیە بە تەواوی دیارە لە ڕیگەی ئەو گرووپ و تاقمانەوە کە ئەمریکاو ئیسرائیل بە تیرۆریستیان ناودەبەن.
بۆیە کێشەی ئەمریکاو ئیسرائیل لە گەڵ ئێران نابێت تەنها وەک کێشەیەکی ئابووری یان سیاسیی ئاسایی چاوی لێبکرێت، بەڵکو ئەو کێشەیە ململانێیە لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان لە ناوچەیەکی هەستیاری وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!

ئەمریکاو ئیسڕائیل وا بۆدووجار دەچێت کە شەڕیان بەشێوەیەکی بەرفراوان لە ڕووی دەریایی و ئاسمانییەوە لە دژی ئێران دەست پێکردووە بە مەبەستی ڕووخاندن یان لابردنی ئەو هەڕەشانەی کە بە هۆی ئێرانەوە دەکرێنە سەر ئەمریکاو ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکەدا. کە لەو نێوەدا هەندێک لە دەوڵەتەکانی کەنداویش وەک دۆست و پرۆکسی ئەمریکاو ئیسرائیل ناویان دەهینرێت کە ترسیان لە ئێران هەیە!
ئەمریکاو ئیسرائیل لەو شەڕەدا توانییان لە ڕووی سەربازیی و ئابووریەوە زەرەرو زیانێکی زۆر بە ئێران بگەێنن. بۆ نموونە :
هێزی ئاسمانیی و دەریایی ئێرانیان بە تەواوی لە کارخستووە،
توانییان ڕیزی یەکەم و دووەم و سێهەم و تەنانەت چوارەمی فەرماندە هەرێ باڵاکانی هێزی سەربازیی ئێران بکوژن،
توانییان زووربەی هەرێ زۆری زانا ئەتۆمیەکانی ئێران بکوژن،
توانییان بەرنامە ئەتۆمیی و مووشەکیەکەی ئێران لە کاربخەن یان وێران بکەن، توانییان ژێرخانی سەرربازیی و تەکنیکی و تەکنەلۆژیای ئێران لە ناوبەرن یان لەکاری بخەن،
توانییان سەرکردەکانی حەماس و حیزباللە و هەندێکیش لە فەرماندەکانی حوسییەکان بکوژن.
توانییان حەماس لە ناوبەرن و حیزب اللەش بەتەواویی لاواز بکەن.
توانییان گەمارۆی ئابووریی لەسەر ئێران زیاتر بکەن و نەوت و بەرهەمەکانی نەوتیش هەم هاوردەو هەم بردنەدەرەوە لە ئێران ببرن،
توانییان زەرەرو زیانی داخستنی گەرووی هۆرمز، کە ئیران دەڵێت لە ژێر دەسەڵاستی خۆیدایە، بەسەر ئێراندا زیاتر بشکێننەوەو داخستنی ئەو گەرووە لە لایەن ئیرانەوە چەندە زیانی بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەیە ئەوەندەش داخستنەکەی بۆ ئێران خودی خۆی زەرەری هەیە،
توانییان بەشار ئەسەد لابەرن و جۆلانی کە داردەستی خۆیانە بهێننە شوێنی.
زۆر شتی تریش کە ئەمریکاو ئیسرائیل لەدژی ئێران کردیان و هێشتاش بەردەوامن بە تایبەتی ئیسرائیل وەستانی نیە .

بەڵام ئێران هێشتا وەک سیستەم و وەک حکومەت و وەک دەوڵەت و وەک هێزی سەربازیی لە ناوخۆ بۆ ڕاگرتنی بارودۆخی ناوەوەی ئیران نەڕووخاوەو هەروا خۆی قایم دەکاتەوە!
ئیران هێشتا وەک ئەمریکا مەرج دادەنێت و لە مەرجە سەرەکیەکانی خۆی واز ناهێنێت! بۆ نموونە گەرووی هوۆرمز دەبێ لە ژێر دەستی ئێراندا بێت،
بەرنامەی ئەتۆمی و بالیستیکی هەر درێژە پێدەدات،
هاوکاری پرۆکسیەکانی لە ناوچەکەدا بە تایبەتی حیزباللەی لوبنان درێژە پێدەدات و هاوکارییان دەکات.
هێشتا ئێران هەڕەشە دەکاتو زیرەکانە دانووستانەکان بەڕێوەدەبات و ڕیکەوتن لە پێناوی ڕیکەوتندا ئەنجامدەدات و مەبەستی سەرەکیشی ڕیکەوتن نیە بەڵک و کات بەدەست هێنانە! کە ئەمەیان ئەمریکا بە قازانجی نیە!
ئێران تاکو ئێستاش هیچ بەڵێنێکی بە ڕاستی نەداوە کە بەرنامە ئەتۆمیەکەی لە ناودەبات و مووشەکی بالیستیکی ناوێت و هاوکاری پرۆکسیەکانی ناکات و گەرووی هۆرمز وازلێدێنێت.
ئێران زۆر بە ناڕوونیی دەچێتە ناو دانووستانەکان و ئاشکرا نیە چی دەکات و چی دەبن سەریەوەیە!
ئێستا ئێران ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە داواکەی خومەینی جێبەجی بکات کە دەیگوت “پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێژو رۆژوو فەرزترە!”

بۆیە شەڕ کۆتایی پێنەهاتووە چونکە ئەو ئامانجانەی کە شەریان لە پیناویدا هەڵگیرساندووە هێشتا بە تەواوی بۆ هەردووک لایەنی شەڕەکە نەهاتوونەتەدی، بە تایبەتی بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل و بە تایبەتیتریش بۆ حکومەتە ڕاستڕەوەکەی ئیسرائیل .

ئیسرائیل پێی وایە ئەو لە دەرەوەی ئەو رێکەوتنەدایە!
ناتانیاهۆ،سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل،لە ٢٢ی حوزەیران لە کۆبوونەوەیەکی گشتی دا بە ئاشکرا گوتی: ئەگەر ئەمریکا لە شوێنی ئیمە بایە هەمان کاری ئێمەی دەکرد لە دژی حیزب اللە. بۆیە ئیمە بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئاساییشی ئیسڕائیل و خەڵکی خۆمان و ریگە نادەین لە هیج شوێنێکەوە هەڕەشە بکرێتە سەر ئاسایشی ئیسرائیل و خەڵکی ئێمە.
ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ڕۆژنامەی ئیندیپێندەنتی بەریتانیا سووربوونی ئیسرائیلی لە بەردەوامیدان بە شەڕ لە گەڵ حیزباللەدا دووبارەکردەوەو هەروەها بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، سوپاو هێزی سەربازیی ئیسرائیل لە شوینەکانی خۆی لە ناو لوبنان و فەلەستیندا ناکشێتەوە!.
بۆیە بە بڕوای من چاوەکان لە سەر ئەوەن کە شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە . من پێم وایە شەڕەکە کاتێک کۆتایی دێت کە ئێران بەتەواوی ملکەچی داخوازیەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل ببیت.. ئەگەر ئێران وا نەکات ئەوا بێ سێودوو دەبێ یان چاوەڕیی شەڕ بکات لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، جا پێی بکرێت یان پێی نەکرێت ئەوە شتێکی ترە، یاخود دەبێ ئێران چاوەڕێی ڕێگایەکی تر بکات کە ئەمریکاو ئیسرائیل دەیگرنە بەر بۆ ڕوخاندنی یەکجارەکی دەسەڵای کۆماری ئیسلامیی لە ئێران!

ئەوەتە ئەمڕۆ ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦سەرۆکی تازەی موسادی ئیسرائیل دەلێت:” دەبێ لە ڕێگەیەکی تر بگەڕێین بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران” واتە شەڕ کۆتایی نەهاتووەو نەهێشتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەر مێزی شەڕانگێزیی سیاسەتمەدارانی سەربازیی و سیاسیی ئیسرائیل و و ئەمریکادایە.
ئەوەی کە جێی تێڕامانیشە ئەوەیە کە هێشتا خەڵکی ئێران زۆر باوەڕیان بە ئەمریکاو ئیسرائیل نیەو دەزانن کە هەر ئەمریکاو ڕۆژئاوابوون کە ئەو سیستەمیان بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاند!
هەروەها خەڵکی ئێران دەزانن کە ئەمریکاو ئیسرائیل لەبەر خاتری خەڵکی ئێران نیە کە شەڕ بە دژی کۆماری ئاخوندەکان دەکەن، بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی خۆیانەو بەرژەوەندی ئەوان و خەڵکی ئێرانیش دوو شتی زۆر لیک جیان.

مێژووی ناوچەکەش ئەوە نیشان دەدات و هەر ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە ئەگەر هەر هێزو دەوڵەت و گرووپێک لەگەڵ ئیسرائیل ناکۆکی درووست بکات و ناتەبا بێت، دەبێ باش بزانێت کە جێگەی خۆی لێژدەکات و ناتوانێت دەوام بکات! جا درەنگ بێت یان زوو!.




هەموو ڕۆژێك لە ژووانی كتێبدا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                                      
                                                                                  

هەفت ساڵ زیاترە، سەیری هیچ كام لە تیڤی و كەناڵە ئاسمانییەكان ناكەم و گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی، مەعریفە تەنێ لە نێو كتێب و دنیای خوێنەوەدایە، بۆیە سێ لە سەر چواری ژیانی ڕۆژانەم، بە كتێب و خوێندنەوە بە سەر دەبەم و هیچ كات ئامادەنیم گوێ لە گفتوگۆی بە ناو ڕووناكبیرێك لە كەناڵێكی ئاسمانی بگرم، كە ڕۆژێك گۆڕانە، ڕۆژی دواتر نەوەی نوێ، ڕۆژی سێیەم پەسنی ئیبسلامییەكان دەدا یاخود بە دەنگی بەرز ڕەخنە لە حكومەت دەگرێت و بڕوای وایە گەندەڵە، كەچی خۆی بە پلەی عەقید مووچەی حانەنشینی سەربازیی لە حكومەتە گەندەڵە وەردەگرێت ! ئامادە نیم كاتەكەم بۆ هونەرمەندێكی نەناسراوی كورد، كە لە دە كەس نۆ كەس نایناسن تەرخان بكەم، كە لە ترسی ژنەكەی وازی لە گۆرانی گوتن هێناوە، یان گوێ بدەمە گفتوگۆی بە ناو بیرمەندێك، كە بڕوای وایە ژنەكەی دەست و پێیەتی و هەموو شتێكیەتی لە ژیان، ئەی ئەوانەی بە نموونە وەك من ژنیان نییە؟ دەبێ ناتەواو بن و مرۆڤ نەبن؟ ئەم جۆرە بەرنامە و گفتوگۆ بێ مانایانەی كەناڵەكان، شایەنی ئەوە نین ڕۆشنبیر كاتی خۆیانی پێ بە هەدەر بدات. من بە سرووشت شەوان زۆر زوو دەنووم، هەندێكجار كاتژمێر هەشت بە تایبەتیش زستانان، ئەمە دەستووری خەوی ژیانی منە لە هەر چوار وەرزەكەدا، كە هیچ كام لە تۆڕە كۆمەڵایەتی و چات و فەیسبووك و ئەم جۆرە پەیوەندییانەشم نییە تاكو تا بەرەبەیان لە سەر هێڵ بم، بۆیە زوو دەنووم بە یانیانیش كاتژمێر پێنچ لە خەو هەڵدەستم. دوای هەستانم، دەچمە ژوورەكەم و یەك بە یەك تۆزی سەر كتێبەكانی نێو كتێبخانەكەم دەتەكێنم و پاشان دەست بە خوێندنەوە دەكەم، تا ئەو كاتەی برسی دەبم و ئینجا چایەك ئامادە دەكەم و نان دەخۆم، بێ ئەوەی دایكم و خوشكەكەم لە خەو بكەم . تەنانەت گەر دەوامی قوتابخانەشم هەبێت و دەڵێم بۆچی ئەوان لە خەو بكەم لە كاتێكدا خۆم بە ئاگام؟ مەگەر ژن خزمەتكاری پیاوە؟ ئیدی ئەمە بەرنامەی ڕۆژانەی ژیانی منە و هەر كتێبێك نۆرەی هاتبێت دەیخوێنمەوە و هەندێ جاریش لە سەر داخوازی نووسەران و هاوڕێیان، ڕێزبەندییەكە دەگۆڕم چونكە لوتف دەنوێنن كە كتێبەكەیان زوو بخوێنمەوە و گەر سەرنجێكم هەبێت، بۆیانی بنووسم. لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، دووكتێبی دكتۆر (كەمال میراودەلی)م خوێندنەوە بە ناوەكانی:( فەلسەفەی ئەز و ئەریكۆلۆژی فۆكۆ) ئەم دوو كتێبە، بە زمانێكی كوردییانەی یەكجار جوان و ڕەوان نووسراون و هەوڵێكی سەركەوتووانەی بە كوردیكردن و كورداندنی فەلسەفەن و ئاماژەیەكی گرنگن بەوەی كە زمانی كوردی لەو زمانانەیە، دەتوانێت لە فەلسەفە بدوێت . لە نێوەندی ئەدەبی كوردیا، گەلێك نووسەر و هەوڵی ناساندنی كاری فەلسەفیانە هەن و دەبینرێن، بەڵام بەدەگمەن ئەو كارانە، لە ڕووی بابەتی و زمانییەوە دەتوانن فەلسەفە لە خوێنەری كورد كە تەنها زمانی كوردی دەزانێت بگەیەنن، بۆیە ئەم دوو كتێبە، بە زمانێكی جوان و ڕەوان، بابەتەكانی خود و ڕەهەندە فەلسەفییەكانی فۆكۆ باس دەكات و دوای تەواوبوونیان، هەست دەكەی زانیارییەكی زۆرت لە بارەی بە نموونە فۆكۆ، دەست كەوتووە، پێچەوانەی ئەوانەی سەدان لاپەڕەی لە سەر دەنووسن، بێ ئەوەی دواجار تێمان بگەیەنن فۆكۆ كێیە و كارەكانی چین؟ بۆیە ئەوەی لە كتێبەوە دەست دەكەوێت، مەحاڵە لە بەرنامەی پێشكەشكارێكی نەخوێندەوار و دەستت بكەوێت، كە لە خولەكێكدا دەیان جار لە بێ مەعریفەی زمانی وشەی (باشە باشە) بەكار دێنێت! كەواتا تا كتێب هەبێت، من چۆن ئامادە گوێ لە بەرنامەی نێرێك بگرم، كە سنگی ژنان بە شووتی و لیمۆ دەچوێنێت ! چۆن گوێ لە پێشكەشكارێكی سەر ڕووتی هەواَلەكانی كەناڵێك دەگرم، كە مووچەكەی دە بارتەقای مووچەی منە، كە سی ساڵە مامۆستام. ئەو كەناڵ و تیڤییانەی بە پارەی نەوت و داهاتی ئەو میللەتە پەخش دەكرێن، نەك هەر نابێ سەیر بكرێن، بەڵكو دەبێ بایكۆتیش بكرێن. كۆمەڵگەی ئێمە، خراپ ئاڵوودەی شاشە بە هەموو جۆرەكانییەوە بووە، شاشەش جۆرە خوێنەرێكی ڕاگوزە ر و تێپەڕو بیرنەكەرەوە دروست دەكات، بۆیە هوشیار نابێتەوە. بە كولتوریكردنی خوێندنەوە، هەنگاوەكانی هوشیاربوونەوەی كۆمەڵگە، مەعریفەی ڕاستەقینە لە نێو كتێب دایە، نەك بەرنامە بێ ماناكانی تیڤییەكان، كە فۆكسیان هەر لە سەر كەباب و زەڵاتە و كوڵیچە و شیرینی و پرسیاری كەسی بێ مانایە !

ڕواندز




خەبـات لە پـێـناوی ئازادیـدا.. رەزا شـوان

لە سەرهـەڵـدانی مـرۆڤـەوە، بـە درێـژایی مێـژوو، ئـازادی گـرنگـتریـن و پێویـستـریـن پێویستی هەر مرۆڤێکە بەبێ جیاوازی. یەکێکە لە گەورەترین بەها مرۆییەکان. مرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێـت. ئازادی مافـێکی زگـماکی و رەوایە. هەرگـیز ناکرێـت سازش لەسەر ئازادیـمان بکەیـن و دەستی لـێهەڵـبگرین. چونکە ژیان بەبێ ئازادی، هیچ چـێژ و خـۆشییەکی نییە. بێگـومان نهـێنی بەخـتەوەری ئـازادییە، نهـێنی ئـازادیـش ئـازاییە.
ئازادی بـریتییە لە توانای بڕیاردان بە ئـازادی یان هەڵـبژاردنی ئەو ئەو شێوە ژیـانەی کە خۆمان دەمانەوێـت بەبێ سانسۆر و بەبێ بەربەست. هـەر شتـێک لەوە کەمتربێت، شـێوەیەکە لە شـێوەکانی کۆیـلایەتی. بـەڵام ئـازادیی رەهـا و بێ سـنوور نیـیە، تا ئـەو سـنوورە ئازادیـن، کە پـێـشێـلی ئازادیی کەسانی تـر نەکەیـن.
(نێـلسۆن ماندێلا) دەڵـێت:”ئازادیت تەنها رزگاربـوونت نییە لە کۆت و پێوەنـد. بەڵکو بـە شـێوەیەک بـژیـت، کە رێـز لە ئـازادیی ئەوانی تر بگـرێـت و بـەرز رایـبگـریـت”.
ئازادی دیارییەک نییە کە بدرێت، بەڵکـو مافـێک دەبێـت وەربگـیرێـت. نرخی ئازادیش گـرانە. ئەوەی کە ئازادی بـوێت پێوێـستە باجی ئازادی بـدات. ئازادی کڵاورۆژنەیەکی کـراوەیە، کە لـە رێـگەیەوە تـیـشکی خـۆر دەڕژێـتە سـەر رۆح و شکـۆداری مـرۆڤ.
مـێژوو پـڕە لە کاتە سەختەکان و لە خەبات و گیانبەخـشین لە پێناوی ئازادی بەرامبەر بە ستەمکاری و سەرکوتکـردن و چەوسانەوە. هەرگـیز چاوەڕوانی ئەوە ناکرێـت، کە ستەمکار و سەرکوتکار ئازادیی بە ستەملێکـراون ببەخـش. دەبێت خۆیان وەریبگـرن.
ئـەوەی ئـێـمە لـەم نـووسیـنەمـانـدا مەبەسـتـمانە، خەبـاتە لـە پـێـناوی ئـازادی گـەل و نیشتـمان. ئازادیی گەلی قارەمانی کوردمان و کوردستانی نیشـتـمانی خۆشەویستـمانە.
خەبـاتـیش لە پێـناوی ئـازادی و رزگـاری و مـافی چـارەی خۆنـسیـن، مافـێکی رەوای هەموو گەلانی ماف زەوتکراو و نیشتمان داگیراوە. کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە فـەرمی دانی بـەم مافـەدا نـاوە. بـۆ رزگاربـوون و بۆ بەدەستهـێنانی مـافـەکانیان.
بـزووتنەوەی رزگاریخواز و خەبات لە دژی سەرکوتکردن و چەوسانەوە، لە هەزاران ساڵاوە سەری هەڵداوە و تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. رەگی ستەمکاری بۆ شارستانییە کۆنەکان دەگەڕێـتەوە. بۆ نـموونە، لە سەردەمی ئیـمـپراتـۆرییەتی رۆمـانییدا، چەنـدین راپـەڕیـن لە دژی حـوکمـڕانی سـتەمکاری، لە لایـەن کـویـلەکـانـەوە بەرپـاکـران، بۆ رزگاربـوونیان لە کۆت و کۆیـلایەتی و لە چەوسانەوە و بۆ بەدەستهـێنانی ئازادییان.
گەلی کوردمان، زۆرتـرین سـتەم و چەوسانەوەی بە دەستی داگـیرکەرانی کوردستان چـێژتووە. بەڵام هەرگیز نەچەمیـوەتەوە و دەستی لە خەبات و لە راپەڕین و شۆڕش هەڵنەگرتووە. تا ئەمـڕۆش سەرسەختانە درێـژە بە خەبات دەدەین بـۆ بەدەستهـێنانی ئازادی و مافـە رەواکانـمان. لەم پێـناوەشـدا، گیانبەخـشـین و باجـێکی زۆرمـان داوە. بەڵام ئێمەی کورد گەلێکی قارەمان و نەبەردین، کوڵنەدەر و خۆڕاگرین. هـیچ کاتێک
لە گیانبازی نەترساوین و ناترسێين. هـيچ کاتێکیش شەڕانی و شەڕخواز نەبووینە و نین، هـەمیشە ئاشتیخواز بووینە و ئاشتیخـوازین. شۆڕشـە چەکـدارییەکانیشـمان بـۆ بەرگـری لە مانـەوەمـان و لە ناسـنامەی نەتـەوەیـیـمان و لە کوردستانی نیـشـتـمانی پیـرۆزمان بـووە. نەیـارانی کورد پێـش دۆسـتەکانـمـان، دان بەم راستییانەدا دەنـێن.
لە ئەمڕۆدا کە ژمارەی کورد لە کوردستان و لە دەروەی کوردستاندا، زیاتر لە (٧٥) مـلیـۆن کوردە. گەورەتـریـن گەلـین لە جیهـانـدا، کە تا ئـێـستا نەبـوویـنە بە خـاوەنی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخـۆ. ئەمە خەون و خەیـاڵ نییە، بەڵکو هـیوا و خواستی هـەمـوو کوردێکی دڵـسۆز و کورد و کوردستان پەروەرێـكە. کە زووبێـت یا درەنگ، دەوڵەتی کوردستان ببینین. ئەمەش مەتـرسی نییە بۆ سەر ئاسایـشی هـیچ نەتەوە و دەوڵەتـێکی هـاوسێی کوردسـتان، کـە بـە نـاڕەوا کـوردفـۆبیـایان دروسـتکـردوون و کـردوویـانە بـە بیانـوویەکی بێ بنەمـا، بـۆ دژایەتیکـردنی گەلی کوردمان. دەوڵـەتی کوردسـتان، لەسـەر خـاکی کـوردسـتان دروسـت دەبـێـت. سـۆز و خـۆشـەویـستی و هـاوبەستەبـوونمان بۆ کوردستان، ئەو هەست و ئەوینـە پاک و بـێگەردەیە، کە لە ناخی دڵماندا روواوە. هـيچ هـێزێک ناتوانێـت لەدڵماندا دەریبکات. کوردستان بووە گروپی خوێـنمان. هـیچ بەختەوەرییەک، لە ئازادیی کوردستان بەلامانەوە گرنگتر و شـیرینتر نـییە. یان بـە سەربـەرزی دەژیـن، یان لە پـێـناوی کوردستانـدا دەمـریـن. دروشـمی کـرداریـشـمان “کـوردسـتان یان نەمـان”ە. دەڵـێـن، ئـازادی لـە لـوولەی تفەنگـدا هەڵـدێت. بەڵام پێنووس و تفـەنگ، یەک لوولە و یەک ئامانجـنیان هـەیە.
(ئەفـلاتـوون) دەڵێت:” هـيچ خۆشەویـستییەک، ناگاتە خۆشەویـستیی نیـشـتمان”.
لە ئەمڕۆدا شێوازەکانی خەبات و تێکۆشان و بەرگری زۆرن. خەبات تەنیا لە کایەی چەکداری و سیاسیدا سنووردار و قورخکراو نییە. جگە لە بزووتنەوەی چەکداری و سیاسی، خەباتی کولتووریش زۆر پێویستە. نووسەرانی پێنووس بەدەستی دڵسۆز و بوێـر، مامۆستایانی پەروەردەکاری کوردستان پەروەر، هـونەرمەنـدانی وێنەکـێش و موزیکـژەنان و سروودچـڕانی دلێر، لەگەڵ پێشمەرگەی گیانبەخشدا، شان بە شان و دەست لەناو دەسـت، لە سەنگەری کوردایەتی و کوردستان پەروەریـدا، بەرگری لە کوردستان دەکەن و درێژە بە خەبات دەدەن. دەکرێت هـۆنراویەک، سروودێک، یان تابلۆیەکی وێنە، چیرۆکێک، کاریکاتێرێکی تەنـزئامێزی سیاسی، لە فـیشەکـێک زیاتر، نەیارانی کورد و کوردستان بپێکـن و بیانهـەژینـن. مەبەستـم ئەوەیە کە هەریەکەمان، بە شێوەیەک لە شێوەکان و لە سەنگەرێک لە سەنگەرەکانی کوردایەتی و کوردستان پـەروەریـدا، دەتـوانـین درێـژە بـە خـەبـات بـدەیـن، لـە پـێـناوی رزگـاری و ئـازادی و سەربەخۆیی کوردستان دا. ئەمەش پیرۆزتـریـن و لەپێشتریـن، ئەرکی هەر کوردێکی دڵسۆز و کوردستان پەروەرە. راستە ژیان خۆشە و رۆح شیرینە، بەڵام کوردستان لە رۆح و ژیانمان بەنرخـتر و شیرینترە. بە هەزاران رۆڵەی ئـازا و دڵسۆزی و کورد و کوردستان پەروەرمان، گـیانی خۆیـان بە کوردستان بەخـشـین. چـونکە ئـازادی بەبێ گیانبەخـشـین نایەتەدی. سـۆز و خۆشەویستیمان بۆ کوردستان، لە سەرووی هەموو خۆشەویستییەکـمانەوەیە. خۆشەویستییەکی زگماکـییە و لەگـەڵ لە دایک بوونـمان بە سروشتی لە ناخی دەروونمانـدا دەڕوێـت.
کوردسـتان گـەر تـۆ نـەبی، تەیـرێـکـم بەبـێ ئاسـمان
بـە نـاوی تـۆی پــیـرۆز سـەربـڵــنـدم لەنـاو جـیــهـان
(بۆمارشە) دەڵـێت:”جـوانە کە مـرۆڤ لە پێـناوی نـیـشـتمانەکەیەیـدا بمـرێـت، بەڵام لـەوە جـوانـتر، ئـەوەیە کە لە پـێـناوی ئـەم نیـشـتـمانەدا بـژیـت”

کوردستان ناسنامەمانە، جـوگرافـیا و مێـژوومانە. رابـردوو و ئەمـڕۆ و داهاتـوومانە. کوردستان دایکی دلـۆڤـان و شیرینی هـەمـوومـانە. نیـشـتمانی شـیریـن و پیرۆزمـانە. هـەمـوومان پـێـشمەرگەی کوردستانین. ئەمەش تەنیا دروشـم نییە، بەڵکو بە کـردارە راستەقـینەکانمان، گوزارشـتمان لە خۆشەویستی و هـاوبەستەبـوونمان بـۆ کوردستان کـردووە و دەکەیـن.
لە ئەمـڕۆدا، لە جیهانێکی جەنجاڵ و ئاڵـۆزی پـڕ لە ئاژاوە و توندوتیژی و شەڕ و لە سەردەمی جیهـانگیری و هـەژموونیـدا دەژیـن. بمانەوێ و نەمانەوێـت، پریشکی ئەم شەڕانە کوردستانی ئێمەشی گـرتـووەتەوە. بـۆ ئێـمەی کـورد باشتریـن چـەک، چەکی رۆحی خۆڕاگـری و درێـژەدانـمانە بە خەبـاتی نەتەوەیـیـمان لە پـێناوی سـەروەری و شکۆداری کوردستان. بە لوژيکێکی زانستی و هاوسەنگی، و بە سیاسەتێکی ژیرانە، مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە زۆر هـەستیار و چارەنـووسازەدا بکەیـن. بەرژەوەنـدیی باڵای گەلەکەمان لە سەرووی هەمـوو بەرژەونـدییەکەوە بێت. لە ئەمـڕۆدا لە هەموو کاتێک زیاتـر، پێـویـستـیمان بە ئاشـتەوایی و یەکـریـزی و یەکـدەنگی و یەک وتـاری سـیاسی هـەیە. پێـویـستـییەکی زیاتـرمان بە داڕشـتـنی پلانـێکی تـۆکـمە و ستاتـیژیی نەتـەوەیی و بە نەخـشەڕێگایەکی بەرنامـەداڕێـژراوی دوورخـایەن هـەیە. پێـویـستە بەڵـەد بـین و بە وردبیـنیـیەوە ئەمـڕۆ بخـوێـنـینەوە و بە وردبیـنیـترەوە، پـێـشـبـینی گۆڕانکارییە خێراکان و گریمانە و ئەگرەکانی داهاتوو بکەین. دەبێت بە وردیش ناخ
لە نیـاز و لە پیـلانە گـڵاوەکانی نەیـارانی کورد و کوردستان تـێبگەیـن و ئاشکـرایان بکەین. کە بە گەلەکۆمەیی دژایەتیمان دەکەن بۆ ئەوەی مافەکانمان بەدەستنەهـێنین.
خەبـات لە پێناوی ئـازادی و دادپـەروەری و یەکـسانی و هـاومافـی دا، پـرۆسـەیەکی بەردەوامە و وەستانی نییە. بەپێی هەلـومەرجەکان و داخوازییەکان، چەنـدیـن شێوە وەردەگـرێـت. خەبـات قـوتابخـانەیەکە، کـە تێـیـدا تێکـۆشـەران فـێـری تـێکـۆشـان و بنەمـاکانی دیالـۆگ و گـوێگـرتـن و نیـشـتـمان پـەروەری و دڵسـۆزی و بەخـشـین و فـێری هـونەری دیپـلـۆمـاتی دەبـن.
دوبـەی: ٢٠٢٦




ڕاڤەیتر3: من خۆمم.. ئازاد حەمە

3

خۆبوون وەرچەرخانی چاوەڕواننەکراو دروستدەکات

لەساتەوەختی ئیستادا و لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا خۆبوون(بوون بە خۆ)کەوتووەتە ناو قەیرانێکی بووناویی دژوارەوە. ئاوا گوتنێک، بە واتای زەبوونکردن و بێهێزکردنی من، خودی خۆبوون، نایەت، بەقەد ئەوەی واتای خۆبوون تەقەلایەکە بۆ بینینی من(خۆبوون) لە زیاد لە گۆشەیەكەوە و، وەکیتر، ئاوڕدانەوەش لە گوزارەی “من تۆ نییم”، دروستکەری تێگەیشتنە لەسەر خۆبەدیهێنان و پەنجەخستنەسەر گرنگیی منایەتی گشت منێک.
گومانمان لەوە نییە، ڕوانگەگۆڕین سەبارەت بە منی گشت منێک، یان چۆنیەتی دروستبوونی پرۆسەی خۆبوون ئاسان نییە، بەڵام پێویستمان بەوەیە، ئەوەش بزانیین،کە (منبوون) و (تۆبوون) دوو جۆرن لە منایەتی؛ دوو جۆرن لە خۆبوون. ئەڵبەتە، هیچ خۆبوونێک بوونی نییە تا منێک ئەم خۆبوونە لەخۆیدا بەرجەستەنەکات. لێرەدا ئەوەش هەر جێگای باسە،کە (من خۆم نابم) تا منێک بوونی نەبێت. سەرباریئەوە، (من خۆمنابم) تا لە ووردەکارییەکانی فێرکارییە ڕەوشتییەکان حاڵینەبم، کە ئەوانەش””ئەرکەکانمن بەرامبەر بە خودی خۆم،بەرامبەر بە ئەویتر، بەرامبەر بە خودا””.
تەماشاکردنە کڵۆڵ و بێ پێگە هزرییەکان (خۆبوون) وەک بابەتێکی چڕوپڕی فەلسەفیی مامەڵەناکەن. لەبەرئەوە گۆشەنیگا لەسەر خۆبوون، ئەوەی، کە من خۆمم و ئەویتر نییم، یان تۆنییم، زۆرە، لێ پوخت و پاراوترین گۆشەنیگا لەوبارانەوە هەردەم فەلسەفییەکانە. (خۆبوون)،کە بابەتێکی قووڵی فەلسەفییە،ئەوەمان پێدەڵێت، کە دامان، بەبێ بیرکردنەوە، لەبەردەم (من)؛ مەبەست منی مرۆڤ، نامانگەیێنێتە هیچ کوێ. بۆیە، بۆئەوەی منێک هەبێت پێویستمان بە گومانە.
ڕاناوی (من)بۆ هەرکەسێک گوزارشتە لەوەی بیرکردنەوە لە(من)بیرکردنەوەیە لە کەسێک کە هەیە؛ ئەو بیرکردنەوەیە ئەو منە دەباتەناو دڵی خۆبوونەوە. واتە تا(من) بۆ خودیخۆ نەبێتە جێیباس هەرگیز گومان و ڕاچڵەکین لە منی کەسەکاندا سەوزنابێت. چونکە(بەخۆبوون) بوونە بە کەس، کەس وەک منێک، وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ. لە هەمانکاتدا، قسەی مرۆڤەکان لەسەر منی خۆیان مژدەیە لەسەر دروستبوونی ناسنامەی کەسیی. لێ منێکی شکستخواردوو هەردەم منێکی بێ من و بێ ناسنامەیە. منی وا لەوەش حاڵی نییە، کە نییە.
سەراپای بابەتی(خۆبوون)ڕۆنیشتنە لەسەر چۆن منی خۆمان بدۆزینەوە؛ چۆن وابکەین بوونی خۆمان بەهەدەر نەدەین. لەو سۆنگەشەوە ئەوەش دەڵێین، کە(من خۆمم) واتە (منی من)لەناو خۆمدا ناسنامەی خۆی هەیە.
لەسەر بناغەی ئەوەی لای سەرەوە گووترا دەپرسین:باشە منی مرۆڤ تراویلکەیە(سەرابە)؟پێکۆڵیکردن (پێداگرییکردن )لەسەر من پاڵنەرە بۆ نزیکبوونەوە لە خود؟ بێگومان قسەکردن لەسەر (من)، یان گشت منێک، ناسنامە و هەبوونێکی خۆی هەیە و پرسێکی گرنگیی فەلسەفیشە.
زۆرجار پێویستمان بەوەیە دەرگیریی(گرفتاریی)خودی خۆمانبین.کە ئەمە ڕووبدا، کەواتە ئێمە منی خۆمان دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی (من) وەکیتر دۆزینەوەی خودی خۆیە. لێرەدا سەمەرە ئەوەیە، کە(من) ئامادە نەبێت دەرفەت بۆ هەبوونی ئەم منە برەخسێنێت. جاری وایە ئەوەندەی منەکان منی خۆیان پەراوێزدەکەن ئەویتر ئەوەناکات.
ئەو دەمەی (من خۆمنییم) ئیتر منێکی تر لە دەرەوەی منی خۆم بوونی نییە، کە دروستکەری ناسنامەی بوونی من بێت. زۆرجاریش فشارە کۆمەڵایەتییەکان مرۆڤەکان لە خۆبوون دەخات. بۆیە ڕۆچوونە نێو باسی(من خۆمم)دیوی دووەمی خۆبوون و خۆناسییە. خۆناسیی و منناسیی بەرەو ئەو شوێنەمان دەبات پێیدەڵێن سروشتی مرۆڤ.
سەرباریئەوە، خۆبوون واتە بوون بە خۆ(خودی خۆناسیی). کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستەی خۆیبێت، پتر لە ڕابردوو،یان زۆرتر لەو کاتانەی خودیخۆی لا مەبەست نەبووە لە خودی خۆی نزیکدەبێتەوە. بەم جۆرە بێت خۆبوون وا لە منی هەر یەکێکمان دەکات ببینە هاوڕێی خۆمان.
بۆ بیریارێکی وەک نیتچە چەمکی (بوونبەخۆ) واتە بوون بەو کەسەی کە هەیت. گەر خۆبوون، یان منایەتی منێک لەسەر ئەم ئایدیایە کاربکات کەواتە کەسی ناوبراو پێویستە بەپێچەوانەی ڕێسا کۆمەڵایەتیەکان، یان نەرێتە باوەکان و ئاکاری سەپێنراو ڕەفتاربکات. خۆبوون بۆ بەختەوەرییش مانادارە. ئەوەتا ئێپکتیتۆس Epictetus،بیریاری دیاری رۆمانییەکان پێوابوو””سەرچاوەی بەختەوەری لەناوخۆی مرۆڤدادایە نەک لە شتە دەرەکییەکان””.
(خۆبوون)گەڕانەوەیە بۆ خودی خۆت. ئەمەش وادەکات منی خۆت ببینیت؛ جیاشیکەیتەوە لە منی ئەویتر. کاتێک خۆتدەبیت، خۆتت لا پەسەند دەبێت. ئەوەش هەر شایانی باسە، کە(خۆت بە)، ڕه‌گوڕیشاڵی خۆبوونە. ئەمە ئافراندنە، هیواشە لەبەردەم مندا تا هەبێت. هاوکات منبوون کۆڵەکەی کەسێتی تێروتەسەلە. ئەمە بەو واتایەش دێت، کە (خۆت بە) دەکارێت ببێتە کارکردەی زۆرێک دیوی ئەرێنی لە مندا.
ئەوەش با بگووترێت، کە چەند ئێستامان هاوکارمانە خۆمانبیین؟ژیانی تازەی مرۆڤەکان لەزۆر ڕووەوە لەبار نییە بۆ بوونە خۆمان. ئەم ژیانە تازەیە دابڕاوماندەکات لە ڕاستیی بوونی خۆمان. ئێستامان جۆرێکی تر لە نامۆبوون بەرهەمدێنێت، کە بەبەراوورد بە ژیانی پێشوو تایبەتمەندی خۆی هەیە.
لە کۆتاییدا هێما بۆ ئەو لایەنەش دەکەین، کە مخابن منەکانی کۆمەڵگەی ئێمە گرفتخوڵقێن و لێوڕێژن لە بێئاگایی لە خودی خۆیان. منی کۆمەڵگەی ئێمە منێکی پەژارە و پەرتە؛ منێکە هەردەم کۆچەر و ڕەوەندە. دەمێکە ئەم جۆرە منە لە نیگایدا حەسرەت و گەڕۆکی تیاپەنهانە. دەتوانین بڵێین منی ئێمە لە هەنووکەدا یەکانگیر و تۆکمە نییە و بەدگومانانەش لە بوونی خۆی دەڕوانێت. بەهەڵکەوت نەبێت، منەکانی ئێمە سەرقاڵی خودی خۆی نابێت. لەوە سەیروسەمەرەتر، منی ئێمە بە ئەویترەوە گرتوویەتی. واتە، بۆ منی ناوبراو(من)ی خۆی جێیباس نییە؛ ئەوە منی ئەوی دیکەیە کە چاویلکەکەی لەسەرە. بۆیە(منی ئێمەی کورد) لە هەمبەر خودی خۆیدا زۆر کرچوکاڵ و بۆشە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




دەسەڵات و دەوڵەت و چین: دوو بەرەی سەرەکی خەباتی ئەنارکییەکانە.. زاهیر باهیر

ئێمەی ئەنارکستی کوردزمان زۆر جار لەگەڵ مارکسیستەکاندا بەرکەوتنمان دەبێت. ئەوان ئەنارکستەکان تۆمەتبار دەکەن کە کێشەی سەرەکی ئەم سیستەمە بە پرسی سەرەکی دەوڵەتەوە دەبەستنەوە و بایاخیان بۆ پرسی ئابووری و ململانێی چینایەتی نییە.
ئەم تۆمەتە کە ئێمە ڕووبەرووی دەبینەوە نوێ نییە. ئەنارکستەکان هەر لە کۆنەوە لە لایەن زۆرێك لە مارکسیستەکانەوە ئەم تۆمەتەیان دراوەتە پاڵ. بێ گومان ئەمەش تاکە تۆمەتێك نەبووە بەڵکو تۆمەتی باوەڕنەبوون بە ڕێکخستن و گێرەشێوێنی و گرتنەبەری توندوو تیژی و زۆر تۆمەتی دیکە کە هیچ کام لەم تۆمەتانە دروست نین و تا ئێستاش بێ بەڵگە ماونەتەوە.
بۆ ئەوەی بچمە ناو باسەکەوە پێویستمان بەوەیە کە بنەماکانی ئەنارکیزم و مارکسیزم لەم بارەوە بپشکنین، ئەو کاتەش لە وەڵامی پرسیارەکاند یاخود ئەرگویمێنتەکاندا بە قووڵبوونەوە لەو مەسەلەیە دەکرێت تەواوی بنەمای هەردوو بیرۆکەکە بکەوێتە ڕوو، ئیدی خوێنەر خۆی دەتوانێت حوکم بدات و ڕەنگە پرسیارگەلێکی زۆریشی لا دروست ببێت.
مارکسیستەکان باوەڕیان بە بوونی دەوڵەت هەیە بە پاساوی بوونی چینەکان، ئەم پاساوەش بڕوای ئەوەیان پێدەدات کە ناتوانرێت پێش هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی چینایەتی دەوڵەت هەڵبوەشێنرێتەوە. بەڵام بنەماکانی ئەنارکیزم پێداگری بە تەنها لەسەر پرسی دژایەتی دەسەڵات و دەوڵەت و ناوەندگەرایی و ڕێکخستنی هیرراشی ناکات، بەڵکو پرسی ئابووریی و ململانێی چینایەتی و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیش لە خۆی دەگرێت.

بەڕای من دەبێت قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە زۆر بە وردی و بە بەڵگەوە بێت تاکو غەدرێك و بەکەمگرتنێك لە ئەنارکیزم و بنەماکانی و بزوتنەوەی ئەنارکستی، نەکرێت.
ئاشکرایە مارکسیستەکان بە گشتی پێداگریی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن کرێکارانەوە دەکەن و بوونی دەوڵەتی کرێکاریی یاخود “دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا” بە شێوەیەکی کاتیی بۆ ئەوان زەروورە. لای ئەوان بوونی ئەو دەوڵەتە ڕێگایەکە یا ئامرازێکە بۆ تێپەڕکردنی قۆناخی سۆشیالیزم بەرەو کۆمۆنیزم . واتە داڕمانی سەرمایەداری و لابەلاکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، بە تێپەڕینی ئەم قۆناخە ڕوودەدات کە وردە وردە دەوڵەت لەبەرچاو وندەبێت و کۆمەڵگە پێدەنێتە قۆناخی کۆمۆنیزمەوە.
پێداگرتنی ئەنارکستەکان لە دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵاتدا ڕاستییەکی نکوڵی لێنەکراوە. ئەمەش هۆکاری بوونی بیانووە لای مارکسیستەکان تاکو ئەو تۆمەتە بخەنە پاڵ ئەنارکستەکان، گوایە ئەنارکستەکان ئایدیالستین نەك واقیعیی. ئەوان هەموو تێکۆشانی ئەنارکستەکان لە چوراچێوەی دژە دەسەڵات و دژ بە دەوڵەتدا دەبینن، نەك ململانێی چینایەتی و تەواوی پرنسپڵەکانی دیکەی ئەنارکیزم کە بزوتنەوەی ئەنارکستی بە درێژایی مێژوی، خەباتی بۆ کردووە.
خاڵێکی گرنگی تێڕوانینی مارکسیستەکان بۆ کێشەی چیانیەتی و کاتێك باس لەم ململانێیەش دەکەن قسەی ئەوان لەسەر بە تەنها ململانێی نێوانی کرێکاران و سەرمایەدارانە، یاخود کار و سەرمایە و ئەمەش زۆرجار لە بازنەی کرێکارانی پیشەسازیدا بەندکراوە. هاوکاتیش بناخەی هەموو ڕووداوەکانی مێژووش بۆ ئەو ململانێە دەگێڕنەوە. تەنانەت مێژوی ململانێی بەشەرییەت بە پلەی یەکەم بۆ مێژوی کێشەی نێوانی چینەکان دەگێڕنەوە، پرسی هیرراشی/ پلەبەندی کە بەردی بناخەی دروستبوونی چینەکانە فەرامۆش دەکەن وەکو ئەوەی مێژووی ململانێ لە مێژوی چینەکانەوە دەستی پێکردبێت. لای ئەوان بەلابەلاکردنەوەی پرسە چیانیەتییەکە، پرسی هیرراشی/ پلەبەندیش میکانیکیانە، ئۆتۆماتیکی نامێنێت و حەل دەبێت .

ئەو تێڕوانینەی ئەوان، نکوڵی کردنە لەو راستییە کە مێژوی ململانێی نێو کۆمەڵگەکان هەمو وەخت لە نێوانی چەوساوان و چەوسێنەراندا نەبووە، بەڵکو مێژوی بەیەکادان و شەڕە گەورەکان زیاتر لە نێوانی خودی چەوسێنەران و دەسەڵاتداران ودەوڵەتەکاندا بووە. هەموو جەنگەکانیش جەنگی دەسەڵات بوون نەك جەنگی چینایەتی، کێشەکانی نێو کۆمەڵگە، کێشە چینایەتییەکان وەکو تاکتیکێك بۆ ستراتیجییەتی بەدەستهێنانی جۆری جیاوازی دەسەڵات بەکارهێنراوە وەکو دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتیی … تد. بە واتایەکی دیکە مێژوی ململانێیکان هەر بە تەنها لە نێوانی کار و سەرمایەدا نەبووە، بەڵکو لە نێوانی خودی زاڵمان و دەسەڵاتداران و تیرە و هۆز و دەوڵەتاندا بووە. ئەم جەنگانەش بە هەزاران ساڵ پێش سەرهەڵدانی چینی کرێکاری پیشەسازی یاخود کرێکارانی هەندێك بەشی تر بوونیان هەبووە .
وەکو پێشتر وتم، مارکسیستەکان لە تۆمەتەکانیاندا کە دەیدەنە پاڵ ئەنارکستەکان نە کاتی خۆی بەڵگەیەکیان هەبووە و نە ئێستاش. زۆربەی ئاراستە یا نەریتە ئەناکستەکان نەك هەر بە قووڵی قسەیان لەسەر خەبات و ململانێی چینایەتی کردووە، بەڵکو زۆر چالاکانەش بەشدارییان کردووە وەکو ئەنارکۆ-سەندیکالیزم، ئەنارکیزمی کۆمەڵگەرایی، ئەنارکیست کۆمۆنیست. لەمەش زیاتر خودی بیرمەندانی ئەنارکستی وەك باکۆنین، کرۆپتیکن، مالاتێستا، گۆڵدمان و بێرکمان بەو پەڕی توانا و هێزی خۆیانەوە پشتیوانی بزوتنەوەی کرێکارانیان کردووە.
ئەنارکستەکان لە وەڵامی مارکسیستەکاندا سەبارەت بە دەسەڵات و دەوڵەت و دەوڵەتی کاتیی وتویانە و دەڵین ئەوەی لای ئەوان ناوی دەوڵەتی شۆڕشگێڕی لێنراوە لەناوناچێت، بەڵکو چینێکی نوێی حوکمڕانان دروست دەکاتەوە. دروستی ئەم قسەیەش بە عەمەلی و فیعلی لە دەوڵەتی بەلشەفی و هەموو دەوڵەتە کۆمۆنیست و بەناو سۆشیالیستەکاندا سەلمێنرا، هەر ئاواش سەبارەت بە خولقاندنی چینێك یا تۆێژاڵێکی نوێی دەوڵەتداران و لە پرسی ناوەندگەرایی و تێشکانی بزوتنەوەی کرێکارانیشەوە ئەوە سەلمێنرا. مێژوو سەلماندی کە دەوڵەتە سۆسیالیستییە ناوەندگەراییەکان بوونەتە دەسەلاتی بیرۆکراسی تاکڕەو لەبری دروستکەری کۆمەڵگەیەك کە کرێکاران تێیدا ئازاد بن.
ئەنارکیستەکان پێیان وایە خودی پلەبەندیی خۆی مەترسیدارە و دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی زاڵبوو بەرهەم دەهێنێتەوە. ڕزگاریی دەبێت لە ڕێگەی ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆییەکان و فیدراسیۆن و سەندیکا شۆڕشگێڕ و کۆموونە دیموکراسییە ڕاستەوخۆکانەوە ڕووبدات نەك لە ڕێگەی “دەوڵەتێکی شۆڕشگێڕی کاتییەوە.”
لێرەدا دوو خاڵی گرنگ هەیە :

یەك: ئەنارکستەکان دەزانن کە هیچ جۆرە گریمانێک نییە بۆ بوونی ئازادی تاك و کۆمۆنێتیەکان و کۆمەڵگەکان و یەکسانی ئابووری و دادوەری کۆمەڵایەتی لە هیچ قۆناخ و لە نێو هیچ جۆرە کۆمەڵیکدا ئەوەندەی دەسەڵات هەبێت ئیتر شێوەی دەسەڵات و ناوەرۆکەکەی هەرچی بێت. مێژو بە سەدان بەڵگەی لەم بارەوە نیشان داوە. کەواتە بوونی دەسەڵات ئەو پایەیە کە تەواوی نەبوونی ئازادیی و مەحرومی نایەکسانی ئابووری و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و زوڵم و زۆر لەسەری ڕاوەستاوە. لە بارێکی ئاوادا هەتا پایە سەرەکییەکە نەڕوخێت ئەوانی دیکە هەرەس ناهێنن .

دوو: ئەو گۆڕانکاریانەی کە دەکرێت و دەبێت بکرێن وەکو گۆرانکاری کۆمەڵایەتی، جەماوەریی، دەبێت ڕەگووڕیشەیی بێت لەم بارەدا دەبێت لە بنەوە و لە نێوەندی هەموو توێژاڵە کۆمەڵایەتییەکان دەستی بۆ ببرێت نەك لە سەرەوە. ئەم بابەتەش لای ئەنارکستەکان ڕوونە و دەزانن چۆن مامەڵەی دەکەن. هەرچی مارکسیستەکانە دەیانەوێت ئەو پرسانەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان لە ڕێگەی دەوڵەتی وەك دیکتاتۆرێتی یاخود دەوڵەتی کرێکاری و پڕۆلیتارییەوە چارەسەر بکەن. بە حسابی ئەوان کرێکاران لە دابینکردنی دەوڵەتدا دەبێتە خاوەنی ئیدارە، خاوەنی هێز و یاسا ئەو کاتە سەراپای کێشەکان حەلکردنیان زۆر ئاسانە.
مێژوو نیشانی داوە لەوەتەی دەسەڵات دروست بووە کە دواتریش لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا خۆی تۆکمە کردووە تا ئێستاش هیچ کاتێك دەسەڵاتێك، حکومەتێك نەبووە لە بری حەلکردنی کێشەکان زەقتر و تۆختری نەکردبێتەوە، لە سای ئەو دەوڵەتەدا هەمیشە خەڵکانێك هەبوون ئەگەر کەمایەتیش بووبن لەو مافانە بێ بەش و سەرکوت کراو بوون، زوڵمیان لێکراوە.
کەواتە بەرنامە و پلانی مارکسیستەکان و بنەماکانی مارکسیزم نەك هەر ناتوانێت پرسی ناکۆکی چینایەتی لابەلا بکاتەوە بەڵکو ئەو دەسەڵاتەشی کە دەیگرێتە دەست بەرەو توندوتیژی و دیکتاتۆرییەت دەبات، ئەمە چ جای ئەوەی بەرەو پوکانەوەی بەرێت و بگاتە دوا مەنزڵ کە کۆمۆنیزمە.

دوو پرسیار لێرەدا لەبارەی شێوازی ئابووری و شێوازی دەسەڵات دێنە پێشەوە کە کامیان چەقی کێشەی چینایەتین؟ ئایا دەسەڵاتگرتنە دەست بە پلەی یەکەم دێت و لەوێوە کێشە ئابوورییەکە و ململانێی چینایەتی لابەلا دەبێتەوە یاخود لە ڕێگەی نەهێڵانی دەسەڵات و دەوڵەت لە شانی ململانێی چیانیەتیەوە؟

بەڕای من ئەم دوو پرسییارە تەواکەری یەکدین، بێ کێشەی چینایەتی نایەکسانی ئابووری ڕوونادات. هەر ئاواش پرس و نایەکسانی ئابووریش لەسەر پایەی دەسەڵات وەستاوە، ئەوە نایەکسانییە کە دەسەڵاتی دروست کردووە ، ئەوەش دەسەڵاتە کە نایەکسانی دروست کردوە و دەیپارێزێت و بەردەوامیی پێدەدات. زۆر بە جوانی لە وێنەیەکی هەرەمیدا دەتوانین ئەمە ببینین. لەو وێنەیەدا دەتوانین بڵێین بنچینەی دەسەڵات لە بنی هەرەمەکەوەیە و ئابوری و پرسی ئابووری بە هەموو گرفتەکانییەوە لە لوتکەی هەرەمەکەدایە. ئا لەم بارەدا چەندێك لوتکەی هەرەمەکە بشکێنرێت، مادام بنچینە و دیوار و پایەکانی هەرەمەکە بە پێوەن هیچ درز و شکستێکی نەهێناوە ئەوە دواتر دەتوانرێت هەمان شتی لەسەر دروست بکرێتەوە بەڵام رەنگە لە شێوەیەکی دیکەدا بکرێت، چونکە پرسە چینایەتی و کێشە ئابوورییەکە هەر لەوێن و ئەوەی کە گۆرراوە جۆری دەسەڵاتەکەیە بۆ دیکتاتۆرییەت، دیمۆکراتییەت، لیراڵ، نیو-لیبراڵ، دەسەڵات و دەوڵەتی کرێکاری، پرولیتاریی .
وەکو وتم ئەم دوو پرسە تەواوکەری یەکترین بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت نەك هەر لە یەکیان دابڕیت بەڵکو چارەسەریشیان بێ یەك هەرگیز لابەلانابنەوە. ئەمەش خەباتی دوولایەنەی بەسەر ئەنارکستەکاندا سەپاندووە، واتە خەباتی دژە دەسەڵات و دەوڵەت و خەباتی چیانیەتی کە هەردووکیان لە شانی یەکدییەوە دەڕۆن بەڵام ئەوەش ڕاستییە کە هەتا دەسەڵات هەبێت پرسە ئابوورییەکە وەکو خۆی بە کێشەیی دەمێنیتەوە .
ئەم دوو لایەنەی خەبات لای ئەنارکستەکان هەردوکیان چەقی کێشەکانن. گەر کێشەی دەوڵەت و دەسەڵات چارەسەر نەکرێت ئەوە کێشەی ئابووری وەکو خۆی دەمێنێتەوە کە کێشەی ئابووریش وەکو خۆی مایەوە ئەوە کێشەی چینایەتیش وەکو خۆی دەمێنیتەوە، کە کێشەی چینایەتیش وەکو کێشە مایەوە، بە دڵنیاییەوە لەوێدا ڕاناوەستێت و کێشەکان گەورەتر دەبن و شەبەقی نێوانی چینەکان و کەلێنەکان فراونتر دەبن وەکو لەئێستادا بە باشی دەیانبینین.

دەسەڵات و دەوڵەت ئەو پایە گەورەیە کە سیستەمەکەی لەسەر ڕاگیراوە، سیستەمەکەش ئەو دامەزراوەیە کە لە ڕێگەی دەوڵەتەوە دەپارێزرێت و گەشە دەکات و زیاتر ڕیشەی خۆی لەناو کۆمەڵگەدا دادەکوتێت. سەرمایەداری بە بێ بوونی دەوڵەت نە هێزی هەیە و نە دەسەڵات، ئەوە دەوڵەتە کە ئەو هێزەی دەداتێ کە بەردەوام بەهێزتر بێت لە ڕێگەی یاسا و پۆلیس و سووپا و تۆڕی سیخوڕی و میدیا و دادگە و دامەزراوەکانی خوێندن و پەروەردەوە و پارێزگاری لێدەکات.
گەر دەوڵەت و هێز و یاساکانی نەبن هەرگیز هیچ کۆمپانیایەك، هیچ کارگە و دامەزاراوەیەکی سەرمایەداری ناتوانێت لە بەرانبەر مانگرتن و دەستبەسەراگرتن لە لایەن کرێکاران و بەکارهێنەرانییەوە بۆ ماوەیەکی زۆر کورتیش دەوام بکات. ئەوە یاسا و هێز و هەژموون و کۆنترۆڵی دەوڵەت و دەسەڵاتە کە ڕێگە نادات گۆڕانکاری ڕووبدات، سنور بۆ چالاکی و ئازادییەکان دادەنێت و دژ بە یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەوەستێتەوە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بڵێم گەر چی ئەنارکستەکان و مارکسیستەکان لەگەڵ چەمکی کۆمەڵگەی ناچیانیەتی، سۆشیالیستی یەکدەگرنەوە بەڵام چەقی جیاوازی و ناکۆکییەکانیان لە هەنگاوی یەکەم بۆ بەدیهێنانی ئەو کۆمەڵگەیە دروست دەبێت. لێرەدا دەبینین جیاوازییەکی گەورەیان هەیە کە لای یەکێکیان کێشەکە بە بەردەوامی دەمێنێتەوە و گەورە دەبێت و لای ئەوی دیکەیان لە ڕیشەوە حەل دەبێت. لای مارکسیستەکان خەباتی چینایەتی پێویستی بە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت هەیە، لای ئەنارکستەکانیش دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت ستەمێکی نوێ دروست دەکات و خیانەت لە شۆڕش دەکات.

زاهیر باهیر
حوزەیرانی 2026




تاوانبارە بێدەنگەکان؛ کاتێک شاشەکان دەبنە چەکی توندوتیژی.. سارا ئازاد محمد

لە سەردەمی کلاسیکدا، تاوان دیاردەیەکی فیزیکی و ڕووبەڕوبوونەوەیەکی جەستەیی بوو، کە تێیدا تاوانبار بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی پێویستی بە ئامادەیی ماددی و هێزی بازوو هەبوو. بەڵام لە گواستنەوەی بەرەو سەردەمی مۆدێرنیتە و باڵادەستیی فەزای دیجیتاڵی، سروشتی توندوتیژی گۆڕانکارییەکی ڕیشەییی بەسەردا هاتووە؛ مرۆڤی لادەر چیتر پێویستی بە ماسک و چەکی ماددی نییە، بەڵکو لە پشت ڕووناکی شاشەکانەوە، جۆرێکی نوێ لە مەترسیی مۆدێرن بەرهەم دەهێنێت کە دەکرێت پێی بوترێت “تاوانی بێدەنگ”.
شاشە بچووکەکانی بەردەستمان، لە ئامرازێکی پەیوەندییەوە کە بڕیار بوو جیهان لێک نزیک بکەنەوە، گۆڕاون بۆ چەکێکی کوشندە و ترسناک کاتێک دەکەونە دەست کەسانی لادەر. ئەم تەکنەلۆژیایە لە یەک کاتدا دوو ئەرکی دژبەیەک و لێکدابڕاو دەبینێت؛ لە لایەکەوە دەبێتە قەڵغانێکی گریمانەیی بۆ شاردنەوەی ناسنامە و ڕوخساری ڕاستەقینەی تاوانبار، لە لایەکی تریشەوە دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئاڕاستەکردنی توندوتیژیی دەروونی. ئەم گۆڕانە وای کردووە کە تاوانبار بە بێدەنگی و بەبێ بینینی ئازاری ڕاستەقینەی قوربانییەکە، قورسترین زیانی دەروونی، کۆمەڵایەتی و مرۆیی بە ژیانی ئەوانەی تر بگەیەنێت.
لە ناو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەدا، دیاردەی هەڕەشەکردن و شێواندنی ناسنامەی ئافرەتان وەک یەکێک لە قێزەونترین جۆرەکانی توندوتیژیی نوێ سەریهەڵداوە. تاوانبار بە هێزی بەرنامە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد، تەنیا لە ڕێگەی وێنەیەکی ئاسایی دەموچاوەوە، فۆرمێکی ساختەی ڕووت یان ڤیدیۆیی وا بەرهەم دەهێنێت کە جیاکردنەوەی لە ڕاستی ئەستەمە. ئامانجی سەرەکیی ئەم کردەوەیە ناوزڕاندن و تێکشکاندنی پێگەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ئافرەتە لە ناو فەزای خێزان و کاردا. تاوانبارانی ئەم سەردەمە بە چاکی لە دەروونناسیی کۆمەڵگە و پێکهاتە کەلتوورییەکان تێدەگەن؛ ئەوان دەزانن کە چەمکی “شەرەف” و “پێگەی کۆمەڵایەتی” چەندە هەستیارن، بۆیە ئەم بەرهەمە ساختانە وەک بارمتەیەک بۆ دەستکەوتی دارایی، شکاندنی کەڕامەت و سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەکاردەهێنن.
مەترسیی ڕاستەقینەی ئەم دیاردەیە تەنیا لە خودی کردەوەی تاوانبارەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە کاردانەوەی پاشکەوتووانەی کۆمەڵگەشدا ڕەنگدەداتەوە. کاتێک کۆمەڵگە لە جیاتی سزادانی هێرشبەرەکە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی، پەنجەی لۆمە ئاڕاستەی قوربانییەکە دەکات، بە نائاگایی (یان ئاگادارانە) دەبێتە هاوکاری سەرەکیی تاوانبارەکە. ئەم جۆرە لە ڕەفتار و مامەڵە بەرانبەر قوربانی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە ئافرەتان پەنا ببەنە بەر بێدەنگییەکی بکوژ؛ بێدەنگییەک کە نەک هەر کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو دەبێتە گونجاوترین ژینگە بۆ گەشەکردن و بەردەوامیی تاوانەکە.
بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم توندوتیژییە سیستماتیکە، پێویستە یەکەم چەک کە “ترس و گۆشەگیرییە” لە دەستی تاوانبارەکە دابماڵرێت، چونکە هێزی تاوانباری پشت شاشە تەنیا لە بێدەنگیی قوربانییەکەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک متمانەی خێزانی و هۆشیاریی تەکنەلۆژی دەبنە پاڵپشت و قوربانی دڵنیا دەبێتەوە کە خێزانەکەی لە سروشتی تەڵەکە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا تێدەگەن، قەڵغانی ساختەی تاوانبارەکە دادەڕمێت. لێرەوە، ڕۆڵی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک “بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان” دێتە پێشەوە؛ ئەم دامەزراوانە پێویستە بە پەیڕەکردنی “نهێنیپارێزیی ڕەها” و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ سکاڵا، متمانەی قوربانییەکان بەدەستبهێننەوە و یاسا وەک ڕووناکییەک بەسەر تاریکیی ئەم تاوانەدا بڵاو بکەنەوە.
پاراستنی فەزای دیجیتاڵی چیتر دابڕاو نییە لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بەڵکو بەشێکی بنەڕەتییە لێی. گۆڕینی ڕوانگەی کەلتووری بەرامبەر بە قوربانیانی تاوانی ئەلیکتڕۆنی، هۆشیارکردنەوەی خێزان و توندکردنی یاساکانی سزادانی دیجیتاڵی، تاکە ڕێگەن بۆ گۆڕینی شاشەکان لە ئامرازی توندوتیژییەوە بۆ هۆکاری پێشکەوتن. مرۆییبوونی ئێمە لە جیهانی هاوچەرخدا لەوەدا کورت دەبێتەوە کە نەهێڵین هیچ مرۆڤێک لە پشت شاشەکانەوە ببێتە نێچیر و ڕێگا نەدەین بێدەنگی ببێتە چەترێک بۆ پاراستنی کەسە زاڵم و بێ ویژدانەکان.

سارا ئازاد محمد
ماستەر لە كۆمەڵناسی تاوان




لە کۆمێنتی پڕ لە سۆزەوە بۆ داهاتی دارایی: پابلۆ کورد چۆن مۆدێلی بازرگانی گۆڕی؟.. کارزان عزیز عبدالراحمن

لە بەشی یەکەمدا باسمان لەوە کرد کە پابلۆ کورد چۆن وەک دیاردەیەک دەرکەوت، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئەم “سەرنجە” چۆن دەبێتە “سەرمایە”؟ لە ئابووریی دیجیتاڵیدا، سەرنجی بینەر (Attention Economy) دراوی سەرەکییە. پابلۆ کورد تەنها کات بەسەر نابات، بەڵکو ئەو خاوەنی مۆدێلێکی نوێی بازرگانییە کە لەسەر بنەمای بەشداریی ڕاستەوخۆ (Gift & Interaction) بنیات نراوە.
گۆڕینی سۆز بۆ داهات:
سیستەمی دیارییەکانی تیکتۆک (Gifts) لە ڵایڤەکاندا، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە پەیوەندیی نێوان هونەرمەند و هەوادار. لە ڕابردوودا بینەر تەنها کڕیاری بەرهەمێک بوو، بەڵام لێرەدا بینەر دەبێتە “بەشداربوو” لە دروستکردنی داهاتی کارەکتەرەکەدا. پابلۆ کورد بە فێربوونی وردەکارییەکانی ئەم سەکۆیە، توانیویەتی ئەم پەیوەندییە سۆزدارییە بکاتە سەرچاوەی داهات.

شکاندنی دیواری نێوان ژیانی تایبەت و گشتی:
ئەوەی پابلۆ کورد جیا دەکاتەوە، تێکەڵکردنی ژیانی ڕۆژانەیەتی لەگەڵ نمایشکردن. ئەو دەزانێت چۆن “تایبەتمەندی” خۆی وەک بەرهەمێک بەکاربهێنێت. ئەمە جۆرێکە لە “شفافیەتی دەستکرد”؛ بینەر هەست دەکات هەموو شتێک دەزانێت، لەکاتێکدا ئەوە تەنها ئەو بەشەیە کە کارەکتەرەکە دەیەوێت نیشانی بدات. ئەمەش فێڵێکی زیرەکانەی میدیاییە بۆ هێشتنەوەی جەماوەر بە پابەندبوو.
متمانەی دیجیتاڵی و کاریگەریی بازرگانی:

کاتێک کارەکتەرێک دەبێتە “ئینفلوێنسەر”، متمانەی هەوادارانی بۆ ئەو دەبێتە گرنگترین ئامرازی مارکێتینگ. براندەکان ئیتر نایانەوێت تەنها ڕیکلامی کلاسیکی بکەن، بەڵکو دەیانەوێت لە ڕێگەی کەسایەتییەکەوە قسە بۆ گەنجان بکەن کە وەک خۆیان بیر دەکاتەوە. پابلۆ کورد نموونەی ئەو کەسەیە کە بووەتە پردی پەیوەندی نێوان بەرهەمەکان و کۆمەڵگەی گەنجان، بەبێ ئەوەی هەست بە “بازرگانیبوونی” ڕیکلامەکە بکرێت.

داهاتووی دیاردەکە و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان

(پاش پابلۆ کورد؛ بەرەو کام ئاڕاستە؟ لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ناوبانگی خێرا)

لە کۆتایی ئەم زنجیرەیەدا، پێویستە لەسەر لایەنە قوڵتر و بەردەوامەکانی ئەم دیاردەیە بوەستین. ئایا پابلۆ کورد تەنها سەرەتایەکی نوێیە بۆ نەوەیەک کە دەیانەوێت بە خێرایی ناوبانگ بەدەستبهێنن؟
ململانێی نەوەکان و گۆڕانی بەهاکان:
ئەم جۆرە ناوبانگە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە بەها کلتورییەکانی کۆمەڵگەی کوردی. کاتێک گەنجان پابلۆ کورد وەک “پاڵەوان” یان “کەسایەتی کاریگەر” دەبینن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پێوەرەکانی سەرکەوتن گۆڕاون. چیتر بڕوانامەی ئەکادیمی یان خزمەتی درێژخایەن مەرج نییە بۆ ناوبانگ، بەڵکو “دەرکەوتن و خێرایی” جێگەی گرتووەتەوە.
مەترسییەکانی “ناوبانگی خێرا”:
دیاردەیەک کە بە خێرایی دروست دەبێت، بە هەمان خێرایی دەتوانێت کاڵ ببێتەوە. پابلۆ کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە؛ چۆن دەتوانێت لە “تڕێندێکی کاتی” ببێتە “دیاردەیەکی بەردەوام”؟ مێژووی میدیا پڕە لەو کەسانەی کە بۆ ساتێک درەوشاونەتەوە و دواتر ون بوون. بەردەوامبوون پێویستی بە نوێگەریی بەردەوام هەیە
ئامۆژگارییەک بۆ نەوەی داهاتوو:
پابلۆ کورد دەبێتە وانەیەک بۆ گەنجانی داهاتوو کە دەیانەوێت هەمان ڕێگا بگرن. ئایا تەنها نمایش بەسە؟ یان دەبێت ناوەڕۆکێکیش هەبێت؟ داهاتووی میدیا لە کوردستاندا ڕوو لە دیجیتاڵبوونی تەواوەتییە. میدیای کلاسیکی (تەلەفزیۆن) ناچارە خۆی لەگەڵ ئەم جۆرە کارەکتەرانەدا بگونجێنێت، چونکە ئەوانن خاوەنی “ئامادەبوونی ڕاستەقینە” لە نێو شەقامی دیجیتاڵیدا.

کۆتایی گشتی:
پابلۆ کورد تەنها گەنجێک نییە لە تیکتۆک، بەڵکو ئاوێنەی گۆڕانکارییەکی قوڵی کۆمەڵایەتییە لە کوردستاندا. ئەو سەلماندی کە دەنگ و ڕەنگی گەنجان چیتر لەلایەن دەزگاکانەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێت. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: دوای ئەوەی ئەم شەپۆلە تێپەڕی، چی لە دوای خۆی جێدەهێڵێت؟ ئایا پابلۆ کورد دەتوانێت وەک کەسایەتییەکی کاریگەر بمێنێتەوە، یان تەنها یادەوەرییەکی دیجیتاڵی دەبێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە کات وەڵامی دەداتەوە.

کێشەی “بازاڕی بچووک” و “کۆمپانیا کلاسیکییەکان”

کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە کۆمپانیا گەورەکانی کوردستان هێشتا بە عەقڵییەتی کلاسیکی ڕیکلام دەکەن. ئەوان زیاتر متمانەیان بە ڕیکلامی تەلەفزیۆنی یان ڕیکلامی تەقلیدی هەیە.

بۆشایی متمانە:** کۆمپانیاکان دەترسن لەوەی ناوی براندەکەیان بەو کەسایەتییانەوە ببەستنەوە کە “تڕێندن”، چونکە ترسیان هەیە لە ناوبانگی خێرا و کاردانەوەی نەرێنی کۆمەڵایەتی.

نەبوونی “ئەجێنسی” (Agency) ی پسپۆڕ:
لە کوردستان ئەجێنسییەکی پڕۆفیشناڵ نییە کە توانای ئەم جۆرە کەسانە وەربگێڕێتە سەر “زمانی بازرگانی” بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان قەناعەتیان پێ بێنن.

گۆڕینی “سیناریۆ” بۆ “بەرژەوەندی ئابووری”
ئەگەر ئەو کەسە توانای سیناریۆ و دەرهێنانی هەیە، نابێت چاوەڕێی سپۆنسەر بێت، بەڵکو دەبێت خۆی “مۆدێلی بازرگانی” بۆ دروست بکات:
بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی تایبەت (Branded Content):** لەبری ئەوەی چاوەڕێی سپۆنسەر بکات، دەتوانێت سیناریۆکانی خۆی بەجۆرێک دابڕێژێت کە یەکێک لە خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان (وەک خواردن، جلوبەرگ، یان تەکنەلۆژیا) بە ناڕاستەوخۆ تێیدا ڕەنگ بداتەوە.
سەربەخۆیی دارایی لە ڕێگەی “کۆمەڵگە”: لە جیاتی سپۆنسەری گەورە، دەتوانێت پشت بە سیستەمی (Subscription) یان فرۆشتنی بەرهەمی تایبەت بە براندی خۆی ببەستێت. کاتێک خاوەنی هەوادارێکی زۆریت، چیتر پێویستت بە کۆمپانیای دەرەکی نییە، بەڵکو دەتوانیت خۆت بیت بە کۆمپانیا.
پردی نێوان “هونەر” و “بازرگانی”
ئەو کەسەی سیناریۆ و دەرهێنانی دەزانێت، دەبێت ئەم هەنگاوانە بنێت بۆ ئەوەی سپۆنسەر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت:

  1. داتاکان: پێشکەشکردنی داتای ڕاستەقینە بە کۆمپانیاکان (کێ سەیری دەکات؟ تەمەنیان چەندە؟ کوێ دەژین؟). کۆمپانیا بە ژمارە قەناعەت دەکات نەک بە بینینی ڤیدیۆ.
  2. خۆبەراوردکردن: دەبێت دیزاینی بازرگانیی خۆی بگۆڕێت. پێویستە نیشان بدات کە سیناریۆکانی دەتوانێت فرۆشتنی براندێک زیاد بکات.
  3. **تیم: ** ئەگەر خۆی دەرهێنەرە، پێویستی بە “بەڕێوەبەرێکی بازرگانی” (Manager) هەیە کە تەنها کاری ڕاکێشانی سپۆنسەر و بەبازاڕکردنی بێت.
    ئایا پێتوایە پابلۆ کورد یان هاوشێوەکانی، دەتوانن لە قۆناغی “کەسایەتی سۆشیاڵ میدیا” تێپەڕن و ببن بە “خاوەن کار” (Entrepreneur)؟

کێشەی “بۆشایی پیشەیی”: بۆچی بەهرەی سیناریۆ بەتەنیا بەس نییە؟

لە جیهانی ئەمڕۆدا، بەهرەی هونەری (Artistic Talent) تەنها ٥٠٪ی هاوکێشەکەیە، ٥٠٪ەکەی تری بەڕێوەبردن و بازاڕسازییە (Management & Marketing). پابلۆ کورد یان هەر کەسێکی تر کە سیناریۆی فیلمی هەیە، ڕووبەڕووی چەند بەربەستێک دەبێتەوە:
کەمیی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک (Production Houses):**
بەداخەوە، لە کوردستان کەمتر دەزگایەک هەیە کە کار بۆ “دۆزینەوەی بەهرە” بکات. زۆربەی سپۆنسەرەکان تەنها بەدوای “ناوبانگی ئامادە” دەگەڕێن (واتە ئەوانەی ناوبانگیان هەیە، نەک ئەوانەی بەهرەیان هەیە). ئەمە وادەکات ئەو کەسانەی سیناریۆی بەهێزیان هەیە، نەتوانن بچنە ناو سیستەمەکەوە.
نەبوونی “پردی پەیوەندی” (The Missing Link):
کێشەی پابلۆ کورد یان هاوشێوەکانی ئەوە نییە کە “کەس نییە دەستی بگرێت”، کێشەکە ئەوەیە “زمانی گفتوگۆ” لە نێوان خاوەن بەهرە و خاوەن سەرمایەدا جیاوازە.
خاوەن بەهرە** بە زمانی “دابێنین، سیناریۆ، هونەر” قسە دەکات.
خاوەن سەرمایە (سپۆنسەر)** بە زمانی “قازانج، ژمارەی بینەر، ڕیکلام، فرۆشتن” قسە دەکات.
تا ئەو کاتەی کەسێک نەبێت ئەم دوو زمانە یەک بخات، سپۆنسەر ناتوانێت بڕوا بەوە بکات کە خەرجکردنی پارە لەسەر سیناریۆیەک، داهات بۆ ئەو دەگەڕێنێتەوە.
متمانەکردن بە پڕۆژەی گەورە:
سپۆنسەرەکان لە کوردستان زۆر کات لە پڕۆژەی هونەری دەترسن، چونکە تێچووی فیلم یان زنجیرە بەرزە و قازانجی خێرای نییە. ئەوان پێیان باشە پارە لە “ڕیکلامی خێرا” خەرج بکەن نەک لە “بەرھەمی هونەری درێژخایەن”.

چۆن دەست بە گیرانی “پابلۆ کورد” دەکرێت؟ (چارەسەری پراکتیکی)

ئەگەر ئەو کەسە سیناریۆی فیلمی هەیە و بەتوانایە، نابێت چاوەڕێی ئەوە بێت کۆمپانیایەک وەک “خێرخوازی” دەستی بگرێت. دەبێت بەم شێوەیە کار بکات:
کورتە فیلمی وێب (Web Series):
لەجیاتی چاوەڕێی بودجەی زەبەلاح بۆ فیلم، با بە پارەیەکی کەم و کوالێتییەکی بەرز لەسەر تیکتۆک یان یوتیوب دەست بە بەرهەمهێنانی کورتە فیلم بکات. کاتێک بەرهەمەکە بینرا، سپۆنسەر خۆی دێتە پێش.
پێشکەشکردنی “پلانی بازرگانی” (Business Pitch):
کاتێک دەچێت بۆ لای سپۆنسەر، نەڵێت “سیناریۆم هەیە”، با بڵێت “ئەم سیناریۆیە وادەکات براندەکەت بگاتە ٥٠٠ هەزار گەنج”.
بەرهەمهێنانی هاوبەش (Co-Production):
ئەگەر سپۆنسەرێک نابینێت، دەتوانێت لەگەڵ کەسانی تر (وەک وێنەگر یان مۆنتاژکار) بەشداربن و پڕۆژەکە بە هاوبەشی دروست بکەن.
**ئایا پێتوایە لە کوردستاندا ژینگەیەک هەیە کە دەرهێنەر و سیناریۆنووسێکی لاو بتوانێت بەبێ بوونی “واستە” یان “ناسیاوی”، تەنها بە پشت بەستن بە بەهرەی خۆی بێتە پێشەوە؟

خاڵی کۆتایی: لە نێوان “سیمای دیجیتاڵی” و “بەهرەی ڕاستەقینە”
لەکۆتاییدا، پابلۆ کورد تەنها ناوی گەنجێک نییە لەسەر شاشەی مۆبایلەکان، بەڵکو سیمبوڵێکە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە جیهانی میدیا و بەهرە لە کوردستاندا. ئەو دەریخست کە “سەردەمی دەرفەتە چاوەڕوانکراوەکان” کۆتایی هاتووە و ئێستا “سەردەمی دەرکەوتنی تاکەکەسییە”.
سەبارەت بەو بەربەستەی کە باسی کرد، واتە
(بوونی بەهرەی سیناریۆ و دەرهێنان لە بەرامبەر نەبوونی سپۆنسەر و دەستگیرۆیی)، ئەوە وانەیەکی گەورەیە بۆ نەوەی نوێ:
دەستگیرۆیی لە دەرگای خەڵکەوە نایەت، بەڵکو لە دەرگای “ئەنجام”ەوە دێت: سپۆنسەرەکان لە کوێوە بێن؟ لەو شوێنەوە دێن کە بینەر هەیە. کاتێک بەهرەیەکت هەیە، مەرج نییە چاوەڕێی کۆمپانیای گەورە بکەیت؛ بەڵکو دەبێت بە دروستکردنی ناوەڕۆکی بەهێز، خۆت ببی بەو پردە بۆ ئەوەی بازرگانەکان ناچار بن بیر لە هاوکاریت بکەنەوە.
سیناریۆ بەبێ پلاتفۆرم تەنها نووسینە: بەهرەی پابلۆ کورد و هاوشێوەکانی لە سیناریۆدا، کاتێک دەبێتە “سەرمایە” کە لەگەڵ دیجیتاڵکردنی تەواوەتی یەکبگرێت. بازاڕی ئەمڕۆ چیتر چاوەڕێی پاڵەوانێکی بێدەنگ ناکات، بەڵکو بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێت کە دەزانێت چۆن چیرۆکەکەی دەفرۆشێت.
دەرەنجامی کۆتایی:

پابلۆ کورد(paplo kurd) دەبێت بزانێت کە “ناوبانگی خێرا” خاڵی دەستپێکە، نەک خاڵی کۆتایی. ئەگەر بتوانێت ئەو توانایەی لە سیناریۆ و دەرهێناندا هەیەتی، لە ناو ئەو شێوازە نوێیەی میدیا تێکەڵ بکات، ئەوا لە “تڕێندێکی کاتی”ـیەوە دەبێت بە “دەرهێنەرێکی خاوەن براند”.
ئێمە لەبەردەم قۆناغێکداین کە بەهرە بەتەنیا بەس نییە، بەڵکو “بەهرەی بەبازاڕکراو” کلیلی سەرکەوتنە. کۆتایی ئەم چیرۆکە لای پابلۆ کوردە؛ ئایا ئەو وەک کارەکتەرێک دەمێنێتەوە، یان وەک بەرهەمهێنەرێکی داهێنەر خۆی دەسەلمێنێت؟ کات وەڵامی ئەمە دەداتەوە.

کارزان عزیز عبدالراحمن




ئێرانی دوای بۆردومانکردن و لەناوبردنی سەرانی بازنەی دەستەڵات.. کاوە حەسەن

دوای ماوەیەک لە گرژی و بۆردومانکردن، ئەمریکا و ئێران ڕێکەوتنێکی دوو مانگیان ڕاگەیاند و هەردوو سەرۆک، پزشکییان و ترامپ، لە میدیاکاندا واژووی خۆیان خستە سەر ڕێککەوتنەکە. ئەم ڕێکەوتنە کارێکی ئاسان نەبوو هەروەک ترامپ خۆی ئەم ڕستەیەی دەوتەوە لە کاتێی واژووکردنەکەدا. گەیشتن بەم ڕێککەوتنە ئاسان نەبوو لەبەر ئەوەی ئاراستەی جەنگەکە دەبوایە بچێتە قۆناخێکی ترەوە، لەلایەک ئەمریکیەکان نەیاندەویست بەردەوام بن و خۆیان دەرگیری شەڕێکی درێژخایەنی نمونەی عێراق و سووریا بکەن، وە لەلایەکی ترەوە چونە ناو قۆناخێکی نوێی جەنگەوە لەگەڵ ئێران بۆ ئەمریکا ئاسان نەبوو چونکو دیمۆکراتەکان لە ئەنجومەنی پیراندا خەریکبوون پاشەکشەی گەورە بەدەستەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار بکەن لە ڕێگەی سنووردارکرنی دەستەڵاتەکانەوە سەبارەت بە بەرپاکردنی جەنگ. ناڕازیبوونی دیمۆکراتەکان لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ترامپدا هەر لەسەرتای ئەم جەنگە بە ئاشکرا بەیان دەکرا و ئەمە کاریگەری خستبوو نێوان کۆمارێکان خۆیانەوە. شکۆڤەکاران و میدیا جیهانییەکانیش دابەش ببون بەسەر دوو بەرەدا سەبارەت بەوەی کە کێ براوەی سەرەکی دەبێت لە گشت گرژی و وێرانکاریەکاندا کە ئەنجامدرا لەلایەن هەردووبەرەی شەرکەرەوە. لە نێو کوردستانیانیشدا ئەو شەڕە شرۆڤەی زۆری بۆ کرا تاکو ئاستێک کە زۆرێکمان لەسەرەتای ئەم جەنگەدا لەو باوەڕەدا بووین کە دوای کوشتنی کەسە یەکەمەکانی ئێران، بەتایبەت خامەنەی و کەسە تووندڕەوەکانی دەوروبەری لەناوەدندی بازنەی دەستەڵاتدا، ئاکام و مەبەستەکانی ئەو جەنگە شێوەیەکی فیزیکی بە کۆتایی کۆماری ئیسلامی دێت. بە واتایەکی تر، روخانی دەزگاکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی و ئاواکردنی مۆدێلە سیاسیەکەی. ئەم چەند دێڕەی سەرەوە گوزەرێک بوو سەبارەت بە جەنگی ئەمریکا دژی ئێران و بەربەست و کاریەگەریە سەرەکیەکانی. بەڵام ئەوەی گرنگە لەم ڕۆژانە پرسیاری زۆرینە ئەوەیە کە ئایا چارەنووسی کۆماری ئیسلامی و جومگە گرنگەکانی نێو بازنەی حکومڕانییەکەی چۆن دەبێت؟. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەکرێت ئاماژە بە چەند گریمانێک بکەین کە چانسی ڕوودانیان هەیە ببنە مایەی ئەوەی کە سیمای مۆدێلێکی نوێی حکومڕانی لە ئێراندا دەربکەوێت.

گریمانەی یەکەم:
لە ئێستادا کۆمەڵگای ئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو نەفەرەت لە دەستەڵاتدارێتی دینی و کۆماری ئیسلامی دەکات، وە بە لەناوچونی کەسە سەرەکیەکان و ڕابەری گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەستەمە مۆدێلی حکومڕانی ئێران بتوانێ وەک پێشوو بمێنێتەوە و لەسەر سیاسەتە توندەکانی پێشووی بەردەوام بێت. ئەم ڕق بێزارییەی خەڵک مۆدێلی حکومڕانی ئێستا ناچاردەکات ئاڵوگۆر لە شێوەی دەستەڵاتدارێتی خۆیدابکات ئەگەر بێیەوێ بمێنێتەوە.

گریمانەی دووەم:
ئێرانێکی وابەستە بە دنیای دەرەوە و دووبارە کرانەوەوەو هەڵگرتنی شەرت وبەندە ئابووریەکان لەسەری لە لایەک، وە لەلایەکی ترەوە چوونە ناوەوەی کۆمپانیا جیهانییەکان و ڕەهاکردنیان لە کارو چالاکی سەرمایەگوزاری بازرگانیکردندا دەبنە مایەی کرانەوە و کەمڕەنگکردنەوەی ڕۆڵی ئەو نوخبەیەی کە باڵادەست و کاریگەر بوون لە زەمانی بوونی ڕەهبەر و بازنەی دەستەڵاتدارێتی توندڕەوەکانی کۆماری ئیسلامیدا. بەو پێیەی بازاری ئازاد و سەرمایەگوزاری بەبێ سنوردارکردنی دەستەڵاتەکانی دەوڵەت و سیاسەتمەدارن ناتوانێ کارا و سوودمەند بێت، دەستەڵات لە زۆرێک لە لایەنەکانی ژیانی خەڵکێس بێ نەخش دەبێت . لە هەمان کاتدا دەستەڵات زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەریەکانی بازاڕەوە. ڕەهبەرانی سیاسی بازنەی دەستەڵاتدار توندڕەو ناچار دەکرێن لە جومگەی دەستەڵاتدا نەمێننەوە کە هەر ئێستا سەرتاکانی ئەو پاشەکشەیە باسی داخی ناوەندە سیاسی و هێزە نێو دەوڵەتییەکانە.

گریمانەی سێیەم:
ئالوگۆڕی مۆدێلی حکومڕانی لە ڕێگەی هاتنە مەیدانی خەڵکی ئێران بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. پێش لێدانی ئەمریکا، تەواوی خەڵکی ئێران خوازیاری ئاڵوگۆڕ و باشترکردنی گوزەرانیان بوون. نهێنیەک کە تەواوی دەستەڵاتەکانی لەسەر وەستاوە موتمانە و گوێ ڕایەڵی خەڵکە لە بەرامبەر حکومڕانانیدا. ئەم پەیوەندیە بە تەواوی پچراوە لە ئێستادا لە ئێران تەنها شتێک کە دەستەڵاتەکەی هێشتووەتەوە زەبرو زەنگەکانێتی لەڕێگەی دەزگا سەرکوتگەرەکانیەوە ئەنجام دەدرێن. ئێرانێکی کەم برسی تر و بەستراو بە دنیای دەرەوە، پرۆسەی ئاواکردنی شێوازی حکومڕانی توندڕەوکانی نێو دەستەلاتی ئێستا خێرا تر دەکات.
بەدیهاتنی هەریەک لەم گریمانە بە بەرژەوەندی خەڵکی ئێران دەشکێتەوە، وەئەگەریش هیچ یەکێک لەم گریمانانە ڕوو نەدەن، دوای ئەم گرژیانە ئێران و مۆدێلی حکومڕانییەکەی دەچنە قۆناغێکی نوێوە کە کە زۆر لەوەی پێش کوشتنی خامەنەئی جیاواز تر و شلوشاو تر دەبێت.

کاوە حەسەن
21/6/2026




ئەرێ بە ڕاست نەخشەی ناوچەکە گۆڕرا یاخود دەگۆڕرێت؟.. زاهیر باهیر

دوای هێڕشە ترۆریستییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 07/10/2023 و وەڵامدانەوەی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسرائیلی بە جینۆسایدکردنی خەڵکانی غەزە خەیاڵێك لە مێشکی گەلێك لە ڕۆشبیران و سیاسییەکان و ئەکادیمییەکاندا ماخۆلانی بوو کە گوایە نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕێت. ئەم بیر و بۆچونە لەناو هەندێکیاندا کە هەرە دیارەکەیان خانمی مامۆستای زانکۆ و بە ناو شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا ‘خاتوو شاڵی’ تا ئەو ڕادەیە دەڕۆیشت کە هیچ گومان و لێکدانەوەیەکی بۆ ڕای پێچەوانە نەدەهێڵایەوە .
لە ڕاستیدا خاتوو شاڵی ئەوەندە بە جوانی و ئاسانی و وردەکاری و بەڵگەی نادروستەوە باسەکەی دەکرد و ڤیدۆی لەسەر دەکرد ، کە ئەوانەمان باوەڕمان پێی نەبوو هەر زۆر زۆر کەمینە بوین . ئەو ڤیدۆیانەی ئەو و قسە و خیتابی سیاسییەکان و نوسین و وتاری ئەکادیمیەکان و ڕۆشنبیران بە ڕوودانی شەڕ ڕەحمەت بەسەر کورددا دەبارێت کارێکی زۆریان کرد لەسەر شۆردنەوەی مێشکی تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی تا ئەو ڕادەیەی کە خەیاڵپڵاوی و کەلەپووتی جێگە بە هەموو ڕاستی دروستییەك لە مێشکیاندا لێژبکات و جێگایان بگرێتەوە .
پاش ئەم هەموو ماوەیە ئەوەی ئاشکرایە گۆرانکاراییەکی وا لە ناوچەکەدا ڕوی نەداوە جگە لە هێنانی بەشێکی داعش بۆ حوکمڕانی سوریا، ئەو نەخشەیەی کە لە خەیاڵی ئەو توێژاڵە کۆمەڵایەتییەی سەرەوە داڕێژرابوو نەك هەر ڕووی نەدا، بەڵکو ڕووش نادات چونکە بەرژەوەندی ئێستای ئەمریکا و ڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوانی دیکەیان ئەوە ناخوازێت . تورکیا و ئێران و عێراق و سعودییە و میرنشینەکانی کەنداو وەکو خۆیان مانەوە و ئەوەی زەرەرمەندی سەرەکی و هەمیشەیی بوو نەگبەتەکانی فەلەستین بوون . هەرچیش پەیوەندی بە بارودۆخی کوردەوە هەیە ئەوەندەی من مێژوی کوردم خوێندبێتەوە هەرگیز بارودۆخی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا وەکو ئێستا خراپ و مەترسیدار نەبووە . بە خوێندنەوەیەکی خێرای بارودۆخی بەشەکانی کوردستان دەکرێت ئەوەی کە وتوومە ڕوون بکەمەوە.
باشووری کوردستان : لام وایە دەربارەی کوردانی باشوور زۆر ئاشکرایە کە ناکۆکی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی کوردستان لەسەر پشکی پارە و پایە و پلە و دەسەڵات هەرگیز ئەوەندە خراپ نەبووە . ئەوە بیست مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕی هێشتا دیوەخانی چەلەحانییەی دەمهەراشان و چەنەبازان و مشەخۆرانی پەڕلەمانتاری دەنگپێدراو نەکراوەتەوە تاکو بەردەوام بن لە هەڵخەڵەتاندن و درۆ کردن لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا. هاوکاتیش هەموان دەزانن کە هیچ کام لەو حیزبانە بە حیزبە موعارەزەکانیشەوە هیچ کامیان نە خاوەنی ڕاوبۆچوونی خۆیانن و نە خاوەنی بەرنامە و پلانیان. ئاشکرایە کە ئێران و تورکیا و ئەمریکا بۆیان دادەنێن و هەڵیاندەسوڕێنن.
ڕۆژئاوای کوردستان: بە داخەوە کە بە دەردێك چووە و دەچێت کە نەك هیچ بەهایەك بۆ ئەوانەی کە دروشـم بوون وەکو : خۆسەری و فێمێنزم و کۆنفیداراڵیزمی دیمۆکراتیك و ئیکۆلۆجی و ئابووری هەرەوەزییانە نییەو نەماوەتەوە، بەڵکو ئەمانە تا نەمانیان کاڵ بووەنەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا حکومەتەکەی جۆلانی و ئەمریکا پێی رازی نین و دەیانەوێت هەسەدە و پەیەدە لەوە زیاتریش سازش بکەن. لەمەش خراپتر تا ئێستاش کەسمان نازانین چارەنوسی ڕۆژئاوا بەرەو کوێ دەڕوات.
باکوری کوردستان: تاکە هەنگاوێکی گەورە کە نرابێت بێ دەنگکردنی چەکەکانی پەکەکەیە کە گەورەترین خزمەتی بە کوردی سێ پارچەی کوردستان کردووە . جگە لەمە پرسی کورد لە باکوردا لە ماوەی ئەم 16 مانگەدا هەنگاوێك نەچۆتە پێشەوە.
ئۆجەلان چەند پێشنیارێکی تاکلایەنانەی بێ گەڕانەوە بۆ قەندیل بۆ دەوڵەتی تورکیا کرد بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی دیاری نیە و نەبووە. ئەم پێشنیارەی ئۆجەلان کە پەکەکە و هەرە زۆرینەی ڕۆشنبیران و ئەکادیمی و سیاسییەکان بە پرس و پرۆسەی ئاشتی دایانە قەڵەم زیانێكی گەورەی بە متمانە دا و تۆوی بێ هیوایی و بێ بڕوایی لە دڵی کوردانی هەموو پارچەکاندا چاند. لەوێش وەکو ڕۆژئاوا هەموو پرسی کورد لەو دروشمە بریقەدارانەی پەکەکەوە هاتۆتە سەر سێ خاڵی سەرەکی کە مورات قەریلان لەم ڕۆژانەدا بەیانی کرد : یەکەم: ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دیاریکردنی پێگەیەکی سیاسی و یاسایی بۆی وەک نوێنەری سەرەکیی کورد.
دووەم: داننان بە بوون و ناسنامەی گەلی کورد بە شێوەیەکی فەرمی لە ناو دەستوور و یاساکانی تورکیادا.
سێیەم: دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ گەڕانەوە و تێکەڵبوونی دیموکراسییانەی چەکدارەکان (گەریلا) بە ژیانی مەدەنی و سیاسییەوە.
ئەم سێ مەرجە یاخود داخوازیانە کە هیچ نین بۆ بزوتنەوەیەکی وەکو پەکەکە کە ئەو هەموو قوربانییەیان داوە ، لە ئێستادا لانی زۆری یا لانی باڵای داخوازی پەکەکەیە. کەچی دەوڵەتی تورکیا بەوەش ڕازی نییە و دەیەوێت کە پەکەکە بێ چەند و چوون ، بێ یەکدی بینین و وتووێژ خۆی لە چەك داماڵێت و خۆی ڕادەستی دەوڵەت بکات. دەوڵەتیش بە گوێرەی یاسای ” تاوان و تێوەگلانیان” لە کێشەی “تیرۆریزم و تیرۆریستیدا” مامەڵەیان بکات. هەرچیش سەرکردەکانیشیانە لەبەرخاتری خاترداران ڕێگایان پێبدرێت کە بچنە وڵاتێکی ئەوروپی یا وڵاتانی دیکە بەو مەرجەی کە دەستبەرداری سیاسەت ببن.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان : نە ئێستا و نە ئایندەش کەس نازانێت حیزبە موعاریزەکانی ئەوێ چارەنوس و دواڕۆژیان چییە و چی دەبێت . سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ئەمەریکا کە لە ڕێگەی تۆم باڕاك-ەوە جێبەجێ دەکرێت دوور نییە کە پێداگری و فشاری زۆر لەسەر حکومەتی هەرێم دابنێت کە سەران و بەرپرسانی ئەو حیزبانە ڕادەستی ئێران بکرێنەوە، یاخود ڕێگەیان پێبدرێت بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بڕۆن. ئەمە گومانێکی چاوەرواننەکراو نییە کاتێك سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا و لە تورکیا و لە عێراق و ڕێکەوتنی لەگەڵ ئێراندا دەبینین .
هاوکاتیش مەترسی بوونەوەی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران کە کورد زەرەرمەندی زیاتر دەبێت گریمانی ڕوودانی زۆرە تا ئەو کاتەی حکومەتی ئێران ئاوا بمێنێتەوە کە زۆربەی گرفتەکانی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن لە ملی ئەودایە، هاوکاتیش هیچ ئاشتەواییەك لە نێوانی ئێران و ئیسرائیلدا نییە .
لەسەر بناخەی ئەوانەی سەرەوە ناکرێت لەسەر بۆش و بێ بەڵگە و لە کاتێکیشدا کە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبینین گەشبین بین بەرانبەر بە بارودۆخەکە. لەبەر ئەوە وا هەست دەکەم کە بارودۆخی کورد لە هەر چوار پارچەکەدا نادیارە و لەو پەڕی خراپیدایە. لێرەشدا تەنها سیاسییەکان و سەرانی پارتەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان دەبێت بەرپرسیاری ئەم مەترسییە هەڵگرن و لۆمەی خۆیان بکەن نەك ئەمریکا و حکومەتەکانی دەر و دراوسێ و عێڕاقیش .

زاهیر باهیر
18/06/2026




دروستکردنی فۆبیا، بە ناوی ترس لەسەر قەوارەی هەرێم !.. جوتیار مەلا رەئوف

ماوەیەکە وەکوو هەموو ماوەکانی پێشوو، کۆمەڵگای کوردستان جارێکی تر خراوەتە ناو بازنەیەکی بێبنەمای هاشوهوشی سیاسی، ترساندن، گومان دروستکردن و دروستکردنی فۆبیا لە ژێرناوی “مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم”. ئەو جۆرە گوتارانە زۆرجار لە جیاتی ئەوەی پشت بە زانیاری دروست، دەستوور، واقیعی سیاسی و ئەزموونی حوکمڕانی ببەستن، پشت بە سۆز، ترس و هەڵچوونی هەستی گشتی دەبەستن، لە دۆخێکدا کە هاووڵاتی کوردستان لە ژیانی ڕۆژانەدا پێویستی بە مووچە، خزمەتگوزاری، سەقامگیری، کار، کاروباری باشتر، یاساسازی و ڕێکخستنی دامەزراوەکان هەیە، هەوڵدان بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەردەوام لە ژێر کاریگەریی ترس و شایعاتدا بهێڵدرێتەوە، نە خزمەتی هەرێم دەکات، نە خزمەتی یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان و نە خزمەتی داهاتوویەکی ڕوونی سیاسیش دەکات.
پرسیارە بنەڕەتیەکە ئەوەیە، ئایا ئەو کەسانەی هەموو جارێک باس لە “مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم” دەکەن، ئایا بە ڕاستی خەمی ئەو قەوارەیانە، یان ئەو گوتارە بەکاردێنن بۆ پاراستنی مۆدێلێکی شکستخواردووی حوکمڕانی کە چەندین ساڵە کۆمەڵگا لەناو ناکۆکی، دواکەوتنی هەڵبژاردن، دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، قەیرانی سیاسی و ململانێی حزبی گیرۆدە کردووە؟، ئەگەر خەمیان قەوارەی هەرێمە، ئەوا پێویستە قەوارەی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە، یاسا، ڕوونی لە بەڕێوەبردن و شەفافیەتوو حوکمڕانی تەندروست بپارێزن نەوەکوو لە ڕێگەی ترساندن و دروستکردنی هەستی گشتیی و نائارامی ناو کۆمەڵگا.
هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەستوورییەوە قەوارەیەکی ناسراو و دانپێدانراوە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، ئەو قەوارەیە، بە قسەی ڕۆژانەی سەرشاشەکان و ناو سۆشیالمیدیا و و هەڵمەتی میدیایی دروست نەبووە و بە هەمان شێوەش بە هەڵبژاردنی شێوازی کارگێڕی و حوکمڕانی ناوخۆیی تێک ناچێت، قەوارەی هەرێم لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە مافە دەستوورییەکان، سنووری کارگێڕی، دامەزراوەکان، هێزی سیاسی و توانای بەڕێوەبردن، بۆیە ئەو بانگەشەیەی هەر گۆڕانکارییەک لە شێوازی حوکمڕانی ناوخۆیی بە “مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم” ناودەبات، زیاتر نزیکە لە فۆبیای سیاسییەوە تا شیکردنەوەیەکی جدی و یاسایی و لۆژیکی.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە کوردستان لە مێژووی هاوچەرخیدا چەندین جار لەبەر ناکۆکیی نێوان هێزە سەرەکییەکان تووشی قەیران بووە، ئەو قەیرانانە تەنها باسێکی ئەمڕۆ نین؛ بەڵکو بنەمای مێژووییان هەیە، لە شەڕی ناوخۆی دەیەی نەوەدەکانەوە تا ڕێککەوتنی واشنتن، لە دوو ئیدارەییبوونی ڕابردووەوە تا هاوبەشییەکی ناسەقامگیر لە دامەزراوەکانی هەرێم، کەواتە ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگوترێت دووزۆن یان دوو ناوچەی نفوز، شتێکی نوێ و داهێنراو نییە؛ بەڵکو ئەو واقیعەیە کە ساڵانێکە لە ژێر ناوی حکومەتێکی یەکگرتوودا بە شێوەیەکی ناڕوون و نایاسایی کاری پێکراوە.
ئێمە نابێت لەوە بترسین کە لە واقیعێکدا پارتی لە هەولێر و دهۆکدا دەسەڵاتی کارگێڕی و سیاسیی فراوانی هەیە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لە سلێمانی و ناوچەکانی ژێر کاریگەریی خۆیدا دەسەڵات و نفوزی جیاوازی هەیە، دروستکردنی وێنەیەکی ساختە لە “یەکگرتوویی تەواو” بە تەنها درۆیەکی سیاسییە و ئەوەی پێویستە، ئەوە نییە ڕاستییەکان بشارینەوە؛ بەڵکو پێویستە ڕاستییەکان ڕێکبخرێن، یاسایی بکرێن، سنووردار بکرێنو بخرێنە خزمەتی هاووڵاتی، نەوەکوو لە خزمەتی ململانێی حزبی و کەسییدا بمێنەوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەرکەوتووە کە هاوبەشیی نێوان پارتی و یەکێتی زۆرجار لەسەر بنەمای بەرنامەی حوکمڕانی و پرۆژەی دامەزراوەیی نەبووە؛ بەڵکو زیاتر هاوبەشییەکی زۆرەملێی ناو هاوکێشەی دەسەڵات، داهات، پۆست و نفوز بووە، ئەنجامی ئەو جۆرە هاوبەشییەش بۆ هاووڵاتی چی بووە، دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، قەیرانی مووچە، ناکۆکی لەسەر داهات، کێشە لەسەر هەڵبژاردن، شکستی پڕۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامبوونی گومان لە نێوان دامەزراوەکان، کاتێک دوو هێزی سەرەکی ناتوانن بەرنامەیەکی هاوبەشی حوکمڕانی دروست بکەن، ئەوا بەردەوامیپێدانی هەمان مۆدێل بە ناوی “یەکڕیزی” تەنها درێژکردنەوەی قەیرانە و دروستکردنی سەرئێشەیەکی سیاسیە بۆ خەڵکوو کۆمەڵگا.
لەوە گرنگتر، ئەو گوتارەی کە هەر جارێک باس لە ڕێکخستنی واقیعی دەسەڵات دەکرێت، دەستبەجێ دەگۆڕدرێت بۆ “مەترسی لەسەر قەوارە”، گوتارێکی بێ بنەما و ساختەکارانەیە، چونکە قەوارەی هەرێم بەوە لاواز نابێت کە پارتی لە ناوچەی نفوزی خۆی و یەکێتی لە ناوچەی نفوزی خۆی بەرپرسیارێتی حوکمڕانی بگرنە ئەستۆ؛ بە پێچەوانەوە، قەوارەی هەرێم بەوە لاواز دەبێت کە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەی شکستی خۆی نەگرێتە ئەستۆ و هەموو شتێک بە ناوی “هاوبەشی” و “هاوسەنگی” بشاردرێتەوە.
ئەگەر پارتی لە ناوچەی خۆیدا خزمەتگوزاری باشتر، ئابووری بەهێزتر، دامەزراوەی کاراتر و سەقامگیریی زیاترو ئابوریەکی بەهێز دابین بکات، با هاووڵاتی لەسەر ئەو ئەنجامانە حوکمی لێ بدات، هەروەها ئەگەر یەکێتی لە ناوچەی خۆیدا مۆدێلێکی باشتر لە حوکمڕانی، خزمەتگوزاری و ئازادیی سیاسی دابین بکات، با هاووڵاتی بە بەڵگە و ئەنجام بڕیار بدات، نە بە هەڵمەت و بانگەشە، ئەوە بنەمای ڕاستەقینەی بەرپرسیارێتییە، کاتێک دەسەڵات ڕوون دەبێتەوە، بەرپرسیارێتیش ڕوون دەبێتەوە، بەڵام کاتێک هەموو شتێک لە دەستەلاتێکی هاوبەشی ناڕووندا تێکەڵ دەکرێت، هیچ لایەنێک بەرپرسیار نابێت و هاووڵاتی ناتوانێت بزانێت کێ بەرپرسیارە لە سەرکەوتن یان شکست.
ئەوەش یەکێکە لەو خاڵانەی کۆمەڵێک نووسەر، توێژەر و مامۆستای زانکۆی نزیک لە سیاسەتی یەکێتی زۆرجار هەوڵ دەدەن بە گوتاری ترس ئەو فەزا سیاسیە دابپۆشن، ئەوان کاتێک باس لە دوو زۆن دەکرێت، دەیگۆڕن بۆ پرسی لە ناوبردن و دابەشکردنی قەوارەی هەرێم، لە کاتێکدا باسەکە لە بنەڕەتدا دابەشکردنی نیشتمان نییە، بەڵکو ڕێکخستنی بەرپرسیارێتیی سیاسی و کارگێڕییە، هیچ کەسێکی بەرپرسیار نابێت داوای لاوازکردنی قەوارەی هەرێم بکات؛ بەڵام هەر کەسێکی بەرپرسیار دەبێت داوای کۆتاییهێنان بە مۆدێلێکی ناکارای حوکمڕانی بکات کە ساڵانێکە هەرێمی خستووەتە ناو قەیرانی بەردەوام.
ئەو جۆرە بانگەشانە، کە گوایە ڕێکخستنی دوو ناوچەی نفوز واتە لەناوبردنی هەرێم، جگە لە قسەی بەتاڵ و بێ بنەما هیچی تر نین، قەوارەی هەرێم ئەگەر بخوازرێت پارێزراو بێت، دەبێت لە ڕێگەی ئەو خاڵانەوە پارێزراو بێت، یاساسازی، ڕوونیی دارایی، سنووردارکردنی دەسەڵات، بەڕێوەبردنی کارا، هێزی پێشمەرگەی ڕێکخراو، پەیوەندییەکی یاسایی لەگەڵ بەغدا و بەشداریی هاووڵاتی لە بڕیاردان، ئەمانە هیچ کامیان بە گوتاری فۆبیا دروست نابن، بەڵکو بە سیاسەتی ڕاستگۆیانە و بە بڕیاری بوێرانە دروست دەبن.
لە ڕوانگەی هەستکردن بەو بەرپرسیاریتیە، دەبێت بڵێین کۆمەڵگای کوردستان چیتر نابێت بە بابەتی لاوەکی و هاشوهوشی سیاسی بێ بنەما سەرقاڵ بکرێت، هاووڵاتی مافی ئەوەی هەیە بزانێت کێ دەسەڵات بەڕێوە دەبات، کێ بەرپرسیارە لە مووچە، کێ بەرپرسیارە لە ئەمنیەت، کێ بەرپرسیارە لە خزمەتگوزاری، کێ بەرپرسیارە لە داهات و کێ بەرپرسیارە لە شکستی حکومەت، مۆدێلی ئێستای هاوبەشیی ناڕوون ئەو پرسیارانە لێڵ دەکات، مۆدێلی دوو زۆنی، ئەگەر بە ڕوونی و بە ڕێککەوتنی سیاسی، بە چوارچێوەی یاسایی و بە پاراستنی یەکەی دەستووری هەرێم جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت بەرپرسیارێتی و دەستەڵاتێکی زوڵالتر پێشکێشبکات.
ئەو مۆدێلە نابێت بە مانای شەڕ، دابەشبوون یان هەڵوەشاندنەوەی هەرێم لێک بدرێتەوە، بە پێچەوانەوە، دەتوانێت ببێتە مۆدێلێکی کارگێڕی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی بەردەوام، واتە، هەرێم وەک قەوارەیەکی دەستووری و سیاسی بمێنێتەوە؛ نوێنەرایەتی دەرەوە، پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، پرسی دەستووری، پاراستنی سنووری هەرێم و بەرژەوەندییە گشتییەکان بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بمێننەوە؛ بەڵام لە ئاستی بەڕێوەبردنی ڕۆژانەدا، هەر لایەنێک لە ناوچەی نفوزی خۆی بە ڕوونی بەرپرسیار بێت، ئەوە بەڵگەی لاوازی نییە؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنی واقیع و ڕزگارکردنی کۆمەڵگا لە درۆی سیاسی.
مێژوو نیشانی داوە کە پارتی و یەکێتی، وەک دوو هێزی سەرەکی، ناتوانن بە ئاسانی و بە شێوەیەکی تەندروست لە ناو حکومەتێکی هاوبەشی کارادا هەڵبکەن، هەر جارێک هاوبەشییان کردووە، قەیرانەکان بە شێوەیەکیتر سەریانهەلداوەتەوە، هەر جارێک ناکۆکیەکان قووڵتر بوونەتەوە، دامەزراوەکان و هاووڵاتیان باجیان داوە، بۆیە ئەوڕۆ پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە، ئەگەر دوو هێز ناتوانن بە یەکەوە بە شێوەیەکی کاریگەرو تەندروست حوکم بکەن، باشتر نییە هەر یەکێکیان بە ڕوونی بەرپرسیارێتی ناوچەی خۆی بگرێتە ئەستۆ و لە ئەنجامدا کۆمەڵگا بزانێت کێ سەرکەوتووە و کێ شکستی هێناوە؟.
لە کۆتاییدا، ئەوەی پێویستە ڕوون بکرێتەوە ئەوەیە، پاراستنی قەوارەی هەرێم بە دروستکردنی فۆبیا لە زینهنی خەڵکدا نابێت، قەوارەی هەرێم بە ڕاستگۆیی، دامەزراوە، خزمەتگوزاری، بەرپرسیارێتی و ڕێکخستنی واقیع دەپارێزرێت، ئەو کەسانەی هەموو جارێک بە ناوی “مەترسی لەسەر هەرێم” خەڵک دەترسێنن، پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، ئەگەر مۆدێلی ئێستا ئەوەندە سەرکەوتووە، بۆچی حکومەت بەردەوام گیرۆدەی قەیرانە؟ بۆچی مووچە و خزمەتگوزاری دەبنە قوربانی؟ بۆچی هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینە دەبنە مەیدانی ململانێ؟ بۆچی دامەزراوەکان بە تەواوی یەکناخرێن؟
وەڵامی لۆژیکی ئەوەیە، چونکە مۆدێلی هاوبەشیی ناڕوونی ئێستا گەیشتووەتە سنووری خۆی، کاتێک مۆدێلێک کار ناکات، بەرپرسیارێتی ئەوە نییە بە درۆ بڵێین کار دەکات؛ بەرپرسیارێتی ئەوەیە چارەسەرێکی واقیعی پێشنیار بکەین. مۆدێلی دوو زۆنی، بە مەرجی ئەوەی لە چوارچێوەی پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێم، ڕێککەوتنی سیاسی، ڕوونی دارایی، سنووری کارگێڕی و مافی هاووڵاتی جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت ببێتە چارەسەرێکی کرداری بۆ قەیرانێک کە ساڵانێکە هەرێمی کوردستانی لەناو بازنەی بێکۆتایی ناکۆکیدا گیرۆدە کردووە.
خەڵکی کوردستان پێویستی بە ترساندن نییە؛ پێویستی بە ڕاستگۆیی هەیە، پێویستی بە گوتاری فۆبیا نییە؛ پێویستی بە بڕیاری سیاسیی بوێرانە هەیە، پێویستی بە شاردنەوەی واقیع نییە؛ پێویستی بە ڕێکخستنی واقیع هەیە، ئەگەر قەوارەی هەرێم بە ڕاستی بۆ هەموومان گرنگە، ئەوا نابێت بیکەینە بارمتەی هاوبەشییەکی ناکارا و ملمێنێیەکی بێکۆتا، پێویستە قەوارەکە بپارێزرێت، بەڵام حوکمڕانییەکەش ڕوون، بەرپرسیارانە و کارا بکرێت، ئەوەیە جیاوازی نێوان سیاسەتی بەرپرسیار و بانگەشەی بەتاڵ.
لە بنەڕەتدا، ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوی “مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم” دەخرێتە ناو بازاڕی سیاسی، پێویستە بە وردی لێی بڕوانرێت، چونکە ئەو بانگەشەیە زیاتر لەوەی ئاگادارکردنەوەیەکی نیشتیمانی بێت، وەک ئامرازێکی فشار و باجگیریی سیاسی دەردەکەوێت، یەکێتی نیشتیمانی، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە زۆر قۆناغدا نەیتوانیوە بە ڕێگەی هەڵبژاردن و پێوەرەکانی حوکمڕانی و کاریگەری خۆی دەسەڵاتی هاوسەنگ بەدەست بهێنێت، ئەوڕۆ هەوڵ دەدات بە ڕێگەی ئەو جۆرە گوتارانەوە فشار بخاتە سەر ڕکابەرە سیاسیەکەی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی پێ دابەش بکرێت.
ئەوە ئەو خاڵەیە کە پێویستە کۆمەڵگا بە ڕوونی تێیبگات، ئەو سیاسی و حیزبی و نووسەرو توێژەر و مامۆستای زانکۆیانەی بەردەوام باس لە “لەناوچوونی قەوارەی هەرێم” دەکەن، زۆرجار بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەت بەو هێڵە سیاسییە دەکەن کە یەکێتی دەیەوێت لە ڕێگەیەوە داوای بەشداریی زیاتر لە دەسەڵات بکات، ئەوان باسەکە وەک مەسەلەیەکی نیشتیمانی و چارەنووسساز پیشان دەدەن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا مەسەلەکە پەیوەستە بە ململانێی دەسەڵات، پۆست، داهات و نفوز، واتە قەوارەی هەرێم دەکرێتە دروشم، بەڵام ئامانجی ڕاستەقینە فشارە بۆ سەر پارتی بۆ ئەوەی یەکێتی لە دەسەڵاتدا پێگەیەکی زیاتری پێ بدرێت.

جوتیار مەلا رەئوف




پەیوەندیی سێکسی نێوان مامۆستا و خوێندکار: پرسیارێک لەسەر دەسەڵات، ڕەزامەندی و ئەخلاق.. نووسینی هێمن عەلی

توڕەیی و هەستکردن بەرامبەر بە نادادپەروەری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، کاردانەوەیەکی سروشتی و ڕەوایە. قۆستنەوەی پێگەی دەسەڵات، بە تایبەتی لە دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا، یەکێکە لە مەترسیدارترین و زیانبارترین جۆرەکانی پێشێلکاری. دەستەواژە فینلەندییەکە (Hän uhriutuu, hän haluaa pestä kätensä) ئاماژە بەو هەڵسوکەوتە دەکات کە کەسێک لەبری دانپێدانان بە هەڵە و بەرپرسیارێتیی کردارەکانی، خۆی وەک قوربانی نیشان دەدات و هەوڵ دەدات خۆی لە لێپرسینەوە و ئەنجامەکانی کردەوەکانی دوور بخاتەوە.

ناوەندە ئەکادیمییەکان، وەک زانکۆ و پەیمانگاکان، دەبێت ژینگەیەکی ئارام، پارێزراو و دادپەروەر بن کە تێیدا زانست، لێهاتوویی و شایستەیی تاکەکان تەنها پێوەری هەڵسەنگاندن بێت. بەڵام کاتێک ئەم دامەزراوانە دەبنە شوێنی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و قۆستنەوەی لاوازیی خوێندکاران بۆ مەرام و بەرژەوەندیی کەسی، زیانەکە تەنها بە قوربانییە ڕاستەقینەکان ناگات، بەڵکو شکۆ، باوەڕپێکراوی و کەرامەتی سیستەمی پەروەردەش دەخاتە مەترسییەوە. لەو بارودۆخەدا، متمانەی کۆمەڵگا بە دامەزراوە ئەکادیمییەکان لاواز دەبێت و بنەماکانی دادپەروەری، یەکسانی و شایستەسالاری زیانی پێ دەگات.

پەیوەندیی مامۆستا و قوتابی

پەیوەندیی نێوان مامۆستا و خوێندکار لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی نایەکسانە. مامۆستا خاوەنی دەسەڵاتی هەڵسەنگاندن، نمرە و بڕیاردانە لەسەر داهاتووی ئەکادیمیی خوێندکار. لەبەر ئەم هۆکارە، لە وڵاتە خاوەن سیستەمە دیموکراسی و پێشکەوتووەکاندا، هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەکی سۆزداری یان سێکسی لەلایەن مامۆستاوە بەرامبەر خوێندکار بە توندی قەدەغەکراوە. پاساوی “ڕەزامەندیی هەردوولا” لەم جۆرە کەیسانەدا بەتاڵە و جێگەی قبوڵ نییە، چونکە بژاردەی خوێندکارەکە لەژێر پاڵەپەستۆی کاریگەریی دەسەڵات، ترس، شەرم، یان تەنانەت بەرژەوەندیی ئەکادیمیدایە. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی قۆستنەوە (Exploitation) و پێشێلکارییەکی گەورەی ئەخلاقی و پیشەییە.

بەکارهێنانی پیرۆزییەکان بۆ داپۆشینی هەڵە و بەرپرسیارێتی

یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردەکانی ناو کۆمەڵگا ئەوەیە کە کەسانی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، یان ئایینی، پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا وەک وەسیلەیەک بەکاربهێنن بۆ پەردەپۆشکردنی هەڵە و تاوانەکانیان. کاتێک کەسێک، بەتایبەتی ئەوانەی خۆیان وەک نوێنەری ئایین دەناسێنن، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گوتاری ئایینییەوە خۆی وەک “قوربانی” نیشان بدات یان دەستی خۆی لە تاوانێک بشوات، نەک تەنها ستەم لە قوربانییە ڕاستەقینەکە دەکات، بەڵکو گەمە بە هەستی باوەڕداران و بەها باڵاکانیش دەکات. ئەم کەسانە لەبری ئەوەی باجی هەڵەکانیان بدەن، هەوڵ دەدەن کۆمەڵگا بکەنە قەرزاری خۆیان و ڕاستییەکان چەواشە بکەن.

بەرەو ژینگەیەکی یاسایی و پارێزراوی ئەکادیمی
بۆ ڕیشەکێشکردنی ئەم دیاردەیە لە هەرێمی کوردستان، تەنها ئیدانەکردنی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەگرتن بەس نییە. ئەم کێشەیە پێویستی بە چارەسەری دامەزراوەیی و یاسایی هەیە. کۆمەڵگا گەیشتووەتە قۆناغێک کە تێیدا پاراستنی خوێندکاران و سنووردارکردنی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەبێتە پێویستییەکی ناگوزیر.
دانانی یاسایەکی ڕوون و کاریگەر:
پێویستە دەزگا یاسادانەرەکان و وەزارەتی خوێندنی باڵا یاسا و ڕێنمایییەکی ڕوون دابنێن کە سنووری پەیوەندییە پیشەییەکان دیاری بکات و سزای گونجاو بۆ هەر جۆرە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات یان قۆستنەوەی خوێندکاران لەخۆ بگرێت.
پاراستن و پشتگیریی قوربانییان:
گرنگە ناوەند و میکانیزمی سەربەخۆ لە ناو زانکۆکاندا دامەزرێندرێت بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان بە شێوەیەکی نهێنی و پاراستوو، تا خوێندکاران بتوانن بێ ترس لە ناوزڕاندن یان تۆڵەسەندنەوە، مافەکانیان داوا بکەن.
بەهێزکردنی سەروەریی یاسا:
هیچ کەسێک نابێت لە سەرووی یاساوە بێت. پێگەی ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی یان ئایینی نابێت ببێتە هۆی دەربازبوون لە لێپرسینەوە. بە پێچەوانەوە، ئەوانەی پێگەیەکی کاریگەریان هەیە دەبێت زیاتر پابەند بن بە بنەماکانی ئەخلاق و بەرپرسیارێتی، چونکە ئەرکی پێگەیاندن و ڕێنماییکردنی نەوەکان لەسەر شانیانە.

کاتی چاکسازی هاتووە

لە کۆتاییدا کۆمەڵگایەکی تەندروست ئەو کۆمەڵگایەیە کە تێیدا یاسا سەروەرە و بێلایەنانە لاوازەکان دەپارێزێت. قبوڵکردنی فەزاحەتی ئەکادیمی و بێدەنگبوون لێی، هاندەرە بۆ دووبارەبوونەوەی تاوانەکان. کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگا و دامەزراوەکان پێداگری لەسەر دروستکردنی قانونێکی وا بکەن کە کۆتایی بە بێسزایی بهێنێت، بۆ ئەوەی چیتر نە زانکۆ و نە مینبەرەکان نەبنە پەناگەیەک بۆ ئەوانەی دەسەڵاتەکانیان خراپ بەکاردەهێنن.




کوردبوون.. فواد سەعید

کوردبوون بونیاتە و شوناسە.لە ئەزلەوە کوردبوین و هەر کوردیش دەبین.کوردپەروەری وابەستەی شوێن و کەلتوری ناوچەیەکی دیاریکراو نیە.بەلکو هەر کەسێک بە زمانی نیشتیمان قسە بکە ،ئەوە کوردە. ئەوەی ئێستا دەبینین هەندێک لایەن، بابەتی کوردبوون و پرسی کوردبوون ،پەیوەندیدار دەکەن بە جوگرافیایەکی دیاریکراو .ئەمەش غەدرێکی مێژوییە بەرانبەر بە پرسی کورد بون دەکرێت.واتایەکی تر کوردێکی فەیلی ،یان کوردێکی زاخۆیی بە جل و بەرگی خۆیانەوە ،بەرجەستەی کوردبونی خۆیان دەکەن وە کوردنن .بەلام ناتوانن قۆرغی کوردایەتی بکەن.
.بۆیە دەمەوێت لە رووی زانستیەوە ،رەهەند و چەمکی کوردبوون ،بخەمە روو.

ناوی کورد لە ڕووی زانستییەوە هێمایە بۆ ئێثنیکە کوردێکی دانیشتوی مهاباد، هەولێر، ئامەد، عەفرین یان دانیشتوی بەغداد، تەهران، بەرلین و واشنتۆن لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی سەر بە چی نەتەوەیەکی، بێ جیاوازی شوێن و کات، دەڵێت من کوردم، مەبەستی لە کوردبوون چییە؟ گومانی تێدا نییە، کە لەوانەیە زۆربەیان هەر لە شێوەزمانی یەکتریش تێنەگەن، دوور نییە بەشێکی هیچ شێوەزمانێکی کوردیش نەزانێتستی (Etnihnicity) کوردی ، کە بە هۆی خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکانی شوناسی ئێثنیستیی وەکو زمان، ئاین یان کەلتور هتد، لە ئێثنیستیەکی تر جیادەکرێتەوە. بەو مانایە بێت، کە دەڵێین، کوردبوون، واتە بەڕووی دەرەوە جیاوازبوون لە ئەوەی تری وەکو، فارسبوون، عەرەببوون یاخود تورکبوون و بەڕووی ناوەوەش هاوبەشیبوون یاخود لێکچونی بەلایەنی کەمی یەک لە خەسڵەتەکانی وەکو زمانێکی هاوبەش، ئاینێکی هاوبەش، کەلتورێکی هاوبەش یاخود خاکێکی هاوبەش. لە ڕاستیدا نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوودا نەتەوەی کورد هەرگیز خاوەن یەک زمانی هاوبەش، یەک دەسەڵات، خاک، یان ئاینیێکی هاوبەشی تاکرەنگی سەرتاسەری نەبووە، لەبەر ئەوەش ناکرێت باس لە کەلتورێکی هاوبەشی یەکرەنگیش بکرێت، چونکە کە وتمان کەلتوری هاوبەش، ناکرێت تەنها ڕەنگدانەوەی بەشێکی واقیعی کۆمەڵگەی کوردەواری بێت و بەشەکانی تر نابینا بکات. جگە لەمەش ئاسان نییەکەلتوری کوردەواری بەهۆی هاوبەشی مێژویی و ئاینی و مەزهەبی لە کەلتوری گەلانی ناوچەکە جیابکرێتەوە. کۆمەڵگەی کوردەواری لە ڕابردوو و ئێستا نەک هەمیشە لە ڕووی ئاین و مەزهەب و شێوەزاری زمان و دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەناوخۆی فرەرەنگ و هەمەجۆر بووە و جیاوازییەکانی نێوانی چەند باری لێکچوەکانە بەڵکو هاوبەشییە مێژویی و ئاینیی و کەلتوریەکانی لەگەڵ نەتەوەکانی ناوچەکە گەر لەگەڵ هاوبەشیی یاخود لێکچووە ناوخۆیەکانی کوردبوون زیاتر و بەهێزتر نەبێت، ئەوا بەلایەنی کەم هاوتایە. کەواتە چ شتێک یان تایبەتمەندیەک کوردبوون لە عەرببوون و فارسبوون و تورکبوون جیادەکاتەوە و چ تایبەتمەندیەکیش خاڵی هاوبەش کوردبوونە؟ یاخود ئەم خەسڵەتە هاوبەشانە چین، کە تاکێکی کورد بە تاکێکی تری کورد دەبەستێتەوە، جگە لە ناوی کورد، زمانێکی هاوبەش، خاک و دەسەڵاتێکی هاوبەش، مێژووی هاوبەش، ئاینی هاوبەش و کەلتورێکی هاوبەش؟

کە کوردێکی هەولێر،مهاباد،ئامەد،کۆبانێ، عەفرین،سەرێ کانی،یان دانشتوی بغداد،دانشتوی تهران ،بەرلین،واشنتۆن، لە وەلامی ئەوەی سەر بە چی نەتەیەکی ،بەبێ جیاوازی شوێن و کات،دەلێت من کوردم.مەبەستی لە کوردبون چیە؟ گومانی تێدا نیە؟ کە لەوانەیە زۆربەیان لە شێوەزمانی یەکتر تێنەگەن، دوور نیە بەشێکی هیچ شێوە زمانی کوردی نەزانێت.
ئەگەر هەر یەکێک لەمانە بخرێتە ژێر میکرۆسکۆبی زانستیەوە، ئەوە ئەنجامەکەی ڕوونە، کە هاوبەشی یاخود لێکچویی ڕەهای هەر یەکێک لەم خەسڵەتانە، بە تەواوی، واتە بە شێوەیەکی ڕەها بەرجەستە نین، بەڵکو ڕێژەیین، چونکە نەتەوەی کورد خاوەنی زمانێکی هاوبەشی سەرتاسەری نییە، کە بە هۆیەوە هەموو کورد بتوانێت لە یەکتر تێبگەن. ئەوەی پێدەگوترێت زمانی کوردی، تەنها ئاماژەیە بۆ کۆکراوەی چەند شێوەزارێکی زمانی کوردی، نەک زمانێکی هاوبەشی سەرتاسەری، جگە لەمەش هەمو شێوەزارەکانیش لەژێر کاریگەری زمانی گەلانی تری ناوچەکە بوون و پێچەوانەکەشی هەر دروستە. نە لە ئێستا و لە مێژوی دوور و درێژی نەتەوەی کورد خاوەن جوگرافیایەکی هاوبەشی سەرتاسەری نەبووە، کە لە ڕووی ئیداری و سیاسیەکەیەوە دەسەڵاتی بەسەردا هەبووبێت. وەک ئاشکراشە کورد خاوەنی یەک ئاینی هاوبەش نییە، بەڵکو پێکهاتوە لە ئاین و مەزهەبی جیاواز. تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی باوەرپێکراویش دەربارەی بوونی ئاینێکی هاوبەشی سەرتاسەری لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی کورد بوونی نییە. ئەوەی هەیە تەنها بۆچون و خەیاڵە، نەک ڕاستی سەلمێندراو. ئەوەی پەیوەندیی بە هاوبەشی بایۆلۆژیش هەیە، کە کۆن پێدەوترا، نەژادی هاوبەش، بە زمانی ئاسایی هاوخوێن و هاوگۆشتی پێدەڵێن، ئەوا ئێستا باسکرن لێ بۆتە عەیبە، چونکە چەندان نموونەی مێژویی سەلمێنەری ئەوەن، کە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان و بە تایبەتیش ئەو خاکەی ئێمە پێی دەڵێن کوردستانی گەورە، لەوەتەی هەیە، مەڵبەندی تێکەڵابوونی نەتەوەو و کەلتوری جیاوازە.

کەواتە لە ئێستادا، کە کوردێکی دانیشتوی مهاباد، هەولێر، ئامەد، عەفرین یان دانیشتوی بەغداد، تەهران، بەرلین و واشنتۆن لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی سەر بە چی نەتەوەیەکی، بێ جیاوازی شوێن و کات، دەڵێت من کوردم، مەبەستی لە کوردبوون چییە؟ گومانی تێدا نییە، کە لەوانەیە زۆربەیان هەر لە شێوەزمانی یەکتریش تێنەگەن، دوور نییە بەشێکی هیچ شێوەزمانێکی کوردیش نەزانێت. باسی جیاوازی ئاینی و مەزەهەبی یاخود جیاوازی ناوچەی و خێڵەکی هەر ناکەم. کەواتە هاوبەشی یاخود لێکچویی کەسێکی خەڵکی دەرسیم لەگەڵ کەسێکی خەڵکی مەهاباد یان خانەقین زۆرترە یان جیاوازیەکان؟ ئەگەر شوناسێکی تری هاوبەش نەبێت، کە شوناسی نەتەوەیی کوردبوونە؟ شوناسی نەتەوەی کوردبوونیش وەکو هەر شوناسێکی تری نەتەوەیی، بیرێکی دروستکراو و خەیاڵکراوە لە ڕێگەی دروستکردن، یاخود وێناکردن و خەیاڵکردنی زمان و ڕەچەڵەک و مێژو و جۆگرافیا و هۆشیار و بیرەوەوری و چارەنوسی هاوبەش، هتد.

تێبینی:
هەردوو چەمکی (ethnicity)، (nation). بۆ ئێستا هەمان مانا دەکرێن .بەلام چەمکی (ethnicity)، بۆ نەتەوەیەک و زمان و کەلتورێکی دیاریکراو بەکاردێت .
چەمکی (Nation) چەمکێکی سیاسیەوە و بەواتای جەستەیەکی سیاسی ڕێکخراو لە چوارچێوەی دەوڵەت دێت. واتە بوونی دەوڵەت یەکێکە لە مەرجە یاسایی و سیاسیەکان. چەمکی نەتەوە (Nation) بووە بە شوناسی تێکرای هاوڵاتیانی وڵاتێکی دانپێدانراو.
بەسود وەرگرتنم لە وتاری کاک ئاراس.




ڕاڤەیتر2: نەگووتراو.. ئازاد حەمە

نەگووتراو ، یان ئەوەی جارێ نەبووە بە گووتن
نەگووتراو، ئەو چەمکە یان دەربڕینەیە جارێ نەبووە بە گووتن. بێگومان نەگووتراوەکان لە فەلسەفەدا جێگای گفتووگۆی قوڵن؛ گومانیشمان نییە گەر نەگووتراوی زۆرێک لە بیرمەندەکان ببوایە بە گووتن، ڕەنگە ئێستا فەلسەفە لە ئاستێکی تری هزری بوایە. گۆکردنی نەگووتراوەکانی(نەگووتراوە بیرلێکراوەکانی) بیریاران مانادارن بۆ ژیانی مرۆڤەکان؛ دەتوانن دەستکاری ژیانمانبکەن. بەڵام ئەوە قەد بێدەنگیی بێنرخناکات. ئەوەتا سپینوزا دەڵێت: جیهان بەختەوەرتر دەبوو گەر مرۆڤەکان ئەو دەمانەی دەبوو قسەبکەن، بیانتوانیایە بێدەنگ بن. لێرەدا بێدەنگی بۆ سپینوزا بە واتای نەگووتن دێت.
هەموو دەزانیین، کە گووتن هەیە، لێ زۆرجار لەناو گووتندا دیوێکی شاراوە، باسنەکراو هەیە، کە دەچێتە خانەی نەگووتراوەکانەوە. ئەوەش باسنەکراو و بەنهێنیکراوەکان لەخۆدەگرێت. وێڕایئەوە، شەڕی نێوان گووتراو و نەگووتراو کۆنە. ئاسانیش نییە دەستەمۆکردنی ئەم جۆرە شەڕە. نەگووتراو پڕ پڕە لە نادیاریی، تارمایی. ئەوەش لەبەرئەوەی نەگووتراوەکان نەدرکێنراوەکانن.
نەگووتراو وەکیتر گۆنەکراوە. گووتنێکە هێشتا نییە. تەنها زمان دەتوانێت گووتراوەکان لە نەگووتراوەکان جیابکاتەوە. ئەڵبەتە زۆرێک لە گووتراوەکان لەیەکدی دەکەن، لێ نەگووتراوەکان لە هیچ ڕووێکەوە هاوشێوەی یەکتر نیین. ئەوەش بەهۆکاریئەوەی نەگووتراوەکان بوونیان نییە بۆیە ناتوانیین هاوشێوەکانیان دیاریکەین. نەک هەر ئەوە، بگرە ناهاوشێوەکانیشیان هەر نیین.
گووتنی مردووەکان هەردەم لە هەلومەرجی نەگووتراودان. ئەوان ڕۆشتن و کۆتاییان بە گووتن هێنا. مامۆستا عەبدوڵا گۆران و سەیاب، یان گرامشی و تشیڤارا، یاخود پێکاسۆ و برێخت ئەوەی گووتیان کۆتا گووتنیان بوو. مردووەکان ناتوانن هیچ بخەنەسەر خەرمانەی گووتراوەکانیان.هەروەها گووتنی مردووەکان لەپاش مردنیان بریتیین لە گووتراوەکانی پێشوویان؛ لە کۆتاییدا ئەوەی ناسنامەی مردووەکان دیاریدەکات نەگووتراوەکانیانە کە بێئاگاینلێیان.
گووتن یان قسە ئەو دەمە هەیە، کە بیرکردنەوە هەیە. بیرکردنەوە نەما گووتن، قسە، نامێنێت. بەڵام خودی بیرکردنەوە دەشێت هەبێت و گووتنیش نەبێت. ئەمە ئەو بیرکردنەوەیەیە،کە نایەوێت گووتن بەرهەمبهێنێت. بیرکردنەوە کاتێک یاخیدەبێت گووتن، قسەکردن، دەوەستێت. بەمە هیچگووتن دروستدەبێت. مرۆڤیش ڕاهاتووە ئەمە ناوینێت هیچنەگووتن، یان قسەنەکردن.
دەکرێت ئاواش لە نەگووتراو تێبگەین: ئەوەی نەگووتراوە واتە گوزارەلێکراو نییە؛ دەرنەبڕدراوە و هێشتا ئاخاوتنی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، کە گووتن هەبوو، واتە ناسنامە هەیە، شتێک بیریلێکراوەتەوە و پێکهاتەیەکی پەیڤینیشیی هەیە. سەرباری ئەوە، نەگووتراو ئەو شتەشە بێهەستە. لەبەرئەوەی شتەکە نەگووتراوە هیچ هەست و پەرچەکردارییەکی تیادروستنەکردووین؛ نە ئاگاییمان لەسەری هەیە و نە هەڵوێستمان لەبارەیەوە هەیە.
گرنگە لێرەدا و تایبەت بە نەگووتراو هێما بۆ چەمکێکی هاوشانی بکەین، کە بێدەنگییە. کاتێک مرۆڤەکان دەکەونە دۆخی نەگووتنەوە بێدەنگی هەڵدەبژێرن. ئەمە بەو مانایەش دێت، کە نەگووتراو و بێدەنگیی توخمی یەکتریانتێدایە، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی هەندێک جیاوازی لەنێوان چەمکی نەگووتراو و چەمکی بێدەنگیی. ڕاستە ئەوەی نەگووتراوە بێدەنگیلێکراوە، بەڵام ئەوانەی نایانەوێ ئەوە بڵێن،کە دەبوو بگووترایە مانای ئەوە نییە بێدەنگن، مانای ئەوەیە نەگووتن بۆ ئەوان خۆشاردنەوەیە لەناو بێدەنگییەکی سەپێنراو، کە پێشناچێت تەمەنی درێژبێت.
قسەکانی لای سەرەوە ئەوەمان پێدەڵێت، کە نەگوتراو ئەو بەشەیە، کە لە گوتندا نەگوتراوە. بۆ قسەکەر نەگووتن لەوێ بەسوودترە لە گووتن. زۆرجاریش لەبەرئەوەی لە گووتندا ئاشکراکردن و پەردەهەڵماڵین لەسەر شتەکان دێتەئاراوە. کەوابێت نەگووتن سەلامەترە. لێرەوە دەگەینە ئەو شوێنەی بڵێن: نەگووتن لە پەیوەندیدایە بە مێژووی شاردنەوەوە. ئەمە بەو مەرجەی نەگووتراوەکان بریتیبن لە بیرلێکراوی نەگووتراو.
ئەڵبەتە پێویستیشە جیاوازی بکرێت لەنێوان دوو دەستەواژەی نەگووتراودا: دەستەواژەی نەگووتراوی بیرلێکراو و دەستەواژەی نەگووتراوی بیرلێنەکراو. ئەوەی بێدەنگی لەسەری مشەخۆرە نەگووتراوی بیرلێکراوە. ئەوەی لە گووتندا ترسناک و دروستکەری بێدەنگیی و نهێنییە هەر نەگووتراوی بیرلێکراوە. هێما بۆ ئەوەشدەکەین، قوتابخانە فەلسەفییەکانی بیرکردنەوە بۆچوونی فەلسەفیی و زمانەوانی زۆریان سەبارەت بە نەگووتراو و گووتراو خستووەتە ناو ئەندێشەی فەلسەفییەوە، کە ئێرە جێگای باسکردنیان نییە.
گومانیناوێت، نەگووتراوەکان لێوانلێون لە پشگوێخراو و پەراوێزخراوەکان. هاوکات لەبەرئەوەی بە پێکهاتەی نەگووتراوەکانی مرۆڤەکان ئاشنانیین هیچمان لەبارەی چییەتی ئەو گووتنانەوە لەبەردەستانییە، کە دواتر دێن. ئەمەو لەبەرئەوەی نەگووتراوەکان جارێ نەبوونە بە گووتن هیچ حاڵیبوونێکمان لەسەر سێستەمی زمانەوانیان نییە. بۆیە نەگووتراوەکان نە بەهادارن/ و نە بێبەها.
کەی دەگەینە ئەو ئاستەی نەگوتراو بڵێین؟ڕەنگە ئەوە بۆ زۆرێکمان بریتیبێت لە دۆزینەوەی ساتێکی گونجاو بۆ گوتنی نەگوتراوەکان. ئەمەش لەبەرئەوەی ڕەچاوی چوارچێوەی کۆمەڵایەتی/ سیاسیی و کولتووریی نەگووتراوەکان جێگای باسە. کەوابێت، بۆ گووتنی نەگووتراو، گووتن دوای بێدەنگییەکی درێژخایەن، پاش ئاشکراکردنی شتێک، یان گووتن دوای توڕەبونێک شتیتر لەگەڵ خۆیدا دێنێت. زۆرجاریش گووتراوە سواوەکان وامانلێدەکەن لە چاوەڕوانی ئەوەدابیین، کەی نەگووتراوەکان دەبنە گووتراو.
کۆتا دیتنمان لەبارەی نەگووتراوەوە، ئەوەیە، کە گەلێکجار مشتومڕکردن لەسەر مانای پشت دەرنەبڕاوەکان مەرج نییە بمانگەیێننە شوێنێک تێگەیشتنمان لەسەر چییەتی نەگووتراوەکان هەبێت. بۆنموونە، فاشیستەکان بەربەستبوون لەبەردەم گووتندا؛ لە دیرۆکی خۆیاندا دروستکەری نەگووتن بوون، ئەو نەختە گووتنەش لە دەمی نازی و فاشییەکاندا گووترا تائیستاش لە گووتراوە پڕبەهاکانن (گرامشی، یاسنینی شاعیر بەنموونە). شاری ئێمەش لە هەنووکەدا دابڕاو نییە لەو ژینگە فاشییەی کە ئاماژەمانپێکرد؛ کە دۆزێکی لە نەگووتراوی بۆدروستکردووین، سەرباری ئەو چەنەبازییەی شارەکانی ئێستامانی تەنیوەتەوە، هێشتا نەگووتراوەکان هەر لە زیادبووندان.

سەرنج: نەگووتراو unsaid/unspoken

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




بەرەو چەپێکی یەکگرتوو: نەخشەڕێگایەک و دیدێکی پراکتیکی.. ڕزگار ئاکرێی


دەرس و ئاستەنگەکانی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی فراوانی چەپ

پێشەکی
هەرچەندە دەقەکە پشت بە ئەزموونی عێراقی دەبەستێت وەک خاڵی چوونە ژوورەوەی شیکاری، بەڵام ئەوەی باسی دەکات زۆر زیاترە لە کەیسی عێراق بەتەنها. زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری جیهان واقیعی هاوشێوەیان هەیە: بزووتنەوەی ناڕەزایی جەماوەری بەرفراوان کە هەوڵیان دا خۆیان بگۆڕن بۆ هێزێکی سیاسی ڕێکخراو، چەپێک کە ئامادەبوونێکی بەرچاوی لەسەر شەقامەکان نیشان دا بەڵام پەرتەوازە مایەوە، لە کاتێکدا تەحەداکانی ڕێکخراوەیی و هەڵبژاردن لەگەڵ چالاکی بەکۆمەڵی لاواز بەردەوامن و پێویستی بە گرنگیدانی جددی هەیە. عێراق لێرەدا وەک نموونەیەک بۆ بیرکردنەوە و فێربوون خزمەت دەکات و ئەو پرسیارانەی دەخرێنە ڕوو زۆر فراوانترن لە سنوورە جوگرافیەکانی.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەزموونی مەغریبی شایەنی باسێکی تایبەتە. مۆدێلێکی زیندوو و پەرەسەندووی دیالۆگ و کاری هاوبەش لە نێوان هێزە چەپەکاندا پێشکەش دەکات. دامەزراندنی “هاوپەیمانی چەپ” لەنێو کۆمەڵێک هێزە چەپەکانی مەغریبدا وەک لوتکەی پرۆسەیەکی درێژخایەنی هەماهەنگی و کاری هاوبەش هات کە ئیرادەیەکی سیاسی ڕوونی دەربڕی بۆ زاڵبوون بەسەر پەرتەوازەیی کە لەم ساڵانەی دواییدا تایبەتمەندی چەپی هەبووە و پشتبەستن بە مێژووی هاوبەشی خەبات. لایەنە بەشداربووەکان جەختیان لەوە کردەوە کە سروشتی ئەم سەردەمە بە ئاستەنگی سیاسی و ماف و کۆمەڵایەتییەوە پێویستی بە بەهێزکردنی یەکڕیزی کردار، دەستپێشخەری هاوبەش و دروستکردنی ڕۆحی یەکگرتووی خەبات لە بەرگری لە ئازادی و کەرامەت و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەیە. ئەو هێزانەی ئەم هاوپەیمانییە پێکدەهێنن دان بەوەدا دەنێن کە سەردەمی داهاتوو پێویستی بە نوێبوونەوەیەکی فکری و سیاسی هەیە هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی شێوەکانی خەبات و هەروەها داڕشتنی پرۆگرامێکی پراکتیکی یەکگرتوو کە وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی دامەزراندن و تەندروستی و پەروەردە و خانووبەرە و دادپەروەری و پێداویستییە فراوانەکانی کرێکاران بداتەوە.
ئەم مۆدێلە مەغریبییە، سەرەڕای تایبەتمەندی دەقەکەی، گرنگییەکی سیمبولی و هاوڕێیەتی گرنگی هەیە بۆ هەموو هێزە چەپەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا: یەکێتی کاتێک دەگونجێت کە ئیرادەی سیاسی پێش حساباتی تەسکی حزبی بێت. شایانی باسە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هێز و کەسایەتییە چەپەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانیان ئەنجامدا و هەنگاوێک بەهەمان ئاراستەدا هەنگاویان ناوە و دانپێدانانێکی زیاتریان دەربڕیوە بەوەی کە کاتی پێداچوونەوە و کاری هاوبەش و یەکڕیزی بۆتە پێویستییەکی بەپەلە کە ناکرێت دوابخرێت. دوو ئەزموونی مەغریبی و عێراقی هەرچەندە لە ناوەڕۆک و ئامرازدا جیاوازن، بەڵام لەسەر یەک ڕاستی کۆدەبنەوە: یەکێتی و ئیرادەی هاوبەشی هاوڕێیەتی تاکە هێزن کە دەتوانن تووڕەیی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری هۆکارەکە بگۆڕن بۆ هێزێکی سیاسی ڕێکخراو و کاریگەر.
ئەم بەشدارییە ئەزموونی چەپی عێراقی و کوردستانی دەکۆڵێتەوە، وەک بەشدارییەک لە دیالۆگی هاوڕێیانەی بەردەوامی سەبارەت بە ئەگەرەکانی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتوو کە بتوانێت ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگەڕێنێتەوە و ئامادەیی چالاک خۆی نوێ بکاتەوە.

ناوەڕۆک و کێشەی ناوەند

ژمارەیەک خاڵ هەن کە شایەنی گفتوگۆی قووڵن و یارمەتیدەرن بۆ تێگەیشتن لە بۆشایی نێوان تەوژمی جەماوەری و ڕێکخراوە چەپەکان:
ئامادەبوون و کاریگەری: چەپ وەک تاک و کادیر بەشدارییەکی کاریگەر و بەرجەستەی لە مەیدانەکانی خۆپیشانداندا کرد، بەڵام پرسی پەرەپێدانی ئەم ئامادەبوونە بۆ هێزێکی سیاسی یەکگرتوو و ستراتیژێکی ڕاگەیەندراو هێشتا جێگەی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆیە.
بەڕێوەبردنی ناکۆکی ناوخۆیی: ناکۆکی ناوخۆیی نێوان تەوژمە چەپەکان، کاتێک لە دەرەوەی چوارچێوەیەکی کۆمەلایەتی ڕوون و بنیاتنەر بەڕێوە دەبرێت، و کاتێک جەخت لەسەر ئەوان گەورە دەکرێت لەسەر حسابی زۆرێک لە خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە، وزە لە ساتەکاندا کە داوای یەکگرتن و هەماهەنگی دەکەن.
پەرەپێدانی گوتاری سیاسی و میتۆدی ڕێکخراوەیی: دەرفەتێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ پەرەپێدانی میتۆدی ڕێکخراوەیی و گوتاری چەپ بۆ ئەوەی لە ئازاری ڕۆژانەی بەرجەستەی جەماوەرەوە سەرچاوە بگرن و زیاتر بە واقیعەوە گرێیان بدات و توانای قایلکردن و کاریگەرییان زیاتر بێت.
هەماهەنگی هەڵبژاردن: پەرتەوازەیی چەپ بەسەر چەند لیستێکدا کە بەرنامەی هاوشێوەیان هەیە، بە شێوەیەکی گشتی ئەو هەمەجۆرییەی بەرهەم نەهێناوە کە هیوای بۆ دەخوازرێت و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان ئەم هێزانە هێشتا پێویستییەکی پراکتیکی بەپەلەیە.
بنیاتنانی ڕێکخراوە جەماوەریەکان: مۆدێلی زاڵ بۆ بنیاتنانی ڕێکخراوە جەماوەریەکان پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی هێمنانە هەیە، چونکە پشتگیری کردن لە سەندیکاکان و فیدراسیۆنە سەربەخۆکان پێدەچێت بنچینەیەکی فراوانتر و بەردەوامتر لە مۆدێلی “ڕێکخراوە پێشەوە” حزبییەکان پێشکەش بکات.
بەهێزکردنی گەنجان و ژنان: ڕۆڵی سەرەکی گەنجان و ژنان لە بزووتنەوەکانی ناڕەزایی دەربڕیندا پێویستی بە بەهێزکردنی نوێنەرایەتییان هەیە لە دەستەی سەرکردایەتی چەپدا بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی ئەم ڕۆڵە ڕاستەقینەیە.
وەبەرهێنان لە بۆشایی دیجیتاڵی: ئەم ماوەیە دەرفەتێکی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان و بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی کاریگەر لە شەڕی هۆشیاری و پەیوەندی لەگەڵ نەوەکانی نوێ.

ئاسۆی کرداری پێشنیارکراو
دیالۆگ و کارکردن بۆ بنیاتنانی چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتووی فرە پلاتفۆرم، پشت بەستن بە پرۆگرامێکی هاوبەش کە بە زمانی ڕۆژانەیان ڕووبەڕووی جەماوەر ببێتەوە، پێکهاتەیەکی رێکخراوی نەرم و لامەرکەزی کە ڕێز لە تایبەتمەندی هەر پێکهاتەیەک بگرێت، نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەنجان و ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان، سیاسەتێکی دیجیتاڵی کاریگەر کە لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت، و پەیوەندییەکی بەردەوام لەنێوان کاری ناڕەزایی دەربڕین. بەشداری هەڵبژاردن و یەکێتی ڕۆژانە و خەباتی جەماوەری. ئەمە دەبێت لە ئەزموونی جیهانی ئەمریکای لاتین و ئەوروپا سەرچاوەی بگیرێت، کە نیشانی دەدەن کە تێکەڵەی داهێنەرانەی یەکێتی، شەقام، رێکخراو و سندوقی دەنگدان وای لە هێزە چەپەکان کرد لە بارودۆخە سەختەکاندا توڕەیی کۆمەڵایەتی بگۆڕن بۆ گۆڕانکاری سیاسی کاریگەر.
یەکگرتن لە چوارچێوەی چەپی فراواندا کاریگەرترین ڕێگایە بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆڵ و کاریگەری، بەو مەرجەی نوێبوونەوەیەکی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی قووڵ لەگەڵدا بێت کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژیاییەکان هەڵمژێت و وەڵامی ئاواتەکانی نەوەکانی نوێ بداتەوە و چەپ لە ڕووی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەییەوە لەسەر بنەمایەکی نوێ دابمەزرێنێ کە توانای چارەسەرکردنی پرسیارەکانی ئێستا و تەحەداکانی داهاتوو هەبێت.

پێشەکی:
بزووتنەوەکانی ناڕەزایی و داواکاری و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕان، لە شەقامەوە بۆ ڕێکخراو
عێراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین شەپۆلی ناڕەزایی بەخۆوە بینیوە کە تووڕەیی جەماوەری قووڵی بەرامبەر گەندەڵی و دابەشکردنی دەسەڵات و خراپبوونی خزمەتگوزارییەکان دەردەبڕن. بەڵام ڕاپەڕینی تشرینی یەکەمی 2019 دیارترین و کاریگەرترین ساتی پێکهێنا. ئەوە تەنها شەپۆلێکی ناڕەزایی تێپەڕ نەبوو. بەڵکو گوزارشت لە گۆڕانێکی چۆنایەتی دەکات لە هۆشیاری بەشێکی فراوانی کۆمەڵگا، بەتایبەتی گەنجان، سەبارەت بە سروشتی دەسەڵات و ئەگەرەکانی گۆڕان. بۆ یەکەم جار لە ماوەی دەیان ساڵدا، شەقام و گۆڕەپانەکان ڕۆڵی خۆیان وەک بۆشایی سیاسی ڕاستەقینە و ناوەندێک بۆ بەرهەمهێنانی گفتوگۆ، رێکخستن و دەستپێشخەری بەدەستهێنایەوە.
جەماوەری ئەم خۆپیشاندانانە لە شوێنی وەرگری پاسیڤەوە گواستەوە بۆ شوێنی ئەکتەری راستەوخۆ. داواکارییەکان ڕوون و ئاشکرا بوون: نان، کەرامەت، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دامەزراندن، خزمەتگوزاری، و کۆتاییهێنان بە سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵات و گەندەڵی و دیکتاتۆرییەت ئەمانە داواکاری بوون لە ئەزموونی سەختی ڕۆژانەی جەماوەر کە باجی دەیان ساڵ جەنگ و گەمارۆدان و تاڵانکردنی ڕێکخراویان دا. لەجەرگەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا چەپی عێراقی بەهەموو تەوژمەکانییەوە ئامادە و چالاک بوو.
سەرەڕای هەموو ئەم ناڕەزایەتیانە و ڕەتکردنەوەی بەربڵاوی بەشێکی زۆری دانیشتوانی دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر و بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2025 کە تێیدا لیستە چەپەکان نەیانتوانی یەک کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن، ئەو پرسیارە بنەڕەتییە وەک پێویستییەکی سیاسی دێتە ئاراوە کە ناتوانرێت دوابخرێت: بۆچی چەپ نەیتوانی سەرەڕای دادپەروەری گوتاری و قووڵایی ئامادەبوونی لەسەر شەقامەکانی، بۆ گۆڕینی ئەم تەوژمە جەماوەریە بۆ هێزێکی سیاسی ڕێکخراو؟ بۆچی لە بەرگری و دابەشکردندا گیریان خوارد نەک بەرەو شوێنی دەستپێشخەری و یەکڕیزی بڕۆن؟
وەڵامەکە ناتوانرێت تەنها بۆ فاکتەرە دەرەکییەکان کورت بکرێتەوە، هەرچەندە گرنگ بن. بەڵێ، سیستەمی سیاسی دژایەتی گۆڕانکاری دەکات، لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و چەک و میلیشیا و پارەی سیاسی پارێزراوە و لەلایەن تۆڕە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت. بەڵێ، سەرکوتکردن خوێناوی و سیستماتیک بوو، ڕاستەوخۆ چالاکوانان و هێزەکانی گۆڕان و بە تایبەتی چەپ دەکاتە ئامانج. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە هەرچەندە ترسناک بێت، چەپ لە بەرپرسیارێتی پێداچوونەوە بە ئامرازەکانی، شێوەکانی کارکردن و میتۆدۆلۆژیای خوێندنەوە و تێکەڵبوون لەگەڵ واقیعدا بێبەش ناکات.
بزووتنەوەکانی ناڕەزایی و داواکاری توانایەکی جەماوەری گەورەیان بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ئاشکرا کرد، لەگەڵ ئەوەشدا لاوازی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و بۆشایی نێوان گوتاری چەپ وەک لە ناو ڕێکخراوەکاندا بەرهەم دەهێنرێت و هۆشیاری جەماوەری لەسەر شەقام. ئەوان ئاشکرایان کرد کە دادپەروەری هۆکارەکە بەتەنیا بەس نییە ئەگەر ئامرازی رێکخراوی نەرم و هاوچەرخ، یەکخستنی وزەکان، وتاری تێگەیشتن، بەکارهێنانی کاریگەری ئامرازەکانی دیجیتاڵ و ستراتیژێکی ڕوون کە ناڕەزایی دەربڕین بە کاری سیاسی و خەباتی ڕۆژانەی ناو کۆمەڵگاوە دەبەستێتەوە.
ئەم بەشدارییە هەوڵی پێشکەشکردنی وەڵامی ئامادە یان هاوکێشەی جادوویی نادات. بەڵکو هەوڵ دەدات بەشداری لە دیالۆگی بەردەوامدا بکات سەبارەت بە ئەزموونی چەپی عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ دوو میکانیزمی بنەڕەتی گۆڕان هەڵبژاردن و بزووتنەوەی ناڕەزایی و پێشنیارکردنی ئاسۆیەکی کارکردن کە بەشداری لە بنیاتنانی ستراتیژێکی چەپ بکات کە توانای نوێبوونەوە و یەکڕیزی و گەڕاندنەوەی متمانە و کاریگەری و گێڕانەوەی ڕۆڵی مێژوویی هەبێت.

یەکەم: بزووتنەوەی ناڕەزایی و چەپ، دەرفەتێکی مێژوویی و تەحەدای ڕێکخراوەیی

  1. چەپ لە دڵی بزووتنەوەکانی ناڕەزایی
    ئەو بزووتنەوە ناڕەزایی و داخوازییانەی کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لەعیراق و هەرێمی کوردستان بەخۆوە بینیویانە ناتوانرێ بەجیا لەڕۆڵی چەپی عێراقی و کوردستانی لەناویاندا بخوێنرێتەوە بەبێ زیادەڕەوی و کەمکردنەوە، چەپ بەشێکی چالاک بوو لە پێکهاتەی ڕاستەقینەی ئەم خۆپیشاندانانە. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە لە گۆڕەپانەکاندا بەشداری لە ڕێکخستن، بەڕێوەبردنی شوێنی خۆپیشاندان، بەرگریکردن لە کەسایەتی ئاشتیخوازانەی بزووتنەوەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی دزەکردن، چ لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە و چ لە لایەن ئەو هێزانەوە بوو کە دەیانەوێت ڕێڕەوی ڕووداوەکان بگۆڕن.
    لە گۆڕەپانەکانی بەغدا و ناسریە و بەسرە و نەجەف و دیوانیە و هەولێر و سلێمانی و شارەکانی دیکە، چەپ ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بنیاتنانی فۆرمی رێکخراوی ئاسۆیی ناپلەبەندی کە پشت بە دەستپێشخەری تاکەکەسی و هەماهەنگی ڕۆژانە و کاری خۆبەخشانە دەبەستێت. ئەزموونی کەڵەکەبووی ساڵانێک لە خەباتی نهێنی و جەماوەری لە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکان، ڕێکخستنی ڕیزەکان، مامەڵەکردن لەگەڵ سەرکوتکردن و داڕشتنی دروشم دەرکەوت. چەپ هەروەها ئامادەییەکی ڕوونی هەبوو لە کۆمیتەکانی ڕاگەیاندن، لە گەیاندنی وێنەی ئەوەی کە ڕوودەدا، لە شکاندنی قۆرخکاری گێڕانەوەی فەرمی، و لە بەستنەوەی ڕووداوە ناوخۆییەکان بە چوارچێوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی.
    لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای ئەم ئامادەبوونە چڕ و کاریگەرە لە شەپۆلە یەک لەدوای یەکەکانی ناڕەزایەتیدا، چەپ وەک تاک و کادر و چالاکوان ئامادە بوو، زیاتر لەوەی وەک هێزێکی سیاسی یەکگرتوو و ڕێکخراو بە سەرکردایەتی ڕوون و ستراتیژێکی ڕاگەیەندراو ئامادە بوو. ئەم دژایەتییە لە نێوان ئامادەبوونی ڕاستەقینە و لاوازی رێکخراوی یەکگرتوو وردەکاریەکی لاوەکی نەبوو. بەڵکو یەکێک بوو لە کلیلە بنچینەییەکانی تێگەیشتن. چەپ لە جەرگەی ڕووداوەکاندا بوو، بەڵام لە پێگەی سەرکردایەتی سیاسی گشتگیر نەبوو. نەیتوانی بوونی مەیدانی خۆی بگۆڕێت بۆ خاڵێکی سەرچاوەی ڕێکخراوەیی کە بتوانێت کۆرسەکە یەکبخات یان بەلایەنی کەمەوە ئاسۆیەکی پێشکەوتووخوازی ڕوون دابنێت.
    بە بۆچوونی من، ئەم بارودۆخە ڕێکەوت نەبوو. بەڵکو بەرهەمی کەڵەکەبوونێکی درێژخایەن بوو لە کێشەی ڕێکخراوەیی، دوودڵی لە مامەڵەکردن لەگەڵ شێوازە نوێکانی جوڵانەوە، و ترس لە تۆمەتبارکردنی زاڵبوون یان چاودێری بەسەر شەقامدا. زۆرێک لە هێزە چەپەکان پێیان باش بوو کە لە شوێنی پشتیوانی پاشبنەمادا بمێننەوە، یان بە تەواوی تێکەڵ بە چالاکی ناڕەزایی دەربڕین بکەن بەبێ ئەوەی ناسنامەیەکی سیاسی ڕوون نیشان بدەن، لەو باوەڕەدان کە ئەمە خۆپیشاندانەکان لە شێواندن دەپارێزێت یان کەسایەتی جەماوەرییان دەپارێزێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەڵبژاردنە سەرەڕای نیازپاکی، لە پراکتیکدا بۆشاییەکی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەجێهێشت کە هێزەکانی تر بە خێرایی پڕیان کردبووەوە، یان گۆڕدرا بۆ حاڵەتی پەرتەوازەیی و دوودڵی.
  2. بۆچی تەوژمی بزووتنەوەی ناڕەزایی نەگۆڕا بۆ هێزێکی سیاسی چەپ؟
    پرسیاری سەرەکی کە لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: بۆچی چەپ نەیتوانی ئەم تەوژمە گەورە و قوربانییە گەورەیە لە شەپۆلە یەک لەدوای یەکەکانی ناڕەزایی بگۆڕێت بۆ هێزێکی سیاسی ڕێکخراو کە توانای بەردەوامی و کاریگەری هەبێت؟ بۆچی بزووتنەوەکانی ناڕەزایی لە ئاستی ئەنجامە سیاسییەکاندا لاواز بوون بەبێ ئەوەی چوارچێوەیەکی یەکگرتووی چەپ یان پێشکەوتووخواز بەرهەم بهێنن، یان تەنانەت هێزێکی هەڵبژاردنیش کە بتوانێت بتوانێت بێتە ناو گۆڕەپانی سیاسیەوە؟
    چەپی عێراقی و کوردستانی چووە ناو بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکانەوە و ناکۆکی قووڵ و چارەسەرنەکراویان لەسەر سروشتی بزووتنەوەکە و میکانیزمەکانی هەڵگرتبوو ئەم دابەشکردنانە لەناکاو دەرنەکەوتن. بەڵکو بە ڕوونی لە چوارچێوەی ئەم خۆپیشاندانانەدا تەقینەوە. ناکۆکییەکە تەنها لەسەر تاکتیک نەبوو، بەڵکو لەسەر دیدگای ستراتیجی بزووتنەوەکە بوو. ئایا دەبێت خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن تا ئەو کاتەی سیستەمەکە دەڕوخێنرێت؟ یان دەبێت وردە وردە گواستنەوە بەرەو فۆرمی ڕێکخراوەیی جێگیرتر بێت؟ پەیوەندی نێوان گۆڕەپانەکان و رێکخراوەکانی ئێستا چییە؟
    لە ڕێگەی چاودێرییەکانم، سێ تەوژمم لە لای چەپدا دیاری کرد. یەکێک لە تەوژمەکان پێویستی بە گۆڕینی تەوژمی ناڕەزایی بۆ پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی بەردەوام کە توانای پاراستنی دەستکەوتەکان و بەردەوامی خەبات و بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکاندا بکات. تەوژمێکی تر داوای مانەوە لە شەقامەکان دەکات تا گۆڕانکاری ڕادیکاڵ بەدەست دەهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەر گواستنەوەیەکی زوو بەرەو ڕێکخستن لەوانەیە بزووتنەوەکە لە ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەی بەتاڵ بکات. تەوژمی سێیەم لە نێوان دوو بژاردەدا دوودڵ بوو بەبێ چارەسەری ڕوون، کە بووە هۆی گفتوگۆی ناڕوون و گۆڕینی هەڵوێست و لەدەستدانی ئاراستە.
    ئەم دابەشبوونە وەک ناکۆکییەکی تەندروست لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا بەڕێوە نەچوو. بەڵکو بوو بە ململانێیەکی گشتی کە وزەیەکی زۆری بەتاڵ کرد و دۆخێکی سەرلێشێواوی لەنێو جەماوەری ناڕازیدا دروستکرد.

    نەتوانینی بنیاتنانی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی فراوان
    یەکێک لە دیارترین خاڵە لاوازەکانی ئەزموونی چەپ لە کاتی بزووتنەوەی ناڕەزایی و ئۆکتۆبەر وەک نموونەیەکی گرنگ و زیندوو، نەتوانینی لە بنیاتنانی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی فراوان و جێگیر بوو. ڕاستە بزووتنەوەکە سروشتی هەمەجۆر بوو و بەشە جیاوازەکانی لەخۆ گرتبوو، بەڵام ئەم جیاوازییە نەگۆڕا بۆ هاوپەیمانێتییەکی ڕێکخراو. چەپ شکستی هێنا لە دروستکردنی پردی بەهێز و درێژخایەن لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەری و مەدەنی سەربەخۆکان، لەگەڵ سەندیکاکانی پیشەیی و کرێکاری، یان لەگەڵ کەرتی کۆمەڵایەتی فراوانی وەک ژنان، بێکاران، دانیشتوانی گەڕەکە هەژارەکان و خوێندکاران.
    سروشتی بزووتنەوەکە ڕۆڵی هەبوو لەم کێشەیەدا. بۆچوونی “بێلایەنی” لە گۆڕەپانەکانی ناڕەزایی دەربڕیندا زاڵ بوو، کە زۆرێک لە خۆپیشاندەران، ژن و پیاو، ناڕەزاییان هەبوو لە کاری سیاسی پارتیزانی بە هەموو شێوەکانیەوە، ئەمەش بەهۆی ئەزموونی نەرێنی کەڵەکەبووەوە لەگەڵ پارتە تەقلیدییەکان. ئەم هەڵوێستە، هەرچەندە لە چوارچێوەی خۆیدا تێگەیشتووە، بەربەستێکی سایکۆلۆژی دروست کردووە لە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ بنیاتنانی چوارچێوەی ڕێکخراوەیی، تەنانەت ئەگەر سەربەخۆ و نەرم بێت. چەپەکان نەیانتوانی مۆدێلێکی رێکخراوی جێگرەوە پێشکەش بکەن کە ئەم پارێزگارییە بشکێنێت و خۆپیشاندەران ڕازی بکات کە ڕێکخراو مەرج نییە هەژموونی حزبایەتی بێت، بەڵکو ئامرازێکی پێویستە بۆ پاراستنی بزووتنەوەکە و مسۆگەرکردنی بەردەوامی.
    بەشێکی ئەم ئەنجامانە لە سەرکوتکردن و قەدەغەکردنی سەپێنراوەوە سەرچاوە دەگرێت، بەشێکی دیکەش لە لاوازی کاری جەماوەری ئارام و ئارەزووی ڕازیبوون بە ئامادەبوون لە ساتی تەقینەوەدا بەبێ بنیاتنانی رێکخراوێکی بەردەوام پێش و پاش تەقینەوە. جیاواز لە ئەزموونە جیهانییە زۆرەکان کە یەکێتییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بڕبڕەی پشتی هاوپەیمانی چەپیان پێکهێناوە، ئەم هێزانە لە عێراق یان گەمارۆدراون، یان پەراوێزخراون و لاوازن، یان لە دەرەوەی حساباتی ڕاستەقینە بوون.
    ئەنجامەکە ئەوە بوو کە بزووتنەوەکانی ناڕەزایی و داواکاری، سەرەڕای گەورەیییان، تا ڕادەیەکی زۆر بەبێ بەردەوامی ڕێکخراوەیی یەکگرتوو لەسەر ئاستی نەتەوەیی ماونەتەوە، بەبێ باڵێک کە بتوانێت بیانپارێزێت، تەوژمی خۆیان وەبەربهێنێت و بەرگری لە دەستکەوتەکانیان بکات. ئەمە توانای دەسەڵاتدارانی ئاسان کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەیان لە ڕێگەی سەرکوتکردن، کوشتن، دزەکردن، ماندووبوونی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنەوەی کارتەکانیان.

  3. ئایا بزووتنەوەی ناڕەزایی بەتەنیا دەتوانێت گۆڕانکاری بەدەست بهێنێت؟
    ئەزموونی مێژوویی ئەوە دەسەلمێنێت کە ناڕەزایی مەرجێکی پێویستە بۆ گۆڕان، بەڵام بەس نییە. ناڕەزایی پەنجەرەکە دەکاتەوە، بەڵام گرەنتی ئەوە ناکات کە ڕووناکی تێدەپەڕێت. بەبێ ڕێکخراوێکی سیاسی کە بتوانێت ئەو ساتە بقۆزێتەوە، خۆپیشاندانەکان یان دەگۆڕن بۆ تەقینەوەی دووبارەبوونەوە بەبێ ئەنجام، یان دەبنە بزووتنەوەیەک کە کۆنتڕۆڵ دەکرێن یان سەرکوت دەکرێن.
    لە بەهاری عەرەبیدا، ڕژێمەکان کەوتن و دیکتاتۆری چەسپاو لەرزێنرا، بەڵام نەبوونی ئەلتەرناتیڤێکی ڕێکخراو ساتی شەقامی گۆڕی بۆ بۆشاییەکی سیاسی و ڕێگە بۆ ئاژاوە یان گەڕانەوەی دیکتاتۆری بە شێوەیەکی نوێ کردەوە. کێشەکە لە جەماوەر نەبوو، بەڵکو لە بەجێهێشتنی ڕاپەڕینەکان بوو بەبێ ئاسۆیەکی چینایەتی و ڕێکخراوەیی.
    لە مەغریب، ڕاپەڕینی نەوەی Z لە ساڵی 2025 ئەم ناکۆکییەی ئاشکرا کرد. ئەم نەوەیە ناڕەزایی دەربڕی دژی تێچووی ژیان و پەراوێزخستن بە بەکارهێنانی ئامرازی دیجیتاڵی و گفتوگۆی کۆمەڵایەتی راستەوخۆ. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی سنووری کرداری سیاسی بێ چوارچێوە بووەوە، کە توڕەیی وشک کرد بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری پێکهاتەیی بەدەست بهێنێت.
    لە ئەمریکای لاتین، بزووتنەوەکان سەرکەوتوو بوون کاتێک شەقامیان لەگەڵ سندوقەکانی دەنگدان تێکەڵ کرد و فشاری جەماوەری و ڕێکخستنی جەماوەرییان هێشتەوە. لە ئەوروپا شێوازی نوێی ڕێکخستن لە سکی ناڕەزایەتیەکانەوە دەرکەوت و پەیوەندی نێوان شەقام و دامەزراوەکان پێناسەی کردەوە و هاوسەنگییەکی نوێی لەناو سیستەمی ئێستادا دروست کرد. ئەم ئەزموونانە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە خۆپیشاندان بەتەنیا ساتەوەختێکی ناتەواوە مەگەر ببێتە هێزێکی ڕێکخراو لەگەڵ ئاسۆیەکی کۆمەڵایەتی ئازادیخواز.
    دەرسەکە لە ئەزموونی عێراق و ناوچەیی و جیهانییەوە ڕوون و ئاشکرایە: خۆپیشاندان دەرفەت دەخولقێنێت، بەڵام ڕێکخستنی سیاسی ئەو گۆڕانکارییە دەگۆڕێت بۆ گۆڕانکارییەکی کاریگەر و کاریگەر و ڕادیکاڵ.

    دووەم: هەڵبژاردن وەک میکانیزمێک بۆ گۆڕان، خوێندنەوەی ئەزموون

  4. خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانە بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2025
    شکستی لیستە چەپ و پێشکەوتووەکان لە بردنەوەی یەک کورسی پەرلەمان لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2025 تەنها ئەنجامێکی نەرێنی هەڵبژاردن نەبوو. بەڵکو دەربڕینێکی چڕەوە بوو بۆ کێشە پێکهاتەییەکان کە پێویستی بە چارەسەر هەبوو لە پەیوەندی نێوان چەپ و کۆمەڵگا و لە ئامرازە سیاسییەکاندا کە بەکار دەهێنرێن. ئەم ئەنجامە ناتوانێ تەنها بە یاسای هەڵبژاردنی نادادپەروەرانە ڕوون بکرێتەوە، نە بە هەژموونی پارەی سیاسی، نە بە ساختەکاری و دەستکاریکردن، هەرچەندە هەموو ئەم فاکتەرانە ڕاستەقینەن و کاریگەرییەکی زۆریان هەیە. ئەوەی ڕوویدا ئەنجامی کارلێک کردنی ئەم فاکتەرانە بوو لەگەڵ کێشە ڕێکخراوەییە ناوخۆییەکان، کە چەپ نەیتوانی دادپەروەری پڕۆژەکەی بگۆڕێت بۆ هەڵبژاردنێکی جەماوەری قەناعەتپێکەر.

    کێشەکانی سەرچاوە

    گرنگترینیان بۆشایی گەورە بوو لە سەرچاوە و تواناکاندا. لە بەرامبەر توانا زۆر سنووردارەکانی چەپ، هێزە باڵادەستەکان خاوەنی سەرچاوەی دارایی زۆر، ئامێری هەڵبژاردنی ئاڵۆز و تۆڕی فراوانی چاودێری و قازانجیان هەبوو. لاوازی بودجەی چەپەکان و لاوازی ژێرخانی هەڵبژاردنی فەرمانگە خۆجێییەکان و نوێنەران و میدیا و هەڵمەتی مەیدانی رێکخراو، کێبڕکێکەی بە قووڵی نایەکسان کرد. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانەی کە پارەی سیاسی، کاریگەری کارگێڕی و دەسەڵاتی میدیاییان هەیە، توانای چەپی مامناوەند نەیتوانی هاوسەنگییەکی ڕاستەقینە لە شەڕی هەڵبژاردندا دروست بکات.
    ئەم واقیعە یارمەتیدەر بوو بۆ بەردەوامی بوونی پەراوێزی چەپ بە بەراورد لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکان، پرۆسەی هەڵبژاردنی خۆی لاواز کرد، و هەستی بێدەسەڵاتی بەهێزتر کرد تەنانەت لە نێو لایەنگرانی خۆیاندا.

    ئاستەنگەکانی گفتوگۆ و پەیوەندی: لە تیۆرییەوە بۆ واقیع
    ئاستەنگەکانی گفتوگۆ و گفتوگۆ ڕوون و ئاشکرا بوون. گوتاری هەڵبژاردنی هێزە چەپەکان زۆرجار بەردەوام بوو لە بەکارهێنانی زمانی تیۆری و نوخبەیەک کە لە واقیعی ڕۆژانەی جەماوەردا ڕەگ و ڕیشەی نەبوو. زۆرێک لە پرۆگرامەکانی هەڵبژاردن نزیکتر بوون لە لێدوانی ڕۆشنبیری درێژ وەک لە پلانی کاری سیاسی ڕوون. لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی قووڵتر تەنها لە زماندا نەبوو، بەڵکو لە خودی میتۆدۆلۆژیاکەدایە: پێشکەوتن لە تیۆرەکانەوە بەرەو واقیع، نەک بەرەو واقیعی بەرجەستە بەرەو تێگەیشتن و گۆڕین. لەجیاتی گوێگرتن لە ئازاری ڕۆژانەی خەڵک و بنیاتنانی پرۆگرامەکە لەو خاڵەی سەرەتاوە، پرۆگرامەکان پڕ بوون لە بیرۆکەی ئامادە بۆ ئەوەی “دەبێ چی بێت”، بەبێ ڕەچاوکردنی پێویست بۆ ئەوەی چی دەکرێت بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی هێزە چینایەتی و سیاسیەکان.
    پەیامەکە ئاسان نەبوو و دروشمە مەزنەکان وەرنەگێڕدران بۆ وەڵامی ڕاستەوخۆی پرسیارەکانی ڕۆژانەی خەڵک سەبارەت بە دامەزراندن و مووچە و کارەبا و تەندروستی و پەروەردە و نیشتەجێبوون. لەوەش گرنگتر، چەپەکان بەردەوام بوون لە پێشنیارکردنی “چارەسەری خوازراو” بەبێ پێشکەشکردنی “چارەسەری گونجاو”، هەنگاوی کرداری و وردە وردە کە لە ماوەیەکی نزیکدا بەدەست دەهێنرێت. جەماوەر تەنها بەدوای دیدێکی نموونەیی بۆ داهاتوو ناگەڕێت. ئەوان بەدوای هەنگاوی ڕوون و کارپێکراو دەگەڕێن کە ئەمڕۆ ژیانیان باشتر بکات و هیوایان پێ ببەخشێت کە گۆڕانکاری بەڕاستی دەگونجێت. لە بازاڕێکی سیاسیدا کە پشت بە وێنە و پەیامی خێرا و پەیوەندی ڕاستەوخۆ دەبەستێت، چەپ وا دەردەکەوت کە خۆی دەخاتە ڕوو یان ئاراستەی تەوژمێکی تری چەپ دەکات کە هاوڕا نییە، زیاتر لەوەی کە بە زمانی سادە و چارەسەرەکان پەیوەندی بە واقیعی ژیانیانەوە بکات.

    پەرتەوازەیی و سەرلێشێواوی: دەرکەوتەکانی قەیرانی هەڵبژاردنەکانی 2025
    لە هەڵبژاردنەکانی 2025، شکستەکە تەنها بەهۆی لاوازی دەنگەکانەوە نەبوو، بەڵکو لە پەرتەوازەیی و دۆخی سەرلێشێواوی لەگەڵ دیمەنی چەپدا بوو. بەشێک لە چەپەکان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد، هەڵبژاردنێکی تێگەیشتوو بە لەبەرچاوگرتنی لەدەستدانی متمانە بە پرۆسەی سیاسی و سنوورەکانی. هەرچەندە لە پراکتیکدا یارمەتیدەر بوو بۆ زیادبوونی سەرلێشێواوی خەڵک لە جیاتی ئەوەی بگۆڕێت بۆ هەڵوێستێکی ڕێکخراو و وروژێنەر.
    لەگەڵ ئەوەشدا سەرلێشێواویەکە تەنها لە دەرەوە نەبوو. تەنانەت لەناو پارتە چەپە بەشداربووەکانیشدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قووڵایی قەیرانی ڕێکخراوەیی و سیاسی و بۆشایی متمانە لە نێوان بنکە و سەرکردایەتیەکاندایە. لە هەمان کاتدا، هێزە چەپە بەشداربووەکان بەسەر چەند لیستێکدا دابەش بوون بە پرۆگرامی هاوشێوە و گوتاری هاوشێوە. ئەم بڵاوبوونەوەیە هەمەچەشنی داهێنەرانەی بەرهەم نەهێنا. بەڵکو سەرلێشێواوی خەڵکی دروستکرد. جەماوەر بەدوای چەند وەشانێکی هاوشێوەی پڕۆژەی چەپدا ناگەڕێت. ئەوان بەدوای بەدیلێکی ڕوون دەگەڕێن کە بتوانرێت متمانەی پێبکرێت، تێبگات و بەرگری لێبکرێت. کاتێک چەندین وەشانی هەمان پڕۆژە بەبێ چوارچێوەیەکی یەکگرتوو یان ئاسۆیەکی هاوبەش پێشکەش دەکرێن، دادپەروەری خۆی لە بەڵێنێکی ئازادیخوازییەوە دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی سەرلێشێواوی.

    بۆشایی متمانەی جەماوەری
    بۆشایی متمانەی خەڵک مەترسیدارترین توخمە. جەماوەر مەرج نەبوو دژی چەپ دەنگ بدەن، بەڵام بە گشتی ئەڵتەرناتیڤێکی ڕوون و یەکگرتوویان تێدا نەبینی. خەڵکێکی زۆر بەشداری خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان بوون و قوربانی گەورەیان دا، بەڵام لە هەڵبژاردنەکاندا دەربڕینێکی سیاسی ئەو ئەزموونەیان نەدۆزیەوە. ئەوان کەسیان نەدۆزیەوە کە بە ڕوونی پێیان بڵێت: ئێمە بەردەوامی ئەوەین، ئەمە پلانی ئێمەیە، ئەمانە ئەولەویاتی ئێمەن، ئەمانە ئامرازەکانمانن.
    هەروەها بەشداری هەندێک لە هێزە چەپەکان لە حکومەتەکانی دوای 2003، سەرەڕای کاریگەری ڕاستەقینەی سنووردار لەسەر بڕیاردان، لە نێو بەشەکانی دانیشتواندا ئەو تێڕوانینەی دروست کرد کە بەشێک لە چەپەکان پەیوەستە بە سیستەمی سیاسی ئێستاوە. ئەم تێڕوانینەش تەنانەت ئەگەر ڕەنگدانەوەی ڕۆڵ و مەبەستی ڕاستەقینە نەبوو، یارمەتیدەر بوو بۆ لاوازکردنی وێنەی چەپ وەک ئەلتەرناتیڤێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕادیکاڵ لە دەرەوەی دەسەڵات. جەماوەری ناڕازی کە دژی هەموو سیستەم هاتنە دەرەوە بەدوای هێزێکی سیاسی بێ هیچ ناڕوونییەک لە هەڵوێستی بەرامبەر دەسەڵاتدا دەگەڕان، هێزێک کە بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵات و شکستی حکومەت کەڵەکەبوودا نەبێت. ئەم بۆشاییە لەلایەن کەسەوە پڕ نەکرایەوە و سندوقەکانی دەنگدان بە تەواوی بەتاڵ مابوونەوە لە دەنگی چەپەکان.

    تەحەدای دیجیتاڵی و لاوازی وەبەرهێنان لە شۆڕشی تەکنەلۆژیا
    ڕەنگە یەکێک لە مەترسیدارترین خاڵە لاوازەکانی ئەزموونی هەڵبژاردنی چەپەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان شکستهێنان بێت لە وەبەرهێنان لە شۆڕشی دیجیتاڵی و بەکارهێنانی کاریگەر. لە سەردەمێکدا کە بەشێکی زۆری شەڕە سیاسییەکان لە ڕێگەی بۆشاییە دیجیتاڵییەکانەوە بەڕێوە دەچن و ڕای گشتی لە ڕێگەی پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتیەکانەوە شێوە دەکێشرێت، چەپەکان بەردەوام بوون لە کارکردن بە ئامرازە تەقلیدییەکان کە پێویستیان بە گەشەسەندن هەیە. ڕاستە هەندێک لە هێزە چەپەکان ماڵپەڕ و هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان هەبوو، بەڵام ئامادەبوونی دیجیتاڵی لە ئاستی پێویستدا کاریگەر نەبوو، ڕێکخراو نەبوو و توانای کێبڕکێی نەبوو. تیمی ناوەڕۆکی تایبەت دروست نەکرا، هەروەها ئامرازەکانی شیکردنەوەی کارلێک و پێوانەکردنی کاریگەری، هەروەها پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵمەتی دژە یان ناوزڕاندنی سیستماتیک نەبوو.
    لە کاتێکدا هێزە ڕکابەرەکان بە شێوەیەکی کاریگەر وەبەرهێنانیان لە ڕیکلامەکان، داتای گەورە و تەکنیکەکانی کاریگەری سایکۆلۆژیدا دەکرد، چەپەکان ڕازی بوون بە پۆست و لێدوانی درێژ کە نەگەیشتە جەماوەری مەبەست. ئەم دواکەوتنە تەنها تەکنیکی نەبوو. ڕەنگدانەوەی کەلێنێک بوو لە تێگەیشتن لە سروشتی خەباتی هاوچەرخ، کە چیتر بوونی ڕاستی لە لایەن کەسێکەوە بەس نییە، بەڵکو دەبێت توانای گەیاندنی بە زمان و ئامرازەکانی سەردەم هەبێت.

    کێشەی نوێنەرایەتی ژنان لە سەرکردایەتییە چەپەکاندا
    لێرەدا کێشەیەکی قووڵ لە نوێنەرایەتی ژنان لە نێو دەستەی سەرکردایەتی چەپ لە هەموو ڕێکخراوەکاندا سەرهەڵدەدات، سەرەڕای ئەوەی ژنان زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگا پێکدەهێنن، سەرەڕای بوونی چالاک و کاریگەریان لە بنکە ڕێکخراوەییەکان و کاری مەیدانی. ژنان بەشێکی سەرەکی پێکهاتەی خۆپیشاندانەکان بوون و باجێکی قورسیان دا بە قوربانیدان. لەناو ڕێکخراوە چەپەکان خۆیان، ژنان ڕێژەیەکی بەرچاو لە کادرە چالاکەکان و سەرکردایەتی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی بنکە و پارێزگاکان پێکدەهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم چڕی مەیدانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە ئاستی دەزگاکانی سەرکردایەتی باڵادا ڕەنگ نەداوەتەوە کە نوێنەرایەتی ژنان سنووردار دەمێنێتەوە و هەندێک جار سیمبولی نییە، بەبێ دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە بڕیاردانی گرنگ کە زۆربەیان لە دەستی پیاواندا دەمێننەوە.
    ئەم ناکۆکییە لە نێوان ڕۆڵی ڕاستەقینە و نوێنەرایەتی فەرمیدا چەپ لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە لاواز دەکات و بەشێکی گەورەی متمانەی خۆی بێبەش دەکات کاتێک باسی دادپەروەری و یەکسانی دەکات. کێشەکە تەنها ئەخلاقی نییە. ئەوە سیاسی و ڕۆشنبیرییە: چۆن چەپ دەتوانێت داوای گۆڕانی کۆمەڵگا بکات کاتێک یەکسانی لە پێکهاتەکانی خۆیدا بەدەست نەهێناوە؟ چۆن دەتوانرێت متمانەی ژنان لە کۆمەڵگا بەدەست بهێنێت کاتێک خۆیان لە ناوەندەکانی بڕیاردانی ڕاستەقینە لەناو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگادا پەراوێز خراون؟

    کێشەی نوێنەرایەتی گەنجان و نەبوونی سەرکردەی گەنج لە ناوەندەکانی بڕیاردان
    هێزە چەپەکان ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورە دەبنەوە لە نوێنەرایەتیکردنی گەنجان لە پێکهاتەی سەرکردایەتییاندا. هەرچەندە زۆربەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە جەوهەردا ڕاپەڕینی گەنجانن کە لەلایەن نەوەیەکی نوێوە بە ئامرازی نوێ و هۆشیاری جیاوازەوە سەرکردایەتی دەکرێن، بەڵام ئەم واقیعە لە پێکهاتەی سەرکردایەتی چەپ و بڕیاردانیاندا ڕەنگی نەداوەتەوە. تێکڕای تەمەنی سەرکردایەتی ڕاگەیەندراو لە زۆربەی ڕێکخراوە چەپەکاندا لە شەست ساڵ تێدەپەڕێت و تەنانەت لەو حاڵەتانەی کە گەنجان بەشداری پۆستی ڕێکخراوەیی دەکەن، ئامادەبوونیان بەزۆری لە دەرەوەی بەرەی سیاسی دەمێنێتەوە و ڕۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەیان لە داڕشتنی ستراتیجی و بڕیاردان نییە.
    ئەم ناهاوسەنگییە تەنها پرسیاری تەمەن نەبوو، بەڵکو پچڕانی زمان و ئامرازەکان و تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە قووڵەکان بوو. ئەو گەنجانەی کە بە جەستەی خۆیان بەشداری خۆپیشاندان و خۆپیشاندانیان دەکرد و بە دەنگی خۆیان گوتاری خۆیان داڕشت، زیاتر خۆیان لە ڕۆڵی جێبەجێکردن و کاری مەیدانیدا دەبیننەوە، بەبێ بەشداری ڕاستەقینە لە پلاندانان و دانانی ئاراستەی گشتی. ئەم پەراوێزخستنە پێکهاتەیە، تەنانەت ئەگەر مەبەستیش نەبووبێت، پاڵی بە زۆربەیان دا کە لە چوارچێوەی تەقلیدی دوور بکەونەوە و بەدوای شێوازی بەدیلی رێکخراودا بگەڕێن کە ئاسۆیی و نەرمتر بن. ئەنجامەکەش ئەوەیە کە چەپ بەشێکی گەورە و گرنگی وزەی نوێبوونەوەی خۆی تەرخان نەکرد و لە بازنەی دووبارەکردنەوەی هەمان شێوازەکانی سەرکردایەتیدا بەند کرابوو، لە کاتێکدا ئەو نەوەیەی کە دەبوایە لە ناوەنددا بێت لە پەراوێز یان لە دەرەوەی چوارچێوەی چەپ مایەوە.

  5. ئایا هەڵبژاردن میکانیزمێکی گونجاو نییە بۆ گۆڕان؟
    بەشێک لە چەپەکان هەڵبژاردن لە عێراق بە ئامرازێکی نەزۆک دادەنێن یان یارییەک کە ئەنجامەکانی پێشوەخت دیاری کراون. ئەم هەڵسەنگاندنە پشت بە ڕاستی دەبەستێت، بەڵام کاتێک دەگۆڕێت بۆ هەڵوێستێکی پرەنسیپی جێگیر کە بۆ گفتوگۆ و پێداچوونەوە ناکرێت، کێشە دروست دەبێت. هەڵبژاردن وەک میکانیزمێک خۆی لە خۆیدا نە پێشکەوتووخواز و نە پارێزگارە. ئەوان گۆڕەپانێکی ململانێن کە دەتوانرێت بەکار بهێنرێن بۆ بەهێزکردنی زاڵبوون، هەروەک چۆن دەتوانرێت بەکار بهێنرێن بۆ چوونە ژوورەوە، بە پلەی جیاواز.
    ئەزموونی جیهانی دەریدەخات کە چەپ سەرکەوتوو بووە لە چوونە ناو سیستەمی هەڵبژاردنی توندتر کاتێک ستراتیژێکی ڕوونی هەبوو. لە ئەمریکای لاتین و شوێنەکانی تری باشووری جیهان، سیستەمەکان کەمتر ئاڵۆز و زاڵ نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا چەپەکان توانیویانە هەڵبژاردن بگۆڕن بۆ ئامرازێک لە نێو ئەوانی تردا، نەک جێگرەوەی خەباتی کۆمەڵایەتی و نە پێچەوانەی ئەوە. کێشەکە لە عێراقدا تەنیا لە هەڵبژاردندا نەبوو، بەڵکو لە چۆنیەتی چوونە ژوورەوە و بە چ ئامرازێک و بە چ گوتارێک و بە چ هاوپەیمانێتییەک و کاتێک کورسی بەدەست دەهێنرێت میکانیزمی کارکردن لە ناو پەرلەمان دەبێت چی بێت.
    هەڵبژاردن خۆی لە خۆیدا گۆڕانکاری ڕیشەیی ناکات، بەڵام دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی. ڕەتکردنەوەی ڕەهای هەڵبژاردن لەوانەیە هەڵوێستێکی ئەخلاقی بێت، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە لەوانەیە ببێتە هۆی گۆشەگیری. بەشداری نەکراو لەوانەیە ببێتە هۆی بەشداریکردن. تەحەدای ڕاستەقینە بنیاتنانی توانای بەکارهێنانی ئەم میکانیزمەیە بەبێ ئەوەی بکەوێتە داوی ئەو، واتە بەستنەوەی بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جەماوەری زیندوو، پرۆگرامێکی ڕوون و رێکخراوێکی بەهێز کە هەموو دەستکەوتێکی بچووک دەگۆڕێت بۆ دەسکێکی گەورەتر.

    سێیەم : پەرتەوازەیی سەندیکاکانی کرێکاران و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و لاوازی سەربەخۆیی

    یەکێک لە گرنگترین کێشە پێکهاتەییە قووڵەکان کە کاریگەری لەسەر توانای چەپی عێراقی هەبوو بۆ بنیاتنانی بنکەیەکی کۆمەڵایەتی فراوان و سەقامگیر، پەرتەوازەیی لە نێو ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا، بەتایبەتی ڕێکخراوە فێمینیستەکان، خوێندکاران، سەندیکاکانی کرێکاران و سەندیکای پیشەیی. بەشێکی گرنگی ئەم پەرتەوازەبوونە ئەنجامی ڕاستەوخۆی میتۆدی کارکردنی زاڵ بوو لە نێو زۆربەی هێزە چەپەکاندا، کە لەسەر بنیاتنانی سەندیکاکان و ڕێکخراوە جەماوەریەکان وەک بەرەیەکی سیاسی ڕاستەوخۆ بۆ پارتەکە دامەزراوە، نەک وەک رێکخراوێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە کە بەرژەوەندییەکانی کەرتە کۆمەڵایەتییەکانیان دەردەبڕن.
    هۆشیاری سەبارەت بەم بۆچوونە پێویست بوو، بەتایبەتی لە وڵاتێکدا کە ئەزموونێکی تاڵی لە یەکێتی سیاسی لە سەردەمی دیکتاتۆری پێشوودا هەبوو، کاتێک ئەوان بوون بە ئامرازی کۆنتڕۆڵ نەک نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە جەماوەرییەکان. هەڵوێستی نێگەتیڤ بەرامبەر بە یەکێتییە سیاسیکراوەکان هێشتا لە یادەوەری خەڵکدا هەیە و دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەرێم بەردەوامن لە گرتنەبەری هەمان ڕێباز. بەڵام چارەسەر ئەوە نەبوو کە چەپەکان هەمان کار بکەن. بەڵکو دەبێت ئەم شێوازە بشکێنێت و مۆدێلێکی جیاواز پێشکەش بکات لەسەر بنەمای سەربەخۆیی ڕاستەقینە و دیموکراسی و پلۆرالیزم.

    ڕێکخراوەکانی بەرە و ئەلتەرناتیڤی سەربەخۆ
    زۆربەی ڕێکخراوە چەپەکان جەختیان لەسەر دامەزراندنی سەندیکا، فیدراسیۆن و رێکخراوی خۆیان دەکردەوە و هەندێک جار تاکە پارتێک زیاتر لە یەک ڕێکخراو لە هەمان کەرتدا دامەزراند لەبەر هۆکاری پەیوەندیدار بە ناکۆکی ناوخۆیی. ئەنجامەکە دیمەنێکی پەرتەوازەیی دەیان ڕێکخراوی بچووک بوو کە هەریەکەیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نوێنەرایەتی هەمان کەرت دەکەن، بەڵام ڕۆڵیان سنووردار بوو و بەسترایەوە بە هێزی ئەو حزبەی کە لە پشتیانەوە وەستاوە. ئەم بۆچوونە ڕێکخراوەکان لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆیان بەتاڵ دەکاتەوە: ئەو یەکێتییەی کە بۆ خزمەتکردنی پارتێکی دیاریکراو دروست کراوە توانای نوێنەرایەتی کرێکاران لە هەمەچەشنیدا لەدەست دەدات، ڕێکخراوی فێمینیستی توانای خۆی بۆ ڕاکێشانی ژنان لە دەرەوەی بازنەی حزبەکە لەدەست دەدات و یەکێتی خوێندکاران دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی حزبی.
    بنیاتنانی یەکێتیەکی بەهێز و سەربەخۆ بە دەیان هەزار ئەندام هەزار جار باشترە لە دروستکردنی کۆمەڵێک سەندیکای بچووک کە سەر بە پارتە چەپە جیاوازەکانن. یەکێتی سەربەخۆ بەشێوەیەکی کاریگەرتر بەرگری لە مافەکان دەکات، متمانەی فراوانتر بەدەست دەهێنێت، کەش و هەوایەکی پێشکەوتووتر دەخولقێنێت، ئەمەش خزمەت بە پڕۆژەی چەپ دەکات، تەنانەت ئەگەر چەپ کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بەسەر سەرکردایەتی و کارەکەیدا نەکات.
    کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان وەک بنەمایەکی پرکتیکی بۆ بنیاتنانی یەکێتی و فیدراسیۆنی دیموکراتی سەربەخۆ
    بەرهەمدارتر دەبوو ئەگەر هەوڵەکان ئاراستە بکرایە بۆ بنیاتنانی سەندیکای کرێکاری و پیشەیی سەربەخۆ و فیدراسیۆن، شانبەشانی ڕێکخراوە جەماوەری و فێمینیستی سەربەخۆکان، کە کارەکانیان لەسەر بنەمای مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ و کار و پەیماننامەکانی مافەکانی ژنان بنیات بنێن. ئەمانە بریتین لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان، پەیماننامە بنچینەییەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) سەبارەت بە ئازادی کۆبوونەوە و مافی رێکخستن، و پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو شێوەکانی جیاکاری دژی ژنان (CEDAW) لەگەڵ پێوەرە پابەندەکانی بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و دەستەبەرکردنی یەکسانی تەواویان. ئەم پەیماننامانە سەرچاوەیەکی بنچینەیی بۆ کاری ڕێکخراوە سەربەخۆکانی فێمینیستی پێکدەهێنن، وەک چوارچێوەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی کە مافە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی ژنان دەناسێنن و شەرعیەتێک بە خەباتیان دەبەخشن کە لە چوارچێوەی تەسکی ناوخۆیی تێدەپەڕێت.
    ئەوەی لەم پەیماننامانە و ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا دەردەکەوێت زۆرجار لەوە زیاترە کە هێزە چەپەکان خۆیان وەک داواکاری پێشکەوتوو پێشکەشی دەکەن، چ لەسەر مافەکانی کرێکاران، چ مافەکانی خەڵک یان مافەکانی ژنان. سوود وەرگرتن لەم سەرچاوەیانە نەک تەنها چوارچێوەیەکی یاسایی و ئەخلاقی بەهێز بۆ خەباتی یەکێتی و فێمینیستی دابین دەکات، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەستیاری و تۆمەتی سیاسی کردنی پارتیزانی لەناو یەکێتیەکان، فیدراسیۆن و ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا، چونکە داواکارییەکان لە دروشمی ئایدۆلۆژیای گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ مافێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی کە لەبەردەم کۆمەڵگا و دەسەڵاتداراندا بەرگری لێدەکرێت.

    هۆشیاری نوێ و پێویستی پێداچوونەوە

    نەبوونی سەندیکا، فیدراسیۆن و رێکخراوی بەهێز و سەربەخۆ چەپی زۆر لاواز کرد. کاتێک ساتە یەکلاکەرەوەکان هاتن، خۆی لە بۆشاییەکی ڕێکخراوەییدا دەبینیەوە: هیچ سەندیکایەک نەبوو بتوانێت خۆپیشاندان و خۆپیشاندانەکان بگۆڕێت بۆ مانگرتن کە ئابووری ئیفلیج بکات، هیچ بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی خوێندکاران، هیچ ڕێکخراوێکی فێمینیستی کاریگەری فراوانی نەبوو. لە جێگەی ئەوان دەیان ڕێکخراوی بچووکی ڕکابەر وەستابوون.
    جەماوەر، بەتایبەتی گەنجان لە گۆڕەپانەکانی ناڕەزایی چیتر متمانەیان بە ڕێکخراوەکانی یەکێتی و “پێشەوە” نەماوە و شێوەی ئاسۆیی ڕێکخراو و دەستپێشخەری سەربەخۆیان پەسەند کردووە. لە ڕاستیدا، بەشێکی گەورە لە ڕێکخراوە حزبییەکان بە گشتی دوور کەوتوونەتەوە، دیاردەیەکی شایەنی لێکۆڵینەوەیە نەک ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕەتکردنەوە. کات گۆڕاوە و جەماوەر ئەمڕۆ بەرەو ڕێکخراوە سەربەخۆ و فرە پلاتفۆرمەکان دەڕوات کە ڕێز لە سەربەخۆیی خۆیان دەگرن و هێڵە حزبییەکانی ئامادە ناسەپێنن. ئەمە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی هەیە. هەڵبژاردن چیتر لەنێوان بنیاتنانی بەرەیەکی سەربەخۆ یان نەکردنی کاری جەماوەری نییە، بەڵکو لەنێوان بەردەوامی پەرتەوازەیی یان گواستنەوە بۆ پشتیوانیکردنی سەندیکای بەهێز و سەربەخۆ و فیدراسیۆنی کە چەپەکان وەک تاکێک پابەند بە کێشەکانی کەرتەکانیان کار دەکەن.
    پارادۆکسی ئازاربەخش ئەوەیە کە چەپ داوای یەکگرتنی جەماوەری کرێکار دەکات، بەڵام ئەم سیاسەتە بێ مەبەست بووە هۆی بڵاوبوونەوەی هەوڵەکان. ڕێگای یەکگرتن بە فرە ڕێکخراوە سەربەخۆکاندا تێناپەڕێت. بەڵکو بە بنیاتنانی یەکێتی، فیدراسیۆن و رێکخراوی بەهێز و سەربەخۆ تێدەپەڕێت کە هەمووان کۆدەکاتەوە، بێ گوێدانە ئینتیمای ڕۆشنبیری، نەتەوەیی یان ئایینی، لە دەوری بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان.

    چوارەم: بەرەو ستراتیژێکی یەکگرتوو و یەکخستنی ڕێگاکان و یەکخستنی چەپ

  6. تێپەڕاندنی کەمکردنەوە: ناڕەزایی دەربڕین، هەڵبژاردن و ڕێکخستنی یەکێتی
    یەکێک لە دیارترین ئاستەنگەکان کە چەپی عێراق ڕووبەڕووی بووەوە لە بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەدا مامەڵەکردن بوو لەگەڵ ئەو پرسیارە: ئایا ئەولەویەتی هەڵبژاردنە یان خۆپیشاندان؟ ئەم پرسیارە، بەم شێوەیە داڕێژراوە، رەنگە ڕەنگدانەوەی کەموکورتی لە بیرکردنەوەی دیالێکتیکی، و تێگەیشتن لە گۆڕان وەک پرۆسەیەکی ئاڵۆز لەگەڵ چەندین ئاست و ئامراز. مێژوو هیچ نموونەیەکی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی قووڵ لە ڕێگەی میکانیزمی پاک و دابڕاوەوە پێشکەش ناکات. بەڵکو، لە ڕێگەی کارلێکردنی بەردەوامی نێوان شەقام، رێکخراو، دامەزراوەکان، و خەباتی ڕۆژانە.
    ناڕەزایی هەرچەندە گەورە بێت، پێویستی بە ئامرازی تر هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمێکی ئاڵۆز کە دەوڵەت و چەک و پارە و میدیای تێدایە. لە هەمان کاتدا، هەڵبژاردن، مەبەستی بەشداربووان هەرچییەک بێت، پێویستی بە فشاری کۆمەڵایەتی ڕێکخراو و بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێکی ڕاستەقینەی گۆڕان. گرنگترین پرسیار ئەوە نییە کە کامیان هەڵبژێرین، بەڵکو چۆن ستراتیژێک دابمەزرێنین کە هەر ئامرازێک لە شوێنی گونجاوی خۆیدا بەکار بهێنێت و لە یەک دیدگادا بەیەکیان ببەستێتەوە.
    ستراتیجی یەکخراو مانای هەبوونی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی بەردەوام و بەدرێژایی ساڵ و داواکاری ڕوون و توانای خۆڕێکخستن هەیە لە ڕێگەی سەندیکاکان و فیدراسیۆنە جەماوەرییە سەربەخۆکان (کە پێویستی بە تێپەڕاندنی ڕێبازی “ڕێکخراوی پێشەوە” و هەنگاونان بەرەو بنیاتنانی رێکخراوی یەکێتی دیموکراتی هەیە کە بەڕاستی نوێنەرایەتی بنکەکانیان بکات نەک ئەجێندای حزبی)، لە هەمان کاتدا پڕۆژەیەکی هەڵبژاردنی سیاسی چەپی یەکگرتوویان هەبێت. نەک وەک جێگرەوەی شەقام، بەڵکو وەک درێژکراوەی. هەروەها مانای کارکردن لە ناو کۆمەڵگادا، لە سەندیکاکان، فیدراسیۆنەکان، گەڕەکەکان، زانکۆکان و شوێنی کارەکان، وەک گۆڕەپانێکی خەباتی ڕۆژانە کە لە گۆڕەپانی گشتی یان پەرلەمان کەمتر گرنگ نییە. ئەم وانەیە پێویستی بە زیاتر وەرگرتن لە ئەزموونی عێراق هەیە لە شەپۆلی ناڕەزایی یەک لە دوای یەکدا، بۆ دوورکەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی هەمان کێشە لە هەر ساتێکی ناڕەزایی نوێدا.
  7. دەرسەکانی ئەزموونی جیهانی کاری هاوبەش
    ئەزموونی جیهانی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا وانەی ڕوون دەربارەی بەهای تێکەڵکردنی ناڕەزایی و ڕێکخستن و کاری هەڵبژاردن پێشکەش دەکات، نەک وەک ڕێڕەوی دژ بەیەک، بەڵکو وەک ئەڵقەیەک لە یەک زنجیرەدا.
    لە ئەمریکای لاتین، هێزە چەپەکان تەنها دوای پرۆسەیەکی درێژخایەن لە ناڕەزایی کۆمەڵایەتی گەیشتنە دەسەڵات یان پێگەی کاریگەر کە هۆشیارییەکی نوێی بەرهەم هێنا، کە دواتر سیاسی رێکخرابوو.
    لە کۆڵۆمبیا، چەپەکان ڕووبەڕووی مێژوویەکی دوورودرێژ لە سەرکوت و توندوتیژی بوونەوە. پاشەکشەی نەکرد بۆ دابڕانی هەمیشەیی ناڕەزایی دەربڕین. بەڵکو کاری کرد بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانییەکی فراوان کە هێزەکانی چەپ و فێمینیستی و ژینگەیی لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان. ئەم کارە هاوبەشە لەسەر بنەمای کەمترین پرۆگرامێکی ڕوون و ئاشکرا ڕێگەی دا توڕەیی کۆمەڵایەتی بگۆڕێت بۆ هێزی هەڵبژاردن و چەپی هێنایە سەر سەرۆکایەتی بۆ یەکەم جار لە مێژووی وڵاتدا. دەرسەکە لێرەدا ئەوەیە کە یەکگرتن، تەنانەت لە نێوان هێزە جیاوازەکانی ئایدۆلۆژیا، کاتێک دەگونجێت کە لەسەر ئەولەویاتی بەرجەستە بگاتە ژیانی جەماوەر.
    لە بەرازیل، ڕووخاندنی ڕاستڕەوی توندڕەو بەبێ هاوپەیمانییەکی فراوان کە سنوورە تەقلیدییەکانی چەپ تێدەپەڕێنێت، مەحاڵ نەبوو. پارتی کرێکاران سەرەڕای بەهێزی مێژوویی خۆی تێگەیشت کە گەڕانەوە بۆ دەسەڵات تەنیا لە ڕێگەی بنکەی تەقلیدی خۆیەوە نابێت بەڵکو لە ڕێگەی بنیاتنانی بەرەیەکی پێشکەوتووخوازی فراوان کە پشت بە سەندیکاکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و کەرتەکانی چینی ناوەند دەبەستێت ئەم تێکەڵەی کاری جەماوەری و ڕێکخستنی هەڵبژاردن هاوسەنگی سیاسی گەڕاندەوە و نیشانی دا کە پراگماتیزم تاکتیکی مانای وازهێنان لە پرەنسیپەکان نییە، بەڵکو پاراستنی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە.
    لە چیلی، لەگەڵ شکستی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی 2025، چەپەکان لە گۆڕەپانەکە ون نەبوون. بەڵکو ئامادەبوونێکی کۆمەڵایەتی بەرجەستە دەهێڵێتەوە، بە سوود وەرگرتن لە هاوپەیمانییە فراوانەکانی، ڕۆڵی سەندیکاکان و فیدراسیۆنەکان، و تۆڕەکانی کاری کۆمەڵایەتی. ئەم ئامادەبوونە ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە ڕاپەڕینی 2019 دژ بە نیولیبرالیزم دەدۆزێتەوە، کە ڕێگە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی دیمەنی سیاسی کردەوە. بەڵام ئەوەی ئەم ڕێگایەی چارەسەر کرد، تەنها شەقام نەبوو، بەڵکو توانای گۆڕینی ئەم تەوژمە کۆمەڵایەتییە بوو بۆ هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردنی ڕێکخراو کە بووە هۆی سەرکەوتنی سەرۆکایەتی بۆریچ. سەرەڕای شکستەکانی دواتر و سنووردارکردنی ئەزموون لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، هاوپەیمانێتییەکە وەک هێزێکی سیاسی مایەوە، چونکە شەقام لە رێکخستن دابڕاو نەبوو و ناڕەزایی بە ڕۆڵی سەندیکاکان و فیدراسیۆن و کاری کۆمەڵایەتی ڕێکخراوەوە بەسترابووەوە، کە ڕێگە بە بوونی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە دەدا تەنانەت لە کاتی پاشەکشەی هەڵبژاردنەکاندا.
    لە ئەوروپا ئەزموونی لیستی یەکێتی لە دانمارک وەک مۆدێلێکی ڕوون دەوەستێت. سێ پارتی چەپی بچووک کە نەیانتوانی بچنە ناو پەرلەمانەوە، بڕیاریان دا یەکبگرن لە یەک چوارچێوەدا. جیاوازییەکانیان نەهێشتەوە، بەڵام لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی نەرمدا بەڕێوەیان بردوون کە ڕێگە بە یەکخستنی هەوڵی هەڵبژاردن و بنیاتنانی ئامادەبوونێکی جەماوەری بەردەوام دەدات. ئەنجامەکە گواستنەوەی چەپ بوو لە پەراوێزەوە بۆ پێگەیەکی کاریگەر، بەبێ وازهێنان لە ڕادیکاڵیزمی کۆمەڵایەتی.
    ئەوەی ئەم ئەزموونانە یەکدەخات دانپێدانانیان بەوەی کە گۆڕانکاری لە یەک ئامرازەوە دەرناکەوێت، نە لە یەک ساتەوەخت، بەڵکو لە کاری کەڵەکەبوو، یەکگرتوو و ڕێکخراو کە تووڕەیی کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنی سیاسی و کاری ڕۆژانە لەناو کۆمەڵگادا تێکەڵ دەکات. هەموویان ڕووبەڕووی کۆسپ و شکستیان بووەوە، بەڵام نەگەڕاونەتەوە بۆ سفر، چونکە چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەییان دامەزراند کە توانای فێربوون و خۆگونجاندنیان هەیە.
  8. ئەمە بۆ چەپەکانی عێراق چی دەگەیەنێت؟ پێویستیی هەڵسەنگاندنی زانستی و نوێکردنەوەی گشتگیر
    چەپی عێراقی بەدەر نییە لە یاساکانی خەباتی کۆمەلایەتی ئەوەی لێرەدا سەرکەوتوو نەبوو لە شوێنێکی تر سەرکەوتوو بوو، نەک لەبەر ئەوەی ئەو کۆمەڵگایانە باشتر یان ئاسانترن، بەڵکو لەبەر ئەوەی هێزە چەپەکان لەوێ بوێری ئەوەیان هەبوو هەڵسەنگاندنێکی زانستی ڕەخنەگرانە بۆ ئەزموونەکانیان ئەنجام بدەن، وەبەرهێنان لە گەشەی مەعریفی و ئامرازی دیجیتاڵی مۆدێرن بکەن بۆ تێگەیشتن لە واقیع و پێوانەکردنی کاریگەری، وە نەرمی پێویستیان هەبوو بۆ نوێکردنەوەی ئامرازەکانیان و پەرەپێدانی گفتووگۆ و شێوە ڕێکخراوەییەکانیان لەگەڵ گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکاندا. عێراق خاوەنی توانایەکی گەورە و هۆشیاری پێشکەوتوو و ئەزموونی قووڵی خۆپیشاندانەکانە. ئەوەی کەموکورتی هەیە تووڕەیی نییە، بەڵکو ڕێکخستنە. ئازایەتی نییە، بەڵکو میتۆدی زانستی لە هەڵسەنگاندن و ئامادەیی بۆ نوێبوونەوەی بنەڕەتی.
    ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە هەڵسەنگاندنێکی زانستی گشتگیرە بۆ ئەزموونی چەپی عێراق، بە پشتبەستن بە شیکردنەوەی قووڵ بۆ داتا بەردەستەکان، ڕاپرسی ڕاستەقینە لەسەر ڕای گشتی و ئاراستەکان، و لێکۆڵینەوەی ورد لە هاوسەنگی هێز چینایەتی و سیاسی. هەڵسەنگاندنی زانستی مانای ڕازیبوون بە تێڕوانین یان لێکدانەوەی ئامادە نییە. بەڵکو پێویستی بە بەکارهێنانی ئامرازی شیکاری مۆدێرن هەیە، لە زانستی داتەوە بۆ توێژینەوەی کۆمەڵایەتی، بۆ تێگەیشتن لە کوێ شکستمان هێنا، لە کوێ سەرکەوتوو بووین، لە کوێ هەڵەمان کرد، و چی دەتوانرێت ڕاست بکرێتەوە. ئەم هەڵسەنگاندنە دەبێت ببێتە هۆی نوێبوونەوەیەکی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی قووڵ کە لە پێداچوونەوە بە گریمانە کۆنەکان نەترسێت و دوودڵ نەبێت لە پێشنیارکردنی چارەسەری نوێ کە بە نەرمی و توانای خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعی گۆڕاو تایبەتمەند بێت.
    ئەوەی پێویستە گواستنەوەی میکانیکی ئەزموونی کەسانی تر نییە، بەڵکو سوود لێوەرگرتنە بەشێوازێکی گونجاو لەگەڵ واقیعی خۆمان و هاوسەنگی چینایەتی و سیاسی هێزەکان لەعیراق و هەرێمی کوردستان و تایبەتمەندی پێکهاتەی کۆمەلایەتی و مێژووی ناوخۆیی خەبات هەر ئەزموونێک ناوەڕۆکی خۆی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا یاسا گشتییەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی بە دروستی دەمێننەوە: یەکگرتن، ڕێکخستن، تێکەڵکردنی ئامرازە جیاوازەکانی خەبات، و پەیوەندی ئۆرگانیکی لەگەڵ جەماوەر. لە هەمووی گرنگتر توانای فێربوونی بەردەوام، هەڵسەنگاندنی خولی و گەشەپێدانی خودی لەسەر بنەمای ئەزموونی کەڵەکەبووو داتای نوێ.
    تێکەڵکردنی ناڕەزایی لەگەڵ هەڵبژاردن، شەقام لەگەڵ دامەزراوەکان، پێویستییەکی پراکتیکی بەپەلەیە کە لە خوێندنەوەی واقیع و هاوسەنگی هێزەوە وەرگیراوە. بەبێ ئەم تێکەڵەیە، چەپ بەردەوام دەبێت لە جوڵە لە بازنەیەکی خراپدا: تەقینەوەی ناڕەزایی بەهێز لە شەقامەکان بەڵام کاریگەری سیاسی بەردەوامی سنووردارە و بەشداری لاوازی هەڵبژاردن چونکە لە بنکەیەکی کۆمەڵایەتی ڕێکخراوەوە دابڕاوە.

    پێنجەم: بنیاتنانی چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتوو و پێویستی و ئەگەرەکان
    پرسی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتوو لە عێراقدا چیتر بابەتێکی تیۆری یان خۆشگوزەرانی سیاسی نوخبەی نییە. بەڵکو گۆڕاوە بۆ پێویستییەکی مێژوویی دەستبەجێ کە هاوسەنگی هێز و ئەنجامی ئەزموون و سنوورەکانی بەردەوامبوون بە هاوکێشەی ئێستا سەپاندووە. پەرتەوازەیی چیتر تەنها لاوازی نییە. بۆتە بەربەستێکی ڕاستەقینە لەبەردەم هەر ئەگەرێکی کاریگەری، و سەرچاوەیەکی هەمیشەیی بۆ لەدەستدانی متمانەی خەڵک. ئەزموون دەریخستووە کە چەپ کە وەک دوورگەیەکی ڕکابەری جیا کار دەکات، نەیتوانیوە ئامادەیی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری خۆی بگۆڕێت بۆ هێزێکی سیاسی ڕێکخراو، هەرچەندە تەنها گوتاری خۆی بێت یان قوربانییە قووڵەکانی.
    چوارچێوەی یەکگرتوو مانای نەهێشتنی جیاوازییە ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەییەکان و تواندنەوەی هەمووان نییە بۆ یەک پارتێکی داخراو. ئەزموونی جیهانی دەریدەخات کە چوارچێوە فراوانە سەرکەوتووەکان ئەوانەن کە فرەیی لەناویاندا بەڕێوە دەبەن، نەک ئەوانەی جیاوازییان سەرکوت کردووە. ئەوەی پێویستە چوارچێوەیەک بێت لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی هاوبەش کە ئەولەویاتی بەپەلە دیاری بکات و بابەتە تیۆرییە مشتومڕەکان بۆ گفتوگۆی دیموکراتی بەجێبهێڵێت، بەبێ ئەوەی ڕێگە بدات ببنە هۆکاری ئیفلیج.
    ئەم چوارچێوەیە دەبێت بۆ پارت و ڕێکخراوەکان و هەروەها بۆ ئەو چالاکوانانەی کە سەر بە هیچ رێکخراوێک نین کراوەبێت. بەشێکی زۆری چەپەکانی ئەمڕۆ لە دەرەوەی چوارچێوەی حزبی تەقلیدی کار دەکەن، یان بەهۆی سیاسەتی ڕێکخراوەیی هەڵە، ڕەتکردنەوەی فۆرمی ڕێکخراوەیی بەردەست، یان هۆکاری تر.

    نەخشەڕێگا: بنەما پراکتیکییەکان بۆ چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتوو
    هاوپەیمانێتییەکە کێ لەخۆ دەگرێت؟ یەکڕیزی لەسەر بنەمای کاری کۆمەلایەتی نەک لەسەر بنەمای شوناسی ئایدیۆلۆژی
    چوارچێوەی یەکگرتووی خوازراو دەبێت کراوە و گشتگیر بێت و سەرجەم هێزە چەپ و پێشکەوتووەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە بەبێ پەراوێزخستن و پەراوێزخستن واتە پارت و ڕێکخراوە چەپەکان لە هەموو تەوژمە جۆراوجۆرەکانیان، کۆمۆنیست، سۆسیالیست، پێشکەوتووخواز و مەدەنی. هەروەها ڕێکخراوە جەماوەریەکان، سەندیکاکانی کرێکاران و پیشەیی، فیدراسیۆنی خوێندکاران، رێکخراوەکانی فێمینیستی و ڕێکخراوەکانی ماف، ژینگەیی و مەدەنی دەگرێتەوە کە دیدێکی پێشکەوتووخواز و تێکۆشان بۆ زۆرترین ئاستی دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی هاوبەشن. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە چوارچێوەکە دەبێت کراوەبێت بۆ چالاکوانانی سەربەخۆ، ئەوانەی سەر بە هیچ ڕێکخراوێکی حزبی نین، بەڵام بڕوایان بە پڕۆژەکە هەیە و کاری بۆ دەکەن.
    پێوەر لێرەدا ئینتیمای ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو پراکتیکی ڕاستەقینەیە: هەموو کەسێک کە کار دەکات و بەشداری دەکات لە گۆڕینی ژیانی جەماوەر بۆ باشتر و تێکۆشان بۆ یەکسانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ماف و کەرامەتی مرۆڤ، بەشێکە لە کەمپی چەپ، بێ گوێدانە ئەو ناوەی هەڵیگرتووە یان باکگراوندی ڕۆشنبیری کە لێوەی دەڕۆن. چەپ ناسنامەیەکی ئایدیۆلۆژیای داخراو نییە. بەڵکو هەڵوێستێکی پراکتیکییە لەسەر واقیع، و هەڵبژاردنێکی ڕوونە بۆ لایەنگری جەماوەری کرێکار. ئەم هاوپەیمانییە فراوانە دەبێت لەچوارچێوەی پێکهاتەیەکی دێموکراسی ڕووندا بەڕێوە ببرێت کە ڕێز لەتایبەتمەندییەکان بگرێت و لەسەر بنەمای هاوبەش بنیات بنرێت و هەمووان بەرەو یەک ئامانج ئاراستە بکات ئەویش گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان
    ناوێکی سادە و ناسنامەیەکی یەکگرتوو.
    چوارچێوەی یەکگرتوو پێویستی بە ناوێکی سادە و تێگەیشتوو هەیە کە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە دەرببڕێت بەبێ ئەوەی باری ناونیشانە تەقلیدییەکان هەڵبگرێت کە پڕ بووە لە مێژووی دابەشبوون و لێکدانەوەی ناکۆک. ناوێکی سادە و نزیک لە جەماوەر وەک “هاوپەیمانی نان و ئازادی” ڕاستەوخۆ مانای پڕۆژەکە دەگەیەنێت و بە زمانی ڕۆژانەیان ئاراستەی جەماوەر دەکات. ئامانج شاردنەوەی ناسنامەی چەپ نییە، بەڵکو پێشکەشکردنی لە ناوەرۆکی پراکتیکیدا نەک لە ڕێگەی ناونیشانە مێژووییەکانییەوە. ژمارەیەکی زۆر ئەزموونی جیهانی سەلماندویەتی کە ناوە سادەکان کە لە داواکاری بەرجەستەوە سەرچاوە دەگرن، سەرکەوتوو دەبن لە دروستکردنی پردێکی فراوانتر لەگەڵ کۆمەڵگادا و تێپەڕاندنی بەربەستە سایکۆلۆژییەکان کە دەیان ساڵ لە جەمسەرگیری سیستماتیک و ناوزڕاندنی هەموو شتێک کە ناوی چەپ، کۆمۆنیست، یان سۆسیالیست هەڵگرتووە.

    بەرنامەیەکی ڕوون و ڕاستەوخۆ
    پرۆگرامێک کە جەخت لەسەر ئەو شتانە دەکاتەوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا بەدەست دەهێنرێت، بەبێ ئەوەی ئاسۆی ستراتیجی بەجێ بهێڵێت. خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، دامەزراندن، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، مافەکانی تەواوی ژنان، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، پاراستنی ئازادییەکان و ئەوپەڕی دادپەروەری کۆمەڵایەتی. پرۆگرامێکی کورت و تێگەیشتوو، کە لە شەقامدا ڕوون دەکرێتەوە، نەک بەڵگەنامەیەکی تیۆری وردەکار. پرۆگرامێک کە لە واقیعەوە بنیات نراوە، بەردەوام پەرەی پێدراوە و پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت لە ڕێگەی دیالۆگی کراوە لەگەڵ بنکە جەماوەریەکان و گوێگرتن لە ئەزموونی ڕۆژانەیان.

    پێکهاتەی ڕێکخراوی نەرم
    سەرکردایەتی خولانەوەی بەکۆمەڵ کە تێیدا دەسەڵات لە دەستی تاک یان رێکخراوێکی دیاریکراودا چڕنەبێتەوە. فۆرمی ئەندامێتی فرە کە ڕێگە بە ئەندامێتی تاک و ڕێکخراوەکان دەدات لە یەک کاتدا. لامەرکەزییەتی بەرفراوان ڕێگە بە هەر پارێزگایەک و هەر کەرتێکی کۆمەڵایەتی دەدات خەباتی ڕۆژانەی خۆی لە چوارچێوەی هێڵی گشتیدا بەڕێوە ببات. پێکهاتەیەکی کراوەیە بۆ تاقیکردنەوە، ڕێگە بە فۆرمی نوێی ڕێکخراوەیی دەدات کە وەڵامی تایبەتمەندییەکانی ناوچە و گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بداتەوە، بەبێ سەپاندنی یەک مۆدێلی ڕەق بەسەر هەمووان. هەر پارتێکی بەشداربوو سەربەخۆیی تەواوی ڕێکخراوەیی و پرۆگرامەکانی خۆی و کاری ڕێکخراوەیی خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەکە دەپارێزێت، لە کاتێکدا چوارچێوەی یەکگرتوو وەک بۆشاییەک دەمێنێتەوە بۆ کاری هاوبەش لەسەر خاڵە ڕێککەوتووەکان و ئەولەویاتەکان.

    بەهێزکردنی ڕاستەقینەی گەنجان و ژنان
    نەک لە ڕێگەی گفتوگۆ، بەڵکو لە ڕێگەی یاسای ڕێکخراوەیی ناچاری. پشکی نوێنەرایەتی ڕوون لە دامەزراوەکانی سەرکردایەتی، و دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە بڕیاردان. نوێبوونەوە لەخۆوە ڕوو نادات. بەڵکو لە ڕووی رێکخراوییەوە فەرمان دراوە. گەنجان و ژنان هاوپۆلی یارمەتیدەر یان سیمبولی نین. بەڵکو هێزی ڕاستەقینەی گۆڕانن. ئەمە مانای گرتنەبەری میکانیزمەکانی پابەندبوون وەک خولانەوەی سەرکردایەتی نێوان ژن و پیاو و سیستەمی دوو پۆست لە دامەزراوەکانی سەرکردایەتی کە هەر پۆستێکی سەرکردایەتی لە یەک کاتدا پیاو و ژنێک بە دەسەڵاتێکی یەکسانەوە داگیر دەکەن. بەهەمان شێوە، پشکی زۆرەملێ بۆ نوێنەرایەتی گەنجانی خوار تەمەن چل ساڵ دەبێت لە هەموو ئاستەکانی سەرکردایەتیدا تەرخان بکرێت و دەسەڵاتی راستەقینەی هەبێت لە بڕیاردان. تواناسازی ڕاستەقینە مانای ئەوەیە کە گەنجان و ژنان ڕۆڵێکی ڕاستەقینەیان هەیە لە داڕشتنی سیاسەت و دیاریکردنی ئەولەویەتەکان، نەک تەنها ئامادەبوونی سیمبولی یان ڕۆڵێکی سنووردار.

    میدیای مۆدێرن و سیاسەتی دیجیتاڵ
    بۆشایی دیجیتاڵی ئەمڕۆ گۆڕەپانێکی سەرەکی خەباتی چینایەتییە. چوارچێوەی یەکگرتوو دەبێت پلاتفۆرم، تیمی ناوەڕۆک و توانای شیکردنەوەی کارلێکردن، پێوانەکردنی کاریگەری و بەکارهێنانی ئامرازی دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد بۆ تێگەیشتن لە بینەران هەبێت. گفتوگۆ دەبێت سادە، ڕاستەوخۆ و پەیوەست بێت بە واقیعی ڕۆژانەوە، بەبێ ئەوەی واز لە قوڵایی سیاسی بهێنێت. وەبەرهێنانی کاریگەر لە پەرەپێدانی دیجیتاڵی ئێستا پێویستییەکی وجودییە و دواکەوتن مانای نەبوونی ڕاستەقینەیە لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی هاوچەرخ.

    بەستنەوەی ناڕەزایی بە کاری ڕۆژانەوە
    دروستکردنی کۆمیتەی جەماوەری لە گەڕەکەکان، و کارکردن لە نێو سەندیکاکان و فیدراسیۆنەکان لەگەڵ ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و بەستنەوەی کێشە ناوخۆییەکان بە پڕۆژەی سیاسی گشتی. تەنها بەم شێوەیە چوارچێوەکە لە قەوارەیەکی هەڵبژاردنی وەرزییەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی هەمیشەیی. کاری ڕۆژانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەرجەستەکانی خەڵک، لە بڕینی ئاو تا بێکاری و جیاکاری، متمانەی ڕاستەقینە دروست دەکات و دروشمەکان دەگۆڕێت بۆ ئەزموونی ژیان.
    میکانیزمی چاره سه رکردنی ناکۆکییه کان و به ڕێوه بردنی جیاوازی
    چوارچێوەیەکی یەکگرتوو بەتاڵ نابێت لەناکۆکی و ئەمەش سروشتی و تەندروستە کێشەکە لە بوونی ناکۆکیدا نییە، بەڵکو لە لاوازی میکانیزمی دیموکراسی ڕوونە بۆ بەڕێوەبردنی. دەبێت چوارچێوەکە یاسای دیموکراتی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان لەخۆ بگرێت و ڕێگە لە گۆڕینیان بۆ ململانێی گشتی بگرێت کە یەکێتی لاواز دەکات و کاری سیاسی و جەماوەری تێک دەچێت.

    شەشەم : دەرئەنجام، یەکڕیزی و نوێبوونەوە، ڕێگای گێڕانەوەی ڕۆڵی مێژوویی
    بنیاتنانی چوارچێوەیەکی یەکگرتوو بۆ چەپ بە دڵنیاییەوە ڕێگایەکی ئاسان نابێت و ئەمە شتێکە کە هەموو ئەوانەی بەدوای مێژووی چەپدا کەوتوون و خەباتی درێژخایەنی دژ بە دیکتاتۆرییەت و چەوساندنەوە و هەروەها کێشە و خاڵە لاوازەکانی ئەو بزووتنەوەیە تێگەیشتوون. تەحەدایەکی بابەتی بە بەهێزی ئامادەیە: سەرکوتی سیاسی، پارەی زۆر، میدیای زاڵ و دابەشبوونی قووڵ لە کۆمەڵگا. لەپاڵ ئەمانەشدا تەحەدایەکی بابەتی هەن کە کەمتر گرنگ نین و لە سەختی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری لەناو هەندێک ڕێکخراوی چەپدا دەردەکەون، هۆشیاری لە لەدەستدانی پۆستەکان، زیادەڕەوی لە ناکۆکییە لاوەکیەکان، و پەیوەست بوون بە فۆرمە کۆنەکان کە پێویستیان بە پەرەپێدان هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ واقیعی نوێدا بگونجێت.
    ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەدایانە پێویستی بە هۆشیارییەکی قووڵ هەیە سەبارەت بە سروشتی قەیرانەکە، ئیرادەی سیاسی ڕاستەقینە و ئامادەیی بۆ تاقیکردنەوە و گەشەسەندن. هیچ هاوکێشەیەکی ئامادە یان چارەسەری جادوویی نییە. ئەوەی هەیە ڕێگایەکی دوورودرێژە کە پێویستی بە ئارامگرتن، بوێری ڕێکخراوەیی، و توانای ڕاستەقینە بۆ ڕەخنەگرتن لە خۆیەتی، ئەو تایبەتمەندییانەی کە لەمێژە چەپیان لە ساتەکانی سەرهەڵدانی مێژوویدا جیا کردووەتەوە.
    پاش چەندین ساڵ لە خۆپیشاندان و داواکاری جەماوەری و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2025 چەپی عێراق و کوردستان لە چوارڕیانێکی یەکلاکەرەوە وەستاوە یان بەردەوام بوون لەسەر هەمان ڕێگا بە ئەنجامە زانراوەکانەوە، یان ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێبوونەوە و یەکگرتن لەگەڵ هەموو ئەو مەترسی و ئەگەرانەی کە هەڵیگرتووە. بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکان ڕۆڵی مێژوویی چەپیان وەکوو ویژدانی کۆمەڵایەتی و هێزی پاڵنەر بۆ گۆڕان وەبیرهێنایەوە و نیشانیان دا کە جەماوەر ئامادەیە بۆ خەبات و ترس چارەنووس نییە. لە هەمان کاتدا، ئەوان ئاشکرایان کرد کە توڕەیی بەتەنیا بەس نییە، و دادپەروەری بەبێ رێکخستن وزەیەکی بەکارنەهێنراو دەمێنێتەوە.
    ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە چەپێکی یەکگرتووە کە بوێری پێداچوونەوە بە خۆی هەبێت بەبێ ئەوەی واز لە کرۆکی چینایەتی و مرۆیی بهێنێت چەپێک کە دان بەوەدا دەنێت کە ئامرازەکانی خەبات گۆڕاون و سیاسەت چیتر تەنها لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا بەڕێوە ناچێت، بەڵکو لە بۆشاییە دیجیتاڵییەکان و جەنگە جۆراوجۆرەکانی هۆشیاریدا بەڕێوە دەچێت. چەپێک کە ناڕەزایی و کاری هەڵبژاردن و ئەزموونی مێژوویی لەگەڵ پێداویستییەکانی نوێبوونەوە تێکەڵ دەکات.
    لەم چوارچێوەیەشدا دەبێت ڕێز لە خەبات و ڕۆڵی مێژوویی هێزە چەپەکانی عێراق و کوردستان بگیرێت کە دەیان ساڵە درێژە ئەم هێزانە کە شەرەف و ئیمتیازی تێکۆشانیان هەبوو لە ڕیزەکانیاندا بێ جیاوازی لە پرەنسیپترین هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانن قوربانی گەورەیان پێشکەش کرد و بەخوێنی کادر و سەرکردایەتییەکانیان بەهای گرانیان دا و هەمیشە لە پێگەی بەرگری لە کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر لە دژی هەموو شێوەکانی دیکتاتۆرییەت و چەوساندنەوە و تایەفەگەری و گەندەڵی مابوونەوە جیاوازی تاکتیکی و تیۆری هەرچییەک بێت، ئەم مێژووی خەباتە وەک سەرمایەیەکی جەماوەری و مرۆیی دەمێنێتەوە کە نکۆڵی لێناکرێت یان کەم ناکرێتەوە.
    لەگەڵ ئەوەشدا دڵسۆزی بۆ ئەم مێژووە تەنها نۆستالژیا نییە. لەسەر بنیات دەنرێت. ئەو ڕەخنەیەی لەم بەشدارییەدا بەرز دەکرێتەوە کەمکردنەوەی ئەم هێزانە نییە، بەڵکو بانگهێشتێکی هاوڕێیانەیە بۆ گێڕانەوەی ڕۆڵی مێژوویی خۆیان لە فۆرمێکی هاوچەرخدا. چونکە پرسیاری ئەمڕۆ چیتر ئەوە نییە کە ئایا ئێمە خاوەنی بیرۆکەی ڕاست بووین یان نا، چونکە چەپ هەمیشە خاوەنی ئەو بیرۆکەیە بووە. بەڵکو چۆن بیگۆڕین بۆ ئامرازێکی کاریگەر کە بتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی جەماوەر دروست بکات و باشتر بکات. مێژوو پاداشتی ئەوانە دەدات کە توانیویانە تەنها بیرۆکەکان بگۆڕن بۆ هێزێکی ماددی ڕێکخراو.
    یەکێتی هەڵبژاردنێک نییە لە نێوان هەڵبژاردنەکاندا. بەڵکو ڕێگایەکی بنەڕەتییە بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆڵ و کاریگەری. لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی بەتەنیا بەس نییە، ئەگەر نوێبوونەوەی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی قووڵ لەگەڵدا نەبێت. ئەوەی پێویستە تەنها کۆکردنەوەی هێزە پەرتەوازەکان نییە لە ژێر یەک سەقفدا. بەڵکو بنیاتنانەوەی چەپ لەسەر بناغەی نوێ کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژیاییەکان هەڵدەمژێت، وەڵامی هۆشیاری نەوەکانی نوێ دەداتەوە، و فۆرمی ڕێکخراوەیی تێدەپەڕێنێت کە پێویستی بە گەشەپێدان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی سەردەم. نوێبوونەوە واتە پێداچوونەوە بە وتار، مۆدێرنکردنی ئامرازەکان، و دووبارە بیرکردنەوە لە پەیوەندی نێوان ڕێکخراوە چەپەکان و کۆمەڵگا، شێوەکانی سەرکردایەتی، میکانیزمی بڕیاردان و شتی تر.
    ئەم پڕۆژەی یەکخستن و نوێکردنەوەیە تایبەتمەندییەکان ناهێڵێت و هەڵوەشاندنەوە ناسەپێنێت. بەڵکو لەسەر بنەمای هاوبەش بنیات دەنرێت و ڕێز لە فرەیی دەگرێت و وزە ئاراستە دەکات بۆ ئامانجی هاوبەشی بنەڕەتی ئێستا: بنیاتنانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەسەر بنەمای دیموکراسی، حوکمی دامەزراوەکان، هاووڵاتیبوون و یەکسانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، کەرامەتی مرۆڤ و ئازادی ڕاستەقینە بۆ هەموو ژنان و پیاوانی هاووڵاتی. لێرەدا تەحەدایەکی ڕاستەقینە لەبەردەم چەپی عێراقی و کوردستانی ئەمڕۆدایە و لێرەدا ئاسۆی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان مانای قووڵی خۆی دەردەخات ئەگەر ئێمە بوێری ئەوەمان هەبێت کە پێکەوە بڕۆین و یەکگرتوو و یەکگرتوو بین لە هەمەچەشنیدا و لە بیرکردنەوە و ڕێکخستندا نوێ ببینەوە و لە یەکڕیزیدا بەهێز بین.

ڕزگار ئاکرێی




ڕاڤەیتر1: لەدایکبوونی ڕاڤەی تر.. ئازاد حەمە

ئەم نووسینەی بەردەستمان،”لەدایکبوونی ڕاڤەی تر”،دەستپێکی، ئەو زنجیرە نووسینەیە، لەژێر ناوی””ڕاڤەیتر””نیازمەندین کاریلەسەربکەین. ئامانجی سەرەکی لە نووسینی ئەم زنجیرە باسە لەلایەک جەختکردنە لە شکۆی ڕاڤەInterpretation، لەلایەکیتر پێداگیرییە لە پێویستیی بۆ بوونی ڕاڤەی تر بۆ ڕاڤەکراوەکانی لەمەوبەر. لێرەوە دەڵێێن، ڕاڤە نەگۆڕ نییە و گرنگیشە خودی گشت ڕاڤەیەک ڕاڤەیتر بەرهەمبهێنێت. گەر ڕاڤە ببێتە دەرەتانێک و هۆکاری لەدایکبوونی ڕاڤەی تر لەو حاڵەتەدا لێکدانەوە و دیدگای جیاواز دێتەکایەوە. وەکیتر، ویست بۆ ڕاڤەکردن پێویستیشە بۆ دروستبوونی ڕاڤەی نوێ.
وێڕای ئەوە، ئەوەی ئامانجە بنەڕەتییەکەی ئێمەیە لەم کۆمەڵە نووسینە بەناوی””ڕاڤەیتر””ئەوەیە، کە سەرەتا بپرسین ڕاڤە چییە؟دواتر گرنگە ئەوەش بزانین ئەی ڕاڤەیتر چییە؟بۆ ئێمە گرنگە ئەوەش ڕوونکەینەوە،کە کاتێک تر Other دێتە سەر وشەی ڕاڤە، چی بەسەر چییەتی ڕاڤەدا دێت؟
زنجیرە نووسینی ناوبراو کۆششێکە بۆ بیرکردنەوە لە ڕاڤەی تر،کە مانای جیا و تێگەیشتنی نوێ لەتەک خۆیدادێنێت. گومانیشیناوێت، گەر دەرگا لە ڕاڤەیتر نەکرێتەوە ئەوا ڕاڤەکانی پێشوو پەژۆم و بێچارە دەمێننەوە، هاوکات لەدایکبوونی ڕاڤەیتر ڕاڤەکانی ڕابردوو(پێشوو) لە پەژمەرین و ژاکان دەپارێزێت.
ڕاڤە واتە ڕوونکردنەوە. ئەڵبەتە لەناو ڕاڤەدا لێکدانەوە، شرۆڤە، تەفسیرکردن، سەرنجخستنەسە، پاساوهێنانەوە و تەنانەت ڕەوایەتیدانیش بوونی هەیە. لەبەرئەوەی ڕاڤە ڕوونکردنەوەیە، لە ماهیەتی ڕاڤەدا دەربڕین، گووتە و عەقڵانیکردنیش هەیە. زۆر بەکورتی ڕاڤەکردن هێرمێنۆتیکە(تەئویلە) و هیچیتر.
هەرچی ڕاڤەیترە بەو واتایە دێت،کە هەردەم پاش گشت ڕاڤەیەک ڕاڤەیەکیتر(دیکە)بوونی هەیە. لەگەڵ سەرهەڵدانی جۆرێکی دی(دیکە) لە ڕاڤە تێگەیشتنی تر و شیکاریی تازە دێتەکایەوە. ئەو دەمەی کەسێک ڕاڤە بۆ کوردبوون، یان بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیی، یاخود هاوڕێیەتی یان هەر دیاردە و کێشە و گوتنێکیتر دەکات، بەبێگومانەوە بینینی ئێمە بۆ جۆرێک لە قسەکردن دەبا،کە لە پشت ئەو قسانەوە، قسەی دی(تر) هەن. بوونی ڕاڤەیتر دەرگاکردنەوەیە لە تێگەیشتن و شرۆڤە لە جۆری دیکە.
ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی خودی وشەی ڕاڤە لە زۆر ڕوەوە شیاوی هەڵوەستە لەسەركردنە. ڕاڤە کە بەدەر نییە لە ژیان خودی ژیان دەخاتە ژێرپرسیارەوە. مەحاڵە بتوانین لە ڕاڤەکان تێبگەین گەر ڕاڤەیتر سەبارەت بە ڕاڤەکانی پێشتر نەیەنەکایەوە. واتە ڕاڤەیتر نەبێت ڕاڤەکانی پێشتر ھیچی لێ دروستنابێت. ڕاڤەکانی پێشوو بە ڕاڤەیتر دەگەنە چڵەپۆپە لە ماناسازان و تێگەیشتن. بۆ ئەوەی ڕاڤەیتر لەدایکبێت ناکرێت بەهەمان میکانیزمی پێشوو کار لەسەر واتا و دیدگاکانی ڕاڤەکانی پێشوو بکرێن.
ئەو دەمە ڕاڤەیتر لەدایکدەبێت، کە ڕاڤەکانی لەوەوبەر پڕپڕ و سیخناخ نەبووبێتن بە تێگەیشتن و تەماشاکردنی نوێ. ڕاڤەنوێکان هەوڵێکنیین بۆ دەستەمۆکردنی ئەوی پێشتر گوتراوە، بەڵکو ڕاڤەیتر ئەو دەمە دێتەدونیاوە کە ڕاڤەکانی پێشتر لێکترازانیان لەگەڵ مانای ژیان دروستکردووە. وەکی دی، ڕاڤەیتر ئەو ڕاڤەیەیە، کە هێشتا نەکراوە. ئەوە ڕاڤەیەکی نوێیە، کە لە شادەماریدا لێكه‌وته‌ى جیاواز و پەیبردنی تر بە ئێستامانی تیابەدیبکرێت. ئەمەو ڕەگ و ڕیشەی ڕاڤەیتر تەقەلایەکە بۆ پرسیارسازیی لەسەر هەنووکە. بۆئەوەی بە ڕاڤەی تر بگوترێت نوێ، پێویستە ئەو ڕاڤەیە هەر لەسەرەتاوە دەمبەگازندەبێت و شرۆڤەی هەمەلایەن بۆ بەدبینی و خەمناکیەکانی ئێستا بکات.
سەرباری ئەوە، گرنگە گوتنی ئەوەش، کە لێرە، لەم دەڤەرەی ئێمە، نووسین؛ لەجۆری نووسینی ناکاریگەر و بێ ناواخن، زۆر زۆرە، هەرچی خودی ڕاڤە و ڕاڤەکارییە بەدەگمەن چرۆدەردەکەن، جا چ جای ڕاڤەیتر.
بۆپتر ڕوونکردنەوەی ئەوەی لای سەرەوە گوترا، ئەوەش دەڵێێن، کە لەناو جڤاکی کوردیدا تاکڕاڤەیی بەردەوام کاری خۆی کردووە؛ ئەمەش ئەزموونی شکست و نامۆبوونمانی قوڵترکردووە. تاکڕاڤەیی، کە بکوژی ڕاستەقینەی بەدواداچوون و پەیگیرییە، هەر ئەو شتەشە،کە دەمانبات بەناو پێچاوپێچیی و خواریی لە تێگەیشتن لە ڕاستییەکان.بەواتایەکی تر، تاکڕاڤەیی مەترسیە بۆسەر ئەندێشەمان؛ بۆسەر ئەو دیتنانەی سەبارەت بە خۆمان و دەوروبەرمان هەمانە.
بۆیە کرۆکی زنجیرە باسەکان ئەو پرسە دەجوڵێنێت، کە ڕاڤەکان سەبارەت بە ڕووداو و دیاردەکانی ڕۆژانە دەرفەت لەبەردەم ڕاڤەیتردا دەکەنەوە و زەمینەش بۆ دید و سەرنجی نوێ دەڕەخسێنن. ڕاڤەکان،کە ڕاڤەیتر بەدوایاندا دێت پتر ڕاچڵەکێنەر و کاریگەر دەبن. وەکیتر، ڕاڤەکان لەم سەردەمە تەنگژاوییەی ئێستادا پێویستیان بەسەرلەنوێ راڤەکاریی هەیە.
لەکۆتاییدا هێما بۆ ئەو سەیرکردنە فەلسەفییەش دەکەین، کە پێماندەڵێت ڕاڤەیتر نەبێت تاکڕاڤەیی داگیرماندەکات و زۆربەی بەزمەکانی تەفسیر و لێکدانەوەش لە بوونی ڕاڤەیترەوە دەستپێدەکات.ڕاڤەیتر بۆ بۆچوون و کێشەکان پێویستن، لێ تەحەمولکردنی ئەو جۆراوجۆرییەی بە هۆی (تر)بوونی ڕاڤەوە دێتەسازان، ئاسان نییە. ڕاڤەیتر شتی تر Othering لەتەک خۆیدا دێنێت. شتگەلێک کە لە ڕاڤەی پێشوودا نەبینراوە/درکیپێنەکراوە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




پرۆژەی سنوردارکردنی چەکداری!.. عوسمانی حاجی مارف

عەلی زەیدی جەخت لەسەر پابەندبونی خۆی بە پڕۆژەی بەرتەسکردنەوەی چەک لە دەرەوی پێکهاتەی حکومەتدا دەکات، بەو مانایەی دەیەوێت بڵێت هەنگاوێکە و ڕەنگدانەوەی ئیرادەی حکومەتە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دامەزراوە ئەمنی و یاسایەکان، بەڵام ئاشکرایە لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و دەخالەتی ئێران لە عێراقدا، ئەم ئاراستەیە بۆ سنوردارکردنی چەکداری ڕوبەڕوی ئاستەنگی و تەحەدای جدی و بەرچاو دەبێتەوە، هەرئەوەی کە دەبینین بەشێکی زۆری میلیشیاکانی لایەنگری ئێران ڕەتی دەکەنەوە دەستبەرداری چەکەکانیان بن، تەنانەت هەندێک لە فراکسیۆنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر ئەم ڕێبازە جێبەجێ بکرێت، لە هاوپەیمانی شیعە دەکشێنەوە.
گوتاری زەیدی لەبارەی چەکداماڵێنی هێزە میلیشیاکانەوە گوایە ئەولەییەتێکە ناتوانرێت دوابخرێت، بەمەش دەرگای بەڕووی شەڕێکدا کردۆتەوە، کە لە جێبەجێکردنیدا ئەگەری هەیە ببێتە دۆخێکی نالەبارتر. هەر دوای چەند ڕۆژێک، لەلایەن کەتایبی حزبوڵڵا وە لە عێراق وەڵام بەزەیدی درایەوە، کە دەڵێن ئەو چەکداریە ئەرکێکی بە کۆمەڵ و جیهادیە، ئەو کەسانەی هەڵیانبژاردوە و خۆیان رێکخستووە، وازی لێناهێنن. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ڕەتکردنەوەی هەوڵەکانی حکومەتی زەیدی لە هەوڵیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی بڵاوبونەوەی چەک. لەکاتێکدا کەتایبی حزبوڵڵا دەوڵەتێکیان دەوێت هێزی چەکداری سەربەخۆ قەبوڵ بکات.
ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا عەلی زەیدیان گەیاندە سەرۆکایەتی، هەندێک پشتیوانی بۆ پرۆژەکانی قەبوڵ دەکەن. بەڵام ئەم پشتگیریە مەرجدارە و پڕە لە ڕەخنەی نەوتراو، چونکە هەندێک لە گروپەکان خاوەنی باڵی چەکدارین کە سەرچاوەی دەسەڵاتی موزایەدەکردنیان پێکدەهێنێت، واتە لەگەڵ هەر راگەیاندنی پشتیوانیەکیان بۆ پرۆژەکە، تەنها لەبەر ئەوەیە نایانەوێت ببێتە ململانێ و کێشەیەک کە پێشوەختە دەزانن ئاکامەکەی دۆراندنە، بۆیە هەوڵئەدەن ژێربەژێر بەر بەخودی پرۆژەکە بگرن.
لەلایەکی دیکەوە لیواکانی سەید شوهەدا هەڵوێستێک دەپارێزن کە هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەسەر ئەو پرسە ڕەتدەکەنەوە، ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەڵوێستیان سەبارەت بە تەسلیم نەکردنی چەکەکان پتەو و نەگۆڕە. کەتایبی حزبوڵڵا لەوە زیاتر دەڕوات و پرسی چەک بە نیگەرانیەکانی ئەمنی ناوچەکە دەبەستێتەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە تا ئەوکاتەی هێزە بیانیەکان لە هەرێمی کوردستان جێگیرکراون وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئامادەنین گفتوگۆ لەسەر چەکەکانیان بکەن.
هەرچەندە پڕۆژەی سنووردارکردنی چەک پاڵپشتیەکی سیاسیشی هەیە لەنێو خودی هێزە میلیشیاکانیشدا وەک موقتەدا سەدر، بەڵام جێبەجێکردنی کردەیی و ئاسان نیە و زیاتر بە سیناریۆ دەچێت تا جدی بون بێت لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، چونکە هێشتا بەربەستەکانی پەیوەست بە هەڵوێستی هەندێک کوتلە چەکدارەکان ڕەتی دەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن و نایانەوێت تێکەڵ بە دامەزراوە فەرمیەکانی حکومەت بکرێن.
لەنێو ئەو میلیشیایانەدا لیواکانی حزبوڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبا لە بۆنە جیاوازەکاندا بەئاشکرا دووپاتی دەکەنەوە کە چەکەکانیان چەکی “بەرگریە” دەڵێن تا بونی سەربازی ئەمریکی لەسەر خاکی عێراق دەمێننەوە، چەکەکانیان رادەست ناکەن، هەڵبەتە ئاشکرایە کە دوای ئەوەش هەر رادەستی ناکەن!، ئەم هەڵوێستە جیاوازیەکی بنەڕەتی لەبەرامبەر هەوڵی عەلی زەیدیدا ئاشکرا دەکات، کە سنووردارکردنی چەک بە ئەرک و پێداویستیەک دەخاتەروو کە گوایە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتە، بەڵام دیدگا و ئاراستەی هەندێک لایەن، ئایندەی چەکەکانیان بە ڕەچاوکردنی ناوچەیی و ئەمنیەوە دەبەستنەوە کە سنوورەکانی عێراق تێدەپەڕێنن.
پێدەچێت پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بووبێتە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی توانای حکومەت بۆ بەرجەستەکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی، بەتایبەتی کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دروشمی هاوشێوەیان بەرزکردۆتەوە، بەڵام ڕوبەڕوی ئاستەنگی سیاسی و ئەمنی بونەتەوە، کە ڕێگری لە جێبەجێکرنی ئەو ئاراستەیە کردوە. هەڵبەتە ئێستا تارادەیەک دۆخەکە بەجۆرێک جیاوارە، بەتایبەتی کە دۆخی دوای شەری چل رۆژەی ئەمریکا و ئێرانە، فرسەتی داوە بەزەیدی مراوەغەیەک لەوبارەیەوە بکات.
گومانی تیا نیە سەرنەکەوتنی پڕۆژەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک پەیوەستە بە دۆخی سیاسی عێراق و پێکاهاتەی حکومەت لەسەرەتاوە بەتایبەتی باڵادەستی ئێران بەسەر عێراقدا و دەخالەتی بەردەوامی لە پێکهێنانی حکومەتەکاندا، لە هەمانکاتدا چۆنیەتی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کوتلە چەکدارەکان و هاوسەنگی سیاسی لەناو خودی گروپە شیعەکاندا.
لەکاتێکدا حکومەتەکان وەهایان نیشانداوە بەو رێگایەدا دەرۆن کۆنترۆڵی چەکداری دەکەن و نەیانتوانیوە جێبەجێی بکەن، کێشەکە ئەوەیە کە خودی ئەو هێزە میلیشیایانە هەمیشە بەشێک بون لە پێکهێنانی حکومەتەکان، لەلایەکی تریشەوە کۆماری ئیسلامی لەرێگەی هێزەکانی پاشکۆی خۆی وەک هێزی میلیشیا دەوری سەرەکیان دیوە لە رەواجدان بە بونی هێزی چەکداری لەدەرەوەی دەزگاکانی حکومەتی عێراقدا، بەتایبەتی لە پێکهێنانی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا کە بۆتە وزەی دەسەڵاتی شیعە، ئیستاش جگە لە دۆخێ دوای راگرتنی شەری ئەمریکا و ئێران، چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئاڵوگۆری بەسەردا نەهاتووە، بەو مانایەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگئ کە رۆڵی سەرەکی لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا دەبینین و ئێران هاوپەیمان و پشتیوانیانە، دوای ئەو شەرەش لە شوێنی خۆیاندا ماون. حکومەتێک لە عێراقدا لەسەر بنەمای بەشبەشێنە و رێکەوتنی نێوان هێزە تائیفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستی پێکدەهێنرێت و جەختی لەسەرکراوەتەوە، ئاشکرایە کە حەشدی شەعبی پایەیەکە بۆ هێزە شیعەکان و ئێران، رۆشنە کە دەستبەرداری نابن، بۆیە عەلی زەیدەیش بە هەمان پرۆسەی بنبەستی حکومەتەکانی پێش خۆی هەنگاو دەنێت و لە هاوسەنگی نێوان پێداویستییەکانی ئاسایش و سەقامگیری و ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا دەرگیردەبێت، لە هەمانکاتدا لە دۆخێکی ئاڵۆزتری ناوچەکە و عێراقدا مامەڵە دەکات.
پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک تاقیکردنەوەی پێشوەختەیە بۆ حکومەتەکەی ئەلزەیدی، ئەمەش لەبەر ئەوە نیە کە تاکە پرس یان زەقترین پرسە لە کارنامەی عێراقدا، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە ئەو پرسەیە کە بە ڕوونی ئاشکرای دەکات کە ئایا دەوڵەت بە پرەنسیپی دامەزراوەیی و دەزگا فەرمیەکان بەڕێوەدەچێت یان بەپێی لۆژیکی بەردەوامی بەشبەشینە و هێزی میلیشیا و دابەشکردنی دەسەڵات بەردەوام دەبێت لە کارکردندا. پرۆسەی شکستهێنانی زەیدی لەسەر ئەم پرسە نەک هەر خەسارەیەکی سیاسیە بۆ حکومەتەکەی، بەڵکو بازنەی ئەو قەیرانانە بەرهەم دەهێنێتەوە کە عێراقی گرتۆتەوە، هەروەها ئەو هاوکێشەیە لاوازتر دەردەکەوێت کە بانگەشەی زاڵبونی یاسا و دەستور دەکات!.
ساڵانێکە عێراق لە ناوچەیەکی خۆڵەمێشیدا ماوەتەوە لەنێوان دوو وەڵامدا، هەر سەرۆکوەزیرانێک بەڵێنی ئەوە دەدات کە ئەم بوارە دیاری بکات و چارەسەری بکات بەڵام کە پۆستەکەی بەجێدەهێڵێت هێشتا ئەو پرسە لە شوێنی خۆیدایە. هاوکات ئەلزەیدی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە ئاڵۆزە بە ئامادەکاری بۆ کۆبونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرکردە ئەمنیەکان و نوێنەرانی ئەو میلیشیایانە کە ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت ڕاگەیاندوو.
لەلایەکی تریشەوە ئەوەی سەرنجراکێشە، ئەو هێزانەی کە بڕیارە پشتگیری سیاسی لەم پرۆژەیەدا پێشکەش بە حکومەت بکەن، هەمان ئەو هێزانەن کە خاوەنی هێزی میلیشیان و حکومەت داوایان لێدەکات دەستبەرداری چەکەکانیان بن، ئەمەش ناکۆکی جێبەجێکردنی پرۆژەکە نیشان ئەدات، چونکە گەر لەباری عەملی و واقعیەوە کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدرێت، مانای کۆتایی دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی و دەخالەتی ئێرانە، بۆیە هەوڵەکانی چونە ناو پرۆسەی ئەم پرۆژەیە زیاتر بە سیناریۆ دەچێت، تا ئەوەی پێشبینی بکرێت لەسەرەوە ئاڵوگۆر لە حکومەتی عێراقدا بکرێت، یان هەوڵێکی بێهودەیە وناکرێت.
ئاڵوگر لە حکومەتی عێراقدا پێش هەموو شتی دەبێت راماڵین و پاکردنەوەی ئەو هێزانە بێت کەلەسەر بنەمای تائیفی و ئیسلامی و نەتەوە پەرستێ و حکومەتی بەشبەشێنە و هاوسەنگی هێزەکانیان و بە رێکەوتن حکومەت پێکدەهێنن، تاڵانی دەکەن و دەستکەوتەکان دابەش دەکەن.
گەر بگەرێینەوە بۆ ڕێڕەوی حکومەتەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، هەموو سەرۆک وەزیرانێک نیازی خۆی ڕاگەیاندووە لەبەرمبەر ڕێکخستنی بڵاوبونەوەی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا، لە کۆتاییدا بەناچاری خۆیان دیوەتەوە کە لە پەراوێزی پرسەکەدا دانوستان دەکەن. مالیکی وەک ئامرازێکی تایبەت دەزگای بەرەنگاربونەوەی تیرۆری دامەزراند، عەبادی دوای شکستی داعش هەوڵیدا هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕێکبخاتەوە، کازمی بە ڕوونی پڕۆژەیەکی بۆ سنووردارکردنی چەک ڕاگەیاند، تەنها لەبەر ئەوەی ڕوبەڕوی هێرشی موشەکی دەبێتەوە.
داینامیکی دەسەڵات لەناو دامەزراوەی سیاسی شیعەدا، کە دەسەڵات و رکابەری لە بەرژەوەندیدا پێش عەلی زەیدی و دوای ئەلزەیدی بوونیان هەیە، جگە لەوەش پەیوەندی لەگەڵ ئێران کە پەیوەندیی دامەزراوەیی نزیک لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە گروپە چەکدارەکاندا دەپارێزێت، ڕەهەندێکی ناوچەییە کە بەردەوام دۆخی ناوخۆی عێراق ئاڵۆز دەکات.
ئەوەی شایانی باسە، لە ماددەی نۆی دەستووری عێراقدا بەڕاشکاوی باس لەوە دەکات کە پێکهێنانی میلیشیای چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی دەزگا حکومیەکان قەدەغەیە. زەیدی دوای کاریگەری جەنگی ئەمریکا و ئێران لەسەر عێراق و ناوچەکە، دەیەوێت هاوسەنگیەک لە ململانێی ئەمریکا و ئێران لەسەر عێراق رابگرێت، بۆ ئەمەش هەوڵئەدات بەو مادە دەستوریە پرۆژەکەی جێبەجێ بکات، بەڵام واقیعی عێراق جیاوازە لە چوارچێوەیەکی تردا بەرێوەدەچێت و بە شێوەیەکی جیاواز کاردەکات، دەستور کاری پێناکرێت، بۆیە رێرەوەی زەیدی لەوانەی پێش خۆی باشتر نابێت.




ئازادی من ئازادی تۆ نییە!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                             

یەكێك لە بنەڕەتیترین مافەكانی مرۆڤ ئازادی كەسییە، كە لەو سنوورە كۆتایی دێت، كە ئازادی بەرانبەرەكەی دەست پێ دەكات . بۆیە ئازادی كەسی، بەشێكە لەو ماف و بەخششەی تاك و پەیوەندی بە شوناس و بوونی كەسییانەی خۆیەوە هەیە و بۆ هیچ كەسێك نییە سنوورەكەی ببەزێنێت، یان تێڕوانینێكی تایبەتی و كەسییانەی خۆی بگشتێنی بەرانبەر بە هەمووان، چونكە مرۆڤەكان لە سەر بنەمای ئازادی و ناسنامەی تایبەتی جیان لە یەكتری، لە ڕووی بیروڕاو هەڵوێست و هەموو پرسێك. كەچی لە نێوەندی ڕۆشنبیریی كوردیدا و لە میانەی نووسین و دەربڕینی هەڵوێست و یان قسەكردن لە سەر دیاردە و ڕووداوێكی نێو كۆمەڵگە، بە داخەوە بە ئاسانی ئەو سنوورە ئازادییە كەسییە پێشێل دەكرێت و جۆرێك لە گشتاندنی كۆمەڵی بۆ هەموو كۆمەڵگە و نەتەوە دەكرێت، كە پێشێلكارییەكی زەقە و سەپاندنی بۆچوونی تایبەتییەو هەوڵدانە بۆ لە قاوغدانی كۆی كۆمەڵگە بەو دیدگا كەسییە. گەلێك جار، لە میانەی نووسین و قسەكردن لە سەر پرس و بابەتێكدا، ڕووبەڕووی ئەو دیدگا كەسییە دەبینەوە، وەك ئەوەی دەگوترێت:_( كورد ڕەفتاری كەوی هەیە ) یان ( كورد حەزی لە پاشكۆیەتی و جاشایەتییە) یان (كورد میللەتێكە بیر ناكاتەوە و سگی تێر بێت بەسە) یاخود باوەڕیان بە مافەكانی (ژن نییەو ژن كوژن) بەڵام ئایا هەموو كورد وان تۆ بڵێ هەموو تاكێكی كورد، وەك كەو ڕەفتار بكات و ناپاكی لە هاوڕێكانی بكات و بیانخاتە تەڵەوە؟ تۆ بڵێی هەموو پیاوی كورد، وەك یەك ژن ببینن و باوەڕیان بە مافەكانی نەبێت؟ بێگومان بەڕەهایی نەخێر ! مەگەر تۆ بە قووڵی و بەرمەبنای هەڵسانگاندنێكی وردی كۆمەڵناسییانەی كۆمەڵگە، گەیشتوویەتە ئەم بڕیارە؟ كەواتا كێ ئەو ماف و دەسەڵاتەی پێ داوی بە ناوی هەر هەموومان قسە بكەیت و كردەوەیەكی نەگونجاو ڕەفتارێكی لادارەنەی تاكێك بكەیتە هی هەموو كۆمەڵگە و بیگشتێنی بە سەر هەمووماندا ؟ لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە بیركردنەوەیە هەڵەیە و نابێ ئازادی كەسی تاكەكان پێشێل بكەین، ئەوەی دەكرێت هەموو كورد نایكات، تا هەمووان بخەینە یەك تای تەرازووە و بەڵكو هەر هەندێكیانن! كەواتا باشتر وایە بە زمانی هەموو نەتەوە نەدوێین و بوارێك بۆ جیاوازكەوتنەوە بهیڵێنەوە و هەر تاكێك سەربەست بێت لەوەی كە بیرو ڕای كەسییانەی خۆی هەبێت و كەسمان لە بری كەس قسە نەكەین و ئازادی ئەو بە ئازادی خۆمان نەزانین تا سەربەست بین لەوەی چیمان مەبەست بێت بیڵێین !

*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە9667) لە 2/6/2026 بڵاوكراوەتەوە.




ئامرازە قێزەونەکانی دەسەڵات بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتی ڕۆشنبیر.. فەریق مەحموود

ململانێی نێوان ڕۆشنبیری ڕۆشنگەر و دەسەڵاتی دیسپۆتی، پێکدادانێکی تەمەن درێژە لە نێوان “پڕۆژەی ڕۆشنگەری و بەهاکانی ئازادی” و “پڕۆژەکانی هەژموون و بەردەوامدانی ستەمکاری”. ئەم ململانێیە چەندین شێوەی هەیە و ڕەنگدانەوەی جیاوازییەکی بنەڕەتییە لە ئامانج و ئامرازەکانی هەردوولادا.
جەوهەری ململانێ:
ڕۆشنبیری ڕۆشنگەر: هەوڵدەدات عەقڵ بەکاربهێنێت، بە شێوەیەکی بابەتیانە ڕەخنە لە واقیع بگرێت و بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بکات. ئەوان ڕۆڵی بنەڕەتی خۆیان وەک ویژدانی زیندوو و هێزی فشار دەبینن کە بەرەو دادپەروەری و پێشکەوتن ڕێنمایی خەڵك دەکەن.
دەسەڵاتی دیسپۆتی: ئامانجی مانەوە و کۆنترۆڵی ڕەهایە. هەر بیرێکی ڕەخنەگرانە یان دەنگێکی ئازاد بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بوونی خۆی دەزانێت و بەردەوام هەوڵی قۆرخکردنی حەقیقەت و کۆنترۆڵکردنی جەماوەر دەدات.
ئامرازەکانی ململانێ:
چەکی ڕۆشنبیر: وشە و فیکر و قەڵەم و فەلسەفەیە. پشت بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئاشکراکردنی گەندەڵی و کۆکردنەوەی بیروڕای گشتی بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمە کولتوورییەکان و میدیای سەربەخۆ دەبەستێت.
چەکی دەسەڵات: پشت بە سەرکوت و سانسۆر و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و قۆرخکاری میدیای فەرمی دەبەستێت. هەروەها دەسەڵاتداران پەنا بۆ سیاسەتی “کڕین” یان هەڵمەتی چەواشەکاری میدیایی دەبەن بۆ دابڕانی ڕۆشنبیران لە بنکە جەماوەرییەکانیان.
ستراتیژییەکانی دەسەڵات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆشنبیران:
هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی ڕۆشنبیران بە پۆست و ئیمتیازات بۆ گۆڕینی لە “ڕەخنەگرانەوە” بۆ “پۆزشکار” بۆ سیاسەتەکانی دەسەڵات.
دوورخستنەوە و پەراوێزخستن: لە ڕووی ئابووری و پیشەییەوە گەمارۆدانی ڕۆشنبیران و ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوە یان بەرچاوخستنتان.
تۆقاندن و توندوتیژی: پەنابردن بۆ هێزی زیادەڕۆیی و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە (وەک تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە کولتور و ڕەمزەکان” یان “هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانی”) بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان.
تێچووی خەبات دژی ڕۆشنبیران: ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینە باجی قورس دەدەن بۆ بەرگریکردن لە پرەنسیپەکانیان، لە زیندانیکردن و دەربەدەری زۆرەملێوە تا لەناوبردنی جەستەیی و لەکەدارکردنی کەسایەتی.
دەرئەنجامەکانی خەبات:
لە ڕووی مێژووییەوە ئەزموون سەلماندوویەتی کە دەسەڵاتە دیسپۆتیکەکان- سەرەڕای خاوەندارێتی ئامێرەکانی ستەم- هەمیشە شکست دەهێنن لە کوشتنی بیرۆکەکان.
دەرئەنجامەکە: ڕژێمە دیسپۆتییەکان دواجار لەناو دەچن، لە کاتێکدا بیرۆکەی ڕۆشنبیرانی ئازاد بە نەمری دەمێننەوە و دەبنە پریشکی شۆڕش و گۆڕانی ئەرێنی لە کۆمەڵگادا.
ڕێگا قێزەونەکانی تیرۆری کەسایەتی:
تیرۆرکردنی کارەکتەر و ناوزڕاندن لە دیارترین شێوازە ناڕاستەوخۆکانە کە دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان یان دەسەڵاتە سیاسییەکان بۆ بەدناو کردنی نووسەران و ڕۆشنبیران و لێسەندنەوەی کاریگەرییە کۆمەڵایەتیەکانیان بەکاریدەهێنن. دەسەڵاتداران پەنا بۆ ئەم بژاردەیە دەبەن کاتێک بۆیان دەردەکەوێت کە دەستگیرکردن یان سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ ڕەنگە نووسەر بگۆڕێت بۆ “پاڵەوانێکی کۆمەڵایەتی” یان “شەهیدی وشە”، بۆیە بە ئەنقەست متمانەی ئەخلاقی یان فیکرییان لە چاوی خەڵکدا لەناودەبەن.
ئەو میکانیزم و شێوازانەی کە دەسەڵاتداران بۆ ناشرینکردنی نووسەران و بیرمەندانی ناڕازی بەکاریان دەهێنن، جۆراوجۆرن و ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرن:
شێوازەکانی دەسەڵات بۆ ناوزڕاندنی نووسەران:

  • تۆمەتی ئەخلاقی و ڕەفتاریی: دروستکردنی ئەو کەیسانەی کە ئیدعای شەرەف دەکەن، یان بڵاوکردنەوەی دەنگۆ لەسەر ژیانی کەسی نووسەر بۆ دوورخستنەوەی کۆمەڵگەی پارێزخواز لێیان.
  • تۆمەتی خیانەت و تەفسیری دەرەکی: ناونانی نووسەر وەک “سیخوڕ”ی قەوارە بیانییەکان، یان وەک کەسێک کە ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکات کە ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیری میللەتە.
  • دادگاییکردنی فیکری و ئایینی: تۆمەتبارکردنی نووسەران بە تیرۆریست یان بە پێچەوانەوە بە کوفر، یان دوژمنایەتی بەرامبەر بە بەها دامەزراوەکانی کۆمەڵگا، بەمەش دەبنە ئامانجی توڕەیی گشتی.
  • ئاماژەدان بە نەخۆشی دەروونی یان عەقڵی: بەکارهێنانی نەخۆشخانەی دەروونی لەلایەن هەندێک ڕژێمی تۆتالیتاری (وەک سەردەمی سۆڤیەت) وەک ئامرازێک بۆ گۆشەگیرکردنی نووسەران و بانگەشەی ئەوەی کە بیرۆکە ناکۆکەکانیان لە تێکچوونی دەروونییەوە سەرچاوەی گرتووە.
  • ناوزڕاندنی پیشەیی و ئەدەبی: دەستپێکردنی هەڵمەتەکان لە ڕێگەی میدیای کۆنترۆڵکراوی دەوڵەتەوە بۆ کەمکردنەوەی بەهای بەرهەمی ئەدەبی نووسەران و وەسفکردنی بە کەم، ڕووکەشخواز، یان دزیکردن.
    نموونەی مێژوویی :
  • میلان کوندێرا (چیکۆسلۆڤاکیا): کەوتبووە بەر هەڵمەتی ناوزڕاندنی خراپ لەلایەن ڕژێمی دەسەڵاتدارەوە، پێش ئەوەی بە زۆر دەربەدەری بکات، بە سیخوڕی و هاوکاری دەرەکی تۆمەتباری دەکات.
  • بۆریس پاستێرناک (یەکێتی سۆڤیەت): دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی بەناوبانگی “دکتۆر ژیڤاگۆ” و بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ، ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی بەرفراوانی ئیدانەکردن و ناوزڕاندن بووەوە لە لایەن سەرۆکایەتی دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت و چاپەمەنی فەرمییەوە، ئەمەش ناچاری کرد لە ژێر فشار و تۆقاندن خەڵاتەکە ڕەت بکاتەوە.
  • تەها حسێن (میسر): تووشی شەڕی توند بووە و هەڵمەتی چەواشەکاریی سیاسی و ئایینی بە سەرۆکایەتی کاربەدەستەکانی ناو حکومەت و دامەزراوە نەریتییەکان ، دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبارەی شیعرەوە ” لە ساڵانی بیستەکاندا.
  • نەجیب مەحفوز (میسر): ڕووبەڕووی هەڵمەتی ڕێکخراوی ناوزڕاندن و تۆمەتی بیدعە، ئەم هەڵمەتانە دوای ئەو مشتومڕانەی لە دەوری ڕۆمانی “منداڵانی گەڕەکەکەمان”دا هاتە لوتکە و دواتر بووە هۆی هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی جەستەیی دوای تیرۆرکردنی کارەکتەری.
  • ئەدۆنیس (سوریا): سەرەڕای قووڵایی کارەکانی، کەسایەتی و بیرۆکەکانی وەک بابەتی هەڵمەتی چەواشەکاری و تۆمەتی دژبوون و بە سیاسیکردنی توندی بەرهەمی فیکریی لەلایەن کوتلە جیاوازەکانی ناو حکومەت و ئۆپۆزسیۆنەوە ڕووبەڕووبووەوە.
    ئامانجی سەرەکی دەسەڵات لەم ستراتیژەدا ئەوەیە کە نووسەر لە پێگەی “قوربانی و بەرەنگاری”ەوە بگۆڕێت بۆ پێگەی “تۆمەتبار”، ناچاریان بکات وزەی داهێنەرانە و کاتەکانیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و کارەکانیان ماندوو بکەن لەبری ئەوەی خۆیان تەرخان بکەن بۆ ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و ئاشکراکردنی پراکتیکەکانیان.

    ناوزڕاندنی ئەخلاقی (یان لەناوبردنی ناوبانگی کەسی):
    یەکێکە لەو چەکە کوشندانەی کە دەسەڵاتە سیاسییەکان یان دەزگا ئەمنییەکان دژی نووسەران و ناڕازییان بەکاریدەهێنن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە کۆمەڵگاکان بەتایبەتی ڕەنگە هاوسۆزی نووسەرێک بن کە بە هۆکاری سیاسی زیندانی کراوە، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئەخلاق یان شەرەفیان بە تەواوی وازی لێدەهێنن.
    لێرەدا چەند نموونەیەکی دیار و بەرچاوی مێژوویی و جیهانی ڕاستەقینە دەخەینەڕوو کە چۆن دەسەڵاتداران ناوزڕاندنی ئەخلاقی وەک ئامرازێک بۆ “تیرۆری کارەکتەر” بەکاردەهێنن:

  1. دروستکردنی تاوانی شەرەف و کردەوەی بێ ئەخلاقی:
    ڕژێمە تۆتالیتارییەکان پشت بە تاکتیکی چاندنی بەڵگەی هەڵبەستراو یان تەڵەدانان بۆ نووسەران دەبەستن بۆ ئەوەی لە دۆخە سازشکارەکاندا وێنە بگیرێن. نموونەکان بریتین لە:

  • صنع الله ئیبراهیم (میسر): لە بیرەوەرییەکانی و بەشێک لە نووسینەکانیدا، ڕۆماننووسی میسری ئاماژەی بەو شێوازانە کردووە کە دەزگا ئەمنییەکان لە سەردەمەکانی پێشوودا بەکاریان دەهێنن. ئەم شێوازانە بریتی بوون لە چاندنی ئامێری گوێگرتن و کامێرا لە شوقەی ڕۆشنبیران و ناڕازییان بۆ گرتنی هەر لاوازییەک لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا و بەکاریبهێنن بۆ ڕەشبگیریکردنیان یان ئاشکراکردنی نهێنییە شەخسییەکانیان، بەمەش پێگەی ئەوان لە چاوی خەڵکدا لەناو چێت.
  • هەڵمەتە ئەمنییەکان لە سەردەمی سۆڤیەتدا (KGB): “داوی سونونو” تاکتیکێکی فەرمی بوو کە هەواڵگری سۆڤیەت بەکاریان دەهێنا. نووسەران و ڕۆشنبیران (هەم ناوخۆیی و چ بیانییەکان) لە ڕێگەی پەیوەندییە هەڵبەستراوەکانەوە لەگەڵ ژنان کەوتنە تەڵەوە، پاشان فیلمیان لێ گیرا و ڕەشبگیرییان بۆ کرا تاکو؛ یان هاوکاری لەگەڵ ڕژێم بکەن یان فەزیحە بۆ لەناوبردنی بنەماڵەکانیان و ناوبانگی ئەدەبییان بڵاوبکرێتەوە.

  1. تۆمەتی هاوڕەگەزبازی و ڕەفتاری لادان:
    ناونانی نووسەر بە لادان ئامرازێکی ئایدیاڵ بووە بۆ دەسەڵاتی سیاسی قۆرخکار، چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا، بۆ لەناوبردنی ڕۆشنبیران بەبێ ئەوەی وا دەرکەوێت کە پاڵنەرێکی سیاسییان هەبێت:

  • ئۆسکار وایڵد (بریتانیا، ١٨٩٥): نووسەر و شاعیری بەناوبانگ لە ئایکۆنێکی کولتوورییەوە گۆڕدرا بۆ دەرکراوێکی کۆمەڵایەتی دوای ئەوەی دەسەڵاتداران و کۆمەڵگەی دەسەڵاتداری ئەو سەردەمە یاسا توندەکانیان قۆستەوە بۆ تۆمەتبارکردنی بە “لەشفرۆشی خیانەتکارانە” و پراکتیزەکردنی هاوڕەگەزبازی (کە ئەو کاتە بە یاسا و ئەخلاق تاوانبارکرابوون). ئەمەش بووە هۆی زیندانیکردن و لەناوچوونی تەواوەتی ناوبانگی ئەدەبی و مردنی بێ پارەیی و دەربەدەریی.
  • میخائیل بولگاکۆڤ (یەکێتی سۆڤیەت): ڕووبەڕووی هەڵمەتی ناڕاستەوخۆی چەواشەکاری بووەوە و بە بۆرژوازی و لە ڕووی ئەخلاقی و فیکرییەوە ناوزەد کرا و تۆمەتی شەرەفی بۆ دروستکرا. شانۆنامە و ڕۆمانەکانی (نموونەی مامۆستا و مارگریت) بە بیانووی ئەوەی کە بەرهەمە ئەدەبییەکەی ئەخلاقی هاوڵاتی نوێی گەندەڵ کردووە، قەدەغە کران.

  1. هێرشکردنە سەر شەرەفی ژنە نووسەران و چالاکوانان:
    کاتێک ژنێک دەچێتە گۆڕەپانی ئەدەبیاتی سیاسی یان ئۆپۆزسیۆن، زۆرجار دەسەڵات و میدیا سێبەرەکانیان سەرنجیان لەسەر هێرشکردنە سەر هەڵسوکەوتی کەسیی و ڕەفتاری دەبێت و ڕەنگە تۆمەتی لەشفرۆشیی بدەنە پاڵ.

  • نەوال ئەلسەعداوی (میسر): پزیشک و ڕۆماننووس لە کاتە جیاوازەکاندا ڕووبەڕووی هەڵمەتی ناشرین و تیرۆرکردنی کارەکتەری بەرفراوان بووەوە لەلایەن ئەندامانی لایەنگری حیزبی دەسەڵات وحکومەتەوە. بیرۆکەکانی ئەو بە شێوەیەکی بابەتیانە باس نەکراون؛ بەڵکو لە میدیای سەرەکیدا وەک “ژنێکی خراپ” وێنا کرا کە بانگەشە بۆ لەناوبردنی بەها خێزانییەکان و بڵاوبوونەوەی بێ ئەخلاقی دەکات، ئەمەش وایکردووە ببێتە ئامانجی بەردەوامی هەراسانکردن و گۆشەگیری یاسایی.
  • ژنانی ناڕازی و نووسەر لە فەزای دیجیتاڵی مۆدێرن: سوپای ئەلیکترۆنی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان تاکتیکی “فەیک” بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی سازشکارانەی ژنە نووسەر و چالاکوانەکان، بە ئامانجی ئەوەی لە ڕێگەی بنەماڵەکانیانەوە فشاری دەروونی لەسەریان دروست بکەن و ناچاریان بکەن لە ترسی فەزیحە کۆمەڵایەتییەکان بێدەنگ بن.

  1. ناوزڕاندنی دارایی و گەندەڵی ئەخلاقی:
    جگە لە هەڵسوکەوتی ئەخلاقی، دەسەڵات بە ئەنقەست لایەنی دارایی نووسەران دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی وەک هەلپەرست وێنایان بکات:

  • بەد ناوکردنی نووسەرانی تاراوگە: هەندێک لە ڕژێمەکان پەنا بۆ بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی هەڵبەستراو دەبەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نووسەرانی پەنابەر لە بەرامبەر نووسینەکەیاندا بڕێکی زۆر پارە و دیاریی زەبەلاح لە سەرچاوە گوماناویەکانەوە وەردەگرن. ئامانج لێرەدا ئەوەیە نووسەر لە چاوی خوێنەرەوە لە “مرۆڤێکی پرەنسیپ”ەوە بگۆڕێت بۆ “بەکرێگیراوێک” کە قەڵەمەکەیان بە کەمترین نرخ دەفرۆشن.
    بڕگەی هاوبەش لە هەموو ئەم نموونانەدا، لەکارخستن و لیدان و گۆشەگیرکردنی نووسەرە؛ کاتێک ناوزڕاندنی ئەخلاقی سەرکەوت، بیرمەند سەرقاڵی بەرگریکردن لە بێتاوانی شەخسی خۆی دەبێت و ئەو پشتیوانییە جەماوەرییەی کە پارێزگاری لێکردبوو، لەدەست دەدات، ئەمەش وادەکات دەسەڵات ئاسانتر ستەمکردنی بۆ بچێتەسەر و لەڕووی سیاسی یان جەپراکتیکییەوە، دواتر بەبێ هیچ کاردانەوەیەکی گشتی لەناوی ببات و پاکتاوی بکات.



ئەنتی- شانۆ (پێویستیی بوونی مێژوویەك بۆ ڕەتكردنەوە).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

شانۆ هونەرێکی زیندوو و ڕووبەڕووە، بۆیە کاریگەرییەکی خێرای لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤەکان هەیە؛ لێرەوە کاتێک باسی شانۆی ئەزموونگەری لەبەرانبەر شانۆی تەقلیدیدا دەکەین، لەڕاستیدا باسی شۆڕشێکی جیاواز دەکەین، دژ بەو یاسا و ڕێسایانەی کە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ بەسەر جیهانی درامادا باڵادەست بووە.
كەواتە پێش هەموو شتێ شانۆ پێویستی بە بنەمایەكی پتەوی فیکری و مەعریفی هەیە! ئەو بنەما فیكری و مەعریفییە لە (شانۆی ئەزموونگەری كوردی)دا سەرەتاكانی دەركەوتبوو… بەڵام بۆچوونە ڕەخنەییەكەی (شانۆ دژی شانۆ- شانۆی کوردی بە نموونە) کە لە لایەن دەرهێنەر و ڕەخنەگر (حەمەسوار عەزیز) لە کۆڕی ٢١ی مەی ٢٠٢٦ بارەگای لقی یەکێتیی نووسەرانی کورد- هەولێر پێشکەش کرا؛ ئەوەندەی هاوارێک بوو: بۆ شانۆی (نەتەوەیی-نەریتگەری) و (بینەر وەك سەپۆرتەر)، قسەكردن نەبوو لە بنەما هونەرییەكانی شانۆی ئەزموونگەری كوردی… پرسیارەكە ئەوەیە: ئەگەر شانۆی (نەریتگەریی) کوردی بنەمایەکی فیکری و مەعریفی پتەوی نەبێ، چۆن قسە لە (ئەنتی شانۆ) بکەین؟!.

بۆ ئەوەی شانۆیەکی ڕاستەقینەمان هەبێت، دەبێت ئەو شانۆ باوەی ئێستا هەیە تێکبشکێنین.
(ئەنتۆنین ئارتۆ)

(1)
لە شانۆی تەقلیدیدا، ئەکتەرەکان وا ڕەفتار دەکەن کە بینەر بوونی نییە (دیوارێکی خەیاڵی هەیە لە نێوانیاندا)؛ شانۆی کلاسیکی، نەتەوەیی یان بازرگانی ئاوێنەیەکە تەنها ئەوەت پێشان دەدات کە دەتەوێت بیبینیت؛ بەڵام لە شانۆی ئەزموونگەریدا ئەم دیوارە دەڕوخێنرێت؛ ئەکتەرەکان ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ بینەر دەکەن، دێنە نێو هۆڵەکە، و زۆرجار بینەریش دەکەنە بەشێک لە نمایشەکە… بە مانایەكی دیكە لە شانۆی تەقلیدیدا هەستی پاڵەوانەکان لەڕێگای چیرۆک و سۆزەوە دەردەبڕێت! بەڵام (شانۆی ئەزموونگەری لە دەرەوەی ڕێسا کلاسییەکانی نووسین و نمایشكردنەوە، تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی شێوازی نوێی پەیوەندیكردن لەگەڵ بینەردا)… واتە بە ڕوخاندنی (دیواری چوارەم)ی شانۆی تەقڵیدی و ڕەتکردنەوەی گێڕانەوەی سۆزداری و هێلیی چیرۆکەکان، دەیەوێت لەڕێگای شۆککردن و تەکنیکی نوێوە، ڕاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە ڕووتی نیشانی بینەر بدات تا ناچاری بکات بیر بکاتەوە و پرسیار و گومانی لا دروست بێت، نەک تەنها غەرقی گریان یان پێکەنین ببێت! بەو مانایە تێڕوانینە جیاوازەکانی (سامۆیل بێکێت، یۆنێسکۆ، برێشت، ئارتۆ… ) لەسەر جەستەی شانۆیەکی خاوەن دەسەڵات و مەعریفەی چەسپاو لەدایک دەبێت.
(2)
مرۆڤایەتی پێویستی بە گواستنەوەی واقیع نییە، كە لە ناویدا دەژی؛ دووبارە بەرهەمهێنانەوە داهێنان نییە، داهێنان کاتێک ڕوودەدات کە هونەرمەند دەڵێت: من واقیع دەبینم، بەڵام ڕازی نیم بەم شێوازەی کە هەیە؛ داهێنان هەنگاونانە بەرەو نادیار؛ داهێنەر واقیعێكی نوێ و شێوازێكی نوێ بەرهەم دەهێنێ؛ ئەگەر (بێکێت) بە جیاوازییەكانییەوە شانۆی گەیاندبێتە لووتکەی بێدەنگی و چاوەڕوانیی پووچگەریی، بەتەواوی نیگای نێرینە و چێژی بینینی كوشتبێ… (ئارتۆ) شانۆی بردبێتییە سەر لووتکەی هاوار و شۆککردنی دەمارەکان، یان بە مانایەكی دیكە هەوڵیدابێ بینەر لە کورسییەکەی دابماڵێت و ڕاستەوخۆ توشی شۆکی بکات… ئەوا دەرهێنەر و شانۆکارانی ئەزموونگەری و (ئەزموونگەری کوردی) لە دوای کارەساتە گەورەکانی وەک (کیمیاباران، ئەنفال و براكوژی)، شۆڕشێکی ڕاستەقینە و ئامانجێکی جیاوازی فیکرییان لە فۆرمی درامای کوردیدا بونیاد ناوە؛ ئەوان درکیان بەوە کرد کە زمانی باو و گێڕانەوەی ڕیالیزمی تەقڵیدی، پەکەکەوتەیە لەبەردەم قەبارەی ئەو شۆکە دەروونییەی بەسەر مرۆڤی کورددا هاتووە؛ بۆیە لەڕێگای شانۆی جەستە و شانۆی فەزا… دەیانویست کاتێک بینەر لە هۆڵەکە دێتە دەرەوە، وێنەی برینەکان وەک تاتۆ لەسەر جەستەی بمێنێتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی فیکری و مەعریفی نوێخوازانە، شانۆی کوردی بەرز کردەوە.
شانۆی ئەزموونگەری کوردی، تەنها گۆڕینی نمایشکردنێكی جیاواز نەبوو، بەڵکە هەوڵێکی فیکری بوو، بۆ دەربازبوون لە (شانۆی نەتەوەیی-نەریتگەرا)؛ بەو مانایە شانۆی ئەزموونگەری بریتی بوو لە تێپەڕاندنی سنوورەکانی بینین و گێڕانەوەی باو… بەڵام ڕەنگە پرسیاری سەرەكی (حەمەسوار عەزیز) ئەوەبێ: ئایا شانۆی كوردی بە گشتی چی لێماوەتەوە؟! چونكە بە بڕوای ئەو کاتێک بەرەی ئەزموونگەری فۆرمە مۆدێرن و پۆست-مۆدێرنەکانی ئەورووپایان (کە لەسەر بنەمای پووچگەرایی، دابڕانی مرۆڤی ڕۆژئاوایی و شۆککردنی بینەر دروست ببوون) بۆ ناو کۆمەڵگای کوردی گواستەوە، هێشتا کوردی لە قۆناغی ڕزگاری نەتەوەیی و خێڵەکی و شانۆی ناتەواودا بوو؛ واتە ئەوان هاتن دابڕانێکی جیاوازی مەعریفییان لەگەڵ ڕەوتی (بیركردنەوە و شانۆی ناتەواوی كوردی) دروست كرد و لەوێوە بینەری کوردییان دووچاری سەرلێشێوان كرد! ئیتر بینەری كوردی كە بە چیڕۆكی ڕیالیزمی تەقڵیدی پەروەردەكرابوو، نەیدەتوانی لەو کۆد و هێما جەستەییە ئاڵۆزانە بگات، لە ئەنجامدا شانۆ- هۆڵەکانی چۆڵکرا و دیوارێک لە نێوان شانۆ و خەڵکدا دروستبوو.
(3)
بە بڕوای من (وەك بینەرێكی شانۆ) هەموو ئەو خوێندنەوە ڕەخنانەی كە لە دنیای (شانۆ بەگشتی) قسە لە ململانێی نێوان فۆرمە نەتەوەیی/ واقیعییەکان و ئەزموونگەراكان و شانۆی وێنەیی و شانۆی پاش دراما… دەكەن؛ پەرچەكردارن، بڕوایان بە داهێنان و جیاوازی نییە.
بە كورتی (شانۆی نەتەوەیی) لەسەر هاوسۆزیی ڕاستەوخۆی گشتی و بەرگری نەتەوەیی كار دەكات؛ بەڵام ئەگەر بیەوێت لە ئاستی جیهانیدا دەنگ بداتەوە و لە ئاستی ناوخۆشدا هۆشیارکەرەوە بێت، نابێت تەنها ببێتە نمایشێکی نەتەوەیی، بەڵكە دەبێت پرۆسەیەکی نەتەوەیی بەردەوام بێ: بۆ خۆدۆزینەوە! واتە كۆی ئەو نیگایانە تێبشکێنێت کە هەموو جارێک نەتەوە وەک ئۆبژەیەکی جوان دەخاتە بەرچاوی بینەر تاوەکو هەست بە خۆبەزلزانی یان خۆپارێزی بکات… (شانۆی واقیعی) وەک کاردانەوەیەک دژی ڕۆمانسیزم و کلاسیسیزمی باو، ئامانجی ئەوە بوو ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەكان… بخاتەڕوو؛ هەمیشە بۆ ڕاستی ئەمەکداربووە… (شانۆی ئەزموونگەری) خۆی لە یاخیبوون و شکاندنی قاڵبە باوەکان دەبینێتەوە و دژ بە تەواوی ڕێسا و یاسا چەسپاوەکانی شانۆی کلاسیک و ڕیالیستییە…
دەمەوێ بڵێم ئەگەر قسە لە تێز و ئەنتی تێز بكەین، لە شانۆی كوردیدا هەموو ئەو كێشە و بەدحاڵیبوونانە و قسە و باسی ململانێ و دژەكان و زێتریش… وەک تێز و ئەنتی تێز دەرناكەوێت، وەك هونەری داهێنان و قبووڵكردنی جیاوازی نییە… هەڵبەتە شانۆی نەتەوەیی- نەریتگەریی كوردی لە داهێنان و جیاوازی لەدایك نەبووە، لەسەر بنەمایەكی قووڵی ڕەخنەی زانستیی و عەقڵانییەتێکی نووسراو بونیاد نەنراوە… ئایا بەبێ بنەمایەکی مەعریفی، دەتوانرێت چەمكی «دژ» بونیاد بنرێت، كە نازانێت دژی چی دەوەستێتەوە؟! كەواتە نەخۆشییەكە پەیوەندی بە چەمكی ئەنتی شانۆوە نییە، ئەنتی شانۆ لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی ڕەخنەیی و دیالێکتیکی جیاوازە، بەرانبەر سیستمێکی چەسپاو و پتەو.
(4)
هەموو «دژایەتییەک» پێویستی بە «ناسینی بەرانبەر» هەیە؛ بێکێت بۆ تێکشکاندنی کات و زمانی تەقلیدی پێویستی بە مەعریفەیەكی جیاوازی هونەری و هەرسكردنی شانۆیی پێش خۆی هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە دنیابینی سەردەم هەبوو! دژە-شانۆ تەنها هەڵوەشانەوە نییە، بەڵکو دامەزراندنەوەیە؛ ئەگەر شانۆیەك لەسەر بنەمای فیکری دانەمەزرابێت، ناتوانێت «دژە-شانۆ» بەرهەم بهێنێت.
(5)
لە سەردەمی ئێستادا، پاشەكشەی هونەر و هونەری شانۆیی زیاتر لە هەر کاتێکی تر لەنێوان دوو هێزی دژبەیەکدا دەژی: هێزی داهێنان و هێزی بازاڕی (بینەر وەك سەپۆرتەر)، نەك ئەنتی شانۆ!! داهێنان لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی شێوازێکی نوێی بینین و هەستکردن و جیاوازی و ژیاندۆستی، داهێنان هەنگاونانە بەرەو نادیار؛ بەڵام زۆرجار بازاڕ- بینەر وەك سەپۆرتەر- هەوڵدەدات ئەو تەماشاكردنە ئیبداعییە بۆ کاڵا بگۆڕێت، بۆ شتێک کە بتوانێت هەمووان كۆ بكاتەوە و قابیلی قبووڵی چێژی هەمووان بێت و بڵاوبکرێتەوە و بەخێرایی بخوێندرێتەوە؛ واتە (جەماوەر-بینەر) حەز بەو دەق و شێوازە نمایشکارییانە دەکات کە پێشتر دەیانناسێت.
ئەمڕۆ پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا دەتوانین ناخی مرۆڤ لە (ئارامیی) و (بێزاری) دابماڵیین؟ زۆرێک لە مرۆڤەکان لەبەر ئەوەی ناتوانن لە ئارامییدا بن، پەنا دەبەنە بەر “هەراوهوریای دەرەکی” واتە ناتوانن لەبەرانبەردا بێزاری ناوەخۆیان بکەنە پرسیار، بەو مانایەی كە خودی پرسیاركردن “بێزاری” بۆ “مەعریفە” دەگۆڕێت!
بەمجۆرە کاتێک دەق، شانۆ، فیلم، یان تابلۆیەک خەریکی تێکدانی ئارامیی هونەری بینین و بیستن و ڕامان… دەبێ، ئەوا (حەزی بازاڕ)ی دەكەوێتە سەر و هەوڵی كۆپیكردن و بە بازاڕكردن و دووبارە سەپۆرتكردنی دەدات، چونكە بازاڕ زیاتر حەزی لە (شپڕزەییە) تا بتوانێت بە شێوەی جیاواز و بە خێرایی پارە بەدەست بهێنێ، بڕوای بە تێز و ئەنتی تێز نییە، نایەوێت پرسیار دروست بکات! لێرەوە (نرخی كڕین) شوێنی (پرسیاركردن) دەگرێتەوە؛ بەڵام ئایا ئاستی داهێنانی هونەریی و فیکری و ئەدەبی لە مامەڵكردنی بازاڕدا كورت دەكرێتەوە؟!
كەواتە کێشەکە ئەنتی شانۆ نییە، بەڵكە ئەوەیە كە هونەر نابێتە پردی نێوان ئارامیی و بێزاری، هەر زوو بە بازاڕ دەكرێ، واتە مامەڵەكردنی بازاڕی هونەرە جیدییەکانیش هەڵدەلوشێنێت و دەیانکات بە مۆدێلێکی دووبارەکراوە، ئەوەی سەرەتا وەک شۆک، نوێکاری یان شکاندنی باو و دابڕانێکی مەعریفی تەماشا دەكرا، دواتر لە بازاڕدا دەبێتە ستایلێک بۆ بەرهەمهێنانەوە و كۆپیكردن و و زڕەوێنە… زۆرێک لە شۆڕشە ئەدەبی و هونەرییەکان، لە سوریالیزمەوە تا پۆستمۆدێرنە، دوای ماوەیەک لەلایەن بازاڕەوە هەرسکراون و بوونەتە بەشێک لە سیستەمی فرۆشتن! واتە بازاڕ توانایەکی گەورەی هەیە، لەوەی نەك ئەرێنییەكان تەنانەت نەرێنییەکانیش بخاتە ناو ئابووریی خۆیەوە.
(6)
ئایا دەتوانین دژ بە ویستی بازاڕ و سەپۆرتكردن، بیر بكەینەوە و بەردەوامیش بین؟! یان دەبێ ملكەچی بینەر و جەماوەر بین و ئاستی زمان و شێوازی داهێنەرانە لەگەڵ داواکارییەكانی خوێنەر و بینەر و بازاڕی دامەزراوەکاندا بگونجێنین؟! هەڵبەتە ڕەزامەندیی بازاڕی هەمیشە دیالۆگی بەرهەمهێنەرانەی نێوان ئارامیی و بێزاری بە كۆپیكردنەوە دەسپێرێ، لەسەر ئەو بنەمایەی كە پرسیاركردن ئارامیی تێکدەدات.
كەواتە لەبەر ئەوەی دیالۆگی نێوان ئارامیی و بێزاری پێویستی بە بیرکردنەوە و ڕامانە، ئەوە وایکردووە زۆرێک لە بەرهەمە بازرگانییەکان بەر لەوەی هونەری ڕاستەقینە بن و هۆشیاریی بینەر بریندار بكەن، وێنەی بێهۆشکەری كۆپیكراو بن و بە شێوەیەكی كاتی گرژییەکانی ناوەوە بەتاڵ بکەنەوە؛ بەو مانایەش مەترسییە گەورەكە ئەوەیە کە ئارامیی ببێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی ڕەزامەندیی دەستبەجێ، نەك بێزاری و گومانكردن و بیركردنەوە.
وەك دەزانین کاری داهێنەرانە ئەو كاتە دەردەكەوێت کە بتوانێت ڕەزامەندیی كۆ و ئاشنایی تێپەڕێنێت؛ کاری داهێنەرانە پێویستی بە گواستنەوەی واقیع نییە، پێویستی بەوە نییە لەپێناو زەرورەتی كۆمەڵگا و سەپۆرتكردن، واقیع بۆ وێنەیەک بگۆڕێت کە تەنیا بۆ سەیرکردن و کڕین شیاوە؛ بەڵكە دەبێ شتێک بخاتە جیهانەوە کە پێشتر بوونی نەبووە؛ نەك بە گوێرەی یاسای فرۆشتن و بەکارهێنان کاربکات.
(7)
لە چەمکی ڕەزامەندیی بازاڕیدا زۆرجاران داهێنان پێش ئەوەی ببێتە ئەزموونێکی قووڵی هونەری، دەبێتە بابەتی ترێند و سەرنجڕاکێشان، لایک، بینین، هاوبەشیکردن و ئامار؛ هەموو ئەوانە بە هێواشی جێگای هەڵسەنگاندنی هونەری دەگرنەوە! ئەوەش وایکردووە هەندێک بەرهەم زیاتر لەوەی بۆ پرسیار و گومان و بیركردنەوە دروست بکرێن، بۆ خێراییی سەرنج دروست کرێن؛ بەڵام داهێنانی ڕاستەقینە لە دەرەوەی ویستی بازاڕ و سەپۆرتكردن سەرهەڵدەدات، چونکە داهێنان پێویستی بە بیركردنەوە و کات و ئارامیی و ئەزموونكارییە؛ لەکاتێکدا بازاڕ پێویستی بە خێرایی و بەردەوامیی بەرهەمهێنانەوە هەیە.
دواجار پەیوەندیی شانۆ و دژە شانۆ، وەك پەیوەندی داهێنانی هونەریی و بازاڕی سوودگەرایی، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و دژبەیەکە؛ وەك چۆن بازاڕ دەتوانێت هۆکاری بڵاوکردنەوەی هونەر بێت، بەهەمان شێوە ئەنتی شانۆش دەتوانێت مامەڵەكردنی هونەریی و كۆپیكردنەوە بتەقێنێتەوە! دەشێ هونەری ڕاستەقینە لە ناو گەرمەی بازاڕیش دەستپێبکات و بینەر وەک هاوبەشی داهێنان، (هاوسەنگی نێوان ئارامیی و بێزاری) بپارێزێت.

هەولێر 22/5/2026




وشەی کوردی لە نێوان تێکۆشان و خنکاندا.. ستار ئەحمەد

مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی، تەنها مێژووی تۆمارکردنی ڕووداوەکان یان گواستنەوەی هەواڵە سادەکان نییە، بەڵکو ئەم مێژووە لە بنەڕەتدا گەشتێکی پڕ لە کۆسپ و تەگەرە و ململانێی هزرییە کە تێیدا وشە وەک چەکێک بۆ پاراستنی ناسنامە و زیندووکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی بەکارهاتووە. کاتێک ئاوڕ لە لاپەڕەکانی یەکەمین ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان دەدەینەوە، تێدەگەین کە لەپشت هەر دێڕێک و لەژێر هەر سەروتارێکدا، گیانێکی ماندوونەناس و بیرکەرەوە هەبووە کە هەموو ژیانی خۆی بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەخشیبوو. ڕۆژنامەگەریی کوردی لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا و دواتر لە گەشەسەندنی لە سەدەی بیستەمدا، نەیدەتوانی ببێتە ئەو بزوێنەرە گەورەیەی گۆڕانکاری، ئەگەر ئەو دەموچاوە دیار و پێشەنگانە نەبوونایە کە وەک ڕێنیشاندەر و خەمخۆر، بارگرانیی دەستپێکردن و بەردەوامییان گرتەئەستۆ. ئەم وتارە بە وردی دەچێتە ناو جیهانی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە و تیشک دەخاتە سەر ئەو خەسڵەتە درەوشاوانەی کە مۆرکی تایبەتی خۆیان لەسەر ڕەوتی ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیریی کوردی جێهێشتووە، بەبێئەوەی بابەتەکە دابەشی سەر چەند بەشێکی جیاواز بکەین، بەڵکو وەک یەک زنجیرەی هزریی یەکگرتوو گەشتەکەمان بەردەوام دەبێت.
لە سەرەتای ئەم ڕەوتەدا، ناتوانرێت باسی ڕۆژنامەگەریی کوردی بکرێت بەبێ ڕاوەستان لەسەر ناوی بنەماڵەی بەدرخانییەکان، بەتایبەتی میقداد مەدحەت بەدرخان کە بە دامەزرێنەری یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی دادەنرێت. کاتێک ئەو لە بیست و دووی نیسانی ساڵی هەزار و هەشت سەد و نەوەد و هەشتدا لە قاهیرە، یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستانی دەرکرد، لە ڕاستیدا تەنها بڵاوکراوەیەکی نەهێنایە کایەوە، بەڵکو شۆڕشێکی ڕۆشنبیری و نەتەوەیی بەرپاکرد. میقداد مەدحەت بەدرخان لە بارودۆخێکی یەکجار سەختدا، لە نامۆیی و دوور لە نیشتمان، بەهۆی ستەمی دەسەڵاتدارانەوە، کارێکی وایکرد کە نەتەوەیەک خاوەنی دەنگی خۆی بێت. ئەو دەموچاوە ماندوو نەناسە لە ڕێگەی کوردستانەوە پەیامی گرنگیدان بە زانست و خوێندن و یەکێتیی ڕیزەکانی گەلی بڵاودەکردەوە و بە زمانێکی سادە ڕووی دەکردە هاونیشتمانیانی بۆ ئەوەی لە خەوی بێئاگایی ئاگادار ببنەوە. دوای ئەو، براکەی عەبدولڕەحمان بەدرخان ئەرکی دەرکردنی ڕۆژنامەکەی گرتەئەستۆ و لە وڵاتانی جیاوازی ئەوروپا وەک جنێف و لەندەن بەردەوامیی پێدا، کە ئەمەش نیشانەی تێکۆشانی بێوچانی ئەو دەموچاوانە بوو کە نەیانهێشت چرای یەکەمین هەنگاو بکوژێتەوە و وایانکرد دەنگی کورد بگاتە ناوەندە جیهانییەکانی ئەو سەردەمە.
پاشان، لەگەڵ گۆڕانکارییە فەرمانڕواییەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا، سەردەمێکی نوێ لە ڕۆژنامەگەریی نووسراوی کوردی دەستیپێکرد کە تێیدا گۆڤارەکان ڕۆڵێکی گەورەیان لە داڕشتنەوەی وێژە و زمانی کوردیی باڵادا بینی. لەم نێوەندەدا، جەلادەت عالی بەدرخان وەک سیمایەکی گەورە و مێژوویی لە ڕۆژنامەگەریی ڕۆژئاوای کوردستان و تاراوگەدا دەردەکەوێت، کە لە ڕێگەی گۆڤاری هاوار لە ساڵی هەزار و نۆسەد و سی و دوو لە شام، خزمەتێکی بێوێنەی بە زمانی کوردی کرد. جەلادەت بەدرخان تەنها سەرنووسەر نەبوو، بەڵکو زانایەکی زمانەوانی بوو کە توانی ڕێنووسی کوردی بە پیتی لاتینی دابهێنێت و لە ڕێگەی لاپەڕەکانی هاوارەوە بڵاویبکاتەوە. ئەو بە هاوکاریی دەموچاوە دیارەکانی تری وەک ڕەوشەن بەدرخان و کامەران بەدرخان و گۆران، گۆڤارەکەی کردە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە نووسەر و شاعیران کە تا ئێستاش ئەدەبی کوردی قەرزاری ئەو بازدانە گەورەیەیە کە هاوار هێنایە کایەوە.
ئەگەر سەیری ناوچەکانی تری کوردستان بکەین، بەتایبەتی لە باشووری کوردستان و لە شاری سلێمانی، ناتوانین باسی ڕۆژنامەگەریی کوردی بکەین بەبێ هێنانە پێشەوەی ناوی پیرەمێرد، حاجی تۆفیق بەگ. پیرەمێردی شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی گەورە بوو کە دوای گەڕانەوەی لە ئەستەمبوڵ، ژیانی خۆی بەتەواوی بەخشی بە ڕۆژنامەگەری و ڕووناکبیری. ئەو لە ڕێگەی ڕۆژنامەی ژیان و دواتریش ڕۆژنامەی ژین، توانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و وێژەیی لە ناوچەکەدا دروستبکات. پیرەمێرد بە تەنها خۆی وەک دەزگایەک کاری دەکرد؛ نەک تەنها دەینووسی و چاپی دەکرد، بەڵکو خۆی دابەشی دەکرد و لە هەمان کاتدا چاپخانەکەی دەپاراست. ئەو لە ڕێگەی وتارە کۆمەڵایەتی و ڕەخنەییەکانیەوە، لە هەوڵی چاکسازیی کۆمەڵایەتی بوو ، و هانی خەڵکی دەدا بۆ خوێندەواری و پشت بەستن بەخۆ، کە ئەمەش وایکرد ناوی پیرەمێرد و ڕۆژنامەی ژین ببنە دوو چەمکی لێک دانەبڕاو لە مێژووی زیندووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا.
لەلایەکی ترەوە، لە ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستەمدا و لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ڕۆژنامەگەریی کوردی گەیشتە لوتکەی کارایی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی. لەم قۆناخەدا، ناوی پێشەوا قازی محەمەد وەک ڕابەرێکی نیشتمانی و پاڵپشتێکی گەورەی ڕۆژنامەگەری دەردەکەوێت، کە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ئەودا ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردستان دەرچوون. لە تەنیشت ئەویشدا، شاعیرانی گەورەی وەک هەژار و هێمن دەبینرێت کە لاپەڕەکانی ئەو بڵاوکراوانەیان بە شیعر و وتاری نیشتمانی دەڕازاندەوە. ئەم دەمو چاوانە توانیان ڕۆژنامەگەری بکەنە ئامرازێکی فەرمی بۆ بنیاتنانی قەوارە و پەروەردەکردنی تاکی کورد بە بیرۆکەی ئازادی و سەربەخۆیی، و نیشانیاندا کە چۆن بڵاوکراوەکان دەتوانن ببنە بەشێکی سەرەکی لە کایەی فەرمانڕوایی و پێناسەی نەتەوەیی.
کاتێکیش باس لە گۆڤارە ئەدەبی و هزرییە قووڵەکان دەکەین، دەبێت ناوی مامۆستا عەلائەدین سەجادی بهێنین کە لە ڕێگەی گۆڤاری گەلاوێژەوە لە بەغدا لە نێوان ساڵانی هەزار و نۆسەد و سی و نۆ بۆ هەزار و نۆسەد و چل و نۆ، خزمەتێکی بێپایانی بە مێژوو، وێژە و ڕەخنەی کوردی کرد. عەلائەدین سەجادی لەگەڵ هاوڕێکانیدا وەک ئیبراهیم ئەحمەد، توانیان لە ڕێگەی گەلاوێژەوە سەکۆیەکی ئازاد بۆ بیرمەندان و نووسەرانی کورد لە هەموو پارچەکان دابین بکەن. سەجادی بە وردبینی و لێهاتوویی خۆی لە کۆکردنەوە و ساخکردنەوەی کەلەپووری کوردی، گۆڤارەکەی کردە سەرچاوەیەکی مێژوویی یەکجار گرنگ کە تا کۆتایی ڕۆژگار وەک بنەمایەکی سەرەکیی توێژینەوە زانستییەکان دەمێنێتەوە.
ئەم گەشتە درێژەی کێشا و لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، دەموچاوی تری وەک حوسێن حوزنی موکریانی دەرکەوتن، کە بە تەنها خۆی پێشەنگی هێنانی چاپخانە بوو بۆ کوردستان. موکریانی بە دەرکردنی گۆڤارەکانی وەک زاری کرمانجی لە ڕەواندز، نیشانیدا کە ئامێری چاپ و بڵاوکردنەوە چەندە گرنگە بۆ مانەوەی زمان. ئەو بە ماندووبوونێکی زۆر و چوونە ناو مەترسییە گەورەکانەوە، پیتەکانی چاپی کۆکردەوە و پەرتووک و گۆڤاری پێ بەرهەمهێنا، تا بیسەلمێنێت کە ڕۆژنامەگەری بەبێ قوربانیدانی جەستەیی و دارایی ناتوانێت ڕێگەی خۆی ببڕێت.
کەچی لە ئێستادا، کاتێک سەیری دۆخی ناوخۆیی و ڕاستەقینەی ڕاگەیاندنی کوردی دەکەین، لاپەڕە گەش و مێژووییەکەی ڕابردوو تووشی پاشەکشە و داڕمانێکی گەورە بووە؛ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان کە ڕۆژانێک ئاوێنەی بیری ئازاد بوون، ئێستا بەتەواوی کراون بە موڵکی تایبەتی چەند دەموچاوێکی دیاریکراوی سەر بە دوو لایەنە سەرەکییەکە و بە شێوازێکی ناڕەوا قۆرخکراون. ئەمڕۆ دەزگا ڕۆشنبیری و زانستییەکان، لەبری ئەوەی ناوەندی پاراستنی بەها باڵاکانی نەتەوە و زمان بن، گۆڕدراون بۆ بارەگای حیزبی و دیوەخانی باپیریان، کە تێیدا تەنها پیاهەڵدان و بەرژەوەندییە تەسکەکان بڕیار لەسەر مانەوەی دێڕەکان دەدەن. ئەم سفرەچن و بەرژەوەندیخوازانە، بەدرژایی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە، بە سیاسەتە چەوتەکانیان دەستیان ناوەتە بینەقای وشەی ڕەسەنی کوردی و ڕێگری دەکەن لەوەی کەسانی تری کوردپەروەر و خاوەن زانست، تەنانەت بە یەک وشەش بەشداری لە داڕشتنی هۆشیاریی کۆمەڵگەدا بکەن. نووسەران و ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆ و بەهەڵوێستەکان کە ئامادە نین پێنووسەکانیان بفرۆشن، لەبەرانبەر ئەم قۆرخکارییە حیزبییەدا پەراوێز خراون و دەنگیان تاسێنراوە، چونکە دیوەخانی نوێی ڕاگەیاندن تەنها جێگەی ئەوانە دەبێتەوە کە لەسەر ئاوازی لایەنەکان دەنووسن.
کاتێک سەیری تەواوی ئەم کاروانە مێژووییە دەکەین، دەبینین کێشەی گەورەی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ئێستادا نەبوونی ئامراز یان چاپخانە نییە، بەڵکو دیلبوونی وشەیە لەژێر بەزەیی قۆرخکاریی حیزبیدا. میقداد مەدحەت بەدرخان، جەلادەت، پیرەمێرد، سەجادی، و موکریانی، خەباتیان بۆ ئەوە نەکرد کە ڕاگەیاندنی کوردی ببێتە پاشکۆی هێزە ڕامیارییەکان و بارەگای ناسیاوی ، بەڵکو ئامانجیان ئازادیی مرۆڤی کورد بوو. بۆیە بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ خامەی کوردی، پێویستە وشە لەم داگیرکارییە چارەکە سەدەییەی هێزەکان ڕزگار بکرێت و جارێکی تر دەزگا ڕۆشنبیرییەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان کە نووسەرە نیشتمانپەروەر و بەهەڵوێستەکانن،هەتا ڕێگە نەدرێت مێژووی پڕ لە سەروەریی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە نێو دیوەخانی لایەنەکاندا وندابێت.

ستار ئەحمەد




گەشتی8 یان چاوخشاندنێکی خێرا .. نەوزاد بەندی

١-

جاران، دوور لە ئێستا، داب و نەریتی بەسەرکردنەوەی نوسەرە لاوەکان ئەبینرا لەلایەن نووسەرە خاوەن ئەزمونەکانەوە.. نوسین و بابەتەکانیان هەڵدەسەنگاندن، بۆ نمونە لە گۆڤاری بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و کاروان دا، چیرۆکنوسێکی بە توانا، چیرۆکە بڵاوکراوەکانی ژمارەی پێشووی هەڵدەسەگاند و دەستی دەخستە سەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی چیرۆکەکان.. یان شاعیرێکی بەتوانا شیعرە بڵاوکراوەکانی ژمارەیەکی گۆڤارەکەی لە ووتارێکی دوور و درێژدا، تاوتوو دەکرد، لێرەدا ئیتر نوسەرە لاوەکان هەستیان دەکرد مامۆستا و خەمخۆریان هەیە، ڕێزیان لێ نراوە و بێکەس نین .. براگەورەی ئەدەبییان هەیە هەڵیاندەسەنگێنێ و دەستگرۆییان دەکات ..
بە داخەوە! ئەو نووسەرە گەورە میهرەبانانە هەموویان کۆچی دواییان کرد و .. نووسەرانێک جێگایان گرتنەوە کە بێجگە لە قەد و باڵای ئەدەبیی و ڕۆشنبیریی خۆیان، هیچی تر نابینن ..واتا من زۆر وورد دەبمەوە لە کۆمێنتی بابەتە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکانی تەواوی پێگە ئەدەبیی و هونەرییەکان، هێشتا کۆمێنتێکی بۆ نمونە بەختیار عەلییم نەبینیوە بۆ چیرۆکنوسێکی لاو کە هەندێ ڕەخنە و ڕێنمایی هونەری چیرۆکنوسینی تێدا بێ.. هێشتا کۆمێنتێکی عەبدوڵا پەشێوم نەبینیوە بۆ تازە شاعیرێکی قەڵاو منارە، بڕێک دەستخۆشیی و چاو سوورکردنەوەی ئەدەبیی تێدا بێ بۆی. . ئەڵێم کۆمێنت، ناڵێم ووتار ..چونکە ئەوەیان مەحاڵی مەحاڵەکانە، کەسانێکی بەرز و باڵای وەک ئەوان، ووتاری دوور و درێژ لەسەر بوێژێکی لاوی نەناسراو بنووسن، سوکایەتییە بۆ ئەوان دابەزن بۆ ئەو ئاستە نزمانە.. ئەوان تازە لە ئاسمانە بەرزەکاندان و نایشیانەوێ ڕێگای ئەو ئاسمانە بەرزانە نیشانی ئەوانەی خوارەوە بدەن.
تەنانەت لە پێشبڕکێ و ڤیستڤاڵە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکانی ناوخۆدا، ئەو نووسەر و شاعیرە زەبەلاحانە پێیان سوکیی و نەنگییە بە دەقێک بەشداریی بکەن، لە کاتێکدا شاعیرێکی مەزنی وەکو نزار ئەلقەبانیی، لە هەموو ڤیستڤاڵە شیعرییەکانی مەربەددا، ئامادەیی هەبوو .. لەولایشەوە ڕۆشنبیره باڵاکانمان، هەوڵی مەرگ دەدەن تا ڤێستڤاڵێکی ڕۆشنگەریی ئەوروپی قبوڵیان بکات و تیایدا جوانترین و تازەترین بەرهەمیان پێشکەش ئەکەن .. شانازیی بەوەوە دەکەن لەگەڵ فڵان ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوایی وێنەیان چرکاندووە.. لە فڵان پێشبڕکێیی ئەوروپیدا، خەڵاتیان بردۆتەوە، ئیتر ڕەوتی ڕۆشنبیری ناوخۆی کوردستانیان داوەتە دەست خوا.
دوێنێ، هەشتی حوزەیران، لە تاقیگەی نەخۆشخانە، بۆ ماوەی 12 سەعات ئێشکگر بووم، لەو کاتە دوور و درێژە، بە تەنیا، بە ڕێکەوت له لاپتۆکەمدا، بەرنامەی گەشتی8 ی هەردی سەلامیم بینی، بەڕاستی سەرنجی ڕاکێشام، چونکە من زۆر بینەری تی ڤی نیم .. وای لێکردم بۆ سێ چوار بەرنامەی گوێ ڕادێرم، ئیتر کەوتبوومە نێوان فەحسی نەخۆش و گەڕانەوە بۆ لاپتۆکەم، ڕێک وەک هەردی کە لە نێوان خواردن ئامادە کردن و پرسیارکردن له میوانەکەی، لە جموجوڵدایە..
لێرەدا بۆ زیندووڕاگرتنی بەرنامەی گەشتی 8 و ..بە هەمان ڕێگای نووسەرە بەرزە کۆچکردووەکانمان کە لە ووتاریکدا تاوتووی کۆمەڵێ شیعر و چیرۆکیان دەکرد، هەوڵ ئەدەم کۆمەڵێک ڕا و سەرنجی خۆم لەسەر سێ چوار بەرنامەی گەشتی 8 دەربڕم، بە هیوای ئەوەی ئەم نەریتە زیندوو بێتەوە و ..نوسەرانی تریش چاوبخشێنن بە بەرنامە و بەرهەم و ماندوو بوونی ئەوانی تردا، بۆ ئەوەی لە گۆشەی پەنهاندا پەڕاوێز نەخرێن و لە یاد نەچنەوە، وەک دەستخۆشیی و ماندوو نەبوون و ووزە بەخشێکیش بۆ ئەو نووسەر و پێشکەشکارانە، هەتا لە هەوڵ و داهێنانی نوێ بەردەوام بن، یان ئەگەر هەڵەیەکیان توش بووبێ، بە خۆیاندا بچنەوە.
سەرەتا هەست ئەکەم ئەم دیاردەی بانکگردنی میوانە بۆ ناو ئوتومبیلێکی گرانبەها و پیاسە پێکردنی، بووەتە دیاردەیەکی بڵاو و چەندین بەرنامە بەم شێوەیەیە، میوانی بەرنامە بانگدەکرێتە ناو ئوتومبیلێک و پرسیارەکانی لەناو ئوتومبیلەکەدا لێدەکرێت، دوای ئەوە بۆچی خواردن لە بەرنامەکەدا هەبێت؟ ئاشکرایە خواردن و بیرکردنەوە پێچەوانەی یەکترن ، ئەپرسم ئایا ئەمەیش هەر درێژکراوەی بەرنامە ڕەنگاوڕنگەکانی ناو ستۆدیۆ نییە، کە زیاتر لە کەناڵە تورکییەکانەوە وەرگیراون، لە لایەک شێف خواردن ئامادە دەکات و لە لایەک میوانی بەرنامە بەر ڕێژنەی پرسیار دراوە ؟
بە ڕای من دیاردەیەک یان ستایڵێک دوو بارە بێتەوە، چێژ لە دەست دەدات.. گۆڕینی تەکنیکی بەرنامە، زۆر ئاسانە و تەنها هەندێک بەهرە و بیر لێکردنەوەی ئەوێت، قەیچێکا با ڕۆشنبیرێک لە کتێبخانەیەکدا گفت و گۆی لەگەڵدا ساز بکرێ.. هونەرمەندێک له شانۆیەکدا .. خاوەنکارێک لە فرۆشگاکەیدا.. سیاسییەک لە تەنیشت کاروانی تەنکەرە نەوتەکاندا ..
یەکێک لە بەرنامەکانی گەشتی8، لە لەندەن و میوانداریی لەکاک ئەمیرحەسەن کردبوو، بە ڕاستی هونەرمەندێکی بەڕێز و سەرکەوتوو، ڕۆح سوک و قسە خۆش .. چێژێکی تایبەتی به بینەر و گوێگرەکانی بەخشی، بەڵام لە بۆچوونێکیدا توشی سەرسوڕمان بووم، کاتێ ووتی: ( من بڕوام بە هاوڕێیەتیی کوڕ و کچ نییە ! ) .. ئەمە هونەرمەندێکی ناسراوی دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، کە ساڵانێکیشە لە لەندەن ئەژی .. ئایا ئەم بۆچوونەی نابێتە هۆی تێکدانی باری سەرنجی هەوادارانی لەسەر پەیوەندییەکانیان؟ وا ناکات کەسانێک لێپرسینەوەی توند لەگەڵ کوڕ و کچەکانیاندا بکەن، پشت ئەستوور بە بۆچوونی هونەرمەندێک کە لە ئەوروپا ئەژی ؟ ئایا هاوڕێیەتیی چییە؟من سەدان هاوڕێی کچم لەکۆلێژ و فەرمانگا و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکاندا هەیه.. هاوڕێن، لە خۆشیی و ناخۆشیدا هاوخەمیی بۆ یەکتری نیشان دەدەین و یەکتری بەسەر دەکەینەوە، ئیتر بۆچی ئەبێت بڕوات بە هاوڕێیەتیی کوڕ و کچ نەبێت؟ ئەی بچینە فەرمانگا چی بکەین؟ سڵاو لە فەرمانبەره کچەکان نەکەین و ..مردوویان لێ بمرێ، سەرخۆشییان لێنەکەین؟ یان ژوورەکان جیا بکەینەوە، ژووری ئینفیرادیی بۆ کچێک درست بکەین کە لەگەڵ دوو کوڕدا فەرمانبەرە؟ یان له زانکۆ .. یان لە هەموو شوێنێک..بە ڕاستی نابێت زاراوەی هاوڕێ و عاشق تێکەڵاو بکەین، هەموومان بمانەوێ یان نەمانەوێ، بە مامۆستا ئاینییەکانیشەوە، هاوڕێ و هاوخەمێکی زۆری ڕەگەزی بەرامبەرمان هەیە، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە.. ئێ خۆ کۆمەڵ تەنها لە نێرینە پێک نەهاتووە.
پاشان کاک ئەمیر ئەڵێ خێزانەکەم ڕاستی کرد کە پێویستە خۆم له گۆرانیی وئاهەنگ دوور بخەمەوە چونکە لەگەڵ ئاستی کەسایەتیمدا ناگونجێ ..بەو جۆرە دوا گۆرانیم لەسەر دایک تۆمار کرد و ئیتر تەواو واز لە گۆرانی ووتن دێنم..!
ئەمە لوتکەی تێنەگەیشتنە لە هونەر .. لە ئەدەب .. لە ڕۆشنبیریی .. تۆ هونەرمەندی میللەتێکیت، خێزانەکەت بۆی نییە لە گۆرانی دوورت بخاتەوە .. من کە شیعر ئەنووسم، ناهێڵم خێزانم بیخوێنێتەوە و ڕای خۆی لەسەر بدات، چونکە من بۆ میللەتێک ئەنوسم، دوای ئەوەی کە شیعرەکەم بڵاو کردەوە، خێزانیشم ئەگەر حەزی لە خوێندنەوەی شیعر بێت، با بۆ خۆی بیخوێنێتەوە ..
چۆن ئەبێ هونەرێک کە تۆی گەیاندۆتە ئەو ئاستە، ئەمرۆ بە هاوشانی کەسایەتیی خۆتی نەزانیت، ئەی ئیتر بۆچی ڕازی ئەبیت وەک گۆرانیبێژێک چاوپێکەوتنت لەگەڵدا بکرێت؟ مادام بۆچوونت بەو شێوەیەی لێهاتووە، هەر لە سەرەتادا بە هەردی سەلامیت بووتایە، ببوورە! من جاران هونەرمەند بووم ، ئێستا هونەرمەند نیم و بە بڕیاری خۆم و خێزانەکەم هونەرمان وازلێهێنا، چونکە لەگەڵ ژیانی مندا ناگونجێت و ڕەتم کردۆتەوە ..
ئەبوو هەردی سەلامیی بیپرسیایه ئایا ئەو ناوبانگ و جەماوەرەیشی کە هەتە، ڕەتیان دەکەیتەوە لە کاتێکدا ئەو دووانە بەشێکن لە دەسکەوتەکانی گۆرانی ووتن کە بە تۆی بەخشیوە؟
لێرەدا بێئاگایی پێشکەشکار دەردەکەوێت لە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخێکی سەیردا، من گۆرانیبێژم بەڵام گۆرانیبێژیی لەگەڵ پلە و ئاستی مندا ناگونجێ و ..قسەی هاوسەرم ڕاست بوو، بۆیە دوا گۆرانی بۆ دایک ئەڵێم و ئیتر تەواو ..
کەواتە بینەر یەکسەر هەست ئەکا ئەمە ئەمیر حەسەنی گۆرانبیبێژ نییە، ئەمە کەسێکی ترە کە ئەمیر حەسەنی گۆرانیبێژی کوشتووە.. کۆتایی پێ هێناوە..
ئینجا دوا گۆرانیت بۆچی بۆ دایک بێت؟ نابێ بۆ عەشقێک بێت؟ نەخێر نابێ ..چونکە ئەم گۆرانیانە، ئاواز و شیعرەکانی بە سانسۆری خێزانییدا تێدەپەڕن، ئەبێ بە جۆرێک بێ کە بە خەیاڵیش عەشق و خۆشەویستیی تێدا نەبێ، چونکە عەشق لەگەڵ پلە ومەقامی ئێمەی خاوەن ماڵ و مناڵدا ناگونجێت یان عەشق بە واقیع و خەیاڵەوە، بە شیعر و ئاواز و وتنەوە، تایبەتکراوە بە هاوسەری هونەرمەند..
بە ڕاستی ئەمە کارەساتە.. گۆرانیبێژم بینیوە کاتێ مناڵەکانی گەورە ئەبن، گۆرانی بۆ هاوسەرەکەی ئەڵێت ..کەسێکی ئازا و ووریا نییە پێی بڵێ : براکەم! ئەم درۆ گەورەیە چییە ئەیکەیت؟ ئەسڵەن شیعر و گۆرانی بۆ ئەو شتانەیه کە دەستمان نەکەوتوون و لە خەیاڵدانماندا ئەخولێنەوە و شەونخوونمان ئەکەن .. تۆ هاوسەرەکەت پەنجا ساڵە پێکەوەن، ڕۆژی سێ ژەم پێکەوە ئەخۆن و ..شەڕ و ئاشتیی نەماوە لەگەڵ یەکتریدا نەیکەن، ئیتر ئەم شیعرە چییە؟ ئەم ئیلهامە لە کوێوە هات ؟؟ خۆ وەک حەلاوەخانی خێزانی فایق بێکەس کۆچی دوایی نەکردووە تا بۆی بنووسیت :
حەلاو گیان ڕۆیشتی منت بەجێهێشت
ئەزانی دوای تۆ چەندم جەفا چێشت ؟

هەر بۆیه پێوستە هونەرمەند و ڕۆشنبیرەکانمان ئاگاداری ئەوە بن کە ئەوان پێش ئەوەی هاوسەری ژنێک بن، موڵکی میللەتێکن، ڕێنیشاندەر و خەو و خولیای میللەتێکن..ناکرێت هیچ سانسۆر و بازگە و پۆلیسێک لە نێوان هونەرەکەیان و میللەتەکەیاندا ڕاوەستێت .. محەمەد جەزا عەلی گۆرانی بێژ، کوڕی حاجی عەلی، کە ڕازی نەبوو کوڕەکەی گۆرانی بڵێت، لە پێناوی هونەرەکەیدا لە قسەی باوکی دەرچوو، چونکە باوکی یەک کەسە بەڵام هونەرەکەی یەک میللەتە.. نزار قەبانی لەسەر شیعری عەشق بەردەوام بوو، باکی نەبوو بەوەی بنەماڵەکەی حاشایان لێکرد ..سوهەیبی ڕۆمی لە پێناوی عەشقی خوا و پێغەمبەردا، وازی لە ئایین و نەتەوە و کۆشک و تەلارەکانی باوکی هێنا و دوای موحەمەد کەوت..فایق بێکەس بە بێ گوێدانە خێزان و مامۆستای گەڕەک، داکۆکیی لە مەی کردووە.
ئەوانە فیداکاریین کە خاوەنەکانیان بەرز و نەمر هێشتۆتەوە ..
یەکێک لە گەشتەکانی 8 لەگەڵ کاک ڕێبین هەردی دا بوو، لە ڕاستیدا ڕێبین هەردی هەر چۆنێک بێ، کەسێکی ناسراوە، هەم وەک کوڕی ئەحمەد هەردی، هەم وەک هەوڵدان و خوێندنەوە و بیرکردنەوەی خۆی.. هەم وەک هاوڕێکانیی و ڕەهەندییەکان، زیرەک لە هونەری ئاخاوتندا و .. لە چۆنێتیی کاردانەوەی خۆش و ناخۆش لە کاتی خۆیدا، بە جۆرێک تەنانەت نەیارەکانیشی لە گولێگرتنی بێزار نابن..من وەک خۆم، بەدەر لەوەی کە ڕەخنەم لە هەندێک لە زەمانە سازیی و خۆگونجاندن و دیبلۆماسییەتی خۆپەڕینەوەکانی هەیە، بەڵام دڵنیام لەوەی کە لە دیالۆگ و دیپلۆماسییەت و ڕۆشنبیریدا، پلە و پێگەیەکی بەرزی هەیە.
لەو گەشتەدا، دوو سێ سەرنجم هەبوو لەسەر دیالۆگەکەی ڕێبین هەردی، یەکەمیان ئەوەیە چەندەها جار و تەنانەت لەکاتێکدا ئەحمەد هەردی باوکی له نەخۆشخانە کەوتووە، لێی دەپرسێت : ( ئەو ست فاتیمەیەی شیعرت بۆ نوسیوە، کێ بوو؟ ) باوکیشی وەڵامێکی کەمەر شکێنی ئەداتەوە، پێی ئەڵێ : ( ئەزانیت تۆ زۆر کەریت! )
لە ڕاستیدا وەڵامەکەی ئەحمەد هەردی کە دەیان جار ئەو پرسیارەی لێکراوە و وەڵامی نەداوەتەوە، دواجار لەسەر قەرەوێڵەی خەستەخانە چەند بارە هەمان پرسیاری لێدەکرێتەوە، وەڵامێکی زۆر نیشانە پێک بووە .. وەڵامێکی لە ڕووکەشدا کۆمیدییە، بەڵام لە ناوەرۆکدا تراژیدییە .. جنێوێکی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی تۆزێک بیربکەنەوە، کە ئەم پیاوە کفری نەکردووە لەم کۆمەڵگا حەیا بەرەدا، یەک شیعری بۆ کچێک نوسیوە کە خێزانەکەی نەبووە ..ئەم کفرە گەورەیەی کە بە درێژایی ژیانی بە دوایەوە بوون و داوای کەفارەتی کفرەکەیان لێکردووە . تەنانەت له چەندین چاوپێکەتنی تیڤی و ڕادیۆدا، دیسان داوای ئەدرێس و ئیمەیڵ و ژمارەی خانوو و ناسنامەکانی !! ست فاتیمەیان لێکردووە، ئەویش ناچار وتوویەتی :
( قەت بە دڵ ڕەق باست ناکەم نایزڕێنم ناوەکەت)
ئێ خۆ ناتوانێ لەسەر تیڤیی پێیان بڵێ : ئەزانن ئێوە زۆر کەرن ؟..
بەڵام سوودی نییە .. لەگەڵ میللەتی قۆناغی ئەشکەوتا سوودی نییە .. لەگەڵ کۆمەڵگای مێگەلدا، سودی نییە ..کۆمەڵگای فزوڵیی، کۆمەڵگای بێ ئیش، کە عەقڵیان داچۆڕاوەتە ناو شەڕواڵەکانیانەوە ..کۆمەڵگایەک کە حەز ئەکات حەیای کچێک ببات و ئاشکرای بکات و تەپڵی بۆ لێبدات ..
وەک چۆن عەبدوڵا پەشێوێکی لوتکە!! ، تەهدیدی ئەو کچە ئەکا کە خۆشی ویستووە و ..چارەنووس وایکردوە ببێتە هاوسەری کەسێکی تر
، پێی ئەڵێ :
( لە دەستم دێ ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم
نامەی بەختت بسووتێنم،
لە دەستم دێ هەموو شتێک ئاشکرا کەم
کام شەوت گەش و ڕووناکە
ئەو شەوە فوو لە چرا کەم
لە دەستم دێ، بە دوو وشە دڵی زاوای ویستووت ڕەش کەم
لە خۆشاوی شەوی پەردەتان بێبەش کەم ) !!

واتا لە دەستی دێت پەیوەندییە تایبەتیی و سۆزدارییەکانی ئاشکرا بکات و ..شەو لە عەشقە کۆنەکەی بکات بە شەوی تار و دەیجور ..
ئەڵێ لە دەستم دێت، واتا ئەمە جۆرێکە لە نیشاندانی هێز و ماسولکە وتوانا.. لە دەستی دێت..شانازی بەوەوە ئەکات کە ئەتوانێت خێزانێک وێران بکات ئایا ئەمە نیشتنەوەی ئیلهامی شیعرییە یان درۆنی جەنگیی ؟
هەر بۆیە ڕێبین هەردی ئەکەوێتە هەڵەیەکی گەورەوە کاتێک ئەیەوێ دەستکاری داهێنان و سروش و شیعری باوکی بکات پێش ئەوەی بیەوێت بچێتە ژیانی سۆزداریی و تایبەتیی شاعیرێکی ناسک و ڕۆمانسیی میللەتێکی مێگەل و ڕەشۆکیی ..بۆیە ئەو شاعیرە ناچارە ڕەنگە بۆ یەکەمجار بە کەسێک بڵێ، ئەزانیت تۆ زۆر کەریت ..؟؟ .. هەڵەی گەورەی کردووە کاتێ شاعیرێکی گەورەی وەک باوکێک بینیوە و ویستوویەتی ئەدرێسی پەری شیعرەکانی لێ وەربگرێت..
کارەساتێکی گەورەیە بڕۆیت بە دوای ناوێکا بگەڕێیت کە لە شیعری شاعیرێکی گەورەدا هاتووە، بۆ ئەوەی ناوی ئافرەتێک بزڕێنیت، کە تاوانەکەی ئەوە بووە عەشقی باوکت بووە.. یان تەنانەت بە کوشتنی بدەیت لەلایەن کەس و کارە ڕەشۆکیی و تێڵا بە دەستەکانیەوە ..
ئەوەی جێی پێکەنینە، ڕۆشنبیرێکی وەک ڕێبین، لە سەرەتادا ئەڵێت ئێمە هەموومان ئەزانین ئەو ست فاتیمەیە کێیە ..ئەوان هەموویان .. واتا ئەوان هەموویان، بە بنەماڵە، کاتێکی زۆریان لە گەڕان بە دوای ئەو ست فاتیمە داماوە قوڕ بەسەرەدا بە هەدەر داوە و دۆزیویشیانەتەوە ..
ئەی ئافەرین .. هەموویان ئەزانن ست فاتیمە کێیە، ئەی باشە کاک ڕێبین کە زانیوتانە ست فاتیمە کێیە، بۆچی وازتان لە باوکتان نەهێناوە و تەنانەت لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیش دیسان پرسیارتان لێکردووە و ناچارتان کردووە پێتان بڵێ : ئەزانیت تۆ زۆر …… ؟
یان ویستووتانە به دەمی خۆی ددانی پیا بنێ؟ هەڵبەت زۆر ڕۆیشتنم لەسەر ئەم بابەتە، بە ڕەوا ئەزانم ، چونکە بە بەشێک لە داکوکیی ئازادیی ئەدەبیی ئەزانم ..
.. لە باسکردنی ژیانی کەسێکی ناسراودا نابێ بچوکترین هەڵە بکرێ، لەسەر فاریزەیەک لە نوسینێکی فریدریک نیچەدا، هەرایەکی گەورە دروست بوو، ئێستا چۆن لەسەر گەڕان بۆ دۆزینەوە و ئاشکرا کردن و ناوزڕاندنی ناسکترین چیرۆکی عەشقی شاعیرێکی ناو مێگەلستان، من چوار دێڕ نەنووسم ؟ چۆن داکۆکی لە شاعیرێک نەکەم کە خۆم ئینتیمام بۆ جیهانی شیعر هەیە؟

پاشان ڕێبین هەردی باس لە نەوشیروان موستەفا ئەکا .. وەسفێکی زۆری دەکات، خۆی بە لایەنگری گۆڕان و هاوڕێی نەوشیروان مستەفا ئەناسێنێ. دوای ئەوە وەسفێکی زۆری مام جەلالیش ئەکات ..
ئینجا ئەڵێت نەوشیروان موستەفا گەورەترین جەلالیی بووە، بە داخەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مام جەلالدا گەیشتە ئەو ئاستە !!
بە ڕاستی ئەو قسانەی کاک ڕێبین، کارەساتی گەورەی پەتپەتێنی فیکرییان لێ ئەکەوێتەوە..ئێ ئەو دوو کەسایەتییە لێک ترازاون، تەنانەت بە بۆچوونی خۆت نەوشیروان مستەفا نەهاتەوە بۆ سلێمانی هەتا شەڕی نێوان یەکێتی و گۆڕان ڕوو نەدات..تۆیش هاوڕێ و هاوبیری گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بوویت، ئێستا چۆن ڕێ بە خۆت ئەدەیت خەفەت بۆ ئەوە بخۆیت کە نەوشیروان مستەفایەک کە گەورەترین جەلالیی بووە، بە داخەوە کە لە مام جەلال جیا بۆتەوە و گۆڕانی دامەزراندووە؟
جارێ وشەی جەلالیی و مەلایی، نابێ لەسەر زاری ڕۆشنبیر بگەڕێت، وشەیەکن کە لە دووریی سەدان فرسەخ ڕێوە بۆنی ناتەبایی و براکوژی و ئاوکردن بە ئاشی کۆن و جەهالەتیان لێ دێت..نازانم چۆن ڕۆشنبیرێک ڕێگا بە خۆی ئەدات وشەی جەلالیی یان مەلایی بدرکێنێ؟؟ نازانم ..ڕەنگە بۆ خۆ شیرینکردن بێ، وەک ئەوەی هەندێ ڕۆشنبیری سلێمانی بە ( وانێ ) قسەئەکەن، هاتمەوانێ، ڕۆشتمەوانێ، .. بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە لە سلێمانییە ڕەسەنەکانن !!
لەوەیش سەیرتر کاتێ ڕێبین هەردی ئەڵێت کاک نەوشیروان گەورەترین جەلالیی بووە .. لێرەدا ( گەورەترین جەلالیی ) وەک باشترین پلە و پێگە و پێوەر وایە لەلای .. واتا ئەی نەوشیروان مستەفا تۆ کە لەو پلە و پێگە باڵایەدا بوویت، چۆن وازت لێهێناو چوویت گۆڕانت دروستکرد؟ خۆ گەر بیووتایە گەورەترین سەرکردەی یەکێتیی یان کۆمەڵە بووە، نەمانئەتوانی ڕەخنە بگرین، بەڵام بە کەسکردنی حیزبێک، زیندوو کردنەوەی بە کەسکردنی حیزبەکەی بەرامبەرێتیی و ..گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی کۆن.. سڕینەوەی تەواوی پەیڕەوپڕۆگرامی کۆمەڵە و یەکێتیی و پارتیشە، ئەوەتا لێرە باشترین سەرکردەکان، گەورەترین جەلالین ..با ئەولایش گەورە مەلاییەکانیان باس بکەن..
ئەمە لە زاری پێشمەرگەیەکی نەخوێندەوارەوە بێت، ئاساییە، بەڵام ڕەهەندییەکی کە دەیان ووتاری لەسەر مۆدێرنیزم و
پۆست مۆدێرنیزم و سیکیولاریزم و دیموکراسیی نوسیوە، کار بە تێرمی جەلالیی و مەلایی بکات، ئەمە ماڵوێرانیی ئایدیۆلۆژیی ناودەنێم من، ئێوەیش ئارەزووی خۆتانە.
لە باسکردنی فاروق ڕەفیقدا، ئەڵێ: فاروق ڕەفیق هێرشی زۆری کردە سەرمان، ئێمە وەڵاممان نەدایەوە، هەتا کار گەیشتە ئەوەی ووتمان کاک بەختیار وەڵامێکی بدەرەوە ..!!ئیتر ئەویش بە کتێبێک وەڵامی دایەوە !
ئایا ڕەخنە، هێرشە ؟ ڕەنگە ڕەخنە لای کەسێکی نەخوێندەوار، هێرش بێ .. بەڵام ڕەخنە لای ڕەهەندییەکان کە خۆیان بە پۆست مۆدێرنیزمی ئەم میللەتە ئەزانن، ئەبێ وەک لێکچەرێکی زانستیی وەریبگرن، خۆی ڕەخنە لە بنچینەدا زانستێکە و لقێکە لە کۆلێژی ئەدەبیات ..هەر بۆیە ناوهێنانی ڕەخنە بە هێرش، وەک ئەوە وایە بە قەڵەم بڵێیت ئاڕپیجی ..
کاک بەختیار بە کتێبێک وەڵامی هێرشەکانی فاروق ڕەفیقی دایەوە، وەک ئەوەی بڵێی ئێمە بە فڕۆکەیەکی ئێف شانزه وەڵامی تیروکەوانەکانی فاروق ڕەفیقمان دایەوە ..
یان ئەوەی کە ئەڵێ من هەر وەڵامم نەدایەوە .. چۆن وەڵامی کەسێک نادەیتەوە باری سەرنجێکی هەیە لەسەرت یان لەسەر نوسینێکت؟ ئایا ئەمە لوتبەرزیی ڕۆشنبیرییە یان بێتاقەتیی ڕۆشنبیریی؟ من هەر تاقەتیشم نەبوو وەڵامی بدەمەوە، هەر نامەوێ وەڵامی بدەمەوە .. واتا وەک ئەوەی کەسێک پێت بڵێ کراسەکەت ڕیقنەیەکی پێوەیە..تۆ تاقەتت نەبێ وەڵامی بدەیتەوە، ئێ کابرا زەحمەتی کێشاوە، کە ئاگاداری کردوویتەتەوە، کراسەکەت پیس بووە، ئەبێ بە لایەنی کەمەوە بڵێی سوپاس . . یان پێی بڵێیت کاکە ئەوە ڕیقنە نییە، بڕاندی پۆڵۆیە یان لاکۆستە .. یان هەر وەڵامێک .. بەڵام هەر وەڵامی نەدەیتەوە، چی ئەگەیەنێت؟ زۆر شت ئەگەیەنێت کە ناتوانم لێرەدا باسی بکەم، پاشان کەسێک کە شایانی وەڵامدانەوە نەبووبێ و پشتگوێ خرابێت، بۆچی ئەچیتە پرسەکەی ؟ ئاخر کەسی بیریار وەک کەسی عەشایەر نییە، مردن چۆکی پێ دابدات و بەرەو مزگەوت و گۆڕستان هەڵیفڕێنێ.
گەشتێکی تری هەردی سەلامیی، لەگەڵ دکتۆر محەمەد خانیدا بوو، ئەو دکتۆرە کۆمەڵناسەی کە بە ووتە و لێکدانەوەکانی خەڵکێکی زۆری لێ کوبوونەتەوە و .. چێژێکی تایبەت لە هێمنیی و عەقڵ و لێکدانەوەکانی دەبینن، بە جۆرێک چارەسەری بۆ زۆربەی کێشە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکان پێیە، بە بێ زۆر لە خۆکردن و پەنا بردنە بەر زاراوەی لاتینیی و گریکیی، بە زمانێکی ڕەسەنیی کوردیی ئەدوێ..

٢-
لەم گەشتەی 8 دا، چەند سەرنجێکیشم لەسەر دکتۆر خانی هەبوو، ئەڵێ من زۆر داوای لێبوردن لە خەڵک ئەکەم ..بەڵام داوای لێبوردن کاردانەوەی هەڵەیەکە، وەک دەڵێن من کەمترین خەڵک بریندار ئەکەم، بۆ ئەوەی کەمترین داوای لێبوردن بکەم..کەواتە دکتۆر خانی تۆ لە ڕاستیدا ئەبێ زۆر تووڕە بیت، یان خەڵکێکی زۆر بریندار ئەکەیت وا زۆر داوای لێبوردن ئەکەیت، چونکە ناکرێت هەر لە خۆمانەوە داوای لێبوردن بکەین، هەتا هەڵەیەکمان بەرامبەر کەسێک نەکردبێت.
دکتۆر خانی ئەڵێت: من هاوسەرەکەم هەموو شتێکمە، نە باوکم ماوە نە دایک ، خوشک و برا هەموو دوور کەوتوونەتەوە، پێی دەڵێم گەر تۆ نەبوویتایە من چیم بکردایە ؟
لێرەدا ئەم کۆمەڵناس و دەروونناسە ئەکەوێتە دوو هەڵەی گەورەوە، هەڵەی یەکەمیان ئەوەیە، ئەوێکی زانا و دانا گەر هاوسەرێکی نەبووایە نەیدەزانی چی بکات، ئەی چەندەها گەنجی کوردی ئاوارەی کەمپەکان بێ دایک و باوک و خوشک و برا و هاوسەر چی بڵێن؟ کاتێ گوێ لە دکتۆر خانی دەگرن، ئەبێ توشی چ خەم و دەردێکی جودایی ببن، کاتێ دکتۆرێکی پایەبەرز بە بێ هاوسەر ماڵوێران ئەبێ، ئەی ئەوانی داماو چی بکەن؟ هەر لەناو گوێگرانی بەرنامەکەی گەشتی8 دا، چەندەها کەس هەن هاوسەریان مردووە، یان نەخۆشکەوتووە و لەناوجێدایه یان تەڵاقدان تەنیای خستوون، ئەبێ چ ئەشکەنجەیەکیان توش بێ کاتێ دکتۆرێکی بێ هاوسەر ڕایدەگەیەنێ کە بە بێ هاوسەر نازانێ چی بکات و نازانێ قوڕی کوێ بکا بە سەریدا ..
دووەمیش، ئەمەوێ بە کاک خانی بڵێم، هەرگیز مان و نەمان و هیوا و ئاواتەکانت مەبەستەرەوە بە کەسێکەوە، گەر وایش بێت، لەبەردەمیدا ئەو ڕاستییە ئاشکرا مەکە، بۆ ئەوەی شیرازەی خۆت لە دەستی خۆتا بێت و نەچێتە دەستی کەسێکی ترەوە، چونکە سروشتی مرۆڤ بە گشتی و مرۆڤی کورد بە تایبەتیی بەو جۆرەیە، کاتێ بزانێت بووەتە دوا چانس و دوا هیوا و دوا پشت و پەنای کەسێک، خۆی لەو کەسە دوور ئەخاتەوە، بە گشتی مرۆڤ حەز ئەکا هاوڕێی کەسێکی سەخت بێ نەک کەسێکی تەخت..کەس و کەژ پیتێکیان جیاوازە، بەڵام بەڕای من هەر یەک ووشە بوون و پیتێکیان کەوتۆتە خوارەوە و شکاوە..
دکتۆر خانی تەواوی قسەکانی ئامۆژگاریین، لە کاتێکدا ئاسانترین شت کە هەموو مرۆڤێک ئەتوانێت بیکات و هیچی تێ ناچێت، ئامۆژگاریکردنی ئەوانی ترە .. هەر زۆر خۆشە دانیشیت بەو خەڵکە بڵێیت بۆچی ئیشێک ناکەن؟ بۆچی زۆر ئەخەون ؟ ئەو خەڵکە چۆن دەوڵەمەند ئەبن، ئەی تۆ بۆ چوار مشقیی لێی دانیشتوویت؟
منیش ئامۆژگاریی خەڵکم زۆر کردووە، هەتا خۆم ئیشی دوای نیوەڕوانم لە دەست چوو، تەماشا ئەکەم زۆر زەحمەتە بچم ئیشی تر بکەم، یان ئیش هەر نییە بیکەم، ئەوسا سەرم کردە خەو، بە جۆرێ پەشیمان بووم لە هەموو ئەو ئامۆژگارییانەی کە جاران دەرخواردی گەنجە بێ ئیشەکانم ئەدا.. لەبەر ئەوە بە ڕاستی من حەزم ئەکرد گوێگرێکی زۆرتان نەبووایه، بەڵکو کۆمەڵێک گەنجم ببینیایە پڕۆژەیەک بەو شاخەوە بکەن بڵێن ئێمە تەلەبەی دکتۆر خانین ..کۆمەڵێ شۆڕشگێڕ بڵێن ئێمە خوێندکاری دکتۆر خانی بووین.. کۆمەڵێ لاو شەقامەکان پاک بکەنەوە و ڕێنمایی داب و نەریتی کوردیی بدەنە گەشتیارەکان و بڵێن ئێمە قوتابی دکتۆر خانین .. بەڵام کاتێ ئێمە تەنها قسە بۆ خەڵک بکەین و لە جیاتی خەباتگێڕ و خەڵکی تێکنۆکرات، خەڵکی گوێگر لە دەوری خۆمان کۆبکەینەوە، ئەوسا ئێمە میللەتێکی بێ زمان و بێ چاو و بێ دەسەلات دروست دەکەین، کە لە جیاتی ئەوان قسە ئەکەین، واتا میللەتێکی ئاڵودە بە قسەی خۆش و نەستەق و لێکدانەوەی ئاسان و چارەسەر بە ووشە.. میللەتێ کە چاوەڕوانە دکتۆر خانی و عەلی حەمە ساڵح و سۆران عومەر و دکتۆر غالب قسەی دڵیان بکا ..کە ئەوان قسەی دڵی میللەتیان کرد، ئیتر میللەت بە بێ دەنگیی ئەمێنێتەوە، چونکە ووتە بێژ و زمانحاڵی هەیە، پێویست ناکات میللەت قسە بکات و بیر بکاتەوە ..هەتا شەقام و باری ئابووریی و زانستی و سیاسیی بەرەو خراپتر بڕۆن، بزانن خەڵکێک هەن کە پێشرەوی میللەتن بە قسە و دروشم .. هەر بۆیە کاتێ دوو گەنج لە شوێنێکی گشتیدا میز ئەکەن بە دیوارێکدا، حەق نییە دوو گەنجەکە سزا بدرێن، حەقە مامۆستاکان لە سەرەتاییەوە هەتا زانکۆ سزا بدرێن، چۆن نەیانتوانیوە دوو گەنج وا لێبکەن وەک مرۆڤ میز بکەن نەک وەک گوێرەکە ..ئەبێ سیاسیی و تەواوی ڕەگەیاندنەکانیان سزا بدرێن، چۆن بەو ڕاگەیاندنە زەبەلاحانەوە نەیانتوانیوە ڕێگای ئاودەستخانە پیشانی دوو گەنج بدەن..لەبەر ئەوە بە لاتانەوە ئاسایی بێت کە ئەوروپییەک دێتە کوردستان سەیری هیچ کەسێک ناکات، چونکە هەست ناکات مرۆڤی تێدایە ، لەبەر ئەوەی جێگا دەست و شوێن پێ و بار و دۆخەکەی چوار دەوریی، هی مرۆڤ نین، یان لە باشترین حاڵەتدا هی مرۆڤی پێش شۆڕشی پیشەسازیی و ڕێنیسانسن..
لە ئەوروپا زانا و دانا و بیریارەکانیان، وەک تۆماس مۆر و دانتیی و ڤێرکیلی و بۆکاشیۆ و کۆپەرنیکوس و ..سەدانی تر، گەورەترین شوڕشی زانستی و ژیاریی و شارستانیی، بە خوێن و ژیانی خۆیان ئەنوسنەوە، ئەگینا تا ئەمڕۆیش شەقامەکانیان وەک شەقامەکانی ئێمه دەبوو .. ئەوان پێشڕەوی هەموو گۆڕانکاریی و شوڕشەکان بوون..خۆ تۆماس مۆر و سۆکرات ئەیانتوانی خۆشترین ژیان لەگەڵ پادشا نادادەکاندا بژین و خۆیان بە کوشتن نەگەیەنن، ئەی بۆچی خۆیان بە کوشتن گەیاند؟ لەبەر ئەوەی میللەتەکان تێ بگەن کە چیتر قبوڵی پادشای ناداد و یاسای دارستان نەکەن ..ئەوان نەبوونایه، سیستمی تێکنۆکرات چۆن لە ئەوروپا و ئەمەریکا پەیڕەو ئەکرا؟ چۆن ئۆبامایەکی بنەچە ئەفەریقیی ئەکرایە سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان؟ ئەی بۆچی لای خۆمان سەرۆک لە فڵان تیرە و خێزان نەبێ، ئەگەر ئەبراهانم لەنکۆڵنیش بێ، لچی لێ نادات؟
ئێ ئەوان خاوەنی سۆکرات و تۆماس مۆر و دانتین کە فەیلەسوفی پێشمەرگە بوون، ئێمەیش خاوەنی فەیلەسوف گەرێکین، کە لە قسەکردندا هیچ کێشەیەکیان نییە، بەلام ئەگەر نیشتمانەکە لە نادادیدا نوقوم بێ، بچوکترین چارەسەر و کاردانەوە و هەڵوێستیان نابێ و ..تێکڕایشیان بە دەردی خوا ئەمرن.. بەڵام گلەییەکم لە هەردی سەلامیی هەبوو، لە کاتی سوور بوونەوەی قیمە و پیازەکەدا، نەیهێشت دکتۆر بە ئیسراحەت دوو پارووی چاک بخوات، نانەکە بەشێکی بە دەستییەوە و بەشەکەی تریشی لەسەر ئەژنۆی، نائومێد بووبوون.
دواجار کاک هەردی چووە کەرکوک بۆ لای کاک ئاسۆ ئەڵمانیی.. ئەو پیاوەیش وەک پێشمەرگەی دێرین و .. وەک خەڵکی کەرکوک و.. وەک یەکێک لە قوربانییەکانی ئیپیدایمی براکوژیی، کۆمەڵێک داخ و خەمی هەڵڕشت، کە وای لە بینەرانی کرد خۆشیان بوێت، هەستی خۆبەشتزانین و قسەی باق و بریقی نەبوو .. سادە و ساکار و خاکیی بوو ..بەڵام دوو سەرنجم لە بەرامبەری دروست بوو،
یەکەمیان : کاتێ باری تەندروستیی تێک دەچێت و .. چەوری جگەر یان ترایگلیسراید و ڕێژەی شەکری بەرز ئەبێتەوە، گوێ نادات بە خۆی، هەتا ئەم پرسە ئەگاتەوە لای پاڤڵ تاڵەبانیی، پێی دەڵێت : بڕۆ بۆ ئەوروپا چارەسەری خۆت بکە..
ئەمیش ئەڕوات بۆ نەمسا، بۆ سەنتەرێکی تایبەت بە هەرس و جگەر و لە ماوەی دوو هەفتەدا دوانزە کیلۆ دادەنێت و ..کە دێتەوە پزیشکەکانی ئێرە سەریان سوڕدەمێنێت، لێی ئەپرسن چیت کردووە وا هیچ دەردێکت تیا نەماوە ؟
لێرەدا لە کاک ئاسۆ ئەپرسم، باشە بۆچی هەتا کاک پاڤڵ نەیووت بڕۆ بۆ ئەوروپا، نەچوویت؟ بۆچی گرنگی بەخۆت نادەیت ؟ خۆ نە لە شاخین و نە لە شەڕداین و نە سنوورەکانیشمان گیراوە .. ئیتر چۆن ئەتوانیت بە نەخۆشی جگەر و پەنکریاسەوە لێی دانیشیت، هەتا پرسەکە ئەگاتە سەروو خۆت و ..پێت ئەڵێ ئەبێ بە زووترین کات بچیتە ئەوروپا چارەسەری خۆت بکەیت ؟
باشە، وا تۆ چوویتە ئەوروپا و چارەسەری خۆت کرد، ئەی ئەو خەڵکەی کە گوێیان لێگرتوویت، چۆن چارەسەری خۆیان بکەن؟ من کەسێک ئەناسم، کە جگەری به تەواوەتیی توشی فایبرۆسس بووە و ئەبێ جگەری بۆ بچێنن، لە کوردستان سێ دەفتەر دۆلاری تێدەچێ و لە هیندستان حەوت دەفتەر، ئێستا و لەم کاتە ناسکەدا چووە بۆ تاران، چونکە نە سێ دەفتەر شک ئەبات و نە حەوت دەفتەر ..؟
بە سیفەتی ئەوەی پێشمەرگەی دێرینیت و خۆت بە بەرپرسیاری ئەو میللەتە ئەزانیت، بۆیە ئەو پرسیارەت لێ دەکەم .. ئایا ووڵاتی خۆمان چارەسەری تێدا نییە، وا ئێوە یەکسەر ئەڕۆن بۆ ئەوروپا ؟ ئەنوەر و فاتیحی هاوڕێم شێرپەنجەیان بوو، بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بوون ، خانۆکانیان فرۆشت و چوونە ئەستانبوڵ بە هیوای ڤیزەیەکی ئەوروپا، دەستیان نەکەوت و هەر لەوێ مردن و بوونە هاوگۆڕی نالی و حاجی قادری کۆیی ..
تۆ بۆچی باسی ئەو گەشتەت بۆ کردین بۆ نەخۆشییەکی ئاسان کە چارەسەرت لای پزیشکێکی وەک محسن ابوبکر هەبوو، ئەی ئێمە نەخۆشییە گرانەکانمان ببەین بۆ کوێ ؟
بریا باسی ئەو گەشتە ئاسانەت نەکردایە، کە لای ئێمە زۆر گرانە و هەزاران لاومان لەو ڕێیەدا خنکان.
دووەم سەرنجیشم ئەوەیە کاک ئاسۆ ئەڵێ ئەبێ جارێکی تر بچمەوە بۆ نەمسا، چێکی خۆم بکەمەوە، بەڵام لەبەر بارودۆخی نائارامیی بەغداد و ناوچەکە، دوام خستووە، چاوەڕێ دەکەم وەزعەکە ئارام بێتەوە، جا ئەڕۆمەوە بۆ نەمسا ..
لێرەدا ئەپرسم جاری یەکەم کە چوویت بۆ نەمسا، بارودۆخەکە ئارام بوو ؟ بڕوا ناکەم ئارام بووبێت.. چونکە من پەنجا ساڵ پێش ئێستام لەبیرە، هەرگیز بارودۆخی ئەم ناوچەیە ئارام نەبووە، هەر بۆیە دەست لە دەست و قەوەت لە خوا، بە زووترین کات تکتی فڕۆکە ببڕە و لە نەمسا چێکی تەندروستی خۆت بکەرەوە، دڵیشت هیچ نەکات، چونکە هەر کاتێ بە قەڵەم و کاغەزێکەوە بچیتە بارەگای هەموو حیزبە کوردییەکانەوە و غیابات بنوسیت، زۆربەیان غایبین و لە گەشتی خەلیج و تورکیا و ئەوروپا و ئەمەریکان، ڕەنگە تەنها ئێشکگرێک لە بارەگاکاندا ببینیت، کە وەک من سەرە ئێشکگرتنێتی و چاوەڕوانە گەشتیارێک بێتەوە و بارەگاکەی تەسلیم بکات و ئەویش بڕوات بۆ نۆرە گەشتی خۆی.




وتار بە تامی عەریزە.. نەوزاد بەندی

سەردەمێک تێکەوتووین ئەوەی لە بوارێکدا شارەزا نەبێ و خۆی لێ بدا، زۆر خراپ حەیای ئەچێ، چونکە تۆڕەکانی پەیوەندیی ئەوەندە ووردی ئەکەنەوە و نزیکی ئەخەنەوە و فۆکەسی ئەکەن، ڕەنگە بڵێم بە ڕاستە و پڕگاڵیش هەڵوێست بنوێنیت، هێشتا هەر لە قافدا ئەگیرێ ..
مامۆستای ئاینیی، سەرکردەی کوردایەتیی، کۆمۆنیستی عیار بیست و چوار، ڕابەری پێشمەرگە، جۆرەها ڕەمزی کۆمەڵایەتیی تر کە جاران بەڵگەنەویست بوون و وەک خوێن ئەچوونە دڵی هەمووانەوە، ئەمڕۆ ئەوەندە ڕەزا قورسن، تەنانەت ناوێرن لە کەناڵەکانیشەوە دەربکەون چجای لە بازاڕ و ناو خەڵکدا یەکسەر کۆمێنتی گاڵتەجاڕیی و ڕەخنە و جنیوی وا دوایان ئەکەون، ڕێک ئەڵێی شەمەندەفەرەکەیە کە گوایا وێستگەی یەکەمی لە عەربەت ئەبێ.
ڕۆژنامەنووس یەکێکە لەو بازگانەی کە زۆر فەریکە نوسەر و ناکامە نوسەر تیایدا سەغڵەت بووە و .. هەرچی ئەکا نە ئەتوانێ درێژە بە ڕەوتی ڕۆژنامەوانیی خۆی بدا و نە بوێریی ئەوەیشی تێدایە وازبهێنێ ..چونکە لای ئێمە وازهێنان ئیهانە و سوکایەتییە،ئیتر هەر وازهێنانێ بێ، لە سیاسیی و حوکمڕانێکەوە هەتا ئەگاتە نوسەر و قەساب و فەرمانبەرێک.. کاتێک پێی دەڵێیت کەی خانەنشین دەبیت، تووڕە دەبێ ..هەر بۆیە ئەو سیاسییە حوکمڕانانەی کە بە هیچ جۆرێ وازناهێنن، هاتوون یاسەیەکیان داڕشتووە هەتاکو ئەندامەکانیان لە سوکایەتیی خانەنشن بوون بپارێزن و ..چوار پێنج ساڵیان بە ناوی بنەماڵەی شەهید و زیندانی سیاسیی بۆ تازە ئەکەنەوە، لە کاتێکدا نە خانەنشین بوون سوکایەتیی و نسکۆیە، نە بەردەوامبوون لە خزمەت بە پیریی، ئەچێتە خانەی ڕێزلێنان و دیارییەوە ..بەڵام وەک دەڵێن، قسە بۆ کێ دەکەیت؟ مەگەر وەک دەردەدڵیی ئەم دیمەنە سەیر و سەمەرانەی دەسەڵات و میللەت ڕیز بکەین، هیچ نەبێ بۆ ئەوەی خەڵکەکە بڕیار بدەن لە بەروارێکدا بیر بکەنەوە و بزانن کەی دەست بە ژیانێکی لۆژیکیی و دروست بکەن.
ووتار نوسین بەهرەیە، واتا داهێنانە، ئەگینا نەک هەر ناتخوێننەوە، تەنانەت وای لێ دێت خۆیشت ئەبیت بە ژێر ووشە و ڕستە دووبارە و ناقۆڵاکانتەوە.
خەڵک شارەزا بوون، ئەزانن کێ ووتاریان بۆ ئەنوسێ و کێیش هەڵیانئەخەڵەتێنێ .. کێ بە تایتڵی باق و بریق پەلکێشی تەویلە نووسینە بێ سەر و بەرەکانیان ئەکات، کێیش بێ منەتانە ووتاری بێ گرێ و گۆڵ و ..پڕ بەهرەیان بۆ دەنوسێت.
زۆربەی ووتارنووسەکانمان، ووتارنوسی بۆنەکانن .. تۆم باراک گەیشتە عێراق .ئێ خەڵکەکە هەموویان لە کەناڵە کوردیی و عەرەبیی و ئینگڵیزییەکاندا بە ئێچ دی و فۆڕکەی و تەنانەت هەشت کەی بینیویانە و شرۆڤەی دوور و درێژیان لەو بارەیەوە گوێ لێ بووە، چ پێویست ئەکات ڕیشۆڵەکانی ووتار هەموویان لەسەر دارتەلی تۆم باراک ڕیز بن و هەر بەکەی ووتاری خۆی بدات لە شیش: ئامانجی تۆم باراک ، نیازە شاراوەکانی تۆم باراک، تۆم باراک لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا …… ئیتر هەر مەپرسە، شتی وا لەسەر تۆم باراک ئەنووسن، هەرخەجاڵەتی ئەکەن .. یان هەموو جیهان کارەساتی دۆرگەی ئیپیستینیان بە دەنگ و ڕەنگ و دۆکیۆمێنت بینیوە، چ پێویست ئەکات دەیان ووتار بە پەلە پەل هەڵکوڵێنرێت، ئیپیستاین و ڕووی ڕۆژئاوا، ئیپیشتین و کۆتایی شارستانیی، ئیپستن .. ئینجا تەماشا ئەکەی هەر یەکەی بە جۆرێک ناوی ئەو دۆرگەیە دەردەبڕن، ئیسلامییەکان زیاتر پێی دەڵێن ئیپیشتاین .. عەلەمیانییەکان ئەڵێن ئیپیستین .. ڕادیکاڵە ئەتایستەکان پێیان باشە ئیپستن بێ .. وەک چۆن ئەندامی هەندێ حیزب پێی ئەوترێ هاوڕێ و .. هی هەندێکی تریان بە هەڤاڵ بانگی ئەکەن و .. برایان و برادەران و ..هاوخەبات و .. جۆرەها زاراوەی تر کە تایبەتن بە لایەنێکی سیاسیی .. ئینجا هەتا زاراوە و کەناڵ و تایبەتمەندیت زیاتر بێ، تۆ باڵادەستتریت… ئەمەیش پێی ئەوترێت بەرهەمهێنانی وەهم.. تۆ بە بێ ئەوەی هیچ بەرهەمێکت هەبێ، خەڵکێکی زۆر پێت سەرسامن و خۆزگە ئەخوازن وەک تۆ وا بن، یان هیچ نەبێ ببن بە هاوخەباتت و وێنەیەکی سێڵفیت لەگەڵدا بگرن.
ووتار نووس هەیە سەیری کەناڵەکان ئەکات، ئیتر بابەتی ئەو ڕۆژە هەر چییەک بێ،خوا نەیبڕێ، یەک دوو لاپەڕەی لەسەر ئەنوسێت، کە تەواو ئەبێ شڵپەی لێ هەڵئەسێنێ، هەڵیئەفڕێنێ بۆ حەوت هەشت میدیای قەڵەباڵغ.
ووتار نووس هەیە، ئەکتەرە .. هەر ڕۆژەی یان هەر ووتارەی ڕۆڵێک ئەبینێ، ئەمڕۆ پشتگیریی لە فڵان ئەکا، سبەینێ پشتگیریی لە دژەکەی ئەکا ..ئەمڕۆ بە نوسەرانی ڕەخنەگر ئەڵێ لوسکە و ڕەشبین و تێکدەری ئەزمونەکەمان، دوای هەفتەیەک ووتارێکی ڕەش و ڕەشبینی وا ئەنوسێ، پیاو ئەترسێ خۆی بکوژێ یان دوای ووتارەکە خۆی کوشتبێ ..ئەمانە ئەکتەرن، لە هەر شانۆیەکدا بێ ئەتوانن ڕۆڵ بگێڕن، زۆر بەو سروشتەی خۆیشیانەوە ئەنازن، بەوەی کە ئەتوانن هەموو جۆرە ڕۆڵێک بگێڕن، تا وای لێ دێت نرخیان گران ئەبێ، کەناڵەکانی دەسەڵات ئەیانکڕن ، پێیان ئەڵێن تۆ حەربایەکی زۆر بەهرەمەندیت.. وەک چۆن خولە چەخماخە بە مارفی ووت مارف تۆ سەگیت.. مارفیش زۆر ئەو وەسفەی پێ خۆش بوو.
ووتارنووسمان هەیە، تایبەتە بە ئامۆژگاریکردنی سەرۆک حیزبەکان و تەنانەت سەرۆکی دەوڵەت… سەرۆک فڵان تۆ بۆچی ئەم کارەت کرد؟ ئایا نازانیت ئەم کارەی تۆ ئەبێتە هۆی هەڵوەشانی ژێرخانی ئابووریی و سەرهەڵگرتنی لاوان و پەکخستنی پیشەسازیی و کشت و کاڵی ناۆخۆ ؟ ئایا ئەم زانکۆ و نەخۆشخانە ئەهلییانە، چ سودێکیان بۆ هەژاران و میللەتی ڕەش و ڕووت هەیە ؟؟ …..هتد ..
ئیتر ئەوەی ئەیڵێن نایڵێنەوە، ئەمانە بڕوایان بە خۆیان هێناوە کە سینۆهەن پزیشک و ڕاوێژکاری فیرعەونەکانن ..
بە بێ ئەوەی ئەم ئامۆژگاریی و خۆ ماندووکردنانەیان، بچوکترین کاردانەوەی میللیی و حکومییان بە دواوە بێ.. لەوەیش ناخۆشتر ئەوەیە، هەتا ئامۆژگارییەکانیان زیاتر پشتگوێ بخرێن، ئەوان ئامۆژگاریی زیاتر و ووردتر و قوڵتر ئەنوسن.
کار ئەگاتە ئەوەی باسی گەشتەکانیان و ..خەرجییەکانیان و . چی باشە بیکەن و .. چی باشە بیخۆن و .. پڕۆژەی شاخ بڕینەوە له بنەوە بێ باشە یان لە ناو قەدەوە یان ڕاستەوخۆ تەپڵە سەرەکەی ؟
ئیتر وای لێ دێت سەدان هەزار ڕاوێژ و ئامۆژگاریی و ڕەچەەی چارەسەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و نەتەوایەتیی ڕیز دەبن، سەدان سینۆهەیش هەر خەریکن، ڕێک وەک لافاوی نوسین یان وەک شێرکۆ عەبدوڵا ئەیوت ئیسهالی نوسین دێتە گۆڕێ، بە ڕۆژنامە و پەیج و پێگەکاندا دێنە خوارەوە… نەک دەسەڵات، تەنانەت خێزانەکەی خۆیشیان تاقەتی نییە دەنوکێکی لێ بدات و کۆمێنتێ لایکێکی پیا بکێشێت.
ووتار نوسمان هەیە، چیرۆک ئەنوسێ، نەک ووتار .. سەرەتایەکی تەم و مژاویی، گرێی تیایە ..ئەیەوێ وا لە خوێنەر بکات بە دوای گرێکەدا بگەڕێ … لە پڕێکدا ووتارەکە تەواو ئەبێ و .. تەم و مژ و گرێکەیش وەک خۆیانن .. ئەمانە دوو جۆر و دوو جار دەستدرێژییان کردووە، یەکەمیان بۆ سەر ووتار و دووەمیان بۆ سەر چیرۆک…
جۆرەها ووتار نوسی تریشمان هەیە، کە تێکڕایان ووتار نوس نین، بەڵکو ئاڵودەبوون بە ووتارەوە.. ئەمانە ئەبێ لە نەخۆشخانەی تایبەت بخەوێنرێن بۆ ئەوەی لەو ئاڵودەبوونە ڕزگاریان بێ.. ئەبێ ڕۆژانە جورعەیەکی کەم و کەمتر لە نوسینیان پێ بدرێت، هەتا بەرە بەرە لەو هەموو ستوونە درێژە بێ هونەر و بێ سوود و دووبارانە ڕزگاریان دەبێت..
ئەوسا هونەر و جوانیی بۆ ڕۆژنامە و ووتار دەگەڕێتەوە، وەک چۆن جارێکیان تیمێکی هونەریی ئەڕۆنە قوتابخانەیەک لە تاران، بە قوتابییەکان ئەڵێن چەند کەس حەز ئەکا ببێ بە ئەکتەر ؟ هەموو قوتابییەکان دەستیان بەرز ئەکەنەوە، تەنیا یەک دانەیان نەبێ.. بەو قوتابییە ئەڵێن: تۆ بۆچی دەستت بەرز ناکەیتەوە؟ بۆچی حەز ناکەیت ببیت بە ئەکتەر ؟
ئەڵێ : حەریش بکەم، نامەوێ ببم . هەڵبەت ئەو هەموو ئەکتەرە، پێویستیان بە یەکێکە تەماشایان بکات.. بۆیە من حەز ئەکەم ببم بە تەماشاکەر ..
ئێمە هیچمان تەماشاکەر نین .. هەموومان ئەکتەرین ..هەموومان نووسەرین .. هەموومان هەر خۆمانین .. هێشتا نەمدیوە نوسەرێک کۆمێنتی بۆ نوسەرێکی تر نوسیبێ، بێجگە لە ماڵوێرانکردن و جنێودان .. چونکە هەموومان بڕیارمان داوە تەنها و تەنها نووسەر بین و تەنها نوسینی خۆیشمان بخوێنینەوە، چونکە تەنها خۆمان بە نووسەر دەزانین و ..تەنها خۆمان بە شایەنی خوێندنەوە دەزانین..

هەر بۆیە لێرە و لەوێ کە خزمانی کەناڵێک، چاو پێکەوتن لەگەڵ هەڤاڵێ، برایەک، برادەرێک یان هنوڕێیەکی حیزبیان دەکەن، من لە جێی خۆمدا شەرمەزار ئەبم ..ئاخر چۆن من تا ئێستا ئەم نووسەرە حەفتا هەشتا ساڵەم نەناسیوە کە چل کتێبی ڕۆمان و شیعر و لێکۆڵینەوە و سیاسیی هەیە؟ .. بەس کە ئەبینم ئەمانە یەک و دووان نین، بەڵکو سەدان و ڕەنگە هەزارانیش بن، کە لە چاوپێکەوتنە تایبەتە خێزانیی و حیزبیی و بنەماڵەییەکاندا باس لە داهێنانە بێ سنوورەکانی خۆیان ئەکەن، لەوێدا مافی ئەوە ئەدەم بە خۆم کە ئاساییە ئەگەر ئەم هەموو نووسەرە پایە بەرزە نەناسراوانەم نەناسیوە، چونکە پەنجا شەست ساڵ تەمەن، بەشی ئەم هەموو ناسینە ناکا، کە زۆربەیان کاتی بەسەراخوێندنی یاسینیانە، ئیتر ناسینی چی ؟




ڕەخنەیەکی چەپ لە سەرکردەیەکی چەپ: ڕەخنەی خودی لە پراکتیکدا.. ڕزگار ئاکرێی


کاتێک وردەکارییەکانی ڕۆژانە بۆشایی نێوان بەهاکان و ڕەفتاری سیاسی دەردەخەن

چەند نموونەیەکی ناسراو لەبەرچاو بگرن: سەرکردەیەکی چەپ کە داکۆکی لە تەندروستی گشتی و دابینکردنی پارەی بەکۆمەڵ بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی دەکات، بەڵام بەردەوام ڕێوشوێنە سەرەتاییەکانی خۆپارێزی پشتگوێ دەخات کە مەترسی برینداربوون و ڕووداوەکان کەم دەکاتەوە. یان سەرکردەیەک کە داوای پەرەپێدانی پەروەردەی گشتی دەکات وەک کۆڵەکەیەکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەڵام دڵنیایی دەدات کە منداڵەکانی خۆی تەنها لە قوتابخانەی تایبەت و بیانی دەخوێنن. یان سەرکردەیەک کە بەرگری لە شەڕی دژی گەندەڵی و شەفافیەتی دارایی دەکات، پاشان خۆی لە ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی خۆی دەدزێتەوە یان کاریگەری و پەیوەندییەکانی بۆ قازانجی شەخسی بەکاردەهێنێت.
لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا، هەمان پرسیار دێتە پێشەوە: ئایا ئێمە ڕووبەڕووی هەڵبژاردنی تاکەکەسی و هەڵاواردنی کەسیی دەبینەوە کە دەتوانرێت پشتگوێ بخرێن؟ یان ڕووبەڕووی دژیەک دەبینەوە کە بۆشاییەکی ڕاستەقینە لە نێوان ڕەوانبێژی و پراکتیکدا دەردەخات و ئەو متمانەیە لاواز دەکات کە کاری سیاسی لەسەری بەندە؟
کێشەکە پەیوەندی بە هەڵەیەکی تاکەکەسی دابڕاو نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ئەو ڕادەیەوە هەیە کە سەرکردەکان لەگەڵ ئەو بەهایانەدا دەگونجێن کە بە ئاشکرا بەرگری لێدەکەن. ئایا ئەم بەهایانە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیاندا ڕەنگ دەداتەوە کاتێک لە ژێر چاوی خەڵکدان؟ ئایا ئەو شتانە بەسەر خۆیاندا جێبەجێ دەکەن کە لە کەسانی تر داوا دەکەن؟
ئەم پرسیارانە تایبەت بە دانمارک نین و تەنها بە چەپی دانمارکی سنووردار نین. هەموو تەوژمێکی سیاسی لە هەر وڵاتێکدا دەگرێتەوە کە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و پابەندبوونی پرەنسیپی دەکاتە بەشێک لە وتاری گشتی.

لە 27 ی ئایاری 2026، ڕۆژنامەی چەپی دانیمارکی Information کورتەیەکی بڵاوکردەوە کە من نووسیومە لە ژێر ناونیشانی “پێلێ دراگستێد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ ناگرێت کاتێک بەبێ کڵاو لێخوڕین.”¹
پێلێ دراگستێد (Pelle Dragsted) وتەبێژی سەرەکی سیاسی Enhedslisten کە یەکێکە لە دیارترین پارتە چەپەکان لە دانیمارک،² وتارەکە ڕەخنەیەک بوو لە پابەند نەبوون بە یاسا سەرەتاییەکانی سەلامەتی ڕێگاوبان، چونکە ئەو ڕاهاتووە بە لێخوڕینی پاسکیل بەبێ کڵاو، سەرەڕای ئەوەی حزبەکەی تەندروستی گشتی و سەلامەتی کۆمەڵگەی وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی بەرنامەی سیاسی خۆی داناوە. I لە گفتوگۆ و گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک چاودێر زانیم کە ئەم بابەتە پێشتر لە ناوەوە و دەرەوەی پارتەکە بەرز کرابووەوە پێش ئەوەی وتارەکەم بڵاو بکەمەوە.
بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە، پێویستە لە چوارچێوەی دانمارکی خۆیدا سەیری بکەین. پاسکیل بەشێکی سەرەکی ژیانی ڕۆژانەیە لە دانیمارک. داتا فەرمییەکان و توێژینەوە پسپۆڕییەکان دەریدەخەن کە نۆ لە هەر 10 دانمارکی پاسکیلیان هەیە و کۆپنهاگن بە یەکێک لە شارەکانی جیهان دادەنرێت کە زۆرترین پشت بە پاسکیل دەبەستن.³ لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دانمارک بە یاسایی پێویستی بە بەستنی کڵاوەکە نییە، و خۆی سنوردار کردووە بە ڕاسپاردنی توند بەبێ هیچ پابەندبوونێکی یاسایی، لە کاتێکدا وڵاتانی وەک ئوسترالیا، نیوزلەندا، ئەرجەنتین، قوبرس و نامیبیا هەڵیانبژاردووە کە کڵاوەکە بە زۆرەملێ ببەستن و غەرامە بکەن بۆ پابەند نەبوون.⁴
سەبارەت بە خۆم، لەوەتەی گەیشتووم بۆ دانیمارک بۆ هۆکاری ژینگەیی و تەندروستی و کرداری پشت بە پاسکیل دەبەستم. من خۆم تووشی ڕووداوێک بووم کە کڵاوەکە فاکتەرێکی گرنگ بوو بۆ سنووردارکردنی دەرەنجامەکانی برین، کە وادەکات ئەم بابەتە نزیکتر بێت لە ئەزموونی ژیانی تاکەکەسی وەک لە ڕەخنەی ئەبستراکت.
بۆ خوێنەرانی دەرەوەی دانیمارک، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی باشووری جیهان کە کێشەی جەنگ، سەرکوتکردن، هەژاری و گەندەڵی زاڵ بوون، ئەم بابەتە لەوانەیە وەک وردەکاریەکی پەراوێز دەربکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی کە پەراوێز دەکەوێت هەندێک جار پرسیاری سیاسی و پرەنسیپی قووڵتر دەردەخات. ئەم وتارە لە بنەڕەتدا دەربارەی کڵاوی پاسکیل نییە. ڕەخنەی گشتی و دیالۆگی کراوە لە نێو چەپدا، ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵی، گونجانی نێوان بەها و پراکتیک لە نێوان سەرکردە سیاسیەکان، و توانایان بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ ڕەخنە، داننان بە هەڵەکان و ڕاستکردنەوەیان.
ئەم وتارە پشتی بە ئەزموونی شەخسی دەبەستێت لە ڕاهێنانی ڕەخنەگرتن لە خودی چەپی دانیمارکی و چۆن وردەکاریەکی سادەی ڕۆژانە دەتوانێ مشتومڕێکی گشتی فراوانتر لەسەر ئەم بابەتانە بکاتەوە. دەق و بارودۆخ بە دڵنیاییەوە لە نێوان کۆمەڵگاکاندا جیاوازە، بەڵام ڕاوێژکردن بە ئەزموونی کەسانی تر و وەرگرتنی دەرس لێیان ئامرازێکی گرنگە بۆ گەشەپێدانی کەلتووری بەرپرسیارێتی و ڕەخنەی خودی لە هەر شوێنێک بێت. بەرپرسیارێتی تەنها بە کێشە گەورەکانەوە دەست پێناکات. هەروەها لە ڕێگەی وردەکارییە بچووکەکانەوە شێوە دەدرێت کە بە تێپەڕبوونی کات کەڵەکە دەبن.

ناکۆکی لە ناوەڕۆکی مەسەلەکەدا: بۆچی ڕەخنەی خودی پێویستییەکی چەپە؟
لە دانیمارک، متمانەی سیاسەتمەدار تەنها بەو قسانەی کە دەیڵێت ناپێورێت، بەڵکو بەو شتانەش دەپێورێت کە لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەرجەستەی دەکات. کاتێک باس لە سەرکردایەتی چەپ دەکرێت، ئەم ستانداردە گرنگییەکی تایبەتی وەردەگرێت، چونکە گونجانی نێوان بەهاکان و پراکتیکەکان بەشێکی گرنگی گوتاری چەپ پێکدەهێنێت. لێرەوە ئەوەی کە وەک بابەتێکی سادە دەردەکەوێت، وەک لەبەرکردنی کڵاوی پاسکیل، دەبێتە مشتومڕێکی فراوانتر دەربارەی بەرپرسیارێتی گشتی و ڕۆڵی سیاسی.
هاوپەیمانی سوور و سەوز خۆی بە قسەکردن و کەمپین بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافەکانی کرێکاران و دژایەتیکردنی ڕەگەزپەرستی سنووردار ناکات. هەروەها بە یەکێک لە دیارترین پارتەکانی دانمارک دادەنرێت لە بابەتەکانی پاراستنی ژینگە و کەشوهەوا. پرۆگرامی سیاسی بریتییە لە پێداگری لەسەر سەلامەتی شوێنی کار، پاراستنی تەندروستی گشتی، خۆپاراستن لە کۆمەڵگە، و ڕۆڵی دەوڵەت لە بەهێزکردنی سەلامەتی هاوڵاتیان و پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی. هەروەها سیاسەتی کۆمەڵایەتی بە سیاسەتی ژینگەیی دەبەستێتەوە لە ڕوانینێکی چەپدا کە ئەمە بە بەشێکی گرنگی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دادەنێت.
شایانی باسە کە سەرکردایەتی پارتەکە ئەم بەها ژینگەییانە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیاندا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرجەستە دەکات. بینیمان چۆن شاندی پارتەکە کە پێلێ دراگستێد و هاوکارەکانی پێک دێن بە پاسکیل بەشداری کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەکەن، لە دیمەنێکدا کە پابەندبوونێکی راستەقینە بە بەهاکانی ژینگە و تەندروستی دەردەخات.
لەم چوارچێوە تایبەتەدا، مەسەلەکە پەیوەندی بە وێنەیەکی تێپەڕین یان وێنەیەکی دابڕاو نییە. پێلێ دراگستێد چەندین جار بینراوە کە بە پاسکیلەکەی بەبێ کڵاوی دەگاتە ئەو کامێرایەی کە چەند جارێک لەلایەن کامێرای وێنەگرە ڕۆژنامەوانییەکانەوە گیراوە. ئەوەی ئێمە سەیری دەکەین هەڵەیەکی خێرا یان فەرامۆشکردنێکی نائاسایی نییە. ئەمە شێوازێکی هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی دووبارەکراوەیە کە ناکۆکییەکی بەڵگەنامەیی دەردەخات لە نێوان ئەوەی پارتەکە بانگەشەی بۆ دەکات و ئەوەی سەرکردەکەی لە فەزای گشتیدا بەرجەستەی دەکات.
ڕەهەندێکی تر هەیە کە شایەنی بیرکردنەوەیە لەم چوارچێوەیەدا. دەوڵەتی خۆشگوزەرانی دانیمارک تێچووی چارەسەر، چاکسازی و تەنانەت مووچەی خانەنشینی کەمئەندامی لە حاڵەتی هەر ڕووداوێک دابین دەکات. ئەمە مانای ئەوەیە کە هەڵبژاردنی تاک بۆ نەبەستنی کڵاو لە چوارچێوەی کەسیدا نامێنێتەوە. کاریگەری لەسەر سیستەمی بەکۆمەڵ هەیە کە لەلایەن هەموو باجدەرەکانەوە پارەی بۆ تەرخان کراوە. لەم ڕوانگەیەوە مشتومڕ لەسەر کڵاوەکە دەبێتە مشتومڕ لەسەر بەرپرسیارێتی کۆمەلایەتی چەپ.
من ئەم وتارەم وەک نووسەرێکی چەپ نووسی کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕابردوودا دەنگم بە هاوپەیمانی سەوز و سوور دا، چونکە لە ڕووی ئایدۆلۆژیاوە نزیکترین لیستە سەرەڕای ناکۆکیم لەگەڵ پارتەکە لەسەر کۆمەڵێک بابەت لەوانە پڕچەککردن، ناتۆ، جەنگی ئۆکرانیا، سیاسەتی ڕێکخراوەیی ناوخۆیی و بابەتەکانی تر. بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی. ئامانجەکە زیان گەیاندن بە دراگستێد یان حیزبەکە نەبوو. ئامانجەکە ڕێک پێچەوانە بوو. ڕەخنەی ڕاستگۆ و بنیاتنەر یەکێکە لە بەرپرسیارێتییەکی ڕاستەقینە بەرامبەر پرۆژەیەکی چەپ، تەنانەت ئەگەر کەسێک لەسەر ئەم خاڵە یان ئەو خاڵە ناکۆک بێت. هەڵەکان بە فەرامۆشکردن چارەسەر ناکرێن. لە ڕێگەی دەستنیشانکردن، دانپێدانان و ڕاستکردنەوە چارەسەر دەکرێن. ئەوە ئەو شتەیە کە من ویستم بیکەم.

لە دەروازە سەرەکیەکانەوە بۆ بۆشایی دیجیتاڵی
لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دوای بڵاوبوونەوەی وتارەکە، مشتومڕەکە بۆ ژمارەیەک لە ڕۆژنامە و پلاتفۆرمەکانی میدیای دانیمارک بڵاوبووەوە. ڕۆژنامەنووس ئاندرس ڕێدەر لە ڕۆژنامەی Jyllands-Posten کە یەکێکە لە ڕۆژنامە هەرە خوێنەراوەکان و کاریگەرەکانی دانیمارک، لە وتارەکەی لە ڕۆژنامەی پەرلەمانی خۆیدا لە ژێر ناونیشانی “کڵاوەکەت ببەستە، پێلێ دراگستێد” لە وتارەکەی وەرگیراوە و باسی لە بیرۆکەی سیاسەتمەدارەکە وەک نموونەیەکی گشتی کردووە.⁵ بەهەمان شێوە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لینی مالاسینسکی لە هەواڵنامەی هەفتانەی خۆیدا بە ناوی “Ærligt talt” (ڕاستگۆیانە قسەکردن) لە ویکنداڤیسن باسی ئەم بابەتەی کرد و خوێندنەوەیەکی شیکارانەی بۆ دیبەیتەکە زیاد کرد.لە بارەی Altinget، پلاتفۆرمی سەرچاوەی سیاسی تایبەت بە بازنەی پەرلەمانی و حکومی، ڕۆژنامەنووس جێپ هۆیبێرگ سۆرێنسن ئەم وتارەی بە یەکێک لە دیارترین بابەتەکانی گفتوگۆی سیاسی ئەم هەفتەیە ناوبرد.⁷
گرنگی ئەم ڕووماڵکردنە تەنها لە قەبارەکەیدا نییە، بەڵکو لە چۆنیەتی گفتوگۆیەک کە لە ڕۆژنامەیەکی چەپەوە دەستی پێکرد و بەرەو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە ئاراستەی جیاواز ڕۆیشت و بایەخێکی کۆمەڵایەتی فراوانتری ئاشکرا کرد: بەرپرسیارێتی کەسایەتییە گشتییەکان و کاریگەرییان لەسەر هەڵسوکەوتی بەکۆمەڵ.
دەنگدانەوەی بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درێژ بووەوە کاتێک Weekendavisen لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک چەند بەشێکی وتارەکەی بڵاوکردەوە و پۆستەکە بوو بە شوێنێک بۆ گفتوگۆی فراوانی کۆمەڵگا کە زیاتر لە هەزار کەس بەشداری تێدا دەکەن.⁸ پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستی گشتی و سەلامەتی ڕێگاوبان بەشدارییان لە گفتوگۆکەدا کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە بەڵگەی زانستی پشتگیری بەکارهێنانی ئاسایی کڵاو و کاریگەری راستەقینەی کەسایەتییە گشتییەکان لەسەر دروستکردنی کەلتووری سەلامەتی دەکات.
توێژینەوە پسپۆڕەکان دەریدەخەن کە کڵاوەکان مەترسی برینداربوونی سەر بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکەنەوە، لە کاتێکدا ئامارەکانی سەلامەتی ڕێگاوبان لە دانیمارک دەریدەخەن کە ساڵانە هەزاران پاسکیلسوار تووشی برینداری سەر و مل دەبن و دەرەنجامەکانی نەک تەنها کاریگەری لەسەر تاکەکان بەڵکو لەسەر خێزان و سیستەمی تەندروستی بەگشتی دەبێت.¹⁰

ڕەخنە نابێت لە ترسی چەوساندنەوە دوابخرێت
سەرنجم نەچوو کە هەندێک لەوانەی کە سەرقاڵی وتارەکە بوون ڕەخنەکانیان بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر هاوپەیمانی سوور و سەوز و چەپی دانیمارکی بەشێوەیەکی فراوانتر. ئەمە لایەنێکی چاوەڕوانکراو و تێگەیشتووی مشتومڕی سیاسی گشتییە، چونکە هیچ بۆشاییەکی ڕەخنەیی ئازاد نییە لەو دەنگانەی کە مشتومڕ بەکاردەهێنن بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای سیاسی جیاواز لە نووسەری سەرەکی، چ لە ڕاستەوە بێت یان لە لایەنەکانی ترەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە هۆکارێک نییە بۆ دواکەوتن یان پاشەکشە کردن لە ڕەخنە.
چەپێک کە لە ترسی ئەوەی ڕکابەرەکانی ئەو پێداچوونەوە بقۆزنەوە، دەکەوێتە ناو تەڵەیەکی زۆر مەترسیدارترەوە لەو هەڵەیە کە خۆی لە دانپێدانان لادەدات. ڕەخنەگرتن لە خود دیاری نییە بۆ ڕکابەران. ئەمە مەرجێکی بنچینەییە بۆ پاراستنی متمانە و توانای نوێبوونەوە و کاریگەری. دەستنیشانکردنی هەڵەکان و دانپێدانانیان لاوازی نییە. ئەمە یەکێکە لە شێوەکانی پێگەیشتنی سیاسی کە چەپێکی متمانە بە بەها و سیاسەتەکانی جیا دەکاتەوە.
ئەگەر ڕەخنەی خودی هەمیشە پێویستییەکی سیاسی بووبێت، ئەوا شۆڕشی دیجیتاڵی وای لێکردووە کە هیچ دەربازبوونێک لێی نییە. زانیاری ئێستا دەستبەجێ بڵاو دەبێتەوە و دەگاتە ڕای گشتی پێش ئەوەی هیچ لایەنێک دەرفەتی هەبێت گفتوگۆکە بگرێت یان ئاراستەی بکات. هەزاران کەس بە خێراییەکی بێ وێنە بەشداری هەر گفتوگۆیەک دەکەن و بیروڕاکان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا لە پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا زۆر دەبن. ئەم واقیعە وادەکات گونجانی نێوان بەهاکان و ڕەفتاری ڕۆژانە پێویستییەکی حەتمی بێت بۆ هەر کەسایەتیەکی گشتی کە دەیەوێت متمانە بپارێزێت.

دراگستێد بە وێنەیەک وەڵامی دەداتەوە کە کڵاوەکەی لەسەر کردووە
ئەوەی چاوەڕوان نەکراو بوو وەڵامێک بوو کە لە یەک کاتدا خێرا و ڕەوانبێژ بوو. دراگستێد لە ئەکاونتی ئینستاگرامی خۆیدا وێنەیەکی تایبەتی بڵاو کردەوە کە کڵاوی پاسکیل لەسەر بوو لە ڕێگادا بۆ کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەت و دەستەواژەی دانمارکی سووکی لەگەڵدا نووسیبوو: “دەڕۆین بۆ مارینبۆرگ. 😉❤️ هەروەها وەک هەر بەشداربوویەکی ئاسایی بەشداری لە گفتوگۆی بەردەوامی پەیجی فەیسبووکی Weekendavisen کرد، بەبێ ئەوەی سەیری ئامادەبووان بکات یان گفتوگۆکە پشتگوێ بخات و وێنەیەکی تایبەتی بڵاو کردەوە لەگەڵ دەستەواژەیەکی ئینگلیزی کورت و زیرەکانە: “By Popular Demand ❤️” واتە “لە وەڵامی داواکاری خەڵک”.
وەڵامەکە نە بەرگریکارانە بوو و نە داوای لێبوردن بوو. بە سووکی و متمانە بەخۆبوونەوە هات، کە جێگەی متمانەیەتی. سیاسەتمەدارێکی مامناوەند دەردەخات کە توانای گوێگرتن و تێکەڵبوون لەگەڵ ڕەخنەی گشتی بە ڕۆحێکی کراوەوە هەیە نەک پاشەکشە یان پشتگوێ خستن. توانای قبووڵکردنی ڕەخنە بەم شێوەیە خۆی لە خۆیدا سیفەتێکی پێویستە بۆ سەرکردایەتی چەپ. پەیامەکە گەیشت و مشتومڕی گشتی کاریگەری هەبوو لەسەر هەڵسوکەوتی کەسایەتییەکی سیاسی دیار. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە ڕەخنەی بنیاتنەری چەپ دەبێت بەدەستی بهێنێت.

تێبینیەکی کۆتایی بۆ خوێنەرانی
ئەو کۆمەڵگایانەی کە سەرکردەکانیان بەرپرسیار دەکەن بۆ هەڵە و وردەکارییە بچووکەکان پێش ئەوەی چاوەڕێی قەیرانی گەورە بکەن، ئەو کۆمەڵگایانەن کە دەیان ساڵە کلتورێکی ڕاستەقینەی بەرپرسیارێتییان بنیاتناوە. دیموکراسییەکی تەندروست تەنها لە خاڵی وەرچەرخانێکی گەورەوە دەست پێناکات. هەروەها لە پراکتیزەکردنی ڕۆژانەدا و لەو ساتانەدا شێوە وەردەگرێت کە سەرکردە، هەرکەسێک بێت، لە ژێر چاوی خەڵکدایە.
دەقەکان بە دڵنیاییەوە جیاوازن. ئەوەی لە دانیمارک گەورە دەکرێت مەرج نییە لە هه ولير وبەغدا و بەیروت و قاهیرە گەورە بێت. لەگەڵ ئەوەشدا پرسیاری بنەڕەتی لە هەموو شوێنێک هەمان پرسیارە: ئایا ئێمە داوا لە سەرکردەکانمان دەکەین، چ لە دەسەڵاتدان یان لە ئۆپۆزسیۆن، بە ڕێکخراوە چەپەکانیشەوە، کە ئەو بەهایانە بژین کە بەرگری لێدەکەن و لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕەنگی دادەنەوە؟ ئایا ئێمە ئامراز و بۆشاییمان هەیە بۆ ئەوەی ئەم پرسیارە بە ئازادی بوێرین؟
لە هەمووی گرنگتر: چۆن دەتوانرێت کەلتوورێکی راستەقینەی بەرپرسیارێتی لە کۆمەڵگاکاندا بنیات بنرێت کە بنەما سەرەکییەکانی تێدا نییە، لە ئازادی ڕادەربڕین و میدیای سەربەخۆوە تا دەزگاکانی چاودێری کاریگەر؟ و چۆن دەتوانرێت کەلتووری ڕەخنەی خودی لەناو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکاندا گەشە پێبدرێت و چەسپاو بێت وەک مەرجێکی پێویست بۆ متمانە و نوێبوونەوە و کاریگەری کۆمەڵایەتی، بە پشت بەستن بە ئەزموونی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا؟

ڕزگار ئاکرێی
Rezgar Akrawi

——————————————————

تێبینیەکان و سەرچاوەکان
¹ بابەتی سەرەکی لە Dagbladet Information — Rezgar Akrawi، “Pelle Dragsted بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ ناگرێت کاتێک بەبێ کڵاو لێدەخوڕێت”، 27 ی ئایاری 2026
https://www.information.dk/debat/2026/05/pelle-dragsted-ansvar-bevidst-naar-cykler-uden-cykelhjelm
² دەربارەی Enhedslisten (هاوپەیمانی سوور-سەوز) — پارتەکە لە ساڵی 1989 لە تێکەڵبوونی سێ پارتی چەپ و مارکسیستی دانمارکی دامەزرا: پارتی کۆمۆنیستی دانیمارک، سۆسیالیستە چەپەکان و پارتی کرێکارانی سۆسیالیست. لە هەڵبژاردنەکانی ئاداری 2026، پارتەکە 11 کورسی بە نزیکەی 6.4٪ ی دەنگەکان لە پەرلەمانێکدا کە 179 کورسی هەبوو، بەدەستهێنا.
³ ئاماری پایسکلسواری لە دانمارک
https://denmark.dk/people-and-culture/biking/
⁴ یاساکانی کڵاوی پاسکیل لە سەرانسەری جیهان
https://worldpopulationreview.com/country-rankings/bicycle-helmet-laws-by-country
⁵ ڕۆژنامەی پەرلەمانی Jyllands-Posten — Anders Redder، “کڵاوەکەت ببەستە، Pelle Dragsted،” ئایاری 2026
https://jyllands-posten.dk/nyhedsbreve/brevfraborgen/ECE19334636/spaend-hjelmen-pelle-dragsted/
⁶ هەواڵنامەی هەفتانەی Weekendavisen — لێنی مالاسینسکی، “Pelle Dragsted وێنەگیراوە بەبێ کڵاو”، ئایاری 2026
https://www.weekendavisen.dk/samfund/pelle-dragsted-taget-uden-cykelhjelm
⁷ Altinget Weekly Review — Jeppe Højberg Sørensen, 30 May 2026
https://www.altinget.dk/artikel/saadan-skal-en-ny-regering-saettes-sammen-ifoelge-ugens-debattoerer
⁸ گفتوگۆی فەیسبووک — پەڕەی فەرمی Weekendavisen، ئایاری 2026
https://www.facebook.com/Weekendavisen/posts/1652549700204292
⁹ توێژینەوەی زانستی لەسەر کاریگەری کڵاوی پاسکیل
https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC7291179/
¹⁰ ئامارەکانی سەلامەتی ڕێگاوبانی دانمارک
https://www.sikkertrafik.dk/rad-og-viden/cykel/cykelhjelm/fakta-om-cykelhjelm




سەردانی ترامپ بۆ پەکین!.. عوسمانی حاجی مارف

سەردانەکەی ترامپ بۆ پەکین، زیاتر تیشکی خستە سەر بەرژەوەندی و سودێکی ئاشکرا بۆ چین، هەردوو وڵات چین و ئەمریکا، گەڕاونەتەوە بۆ دۆخی ڕوبەڕوبونەوەی بازرگانی و ئابوری و ستراتیژی نێوان خۆیان، بە دوای لوتکەی شەڕی بازرگانی ساڵی ڕابردویان.
دوو ڕۆژ لە وتووێژی ترامپ و شی جین پینگ، دووپاتیان کردەوە کە تەنانەت دوای ئەو باجانەی کە ترامپ دایسەپاندووە، واشنتۆن و پەکین هێشتا لەو ململانێیەدا گیرۆدە بون کە ئاگربەستی بازرگانی لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتۆتە کۆتایی.
ئەم سەردانە، گرنگیەکی بەرچاوی بۆ بازاڕەکانی وزە و ئابووری جیهانی دروستکرد، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی گرژیەکانی دەوروبەری گەرووی هورمز و بازرگانی نێودەوڵەتی، بازاڕەکان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی هەر ڕێکەوتنێکن کە ڕەنگە نیگەرانیەکان کەم بکاتەوە و نرخی نەوتی جیهانی دابەزێنێت. گرنگی سەردانەکە، نەک تەنها لە کۆبونەوەی نێوان سەرۆکایەتی ئەمریکا و چیندا نیە، بەڵکو لە پەیامە ئابوری و بازرگانیە فراوانەکانیشیدا دەردەکەوێت.
پێشتر ترامپ لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە شاندێکی گەورەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکانی جیهانی هێنابوو، ئەمەی ئێستاش نەخشێکە لەگەڵ چین دووبارە دەبێتەوە، ڕەنگدانەوەی بونی ئامانجی ئابوری و بازرگانیە، کە لە پرسە سیاسیە تەقلیدیەکان یان شەڕی بازرگانی تێدەپەڕێنن. ڕێگاکانی وزە، بازرگانی دەریایی، بابەتی دیار دەبن لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی نیگەرانیەکاندا، سەبارەت بە گەرووی هورمز و ئەگەری پەککەوتنی پێداویستیە جیهانیەکان، هەروەها پرسی دەستپێکردنەوەی هاوردەکردنی نەوت و غازی ئەمریکا لەلایەن چینەوە.
گرنگی لوتکەی ئەمریکا و چین و بەرژەوەندیە جیهانیەکانی دەوروبەری، نەک تەنها لە کۆبونەوەی نێوان هەردوو سەرۆکی چین و ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵکو لە سروشتی ئەو کەسایەتیە ئابوریانەی کە یاوەری ترامپن، کە سەرۆکی کۆمپانیا گەورەکان لەخۆدەگرێت، هەوڵدەدەن لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتنی نوێ لەگەڵ لایەنی چینی ئەنجامبدەن. سەردانەکە ڕەهەندی ئابووری قووڵ لەخۆدەگرێت، کە پەیوەندی بە وزە و وەبەرهێنان و بازرگانی نێودەوڵەتیەوە هەیە، تەنیا باسێک نیە لەسەر ناکۆکیە سیاسیەکان یان گومرگی نێوان هەردوو وڵات.
پرسی هاوردەکردنی غازی سروشتی شل لەلایەن چین و نەوتی ئەمریکا لە دیارترین بابەتەکان بووە کە باسیان لێوەکراوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەکین لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی گرژیە بازرگانی و سیاسیەکانی نێوان هەردوولا کڕینی نەوتی ئەمریکای ڕاگرت. گەڕانەوەی چین بۆ هاوردەکردنی نەوت و غازی ئەمریکی، هێندە خواستێکی نوێ نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ئاستەکانی پێشوو، لەکاتێکدا ترامپ پێویستی بە دەستەبەرکردنی دەستکەوتی زیادە هەیە بۆئەوەی لە ماوەی داهاتوودا بیخاتە بەردەم ڕای گشتی و بازاڕەکانی ئەمریکا، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕۆیشتنی وزە و نرخی نەوتی جیهانی دەبێت.
سەردانەکە چۆن نرخی نەوت دادەبەزێنێت؟، بەوشێوەیە دەبێت کە ترامپ دەتوانێت ڕاستەوخۆ نرخی نەوت دابەزێنێت ئەگەر سەرکەوتو بێت لە قەناعەتپێکردنی چین، کە هیچ هەڕەشەیەک بۆ داخستنی گەرووی مالاکا یان درێژکردنەوەی قەیرانی گەرووی هورمز نیە.
قەیرانی ئێستا تەنیا پەیوەندی بە قەبارەی دابینکردنی نەوتەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بەو دڵەڕاوکێ و ترسە باوەی لەناو بازاڕەکانەوە هەیە، نیگەرایە جیۆپۆلەتیکیەکان، وڵاتان پاڵدەنێت بۆ کۆکردنەوەی یەدەگەکان لەبری ئەوەی ئازادیان بکەن بۆ بازاڕی جیهانی. دوای دواخستنی سەردانەکەی ترامپ بۆ چەند هەفتەیەک، بەو هیوایەی بەڵگەنامەیەکی تەسلیمبونی ئێران لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت کە بتوانێت دانوستان لەسەر ئیمتیازاتی گەورە لەگەڵ شی جین پینگ بکا،.بەڵام ئەمە ڕووی نەداو ناچاریش بوو بڕوات. سەردانەکەی ترامپ پێویست بوو، بەڵام جگە لە دیاری و یادگاری هیچی تری لەگەڵ خۆیدا نەهێنایەوە، لە هەمانکاتدا چینیەکان پێداگرن لەسەر دەربڕینی شێوازی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان، لەباری عەمەلیەوە، هیچ ئەنجامێکی ڕاستەقینە و سوودبەخش نەبوو بۆ ئەمریکا.
لەڕاستیدا بۆ ئەمریکا سەردانەکەی ترامب ئەو مانایەی لێدەکەوێتەوە کە جددیترین پرسە حەساسەکان چارەسەر نەکراون، بەتایبەتی ئەو پرسانەی کە واشنتۆن بە سیاسەتی پارێزگاریخوازانە و قۆرخکاریەکانی پەکین وەسفی دەکات، بەتایبەتی پێگەو دەور و دەخالەتی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ئەو دەخالەتە تائێستا بە ترامپ و ئەمریکا سنوردار ناکرێت.
یەکەم سەردانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ چین، لە ماوەی نزیکەی دە ساڵدا، کە بازرگانی، تەکنەلۆژیا و کۆمەڵێک پرسی تری گرتەوە، لەوانە گفتوگۆی ڕاشکاوانە لەسەر بابەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک پشتیوانی پەکین بۆ ئێران و کاریگەریە جیهانیە فراوانەکانی قەیرانی گەرووی هورمز.
لە کاتی جەنگدا پەکین لە دوو ڕێگەی سەرەکیەوە پشتیوانی خۆی بۆ تاران نیشانداوە، بە بەردەوامی لە کڕینی نەوتی ئێران و پێشکەشکردنی شێوەی جۆراوجۆری هاوکاری شاراوە بۆ هەوڵە سەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی، هەروەها دابینکردنی پێکهاتەی دوو بەکارهێنان بۆ بەرنامەکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ تاران، پەکین پانتایی ئاسمانی بە درێژایی شەڕەکە بۆ ئێران دابینکردوە، ئەمەش وایکردووە هێزەکانی ئێران بتوانن زانیاری هەواڵگری خۆیان لەسەر ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل باشتر بکەن. لەبەرامبەردا واشنتۆن هەنگاوی ناوە بۆ بەڕەنگاربونەوەی ئەم پاڵپشتیانەی پەکین، بە ڕێگری له کەشتیەکانی هەڵگری نەوتی ئێران، تا سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیەکاندا.
هەڵبەتە ئەوە ئاشکرایە کەترامپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی لە دۆخێکی بنبەستدا دەبینێتەوە، کاتێ داوای هاوکاری لە سەرۆکی چین دەکات، چونکە چین زۆرترین کاریگەری لەسەر ئێران هەیە و بەرپرسانی ئەمریکا چەندین جار داوایان لە چین کردووە، ئەو کاریگەریانەی لەسەر ئێران هەیەتی بەکاربهێنێت لە کاتی ململانێی ئێستایاندا. بەڵام تا ئێستا پەکین وریا بووە لەو مامەڵەیەدا و پەرچەکردارێکی مەترسیداری بەرامبەر ئێران بە کار نەهێناوە، بەپێی زانیاریەکان، دیارترین دەستێوەردانی پەکین بریتی بووە لە فشارخستنە سەر تاران بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی ئاگربەستی مانگی نیسان، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سەرکردەکانی چین چاویان لەوەیە لە بەرامبەردا ئیمتیازاتێک لە ئەمریکا ڕابکێشن بەلای خۆیاندا.
سەردانی ترامب بۆ پەکین، لە دوای ڕاگەیاندنی توندترین سزاکانی واشنتۆن دێت لە دژی پەکین لەسەر ئێران، کە یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی نەوتی چین و ٤٠ کۆمپانیای کەشتیوانی پەیوەست بەوەوە کردە ئامانج، بەڵام ئەم سزایانە باس لەو ڕاستیە دەکەن کە پەکین هێشتا کاریگەریەکی بەرچاوی بەسەر تاراندا هەیە وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێران، کە هیچ گەرەنتیەک نیە ئەم فشارە ئابووریەی ئەمریکا لەسەر چین، ببێتە فشار لەسەر ئێران.! هەروەها ترامپ نەیتوانی پابەندبونی گشتی لەلایەن چینەوە دەستەبەر بکات بۆ یارمەتیدانی ئەمریکا بە یەکلایی بونەوەی شەڕ لە بەرامبەر ئێراندا. بەڵام دەتوانین بڵێین کە ئەم سەردانە بەجۆرێک مانای سەقامگیری نیشانداوە و تاڕادەیەک دۆخی ئێستای ڕاگرتووە.
بە سەرنجدان بە نەبونی دەرئەنجامە ئەرێنیەکانی شەڕ لەگەڵ ئێران، دەکرا هەر دواخستنێک یان هەڵوەشاندنەوەی زیاتری سەردانەکە، وەک نیشانەی لاوازی ئەمریکا هەست پێبکرێت. لەهەمانکاتدا هیچ کام لە پرسە ئاڵۆزەکان لەم کۆبونەوانەدا چارەسەر نەکران، یان لانیکەم ئەو پرسانە بە بنەڕەتی نەزانران. چینیەکان هیچیان پێشکەش بە ترامپ نەکرد، پەکین هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەی بۆ ترامپ نەدا بەدەستەوە کە بتوانێت کارنامەکەی بەهێزتر بکات یان ئەمریکا لە تاڵاوەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا دەربهێنێت.!
ئەوەی شایانی باسە، ئەم سەردانەی ترامب بۆ پەکین هیچ لایەنێکی نەرێنی بۆ مۆسکۆ نیشان نەداوە، چونکە ڕووسیا و چین و ئێران ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە کە بریتیە لە کەمکردنەوەی ڕۆڵی جیهانی ئەمریکا و زیاتر بنبەستکردنی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە هەمانکاتدا بۆ روسیا ئەوە ڕۆشنە کە سەردانەکەی ترامب بۆ پەکین، ئاکامی ئەو قەیرانەیە کە ئەمریکا، لە شەڕی ئێران و گەروی هورمزدا دەرگیری بووە. وا دیارە ترامپیش، مەیلی دواخستنی کێشەکانی لەگەڵ چین هەیە، بەو هیوایەی خۆیان چارەسەری بکەن، یان بگوازرێنەوە بۆ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.
لە بنەڕەتدا چین، ڕۆژئاوا لە داڕمانی دەستبەجێی ئابووری ڕزگار دەکات و لە بەرامبەردا دەرفەتێک بۆ گەشەکردن و فراوانبوونی ئابووری بەدەست دەهێنێت، وەک ڕکابەرێک لەبەرامبەر ئەمریکا و زلهێزەکانی تری جیهاندا، بە هەوڵی بەدەسەتهێنانی زۆرترین باڵادەستی بەسەر بازاری جیهاندا.
سەرەڕای هەر ڕاگەیاندنێکی گەشبینانە و ئاهەنگێڕانە کە بە پرۆتۆکۆڵەوە بەڕێوەدەچن و چاوەڕوانی ترامپە لە پەکین، بەڵام ئاشکرایە لە ململانێی زلهێزەکاندا ئەم پەیوەندیە بە دوور دەبێت لە بەرهەمهێنانی یەکلایکردنەوەیەکی گشتگیر. ململانێی ئێران هێشتا چارە نەکراوە، گرژیەکان لەسەر تایوان بەرەو هەڵکشان دەچن، شەڕی بازرگانی زۆر دوورە لە کۆتایی، وزە و کانزاکانی زەوی دەگمەن، لە شەڕی دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز، لە سەدەی بیست و یەکدا دەبنە چەکی جیۆپۆلەتیکی.
ڕۆشنە کە ترامپ بە پێگەیەکی بەهێزەوە ماڵئاوایی لە چین نەکرد، لەئاکامدا ئەوە ڕۆشنە کە پێناچێ ترامپ بە پێگەیەکی بەهێزترەو بۆ جارێکی تر بگەڕێتەوە چین، ئەمەش نیشانیداین پێگەی ترامپ لە بەرامبەر شی جینپینگ لاوازەو لاوازتر دەبێت.!




دیمەنی کۆمەڵگە: هونەر، وەرزش، سێکس و میدیا.. فەردا چەتین.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

ئازادی؛ پایەی هۆشمەندی و هۆشیاری مرۆڤە بەرووی کۆیلەتی و دوورخستنەوە لە کۆمەڵگە و سروشت، هەروەها تەنگەبەرکردنەوەی ژیان. ئەم هۆشیاریەش دەکرێت بەدەستبێت لە رێی زانیارییەوە.
ئەنتۆنیۆ گرامشی،( زانیاری لە لایەن هیچ کەسێکەوە مۆنۆپۆڵ نەکراوە هەروەها هەموو کەسێک توانای بیرکردنەوەی هەیە. فەلسەفە دەستەیەکی تایبەتمەند نییە، یان خوێندنەوەیەکی زهنی نییە تایبەت بە فەیلەسوفەکان. هەموو بەشەرییەت فەیلەسوفن. هەروەها دەڵێ: لەو کاتەی مرۆڤەکان هۆشیار دەبنەوەو بە ناوی خۆیانەوە قسەدەکەن و هەڵسوکەوت دەکەن، نوێنەرایەتی میکانیزمی هێز بزردەبێت.)
پۆڵ میشێڵ فۆکۆ بەکەم سەیری ئەو باوەڕەی گرامشی دەکات سەبارەت بە رۆڵی تاک لەکۆمەڵگەدا. بەبڕوای ئەو، خەڵک پێویستی بەوەنییە کەسانێک فێریبکات بۆ ئەوەی راستییەکان بزانن. کۆمەڵگە هەموو شتێک بە روونی دەبینێت وە دەتوانێت ئاکامەکانی شیبکاتەوە. بەهەرحاڵ، دەسەڵاتێک هەیە رێگری دەکات و زانیارێکان بە قازانجی خۆی بەکار دێنێت.
گرامشی و فۆکۆ ئەوەمان پێدەڵێن، هەموو کەسێک توانای لێکجیاکردنەوەی چاکە و خراپە وبینینی راستێکانیان هەیە، ئەگەر چەواشەکارییەک نەخوڵقێنرێت بۆ رێگرتن لە بینینی راستێکان. ئۆجەلان رێبەری خەڵکی کورد ئەوەی روونکردۆتەوە کە هۆشمەندی گەشەناکات تاکو کۆمەڵگە گەشە نەکات، چونکە دەسەڵاتداران لە کۆنەوە بۆ ئێستا پیادەی ئایدیۆلۆژی بە کۆیلە بوونیان کردووە.
“ لە کۆمەڵگەی سۆمەری، نهۆمی سەرەوەی زیگۆرات (Ziggurat ( دانراوە بۆ خودای هۆشمەندی. نهۆمی ناوەڕاست بۆ ئەو ئایندارانەی کاروباری سیاسیان بەڕێوەدەبرد. نهۆمی خوارەوەش سازکرابوو بۆ پیشەوەران و جوتیاران کە لە هەموو بوارەکانی بەرهەمهێناندا کاریان دەکرد. ئەو مۆدێلە لە کۆنەوە بۆ ئێستا لە رووی ناوەرۆکەوە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، تەنها ئاست و قەبارەکەی گەورەتر بووە.”
بیرمەندە چەپە سۆشیالیستەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتدارێتی رەهایی ئەمڕۆ لەلایەن “ خودا نهێنییەکانەوە” بەڕێوە دەبرێت. چونکە باوەڕی سەرمایەداری کە هەڵگری مۆرکی زانستی مۆدێرنە لە رێی ئازادکردنی بازارو جیهانگیرییەوە رەوایەتی بە باڵا دەستی خۆیداوە بەسەر کۆمەڵگە و سروشتدا بەشێوەیەکی جیهانی.
جیهانگیری وەک یەک سیستمی جیهانی یەکسان و دادپەروەر نمایشدەکرێت، قودسییەتێک بە دونیای مۆدێرنەو کاپیتالیزم دەدرێت کە خاڵییە لە هەموو نەرێنییەکی مێژوویی و ئایدیۆلۆژی و گوناهی سیاسی.
جیهانگیری و جیهان وەک لادێیەک گفتوگۆی پێش خەوتنە، وێنەیەکی خەیاڵی لە مێشکماندا درووست دەکات کە هەموان تیایدا یەکسانن، هەموان براوەن، هەموان دڵخۆشن. لەگەڵ ئەوەشدا جیهانگیری ناوی سیستمێکە دەوڵەمەندەکان و هەژارەکان ئارەزوویانە دەستیان بە هەمان شت بگات، بەڵام تەنها دەوڵەمەندەکان لە توانایاندایە دەستیان بەوە بگات کە دەیانەوێت.
لەسەرێکەوە دەڵێن جیهان بۆتە لادێیەک، لەسەرێکی ترەوە ملیارەها دۆلار خەرجی بۆمبی ئەتۆمی دەکەن بۆ پاراستنی سنورەکانی ناو ئەو لادێیە. لەسەرێکەوە بە ئامار باس لەوە دەکەن کە چۆن کیسە نایلۆنی بازاڕەکان بۆتە مایەی پیسبونی ژینگە و بۆتە مایەی هەڕەشە لەسەر جیهان، لەدەستەکەی ترەوە وێستگە ئەتۆمێکان دەکەنەوەو دارستانەکان لەناو دەبەن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەی کە ڕوودەدا، ملیۆنەها لە خەڵکی هەژار لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە بە پەرۆشەوە گوێبیستی ئەو هەواڵە دەبن کە ناسا ئەستێرەیەکی تری دۆزیوەتە کە بۆ ژیان گونجاوە وەک ئەلتەرناتیڤێک دەتوانرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتی بۆبکرێت.
لە ئاکامدا کەمینەیەک لە خەڵک کە مۆنۆپۆڵی سەروەت و سامانیان کردووە و وایانکردووە ئەم جیهانە بەکەڵکی ژیان نەیەت، هەوڵدەدەن خۆیان بدزنەوە لەو بەرپرسیارێتییەی شەڕو کوشتار و قەیرانی ئابوری و ڕوتاندنەوەی سروشت و بە شێوەیەکی گشتی لۆمەی کۆمەڵگە بکەن بە هەژاران و چەوساوەکانەوە.
ئەگەر خەڵک تێنەگەن لەوەی کە ڕوودەدات، ئەگەر رازیبون بەوەی کە دەسەڵات دەیانداتێ، پێویستیان بە گۆڕینی دەسەڵات نابێت. لەم کاتەدا تەنها ( ئازادی هەڵبژاردنیان) هەیە لەنێوان ئەو پێدانانەی دەسەڵات دەیخاتە پێشیان. گیدنس -Giddens- دەڵێ: ( هیچ هەڵبژاردەیەکمان نییە هەڵبژاردننەبێت) چونکە ئەوەی لەگەڵیدا بەرەو ڕووین ( کۆمەڵێک لە هەڵبژاردەی ئاڵۆزە).
سەرمایەداری پێویستی نوێ و جۆراوجۆری فەراهەم کردووە بۆ بەکارهێنان. داهێنانی پێویستی نوێ واتە دینامیکیەت و نوێبونەوەی سەرمایەداری. لێرەوە ئاوێزانی فیکرو پێویستییەکانی خەڵک دەبن. لەم خاڵەوە هەموو ئەم بوارانە تێکەڵاوی گەمەکە دەبن، تەلەفزیۆن، رۆژنامە، گۆڤار، ئیعلانات، سینەما، سێکس، بەشی مۆدە، کۆمەڵناس، دونیای خواردن، کەلتور و هونەر.
گرنگیدان بە پرۆسەی “ بەسەرمایەداریکردنی زانست، هێز و بەنامۆکردن لە کۆمەڵگەدا” ئۆجەلان رەگی ئەم لەبەریەکهەڵوەشانەوەیەی کۆمەڵگە و گەشەکردنی، بە مۆنۆپۆلکردنی زانست دەگەڕێنێتەوە بۆ هەمان پرۆسە.
“ئەوەی لە ئەمڕۆدا بۆتە جێگەی گفتوگۆ هەژمونی کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییە مۆنۆپۆلکەرەکانن کە توانیویانە گەورەترین هەڵکشان بە سەرمایەداری بدەن لە رووی مێژوییەوە، ئەمە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەوە هەیە. بەبێ پەرش و بڵاوکردنی کۆمەڵگە ناتوانرێت قازانجێکی بەمشێوەیە کەڵەکەبکرێت، بەبێ هیچ ئامرازێکی بەرهەمهێنان.” ناوەندی چارەسەری کێشە زانستێکان وەک مەزارگەیەک گۆڕاوە بۆ ناوەندی خوڵقێنەری کێشە، نامۆبون و هەژمونی ئایدیۆلۆژی.

کێشەو و قەیرانی زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمێکان رەگی لەناو ئەو دۆخەدایە. بۆیە دەسەڵاتداران، سەرکوتگەران، تەڵەکچێکان، ئەوانەی سەیری کۆمەڵگە دەکەن وەک سەرچاوەیەک بۆ چەوسانەوە، گرنگترین ئەرک و حیکمەتێک لە زهنیاندابێت وەک یەکمین کار بیرکردنەوەیانە لە کۆمەڵگە لەوەی چۆن بتوانن مۆنۆپۆڵی هۆشمەندی بکەن، ئەمە بەو مانایەی پەرستگە دەبێتە ئەرکی سەرەکی. پەرستگە دوو رۆڵ دەبینێت.
یەکەم، کۆنترۆڵی هۆشمەندی ئەرکێکی بنەڕەتییە بۆ زاڵبوون.
دووەم، زۆر گونجاو و لەبارە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگە و ئەو ڕوانگەیەی بەلایەوە بەهادارە.
هیچ کێشەیەک لە دووبارە بونەوە نییە: ئەگەر توانیت ئایکۆنەکانی نەتەوە، ئاین، سێکسیزم، وەرزش و هونەر بگۆڕی، ئەو کاتە دەتوانی کۆمەڵگە بەهەر ئاراستەیەکدا بتەوێت ببەی. دەستبەسەرداگرتنی هۆشمەندی بنەڕەتیترینە بۆ گەشەکردن، وادەکات کۆمەڵگە لەمڕۆدا کراوەتربێت بەڕووی سەرمایەی دراوی جهانیدا لەهەر سەردەمێکی تر.”
ئایا کۆمەڵگە و خەڵکانی سادە ئەم ناکۆکییە گەورەیە و ئەم زوڵمە زۆرە دەبینن؟
بەداخەوە، نا، چونکە رێپێدراونیین.
Arundhati Roy دەڵێ، خەڵک بە چاو بڕیار دەدەن.
خەڵک فێرکراوە هەژاری نەبینێت. چاویلکە لە چاو دەکەن بۆ رێگرتن لە بینینی چەوسانەوەو زوڵم و هەڵاواردنی جنسی و وێرانکردنی سروشت. بۆیە هەموو ناکۆکێکان وەلا دەنێن.
ئەوانەی مۆنۆپۆڵی زانیاری دەکەن لەڕێی بە دیلکردنی عەقڵمانەوە دێنە ناو ئەو زمانەی کە رۆژانە بەکاری دەهێنین؛ زمانێکی نوێ درووستدەکەن کە رێ بە تاڵانی و کوشتار و کوشتنی بە کۆمەڵ دەدات لە رێی هەڵاواردنی سێکسی و خاوەندارێتی تاکگەراییەوە.
سیستمی جیهانگیری وەک سیستمێک کە هەمووان تێیدا یەکسانین نیشان دەدرێت وە هەموو کەس تیایدا دەتوانێت براوەبێت. جیهانگیری و بەجیهانیکردن لە بری ئیمپریالیزم و ئیستعمار بەکار دەبرێت. لە جیاتی سەرمایەداری پێیان باشە بوترێت بازاڕی ئازاد. سەرمایەداری مانایەک دەبەخشێت واتە خاوەن سەرمایەو چەوسانەوە، بەڵام ئازادی وشەیەکی باشترە، بازاڕی ئازادیش ئازادی دێنێت.

ئەوانەی کۆمەڵ کوژی دەکەن و ئەوانەی بێدەنگی هەڵدەبژێرن لە بەرانبەر ئەم تاوانە و هەوڵدەدەن بە وشە پەردەپۆشی بکەن. لە جیاتی جەنۆساید وشەیەکی رەونەقدار بەکار دەهێنن (پاکتاوی رەگەزی).
پاساو بۆ داگیرکاری وڵاتانی تر دێننەوە بە درۆی ( شەڕ لە دژی تیرۆر).
ئەم کڵیشەیەیان وا ناساندووە ( پێویستی بێ کۆتایە، سامانیش دیاریکراو) وەریانگێڕا بۆسەر هەموو زمانەکانی دونیا،. بەهەر حاڵ پێچەوانەکەی راستە. پێویستی دیاریکراوە و سامانیش بەشی هەموو جیهان دەکات.
بەدەر لە زمان و بابەت هەمیشە و لە هەموو بۆنەیەکدا ئەم دەستەواژەیە بەکار دەهێنن ( ئەوە کێشەی خۆتە). ئەم دەستە واژەیە هەموو کەس لە دژی یەکتر بەکاری دێنێت. ئەمە دەربڕینێکی ئەبەدی سیستمی سەرمایەدارییە لە بەرانبەر هاوکاری کۆمەڵایەتیدا. بەڵام چی روودەدا کاتێک کەسانێک لەبەرانبەر ئەم بارو دۆخە نا مرۆڤانەیەی سیستمی سەرمایەداریدا دەوەستێتەوە؟
سەرەتا، رەوانە دەکرێن بۆ چارەسەر، خۆ چارەسەرکەریش باس لە چارەسەری شۆڕشگێڕانە ناکات. بەلای ئەوانەوە کێشەکە لە بارو دۆخەکەو گوزەرانیاندا نییە، بەڵام لەم سیستمەدا ئەو کەسەی نەیەوێت تێیدا بژێت و لەگەڵیدا بسازێت بە نەخۆش لەقەڵەم دەدرێت.
سەرەکیترین و بەرایترین کارێک کە دەکرێت ئەنجام بدرێت لە دایەنگە و قوتابخانە سەرەتایەکاندا فێرکردنی راهاتنە. مناڵان رادەهێنرێن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سەرکوت و چەوسانەوە لە سیستەمی سەرمایەداریدا. ئەو مناڵانەی جۆرێک پەیوەندیدارن بە سەربەخۆبوونەوەو پرسیار دەورژێنن لەبەرانبەر ئەو سیستمە، ئەوانە بە ناسەرکەوتوو لەقەڵەم دەدرێن، ئەو منداڵانەی تر کەدەبن بەکاڵای ئەو سیستمە بەسەرکەوتوو لەقەڵەم دەدرێن.
جۆرج ئۆروێڵ (George Orwell) لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی١٩٨٤ کە لە ١٩٤٩ نووسیویەتی: ئەوان لێمان دەگەڕێن بێئاگا و بێ زانیاریبین لەسەر ئەم بارودۆخە ترسناکە. ئەڵدۆس هۆکسڵی ( Aldous Huxley) لە ١٩٣٢ لە کتێبەکەیدا The Brave New World لەو کەسانە دەترسێ کە بایی ئەوە زانیارییان کەڵەکە کردبێت بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاراستەی پاسفیست و خۆپەرستیدا بەرن.
لە رۆمانی١٩٨٤ ی جۆرج ئۆروێڵ ( خەڵک لە ژێر هەڕەشەی برسێتیدا کۆنترۆڵ کراوە. هەروەها لە رۆمانی (دونیایەکی نوێی ئازا ی ئەڵدۆس هۆکسڵی) لە فەوزادا رایاندەگرن، نوقمی خۆشییەکی بێلەزەت دەکرێن…
ئیدواردۆ گالیانۆ ( Eduardo Galeano) دەڵێ: ( بەفیرۆدان، خۆنمایشکردن و دڵڕەقی نابنە مایەی هەڵچونی ناوخۆیی، کارێکی سەیرە، هەموو شتێک تەنانەت رۆح دەکرێت کاری کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت یان بەکرێ بدرێت و بەکار بهێنرێت… ئێمە هەموو بەشێکین لەم پرۆگرامە شوناس جۆراو جۆرە و سەتەلایتە جیهانیە. هەموو شتێکی ئەم گەردوونە تەفسیر کراوە بۆ ناوەندی هێز، تەفسیر کراوە بۆ سیستمێکی جیهانی لە درۆ). ئۆروێڵ و هۆکسڵی پشتڕاستی دەکەنەوە.
کەواتە، چیبکرێت لەبەرانبەر ئەم دۆخە رەشبینییە؟ چیدەکەیت؟
ئاوڕنەدانەوە لەوەی چ وانەیەک لە قوتابخانە و زانکۆکاندا دەخوێنرێت، هەواڵی رۆژنامەو بەرنامە تەلفزیۆنێکان و ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەکان، لەوە تێبگەن کە ئەم سەرچاوە هەواڵیانە بێلایەن نین. پرسیارکردن و چالاککردنی هێزی خۆمان نیوەی چارەسەرەکەیە.
ناڕازیبوون ورەتکردنەوە، جوڵان بەشوێنخۆیدا دەهێنێت، چونکە کارکردن باشترین کارێکە بە ئاراستەی ئازادی خەڵکدا. ناڕەزایەتی، رەتکردنەوە و پرسیارکردن بەواتای ئەوە دێت تاک و کۆمەڵگە لە جیاتی ئەوان بیردەکەنەوەو خۆیان دەبنە سەرچاوەی زانیاری بۆ خۆیان. بەرهەمی زانیاری لە ڕێی ئەم هۆشیاریەوە دەبێتە مایەی تێکۆشان دژ بە دەسەڵات. ئەم هێزە لەم رێیەوە گەشەدەکات و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت بەرانبەر ئەو هێزەی کە پێیوایە هێزێکە قابیلی تێکشکان نییە.

———————————

فەردا چەتین (Ferda Çetin)
دەرچووی کۆلێژی مافە لە زانکۆی ئیستانبوڵ. وەک رۆژنامەوان کاریکردووە لە هەتەنامەی Yeni Ülke هەروەها رۆژنامەی Özgür Gündem و Özgür Ülke ئەمانە هەموو لە تورکیا بڵاودەبنەوە، هەروەها Özgür Politika کەلە ئەوروپا بڵاودەبێتەوە. لەم کەناڵە تەلەفزیۆنانەش کاریکردووە، Med TV, Medya TV, Roj TV, Sterk TV and Med Nuçe TV. ئەندامی یەکێتی نووسەرانی فەرەنسا SNJو فیدراسیۆنی رۆژنامەوانی نێونەتەوەیی IFJ.

سەرچاوە:
Challenging Capitalist Modernity III
Documentation of the 2017 Conference
P55-59




كاریگه‌ریی ژینگه‌ له‌ سه‌ر زمانی دایك.. فێنک تەڵعەت


له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ئابووری و ته‌كنه‌لۆجیا، كۆمه‌ڵگه‌كان به‌گشتی زیاتر به‌ڕووی یه‌كتردا كراونه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ كۆندا بازرگانی و دیپلۆماسیی هۆكاری سه‌ره‌كیی پێوه‌ندیی نێوان وڵاتان بوون و زیاتر چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان لێی سوودمه‌ند ده‌بوون، ئه‌وا له‌م سه‌رده‌مه‌دا گه‌شتوگوزار و تێكه‌ڵاوبوونی نه‌ته‌وه‌كان بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌كی ئاسایی. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك، به‌تایبه‌تی گه‌نجان، وڵاتی خۆیان جێبهێڵن و ڕوو له‌ هه‌نده‌ران بكه‌ن.

چه‌ند هۆكارێك له‌ پشت ئه‌م كۆچكردنه‌وه‌ هه‌ن، وه‌ك: ناسه‌قامگیریی ئابووری و سیاسی، بێكاری، كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، گه‌ڕان به‌دوای ژیانێكی باشتر و هه‌لی خوێندن. بێگومان ژینگه‌ نوێیه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ بۆ كۆچبه‌ران دروست ده‌كات، ناچاریان ده‌كات بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كاروباری ڕۆژانه‌یان، زمانی دووه‌م (زمانی وڵاتی خانه‌خوێ) زیاتر به‌كار بهێنن.

به‌ تێپه‌ڕبوونی كات، منداڵانی كۆچبه‌ران زیاتر تووشی داخورانی زمانی دایك ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی به‌كارنه‌هێنانی به‌رده‌وامی زمانه‌كه‌ و هه‌ندێك جاریش به‌هۆی هاوسه‌رگیریكردن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی جیاواز. ورده‌ ورده‌ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان له‌ بیر ده‌چنه‌وه‌ و نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌، زمانی دایك ده‌كه‌وێته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ڕێگریی له‌م دیارده‌یه‌ نه‌كرێت، ئه‌گه‌ری له‌ناوچوونی زمانه‌كه‌ كاره‌ساتێكی چاوه‌ڕوانكراو ده‌بێت.

ئه‌م پرسه‌ ته‌نیا تایبه‌ت نییه‌ به‌ كورد، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی جیهانییه‌ و به‌شێكی زۆری زمانه‌كانی دنیا ڕووبه‌ڕووی هه‌مان مه‌ترسی بوونه‌ته‌وه‌. زمانی كوردیش هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێكه‌ له‌ زمانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و دێرینه‌كان، به‌ڵام چ له‌ ناوخۆ و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌ هه‌ردوو ئاستی نووسین و قسه‌كردندا ڕووبه‌ڕووی داخوران بووه‌ته‌وه‌.

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ ناوخۆییه‌كان، سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی په‌روه‌رده‌یی و گرنگیدانی زیاد له‌ پێویست به‌ زمانی بیانییه‌. هه‌ندێك خێزان و ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌یی (به‌تایبه‌ت ناحكوومییه‌كان)، منداڵ له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر بچووكه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ به‌ر خوێندنی زمانی بیانی، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی شاره‌زای زمانی دایكی خۆیان ببن.

ئه‌م كاره‌ وایكردووه‌ كه‌ خۆشه‌ویستیی منداڵان بۆ زمان و نیشتمانه‌كه‌یان كه‌م ببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كان سه‌لماندوویانه‌، باشترین ته‌مه‌ن بۆ فێربوونی زمانی دووه‌م، ته‌مه‌نی (٩-١٠) ساڵییه‌، واته‌ دوای ئه‌وه‌ی منداڵ به‌ته‌واوی له‌ زمانی دایكیدا قاڵ ده‌بێته‌وه‌. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م سیاسه‌ته‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ ناته‌ندروسته‌، به‌ڕوونی ده‌بینرێت، ئێسته‌ له‌ ناو منداڵاندا توانای ده‌ربڕینیان به‌ زمانی كوردی لاوازه‌. بێگومان خێزانه‌كانیش، به‌تایبه‌تی دایكان، پشكی شێریان له‌م به‌رپرسیارێتییه‌دا به‌رده‌كه‌وێت.

پێشنیاز بۆ چاره‌سه‌ر:
بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داخورانی زمانی دایك، پێویسته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ بكرێت:
١. چاكسازی له‌ سیستمی په‌روه‌رده‌: پێداچوونه‌وه‌ به‌ پرۆگرام و شێوازی وانه‌گوتنه‌وه‌ و ڕه‌چاوكردنی ته‌مه‌نی گونجاوی منداڵ بۆ فێربوونی زمانه‌كان.

٢. پێڕه‌وكردنی پرۆگرامی نیشتمانی: گرنگیدان به‌ وانه‌ی نیشتمانی و مێژوو و ئه‌ده‌بی كوردی له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندندا.

١. په‌ره‌پێدانی زمانی ستانداردی نه‌ته‌وه‌یی: كاركردن بۆ زمانێكی ستانداردی یه‌كگرتوو كه‌ له‌ سامان و وشه‌ی هه‌موو زاراوه‌كان (سۆرانی، كورمانجی، هه‌ورامی، كه‌ڵهوڕی، زازاكی و…) سوود وه‌ربگرێت و له‌ ناوه‌نده‌ فه‌رمی و په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا به‌كار بهێنرێت.

٢. ڕۆڵی خێزان: پێویسته‌ گفتوگۆی ناو ماڵ، به‌تایبه‌ت له‌ خێزانه‌ كۆچبه‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ زمانی كوردی بێت بۆ ئه‌وه‌ی منداڵان له‌ زمانه‌كه‌یان دانه‌بڕێن.

٣. ڕێكخستنی چالاكیی كولتووری: ئه‌نجامدانی كۆڕ، كۆبوونه‌وه‌ و چالاكیی نه‌ته‌وه‌یی و كولتووری به‌رده‌وام بۆ كوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

٤. بووژاندنه‌وه‌ی ژیانی ئه‌ده‌بی: ناوه‌نده‌كانی خوێندن و ڕۆشنبیری ده‌توانن مانگانه‌ كۆڕی ئه‌ده‌بی و شیعری كوردی ساز بكه‌ن بۆ هاندانی خوێندكاران.

٧. پته‌وكردنی پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان: هاندانی تێكه‌ڵاوی و پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری له‌ نێوان ناوچه‌ جیاوازه‌كانی كوردستاندا، بۆ دروستكردنی نه‌وه‌یه‌كی یه‌كگرتوو و نیشتمانپه‌روه‌ر.

تێبینی:
وشه‌ی داخوران ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ زمان تێیدا به‌ره‌و لاوازی و پووكانه‌وه‌ ده‌چێت، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، قۆناغی دواتر له‌ناوچوونی ته‌واوه‌تییه‌.

فێنک تەڵعەت




كورد لە نێوان مانەوەو خۆییبووندا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

میكانیزمی بەرگریی و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان لە سەر بوون و ژیاندا، ویستێكی خۆرسكانە و فیزیكییانەی هەموو بوونەوەرێكە، بە ئامانجی بەرگریی لە خۆكردن و مانەوەی لە ژیاندا. ئەم ویستە، لە دۆخی مەترسیی و هەڕەشەدا لە هەموو كاتێك زیاتر كارایە، چونكە كاردانەوەی ئەو هەڕەشەیە، كە مەبەستیەتی كۆتایی بە بوون بێنێت. لەو سۆنگەیەوە كورد وەك نەتەوەیەك بە ئێستاشەوە، هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی نەمان و سڕینەوە و توانەوە دایە، بۆیە بەرگریكردن تاكە بژاردەی داكۆكیكردن بووە لەو مانەوەیە و پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەیی. ئەمە زۆرجار بە گوتاری مانەوە ناو دەبرێت، كە گوزارشت لە مانەوە وەك نەتەوە دەكات. ئەم گوتارە گەلێك جار لای نووسەران و بەشێكی سیاسییەكان، دەكرێتە ڕەخنەیەكی سیاسی و ئاراستەی كورد خۆی دەكرێتەوە، كە بۆچی ئەم نەتەوەیە هەر تەنها لە چوارچێوەی ئەم گوتارەدا ماوەتەوە و هەوڵی خۆییبوون و سەلماندنی خۆی نەداوە، وەك ئەوەی بەختیار عەلی لە كتێبی گوتاری مانەوە و مەسعود باباییش لە نووسینێكی دا، كە لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ بڵاویكردۆتەوە باسی دەكەن. بێگومان لە دۆخێكدا، كە نەتەوەیەك تەنها بواری ئەوەی هەیە، بەرگریی لە خۆی بكات و گەر ئەو بەرگرییە نەمێنێت، دەسڕدرێتە وە ولە نێو دەچێت، چۆن دەتوانێت خۆی بێت و بیسەلمێنێت كە خۆییانە بوونی هەیە؟ كاتێ نەتەوە دەكەوێتە بەردەم نەمان، بژاردەی سەرەكی تەنها لەو بەرگریەدایە كە نەتەوە دەپارێزێت، ئیدی هەموو بوارەكانی دیكەی ژیان لە پەراوێز دەبن. لەو سۆنگەیەوە كە كورد وەك نەتەوەیەك، هەمیشە لە نێو گوتاری مانەوەدایە، ئەوا زەبرە مێژوویی و سیاسی و جیۆپۆلەتیكیەكە، ئەو فاكتەیان سەپاندوو، نەك ئەوەی كورد هەر بۆ خۆی خەونی سیاسی گەورەتری لەوە نەبێت، كە بوونی خۆی بسەلمێنێت و خۆیی بێت. ئەم واقیعە، وەك ئەوە وایە، جەلادێك داوا لە زیندانییەك بكات لە نێو زینداندا، بوونی ئازادانەی خۆی و سەربەستییەكەی بسەلمێنێت، لە كاتێكدا هەموو پانتایی ژیانی ئەو لەو چوار دیوارە سەپێنراوەدایە كە زیندانییەكە تیایدایە. بۆیە ئەوانەی ڕەخنە لە كورد دەگرن كە هەر لە هەوڵی مانەوەدایە، ئەوا بڕوام وایە هێشتا ماویانە لە واقیعی كۆمەڵایەتی و سیاسی كۆمەڵگەكەی خۆیان بگەن، كە لە چ بارودۆخێكدایە. ئێمە لە جوگرافیایەك دەژین، تەنراو بە دوژمنان، وڵاتێكی دابەشكراوین و لە ڕۆژهەڵاتێك داین، كە هەمیشە شوێنی شەڕ و ئاژاوە و ململانێ بووە، بۆیە ئەوەی كورد توانیویەتی بیكات، تەنها پارێزگاریكردن بووە لە خۆی كە ئەمەش گەورەترین شانازیی مێژوویی و سیاسییە، چونكە هەر ئەو گوتارەیە كوردی وەك نەتەوەیەك هێشتۆتەوەو ئەوانەی ئەم گوتارە، بە گوتاری قەتیس بوون لە نێو خۆدا و خۆیینەبوون و خۆ نەسەلماندن لێك دەدەنەوە، پاساویی ئەو ڕەخنەیان زۆرجار بەراوردكردنی نەتەوەی ئێمەیە، بە نەتەوەكانی دیكەی دنیا، كە ئەمەش لێكدانەوەیەكی زۆر نالۆژیكی و نا سیاسیە، چونكە كاتێ ئەڵمانییەك خۆی سەلماندووە و توانیویەتی خۆی بێت، ئەوا هیچ مەترسییەكی نەمانی نەبووە، گریمان ئەگەر لە جەنگێكیشدا بەر هەڕەشەیەكی لەو شێوەیە كەوتبێت، ئەوا وەك مێژوو كۆتایی هاتووە، بەڵام كێ دەتوانێت گرەنتی ئەوە بكات، كورد بەیانی چی لێ نەیەت؟ ئێمە هەموومان چەند ساڵێك بوو، لە دۆخێكی ئاسایی و كۆمەڵایەتی و سیاسیی جێگیر و ئاشتەوایی دەژیاین، كەچی لە پڕ هێزێكی تاریك پەرست و دواكەوتووی ئیسلامی وەك داعش دەركەوت و شەڕێكی گەورەی بێ ئامانجی بە سەر ئێمەدا سەپاند و گەر بەرگرییەكانی پێشمەرگە و قوربانیدانەكانی نەبووایە، ئێستا كوردستان سەدەیەك دەگەڕایەوە دواوە، كەواتا چۆن نەتەوەیەك دەتوانێت خۆی بێت، یان بوونی سیاسییانەی خۆی بسەلمێنێت، گەر سەروەریی، دەوڵەتێكی بەهێز، ئاسایشێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری جێگیری نەبێت؟ لەم دۆخانەدا، كورد دەتوانێت هەر ئەوە بكات كە لە گوتاری مانەودا بەرجەستە دەبێت، ئەوانەشی ڕەخنە دەگرن كە كورد ناتوانێت خۆی بسەلمێنێت، دیارە لە تێڕوانینی خۆیانەوە واقیعەكە دەبینن، نەك ئەوەی كە هەیە!لە ڕاستیشدا، ڕۆشنبیری كورد كاتێ ناتوانێ هێزی گۆڕانكارییەكان بێت، ئەوا لە بەر ئەوەیە یان لە دوای كۆمەڵگەكەیەتی، یان سەد فرسەخ لە پێشەوەیەتی، لە كاتێكدا دەبێ لە نێو جەرگەی واقیعەكە و هاوتەریب لەگەڵ كۆمەڵگەكەی بڕوات، تا بە وردی درك بە خەوشە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان بكات و بزانێت كەمو كورتی و خەوشەكان لە كوێن، نەك بە ئەقڵێكی خۆرئاوایانە بڕوانێتە نەتەوەیەك كە ئێستا لە هەموو كات زیاتر، باجی ململانێ و شەڕێك دەدات، كە هیچ پەیوەندییەكی بە ئەوەوە نییە.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە( 9659) لە 18/5/2026 بڵاوكراوەتەوە.




چەقەبەستوویی سیاسی و خێڵگەرایی.. سەلام عومەر

كاتێك بەرژەوەندیی حزبی خەونی هەموان دەخاتە مەترسیەوە، خێڵەكان زیندوو دەبنەوە و میلیشیاش چەكەكانی پاك دەكاتەوە، ئەوە چەقینی یاسایە لەنێو قوڕی دەسەڵاتێكدا كە بەنەقیزەش دەرچوونی ئەستەم دەبێت، لێرەدا رەشماڵەكانی دەسەڵات شەماڵێك دەتوانێ‌ لوولی دبدا.
هەرێمی كوردستان لەوەتەی هەیە هەر بەقۆناغێكی مێژوویی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، كە كەمتر مێژووی هاوچەرخی كوردی بەقەت ئەمڕۆ تێبینی حەزی تاكەكان و فراوانی بنەماڵەكانی كردووە، ئەو دەستكەوتە نیشتمانی و دەستوورییانەی كە بە خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیی بێشوماری گەلەكەمان هاتنەدی، دواجار نەك هەر نەیانتوانی ببنە سەكۆیەك بۆ ئارامی و خۆشگوزەرانی، بەڵكو ئەمڕۆ لە بەردەم مەترسییەكی ڕاستەقینەی ناوخۆیی و دەرەكیدان، پاڵنەری سەرەكی ئەم مەترسییەش، چەقینی پەرلەمان و پێداگریی خێڵەكیانەیە لەسەر دەسەڵات و پشتبەستنی دوو حزبی باڵادەستە بە ستراتیژی سڕكردنی دۆخەكە لەپێناوی بەرژەوەندییە كۆنەكانیاندا.
پەرلەمان كە دەبێت ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەل و جێگەی یەكلاكردنەوەی قەیرانە نیشتمانییەكان بێت، بەهۆی ململانێی دوو بنەماڵەی سەرەكییەوە تووشی ئیفلیجی و چەقین بووە. ئەم چەقینە تەنها كێشەیەكی یاسایی یان كارگێڕی نییە، بەڵكو ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتێكی خێڵەكی و عەشایەریی سیاسییە كە تێیدا باڵادەستی و قۆرخكاریی هێز لەپێش هاوڵاتیبوون و دامەزراوەییەوە دادەنرێت.
ئەم دوو حزبە كاتێك ناتوانن لەسەر دابەشكردنی كورسی دەسەڵات ڕێكبكەون، پرۆسەی پێكهێنانی كابینەكانی حكومەت دوا دەخەن و دامەزراوە دەستوورییەكان پەكدەخەن، یان دەیكەنە منەت و بەبێبەرامبەر بە هاوڵاتیانی دەفرۆشنەوە، هاوكێشەكە ڕوونە: پشكی زیاتر لە هەرێمێكی پارچەكراو و لاوازدا، لای ئەوان هێشتا بەنرخترە لە هێشتنەوەی هەرێمێكی بەهێز و یەكگرتوو، ئاكامی ئەم جۆرە بیركردنەوەیەش، ڕیشەكێشكردنی هێواشی ئەو خەونە مەزنانەیە كە گەلەكەمان دەیان ساڵە چاوەڕوانی دەكات.
ئەوانەی ئەمڕۆ لەپێناوی دەسەڵاتی زیاتردا كۆسپ دەخەنە بەردەم یەكڕیزی، تێناگەن كە لە كاتی هەر داڕمانێكی قەوارەكەدا، خۆیان دەبنە نیشانە و یەكەم گوللەی هەرێمایەتی بەر جەستەی ئەوان دەكەوێت، چونكە هێزە ناوچەییەكان ڕێز لە لایەنی لاواز و پارچەبوو ناگرن و هەمیشە بەنێو درزەكاندا دێن و هەوڵی فراوانكردنی دەدەن، وەك ئەو پلانە ژەهراویانەی هەڵیدەدەنە سەر مێزەكانی هەردوولاو ئەوانیش دژی یەكتری نۆشی دەكەن.
ڕۆژانە لە میدیاكان و لێدوانی بەرپرسانی ئەم دوو لایەنەدا، شایەتی شەڕە دەنووك و قسە نەقیزە ئاساییەكانین، قسەگەلێك كە تەنها بۆ برینداركردنی یەكتری و ڕاكێشانی سۆزی كاتیی سەرشەقام بەكاردێن، پرسیارە جەوهەرییەكە لێرەدایە، ئەگەر ئەو وزە و كاتەی بەم جۆرە دژایەتییە بەفیڕۆ دەدرێت، بخرایەتە خزمەت گفتوگۆیەكی كراوە و نیشتمانی، ئایا دۆخەكە بەم ئاستە دەگەیشت؟
ئاخر تاكڕەوی لە بڕیاردا هەمیشە شكست دەهێنێت، پێویستە حزبە باڵادەستەكان گوێ لە هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی خۆیان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نوخبەی ڕۆشنبیر بگرن، پۆشاكی خێڵ و بنەماڵە لەخۆیان بكەنەوە و چاو لە رابردوو بكەن تا ئایندەیەكی گەش بۆ هاوڵاتیان بدۆزنەوە ئەوكات گفتوگۆی نەرم لەپێناوی هاوڵاتیاندا رێگەی دەرباز بوونیان دەبێت و دەبێت ئامانجی كۆتایی ڕێككەوتنەكان دابینكردنی بژێوی و خۆشگوزەرانی و پاراستنی كەرامەتی هاوڵاتیان بێت، ئەوكات زمانە زبر و تیژەكان دەگۆڕێن بۆ زمانی لێكتێگەیشتن.
كاتێك نیەتەكان بەرەو خزمەتی گشتی و نیشتمانی وەربچەرخێن، گەورەترین كێشە سیاسییەكان كە ئێستا وەك كێوی سەهۆڵین دەبینرێن، تائاستی بیرچوونەوە بچووك دەبنەوە، جیاوازیی بیروڕا لە سیستمی دیموكراسیدا دیاردەیەكی تەندروستە، بە مەرجێك نەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ماڵی كوردی لەبەردەم باهۆزە دەرەكییەكاندا، ئەو باهۆزانەی لە سنوورەكانەوە دێن و خەریكە تاوڵی خێڵەكان و دیوەخانی بنەماڵەكان لوولدات.

كاتی ئەوە هاتووە پاشەكشە بە عەقڵییەتی خێڵگەرایی سیاسی بكرێت و بنەمای هاوڵاتیبوون و پاراستنی خوێنی شەهیدان بكرێتە پێوەری سەرەكی تەنها لەو كاتەدا دەتوانین دڵنیابین كە گوللەی نەیاران ناگاتە جەستەی ئەم قەوارەیە و مێژووش بە شانازییەوە باسی ئەم قۆناغە دەكات.




دەنگەكان ماڵێك بۆ هەمووان.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                    
                                                      

زۆرن ئەو سەكۆ و ماڵپەڕە ئەدەبییانەی، وەك مینبەرێكی نووسین و بوارێكی دەربڕینی بیرو ڕا كاردەكەن، بەڵام كەمیان یان بڵێم هەر نییە، توانیبێتی وەك ماڵپەڕی دەنگەكان، ببێتە سەكۆیەكی دیار و ئازادی یەكجار پڕ خوێنەر. دەنگەكان ماڵپەڕێكە، دەكرێ بڵێم لە گەلێك ڕووە تایبەتمەندی خۆی هەیە وەك :
یەكەم:_ نەیكردووە بە مەرج، كە ئەو وتارانەی تیایدا بڵاو دەكرێنەوە دەبێ چۆن بن و پەیڕەو لە كارنامەی ئەوان لە ڕووی گوتارو زمانەوە بكات، وەك ئەوەی لە ماڵپەڕەكانی دیكە دەیبینین، كە ئەمەش بوار ڕەخساندنە بۆ ئەوەی دەنگ و قەڵەمی تازە و نوێ، ئەم ماڵپەڕە وەك ئەزموونكارییەكی خۆیان بیبینن و وەك قوتابخانەیەكی نووسین لێیەوە فێر ببن.
دووەم:_ هەرگیز نەمبینیوە ئەو ماڵپەڕە سەنگینە، دەستكاری یەك پیت و وشەی خۆم بكات، لە كاتێكدا زۆرجار ئەو وتارانەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكان بڵاویدەكەمەوە ڕێنووسەكەیان دەگۆڕدرێت. بۆ نموونە: من هەمیشە دەنووسم ( وەكو، چونكە ) كەچی زۆرجار ئەم وشانە لە نووسینەكانی مندا لە ڕۆژنامەكاندا دەگۆڕدرێن و دەكرێنە (چوونكە _ وەكوو) كە لەبنەڕەتدا هەڵەیە، بۆیە ئەمەی دەنگەكان بڕوابوونە بە سەربەستی و ئازادی نووسەر لە دەربڕین و شێوازی نووسینیدا.
سێیەم:_ دەنگەكان ماڵپەڕێكە، وەك سایەیەك هەرچی جیاوازی بیرو ڕا هەیە كۆییان دەكاتەوە، هەیانە قسە بە حزبێك دەڵێت، ئەویتریان ڕۆژی دواتر ستاییشی دەكات، یەكێكیان دژە ئایینە، ئەویتریان پەسنی ئایین دەدات، واتا بواری دەربڕینی بیرو ڕا بۆ هەمووان هەیە، كەچی هێنێك لە ماڵپەڕەكان كردوویانە بە مەرج بەنموونە وتاری مەلایەك بڵاو نەكەنەوە.
چوارەم:_ گومان دەكەم ماڵپەڕێك هەبێت، هێندەی دەنگەكان خوێنەری هەبێت، بۆیە هەر نووسەرێك مەبەستیەتی خوێنەران بابەت و نووسینەكانی ببینن، ئەوا دەبێ لە دەنگەكان بڵاوی بكاتەوە، گرنگ نییە پێشتر لە كوێ بڵاویكردۆتەوە و ئازادە لەوە، بەڵام گەر مەبەستی بێت خوێنەرانێكی بێ شومار بابەتەكەی ببینن، ئەوا دەبێ لە دەنگەكان بڵاویبكاتەوە.

پێنجەم: بەگشتی ئەو وتارانەی لە سەكۆ ئەلكترۆنییەكان، لە شێوەی فەیسبووك و ماڵپەڕەكان بڵاو دەكرێنەوە، بەراورد بە وتاری نێو ڕۆژنامە و گۆڤارەكان، نابنە سەرچاوە، هەر چەند زانستی و بە هێزیش بن، چونكە سەرچاوە دەبێ لە بڵاوكراوەیەكی كاغەزییەوە بێت و وەك دیكۆمێنتێك لە ڕووی مێژووییەوە بمێنێتەوە وەك ڕۆژنامە یان گۆڤار، كەچی بە پێچەوانەوە دەنگەكان بەدەرە لەم حاڵەتە، چونكە وتار و نووسینەكانی دەكرێنە سەرچاوەی نووسینی توێژینەوە و وەك سەرچاوە پشتیان پێ دەبەسترێت كە من خۆم لە میانەی خوێنەوەدا، دەیان جار ئەمەم بینیوە.

دواجار دەڵێم كاروانی دەنگەكان بە دەست و پەنجەی هاوڕێ گۆران عەبدوڵان، كە وەك سەربازێكی ون بیست و چوار ساڵە بێ پسانەوە ئەو ماڵپەڕە سەنگینە بەڕێوە دەبات، هەر بەردەوام بێت و خۆشەویستیشم بۆ هەموو ئەو قەڵەمانە هەیە كە بابەتی تیادا بڵاو دەكەنەوە بەوانەشی كە ڕقیان لێمە، گەر ڕەخنەیەكم لە نووسینەكانیان گرتبێت.

                                                   ڕواندز _ 30 /5 / 2026



ژنی بەدەسەڵات؟ یان کەرەستەی سیاسی؟.. ڕەنگین مەلا سەمەد

ژنان تا چەند هەوڵیانداوە نەکرێنە ئامڕازو کەرەستە.

دەرکەوتنی ژنان لە سیاسەت و پێگە جیاوازەکان دڵخۆشکەرن، ئەمە قبووڵکراوە لەڕووە مەعنەوەییەکەوە بەوەی، ژنان بەدرێژایی مێژوو توێژێکی گرنک و باڵای نێو سیاسەت و هێزێکی لەبننەهاتووبوون لە ڕووە دەروونی و جەستەییەکەوە، توانیویانە ڕۆڵە گرنگەکان پراکتیزە بکەن و پێشەنگایەتیی بەڕێوەبەریی کاروبارەکانی دەوڵەت بن،
ئایا ئەم پێشەنگایەتیی و دەسەڵات و بەشداریکردنە بەهێزو بوونی ژن خۆی بووە، یاخوود بەبەرامبەر و وەک کەرەستەیەکی سیاسی کراوەتە ئامانج و بۆ بەرژەوەندییەت بەکارهێنراوە؟

ئەو ژنانەی پلە بە پلە و قۆناغ بە قۆناغ هەنگاویان ناوە، توانیویانە دەسەڵات بە دەسەڵاتی بازوو بەدەستبێنن، یان ڕووخسارو قەدو باڵایان بەرەو دەسەڵات و پلە و پایەی بردوون؟

تا چەند ئەخلاقییەت و کەسایەتییە مەعریفییەکان لە چوونە ناو سیاسەت پەیڕەوکراوەو پارێزراوە؟

لە پشت پەردەی ئەودیوی سیاسەتەوە چی ئەگوزەرێ لە پێدانی پۆست و بەبەرداکردنی هەیبەتی ژنان؟

تێڕامان و وردبوونەوە لە سیاسەتی سیاسییەکان شایەنی زۆرترین مشتومڕو بەدواداچوونە، پێویستە بزانرێت پاکیزەیی تا چەند ڕێپێدراوە لە جومگەکانی سیاسەت، ژنان تا چەند نموونەیەکی باش بوونە بۆ وەرگرتنی پێگە باڵاکان؟ توانیویانە لەو ڕێیەوە متمانەی ژنانی تر بەدەستبێنن بۆ ڕووانین و هەوڵدان و گەیشتن بە ڕێیە دژوارەکان؟

ئەو سیستمەی داڕێژراوە بۆ ژنانی سەرکردە، لەسەر چی بنەمایەکە؟ قازانجی تیا بەدی ئەکرێ؟
ملدانە بەر سیاسەت بەبێ ئاگاداربوون لە ڕەهەندەکانی، ناماقووڵییە، خۆخزاندنە نێو تونێلێک کە دەرچوون لێی ئەستەمبێ، گەمژەیی و بەکاربردنی ئایدۆلۆژیایەکە کە خۆی لە بەکاڵاکردن دەبێنێتەوە.

بەهێزیی هۆشیاریی ڕۆشنبیریی ژنان، ناهێڵێت ببێتە نمایشێکی ساختەی دەسەڵات و لەسەر کورسییە بێدەسەڵاتەکان هاوشێوەی ڕۆبۆتێک ڕۆڵی بەسەردا بدرێ، بوێریی ڕەتکردنەوەی مەرامە خراپەکانی بەرامبەری هەبێت، نەبێتە سێبەری پیاوانی سیاسی، ئەوانەی هێڵە سوورەکانی ئەخلاقییەتی ئەبەزێنن،
بە دەستەواژەی (نەخێر و نابێ) ئەخلاقی ژنێتیی پارێزراوکات و بیکاتە چەکێکی بەهێزی بەرگریکردن لە خود، پاشکۆیەتیی بگۆڕێ بۆ سەربەخۆیی،
کۆپی دووبارەکردنەوەی دروشم و بۆچوونەکان نەبن، ئەجێنداو ڕێبازی فکریی تایبەتیان هەبێت لە بەشداریکردن و بڕیاردان، نابێت وەک خێرو سەدەقە بۆ دەوڵەمەندکردنی دەسەڵات بەکاربهێنرێن.

بڕوانامەو زمان و تواناو باکگراوندە ڕۆشنبیرییەکان دەبنە ئەو کارتە بەهێزەی، بێمنەتانە، ژنان دەبەنە ناوەندی سیاسەت و دەسەڵات و، ناهێڵێت هەرگیز ببێتە کەرەستەیەک لە بەکارهێنان و یاریکردن.
ــــــــــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس




دوو عاشقە دەربەدەرەكە دەربەدەرتربوون!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                          

دەگوترێت گەر وەرگێڕان جارێك خیانەت بێت، ئەوا وەرگێڕانی شیعر دوو جار خیانەتە، بەو مانایەی لە وەرگێڕانی شیعردا، هەرگیز ناتوانرێت بونیادی هونەری دەقەكە و وێنە شیعرییەكان و ڕیتم و شیعرییەتی دەقەكە، وەكو خۆیان وەربگێڕدرێن. شیعر زمانی نەتەوەیە، ڕەنگدانەوەی خەیاڵ و دنیای هەستی و واقیعی شاعیرە و شاعیر دەتوانێت بە زمانێكی دیكە بدوێت، بەڵام ناتوانێت بە هەمان ئەو زمانە گوزارشت لە هەستەكانی بكات و ئەندێشەكانی دەرببڕێت، چونكە زمانی نەتەوە تایبەتمەندی نەتەوەیی خۆی هەیە. لێرەوەش وەرگێڕانی شیعر جۆرێك لە گومان و دوودڵی لای وەرگێڕ دروست دەكات، بەوەی كە نەتەوانێت شیعرەكان وەك خۆیان، فەزا و سرووشتی شیعرییانەیان وەربگێڕدرێن! هەر ئەمەشە وا لە وەرگێڕەكان دەكات، جۆرە سڵەمینەوە و ترسێكیان لە وەرگێڕانی شیعر هەبێت، نەبادا نەتوانن ڕوحی دەقەكە وەكو خۆی وەربگێڕن. كەچی كەسانێك نەك ئەم ترسەیان نییە، بەڵكو بە بێباكی و جۆرێك لە فیز و خودشانازیشەوە باس لەوە دەكەن، كە ئەوان شیعر بۆ خۆیان وەردەگێڕن و بەلایانەوە گرنگ نییە چی لە بارەی وەرگێڕانەكە دەگوترێت، كە ئەگەر وەرگێڕانەكە تەنانەت (وەرگەڕانی ) شیعریش بێت، بگرە زۆر بێ منەتانە باس لەوە دەكات كە داوای لێبوردن لە خوێنەرانیش ناكەن گەر وەرگێڕانەكە هەڵەبێت! كە ئەمە ئەوپەڕی تێنەگەیشتن و هەست نەكردنە بە بەرپرسیاریەتی فەرهەنگی و ئەدەبی. لە پێشەكی كتێبی ( ئێمە دوو عاشقی دەربەدەرین) كە شیعری نزار قەببانی و غادە سەمانە، نەبەز گۆران دەڵێت كە ئەو شیعر بۆ خۆی وەردەگێڕێ و بڵاوی دەكاتەوە و بەلایەوە هیچ جێی بایەخ نییە خوێنەران لە بارەی وەرگێڕانەكەی چی دەڵێن، یان وەرگێڕانەكە چۆنە و تا چەند سەركەوتووە. هەر وەرگێڕێك ئەمە تێگەیشتنی بێت بۆ كایەكە، ڕوونە كە خۆی و خوێنەرانیش فریو دەدات! گەر وانییە، بۆچی شیعرەكان بڵاو دەكاتەوە، دوای ئەوەی وەریگێڕان؟ ئەم كتێبە شیعرییە هاوبەشە، لە گەلێك ڕووی هونەری و وێنەیی و زمانیشەوە، چەندین هەڵە و خەوشی هونەری تێدایە و كە لە خوێنەوەی بوومەوە، لە دڵی خۆمدا گوتم، بەم وەرگێڕانە، نەبەز گۆران نەك ئەو دوو عاشقە دەربەدەرەی كۆ نەكردنەوە، بەڵكو دەربەدەرتری كردن و وای لێكردن ئیدی هەمیشە سەرگەردان بمێننەوە. لێرەدا چەند نموونەیەك لە وەرگێڕانی شیعرەكان دەخەینە ڕوو:_

  • ل 11 نووسیویەتی :_( عەشق تۆ منی فێری خەمگینی كرد) سەیری داڕشتنی ڕستەكە بكەن.
  • ل 11 نووسیویەتی :_( خۆم بدەمە دەست عەتاركان) ئایا وشەی عەتار بەم شێوەیە دەنووسرێ؟!
  • ل 35 نووسیویەتی:_( خانمەكەم ئەی نازكتر) ناسكە نەك نازك.
  • ل 37 نووسیویەتی:_(نیگەران مەبە چوون باڵندەكانی بە كاتی جەژن ناتوانن هیچ لە مندا سەوز بكەن) وەرگێڕ جیاوازی لەنێوان(چون) كە هاوەڵناوی نیشانەیەو هاوشێوەی (چۆنە) لەگەڵ چوون نەكردووە، كە فەرمانی ڕابردووی سادەیە، چونكە لە ڕستەكەدا مەبەستی شاعیر چۆنە، نەك چوون، وەك ئەوەی ئێمە زۆرجار دەڵێین چۆنە نەڕۆیشتوویت؟
  • لە 42 نووسیەیەتی:_( با سەرەتای چەژنەكانمان دەست پێ بكەین) جەژنە، نەك چەژن !
  • ل 48 نووسیویەتی:_( لە بە بارمبەر هاوشارییەكاندا) ئەرێ كەس ئەم وشەیەی لە كولەكەی تەڕیش بیستووە؟
  • ل 48 نووسیویەتی:_( دەمەوێت سەربازەكانم، بە ماڕشەوە پێشوازی تۆ بكەن) بێگومان زمانی كوردی، لەو زمانە دەوڵەمەند و وردوو بە برشتانەیە، كە بچووكترین هەڵە، مانا بە ئاراستەیەكی دیكەی جیاواز، یان نەگونجاو دەبات. مەبەستی شاعیر لەو دێڕەدا ئەوەیە، كە سەربازەكان پێشوازی لە (تۆ) واتا كەسی دووەمی تاكی شاعیر كە یارەكەیەتی بكەن، بۆیە لە ڕستەكەدا دەبێ ئامرازی لێكدەری ( لە) هەبێت، چونكە ئەم ڕستەیە، بە مانای ئەوە دێت كە سەربازەكان، پێشرەوی ئەو دەكەن، نەك پێشوازی لێ بكەن !
  • ل 53 نووسیویەتی:_( دندوك لە قژەكانم دەدا) وەرگێڕ وا دەزانێ قژ كۆیە! شایەنی ئاماژەكردنە، بەردەوام ئەم هەڵەیەم لە نووسینی نووسەران دەكەوێتە بەرچاو، ئاخر كەس گوێبیستی ژنێك بووە بڵێت (قژەكانم دادەهێنم) ؟!
  • ل 61 نووسیویەتی :_( لە قوڵای ئەم ئاوەدا) سەرنج بدەن، وشەی قووڵایی چۆن نووسیوە؟
  • ل 83 نووسیویەتی:- ( هەكات تۆ دەبینم) گریمان ئەمە هەڵەی تایپە، مەگەر وەرگێڕ نابێ بە سەر دەقەكەدا بچێتەوە؟!
  • ل 83 نووسیویەتی:_( كاتێك بیرت لێ ئەكەمەوە، زمانم وشك دەبێت، وشەكان بێ قەرار دەبم) لە ڕاستیدا، ئەمە وەرگەڕاندنی شیعرە نەك وەرگێڕان.
  • ل 84 نووسیویەتی:_( زرگارمكە لە تینوویەتی).
  • ل 92 نووسیویەتی:_( نامەكانی من بۆ تۆ، شتی زۆرتیان تێدایە لە بوونی خۆمان) ناكرێ دەست بۆ وەرگێڕانی شیعر ببەیت، بەڵام باڵا دەستیت بە سەر زماندا نەبێت !
  • ل 96 نووسیویەتی:_( ئاسمانێك كە هەورەكانی كۆكردووبیەوە) سەیری ئەو جۆرە ڕێنووسە بكەن؟
  • ل 103 نووسیویەتی:_( كە لەگەڵمای دوو قفل دەدەم لە دەرگاكە) سەرەتاییترین بنەما بۆ وەرگێڕان زمانزانینە ! زمانی كوردی چوارچێوەیەكی دیاریكراوی هەیە، كە بكەر لە سەرەتاو كار لە كۆتاییدایە. ئەم ڕستەیە لە ڕووی ماناوە ئەو مانایەی نییە كە شاعیر مەبەستیەتی، چونكە وەرگێڕانەكەی گۆران، دەلالەت لەوە دەكات كە بە دوو قفل لە دەرگاكە دەدات، نەك دەرگاكە قفل بدات، بۆیە دروستی ڕستەكە ئەمەیە ( كە لەگەڵمای دوو قفل لە دەرگاكە دەدەم).
  • ل 115 نووسیویەتی:-( باران دەبارێت خاك قوڕ دەبێت) قوڕ نا، قوڕاوی دەبێت ڕاستە.
    وێرای ئەمانەش، بەدرێژایی وەرگێڕانەكە، وەرگێڕ هەردوو پیتی (ر) و (ڕ)ی بەیەك زانیوە و وا تێگەیشتوووە كە چ (كەچەڵ حەسەن) یان (حەسەن كەچەڵ )بێت هەریەكەن بۆیە دەیان وشەی بەهەڵە نووسیوە وەك :_( رۆژ، دێر، قور، شەراب، ئیرادە، راست) . تەنانەت ناوی قەببانیشی بە هەڵە نووسیوە، كە دەبێ (قەببانی) بێت نەك (قەبانی) وەك ئەوەی ئەو نووسیویەتی! دواجار دەڵێین لە نێوەندی ڕۆشنبیری كوردیدا، لەشكرێك خۆ بە وەرگێڕ زان هەن، كە نەك هەر وەرگێڕ نینە، بەڵكو بە كارەكانیان زمانی كوردی تێكدەدەن و پەرپووت دەكەن. من نازانم نووسەری كورد بۆچی ئارەزووی لەوەیە وەك مەلای دوانزە عیلم هەموو شتێك بزانێت و هیچیشیان نەزانێت؟ باشتر وایە كارەكان بۆ كەسانی تایبەتمەندی بوارەكە جێبێڵین، لە نێوشیاندا وەرگێڕان و بە دیاریكراویش وەرگێڕانی شیعر، كە وەرگێڕە هەرە دیار و بە تواناكانی ئێمە، كە لە پەنجەی دوو دەست تێ ناپەڕن، سڵ دەكەنەوە لە وەرگێڕانی ئەم ژانڕە، چونكە وەك شێركۆ بێكەس وتەنی، وەرگێڕانی شیعر وەك ئەوە وایە ماچی ژنێك لەو دیو شووشەیەكەوە بكەیت، ئایا ئەمەش وەك ئەوە وایە ماچەكەت كردبێت؟!

*پەراوێز: ئێمە دوو عاشقی دەربەدەرین، وەرگێڕانی نەبەز گۆران، بڵاوكراوەی _كتێبخانەی فێربوون . ساڵی چاپ -2015.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (45 45) لە 24 /5/2026 بڵاوكراوەتەوە.
.




جـوانترین پیـرۆزبایی لە بەڕێـوەبەری دەنگەکان دەکەم.. رەزا شـوان

بە بۆنـەی یادی (٢٤) میـن ساڵـڕۆژی دەستـپێکـردنی سایتی (دەنـگان) ی رەنگـین. لە رۆژی (١/ حـوزەیـران /٢٠٠٢) لـە ناخی دڵـمـانەوە، جـوانـتریـن پـيـرۆزبـایی لە بـرای ماندوونەناسمان، نووسەر و شاعـیر و رۆژنامەنووسی ناسراومان کاک نەوزاد مدحەت (گـۆران عەبـدوڵڵا)ی بەڕێوەبەری دەنگەکان دەکەم. پیرۆزبایش لە سەرجەم خوێنەران و نووسەرانی بابەتە هـەمەجۆرەکانی دەنگەکان دەکەم. جوانـترن چەپکە گوڵی سوپاس و رێـز و پێـزانیمان، پـێـشکەش بە کاک گۆران دەکەم، بۆ خـزمەتی پیـرۆز و نـاوازەی، لە بواری رۆژنامەی ئەلیکـترۆنی کوردیـدا. مـن لە ساڵی (٢٠١٢) وەک خـوێنەرێک و نووسـەرێک، ئاشـنای سایتی دەنگەکـان بـووم، لـەو سآڵەوە تا ئەمـڕۆ لـێی دانەبـڕاوم، ساڵ لـە دوای سـاڵ. زیـاتر هـۆگـری دەنـگەکـان بـووم. لـە ئـێـسـتادا خـۆم بـە هـاوڕێی هەمیشەی دەنگەکان دەزانـم. تا ئەمـڕۆ بە دەیان بابەتـم لە بـواری ئەدەبیاتی منـدڵان و بابەتی پەروەردەیی منـداڵان و بابەتی هەمەچەشنەم لە دەنگەکانـدا بڵاوکردوونەتەوە و
پارێـزراون و بە ئەرشـیف کـراون.
دەنگەکان رۆژنامەیەکی ئەلیکـترۆنی کوردییە، لە ریزبەنـدیی هـەرە پێشەوەی رەوتی رۆژنـامەی ئەلیکـترۆنی کوردی دایە، ئەستێرەیەکی هەمیشە گەشی ئاسمانی جیهـانی رۆژنامەی ئازادی کوردیی ئەلیکـترۆنییە. دەنگەکان گـوڵـزارێکی گـوڵ هـەمەڕەنگەی گـوڵ جـوان و گـەش و بۆنخـۆشـە، بـە هـەزاران پەپـوولە و هـەنـگی لـێـدەنـیشـێـتەوە.

دەنگەکان سەکـۆیەکی ئازادی بێ سانسۆر و بێ رێگـرە، بۆ هـەر نووسەرێکی ئـازاد، خاوەنی هەر بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەکی جیاوازبن. کە بیانەوێت خزمەتی فەرهەنگی کـوردی بـکەن و نووسـینەکـانیـان لە دەنـگەکـانـدا بـڵاوبکەنـەوە. لام وایـە هـەر ئـەم ئـازادی و رێـزگـرتـنـەیە، کـە نـووسـەرانـێکی نـاسـراوی زیـاتـر لـە هـەردوو رەگـەز ئاشـنای دەنـگەکـان بـوونـە و مـانـگ لە دوای مـانگـیش زۆرتـر بـوونـە.
شایەنی باس و دەستخۆشـییە، کاک گۆران عەبـدوڵڵا، لە دەستپێکـردنی دەنگەکانەوە
تا ئەمـڕۆ، باوەشی بۆ بابەتەکانی ئەدەبیـات و بـۆ پەروەردەی منـداڵان کـردووەتەوە، دەنگەکان هەفـتانە بابەتـێکی جوانی بۆ منداڵانی لەخۆگرتووە. ئەمەش لە باوەڕ و لە تێگەیشتنی کاک گـۆران ەوە سەرچـاوەی گرتووە، کە باوەڕێ بە ڕۆڵی زۆر گرنگ و چارەنـووسسازی منـداڵان، لە ئەمڕۆ و لە داهـاتـوودا هـەیە. مـن وەک نووسەرێکی بـواری ئەدەبیـاتی منـداڵان و پەروەردەکـارێـک، ئـەم گـرنگـیـدانەی کاک گـۆران، بە بـواری ئەدەبیاتی منـداڵان، بەرز دەنـرخـێـنـم، رێـز و پێـزانینـمان بـۆ دڵسۆزییان هـەیە. بێگومان داهاتوویەکی باشتر بۆ کورد و کوردستان، لە دەستی منداڵانی ئەمڕۆمان دایە. گـرنگیدانمان بە منـداڵانی ئەمـڕۆمان، گرنگـیدانـمانە بە داهـاتـووی کورد و کوردستان.
پێموایە رازی سەرکەوتن و تەمەندرێـژی و پێشکەوتن و رەنگـینی دەنگەکان، بۆ کاک گۆرانی بەڕێـوەبەری دەگەڕێنـەوە. ئەمەش ستایـش و پیاهەڵـدان و ریکلامکـردن نییە.

هەفـتانە رێکخـستـن و رازانـدەوە و بڵاوکـردنەوەی رۆژنـامەیەکی ئەلیکـترۆنی بابـەت هـەمـەچـەشـنە و پـوخـت و سـەرکـەوتـووی وەک دەنـگـەکـان، کـارێـکی ئاسـان نـیـیە. سەرەڕای تـوانـای تەکـنیکی و گونجـانـدنی هـونـەری و هـاوسەنگی لە بڵاوکـردنەوەی فـرە بابـەتی، لـێزانین و شارەزایی و مانـدووبـوون و شەونخـوونی و پـشـوودرێـژی و هـەڵگـرتـنی بەرپـرسیارێـتـیشی دەوێـت. ئەمـەش لە کەسانـێکی رۆشـنبـیری گـشـتی و شارەزا و دڵسـۆز و گەشـبین و خـزمەتخـواز و متـمانە بەخـۆ و خۆبەخـش و خۆڕاگـر دەوەشـیتەوە. بۆیـە ئـەم کارە پـراکـتیکی و هـونەرییە، بە هـەمـوو کەسـێک ناکـرێـت.
دڵـنیام کە کاک گۆران درێـژە بەم خـزمەتە پیرۆز و ناوازەی دەدات. هـیوای پێشکەوتن و رەنگـیـنییەکی زیاتـریشی بۆ دەنگەکان هـەیە. چونـکە رەوتی داهـێنان و پێـشکەوتن وەستانی نییە. نە ئەمـڕۆمان وەک دوێنێـمانە، نە سبەینێشـمان وەک ئەمڕۆمان دەبێت.
هــیوادارم کـە دەنـگەکان بـە دەیـان مـۆمی تەمەنی بکـوژێـنـێـتەوە و بـە دەیـان مـۆمی نـوێی گەشتر دابگـیرسێنێت. تەمەنـدرێـژیی و ببەخـتەوەریش بۆ کاک گۆران دەخوازم.

رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٦




شاری کەرکـوک و قـەڵاکەی کورد دروستیانی کـردوون.. رەزا شـوان

شاری کەرکوک لە جوگرافیا و مێژووی کوردستاندا، شوێن و پێگەیەکی زۆر گرنگ و ستراتیژیی هەبـووە و هـەیە. لە دروستبوونییەوە تا ئەمـڕۆ، ناونـدێکی لەشکرتاری و بازرگانی و ئابـووری بـووە. دووەمین گەورەتـرین کـێڵگەی نەوتی یەدەکی جیهـانی لە کەرکوک دایە. کەرکوک لەسەر ئـۆقـیانووسێکی نەوت و گاز دایە. کەچی تا ئەمـڕۆش کەرکوکـییەکان بۆ بەرمیلـێک نـەوت و بـوتـڵـێک گـاز سـوێیان دەبێـتەوە. تا ئەمـڕۆش نەوت و گازی کەرکوک، تەنها دووكەڵەکەی و بۆنەکەی بۆ کوردن. بێگانەی هاوردەی نامـۆ لە سایەی نەوتی کەرکوکدا حەساونەتەوە. بەڵام کورد زەقـەی چاوی دێت و ماڵ
لە خاوەن ماڵ حەرام کـراوە. هەر لەبەر گرنگی پێگە و دەوڵەمەندیی خاکی کەرکوک، لە دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ، مێژوویەکی پڕ لە نەهـامەتی و ململانێ و شەڕی نیوان ئیمپراتۆری و دەوڵەتانی داگیرکار هەبووە، لەسەر داگیرکردنی کەرکوک روویان داوە.
کەرکـوک کوردسـتانی بـووە و کوردستانیـیە و هـەر کوردسـتان دەبـێت. شـوێنـەوارە دێـرینەکان و بەڵـگە و پاشـماوە دۆزراوەکانی ناوچـەی کەرکـوک، تـوێـژینەوەکـان و مێـژوونووسانی بێـلایەن، بە بەڵگەوە سەلـمانـدوویانە. کە کـورد شـاری کەرکـوک و قـەڵاکەیان دروست کـردوون. ئەوەی نکـووڵی و حاشا لەم راستییە دەکات، با سەری خـۆی بکـێـشێـت بە بـەرددا.
کەرکوکییەکان لە کـۆن و لە ئەمڕۆدا، هەمیشە لە سەنگەرەکانی پێشەوی خەبات و شۆڕش و بەرگـریدا بـوونە. سەرسەخـتانە پارێـزگارییان لە کورد و کورستان و لە شارەکەیان کردوون. لەم پێناوەشدا، سەرکردە و پـێشمەرگە و رۆڵەیەیەکی زۆریان گیانیان بەخـشین. لە ئەمڕۆشدا، کێشەی کەرکوک و ناوچە داگـیرکراوەکانی ترمان، کێشەی ناوەندی کوردن لە باشووری کوردستان دا. چارەسەری کێشەی کەرکـوک، کلیلی چارەسەکردنی هەموو کێشەکان و قەیرانەکانن لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکـومەتی عـێرقـدا. تا چارەسەرکـردنی ئـەم کـێـشەیە دوابخـرێـت، ناکـۆکـییەکان و گـرژییەکان قـووڵـتر دەبنـەوە.
هەمـوو ئەو دانـووسان و گـڤـتوگـۆ و رێکەوتنـانەی لەگەڵ حکـومەتە یەک لە دوای یەکی عـێراقـدا شکـستیان هـێنان، بە هـۆی کەرکوکەوە بـوون. چـونکە تا ئەمڕۆش شـۆڤـێنی عەرەبی، ئامـادەنین کە دان بە کوردسـتانیی کەرکـوکـدا بـنـێن و کەرکـوک بگەڕێتەوە بۆ سەر کوردستان. تا دێش زیاتر درێژە بەعەرەبکردنی کەرکوک دەدەن، بـۆ زیاتر گۆڕینی دیموکـرافـیای رێژەی نەتەوەیی لە شاری کەرکوک و خانەقـین لە بەرژەوەنـدیی نەتەوەی عـەرەب. بەڵام تا کوردێک بمێنێت، ئەستەمە سازش لەسەر کەرکـوک بکەیـن و دەستی لێهەڵـبگریـن. گەر دوو هـێندەی تـریش قوربانی بـدەین.
خـوالـێخـۆشبوو (مـستەفـا بارزانی) دەڵـێـت:”نامـەوێ بـمـرم و منـداڵە کوردێک بە
لای گـۆڕەکەمـدا تـێـپەڕێـت و پـێـم بـڵـێـت، بـۆ دەسـتـبەرداری کەرکـوک بـوویـت”.

بەبێ گەڕانەوەی کەرکـوک بۆ باوەشی کوردستان، ناکرێت سەربەخـۆیی کوردستان رابگەیەنـرێـت. چـۆن لەش بەبێ سـەر دەژی؟!
کەرکــــوک کـوردیـیــە و خـــــاکـی خـۆمــــانـە
بـێ کەرکــــوک دەوڵـــــەت ئــــارا چـەمـــــانـە
پـارێـزگـای کەرکـوک:
ناوچەی کەرکوک، دەکەوێتە نێوان چیای زاگرۆس و هەردوو رووباری زێی بچـووک و رووباری دیجـلە و زنجـیری چیـای حەمـرین و رووباری سـیروان. هەمان ناوچەیە کە لە سەردەمی ساسانییەکانـدا، بە (گەرمەکان) ناوبـراوە. پێش ئەوەی کە پارتی بەعـسی شۆڤـێنیست و رەگەزپەرست، دیموگـرافـیای پارێـزگای کەرکـوک بگـۆڕێـت و قەزاکانی (چەمچەماڵ، خورماتـوو، کـفری، کەلاری) لێ دابـڕێت، رووبەری پارێـزگای کەرکـوک (٢١) هەزار کيلۆ مەتری دووجا بوو. بەڵام لەدوای دابڕاندنی ئەو قەزایانە، لە ئێستادا رووبـەری پارێـزگای کەرکـوک لە (١٠) هـەزار کـیلـۆمەتـری دووجـا کەمـترە. بەپـێی سەرژمێریی (١٩٥٧) ژمارە کورد لە پارێزگای کەرکوک (١٨٧٥٩٣) بـووە. ژمارەی تورکـمان (٨٣٣٧١) بـووە. ژمارەی عـەرەب (١٠٩٦٢٠) بـووە. ژمـارەی کـلـدانی و سـریـانی (١٦٠٥) بـووە. بـەڵام رێـژەی کـورد لـە سەرژمێـرییەکانی دواییـدا، بەهـۆی سیاسەتی بەعەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک و تۆمارنەکردنی ژمارەیەکی زۆری کورد، کۆمەڵکوژی و ئەنفالکـردنی و راگواستنەوەی کوردی کەرکوک بۆ هەولێر و سلێمانی، هـاوردنی بـە هـەزاران خـێزانی عـەرەب لە ناوەڕاسـت و لە خـوارووی عـێراقـەوە بۆ پارێـزگای کەرکـوک، بە تایبەتیش بـۆ شاری کەرکـوک و تـۆمارکـردنیان لە تـۆمـاری سەرژمێریی کەرکوک، رێژەی کـورد زۆر کەمی کردووە. رێـژەی عـەرەب زۆر زیادی کـردووە. بە عەرەبکـردنی کەرکوک لە ئەمـڕۆدا تۆختر لە سەردەمی بەعس درێـژەی هـەیە. بە عەرەبکردنی کەرکوک، سیاسەتێکی نەخشەداڕێـژراوی نەگـۆڕی شۆڤـێنیی عـەرەبی یە. بەعەرەبکـردنی پارێـزگای کەرکـوک، سیاسـەتێکی نـوێی ئەم سەردەمە نەبـووە. بەڵکو لە سەرەتـای دروستبوونی دەوڵـەتی عـێراق، لە ساڵی (١٩٢١) ەوە، دەستی پێکردووە، دوای دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و دامەزراندنی کۆمپانی نەوتی باکـوور لە کەرکـوک، شاڵاوی بە عـەرەبکـردنی کەرکـوک دەستی پێکـرد. پێـش ئـەم مێژووەش لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی، هـۆزی نعێمی روویان لە شاری کەرکوک کرد لێی نیشتەجێبوون، لە (١٩١٥) دا، حەدیدییەکان و حەمدانییەکان نیشتەجێی کەرکـوک بـوون. زۆربەی تـوێـژینەرەکان، سەرەتای دەستپێکـردنی راستیی بە عەرەبکـردنی پارێـزگای کەرکـوک، بۆ سەردەمی وەزارەتەکەی (یاسین ئەلهـاشمی) دەگەڕێننەوە، کە لە سییەکانی سەدەی رابـردوودا سەرۆک وەزیـرانی عـێراق بـوو. کە عەرەبێکی شۆڤـێنی رەگەزپەرست بوو. ئەو هـۆزەکانی جبوری و عـوبێـدیی لە قەزای حەویجەی کوردستانیدا نیشتەجـێیانی کردن و پـرۆژەی کەناڵـێکی ئاوی کە (٥٥) کـیلۆ مەتـر درێـژە، لـە زێـی بچـووکـەوە، لـە نـزیک شـاری کەرکـوکەوە، بـۆ دەشـتاییەکانی دەوروبەری حویجە راکـێشان، بۆ ئەوەی ئەو هـۆزە عەرەبانە نیشتەجێبن و خووبدەنە کشتوکاڵ. وەک چـۆن نـەوتی کەرکـوک خـێری بـۆ کـورد نەبـووە، رووبـارەکـانیـشـمان خـێریـان بـۆ عـەرەب هـەیە. لە دروستبوونی دەوڵـەتی عـێراقـەوە، حکـومەتە یـەک لە دوای یەکـەکانی عـێراق، بە حکـومەتەکەی ئـێـستاشەوە، درێـژەیـان بـە عـەرەبکـردنی کەرکـوک داون و دەدەن. تا ساڵی (١٩٢١) دەوڵـەتێک نەبـوو بـە نـاوی عـێراقەوە. لە راستیشدا لە ساڵی (٦٤٢) زایینـدا، کەرکـوک لەلایـەن سـوپای ئیسلامییەوە داگـێرکـرا. لە زنجـیرە چـیای حەمـرین بەم دیـودا، عـەرەبی هـەر لێ نەبـوو. هەر کوردی لـێبوو.
دەربارەی مێـژووی تورکمانیش لە کوردستان و لە عـێراقـدا، مێژوونووسی عـێراقی (عەبـدولـڕەزاق حەسەنی) دەڵـێت:”تـورکـمانی ئەم ناوچـانە، لەو هـێزانەی سوڵـتان مـرادی چـوارەمینن، کە لە ساڵی (١٦٣٨) ی زایـینیـدا عـێراقـیان لە سەفـەوییـەکان سەنـدەوە، بـۆ پارێـزگـاری پێـوەنـدی نێـوان ئەیـالەتە باشـووری و باکـوورییەکـانی تـورک لـەم ناوچـانەدا مانـەوە.
شـاری کەرکـوک:

شاری کەرکوک لە باشووری کوردسـتان دایـە. یەکـێکە لە شارە دێـرین و گەورەکانی کوردستان. مێژووی دروستکردنی شاری کەرکوک بۆ زیاتر لە (٦٥٠٠) هـەزار ساڵ پێـش ئێـستا دەگـەڕێتەوە. هـەنـدێ لـە مـێژوونـووسان پێـیان وایە، کە یەکـەم خـشتی بناغەی شاری کەرکوک، لەلایەن (لـۆلـۆییەکان) ەوە دانـرا، کە باپـیرانی کوردن. بەڵام زۆربەی مێـژوونووسان و لێکـۆڵینەوەکان و بەپێی ئەو بەڵگە و کەرەستە دێرینییانەی لەسەر قەڵای کەرکوکـدا دۆزراونەتەوە، بەپێی تۆماری سۆمەرییەکان کە بە رێنووسی مێـخی نووسـراوە. شاری کەرکـوک زیـاتر لە (٣٥٠٠) ساڵ لە پێـش زایـینی، بە ناوی (ئەرابخا) وە لەلایەن گۆتییەکانەوە دروست کراوە و کردیان بە پایتەختی ئیمپراتۆریەتی گـۆتی. گـۆتییەکان باپیرانی کوردن. کەواتە (ئەرابخـا) یەکەمین و کۆنترین ناوی شاری (کەرکوک) ە. تا ئەمڕۆش گەڕەکێک لە شاری کەرکوک ناوی (ئەرەفـە) یە. کە بە ناوی ئەرابخـاوە ناونـراوە. بـۆ بەرزڕاگـرتـن و لەیادنەکـردنی یەکـەم ناوی دێـرینی کەرکـوک (ئەرابخـا). ئەمـەش بەڵـگەیـەکی هـاشا هـەڵـنەگـرە بـۆ کوردستانیی شـاری کەرکـوک.
دکـتۆر (شاکـر خەسباک) دروستکـردنی شـاری کەرکـوک بۆ گـۆتییەکان دەگـەڕێنێتەوە. پـێی وایە هـەر ئـەوان ناوی (ئەرابخـا) یان لـێـناوە.
زانا و نووسەری کوردمان مامۆستا (تۆفـیق وەهبی) وای بۆ دەچی، کەوا (کەرکوک) شارێکی کـۆنە و لە نووسـراوە بـزمارییەکانـدا، پێـش شاری هـەولـێر ناوی هـاتووە.
لە بـارەی ریـشەی نـاوی کەرکـوکـیشەوە، بیـروبـاوەڕی جیـاواز زۆرن. کەرکـوک لە دروستبوونییەوە لە لایەن گـۆتییەکانەوە تا ئەمـڕۆ، بە چەنـد ناوێک ناوبـراوە. وەک: (ئەرابخا، کارکـۆک، کورکورا، کورکـورک، گـوڕگـوڕ، کەرخا ـ بێت سلۆخ، کەرخـێنی باوەگوڕگوڕ، کەرکوک). شایەنی باسە، کە هەمـوو ناوە رەسەنەکانی شاری کەرکوک کـوردیـن، یان لـە نـاوە کـوردییـەکـانەوە داتـاشـراون. ئەمـەش بەڵـگەیـەکی تـرە، بـۆ کوردستانـیی شـاری کەرکـوک لە هـەزاران ساڵـەوە تا ئەمـڕۆ.
دێـریـن شوناسانی عـێراقی (تەهـا باقـر و فـوئاد سەفەر) لایان وایە، ناوی (کەرکوک) لە (گـڕگـڕ) ەوە هاتـووە. کە نـاوی ئەو شـوێنەیە کە مەشخـەڵی ئاگـرەکەی کەرکـوکی تێـدا دەچی بە ئاسمانا.
لە سەرچـاوە ئارامیـیەکانـدا، ناوی کەرکـوک بە (کەرخ ـ بێـت سلـۆخ) ناونـراوە. واتە شاری سلووقـییەکان یان شاری شوورەکراو. لە دوای مـردنی ئەسکەنـدەری مەکدۆنی (ئەسکەنـدەری گەورە) سەرکردەی یـۆنانی (سلـۆقـس) دەستیگـرت بەسەر کەرکوکدا، قـەڵاکەی نـۆژەن کردەوە و شووریەکی گەورەشی بە دەوری کەرکوکـدا دروست کرد و (٦٥) قولەی بۆ چاودێری و بەرگری بۆ دروستکرد. دوو دەروازەشی بۆ دروست کرد. دەروازەی (شا) و دەروازەی (تـووتی). سلـووقـییەکان ناوی (کـرخا ـ بێت سلـۆخ) یان لە شاری کەرکوک نا. دوایش کە کەرکوک لەلایەن ئیسلامەوە داگیرکرا، بە (کەرخێنی) ناوی کەرکـوکـیان بـردووە.
مـێژوونووسی کوردمان دکتۆر (جەمال رەشید یەحـمەد) وای بۆ دەچی کە “ناشی ناوی کەرکـوک، کورتکـراوەی ئەو ناوە ئارامییە بێ، کە لە سەردەمی ئیسلامـدا، گـۆڕاوە بۆ (کەرخـێـنی). چونکە ئـەم شارە بەر لـەم سەردەمـە بە ناوی (گـوڕگـوڕ) ەوە بووە. کە لاساییکـردنەوەی دەنگی ئاگـری چـاڵە نەوتەکـانی ئەم ناوچـەیەیە. کە پاشان ناونـراوە (بابەگـوڕگـوڕ) بە دەوری پەرستگەی (ئەناهـیتا) ی کـۆنـدا بـوون”.
لە سەرچاوەیەکی تری کـۆنی مئـژووییەوە، کە لە مـێژووی سۆمەرییەکانەوە هاتـووە، دەڵـێت:”ناوی کەرکوک لە (کارکۆک) ەوە هاتووە. بە واتای کاری گەورە و رێکوپێک.
مامۆستا (تۆفـیق وەهـبی) دەڵێت:”ناوی (کەرکوک) لە (کەرەک = قـەڵا) وەرگـیراوە و پاشـبەنـدی (وک)، کە بـۆ بچـووککـردنەوە و خـۆشـەویـستی و نازلـێگـرتـن بەکـاردێ، خراوەتە سەر وشەی وەرگیراوی یەکەم کە (کێ رەک)ە. بەم جۆرە وشەی (کەرکوک) بەم شـێوەیەی ئێستای، لەسەر ئەم بنەمایە جـگـیر بـووە”.
میـدییەکان کە باوباپـیرانی کوردن، کە لە ساڵی (٦١٥) ی پێش زایینی ئیمپراتۆریەتی ئاشووریان رووخانـد و شاری (نەینـەوا ـ مووسڵ) ی پایتـەخـتیانی گـرت. شای مـادی (کەیخوسرەو) لە هەمان ساڵدا، شاری کەرکوکی لە ئاشوورییەکان رزگارکرد. ناوچەی کەرکوک بوو بە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی میدیای کوردی. میدییەکان بە (کورکورک) ناویان کەرکـوکـیان بـردووە. ئەمـەش بەڵـگەیەکی تـرە بـۆ کوردستانیی کەرکـوک.
(ژان ئۆنازە) نووسەری فەرەنسایی، کە لە ساڵی (١٧٧٤ ز) بە کوردستاندا تێپەڕیـوە، لە بارەی کەرکـوکەوە، دەڵێت:”کەرکوک پایتەختی ویلایەتی شارەزوورە و بەشێکە لە کوردستان”.
(شەمسەدیـن سامی) زانا و گەڕیـدەی ناوداری تـورک و خـاوەنی فەرهـەنگی ئەعـلامی تـورکی، لـە لاپـەڕە (٣٨٤٦) دا، لە بـەرگی پێـنجـەمـدا، باسی شاری کەرکـوک دەکات و دەڵێت:”کەرکوک یەکێکە لە شارەکانی کوردستان سەر بە ویلایەتی موسڵە. سێ چارەگی دانیشـتوانەکەی کـوردن. ئەوانی دیکەشی (تـورک، عـەرەب، جـوولەکە، کـلـدانـن). هەر ئـەم نووسـەرە، “کەرکـوک بە گـرنگـتریـن شارەکانی کوردسـتان ناودەبـات”.
لـێکـوڵـینەوە و تـۆێـژینەوە و گەواهـی بێلایەنی تـر زۆرن، کە بە بەڵگەوە، کوردستانیی شاری کەرکـوک دەسەلـمـێـنن.
خـڕی خاسە:
خـڕی خاسە یان چـەمی خاسـە، ناوەکەی کوردییەکی رەسەنە واتای (باشـە) یە. خـڕێ خاسە، خڕیکی گەورەیە. ناوی ئەو خڕەیە کە بە ناوەڕاستی شاری کەرکوکدا تێدەپەڕێ و کەرکوکی کردووە بە دوو بەشەوە، بەشی رۆژهەڵات، یان بەشی گەورە، بەری قەڵا. بەشی رۆژئاوا یـان بەشـی بچـووک یان بـەری قـۆریـە. ئـەم دوو بەشــە بـە پـردێـکی بەردین لەسەر خاسەدا بەیەکەوە بەسترابوون. لە ئێستادا پێنج پردی کۆنکریتی لەسەر خاسەدا دروستکـراون. سەرچاوەی ئاوی خـڕی خاسە لە گونـدی (سەیـدان)ی ناوچەی (شـوان)ە. ئاوی چەند خـڕ و چەنـد شێوێکی تری گوندەکان تری ناوچەی شوان تێکەڵ بە ئـاوی خاسـە دەبـن و لەلای گـونـدی (یـاروەلـی) یـەوە، دێتـە ناو شاری کەرکوکەوە. خاسە لە هاوینانـدا ئاوێکی کەمی پێـدا دەڕوات، بەڵام لە زستاناندا ئاوەکەی زیاد دەکات و دەڕژێتە ناو رووباری دیجلەوە. لە نـزیک گوندی (کـۆچەکی)ی شـوان، بەربەستێکی باش لەسەر خاسە دروستکـراوە، ئاوێکی زۆری باران و لافاوی گـلداوەتەوە. بووە بە سەیرانگایەک بۆ خەڵکی کەرکوک. دوور نییە کە قـەڵاکەی کەرکوک، بە هـۆی ئەوەی کە خـڕی خاسە بە بەردەم قـەڵادا تێـدەپەڕێـت. بۆ سـوود وەرگـرتـن لە ئاوەکەی، قـەڵا لەو شوێنەدا دروست کارابێت. بەربەستی خاسە، دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری کەرکـوک. (١٠) کـیلـۆمەتـر لـە کەرکـوکەوە دوورە. لە ساڵی (٢٠١١) دا تەواو بـوو.
بەرزی بەربەستی خاسە (٦٢) مەتـرە، درێـژیی (١١٦٠) مەتـرە. تـوانای گـلـدانەوەی (١٠٠) ملیـۆن مەتـری سـێجـا ئـاوی هـەیە. بەشێک لە ئـاوی خوادنـەوەی کەرکـوکی دابـینکـردووە. بۆ کـشتوکاڵـیش سـوودی لێـوەردەگـیرێـت.
قـەڵای کەرکـوک:
قـەڵای کەرکـوک، یەکـێکە لە قـەڵا دێـرینەکانی کوردستان. دەکـوێتە ناوەڕاستی شاری کەرکـوک. کونتریـن بەشی شارەکەیە و گرنگـتریـن شوێنـەواری مێـژوویی کەرکـوکە. قەڵای کەرکوک، قەڵایەکی دروستکراوە، لەسەر گردێکی گەورەی خڕدا دروستکراوە. بۆ دروستکـردنی بە هـەزاران تـۆن خوڵـیان، لـە دەوروبـەرییەوە بـۆ هـاوردوون، کە کارێکی گەورە و سەخـت بـووە. قـەڵای کەرکوک (٤٠) مەتر بەرزە، شێوەیەکی چوار گـۆشەیی هـەیە، رووبـەرەکەی (١٧٠) دۆنـمە.
قەڵای کەرکوک سیمبولی شاری کەرکوکە. شوێنێکی ستراتیژیی هەیە. دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بەشاری کەرکوک و بە دەوروبەری بەخشیوە. لە دڵی کەرکوکییەکاندا شـیریـن و خۆشـەویـستە و گـرنگی و پـێگەیەکی تایبـەتی و بـەرزی هـەیە.
قەڵای کەرکـوک، لە کۆنـدا چوار دەروازەی سەرەکی هەبـوو، دووانی لە رۆژهـەڵات و دوانـەکەی دیـکە لـە رۆئـاوای قـەڵا دا. لـە ئێـستـادا دوو دەروازەی سـەرەکـیی هـەیە. دەروازەی حـەلـوا، رەنگە بە ناوی بـازاڕی حەلـواچـییەکـانەوە ناونـرابێـت. کە دەرگـا سەرەکییەکەی دەکەوێتە نێـوان چاخانەی جـووت قـاوە و دوکانەکانی ئاسنگەرەکانەوە. دەرگای دووەم دەکەوێتە رۆژئاوای قـەڵاوە بە دەروازەی (تـۆپ) ناودەبـرێت، بەرامبەر بە خڕی خاسەیە. تا ئێستاش دەروازەی سەرەکیی قەڵای کەرکوکە. و بە پێپلاکەنە بۆی سەردەکەون. لەو لایەیەی کە بە سەر شەقامی کەرکـوک ـ سلـێمانی دەڕوانێت. لە قـەد و دامێنی قەڵادا، باخچەیەکی جـوانی پڕ لە گوڵـزار و داری سەوز و چیمەن هەبوو. من کە قوتابی ناوەنـدی بووم، چەنـدین جار لە گەڕەکی شـۆرجەوە، بۆ خوێندن و وێنەگرتن دەهاتم بۆ ئەو باخچە جـوانە. بە داخەوە لەبەر ئاونەدانی و خزمەتنەکردنی و بڕینەوەی دارەکانی، ئێستا نە باخچەکە ماوە و نە سەوزی، خۆڵێکی وشکی بەدەرەوەیە، لە چەند شوێنێکیشەوە داڕمـاوە. چونکە پارتی بەعـسی وێرانکار، پشتگوێیان خست و زیاتر لە (٦٠) ساڵە، نەک هەر قەڵا نـۆژەن نەکـراوەتەوە، بەعسی شۆڤێنی کە زانییان قەڵایەکی کـوردە و هـیچ پەیـوەندییەکی بە عـەرەبەوە نییە، بەشی هـەرەزۆری قەڵای کەرکوکیان بە شۆڤـڵ رووخاند و فـڕێیاندا. سەری قـەڵا بوو بە مۆڵگایەکی سەربازی و چاودێـریی، بۆ سەرکـوتکـردنی خەڵـکی کەرکـوک. بە تایبەتی سەرکـوتکردنی کورد لە کەرکـوکـدا.
مێـژووی دروستکردنی قەڵای کەرکوک، بـۆ زیاتر لە (٦٠٠٠) هەزا ساڵ پێش ئەمـڕۆ دەگەڕێتـەوە. بەپێی زۆربـەی تـۆژینەوەکـان و سەرچـاوە مـێژووییەکان و ئـەو بەڵـگە دێرینە مێژوویانەی کە لەسەر قەڵای کەرکۆک دۆزراونەتەوە، بەبێی ئەو تەختە گـڵینە سـوورەوەکراوانەی کە بە رێنووسی مـێخی (بـزمـاری) لە سەریان نـووسـراوە. کە لە ساڵی (١٩٢٧) دا، لە قەڵای کەرکوکدا دۆزراونەتەوە، کە بۆ سەردەمی فەرمانـڕەوایی سۆمەرییەکان دەگەڕێنەوە ـ سـۆمەرییەکان بە رەچەڵەک کـوردن ـ ئەو بەڵگانە ئاماژە بە ئەوە دەدەن، کە قـەڵای کەرکـوک دەکەوێتە شاری ئارابخـای پایتەخـتی گـۆتییەکان. واتە (کەرکـوک)ی ئێـستا. قـەڵای کەرکوک، لەنێوان ساڵانی (٣٥٠٠ ـ ٤٥٠٠) پێش زایین، لەڵایەن گـۆتییەکانەوە دروست کراوە. بە بەڵگەوە ئەم راستییە سەلـمێندراوە.
دروستی کـردنی قەڵای کەرکـوک کارێکی سەخت بـووە و ماوەیەکی زۆری خایاندووە. بـۆیـە نـاوی (کـارکـۆک) یـان لـێـناوە. بـە واتـا کـارێـکی کـۆک و گـەوروە و مـەزن و رێکوپێک و تەواو. وشەی (کارکۆک) لە هەردوو وشەی لێکدراوی (کار) واتا ئیش و (کـۆک) واتا گـەورە و تـەواو دێـت پـێکهـاتـووە. کـە دوو وشـەی رەسـەنی کـوردیـن.
هـەنـدێک لە مـێژوونـووسان و تـوژێـنـەران پـێیان وایە، کە ناوی کەرکـوک لە نـاوی قـەڵای کەرکوک (کارکۆک) ەوە هـاتووە. کە دوایی بووە بە کەرکوک. ئەم راستییەش ئـەو ناڕاسـتی و بـۆچـوونە هـەڵانـە پـووچـەڵ دەکـاتەوە، کـە گـوایە قـەڵای کەرکـوک لەلایەن شای ئاشوورییەکان (ئاشوور ناسرباڵی دووەم) لەنێوان ساڵانی (٨٨٤ـ٨٥٤)ی پێش زایینی دروستکـراواە. چونکـە زۆربـەی مـیژوونـووسان را و باوەڕیـان وایـە، لە ساڵانی (٣٥٠٠ـ ٤٥٠٠) هەزار پێش زایینی، لەلایەن گۆتییەکانەوە دروست کراوە. بە
مەبەستی چاودێری و بەرگری و پاراستی شاری ئەرابخای پایتەختیان، لە هـێڕشەکانی نەیارانیان. گـۆتییەکان بە شـێوازێـکی ئەنـدازیاری جـوان، قـەڵای کەرکوکـیان دروست کردبـوو. (٧٢) تـاوەر (قـولە) یان بـۆ چـاودێـری و بەرگـری هـەبـوو. هـەنـدێک پێیان وایـە، کە تـونێـلی نهـێـنـیشیان لە قـەڵادا هـەبـووە. بەڵام تا ئێـستا نەدۆزراونەتـەوە.
قـەڵای کەرکـوک لە سێ گـەڕەکی سەرەکی پێکهـاتبـوو، یەکەم، گـەڕەکی (مەیـدان) لە باکـووری قـەڵاکە دابـوو. دووەم، گەڕەکی (قـەڵا) بە (کـۆڵانی ئاغاکان) یـش ناوبـراوە، لە ناوەڕاستی قـەڵادا بـوو. خانـووەکانی شاکان و فەرمانـڕەواکان و سەرکـردەکان، لە گەڕەکی قەڵادا بـوون. گۆڕەپانێک لە گەڕەکی قەڵادا هەبوو، کۆبوونەوە و ئاهـەنگ و بـۆنەکانی لـێدەکـرا. سێیەم، گەڕەکی (گەرمـاو) لە باشـووری قـەڵاکەدا بـوو. بۆیە ناو نرابـوو گەرماو، دوو گەرماوی خۆشتنی لـێـبوو، گەرماوی مـوسلـمانان و گەرمـاوی مەسیحـیـیەکـان. چەنـد قـوتـابخـانەیەکی سـەرەتـایی لەسـەر قـەڵادا هـەبـوون، وەک: قـوتابخـانەیەکی شا غـازی، قـوتابخـانەی مەیـدان. چەنـد فـەرمانگەیەکی حکـومیشی لـێـبوو. سەرجەم نـزیکەی (٨٠٠) خانوو لەسەر قەڵای کەرکوک دروستکـرابـوون،
بە بەردی سپی (قـایە) و بە گەچ و بە هـەک و کەرپـووچ دروستکـرابـوون. کورد و تورکـمان و کـلـدانی و ئەرمـەنی لـە خانـووەکانی قـەڵادا دەژیـان.
شـوێنەواری قـەڵای کەرکـوک، لە چەنـد چـینێک پێکهاتـووە، شـوێنـە رووخاوەکان تەخـتکـراونەتەوە، سەرلەنـوێ خانـوو و پەرسـتگەی تازەیـان لەسەریـان دروسـت کـردوونەتەوە. ئەمەش بە هـۆی شەڕەکانی، نێوان دەوڵەتـانی هـێڕشبەرەوە بـووە.
بـۆ نمـوونە: مەسـیحـییەکان پەرسـتگەی (پـێغـەمـبەر دانیـال) ی جـوولـەکەکـانیان رووخـانـدوون و کـڵـێـسایـان لەسـەری دروسـتکـرد، ئـیسلامـەکـانیـش کـڵـێـساکەی مەسیحـییەکانیـان رووخـانـد و مـزگـەوتیـان لەسـەری دروســت کـردووە.
گرنگـترین شوێنەوارەکانی قـەڵای کەرکـوک:
١ـ گـۆڕی پـێغـەمبەر دانیـال: کە پەرسـتگەیەکی جـوولەکـەکانی کوردسـتان و عـێراق
بـوو. هـەر لە تەنـیـشتی گـۆڕی پـێـغـەمـبەر (دانیـال)، گـۆرێ دوو پـێغـەمـبەری تـری جـوولەکەکان هەبـوون. گـۆڕی پـێغـەمـبەر (حونـین) و گـوڕی پـێـغـەمبەر (عـوزێـر) بـوون.، هەرسێ پێغـەمبەرەکە، پێغـەمبەری جوولەکەکان بـوون. چـۆن هـەرسێکـیان کەوتنە شاری کەرکوکەوە؟ شای بابـلییەکان (نبـوخەز نەسەر) بە بیانـووی ئەوەی کە جـوولەکەکان، لە رێکەوتنـەکەی نێـوانیان هـەگـەڕاونەتەوە. بە سوپـایەکی زەبـەلاحی بابـلـییەوە، هـێڕشی کـردە سەر ئیـسرائیـل. کـۆمـەڵکـوژییـەکی زۆری لـێـیان کـرد. بە هەزارنیـشی بە دیـل لێـیان گرت و هـاوردیانی و دابەشیانی کـرد بەسەر، وڵاتی بابـل و وڵاتی مادی هاوپەیمانیان (کوردستان) هەرسێ پێغەمبەرەکە، کەوتنە شاری کەرکوکەوە و لەویدا کۆچی دواییان کرد. گۆڕەکانیان لەسەر قەڵای کەرکـوکە. بوون بە پەرستگەی جوولەکەکانی کوردستان و عـێراق. گۆڕەکانیان لەیەک شوێن لەسەر قەڵای کەرکوکـدا بـوون. لەلایەن کـلـدانی و مەسیحییەکانەوە رووخێنران و کـڵێسایان لەسەریان دروست کرد. دوایش ئیسلامەکان ئەو کڵێسایانەیان رووخاند و مزگەوتیان لەسەیان دروستکرد.
٢ـ گومەزە شـینەکە: بریتییە لە گومەزەیەکی شـینی نەخـشـێنراو (١٠) مەتـر بەرزە و چـوار تـاقی تێـدایە بـۆ گـۆڕینی هـەوا. ئـەم گومـەزە شـیـنە، بەشـیکە لە شـوێـنەواری مـزگەوتێکی گەورە. یەکـێکە لە جـوانـترین و لە سەرنجـڕاکـێشتریـن شـوێنەوارەکانی قـەڵای کەرکوک. بۆیە ناونـرابـوو گومەزە شینەکە، بە رەنگی سەوز و بە زۆریش بە رەنگی شـین نەخـشـێنراوە. گوایە گۆڕی کچـێکی پاکـیزەی تێـدایە. چەنـد چـیرۆکـێکی ئەفـسانەیی جیاواز، دەربارەی ئەم گۆڕە هـەیە. بە پێویستی نازانم بیانووسم. بەشێک
لە چـینییە نەخـشینەکانی ئـەم گـومـەزەیە، عـوسمانییەکان بـردوویـانن بـۆ تـورکـیا.
لە ساڵی (٢٠٢٤) دا، لەناو چەنـد گـۆڕێکی سەر قـەڵای کەرکوکـدا، زیـاتر لە (١٥٠) پارچەی جۆراوجۆری کـۆن دۆزرانەوە، کە مێـژوویان بـۆ زیاتر لە (٤٠٠٠) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە. ئەم کەرەستە شوێنەوارییانە بایەخێکی میژووی گرنگیان هەیە.
بێجگە لەو دوو شوێنەوارە، چەنـد شـوێنەوارێکی تـریـش، لە سـەر قـەڵای کەرکـوک ماونەتە. بەڵام بەشی هەرە زۆری کۆشک و خانووەکانی قەڵا، لەلایەن دەسەڵاتدارانی پـارتی بەعــسی عـەرەبی شـۆڤـێـنیی و وێـرانخـوازەوە، تەخـت کـراون.
لە (١٩/ نیسان/ ٢٠٢١) دا، رێکخـراوی یـونسکـۆ، قـەڵای کەرکوکـیان خستە لیستی کاتی شـوێنەوارە جیهـانییەکانەوە. ئەمـەش بە هـۆی گرنگی ئـەو فـرە کـولـتوورییەی تێـیدایە. کە بایەخـێکی گـرنگی مـێژوویی و کولـتـووریی جیهـانیان هـەیە.
چەند ساڵێکیشە خەڵکی کەرکوک، ئاگـری نـەورۆز لەسەر قـەڵای کەرکوک دەکەنەوە. بە ئاڵای کوردستانەوە، ئاهەنگی جەژنی نەورۆز دەگـێڕن. بڵـێسەی ئاگـری نەورۆز و مـەشخـەڵی بـاوەگـوڕگـور پـیرۆزبـایی جـەژنی نـەورۆز لە یەکـتری دەکـەن. ئەمەش پەیـامێکە بـۆ کوردستانیی کەرکـوک.
چـوونە سەر قـەڵای کەرکـوک، تەنهـا گوزەرێـک نییە، بەڵکو سەردانێکی مێـژوویی قەڵایەکی دێرین و ناسینی شارستانیەتی کـۆنە. لە ئێستادا، تەنها رۆژانی شەممە، لە کاتـژمـێری سێ بـۆ حەوتی ئێـوارە، رێـپێـدراوە، بـۆ چـوونە ســەر قـەڵای کەرکـوک.
قەڵاکەی کەرکـوک، لە گۆرانی و فـۆلکلـۆر و لە هـۆنـراوەی کوریـدا رەنگـیداوەتەوە.
بـۆ نمـوونە، ئەم سێ دێـڕە فـۆلکلـۆرییـە:
تــازە زانـیـــومـە کـەرکـــــوک قـــەڵایـە
خـــاکی قــــــەڵایـە زێـــــــڕ و تــــەڵایـە
قــەڵاکـەی کـەرکــوک زیـــخ دانـە دانـە
ئـەو کـچـە جــوانـە زۆڵــفی دەکـا شـانە
قـەڵاکـەی کەرکـــوک بـنـەکـەی بـۆشــە
مـاچـی عـەلـمـــۆدە بـە پـێــوە خـۆشــە
گەر قەڵاکەی کەرکوک بێتە زمان، دەبێت بە کوردی، چ راز و بەسەرهاتێکی شـیرین و تاڵی رۆژگارە رابردووەکانی کەرکوکمان بۆ بگێڕێتەوە. یان باسی چ شوێنەوار و بەڵگە و کەرەستەی دێرینی: لۆلۆییەکان و گۆتییەکان و هـۆرییەکان و میدییەکانمان بۆ بکات، کە تا ئەمـڕۆش لە ناخـیـدا هـەڵـیگـرتـوون و نـەدۆزراونـەتـەوە. یا دەبێـت چ گـلەیـی و گازندەیەک بکات بۆ تاوانەکانی رووخاندنی و هـەوڵـدان بۆ چەواشەکردن و سڕینەوەی ناسـنامـەی کـوردیی رەسـەنی، لەلایـەن نـاحـەزان و نەیـارانی کـورد و کوردسـتانەوە؟
بەڵام قـەڵای کەرکـوک، قـەڵایـەکی سـەخـت و خـۆڕاگـری کـوردایـەتی و مەردایـەتـییە. قـەڵای کەرکـوک، مـاوە و دەمـێـنێـت. زۆر لە رقی رەشی ناحـەزانی گـەورەتـرە.

(*) بۆ ئەم نووسینەم، کەم و زۆر سوودم لەم پەرتـووک و نووسینانە وەرگرتووە:
١ـ ناوچەی کەرکـوک ـ هـەوڵی گـۆڕینی باری نەتـەوەیی ئەم ناوچـەیە.
نووسینی: دکـتۆر نوری تاڵەبانی ـ وەرگێڕانی بۆ کوردی: محەمەدی مەلا کەریـم.
٢ـ ئەرابخای ووڵاتی کوردەواری لە مێژوودا ـ سمکۆ بەهـرۆز محەمەد (ئەژی).
٣ـ لە کەرکـوکەوە ـ مـوعـتەسـەم ساڵەیی.
٤ـ قـەڵای کەرکوک دڵی لێـدانی شارستانیەت ـ رۆژنامەنووس، شـنۆ ئەلـداودی.
٥ـ قـەڵای کەرکـوک ـ سایـتی زانیـاری ـ ئـێسرا بـورهـان.
٦ـ مـێژووی بنـەچـەی کـورد ـ دکـتۆرعـەبـدوڵڵا دارتـاش.
٧ـ تەعـریـبی کەرکـوک ـ دکـتۆر شـۆڕش حـاجی.
٨ـ راپەڕینی کەرکوک ساڵی ١٩٩١ ـ پـشکـۆ حەمەتاهـیر ئاغـجـەلـەری.
٩ـ کـرکـوک الارض والـتـاریخ ـ تألـیف ـ بـرهـان الـبرزنجـی.

وێنەیەکی جـوولەکەکانی گوندنشینێی گونـدێکی کەرکـوک
ساڵی ١٩٣٤
بەنـداوی خاسە لەسەر خـڕی خاسە



ئێستێتیکی فریدریش شیلەر-٦-.. کاوە جەلال

(بەشی شەشەم)

5- گەمە وەک بنیاتنەری ئازادی
وەک لە سەرەوە (3-1) پێشانمان دا، تێگەی گەمە لای کانت بەند نییە بە مەئریفەی ڕاسیۆنالەوە کە ناچارەکییانە ئەنجامی لۆژیکی دەخاتەوە، بەڵکو گەمەی ئازادی هێزی وێناندن و زەینە کە دوو توانستە بنەڕەتییەکەی مەئریفەی ئێمەن، گەمەکەش لە نێوانیاندا بەحەزەوە ڕوودەدات. لە پرۆسەی مەئریفەی ئاساییدا هێزی وێناندن پابەندی زەینە: زەین ناچاری دەکات بەگوێرەی تێگە کارا ببێت (“ئەمە درەختە”). وەلێ لە گەمەی ئازاددا کە بۆ کانت سینۆنیومی جوانییە، هەردوو توانستەکەی مەئریفە لەکاتی ڕوانیندا لە جوانێتی خۆیان لە پەیوەندییەکی هارمۆنیدا دەبیننەوە بەبێ ئەوەی تێگەیەکی دیاریکراوی زەین ئەنجامەکە بچەسپێنێت یان بەبێ ئەوەی ئاوەزی پراکتیکی بڕیارێکی مۆرالی بدات، بەڵکو لای لێڕوانەر تەنیا هەستی حەز دێتەگۆڕێ: ئەو تەنیا چێژ لە جوانێتی دەبینێت، وەلێ هاوکات وا هەست دەکات کە هەروەک بابەتەکە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو سازێنرابێت، ئەویش چونکە فۆرمێکی ڕێکخراوی هەیە کە بە هێزی وێناندن و زەین دەگونجێت. کانت ئەمە ناو دەنێت مەبەستێتیی بێمەبەست کە تەواو شێوەکییە (فۆرمالە: ڕێکخراوی، پرۆپۆرسیۆن) و لە خزمەتی هیچ مەبەستێکی پراکتیکیدا نییە.
شیلەر ئەم تێگە پەتییەی گەمە لە کانت وەردەگرێت، وەلێ کاتێک تێگەکە لای کانت تیۆریمەئریفەییە (ئاخر کارایی نێویەکییانەی توانستی دەرکگیری و زەین دەردەخات)، ئەوا شیلەر وەریدەگۆڕێت بۆ تێگەیەکی ئەنترۆپۆلۆژیانەی پەروەردەیی و فەلسەفەی سیاسی. ئێستا تێگەی گەمە لای ئەم دەبێت بە بنەڕەت بۆ گۆڕاندان بە تیۆرییەکی دەوڵەتی ئێستێتیکی.
بێگومان تێگەی گەمە هەروەها لای شیلەر جیاوازە لە گەمەکانی کاتبەسەربردن کە مرۆڤ ئەنجامیان دەدات و چێژیان لێدەبینێت. ئێمە گەرەکە لەم پەیوەندییەدا سەرلەنوێ ڕووبکەینەوە سروشتە جووتەنییەکەی مرۆڤ: ڕەمەکی کەرەسە و فۆرم. یەکەمیان کە دەرکییە، پەیوەندە بە لێرەبوونی فیزیکییانەی مرۆڤەوە. ئەمە بۆ شیلەر „ژیان“ە لە فراوانترین واتادا کە بوونی بەرجەستە و شئورە دەرکییەکان لە خۆ دەگرێت. وەلێ دووەمیان، وەک دەرهاویشتەی ئاوەز، شێوە (گێشتاڵت / Gestalt)(42) دەخاتەوە کە سەرجەم ئەدگارانی شتەکان لە خۆ دەگرێت؛ ئەم ڕەمەکە ڕێکخستن و ستروکتور (بونیاد) بە شئورە دەرکییەکان دەدات، بەم ڕێیەشەوە جیهان دەکات بە „جیهانی من“ بەو ئامانجە کە ئازادی بسەپێنێت. وەلێ ڕەمەکی گەمە سینتێزێکە (تێکهەڵکێشێکە) لە هەردووکیان، تەبایی نێوانیانە و سازاو بە یەک سنوور بۆ یەکدی دادەنێن، بۆیە تێکهەڵکێشبوونیان کۆنکرێتە نەک ئەبستراکت. لەم ڕوانگەیەوە گەر ڕەمەکی کەرەسە ڕوو لە ژیان و ڕەمەکی فۆرم ڕوو لە شێوە بکات، ئەوا کرۆکی ڕەمەکی گەمە بریتییە لە «شێوەی ژیندار / زیندوو» کە «پەیوەندیی هەیە بە سەرجەم پێکهاتە ئێستێتیکییەکانی دیاردەکانەوە، بە وشەیەک: بە جوانییەوە» (43). ئێستا لە گەمەدا چیدی مرۆڤ خۆی لە نێوان ڕەمەکی کەرەسە (حەز و ئارەزووەکان) و فۆرمدا (یاساکانی ئاوەزدا) ناڕەنجێنێت، بەڵکو لەبەرئەوەی هەردووکیان لەکاتی گەمەکردندا نێویەکییانە کاران و بەو ڕێیەشەوە نەسازیی نێوان سروشت و ئاوەز هەڵگیراوە، ئەوا مرۆڤ ئازادە لە زەبری فیزیکی و فرمانی ئەخلاقی.
وەلێ گەر گەمە لای شیلەر بە تێکهەڵکێشبوونی ڕەمەکی کەرەسە و فۆرم لەگۆڕێ بێت، ئەوا ئەو هاوکات بەو کۆنسێپتە دەبێژێت کە هیچ کامیان ناتوانێت بەتەنیا گەمە بکات. ئاخر یەکەمیان جرپن و فرەجۆرە، شێواوە، چەوساوەیە یان بە ئارەزوو تەنراوە، ئەوجا گەر دووەمیان، ئاوەز، ئیدیالێکی گەمە (جوانی) دابنێت، ئەوا لێرەدا تەنیا کۆنسێپتێکی تیۆرییانەی ئەبستراکت دەخاتە بەردەم کە لە کەتواردا بەو شێوەیە نابینرێتەوە، یان نەشیاوە بەتەواوەتی لە کەتواردا بەدیبهێنرێت، ئەویش چونکە سەربەخۆ لە ئەزموونکردنی دەرکی ئاوەڵاکراوە، بۆیە لێرەدا هەردوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرم لە ناکۆکیدان. ئەوە تەنیا گەمەیە کە دەتوانێت ناکۆکیی نێوانیان هەڵبگرێت و بییانخاتە ڕەوشی هارمۆنییەوە، چونکە لە گەمەدا چە ژیان و چە شێوە لەنێو یەکدیدا تواونەتەوە و سەرجەمییانە بوون بە شێوەی ژیندار. ئێمە لێرەدا دەگەین بە پێناسە بەناوبانگەکەی گەمە لای شیلەر:
«بۆ ئەوەی مرۆڤ بەواتای پڕاوپڕی وشە مرۆڤ بێت، ئەوا گەرەکە تەنیا بەجوانی و هەروەها لەتەک جوانیدا گەمە بکات، ئاخر تەنیا لەو کاتەدا کە ئەو گەمە دەکات، ئیدی ئەو سەرجەم مرۆڤە»(44) – بۆیە دەتوانین، دوای سروشت کە یەکەمین ئافرێنەری (خالقی) مرۆڤە، «جوانی ناوبنێین دووەمین ئافرێنەرمان»، ئەویش چونکە جوانی (گەمە) «مرۆڤایەتیمان بۆ دەشێنێت» و دەرفەتمان پێدەدات ئەو مرۆڤایەتییە بە «ویستی ئازادمان (…) بکەین بە کردەکی»، بۆیە ئەو «هاوشێوەی ئافرێنەرە بنەڕەتییەکەمانە، واتا هاوشێوەی سروشتە کە هیچی دیکەی جگە لە توانست بۆ مرۆڤایەتی بە ئێمە نەدا، وەلێ بەکاربردنی ئەم توانستەی پەیوەند کرد بە دیاریکردنی ویستی خۆییمانەوە»(45).
کەواتە ئێمە تەنیا لە گەمەکردندا مرۆڤێکی سەرجەمیین (هەمەکین). وەلێ ئەم ڕەوشە ڕیال نییە، بەڵکو ئیدیالە وەک یەکانەیەکی هەمەکیانەی جوان و ئازاد. ئاشکرایە شێوە و ژیان لە کەتواردا هەمیشە ناهاوسەنگن: هەمیشە توخمێکیان کێشی زیاترە بەسەر ئەویدیکەیاندا، بۆیە نەشیاوە ئەم ڕەوشە ئیدیالە لە ژیانی ڕۆژانەدا لەگۆڕێ بێت. سەرباری ئەوە شیلەر جەخت دەکات کە مرۆڤ گەرەکە بە پەروەردەی ئێستێتیکی بۆ ئەم ڕەوشە ئیدیالە تێبکۆشێت، کە بێگومان لەبەرئەوەی ئیدیالە، ئەوا نەشیاوە پێی بگات (ئەمە لە خوارەوە بەڕوونی دەبینین).

1-5 هونەر وەک بەرهەمی گەمە

لەبەرئەوەی هونەر لای شیلەر تەنیا لە جیهانی دەرکەوتەدا لەگۆڕێیە، ئەوا پارێزبەندیی لە هەوەسی مرۆڤ هەیە، بۆیە دەشێت ببێت بە پەروەردکاری مرۆڤ. ئاخر گەرچی یاسادانەر یان پیاوی دەوڵەت دەتوانێت سنوور بۆ کایەی هونەر دابنێت، وەلێ هەرگیز ناتوانێت لەنێویدا سەروەر بێت؛ گەرچی یاسادانەر دەتوانێت هونەرمەند وەک „دۆستی ڕاستی“ بچەوسێنێتەوە، وەلێ ناتوانێت ڕاستی لەناوبەرێت یان هونەر بشێوێنێت. شیلەر لێرەدا هونەرمەند وەک دۆستی ڕاستی دەردەخات، چونکە دەزانێت کە زۆر دەشێت ئامانجی هونەر گرێ بدرێت بە چنینەوەی ستایشی ئەوانیدییەوە، یان تەنانەت خودی هونەر وەک دەستوێژ بۆ ستایشکردنی هۆشی سەردەم وەربگیرێت. ئێمە لێرەدا لە بەردەم پرسی کارەکتەرداین: گەر هونەرمەند کارەکتەرێکی نامەرد و شێواوی هەبێت، ئیدی ئەو بە ئارەزووی خۆشڕابواردن و ئاسوودەیی کەسەکی دەتەنرێت، یان بە هونەرەکەی چاوەڕوانی ستایشە. شیلەر بەرژەوەندچێتی، خزمەتکردنی دەسەڵاتداران و بەپیرەوەچوونی داخوازییەکانیان وەک مایەی ڕسوایی بۆ هونەرمەند دەنرخێنێت.
وەلێ گومانی تێدا نییە کە لە نێوان هونەرمەند و جڤاکدا پەیوەندیی نێویەکی هەیە، هاوکات ژینگەکەی لە گشتلاوە بە پێوارە و ڕێنوماکانییەوە دەوری ئەوی داوە. شیلەر لەم پەیوەندییەدا داواکارییەکی ڕادیکال ڕادەگەیەنێت: هونەرمەند دەبێت جیاواز لە کەسانی جڤاکەکەی بژی، جا گەرچی ئەو لەم هەڵوێستەیدا بۆی نییە فیزدار بێت و بەسووکی لە چێژ و بڕیارەکانیان بڕوانێت. ئەوان بەگشتی قاڵبووی نێو ژینگەی خۆیانن، پابەندی چێژی سەردەمن، خوازیاری بەزم و ڕەزمن یان گوێرایەڵی ئاوەزن، وەلێ هونەرمەند بە پێچەوانەوە «نابێت بەرهەمی سەردەمەکەی بێت»(46)، کە ئیدی بەو ڕێیەوە خۆی لە کەسانی جڤاکەکەی جیادەکاتەوە. بێگومان دەشێت ئەو سۆسیال بێت و بە هانای هاومرۆڤانییەوە بچێت گەر ئەوان پێویستیان بەو بێت، وەلێ نابێت چاوەڕوانی ستایشی ئەوان بێت، ئەو دەبێت تەنانەت بەختەوەرییان ڕەتبکاتەوە تا بۆیان بسەلمێنێت کە ئەو ئازادە لە شادی و خەم و ناسۆریان. ئامانجی ئەو لەم هەڵوێستەیدا ڕماندنی بینای هەوەس و ئارەزووەکانە، وەلێ ئەو تەنیا کاتێک ئەم ئامانجەی پێبەدیدەهێنرێت، گەر سەرەتا بینای هەوەس لەنێو کەسی ئەو خۆیدا کەوتبێتە ژێر پرسیارەوە و ئەوجا هەڵیبووەشێنێتەوە. ئێمە لێرەدا هەڵوێستی ڕۆشناییدەرانەی شیلەر دەبینین: پێگەیاندنی سەبژێکتیڤێتیی هونەرمەند لە لایەن ئەو خۆیەوە پێشمەرجە بۆ وەرگرتنی هەڵوێست بەرانبەر جڤاک. بۆ ئەوەی هونەرمەند بەم ئاستە بگات، دەبێت سەرەتا لە جڤاکی سەردەم دووربکەوێتەوە، خۆی لێداببڕێت بەو ئامانجە کە پەیڕەوێکی ئیدیال بۆ خۆی دابنێت. ئەمە بێگومان گۆشەگیری نییە، بەڵکو هونەرمەند گەرەکە دوای چەسپاندنی ناخەکییانەی پەیڕەوی ئیدیال بچێتەوە نێو جڤاک. شیلەر بەم داواکارییە مەبەستێکی هەیە: هونەرمەند گەرەکە ببێت بە نموونە بۆ جڤاک و هاوکات ئاڕاستەی جڤاک ڕووەو چاکە وەربگۆڕێت. شیلەر بەڕاستی باوەڕ دەکات کە جڤاکی سەردەم بەو جۆرە هەڵوێستەی هونەرمەند دەچێتە ڕەوشی گۆڕانەوە. وەلێ ئەو هاوکات گەڤی هونەرمەندان دەکات کە خۆیان لە ڕێساکانی مرۆڤانی جڤاکەکەیان هەڵنەقورتێنن، هێرش نەبەنە سەریان و نەفرەت لە کردەوەکانیان نەکەن، بەڵکو دەستی بیناکەری خۆیان لەنێو تەمەڵییەکانیاندا تاقیبکەنەوە. هونەرمەند بەم شێوازە دەبێت بە پەروەردکاری گەل، چونکە دابڕاو لە هەوەسی مرۆڤان دەژی. کەواتە هونەرمەند ئەنگاژمۆی نییە، کەسێتییەکی یارمەتیدەر نییە بۆ چاککردنی کەتوار، بەڵێ ئەو تەنانەت گەرەکە بە چەشنێک لێرەبوونی بژێنێت کە ئیدی پێویستی بە کەتوار نەبێت. شیلەر بەتوندی دژی ئەو تێڕوانینە دەوەستێتەوە کە وای دادەنێت گۆیا „هەست بۆ جوانی“ مایەی ناسکبوونەوەی نەریتەکانە. ئەو دژی ئەم جۆرە تێڕوانینەیە، چونکە پشت بە ئەزموونی ڕۆژانە دەبەستێت: ئەمپیرییە. وەک لە سەرەوە بینیمان، ئەو بە هزرینی ترانسسێندێنتال تێگەیەکی جوانێتی دەچەسپێنێت کە لە ئەزموونەوە نەهاتووە، بەڵکو ئیدیالە و هەر ئەمیش دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنێت کە بزانین، داخۆ ئەو شتە کە لە ئەزمووندا بە جوان دادەنرێت، بەڕاستی جوان بێت.
هونەرمەندی بێفیز، «ئازاد لە هۆشی شەیدا، دەیەوێت ئەسەری خۆی جێبهێڵێت»(47)، وەلێ ئەو تەنیا کاتێک ئەو خواستەی پێبەدیدەهێنرێت گەر ئەو وەک گەمەڤان ستاتۆیەکی ئێستێتیکی بهێنێتەگۆڕێ و تێیدا ئازادیی ویستی خۆی بەرجەستە بکات: لە یەکێتیی نێوان هەردوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرمەوە ئیدێی ئازادی بەزیندوویی لە کاری هونەریدا دابڕێژێت. کەواتە ئێستا ئیدێی ئازادی ئەبستراکت نییە، بەڵکو وەک دەرکەوتەی جوان (schöner Schein) لە کردەکێتیدا دیارە و ئەزموون دەکرێت. بەمەش جوانی، وەک ئازادی لە دیاردەدا، بۆ شیلەر دەبێت بە سیمبۆلی (48) ئازادییەکی ئێستێتیکی، کەواتە دیکۆر (رواڵەتی ڕازاوە) نییە، بەڵکو دیاردەی هارمۆنیی نێوان سروشتی دەرکی و فۆرمی ئاوەزییە: شێوەی زیندووە.
هونەر تەنیا سیمبۆلییانە ئازادیی ئاکاری دادەڕێژێت، ئەوە بێگومان تەنیا لە ستروکتورە فۆرمالەکەیدا. ئامانجی شیلەر هونەرێکە کە دەرهاویشتەی گەمەیە. ئەدگاری کرۆکیانەی ئەم هونەرە ئەوەیە کە «بەڕێی فۆرمەوە کەرەسە لەناودەبات»، ئەویش چونکە «لە هونەری پەتی یان ڕاستینەدا» فۆرم ئامانجی سەرەکییە و بۆیە نابێت «هیچ رۆڵێک بە نێوەرۆک» بدرێت(49). بێگومان لە کارکردنی هونەریدا هەمیشە نێوەرۆک وەک کەرەسە (ماتەریال) بەکاردەبرێت، وەلێ ئەوە تەنیا لە پێناوی شیاندنی فۆرمێکدایە، چونکە نێوەرۆک بۆ خاتری گەیاندنی گوزارشت پێویستە. بەکورتی: ئەرکی هونەری ئۆتۆنۆم چێکردنی فۆرمە. ئەو هەمیشە „دەرکەوتەی جوان“، سیمبۆلی چاک-ی ئاکاری و ئازادی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی تا بشێت دەرک بکرێت، ئەوجا چەند ئاشکرا و ڕۆشنتر خۆی وەک کەتواری جیاواز لە کەتواری جڤاکی یان لە سروشت داببڕێت، هێندە باشتر دەرک دەکرێت. بێگومان هەر خودی هونەر وەک دەرکەوتەی جوان لای شیلەر ئاماژەیەک بۆ ئەوە لە خۆ دەگرێت کە ئەو لاسایی سروشت نییە (وەک لای باومگارتن و کانت)، بەڵکو بە تێکهەڵکێشکردنی شعور و هزرین (کەرەسە و فۆرم) جوانێتیی ئیدیال دەخاتەوە، بۆیە شیلەر جەخت دەکات کە «هونەر پێویستی بە هیچ پیرۆزێکی دەرەکی نییە، بەڵکو گەرەکە ئەو خۆی پیرۆز بێت، ئیدیالی مرۆڤایەتیش بەرلەوەی هەڵبێت، دوا پەنای خۆی لە سنگی هونەرمەنددا دەبینێتەوە» (50). کەواتە چیدی هونەرمەند نموونەکانی لە کردەکێتی وەرناگرێت، بەڵکو ئەو خۆی نموونە بە کردەکێتی دەدات و بەو ڕێیەشەوە دەرفەت بۆ خۆی دەڕەخسێنێت کە بە هەست و سۆزی خامۆش، کەواتە بەدەر لە هەڵپە و جرپنی، ڕاستی لەنێو جوانیدا دیاربهێنێت. بەکورتی: هونەر گەرەکە، دابڕێنراو لە سەرجەم کەتوار، فیکسیۆنال (هەڵبەستراو، داهێنراو) بێت. شیلەر لە هەڵبەستیار (یان لە هونەرمەند بەگشتی) هەر مافێکی هەڵبەستیاربوون دەسەنێتەوە هەرئەوەندەی ڕێ بدات ئەزموون ببێت بە دیاریکەری کایەی ئیدیال. بە پێچەوانەوە ئەو دەبێت بەڕێی ئیدیالەوە هەوڵ بۆ دیاریکردنی لێرەبوونی کردەکی بدات.
لەو ڕوانگەیەوە کە هونەر وەک دەرکەوتەی جوان، وەک گەمە و ئازادی، تەنیا سیمبۆلە و پێشبینییەک لەبارەی ئازادی بە توانستی دەرکگیریمان دەگەیەنێت، ئەوا هونەر ئەخلاقی نییە، هەرگیز ڕێنوما بۆ مرۆڤان دانانێت تا کرداری ئەخلاقی بنوێنن، وەلێ تەنیا لەبەرئەوەی هونەر بەڕێی بونیادی فۆرمالی خۆیەوە دیاردەدات، ئەوا مەبەستێتییەکی لە خۆ گرتووە: لە هونەردا ڕاستی و ئازادی بەتەواوی شێوەکییانە (فۆرمال) دیاردەدەن و وەرگر دەتوانێت ئەزموونیان بکات، ئێستا ئیدی لای ئەو شئورکردن و هزرین دەچنە ڕەوشی هارمۆنییەوە، بەوەش ئەو ئازاد دەبێت لە هەردوو زەبری لێرەبوون (ڕەمەکی کەرەسە) و ئەخلاقی (ڕەمەکی فۆرم). ئەزموونکردنی هونەر وەک دەرکەوتەی جوان وەرگر لە جیهانی دەرکییەوە دەبات بەرەو فۆرم و هزرین. وەرگر لەسەر ئەم ڕێگەیە دەبێت بە کەسێکی ئەخلاقی.
ئێمە گەرەکە لەم جێیەدا سەرلەنوێ ڕووبکەینەوە هونەری ڕاستینە کە لای شیلەر ناتوانێت درۆ بکات. شیلەر لە لایەک جەخت دەکات کە هونەر وەک “دەرکەوتەی جوان” ئیلوزیۆنە (وەهمە) و وەک جیهانێکی سەربەخۆ تەریب بە جیهانی ڕیال لەگۆڕێیە، وەلێ ئەم ئیلوزیۆنە پۆزەتیڤە، وەک ئەوەش جیاوازە لە فریودانی دەرکەوتەی لۆژیکی (“لەبەرئەوەی شتەکە نوێیە، ئەوا چاکە”). بە پێچەوانەوە ئەدگاری هەروەک-ئەوهاییەکەی دەرکەوتەی جوان بەئاشکرا پێشانی دەدات کە ئەو هیچی دیکە نییە جگە لە دەرکەوتە، کەواتە خۆی درۆزنانە بە جیهانی ئۆبژێکتیڤی دانانێت، هەربۆیە وەرگر وەک فریودان، وەک فێڵ، دەرکی ناکات – وەک گۆتمان هونەر ڕاستی دەردەبڕێت، کەواتە “ڕاست-گۆ”یە، هەر بەم ڕێیەشەوە دەرفەت بۆ وەرگر دەڕەخسێنێت کە ئەو خۆی ڕەفتاری بگۆڕێت تا ببێت بە کەسێکی ئەخلاقی. ئاخر وەرگر بە موئایەشەکردنی هەر جۆرێکی هونەر تەواو پەیوەست دەبێت بە جیهانە هونەرییەکەشییەوە، ئەو تەنانەت „دوای“ گوێگرتن لە پارچەیەک موزیکی جوان، دوای خوێندنەوەی هەڵبەستێکی جوان، دوای ڕوانین لە وێنەیەکی جوان، هێشتا هەر لە پەیوەستیدایە بەو موزیکەوە، بە هەڵبەستەکە یان بە وێنەکەوە. بۆیە «کێ بییەوێت ڕاستەوخۆ دوای چێژبینینێکی باڵای موزیکی بانگمان بکات بۆ هزرینێکی دابڕاو، بییەوێت ڕاستەوخۆ دوای چێژبینینێکی باڵای هۆنەرییانە بەکارمان بهێنێت بۆ کاروبارێکی (…) ژیانی گشتی، ڕاستەوخۆ دوای ڕوانین لە وێنە و پەیکەری جوان هێزی وێناکردنمان دابگیرسێنێت و هەستمان سەرسام کات، ئەو کەسە بۆ ئەو مەبەستانە کاتێکی نالەباری هەڵبژاردووە»؛ ئاخر پارچە موزیکەکە «هێشتا هەر بەڕێی کەرەسەکەیەوە ئافینێتییەکی (پەیوەستییەکی) گەورەی بە دەرکەوەرەکانمانەوە هەیە»، هەڵبەستەکە «هێشتا هەر لە ئەندێشەی ئارەزوومەند و بەڕێکەوتدا، وەک میدیەمی خۆی، بەشداری دەکات»، وێنەکەش «بەڕێی دیاریکراویی تێگەکەیەوە هاوسایە بە جددیترین زانست»(51) – کەواتە وێنەش هەمان ئامانجی زانستی هەیە کە مەئریفەی ڕاستییە.
وەلێ ئیدیالی شیلەر ئەوەیە کە هەر جۆرێکی هونەر بە ڕادەیەکی ئەوتۆی کامیلێتی بگات کە ئیدی خۆی لە سنووری میدیەمە تایبەتەکەی (دەنگ، ماتەری یان وشە) بەربدات، بەوەش کاریگەرییەکەی لەسەر هۆش و دەروونی وەرگر بەردەوام هاوشێوەتر بێت بە کاریگەریی هەریەکێکی دیکەیان. ئاشکرایە موزیک بە میدیەمی دەنگ ڕاستەوخۆ وەرگر دەهەنگێوێت و زۆر بەهێز کاریگەری لەسەر هەستی ئەو دەنوێنێت، بەڵێ تەنانەت دەرککردنی کات لای ئەو دەگۆڕێت؛ وێنە بە میدیەمی ڕەنگ و ڕاوم (سێڕەهەندی، قووڵی) ڕوو لە چاو و زەین دەکات بە کاریگەرییەوە لەسەر ئەو سۆزانەی کە نیشتوون و ئەو جارێ لێیان بەئاگانەهاتووە (ڕەنگی سوور دەیوروژێنێت، ڕەنگی شین ئارامیی پێدەدات)؛ هەروەها هەڵبەست بە میدیەمی وشە لەتەک هێزی وێناندندا دەئاخڤێت، وەلێ ڕاستەوخۆ هیچ زانیارییەکی ڕوونی پێڕاناگەیەنێت، وەک چۆن ئەمە بۆ لەیەکتێگەیشتنی ڕۆژانە پێویستە، بەڵکو بە وێنەی خۆیی ڕوو لەو دەکات (“بەتەنیا لە باوەشی ئاسماندام”)، بەوەش ئەندێشەی دەوروژێنێت: لەنێو هۆشیدا وێنەی زیندوو و سۆز دەهێنێتەگۆڕێ، ئەویش هەوڵ دەدات پارچە وێنە هۆنراوەکان لەنێو هێزی وێناندنی خۆیدا لەیەکبدات. وەلێ شیلەر داوا دەکات کە ئەم هونەرانە گەرەکە لە پرۆسەی کامیلبوونیاندا هەمیشە هاوشێوەتر ببن: «موزیک دەبێت لە باڵاترین کامیلبوونیدا ببێت بە شێوە و بە دەسەڵاتە ئارامەکەی ئەنتیکە کارمان تێبکات؛ هونەری شێوەسازی دەبێت لە باڵاترین کامیلبوونیدا ببێت بە موزیک و بەڕێی ئامادەیی ڕاستەوخۆی دەرکییەوە بمانبزوێنێت؛ هەڵبەست دەبێت لە باڵاترین پێگەیویی خۆیدا، هاوشێوەی هونەری دەنگ بەهێزەوە کارمان تێبکات، وەلێ هاوکات هاوشێوەی پلاستیک بە ڕوونییەکی ئارام دەورمان بدات» (52). کەواتە موزیکی کامیل فۆرمی پەیکەر وەردەگرێت، وێنە ئێستا کەرەسەییانە نەنیشتووە، بەڵکو هاوشێوەی موزیک دەبێت بە ژیندار و دەرووندار، کاریگەریی هەڵبەست لەسەر دەروون هێندە بەهێز دەبێت کە ئیدی سۆزمەندییەکەی موزیک و دیتەنێتیی پەیکەر یەکدەخات. وەلێ، وەک لە سەرەوە پێشانمان دا، ئەمە تەنیا بە هونەرێک ئەنجام دەدرێت کە بەڕێی فۆرمەوە کەرەسە ناهێڵێت.
ئەو دۆخە کە وەرگر بە ئەزموونکردنی هونەری کامیل دەچێتە نێوییەوە، شیلەر ناوی دەنێت ستاتۆی ئێستێتیکی. ئەمە ستاتۆی ئازادییە لە دیاردەدا، واتا هونەر وەک دەرکەوتە تەنیا بەڕێی ئازادییەوە ئازادی دەخاتەوە. کەواتە لای شیلەر هونەری کامیل، ڕاستینە، هەرگیز گفتی ئازادیی سیاسی و سۆسیال نادات، بەڵکو لەتوانایدایە مرۆڤ بخاتە نێو ستاتۆی ئێستێتیکییەوە، کە ئیدی ئەو، بە هاوسەنگبوونی شئورکردن و هزرینی، ئازاد دەبێت لە زەبری زەروورە و یاسای ئەخلاقی. ئێستا فۆرم سەرجەم هێزەکانی ئەو دەتەنێت، بەوەش ئیدی دەرفەت دەڕەخسێت بۆئەوەی „توانستی ئەو بۆ مرۆڤایەتی“ پێبگەیەنرێت – لە لایەن هونەر یان هونەرمەندەوە. ئاخر «گەرچی مرۆڤ دەژی و شێوەی هەیە، وەلێ ئەو جارێ بەو هۆیەوە شێوەی ژیندار نییە. شێوەی ئەو ژیانە و ژیانی ئەو شێوەیە. گەر ئێمە تەنیا لە شێوەی مرۆڤ بهزرێین، لێرەدا ئەو بێژینە، ئەو تەنیا ئەبستراکسیۆنە؛ گەر ئێمە تەنیا هەست بە ژیانی ئەو بکەین، لێرەدا ئەو بێشێوەیە، ئەو تەنیا ئیمپرێسیۆنە (شئورە). وەلێ کاتێک شێوەی ئەو لە شئوری ئێمەدا دەژی و ژیانی لە زەینماندا دەفۆرمێت، ئیدی ئەو شێوەی ژیندارە»(53).

2-5 ستاتۆی ئێستێتیکی

ماویەتی..

پەراوێز
(42 ئەم واژە ئەڵمانییەی “گێشتاڵت” (شێوە) لە پسیکۆلۆژیدا بەڕێی ئەرەبەکانەوە هاتۆتە نێو زمانی کوردییەوە و کوردەکان وەک ئەوان بە “جیشتاڵت” دەیدەنەوە.
(43) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 15. Brief. S. 40.
44) هەمان سەرچاوە، نامەی 15، لا 43.
45) هەمان سەرچاوە، نامەی 21، لا 59.
46) هەمان سەرچاوە، نامەی 9، لا 25.
47) هەمان سەرچاوە، نامەی 9، لا 23.
48) تێگەی سیمبۆل لای شیلەر، یان بەگشتی لە ئەدەب و هونەری کلاسیکی ئەڵمانیدا، جیاوازە لە تێگەی ڕەسەنی سیمبۆل کە “شت”ە، کەواتە بەرجەستانە لەگۆڕێیە و هیچ هاوتایەکی نییە، بۆیە یەکسەر دەناسرێتەوە بەبێ ئەوەی مرۆڤ بە هەڵە وەک شتێکی دیکە لێی تێبگات، بۆ نموونە “کۆتری سپی” سیمبۆلی ئاشتییە، “دڵ” سیمبۆلی خۆشەویستییە. هەریەکەیان شتێکی نابەرجەستە وێنەییانە دادەڕێژێت. وەلێ سیمبۆل لە کلاسیکی ئەڵمانیدا (لای گوێتە و شیلەر) “یەکێتیی جادووییانەی ئیدێ و دیاردەیە”، لێرە لەنێو تایبەتێتیدا (وێنەدا) ئیدێ دێتە دەربڕین. بڕوانە: کاوە جەلال. ماتەریالیزمی مێسیایی ڤاڵتەر بێنیامین. (1-2-4 ڕەخنەی ڕۆمانتیک و کلاسیک. کوردڕاوم، دەنگەکان.
49) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 22. Brief. S. 61.
50) هەڵبەستی “An Goethe” (“بۆ گوێتە”).
51) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 22. Brief. S. 61.
52) هەمان سەرچاوە، نامەی 22، لا 61.
53) هەمان سەرچاوە، نامەی 15، لا 40.

سەرچاوەکان:

  • Schiller, Friedrich: Über Anmut und Würde. Sämtliche Werke, Band 5, München 1962. (Zeno.org).
  • Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. Sämtliche Werke, Band 5, München 1962. (Zeno.org).
  • Schiller, Friedrich: An Goethe (بڕوانە) https://projekt-gutenberg.org.
    -ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هه‌ر مێتافیزیکێک که‌ بشێت له‌ ئاینده‌دا ببێت به‌ زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. پاشگۆتنی وەرگێر. کتێبخانەی هەریەک لە: دەنگەکان، کوردڕاوم، کوردستانپۆست.



خوێندنەوەیەک بۆ ئابووریی سیاسیی لیبیای قەزافی، بەراورد لەگەڵ مۆدێلی سۆڤێتیدا.. حەمید کورەچی

ئێمە ئەمڕۆ لە چارەکی دووەمی هەزارەی دووەمداین، قۆناغێک کە پێویستی بە وەستانێکی قووڵ و تێڕامان هەیە بۆ پێداچوونەوە بە ڕووداوە وەرچەرخانەکان و ئەو ڕژێمە نائاساییانەی کە ناوچەی عەرەبیمان بەخۆیەوە بینیونی. لە نێوان مشتومڕاوییترین ئەزموونەکاندا، “لیبیای قەزافی” وەک مۆدێلێکی ئابووری-سیاسیی بێهاوتا سەرنج ڕادەکێشێت، کە لە کاتی بەراوردکردنیدا لەگەڵ “مۆدێلی بەلشەفی”ی سۆڤێتی، کۆمەڵێک پرسیاری بنەڕەتی دەورووژێنێت. جیاوازیی نێوان ئەم دوو ڕێچکەیە نەک تەنها ناکۆکییە ئایدۆلۆژییەکان، بەڵکو تێڕوانینی دژبەیەکیش سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، سەرچاوەکان، و پەیوەندیی کرێکار بە ئامرازی بەرهەمهێنانەوە دەخاتە ڕوو.

قەزافی ڕەنگدانەوەی تێڕوانینێکی دژبەیەک بوو لە سیاسەتی ئابووریدا؛ لە لایەکەوە خاوەنی مەیلی شۆڕشگێڕانەی ڕۆمانسی بوو بەرامبەر بە ئابووریی ناوخۆیی، لە لایەکی تریشەوە پەیڕەوی لە پراگماتیزمێکی سەرمایەداری دەکرد لە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوتدا. لە کاتێکدا بەلشەفییەکان هەوڵیان دەدا کۆمەڵگە بگۆڕن بۆ دەزگایەکی زەبەلاح کە بە سیستمێکی توند و ڕێکخراو کار بکات، قەزافی هیوای دەخواست ئەم پێکهاتەیە هەڵبوەشێنێتەوە و بەرەو تۆڕێک لە یەکە سەربەخۆکان بیبات کە تەنها لە ڕێگەی لێشاوی سەرچاوە داراییەکانی ناوەندەوە (کە خێوەتەکە هێمای بوو) بەستراونەتەوە. بەهۆی ئەم ستراتیژە جیاوازانەوە، پیشەسازیی سۆڤێتی میراتێکی لە دوای خۆی جێهێشت کە لە کارگەی زەبەلاح و پیشەسازیی سەربازیی پێشکەوتوودا کورت دەبووەوە، لە کاتێکدا ڕێچکەکەی قەزافی بووە هۆی دروستبوونی پێکهاتەیەکی پیشەسازیی لاواز کە لەگەڵ ڕاوەستانی پشتیوانیی حکوومەت یان پەککەوتنی هەناردەی نەوت، خێرا داڕما.

پارادۆکس و دژایەتییەکی ڕوون لە نێوان سەرمایەداریی دەوڵەت لە مۆدێلی سۆڤێتیدا و سۆسیالیزمی ئۆتۆپی-ئەنارکی (خەیاڵی-ئاژاوەگێڕی) لە مۆدێلەکەی قەزافیدا دەبینرێت. هەرچەندە ئەمەی دواییان هەوڵی دەدا کێشەی “نامۆبوونی کرێکار” چارەسەر بکات — کە تەوەرێکی سەرەکیی ڕەخنەکانی کارڵ مارکس بوو بۆ سەر سەرمایەداری — بەڵام لە کۆتاییدا بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ سیستەمێکی بنیات نا کە بە ڕێژەیەکی زۆر پشتی بە دەسەڵاتی دەوڵەت دەبەست، تەنانەت ڕەنگە بە ئاستێک کە لە خودی سۆڤێتییەکانیش تێپەڕی کردبێت.

لە شیکردنەوەی ئەزموونی قەزافیدا بەراورد بە ڕێچکەی بەلشەفییەکان، کۆمەڵێک جیاوازیی بنەڕەتی دەردەکەون کە سەرەڕای سرووشتە ئاژاوەییەکەی، تایبەتمەندیی زیاتریان پێبەخشیوە. یەکێک لە دیارترینیان چەمکی پەیوەندیی ئابووریی نێوان “کرێگرتە” و “شەریک” بوو. ڕژێمی سۆڤێتی پێکهاتەی کرێی نەریتی هێشتبووەوە، کە تێیدا ڕۆڵی کرێکار کورت دەبووەوە لە فرۆشتنی ماندووبوونی خۆی بە دەوڵەت لەبەرامبەر کرێیەکی مانگانەی جێگیردا. لێرەوە، دەوڵەت خۆی “سەرمایەداری هەرە گەورە” بوو کە زیادەی بەرهەمی کۆدەکردەوە و دووبارە دەیخستەوە گەڕ بۆ لێخوڕینی چەرخی پیشەسازیی قورس.

بەلشەفیزم: پیرۆزکردنی پێکهاتە و بیرۆکراسی
ڕێچکەی بەلشەفی لەسەر بیرۆکەی سڕینەوەی چینی سەرمایەدار و جێگرتنەوەی لەلایەن دەوڵەتەوە دامەزرا بوو. سەرەڕای بەرزکردنەوەی دروشمە سۆسیالیستییەکان، سیستەمەکە پێکهاتەی “کرێ”ی پاراست، بە جۆرێک دەوڵەت گۆڕا بۆ “سەرمایەداری هەرە مەزن” کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بوو و کرێی دابەش دەکرد. بۆ بەڕێوەبردنی ئەم قەبارە زەبەلاحە، سۆڤێتییەکان دەزگای “گۆسپڵان” (Gosplan)یان دامەزراند، کە بیرۆکراسییەکی هەرەمیی ئێجگار ئاڵۆز بوو؛ بە جۆرێک کە هەموو بزمارێک لە سیبریا بەرهەم بهێنرایە، بە پلانێکی ناوەندییەوە لە کرملین دەبەسترایەوە. سەرەڕای ئەو چەقبەستووییەی هاوشانی ئەم سیستەمە بوو، بەڵام توانی ئاستێکی بەرزی ڕێکخستن، هەماهەنگی، و کەڵەکەبوونی ئەزموونی تەکنۆکراتی بەدەست بهێنێت.

“زەحف” و شۆڕش دژی کارگێڕی

لە بەرامبەردا، موعەمەر قەزافی لە “پەرتووکی سەوز”دا لە خۆماڵیکردنی نەریتی تێپەڕی و هەوڵیدا “خاوەنکار” و “کرێ” پێکەوە بسڕێتەوە، و کرێی بە کۆیلایەتیی هاوچەرخ دادەنا. قەزافی بنەمای “خانوو بۆ دانیشتووانەکەی و کارگە بۆ بەرهەمهێنەرانی” خستە ڕوو، کە ناوی نابوو “التزحيف” (کۆنترۆڵکردنی کارگەکان لەلایەن کرێکارانەوە)، کە تێیدا پێکهاتە کارگێڕییە نەریتییەکان هەڵوەشێنرانەوە و وەزارەتەکان لەبەرژەوەندیی “لیژنە گەلییەکان” داخران. ئامانجی ئەم ڕێچکەیە بنیاتنانی ڕێکخستنێکی دامەزراوەیی نەبوو، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی بوو، بەو پێودانگەی کە هەر نێوەندگیرێکی کارگێڕی ئامرازێکی زۆردارییە. ئەنجامەکەش ئەوە بوو کە دامەزراوەکان گۆڕان بۆ “دوورگەی دابڕاو” کە کەمبوونی ئەزموونی هونەری و لێپرسینەوەیان پێوە دیار بوو، ئەمەش بووە هۆی دژایەتی لە بڕیارەکان و شکستی یەکگرتوویی پیشەسازیی نیشتمانی.

پارادۆکسی نەوت: دووفاقی ناوەندێتی و ناماوەندێتی

پارادۆکسە گەورەکە لەوەدا بوو کە قەزافی، لە کاتێکدا ڕیکلامی بۆ “سۆسیالیزمێکی ئاژاوەگێڕانە” لە کەرتە بچووک و مامناوەندەکاندا دەکرد، لە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوتدا لە ڕێگەی دامەزراوەی نیشتمانیی نەوتەوە، پەیڕەوی لە پراگماتیزمێکی سەرمایەداریی توند دەکرد. نەوت ئەو “زمانەی دڵنیایی” بوو کە وای لەم ڕژێمە کرد خۆڕاگر بێت؛ لە کاتێکدا ئابووریی سۆڤێتی پشتی بە توانای بەرهەمهێنانی کارگەکانی دەبەست بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی دەوڵەت، کارگەکان لە لیبیا تەنها سەرچاوەکانیان بەفیڕۆ دەدا و هیچ قازانجێکیان بەرهەم نەدەهێنا، چونکە بە تەواوی لەلایەن داهاتی نەوتەوە پاڵپشتی دارایی دەکران. بە دەستەواژەیەکی تر، ناماوەندێتی لە لیبیا تەنها “ڕوکارێکی بینراو” بوو، کە لە پشتییەوە ناوەندێتییەکی دارایی ڕەها لەژێر دەستی دەسەڵاتدا شارابووەوە.

دیالێکتیکی “بەرهەمهێنەر” و “بەکارهێنەر”

لە کاتێکدا سۆڤێتییەکان هەوڵیان دەدا کۆمەڵگە بگۆڕن بۆ “یەک کارگەی گەورە” و کرێکار بکەنە ددانەیەک لە ئامێری دەوڵەتدا، قەزافی دەیویست کۆمەڵگە بگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک لە “خێوەتی سەربەخۆ” کە تەنها بە پەیوەندیی دەمارگیریی نەوتەوە بەستراونەتەوە. مۆدێلی سۆڤێتی لە کۆتاییدا بووە هۆی دروستبوونی چینێکی تەکنۆکراتی بەهێز و سوپایەک لە ئەندازیاران، لە کاتێکدا ڕێچکەکەی قەزافی گەلی لە “بەرهەمهێنەر”ەوە گۆڕی بۆ “بەکارهێنەر” کە مووچەکانیان لە داهاتی نەوتەوە وەردەگرت نەک لە بەرهەمی ڕەنجی خۆیان.

ئایا ئاژاوەکە ستراتیژ بوو؟

دەکرێت بڵێین مۆدێلەکەی قەزافی بە هەمان ئەندازە کە “خۆماڵیکردنێک بوو دژی سەرمایەداری”، بەشێوازێکیش “خۆماڵیکردن بوو دژی دەوڵەت”. پێدەچێت هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەیی بەئەنقەست و دژایەتیکردنی کارگێڕی نەریتی تەنها خەونی ئایدۆلۆژی نەبووبێتن، بەڵکو ئامرازێکی سیاسیی مەبەستدار بووبێتن بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی هەر چینێکی تەکنۆکراتی (بەڕێوەبەران و ئەندازیاران) کە پێدەچوو خاوەنی دەسەڵات یان سەربەخۆییەک بن کە ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەردەوامیی دەسەڵاتی قەزافی.

لە کۆتاییدا، سۆڤێتییەکان کۆچی دواییان کرد و میراتێکی پیشەسازی و سەربازیی زەبەلاحیان لە دوای خۆیان جێهێشت، لە کاتێکدا ڕێچکەکەی قەزافی پێکهاتەیەکی ئابووریی لەرزۆکی جێهێشت، کە خێرا لەگەڵ وەستانی لێشاوەکانی نەوت یان نەبوونی ئەو دەستە ناوەندییەی کە هەموو دەزووەکانی گرتبوو، داڕما. ئەزموونی لیبیا وانەیەک بوو لەسەر ئەوەی چۆن دروشمە شۆڕشگێڕییەکان دەکرێت وەک پەردەیەک بەکاربهێنرێن بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتێکی ناوەندیی ڕەها، لە ڕێگەی سەرقاڵکردنی کۆمەڵگە بە ئاژاوەیەکی کارگێڕییەوە کە ڕێگر بێت لە گەشەپێدانی ڕاستەقینە.




پڕوپاگەندەی خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان.. نووسینی: هێمن عەلی

لە بنەما زانستی و پیشەییەکانی ڕاگەیاندندا، میدیا وەک ئاوێنەی کۆمەڵگا دەبینرێت؛ ئەرکی سەرەکیی گواستنەوەی ڕاستییەکان، چاودێریکردنی دەسەڵات و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتییە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە بەشێکی بەرچاوی میدیای کوردیدا دەبینرێت، دوورکەوتنەوەیەکی ئاشکرایە لەو بنەمایانەدا؛ تا ڕادەیەک کە، لە ئامرازێکی خزمەتگوزاریی گشتییەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی پڕوپاگەندە و بازرگانیکردن بە ناوبانگەوە.

شانۆگەریی کڕینی خەڵات و “یەکەمی بێ ڕکابەر”
یەکێک لە دیاردە هەرە سەیرەکان کە، لە هەندێک کەناڵی کوردیدا سەری هەڵداوە، پەنابردنە بۆ دەزگا و کۆمپانیا بیانییەکان بە مەبەستی بەدەستهێنانی خەڵات. پرسیارە لۆژیکییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم دەزگایانە کەی و چۆن چاودێریی بەرنامەکانی ئەم کەناڵانەیان کردووە، یان تا چەند لە زمان و پەیامەکانیان تێدەگەن؟
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئەم جۆرە بڕوانامە و مەدالیا بازرگانییانە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی پەیوەندییە گشتییەکانەوە (PR) بە پارە دەکڕدرێن. وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت: “پارە بدەو مەلا لە مزگەوت دەرکە”، لێرەشدا هاوکێشەکە زۆر سادەیە: پارە بدە و خەڵاتەکەت وەربگرە. ئەمە هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینە نییە بۆ کوالێتی و بێلایەنیی کەناڵەکە، بەڵکو پرۆسەیەکی بازرگانییە بۆ دروستکردنی وێنەیەکی وەهمی و فرۆشتنەوەی بە بینەری ناوخۆیی وەک دەستکەوتێکی مەزنی نێودەوڵەتی. بە کورتی، پرۆسەی کارکردنی ئەو کۆمپانیایانەی PR لە پرسی “کڕینی خەڵات”دا لە چەند هەنگاوێک پێکدێت؛ یەکەمیان بازرگانیی خەڵاتە (Vanity Awards)، کە تێیدا هەندێک کۆمپانیا و ڕێکخراوی PR خەڵات و بڕوانامە بە پارە دەفرۆشن، نەک بەپێی لێهاتوویی پیشەیی. دواتر قۆناغی ناوبانگی ساختە دێت، کە تێیدا هەندێک کەناڵ پارە دەدەن و لە بەرامبەردا مەدالیا و بڕوانامەی “نێودەوڵەتی” وەردەگرن، زۆرجار بێ ئەوەی هیچ هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینە بۆ کارەکانیان کرابێت. لە کۆتاییشدا قۆناغی فریودانی بینەر دەست پێدەکات، کاتێک ئەم خەڵاتانە وەک “سەرکەوتنی جیهانی” و “یەکەمی بێ ڕکابەر” بە بینەری ناوخۆ دەفرۆشرێنەوە.
بۆ سەلماندنی ساختەیی ئەم شانۆگەرییە، تەنیا بەسە ئەو دیمەنە گاڵتەجاڕانەمان بهێنێتەوە یاد؛ ئەو ساتەی یەکێک لە وەرگرانی خەڵاتەکە، خەڵاتەکەی وەردەگرت. ژنە پەیامنێرێکی بیانی بە ئینگلیزی پرسیاری لێ دەکات و خەڵاتەکەی پێشکەش دەکات، بەڵام وەرگری خەڵاتەکە، بێ ئەوەی تاقە وشەیەک لە زمانەکە ی تێبگات، هەر بە کوردی وەڵام دەدات و بە شانازییەوە باسی “دەستکەوتە نێودەوڵەتییەکەی” دەکات.
ئەم دیمەنە، خۆی لە خۆیدا گەورەترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ساختەیی ئەم جۆرە خەڵاتانە و بێبەهاییان لە ڕووی هەر پێوەرێکی پیشەییەوە. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: کاتێک لە نێوان دەزگای بەخشەر و کەسی وەرگری خەڵاتەکەدا، تەنانەت سادەترین ئاستی لێکتێگەیشتن و زمان بوونی نەبێت، چۆن دەکرێت باس لە “پێوەر و هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی” بکرێت؟ کەواتە بابەتەکە تەنها کڕینی کاڵایەکە (لەژێر ناوی خەڵات یان مەدالیای بازرگانیدا) بە مەبەستی چەواشەکردنی عەقڵی بینەر، نەک بەدەستهێنانی متمانە لە ڕێگەی کاری پیشەییەوە.
پێوەرەکانی میدیا لە وڵاتانی پێشکەوتوودا
بە حوکمی دوو دەیە ژیان و خوێندنی ئەکادیمیم لە ئەوروپا، بە پشتبەستن بە چاودێری و بەدواداچوونە بەردەوامەکانم بۆ ئەم بوارە، دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم، تا ئێستا نەمبیستووە یەک کەناڵی میدیایی لێرە بێتە سەر شاشە و بۆ خۆی بڵێت “ئێمە یەکەمی بێ ڕکابەرین”. ئەگەر سەیری ژینگەی میدیایی وڵاتانی خاوەن ئەزموونی دیموکراسی بکەین، وەک سوید، فینلەندا، سویسرا، یان ئەڵمانیا، هەر نییە و نەبووە کەناڵێک بەردەوام بانگەشە بۆ خۆی بکات و ئەم جۆرە دروشمانە بەکاربهێنێت.
لەو وڵاتانەدا متمانە بە کار دێت، نەک بە دروشم، هەروەها میدیا پیشەییەکان لەسەر ڕاستگۆیی و خزمەتکردنی کۆمەڵگا ڕکابەری دەکەن، نەک کڕینی ناوبانگ. شەفافییەتی دارایی بنەمایەکی سەرەکییە و پارەی خەڵک نابێت بۆ نمایش و پڕوپاگەندە بەکاربهێندرێت. لە سەروو هەمووشیانەوە ڕێزگرتن لە عەقڵی بینەر هەیە، چونکە میدیا پیشەییەکان متمانە بە ناوەڕۆکی بەهێز و ڕاستگۆ بەدەست دەهێنن، نەک بە خەڵاتی کڕاو.
گەورەیی کارەساتەکە تەنیا فریودانی خەڵک نییە، بەڵکو بەفیڕۆدانی سامانی گشتییە لەپێناو شانۆیەکی ساختەدا. لەو کاتەی کۆمەڵگا لەژێر باری قورسی قەیرانی ئابووری، بێمووچەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکاندا دەناڵێنێت؛ سامانێکی زەبەلاحی ئەم میللەتە دەخرێتە خزمەت دروستکردنی ناوبانگێکی دەستکرد و چەواشەکردنی بیروڕای گشتییەوە.

ساختەکاری بە ناوی “سەرکەوتنی نێودەوڵەتی”

ئەو دەزگایەی پەنا بۆ کڕینی خەڵات دەبات، لە ناوەڕۆکدا گیرۆدەی لاوازیی پیشەیی و نەبوونی متمانە بە خۆیە. پاڵەوانەکانی شاشە لە ڕێگەی دروستیی پەیامەکانیانەوە دەناسرێن، نەک بە بڕوانامەی کڕاو.
ئەرکی ئێستای بینەرە کە، ئەم پەردەیە هەڵبداتەوە و ڕێگە نەدات چیتر خەیاڵ و درۆی پێ بفرۆشرێت. متمانە بە پارە ناکڕدرێت؛ بە ڕاستگۆیی بەدەست دێت و بە درۆ لەدەست دەچێت.




چەپ و سەندیکاکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان.. رزگار ئاکرەیی

بەرەو یەکخستنی سەندیکای کرێکاران و بزووتنەوەی جەماوەری وەک دەروازەیەک بۆ بنیاتنانی چوارچێوەیەکی چەپی فراوان و یەکگرتوو.
پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەیی لە ژێر ڕۆشنایی ئەزموونی عێراقدا و کوردستانیش

پوختە: ئەو خاڵە سەرەکیانەی لەم وتارەدا خراونەتە ڕوو

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری جیهان کە لە ژێر ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا دەژین یەک قەیرانی پێکهاتەیی هاوبەشیان هەیە: لاوازییەکی توند و درێژخایەن کە توشی ڕێکخراوە جەماوەریەکان، سەندیکاکان، بزووتنەوەکانی فێمینیستی و یەکێتی قوتابیان دەبێت. ئەم وتارە ئەم قەیرانە لە ڕێگەی ئەزموونی عێراقەوە وەک واقیعێکی زیندوو و ڕاستەوخۆ دەکۆڵێتەوە و دەرس و پرسیاری پەیوەست بە چوارچێوەی هاوشێوە لە ناوچەکە و باشووری جیهاندا وەردەگرێت.
هەروەها ئەم وتارە بەشێکی لە ئەزموونێکی مەیدانی ڕاستەوخۆی دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی ساڵی 1992 کاتێک هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سەندیکای کرێکارانی بێکار لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی بووەوە کە تا ئەمڕۆش جێگەی سەرنجە: ئایا ئێمە ڕێکخراوێکی جەماوەری فراوان دروست بکەین کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیی هەمووان بکات، یان ڕووکەشێکی ئایدیۆلۆژی کە بنکەی خۆی بەرتەسک بکاتەوە پێش ئەوەی دەربچێت؟
شێوازی بنیاتنانی سەندیکای کرێکاران و ڕێکخراوە جەماوەریەکان کە بە توندی بە پێکهاتەکانی حیزبەوە بەستراون دیمەنێکی بەرهەم هێناوە کە بە بڵاوبوونەوەی ڕێکخراوە بچووکەکان، وزەی پەرتەوازە و کەمبوونەوەی کاریگەری جەماوەری ڕاستەقینە دەناسرێتەوە. ئەم بۆچوونە لە ڕووی مێژووییەوە پاساوی هەبوو لە سەردەمی سەرکوتکردنی تونددا، کاتێک هەلومەرجی چەوساندنەوە ڕێکخستنی مەرکەزی کردە پێویستییەکی ڕەها. لەگەڵ ئەوەشدا، شۆڕشی دیجیتاڵی و گۆڕانکارییە نوێیەکان لە چۆنیەتی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی خەڵکدا، بەتایبەتی لە نێو نەوەکانی گەنجدا کە لەسەر کەلتووری ڕێکخستنی ئاسۆیی و بەشداری ڕاستەوخۆ گەورە بوون، ئێستا پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی بنەڕەتی بۆ ئەم شێوازە هەیە.
بۆ ئەمە دەبێت تەحەدایەکی پێکهاتەیی قووڵتر زیاد بکرێت، بەتایبەتی سروشتی کرێیی ئابووری کە بۆشایی بۆ ڕێکخستنی سەربەخۆی سەندیکاکان سنووردار دەکات، هەروەها ڕۆڵی هەندێک رێکخراوی بەخشەری نێودەوڵەتی لە برەودان بە مۆدێلەکانی “کۆمەڵگەی مەدەنی” کە خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتە ئابوورییە سەرەکییەکان و لاوازکردنی سەندیکاکانی کرێکارانی چینایەتی دوور دەخاتەوە.
بە پێچەوانەی ئەم دەستنیشانکردنە، ئەم وتارە سوود لە ئەزموونی سەندیکای کاریگەر لە تونس، بەرازیل، ئەفریقای باشوور، هیندستان و دانمارک وەردەگرێت، کە هەموویان نیشانی دەدەن کە ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و سەندیکاکان کاتێک لە بنچینە کۆمەڵایەتییەکانیان داکوتاوە و ئازاد بن لە ئینتیمای حزبی تەسک، دەتوانن لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا وەک کاریگەری ڕاستەقینەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی خزمەت بکەن.
ئەم وتارە باس لەوە دەکات کە نوێکردنەوەی چەپ و بنیاتنانی هێزی جەماوەری ڕاستەقینەی پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی بنەڕەتی هەیە کە پشت بە سێ کۆڵەکەی تەواوکەر ببەستێت: یەکەم، بنیاتنانی سەندیکای کرێکارانی سەربەخۆ و پێشکەوتووخواز، فیدراسیۆن و ڕێکخراوە جەماوەریەکان کە لەسەر بنەمای مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ و مافەکانی کرێکاران و پەیماننامەکانی مافەکانی ژنان دامەزراوە نەک بەرنامەکانی حزبی. دووەم، بەشداری چالاکانەی کەسانی چەپ لەناو ئەم ڕێکخراوانەدا وەک کەسانی پابەند بە بەرژەوەندییەکانی کەرتەکانیان نەک وەک نوێنەری حزبەکانیان. سێیەم، بنیاتنانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی فراوان لە نێوان هێزە چەپە جۆراوجۆرەکان کە جیاوازی ئایدیۆلۆژیای لاوەکی تێدەپەڕێنێت بەرەو پرۆژەیەکی یەکگرتووی گۆڕان کە پارتە و ڕێکخراوە و سەندیکاکان و بزووتنەوە جەماوەرییەکانی چەپ و پێشکەوتووخواز دەگرێتەوە.
ئەم وتارە بانگەشەی ئەوە ناکات کە ڕەچەتەیەکی ئامادە یان نەخشەڕێگایەکی تەواو پێشکەش دەکات. وردەکارییەکانی جێبەجێکردن و میکانیزمەکانی دەستپێکردن پێویستی بە دیالۆگێکی کراوەی کۆمەلایەتی هەیە لە نێوان هێزە چەپەکان، بزووتنەوەی سەندیکاکان و خودی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان. لە ناوەڕۆکدا، ئەمە بانگهێشتێکە بۆ کردنەوەی ئەو دیالۆگە و خۆراکی کردنی بە پرسیاری جددی.
بۆ دەقی تەواو و وردەکاری زیاتر، بەردەوام بە لە خوێندنەوەی خوارەوە.

لە پێویستیی مێژووییەوە بۆ پرسیارەکانی دووبارە هەڵسەنگاندن و نوێبوونەوە
چەپ لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری جیهان کە لە ژێر ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا دەژین بەدەست کێشەیەکی پێکهاتەیی هاوبەشەوە دەناڵێنن کە لە لاوازی و پەرتەوازەیی توند و درێژخایەندا دەردەکەوێت کە توشی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، بەتایبەتی سەندیکاکانی کرێکاران، فیدراسیۆنە پیشەییەکان، ڕێکخراوە فێمینیستەکان و سەندیکاکانی خوێندکاران دەبێت.
ئەم ڕژێمانە لە هەمان چوارچێوەدا هەلومەرجی سەرکوتگەریان دروستکردووە کە هێزە چەپەکان ناچار بوون فۆرمی ڕێکخراوەیی توند مەرکەزی بگرنەبەر لە ژێر قورسایی سەرکوت و چەوساندنەوەدا، بۆچوونێک بەرهەم دەهێنن کە لەسەر بنەمای بنیاتنانی سەندیکای کرێکاران و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی نهێنی و هەندێک جار نیمچە گشتی کە بە پارتە سیاسیەکانەوە بەستراون، لەسەر حسابی سەربەخۆییان و توانایان بۆ لەخۆگرتنی دەنگدەرانی کۆمەڵایەتی فراوانتر.
ئەزموونی بەراوردکاری لەم چوارچێوانەدا ئەوە دەردەخات کە کاتێک چەپ دەستی بەسەر ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیدا توند دەکات و دەیانکاتە پاشکۆی پێکهاتەی حزبەکەی، لەوانەیە پێکەوەبوون و کاریگەری ئایدۆلۆژیای ناوخۆیی بەدەست بهێنێت، بەڵام مەترسی لەدەستدانی شتێکی زۆر بەنرختر دەکات: قورسایی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە کە توانای کۆکردنەوەی خەڵک لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا هەیە.
دادپەروەری پێویستی بەوەیە دان بەوەدا بنێین کە مۆدێلی یەکێتی حزبی و ڕێکخراوی جەماوەری لە هەموو بارودۆخێکدا هەڵە نەبوو. ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە چەند قۆناغێکی مێژوویی کە نکۆڵی لێناکرێت بەتایبەتی لە سەردەمی گەشەی چەپ و سەرهەڵدانی جەماوەریدا کە مەرکەزییەتی ڕێکخراوەیی پێویستییەکی سەپێنراو بوو لەلایەن واقیعی سەرکوتکەر و پێویستی پاراستنی یەکڕیزی و پاراستنی کادرەکان. سەندیکاکان و فیدراسیۆنەکانی سەر بەو قۆناغانە توانیان وەک دەزگایەکی کاریگەر بۆ کاری یەکێتی و جەماوەر لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا خزمەت بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا کات لە بنەڕەتدا گۆڕاوە و لەگەڵ ئەوەشدا میکانیزمی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی جەماوەری گۆڕاوە. خەلکی ئەمڕۆ، بەتایبەتی نەوەکانی نوێ کە لەسەر کەلتووری دەستگەیشتنی دەستبەجێ بە زانیاری، ڕێکخستنی ئاسۆیی و بەشداری ڕاستەوخۆ لە بڕیارداندا پەروەردە کراون، چیتر قبوڵ ناکەن کە لە خزمەتی ئەجێندای حزبێکی دیاریکراودا بسیج بکرێن، هەرچەندە مەبەستی ڕاستگۆیانە بێت. دەسەڵاتی ڕاستەقینەی جەماوەری ئەمڕۆ بە بڕیاری ڕێکخراوەیی دروست ناکرێت. لە ڕێگەی ڕەگداکوتانەوە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و نوێنەرایەتیکردنی ڕاستگۆیانە و کاریگەری بەرژەوەندییەکانیان، بێ گوێدانە ئینتیمای فکری و سیاسییان بنیات نراوە.
ئەم خوێندنەوەیە هەوڵی هاندانی مشتومڕی جددی دەدات سەبارەت بە پێویستی پێداچوونەوە بە مۆدێلی “ڕێکخراوی جەماوەری هاوپەیمان و دڵسۆز” و دۆزینەوەی مۆدێلێکی جێگرەوە کە پشت بە سێ کۆڵەکەی تەواوکەر ببەستێت: یەکەم، بنیاتنانی سەندیکای کرێکارانی پێشکەوتووخواز و فیدراسیۆن و ڕێکخراوە جەماوەریەکان کە لەسەر بنەمای ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان دامەزراوە نەک پرۆگرامەکانی حزب. دووەم، بەشداری چالاکانەی کەسانی چەپ لەناو ئەم ڕێکخراوانەدا وەک کەسانی پابەند بە بەرژەوەندییەکانی کەرتەکانیان نەک وەک نوێنەری حزبەکانیان. سێیەم، بنیاتنانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی فراوان لە نێوان هێزە چەپە جۆراوجۆرەکان کە جیاوازی ئایدیۆلۆژیای دووەمی تێدەپەڕێنێت بەرەو پرۆژەیەکی یەکگرتووی گۆڕان.
ئەم وتارە حاڵەتی عێراق وەک ئەزموونێکی زیندوو و ڕاستەوخۆ دەکۆڵێتەوە نەک وەک مۆدێلێکی تیۆری ئەبستراکت و وانە و پرسیارەکانی پەیوەست بە چوارچێوەی هاوشێوە لە ناوچەکە و باشووری جیهاندا وەردەگرێت. بەتایبەتی لە عێراقدا، ئەم کێشەیە بە توندی دەردەکەوێت. هێزە چەپەکان بە درێژایی مێژووی خۆیان ناچار بوون لە ژێر ڕژێمە دیکتاتۆرییە یەک لە دوای یەکەکاندا کار بکەن، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس کە لە ساڵی 1968 تا 2003 حوکمی وڵاتەکەی کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەلومەرجە نوێیەی کە بەدوای گۆڕانە سیاسییەکان و ڕووخانی ئەو دیکتاتۆرییەدا هات و بوونی پەراوێزێکی ڕێژەیی ئازادی و چالاکی گشتی سەرەڕای دەسەڵاتی میلیشیا ئایینی و ناسیۆنالیستەکان ئێستا پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی هێمن و بنیاتنەرانە بۆ ئەم بۆچوونە و بیرکردنەوەی جددی لە مۆدێلی ڕێکخراوەیی کراوەتر و سەربەخۆتر هەیە کە بتوانێت پێکهاتەی کۆمەڵایەتی فراوانتر لەخۆ بگرێت و بە قووڵایی و ڕاستگۆیی زیاتر نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان بکات.
ئەم هەڵسەنگاندنە گرنگی زیاتر وەردەگرێت کاتێک ئەزموونی تاڵی یەکێتییە زەردەکان بەبیر دەهێنینەوە کە لە لایەن ڕژێمە دیکتاتۆرەکانەوە بۆ خزمەتکردنی مەبەستی خۆیان دروستکراون یان کۆنتڕۆڵ دەکرێن لە سەردەمی دیکتاتۆری عێراق و سەرانسەری ناوچەکەدا.
ئەم میراتە لە یادەوەری کۆمەڵدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە پەیڕەوکردنی هەمان شێواز لەگەڵ یەکێتییە فەرمییە دڵسۆزەکانیان و پێشکەشکردنی مۆدێلێکی ئەڵتەرناتیڤ لەسەر بنەمای سەربەخۆیی ڕاستەقینە و سەرکردایەتی بەکۆمەڵ و دیموکراسی ناوخۆیی و پلۆرالیزمی ڕۆشنبیری دەکەنە پێویستییەکی بەپەلە بۆ گێڕانەوەی متمانەی جەماوەری و فراوانکردنی بواری نفووز.

لە ئەندامێتی ئۆرگانی بۆ سەربەخۆیی
لە دوای ساڵی 2003، زۆربەی ڕێکخراوە چەپەکان بە پەرۆش بوون بۆ هێشتنەوە و دامەزراندنی سەندیکا، فیدراسیۆن و رێکخراوەکانی خۆیان. ئەمە زۆرجار بووە هۆی زۆربوونی ڕێکخراو و سەندیکاکان لە هەمان کەرتدا، و لە هەندێک حاڵەتدا بووە هۆی دووبارەبوونەوەی رێکخراوەکان لە نێو یەک پارتدا، لە ئەنجامی دابەشبوونی ناوخۆیی یان کێبڕکێ لەسەر ڕۆڵی جەماوەری، دیمەنێکی جەماوەری بەرهەم دەهێنێت کە بە وزەی پەرش و بڵاو، فرە ناو، و کەمبوونەوەی کاریگەری ڕاستەقینە لەسەر زەوی دەناسرێتەوە.
ئەم واقیعە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی هێمن و بنیاتنەرانە هەیە لەسەر ئەو نرخەی کە ڕێکخراوە جەماوەریەکان لە پێگەی نوێنەرایەتییان لە ئەنجامی ئەم ئینتیمابوونە ئۆرگانیدا داویانە. یەکێتیەک کە بە توندی بەستراوەتەوە بە رێکخراوێکی دیاریکراوەوە بە زەحمەت کرێکاران لە باوەش بگرێت بە هەموو جیاوازی ڕۆشنبیری، نەتەوەیی، ئایینی و سیاسی، بۆیە بواری کاریگەری تەسک دەبێتەوە و سنووردار دەبێت بۆ چینێکی دیاریکراو.
بەهەمان شێوە، ڕێکخراوە فێمینیستەکان کە بە پارتێکی دیاریکراوەوە گرێدراون، بە زەحمەت دەتوانن ژنانی باکگراوندی سیاسی و ڕۆشنبیری جیاواز ڕابکێشن، هەرچەندە مەبەستی سەرکردەکانیان ڕاستگۆ بێت. یەکێتی قوتابیان وردە وردە دەبنە گۆڕەپانی ڕکابەرییەکانی حیزبەکان، کە تێیدا قوتابیان شوێنی سەربەخۆیی خۆیان لەدەست دەدەن و لەوانەیە هەست بکەن کە لە ڕووی سیاسیەوە دامەزرێنرێن نەک وەک بەشدارێک لە بزووتنەوەیەک کە بەڕاستی نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان دەکات.
پێشنیارەکە لێرەدا وازهێنان لە کاری جەماوەری یان کشانەوەی نییە، بەڵکو بەرزکردنەوەی بەرەو مۆدێلێکی سەربەخۆتر و نوێنەرایەتی فراوانتر. بەشداریکردن لە بنیاتنانی سەندیکایەکی سەربەخۆی بەهێز و پێشکەوتووخواز کە دەیان هەزار کەس لەخۆ دەگرێت لە بەهای کۆمەڵایەتی و مافەکانیدا دەیان ڕێکخراوی بچووک و پەرتەوازە تێدەپەڕێنێت، چونکە یەکێتیەکی گەورەی سەربەخۆ ئەو قورسایی و متمانەیەی هەیە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئەندامەکانی بکات و بە دەنگێکی بەرزتر و کاریگەری قووڵتر ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکان ببێتەوە.
تاکی چەپ کە لەناو ئەم سەندیکایانەدا کار دەکەن وەک کەسانی پابەند بە بەرژەوەندییەکانی کەرتەکانیان، دەتوانن کاریگەری کۆمەڵایەتی و سیاسی قووڵتر بەدەست بهێنن لەوەی کە لە رێگەی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی کاریگەری سنووردارەوە بەدەستی دەهێنن.
ئەزموونێکی تایبەتی کە لە هاوینی 1992 پێیدا ژیاوم قووڵایی و ڕەگەکانی ئەم کێشەیە دەردەخات. کاتێک لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵانی چەپ و کرێکارانی بێکار کۆبووینەوە بۆ دامەزراندنی سەندیکایەک بۆ بێکاران لەهەرێمی کوردستان یەکەم ناکۆکی لەنێوانماندا لەسەر پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و میکانیزمی کارکردن نەبوو بەڵکو لەسەر خودی بەیاننامەی دامەزراندن بوو هەندێک لە هەڤاڵان بەیاننامەیەکیان پێشنیار کرد کە پڕ بوو لە زمانی ئایدیۆلۆژیای چەپ وەک ئیمپریالیزم و سۆسیالیزم و هاوشێوەکان.
من هاوڕا نەبووم لەگەڵیاندا، و پێم وابوو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت یەکێتیەک بۆ هەموو بێکاران دروست بکەین، لە هەموو بیرۆکە و ئاراستەیەکەوە، نەک یەکێتیەک بۆ بێکارانی چەپ بەتەنها. ئێمە ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی بنەڕەتی بووینەوە: ئایا ڕێکخراوێکی جەماوەری فراوان دروست بکەین کە گوزارشت لە بەرژەوەندییەکانی هەمووان بکات، یان ڕووکەشێکی ئایدیۆلۆژی دروست بکەین کە بنکەی خۆی بەرتەسک بکاتەوە پێش ئەوەی دەست پێ بکات؟ ئەو پرسیارە کە لە هاوینی 1992 بەرزکرایەوە، هێشتا لە دڵی ئەو کێشەیەدایە کە ئەمڕۆ باسی دەکەین.

لاوازی هەماهەنگی و پەرتەوازەیی و کاریگەری لەسەر خەباتی جەماوەری و سەندیکاکان و فیدراسیۆنەکان
کێشەی پەرتەوازەیی لە سەندیکاکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا ناتوانرێ بە جیا لە دیاردەیەکی قووڵتر و کاریگەرتر چارەسەر بکرێت: دۆخی لاوازی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کە باری لەسەر ڕەوتی هێزە چەپەکان قورس کردووە و لە قۆناغە گرنگەکاندا بارگرانی خستووەتە سەریان. ئەو پەرتەوازەیی جەماوەری کە لە دیمەنی یەکێتی و ڕێکخراوەکاندا دەیبینین بەشێکی ڕەنگدانەوەی پەرتەوازەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی پێشووە کە لە فرە بوونی ڕێکخراوە چەپەکان و جیاوازی هەڵوێستەکانیان لەسەر هەندێک بابەت دەردەکەوێت. ئەم جیابوونەوەیە خۆی لە خۆیدا سروشتی و ڕەوایە، بەڵام کاتێک دەگۆڕێت بۆ گرژی و ململانێ کە کاری هاوبەش لاواز دەکات، سێبەری قورسی خۆی دەخاتە سەر هەموو بۆشایی بارستایی.
لە کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە، هێزە چەپەکانی عێراق ڕووبەڕووی تەحەدای گەیشتن بە کەمترین ئاستی هەماهەنگی هاوبەش بوونەتەوە لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا. جیاوازی لەسەر هەڵوێستە سیاسیەکان، هەر لە مامەڵەکردن لەگەڵ داگیرکارییەوە تا هەڵوێست لەسەر پرۆسەی سیاسی و هەڵسەنگاندنی ئەزموونی چەپ، هەندێک جار لە مشتومڕێکی ڕۆشنبیری بەرهەمهێنەرەوە کە پێشوازی لە ناکۆکی دەکات دەگۆڕێت بۆ گرژییەک کە هاوکاری مەیدانی قورس دەکات سەرەڕای زۆر خاڵی لێکنزیکبوونەوە.
کاریگەری جەماوەری ئەم واقیعە بەرجەستە بوو: گرژییە ناوخۆییەکان توانای چەپی لاواز کرد بۆ ئەوەی خۆی بە شێوەیەکی یەکگرتوو لەبەردەم خەڵکدا نیشان بدات کە پشتیان پێ دەبەست وەک هەڵگری پڕۆژەی گۆڕان.
ئەم واقیعە ڕاستەوخۆ لەسەر ڕێکخراوە جەماوەری و سەندیکاکان ڕەنگی دایەوە. کاتێک هێزە چەپەکان لە پێگەی خۆیان لێک جیا دەبنەوە، سەندیکاکان و فیدراسیۆنەکان لە کاریگەری ئەو لادانە دەرباز نابن، هەندێک جار خۆیان لەبەردەم ڕکابەرییەکاندا دەبیننەوە کە وزەیان بڵاو دەکاتەوە و لە ئەرکی بنەڕەتی خۆیان بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی ئەندامەکانیان لایان دەدات. لەجیاتی ئەوەی هەوڵەکان ئاراستە بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکان و داواکردنی مافەکان، ئەو هەوڵانە هەندێک جار لە ململانێی ناوخۆیی نێوان هێزە چەپەکان و ناکۆکیەکاندا وشک دەبن کە نە خزمەت بە کرێکاران دەکات و نە بەرژەوەندییەکانیان.
نەبوونی هەماهەنگی هەروەها شێوازێکی کێبڕکێی لە نێو هەمان بازنەی جەماوەریدا دروست کرد نەک فراوان بوون بەرەو کەرتی کۆمەڵایەتی نوێ کە هێزە چەپەکان هێشتا نەگەیشتوون. ئەنجامەکە ئەوە بوو کە دیمەنی جەماوەری سەرەڕای فرە ڕێکخراوەکان سنووردار مایەوە، چونکە ئەم فرەیی هەمیشە نەبووە هۆی دابەشکردنی کار و چارەسەرکردنی توێژە جیاوازەکان. لەجیاتی ئەوە، بووە هۆی تێکەڵبوون و دووبارەبوونەوە لە هەمان ناوچەدا.
پارادۆکسێکی ئازاربەخش هەیە کە شایەنی بیرکردنەوەیە: چەپ ئاڵای یەکڕیزی لەنێو جەماوەری زەحمەتکێشدا بەرز دەکاتەوە، بەڵام ئەم ڕێبازە ڕێکخراوەییە بێ مەبەست بووە هۆی پەرتەوازەبوونی خەبات و تێکۆشانی هاوبەش و لاوازبوونی یەکێتی و بزووتنەوەی جەماوەری لەسەر زەوی.
لەم چوارچێوەیەدا، بەهای ستراتیجی بنیاتنانی ڕێکخراو و سەندیکای جەماوەری سەربەخۆ ڕوون دەبێتەوە، چونکە ئەو بۆشاییە پێکدەهێنن کە تێیدا تاکەکانی چەپی سەر بە ڕێکخراوە جیاوازەکان دەتوانن شان بە شانی بەرژەوەندی هاوبەشی ڕوون و خاڵی لێکنزیکبوونەوە کار بکەن. سەندیکاکان و فیدراسیۆنە سەربەخۆکان لۆژیکی خۆیان دەسەپێنن کە لەسەر بنەمای بەرگری لە مافەکان دامەزراوە و ئەم لۆژیکە جیاوازی ئایدیۆلۆژی تێدەپەڕێنێت کاتێک دێتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی دەرکردنی هەڕەمەکی، بەدەستهێنانەوەی مافێکی بەدەستهاتوو، بەرزکردنەوەی مووچە، یان داواکردنی ماف و یەکسانی زیاتر.
ئەزموونی بزووتنەوەکانی یەکێتی و جەماوەر لە چوارچێوەی هاوشێوەدا دەریدەخات کە کاری هاوبەش لە نێو یەکێتیا و فیدراسیۆنە سەربەخۆکاندا وردە وردە کلتوری هاوکاری پتەوتر دەکات و دەسەڵاتی جەماوەری کۆمەلایەتی لەسەر زەوی بنیات دەنێت، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەش و هەوای پەیوەندییەکانی نێوان هێزە چەپەکان خۆیان هەیە.

دەرس لە ئەزموونی کاریگەری یەکێتی
ئەزموونی مێژوویی و هاوچەرخ دەریدەخات کە سەندیکاکانی پێشکەوتووخوازی سەربەخۆی کاریگەر زۆرجار فاکتەرێکی سەرەکی بوون لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا و هێزیان لە ئینتیمابوونیان لەگەڵ ئەم یان ئەو پارتەوە سەرچاوە نەگرتووە، بەڵکو لە ڕەگ و ڕیشەی راستەقینەیان لە بنکەی کرێکاران و جەماوەرییاندا سەرچاوە دەگرێت.
لە تونس، یەکێتی کرێکارانی گشتی تونس سەرەڕای ئەو ناڕەزاییانەی کە هەبوون، ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ساڵی 2011 و چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی بۆ دیالۆگی نیشتمانی دابین کرد و تا ڕادەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بوو لە گۆڕینی ناڕەزایی جەماوەری بۆ داواکاری ڕێکخراو. قورسایی جەماوەری، کە لە کەرتێکی فراوانی کرێکاران و پیشەگەراندا سەرچاوەی گرتووە، ڕێک ئەو توانایە بوو کە توانای دانوستانی پێ بەخشی کە هەموو پارتە سیاسییەکان پێکەوە نەیانتوانی بەراوردی بکەن.
لە ئەفریقای باشوور، کۆنگرەی سەندیکاکانی کرێکارانی ئەفریقای باشوور کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لە خەبات دژی سیستەمی ئاپارتاید پێکهێنا و نیشانی دا کە سەندیکای سەربەخۆی بەهێز دەتوانێت لە هەمان کاتدا وەک بەرەیەکی بەرگری لە مافەکانی کرێکاران و پلاتفۆرمێک بۆ خەبات لە پێناو کەرامەتی مرۆڤ، ئازادی و یەکسانی خزمەت بکات، بەبێ ئەوەی لە هیچ پارتێکی سیاسی دیاریکراودا هەڵمژرابێت.
لە بەرازیل، بزووتنەوەیەکی سەربەخۆی سەندیکای کرێکاران لە کۆتایی حەفتاکان لە کەرتی پیشەسازی ئۆتۆمۆبیل سەریهەڵدا، بە سەرکردایەتی کرێکارانی کارگەکانی ساوپاولۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆری سەربازی، کە نیشانی دا کە مانگرتنی ڕێکخراو ئامرازێکی سیاسی گەورەیە کاتێک لەلایەن یەکێتیەکی پێشکەوتووخوازەوە پشتگیری دەکرێت. ئەم بزووتنەوەیە لە دوایدا پارتی کرێکارانی دروستکرد کە گەیشتە دەسەڵات، لە مۆدێلێکی دەگمەنی بنیاتنانی دەسەڵاتی سیاسی ڕاستەقینە لە کاری سەندیکای جەماوەری.
لە هیندستان، سەندیکاکانی کرێکاران و کرێکارانی چنین لە مێژوودا خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران لەسەر مووچە و هەلومەرجی کارکردن بە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی فراوانترەوە بەستووەتەوە، ئەمەش نیشانی دەدات کە یەکێتیەک کە توانای لەخۆگرتنی جەماوەری جەماوەری بە هەموو جیاوازی ئایینی، نەتەوەیی و چینایەتییانەوە هەیە، دەتوانێت داواکاری ئابووری تەسک تێبپەڕێنێت و خۆی بگۆڕێت بۆ هێزێک بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی قووڵ.
سەبارەت بە ئەزموونی هاوچەرخی دیموکراسیەکانی ڕۆژئاوا، چەپی دانمارکی مۆدێلێک پێشکەش دەکات کە شایەنی بیرکردنەوەیە، هەرچەندە ئەویش بێ گومانی گەورە نییە. لە دانیمارک، پارتە چەپ و سۆسیالیستەکان چیتر بژاردەی دامەزراندنی سەندیکای خۆیان یان دڵسۆزیان نییە، چونکە کۆنفیدراسیۆنی سەرەکی سەندیکاکان کیانێکی سەربەخۆ و بەهێزە. ئەمەش وایکردووە کە کارکردن لەناو سەندیکاکانی سەربەخۆ و بەشداریکردنی چالاکانە لە پێکهاتەکانیاندا ببێتە رێگایەکی پراکتیکی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاراستەی ڕادیکاڵ و پێشکەوتووخواز لە ناوەوە، لە ڕێگەی قایلکردن، پراکتیک، و خەباتی مەیدانی لە سێکتەرە جۆراوجۆرەکاندا. ئەم ڕێڕەوە یەکێتییەکانی بە قورسایی جەماوەری ڕاستەقینە بەرهەم هێناوە، لە کاتێکدا هێزە چەپەکان لە ناویاندا کاریگەری کۆمەڵایەتی و سیاسی قووڵتر بەدەست دەهێنن لەوەی کە تەنها بە سەرکردایەتی کردنی ڕێکخراوە بچوکەکانی دڵسۆز پەیوەست بە حزبەکانیان بەدەستیان هێناوە.
ئەوەی ئەم ئەزموونانە بە کۆمەڵ دەری دەخەن ئەوەیە کە سەندیکای سەربەخۆی کاریگەر و ڕێکخراوە جەماوەریەکان تەنها بەرگری لە مافە دەستبەجێکان ناکەن. هەروەها دەتوانن بە درێژایی ساڵان، کلتورێکی ڕێکخراوەیی و توانای دامەزراوەیی بنیات بنێن کە وایان لێدەکات ببنە دەسکێک بۆ گۆڕانکاری لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە چەپی عێراق لە ڕاپەڕینی تشرینی یەکەمی 2019 و دواتردا کەموکورتی هەبوو و دەبێت قیبلەنمای کاری جەماوەری چەپ لە ماوەی داهاتوودا پێک بهێنێت.

پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان وەک بناغەیەکی پراکتیکی بۆ بنیاتنانی یەکێتی و فیدراسیۆنە دێموکراتییە سەربەخۆکان

لێرەدا دەرفەتێکی گرنگ دێتە ئاراوە کە وەک پێویست سوودی لێ وەرنەگیراوە: ئاراستەکردنی هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی سەندیکای کرێکاران، فیدراسیۆنی پیشەیی و رێکخراوی کرێکاران، شانبەشانی ڕێکخراوە جەماوەریەکان، مافەکانی مرۆڤ و فێمینیستی کە کارەکانیان لەسەر بنەمای پەیماننامەکانی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان دادەنێن نەک لەسەر بەرنامە و ئاراستەی سیاسی ڕێکخراوە چەپەکان لەم بوارەدا. ئەم بۆچوونە گرنگییەکی زیاتر وەردەگرێت لە وڵاتانی باشووری جیهان کە یەکێتی و بزووتنەوە جەماوەرییەکانیان بەدەست لاوازی پێکهاتەیی توندەوە دەناڵێنن چونکە ئەم پەیماننامانە بناغەیەکی پتەو و شەرعیەتێکی ئەخلاقی و یاسایی دابین دەکەن کە سنوورە ناوخۆییەکان تێدەپەڕێنێت و ڕەهەندێکی جیهانی بە خەباتی یەکێتی دەبەخشێت کە بە تۆمەتی لایەنگری سیاسی و ئایدۆلۆژی ئەستەمە بکرێتە ئامانج.
لە سەرووی سەرووی ئەم ئاماژەیانە، جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤە کە لە ماددەی بیست و سێیەمیدا مافی کارکردن و هەڵبژاردنی ئازادی کارکردن و هەلومەرجی دادپەروەرانە و گونجاوی کار دەستەبەر دەکات و بە ئاشکرا دان بە مافی هەمووان بۆ پێکهێنان و چوونە ناو سەندیکاکان دەنێت. تەواوکەری ئەم چوارچێوەیە پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانە کە لەلایەن عێراقەوە پەسەند کراوە، کە بە ئاشکرا دەوڵەتان ناچار دەکات ئازادی سەندیکاکان دەستەبەر بکەن و کرێکاران لە پێشێلکارییەکان بپارێزن.
پەیماننامە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی پتەوترین کۆڵەکەی کرداری لەم چوارچێوەیەدا پێکدەهێنن، بەتایبەتی پەیماننامەی ژمارە 87 سەبارەت بە ئازادی کۆبوونەوە و پاراستنی مافی رێکخستن، کە مافی دامەزراندن و بەشداریکردن لە رێکخراوەکان بەبێ جیاوازی دەستەبەر دەکات. پەیماننامەی ژمارە 98 سەبارەت بە مافی ڕێکخستن و مامەڵەی بەکۆمەڵ، کە کرێکاران لە هەر دەستێوەردانێک لە کاروباری سەندیکاکان دەپارێزێت. پەیماننامەی ژمارە 29 سەبارەت بە کاری زۆرەملێ؛ پەیماننامەی ژمارە 105 سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کاری زۆرەملێ؛ و پەیماننامەی ژمارە 111 سەبارەت بە جیاکاری لە دامەزراندن و پیشەدا، کە هەموو جۆرە جیاکاریەک لە ژینگەی کاردا قەدەغە دەکات.
سەبارەت بە پرسی تایبەتی مافەکانی ژنان، پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو شێوەکانی جیاکاری دژی ژنان (CEDAW) گشتگیرترین و ناچارترین سەرچاوەیە کە دان بە تەواوی مافە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی ژنان دەنێت بەبێ هیچ مەرجێک. بەیاننامەی پەکین و پلاتفۆرمی کرداری تەواوکراوە کە تا ئەمڕۆش بە یەکێک لە گشتگیرترین بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت کە باس لە کێشەکانی ژنان و پێداویستییەکانی تواناکردنیان دەکات.
ئەوەی شایەنی جەختکردنەوەیە ئەوەیە کە ئەوەی ئەم پەیماننامانە لەخۆ دەگرێت لە جەوهەری خۆیدا هاوتایە لەگەڵ ئەوەی هەموو هێزە چەپەکان وەک داواکاری لە بواری مافەکانی کرێکاران و مافەکانی جەماوەر و مافەکانی ژنان پێشی دەخەن، لە هەمان کاتدا قووڵیان دەکاتەوە و چوارچێوەیەکی یاسایی نێودەوڵەتییان بۆ دابین دەکات. بنچینەی خەبات لەم سەرچاوەیانەدا نەک تەنها چوارچێوەیەکی یاسایی و ئەخلاقی بەهێز بۆ خەباتی یەکێتی و جەماوەر و فێمینیستی دابین دەکات، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەستیاری تۆمەتی سیاسی کردنی حیزب لەناو یەکێتیەکان، فیدراسیۆن و ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا، چونکە داواکارییەکان لە دروشمی ئایدیۆلۆژیای گشتییەوە دەگۆڕدرێن بۆ مافێکی دانپێدانراو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کە دەتوانرێت لەبەردەم کۆمەڵگا و دەسەڵاتداراندا بەرگری لێبکرێت.

ئابووری بەکرێگیراو و ئاڵۆزییەکانی ڕێکخستنی یەکێتی
بۆ ئەمانە دەبێت تەحەدایەکی پێکهاتەیی سروشتی بەکرێگیراوی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، کە زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوبەشی هەیە، کە ڕێکخستنی سەربەخۆی یەکێتی دەکات بە بابەتێکی زۆر ئاڵۆز و پێویستی بە بیرکردنەوەی زانستی ورد هەیە. کاتێک بەشێکی زۆری هێزی کار پشت بە مووچەی دەوڵەت و کەرتی گشتی دەبەستێت، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی پشت بەستن بە دەسەڵات دروست دەبێت کە بۆشایی بۆ ڕێکخستنی سەربەخۆ سنووردار دەکات و پاڵنەری ناوخۆیی بەرەو ئەو دەسەڵاتە لاواز دەکات.
ئامارە فەرمییەکان قووڵایی ئەم پشتبەستنە ئاشکرا دەکەن: داهاتی نەوت لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024 نزیکەی ٪89ی کۆی بودجەی گشتی عێراق پێکهێناوە، لە کاتێکدا داتاکانی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025 ئاماژە بەوە دەکەن کە نەوت نزیکەی ٪92ی کۆی داهاتی وڵات پێکدەهێنێت، بەمەش عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ڕووی ئابوورییەوە زۆرترین پشت بە تاکە سەرچاوەیەک دەبەستێت لە جیهاندا. و بەرتەسککردنەوەی بۆشایی بۆ هەر یەکێتیەکی سەربەخۆیی ڕاستەقینە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتێک کە هەردوو ئامرازی سزادان و پاداشتی لەخۆگرتووە.
لە ئابووری بەرهەمهێناندا، کرێکاران بەرەو ڕێکخستنی سەندیکاکان دەڕۆن چونکە توانای دانوستاندنیان لەگەڵ خاوەنکارە تایبەتەکان پێویستی بە کاری کۆمەڵی ڕێکخراو هەیە. لە ئابووری کرێداردا، لۆژیکێکی جیاواز زاڵە: پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەتێک کە کرێ دابەش دەکات، کە داواکاری کرێکاران لە ململانێ لەسەر مافە گرێبەستییە ڕوونەکان دەگۆڕێت بۆ هەوڵێک کە دەورەدراوە بە نیگەرانی دەربارەی ئاسایشی کار و سەقامگیری بژێوی.
ڕەنگە ڕوونترین نموونە ئەوە بێت کە لە کاتی ڕاپەڕینی تشرینی یەکەمی 2019 لە عێراق ڕوویدا، ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە گەورەیەی کە تەواوی سیستەمی سیاسی هەژاند کاتێک سەندیکاکانی ئێستا نەیانتوانی تەوژمی شەقامەکان بگۆڕن بۆ مانگرتنی کرێکارانی ڕێکخراو کە پرۆسەی بەرهەمهێنان ڕادەگرێت و حکومەت ناچار دەکات وەڵام بداتەوە. چونکە زۆرینەی کرێکارانی ناڕازی فەرمانبەری حکومەت بوون کە ڕاستەوخۆ بە مووچەی دەوڵەتەوە بەستراون و خۆیان ڕووبەڕووی هاوکێشەیەکی ئازاربەخش دەبنەوە: یان ناڕەزایی دەرببڕن و دەرئەنجامە پیشەییەکانی هەڵبگرن، یان بێدەنگ بن و تاکە سەرچاوەی داهاتیان بپارێزن.
له هه رێمی کوردستان ئه م شێوازه به چڕی زیاتر ده رکه وتووه ئێمە شاهیدی شەپۆلی بەردەوامی ناڕەزایی بووین لەسەر دواکەوتنی پێدانی مووچە، بەڵام ئەم خۆپیشاندانانە لەخۆوە و پچڕ پچڕ بوون و نەیانتوانی بگۆڕن بۆ بزووتنەوەیەکی سەندیکای ڕێکخراو و بەردەوام. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە کرێکاری کورد کە لە هەمان کاتدا داوای مافەکانی خۆی دەکات دەزانێت کە ئەوان بەتەواوی پشت بەو حکومەتە دەبەستن کە ناڕەزایی دەردەبڕن و ڕێکخستنی سەربەخۆی سەندیکاکان دەکاتە مەترسییەکی شەخسی کە تاک بە تەنیا بەرگەی بگرێت
ئەم واقیعە پێویستییەکی بەپەلەی بۆ سەندیکاکان دەرخستووە کە وردە وردە هۆشیاری دروست دەکەن کە مافی سەندیکاکان یاخیبوون لە دژی دەوڵەت نییە، بەڵکو گەرەنتییەکە بۆ کەرامەتی کرێکار لە بەرامبەر هەر دەسەڵاتێکدا، و پاراستنی کۆمەڵ وەک بەدیلێکی لاوازی تاک پێشکەش دەکات.
ئەم واقیعە بانگهێشتی چەپ دەکات بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی یەکێتی جیاواز کە تایبەتمەندی ژینگەی کرێنشین لەبەرچاو بگرێت، نەک دووبارەکردنەوەی ئەو مۆدێلانەی کە لە چوارچێوەی ئابووری جیاوازدا لەدایک بوون. ئەم سیاسەتانە پێویستی بە تەرکیز کردنە لەسەر بنیاتنانی وردە وردە هۆشیاری کۆمەڵایەتی کە یەکێتی و مافەکانی جەماوەر دەستبەرداربوون نین کە لەلایەن دەسەڵاتەوە پێدراو و لێی دەکشێنرێنەوە. ئەوان مافێکی سروشتین کە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا گەرەنتی کراوە و بۆ هاووڵاتیبوونی تەواو پێویستە.
هەروەها پێویستیان بە فراوانکردنی چەمکی ڕێکخستن هەیە بۆ داواکردنی شەفافییەت لە دابەشکردنی سامانی بەکرێگیراو و لێپرسینەوە بۆ ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن.

ڕێکخراوە بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان و پرسی سەربەخۆیی
هیچ خوێندنەوەیەک بۆ دیمەنی یەکێتی و پەرتەوازەیی جەماوەری تەواو نابێت بەبێ ئاماژەکردن بە ڕۆڵی ڕێکخراوە بەخشەرە نێودەوڵەتیەکان. دادپەروەری پێویستی بە دانپێدانان بەوە هەیە کە پارەی نێودەوڵەتی و شارەزایی جیهانی یارمەتیدەر بووە لە پاڵپشتیکردنی سەندیکای ڕاستەقینە و مافەکانی مرۆڤ و چالاکی جەماوەری لە قۆناغە جیاجیاکاندا و زۆرێک لە ڕێکخراوەکان سوودیان لەم پاڵپشتییە وەرگرتووە لە بنیاتنانی تواناکانیان و فراوانکردنی ئامادەبوونیان.
لەگەڵ ئەوەشدا لایەنێکی تری ئەم وێنەیە هەیە کە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی ڕاشکاوانە هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بەو ڕێکخراوانەی کە بە حکوومەتە سەرمایەدارەکانی ڕۆژئاواوە بەستراون و لە کۆتاییدا ڕەنگدانەوەی سیاسەت و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی وڵاتەکانیان لە ناوچەکەدا دەکەن.
زۆرێک لەم ڕێکخراوانە پارەی خۆیان بە شێوەیەک ئاراستە کردووە کە خزمەت بە ئەجێندای پەرەپێدانی مۆدێلێکی تایبەتی “کۆمەڵگەی مەدەنی” بکات، مۆدێلێک کە جەخت لەسەر چاکسازی لە سیستەمی چینایەتی ئێستادا دەکات و خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتە ئابوورییە سەرەکییەکان بەدوور دەگرێت، لە کاتێکدا یەکێتییەکان و فیدراسیۆنەکان پەراوێز دەخات بە ئاراستەیەکی چینایەتی ڕوون و کرێکاری ڕادیکاڵ و داواکارییە جەماوەرییەکان.
ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەو رێکخراوانەی کە بۆ خزمەتکردنی پێداویستییەکانی ڕاپۆرت و پرۆژەکان زیاتر لە پێداویستی بنکە جەماوەریەکانیان دیزاین کراون، ئەو رێکخراوانەی کە بە کۆتایی خولی پارەدان کۆتایی دێن و هیچ پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی پتەو لە دوای خۆیان بەجێ ناهێڵن.
لە ئاستێکی قوڵتردا، ئەم شێوازە تەرخانکردنە یارمەتیدەر بووە لە دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ئەولەویاتی خەبات، لەگەڵ سەرچاوە و وزەی مرۆیی کە دەکرا بۆ بنیاتنانی یەکێتیەکی بەهێزی سەربەخۆ و بزووتنەوەیەکی جەماوەری ئاراستە بکرێت لە جیاتی ئەوە بەرەو چالاکی و پڕۆژەی کاتی ئاراستە دەکرێت.
ئەمە هەندێک جار لەگەڵ بەهێزکردنی دیاردەی تاکەکەسی کردن لە سەندیکاکان و رێکخراوەکاندا دەبوو، کە پەیوەندی لەنێوان سەرمایەدار و تاکەکانی دیاریکراو دروست بوو نەک لەنێوان سەرمایەدار و رێکخراوەکە وەک دامەزراوەیەکی کۆمەلایەتی.
ئەمە پێکهاتەی بەشداربووی لاواز کرد و سەرکردایەتی هەندێک ڕێکخراوی کرد بە ئیمتیازاتی شەخسی پەیوەست بە دەستگەیشتن بە تۆڕەکانی دارایی دەرەکی، نەک دەربڕینی متمانەی بنکەی جەماوەری.
ئەمە بانگەوازێک نییە بۆ دوژمنایەتییەکی ڕەها بەرامبەر هەموو هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان. هاوخەباتی نێودەوڵەتی ڕاستەقینە لەگەڵ بزووتنەوەکانی کرێکار، سەندیکا، جەماوەر و فێمینیستی هەیە کە لە لایەن ڕێکخراوەکانی کرێکاری و مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتی سەربەخۆ وەک کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای کرێکارانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ و فێمینیستی بەرجەستە کراوە.
بانگەوازێکە بۆ هۆشیاری ڕەخنەیی چینایەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ بودجەی حکومەتی ڕۆژئاوا و پابەندبوون بەو پرەنسیپە کە ئەولەویاتی یەکێتی و بزووتنەوەی جەماوەری دەبێت لە پێداویستی کرێکاران و خەڵکەوە دەربکەوێت نەک لە هەلومەرجی سەرمایەدارەکانەوە، وە سەربەخۆیی بڕیاردان مەرجێکی بێ گفتوگۆیە بێ گوێدانە بەهای ئەو پارەیەی پێشکەش دەکرێت.

هۆشیاری نوێ و پێویستی دووبارە هەڵسەنگاندن: بەرەو چەپێکی جەماوەری یەکگرتوو
نەبوونی سەندیکا، فیدراسیۆن و رێکخراوی بەهێز و سەربەخۆ چەپی لاواز کردووە بەشێوەیەک کە زیاتر لەوەی کە لە ڕواڵەتدا دەبینرێت. کاتێک ساتەوەختی یەکلاکەرەوە لە مێژووی ناڕەزایی و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکاندا هات، چەپەکان خۆیان لە بۆشاییەکی ڕێکخراویدا دەبیننەوە: هیچ یەکێتیەک نەبوو بتوانێت خۆپیشاندانەکان بگۆڕێت بۆ مانگرتنی ڕێکخراو کە دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا لە بەغدا و هەولێر ناچار بکات وەڵام بدەنەوە، هیچ بزووتنەوەیەکی خوێندکارانی یەکگرتوو بە دەسەڵاتی دامەزراوەیی ڕاستەقینە و هیچ ڕێکخراوێکی فێمینیستی کاریگەر نەبوو کە بتوانێت تووڕەیی جەماوەری بگۆڕێت بۆ داواکاری بەردەوام. لە جیاتی هەموو ئەمانە، دەیان ڕێکخراوی بچووکی ڕکابەر لەگەڵ هەماهەنگی سنووردار و ناکۆکی ڕێکخراوەیی دووبارەبووەوە.
دەیان ساڵی ڕابردوو گۆڕانکاری بنەڕەتی لە شێوازی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی خەڵک بەخۆوە بینیوە کە هیچ هێزێکی سیاسی جددی ناتوانێت پشتگوێی بخات. شۆڕشی دیجیتاڵی نەخشەی هێز و کاریگەری کێشایەوە و تۆڕە ئاسۆییەکان و دەستپێشخەرییە سەربەخۆکان توانای بەدەستهێنانی بەرفراوانی مەیدانی لە کاتێکی پێوانەیی دا دا. بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکان، لە گۆڕەپانەکانی عێراقەوە تا بزووتنەوەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری جیهاندا، نیشانیان داوە کە ڕێکخستنی ئاسۆیی نەرم توانای بەرهەمهێنانی وزەیەکی گەورەی هەیە کە پێکهاتە زۆر مەرکەزییەکان ناتوانن بەراوردی بکەن.
بۆ ئەمە دەبێت گۆڕانێکی قووڵ لە سیستەمی بەهای نەوەکانی نوێ زیاد بکرێت بەرەو پلۆرالیزمی ڕۆشنبیری و شەفافییەت و ڕەتکردنەوەی مەرکەزییەتی زیادەڕەوی. گەنجانی ئەمڕۆ لە کەلتوورێکدا گەورە بوون کە دەستگەیشتنی دەستبەجێ بە چەندین سەرچاوەی زانیاری هەیە، توانای ڕەخنەیی و بەراوردکاریی بەرزیان هەیە، و شەفافییەت لە بڕیاردان و بەرپرسیارێتی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکان وەک مەرجی سەرەکی بۆ بەخشینی متمانە بە هەر رێکخراوێک دادەنێن.
هەروەها ئێمە شاهیدی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بووین لە مۆدێلەکانی سەرکردایەتی بەشداربووی بەکۆمەڵ. ئەزموونی سەرکەوتوو لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکاندا ئەوە دەردەخات کە سەرکردایەتی دابەشکراو لە نێو گروپەکاندا دەردەکەوێت بەردەوام و کەمتر لاوازە لە مۆدێلی سەرکردایەتی تەوەرەیی تاکەکەسی.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم هەموو گۆڕانکارییانە بەیەکەوە، خەڵک بەتایبەتی کچان و کوڕانی گەنج لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان چیتر متمانەیان بە سەندیکاکان و ڕێکخراوەکانی سەر بە پارتەکان نەماوە. ئەوان شێوەی ئاسۆیی ڕێکخستن و دەستپێشخەری سەربەخۆیان پێ باشترە کە ڕێز لە سەربەخۆیی ڕۆشنبیرییان بگرێت، ڕێگە بە بەشداری ڕاستەقینە بدات لە بڕیارداندا، و تێکەڵ بە هەمەچەشنی وەک سەروەت و سامانێک نەک بارگرانی.
بەشێکی زۆر لە گەشەسەندن، بەتایبەتی لە نێو گەنجاندا، ناڕەحەتی خۆیان نیشان دەدەن لە کاری تەقلیدی حزبی. ئەم دیاردەیە شایەنی بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوەی جدییە بۆ تێگەیشتن لە ڕەگەکانی و شیکردنەوەی وردی نەک بە ڕەتکردنەوە و ئیدانە کردن ڕووبەڕوویان ببنەوە و ئەمەش پێویستی پەرەپێدانی فۆرمی ڕێکخراوەیی دیموکراتی و کۆمەلایەتی و نەرمتر بەسەر چەپدا دەسەپێنێت
ئەم لۆژیکە نوێیە لەوانەیە دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ نوێکردنەوەی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی و فراوانکردنی بنکەی کۆمەڵایەتی لەبەردەم چەپدا بڕەخسێنێت. هەڵبژاردن چیتر لەنێوان بنیاتنانی ڕووکەشێکی دڵسۆز یان وازهێنان لە کاری جەماوەری نییە. لەنێوان بەردەوامبوون لە پەرتەوازەیی یان گواستنەوەیە بەرەو بنیاتنان و پشتگیری یەکێتی و فیدراسیۆنە پێشکەوتووەکانی سەربەخۆی بەهێز کە تیایدا تاکەکانی چەپ لە هەموو ئاراستەیەکەوە پێکەوە کار دەکەن.
ڕێگای یەکگرتنی ڕاستەقینە لەسەر زەوی بە دوو ڕێڕەوی تەواوکەردا تێدەپەڕێت کە هیچکامیان بەبێ ئەوی تریان ناتوانن بوەستێنرێن:
یەکەم تراک: یەکێتی و کاری جەماوەری. بەشداری بەکۆمەڵ لە بنیاتنانی سەندیکای کرێکارانی پێشکەوتووخوازی بەهێز و فیدراسیۆن و ڕێکخراوە جەماوەریەکان کە هەمووان کۆدەکاتەوە بێ گوێدانە ئینتیمای ڕۆشنبیری و نەتەوەیی و ئایینی لە دەوری بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و داخوازییە گرنگەکانیان. لەناو ئەم ڕێکخراوە سەربەخۆیانەدا، کەسانی چەپ دەتوانن باشترین ئەو شتانە پێشکەش بکەن کە هەیانە: بەهاکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هاوپشتی و تێکۆشان بۆ کەرامەتی و یەکسانی مرۆڤ.
ڕێڕەوی دووەم: کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی. هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەسەر ئاستی پارتی و سیاسی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی هەمەجۆر، لەسەر ئاستی وڵات یان پارێزگاکان یان لە دەوری داواکاری دیاریکراو، وەک هەنگاوی وردە وردە بەرەو بنیاتنانی چوارچێوەیەکی چەپی پێشکەوتووخواز فراوان و یەکگرتوو و فرە پلاتفۆرم کە هەموو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لەپاڵ سەندیکاکان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان و بزووتنەوە جەماوەرییەکان بەپێی خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوەی هەنووکەیی بگرێتەوە. گۆڕینی بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستی بەکۆکردنەوەی هەموو ئەو وزانە هەیە لەپڕۆژەیەکی یەکگرتوودا
شایانی جەختکردنەوەیە کە ئەم وتارە بانگەشەی ئەوە ناکات کە نەخشەڕێگایەکی ئامادە یان ڕەچەتەیەکی تەواوی ڕێکخراوەیی پێشکەش دەکات. هەنگاوە پراکتیکییەکان، میکانیزمەکانی دەستپێکردن و وردەکارییەکانی جێبەجێکردن لە بوارە جیاوازەکاندا لە بنەڕەتدا بابەتێکن کە پێویستی بە دیالۆگێکی کراوەی کۆمەلایەتی لە نێوان هێزە چەپەکان، بزووتنەوەی سەندیکاکان و خودی ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا هەیە.
مەبەستی سەرەکی ئەم خوێندنەوەیە هاندانی ئەم دیالۆگە و پەروەردەکردنی بە پرسیاری جددییە، بەو هیوایەی ببێتە هۆی گفتوگۆیەکی ڕۆشنبیری و پراکتیکی کە یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی دیدگاکە و بنیاتنانی وەڵامی هاوبەش.
ئەمە مانای کاری جەماوەری ڕاستەقینەیە لە سەردەمی ئێمەدا: خزمەتکردنی کرێکارانی دەست و مێشک، بنیاتنان و یەکخستنی دەسەڵاتیان، و بەشداریکردن لە گۆڕینی ژیانیان بۆ باشتر، و بەرجەستەکردنی بەهاکانی چەپ لە پراکتیکی ڕۆژانەدا نەک تەنها لە گوتاری سیاسیدا.
هێزی ڕاستەقینەی چەپ تەنها لە پێشنیارە ڕۆشنبیری و پێگە سیاسیەکانیدا نییە، بەڵکو لە توانای دامەزراندنی دامەزراوە سەربەخۆکان، دوور مەودا، پێشکەوتووخوازانە، کە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا ڕەگ و ڕیشەیان داکوتاوە و توانای بەرگری لە بەرژەوەندییەکان و مافەکانیان و گۆڕینی وزە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ هێزێکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕان هەیە کە ڕێگە بەرەو ئەلتەرناتیڤی سۆسیالیستی دەکاتەوە.


. سەرچاوەکان
ئەزموونی سەندیکای کرێکاران
[1] تونس: ڕۆڵی یەکێتی کرێکارانی گشتی تونس (UGTT) لە شۆڕشی 2011 و گواستنەوەی دیموکراسی https://internationalviewpoint.org/spip.php?article5575
[2] ئەفریقای باشوور: پێکهێنانی COSATU و ڕۆڵی لە تێکۆشانی دژی ئاپارتاید https://sahistory.org.za/article/congress-south-african-trade-unions-cosatu
[3] بەرازیل: بزووتنەوەی سەندیکای کرێکارانی سەربەخۆ و پێکهێنانی پارتی کرێکاران https://en.wikipedia.org/wiki/Workers%27_Party_%28Brazil%29
[4] هیندستان: مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری و پەیوەندییەکەی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی https://thelaw.institute/introduction-to-law/india-labour-movement-historical-overview/
[5] دانیمارک: کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی دانمارک https://en.wikipedia.org/wiki/Danish_Trade_Union_Confederation
ئابووری بەکرێگیراوی عێراق
[6] سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، راوێژکاری ماددەی چوارەم سەبارەت بە عێراق 2025 https://www.imf.org/en/news/articles/2025/07/08/pr-25243-iraq-imf-executive-board-concludes-2025-article-iv-consultation
[7] سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕاپۆرتی عێراق 2024 https://www.imf.org/en/news/articles/2025/05/15/mcs-iraq-concluding-statement-of-the-2025-imf-article-iv-mission


وتارەکە لە هەمان کاتدا بە زمانی ئینگلیزی لە ماڵپەڕی چەپی جیهانی ZNetwork بڵاوکرایەوە کە وەرگێڕدراوە و بە دەیان زمان بەردەستە کە لەلایەن ماڵپەڕەکەوە پشتگیری دەکرێن.
https://znetwork.org/znetarticle/the-left-trade-unions-and-mass-organizations




پێشەکییەک بۆ ئابووری مارکسیستی.. بەشی سێیەم و کۆتایی.. رەوتی نێودەوڵەتی بەلشەفی

بەشی سێیەم و کۆتایی
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: گۆران عەبدوڵڵا

قەیرانەکان لە تیۆریدا
قەیرانەکان شێوەی خولگەیی وەردەگرن (واتە لە خولەکانی گەشەو وەستاندا لە ماوەی مامناوەنددا) ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر سیستمەکە. دەتوانین بڵێین سیستەمەکە لە قەیراندایە: ئەویش مێژووییە. بۆ ئەوەی لە قەیرانەکان تێبگەین، پێویستە لەوبارەوە بگەڕێینەوە بۆ مارکس.

با بگەڕێینەوە سەر کاڵا کە دەتوانرێت بەهاکەی دابەش بکرێت بۆ سێ پێکهاتە، c + v + s، .

C سەرمایەی بەردەوام: (constant capital)
ئاماژەیە بۆ بەهای هەموو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و توخمەکانی تر کە کاری بەرهەمداری پێویسنە بۆ دروستکردنی بەها.
V سەرمایەی گۆڕاو: (variable capital)
ئاماژەیە بۆ بەهای کرێی کرێکارانی بەرهەمدار.
S زێدەبایی: (surplus value)
ئاماژەیە بۆ بەهای بەرهەمی زیادە.

بەها لە بەرهەمهێناندا دروست دەبێت بەڵام لە ڕێگەی میکانیزمی جۆراوجۆرەوە دابەش دەکرێت بۆ سەرمایەی بێ بەرهەم لە ڕیکلام، گواستنەوە، دەوڵەت و دارایی. دەتوانرێت هەموو بەها لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا سەر بە یەکێک لە سێ پۆلەکە بناسرێت.

مارکس سەرمایەی نەگۆڕ وەک مردوو (یان ڕابردوو) وە سەرمایەی گۆڕاوی وەک کاری “زیندوو” ناساند. ئەو بەهایەی کە سەرمایەی نەگۆڕ بەشداری لە کاڵاکەدا دەکات جێگیرە (هەر لێرەوەیە “نەگۆڕە”)، بەڵام کاری زیندوو کە کاریگەری لەسەر گواستنەوەی بەهای سەرمایەی بەردەوام (نەگۆڕ) بۆ سەر کاڵاکە بەهای نوێ دروست دەکات هەم بە جێگرتنەوەی بەهای هێزی کار و هەم بە بەرهەمهێنانی زێدەبایی (کە سەرمایەدارەکان یان بۆ بەکارهێنان یان وەبەرهێنانەوە لە بەرهەمهێنانی فراوانکراودا بەکاری دەهێنن). هێزی کار خوێنی ژیانی سیستمە.

کێبڕکێی نێوان سەرمایەداران، هەروەها دژایەتییەکانی نێوان سەرمایەدار و کرێکاران، سەرمایەدارەکان بەرەو زۆرترین قازانج دەبات بە دابەزاندنی تێچووی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای پاشەکەوتکردنی کار و جێگرتنەوەیان. بۆ نموونە بە ئۆتۆماتیکیکردن، کۆمپیوتەر، تەکنیکە کاراترەکان و هتد. بە واتایەکی تر، سەرمایەداری مەیلی کەمکردنەوەی ڕۆڵی کرێکاری زیندووی هەیە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا.

ئەمە لە خۆیەوە شتێکی باش دەبێت، بەو پێیەی ئەم پەرەسەندنەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان بنەمای کارکردنی کەمتر دادەنێت کە لە نێوان هەمان ژمارەی خەڵکدا دابەش بکرێت. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخە کۆمەڵایەتییە نامۆکانی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، بە مانای قەیران و بێکاری و ئیستغلالکردنی زیاتر دێت.

لە ڕاستیدا بەلای (مارکس) ەوە دەتوانرێت ئیستغلالکردنی کار بپێورێت: ڕێژەی بەهای زیادە (s/v) بە ڕێژەی ئیستغلالیش ناسراوە، بەو پێیەی ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە چەندە زێدەبایی بەرهەمدێت بە بەراورد بە سەرمایەی گۆڕاو (کرێی کرێکارانی بەرهەمدار).

دەستکردن بە جێگررتنەوەی کرێکار بە ئامێر لە سەرمایەداریدا کێشەیەکی دیکەی قووڵتر دروست دەکات، کێشەیەک کە ڕەنگدانەوەی سیمایەکی تادێت ناعەقڵانی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانە. وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا و بەرزبوونەوەی “پێکهاتەی تەکنیکی سەرمایە” ڕێژەیەکی گۆڕاو لە دابەشبوونی بەهای کاڵاکەدا بەدەست دەهێنێت، چونکە “C” قورسایی زیاتری خۆی دەگرێتە ئەستۆ. مەیلێک هەیە بۆ ئەوەی کە مارکس ناوی بردووە بە پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە ( Organic Composition of Capital)، c/(v+s) بەرزبێتەوە. دەتوانین بیر لە OCC بکەینەوە کە باڵابونی کاری “مردوو” وە لە ئامێرەکان و شتەکانی تردا بەسەر کاری “زیندوو”دا.

گرنگە ئەوە بزانین کە پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە (OCC) بۆ کۆمپانیای تاکەکەس جیاوازە لەگەڵ ئابوورییەکە بە گشتی.
سەرمایەداران بە ڕاستەوخۆ سوودی کرێکارەکانی خۆیان وەرناگرن. لە بەرهەمهێنانەوە پرۆسەیەک هەیە کە وادەکات ئەو کۆمپانیایانەی تەکنەلۆژیای زیاتریان بەکارهێناوە (یانی پێکهاتەی ئۆرگانیکیان بەرزترە)، بەشێکی زیاتری سوودە گشتییەکە بەدەست بهێنن.
بەم هۆیەش، هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان پارە بخەنە تەکنەلۆژیای نوێ کە کرێکاری کەمتر پێویستە.

ئەم کێشەیە لە ئاستی گشتی ئابووری (ماکرۆ)دا دروست دەبێت.
ئەگەر هەموو شتێک وەک خۆی بمێنێتەوە، بەرزبوونەوەی پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە (OCC) وادەکات ڕێژەی قازانج بە شێوەیەکی گشتی دابەزێت.
ئەم ڕێژەی قازانجە بریتییە لە: سوود (زیادەبایی) / (سەرمایەی بەردەوام + سەرمایەی گۆڕاو) یانی بڕی سوودەکە بە بەراورد لەگەڵ سەرجەم ئەو پارەیەی سەرمایەدارەکە خەرجی کردووە.
هەرچەندە زیادبوونی سوودی کرێکاران دەتوانێت قازانج بەرز بکاتەوە، بەڵام بە گشتی ئابووری بەرەو دابەزینی ڕێژەی قازانج دەڕوات.
ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، چونکە ڕێژەی قازانج ئەو هێزەیە کە وادەکات سەرمایەداران وەبەرهێنان بکەن.

ئەگەر ڕێژەی قازانج دابەزێت، سەرمایەداران کەمتر وەبەرهێنان دەکەن لە بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە.
لەبری ئەوە، یان پارەکەیان دەخەنە کاروباری نا بەرهەمهێن (کە هیچ بەرهەمێکی نوێ دروست ناکات)، یان پارەکەیان دادەنێن و چاوەڕێی باشتربوون دەکەن.
کەمبوونەوەی وەبەرهێنان کاریگەرییەکی زنجیرەیی هەیە:
• دەبێتە هۆی دەرکردنی کرێکاران (لەکارخستن)
• زۆر کۆمپانیا دەکەون و دادەخرێن
• چونکە کرێکاران کەمتر دەتوانن کاڵا و خزمەتگوزاری بکڕن.
لە ئەنجامدا، بەشێک لە سەرمایەی بەردەوام (ماشێن، کارگە…) بەهای خۆی لەدەست دەدات. ئەمەش وادەکات پێکهاتەی ئۆرگانیک (OCC) دابەزێت.
کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ڕێژەی قازانج دەست دەکات بە بەرزبوونەوە و سەرمایەداران دووبارە وەبەرهێنان دەکەن.
بە گشتی، ئەم پرۆسەیە هۆکاری سەرەکیی بازنەی بەرز و دابەزین (boom and bust)ـە کە هەموو ئابووریناسان دەیناسن.

قەیرانە خولییەکان بە شێوەیەکی گشتی ئەو شتانەن کە ئێمە پێی دەڵێین پاشەکشە یان وەستان، هەرچەندە دەتوانن گرژبوونی توندتر (واتە کەساد) خێراتر بکەن بەپێی ئەوەی کە چۆن پەیوەندییان بە ڕەوتە درێژخایەنەکانەوە هەیە لە ڕێژەی قازانج و پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە. خولەکان لەگەڵ هەردوو ماوەی درێژخایەنی فراوانبوون و دابەزین بوونیان هەیە.

سیستەمەکە بۆ ئەوەی خۆی نەخنکێنێت و نەوەستێت، هەوڵ دەدات چەند ڕێگەیەک بەکاربهێنێت کە مارکس پێی دەڵێت “هێزە دژەکان” (countervailing tendencies).
نموونەی ئەم ڕێگایانە:
• وەبەرهێنان لە وڵاتانی تر
• زیادکردنی بەرهەمهێنانی کرێکاران بەبێ کڕینی ماشێنی نوێ (بۆ نموونە: درێژکردنەوەی سەعاتی کار)
• کەمکردنەوەی بەهای سەرمایەی بەردەوام (بە فرۆشتنی زۆر هەرزان یان داخستنی کۆمپانیاکان لە کاتی قەیراندا)
بەڵام ئەم چارەسەریانە سنووردارن.
بە گشتی، ڕێژەی قازانج بەردەوام دادەبەزێت و قەیرانەکان خراپتر دەبن. لە ئەنجامدا سیستەمەکە خاو دەبێتەوە و بەردەوام پارەی زیاتر دەچێتە ناو کاروباری نا بەرهەمهێن هەندێک جار تەواو ساختە و ساختەکاری.

قەیرانەکان لە مێژوودا
شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە چارەکی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە لە دۆخێکی داکشانی مێژووییدایە. ئەوە بەو مانایە نییە کە سیستەمەکە بە درێژایی کاتەکە لە قەیرانی تونددا بووە. بە پێچەوانەوە قۆناغەکانی گەشەکردن و فراوانبوونی چڕ و پڕی هێزە بەرهەمهێنەرەکان هەبووە. بەڵام ئەو گەشەکردنە بە تێچووی گەورە هاتۆتە ئاراوە کە بەهۆی ناعەقڵانییەتی سیستەمی سەرمایەدارییەوە دروست بووە. بە وەلانانی پرسی ئاشکرای کاریگەرییەکان لەسەر ژینگەی سروشتی، ئەو گەشەکردنەی کە سەرمایەداری توانیویەتی بەدەستی بهێنێت، بە وێرانکارییەکی بەرفراوان بووەتە مومکین.

با بگەڕێینەوە سەر جیاوازییەکە لە نێوان قەیرانەکانی کورتخایەن (Recession) و قەیرانەکانی درێژخایەن (Depression).
• Recession (قەیرانی کورتخایەن): ئەو دابەزینانەی مامناوەندی بازنەیی کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا چارەسەر دەبن. ئابووریناسانی سەرمایەداری بەم ناوە ناویان دەبەن ئەو دابەزینانەی GDP کە بۆ ماوەی لانیکەم دوو چارەکی ساڵێک بەردەوام دەبێت، بەڵام زۆرترین چەند ساڵێک دەخایەنێت.
• Depression (قەیرانی گەورە و درێژخایەن): قەیرانەکانی توندتر، کەمتر ڕوودەدەن و زۆر درێژترن. پێش گرانییە گەورەکەی ساڵانی ١٩٣٠، هەموو دابەزینێکیان بە “depression” ناودەبرد. ئێستا بەو قەیرانانە دەڵێن کە زیاتر لە سێ ساڵ بەردەوام دەبن یان GDP بە ڕێژەی ١٠٪ یان زیاتر دابەزێت.
ئابووریناسی مارکیستی مایکڵ ڕۆبێرتس لە کتێبەکەی بە ناوی “The Long Depression”، بە باشی ڕوونی کردووەتەوە کە مێژووی ئەم قەیرانە گەورانە چۆن بووە، بە بەکارهێنانی تیۆری بەها (value theory).
مایکڵ ڕۆبێرتس دەڵێت: جیاوازییەکەی ئابووریناسانی سەرمایەداری کێشەیەکی گەورەی هەیە، چونکە گرنگیی ئەوە نادات کە چەند کات دەخایەنێت بۆ گەڕانەوەی ئابووری. قەیرانەکانی Depression دەتوانن ١٠ ساڵ یان زیاتر بخایەنێت بۆ گەڕانەوەی ئاسایی، بەڵام Recession زۆر خێراتر چارەسەر دەبن.

بەم بیرکردنەوەیەوە، مایکڵ ڕۆبێرتس سێ قەیرانی گەورە (Depression) لە مێژووی سەرمایەداری جیهانیدا دیاری دەکات:
• ١٨٧٣ – ١٨٩٧
• ١٩٢٩ – ١٩٣٩
• ٢٠٠٨ – ؟ (هێشتا بەردەوامە)
لە ناوەندی هەر یەکێک لەم قەیرانە گەورانەدا، بەرزبونەوە و دابەزین هەبووە (واتە ماوەیەک گەشە و قەیرانی کورتخایەن)، بەڵام بە گشتی گەشەی ئابووری لە ئاستی خوارەوە بووە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی پێش قەیرانەکە.
لە نێوان ئەم قەیرانە گەورانەدا، گەشەی ئابووری بەهێزتر و باشتر بووە.
ڕۆبێرتس بە وردی دەڵێت: ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ڕێژەی سوود (زیادەبایی)، پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە و ڕێژەی قازانج دا ڕوودەدەن — کە مارکس باسی کردووە — زۆر بەهێزن بۆ تێگەیشتن لە مێژووی ڕاستەقینەی قەیرانەکانی سەرمایەداری.
ئەم قەیرانانە دەتوانرێت بە هۆکارێکی جیاواز دەست پێ بکەن، وەک دڵەڕاوکێی دارایی، بڵقی کاڵاکان، کارەساتی سروشتی و هەروەها قەیرانی تەندروستی گشتی (وەک کۆڤید).
زۆرێکمان قەیرانی گەورەی ساڵانی ١٩٣٠ دەزانین. لیبڕاڵەکان دەڵێن سیاسەتەکانی کینز (سیاسەتەکانی ڕۆزڤێلت) ئابووریان دەرهێنا لە قەیران. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە قەیرانی گەورەی ١٩٣٠ بە بەکارهێنانی پیشەسازی بۆ جەنگی جیهانی دووەم کۆتایی هات.
هەروەها، بنەمای گەشەی دوای جەنگی جیهانی دووەم ئەوە بوو کە زۆرێکی زۆری سەرمایەی فیزیکی لە جەنگدا وێران ببوو، بە تایبەت هەموو پیشەسازییەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی گەورە وێران بوون. ئەمەش وایکرد پێکهاتەی ئۆرگانیکی سەرمایە بە شێوەیەکی گەورە دابەزێت.

لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەمریکا ٥٠%ی بەرهەمی پیشەسازی جیهانی بەرهەمدەهێنا. سێ دەیەی دواتریش بەهۆی باڵادەستی ئیمپریالیزمی ئەمریکاوە لە قاڵب درا، لە گرتنە بەری سیاسەتێکی تردا ڕێگەی بە ڕکابەرەکانی دا لە ئەڵمانیا و ژاپۆن بۆ چاکبوونەوە و گەشەکردن بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی حیساباتی جیۆسیاسی لە چوارچێوەی شەڕی سارددا لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتدا.

بووژانەوەی دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆتایی هات. بوژانەوەی ئابووری دوای خراپیی ئابووری و جەنگی دووەمی جیهانی پەیوەست بوو بە بوژانەوەی ڕێژەی قازانج، هەرچەندە ئەمەی دووەمیان لە ڕاستیدا لە ساڵانی ١٩٥٠دا دەستی بە دابەزینێکی پلە بە پلەکرد. ئەوە دابەزینی ڕێژەی قازانج بوو لە ماوەی دە ساڵ یان دە ساڵ و نیوێکی داهاتوودا کە زەمینەی بۆ ناڕەحەتی ساڵانی حەفتاکان دانا. مۆرای سمیس- Murray Smith- لە چاپی دووەمی کتێبە باشەکەیدا بەناوی Invisible Leviathan ، سەیری بەشدارییە تیۆری و ئەزموونییەکانی ئابووریناسانی مارکسیست (بە خۆشیەوە) دەکات سەبارەت بە ئابووری ئەمریکا لە ساڵانی ١٩٥٠ وە تا ئەمڕۆ. سمیس نیشانی دەدات کە چۆن بەرزبوونەوەی OCC بووە هۆی دابەزینێکی گەورەی ڕێژەی قازانج لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ و هەشتاکاندا.

ڕێژەی قازانج لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ساڵی ٢٠٠٧ بەرزبووەوە، واتە تەنها پێش “پاشکەوتنی گەورە” کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی پێکرد. وەک سمیس ئاماژەی پێدەکات، بەرزبوونەوەی ڕێژەی قازانج (کە بە بەکارهێنانی پێوەرە فەرمییەکان حیسابی بۆ کراوە) لە ماوەی ئەو چارەک سەدەیەدا نەک تەنها لەسەر بنەمای بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەهای زیادە بووە (ئەمە قۆناغێکی هێرشی نیولیبراڵ بوو بۆ سەر چینی کرێکار) بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوەش بووە تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر قازانجی خەیاڵی – سەرمایە زیاتر و زیاتر هەڵهات بۆ ناو وۆڵ ستریت و مامەڵە داراییەکانی ئاڵۆزی و دابڕان لە “ئابووری ڕاستەقینە”.

بەم شێوەیە ئەو بچووکبوونەوەیەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی پێکرد لە ئاستێکی تاڕادەیەک نزمدا لە ڕووی ڕاستەقینەوە دەستی پێکرد، بە کەرتی دارایی ئاوساو، قەرزی گشتی و تایبەت (واتە داواکاری لەسەر بەهای داهاتوو) و ئەو قازانجە خەیاڵیانەی کە بەستراوەتەوە بەو قەرزەوە. لەو حاڵەتەدا، ئەوە تەقینی بڵقی خانووبەرە بوو لە ئەمریکا، کە بنەمای خانووی کارتۆنی بە سەرمایەی خەیاڵی کە بوو بەهۆکاری داڕمانی ئابووری.

سمیس ئاماژە بەوە دەکات “کە قەیرانی سەرمایەداری جیهانی کە لە ساڵی ٢٠٠٧-٢٠٠٨سەریهەڵدا، دەگەڕێتەوە بۆ کێشە بەردەوامەکانی قازانجکردنی سەرمایەی بەرهەمدار، ئەم کێشانە لە ڕیشەی دیاردەی ‘داراییکردن’ و قەیرانەکانی قەرزدان کە ئێستا سیستەمی جیهانی ناسەقامگیر دەکات .” هەروەها دەڵێت: ” ئەستەمە قەیرانی ئابووری جیهانی بەبێ هێرشی زۆر دڕندانەتر بۆ سەر کرێکاران لەلایەن سەرمایەوە تێپەڕێنرێت وەک لەوانەی کە تایبەتمەندی سەردەمی نیولیبراڵی پێش ٢٠٠٨ بوون.”

سۆسیالیزم

ئێمە ئەمڕۆ لە ناوەڕاستی قەیرانێکی گەورەی جیهانیداین. تەنانەت پێش قەیرانی کۆرۆناش، پێدەچێت لە چوارچێوەی دابەزینی بەرفراوانتردا بەرەو خوارتر بڕۆین. ئەو دابەزینە ئێستا واقیعێکە: دەیان ملیۆن کەس لە کارەکانیان بێبەشکراون. وەڵامی حکومەتەکان بۆ ئەو قەیرانە کە بە تایبەتی لە ئەمریکادا بەرچاو کەوتووە، ڕزگارکردنی کۆمپانیاکان بووە و پشتیوانییەکی کەم بۆ کرێکاران. دەوڵەتە سەرمایەدارەکان کەرتی دارایی بەهێزتر دەکەن لەکاتێکدا قەرزەکان کۆدەکەنەوە، ئەمەش زەمینە بۆ شەپۆلێکی دڕندەتر لە هێرشکردنە سەر چینی کرێکار دادەڕێژێت، سەرەڕای ئەو قسە و باسانەی ئێستا ( تاڕادەیەکی زۆر بەتاڵن) سەبارەت بە گرنگیدان بە خەڵک. ئێمە نەک ئاسۆی “مامەڵەی نوێ” (“سەوز” یان شتێکی تر)، بەڵکو لەبەردەم بێکاریی بەکۆمەڵ و سیاسەتی austerity-دەستگرتنەوە دەڕۆین.
هەموو ئەمانە مانای چییە؟ چی دەکات بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بێت لە تێگەیشتن و بەرەنگاربوونەوەی سەرمایەداری؟ چی دەکات بۆ داڕشتنی شەڕی سۆسیالیزم؟

“ئابووری” مارکسیستی یارمەتیمان دەدات لە دژایەتییەکانی سەرمایەداری و بناغەکەی لە ئیستغلالکردن و نەوەی قەیرانەکانی تێبگەین. بەڵام سیستەمەکە بە سادەیی و لەسەر خۆی ناڕوخێت. سەرمایەداری هەمیشە ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لە قەیران دەدۆزێتەوە، تەنانەت لەو کاتانەیش کە قەیرانەکان توندتریشدەبن. ڕێگایەکی دەربازبوون دەدۆزێتەوە ئەوەش لەڕێگەی ئیستغلالکردنی کرێکارانەوە، بە بەکارهێنانی دەوڵەت بۆ گواستنەوەی سامان لە چینی کرێکارەوە بۆ چینی سەرمایەداری (لەوانەش چینە مشەخۆرەکانی سەرمایەی دارایی، بیمە و هتد)، بە بردنە پێشەوەی شەڕی بازرگانی و… لە کۆتاییدا شەڕکردن بە چەک.

بەڵام مارکسیزم هاوکارمانە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی ڕزگاربوون لە سەرمایەداری. کلیلەکە چینی کرێکاری نێودەوڵەتییە. مارکسیستەکان هەوڵ دەدەن لەهۆشیاری ئێمە لە سەرمایەداری کەڵک وەربگرن بۆ یارمەتیدان لە بنیاتنانی حیزبێکی شۆڕشگێڕ کە بتوانێت پشتیوانی لای چینی کرێکار بەدەست بهێنێت و پەروەردەی بکات لە ئەرکە مێژووییەکەیدا کە گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە بە سۆسیالیزم.

https://bolshevik.org/statements/ibt_20201019_marxist_economics.html

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کلیکی ئێرەبکەن..

بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم کلیکی ئێرەبکەن..




پەیوەندی ئێران بە روسیا و چینەوە.. عوسمانی حاجی مارف

بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی روسیا و چین و سەبارەت بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، پێش هەموشتێ پێویستە لەوە تێبگەین کە روسیا و چین، وەک بەشێک لە ململانێیەکی گەورەتر لەسەر داڕشتنی نەزمی جیهانی سەیری شەڕەکە دەکەن. لە ئێستادا جیهان لەڕێڕەوی ئاراستەی گواستنەوە و کۆتاییهێنانە بە سیستەمێکی یەک جەمسەری، کە ئەمریکا لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە بەرجەستەی کردووە، ئەو ئاراستەیە بۆ سیستەمێکی نێودەوڵەتی فرە جەمسەری، کە لەلایەن ململانێی زلهێزە سەرهەڵداوەکانەوە خەریکە دەچەسپێنرێت.
لەئەنجامدا تێوەگلانی هەر قەیرانێک، کە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەو ڕوی دەبێتەوە، دەرفەتی ستراتیژی بۆ روسیاو چین دەڕەخسێنێت. سەرەڕای ئەوەش، شەڕی بەردەوام نیگەرانی ڕوسیا و چین دەوروژێنێت، سەبارەت بەوەی کە ئەو قەیرانانە دەتوانێت، شەپۆلی ناسەقامگیری لە سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرچێت و بەجیهاندا بڵاو بێتەوە، وەک داخستنی گەرووی هورمز.لە لایەکی ترەوە پەیوەندی نێوان چین و روسیا لە گەڵ ئێران، لەسەر بەرژەوەندی بازرگانی و ئابووری و هاوسەنگکردنی نفوزی ئەمریکا، لە ناوچەکەدا بنیات نراوە.هەروەها هەرکام لە روسیا و چین، ئەولەویەتی تریان هەیە کە ئێران ناگرێتەوە. چین گرنگی بە پرسی تر لەبەرامبەر ئەمریکادا ئەدا، دیارترینیان دەریای باشووری چین و تایوانە، کە وەک هەڕەشە لەبەرامبەر ئەمریکادا مامەڵەی دەکات، لەلایەکی ترەوە ڕوسیا بە پلەی یەکەم، سەرنجی لەسەر ئۆکرانیایە کە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپایە و زاڵبوونە بەسەر دەریای ڕەشدا.
بەشداریکردنی ئەمریکا لە ململانێیەکی درێژخایەندا بەرامبەر زلهێزەکان، لە ئەنجامدا نوێنەرایەتی پێگەیەکی بەرەو پاشەکشە دەکات، لە دابەزینی ڕۆڵی ئەمریکا لە ئاستی جیهاندا، کە لەو حاڵەتەدا پەکین دەتوانێت خۆی وەک هێزێکی هاوسەنگی ئابووری و پیشەسازی، کۆنترۆڵی بازاڕی جیهان پیشان بدات، لەژێر ڕۆشنایی ئەگەری شکستی ئابووری ئەمریکا لە شەڕەکە و لە قەیرانەکاندا. بەڵام ئەوەش نابێت لە بیر بکەین، لەهەمانکاتدا درێژەی شەڕەکەو داخستنی هورمز هەڕەشە لە ئاسایشی وزەی چین و پڕۆژە ئابووریە زەبەلاحەکانی دەکات لە ناوچەکەدا، کە پەیوەندیان بە دەستپێشخەری پرۆژەی گەشەپێدان و ڕێگاوبانەوە هەیە، بەوپێیەی ڕێڕەوی دەریایی لە کەنداو نوێنەرایەتی خوێنبەرە سەرەکییەکانی بازرگانی جیهانی دەکات، کە بە خێرایی ڕەنگدانەوەی لەسەر ئابووری چین دەبێت.
سەبارەت بە ڕوسیا، لە کاتێکدا سەرقاڵبونی ئەمریکا بە شەڕ، پێگەی مۆسکۆ لە قەیرانی ئۆکرانیا و ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستی هێناوە بەهێزتر دەکات. لە کاتێکدا ئەمریکا سەرقاڵی شەڕە لە بەرامبەر ئێراندا، پێگەی مۆسکۆ لە قەیرانی ئۆکرانیادا بە‌هێز دەبێت، بەجیا لەوەی پەیوەندی ناتۆ و ئەمریکا لاواز دەبێت، لە هەمانکاتدا شەڕی ئەمریکاو ئێران و کاردانەوەکانی سەبارەت بە پەکخستنی بازاڕەکانی وزەی جیهانی دەبێتە هۆی دەستکەوتی ئابووری بەرچاو بۆ ڕوسیا. ئاشکرایە کە شەڕەکە بەرژەوەندیەکان لە ناوچەکەدا تێکدەدات، لە هەمانکاتدا ڕەنگە پاڵ بە ئابووریە گەورەکانەوە بنێ بۆ خێراترکردنی گواستنەوەیان لە سەرچاوە تەقلیدیەکانی وزە، ئەمەش لە درێژخایەندا زیان بە بەرژەوەندیەکانی ڕوسیا دەگەیەنێت.
قەیرانی درێژخایەنی ئەمریکا، ڕۆڵی چین و ڕوسیا گرنگتر دەکات، چونکە شەڕە درێژخایەنەکان فرسەت و پێویستیەکی زیاتر بۆ لایەنەکانی دەرەوەی شەڕەکە دەڕخسێنێت كە توانای دابینکردنی گەرەنتی سیاسی و ئابووریان هەبێت.
هەڵبەتە ڕژێمی ئێران بە باشی ئاگاداری سنووری دەستێوەردانی چین و ڕوسیایە، سەرەڕای ئەو هەڵسەنگاندنە باوەی کە هەردوو وڵات هاوپەیمانی ئێرانن، بەڵام ناکرێ تاران بە تەواوی پشت بە پشتیوانی چین و ڕوسیا ببەستێت. ئێران لەم شەڕەدا حساب بۆ ئەوە دەکات کە پشت بە درێژکردنەوەی شەڕەکە دەبەستێت بۆ پاڵنانی ڕای گشتی ئەمریکا و فشارخستنە سەر ئیدارەی ترەمپ تا بەو شێوەیە کۆتایی بە شەڕەکە بێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی زیانە گیانیەکانی سەربازانی ئەمریکی و بەرزبونەوەی خەرجیەکانی. بە هەمان شێوە لەناو خودی ئیسرائیلدا، خەڵکەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێیەکی بەرفراوان و زیانێکی قورس بونەتەوە، کە بووە هۆی زیادبونی کۆچکردن، ئەمەش دەتوانێت فشارێکی بەرچاوی گشتی و ئۆپۆزسیۆن لەسەر نەتانیاهۆ دروست بکات بۆ وەستاندنی شەڕەکە.
هەروەها شەڕێکی درێژخایەن دەتوانێت هاوسۆزی گشتی بۆ ئێران لە ناوچەکەدا دروست بکات، ئەو حکومەتانەی کە لە ململانێکاندا بێلایەن ماونەتەوە، بخاتە دۆخێکی چاوەروانی و سەختەوە، ئەمەش پاڵیان پێوەدەنێت بۆ گرتنەبەری هەڵوێستی دیپلۆماسی بەرامبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک هەوڵەکانی ئیسلامئاباد بۆ دانوسەکان.
کاتێک شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران کەوتە بەر گرژیەکانی داخستنی گەروی هورمز، چیتر وەک ڕوبەڕوبونەوەیەکی دوولایەنە نەمایەوە، ئەوەی ئاشکرا کرد کە یاریزانی دیکەش لە نێو مەیدانکەدا هەن و پشتیوانی و پشتگیری پێشکەش دەکەن، بەڵام لە هەماکاتدا خۆیان لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرن، لەبەر ئەگەری ئەوەی نەک ببێتە هۆی جەنگی جیهانی سێیەم.
ڕاپۆرتە هەواڵگریەکانی ڕۆژئاوا بە ئاشکرا باس لە پشتیوانی ناڕاستەوخۆی چین و روسیا بۆ ئێران لە کاتی ململانێ و شەڕەکان لەگەڵ واشنتۆن دەکەن، کەلە ڕێگەی کەناڵی تەکنیکی و تەکنۆلۆژی و ئابووریەوە بە ئامانجی درێژخایەنی جەنگ و ماندوکردنی ئەمریکایە. هەڵبەتە پەکین و مۆسکۆ باش دەزانن کە بەرژەوەندیەکانیان لە زیندوو ڕاگرتنی ململانێکاندایە، بەڵام لە چوارچێوەی سنوورێکدا کە ڕێگری لە ڕوبەڕوبونەوەی ئاشکراو ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن دەکات. ھیچ هێزێکی چینی و روسی لە تەنیشت سوپای پاسدارانی ئێران شەڕیان نەکردووە، تا ئێستا هیچ هێرشێکی مووشەکی لە پەکین و مۆسکۆوە ئەنجام نەدراوە کە بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو بکاتە ئامانج.
بەڵام بۆچی چین و روسیا ئەم پشتیوانیە دەکەن؟ بۆ مۆسکۆ هاوکێشەکە سادەیە، تا واشنتۆن زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گیر بخوات، فشارێکی کەمتر لەسەر روسیا لە ئۆکرانیاوە دەخرێتە سەری. ئێران لای پوتین هاوپەیمان نییە بە مانای ئایدیۆلۆژی، بەڵکو ئامرازێکی بەنرخە بۆ سەرقاڵکردنی بەرامبەرەکەی.
بەڵام چین حیساباتی جیاوازی هەیە، پەکین نەک هەر دەیەوێت ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنبەست بکات، بەڵکو لە هەمانکاتدا دەیەوێت نیشانی بدات کە لە بەرامبەر ئەمریکادا هێزێکی گەورەیە و توانای تەحەدای نەزمی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی واشنتۆنی هەیە، پشتیوانی چین بۆ ئێران بەشێکە لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ تێکدانی هەژموونی ئەمریکا.
چین بۆ بەشێکی بەرچاو لە پێداویستیە نەوتیەکانی پشت بە کەنداو دەبەستێت، هەر شەڕێکی ناوچەیی بەرفراوان دەتوانێت دابینکردنی وزە تێکبدات و گەشەی ئابووری چین بخاتە مەترسیەوە. بۆیە پەکین بە وریاییەوە مامەڵەی دۆخەکە و ململانێی لە گەڵ ئەمریکا دەکات. پێشکەشکەری پشتیوانی تەکنیکی و ئابووریە، بەڵام بەدەر لە دەرکەوتن لە هەر هەنگاوێک کە دەتوانرێت وەک پەیوەستبوون بە شەڕەوە لێکبدرێتەوە. لە هەمان کاتدا، کەناڵە کراوەکانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن دەپارێزێت، ڕەنگدانەوەی جیهانبینی چینی کە هەوڵدەدات دەسەڵاتی نێودەوڵەتی دابەش بکاتەوە، بەبێ ئەوەی مەترسی ڕوبەڕوبونەوەی کارەساتبار بکات.
لە واشنتۆنیش دۆخەکە ئاڵۆزە، ترەمپ کە توڕەیی خۆی لە دەور و پاڵپشتی چین و رووسیا بۆ ئێران ناشارێتەوە، بەیاننامەیەکی پر هەڕەشەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند چین و روسیا باجێکی قورس ئەدەن!، بەڵام گومانی تیانیە کەجێبەجێکردنی ڕاستەقینەی ئەم هەڕەشانە، لەبەرامبەر روسیا و چیندا مانایەکی عەمەلی لێناکەوێتەوە.
هەڵبەتە واشنتۆنیش بەتوندی خۆپارێزی لە پەرەسەندنی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکین و مۆسکۆدا دەکات، چونکە دەتوانێت سیناریۆیەک بەدوای خۆیدا بهێنێت کە کەس نایەوێت، ئەویش جەنگی جیهانی سێیەمە، بۆیە زلهێزەکان لە ناچاریا بە وریاییەوە، سەما لەسەر لێواری چەقۆیەک دەکەن، کە هەر لایەک دەیەوێت بەهێز دەربکەوێت بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی داڕمانی کۆی زەوی.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم واقیعانە لەئێستادا زۆرترین ئەگەر ئەوەیە پشتیوانی چینی و روسیا سنووردارە و ناڕاستەوخۆ دەمێنێتەوە، ململانێ و بارگرژی لە ناوچەکە بەردەوامە و لە سنوردارکردنی واشنتۆن و تاراندا دەمێنێتەوە، ناوچەکەش لە دۆخێکی خراپ بونی هەمیشەیدا دەبێت. لەلایەکی تریشەوە ئەگەری ئەوە هەیە پشتیوانیەکانی روسیا و چین بۆ ئاستێکی بەرزتر هەنگاو بنێت، چین یان روسیا چەکی پێشکەوتوو، وەک سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئاڵۆز، یان موشەکی دوور مەودا، بۆ ئێران دابین دەکەن، ئەمەش هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت و وەڵامێکی یەکلاکەرەوەتر لە واشنتۆنی لێدەکەوێتەوە، کە ئەگەری هەیە لێدانی ناڕاستەوخۆ لەناو خاکی روسیا یان چیندا لەخۆبگرێت!.
پاڵپشتی چین و روسیا بۆ ئێران پیلانێک نیە بۆ گڕدانی شەڕێکی جیهانی، بەڵکو بەشێکە لە گەمەیەکی ستراتیژی گەورەتر کە ئامانجی سەرلێشێواندن و ماندووکردنی واشنتۆنە، نەک لەناوبردنی سیستەمی نێودەوڵەتی. هەڵبەتە ئاراستەکە بەرەو ئەوە دەڕوات کە سیستەمی نێودەوڵەتی گۆڕانکاری قووڵی بەسەردا دێت لە ئەنجامی ململانێ و گۆڕانی هاوسەنگی جەمسەرەکان و شەڕی بەردەوامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە هەندێک لە ئەکتەرە نێودەوڵەتیەکان، لەوانەش روسیا و چین، هەوڵدەدەن ڕۆڵێکی سیاسی ئاڵۆز بگێڕن کە پاراستنی هاوسەنگی ستراتیژی خۆیان لە ناوچەکەدا، تێکەڵ بکەن لەگەڵ سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی کە قەیرانەکان هیناویەتە پێشەوە، بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا.
چین و روسیا، دەیانەوێت ئەمریکا بە سەرقاڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە بمێنێتەوە و سەرنجی خۆی لە سەر ئەوروپا و ئاسیا لاببات، بەم شێوەیە سەرچاوە و تواناکانی تەواو بکات. بەڵام شەڕێکی تەواویان ناوێت کە بتوانێت بیانکێشێتە ناو تاڵاوێکەوە، هیچ ڕێگایەکی دەربازبونیان نەبێت. بۆیە پێدەچێت ئەو ململانێیە لە چوارچێوەی شەڕی بە وەکالەت و ڕوبەڕوبونەوەی ناڕاستەوخۆدا بمێنێتەوە، هەڵبەتە ململانێی وڵاتانی سەرمایەداری، لەوپەڕی قوڵبونەوەی قەیرانەکانیدا، هیچ گەرەنتیەک ناناسن، کە ژیانی مرۆڤایەتی تەواو دەشێوێنێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئەتوانین بڵێین کە ئێران ئەوەندە ئامانج نییە، راستە ئێستا گەمەکە ئێرانی کردۆتە مەیدانی ململانێی زلهێزەکان، دواتر لەم گەمەیەدا ئەگەری ئەوە هەیە کوبا و کۆریا و گەرشوێنێک پێویستیان بێت ئەم گەمەیەی تیا گەرم دەکەن. کۆتایی ئەم گەمانەش تەنها لە پرۆسەی ئەو جەنگە جیهانیەدایە کە پەیوەندیەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لێکدادەبرێ و بەتاڵی دەکاتەوە.




بەڕاست قۆناغی ئەنفالی چوار بێ زیان بوو؟.. عەلی مەحمود محەمەد

وەڵامێك بۆ دوو چاوپێكەوتنی بەڕێزان كاك نەوشیروان مستەفا و كاك رابەری سەید برایم

كاك سەلام عەلی لە 6 بەرگی نیشتمانی گوڵە گەنمەكان تایبەت بە ئەنفالدا كۆی دیدارو چاوپێكەوتنەكانی لە گەڵ قوربانیان و پێشمەرگەو جاش و پارتیزانەكان و تەنانەت پێشمەرگە پزیشكەكان بلاو كردۆتەوە, دیدارەكانی بە ئامانەتەوە وەك خۆی چیوتراوە بڵاو كردۆتەوە, لە ئەو بەرگەی تایبەتە بە وتەی پێشمەرگە چەند سەرنجێكم هەبوو لەسەر دوو دیداریان كە لە گەڵ كۆچكردوو كاك نەوشیروان مستەفا و بەڕێز كاك رابەری سەید برایم ئەنجامی داوە, هەردوو سەرنجەكەش تایبەتن بە وتەكانیان لەسەر ئەنفالكراوانی قۆناغی ئەنفالی چوارەم, خۆزگەم زووتر كاك سەلام ئەم زنجیرە كتێبەی بڵاو بكردایەتەوە تا بەشداربووانی چاوپێكەوتنەكانی ئەم بەشەو بەشەكانی دیكە لە ژیاندا بوونایە و وتەكانی خۆیان ببینیایە.
ئەم شەش بەرگە بە تایبەت دوو بەشی قوربانییەكان (ژنان و پیاوان) دوو پەرتووكی زۆر گرنگن, بە تایبەتیش كاك سەلام نەیویستووە دەستكاری ناوەڕۆكی دیدارەكان بە ئیشتیهای بیركردنەوەی خۆی بكات و دەقەكانی وەك خۆی بڵاو كردۆتەوە, لە دیداردا دەستكاری دەق لە رووی ناوەڕۆك و داڕشتنەوە بەرهەمەكە دەكوژێت.
هەردوو بەڕێز كاك نەوشیروان مستەفا و كاك رابەری سەید برایم لە دیدارەكانیان باس لەوە دەكەن لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا, سنووری ناوچەی قۆناغی ئەنفالی چوار لەو پرۆسەیە هاووڵاتیانی بێ زیان دەرچوونە, كە وتەكانیانم خوێندمەوە سەرم سوڕما, چەند جارێك پێیدا چوومەوە, باوەڕم بە چاوەكانم ناكرد كە وا وترابێت, نازانم ئەم بەڕێزانە ئەم زانیاریانەیان لە كوێوە هێناوە, بە تایبەت بۆ كەسێكی وەك كاك رابەری سەید برایم كە سەرتیپی ناوچەیەك بووە خاوەند گوندی وەك جەلەمۆرد و گۆپتەپەو دەیان گوندی رەشپۆشی وەك ئەوانە, خودی خۆشی خەڵكی ئەو ناوچەیەیە, ئیتر نازانم چۆن توانیویەتی لێدوانی وا بدات, لێدوانی ئاوا ئازایەتی بێ پایانی دەوێت, چونكە بەرەو رووی روووبارێك خوێن دەبێتەوە, لە كۆتاشدا هەر بەرەو رووی راستییەكان دەبێتەوە, دەبوایا بیزانیایە ئەو شایەدییەی ئەو داوێتی 100% ناراستە, رۆژێك هەر بڵاو دەكرێتەوە كەسانێك لێی راست دەبنەوە, كە عەوداڵی دەرخستنی راستییەكان دەبن, هەرچەندە زانیاری ناڕاست پەتی كورتە, زوو ئاشكرا دەبێت, خودی پرۆسەی چاوپێكەوتنی مێژوویی شایەدی دانە لەسەر راستییەكان, ئاخۆ دەكرێت لە داهاتوودا كاك رابەر بە شایەد لەسەر رووداوەكان وتەی لێ وەربگرترێت؟, بێ متمانەمان ناكات بەرامبەر هەموو سەرگوزەشتەو گێڕانەوەكانی؟ .

ئەوان چییان وتووە؟

فەرموون دەقی لێدووانەكانی كاك نەوشیروان مستەفا و كاك رابەری سەید برایم كە بۆ كاك سەلام عەلییان داوە وەك خۆی دەخەمە روو بۆتان, كاك نەوشیروان مستەفا دەڵێت: ….. لە قۆناغی دووەمی ئەنفالدا زیانی گیانی زۆرمان بەركەوت, لە قۆناغەكانیتردا یەعنی لە ئەنفالەكانی دەشتی كەركوك و لە مەنتقەی خۆشناوەتی و ئەوانە پێشتر ئاگاداری خەڵكمان كردبوەوە, هەندێك لەوانە چوونە ناو شارەوە, خۆیان شاردەوەو هەندێكیتریان چوون بۆ ئێران. لە ئێران نیشتەجێمانكردن و جێگەمانكردنەوە, یەعنی تەنیا ناوچەیەك زەرەری زۆر گەورەی بینی ئەو ناوچەیە بوو كە ناوچەی گەرمیان ل20.
لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەی هەمان بۆچوون دووبارە دەكاتەوەو دەڵێت: مەنتیقەی خۆشناوەتی هەموومان دەربازكرد, هی مەنتقەی دەشتی كەركوك هەموویمان دەربازكرد, یەعنی كەسێك نەبووە بمێنێتەوە مەگەر كەسێك خۆی ویستبێتی, پێشمەرگەش هەندێ نەبێت خۆیان لە گەڵمان نەمانەوە پێیانوابوو ئەگەر تەسلیمببنەوە باشترە, تەسلیمبوونەوەو كوشتنیان, ئەوانیش ئەگەر لە گەڵماندا بهاتایان رزگاریاندەبوو,…. ل32.
هەرچەندە ناوچەی خۆشناوەتیش زیانیان هەبوو لە ئەنفالدا بلەی سەرو یەكێكە لە نموونەكان لە پاڵ زیانی كیمیابارانەكان, ئەوانیش بە موتڵەقی هەموو رزگاریان نەبوو, وەلێ لە هەموو قۆناغەكانی ئەنفال زیانی ئەم ناوچەیە كەمتر بوو, ئەویش بەهۆی بەرگری پێشمەرگەوە نەك رزگاركردنیان.
كاك رابەری سەید برایم, لە كاتی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال سەر تیپی 25ی خاڵخاڵان بوو, كە تیپەكە ئەو سنووری چالاكییەكەی چەقی ئەم ناوچەیە بوو دەڵێت: من بەرپرسیارم لەو قۆناغەی ئەنفال كە تیایدا بووم, لە ئەنفالی یەك خەڵك زوو ناوچەكەیان چۆڵكرد و دەرچوون, بەڵام بەهۆی سەرماو ئەوانەوە بەشێك لە خەڵك لە سەرمان مردن, لە ژن و مناڵ و پیر و پەككەوتە, لە ئەنفالی چوار كە تیایدا بەشدار بووم , پێش شالاوەكە خەڵك ناوچەكانیان چۆڵكرد, بۆ نموونە جاشەكان هەواڵیان بۆ كەسوكاریان ناردبوو كە دەرچن لە ناوچەكە و وەزعەكە وایە, بەڵام بۆ ئەنفالی دوو و سێ, من بەرپرسیار نیم, رەنگە رێگە لە خەڵك گیرابێت كە نەڕوات بەلام ئەوە نەبووە سیاسەتی یەكێتی و بەرنامەی یەكێتی نەبووە بە گشتی, ئەگەر لە ئەرشیفی برووسكەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ساڵی 1987 تا 1988 تەماشا بكە, كاك نەوشیروان برووسكەی هەیە بە چەند خاڵێك دەڵێت خەڵك ئازادە بڕوات و خۆتان وا رێك بخەن, وا بەرگریبكەن, بەڵگەشمان هەیە, كە لە چ رۆژ و ژ مێژوویەك ئەو برووسكەی لێداوەو ئەو كاتە كاك نەوشیروان لە ناوەوەی وڵات بوو سەرپەرشتی ینك ی دەكرد, بەڕێز مام جەلال لە دەرەوە بوو….. ل 280.

ئەم وەڵامانە راستن؟

دیارە لە ئەنفالی یەكیشدا پەرێز تەواو پاك نییە, زیاتر لە چوار سەد كەس ئەنفالكران لەوانە هاووڵاتیانی گوندەكانی سێدەر و سەرمۆرد و ….., بەشێكیش لە هاوولاتیانی گوندەكانی سنورەكە, بەهۆی خراپی گوزەرانیانەوە لە ئێران گەڕانەوە, دووای گەڕانەوەیان لە ئێران ئەنفالكران.
ئەگەر بەڕێزی بەرپرسە لە قۆاغی ئەنفالی چوار, ئایا ئێستاش بە پراتیك بەرپرسیارێتییەكە هەر قەبوڵ دەكات وەك ئەوەی ئەوسا وتوویەی؟ , فەرموو با لێكۆڵینەوەو بەدوادا چوون بەسەر پەرشتی لێژنەیەكی بێلایەن و پسپۆر لە كەسوكاری قوربانیان و نووسەران و لێكۆڵەرانی ئەنفال و دادوەری دەست بەكار بن بۆ لێكۆڵینەوە لەو لێدووانە بكات, لە دووایدا بەرپرسیارێتی رووحی ئەو هەزاران كەسە بكە لە ناوچەكەت ئەنفالكران, كە بە وتەی بەڕێزت هەرنین و بوونیان نییە و دەبێت ئەوانەی ئێمە دەڵێین ئەنفالكراون لە ژیاندا بن, مرۆڤ كە چووە ناو ساڵەوە هەقیەتی دان بە راستییەكان بنێت و ئازایەتی داوای لێبورن كردنی هەبێت و بەرپرسیارێتی هەڵەكانی رابردووی خۆی بگرێتە ئەستۆ, بۆیە من لێرەوە بانگەوازت دەكەم لەسەر ئەم لێدووانە داوای لێبوردن لە كەسوكاری قوربانیانی قەڵاسێوكە, شێخ بزێنی سەرو و خواروو , دەشتی كۆیەو شوان و سەرخاسە بكە, چونكە نكۆڵیكردن تاوانە.
ئاخر تیپەكەی بەڕێزت بە شایەدی خۆم تا بەیانی رۆژی 4-5-1988 رێگەتان لە خەڵك دەگرت خۆیان رزگار بكەن, دوایی وەك هەڵم چوون بە ئاسمانا, هەموو دەروازەكانتان داخست, كەڵەكتان دایە ئاوا, خەڵكتان لە شارەوە بە زۆر گەڕاندەوە بۆ ناوچە قەدەغەكراوەكان و دوواتر ئەنفال كران…….. چۆن وێراتان ئەم لێدووانە بدەن؟, لە رووحیانەتی هەموو ئەو مرۆڤانە نەترسان كە خرانە ژێر لمەوە, راستە لە كاتی چاوپێكەوتنەكە كەست لێ دیار نەبووە وەلامت بداتەوە, ئەدی ئێستا كە نووسراوەتەوەو خراوەتە سەر كاغەز چی دەفەرموون, هەر بەردەوامن لەسەر هەمان بۆچوون؟, لە كاتێك وەك خۆت دەڵێیت بەرپرسی لە ناوچەكەت, شاردنەوەی راستییەكان تەنها بۆ ئەوەیە نەكەونە بەر بەرپرسیارێتی, ئایا دەزانی رێگا گرتن لە خەڵك لە كاتی جەنگدا بە پێی بنەماكانی دادگا نێودەوڵەتییەكان دەچێتە چوارچێەی تاوانی جەنگەوە؟, دەزانی ئەم تاوانە چییە و لە كوێی تاوانەكانە؟.
بەڵێ ئێوە نەك خەڵكتان بە سەلامەتی رزگار نەكرد وەك ئیدعا دەكەیت, بەڵكە خەڵكتان وەك بارمتە دایە دەست جەلادانەوە, ئەوەی كردتان تاوانی مەزن بوو, مێژوو لێتان خۆش نابێت, نكۆڵی كردن لە بوونی تاوانەكەو ئەنفالكردنی نزیك 5000 كەسی نەگەڕاوە هەزارانی گەڕاوە بۆ خۆی تاوانێكە, ئەگەر ناوچەكەی تۆ ئەنفالكراوی نییە ئەدی 182000 ەكە, ئەم ژمارە زەبلاحە بە چی پڕ دەكەیتەوە؟.

ژمارەكە چەندە؟

كاك مەلا شاخی كە كادیری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە لە سەروبەندی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و هاوڕێی خۆتانە, لە پەرتووكە ناودارەكەی بە ناوی ئەنفالی خاڵخاڵان لە ل 290 دا ژمارەی ئەنفالكراوە نەگەڕاوەكانی ئەم سنوورەی كە تۆ دەڵێی بە سەلامەتی رزگارمان كردوون بە 4228 كەس دیاریكردووە, 2895یان نێرن و 1333 كەسیان مێینەن, بە تێبینی نووسەر ئەوەی كە ئەم ئامارە فیرارەكان ( سەربازی هەڵاتوو) و گەڕاوەكان (ئەو ئەنفالكراوانەی لە دووبز و نگرە سەلمان گەڕاونەتەوە) ناگرێتەوە, بە تێبینی منیش زۆری دیكەش هەن .
بەڵێ دووای گەرمیان واتە ئەنفالی سێیەم, دەشتاییەكانی كەركووك و ناوچەی قۆناغی ئەنفالی چوارە دووەم زیانلێكەوتەی قۆناغەكانی ئەنفالن وەك ژمارەی قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان, بەڵام لە رووی كۆی ژمارەی ئەنفالكراوانەوە سێیەم ناوچەیە دووای ئەنفالی سێ و نۆیەم دووا قۆناغی ئەنفال ( بادینان), (( بە پێی بەڵگەنامەكانی سوپای عێراقی, لە ئەنفالی بادیناندا 13 هەزار و 553 كەس دەستگیركران )).
هیوادارم دووای ئەم وەڵامە كاك رابەر بەرپرسیارییەتی ئەنفالكردنی هاوولاتیانی ناوچەكەی بگرێتە ئەستۆ و داوای لێبوردن لە هاوولاتیانی سنورەكە بە گشتی و كەسوكاری قوربانیان بە تایبەتی بكات و راستییەكان وەك خۆی بڵاو بكاتەوەو ئەو ناوانە ئاشكرا بكات كە هۆكار بوون لە ئەنفالكردنی نزیك 10000 هاولاتی ناوچەكە, رێگریان كرد, خەڵكیان لە شارەكانەوە گەڕاندەوە, كەڵەكیان دایە ئاوا .

سەرچاوەكان:
1- نیشتمانی گوڵە گەنمەكان , سەلام عەلی, چاپی یەكەم 2024
كردەڕەهاتی ئەنفال لە زاری پێشمەرگەوە.
https://www.kurdipedia.org/?q=20260331153834682032&lng=1
2- https://www.kurdipedia.org/default.aspx?lng=1&q=2012061016514969937




سزای کوشتنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی و هەندێ تێبنی خێرا.. شاخەوان قادر شۆڕش

دوای ئەوەی لە ١/٨/٢٠٢٥دا هەواڵی دەستگیرکردنی بڵاوبووەوە، تاڕادەیەکی زۆر خەڵکی کوردستان لە پرۆسەی دوای گرتنەکەی بێئاگا مانەوە، نزیکەی مانگێک بەر لە ئێستا هەواڵ بڵاوکرایەوە گوترا دانیشتنی یەکەمی دادگاییەکەی لە دادگای باڵا لە بەغدا لە ٧/٥/٢٠٢٦دا بەڕێوە دەچێت، ئێستا لە ١٤/٥/٢٠٢٦ لە دانیشتنی دووهەمدا دادگا سزاکەی بۆ بڕیووەتەوە. لە دانیشتنی یەکەم سکاڵاکاران و ڕزگاربووان گوزارشتی تاوانەکانی ئەو تاوانبارەیان کردووە، لە دانیشتنی دووهەمدا سزاکەی بۆ دەرکراوە. پرۆسەکە زۆر بە خێرایی ئەنجام درا.
تێبینیەکان: دەبووایە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان وەکو نوێنەری نەتەوەی قوربانی بە یەک تیمی پارێزەر و شارەزا بچنە دادگا، کە ئەوەیان نەکردووە و دوو لایەن بە دوو یاداشتەوە بەشداریان کردووە (دووبەرەکیەکە لێرەشدا هەبووە)، بەڵام پاشان گوتوویانە یەک تیمین. بەرەی یەکێتی هەوڵی دەرخستنی قارەمانیەتی خۆی لەم بارەیەوە دەدات و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانیش لەلایەن خۆیەوە تاڕادەیەک ناچاڵاکە. کە دەبووایە وەزارەتی ئەنفالکراوان خاوەنداریەتی بکات، سەرپەرشتی هەموو پڕۆسەکە بکات و لە هەموو پڕۆسەکەدا بەشداریی کاریگەری هەبێت، ڕاگەیاندن بدات و خەڵکی کوردستان لە هەنگاوەکاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاگادارکاتەوە. بەڵام نەک ئەوەی نەکردووە، ئەمرۆ کە بڕیاری دادگا دەرچووە، مێش مێوانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان نییە و لە ماڵپەڕەکەیاندا هیچ بڵاونەکراوەتەوە.
تائێستا هیچ ڕاپۆرتیكی دادگا دەرنەچووە و نازاندرێ وردەکاریەکان چین، ئەو هەواڵانەی لێرە و لەوێ بڵاودەکرێنەوە زیاتر هەواڵی وروژاندن و ئەم بابەتانەن. بەڵام وەکو دەبیسترێتەوە، خەڵک فێرکراوە کە چی بڵێن و چۆن گوزارشت لە تاوانی ئەم تاوانبارە بکەن. ئەگەر ئەوە ڕوویدابێت، ئەوە گەورەترین هەڵەیە، چونکە پرۆسەی تاوانی گەلکوژیی ئەنفال پێویستی بە هیچ زیادەڕۆیی و هەڵبەستنێک نییە، ڕاستییەکان خۆیان ڕووی ڕاستەقینەی تاوانەکە دەردەخەن. گێڕانەوەی نادروست و ساختە زیان بە کەیسی دادگاکە و کەیسی تاوانەکە دەگەیەنێت. گێڕانەوەی ڕاستییەکان کەیسەکە بەهێز دەکەن و تاوانەکە بە دروستی وەکو خۆی دەکاتە بەڵگەی مێژوویی. بۆ نموونە یەکێ دەڵێ عەجاج وایکردووە و یەکێ دەڵێ نەخێر ئەوە ڕاست نییە و بەڵام ئەوها و ئەوهای کردووە. ئەوەی دەبیسترێت ڕەنگ لە نەشارەزایی و سەرلێشێواوی دەداتەوە.
عەجاج ئەفسەری ئەمن بووە و سەرپەرشتی ناوزڕاوترین قەڵای زیندانی کردووە، پرۆسەی دادگاییەکەی زۆر بە خێرایی و بە داپۆشراوی بەڕێوەچوو. کەسێکی بەشدار بوو دەیگوت، دادگاکە “زۆر بەبێکسی بەڕێوە چوو، پشتگیریی لە لایەن پەرلەمانتار و وەزیرەکانی بەغداوە پێوە نەبیندرا. لەم دوو دانیشتنەدا تەنها یەکێک لەوێ بووە کە سەر بە لایەنی دەسەڵاتدار نەبوو، وەرگێڕ خراپ بووە و وەرگێڕانەکەی لە کوردیەوە بۆ عەرەبی باش نەبوو.”
لە هەر وڵاتێکی ئازاد بایە ئەو پرۆسەی دادگاییە دەچووە بنج و بناوانی وەردەکارییەکان و تاوانکارییەکان لە ڕۆژی یەکەمی هێنانی ئەنفالکراوەکانەوە تاکو ئەو ڕۆژەی کە دوا زیندانیی ئەنفال لەوێ ئازادکراوە. پرۆسەی دادگاییکردنەکە بۆ ژمارەیەکی زۆری دانیشتن و لێکۆڵینەوە دیاردەکرا. کەسانی دیکە ڕاکێشی دادگا دەکران، چونکە عەجاج سوپەرمان نەبووە هەموو تاوانکارییەکان هەر خۆی ئەنجامی دابێت، ئەو هێزی ئەمن، سوپا و پۆلیسی لەژێر چنگدا بووە. تاوانکارییەکان بە تایبەتی لەلایەن ئەفسەرەکانی ئەمن و ئەندامانی سەر بە دەزگای دائیرەی ئەمن ئەنجام دراون. ئەوانە کێ بوون و ئێستا لە کوێن؟ بۆ کەسیان نەگیران و نەهێندرانە دادگا؟
گەلی کورد بێ خاوەنە و لاوازە، ئەگینا دەبووایە تاوانبارانی ئەنفال یەک یەک ڕاکێشی دادگایەکی تایبەت و سەربەخۆ لە کوردستاندا بکات، بە زمانی کوردی و بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان دادگایی تاوانبارانی ناوخۆی بکردایە. لەم کەیسەی عەجاجدا سووڕ بێ لەسەر ئەوەی ئەو تاوانبارە ناوزڕاوە بهێندرێتە کوردستان و بە کراوەیی لە پرۆسەیەکی پشوودرێژ و چڕدا دادگاییەکە بەڕێوە بچێت. لەم بارەدا ڕزگاربووی تاوانی ئەنفال و ‌هەڵەبجە نەدەچوو بۆ بەغدا و لەبەردەم دادوەری عەرەب، لە ژینگەیەکی زاڵی عێراقی و عەرەبیدا سکڵا بدا، ئەوجا ئایا لێی وەردەگرن یان نا، ڕێگەی دەدەن یان نا، یا لە پەلەپەلی و بە وەرگێڕی نوقسانەوە بەشدار بێت. ئەم ژینگەیە کاریگەریی دەروونی نەرێنی لەسەر ڕزگاربووانی کوردستانەوە هەیە، جگەلەوەی کورد وەکو نەتەوەی خاوەن قوربانی مافی یاسایی هەیە کاریگەریی لەسەر چۆنیەتی دادگاییەکە و پڕۆسەی بەڕێوەبردنی دادگاییەکەدا هەبێت. بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانهێشتووە کوردستان بگاتە ئەو ئاستە و خاوەنی گوتنی خۆی بێت و گوێی لێ بگیرێت.
خەڵک دڵیان خۆشە و دەڵێن عەجاج سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام سزای لە سێدارەدان زیان بە کەیسی تاوانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە دەگەیەنێت، چونکە یەکەم، ئەو تاوانبارە زانیاری زۆر لایە و بە کوشتنی هەموو زانیاریەکان ون دەبن، دووەم سزای زیندانی هەمیشەیی قورسترە وەکو لە سزای کوشتن. پێویستە ئەو مرۆڤە تاوانبارە لە زینداندا بڕزێتەوە و هەموو ڕۆژێک خەون بە مردنەوە ببینێت، نەک زوو پەتێکی لە مل بکرێت و بیکوژن و ڕزگاری بکەن. دیارە هێشتا ئەم کەیسە تەواو نەبووە و نازانین چارەنووسی بە چی دەگات. لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئاسایی مامەڵە بە زیندانیانەوە دەکرێت و خەڵکیش هەن دەیانەوێ عەجاج لە زیندان ڕزگارکەن. ئەم مەترسیە هەیە، چونکە لە عێراقدا ڕێگەی دەچتێ. بۆ نموونە کاتی خۆی جەلال تاڵەبانی فڕۆکەوانی تاوانبار تاریق ڕەمەزانی لە زینداندا دەرهێنا و ئازادی کرد، نە دادگا و نە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراقیش هیچیان نەگوت.
ئێستا لێرە و لەوێ دەسەڵاتدرانی هەرێم پیرۆزبایی دەکەن و بە دادوەریدا هەڵدەڵێن، بەڵام ئەوان خۆیان تاوانباری لە عەجاج گەورەتریان پەناداو و ڕزگارکرد و پلەوپایەیان پێدان و دژی دادگاییکردنیشیان وەستانەوە. تاوانی ئەو سەرۆکجاشانەی خەڵکیان گرت و ڕادەستکرد، لە تاوانی عەجاج کەمتر نییە. ئاشکرایە سەدان تاوانبار لە کوردستاندا هەن و بە ئازادی دەسوڕێنەوە.

شاخەوان قادر شۆڕش
١٤/٥/٢٠٢٦




دەستە جوانەكانت مەشارەوە!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

چڵ ساڵە، ڕۆژانە و بەشێوەیەكی بەردەوام، لەگەڵ مرۆڤێكی خاوەن پێداویستی تایبەت مامەڵە دەكەم، كە ئەویش خوشكە كەڕو ڵاڵەكەمە كە هەر لەزگماكەوە، بە داخەوە نابیست بوو، بەو هۆیەوەش فێری زمان نەبووە، جگە لە چەند دەربڕینێكی ناڕێكخراو، كە تەنها من تێیان دەگەم و بگرە ڕۆڵی وەرگێڕیش لە نێوان ئەو و دایكم و باوكم و هەمووكەسەكانی دیكەش دەبینم، كە ئەو بیەوێت باسێكیان تێ بگەیەنێت ! بۆیە زۆرباش لەوە گەیشتووم ئەم جۆرە مرۆڤانە، كە بە داخەوە لە نێو كۆمەڵگە ناهوشیارەكەی ئێمە، بەردەوام شكۆیان دەشكێت و دەكرێنە بابەتی پێكەنین و توانج و كۆمێنتی بێ مانای سۆسیال میدیا، چەندە مرۆڤی تێگەیشتوو، زیت، بە توانا و بە هەستن و گەر ئەندامێكی لەشیان نەبێت، پەروەردیگار بە شێوەیەكی دیكە و زیاتریش بۆی قەرەبوو كردوونەتەوە. هەر بۆ نموونە ئەو خوشكەی من، هەرچی ڕابردووە، هی تەنانەت سی ساڵ زیاتر لەمەوبەریش بە بیری ماوە. لە هەموو ژیانی، یەكجار مرۆڤێكی بینیبێت، دوای یەك سەدە بیبینێتەوە دەیناسێتەوە ! بۆیە ئەو مرۆڤانە، كە بە هۆی زگماكییەوە، یان ڕووداوێكی سیاسی و سرووشتییەوە، كەم ئەندام دەبن، لە ڕاستیدا كەم ئەندام نین، بەڵكو نوقسانەكان ئەوانەن كە ئەقڵی درك پێ كردنیان نییە، گەر هەموو لەشیشیان ساغڵەم بێت، بە پێچەوانەوەش، ئەوانەی ئێمە بە خاوەن پێداویستی تایبەتیان دەزانین، لە ئێمە هوشیارتر و بە هەستترن. بەداخەوە لەو كۆمەڵگەی ئێمەدا، مرۆڤ كە خاوەن پێداویستی تایبەت بوو، ئیدی هەست بە شكانەوە و بۆشایەكی گەورەی دەروونی و ڕوحی دەكات و لە ناخەوە هەمیشە بریندارە و لە هەر دەركەوتنێك و تێكەڵاوییەك، دەبێ خۆی بۆ دڵشكانێك ئامادەكردبێت. بۆیە هەمیشە دەیەوێت، دووربكەوێتەوە و نوقسانییەكەی لە چاوی ئێمەی گوایا تەواو بشارێتەوە. دیمەنی گەنجێكی گەشتیار، كە بە مەبەستی بازاڕكردن لە نێوشەقامی سەرەكی شاری ڕواندز، لە ئوتومبێلەكەی دابەزی، لە ناخەوە برینداری كردم و ئەو دیمەنە، ڕەنگە تا ئەو ڕۆژەی دەمرم، بە دیواری یادەوەریمەوە هەر بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە. گەنجەكە هەردوو دەستی لە دەستی ئاسایی كورتتر بوون وبە قەبارە بچووكتربوون، بۆیەهەركە لە ئوتومبێلەكە بە بەردەمەوە دابەزی، یەكڕاست دەستەكانی شاردەوە وخستییەوە نێوگیرفانی. بەم شێوەیە بەردەوام بوو تا بازاڕكردنەكەی لەگەڵ هاوڕێكانی تەواوكرد و دەستەكانی نەهێنایە دەرەوە، تا سواری ئوتومبێلەكە نەبووەوە. لە كۆمەڵگەی دواكەوتووی ئێمەدا، مرۆڤەكان لە سەر بنەمای مرۆڤبوونەوە نابینرێن، بەڵكو لە سەر بنەمای جەستە و قۆزی و پۆست و ناوبانگ و ئەقڵی عەشیرەتی و دیوەخانییەوە دەبینرێن، بۆیە ئەوانەشی كە ساغڵەمن، لە ڕووی پلە بەندی كۆمەڵایەتییەوە زۆرجار دەكەونە بەر گاڵتە و شكانەوە، چ جای ئەوەی مرۆڤ خۆی كەم ئەندام بێت. خاوەن پێداویستییە تایبەتە ڕاستەقینەكان ئەوانەن، كە جەستەیان ساغە ومێشكیان بەكار ناهێنن، نەك ئەوانەی هزر ودرك كردنیان هەیە و ئەندامێكی جەستەیان تەواو نییە. مەگەر ئێمە هەموومان مرۆڤی نین؟ كەواتا دەبێ وەك مرۆڤیش تەماشای یەكتری بكەین. گرنگە نییە مرۆڤ بین، گرنگە مرۆڤبوون پەیڕەو بكەین، بۆیە دەبێ بە چاوی مرۆییانەوە سەیری ئەوانە بكەین، كە هیچیان لە ئێمە كەمتر نییە و ئەگەر زیاتریش نەبێت، لەگەڵ ئەمەشدا بە داخەوە زۆر بێ خزمەتگوزار و بێ نازن، وێرای ئەوەی كاریان نادەنێ، كەچی مووچەكەشیان بارتەقای یەك شەوە لایڤی بەرپرسێكی گەندەڵی ئەم هەرێمە نییە، كە خۆی هەزارن نوقسانی گەورەی هەیە و دەستە جوانەكانی ئەو جۆرە مرۆڤە جوانانە، لە مێژووی ناشیرینی ئەو بەرپرسانە هەزاران جار بەهادارترە.

*ئەم بابەتە لە ژمارە(1845)ی هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان، ڕۆژی 12/5/2026بڵاوكراوەتەوە.




فریدریش نیتچە و کارڵ مارکس: لێکچوون و جیاوازییەکانی نێوان دوو جیهانبینین.. حەمید کورەچی

فریدریش نیتچە و کارڵ مارکس دوو بیرمەندی کاریگەرن لە مێژووی فەلسەفە و تیۆری کۆمەڵایەتیدا. سەرەڕای جیاوازی ڕوانگەکانیان لەسەر دەسەڵات، ئایدۆلۆژیا و گۆڕانی کۆمەڵایەتی، هەردوو فەیلەسووفەکە بەشدارییەکی گەورەیان کردووە لە تێگەیشتنمان بۆ کۆمەڵگا، سیاسەت و سروشتی مرۆڤ. ڕەخنەکانی نیتچە بۆ بەها باوەکان و چەمکی “ویستی دەسەڵات” جەخت لەسەر گرنگی تاکگەرایی و خۆدیاریکردن دەکەنەوە، لە کاتێکدا جەختکردنەوەی مارکس لەسەر ململانێی چینایەتی و نایەکسانی ئابووری لە ناو جەرگەی مشتومڕە بەردەوامەکانی پەیوەست بە نایەکسانی داهات و مافەکانی کارگەراندایە.

فەلسەفەی نیتچە کاریگەرییەکی بەردەوامی لەسەر بوونگەرایی (ئێکزیستانسیالیزم) و تاکگەرایی هەبووە، تەنانەت لەو کۆمەڵگایانەی کە بیری ئازاد تێیاندا سنووردارە. جەختکردنەوەی ئەو لەسەر “ویستی دەسەڵات” و گرنگی دروستکردنی بەها تایبەتەکانی خودی تاک، دەنگدانەوەی هەیە لای ئەو کەسانەی لە ژینگەی سەرکوتکەردا بەدوای سەربەخۆییدا دەگەڕێن. لە هەمان کاتدا، بیرۆکەکانی مارکس بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە بزووتنەوە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستییەکاندا پەسەند کران، بەڵام جێبەجێکردنیان بەپێی کەشوهەوای سیاسی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانی بەسەردا هات.

هەردوو فەیلەسووفەکە تێڕوانینی بەنرخیان دەربارەی ئاڵۆزییەکانی بوونی مرۆڤ و ئەو پێکهاتانەی کۆمەڵگا بنیاد دەنێن پێشکەش کردووە، کە شوێنەواری بەردەوامیان لەسەر شێوازی بیرکردنەوەمان دەربارەی دەسەڵات، یەکسانی و هەوڵدان بۆ جیهانێکی باشتر جێهێشتووە. بۆ نموونە، بیرۆکەی نیتچە دەربارەی “مرۆڤی باڵا” (Superhuman) هاندەر بووە بۆ تاکەکان تا لە نەریتی کۆمەڵایەتی ڕزگاریان بێت و ڕێگەی تایبەتی خۆیان بەرەو بەدیهێنانی خود بدۆزنەوە.

بەڵام گرنگە ئەوە درک پێ بکەین کە بیرۆکەکانیان لە مێژوودا بە هەڵە لێکدراونەتەوە و بۆ پاساودانی کردەوە و ئایدۆلۆژیا سەرکوتکەرەکان بەکارهێنراون. شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە و تێگەیشتن لە کارەکانیان لە ناو چوارچێوەی مێژوویی خۆیاندا، کارێکی یەکجار گرنگە بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووکەشگەرایی و دڵنیابوون لە تێگەیشتنێکی وردتر بۆ فەلسەفەکەیان. بە کۆڵینەوە لە دەقە ڕەسەنەکان و ڕەچاوکردنی بارودۆخی مێژوویی و کولتووریی سەردەمەکەیان، دەتوانین لە داوی لێکدانەوەی دەمارگیرانە ڕزگارمان بێت و تێڕوانینەکانیان بۆ ڕێنوێنیکردنی هەوڵە بەردەوامەکانمان لە پێناو دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و گشتگیرتر بەکاربهێنین.

تەواوکاری و جیاوازی نێوان نیتچە و مارکس

لەم بابەتەدا دەمەوێت لێکۆڵینەوە لە تەواوکاری و جیاوازی نێوان ئایدۆلۆژیاکانی نیتچە و مارکس بکەم، بە جەختکردنەوە لەسەر بیروباوەڕ و بنەما سەرەکییەکانیان. نیتچە کە بە چەمکی “ویستی دەسەڵات” و ڕەخنەگرتن لە ئەخلاقی باو ناسراوە، ڕوانگەیەکی بێوێنە دەربارەی تاکگەرایی و تێپەڕاندنی خود پێشکەش دەکات. لە لایەکی دیکەوە، جەختکردنەوەی مارکس لەسەر ململانێی چینایەتی و ماددیەتی دیالێکتیکی، چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە مێژووییەکان و داینامیکی سەرمایەداری دابین دەکات.

جەختکردنەوەی نیتچە لەسەر توانای تاک بۆ تێپەڕاندنی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی بەهاکانی خۆی، بە توندی پێچەوانەی جەختکردنەوەی مارکسە لەسەر کاری دەستەجەمعی و پێکدادانی حەتمی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان. هەردوو فەیلەسووفەکە پرسیاری گرنگ دەربارەی داینامیکی دەسەڵات و سروشتی بوونی مرۆڤ دەورووژێنن، و تەحەدای ئێمە دەکەن کە بەسەر ئاڵۆزییەکانی جیهانێکی خێرا گۆڕاودا زاڵ بین، لە کاتێکدا هەوڵ بۆ کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر دەدەین.

لە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداریدا، ڕەنگە تاک هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی سەروەت و سامان و دارایی بدات وەک پێوەرێک بۆ سەرکەوتن، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیدا ڕەنگە جەختکردنەوە لەسەر خاوەندارێتی بەکۆمەڵ و دابەشکردنەوەی سەرچاوەکان بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی. ئەم ڕوانگە جیاوازانە تیشک دەخەنە سەر گرژی نێوان ویستی تاکەکەسی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، کە لە ناو جەرگەی زۆربەی گفتوگۆ سیاسییەکانی ئەمڕۆدایە.

بیرۆکەکانی مارکس کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر گەشەکردنی بزووتنەوە کۆمۆنیستی و سۆسیالیستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو. ئەو مێژووی وەک زنجیرەیەک لە ململانێی چینایەتی دەبینی کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی ڕووخانی چینی دەسەڵاتدار. هەرچەندە نیتچە و مارکس ڕوانگەی جیاوازیان هەبوو دەربارەی باشترین ڕێگە بۆ بەدیهێنانی ئازادی تاکەکەسی و یەکسانی، بەڵام هەردووکیان شوێنەواری قووڵیان لەسەر بیری سیاسی و کۆمەڵایەتی جێهێشتووە.

جێبەجێکردنی پراکتیکی و ئاڵۆزییەکان

ئەنجامە جیاوازەکانی جێبەجێکردنی بنەما مارکسییەکان لە وڵاتە جیاوازەکاندا، گرنگی ڕەچاوکردنی بارودۆخی تایبەت و شێوازی سەرکردایەتی نیشان دەدات. لە کاتێکدا هەندێک وڵات توانیویانە بیرۆکە مارکسییەکان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگای یەکسانتر بەکاربهێنن، هەندێکی تر بەهۆی سەرکردە دەسەڵاتخوازەکان و سیستمە گەندەڵەکانەوە تووشی دەرئەنجامی کارەساتبار بوون. ڕوونە کە سەرکەوتنی جێبەجێکردنی مارکسیزم بەندە بە کۆمەڵێک هۆکارەوە، لەوانە هەبوونی ژێرخانێکی ئابووری پتەو لە سایەی سەرمایەدارییەکی پێشکەوتوو، سەقامگیری سیاسی، ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و حوکمڕانییەکی کارا.

سەرکەوتنی بنەما مارکسییەکان لە ژێر کاریگەری هۆکاری جۆراوجۆردایە، وەک کاریگەرییە دەرەکییەکان، پاڵپشتی جەماوەری، پاشخانی مێژوویی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان. ئەو وڵاتانەی مێژوویەکی درێژیان لە سەرمایەداری هەیە یان کاریگەرییەکی توندی سەرمایەدارییان لەسەرە، ڕەنگە لە کاتی گۆڕان بەرەو سیستمی مارکسی تووشی ئاستەنگی زیاتر ببن، لە کاتێکدا ئەو وڵاتانەی سەرمایەدارییەکی بەهێزیان هەیە کە هۆکارەکانی بەردەوامی و ژیانێکی شاهانەیان بۆ کۆمەڵگا دابین کردووە، ڕەنگە نەیانەوێت یان نەتوانن سیاسەتە مارکسییەکان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن.

تیۆرییەکانی مارکس دەربارەی سەرمایەداری، ململانێی چینایەتی و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە ئاستەنگ و ئەگەرەکانی وەرچەرخان بۆ سیستمی مارکسی دابین دەکات. سەرمایەداری بە چەوساندنەوە و نایەکسانی دەناسرێتەوە، کە تێیدا چینێکی بچووکی سەرمایەدار خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانن و سوود لە ڕەنجی چینی کرێکار وەردەگرن. ئەم دابەشکردنە نادادپەروەرانەی سامان و دەسەڵات دەبێتە هۆی ململانێیەکی چینایەتی کە تێیدا چینی کرێکار هەوڵی ڕووخاندنی سیستمی سەرمایەداری و دامەزراندنی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەدات.

لە کاتی شۆڕشی ڕووسیای ساڵی ١٩١٧دا، پرۆلیتاریا بە سەرکردایەتی پارتی بۆلشەویک توانی حکومەتی سەرمایەداری بڕووخێنێت و دەوڵەتی “سەرمایەداری دەوڵەت” وەک پێشەکییەک بۆ بنیادنانی سۆسیالیزم دابمەزرێنێت. ئەم وەرچەرخانە بووە هۆی گۆڕانکاری گەورە لە ئابووری و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا، بەڵام لە کۆتاییدا بووە هۆی سەرهەڵدانی سیستمێکی تۆتالیتار (گشتگیر) لە سەردەمی جۆزێف ستالیندا. ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە هەوڵدان بۆ سامان و دەسەڵات هەندێک جار دەتوانێت ببێتە هۆی دەرئەنجامی نەخوازراو و بەردەوامبوونی نایەکسانی و سەرکوتکردن.

جیاوازی لە ڕێبازە فەلسەفییەکاندا

جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان وڵاتانی سۆسیالیست و سەرمایەدار دەکرێت لە هەڵوێستیان بەرامبەر مافەکانی تاک و ڕۆڵی حکومەت لە کۆمەڵگادا ببینرێت. دەوڵەتە سۆسیالیستییەکان بەزۆری ئەولەویەت دەدەنە خاوەندارێتی بەکۆمەڵ و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکان، لە کاتێکدا دەوڵەتە سەرمایەدارەکان جەخت لەسەر ئازادییە تاکەکەسییەکان و گرنگی کێبڕکێ و هێزەکانی بازاڕ دەکەنەوە بۆ برەودان بە گەشەی ئابووری.

سەرکەوتن یان شکستی دەوڵەتێکی سۆسیالیست یان سەرمایەدار بەندە بەوەی تا چەند دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان پێویستییەکانی تاک و داخوازییەکانی کۆمەڵدا دروست بکات، و تا چەند لە ڕووبەڕووبوونەوەی نایەکسانی و دیکتاتۆریەتدا سەرکەوتوو دەبێت. وڵاتانی وەک سوید و دانیمارک بە سەرکەوتوویی سیستمی سەرمایەدارییان جێبەجێ کردووە کە خاوەنی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بەهێزن و خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی گشتگیر پێشکەش دەکەن، بێ ئەوەی گەشەی ئابووری یان ئازادییە تاکەکەسییەکان بکەنە قوربانی.

هەردوو نیتچە و مارکس ڕەخنەیان لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو و پێیان وابوو کە سەرکوتکەرن. ئەوان داوای هەڵسەنگاندنەوەی بەهاکان و دووبارە وێناکردنەوەی کۆمەڵگایان دەکرد بۆ دروستکردنی سیستمێکی دادپەروەرتر. بە تێکەڵکردنی بیرۆکەکانیان، دەتوانین تێگەیشتنێکی قووڵترمان دەربارەی کەموکوڕییەکانی سیستمەکانی ئێستامان هەبێت و هەوڵ بدەین بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکسانتر بۆ هەمووان. ئەم یەکگرتنە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی دەسەڵات، نایەکسانی و چەوساندنەوە کە تا ئێستاش لە کۆمەڵگاکەماندا ماونەتەوە.

مارکس و نیتچە هەر یەکەیان لە ڕوانگەی جیاوازەوە مامەڵە لەگەڵ چەمکی دەسەڵات و زاڵبوون لە کۆمەڵگادا دەکەن. مارکس تیشک دەخاتە سەر چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی بۆرژوازیدا، کە پرۆلیتاریا بۆ بەرژەوەندی خۆی دەچەوسێنێتەوە. ئەو داوای خەباتی دەستەجەمعی دەکات بۆ ڕووخاندنی ئەم پێکهاتە سەرکوتکەرانە. لە لایەکی ترەوە، ڕەخنەی نیتچە بۆ ئەخلاقی باو و جەختکردنەوەی لەسەر “ویستی دەسەڵات” دەکرێت وەک تەحەدایەک بۆ داینامیکی دەسەڵاتی ئێستا ببینرێت، کە هانی تاکەکان دەدات پرسیار لە سیستمە سەرکوتکەرەکان بکەن و بەرەنگاریان ببنەوە.

تیۆرییەکانی مارکس و نیتچە چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ تێگەیشتن لە کێشە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، لە نایەکسانی داهاتەوە تا دەگاتە جیاکاری ڕێکخراو (سیستماتیک)، پێشکەش دەکەن. بە ناسینی یەکتربڕینی هۆکارە ئابووری، دەروونی و کولتوورییەکان، دەتوانین چارەسەری گشتگیرتر بدۆزینەوە. ئەم ڕێبازە ڕێگەمان پێ دەدات تەحەدای دۆخی باو (Status Quo) بکەین و داوای سیاستێک بکەین کە یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا دابین بکات.

ئاسۆکانی داهاتوو و توێژینەوەی زیاتر

چەمکی نیتچە بۆ “مرۆڤی باڵا” و جەختکردنەوەی لەسەر ئیرادەی تاک و کۆنتڕۆڵی خود، بە توندی پێچەوانەی جەختکردنەوەی مارکسە لەسەر خەباتی بەکۆمەڵ و دابەشکردنەوەی دەسەڵات و سەرچاوەکان. نیتچە داوای هەڵسەنگاندنەوەی بنەڕەتی بەهاکان و ڕەتکردنەوەی ڕێسا ئەخلاقییە باوەکان دەکات، لە کاتێکدا مارکس داوای شۆڕشی پرۆلیتاریا دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوەی سەرمایەداری.

هەروەها دەتوانرێت ڕوانگەی بیرمەندانی تریش وەک ماکس ڤێبەر و میشێل فوکۆ بۆ ئەم باسە زیاد بکرێت. ڤێبەر پێی وابوو ئایین و بەها ئەخلاقییەکان کارلێکی ئاڵۆزن لە نێوان تاک و کۆمەڵگا، لە کاتێکدا فوکۆ تیشکی دەخستە سەر سروشتی دەسەڵات و ئاڵۆزییەکانی ئارەزووی مرۆڤ. تێکەڵکردنی ئەم ڕوانگانە یارمەتیمان دەدات باشتر مامەڵە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی وەرچەرخانی کۆمەڵایەتیدا بکەین.

لە کۆتاییدا، کۆڵینەوە لە کارەکانی نیتچە و مارکس لە جیهانی هاوچەرخدا دەتوانێت تێڕوانینی بەنرخمان دەربارەی داینامیکی دەسەڵات و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان پێ ببەخشێت. بە تێکەڵکردنی بیرۆکەکانی نیتچە دەربارەی دەسەڵات و تیۆرییەکانی مارکس دەربارەی پێکهاتە ئابوورییەکان، دەتوانین چوارچێوەیەکی گشتگیرتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەوساندنەوە و نایەکسانی دابڕێژین. لێکۆڵینەوە لەوەی چۆن چەمکەکانی تاکگەرایی و کۆمەڵگەرایی لە بیری ئەم دوو بیرمەندەدا یەکدەبڕن، دەتوانێت ڕێگەی نوێ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی نیشان بدات. بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین کە تەنها ململانێی چینایەتی هۆکاری گۆڕانکارییەکان نییە، بەڵکو کاری دەستەجەمعی، هاوپشتی و دامەزراوەکانیش ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن.

حەمید کورەچی




دوای قسەکەی ترامپ، پرسیارە راستەقینەکە چییە؟.. جوتیار مەلا رەئوف

وێنەکە بەو جۆرەیە کە دۆناڵد ترامپ دەڵێت کوردەکان لە شەڕی داعش و دژ بە تیرۆردا ئازاو چالاکن، بەڵام نازانێت ئەگەر پارەیان پێنەدررێت ئاخۆ دەتوانن جەنگەکان بەرێوە ببەن یان نا، خودی پەیامەکە ئەوەیە کە کورد بەکرێگیراوێکی باشە، کە ئەو پێناسەیەش تا ئاستێکی زۆر واقێعی لەگەڵ مێژووی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی وئەحزابەکانیدا یەکانگیروو بەداخەوەش بەشیکیشە لە مێژووی واقیعی سیاسی- کۆمەلایەتی کۆمەڵگای کوردی بە هۆی پێکهاتە ئیتنیکی و کۆمەلایەتیەکەیەوە، بەدەرلەوەش ئەو جۆرە قسەکردنە لەگەڵ مێژووی گوتارەکانی ترامپ بەرامبەر بە کورد دەگونجێت، ئەو پێشتر لە ٢٠١٩دا، کاتێک هێزە ئەمریکییەکان بەشێکی زۆریان لە باکوورو رۆژهەلاتی سووریا(ڕۆژئاڤا) کشانەوە، گوتی کوردەکان (فریشتە نین و ئەوان دەزانن چۆن بجەنگن).
ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بێت کە ئایا ئەوە سووکایەتییە بە مێژوو و قوربانیی خەڵکی کوردستان؟ وەڵامەکە بە دڵنیایەوە بەڵێیە، لە ڕووی ئەخلاقی و مێژووییەوە قسەیەکی زۆر بێئاستوو کەمکردنەوەیە لە مێژووی ئەو هەموو قوربانییە، چونکە شەڕی کورد دژی داعش نەک تەنها شەڕێکی لۆکاڵی بوو، بەڵکو بەشێک بوو لە ستراتیژیی نێودەوڵەتی بۆ شکاندنی خەلافەتی داعش، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە فەرمی ڕایگەیاند کە هێزە هاوپەیمانەکان و هێزە هاوبەشەکانیان لە ٢٣ی ئازاری ٢٠١٩دا دوا خاکی ژێر دەستی داعش لە لە سوریایان ئازاد کرد و لەو پڕۆسەیەدا هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە هێزی سەرەکی تێیدا شەڕڤانانی کورد بوون و لەو پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی یەکجار سەرەکی و گرنگیان هەبوو.
بەڵام ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بێت کە ئایا ترامپ کەوتۆتە هەڵەیەکی زمانەوانییەوە؟ ئەوا وەڵامەکە ئاڵۆزترە، جونکە ترامپ لە ڕووی ئەخلاقییەوە قسەیەکی نادادپەروەرانە دەکات، بەڵام لە ڕووی تێگەیشتن لە سیاسەتی زلهێزەکاندا، بە شێوەیەکی ڕووت و نا‌دیپلۆماسی، یەک ڕاستی تاڵ دەردەخات، ئەمریکا و زلهێزەکان هاوپەیمانییەکان بە هەست و وەفاداریی مێژوویی نابینن و نابەن بەڕێوە، بەڵکو بە بەرژەوەندیی ستراتیژی، تێچووەکان، بازاڕی ناوخۆ، هاوسەنگیی ناوچەیی و گوشاری هاوپەیمانانی دیکە دەیبینن، ئەوە ڕوخسارە واقیعەکەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە، بەڵام ئەو ڕاستییە مافی هیچ سەرۆکێک نادات قوربانیی هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی سووک و بازاڕی وەکوو ئەوەی ئیستای ترامپ کەم بکاتەوە.
خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی لە سووریا، تەنها جەنگاوەر و شەڕکەری باش نەبوون، ئەوان بە قوربانیی وبەرگرییەکی بێوینە شاری کۆبانێیان کردە هێمای خۆڕاگری، ڕەقەیان گرتەوە، داعشەکانیان بەند کردن و ناوچەیەکی گەورەیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و بەرێوەیان دەبرد، کە بۆ ئاسایشی ئەوروپا و ئەمریکاش گرنگ بوو، بە پشتبەستن بە هەندێک لە سەرچاوەکان باس لە نزیکەی ١١ هەزار کوژراوی هێزە کوردی و هاوبەشەکانیان لە شەڕی داعش دەکەن، ئەو ژمارەیە هەرچەندە لە هەموو سەرچاوەکاندا بە یەک شێوە پشتڕاست ناکرێتەوە، بەڵام لە ئاستی سیاسی و مۆراڵیدا واتایەکی ڕوونی هەیە، ئەو هاوپەیمانییە بە قسە و دروشم دروست نەبوو، بەڵکو بە خوێن، خاک، زیندان، ئاوارەیی و خاپووربوونی شار و گوند دروست بوو.
من پێموایە کێشەی سەرەکی ئەوە نییە کە ترامپ کوردی خۆش دەوێت یان نا، کێشەکە ئەوەیە کە کورد چۆن دەبێت لە سیستەمێکی جیهانیدا کار بکات و تێبگات کە تێیدا وەفادارییەکان کورتخایەنن و بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن، ترامپ تەنها نموونەیەکی توند و بێ‌ پەردەی ئەو سیستەمەیە، پێش ترامپیش خەڵکی کوردستان چەند جار بەدەست هاوپەیمانی کاتی و بەڵێنی نیوەچڵ زیانی گەورەی بینیوە؛ دوای ترامپیش ئەگەر کورد بە هەمان خۆشباوەڕی و شێوە پشت بە بەڵێنی دەرەکی ببەستێت، بە دڵنیایەوە ئەو مەترسییە هەر دەمێنێت.
ئایا ئەو روداوە دیدگای سیاسی کۆمەڵگای کوردی دەگۆڕێت؟من پێم وایە بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری دەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی قووڵتر باوەڕی بزوتنەوە و حیزبە کوردیەکان بە (هاوپەیمانیی بێ ‌مەرج) لاواز دەکات، کوردستان کۆمەڵگەیەکی یەکدەست نییە، هەندێک هێز لە باشوور گرنگی بە رۆژئاواو واشنتن دەدەن، هەندێک نزیکترن لە تاران و بەرەی بەرگریکاریی شیعە، هەندێک لە باکور مامەڵەی زۆر پڕاگماتیک دەکەن و هەندێکیش لە ڕۆژئاوا گرێدراوی هاوپەیمانیی سەربازیین لەگەڵ ئەمریکا، بۆیە قسەی ترامپ هەموو کورد ناکاتە دژە-ئەمریکی، بەڵام دەبێتە بەڵگەیەکی نوێ بۆ ئەو دیدگایەی کە دەڵێت، (زلهێزەکان کورد بەکاردەهێنن)، بەڵام کاتێک تێچووەکەیان گران بوو، بە زەرەر دەیانفرۆشنەوە.
ئەوەش هەڵەیەکی گەورەترە ئەگەر کورد تەنها بە تووڕەیی و لە ژێر کاریگەری هەستوسۆز وەڵام بەو گوتارە بداتەوە، وەڵامی دروست نابێت تەنها هاشتاگ، وێنە، یان جنێو و توڕەیی ناو سۆشیالمیدیا بێت، وەڵامی دروست دەبێت ستراتیژی بێت، یەکخستنی ناوماڵی کۆمەڵگای کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، کەمکردنەوەی وابەستەیی یەک‌ لایەنە بە هەر زلهێزێک، هەرێمیاتی یان نێودەوڵەتی، دروستکردنی دامەزراوەی سەربازی و دیبلۆماسی نیشتمانی بەهێز، بەهێزکردنی ئابووری و گۆڕینی قوربانییەکان بۆ سەرمایەی سیاسیی نێودەوڵەتی، ئەگەر خەڵکی کورد قوربانی بدات بەبێ ئەوەی ئەنجامە سیاسییەکەی پارێزراو بێت، ئەوا مێژوو بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا، قسەی ترامپ “حەقیقەت” نییە ئەگەر واتای ئەوە بێت کە کورد تەنها بە پارە دەجووڵێت یان قوربانییەکانی بێ ‌نرخن، ئەوە نادادپەروەرییە و مێژوو زۆر سادە دەکاتەوە، چونکە قوربانیەکانی خەڵی کوردستان عیبارەت نین لە بەرخوردوو مامەڵەی بزوتنەوە و ئەحزابە سیاسیەکانی.
بەڵام قسەکە هەندێک ڕاستیی تاڵی سیاسەتی زلهێزەکان ئاشکرا دەکات کە لە جیهانی سیاسەتدا، ئەوەی قوربانی دەدات هەمیشە براوە نابێت؛ ئەوەی قوربانییەکەی دەگۆڕێت بۆ دامەزراوە، دیپلۆماسی، یەکڕیزی و هێزی چەندلایەنە، ئەوە دەتوانێت قوربانییەکە لە مێژوودا بپارێزێت.
بۆیە خەڵکی کوردستان نابێت تەنها لە ترامپ تووڕە بێت؛ دەبێت لە خۆشی بپرسێت، ئەو هەموو خوێنە چۆن دەکەینە دەسکەوتی سیاسیی پارێزراو؟ ئەوە پرسیاری ڕاستەقینەی دوای ئەو قسەیەیە..

جوتیار مەلا رەئوف




نەهامەتیی حیزبایەتی و کاڵبوونەوەی کوردایەتی.. ستار ئەحمەد

لە مێژووی نوێی گەلی کورددا، حیزبایەتی وەک چەقۆیەکی دوودەم دەرکەوتووە؛ لە لایەکەوە ئامرازێک بووە بۆ کۆکردنەوەی توانای پەرتەوازەی نەتەوەیی و گەیاندنی دەنگی ستەملێکراوی کورد بە جیهان، بەڵام لە لایەکی دیکەوە و بە تێپەڕبوونی کات، بووەتە گەورەترین کۆسپ لەبەردەم پرۆژەی بونیادنانی نەتەوەدا. کاتێک دەڵێین “حیزبایەتی سەری کوردایەتی دەخوات”، مەبەستمان لەو خاڵە وەرچەرخانە ترسناکەیە کە تێیدا سوود و قازانجی تەسک و کاتیی حیزب دەخرێتە پێش بەرژەوەندیی باڵا و نیشتمانییەکان. ئەم دیاردەیە تەنها گرفتێکی ڕامیاری نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ پەتایەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی کە جەستەی نەتەوەیەک لەناو دەبات. لە بنەڕەتدا کوردایەتی وەک بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی، ئامانجی بوو مرۆڤی کورد لە ژێردەستەیی ڕزگار بکات و ناسنامەیەکی سەربەخۆی بۆ بونیاد بنێت، کەچی حیزبایەتی هات و ئەم ناسنامە گشتگیرەی بۆ چەندین پارچەی بچووک و دژبەیەک دابەشکرد. لە ئێستادا وابەستەیی مرۆڤی کورد لە بری ئەوەی بۆ خاک و نەتەوە بێت، زۆرجار بۆ ڕەنگی ئاڵایەک یان وێنەی پێشەوایەکی حیزبی کورت بووەتەوە، ئەمەش گەورەترین پاشەکشەیە بۆ چەمکی کوردایەتی.
یەکێک لە مەترسییە هەرە گەورەکانی حیزبایەتی ئەوەیە کە دامەزراوە نیشتمانییەکانی پەک خستووە؛ هەر لە پەروەردەوە تا دەگاتە هێزی چەکدار و دادوەری، هەمووی خراونەتە خزمەت بەرنامەی حیزبەوە، ئەمەش وایکردووە متمانەی تاک بە دەوڵەت و نیشتمان لاواز بێت. کاتێک حیزب دەبێتە تاکە دەروازە بۆ بژێوی و پلە و پۆست، ئیتر لێهاتوویی و دڵسۆزی بۆ خاک مانی خۆی لەدەست دەدات و جێگەی خۆی بۆ ملکەچی و وەفای بێمەرج بۆ حیزب چۆڵ دەکات. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە تێیدا کوردایەتی وەک ئەندێشەیەکی پیرۆز و گشتگیر، دەبێتە قوربانیی ململانێی هێزەکان. ئەم پەتایە تەنها لە کایەی سیاسیدا نەمایەوە، بەڵکو بە قووڵی شۆڕبووەوە بۆ ناو کایەی ئەدەب و ڕۆشنبیری و جومگە هزرییەکانی کۆمەڵگە. حیزبایەتیی تەسک، گۆڕەپانی ئەدەبیی کوردیی کردووە بە سەنگەرێکی شەڕ کە تێیدا پێنووسە ئازادەکان و نووسەرە کوردپەروەرە ڕاستەقینەکان دەکرێنە ئامانج.
چەندین نووسەری گەورە و خاوەن ڕوانگە هەبوون کە نەیانویست کڕنۆش بۆ باڵە جیاوازەکانی حیزب ببەن و قەڵەمەکەیان بکەنە ئامرازی پیاهەڵدان، بەو هۆیەوە لە هەموو ماف و بەخششێکی ڕەوا بێبەش کران. ئەم جۆرە نووسەرانە نەک هەر لە ژیانیاندا پەراوێز خران، بەڵکو تەنانەت ڕێگەیان پێنەدرا بەرهەمەکانیان بڵاوبکەنەوە، چونکە پەیامی ئەوان لەگەڵ بەرژەوەندیی حیزبیدا نەدەهاتەوە. مەترسییەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو دوای مردنیشیان حیزبایەتی دەست لە سەری نێویان هەڵناگرێت؛ هەوڵی ڕاستەقینە دەدرێت بۆ سڕینەوەی ڕەنج و توانا و مێژووی پڕشنگداریان، هەر لەبەر ئەوەی نەیانویستووە ببنە پاشکۆی ئەم یان ئەو گرووپی ڕامیاری. ئەمە کوشتنی مەعنەوییە، کە لە کوشتنی جەستەیی زۆر ترسناکترە، چونکە هەوڵێکە بۆ شێواندنی یادەوەریی نەتەوەیەک.
لە بەرامبەر ئەم سڕینەوەیەدا، حیزبایەتی هاتووە گۆڕەپانی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی پڕ کردووە لە کەسانێک کە نەک هەر خاوەن هیچ بەهرەیەکی ئەدەبی و بیرکردنەوە نین، بەڵکو زۆرجار لە ڕابردوودا دژە کورد و هەلپەرست بوون. گۆڤار و ڕۆژنامە و کەناڵەکان وەک “قۆنتەرات” دراونەتە دەست کۆمەڵێک کەس کە تاکە کارامەییان فریودان و خۆشیرینکردنە. ئەم هەلپەرستانە لە گۆڕەپانی چەواشەکاریدا تراتێن دەکەن و حیزبیش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان دەکات. بە شانازییەوە و لەبەردەم چاوی مێژوودا، مێژوویەکی درۆینە بۆ ئەم پاڵەوانە کارتۆنییانە دروست دەکرێت؛ ئەوانەی لە ڕۆژە سەختەکاندا پشتیان لە نەتەوە بوو، ئێستا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی حیزبییەوە وەک شا پاڵەوان و خەمخۆری گەل بە خەڵک دەفرۆشرێنەوە. ئەمە نەک هەر سووکایەتییە بە خوێنی قوربانیەکان و ڕەنجی تێکۆشەرانی ڕاستەقینە، بەڵکو تێکدانی ڕەوشتی گشتیی کۆمەڵگەیە، چونکە نەوەی نوێ وا تێدەگات کە سەرکەوتن لە ڕێگەی هەلپەرستی و درۆوە دێت، نەک لە ڕێگەی دڵسۆزی و ماندووبوون.
کاتێک حیزب دەبێتە تاکە سەرچاوەی دابینکردنی تێچووی وێژە، ئیتر چاوەڕوانی بەرهەمی نەتەوەیی مەحاڵە. لێرەدا ئەدەب لە فۆرمە مرۆیی و نەتەوەییەکەی دادەماڵرێت و دەبێتە ئەدەبی پیاهەڵدان. ئەم دۆخە برینێکی قووڵی لە ویژدانی تاکی کورددا دروست کردووە، بە جۆرێک کە مرۆڤی کورد هەست دەکات لەناو نیشتمانی خۆیدا نامۆیە ئەگەر سێبەری حیزبێکی لەسەر نەبێت. بۆ تێپەڕاندنی ئەم تەنگژەیە، پێویستمان بە شۆڕشێکی هزری هەیە، کە تێیدا چەمکی کوردایەتی لە چوارچێوەی تەسک و ژەهراویی حیزبایەتی دەربهێنرێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ ناو کایە فراوانەکەی خۆی کە نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینەیە. تا ئەو کاتەی حیزب وەک ئامرازێک بۆ خزمەتی نەتەوە نەبینرێت و وەک پیرۆزییەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، مەترسیی ئەوە بەردەوام دەبێت کە حیزبایەتی نەک هەر سەری کوردایەتی، بەڵکو داهاتووی نەوەکانیشمان قووت بدات.
ئێمە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییداین؛ یان دەبێت کوردایەتی بکەینە چەتری کۆکەرەوە، یان ڕێگە بدەین حیزبایەتی هەموو دەستکەوتەکانمان بکاتە خۆڵەمێشی ململانێ ناوخۆییە بێواتاکان. ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە دەبێت هەمووان بیزانن، ئەویش ئەوەیە کە هیچ حیزبێک لە نیشتمان مەزنتر نییە، و هیچ پێشەوایەکیش لە نەتەوە گرنگتر نییە؛ هەر کاتێک ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بووەوە، ئەوا سەرەتای کۆتایی هاتنی خەونە گەورەکانمانە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە حیزبایەتی لای ئێمە تەنها ڕێکخستنێکی ڕامیاری نییە، بەڵکو بووەتە بیروباوەڕێکی داخراو کە ڕێگە نادات مرۆڤەکان لە دەرەوەی بازنەی حیزب بیر بکەنەوە، ئەمەش داهێنان و بیری ئازاد دەکوژێت و کۆمەڵگە بەرەو چەقبەستوویی دەبات. کاتێک ئەندامێکی حیزبی، هەڵەی حیزبەکەی لە ڕاستی نەتەوەکەی بە پیرۆزتر دەزانێت، ئەوا کوردایەتی لەوێدا کۆتایی پێدێت. بۆیە، ڕزگارکردنی کوردایەتی لە چنگی حیزبایەتی، ئەرکی هەرە لەپێشینەی ڕۆشنبیران و نەوەی نوێیە، بۆ ئەوەی چیتر مێژووی ئێمە تەنها زنجیرەیەک نەبێت لە شکستی ناوخۆیی کە بەرگی کوردایەتییان بەسەردا بڕاوە، بەڵکو ببێتە مێژووی سەرکەوتنی نەتەوەیەک کە توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە دارشەقی حیزب هەبێت. لە کۆتاییدا، دەبێت ئەو ڕاستییە تێبگەین کە نیشتمان بۆ هەمووانە، بەڵام حیزب تەنها بۆ کۆمەڵە خەڵکێکە؛ کەواتە ناکرێت هەمووان و هەموو شتێک بکرێنە قوربانیی چەند کەس و گرووپێک کە کوردایەتی وەک بازرگانی و پۆست دەبینن. گەڕانەوە بۆ بەها ڕەسەنەکانی کوردایەتی و پاک کردنەوەی ناوەندی ئەدەبی لە هەلپەرستان، تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو داڕمانە گەورەیە بگرین کە حیزبایەتی کاڵفامانە بەرەو ڕووی بردوین.

ستار ئەحمەد




کلتووری بەکاربەر.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

 (كاتێك مەعریفە دەگۆڕێت)

بێگومان کاریگەرییە قووڵەکانی سیستمی تەكنۆلۆژیا و كۆمەڵگای بەکاربەر لەسەر عەقڵی تاک و نەوە هاوچەرخەکان، جگە لە فەرامۆشكردنی داهێنانی تاكە كەسی، شێوانی (ناسنامە)یشی لێدەكەوێتەوە! ئەگەر لەپشت فەرامۆشكردنی داهێنانی تاكە كەسی، ئاژاوەی زانیارییەكان وەستابێ، ئەوە بێ ناسنامەیی لەخێرایی پەیوەندیكردندا گیری خواردووە! لە سیستمی دیجیتاڵییدا ناسنامەی كلتووری، هاونیشتیمانیبوون، هاووڵاتیبوون هیچ مانایەکی بۆ نامێنتەوە و پێگەكانی خۆی لە نە گەیشتندا لە دەست دەدات.

 بەمجۆرە دەنگی مۆدێرن لەلایەك كۆی ماناكانی ژیانی کۆمەڵایەتی لەڕێگای دروستبوون و کارلێکی زانیارییە دیجیتاڵییەكاندا فەراهەم دەكات، بێ ئەوەی ئاوڕ لە خەیاڵی داهێنەرانەی تاكە كەسی بداتەوە، چونكە پێیوایە لە دەرەوەی مەعریفەی سەردەم، بوون و گۆڕان دەكەوێتە بۆشاییەوە؛ لەلایەكی دیكەوە پەیوەندییە مرۆییەكان لە شێوازی بێ هەست و سۆزی پەیوەندییە تەكنۆلۆژییەكاندا هەڵواسراوە، بێ ئەوەی ئاوڕ لە هەست و پەرۆشییە دەروونییەکانی تاك بداتەوە كە لەژێر ئەم هەلومەرجەدا دووچاری شێوانی تووند دەبنەوە.

 كەواتە نەوەی نوێ (دەنگی مۆدێرن، مەعریفەی سەردەم) جگە لە جیهانێکی گەورەی گەڕانی پڕ لە وێنەی خێرا و ناوەڕۆک بەتاڵ هیچی دیكە نابینێ؛ جیهانێكـ كە لە قووڵاییەكانی مرۆڤی سادە و پەرۆشی گەڕانەوە بۆ بیرەوەرییەكانی ناگات؛ جیهانێكـ كە دەكەوێتە دەرەوەی ماف و بەرپرسیاری یاسایی و بیركردنەوەی ڕەخنەیی و نەرێنییەوە؛ جیهانێکی سیخناخ بە ئاژاوەی زانیاری و پەیوەندییە بێ سۆزە هەنووکەییەکان…

پارەی زمان/ خەیاڵی زمان

چی لە بانک پاشەکەوت دەکەیت، کاتت بۆ دەگەڕێتەوە؟! زانیارییەكانی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، یان ئەو کاتە خاوانەی لە ڕابردوودا بەسەرت بردوون… یان ئەو پەیوەندییە سارد و خێرایانەی كە وەكـ پارەی زمان بەكارت دەهێنێت؛ هەڵبەتە كۆی سیستمی پاشەكەوتكردن لەلایەك پەیوەندی بە گەڕان و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی گواستنەوەی خێرایی (ڕێگاكانی سوودگەرایی و چێژبردنەوە) هەیە و لە زمانی کات و شوێندا دەردەكەوێت؛ لەلایەكی دیكە پەیوەندی بە (فەزای دەروونی و ئەزموونی تاکەكەسییەوە) هەیە و لە زمانی داهێناندا چەكەرە دەكات؛ بەڵام ئایا نهێنی زمان و بەهای داهێنان لە سندوقی پاشەكەوتدا جێی دەبێتەوە؟ هەڵبەتە… ئەگەر (کلیلی گونجاو) بدۆزینەوە، بەر لەوەی نهێنیەکان بە کاڵا بكرێن؛ بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆدا بەهای ئەو كاتە كەڵەكەبووانەی لە سندوقی پاشەکەوتكردندایە، کراوەتە پارەی زمان؛ لە سیستمی تەكنۆلۆژییدا پارەی زمان لە ئاژاوەی زانیارییەكان و خێراییدا كورت دەكرێتەوە.

پرسیار ئەوە نییە لە سەردەمی كۆمەڵگای تۆڕی (چەمكی ناسنامە، هاونیشتیمانی، هاووڵاتیبوون) هیچ مانایەکی نییە، چونكە کۆمەڵگای تۆڕی وەک ڕێكارێك بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگای زانیاری بەكاربراوە؛ لەو لاشەوە كۆمەڵگای تۆڕی بەهۆی گۆڕانکارییەكانی بواری پەیوەندییە خێراکان و كۆكردنەوەی زانیارییەوە چەمكی (جیهانگیری) لێكەوتۆتەوە و هەر لەوێشەوە چەمكی ناسنامە، هاونیشتیمانی، هاووڵاتی تێدەپەڕێنێت؛ بە مانایەكی دیكە ئەم تۆڕبەندییە لەبری ئەوەی هەستی ناسنامە و کۆمەڵگای زانیاری و خێرایی پەیوەندییەكان بەیەكەوە بگونجێنێ، بۆ سفری یەكەمیان كار دەكات و بۆ دووەمیان بەپێی بیركردنەوەی ژیان ڕێگایە، نەك كۆتایی، دەجوولێتەوە!! لەسەر ئەو بنەمایە دۆخی (دوای نەتەوەیی و دوای بەسفركردن) بووەتە پێویستییەکی بەپەلە بۆ سوودگەرایی و چێژبردنی بوون و گۆڕان؛ بەو مانایەی كە تەكنۆلۆژیا لە قازانجی کۆمەڵایەتی زۆرتریندایە، بۆیە هەموو کەسێک لە بازاڕی تەكنۆلۆژیادا بەدوای بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیدا دەگەڕێت.

كەواتە (جیهانگیری) كۆمەڵگای زانیارییەكان واتە تێپەڕاندنی هاونیشتیمانیبوون و هاووڵاتیبوون و ناسنامە و بەدیهێنانی دۆخی دوای نەتەوەیی؛ ئەمڕۆی تەكنۆلۆژیا هەموو ئەوانە لە هێنانەدی ژیانێکی بەختەوەرانەدا كۆدەكاتەوە؛ بەو مانایە لەباربردنی تاک بە هیچ شێوەیەک نوێ نییە، بەڵكە پڕۆژەیەكە لەدوای نەتەوەیی، لەدوای بە سفركردنی ئەزموون و مانا بەرهەمهاتووە؛ لێرەوە بۆ تێگەیشتن لە ژیانێکی بەختەوەر و دۆخی دوای نەتەوەیی و دوای بە سفركردنی ئەزموون و مانا، هەوڵدەدەم پەیوەندی نێوان (پارەی زمان) و (خەیاڵی زمان) ورد بكەمەوە.

 ئەگەر چاوێك بە پرۆسەی زمانی تاكە كەسی لە داهێنانی ئەدەبی و پارەی زمان لە ئێستای تەكنۆلۆژیادا بخشێنینەوە؛ دەبینین لە ئێستادا خۆشگوزەرانی تەنها لە پارەدا دەردەكەوێت، نەك لە داهێنانی ئەدەبی و هونەرییدا… بێگومان (پارەی زمان) لە تەكنۆلۆژیادا وەك بابەت مامەڵەی پێدەكرێ، بابەتێك كە دەتوانرێت ببینرێت یان ببیسترێت و دەستلێبدرێت؛ بەڵام زمانی تاكە كەسی بریتییە لەو جیهانەی كە (خەیاڵی زمان) دروستی دەكات؛ یەكەمیان زمان وەك سوود و چێژێكی ڕێگا خێراكان و ئامرازێكی ماددی دەبینێ و دووەم زمان وەك بەهایەكی مەعریفی و دروستكردنی مانای جیاواز هەڵدەگرێتەوە! پارەی زمان جەستەی زمانە، خەیاڵی زمان ڕۆحی زمانە… بەكورتی زمان لەهەر یەكێكیان بێ ئەویدیكە تەنها دەنگێكی بێ مانا یان خەیاڵێكی بێ چێژە!.  

كەواتە (سوود و چێژی ئەرێنی) ئامرازە تەكنۆلۆژییەكان و (مانا و چێژی نەرێنی) خەیاڵی مەعریفی وەكـ پەیوەندی نێوان کات و بەهایە؛ ئەگەرچی کاتە بابەتییەكان بە شت و کاڵا دەكرێن، بەڵام کارکردن لە کاتی خۆیدا بەها بەرهەم دەهێنێت!! لێرەوە پرسیاری چی لە بانک پاشەکەوت دەکەیت، کاتت بۆ دەگەڕێتەوە؟ دەبێتە چی لە كات پاشەكەوت دەكەیت، بەهات بۆ دەگەڕێنێتەوە؟

 مرۆڤ بۆ ئەوەی بگاتە ئەو کاتە تێکڕایەی كە ژیانێکی خۆش و بەختەوەر دەخاتەوە، پێویستە لە خودی کات بە مانا زانستی و فەلسەفییەكەی بگات؛ بەكورتی دەكرێ كات لە بانکی پاشەکەوتكردندا خاو بکرێتەوە، وەكـ چۆن دەتوانرێت بە بەکارهێنانی تەکنیکەکان خێراتر بکرێت و بگۆڕدرێت… بەڵام لەبیرت نەچێت مێشکی مرۆڤ هەر چەندە بەشێوەیەكی زانستی هۆڕمۆنی خۆشی (دۆپامین) دەردەدات، بەڵام بەشێوەیەكی فەلسەفی خۆشی لە مانا نابێتەوە؛ بەمجۆرە لەنێوان خۆشی كیمیاوی و خۆشی فەلسەفییدا مێشکی سەركەوتوو پێویستی بە گونجاندنی خاوبوونەوە و خێرابوونەوە هەیە.

 مێشک لە خاوبوونەوەدا ئامانجێك بەدەست دەهێنێ؛ لە خێرابووندا شتێكی نوێ فێر دەبێت؛ بەو مانایەش هەستكردن بە سەركەوتن تەنها لەڕووی زانستییەوە بە ئەنجام ناگات، خۆشیی بوونی (مانا)یشی پێویستە! بەدیوەكەی دیكە دەمەوێ بڵێم خۆشی كاتێك تەواو (كامل) دەبێت كە كیمیای مێشك و مانای ژیان یەك دەگرنەوە؛ لەو هەلومەرجەدا پرۆسەی خێرابوون و خاوبوونەوە پێویستی بە پێداچوونەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەی فەلسەفەیی و ڕێگای دروستبوونی تەكنۆلۆژیا هەیە؛ ئەگەر بیرکردنەوەی ڕەخنەی پێویستی یە گەڕانەوە (خاوبوونەوە) هەبێ، ئەوە ڕێگای دروستبوونی نوێ پێویستی بە داهاتوو (خێرایی) هەیە؛ بە مانایەكی دیكە چاوەڕوانی خۆشی پێویستی بە (خەیاڵێكی بەرفرەوان) و (لێهاتوویی تەكنۆلۆژی) هەیە، نەك زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی (ئەمفیتامین) بۆ ئاسانتركردنی تەکنیکەکان.  

(بیل گەیتس) لە نامەیەکدا بۆ (تۆماس زایبێرک)ی زمانناس و نیشانەناس نووسیویەتی: شۆڕشی دیجیتاڵی بە تەواوی ئامرازگەلێکە بۆ ئاسانتركردنی مانای شتەکان. بڕوانە:www.tajrishcircle.org  (زمان، شتاب و خشونت- فرانکو براردی (بیفو) ترجمه‌ی سامی آل‌مهدی). لێرەدا بیل گەیتس کێشەكانی پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و فەلسەفە، چێژ و بەها… زەق دەكاتەوە! بەو مانایەش سیستمی دیجیتاڵی بۆیە شتەکان ئاسان دەكات، تاكو خەڵكێكی زۆر بەدواییدا بێن؛ بەو مانایەش كۆمەڵگای بەکاربەر وەک پێویستییەکی بەپەلە بۆ سوود و چێژبردن و گۆڕینی مەعریفەی سەردەم خۆی نمایش دەكات؛ كۆمەڵگای بەکاربەر لە بنەڕەتدا شانۆیەكە بۆ ئاسانکردنی شتەکان و دیكتاتۆریەتی ئەرێنیبوونی زانستی… دەمەوێ بڵێم سیستمی تەكنۆلۆژیا خۆشی مانا لەبیر دەباتەوە و خۆشی زانستی لە جوولەی بەردەوامدا دەهێلێتەوە.

نەوەی دیجیتاڵی لەبری ئەوەی گوێڕایەڵی زمانی دایک بێت، لە ئامێرێکەوە گوێڕایەڵی وەردەگرێت؛ ئەو نەوەیە لێرەدایە، لێرە لە زێدەیی دیجیتاڵیدایە؛ بەكورتی ئەو نەوەیە پەیوەندییە پڕ لە کێشەکانی نێوان زمان و جەستە، زمان و ڕۆح، پەیوەندییە پڕ لە کێشەکانی نێوان (وشە- ئامراز) و (سۆز- خەیاڵ) بەردەوام بە سوود و چێژبردنی خێرا و ئاژاوەی زانیارییەكان پڕ دەكاتەوە؛ ئەگەرچی بەرە بەرە ئەو تەكنیكە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هەستی خۆشیی قووڵ و درێژخایەن.

بەگشتی نەوەی دیجیتاڵی زمان لە جەستەی دایک و لە ڕۆحی دایكـ دادەبڕێت؛ بیر لەوە ناكاتەوە كە هەمیشە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا زمان لە ترسی متمانەکردن بە جەستە و نیگەرانییەكانی جەستە لە جیهانێكی شپڕزەدا ژیاوە! پێویستە لە دۆخێکی وادا بۆ تێپەڕاندنی ئەو شپڕزەییە توانای بەستنەوەی زمان و ئارەزوو، جەستە و جەستە… لە جەستە و ڕۆح، لە زانست و فەلسەفەدا چالاک بکەینەوە؛ دەشێ لە دۆخی جەستە و جەستە بەشێوەیەكی تەكنیكی پەیوەندییەکان خێراتر بكرێن، بەڵام لە جەستە و ڕۆح هەمیشە شپڕزەیی مانا و خەیاڵی لێدەكەوێتەوە!.  

کاتی ئەلیکترۆنی/ فەزای دەروونی

نەوەی نوێی دیجیتاڵی نەوەی (ئەلفا) کە بە قسەی توێژەری کۆمەڵایەتی ئوسترالی (مارک مەکریندڵ) نەوەیەكە لە دوای ساڵی ٢٠١٠ تا ساڵی ٢٠٢٥ لەدایک دەبن؛ لە گەشەسەندنی تەکنۆلۆژییدا بەشدارن، لە هەمان کاتدا لە ژەنینی نیگەرانانەی چەمكی سفری مانادا دەژین! دوای ئەوەی تەواوی چیڕۆك و فانتازیا و یۆتۆپیاكان شکست و بێتوانایی خۆیان لە بەدیهێناندا سەلماند؛ نەوەی نوێ ملکەچی بەكاربردن و زێدەییەكان و شپڕزەیی بۆتەوە؛ ئەو نەوەیە دوور لە دنیای مانا، لەدنیای دیجیتاڵییدا دەژی؛ دنیایەك کە سنوورەکانی نێوان واقیعی و مەجازی قووت داوە.

بێگوماندیكتاتۆریەتی ئەرێنیبوونی زانستی و چەمكی بە سفركردنی مانا کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی و کۆمەڵایەتی لێكەوتۆتەوە؛ بەو مانایەش مرۆڤی ئێستا بە (خێرایی كات) و (سفر مانا) گەمارۆ دەدرێت؛ کاتی ئەلیکترۆنی بێ سنوور گەشە دەکات، بەڵام فەزای ماناش داخراو نییە! ئەگەرچی بێ سنووری زانیارییەكان، خێرایی پەیوەندییەكان لەگەڵ فەزای دەروونی نایەتەوە؛ ئەگەرچی لەمیانی كاتی ئەلیكترۆنییدا بوون لەگەڵ ئەویتر بێ بایەخ دەكەوێتەوە… کرێکارە مەعریفییەكان لە گۆڕەپانی زێدەییەكاندا بێ پسانەوە چەمكی سفر مانا دەژەنن و دەبنە هۆی سنوورداربوونی ئەو ژیانەی کە بۆ سەرنجدان و خۆشەویستی و چێژ و هاوسۆزی پێویستە.  

ئۆتیزم، ناڕێکی خوێندنەوە، سفر مانا، نیشانەکانی ترس و تێکچوونی سۆزداری کۆمەڵێک نەخۆشیین کە لە ئەنجامی خێرابوونی سووڕانەوەی زانیارییەکان و خێرایی پەیوەندییەكانەوە سەریان هەڵداوە؛ لە لایەکی دیکەوە چالاکییە دەروونییەکان لە ئێستادا دوای کەمبوونەوەی ئەو کاتەی کە لەبەردەستدایە بۆ بەخۆداچوونەوە و لەخۆوردبوونەوە و پشوودان؛ یان دوای کەمبوونەوەی فەزای دەروونی بە هۆی كاتی ئەلیكترۆنی و کەمبوونەوەی قووڵایی ئەزموون و یادەوەری، بە هۆی خێراییەوە… پاڵەپەستۆیەكی گەورەی بۆ مرۆڤی ئێستا دروست كردووە؛ كەواتە بنەمای نەخۆشییەكانی ئەمڕۆ شاردنەوە نییە، بەڵکە زۆر بینین و تەقینەوەی زیادەڕۆییە لە ئاژاوەی زانیارییەكان و ماندووبوونی هاندەرە دەمارییەکانی زانیاریی و خێرایی پەیوەندییە ئەلكترۆنییەكان.

فەیلەسوفی ئیتاڵی (فرانکۆ پیڤۆ بێراردی) لە كتێبی (معزوفة مقلقلة: السميورأسمالية وأمراض جيل ما بعد ألفا، ترجمة أحمد حسان- دار هن للنشر والتوزيع)دا دەڵێت: دنیای زانین و چێژ لەپێشکەوتندایە، بەڵام ئەو دنیایە لە دامرکاندنەوەی ئازار و ڕەشبینی و خەمۆکی كەم توانایە! دەیەوێت بڵێت كات لە سەردەمی ڕابردوودا هێلێكی ئاسۆیی و یەکدەنگی هەبوو، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە سەقامگیری ژیان بەشێوەیەكی بەرفراوان دەهاتە پێشەوە؛ بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشبردنی ئابووری بەردەوام و داڕشتنەوەی دووبارە و پشتبەستن بە خێرایی پەیوەندییەكان و بێ سنووری زانیارییەكان… ئیتر هێلی ئاسۆیی و ڕێگای دیاریکراو نەما و مرۆڤەکان لە فەزا دەروونی و پەیوەندییە قووڵە مرۆییەكان و سەقامگیریی و ئامانجە درێژخایەنەکان بێبەش بوون و مرۆڤی ئێستا لە ڕێگایە، نەك لە ئەنجام.

كەواتە ئەگەرچی مەعریفەی مرۆڤ، وەک پڕۆژە، لە خۆشیی ماناوە دەستی پێکرد؛ بەڵام لە ئێستادا ئەو مەعریفەیە، ئەو ئازادییە، لەژێر ڕۆشنایی خۆشیی و سوودی دیجیتاڵیدا هەوڵدەدا کۆتایی بە مانا بهێنێ و وەک ڕێگا، گەڕان، تاقیکردنەوە، شوێنی مانای بوونی مرۆڤ بگرێتەوە!! بۆیە چیتر مرۆڤەکان وەرناگرن و بە دیجیتاڵیبوون پێویستی بە ئامادەبوونی کەس نییە، پێویستی بە کڕینی کاتی ئەلیكترۆنییە؛ ئیتر سەردەمی کۆنترۆڵکردنی هەسارەکان بەسەرچوو، ئەمڕۆ بە تەواوی لە دەرەوەی ئەم سنوورە داین؛ کاتی ئەلیكترۆنی هیچ مانایەك بۆ ئازادی تاکەکان و فەزای دەروونی نەهێشتۆتەوە؛ ئەمڕۆ ترس و شپڕزەیی و دڵەڕاوکێی هەسارەیی فەزای دەروونی مرۆڤی داگیر كردووە.

تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی لەسەر بنەمای کاری ماددی و بەكاربردنی بازنەی زانیارییەكان و خێرایی پەیوەندییە ئەلیكترۆنییەكان وەستاوە، هەموو ئەوانە كۆمەڵە ڕێكارێكن کە چیتر ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن یان دژایەتی بکرێن؛ تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی بووەتە سیستمێکی میکانیزمی تەکنۆ-ئابووری کە مرۆڤ ناتوانێت لێی دوور بکەوێتەوە؛ بەمجۆرە ژیان ڕێگایە، نەك كۆتایی، بەڵام ناچار كراوە لە هەلومەرجی وابەستەیی ڕەهادا و لەڕێگای سەرمایە تەكنۆلۆژییەكانەوە بجوولێتەوە؛ ئەوەش بەگشتی واتە گۆڕینی یاسا بە کۆد و بەردەستکردنی خاوەندارێتی بە کۆدکردن بۆ خاوەن پشکەکان؛ دواجار ئەو خاوەن پشکانە ئەلگۆریتمی کۆدکردن بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی سەروەت و سامانەکانیان بەکاردەهێنن.

بەمجۆرە هاونیشتیمانی و هاووڵاتی ئەوانە نیین كە دانیشتوانی یەك نیشتیمانن، بەڵكە دانیشتوانی ئەو خاڵانەن كە تێیدا خاوەن پشکن؛ واتە لەو خاڵە دیاریكراوانەدا خاوەن پشک دەسەڵاتی ڕێژەییان دەبێت، دەسەڵاتێكـ كە لەگەڵ بەهای ئەو پشکانەی خاوەنیانن و بەهۆی کلیلی کۆدکراوەوە دەستیان پێدەگات؛ كەواتە سنووری یاسای وڵات خاوەن پشکەكان ناگرێتەوە؛ سەپاندنی یاسا بە مانای دانانی سنوور نییە لەلایەن دەەسەڵاتی وڵاتانەوە، بەڵكە دانانی سنوور بەهۆی پشكەكان و کلیلی کۆدکراوەوەیە.

هەولێر 25/2/2026




شەڕی هەنوکەی ئەمریکاو ئیسرائیڵ لە ئێران، ئەڵقەیەکی دیکەی زنجیرە شەڕەکانی سەپاندنی هەژموونی ئەمریکایە..1.. سابیر محەمەد

بەشی 1 :

ئامانجەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئێران و ناوچەکە

یەکەم- گۆڕینی ئەولەویەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە جیهان و “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، گرنگیدان بە لێدانی قۆرخکارییەکانی چین، هەروەها کاریگەریی ڕووسیا و هەڵلوشینی سەرمایەی جیهانیە .
سەرەتای ئەم ستراتیژیەتە نوێئەی ئەمریکا، بەو سیاسەتە ئابوورییەی سەپاندنی باجەکانەوە دەستی پێکرد، دواتر بە دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا و گۆڕینی ڕژێم لەوێ بۆ ڕێژیمێکی میانڕەو کە خزمەت بە ئەجێنداکانی ئەمریکا بکات.
دوای ئەوە گۆڕینی ستراتیژیەتی مانەوەی هێزەکانیان لە سوریاو ناوچەکەو، وهەوڵدان بۆ ئارایشپێدان و دنەدانی بزووتنەوە جیهادیەکان و ( میحوەری موقاوەمە) و ڕەوتە سیاسیە قەومیەکان لەوێ، دژ بە خودی خەڵکی چەوساوەی کورد و عەلەوی و دورزیەکان وە لە فەلەستین بە قازانجی ئەمریکاو ئیسڕائیل، وە وێرانکردن و قەڵاچۆپێکردنی خەڵکی چەوساوەو کوشتنی وەحشیانەی ژنان و منداڵان و ئاوارە کردن و برسیکردنیان لە فەلەستین و غەززە، کە یەکێکە لە مێژووە هەرە خوێناوی و وەحشیگەریەکانی سەرمایەداری و مرۆڤایەتئ کە لەو ناوچەیە دا نمایشکران، وە لە ئێستادا لە درێژەی ئەم سیاسەت و هەژموونە ئیمپریالیستیە پاوانخوازیەی ئەمریکاو ئیسرائیل و کۆمپانیا و ترێستە زەبەلاحەکانیان ، دەستکرا بە جەنگێکی مۆدێرنی پاوانکردنی هەرچی زیاتری قازانج، وە دەسەڵاتی جیۆپۆڵیتیکیانەی خۆیان، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە.

به پێی ئه م ئه وله ویته نوێیانه ، ئه و شه ڕه ی که ئه مریکا و ئیسرائیل له بەرە یانی ڕۆژی شه ممه 28ی شوباتی ئه مساڵ لە ئێران هەڵگیرساند، کە خوی لە خۆیدا، وەک جوڵاندنی یەکێک لە پارچەکانی یاری شەتڕەنج وابوو، لەسەر بۆردەکە، بۆ خانەیەکی تر.
ئەم جووڵە سەربازیە بووە هۆی دەسپێکی ئەو تەقینەوەو بۆمبا بارانکردنە بەهێزو به ڕفراوانەی ، کە له تارانی پایته خت و شارەکانی تری ئێران بینران .

دیارە ئەو دانوساندن و گفتوگۆیانەی کە لە نێوان ئەمریکییەکان و ڕۆژئاوای ئیمپریالیست لەگەڵ ڕژێمی ئێرانیدا ئەنجام ئەدران، کە هەردوکیان بەشوێن قازانجی زیاترو هەژمونی زیاترەوە بوون، ئامانجێکی فریودەرانە و چەواشەکارانەی بۆڕژوا ئاساییەکانیان لە پشتبووە، چونکە لە بنەڕەتدا دەستپێکردنی جەنگەکە، هیچ پەیوەندیەکی بەو درۆ ودەلەسانەوە نەبووە، کە مێدیا بۆرژوازیەکانی جیهان و خودی ئیدارەی ئەمریکا بڵاویان ئەکردنەوە، بەڵکە پەیوەندیان بەو ستراتیژیەتە و سەپاندنی هەژمەنەوە هەبوە، کە بەشوێن قازانج و کەڵەکەی سەرمایەی زیاترەوە هەبوە .
هەروەک ( زبیگنیو برێزینسکی) لە کتێبە زۆر گرنگەکەیدا بە ناوی: ” بۆردی شەترەنجە گەورەکە: هەژموونی ئەمریکی و کاریگەرییە جیۆستراتیژییەکانی”،
لەسەر ئەو خاڵە گرنگە جەخت پێداگری ئەکاتەوە، کە ئەمریکا، ڕووبەڕووی ئەم پرسە گرنگانە ئەبێتەوە، ئەویش :
“بەڕێوەبردنی ململانێکان و پەیوەندییەکان لە ئەوروپا” وە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بە شێوەیەک کە بتوانێت ڕێگری بکات لە سەرهەڵدانی هەر زلهێزێکی ڕکابەر، کە ئەبێتە مەترسی و هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو، یان سیستەمی خۆشگەزەرانی باو، کە لە ئەمریکادا هەیە ” (١).

هەروەها هەروەک ( جۆن پێرکینز) ئەڵێت:
” ..وەلێ ئەوە نازانن کە خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانمان بریتیە لە هۆکاری سەرەکی کە وامان لێدەکات، سەفارەتخانە لە گشت جیهاندا بکەینەوە. لە ماوەی نیوەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا، ئەم بەرژەوەندیانە بە مانای ئەوەیە، کۆماری ئەمریکا دەبێت بە ئیمپراتۆریەکی جیهانی.” (٢)

دووەم- هەوڵ و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی، ئەم ستراتیژە بنەڕەتییە ئەمریکییە ڕەنگە ڕووبەڕووی تەحەددای سەخت بێتەوە کە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر ئەگۆڕدرێت وجیاوازە، وە پلانەکان مەرج نیە، هەمیشە بە گوێرەی حەزو ئارەزووی ئەوان بچێتە پێشەوە.
گۆڕینی ئەولەویەتەکانی ئەمریکا لە “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، لە ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی سەربازیەوە، کە پێشر لەسەر زەوی هەیانباوە بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان و ڕاگرتنی پەیوەندییەکان لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانیەوە، یان لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی ئاسمانیەوە، هەموو ئەم گۆڕانکاریانە لە ئەولەویات و ستراتیژیەت ، و ئەو خوێن ساردی و دڕەندەیی و بەدەربەدەست نەگرتن و بێباکیەیان بەرامبەر بە ژیانی جەماوەرێکی بەرین لە کوشتن و وێرانکاری، و ماڵوێرانی ، بەتایبەت کوشتنی و مناڵان وژنانی بێتاوان، وە داگیرکردن و سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر ئەو ناوچانانەدا، کە زیاتر چینە چەوساوەکانی ئەم ناوچانە لەلایەن ئەمریکاو ئیسڕائیڵ، ڕووی بەڕووی بوونەتەوە، و بەدەستیەوە ئەناڵێنن، هەروەها گۆڕینی ڕێچکەو ستراتیژیەتی سیاسی و ئابوری مانەوەی خۆیان، لەم ناوچانەدا پیادەکردوەو ئەیکەن، لە پێناو قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیان و ئەجندە بەکرێگیاوەکانیان ، خۆی لە خۆیدا، خەسڵەت و سیفاتی قۆناغەکانی تێکشکان و پاشەکشەی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا لە خۆ ئەگرن، ئەوانیش بەو ئاڕاستەیەدا ئەبات، بەلەبەرچاوگرتنی هەر گۆڕانکاریەک کە لە گەشەی سەرمایەداری جیهانیدا هاتۆتە پێش، وە ئاسۆی هاتنە ئاراوەی خەباتی چینایەتی لەبەرامبەر سیستەمی سەرمایەداریدا، داهاتووی ئەم هێزە ئیمپریالیستیانەو بەکرێگیراوەکانیان و دەوڵەتەکانیان، لەم ناوچانەدا خستۆتە بەردەم دوو ڕیانێک و ئەرکی کارکردن بۆ تێکشکانێکی سیستەمە ئابووری و سیاسی و فەرهەنگیەکانیان.

سێهەم- سەبارەت بە لێکدانەوەو تێڕوانینیەکانی بەرەی ( میحوەری موقاوەمەت)، کە بریتیە لە ئەو هێزە چەواشەکارو و ڕیفۆرمیستیەی بۆرژوا نیشتمانیانیانەی، کە داکۆکی لە بزووتنەوەی ( ڕزگاری نیشتمانیەی) ئەکەن، لەوانە چەپە ناسیۆنالیست، و لێبڕالەکان، وئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی هێزە جیهادیە ئیسلامیەکان، کە لە سەر بنەمای تیئۆری
( جیهانی سێیەم)، کار و چالاکی سیاسی و سەربازی خۆیان درێژە پێئەدەن.
ئەم هێزانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیە بەرتەسکەکانی ( بۆرژوازی نیشتمانیەوە) هەمیشە تێڕوانین و لێکدانەوەی ڕووکەشانەو، فریودەرانە، سەبارەت بە دژایەتی ئەمریکاو ئیسرائیڵ و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا ڕەواج پێئەدەن، وە جەماوەری کرێکاران و چەوساوەکان، هان ئەدەن بۆ پەیوەستبوون ، بەم ئۆردوگایەو بە بزووتنەوە سیاسی و سەربازیەکانیانەوە، وە لەسەر ڕێچکەی باسەکانی دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە تایبەت خومەینی کە باس لە موقاوەمەت وڕزگاکردنی( گەلانی هەژارو موستەزعەفین) ئەکات.

ئەم تێڕوانین و بۆچوونانەی کە ئەم بەرەیە پڕوپاگەندەی بۆ ئەکەن، لە بنەڕەتدا ئامرازێکی فریودەرانەی کاریگەرن بۆ چەواشەکردنی کرێکاران و چەوساوەکان و پەردەپۆشکردن و حاشاکردنە لە خەباتی چینایەتی، وە ڕاپێچانی ئەوانە بۆ ژێر ئاڵای بزووتنەوەی ئۆپۆزیسیزیۆنی ناسیۆنالیستی، ولێبڕاڵی، جیهادیە ئیسلامیەکان، وە دوژمنایەتیکردنی بەرژەوەندی سیاسی و چینایەتی کۆمۆنیستی پڕۆلیتاریایە.

هەروەها لایەنگرانی بەرەی ( میحوەری موقاوەمەت)، پڕوپاگەندەی لەو چەشنە ئەکەن، کە ئەم شەڕەو هێنانی هێزێکی سەربازی گەورەی لەم چەشنە، تەنها بۆ دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هێنراونەتە مەیدان” ، بەمجۆرە ئەیانەوێت ئەو چەواشەکاریە لە مێشکی جەماوەردا بسەپێنن، کە ئێران وەک زلهێزێکی ناوچەیی، و تەواوی بلۆکی ئیمپریالیزمی ڕۆژهەڵاتی، کە بریتین لە چین و ڕوسیاو کۆمەڵەی ( برێکس) ، وەک هێزێکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ لە قەڵەم بدەن، کە گوایە ئەوان دژ بە ( ئیمپریالیزمی ئەمریکان).
لە کاتێکدا کە ئیمپریالیزمی ئەمریکا، حاڵەتێکی جیاواز و دابڕاو نیە، لە سەرجەم سیستەمی سەرمایەداری جیهانی.
بەمجۆرە لەهەوڵی ئەوەدان کە فریوکارانە، خۆیان وتەواوی بلۆکی ئیمپریالیزمی ڕۆژهەڵات، بە حاڵەتێکی جودا و جیاواز لە سەرجەم سیستەمی سەرمایەداری جیهانی.
واتە نە خۆیان وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، نە سەرجەم بلۆکی ڕۆژهەڵات، هیچ وابەستەیی و پەیوەندیەکیان بە بەسەرمایەداری جیهانی، بە خودی پڕۆسەی کەڵەکەی سەرمایەیەو، هەلومەرجی نەداری و بێکاری و شەڕو و چاوچنۆکی سەرمایەداریەوە نیە، کە تەواوی گۆی زەوی خستۆتە ژێر هەژموونی چاوچنۆکی و شەڕو ماڵوێرانی و کوشت و بڕو سەرکوتی ناڕەزایەتیە چینایەتیەکان، وە درێژەدان بە کۆنەپەرستی و ڕەگەزپەرستی و سەرکوتی مافە دیمۆکراکەکانی ژنان و چەوساکان و نەتەوەکان.

چوارەم – سەبارەت بە بەرەی (بلۆکی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا)،
زۆربەی هەرە زۆری پارت و ڕێکخراو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە سیاسیەکان، ئامادەی بەکرێگیراوی و کارکردنیان ڕاگەیاندووە، لەپێناو سەرکەوتنی ستراتیژیەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو ئیسڕائیڵ لەبەرامبەر وەرگرتنی ئیمتیازاتێکی کەم و بەرتەسکی ئەجیندای حیزبی خۆیان، وە خۆیان بە بەشێک لەم بلۆکە ئیمپریالیستیە ڕۆژئاوایە ئەژمارکردووە.

ئەم هێزانەش بریتین لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیانەی شاهەنشا و( سەڵتەنەت تەڵەبیەکان) ، و مجاهدین و هێزە چەپە ناسیۆنالیست و لێبڕاڵەکان ، ڕێکخراو حیزبە ناسیۆنالیستە کۆنەپەرستە کوردیەکان و(بەرەی یەکگرتووی حیزبەکانیان) و کە هەر هەموویان بە سووکە ئیمتیازاتێکی بەرتەسک، لە خۆشیا گەشگەیان گرتووەو، مەست بوون بە هێڕشەکانی ئەمریکاو ئیسڕائیل وهەڵگیرسانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە.
وە ئامادەن سواری دەبابەو زرێپۆشەکانی ئەمریکاو ئیسڕائیل بن، وە پیادەی هەمان سیاسەت ئەکەن، کە پێشتر لە عێراقدا بینیمان، لە درێژەی شەڕی کەنداوی ساڵی ١٩٩١ دا، و داگیرکردبی عێراقدا، کە چۆن کاتی خۆی، حیزبە قەومیە چەکدارە کۆنەپەرستەکانی بەرەی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی کوردو، و عەرەب وە سەرانی حیزبە تائیفە ئاینیە شیعەکان ، لێبڕالە عیلمانیە سوننیەکان بوون بە سووری بەرلەشکری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان، وە ئەوانیان بە فریاد ڕەس و پاڵەوانی ڕزگاری جەماوەری عەرەب و کورد و کەمینەکانی تری عێراق، لە قەڵەم دا، ئەمانیش بەهەمان شێوە ئامادەیی خۆیان بۆ ئەم پاشکۆیی و بەکرێگیراویە دەربڕیوە.
بەم جۆرە ئەرکی سیاسی و چینایەتی بۆرژوازیانەی نیشتمانی خۆیان ، وەک پشتیوانیان لە سەرانی بۆرژوازی جیهانی، وە بوون بە ئامرازێکی سەرکوتگەری خەباتی چینایەتئ لە ناوچەکەدا، و لەباربردنی شۆڕشی جەماوەری چەوساوەکان لە سەرجەم عێراقدا ، وە خۆشحاڵبوونیان بەوەی کە وەک، زۆن و میلیشیای بەکرێگیراوانەی چەکداری، بتوانن ئیدارەی ناوچەیەک و زۆنێک بدەن، بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکاو ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا، و چین و ڕوسیاو و ئێران، لەو ناوچانەدا.

پێنجەم – ئامانجی سەرەکی ئەم شەڕەی ئەمریکاو و ئیسڕائیل، ڕوخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی نیە، لەو وڵاتە دا، بەڵکو ڕاهێنان و ئامادەکردنی گروپێکی بە دیسیپلینی میانڕەوە لەناو خودی سیاسەتمەندارانی جومهوری ئیسلامی، وە سپاردن و گۆڕینی دەسەڵاتەکە بۆ دەستی سوپائ پاسداران و ئۆلیگارشیەکی سەربازی، کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیژییژیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو ئەکات، و ببنە چاودێرو پاسەوانی بەرژەوەندیەکانی ئەوان لەو ناوچانە.
هەروەها بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر ئەو ناوچانەو ئۆقیانوسی هیند، وە بۆ کێبڕکێ و کەڵەکەی هەرچی زیاتری سەرمایەی چین و چەق بەستنیەتی لە دەستی سەرمایەدران و ترێستە زەبەلاحەکانی ئەمەریکا، هەروەها بۆ ناچارکردنی ئەم وڵاتانەی ئیمپریالیزمی ڕۆژهەڵات، کە بچنە ژێر باری ئامانجە ئابووری و سیاسیەکانی ئەمریکاو ئیسڕائیل، وە ناچاریان بکات بە ڕێکەوتننامەیەک کە بە قازانجی ستراتیژیەتی خۆیان بێت.

شەشەم- هەر جوڵەیەکی سەربازی لە سەر بۆردی شەترەنجی ئیستراتیژیەکەی ئەمریکا، لەم ناوچانەو لە جیهاندا، هەمیشە لێکەوتەیەکئ خراپی لە کوشتن و ماڵوێرانی و داگیرکاری و بار گرانی و سەرکوتی چینە چەوساوەکانی لێکەوتۆتەوە.
ئەم شەڕە لە دڕندەیی وەحشیگەری بەربەریەتی خۆیدا بێهاوتایە، فۆرمێکی مۆدێرن لە جەنگی سەرمایەداری ئیمپریالیستانەدا کە منداڵان و ژنانی ستەملێکراوی چینە چەوساوەکان قوربانیانی یەکەمن، وە ئامانج لێیان سەرکوت و شێواندنی خەباتی چینایەتی و بەلاڕێدا بردنیەتی، شەڕێک کە مرۆڤایەتی پێشتر ئەم ئامانج ، ئەم جۆرە دڕندەییی و سەرکوتەی بە خۆیەوە نەبینیوە، چ لە باری قووڵی و بەرفراوانی چاوچنۆکی و بەنامۆکردنی مرۆڤەکان، چ لە باری نمایشی هێزێکی بەوشێوەیە، تەنانەت لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمیشدا، نەبینراوە.
ئاکام و دەرئەنجامە دڵتەزێنە خراپەکانی ئەم زنجیرە لە شەڕەکانی ئەم قۆناغەی سەرمایەداری ئییمپریالیستی، بەکوشتن و ئاواره بونی هەرچی زیاتری چینی کرێکار و ستەملێکراوانی هەژار لە جیهان و بەتایبەت لە شەڕی ئەم دواییەی فەلەستین و غەززە، کە برسییەتی و مردنی مناڵانی ساوا ژنانی چەوساوەو، و بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان، لەلەلایەن بۆرژوا -کۆمبرادۆرەکانی سەر بە ( میحوەری موقاوەمەتی ئیسلامی) و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی میللی فەلەستینی، ئەمانە هەموویان دەرئەنجامی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە ئیمپریالیستیەن.
لەم نێوەشدا بۆرژوازی نەتەوەیی و میللی، هاو ئاهەنگی خۆی، بەو جۆرە نیشان ئەدات، کە هەرچی زیاتر، ئەم هەلومەرجە بقۆزێتەوەو، و گیرفانی چینی کرێکار و ستەملێکراو تاڵان دەکات بۆ کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری قازانج و سەرمایەی گەورەتر.

حەوتەم- ئەوەی ڕاستی و دروستی ئەم قسانە ئەسەلمێنێت، ئەوەیە کە، جێگیرکردنی ئەم هێزە سەربازییە مەزنەو و کەشتییە جەنگییەکانییە بۆ ناوچەکە، بۆ هەمان ئامانجی ڕۆتینی شەڕە کۆنەکانی تر لە جیهاندا نیە، کە بۆ داگیرکاری و ڕوخاندنی ڕژێمەکان، و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بێت.
هەروەها ئەوەی سەلماند کە پڕوپاگەندەو ڕاگەیەندنەکانی سەرۆکی ئەمریکا، هیچ ڕاستیەکیان تیادا نەبوو، کە گوایە ئەم شەڕە ڕەنگە چوار ڕۆژ ئەخایەنێت ، وە دواتر ماوەکە بوو بە چوار هەفتە ، تا ئێستاش تا ڕادەیەک هەر بەردەوامە، زیاتر بۆ فریودانی کرێکاران و چەوساوە ناڕازیەکانی ناو ئەمریکا بوون.
بەڵام ڕاستی داتاکانی سەر زەوی و دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕەو و فراوان بوونی، ئەوەی دەرخست کە پانتایی ئەم شەڕە لەوە گەورەترە کە باسیان لێوە ئەکرد، بە دەستێوەردانەکانی لاوەکی چین و ڕووسیا لە لایەک، و ئوسترالیا، کەنەدا، فەرەنسا، بەریتانیا، و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا لە لایەکی تر، هەروەها فراوانبوونی ئەم شەڕە بۆ وڵاتانی دراوسێ، تورکیا، سعودیە، عێراق، پاکستان، و هیندستان.
شەڕێک کە ئەمریکاو و ئیسرائیل، وەک نمایەندەی کارتێل و ترێستە مەزنەکانی جیهان بەرپایان کرد، لەبەرامبەر هەلومەرجێکدا وەستاونەتەوە، کە توانای درێژەدانیان بەم جۆرە شەڕانە هەیە، تا ئەو کاتەی کە هەلومەرجی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیە جەماوەری و گشتیەکان ئەگەنە ڕادەیەک، کە پڕۆلیتاریا بتوانێت ئەم شەڕە بگۆڕێت بە شەڕێکی چینایەتی دژ بە دەسەڵاتدارانی ناوخۆی وڵاتە، کە چیتر ئەم شەڕانە نەتوانن درێژە بە خۆیان بدەن، لە پێناوی قازانجی کەڵەکەی سەرمایە، یان بە واتایەکی تر تا ئاستی خاڵی وەرچەرخانی تای تەرازوی هێزە چیانیەتیەکان.
خودی پڕۆلیتاریای ئێران و چەوساوەکانی، لە بەرامبەر ئەرک و وەرچانێکی مەزنی مێژووییدا لەم جۆرەدا وەستاونەتەوە، کە خودی دەسەڵاتی بۆرژوا ئیسلامیەکان و دامودەزگاکانیان لەو ناوچەیەدا، بڕوخێنن و ببنە سەر قافڵەی شۆڕشە نوێ پڕۆلیتاریاکانی ئەم قۆناغەی ئیمپریالیزمی جیهانی.

5.3.2026
———————————
(1) زبیگنیو برێزینسکی، بۆردی گەورەی شەترەنج : هەژموونی ئەمریکی و کاریگەرییە جیۆستراتیژییەکانی، ل. 3
(2) دانپیادانانەکانی بکوژێکی ئابووری ؛ جۆن پێکینز

تێبینیەکی پێویست؛
ئەم وتارە نە زمانی عەرەبی لە 5.3.2026، لە ( الحوار المتمدن) دا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لەبەر گرنگی باسەکە لەناو ناوەندە سیاسیە ڕاست وچەپە بۆرژوازیەکاندا، بەدەسکاریەوە بە پێویستم زانی لە ئێستادا بە کوردی بڵاوی بکەمەوە.





ئاستی هاوسەنگی شەڕی ئەمریکا و ئێران.. عوسمان حاجی مارف

ڕووداوەکانی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، زیاتر شەڕێکی پەرتبون بوو تائەوەی شەڕێکی چارەنوسساز بێت، تەلئەبیب هەر لەسەرەتاوە قوماری لەسەر ڕوخانی ڕژێم کرد، کە بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی دەستی پێکرد، دیارترینیان عەلی خامنەییە. ترامپ و ناتانیاهۆ بانگەوازی گەلی ئێرانیان کرد کە هەنگاو بنێن و خۆپیشاندان بکەن بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام واقیع چاوەڕوانیەکانی پێچەوانە کردەوە، سوپای پاسداران کۆمەڵکوژی جەماوەری ناڕازی و خۆپێشاندەرانی کرد، هەروەها تاران سەرەڕای ئەوەی کەوتە بەر گورزی لێدانی گەورەی هێزی ئاسمانی، بەڵام توانی خۆڕاگری خۆی نیشان بدات.
سەبارەت بە ئەمریکا و ئیسرائیل، بڕیاریان بوو شەڕێکی خێرا و سنووردار و کورتماوە ئەنجام بدەن، بەڵام بەخێرایی پەرەی سەند و بوو بە ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنە و فرەبەرەیی، بڵێسەی ئەم شەڕە لوبنان و خەلیج و عێراق و کوردستانی گرتەوە، هەڕەشەی تێکدانی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی بێوێنە دروستکرد، ئیدارەی ئەمریکا سەرەتا گرەوی لەسەر سیناریۆی گۆڕانی خێرای ڕژێم دەکرد، بەڵام دواتر بۆ ئەمریکا و ترەمپ دەرکەوت، کە ڕێگای تاران بەو شێوەیە سادە و ئاسان نیە کە لە ژوری ئۆپەراسیۆنەکاندا پلانی بۆ داڕێژرابوو.
سەرەتا لێدانەکان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی پێشوەختە، بە نەهێشتنی ڕەهبەری و سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی، وەک ئەمریکا دەستنیشانی دەکرد، بۆ پەکخستنی سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی ئێران بوو، بەڵام پێکهاتەی دامەزراوەیی ڕێژیمی ئێران توانایەکی خێرای نیشاندا بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو نەخشەیە، ئەو ماوە کورتەی ئەمریکا و ئیسرائیل پێشبینیان دەکرد، ئێرانی گۆڕی بۆ شەڕێک کە چل ڕۆژ درێژەی کێشا، هەروەها دیمان لێدانە ئاسمانیەکان بۆ فشاری زیاتر ناوچە مەدەنیەکانیشیان کردە ئامانج.
ستراتیژی ئێران، پشتی بە فراوانکردنی شەڕەکە بەشێوەی ئاسۆیی بەست، هێرشەکان لەڕووی جوگرافیەوە درێژبوونەوە و چواردە وڵاتی دراوسێی کردە ئامانج، بە بیانوی بە ئامانجگرتنی بنکە ئەمریکیەکانی بەشداربوو لە هێرشەکەدا، بەهەمەچەشنکردنی سروشتی ئامانجەکان بۆئەوەی ژێرخانی گرنگ لەخۆبگرێت، پانتایی شەڕەکەی بەربڵاوکردەوە، بەجیا لەوەی ستراتیژی خۆڕاگری پیادەکرد، لە هەمانکاتدا ئەو بەربڵاویە ئەمریکا و ئیسرائیلی خستە بەردەم واقعێکی سەرسامبونەوە و چونیەتی بنبەستبونیان لە هەوڵی ناچاری بۆ وەستانی شەڕەکە، دۆخەکە لە ئامادەیی بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامیەوە گۆڕدرا بۆ ئامادەیی لەسەر ڕێکەوتن و کۆتاییهێنان بەشەڕەکە.
ئیسرائیل هەر لە سەرەتاوە هیچ نهێنیەکی لە ئامانجەکان و هەنگاوە عەمەلیەکانی، بۆ شەڕەکە نەشاردەوە، بە باوەڕێکی بێدوودڵیەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی بەستەوە بە نەهێشتنی هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی و لە ناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و سیستەمی موشەکی بالیستیکی و لێدان لە بنکە سەربازیەکان، لەهەمانکاتدا ئیسرائیل لەناوخۆیدا شایەتی کۆچی دەیان هەزار کەسی بوو، لە هەمانکاتدا خۆی لەبەرامبەر بەرزترین ڕێژەی ئاوارەبوون بۆ پەناگەکان لە نێوان تۆپباران و دزەکردنی بەردەوامی درۆنەکانی ئێراندا دییەوە، ئەمە جگە لەوەی کە هەفتانە بەرەوڕوی زیانی ئابووری بە نزیکەی سێ ملیار دەبوەوە.
کێشەی گۆڕانی هاوسەنگی سەرەکی شەڕەکە لە گەرووی هورمزدا سەریهەڵدا، کە لە خاڵێکی فشاری لاوەکیەوە گۆڕا بۆ ناوەندی ڕاستەقینەی قەیرانێک لەبەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بەجیا لە خۆراگری تاران لە بەرامبەر لێدانە چرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە هەمانکاتدا داخستن و تێکدانی گەرووەکەش قەیرانێکی پشێوی جیهانی وزەی لێکەوتەوە، کە ڕۆیشتنی نەوت بۆ ئاستێکی پەراوێزخراو دابەزی و بەرهەمی ناوچەکەش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، ئەم واقیعە بووە هۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕی سەرنج بخەنە سەر لەناوبردنی تواناکانی ڕێگری ئێران و لەناوبردنی بەشێکی بەرچاو لە بنکەی پیشەسازی بەرگری و شوێنەکانی هەڵدانی موشەکەکانی ئێران ڕاگەیەندرا. تاران تۆڕە هاوپەیمانیەکانی لە ناوچەکەدا لەچوارچێوەی بەرەیەکی ستراتیژی یەکگرتوودا چالاک کرد، بۆ بڵاوەپێکردنی سەرچاوەکانی نەیارەکانی و بەردەوامکردنی دۆخێکی نادڵنیایی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.
ئەوەی شایانی باسە ئەو کاتەی ئێران بڕیاری کردنەوەی هورمزیدا، ترەمپی گەڕانەوە بۆئەوەی دان بەوەدا بنێت کە ئێران وڵاتێکی بەهێزە و پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ ئەمریکا هەیە، ئەمەش گۆڕانکاریەکی بەرچاوبوو لە گوتاری سیاسیدا، ئەم ئاڵوگۆڕە تا ئەو جێگایەی ستایشی ڕۆڵی تارانی کرد لە کردنەوەی گەرووی هورمز، تەنانەت پێزانینی خۆی بۆ تاران بەوجۆرە دەربڕی کە بە کردنەوەی “گەرووی ئێران” وەسفی کرد، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەمریکاوە وەک داننان بە هاوسەنگی نوێی هێز دەردەکەوێت، بەڵام دوای داخستنەوەی هورمز ترامپ گەرایەوە بۆ هەرەشەکانی.
بەم شێوەیە دەتوانم بڵێم تاران سەرەڕای گرانی شەڕەکە بەسەریەوە، لە کێشەی هورمزدا دەستکەوتێکی ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی بەدەستهێناوە، بەپێچەوانەی دابەزینی هەوڵەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ تەسلیم بونی ئێران، ئەمەش حیساباتی ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداوی سەرلێشێواو کردووە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە، شەڕێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو شەڕێک بوو لەنێو ئاڵۆزیەکاندا، کە تێیدا هەر لایەنێک سەرنجی لەسەر شکاندنی ئیرادەی ئەوی دیکە بوو، نەک سەرکەوتنێکی سەربازی ڕاستەوخۆ بەدەستبهێنن، هەروەها سیاسەتێکی وێرانکارو دارمانی یەکتر بوو. لە سەرەتای شەڕەکەدا، حیساباتی ئیسرائیل لەسەر ئەو گریمانەیە بوو، کە بە ئامانج گرتنی سەرکردایەتی ئێران دەبێتە هۆی داڕمانی خێرای ناوخۆیی و ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئێران ئەو لێدانانەی هەڵمژی و بە خێرایی خۆی ڕێکخستەوە و سوودی لە مێژووی دوور و درێژی بەڕێوەبردنی ململانێ ناهاوسەنگەکانی وەرگرت.
ئەمەش بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕوون بووەوە، سەرەڕای ئەو لێدانە توندانەی کە هەزاران شوێنی ناو ئێرانیان کردە ئامانج، وێرانکاری و قوربانی زۆری لێکەوتەوە، وەک چاوەڕوانیان دەکرد تاران نەک نەڕووخا، بەڵکو سەرپێچی هەموو پێشبینیەکانی کرد و پشتڕاستی کردەوە، کە گرەوەکان لەسەر داڕمانی خێرا زۆر دوورە لە واقیعەوە، لەهەماکاتدا ترەمپ خۆی بینیەوە کە بە هەموو پێوەرێک ڕوبەڕوی هاوکێشەیەکی زۆر ئاڵۆزتر بۆتەوە، جگە لەوەش، هەڵگیرسانەوەی شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵلا، بەشێک بوو لەم هاوسەنگیە ناوچەییە فراوانترە، کە لۆژیکی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی بەهێزتر کرد.
لەگەڵ گەیشتن بە دۆخە چەقبەستووەکان و چل رۆژ خایاندنی شەڕەکە لەو ئاڵۆزیەدا، بەناچاری ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی ڕاگەیاندرا، بەڵام بە خێرایی بە هێرشی توندی ئاسمانی پێشێلکرا، هەرەوها ئاراستەکەش گۆڕدارا بۆ مێزی دانوستان، کە واشنتۆن بە مەرجی توندەوە هاتە ناوەوە، بەداوای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و دەستەبەرکردنی ڕێگا بازرگانیەکان، داڕشتنی ڕێکەوتنێکی نوێی ئەتۆمی کە پیتاندنی یۆرانیۆم قەدەغە دەکات، لە بەرامبەردا تاران وەها لە دانوستانەکە نزیک بووەوە، مەرجەکانی تەسلیمبونی بە تەواویی ڕەتکردەوەو وەهای نیشاندا ئەو شەڕە پەرتبوونەی کە بەڕێوەبراوە، پێویستە ئەمریکا ناچارکات پاشەکشە بکات.
یەکێک لە دەرەنجامە هەرە بەرچاوەکانی ئەم شەڕە، نەخشە و سیاسەتی ئێران بو بە تێوەگلانی دەوڵەتانی کەنداو بۆ ناو شەڕەکە، ئەو وڵاتانەش کە خاوەنی توانای سەربازی بەرفراوان و هەزاران فڕۆکەی جەنگی بون، دەستوەرنەدانیان هەڵبژارد وە تۆڵە نەکەنەوە!.
ئاکامی ئەم شەڕە تا ئێستا لە ڕووی سەربازیەوە ئەوەی نیشاندا سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە نییە و ئەمریکا ئەو زلهێزە نیە بتوانێت لە شەڕەکاندا بە سەرکەوتویی دەرکەوێت، لە ڕووی سیاسیەوە ئێران لەم شەڕەدا خۆی لە داڕمان و ڕوخانی ڕژێمەکەی پاراست، وەک یاریزانێکی سەرکەوتو خۆی جێگیر کردەوە، لە ڕووی ستراتیژیەوە پێگەی بەهێزی ناوچەیی خۆی پاراست و دەرگای دانوستانەکانی فراوانتر کرد.
سەبارەت بە ئیسرائیل، خۆی بینیەوە کە ڕووبەڕووی واقیعێکی زۆر ئاڵۆزتر بۆتەوە لەوەی پێشبینی دەکرد، ئەوەی کە بتوانێت قەڵایەکی گەورەبێت و جەمسەرێکی سەرەکی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەک خەوێک مایەوە.
لەم چوارچێوەیەدا براوە ئەو لایەنە دەبێت، بەرامبەرەکانی ناچار دەکات پێداچونەوە بە ستراتیژی هەڵگیرسانی شەڕ و نەخشە سیاسیەکانیدا بکات.
بەگشتی ئەم واقیعە تائێستا لە دۆخی شەڕو ناسەقامگیری بەردەوامدایە، ئەمڕۆ هەموو جیهان لەسەر گەورەترین بەرمیلە باروت وەستاوە، کە خەریکە دەتەقێتەوە و چاوەڕێی ئەوەن کە ڕۆژ و کاتژمێرەکانی داهاتوو چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئاخۆ وێرانکاریەکی تر بەرەوروودەبینەوە؟، بۆیە وەستانی بێمەرجی ئەم شەڕە، گرنگترین خواستی بزوتنەوەی دژی شەڕە، وەستان و کۆتایی شەڕ سەرکەوتنێکە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان.

عوسمان حاجی مارف




لە “مەقەسی سانسۆر”ەوە بۆ “خوارزمیت”.. حەمید کورەچی

نیوولیبرالیزم چۆن کۆتایی بە پاشماوەکانی ئازادی هێنا؟

لە سیستمە دیمۆکراتییەکاندا، سانسۆر و پڕوپاگەندە مەرج نییە تەنیا پشت بە سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ وەک سڕینەوە یان زیندانیکردن ببەستن، بەڵکو پەنا دەبەنە بەر شێوازی فێڵبازانەتر وەک “تەقینەوەی زانیاری” و پەراوێزخستن.
زۆربەی کات سانسۆر لەم کۆمەڵگایانەدا “ئاسۆییە”، واتە تاکەکان لە دژی یەکتر بەکاری دەهێنن، نەک تەنیا “ستوونی” بێت لە حکومەتەوە بۆ هاووڵاتیان. یەکێک لە نموونە دیارەکان لێرەدا ئەوەیە کە بە “سڕینەوەی کولتووری” (Cancel Culture) یان هێرشە دیجیتاڵییەکان دەناسرێت؛ لێرەدا بە یاسا ڕێگریت لێ ناکرێت قسە بکەیت، بەڵکو وات لێ دەکرێت پەراوێز بکەویت یان ناوزڕاو بیت، بەجۆرێک کە خۆت ناچار بیت پاشەکشە بکەیت. لە هەمان کاتدا، خوارزمیتەکانی (Algorithms) سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵی سانسۆرچییەکی شاراوە دەگێڕن، ئەوەش لە ڕێگەی زیندانیکردنی بەکارهێنەران لەناو “بڵقە فکرییەکان” کە تەنیا قەناعەتە کەسییەکانی خۆیان بەهێز دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی دابڕانێکی فکری کە وادەکات ڕاکانی بەرامبەر وەک هەوڵێکی دوژمنکارانە بۆ چەواشەکاری بێنە بەرچاو.

نائووم چۆمسکی، یەکێک لە دیارترین بیرمەندە هاوچەرخەکان، ئاماژە بەوە دەدات کە پڕوپاگەندە لە سیستمە دیمۆکراتییەکاندا بریتییە لە دیاریکردنی چوارچێوەیەکی تەسک بۆ گفتوگۆی گشتی؛ تەنیا لەناو ئەم چوارچێوەیەدا ڕێگە بە مشتومڕ و ناکۆکی توند دەدرێت، لە کاتێکدا گومانکردن لە بنەما گەورەکانی سیستمەکە لە دەرەوەی بازنەی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ دەمێنێتەوە. جیاوازی بنەڕەتی لێرەدا لەچاو سیستمە تۆتالیتارەکاندا (گشتگیرەکان) ئەوەیە کە تاکەکان لەژێر دەسەڵاتی تۆتالیتاردا دەزانن کە ڕووبەڕووی چەواشەکاری و پڕوپاگەندەی ئاشکرا دەبنەوە، بۆیە هەوڵ دەدەن لە نێوان دێرەکاندا ڕاستی بدۆزنەوە. بەڵام لە دیمۆکراسییەکاندا، قەناعەتی خەڵک بەوەی کە گوایە تەواو ئازادن، وایان لێ دەکات زیاتر بکەونە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندە، چونکە بە شێوەیەکی شاراوە و نادیار کار دەکات.

لە سیستمە دیمۆکراتییەکاندا، میدیا باوەڕپێکراوەکانی وەک (نیویۆرک تایمز) یان (بی بی سی) مەیلیان بەرەو وردبینی و خستنەڕووی ڕاستییەکان هەیە، بەڵام جۆرێک لە “بژاردەکردن” پەیڕەو دەکەن لە دیاریکردنی ئەوەی کام ڕاستی تیشکی بخرێتە سەر و کامەیان پشتگوێ بخرێت. دەکرێت ئەم بژاردەکردنە وەک جۆرێک لە پڕوپاگەندەی ناڕاستەوخۆ یان “نەرم” هەژمار بکرێت. لە بەرامبەردا، میدیا لە سیستمە تۆتالیتارەکاندا وردبینی قوربانی دەکات لەپێناو دڵسۆزی سیاسی یان ئایدیۆلۆژی. کێشەکانی پەیوەست بە سیستمە سەرکوتکەرەکان، وەک مۆدێلی ڕووسی، لەوەدایە کە ئەوان لە ڕوانگەی پێوەرە تایبەتەکانی خۆیانەوە سەیری جیهان دەکەن؛ بەوپێیەی میدیاکانیان لەژێر کۆنترۆڵ و ئاڕاستەکردنی تونددایە، وادەزانن ئەو فرەییەی لە سیستمە دیمۆکراتییە ڕۆژئاواییەکاندا هەیە تەنیا “شانۆگەرییەکەی” بەڕێوەبراوە لە ناوەندێکی یەکگرتووەوە، ئەمەش نیشانەی تێنەگەیشتنی ڕاستەقینەیە لە فرەیی میدیایی لەو کۆمەڵگایانەدا.

لە سەدەی ڕابردوودا، ململانێکان ڕوون بوون؛ بەرەیەک ستایشی “ئازادی” و دیمۆکراسی بۆرژوازی دەکرد، و بەرەیەکی تۆتالیتار کە بە “مەقەس” و زیندان سانسۆری پەیڕەو دەکرد. بەڵام ئەمڕۆ دەمامکەکان کەوتوون و شێوازەکان تێکەڵ بوون، تاوەکو نیوولیبرالیزم ڕووە هەرە دڵڕەقەکەی خۆمان نیشان بدات: سیستمێک کە پێویستی بە زیندانیکردنی جەستەت نییە تا ئەو کاتەی توانای “سڕینەوەی” ئابووری و کۆمەڵایەتیتی هەبێت تەنیا بە فشارخستنە سەر دوگمەیەک.

لیبرالیزمی کلاسیک هەمیشە شانازی بە پیرۆزی تاک و مافە سیاسییەکانی دەکرد، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی نیوولیبرالیزم، ئەم تاکە لە “هاووڵاتییەک” کە خاوەن مافی پارێزراو بێت بە دەستوور، گۆڕا بۆ تەنیا “سەرمایەی مرۆیی” یان “بەکارهێنەرێکی” بێ بەرگری. لیبرالیزم لە ناوەوە گنی و داڕما، لەبری شارستانییەت و گفتوگۆ، ئێستا لەژێر سێبەری “دەرەبەگایەتییەکی تەکنیکی” (Techno-feudalism) ی نێوان کیشوەرەکاندا دەژین، کە تێیدا هیچ دەنگێک لە سەرووی دەنگی قۆرخکارییەوە (Monopoly) نییە.

ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ئامرازەکانی کۆنترۆڵ لە سیستمە تۆتالیتارەکان و دیمۆکراسییە نیۆلیبرالەکاندا، دەبینین دڵڕەقی کەم نەبووەتەوە، بەڵکو “تەکتیکەکانی” گۆڕاون. لە سیستمە تۆتالیتارەکاندا سانسۆر بە “ستوونی” و ئاشکرا دەمێنێتەوە. دەوڵەت نەیارەکەیە و زیندان ئامرازەکەیە. سەرەڕای ناشیرینییەکەی، بەڵام “ڕوونە” و هۆشیارییەک بۆ بەرگری و گەڕان بەدوای ڕاستیدا لە نێوان دێرەکاندا دروست دەکات. بەڵام لە دیمۆکراسییە نیۆلیبرالەکاندا سانسۆر “ئاسۆیی” و پیسە. نەیارەکەت پۆلیس نییە، بەڵکو “خوارزمیت” و “دەستەی کارگێڕی کۆمپانیاکانە”. لێرەدا زیندانی ناکرێیت چونکە ڕەخنەت لە دەسەڵات گرتووە، بەڵکو لە کارەکەت دەردەکرێیت، هەژمارە بانکییەکانت دادەخرێن، و لە فەزای دیجیتاڵی دەردەکرێیت بە بیانووی “پێشێلکردنی مەرجەکانی خزمەتگوزاری”.

سەروەری کۆمپانیاکان لە سەرووی سەروەری دەستوورەکانەوە
نیوولیبرالیزم گەیشتووەتە قۆناغی “خۆماڵیکردنی” کایەی گشتی بۆ بەرژەوەندی قۆرخکارە گەورەکان. پەرلەمانەکان کە ڕۆژێک گۆڕەپانی یاسادانان بوون، ئەمڕۆ بوونەتە تەنیا نووسینگەیەک بۆ پەسەندکردنی ئەوەی “لۆبییە” داراییەکان دەیسەپێنن. چیتر یاساکان بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین نانووسرێن، بەڵکو بۆ پاراستنی “مۆدێلی قازانجخوازانەی” کۆمپانیاکانن.
مەترسیدارترین شت لەم سیستمەدا “تایبەتکردنی سەرکوتە” (Privatization of Repression). کاتێک پلاتفۆرمێکی تەکنەلۆژی زەبەلاح یان کارتێلێکی دارایی بڕیاری “سڕینەوەی” کەسێک دەدات، ئەوا جۆرێک لە “لە سێدارەدانی نەرم” پەیڕەو دەکات. لە سیستمە تۆتالیتارەکاندا، ڕەنگە زیندانی وەک پاڵەوان بێتە دەرێ، بەڵام لە نیوولیبرالیزمدا، بڕینی بژێوی و تێکدانی ناوبانگی دیجیتاڵی، مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ “تەرمێکی مەدەنی” کە لە کۆمەڵگایەکدا دەجووڵێتەوە کە دان بە بوونی کەسێکدا نانێت ئەگەر خاوەنی “ئیعتیبار” یان “پلاتفۆرم” نەبێت.

لەو دیمۆکراسییانەی لەسەر بنەمای سەرمایەداری دامەزراون، “بازاڕ” وەک بزوێنەری سەرەکی سانسۆر دادەنرێت. میدیاکان، وەک دامەزراوەی بازرگانی، زۆربەی کات ئاڕاستەکانیان بەستراوەتەوە بە سەرچاوەی داراییانەوە. ئەمە بە ڕوونی لەو کۆنترۆڵەدا دەردەکەوێت کە ڕیکلامکەران هەیانە؛ ڕەنگە کەناڵێکی هەواڵ خۆی بەدوور بگرێت لە ڕووماڵکردنی لێکۆڵینەوەیەکی بنکۆڵکاری دەربارەی پیسبوونی ژینگەیی کە کۆمپانیایەکی گەورە دروستی کردووە، ئەگەر ئەو کۆمپانیایە سەرچاوەی سەرەکی دارایی ڕیکلامەکانی بێت. هەروەها دەبینرێت کە گەیشتن بە زانیاری هەندێکجار بەستراوەتەوە بە جۆرێک لە دڵسۆزی؛ ئەو سیاسییەی زانیاریی لایە، زانیاری دەداتە ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ دەپارێزێت. لە بەرامبەردا، ئەو ڕۆژنامەنووسەی پرسیاری سەخت دەکات، ڕەنگە خۆی لە چاوپێکەوتنە تایبەتەکاندا بێبەش کراو ببێنێتەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر پێگەی پیشەیی و توانای کێبڕکێی لە جیهانی میدیادا.
جیاوازی جەوهەری لێرەدا ئەوەیە کە سانسۆر لە دیمۆکراسیدا هەمیشە پێویستی بە “پۆلیسێک” نییە لە پشت نووسەرەوە بوەستێت، بەڵکو تەنیا پێویستی بە “سیستمێکی هاندان” (Incentive system) هەیە کە بێدەنگی بکاتە بژاردەیەکی ئارامتر و پڕقازانجتر لە قسەکردن.

دڕندەیی بێ شیشەکانی زیندان

ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین “داڕووخانی” ئەو بەهایانەیە کە شارستانییەتی مۆدێرنی لەسەر بونیاد نراوە. “داروینیزمی کۆمەڵایەتی” شوێنی شارستانییەتی گرتووەتەوە؛ بەهێز ئەوەیە کە خاوەنی داتا و پارەیە، و لاوازیش بە بێدەنگی دە پان دەکرێتەوە.
لە کاتێکدا هاووڵاتی لە سیستمی تۆتالیتاردا چاودێری دیوارەکانی زیندانەکەی دەکات، هاووڵاتی لە “دیمۆکراسی نیۆلیبرال”دا وا دەزانێت ئازادە، لە کاتێکدا بە زنجیرە نادیارەکانی قەرز، پاشکۆیەتی وەزیفی، و سانسۆری خوارزمیتەکان بەستراوەتەوە. سەردەمی “ئازادی” وەک مافێکی مرۆیی کۆتایی هات، تا ببێتە تەنیا “ئیمتیازێک” کە دەبەخشرێتە ئەوانەی گوێڕایەڵن و لە یاخیبووەکان دەسەنرێتەوە. ڕەنگە شێوازەکان جیاواز بن، بەڵام جەوهەرەکە یەکە: توندکردنی کۆنترۆڵ بەسەر مێشکدا لە ڕێگەی هەڕەشەکردن لە گەدە و بوونی مرۆڤەوە.




سەردەمی پڕوپوچی و تێروانینێک.. 

جوتیار مەلا رەئوف

لەو ماوەیەدا دەرفەتم بۆ ڕەخسا کتێبی (سەردەمی پڕوپووچی) مێدیۆکراسی کە لە نوسینی (د.ئالان دۆنۆ)یە و لە وەرگێرانی بەڕێز (د.رزگار ئاغا) یە بۆ سەر زمانی کوردی و چاپکردنی دەزگای رۆشنبیری جمال عیرفانە، بخوێنمەوەو باشترو بە زمانێکی پاراو لە بیرۆکەکانی ئەو نووسەرە تێبگەم.
لەگەڵ دەستپێکردنی خوێندنەوەی کتێبەکە، هەر زوو تێگەیشتم کە کتێبەکە تەنها شیکارییەکی سیاسی سادە نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەیەکی قووڵترە لەسەر کارکردنی کۆمەڵگا لیبڕاڵ و مۆدێرنەکان.
لە کاتی خوێندنەوەدا، زیاتر هەستم دەکرد کە پێشتر زۆرێک لەو دیاردانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆمانەوە ڕودەدەن و باس دەکرێن دەناسمەوە، بەبێ ئەوەی پێشتر توانیبێتم ئەوەندە بە ڕوونی هەستیان پێبکەم، ئارگومێنتەکانی (دۆنۆ) یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی باشتر لە هەندێک پێکهاتە لە سیاسەت و ئابووری و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان تێبگەین، هەندێک دیدگای سەرنج راکێشم دەستکەوت لە ناو بیرۆکەکاندا کە بۆمن تازە بوون، بەتایبەتی کە زۆرجار سیستەمی کۆمەڵایەتی مەرج نییە باشترین بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پەروەردە بکات، بەڵکو زیاتر تەقەلایە بۆ سەقامگیری لە نێوان چینی سەرەوە و خوارەوە لە ڕێگای چینی مامناوەندەوە کە بە (وردەبۆرژوا) ش ناوزەد دەکرێت.
خوێندنەوەی ئەو کتێبە چانسی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێ، لە ڕوانگەیەکی نوێوە سەیری هەندێک لە پێشکەوتنەکانی سەردەم بکەین، ڕوانگەیەکی شیکاریانەمان بۆ پەیوەندی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا و تاک پێشکەش دەکاتوو هانمان دەدات بیر لەو بەها و میکانیزمانە بکەینەوە کە دامەزراوەکانی ئێستامان لە قاڵب دەدەن.
کاتێک بیر لە بیرۆکەی (سەردەمی پڕوپووچی) دەکەینەوە، وەک تەعریفێکی گونجاو بۆ زۆرێک لە داینامیکی کۆمەڵگە هاوچەرخەکان دێتە بەرچاو، هەرچەندە ئەو دەستەواژەیە تاکوو ئێستا وەک چەمکێکی تیۆری فەرمی بەکارناهێنرێت، بەڵام بە باشی لەگەڵ ئەو ڕەخنەیەدا دەگونجێت کە (ئالان دۆنۆ) لە کتێبی (مێدیۆکراسی ) ناوەندگیردا دایڕشتووە، بە بۆچوونی من (دیدگای سەردەمی پڕوپووچی)باس لە قۆناغێکی مێژوویی دەکات کە تێیدا خۆنمایشکردن و وێنە و پێگە هێمادارەکان بە بەراورد بە ماددە، لێهاتوویی، یان قووڵایی فیکری تا دێت بەهادارتر و گرنگتر دەبێت.
ئەوەندەی کە من لەو بیرۆکەیە تیگەیشتم، (پروپووچی) لەو چوارچێوەیەدا تەنیا سیفەتێکی کارەکتەری و تاکەکەسی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی ستراکتورییە، کە لەلایەن دامەزراوەکانی کۆمەڵگاو دەوڵەت و چاوەڕوانییە کولتووریی و بەها کۆمەڵایەتیەکانەوە دروست دەبێت و بەهێز دەکرێت، کۆمەڵگا مۆدێرنەکان ئاراستەیەکی بەرزیان بەرەو بینین و ناسینەوە هەیە، سەرکەوتن نەک تەنها بەوە پێوانە دەکرێت کە کەسێک لە ڕاستیدا چی بەدەست دەهێنێت، بەڵکو بەوەوە دەپێورێت کە ئەو دەستکەوتە چەندە بە شێوەیەکی قەناعەتبەخش پێشکەش دەکرێت، لە سیاسەت و بازرگانی و تەنانەت ئەکادیمیاشدا زۆرجار پێدەچێت توانای نمایشکردنی وێنەیەک بەقەد کوالیتی خودی بیرۆکەکان گرنگ بێت.
ئەو پەرەسەندنە خەریکە شێوازی کارکردنی دەسەڵاتیش دەگۆڕێت، ئیتر دەسەڵات تەنها لەسەر بنەمای دەسەڵات یان کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان نییە، تادێت زیاتر پەیوەست دەبێت بە توانای دروستکردن و پاراستنی وێنەیەکی دیاریکراو، سیاسەتمەدار و بەڕێوەبەر و کەسایەتییە گشتیەکان نەک هەر خاوەن بڕیار، بەڵکو دەبێت بەردەوام شەرعیەتی خۆیان نمایش بکەن و بسەلمێنن، پەیوەندی و بە براندکردنی ستراتیژی و بوونی میدیا خەریکە دەبنە ئامرازی ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری.
لە پێکهاتەیەکی ئاوادا، (پڕوپوچی) دەبێتە ستراتیژییەکی عەقڵانی، تاکەکان هەر زوو فێر دەبن کە سەرکەوتن زۆرجار پەیوەستە بە چۆنیەتی پێشکەشکردنی خودەوە، تۆڕەکان و بە براندکردنی کەسیی و سەرمایەی هێماکان(ڕەمزەکان) گرنگییان زیاتر دەبێت، تاک بە جۆرێک دەبێتە پڕۆژەیەک کە دەبێت بەردەوام باشتر بکرێت و بخرێتە بازاڕەوە، بە بڕوای من ئەو داینامیکە وا لە مرۆڤەکان دەکات کە بەشێکی زۆر لە وزەی خۆیان بۆ بنیاتنانی وێنەیەکی خۆبەخشی زۆرەملێ تەرخان بکەن لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر پەرەپێدانی زانست، لێهاتوویی، یان بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بێت.
دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو گەشەسەندنە ئاڵۆزن، لە لایەکەوە کولتوری بینینی باو (بەرچاوگەرایی) وا لە زۆر کەس دەکات کە دەنگیان بە ئاشکرا بەرزبکەنەوە و لە ئامرازو فۆڕمە نوێکانی پەیوەندیکردن کەڵک وەربگرن، لە لایەکی دیکەوە دەتوانێت ڕووکەشیەتێک پەروەردە بکات کە تێیدا ناوەڕۆک لە کورسی هەرە پشتەوە جێگە بگرێت بۆ ئەوەی باڵانسگیری پێکبێت لە کۆمەڵگادا کاتێک سەرنجدان لە ڕوکەش دەبێتە گرنگترین سەرچاوە، ئەوانەی دەتوانن بە تایبەتی دیار یان سەرنجڕاکێش دەرکەون زۆرجار سەردەکەون و دەبن بە پاڵەوان، نەوەکوو ئەوانەی کە قەناعەتبەخشترین ئارگیومێنتیان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕ لە ناو کۆمەڵگادا.
تێگەیشتنی من بۆ ئەو بیرۆکەیە (سەردەمی پڕوپوچی) ئەوەیە کە لۆژیکی چینی مامناوەند بەهێزتر دەکات، کاتێک دامەزراوەکان سەقامگیری بە نرخترین شت دەزانن و لە هەمان کاتیشدا کولتووری خۆپێشکەشکردن دەبێتە ئەقلیەتێکی باڵادەست، ژینگەیەک سەرهەڵدەدات کە ئەکتەری چینە مامناوەندەکان بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە زیرەکەکان دەتوانن بە تایبەتی سەرکەوتووتر بن، لێرەدا تەنیا لێهاتوویی بەس نییە؛ گرنگ ئەوەیە کە چەندە باشو کاریگەر خۆی پێشکەش دەکات و چەندە باش لە ناو ئەو دیدگایەدا فۆڕم دەگرێت، ئەوەش بۆشایی لە نێوان کوالیتی ڕاستەقینە و ناسینی کۆمەڵایەتیدا دروست دەکات.
لە هەمان کاتیشدا ئەو گەشەکردنە کاریگەری لەسەر چەمکی خودی تاکیش هەیە، مرۆڤەکان هەوڵی ئەوە دەدەن کە خۆیان ببینن لە چاوی کەسانی ترەوە، ناسینەوە و بەرچاوگەرایی و پێگە دەبنە پۆلێنە سینتڕاڵەکانی تێگەیشتن لە خود، بۆیە تاک بەردەوام لە نێوان دوو ئاستدا دەجووڵێت، خودی ڕاستەقینە و ئەو وێنەیەی کە لەبەردەم گشتیدا بۆ خۆی بەرهەمی دەهێنێت، چونکە بووە بە نۆرماتیڤ (پێوەر) ێکی بە ئەقڵکراو، ئەو گرژیی و ململانێیە دەتوانێت ببێتە هۆی هەستکردن بە چاودێریکردنی بەردەوامی خود، کە تێیدا (ئایدێنتیتێت) ناسنامە تادێت دەبێتە شتێکی ئەنجامدەر.
من پێموایە بیرۆکەی (سەردەمی پڕوپوچی ) پرسیارێکی بنەڕەتی زۆر قوڵ دەوروژێنێت، ئەویش ئەوەیە ئایا چ جۆرە کۆمەڵگایەک سەرهەڵدەدات کە ناسین و فەهم زیاتر پشت بە بینین(بەرچاوگەرایی) دەبەستێت نەک بە ماددە؟ ئەگەر سەرکەوتن زیاتر بە دیاردە هێمادارەکان دیاری بکرێت، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە کە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان ئەرکە سەرەتاییەکانیان لەدەست بدەن، سیاسەت دەتوانێت زیاتر ببێتە قۆناغێک، ئابووری زیاتر ببێتە کێبڕکێیەک بۆ ناوبانگو بە‌هێزبوونی پێگە کۆمەڵایەتیەکان، زانین وزانست زیاتر ببێتە سەرچاوەیەک کە بە شێوەیەکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی پێگەکان خرابێتەگەڕ و جێگیرکرابێت.
لێرەدا دەرەنجامێکمان دەستدەکەوێت، ئەویش ئەوەیە کە (سەردەمی پڕوپوچی) نەک هەر ڕەخنەیەکی ئەخلاقی، بەڵکو شیکاریەکە بۆ پەیوەندیەکانی دەسەڵاتی مۆدێرنێتە و نیولیبڕالیزم، ئەوە نیشان دەدات کە بەها کولتوورییەکان و پێکهاتە دامەزراوەییەکان و ستراتیژە تاکەکەسییەکان چەندە لە گەڵ یەکتر ئاوێتەو تێکەڵ بوون، کاتێک پڕوپووچی دەبێتە بنەمایەکی پێکهاتەیی کۆمەڵگا، نەک هەر ڕەفتاری تاکەکان دەگۆڕێت، بەڵکو لۆژیکی ئەو سیستەمەش دەگۆڕێت کە لە سایەیدا گوزەران دەکەین و دەژین.
بۆیە گرنگە بە شێوەیەکی مۆڕاڵی و ڕەخنەگرانە بیر لەو داینامیکانە بکەینەوە و بپرسین ئایا کۆمەڵگایەک کە بە توندی و ڕادیکاڵانە لەسەر بنەمای خۆپێشکەشکردن دامەزراوە، دەتوانێت لە درێژخایەندا بوار بۆ تێڕوانین و بەرپرسیارێتی و فێربوون و پەروەردەی بەکۆمەڵی ڕاستەقینە و یەکسان بەجێبهێڵێت؟.



جوتیار مەلا رەئوف




ئەمریکا هێرش دەکاتەوە؟!.. عوسمان حاجی مارف

ئەمریکا و ئێران لە یەکەم دانیشتنی ئیسلام ئابادا، نەگەیشتنە ڕێکەوتن لەسەر چارەسەری بەردەوامی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش ئاسۆی ئاگربەستی دوو هەفتەیی زیاتر لێڵکرد، میدیاکانی دەوڵەتی ئێران پێشتر باسیان لەوە کردبوو کە خاڵە سەرەکیەکانی ناکۆکی، بریتین لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و تێپەڕین بە گەرووی هورمز و وەستانی شەڕی ئیسرائیل و حزبولڵا.
شکستی دانوستانەکان چاوەڕوانکراو بوو، بەوپێیەی ئاسان نییە لە خولێکی کورتی دانوستاندا چارەسەری پرسە دڕکاویەکانی ململانێی دەیان ساڵە بکرێت، بەتایبەتی کە هەردوولا بە لۆژیکی “سەرکەوتوو” لە شەڕەکەدا مامەڵە دەکەن، واتە کاتێک لایەنی سەرکەوتو دیاری ناکرێت، هەر لایەنێک دەیەوێت مەرجی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە بسەپێنێت، ئاشکرایە کە بەزوویی ناگاتە ئەنجام.
چۆنیەتی سەرنەکەوتنی دانوستانەکە، جێگەی سەرسوڕمان نەبوو، هەر لەسەرەتاوە بەڕێوەبردنەکە بە ئەنقەست بوە ململانێیەکی درێژخایەن تا بەکراوەیی بمێنێتەوە و وردتر ڕێکبخرێت، لەکاتی پێویستدا قسەی لەسەر بکەنەوە، لەڕاستیدا هیچ لایەنێک مەبەستی نەبوە فایلەکە بەو شێوەیەی کە لە وتارەکاندا ڕایانگەیاندوە دابخەن.
دەکرێ بڵێین، ئەو چەقبەستووەی ئێستا لەدانوستانەکاندا پێشهاتووە، ئەگەری سێ سیناریۆ دەخاتە ڕوو:
یەکەمیان گەڕانەوەیە بۆ شەڕ، کە ئیدارەی ئەمریکا و ترەمپ لە چەندین بۆنەدا ئاماژەیان پێکردووە، یان وەک هەڕەشەیەک بۆ دانوستانەکان بەکاریان هێناوە، ئێرانێش لەو بارەیەوە هیچ دودڵیەکی نیشان نەداوە و ڕایگەیاندووە ئامادەیە بۆ شەڕ.
دووەمیان، وەستانی یەکلایەنە بۆ شەڕ لە لایەن ئەمریکاوە، دوای ئەوەی زیانێکی بەرچاوی بە توانا سەربازیەکانی ئێران گەیاندوە وە بە ئامانجگرتنی ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردەکانی، بەڵام ئێران خۆی ڕادەستی ئامانجەکانی ئەمریکا نەکرد، لەهەمانکاتدا ئێرانیش ئەوە دەبینێت کە وەستانی شەڕ بەقازانجی دەبێت، هەربۆیە لەخۆئامادەکردنان بۆ خولی دووەمی دانوستانەکان، تاڕادەیەکیش هەندێجار نەرمیەک بۆ ڕێکەوتن پێشبینی دەکرێت.
سیناریۆی سێیەم، گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستان و بەکارهێنانی ئەوکاتەی کە لە ئاگربەستەکەدا ماوە، ئێستاش ئەوە دەبینرێت کە جگە لە ئامادەیی دوبارەی ئەمریکا و ئێران بۆ دانوستانەکان، لە هەمانکاتدا ئیسرائیلش لەگەڵ لوبنان چونەتە دانوستانەوە.
بەڵام لەنێو ئەو سیناریۆیانەدا، پێموایە مەیلی ئەمریکا بەجیا لەوەی بە مەرجەکانی ئێران بۆ ڕێکەوتن، لەسەر وەستانی شەڕ ڕازی نیە، بەڵام پێدەچێت بیانەوێت ڕێڕەوی دوخەکە لە ئاگربەستی کاتیەوە، بە شێنەیی بگۆڕن بۆ وەستانی شەڕ، بەمانایەک بەبێ ئەوەی دانوستانی تر دەکرێت یان نا، ئەگەری ئەوە هەیە لەباری عەمەلیەوە هەوڵبدەن پێداگری لەسەر هەڵنەگیرسانەوەی شەڕبکەن، کە دۆخەکە لە ئارامیەکی درێژماوەتردا ڕاگیرێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە بەکارهێنانی هەر توانایەکی سەربازی ئاسمانی بێوێنە، کە لەم شەڕەدا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نمایشکرا، بەڵام نەیانتوانی ئێران ملکەچ کەن، بۆ بەدەستهێانی ئامانجەکانیان لە “ئێران و ناوچەکە و لە جیهاندا”.
لەلایەکی تریشەوە دوای کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازی زەمینی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران، ناتوانێت پێشبینی مسۆگەرکردنی سەرکەوتن بە ئاسانی و لە کورتماوەدا بکات، جگە لەوەش ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی خەسارەتی هێزی سەربازی ئەمریکا دەبێت، کە دانیشتوانی ئەمریکا قەبوڵی ناکەن، واتە گەڕانەوە بۆ شەڕ نەک ناتوانێت سەرکەوتن بۆ ئەمریکا دەستەبەرکات، بەڵکو ئەگەری ئەوە هەیە لەبەرامبەر شکستێکی گەورەتردا خۆی ببینێتەوە.
ئەوەی شایانی باسە، دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی دانوستانەکانی ١١ی ئەپرێل، ترەمپ پێداگری لەسەر ئەوە کرد، کە ئەمریکا پێشتر بە کوشتنی سەرکردەکانی ئێران، وە لەناوبردنی ژێرخانی سەرەکی سەربازی و وێرانکردنی شارەکانی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، هەروەها جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، گەر بگەنە ڕێکەوتن یان ڕێک نەکەوتن، هیچ جیاوازیەکی نیە و ئەمریکا هەر سەرکەوتووە، واپێدەچێت ئەمەش بیانویەکی تربێت بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە، بەبێ ئەوەی بچنە ناو دانوستانێکی ترەوە.
لەهەمانکاتدا دوای ٢١ کاتژمێر وتووێژ لە ئیسلام ئاباد، ڤانس جێگری ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە گەیشتن بە ڕێکەوتن هێشتا مومکین نییە، بەڵام ئایا شەڕ دەکەنەوە؟، لەم دانیشتن و دانوستانەدا، ئەم پرسیارە بێوەڵامە! لەهەمانکاتدا دەرگای دانوستان دانەخرا.
هەڵبەتە گومانی تیا نیە، ئێران بە کۆنتڕۆڵکردن و داخستنی گەرووی هورمز فشاری ئابووری خستە سەر جیهان، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەروەها گوشارە سیاسیەکانی لە سەر ترامپ گەورەتر کرد، لەهەمان کاتدا داخستنی ئەم گەرووە بە شێوەیەک هاوسەنگی شەڕەکەی بە قازنجی ئێران گۆڕی، وەک ئەوەی زۆر کەس بە گاڵتەجاریەوە دەیانوت، پێشتر گەرووی هورمز کراوە و ئازادبوو، بەڵام ئێستا ئامانجی ئەمریکا بۆتە ئازادکردنی گەرووی هورمز!.
چۆنیەتی ئەم ململانێیەی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لەئاستێکدایە هەر یەک لە لایەنەکان ئەوەیان پێوەدیارە، توانای بەردەوامی شەڕەکەیان نییە، بەتایبەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دوای چل ڕۆژ لە سەپاندنی هێزی ئاسمانی و وێرانکاری، ڕێگای بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان بەتایبەتی بۆ باڵادەستی بەسەر ناوچەکەدا نەک بەدی نەهات، بەڵکو لەهەمانکاتدا ئەزمونی سەرنەکەوتنیان، پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بە وڵاتانی عەرەبی و خەلیجیشەوە بێمتمانە و لاوازکردووە.
لە هەمانکاتدا گەر شەڕەکە دوبارەبێتەوە، وێرانکەرترو کارەساتبارتر دەبێت، دۆخی نائارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فروانتر و هەمەلایەنەتر دەکات، زەحمەتە ئەمریکا و ترامپ ڕیسکێکی لەو چەشنە بکەن، هەربۆیە دەبینین زیاتر باس لە ئامادەیی بۆ دانوستان دەکرێت.
ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران، دوای نزیکەی چل ڕۆژ لە لێدانی وێرانکەر لە ئێران، کوشتنی هێماکانی ڕژێمەکە لەسەرویانەوە هێمای ڕەهبەری، لە خامێنەییەوە بۆ خوارەوە، لەژێر ڕۆشنایی چارەنووسی نادیاری موجتەبا میراتگری تەختی خامێنەیی، ناتوانرێت وەک پێشەکیەک بۆ ڕێکەوتنی هەمیشەیی ئاشتی بخوێنرێتەوە، واتە لەهەر حاڵەتێکدا بەردەوامی بەدۆخێکی ناسەقامگیر و نائارام ئەدەن.
لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا، هیچ لایەنێکیان نایانەوێت بەو مەرجانە کۆتایی بەشەڕەکە بهێنێت کە لایەنەکەی دیکە داوای دەکات، واشنتۆن نایەوێت فایلەکە دابخات چونکە کاریگەری گرنگ لەدەست دەدات، تارانیش ڕادەستبون قەبوڵ ناکات چونکە ئەو پێگەیەی لەژێر ئاگردا دروستی کردبوو لەدەستی دەدا، لە نێوان ئەم دووانەدا ناوچەکە وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ ململانێی هەمیشەیی دەمێنێتەوەو بەڕێوەدەبرێت، لەم نێوەشدا دەورو دەخالەتی روسیا و چین بەشێکی سەرەکی ململانێکەن.
بۆ ئامادەیی بە خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە پلانێکی سێ لاپەڕەیی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەردەوامە، کە یەکێک لە مەرجە پێشنیار کراوەکان، بریتیە لە ئازادکردنی نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار، لە سامانی بلۆککراوی ئێران، لە بەرامبەر دەستبەرداربونی تاران لە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەڵام ترەمپ ئەم زانیاریانەی ڕەتکردۆتەوە و ڕایگەیاند، کە تاران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بەبێ هیچ شتێک ڕادەست دەکات، لە هەمانکاتدا عراقچی ڕایگەیاند، هاوپێچ لەگەڵ ئاگربەستی لوبنان، گەرووی هورمز بەتەواوی بەڕووی هەموو کەشتیە بازرگانیەکاندا بۆ ماوەی ئاگربەستەکە بەتەواوەتی کراوەیە، بەڵام دواتر جارێکی تر ئێران دایخستەوە، هەرچەندە ترامپ ماوەی وەستانی شەرەکەی درێژکردەوە، بەلام چارەنوسی دانوستانی خولی دووەم تا ئێستا نادیارە.
ئیدارەی ترەمپ ئاگربەستەکەی قبوڵ کردوە، یان وردتر بڵێین، بەپەرۆشەوە بەدوایدا دەگەڕێ، بۆ ئەوەی خۆی لەو بنبەست و تەنگانەیە بپارێزێت کە خۆیی و نەخشە و سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروستیان کردووە. لە ڕووی لۆژیکیەوە هەرلایەنێک سەرکەوتنێکی ڕاستەقینەی لە شەڕێکدا بەدەست هێنابێت، پەلە ناکات لە کۆتایهێنانی، هەروەها پاش نائومێدبونی ترامپ لە کاریگەری درۆ و هەڕەشە پوچەکانی، کە وایکردووە ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی، دەبینین سواڵ دەکات بۆ دانوستان و ڕێکەوتن.
میدیاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا زیاتر لە میدیا ئێرانیەکان باس لە شکست و پاشەکشە و نائومێدیەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب دەکەن، جگە لە میدیاکان جەماوەری ئەمریکا تادێت ناڕازیبون لە سیاسەتەکانی ترەمپ دەردەبڕن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فشارە ئابوریەی کە بەهۆی شەڕەکەوە دروست بووە، هەروەها گرتنی ڕەخنەی توند لە ترەمپ چیتر تەنها لە نەیارانی دیموکراتەکانیدا سنووردار نییە، بەڵکو تەنانەت ئەندامانی پارتی کۆماریەکانی خۆیشی دەگرێتەوە. ئێستا باس لە ئەگەری لێپێچینەوە لە پۆستەکەی بە شێوەیەکی بەرفراوان لەناو بازنەکانی سیاسی ئەمریکادا دەسوڕێتەوە. هاوکات ناتانیاهۆ بەردەوامە لە خۆدزینەوە لە دادگایکردنەکەی بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، لەگەڵ ئاماژەدان بە خراپبونی بارودۆخی ئەمنی.
کاردانەوەی شەڕی چل ڕۆژە هەر بەوانەوە ناوەستێت، ئەگەری ئەوە هەیە ترامپ و ناتانیاهو بخاتە خوارەوە، لە هەمانکاتدا نەخشەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە پەیوەند بە ململانێی لە بەرامبەر زلهێزەکانی دنیادا، پێویستیان بە پێداچونەوە دەبێت.
بەگشتی دۆخی ململانێکان ئەوە نیشان ئەدەن، کە ئاگربەست لە لێواری وەستانی جەنگدایە، لە هەمانکاتدا ئەگەری دوبارەبونەوەی شەڕیش چاوەڕونکراوە، ئەوەی لەم نێوەدا گرنگە، وەستان و کۆتایی شەڕەکەیە، بەردەوامی شەڕەکە هەر ئایندەیەک وەک دەستکەوت یان زیان بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران پێشبهێنێت، هیچ پەیوەندیەکی بە دانیشتوانی ئێران و ناوچەکەوە نیە، جگە لە خولقاندنی کارەسات و وێرانکاری و ماڵوێرانی زیاتر، بۆیە دژایەتیکردنی ئەم شەڕە و خواستی وەستانی ئەم شەڕە بەبێ مەرج و چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، دروشمی سەرەکی بزوتنەی دژی شەڕە لە جیهاندا.




ئێستێتیکی فریدریش شیلەر-5- کاوە جەلال


(بەشی پێنجەم)

4- دەروونی جوان وەک یەکانەی ئاوەز و توانستی دەرکگیری

شیلەر لە “نامەکانی کالیاس“دا هەوڵ دەدات ئۆبژێکتیڤییانە بناغەی جوانێتی بڕێژێت؛ ئەو جوانی ناودەنێت ئازادی لە دیاردەدا. چەند مانگێک دوای ئەوە، لە مانگی پێنج و شەشی ساڵی 1793دا، لێکۆڵینەوەکەی بە ناونیشانی „ناسکی و شکۆ“ دەنووسێت کە دەبێت بە کارێکی ڕێبەری بۆ نووسینی “پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ”. شیلەری ئیدیالیست لە هەردوو نووسینی ناوبراودا ئیدیالی خۆی بۆ دەروونی جوان (یان مرۆڤی جوان) بەرجەستە دەکات کە بە یەکێتیی هارمۆنیانەی ئاوەز و توانستی دەرکگیری سەرهەڵدەدات. بێگومان ئەم هەڵوێستە هزرییەی شیلەر هاوکات ڕەخنەی جڤاکی مۆدێرن لە خۆدەگرێت کە جیاکردنەوەی سروشت و ئاوەز، چەوسانەوە، نامۆبوون و بەپسپۆرکردن مۆرکیان پێداوە. ئێمە لێرەدا لای شیلەر هەڵوێستە بنەڕەتییەکەی ئیدیالیزمی ئەڵمانی دەبینین کە لە هزردا جڤاکی سەردەم تێکدەشکێنێت و ئەوجا جڤاکێکی ئازاد لە ئیدێدا بنیات دەنێت.
بە تێڕوانینی شیلەر مرۆڤی سەردەم لە خۆی نامۆبووە، چونکە نە دەتوانێت مرۆڤێتی خۆی پێبگەیەنێت و نە هەستی بۆ ئەرکە گشتییەکانی نێو دەوڵەت هەیە، بە پێچەوانەوە لە جڤاکی سەردەمدا مادەگەری و بێدادی سەروەرن. لەم جڤاکەدا چینەکانی سەرەوە فیزدار و لەخۆباییبوو دەیدەنە بەر، هاوکات بەسووکی لە چینەکانی خوارەوە دەڕوانن، وەلێ ئەمان بەزەبر ئەو شتانەیان لێدەسێنن کە لێیان بێبەشکراون. ئەمە بەڕوونی لە شۆڕشی فەڕەنسیدا ڕووی دا، ئەویش کاتێک چینەکانی خوارەوەی جڤاک دەستیان کرد بە خوێنڕشتن تا ئەو شتە خوازراوانە بەدەستبهێنن کە چینەکانی سەرەوە بە شایستەی ئەوانیان نەدەزانی. وەلێ ئەم شۆڕشە لە سەرئەنجامدا تەنیا شێواویی بێیاسا و نائاسایشی لەتەک خۆیدا هێنا، بەڵێ بە زمانی شیلەر تەنانەت “بەوەحشیبوونی پەتی”ی لێکەوتەوە.

ئەزموونی شۆڕشی فەڕەنسی شیلەر دەبزوێنێت ئاوەزی ئەبستراکت و ڕاسیۆنالیزمی یەکلایەنەی ڕۆشناییەکان بخاتە ژێر ڕەخنەوە. بێگومان شیلەر دژی ڕۆشنایی و کارایی ئاوەز نییە، بەڵکو ئەمیش، وەک هزرڤانێکی سەر بە قۆناغی کۆتایی ڕۆشناییەکان، جەخت لە ئیدیالەکانی ئاوەز و ئازادی دەکات. وەلێ بە تێڕوانینی شیلەر پرۆژەی ئاوەزییانە کە ئەبستراکتە، ناتوانێت جڤاک بەرەو دەوڵەتی ئاوەز بەرێت، بە پێچەوانەوە شکست دەهێنێت، چونکە سەرجەم لایەنی پسیکۆ-فیزیکیی مرۆڤ، یان بە زمانی شیلەر: “سروشتی دەرکی”ی مرۆڤ، دەخاتە ژێر ڕکێفی ئاوەزەوە. ئاخر جڤاکی سەردەم زۆر تایبەت هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی مرۆڤان بکات بە پسپۆر لە هەر بوارێکی تایبەتیدا، وەلێ ئەوان ئێستا بەهۆی سەروەریی ئاوەزەوە بەسەر هەست و سۆزەکانیاندا نامۆ دەبن لە هەمەکێتیی لێرەبوونی خۆیان. بەڵێ مرۆڤان، سەرباری ڕۆشناییدان بە زەین و لابردنی پەردە لەسەر نهێنییەکان و خورافیات، هێشتا هەر “بەڕبەڕ”ن.
ئێمە هەر لەم پەیوەندییەدا هەروەها ڕەخنەی شیلەر لە کانت دەبینین. بە تێڕوانینی کانتی ڕۆشنگەرا مرۆڤ لە لایەک بوونەوەرێکی فیزیکی و بیۆلۆژییە (گۆشت و خوێن)، لە لایەکی دی خاوەنی ئاوەزە کە هێزی پێدەدات “بەرگە”ی سۆزەکانی هیوا و ناسۆر و هتد بگرێت. کەواتە کانت ڕەمەک (غەریزە) و ئارەزوو و هەست دەخاتە ژێر ڕکێفی ئاوەزەوە. شیلەر ئەم هەڵوێستەی کانت بە کارێکی نامرۆڤخوازانە دادەنێت و دەبێژێت: «ئەوە باش نییە بۆ مرۆڤ کە زۆر متمانە بە دەنگی ڕەمەک نەکات و بەردەوام لە بەردەم پرنسیپی ئەخلاقدا گوێی لێبگرێت. مرۆڤ گەرەکە ڕێزی بگرێت، متمانەی پێبکات. هەردوو پرنسیپەکە گەرەکە لەنێو ئەودا (مرۆڤدا) پێکەوە بگونجێنرێن. » (27)
کەواتە شیلەر بە پێویستی دەزانێت ڕەمەک و سۆزەکانی مرۆڤ وەک لای کانت نەچەوسێنرێنەوە، بەڵکو وەک هەقیقەتێکی سروشتییانەی مرۆڤی بەهەند وەربگیرێن و کاریان تێدا بکرێت بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی باڵاترین ئیدیال: ئازادی – ئاخر، وەک ئەو دەبێژێت: “… دەبێت ڕێگەکە بەسەر دڵدا بەرەو سەر بکرێتەوە.”(28)

1-4 مرۆڤدیدیی شیلەر

شیلەر مرۆڤدیدییەکی دوالیستیی هەیە: مرۆڤ لە سروشتەوە دوو ڕەمەکی هەیە کە بریتین لە کەرەسە و فۆرم. وەلێ ئێمە گەرەکە لە دوو تێگەی دیکەی شیلەرەوە کە تایبەتمەندیی مرۆڤین، ڕووبکەینە ئەم دوو ڕەمەکە: “کەس” (“بنیاتنەر”) و “ستاتۆ” (“بگۆڕ”). بەگوێرەی تێگەیشتنی شیلەر، بوونی کەس لە خۆدا دراوە، کەواتە کەس بنەڕەتی خودی خۆیەتی (29) نەک لە شتێکی دیکەوە سەرهەڵبدات، هەروەها نەگۆڕە، یان بە واژەیەکی دی: سرەوتووە. لای شیلەر ئاوەزی ئۆتۆنۆم لە کەسدا بەرجەستە دەبێت، یان خودی کەس ئاماژەیەک بۆ ئاوەز لە خۆ دەگرێت. لێرەوەیە کە مرۆڤ ئیدێی ئازادیی هەیە. وەلێ مرۆڤ هەروەها تایبەتمەندیی “ستاتۆ”ی هەیە کە وەک کەس سرەوتوو نییە، بەڵکو ئەم سەرهەڵدەدات، بۆیە هەردەم لە گۆڕاندایە. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ کەسە کە خۆی لە ستاتۆیەکی تایبەتیدا دەبینێتەوە.
کەواتە کەس و ستاتۆ جیاوازن لە یەکدی، هەروەها هیچ کامیان لە ئەویدیکەیانەوە نایەتەگۆڕێ. ئاخر گەر کەس بەند بێت بە ستاتۆوە، ئەوسا سرەوتوو نابێت، بەڵکو دەگۆڕرێت، هەروەها ئەوسا ستاتۆ دەسرەوێت. «نەک لەبەر ئەوەی دەهزرێین، دەمانەوێت و شئور دەکەین، ئیدی ئێمە هەین. نەک لەبەرئەوەی ئێمە هەین، ئیدی ئێمە دەهزرێین، دەمانەوێت و شئور دەکەین. ئێمە هەین لەبەرئەوەی هەین. ئێمە شئور دەکەین، دەهزرێین و دەمانەوێت، چونکە لە دەرەوەی ئێمە شتێکی دیکە هەیە » (30). هەردوو ڕەمەکی ناوبراوی مرۆڤ، کەرەسە و فۆرم، لە پەیوەندیدان بەم دوو تایبەتمەندییە مرۆڤییەوە.
ڕەمەکی کەرەسە لە سروشتی پسیکۆفیزیکیی مرۆڤەوە کارا دەبێت و دەیکات بە وەرگری کاریگەرییە دەرەکییەکانی جیهان. ئامانجی ئەم ڕەمەکە سەروەریی مرۆڤە بەسەر سروشتدا بۆ ئەوەی خۆی لە زەبری زەروورە سروشتییەکان بپارێزێت، بۆیە گۆڕان دەسەپێنێت و بەوەش مرۆڤ لە کات-دا ڕادەگرێت، چونکە پێویستی بە بەدیهاتنی کاتە. کاتی بەدیهاتوو بۆ شیلەر بریتییە لە “شئور” (31) کە لای مرۆڤ پابەند بە ڕەمەکی کەرەسەوە دێتەگۆڕێ. ئێستا کات بە شئور نێوەرۆکی وەرگرتووە. کاتێک مرۆڤ شئور بە ساتی ئامادە دەکات، ئیدی سەرجەم تایبەتمەندییەکانی بەند دەبن بەم تاکە جۆرەی لێرەبوونەوە. ئەم مرۆڤە بۆ شیلەر وەحشییە، چونکە سۆزەکانی بەسەر ئەودا سەروەرن، هەروەها چونکە تەنیا ڕێزی سروشت دەگرێت و بە بێڕێزی لە هەر یاسایەکی ئەخلاقی دەڕوانێت. بەکورتی: مرۆڤ پابەندی پێداویستییە ڕەمەکی و سۆزەکییەکانێتی و تەنیا بەگوێرەی ئەوان کردار دەنوێنێت.
ڕەمەکی فۆرم بە پێچەوانەوە بەشە ئاوەزییەکەی مرۆڤە. گەرچی مرۆڤ لەژێر کاریگەریی دەرەکیدایە و شئور و سۆزەکانی بەردەوام گۆڕانیان بەسەردا دێت، وەلێ ڕەمەکی فۆرم دەرفەتی پێدەدات کە ئازادیی نێوەکییانەی خۆی، واتا یەکانە (ئیدێنتیتێ) و بنەڕەتی ئەخلاقییانەی، بپارێزێت. ئەم ڕەمەکە کە پابەندی سروشتی ئاوەزمەندانەی مرۆڤە، «داوای ڕاستی و ماف دەکات» (32) کە دوو بەهای ئۆبژێکتیڤی و ڕەها (ئەبسۆلوت) و سەربەخۆن لە هەر تێڕوانینێکی کەسەکی و ڕەوشێکی جڤاکی. ڕەمەکی فۆرم یەکلایەنە، کەواتە بەبێ ڕەچاوکردنی ستاتۆی (لێرەبوونی فیزیکییانەی) مرۆڤ، خودی ئەو بۆ پەیڕەوکردنی نۆرم و ڕێسا، هەروەها بۆ دانانی یاسا، دەبزوێنێت، ئەمەش تەنیا بەو ئامانجە کە «هارمۆنی بهێنێتە نێو جوودایی دیاردانی ئەوەوە و سەرباری هەموو گۆڕانێکی ستاتۆ کەس-ی ئەو بسەپێنێت» (33). ڕەمەکی فۆرم، وەک یەکانە، هەرگیز ناکەوێتە ناتەباییەوە لەتەک خۆیدا، بۆیە «هەر بڕیارێک بۆ ئێستاکانێ بدات، هاوشێوەی بڕیارە هەمیشەییەکانێتی» (34)، کەواتە، هێگلیانە بدوێین، کاتێتی (گۆڕان) هەڵدەگرێت، واتا چە نایهێڵێت و چە هاوکات بە هەڵگرتن دەیپارێزێت: کاتێک ئەو یەکانە و ڕاستی و مافی ڕەها دەسەپێنێت، ئیدی کاتێتی نامێنێت، وەلێ هاوکات بە هەڵگرتنی کاتێتی سەرجەم ڕیزی کات لە خۆیدا یەکدەخات و دەیپارێزێت. ڕەمەکی فۆرم دەیەوێت ڕاستی و ماف هەمیشە و بێمەرج چواندیان هەبێت. بۆ نموونە هەست دەتوانێت شتێک لەم ساتەدا بۆ مرۆڤێک بە ڕاست دابنێت، لە ساتێکی دیکەدا هەر بۆ خودی ئەو بە ناڕاستی دابنێت. وەلێ گەر ئاوەز بڕیار (حوکم) بدات: “ئەمە ڕاستە”، لێرەدا بڕیارەکەی هەمیشەییە و هەر لە خودی کەس-ی هەرگیز نەگۆڕەوە چواندنی پێدەدرێت.
لەم ڕوانگەیەوە دەشێت هەردوو ڕەمەکی ناوبراو، یان ستاتۆ و کەس، ڕۆبچنە نێو پەیوەندیی ناتەباوە، ئەمەش بە تێروانینی شیلەر پڕکێشەیە، «چونکە هەردووکیان تێگەی نێویەکین» (35) و هیچ کامیان ناتوانێت بەبێ ئەویدیکەیان پێناسەی خۆی بکات. شیلەر لێرەدا کانتیانە ئەرگومێنت دەهێنێتەوە.
کرۆکی تیۆریی مەئریفەکەی کانت دەبێژێت: ئێمە دوو توانستی بنەڕەتیی مەئریفەمان هەیە کە بریتین لە شئور و زەین. هەردووکیان چاویلکەی ئێمەن ڕووەو جیهان لە خۆدا (نومێنا). ئێمە بە دەرکەوەر، کەواتە بە بینین، بیستن، بۆنکردن، چێژتن و گرتن، شئور بە شتە دەرەکییەکانی جیهان دەکەین. کانت ئەمە ناودەنێت “توانستی دەرکگیری”. وەلێ نە توانستی دەرکگیری بەبێ زەین و نە زەین بەبێ توانستی دەرکگیری هەڵدەکات. بیرۆکەکانی ئێمە (کە لە زەینەوە دێن) بەبێ نێوەرۆک (کە لە توانستی دەرکگیرییەوە دێت) “بۆش”ن، هەروەها نەزەرمان (کە لە توانستی دەرکگیرییەوە دێت) بەبێ تێگە (کە لە زەینەوە دێت) “کوێر”ە. کانت لێرەدا مەبەستی لەوەیە، کە لەم شیمانانەی دەرککردندا جیهان بۆ ئێمە دیار دەدات، ئەوە بێگومان بەپەرشی، ئەوجا زەین بەسپۆنتان (بە چالاکیی خۆیی) شئورەکان لەژێر تێگەدا ڕێکدەخات (36).
هەروەها شیلەر پەیوەند بە هەردوو ڕەمەکی ناوبراوەوە دەبێژێت: مرۆڤ بەڕێی ڕەمەکی کەرەسەوە شئور و هەست و سۆزی هەیە، کەواتە جیهانی پێدراوە، وەلێ ڕەمەکی فۆرم لای ئەو توانستی ڕێکخستنی شئورەکان و دانانی یاسایە. لەم ڕوانگەیەوە هەرئەوەندەی ڕەمەکی کەرەسە سەروەری بسەنێت، ئیدی هەست و سۆزە دەرکییەکان جیهانی کەس ناهێڵن، وەلێ ئێستا بەم ڕێیەوە چیدی مرۆڤ پێناگات، چونکە ئەو لەم ڕەوشەدا تەنیا شئوری (نێوەرۆکی کاتی) شێواوە بەبێ هیچ مەغزایەک، بەڵێ ئێستا هەست و سۆزەکانی کە بە لێشاوی بێفۆرم سەرهەڵدەدەن و دەنیشنەوە، تایبەتی دەکەن بە ژیانێکی ئاژەڵیانە بەبێ هیچ شوناسێک (ئیدێنتیتێیەک). کەواتە ڕەمەکی کەرەسە وەک سەروەر کوێرە. ئەم بوونەوەرە بۆ شیلەر سەبژێکت نییە، بەڵکو وەحشییە و بەچەقیوی لە شوێنی خۆیدا ژیانی ئاژەڵیانەی ساتار دەکات. ئاخر، بەگوێرەی تێڕوانینی شیلەر سەبارەت بە پەیوەندیی نێویەکییانەی ستاتۆ و کەس، «هەرئەوەندەی مرۆڤ تەنیا نێوەرۆکی کات بێت، ئەو چیدی نییە، بەمەش ئەو هیچ نێوەرۆکێکی نییە»، ئەویش چونکە بە نەهێشتنی کەس-ی ئەو هەروەها ستاتۆکەشی نەهێڵراوە. ئەوجا بە پێچەوانەوە گەر ڕەمەکی فۆرم سەروەری بەسەر ڕەمەکی کەرەسەدا بسەنێت، «واتا گەر هێزی هزر پێش شئورکردن بێتەئاراوە و کەس خۆی بنێتە ژێر جیهان»، ئیدی ئاوەز (ڕەمەکی فۆرم، هێزی هزر) هیچ نێوەرکێکی شئوری لە بەردەمدا نابێت بۆ ئەوەی یاساکانی خۆی بەسەریدا بەکاربەرێت، بۆیە ئیدی ڕەمەکی فۆرم بۆشە و «… چیدی کەس هێزی سەربەخۆ و سەبژێکت نییە»، بەڵکو ئێستا بوونەوەرێکی تەواو ئاوەزییە بەبێ کەرەسە(37). ئەم بوونەوەرە بۆ شیلەر مرۆڤ نییە، بەڵکو تەنیا ئیدێیەکی ئەبستراکتە. بەمەش ئێستا کە ڕەمەکی فۆرم سەروەریی وەرگرتووە، بوون بێڕادە فراوان دەبێت، ئێستا ئاستەنگەکان نامێنن و مرۆڤیش، وەک یەکانەیەکی ئیدێ، سەرجەم جیهانی دیاردەکان لەژێر خۆیدا یەکدەخات (38) – ئاخر تا چەند ئاوەز ئازادتر ببێت، مرۆڤیش هێندە زۆر لە جیهان تێدەگات و ئەوەندەش زۆر لە دەرەوەی خۆی فۆرم دەسازێنێت (39). ئێستا ڕاسیۆنالێتی بەتەواوی سەروەرە. بۆ شیلەر ئەم بوونەوەرە بەڕبەڕە.
لەبەرئەوەی کەس و ستاتۆ بە تێڕوانینی شیلەر تێگەی نێویەکین، ئەوا یەکدییان پێویستە و دەبێت نێویەکییانە سنوور بۆ یەکدی دابنێن: ڕەمەکی فۆرم گەرەکە ڕێ لە ڕەمەکی کەرەسە بگرێت کە خۆی بە لێشاو نەسەپێنێت، بەڵکو وەک شئوری ئەوتۆ لەگۆڕێ بێت کە ئاگامەندانە دەرککراوە و بەئامانجگیراوە، هەروەها گەرەکە ڕەمەکی کەرەسە بەرهەڵستی لەدژی ڕەمەکی فۆرم بنوێنێت، تا ئیدی ئاوەز هیچی دیکە نەبێت جگە لە هێزی ڕێکخەر. کەواتە پێویستە لە نێوانیاندا هارمۆنی بهێنرێتە گۆڕێ. ئەوە ئێستێتیکە کە دەتوانێت وەک نێوەندیار سنووریان بۆ دابنێت و بییانخاتە ڕەوشی هارمۆنییەوە. لێرەدا دەگەین بە ڕەمەکێکی سێیەم کە تێیدا هەردوو ڕەمەکی ناوبراو هەڵگیراون: گەمە. وەلێ ئێمە گەرەکە پێش ئەوە خۆمان بە ئەنترۆپۆلۆژییەکەی شیلەرەوە خەریک بکەین.

2-4 ئەنترۆپۆلۆژیی شیلەر

ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتنی ڕوونتر لە ئەنترۆپۆلۆژییەکەی شیلەر سەرەتا ڕووبکەینە پەیوەندی و جیاوازی لە نێوان ئەو و ڕوسۆدا.
شیلەر بەهایەکی بەرزی بۆ ڕوسۆ دادەنا، وەلێ هەڵوێستی ڕۆمانتیکییانەی ئەوی سەبارەت بە مرۆڤی سروشتی ڕەت دەکردەوە. ئەوجا کاتێک ئەنترۆپۆلۆژیی ڕوسۆ مێژوویی-فەلسەفەییە، واتا گۆڕانی مێژووییانەی مرۆڤ لە ستاتۆی سروشتییەوە بەرەو ژیاریی گەندەڵ دادەڕێژێت، ئەوا شیلەر بە مێتۆدی ترانسسێندێنتال لە شیمانە جیاوازەکانی پێکەوەژیانی مرۆڤان دەهزرێت و لە مرۆڤدیدییەکەی خۆیەوە کە لەسەرەوە پێشانمان دا، گۆڕان بە ئەنترۆپۆلۆژییەکی ئێستێتیکی دەدات.
ڕوسۆ مرۆڤی ستاتۆی سروشتیی سەرەتا وەک یەکانە وەردەگرێت و هەڵیدەزنێنێت بۆ ئاستی نموونەی باڵا (ئیدیال): ناوی دەنێت “وەحشیی چاک” لە واتای بێگوناهیدا. ئەم مرۆڤە هەر لە سەرەتاوە کە تازە لەنێو سروشتەوە دەپەڕیوە، خۆی خۆشدەوێت و بەو ڕێیەشەوە خۆی دەپارێزێت و لە ژیاندا دەهێڵێتەوە، وەلێ سروشت هەروەها هەستی بەزەیی بەو داوە کە سنوور بۆ خۆخۆشویستن دادەنێت و نایەڵێت کاریگەرییەکی نێگەتیڤی لەسەر هاومرۆڤانی هەبێت، کەواتە ئەمیان دەبێت بە پارێزەری ڕەگەز. وەلێ مرۆڤی سروشتی لە ڕەوتی بەکۆمەڵایەتیبووندا دەشکێت (دادەبەشێت): لە خۆی نامۆ دەبێت و پاشان بە سەرهەڵدانی خاوەنداریی تایبەتی گەندەڵ دەبێت: ئێستا خۆویستی جێی خۆخۆشویستن و بەزەیی دەگرێتەوە. ڕوسۆ لێرەوە داوا دەکات پشتبکرێتە ژیاریی گەندەڵی سەردەم و مرۆڤان بە “پەروەردەی سروشتی” بگەڕێنرێنەوە بۆ ستاتۆی بێگوناهی و سادەیەتی.
وەلێ مرۆڤ لای شیلەر، وەک لە سەرەوە پەیوەند بە مرۆڤدیدیی ئەوەوە بینیمان، لە ستاتۆی سروشتییەوە بوونەوەرێکی جووتەنییە: لە دوو ڕەمەکی کەرەسە و فۆرم پێکدێت، لێرەشەوە ئیدی سروشت لە دوو ڕووەوە کاریگەری لەسەر ئەو دەنوێنێت: سەرەتا خودی سروشت ڕێبەری مرۆڤی سروشتییە، چونکە ئەو لەم ستاتۆیەدا ناتوانێت لە “خۆ”یەوە کردار بنوێنێت و چارەنوسی دیاری بکات، بەڵکو سروشت کرداری بۆ دەنوێنێت، واتا سەرەتا دەرکەوەرەکانی کاران و دەرفەتی ژیان و گوزەرانی بۆ دەڕەخسێنن. وەلێ سروشت هاوکات تەنیا هێزی فیزیکی نییە و وەک سەروەر کاریگەری لەسەر مرۆڤان بنوێنێت، بەڵکو هەر خودی سروشت مرۆڤ دەبزوێنێت کە بەڕێی دەرکەوەرەکانییەوە (چاو و گوێ) بەسەر ئەو ڕەوشەدا بەرزبێتەوە – ئاخر سروشت نەک تەنیا کەرەسەی خاو، بەڵکو هەروەها “دەرکەوتە” (Schein)ی دەخاتە بەردەم، بەم ڕێیەشەوە پردێک بەرەو ئاوەز و ئازادی ڕادەکێشێت. شیلەر چاو و گوێ ناودەنێت دوو دەرکەوەرە “نایاب”ەکەی مرۆڤ کە کەرەسە بۆ فۆرم وەردەگۆڕن. ئەو بابەتە کە چاو دەیبینێت، فۆرمێکە کە مرۆڤ خۆی دروستی دەکات. شیلەر ئەمە ناودەنێت “دەرکەوتەی ئێستێتیکی” کە دەرفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت بەبێ حەز، کەواتە ناڕەمەکییانە، بە شتەکان بگات. ئەمە یەکەم هەنگاوە بەرەو ئازادی. کەواتە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی دەرکیی پەتی، لە سروشتی ئێستێتیکییەوە بە ئەزموونکردنی جوانێتی، هێدی هێدی دەگۆڕرێت ڕووەو بوونەوەرێکی ئەخلاقی (40). لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ لای شیلەر، بە پێچەوانەی ڕوسۆوە، هەر لە سەرەتاوە „خۆڕسکانە“ وەک بوونەوەری سروشتی، یان وەک „بوونەوەری مرۆڤی“، پۆتێنسیالی بۆ ئاوەز و ئازادی هەیە. لێرەوە شیلەر وەک ڕوسۆ بەرەو پاش ناگەرێتەوە بۆ سەردەمی سادەیەتی و بێگوناهی، بەڵکو بە پێویستی دەزانێت مرۆڤی سەردەم بە هونەر و پەروەردەی ئێستێتیکی چاکبکرێت، تا ئیدی لە سەرئەنجامدا یەکانەیەک لە سروشتە جووتەنییەکەی ئەو بهێنرێتە گۆڕێ: هارمۆنیی ئاوەز و توانستی دەرکگیری.
بێگومان هەروەها شیلەر جەخت دەکات کە مرۆڤی سروشتی لە پێناوی خۆهێشتنەوەیدا بێدار دەبێتەوە: ئەو بەناچاری لەنێو زەروورەی کوێری سروشتەوە بەئاگادێت و دەگات بە مەئریفەی خۆی وەک مرۆڤ. ئەوە ئازادیی سروشتییە کە دەرفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت ئازادانە کردارە ناچارەکییەکان کە ئەو جرپنانە لە سروشتەوە یەکسەر دەیاننوێنێت، بکات بە بژاردەی ئازاد، هاوکات لە زەروورەی سروشتییەوە زەروورەی ئەخلاقی بهێنێتەگۆڕێ. ئێستا پێداویستییەکانی مرۆڤ لەم پرۆسەیەی بێداربوونەوەیدا هەنگاوی پێدەنێنە نێو ستاتۆیەکەوە، کەواتە ناچاری دەکەن بۆ ستاتۆیەک نەک ئەو خۆی ئازادانە بڕیاری بۆ بدات: دەوڵەت (دامەزراوە، ڕێکخراوی جڤاکی). ئەمە بۆ شیلەر دەوڵەتی ناچارەکییە و تێیدا مرۆڤان هێشتا هەر پابەندی سروشتن، چونکە ئەوان ناچارن دەوڵەت بەگوێرەی یاسای سروشتی دابمەزرێنن. شیلەر ئەم فۆرمەی دەوڵەت وەک تەواو گونجاو بە مرۆڤی بێداربۆوەی سروشتی دادەنێت، ئەویش چونکە ئەو مرۆڤە هێشتا هەر بوونەوەرێکی تەواو دەرکییە (پسیکۆ-فیزیکییە) و لە پێناوی خۆهێشتنەوەیدا دەوڵەتێک بەگوێرەی ڕەمەک و حەزە دەرکییەکانی دادەمەزرێنێت. کەواتە مرۆڤ بە زەبر وەڵامی زەبرە سروشتییەکان دەداتەوە: بنیاتنانی حوکمدارییەکی زەبرمەند.
ئێمە لای شیلەر هاوکات فۆرمێکی دیکەی دەوڵەتی ناچارەکیمان هەیە کە تێیدا ئاوەز سەروەرە. لەم فۆرمەی دەوڵەتدا زەبری نێوەکییانەی ئاوەز دەخرێتە جێی زەبری دەرەکییانەی سروشت، واتا دەوڵەتی ئەخلاقی پابەند بە یاسای ئاکارەوە دادەمەزرێنرێت. کەواتە نەک هێزی سروشتی کە پاڵهێزی دەوڵەتی سروشتیی ناچارەکییە، بەڵکو یاسا بنەڕەتی دامەزراندنی دەوڵەتی ئەخلاقە. لەم پەیوەندییە دەوڵەتییەی ئێستادا هێزە ڕاسیۆنالەکان سەروەرن، ئێستا “ویستی ئازاد ڕادەکێشرێتە نێو جیهانی هۆکارەکانەوە کە تێیدا هەموو شتەکان بە زەروورەی توند (…) پێکەوەگرێدراون” (41).
شیلەر لەم پەیوەندییەدا جیاوازی لە نێوان دوو جۆری مرۆڤاندا دەکات تاکو لێرەوە جۆرێکی دیکەی مرۆڤ دیاربهێنێت کە ناوی دەنێت “مرۆڤی ئیدیال”. مرۆڤ وەحشییە گەر بەگوێرەی سروشتی خۆی کردار بنوێنێت و هیچ پرنسیپێکی نەبێت، کەواتە تەنیا هەوڵ بۆ ستارکردنی حەز و ئارەزووەکانی خۆی بدات. مرۆڤ بەڕبەڕە گەر پابەند بە ئاوەزەوە بەگوێرەی یاسا بژی، وەلێ گرنگی بە سروشتی خۆی نەدات. بە پێچەوانەی هەردووکیانەوە مرۆڤێک ئیدیالە کە هارمۆنییانە پێگەیەنراوە؛ ئەم مرۆڤە دەتوانێت یەکێتی لە نێوان ئاوەز و هەست و سۆزەکانیدا بهێنێتەگۆڕێ. ئەمەش بەواتای: کەسێتییەکی بەم چەشنە نەک تەنیا پابەندی پرنسیپە ئاوەزییەکانە، بەڵکو هاوکات دەستبەرداری سروشتێتی نابێت، ئەوجا وەک پابەندی ئاوەز دەتوانێت جڵەوی ناسەقامگیری و بگۆڕییەکەی ئەو سروشتە بگرێت.
بە تێڕوانینی شیلەر هەموو تاکە مرۆڤێک لە سروشتەوە مرۆڤێکی ئیدیالی لە خۆیدا هەڵگرتووە. مرۆڤان گەرەکە “بە یەکانەی نەگۆڕی” ئەم مرۆڤە ئیدیالە بگونجێنرێن. بێگومان گونجاندن بۆ شیلەر ئەوە نییە کە مرۆڤی ئیدیال بەسەر مرۆڤی ئەمپیریدا (پسیکۆ-فیزیکیدا) بسەپێنرێت. کردەوەیەکی بەم شێوەیە هیچی دیکە نییە جگە لە چەوساندنەوەی هەست و سۆزەکانی مرۆڤان. بە تێڕوانینی شیلەر دەوڵەتی ڕێپرێسیڤ (چەپێنەر، سەرکوتکەر) هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی جڵەوی مرۆڤان و پەیوەندییەکان بگرێت، وەلێ بەو ڕێیەوە تەنیا مرۆڤان دەشێوێنێت. هەروەها مەبەستی شیلەر لە گونجاندنی مرۆڤانی کەتوار بە مرۆڤی ئیدیال ئەوە نییە کە دەوڵەتی ئەخلاق شۆڕشگێڕانە هەڵبووەشێنرێتەوە و گفتی دەوڵەتێکی تیۆرییانەی ئاوەز بە مرۆڤان بدرێت. ئاخر شۆڕش بە دیدی ئەو تەنیا شێواوی و نائاسایش دەخاتەوە. بە پێچەوانەوە، دەبێت دەرفەت بدرێت کە جڤاکی سەردەم درێژە بە کارایی خۆی بدات و نەخرێتە مەترسییەوە. شیلەر دەوڵەت بە سەئاتێک دەچوێنێت کە سەئاتچی لەکاتی کارکردنی خودی سەئاتەکەدا، سووڕی بەکرەکانیدا، خۆی پێوە خەریک دەکات – چاکی دەکات. وەلێ پرۆسەی چاککردن ئاڕاستەیەک ڕووەو دەوڵەتی ئیدیال وەردەگرێت. لە دەوڵەتی ئەخلاق یان قانوندا دەلاقەیەک لەگۆڕێیە لەنێوان خواست و داواکانی مرۆڤان و ئەو ڕێنومایانەدا کە دەوڵەت دەیانسەپێنێت، بە واتایەکی دی: لە نێوان هەمەجۆرێتیی تاکەکەسی و یەکێتیی دەوڵەتیدا. بە پێچەوانەوە لە دەوڵەتی ئیدیالدا هەر تاکە مرۆڤێک نوێنەری ڕەگەزی خۆیەتی: ویستی دەوڵەت هاوکات ویستی خۆیی هەر هاووڵاتییەکە.

5- گەمە وەک بنیاتنەری ئازادی
ماویەتی..

پەراوێز
27) Schiller, Friedrich: Über Anmut und Würde. S. 468. (Zeno.org).
28) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 8.Brief. S. 22. (Zeno.org).
(29) Schiller, Friedrich: Über Anmut und Würde. S. 444.
(30) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 11. Brief. S. 30.
(31) Ebenda, 12. Brief. S. 22.
(32) Ebenda, 12. Brief. S. 34.
(33) Ebenda, 12. Brief. S. 33.
(34) Ebenda, 12. Brief. S. 33.
(35) Ebenda, 13. Brief, S. 36.
(36) بڕوانە: ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هه‌ر مێتافیزیکێک که‌ بشێت له‌ ئاینده‌دا ببێت به‌ زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. پاشگۆتنی وەرگێر. لا 62.
(37) Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. 13. Brief. S. 36.
(38) Ebenda, 12. Brief, S. 34.
(39) Ebenda, 13. Brief, S. 36.
(40) بڕوانە هەردوو نامەی 26 و 27 لە:
Ebenda, S. 75-79.
(41) Ebenda, 4. Brief, S. 6.

سەرچاوەکان:

  • Schiller, Friedrich: Über Anmut und Würde. Sämtliche Werke, Band 5, München 1962. (Zeno.org).
  • Schiller, Friedrich: Über die ästhetische Erziehung des Menschen. Sämtliche Werke, Band 5, München 1962. (Zeno.org).
    -ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هه‌ر مێتافیزیکێک که‌ بشێت له‌ ئاینده‌دا ببێت به‌ زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. پاشگۆتنی وەرگێر. کتێبخانەی هەریەک لە: دەنگەکان، کوردڕاوم، کوردستانپۆست. -5 گەمە وەک بنیاتنەری ئازادی
    ماویەتی



لە نێوان “پاوەندێک گۆشت” و “دوگمەی ڕەزامەندی”: ئایا ددانی یاسا گۆڕاوە؟.. حەمید کورەچی

لە ساڵی ١٦٠٥دا، “شایلۆک” لە دادگای ڤینیسیا بە چەقۆکەیەوە وەستابوو، داوای “پاوەندێک لە گۆشتی مرۆڤ”ی دەکرد وەک وەفایەک بۆ ئەو گرێبەستەی کە بازرگان “ئەنتۆنیۆ” بە ویستی خۆی واژۆی کردبوو. ئەمڕۆ، لە ساڵی ٢٠٢٦دا، هەموومان لەبەردەم شاشەکانماندا وەستاوین و بە ساردییەوە کلیک لەسەر دوگمەی “لەسەر مەرج و ڕێساکان ڕازیم” دەکەین، بۆ ئەوەی مافگەلێک بدەین بە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و دارایی کە ڕەنگە لە چەقۆکەی شایلۆک کەمتر دڕندە نەبن، بەڵام بە زمانێکی یاسایی شیکتر پێچراونەتەوە.
کاتی ئەوە هاتووە دووبارە سەیری شێوازی وانەگوتنەوەی شانۆگەری “بازرگانی ڤینیسیا” بکەینەوە و لەو گێڕانەوە سوننەتییە تێپەڕین کە وەک چیرۆکێکی سەرکەوتنی چاکە بەسەر خراپەدا نیشانی دەدات. پێویستە ئەمڕۆ وەک وۆرک شۆپێکی پراکتیکی سەیری بکەین کە ڕوونی دەکاتەوە چۆن یاسا دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ تیرۆرکردنی قوربانی بە شێوازێکی دەمامکدراو و لەژێر پەردەی شەرعییەتە ڕواڵەتییەکەیەوە.
دەست هەڵبگرن لە لۆمەکردنی “شایلۆک”. ئەو سوودخۆرە دەرکراوەی ناو کۆڵانەکانی ڤینیسیا، تەنها ئاماتۆرێکی سەرەتایی بوو بە بەراورد لەگەڵ “دڕندەکانی گرێبەست” کە ئەمڕۆ لەناو هەوربڕەکانەوە ژیانمان بەڕێوە دەبەن. لە شانۆگەرییەکەی شکسپیردا، ململانێکە خوێناوی و ڕوون بوو، بەڵام ئەمڕۆ چەوسانەوە بەرگی “بەزەیی” پۆشیوە و جانتایەکی پارێزەری لوکسی بەدەستەوەیە. یاساش – وەک هەمیشە – بەزەیی بە گەوجەکاندا نایەتەوە، بەڵکو مۆڵەت دەداتە فێڵبازەکان بۆ ئەوەی پێستیان بە شێوەیەکی یاسایی دابماڵن.
ئەوەی “پۆورشیا” لە دادگای ڤینیسیادا ئەنجامی دا، بەرجەستەکردنی دادپەروەری نەبوو وەک ئەوەی وێنا دەکرێت، بەڵکو جۆرێک بوو لە تیرۆری یاسایی نەرم و شاراوە، کە دەنگدانەوەکەیمان لە واقیعی هاوچەرخماندا دەبینینەوە؛ ئەو شوێنەی یاساکان بە خوێنێکی ساردەوە بەکاردێن بۆ ناچارکردنی تاکە سادەکان تا واژۆی گرێبەستە ئەلیکترۆنییە درێژ و ئاڵۆزەکان بکەن، پاشان یەکەم هەڵە یان دواکەوتن دەقۆزرێتەوە بۆ هەڵمژینی بەشێکی گەورە لە ژیان و شکۆیان.
ئەو ئازارە ڕاستەقینەیەی ئەم شانۆگەرییە دەری دەخات، تەنها لە وێنەی “شایلۆک” وەک جێبەجێکارێکی توندی سەختترین جۆری تۆڵەسەندنەوەدا نییە، بەڵکو لەو دووڕووییەدا کورت دەبێتەوە کە دەوری ئەو کۆمەڵگەیەی داوە کە چەپڵە بۆ سەرکەوتنەکەی پۆورشیا لێ دەدەن و چاو لە ئاکامە نەرێنییەکانی گوتارەکەی دەپۆشن. “پۆورشیا” تەنها بەرجەستەکردنێکی پێشوەختەی نموونەی “پارێزەری کۆمپانیاکانە”؛ ئەو پیشەگەرەی کە هونەری قایلکردن بە لای ڕاستدا دەزانێت بە بەکارهێنانی زمانێک کە پڕە لە بەزەیی و میهرەبانی، لە کاتێکدا بە لای چەپدا کار لەسەر یاری کردن بە کەلێنە یاساییەکان دەکات بۆ وەشاندنی گورزی کەمەرشکێن.
ئێمە ئێستا لە جیهانێکداین کە هێشتا نموونەی پۆورشیا تێیدا پیرۆز دەکرێت؛ جیهانێک کە ڕێگە بە دەسەڵات و پارە دەدات ئیمتیازی دووبارە ئاراستەکردنەوەی وشەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ڕزگارکردنی هاوبەشەکانیان هەبێت، لە کاتێکدا یاسا دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سەرکوتکردن بۆ ئەوانەی سەر بەم بازنەی ئیمتیازاتە نین.
ئەمە تەنها چیرۆکێکی کۆن نییە کە لاپەڕەکانی ئەدەب دەیگێڕنەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەیەکی زیندووی ئەو واقیعەیە کە پێوەی دەناڵێنین کاتێک یاسا دەبێتە چەکێک دژی چینە لاوازەکان، و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە کەسی و بژاردەکان (نوخبە) لەژێر پەردەی شەرعییەت و دادپەروەریدا بەکاردێت. دەبێت واز لە پیرۆزکردنی پۆورشیا وەک پاڵەوان بهێنین و قووڵتر سەیری چینەکانی ئەم دووڕووییە کۆمەڵایەتی و یاساییە بکەین کە هێشتا شانۆگەرییەکەی شکسپیر بە ڕەوانبێژییەک دەری دەخات کە لەگەڵ سەردەمی ئێمەشدا دەگونجێت.
هاوڕێیان، دەستەواژە بەناوبانگەکەی “یاسا ناتوانێت پارێزگاری لە گەوجەکان بکات” تەنها بەرجەستەکردنێکی ئاشکرای بێشەرمی مرۆڤە؛ ئەو دەستەواژەیەی کە لە ناخیدا دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆی تێدایە کە “یاسا لە کرداردا، نەک لە گفتاردا، بۆ ئەوە دانراوە کە پارێزگاری لە فێڵبازەکان بکات بەرامبەر ئەوانەی ژیرییان کەمترە”. ئەمەش وامان لێ دەکات بپرسین: ئایا جیاوازییەکی جەوهەری هەیە لە نێوان چەمکی موجەڕەدی “پاوەندێک گۆشت” – کە چەقی یەکێک لە خەمناکترین هەڵوێستەکانی ئەدەبی شکسپیر بوو – و ئەو سوودە بانکییە مەحاڵانەی کە مووچەی ڕەنجدەران بێ بەزەیی دەخۆن؟ یان لە نێوان ئەو چەقۆ تیژەی جاران گۆشتی دەبڕی و ئەو ئەلگۆریتمە چاودێرییە نوێیانەی کە تایبەتمەندییەکانمان لە ڕۆژی ڕووناکدا دەدزن، لە بەرامبەر وەهمی ئەپڵیکەیشنە بێبەرامبەرەکاندا؟
تاکە ڕاستییەک کە خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە کە ئێمە شایەتی سەردەمێکی نوێی سەرکوتکردنین؛ کە تێیدا ئامرازەکان گۆڕاون، “ئەلگۆریتمە ساردەکان” جێگەی “چەقۆی هەڵکێشراویان” گرتووەتەوە، بەڵام ئەنجامەکە هەر یەکە: قوربانییەک کە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە خوێنی لێ دەچۆڕێت.
لەو چوارچێوەیەدا، وادیارە ئێمە لە سەردەمێکی سەیردا دەژین کە نەوەیەک پەروەردە دەکەین پێیان وابێت زیرەکی بریتییە لە توانای ڕاوکردنی “کەلێنەکان” لەبری بونیادنانی پایەکانی “دادپەروەری”. هەموومان بە پلەی جیاواز بووینەتە وەک ئەنتۆنیۆ؛ ئەو سەرکێشە سادانەی کە واژۆیان لەسەر کاغەزێکی سپی کردووە کە کۆنترۆڵی تەواو دەداتە کۆمپانیا چاوچنۆکەکان، کە نەک هەر مەیخانە و مەیەکەیان هەیە، بەڵکو دادوەر و جەلادەکەش هیی ئەوانن.
ئەمە واقیعێکی تاڵە، چونکە شایلۆک جاران کەیسەکەی دۆڕاند چونکە جوولەکە بوو لە کۆمەڵگەیەکدا کە دەمارگیری مەسیحی هەبوو. بەڵام ئەمڕۆ، تاک مافەکانی لەدەست دەدات چونکە مرۆڤێکە لەناو کۆمەڵگەیەکی دیجیتاڵیدا دەژی کە تینووی داتا و کۆدەکانە؛ کۆمەڵگەیەکی وشک کە دان بە هیچدا نانێت جگە لە هێما موجەڕەدەکان و ژمارە ڕەقەکان.
با چیتر بە بریقەی جەلادەکان و وێنە دەستکردەکانیان هەڵنەخەڵەتێین. پۆورشیا هەرگیز ئەو پیرۆزە نەبووە کە هەندێک کەس وێنایان کردووە، بەڵکو چەرخێکی هەمیشەیی بووە لە ماشێنی چەوسانەوە کە تەنها خزمەتی بەرژەوەندی بژاردە دەوڵەمەندەکان دەکات کە دەستیان بەسەر ساماندا گرتووە.
تۆش، هەرجارێک کە بێ وردبوونەوە کلیک لەسەر بژاردەی “هاوڕام” دەکەیت، دەرگایەک بەرەو جیهانێکی ئارام و پڕ لە خزمەتگوزاری ناکەیتەوە وەک ئەوەی بۆت وێنا کراوە، بەڵکو بە ویستی خۆت دەچیتە ناو مەیدانی چەوسانەوەیەکی سیستماتیک لەژێر ناوی یاسا چەواشەکارەکاندا.
ئەم ڕەزامەندییە تەنها دەروازەیەکە بۆ چوونە ناو “سەربڕخانەیەکی یاسایی”، کە تێیدا دادپەروەری چەمکێکی ڕێژەییە و بەزەیی بووەتە تەنها دروشمێکی بازاڕکردنی بێ ناوەرۆک. تەنها ئەو دەقە چڕ و وردەی کە هەرگیز خۆت ماندوو نەکردووە بە خوێندنەوەی، چەقۆ شاراوەکەی تێدایە؛ ئەو چەقۆیەی بە ئەنقەست وا دروست کراوە کە لەبەرچاوت نەبێت و نەیخوێنیتەوە، لە کاتێکدا دروستکەرانی، یاری بێدەسەڵاتکردنی تۆ بە شارەزایی و توندیی ئەو دەقە بەڕێوە دەبەن.

حەمید کورەچی (Hamid Koorachi)
١٥-٠١-٢٠٢٥
مالمۆ




ئاکاری نزم و فاشیزم، فاشیزمی خێڵ و فاشیزمی ئاپۆڕایی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

فاروق ڕەفیق، یەکێک لە عەقڵە فەلسەفییەکانی کۆمەڵگای ئێمە بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیانە فەلسەفییەکەی کرد و پڕۆژەکانی بە تەواونەکراوی بەجێهێشتن.

ناو و یادی ئەو هەمیشەیی و پڕشنگدار.

بیربکەرەوە و وێنای بکە، لە غیابی عەقڵە فەلسەفییەکانی و ئایکۆنە ڕۆشنبیریی و ئەدەبییەکانیدا، فاروق وەکو یەکێک لەوان، کۆمەڵگای ئێمە لەسەر دەستی ئاپۆڕای خێڵگەرایی حزبیی و ئیسلامیزمدا، دەبێتە چ بیابانێکی بەرەهوت.

ئادۆرنۆ و کۆمەڵگای پێشکەوتووی پیشەسازی
فاشیزم، ئاکاری نزم و ژیانی خراپ

کۆمەڵگای پێشکەوتووی پیشەسازیی دنیایەکی ڕێکخراو و دیسپلینکراوە بەجۆرێک عەقڵی کردووەتە ئامێریی و ئاکاریش لە بەرهەمهێنراوی ئەو تەکنیکە پەرەسەندووە و ئەو عەقڵە ئامێرییەدا بووەتە ئاکارێکی نائینسانی. ئادۆرنۆ دەڵێت ژیانێکی باش و ڕاستگۆیانە چیدی لە کۆمەڵگای پیشەسازیی پێشکەوتوودا نەماوە، لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگایەکی نائینسانییدا دەژین. کتێبەکە خۆی لە ڕەهەندێکیدا هەوڵدەدات پێمان بڵێت ژیانێکی باش و ڕاستگۆیانە چییە و چۆن دەتوانین ئەو ژیانە بژین. کە هەموو ئەمانە لەڕێگەی ووردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە و ئەزموونی ئینسانەوە لە بەرکەوتنی بە مرۆڤەکانیدی و ئاکارە گشتییە کۆمەڵایەتییەکان، بە دەزگاکان و بە یاسا و ڕێساکانەوە، باس دەکات. هەروەها باس لە یۆتۆپیای دنیای پێشکەوتووی پیشەسازیی دەکات هەمان شێوەی ئاین دنیایەکی یۆتۆپیی لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤدا دەچێنێت. کتێبەکە باس لەو ژیانە دەکات کە ووردەکارییەکانی ئاکاری نزم تانوپۆی دەتەنێت و دواجار لە بەرهەمهێنانی فاشیزمدا دەردەکەوێت. واتا فاشیزم بەبێ بوونی ئاکاری نزم و ژیانێکی خراپ ناتوانێت ببێت. ئاکاری نزم و ژیانی خراپ زەمینەی لەدایکبوونی مرۆڤی فاشیست و سەرهەڵدانی فاشیزمن. کۆمەڵگای پێشکەوتووی پیشەسازیی و دنیای پەرەسەندووی تەکنیک، ئەو دنیایەن کە فاشیزم وەکو گوتار و دەستەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئاکاری فاشیستی تێیدا لەدایکدەبێت.

ئەمەی سەرەوە، لە کتێبی “مینیما مۆڕاڵیا؛ شکانەوەکان لە ژیانی زیانبەرکەوتووەوە” ی ثیۆدۆر ئادۆرنۆ٫ فەیلەسوف، کۆمەڵناس و دەروونشیکاری سەر بە قوتابخانەی فرانکفۆرت. هەڵبەت بەو جۆرە نییە کە بە دەق وەرگیرابێت بەڵکو ئایدیایەکی گشتی کتێبەکەیە.

ئەم ماوەیە هەڵمەتێکی فراوان لە ڕووبەرەکانی سۆشیاڵ میدیادا لە دژی د. فاروق ڕەفیق بەڕێوەدەچێت لەسەر هەندێ قسەی “وا تەسەور دەکەم” کە لە سیاقی لێکچەرێکدا بێت و لە میانەی کۆرسە فەلسەفییەکانی و بەشێکی زۆر کەم لە قسەکانی بڕدراوە و بڵاوکراوەتەوە کە ئاشکرایە زۆربەی جار کاتێک چەند ڕستەیەک لە کۆی گشتی ووتەکانی کەسێک بە تەنها وەردەگیرێت و لە سیاق دادەبڕێنرێت ئاساییە مانای جیاواز و پێچەوانە بە مانای گشتی کۆی ووتەکانی ئەو کەسە بە دەستەوە بدەن، لەبارەی شارۆچکەی زەڕایەن، کە بۆچوونە ڕەخنەییەکانی لە بنەمادا لەبارەی پەروەردە بە گشتیی و خوێندنی باڵایە بە تایبەتیی و لەو چوارچێوەیەشدا ڕەخنەکردنی کۆلێژێک لە شارۆچکەی زەڕایەن وەکو نموونەیەک. ئەوەی لە پشت ئەم هەڵمەتەوەیە هەم فەندەمێنتالیزمیی دینیی “سەلەفیزمی دینیی و ئیسلامی سیاسیی” و هەم ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی بە دەستلەملانی عەشیرەتگەریی و دیوەخان. لە ڕاستییدا ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی هەر لە بنەماوە لەسەر ئاوێزانبوون بە بونیادەکانی خێڵگەرایی و مێنتاڵیتیی ئاغاواتی خۆی بیناکردووە. بەڵام لە نزیکەی دوو دەیەی ڕابردوودا باوەشێکی گەورەشی کردووە بە فەندەمێنتاڵیزمی دینییدا. ئەوە بێچەندوچوونە کە لای من و زۆرینەی ئینسانەکانیش خەڵکی زەڕایەن و هەر شار و شارۆچکەیەکی کوردستان و هەر ناوچەیەک وەکو تاکەکەسەکان و گروپی کۆمەڵایەتیی، ئینسانی پاک، سادە، خاوەن ڕۆحی جوانی هاریکاریین و مایەی ڕێز و خۆشەویستین نەوەکو هیچ شتێکیتر.

ئاشکرایە، ئەمە یەکەم جار نییە، بە هەژموونی فەندەمێنتالیزمی دینیی یان دەستلەپشتدانی حزب-خێڵەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیی هەڵمەتێکی فراوان بەڕێدەخرێت لە دژی ڕۆشنبیر، چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، چالاکوانی مافەکانی ژنان، ئەدیب و شاعیران تەنها لەبەرئەوەی تێگەیشتن و جیهانبینی ئەوان بە عەقڵی بچووک و داخراوی ئەوان نایاتەوە و بگرە ترسە تا ئاستی فۆبیا لە کاریگەریی گوتاری فیکریی و جیهانبینی ئازادانە و یەکسانیخوازانەی ئەوان و لەوێشەوە گۆڕانکاریی ڕیشەیی سیاسیی، فیکریی، کۆمەڵایەتیی، کولتوریی و بەهایی لە نێو کۆمەڵگادا. لە ڕاستییدا ئەوەی هەر جارە و بە بیانوویەک و بە پاساوێکی بێناوەڕۆک، هەر سێ ئاپۆڕای کوردایەتیی، فەندەمێنتالیزمی دینیی و خێڵ بەڕێیانخستووە گوایا وەڵامدانەوە بە سوکایەتیی و بێڕێزی بووە، تەنها لە یەک خانەدا جێگا دەگرێت، ئەویش خانەی تێرۆری کەسێتییە. هەڵبەت ئەوەش بە ئامانجی زاڵکردنی کەشوهەوای ترس، ترس لە دەربڕینی ئازادانەی بیرکردنەوەکانت، کە ئەمەش جگە لە فاشیزمی ئاپۆڕایی چیدیکە نییە.

پرسیار ئەوەیە، ئایا ڕۆشنبیر ئەگەر ڕەخنەی سیستمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نەکات، قسەیەک لەسەر سەلەفیزمی دینیی و ئیسلامی سیاسیی نەکات، ڕەخنەی بونیادە قەبەلییەکانی کۆمەڵگای ئێمە نەکات، قسەیەک لەسەر سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەکو کایەی ڕازیکردنی ئەو مێنتاڵیتییە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئاینییە دواکەوتووخوازانەیەی کۆمەڵگای ئێمە نەکات و قسەیەک لە توێژێک و چینێکی کۆمەڵایەتیی نەکات، ئەی چی بکات؟ ئایا تەنها سەرقاڵ بێت بە فەلسەفەوە لە ئاستێکی موتەعال و وەکو کێڵگەی موناقەشەیەکی نەبڕاوە لەبارەی بوون و دەرکەوتنەکانی بوون؟ تەنها سەرقاڵ بێت بە فینۆمینە و نۆمینە؟ تەنها سەرقاڵ بێت بە عەقڵی ڕەها و ئامانجی بوونەوە؟ تەنها سەرقاڵ بێت بەوەی کە هەر شتێک لەنێو خۆیدا هەڵگری دژەکەی خۆیەتیی؟ …هتد

هەڵبەت وەڵامەکە بۆ زۆرینەمان زانراو و ڕوونە. خواستی ئەم سێ ئاپۆڕایە ئەوەیە، ڕۆشنبیر سەرقاڵ بێت بە موناقەشەیەکی بێزەنتی کە هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی واقعی و ڕاستەقینەی تاکەکەسەکان و کۆمەڵگاوە نەبێت و ئەو موناقەشەیە و ڕۆشنبیرانیش بوون و نەبوونیان وەکو یەک بێت، هیچ کاتێک هەڵگری هیچ ئەگەرێک، هەرچەندە لاوازیش ، نەبێت بۆ گۆڕانکاری لە میانەی ئەو گفتوگۆ و دیبەیت و نووسینانەوە هەم لە عەقڵییەتی تاکەکەسەکان و کۆمەڵگادا هەم لە سیستمی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، کولتوریی و بەهاییدا.
ئەگەر لە هەمبەر قسەیەک، لێدوانێک و ڕەخنەیەکی ڕۆشنبیر، چالاکوان و ئەدیبان ئەم هەموو هێرشە ئاست نزمانە لە مینبەر، سۆشیاڵ مێدیا، مێدیا و تەنانەت ڕێپێوانیش بەڕێدەخرێت لەلایەن ئاپۆڕای کوردایەتیی، ئاپۆڕای فەندەمێنتالیزمی دینیی و ئاپۆڕای خێڵ، هەرجارەی بەبیانوویەکەوە، جارێک بەبیانووی ئەوەی قسە بە توێژێک وتراوە و جارێک بە بیانووی ئەوەی قسە بە حزبێک و بە ڕەمزێک وتراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی سووکایەتی بە مێژوومان و سیمبولەکانمان کراوە، جارێک بەبیانووی ئەوەی قسە بە پێشمەرگە وتراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی کارێکی هونەری جلوبەرگی ژێرەوەی ژنانی تێدا بەکارهێنراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی سەما لە شوێنی گشتییدا کراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی لە پارکی ئازادی کچ و کوڕێک بە ئاشکرا یەکتریان ماچ کردووە لە ڕۆژی خۆشەویستیدا و لەبەردەم پەیکەری خۆشەویستیدا، جارێک بە بیانووی ئەوەی لە درامایەکدا باس لە مەلا بە خراپە کراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی لە شانۆییەکدا هێڵی سوور بەزێنراوە، جارێک بە بیانووی ئەوەی قسە بە شارێک، شارۆچکەیەک و ناوچەیەک وتراوە … هتد

ئەی ئەو کاتەی کە مەلایەک قسە بە تەواوی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەڵێت ئێوە بۆ مێدیا و سۆشیاڵ مێدیاتان لێ پڕ نەکرد؟! ئەی کە مەلایەک ژنی بە دایناسۆڕ شوبهاند، کێ لە ئێوە هاتە دەنگ هیچ نەبێت وەکو ڕێزگرتن لە دایک و خوشک و کچی خۆتان. ئەی کە مەلایەک ووتی زانکۆ هەمووی فەسادیی و بێئەخلاقییە و ئەستەمە کچێک لە زانکۆ بە ساغی دەربچێت، کێ لە ئێوە نقەی لێوەهات هیچ نەبێت بۆ داکۆکی کردن لە کچ و خوشکەکانی خۆتان؟! ئەی کە مەلایەک ووتی پەیمانگای هونەرە جوانەکان پڕە لە بەدڕەوشتیی، کێ لە ئێوە هاتە دەنگ، بۆ ئەوەی مەلایەک تێبگەیەنن بێڕێزیی و سوکایەتی بە دەزگایەکی هونەریی پەروەردەیی ڕەوا نییە و مافی ئەوەی نییە هەرچی بێت بە خەیاڵیدا لە دەمییەوە هەڵیڕێژێت؟! یان کاتێک مەلایەک ووتی لە سەدا ٩٥ ی کۆمەڵگای کوردیی کافرە، بۆ کەس لە ئێوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڵویستێکتان نەبوو لانیکەم بۆ داکۆکی و ڕێزگرتن لە خودی خۆتان و بنەماڵە و کەسوکارتان کە خۆتان بە موسڵمان و دیندار دەزانن؟ ئەی بۆ ئەو کاتەی مەلایەک ووتی هەر ژنێک بۆنی خۆش لە خۆی بدات و بڕواتە دەرەوە لە ماڵ، بێڕەوشتە و وەکو ئەوەیە زینای کردبێت، بۆ هەمووتان گوێی خۆتان لێ خەواند و خۆتان لە گێلیی دا، مەگەر دایک، خوشک، کچ و هاوسەرتان بۆنی خۆش بەکارناهێنێت یان بەکاری نەهێناوە؟!

ئەم هەموو پرسیارانەم ڕووبەڕووی ئاپۆڕای کوردایەتیی، ئاپۆڕای فەندەمێنتالیزمی دینیی و ئاپۆڕای خێڵە، بە بانگەشەکاران، نووسەران و شوێنکەوتووانیانەوە.

من وەکو خۆم ڕەخنە بە جەوهەری بیرکردنەوەی ئازادانە و هەڵوێستی ئازادانەی مرۆڤ تێدەگەم. ڕەخنەی جدیی و قووڵ لە بونیادە جێگیر و نەگۆڕەکانەوە تا دەگات بە پیرۆزییەکانیش بە مافی هەر ئینسانێک دەزانم و ناشبێت لەسەر ئەم مافە و بەکارهێنانی، هیچ کەسێک تووشی هیچ شێوازێکی سزای یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ببێت. ڕەخنە لە توێژە کۆمەڵایەتییە فراوانەکانەوە تا دەگات بە ڕەخنە لە سیستمی سیاسیی و حوکمڕانیی، ڕەخنە لە مێژووی دوور و نزیکی کۆمەڵگای خۆمانەوە تا دەگات بە ڕەخنە لە ئەوەی ناودەبرێن بە سیمبول و هێماکانی نەتەوەیی و نیشتمانیی و …هتد. ڕەخنە لە ستراکتوری کۆمەڵایەتیی و کولتوریی کۆمەڵگای ئیمەوە تا دەگات بە ڕەخنە لە کایەی پەروەردە، سێکتەری تەندروستیی و …هتد واتا لە یەک قسەدا هێچ کەس، دەزگا و توێژی کۆمەڵایەتیی، مێژوو، ئایدیا و باوەڕێک پیرۆز نییە و لە دەرەوەی بەگرفتئامێزکردن و ڕەخنەکردن نییە، ئەوەی پیرۆزە ئینسان و ئازادییەکانییەتی، ئەوەی پیرۆزە مافی بیرکردنەوە، قسەکردن، وەژێرپرسیارخستن و ڕەخنەکردنە.
ئەگەر کۆمەڵگای ئێمە بە گوێرەی لانیکەمی پێوەرەکانی کۆمەڵگایەکی تەندروست بهاتایاتەوە، دەبوایە یەکێک لەو دەنگانەی گوێی لێدەگرێت، دەنگی د. فاروق ڕەفیق بوایە. یەکێک لەو عەقڵانەی کە دەبوایە گفتوگۆ بکرایە فاروق ڕەفیقە، نەوەکو چەندین جار تێرۆری کەسێتیی بکرێت. دەبایە مەریوان وریا قانع و فاروق ڕەفیق گوێیانلێبگیرایە، نەوەکو سۆشیاڵ مێدیا پڕ ببوایە لە ڤیدیۆی ئەو هەموو مەلا و بانگخوازانە (هەڵبەت هەموویان نا، بەڵام بەداخەوە زۆرینەیان) کە جگە لە دژایەتییکردنێکی بێچەندوچوونی ئازادیی و داماڵینیی ئینسان لە عەقڵ و ئیرادە هیچیتر ناڵێن. ئەو لێشاوە لە ڤیدیۆی مەلاکان و بانگخوازەکان (دیسانەوە دەڵێم نەوەکو هەموویان، بەڵکو زۆرینەیان، بەتایبەت ئەوانەیان کە لە چوارچێوەی سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسییدان) کە لە هەر کونجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، هەندێکیان بە نەڕەنەڕ، هەڕەشە، غەزەب و قەهر و هەرچی ڕستە و تەعبیری ئاست نزمە ڕیزی دەکەن و فراوانکردنی سنوری حەرام و قەدەغەکان تا ناکۆتا دەبەن و کردنی ئینسان بە بوونەوەرێکی تاوانبار و قێزەون کە نەوەکو مرۆڤگەلی دەرەوەی بازنەی دیندارییەکەی ئەوان بەڵکو موسڵمانەکان و هەندێجار مەلا یان بانگخوازەکە خۆیشی لێی دەرباز نابێت. پرسیارێکی لانیکەمی عەقڵانیی و لۆژیکیی ئەوەیە بەڕاست دەبێت ئەو هەموو هاوار هاوارە دژ بە پیرۆزیی ئینسان و ئازادییەکانی گوێی لێبگیرێت یان سیمینارەکانی فاروق و مەریوان؟! بەڕاست دەبێت ئەو هەموو نەڕەنەڕە کە فۆبیایەکی ڕووتە لە ژیان، ئازادیی و گۆڕانکاریی، کە عەقڵ تا دواهەمین سنورەکان پاشەکشێی پێکراوە، گوێی لێبگیرێت، یان ڕۆشنبیران؟!

ئەگەر ئاکار لە کۆمەڵگای پیشەسازی پێشکەوتوو بە گوێرەی ئادۆرنۆ، وەها بێت، ئەی ئاکاری ئۆتۆریتەی حزب-خێڵ، میدیا و میدیاکارانی نزمی حزب-خێڵ، نووسەر “گوایا سەربەخۆ و نەتەوەیی بەڵام لە پشتی پەردە و ژێربەژێر ملپان و ملکەچی حزب-خێڵ”، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ “زوڕناژەنی گەعدەی پانێڵی فیکریی خاڵی لە فیکر و گەعدەی دیداری حەماقەتی سیاسیی و سەماکاری گەعدەی سەرانی مەغروری ناوبۆشی حزب-خێڵ” دەبێ چۆن بێت و چی لێوە بەرهەم بێت؟!
ئەی ئاکار لە سایەی مێنتاڵیتی سەلەفیزمی دینیی و ئیسلامی سیاسییدا ئەبێت چۆن بێت و چی لێوە بەرهەم بێت؟!
ئەی ئاکار لە سایەی خێڵ و قەبەلیەتی ژێر هەژموونکەوتووی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی و فەندەمێنتاڵیزمی دینیی، ئەبێت چۆن بێت و چی لێوە بەرهەم بێت؟!

تێبینی؛ وتارەکە لە ماوەی هەڵمەتێکی فراوانی نێو سۆشیاڵ میدیا دژ بە فاروق ڕەفیق، سێ ساڵ پێشتر نووسراوە. لە پەیوەند بە مەرگی ئەو توێژەرەی فەلسەفەوە دووبارە بڵاوکردنەوەیم بە باش زانی.

ئەحمەد ڕەسوڵ




بنبەستی ئایدۆلۆژیا و شۆکی یادەوەری: توێکاریی عەقڵی سیاسیی “چەپی ئێران” و ڕێگاکانی ڕزگاری.. نووسینی: حەمید کورەچی

لە زانستە جیاوازەکاندا، لە بیرکارییەوە تا زانستە مرۆییەکان، تێگەیشتن لە کێشەکە بە نیوەی چارەسەر دادەنرێت. ئەم بنەما سەرەکییە لە کاتی شیکردنەوەی دیاردە سیاسییە ئاڵۆزەکاندا گرنگییەکی دوو هێندە پەیدا دەکات. لە فەزای فیکریی ئێراندا، “چەپ” وەک بزووتنەوەیەک کە تەمەنی زیاتر لە سەدەیەکە، لە ڕووی مێژووییەوە بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەگرتن لە سەرمایەدارییەوە بەستراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەم بزووتنەوەیە ئەمڕۆ لە ناو دۆخێکی بنبەستی فیکری و دەروونیدا دەژی کە دەرەنجامی ئاوێتەبوونی شکستە مێژووییەکان و پابەندبوونە بە چوارچێوە ئایدۆلۆژییە داخراوەکان. ئەم وتارە هەوڵ دەدات ئەم قەیرانە لە ڕێگەی سێ تەوەرەوە هەڵبوەشێنێتەوە: سروشتی چەمکە سیاسییەکان، دەروونناسیی شۆکە بەکۆمەڵەکان، و میکانیزمەکانی چوونە دەرەوە بەرەو عەقڵانییەتێکی دیموکراسی.

گۆڕینی چەمکەکان بۆ بتی ئایدۆلۆژی

١. سروشتی چەمکە سیاسییەکان
چەمکەکانی وەک “چەپ” و “ڕاست” ڕاستی گەردوونی نین کە بوونێکی سەربەخۆیان هەبێت، بەڵکو ئامرازێکی بژاردەن کە عەقڵی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە واقیعی کۆمەڵایەتی دایتاشیوون. قەیرانەکە لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک ئەم “ئامرازە شیکارییانە” دەگۆڕدرێن بۆ “قالبێکی ئایدۆلۆژی” ڕەق. ئایدۆلۆژیا هەستێکی ساختە بە ئاسایشی مەعریفی بە تاک دەبەخشێت لە ڕێگەی سادەکردنەوەی جیهان و دابەشکردنی بۆ دوو جەمسەری توند (چاکە/خراپە، شۆڕشگێڕ/کۆنەپەرست)، ئەمەش توانای بڕیاردانی سەربەخۆ و عەقڵانی لاواز دەکات.

٢. ژینگەی کولتووری و خۆماڵیکردنی ستەمکاری
چەپی ئێرانی لە بۆشاییدا دروست نەبووە، بەڵکو لە ژینگەیەکدا ڕووی کێشاوە کە تێربووە لە باوکسالاری و ستەمکاریی نەریتی. ئەم سێیاقە بووەتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی شێوازە عەقڵییە کۆنەکان لە ژێر توێژاڵێکی “مۆدێرن”دا؛ سەرکردەکان بوون بە کەسایەتیی کاریزماتیکی پیرۆز، تیۆرەکان بوون بە “دەقی پیرۆز”، و جیاوازیی بیروڕاش بوو بە “خیانەت”. چەپی ئێرانی ئایدۆلۆژیا جیهانییەکانی هەڵمژی، بەڵام بەپێی “بەرنامەسازی” کولتوورە سیاسییە ناوخۆییەکە دووبارە ڕاڤەی کردنەوە، کە ئەو کولتوورەش فاقیدی نەریتی گفتوگۆ و دامەزراوەییە.

شۆکی بەکۆمەڵ و بە میراتگرتنی ئازار

١. یادەوەری وەک برینێکی بوونگەرایی
ناسنامەی چەپی ئێرانی لە ڕێگەی زنجیرەیەک شۆکەوە داڕژا: سەرکوتکردنی حیزبی توودە، شکستی بزووتنەوە چەکدارییەکان، و لە سێدارەدانە گەورەکانی دەیەی هەشتاکان (ساڵانی شەستەکانی کۆچیی هەتاوی). ئەم ڕووداوانە تەنها “دۆڕانی جەنگێک” نەبوون، بەڵکو گۆڕان بۆ “شۆکی بەکۆمەڵ” (Collective Trauma) کە کارگەریی کردە سەر ناسنامە، یادەوەری و پێکهاتەی تێگەیشتنی گروپەکە.

٢. میکانیزمەکانی بەرگریی دەروونی و بنبەست
بەپێی تیۆری “شۆکی هەڵبژێردراو”ی ڤامیک ڤۆڵکان، گروپە شۆکخواردووەکان مەیلی ئەوەیان هەیە ڕووداوەکانی شکست وەک هێمایەکی سەرەکی بۆ مەینەتییەکانیان بپارێزن. لە دۆخی ئێراندا، ئەم بنبەستە شێوازە تێگەیشتنێکی پەککەوتەی بەرهەمهێناوە:
• بینینی جیهان لە ڕێگەی دوژمن و دۆستەوە: لەدەستدانی نەرمی سیاسی لە بەرژەوەندیی ململانێیەکی سفر-سفریدا.
• گێڕانەوەی بەردەوامی قوربانیبوون: ڕاکردن لە پێداچوونەوەی ڕەخنەیی لە ڕێگەی پەنابردن بۆ ستەملێکراویی ئەخلاقی.
• گواستنەوەی شۆک لە نێوان نەوەکاندا: گواستنەوەی هەستی تووڕەیی و بێمتمانەیی بۆ نەوەی گەنج، کە ئایدۆلۆژیا دەگۆڕێت بۆ “یادەوەرییەکی سۆزداری” دابڕاو لە واقیعی گۆڕاو.

ڕێگای چوونە دەرەوە.. بەرەو “دیموکراتی ڕەسەن”

١. دابڕان لە چوارچێوە ئایدۆلۆژییەکان
یەکەم هەنگاو بۆ ڕزگاری، هۆشیارییە بە ڕێژەییبوونی چەمکەکان. کاتێک تاک تێدەگات کە ئایدۆلۆژیا بەرهەمێکی مرۆیی و بارودۆخێکی مێژووییە، دەرفەتی “دوورکەوتنەوەی ڕەخنەیی” بۆ دەڕەخسێت. ئەم چوونە دەرەوەیە زۆرجار هەستکردن بە بۆشایی و نەبوونی دڵنیایی لەگەڵدایە، کە ئەمەش قۆناغێکی بەرزەخی پێویستە بۆ دروستبوونی سەربەخۆیی فیکریی ڕاستەقینە.

٢. عەقڵ وەک ئامرازێک بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی جیهانبینی
لە نەبوونی وەڵامی ئامادەکراودا، تاک ناچار دەبێت “عەقڵ”ی خۆی وەک میکانیزمێک بۆ پشکنینی بەڵگەکان و بەراوردکردنی ڕوانگە جیاوازەکان بەکاربهێنێت. عەقڵ لێرەدا عەقیدە نییە، بەڵکو “پرۆسەیەکە” کە دان بە ئاڵۆزیی جیهان و فرەچەشنییدا دەنێت، و جەخت لەسەر گەڕان بەدوای ڕاستیدا دەکاتەوە لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئەزموونەوە.

٣. دروستبوونی لێبووردەیی (ڕۆاداری) و دیموکراسی
تێگەیشتن لەوەی کە هیچ چوارچێوەیەکی فیکری ناتوانێت دەورە بە هەموو ئاڵۆزییەکانی جیهان بدات، جەوهەری لێبووردەییە. لێبووردەیی لێرەدا سازشکردن نییە، بەڵکو دانپێدانانە بەوەی کە جیاوازی سروشتێکی مرۆییە. ئەم وەرچەرخانە دەبێتە هۆی لەدایکبوونی “دیموکراتی ڕەسەن”؛ ئەو تاکەی کە پابەندە بە بەهاکانی عەقڵانییەت و لێبووردەیی، و جۆراوجۆریی ڕاوبۆچوونەکان وەک هەڕەشە بۆ سەر ناسنامەکەی نابینێت، بەڵکو وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد دەیناسێت.

لە زیندانی یادەوەرییەوە بەرەو ئاسۆی ئازادی

تێپەڕاندنی بنبەستی فیکریی چەپی ئێرانی تەنها خۆشبەختییەکی تیۆری نییە، بەڵکو پێویستییەکی سیاسییە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی دیموکراسی. گواستنەوە لە “تێکۆشەرێکی شۆکخواردوو” کە لە ژێرزەمینەکانی ڕابردوودا دەژی، بۆ “هاوڵاتییەکی عەقڵانی” کە ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکانی ئێستا دەبێتەوە، تەنها پردە بۆ شکاندنی بازنەی ستەمکاری. دیموکراسی سەرەتا لە ناو عەقڵەوە دەست پێدەکات؛ بە کردنەوەی پەنجەرەکان بۆ باوبۆری شک و گومان، بە قبوڵکردنی “ئەویتر” وەک شەریک لە ڕاستیدا، و بە گۆڕینی کارەساتەکانی مێژوو لە “کۆت و زنجیر”ەوە بۆ “وانە” لە پێناو پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.

نووسینی: حەمید کورەچی




(قەیرانی خود/ قەیرانی بوون).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(دیسانەوە بۆ هاوڕێم، محەمەد تەها حوسێن)

لە تێگەیشتنی دەروونناسییەوە بۆ دەروونناسیی بوونگەرایی، لە (سیگمۆند فرۆید)ەوە بۆ (ڕۆناڵد داڤید لانگ- 1927-1989)، لە قەیرانی خودەوە بۆ قەیرانی بوون… دەتوانین بڵێین دەروونناسی و بە تایبەتی دەروونشیکاریی (فرۆید)ی هەوڵێكی بەردەوام بوو، بۆ دامەزراندنی مانایەكی جێگیر بۆ خودی مرۆڤ و جیهان، بەو مانایەش کەسایەتیی مرۆڤ لای فرۆید لە کێشان و ملمڵانێیەکی بەردەوامی نێوان (ئید -ئیگۆ- سوپەرئیگۆ) دەخولایەوە؛ بەڵام بوونگەراكان و بە تایبەتی (ڕ. د. لانگ) ئەو پرۆژەیان ڕەتكردەوە و نیشانیان دا كە مانا و ناسنامە و كەسایەتیی مرۆڤ مەرج نییە هەر تەنها ئەو سێ بنەمایە بەڕیوەی بەرێت و بوونی مرۆڤ لەخۆیدا قەتیس بكات؛ (لانگ- وەك یەكێك لە پێشەنگە سەرەكییەكانی ڕەوتی دژە- دەروونپزیشكی لە ساڵانی شەستەكاندا) جێگیرنەبوونی مانا و ناسنامەی کەسایەتیی بە قەیرانی بوونەوە بەستەوە؛ بەو مانایە دابەشبوونی كەسایەتیی دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ هەست بە نائارامی و دابڕان لە دەوروبەر بكات؛ ئەوەش بانگەشەیەكی قووڵە بۆ ئەوەی مرۆڤ تەنها لەڕووی دوالیزمی (عەقل/ شێتی) نەخوێنرێتەوە، بەڵكە وەك بوونێكی فرە مانا، وەك بوونێكی پڕ لە ترس و نیگەرانی تەماشا بكرێت؛ وەك شێوەیەك لە شێوەكانی بوون لە جیهاندا، نەك تەنها وەك مێشكێكی بایۆلۆژی؛ واتە تێگەیشتن لە مرۆڤ دەبێت لەڕێگای ئەزموونی ژیانەوە بێت، نەك تەنها لەڕێگای توێژینەوەی زانستییەوە.
لێرەدا پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە: ئایا دەتوانرێت (نەخۆشیی دەروونی- شێتی) وەك (قەیرانی بوون) سەیر بكەین؟ یان گرفتی (شێتی) لە قەیرانی بوونەوە هەڵگرینەوە؛ ئایا تێكشكاندنی گێڕانەوە گەورەكان بەرەو جێگیرنەبوونی ماناكانمان دەكەنەوە؟! ئایا شتێك بە ناوی خودی یەكگرتوو هەیە؟!.
قسەكردن لە تیۆری دەروونشیکاریی فرۆیدی بەرەو سێ ئاستی سەرەکیی کارکردنی مێشکمان دەكاتەوە: (نەست- اللاوعي، هەست- الوعي، و پێش‌هەست- قبل الوعي)یە؛ فرۆید پێیوابوو مرۆڤ زیاتر لەوەی هەست بەڕێوەی بەرێت، لەلایەن نەستەوە بەڕێوە دەبرێت؛ بەڵام (ڕ. د. لانگ- پزیشكی دەروونی سكۆتلەندیی) بە هەموو جیاوازییەكانییەوە بەرەو بەرگریكردن لە بوونی ڕاستەقینە و بوونی ساختەی (هایدگەر) هەنگاو دەنێت و دووبارە دەپرسێ: خود چییە و چۆن لەلایەن كەسانی ترەوە دەبینرێت، ئایا بوونی ڕاستەقینە ئەو بوونەیە كە لەگەڵ كۆمەڵگا دەگونجێ؟! لەو بارەشەوە دژی دیدگای فرۆیدی قسە لە نموونەی نەخۆشی (شیزۆفرینیا) دەكات و پێیوایە شیزۆفرینیا تەنها نەخۆشییەكی مێشك و شێوانی سێ ئاستە سەرەكییەكەی كاركردنی مێشك نییە؛ بەڵكە شیزۆفرینیا دەتوانێت ڕێگایەك بێت بۆ پاراستنی (خودی ڕاستەقینە) لە ژیانێكی پڕ لە دڵەڕاوكێ و ناتەواوییدا… بەو مانایەش بەرگری لە تێزەكەی خۆی دەكات و مرۆڤ وەك بوونێكی فڕێدراوی نێو جیهانێكی نالۆژیکی دەبینێ و پێیوایە نەخۆشییە دەروونییەكان تەنها كێشەیەكی پزیشكی نیین، بەڵكە زمانێكی فەلسەفیین كە مرۆڤ لەو ڕێگایانەوە قسە لەگەڵ بێمانایی، ترس و ئازادی دەكات؛ بەمجۆرە (ڕ. د. لانگ) لەڕێگای نەخۆشی شیزۆفرینیاوە (دابەشبوونی خود) ڕادەگەیەنێت.

(قەیرانی بوون/ قەیرانی مانا)
(ژان فرانسوا- لیوتار) لە كتێبی (الوضع ما بعد الحداثي، ترجمة: أحمد حسان)دا باس لە كۆتاییەكان دەكات و پێیوایە هیچ ڕاستییەكی گشتی و چەسپاو بوونی نییە، چونكە خودی مانا ناجێگیر و پەرتەوازەیە، هیچ دەقێكیش لە ناكۆكیی ناوخۆیی و فرە مانایی بەدەر نییە.
دەروونشیکاریی فرۆیدیی كەسایەتیی مرۆڤ لەژێر ململانێی هێزێكی جێگیری ناوخۆییدا دەستنیشان دەكات، نەستی مرۆڤ وەك (شوێن)ی ئارەزووە سەرکوتكراوەكان دەبینێ و گرفتە دەروونییەكان وەك دەرهاویشتەی كێشەی نێوان ئارەزوو و دەسەڵاتی چەسپاو لێكدەداتەوە؛ بەڵام (ڕۆناڵد داڤید لانگ) لە كتێبی (الذات المنقسمة: دراسة وجودية في العقل والجنون- ترجمة: عبدالمقصود عبدالكريم) لە دیدگایەكی (مرۆیی- بوونگەرایی)ەوە بەرەو ڕوانگەكەی (لیوتار) دەچێ و (دڵەڕاوكێی بوون) بۆ وەسفكردنی هەستی ناجێگیری، یان ترس لە ونبوون یان داگیركردن، دەگێڕێتەوە و شوێنی ئارەزووە سەرکوتكراوەكان بە سەرچاوەی گرفتە دەروونییەكان نابینێ، نەك هەر هێندە، بەڵكە پێیوایە هیچ (ناوەندێك/ شوێنێك) نییە (مانا- عەقڵ) بپارێزێت.
لەنێوان دەروون وەك دەرهاویشتەی سەرکوتكردن و بوون وەك ستراتیژیی پاراستن، یان بە مانایەكی دیكە لەنێوان جێگیربوونی عەقڵ و پەرتبوونی شێتییدا… یەكەمیان (خود، مانا، ئارەزوو) وەك كێشەیەكی دەروونی دەبینێت و دووەمیان (خود، مانا، ئارەزوو) وەك قەیرانی بوون تەماشا دەكات؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو جیاوازییانەشەوە: ئایا نەست زمانێك نییە، بۆ دەربڕینی قەیرانەكانی بوون؟! ئەگەر ئەو پرسیارە لە (ژاك لاكان)ەوە ڕووبەڕووی فرۆید بكەینەوە، دەڵێین: ئایا ناخی مرۆڤ لە غەریزە بایۆلۆژییەکان پێکهاتووە، یان ئەلفوبێیەکی هێمایی ڕێکخراوە؟! هەڵبەتە فرۆیدییەکان گرنگییان بە ڕووداوە ڕاستەقینەکانی منداڵی دەدەن، بەڵام لاکان گرنگی بە “دال” (وشەکان) دەدات.
ئەگەر پێمانوابێ كە زمان لە نەست ڕسكاوە! كەواتە (خود، مانا، ئارەزوو) دروستكراوی گوتراوە جیاوازەكان و قەیرانەكانی زمانە… لێرەدا مرۆڤ لەنێوان پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی نەستی زمان و قەیرانی گوتراوە جیاوازەكاندا، لەنێوان مانا بێكۆتاییەكان و گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامیدا، دەتوانێت نەستی زمان وەك (دۆخ)ێكی داهێنەرانە ببینێت كە مرۆڤ تێیدا هەوڵی نوێ بۆ مانای بەردەوام و گۆڕانكاری بەردەوام دەدات، بەدیوەكەی دیكەش تیۆرییەکی فیکری بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ لە ناو جیهانی زمان و قەیرانەكانی بووندا گەڵاڵە دەكات؛ بەو مانایەش بەردەوام نەست لە شوێنەوە بەرەو دۆخێكی گۆڕاو دەچێت.

(خودی شكاو)
(خودی دابەشبوو: لێكۆڵینەوەیەكی بوونگەرایی لە عەقڵ و شێتی) ناوی كتێبەكەی (ڕ. د. لانگ)ە؛ لە لێكدانەوەی ئەو كتێبەدا خود تەنها واتایەكی دەروونناسی سادەی نییە، بەڵكە ناوەندی ئەزموونی بوونی مرۆڤ و پەیوەندییەكانی مرۆڤە بە جیهانەوە! لێرەدا (من هەم) بە شێوەیەكی (ڕاستەقینە) دەتوانێ پەیوەندیی ڕاستەقینەی (خێزانی، كۆمەڵایەتی) دروست بكاتەوە، بەبێ ماسك و دەستكردی كۆمەڵایەتی بژیت؛ بەڵام كاتێك خودی ڕاستەقینە لەژێر هەر پەردەیەك دەشاردرێتەوە، ئەوە خودی ساختە (ماسككراو) دەردەكەوێت؛ خودی ساختە: هەڵگری هەستێكی نامۆ و دابڕاو و پڕ لە ترس و نیگەرانییە، هەموو ئەو هەستانەش وەك خۆپارێزی بەرز دەكاتەوە! واتە هەموو ئەو هەستانە هەوڵدانە بۆ پاراستنی خودی ڕاستەقینە… خودی ڕاستەقینە (ژیانی ڕاستەقینە)، یەك پارچەیە؛ خودی ساختە (خودی دابەشبوو)، ئەو خودەیە كە دابڕاوە و سنوورەكانی بوونی شكاون، یان ڕۆڵێكە (ماسكێكە) كە مرۆڤ بۆ گونجان لەگەڵ كۆمەڵگادا دەیگێڕێت؛ كەواتە مرۆڤ بوونێكی هەستیار و پەیوەندیدارە، كە ئەگەر (ئاسایی بوونی) لەدەست بدات، خودی دابەش دەبێت، بەو مانایەش (شێتی) وەك هەوڵێكی مانادار بۆ پاراستنی خود دەردەكەوێت.
لێرەدا دەمەوێ چەمكی خودی ڕاستەقینە و خودی ساختە بۆ خودی جێگیر و خودی گۆڕاو تەرجەمە بكەم و لەوێشەوە هەوڵدەدەم لێكدانەوەیەكی (زمانی- بوونگەرایی) بۆ دۆخی گۆڕاوی (نەستی زمان) دابمەزرێنم، بەو مانایەش نائاسایی بوونی زمان ئەوەیە كە مرۆڤ هەست بە سەقامگیریی بوونی خۆی ناكات، بۆیە مرۆڤ هەمیشە لەنێو زماندا لە دۆخی: ونبوون، داگیركردن، شپڕزەییدا دەژیت؛ لەو كاتەشدا كە زمان ناتوانێت بە شێوەیەكی ئاسایی جێگیر بێت، لەبەرانبەردا بوونی گۆڕاو دەبێتە ئەو خودەی كە بەردەوام دەگۆڕێت و پەیوەندیی نوێ دروست دەكاتەوە و هیچ ناوەندێكی جێگیر شك نابات! لەو بیرۆكە (سارتەر)ییەدا، بوون پێش ماهیەت دەكەوێت (واتە مرۆڤ سەرەتا هەیە، پاشان دەبێتە خاوەنی خود).
لێرەوە خودی گۆڕاو (عاقڵ) هەڵگری هیچ مانایەكی پێشوو نییە، بەڵكە لە كردارەكانیدا (لە داهێنانەكانیدا) (شێتی) دروست دەكاتەوە؛ ئەو بیرۆكە (سارتەرییە- لانگییە) لە نائاسایی بووندایە، لە ونبوونی سنوور و شكاندنی یەكگرتوویی خودەوەیە! لانگ- بە شێوەیەكی سارتەرییانە لەو كتێبەدا پێیوایە مرۆڤ هیچ پلانێكی پێشووی نییە، بەڵكە سەرەتا دەچێتە نێو جیهان (بوون) و پاشان لەڕێگای كردارەكانی (داهێنانەكانی) خۆی ماهیەتی خۆی بونیاد دەنێتەوە؛ لەو بیرۆكەیەدا مرۆڤ بە ئازادی مەحكومە و بەرانبەر هەموو هەڵبژاردنەكانی خۆی بەرپرسیارە… لێرەدا پرسی ئایا ماهیەت جێگیرە، جەختكردنەوەیە لە چەسپاندنی عەقڵ؟! بۆیە لە پرسیارەکە زیاتر ناڕۆین، ئەگەر ڕەفتاری ئەو بەناو عاقڵانە لەبەرچاو بگرین، کە شەڕ و ململانێ هەڵدەگیرسێنن و برسێتی و پەتای کوشندە لە دەستی ئەواندا گەشە دەکەن، ڕەنگە سەرلێشێواویمان بەرانبەر بەو پرسیارە (سارتەری-لانگی)یە زیاتر نەبێت و پێداگری لە عەقڵ چییە؟ شێتی چییە؟ زیاتر نەكەین و كەمەكێك لەو پرسە دوور كەوینەوە، لەوێوە هەوڵدەدەم تەواوی خوێندنەوەكەم لەبارەی (دابەشبوونی خود) و (زمانی بوونگەرایی) بۆ ترسی مانا و قەیرانی مانا و چەمكی جێگیرنەبوون درێژ بكەمەوە، هەتا بتوانم بۆ جارێكی دیكە (خود، مانا، ئارەزوو) لە (بوون بە) دابڕێژمەوە.
كەواتە خودی ڕاستەقینە (خودی جێگیر) پاراستنی بوون دەگەیەنێت و خودی ساختە (خودی گۆڕاو) بەردەوامی بوون و (ناجێگیربوونی خود) نمایان دەكات؛ بەمجۆرە هەردووکیان بە دوو شێوەی جیاواز، نائاسایی (بوون)یان هەڵگرتووە، بە مانایەكی ڕوونتر مرۆڤ بە هەردوو ڕووی (عاقڵ و شێتی) گوزارشت لە بوون دەكات: ڕووی یەكەمیان بە داخستنی (بوون) و ئەویدیكەیان بە كرانەوەی (بوون)، یەكەمیان بە داخستنی (مانای چەسپاو) و ئەویدیكەیان بە كرانەوەی (خەیاڵی زمان) بەو مانایەش تێكچوونی یەكگرتوویی خودی ڕاستەقینە بۆ خودی ساختە، یان (بوونی یەكگرتوو) لە زماندا دەتوانێت دۆخی گۆڕاوی ژیان (سەیرورە- بوون بە) نیشان بداتەوە.
لە كۆتاییدا (خودی دابەشبوو) دەتوانێت وەك دەقێكی سەرەكی لە تێگەیشتن لە (عاقڵ و شێتی) بوونی یەكگرتوو لەڕێگای قەیرانەوە بخوێنێتەوە، بەو مانایەش مرۆڤ شتێكی دیاریكراو نییە، عاقڵە و شێتە، بەردەوام لەنێوان جێگیربوون و پێویستی گۆڕاندا دەژی! بەڵام كاتێك ئەم دوو شێوە (نائاساییەی بوون) بەیەكەوە وەك بوونێكی یەكگرتوو هەڵناكەن، قەیران دروست دەبێت.
كەواتە (خود، مانا، ئارەزوو) نە شتێكی سەقامگیرە و نە گۆڕاو، بەڵكە (ئەزموونی ژیان) مەیدانی شپڕزە و ئاڵۆزی نێوان ئەم دووانەی لەخۆ گرتووە؛ هەمیشە (ئەزموونی ژیان) دەیەوێت خۆی وەك شتێكی سەقامگیر پیشان بدات، بۆ ئەوەی لە (ئازادیی ترسناك) هەڵگەڕێتەوە؛ چونكە مرۆڤ خاوەنی تەواوی خۆی نییە، بەڵكە ئەنجامی گوتار و دەسەڵاتە و هەمیشە خۆی لە ناو تۆڕێكی واتای زمانیی و دەسەڵاتدا دەبینێتەوە؛ دەرئەنجامی (تۆ خۆت) دروست ناكەیت، بەڵكە زمان دروستت دەكات، ڕاستەوخۆ ڕەخنەیە لە بیرۆكەكانی سارتەر و لانگ؛ بەڵام بوونگەراكان باوەڕیان بە خود لەق نابێ، وەك چۆن لانگ باوەڕی بە خودی دابەشبوو هەیە و ئەو دابەشبوونە وەك شكستی نێو جیهانێكی نالۆژیکی دەبینێ، نەك وەك بەرهەمی گوتار و شكستی سیستەمی واتاسازی…
هەڵبەتە قەیرانەكانی خود، مانا، ئارەزوو، وەك لانگ و بوونگەراكان تێیگەیشتوون، قەیرانی بەرپرسیاری ئازادی نییە… بەڵكە قەیرانی نەبوونی بنەمایە؛ چونكە مرۆڤ نەك هەر نازانێت چییە، بەڵكە نازانێت ئایا دەتوانێت هەرگیز بزانێت یان نا… بەو مانایەش مرۆڤ بوونێكی ئازاد و خۆدروستكار نییە، بەڵكە مرۆڤ لە قەیرانێكی قووڵتردا دەژی، ئەویش قەیرانی زمان و قەیرانی مرۆڤایەتییە، چونكە ناتوانێت بە تەواوی خاوەنی مانا بێت؛ مرۆڤ بوونەوەرێكی ناتەواوە!
بەمجۆرە دابەشبوونی (خود، مانا، ئارەزوو) تەنها قەیرانی ئەزموونی ژیان نییە، تەنها قەیرانی زمان نییە، بەڵكە ئەنجامی جیهانێكە كە مرۆڤ تێیدا شكاوە و گومان لە خودی خۆی و لە ئازادیش دەكات… پرسیارەكە ئەوە نییە، مرۆڤ كێیە، زمان چییە؟ پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا (مرۆڤ- زمان) هێشتا دەتوانێت هەبێت؟! هەرگیز ئەو پرسیارە، پرسی دۆخی زمانی داهێنەرانەی لەخۆ نەگرتووە، تەنها دۆخێكی گۆڕاو نییە، بەڵكە دۆخی سەرەكیی مرۆڤی ونبووە…
هەڵبەتە (ڕۆناڵد داڤید لانگ) وەك یەكێك لە پێشەنگەكانی ڕەوتی دژە- دەروونپزیشكی، هەوڵیداوە سنوورە باوەكانی نێوان ئاسایی و نائاسایی لە سنورەكانی قەیرانی خود و قەیرانی بوون، قەیرانی زمان و قەیرانی ئازادی، نزیك بكاتەوە؛ هەر كاتێك ئەم سنورانە ناسەقامگیر دەبن، مرۆڤ دەچێتە دۆخێكی نێوانی، كە تێیدا: هەم دەتوانێت مانای نوێ بدۆزێتەوە و هەم دەتوانێت بە تەواوی لە ناو بێماناییدا ون بێت، هەم دەتوانێت عەقڵ بێت و هەم شێت.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 4/4/2026




فاشیزمی دیجیتاڵی، هاوپەیمانی مۆنۆپۆلی سەرمایە لەگەڵ ڕاستڕەوی توندڕەو.. ڕزگار ئاکرێی

خوێندنەوەیەکی چەپ بۆ مانیفێستی Palantir Technologies پالانتیر

ئەو مانیفێستەی” پالانتیر” بڵاوی کردووەتەوە نە بەڵگەنامەیەکی تەکنیکی و نە دیدێکی ئابوورییە. بەڵگەنامەیەکی سیاسی ئاشکرایە کە قۆناغێکی نوێ لە ڕێڕەوی سەرمایەداری دیجیتاڵی ڕادەگەیەنێت، قۆناغێک کە تێیدا وازی لە بانگەشەی بێلایەنی هێناوە و بڕیاری داوە خۆی ئاشکرا بکات و ڕوخساری تەواوی ئایدیۆلۆژیای خۆی ئاشکرا بکات. ”پالانتیر” حاڵەتێکی جیا نییە لە دیمەنی تەکنەلۆژیای جیهانی.
یەکێکە لە چەندین کۆمپانیای گەورەی تەکنەلۆژیا کە تەکنەلۆژیاکانیان بە سیستەمەکانی سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەفرۆشن و لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە سەرکۆنەی کراوە بەهۆی ڕۆڵی لە دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ و چاودێری بەکۆمەڵ و چەوساندنەوەی بەرهەڵستکاران.
لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە ڕاپۆرتە بەڵگەنامەکان هاوبەشییەکی ڕاستەوخۆی نێوان ئەم کۆمپانیایە دەردەخەن لەگەڵ کۆمپانیاکانی تری تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوایی وەک گووگڵ و ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت و سوپای ئیسرائیل کە داتا و سیستەمی ئامانج دابین دەکەن کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکارهاتوون. لەم ڕووەشەوە، لە ناوەڕۆکدا جیاوازی نییە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی تری سەرمایەداری دیجیتاڵی کە هەمان شت بە شێوەی جیاواز و پلەی جیاوازی کراوەیی ئەنجام دەدەن.
ئەمە ڕاگەیاندنێکی چینایەتییە بۆ پرۆژەیەک بۆ هاوپەیمانییەکی فاشیستی دیجیتاڵی کە تەنها پشت بە توندوتیژی تەقلیدی نابەستێت، بەڵکو پشت بە چاودێری و سەرکوتکردنی دیجیتاڵی و شیکردنەوەی داتا و زیرەکی دەستکرد و دەستکاریکردنی ڕای گشتی و سەرکوتکردنی ناڕەزایی لە رێگەی شێوازێکی هەستپێنەکراو بەڵام کاریگەری قووڵەوە دەبەستێت. هاوپەیمانێتییەک کە تاوانەکانی لە بازنەی نوخبەدا و ئۆفیسی کۆمپانیاکان نامێننەوە، بەڵکو گۆڕەپانەکانی جەنگ و جەستەی خەڵکی مەدەنی دەگرێتەوە، کە ئەمڕۆ بە ڕوونترین شێوە لە ترەمپیزم و هاوپەیمانێتییەکانیدا و تاوانەکانی و جەنگە شەڕانگێزەکانی بەرجەستە کراوە.

لە دۆڵی سیلیکۆنەوە بۆ کۆشکی سپی: هاوپەیمانی ئۆرگانیک
بۆ تێگەیشتن لە مانیفێستی پالانتیر لە دەرەوەی چوارچێوەی دابڕاوەکەی، دەبێت وێنەی ئەو هاوپەیمانییە بهێنینەوە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەنێوان بەشێک لە نوخبەی تەکنەلۆژیا و پڕۆژەی ڕاستڕەوی ناسیونالیستی توندڕەو دروست بووە. پیتەر ثیل، دامەزرێنەری پالانتیر و گرنگترین سەرمایەداری پیشەی سیاسی ترەمپ، تەنها بازرگانێک نییە کە پشتگیری کاندیدێکی سیاسی بکات.
ئەو ئەو عەقڵە ئایدیۆلۆژیەیە کە لۆژیکی سیاسی خۆی بۆ ئەم پڕۆژەیە دابین دەکات، ئەو کەسەی کە دیموکراسی لیبرال نوێنەرایەتی هەیە وەک بەربەستێک بۆ پڕۆژەی نوخبەی تەکنۆکرات دەبینێت، و بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە سەرمایەداری و دیموکراسی لیبرال تەقلیدی ناگونجێن. ئەم هاوپەیمانێتییە ڕێکەوت نییە، و هیچ یەکتربڕێک نییە. ئەمە لێکنزیکبوونەوەیەکی بابەتییە لە نێوان دوو پڕۆژە کە یەک ئامانجیان هاوبەشە: چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی ئۆلیگارشی دارایی و سیاسی کە بڕوای وایە “مافێکی سروشتی” هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکانی خۆی و ئەوانی تر.
ئەم هاوپەیمانێتییە ئەمڕۆ دەربڕینی دامەزراوەیی خۆی لە بزووتنەوەی خێراکردنی تەکنەلۆژیا دەبینێتەوە کە ئیلۆن مەسک، جێف بیزۆس، مارک زوکەربێرگ و ئەوانی تر لەخۆ دەگرێت، کە بە شێوەیەکی هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی دووەمی ترەمپ دەستیان کردووە بە جوڵە. ئەوەی یەکیان دەخات ڕێکخستنی تەواوی ئایدۆلۆژیا نییە. ئەوەی یەکیان دەخات پێگەی چینایەتی و بەرژەوەندی هاوبەشە: نەهێشتنی هەر کۆتوبەندێکی یاسایی یان دیموکراسی کە توانایان بۆ کەڵەکەبوون، زاڵبوون و فراوانکردنی کۆنتڕۆڵ سنووردار بکات.

مانیفێستی 22 خاڵی: خوێندنەوەی ناوەڕۆکی پۆلەکەی
”پالانتیر” پوختەیەکی کتێبی “کۆماری تەکنەلۆژیا” ی بەڕێوەبەری جێبەجێکارەکەی بڵاوکردەوە کە لە نێو بەشداری فراوانی جیهان و توڕەیی سیاسی زیادبوو. بەڵام تووڕەیی نابێت تەنها بە کاردانەوەی سۆزداری ڕازی بێت، چونکە مانیفێستەکە لە ناوەرۆکی خۆیدا نەخشەڕێگایەکی چینایەتییە کە شایەنی خوێندنەوەیەکی چەپی ورد و قووڵترە لە تووڕەیی.
مانیفێستەکە 22 خاڵ لەخۆ دەگرێت کە بە وردی تەلارسازی بە ئەنقەست دروستکراون، نەک بە هەڕەمەکی. هەندێک خاڵ لە ڕواڵەتدا میانڕەو و مرۆڤانە دەردەکەون، وەک داواکردن بۆ لێبوردەیی بەرامبەر سیاسەتمەداران لە ژیانی تایبەتییاندا، یان دژی دڵخۆشی بە شکستی ڕکابەر.
ئەم خاڵانە نە بێتاوان و نە ڕێکەوتن. ئەمانە ڕووکەشێکی ژمێردراون بۆ بردنەوەی خوێنەری دوودڵ و بەخشینی وێنەیەکی هاوسەنگ بە مانیفێستەکە پێش ئەوەی ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی دەربخات ئەمە ئەو شتەیە کە توێژینەوەکانی ئایدۆلۆژی پێی دەڵێن پێکهاتەی ڕەزامەندی دروستکراو: بڕێک زمانت پێدەدرێت کە دەنگێکی گونجاو بێت بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات ژەهراوەکە قووت بدەیت. کەواتە ئەوەی لە مانیفێستەکەدا لۆژیکی دەردەکەوێت بەڵگەی هاوسەنگییەکە نییە، بەڵکو بەڵگەی زیادەیە لەسەر فێڵبازیی.
هەموو ئەم خاڵانە وەک پەردەیەک بەکاردەهێنرێن بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێندایەکی ئایدۆلۆژیای گشتگیر کە هەموو ئەم نیگەرانیانە بە پڕۆژەی سەربازیسازی، زاڵبوون و پلەبەندی شارستانییەوە دەبەستێتەوە. بۆیە تیشک دەخەمە سەر ئەو خاڵانەی کە زۆرترین چینایەتی و ناوەڕۆکی ئایدیۆلۆژیای ڕاستەقینەی ئەم پڕۆژەیە دەردەخەن، لە هەمان کاتدا ئاماژە بە چەمکەکانی تری ناو جەستەی دەقەکە دەکەم.
خاڵی یەکەم جەخت لەوە دەکاتەوە کە “نوخبەی ئەندازیاری دۆڵی سیلیکۆن لە ڕووی ئەخلاقییەوە پابەندن بە بەشداریکردن لە بەرگری لە نەتەوەکە.” ئەم چوارچێوە ئەخلاقییە بێتاوان نییە. کاتێک گرێبەستی سەربازی و ئەمنی وەک “ئەرکێکی ئەخلاقی” پێشکەش دەکرێت، فشاری کۆمەڵایەتی دەبێتە میکانیزمێک بۆ ناچارکردنی ئەندازیاران و پرۆگرامسازان بۆ خزمەتکردنی میکانیزمی جەنگ و سەرکوتکردن، و هەموو دەنگێکی ناڕازی لەناو کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا بە ناوی “نیشتمانپەروەری” بێدەنگ دەکرێت. ئەمە گۆڕینی ویژدانی تاکەکەسە بۆ کاڵایەک لە خزمەتی دەوڵەتی سەربازی و ئەمنی و دامەزراوە سەرکوتکەر و چاودێرییەکانی.
خاڵی دووەم داوای “یاخیبوون لە ستەمی ئەپڵیکەیشنەکان” دەکات، واتە ڕەتکردنەوەی تەکنەلۆژیای بەکاربەر لە بەرژەوەندی سیستەمی ئاسایش و سەربازی قوڵتر. ئەمە ڕەخنەیەک نییە لە سەرمایەداری بەکاربەر وەک دەردەکەوێت. ئەمە بانگەوازێکە بۆ ئاراستەکردنی توانای تەکنەلۆژیا بەرەو ئامێری جەنگ و چاودێری نەک بازاڕی خۆشی.
خاڵی پێنجەم دەڵێت “پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا چەکی AI دروست دەکرێت یان نا. پرسیارەکە ئەوەیە کێ دروستیان دەکات.” ئامانجی ئەم لۆژیکە داخراو بۆ نەهێشتنی هەر مشتومڕێکی ڕەتکردنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی لە ڕەگەکانیەوە. کاتێک هەڵبژاردن وەک “ئێمە یان دوژمن” دادەنرێت، ئەگەری وتنی “نەخێر بۆ چەک” دەسڕێتەوە. ئەمە هەمان لۆژیکە کە لەلایەن ئیدارەکانی جەنگی ساردەوە بەکاردەهێنرێت بۆ بێدەنگکردنی بزووتنەوەی ئاشتی و سنووردارکردنی ڕێکخراوە چەپەکان، و لێرەدا بە بەرگی دیجیتاڵی دەگەڕێتەوە.
خاڵی شەشەم داوا دەکات کە خزمەتی نیشتمانی ئەرکێکی جیهانی بێت و داوای پێداچوونەوە بە سەربازی خۆبەخش بکات لە بەرژەوەندی سەربازی زۆرەملێ. ئەم داواکارییە ڕوخساری فاشیستی کلاسیکی مانیفێستەکە دەردەخات: کاتێک دەوڵەت ئامادەیی خۆبەخشانە بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکانی بەرهەم نەهێنێت، پەنا دەباتە بەر زۆرداری دامەزراوەیی و پێی دەڵێت “بەرپرسیارێتی هاوبەش”. لە هەمووی ڕوونتر ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیایەی داوا لە گەنجان دەکات ژیانی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ بەرگری لە ڕۆژئاوا لە هەمان کاتدا ملیارەها دۆلار لە گرێبەستەکانی جەنگ بەدەست دەهێنێت کە تیایدا ئەو گەنجانە دەمرن. ئەرک بۆ هەمووان، قازانج بۆ کەمێک.
خاڵی حەڤدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە “دۆڵی سیلیکۆن دەبێت ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی تاوانی توندوتیژی.” ئەم پێشنیارە لە ڕواڵەتدا پراگماتیک دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی کۆمپانیاکانی ئاسایشی تایبەتە بۆ تێپەڕاندنی ڕۆڵی دەوڵەت و گۆڕینی بۆ هێزێکی سەربەخۆی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی، کە بە لۆژیکی قازانج کار دەکات نەک لۆژیکی یاسا و دادوەری سەربەخۆ و لێپرسینەوەی دیموکراتی.
خاڵی بیست داوای “بەرگری لە بەرهەڵستی بەربڵاوی باوەڕی ئایینی” دەکات. ئەم خاڵە لە بەرگرییەکی ڕاستەقینە لە ئازادی بیروباوەڕەوە سەرچاوە ناگرێت. ئەمە بڵاوکردنەوەی هەلپەرستانەی گوتاری ئایینییە بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانییەکی ئایدیۆلۆژی لەگەڵ تەوژمە کۆنسێرڤاتیڤ و ئاینییەکان کە زۆر ئامادەن بۆ جوڵەکردن لە پشت پرۆژەکانی جەنگ. مێژوو فێرمان دەکات کە هەموو پڕۆژەیەکی فاشیستی پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ دامەزراوە ئاینییەکان هەبوو بۆ بەخشینی کارەکتەرێکی پیرۆز بە توندوتیژی، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە ئەم خاڵە لە ژێر پەردەی “ئازادی باوەڕ” بەدوای خۆیدا دەگەڕێت.
خاڵی بیست و یەک ئاشکراترین ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیای قووڵە، کاتێک ڕایدەگەیەنێت کە “هەندێک کەلتوور پێشکەوتنی گرنگیان بەرهەمهێناوە لە کاتێکدا هەندێکی تر ناچالاک و دواکەوتووانە دەمێننەوە.” ئەم ڕستەیە بیروڕای کەلتووری تێپەڕین نییە. ئەمە بناغەی تیۆری ڕەگەزپەرستی کۆلۆنیالی شارستانییە کە زاڵبوون و داگیرکردن و کوشتنی گەلان لە ژێر پەردەی “بەڕێوەبردنی عەقڵانی شارستانیەت” پاساو دەدات.
ئەم لۆژیکە لە بنەڕەتدا جیاوازی نییە لەگەڵ “باری پیاوی سپی” کە لە سەدەکانی پێشوودا کۆلۆنیالیزمی پاساو دەدا، و ئەمڕۆش بە زمانی ئەلگۆریتمی و داتای گەورە بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەوەی کە مەترسیدارتر دەکات لە پێشینەکەی ئەوەیە کە پێویستی بە هیچ هێزێکی داگیرکەری دیار نییە. داتابەیسێک و ئەلگۆریتمی ئامانج بەسە.

ترەمپیزم وەک سیستەمێک نەک وەک کەسێک
هەڵەی باو ئەوەیە کە ترەمپیزم بۆ کەسایەتی دۆناڵد ترەمپ کەم بکرێتەوە. ترەمپیزم پرۆژەیەکی چینایەتی گشتگیرە کە سەرمایەی دارایی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی شۆڤێنی و دوژمنایەتی بەرامبەر کۆچبەران و کەمایەتییەکان تێکەڵ دەکات. لە ناوەڕۆکدا دەربڕینی قەیرانی سەرمایەدارییە کاتێک چیتر ناتوانێت وەهمی لیبرالی بۆ بینەرەکانی بەرهەم بهێنێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر گوتاری ناسیونالیستی شەڕانگێز بۆ ئەوەی سەرنج لە دژایەتییە چینایەتییە ڕاستەقینەکان لابدات. ئەوەی مانیفێستی پالانتیر دەیکات بەستنەوەی سەرمایەی مۆنۆپۆلی دیجیتاڵییە بەم پڕۆژەیە و دابینکردنی ئامرازی تەکنەلۆژیای پێویست بۆ گۆڕینی لە گوتاری سیاسی هەڵبژاردنەوە بۆ سیستەمێکی ڕاستەقینەی کۆنتڕۆڵ.
هاوکاری بەڵگەنامەیی نێوان پالانتیر و دەسەڵاتدارانی کۆچبەران و دەزگا ئەمنییەکان لە بەدواداچوون و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران نموونەیەکی پراکتیکی ئەم هاوپەیمانێتییە. تەکنەلۆژیا لێرە بۆ خزمەتکردنی ئاسایش بە هیچ مانایەکی بێلایەن بەکار ناهێنرێت. بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرکوتکەر و ڕەگەزپەرستی بە کارایی بەرز بەکار دەهێنرێت. ئامرازی دیجیتاڵی سەرکوتکردن خێراتر و وردتر دەکات و کەمتر پێویستی بە پاساوی گشتی هەیە.

دەرەبەگایەتی دیجیتاڵی و قۆناغی فاشیستی

وەک پێشتر لە شیکردنەوەکانم بۆ سەرمایەداری دیجیتاڵی باسی ئەوەم کرد، ئێمە لە قۆناغی پێشکەوتووی دەرەبەگایەتی دیجیتاڵیدا دەژین، کە تیایدا کۆمپانیا گەورەکان ژێرخانی دیجیتاڵی قۆرخ دەکەن و مەرجەکانیان بەسەر بەکارهێنەراندا دەسەپێنن، هەروەک چۆن دەرەبەگەکان سەردەمێک زەوییان قۆرخ دەکرد و جوتیارانیان کۆنتڕۆڵ دەکرد. ئەوەی مانیفێستی پالانتیر دەریدەخات ئەوەیە کە ئەم دەرەبەگایەتی دیجیتاڵییە ئێستا دەچێتە قۆناغی فاشیستی خۆیەوە، ئەو قۆناغەی کە سەرمایە چیتر خۆی بە چەوساندنەوەی ئابووری بێدەنگ ڕازی ناکات بەڵکو بەرەو جوڵە و کۆنتڕۆڵی سیاسی و ئایدۆلۆژیای ئاشکرا دەڕوات بۆ پاراستنی سیستەمەکەی لە هەر هەڕەشەیەک.
لە ژێر سەرمایەداری دیجیتاڵیدا، چیتر تەنها کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری تەقلیدی نین کە قوربانی چەوساندنەوەن. هەموو بەکارهێنەرێک داتای ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێت کە دەگۆڕدرێت بۆ ماددەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی بەهای زیادە بەبێ قەرەبووکردنەوە.
کۆیلەکانی دیجیتاڵ لە سیستەمێکدا کار دەکەن کە خاوەنیان نییە و لەژێر یاسادان کە هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەقینەیان بەسەردا نییە. ئەوەی مانیفێستەکە بۆ ئەم وێنەیە زیاد دەکات سەربازییە: هەمان ئەو سیستەمە چەوسێنەرانە ئێستا ئاراستەی چوارچێوەی مێشکی مرۆڤ و جەنگ و سەرکوتکردنی ناڕەزایی و بەزۆر دوورخستنەوە و بەڕێوەبردنی سیستەمەکانی کۆنترۆڵی ئەمنی دەکەن.

ئەلگۆریتمەکانی مەرگ
ناکرێت مانیفێستەکە بە جیا بخوێنرێتەوە لەوەی کە لە جەنگە هاوچەرخەکاندا ڕوودەدات. ڕاپۆرتە بەڵگەکراوەکان ئاشکرایان کردووە کە پالانتیر هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکان دامەزراندووە بۆ دروستکردنی داتابەیسی ئامانج کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکاردەهێنرێت. ئەمە ئەگەرێکی تیۆری نییە. ئەمە کردارێکی ڕۆژانەی دۆکیۆمێنتکراوە: ئەلگۆریتمەکان ژیانی مرۆڤ دەگۆڕن بۆ خاڵی داتا و خاڵەکانی داتا بۆ ئامانجی سەربازی.
لە فەلەستین، ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی و لێکۆڵینەوە بەڵگەی بەکارهێنانی سیستەمی زیرەکی دەستکرد بۆ دروستکردنی لیستی ئامانج تۆمار کردووە کە بووە هۆی کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی لە غەززە. لە ڤەنزوێلا، ئێران و وڵاتانی تر کە واشنتن بە “هەڕەشە” پۆلێن دەکات، سیستەمی چاودێری و داتا بەکاردەهێنرێت بۆ پاڵپشتیکردنی میلیتاریزم و دەستدرێژی و جەنگ کە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی بێت.
ئەوەی کۆمپانیاکە پێی دەڵێت “سیستەمی ئامانجی زیرەک” لە پراکتیکدا ئامێرێکە بۆ بەڕێوەبردنی کوشتن بە کاریگەری پیشەسازی. کوشتن چیتر پێویستی بە بڕیارێکی مرۆڤی بەرپرسیارانە نییە. پێویستی بە ئەلگۆریتمێک و داتای پێویست و گڵۆپی سەوز هەیە لە دەزگایەک کە هیچ لێپرسینەوەیەکی دیموکراتی نییە. ئەمە کارپێکردنی مەیدانی ئەو شتەیە کە مانیفێستەکە پێی دەڵێت “توانای بڕیاردان لە کاتی ڕاستەقینە”دا، کە بڕیاری کوشتن دەستبەجێ لە سیستەمە تەکنیکییە داخراوەکاندا دەدرێت.
لە هەمووی گرنگتر لەم چوارچێوەیەدا، بەکارهێنانی ئەم سیستەمانە ناتوانێ لەو گوتارە جیا بکرێتەوە کە پاساو بۆ پۆلێنکردنی تەواوی کۆمەڵگاکان وەک دواکەوتوو یان هەڕەشە دەکات. تاوانەکە بە بۆمبەکە دەست پێناکات. بە پۆلێنکردن دەست پێدەکات. کاتێک هەموو کۆمەڵگاکان وەک هەڕەشە پێناسە دەکرێن، کوشتن و بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی دەبێتە “بەڕێوەبردنی ئاسایش” نەک تاوانێک کە دەبێت ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

وەهمی بێلایەنی تەکنەلۆژیا، چاودێری خود و سەرکوتی دیجیتاڵی وەک ئامرازی کۆنتڕۆڵ
مەترسی ئەو مۆدێلەی کە ”پالانتیر” دروستی دەکات تەنها لە بەکارهێنانی سەربازی ڕاستەوخۆی نییە. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە دەتوانرێت بە “کۆمەڵگای چاودێری” وەسف بکرێت، کاتێک کۆنتڕۆڵ دەبێتە ناوخۆیی نەک دەرەکی. کاتێک تاک دەزانێت لە هەموو ساتێکدا چاودێری دەکرێت و هەست دەکات هەموو کارلێکێکی دیجیتاڵی تۆمار دەکرێت و شیدەکرێتەوە، دەست دەکات بە سەپاندنی چاودێری بەسەر خۆیدا.
ئەوان قسەی خۆیان دەگۆڕن، خۆیان لە بابەتە هەستیارەکان دوور دەخەنەوە، خۆیان لە بیروبۆچوونە ناڕازیە ڕادیکاڵەکان دوور دەخەنەوە. ئەم چاودێری خۆبەخشانە بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووخواز و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ناوەوە سنووردار دەکات و لاواز دەکات، بەبێ ئەوەی پێویست بە دەستگیرکردن یان سنووردارکردنی ڕاستەوخۆ بکات.
بانگەوازی مانیفێستەکە بۆ “تێگەیشتنی قووڵ لە هەڵسوکەوتی مرۆڤ” وەک مەرجێک بۆ ئاسایش لە ڕاستیدا بانگەوازێکە بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی گشتگیر بۆ تێکدانی چالاکی سیاسی بەکۆمەڵ پێش ئەوەی سەرهەڵبدات. پێشبینیکردنی هەڵسوکەوتی ناڕەزایی دەربڕین و هەڵوەشاندنەوەی پێش ئەوەی ببێتە بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو ئەو خەونەیە کە دەزگا ئەمنییەکان لەمێژە بەدوایدا دەڕۆن و تەکنەلۆژیای پالانتیر بەرەو بەدیهێنانی نزیک دەبێتەوە.
یەکێک لە دیارترین میکانیزمە ئایدیۆلۆژییەکانی مانیفێستەکە پشتبەستنە بە لۆژیکی بڕیاری داخراو . “بێلایەنی تەکنەلۆژیا نابێت”، “پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا چەکی AI دروست دەکرێت یان نا”، “دیموکراسیەکان ناتوانن تەنها پشت بە وتاری ئەخلاقی ببەستن.” ئامانجی ئەم بۆچوونە گۆڕینی هەڵبژاردنە سیاسیەکانە بۆ ڕاستییەکی سروشتی و نەهێشتنی هەر پرسیارێک لە سروشتی سیستەمی ئێستا لە بواری مشتومڕی ڕەوا. ئەمە هەمان ئەو بۆچوونەیە کە نیولیبراڵەکان بەکاری دەهێنن کاتێک لە ساڵانی 1990 دا ڕایانگەیاند “سەرمایەداری کۆتایی مێژووە”. ئێستا هەمان لۆژیکا لە فۆرمولەی ئاسایشدا دەگەڕێتەوە: هیچ هەڵبژاردنێک نییە جگە لە سەربازیکردنی دیجیتاڵی.
ئەم دیترمینیزمە وەسفێکی بێلایەنی واقیع نییە. تاکتیکە بۆ بەتاڵکردنەوەی سیاسەت لە ناوەرۆکەکەی. کاتێک دڵنیا بوویت کە هیچ جێگرەوەیەک نییە، واز لە گەڕان بەدوای یەکێکیان دەهێنیت. ئەمەش ئامانجی سەرەکی ئەم زمانەیە.

ئەڵتەرناتیڤی چەپ: پرسی خاوەندارێتی و کۆنتڕۆڵی بەکۆمەڵ

مانیفێستەکەی پالانتیر تەنها بەڵگەنامەیەکی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیا نییە کە هەڵوێستەکانی ڕادەگەیەنێت. ئەمە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە کە هێزە پێشکەوتووەکان دەبێت بە ڕوونی بیبیستن: شەڕ لەسەر داهاتووی تەکنەلۆژیا چیتر لە پشت پەردەوە خۆی ناشارێتەوە. ئەو هەنگاوی ناوە بۆ کراوە، بەبێ شەرم خۆی ڕادەگەیەنێت. ئەوانەی لە تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییە دوادەکەون، چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو یەکلاکەرەوەترین گۆڕەپانی خەبات لەم سەدەیەدا دوادەخەن.
پرسیاری بنەڕەتی ئەوە نییە کە تەکنەلۆژیا چۆن بەکار دەهێنرێت. ئەوە ئەوەیە کە کێ خاوەنیەتی و ئامانجەکانی دیاری دەکات. تەکنەلۆژیا نابێتە ئامرازی ئازادی تا ئەو کاتەی لە دەستی مۆنۆپۆلی دیجیتاڵی هاوپەیمان لەگەڵ پرۆژەکانی ڕاست و جەنگ و سەرکوتکردندا بمێنێتەوە. هەر گفتوگۆیەکی جددی دەبێت لە پێویستی خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی لە ژێرخانی دیجیتاڵی و لە خستنەژێر ئەلگۆریتمی و زیرەکی دەستکرد دەست پێبکات بۆ چاودێری دیموکراتی ڕاستەقینە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی جەماوەری کرێکار دەکات نەک نوخبەی قۆرخکار.
ئەمە پێویستی بە هێزە چەپەکان، پێشکەوتووخوازان و مافەکانی مرۆڤ هەیە کە بە جددی لەگەڵ گۆڕەپانی تەکنەلۆژیا وەک بوارێکی گرنگی خەباتی چینایەتی تێکەڵ ببن. بەرهەمهێنانی ڕەخنەی فیکری، هەرچەندە گرنگ بێت، بەس نییە بەبێ بنیاتنانی بەدیلی تەکنەلۆژیای ڕاستەقینە لە ڕێگەی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە ڕێگەی نێودەوڵەتی دیجیتاڵی: پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتیەکان ئازاد لە قۆرخکاری و سنووردارکردن و سەرکوتکردن. ئامرازەکانی گەڕان کە ڕێز لە تایبەتمەندی هەموو بەکارهێنەران دەگرن. سیستەمەکانی زیرەکی دەستکرد بە شێوەیەکی دیموکراتی و شەفاف بەڕێوە دەبرێن. و ئەپڵیکەیشنی دیجیتاڵی تر. ئەمانە پڕۆژەی ڕابواردنی داهاتوو نین. پێویستییەکی ستراتیژی بەپەلەن بۆ هەر پڕۆژەیەکی جددی ئازادیخوازی.

زیادکردنی پێویست: داماڵینی تەکنەلۆژیا وەک پێشمەرجێک

دروستکردنی بەدیل بەتەنها بەس نییە مەگەر لەگەڵ هەڵمەتێکی ڕێکخراو بۆ داماڵینی ئەم قۆرخکارانە لە چەکی تەکنەلۆژیا. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ”پالانتیر” حاڵەتێکی نائاسایی یان نائاسایی نییە لە دیمەنی تەکنەلۆژیادا. ئەمە ڕوونترین و بوێرانەترین دەربڕینی ئەو شتانەیە کە زۆربەی کۆمپانیاکانی تر بە بێدەنگییەکی گەورەتر و وتارێکی نەرمتر پەیڕەوی دەکەن. ئەوەی وای لێدەکات سەرنج بخاتە خاڵی سەرنج لەم شیکردنەوەیەدا ئەوەیە کە ئەو شتانەی ئاشکرا کرد کە کەسانی تر ڕاهاتوون بیشارنەوە، نەک ئەوەی کە لە ناوەڕۆکدا جیاوازی لەوان هەیە. سیستەمەکە یەکێکە. تاکە جیاوازی پلەی ڕاشکاوییە.
هەروەک چۆن بزووتنەوە کرێکارییە مێژووییەکان هەوڵی داماڵینی سەرمایەی کارگە و کێڵگەکانیان دا، ئەمڕۆش خەباتێکی هاوشێوە پێویستە بۆ دەرهێنانی ئەلگۆریتمی کوشندە، سیستەمە ئامانجەکان و چاودێری بەکۆمەڵ لە چنگی ئەم کۆمپانیایانە بەکۆمەڵ.
ئەم ململانێیە چەندین شێوەی هەیە: بایکۆتکردنی خزمەتگوزاریەکانیان، ئاشکراکردنی گرێبەستە نهێنییەکانیان لەگەڵ حکومەتەکان، دادگایی کردنی بەڕێوبەرەکانیان لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تاوانەکانی جەنگ، و فشار خستنە سەر دامەزراوە گشتییەکان بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانە. هەر گرێبەستێکی حکومەت لەگەڵ ئەم سیستەمە پارەی راستەوخۆی ئامێری کوشتن و دیپۆرتکردنەوەیە. وەستاندنی ئەم لێشاوە داراییە هێڵی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوەیە.
ئەم ڕێگایە بەبێ کارکردن لە هەردوو ئاستی یاسادانانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا تەواو ناکرێت. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، دەبێت فشار بخرێتە سەر یاسای توند کە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ئاسایش ناچار بکات شەفافیەتی تەواو لە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتەکان بپارێزن، بەکارهێنانی سیستەمی زیرەکی دەستکرد لە ئامانجە سەربازییەکاندا لە دەرەوەی هەر چاودێرییەکی دادوەری سەربەخۆ بە تاوان ناساندن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەبێت کار بکرێت بۆ ملکەچی ئەو کۆمپانیایانە بۆ پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی پەیماننامەی جنێڤ کە قەدەغەکردنی ئامانجە کەسییەکانی مەدەنی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی زانیارییە کەسییەکان و ڕێنماییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ. کۆمپانیایەک کە داتابەیسی ئامانج لە ناوچەکانی جەنگ دروست دەکات ڕێگە نادرێت لە دەرەوەی ئەم چوارچێوە یاساییە کار بکات و ئەگەر وابکات ئەوا ئەو حکومەتانەی گرێبەستی لەگەڵدا دەکەن بەرپرسیارێتی تاوانکاری هاوبەشیان لە ئەستۆ گرتووە. ئەمە داواکارییەکی ڕیفۆرمیستی خۆشگوزەرانی نییە. ئەمە کەمترین داوایە لەلایەن مرۆڤایەتی یاسا لە ڕووبەڕووبوونەوەی نامرۆڤانەی ئەلگۆریتمەکە.

زیادکردنی دووەم: ئاشکراکردنی بێدەنگی کرێکاران لە دڵی مانیفێستەکەدا

ئەوەی لە مانیفێستەکەی پالانتیردا جێگەی مانگرتووە، لە ڕاستیدا ئەوەی زۆر جێی گومانە ئەوەیە کە یەک وشە باسی کرێکاران، سەندیکاکان، مافی ڕێکخستن و مانگرتنەکە ناکات. لە بەڵگەنامەیەکدا کە باس لە “نوخبەی ئەندازیاری” و “ئەرکی ئەخلاقی” و “کەلتووری دواکەوتوو” دەکات، هیچ شوێنێک نییە بۆ ئەو کرێکارە دەستی و ڕۆشنبیرانەی کە ئەم ئەلگۆریتمانە دروست دەکەن، بەکاریان دەهێنن و لەژێر قورسایی هەمان چاودێری دەژین.
ئەم بێدەنگییە ڕێکەوت نییە. ئەمە دانپێدانانێکی نادیارە کە پڕۆژەی تەکنەلۆژیای فاشیستی ناتوانێت ڕووبەڕووی پرسی کرێکاران ببێتەوە، چونکە کرێکاران بەتەنیا ئەگەر خۆیان ڕێک بخەن، دەتوانن هێڵەکانی بەرهەمهێنانی مردن بە تەواوی بوەستێنن. مانگرتنێکی گشتی لە دۆڵی سیلیکۆن، یان تەنانەت لە ئۆفیسەکانی پالانتیر، مۆتەکەی ئەم پڕۆژەیە. کەواتە پشتگیری کردنی سەندیکاکانی کرێکارانی تەکنەلۆژیا و بەستنەوەی خەباتیان بە خەباتی جیهانییەوە کارێکی بەرهەڵستکارییە لە پلەی یەکەم.
ئەم خەباتە تەکنەلۆژیایە ناتوانێ لە خەباتی جەماوەری لەسەر زەوی جیا بکرێتەوە. تەکنەلۆژیا ئامرازێکی پاڵپشتییە بۆ تێکۆشان، نەک جێگرەوەی. دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ڕێکخستنی سیاسی، کرێکاری و جەماوەری، لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا، لە هاوخەباتی نێودەوڵەتی لە نێو جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم سیستەمەدا دەمێنێتەوە چ لە جەنگدا، لە سنوورەکان، یان لە گەڕەکەکانی کرێکاران کە لەلایەن ئەلگۆریتمەکانەوە چاودێری دەکرێن کە پێویستیان بە مۆڵەتی کەس نییە.

دەرئەنجام: فاشیزمی دیجیتاڵی بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیەوە
مانیفێستی پالانتیر بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە ئێمە ڕووبەڕووی شێوازێکی نوێی فاشیزم دەبینەوە، نەک تەنها لە مانا مێژووییە تەسکەکەدا، بەڵکو لە مانا بنەڕەتیەکەیدا: هاوپەیمانی سەرمایەی مۆنۆپۆل لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی نەتەوەیی شەڕانگێز و بڵاوکردنەوەی توندوتیژی، سەرکوتکردن و پلەبەندی شارستانی بۆ پاراستنی ئەم هاوپەیمانییە لە هەر هەڕەشەیەکی جەماوەری. تاکە جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئامرازەکانی ئەم فاشیزمە ئەمڕۆ ئەلگۆریتمەکان، داتای گەورە و زیرەکی دەستکردن، و ئەمەش وایکردووە بەرهەڵستی قورستر بێت لەوەی پێش خۆی.
کاتێک ئەلیکساندەر کارپ نووسینی مانیفێستی فەلسەفی لە ئۆفیسەکەی تەواو دەکات، ئەلگۆریتمەکانی کۆمپانیاکەی دروستی کردووە بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان، بەدواداچوونی کۆچبەران لەسەر سنوورەکان، دروستکردنی داتابەیسی بەرهەڵستکاران لە سەرانسەری جیهاندا، و پاڵپشتیکردنی میکانیزمی میلیتاریزم و سەرکوتکردن لە سەرانسەری جیهاندا. فەلسەفە و تاوان دوو ڕووی یەک دراون.
خەبات بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی ئەمڕۆ بە ناچاری و بە شێوەیەکی گرنگ لە ڕێگەی تێکۆشانی ئازادکردنی تەکنەلۆژیا لەم هاوپەیمانییە چینایەتییە شەڕانگێزە تێدەپەڕێت. ئەمە پرسیارێکی تەکنیکی یان پرسیارێکی ئەخلاقی ئەبستراکت نییە. ئەمە پرسیارێکی سیاسییە و بەشێکە لە ململانێیەکی مێژوویی لەسەر ئەوەی کێ کۆنتڕۆڵی داهاتوو و هۆشیاری مرۆڤایەتی دەکات: کەمینەی قۆرخکاری هاوپەیمان لەگەڵ پرۆژەکانی کوشتن و سەرکوتکردن، یان جەماوەری کرێکار کە دەبێت دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەو ئامرازانەدا بسەپێنن کە ژیان و چارەنووسیان پێکدەهێنن.


سەرچاوەکان و سەرچاوەکان
یەکەم: سەرچاوەی سەرەکی — مانیفێستی پالانتیر
1. Palantir Technologies — The Technological Republic، بە کورتی (پۆستی فەرمی X، نیسانی 2026) https://x.com/PalantirTech/status/2045574398573453312
2. Karp, Alexander C. and Zamiska, Nicholas W. — کۆماری تەکنەلۆژیا: هێزی سەخت، باوەڕی نەرم، و داهاتووی ڕۆژئاوا. دراوی تاج، نیویۆرک، 2025. https://techrepublicbook.com/
دووەم: ڕاپۆرت و شیکاری ڕۆژنامەوانی لەسەر مانیفێستەکە
3. ئەلجەزیرە ئینگلیزی — “تەکنۆفاشیزم؟ بۆچی مانیفێستەکەی پالانتیر لایەنگری ڕۆژئاوا ڕەخنەگرانی نیگەران کردووە”، 21 ی نیسانی 2026. https://www.aljazeera.com/news/2026/4/21/technofacism-why-palantirs-pro-west-manifesto-has-critics-alarmed
4. TechCrunch — “Palantir مینی مانیفێستی ئیدانە دەکات لە گشتگیری و کەلتووری “دواکەوتوو”، 19 ی نیسانی 2026. https://techcrunch.com/2026/04/19/palantir-posts-mini-manifesto-denouncing-regressive-and-harmful-cultures
5. Engadget — “Palantir مانیفێستێکی بڵاوکردەوە کە وەک پیاسەی خراپەکارێکی کتێبی کۆمیدی دەخوێنرێتەوە،” نیسانی 2026. https://www.engadget.com/big-tech/palantir-posted-a-manifesto-that-reads-like-the-ramblings-of-a-comic-book-villain-181947361.html
6. TRT World — “ئینتەرنێت لە توڕەیی لە مانیفێستی تەکنەلۆژیای دیستۆپی Palantir دەتەقێتەوە،” نیسانی 2026. https://www.trtworld.com/article/e3c96555543c
7. هۆکار — “مانیفێستی نوێی پالانتیر دەیەوێت ڕەشنووسی سەربازی بگەڕێندرێتەوە،” 20 ی نیسانی 2026. https://reason.com/2026/04/20/this-big-tech-firm-wants-to-reinstate-the-draft
سێیەم: ڕاپۆرتەکانی مافەکانی مرۆڤ لەسەر پالانتیر و هاوکاری تەکنەلۆژیای گەورە لە غەززە
8. لێبوردنی نێودەوڵەتی — ڕاپۆرت لەسەر ئابووری سیاسی جیهان کە یارمەتی جینۆسایدی ئیسرائیل دەدات و پالانتیر لە نێو بەشدارە سەرەکییەکاندا ناودەبات، ئەیلولی 2025. https://www.democracynow.org/2025/9/18/amnesty_international
9. Truthout — “لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە وڵاتان دەکات ئەو ئابوورییەی پشتگیری جینۆسایدی ئیسرائیل دەکات ڕابگرن”، ئەیلولی 2025. https://truthout.org/articles/amnesty-calls-for-states-to-pull-the-plug-on-economy-backing-israels-genocide
10. سەنتەری سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — گوایە پالانتیر توانای بە ئامانجگرتنی AI ی ئیسرائیل لە غەززە دەدات و نیگەرانی لە تاوانەکانی جەنگ دروست دەکات. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/palantir-allegedly-enables-israels-ai-targeting-amid-israels-war-in-gaza-raising-concerns-over-war-crimes/
11. سەنتەری سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “ئەمازۆن، گووگڵ و مایکرۆسۆفت سووتەمەنی دەستدرێژی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە دەکەن، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن”، شوباتی 2025. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/amazon-google-microsoft-fuel-israeli-military-aggression-in-israels-war-on-gaza-investigation-reveals/
12. سەنتەری سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “گووگڵ و ئەمازۆن و مایکرۆسۆفت گوایە دەستیان لە تاوانەکانی جەنگ هەیە لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە.” https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/google-amazon-microsoft-allegedly-complicit-in-war-crimes-amid-israels-war-in-gaza/
13. ناوەندی سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “گووگڵ وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەدایەوە کە پەیوەندییان بە تاوانەکانی جەنگەوە هەبووە لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە”. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/google-did-not-respond-to-the-allegations-over-its-complicity-in-war-crimes-amid-israels-war-in-gaza/
14. سەنتەری سەرچاوەکانی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “ئەمازۆن وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەدایەوە سەبارەت بە بەشداریکردنی لە تاوانەکانی جەنگ لە میانەی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە،” نیسانی 2025. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/amazon-did-not-respond-to-the-allegations-over-its-complicity-in-war-crimes-amid-israels-war-in-gaza/
15. سەنتەری سەرچاوەی بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ — “مایکرۆسۆفت وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەدایەوە سەبارەت بە بەشداریکردنی لە تاوانەکانی جەنگ لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە”، نیسانی 2025. https://www.business-humanrights.org/en/latest-news/microsoft-did-not-respond-to-the-allegations-over-its-complicity-in-war-crimes-amid-israels-war-in-gaza/




لایەنە کوردیەکانی ئێران لەبەردەم فرسەتێکدا..!.. عوسمانی حاجی مارف

بزووتنەوەی کوردایەتی، یەکێک لە کۆنترین پێکهاتەی هێزی ڕێکخراوەیی ئۆپۆزسیۆنیە لە ئێراندا، لە چالاکی سیاسیاندا وەک نوێنەرایەتی یەکێک لە کەمینە گەورەکان خۆی دەردەخات. کوردەکان، لە دوای فارس و ئازەریەکان، سێهەمین نەتەوەی ئەو وڵاتەن، پارتە کوردیەکان لە گەڵ ئەوەی لە مێژە بەناوی مەسەلەی کوردەوە، چالاکی سیاسی بەڕێوەدەبەن، لەهەمانکاتدا بەئاشکرا دژایەتیان بەرامبەر بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و هێزی ڕادیکاڵ و کۆمۆنستی نیشانداوە، هەوڵیشیانداوە هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی ئێران دروست بکەن، کە ئامادەن دان بە فرەچەشنی نەتەوەیی ئێراندا بنێن و یەکگرتویی و دیموکراتی، بۆ ئێران و مۆدێلی حوکمڕانی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیان گرتۆتەبەر، بەڵام ئەوەی شایانی باسە، لاوازی و دوبەرەکی لەناو بزوتنەوەی بەرفراوانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی ئێراندا، ئەم هەوڵانەی ئاڵۆز کردووە، چونکە بەشێکی لایەنەکان بەردەوامن لە داکۆکیکردن لە دیدگایەک، کە تەنها جەخت لەسەر حوکمرانی ناوەندبونی دەوڵەتی ئێران دەکەن.
لایەن و هێزە کوردیەکان، پێیانوایە دۆخی ئەم جەنگەی ئێستا، ساتەوەختی فرسەت و دەرفەتێکی سنوورداری ئەرێنی بۆ ڕەخساندون، بۆیە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناسیۆنالستی کورد، لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکاندا، بەناوی هاوپەیمانی و بەرەی میللی کوردەوە خەریکن خۆیان ڕێکدەخەنەوە، لەکاتێکدا کە ڕێڕەوی ستراتیژی فراوانتری ململانێکانی ئەمریکاو ئێران و جەنگەکەیان، تا ئێستا نادیارە و یەکلایی نەبۆتەوە لە ئایندەیەکی تەواو ئاڵۆزدایە.
هەروەها سەرکردە سیاسیە کوردەکان دان بەوەدا دەنێن کە ئەگەر ناکۆکی ناوخۆی ئێران هەڵگیرسێت و بشێوێت، یان گواستنەوەی سیاسی کە دەسەڵاتی ناوەندگەرایی دابمەزرێنێتەوە، جارێکی دیکە ناوچە کوردستانیەکان، دەکەوێتەوە بەر مەترسی، واتە دەکرێت کوردستان ببێتە ئامانجی سەرەکی، هەر ڕژێمێکی تری دەسەڵاتداری لایەنە کۆنەپەرست و توندڕەوەکانی بۆرجوازی لە ئێراندا، هاوکات بەگشتی هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لایەنە کوردیەکان بۆ ئەگەری گۆڕانکاری خێرا، لە ناوخۆی ئێراندا هەوڵئەدەن بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل، خۆیان ئامادە و ڕێکخراوکەن بۆ ئامانجێکی ناتەبایی کە خۆیان دەیانەوێت، تا ئایندەی هێزەکانیان لە کوردستاندا پێگەیەک بۆ ئایندەی هەژمونی و دەسەڵات بەدەست بهێنن!، نەك گرتنەبەری ڕێڕەوێک کە ئایندەی خواستەکان و مافەکانی جەماوەری کوردستانی تیا بەدەست بێت، بە گەڕانەوە بۆ دەور و دەخالەتی ڕاستەوخۆی ئیرادە و ڕای خەڵک کە بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن.
لە تەواوی ٤٧ساڵەی حوکمرانی کۆماری ئیسلامیدا، خواستی لایەنەکانی ناسیۆنالستی کورد بۆ “ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزیەت و فیدارلیەت”، لەهەمانکاتدا خواستەکانی خەڵکی کوردستان، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تەماشا کراوە، بە مەیلی جوداخوازی و دوژمنکاری ناوزەدکراوە، ئەمەش لەلایەک بووەتە هۆی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی بەردەوام لە نێوان ڕێکخراوە سیاسیە کوردیەکان و کۆماری ئیسلامیدا، لەلایەکی ترەوە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوان.
لە دنیای واقعی سیاسی ئێراندا، کوردستان بووە بە یەکەم مەیدانی جەنگی گەورە بۆ سوپای پاسداران، ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکانی سوپای پاسداران و سوپای نیشتمانی ئێران، شار و گوندەکانی کوردستانیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا لە ساڵانی سەرەتای دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە، دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی بونە قوربانی.
پێکدادانی چەکداری نێوان هێزە کوردیەکان و حکوومەتی ئێران، بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوام بوو، بەڵام وردە وردە گۆڕانکاری بەسەرداهات و هێزە کوردیەکان، لەو دیوی سنورەکان لە کوردستانی عێڕاق بنکەکانیان جێگیر کرد، بۆ بەکارهێنانی خاکی کوردستانی عێراق بە مەبەستی چالاکیە سەبازیەکانیان. بەڵام لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەکوردستانی عێراق، ئۆپەراسیۆنە سەربازیە بەردەوامەکانی سنوور بەزاندن، لەدژی ئێران سنووردار کران. لەهەمانکاتدا داخوازیەکانی لایەنەکانی ناسێۆنالستی کورد، لە چوارچێوەی بانگەوازی دروشمی دیموکراسی و مافی سیاسی و هەوڵدان، بۆ دانوسان لەگەڵ ڕژێم کاریان لەسەر کردووە.
لەسەروبەندی ئەم جەنگەی ئێستادا لایەنە کوردیەکانی ئێران، پێکهاتەی سەرکردایەتی ڕێکخراوەیی و باڵی چەکداری دەپارێزن، لەوانە “پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێرانKDPI”، “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)”، “پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)”، “سازمانی خەبات”، ” ڕێکخراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان”، “حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران”، ئەم گروپانە هاوکاتی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوپەیمانی خۆیان ڕاگەیاند، بەڵام لەوە ناچێت هاوپەیمانیەکەیان سەنگین و مەحکەم بێت، زیاتر هاوپەیمانیەکی بەیناوبەینیە، ڕێکدەکەون و تێکدەچنەوە.
زۆرێک لەو گروپانە، بارەگا و بنکەیان لە کوردستانی عێراق جێگیرکردوە، لەوێش بەردەوامن لە مەشقی سیاسی و سەربازی، لەهەمانکاتدا پەیوەندیان لەگەڵ لایەنگرانیان لە ناوخۆی ئێراندا بەڕێوەدەبەن، خاڵێکی گرنگ کە هۆکاری چالاکبونی ئەم ڕێکخراوانەیە، پشت بەستنە بە شوێنی جوگرافی کوردستان، بە قۆستنەوەی ناوچە شاخاویەکان و بارودۆخی سیاسی تایبەتی ناوچەکە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سنووردار لە ناوخۆی ئێراندا، لەهەمانکاتدا بونی ئەو گروپانە لە کوردستانی عێراقدا، لە ناو تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندیەکاندا دەرگیرن، کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئێران و تورکیا تێیدا بەشدارن، لەهەمانکاتدا وەک گروپی ناپەیوەند بە خەڵکەوە، هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەبون هێزێکی دەرەکی کۆماری ئیسلامی بروخێنێت!.
هەروەها وێڕای دەیان ساڵ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم لایەنە کوردیانە، بەرامبەر بەکۆماری ئیسلامی، هەمیشە دیالۆگ و دانوستانیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، وەک بژاردەی ستراتیژیی پەسەندکراوی خۆیان لە پێشینە داناوە و هەوڵی وتووێژیان لەگەڵ حکومەتی ئێران داوە، بەڵام زۆرجار ئەم هەوڵانە بە توندوتیژی کۆتایی پێهاتووە، لەوانە تیرۆرکردنی عەبدولڕەحمان قاسملو، هەروەها سەرکردەکانی دیکەی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەدرێژایی ساڵان لە ڕووداوە هاوشێوەکاندا کراونەتە ئامانج، ئەمەش بێمتمانەیی قووڵی نێوان ئەکتەرە سیاسیە کوردەکان و دەوڵەتی ئێرانی زیاتر چەسپاندووە، بەڵام کاریگەری لەسەر دوبارەبونەوەی وتوێژ لەگەڵ ڕژێم دانەناوە.
هەرچەندە هێزی سەربازی ئەم ڕێکخراوانە تاڕادەیەک سنووردارە، مەترسیەکی ستراتیژی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕژێم دروست نەکردووە، بەڵام سەرچاوەیەکی بەردەوامی نیگەرانی ئەمنین، بەتایبەتی لە ناوچە سنووریەکان و لە ماوەی گرژی ناوخۆییدا.
ئەوەی شایانی باسە، هاوکاتی ئەوەی پێشهاتەکانی ئەم دەورانەی فۆکسی جەنگەکە، لەسەر لاواز کردنی کۆماری ئیسلامیە، واشنتۆن داوای لەو گروپانە کردووە خۆیان ئامادە بکەن، بۆ چونە ناو خاکی ئێران و ڕوبەڕوبونەوە بەرامبەر سوپای ئێران و سوپای پاسداران، ئەمەش لە هەنگاوێکی ئەمەریکا-ئیسرائیل، بە ئامانجی دووبارە ئیستغلالکردنەوەی کارتی لایەنە کوردیەکانە لە دژی تاران، لە چوارچێوەی ململانێیەکی ستراتیجی فرە بەرەیدا.
هەر بەو ئومێدە لایەنە کوردیەکان، لە هەوڵی ڕێکخستەوەی ئەندامان و دۆستانی ڕێکخراوەکانیانن لەناوخۆی ئێراندا، تا ئامادەکرنی خۆیان بۆ چونە ناو ئێران و ئامادەکاریەک، لە ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەیەکدا، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەڵگیرسانی شەڕی سەربازی، لەبەرامبەر سوپای پاسداراندا، ئامانج لەم کارەیان بە جیا لەوەی ئاکامەکەی بەچی دەگات و چ دۆخێک و کارەساتێک، بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دەخولقێنێت، گرنگ بۆ ئەوان هەوڵدانە بۆ هەژمونی و باڵادەستی هێزەکانیان، بەسەر دۆخەکەدا و بەڕێوەبردنی هەر ناوچەیەک بەدور لەدەورو ئیرادەی خەڵکی.
بەدوای هەر پاشەکشەیەک کە سوپای پاسداران، لە هەر ناوچەیەکی کوردستاندا ناچار بێت بیکات، ئەو لایەنە کوردیانە وەک هێزی چەکدار هەژمونی خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە، کە ئەگەری ئەوەش زۆرە، ناوچەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
واتە ئەگەر دابەشبون و پاشەکشە لەنێو دامەزراوە ئەمنیەکانی ئێراندا سەرهەڵبدات، ناوچە کوردنیشینەکان دەتوانن ببنە فرسەتێک و خاڵی سەرەکی بۆ هێژمونی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکان و ناوچەیەک بۆ هەر لایەنێکیان دابین بکات، بەڵام ئەمەش بە مەرجێ بۆیان سەردەگرێت کە پێشوەخت توانایی ڕێکخستنی جەماوەری بۆ دەسەڵات و هێزی سەربەخۆی جەماوەری ئامادەییان نەکردبێت و شوراکانیان دانەمەزراندبێت.
لەلایەکی ترەوە، بەو پێیەی هەرسیستەمێکی سیاسی، لە ئایندەی ئێراندا و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان نەگەڕێنەوە بۆ ڕای خەڵکی لە دیاریکردنی چارەنوسی نەتەوەکاندا، یان گەر ڕێگە بە دەسەڵاتی “لامەرکەزی و ئۆتۆنۆمی ناوچەیی” تا ئاستی جیابونەوە نەدات، پەیوەندیەکانی ناوخۆی ئێران وەها دەشێوێنێت، کە لە بری هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەی کورد، ئێران نوقوم دەکات لە شەڕی ناوخۆی قەومی، کەڕاگرتنی سەخت دەبێت.
ئەمەش ئەو ئەنجامگیریەی لێ بەرهەم دێت، کە چارەسەری یەکلایی کەرەوە، بۆ پرسی کورد گەڕانەوە بێت بۆ ڕای خەڵکی لە ڕفراندۆمێکدا، تابڕیار لەسەر مانەوە یان جیابونەوەی کوردستان بدات لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا، ئەوەی شایانی باسە لە دۆخی ئەم جەنگە وێرانکاری و دژە بەشەریەدا، خەو خەیاڵێکی کاڵفامانەیە، وەک فرسەتێک بۆ ئایندەیەکی ئەرێنی دەربارەی کیشەی کورد پێشبینی لێ بکرێت، بەڵکو هەڵوێستی ئینسانی ئێستا وەستانەوەیە دژی ئەم جەنگە و بەرزکردنەوەی خواستی بێ مەرجی کۆتایی جەنگە.




“یەکڕیزی ناوماڵی کورد” دەستەواژەیە بۆ فریودانی خەڵک!.. نوری بەشیر

خەڵکی کوردستان زۆرجار لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە دەستەواژەی “یەکڕیزی ناوماڵی کورد” دەبیستن، بەتایبەتی کاتێک حزبە ناسیۆنالستە کوردەکان، لەپێشیانەوە پارتی و یەکێتی، کە لەتەنگانە سیاسیایەکاندا دەکەونە بەرامبەر بەیەکەوەو سەنگەر لەیەک دەگرن و لەئاکامیشدا و لەژێر فشاری خەڵکدا باریان قورس و لاسەنگدەبێت. ئا لەم کاتانەدا ئەم دەستەواژەیە وەک “پەیامێکی کوردایەتی” و “پیرۆزی نەتەوەیی”، لەزمانی کۆمەڵێک لەڕۆشنبیرانێکی ناسیونالیست و تەنانەت بەشێك لە بەرپرسانی دوو حزبی دەسەڵاتداریش،دەردەبڕدرێت تا هەڵە سیاسیەکان و تاوان و تەنانەت “خیانەتی” حزبەکان و تاقمی فەرمانڕاوەو بنەماڵەکانیان دابپۆشن و واپیشانبدەن کە قسەکەر هەرخۆی “دڵسۆزی کوردە” و ئەوانەی کە لە دەسەڵاتدان ڕیزی کوردیان تێکداوە “دڵسۆزی کورد نین” و کوردایەتیەکەیان کاڵە! لەم بارەیەوە بە پێویستی دەدەزانین بۆ راستی دروستی ئەم قسانەمان وەک دوو نموونە ئاماژە بەدوو بابەت بدەین لە ئێستادا، کەئەوانیش بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغداد و جێگۆڕکێی پارێزگاری کەرکووکە:
بێگومان هەموو کەس ئەوە دەزانێت کە یەکێتی و سەرۆکەکەی بەشێوەیەکی یەکلایەنە و بەبێ حساب بۆکردنی پارتی و تەنانەت وەک دژایەتیەکیش بۆی، لەبەرئەنجامی دۆخی جەنگ لەناوچەکەو کاردانەوەی لەسەر پێگەی هێزە عێراقی و کوردستانیەکان کە پاش لە ساڵ و نێوێک لەهەڵبژاردن نەیانتوانیوە کابینەی نوێیان پێکبهێنن!، توانی یەکلایەنە لەگەڵ لایەنە شیعەکان رێکبکەوێت و پۆستی سەرۆک کۆمار بۆخۆی یەکلابکاتەوە، پۆستێک کە پارتیش وەک “براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان” داوای دەکرد و مرخی خۆی لێخۆشکردبوو. لە کەرکووکیش، بەهەمان شێوە یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی پاش ڕێکەوتنی ژێربەژێر و ئاشکرا لەگەڵ لایەنە عەرەبیە شیعی و سونی و تورکمانەکان، پارتی و کیتلەکەی لە پڕۆسەکە کردە دەرەوە، بەبێ هیچ حساب بۆکردنێک پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لە کوردێکەوە گۆڕی بۆ تورکمانێک و هەرئەمەشی ناولێنا “بەرژەوەندی کورد وادەخوازت”!!.
لەم دوو نمونەیەی باسکران ئەو خاڵەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە: چ سەرانی یەکیەتی و ئەو ڕۆشنبیرانەی لایەنگریان لە یەکێتی و سیاسەتەکانی لەپۆستی سەرۆک کۆمارو پاریزگاری کەرکوکدا دەکرد و چ سەرانی پارتی و قەڵەم بەدەستە لایەنگرەکانی ماڵی بارزانی کە دژبەری یەکێتین لە هەردوو سەرەوە باس باسی ” بەرژەوەندیەکانی کوردو یەکڕیزی ماڵی کورد”ە. واتە یەکێتی و لایەنگرانی دەیانوت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی باشە چونکە هەر ئەو دەتوانێت “بیخاتە خزمەتی مەسەلەی کوردەوەو کێشە نەتەوەییەکانی پێچارەسەر بکات لەگەڵ بەغدا”!!. لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش سەرۆکی یەکێتی بۆ پاساودانی سیاسەتەکەی باسی لەوە دەکرد کە “کەرکوک شاری ئاشتی و برایەتیەو ئەوەی کەکراوە لەبەرژەوەندی کورددایە”. لەبەرامبەریشدا پارتی و لایەنگرانی سەری زمان و بنی زمانیان، “تێکچونی یەکڕیزی ماڵی کوردو سپاردنی شاری کەرکوکە بە دوژمانی و کۆمەڵێک پڕوپاگەندەی قەومی و کینەتۆزی.. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کەئایا مەبەست چیە لە “بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان” و دەستەواژەی “یەکخستنی ناوماڵی کورد”؟ ئایا مەبەستەکە مانای پاراستنی بەرژەوەندی حزبەکان خۆیان و پاراستنی پێگەیانە لە دەسەڵاتدا، یان مەبەستەکە “نەتەوەی کوردە”؟
لەراستیدا پارتی و یەکێتی، وەک دوو حزبی بۆرژوازی کە نوێنەرایەتی چینی سەرمایەدار دەکەن، لەگرتنەبەری هەر سیاسەتێک و هەر هەنگاوێکیاندا، گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانی ئەم چینەو حزبەکانیان لەسەر حسابی بێبەشکردنی زۆرینەی خەڵکی کوردستان شتێکیتر ئەنجام نادەن. وە هەموکاتێکیش هەموو سیاسەتەکانیان بەناوی “کوردو نەتەوەی کوردو خەڵکی کوردستانەوە” ئەنجامدەدەن تا نیشانی بدەن کە بەرژەوەندی ئەم چینەو حزبەکانیان هەمان بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان بە بەرچاویانەوەیە و رۆژانە هەستی پێدەکەن، کە خیزان و کوڕان و بەرپرسانی حزبی و حکومی بزوتنەوەی کوردایەتی چۆن لەسایەی دەستگرتن بەسەر سامان و داهاتی وڵاتدا، ژیانیکی فیرعەونانە دەژین و لەولاشەوە خەڵکی شەرافەتمەند، لە کوڕان و کچانی هەرئەم نەتەوەی کوردە کە ئەوان سوێندی بۆدەخۆن لە بێکاری و نەبونی و گرتنی ڕێگای هەندەران و هەزارویەک دەردەسەریدا ژیان دەکەن. تەنانەت ئەم حزبانە هەر کاتێک بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە، بانگەوازی یەکخستنی ناوماڵی کورد دەکەن، ئەمەشیان بۆ ئەوەیە خەڵکی فریوبدەن و درک بە جیاوازیە چیانیەتیەکانی خۆیان لەگەڵ دەستەی فەرمان ڕەواو دەسەڵات بەدەستدا نەکەن.
کارنامەی ٣٥ ساڵی رابردوو، ئەوە بە ڕۆشنی نیشاندەدا کە هەریەک لە پارتی و یەکێتی چ سیاسەتێکیان گرتۆتەبەر و چۆن خەڵکی کوردستانیان بەچەندین کارەسات و شەڕو ماڵوێرانیدا بردووە، تا ئاستی ئەوەی کە هەریەکەیان دەستیان بۆ “داگیرکەرانی کوردستان” درێژکردوەو سوپا و لەشکری حکومەتانی ناوچەکەیان ڕاکێشاوەتە سەرژیانی خەڵک و هەموشیان هەربەناوی بەرژەوەندیەکانی کوردەوە بووە، لەکاتێکدا لەهەموو ئەو کارەساتانەدا خودی ئەم حزبانەو بنەماڵەو دەست و پێوەندەکانیان سەلامەت دەرچون و مەینەتیەکەش بەسەر خەڵکی هەژارو زەحمەتکێسی کوردستاندا شکاوەتەوە.
کەواتە ئەوەی کە ئەوان بەناوی کوردایەتی باس لەوە دەکەن کە گوایە هەموو کورد و ئەوانەی بەکوردی قسەدەکەن یەک بەرژەوەندیان هەیە، جگە لە درۆیەکی شاخدارو فریودانی خەڵك شتێکی تر نیە، چونکە کوردستان کۆمەڵگایەکی چینایەتیە و قسەکردن بەکوردی و بەکوردی زانینی کۆمەڵگا هەرگیز ئەم بەرژەوەندیە چینایەتیانە و ئەم جیاوازیە چینایەتیە ناسڕێتەوە.
سەبارەت بە دەستەواژەی “یەکخستنی ناوماڵی کورد”یش، دیسانەوە مەبەست لێی پەرەدەپۆشکردنی جیاوازیە چیانیەتیەکان و بەرژەوەندیەکانیان، بۆئەوەیە کە بەخەڵک بڵێن کە “هەمومان کوردین و دەبێ تەحەمولی سەختی و هەڵەکانی دەسەڵاتداران بکەین” دەبێ مامۆستا داوای موچە نەکات، لاوان داوای کارو ئازادی نەکەن، کرێکاران رازیبن بەوەی کە کارێکیان دەستدەکەوێ و ژیانێ کولەمەرگی پێ بەڕێدەکەنە، هەروەها لە دەرەوەی وڵات ناڕەزایەتی بەڕووی سەرانی حزبەکانی دەسەڵاتدا نەکەن… چونکە هەموو ئەمانە ڕوخاساری کوردو دەسەڵاتەکەی ناشیرین دەکات، ئەمە کورد لەبەرامبەر “دوژمنەکانماندا لاواز دەکات”.. لەکاتێکدا ئەوە هەر حزبەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردن کە دەستیان خستۆتە ناودەستی ئینسانکوژەکانی وەک ترەمپ، ئۆردوگان و پیاوانی کۆماری ئیسلامیەوە، ئەوە هەر ئەوانن کە “برا کوردەکانیان” لەسلێمانی و هەڵەبجەو هەولێر بێکار کردوەو ڕێگە لەئازادی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان دەگرن و ڕۆژنامەنوسان تیرۆر دەکەن و سزایان بەسەردادەن کەچی لەولاشەوە دەستەوتاقمی شیعەو سونە و قەومیەکان بەدۆستی کورد بەخەڵک دەناسێنن!؟
لە کۆتاییدا، پرسیارێکی گرنگ دەمێنێتەوە: لە هەموو ئەو ململانێ و ڕێککەوتنانەدا، جێگای بەرژەوەندی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان لە کوێدایە؟ ئایا باسێک لە گوزەران، کار، موچە، خزمەتگوزارییەکان و ئایندەی باشتر بۆ خەڵک دەکرێت؟ یان هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵیاندا هەیە، بێگومان نەخێر. ئەی ئایا حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنە ئیسلامی و قەومیەکان و رۆشنبیرانی ناسیونالیزمی کورد وەک زووڕناژەنی یەکخستنی ناوماڵی کورد چ جێگایەک لە هاوکێشەی سیاسەتی یەکێتی و پارتی و کارنامەی ٣٥ ساڵی رابردوویاندا وەک دوو حزبی ناسیونالیستی کورد دەگرن!؟، کە جیا لەشەریک بوون لەگەڵیان شتێکی تر نیە.
هەموو ئەمانە دەردەخەری ئەو راستیەیە کە ناسیۆنالیزمی کورد هەموو ئەوانە وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ فریودانی خەڵک. بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان خۆیان لەو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیانە جیا بکەنەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ ریزی ملیۆنی خۆیان رێکخراو بکەن بۆ ئەوەی بتوان بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان بکەن و دەستیان بە ماف و ئازادیەکانیان بگات و لەژیانێکی یەکسانی و شکۆمەند بەهرەمەند بن.

نوری بەشیر




ئێزدییەکان و چاوگی یەکتاپەرستی.. ستار ئەحمەد

کاتێک باس لە ئێزدیاتی دەکەین، لە ڕاستیدا باس لە مێژوویەکی دێرین دەکەین کە لەگەڵ یەکەمین چرکەساتەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەم ناوچەیەدا دەستی پێکردووە. ئەم ئایینە نەک تەنیا کۆمەڵێک ڕێوڕەسمی ئایینی، بەڵکو فەلسەفەیەکی قووڵ و گشتگیرە کە لەسەر بنەمای تاقانەیی خودا و پیرۆزیی گەردوون دامەزراوە. بۆ تێگەیشتن لە چاوگی یەکتاپەرستی لای ئێزدییەکان، دەبێت سەرەتا لە ناوی “ئێزدی” خۆی ورد ببینەوە، کە زۆربەی لێکۆڵەرانی مێژوو و زمانەوانی کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم ناوە لە وشەی “ئێزد” یان “یەزدان”ەوە هاتووە کە بە واتای خودا دێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەم پێکهاتەیە لە بنەڕەتەوە خۆیان بە “بەندەی خودا” ناساندووە و ژیانیان لە دەوری تیشکی یەزدانی دەسوڕێتەوە. لای ئێزدییەکان، خودا دروستکەرێکی بێ هاوتا و میهرەبانە، ئەو سەرچاوەی هەموو چاکە و ڕووناکییەکە، و بەهۆی ئەوەی خودا لای ئەوان هێزێکی ڕەهایە، چەمکی “شەیتان” وەک هێزێکی دژبەر یان ڕکابەر بۆ خودا لە فەلسەفەی ئەواندا جێگەی نابێتەوە. ئەوان بڕوایان وایە خودا گەورەترە لەوەی دروستکراوێکی هەبێت کە بتوانێت دژایەتی بکات یان کارەکانی تێک بدات، ئەمەش یەکێکە لە پاکترین و قووڵترین شێوەکانی یەکتاپەرستی کە تێیدا مرۆڤ تەنیا و تەنیا ڕوو لە یەک هێز دەکات.
لە ناوەندی ئەم فەلسەفەیەدا، “تاوسی مەلەک” وەکوو سەرۆکی فریشتەکان دەردەکەوێت، کە لای ئێزدییەکان سیمبولی دڵسۆزیی ڕەهایە بۆ تاقانەیی خودا. بەپێی دەقە پیرۆزەکانی ئەوان، کاتێک خودا فەرمانی بە فریشتەکان کرد کڕنۆش بۆ مرۆڤ ببەن، تاوسی مەلەک تەنیا فریشتە بوو کە ڕەتی کردەوە کڕنۆش بۆ هیچ بوونەوەرێک ببات جگە لە خودا، ئەمەش لای ئێزدییەکان وەک بەرزترین ئاستی یەکتاپەرستی و وەفاداری بۆ پیرۆزیی یەزدان لێک دەدرێتەوە. بەڵام بەداخەوە، ئەم تێگەیشتنە قووڵە لەلایەن ئەوانەی لە دەرەوەی ئەم ئایینە بوون، بە هەڵە یان بە مەبەست شێوێنراوە و تۆمەتی بێ بنەمایان بۆ دروست کراوە. ئێزدییەکان لە ڕاستیدا تیشکی خۆر بە پیرۆزو ڕووگەی خۆیان دەزانن و ڕووی تێ دەکەن، چونکە خۆر لای ئەوان گەورەترین و گەشاوەترین نیشانەی میهرەبانی و دەسەڵاتی خودایە کە بەبێ جیاوازی تیشک و ژیان بە هەموو جیهان دەبەخشێت. ئەم ڕێزگرتنە لە سروشت، لە ئاو، لە خاک و لە هەوا، بەشێکی دانەبڕاوە لە باوەڕی ئەوان، چونکە بڕوایان وایە هەر شتێک لە گەردووندا هەبێت، تیشکێکی خودای تێدایە و پاراستنی ژینگە، پاراستنی پیرۆزییەکانی خودایە.
ئەم پێکهاتەیە بە درێژایی مێژوو، باجێکی قورسیان لەپێناو پاراستنی ئەم یەکتاپەرستییە و ناسنامە ڕەسەنەکەیاندا داوە، کە مێژوو بە “فەرمان” ناوی بردوون. هەر فەرمانێک کە بەسەر ئەم گەلەدا هاتووە، هەوڵێک بووە بۆ سڕینەوەی ئەو ڕەسەنایەتییە، بەڵام ئێزدییەکان وەک داربەڕووەکانی چیاکانی کوردستان، هەرچەندە لقیان بڕدراوەتەوە، ڕەگەکانیان لە ناخی خاکدا قووڵتر بووەتەوە. کۆمەڵگەی ئێزدی کۆمەڵگەیەکە لەسەر بنەمای ئاشتی و پێکەوەژیان دامەزراوە، ئەوان لە نزاکانیاندا هەمیشە داوای خێر و خۆشی بۆ هەموو “ئەو حەفتا و دوو میللەتە” دەکەن و پاشان بۆ خۆیان، ئەمەش نیشانەیەکە لەو پەڕی مرۆڤدۆستی و فراوانیی دڵیان کە هیچ کینە و لکەیەکی تێدا نییە بەرامبەر بەوانەی کە لەوان ناچن. لالش، وەک مەڵبەندی ڕۆحی و دڵی لێدەری ئەم ئایینە، تەنیا شوێنێکی پەرستن نییە، بەڵکو پەناگەیەکە کە تێیدا مرۆڤ و سروشت و مێژوو دەبنە یەک و دەنگی قەول و بەیتەکان چیرۆکی هەزاران ساڵ خۆڕاگری و یەکتاپەرستی دەگێڕنەوە.
ئەمڕۆ، پێویستە جیهان بە چاوێکی تر سەیری ئەم پێکهاتەیە بکات، نەک وەک کەمایەتییەک، بەڵکو وەک سامانێکی گەورەی زانستی و فەلسەفی کە توانیویەتی لە ناو جەرگەی کارەساتەکاندا، جوانی و مرۆڤایەتی و بڕوا بە خودا بپارێزێت. ئێزدییەکان بە کردار سەلماندیان کە یەکتاپەرستی تەنیا بە گوتار نییە، بەڵکو بە کردەوە و بە پاک ڕاگرتنی دەروون و زمان و دەستە. ئەوان پارێزەری زمانێکی ڕەسەن و کەلەپوورێکی دەوڵەمەندن کە بەشێکی سەرەکییە لە ناسنامەی ئەم ناوچەیە. ناسینی ئێزدیاتی، گەڕانەوەیە بۆ چاوگەکانی ڕەسەنایەتی و تێگەیشتن لەوەی کە چۆن مرۆڤ دەتوانێت لە ناو هەموو تاریکییەکدا، هەر ڕووی لە تیشکی خۆر و ڕووناکیی خودا بێت. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ ناساندنی ئەو تیشکە شاراوەیەی کە هەزاران ساڵە لە ناو دڵی ئێزدییەکاندا دەدرەوشێتەوە و هیچ زریانێک نەیتوانیوە خامۆشی بکاتەوە.

ستار ئەحمەد




بەبۆنەی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی.. فەرەیدوون سامان*

ڕۆڵی سۆشیالمیدیا لە گەشەپێدانی زمانی کوردیدا

یەکێک لە کۆڵەگە گرنگ و بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی زمانی کوردی بووە، چونکە هەر لە ڕێگەی ئەو زمان شیرینەوە نەتەوەی کورد پەیامی دۆزە ڕەواکەی بە دنیا گەیاند، هەر لەو ڕێبازە پیرۆزەشدا بە سەدان قور بانی بەخشی، تا دەگات بەوەی لە دەستووری عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٦ وەک هاوتای زمانی عەرەبی ددانی پێدانرا، لە پەرلەمانی کوردستاندا لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ زمانی کوردی بە زمانی فەرمی لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەردرا، هاوکات لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیشدا لە شوباتی ٢٠١٤ لە پاڵ زمانی عەرەبی لەسەر ئاستی عیراقدا زمانی کوردی بە فەرمی ناسێنرا، زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دوای زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی پلەی زمانی چوارەمینی وەرگرتووە.
ئەو قۆناغە سیاسییەی كە لە باشووری كوردستاندا هەیە، بێگومان ڕۆڵی یەكجار زۆری لە پەرەپێدانی فەرهەنگ و كەلتووری كوردی و بەتایبەت لە بواری ڕاگەیاندن و سۆشیالمیادا هەیە، وێڕای كۆمەڵێك ناوەندی حكومەتی، كەسایەتی کەلتووری، ڕۆژنامەوانی‌ و ڕاگەیاندن بەردەوام ڕۆژانە لەگەڵ پرسی زمانی کوردیدا دان، لەو کایە جیاوازانەدا كار بە زمانی کوردی دەكەن، بۆ نموونە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەتوانن ‌چ ڕۆڵێك بگێڕن‌ لە دروستبوونی ئەو پرۆسە زمانە نەتەوەیی‌ و زمانە یەكگرتووەدا.
زمانی كوردی تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە زمانی نەتەوەکانی دیکە ناچێت و سەربەخۆیی خۆی هەیە، بەڵام لەهەر بەشێکی کوردستاندا کەم تا زۆر هەژموونی زمانی فەرمی دەوڵەت کاریگەری بەسەر زمانی کوردیدا هەیە، تەنانەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی قافقاسدا تا ڕادەیەکی باش ئاسمیلە کراوە، سەرباری ئەو هەموو جینۆسایدی کەلتووری و دژایەتی کردنەش، بەڵام زمانی کوردی هێشتا بە زمانێکی زیندوو و سەربەخۆ ماوەتەوە، بە پێچەوانەی ڕای هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناس و ئێرانناس و بیانییەکان کە وای بۆ دەچن کە زمانی کوردی زمانێكە کەڤناری و دیرۆکییە، خەڵكی بیانی بە ئاسانی دەتوانن فێری ببن، لە هەمانكاتدا زمانێكە دینامیكیەتێكی بەهێزی پێشكەوتن ‌و گەشەكردنی تێدایە.
سەرباری ئەوەی کە سۆشیالمیدا دەسکەوتێکی مەزنی زانستی و تەکنەلۆژییە بۆ مرۆڤایەتی بەتایبەتیش بۆ گەلانی بێ دەوڵەت لەوانەش کورد، کەچی ئەمڕۆ دەبینین زمانی کوردی ڕووبەڕووی دوو هێرشی دەرەکی و ناوەوە بۆتەوە، بە پلەی یەکەمیش دەسەڵاتی کوردی لێی بەرپرسە لە دۆزینەوە رێگاچارەی گونجاو لەو کایە گرنگەدا بۆ ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە هاتوونەتەتە بەردەم نەبوونی زمانی ستانداردی کوردی. بە نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە و گونجاو بۆ خزمەتکردنی زمانەکەمان، دەبینین هێشتا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زمانی کوردی لە ڕەوشێکی ئاڵۆز و لە پاشەکشەدایە، کە دواتر ئاماژە بەو هۆکارانە دەکەین کە بوونەتە هۆی ئاڵۆزی و پشێوی لە بەردەم گەشەکردنی زمانی کوردیدا.
بە دڵنیایی هەر نەتەوەیەك زمانەكەی لە زمانی ئاخافتنەوە گۆڕابێت‌ بە زمانی نووسین، ئەلفابیتای تایبەت بەخۆی هەڵبژاردووە، لەگەڵ سیستمی دەنگی ‌و تایبەتمەندیی زمانی خۆیان گونجاندوویانە، لەو رۆژەوە كە كورد زمانەكەی بۆتە زمانی نووسین، هەر لە سەردەمی باباتاهیری عوریانەوە، نزیكەی دە سەدەیەك پێش ئێستا ئەو ئەلفابیتایەی هەڵبژاردووە، لەبەرئەوەی ئەو كاتە كەلتووری زمانەکانی عەرەبی‌ و فارسی لە كوردستاندا زاڵ بووە، خوێندن‌و خوێندەواری، زانست بەو دوو زمانە بوو، ئەدەبییات بەو دوو زمانە بووە، كەواتە ئەم ئەلفابیتایە لە پرۆسێسی دروستبوونی زمانی ئەدەبییدا دەركەوتووە ‌و سەرجەم هزر ‌و بیركردنەوە ‌و تێڕوانین ‌و سیستمی بیركردنەوەی كوردی لە ماوەی ئەو دە سەدەیەدان، ئەم ئەلفابیتایە نووسراوە، ئەلفابیتای كوردی بە جۆرێكی جوان ‌و سەرنجڕاكێش، كە دینامیكیی زمانی كوردی دەردەخات، هەمواركراوە و گەشەی پێدراوە.
ئێستا لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن، لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان چەندان ئەلفابیتای کوردی بەرچاو دەکەون، ئیتر هەوڵدان بۆ کارکردن لەسەر ئەلفابێتایەکی تر، جگە لە زیان گەیاندن بە زمانی کوردی شتێکی تر ناگەیەنێت، بۆیە گەرەکە کەناڵە میدیاییەکانی کوردستان ڕێگاچارەیەکی گونجاو بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە کە لە هەنگاوی بەراییدا بۆ داهاتوو هەوڵێکە بۆ زمانی ستانداردی کوردی .
ئاشکرایە پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان گەشەکردنی زمان و کایەکانی سۆشیالمیدیا هەیە، چونکی ڕەوشی زمان پەیوەستە بە ئاساییشی نەتەوەیی هەر گەلێک، هەروەها ئەو گۆڕانکارییانەی لە دیموگرافیای ئەو ناوچانە ڕوودەدەن، کە دەکەونە بەر هێژموونی سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و ئاسمیلاسیۆنی زمان. هەر بۆیەش کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا لەو پرسەدا دەتوانن ڕۆڵێکی کارا و ستراتیژیانە بگێڕن لە ناساندنی دۆزی نەتەوەکەمان، بەتایبەتیش لە ڕێگەی زمانێکی ستانداردا و گەیاندنی ئەو پەیامە بە هەموو تاکێکی هاووڵاتیانی کوردستان لە هەر کوێیەکی ئەو سەر زەمینەدا.
سۆشیالمیدیا دوو ڕووی هەیە، یەکیان بەڕاستی دەتوانێت لە خزمەت زمانی یەکگرتووی کوردیدا بێت، ئەویش لە ڕێگای گەیاندنی پەیامی ئەو کەناڵانە بە ئامانجی لە یەکتر نزیککردنەوەی زار و بنزارە کوردییەکان و ئەو بەرنامە پەروەردەیی و هونەری و وێژەییانەی کە بە سانایی دەگەنە ناو هەموو ماڵێک، ئەویش بە ئاشناکردنی کولتووری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، ئەمەشیان تا ڕادەیەک لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێ کە هاووڵاتییەکی دەڤەری ئیلام یان شارەزوور بە سانایی لە زۆر وشە و زاراوەی کوردی باکوور یان ڕۆژاوای کوردستان دەگات و تا ڕادەیەکی زۆریش زانیاری گشتی لە سەر دابونەریت و کەلەپووری بەشەکانی تری کوردستان پەیدا کردووە.
بەڵام ئەمڕۆ لەسۆشیالمیدیادا کێشەیەک لەبەردەم زمانی کوردیدا هەیە، ئەویش نەبوونی زمانێکی ستانداردە بۆ سەرجەم زار و بنزاری ئیتنیکە کوردییەکان کە جوگرافیایەکی بەرفراوانی زمانی کوردییان داگیرکردووە، وێڕ أی ئەوەی کە زۆرلە نووسەران و ڕۆشنبیرانی پێکهالتەکان بە زمانە بیانییەکانی وەک عەرەبی و فارسی و تورکی دەنووسن، هێشتاش زمانێکی یەکگرتووی کوردی نەبۆتە پێوەر و هۆکاری بەیەکگرێدانی هزرو ئاوەز و یەکێتی نەتەوەییمان. چونکە سۆشیالمیدیا دەبانێکی دوو تیغەیە، لەکاتێکدا هۆکارێکیشە بۆ درووستکردنی زمانی پێوەری هەر نەتەوەیەک، بە دیوەکەی تریشدا هۆکارێکە بۆ لێکترازانی زمانەکە بۆ چەند زارو بنزار و دەڤۆکی جیاواز، لێرەدا نامەوێ باسی هۆکارە مێژوویی و سیاسییەکانی ئەو لێکترازانەی زار و بنزارە کوردییەکان بکەم، چونکە پێشتر قسەم لەسەر کردووە، بەڵام بۆچی دوای ٣٥ ساڵ لە دامەزراندنی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ناساندنی ئەو زمانە لە دەستووری عیراقدا، هێشتا میدیای حکوومی و ئەهلییەکان خاوەنی زمانێکی ستاندارد نین، هەر کەناڵە بە زارە لۆکاڵییەکەی خۆی دەدوێت و دەنووسێت و لۆکاڵیانە هزر و ئاوەزی دەخاتە بەرچاوی بینەران و بیسەران، کە ئەمجۆرە هزرینەش لە جوغز و چوارچێوەی ناوچەگەڕێتی تێناپەڕێت، لەکاتێکدا زمانی کوردی ڕەوتی سروشتیی گەشەسەندنی مێژوویی خۆی بڕیوە.
هەبوونی دوو ستاندارد لە میدیای کوردیدا بەکار دەهێنرێن، هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. ئەوانەی بە کوردی باکوور(کرمانجی ژووروو) دەدوێن ئەو ستانداردە بەکار دەهێنن. ئەوانەشی بە کوردیی ناوەند(کرمانجی ژێری)دەدوێن ستانداردی کوردیی ناوەند(سۆرانی)بەکار دەهێنن، تا ئێستاش هەوڵێکی جیددی نەدراوە ئەو دوو زارە هەر نەبێت لە ڕووی ڕێنووسەوە، هەمیش لە ڕووی گراماتیکەوە، ئاوێتە بە یەکتر بکرێن، یان بەلای کەم لەیەکتر نزیک بکرێنەوە.
زمانی کوردی بە بەراورد لەگەڵ ڕەوتی مێژووییدا کە بەردەوام بەربەستی خراوەتە پێشی، ماوەی سەدەیەک پترە بە زۆر شێوازی ڕەگەزپەرستانە دژایەتی دەکرێت و سیستەماتیکانە هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، بەشێک لەو هەوڵانەش لای خودی هەندێ بەناو زمانناس و نووسەرانی ئەو ئاخێوەرانەیە، بەتایبەت لە هەندەران ئەگەر سەیری وێبسایتەکان کوردییەکان بکەین دەبینین، زمانی کوردی بۆ چەند زارێک دابەش بووە وەک (کورمانجی، سۆرانی، هەورامی، لەکی..)، کە بەداخەوە ڕێنووسەکانیش لە یەکتر جیاوازن، ئەم دیاردەیە لەنێو هیچ گەلێکی سەر ڕووی زەویندا بەدی ناکرێت، خزمەتێکی بێ بەرامبەریشە بە ئەجیندانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان.
لەگەڵ ئەوەشدا زمانەکەمان بە هەوڵی بێوچانی دڵسۆزانی نەتەوە باش چۆتە پێشەوە، لە باشووری کوردستاندا خاوەنی ئارشیفێکی گەورەی زمانەوانین، خاوەنی ڕێنووسێکی پێشکەوتووین، ئەگەر هەمووان ئەو ڕێنووسە بەکار بهێنن، زمانەکەمان زووتر دەبێتە خاوەنی ڕێنووسێکی یەکگرتوو.
بەگشتی کەناڵە میدیاییەکاندا بەتایبەتیش لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا زمانێکی نووسین بەکاردەهێنرێت. ئەگەر چارەسەرێکی گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە لە داهاتوودا بە تێپەڕینی کات دەبێتە دوو زمان، کەوابێت لە جیهانی میدیای کوردیدا ڕەنگە تاکەکەس لەو دەزگایانەدا بە حوکمی نەشارەزاییان و نەبوونی فلتەرێکی زمانەوانی لێرە و لەوێ هەڵەی زمانی میدیایی بکەن، ئەوەش ڕاستەوخۆ باندۆری بەسەر شێواندن و لێکترازانی زمانی کوردییەوە هەیە، ئەو کەسانە بۆ خۆیان زمان نەزانن و لە ژێر هەژموونی زارە لۆکاڵییەکەی خۆیان یان زمانی نەتەوەی سەردەستی دەوڵەتەکەی خۆیانن.
ئەمڕۆ ئەو زمانە باوەی کە لە جیهانی سۆشیالمیدیادا بەکار دەهێنرێت ڕەنگدانەوەی هزری کوردە لە دەرەوەی دنیای دیجیتاڵیدا، دنیای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو لک و پۆپەکانی، دنیایەکی ئازادە کە کەس ناتوانێت ڕێ لە کەس بگرێت و شتی خۆی بەسەر کەسی تردا بسەپێنێت، ئەوەی لەوێ دەبینرێت ئەوەیە کە زمانێکی تاکستاندارد بەکار ناهێنرێت، بەڵکوو جووتستاندارد گەشە دەستێنێت. نابێت ئەوەشمان لەبیرمان بچێت کە زارەکانی تریش لەوێ باشتر دەستیان کراوەیە بۆ گەشەسەندن، واتە خەڵک لایەنگری ئەوە نین کە تاکستانداردێک هەبێت و ئەوانی تر پەراوێز بخرێن. بۆیە باشترە ڕێز لە خواستی یەکتر بگرین و بەو ڕێزلێنانە زیاتر لە دەوری یەکتر کۆبینەوە.
نەبوونی سایتێکی تایبەت بۆ پرسەکانی زمان لەو دەزگا کولتوورییە فەرمییانەی سەر بە حکومەتن، کە بەرهەمی هزری دەبێت بە شێوەی نووسین و دەقی ئاسایی لەو سایتە دابنرێت تا مرۆڤ بتوانێت لە وێبگەڕەکاندا پشکنیان بۆ بکات، نەک بە شێوەی پیدیئێف. بە هەمان شێوە پێویستە ڕێزمانێکی بەپێز و دەوڵەمەند، دیسانەوە بە شێوەی تێکست لەسەر ئینتەرنێت دانابێت، کە جێی متمانەی هەمووان بێت و هەر کاتێکیش بیانەوێت دەستکاریی بکەن و نووژەنی بکەنەوە، هەروەها دەبوا تا ئێستا وشەنامەیەکی دەوڵەمەندی دیجیتالییان لەسەر ئینتەرنێت هەبوایە.
بۆ چوونە نێو قووڵایی ئەو هەل‌ومەرجەی ئەمڕۆ بە سەر زمانی کوردیدا زاڵە، وا باشە ڕوانینێکی تایبەتمان بەسەر نووسەرانی کوردەوە هەبێت. ئەو چاوەڕوانییەی کۆمەڵگە لە نووسەرانی خۆی هەیەتی، لە هەل‌ومەرجی ئاوادا زۆر لە قەبارەیان زیاترە. نووسەری کورد لە دەرەوەی جیهانی سۆشیالمیدیا‌دا چی بۆ کراوە، هەتا بەشێک لە توانایەکانی لە نێو جیهانی سایبەریدا تەرخانی خزمەت بە زمانی ستاندارد بکات!؟ وا باشە چاوەڕوانی مۆجیزەیەیەک نەبین لەم توێژەدا، بەتایبەت کە بەشێکیان “قسەکەری بێکردەوەن”.چونکە لە غیابی ڕۆڵی دەزگا کولتوورییەکانی حکومەتدا و هەروەها هەبوونی بەشەکانی ڕاگەیاندن لە پەیمانگە و کۆلیژەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، کە خاوەنی هەڵگری چەندان بڕوانامەی باڵای ئەکادیمین، بەڵام زۆرینەیان(ناڵێم هەموویان)ئەو مامۆستایانە لە ڕووی زمانەوە کۆڵەوارن، کە دەبوو لەو ماوەیەی ڕابردوودا بۆ چارەسەری پرسی زمان لە کایەکانی ڕاگەیاندندا بەهەماهەنگی لەگەڵ بەشە کوردییەکان پرۆژەی مەزنییان لەسەر ئاستی کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بەرهەم هێنابووا. هەڵبەت بێ هەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ ئەم ئامانجە هەرچی دەکرێت مخابن بە فیرۆدانی پارەیەکی زۆر و بێنرخ کردنی کات بووە، ئەزموونی گەلان پێمان دەڵێن زمانێکی ستاندارد بۆ گەلانی بێ قەوارەی سیاسی لە جیهانی سۆسیالمیدیادا مەحاڵ نییە.
دیاردەی نووسین بە شێوەزار و دەڤۆک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن

زارە کوردییەکان – کە لکەکانی زمانی کوردین، پەنابردنە بەر ئەو شیوەزارە نووسینە، ئەو دەربڕینەیە کە خەڵکی گشتی (ڕەشۆک) لە بازاڕدا، لە جۆرەکانی تری پەیوەندی زارەکیدا پەیوەندی و گفتوگۆی پێدەکەن، لە کاتێکدا زمانی پێوەر، زمانی زانست و خوێندن و نامەنووسی فەرمییە، زمانی ئەفراندنی دەقێکی ئەدەبی یان هزری و فەلسەفییە، مخابن هەندێ نووسەر تێینەگەیشتوون و دژ بە زمانی پێوەری کوردی بانگەشە بۆ شێوەزارە لۆکاڵییەکەی خۆیانی بۆ دەکەن.
ڕەنگە ئەم دیارەیە بۆ ڕۆژنامەنووسێک یان میدیکارێک تا ڕادەیەک ئاسایی بێت، بەڵام ئەو دیاردە نامۆیەی کە لەدەزگەکانی ڕاگەیاندن لە هەوڵی ئەوەدان بە شێوەزار، بنزار یان دەڤۆکی گوندەکەی خۆیان بئاخڤن و بنووسن، نیشانەی پرسیارە، داخۆ ئەو دەزگە میدیاییە تا چەند لە ڕێگای بەرنامەکانیان خزمەت بە زمانی پێوەر-ستاندارد دەکەن، هەڵبژاردنی ئەم ڕێبازی کارکردنە هەر چەند دەوڵەمەند بێت بە فەرهەنگێکی وشە و زاراوەی ناوچەیی و خۆماڵی، بەڵام دواجار هۆکارێکە بۆ لێکترازان و دوورخستنەوەی زار و بنزارەکان لە زمانی پێوەر و ستانداردی کوردی، چونکە شێوەزاری لۆکاڵی فۆرمێکی زمانەوانییە و تایبەتە بە ناوچەیەکی جوگرافیای دیارکراو، کە دانیشتوانەکەی میراتێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی هاوبەشیان هەیە، ئەمەش وا دەکات پەرەسەندنی زمانی دایک لە بەکارهێنانی ناوخۆییدا لە نێو ئەندامانی ئەم گرووپەدا بەرتەنگ و تا ڕادەیەک جیاواز بێت.

*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی (زمان و زار)




مانا (وەک تەماشاکردن لە گەڕان)دا.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی تێگەیشتنی مانا (وەک ڕێگا لەبەردەم ڕۆیشتن)دا بکەمەوە، بۆ ئەوەی لە سەردەمی (ڤیرچواڵ- Virtual)دا چەمكی (لەڕێگا- دروستبوون، نەك لە ئەنجام)دا وەك ڕاستی بدوێ و تێگەیشتنی مانا (وەک تەماشاکردن لە گەڕان)دا هێزی بوونی هەبێت… شاڕستەی (ئێمە تەنها جیهانی دیجیتاڵی بەكارناهێنین، بەڵكە ئەو جیهانە شێوەی بیركردنەوە و بوونمان دروست دەكاتەوە.) تەتەڵە دەكەم؛ بەو مانایەش چێژی (تەماشا-كردن) لە ژینگەی ڤیرچواڵدا تەنیا ساتێكی خۆش نییە، بەڵكە وەك (گەڕان-Search) بنەمای هەستەکان و تێگەیشتنی بوونی مرۆڤ دروست دەکاتەوە.
كەواتە (مانا- وەک تەماشاکردن لە گەڕان)دا زانیاری و ڕاستی، دەسەڵات و كۆنترۆڵ، ناسنامەی گۆڕاوی مرۆڤ (تۆ-ی ئۆنلاین) لەخۆ دەگرێت، بەڵام تەنها سەرنج بێتە سەر چەسپاندنی (خود)ی ڕێگا، دەشێوێت؛ چونكە ڤیرچواڵ توانایە، خود نییە؛ واتە لەنێوان تەماشا و مانادا ئاستێکی نەبینراو، هەڵبژاردنەكانمان دیاری دەكەن و ئارەزووەكانمان ئاراستە دەكەن؛ بەڵام لەنێوان تەماشاكردن و مانادا خود ئامادەیە… لێرەدا مرۆڤ (وەك ماددەی خاو) لەڕێگای گەڕاندا دەبێتە (وێنە، نیشانە، لۆگۆ- داتا)، بەڵام مرۆڤ وەك هەست و خود لەڕێگای تەماشا-كردندا دەبێتە مانا!.
لە ژینگەی ڤیرچواڵدا بیرۆكەی مرۆڤ وەك داتا، هیچ ناوەندێكی سەرەكی نییە، لەگەڵ هەمووشیان لە پەیوەندیدایە، چونكە دەگەڕێ ناتوانێ بوەستێ؛ بەڵام مرۆڤ وەك مانا، ناوەندێكی یەکگرتوو و ڕوونی هەیە، لە تەماشاكردندا دەوەستێ… لە پرۆسەی گەڕاندا سنووری نێوان ڕاست و ناڕاست تێك دەچێت و ڤیرچواڵ دەبێتە بەشێك لە ڕاستی، دەبێتە (وێنەیەكی ڕاستتر لە ڕاستی)، ئەوە ناسنامەی گۆڕاوی تێكەڵبوونی مرۆڤ و تەكنەلۆژیایە: (سایبۆرگ)ە؛ بەڵام هەست و خود، ناسنامەی مانایەكی یەکگرتوو و ڕوون و سەقامگیرە.
ئێمە لە جیهانی دیجیتاڵییدا تەماشای خێرایی زانیارییەکان دەکەین، كە هەموو شتێ دەبێتە: فەوڕی؛ كات كورت دەبێتەوە و دەبێتە: كاتی هەنووكە؛ ناتوانین لە زێدەگەڕاندا بوەستین و کارێکی دیکە بکەین چونكە بە پرۆسەی گەڕان مەست دەبین، لە زانستی خێراییدا مەست دەبین، هەمیشە چێژ لە گەڕانی زێتر وەردەگرین.
لە ئامرازە دیجیتاڵییەکان (مۆبایل و تەلەفۆنە زیرەکەکان، ئۆتۆمبێل، کامێرای چاودێری، ئامێرە زیرەکەکانی ماڵ و ئینتەرنێت)ەوە زانیارییەكان لە دەوروبەر وەردەگرن و وەك داتا بە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی دەبەخشن و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا ئەلگۆریتمەكان وەك هێزێکی شاراوە هەنگاو بۆ شیکردنەوەی زانیارییەكان و جێبەجێكردنیان دەنێن؛ بەو مانایە سێنسەری ئامرازە دیجیتاڵییەکان (سێنسەر-Sensor: داتاكان بۆ سیگناڵێکی ئەلیکترۆنی دەگۆڕن) کاریگەری لەسەر ڕەفتار و ئارەزووەكانمان دادەنێن و لەڕێگای چێژبەخشینەوە مافی ئەوە بەخۆیان ڕەوا دەبینن حەزەكانمان تەتەڵە بکەن و گۆڕان لە بیركردنەوەماندا بكەن!
بۆچی لەوە ناپرسی زۆرێک لە پلاتفۆرمەکان و کۆمپانیاکانی وەک: گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن، داتای بەکارهێنەران (وەک گەڕان، کلیک، شوێن، کڕین، لایكـ)ەكانمان کۆدەکەنەوە و بەهۆی ئەلگۆریتمەكانەوە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكەن و لەوێوە پێشبینی هەڵسوکەوتی داهاتوومان دەكەن… لەوە ناپرسی كاتێك (تەماشا) لەسەر شتێ ڕادەگری، بۆچی هەمیشە ئەو شتە دروست دەبێتەوە؟!
هەموو ئەوانە، وەك ئەوەیە (مانا) لە شاشەی ئامرازە دیجیتاڵییەكاندا لە دروستبوونەوەدا تەماشای (هەمووان) بکات، تەنها (خود) نەبێت! لێرەدا تێگەیشتن (تەماشاكردن)ە و بە دەستبازی دروستبوونەوەوە مەستە؛ بەڵام ئامرازە دیجیتاڵییەكان (تەماشا)ی ئەوی دیکە دەکات، كە من نیم! من پێویستە تەماشای- بکات، بۆ ئەوەی مۆڵەق بێ و ئەوی دیكە نەبینێ؛ كەواتە ئامرازە دیجیتاڵییەكان تەماشا-ی هەموو شتێک دەکات تەنها منی مۆڵەق نەبێت؛ بەدیوەكەی دیكە شاشە لە ئاستێکی نەبینراودا لە (تەماشا-کردن)م ناکەوێت.
بەمجۆرە ژینگەی ڤیرچواڵی هاوشێوەی بەربوونەوەی تێگەیشتن بەشدارییەک لە هەستە مرۆییەکاندا دەوروژێنێت: تەماشا لە گەڕاندا تێگەیشتن فریوو دەدا و چێژێكـ دەبینێ کە لە گەڕانی مانادا نییە، بەڵكە لە جوولەی شاشەدایە؛ كەواتە مرۆڤ لە زانیارییە دیجیتاڵییەکاندا تێگەیشتن بەدەست ناهێنێ، بەڵکە تەماشای شاشەیەک دەکات یان چێژێ دەیبات کە بەخێرایی لە گەڕاندا لێی ڕەتدەبێت.
لێرەوە سێنسەری ئامرازە دیجیتاڵییەکان سەلماندوویانە ئەوە جوولەی زانینە تەماشای مرۆڤ دەکات، نەك تێگەیشتنی چەسپاو؛ مرۆڤ لەو زانیارییە دیجیتاڵییانەدا تێگەیشتن حاسڵ ناکات، بەقەد ئەوەی سێنسەرەکان لە گەڕان بەنێو دەروونی مرۆڤدا حاسڵی دەکەن! سێنسەرەکان لە تەماشای مرۆڤ دۆخێکی سایکۆلۆژی بەرهەم دەهێننەوە.
بۆچی مرۆڤ لە گەڕان بە دوای زانیارییە دیجیتاڵییەکاندا تێگەیشتن (وەك ئەزموون) حاسڵ ناکات؟ چونکە زانیارییەکان تەماشای مرۆڤ ناکەن، تەماشای شاشە (کامیرا) دەکەن! واتە تەماشای جوولەی چاوێکی دیکەی مەتەڵاوی دەکەن، كە كامیرا- شاشەیە، چاوێك كە لە تەماشا ناوەستێ! بەڵام هەست و خود و ئەزموون لە دۆخی وەستاندایە، بۆیە (تەماشا) فریووی دەدات… ئەو شتەی چاومان لەسەریەتی جوولەی (شاشە)یە و لەو بابەتە (گەڕان) ڕاستەقینەتر دیارە کە بەرانبەری وەستاوین، یان لەو داتایەی بەدوایدا دەگەڕێین ڕاستەقینەتر دەردەكەوێت؛ هەڵبەتە لە بابەتی گەڕان و شاشەدا (زڕەوێنە-Simulacra- وێنەیەكی ڕاستتر لە ڕاستی)ی (ژان بۆدریارد) ڕێكارەكانی فریودان ڕوونتر دەركاتەوە.

هونەری گەڕان
لە مانادا (تەماشا-كردن) لەسەر بابەت دەوەستێ، بەڵام ئەو وەستانەی تێگەیشتن، ئەو تایبەتمەندییە نییە کە هونەری گەڕان (هونەری پرسیارکردن)ی پێدەناسرێتەوە، چونكە تێگەیشتنی بابەت دەبێتە ئەزموونێكی خودی، واتە مانا (تەماشا) بۆ ئەوی دیکەی (كردن) دەچەسپێنێ و هیچ کارێکی دیکە ناکات تەنها ئەوە نەبێت كە دەوەستێت؛ چونكە مانا مافی ئەوەی هەیە و پێویستە لەسەری (تەماشا) لە شوێنێ (مۆلەق) بكات؟! بەڵام مەرج نییە گەڕان هەرگیز (تەماشا) بکاتە (كردن)؛ گەڕان وەك ڕێگا لە ڕۆیشتندا (تەماشا)ی هەموو شتێک دەکات تەنها مانای (كردن) نەبێت، تەنها ئەزموونی خود نابینێت، كەواتە (من) وەك (كردن) مانام!
بێگومان زانیارییە دیجیتاڵییەکان بەبێ خواستی خۆیان وێنەیان گیراوە، بۆیە لە مانا و تێگەیشتن تێدەپەڕن و سەیری شاشە- کامیرا دەکەن و لە گەڕاندا مانا دروست دەكەنەوە، ئەزموون دروست ناكەن؛ بەمجۆرە لەنێوان ئامرازی کامیرا و تەماشا هیچ جۆرە تێگەیشتنێ بۆ گەڕان نییە، جگە لە کاردانەوەیەک بە ئاراستەی ئابووری خێرایی گەڕان، بازاڕی خێرایی گەڕان لە کاردانەوەی نەوەستاندا بەردەوام دروست دەبێتەوە، لە كاتێكدا تێگەیشتن، مانا و ئەزموونی خود لە کاردانەوەی بازاڕی-كردن سەوز دەبێت.
من بەدوای ئەو شتەدا دەگەڕێم کە تێیدەگەم، ئەگەرچی لە تەماشادا ئەو شتە نابینمەوە؛ بەڵام لە گەڕانی خۆبەخۆ لە کایەی داخراوی تەماشادا بەردەوام مەستی چێژی لەدایكبوونەوە دەبم! بەمجۆرە گەڕان و (تەماشا)، لە بەدەستهێنانی ئامانجی مانا و تێگەیشتنەوە بۆ چێژ دەگۆڕێت؛ گەڕان و چێژ بە دوای یەکدا لە لەدایكبوونەوەدا یەكتر بەجێدەهێڵن، بەو مانایە هەمیشە گەڕان، مانا بەجێدەهێڵێ، ژینگەی ڤیرچواڵ و زڕەوێنە دەبنە هایپەر-ڕاستی و چێژ؛ بەڵام خود و (تەماشا-كردن)، ئەزموون و هەستەكان هەڵدەوەشێنێتەوە.
لە مەستیدا خود دەرناكەوێت چێژ فەرمانڕەوایە؛ وەك چۆن کتوپڕ تەماشای گەڕان دەگۆڕێت! بەڵام ئایا ئامرازە دیجیتاڵییەكان لەبری خود گرنگی بە چێژ دەدەن، لەبری چێژ گرنگی بە گەڕانی بەردەوام دەدەن، لەبری گەڕانی بەردەوام گرنگی بە فریوودان دەدەن و ناوی دەنێن ژینگەی ڤیرچواڵی كە تێیدا: دەژین، پەیوەندی دەكەین و خۆمان دەگۆڕین؟! هەڵبەتە لە ژینگەی ڤیرچواڵدا سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ كەمتر دەبێتەوە؛ مرۆڤ لە (پێكهێنانی ژینگەی نوێ)ی ڤیرچواڵیدا تەنها نیشتەجێ نییە، بەڵكە دروستكاری جیهانەكەی خۆیەتی؛ (مانا- مرۆڤ) لەبەردەم گەڕاندا بەندە بە پرسی چێژەوە، چێژ لە پێكهێنانی ژینگەی نوێدا بەندە بە پرسی فریووەوە.
كەواتە کارلێکی نێوان مانا و گەڕان، چێژ و فریوو، لە ئاستە جیاوازەكاندا ئەگەری كراوەن: لەنێوان توانای داهێنانەكانی مرۆڤ و جیهانی ڤیرچواڵیدا؛ واتە ئەگەرچی مرۆڤ جیهانی ڤیرچواڵی دروست كردووە، بەڵام ئێستا ئەو جیهانە مرۆڤ دووبارە دروست دەكاتەوە! بەو مانایە جیاوازی لەنێوان دوو شێوازی بووندایە: لەیەكەمیاندا ئەگەر (تەماشا)ش نەبێ، بابەتی (كردن) هەیە؛ لە دووەمیاندا بوونی تەماشا پەیوەستە بە داتا، سیستەم، بەكارھێنەرەوە؛ لە یەكەمیاندا زانیارییەكان بەسەر ئەزموون و هەستەكاندا دێت؛ لە دووەمیاندا زانیارییەكان بە فلتەر و ئەلگۆریتمەكاندا تێدەپەڕن؛ لە یەكەمیاندا ڕاستی پەیوەستە بە جەستە و كۆمەڵگاوە؛ لە دووەمیاندا ئەوەی دەبینیت هەموو ڕاستی نییە (هایپەر-ڕاستی) لە ڕاستی زیاتر كاریگەری دەبێت؛ یەكەمیان جێگیرە و دووەمیان گۆڕاوە، یەكەمیان خودی بەهایە و سەرنج ڕاكێشە، بەو مانایەی كە سەرەتا و دەستپێكە و دەچەسپێ؛ دووەمیان بەهای بازاڕە و حەپەسان دروست دەكات، بەو مانایەی بەشێوەی كاتی بڵاو دەبێتەوە و دەگۆڕێت.

گەڕان وەك ئاماژە
بێگومان ئەگەر گەڕان تەنها پەیوەندیی بە بەهای بازاڕەوە هەبێت، لەو گەڕانەدا هیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە كە تەماشا هەڵقووڵانێکی بێدەنگی وێنە و داتا، ئابجێكت، یا ئاماژە بێت؛ بەڵام ئایا لە فەلسەفەدا گەڕان وەك ڕێنمایی ژیان و باڵابوونی بەهای مرۆڤ و جیهان تەماشا دەكرێت؛ ئایا ژیان و جیهان، ڤیرچواڵ و حەقیقەت، هەموویان لەناو ئەو وێنە و ئاماژەیەی تەماشای بازاڕدا ڕووبەڕووی زانیاری و دەسەڵات دەبنەوە؟ بەكورتی ئایا مرۆڤ لەسەردەمی پۆست هیومانیزمدا تەنیا بوونێکی سرووشتییە، یان (سایبۆرگ)ە، نیمچە- مرۆڤ و نیمچە- تەکنەلۆژیایە؟!
هەڵبەتە پرۆسەی گەڕان تەنها فیزیكی نییە، خودی ژیان گەڕانێكە بۆ مانای هەستەكانی مرۆڤ، هەروەها سێنسەری ئامرازە دیجیتاڵییەكانیش؛ بەمجۆرە مرۆڤ لەنێوان بەهای ڕاستی و ژینگەی ڤیرچواڵیدا ناژێت، بەڵكە لە تێكەڵەی هەردووکیاندا دەژیت، لە تێكەڵەی تەماشا و تەماشاكردندا دەژیت؛ واتە هەم تەماشایە (وێنە، نووسین، لۆگۆ- نیشانەیە کە پات دەبێتەوە) و هەم تەماشاكردنە (مانای هەست و حەقیقەت و خودی ئەزموونە بەرجەستە دەبێت).
نیشانە خۆی واتا نییە، بەڵکە واتا ڕوون دەکاتەوە؛ نیشانە ئەو شتەیە کە پاتە دەبێتەوە یان ئاماژە بۆ شتێکی تر دەكات، نیشانە تەماشایە؛ لە ژینگەی ڤیرچواڵیدا نیشانەکان هەموویان دروستكراون و بۆ پەیوەندیكردن ئامادەن! بەڵام تەماشاكردن بەهای حەقیقەتی مانا بەرجەستە دەكات، ئەو هەستەیە یان ئەو زانیارییەیە کە تێگەیشتنێكی بەرزی ئەزموون دەنرخێنێ و نیشانەكان ڕوون دەكاتەوە! نیشانە دروست دەبێ، بەڵام بێ تەماشاكردن مانای جیاواز نابەخشێت! تەماشاكردن پێویستە بۆ ئەوەی هەست بە نیشانە بكات و بە بەهای مانای بگەیەنێت؛ كەواتە تەماشا- نیشانە: داتا، ئابجێكت، یا کاراكتەرە؛ كەچی خودی مانا- تەماشاكردن: ئەو هەست و ڕوونكردنەوانەیە کە مرۆڤ لەناو جیهانی دیجیتاڵیدا دەیبینێ.
لێرەدا گەڕان خۆی لە ئاستێكی تر دەچێتە سەر، چونكە تەنها تەماشا بۆ دۆزینەوەی نیشانەكان نییە، بەڵكە بۆ ڕوونكردنەوەی پرۆسەی تەماشاكردنە؛ واتە مرۆڤ تەنها لەناو تۆڕێكی نیشانەدا ناگەڕێت، بەڵكە لەناو تۆڕێكی مانا و هەستدا خۆی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە؛ لەم ڕووەوە، گەڕان لەنێوان تەماشا و تەماشاكردندا دەبێتە پڕۆسەیەكی دیالێكتیكی: نیشانەكان مرۆڤ بانگ دەكات، بەڵام تەماشاكردن وەڵامی دەداتەوە و لەو نێوانەدا مرۆڤ لەدایك دەبێتەوە.
لە جیهانی ڤیرچواڵیدا، ئەو دیالێكتیكە تووندتر دەبێت؛ چونكە نیشانەكان بێ ‌وەستان بەرهەم دەهێنرێنەوە و دەگۆڕدرێن، ناسنامەی مرۆڤ بەردەوام دەگۆڕێت؛ بەڵام تەماشاكردن هێشتا پێویستی بە كات و هەستە، پێویستی بە ئەزموونكارییە؛ ئەوە وای لێدەكات بە گومانەوە لەنێوان خێرایی داتا و قووڵیی ئەزمووندا بژی، لەنێوان ئەوەی دەبینرێت و ئەوەی درك دەكرێت.
ئەگەر لە ڕوانگەیەكی قووڵترەوە سەیری كردەی گومان بكەین، ئەوە گەڕان وەك ئاماژە، وەك تەماشا دەبێتە خودی بوونی مرۆڤ: مرۆڤ بوونێكی تەواو نییە، بەڵكو پڕۆسەیەكی بەردەوامی گومان و گەڕانە؛ لەبەر ئەوە، ژیان نە كۆتاییە، نە وەڵامێكی تەواو، بەڵكە پرسیارێكی بەردەوامە كە لەنێوان تەماشا و تەماشاكردندا، لەنێوان گومان و گەڕاندا.
كەواتە لە سەردەمی دیجیتاڵ و پۆست-هیومانیزمدا، گەڕان تەنها كردەوەیەك نییە، گومان تەنها پرسیارێك نییە، بەڵكو شێوەیەكی تەماشای بەردەوامە؛ شێوەیەك كە تێیدا مرۆڤ دەدۆزێتەوە- یان هەرگیز تەواو نادۆزرێتەوە.

هەولێر 27/3/2026




لەناپاڵمەوە بۆ درۆن.. سەلام عومەر

قەڵادزێ بەناپاڵم و كوردستان بەدرۆن شەهید دەكرێن

52 ساڵ پێش ئێستا كەنیو سەدە زیاتر دەكات، بەناپاڵم كە چەكێكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی بوو قەڵادزێ‌ خەڵتانی خوێن كرا و سەدان شەهید و بریندار كەوتنە سەر شەقامەكان، ئێستاش بەدرۆن كوردان دەكەنە نیشانە و شەهیدمان دەكەن و دوای نیو سەدە ئاوڕ لە ئەزموونی رابردوومان نادەینەوە و لەنێو قوڕی ئایدیۆلۆژیادا چەقیوین و پەرلەمانمان پەك خستوە و حكومەتیشمان سڕ كردووە، كەچی نەخۆمان و نە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نقەیان لێوە نایات.
لەنێو جەنگێكی نەخوازراوی ئاسمانیدا ئابوریەكەمان و كەمپ و براكانمان دەكەنە نیشانە و دۆستێك شك نابەین لەسەرمانكاتەوە، خۆشمان هەر خەریكی ئیدانە كردنین و كەچی ناتوانین یان نامانەوێ‌ یەك ریز بین و پلانەكانی نەیاران لەگۆڕ نێین.
شەڕ رادەواستێ‌ و ئاگربەست رادەگەیەنرێ‌ و وڵاتە شەڕنگێزەكان دەچنە سەر یەك مێزی دانووستان، ئامادەی رێكەوتنیشن كەچی لێرە لەم هەرێمە لەتكراوەدا پەرلەمان چەقیوە و حكومەت غەزریوە و پۆستەكان بوونەتە ڤایرۆس و سنگی پارتە زەبەللاحەكانی وێران كردووە.
لەنێو ئەو بارودۆخە نالەبارەدا فێڵ لەیەكتری دەكەین و دەستكەوتەكانمان دەبەخشین و دەستی دوژمن بۆسەر نیشتمانەكەمان درێژتر دەكەین لێرە یەكتریمان قبوڵ نیە و لەولاش ملی یەكتری دەشكێنین .
رێك لەو كاتە دژوارەدا كە هێشتا دەنگی ناپاڵم لە گوێماندا دەزرنگێتەوە، لە ئاسمان وڕە وڕی درۆنەكان كاسی كردووین، هەر رێك لەم سەردەمەدا یادی بۆردومان و كۆمەڵ كوژی قەڵادزێ‌ دەكەینەوە و هێشتا ئەو رۆژە و كیمیای هەڵەبجە و ئەنفال نەبوونەتە ئەزموون دەرسی لێوەرگرین.
52 ساڵ بەسەر 24/4/1974دا تێپەڕی ئەورۆژە یەكەم ساتی بە كۆمەڵكوژی بوو كەلەلایەن بەعسەوە دەستی پێكردوو بۆ یەكەم جاریش بوو كە لە قەڵادزێ‌ چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی بەكارهێناو كەچی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دوای ئەم هەموو تاوانە یەك لە دوای یەكانەی بەعس كە خۆی لە ئەنفال‌و كیمیاباران‌و وێرانكردنی هەزاران گونددا دیتەوە بێدەنگ بوو، تا ئەو كاتەی داگیركردنی كوێت‌و رووداوەكەی 11ی سێبتێممبەری ئەمریكای بە دواداهات, وەهۆش خۆیان هاتنەوە‌و مەترسی دەسەڵاتی بەعسیان لەعێراقدا بۆ دەركەوت.ئەگەرنا لە خەوێكدابوون لەمەبەئاگاتر.
كاتی ئەوە هاتووە ئەو چیرۆكانەی كە هەر لەئەفسانە دەچن و بەسەر وڵاتەكەمان هاتوون لەشوێنی خۆیان بگێڕدرێنەوەو كارەساتەكان كەهەموو سووچێكی ئەم كوردستانەی تەنی بوو لەنێو دیكۆمێنتەكاندا دەربهێنرێنەوەو بدرێنەوە ئەو وڵاتانەی بەرپرسیاریەتیەكەی هەڵدەگرن ، بەتایبەت ئێستا كەخەڵكانێك هەن بەرپرسیاریەتی باڵایان لەئێراقدا لە ئەستۆیەو كەچی تاوانبارانی ئەنفال و كیمیا باران ئازاد دەكەن ، پێمان دەڵێن دەتوانین بەم كارتانە وێرانتان كەینەوەو ئەوسەگانەتان تێبەردەینەوە كەپێشتر شارەكانی ئێوەیان گڵاو دەكردو لەنوگرە سەلمانیش پارچە پارچەیان دەكردن .
بۆیە كاتیەتی ئاوڕ لەرابردووبدەینەوە، یان بگەڕێینەوە بۆ سەردەمە سەختەكان، مەبەستم ئەورۆژانەی باشووری كوردستانی تێدا دەهاڕدرا، رێك دەبێت بەسەر ئەو خەتایانەدا بچینەوە كەرژێمی بەعس دەرهەق بەكوردی دەكرد، یان هەڵوێستەیەك لەسەر چەندین ساڵ ئازادی بكەین و بۆ ئەو رابردووە بگەڕَێینەوە كەگۆڕانەكان نەك وەكو پێویست نین لەئاستی ئەو كارەساتانە نین كە بەسەر گەل و شارەكانمان هاتوون ، بۆیە بیركردنەوە لەگۆڕان بەرەو باشتر سوورمان دەكات بەرەو ئەو جموجۆڵەی كەدەكرێت لە ئایندەدا بكرێ‌ و نابێ‌ ئێمە تاهەتایە لەدوواوەی رەوتی گۆڕانكاریەكان بین و هەرچاومان لەو دەسەڵاتە بێت كەساڵانێكە هەرخەریكی كابینەو دابەشكردنی ئەو بۆدجانەن كەهی هەموانەو بۆ چەندانێكە، یان پڕۆژەكان بۆ ئەو شوێن و شارانەن كەخۆیانی تێدان و ئەوانەش كەلەوەتەی هەن قەوانیان تێدا بەتاڵدەكرێتەوەو كیمیا باران دەكرێن و بۆردوومان دەكرێن ،هەر بۆنی باروتیان لێبێ‌ و ئەو سیما شارستانییە وەرنەگرن كەدەبوو بەر لەشارەكانی دی هەیان بێت.
میكانیزمی دەسەڵاتی ئەوسای بەعس ئاراستەی سەرجەم رووداوەكانی لەو خاڵەدا چڕكردبۆوە كە بە لەناوبردن‌و توانەوەی شۆڕشی كوردی دەتوانێ‌ جڵەوی فەرمانڕەواییەكەی درێژە پێبدات‌و هەموو پانتاییەكان دەكەونە ژێر سێبەری ئەو لەشكرەی چاوی لەدەورو بەر دەگێڕا، هەروا دەشتوانێ‌ ببێتە مایەی ئەو ترسە ئەستورەی كە ئایندەی دەسەڵاتی پێ‌ دەپارێزێ‌, بۆیە بۆ داپۆشین‌و ونكردنی خاڵە لاوازەكانی بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی كوردی كە ئەو كات شۆڕش لە بەهێزیدابوو توانای بەعسیش سنوورداربوو پەنای دەبردە بەر بەكۆمەڵ كوشتن تا بەرنامە گڵاوەكەی درێژە پێبدات‌و پیشانی دەوروبەریش بدات كە لە هیچ سڵ ناكاتەوە, رژێمێكی ملهوڕەو عێراق بەهەموو پانتاییەكانیەوە لەژێر دەسەڵاتی تاكڕەویانەی خۆیدایەو هەرچی بیەوێ‌ دەتوانێ‌ بیكات، بۆردومانكردنی قەڵادزێ‌ لەم رۆژەداو كوشتنی سەدان هاووڵاتی‌و خاپوركردنی دەیان خانووبەرەو زانكۆی سلێمانی كە زانكۆی سەلاحەدیینی ئێستای هەولێرە,داغكردنی هەر هەموومان بوو، بەڵام پەڵەی ئەو داغە ئەستوورە لەسەر هەردوو شاری هەڵبجەو قەڵادزێ‌ و پێنجوین و چۆمان هێندە ئەستوورە هەمیشە بەروخسارمانەوە دیارەو زۆر جاران تۆخیشی دەكەنەوە ،ئەم بۆردوومانە سەرەتاو دەستپێكی یەكەم تراژیادیابوو كە هاووڵاتی كوردی وەخەبەر هێناو شۆڕشی ئاراستەی گۆڕانكارییە خێراكان كرد‌و وەبیری هێنایەوە كە لە گۆڕەپانی جەنگدا تەنهایەو دەبێت خۆی بەرگری لەخۆی بكات و كۆمەڵگای نێو دەوڵەتیش لە ئاست كێشەی گەلی كورددا خەوتووێكی بەئاگا بوون و رێكخراوە جیهانییەكانی مافی مرۆڤیش لە بێئاگاییەكی میكانیكی دا نەیان دەویست ئاوڕ لەم رووداوە ترسناكە بدەنەوەو بەرژەوەندی باڵای بازرگانە قەبەكانی ئەوسای نەوتی جیهانی‌و ساغكردنەوەی چەك‌و جبەخانە كەڵەكەبووەكانی ئەو وڵاتانەی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەرگایان لەسەر كلۆم درابوو, هۆكاری ریشەیی بێدەنگ بوون‌و خۆگێلكردن بوون لە ئاست ئەو تاوانە یەك لە دوای یەكانەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دژی نەتەوەی كورد ئەنجام دەدرا, خۆجەنگی ساردوو وڵاتە سۆسیالیستەكانیش لەم نێوەندەداو لە ئاست وڵاتێكی پارچەكراوی وەكو كوردستان بێخەتا دەرنەچوون‌و بەشێكی زۆری تاوانەكان رووبەڕووی ئەوان دەكرانەوە‌و ناپاڵم‌و فرۆكە مەترسیدارەكانی ئەوسا لە ژێر باڵی ئەوانەوە دەفرۆشران‌و شاری قەڵادزێ‌‌و دەیان‌و سەدان گوند‌و شارۆچكەی دی پێ‌ خاپوركراو دواتر تێكدانی بە كۆمەڵا‌و كوشتنی بە كۆمەڵا‌و راگواستنی بە كۆمەڵا‌و كۆچڕەوی بە كۆمەڵی بەدووداهات..!
ئەگەر ئاوڕێكی خێرا لە رۆژی بیست‌و چواری چوار بدەینەوە‌و رووداوەكە وەك كارەساتێكی دژەمرۆیی هەڵبسەنگێنین تێدەگەین كە بزوێنەری ئەم كارەساتە بێ‌ ئەزموونی شۆڕشی كوردبوو لە ئاست هێرشێكی نەخشە بۆ كێشراو كە تا ئێستاش شكستی هەموو شۆڕشەكانمان لە دوای دانوستانە ژەهراوییەكانەوە دەست پێدەكات‌و دووبارە بوونەوە‌و چەند بارە بوونەوەشی ئەو خاڵە لاوازانە وەدیار دەخەنەوە كە هەموو دەم وەك دیاردەیەكی نامۆ, بەڵام شارەزا لە نێو متمانەكانی شۆڕشی كوردیدا خۆی نمایش دەكات, بۆیە هەموو ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندانە دەكرێ‌ لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا سوودی لێوەرگیرێ‌‌و سەركردایەتی كوردی زۆر وشیارانە مامەڵە لەگەڵا ئەو بارودۆخە بكات‌و چیدی خۆی وابەستەی هاوپەیمانییەتییەك نەكات كەدەزانێ‌ لایەنی بەرامبەر شەرمی بەو هاوپەیمانییەتتییەیان دێت، یان ریبَكخراوی داعشی وەسەر دەگەڕێنێ‌و وەك جەنگاوەرێكی ئازا مامەڵەی لەگەڵ دەكات و هەمیشە بە پاشكۆی عراقیشیەوە گرێ‌ دەدا، هەروا دەبێت لەئاستی بەرپرسیاریەتەكان دابێَت و چیدی گیانی پاوان خوازی و خۆ قەبەكردن رابردووی لەبیرنەكات چوونكە ئایندەی لەپێشە، هەروابێتەوە لە بیریشی نەچێت كە ئەم دەستكەوتانەی ئەمڕۆ بەشێكی گەورەی بەر شەهیدانی 24/4‌و 16/3ی هەڵەبجە دەكەوێ‌ ئەوە جگە لەوەی كە كۆڕەوەكەی ساڵی نەوەد‌ویەك فاكتەری سەرەكی ناساندنی گەلی كوردبوو، بە كۆمەڵگای جیهانی‌و دەستپێكی ناساندنی شۆڕش‌و تراژیدیا جۆراو جۆرەكانی گەلی كورد‌و بەجیهانی كردنی كێشەكە‌و گەورەكردنی زیاتری سەركردەكانمان بوو.
بۆیە رێزنان لە رۆژانی سەختی تێكۆشان‌و ناساندنی وەك خۆی رووداوەكان بەس نین بۆ قەرەبوو كردنەوەی ئەو شار‌و گوندانەی بەدەستی بەعس زەرەرمەندبوون, بە قەد ئەوەی كە دەبێت لە ئێستای ئازادیدا كاری جددی‌و بەرهەم ئامێز بۆ ئەم شارانە بكرێت‌و لە بیری نەكەن كە یەكەم خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان كە ترسی بەعسی شەقكرد‌و تەواوی كوردستانی گرتەوە‌و گەورەترین ورە‌و توانستی بەپێشمەرگە‌و سەركردایەتییەكان بەخشی راپەڕینی 24/4/1982ی قەڵادزێ‌ بوو كە تەواوی چین‌و توێژەكانی ئەم شارە‌و قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین‌و سەدان قوتابی كچ‌و ژن بەشداربوون‌و بۆ یەكەمجار داوای جەماوەر بەلابردنی هەندێ‌ سەیتەرەو ئازادكردنی گیراوەكان‌و چۆڵكردنی رەبیەكانی ناو شار بەسەر بەعسدا سەركەوت‌و بەم هەنگاوەش تەواوی كوردستان راچڵەكی‌و ئەو ترسە ئەستورەیان فڕێدا كە بەعس لە دڵی گەلی كورددا چاندبووی.
لێرەوە قەڵادزێ‌ بووە ئەو رایەڵە بەرفراوانەی كە شۆڕشەكان متمانەی پێبكەن‌و لانەی ئەو چالاكییە بەردەوامانە بێت كە لەوێوە دژی بەعس دەوەشێنران‌و هەر لەوێشەوە رێكخستنەكانی سەرجەم حزبەكان بەرنامەی كار‌و كردە نهێنییەكانیان بە ئەنجام دەگەیاند‌و هەر لەوێشەوە رێگەكانی چوونە چیاو تێكۆشانەكان پیشانی ئەو هەڵۆیانە دەدران كە دواتر داستانە یەك لە دوای یەكەكانیان لە سەرتاپای كوردستاندا دژی بەعس ئەنجام دەدا, بۆیە ئەوێ‌ واتە قەڵادزێ‌ لەئەنجامی ئەو گیانە شۆڕشگێڕیەو توانستی بێوچانی خەڵكە تێكۆشەرەكەی دژی بەعس و لەهەمان كاتدا هەڵكەوتەی جوغرافی لەلایەن بەعسەوە خاپوركراو لە ساڵی 1989 خەڵكەكەی, بەجۆرێك پەڕاگەندەكرا كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە‌و دروستكردنەوەشی لە ساڵی 1991‌و دوای ئازادبوونی كوردستان بێ‌ بەرنامەییەكی هێندە ناشیرینی پێوە دیارە كە كاری لە دیموگرافیای ئەم شارە كردووە‌و راستكردنەوەی‌و جوانكردنەوەی دەبێت خەمی دەسەڵات بێت‌و ناكرێ‌ تاسەر حەوزی پشدەر لەپڕۆژەكان بێبەش بن و ئەو پەراوێزەبێت كە نەخشە سیاسییەكان پرۆژە خزمەتگوزارییەكان قوت دەن‌و ئاوڕی حزبیانە‌و جێ‌ پەنجەی حزبیانە لەو بۆدجانەدا رەنگبداتەوە كە بە قەد قوربانییەكانی قەڵادزێ‌ نین‌و نابن.
شارێكی خاپوور شارێك تا سەرمۆخ خاوەن قوربانی‌و خاوەن دەیان سیاسەتمەدار‌و رۆشنبیر‌و پێشمەرگەی لێهاتوو تا ئێستاش هەر بە خواری نەخشەرێژ بكرێت‌و خوارەوەی هەمان كەلاوەكانی هەشتاونۆ بێ‌‌و لە سەردەمێكی وەك ئەمڕۆی كوردستانێكی دەوڵەمەنددا بەڕاستی بیر لەم شارە نەكرێتەوە‌و برینەكانی بیست‌و چواری چوارەكان ساڕێژ نەكرابێ‌‌و خەڵكی رەسەنی ئەم شارە وەكو نامۆیەك سەیر بكرێ‌. ئەی قەلادزێ‌ نەبوو لە هەفتاو چوار زانكۆی لە ئامێز نابوو، دواتریش پردی هاتوچۆی پێشمەرگەبووین‌و لە خەبات لە نێوانی دوو فەیلەقدا راپەڕین لە بازیان پێش سلێمانی ئاڵای سەركەوتنیان بەرزكردەوە‌و لە جدیدە‌و كەورگۆسك‌و دارەتوو دۆزەخیان بۆ بەعسیەكان دروستكردوو لە هەموو سەردەم‌و شۆڕشەكاندا ئێستاشی لەگەڵدابێ‌ كەدوو وڵات بۆردوومانی گوندەكانمان دەكاو هەراسانیان كردووین، لە قەبارەی خۆمان زیاتر قوربانیمانداوە‌و سەدان‌و هەزاران لاومان بەخشیوە، كەچی هێشتا ئەوەنین لە خوێندنەوەماندا؟!.
ئێوەش وەك دەسەڵات و وەك ئەوانەی بەوێدا هاتن و گەیشتنە ئێرە لە بیرتان نەچێ‌، راستە هەموو كوردستان بایی خۆی زەبری بەعسی وێكەوتووەو شەهیدی هەبووەو قوربانییەكی بێشوماریان داوە بەڵام تەنها دوو قەزایەك كەزۆر هاریكاری شۆرش بوون ولەسەر دەستكەوتەكانی ئێوە گەورەترین زەبری رژێمە شۆڤینیستەكانی خواردبێ‌ ،قەڵادزێ‌ و هەڵبجەیە ،چوونكە ئەم دوو شارە بەتەواوی خاپور كران،جگە لەشەهیدەكان خەڵكەكەی پەراگەندە بوو ئێستا ئەوان بەڵێنەكانی دابویان جێبەجێیان كرد، ئەدیكوا بەڵێنەكانی ئێوە كەهەموو ساڵێ‌ و تەنها لەیادەكاندا دەیدەن ؟؟
خەڵكی ئەم دەڤەرە دەخوازن دەسەڵاتی پشدەر هەمان ئەو دەسەڵاتە بێت كەلەشارەكانی دی هەیەو باچیدی داهاتە قەبەكان نەڕژێنە باخەڵی تاكەوەو قەڵادزێ‌ ئەو شارەیە كە دەكرێ‌ ئەوجار بیری لێبكرێتەوە.پڕۆژە گەلێك بێنن ولاوەكانی دوێنێ‌ كە لە شۆرشەكاندا ماندوو بوون پێیان ئاشت بكەنەوە، بابیر لەئایندەیەكی گەش بۆ تەواوی كوردستان بكرێتەوەو هەوڵبدرێ‌ لەگەڵ جوانكردنی شارەكان ئەوپلانانەش هەڵبوەشێندرێنەوە كەدژ بەنەخشەی ئایندەمان لەگۆڕێدان، یان دەخوازن بچوكترمان بكەنەوەو ئێمەش لەنێو كێشە ناخۆییەكانی خۆمان، خۆمان هێندە بچوك كردۆتەوە خەریكە لەدووچوان دەچین.

سەلام عومەر




خزمەتکردن.. نەوزاد بەندی

کێشەی سەرەکی مرۆڤ و کۆمەڵگا و دەسەڵاتەکان، ئەوەیە چۆن کەمترین خزمەت بکەۆ و زۆرترین خزمەت بکرێن.. واتا مروڤ لەگەڵ کەسێک هاوڕێیه یان دوژمنە لەسەر بنچینەی خزمەتکردن، ئەگەر خزمەتێکی پێ بگەیەنێت، ئەبێتە هاوڕێیی..ئەگەر خزمەتی پێ نەگەیەنێت، ئەبێتە نەناسیاو و نامۆ..خۆ ئەگەر خزمەتێکی لێ قورخ بکات ئەوا ئەبێتە دوژمن.
ووڵاتانی زلهێز ئەیانەوێ ووڵاتەکانی تر لە خزمەتی ئەواندا بن، نەوت و هەموو کانزاکانیان..تەنانەت مرۆڤەکانیان ..ئایین و ڕەوشتە کۆمەڵگاکانیان ئەبێ له خزمەتی ئەواندا بن، ئینگڵیز کە هیندستانی داگیرکرد، بێجگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری بە بێ تاوان لێ کوشتن، لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆریشی لێکردن بە سەرباز و ..ووڵاتانی تری وەک عێراقی پێ داگیرکردن ..
کاتێ ئەمەریکا هەڵئەکوتێتە سەر ووڵاتێکی وەک فەنزویلا و بە نیوە شەو سەرۆکەکەی ئەفڕێنێت و سیستمی سیاسیی ووڵاتەکە ئەگۆڕێت، مەبەستی لەوەیە فەنزویلا خزمەتی بکات، نەوتەکەی بداتێ، واتا نەوتەکەی فەنزویلا بۆ فەنزویلا نەبێت و بە خۆڕایی بیداتە ئەمەریکا و دۆناڵد تڕەمپ، چونکە عەقڵییەتی کۆڵۆنالیستەکان بەو جۆرەیه کە تەنها خۆیان مرۆڤن یان مرۆڤی باڵا و زێڕینن و ..ئەبێ تەواوی مرۆڤایەتیی خزمەتیان بکەن.
کاتێ فەڕەنسییەکان حەوت ملیۆن کەسی سیڤیل تەنها لە جەزائیردا کۆمەڵکوژ ئەکەن، ئەیانەوێ بەشێوەیەکی کرداریی بڵێن ئێوە مرۆڤ نین و جۆرێکن له جۆرەکانی مێرووی زیانبەخش و پێویستە ئێمەی مرۆڤ بتانکوژین ..
ئیتر دیاردەی سەیر و سەمەره لەم پڕۆسە ناشیرینەدا دێتە بوون، وەک ئەوەی له فەرمانڕەوای کوردی باشووردا و بە درێژایی نزیکەی دە ساڵ بە حیساب نەوتفرۆشتنی سەربەخۆ، لە جیاتی خۆشگوزەرانیی، قەرزار دەبن ..واتا نەوت ئەفرۆشن کەچی سی چل ملیار دۆلار قەرزار ئەبن، لە ڕاستیدا ئەوە نەوتفرۆشتن نییە، ئەوە نەوت بەخشینە بە زلهێزەکانی جیهان، چونکە ئەوان وا دەخوازن کە تەواوی نەوتی جیهان به خۆڕایی وەربگرن، بەڵام لێرەدا لەگەڵ بە خۆڕایی پێدانەکەیاندا پارەی بۆری و گواستنەوەیشیان لەسەر ئەژمار کردوون، هەربۆیە نەوت ئەفرۆشن و قەرزاریش ئەبن…
تۆ ئەبێ خزمەتم بکەیت ئەگینا لە ئاسانترین بژاردەدا هاوڕێیەتیت ناکەم، خۆ ئەگەر چەکدار و زلهێزیش بم، ئەوا ئەتکوژم و لەناوت ئەبەم.
تۆماری چەکدارانی دوور و نزیک، پڕپڕن لەو کوژراوانەی کە ڕازی نەبوون خزمەت به چەکدارەکان بکەن یان لە بنەڕەتدا دروستکردنی چەک بۆ ئەوەیە ئەوانەی توانای کڕینی چەکیان هەیه لەلایەن ئەوانەی توانای کڕینی چەکیان نییە، خزمەت بکرێن، ئەگینا خوێنیان حەڵاڵ کراوە.
ئەوەتا فایق بێکەس لە شیعری بیست و حەوت ساڵەدا، بە ئەدمۆنزی ئینگلیزی داگیرکەری خزمەتکراودا ئەڵێ :
بیست و حەوت ساڵە دڵم لێت پڕە
ئەحواڵم بە دەست تۆوە زۆر شڕە
سەد بەڵێن بدەی لەلای من تڕە
بەسیەتی ئیتر ئەم وڕەوڕە
نۆکەریت ناکەم ورگم هەڵدڕە

واتا دوو ڕێگا هەیە بۆ وازهێنان لە خزمەتی زلهێز و چەکدارەکان، یان ئەوەتا وورگت هەڵدڕن و کۆتایی بە ژیانت بێنن، چونکە ئەوان ڕازی نابن واز لە خزمەتکردنیان بهێنیت..یان ئەوەتا تۆیش چەک کۆبکەیتەوە و شانەی چەکداریی دروست بکەیت و لە هێزی داگیرکەری خزمەتکراوی چەکدار بدەیت، وەک چۆن عومەر موختاری پیرەمێرد، چەکی پەیدا کرد و دژی هێزی داگیرکەری خزمەتکراو جەنگی پارتیزانیی ڕاگەیاند.
پارتیزانیی زاراوەیەکە مەبەست لێی شەڕکردنی چەکدارانێکی لاوازی مافخوراوە بەرامبەر چەکدارانێکی بەهێزی داگیرکەری زاڵم. هەربۆیە ئەم شەڕە، شەڕێکی نهێنییە، واتا لاوازە مافخوراوەکان ناتوانن ڕوو بە ڕوو شەڕ بکەن چونکە ئەو توانایەیان نییە، بە ناچاری له پەنا و پاسار و تاریکی شەودا، به تاکتیک و فێڵ لە سوپا و چەکدارانی داگیرکەر ئەدەن.. وەک گرتنی گەرووی هورموز لە لایەن ئێرانەوە دوای ئەوەی نەیتوانی بەرامبەر چەک و سوپای پێشکەوتووی ئەمەریکا خۆی بگرێ، بەو پێیه گرتنی تەنگەی هورموز لەلایەن ئێرانییەکانەوە ئەچێتە قاڵبی خەباتی پارتیزانییەوە ..
بەڵێ .. مرۆڤ بە بێ خزمەتکردن ناتوانێ مرۆڤێکی تر بکاتە هاوڕێی .. کچێکی جوان سەد داواکاری هەیه، چونکە چێژبەخشترین خزمەت بە غەریزەی نێریینەکان ئەکات، لە هەمان کاتدا کچێکی ناشیرین داواکاری نییە، بۆیە ئەمیش ناچار پەنا بۆ دەستخستنی ماڵ و سامان و بڕوانامە و دەسەڵات ئەدات، بۆ ئەوەی نێرینەکان وەک خزمەتکار لای خۆی ڕابگرێت یان هاوسەرگیریی زۆره ملێیان پێ ئیمزا بکات..ئافرەتێکی حەفتا ساڵی دەوڵەمەند، پیاوێکی بیست ساڵی هەژار ناچار دەکات بێتە خزمەتیی و بەوپەڕیی سوپاسگوزارییەوە ئەڵقەی بوکێنیی بکاتە پەنجەی.
بەو شێوەیە پەیوەندیی دایک و مناڵەکان ..باوک و مناڵەکان، هەمووی لەسەر بنچینەی خزمەتکردنی یەکتری دروست بوون.. مناڵەکان لاوازن و پێویستیان بە پارە وماڵ و ڕێنمایی و پشت و پەنای باوک و دایکیانە، هەر بۆیە پەیوەندییەکەیان پییانەوە ناو نراوە پەیوەندیی ڕۆحیی و ئاینیی و پیرۆز، چونکە بە بێ ئەوان لەناو ئەچن ..لە هەمان کاتدا باوک و دایکەکان لەناخی خۆیاندا پێی بزانن یان پێی بزانن، هەستێک یان نەستی ئەوەیان هەیە کە لە داهاتوودا پیر ئەبن و پەککەوتە ئەبن، لەو کاتەدا تەنها مناڵەکانیان ئەتوانن خزمەتیان بکەن..یان ڕاستتر ئەو خزمەتە بێ شومارەی کە بێ بەرامبەر پێشکەش منالەکانیان کردووە بەڵکو ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەشێک لەو خزمەتانەیان وەک قەرزێک لە قۆناغی پیریدا بدەنەوە، هەرچەندە ئەمەیان زۆر متمانە پێکراو نییە، چونکە بەشێک لە منداڵان کە گەورە ئەبن و پێویستیان بە دایک و باوکیان نامێنێ، بە جێیان دەهێڵن..دروستکردنی خانەکانی پیریی، بەڵگەی ئەوەیە کە هەندێک لە مناڵەکان قەرز کوێرن و یەک قرۆش قەرز به باوانیان نادەنەوە.
خزمەت بەرامبەر خزمەت بەردەوامیی هەیە، واتا پەیوەندی سود گۆڕینەوە یان کۆمێنسالیزم.
بەو پێیە دایک و باوک خزمەتی مناڵەکان ئەکەن بە هیوای ئەوەی مناڵەکانیش کاتێ گەورەبوون، خزمەتی ئەمان بکەن ..واتە خزمەتێکی ڕاستی بە هیوای خزمەتێکی وەهمیی و خەیاڵیی..کاتێ مناڵەکان گەورە ئەبن، ئەکەونە دۆخێکی قورسەوە، چونکە ئەبێ خزمەتی دایک و باوکێکی پیر و پەککەوتە بکەن کە نە ئەتوانن خزمەتەکەیان بکەنەوە، نە ئەتوانن تێچووی خزمەتەکەیان بدەنەوە، نەدایک و باوکیان چەکدار و دسەڵاتدارن بە زۆر بیانکەنە خزمەتکاری خۆیان، واتا ئەو خزمەتەی مناڵان بەرامبەر باوانیان ئەیکەن، خزمەتکردنێکی بێ بەرامبەرە، ئەمە لە زانستی فیزیادا بەو جۆرەیە، ئیتر مناڵەکان هەندێکیان ئەڵێن ڕاستە لە مناڵیدا خزمەتیان کردووین، بەڵام خۆ ئێمە عەریزەمان نەداوە یان داوامان نەکردووە خزمەتمان بکەن، یان ئەسڵەن نەمانویستووە بێینە ئەم ژیان و دنیا پڕ لە نەهامەتییەوە..ئێستایش هیچ ئامادە نین خزمەتی دوو پیر بکەین کە هۆکاری هاتنە ژیانێکی پڕ لە دەردەسەریی بوون بۆمان و تەنانەت لێرە و لەوێ داواکاریی دژی دایک و باوک بەرزکراوەتەوە کەچۆن بە بێ ئاگاداریی ئەمان، بڕیاریان داوە بیانهێننە دنیاوە!
لێرەدا ئیتر زاراوەی خزمەتی پیرۆز دێتە ناو فەرهەنگەکانەوە .. خزمەتی پیرۆز، ئەو خزمەتەیە کە بە بێ بەرامبەرە، نە داگیرکراویت، نە چەکت لەسەر سەر دانراوە، نە پێویستت بە هیچ خزمەتێکی بەرامبەرەکەتە، نە هیچ هیوا و ئاواتێکت پێی هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا خزمەتی ئەکەیت..
خزمەتی پیرۆز لە ئاییندا بە دوور و درێژیی باس کراوە و داکۆکیی لێکراوە، به جۆرێک ئەبێ ئەو خزمەتە پیرۆزە نهێنیی بێ و دەستی ڕاست بە دەستی چەپ نەزانێت، بۆ ئەوەی تایبەت بێ بە ڕازامەندیی خودا، ئەو کاتە لە ژیانی داهاتوودا خودا سەد هێندە و زیاتر خزمەتەکەت پێشکەش ئەکاتەوە، واتا خزمەتی پیرۆزیش بە بێ بەرامبەر نییە یان ڕاستتر بە ئومێدی وەرگرتنەوەی هەزاران ئەوەندەی ئەو خزمەتەیه لە لایەن هێزێکی بێ پایانی بنیاتنەرەوە کە خودایه .. تەنانەت داوا دەکرێت لە مرۆڤەکان کە بازرگانییەکی گەورە ئەنجام بدەن، بە سەر و ماڵەوە بچنە خزمەتی حەق و ڕاستیی و داکۆکیی لەوانی تر بۆ ئەوەی گەورەترین پلە و خەڵات بە دەست بهێنن، ئەویش شەهید بوونە..
شەهید بوون بەرزترین و بە هەیبەتترین ووشەیە لە تەواوی زمانەکاندا، بریتییە لە گەورەترین خزمەتی پیرۆز، مرۆڤەکان بە مرۆڤایەتیی کردبێتیان بە بێ بەرامبەر لە دنیادا ..بە ئومێدی چونە بەهەشت، لە ژیانەکەی تردا.
لێرەدا ئیتر کلاسیفیکەیشنێکی زۆر قورس و چڕ و ئاڵۆز له مرۆڤەکان و باری سەرنجیان و تێرمی ژیانیاندا ئەبینین کە هەمووی لەسەر بنچینەی خزمەتکراو و خزمەتکاردا بنیاتنراون.. تۆ لەڕۆژێکدا لە چەند شوێنێکەوە خزمەت ئەکەیت و لە چەند شوێنێکی ترەوە خزمەت ئەکرێیت..
ئەوانەیشی سەرقاڵی خزمەتی پیرۆزن، ئەوانەن لە پێناوی خاکی داگیر کراو و مافی زەوتکراودا، چەک ئەکەنە شانیان و شەڕ ئەکەن و شەهید ئەبن ..زیندان و ئەشکەنجە و جۆرەها ئازار قبوڵ ئەکەن چونکە بڕوایەکی پتەویان بە خزمەتی پیرۆز و شەهید بوون هەیە ..یان لە بواری زانستیی و ئەدەبیی و هونەرییدا ژیانی خۆیان تەرخان ئەکەن بۆ داهێنانەکان بە هیوای خزمەتکردنی تەواوی مرۆڤەکان و کاربۆئاسانکردنیان و خۆشگوزەرانکردنیاندا..ئەو هەموو ئامێر و کەرەستە و کاڵایانەی لەبەر دەستماندان و ژیانیان ئاسان و چێژبەخش کردووە، زانا و داناگەلێک هەموو ژیانیان لەو پێناوەدا بەسەر بردووە.
بە دیوەکەی تریشدا، کۆمپانیاکانی داگیرکەران چەندەها ئامێری ئەشکەنجەدانیان بەرهەم هێناوە و بەرهەم دەهێنن لە پێناوی نوچدان و پەشیمانکردنەوەی ئەوانەی خۆیان بۆ خزمەتی پیرۆز تەرخان کردووە ..ئەم شەڕ و کێبڕکێیەیش درێژە ئەکێشی و بەردەوامە .. کۆمەڵکوژیی و ڕاگواستن و برسیکردن و ئاوارە کردن و ڕاگەیاندنەکان تێکڕا بەشێکن لەو هێرشە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو کەس و گەل و نیشتمانانەی کە سەرقاڵی خزمەتی پیرۆزن و .. ئامادە نین بچنە ژێر باری داگیرکەر و خزمەتکردنی ملهوڕەکانەوە هەر بۆیه فایق بێکەس بە دەنگێکی زوڵاڵ به ئەدمۆنز کەلە تەنیشت خزمەتکارە خزمەتکراوەکانی شاردا لێی دانیشتووە، ئەڵێ :
نۆکەریت ناکەم وورگم هەڵدڕە ..
بەو جۆره مێژووی مرۆڤایەتیی پڕ پڕە لەو ناوانەی لە پێناوی خزمەتیی پیرۆزدا، خۆیان بەختکردووە، لە زانست و سیاسەت و کۆمەڵایەتیی و پارتیزانیی و بوارەکانی تردا.
لە هەمان کاتدا مێژووی مرۆڤایەتیی سیخناخە لەو ناوە قێزەونە داگیرکەرانەی کە بەسەر لاشەی ملیۆنان مرۆڤدا هەڵکشاون و شانازییان بەوەوە کردووە زۆرترین مرۆڤ و نیشتمانی ئەوانی تریان ملکەچ و کۆیله کردووە بۆ خزمەتی خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان.




ڕۆژنامەی کوردستان یەکەم وەرچەرخان لەمێژووی کورد.. موتەلیب سەعید عومەر

لەدواهەمین دەیەی سەدەیەی نۆزدەیەم لە قۆناغێکی ناهەمواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ هوشیارکردنی تاکی کورد بیرکردنەوەیە لە دەرچوونی ڕۆژنامەیەک ، دوای شکستی شۆڕشی بەدرخانیەکان نوخبەی خوێندەواری ئەو بنەماڵەیە بیریان لەمیکانیزمێک کردەوە کە باشترین کاریگەرترین ئامڕاز بێ بۆ کۆتاییهێنان بەستەمکاری و سەرکوتکردن ، هەردوو ڕۆژنامەوان میقداد مەدحەد بەدرخان وعەبدولڕەحمان لە و بارودۆخە دژوارەدا لە دەربەدەری و نەهامەتیدا بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو ستەمکارییەی بەدرێژایی مێژوو ڕێگری لەبوونی کوردو قەوارەکەی کردووە لەکاتێکدا دەوڵەتی عوسمانی یەکێک بووە لەدەوڵەتە کۆڵۆنیاڵییەکانی جیهان سیاسەتی کۆمەڵکوژی وسڕینەوەی پاکتاوی مرۆیی پەیرەو کردووە بۆیە دەرکردنی ڕۆژنامەو بڵاوکردنەوەی هوشیاری سیاسی و نەتەوەیی لەژێر ڕکێفی دەوڵەتی عوسمانی کارێکی یەکجار سەخت بووە بە کارێکی مەترسیدار دانراوە ، لەبەرئەوە دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان پێش هەمووشتێک ئامانجێکی سیاسی ، فیکری، هوشیاری لەپشتەوە بووە لە ڕادەربڕین و گەیاندنی پەیامی ڕۆژنامەکە بڵاوبوونەوەی بە زمانی کوردی بە خوێنەری کورد ، لەمەوە دەرچوونی یەکەم ژمارەی کوردستان لە 22 نیسانی ساڵی 1898 بەیەکەم وەرچەرخان دادەنرێت لەمێژووی ڕۆژنامەوانی کوردی ئەگەرچی خوێنەرو خوێندەواری کورد بەڕێژەیەکی کەم ولەئاستێکی لاوازدا بووە بەڵام ڕۆژنامەی کوردستان دەتوانین بەیەکەم وێستگەی بڵاوکراوە دابنێین لە زمانی گفتوگۆ وە بۆ زمانی ڕاگەیاندن .

ڕۆڵی زمان لەڕۆژنامەی کوردستان
زمان ئامڕازێکی گرنگە بۆناساندن وگەیاندنی کێشەی نەتەوەیەک بەوڵاتانی دەوروبەر و دونیا لەهەلومەرجێکدا شۆڕش شکست دەهێنێت بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی لەسەرەتادایە لەبەرامبەر هێزی داگیرکەری دەوڵەتی عوسمانی ، ئەگەر سەرنج بدەین پێش دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان زمانی کوردی زمانی هەست وسۆز و زمانی شیعر بووە ، پێش ئەو قۆناغە مێژووی کوردی ژێرخانێکی دەوڵەمەندی هەیە لەئەدەبی میللی سەر زارەکی تا دەگاتە بەیت وداستان و چیرۆک ، کەئەدەبی فۆلکلۆر بوون بە شاکارە بە ناو بانگەکەی (مەم وزین ) ی ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیری دەست پێدەکات لەو سەردەمانەوە ئەدەبی کوردی بەزمانی پەخشان دێتە ناو زمانی کوردیی یەوە بەڵام بەدەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان زمانی ڕاگەیاندن گۆڕانکارییەکی نوێ دەخاتە ناو زمانی نووسین ، زمانی ئەدەبی لە تەنیا بوارێکدا نامێنێتەوە بەڵکو زیاتر لەئامڕازێک کەئامڕازی میدیایە دەبێتە زمانی بڵاوکراوە و نووسین .

کاریگەری ڕۆژنامەی کوردستان بەدونیای دەرەوە
ڕۆژنامەی کوردستان لەگەڵ ئەوەی خەمێکی ڕۆشنبیری و سیاسی بووە لەهەمانکاتدا خەمێکی قوڵی کۆمەڵایەتی بووە لەنێو لاپەڕەکانی (کوردستان ) گرفتەکانی ناو کۆمەڵی کوردی خستۆتە ڕوو وێڕای ئەوەی خەمێکی گەورەتری هەبووە لەناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بەدونیای دەرەوە بەنیشاندان و ڕێگا چارەی ئەو کێشانە و بارودۆخە سەختەی کورد تێیدا گرفتار بووە ، سەرباری ڕاوە دوونانی ڕۆژنامەوانان بەدرخانییەکان بە فشارخستنە سەریان ناچارکردن و ڕێگە گرتن لە داخستنی ڕۆژنامەکە بەڵام بەردەوام بوونی ڕۆژنامەی کوردستان تا ژمارە 31 ، سەرباری ئەستەنگەکان پەیامێکی ڕوون وکاریگەرییەکی زۆری لەسەر سیاسەتی دەوڵەتی عوسمانی کردووە ئەگەرچی ژمارەکانی ڕۆژنامەکە بەشێوەی پچڕ پجڕ وهەر ژمارەی لەوڵاتێک چاپ کراوە .

جیاوازییەکانی ڕۆژنامەی کوردستان لەگەڵ ئێستا
گومانی تیانیە ڕەوشی ڕۆژنامەوانی لەسەردەمی بەدرخانیەکان بەبەراوورد بەئێستا یەکجار جیاوازە ، سەردەمی بەدرخانیەکان و دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی سیاسی و ئابووری ،نەتەوەیی ، کۆمەڵایەتی دا ڕۆیشتووە پڕ لەکێشە بووە ، بەڵام ڕەوشی ڕۆژنامەنووسی لەئێستادا لەهەلومەرجێکی لەبارو زۆرترین ئامڕازو تەکنیکی پێشکەوتوودایە لەئێستادا تاکی کورد بەئاسانی و لەکەمترین ماوەدا بێ سانسۆر دەتوانێت هەواڵ و گوتارو بابەت وچالاکی جیاواز بڵاو بکاتەوە ئەگەرچی ڕەوشی ڕۆژنامەنووسی لەئێستادا خاڵی نیە لەکێشەو ئەستەنگ بەڵام دەستەبەر بوونی دەیان کەناڵ و ڕۆژنامەی ئەلەکترۆنی و ماڵپەڕ و تیڤی ، ئەکاونتی کەسی کارئاسانی زۆری فەراهەمکردووە بۆ گەیاندنی زانیاری بەهەموو شوێنێک .

موتەلیب سەعید عومەر




پێشنیارێک/ پێویستیی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

٢٠٢٤ – ٢٠٢٦() تەمەنی بزاڤی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق خۆی لە نیو سەدە دەدات. نیو سەدەی پڕ لە هەڵکشان و داکشان، پڕ لە قوربانیدان و سەروەری، پڕ لە هەوڵ و تێکۆشان، پڕ لە ئەزموون و قاڵبوونەوە. ئەم بزاڤە زۆری برد تا توانی لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێت و ڕاوەستێت. ئێستاش پشت ئەستوور بەو مێژووەی کە هەیەتی، تەکان و هەنگاوی چاک و بوێرانە دەنێت. ئەم بزووتنەوەیە ئێستا نەک هیچی کەمتر نییە لە بزاڤە ڕۆژنامەگەرییە ئایینی و ناسیونال – لیبڕاڵەکانی بۆرژوازی، بگرە لە هەندێ بواردا پێشڕەوترە لە بزاڤی ڕۆژنامەگەری بزووتنەوە بۆرژوازییەکانی عێراق و تەنانەت ناوچەکەش. بۆیە جێی خۆیەتی وەکچۆن لە خەمی ئەوەداین مێژووی ئەم بزاڤە وەکخۆی وێنا بکەین و سەروەرییەکانی تۆمار بکەین، ئاواش لە خەمی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری ئەو بزاڤەین. ڕۆژنامە و بڵاوبوونەوەی لەنێو هەر کۆمەڵگەیەدا هەمیشە لە سەرەتایەکەوە دەست پێ دەکات کەڕەنگە لە پڕۆسەی گەشەکردن و بەرەوپێچوونی خۆیدا بتوانێت ئاڵوگۆڕی چۆنایەتی لە ناوڕۆک و پەیام و شێوە و فۆرمی ڕۆژنامەکەپێک بێنێت. زۆر پێش مێژووی هاوچەرخ بەتایبەتی لە ساڵی ٥٩ ی پێش زایین یەکەمین بڵاوکراوە بەناوی ( Acta Diurna) هاتۆتە بڵاوکرانەوە کە ڕووداوەکانی ڕۆژی تیا باس کراوە. پاشان لەسەدەی پازدەهەمین بازرگانان لە شارەکانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا ڕووداوە گرنگەکانیان لەتۆمارە نووسراوەکان بە دەست و خەت دەنووسییەوە و لەنێو هاوکارەکانیان و لە شوێنی کارەکانیان دەستا و دەستیان پێدەکردن. بۆ یەکەمینجاریش بیرۆکەی بەکارهێنانی چاپخانە لە ئەڵمانیا لە ساڵی ١٦٠٥ زاینیدا هاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئیتر لەو مێژووە بەدواوە بیرۆکەی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە گەشەی کرد و لە سەدەی هەژدە بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکان برەویان پەیدا کرد و سەدەی نۆزدە گۆڤارەکان هاتنە بڵاوکردنەوە و سەدەی بیستیش رادیۆ و تەلەفیزیۆن و سەدەی بیست و یەکەمینیش ئەنتەرنێت خۆی کرد بە هەموو ماڵێکی سەر ئەم هەسارەیە. یەکەمین هەفتەنامە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بە ناوی ( The Relation) بووە و بەزمانی ئەڵمانی لە ستارسبۆرگ چاپ و بڵاوکراوتەوە. بڵاوبوونەوەی یەکەمین بڵاوکراوە لەهەر سەرزەمینێکدا و لە هەر قۆناغ و لە هەناوی هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا بایەخی مێژوویی خۆی هەیە و بۆیەش مێژووی ڕۆژنامەگەری و ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکەش کراوەتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری. هەروها ئەو کەس و لایەنەی بڵاوی کردۆتەوە وەکو ڕابەر و پێشەنگی ڕۆژنامەگەری ئەو سەردەم و قۆناغ و وڵاتە هاتۆتە ئەژمار. یەکەمین ڕۆژنامە بەزمانی عەرەبی بەناوی (التنبیە) لە میسر دەرچووە، کە ناپلیۆن بۆناپۆرت لە ساڵی ١٨٠٠ دەری کرد. لە عێراقیش یەکەمین ڕۆژنامە (جورنال العراق) بوو کە لە ساڵی ١٨١٦ ی زایینی بڵاو کراوەتەوە ، بەڵام هیچ نوسخەیەکی نەماوە. دوواتر ڕۆژنامەی ( الزوراء) لە پانزەی حوزەیرانی ١٨٦٩ بڵاو دەبێتەوە و ئیتر پانزەی حوزەیران دەبێتە رۆژی ڕۆژنامەگەری عێراقی. لە رۆژنامەگەری کوردیشدا ڕۆژنامەی کوردستان کە جەلالەت بەدرخان لە میسر لە بیست و دووی نیسانی ١٨٩٨ بڵاوی کردۆتەوە، بۆتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی. حیزبی شیوعی عێراقیش وەک یەکێک لە حیزبە بەناو شیوعییەکان مێژوویەکی هەیە لەگەڵ ڕۆژنامەگەریدا و ڕۆژێکی تەرخان کردووە بە ناوی (ڕۆژی ڕۆژنامەگەری شیوعی عێراقی). لێرەدا جێی خۆیەتی لەکاتێکدا کە خەریکی ساغکردنەوە و بە دۆکیومێنتکردنی بزاوتی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیزمی نوێم لە عێراق، ئەم پرسە بووروژێنم و دوو قسەی لەسەر بکەم. یەک : بۆ بیرکردنەوە لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق، دەبێت جەغد بکرێتە سەر ئەو بڵاوکراوانەی کە بۆ یەکەمجار هاتوونەتە وەشاندن. واتە کام ڕۆژنامە و گۆڤار بەشێوەی نۆرماڵ و بەفۆرمی هاوچەرخانە لە چاپخانە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. دوو : کۆنترین بڵاوکراوە لە مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی هاوچەرخدا کە بە تایپکراوی بە شێوەی هاوچەرخانە لە چاپخانە چاپ و بڵاوبووبێتەوە، دیاری بکرێت.
سێ : سەرنووسەر و دەستەی بەڕێوەبردن و ئەو کەس و لایەنەی کە بڵاوکراوەکەی بڵاوی کردۆتەوە، دەستنیشان بکرێن.
سێ : ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ساغ بکرێتەوە و بکرێتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیستی لە عێراق.
چوار : تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم، ڕۆژنامەی ( بۆ پێشەوە) کە ڕۆژنامەیەکی سیاسی – تەحریضی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست بوو بەو مواسەفاتانە چاپ بووە و بڵاوکراوەتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە ژمارە پانزەی بەشێوەی ئەی فۆر بە تابیعە تایپ کراوە و ژمارە ١٦ش لە نیوەی دووەمی ئازاری ساڵی ١٩٩٣ لە چاپخانە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ژمارە شانزەی ساڵی دووەمی ڕۆژنامەی بۆ پێشەوە، یەکەمین ڕۆژنامەیە لەمێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق و کوردستان کە بەشێوەی نۆرماڵ و هاوچەرخانە چاپ کراوە و بڵاوکراوەتەوە. خاوەنی ڕۆژنامەکە ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست بوو.
پێنج : بەم پێیە دەتوانرێت ڕۆژی یەکەم لە نیوەی دووەمی مانگی ئازار واتە شانزەی ئازاری ساڵی ١٩٩٣، بکرێتە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی نوێ لە عێراق. واتە شانزەی ئازاری هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیستی نوێ دیاری بکرێت.
لەم ڕێگەیەوە دەتوانین ساڵانە لەو ڕۆژەدا یادی خەباتی چینایەتی ئەم بزاڤە کۆمۆنیستییە بکەینەوە. لێرەوە دەتوانین بزاڤی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیستی نوێ لەو بێ ڕۆژییەیدا قورتار بکەین و بە دیاریکردنی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کۆمۆنیستی نوێ ساڵانە یادی بزاڤەکە و هەڵسوڕاوەکانی و گیانبەختکردووانی بکەینەوە و ئەو ڕۆژە پیرۆز ڕابگرین.
(*)ئەم پێشنیارەم لە ساڵی ٢٠٢٤ نووسی و ئێستا بە هەندێک دەستکارییەوە دەیخەمە بەر دیدەی خوێنەران.
تێبینی: هەندێک زانیاری سەبارەت بە مێژووی بڵاوکراوەکان لە ئاستی جیهان و وڵاتانی عەرەبی و عێراق لەم نووسینانەی خوارەوەم وەرگرتوون :
(١)ویکیپیدیا ؛ الموسوعة الحرة تاریخ الصحافة https://ar.wikipedia.org/wiki
(٢)شبکة النبآ المعلوماتیة بدایات الصحافة العربیة و تطورها بقلم کمال عبید https://annabaa.org/arabic/iraqipress/2071
(٣)تاریخ الصحافة العراقیة بقلم محمد الوندي موقع الحوار المتمدن https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=137885
(٤)الواح السومریة المعاصرة http://www.somerian-slates.com/mss_old/p159.htm




پەیجی سێبەر، دەنگی ڕاستەقینە و ئاوێنەی ڕوونی نەستی خاوەنەکەیەتی.. کارا فاتیح

دیاردەی پەیجی سێبەر و سەکۆی ناڕەسمی لە دنیای سیاسەت و میدیای ئەمڕۆ و سۆسیالمیدیای کوردیش دا بووەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ گوزارشتکردن لەو بۆچوون و پەیامانەی، لە چوارچێوەی فەرمی و میدیای یاسایی و پەیج و ئەکاونتی ڕاستەقینە دا ناگوترێن و بڵاو ناکرێنەوە، هەر بۆیە زۆر جار کاتێک حیزب یان لایەن و کەسایەتییەک، سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم پەیجانە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە، زۆر بەئاسانی و بێکێشە خۆیان لێ بێبەری دەکەن و بەوە خۆیان دەپەڕێننەوە، گوایە ئەمە گوزارشت لە بۆچوونی فەرمیی ئەوان ناکات و نازانرێت کێین ئەوانە، یان دەڵێن ئەوانە تەنها هەوڵێکی خۆبەخشانە یان ناڕەسمیین، بەڵام حەقیقەتەکە ئەوەیە، ئەم پەیجانە وێنەیەکی یەکجار ڕاستگۆتر و ڕوونتری ناوەوەی ئەو لایەنانە دەنوێنن، چونکە لە پشت پەردەی بێناوییەوە کار دەکەن و هیچ کۆتوبەندێکی دیپلۆماسی یان سیاسی یان هەستڕاگرتنی بەرانبەر نایانوەستێنێت. ئەم جۆرە میدیایە دەتوانرێت وەک ئاوێنەی حەقیقیی نەستی لایەنەکان سەیر بکرێت، چونکە لێرە دا چیتر پێویست بە ڕەچاوکردنی ڕێکەوتنە سیاسییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و دڵنەواییی لایەنی بەرانبەر ناکات، بەڵکوو ئەوەی لە قووڵاییی بیرکردنەوە و ستراتیژی ڕاستەقینەی لایەنی خاوەن ئەو میدیا دا هەیە بە بێ سانسۆر و بەوپەڕی ئازادییەوە بڵاو دەکرێتەوە، وەک دەڵێن ئەو پەیجانە قسەی دڵی ئەوان دەکەن و ئارەزوەکانیان تێر دەکەن و دڵیان بە قسە و ناوزڕاندن و حەیابردنی نەیارانیان ئاو دەخواتەوە. ئەم پەیجانە هیچ حیسابێک بۆ لێکەوتە یاسایییەکان یان تێکچوونی پێوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و تەنانەت زیانی تیرۆری مەعنەوی و فیزیکییش ناکەن، لەبەر ئەوە دەبنە زمانحاڵێکی ڕاستەقینە، هەموو ئەو ڕقوکینە یان جێنیو و بوختان و پلان و نیەتە شاراوانە هەڵدەڕێژن، کە میدیای فەرمی بە هۆی “ئیتیتکێتی سیاسی و ڕۆژنامەوانی” یان ترسی بەرپرسیارێتیی یاسایی، یان بۆ خۆپاراستن لە هێرشی پێچەوانە و هاوشێوە ناتوانێت دەستیان بۆ ببات، هەر بۆیە سڵنەکردنەوە لە دروستکردنی کێشە و شکاندنی سنوورەکان تا دەگات بە تیرۆر و تێکدانی ئاساییشی کۆمەڵایەتی و دەروونی و سیاسی، لەم پەیجانە دا باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەوەی دەگوترێت تەنها ڕایەکی شەخسی یان بۆچوونی کۆمەڵێک نەخۆشی بێئیلتیزامی نابەرپرس نییە، بەڵکوو گوزارشتێکی ڕاست و وردە لەو ئاراستە فیکری و دەروونییەی، کە لایەنەکان لە ژوورە تاریکەکان دا باسی دەکەن و لێرە دا بە بێ ماسک دەردەکەوێت و خۆی کەشف دەکات.
ئەم پەیجە سێبەرانە کاتێک بە ئازادیی ڕەها و بەوپەڕی موڕتاحی پەخش دەکەن، چیتر تەنها لە چوارچێوەی گەیاندنی پەیامی سیاسی و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی دا ناوەستن و حساب بۆ یاسا ناکەن، بەڵکوو پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی نزمترین ئاستی زمان و بڵاوکردنەوەی جنێوی بازاڕی و هەڵبەستنی بوختانی بێبنەما و حەیابەرە بۆ هەر کەس و لایەنێک کە بەدڵیان نەبێ و پێچەوانەی ویستی ئەوان بیر بکاتەوە. ئەوان بێ هیچ سڵەمینەوەیەک و بەوپەڕی بێباکییەوە دەست بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان و تەنانەت تێکدانی ناوبانگی خێزانەکان و تۆمەتی ئەخلاقییش دەبەن، چونکە دەزانن لە پشت پەردەی بێناوییەوە پارێزراون و هیچ بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی یان یاسایییان ناکەوێتە ئەستۆ. ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن کە پڕە لە ناوزڕاندن و تانەدان لە شەرەف و کەرامەتی کەسایەتییەکان، دەری دەخات کە ئامانجی سەرەکییان تەنها گەیاندنی بیرۆکەیەک نییە، بەڵکوو تیرۆری مەعنەویی بەرانبەرە بە هەر نرخێک بێت. سڵنەکردنەوە لەم جۆرە کارە نزم و ناشرینانە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و بوختان، لە ڕاستی دا ڕەنگدانەوەی ئەو عەقڵیەت و پانتایییە تاریکەیە، کە لە ناخی خاوەنەکانیان دا هەیە و لە ڕێی ئەم سەکۆیانەوە هەموو ئەو گرێ دەروونی و بوغز و ڕقە شاراوانە بەتاڵ دەکەنەوە، کە ناتوانن لە ڕێی میدیایەکی یاسایی و فەرمییەوە دەری ببڕن، بەمەیش دەبنە مەترسیدارترین ئامراز بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لەناوبردنی کەسێتی.
لەم پەیج و ئەکاونتە سێبەرانە دا، ئاستی ئازادیی دەربڕین دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە بێسەروبەریی ڕەها، کە تێیدا هەموو سنوورە ئەخلاقی و مرۆیییەکان دەبەزێنرێن، بە جۆرێک جنێودان و بەکارهێنانی وشەی ناشرین دەبێتە ئامرازێکی ئاسایی بۆ هێرشکردنە سەر نەیارەکان و ناوزڕاندنیان. سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە فەرمییەکان، دەبێ ئەو ڕاستییە تاڵە بگوترێت، بێدەنگی یان تەنها لێدوانێکی شەرمنانە بۆ بێبەریبوونیان لەم پەیجە سێبەرانە، چیتر لە بەردەم ویژدانی گشتی و لۆژیکی سیاسی دا جێگەی نابێتەوە. ناکرێت حیزب و کەسایەتییەکان تەنها بە گوتنی “ئەمە هیی ئێمە نییە” خۆیان لە ژێر باری ئەو هەموو جنێو و ناوزڕاندن و بوختانە بدزنەوە، چونکە ئەگەر بەڕاستی ئەم سەکۆیانە تەعبیر لە ئەخلاقی سیاسی و ناواخنی ئەوان ناکەن، ئەوا دەبێت بکەونە شەڕێکی ڕاستەقینە و بێوچان لەگەڵیان دا، جگە لە سەرکۆنە و ڕەخنەگرتن لێیان، هەوڵی دۆزینەوە و سزادانیان بدەن. بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و یاسایی لایەنەکان لەوە دا کورت دەبێتەوە، ئەگەر دژی ئەو بێسەروبەرییە میدیاییەن، بفەرموون بە ئاشکرا دژایەتییان بکەن، هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەکانیان بدەن و ڕێگری لەو پاشاگەردانییە بگرن کە هەموو پێوەر و بەها و پیرۆزییەکان دەبەزێنێت. پێویستە ئەم لایەنانە بەردەوام و بێپسانەوە لە میدیا فەرمییەکانیانەوە جەخت بکەنەوە، ئەم زمانە نزمە و ئەم بوختانانە نەک هەر گوزارشت لەوان ناکات، بەڵکوو بە کردەوەیش هەوڵی کۆتاییپێهێنانی بدەن، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ ئەم پەیجانە کەرامەتی نەیارەکانیان پێ دەشکێنن و دڵخۆشییان دەکەن، دەبێت ئەوە باش بزانن کە ئەم ئاگرە لە کۆتایی دا هەموو کایەکان دەسووتێنێت و هیچ کەس لە مەترسییەکانی پارێزراو نابێت. بێدەنگیی سیاسی لە ئاست ئەم پەتایە، جۆرێکە لە ڕەزامەندیی شاراوە، ئەگەر لایەنێک بە ڕاستگۆیی دەیەوێت بیسەلمێنێت، کە ئاستی بیرکردنەوەی لە ئاستی ئەو پەیجانە دا نییە، دەبێت ئەوە ڕابگەیەنێت کە کاری ئەم سێبەرە تاریکانە نەک هەر خزمەت بەوان ناکات، بەڵکوو تیرۆرکردنی ئاساییشی دەروونیی کۆمەڵگەیە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هەموان، چونکە کاتێک ژینگەی سیاسی دەبێتە مەیدانی بوختان و جنێو، چیتر هیچ ڕێکەوتن و بەهایەک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەسترێت.
تا کەی لایەنە سیاسییەکان ئامادە نیین بەڕاستی دەستبەرداری ئەم “سوپا سێبەرە” ببن؟ کە نابن، هەر ئەمەیشە ناهێڵێت کایەی سیاسی و میدیایی لەم دۆخە نالەبارە ڕزگاری بێت، چونکە کاتێک بەرژەوەندییە کاتییەکان دەخرێنە پێش بەها ئەخلاقییەکان، “پەیجی سێبەر” لە قێزەونییەوە بۆیان دەبێتە پێویستییەکی ستراتیژی. لایەنەکان ئامادە نین دەستبەرداری ئەم چەکە ببن، چونکە پەیجی سێبەر کارێک بۆ حیزب دەکات، کە میدیای فەرمی ناتوانێت بیکات؛ ئەویش تێکشکاندنی کەسایەتیی نەیارەکانە بێ ئەوەی حیزبەکە هیچ باجێکی سیاسی یان یاسایی بدات. ئەمە جۆرێکە لە تیرۆر، کە تێیدا لایەنەکان لە پشت ماسکی بێدەنگییەوە چێژ لەو سووکایەتییانە دەبینن، کە ئاڕاستەی بەرانبەر دەکرێت، لە کاتێک دا لە کۆبوونەوە فەرمییەکان دا بە ڕووخسارێکی دیپلۆماسییەوە باس لە پێکەوەژیان و پێویستیی جیاوازی و ئازادیی بیروڕا دەکەن.
ئەم دووڕوویییە نیشانەی ئەوەیە، لایەنەکان نەک هەر نایانەوێت ئەو پەیجانە دابخەن، بەڵکوو زۆر جار بە بودجەی گەورە و سوپایەکی ئەلیکترۆنیی ڕێکخراو پەرەیان پێ دەدەن، چونکە لای ئەوان سەرکەوتن بە سەر نەیار دا، لە پاراستنی ئاستی فیکری و ئەخلاقیی کۆمەڵگە گرنگترە. کاتێک لایەنێک ئامادە نییە بە ڕاستی شەڕی ئەو زمانە نزمە بکات، واتای ئەوەیە کە ئەو زمانە بەشێکە لە ستراتیژی مانەوەی خۆی، ئەمەیش مەترسیدارترین جۆری داڕمانە، چونکە کاتێک سیاسەت لە ململانێی فیکرییەوە دەبێتە ململانێی بوختان و جنێو، ئیتر چاوەڕوانی چاکسازی و گۆڕانکاری لە عەقڵیەتێکی وا دا تەنها خەیاڵە. لایەنەکان بەم کارەیان ژینگەیەکی وایان خوڵقاندوە، ئەوەی دەمرێ ڕاستگۆیییە و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها جەنگێکی دەروونیی بەردەوامە، کە تێیدا هەموان دۆڕاون، چونکە لە کۆتایی دا ئەو کینە و بوختانانەی دەچێنرێن، دەبنە میراتێکی ژەهراوی بۆ نەوەکانی داهاتوو و هیچ دیوارێکی پارێزبەندی بۆ کەرامەتی مرۆڤەکان ناهێڵنەوە.

کارا فاتیح




كێ ڕۆژنامەنووسە؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                    
                                                        

بە پێی ئاماری سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بێت، سەرووی پێنچ هەزار ڕۆژنامەنووس لەو هەرێمە بچووكەی ئێمە هەن. لەو ژمارەیەدا، چەندییان پڕۆفیشناڵانە بە ڕەچاوكردنی ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی، هەبوونی پاشخانێكی گەورەی ڕۆشنبیریی كار دەكەن، گەر لە مەحەكیان بدەین، ڕەنگە سەد ڕۆژنامەنووسێك بمێنێتەوە. بێگومان بە هۆی پێشكەوتنە ژیاریی و مرۆییەكانی سەردەم و هاتنە ئارای سۆسیال میدیا و دنیای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە زادەی پێشكەوتنە زانستییەكانی سەردەمن، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا دۆخێك دروست بووە، كە هەرچی مایكێكی بە دەستەوە گرت، ئیدی پێی بگوترێت ڕۆژنامەنووس ! ئەم دۆخە وایكردووە بە هەزاران كەس، بێ هەبوونی هیچ پاشخانێكی زمانی و مەعریفی، بوێریی و خەسڵەتی كەسی و پیشەیی بێنە نێوەندەكە و بە داخەوە بە ئاسانیش بكرێنە بە ناو ڕۆژنامەنووس. بواری ڕۆژنامەنووسی بەر لەوەی ڕووبەری ڕووماڵكردنی هەواڵ و ڕووداوەكان و شڕۆڤە و ڕاپۆرتە هەواڵ و خستنە ڕووی كێشەكان بێت، هەڵگری شوناسێكی كولتووریی و مەعریفییە، ئەمەش ئەوە لە كارەكتەرەكانی نێو ئەو بوارە دەخوازێت، كە لە هەموو ڕووێكەوە توانایەكی گەورەی زمانەوانی و ڕۆشنبیرییەكی گشتییان هەبێت، بۆ ئەوەی لە سەرەتادا وەك ڕۆشنبیرێك و زمانزانێك دەربكەون، ئەوكات وەك ڕۆژنامەنووس، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا، بە داخەوە بە پێچەوانەوەیە، ئەمەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو فەزا ئازاد و كراوەیە هەیە كە بوونی هەیە، بە جۆرێك ئازادی كە دەبێ بە یاسا ڕێكبخرێت، تێكەڵ بە گەڕە لاوژێیی و بەڕەلایی بووە، كە ئەمەش گەورەترین مەترسییە بە سەر ئازادی خۆیەوە. هەڵبەتە وەك ناو، ڕەنگە هەزاران بە ناو ڕۆژنامەنووس هەبن، بەڵام ڕۆژنامەنووس كارەكتەرێكە، كە پێویستە هەڵگڕی چەند تایبەتمەندییەك بێت ئەوانیش:
یەكەم:_ دەبێ زمانێكی پوخت و پاراوی هەبێت و بە كەمترین وشە و دەربڕین، پەیامەكەی بگەیەنێت.
دووەم:_ دەبێ بوێر و ڕاشكاو، هاوكات سەربەخۆ و بێ لایەن بێت و لە ژێر هەر جۆرە سازشێك و مەراییكردنێكی ماددییانە و كەسییانە، ئەو شوناسە گرنگەی خۆی لە دەست نەدات، وەك ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین كە بەشێكی زۆری ڕۆژنامەنووسان هەر رۆِژە بۆ پارەی زیاتر لە كەناڵێكن، بێ ئەوەی بە بیریان دابێت كە ئەم پەت پەتێنە، چ زیانێك بە ناوبانگ و كەسیەتی كۆمەڵایەتی و پیشەیان دەگەیەنێت.
سێیەم:_ ڕۆژنامەنووس دەبێ ئینسكلۆپیدیایەك بێت لە ڕۆشنبیریی گشتی، بە تایبەتیش لە میانەی ڕاپۆرت و شڕۆڤەی ڕۆژنامەوانی و وردەكاریی گەیاندن لە سەر هەر پرس و بابەتێكی سیاسی و نەتەوەیی و مێژوویی بێت.
چوارەم:_ دەبێ لە میانەی كاركردن، ڕەچاوی هەموو ئەو ئیتیكانە بكات، كە جەوهەری كاری ڕۆژنامەنووسی پێكدەهێنن.
پێنجەم:_ دەبێ سەركێشی و بزێوی، لە هونەری مامەڵكردن لەگەڵ ڕووداوە نەخوازراوەكان شارەزابێت. هیچ جوامێرییەك لەوە دانییە، ڕۆژنامەنووسێك كە هیچ لە هونەری شەڕ و بەرگریی نازانێت، بە پێش پێشمەرگەیەكی قارەمان بكەوێت و ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە، چونكە ژیان لە پیشە مەزنتر و پێویستترە.
شەشەم :_ ڕۆژنامەنووس دەبێ كەسێك بێت، بە ئاسانی دەستبەرداری بەها باڵاكانی مرۆیی و پیشەیی نەبێت و نابێ كەسێك بێت ڕووپامایی و سازش، پۆست و دەسكەوت، بەرژەوەندی تایبەتی لە پێشەوەی كارەكەی ببینێت. بەشێكی زۆری ڕۆژنامەنووسان، لافی ئەوە لێ ئەدەن كە ئەوان بۆیە لە دەزگایەك دەڕۆن دەچنە دەزگایەكی دیكە، چونكە مەبەستیان خزمەتكردنی زیاتری بوارەكەیە، بەڵام شۆخییەكە لەوەدایە، هەر ئەوانە كاتێ لە دەزگاكەی خۆیان دەڕۆن، دەچنە ئەو كەناڵانەی زۆرترین مووچە و بودجەی بۆ كارمەندەكان تەرخان كردووە، تا ئەو ڕادەیەی مووچەی بێژەرێكی ئافرەت كە هەموو سەرچاوەكەی تەنها جوانیەكەیەتی و ڕەنگە نەزانێت هاوەڵكارو هاوڵناو چین بە دەیان گەڵابێت، كە ئەمەش هەر خۆی لە خۆیدا، ناڕاستی گوتەكەی ئەوان دەردەخات، كە ئەمانە بە دوای بەرژەوەندی كەسییەوەن نەك خزمەتكردنی گشتی.
هەفتەم:_ ڕۆژنامەنووس دەبێ زۆر بە وردی بواری كاركردنانەی خۆی پۆلێن بكات و لەو سنوورە دیاریكراوە كار بكات، كە لەگەڵ ئاستی تێگەیشتن و توانست و ڕۆشنبیریی گشتی ئەو یەكدەگرێتەوە. بۆ نموونە: ڕۆژنامەنووسێك كە لە هەموو ژیانیدا ڕۆمانێكی نەخوێندۆتەوە، نابێ دیمانەی ئەدەبی لەگەڵ ڕۆماننووسێك بكات كە شارەزایی لە بواری ئابووری و بۆرسەی دراو و بەرزیی و نزمی نرخ و بەهای دراوەكان نەبێت، نابێ لە سەر پرسی قەیرانی ئابووری و بازاڕی ئازاد و كایەی ئابووری دیمانە بكات. ئەمە لە نێو ئێمەدا بە پێچەوانەوەیە، ڕۆژنامەنووس هەیە نازانێت دوو پرسیار لە بارەی ئەو بوارەی كە گوایا دیمانەی لە بارەوە دەكات بپرسێت و زانیاریی هەبێت، كەچی دیمانەش دەكات. بێگومان ئەمەش دەرەنجامی تێكەڵكرنی ناپسپۆڕییانەی بوارەكەیە.
هەشتەم:_ ڕۆژنامەنووس دەبێ دڵنیا بێت لەوەی دەیڵێت و ڕووماڵی دەكات، بە تایبەتیش لە پەخشی زیندیدا، كە بوارێكی بۆ مۆنتاژو بڕین و سڕینەوە تێدا نییە.
نۆیەم:_ ڕۆژنامەنووسی حزبی، كاتێ لە دەزگایەكی ئۆرگانیشدا كاردەكات، دەبێ ئەوەی لە بەرچاوبێت كە ئەو سەرەتا ڕۆژنامەنووسە دواتر حزبی، بۆیە دەبێت بە یەك مەودا لە نێوان ڕووداوەكان، هەواڵ و كار و ڕووماڵەكان بووەستێت و نابێ ئایدیای سیاسییانەی خۆی تێكەڵ بە كاری پیشەییانەی بكات و ئیدی لە پەراوێزییەوە لایەنگیریی بكات، چونكە ئەمە بەهاو بڕوای ڕۆژنامەنووسەكە لە نێو خەڵك و میدیادا ناهیڵێت. دیارە مەبەستی ئێمە لێرەدا، هەواڵ و ڕووماڵی دەرەوەی كاری حزبییانەیە. هەڵبەتە ئەستەمە ئەو هەموو تایبەتمەندییانە بەیەكەوە لە ڕۆژنامەنووسێكدا هەبن، بەڵام گەر پیشەییانە بڕوانینە كارەكە، دەبێ ڕۆژنامەنووس خەسڵەتی زۆر لەوە زیاتریشی هەبێت، كە ڕەنگە ئێمە پەیمان پێ نەبردبێت.




دابەشکردنی هەگبەکانی حکومەتی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

سەرەڕای سروشتی دەستووری و ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرەک کۆمار و بەڕێوەبردنی لە پەرلەماندا، ئەوەی نەشاردەوە، کە قەیرانی سیاسی و کێشەکانی دەوروبەری لایەنەکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەنیا پرۆسەیەکی دەنگدان نەبووە، بەڵکو قۆناغێک بووە لە ململانێیەکی فراوانتری لایەنەکان لەسەر فۆڕمی دەوڵەت و ئاراستە سیاسیەکەی لە قۆناغی داهاتوودا.
وەها نیشان ئەدەن گوایە ئەم هەڵبژاردنە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی دەستووری بەرچاو دەکات کە کۆتایی بە بۆشایی سیاسی چەند مانگی پێشو هێنابێت، بەڵام هیچ گومانی تیا نیە، نەک بەردەوامی قەیرانی سیاسی چارەسەر نەکردووە، بەڵکو دەرگای بەڕووی قۆناغێکی تازەی ململانێی ئاڵۆزتردا کردەوە، کە کێشەی پێکهێنانی حکومەت و دەستەبەرکردنی پۆستی سەرۆک وەزیران و سەقامگیری بونی پەیوەندی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی ئاڵۆزتر کردووە، حکومەتی بەشبەشێنەی لە نێوان هێزە سیاسیە گەورەکاندا خستۆتە بارگرژی و گرفتی زیاترەوە.
ئەم هەنگاوەی لە میانی دانیشتنێکی پەرلەماندا نرا، کە گرژی و بایکۆتی چەند بلۆکێکی سیاسی پێوە دیار بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قوڵی ناکۆکی و نەبونی کۆدەنگی لایەنەکانە لە بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوی عێراقدا، لە ڕاستای ڕێرەوی ئەم دۆخەی شەڕی ئەمریکا و ئێراندا، کە هۆکارێکی جدیە لە قوڵبونەوەی قەیرانەکان و کێشەکانیاندا.
هەر چەنده هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاوێکی گرنگە له سیستمی سیاسی عێراقدا، بەڵام لە ئێستادا و بەم شیوازە پەرتەوازیە، ناتوانێت کۆتایی بارگرژی وقه یرانەکان بێت، پێموایە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و هەستیارتره، که دواتر کاریگەریەکانی لەسەر ململانێ و بەرژەوەندی لایەنەکان و دۆخی نەرێنی سیاسی عێراق دەردەکەوێت.
هەڵبەتە بەگوێرەی دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەرکی کاندیدی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی دەداتە پێکهێنانی حکومەت لەماوەیەکی دیاریکراودا، ئاشکرایە کە لەم بارەیەوە پۆستی سەرۆک وەزیران چەقی ڕاستەقینەی کێبڕکێی سیاسی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیە، کە دەبینین لە دۆخی ململانێ و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، قەیران و بارگرژی لە نێوان لایەنە شیعەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەجۆرێک پێشهاتووە، ڕێکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهاتنی حکومەتی سەختتر بووە، بەبێ یەکلایی بونەوەی دۆخی جەنگ و کاریگەریەکانی ئەو جەنگە لەسەر ناوچەکە، لایەنە سیاسیەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئاڵوگۆرەکاندا نەخشە و سیاسەتەکانیان بەرجەستەو ڕۆشن نابێت.
لەکاتێکدا ناکۆکیەکی ڕون لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا هەیە سەبارەت بە لێکدانەوەی چەمکی “گەورەترین بلۆک”، لە پێکهێنانی حکومەت کە بریتیە لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”، بەڵام پێشتر و ئێستاش لە پەیوەند بەدۆخی شەڕەوە، ناکۆکی نێوانیان شاراوەنیە، کە کێشەکانیان دوای نزیکەی هەموو هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی دووبارە دەبێتەوە یەکێک لە هۆکارە هەرە دیارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق پێکدەهێنێت، هەر بلۆکێکی گەورە هەوڵدەدات پێگەی دانوستانکاری خۆی بەهێزتر بکات بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی گەورەتر لە حکومەتی داهاتوودا، جا چ لەڕوی سەرۆکوەزیرانەوە بێت یان دابەشکردنی وەزارەتەکانەوە، کە لە دۆخی ئەم شەڕەدا ناکۆکی و کێشەکانیان زیاتر یەخەی پێگرتون.
ناکۆکی سەرەکی بارزانی و تاڵەبانی، لەم دۆخەدا وەک فاکتەری بەرچاو سەریهەڵدا کە دیمەنی سیاسی و کێشەکانی نێوانیانی ئاڵۆزتر کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕێکەوتن لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و لە هەمانکاتدا لەسەر پۆستی سەرەک کۆمار بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتن.
بەپێی ڕێکەوتنامەیەکی سیاسی کە لە دوای 2003 دامەزرا، سەرۆکایەتی لە عێراق لەسەر بنەمای کۆدەنگی و ڕێکەوتنە، کە سەرۆک کۆمار، تایبەتە بە پێکهاتەی کوردی، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنە نەنووسراوە و لەم ساڵانەی دوایدا ڕوبەڕوی تەحەددای زیاتر بۆتەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی کێبڕکێ لەناو خودی دامەزراوەی سیاسی یەکێتی و پارتیدا، کێشەکانی پێکهاتنی حکومەتی بەغدای زیادیکردووە.
لە هەمانکتدا پیكهاتەی حکومەتی بەغدا کە کاتی خۆی ئەمریکا لەسەر بنەمای ئیسلامی و تائفی و قەومی دایمەزراندوە، دەورو باڵادەستی کۆماری ئیسلامی، مایەی بەهێزکردنی پێگەی لایەنە شیعکان بوە، لەو نێوەدا پێکهاتەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەخالەت و کاریگەری ئێران هێزی سەرەکی و باڵادەستی بەدەست هێنا لە پێکهێنانی حکومەتدا، بەڵام دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ەوە، دۆخی سیاسی ناوچەکە و شەڕی ئەمریکا و ئێران، خودی چوارچێوەی هەماهەنگی خستە بەر حاڵەتێکی چاوەڕوانی، لە پەیوەند بە ئایندەی ئێران هاوکاتی شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا.
هەربۆیە پێکهێنانی حکومەتی بەغدا لە قۆناغی داهاتودا، کە بە شێوەیەکی گشتی قورستر و ئاڵۆزتر دەردەکەوێت لە چاو دەورانی ساڵانی هەڵبژاردنەکانی پێشودا.
لەلایەکی ترەوە ئاماژە سیاسیەکان لە ئێستادا ئەوە دەردەخەن کە هێزە شیعەکان لە ناوخۆدا دابەشبون لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێکی یەکگرتوو بۆ سەرۆکوەزیران، بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندی و دیدگای نێوان گروپەکان، لە پەیوەند بە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ململانێی ئەمریکا و ئێرانەوە، بە تایبەتی کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئاشکرا بونە بەشێک لە شەڕەکە و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیەتی و بەرگری لە کۆماری ئیسلامی.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەرەڕای ئەوەی وەها نیشان ئەدەن کێشەیەکی سەرەکی کۆتایی هاتووە، بەڵام وەک دەستکەوتێکی کۆتایی نابینرێت، لەهەمانکاتدا هەنگاوێکی ڕاگوزەرە بەرەو کێشەو شەڕێکی سیاسی هەستیارتر لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتودا، ئەم قۆناغە بەردەوام بونە لە قەیرانی سیاسی و ناسەقامگیری زیاتر.
هەڵبەتە جەماوەری عێراق بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕوانی دەرئەنجامی ئەم پێشهاتە سیاسیانەن، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی جەنگ و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی عێراق و ناوچەکە و ئەگەری شەڕی ناوخۆی لایەنە سیاسیەکان، بە هێزەکانی شیعە و سونە و کوردەکانەوە، هەوروەها نەبونی پێداویستیەکان و ئاستەنگی ئابووری و خزمەتگوزاریەکان، هاوڵاتیان داوای باشترکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و چارەسەری قەیرانی بێکاری و ژینگەیەکی سیاسی سەقامگیر دەکەن کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی بە شێوەیەکی کاریگەر هەبێت.
بەڵام مێژوی چۆنیەتی پێکهاتەی حکومەتی عێراق لەو کاتەوە لەسەر بنەمای هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائفی و قەومی بووە، سەرچاوەی گەورەترین نائاسودەیی و نەبونی ئاسایش و ناجێگیری سیاسی و کارەساتە بەسەر ژیانی خەڵکەوە، دانیشتوانی عێراق، پێویستیان بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بەرفراونی جەماوەری و ئاسۆی سەرکەوتن، بۆ کۆتایهێنان بە هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائیفی و قەومیە، لە هەمانکاتدا دامەزراندنی حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوڵاتی بون و دەور و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک، لە دەسەڵاتی سیاسیدا دابین بکرێت، هەروەها پاراستنی سەربەخۆیی عێراق لە دەخالەت و بونی ئەمریکا و ئێران و کردنە دەرەوەی هێزەکانیان.




پرۆژەی شی جینپینگ بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. هەڵۆ حەسەن

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەبە یەكێك لە ناوچە ئاڵۆزەكانی جیۆپۆلیتیكی و ناجێگیرترین ناوچەی سیستەمی نێودەوڵەتیە،لەم چوارچێوەیەدا ئەو پرۆژەیەی كە شی جینپینگ سەرۆكی چین پێشنیاری كردووە،چوارچێوەیەكی دیپلۆماسی ڕوون بۆ چارەسەركردنی هەردوو قەیرانی دەستبەجێ و هۆكارە بنەڕەتییەكانی ناسەقامگیرییە،پرۆژەی شی جینپینگ لەسەر بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ئاسایشی گەشەپێدان دامەزراوە، ڕەنگدانەوەی ڕێبازێكی بەدیل بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و حوكمڕانی ناوچەییە،لە ناوەڕۆكی ئەم چوارچێوەیەدا بنەمای پێكەوەژیانی ئاشتیانە هەیە، كە جەخت لەسەر پێویستی گفتوگۆ و ڕێزگرتنی یەكتر و هاوكاری دەكاتەوە. سروشتی یەكتر گرێدراوی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا دەكات ستراتیژییە ئەمنییەكانی تاكلایەنە بێكاریگەر بن،ئەزموونە مێژووییەكان دەریانخستووە كە پەرەسەندنی ململانێكان- چ سیاسی، ئابووری، یان مرۆیی- بە ناچاری سنوورە نیشتمانییەكان تێدەپەڕێنێت،بەم پێیە پەروەردەكردنی متمانە و پێشخستنی ئاشتەوایی پێكهاتەی سەرەكین بۆ بنیاتنانی نەزمێكی ناوچەیی هاوبەش،بە هەمان شێوە ناوەندییە بنەمای “ڕێزگرتن لە سەروەری نەتەوەیی”، كە بەردێكی بناغەی یاسای نێودەوڵەتی هاوچەرخ پێكدەهێنێت،ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین جار شاهیدی دەرئەنجامەكانی دەستێوەردانەكانی دەرەكی و سەپاندنی مۆدێلی سیاسی بووە، لە ئەنجامدا بۆتە هۆی ناسەقامگیری درێژخایەن بە داكۆكیكردن لە دەستوەرنەدان و ڕێزگرتن لە ڕێڕەوی سیاسی و گەشەپێدانی هەڵبژێردراوی هەر دەوڵەتێك، دیدگای چوار خاڵی چین جەخت لەسەر گرنگی چارەسەری ناوخۆیی بۆ ئاڵنگاریی ناوچەیی دەكاتەوە،ڕەهەندی سێیەم،”پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی”، كە لەسەر پێویستی نەزمێكی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسا كە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەكدەنگی بێت. جێبەجێكردنی هەڵبژێردراوی نۆرمەكانی یاسایی و ڕێوشوێنی تاكلایەنە، پێكهاتەكانی حوكمڕانی جیهانی تێكدەدەن و متمانە لە نێوان دەوڵەتەكاندا دەشێوێنن،بۆیە پشتگیریكردنی جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەهێزكردنی میكانیزمە فرەلایەنەكان بۆ دڵنیابوون لە شەرعیەت و ڕێگریكردن لە پەرەسەندنی ململانێكان،لە كۆتایی پرۆژەكەی شی جینپینگ یەكخستنی “گەشەپێدان و ئاسایش” ستراتیژییەكی درێژخایەن بۆ ئاشتی بەردەوام دەخاتە ڕوو. ڕێوشوێنە ئەمنییەكان بە تەنیا ناتوانن چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی هۆكارەكانی ناسەقامگیری بكەن، وەك نایەكسانی ئابووری، بێكاری ئەم ڕێبازە بە بەستنەوەی گەشەی ئابووری بە چوارچێوە ئەمنییەكانەوە لەگەڵ تیۆرییە فراوانەكانی ئاسایشی مرۆیی و گەشەسەندنی بەردەوامدا هاوتەریب دەبێت. وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری، بازرگانی و هاوكاری ناوچەیی دەتوانێت بەشداربێت لە كەمكردنەوەی گرژییەكان و پەروەردەكردنی خۆڕاگری لە سەرانسەری كۆمەڵگاكاندا،لە چوارچێوەی چوار خاڵی شی جینپینگ ڕێڕەوێكی ستراكتۆر و پراگماتیك بەرەو ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشنیار دەكات لە كاتێكدا جێبەجێكردنی پەیوەستە بە ئامادەیی ئەكتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان، بەڵام مۆدێلێكی چەمكی بەنرخ بۆ چارەسەركردنی یەكێك لە ئاڵنگارییە هەمیشەییەكان لە سیاسەتی جیهانیدا دابین دەكات.

هەڵۆ حەسەن




ئایا بۆ گیان لەدەستدانی غەزال مەولان دەبێ ڕەخنە لە کێ بگرین؟.. حەسەن ڕازانی

سەرەتا من زۆر دڵگرانم بە گیان لەدەستدانی غەزال مەولان. پرسەو سەرخۆشی خۆمان دەنێرین بۆ کەس و کاری غەزال و تەواوی ئەندامانی بنەماڵەو خێزانەکەی و تەواوی هاوڕێیانی غەزال لە سەنگەری خەباتدا!
مەرگ و نەمان بۆ سیستەمی پەت و سێدارەی ئاخوندو ئایاتوڵڵاکان و تەواوی ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی نەتەوە باڵادەستەکان و دیکتاتۆرە ڕەگەزپەرستەکانی ناوچەکە!
چەند سەرنجێک:
بە بڕوای من ڕەخنەی درووست و کاریگەر لەبارەی گیان لەدەستدانی غەزال مەولان ئەو ڕخنەیەیە کە دەبێ ڕاستەوخۆ ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی بکرێت!
“دەبێ خەڵک بپرسێت کە ئایا نەخۆشخانە هەیە کە بۆ هەمووان بێت بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەزو نەتەوە، ئایین و مەزەب، ئایدۆلۆجیاوشتی لەوبابەتە…هتد ئەگەر هەیە بۆچی غەزال گیانی لەدەستداو چارەسەری پزیشکیی نەکرا؟ ئەگەر نەخۆشخانە نیە کە بۆ هەموان بێت ، بۆچی دەبێ نەبێت؟ ئایا حکومەت هەیەو خۆی بە حکومەت دەزانێت؟ ئەگەر هەیە بۆچی نەخۆشخانە بۆ خەڵک نیە؟ بە بڕوای من دەبێ تەواوی ڕەخنەکان ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی بکرێن و دەبێ ئەو بکرێتە ئامانج نەک خەڵکێک کە هیچ ڕۆڵێکی پێنەدراوە بێجگە لەوەی کە بێدەنگ و ڕازی بێت بەو بەشەی هەیەتی!”
سیستەمی سەرمایەو بازاڕی ئازادو یاساکانی ئەو بازاڕە بە جۆرێکی زۆر خەراپ و نا یاسایی و دوور لە ڕەچاوکردنی مافی مڕۆڤ کوردستانی گرتۆتەوە. نەخۆشخانەی بەخشین لە نێو ئەو سیستەمەدایەو بە پێی یاساکانی ئەو سیستەمە کاروبارەکانی ئەنجامدەدات. لە سیستەمی سەرمایەو بازاڕی ئازادا نەخۆشخانەش، وەک شوێنی فرۆشتنی کەلو پەل بۆ مەبەستی قازانج و سوود، شوێن و هۆی سەرمایەگوزارییە!
کوردستان سەرباری ئەوەی کە لە نێو یاساکانی بازاڕی ئازادو سیستەمی سەرمایەدایە، بەڵام شێوە دەسەڵاتێکی تریش بەسەر ئەو بازاڕەدا زاڵە کە بریتیە لە دەسەڵاتی خێڵ، دەسەڵاتی بنەماڵە، دەسەڵاتی بەرپرس، دەسەڵاتی سەرۆکی حیزب و دەسەڵاتی ئایدۆلۆجیاو دەسەڵاتی ئاین و دەسەڵاتی مەزەب و دەسەڵاتی تەنانەت زمان و زاراوەی جیاش! تەنانەت شوێنی نیستەجێبوونیش ڕۆڵی هەیە.! غەزال بووە قوربانی نێو ئەو هەموو دەسەڵاتانە! نەخۆشخانەی (بەخشین) لەو چوار چێوەیەدایەو هی خەڵک نیە بەڵک و سەر بە ئایدۆلۆجیایەکە یان سەر بە بەرپرسێکە یاخود سەر بە حیزبێکی سیاسییەو ئایدیدۆلۆجیایەکی تایبەت بەخۆی هەیە کە ڕیگەی پێنادات هاوکاری کەسانی وەک غەزال بکات!
بە بڕوای من نابێ ئەو ئیسلامە سیاسییەی کە بەرژەوەندی سیاسییانەی لە نێوخۆ گرتووە تێکەڵاوبکرێت و یەکسان بکرێت بەو ئیسلامەی کە باب و باپیرانمان هەیانبووەو ئێمەمانیان لەسەر پەروەردەکردووە لە رووی ئاینیی و مەزەبییەوە. مردن و گیان لەدەستدانی غەزال خەتای نە موسڵمانان و نە خەتای ئایینی ئیسلامیشە.. نەخۆشخانەیەک یان مزگەوتێک ئامادە نەبوون کە هاوکار بن ناکاتە ئەوەی ئیسلام و موسڵمانان تێوەبگلێنین. دەبێ موسڵمانە سیاستەبازو بەرژەوەندی خوازەکان و ئەوانەی کە ئایینی ئیسلامیان خستۆتە خزمەتی بەرژەوەندیە سیاسییەکانیان تێوەبگلێنین وبیانکەینە ئامانج نەک خەڵکی موسڵمان!

دیدگاو تێڕوانینی کوردانەو نیشتیمانپەروەرانە کە لەبەرژەوەندی تەواوی کوردا بێت و بمانەوێت ٢+٢ یەکسان نەبێ بە ٤ بەڵک و یەکسان بێت بە ١، دەبێ ڕەخنە لە یەکتری نەگرین! چونکە خەڵک بێتاوانە!. ئەوە حیزبی سیاسییە کە خەڵک پەروەردە دەکاو بەرەو ئەملاوئەولای دەباو لە کوردایەتی ڕەسەن و جوان و لە هەستی مرۆڤایەتی دووری دەخاتەوەو دەیکاتە ئامڕازێکی ئایینی و مەزەبیی یان ئایدۆجیی!
بە بڕوای من درووست نیە، دیارە مەبەستم لە دیدو بەرژەوەندی کوردایەتییەوەیە، کە بێین گلەیی لە خەڵکی سلێمانی بکەین کە غەزال گیانی لەدەستدا بەڵک و دەبێ ڕەخنە لە دەسەڵات یان ئەو حکومەتە بگرین کە فەرمانڕەوایە لە سلێمانی! ئەگەر وا نەکەین ئەوا ڕێک سیاسەتەکانی دوژمنانی کورد جێبەجێ دەکەین! ئیتر ٢+٢ نەک هەر ناکاتە ٤ بەڵک و زیادیش دەبێت و دەڕوا بەرەو پێنج!

بە بڕوای من ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیی و حیزبی سیاسیی لێگەڕێن خەڵکی کوردستان هەمیشە یەکگرتوو بووەو یەکتری خۆشویستووەو بە هانای یەکترەوە چوەو هیچ سنوورێکی سسیاسیی و جوگرافیی نەیتوانیوە کوردان لەو ئاکارە جوانە کوردانەیەو لە هەڵوێستی مڕۆڤایەتیی بوەستێنێت!
ئەمەی کە ڕووی داوە بۆ گیان لەدەستدانی غەزال، هیچ گومانی تێدانیە کە هۆکارە سەرەکیەکە نەخۆشخانەی بەخشین نیە بەڵک وئەوە حکومەتە کە لێی بەرپرسیارە جا یان زەردەکەیە یان سەوزەکەیەو یان هەردووکیانن بە یەکەوە، ئەگینا نابێ کەسیتر بکرێتە ئامانج!
ئەدی پێم ناڵێن ئەو دوو حکومەتە زەردو سەوزەی ئەودیواودیوی دێگەڵە ئیشیان چیەو بۆچی بوونەتە حکومەت؟




دابەشکردنی هەگبەکانی حکومەتی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

سەرەڕای سروشتی دەستووری و ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرەک کۆمار و بەڕێوەبردنی لە پەرلەماندا، ئەوەی نەشاردەوە، کە قەیرانی سیاسی و کێشەکانی دەوروبەری لایەنەکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەنیا پرۆسەیەکی دەنگدان نەبووە، بەڵکو قۆناغێک بووە لە ململانێیەکی فراوانتری لایەنەکان لەسەر فۆڕمی دەوڵەت و ئاراستە سیاسیەکەی لە قۆناغی داهاتوودا.
وەها نیشان ئەدەن گوایە ئەم هەڵبژاردنە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی دەستووری بەرچاو دەکات کە کۆتایی بە بۆشایی سیاسی چەند مانگی پێشو هێنابێت، بەڵام هیچ گومانی تیا نیە، نەک بەردەوامی قەیرانی سیاسی چارەسەر نەکردووە، بەڵکو دەرگای بەڕووی قۆناغێکی تازەی ململانێی ئاڵۆزتردا کردەوە، کە کێشەی پێکهێنانی حکومەت و دەستەبەرکردنی پۆستی سەرۆک وەزیران و سەقامگیری بونی پەیوەندی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی ئاڵۆزتر کردووە، حکومەتی بەشبەشێنەی لە نێوان هێزە سیاسیە گەورەکاندا خستۆتە بارگرژی و گرفتی زیاترەوە.
ئەم هەنگاوەی لە میانی دانیشتنێکی پەرلەماندا نرا، کە گرژی و بایکۆتی چەند بلۆکێکی سیاسی پێوە دیار بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قوڵی ناکۆکی و نەبونی کۆدەنگی لایەنەکانە لە بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوی عێراقدا، لە ڕاستای ڕێرەوی ئەم دۆخەی شەڕی ئەمریکا و ئێراندا، کە هۆکارێکی جدیە لە قوڵبونەوەی قەیرانەکان و کێشەکانیاندا.
هەر چەنده هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاوێکی گرنگە له سیستمی سیاسی عێراقدا، بەڵام لە ئێستادا و بەم شیوازە پەرتەوازیە، ناتوانێت کۆتایی بارگرژی وقه یرانەکان بێت، پێموایە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و هەستیارتره، که دواتر کاریگەریەکانی لەسەر ململانێ و بەرژەوەندی لایەنەکان و دۆخی نەرێنی سیاسی عێراق دەردەکەوێت.
هەڵبەتە بەگوێرەی دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەرکی کاندیدی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی دەداتە پێکهێنانی حکومەت لەماوەیەکی دیاریکراودا، ئاشکرایە کە لەم بارەیەوە پۆستی سەرۆک وەزیران چەقی ڕاستەقینەی کێبڕکێی سیاسی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیە، کە دەبینین لە دۆخی ململانێ و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، قەیران و بارگرژی لە نێوان لایەنە شیعەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەجۆرێک پێشهاتووە، ڕێکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهاتنی حکومەتی سەختتر بووە، بەبێ یەکلایی بونەوەی دۆخی جەنگ و کاریگەریەکانی ئەو جەنگە لەسەر ناوچەکە، لایەنە سیاسیەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئاڵوگۆرەکاندا نەخشە و سیاسەتەکانیان بەرجەستەو ڕۆشن نابێت.
لەکاتێکدا ناکۆکیەکی ڕون لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا هەیە سەبارەت بە لێکدانەوەی چەمکی “گەورەترین بلۆک”، لە پێکهێنانی حکومەت کە بریتیە لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”، بەڵام پێشتر و ئێستاش لە پەیوەند بەدۆخی شەڕەوە، ناکۆکی نێوانیان شاراوەنیە، کە کێشەکانیان دوای نزیکەی هەموو هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی دووبارە دەبێتەوە یەکێک لە هۆکارە هەرە دیارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق پێکدەهێنێت، هەر بلۆکێکی گەورە هەوڵدەدات پێگەی دانوستانکاری خۆی بەهێزتر بکات بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی گەورەتر لە حکومەتی داهاتوودا، جا چ لەڕوی سەرۆکوەزیرانەوە بێت یان دابەشکردنی وەزارەتەکانەوە، کە لە دۆخی ئەم شەڕەدا ناکۆکی و کێشەکانیان زیاتر یەخەی پێگرتون.
ناکۆکی سەرەکی بارزانی و تاڵەبانی، لەم دۆخەدا وەک فاکتەری بەرچاو سەریهەڵدا کە دیمەنی سیاسی و کێشەکانی نێوانیانی ئاڵۆزتر کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕێکەوتن لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و لە هەمانکاتدا لەسەر پۆستی سەرەک کۆمار بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتن.
بەپێی ڕێکەوتنامەیەکی سیاسی کە لە دوای 2003 دامەزرا، سەرۆکایەتی لە عێراق لەسەر بنەمای کۆدەنگی و ڕێکەوتنە، کە سەرۆک کۆمار، تایبەتە بە پێکهاتەی کوردی، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنە نەنووسراوە و لەم ساڵانەی دوایدا ڕوبەڕوی تەحەددای زیاتر بۆتەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی کێبڕکێ لەناو خودی دامەزراوەی سیاسی یەکێتی و پارتیدا، کێشەکانی پێکهاتنی حکومەتی بەغدای زیادیکردووە.
لە هەمانکتدا پیكهاتەی حکومەتی بەغدا کە کاتی خۆی ئەمریکا لەسەر بنەمای ئیسلامی و تائفی و قەومی دایمەزراندوە، دەورو باڵادەستی کۆماری ئیسلامی، مایەی بەهێزکردنی پێگەی لایەنە شیعکان بوە، لەو نێوەدا پێکهاتەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەخالەت و کاریگەری ئێران هێزی سەرەکی و باڵادەستی بەدەست هێنا لە پێکهێنانی حکومەتدا، بەڵام دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ەوە، دۆخی سیاسی ناوچەکە و شەڕی ئەمریکا و ئێران، خودی چوارچێوەی هەماهەنگی خستە بەر حاڵەتێکی چاوەڕوانی، لە پەیوەند بە ئایندەی ئێران هاوکاتی شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا.
هەربۆیە پێکهێنانی حکومەتی بەغدا لە قۆناغی داهاتودا، کە بە شێوەیەکی گشتی قورستر و ئاڵۆزتر دەردەکەوێت لە چاو دەورانی ساڵانی هەڵبژاردنەکانی پێشودا.
لەلایەکی ترەوە ئاماژە سیاسیەکان لە ئێستادا ئەوە دەردەخەن کە هێزە شیعەکان لە ناوخۆدا دابەشبون لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێکی یەکگرتوو بۆ سەرۆکوەزیران، بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندی و دیدگای نێوان گروپەکان، لە پەیوەند بە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ململانێی ئەمریکا و ئێرانەوە، بە تایبەتی کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئاشکرا بونە بەشێک لە شەڕەکە و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیەتی و بەرگری لە کۆماری ئیسلامی.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەرەڕای ئەوەی وەها نیشان ئەدەن کێشەیەکی سەرەکی کۆتایی هاتووە، بەڵام وەک دەستکەوتێکی کۆتایی نابینرێت، لەهەمانکاتدا هەنگاوێکی ڕاگوزەرە بەرەو کێشەو شەڕێکی سیاسی هەستیارتر لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتودا، ئەم قۆناغە بەردەوام بونە لە قەیرانی سیاسی و ناسەقامگیری زیاتر.
هەڵبەتە جەماوەری عێراق بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕوانی دەرئەنجامی ئەم پێشهاتە سیاسیانەن، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی جەنگ و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی عێراق و ناوچەکە و ئەگەری شەڕی ناوخۆی لایەنە سیاسیەکان، بە هێزەکانی شیعە و سونە و کوردەکانەوە، هەوروەها نەبونی پێداویستیەکان و ئاستەنگی ئابووری و خزمەتگوزاریەکان، هاوڵاتیان داوای باشترکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و چارەسەری قەیرانی بێکاری و ژینگەیەکی سیاسی سەقامگیر دەکەن کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی بە شێوەیەکی کاریگەر هەبێت.
بەڵام مێژوی چۆنیەتی پێکهاتەی حکومەتی عێراق لەو کاتەوە لەسەر بنەمای هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائفی و قەومی بووە، سەرچاوەی گەورەترین نائاسودەیی و نەبونی ئاسایش و ناجێگیری سیاسی و کارەساتە بەسەر ژیانی خەڵکەوە، دانیشتوانی عێراق، پێویستیان بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بەرفراونی جەماوەری و ئاسۆی سەرکەوتن، بۆ کۆتایهێنان بە هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائیفی و قەومیە، لە هەمانکاتدا دامەزراندنی حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوڵاتی بون و دەور و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک، لە دەسەڵاتی سیاسیدا دابین بکرێت، هەروەها پاراستنی سەربەخۆیی عێراق لە دەخالەت و بونی ئەمریکا و ئێران و کردنە دەرەوەی هێزەکانیان.

عوسمانی حاجی مارف




ئیسرائیل، ڕەگەزپەرستی و سزای لەسێدارەدان، جەنگ لە دژی مافی ژیان بۆ فەلەستینییەکان.. ڕزگار ئاکرێی

لە 30 ی ئازاری 2026، کنێستی ئیسرائیل یاسایەکی تێپەڕاند کە مردن دەسەپێنێت بە هەڵواسین بەسەر زیندانیە فەلەستینییەکان و دەستگیرکراوەکان کە لەلایەن دادگای سەربازییەوە تاوانبار کراون لە کەیسەکانی بەشداریکردن لە هێرشی کوشندە، کە سزاکە دەبێت لە ماوەی نەوەد ڕۆژ لە تاوانبارکردنەکە جێبەجێ بکرێت. ئەمە یاسای تاوان نییە. ئەمە ئامرازێکی کۆدکراوەی پاکتاوی ڕەگەزییە کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی ئاپارتایدی بەڵگەنامەدا کار دەکات.
ئاپارتاید لێرەدا وەسفێکی ڕەوانبێژی یان زیادەڕەوییەکی شاعیرانە نییە. ئەمە زاراوەیەکی یاسایی وردە کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا وەک سیستەمێکی زاڵبوونی دامەزراوەیی سیستماتیک لەلایەن گروپێکی نەتەوەییەوە بەسەر گروپێکی نەتەوەییدا پێناسە کراوە، لەسەر بنەمای جیاکاری لە ماف، جوڵە و هەبوونی یاسایی. ئەم سیستەمە بەرگێکی سیاسی بێ وێنەی ئەمریکی هەیە.
بۆ تێگەیشتن لەوەی چی ڕوویداوە، ناتوانین تەنها بە یاسا دەست پێبکەین. ئێمە دەبێت لە هەموو ئەو پێکهاتەیە دەست پێبکەین کە بەرهەمی هێناوە، سیستەمی سەرمایەداری کە دەیپارێزێت، و دووڕوویی ڕێکخراوی ڕۆژئاوا کە تەمەنی درێژ دەکاتەوە.

  1. سزای لەسێدارەدان، هەرزانترین چارەسەرە بۆ دەوڵەتێکی شکستخواردوو
    لە هەڵوێستی پرەنسیپی و مرۆیی خۆم، سزای لەسێدارەدان بە تەواوی و یەکلاکەرەوە ڕەت دەکەمەوە. مافی ژیان مافێکی سروشتییە و لە مرۆڤایەتی مرۆڤ جیانەکراوە، و هیچ دەوڵەتێک، هەرچەندە شەرعییەتی بانگەشەی بۆ بکات، مافی ئەوەی نییە لێی بسەنێتەوە. ئەم ڕەتکردنەوەیە نالەرزێتەوە کاتێک یاسا لە دەوڵەتێکەوە دێت کە خۆی بە دیموکراسی دەناسێنێت، هەروەها کاتێک لە دەوڵەتێکەوە دێت کە چەوساندنەوەی نەتەوەیی قێزەون ئەنجام دەدات لەبەرچاوی جیهان و بە پیرۆزی شاراوەی خۆی.
    هیچ کەسێک تاوانبار یان توندوتیژ لە دایک نابێت. هەموو مرۆڤێک لە حاڵەتێکی بێتاوانی تەواودا لەدایک دەبێت. هەندێک هەلومەرج و هەلومەرجن کە مرۆڤ دەکەنە تاوانبار: هەژاری، بێکاری، نەبوونی پاراستنی کۆمەڵایەتی، ستەمکاری، جگە لە جیاکاری و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئایینی و چینایەتی. سزای لەسێدارەدان بیانوویەکی ئامادە بۆ حکومەتە شکستخواردووەکان دەڕەخسێنێت بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەیان لە چارەسەرکردنی ڕەگەکانی تاوان و توندوتیژی.
    لە چوارچێوەی جیاکاری نەتەوەیی قێزەوندا، زیاتر دەڕوات: ئامرازێکە بۆ لەناوبردنی بەرهەڵستکاری، تاوانبارکردنی قوربانی، و گۆڕینی خەڵکێک کە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبنەوە بە تۆمەتبار لەبەردەم دادگاکانی ستەمکارەکانیاندا، لە دیمەنێکدا کە نەبوونی دادپەروەری دەگاتە ئەوپەڕی ئەوپەڕی خۆی.
    ئەمە ئاسانترین و کەمترین چارەسەرە، لە کاتێکدا چارەسەرکردنی ڕەگەکانی تاوان و توندوتیژی تێچووی زۆرە و کاری جدی و ڕاستەقینەی دەوێت. کاتێک ئەو دەسەڵاتە لەسەر نادادپەروەری و جیاکاری نەتەوەیی دامەزراوە، پرسیاری ڕەگەکانی توندوتیژی دەبێتە پرسیارێکی سیاسی دیار، چونکە وەڵامەکەی پێشوەخت زانراوە: ڕەگی توندوتیژی خۆی چەوساندنەوەیە، ئەو هەژارییەی دروستی دەکات، ئەو ئاوارەییەی بەرهەمی دەهێنێت، و ئەو سووکایەتییەی ڕۆژانە دەیخوێنێت.
    سزای لەسێدارەدان لە جەوهەردا سزایەکی توندوتیژی، تۆڵەسەندنەوە و نامرۆڤانەیە کە لەسەر بنەمای لۆژیکی تۆڵەسەندنەوە دامەزراوە، نەک لەسەر لۆژیکی چاکسازی و چاکسازی. هەروەها لە سروشتی خۆیدا سزایەکی چینایەتی و جیاکارییە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتدا.
    زۆرینەی ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە لە جیهاندا سەر بە چینی کرێکار و کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکانن.
    بەدەگمەن گوێمان لە کەسێکی دەوڵەمەند یان کەسێکی خاوەن قورسایی سیاسی دەبێت کە بە تاوانێکی تاوانکاری لە سێدارە بدرێت. ئەمە ڕێکەوت نییە. ئەوە جەوهەری خودی سیستەمەکەیە، کە خاوەن ئیمتیازات دەپارێزێت و سزای بێبەشکراوەکان دەدات.
    لەگەڵ ئەوەشدا، سزایەکی نەگەڕاوەیە لە جیهانێکدا کە دادگاکان بە هەڵەی گەورەی دادوەری پیس کراون و زۆرینەی دانپێدانانەکان لە ژێر زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان و فشاری دەروونی و جەستەیی وەردەگیرێن. کاتێک سزای لەسێدارەدان بەسەر کەسێکی بێتاواندا دەسەپێنرێت، هیچ گەڕانەوە و قەرەبووکردنەوەیەک نییە، ئەمەش بەسە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو سزایە لە بنەڕەتەوە.
    چەند خراپترە کە دادگا لە سەرەتاوە سەربەخۆ نییە، بەڵکو خۆی بەشێکە لە ئامێری چەوساندنەوەی نەتەوەیی و یەکێک لە ئامرازەکانی.
    ئەو کۆمەڵگایانەی کە مرۆڤانەترین مامەڵەن لەگەڵ تاوان و دادپەروەرترین لە دابەشکردنی ساماندا ئەوانەن کە توانای کەمکردنەوەی توندوتیژییان هەیە. کوشتن بەناوی یاساوە ئاسایش بەرهەم ناهێنێت. دەوڵەتێک بەرهەم دەهێنێت کە توانای تۆڵەسەندنەوە بەدەست دەهێنێت و لە چاکسازیدا شکست دەهێنێت، دەوڵەتێک کە لە ڕێگەی لەسێدارەدانەوە کلتوری مردن و کوشتن دەچەسپێنێت و لە هەموو کۆمەڵگادا بڵاوی دەکاتەوە.
    کاتێک دەوڵەتێکی ئاوا لەسەر نادادپەروەری و جیاکاری نەتەوەیی قێزەون دامەزراوە، ئەم کەلتووری کوشتن لە سنوورەکانی خۆیدا نامێنێتەوە. دەبێتە مۆدێلێک کە هەناردە دەکرێت، شەرعی دەدرێت و لاسایی دەکاتەوە لەلایەن هەموو سیستەمێکی زاڵبوون کە بەدوای داپۆشینی یاسایی بۆ تاوانەکانی دەگەڕێت.
  2. یاسای نوێ، گۆڕینی کوشتن بۆ سیاسەتی فەرمی
    حکومەتی ئێستای ئیسرائیل ڕاستڕەوترین و توندڕەوترین و ڕەگەزپەرستترین حکومەتی ئیسرائیلە. کابینەکەی چەند وەزیرێکی تێدایە کە فەلەستینییەکان بە زمانێک وەسف دەکەن کە بە ئاشکرا مرۆڤایەتیان لێ داماڵێت و بە ئاشکرا بەرگری لە ئاوارەبوونی زۆرەملێ و لکاندن و لەناوبردنی جەستەیی وەک سیاسەتی فەرمی دەوڵەت دەکەن.
    ئەم وەزیرانە نیازی خۆیان ناشارنەوە و قسەکانیان نەرم ناکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر مێزی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دادەنیشن و لە هەندێک پایتەختی ڕۆژئاوا پێشوازییان لێدەکرێت. ئەم دژایەتییە زەق لە نێوان زۆربەی گوتاری سەرمایەداری ڕۆژئاوا لەسەر مافەکانی مرۆڤ و پراکتیکی ڕاستەقینەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە کاتێک لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیجیەکاندا بەریەک دەکەوێت.
    ئەم حکومەتە لە بۆشاییدا لەدایک نەبووە و بە جیا حوکمڕانی نەکردووە. گەیشتووەتە ئەو ئاستە لە بوێری لە تاوانی کۆدکراو چونکە دەزانێت کە تا ڕادەیەکی زۆر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پارێزراوە و ئەو نرخەی دەیدات تا ئێستا ئەوەندە گران نابێت کە حسابەکانی بگۆڕێت.
    گرنگترین بەرگی سیاسی ئەمڕۆ لە واشنتۆنەوە دێت. ئیدارەی ترەمپ کە سیاسەتی ڕاستڕەوی نەتەوەیی پۆپۆلیستی ئەمەریکا بە بێسنوورترین شێوە دەردەبڕێت، پشتیوانی ستراتیژی بێ مەرج بۆ ئیسرائیل دابین دەکات کە لە هەموو ئەو شتانە زیاترە کە ئیدارەکانی پێشووی ئەمەریکا پێیان بەخشیووە. ڕاستگۆیی مێژوویی پێویستی بە جەختکردنەوە هەیە کە ئەم پشتگیرییە داهێنانێکی ترەمپ نییە.
    لەلایەن ئیدارەی دیموکرات و کۆمارییەکانەوە وەک یەک پەروەردە کراوە، تەنانەت ئەگەر پلە و شێوەکانی جیاواز بووبێت. ئەوەی ترەمپ کردوویەتی بەرزکردنەوەی سەقفی ئەم پشتیوانییە بوو بۆ ئاستێکی نوێ لە بێ شەرمی و ناوبانگ، هەموو گەڵایەکی هەنجیری دیپلۆماسی کە پێشتر کاریگەری نەرمی کردبوو.
    ئەم پشتیوانییە تەنیا هەڵوێستێکی دیپلۆماسی نییە. ئەمە هاوپەیمانییەکی ئایدیۆلۆژیی ئۆرگانیکی نێوان دوو بزووتنەوەی راستڕەوی ڕەگەزپەرستە کە لە ناوەرۆکیاندا نزیکن: هەردووکیان هەژموونی نەتەوەیی بە سەرچاوەی شەرعییەت دادەنێن و هەردووکیان گوتاری ئاسایش و تیرۆر بەکاردەهێنن بۆ پاساو هێنانەوەی تاوانەکان دژی گەلانی چەوساو، هەردووکیان کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی چاودێری نێودەوڵەتی دەکەن کە لەوانەیە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، و هەردووکیان گوزارشت لە جیاوازی یەک سیستەمی سەرمایەداری دەکەن کە بەرژەوەندییەکانی زاڵبوون لە سەرووی هەموو مرۆڤێکەوە دادەنێن ڕەچاوکردنی یاسایی.
    واشنتن و تەلئەبیب لێرەدا وەک دوو دەربڕینی جیانەکراوەی یەک سیستەم دەردەکەون کە هێز دەکاتە یاسا، نادادپەروەری نەتەوەیی دەکاتە شارستانیەت، و بەرگری دەکاتە تیرۆر.
    ئەم هاوپەیمانێتییە هەموو شتێک دەدات بە مافەکانی ئیسرائیل بۆ زیادکردنی پێشێلکارییەکانی: پاراستن لە ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕێگەی ڤیتۆی ئەمریکی دووبارە و سیستماتیک، داپۆشینی میدیا لە ڕێگەی میکانیزمی دیجیتاڵی ڕاستڕەوی ئەمریکی کە جینۆساید وەک بەرگری لە خۆی دادەڕێژێت، و پشتگیری نێودەوڵەتی کە جیاکاری نەتەوەیی قێزەون وەک بەرگرییەکی ڕەوا و ئاپارتاید وەک پێویستییەکی ئەمنی پێشکەش دەکات. ئەمەش یاسایەکی ڕەگەزپەرستی ئاشکرا وەک بەشێک لە سیستەمی حوکمڕانی نێودەوڵەتی مامەڵە دەکات.
    ئەوەی لێرەدا نوێیە لە خودی کردارەکەدا نییە. ئیسرائیل دەیان ساڵە لە سێدارەدانی نایاسایی ئەنجام دەدات لە ڕێگەی کوشتن و لەناوبردنی مەیدانەکان و بۆمبارانکردنی ڕاستەوخۆی دانیشتوانی مەدەنی. زۆرێک لەو ئۆپەراسیۆنانە دەیان هاووڵاتی مەدەنی لە دەوروبەری ئامانجەکانیان کوشت و بوونە جۆرێک لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ کە بە زمانی ئاسایش و بەربەست داپۆشرابوو.
    ئاشکراترین و قێزەونترین مۆدێل ئەوەیە کە لە غەززە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە ڕوویداوە، کە ژمارەی قوربانیان لە حەفتا هەزار کەس تێپەڕیوە بەپێی ئامارە بەڵگەنامەکان کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون.
    ئەوەی ئەم دیمەنە ترسناکتر دەکات ئەوەیە کە زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئامانج لە ڕێگەی سیستەمی زیرەکی دەستکرد و ئەلگۆریتمێکی پێشوەخت بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجامدراون کە ئامانجەکان هەڵدەبژێرن و فەرمانی کوشتن دەدەن بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ. ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نییە.
    ئەمە شێوازێکی فاشیستی لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی بێ دادگایە کە لەبەردەم چاوی جیهاندا ئەنجام دەدرێت.
    ئەوەی ئەمڕۆ تازەیە ئەوەیە کە دەوڵەت چیتر خۆی بە کوشتنی نهێنی سنووردار ناکات. ئێستا بە ئاشکرا ئەم کارە دەکات و شەرعییەتی یاسایی پێدەبەخشێت و دەیخاتە ناو جبەخانەی یاسایی ڕاگەیەندراوەکەیەوە. ئەمە ئازایەتی نییە لە داننان بەوەی کە لەسەر زەوی ڕوودەدات. ئەوە بوێرییە لە ئاسایی کردن و بە یاساییکردنی تاوانەکان بە پیسترین شێوەکانیان.
  3. بزووتنەوەی نیشتەجێبوون، لە پەراوێزەوە بۆ دڵی بڕیاردان
    ئەم زیادبوونە ناتوانێ جیا بکرێتەوە لە ڕۆڵی گەشەسەندووی بزووتنەوەی نیشتەجێکردنی ڕەگەزپەرست لە کەناری ڕۆژئاوا کە بە درێژایی دەیان ساڵ لە کۆمەڵێک لە پەراوێزی نەخشەی سیاسیەوە گۆڕاوە بۆ هێزێکی سیاسی کاریگەر لەناو پێکهاتەی دەوڵەتی ئیسرائیلدا. ئەم بزووتنەوەیە بە جیا لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی نەگەیشتە ئەم پێگە تەوەرەییە.
    گەشەی کرد و گەشەی کرد لە ژێر بودجەی بەردەوامی ئەمەریکا و هاوبەشی ئابووری بێپچڕان و پەیوەندییە دیپلۆماسییە ئاساییەکان کە تەنانەت لە خراپترین و توندوتیژترین قۆناغەکانی فراوانبوونی نیشتەجێبوونیشدا هەرگیز نەپچڕا. ئەم بزووتنەوەیە ئێستا بەرەو سیاسەتی توندڕەوتر پاڵ دەنێت و ئامرازەکانی سەرکوتکردن و سزادان فراوان دەکات، لەوانە یاسای توندتر وەک ئەو یاسایەی بەم دواییانە پەسەند کراوە.
    ئەم گۆڕانکارییە بەرهەمی ستراتیژێکی سیستماتیک بۆ بنیاتنانی بوونی دیمۆگرافی و سیاسی لە خاکی فەلەستین و هاوکاری بەردەوامی پارەی حکومەت و پاراستنی سەربازی هەمیشەیی.
    نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین پێشێلکارییەکی ئاشکرا و بەڵگەنامەی یاسای نێودەوڵەتییە و ئەمە بڕیارێکی یاسایی ڕوون و ئاشکرایە. ماددەی 49 لە پەیماننامەی چوارەمی جنێڤ ڕێگە لە دەسەڵاتێکی داگیرکەر دەگرێت هاوڵاتیانی خۆی بگوازێتەوە بۆ ئەو خاکەی کە داگیری دەکات.
    دادگای نێودەوڵەتی لە راوێژکارییەکەی ساڵی 2024 دا دووپاتی کردەوە کە بەردەوامی داگیرکاری ئیسرائیل و دامەزراندنی نیشتەجێبوون بەپێی یاسای نێودەوڵەتی نایاساییە و داوای کۆتاییهێنان بە ئەو شوێنانە کرد. بڕیاری 2334ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 2016 دەرچوو، بە کۆی دەنگ جەخت لەوە دەکاتەوە کە نیشتەجێبوونەکان هیچ یاسایەکیان نییە و بەربەستێکی گەورەن لەبەردەم ئاشتیدا.
    لەسەر زەوی، ژمارەی نیشتەجێبووان ئەمڕۆ لە حەوت سەد هەزار کەس تێدەپەڕێت، لە دۆخێکدا کە بەردەوامی جوگرافیای فەلەستینییەکان پارچەپارچە دەکات و کەناری ڕۆژئاوا دەکاتە دوورگەیەکی دابڕاو. سەرەڕای هەموو ئەمانە، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوامن لە هاوردەکردنی کەلوپەلی نیشتەجێبوون و دارایی ئەو کۆمپانیایانەی لەوێ کار دەکەن و گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ دەکەن.
    نوێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە ئەمڕۆ پۆستی وەزاری گرنگیان هەیە و ئەوەی پێشتر بە ئەجێندای توندڕەوی پەراوێز دادەنرا تا ڕادەیەکی زۆر بووە بە سیاسەتی فەرمی دەوڵەت کە وەرگێڕدراوە بۆ یاسای ناچاری کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیان و مافەکانی فەلەستینییەکان هەیە.
  4. پێکهاتەی یاسایی دووانە، دوو ڕێگا بۆ جێبەجێکردن
    ئەم یاسایە لە بۆشایی یاسایی دەرناکەوێت. ئەم یاسایە دەکەوێتە چوارچێوەی دوو پێکهاتەی یاسایی کە چەندین ساڵە بوونی هەیە، لەسەر بنەمای دوو ڕێڕەوی جیاواز کە لەوانەیە ببێتە هۆی سزای لەسێدارەدان. ڕێڕەوی مەدەنی لەناو ئیسرائیلدا هەندێک کردەوەی دیاریکراو لە چوارچێوەی تیرۆردا پێناسە دەکات و مەرجی یاسایی تایبەت دادەنێت کە لەوانەیە لە ڕووی تیۆرییەوە ڕێگە بۆ جێبەجێکردنی سزاکە بکاتەوە.
    بەگوێرەی هەندێک لە شیکردنەوەکان، لەوانەیە هەندێک عەرەبی فەلەستینی لەناو ئیسرائیل بگرێتەوە، یان زیندانیان و دەستگیرکراوەکان کە بەهۆی ڕووداوەکانی وەک 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستگیرکراون. لە هەمان کاتدا ڕێڕەوی سەربازی لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە بەسەر ئەو فەلەستینیانەدا جێبەجێ دەکرێت کە لەژێر سیستەمێکی جیاکاری نەتەوەیی قێزەوندان و لە چوارچێوەی سیستەمێکی دادوەری تەواو جیادا کە نە بە پێوانەی دادپەروەری مەدەنی بەڕێوە دەبرێت و نە بە گەرەنتی سەرەتایی.
    ئەم دوالیزمە یاساییە ڕەنگدانەوەی پێکهاتەیەکی سەرکوتکەری بە ئەنقەست کە دوو گرووپی مرۆڤ دەخاتە ژێر دوو سیستەمی یاسایی جیاوازەوە: سیستەمێک بۆ نیشتەجێبوون و یەکێکی تر بۆ چەوساوەکان، سیستەمێک بۆ ئەو کەسەی کە مافی تەواوی هەیە و سیستەمێکی تر بۆ ئەو کەسەی کە تەنها بەهۆی بوونی لەسەر خاکی باوباپیرانی بووە بە هەڕەشەی ئەمنی.
    سزای لەسێدارەدان لە ئیسرائیل بەتەواوی نوێ نییە، بەڵام لە ڕووی مێژووییەوە خەریک بوو بەسترا و بە دەگمەن جێبەجێ دەکرا، و تەنها لە حاڵەتێکی نائاسایی زۆر سنوورداردا بەکار دەهات، بەتایبەتی لە سێدارەدانی ئەدۆڵف ئایشمان لە ساڵی 1962. گۆڕانی ئێستا تەنها لە چالاک کردنەوەی نییە.
    زیاتر دەڕوات، مەودای خۆی فراوان دەکات، ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنەکەی دەکات، و قوربانییەکانی لە هەموو گرەنتییەکی ڕێوشوێن داماڵێت، لە چوارچێوەیەکی سیاسی و سەرکوتکەردا کە هیچ بوارێک بۆ لێکدانەوەی مەبەستە ڕاستەقینەکانی ناهێڵێتەوە.
    ئەوەی ئەم یاسا قێزەونە بە تاوان دادەنرێت تاوان نییە بە مانا یاساییە ڕاستەقینەکەی خۆی. بەرگری خۆی بە هەموو شێوەکانیەوە بە تاوان دادەنێت. ئەوانەی دەکەونە دیلەکانەوە دەبێت بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت نەک وەک تاوانبار، ئەمەش ئەو پێگەیەیە کە لە پەیماننامەی سێیەمی جنێڤدا دەستەبەر کراوە، کە هێزە داگیرکەرەکە بە ئەنقەست پشتگوێی دەخات بۆ ئەوەی خەباتی ئازادیخوازی بگۆڕێت بۆ تاوانێک کە شایەنی لەسێدارەدان بێت.
    فەلەستینییەکان لە ناوچەکانی ژێر داگیرکاری ئیسرائیل لەبەردەم سیستەمی یەکسانی یاسایی دادگایی ناکرێن. لەبەردەم دادگایەکی سەربازی دادگایی دەکرێت کە لە چوارچێوەی چەوساندنەوەی نەتەوەیی قێزەوندا کار دەکات و سەرەتایترین گەرەنتی دادگاییەکی دادپەروەرانەی لێ داماڵراوە و بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئیسرائیلی و نێودەوڵەتی رێژەی تاوانبارکردنەکان نزیک دەبێتەوە لە تەواوی دادگاییکردن. ئەم دادگایانە دادپەروەری نین بە هیچ مانایەکی ڕاستەقینەی وشەکە. ئەمانە ڕێوشوێنێکی بیرۆکراتییە کە ڕواڵەتێکی یاسایی هەڵە دەبەخشێت بە بڕیارەکانی پێشوەخت لە ژوورەکانی تردا.
  5. وردەکارییەکانی یاسا، لەسێدارەدانی دڕندانە بەبێ گەرەنتی
    ئەوەی ئەم یاسایە لە یاساکانی تری تاوان جیا دەکاتەوە تەنها سزاکە نییە. ئەمە دیزاینێکی سیستماتیک و بە ئەنقەست بۆ لابردنی هەموو گەرەنتییەکی یاسایی کە لەوانەیە ڕێگری لە جێبەجێکردنی بکات. داواکاری گشتی پێویست ناکات داوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بکات و ڕەزامەندی سادەی لیژنەیەکی سێ ئەفسەری سەربازی بەسە بۆ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان.
    دادوەران پێویستە پاساوی نائاسایی تۆمار بکەن ئەگەر بیانەوێت سزای لەسێدارەدان بە زیندانی هەتاهەتایی بگۆڕن، کە لۆژیکی دادپەروەری سەرەو ژێر دەکات بە شێوەیەک کە سروشتی ڕاستەقینەی ئەم یاسایە دەردەخات: لەسێدارەدان بووە بە بنەڕەت و بەزەیی بە هەڵاواردن، واتە دادوەر دەبێت پاساو بۆ ئەوە بدات کە بۆچی نەکوژێت، نەک بۆچی بکوژێت.
    ڕێگاکانی پێداچوونەوە و پێداچوونەوە بە توندی سنووردارکراون و ئەگەری لێبوردنیان نەماوە، لە کاتێکدا تۆمەتبارەکان لە گۆشەگیرییەکی تەواو ڕاگیراون و مافی نوێنەرایەتی یاسایی سنوورداریان بۆ دەکرێت، چونکە پارێزەرەکە تەنها لە ڕێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە پەیوەندی لەگەڵ بریکارەکە دەکات.
    لەپاڵ ئەم یاسایەدا، پرۆژە یاسایەکی تر لەبەردەم کنێست ئامادە دەکرێت کە بە یاسای دادگاییکردنی بەشداربووانی ڕووداوەکانی 7 ی تشرینی یەکەم ناسراوە. دادگای سەربازی نائاسایی دروست دەکات کە دەسەلاتی پێشوویان هەیە بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023. ئەم دادگایانە دەسەڵاتیان هەیە لە یاسا ستانداردەکانی بەڵگە و ڕێوشوێن لابدەن، و سزای لەسێدارەدان بە زۆرینەی سادە بسەپێنن بەبێ ئەوەی داواکاری گشتی داوای بکات.
    ئەم دوو یاسایە پێکەوە فراوانبوونێکی بێ وێنە لە بواری جێبەجێکردندا پێکدەهێنن، هەندێک لە گرەنتی ڕێوشوێنەکان لادەبەن کە دەیان ساڵە جێبەجێکردنیان سنووردار کردبوو، و بەگشتی بازدانێکی چۆنایەتی لە ڕێگای چەسپاندنی قڕکردنی یاسایی بە فاشیستترین شێوەکانیدا دەنوێنێت.
    تاوانبارکردنەکە پێش دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە بڕیاری لەسەر دراوە. بە پێچەوانەوە، ئەو هاووڵاتییە جوولەکەیەی ئیسرائیل کە تاوانی بەڵگەنامەیی دژی فەلەستینییەکان ئەنجام دەدات، لەوانە کوشتن و ئاوارەبوون و سوتاندنی گوندەکان، لە سیستەمێکی یاسایی تەواو جیاوازدا دادگایی دەکرێت، یان بەهیچ شێوەیەک دادگایی ناکرێت، چونکە لێکۆڵینەوە لە زۆربەی تاوانەکانی نیشتەجێبووان زۆر جار بە ڕەفە و داخستنی دۆسیەکان کۆتایی دێت بەبێ لێپرسینەوە.
    ئەم جیاکارییە کەموکوڕییەک نییە کە بتوانرێت بە هەموارکردنی دەقێک چاکبکرێتەوە. ئەمە جەوهەری پێکهاتەیەکی یاساییە کە مرۆڤ دابەش دەکات بۆ پۆلێنی نایەکسانی ژیان و ماف، کە لە ناوەڕۆکدا پێناسەی یاسایی وردی ئاپارتاید پێکدەهێنێت.
    کاتێک سیستەمێکی لەم شێوەیە دەسەلاتی لەسێدارەدانی کەسێک لە ماوەی نەوەد ڕۆژدا لەسەر بنەمای دادگاییەکی سەربازی بە رێژەی تاوانبارکردنی ئۆتۆماتیکی پێدەدرێت، ئێمە مامەڵە لەگەڵ یاسای تاواندا ناکەین. ئێمە ڕووبەڕووی ئامرازێکی کۆدکراوی پاکتاوی ڕەگەزی دەبینەوە کە واژۆی پەرلەمان و مۆری دەوڵەتی لەسەرە.
  6. ئاپارتاید، تایبەتمەندییەکی یاسایی لە بنچینەی واقیعەوە
    وەسفکردنی ئیسرائیل وەک سیستەمێکی جیاکاری ڕەگەزی چیتر تەنها وتارێکی سیاسی نییە. ئەمە بووە بە تایبەتمەندییەکی یاسایی دۆکیۆمێنتاری کە لەلایەن ڕێکخراوە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤەوە پشتگیری دەکرێت. لە راپۆرتی ساڵی 2022دا، لێبوردنی نێودەوڵەتی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئیسرائیل سیستەمێکی ڕەگەزپەرستی دژی فەلەستینییەکان پەیڕەو دەکات کە لەسەر بنەمای ستەمی سیستماتیک و جیاکاری دامەزراوەیی دامەزراوە و لە سەرانسەری ناوچەکانی فەلەستین و لەناو کۆمەڵگە فەلەستینییەکانی ناو ئیسرائیلدا بڵاو دەبێتەوە. هیومان ڕایتس ۆوچ هەروەها لە راپۆرتی ساڵی 2021ی خۆیدا دووپاتی کردووەتەوە کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل تاوانی ڕەگەزپەرستی و چەوساندنەوە ئەنجام دەدەن لە ڕێگەی سیاسەتەکانەوە بە ئامانجی چەسپاندنی هەژموونی گروپێکی نەتەوەیی بەسەر گروپێکی تردا.
    لە ساڵی 2024، دادگای نێودەوڵەتی راپۆرتێکی ڕاوێژکاریی مێژوویی دەرکرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامی داگیرکاری ئیسرائیل بەپێی یاسای نێودەوڵەتی نایاساییە و داوای کۆتاییهێنان بە دەستبەجێی دەکات.
    ئەم دەرئەنجامانە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ناسراوەکان و دادگا نێودەوڵەتییە ناسراوەکانەوە هاتوون کە بە پێی میتۆدی یاسایی توند و بەڵگەنامەی مەیدانی ورد کار دەکەن. ئەمانە بڵاوکراوەی ئایدیۆلۆژی گروپەکانی فشار نین.
    تەنها بە بەکارهێنانی هەمان لۆژیکی بەرگری کە پێشتر ئەندازیارانی ڕەگەزپەرستی لە ئەفریقای باشوور بەکاریان هێنا کاتێک ڕەخنەی نێودەوڵەتیان وەک دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆ و شکستهێنان لە تێگەیشتن لە تایبەتمەندی بارودۆخی ئاسایشی خۆیان وەسف کرد. مێژوو حوکمی ئەو کەسانەی داوە و ئەوانیش حوکم دەدات.
    لەسەر ئەرزی واقیع، ئەم سیستەمە لە کۆمەڵێک ئامرازی یەکخراو دەردەکەوێت: یاساکان کە بە پێی ئەو زەوییە فەلەستینییەکان دەدرێت بە نیشتەجێبووان و بە بیانووی موڵک و ئامرازەکانی تر دەستی بەسەردا دەگیرێت، رژێمێکی مۆڵەت پێدان کە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هاتوچۆی فەلەستینییەکان لە نێوان شار و گوند و شوێنی کارەکانیاندا توندتر دەکات، دیوارێکی جیاکەرەوە کە نایاسایی بوونی لەلایەن دادوەری نێودەوڵەتی خۆیەوە دووپات کراوەتەوە. گەڕەکەکانی ئۆرشەلیم کە خانووەکانیان ڕووخێنراون بۆ ئەوەی نیشتەجێ لە جێگەی ئەوان دابنرێن و گەمارۆدانی غەززە کە کەرتی کرتی کردووە بە بەندیخانەیەکی کراوە کە دوو ملیۆن کەس تێیدا دەژین لە بارودۆخێکدا کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک کارەساتێکی مرۆیی بە ئەنقەست تۆمار کراوە. ئەمە سیاسەتێکی ئەمنی کاتی نیە. ئەمە پێکهاتەیەکی هەمیشەییە کە بۆ چەسپاندنی هەژموونی نەتەوەیی و ڕەگەزی دروستکراوە.
    گاڵتەجاڕییەکە ئەوەیە کە زۆربەی حکوومەتە ڕۆژئاواییەکان کە دان بەم ڕاپۆرتانەدا دەنێن و ستایشی میتۆدەکانیان دەکەن بەردەوامن لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کە بە ڕەگەزپەرستی وەسفی دەکەن، لە دوو ستاندارددا کە تەنها بە لۆژیکی بەرژەوەندی ستراتیژی سەرمایەداری ڕووت ڕوون دەکرێتەوە. کاتێک یاسای نوێی سزای لەسێدارەدان لەم چوارچێوەیەدا دادەنرێت، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەڵقەیەکی لۆژیکیە لە نێو سیستەمێکی یەکخراوی زاڵبوون کە کۆنترۆڵی خاک و جوڵە و ناسنامە دەکات و ئەمڕۆ کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی مافی ژیان زیاد دەکات. ئاپارتاید تەنها ئەوی تر سەرکوت ناکات.
    کار دەکات بۆ لاوازکردنی بەهای مرۆیی تا ئەو ڕادەیەی کە گونجاو بێت بۆ ژێردەستەیی و لەناوبردن، بەبێ وروژاندنی کاردانەوەی ئەخلاقی گونجاو لە زۆربەی هێزە گەورەکان کە سپۆنسەری ئەم سیستەمە دەکەن، پارەی بۆ تەرخان دەکەن، پڕچەکی دەکەن، و خۆیان بە ئیدانەی زارەکی لاواز ڕازی دەکەن هەرکاتێک دڕندەیی ئەو سیستەمە چڕتر دەبێتەوە و سنووری ئەوەی کە دەتوانرێت لە بواری میدیادا پشتگوێ بخرێت.
  7. گۆشەگیریی گشتگیر لە جیهاندا، ئەو چەکە کە سیستەمی ئاپارتاید لێی دەترسێت
    سیستەمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور بەهۆی بەئاگاهاتنەوەی لەناکاوی نوخبەی فەرمانڕەوا نەکەوت و هەروەها بەهۆی سەرکۆنەی زۆرێک لە پایتەختەکانی ڕۆژئاوا نەکەوت و پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ پریتۆریا بە دەستەکەی دیکەش بەردەوام بوو.
    کەوتە ژێر قورسایی ئەو فشارە کەڵەکەبووانەی کە لە چەند ئاراستەیەکەوە دەهاتن: دابڕانی نێودەوڵەتی گشتگیر، سیاسی، ئابووری، ئەکادیمی و کەلتووری، کاتێک ئەو گۆشەگیرییە ڕاستەقینە بوو نەک ڕەوانبێژی، ململانێیەکی ناوخۆیی درێژ و گرانبەها، و داخورانی وردە وردە شەرعییەتی رژێم کاتێک تێچووی گۆشەگیری دەستی کرد بە کاریگەری لەسەر بەشە فراوانەکانی کۆمەڵگەی سپی پێست. ئەمە دەرسێکی مێژووییە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت و ئەزموونی ئێستا دەیسەلمێنێت کە ڕۆژئاوا بەباشی دەیزانێت و بە ئەنقەست پشتگوێی دەخات کاتێک باس لە ئیسرائیل دەکرێت.
    ئەمڕۆ، هەموو دەوڵەتێکی جیهان داوا دەکرێت گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتی گشتگیر بەسەر دەوڵەتی ئاپارتایدی ئیسرائیلدا بسەپێنێت. ئەمە بانگەوازێک نییە بۆ هاوپشتی ڕەمزی یان ڕاگەیاندنی ڕەوانبێژی خێرا لەبیرکراو. ئەمە داواکاری لێدوانی نووسراو و ئیدانەکردنی زیاتر نییە کە سەلمێنراوە کە بەتەواوی توانای گۆڕینی هیچ شتێک لەسەر ئەرزی واقیع نییە. ئەمە وەسفی پابەندبوونێکی سیاسی و ئەخلاقی ناچارییە بۆ هەر دەوڵەتێک کە بانگەشەی ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ دەکات.
    پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان، سەپاندنی سزای ئابووری، بەستنی ڕێککەوتنی چەک، کشانەوەی وەبەرهێنان، سەپاندنی بایکۆتکردنی ئەکادیمی و کەلتووری و وەرزشی، و دادگاییکردنی بەرپرسان لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان هەمووی ئامرازی پێویست و یاسایی بوون.
    بارودۆخی نێونەتەوەیی ئێستا ئەوە دەردەخات کە گۆڕانێکی ڕاستەقینە و بەرجەستە هەیە کە شایەنی تێبینی و پێزانینیە: زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان کردووە بە تێپەڕاندنی سنووری لێدوانی زارەکی بەرەو هەڵوێستی بوێرانەتر و کاریگەرتر و هەنگاوی کۆنکرێتی بەرەو داننان بە مافەکانی فەلەستینییەکان و فشار خستنە سەر ئیسرائیل.
    لە ئەمریکای لاتین، شەپۆلێکی فراوان لە هەڵوێستی بوێرانە سەریهەڵداوە کە سەرکردایەتی جیهان دەکات لە ڕەتکردنەوەی سیستەمی ئاپارتایدی ئیسرائیل و داوای لێپرسینەوە دەکات. ئەم گۆڕانە لە ڕای گشتی و مەزاجی نێودەوڵەتی ئەوە دەسەلمێنێت کە فشاری جەماوەری کەڵەکەبووی ئەنجامی ڕاستەقینە بەرهەم دەهێنێت و هاوسەنگی هێز جێگیر نییە.
    بە پێچەوانەوە، زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی بەردەوامن لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و بێدەنگکردنی ڕەخنەکانیان لە ترسی فشاری ڕاستڕەوی ئەمەریکا و ترس لە تۆمەتی دژە سامی کە بوونەتە چەکێکی سیاسی بۆ بێدەنگکردنی هەموو ڕەخنەیەکی ڕەوا.
    بۆیە فشاری جەماوەری لەم وڵاتانەدا، لە ڕێگەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، هێزەکانی چەپ و پێشکەوتنخواز، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، و سەندیکاکانی کرێکاران و جەماوەری، وەک ئامرازێکی پێویست دەمێنێتەوە بۆ شکاندنی ئەم بێدەنگییە هاوبەشانە و ناچارکردنی حکومەتەکان بۆ گواستنەوە لە ئیدانەکردنی زارەکی سیستەمی ئاپارتاید بۆ داواکردنی دابڕان و هەڵوەشاندنەوەی.
    لە هەمان کاتدا، فشاری دەرەکی بەتەنیا بەس نییە. هەر گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی پێویستی بە تێکۆشانی هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە هەیە، عەرەب و جوولەکە و هەموو نەتەوە و ئایینەکانی تر، لە دژی خودی سیستەم. دەنگی چەپ و پێشکەوتووخوازان لە نێو دانیشتوانی وڵاتدا کە ئەم ڕێگایە ڕەتدەکەنەوە بوونی هەیە و لە کۆمەڵگای خۆیاندا باجێکی قورس دەدەن بۆ دژایەتیکردنی ئەو ڕێگایە. ئەمانە دەنگێکن کە شایەنی پشتیوانی و هاوسۆزی و کاری هاوبەشن.
  8. دەوڵەتی هاووڵاتیبوون، بێلایەنکردنی ناسیۆنالیزم و ئایین لە دەوڵەت
    ململانێ دژی ئەم یاسا ڕەگەزپەرستانەی سزای لەسێدارەدان شەڕێکی یاسایی جیا نییە. ئەمە بەشێکە لە خەباتێکی فراوانتر و قووڵتر کە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پێکهاتەی جیاکاری و زاڵبوونی نەتەوەیی و ئایینی و گەڕان بەدوای بەدیلێکی ڕاستەقینەیە کە مرۆڤ نەک ناسنامە لە ناوەندی دەوڵەت و یاسادا دابنێت.
    بنیاتنانی دۆخێکی هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە و یەکسان دروشمێکی ڕۆمانسی یان ئارەزوویەکی یۆتۆپیا نییە. ئەمە واقیعیانەترین و دادپەروەرانەترین بژاردەی سیاسییە بۆ ئەوانەی کە بەڕاستی دەیانەوێت لەم بنبەستە مێژووییە دەربچن نەک تەنها بەڕێوەی ببەن و نەوە دوای نەوە بەرهەمی بهێنن.
    دەوڵەتێکی عەلمانی دیموکراتی کە عەرەب و جوولەکە و مەسیحی و موسڵمان و عەلمانی و بێباوەڕ و ئەوانی تر هاووڵاتی یەکسانن لەبەردەم یەک یاسادا کە تێیدا ناسیۆنالیزم و ئایین لە دەسەڵات بێلایەن دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ بواری ئازادی تاکەکەسی و ژیانی کولتووری.
    ناسیۆنالیزم ناسنامەیەکی کولتوورییە و ئایینیش باوەڕێکی تاکەکەسییە. هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە هەڵیبگرێت و شانازیان پێوە بکات، بەڵام هەر لەو خاڵەدا دەوەستێت و نابێتە سەرچاوەی ئیمتیازاتی یاسایی یان پاساوێک بۆ مافەکانی سەرووی مافی ئەوانی تر.
    دەوڵەتێک کە شەرعییەتی خۆی لە ناسنامەیەکی ئایینی یان نەتەوەیی دیاریکراوەوە وەردەگرێت بە ناچاری دەبێتە ئامرازی پەراوێزخستن لە دژی هەموو ئەوانەی سەر بە ئەو وڵاتە نین و هەر ئەمەشە کە سیستەمی ئاپارتایدی ئیسرائیلی بەرهەمهێناوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە پەروەردەکردنی. ئەمە دەرسێکە نەک تەنها لە بیرۆکەکان، بەڵکو لە ئەزموونی درێژخایەنی ناسیۆنالیستی دیکتاتۆری لە هەمان ناوچەدا فێر دەکرێت.
    ئەم بۆچوونە هیچ یەکسانییەک لە نێوان داگیرکەر و ئاوارەکاندا ناگەیەنێت، هەروەها هیچ یەکسانییەکی ئەخلاقی لە نێوان دەوڵەتێک کە ئاپارتاید پەیڕەو دەکات و خەڵکێک کە لە ژێر گەمارۆدان و سەرکوتکردن و داگیرکاریدا بەرهەڵستی دەکەن.
    ئەم بابەتە لە ڕاستیدا زۆر ئاڵۆزە، لەگەڵ ڕەهەندی مێژووی، جوگرافی، دیمۆگرافی و یاسایی، و ڕێگە بە چەندین تێڕوانینی جدی دەدات تەنانەت لە نێو ڕیزەکانی چەپدا خۆی. لەگەڵ ئەوەشدا من لەسەر بنەمای خوێندنەوەی واقیعی جوگرافی و دیمۆگرافی مەیلی ئەوەم هەیە کە چارەسەری یەک دەوڵەت بە ناوێکی تر، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان، دادپەروەرانەترین و واقیعبینترین چارەسەرە لە ئاسۆی مێژوویدا، و پڕۆژەی دوو دەوڵەت لەسەر بنەمای نەژادی بەو شێوەیەی کە ئێستا بڵاو دەکرێتەوە، گەلی فەلەستین لە مافەکانیان بێبەش دەکات و کێشەی نوێ دەخوڵقێنێت لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەی ئێستا.
    تێکەڵبوونی دیمۆگرافی قووڵ لەنێوان فەلەستینیەکان و جوولەکەکان لەسەر ئەم خاکە، بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی لەناو ئیسرائیلدا کە دووچاری جیاکاری دامەزراوەیی دۆکیۆمێنتاری دەبنەوە لە مافە مەدەنی و سیاسی و ئابوورییەکانیان و هیچ چارەسەرێکی دابەشکردن وەڵامێکی دادپەروەرانە پێشکەش ناکات، و پارچەپارچەبوونی جوگرافیای فەلەستین کە دەیان ساڵ لە ئاوارەبوونی زۆرەملێ بەرهەم هاتووە، کە قسەکردن لەسەر دەوڵەتی فەڵەستین لە وەهمدا نزیک دەکاتەوە، هەموو ئەمانە پاڵ بەم هەڵبژاردنە دەنێن.
    لە ناوەڕاستی هەموو ئەم بیرکردنەوەیانەدا مافی گەڕانەوەیە، ئەو مافە مرۆیی و یاساییە کە بە بڕیاری 194 ی نەتەوە یەکگرتووەکان مسۆگەر کراوە، مافی ملیۆنەها ئاوارەی فەلەستینی و کوڕ و کچەکانیان کە لە کەمپەکانی لوبنان و ئوردن و سوریاوە تا سووچەکانی جیهان بڵاو بوونەتەوە.
    هاوکێشەی دانوستان وەک بەربەستێک مامەڵەی لەگەڵ کردووە کە پێویستە بەسەریدا زاڵ ببێت، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا کۆڵەکەیەکی بناغەییە کە هیچ چارەسەرێکی قبوڵکراو ناتوانێت تێبپەڕێنێت. دۆخی هاووڵاتیبوون تاکە چوارچێوە کە ڕێگە بە دانپێدانان دەدات، چونکە خاڵی سەرچاوەکەی هاووڵاتیبوونە نەک زۆرینەی نەژادی.
    مشتومڕ لەسەر باشترین شێوەی ئەم دەوڵەتە شەرعی و کراوەیە، ئەگەر شێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو لە ژێر ناوێکی نوێدا وەربگرێت لەگەڵ لامەرکەزییەتێکی کارگێڕی فراوان کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی مسۆگەر دەکات، یان قەوارەیەکی فیدرالی کە خۆبەڕێوەبردنی پێکهاتەکانی مسۆگەر دەکات و یەکێتی هاووڵاتیبوون و مافەکان دەپارێزێت، یان یەکێتیەکی کۆنفیدرالی نێوان دوو قەوارەی یەکسان لە ماف و سەروەریدا. یان هەر هاوکێشەیەکی تر کە خەڵکی ئەم خاکە بە خواستی ئازاد لەسەری ڕێککەوتوون.
    تاکە پێوەری جێگیر لە هەموو ئەم هاوکێشانەدا هاووڵاتیبوونی یەکسان و مافی مرۆڤە، نەک ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی. ئایین بابەتێکی تایبەتە نەک دەوڵەت و ناسیۆنالیزم میراتێکی کەلتوورییە کە لە بواری کۆمەڵایەتیدا ئاهەنگ دەگێڕدرێت.
    ئەم بەدیلە خەونێکی یۆتۆپیای دابڕاو نییە لە واقیع. ئەمڕۆ لە نێو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لە سەرانسەری جیهاندا بە جددی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پاش ئەوەی سیستەمی ئاپارتایدی ئیسرائیل پڕۆژەی دوو دەوڵەتی لە ڕێگەی سیاسەتە بەردەوامەکانی نیشتەجێکردن و شەڕانگێزییەوە تێکدا.
    هەرکەسێک بڵێت ئەم پڕۆژەیە یۆتۆپیایە دەبێت لەبیری بێت کە هیچ کەسێک خەیاڵی ئەوە نەدەکرد کە سیستەمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور سەرەڕای ئەو هەموو هێزە سیاسی، سەربازی و ئابوورییە گەورەیەی کە هەیبوو، دەڕوخێت.
    لەگەڵ ئەوەشدا خەباتی جەماوەری ناوخۆیی و جیهانی، لەگەڵ فشاری نێودەوڵەتی کەڵەکەبوو، سەلماندی کە داڕمان کاتێک دەگونجێت کە ئیرادەی ڕاستەقینە و هاوپشتی ڕاستەقینە هەبێت. مێژوو بە هێڵێکی ڕاست ناجوڵێت، و ئەو سیستەمانەی کە وا دەردەکەون چەسپاو بن دەست دەکەن بە شکاندن کاتێک تێچووی بەردەوامبوونیان لەوە زیاترە کە بەرگەی دەگیرێت.
  9. دژی لۆژیک، نەک تەنها دژی سزایەک
    گوتاری چەپ و ئازادی دەبێت لەسەر بنەمای ڕەخنەی ڕاستگۆیانە دابنرێت، تەنانەت لە سەختترین ساتەکانیشدا بەرگری لە داگیرکاری و نادادپەروەری نەتەوەیی ئەرکێکی ئەخلاقی و یاساییە کە جێی مشتومڕ نییە، بەڵام ئەمە ئەرکێکی هاوتەریب لانابات: ڕەخنەی ڕاشکاوانە لە هەمان کەمپدا.
    ئەزموونی فەلەستین خۆی دوو نموونەی ڕوون دەخاتەڕوو: بزووتنەوەیەک کە کەوتە ناو گەندەڵییەوە و هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ سیستەمی ئاپارتاید بەڕێوە دەبرد تا ئەو کاتەی قیبلەنمای ئازادی خۆی لەدەست دا، و ئەوی دیکەش کە سیستەمی تاک حیزبی دامەزراند کە جۆرێک لە چاودێری ئایینی بەسەر ژیانی گشتیدا سەپاند.
    شەڕی ناوخۆیی ئەوان کارەساتێکی سیاسی لێکەوتەوە کە پەرتەوازەیی فەلەستینییەکانی قوڵتر کرد و پڕۆژەی ئەڵتەرناتیڤی لاواز کرد لە بەرامبەر دوژمنێک کە ئەم دابەشبوونە بە تەواوی دەقۆزێتەوە.
    ئەو بزووتنەوانەی کە تۆوی داخستنی ئایینی-نەتەوەیی و سیاسی و دەسەڵاتخوازی لە گوتارەکانیاندا هەڵدەگرن و جەماوەر دەخەنە ناو جەنگێکی نایەکسانەوە کە تێیدا ژیانی بێتاوانان زۆرترین باج دەدات، پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەی ڕزگاریخوازی دروست ناکەن. بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا لەوانەیە بە ناوێکی تر وێنەیەکی پێچەوانەی دوژمنەکەیان بەرهەم بهێنن.
    ئەم ڕەخنەیە پاشەکشە نییە لە مافی فەلەستینییەکان و نە هیچ جۆرە پرسیارێک لە دادپەروەری کێشەکە. بانگەوازێکە بۆ پەرەپێدانی بەرەو ئەلتەرناتیڤێک کە دادپەروەرانەتر، مرۆڤانەتر، عەقڵانیتر و کراوەتر بێت بۆ ئاسۆی سۆسیالیستی، بەدیلێکی توانای بنیاتنانی پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی ڕاستەقینە لەسەر زەوی.
    کەواتە ڕۆڵی هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لە هەموو فراکسیۆنەکانیاندا دێت لە خستنەڕووی ئەلتەرناتیڤی دەوڵەتی هاووڵاتیبوونی عەلمانی، کە ناتوانرێت بنیات بنرێت تەنها لەسەر شانی پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی کە لەسەر بنەمای بێلایەنکردنی ناسیۆنالیزم و ئایین لە دەوڵەت دامەزراوە، و هاووڵاتیبوونی یەکسان و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی وەک پێوەر بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی.
    دادپەروەری بە کوشتن و تۆڵەسەندنەوە بەدی ناهێنرێت. تاوان و توندوتیژی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتین کە ڕەگی قووڵی لە نادادپەروەری و هەژاری و ئاوارەیی و چەوساندنەوە هەیە کە بە درێژایی نەوەکان کەڵەکە بووە. کاتێک دەوڵەتێک کە جیاکاری نەتەوەیی قێزەون ئەنجام دەدات پەنا دەباتە بەر سزای لەسێدارەدان دژی خەڵکێک کە لە ژێر چەوساندنەوەدا تێکشکێنراون، ئەوە چارەسەری توندوتیژی ناکات. ئەوە وروژاندن، بەرهەمهێنانەوەی، و چینێکی نوێ لە نادادپەروەری و سکاڵا زیاد دەکات.
    بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە دەکەوێتە ئەستۆی پێکهاتەی جیاکاری و چەوساندنەوەی نەتەوەیی کە توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت و نەوە لە دوای نەوە خۆراک دەدات.
    ململانێی ڕاستەقینە تەنها بە یەک سزای یاسایی دیاریکراو سنووردار نییە، هەرچەندە سەخت بێت. ئەو لۆژیکێکی تەواو دەکاتە ئامانج کە دەوڵەت دەکاتە ئامرازی کوشتن، یاسا دەکاتە پەردەیەک بۆ جیاکاری، و ئینتیمای نەتەوەیی دەکاتە پێوەرێک بۆ بەهای ژیان.
    ئەوانەی ئەم لۆژیکە دەپارێزن و دەیپارێزن، چ لە ڕێگەی پشتگیری ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی سەرکۆنەی ترسنۆکەوە کە هاوکاری ڕاستەقینە دەشارێتەوە، بەرپرسیارێتی تەواوی مێژوویی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن، جا لە تەلئەبیب یان واشنتن و برۆکسل و لەندەن و پاریس یان لە پایتەختە عەرەبییەکان دابنیشن.
    خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی جیاکاری و نادادپەروەری نەتەوەیی ئیسرائیل و دابڕانی هاوپەیمانی جیهانی کە دەیپارێزێت شەڕی جیا نین. ئەمانە چەند دەربڕینێکی یەک خەباتی ئازادیخوازن کە هەموو مرۆڤێک، بەبێ جیاوازی، لە چەقی بەها، ماف و یەکسانیدا دادەنێت.
    لەم چوارچێوەیەدا، هەڵوەشاندنەوەی یاسای سزای لەسێدارەدانی ئیسرائیل کە لە 30 ی ئاداری 2026 دەرچووە، دەبێتە داواکارییەکی دەستبەجێ و بەپەلە، چونکە یاسایەکی دڕندە و ڕەگەزپەرستانە، ئامرازێکی کۆدکراوی پاکتاوی ڕەگەزی، تاوانی جەنگ و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای مرۆڤایەتی نێودەوڵەتیە. داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە ئەرکێکی ئەخلاقی و یاساییە کە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان و مافەکانی مرۆڤ و هەموو دەوڵەتێک کە بانگەشەی ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ دەکات.
    با سیستەمی ئاپارتاید لە ئیسرائیل بڕووخێنین و سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بکەین، نەک تەنها لە ئیسرائیل بەڵکو لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە و هەموو جیهان. با سزای لەسێدارەدان خۆی دوایین قوربانی بێت کە هیچ گەڕانەوەیەکی لێ نییە.

بەستەرە پەیوەندیدارەکان
لێبوردنی نێودەوڵەتی، 30 ی ئاداری 2026: ئیسرائیل و ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین و یاسای سزای لەسێدارەدان کە تازە پەسەند کراوە دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە
https://www.amnesty.org/en/latest/news/2026/03/israel-opt-newly-adopted-death-penalty-law-must-be-repealed/
لێبوردنی نێودەوڵەتی، شوباتی 2022، ئاپارتایدی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینیەکان: سیستەمی ستەمکارانەی زاڵبوون و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی
https://www.amnesty.org/en/documents/mde15/5141/2022/en/
هیومان ڕایتس وۆچ، نیسانی 2021، سنوورێک تێپەڕاند، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل و تاوانەکانی ئاپارتاید و چەوساندنەوە
https://www.hrw.org/news/2021/04/27/abusive-israeli-policies-constitute-crimes-apartheid-persecution




ساوێربروخ و نەخۆشخانەی بەخشین.. ئەحمەد ڕەسوڵ

غەزال، قوربانییەک لە پڕۆسێسی بەتاڵبوونەوەی کایەی پزیشکیی لە نێوەڕۆکی بەهاداریی مرۆیی

لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، کاتێک ئەڵمانیا لە شکانە گەورە و یەک بە دوای یەکەکانیدا لەلایەن ڕووسییەکانەوە، جەنگ گەیشتبووە دەوروبەری بەرلین، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکاندا کە دکتۆر ساوێربروخ، کاری پزیشکیی و نەشتەرگەریی تێدا ئەنجام دەدا و چارەی سەربازە بریندارە ئەڵمانییەکانی دەکرد، بەڵام بەڕێکەوت بووە یان بە نهێنیی یان هەر جۆرێک، یەکێک لە سەربازە ڕووسییە بریندارەکان دەگاتە نەخۆشخانەکە و بۆ بەردەستی دکتۆر ساوێربروخ بۆ چارەکردن.
ساوێربروخ بەبێ دوودڵیی و بەبێ پرسیارکردن و داواکردنی مۆڵەتی پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار یان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەربازە ڕووسییەکە لە بەرەی دوژمنە و هەر ئێستا دوژمن ئاگر دەبارێنی بەسەر گەل و نیشتمانەکەیدا، داو و دەرمانی پێویستی بۆ دەکات و بە ئەرکی چارەسازیی خۆی هەڵدەستێت.

ساوێربروخ، زانایەکی بواری پزیشکیی گەورە و پزیشکێکی نەشتەگەریی بەنێوبانگ و کاریگەری ئەڵمانییە، کە ژمارەیەک دۆزینەوە و داهێنانی کاریگەری ئەنجامداون لە بواری پزیشکیی و نوژدارییدا.

ساوێربروخ، باوەڕی وەها بووە و چەندین جار بە شێوازی جیاواز و لە ڕوانگەی جوداوە باسی کردووە و چەند پاتەی کردووەتەوە کە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی و نوژداریی بە مرۆڤ، بنەمایەکی مرۆیی و گەردوونیی هەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پلە و پێگەی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابووریی کەسەکان و هەروەها بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەنگ و ڕەگەز و زمان و نەتەوە و ئاین و ئاینزا، دەبێت هەر ئیمکاناتێک کە لە بواری پەرەستاریی، پزیشکیی و نوژدارییدا بەردەستە، لە بەرزترین ئاستی خۆیدا پێشکەش بە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە پێویستیان پێیەتی لە چارەخوازان.

ساوێربروخ، هێندە پزیشکێکی ڕاستەقینە و بەباوەڕ بوو بۆ کارەکەی، کە هەندێجار ئەو پێداویستیی و کەلوپەل و دەوا و دەرمانانەی بە پارەی گیرفانی خۆی دەکڕی و لە ماڵەکەی خۆیدا بە هەندێک لە چارەخوازانی هەژار و بێپارەی، بە خۆڕایی پێشکەشدەکردن و تەنانەت تا ئاستی نەشتەرگەریی لابردنی ڕیشاڵە شێرپەنجەییەکان و نەخۆشییە قورسەکانی دی.

کاتێک نەخۆخانەیەک یان پزیشکێک “نەخۆشخانەی بەخشین و ئەو پزیشکەی لەو کاتەدا لەوێ بووە” چاوەڕێی کاغەزێک و ڕێپێذانی پۆلیس یان هەر لایەنێک دەکەن بۆ چارەکردنی بریندارێک کە لە لەلێواری مەرگدایە، هیچمان پێناڵێت جگە لە ڕێزنەگرتن لە بنەما ئینسانییەکانی کاری پزیشکیی و چارەسازیی.

هەڵبەت نەخۆشخانەی بەخشین کە بەشێکە لە پڕۆسێسی بە بازرگانییکردنی کەرتی تەندروستیی و کایەی پزیشکیی و چارەسازیی بە تەنیشت هەموو نەخۆشخانە ئەهلییەکانی دیکەوە، جگە لەوەی لێدانێکی گەورەیە لە خزمەتگوزارییەکی گرنگیی وەکو خزمەتگوزاریی تەندروستیی و پزیشکیی وەکو خزمەتگوزارییەکی گشتیی بۆ کۆمەڵگا، هەروەها لێدانە لە بەها و ناوەڕۆکی مرۆییانەی کەرتی تەندروستیی و پزیشکیی و هەروەها لێدانە لە پیشە و کاری پزیشکیی و تەندروستیی وەکو کار و پیشەیەکی مرۆیی باڵا و خاوەن بنەمای بەهاداری گەردوونیی.




پێشەکییەک بۆ ئابووری مارکسیستی.. بەشی دووەم.. رەوتی نێودەوڵەتی بەلشەفی

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: گۆران عەبدوڵڵا

بەشی توێژینەوە
International Bolshevik Tendency_IBT

نامۆبوون
مارکس پێی وابوو گۆڕینی هۆشیاریی مرۆڤ بۆ سروشت توخمێکی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی مرۆڤبوون مانا پەیدابکات. بوونی جۆرەکانی مرۆڤایەتی، واتە پراکتیزەکردنی مرۆڤ بۆ “بابەتیکردنی” کارەکانمان لە توخمەکانی سروشتدا کاتێک پێکەوە بەرهەم دەهێنین، توخمێکی ئەبەدییە لە بارودۆخی مرۆڤدا.
نامۆبوون بەرهەمی شێوازی ڕێکخستنی بەرهەمهێنانە. تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی بەرهەمهێنان یان بارودۆخی مرۆڤ نییە. نامۆبوون چییە؟ چی لە چی یان لە کێ نامۆیە، دوورکەوتووەتەوە یان جیاکراوەتەوە؟ وە ئەمە چ پەیوەندییەکی بە بەها و زێدەباییەوە هەیە؟

نامۆبوون لای مارکس سێ ڕەهەندی هەیە:

١- بەرهەمی کار، واتە کاری بابەتیی، بووەتە “دەرەوەی کرێکار”. مارکس بەم مەبەستە مەبەستی ئەوەیە کە بەرهەمی کار هی کەسێکی ترە جگە لە کرێکارەکە، واتە بۆتە “نامۆ” یان جیابووەوە لەو کەسەی کە دروستی کردووە.
٢- وەک چۆن بەرهەمی کار بۆ کرێکار نامۆ بووە، بە هەمان شێوەش خودی چالاکیی کرێکاری بووەتە “دەرەکی”، واتە لەلایەن کەسێکی دیکەوە بۆ بەرژەوەندی کەسێکی دیکە کۆنترۆڵ دەکرێت. کار بۆتە کاری “زۆر” یان “زۆر” و ئامرازێکە بۆ ئامانجێک (واتە مانەوە لە چوارچێوەی بارودۆخی سروشتی و کۆمەڵایەتی دوژمنکارانەدا) نەک دەربڕینی ئەوەی کە مرۆڤبوون مانای چییە. بەم مانایە کرێکار لە “بوونە جۆرییەکەی” دوورکەوتووەتەوە.
مارکس ئاماژە بەوە دەکات کە کرێکاران بە نامۆبوون لە جەوهەری مرۆیی چالاکیی هۆشیارانە و داهێنەرانە، بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال بەدوای ئەزموونی ئاسوودەیی “مرۆڤ”دا دەگەڕێن لەو چالاکییانەی کە لەگەڵ ئاژەڵەکانی دیکەدا هاوبەشمان هەیە، بۆ نموونە خواردن، سێکس.
٣- بناغەی دوو فۆڕمی یەکەمی نامۆبوون، دوورکەوتنەوەی مرۆڤەکانە لە یەکتر. هەروەها مرۆڤی نامۆ (کرێکاری ئیستغلالکراو) لە یەکتر نامۆ دەبن، بەو پێیەی ناچارن لە بازاڕی کاردا کێبڕکێی یەکتربکەن. دابەشبوونی کۆمەڵگە بۆ چینە دژبەیەکانیش جۆرێکە لە نامۆبوون. لەم دۆخەدا جۆری تری چەوساندنەوە گەشە دەکات (نامۆبوونی مرۆڤەکانە لە یەکتر).

ئەو وێنە گشتییەی کە مارکس دەیکێشێت، بریتییە لە کۆمەڵگەیەک کە زۆرینەی ڕەهای دانیشتووان (چینی بەرهەمهێنەر) ملکەچی دەسەڵاتی هێزە کوێرە “ئابوورییەکان” (بە پلەی یەکەم یاسای بەها) و دەسەڵاتی چینی سەرمایەدارین کە تێیدا کرێکاران هیچ قسەیەکیان نییە لەسەر بارودۆخی کار و بە درێژایی ئەو کاتەی ژیانیان کە وابەستەی کارن، ڕەنگە بەدرێژایی ئەو کاتەش لە توانایاندا نەبێت پەنجە بخەنە سەر سەرچاوەی کێشەکە، لەو داماڵینەی ئینسان. پارادۆکسەکە ئەوەیە کە سەرمایەداری لە ڕووی ماددییەوە بەرهەمدارترین کۆمەڵگەیە لە مێژوودا، نامۆبوونی بەرەو ئاستێکی بێوێنە هەڵکشاندووە ئیتر لێرەوە بیر داهاتووی دونیایەکی بێ نامۆبوون دەکرێتەوە.

زێدەبایی دیارترینی کارە نامۆکانە، بەرهەمی زیادەی کار کە بە بەها دەربڕدراوە، لەلایەن خاوەن ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. قازانجی سەرمایەداری کە بە بەها پێناسەدەکرێت واتە ئیستغلالکردنی چینی کرێکار، پرۆسەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی لە چالاکیی خۆ نامۆکردنی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆدا هەیە لە ژێر بارودۆخێکدا کە تێیدا ناچارن هێزی کاری خۆیان بفرۆشن.

ئارگومێنتەکەی مارکس کاریگەریی دیکەی هەیە. هەموو بەهایەک لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا بەشدارە لە پێکهاتەی کاری ئەبستراکتدا کە کاری نامۆیە. “جیهانی کاڵاکان” کە بە شێوەیەکی ماددی دەربڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداریە. چینی کرێکار بە جیهانێک دەورە دراوە کە لە دروستکردنی خۆیەتی، بەڵام نە لە ژێر کۆنترۆڵیدایە و نە لە بەرژەوەندی خۆیدایە. ئێمە لە ڕێگەی ئەو شتانەی کە لە بازاڕدا دەیکڕین، بە یەکەوە گرێدراوین و پارە بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو لایەنەکانی ژیانمان داگیر دەکات. کۆمان دەکاتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا دێتە نێوانمانەوە.

ئالوگوڕ
لە کایەی بەرهەمهێناندایە بەها دروست دەبێت. بەڵام زێدەبای لە شێوەی قازانجی پارەدا، وەک نرخی پارە کە دەدرێت بۆ بەهای کاڵاکان لە بواری ئاڵوگۆڕدا کەناسراوە بە بازاڕ. لە کاتێکدا کایەی ئاڵوگۆڕکردن لە کایەی بەرهەمهێنانەوە گەشە دەکات و بە شێوەیەکی ئۆرگانیک پێوەی بەستراوەتەوە، لە هەمانکاتدا دوو بواری جیاوازن و فۆڕمی ئایدیۆلۆژی جیاوازی هۆشیاری دروست دەکەن.

بەرهەمهێنان شوێنی ئیستغلال و نامۆبوونە. هەر لەم کایەیەی ژیانی کۆمەڵایەتیدایە کە ململانێی چینایەتی بە ڕوونیترین شێوە دەخرێتە ڕوو. سەرمایەدارەکان لە ڕێگەی خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە دەسەڵاتی چینایەتی خۆیان بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنن وە کرێکاران بە پلەی جیاواز لە هۆشیاری چینایەتی رووبەڕویان دەبنەوە. بۆ نموونە لە ڕێگەی مانگرتن، داگیرکردنی کارگە و تەنانەت بەرخۆدانی بچووکی ڕۆژانەی وەکو نانخواردن، پاراستنی هاوکاران، پشوودانی درێژخایەن و هتد.

ئاڵوگۆڕکردن کایەی “هاوتاکان”ە – کاڵا جیاوازەکان، کە بەهاکانیان لە ڕێگەی یاسای بەهاوە بچووک دەکرێنەوە بۆ بڕی جیاوازی کاتی کاری ئەبستراکت، سەرەڕای جیاوازی بەهای بەکارهێنانیان، هاوتای یەکترن. کایەی ئاڵوگۆڕ، ئەو شوێنەیە کە پرەنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی دەربڕین دەدۆزنەوە. مارکس نکۆڵی لەوە نەکرد کە سەرمایەداری ئەم بنەمایانە بەرەوپێش دەبات؛ ئینکاری ئەوە بە مانای نەتوانینی ڕوونکردنەوەیەکی ماتریالیستی بۆ سەرهەڵدانی مێژوویی خۆیان پێشکەش بکەن. بە پێچەوانەوە مارکس لەوە تێگەیشت کە چۆن یاسای بەها مەیلێک (نزعة) بەرەو یەکسانی و ڕزگاربوون لە سەپاندنی نایەکسانی “نائابووری” دروست دەکات.

فەرمانە ئایدیۆلۆژییە باڵادەستەکانی سەرمایەداری لە پەیوەندییەکانی بازاڕەوە وەرگیراون. سەرمایەداری خۆی لەسەر بنەمای بازاڕ پێناسە دەکات و هەر لەوێشەوە کۆمەڵگە رەنگڕێژ دەکات بە یاساکانی بازاڕ، واتە ئەوە لە بیر دەکات کە خۆی شێوازێکی بەرهەمهێنانە. سەرمایەدارەکان بەڕاستی پێیان وایە کە قازانجەکانیان لە کایەی ئاڵوگۆڕکردندا، “دادپەروەرانە و بێغەل و غەشەوە لە ڕێگەی وەبەرهێنان و ماندووبوونی خۆیانەوە بەدەست دێت. ئەگەر ئەوان لە بواری بەرهەمهێنانی کاڵادا بن، ئەوا هەندێک هۆشیارییان هەیە بۆ ڕۆڵی کرێکارەکانیان، بەڵام ئەو هۆشیارییە تا ڕادەیەکی زۆر نەرێنییە، واتە لە دیدی ئەواندا کرێکارەکانیان وەک بەشە بێمتمانە و بێزارکەری پرۆسەکە سەیر دەکەن. ئەوەی تێناگەن، ئەوەی بەڕاستی ناتوانن لێی تێبگەن، ئەوەیە کە چینی کرێکار تاکە بەشی زیندوون واتە تاکە بنەمای قازانجەکانیانە، چونکە قازانجیان جگە لە هێزی زیادە هیچی تر نییە.

ئامانجی سەرمایەداران لەخۆیدا چەوسانەوەی چینی کرێکار نییە بەڵکو بەدواداچوونە بۆ قازانج. بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە زێدەبایی ئامانجێکی هاوبەشی سەرانسەری ئابووری سەرمایەدارییە (لەگەڵ ئەو سەرمایەیەی کە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بەرهەمهێنانەوە نییە)، چینی سەرمایەدار خۆی وەک چینێکی چەوسێنەر نابینێت. بەڵکو وا خۆی نمایش دەکات کە چینێکە لە رێی موجازەفە، داهێنان، “دروستکەردنی هەلی کار” یان هەرشتێکی تری قارەمانانەوە خۆی بنیاتناوە. ئەمە بیرکردنەوەیە بە هەمان شێوەی باوباپیرانی فیۆداڵی کەخۆیان پێیان وابوو لەلایەن خوداوە دەستنیشانکراون، بۆیە دەکرێت ئەمە پێشکەوتن بێت.

بەڵام بۆرژوازی چینێکی دابەشکراوە. سەرمایەدارەکان لە هەموو کەرتێکدا کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن و سەرمایە – وەک پارە – دەتوانێت لە کەرتێکەوە بۆ کەرتێکی دیکە بگوازرێتەوە بۆ ئەوەی بەدوای ڕێژەیەکی بەرزتری قازانجدا بگەڕێت. کێبڕکێی سەرمایەکان، لە چوارچێوەی دوژمنایەتی سروشتی سەرمایە بەرامبەر بە کرێکاران، ڕێگایەک بۆ سەرمایەداری دادەنێت کە قەیراناوییە و چەقبەستوویی ئابوری و خەمۆکی دروست دەکات.

ماویەتی..

سەرچاوە:
https://www.youtube.com/watch?v=iiMtB6llgPk




مارکس و پرسی مۆڕاڵ.. ئەکرەم سەعید

( قانوون، ئەخلاق، مەزهەب لەچاو ئەوەوە کۆمەڵێک پێشداوەری بۆرژوازیین کە کۆڵێک قازانج و مەسڵەحەتی بۆرژوازی لە پشتیانەوە حەشاردراوە.)- مارکس و ئەنگڵس/ مانیفێستی کۆمۆنیست/ لاپەڕە ۲۳.

”مایکل ڕۆزن” پرسیارێک دەکات: ئایا مارکس ڕەهەندێکی ئەخلاقی یان تیۆرێکی ئەخلاقی هەیە؟. بەڕای مایکل پرسی مۆڕاڵ یەکێکە لە مشتومڕترین پرسەکانی مارکس. ئەم پرسەش بۆیە سەختە، چونکە مارکس لەلایەک لەبارەی ئەخلاقەوە بڕوای بە مافی نەرێنی هەیە (مافی نەرێنی مافی مەدەنی وسیاسی لەخۆدەگرێ: وەک ئازادی ڕادەربڕین، مافی ژیان، خاوەندارێتی تاکەکەسی، ئازادی ئایین، دادوەری دادپەروەرانە)، بەڵام لە دوای ساڵی ١٨٤٥ مارکس دووپاتی دەکاتەوە کە تیۆریەکەی؛ تیۆرێکی یۆتۆپیای یان ئەخلاقی نییە، بەڵکو “زانستێکی ئەرێنی ڕاستەقینە”یە (مافی ئەرێنی- مافە ئابووری وکۆمەڵایەتی وکولتوورییەکانە:وەک خۆراک، نیشتەجێبوون، پەروەردەی گشتی، دامەزراندن، خزمەتی تەندروستی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی)، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری ئەو زمانەی کە بۆ وەسفکردنی سەرمایەداری بەکاری دەهێنێت بە ئاشکرا ئیدانەکردنە (بۆ نموونە کە دژایەتی ستەمکاری و چەوسانەوە دەکات). ئایا ئەمە نوێنەرایەتی ناتەبایی لە فکری مارکسدا ناکات؟ ئایا ئەمە لەیەک کاتدا ئەخلاق و ڕەتکردنەوەی ئەخلاق نییە؟.
نۆرمان گێراس لە نامیلکەکەیدا “مشتومڕ لەسەر مارکس و دادپەروەری” نووسیبووی:(مارکس لە کتێبی “ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا”دا دەڵێت:”دابەشکردنی دادپەروەرانە” چییە؟ ئایا بۆرژوازی بانگەشەی ئەوە ناکات کە دابەشکردنی ئێستا “دادپەروەرانەیە”؟وە ئایا لە ڕاستیدا تاکە دابەشکردنی”دادپەروەرانە”نییە لەسەر بنەمای شێوازی بەرهەمهێنانی ئێستا؟ ئایا بارودۆخی ئابووری بە چەمکی یاسایی ڕێکدەخرێت؟ ئایا بە پێچەوانەوە نییە کە پەیوەندییە یاساییەکان لە پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە سەرهەڵدەدەن؟ ئایا سۆسیالیستەکانیش بیرۆکەی جیاوازیان نییە سەبارەت بە دابەشکردنی “دادپەروەرانە”؟).
بەڕای من ئەو پرسیارانە دروستن، بەڵام ئەوکات وەڵام وەردەگرێتەوە کاتێ تەواوی تیۆری مارکس لە شرۆڤەی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری دراسە بکرێ. لەو دوو کۆپلە قسانەی سەرەوە ئالۆزی باسەکان و هەڵوێستەکان لەسەر دیاردەکان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا پیشان دەدات. ئالۆزی پرسەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزی کۆمەڵگەی سەرمایەداری خۆی، چونکە کۆمەڵگەێکی ڵنگەوقوچە و ناکۆکی تێدایە، بۆ نموونە:هەندێک لە چمکەکان ئەوە پیشان دەدەن کە”چاکە و دادپەروەری” تەنیا سیفەتی نەرێنین، بەڵام لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ”چاکە و دادپەروەری” لە بنەڕەتدا تەنها سیفەتی نەرێنی یان ئەرێنی نین، بەڵکە لە خزمەتی پاراستن و بەردەوامی سیستەمەکەن. هەروەها “کۆمەڵگەی یەک کەلتووری یان فرە کەلتووری” هیچکامیان لە ناوەڕۆکدا باسێک نییە لە پێشکەوتووخوازی یان ئازادی و دادپەروەری، بەڵکە هەردووک هزر و سیاسەتی بۆرژوازین، وە لە خزمەتی پاراستنی سیستەمی سەرمایەدارین. بێگومان پرسەکانی وەک:(ژینگە، ژنان، ئازادی ڕادەربڕین، مافی کەمایەتییەکان، مافی نەتەوە ژێردەستەکان، مافی کۆمەڵگەی میم) پرسێکی سەروچینایەتی و مافی ئەبستراکت نین، بەڵکە ئەم پرسانە بەرژەوەندی سیستەمی سەرمایەداری و ئەجەندای چینی بۆرژوازی لە پشتیانە.
ڕەخنەکانی مارکس لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی بە شێوەیەکی تایبەت پەیوەستە بە نامۆیی بوونی ئینسانەکان؛ سروشتی مرۆڤ لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بۆرژوازییەکاندا چەقبەستووەو شێواوە. ئەمە یەکەمجار ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ سروشتی نییە و بە ناچاری بەدیهاتووەو تەنیا سروشتێکی پۆتانسێلە. مارکس سەرمایەداری بەوە لەکەدار دەکات کە ڕێ لە مرۆڤەکان دەگرێ لە بەدیهێنانی سروشتی مرۆیی خۆیان؛ مرۆڤەکان بە ڕای مارکس لە سایەی سەرمایەداریدا گەشەکردنیان وەستاوەو گرگن دەکرێن- بڕوانە کتێبی (ئیدۆلۆژیای ئەڵەمانی).
تیۆری مارکس هەم ئەزموونییە و هەم نۆرماتیڤە، کەوابێ شتێک نییە لە کۆمەڵگەی چینایەتی سەرمایەداریدا ناوی(سروشتی مرۆڤی ڕاستەقینە)بێ، بەڵکە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆیی بە کۆتایی پێهێنانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەبێ بەدی بهێنرێت، یانی بە کۆتایی پێهێنانی مێژووی درندەیی و دەستپێکردنی مێژووی ڕاستەقینەی ئینسانی لە کۆمەڵگەی سۆسیالیسمەوە بەدواوە دەتوانرێ سروشتی مرۆڤی ڕاستەقینە بناسرێ. بەم پێیە بەتایبەتی جۆرە جەدەلێک لەسەر مافی (هاوڕەگەزخوازەکان، جەندەر) بە پشتگیری یان دژی، پەیوەندی بە مافی سروشتی مرۆڤەوە نییە، بەڵکە ئەوە بۆ خۆی مافێکە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی بۆرژوازییەوە تاوتوێ دەکرێ. مارکس لە دراسەی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری جەخت لەسەر کارەکتەری چینایەتی ماف و ئەخلاق دەکاتەوە، ئەخلاقی بۆرژوازی؛ جەختکردنە لەسەر ڕێزگرتن لە موڵک و ماڵ، قبوڵکردنی دەسەڵات و ڕازیبوون بە نایەکسانی سامان و دەسەڵات، ئەمە خزمەت بە ئەرکی پاراستنی بارودۆخی زاڵبوون و کۆنترۆڵکردنی چینایەتی دەکات. ئەمە چۆن بەدی دێت؟ بۆرژوازەکان و کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەیەوێت بە هەلومەرجی بابەتی یان هزر شەرعیەت بەوە بدات کە ئێمە/ واتە مرۆڤەکان جیاوازین بەڵام یەکسانین، شوناس و حەزەکان و ڕەنگمان جیاوازە بەڵام لەبەرامبەر یاسا یەکسانین. لێرەدا بەشێوەێکی ناڕاستەخۆ نایەکسانی چینایەتی شەرعیەت وەردەگرێ، ئەمە فۆرمی پاراستنی سیستەمی سەرمایەدارییە.

  • ڕەخنەکانی مارکس بەرامبەر بە ”مافەکان”
    ڕەخنەکانی مارکس بەرامبەر بە”مافەکان” زیاتر لە سەرنجەکانی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ (١٧٩١)و هاوڵاتیدا ڕوون دەبێتەوە، کە لە وتارەکەیدا”لەبارەی پرسی جوولەکەکان”دا لە ساڵی ١٨٤٣نووسراوە. مارکس لەوێدا ڕەخنەی خۆی لە بیرۆکەی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دەخاتەڕوو: (ئەو مافانەی کە پێیان دەوترێت مافەکانی مرۆڤ، بەسادەیی مافی ئەندامی کۆمەڵگەی مەدەنییە، واتە مافی مرۆڤی ئیگۆیست، مافی مرۆڤی گۆشەگیر لە مرۆڤەکانی دیکە وکۆمەڵگە).
    ناڕەزایەتی مارکس لێرەدا لەو ناڕەزایەتیانە دەچێت کە پێشتر لە کتێبی ڕەخنەی فەلسەفەی مافی هیگڵدا نووسیوویەتی. ئەو مافانەی کە لە کایەی سیاسیدا دابڕانی تاکەکان لە یەکتر مسۆگەر دەکەن، کە ئەوە بۆ خۆی تایبەتمەندی نامۆبوونی ئابووری سەرمایەدارییە. سەرنجەکانی مارکس لەسەر مافەکان دیسانەوە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەم جۆرە مافانە پێشگریمانە لە “ئیگۆیزم/ ئەنانیەتی”ی ئەو تاکانە دەکەن کە ئازادییان گەرەنتی دەکرێت: ( [ماف و ئازاد]ی مرۆڤ لەسەر بنەمای پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤدا نییە، بەڵکو لەسەر جیابوونەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ دامەزراوە.).
  • پاڵپێوه‌نه‌ری کاری چاکه‌ و فه‌زیله‌ت
    لای مرۆڤێکی خاوه‌ن بڕوای ئایینی، پاڵپێونه‌ری کاری چاکه‌ و فه‌زیله‌ت ترسه‌ له سزای خودایه‌ک یان بۆ وه‌رگرتنی پاداشتێکی ئاسمانییه‌، واته‌ گه‌مه‌ی قامچی و گوێزه‌ر، بۆیه‌ پاڵپێوه‌نه‌ره‌کانی بڕواکه‌ران ته‌واو خۆویستی (ئه‌نانیه‌تی) ڕووته‌. به‌ڵام پاڵپێوه‌نه‌ری چاکه‌ و فه‌زیله‌ت لای که‌سێکی سۆشیالیست بەدیهێنان و بەرجەستەکردنی ئینسانی خودی خۆیەتی، واته هه‌ستکردنی به مرۆڤایه‌تی خۆیه‌تی. له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا پاڵپێوه‌نه‌ره‌کان بۆته‌ عه‌قیده و هه‌ڵقوڵاوی ناخیانه‌، له یه‌که‌میان خۆویستێکی ڕووته‌، ئەما بۆ دووه‌م مرۆڤ دۆستی حه‌قیقه‌تی ڕووته‌. چونکه‌ که‌ سۆشیالیستێک چاکه‌ ده‌کات و گیانی خۆی به‌خت ده‌کات، ئه‌و له‌ ترسی سزای خوایه‌ک ئه‌مه‌ ناکات و سووریش ده‌زانێ به‌هه‌شتێ له‌ ئاسمان چاوه‌ڕێی ناکات. یانی که‌سی سۆشیالیست یاخییه‌کی ڕه‌هایه‌ و چوارچێوه‌ی گه‌مه‌ی”قه‌مچی و گوێزه‌ر”ی تێکشکاندووه‌و لێی ده‌ربازبووه‌و بۆته‌ جه‌نگاوه‌رێکی سه‌رسه‌خت بۆ حه‌قیقه‌ت. جه‌نگاوه‌رانێکی لەو چەشنە سیستمی سه‌رمایه‌داری لێیان ده‌ترسێ، چونکه‌ پراگماتیزمی و دبلۆماسی و مساوه‌مه‌چی نین، و له خه‌باتیان دژی سیستمه‌که‌ به‌ که‌متر له‌ ڕماندنی و له‌نێوبردنی قایل نابن.
    وتمان پاڵنەری ئەخلاقی نوخبە و کەسانی هۆشیاری سۆسیالیستی (ڕزگارکردنی چینی کرێکارانە لە چەوسانەوەی سەرمایەداری و دیفاعکردنە لە چەوساوەکان و ڕزگارکردنی ئینسانەکانە لە چەوسانەوە)، ”بەرگری لە مافی ئینسانە بەشخوراوەکان و وەستانەوە دژی چەوسانەوەی ئینسان” پرنسیپێکی مەزنی ئەخلاقی سۆسیالیستەکانە، ئەما پاڵنەری ئەخلاقی چینی کرێکاران لەسەرەتادا تەنها(داواکاری ئابووری ڕووتە/ مافی ئەرێنی ئابوورییە)، چونکە چینی کرێکاران تا ئەو کاتەی هێشتا سۆسیالیست نین؛ واتە هۆشیارو ڕێکخراو نەکراون، تەنها بیر لە مافە ئابووریەکانی خۆی دەکاتەوە، یانی پاڵنەرێکی ئەنانی/ خۆویستی هەیە وەک: داواکاری زیادکردنی کرێ یان باشترکردنی ژینگەی کارو کاتی کار.
    بۆیە کاتێ ئەحزابەکان بانگەوازی چینی کرێکاران دەکەن بۆ دیفاکردن لە (مافە نەرێنیەکانی گروپەکانی کۆمەڵگە/ کە بێگومان مافە لیبڕاڵەکانن) ئەوە تەنها لایەنگرانی وەک ئەفراد لە چینی کرێکارانەوە بە دەنگیانەوە دەچێ نەک کرێکاران وەک چینێک. لێرەوە چەپەکانیش ناچار دەبن بۆ پرس و مافە نەرێنیەکان وەک پۆپۆلیست ڕووبکەنە (خەڵک، جەماوەر) بەگشتی. کەواتە بانگەوازەکە بەم جۆرەی لێدێ:(خەڵکینە وەرن با هەڵواسراوی سیاسی کوردستان چارەسەرکەین. جەماوەری پێشکەوتوخواز وەرن با دەوڵەتی سیکولار دامەزرێنین. جەماوەری ئازادیخواز با دیفاع لە: مافی ژنان، کۆمەڵگەی میم، ئازادی ڕادەربڕین وڕۆشنبیران،، هتد، بکەین.). کەی سۆسیالیستەکان و چینی کرێکاران توانیان خەباتیان بۆ(مافە نەرێنی و مافە ئەرێنیەکان بە دەربڕینێکی چڕتر: مافە مەدەنییەکان و مافە ئابوورییەکان) بەیەکەوە ببەستنەوە، بەمەرجێ ئەو خەباتە لە خزمەت ئامانجی کۆتایی پێهێنانی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری بێ، ئەوکات دەتوانین بڵێن بزووتنەوەی سۆسیالیستی و بزووتنەوەی چینی کرێکاران پەیوەست بوون بە یەکترو بوونەتە یەک بزووتنەوەی مێژووی مەزن بە ئامانجی دامەزراندنی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سۆسیالیستی، دەنا بێ ئەو پەیوەستگرتنە بە یەکتر و بە فەرامۆشکردنی ئەو مەرجەی خەباتەی سەرەوە، ئیدی ئەوە تەنها وەهم و خۆفریودانە، و بزووتنەوەی جۆراوجۆری بۆرژوازییە بەناوی سۆسیالیستی و چینی کرێکارانەوە.

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
۱/ نۆرمان گێراس: مشتومڕ لەسەر مارکس و دادپەروەری.
۲ / ئی . پرێۆبراژێنسکی: ئەخلاق و نۆرمەکانی چینایەتی.
۳/ مایکل ڕۆزن: ڕەخنەی مارکسیستی لە ئەخلاق و تیۆری ئایدۆلۆژیا.




هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، لە نێوان ڕاستیی قودرەتی سیاسی و ڕووداوە شانۆیەکاندا.. جوتیار مەلا ڕەئوف

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق نەک هەر وەک پرۆسەیەکی دەستووری، بەڵکو وەک دەربڕینی دینامیکی دەسەڵاتی سیاسی زۆر قووڵتر لە عێراقدا پێویستە بیندرێت، لە روکەشدا ئەو هەڵبژاردنە کێبڕکێیەکی دیموکراسییە لە نێوان کاندیدەکان و کوتلە سیاسییەکان، بەڵام کاتێک مرۆڤ بەدواداچوون بۆ واقیعە سیاسییەکانی پشت پەردە دەکات، وێنەیەکی جیاواز خۆی نیشان دەدات، کە ئەو وێنەیەش بە شیوەیەکی گشتی زۆربەی بڕیارو هەنگاوە سیاسیەکان دەگرێتەوە کە بە شکڵێکی ڕاستەقینە لە پەرلەماندا نادرێن، بەڵکو زۆر پێشوەختە لەڕێگەی ڕێککەوتنە سیاسییەکان و هاوپەیمانییە ناوچەییەکان و لە ژێر سێبەری هێڵی بەرژەوەندی ستراتیژیی بلۆکبەندیەکاندا ئامادە دەکرێن.
پرسی سەرۆکایەتی کۆمار ساڵانێکە بە نزیکی پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتییەوە، هەردوو حزب نەک هەر نوێنەرایەتی بەرژەوەندی سیاسی جیاواز لە ناوخۆی کوردستاندا دەکەن، بەڵکو پەیوەندی جیاوازیان لەگەڵ ناوەندە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە بەغدا و ناوچەکە و لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە عێراق هەرگیز تەنها بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکێک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ململانێ ونەزمی سیاسی فراوانتری ئەو وڵاتەیە.
ئەگەر وردبینانەتر سەیر بکەین ، یەکێتی بە شێوەیەکی نەریتی لەسەر ئەو پرسە زیاتر خۆی لەگەڵ ئەو کەمپە سیاسییەدا ڕێکخستووە کە پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ هێزە شیعەکان و بە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ کایەی نفوزی ئێراندا دەپارێزێت، لە بەرامبەردا پارتی زۆرجار پەیوەستە بە ژینگەیەکی سیاسی جیاوازترەوە، لەگەڵ هێزگەلێک کە زیاتر هاوتەریبن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا، لە هەمان کاتدا هاوکاری هاوپەیمانانی سوننە دەکەن، ئەو پۆلێنکردنە بێگومان لێکدانەوەیەکی سیاسییە نەک ڕاستییەکی ڕەها، بەڵام یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بۆچی پرسی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراقدا ئەوەندە کاریگەری هاوپەیمانییە سەرتاسەرییەکانی لەسەرە.
ئەگەر مرۆڤ ئەو واقیعە بە جددی وەربگرێت، ئەوا زۆرجار دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق وەک کێبڕکێیەکی سیاسی کراوە دەرناکەوێت، بەڵکو وەک قۆناغی فەرمی کۆتایی پڕۆسەیەک دەردەکەوێت کە دەرئەنجامەکەی، لە زۆر حاڵەتدا، تا ڕادەیەکی زۆر پێشوەختە دیاری کراوە، ئەستەمە بیهێنینە پێش چاو کە هێزە شیعەکان و ئێران ئەو پێگەیە بدەن بە کاندیدێک کە لە ڕووی سیاسییەوە پەیوەندی بە بلۆکێکەوە هەیە کە لە نێو نەزمی ستراتیژی خۆیاندا جێی نابێتەوە.
بەڕای من ئەوە جەوهەری کێشەکەیە، پەرلەمان دەنگ دەدات، بەڵام بڕیاری سیاسی پێشتر لە شوێنێکی تردا دراوە، ئەوە بەو مانایە نییە کە هەموو دەنگدانێک بێ مانایە، بەڵام بەو مانایەیە کە کایەی گشتی و دابەشکردنی ڕاستەقینەی دەسەڵات هەمیشە هاوتەریب نین، لەو روانگەیەوە پرۆسە سیاسی لە ناو پەرلەمانی عێراقدا وەک ئەدای دیموکراسی دەرناکەوێت، چونکە بەردەوام ڕێککەوتنی سیاسی ڕاستەقینە پێشتر لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجامدراون.
من پێم وایە کاندیدکردنی هەر کەسێک لەلایەن پارتیەوە بۆ سەرۆک کۆمار تەنیا کات کوشتنو کات بەفیڕۆدانە، وە هەروەها یاریەکی دوبارەبوەو هەراسانکەرە بۆ خودی کەسی کاندیدکراویش، کە تەنها خودی کاندیدەکەش درک بەو ڕاستییە دەکات کە چانسێکی سنوورداری هەیە بۆ ئەو پۆستە، تەنانەت ئەگەر بە فەرمی بچێتە ناو کێبڕکێ و لە ڕووی سیاسیشەوە شەرعی بێت، هاوتەریبیش هیچ پەیوەندی بە هێزو قودرەتی سیاسی یەکیەتی و کاندیدەکەیەوە نییە کە هەڵبژێردراوە بۆ سەرۆک کۆمار، بەڵکو لەبەر ئەوەی هاوسەنگی هێزی شیعی عێراقی و هەژمونی سیاسی ئیرانی ئەوە دەخوازێت.
لە سیستەمێکی وەک عێراقدا کە لەسەر بنەمای تەوافوق و کۆتا و هاوسەنگی تائیفی و کاریگەری دەرەکی دامەزراوە، گرنگ تەنها ژمارەی دەنگەکان و نفوزی کۆمەلایەتی وجەماوەری نییە هەرحیزب و کەسێک هەیبێت، بەڵکو گرنگترین شت ئەوەیە لە سەرووی هەموویانەوە کام کاندیدی کام حیزب لە کام بلۆکبەندی و ئاراستەی سیاسی جێی گرتووە.
بۆیە من بە چەواشەکاری دەزانم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەنها وەک کێبڕکێیەکی ناو ئەحزابی کوردی یاخود لە لە نێوان پارتی و یەکێتی وەسف بکرێت، لە واقیعدا ئەو شەڕە بەشێکە لە ململانێیەکی زۆر گەورەتر لەسەر ئاراستەی داهاتووی عێراق، ئایا پێویستە ئەو وڵاتە بە پتەوتر لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا بمێنێتەوە کە ناوەندی شیعە و نفوزی ئێران زاڵ بێت؟ یان پێویستە زیاتر بەرەو هاوسەنگییەکی جیاوازی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەنگاو بنێت کە تێیدا هاوبەشە سوننە و ڕۆژئاواییەکان کاریگەرییان هەبێت؟ حیزبە کوردییەکان لە دەرەوەی ئەو ململانێیە نین؛ بەڵکو ئەوان داینامیکی سەرەکین لە ناو دڵی ئەو ململانێیەدا.
لە هەمان کاتدا زۆر سادەییە ئەگەر لایەنێک وەک براوە و لایەنەکەی تر وەک دۆڕاو وێنا بکرێت، هەرکام لەو حیزبانە بە پێی لۆژیکی ستراتژیکی خۆیان کاردەکەن، ڕەنگە یەکێتی نزیکیی خۆی لە هەندێک هێز وەک پێویستیەکی ڕاستەقینەی سیاسی بۆ دەستەبەرکردنی کاریگەری لە بەغدا ببینێت، لە بەرامبەردا ڕەنگە پارتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکە وەک پێشمەرجێک بۆ هاوسەنگی سیاسی و سەربەخۆیی ئابووری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان سەیر بکات، هەردوو لێکدانەوەکەش لەوانەیە عەقڵانیەتێکی سیاسی خۆی هەبێت، بەو هۆکارە من پێم وایە نابێ مشتومڕو دیبەیتەکان لە میدیای کوردیدا تەنیا لە ژێر گاریگەری هێڵی سۆزداری حزبە کوردیەکاندا بەڕێوە بچێت.
پرسیارە ئەسڵەکە تەنها ئەوە نییە کە کێ دەبێتە سەرۆک کۆمار، بەڵکو ئەوەیە کە ئەو هەڵبژاردنە بۆ سەرۆککۆمار چی لەبارەی پێگەی هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتی عێراقدا ئاشکرا دەکات؟، ئەگەر ئەو مەسەلەیە بەو شیوەیەی ئێستای لەلایەن هێزە کوردیەکانەوە بەرخوردی لەگەڵ بکرێت، نەک هەر پێگەی کوردستان لە بەغدا لاواز دەکات، بەڵکو ئاسانکاری بۆ هێزەکانی دیکەش دەکات کە دابەشبوونی سیاسی حیزبە کوردیەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان وەکو فرسەتی سیاسی ببینن.
بۆیە من پێموایە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراق دەبێت کەمتر وەک گواستنەوەی دەسەڵاتی ئازاد و زیاتر وەک پرۆسەیەکی سیاسی کۆنتڕۆڵکراو لە چوارچێوەی سنوورێکی ڕوون و دیاریکراودا تێبگەین، کە ئەو سنوورانەش لە لایەن بەهێزترین هێزە سیاسییە شیعەکان و و ناوەندەکانی نفوزی ناوچەییەوە دیاری دەکرێن، تا ئەو ستکراکتۆرە سیاسیەی کە ئیستا لە عێراقدا هەیە لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە وەک ئەوەی کە خۆیان پێویستیان پێیەتی.
لە کۆتاییدا ئەو هەڵبژاردنە بۆ سەرۆک کۆمار شتێک لە سەرووی هەموو شتێکەوە نیشان دەدات، لە عێراقدا فەرمانگە باڵاکانی دەوڵەت تەنیا پۆستی دەستووری نین، بەڵکو خاڵی سەرەکیی سیاسەتی دەسەڵاتی ناوچەیی و ناوخۆییشن، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تەنها بە دیبەیتی گشتی یان زۆرینەی پەرلەمانی دیاری ناکرێ، بەڵکو بە یاریکردنی هاوپەیمانی و ڤیتۆ و بێمتمانەیی و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان دیاری دەکرێت، بۆیە پێویستە هیچیتر ئەو هەڵبژاردنە وەک سوپرایزێکی ڕاستەقینە نەبینین، بەڵکو تەنها وەک ڕاگەیاندنی فەرمی بڕیارێک ببینین کە لە ڕووی سیاسییەوە لەمێژە دیاری کراوە.
ئەوەی بەلای منەوە گرینگە بگوترێت ئەوەیە ، تا ئەوکاتەی سیاسەتی عێراق لەسەر بنەمای ئەو جۆرە هاوسەنگییە پێشوەختە دیاریکراوانەی هێز دامەزرابێت، فۆڕمی دیموکراسی لەو وڵاتەدا لە گاڵتەجاڕی زیاتر بەولاوە شتێکیترنابێت، نەوەک هەرئەوەش، بەڵکو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نەک وەک کێبڕکێیەکی کراوە، بەڵکو وەک پشتڕاستکردنەوەیەکی سیمبۆڵیکی بۆ بریارێکی سیاسی (پێشدانوستانکراودا) دەردەکەوێت.

جوتیار مەلا ڕەئوف




شارستانییەتی زانیاری.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا


(تەكنۆلۆژیا، بە داتاكردنی ژیانی مرۆڤ لەپێناو قازانجدا)

لە دوای شارستانییەتی کشتوکاڵی (هێزی خاک) و شارستانییەتی پیشەسازی (کارخانە و بەرهەمهێنان)… مرۆڤ كەوتە نێو كۆمەڵێ گۆڕانکاریی بەردەوام و گەورەی تەكنۆلۆژیا، زیرەکیی دەستکرد و تۆڕە دیجیتاڵییەکانەوە، هەموو ئەو ئامرازانە تەنها ژیانیان نەگۆڕی، بەڵکە شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتنیان لە لەبارەی ناسنامەی مرۆڤ و جیهانیش گۆڕی؛ بەدیوەكەی دیكە سیستمی دیجیتاڵی بە هەڵكردنی ئاڵای کۆمەڵگای زانیاری یان (شارستانییەتی زانیاری) و لەڕێگای پۆست هیومانیزم و بیرۆکەی سایبۆرگەوە، توانی بیرۆکەی (مرۆڤ وەك ناوەندی بوون) تێكبشكێنێ و پێمان بڵێت ئێمە چووینەتە قۆناغێک کە تێیدا زیرەکیی دەستکرد، هەندێک لە (توانا فکرییەکانمان) لە ئەستۆ دەگرێت و تۆڕە دیجیتاڵییەکان بە شێوەی تۆڕێکی شل و بێ ‌سنوور ژیانمان بەڕێوە دەبات.
لە كۆمەڵگای زانیارییدا پەیوەندییەکان زۆر خێرا دەگۆڕێن، ناسنامە، زانیاری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەكان لە گۆڕانی بەردەوامدان، بۆ نموونە: ترێندەکانی میدیای کۆمەڵایەتی زوو دروست دەبن و زوو دەفەوتێن، ناسنامەی دیجیتاڵی مرۆڤ بەردەوام دەگۆڕێت… زانیارییەكان بە خێرایی بڵاو دەبنەوە بێ ئەوەی جێگای بیرکردنەوەی قووڵ و فکریی بن، چونكە زۆرجار ئامانج كێشكردنی سەرنجەكانە، نەك بیرکردنەوەی قووڵ… تەکنۆلۆژیا دەتوانێت شێوەی دەسەڵات و کۆمەڵگا بگۆڕێت.
بیرمەندی فێمینیسمی ئەمریکی (شوشانا زوبۆف Shoshana Zuboff- لەدایكبووی 1951) پێیوایە لە سەردەمی تەكنۆلۆژیادا مرۆڤ دەبێتە ماددەی خاو بۆ سیستەمی دیجیتاڵی، چونكە سیستەمی نوێی ئابووری کۆمپانیا دیجیتاڵییەکان بەڕێوەی دەبەن، تەواوی ژیانی مرۆڤ بۆ داتا دەگۆڕن و داتاكان دەكەنە کاڵای بازاڕی… بەو مانایە کۆمپانیاکان لەلایەك دەبن بە دەسەڵاتێکی شاراوەی زانیاری و لەلایەكی دیكە زانیاری و داتاكان دەكەنە سەرچاوەیەكی سەرەکیی بنەماكانی پەیوەندیی و حەز و بازاڕ… بەكورتی سیستەمی ئابووری دیجیتاڵی لەسەر چاودێری و کۆکردنەوەی داتاكانی ژیانی مرۆڤ بۆ قازانجی بازرگانی دامەزراوە.
لە تۆڕی گەورەی ژیان، سروشت و تەكنۆلۆژیا دێتە ئاراوە و لە تۆڕی پەیوەندییە دیجیتاڵییەكان، كۆمەڵگای زانیاری دادەمەزرێت؛ لێرە لە كۆمەڵگای شارستانی جگە لەوەی مرۆڤ لەو تێگەیشتنە کۆنەی ناوەندی بوون و بوونێکی تەنیا و سەربەخۆ و جیاواز ڕزگاری دەبێت… وەک بەشێک لە تۆڕێکی گەورەی بوونەوەرەکان: ئاژەڵ، سروشت و تەكنۆلۆژیا و بە شێوەیەکی تێکەڵ، پەیوەندیدار خۆی وەك بوونەوەرە بەهێزکراوەکان دەبینێتەوە! بەمجۆرە لە كۆمەڵگای زانیارییدا مرۆڤ دەبێت بە بەشێک لە سیستەمێکی گەورەی ژیان و تەكنۆلۆژیا، نەكـ سەرکردە تایبەتمەندە بایۆلۆژیی و ئۆنتۆلۆژییەكەی جیهان!.
دواجار مرۆڤ وەک بوونێکی تێکەڵ لەگەڵ سروشت، ژینگە و تەكنۆلۆژیا، دەبێتە بەشێک لە سیستەمێکی ئەلگۆریتم (Algorithm)ی و ئەلگۆریتم وەك پلانی کارکردن دەبێت بە هێزێکی شاراوەی ڕێکخستنی ژیان، دەبێت بە ئامرازی دەسەڵات و چاودێری شارستانییەتی زانیاری دەكات و هەنگاو بە هەنگاو کێشەكان چارە دەكات و زانیارییەكان شیدەكاتەوە.
سێنسەر و ئارەزوو
تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی هەر تەنها ژیان بەڕێوە نابات، بەڵكە لەڕێگای ئامرازە هەستیارەكانەوە (سێنسەر-(Sensor ەوە ئارەزووەكانی مرۆڤیش بەڕێوە دەبات، چونكە ئامرازە هەستیارەكان زانیاری لەبارەی ڕەفتار و ئارەزووەكانی مرۆڤیش کۆدەکەنەوە، بۆ نموونە: مۆبایل و ساعاتی زیرەک داتای جەستەی مرۆڤ کۆدەکەنەوە، ئەپەکان شێوازی بەکارهێنان و هەڵبژاردنەکان دەناسێنن، سێنسەرەکان لە شوێنە گشتییەکاندا جوڵە و هەڵسوکەوتی خەڵک دەبینن…
بەمجۆرە سێنسەر وەک هەستەکانی مرۆڤ وایە بۆ ئامێرەکان؛ واتە وەک چۆن مرۆڤ بە چاو و گوێ هەست بە دەوروبەر دەکات، ئامرازی سێنسەریش تەواوی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان یان شتەکانی دەوروبەر هەست پێدەکات و زانیارییانەكان بۆ سیگناڵێکی ئەلیکترۆنی یان داتا دەگۆڕێت، کە سیستەمێکی وەک کۆمپیوتەر یان ئامێرێکی تری ئەلیکترۆنی دەتوانێت تێیبگات! هەموو جۆرە جیاوازەكانی سێنسەر (سێنسەری گەرما هەست بە گەرمی دەكات، سێنسەری ڕۆناکی– ڕادەی ڕۆناکی دەپێوێت، سێنسەری جوولە- جوولەی کەس یان شت دەناسێت، سێنسەری پاڵەپەستۆی هەوا– فشاری هەوا دەپێوێت، سێنسەری دەنگ…) لەڕێگای مۆبایل و تەلەفۆنە زیرەکەکان، ئۆتۆمبێل، کامێرای چاودێری، ئامێرە زیرەکەکانی ماڵ و ئینتەرنێتەوە زانیارییەكان لە دەوروبەر وەردەگرێت و وەك داتا بە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی دەبەخشێت و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا ئەلگۆریتمەكان وەك هێزێکی شاراوە هەنگاو بۆ شیکردنەوەی زانیارییەكان و جێبەجێكردنیان دەنێن.
كەواتە سێنسەر ئامرازێکە بۆ هەستکردن بە دەوروبەر، بە دیوەكەی دیكە زانیاری سێنسەرەکان کاریگەری لەسەر ڕەفتار و ئارەزووی مرۆڤیش دادەنێن، ئەگەرچی ناتوانن بەتەواوی ئارەزووە ئاڵۆزەكانی مرۆڤ شیبكەنەوە! لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا تەکنۆلۆژی لە خزمەت ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤە، یان مرۆڤ ماڵی تەكنۆلۆژیایە؟!
بێگومان لە سەردەمی ئەمڕۆدا سیستمی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی بەشێکی بنەڕەتی لە ژیانی مرۆڤ پێكدەهێنێ، چونكە ئەمڕۆ ژیان لە ناو تۆڕی زانیاری و پەیوەندیی بەردەوامدا دەگوزەرێت و مرۆڤ دەتوانێت زانیاری زۆر بەدەستبهێنێت و بەخێرایی بڕیارەکانی ژیانی بدات؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتەی سیستمی دیجیتاڵی بە مرۆڤی دەبەخشێت، كەچی مرۆڤ ماندوو و هەراسانە و کەمترین کاتی بۆ بیرکردنەوەی قووڵ و ئارامی و حەسانەوە هەیە! بۆیە زۆر لە فەیلەسوفان پێیانوایە کە مرۆڤ دەبێت تواناكانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی خۆی بپارێزێت، بۆ ئەوەی لە ناو ئەم گۆڕانکارییە دیجیتاڵانەدا خۆی نەدۆڕێنێت؛ كەواتە بەڕێوەبردنی ژیان لە سەردەمی دیجیتاڵدا پێویستی بە تێگەیشتنێکی نوێ هەیە کە تێیدا مرۆڤ بتوانێت لەنێوان سوودەکانی تەکنۆلۆژیا و پاراستنی ئازادی و هۆشیاری فکریی هاوسەنگی خۆی ڕابگرێت.

سەرمایەداریی چاودێری
چەمكی سەرمایەداری چاودێری لەلایەن (شوشانا زوبۆف)ەوە داڕێژراوە؛ بەو مانایەی كە ژیان دەکاتە کەرەستەی خاو لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، بەڵام نەك تەنها وەك مۆدێلێکی بازرگانی، بەڵکە وەك فۆرمێکی بێوێنەی دەسەڵات، کە زوبۆف ناوی دەنێت (دەسەڵاتی ئامرازی)، دەسەڵاتێكـ كە لەڕێگای کۆکردنەوەی (زیادەی ڕەفتاری) و گۆڕینی بۆ (بەرهەمی پێشبینیكراو)ه‌وه‌ کار دەکات و ئامانجی تەنها پێشبینیکردنی ڕەفتاری مرۆڤ نییە، بەڵکە دەستکاریکردن و ئاڕاستەکردنیەتی لەپێناو قازانجدا… بڕوانە سایتی ژنەفتن- سەرمایەداریی چاودێری- شیکردنه‌وه‌یه‌که‌ بۆ لۆژیکی نوێی دەسەڵات لەسەر بنەمای تێزەکانی -شوشانا زوبۆف، نووسینی د. کامەران محەمەد، 12ی ئه‌یلول، 2025.
لە سەردەمی دیجیتاڵدا زۆرێک لە پلاتفۆرمەکان و کۆمپانیاکانی وەک: گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن، داتای بەکارهێنەران (وەک گەڕان، کلیک، شوێن، کڕین، لایكـ) کۆدەکەنەوە و بەهۆی ئەلگۆریتمەكانەوە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەكەن و لەوێوە پێشبینی هەڵسوکەوتی داهاتووی مرۆڤ دەكەن… لەو بارەوە (زوبۆف)ی بیرمەند پێیوایە کۆمپانیاکان تەنیا هەڵسوکەوتی مرۆڤ پێشبینی ناکەن، بەڵکە هەوڵدەدەن هەڵسوکەوتی مرۆڤ بگۆڕن بۆ ئەوەی قازانجیان زیاتر بێت.
بە هەمان شێوە یەكێك لە بیرمەندە گرنگەکانی بواری فەلسەفەی زانست و فەلسەفەی پۆست هیومانیزم، فێمینیسم (دۆنا ژان هاراوای-Donna J. Haraway- لەدایکبووی ئەمریكا 1944) دەڵێت: مرۆڤ لە سەردەمی نوێدا تەنیا بوونێکی سرووشتی نییە؛ بەڵکە تێکەڵەیەكە لەنێوان مرۆڤ، ماشین و داتاـدا، ئەوەش واتای (سایبۆرگ) دەگەیەنێت؛ لە بیرۆکەی سایبۆرگدا مرۆڤ نیمچە- مرۆڤ و نیمچە- تەکنەلۆژیایە… بەو مانایە (دۆنا هاراوای) لە تیۆرەكەیدا چەمکەکانی جەوهەرگەرایی ڕەتدەکاتەوە و لەبری ئەوە تێکەڵبوونی ئاژەڵ و ئامێر پێشنیار دەکات و پێیوایە چیدی سنوورەكانی مرۆڤ و ماشێن و تەكنۆلۆژیا جیا ناکرێتەوە؛ واتە مرۆڤ بەشێوەیەکی ڕۆژانە سایبۆرگێکی دیجیتاڵییە. بڕوانە: إبستمولوجيا السايبورج عند دۆنا هاراوای: دراسة في فلسفة العلم النسوية- وائل أحمد صبره و محمد سليم حفني- مجلة كلية الاداب بقنا العدد 60 يوليو 2023.
كەواتە ئەو خزمەتگوزارییانەی لە پلاتفۆرمەکانی گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن، كە زۆربەیان (بێ بەرانبەر) پێشکەش دەکرێن، لەڕاستیدا لەسەر بنەمای لۆژیکێکی ئابووریی شاراوە کار دەکەن، کە کاریگەریی قووڵیان لەسەر تاک و ئازادییەكان و کۆمەڵگادا هەیە، بەو مانایەش سەرمایەداریی چاودێری بەقسەی شوشانا زۆبۆف (لۆژیکێکە کە تەکنۆلۆژیا بەکار دەهێنێت و فەرمانی پێ دەکات)، نەک خودی تەکنەلۆژیا بێت! ئەمە خاڵێکی سەرەکییە، چونکە کۆمپانیاکانی چاودێری دەیانەوێت وامان لێبکەن باوەڕ بکەین، کە کارەکانیان حەتمییەتی تەکنەلۆژیاکەن؛ بەڵام نووسەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە (حەتمییەتی تەکنەلۆژیایی بوونی نییە) و تەکنەلۆژیا هەمیشە ئامرازێکی ئابوورییە و لە لایەن ئامانجە ئابوورییەکانەوە ئاراستە دەکرێت.
بە كورتی ئەگەر سەرمایەداریی کلاسیکی كاری لەسەر بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری كردبێ، ئەوە سەرمایەداریی چاودێری لەسەر بنەمای گۆڕینی داتای کەسی بۆ کاڵا دامەزراوە؛ بۆیە تاکەکان تەنها وەک بەکاربەر سەیر ناکات، بەڵکە وەک سەرچاوەی داتا دەیانبینێت، کە تێیدا وردترین زانیارییەکانی ژیانیان بۆ سەرچاوەیەکی قازانجبەخش بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەگۆڕدرێت. بڕوانە: ه.س.پ.

ئەلگۆریتم و ئارەزوو
سیستمی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی بەهۆی ئەلگۆریتمەوە، هەوڵدەدات بزانێت تۆ حەزت لە چییە، چی دەکڕیت، چ کاتێ… پاشان هەموو ئەم حەز و ئارەزووانە بۆ ڕیكلامەكانی زیاد دەكات و بازاڕەكان دەستنیشان دەكات… بەمجۆرە هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەبێتە سەرچاوەی داتا بۆ قازانجی بازاڕ و بازاڕكردن، حەز و ئارەزووە کەسییەکان دەبنە سەرچاوەی دەرهێنان، لەبەرانبەردا ئازادی و سەربەخۆییی تاكەكانی مرۆڤ دەبنە زیانی لاوەکی.
پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا ناچارین ژیانمان ڕادەست بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری لە کۆمەڵگای مۆدێرندا بکەین؟! هەڵبەتە، چونكە ئەمڕۆ مرۆڤ وەك که‌ره‌سته‌ی خاو (کردارەکان، هەستەکان، پەیوەندییەکان، جووڵە و چالاکییەكانی ئۆنلاین)ن! بەمجۆرە سیستمی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی لەڕێگای پلانی كاركردنی ئەلگۆریتمەكانییەوە بە شێوەیەکی نیمچه‌ نەبینراو و ڕێکخراو کار بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دیاریکراو دەکات، ئەمەش وا لە بەکارهێنەرانی دەکات هەست بە ئارامییەکی درۆزنانە بکەن، بێ ئەوەی ئاگاداری ئەو ئاستە بەرفراوانەی چاودێری بن، کە بە شێوەیەکی نەرم بەڕێوەیان دەبات! ئەو میکانیزمە نەرمە وا دەکات ڕەفتاری تاکەکان زۆر بە ئاسانی بەهۆی ئەلگۆریتمەوە پێشبینی بکرێت و ببێتە سەرچاوەی قازانجی گەورە بۆ کۆمپانیاکان.
ئارەزووەكانی مرۆڤ زۆر ئاڵۆزن، واتە نە تەواو ڕوونن و نە بە ئاسانی پێشبینی دەکرێن و نە بە تەواوی دەژمێردرێن… بەڵام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئەلگۆریتمەکان بەردەوام هەوڵدەدەن ئەو هەموو ئاڵۆزییە بۆ داتا بگۆڕن، جگە لەوە لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیا، ئەلگۆریتم تەنیا ئارەزوو نابینێت، بەڵکە هەندێ جار دروستی دەکاتەوە، بۆ نموونە: دوگمەی (لایک Like) لە فەیسبووکدا نموونەی ئامرازی کۆکردنەوەی داتایە، کە لە ڕواڵەتدا بێ زیان دەردەکەوێت! بەڵام ئەم دوگمەیە لە ڕاستیدا یارمەتیی فەیسبووک دەدات بۆ شیکردنەوەی ئارەزوو، هەست و کارلێکەکانی بەکارهێنەران، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی بنکەی داتای زەبەلاح و بەکارهێنانی بۆ پێشبینیکردنی ڕیکلامی ئاڕاستەکراو و تایبەت و ئاڕاستەكردنی مرۆڤ بۆ بازاڕیكردن… بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ ئارەزووی ئاڵۆز و ناپێشبینیکراو دەمێنێتەوە.
15/3/2026 هەولێر




زمان، پەیام و ئەخلاق لە میدیای کوردیی باشووری کوردستاندا.. ئەمجەد شاکەلی

میدیا، دەستەواژەیەکە بۆ کۆی ئەو کەناڵانەی زانیاری و هەواڵ و پەیام و سەرگەرمی(کات بەسەربردن) بۆ خوێنەر و بیسەر و بینەرێکی بەرفراوان بڵاودەکەنەوە، وەک ڕۆژنامە و تیڤی و و ڕادیۆ و ماڵپەڕی ئینتەرنێت وتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان. میدیا، لەو سیستمە سیاسییانەی جیهاندا کە بە دیموکراتی پیناسە دەکرێن، دوای دەسەڵاتی یەکەم”حوکوومەت” و دەسەڵاتی دووەم “پەرلەمان” وەک “دەسەڵاتی سێیەم” دەژمێردرێت. میدیا زۆر بە وردی چاودێری دەسەڵات و ئەو کەسانەی لە دەسەڵاتدان دەکات، وەها کارێکیش یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراتی. دەستەواژەی میدیا هەردوو میدیای گشتی نەریتی و سۆشیال میدیای دیجیتاڵیش دەگرێتەوە.
کاتێک باس لە بار یا حاڵی زمانی کوردی لە میدیای کوردیدا دەکەین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە حاڵی زمانی میدیای کوردی بە شێوەیەکی گشتی بەدەر نییە لە ڕەوشێکی زمانی کوردی تێدایە و پێیدا تێدەپەڕێت. زمانی کوردی بەگشتی و بەتایبەتیش لە باشووری کوردستان له‌ قه‌یران و کێشه‌یه‌کدایه‌، هه‌رگیز به‌ درێژایی مێژوو، قه‌یران و کێشه‌ی وای به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. زمانی کوردی تا دێت خراپتر ده‌بێت و تا دێت خراپ و خراپتر به‌ کار ده‌برێت و ئه‌تک ده‌کرێت و تا دێت به‌ره‌و له‌تبوون و داڕووخان ده‌ڕوات. ئه‌مڕۆ، خه‌ڵکێکی فرە به‌ ناوی زمانناسی و شاره‌زایی و پسپۆری و خوێندووییه‌وه‌، زمانی کوردی لەتلەت دەکەن و لەبەینی دەبەن. ئه‌مڕۆ، سه‌رباری ئه‌و ئازادییه‌ی کورد به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت و سه‌رباری ئه‌و هه‌موو میدیا و ده‌سگەی ڕاگه‌یاندن و پاره‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ی کورد هه‌یه‌تی (مه‌به‌ست باشووری کوردستانه‌) و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ته‌کنیک و پێشکه‌وتنه‌، له‌ بواری ڕاگه‌یاندن و گه‌یاندن و په‌خش و چاپه‌مه‌نییه‌ی، ده‌ستی کورد پێی ڕا ده‌گات، زمانی کوردی دادەکشێت.
میدیا، ئەگەر بە دروستی بەکار بهێنرێت، هۆکارێکە بۆ بەهێزکردن، پاراستن و پێشکەوتنی زمان و دەتوانێت ڕۆڵی زمان لە دەربڕین و دروستکردنی پێناسەی نەتەوەییدا بەهێزتر بکات. لە‌ مێژووی هە‌موو نە‌تە‌وە‌کاندا، میدیا ڕۆلی کاریگە‌ری هە‌بووە‌ بۆ چێکردنی پێناسە‌ی نە‌تە‌وە‌یی. دەگوترێت: “نەتەوەسازیی بێچووی چاپە‌مە‌نی بووە”. وەک ئەوەی بۆ نە‌تە‌وە‌ مۆدێرنە‌کانی ئەوروپا دەگوترێت.
ئەگەر لەپێشدا هەستێکی نەتەوەیی بووبێت، پتر لە نێو بڕێکی کەمی خوێندەوار، شاعیر و سیاسەتکاردا بووە. ئێستا میدیای بینراو بە تایبەت تە‌لە‌ڤیزیۆن و میدیای بیستراو و ڕۆژنامە و گۆڤار لە‌ نێو هەموو توێژ و چینەکانی کۆمەڵی کوردەواریدا، پەخش دەبن، بەڵام ئەو گوتارانەی دەبوو کار بۆ نەتەوەسازی بکەن، ئە‌وانە دەنگ و ڕە‌نگی حیزب و گرۆ و دەستەیان پێوە دیارە و ئیدیۆلۆگێنراون، چون حیزب خاوە‌نی ئەو میدیایانەن، هەر بەوەیش زمانە کوردییەکە خراوەتە خزمەتی ئیدیۆلۆگیاوە. دیارە زمانیش بۆ حیزب هێندە گرنگ نییە!
لە ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی سیوچوار ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کورددا، ھیچ ھەوڵێک نەدراوە بۆ یەکخستن و بەرجەستەکردنی زمانی ڕەسمی دەوڵەت. یا زمانێکی یەکگرتوو کە لە نووسین وداڕشتن، وەک یەک زمانی ھاوبەشی کورد بەلایەنی کەمەوە لە باشووری کوردستان پێڕۆ بکرێت. بێگومان لە نەبوونی زمانێکی ھاوبەشیشدا، شێوە جیاوازەکانی شێوەزار و ڕێنووس و نووسین دەبنە دیاردە. لەو ڕوانگەیەوە دەبینین زمانی داڕشتن و نووسین لە ڕاگەیاندنەکان و بڵاوکراوەکاندا، زمانێکی یەک جۆر و یەک شێوە نییە. بەڵکە ھەریەکە شێوەیەکی ڕێنووس پێڕۆ دەکات. تەنانەت زۆرجار ڕێنووسی یەک وشە بە گەلێ شێوە دەنووسن.
زمانی میدیای كوردی هێندە خراپە هینی ئەوە نییە ئێرەیی پێ ببرێت، چون هێندەی واژەی بیانی بە تایبەت ئینگلیزی تێکەوتووە تا دێت زمانی كوردی گچکەتر دەبێتەوە. سەدان وشەی بیانی و داتاشراو و ناساز و نادروست و سەدان وشه‌ی ئینگلیزی ترێنجێنراونەتە نێو زمانی کوردییەوە و ڕۆژانە نەک تەنێ لە میدیادا بەڵکە لە کۆڵانیشدا و لە لایەن خەڵکی بێسەوادیشەوە بەکار دەبرێن. ئەوەی لەمەڕ زمانی کوردییەوە لە میدیای کوردیدا دەگوترێت و دەگوزەرێت ناشێت تەنێ لە ڕووی زمانەوانی و زاراوەسازی و ڕیشەناسی و ڕێزمان و ڕێنووسەوە بخوێندرێتەوە، بەڵکە مامەڵە و بەرخورد و ئەخلاق و شێوازی هەڵسوکەوت و تێڕوانین و دواندن مەرجێکی سەرەکییە بۆ کاری میدیایی. ئەخلاقیش لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بریتییە لە کۆمەڵێک بەها و بنەما کە ڕێنمایی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەڵسوکەوت لەگەڵ جەماوەردا دەکات، واتە: بەکارهێنانی وشە و وێنە وەک ئامرازێکی دروستکردن و بنیاتنان، نە وەک ئامرازێکی وێرانکردن. چون میدیا دەچێتە نێو خەڵکەوە، هەموو جۆر و چین و پێشە و ڕەگەز و تەمەن و پیکهاتەکانی جڤاکی کوردییەوە. میدیا دەچێتە هەموو ماڵێکەوە و دەچێتە بەر دید و بەر گوێی گەورە، گچکە، مێ و نێری کوردەوە، کە هەر یەکێک لەوانە خاوەنی ئاستێکی تێگەیشتنی جیاوازە لە یەکێکی دی. هەر لەبەر ئەوانە شێوازی بەکاربردنی زمان، ئاراستەی وتار، خوێندنەوەی دەروونیی وەرگر، خوێنەر، بیسەر، بینەر هەموو ئەوانە مەرجگەلێکن بۆ کاری میدیایی.
دەشێت لە چەند نموونەیەکدا هەندێک تێبینی لەمەڕ ئەو باسە و لە ڕووی بنەما ئەخلاقییەکانی میدیاییەوە وشێوازی بەرخوردی میدیای کوردی لەگەڵ وەرگر، خوێنەر، بیسەر، و بینەردا پێشان بدرێن:
یەک
لە حەفتەنامەی (هەولێر)ی ژماره 1204ی ڕۆژی سێشەممەی 6ی دیسەمبەری2011دا، کە لە هەولێر دەردەچێت لە لاپەڕەی فەرهەنگدا دوو هەواڵ لەمەڕ تەندروستی مامۆستایان نەوزاد ڕەفعەت و زاهیر ڕۆژبەیانی کە هەردوویان نەخۆش بوون بڵاو کرابوونەوە. ئەو دووانە دوو نووسەر و شاعیری ناسراوی کوردستان بوون. مامۆستا ڕەفعەت شاعیرێکی دیار و ناسراوی هەولێر بوو و مامۆستا ڕۆژبەیانییش، نووسەرێکی ناسراوی شاری کەرکووک بوو و لە هەولێر دەژیا. بە چەند دێڕێک باسی تەندروستی مامۆستا ڕۆژبەیانی کرابوو و وێنەیەکی مامۆستایش لەگەڵ هەواڵەکەدا دانرابوو. وێنەکە هینی ئەو کاتە بوو کە مامۆستا گەلێک نەخۆشە و گۆڕانێکی زۆر بەسەر شێوە و سیما و ڕوخساریدا هاتبوو. هەر کە وێنەکەم بینی دەسبەجێ چەند دێڕێکم وەک ڕەخنە لە پەخشکردنی ئەو وێنەیە بە ئیمەیڵ بۆ سەرنووسەری هەولێر مامۆستا جەواد قادر نووسی و باسی ئەوەم کرد کە نەدەبوو ئەو وێنەیەی مامۆستا ڕۆژبەیانی کە نەخۆشە دابنێن و ئەگەر هەر بڕیارە وێنەکەی دانرابا، دەبوو وێنەیەکی کۆنتری دانێن، چون ئەوە کارێکی جوان نەبوو و ناخۆش و ناپەسەند و کاریگەر بوو بۆ هەموو دۆستانی مامۆستا ڕۆژبەیانی و ماڵبات و خانەوادەکەیان.
دوو:
له‌ گوتارێکیدا به‌ ناوی”خاک و جه‌سته‌ لای جه‌نگیز ئه‌یتماتۆف و سه‌میر نه‌قاش، له‌ هه‌ردوو رومانی(رۆژه‌که‌ له‌ سه‌ده‌یه‌ک درێژتر ده‌بێته‌وه‌) و (شلۆمۆ کورده‌ و من و رۆژگار)دا”، که‌ له‌ دوو به‌شدا، وه‌ک ڕانانێک بۆ دوو کتێبی تازه‌په‌خشکراوی نووسه‌ر و چیرۆکنووس مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، بڵاو بووه‌ته‌وه، ‌مامۆستا نه‌جات نوری، نووسه‌ری گوتاره‌که‌، ده‌نووسێت:”له‌م دێڕانه‌ی سه‌ره‌تادا ده‌بێت قه‌دری هه‌وڵه‌ دیاره‌کانی برای ئازیزمان(جه‌لیل کاکه‌وه‌یس)ی چیرۆکنوس بگرم که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی ئه‌و بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌و به‌رده‌وام به‌و عه‌شقه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ خوێنه‌رانی کورد ده‌کات. هێشتا ده‌یه‌وێت ئه‌ده‌ب ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانمان و له‌ناو هه‌مو تاریکاییه‌کاندا روناکیه‌کمان پێ ببه‌خشێت. هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه‌ باشانه‌ که‌ خوێنه‌ری ئێمه‌ ده‌ستی پێیان نه‌گه‌یشتووه‌…” . تۆ له‌م نووسینه‌دا تێبینی ئه‌م ڕسته‌ و وشانه‌ بکه‌”..که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌…” و “..هێشتا ده‌یه‌وێت…” و “هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی…”.، وا باسی مامۆستا کاکه‌وه‌یس ده‌کات، وه‌ک بڵێی خودانه‌خواسته‌ و دوور له‌ گیانی مامۆستا کاکه‌وه‌یس، مامۆستا کاکه‌ویس:
“له‌ نێو ماڵێکی بێ ژن دا
له‌ بن لێفێکی چڵکن دا
له‌ سه‌ر ته‌ختێکی ڕه‌ق و ته‌ق
سه‌رتاپای شه‌ڵاڵی ئاره‌ق
پیر و که‌نه‌فت و که‌له‌لا
هه‌موو له‌شی هه‌لا هه‌لا
پشتی ڕه‌ق و باسکی ته‌زیو
پێێ نه‌ده‌کرا ئه‌م دیو ئه‌و دیو
کز و گۆد و سڕ و بێ ناز
پێچی ده‌دا وه‌ک مارانگاز” ، که‌وتووه‌ و بێهێز و لاواز، به‌ حاڵ نووزه‌ی لێوه‌ دێ و هه‌ناسه‌ ده‌دات. به‌و جۆره‌ باسکردنی مامۆستا کاکه‌وه‌یس و نیشاندانی وه‌ک پیرێکی په‌ککه‌وته‌، ئه‌گه‌ر به‌لای مامۆستا نه‌جات نووریشه‌وه‌ بۆ پێشاندانی وزه‌ و توانست و خواست و کۆششی مامۆستا کاکه‌وه‌یس بێت، هێشتا کورت ده‌هێنێ و له‌ ڕووی ده‌روونی و سایکۆلۆگییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌یشێباته‌وه‌ سه‌ر خۆی و وه‌هایش پێشان بدات، که‌ گرنگ نییه‌ و بێخه‌مه‌ له‌و ڕووه‌وه‌، کار ده‌کاته‌ سه‌ر مرۆڤ (کاکه‌وه‌یس). مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، هه‌موو چه‌ند مانگێکه‌، له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا وه‌ک مامۆستا خانه‌نشین کراوه‌، ئیدی که‌ی هینی ئه‌وه‌یه‌ پێی بگوترێ:”به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا….”، خۆ ده‌یان خه‌ڵکی 75-80 ساڵان و هه‌ورازتریش ئه‌مڕۆ فه‌رمانڕه‌وای وەڵاته‌که‌ی مامۆستا کاکه‌وه‌یسن و بڕیار به‌سه‌ر ژیانی میلیۆنان کاکه‌وه‌یسدا ده‌ده‌ن و که‌سیش پێیان ناڵێ پیر!

سێ:
پێم وایە هەموو بینەر و بیسەر و خوێنەرێکی کورد، کە پتر بە هۆی میدیای بینراو و بیستراو و تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە ئاگاداری هەواڵ و ڕووداو و چالاکی و ناچالاکی و بوارەکانی دیکەی ڕەوتی ژیان دەبن لە کوردستان و دەرێی کوردستان، لەم جۆرە دیمەن و گوتارانە گەلێ جار دەبێنن و دەژنەفن و دەخوێننەوە: خێزانێک یا چەند خێزانێک بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچوونی ئۆتۆمبیلەوە ئیدی پێکدادان بێت یا وەرگەڕان یا بەهۆی شەڕی نێوان دوو ماڵەوە یا دوو تیرەوە یا بەهۆی لافاو یا ئاگرکەوتنەوەوە یا بەربوونەوە لە باڵاخانە و تەلار و هەورازێک یا بەهۆی تەقە و بۆمب و مینەوە یا بەهۆی هەڵاتنەوە بۆ هەندەران و لە ئاوی زەریادا خنکان یا هەر ڕووداوێکی دیکەی لەو جۆرانە بێت، کەسێک یا چەند کەسێکیان تێدا دەچن، دەبینیت میدیاکاران وەک داڵ لەو ماڵانەی یا لەو کەسانەی کچیان، کوڕیان، باوکیان، دایکیان، خوشکیان، برایان، ژنیان، مێردیان، منداڵیان، کەسێکیان یا چەند کەسێکیان تێدا چوونە و گیانیان لەدەست داوە یا زیانی گەورە بە لەش و ماڵیان کەوتووە، لەبەردەم ماڵەکەدا، لەنێو ماڵەکەدا، لە گۆڕستان و لە کاتی ناشتنی خۆشەویستەکانیاندا، کاتێک گەرمەشین و شەپۆڕ و واوەیلایانە و لە سنگ و ڕوومەتی خۆیان دەدەن، ڕێک لەو کاتەدا میدیاکاران بە خۆ و کامیرا و مایکێکەوە گەرماوگەرم خڕ دەبنەوە و دەچنە بەردەم کەسی کۆسکەوتوو و لێقەوماو و نوقمبووی خەم و گریان و وەڕس لە گیانی خۆ و دەست بە پرسیار دەکەن لێی لەمەڕ ئەوەی چ هەستێکی هەیە کە کەسەکەی بەو جۆرە گیانی لەدەست داوە و دەیەوێت چی بڵێت و ئیدی لەو جۆرە پرسیارە ناپەسەند و نابەجێیانە، بێ ڕەچاوکردنی ڕەوشی پەشێوی ئەو مرۆڤە و بێ بیرکردنەوە لە باری ئاڵۆزی دەروونی ئەو! وەها کارێکی میدیاکار دەیکات نازانم بۆ خۆی دەیخاتە چ خانەیەکەوە، بەڵام ئەوە دەزانم کە دوورە لە هەموو بنەمایەکی ئەخلاقی و ئەتیکێتی کاری میدیایی.
چوار:
مامۆستایەکی شاعیر لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا باس لە گوندێکی گەرمیان دەکات، کە داربەڕوویەکی تێدا شین بووە، ڕێک بەم جۆرە دەیگێڕێتەوە:”لە گوندی ناساڵح لە پشت کفری، گوندێک هەیە پێی دەڵێن ناساڵح، لە پشت کفری بەڵێ، داربەڕوویەک هەبوو، هاوڕێکانم لەبواری میندا کاریان دەکرد، پێیان سەیر بوو لە دیالە لەو شوێنە عەرەب نشینە، لەم شوێنە داربەڕوو چی دەکات، دوای ئەوەی بۆ پاککردنەوەی لوغمەکان هەڵیان کۆڵی، بینییان خێزانێکی کوردە ئەنفال کراون، یەکێک لەو منداڵانە کە شەرواڵێکی مۆری لەبەر بووە، لەناو گیرفانەکەی بەڕوو هەبووە، دوای ئەوەی لە چاڵیان ناون ناشتوویانن، ئەو بەڕووەی گیرفانی ئەو منداڵە شەرواڵ مۆرە 11 ساڵییە، وردە وردە گەورە دەبێت و دەبێتە داربەڕوو..”. تا ئێرە فەرموودەی ئەو مامۆستایەیە. بەڵام با بڕێک وردبینەوە لەو قسانە بزانین چەندی ڕاستە و چی لێ هەڵدەکڕێنین:

  1. گوندی ناساڵح لەنێوان سەرقەڵا و کفریدایە و سەربە شارۆکەی کفرییە. کفری، شارۆکەیەکی کۆنی مێژووییە و هەمیشە سەربە ئوستانی کەرکووک بووە، لێ پاش لەتوپەتکردنی کەرکووک لە ساڵی 1975دا، کفری لە کەرکووک دابڕێنرا و لە 6 نۆڤەمبەری 1975دا بە کردەیی بە ئوستانی دیالەوە لکێنرا، بەڵام فەرمانی کۆماریی ئەو گۆڕینە بە شێوەیەکی ڕەسمی بە ژمارە 41 لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عیراقی(الوقائع العراقیة)ی ژمارە 2513، لە 8ی فێریوەری 1976دا بڵاوکرایەوە و بڕیار درا:

  • ئوستانێک بە ناوی ئوستانی سەلاحەددین دامەزێنرێت و نێوەندەکەی شاری تکریت بێت.
  • شارۆکەی خورماتوو بخرێتە سەر ئوستانی سەلاحەددین.
  • شارۆکەی کفری و تەواوی شارەدییەکانی بخرێنە سەر ئوستانی دیالە .

  1. بەوەی کە گوندی ناساڵح ئێستا سەر بە ئوستانی دیالەیە، نە عەرەبنشینە و نە هەرگیزیش عەرەبنشین بووە و ئوستانی دیالەیش ئەگەر کاکی شاعیر بڕێک شارەزای جیۆگرافیا و مێژوو بووایە دەیزانی ئەگەر تەواوی ئوستانی دیالە بکەیت بە دوو لەتەوە لەتێکی خاکی کوردستانە و کوردنشینە، خانەقی، جەلەولا، قزڕەوات، مەنەلی، شارەبان و… وەک نموونە. ئێستا ئیدی بە تۆبزی کفریشی بە قەرەتەپە و جەبارە و سەرقەڵاوە خراوەنەتە سەر. باسکردنی ناساڵح و کفری و قەرەتەپە و سەرقەڵا وەک دیالە و باسکردنی خورماتوو وەک سەلاحەددین (تکریت) و باسکردنی مەخموور وەک مووسڵ (نینوی) لەلایەن هەر تاکێکی کوردەوە لە هەر پلە و پایە و چین و ئاست و بیرکردنەوە و بەرگێکدا بێت، چاوپۆشینە لە واقیعیکی سەپێنراو و دداننانە بە قانوونێکی نادروست و ناڕەوا کە لە پەنا و سایەیدا گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان و عەرەباندن پیادە دەکرێت! کورد دەبوو بۆ خۆی، بە تایبەت فەرهەنگییانی، هەرگیز تووتی ئاسا، جۆر و شێوازی ناوهێنانی دەڤەرەکانی کوردستانی وەک دەسەڵاتدارانی بەغدای بەکار نەبردایە و دەستەواژەکانی ئەوانی لە میدیادا نەگوتبایەوە کە ئەوە “أضعف الإیمان”ەکەیە!
  2. هەرگیز خەڵکی ئەنفالکراو نەگوێزراونەوە بۆ ناساڵح و کفری و هەرگیز لەوێ نەنێژراون و تاکە یەک گۆڕی ئەنفالکراوێک لەو دەڤەرەدا نییە. ئەوانەی ئەنفالکراون براون بۆ تۆپزاوای لای کەرکووک و لەوێیشەوە بۆ بێاوانەکانی نۆگرەسەلمان و سەماوە.
  3. وەک چۆن دارخورما لە هەورامان یا چیای گارە ناڕوێت، داربەڕوویش هەرگیز لەو دەشتی گەرمێنەدا نەڕوواوە، نازانم ئەگەر ئێستا بە هۆی تەکنۆلۆگیا و ئامرازی نوێوە وەها کارێک ببێتە ڕاستییەک! ئەو هاوڕێیانەی مینهەڵگر، ڕەنگە خەڵکە ئەفەندییەکان بووبێتن، ئەوانەی لەسەر ئەسکەمیل دادەنیشن و لە پشتی مێزەوەن، دەنا کارگەرەکان کە خەڵکە گیانفیداکارەکانن و ئەوانن تووشی زیان دەبن و لاقیان، قۆڵیان و دەستەکانیان دەپەڕێت، چاوانیان لە دەست دەدەن و ژیانیان لەدەست دەدەن، ئەوان دەزانن داربەڕوو لە گەرمیان نابێت و ئەنفالکراویش نەگواستراونەوە بۆ ناساڵح!
  4. گوندی ناساڵح سنوور نییە ، ئەگەر جارجار جەنگی تێدا بووبێت ناکاتە ئەوەی مەیدانی جەنگ بووبێت، ئیدی ئەم مین و مینهەڵگرتنەوە و مینناسی و مینبازی و مینیزم و مینیست و مینهەڵگرانە تەنێ خەیاڵێکی مۆری، وەک شەرواڵی کوڕە 11 ساڵەییە شەرواڵ لەپێیە خەیاڵییەکەی نێو گۆڕە خەیاڵییەکە و ناوکە خورما خەیاڵییەکەی نێو گیرفانی و داربەڕووە خەیاڵییەکەی شاعیرێکە دوای ڕامانێکی قووڵ و داچۆڕانێک بە نێو خۆدا. پێناسەکردنی ناساڵح وەک دەڤەرێکی عەرەبنشین و ئەو خەیاڵە مۆرەی شاعیرەکە، وەنەبێ تەنێ لە سنووری زمانی کوردیدا باس کرابێت و مابێتەوە، بەڵکە کراوە بە زمانی فارسییش و لە ئینستاگرام(Instagam)یشدا بڵاو کراوەتەوە. . ماوەیەک دوای دیتنی ئەو دوو ڤیدیۆیەی مامۆستای شاعیر، ڤیدیۆیەکی دیکەیم دیت لەوێدا پێمان دەڵێت، ئەوەی لەمەڕ داربەڕوو و منداڵە شەرواڵ مۆرەکە و ناساڵحەوە گوتوویەتی تەنێ خەیاڵە و خەیاڵێکی شاعیرانە و هیچی تر ! ئەوەی بۆ من سەیرە ئەو هەر جەخت لە عەرەبنشینیی ناساڵح و عەرەبایەتی ئەو دەڤەرە دەکاتەوە، کە ئەوە دەکاتە شەوارە پێ کردنی لاوانی کورد و ناشارەزایانی جیۆگرافیای کوردستان و ئەوانەیشی بە زمانی فارسی دەپەیڤن، چون بۆ ئەوانیش ئەو داهێنانە مەزنەی مامۆستای شاعیر کراوەتە فارسی!
    پێنج:
    لە تەواوی میدیای باشووری کوردستاندا و لەلایەن ئەوانەی دەنووسن و قسە دەکەن و دەبیسرێن، بە خەڵکە بەرپرس و سیاسەتکار و فەرهەنگییان و خەڵکە گشتییەکەیشەوە، وشەی “هەرێم” جێی بە وشەی کوردستان یا باشووری کوردستان لەق کردووە و بووە بە جێگرەوەی ئەو دوو وشە و دەستەواژەیە. کە دەگوترێت هەرێم یا تەنانەت هەرێمی کوردستانیش، دەکاتە ئەوەی تەواوی ئوستانی کەرکووک و نیوەی ئوستانی دیالە و نیوەی ئوستانی نەینەوا(مووسڵ) دەسڕدرێنەوە. ئەم وشەی هەرێمە ڕیک وەک “ناوچەی ئۆتۆنۆمی/منطقة الحکم الذاتي”یەکەی عیراقی سەردەمی بەعسە و لە واقیعیشدا هەر ئەوەیە کە بەعس بە کوردی ڕەوا دەبینی. وشەی هەرێم بە قرتاندنی وشەی کوردستانەکەی، لەسەر زمانی دەسەڵاتدارانی بەغدا و عەرەب و بڕێک خەڵکی ناکوردەوە گەلێک شیرینە و هەردەم دەگوترێتەوە و دەنووسرێت و بەکاردەبرێت و دەدرێت بە گوێی کورددا تا گەیشتووەتە ڕادەیەک سیاسەتکارانی کورد و میدیای کوردی و کوردستانی، وەک تووتی لاسایی “هەرێم لەزارخۆشەکان” دەکەنەوە و ڕۆژانە بێ وشەی کوردستان هەزار پاتەی دەکەنەوە. خەڵکە ئاساییەکەی کوردستانیش بەگوێرەی تیۆری خەڵک (مرۆڤەکان) لەسەر ئایینی پادشاکانیانن “الناس علی دین ملوکهم” هەر ئەوەی میدیاکان و حیزبەکان و سەردارانیان دەیڵێنەوە، ئەوانیش ڕێک بەو جۆرە بەو ئاوازە دەخوێنن. دەسەڵاتی بەغدا و ناکوردان کە دەڵێن هەرێم، واتە: “کوردینە ئێوە تەنێ ئەو سێ قوتە شارە: دهۆک، هەولێر و سلێمانی هینی ئێوەیە و بۆتان هەیە پێی بڵێن هەرێمی کوردستان و لەوە بەولاوە یەک دانە سەنتیمیتر خاکتان نییە و نابێت باسی بکەن”. ئەوان کە دەیشڵێن هەرێم، واتە: “ئێوە وەک هەرێم بەشێکن لە عیراق و هیچی تر و ئەگەر لە باشترین حاڵدا بیر لە جیابوونەوەیش بکەن لە عیراق، ئەوە تەنێ سێ قوتە شارەکانتان هەن و هیچ دی”. تەواوی ئەو دیدەی بەغدا لە میدیای کوردیدا برەوێ پێ دەدرێت و مێشکی خەڵکی پێ دەشۆردێتەوە.
    شەش:
    دەستەواژەگەلێکی بێفەڕ و دزێو و ناحەزی وەک: ناوچە جێناکۆکەکان، ناوچەکانی 140، ناوچە دابڕاوەکان، ناوچە دابڕێنراوەکان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، لە میدیای کوردی و لە لایەن سیاسەتکارانی کورد و خەڵکی کوردەوە هەمیشە دەگوترێنەوە. ڕاستە هێز بڕیاری توانستی داگیرکردن و ڕزگارکردن و دەسەڵات گرتنە دەست و گێڕانەوەی خاکی زەوتکراو و ماڵ و سامانی دزراو و مافی خوراو دەدات، بەڵام مێژوو ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ئەو دەڤەرانەی میدیای کوردی و حیزب و دەسەڵاتەکەی کوردستان، بە 140 و جێناکۆک ناوی دەبەن، بێجگە لە کوردستان و خاکی کوردستان شتێکی دیکە نین!. ئەوەی میدیای کوردی و دەسەڵاتی کوردستان کە بە مادەی 140 ناوی دەبەن، تەواوی ئەم دەڤەرانەی باشووری کوردستان دەگرنەوە:

  • ئوستانی کەرکووک: تەواوی شاری کەرکووک و سەرجەم قەزا و ناحیەکانی دەگرێتەوە.
  • ئوستانی نەینەوا: قەزاکانی شنگال، حەمدانیە، شێخان، مەخموور، زوممار، تلکێف و ناحیەکانی بەعشیقە، قەحتانیە و رەبیعە دەگرێتەوە.
  • ئوستانی دیالە: قەزای خانەقین و ناحیەکانی: جەلەولا، قزڕەوات(سەعدیە)، مەیدان، قۆرەتوو، قەزای شارەبان و ناحیەکانی، قەزای بەلەدروز و ناحیەی مەندەلی و قەرەتەپە و کفری دەگرێتەوە.
  • ئوستانی سەڵاحەددین(تکریت): خورماتوو، ئامرلی، سلێمان بەگ ، کە سەربە کەرکووک بوون و ئێستا سەر بە سەلاحەددینن دەگرێتەوە.
  • ئوستانی واسیت(کووت): زرواتییە و قەزای بەدرە و ناحیەی جەسسان دەگرێتەوە.
  • لە هەرێمی کوردستانیش: چەمچەماڵ، ئاکرێ، فایدە، کفری و کەلار دەگرێتەوە.
    ئەوان، میدیای کوردی و دەسەڵاتی کوردستان، وەک بنێشتەخۆشە وشە و دەستەواژە بێفەڕەکانی جێناکۆک و 140 دەجوونەوە و بەکاری دەهێنن و دەیڵێنەوە، لە کاتێکدا کورد دەبوو لەبری ئەو دەستەواژانە ڕێک و ڕەوان بیگوتبا: ناوچە داگیرکراوەکان، لێ کورد نەیوێراوە و نایشوێرێت جاڕی داگیرکراویی ئەو بەشەی کوردستان بدات، کە لە هەرێمە قوتەکە زیاتر و بەرینترە. نزیکەی سەد ساڵە و بە تایبەتیش شەست ساڵێکە عەرەب دادەبارێنرێن و دادەبارنە کەرکووکەوە و کوردی خاوەنماڵ دەردەکرێن و عەرەب دەبنە خاوەنماڵ، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، کورد ناتوانێت بێژێت ئەو عەرەبانەی هێنراونە و هاتوونەتە کەرکووک داگیرکەرن. کورد، بە میدیا و بە سیاسەتکارییەوە بە گوتنەوەی جێناکۆک و 140 کوردستانیبوونی تەواوی ئەو دەڤەرانە، کە لە 16ی ئوکتۆبەری 2017 بە دواوە ڕادەستی عیراق کران و ئەوانەیشی پێشتر عیراق دەستی بەسەردا گرتبوون و بەدرێژایی مێژوو کوردستان بوونە و کورد بە خاکی خۆی زانیوە، دەخاتە گومانەوە، چون مرۆڤ، ئەگەر نانیشتمانی و هێڕ و گەمژە نەبێت بە ماڵی خۆی ناڵێت جێناکۆک و ڕاپرسیی لەسەر کوردستانیبوونی خاکی خۆی ناکات! میدیای کورد، یادگەی مرۆڤی کورد، بە تایبەت نەوەیەک کە دوای 2003 پەیدا بوون، گێژ و بەنگ دەکات و دەسڕێتەوە. بەو هەموو ماڵوێرانییەی گەلی فلستین لە 1948ەوە بە دەست ئیسرائیلەوە تووشی هاتوون، تا هەنووکەیش فلستینییەک نییە بە فلستین نەڵێت: خاکی داگیرکراو یا فلستینی داگیرکراو “الأراضي المحتلة /فلسطین المحتلة”و بە ئیسرائیلیش نەڵێت: داگیرکەر”إسرائیل المحتلة/الکیان المحتل” یا دەوڵەتی عیبری”الدولة العبریة”! ئەو دەستەواژە دزێوانەی 140 و..لە پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەعس و سەددام حوسەینەوە لە 2003دا هاتە گۆڕێ، لێ هەر لە 1991ەوە کە ئیدی دەڤەری نەفڕین ساز کرا، کورد تەنێ لەو دەڤەرەدا چەقی و ئیدی چ بە کردەوە و بە بیرکردنەوە نەیتوانی لەو بازنەی نەفڕینەکە بێتە دەرێ. ئەو دید و بەرخوردانە لە میدیای کوردیدا هەمیشە زەق دەکرێنەوە و مێشکی مرۆڤی کوردی پێ کول و نائاگا و کەم وزە دەکەن. هەر ئەوەی میدیای کوردی لەگەڵ کەرکووک و مووسڵ و دیالە و سەلاحەددین و واستدا دەیکات لەوە خراپتر لەهەمبەر کوردانی دەرێی باشووری کوردستان (کوردانی فەیلی) دانیشتووانی بەغدادا دەکات. جاران لە عیراقدا ئەگەر بتگوتبا کام شار لە عیراقدا گەورەترین شاری کوردانە یا کوردنشینە، دەگوترا شاری بەغدا. شاری بەغدا نشیمەنی کوردانی فەیلی بوو و یەک میلیۆن و پتر کوردی تێدا دەژیان. کوردانی فەیلی هەمیشە بڕبڕەی پشتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان بوون چ لە ڕووی هێزی مرۆیی و چ لە ڕووی ئابوورییەوە. ئەوان لە سەنگەری پێشەوەی خەبات و بەرخوداندا بوون. ئەوان گەورەترین و ڕێکوپێکترین و دڵسۆزترین و بوێرترین و ئازاترین و ڕاستگۆترین کورد بوون کە لەنێو داگیرکەرانی خاکی کوردستاندا دەژیان و ئامادەیی تەواویان بۆ هەموو چالاکییەک و شێوازەکانی خەبات هەبوو. ئەو کوردەیلە کە چەندین سەدە بوو نیشتەجێی بەغدا بوون و تێیدا ژیابوون، بە بیانووی ئێرانیەتییەوە وەک بنەچە، ڕێژیمی بەعس دەستی بەسەر تەواوی سامان و ماڵ و هەموو شتێکیاندا گرت و بە پێ خاوسێ وەدەریانی نا بۆ ئێران و پتر لە سی هەزار لە کوڕە گەنجەکانیانی خستنە زیندانەوە و دواتر یەک دانەیشیان لێیان نەهێشتەوە و هەموویانی لەبەین برد. وەها نەهامەتی و کارەسات و قڕان و بنبڕکردن و ستەمێک، لە میدیای کوردیدا چ گرنگییەکی پێ دراوە؟ کەی باس کراوە؟ کەی بەدواداچوونێ بۆ بزربووان و بۆ کێشەکانیان کراوە؟ ئێستایش لە هەرێمە قوتەی لەمەڕ خۆمان، کوردانی فەیلی نەک وەک خاوەن ماڵ، وەک میوانیش ناژمێردرێن و خەڵکی کوردی سی قوتە شار، هێندەی شارەزاییان لە ئیستەنبوول و دوبەی و عەممان و بەسرە و شام و تاران و لبنان و خەڵکی ئەو دەڤارانەدا هەیە، لە سایەی میدیای کوردی و شێوازی بەرخوردی، یەک لە سەدی ئەوە شارەزایی و زانیارییان، لەمەڕ کوردانی فەیلییەوە نییە!
    حەفت:
    نووسین و گوتنەوە و دەربڕینی ناوی هەندێک شوێن و دەڤەری کوردستان بە جۆرێکی نادروست لە میدیای کوردیدا دەبنە هۆی سڕینەوەی مێژوو و پەخش کردنەوەی هەڵە. “خورماتوو” و “دووبز” و ” ڕانیە ” و ” کەڵەکی یاسین ئاغا، کەڵەک یا ئەسکی کەڵەک ” و “جەلەولا” و “کلکەی کۆزەکوڵ یا کۆزەکوڵ”ی کوردستان دەکرێن بە “دووز” و “دبس” و “ڕاپەڕین” و “خەبات” و “گوڵاڵە” و “ڕزگاری” و…هەموو ئەوانە وەک گۆڕینی “کەرکووک”بوو بۆ “تأمیم” لە سەردەمی بەعسدا، وەها کارێک هۆکارە بۆ کاڵکردنەوە و لەبیرچوونەوەی مێژوو! لە میدیای کوردیدا فرە جار کە باسی دێیەک یا چەند دێیەک دەکەن لە دەوروبەری کەرکووک یا مەنەلی و خانەقی و.. دەڵێن دانیشتووانەکەی کوردن یا چوار دێی کوردنشینن لای خورماتوو، وەک بڵێی لە خاکێکی عەرەبستان، تورکستان، ڕووسستان، هیندوستان و…چوار دێی کوردنشین هەن. ئەم ئاواییانەی خانەقی، مەنەلی، کەرکووک ئەگەر کوردنشینیش نەبن و ئەگەر تەواوی ئەو خاکە عەرەبنشینیش بێت خاکەکەی لە ڕووی مێژووییەوە کوردستانە و تەواوی یا زۆرینەی خەڵکەکەی کوردن، میدیای کوردی و حیزب و دەسەڵات و مرۆڤی کورد هەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کە بە هەڵە بەکاربردنی وشە و دەستەواژە و چەمک لە زمانی میدیادا، جێی خۆی دەگرێت و دەبێتە هۆکاری چاندنی تۆوی ناڕوونی و وەبەرهێنانی مرۆڤی چەواشەکراو و ناڕوون.
    هەشت:
    لە دەسپێکی ناساندنی عیراق لە لایەن بریتانیاوە وەک دەوڵەت لە 1921دا، چەندین جار بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیایی، گۆڕین لە کارگێڕی و خاکی باشووری کوردستاندا کراوە. تەواوی ئەو گۆڕینانە حوکوومەتی عیراق بۆ دەستکاریکردن و بچووککردنەوەی باشووری کوردستان، بەتایبەت لەو ناوچە و دەڤەرانەی کەمینەیەکی ناکورد(تورکمان، مەسیحی، تاکوتەرا عەرەب)ی تێدان. ئەو دەڤەرانەی وەها گۆڕینێکیان تێدا کراوە، ئوستانگەلی کرکووک، مووسڵ و دیالەن. مووسڵ، لە 27ی ئایاری 1969دا قەزای دهۆکی لێ دابڕێنرا و کرا بە ئوستان بە بیانووی ئەوەی دهۆک شارۆکەیەکی کوردە، لە کاتێکدا ئێستایشی لەگەڵ بێت بەشە زۆرە کوردەکەی ئوستانی مووسڵ هێشتا بە قەزا و ناحیە و گوندەوە سەر بە ئوستانی مووسڵە و مووسڵیش وەک مێژوو بە گوتەی مامۆستا جەرجیس فەتحوڵڵا”هەرگیز شارێکی عەرەبی نەبووە”. کەرکووکیش چەندین جار گۆڕانی گەلێک کاریگەری تێدا کراوە بە دژی کوردستانیبوون و کوردیبوونی شارەکە. بە فەرمانێکی کۆماریی ژمارە 137 لە 28ی فێبریوەری 1970دا، گوندی کەلاری سەر بە ناحیەی شێروانەی سەربە قەزای کفری و ئوستانی کەرکووک، کرا بە قەزا. بەڵام ئەم قەزای کەلارە لەگەڵ قەزای چەمچەماڵی سەر بە ئوستانی کەرکووک بە فەرمانی کۆماریی ژمارە 608 لە 6ی نۆڤەمبەری 1975دا بە خۆیان و ناحیەکانیانەوە لە ئوستانی کەرکووک دابڕێنران و بە ئوستانی سلێمانییەوە لکێنران. هەردوو قەزای کفری و قەزای خورماتوو، لە ئوستانی کەرکووک دابڕێنران و یەکەمیان بە دیالەوە لکێنرا و دووەمیان بە سەلاحەددین(تکریت)ەوە. تەواوی ئەوانە بۆ تێکدانی نەخشەی کوردستان و عەرەباندنی باشووری کوردستان کراون. بەشێکیان بە ئاگاداری کوردیش کراوە و بەشێکی دیکەیان بە تۆبزی. کورد، نە ئەو دەمەی ئەو کارانە کراون و نە ئێستایش نووزەی لێوە نەهاتووە و نایەت. سەرباری هەموو گاڵتەجاڕییەک، ساڵانە کورد، شایی و دەهۆڵکوتان و زوڕنالێدان و شایلۆغان دەکات بە بۆنەی بە قەزابوونی کەلار و بە ئوستانبوونی دهۆک و پیرۆزبایی لەیەکدی دەکەن. تەواوی ئەو شایی و دەهۆڵکوتان و زوڕنالێدان و شایلۆغان و بەزمە بە هۆی میدیاوە گەرم دەکرێت و زەوینەی بۆ خۆش دەکرێت و ئامادەکاریی و تەدارەکی بۆ ڕێک دەخرێت و دنیایەک پارەوپووڵی بۆ خەرج دەکرێت. بێ ئەوەی میدیا باسی ئەوە بکات، وەها گٶڕانێک کە کراوە، بۆ لەتوپەتکردنی کەرکووک و مووسڵ بووە و بۆ تاساندنی کەرکووک بووە و بۆ سڕینەوەی کوردستانیبوونی کەرکووک بووە، کە نەدەبوو و نابێت جەژن و شایی لەو ڕۆژەدا بکرێت. ئەوەی میدیا دەیکات کارێکی ناپەسەندە و لەبیربردنەوەی مێژووە و گەوجاندنی جەماوەری کوردی ئەم سەردەمەیە. لەبری شایی، میدیای کوردی دەبوو کەرکووک و مووسڵ و خورماتوو و خانەقی و جەلەولا و شارەبان و مەنەلی و بەدرە و جەسسان و زرواتییە، لە هزری مرۆڤی کورددا بچێنێت و زیندوو بکاتەوە و بچەسپێنێت و بچەقێنێت و هەمیشە بیانخاتە بەرباس.
    نۆ:
    میدیای کوردی ئەگەر کەمۆکەیەک جیاوازییان لەگەڵ یەکدیدا هەبێت بە گشتی لە زۆربەی هێڵە گشتییەکانیاندا یەک دەگرنەوە و هاوبەشییان پترە لە جیاوازییەکانیان. دوو هەژموونی زاڵ ئاراستە و ڕەنگڕێژی دەکەن، هەژموونی حیزب و دەسەڵات و هەژموونی سەرمایەداری و بازاڕ لە شێوە نیولیبرالیزمەکەدا، کە هەردوویان تەواوکەری یەکدین و کار لەسەر ورووژاندن و خڕکردنەوەی خوێنەر و بینەر و بیسەر و گۆڕێنی مێشکی مرۆڤی کورد دەکەن بە ئاراستەی خۆشەویستکردنی حیزب و کەرتی تایبەت و سەرمایەداری و نیولیبرالیزمێکی سەقەت و شێوێنراو، چون باشووری کوردستان بە دەسەڵات و سیاسەت و سیاسەتکار و حیزب و بەشێک لە جڤاکەکەیشییەوە لە ڕووی دید و ئاسۆی بیرکردنەوەدا هێشتا لە قۆناخی دیوەخان و تەکیە و هۆز و خێڵ و کوێخا و عەشیرەتبازیدان. جڤاکی کوردستان هێشتا سەر بە فەرهەنگی فیۆدالی و خێڵەکییە کەچی خۆی بەستووەتەوە بە سەرمایەدارییەوە، کە دەبوو لە کوردستان ناوی (خێڵمایەداری) لێ نرابا و باس لە دیموکراتی دەکات، کە دەبوو لە کوردستان ناوی (ماڵباتوکراتی) لێ نرابا. دیموکراتی بۆ جڤاک و خەڵک و وەڵاتێک پیادە دەکرێت و دەگونجێت و دەچەسپێت، هیچ جیاوازییەک لەنێوان تاکێک و تاکێکی تردا و هاووڵاتییەک و هاووڵاتییەکی دیکەدا نەبێت و مرۆڤ وەک خۆی پێناسە بکرێت و بەرخوردی لەگەڵدا بکرێت، نەک وەک بنەچە و ماڵبات و هۆز و.. لە باشووری کوردستان هەر 1991 بە دواوە کە ئیدی حیزبگەلی چیا بوون بە دەسەڵاتی شار، یەکێک لە کارە هەرەپێشەنەکانیان زیندووکردنەوەی دیوەخان و هۆز و خێڵ و عێل و عەشیرەت و تیرە و تایفە و بەرەباب و ماڵبات بوو. دیوەخانانەیان بۆ ڕیشچەرموو و دەمڕاست و کوێخا و سەرانیان بڕییەوە و بەردەوام پێشوازییان لێ دەکردن و گرنگییەکی لە قەبارەی خۆیان زیتریان پێ دەدان. یەکێک لە سەرانی ئەو زلحیزبانەی کوردستان کە هەموو ژیانی، خۆی وەک خوێندەوار و چەپ و..داوەتە ناسین و خەڵکی کوردیش هەر بەو چاوە لێیان نۆڕیوە، تەنیا لە ماوەی27 ڕۆژدا لەنێوان 19/08/2024 – 12/11/2024، بە ناوی پێشوازیی لە خزمانی فڵان و فیسار، هۆز و خێڵگەلی: جاف، گه‌رگه‌ری، سوورچی، میراوده‌لی، مه‌نگوڕ، غه‌واره‌، گۆران، هه‌رکی، ته‌رخانی، نه‌ورۆڵی، گه‌ڵاڵی و..نوێنه‌ری ئایینه‌کانی: ئێزدی، کاکه‌یی، شه‌به‌ک، کلدان، ئاشووری، سریان، سوننه‌ی عه‌ره‌ب، شیعه‌ی عه‌ره‌ب و..نوێنه‌ری تورکمان و..نوێنه‌ری هۆز و خێڵی عه‌ره‌ب و کەسایەتی فڵانە دەڤەر و هەموو ئەوانەی بینیوە و لەگەڵیان جڤیوە و دنیای بۆ کردوونەتە ماستی مەیو و بەهاری بۆ هێناونەتە چۆکان و بەڵێنی ڕەنگاڵەی پێ داون . ئەم هۆزگەرایی و خێڵبازییە میدیای کوردی وەک نموونەیش کوردستانی نوێ گرنگییەکی یەکجار زۆری پێ دەدات و زەقی دەکاتەوە. سەرباری ئەوە ساڵانە فیستیڤاڵی خێڵ و هۆز دەکرێت و بە هەزاران خەڵک خڕ دەبنەوە و دەبێت بە شایلۆغان و پڕڕەنگردنەوە و دەمەزەردکردنەوەی هەستی هۆزگەرایی و خۆنواندن و شانازیکردن بە خێڵ و عێل و بنەماڵەوە. هۆز و عەشیرەت لەم ڕۆژگارەدا هەر بەوەوە ناوەستن کە میدیای ئەم و ئەو باسیان بکات و چالاکییە خێلەکییەکانیان پێشان بدا، ئیدی لە شاییدا بێت یا شین، بەڵکە بۆخۆیشیان کەناڵی تیڤی و بنکەی میدیایی و وتەبێژ و بارەگا و تەنانەت هێزی چەکداریشیان هەن. تەواوی ئەو گرنگیدانە بەو دیاردەی زەقکردنەوەی هۆز و خێڵگەراییە زەوینەخۆشکردنە بۆ سەرلێشێوان و بزربوون و هاندانە بۆ هەڵاتن لە بوون بە نەتەوە و نەتەوەسازی و نزیکبوونەوە لە شارستانیەتی، کە میدیای کوردی نۆرەیەکی گەلێ خراپ لەو پرسەدا دەلیزێت.
    بەشی هەرە زۆری میدیای کوردی کار بۆ حیزب و بەرژەوەندییەکانی حیزب دەکەن و لەنێو بازنەی حیزبدا دەجووڵێنەوە و وەک زمانی حیزب دەپەیڤن و دەهزرێن و حیزب دەیانژێنێت. لە زۆر کاتیشدا میدیا دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی گوتاری دەسەڵات(حیزب) و بیرۆکەی تایبەت بە سیستمی سیاسی و لە قاڵبدانی ڕاستییەکان بە شێوەیەکی تایبەت لە جوارچێوەیەکی دیاریکراودا. حیزبی ئەم سەردەمەی کوردستانیش بوونەتە بەشێک لە سیستم و دەسگەی سەرمایەداری. سیاسەت بوارێکی سەرەکییە لە باسوخواسەکانیاندا و سیاسەتیش لە میدیای کوردیدا سیاسەتی حیزبە و پڕانیی میدیای کوردستانیش میدیایەکی حیزبییە بە هەردوو دیوەکەیدا، حیزبی دەسەڵات و حیزبی دەرێی دەسەڵات و حیزبگەلێک پێیەکیان لە دەسەڵاتدایە و پێیەکەی دیکەیشیان لە دەرێی دەسەڵاتە. حیزبگەلی دەڕێی دەسەڵات و ئەوانی دیکەی “نێو جۆگە..”یش هەرگیز نەیانتوانیوە خاوەنی خۆیان بن و لە دەسەڵات دابڕێن، بە سەدان داو بە دەسەڵاتەوە گرێ دراون! گەلێک خویایە میدیا یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوە جڤاکییەکان، کە نۆرەیەکی سەرەکی هەیە لە سازکردنی بیروڕا و ئاراستەکردنی گوتوبێژ و گوتاری گشتیدا. بەڵام کاتێک زۆرینەی دامەزراوە میدیاییەکان پێوەندی ڕاستەوخۆیان بە حیزبە سیاسییەکانەوە هەیە، ئیدی سەربەخۆیی میدیا سنووردار دەبێت و دەبێتە هۆی ئاراستەکردنی هەواڵ بۆ بەرژەوەندی سیاسی (حیزب). ئامانجی میدیا تەنیا گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکە دروستکردنی بیرۆکە و چوارچێوەی تێگەیشتنە، چاودێری دەسەڵاتە، دژ بە گەندەڵی بوونە، ڕوونکردنەوە و هۆشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاگایی کۆمەڵە لە ڕووی سیاسی و جڤاکییەوە، بەڵام کە سەربەخۆیش نەبێت دەبێتە ئامرازێک بۆ پرۆپاگەندەی سیاسی. گەلێ جار باس لە میدیای حوکوومەتی یا سەربەخۆ دەکرێت، لێ میدیای حوکوومەتیش هەر حیزب ئاراستەی دەکات و ئەوەیشی ناوی سەربەخۆی لە خۆ ناوە، بۆ خۆی وەها بانگەشەیەک دەکات دەنا ئەویش هەم لەم بەرە و هەم لەو بەر، “..نێو جۆگەئاسا” لە گەلێ لا دەخوات. چون سیستمی سیاسی لە هەرێم زۆرجار دووجەمسەرییە(پارتی، یەکیەتی)، ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر میدیا هەیە و میدیا دەبێتە بەشێک لە ملمڵانێی سیاسی، بەوەیش سەربەخۆیی لەدەست دەدات و تاڕادەیەک میدیای نیشتیمانیی بێلایەن کەمتر وەدی دەکرێت. سیاسەت و باسی سیاسەت، لە 1991ەوە لە تەواوی میدیای کوردیدا، هیچ کاتێک لەسەر بناخە و بنەمای هزر نەکراوە و ناکرێت. هێڵی هاوبەشی هەموویان گلەیی و گازندەیە و دزێوکردنی یەکدی و مێژوو و فەرهەنگ و جڤاکی کوردە. ئەو دوو هەژموونەی حیزب و سەرمایەداری(نیولیبرالیزم) تەواوکەری یەکدین. میدیای کوردی بە پەرەپێدان و برەودان بە ڕیکلام و پەسندانی کەرتی تایبەت و بەها لیبرالییەکان و بە زانین و نەزانینەوە کار بۆ نایەکسانی دەکات لە جڤاکی کوردستاندا.
    دە:
    ڕێکلام، خراپترین جۆری ڕیکلام، نانیشتمانی و نانەتەوەیی و ناکوردستانیترین ڕیکلام (بەتایبەت لە تەلیڤزیۆنەکانەوە)، هەمیشە میوانێکی خوێنتاڵ و تووکتاڵ و قەڵبی بەردەوامی ماڵانن. ڕێکلام بۆ کاڵا و بەرهەمی دەرەکیی(بە تایبەت تورکیایی) دەکرێت و بەرهەمی دەرەکیی وەک بێ ڕکابەر و نایاب وەسف دەکرێن و پەسن دەدرێن، لەبەرامبەریشدا بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان و پێشخستنیان پشتگوێ دەخرێت و وەک پێویست بەتەنگ پێشخستن و برەوپێدانییەوە نین. ڕیکلام بۆ زانستگە و خوێندنگە و کۆمپانیا و بازاڕ و پۆشاک و خۆراک و هەموو شتێکی بیانی و ناکوردستانیی دەکرێت. ڕێکلامی تورکیایی بە زمانی تورکی تەنێ دۆبلاژ دەکرێت و ئیدی ناوەڕۆکەکەی بۆ میدیای کوردی گرنگ نییە چی دەگەیەنن و چی پەخش دەکەنەوە. تەنانەت ڕێکلام بە زمانی عەرەبی، میدیای کوردی هەر بە عەرەبی بڵاوی دەکاتەوە. ڕۆن و شیر و دۆشاوی تەماتە و چای و قاوە و برنج و سەدان شت و کاڵای دیکەی ئاڵتوونسا و مەحموود و جیهان و.. دەدرێنە دەرخواردی مێشک و چاوی مرۆڤی کورد. تەواوی ئەو کاڵا و شتانەیش هینی وەڵاتگەلێکن ددان بە بوونی کورددا وەک نەتەوەیەک نانین! میدیای کوردی بە تایبەت بینراو و ڕیکلام، دوو ڕووی یەک دراون. ئابووری بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری، کە کوردستانیش خۆی پێدا هەڵواسیوە، ژیان دەکاتە ڕیکلامسازی و بە کاڵاکردن و بە بازاڕکردن. وەها سیستمێک، هەرچەندە بۆ خۆی بانگەشەی فرەیی دەکات، لە ڕێگەی میدیاوە مرۆڤ دەکاتە خاوەنی یەک چێژ و یەک بیرکردنەوە و تەنانەت یەک جۆرە شێوە و ڕوخسار. ئەوەی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری بۆ مرۆڤایەتی هێناوە و بەتایبەتیش بۆ کوردستان، بێجگە لە قەلەمووناندنی مرۆڤ هیچی دیکە نییە و هەمووان بە فیکەیەک دەست دەکەن بە “قوڵ قوڵ قوڵ”، مرۆڤ دەکرێت بە کۆیلەی بازاڕ و کاڵا. کوردستان ئەمڕۆ، بووە بە خواردنگە، هۆتێل، خانوو و ئەپارتمان، ئارایشگە، پێشانگای ئۆتۆمبیل، مۆڵ، سیتی، زانستگە و خوێندنگە و فێرگەی بیانی و بەزمان و فەرهەنگی بیانی، هەموو ئەوانەیش سەرمایەداریی لە پشتییەوەیە و حیزب ئامرازە بۆ جێبەجێ کردنی و میدیایش شەوارە بە خەڵک، بە مرۆڤەکان دەکات و دەیانکاتە ڕەدووکەوتووی بازاڕ و مەستی کڕین و بەرخۆریی. سەرمایەداری، کە لەسەر بنجی بەکاربردنی چینایەتی و جڤاکی ڕوواوە، مرۆڤ لە مرۆڤیەتی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ ماددە و وەک هەموو کاڵایەک دەیئافرێنێت و دەیخاتە بازاڕەوە و کڕێن و فرۆشتنی پێ دەکات و دەیکاتە سەرچاوەی قازانج و سامان و هێز تا ئەو ئاستەی مرۆڤ دەگەیەنێتە حاڵەتی نامۆبوون (بە عەرەبی: الإغتراب، بە فارسی: بیگانگی، بە ئینگلیزی: (Alienation)، لە ڕۆح و ئاگایی و ویست و بوونی ئەخلاقی وەک لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە سەدان جۆر دەردەکەوێت و دەبینرێت، نامۆبوونێک مارکس لە سەدەی نۆزدەیەمدا باسی کردووە.
    میدیای کوردی هێندەی کار لەسەر هێنانی فەرهەنگی بیانی دەکات و برەو بە زمانی بیانی بەتایبەت ئینگلیزی دەدات، کە ئەو کارەیش هەر بازاڕ بە کاڵاکردنی فەرهەنگە، کاری لەسەر برەودان بە زمان و فەرهەنگی کوردی نەکردووە، ئەگەریش بە کوردی دەنووسرێت و دەگوترێت و دەبینرێت، لێ بە کوردییەکی ئەتککراو دەگاتە تۆ و من. گرنگییەکی زۆر بە هەندێ نەریتی ناکوردی وەک هاللۆیین، بلاک فرایدەی، ڤالانتاین، سەری ساڵی زایینی و.. دەدرێن و ڕیکلامی زۆریان بۆ دەکرێن، هەموو ئەوانە بەرهەمی سەرمایەداری و لاساییکردنەوەی ئەوروپا و ئەمەریکا و فەرهەنگی خۆراوایین و چ پێوەندێکیان بە کوردستانەوە نییە و هەرگیز نەیشبووە.
    یانزدە:
    سەرگەرمی، کە بوارێکی کۆمەڵایەتییە و دەکرێت لە چوارچێوەی تەنز و ساتیردا، وەک بوارێک بۆ کراوەیی و دڵفراوانی و چیژبەخشین و شادی و وەک ڕەخنەیەکی کاریگەر لە سیاسەت و جڤاک و ئابووری و دەسەڵات و..بەکارببرێت لێ لە میدیای کوردیدا ئەو سەرگەرمییە پتر کار بۆ فەرهەنگێکی تێکشکاو و ئامانجێکی سیاسی دیاریکراو دەکات، کە بە ڕێگە و شێوازی جیاواز کۆمەڵ بەرەو هەڵدێر دەبەن. فەرهەنگ، فەرهەنگی ڕاستەقینە کەمترین بوارێکە گرنگیی پێ دەدرێت. زۆرینەی کەناڵەکانی میدیای کوردی لایەنی فەرهەنگییان کەنار خستووە، هەمووی بووە بە سیاسەت و بازاڕ، وای لێ ھاتووە تێکڕای میللەت بووە بە “سیاسی” و “چاودێری سیاسی” و “شارەزای سیاسی”، کە لە ڕاستیدا هەموو بێجگە لە “دابەزیوی ئوتێلی سیاسەت..”.بە قەولی مامۆستا مەسعوود موحەممەد، شتێکی دیکە نین.
    دوانزدە:
    لە میدیای کوردیدا چەند دیاردەیەکی زەق لەمەڕ شێوازی دەربڕینەوە دەبێنرێن وەک نموونە: بەکارهێنانی وشەی توند و هەڵچووناوی، دروستکردنی دژایەتی و دووجەمسەری، بەکارهێنانی دەستەواژەی سیاسی بۆ هێرشکردنە سەر بەرانبەر یا ئەوەی لە بەرەیەکی دیکەدایە، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی پتر لێکترازان و دابەشبوونی جڤاک. دەشێ ئەو دیاردانە وەک زمانی هەڵچوون و سۆزدار ناو ببرێن. ئەڵبەت لە میدیای حیزبیدا، هەواڵ بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو پێشان دەدرێت، واتە ئەوەی بە قازانجی حیزبە و بەشێک لە ڕاستییەکان دەشاردرێنەوە و سەرچاوەی تاکلایەنە بەکاردەبرێت، ئەمانەیش دەکەونە خانەی زمانی پرۆپاگەندەوە. بێگومان پەخشکردنی زانیاری هەڵە لە میدیادا، کاریگەریی خراپی نەک تەنێ بەسەر زمان بەڵکە بەسەر مێژوو، جیۆگرافیا، جڤاک، نیشتمان، خاک و هزری مرۆڤی کوردەوە دەبێت. لە میدیادا سیاسی درۆ دەکات، دووڕوویی دەبێتە ڕیگەیەک بۆ مشەخۆری، بازرگان و سەرمایەدار وەک فریادڕەس پێشان دەدرێن، بێ ئەوەی کەس بڵێ وانییە! هەست دەکەیت نیشتمانیش نوقمی بێ سەوادییە!
    سێیانزدە:
    لە ڕووی زمانی میدیاوە، زمانە کوردییەکەی، واتە؛ ڕێنووس و زاراوەسازی و ڕێزمان و ئەوانەوە، زۆر بە ئاشکرا دەبینرێت میدیا کێشەی زمانی پوختە و ستانداردی هەیە و جیاوازییەکی لە بەرچاو لە شێوازی نووسیندا هەیە و ڕێزمانێکی میدیایی یەکگرتوویش نییە، وای لێ ھاتووە ھەر کەناڵە و بەکەیفی خۆی نەک بە پێی دەستوور و ڕێسای زمان، وشە و زاراوە دادەتاشێت و دەیترنجێنێتە نێو زمانە کوردییەکەوە! دیارە ئەوەی پێوەندی بە زمانەوانییەوەیە لە میدیادا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشاگەردانییەی لە زمانی کوردیدا هەیە. میدیا وەک شمشێر (ذولفقار) کەی ئیمام عەلی، دوو دەمە، لەکاتێکدا هۆکارێکە بۆ دروستکردنی زمانێکی یەکگرتوو بۆ نەتەوەیەک، بە دیوەکەی تریشیدا هۆکارێکە بۆ لێکترازانی زمانەکە بۆ چەند زار و بنزاری جیاواز. لە میدیای کوردیدا هەر کەسە بە زارە لۆکاڵییەکەی خۆی دەنووسێت و دەدوێت و لۆکاڵیانە هزر و ئاوەزی دەخاتە بەرچاو و گوێی خوێنەران و بینەران و بیسەران. ئەم جۆرە هزرینەش لە چوارچێوەی ناوچەگەڕێتی زێتر تێناپەڕێت. تێپی لاتینی، وەک زڕباوکێکی دزێو هێنراوەتە نێو هەموو پەلێکی میدیاوە. لە میدیای کوردیدا، بە بیانووی ڕاگەیشتن بە پێشکەوتنی عەقڵ و هزر و هەموو بوارەکانی ژیانی سەردەم و کەموکورتییەکی کە لە زمانی کوردیدا یا لە جڤاکی کوردستاندا هەیە، کار لەسەر ئینگلیزییاندنی زمانی کوردی دەکرێت! کورد عاشقی فەرهەنگی بیانییە و ئەوەی خۆی پێ هیچە ئەو دیدەیش میدیا دروستی دەکات. وشەی کوردی بێ بیرکردنەوە لە ڕیشەی وشەکە و کورد چۆنی بەکار بردووە دەگۆڕدرێت بۆ شتێکی دیکەی ناکوردی، وەک نموونە: کورد دەڵێ: چای بخۆوە، ڤەخۆ، بخۆرەوە، کەچی دەنووسن “چــای بخــۆ، چای دەخۆی، چا دەخۆی”. کورد جاران بۆ کات و بۆ ئەو ئامێرەی کاتەکە دەژمێرێت دەیگوت “سەعات” دواتر وشەی”کاتژژمێر” پەیدا بوو کە بە واتای ئامێری ژماردنی کات دێت، کەچی ئێستا سەعات و کاتژمێر کراون بە”کاژێر” ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە تۆ بە “خەرمان، دەرمان، سێبەر، شارەبان و..” بڵێی”خەرما، دەرما، سێبە، شارەبا و..”. وشەگەلی “چای دەخۆی” و “کاژێر” ڕۆژانە سەدان گلەت دەدرێن بە گوێی مرۆڤی کورددا بە تایبەت زارۆک، کە مێشکی بە جۆرێک دەشۆردرێتەوە پێی وایە ئیدی ئەوانە ڕاستن چون میدیا وا دەنووسێت و وا دەپەیڤێت!
    کۆڵۆنیالیزمی فەرهەنگیی نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەرمان، ئەوانەی کوردستانیان داگیر کردووە، دەسکاریی هەموو بوونی کوردیان کردووە و هێندەیان کار لەسەر تواندنەوەی کورد لەنێو فەرهەنگیی خۆیاندا کردووە بە بێ تەقاندنی یەک فیشەک مێشکی نەتەوەیەک دەسڕنەوە. کورد تووشی لە خۆ نامۆبوون کراوە، نامۆبوونی زمانیی، فەرهەنگی و..زانستگە تایبەتییە بیانییەکان، خوێندنگە ناحوکوومەتییەکان، ئیدی ئەمەریکایی، ئینگلیزی، تورکی، فرانسایی، لبنانی و دەیانی تر..هەموو ئامرازی لەبەرچاون و جەخت لەسەر ئەو گۆڕینە دەکەنەوە. ئەڵبەت بنەمای تەواوی ئەوەی ڕوو دەدات، دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەداری و نیولیرالیزم، کە مرۆڤێک بەرهەم دەهێنن، هانی دەدەن بۆ ئەوەی هەمێشە بە دوای گەیشتن بە تراویلکەی بەختەوەریدا هەڕا بکات، کە سەرمایەداری بەڵێنی وەدەستهێنانی پێ دەدات، بەختەوەرییەک کە نییە و تەنێ خەیاڵە. تەواوی سیستمی سەرمایەداری و ئەوەی سەرمایەداری دەیکات و ئەو لەخۆنامووبوونەی کورد تووشی دەبێت، میدیای کوردی زۆر بە شانازییەوە لە کوردستان، لەکن کورد، لاوان و نەوەی نوێ بەتایبەت، بە ئارایشتکراوی و ڕازاندنەوە و جوانکاری و پیرۆزکردنەوە خۆشەویستی دەکات و تەواوی هەستەکانیان و مێشکیانی لێ تژی دەکات.
    کورد بە گشتی و ڕووناکبیران و فەرهەنگییانی کورد و میدیای کوردی بە تایبەت، دەبوو تەماشایەکی نەتەوەگەلی دیکە، دەر و دراوسێ و خەڵکی دیکە بکەن بۆ ئەوەی بزانن خەڵکی دی چۆن بیر لە زمانی خۆیان دەکەنەوە! وەک نموونە دەشێ تەماشایەکی ئەم دوو مرۆڤە بکەین:
    مالیک حەدداد (مالك حداد (1927 – 1978) شاعیر و ڕۆماننووسی جەزائیری. ئەو عاشقی زمانی عەرەبی بوو و داخ و حەسرەتی ئەوەی هەبوو کە بە عەرەبی نەیدەنووسی. پاش سەربەخۆیی جەزائیر سوێندی خوارد، ئیدی بێجگە لە زمانی عەرەبی بە زمانێکی دیکە نەنووسێت. حەدداد خاوەنی ئەو دەربڕینە بەناوێیەیە: “زمانی فرانسی تاراوگەی منە”. ئەو لە دەسپێکی ڕۆمانی ئاسکێکت پێ دەبەخشم(سأهبك غزالة)ەکەیدا دەنووسێت:”زمانی فرانسی بەربەستێکە لە نێوان من و نیشتمانەکەمدا، توندتر و بەهێزتر لە بەربەستی زەریای ناوەڕاست و من ناتوانم هەستەکانم بە عەرەبی دەربڕم، فرانسی بووە بە تاراوگەم.” پێش مردنی مالیک حەدداد بە ماوەیەکی کەم، عەبدوڵڵا ئەلرکێبی(عبداللە الرکیبي/ 1928-2011) نووسەر و ڕەخنەگر و مامۆستای زانستگە و سیاسیی و لە ساڵانی 1970دا سەرۆکی یەکیەتیی نووسەرانی جەزائیر، لەپێش خانەی یەکیەتیی نووسەرانی جەزائیردا تووشی حەدداد دەبێت، حەدداد منداڵێکی گچکەی لەگەڵدایە و منداڵەکە بە زمانێکی ڕەوانی عەرەبی قسە دەکات. ئەلڕکێبی لە حەدداد دەپرسێت ئەو منداڵە کێیە! حەددادیش دەڵێت:” ئەمە تۆڵەکردنەوەی منە لە زمانی فرانسی، ئەمە کوڕمە”. ئەو وتەیەی حەدداد دەربڕینی دوورکەوتنەوەیەکی قووڵە لە ناخیدا. دوورکەوتنەوەیەکی زمانەوانی پێش ئەوەی جیۆگرافیایی بێت. ئەو باس لە ملانێیەکی ناوخۆیی دەکات لە نێوان زمانێکدا فێربووە بیری پێ بکاتەوە و بنووسێت و زمانێک کە پێویست بووە ماڵی یەکەمی بێت. زەریا دەبێتە مەودایەک دەتوانرێت ببڕدرێت، بەڵام زمان دەبێتە دیوارێک لە ناو خۆیدا نیشتەجێ دەبێت. ئەو کە ناتوانێت بە عەرەبی هەستەکانی دەربرێت ئازارێکی دوو هێندە پێشان دەدات؛ چون ئەو نەتوانینە تەنیا نەتوانینی ئاخافتن نییە، بەڵکە نەتوانینێکە تەواوی پێوەند و ڕایەڵەکان لەخۆ دەگرێت. زمان تەنیا ئامرازی قسەکردن نییە، بەڵکە بیرەوەری و ناسنامە و منداڵییە. کاتێک توانستی دەربڕینت بە زمانی دایکیت لێ دەسێندرێت، هەست دەکەیت بەشێک لە تۆ لێت سەندراوە و لە تۆدا نەماوە. ئەو دەربڕینەی”فرانسی تاراوگەمە”، وشە و دەربڕینێکە چڕ و ئازاراوی. تاراوگە بۆ خۆی جیۆگرافیایەکە، شوێنێکە، بەڵام ئەو کردوویەتی بە زمان، وەک ئەوەی لە ناو وشەکاندا دەژێت، لێ ئەو وشانە تەواو هاوشێوەی ئەو نین یان بە شێوەیەک هاوشێوەین هەمیشە وەبیری دەخەنەوە کە دوورە.
    نووسەری کینیایی نگووگی وا سيۆنگۆ (Ngũgĩ wa Thiong’o/ 1938-2025)، کە لە ساڵی 1978دا لە زیندانێکی کینیادا بوو، بەڵێنی دا ئیدی هەرگیز بە زمانی ئینگلیزی”زمانی دەسەڵات” کە بریتانیای داگیرکەر بە تۆبزی سەپاندبووی بەسەر وەڵاتەکەیدا نەنووسێت، بەڵکە بە زمانی کیکوویوو (گیکوویوو) بنووسێت، کە زمانی دایکییەتی. ئەو بڕیارەی بژاردەیەکی ناوازە بوو و هەرگیز لێی پەشیمان نەبووەوە و بەوەیش بوو بە نووسەرێکی مەزن لە مێژووی ئەدەبی ئەفریقاییدا.
    هەڵوێستێک ئەو دوو ڕووناکبیرە مەزنە مالیک حەددادی عەرەب و نگووگی وا سيۆنگۆی کینیایی لەهەمبەر زمانانی فرانسی و ئینگلیزی نواندوویانە، خۆداماڵینە لە هەژموونی کۆڵۆنیالیستانەی ئەو دوو زمانە و بەرخودانێکی ڕاستەوخۆی فەرهەنگییە دژ بە هەژموونی زمانەوانیی داگیرکەران. میدیای کوردی لە باشووری کوردستان و بە پاڵپشتی دەسەڵات و کەرتی تایبەت و سەرمایەدار و غەرب زەدە و تورک زەدە و کۆمەڵێک زەدەی دیکەیش نەک هەر خۆ لە قەرەی باسکردنی هەژموونی زمان و فەرهەنگی بیانی بە سەر کورددا نادەن، ڕێک بە پێچەوانەوە هاندەرن بۆ ئەو هەژموونە و کاریگەریی لەسەر جڤاکی کورد و فەرهەنگ و زمانی کوردی!
    هەرچەندە میدیاکاران بژاردەی خەڵک نین، بەڵام میدیا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ، بەهێز و قووڵی لە ژیانی جڤاکیدا هەیە. میدیا و میدیاکاران دەچنە نێو ورد و درشتی مرۆڤ و هۆش و ئاوەزی خەڵک داگیر دەکەن. میدیا، هێز و هەژموونی ئەوەی هەیە دید و جیهانبینی و ئاگایی مرۆڤ ئاراستە بکات، بگۆڕێت و بەرەو ئەو جێیەی ببات بۆ خۆی گەرەکێتی، ئیدی خاس یا خراو. دەتوانێت ئاگایی و وریایی و زرنگی و بەرینبینی و میهرەبانی و زانیاریی سوودبەخش بە مرۆڤ ببەخشێت یا بیگەوجێنێت و هێڕی بکات و فریوی بدات، وازی بە مێشک و هزری بکات.

    ئەپریلی 2025

پەراوێزەکان:

١- برای هێژا کاک جەواد،
سڵاوی گەرم و ڕێزی زۆرم، هیوادارام لەشساغ و کەیفساز و بەختەوەر بن.
مەبەست له نووسینی ئەم نامەیه بۆ ئێوەی بەڕێز، ئاگادارکردنەوەتانه له بابەتێک، که له ڕۆژنامەکەتاندا بڵاوتان کردووەتەوه، من پێم وایه دەبوو به جۆرێکی دیکه بووایه. له هەولێری ژماره 1204ی ڕۆژی سێشەممەی 06/12/2011 دا و له لاپەڕه 15ی فەرهەنگدا، دوو هەواڵتان لەبارەی مامۆستایان زاهیر ڕۆژبەیانی و نەوزاد ڕەفعەتەوه بڵاو کردووەتەوه، که هەردوویان نەخۆشن و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازن. منیش زۆرم پێ ناخۆشه که ناساغن و پڕبەدڵ هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازم. من تا ئێره هیچ گلەییەکم نییه و لەمەڕ هەواڵەکەی کاک نەوزاد ڕەفعەتەوه، هیچ قسەیەکم نییه، بەڵام ئەوەی من پێم ناخۆشه ئەوەیه، که لەگەڵ هەواڵەکەی کاک زاهیر ڕۆژبەیانیدا، وێنەیەکی ئێستای و بەو شێوەیه و بەو باری ناساغییەوه بڵاو بکەنەوه، که نەدەبوو کرابا. من ئەوەم پێ کارێکی جوان نییه و پێشم وایه هیچ پێویست به دانانی ئەو وێنەیه نەبوو، بەڵکه دەکرا، ئەگەر هەر وێنەیش دادەنرا، وێنەیەکی کۆنتری کاتی ساغیی مامۆستا ڕۆژبەیانی دانێن. دانانی ئەو وێنەیەی مامۆستا ڕۆژبەیانی، بێجگه لەوەی له ڕووی دەروونی و هەستەوه، گەلێک مامۆستا ڕۆژبەیانی بۆ خۆی بریندار دەکات، کاریگەرییەکی نیگەتیڤیش دەکاته سەر هەستی خوێنەرانی ڕۆژنامەکه و بەتایبەت کەسانێک، که مامۆستا زاهیر ڕۆژبەیانی دەناسن.
دیاره ئێوه وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەکه دەبوو بیرتان لەوه کردبایەوه و دەشبوو ئەو هاوڕێیەی بەرپرسی لاپەڕەی فەرهەنگ وەها شتێکی وەبیردا هاتبا و بەسەریدا یا بەسەرتاندا تێپەڕ نەبووایه.
هەمیشه بەختەوەر و سەرکەوتوو بن براتان ئەمجەد شاکەلی
٢- ره‌خنه‌ی چاودێر، ژماره‌(285)، 24/10/2011. ڕێنووسی نووسینه‌که‌ی مامۆستا (نه‌جات نووری)م، هه‌رچه‌نده‌ پێ هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ک خۆی گواستوومه‌ته‌وه‌.
٣- به‌شێکه‌ له‌ پارچه‌ شیعرێکی مامۆستا هیمنی موکریانی له‌ ژێر ناوی “بناری هه‌ڵگورد”دا، من ته‌نێ جێناو(پاشگر)ه‌ تاکه‌ که‌سه‌ یه‌که‌مه‌کانم گۆڕیوه‌ بۆ جێناو(پاشگری)ی تاکی که‌سی سێیه‌م بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یسدا. دیوانی هێمن موکریانی، پێشه‌کی و پێداچوونه‌وه‌: س. چ. هێرش، چاپی یه‌که‌م، کتێبفرۆشی ئه‌رزان، سوێد 2003،، ل 254.
٤- شاکەلی، ئەمجەد، پیری بە تەمەن نییە! بنۆڕە: https://amjad-shakely.blogspot.com/2011/
٥- ە https://www.tiktok.com/@cheguevara540/video/7335953426695654689
https://www.tiktok.com/@.baibun/video/7474149393680076040?_r=1&_t=ZS-8u9ETv0xN5k : هەرەوەها بنۆڕە
٦- نشرت جريدة الوقائع العراقية في العدد 2513 في 8 شباط 1976 – صدر المرسوم الجمهوري تحت الرقم 41 في شباط 1976 وتقرر ما يلي :- 1. استحداث محافظة صلاح الدين يكون مركزها مدينة تكريت. 2. إلحاق قضاء طوزخورماتو إلى محافظة صلاح الدين. 3. إلحاق قضاء كفري والنواحي التابعة لها إلى محافظة ديالى.
٧- مێژووی کوردستان و جاران کورد بۆ خۆیشی، حەمرین و زرواتییە (الزرباطیة) و عەلی غەربی(علێ الغربي) و عەلی شەرقی (علي الشرقی)یان بە سنووری باشووری کوردستان دادەنا، ئێستا کەلار و ناساڵح و قوشتەپە و چەمچەماڵ و،،بوون بە سنوور!
٨- https://www.instagram.com/reel/DRZ8EbaCJv4/?igsh=dmYwNmJsMDRhMzB5
٩- https://www.tiktok.com/@rudawradio/video/7577330492832238904?_r=1&_t=ZN-91lEz0i88HP
١٠- https://amjad-shakely.blogspot.com/search?updated-max=2004-12-06T14:22:00-08:00&max-results=7 بنۆڕە: شاکەلی، ئەمجەد، هۆزگه‌رایی وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی بنه‌مای ئایدیۆلۆژیی حیزب.
هەروەها بنۆڕە ژمارەکانی 3450-3523ی (کوردستانی نوێ)ی نێوان19/08/2024 – 12/11/ 2024




ئاراستەی شەڕی ئەمریکا و ئێران و ڕەهەندەکانی!.. عوسمانی حاجی مارف

بەدرێژایی هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، توانیویانە زیانی گەورەی بەرچاو بە ئێران بگەیەنن و ژێرخانی ئابوری وێران بکەن، هەروەها توانیان زۆرینەی کەسایەتیە سیاسی و سەربازیە پلە باڵاکان تیرۆربکەن، کۆگای مووشەک و توانای بەرهەمهێنانی ئێرانیان کەمکردۆتەوە و چەندین کەشتی جەنگیان لەناوبردووە. لەئێستادا، تاران بەردەوام تۆڵەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشی مووشەکی ئاراستەکراو، بۆ سەر ئیسرائیل و دامەزراوە سەربازیەکانی ئەمریکا، لە ناوچەکە و وڵاتانی کەنداودا کردۆتەوە.
ئەوەی بەرچاوە، دوای مانگێک زیاتر لە دەستپێکردنی هێرشە سەربازیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پاش چەند هەفتەیەک لە هێرشەکانی ئێران و خۆڕاگریان، ئاسۆیەکی سەرکەوتنی خێرا و یەکلاکەرەوە، بۆ کۆتایی جەنگەکە کاڵ بووەتەوە و دیاردەیەکی تەواو ئاڵۆزی نیشانداوە.
ئاراستەی دەرچوون لەم شەڕە، بەڕێگەی دیپلۆماسی و دانوسان، لە نزیک ماوەدا تاریک دەردەکەوێت، چونکە واشنتۆن و تاران کەوتونەتە بەر ئەو گێژاوەی کە دەبێت فشارێکی زیاتر بخەنە سەر یەکتر، بەتایبەی ئەمریکا و ئیسرائیل، پێویستیان بەوەیە پتەوتر کاربکەن لەسەر هەڵمەتی سەربازی زیاتر و بەردەوامی و ئامادەسازی بۆهێزی زەمینی، تا تەواو لەسەر لایەنی بەرامبەر کاریگەری ڕادەستبون دروست دەکەن، بۆئەوەی پاساو بۆ ئامانج و نەخشە سیاسیەکانیان لە ناوچەکە بەرجەستە بکەنەوە، بەتایبەتی ئێران دوای داخستنی گەروی هورمز، ڕێڕەوی شەڕەکەی لەبەرامبەر ئەمریکادا خستە دۆخێکی تازەی ئاڵۆزترەوە. بۆیە ترامپ ناچارە کە لەئێستادا، بیر لە جێگیرکردنی هێزی زەمینی بکاتەوە بۆ دەستبەسەراگرتنی دوورگەکانی ئێران، بۆئەوەی تاران ناچار بکات گەرووی هورمز بکاتەوە!، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمریکا ئەم کارەی بۆ دەکرێت؟.
شایانی باسە دەسەڵاتی ئاسمانی، دەتوانێت تواناکان تێکبدات و لاوازی بکات و ژێرخانی ئابوری بشێوێنێت، بەڵام ناکرێ وەک هێرشی زەمینی و داگیرکاری، کاریگەری یەکلاکەرەوەی هەبێت بۆکۆتایی شەڕەکە، دەبینین تائێستا شەڕی ئاسمانی لە ناوخۆی ئێراندا بێتوانایە لە سەپاندنی مەرجەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا، بۆیە کاتێک ئەم شەڕی ئاسمانیە، ئەمریکای لە بنبەستێکدا ڕاگرتووە لەبەدەستهێنانی ئامانجەکانی و ڕاگەیاندنی سەرکەوتن، بەناچاری پێویستی بە هێزی زەمینی دەبێت، کاتێک ئەم ئاستەنگیە لە چەقبەستبوندایە و تەنها بەهێزی ئاسمانی تێپەڕێندراوە، سروشتی بنەڕەتی ململانێکان دەگۆڕێت بۆ ئاستێکی تر لەبەردەوامی شەڕەکە، بۆیە شەڕی زەمینی ئەگەرێکی دوور نیە!، بەڵام دۆخەکە وەها دەردەکەوێت، هێزی زەمینیش سەرکەوتنی ئەمریکا مسۆگەر ناکات.
بەجیا لەوەش لە ماوەی ڕابردوودا، گفتوگۆ سەبارەت بە ئەگەری شکاندنی بنبەستی دیپلۆماسی و دەستپێکردنی دانوستانەکان ڕوویداوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیە بەرفراوانەکانی نێوان هەڵوێستەکانی واشنتۆن و تاران، ئاماژەیە بۆئەوەی ئایندەی شەڕەکە دیار نابێت، پێدەچێت پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە بگرێت. بۆ ئەمریکا ئەم پەرەسەندنە، دەتوانێت بریتی بێت لە جێگیرکردنی هێزەکانی لەسەر خاکی ئێران، یان بۆ ئێرانیش ڕێگریکردنە لە بەردەوامی بەکارهێنانی گەرووی هورمز و ئامادەیی بۆ بەڕەنگاربونەوەی هێزی زەمینی ئەمریکا!، واتە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا شەڕەکە دەچێتە قۆناغێکی تەواو مەترسیدارترەوە.
پێموایە واشنتۆن سەرکەوتنە سەربازیە سەرەتاییەکانی، لەڕێگەی هێزی ئاسمانیەوە، بە هەڵە لێکدایەوە، ڕاستە ئێران خامەنەیی و فەرماندە سەربازیەکانی و ژێرخانی ئەتۆمی و سەروەت و سامانی بەرگریی و ژێرخانی ئابوری لەدەستدا، بەڵام پرسیارە چارەنووسسازەکە ئەوە نەبوو کە ئایا دەکرێت زیان بە ئێران بگەیەنێت، بەڵکو ئایا ئەو زیانانە، حکومەت ناچار دەکات خۆی ڕادەست بکات؟ کە تائێستا توانای خۆڕاگری ڕژێمی ئێران حاڵەتێکی لەوچەشنەی نیشان نەداوە و بەردەوامن لە خۆڕاگری.
لەهەمانکاتدا ئەگەر دامەزراوە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەڕوی فشارێکی بەردەوام ببنەوە، ئەوا تێچوی پاراستنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو ئێران، مەترسی سیاسی و سەربازی بەرچاوی هەڵگرتووە و دەشێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی بێوێنەی ململانێکان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەرپرسانی ئەمریکا، تائێستا لەباری عەمەلیەوە هەستیارن بەرامبەر هەر نیازێک بۆ بڵاوەپێکردنی هێزی زەمینی، یان دەربارەی چۆنیەتی داڕشتنی نەخشەی هێرشبردن، ئەوەی زیاتر دەنگۆی لەسەرە، هەوڵە بۆ داگیرکردنی جەزیرەکانی ناو کەنداو، کە دوو نیاز لە خۆ دەگرێت؛ یەکەم: بۆ دەست بەسەراگرتنی نەوتی جەزیرەی خارک، دووەم: بۆ کردنەوەی گەروی هورمز، ئاشکرایە کە ئەم هەوڵە ماوەی شەڕەکە درێژتر دەکاتەوە.
لەکاتێکدا شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بەردەوامە، تا ئەگەر بگات بە شەڕی زەمینی، ئاکامی کۆتایی ئەم ململانێیە هێشتا هەر نادیارە، لە نێوان لێدوانە سەرەتاییەکانی ترامپ، کە تیایدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە هیچ نیازی گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی نییە، ڕاگەیاندنەکانی ئەم دواییەی کە هاوتەریبن لەگەڵ هەڵوێستی ئیسرائیل بۆ تێکدان، یان تەنانەت گۆڕینی ڕژێم، وا دیارە ئیدارەی ئەمریکا ستراتیژێکی ڕوونی نییە، نەک تەنها بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵکو بۆ بەرقەرارگرتنی ئاشتی لە ناوچەکەدا. پێدەچێت ئەم سەرلێشێواویە، لە قۆناغی داهاتوودا توندوتیژی و ناسەقامگیری زیاتری لێبکەوێتەوە.
ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا شەڕی ئاسمانی و زەمینی، لە دژی عێراق دەستیپێکرد، بە بیانووی ئەوەی کە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژیە، ئەمەش ئیدیعایەکە دواتر سەلمێندرا کە درۆیە، هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق و پارتی بەعس، بوە هۆی بۆشاییەکی بەرچاوی سیاسی و ئەمنی، کە تا ئەمڕۆش عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت. بە واتایەکی تر، لاوازبوون یان گۆڕینی ڕژێمەکان بەبێ پلانی ڕون، بۆئەوەی چی لە دوای ئەوەوە دادەمەزرێت، گومانی تیانیە کە دەبێتە هۆی ئاژاوەو گێژاوی سیاسی وکۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابوری، کە بنەما کۆمەڵایەتیەکان لێک دەترازێنێت، لەهەمانکاتدا فرسەت ئەدات، بە پێکهێنانی هێزی میلشیایی و مافیایی و تاڵانچێتی.
ئێران نەک ڤەنزوێلا نییە، ناکرێت بە نمونەی عێراقیش وێنا بکرێت، چونکە سیستەمێکە لەسەر بنەمای سوپای پاسداران و دامەزراوەی ئایینی، بە پتەوی و توندوتۆڵی دامەزرێنراوە، سیستەمێکە کە بە قوڵی لەناو بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێراندا چەسپاوە، تەنیا بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتیەکەی ناگۆڕدرێت. دەبینین سەرەڕای تیرۆرکردنی زۆرینەی سەرکردایەتیەکەی، بەڵام ڕژێم لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە و بەردەوامی بەشەڕەکە ئەدات.
ئێران پێویستی بەوەنیە لەم شەڕدا، بە هێرشی سەربازی سەرکەوتنێکی یەکلایکەرەوە بەسەر سوپای ئەمریکادا بەدەستبهێنێت، کە کارێکی لەوچەشنەی بۆناکرێت، بەڵام پێویستی بەوەیە بە خۆڕاگری و بەردەوامیدان بە شەڕەکە، ئەمریکا و ئیسرائیل بخاتە دۆخێکی چەقبەستوەوە و بەو ئاکامەیان بگەیەنێت، کە بە بنبەستی حەتمی ڕوبەڕوببنەوە، کە سەرەتاکانی ئەم دۆخە چەقبەستوە و دەرگیربونیان، لەئێستاوە بە ڕوخساری ئەمریکاو ئیسرائیلەوە دەردەکەوێت.
پێشبینی دەکرێت کە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەتایبەتی هەڕەشەی ترامپ بەوەی ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردین، پەرەپێدانی ڕوبەڕوبونەوەکانیان لەبەرامبەر ئێراندا، بۆ هەڵمەتێکی هەمەلایەنەی لەناوبردن، کە ژێرخانی ئابووری و ئیمکاناتە گرنگەکان دەکەنە ئامانج، ئاراستەکەیان پاڵنانی وێرانکاری تەواوی ئێرانە بۆ لێواری داڕمان. هەروەها کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردوە، ئەگەر ڕێکەوتنێک نەکرێت، بە توندی لە هەر یەکێک لە وێستگەکانی کارەبا ئەدەن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز، هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی ئێران کرد و سوێندی خوارد، ئەگەر هێرشە مووشەکیەکان کە ناخی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج بەردەوام بن، تارانی پایتەخت بۆردومان بکات. تەلئەبیب فشار دەخاتە سەر ترامپ، بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی “کورت و بەهێز” پێش هەر دانوستانێک لەگەڵ ئێراندا.
سەرەڕای ئەو هاوبەشیە سیاسی و ئابووریانەی، کە ئێران وەک هاوپەیمانیەک بە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و چینەوە دەبەستێتەوە، بەڵام نەبوونی ئەوان لە پێشکەشکردنی پشتیوانی سەربازی ڕاستەوخۆ، لەنێوان ئەو پەرەسەندنەی جەنگی ئێستادا، دوورکەوتنەوەیانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەبەرامبەر ئەمریکادا، درێژنەکردنەوەی ململانێکانە بۆ جەنگی جیهانی.
ئێران گۆشەگیر بووە و شەڕێک دەکات بۆ مانەوەی خۆی، چین و ڕووسیای هاوپەیمانی هێرشەکانی سەر ئێرانیان شەرمەزار و سەرکۆنە کردووە، خوازیاری کۆتاییهێنانن بە شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵام خۆیان لە پشتیوانیە سەربازیە بەرچاوەکان بەدوور گرتووە. جگە لەوەش پێدەچێت هەردوو روسیا و چین، لە ڕوی ستراتیژەوە سودیان لەوەدا هەبێت، کە ئەمریکا زیاتر بە سەرقاڵی شەڕەکەوە بمێنێتەوە، بەم شێوەیەش ستراتیژی ئەمریکا، بۆ هەوڵی باڵادەستی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەرامبەر شکستی گەورەدا خۆی ببینێتەوە.




ڕووكردنە پەكین، نەخشەی نوێی ئۆپۆزسیۆنی تایوان.. هەڵۆ حەسەن

كۆبوونەوەی نێوان شی جینپینگ،سەرۆكی چین و چێنگ لی ون، سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی تایوان-“كوومیتانگ”،زیاتر لە پەیوەندییەكی هێماداری نێوان دوو هێزی سیاسی مێژوویی ساتێكی ستراتیژییە كە تێیدا پەكین بە ڕوونی و متمانەوە دیدگای درێژخایەنی خۆی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان گەرووەكان تایوان – چین خستەڕوو. لێدوانەكانی شی لە كاتی كۆبوونەوەكەدا تەنیا زمانی دیپلۆماسی نەبوو،بەڵكو ناسنامەی نەتەوەیی و گۆڕانكاری جیهانی بە چوارچێوەیەكی ستراتیژی یەكگرتوو دەبەستێتەوە،لە گوتاری شی جینپینگدا چەمكی “گەنجبوونەوەی گەورەی نەتەوەی چین” هەیە. شی بە جەختكردنەوە لەوەی كە ئەم پرۆسەیە “ناگۆڕێت” بەبێ گوێدانە گۆڕانكارییەكانی دیمەنی نێودەوڵەتی، پرسی تایوانی لە ناكۆكییەكی سیاسییەوە بەرزكردەوە بۆ بابەتی حەتمییەتی مێژوویی لەم چوارچێوەیەدا، تایوان بەشێكی دانەبڕاوە لە بوژانەوەی شارستانییەتی فراوانتری چین،یەكگرتنەوە وەك ئامانجێكی كورتخایەن مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێت، بەڵكو وەك ئەركێكی درێژخایەن كە لە سەرهەڵدانی چین وەك زلهێزێكی جیهانیدا چەسپاوە،وەسفكردنی گەشەسەندنی یەكگرتن لە نێوان هەردوو دیوی گەرووەكە. لەبری ئەوەی یەكگرتنەوە وەك دەرئەنجامێكی كێبڕكێكار یان نادیار وێنا بكرێت، وەك پرۆسەیەكی سروشتی و نەبڕاوە بەهۆی كولتووری هاوبەش و وابەستەیی ئابووری و پەیوەندییە مێژووییەكانەوە دەجووڵێت. پەكین بە بنیاتنانی ئەم هەستە حەتمییە، هەوڵدەدات تێڕوانینەكان دابڕێژێتەوە،چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا – بەجۆرێك كە یەكگرتنەوە نەك هەر خوازراو بەڵكو شتێكی حەتمی دەربكەوێت،جەختكردنەوەی شی لەسەر ناسنامەی هاوبەش زیاتر ئەم گێڕانەوەیە بەهێز دەكات، بە وەسفكردنی خەڵكی هەردوو دیوی گەرووەكە- تایوان – چین وەك “یەك خێزان”، بەردەوامی كولتووری و مێژوویی وەك بناغەیەك بۆ یەكێتی سیاسی ئەمە ئامرازێكی ستراتیژییە كە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی ئەو هەوڵانەیە كە پەرە بە دابەشبوون یان ناسنامەی جیابوونەوەی تایوان لە چین دەدەن. لە چوارچێوەی كێبڕكێی ئایدیۆلۆژی جیهانی ئەمڕۆدا، كە زۆرجار سیاسەتی ناسنامە ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت، ئەم چوارچێوەدانانە ڕێبازی چین وەك ئەوەی كە ڕەگ و ڕیشەی لە یەكێتی و میرات و داهاتووی بەكۆمەڵدا هەیە،دادەنێت،لە كۆبوونەوەكەدا شی بە گرنگی دان بە كۆدەنگی ساڵی 1992 وەك بنەمایەكی سیاسی بە دووپاتكردنەوەی ئەم بنەمایە بە ڕوونی ئەو سنوورانە دیاری دەكات كە دیالۆگ لە چوارچێوەیاندا ڕووبدات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەخشێكی فراوانترە لە ستراتیژی چینیدا: بڕیاری پەیوەندیكردن لەگەڵ” كوومیتانگ” نەك هێزەكانی داكۆكی لە “سەربەخۆیی تایوان”- ڕێبازێكی هەڵبژێردراو و پراگماتیك بۆ دیپلۆماسی نیشان دەدات. ئەو ئەكتەرانە بەهێز دەكات كە ئامادەن لە چوارچێوەی یەك چیندا كاربكەن لە هەمان كاتدا ئەو كەسانە پەراوێز دەخات كە تەحەدای دەكەن،لە لایەكی دیكەوە لێدوانەكانی چێنگ لی-ون ڕەهەندێكی تەواوكەری گرنگ دەخەنە ڕوو. بانگەوازەكەی بۆ “چارەسەرێكی سیستماتیكی بۆ ڕێگریكردن و دووركەوتنەوە لە شەڕ” و كردنی گەرووی تایوان بە “مۆدێلێك بۆ چارەسەركردنی ئاشتیانەی ململانێكان” لە نزیكەوە هاوتەریبە لەگەڵ گێڕانەوەی پەسەندكراوی پەكین بۆ گەشەپێدانی ئاشتیانە. چێنگ لی-ون زیاتر لەوە وتی:ناتوانین ڕێگە بدەین تایوان و گەرووی تایوان ببنە گۆڕەپانی شەڕ وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،ئەمە هەڵبژاردنە لە نێوان ئاشتی و شەڕدا”، چێنگ بە دووپاتكردنەوەی پشتگیری لە كۆدەنگی “یەك چین”ی ساڵی 1992 و دژایەتیكردنی ڕوونی بۆ سەربەخۆیی تایوان، بە شێوەیەكی كاریگەر كوۆمینتانگ لە چوارچێوەی سیاسی قبوڵكراوی پەكیندا دادەنێت. ئەمە لە ڕووی ستراتیژییەوە ئەوە نیشان دەدات كە هێزێك لە ناو تایواندا هەن كە ئامادەن لە ژێر بنەمای یەك چیندا بە شێوەیەكی بنیاتنەر بەشداری بكەن، ئەمەش ستراتیژی بەشداریكردنی هەڵبژێردراوی چین بەهێز دەكات،لە ڕوانگەیەكی ستراتیژییەوە، كۆبوونەوەی شی-چێنگ ڕێبازی دوو ڕێڕەوی چین دەخاتە ڕوو كە بریتییە لە تێكەڵكردنی بەشداریكردنی ئاشتیانە لەگەڵ ڕێگرییەكی پتەو. لە كاتێكدا پەكین بەردەوامە لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەكانی و ئاماژەیە بۆ ئیرادەی خۆی، لە هەمان كاتدا پەرە بە گفتوگۆ و یەكگرتنی ئابووری دەدات. بانگەوازی شی بۆ باشتركردنی خۆشگوزەرانی خەڵكی هەردوو دیوی گەرووەكە”تایوان – چین” و فراوانكردنی دەرفەتەكان- بەتایبەتی بۆ گەنجانی تایوان- جەخت لەسەر گرنگی هێزی نەرم لە ستراتیژی چین دەكاتەوە. ئەم تێكەڵە ئامێرە ڕەق و نەرمە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێكی ئاڵۆزە لە دەوڵەتسازی مۆدێرن، كە كاریگەری لە ڕێگەی چەندین كەناڵەوە لە یەك كاتدا بەكاردەهێنرێت،لە چوارچێوەی فراوانتری سیاسەتی جیهانیدا، لێدوانەكانی شی پەیامێكی ڕوونیشیان هەیە سەبارەت بە بەشداریكردنی دەرەكی. بە ڕاگەیاندنی ئەوەی كە داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان گەرووەكان دەبێ “لە دەستی گەلی چیندا” بمێنێتەوە، هەڵوێستی درێژخایەنی چینی دووپاتكردەوە كە پرسی تایوان پرسێكی ناوخۆییە. ئەم هەڵوێستە بە تایبەتی لە نێوان چڕبوونەوەی كێبڕكێی نێوان چین و ئەمەریكادا گرنگە. لەگەڵ قووڵبوونەوەی ڕكابەرییە جیۆپۆلیتیكییەكان، تایوان بووەتە خاڵی سەرەكی گرژی ستراتیژی. بۆیە پەیامی شی تەنها ئاراستەی تایوان نییە بەڵكو ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكات، چین بەدوای چارەسەركردندا دەگەڕێت لە ڕێگەی داینامیكی ناوخۆییەوە نەك دەستوەردانی دەرەكی،جگە لەوەش دیدگای شی لەگەڵ سروشتی پەرەسەندنی سیستەمی نێودەوڵەتیدا هاوتەریبە. لە سەردەمێكدا كە زیاتر بە فرە جەمسەری و وابەستەیی ئابووری و گۆڕانی هاوسەنگی هێز پێناسە دەكرێت، چین خۆی وەك هێزێكی سەقامگیركەر كە بانگەشە بۆ گەشەپێدانی ئاشتیانە دەكات، جێگیر دەكات. پەكین بە جەختكردنەوە لەسەر گفتوگۆ و هاوكاری و خۆشگوزەرانی هاوبەش، بەدیلێك بۆ گێڕانەوەی ململانێ-بزوێنەر دەخاتە ڕوو. پرسی تایوان، لەم چوارچێوەیەدا، دەبێتە كەیسێكی تاقیكردنەوە بۆ ئەوەی كە ئایا دەتوانرێت ناكۆكییە جیۆپۆلیتیكییە گەورەكان لە ڕێگەی ستراتیژی درێژخایەنەوە بەڕێوەببرێن نەك ڕووبەڕووبوونەوەی دەستبەجێ،دیداری نێوان شی جینپینگ و چێنگ لی ون وەك ڕووداوێكی ستراتیژی كاریگەرییەكی دوور مەودای هەیە. ڕێبازی چین بۆ پرسی تایوان لەخۆدەگرێت: لە بنەڕەتدا نەگۆڕ، لە تاكتیكدا نەرم و نیان و لە گێڕانەوەی حەتمییەتی مێژووییدا زەمینەسازی كراوە. شی لە ڕێگەی زمانی “ناسنامەی هاوبەش” و “گەنجبوونەوەی نیشتمانی”، وتی: یەكگرتنەوەی ئاشتیانە نەك هەر مومكینە بەڵكو لەگەڵ ڕێڕەوی فراوانتری سەرهەڵدانی چین هاوتەریبە. ئایا ئەم دیدگایە بەدی دێت یان نا، بەندە بە یارییەكی ئاڵۆزی داینامیكی ناوخۆیی، پێشهاتە ناوچەییەكان و گۆڕانكارییەكانی دەسەڵاتی جیهانی- بەڵام ئاراستەی ستراتیژی پەكین ڕوونە، یەكگرتووە و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە تێگەیشتنی لە مێژوو و داهاتوودا هەیە.




ته‌عریبی موقه‌ده‌س.. به‌ختیار محه‌مه‌د

ته‌عریبی موقه‌ده‌س ئه‌و ته‌عریبه‌یه‌، كه‌ كه‌سی ته‌عریبكراو خۆی به‌رگریی سه‌رسه‌ختانه‌ له‌ ته‌عریبكردنه‌كه‌ی خۆی ده‌كا.ئه‌م ته‌عریبه‌ شیرین و پیرۆزه‌، چونكه‌ به‌ ناوی خوا و ئایینه‌وه‌ ده‌كرێ. ئه‌م ته‌عریبه‌ ته‌عریبكردنی ئیمانه‌. ته‌عریبكردنی زمان و باوه‌ڕ و بیركردنه‌وه‌ی ئیمانه‌. واته‌ تۆ به‌ زمانی خۆت خوا ناپه‌رستی، به‌ڵكو به‌ زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ خوا ده‌په‌رستی و له‌لاشت له‌ زمانه‌كه‌ی خۆت باڵاتر و پیرۆزتر ده‌بێ، چونكه‌ خوا له‌ كتێبی پیرۆزدا (قورئان) به‌م زمانه‌ له‌گه‌ڵ دوایین پێغه‌مبه‌ری خۆی (كه‌ عه‌ره‌به‌) دواوه‌ و ئه‌م زمانه‌ بۆته‌ زمانی ئایین و ئیمانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ئۆمه‌تی ئیسلام. له‌مه‌وه‌، كاتێك – گریمان – تۆ بڵێی من ده‌مه‌وێ به‌ كوردی و به‌ زمانی خۆم نوێژ ده‌كه‌م، ئه‌وا به‌ر له‌ عه‌ره‌ب، له‌لایه‌ن هاوزمانانی ئیمانداری خۆته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر به‌ توندی دژایه‌تی ده‌كرێی، به‌ڵكو ته‌كفیر و به‌ كافریش ده‌كرێی. ئایا ئه‌دی ئه‌مه‌ ته‌عریبی موقه‌ده‌س نییه‌؟ ئه‌و ته‌عریبه‌ی، كه‌ مێژووی موقه‌ده‌سی پتر له‌ 1400 ساڵی له‌ پشته‌.
ئێستا له‌ ناو ئه‌م پیرۆزییه‌دا زمانی (ئاخاوتنی) كوردی نامۆیه‌ و ده‌ركراوه‌. واته‌ زمانی ئیمانی كوردی ونه‌. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا زمانی ئیمانی عه‌ره‌بییه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵكو زمانێكیشه زۆر له‌ زمانی كوردی موقه‌ده‌ستر و پیرۆزتره‌.
ڕاستییه‌كه‌ی مۆركی پیرۆزایه‌تی (ئیمان) له‌ زمانی كوردی داماڵراوه‌، به‌ڵكو ئه‌م پیرۆزییه‌ له‌ مێژووی ئیمانی كوردیدا پێوار و نادیار و ونه‌ (ئه‌گه‌ر ئایینی ئێزیدی لێ بترازێ)؛ ئا لێره‌شدا مێژووی ئیمانی ته‌عریبكراوی پیرۆزی كوردی، كه‌ ئیسلامه‌، ئیمانی ئایینی ئێزیدی ته‌كفیر و به‌ شه‌یتان ده‌كا و به‌ پیس و چه‌په‌ڵی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا. ئا لێره‌دا ئیمانی ته‌عربیكراوی پیرۆز، دژی ناسنامه‌ی ڕه‌سه‌نی خۆی، كه‌ خواپه‌رستییه‌ به‌ زمانی كوردی ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و دژایه‌تی ده‌كا و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌.
به‌ڵێ، ئا ئه‌مه‌یه ‌ته‌عریبی موقه‌ده‌س، كه‌ زمانێكی دیكه‌ت له‌ زمانه‌كه‌ی خۆت له‌لا پیرۆزتر بێ و به‌ بێ ئه‌وه‌ی پێ بزانی و ئاگاشت لێ بێ، به‌ڕه‌هایی له‌لات پیرۆز كرابێ و هه‌رگیزیش له‌ چێوه‌ی ئیماندا به‌ زمانه‌كه‌ی خۆتی نه‌گۆڕیته‌وه‌ و هه‌ر له‌م چێوه‌یه‌شدا زمانه‌كه‌ی خۆت ون و له‌بیر كردبێ، ته‌نانه‌ت به‌ زمانی شه‌یتان و شه‌یتانپه‌رستانیشی بزانی (ئێزیدی) و واشیان تێگه‌یاندبی، كه‌ زمانه‌كه‌ی خۆت له‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی ئیمان و ئایینی عه‌ره‌بیدا (ئیسلامدا)، زمانی پیسی كافر و شه‌یتانانه‌.
ئایا هیچ موسڵمانێكی ئیمانداری كورد هه‌یه‌، كه‌ ڕقی له‌ ئێزیدی نه‌بێته‌وه‌ و به‌ شه‌یتانپه‌رستی له‌ قه‌ڵه‌م نه‌دا و سه‌رسه‌ختانه‌ش به‌رگریی له‌ ئیسلام و زمانه‌كه‌ی (عه‌ره‌بی) نه‌كا؟ ئه‌ی ئه‌مه‌ ته‌عریبی موقه‌ده‌س نه‌بێ، چی دیكه‌یه‌؟
ئه‌و ته‌عریبه‌ی، كه‌ بۆ ماوه‌ی سه‌دان ساڵ كورد ده‌خاته‌ خه‌وی قووڵی سیاسی و له‌ مێژوودا ده‌رده‌كرێ و ده‌بێته‌ خزمه‌تكار و نۆكه‌ر و ژێرده‌سته‌ی تورك و عه‌ره‌ب و فارس و زۆر كه‌م و به‌ ده‌گمانیش نه‌بێ به‌ زمانی خۆی نه‌دواوه‌ (نه‌ینووسیوه‌) و بیری نه‌كردۆته‌وه‌ (هه‌موومان ده‌زانین زۆر له‌مێژ نییه‌، كه‌ كورد به‌ زمانی خۆی ده‌نووسێ و هه‌وڵ ده‌دا به‌ زمانی خۆشی بیر بكاته‌وه‌). ته‌نانه‌ت سه‌ره‌تای داستانی (مه‌م و زین)ی ئه‌حمه‌دێ خانی، به‌ زمانی (وشه‌ی) ته‌عریبی موقه‌ده‌س ده‌ست پێ ده‌كا:
سه‌ر نامه‌یێ نامه‌ نامێ الله‌
بێ نامێ وی نا ته‌مامه‌ والله‌
هه‌ڵبه‌ت وشه‌ و ناوی (الله‌) جه‌وهه‌ری ئیمانی پیرۆز و سه‌ره‌تای مێژووی ته‌عریبی موقه‌ده‌سه‌. ئه‌و جه‌وهه‌ر و سه‌ره‌تایه‌ی، كه‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌ هه‌موو زمانێكی تر باڵاتر و موقه‌ده‌ستر ده‌كه‌ن.
ئه‌ی، كه‌ هه‌ژاریش ده‌ڵێ:
به‌ كوردی ده‌ژیم به‌ كوردی ده‌مرم
به‌ كوردی ده‌یده‌م وه‌رامی قه‌برم
به‌ كوردی دیسان زیندوو ده‌بمه‌وه‌
له‌و دنیاش بۆ كورد تێ هه‌ڵده‌چمه‌وه‌
هه‌ر مه‌به‌ستی له‌و ته‌عریبه‌ موقه‌ده‌سه‌یه‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د




ئێستێتیکی فریدریش شیلەر-4- کاوە جەلال

(بەشی چوارەم)

„ڕەخنەی هێزی بڕیار“ یەکەم نووسینی کانتە کە شیلەر دەیخوێنێتەوە و هۆشی سەبارەت بە پرسیارەکانی ئێستێتیک دەوروژێنێت، پاشان دوو ڕەخنەکەی دیکەی ئەو دەخوێنێتەوە (10). وەلێ کاتێک کانت جوانی تەنیا لە ڕوانگەی سەبژێکتی وەرگرەوە دیاری دەکات، ئەوا شیلەر لە یەکەم” نامەی کالیاس”دا ڕایدەگەیەنێت کە ئەو چەسپاندنی تێگەیەکی ئۆبژێکتیڤیانەی جوانێتی (هونەر) بە مەزنترین ئەرکی خۆی دادەنێت (11)، کەواتە کرۆکی “بابەتی جوان” بەهەند وەردەگرێت بەو مەبەستە کە گۆڕان بە ئێستێتیکێکی وەرگرتن (ڕێسێپسیۆن) بدات، جا گەرچی ئەو لەم پەیوەندییەدا هزرینی خۆی بەزۆری لە ئێستێتیکی بەرهەمهێنانەوە (پرۆدوکسیۆنەوە) بەرجەستە دەکات. ئەوجا شیلەر لە نووسینی „ناسکی و شکۆ“دا کە کارێکی ڕێبەرییە بۆ نووسینی „لەبارەی پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“، هەوڵ دەدات ئاوەز و ئارەزوو بخاتە پەیوەندییەکی هارمۆنییەوە، کەواتە لەدژی کانت هەڵوێست وەردەگرێت کە ئارەزووی خستبووە ژێر ڕکێفی ئاوەزەوە. بە تێڕوانینی شیلەر ئەم کارەی کانت “نامرۆڤدۆستانە”یە. ئەوە کە شیلەر لێی دەهزرێت، “مرۆڤی جوان”ە وەک سەرئەنجامی هارمۆنیی نێوان ئاوەز و ئارەزوو. بەمەش پرسی جوانێتی لای شیلەر لە ئێستێتیکەوە دەپەڕێتەوە بۆ نێو ئەخلاقناسی (ئێتیک).

-2-3 بناغەڕشتنی تێگەی جوانێتی لای شیلەر لە “نامەکانی کالیاس”دا

شیلەر بە پێچەوانەی کانتەوە بە پێویستی دەزانێت کە «چۆنێتیی ئۆبژێکتیڤییانەی بابەتە بە جوان دانراوەکان لێبتوێژرێتەوە … »، جا گەرچی ئەو لە موحازەرەیەکدا پێش „نامەکانی کالیاس“ ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە ئەو لە هەوڵێكی بەو چەشنەدا بە ئەنجامێکی ڕۆشن ناگات (12). ئەو لەم هەوڵەیدا، هاوشێوەی کانت، ڕێگەی ترانسسێندێنتال دەگرێتە بەر، واتا دەیەوێت لە سروشتی ئاوەزەوە تەواو ئاپریۆریانە بەبێ ئەزموون بناغەی جوانێتی بڕێژرێت، کە ئیدی بەدووی ئەوەدا ئەزموون بیڕاستێنێت. کەواتە شیلەر گەواهیی ئەزموون بۆ هەڵهێنجانی جوانێتی بە پێویست دادەنێت(13).
بێگومان جوانێتی سەر بە کایەی ئاوەزی تیۆریانەی پەتی نییە، چونکە ئاوەزی تیۆریانە تەنیا بە پرسی مەئریفەوە خەریکە. پرسیاری جوانێتی شیلەر دەخاتە بەردەم پرسیاری „ویست“ و ئەو بنەڕەتانە کە ویست دیاری دەکەن، لێرەشدا „ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی“ی کانت بۆی دەبێت بە زەمینەیەک تا لەسەری هزرینی ئێستێتیکییانەی خۆی ئاوەڵا بکات، وەلێ ئەو هاوکات نووسینەکەی کانت دەخاتە ژێر ڕەخنەوە. وەک لە سەرەوە بینیمان، کانتی فەیلەسوفی تیۆریانە تەنیا لە توانستی گشتیی مەئریفەی مرۆڤەوە خۆی بە پرسیاری جوانێتییەوە خەریک دەکات و دەگات بەو تێڕوانینە کە مرۆڤ هیچ شیمانەیەکی نییە بڕیار بەسەر جوانێتیدا بدات. سەبژێکت تەنیا چێژ لە فۆرمی ئۆبژێکتی جوان دەبینێت، وەلێ نازانێت بۆچی ئۆبژێکت جوانە. شیلەری هونەرمەند بە پێچەوانەوە، کەواتە هۆنەرە بنیاتنەرەکەی جوانێتی، لە هەوڵە فەلسەفەییەکەیدا گرنگی بەوە دەدات کە داخۆ جوانێتی «چی» بێت و چۆن سەرهەڵبدات، لێرەشدا ئەو بە تێگەکانی کانت کار دەکات، وەک: جیاوازیکردنی ئاوەز و توانستی دەرکگیری، نەزەر و تێگە، ئاوەزی پەتی و پراکتیکی، ئۆتۆنۆمی و هێتەرۆنۆمی و هتد.
کرداری ئەخلاقی لای کانت هەمیشە پابەندی فرمانە کە وەک “گەرەک” ئاڕاستەی هەر کردارێک دەکرێت، کە بێگومان لەبەرئەوەی کردارەکان ئەخلاقین، ئەوا دەرهاویشتەی ویستی ئەمپیری (واتا ئارەزوو، هەوەس) نین، بەڵکو دەرهاویشتەی ویستی پەتین. ئەوە فۆرمی ئاوەزە کە ئازادانە کردارە ئەخلاقییەکان (ئەنجامەکان) دیاری دەکات. شیلەر ئەم بنەڕەتەی ئەخلاقناسییەکەی کانت بەسەر کایەی ئێستێتیکیدا بەکاردەبات: جوانی (ئەنجام) دیاردەی ئۆبژێکتێکە پابەند بە فۆرمی ئاوەزی پراکتیکییەوە، یان پابەند بە فۆرمی ویستی پەتییەوە کە بۆ ئەو سینۆنیومی ئاوەزی پراکتیکییە. بێگومان لێرەدا تێڕوانینێکی بنەڕەتییانەی هزرینی ترانسسێندێنتال لەگۆڕێیە کە تەنیا ئۆبژێکتی هۆشەکی (نا-پسیکۆیی) بە ئازاد دادەنێت نەک ئەو نێوەرۆکانە (شئورانە) کە بەڕێی دەرکەوەرەکانەوە دێنەئاراوە.
ئاوەزی پراکتیکی لای کانت بنەڕەتی ئازادیی ڕەهایە (ئەبسۆلوتە). کەواتە ئۆبژێکت وەک دەرهاویشتەی ئاوەزی پراکتیکی لای شیلەر ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئۆبژێکت ئازادە. ئاخر ئاوەزی پەتیی پراکتیکی ڕێسادانەرانە (بە شێوەی ڕێگولاتیڤ) سنوور بۆ کارایی هەر توخمێکی ئۆبژێکت دادەنێت، بەم ڕێیەشەوە «ویستێك» بە ئۆبژێکت دەدات تا بە هێزی دیاریکردنی خودی خۆی، واتا بە شێوەی ئۆتۆنۆم (Selbstbestimmung) بێتەگۆڕی. وەلێ ئێمە لێرە پەیوەندییەکی لەیەک-چوونمان هەیە: لەبەرئەوەی ئۆبژێکتی جوان دیاریکەری خۆیەتی، ئەوا ئۆبژێکت لە ئازادییە ڕەهاکەی ئاوەزی پراکتیکی دەچێت. لەم ڕوانگەیەوە ئازادیی ئۆبژێکت بۆ هێنانەئارای خودی خۆی ڕیال نییە هاوشێوەی مرۆڤ کە لە ئاوەزی پەتیی پراکتیکییەوە کردار دەنوێنێت و بەو ڕێیەوە دەبێت بە ئەخلاقمەند، بەڵکو شیلەر بۆ هاتنەئارای جوانی فۆرمولە بەناوبانگەکەی خۆی بەکاردەهێنێت: جوانی «ئازادییە لە دیاردەدا». کەواتە ئۆبژێکت (ی هونەری) ئەوها دیاردەدات، یان „ئەوها دەنوێنێت هەروەک“ ئۆتۆنۆم بێت: „هەروەک“ بە ویستی خۆی، وەلێ بەبێ هیچ مەبەستێک، یاسای ئاوەزییانەی بە خۆی دابێت، نەک بە کاریگەریی دەرەکی (هێتەرۆنۆم) هاتبێتە ئاراوە. لەم ڕوانگەیەوە ئۆبژێکت تەنیا ئازادی «دادەڕێژێت»، بەمەش ئازادی تەنیا دەرکەوتە (Schein)ی ئێستێتیکییە وەک فریودان. ئاخر ئۆبژێکت «وای پێشان دەدات» هەروەک ئازاد و هاوکات بێمەبەست بێت، هەروەک ئەو خۆی فۆرمە خۆییەکەی هێنابێتەگۆڕێ.
بێگومان لێرەدا پرسیار لەبارەی رۆڵی کەرەسە (ماتەریال، نێوەرۆک) سەرهەڵدەدات، چونکە خویابوونی هۆشەکییانەی جوانی هەردەم لەنێو کەرەسەیەکدا خۆی پێشانی وەرگر (ڕێسیپیەنت) دەدات. وەلێ لەبەرئەوەی شیلەر جوانی بە ئاوەزی پراکتیکییەوە گرێ دەدات، ئەوا لێرەدا پەیوەندییەکی فۆرمالی (شێوەکیی) چێکردووە تا پرسی نێوەرۆک نەیەتە گۆڕێ: جوانی پەیوەند نییە بەوەوە کە داخۆ “چی” (نێوەرۆک، کەرەسە) دابڕێژرێت، بەڵکو داخۆ “چۆن” داڕشتنەکە ئەنجام بدرێت، لێرەشدا جوانێتی، وەک ئازادی لە دیاردەدا، تەنیا فۆرمێکی دەرکی (مەحسوس)ی گونجاوە بە ئاوەز بەبێ ئەوەی زەبرمەندانە هێنرابێتەگۆڕێ. لەم پەیوەندییەدا لێڕوانەر هیچ گرنگییەک بە نێوەرۆک نادات. ئێمە دەبێت لەم جێیەدا جیاوازی لە نێوان سێ تێگەدا بکەین: کەرەسە، کامیلێتی و جوانی. سەرەتا ئاشکرایە کە ئۆبژێکتی هونەری کەرەسەی فۆرمێنراوە، فۆرماندنیش بۆ شیلەر کامیلکردنی کەرەسەیە و تەنیا کاتێک لەگۆڕێ دەبێت گەر بونیادەکەی (ستروکتورەکەی)، بە واتایەکی دی: گەر زەروورە نێوەکییەکەی بەڕوونی بناسرێت. کامیلکردن پرۆسەیەکی تەکنیکیی ڕاسیۆنالە (ڕێکخستن، پڕۆپۆرسیۆن، ڕوونیی داڕشتن)، وەلێ جوانی ئازادییە لە دیاردەدا. ئەوجا کاتێک کامیلێتی فۆرمی کەرەسەیە، ئەوا جوانی بە پێچەوانەوە فۆرمی ئەم فۆرمەیە، فۆرمی کامیلێتییەکەیە و لەنێو خودی ئۆبژێکتەوە هارمۆنیانە بەنێویدا دیاری داوە، نەک لە دەرەوە خرابێتە نێوییەوە. هونەری ئۆتۆنۆم لە ویستی خۆیەوە یاسا بە خۆی دەدات و بەزەرووری بونیادی خۆی دەهێتەگۆڕێ. لەم ڕوانگەیەوە شیلەر هونەر وەک میمێزیسی (لاسایی) سروشت ڕەتدەکاتەوە. هونەر نە لەژێر ڕکێفی زەروورەکانی جیهانی بەرجەستەدایە و نە دەستوێژە بۆ مەبەستی دەرەکی (بۆ نموونە فێرکردنی مرۆڤ)، بەڵکو بوونەوەرێکی ئازادی داخراوە. شیلەر تەنیا ئەم جۆرەی هونەر بە جوان دادەنێت، ئەویش چونکە ئازادانە خۆی پێشانی وەرگر دەدات نەک بەرەو ڕووی هوروژم بهێنێت، وەرگریش وەک ئۆتۆنۆم دەرکی دەکات. بێگومان وەرگر بەڕێی دەرکەوەرەکانییەوە جوانێتییەکەی ئەوی بەدڵە، وەلێ ئەو لە ئاوەزەوە ڕێز لە فۆرمەکەی دەنێت. ئۆبژێکتی هونەری لێرەدا هارمۆنیانە و ڕێکخراو دیاردەدات، ئەوە هاوشێوەی بابەتێک کە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو سازێنراوە. کەواتە گەرچی هونەر بێمەبەستە، هاوکات مەبەستێتییەکی لە خۆ گرتووە، ئەمەش بەواتای: گەرچی ئەم هونەرە بەدەرە لە هەر سوودێکی پراکتیکی، لە هەر مەبەستێکی بەکارهێنان، وەلێ دەتوانێت وەرگر بۆ ئازادیی ئەخلاقی بوروژێنێت: دەرفەتی بۆ بڕەخسێنێت لە ئازادییە (ئەخلاقیە)کەی سەبژێکتی هونەرمەند بڕوانێت و بەسەر ئەو ڕێ ناڕاستەوخۆیەدا دەرکی ئۆبژێکتی بەردەم خۆی وەک جوان بکات. مەسەلەکە لای شیلەر تەنیا «وێکچوون نییە بە ئازادی»، بەڵکو ئەو (هەروەها بەسەر تێگەی دەرکەوتەدا) «بینینی ناخەکی»یانەی پەیوەندییەک دەهێنێتە نێوانەوە کە دەکەوێتە پشتەوەی ئۆبژێکتە ڕیالەکە، وەلێ ئەوە کە لێڕوانەر لەنێو خۆیدا ئاشکرای دەکات، «یاسای ئازادی»یە، یان یاسای ئاکار ی ئێتیکییە (14). بێگومان کاری هونەری ناتوانێت ئەم ئازادییە دەرببڕێت، چونکە هەرگیز ئازادی دیار نادات. ئاخر بەگوێرەی هزرینی ترانسسێندێنتالی کانت لە „ڕەخنەی ئاوەزی پەتی“دا ئازادی هیچی دیکە نییە جگە لە ئیدێیەک – ئیدێیەکی ئاوەز.
پرسیارێکی کرۆکی لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە هەموو ئۆبژێکتێک پابەندی ڕێسایە، لێرەشدا ئاشکرایە کە ڕێسا دەرەکییە (هێتەرۆنۆمە)، بۆیە هەردەم وەک زەبر لە ئۆبژێکت کارا دەبێت و بەم ڕێیەشەوە ئۆتۆنۆمیی ئۆبژێکت ناهێڵێت. ئەمە هەروەها جوانێتی یان کاری هونەری دەگرێتەوە، چونکە لە جیهانی دەرکیدایە، لەم جیهانەشدا هیچ شتێک بەتەواوی ئازاد نییە. کەواتە شیلەر بە داواکارییەکەی بۆ سەربەخۆیی ئۆبژێکتی هونەری لە مەبەست و ڕێسا خۆی بە دژبێژییەوە دەئاڵێنێت و دەبێت چارەسەری بکات.
وەک بینیمان، ئازادی و خوددیاریکردنی نێوەکی (ئۆتۆنۆمی) بۆ شیلەر هاوواتان. ئەوجا گەر هەموو ئۆبژێکتێک پابەندی ڕێسا بێت، ئەوا دەبێت خوددیاریکردنی ئۆبژێکتی هونەری بەگوێرەی رێساگەلی ئەوتۆ ڕووبدات کە ئەو خۆی دایاندەنێت نەک لە دەرەوە بەسەریدا بسەپێنرێن. کەواتە دەبێت فۆرم، ئازادی لە دیاردەدا، ئاماژە بۆ ڕێسا بدات. شیلەر لەم پەیوەندییەدا لە « هونەرێتی »ی فۆرم دەدوێت کە لای ئەو واژەیەکی دیکەیە بۆ «تەکنیک »(15). بێگومان تەکنیک مەرجێکی سەرەکیی جوانێتی نییە، بەڵکو دەستوێژی داڕشتنە، یان فۆرماندنە، وەک ئەوەش دووەم مەرجە دوای مەرجە بنەڕەتییەکەی جوانێتی کە ئازادییە لە دیاردەدا. ئێمە گەرەکە لەم پەیوەندییەدا ڕەچاوی سێ تێگە بکەین: ئازادی، سروشت، تەکنیک. سروشت بۆ شیلەر سینۆنیومی ئازادییە، ئەوجا ئەو لەم پەیوەندییەدا تێگەی سروشت دەهێنێتە نێوانەوە، چونکە ئێمە بەم تێگەیە یەکسەر لە شتێک دەهزرێین کە بەڕێی خۆیەوە، سەربەخۆ، لەگۆڕێیە و ڕێسا بە خۆی دەدات، یان گۆڕان بە فۆرمی تایبەتی خۆی دەدات (بۆ نموونە گەشەی درەختێک)، وەلێ سروشت هاوکات ئاماژەیەک بۆ کایەی دەرکی (مەحسوس) لە خۆ دەگرێت. ئەمە هەروەها چواندنی بۆ جوانێتی هەیە کە ئەمیش هەروەها لە جیهانی دەرکیدایە، ئەمەش بەواتای: تێگەی سروشت هەروەها لەنێو جیهانی دەرکیدا ئاماژە بۆ کایەی ئازادی دەدات. وەلێ تەکنیک بە پێچەوانەوە “مەرجێکی زەروورییە بۆ پێشبینیکردنی ئازادی لە لایەن ئێمەوە”، بەمەش جوانی دەبێت بە سروشت (ئازادی) لە تەکنیکدا (16). شیلەر دەیەوێت بەم تێڕوانینە ببێژێت، کە دەبێت جوانێتی، کاری هونەری، بە چەشنێک بسازێنرێت کە ئیدی ئازادانە لەنێو خۆیەوە، کەواتە وەک سروشت، کاریگەری بنوێنێت، ئەوە کاتێک تەکنیک بە پێچەوانەوە تەنیا فۆرماندنی ڕێسامەندە، کەواتە لە دەرەوە بە کاری مرۆڤ سەرهەڵدەدات (هێتەرۆنۆمە)، وەلێ گەرەکە کاریگەریی ڕێساکان لە تەکنیکدا بە چەشنێک بێت کە ئۆبژێکت لە سەرئەنجامدا وەک دەستکرد نەنوێنێت، یان وەرگر بە چەشنێک دەرکی ئۆبژێکت نەکات هەروەک بە زەبری دەرەکی هێنرابێتە گۆڕێ، بە پێچەوانەوە، گەرچی ئۆبژێکت بە کاری مرۆڤ سازێنراوە، وەلێ گەرەکە وەرگر وەک بەرهەمێکی سروشت دەرکی بکات. بەمەش تەکنیک، کە دەستوێژە بۆ داڕشتنی ئازادی (سروشت)، دەرفەت بۆ وەرگر دەڕەخسێنێت هەست بە ئازادی بکات.
شیلەر ئەم پرسەی سروشت و تەکنیک بە نموونەی کەسێک ڕووندەکاتەوە کە دەیەوێت لە قەدی درەختێک فیگورێکی بازنەیی بسازێنێت. فیگورەکە هەروەها نموونەیەکە بۆ جوانی وەک ئازادی لە دیاردەدا. سەرەتا سروشتی بازنە ئەو کەسە ناچار دەکات تەواو خولگەیی قەدی درەختەکە ببڕێتەوە، چونکە تەنیا بەو شێوەیە مەبەستەکەی بەدیدەهێنێت. لەم ڕەوشەدا تەکنیک، فۆرماندنی خولگەیی، لە دەرەوە دێتە نێو شتەکەوە، بۆیە تەکنیک هەردەم بەڕێکەوتە، چونکە لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکی دی دەگۆڕرێت. ئەوجا گەر لێڕوانەر لەم فیگورەدا کە گەرەکە بازنەیی بێت، بەزۆریی دەرکی کەرەسە (ماتەریال) یان کاریگەرییە دەرەکییەکە بکات، ئەوا دەبینێت کە تەختەکە بە زەبر (بە مشار یان خەڕات) خراوەتە نێو ئەو فۆرمە بازنەییەوە. ئێمە لێرەدا هێتەرۆنۆمیمان هەیە. وەلێ گەر ئەو کەسە فیگورە بازنەییەکە هێندە کامیل (پێرفێکت) بسازێنێت کە ئیدی لێڕوانەر کاریگەرییە دەرەکییەکەی لەبیربچێتەوە، ئەوسا فیگورە بازنەییەکە، سەرباری هێتەرۆنۆمی، ئەوها دەنوێنێت هەروەک لەنێو خودی خۆیەوە ئەوها بێت. فۆرمەکە زۆرلێکراو نانوێنێت، بەڵکو ئەوها دەنوێنێت هەروەک سروشتی خودی ئۆبژێکت خولگەیێتییەکەی ئەوی پێکهێنابێت (17). ئەم ئۆبژێکتە بۆ شیلەر جوانە، چونکە گەرچی فۆرمەکە هاوکات خوددیاریکەر (ئۆتۆنۆم) و دەرەکییانە دیاریکراوە (هێتەرۆنۆمە)، وەلێ لێڕوانەر هەست بە زەبرە تەکنیکییەکە (هێتەرۆنۆمی) ناکات.
پرسی ئۆتۆنۆمی و هێتەرۆنۆمی نەک تەنیا هەموو جۆرەکانی هونەر دەگرێتەوە، بەڵکو هەروەها بابەتە پێویستەکانی (مەبەستمەندەکانی) بەکارهێنانیش. ئێمە گەرەکە لێرەدا نموونەکانی دیکەی شیلەر چە لە بابەتە پێویستەکانی ژیان و چە لە هونەرەکانەوە وەربگرین.
لە خانوودا (یان تەلارسازیدا) هەردەم ئۆتۆنۆمی و هێتەرۆنۆمی لەگۆڕێن. خانوو بەتایبەتی بابەتێکی بەکارهێنانە و یاسای فیزیکی (ستاتیک)، هەروەها پێداویستییە مرۆڤییەکان (پاراستن، گوزەران) سنووریان بۆ ئاوەڵابوونی داناوە. گەر پاژەکانی خانوو تێکڕا پابەندی ئیدێ و مەبەستی سەرجەمەکە بن، کەواتە ئیدێی خانووەکە بەتەواوی فۆرمەکەی دیاری بکات، ئەوسا ئەم خانووە کامیلە، وەلێ جوانە، گەر لێڕوانەر ناچار نەبێت ئیدێی خانووەکە وەک دەستوێژی ڕوانین لە فۆرمەکەی وەربگرێت، بەڵکو ئەو فۆرمە خۆخواستانە و بەبێ مەبەست لەنێو ئەو خۆیەوە سەرهەڵبدات، کە ئیدی لێڕوانەر مەبەستەکەی لەبیربچێتەوە و دەرکی فۆرمەکەی بکات وەک گوزارشتی ئازادی. ئەم خانووە بۆ شیلەر جوانە و لە کاری هونەری نزیک دەکەوێتەوە. وەلێ هەرگیز ناشێت خانوو کاری هونەریی تەواو ئازاد بێت، کەواتە هەرگیز بە ئیدیالێکی جوانی ناگات، چونکە لە خانوودا هەردەم پەنجەرە، دەرگە، داڵان، ئاگردان، پیلکانە، ژووری تایبەت و هتد لەگۆڕێن و تێکڕا یەکدی سەغڵەت دەکەن، نەک هەریەکەیان ئازادانە سنووری خۆی دیاری بکات. کەواتە هەردەم هێتەرۆنۆمی بەگوێرەی هەر مەبەستێکی تایبەتی بەسەریدا سەروەرە و ڕێنادات فۆرمەکەی خۆخواستانە دیاربدات، هاوکات هێتەرۆنۆمییەکە بەسانایی دەرک دەکرێت (18). لەم ڕوانگەیەوە تەلارسازی بۆ شیلەر بەدەرە لە “گەمەی ئێستێتیکی”، واتا لە فۆرماندنی بێمەبەست. بێگومان شیلەر لە „پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“دا ئاماژە بۆ پەرستگەی کلاسیکیی گریکی دەدات کە بە تێڕوانینی ئەو بینایەکی جوانە، چونکە پەرستگەکە ئەوها دیارنادات هەروەک پاژەکانی بەزۆر لەیەکدرابن، بەڵکو ئەوها دەنوێنێت هەروەک یاساکەی لەنێو ئەو خۆیدا بێت، یان هەروەک ئەو “لەنێو خودی خۆیەوە” ئاوەڵا بووبێت و سەرجەمێکی هارمۆنییانەی پێکهێنابێت. لەم پەرستگەیەدا پایەکان کە بە مەبەستی هەڵگرتن دانراون، کاراییان لە پشت فۆرمەکەوە دیارنامێنێت. بینای پەرستگەکە وەک ئافراندنێکی ئازاد دیاردەدات نەک وەک بەرهەمێکی زەبرلێکراو.
هەروەها گۆزە ئامرازی بەکارهێنانە و ئیدێیەک بۆ سازاندنی پێویستە، هاوکات ئەو دەسکانە کە لێوەی دەردەچن، ئیدێی تایبەت بە خۆیان هەیە. گۆزەیەک کە جوان فۆرمێنراوە (بۆ نموونە گوڵدانی ئەنتیکە)، فۆرمەکەی ئەوها دەنوێنێت هەروەک لە زەروورەی نێوەکییانەی خۆیەوە هاتبێتەئاراوە، هەروەک گۆڕانە نێوەکییەکانی خۆخواستانە بەگوێرەی یاسای نێوەکی ڕوویاندابێت، بۆ نموونە دەسکەکانی تەواو ئاسایی (زەبرلێنەکراو) و خۆخواستانە لێوەی دەرچووبن، کە ئیدی کاتێک مرۆڤ لێی دەڕوانێت، تایبەتمەندییەکەی ئەوی لەبیردەچێتەوە. ئەم گۆزەیە بۆ شیلەر هاوشێوەی گەمەی ئازادی سروشتە، بۆیە بە تێڕوانینی ئەو گۆزەیەکی جوانە. وەلێ گەر ورگی گۆزەکە کتوپڕ بۆ ملێکی باریک تەسک ببێتەوە، ئەوا ئەم گۆڕانە لەناکاوەی ئاڕاستەکە سەرجەم دەرکەوتەی خۆخواستن تێکدەشکێنێت و ئۆتۆنۆمیی دیاردەش نامێنێت؛ یان هەروەها گەر هەردوو دەسکەکەی کە تایبەتن بە گرتن و هەڵگرتنی ئەو، بە گۆشەی وەستاو لێوەی دەرچووبن، ئەوا گۆزەکە جوان نییە، چونکە فۆرمی گۆشەیی بە بابەتێکی گردەییەوە زەبرمەند دەنوێنێت. لێرەدا مەبەستی بەکارهێنان سەروەریی بەسەر سازاندنی گۆزەکەدا وەرگرتووە و گۆڕانی ئاڕاستەکان پێچەوانەی ئاڕاستەی خۆخواستانەن، بۆیە ئەم گۆزەیە بە دیدی شیلەر جوان نییە (19).
سنووردانانی پاژەکان بۆ خۆ و بەمەش دەرفەتدان بەوە کە سەرجەمی بەرهەمەکە کاریگەریی خۆی بنوێنێت، بەتایبەتی لە هونەرەکاندا ئاشکرا دەبێت، وەک پەیکەر و وێنەی دیمەن لە شێوەسازیدا، کۆمپۆزیسیۆنی (هۆنینەوەی) موزیک یان هۆنینەوەی هەڵبەست.
بۆ ئەوەی هەڵبەست جوان بێت، دەبێت خودی هەر دێڕێک درێژی و کورتی، بزووتن و ئارامگە بە خۆی بدات، دەبێت هەر وشە و ڕستەیەک لە زەروورەی نێوەکییەوە چێبووبن، نابێت هیچ وشەیەک یان هیچ دێڕێک یەکێکی دیکەیان بەهەند وەربگرێت، بەڵکو تەنیا بۆ خاتری خۆی لەو جێیەدا بێت و سەرەڕای ئەوە پێکرا بە چەشنێک کۆبووبێتنەوە هەروەک گفتی ژوانیان بە یەک دابێت (20)
ئاشکرایە پەیکەر ئیدێیەکی هەیە کە بۆ نموونە لە بەردێکی مەڕمەڕدا دیاردەهێنرێت. وەلێ دەبێت ئەو پەیکەرە ئەوها بنوێنێت هەروەک لەنێو خۆیەوە ئازادانە فۆرمی خۆی سازاندبێت. گەر هەر جووڵەیەکی نێو پەیکەرەکە دەرهاویشتەی ئیدێکە نەبێت، بەڵکو بۆ سروشتی کەرەسە (بەردەکە) بگەڕێتەوە، ئەوا کارە هونەرییەکە سەرنەگرتووە. ئاخر بەردی سروشتیی مەڕمەڕ پتەو و ڕەقە، ئەم تایبەتمەندییەش دەبێت لە سروشتی گۆشتدا کە نەرم و ناسکە، بەتەواوی نەمێنێت و بە هیچ شێوەیەک نەهێنرێتەوە یادی لێڕوانەر (21).
دیمەنێک جوان داڕێژراوە، گەر سەرجەمی ئەو دیمەنە لە ئازادیی تاکە پاژەکانەوە هاتبێتە گۆڕێ. لەو دیمەنەدا دەبێت هەر پاژێک پەیوەند بێت بە سەرجەمەوە و سەرەڕای ئەوە تەنیا لەژێر ڕکێفی یاسای خۆیدا بێت، کەواتە پەیڕەویی ویستی ئازادی خۆی بکات. بێگومان لە دیمەندا پاژەکان بەناچاری بەریەک دەکەون، بۆیە دەشێت بەو ڕێیەوە زیان بە سەرجەم بگەیەنرێت. بۆ نموونە: چیا دەیەوێت سێبەر بخاتەوە و ڕەنگە سێبەرەکە بکەوێتە سەر شوێنێک کە گەرەکە ڕوناک بێت. مرۆڤ و ئاژەڵ و هەور دەیانەوێت ببزوێن. ڕوبار لە ئاڕاستەی خۆیدا یاسای کەنار قبووڵ ناکات، بەڵکو شوێن ویستی خۆی دەکەوێت. هەر یەکەیان خاوەنی ویستی خۆیەتی. وەلێ گەر هەر پاژێک لە ئازادیی نێوەکیانەیەوە ئەو سنوورە دابنێت کە پاژێکی دی بۆ دەربڕینی ویستی خۆی پێویستی پێیەتی، ئیدی هارمۆنیی سەرجەم دێتە گۆڕێ. بۆ نموونە دەشێت درەختێک لە پێشخاندا پاژێکی جوان لە پاشخاندا دابپۆشێت، کەواتە زەبر لەدژی ئەو پاژە بنوێنێت. لێرەدا هونەرمەندی شارەزا ئەو لکەی درەختەکە کە دەشێت پاژەکەی پاشخان بشارێتەوە، لە کێشی خودی لکەکەوە دەنیشێنێت، کە ئیدی بەو ڕێیەوە خۆخواستانە شوێن بۆ شێمای پاشەوە دەکاتەوە (22)
لەم ڕوانگەیەوە ئێمە تەنیا لە هونەردا جوانیی فۆرممان هەیە. بێگومان ئاشکرایە، ئەمەشمان لە سەرەوە بە نموونەی شێوەسازی دیمەنەکە بینی، جوانیی فۆرم لە کەسی سازێنەری فۆرم، هونەرمەند، جیانابێتەوە. شیلەر لەم پەیوەندییەدا جەخت لە نائیفێتی (das Naive) دەکات کە بە دیدی ئەو جوانە، چونکە لە نائیفێتیدا سروشت مافی خۆی بەسەر گەڕەلاوژێ و خۆدەرخستنی کەسەکیدا دەسەپێنێت. تەنیا گەر سروشت (ژێنی: بلیمەت) داڕێژەری ئازادی بێت، ئیدی جوانێتیی هونەر دێتە گۆڕێ. بێگومان نەشیاوە داڕشتن بەبێ “کەرەسە” ڕووبدات. شیلەر پەیوەند بە کەرەسەوە جەخت لە داڕشتنی ئازادانەی ڕاستی دەکات. ئێمە لێرەدا یەکسەر دەکەوینە بەردەم جیاوازیی نێوان هونەرمەند و هونەرمەندی مەزن: شیلەر کەسێک ناو دەنێت هونەرمەند کە پابەندی داڕشتنی ئازادانەی ڕاستییە، وەلێ هونەرمەندی مەزن هەردووکیان، ئازادی و ڕاستی، یەکدەخات. بەرهەمێکی سروشتی جوانە گەر گونجاو بە یاسای هونەر ئازادانە دیار بدات، ئەوجا بەرهەمێکی هونەری جوانە گەر ئازادانە بەرهەمێکی سروشتی “دابڕێژێت”. لەم ڕوانگەیەوە جوانێتیی هونەر خودی سروشت نییە، بەڵکو داڕشتنی ئافرێنەرانەی سروشتە لە میدیەمێکدا، وەلێ ئەوە لەنێو خودی هونەرمەندەوە، نەک وێنەدانەوەی سروشت بێت وەک لە ناتورالیزمدا. شیلەر بە واژەی “داڕشتن” جەخت لە ئۆتۆنۆمیی هونەر و ئازادی دەکات کە پێشترییان لە نێوەرۆک هەیە. هونەرمەند گەرەکە “پەرە بە سروشت بدات” نەک کتومت لاسایی ئەو بکاتەوە، بەوەش کردەکێتییەکی ئیدیال بهێنێتەگۆڕێ: مۆتیڤەکانی جوانتر و کامیلتر لە هەبوونی ڕیالیان دابڕێژێت.
ئێمە دەبێت پەیوەند بە جیاوازیکردنی هونەرمەندانەوە لای شیلەر ڕەچاوی سێ تێگە بکەین: ئۆبژێکتیڤێتی، سەبژێکتیڤێتی، کەرەسە. هونەرمەند مەزنە گەر داڕشتنەکەی ئۆبژێکتیڤی بێت، واتا خودی بابەتەکەمان پێشان بدات؛ هونەرمەند مامناوەندییە گەر داڕشتنەکەی سەبژێکتیڤی بێت، واتا خودی خۆی پێشان بدات؛ هونەرمەند ناباشە گەر تەنیا کەرەسە پێشان بدات، واتا گەر سروشتی میدیەمەکە و ئاستەنگەکانی هونەرمەند سەروەربن بەسەر داڕشتنەکەیدا. شیلەر ئەم جیاوازیکردنە بە نموونەی نواندنی سێ ئەکتەر لە شانۆییەکی هاملێتدا ڕووندەکاتەوە:

1- کاتێک ئێکهۆف رۆڵی هاملێت دەنوێنێت، لێرەدا پەیوەندیی کەسێتی بە ڕۆڵ-ەکەیەوە هاوشێوەی پەیوەندیی کەرەسەیە بە فۆرمەوە، یان لەش بە ئیدێوە. ئێکهۆف کەرەسەیە و هەر خۆی بلیمەتییەکەی هاملێت دەفۆرمێنێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی کەسی ئێکهۆفی ئەکتەر بەتەواوی لە کەسی هونەرییانەی هاملێتدا لەناودەچێت، هەروەها لەبەر ئەوەی تەنیا فۆرم، واتا کارەکتەری هاملێت، هەستپێدەکرێت نەک کەرەسە (واتا کەسی ئەکتەرە ڕیالەکە)، کەواتە لە ئەودا تەنیا فۆرم (هاملێت) هەیە، ئەوا ئێکهۆف رۆڵەکەی جوان دەنوێنێت، چونکە داڕشتنەکەی ئۆبژێکتیڤییە و هیچی سەبژێکتیڤیی پێتێکەڵ نەبووە.
2- کاتێک خاتوو ئالبرێشت رۆڵی ئۆفیلیا دەنوێنێت، لەوێدا نە سروشتی کەرەسە (کەسی خانمە ئەکتەرەکە) و نە سروشتی داڕێژراوەکە (کەسی ئۆفیلیا) دەبینرێت، بەڵکو تەنیا ئیدێیەکی ئارەزوومەندانەی خانمە ئەکتەرەکە دەبینرێت. ئەو بنەڕەتێکی سەبژێکتیڤی بە خۆی دەدات تاکو پێشبینیی ژان و شێتی و ئابڕووی نەجیبانە بکات بەبێ ئەوەی لەوە بهزرێت کە داخۆ ئۆبژێکتیڤێتی بەم پێشبینییە بدرێت یان نەدرێت. کەواتە خاتوو ئالبرێشت تەنیا مانییر (شێوەی ڕەفتاری کەسەکی) ی هەیە، وەلێ ستایلی نییە کە شیلەر پێناسەی دەکات وەک «باڵاترین سەربەخۆیی داڕشتن لە سەرجەم دەستوێژە سەبژێکتیڤی و ئۆبژێتیڤی-بەڕێکەوتەکانی داڕشتن.» (23)
3- کاتێک بریوکل رۆڵی پاشایەک دەنوێنێت، لێرەدا سروشتی میدیەمەکە بەسەر فۆرمدا (رۆڵی پاشادا) سەروەرە، چونکە ئەکتەرەکە (کەرەسە) لە هەموو بزووتنێکدا قێزەوەن و نەشارەزا نیگا دەکات. ئەو ناتوانێت کەرەسە (لەشی ئەکتەر) بەگوێرەی ئیدێیەک بفۆرمێنێت. کەواتە داڕشتنەکەی پەرێشانە، چونکە سروشتی کەرەسە و ئاستەنگە سەبژێکتڤییەکانی خودی هونەرمەندەکە ئاشکرا دەکات (24).
لەم ڕوانگەیەوە پێشمەرجی جوانێتیی داڕشتن لای شیلەر ئەوەیە کە هونەرمەند بە ڕاستی و پەتی و تەواوەتی لە سەرجەم ئۆبژێکتیڤێتیی بابەتەکەی تێبگات، ئەوجا ئۆبژێکتەکەی (لەپێشخۆدانراوەکەی) وەک فۆرمی پەتی پێشبینی بکات و دایبڕێژێت. هونەرمەند ئەمەی پێبەدیدەهێنرێت گەر دەرفەت نەدات سروشتی میدیەمەکە کە تێیدا ئۆبژێکتەکە دادەڕێژرێت، دەرەکییانە کاریگەری لەسەر ئەم ئۆبژێکتەی هۆشی بنوێنێت.

3-3 کێشەی جوانێتی وەک دیاردانی ئازادی

شیلەر لە „نامەکانی کالیاس“دا هەوڵ دەدات لە تێگەی ئازادییەوە ئۆبژێکتیڤییانە بناغەی جوانێتی بڕێژێت، وەلێ ئەو خۆی درەنگتر دەگات بەو تێڕوانینە کە جوانێتی تەنیا هەستی پێدەکرێت نەک بناسرێت، واتا بابەتی مەئریفە نییە، بۆیە «دەرئەنجاماندنی جوانی لە پرنسیپگەلی ئاپریۆرییەوە گومانهەڵگرە» (25). کەواتە ناشێت جوانێتی لە یەک گۆشەنیگاوە ساغبکرێتەوە.
پرسیارێکی کرۆکی لەم پەیوەندییەدا ڕوودەکاتە جوانی وەک ئازادی لە دیاردەدا. لێرەدا دژبێژییەکی لۆژیکی لەگۆڕێیە، چونکە لەم ڕستەیەدا دوو تێگە پێکەوە گرێدەدرێن کە بە تێڕوانینی کانت، تەنانەت بە تێڕوانینی خودی شیلەر، پێکەوە ناگونجێن: ئازادی (ئۆتۆنۆمی) تێگەیەکی ئەخلاقییە تەنیا لە کایەی هۆشەکیدا (نادەرکیدا)، وەلێ دیاردە لەژێر ڕکێفی یاساکانی سروشتدایە، کەواتە کایەی نائازادییە. کانت جیاوازی لە نێوان دوو جیهاندا دەکات: جیهانی دیاردەکان (فێنۆمێنەکان) کە ئێمە بە دەرکەوەرەکانمان شئوریان پێدەکەین، ئەوجا جیهانی “شتەکان لە خۆدا” (نومێنا) کە کایەی تەواو هۆشەکییە و بە دەرکەوەرەکانی مرۆڤ دەرک ناکرێت. ئازادی سەر بە جیهانی نومێنایە، کەواتە پرسە لە کایەی هۆشەکیدا و هەرگیز لە جیهانی دەرکیدا دیارنادات – ئاخر لەم جیهانەدا هەموو شتێک لەژێر ڕکێفی یاسای هۆئەنجامیدایە. بێگومان مرۆڤ سەر بە هەردوو جیهانەکەیە: ئەو وەک خاوەنی ڕەمەک و ئارەزوو و هەست بەشێکە لە سروشت، ئەو هەروەها سەر بە جیهانی هۆشەکییە، لەم ڕووەشەوە ویستی ئەو ئازادە: ئەو خۆی دەتوانێت لە دەرەوەی هۆئەنجامی (کاوساڵێتی)ی سروشت زنجیرەیەک هۆئەنجامی بەربخات (بۆ نموونە کانت لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە، وەلێ کتوپڕ هەڵدەستێت و بەو ڕێیەوە زنجیرەیەک هۆئەنجامی بەردەخات). بە پێچەوانەشەوە ناشێت دیاردە کە پابەندی زەروورەیە، هاوکات بەتەواوەتی (ئەبسۆلوت) ئازاد بێت. شیلەر لێرەدا دژبێژییەکە دەبینێت، ئەوجا هەوڵ دەدات بە تێگەی “هەروەک-ئەوهایی” چارەسەری بکات: گەر ئێمە وای دابنێین کە جوانی ئازادییە لە دیاردەدا، ئەوا بەم تێڕوانینە تەنیا دەبێژین: شتێک جوانە گەر ئەوها بنوێنێت (دیاربدات) هەروەک دیاریکەری خودی خۆی بێت (ئۆتۆنۆمی)، جا گەرچی ئەو شتە لە جیهانی فیزیکیدا بە شێوەی هێتەرۆنۆم دیاریکراوە. شیلەر لێرەدا ئۆبژێکتیڤێتی بە تێگەی جوانی دەدات بەبێ ئەوەی لایەنی سەبژێکتیڤی، واتا لێڕوانەر، بەهەند وەربگرێت. وەلێ لە تێزی جوانی وەک ئازادی لە دیاردەدا دژبێژییەکی لۆژیکی لەگۆڕێیە، چونکە هەرئەوەندەی ئازادی دیاربدات، ئیدی ئەو ئازادی نییە، ئاخر ئازادی ئێستا لەم ڕەوشەدا دەکەوێتە ژێر ڕکێفی یاسا هۆئەنجامییەکانی سروشتەوە، بەوەش سەربەخۆییە ترانسسێندێنتالەکەی نامێنێت. گەر جوانی دیاردانی ئازادی بێت، ئەوسا جوانێتی لە سروشتدا هەر لە سەرەتاوە ئازادانە بەگوێرەی یاسا خۆییە نێوەکییەکانی لەگۆڕێ دەبێت، ئەوە هاوشێوەی بوونەوەرە ئۆرگانییەکان کە لەنێو خۆیانەوە دیاردەدەن: ڕووەکێک گوڵ دەگرێت و دەگەشێتەوە.
وەلێ ئێمە پێویستە پەیوەند بە “نامەکانی کالیاس”ەوە (1793) ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە ئەم نووسینە تەنیا پرۆژەیەکی شیلەر بوو و بە چەند نامەیەک خستییە بەردەم گۆتفرید کوێرنەر، بەبێ ئەوەی پرۆژەکە لەم کایە “پریڤات”ە (تایبەتە) بچێتە دەرەوە، واتا شیلەر مەبەستمەندانە بەرەو تەواوکردنی بەرێت و ئەوجا بڵاوی بکاتەوە. نەخێر، نووسینەکە ساڵی 1847 بڵاوکرایەوە، کەواتە ماوەیەکی زۆر دوای مردنی شیلەر.
چەند هۆیەک بۆ ئەوە لەگۆڕێن کە بۆچی شیلەر نەیتوانی پرۆژەکەی ئەنجام بدات. ئەو لە سەرەتاوە گومانی لە خودی پرۆژەکەی هەبوو، لەم پەیوەندییەشدا هزرینی فەلسەفەیی خۆی لە جوانێتی ورد و دروست و ساغکراوە بنیاتنەنا، بە پێچەوانەوە کانت بە ڕادەیەک بۆی بوو بە ئالەنگاری، کە ئیدی ئەو بە گۆتەی خۆی زۆر جار لەنێو کانتدا بزر بووبوو. ئەوجا شیلەر ماوەیەکی کورت دوای „نامەکانی کالیاس“ ڕوو لە ئێستێتیکی پەتی وەردەگێڕێت و تێڕوانینەکانی، کە لەو نامانەدا هاتبوونە ئاراوە، بە پەرەپێدراوی لە کارێکی دیکەدا تەواوکراوتر و ڕۆشنتر دەردەخات: „پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ“(1795). ئێمە هەروەها پێویستە هەر لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بۆ نەخۆشییەکەی شیلەر بدەین: ئەو ساڵی 1793، کەواتە ساڵی دانانی پرۆژەی “نامەکانی کالیاس”، بەسەختی نەخۆش کەوت، ئەوەش سنووری بۆ کارەکانی دانا.
سەرباری ئەوە تیۆرییە ئێستێتیکییەکەی شیلەر لە چەند ڕوویەکەوە لە مێژووی ئێستێتیکی ئەڵمانیدا بەواتایە. ئەم تیۆرییە یەکێکە لە هەوڵە هەرە سەرەتاییەکانی ئێستێتیکی ئۆتۆنۆمی کە بە “ڕەخنەی هێزی بڕیار”ی کانت (1790) دەستپێدەکات. ئامانجی ئەم ئێستێتیکە ڕزگارکردنی هونەر بوو لە کاریگەرییە دەرەکییەکان (ئایین، سیاسەت، نمایشی نێو کۆشکەکان) و چەسپاندنی وەک کایەیەکی سەربەخۆی پابەند بە یاسای خۆییەوە: هونەر گەرەکە ئۆتۆنۆم بێت، واتا بەند بێت بە لۆژیکی خۆیی و ڕێسا نێوەکییە ئێستێتیکییەکانەوە، نەک پابەند بێت بەو ڕێنومایانەوە کە دەرەکیانە بۆ داڕشتنی هونەری دەچەسپێنرێن. هونەر خۆی دەبێت بە مەبەست نەک دەستوێژ بێت بۆ مەبەست (فێرکردنی مۆرالیی خەڵک)، بەمەش تێزی مەبەستێتیی بێمەبەست هونەر لە ژیانی ڕۆژانە دادەبڕێت، وەلێ هاوکات وەک گوزارشتی ئازادی دەرفەت بۆ لێڕوانینێکی دابڕێنراو لە زەبرە ئابووری و سیاسییەکان دەڕەخسێنێت. ئاخر داواکاری بۆ ئۆتۆنۆمیی هونەر بەشێکە لە پرۆژەی ئازادی (ئێمانسیپاسیۆن)ی بۆرژوازی. ئێستا هونەر دەبێت بە شوێنگەی کشانەوە بۆ ئیدیالەکانی ئازادی و سەبژێکتیڤێتی، بۆ ڕزگاری لە پابەندییە فۆیدالییەکان، هەروەها لە جڤاکی ستاندییانە دامەزراو و دەسەڵاتی ئەبسۆلوتیستی. ئێستا هونەری ئۆتۆنۆم دەتوانێت لەم جیهانەی نائازادیدا “ڕاومێکی ئازادی” ئاوەڵا بکات و دەرفەت بۆ مرۆڤ بڕەخسێنێت بە ئاگایی ئازادییەکەی خۆی بگات. شیلەر لێرەدا ئیدێی ئازادی (ئەخلاق) و جوانی (ئێستێتیک) پێکەوە گرێ دەدات.
ماویەتی

پەراوێزەکان..

(10) Hauck, Florian: Schillers Denkbilder. Die Kunst in den ästhetischen Schriften. S. 60.
(11) Schiller, Friedrich. Kallias oder über die Schönheit. S. 394. Briefe an Gottfried Körner.
(12) Hauck, Florian a.a.O., S. 77.
(13) Schiller, Friedrich, a.a.O., S. 394.
(14) Hauck, Florian a.a.O., S. 83.
(15) Schiller, Friedrich, a.a.O., S. 411.
(16) Ebenda, S. 411.
(17) Ebenda, S. 415.
(18) Ebenda, S. 420.
(19) بڕوانە:
Ebenda, S. 420.
(20) Ebenda, S. 423.
(21) Ebenda, S. 429.
(22) Ebenda, S. 422.
(23) Ebenda, S. 429.
(24) Ebenda, S. 429 f.
(25) Schiller: Nachschrift. HA V. S. 1040. Siehe Hauck, Florian, a.a.O., S. 77.

سەرچاوەکان
سەرچاوەی سەرەکی:

  • Schiller, Friedrich. Kallias oder über die Schönheit. Briefe an Gottfried Körner. Zeno.org. سەرچاوەی لاوەکی:
  • Hauck, Folrian: Schillers Denkbilder. Die Kunst in den ästhetischen Schriften. Würzburg 2017.
  • Mein, Georg: Die Konzeption des Schönen. Bielefeld 2000.
  • Robert, Jörg: Schein und Erscheinung. In: Friedrich Schiller. Der unterschätzte Theoretiker. Hrsg. Von Georg Bollenberg und Lothar Ehrlich. Köln Weimar Wien 2007.



شەڕێک لە گێژاوی یەکلایی نەبونەوەدا.. عوسمانی حاجی مارف

هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوبات دەستیپێکرد، کە عەلی خامنەییان کردە ئامانج، پاشان فراوانتر بوەوە و زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە. سەرەتا بە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئێران دەستی پێکرد، هاوکات بۆردمانی بنکە سەربازیەکان و وێرانکردنی ژێرخانی ئابوری، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەی مووشەکی بالیستیک، بنکەی هەڵدانی مووشەک، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی لەخۆگرت، ئەو هێرشە ئاسمانیانەی کە تاران و شارە گەورەکانی وەک ئەسفەهان، قوم و کرماشانیان کردە ئامانج، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئاسایی نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی بوو لە ڕێساکانی شەڕکردندا، کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ساردەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەڕێوەبردووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر شەڕەکەدا، ڕێژیمی ئێران توانایەکی بەرچاوی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ڕەوتی شەڕەکەدا نیشانداوە، دۆخەکەیان گۆڕی بۆ شەڕێکی درێژخایەن و کاتێکی نادیار، هەوڵەکانی نێوەندگیری و دانوسان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە سنووردار ماوەتەوە، شەڕەکە بە خێرایی پەرەیسەندووەو بەردەوامە، هێشتا هەنگاوێکی جدی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە دەرناکەوێت.
شەڕەکە بە هێرشی ئاسمانی توند دەستی پێکرد بە ئامانجی لاوازکردنی خێرای تواناکانی ئێران و ڕژێمەکەی، بەڵام دوای گەیشتنی شەڕەکە بە لوبنان و دەوڵەتانی کەنداو تا داخستنی گەروی هورمز، بە خێرایی گۆڕا بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی تاڕادەیەک کراوەی ناوچەیی، دواتر لە هێرشە سەربازییە تەرکیزکراوەکانەوە بۆ سەر ئێران گۆڕدرا بۆ ململانێیەکی کراوە و فرە بەرەیی، ئەمەش وایکرد ئاڵۆزتر بێت و کەمتر ئەگەری چارەسەرکردنی پێوە دیار بێت.
ئامانجەکانی شەڕ بە درێژایی ڕێڕەوی خۆی بەردەوام لە گۆڕاندا بووە، لە سەرەتادا گرنگیدان بە گۆرانی ڕێژیمی ئێران، پاشان چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی، ئینجا قۆناغەکانی دواتر جەخت بو لەسەر نەهێشتنی هەڕەشەی مووشەکی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی بریکارەکانی ناوچەی ئێرانی بەخۆیەوە بینی، پاشان هەوڵ بۆکردنەوەی گەروی هورمز، گەمەی شەڕەکەی بردە ئاستێکیتر بۆ فشار لەسەر ئەمریکا. سەرەڕای ئەم گۆڕانکاریە و فرەیی ئامانجەکان، ناتوانرێت بگوترێ کە تا ئێستا هیچ کام لەو ئامانجانە بەدی هاتوون، شەڕەکە زیانێکی بەرچاوی بە ئێران گەیاندووە، بەڵام ئەم ئەنجامانە ناگاتە گۆڕانکاریەکی ستراتیژی یەکلایکەرەوە.
هێشتا گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە هاوسەنگی هێز، یان سروشتی دیمەنی ناوچەییدا بە شێوەیەک نەهێناوەتە ئاراوە کە شەڕەکە ئامانجە سەرەکیەکانی خۆی بەدەستهێنابێت. ئەوەی تا ئێستا بەدەست هاتووە، لاوازبوون و لەدەستدانی بەشێک لە تواناکانی ئێرانە بەبێ ئەوەی بە پەکخستن و ڕادەستبون بگات ، لە کاتێکدا پرسی ئەتۆمیش بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە!.
شەڕەکە هەر بەرەو هەڵکشان دەچێت، لەکاتێکدا واشنتۆن و تەلئەبیب هەوڵدەدەن مەرجی تەسلیمبون بەسەر ئێراندا بسەپێنن، بەڵام خوازیاری بۆ ئاگربەست و مەرجەکانی ئێران، ترامپی بنبەست و سەرسامکردووە. ئاماژەکانی پەرەسەندنی شەرەکە بە بەهێزی ماونەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکان و فراوانبوونی مەودای گرژییەکان. بەڵام فشارە ئابووریە نێودەوڵەتیەکان و ترسی شەڕی ناوچەیی دەتوانن لایەنەکان بەرەو کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغ پاڵ بنێن.
ترەمپ بە چاوەڕوانی و ئامانجی بەرزەوە شەڕەکەی دەستپێکرد، بەڵام ڕوونی نەکردەوە کە چۆن ئەو ئامانجانە بەدەست دەهێنێت، واپێدەچیت کە ترەمپ پشتی بە باڵادەستی ئاسمانی هێزەکانی و ئەو لێدانانە بەستبوو کە ئاراستەی ئێرانیان دەکرد. زانراوە کە پێوەرەکانی سەرکەوتن لە شەڕەکاندا تەنیا لە کاریگەری لێدانەکان نییە، کۆماری ئیسلامی بە هێزی ئاسمانی ناکەوێت، بەو پێیەی ئامانجەکانی ئەمریکا تا ئێستا بەدی نەهاتووە، بە تایبەت کە ئومێدێکی گەورە بۆ گەیشتنیان هەبوو، کاتێک خامەنەیی و سەرکردایەتی سەربازی، ئەمنی و سیاسی لە ڕۆژەکانی ئەوەڵدا کوژران، بەڵام کاریگەری لەسەر ڕادەستبونی ئێران بۆ واشنتۆن، یان گۆڕانی دەسەڵات نەبو، ئەمەش وایکرد، شەڕەکە لەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل قورسترکات.
کەواتە، تەڵەی ئێران توانای ڕاکێشانی ئەمریکایە بۆ ناو شەڕێکی تێچووی زۆر و درێژماوەیە، کە کۆتایی پێهێنانی بۆ ئەمریکا سەختە و خراپ لەسەری دەکەوێت، ترەمپ پێش جەنگ هۆشداری لە فەرماندەی باڵای سەربازی ئەمریکا وەرگرتووە، کە ڕەنگە ئێران بە پەکخستنی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزەوە تۆڵە بکاتەوە. بەڵام ترامپ گریمانەی ئەوەی کردبو کە ڕژێمی ئێران پێش ئەوەی بتوانێت گەروی هورمز داخات دەڕووخێت!.
کۆتایهێنان بە شەڕ لە دوای فراوانبونی قورستر بووە، بە تایبەت کە ئێران شەڕێکی ناهاوسەنگ بەڕێوە دەبات کە حیساباتی ئەمریکای تێکداوە، هاوشێوەی ئەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ڤێتنام ڕووبەڕووی بووەوە.
شەڕەکە بووەتە بارگرانیەکی سیاسی و ئابووری و مۆراڵی لەسەر ئەمریکا و ترەمپ، پێدەچێت ئێستا کەمترین تێچوی بژاردە ئەوە بێت کە ترەمپ گەر بۆی بگونجێت بە خێرایی “سەرکەوتن” ڕابگەیەنێت و کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت!. دەنا ئەو گۆڕانکاریە بنەڕەتیەی لە ئامانجی ستراتیژی هێرش بۆ سەر ئێران ڕوویداوە، کاریگەری لە مەوقعیەتی ئەمریکا لە ئاستی جیهان و ناوخۆی ئەمریکادا بە نەرێنی دەشکێتەوە بەسەریدا.
پێشهاتە سەربازیەکان بە خێرایی کاریگەریان لەسەر بازاڕەکانی جیهانی و نرخی وزە هەیە، ئەمەش ئەو حاڵەتە دەهێنێتە پێشەوە، کە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسێکی ناوچەیی نییە، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری ئابووری نێودەوڵەتی. داخستنی گەرووی هورمز بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی شۆکی ئابووری جیهانی لێبکەوێتەوە.
هەڵبەتە ململانێی بەردەوامی ئەمریکا و ئێران، ڕەنگدانەوەی ململانێیەکی فراوانترە لەسەر بەئەنجام گەیاندنی شێوازیک بۆ نەزمی جیهانی داهاتوو و سنووری بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و ململانێی زلهێزەکانی دنیای سەرمایەداری، کە لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردۆتە گۆڕەپانێک بۆ ڕێکخستنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی، کە ماڵوێرانی قوربانیەکی زۆر دەبێتە بەشی دانیشتوانی ئێران و ناوچەکە کە دژی ئەم شەڕەن.
ئەوەی گرنگە سەرنجی لەسەر بدەین، بە هیچ جۆرێک ئەم شەڕە نەک سودی بۆکرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش نیە و نابێت، بەڵکو بەڵایەکی گەورەیە بۆ سەر ژیان و گوزەران و ئاسایش و بێئیرادەکردنیان، بۆیە پێویستمان بە بە‌هیزکردنی بزوتنەوەی دژی شەڕە لەتەواوی جیهاندا و بەرزگردنەوەی خواستی بێ مەرج و دەستبەجێێ شەڕە.

عوسمانی حاجی مارف




لێکەوتەکانی ئەم جەنگە لەسەر دۆخی خەڵک لەهەرێمی کوردستاندا!.. د. حیکمەت نامیق

ئەو جەنگەی کەوا بەرپابووە دیار نییە کەی کۆتایی پێدێت. ئەوەی کە زۆر جێگای تێڕامان وشۆکە بۆ خەڵک گرانبوونی نرخی سوتەمنی وخۆراک و کەلوپەل و شتومەکە دەسەڵاتیش نەبای دێ نەباران ئەو حکومەتەی کە دەمێکە لەخەمە قووڵەکانی خەڵک دوورکەوتۆتەوە. لێکەوتەو کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر کۆمەڵگای کوردی بەجۆرێکە هیچ کەسێک چارەسەرێکی ڕیشەیی نییە بۆ دۆخەکە.
کۆمەڵگا لە دۆخێکی ناخۆشی ئابوریی و سیاسی و سەربازیی و دەروونی دەژیت، بەتایبەتی لەکاتی کێشەو قەیرانەکاندا ئازاری مرۆڤەکان دەردەکەوێت. لەوەتەی ئەم شەڕەی ئەمریکاو ئێران دەستی پێکردووە میللەت ڕۆژانە لە چاوەڕوانی کوژانەوەی جەنگەکە ژیان بەڕێدەکەن. چونکە بەشی زۆری کۆمەڵگای کوردی لە دۆخێکی خراپی ئابوریدان شەڕەکەش دۆخە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکەی سەختترو قووڵتر کردۆتەوە، چونکە فشارە دەروونییەکان لەسەر تاک و گرووپە کۆمەڵایەتییە هەژارو پەراوێزخراوەکان زیاتر بوون. دەشێ بوترێت کەوا لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ئازاردانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان بوونەتە دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەمانایەکی دیکە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەی کەوا هیچ سیستەم ودامەزراوەیەکی مەدەنی نییە تێیدا ئازارو چەپاندنی مرۆڤەکان بوونەتە کولتوور لەنەوەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگوازرێتەوە.لەسەروبەندی کێشمەکێش و شەڕەکاندا بازرگان و سەرمایەدارە تەماعکارەکان دۆخەکە دەقۆزنەوە بۆ گرانکردنی زیاتری نرخی کەل و پەل و سوتەمەنی و شتومەکەکان.
لەئێستادا کۆمەڵگای کوردی لەژێر بارێکی قورسی ئابوریدا دەگوزەرێ بەهۆی ئەم شەڕەی کەوا هیچ وادەیەکی نییە بۆ کۆتاییهاتن. ئێمە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری نین تاوەکو دەستەبەری تەندروستی وکۆمەڵایەتی و ئابوریی و سۆشیاڵمان هەبێت، بەڵکو کۆمەڵگایەکی ڕاگوزەرین لەقۆناغێکی کۆمەڵایەتی وئابوریی سادەی پێش مۆدێرنەداین بەدەست چەندین گرفت و کێشەی قووڵەوە دەناڵێنین لەهەموو ڕەهەندەکانەوە. ئاشکرایە شەڕ هەرچۆنێک بێت ئایدۆلۆژستەکان چۆن تەفسیری دەکەن، بەڵام هیچ شرۆڤەیەک بەئەندازەی ئەوە نییە ماڵوێرانی و قاتوقڕی و بەدبەختی و گرانی لەگەڵ خۆی دینێت بۆ کۆمەڵ و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی شەڕ دەبێتە بەڵاو کێشە بۆ چینی هەژارو بەشخوراوان. هەرچەندە زۆر بەکەمی نەبێت ئەگینا هیچ شەڕێک بەدرێژایی مێژوو ئاشتی و خۆشگوزەرانی و خۆشبەختی لەگەڵ خۆی نەهێناوە بۆ کۆمەڵگا. پرسیار ئەوەیە لەئەگەری درێژەدانی ئەم شەڕە پلانی دەسەڵات چیە بۆ کۆمەڵگا؟ ئەگەر کوردستان تێوەبگلێت لەم شەڕەدا دیسان جێگرەوە چیە؟ تاکەی کۆمەڵگا بەرگەی ئەم گرانییە دەگرێ؟ هەموو ئەم پرسیارانە پێویستی بەوەڵامی ورد هەیە، چونکە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆکرد ڕێژەی هەژاری لەکوردستاندا لە لوتکەدایە بێکاری تەنگی بەگەنجان هەڵچنیوە، کەچی گرانی نرخی کەلوپەل وکاڵاکان و سوتەمەنیشی هاتە سەر. ئەگەرچی خۆ بەدوورگرتنی بڕیار بەدەستان ئەوپەڕی ئەقڵانییە، چونکە شەڕی پڕۆکسی هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نابێت. پرسیارو تێبینی خەڵک دۆخی دارایی و ئابورییە نەوەک شتی تر. کەواتە گرانی بازاڕ کاریگەری نەرێنی زۆری کردۆتە سەر دۆخ و گوزەرانی خەڵک. لەهەموو دنیا کاتێ ئەزمە سەرهەڵدەدات حکومەت قسەو هەڵوێست و ئەلتەرناتیڤی دەبێت بۆ دۆخە سەختەکان، کەچی لێرە ڕۆژانە نرخی شتومەکەکان گران دەبن و بازرگانە چاوچنۆکەکان بەئاشکرا سوتەمەنییەکانی وەک غازو بەنزین و نەوت بەبازرگانی دەکەن. ئەم دۆخە وابەردەوام بێت نرخی سوتەمەنی وشتومەک و کاڵاکان بۆ چەند هێندە بەرزدەبنەوە. ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتیان. پێویستە خەمخۆران وبڕیار بەدەستان زوو بێنە دەنگ لەسەر بارگرانی خەڵک و گرانبوونی نرخی کاڵاوسوتەمەنییەکان بڕیارێک بدەن لایەنی کەم بارگرانی خەڵکی ماندووی کوردستان کەم بکەنەوە.




ئەلتەرناتیڤی چەپ بۆ ژیریی دەستکرد.. ڕزگار ئاکرێی

پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ژیریی دەستکرد AI دەرفەتێکی گەورەی بۆ بەکارهێنانەکانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان نیگەرانیان دروستکردووە سەبارەت بە چۆنیەتی ئاراستەکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە. لە ڕوانگەی چەپگەرایی دیجیتاڵی، AI دەتوانێت ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە بێت کە یارمەتیدەرە لە دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگا بەرەو دادپەروەری و یەکسانی زیاتر.
ئامانجی ئەم بینینە ئازادکردنی AI لە سنوورەکانی بازاڕی سەرمایەداری و ئاراستەکردنی بۆ خزمەتکردنی هەموو مرۆڤایەتی، گۆڕینی بۆ ئامرازێک بۆ باشترکردنی کوالیتی ژیان، ئازادکردنی خەڵک لە کاری قورسی ڕۆتینی و پەرەپێدانی داهێنانی مرۆڤ لە هەموو بوارەکاندا.
بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، بە کەمترین هەوڵی مرۆڤ پێداویستی زۆرینەی دانیشتوان دابین بکرێت و کاڵا و خزمەتگوزاری و زانیاری بە فراوانی دابین بکرێت، هەندێک جار تەنانەت بە خۆڕایی، بەبێ پشت بەستن بە کرێی چڕ یان پێکهاتەی بیرۆکراتی تەقلیدی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ئەگەرانە سنووردار دەکرێن و بەکاردەهێنرێن بۆ زیادکردنی قازانج، کەمکردنەوەی مووچە و قوڵکردنەوەی هەژموونی چینایەتی و ئایدۆلۆژیا، نەک بۆ ئازادکردنی خەڵک لە چەوساندنەوە.
ئەمڕۆ، AI تەنها ئامرازێکی نوێ نییە لە دەستی سەرمایەدا، بەڵکو لە بنەڕەتدا ڕەنگدانەوەی گۆڕانێکی چۆنایەتییە لە سروشتی بەرهەمهێنان و خستنەڕووی سنوورە پێکهاتەییەکانی سەرمایەداری. زۆرێک لە ئەپڵیکەیشنەکان و پلاتفۆرمەکانی دیجیتاڵ، لە چاپی سێ ڕەهەندیەوە تا سیستەمی هەرەوەزی، بەرهەمهێنانی ماڵەوە، ئۆتۆماتیکی بەکۆمەڵ و لابردنی نێوەندگیرانی سەرمایەداری لە هەندێک کەرتدا، ئەوە دەسەلمێنن کە کۆمەڵگا ئێستا بە شێوەیەکی کاریگەر خاوەنی ئەو ئامرازانەی هەیە کە دەتوانێت ڕێگە بە رێکخستنەوەی سوسیالیستی ئابووری بدات بە شێوەیەکی ئاسۆیی، بەشداربووانە و لەسەر بنەمای کۆمەڵگە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گۆڕانکارییە هێشتا سنووردار و خنکێنراوە لەلایەن پێکهاتە قۆرخکارییەکانەوە کە تەکنەلۆژیا زاڵ دەبن و ئاراستەی قازانج دەکەن نەک قازانجی کۆمەڵایەتی.
لە بەشەکانی داهاتوودا، دەزانین چۆن دیدگایەکی سۆسیالیستی چەپ، بەتایبەتی چەپگەری دیجیتاڵی، دەتوانێت ژیریی دەستکرد وەک هێزێکی ئازادیخواز پێناسە بکات کە خزمەت بە بەها مرۆڤایەتی و پێشکەوتووەکان دەکات. هەرچەندە ئەم بیرۆکانە تەنیا چوارچێوەیەک بۆ دیالۆگی بەکۆمەڵ لەناو چەپدا بوون. پێشنیارکردنی بەدیلێکی لەم شێوەیە پێویستی بە گفتوگۆیەکی فراوان هەیە لە نێوان بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووخواز و چالاکوانەکان و تاکەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
بە پێشکەشکردنی ئەم بیرۆکانە، ئامانج پێشکەشکردنی چارەسەری ئامادە نییە، بەڵکو کردنەوەی گفتوگۆیە لەسەر ئەولەویاتی بەپەلە. ئەم ئەولەویەتانە دەبێت وەک بانگهێشتێکی کراوە بێت بۆ بەشداریکردن لە گەشەپێدانی دیدێکی چەپی دیجیتاڵی لەسەر بنەمای خاوەندارێتی کۆمەڵی ژیریی دەستکرد بە تایبەتی و تەکنەلۆژیا بە گشتی، لە ڕێگەی هەوڵێکی چەپی جیهانی ڕێکخراو.

  1. پەرەپێدانی سیستەمی AI چەپ، بێلایەن و سەرچاوەکراوە.
    وەک چارەسەرێکی گونجاو، پەرەپێدانی سیستەمی AI بێلایەن، دیموکراتی و سەرچاوەکراوە یەکێکە لە ستراتیجیە سەرەکیەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکان بەسەر AI. ئەم سیستەمانە دەبێت بە شەفافییەت و سەربەخۆیی بەڕێوە ببرێن، تا ئەوپەڕی توانا لە بەرژەوەندییە مۆنۆپۆلی سەرمایەدارییەکان دوور بخرێنەوە، بۆ دڵنیابوون لە بەکارهێنانیان لە خزمەتی خەڵکدا.
    بەدەستهێنانی ئەمە پێویستی بە هەوڵ و هەماهەنگی هەیە لە نێوان ڕێکخراوە چەپەکان، پێشکەوتووخواز و مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا، بۆ داکۆکیکردن و کارکردن بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیا بکاتە ئامرازێک کە دیموکراسی، ئازادی و یەکسانی بەهێز بکات لە ژێر داینامیکی دەسەڵاتی چینایەتی ئێستادا.
    سیستەمەکانی سەرچاوە کراوە دەرفەتێک بۆ خەڵک و ڕێکخراوە چەپەکان/پێشکەوتووخواز دەڕەخسێنن بۆ بەشداریکردن لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی بەهاکانیان بێت. تاکەکان یان گرووپەکان دەتوانن دەستیان بە کۆدی سەرچاوە بگات و لە چۆنیەتی کارکردنی سیستەمەکان تێبگەن و ئازادانە دەستکاری بکەن و باشتریان بکەن. ئەم شێوازە دەتوانێت خاوەندارێتی و داهێنانی کۆمەڵ بەهێز بکات، پاڵپشتی شەفافییەت بکات و بەشێک کۆنترۆڵی دەوڵەت و کۆمپانیا قۆرخکارەکان هەڵبوەشێنێتەوە. دەستگەیشتنی گشتی ئەم سیستەمانە بۆ پێداچوونەوە هەروەها مەترسی دەستکاریکردنی ئایدۆلۆژی یان ئەجێندای شاراوە کەم دەکاتەوە و وایان لێدەکات زیاتر باوەڕپێکراو و سەربەخۆ بن لە بەرژەوەندییە تەسکەکانی سەرمایەداری.
    هەروەها پاسەوانی بۆ پاراستنی داتا و تایبەتمەندی دابین دەکات. بە چالاککردنی پێداچوونەوە بە کۆدی سەرچاوە، دەتوانرێت لایەنگری شاراوە و دەستکاریکردن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چینی فەرمانڕەوا دەکات بناسرێتەوە.
    دروستکردنی شەفافییەت و متمانە بە AI هەنگاوی یەکەمی گرنگە بۆ گۆڕینی تەکنەلۆژیا بۆ ئامرازێکی ئازادیخواز.
    چارەسەری کۆتایی کە دەبێت لە درێژخایەندا تێبکۆشین لە هەماهەنگی جیهانی نێوان رێکخراوەکانی چەپ و پێشکەوتنخواز و مافەکانی مرۆڤە بۆ پەرەپێدان و پەرەپێدانی جێگرەوەیەکی چەپ و پێشکەوتووخواز و شەفاف بۆ AI، دڵنیابوون لەوەی کە تەکنەلۆژیا دەبێتە موڵکی کۆمەڵ، لەژێر چاودێری و ئاراستەی گشتی، هاوتەریب لەگەڵ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی، بەها دیموکراسیەکان، و فرەیی ڕۆشنبیری.
    لەجیاتی ئەوەی AI ببێتە بواری تایبەت بە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان، دەبێت ببێتە ئامرازێکی پێشکەوتووخواز و جەماوەری کە یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکان و ناوخۆییەکانی وەک هەژاری و چەوساندنەوە، بەدەستهێنانی یەکسانی و دادپەروەری، بەهێزکردنی دیموکراسی، چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا، و پەرەپێدانی سیستەمی تەندروستی و پەروەردەی گشتگیرتر و دادپەروەرانەتر.
    بەم شێوەیە ژیریی دەستکرد دەبێتە پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی جیهانی، دووبارە پێناسەی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و تەکنەلۆژیا بەپێی بەها سۆسیالیستییەکان دەکات و دەرگا دەکاتەوە بۆ مۆدێلێکی نوێ کە تێیدا تەکنەلۆژیا لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بێت.
    تاوەکو مۆدێلی چەپی پێشکەوتووخوازی AI بەتەواوی بەدی نەهێنرێت، تەکنەلۆژیای ئێستا دەبێت لەژێر چاودێری یاسایی نێودەوڵەتی سەربەخۆ و مافەکانی مرۆڤ بێت بۆ دڵنیابوون لە شەفافییەت و دادپەروەری. ئەم چاودێریکردنە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی دەستکاریکردنی سەرمایەداری لە تەکنەلۆژیا وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دووبارە ئاراستەکردنی بۆ خزمەتی خەڵک لە ژێر پاسەوانی گونجاودا.
  2. ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەلایەتی و برەودان بە یەکسانی لە بازاڕی کاردا
    ژیریی دەستکرد، ئەگەر لە چاویلکەی پێشکەوتووخواز، سۆسیالیست-چەپەوە ئاراستە بکرێت، دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی بەهێز بۆ ئازادکردنی مرۆڤایەتی و بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لە ڕێگەی شیکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەکان و دابینکردنی چارەسەری کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی ئابووری و چەوساندنەوەی چینایەتی. بەڵام بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە ئۆتۆماتیکی نییە. پێویستی بە ئاراستەکردنی میکانیزمەکان و تواناکانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی هەژاری و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و جیاکاری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی بتوانێت بەڕاستی خزمەتی خەڵک بکات.
    AI هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چاودێریکردنی ئەم جیاوازیانە لە ڕێگەی سیستەمی پێشکەوتووی شیکردنەوەی داتا، ڕێگە بە دیاریکردنی گروپە هەژارەکان دەدات و سیاسەتی دادپەروەرانە ئاراستە دەکات بۆ ڕاستکردنەوەی ناهاوسەنگیی پێکهاتەیی لە دابەشکردنی سامان و خزمەتگوزاری.
    لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتە پێشکەوتووەکان و دامەزراوە چەپەکان دەتوانن ئەم تەکنەلۆژیایانە بەکار بهێنن بۆ داڕشتنی پرۆگرامەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی دادپەروەرانەتر و سیستماتیکتر، بە بەکارهێنانی مۆدێلی داتای ورد بۆ دیاریکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان، بەم شێوەیە دەرفەتی یەکسان و کەمکردنەوەی نایەکسانی چینایەتی و بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
    بەدیلی چەپ بۆ AI جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بیکات بە ئامرازێک بۆ ئازادکردنی خەڵک لە کاری ماندووکەر و دووبارە، لە هەمان کاتدا دەستەبەرکردنی دابینکردنی کاری شکۆمەند و جێگیر بە مووچەی یەکسان. بەکارهێنانی دادپەروەرانەی ئۆتۆماتیک دەتوانێ کاتژمێرەکانی کارکردن کەم بکاتەوە و کاتی زیاتر بدات بە تاکەکان بۆ گەشەی کەسایەتی، بەشداری کۆمەڵگە، و چێژ وەرگرتن لە ژیان، لەجیاتی ئەوەی لە بازنەی چەوساندنەوەی چڕی سەرمایەداریدا گیریان خواردبێت.
    لەم مۆدێلەدا، بازاڕی کار دەبێتە فەزایەکی دادپەروەرانەتر و ئازادتر، جیاکاری لەسەر بنەمای جێندەر، ڕەگەزی، ئایین و تەمەن لە ڕێگەی سیستەمی هەڵسەنگاندن لەسەر بنەمای لێهاتوویی و شارەزایی، سەربەخۆ لە لایەنگری کۆمەڵایەتی یان ئایدۆلۆژی. دەبێتە میکانیزمێک بۆ دەستەبەرکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان، لەگەڵ ژینگەیەکی کار کە خۆشگوزەرانی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری وەک یەک باشتر دەکات.
    سەرەڕای ئەوەش، AI دەتوانێت ئامرازێکی بەهێز بێت بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێکخستنی کرێکاران و چالاکی سەندیکا، لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئەپڵیکەیشنەکان کە یارمەتی کرێکاران دەدات سەندیکای دیجیتاڵی دروست بکەن، تۆڕی هاوسۆزی دروست بکەن، توانایان بۆ دانوستان لەگەڵ خاوەنکارەکان بەهێز بکەن، داوای مافەکانیان بکەن و هەلومەرجی کارکردن باشتر بکەن.
    لە کۆتاییدا، AI دەتوانرێت بۆ پەرەپێدانی پرۆگرام بەکار بهێنرێت کە توانای دزەکردنی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و سەپاندنی مانگرتنی دیجیتاڵی هەیە، بە تێکدانی سیستەمی بەرهەمهێنان لەناو کۆمپانیاکان یان دامەزراوە حکومییەکان کە مافی کرێکاران پێشێل دەکەن یان چالاکی سەندیکاکان قەدەغە دەکەن. لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا کە کرێکاران لە مافی خۆڕێکخستن و مانگرتن بێبەش دەکەن، ئەمە دەبێتە دوایین چارەسەر بۆ ناچارکردنی ئەو قەوارانە بۆ پێدانی مافی زیاتر بە هێزی کارەکانیان.
  3. ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێکی پراکتیکی بۆ ئازادی زانستی و بەهێزکردنی داهێنان
    لەجیاتی ڕێگەدان بە ژیریی دەستکرد بۆ لاوازکردنی تواناکانی مرۆڤ و بەرهەمهێنانی نەوەیەک کە زۆر پشت بە تەکنەلۆژیا دەبەستێت، دەتوانرێت ئاراستەی بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ ئازادی زانستی و پەرەپێدانی داهێنان. AI نابێت بەتەواوی جێگەی بیرکردنەوەی مرۆڤ بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت یارمەتیدەر بێت لە فراوانکردنی تواناکانی مرۆڤ، توانای دەستگەیشتن بە ئامرازەکانی زانیاری پێشکەوتوو و ئازادکردنی کات لە ئەرکە ڕۆتینییەکان، بەم شێوەیە ڕێگە بە خەڵک دەدات تەرکیز لەسەر داهێنان و کاری داهێنەرانە بکەن.
    لەجیاتی بەهێزکردنی پشت بەستن و زۆر پشتبەستن، بە تەڵەی ئالوودەبوونی دیجیتاڵیشەوە، AI دەتوانرێت بۆ یارمەتیدان دیزاین بکرێت نەک جێگرتنەوەی توانای مرۆڤ. دەتوانرێت سیستەمی AI سەرچاوە کراوەی پێشکەوتوو پەرە پێبدرێت بۆ هاندانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و داهێنەرانە، هانی بەکارهێنەران دەدات بە سەربەخۆیی زانیاری بدۆزنەوە بە هاندانی پرسیاری شیکاری نەک تەنها پێشکەشکردنی وەڵامی ئامادە. ئەم سیستەمانە دەتوانن بیرۆکەی توێژینەوە پێشنیار بکەن، داتا شیبکەنەوە بۆ پشتگیری کردنی هۆکاری استنتاجی، و هاندانی بەکارهێنەران بۆ دروستکردنی بیری ڕەسەن، نەک بەکارهێنانی پاسیڤی زانیاری.
    بەدیلی چەپ هانی بەکارهێنانی AI دەدات بۆ بەهێزکردنی توێژینەوەی زانستی هاوبەش لە ڕێگەی ئاسانکردنی ئامرازەکانی شیکردنەوەی داتای گەورە بۆ زانایان و توێژەرانی سەربەخۆ. ئەمە دەتوانێت داهێنانی زانستی لە بوارەکانی وەک پزیشکی، چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان و دەگمەنەکان، کۆمەڵناسی، وزەی نوێبووەوە، پاراستنی ژینگە و شتی تر خێراتر بکات.
    دەتوانرێت پڕۆژەی هاوبەشی AI دابمەزرێنرێت بە بەشداری کرێکاران، ژنان، ئەندازیاران، توێژەران و چالاکوانانی کۆمەڵایەتی، دڵنیابوون لەوەی کە تەکنەلۆژیا لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بەکار دەهێنرێت. زۆر گرنگە تەکنەلۆژیای AI وەک خزمەتگوزاری گشتی تەواو بەخۆڕایی دابین بکرێت، کە دەستگەیشتن بە هەموو تایبەتمەندیەکان، سەرەتایی و پێشکەوتوو، کە پاڵپشتی داهێنان دەکات لە هەموو بوارەکاندا، بەبێ باری تێچوونی زۆر.
  4. چاودێری کۆمەڵگا لەسەر ژیریی دەستکرد
    بەدیلی چەپ بۆ AI هەوڵ دەدات چاودێری شەفاف و دیموکراتی کۆمەڵگا بەسەر تەکنەلۆژیا، بەتایبەتی ژیریی دەستکرد، بسەپێنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی بەکارهێنانی دادپەروەرانە و دادپەروەرانە. چاودێریکردنی کاریگەر پێویستی بە دووبارە دابەشکردنەوەی هێزی دیجیتاڵی هەیە بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیا ببێتە خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی و بۆ خزمەتکردنی خەڵک بەکار بهێنرێت، نەک لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە قۆرخ بکرێت.
    ئەمە پێویستی بە دروستکردنی دامەزراوە و پلاتفۆرمی بەشداربوو هەیە کە ڕێگە بە خەڵک دەدات لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی دیزاین و جێبەجێکردنی ئەلگۆریتمەکان بکات و شەفافییەت بەرز بکاتەوە و بەکارهێنەران تێبگەن کە ئەم تەکنەلۆژیایانە چۆن کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە. دەزگاکانی چاودێری جەماوەری دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دابمەزرێنرێن، لەوانە نوێنەرایەتی فراوانی کرێکاران، ئەکادیمیەکان، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و شارەزایانی تەکنیکی، بۆ دڵنیابوون لە بێلایەنی و دادپەروەری لە پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی سیستەمەکانی AI.
    سەرەڕای ئەوەش، یاسا و ڕێنمایی ناچار دەبێت پێشکەش بکرێت کە داوا لە پەرەپێدەران بکات بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی لە قۆناغی دیزایندا جێگیر بکەن، لەگەڵ پێداچوونەوەیەکی زۆرەملێ کۆمەڵگا پێش ئەوەی هەر سیستەمێک بە بازاڕ بکرێت.
    گەشەپێدەران دەبێت ناچار بن هەر سیستەمێکی لایەنگری کە زیانی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە بگۆڕن یان بوەستێنن، وە نابێت هیچ تەکنەلۆژیایەک بەبێ پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ دڵنیابوون لەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر گروپە پەراوێزخراوەکان نابێت یان نایەکسانی چینایەتی بەهێز ناکات.
    سەرەڕای ئەوەش، دەزگاکانی چاودێری دەبێت دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان پێبدرێت بۆ پێداچوونەوە بە بەردەوامی ئەلگۆریتمەکان و چاودێریکردنی لایەنگیرییە چەسپێنراوەکان کە لەوانەیە ببێتە هۆی جیاکاری یان چەوساندنەوە. هەروەها دەبێت ئەم دەزگایانە دەسەڵاتی سەپاندنی ستانداردی یاساییان هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی AI وەک ئامرازێک بۆ بەردەوامی نایەکسانی یان زاڵبوونی چینایەتی.
  5. دووبارە بنیاتنانەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد
    دووبارە ڕێکخستنەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن کۆڵەکەیەکی سەرەکی تێڕوانینی چەپەکانە بۆ AI. ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانرێت بۆ بنیاتنانی سیستەمی پلاندانانی ناوەندیی دیموکراتی لەسەر بنەمای داتای دروست و پرەنسیپە سۆسیالیستییەکان بەکار بهێنرێت، کە ڕێگە دەدات سەرچاوەکان بە شێوەیەکی کاریگەر تەرخان بکرێن بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەوپەڕی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
    ئەم سیستەمانە پشت بە شیکردنەوەی ورد بۆ خواست و بەکارهێنان دەبەستن، توانای بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری پێویست لەسەر بنەمای پێداویستی ڕاستەقینە و دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی بەرهەمهێنان کە تایبەتمەندی سیستەمی سەرمایەداری دەکات. سیستەمێکی سۆسیالیستی دیموکراتی کە بە AI بەڕێوە دەچێت، دەتوانێت هاوسەنگییەک لەنێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنان بەدەست بهێنێت و سەرچاوەکان بە دادپەروەرانە دابەش بکاتەوە بۆ زیادکردنی سوودەکانی تواناکانی بەردەست.
    AI دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە دووبارە داڕشتنەوەی زنجیرەی دابینکردن بە کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان، ئاراستەکردنی بەرهەمهێنان بەرەو ئەو ناوچانەی کە زۆر خزمەتیان پێنەکراوە، و پەرەپێدانی بەردەوامی ژینگەیی بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە و ماددە خاوەکان. سیستەمە لۆجیستییە زیرەکەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە دابەشکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی کاراتر و دیاریکردنی باشترین ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، دەستەبەرکردنی دەستگەیشتنی دادپەروەرانە بەبێ دەستکاریکردنی بازاڕ یان کۆنترۆڵی قۆرخکاری.
    لەگەڵ ئەوەشدا، AI دەتوانێت شەفافییەت لە بەرهەمهێنان و دابەشکردندا بەهێز بکات بە بەدواداچوونی چۆنیەتی تەرخانکردنی سەرچاوەکان و دڵنیابوون لەوەی لەگەڵ ئەولەویاتی کۆمەڵگادا هاوتەریب دەبن.
    AI هەروەها توانای شۆڕشی بەرهەمهێنانی هەرەوەزی و کۆمەڵایەتی هەیە. دەتوانێت هاوکاری و پڕۆژەکانی کۆمەڵگە بەهێز بکات بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکانە کە کارایی کارکردن باشتر دەکات، تێچووی کەمتر دەکاتەوە و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان لەنێوان ئەنداماندا دەستەبەر دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، تەکنەلۆژیا دەبێتە ئامرازێک بۆ بنیاتنانی ئابووری هاوپشتی، یارمەتیدانی کۆمەڵگە هەژارەکان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی هاوبەش و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوە بەردەستەکان، ئازاد لە چنگی سەرمایەی مۆنۆپۆلی.
  6. ژیریی دەستکرد بۆ دادپەروەری جێندەر
    هێزە چەپەکان، فێمینیستەکان و مافەکانی مرۆڤ دەبێت چالاکانە کار بکەن بۆ دیزاین و پەرەپێدانی سیستەمەکانی AI کە دادپەروەری جێندەر بەرز دەکاتەوە و پشتگیری یەکسانی تەواو دەکات. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، پێویستە نوێنەرایەتی هاوسەنگ بۆ ژنان لە تیمەکانی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا هەبێت، یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی لایەنگری جێندەر کە لە ئەلگۆریتمەکاندا جێگیر کراوە. هەروەها دەبێت فشار هەبێت بۆ سەپاندنی ئەو سیاسەتانەی کە هەمەچەشنی جێندەر لە هەموو قۆناغ و ئاستەکانی دیزاین و پەرەپێدانی AI دەسەپێنێت، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی زاڵبوونی پیاوان لە بوارەکەدا.
    سەرەڕای ئەوەش، ئەلگۆریتمەکان دەبێت لەسەر داتای گشتگیر و هەمەجۆر ڕابهێنرێن کە ئەزموون و ڕۆڵی ژنان بە شێوەیەکی تەواو و ناکڵێشەیی ڕەنگ دەداتەوە. ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ شکاندنی قاڵبی ڕەگەزی نەریتی کە لەلایەن پێکهاتەی پیاوسالاریەوە بەهێز دەکرێت. پێویستە حکومەتەکان فشار بخەنە سەر یاسایەک کە داوا لە کۆمپانیاکان دەکات ڕاپۆرتی شەفاف لەسەر جیاوازی جێندەر لە تیمەکانی تەکنەلۆژیا و پرۆگرامەکانیاندا بڵاو بکەنەوە.
    پێوانەی هەڵسەنگاندن دەبێت بگۆڕێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر “یەکسانی جێندەر” لە ئەدای سیستەمدا نەک تەنها کارایی تەکنیکی.
    هەروەها دەتوانرێت AI بۆ پشتگیری کێشەکانی ژنان و پەرەپێدانی یەکسانی جێندەر بەکار بهێنرێت لە ڕێگەی پەرەپێدانی سیستەمی شیکاری پێشکەوتوو کە جیاکاری لە شوێنی کار دەدۆزێتەوە. هەروەها دەتوانێت پشتگیری ئەو سیاسەتانە بکات کە مافەکانی ژنان لە پەروەردە، چاودێری تەندروستی و گرتنەخۆی ئابووری و سیاسی بەهێز دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، تەکنەلۆژیای AI دەتوانرێت بۆ شیکردنەوەی جیاوازی مووچەی جێندەر لە ڕێگەی سیستەمی زیرەکی ڕاهێنراو لەسەر داتای بازاڕی کار بەکار بهێنرێت، یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشەپێدانی سیاسەتی دادپەروەرانەتر کە دادپەروەری مووچە و یەکسانی جێندەر بەدەست دەهێنێت.
    ڕێکخراوەکانی چەپ و فێمینیست و مافەکانی مرۆڤ دەبێت گوتارێک وەربگرن کە تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێکی ئازادیخواز بۆ یەکسانی جێندەر پێناسە بکات، نەک جیاوازی بەرهەم بهێنێت. ئەمە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی کڵێشەی بەستراو بە سیستەمی خزمەتگوزاری و دەنگ و پەرەپێدانی یاریدەدەری زیرەک کە ڕەنگدانەوەی بەها پێشکەوتووەکانی وەک دادپەروەری و یەکسانی، داننان بە ژنان وەک هاوبەشێکی تەواو و یەکسان لە بنیاتنانی کۆمەڵگادا.
    لەگەڵ ئەوەشدا، زمانی پیاوسالار دەبێت لە سیستەمەکانی AI لاببرێت و زمانی بێلایەنی جێندەر پەرە پێبدرێت بۆ یارمەتیدان لە هەڵوەشاندنەوەی لایەنگری ڕەگەزی. ئەمە دەتوانرێت بە دیزاینکردنی ئەلگۆریتمەکان بەدەست بهێنرێت لەسەر بنەمای داتای زمانەوانی گشتگیر و هەمەجۆر کە ڕەنگدانەوەی کڵێشەی ڕەگەزی تەقلیدی نییە.
    ئامرازەکانی AI هەروەها دەتوانرێت پەرە پێبدرێت بۆ پێداچوونەوە بە دەقەکان و شیکردنەوەی گفتوگۆ بۆ نەهێشتنی جیاکاری زمانەوانی یان ڕەگەزی، یارمەتیدەر دەبێت بۆ دووبارە شێوەکردنی زمانی سیستەمە زیرەکەکان بۆ گشتگیرتر و دادپەروەرانەتر، و بەرزکردنەوەی ڕێز و یەکسانی لە دەربڕین و پەیوەندیدا.
    ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە یارمەتیدەر دەبن بۆ بنیاتنانی دیدگایەکی جێگرەوە کە پەیوەندی نێوان AI و دادپەروەری جێندەر دووبارە پێناسە دەکاتەوە، کە تێیدا تەکنەلۆژیا دەبێتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ بەهێزکردن و ئازادی، و پشتگیری یەکسانی و دادپەروەری تەواوی جێندەر دەکات.
  7. ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ
    ژیریی دەستکرد دەبێت ببێتە ئامرازێک بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ، نەک بۆ سنووردارکردن یان پێشێلکردنیان. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، پێویستە دەستپێشخەری چەپی پێشکەوتووخواز بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە شەفافییەت و چاودێری و بەکارهێنانی AI بە شێوەیەک کە دادپەروەری و یەکسانی بەرز بکاتەوە، لەجیاتی ئەوەی لەلایەن ڕژێمە دیکتاتۆرەکان و کۆمپانیا گەورەکانەوە بۆ چاودێریکردنی تاکەکان و سەرکوتکردنی ئازادییەکان بەکار بهێنرێت.
    پێویستە چوارچێوەی یاسایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی توند دابمەزرێنرێت بۆ بە تاوان ناساندنی بەکارهێنانی AI لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، چ لە ڕێگەی چاودێریکردن، بە ئامانجگرتنی بەرهەڵستکاران و چالاکوانان، یان سانسۆری دیجیتاڵی کە دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی دیجیتاڵی و کوشتنی دیجیتاڵی و سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین.
    هەموو کاربەرنامەکانی AI دەبێت ڕێز لە بنەماکانی دادپەروەری و مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ بگرن کە لە دەستوورە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە. ئەپڵیکەیشنەکانی AI لەسەر بنەمای ئاسایش دەبێت لەژێر پێداچوونەوەیەکی دادوەری سەربەخۆدا بن، لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری بکەن لە هەڵسەنگاندنی ئەو مەترسیانەی ئەم سیستەمانە بۆ ئازادییەکان دروست دەکەن. پێویستە تۆڕی هاوپشتی جیهانی پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و بایکۆتکردنی ئەو کۆمپانیایانەی تەکنەلۆژیای چاودێری بە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەفرۆشن و بیانخەنە لیستی ڕەشی نێودەوڵەتی.
    بۆ دڵنیابوون لە بەرپرسیارێتی، سیستەم و پرۆگرامەکانی AI سەرچاوە کراوە دەبێت لەلایەن دامەزراوە سەربەخۆکان کە لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ پێک هاتوون، پەرە پێبدرێت و بەڕێوە ببرێن، لەگەڵ چاودێری دیموکراتی بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنان لەلایەن حکومەتەکان، کۆمپانیا قۆرخکارەکان، یان ڕژێمە دیکتاتۆرەکان. ئەم سیستەمانە دەتوانرێت بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەکار بهێنرێن لە ڕێگەی ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان، چاودێریکردنی ئەدای حکومەت و شیکردنەوەی داتاکان بۆ ئاشکراکردنی کردارە سەرکوتکەرەکان.
    بەهێزکردنی ڕۆڵی رێکخراوەکانی چەپ، پێشکەوتنخواز و مافەکانی مرۆڤ لە چاودێریکردنی بەکارهێنانی AI زۆر گرنگە. دەتوانرێت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکبهێنرێت بۆ فشار خستنە سەر بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ زاڵبوون و سەرکوتکردنی دیجیتاڵی.
    AI هەروەها دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی چاودێری دیجیتاڵی لە ڕێگەی پشتیوانیکردن لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نهێنی و پەیوەندی پارێزراو بۆ پاراستنی چالاکوانان و بەرهەڵستکاران، هەروەها چاودێریکردنی حکومەتە دیکتاتۆرەکان و ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ.
    هەروەها بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە مەترسییەکانی چاودێری و کۆنتڕۆڵی دیجیتاڵی زۆر گرنگە، لەگەڵ دەرکردنی یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی تایبەتمەندی و دابینکردنی ئامرازێک بۆ یارمەتیدانی تاکەکان بۆ پاراستنی داتاکانیان و دەستەبەرکردنی ئازادی ڕادەربڕین لە بۆشاییە دیجیتاڵییەکاندا.
  8. بەرەو بەدیلێکی ژینگەیی سۆسیالیستی بۆ ژیریی دەستکرد
    ژیریی دەستکرد دەبێت بەرەو پاراستنی ژینگە بگۆڕدرێت، ئامانجێک کە تەنها لە چوارچێوەیەکی سۆسیالیستی دا بەدی دێت کە پەیوەندی نێوان تەکنەلۆژیا و سروشت دووبارە پێناسە دەکاتەوە، دوور لە لۆژیکی بازاڕی سەرمایەداری کە ئێستا پەرەی سەندووە.
    جێگرەوەیەکی چەپ بۆ AI دەبێت هەوڵ بدات تەکنەلۆژیا لە کۆنتڕۆڵی سەرمایەداری ئازاد بکات و بیکاتە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی. بەکارهێنانەکانی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمکردنەوەی کاریگەری ژینگەیی بەرهەمهێنان و دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان خزمەت بکات، لەجیاتی بەهێزکردنی مۆدێلی سەرمایەداری بەرهەمهێنانی بێسنوور کە هاوسەنگی ژینگەیی تێکدەشکێنێت.
    لە مۆدێلی چەپدا، AI وەک میکانیزمێک بۆ پلاندانانی ئابووری هۆشیارانە خزمەت دەکات. توانای شیکاری بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێکخستنی بەرهەمهێنان لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا، نەک خواستی بازاڕ و کێبڕکێ، کە بەردەوام پەرەسەندن بەڕێوە دەبات. لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی پێشکەوتووی AI، دەتوانرێت سەرچاوەکان بەشێوەیەکی کاریگەرتر بەکار بهێنرێن، بەفیڕۆدان کەمبکرێتەوە، و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا ئاراستەی چارەسەری ژینگەیی قووڵ بکرێت، وەک باشترکردنی سیستەمەکانی وزەی نوێبووەوە، بەڕێوەبردنی بەردەوامی ئاو و کەمکردنەوەی گازەکان لە کەرتەکانی پیشەسازی.
    پێویستە AI لەو پرۆژانەدا قەدەغە بکرێت کە زیان بە ژینگە دەگەیەنن و هەر تەکنەلۆژیایەکی AI دەبێت پێش پەسەندکردنی کاریگەری ژینگەیی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. پێویستە سیستەمی چاودێری زیرەک دروست بکرێت بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی کۆمپانیاکان بە ستانداردە ژینگەییەکان، لەگەڵ چاودێریکردنی جەماوەری سیاسەتەکانی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی سەرچاوە وێرانکەرەکان.
    کۆتاییهێنان بە هەژموونی دەوڵەتە بەهێزەکان و کۆمپانیا قۆرخکارەکان بەسەر تەکنەلۆژیا تەنها دووبارە دابەشکردنەوەی سوودەکانی نییە، بەڵکو پێناسەکردنەوەی ئەولەویەتەکانیەتی. پێویستە تەکنەلۆژیا بەرەو دەستپێشخەری ژینگەیی ستراتیژی بگۆڕدرێت کە خزمەت بە کۆمەڵگا و هەسارەکە دەکات، نەک بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیاکان.
    تەکنەلۆژیای سەرمایەداری بە شێوەی ئێستای خۆی قەیرانی ژینگەیی چارەسەر ناکات، بەڵکو خراپتری دەکات. بەڵام لە چوارچێوەی سۆسیالیستیدا دەتوانرێت تەکنەلۆژیا ببێتە ئامرازێکی بەهێز بۆ پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و بنیاتنانی ئابووری لەسەر بنەمای دادپەروەری ژینگەیی نەک مرۆڤ و ئیکۆلۆژی.
    لە کاتێکدا هەندێک چاکسازی لە سەرمایەداریدا دەکرێت وەک یاسای ژینگەیی و یاسای سەوز، بەڵام ئەزموون سنووردارییەکان و نەتوانینی گۆڕانکاری بنەڕەتی نیشان دەدات.
    چارەسەری بنەڕەتی پێویستی بە گۆڕانێکی ڕیشەیی هەیە لە پەیوەندی نێوان تەکنەلۆژیا و کۆمەڵگا، کە تێیدا هەموو تەکنەلۆژیا و سیستەمەکانی AI ملکەچی ستانداردی دیموکراسی و ژینگەیی توندن کە ئەولەویەتی پاراستنی ژینگە دەدەن.
    ئەمە هەروەها پەرەپێدانی سیستەمی زیرەک دەگرێتەوە کە زیادەڕۆیی وزە کەم دەکاتەوە و پشت بەستن بە وزەی نوێبوونەوە بەرز دەکاتەوە، دڵنیایی دەدات کە تەکنەلۆژیا خزمەتی کۆمەڵگا و ژینگە دەکات.
  9. ژیریی دەستکرد بۆ ئاشتی و چەک داماڵین
    پێویستە AI وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی جیهانی ئاراستە بکرێتەوە نەک وەک چەکێکی جەنگ و وێرانکاری. بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە، پێویستە سیاسەتی نێودەوڵەتی بگیرێتەبەر کە پەرەپێدان و بەکارهێنانی AI لە چەکەکاندا قەدەغە بکات، بەتایبەتی سیستەمە سەربەخۆکان کە بەبێ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی مرۆڤ کار دەکەن، چونکە ئەمانە هەڕەشەیەکی بێ وێنەن بۆ ئاشتی جیهان و هەژموونی زلهێزە سەربازییەکان بەهێز دەکەن.
    بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان دەتوانن دەستپێشخەری جیهانی بکەن بۆ فشار خستنە سەر حکومەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەرکردنی یاسایەکی ڕوون و توند بۆ قەدەغەکردنی پەرەپێدانی سەربازی AI. ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ شیکردنەوەی ململانێکانی ئێستا، لێکۆڵینەوە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی جەنگ و پێشنیارکردنی چارەسەرەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانە.
    AI هەروەها دەتوانێت هاوکاری نێودەوڵەتی بەهێز بکات لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانەوە کە دیالۆگی نێوان گەلان پەرە پێدەدات و دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتیخوازانە پەرە پێدەدات.
    سەرەڕای ئەوەش، AI دەبێت بۆ دۆکیۆمێنت کردنی تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەکار بهێنرێت و رژێمە دیکتاتۆرەکان، دەوڵەتان و کۆمپانیا گەورەکان بەرپرسیار بن لە سەربازیکردنی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی بۆ جەنگ.
    بزووتنەوە چەپەکان، گروپەکانی داکۆکیکار لە ئاشتی، و رێکخراوەکانی دژە جەنگ ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە مەترسیەکانی میلیتاریزاسیون AI لە ڕێگەی هەڵمەتی پەروەردەیی، میدیای پێشکەوتووخواز و چالاکی لەسەر زەوی، بۆ ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سەرمایەداری و جەنگ و کاڵاکردنی وێرانکاری.
    بەهێزکردنی جەماوەر بۆ بەرگری کردن لە سەربازیکردنی تەکنەلۆژیا مانای بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی بەرگری جیهانی کە بتوانێت فشار بخاتە سەر حکومەت و دامەزراوەکان بۆ کۆتایی هێنان بەم بەکارهێنانی نامرۆڤانە و تاوانکارانەی تەکنەلۆژیا بە گشتی و ژیریی دەستکرد بە تایبەتی.
  10. ژیریی دەستکرد بۆ پشتیوانیکردنی دێموکراسی و بەشداری جەماوەری
    پێویستە AI لە ئامرازێک بگۆڕدرێت کە یارمەتی داخورانی دیموکراسی دەدات بۆ ئامرازێک کە بەهێزی دەکات و بەرەو پێشى دەبات. تەکنەلۆژیا دەبێت خەڵک بەهێز بکات، بەشداری سیاسی لەسەر بنەمای یەکسانی بەهێز بکات، و شەفافییەت و دەستپاکی لە پرۆسەی دیموکراسیدا مسۆگەر بکات.
    AI دەتوانرێت بۆ پەرەپێدانی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی پارێزراو و شەفاف بۆ دیالۆگ و دەنگدان بەکار بهێنرێت، کە ڕێگە بە هاوڵاتیان دەدات بیروڕای خۆیان دەرببڕن و ڕاستەوخۆ و کاریگەرانە بەشداری بکەن لە بڕیاردان لە هەموو ئاستەکاندا. ئەمە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی دیموکراسی بەشداربوون و گەڕاندنەوەی دەسەڵات و نوێنەرایەتی بۆ خەڵک.
    هەروەها دەتوانرێت ئامرازەکانی AI پەرە پێبدرێت بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی هەواڵی ساختە و زانیاری هەڵە و پاراستنی خەڵک لە هەڵمەتەکانی زانیاری هەڵە بە مەبەستی لاوازکردنی توانایان بۆ بڕیاردانی هۆشیارانە. ئەم ئامرازانە دەتوانرێت بەشێوەیەکی بەرفراوان و ئازادانە بەردەست بکرێن وەک بەشێک لە دەستپێشخەرییەکی گشتی بۆ پەرەپێدانی شەفافیەتی میدیا و بەرەنگاربوونەوەی زاڵبوونی میدیای قۆرخکار.
    ئەمە پێویستی بە شەڕکردن هەیە بۆ یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە بە ڕوونی بەکارهێنانی AI قەدەغە دەکەن بۆ دەستکاریکردنی ڕای گشتی و دڵنیابوون لەوەی ئەو زانیاریانەی پێشکەش بە خەڵک دەکرێن دروست، بابەتی و ڕەنگدانەوەی واقیعن و دوور لە لایەنگری چینایەتی و ئایدۆلۆژی.

ڕزگار ئاکرێی




ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان و بانگەوازێک بۆ کردنەوەی لقی (IBBY) لە کوردستان.. زیاد ڕەشاد قادر

پێشەکی
ڕۆژی 2ی نیسانی هەموو ساڵێک، وەکوو ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان لەلایەن یەکێتیی نێونەتەوەییی کتێبی لاوان (IBBY)ەوە دیاری کراوە، لەو ڕۆژەدا ئاهەنگ و ڕێوڕەسمی تایبەت لە دونیادا ساز دەکرێت. ئەو ڕۆژە، واتە 2/4 هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی نووسەری بەناوبانگ “هانس کریستیان ئەندەرسن”، هەر بۆیە دوو ساڵ جارێک هەر لەو ڕۆژەدا خەڵاتێکی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان دەبەخشرێت. سەرەتا با بەکورتی تیشک بخەیەنە سەر ژیان و بەرهەمەکانی “ئەندەرسن”، ئەوجا دێینە سەر ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان، پاشان بزانین (IBBY) چییە و کەنگی دامەزراوە و کاری چییە، دواتر قسە لە زەروورەتی هەبوونی لقێکی نیشتمانیی (IBBY) لە کوردستان و دەستپێشخەرییەک بۆ ڕێکارەکانی کردنەوەی ئەو لقە ڕادەگەیەنین.

هانس کریستیان ئەندەرسن (1805ــ1875)
هانس کریستیان ئەندەرسن (Hans Christian Andersen) لە 2ی نیسان لە شاری ئۆدێنسەی دانیمارک لەدایک بووە، ئەو لەنێوان ساڵانی (1805ــ1875)دا ژیاوە. بە یەکێک لە دیارترین نووسەرانی چیرۆکی ئەفسانەیی دادەنرێت. ئەندەرسن ڕۆمان و شانۆنامە و شیعری نووسیوە، بەڵام بەهرەکەی لە بواری چیرۆکی فۆلکلۆری و ئەفسانەییەکاندا گەیشتووەتە ترۆپک.
ئەندەرسن لە خێزانێکی هەژاردا پێگەیشتووە، بەڵام لە تەمەنی زووەوە بە گوێگرتن لەو چیرۆکانەی کە بابی بۆی دەخوێندەوە و ئەو هەقایەتە ئەفسانەییانەی دایکی بۆی دەگێڕایەوە، پاشان لەڕێگەی خوێندنەوە و خۆماندووکردنەوە، توانیویەتی خۆی زیاتر بەهرەمەند بکات، بەجۆرێک ببێتە ئەو کەسە ناسراوە، کە زۆرێک لە چیرۆکەکانی بکرێنە فیلم و شانۆنامە و فیلمی کارتۆنی. کەس نەیدەزانی ئەم کوڕە ھەژارە، ڕۆژێک دێت دەبێتە نووسەرێکی بەناوبانگ لە چیرۆکی منداڵاندا، بەجۆرێک لە ماوەی ژیانیدا نێزیکەی 156 بەرھەمی نووسیوە. لە ساڵانی دوای ژیانیشیدا ناوبانگێکی جیھانی پەیدا کردووە. چیرۆکەکانی ئەندەرسن وەرگێڕدراونەتە سەر زیاتر لە 125 زمان . بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە وەک چیرۆک و فیلمی کارتۆنی بە زمانی شیرینی کوردییش (سۆرانی و کرمانجی) بینیومانە و خوێندوومانەتەوە، وەک؛ قورینگ، کەمانچەژەن، کیژگۆکە شقارتەفرۆشەکە، چەرخ و فەلەک، مراوییە ناشیرینەکە و بەرازەوان… کە بە سۆرانی لەلایەن پیرەمێرد و عەزیز گەردی…، بە کرمانجییش لەلایەن نەسرین ڕۆژکان و ڕۆژان حازم… و چەند نووسەرێکی دیکەوە کراونەتە کوردی.
لە ساڵی 1867 شاری ئۆدێنسە، کە زێدی نووسەرە، ڕێزی لە ئەندەرسن ناوە و نازناوی “ھاووڵاتیی شانازی”ی پێ بەخشیوە، ئێستاش لە شاری کۆپنھاگن، پەیکەری “کیژکۆگە شقارتەفرۆشەکە” کە ناوونیشانی یەکێک لە چیرۆکەکانیەتی، لە کەنار دەریاکە داندراوە و بووەتە ھێمایەکی نیشتمانی بۆ دانیمارک.

لە ڕۆژی جیهانیی کتێبدا چی دەکرێت؟
لە ساڵی 1967ەوە ڕۆژی جیهانی کتێبی منداڵان لە 2ی نیسانی هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێت. لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیادا، لەو ڕۆژەدا چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، وەک؛ ئەنجامدانی چالاکیی خێزانیی تایبەت بە خوێندنەوە، لە ڕێگەی تەرخانکردنی کاتێکی دیاریکراو و داواکردن لە هەر ئەندامێکی خێزان کە باس لە چیرۆکێک یان کتێبێک بکات کە خوێندوویەتییەوە و لەگەڵ ئەوانی تردا گفتوگۆی لەسەر بکات. کتێب کردنە دیاری بۆ منداڵان، یان داشکاندن بۆ کتێبی منداڵان، بە ئامانجی هاندان بۆ خوێندنەوە و ڕێگەخۆشکردن بۆ دایباب، تا لەگەڵ منداڵەکانیان بچنە کتێبخانەکان و کتێبی گونجاو هەڵبژێرن. بانگەوازی کۆکردنەوە و کردنە دیاری کتێب لە سەنتەرە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندندا و بەخشینیان بەو ڕێکخراوە خێرخوازییانەی کە کار لەسەر بابەتی پەروەردەیی و نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکەن. پۆشینی جلی تایبەت لەلایەن منداڵانەوە، کە گوزارشت لە پاڵەوانی ناو ئەو کتێبانە دەکات کە دەیخوێننەوە، یان پۆشینی جلی کەسایەتییە دڵخوازەکانی ناو چیرۆکەکان. هەروەها هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە سوود و بایەخی خوێندنەوە لە پێگەیاندنی هەر منداڵێکدا، بەتایبەت سوودە دەروونییەکانی وەک؛ دروستکردنی هەستی ئەرێنی، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و فشار، پاراستنی تەندروستیی مێشک، خۆپاراستن لە ئەلزەهایمەر و لەبیرچوونەوە…
لەو ڕۆژەدا بەشێوەیەکی گشتی، ئەوە دەچرپێندرێتە گوێی منداڵ و دایباب و سەرپەرشتیارانیان، کە کتێب تەنێ کۆمەڵێک لاپەڕەی بەیەکەوەگرێدراو نییە، کە بە پیت و وشە ڕەش کراوە و چاپ کراوە، نا، بەڵکوو دەلاقەیەکە بۆ ڕوانین بەسەر دونیایەکی پڕ لە پرسیار، فراوانکردنی ئاسۆی خەیاڵ و گەشەکردنی بیرۆکەی نوێیە. منداڵ لەڕێگەی کتێبەوە، فێری ڕێزگرتن و قەبوڵکردنی جیاوازییەکان دەبێت، کتێب وا لە منداڵ دەکات ئازاد و ئازا بێت، بەهۆی کتێبەوە ڕابردووی دەناسێت و وانەی لێ وەردەگرێت، لەوڕۆدا دەژیێت و پلان و بەرنامەی هەیە بۆ سبەینێ. منداڵ لە خوێندنەوەی کتێبەوە فێر دەبێت کە چۆن ڕووبەڕووی بارودۆخە سەختەکان ببێتەوە، بۆ نموونە چۆن مامەڵە لەگەڵ لەدەستدانی ئەزیزێکیدا بکات. خوێندنەوەی کتێب یارمەتی منداڵ دەدات، کە فێری کەلتوور و شێوازی ژیانی نوێ ببێت.
لە دونیای تازە و سەردەمی دیجیتاڵی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، کە منداڵان لەگەڵ شۆڕشی زانیاری و دونیای ئاپ و شاشەکاندا دەستەویەخەن، کتێب وەک ڕزگارکەرێک دەردەکەوێت بۆ گەڕانەوە بۆ قووڵایی بیرکردنەوە. خوێندنەوە توانای ڕەخنەگرتن، چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن، جگە لەوە، ئەو ساتانەی دایباب و منداڵ پێکەوە کتێب دەخوێننەوە، نەک تەنیا زمانی منداڵ بەھێز دەکەن، بەڵکوو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانیش قووڵتر دەکەنەوە.
(IBBY) ھەر ساڵەو لە 2ی نیساندا لقی یەکێک لە وڵاتەکان دیاری دەکات بۆ ئامادەکردنی پەیامێکی ڕەسمی تایبەت بەم بۆنەیە. ئەم پەیامە لەلایەن نووسەر و وێنەکێشانی ناوداری ئەو وڵاتەوە ئامادە دەکرێت، کە وەک کارێکی سیمبولیکی بۆ بەکەلتوورکردنی خوێندنەوە لە ناو نەوەی نوێدا، لە سەتان ناوەند و کتێبخانە و قوتابخانە و سەنتەری پەروەردەیی لە جیهاندا دەخوێندرێتەوە.
دەستڕاگەیشتن بە کتێبی باش و کوالێتیی بەرز بە زمانی دایک و پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی، مافێکی بنچینەیی ھەر منداڵێکە. هەرچەندە بەداخەوە، لە بەشێک لە گۆشە و کەنارەکانی ئەم جیهانە، لەبەر چەندین هۆی وەک؛ جەنگ، قەیرانی سیاسی، ھەژاری… بەشێکی منداڵان لەم مافە بێبەشن. ئەوجا ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان دەرفەتێکە بۆ ڕاگەیاندنی ئەم ڕاستییە و ھاندانی دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بۆ دابینکردنی کتێب بۆ ھەموو منداڵێک، چ لە ڕۆژهەڵات بن، یا ڕۆژئاوا، لە باکووری گۆی زەوی بن یا لە باشوور.
منداڵانی ئەوڕۆ، کاراکتەر و بەڕێوەبەر و بەرپرس و سەرکردەی دواڕۆژن، ئەگەر کۆمەڵگایەکی تەندروست و پێشکەوتوو و ئیشکەر و بەرهەمهێن و لەخۆبوردوومان دەوێت، پێویستە بە کتێب ئاشنا بن و خوێندنەوە لەلایان ببێتە کەلتوور و لە گەنجینەی مەعریفە و زانست دوور نەبن.

لە کوردستان لەو ڕۆژەدا چی بکرێت؟
ڕاستە لقی (IBBY) تا ئێستا لە کوردستان نییە، بەڵام ئەمە ڕێگر نییە لەوەی چ لەسەر ئاستی تاک (نووسەر، وێنەکێش، وەرگێڕ، پەروەردەکار…)، چ لەسەر ئاستی دەزگا و دامەزراوە (ڕێکخراو، کتێبخانە، زانکۆ، بڵاوکراوە، میدیا…ی تایبەت بە منداڵان) کۆمەڵێک چالاکیی گەورە و جوان ئەنجام بدرێت، لەوانە؛ تەرخانکردنی کۆمەڵێک بەرنامەی تایبەت لە میدیا، ئەنجامدانی ئاهەنگ و ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ بەرزاڕاگرتنی کتێب و ڕۆڵی کتێب لە ژیان و پاشەڕۆژی منداڵدا، بەخشین و کردنە دیاری کتێب، داشکاندنی نرخی کتێبی منداڵان لەو ڕۆژەدا، چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی کتێبی باش و کوالێتیی بەرز، بەتایبەت ئەو کتێبانەی کە منداڵان فێری ڕاستگۆیی، میهرەبانی، دەستپاکی، دڵسۆزی و قەبوڵکردنی جیاوازییەکان دەکەن، تەنانەت ئەوانەی منداڵان ڕادێنن لەسەر چۆنیەتی دەربڕینی توڕەیی یان دڵتەنگی. هەروەها دانان و ئامادەکردنی پۆستەر و پۆستکاد و گرافیک و پارچە ڤیدیۆی گونجاو بەو ڕۆژە لە سۆشیالمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەنجامدانی پێشبڕکێی خویندنەوەی کتێب و خەڵاتکردنی سەرکەوتووان، دانان و پەرەپێدانی کتێبخانەی گەڕۆکی منداڵان، کارکردن لەسەر دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی ناوەندەکانی خوێندن و ئەنجامدانی فیستڤاڵی ساڵانە بۆ بەکەلتوورکردن و خۆشەویستکردنی خوێندنەوە لای منداڵ و هتد…

(IBBY) چییە؟
بۆرد یان ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی کتێب بۆ لاوان (International Board on Books for Young People) کە بە (IBBY ) دەناسرێت، ڕێکخراوێکی قازانجنەویستە و لە ساڵی 1954 لە شاری زیورخی سویسرا دامەزراوە. دەتوانین بڵێین ئەم ڕێکخراوە وەک پردێکی پەیوەندیی جیهانی وایە، لەپێناو بەیەکگەیشتنی ئەو نووسەر و کەسە چالاکانەی لە سەرانسەری دونیادا خەریکی پێشخستنی کتێبی منداڵانن. ئەم دامەزراوەیە کار دەکات بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ منداڵان لە هەر شوێنێکی دونیادا، تا دەستیان بە کتێب بگات. هەروەک هانی بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی کتێبی باش و کوالێتیی بەرزی منداڵان دەدات، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە ئاستی چاپ و بڵاوکردنەوە تێیاندا لاوازە، هەروەها بە جۆرێک لە جۆرەکان گەرەکیەتی پشتیوانی ئەو کەسانە (نووسەر، نیگارکێش، پەروەردەکار، دەزگای چاپ و کتێبخانەکان…) بکات، کە بۆ منداڵان و ئەدەبیاتی منداڵان کار دەکەن.
یەکێکی دیکە لە بەناوبانگترین چالاکییەکانی (IBBY) ئەوەیە؛ کە دوو ساڵ جارێک خەڵاتی هانس کریستیان ئەندەرسن دەبەخشرێتە نووسەر و وێنەکێشێک، کە بەرهەمەکانیان خزمەتێکی شایستەی بە ئەدەبیاتی منداڵان کردبێت. ئەم خەڵاتە بە “خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی منداڵان” دادەنرێت و گەورەترین ڕێزلێنانە لەم بوارەدا. هەر وەک ڕێکخراوەکە لە ڕۆژی 2ی نیسانی هەموو ساڵێک، کە ناو نراوە بە ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان (کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی هانس کریستیان ئەندەرسن)، دروشم و پۆستەری تایبەت بە جیهاندا بڵاو دەکاتەوە.
لە چالاکییەکانی دیکەی ئەو ڕێکخراوە؛ دەرکردنی گۆڤارێکی زانستی و ئەدەبیی تایبەتە بە ناوی (Bookbird)، کە تێیدا لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ ئەدەبیاتی منداڵانی جیهان دەکرێت، بەجۆرێک گۆڤارەکە دەبێتە ژێدەرێکی بایەخدار و باوەڕپێکراو بۆ پسپۆڕانی ئەم بوارە. ئەمە جگە لەو چالاکییە خێرخوازییانەی ئەنجامی دەدات، بەتایبەت لە کاتی جەنگ و کارەساتە سروشتییەکاندا، کە پرۆژەی چارەسەری بە کتێب یان چارەسەری بە خوێندنەوە (Bibliotherapy) ئەنجام دەدات. بەو باوەڕەی کە کتێب دەتوانێت یارمەتی منداڵە زیانلێکەوتووەکان بدات، بۆ تێپەڕاندنی قەیران و شۆکە دەروونییەکان.
هەرچەندە (IBBY) ڕێکخراوێکی ناحکومییە، بەڵام لەلای یونسکۆ و یونیسێفەوە پێگەیەکی ڕەسمی هەیە. ڕێکخراوەکە وەک داکۆکیکارێک بۆ کتێبی منداڵان ڕۆڵی خۆی هەیە، هەروەها پابەندە بە بنەماکانی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی 1990 پەسەند کراوە، کە پەروەردەی گشتی و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ڕاستەوخۆ یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی مافی منداڵ. هەروەها (IBBY) هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و دامەزراوەی کتێبی منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، لەم سۆنگەوە بەشداری لە پێشانگای کتێبی منداڵان و پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی کتێبدا دەکات.

ڕێکخراوەکە لقی لە کوردستاندا نییە
(IBBY) لقی لە 80 وڵاتی جیهاندا هەیە، کە هەر لقێک لە وڵات یان هەرێمەکەی خۆی دەستەیەک لە نووسەر و وێنەکێش و دامەزراوەی وەک کتێبخانە و زانکۆ و ناوەندی ئەکادیمی نوێنەرایەتیی دەکەن و بەڕێوەی دەبەن. هەرچەندە ساڵانێکە ڕێکخراوەکە لە بەشێکی وڵاتانی ناوچەکە، وەک؛ تورکیا، ئێران، ئوڕدەن، میسر، لوبنان، ئیمارات و فەلەستین… لقی هەیە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا لقی نییە.
کردنەوەی لقێکی نیشتمانی لە ڕێکخراوی (IBBY)، هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەر وڵات یان هەرێمێک، کە بیەوێت ئەدەبیاتی منداڵان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسێنێت. ئەمەش کۆمەڵێک ڕێکار و مەرجی سەرەکی هەیە، وەک؛ هەر لقێک کە دەکرێتەوە پێویستە نوێنەرایەتی گشت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەدەبیاتی منداڵان (نووسەران و وێنەکێشانی بواری منداڵان و بڵاوکراوەکان و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و کتێبخانە گشتییەکان و کتێبخانەی قوتابخانەکان و مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرانی بواری پەروەردە و ئەدەب…)ی ئەو وڵات یان ناوچەیە بکات.
هەر لقێکی نیشتمانی دەبێت ساڵانە بڕێک پارە وەک ئابوونەی ئەندامێتی بداتە ڕێکخراوەکە، بڕی ئەم پارەیە جێگیر نییە و بەپێی باری ئابووریی وڵاتەکە و قەبارەی چالاکییەکان دەگۆڕێت، هەر وەک زۆر جار بۆ ئەو ناوچانەی باری ئابوورییان لەبار نییە، ئاسانکاریی پێویست دەکرێت. سوودەکانی هەبوونی لقێکی ڕێکخراوەکە لە هەر وڵات یان هەرێمێک زۆرن، لەوانە؛ پاڵاوتن و پێشنیازکردنی نووسەر و وێنەکێشەکانی بۆ خەڵاتی هانس کریستیان ئەندەرسن، چونکە تەنیا ئەو وڵاتانەی لقی فەرمییان هەیە دەتوانن کاندیدایان هەبێت بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە جیهانییە. هەر لقێکیIBBY دەتوانێت دوو ساڵ جارێک باشترین کتێبەکان (نووسین، نیگارکێشان، وەرگێڕان) بنێرێت بۆ ئەم لیستە جیهانییە کە لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی منداڵان نمایش دەکرێت. هەروەها هەر لقێک مافی هەیە بەشداری لە کۆنگرە جیهانییەکانی ڕێکخراوەکە بکات و نوێنەری خۆیشی بۆ ئەو کۆنگرە دەورییە بنێرێت، کە دووساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون لەگەڵ شارەزایانی جیهان. ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا لقی ڕێکخراوەکە لە هەرێمی کورستاندا نییە!

زەروورەتی هەبوونی لقی (IBBY) لە کوردستان
هەوڵدان بۆ کردنەوەی لقی (IBBY) لە هەرێمی کورستان، تا بتواندرێت وەکوو پێویست ئەدەبیاتی منداڵان و کتێبی منداڵان بەرەو پێش ببردرێت لەلایەک و لەلایەکیدیش، کوردستان لە ڕەوتی بەرەوپێشچوونەکانی دونیا لە ئەدەب و ڕۆشنبیریی منداڵان دوا نەکەوێت و هەموو ئەو ماف و ئەرک و رۆڵ و کاریگەرییەی هەر لقێک هەیەتی، کوردستانیش لێی بێبەش نەبێت، بۆیە جێی خۆیەتی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ نووسەر و وێنەکێش و چالاکانی بواری منداڵان، دەست بکەن بەو ڕێکارانەی پێویستن، بۆ کردنەوەی لقی کورستانی ڕێکخراوەکە.
بۆ دڵنیابوونیش لەوەی ئاخۆ تا ئێستا لقی ڕیكخراوەکە لە عێراقدا هەیە یاخود نا، ئێمە لە چەند ناوەندێکی عێراقییەوە زانیاریی ئەوەیان پێداین، کە بەڵێ لقی لە عێراق هەیە، پاشان کە بەدوای کار و چالاکییەکانی لقەکە و مێژووی دامەزراندنیدا گەڕاین، هیچمان دەست نەکەوت، دواتر کە لە ماڵپەڕی ڕەسمیی (IBBY) سۆراخمان کرد و ناوی هەموو ئەو هەرێم و وڵاتانەمان وەرگرت کە ئەندامن و لقیان هەیە، دەرکەوت تا ئێستا عێراق چەند ڕێکخراوێکی لۆکاڵیی هەیە کە لە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان و هەندێک بۆنەی دیکەدا، کۆمەڵێک چالاکیی هاوشێوەی چالاکییەکانی (IBBY)یان هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی تا ئێستا لقی نیشتمانیی ڕێکخراوەکە لە عێراقدا نییە. بۆیە بۆ هەرێمی کوردستان هەلەکە لەبارترە داوای کردنەوەی لقی کوردستانی ڕێکخراوەکە بکات، ئەمە لە کاتێکدا، ژمارەیەک هەرێم، یان قەوارە کە دەوڵەتی سەربەخۆی داپێدانراو نیین و لقیشیان هەیە، نموونەی ئەو هەرێم و قەوارانەش؛ هەرێمەکانی کەتەلۆنیا و باسک و دەسەڵاتدارێتیی فەلەستینن.
دیارە بۆ ڕەزامەندی وەرگرتن بۆ کردنەوەی هەر لقێک، پێویستی بە توانای ماددی و مەعنەویی کۆمەڵێک کەس و دەزگای خەمخۆر و پەرۆش بۆ ئەدەب و کتێبی منداڵان هەیە، هەروەها پێویستی بە چەندین ڕێکاری کارگێڕی و بەدواداچوون و هەماهەنگی هەیە، کە هەر هەموویان لە کوردستاندا هەن، هەر لە نووسەر و وێنەکێش لە بواری ئەدەب و ڕۆشنبیری منداڵان، تا گۆڤار و تەلەڤزیۆنی تایبەت بە منداڵان و تا ناوەندە ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تا کتێبخانە و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و هتد… لە هەمووشی گرنگتر کورد وەک گەلێکی خودان ناسنامە و مێژوو و زمانی تایبەت بە خۆی و خاوەن کەلەپوورێکی گەورە لە ئەدەبیات بەگشتی و ئەدەبی منداڵان بەتایبەتی، هەرێمی کوردستانیش وەک خاوەن قەوارەیەکی دەستووری، تەواوی مافی بەئەندامبوون و کردنەوەی لقی نیشتمانیی ڕێکخراوەکەی هەیە و لە ئێستادا هەموو زەمینەیەک گونجاو و لەبارە، بۆیە تەنیا خەمخۆری و هەماهەنگیی ئەو کەس و دەزگایانە پێویستن.
لێرەوە بەندە وەک نووسەرێکی ئەدەبی منداڵان و خاوەن ژمارەیەک کتێبی چاپکراوی منداڵانە و چالاک لە بواری ڕۆژنامەنووسیی منداڵان، سەرەتا داوا لە هاوڕێ و هاوکارە دڵسۆزەکانم لە نووسەران و نیگارکێشانی بواری منداڵان دەکەم، بێن پێکەوە بۆردێک بۆ ئەو پرسە دابمەزرێنین، پاشان لەگەڵ ئەو دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدار و خەمخۆر و نیشتمانییانە بکەوینە گفتوگۆ، تا هەرچی زووە فۆرمی داواکاری بۆ کردنەوەی لقی نیشتمانیی ڕێکخراوەکە بدەینە IBBY و ئەو بابەتە بکرێتە خەمی ئەمساڵی دڵسۆزانی کتێبی منداڵان.
لە چاوەڕوانی هەماهەنگی و بەدەمەوەهاتنی دڵسۆزان و پەرۆشانی پاشەڕۆژی منداڵانین، بەو هیوایەی لە مانگی نیسانی ساڵی 2027 لقی کوردستانی ڕێکخراوەکە سەرپەرشتیی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان بکات.

زیاد ڕەشاد قادر

تێبینی
بۆ نووسینی ئەم بابەتە، جگە لە ماڵپەڕی سەرەکیی (IBBY) بەناونیشانی (www.ibby.org)، هەروەها بۆ دڵنیابوون لە هەندێک زانیاری، سوود لەم سەرچاوانەی خوارەوەش وەرگیراوە:
1ــ هانز ئەندەرسن، قورینگ، عەزیز گەردی لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردی، چاپخانەی الحوادث، بەغدا، 1979.
2ــ کەمانچەژەن، وەرگێڕانی لە تورکییەوە: پیرەمێرد، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر، 2012.
3ــ ئەندەرسن، بەرازەوان، وەرگێڕانی: عەزیز گەردی، چاپخانەی الحوادث، بەغدا، 1979.
4ــ هانس کریستیان أندرسن، قصص ،حکایات خرافیة، ترجمة: دنی غالي و ستي غاسموس، دار المدی للثقافة والنشر، ط1، 2006.
5- فريق ليالينا، طرق الاحتفال باليوم العالمي لكتاب الطفل، موقع: MSN، شباط 2025.
6ــ سامر سليمان، كتب يعشقها الاطفال في اليوم العالمي لكتاب الطفل، موقع: ثقافة وفن، 2أبريل 2022.
7-Hans Christian Andersen, Çîrokên Andersen, wergêr: Nesrîn Rojkan, çapxaneyê Morî, Stenbol, 2020.
8-H. C. Andersen, Pelatînk, wergêr: Rojan Hazim, çapxaneyê: Xanî & Bateyî, kopnahgin, 1995.




پارادایمێکی وێرانکەر.. جوتیار مەلا رەئوف

هەڕەشەی لەناوبردنی شارستانیەتێک نابێت مرۆڤ تەنها وەکوو توندوتیژی سیاسی بیبینێت، بەڵکوو دەبێت وەکوو دەربڕینی ئەخلاقی ئەو سیستەمەش ببینێت کە دەسەڵات و قازانج بەسەر مرۆڤایەتیدا لە پێشینەی کاریدایە.
کاتێک گوێمان لە ووتاری سەرۆکێک دەبێت، کە باسی وێرانکردن و بۆردومانکردنی وڵاتێک دەکاتو دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە (چاخی بەردین) بە لەناوبردنی ژێرخانی مەدەنی، مرۆڤ هەستێکی لەلا دروست دەبێت کە زیاترە لە تەنها توڕەیی سیاسی، مرۆڤ دەچیتە ناو هەستوو کینەیەکی ئەخلاقی قوڵتر، چونکە بۆ من لێدوانێکی لەو شێوەیە زۆر زیاترە لە هەڕەشەیەکی سەربازی، هەڵوێستێک ئاشکرا دەکات کە تێیدا ژیان و مێژوو و شارستانیەتی مرۆڤ تەنیا وەک کاڵایەک بۆ گفتوگۆ دەردەکەون، کە ئەوەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە سیاسەتکردن لەوپەڕی لوتکەی نامرۆڤایەتی خۆیدایە.
دەکرێت کەسێک کە سەرکردایەتی زلهێزێکی جیهانی دەکات قسەیەکی لەو جۆرە بکات؟ چۆن مرۆڤ بەو ساردی و بێ هەستییەوە قسە لەسەر لەناوبردنی بناغەکانی ژیان بۆنزیکەی سەدان ملیۆن مرۆڤ دەکات؟ کارەبا، ئاو، نەخۆشخانە، قوتابخانە، ڕێگاوبان، تۆڕەکانی پەیوەندی، ئەوانە تەنها (ژێرخان) نین، ئەوانە مەرجەکانی کەرامەتوو بونی مرۆڤن لە ناو هەر کۆمەڵگایەکدا، هەرکەسێک بەو جۆرەی (ترامپ) باس لە لەناوبردنوو وێرانکردنی بکات، پێویستە بە ڕاستی گومان بخاتە سەر مرۆڤبوون و مۆڕاڵی سیاسی و وجودی کۆمەڵایەتی خۆی.
من ئەوە تەنها وەک شکستی ئەخلاقی کەسایەتیەکی سیاسی و سەرکردەیەک نابینم، بەڵکوو وەک دەربڕینی کێشەیەکی زۆر قوڵتر وگەورەتر تەماشا دەکەم، ناوکی سیستمێکی جیهانی کە تێیدا دەسەڵات و کۆنترۆڵ و بەرژەوەندی زیاترو بەهادارتر لە ژیانی مرۆڤ هەژمار دەکرێت، بۆ ئێمە ئەوە ڕۆشنە کە سەرمایەداری جیهانی، وڵاتان و مەیللەتان و خاکەکانیان وەک فەزای ژیان بۆ مرۆڤەکان سەیر ناکات، بەڵکو وەک فەزای جیۆپۆلەتیکی، وەک بازاڕ، وەک سەرچاوەی کەرەستەی خاو، وەک ناوچەی ستراتیژی سەیر دەکات، لەو شوێنانەی بەرژەوەندیەکان زاڵن، مۆڕاڵ بوونی نامێنێت، لەو شوێنانەی دەسەڵات و سەرمایە حوکمڕانی دەکەن، زۆرجار لەناوبردنی مرۆڤەکان وەک ئامرازێکی سیاسی ڕەوا دەخرێنە ڕوو.
من پێم وایە قەیرانە قووڵەکە ڕێک لێرەدا هەست پێدەکرێت، سەرمایەداری مۆدێرن بەڵێنی پێشکەوتن و بەعەقڵانیکردنی کۆمەڵگاو و گەشەسەندنی دیموکراسی دەدات، بەڵام لە فۆرمەکانی ئیمپریالیزمدا ڕووخسارێکی جیاواز ئاشکرا دەکات، ژیان دەخاتە ژێردەستەی سوودمەندییەوە، بەها ناپێوێت بە مرۆڤ ومرۆڤایەتی، بەڵکو بە دەستبەسەرداگرتن و مۆنۆپۆلکردن، کاتێک دەوڵەتێکی زلهێز بیر لەوێرانکردن و تێکدانی سیستمی گشتی ژیانی مەدەنی وڵاتێکی دیکە دەکاتەوە، لۆژیکی ڕاستەقینەی ئەو سیستەمە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەبێت، (هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە بە مەرجێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو بکات)، کە ئەوەش بە بۆچوونی من ئەوپەڕی نامۆڕاڵیەکی سیاسی ڕیکخراو و سیستماتیکە کە وادەکات ئەو دیدگایە لە دنیای سیاسەتدا زۆر مەترسیدار ببیندرێت، چونکە لەناکاو ئەو شتانەی کە مرۆڤ وێنایان ناکات، وەکوو بژاردەیەکی سیاسی شەرعیەتپێدراو دەردەکەون، ئەوکات چیتر باسی مرۆڤ ناکرێت، بەڵکو باسی (فشار)، (رێگریکردن)، (ئامانج) و (ستراتیژ) دەکەن، بەڵام لە پشت ئەودەستەواژەو زاراوانەوە شتگەلێکی ئەبستراکت بوونی نییە، بەلکو لە پشتیانەوە منداڵ و خێزان و نەخۆش و مرۆڤی بەساڵاچوو و تەواوی شارەکان و تەواوی یادەوەرییەکان و تەواوی مێژووەکان بوونیان هەیە، بەربەرییەت بە وردی لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە زمان ئازارەکان دەشارێتەوەو نەبینراویان دەکات.
بە بۆچوونی من هەڵەیە کە ئەو جۆرە لێدوانانە تەنیا وەک دیدگای (سیاسەتی دەرەکی توندی دەستەڵاتێک) سەیر بکرێت، بەڵکوو ئەوە دەربڕینی کولتوورێکی سیاسیی و کرۆکی ئیفلاسی ئەخلاقین، کولتوورێک کە تێیدا باڵادەستی سەربازی لە ڕێگای وێرانکردنەوە بە گەورەیی و باڵادەستی سیاسی دەزانێت، کولتوورێک کە تێیدا باوەڕ لەسەر ئەو بنەمایە بنیاد نراوە کە لەناوبردن ئامرازێکە بۆ پاراستنی دەستەلاتوو هێز، وە کولتوورێک کە تیایدا سەرۆکی بەهێزترین وڵاتی جیهان کە پێی وایە مافی سروشتی خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی ژیان و بوون و شارستانیەتەکانی تر بدات.
مرۆڤ هیچ هێزێک لەو بابەتەدا نابینێت، بەڵکو تەنها لووتبەرزی سیستەمێک دەبینێت کە خۆی بە مۆدێرن و شارستانی دەزانێت، بەڵام هەمیشە لە ڕێگای بەربەریەتی خۆیەوە ئامادەیە بۆ لەناوبردنی شارستانیەتی ئەوانی تر، بەڕای من ئەوە قووڵترین پارادۆکسە لە هەناوی سەرمایەداری مۆدێرندا ، باس لە ئازادی و دیموکراسی و پێشکەوتن بکەیت، بەڵام هەر کە دەسەڵاتوو هێزەکەت ڕوبەڕووی تەحەدایەکی چاوەڕواننەکراو دەبێتەوە، لەناوبردنی مرۆڤ و وێرانکاری بەرهەم بهێنیت، هەروەها ناوکی لۆژیکی دەسەڵاتی سەرمایەداری مۆدێرن ئاشکرا دەکات، ژیانی ئەوانی دیکە بەپێی بەرژەوەندییەکان بەهایان پێدەدرێت، ئەوەی گرنگە کەرامەتی مرۆڤ نییە، بەڵکو سوودی ستراتیژی و کۆنترۆڵکردن و باڵادەستییە، لەو شوێنانەی دەسەڵات و قازانج پێوەر دادەنێت، سنوورە ئەخلاقییەکان دەگۆڕدرێن، پاشان لەناوچوون و لەناو بردن دەبنە شتێکی عەقڵانی و حیسابکراو و لە ڕووی سیاسییەوە ڕەوایەتیان پێدەدرێت، ڕێک ئەوەیە کە زۆر مەترسیدارە، ئیتر (بێ مۆڕاڵی) وەک (بێ مۆڕاڵی ) دەرناکەوێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی سیاسی حەق و شەرعی دەردەکەوێت.
زلهێزێکی جیهانی کە بانگەشە بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات دەبێت لەمەودوا هێڵێکی ڕوون بکێشێتوو بەو وێنە ڕاستەقینەی کە نیشانی دەدات دەبێت خۆی پێناسە بکاتەوە، هەر هێزێک ئامادەبێت بناغەکانی تەواوی کۆمەڵگایەک تێکبداتوو وێرانی بکات تا ئاستی گەراندنەوەی بۆ (چاخی بەردین)، هەموو مافێکی ئەخلاقی خۆی وەک بەرگریکاری ماف و یەکسانی کۆمەڵگاکان کە نیشانی دەدات، لەدەست دەدات، چونکە شارستانیەتوو مرۆڤایەتی بە وێرانکردنو باڵادەستی سەربازی پێناسە ناکرێت، بەڵکو بە توانای سنووردارکردنی وێرانکاری و توندوتیژی و نواندنی هێزی ئەقڵ پێناسە دەکرێت.
دواجار حوکمێکی ڕوون دەمێنێتەوە، هەرکەسێک باسی لە ناوچوون و وێرانکردنی شارستانیەتێکی هەزاران ساڵە بکات، بە ناوی یاساو و ماف وئاسایش و ئازادییەوە قسە ناکات، وە کاتێک سەرۆکێک بەو شێوەیە قسە دەکات، ئەوە نەک گەورەیی و هێز، بەڵکو تێکشکانێکی ئەخلاقیی سیاسی ئاشکرا دەکات کە دەسەڵاتوو بەرژەوەندی و قازانج بەسەر مرۆڤایەتی و شارستانیەتی مرۆڤدا بە ڕەهایی ئەولەویەت پیدەدات.

جوتیار مەلا رەئوف




شەڕەکە ڕادەوەستێت، هەموو دۆڕا و هەموو براوەن؛ چۆن؟.. شێرکۆ کرمانج

ئەم شەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وتارێک بۆ نەتەوەی ئەمریکا دەدات، بە ئەگەری زۆرەوە دوای بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشە و زاراوەی سەریروسەمەرە و بازاڕیی، وەك: ئێرانمان تەفروتونا کرد؛ ئێران چی دیکە هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل؛ ڕژێمی ئێرانمان گۆڕی، ئێستا ئێران سەرکردایەتییەکی نوێی هەیە؛ ئێران پێویستی بە دەیان ساڵە بۆ ڕاستبوونەوە، هتد، ئینجا داوا دەکات کە شەڕەکە ڕاوەستێت. بەڵام دەشکرێت کە قسە لەسەر قووڵبوونەوەی شەڕەکە بکات، کە من بە ئەگەرێکی کەمی دەبینم. پێشبینیکردن هەر بۆ خۆی شتێکی زەحمەتە، هەر چۆنێک بێت، لەم بابەتە هەوڵدەدەم قسە لەسەر ئەوە بکەم کە بۆچی ئەگەر ئێستا شەڕ ڕاوەستێ، هەموو لایەنەکانی شەڕەکە هەم براوە هەم دۆڕاون.

ئەمریکا براوەیەکی دۆڕاو
ئەم قسانەی ترەمپ ڕاستیان تێدایە بەڵام هاوکات پاساون بۆ شەڕ ڕاگرتن. فیعلەن ئێران بێهزتر بووە، ڕوخساری ڕژێمەکە گۆڕاوە و ئەگەری هەیە ڕەفتاریشی بگۆڕێت، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی بەشێکی زۆر لە توندڕەوەکان کوژران و ئەوانەی ماونەتەوە دەزانن ئەگەر ڕەفتاریان نەگۆڕن لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە زەحمەتە بژین، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران هەموو دەرودراوسێکانی کردە دوژمن.
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمریکا براوەیە، چونکە گۆڕینی ڕژێم لە ڕۆژی یەکەمەوە سیاسەتی ئەمریکا نەبوو. توانای ئەتۆمی ئێران لاوازتربووە و توانا موشەکییەکانی زۆر کشاوەتەوە دواوە. پڕۆکسییەکانی ئێرانیش گورزیان پێکەوتووە، هاوکات، نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە پڕۆکسییەکان هیچ کاتێک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ نەبوون بۆ سەر ئەمریکا.
بۆ یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەش، لەوانەیە ئەمریکا ئەوە بۆ گفتوگۆکانی دوای ڕاوەستانی شەڕ دوابخات. بە ئەگەری زۆرەوە لەسەر هاوکێشەیەک پێک دێن لەگەڵ ئێرانییەکان کە ئێران نەتوانێت بۆ بۆمبی ئەتۆمی بەکاری بهێنێت، بەڵام بتوانێت بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکاری بێنێت.
ئەمریکا دۆڕاوە، چونکە لە شەڕەدا شکۆ و پێگەی ئەمریکا لە زۆر ڕووەوە شکا یان زەرەری گەورەی بەرکەوت:
یەکەم، هەر ئەوەی کە ڕژێمی ئێران نەڕووخا، ئەگەر پۆلەسی ئەمریکاش نەبوو بێت، ئەوە بێتوانایی ئەمریکا نیشان دەدات.
دووەم، ئەمریکا بێ هاوپەیمانترین وڵاتە لە دنیای ئێستا، ئێرانی لێ دەرچێت. ئەمریکا بۆ ئەم شەڕەی دۆست و هاوپەیمانە هەر نزیکەکەی لە دنیا، بەریتانیا، نەک هەر نەیتوانی لەخۆی نزیک بکاتەوە بەڵکو درزێکی وای دروست کرد کە بۆ چەندین ساڵی دیکە ناکرێت پەیوەندییەکانیان وەک خۆی لێ بێتەوە.
سێیەم، ئەمریکا کە کۆڵەگەی هەر سەرەکی “ناتۆ”یە خەریکە هەڵدەوەشێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ترەمپ وەک سەدام حوسێن مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ دەکات، “اذا قال صدام قال العراق” (ئەگەر سەدام بڕیاریدا، واتە عێراق بڕیاریدا). وڵاتانی ئەوروپا ئیستێکیان بە ترەمپ کرد و هەموو بەسەریەکەوە (لانی کەم سێ زلهێزەکە: ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا) گوتیان “ئەوە شەڕی ئێمە نییە”، نەپرسمان پێ کراوە نە ناقەیەکمان لەو شەڕەدا دەست دەکەوێت.
چوارەم، ئەمریکا نەک هەر ئەوروپییەکانی لەخۆی زوویر کرد بەڵکو وڵاتانی ئاسیاشی نیگەران کرد. ژاپۆن و کۆریای باشوور و هیند و ئوسترالیا، لانی کەم لە چەند ساڵی ڕابردوو، ببوون بە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا لە دژی چین، بەڵام لەم شەڕەدا، تەنانەت ئوسترالیاش وەک جاران بەهانای ئەمریکاوە نەهات.

ئیسرائیل براوە بە تامی دۆڕاو
ئیسرئیل لەم شەڕەدا لەوانەیە تاکە دەوڵەت بێت کە لە هەمووان زیاتر قازانجی کردووە و دەکات. ئیسرائیل سەرکەوتووە چونکە:
یەکەم، لێدانی ئێران بە بۆمبێکیش بێت بۆ ئیسرائیل هەر سەرکەوتنە چ جای ئەوەی هاوشانی ئەمریکا ئەوە زیاتر لە مانگێکە بە هەزاران تۆن بۆمبیان بەسەر ئێرانەوە باراندووە.
دووەم، ئیسرائیل شکۆی دوژمنە هەرە سەرسەختەکەی شکاند. ڕۆژانە سەدان فڕۆکەی ئیسرائیل بەسەر ئێرانەوە تەڕاتێنێ دەکەن. فڕۆکەکان ڕۆژانە پەیامی باڵادەستی ئیسرائیل‌ بە ئێرانییەکان دەدەن، لە هەمان کاتدا بە هەموو وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و عەرەبیشیان دەگوت کە خۆ دەبینن، ئەوەی پێیەوە دانازن چۆن “لەژێر پێی ئێمەدا” دەلەرزێت. دروستکردنی ترس لە دڵی ئەوانی دیکە هەمیشە ستراتیجێکی سەرەکیی ئیسرائیلییەکان بووە لە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
سێیەم، ئیسرائیل، بە کەمترین خەسارەت لەو شەڕەدا دەرچووە، لانی کەم بە بەراورد بەو وڵاتانەی کە ڕاستەوخۆ لە شەڕەکەدا گلاون. ئیسرائیل چەندبارە سەلماندییەوە کە لە بوارەکانی تەکنۆلۆجیای شەڕ و چەک یەکەمی بێڕکابەرە، ئەمەش بازەڕەکانی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان بۆ چەندین دەیەی دیکە گەرم دەکات.
چوارەم، ئیسرائیل لەم شەڕەدا دووبارە سەلمانییەوە کە ئەوەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا کردی لە کوشتنی ئەو هەموو سەرکردە ئێرانییە لە چەند ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا ڕێککەوت نەبوو بەڵکو پلانێکی تۆکمە و ڕێکخراو بوو. هاوکات نیشانەی ئەوەیە کە ئیسرائیل نەک هەر لە تەکنۆلۆجیای شەڕ و چەک یەکەمی بێڕکابەرە بەڵکو لە سیخوڕی و لە چوونە ناو سیستەمی وڵاتانی نەیارانی. ئەمەش سەرکەوتنێکی دیکەی ئیسرائیلە چونکە ترس و دڵەڕاوکێی خستۆتە دڵی هەموو دەرودراوسێکانی، ستراتیجێک لە ستراتیجەکانی هەڕەشەی ئیسرائیلییەکان.
هەر چۆنێک بێت، بردنەوەکەی ئیسرائیل بەتامی دۆڕاو دەبێت چونکە ڕاستە کە ڕووخاندنی ڕژێم پۆلەسی بەیانکراوی نەبوو بەڵام لە گەڕی ئەمجارەی شەڕ هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو کە ڕژێم بڕوخێ، ئێران دابەش و لەرزۆک بێت. پێناچێت ئەم ئامانجەی ئێسرائیل، لانی کەم لەگەڵ ڕاوەستانی شەڕەکە لەم ڕۆژانەدا، بێتە دی. بۆیە ئەگەر لە درێژمەوداش ڕژێمی ئێران بڕوخێت، ئەوە لەم لەحزەیە ئەگەر ئیسرائیل براوەش بێت بە تامی دۆڕاوە.

ئێران دۆڕاوی براوە
ئێران ٤٧ ساڵە شەڕ بە ئیسرائیل دەفرۆشێت، وەک لە نووسینی دیکەدا ئاماژەم پێ کرد، ئێران ٤٧ ساڵە منداڵ و گەنج و پیر و ژن و پیاو بۆ شەڕ لە دژی ئیسرائیل ساز و ئامادە دەکات و دروشمی “مەرگ بەر ئەمریکا و مەرگ بەر ئیسرائیل” بە گوێ دنیادا دەدات. بەئاشکراش باس لە سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی دەکات. ئەم شەڕە و شەڕی ١٢ ڕۆژە هیچی نەسەلماندبێت فشۆڵی ئەم دروشمە چل ساڵییەی ئێرانی سەلماندووە. بێجگە لەمە، ئێران لەم شەڕە دۆڕاوە، چونکە:
یەکەم، زۆرترین زەرەری گیانی و ماددی کردووە. زۆرترین سەرکردە، لەنێویاندا، ڕابەری جمهوری ئیسلامی، ئایەتوڵا خامەنەیی، کوژراوە. ژێرخانی سەربازیی و پیشەسازی چەک و ئەمنی خاپوور کراون.
دووەم، ئێران شکۆی شکاوە بەوەی کە نەک هەر نەیتوانی ڕابەرەکانی بپارێزێت تەنانەت نەیتوانی ئەوانەش بپارێزێت کە بەرپرسیارەتی پاراستنی ڕابەر و سەرکردایەتی ئێرانیان لە ئەستۆ گرتبوو. کوژرانی چەندین وەزیری بەرگری، چەند سەرکردەی سوپای پاسداران، چەند وەزیری ئیتیلاعات، هتد، نیشانەی هیچ نەبن نیشانەی بێشکۆبوونی ئێرانن.
سێیەم، ئێران هەموو دراوسێکانی خۆی، کە خۆی بە پارێزەریان دەخستەڕوو، کردە دوژمنێکی وجودی. وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە و قەتەر و عومان، نەک هەر خۆیان وەک دوژمنی ئێران نەدەزانی بەڵکو لەم چەند ساڵەی دوای وەک دۆستێک تەماشایان دەکرد، بەڕادەیەک کە چەندین مانگ دوا لێدانی ئێرانیان دواخست. ڕاستە ئیمارات هەمیشە بەرانبەر بە ئێران توند بوو، بەڵام بە درێژایی ساڵانی گەمارۆی سەر ئێران، ئیمارات دەرچەی ئێران بوو بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان، هەم بە مسۆگەرکردنی ئەو کەلوپەلانی کە قەدەغەبوون هەم بە گەیاندنی پارە بۆ ناو ئێران. پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو زۆر زەحمەتە بگەڕێتەوە پێش قۆناغی شەڕ.
سەرەڕای هەموو ئەمانە و چەندینی دیکەش، ئەگەر ئەم شەڕە ڕاوەستێت و ئێران نەڕووخێت ئەوە سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورەیە بۆ ئێران، لانی کەم لە کورتمەودا دا. ئێران شەڕی مان و نەمانی دەکرد، بۆیە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بە هەر بارێک بێت، مادام ڕژێم لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە ئەوە براوەیە.
دیارە، دەرچوونی ئێران لەم شەڕە، گرفت و کێشە ئابووری و داراییەکانی سەد بارتەقا زیاد دەکات، ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایی جەماوەری لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەگەر نەڵێم چەند مانگی دیکە، دێنێتە گۆڕێ. ئێران هێندە ماندوو بووە کە دەربازبوون لە گەڕێکی دیکەی ناڕەزایی زۆر کەمە. بەڵام بۆ ئەمڕۆ، ئێران دۆڕاوێکی براوەیە، مادام نەڕووخاوە.

وڵاتانی کەنداو، نە براوە نە دۆڕاو
وڵاتانی کەنداو بەگشتی حەزیان لێ نەبوو بچنە شەڕ لەگەڵ ئێران چ پێش شەڕ چ ئێستا. ئەوان حەزیان لێ بوو ئێران گورزێک بخوات و لاواز بکرێت بەڕادەیەک کە چیدیکە هەڕەشە نەبێت لەسەریان. ئیماراتی لێ دەرچێت پێم وانییە ئەوانی دیکە حەزیان لە داڕمانی ڕژێم بووبێت. کاتێکیش شەڕەکە ڕوویدا و ڕووی مووشەک و درۆنەکانی ئێران هێندی ڕووی لەوان بوو هێندە ڕووی لە ئیسرائیل نەبوو، ئەوە وای کرد هەموویان پێیان باشتر بێت کە ڕژێم گورزی کوشندەتری لێ بدرێت، بەڵام بەدەستی خۆیان نا بەڵکو بە دڵی ئەوان.
وڵاتانی کەنداو براوەن لەوەی کە بۆیان دەرکەوت کە توانای بەرگرییان زۆر لەوە زیاترە کە تەنانەت بەخۆشیان وێنایان دەکرد. ئەوان پێیان وابوو، کە دوای چەند مووشەکێک وڵاتەکانیان لەوانەیە تووشی شەلەل بێت و خەڵک بە هەزاران وڵاتەکانیان بەجێ بهێڵێت. بەڵام وەک چۆن زۆر سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی کۆڕۆنا بوونەوە، لەم شەڕەشدا زۆر کەس و لایەنیان سەرسووڕهێن کرد.
وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی ئیمارات و سعودیە، پێشتر ئامادەکاریی ئەوەیان کردبوو کە ئەگەر گەرووی هورمز بگیرێت دەبێت چ بکەن، بۆیە هەردوو وڵات، بۆڕی ستراتیجیان بۆ کەنارەکانی دیکە ڕاکێشابوو، ئیمارات بۆ فوجەیرا لەسەر دەریای عومان، سعودیە بۆ یەنبوع لەسەر دەریای سوور. ئەم بیرکردنەوە ستراتیجییە نیشانەی هیچ نەبێت نیشانەی ئەوەیە کە وڵاتانی کەنداو ساڵانێکە پێگەیشتوون و ستراتیجیانە بیردەکەنەوە.
بێجگە لەمە، ئەوەی کە ئەرکی سەر وڵاتانی کەنداوی سووک کرد وەبەرهێنانە گەورەکانی ئەو وڵاتانە، لەگەڵ کۆمپانیاکانیان، لە وڵاتانی دیکە بوو. هەر یەک لە قەتەر و ئیمارات سەدان ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە دەرەوەی وڵات کردووە، ئەمەش بەرگرییکردنی بەستنی گەرووی هورمزی لەسەر کەم کردنەوە.
بۆ وڵاتانی کەنداو، ئەم شەڕە ئەزموونێکی نوێ بوو چونکە ئەوە یەکەمجار بوو کە هەموویان بەسەریەکەوە بەر هەڕەشەیەکی دەرکی ڕاستەخۆ بکەون. شەڕی کوەیت کاریگەریی ڕاستەخۆی تەنیا لەسەر ئەو وڵاتە بوو، نەک ئەوانی دیکە.
بۆیە، بۆ وڵاتانی کەنداو، ڕاستە کە زەرەرێکی ماددی زۆریان لەم شەڕە کردوو، خەرجی بەرگرییان نەک هەر ئێستا بۆ دواڕۆژیش زیادی کرد و زیاد دەکات، بەڵام یەک دنیا وانەی لێ فێربوون.

کورد، نە براوە نە دۆڕاو
لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕ ترەمپ لە ڕێگەی چەند تەلەفۆنێکەوە بۆ سەرکردە کوردەکان، خەریک بوو کە کورد لەم شەڕەدا بگلێنێ. خۆشبەختانە، یان بەدبەختانە، هەر خۆی زوو پەشیمان بووە. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە کورد ڕاستەوخۆ، نە کوردانی ڕۆژهەڵات، نە کوردانی باشوور، تێکەڵ بە شەڕەکە نەبن.
دیارە شەڕ، لێدانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، هەمیشە هەلی بۆ کورد ڕەخساندووە کە لە پەراوێزی شەڕ و گەمە جیۆپۆلەتیکییەکاندا هەندێک هەل بقۆزنەوە، ئەمجارە لەبەر دوو هۆکار ئەم هەلە نەقۆستراوە، یان نەڕەخسا. یەکەم، کوردانی ڕۆژهەڵات زۆر ساز و ئامادە نەبوون. دووەم، ترەمپ و ئەمریکا هیچی ئەوەیان لێ هەڵنەدەهێنجرا کە ببێتە مایەی جووڵەی کورد.
هەرچۆنێک بێت، جووڵە نەکردنی کورد، بووە مایەی ئەوەی کە نە قازانج بکات نە زەرە.

شێرکۆ کرمانج




“کۆنگرەی ئازادی ئێران” کۆمیدیایەک لە مێژوو!.. کامل احمد

ڕۆژی شەممە ٢٨ ی مارسی ٢٠٢٦ کۆنگرەیەک لە لەندەن بۆ ئەو مۆزاییکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی سازکرا. ئەم کۆنگرەیە لە پێش هاتوهاوارەکانی ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی یان گۆڕینی کۆماری ئیسلامی و ڕتووشکردنی یەوە دێت لەسەر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل و شەڕی زیاتر لە یەک مانگیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا. ئەم کۆنگرەی ئازادی ئێرانە لە لەندەن دەبەسترێت هاوشێوەی ئەو کۆنگرەیەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی کە لە ١٤ و ١٥ ی دەیسێمبەری ٢٠٠٢ لە هەمان لەندەن دا بەسترا و خۆیان ئامادەدەکرد بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات دوای لاوازبوون یان ڕووخانی ڕژێمی بەعس. ئەم دوو کۆنگرەیە و لێکچوونەکانی زۆرن کە گرنگترینیان ئەوەیە کە هەردووکیان لە لەندەن بەڕێوە چوون، هەردووکیان هەرچی ئەحزابی بورژوازی نەتەوەپەرست و شۆڤێنی وگەجەروگوجەری کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەیە تیایدا کۆبوونەتەوە.
خاڵێکی ڕیشەیی کە ئەم کۆنگرەیە لەوەی عێراق جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەو کات دەستپێشکەرییەکە ئەمریکی بوو وە هەموو ئەوروپاشی بە دوای خۆیدا کێش کردبوو بە بەریاتنیاشەوە، بەڵام ئەم دەستپێشکەرییەیان بەریتانی یە و بەشێکە لە سیاسەتی بەریتانیا بۆ ئەوەی لە ئاییندەی ئێراندا و لە هەر ئاڵوگۆڕێک کە ئەگەر ئەمریکا توانی بەدەستیبهێنێت جێگایەکی هەبێت. کەواتە جیاوازییەکی بنەڕەتی تر ئەو لێکترازان و لێکدابڕانەی ئەمریکا و ئەوەروپایە کە چەندین ساڵە دەستیپێکردووە و قڵشتی نێوانیان تا دێت گەورەتر دەبێت، ئەگەر چی هێشتا نەگەیشتوون بە جیابوونەوەی هێجگاری. کەواتە بەریتانیا دەیەوێت کارێک بکات کە دەست بەتاڵ دەرنەچێت لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا و لە ڕێگای ئەم دەستەجاتە نەتەوەپەرست و تائیفییانەوە.
شیڕە و نەعرەتەی ئەحزابی بەشداربوو بۆ فرە نەتەوەیی و فرە کەلتووری و فرە دینی و فرە زمانی و فرە ڕەهەندی هیچی تر نەبوو جگە لەوەی کە دەیانوویست مۆدێلێکی هاوشێوەی عێراق بێننە دەرەوە کە هەموویان لە دزینی سەروەت و سامانی کۆمەڵگادا بەشداربن و هەرکەس بە پێی قوورسی خۆی. ئەوان زیندووکردنەوەی ئەم دابوونەریتە کۆنەپەرستانەیە و بردنە پێشەوەی ئەم جۆرە لە سیاسەت بە فرەکلتووری و بە بەشداری هەمووان لە کایەی سیاسیدا بە خەڵک دەفڕۆشن. پرسیارەکە ئەوەیە کام بەشداری لە کایەی سیاسی کۆمەڵگادا لە کاتێکدا برسیانی کۆمەڵگا برسیتر دەکرێن و دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکانیشی دەوڵەمەندتردەبن و تەنها ڕەنگ و ڕەواڵیان دەگۆڕدرێت. باسەکە باسی گواستنەوەی دەسەڵات و دەرهێنانی نییە لە چنگی کۆمەڵێک سەرمایەداری عەمامە بەسەر وڕادەستکرنی بە کۆمەڵێکی فرە ڕەهەند و نەتەوە و دین و تائیفە وەک کۆنگەری ئازادی لەندەن و بەشداربووانی بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو باسی بورژوازی و سیستەمەکەیەتی بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیانەوە. بەشداربووانی کۆنگەری لەندەن و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران دوو دیوی هەمان دراون و هەردوولایان سەر بە سەرمایەن و خوێنی هەژاران و برسییەکان دەمژن. باسی سەرەکی ئەم کۆنگرەیە لەتووپەتکردنی کۆمەڵگای ئێران بوو لە ژێر ناوی دین و نەتەوە و سکولاریزم و مافی کەمایەتییەکان و ….. ئەوەی بەشداربووانی ئەم کۆنگەرەیە جێگای باس و خواسیان نەبوو باشترکردنی ژیانی خەڵک و بەرزکردنەوەی ئاستی گووزەرانیان بوو. ئەوان تەنانەت باسێکیان نەبوو لەسەر ئەوەی کە چۆن بەردەگرن بە هەرزانفڕۆشکردنی گاز و نەوت و کارەبای ئەو وڵاتە و چۆن بەردەگرن بە چوونە سەرەوەی نرخی وزە لەو وڵاتەدا کە ئێستا بە شێوەیەکی زۆر هەرزان فەراهەم کراوە. بە کورتییەکەی ئەوان بێجگە لە پەیامی وێرانکردن و داڕمانێکی زیاتری کۆمەڵگا شتێکیان لە هەگبەکەیاندا بۆ بنیاتنانەوە و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا پێ نەبوو. ئەمە پەیامی درووست و تەواوی ئەوانە و ناتوانرێت شتێکی لەمە زیاتر نە لە هێز و ئەحزابی بەشداربووی ناو کۆنگرەکە و نە کۆنگرەی لەم چەشنەش چاوەڕوان بکرێت.
تۆ سەیری ئەم مۆزاییەکە بکەن، لە کۆمۆنیزمە قەومییەکەی جەنابی تەقوایی و حزبەکەیەوە تا دەگات بە گرووپی “دەوڵەت بۆ ئێران”، تا حزبی دیموکراتی ئازەرباینجانی و ئێرانییە کۆمارییەکان و سەڵتەنەت تەڵەبەکان و تا دەگات بە حزبی هاوپشتی دیموکراتی ئەحواز و تا نوێنەرانی ئەحزابی بەلوچ و عەرەب و کورد و ئەوانی دیکەی تێیدایە. هەر لە ئێستاوە نەعرەتەی فیدڕالێ و جیابوونەوە و بەشبەشکردنی ئێران لێدەدرێت و دەیانەوێت کۆمەڵگای ئێران بەسەر هەموو ئەو نەتەوە و زمانە جۆراوجۆرانەدا بەشبکەن بۆ پچڕینی بەشی خۆیان لە دەسەڵات و سەرمایەگوزاری.
ئەم کۆنگرانە دەیانەوێت دیموکراتییەک کە هەم دەسەڵاتدارنی ئەمریکا خۆیان شەقیانتێهەڵداوەو بەسەرچووەو بەدەردیان ناخوات، بۆ ئێران بهێنن بەسەر پشتی تانک و فڕۆکە و پاپۆڕە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ بردنی کۆمەڵگا بۆ ئاستی پێکدادانی نەتەوەیی و ئیتنیکی لە ژێر ناوی ئازادیدا. ئەگەرچی کۆنگرەی ئەمجارەشیان لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەم جارە ئەوروپا خۆی خوێنی لێدەچۆڕیت و لەت لەتە و یەکدەنگ نییە و ئەمریکاو ئیسرائیل دەیانەوێت بە تەنها ئەم کارە بکەن، بەڵام ئەوانیش لە هەوڵی زامنکردنی بەشی خۆیانن لە ئایندەدا لە ڕێگای ئەم جۆرە کۆنگرانەوە.
ئەوەی لە کۆنگرەکەدا دەگوزەرا ڕیک ئەو دەستەواژەیەیە کە دەڵێت “هەر کەس بۆ لەیلاکەی خۆی دەگری” هەموویان کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەو کۆمەڵگا ملیۆنییە پارچە پارچە بکرێت و هەویەتی بەلوچی و فارس و عەرەب و کورد و سوننی و شیعی و هەموو ئەوانی تر زیندووبکرێتەوە. ئەم بەڕێزانە بە دڵنیاییەوە نە کوێرن و نە بیریان چووە چ نەهامەتییەک بەسەر خەڵکی عێرقدا هاتووە و چۆن دوای سێ دەیە کۆمەڵگا لە ناو هەمان زەلکاوی بەشبوونی ئیتنی و نەتەوەیی و گوێ لە مشتی هێزە دەرەکییەکاندا دەناڵێنێت و چۆن سەدان و هەزاران ملیاردێر و کۆمپانیا هەڵتۆقیون بۆ سەرمایەگوزاری و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و هێشتنەوەی خەڵک لە برسێتیدا. بەڵام ئەوان بەرژەوەندییەکانیان لەوە گەورەترە کە ئەمە ببین. ئەوان هێزی بورژوازی کۆمەڵگان و دەیانەوێت بەشێک بن لەو سەرمایەگوزارییە. حەتمەن ئەوان ئەمە وەک دەستکەوتیش باس لێ دەکەن و دەیانەوێت ئەم تەجروبە تاڵەی عێراق بەسەر سەری خەڵکی ئێراندا بسەپێنن و کۆمەڵگایەکی ٩٠ ملیۆنی ئەوەندەی تر نووقمی کۆنەپەرستی و هەڵاواردن و برسێتی بکەن.
ئەم جڕوجانەوەرانە دەیانەوێت لەسەر حسابی ماڵوێرانی خەڵکی ئێران و برسێتی و لەناوچوونیان بگەنە ترۆپکی دەسەڵات. ئەگەر ئەم سیناریۆیە لە لایەن پڕۆلیتاریای ئیرانەوە بەری پێنەگیرێت و نەخرێتە زبڵدانی مێژووەوە ئەوا چارەنووسی ئێران دەبێتە عێراقێکی تر و ئەفغانستانێکی تر و سوریایەکی تر. ئەوەی کە ئەمریکا بە ئاشکرا و بێ پەردە هەمیشە باسی دەکات ئەوەیە کە ئەو بۆی گرنگ نییە کێ ئیران دەبات بەڕێوە، ئایا توندڕەوتر یان میانڕەوتر دێتە سەر عەرشی دەسەڵات گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ سەرمایگوزاری خۆی و چاڵەنەوتەکان و ڕێگا ئاوییەکانە.
لە بەرێکی تری ئەم ڕووداوانە و لە هەمان ڕۆژی ٢٨ مانگ دا ئێمە شاهیدی خۆپیشاندانی دەیان ملیۆنی خەڵکی ئەمریکا بووین دژ بە ترەمپ و سیاسەتە شەڕخوازانەکانی و دژی هەژاری و گرانی و بۆ وەستانی شەڕ، لە کاتێکدا ئەم بەڕێزانە بە پلان و سیاسەتی بەریتانیا و خۆرئاوا خەریکی گڵاوترین پلانی خۆیان بوون بۆ وێرانکردنی کۆمەڵگای ئێران. ئەگەرچی ئەم هاتنە مەیدانانەش هەر چەند گەورەبن ناتوانێت بە جێگایەک بگات مەگەر پڕۆلیتاریا بتوانێت دژ بە بورژوازی ناوخۆی خۆی چ لە ئەمریکا و چ لە وڵاتانی دیکەدا بێتە مەیدان و ڕاپەڕێت و بەرهەم هێنان ڕابگرێت و پێچی کۆمپانیاکان دابخات و ڕیزی خۆی لە ئەحزابە بورژوازییەکان بە هەموو ڕەنگەکیانەوە جیابکاتەوە.
پڕۆلیتاریای ئێران ئەگەر لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەدا نەیەتە مەیدان و پشت بە هاوخەباتی و هاوڕیزی پڕۆلیتاری جیهان نەبەستێت بۆ وەلانانی ئەم جۆرە گۆڕانکارییە ئەوە کۆمەڵگای ئێران نووقمی خوێن دەبێت و ئەوەی کە لەعێراق ڕوویداوەو ڕوودەدات هیج نابێت لە چاویدا و دەبێت بڵێین هەزار ڕەحمەت لە کفن دز.
باسی ئەوان باسی مەدەنییەت و سکولاریزم و مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان و کەمە نەتەوەییەکانە وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، لە بەرامبەر باسی ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی ئیسلامیی دا. ئەمانە هەمووی ئاڵا و درووشمی بورژوازییە، وێڕای ئەوەی باویشیان نەماوە، و دەیانەوێت لە سایەیدا خەڵک وڕ و بێ ئاگا بکەن. باسە بنەڕەتییەکە باسی نەبەردێکی چینایەتییە کە هیچ یەکێک لەو درووشمە بورژوازییانە نەک هیچ لە نەهامەتیەکانی پڕۆلیتاریای ئێران کەم ناکاتەوە، بەڵکو قڵشتەکانی نێوانی فراوانتر و گەورەتر دەکات و یەکڕیزییەکەی بە هۆی ئەم سیاسەتانەوە زەربە دەخوات. بۆیە تەنها ڕێگایەک ڕووخاندن و وەلانانی هەموو ئەمانەیە بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسانە لە ڕێگای ئەو هاوپشتییە چینایەتییەی هەر ئێستا بە شێوازێکی سەرەتایی لە مەیداندایە.

کامل احمد
1ی نیسانی 2026




پێشەکییەک بۆ ئابووری مارکسیستی-1- رەوتی نێودەوڵەتی بەلشەفی.. و: گۆران عەبدوڵڵا

بەشی یەکەم..
رەوتی نێودەوڵەتی بەلشەفی
بەشی توێژینەوە

International Bolshevik Tendency_IBT

دەربڕینی “ئابووری مارکسیستی” دەربڕینێکی هەڵەیە. ڕەخنەی کارل مارکس لە تیۆری “ئابووری سیاسی” سەردەمی خۆیدا، سیما کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکەی “ئابووری”ی ئاشکرا کرد: بەرهەمهێنان، ئاڵوگۆڕ، نرخ، کرێ و هتد. ئابووری مارکسیستی دوور و نزیک بەشێک نییە لەو جۆرە ئابوورییە سەرەکییەی کە لە زانکۆدا دەیخوێنیت. بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە پێکهاتنی نرخەوە نییە، هەروەها گرنگی بە پێشبینیکردنیش نادات کە یارمەتیت بدات سەرمایەکەت لە کام کارگەو پرۆژە بخەیتە کارەوە بۆ بەدەستهێنانی قازانج. ئامۆژگارییەک بەدەست ناهێنێت کە کام سیاسەتی دراو باشترینە بۆ هاندانی گەشەکردن. ئابووری مارکسیستی بابەت و ئامانجێکی جیاوازی هەیە.

شیکاری مارکس بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری – واتە “ئابووری مارکسیستی” – گەڕانێکی زانستییە بۆ بناغە و سنوورە مێژووییەکانی سەرمایەداری و چۆن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنان لەو شتانەدا دەردەکەون کە ئێمە بە شێوەیەکی ئاسایی وەک دیاردەی ئابووری هەستی پێدەکەین.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێناسەیە، تێڕوانینێکی گشتی سادە بۆ ئابووریی مارکسیزم دەخەمەڕوو. بەشە سەرەکییەکانی بریتی دەبن لە: بەرهەمهێنان، بەها، نامۆبوون، ئاڵوگۆڕ، قەیرانەکان لە تیۆریدا، قەیرانەکان لە مێژوو و سۆسیالیزمدا.

بەرهەم هێنان
با لە بەرهەمهێنانەوە دەست پێبکەین، کە بریتییە لە گۆڕینی کردەیی سروشت لەلایەن مرۆڤەوە بۆ دروستکردنی شتی بەسوود بۆ مرۆڤەکانی دیکە. دەتوانین بە کۆی دروستکراوەکانمان بڵێین بەرهەمی کار، بەو پێیەی هیچ شتێک بەبێ خەرجکردنی کاری مرۆڤ دروست نابێت — تەنانەت ڕۆبۆتێک سەرەتا دەبێت دروست بکرێت و بەرنامەی بۆ دابنرێت. تواناکانمان بۆ گۆڕینی سروشت بۆ شتە بەسوودەکان، مارکس بە هێزەکانی بەرهەمهێنان ناوی دەبرد.

ئێمە بوونەوەری کۆمەڵایەتین. ئێمە پێکەوە دەژین و کار دەکەین و تەنانەت بەرهەمهێنەرێکی سەربەخۆش لە دەرەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە. مارکس باسی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنان کرد، واتە شێوازی پەیوەندیمان بە یەکترەوە لە ڕێگەی ئەو شێوازەی کە بە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە گرێدراوین. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنان دەتوانن ئەو کایانەی چالاکیی مرۆڤیش لەخۆ بگرن کە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە گەشە دەکەن، بەڵام سەربەخۆیییەکی ڕێژەیی لێی بەدەستدەهێنن، بۆ نموونە دەوڵەت، خێزان. هەروەها بەزۆری لە سیستەمێکی خاوەندارێتی و فۆرمەکانی تری ئایدیۆلۆژیدا کە ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، بەرجەستە دەبێتەوە.

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هێزەکانی بەرهەمهێنان (واتە بۆچی و چۆن بەرهەم دەهێنین) بەرهەمی کار (واتە چی و چەند بەرهەم دەهێنین) لە قاڵب دەدەن. بە گشتی کارلێک دەکەن و ئەوەی مارکس ناوی لێنا شێوازی بەرهەمهێنان پێکدەهێنن. شێوازی بەرهەمهێنانی جیاواز هەیە، کە لە ڕووی مێژووییەوە بەپێی “یاساکانی جووڵە”ی تایبەتی خۆیان و ئەو کردارە مرۆڤانەی کە ئەو یاسایانەی جووڵەیان لە قاڵب داوە، پەرەدەسەنن.

لە چوارچێوەی شێوازێکی بەرهەمهێناندا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سەرەتا هاندەری گەشەسەندنی هێزە بەرهەمهێنەرەکانن بەڵام دواتر گەشەکردنیان ڕادەگرن. ئەم دژایەتییە، یان گرژیی پێکهاتەیی، لە نێوان هێزەکان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا، شێوازی کەوتنە ململانێی چینە کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکانی شێوازی بەرهەمهێنان لەگەڵ یەکتردا دادەڕێژێت.

بۆچی چین و توێژی کۆمەڵایەتی جیاواز هەیە؟ بۆچی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنان سیمایەکی چینایەتی دابەشکراویان هەیە؟ با بگەڕێینەوە سەر بەرهەمی کار. دەتوانین بیکەین بە دوو بەشەوە.

کاری پێویست هەیە، کە مەبەستمان لە کۆی شت و خزمەتگوزارییە بەسوودەکانە کە تەنیا بۆ بەرهەمهێنانەوەی دانیشتووان پێویستن. بە واتایەکی تر بڕی خۆراک، جل و بەرگ، شوێنی نیشتەجێبوون، هەروەها چاودێری تەندروستی، چاودێری منداڵان و هتد.. ئەوانە پێویستییەکن بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بتوانن بژێن. قەبارە و سیمای بەرهەمی کاری پێویست لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاواز دەبێت، بەڵام هەمیشە لایەنی کەمێک هەیە، کە بە دڵنیاییەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە. ناکرێت بەرهەمهێنان بەئاستێک بێتەخوارەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەست بە مردن بکەن.

لە دەرەوەی بەرهەمی کاری پێویست، ڕەنگە ئێمە بەرهەمی کار زیادەمان هەبێت، واتە شت و خزمەتگوزاری بەسوود کە بۆ مانەوەی بنەڕەتی ئەوانەی بەرهەم دەهێنن پێویست نین. جۆرەکەمان نزیکەی ٢٠٠ هەزار ساڵە بوونی هەیە. بەڵگەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئێمە بە درێژایی کاتەکە پێکەوە ژیاوین و بەرهەممان هێناوە و بۆ زۆربەی ئەو ماوەیە، هیچ بەرهەمێکی زیادە لە پێویستییەکانمان بەرهەم نەهێناوە. ئێمە ڕاوچی و کۆکەرەوە بووین کە شێوازی بەرهەمهێنانمان بەرهەمێکی لەوە کەمتریشی بەرهەمدێنا لەوەی کە پێویستمان بوو بۆ مانەوە لە ژیان.

ئەوەش دوای کۆتایی هاتنی دوایین سەردەمی سەهۆڵبەندان نزیکەی ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستی بە گۆڕانکاری کرد، کاتێک مرۆڤەکان لەو شوێنەی ئەمڕۆ پێی دەڵێین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیان کرد بە چاندن و دروێنەکردنی بەروبووم و بەخێوکردنی ئاژەڵ بۆ خۆراک. شۆڕشی کشتوکاڵی بەرهەمێکی زیادەی کارێکی بەردەوام و بەرچاوی کردە مومکین.

بوونی بەرهەمی زیادەی کار ڕێگە بە دابەشبوونی کۆمەڵایەتی دەدات لە نێوان زۆرینە، کە بەرهەم دەهێنن و کەمینەیەکی بچووک، کە لە کار بەخشراون و بەم هۆیەوە بە کاری ئەو کەسانە دەژین کە کار دەکەن. بە واتایەکی تر، بەرهەمی زیادەی کار، مەرجی ماددییە بۆ بوونی چینێکی دەسەڵاتداری ئیمتیازدار و شێوازی بەرهەمهێنانی دابەشکراوی چینایەتی.
هەر شێوازێکی بەرهەمهێنانی دابەشکراوی چینایەتی بەرهەمێکی زیادەی کاری هەیە کە لەلایەن چینی دەسەڵاتدارەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە لە ناسینی ئەم دیاردەیە لە شێوازەکانی بەرهەمهێنان لە ڕابردووی دوورەوە، بۆ نموونە کۆمەڵگەی کۆیلایەتی کۆن لە یۆنان یان ڕۆما، فیۆدالیزم لە ئەوروپای سەدەی ناوەڕاستدا. زۆرێک لە ئابووریناسە بۆرژوازییەکان بە ئامادەییەوە دان بە هەموو ئەوانەدا دەنێن. بەڵام هەوڵبدە بڵێیت هەمان شت بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریش دەگونجێت وکەچی رووبەڕوی توڕەیی و دەیان هۆکاری پێچاوپێچ دەبیتەوە کە بیانوو دەهێنرێتەوە شتەکان جیاوازن. بەڵام بێگومان شتەکان لە بنەڕەتدا وەک یەکن.
جیاوازی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بەرهەمی زیادەی کار لە سایەی سەرمایەداریدا فۆڕمی زێدەبایی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت. ئێستا ئەوە پێویستی بە هەندێک ڕوونکردنەوە هەیە، چونکە لە کۆمەڵگە چینایەتییەکانی پێشوودا فۆڕمی باڵادەست نەبووە و لە ڕاستیدا ئەمە سەرچاوەی ئەو وەهمەیە کە سەرمایە یان تەکنەلۆجیا یان کاری مەترسیدار یان شتەکانی تر سەرچاوەی قازانجی سەرمایەدارییە.

بەها
مارکس شیکاریی خۆی بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بە کاڵا دەستپێکرد چونکە کاڵا ئەو فۆرمە کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییە کە بەرهەمی کار لە کۆمەڵگای ئێمەدا گریمانە دەکات. وەک هەموو ئەو شتانەی کە لەلایەن مرۆڤەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن، بڕیارە سوودی هەبێت، بۆیە دەتوانین بڵێین بەهای بەکارهێنان یان سوودی هەیە.

بەڵام کاڵاکە لە بازاڕدا دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت و هەر بۆیەش بەهای ئاڵوگۆڕی هەیە (واتە ئەو بڕە پارەیەی کە دەتوانێت فەرمانی پێبکات).
ئابووریناسانی بۆرژوازی پێیان وایە کە بەهای کاڵایەک کە بە سادەیی لەگەڵ نرخ یان بەهای ئاڵوگۆڕدا تێکەڵیان دەکەن، لەسەر بنەمای بەهای بەکارهێنانی دامەزراوە – یان باشتر بڵێین، خەمڵاندنی بابەتیی سوودەکەی بە بەراورد بە خواستەکان و ئەو پارەیەی کە لەبەردەستدایە واتە کڕیارەکە. یەکێک لە کێشەکانی ئەم ئارگیومێنتە ئەوەیە کە سوودمەندی وەک تایبەتمەندییەکی ئەبستراکت، هیچ بوونێکی بابەتیی و ژمارەیی نییە. سوودمەندی لە بنەڕەتدا کۆنکرێتییە و بۆ جۆرە تایبەتەکانی کاڵا دەگونجێت. ئاماژەیە بۆچۆنێتی نەک چەندایەتییەکی کاڵایەک – لە ڕاستیدا ئەوە هۆکارێکە بۆ ئەوەی خەڵک کاڵایەک بە کاڵایەکی جیاواز بگۆڕنەوە.

بۆ ئەوەی بەها لە بەهای ئاڵوگۆڕی کاڵا جیاوازەکاندا دەربڕین بدۆزێتەوە، دەبێت هەم ژمارەیی بێت (لەبەرئەوەی کاڵاکان لەگەڵ یەکتردا ئاڵوگۆڕ دەکرێن – و لەگەڵ هاوتای گشتگیر، پارە – بە بڕی دیاریکراو) و هەم “ئەبستراکشن”ێکی ڕاستەقینەی بابەتیانە (گشتییە یان واقیعێکی جیانەکراوە کە لە دەرەوەی سوبژێکتیڤی تاکەکان بوونی هەیە).

مارکس تێبینی دەکات کە کاڵاکان بەرهەمی کارن. کار کۆنکرێتییە، واتە فۆڕمی تایبەتی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی بەها-بەکارهێنانی تایبەت وەردەگرێت. بەڵام کار، لە ڕێگەی بەشداریکردنی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە نێوەندگیرییەکانی بازاڕ، لە هەمان کاتدا ئەبستراکت دەبێت – یان باشتر بڵێین ئەبستراکت دەکرێت یان کورت دەکرێتەوە بۆ چالاکیی بەرهەمهێنانی مرۆیی گشتگیر. سەرەڕای ئەوەش، کاری ئەبستراکت دەتوانرێت ژمارەیی بکرێت – بە شێوەیەکی گشتی، بە کاتژمێرەکان ژمارەیی دەکرێت، یان بە شێوەیەکی گشتیتر لە کاتی کارکردندا.

کاری ئەبستراکت لای مارکس مادەی کۆمەڵایەتی بەهای کاڵایەکە. کاڵا وەک شتێکی ماددی هەم بەهای بەکارهێنانە و هەم کریستاڵکردنی ماددی پێکهاتەی پەیوەندییە مرۆییەکانە لەسەر بنەمای شێوازی بەرهەمهێنان. بەهای ئەو کاتەی کاری ئەبستراکت کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ناسراوە (یان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پێویستە) دیاری دەکرێت کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی.

بەهای کاڵایەک ڕاستەوخۆ وەرناگێڕێتە سەر نرخی بازاڕەکەی. نرخی کاڵاکان لە ئاستێکی جیاوازدا بە هۆکاری جۆراوجۆر دیاری دەکرێت، لەوانەش دابینکردن و خواستی ئاشنا. بەڵام نرخەکان لە دەوری لەنگەری کۆمەڵایەتی خۆیان لە بەهای کاردا دەلەرزن و لە ئاستی ماکرۆدا کۆی نرخەکان دەبێت یەکسان بن بە بەهای کۆی گشتی. ئەمە یاسای بەهایە.

ڕەنگە جۆرێک لە تێگەیشتنێکی ئینتێستیڤ لە یاسای بەهادا ئەزموون کردبێت کاتێک تووشی هەندێک بەرهەم بوویت کە بە بڕوای تۆ “نرخی زۆرە”. نرخی زیادە لە پێوەندی لەگەڵ چی؟ ئابووریی بۆرژوازی دەڵێت “لە پێوەندی لەگەڵ خەمڵاندنی تۆ بۆ سوودەکەی بۆ تۆ”، بەڵام ئەوە ئیستدلالێکی بابەتیی و لە کۆتاییدا بازنەییە کە ناتوانێت حساب بۆ ئەوە بکات کە بۆچی ڕەنگە ئەوە بۆ هەموو کەسێک ڕاست بێت. لە واقیعدا، ڕەنگە تۆ ئەو ڕاستییە هەڵبگریت کە کاتێکی کاری کەمتری مامناوەند و پێویستی کۆمەڵایەتی وەرگرتووە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایە بە بەراورد لەگەڵ کاڵاکان بە نرخێکی هاوشێوە.

لە هەر شوێنێک بازرگانی هەبێت، کاڵا هەیە کە خاوەنی بەهای کارە. بۆیە یاسای بەها، تا ڕادەیەک، لە هەر کۆمەڵگایەکدا کە ئاڵوگۆڕی کاڵا تێیدا هەبێت، بوونی هەیە. ئەوەی لە سەرمایەداریدا جیاوازە ئەوەیە کە بەرهەمی کار بە پلەی یەکەم شێوەی کاڵا وەردەگرێت – شتێک نییە کە لە پەراوێزی کۆمەڵگادا ڕووبدات. سەرمایەداری کۆمەڵگەیەکی بازاڕییە. یاسای بەها ڕێکخەری باڵادەستی ئابووری سەرمایەدارییە.

بۆ ئەوەی ئەمە وابێت، بۆ ئەوەی یاسای بەها یاسای بەهای سەرمایەداری بێت، ئەوە بەس نییە کە بەرهەمی کار فۆرمی کاڵا وەربگرێت. گۆڕانکارییەکی گەورەی دیکە لە شێوازی بەرهەمهێناندا دەبێت ڕووبدات: هێزی کار خۆی دەبێت ببێتە کاڵایەک کە بە کرێ لە بازاڕدا بکڕدرێت و بفرۆشرێت. بەم شێوەیە وەچەخستنەوەی چینی کرێکار بە تەواوی پەیوەستە بە کارلێکەکانی بازاڕەوە (هەروەها کاری بێ مووچەی ناوماڵ، بە تایبەت ژنان، کە بەهای نییە چونکە لە دەرەوەی پەیوەندییەکانی بازاڕ ڕوودەدات).

کار بەڕاستی چۆن بەهای زیادە دروست دەکات. وەک کاڵایەک، هێزی کار بەهایەکی هەیە و ئەو بەهایە، وەک چۆن بۆ هەر کاڵایەکی تر، بە بڕی ئەو کاتەی کاریی پێویستی کۆمەڵایەتی کە پێویستە بۆ “بەرهەمهێنانی” دیاری دەکرێت — لەم حاڵەتەدا، خۆراک، شوێنی نیشتەجێبوون، پەروەردە و… بەم شێوەیە کرێکارێک (لەگەڵ کەسانی سەر بە خۆی) پێویستی بەوەیە بتوانێت کار بکات. بەڵام دەسەڵاتی کرێکاری کاڵایەکی ناوازەیە. لە جووڵەدا، چالاکیی کرێکارییە و پێکهاتەی زیندووی پرۆسەی بەرهەمهێنانە کە بەهای زیاتر لەوەی خۆی بەهای هەیە، دروست دەکات. بەرهەمی زیادە، لە شێوەی بەهای زیادە، وەک قازانج و سوود و کرێ دەچێتە سەر سەرمایەدارەکان (ئەوان لە ڕێگەی پرۆسەی جیاوازەوە زیادە هاوبەشەکە دەکەن). لەبەر ئەوەی هێزی کار، لانیکەم لە ئاستی ماکرۆدا، بە بەهای ڕاستەقینەی خۆی پارەی بۆ دەدرێت، بەپێی یاسای بەها هیچ “کورتەگۆڕینێک” نییە – و بۆیە پێدەچێت خۆبەدەستەوەدانی بەهای زیادە نەک تەنها دادپەروەرانە بێت بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە هۆکارە ئابوورییەکان لە دەرەوەی کار. ئەمەش وەهمێکە کە خودی سیستەمەکە دروستی دەکات: سەرمایەدارەکان لە ڕاستیدا بە ئیستغلالکردنی چینی کرێکار دەژین، هەروەک چۆن هەموو چینە دەسەڵاتدارەکانی پێشوو (ئەگەرچی بە شێوەیەکی ئاشکراتر) هێزی زیادەی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆیان خۆیان گرتووە.

ماویەتی..




دوو ئەزمونی شەڕی ئەمریکا لە عێراق و لە ئێران.. عوسمانی حاجی مارف

لەدوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، سوپای ئەمریکا بەخێرایی توانی ئامانجە سەربازیەکانی بەدیبهێنێت، لە ئامادەبونی بۆهێرشی سەربازی لە باشورەوە تا گەیشتنی بە بەغدا، هەرەسپێهێنانی حکومەتی عێراق لە ماوەی تەنها ٢١ ڕۆژدا، گەیشتن بە باڵادەستی تەواو بەسەر زەوی و ئاسمانی تەواوی عێراق، تا هەڵهاتنی سەدام، دواتر پێکهێنانی حکومەتێكی کاتی لە بەغدا، بە پێکهاتەیەکی بەشبەشێنەی هێز و لایەنی ئیسلامی و تائفی و قەومی، کە بووە بەڵایەکی گەورە بەسەر دانیشتوانەوە.
بەڵام پاش دوو دەیە لە شەڕەکە، ئەو سەرکەوتنە سەربازیانە نەک نەبونە هۆکاری سەقامگیری سیاسی بەردەوام، بەڵکو عێراقی خستە ناو گێژاوێکەوە کە تائێستاش ڕاست نابێتەوە، جگە لەوەش عێراق کەوتە ژێر کاریگەری کۆماری ئیسلامی و لە ماوەیەکی کەمدا تەواو کەوتە ژێر دەور و هێژمۆنی تاران و میلیشیاکانیەوە، لە پێکهێنانی حکومەتەکان و پێکهێنانی هێزی سەربازی و میلیشیاکان تا تاڵانی و دەست بەسەراگرتنی پرۆژە ئابوریەکانی، لە هەمانکاتدا بەرژەوەندیەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە ئازادی لەسەر زەوی عێراقدا دەوردەبینن و کاردەکەن، تەنانەت هەندێکیان پۆستی فەرمیان لەناو حکومەتدا هەیە.
ئەمەش دوای جەنگی کەنداوی دووەم، تیشک دەخرێتەسەر بۆشایی چارەنووسساز لە نێوان سەرکەوتنی سەربازی و دەرئەنجامە سیاسیەکاندا، واتە کەلێنێک کە زۆرجار دەگۆڕێت بۆ شکستی ستراتیژی، بەو مانایەی لە درێژماوەدا، عێراق لەبری باڵادەستی ئەمریکا، بوو بە پاشەکشەی ئەمریکاو، بوونی عێراق بە بەشێک لە باڵادەستی ئیدارەی کۆماری ئیسلامی.
ئەو ئەزمونی جەنگەی لە عێراقدا ڕوویدا، هۆشداریەکی توند لە حاڵەتی نەرێنی و پوچەڵی لە ململانێی ئێستای ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا دەسەلمێنێت، لە عێراقدا هەڵوەشاندنەوەی حزبی بەعس و هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق بەبێ چەکداماڵین، زەمینەیەکی بەپیتی بۆ یاخیبونی چەکداری دابینکرد، سەرکەوتنی سەربازی کردە ئاژاوەی سیاسی و بڵاو بونەوەی میلیشیاکان و دروستبوون و باڵادەستیی حەشدی شەعبی.
ئەوەی لە عێراق ڕویدا، ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی ڕووخانی ڕژێمەوە بەجێما، بە بەتاڵی نەمایەوە، بەڵام بەو لایەنانە پڕکرایەوە، کە لەسەرەتادا وەک ئۆپۆزیسیۆنی جۆراوجۆری سەیروسەمەرەی هاوپەیمانی بۆ ئەمریکا، هاتنە سەر شانۆی سیاسی، کەدوای داڕمانی تەواوی ژێرخانی ئابوری وداڕمانی پێگەی دەوڵەت و دەسەڵاتەکان لە عێراقدا، بە سەرپەرشتی ئەمریکا ئیدارەی حکومەتێکی تەوافقی بێسەروبەر دروستکرا، کە دواتر بەپێی ئاڵوگۆڕ لە هاوکێشەی سیاسی و هاوسەنگی هێزەکان، دەسەڵاتەکان و ناوچەکان دابەشکران، ئەوە دەبینین کەعێراقێکی “یەکگرتو” تائێستا کێشەیەکی بەردەوامە و یەکلایی نابێتەوە، یان گەر دروستتر بڵێین لە دنیای واقعدا عێراق تائێستا، هەر ناوچەیەکی بەدەست هێزێکی میلیشیاوەیە.
هەڵبەتە ئێرانیش زۆرترین ئامادەیی و زەمینەی هەیە بۆ دوبارەبونەوەی هەمان واقعیەت و ئەزمونی دۆخی عێراق، کە بەشێوەیەکی فروانتر و مەترسیدارتر لەسەر خەڵکی ئێران دەکەوێتەوە، بەتایبەتی لە باری جێۆپۆڵەتیکیەوە گەورەیی ئێران و بوونی نەتەوەی جیاواز و جۆرەها ئۆپۆزیسیۆن، لەهەموی گرنگتر بونی هێزێکی بەرفراونی عەقیدەتی شیعەگەرای بەرگریکەر لە کۆماری ئیسلامی، کەدوای نەمانی کۆماری ئیسلامی دەبنە چەند پارچەیەک و هەرلایەنێکیان وەک هێزی میلیشیا ناوچەیەک لە ئێران بەدەستەوە دەگرن.
هەر سەرکەوتنێکی سەربازی ئەمریکا نەک نابێتە سەرکەوتنی خەڵکی ئێران، بەڵکو هەر لەئێستاوە وێرانکاری و کارەساتەکان و تێکدانی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و کارگەریەکانی دەبینین، ئەمەش ئەو هەلومەرجەی دروستکردووە کە لەهەمانکاتدا بووەتە هۆی کارەساتی سیاسی، ئەم ئەزموونەش بنبەست و وانەیەکی توندە کە ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکە بەدوای هەر بەرژەوەندیەکی سیاسی ناوچەیی و جیهانیەوە بوبێت، لە دواشیکردنەوەدا، سەرکەوتنی ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بەتایبەتی باڵادەستی تەواو بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرکەوتونابێت، یان گەر دەستەواژەیەکی تر بەکار بهێنین، ئەمریکا ناتوانێت سەقامگیری لە ناوچەکە بەباڵادەستی خۆی بەدەست بهێنێت، چونکە ململانێی زلهێزە جیهانیەکان کۆتاییان نایەت.
لەچوارچێوەی دۆخی ئێستای شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل لەبەرامبەر ئێراندا، هەر لەئێستاوە کارەسات و مەترسیەکانی دەبینرێت، تا ئەوکاتەی شەڕەکە دەوەستێت، ئەو وێرانکاریەی بەسەر ئێراندا هاتووە، بەڕۆشنی پێشبینی گەورەترین ئاکامی درێژماوەی ناجێگیری سیاسی لێدەکرێت، دۆخی نائەمنی زیاتر و شەڕی ناوخۆ و قەیرانی ئابوری و پارچەپارچەبونی ئێران و سەختی پێکهێنانی حکومەت و گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەندی بەخۆیەوە دەبینێت.
لەلایەکی ترەوە ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین، سوپای پاسدارانی ئێران تەنیا دەزگاو هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکو لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٠ لەسەدی ئابووری ئێرانیان کۆنتڕۆڵ کردووە، کۆمپانیا گەورەکانی بیناسازی، پەیوەندیەکان و پترۆکیمیای بەڕێوەدەبات، ئەمە جگە لە تۆڕە دامەزراوەکان کە هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەتدا دەڕۆن.
دوای کۆتایی ژیانی خامنەیی، لە سەرەتای هەڵمەتی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بووەتە دەسەڵاتی دیفاکتۆی حوکمڕانی. دانانی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەر، بەهەر گومان و لێکدانەوەیەک لەسەر دۆخی ئێستای ئێران و مان و نەمانی موجتەبا، گوزارشت لە درێژەدانی ڕژێمە نەک گۆڕانکاریەکانی، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە سەرکەوتنی سەربازی ئەمریکا بەتەنیا گواستنەوەی سیاسی سەرکەوتوو بونی ناخوڵقێنێت، پرسەکە تەنها پەیوەندی بە گۆڕینی ڕژێمەوە نییە، بەڵکو لەسەر ئەوە وەستاوە بە کێ بۆشایی دەسەڵات پڕدەکاتەوە، ئەمەش ئەو پرسیاریە کە واشنتۆن هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە.
ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە دەرەوەی وڵات، وەک ڕێکخراوی موجاهدین و بزووتنەوەی پاشایەتی و گروپە چەپ و دیموکراتیەکان، ڕووبەڕووی هەمان ئەو کێشانە دەبنەوە کە ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕووبەڕووی بووەوە، ئاشکرایە پێگەی تەواوی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە ناوخۆی ئێراندا زۆر لاواز و بێکاریگەرن ، پێموایە ئەمریکاش ناتوانێ پێکهاتەیەکیان لێدروست کات، تا ئیدارەی حکومەتیان ڕادەست بکات. جگە لەوەش هەر جەنگ و هێرشێکی دەرەکی بەشێوەیەکی تایبەت خەڵك دەخاتە حاڵەتی چاوەڕوانیەوە، تەنانەت ئەگەر ناڕازیش بن و خواستی ڕوخانی دەسەڵاتیان هەبێت، ئەو جەماوەرەی سەردەمانێک دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دەدا، ئێستا شایەتحاڵی کەوتنە خوارەوەی بۆمبەکان و وێرانبونی شارەکانیانن، ئەمەش زیاتر بە قازانجی پاراستن و مانەوەی سوپای پاسداران دەبێت، کە گۆڕانکاریەکی سیاسی لە ڕێگای شەڕو هێزی دەرەکیەوە، دۆخی ئێران و ناڕەزایەتی جەماوەری قورستر دەکات.
هەروەها ژمارەی دانیشتووانی ئێران لە ٩٢ ملیۆن کەس زیاترە و تۆڕەکانی بە وەکالەت نامێنن ئەگەر ڕژێم بڕوخێت، بەڵکو لە شێوازی تردا چالاکتر و زیندووتر دەبنەوە. جگە لەوەش ئێران خاوەنی کۆگایەکی گەورەی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوە، کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٥ەوە نەیانتوانیوە بەتەواوی لەڕێگەی دەزگای هەواڵگریەوە پەیدای بکەن. گومانی تیا نیە کە دوای داڕوخانی کۆماری ئیسلامی ئەو یۆرانیۆمە دەکەوێتە دەستی هێزە میلیشیاکان، کە نازانرێت بۆچی بەکاری دەهێنن و چۆن بەکاری بهێنن.
لەم هەلومەرجەدا هەر هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕژیمی سیاسی لە ئێران، یان کۆتایی سوپای پاسداران، بەبێ دامەزراندنی ئەڵتەرناتیڤێکی پتەو و جێکەوتو، بە ناچاری دەبێتە هۆی گەورەترین گێژاوی سیاسی و زیاتر داڕمانی ئابووری، لەهەمانکاتدا حکومەتێکی ڕاگوزەری سەقامگیر جێگای ناگرێتەوە. بۆیە ستراتیژی ئێستای واشنتۆن و دەوری ئیسرائیلی هاوپەیمانی لەم شەڕەدا، لەسەر بنەمای جۆرێک لەو گێژاوەی دەرگیری بون کاردەکەن، واتە بەبێ ئەوەی پلانێکی ڕوونیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بۆشاییە سیاسیەی کە لە کۆتایی شەڕەکەدا پێشدێت.
لە عێراقدا بۆشایی دەسەڵات، لەکاتی خۆیدا کاریگەری لەسەر بەهێزکردنی دەور و دەخالەتی ئێران کرد لە عێراق و ناوچەکەدا، لە لیبیا و سوریا و یەمەنیش شەڕی ناوخۆ و ناسەقامگیری سیاسی درێژە پێدا. ئێستاش پێدەچێت هەمان سیناریۆ لە ئێراندا لە شێوازی مەترسیدارتر و کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەروبێتەوە، بۆیە سەرکەوتنی سەربازی ئەمریکا بەتەنها بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیەکان بەس نییە. بەم شێوەیە سەرکەوتنی سەربازی بەبێ پلانێکی سیاسی تۆکمە بۆ سەقامگیری، ڕێچکەیەکە بۆ بنبەست و شکست، لە پەیوەند بەدەوری ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
بەڕۆشنی دەبینین هەر لەئێستاوە و شەڕێک لە دژی ئێران دەتوانێ هەمان ڕێبازی کارەساتبار بگرێتەبەر، کە ئایندەی ئێران بۆ درێژماوە لەوپەڕی گێژاو و ناسەقامگیریدا ڕابگرێت، ئەوەی شایانی شەرمەزاریە، ئەو بیرکردنەوە خۆشخەیاڵانەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکات “کورد یەکگرتوو بێت دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساوە سوود لە دۆخی ئەم شەڕە کاولکاریەی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران وەربگرێت”!
ئەزمونی واقعی هێزە ناسیۆنالیستە کوردیەکان، کە هیچ کات نوێنەرایەتی چارەسەری کێشەی کوردیان نەکردووە، ئەوە دەردەخات کە ناتوانن زەمینەی یەکگرتویی هێزەکانیان پێک بهێنن و هاوبەش بن لە خەباتێک کە مانای دیاریکردنی ئایندە و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بێت.

عوسمانی حاجی مارف




شەڕ بەردەوامەو پێشبینی کۆتایی هاتنی شەڕیش پەیوەستە بە بەدیهاتنی ئامانجەکانی شەڕ!.. حەسەن ڕازانی

بە دەیان ساڵە شەڕ بەردەوامەو نەوەستاوە. لە شوێنێک وەک تاکتیک شەڕ ڕاگیراوەو لە شوێنێکی تر وەک تاکتیک و بەرژەوەندی دەستپێکراوەتەوە. ئامانجیش لەو شەڕانە یەک ئامانجە، کە کورتیەکەی بریتیە لە فراوانخوازیی لە رووی هەژموونی ئابوورییەوە، بەرژەوەندی ئابووریی و کەڵەکە کردنی سەرمایەو پاراستن و وەدەستهێنانی بازاڕی سەرمایەگوزاریە بۆ سیستەمی سەرمایە!
بەهانەکان لە وینەی دێموکراسیی و سەربەخۆیی و ئایین و مەزەب و ڕەگەزو ڕەنگ و …هتد تەنها بەهانەو تاکتیکی گەییشتنن بەو ئامانجە سەرەکیە بۆ ئیدامە پێدانی سیستەمی سەرماداریی جیهانیی! جا ئەگەر بابەتی ڕۆژهەڵاتیی و ڕۆژئاوایی و بەرامبەرکێی ئایین و کەلتوورەکان دەهێنرێتە بەرباس، دڵنیا بن کە هیچ نیە بێجگە لە پێشبڕکێی نێوان کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەرمایەداریی جیهانیی لە نێوخۆیاندا بۆ هەڵلووشینی یەکتر! شەڕ شەڕی نێوان کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانە نەک شەڕی نەتەوەکان و کەلتوورەکان و ئاین و مەزب و ڕەگەزەکان. بە سەرکەوتنی کۆمپانیایەکی سەرمایەداریی بەسەر کۆمپانیایەکی تری سەرمایەدارییدا، جا با شوێن و ئایین و مەزەب و نەتەوەو ڕەگەزیشیان جیاواز بێت، هیچ لە ژیانی خەڵکی بەشمەینەت ناگۆڕێت!
شەڕی نێوان ئەمریکاو ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران دەچێتە نێو هەمان چوارچێوەوە کە لەسەرەوە باسمان کرد. ئەو شەڕە ئەمرۆ دەستی پێنەکردووە بەڵک و بە ناڕاستەوخۆیی پێش هێرشی حەماس، وەک پرۆکسی ڕاستەوخۆی ئێران، بۆ سەر ئیسڕائیل و بە ڕاستەوخۆییش لە ئۆکتۆبەری ٧ی ٢٠٢٣ وە دەست پێدەکات کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
هەر لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، من لە زنجیرە نووسینێکمدا لە ژێر ناوی “شەڕ بەردەوامەو بەردەوامیش دەبی تاکو ئامانجەکانی شەڕ دەهێنرێنەدی!” بە ڕوونی ئەو کات گوتوومە کە شەڕ بەردەوام دەبێ تاکو ئامانجەکەی ناتۆ بە سەرکردایەتی ئەمریکا بە تەواوی دەهێنرێتە دی، کە بریتیە لە کۆتایی پێهینانی دەستی چین و ڕوسیا لە ناوچەکەدا بە پلەی یەکەم و بە پلەی دووەمیش بریتیە لە دابینکردنی ئاساییشی دەوڵەتی عیبڕی ئیسرائیل کە وەک بەرەی پێشەوەی ناتۆیە لە ناوچەکەدا!
جا لەو پێناوەدا کێ سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت ئەوە شتێکی ترە. بەڵام ئێران بەربەستی سەرەکیی بەدیهاتنی ئەو ئامانجەی ناتۆ بوو. ئێران هەم هەڕەشە بوو بۆ سەر ئیسڕائیل و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو هەمیش پرۆکسیەکی ڕاستەوخۆو بەهێزی چین و ڕوسیایە لە ناوچەکەدا!
جا بۆ ئەوەی ئێران بکرێتە ئامانج دەبوایە لە پێشدا پرۆکسیەکانی ئێران لە وێنەی حەماس و حوسیەکان و بەشار ئەسەدو حیزب اللەی لوبنانی و حیزبەکانی دیوی عێڕاق کە سەر بە ئێرانن کۆتاییان پیبهێنرێت، ئینجا ڕووبکەنە ئێران بۆ ئەوەی بە ئاسانیی کارەکەیان بۆ مەیسەر ببێت. چونکە بێ کۆتایی هاتنی پڕۆکسیەکانی چین و ڕوسیا لە ناوچەکەدا، کە ئێران لە پێشەوەی ئەو پڕۆکسیانەدایە، ناتوانرێت کۆتایی بە دەستی چین و ڕوسیا بهێنرێت لە ناوچەکەدا، هەروەها بێ کۆتایی هینان بە پڕۆکسیەکانی ئێرانیش لە ناوچەکەدا ناتوانرێت دەست بۆ ئێران ببرێت. چونکە ئێران ئاسان نیەو بە ئاسانیی ناتوانرێت لە ناو ببرێت!. تکایە بگەرێنەوە بۆ نووسینەکانی پێشووم لەوبارەوە کە من چۆن لەوبارەوە پێشبینیم کردووە!
ئێستا ئێمە نابێ فۆکەس بخەینە سەر ئەوەی کە ئەمریکا ڕیسوا بووە یان نا، ئەوروپا لەگەڵیدایە یان نا، چونکە ئەمریکاو ناتۆ لە ڕیسوابوون ناترسن لە پێناو گەییشتن بە ئامانجە ئابووریەکانیان. زووربەی دەوڵەتەکانی ناتۆش ئەگەر بە ئاشکراش لە گەڵ ئەمریکا نەبن، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە ژێرەوە لە گەڵ ئەمریکاو ئامانجەکانی ئەمریکادان لە ناوچەکەدا! جا بۆیە لێرەدا دەبێ بڵێین کە ئایا ناوچەکە و ژێرخانی ناوچەکە وێران بووە یان نا؟ ئایا خەڵکی ناوچەکە ئێستا نەگەییشتۆتە لێواری ئەوەی کە بە سیستەم و فەرمانڕەوایی شەیتانیش ڕازی ببێت و بەس بۆ ئەوەی شەڕ کۆتایی بێت و لە دیکتاتۆرێک ڕزگارییان ببیت بۆ ئەوەی دیکتاتۆرێکی تر بێت؟ ئایا چەند سیستەمی سیاسیی و سەربازیی ماون لە ناوچەکەدا کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گەل ئەمریکاو ئیسرائیلدا نەبن؟ ئایا لە کوێداو کەنگێ دەوڵەتێکی جیهانی عاڕەبی و ئیسلامی توانیویەتی لە دژایەتی کردنی ناتۆو ئەمریاکدا سەرکەوتن بەدەست بێنێت؟
ئەو شەڕانەش کە ئەمریکا سەپاندوونی لە سەرتاسەری جیهاندا، بەشی زۆری تێچووەکەیان لە سەر شانی سیستەمە سیاسیی و سەربازیەکانی ناوچەکەیەو ئەمەش ڕاستەوخۆ بە زیانی خەڵکی ناوچەکە شکاوەتەوە!
دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازی ئێستای ئاخوندەکان لە پێشنیارەکەی خومەینی لایداوە کە دەیگوت ” پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێژو ڕۆژوو واجبترە” ئێران ناتوانێت بۆ هەتا هەتایێ دژی ئەمریکاو ئیسڕائیل بێت. ئێران بەو موکورییەی خۆی لە سەر دوژمنایەتی ئیسڕائیل و ئەمریکا سەری خۆی و کۆماری ئیسلامی دەخوات. ئێران دەیتوانی شەڕ دەستپینەکات و واز لە کۆتایی هینان بە ئیسڕائیل بهێنێت کە دیارە هەرگیز ناتوانێت ئەو ئامانجەی بهێنێتەدی! سەدام و قەزافی و جمال عەبدولناسر هەمان قسەی ئێرانیان دەکردو ئەوەش چارەنووسەکەیان بوو کە هەموومان دەیزانین.
ئەو سیستەمانەی جیهانی عاڕەبی و ئیسلامی تەنها بۆ خەڵکی خۆیان ئازان و تەواوی هێزی سەربازیی و پۆلیسیی هەیانە لەبۆ سەرکوتی خەڵکی خۆیان لەناوەوەدا بەکاردێنن! بەڵام کە دێتە سەر شەڕ لە گەڵ ناتۆو ئەمریکا، ئەوە مێژوەکەیان لە دوێنی و لە ئەمڕۆدا دیارە کە چیان بەسەرخۆیان و میللەتەکەیاندا هیناوە!
ئیسرائیل بە کرداریی لە نێو جەرگەی شەڕی مان و نەماندایە، هەردووک جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی هەرشەی لەناوبردن و سڕینەوەی ئیسڕائیل لە سەر نەخشە دەکەن و دەورەیان داوە! جیهانی عاڕەبیی بە پشتیوانی جیهانی ئیسلامیی چەندین جار شەڕی لە گەڵ ئیسڕائیل دەستپێکردووەو ئەنجامەکەش دۆڕانی جیهانی عاڕەبیی بووە! کە دۆڕاویشە هەمیشە بە سەرکەوتوو خۆی نیشان داوە. ئەمەش کێشەیەکی دەروونیی گەورەیە لە نێو سیاسەتمەدارانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامییدا!
جا من وای دەبینم، کە ئێران تەنها دوو چارەی لەبەردەمدایە بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئەویش: یەکەم وازهینانیەتی لە شیعاری لەناوبردنی ئیسرائیل و وازهینانیەتی لە دژایەتی کردنی ئەمریکاو ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا! ئەگەر وا نەکا دەبێ خۆی بۆ چارەی دووەم ئامادە بکات کە ئەویش بریتییە لە مامەڵەو هەڵوێستی ئەمریکاو ئیسڕئیلە لەبەرامبەر ئێران دا! بۆیە من وای دەبینم کە دەبێ ئیران خۆی بۆ شەڕی درێژخایەن، گەرم یان سارد، لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل ئامادە بکا ت، ئەوەش هەموومان دەیزانین کە ئێران و سیستەمی ئاخوندەکان بەرەو چ هەڵدێرێک دەبات!

دەربارەی پێشبینیکردنی کۆتایی شەڕیش من پێم وایە کە هەموو ئەوانەی کە پێیان وایە شیکردنەوەی تەواوو ڕەهایان هەیە، پلان و سیاسەتی سیاسەتمەدارانی گەورەی جیهانی دەردەخەن یان خۆیان وا نیشان دەدەن کە وەکو شەڕە کەوچکیان کردبێت لە کاتی نان خواردندا لە گەڵ سیاسەتمەدارەکانی ناتۆو ئەمریکاو چین و ڕوسیادا کە وا خۆ دەردەخەن هەموو شتیکیان لێدەزانن ، من پێم وایە هیچ نیە بێجگە لە ڕای تایبەتی خۆیان. ئەو بۆچوون و تێڕوانینەی منیش دەچێتە نێو هەمان چوارچێوەی ڕاو تێڕوانینی تایبەتەوە! چونکە من پیم وایە لە سیاسەتدا ڕوونیی و ئاشکرایی بە تەواوی بوونی نیەو نابێ بە جۆرێکیش بێت کە خێرا بزانرێت چۆن هەنگاو دەنرێت! من پێم وایە لە سیاسەتدا ڕا گۆرین و پەشیمانبوونەوە کاریکی نۆڕماڵە! لەو نێوەدا پاراستنی بەرژەوەندیە کەسیی و سیاسیی و نەتەوەیی و ڕەگەزیی و ئابووریی و ئایینیی و مەزەبیەکانیش کاریکی نۆڕماڵەو هەموو ئەوانەش ڕۆڵیان هەیە لە جێگیربوون و نەبوونی ڕای سیاسیی لە شەڕو ئاشتیدا. بۆیە نابێ چاوەڕێ بین بۆ پێشبینیکردنی تەواوەتی لە سیاسەتی سیاسەتمەداراندا!
کەواتە: شەڕ بەردەوام بووەو بەردەوامیش دەبێ تاکو ئامانجەکانی شەڕ بەدەست دەهێنرین. جا با لە شوێنێک شەڕ بوەستێ بەڵام لە شوێنێکی تر دەست پێدەکاتەوە!

!




فەلسەفەی دوای مرۆڤ.. د. حمدي سيد محمد محمود.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا كردوویە بە كوردی

(گۆڕانکارییەکانی خود لە سەردەمی بوونەوەرە بەهێزکراوەکان)

پۆست هیومانیزم (Post humanism) ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە تێگەیشتن لە مرۆڤایەتیدا دەكات؛ چونكە لە پاش (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) چیتر مرۆڤ وەک ناوەندی گەردوون یان بوونێكی باڵا نامێنێتەوە، بەڵکە دەبێتە خاڵی گواستنەوە بەرەو پارادایمێكی نوێیی بوون، ((واتە بوونەوەرە بەهێزکراوەکان)) ئیتر مرۆڤ لە پارادایمە تایبەتمەندییە بایۆلۆژی و ئۆنتۆلۆژییەكان تێدەپەڕێنێت کە لە دەمێكەوە مرۆڤایەتییان پێناسە کردووە؛ بەو مانایەش فەلسەفەی (دوای مرۆڤ) وەک کاردانەوەیەک لە دژی مرۆڤگەرایی (Humanism) کلاسیک سەریهەڵداوە، کە مرۆڤایەتی بە تەوەری مەعریفە و بەها و مانا دادەنا؛ لە ڕوانگەی هیومانیزمی کلاسیکییەوە مرۆڤ وەك هێزی فیکری ڕۆشنگەری ئەوروپی لەڕێگای عەقڵ و زانستەوە توانی کۆنترۆڵی سروشت و زەمینەسازی بكات؛ بەڵام ئەمڕۆ فەلسەفەی پۆست هیومانیزم هەر تەنیا ئەم بنەمایانە ڕەت ناکاتەوە، بەڵکە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە تەكنۆلۆژی و ژینگەیی و دیجیتاڵی و میتافیزیکییانەی کە ئێستا کاریگەرییان لەسەر چۆنیەتی جێگیربوونی مرۆڤایەتی لە جیهاندا هەیە، ((واتە لەڕێگای بە تەكنۆلۆژیا، ئەلگۆریتم، یان ئامرازە دیجیتاڵییەکان)) فۆرمێكی دیكە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی دادەڕێژێتەوە.
لە ناخی ئەو فەلسەفەیەدا پرسیارێکی سەرەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە: ئایا کاتێک چەمکە تەقلیدییەکەی (مرۆڤایەتی) کاڵ دەبێتەوە و سنوورەکانی نێوان مرۆڤ و ئامێر و ئاژەڵ، یان بوونەوەرە دەستکردەکان، تەنانەت ژینگە دیجیتاڵییەکان دەسڕدرێنەوە، چی لە بەهای مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە؟ هەڵبەتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو فەلسەفەیە، هەڵوەشاندنەوەی دووبەرەکیی سەختی نێوان مرۆڤ و غەیرە مرۆڤە، کە لە ئەفلاتونەوە تا دیکارت بەسەر فەلسەفەکانی ڕۆژئاوادا زاڵ بووە…
فەلسەفەی دوای مرۆڤ، داوای تێپەڕاندنی ئەو دابەشبوونانە، مۆدیلی فرەیی بۆ (عەقڵ و بوون) پێشنیار كرد، کە مرۆڤایەتی لەڕووی عەقڵانییەت یان ئەخلاقەوە وەک تاکە بوونێك سەیر نەکرێ، بەڵکە وەک گرێیەک لە ناو تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییە ژینگەیی و تەكنۆلۆژی و گەردوونییەکاندا ببنرێت! لەم چوارچێوەیەدا، فەلسەفەی دوای مرۆڤ (پۆست هومانیزم) یەكانگیر لەگەڵ ڕەوتی ئۆنتۆلۆژیای فرەیی و تیۆری نیوکۆمەڵایەتی، ڕەخنە لە ئەنترۆپۆسین- ((هێزی مرۆڤ وەك هێزی سەرەکی گۆڕان لەسەر زەوی)) دەگرێ و پرسیارکردن لە بارەی سنوورە ئەخلاقی و سیاسییەکانی پۆلێنکردنی بوونەوەرەکاندا بەرز دەكاتەوە؛ كەواتە مەبەست لە (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) ئینکاركردنی بەهای مرۆڤ نییە، بەڵکە مەبەست لێی کردنەوەی دەرگایە بۆ فۆرمێكی دیكەی ژیان و بیرکردنەوە و بوونێكی جیاواز کە ڕەنگە لەگەڵ ستانداردە تەقلیدییەکانی مرۆڤدا نەگونجێت.
لە ڕوانگەی تەكنۆلۆژیاوە، پێشکەوتنە خێراكانی زیرەکی دەستکرد، ئەندازیاری بۆماوەیی، ڕۆبۆت، نانۆتەكنۆلۆژیا و تەواوی تەكنۆلۆژیاکانی واقیعی درێژکراوە یارمەتی خەیاڵ و بیرکردنەوەی (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) دەدات، بۆ ئەوەی بیر لە قۆناغێکی نوێی بوونی مرۆڤ بكاتەوە! لێرەدا تەكنۆلۆژیا نەک تەنها وەک ئامرازێک، بەڵکو وەک درێژکراوەی مرۆڤایەتی دەبینرێت، وەک بکەرێک دەبینرێت، کە توانای دووبارە داڕشتنەوەی سروشتی مرۆڤ و ئاسۆی پەرەسەندنی مرۆڤی هەیە؛ چەمکەکانی ((سایبۆرگ- مرۆڤێک تێکەڵ لە جەستە و تەکنۆلۆژیا)) مرۆڤ وەك بوونەوەرێکی تێکەڵاو لە نێوان مرۆڤ و ئامێردا- كە زیرەکی ئەو مۆدیلە لە مرۆڤ لەسەرووی مرۆڤدایە، ئەو مرۆڤەی سەرووی زیرەكی ئاماژەیە بە تواناگەلێك کە تەواوی توانا بایۆلۆژی یان مەعریفییە سروشتییەکان تێدەپەڕێنێت، نەك هەر هێندە بەڵكە هەتا دێ ئەو ڕەوتە بەهۆی گۆڕینی ناسنامەی مرۆڤ بۆ بنیاتێکی دیجیتاڵی زیاتر گەورە دەبێت، ئەو ڕەوتە دەتوانێت لە سەرانسەری میدیای نوێدا قسەی لەبارەوە بكرێ و دەستکاری بکرێت و بگوازرێتەوە، ئەوەش پرسیاری بێ وێنە سەبارەت بە جەستە، ناسنامە، ئازادی و مردن و نەمری دەوروژێنێت.
كەواتە فەلسەفەی دوای مرۆڤ تەنها گوتارێک نییە بۆ ستایشکردنی تەكنۆلۆژیا- ((بەڵكە هەوڵ دەدات بەشێوەیەکی ڕەخنەیی لە پەیوەندییەكانی مرۆڤ، تەكنۆلۆژیا، و جیهان، بكۆڵێتەوە))- ڕەخنەیەکی قووڵە، لەو دەسەڵات و کۆنترۆڵكردن و نایەکسانییەی كە ئەو گۆڕانکارییە تەكنۆلۆژییەكان بەرهەمییان هێناوە…
هەندێک لە فەیلەسوفان هۆشداری لە مەترسی گۆڕینی مرۆڤ بۆ (بەرهەمی) تەكنۆلۆژیا دەدەن، یان تێکدانی بەهاکانی دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ و بە کاڵاکردنی مرۆڤ یان جیاکردنەوەیان لە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی و سروشتی خۆی… هەموو ئەو نیگەرانیانە لەگەڵ مشتومڕەکانی ژینگەیی سەبارەت بە باڵادەستی تەكنۆلۆژیا و داهاتووی زەوی و زێدەبەكاربردنەكان یەکدەگرنەوە؛ بیرمەندانی (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) داوا دەکەن گۆڕانکارییە بایۆپۆلیتیکەكان، مرۆڤایەتی تێکەڵ بە تۆڕی ژیان بکاتەوە، نەک بیخاتە دەرەوە.
لە لایەکی دیکەوە فەلسەفەی دوای مرۆڤ ئەگەرێکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە ئەخلاق و هۆشیاری پێشکەش دەکات، نەک لە ڕوانگەی باڵادەستی مرۆڤەوە، بەڵکە لە ڕوانگەی بەشداریكردنی ئەویتری جیاواز و بەهای ئەویتری جیاوازەوە- جا چ ((ئەویتری جیاواز)) ئامێرێکی هۆشیار بێت، ئاژەڵێکی زیرەک بێت، یان تەنانەت ژینگەیەکی سروشتی (هەستیار- سێنسەر)… ئەو بەرفراوانبوونەی کایەی ئەخلاقی بە تەواوی نكۆڵی لە پۆلە جێگیرەکان دەکات، وەك چۆن مۆدێلێکی دیكەی بەرپرسیارێتی پێشنیار دەکات کە سنوورە ئۆنتۆلۆژییەکانی نێوان خود و ئەویتر تێدەپەڕێنێت؛ بەم شێوەیە (فەلسەفەی دوای مرۆڤایەتی) دەبێتە بانگەوازێک بۆ پێناسەکردنەوەی بوون و دەسەڵات و مانا، نەک تەنها لە ڕوانگەی تێپەڕاندنی مرۆڤایەتییەوە، بەڵکە لە ڕوانگەی دووبارە خەیاڵکردن بە شێوەیەکی زێدەخاكیی و زێدەپەیوەندی و بەشداریکردنی لەگەڵ فرەیی بووندا.
ئەوڕۆ گرنگی ئەو فەلسەفەیە تەنها لە ڕەهەندە تیۆرییەکەیدا نابینرێت، بەڵکە گرنگی لەوەدایە کە ئامرازە زیرەكەكان، بیرکردنەوەی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە ئاستەنگ و چالاکییەکانی جیهانی هاوچەرخ فرەوان دەكات- بۆ ئەوەش هەر لە زیرەکی دەستکردەوە بیگرە تا گۆڕانی کەشوهەوا- لە چوارچێوەیەکی نوێی ئۆنتۆلۆژی و ئەخلاقیدا، وامان لێدەکات بیر لەوە بکەینەوە کە مرۆڤبوون ((لەگەڵ فرەیی بوون)) یان لە جیهانێکدا کە چیتر بە تەنیا نین واتای چییە؛ لە جیهانێکدا کە لەگەڵ بوونەوەرە نوێیەکاندا هاوبەشین- ئەو بوونەوەرانەی كە هەندێكیان دەستكردی خۆمانن و هەندێکی دیکەیان لە پێش ئێمەوە (لە مێژووی گەردوون)دا بوونیان هەبووە! لێرەوە لەبەردەم ئەو هەموو گۆڕانکاریانەدا پڕۆژە کلاسیکییەكانی مرۆڤ هەرەس دێنێ! بەمجۆرە فەلسەفەی دوای مرۆڤ ئاسۆیەکی فەلسەفی پڕ لە نكۆڵی و پڕ لە دەرفەت دەخاتە سەر پشت و ناچارمان دەکات بیر لە سروشتی مرۆڤ و سنووری زانین و ئەخلاقی داهاتوو بکەینەوە.

سەرچاوە:
فلسفة ما بعد الإنسان: تحولات الذات في عصر الكائنات المعززة- د. حمدي سيد محمد محمود
الحوار المتمدن- www.ahewar.org – Jul 24, 202.

ڕوونكردنەوەكانی وەرگێڕ:
-جووت كەوانەكان زێتر بۆ ڕوونكردنەوەن.
-(بوونەوەرە بەهێزکراوەکان- الكائنات المعززة) واتە ئەو بوونەوەرانەی کە توانای سروشتیان بە تەكنۆلۆژیا، ئەلگۆریتم، یان ئامرازە دیجیتاڵییەکان زیاد دەکرێ، لەو حاڵەتەدا مرۆڤ تەنها وەك بوونەوەرێکی سروشتی نامێنێت، بەڵکە دەبێتە بوونەوەرێکی هاوبەشی مرۆڤ و تەكنۆلۆژیا.
-(ئەنتڕۆپۆسین) ناوی ئەو قۆناغەیە کە زانایان پێیان وایە ئەوە مرۆڤە هێزی سەرەکی گۆڕان لەسەر زەوی؛ بەڵام ڕەخنە لە ئەنترۆپۆسین لە كۆمەڵێ پرسیاردا خۆی دەبینێتەوە: ئایا مرۆڤەكان هەمووان بەرپرسیارن؟ یان سیستەمێکی دیاریکراو؟ ئایا مرۆڤ دەبێت ناوەندی بیرکردنەوە بێت؟ یان دەبێت جیهان بە شێوەیەکی گشتییتر ببینرێت؟!.

  • چەمکی (بایۆپۆلیتیکی) پەیوەندی بە بیرۆکەکانی فۆکۆ لە سەدەی 18 و 19 ـدا لەبارەی دەسەڵات و گۆڕانكارییەكانی دەسەڵاتەوە هەیە… لێرەدا چەمکی بایۆپۆلیتیکی واتە بەڕێوەبردنی ژیان: گۆڕان لە سیاسەتی سزادانەوە بۆ سیاسەتێک کە ژیان و جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەکی زانستی و سیستەمی بەڕێوە دەبات.



دابڕانی واشنتن و کۆتایی دەسەڵاتی ڕەها: خوێندنەوەیەک بۆ شەڕی ئێران.. نووسینی: توانا محەمەد نوری

نزیکەی ٢٢ ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنی جەنگێکی گەورە لە نێوان بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل و وڵاتی ئێراندا تێدەپەڕێت. لەم ٢٢ ڕۆژەدا، ئەوەی جیهانی تووشی سەرسوڕمان کردووە تەنها گەورەیی هێرشە مووشەکییەکان و قەبارەی وێرانکارییەکان نییە، بەڵکو گۆشەگیرییەکی بێوێنەی واشنتن و تەلئەبیبە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێدا، ئەمریکا خۆی لەناو جەنگێکی گەورەی ناوچەییدا دەبینێتەوە بەبێ ئەوەی هاوپەیمانە کۆنەکانی ئامادەبن پشتگیری لێ بکەن. ئەمەش وەک نیشانەیەکی ڕوون بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگی هێزی جیهاندا سەیر دەکرێت.

کاتێک سەیری ڕابردوو دەکەین، جیاوازییەکە زۆر دیارە؛ بۆ نموونە لە جەنگی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، زیاتر لە ٤٠ وڵات وەک هاوپەیمان بەشدار بوون، بەڵام لەم جەنگەدا ئەمریکا تەنانەت نەیتوانیوە پشتگیریی سیاسی وڵاتانی ناو ناتۆش بەدەستبهێنێت. بەپێی ڕاپۆرتە دیپلۆماسییەکان، زیاتر لە ٧٥٪ی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا، لەوانەش بەریتانیا، فەڕەنسا و یابان، بە ڕاشکاوی داواکارییەکانی واشنتنیان ڕەتکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە نابنە بەشێک لەم ململانێیە. ئەم وڵاتانە پێیان وایە کە بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە ئارامی و دیپلۆماسیدایە، نەک لە جەنگێکی خوێناویدا کە کۆتاییەکەی دیار نییە.

ئەم پاشەکشەیەی جیهان تەنها لە ترسی مووشەک و لێدانە سەربازییەکان نییە، بەڵکو ترسی زیانێکی گەورەی ئابووری جیهانی لەپشتە. تەنها لەم ٢٢ ڕۆژەی جەنگدا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ڕێژەی ٣٠٪ بەرزبووەتەوە و هۆشداری دەدرێت کە ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت، نرخەکەی بگاتە سەروو ١٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. وڵاتانی ئەوروپا کە هێشتا بەدەست کاریگەرییە قورسەکانی جەنگی ئۆکرانیاوە دەناڵێنن، ئامادە نین جارێکی تر ئابووری و بژێوی خەڵکەکەیان بخەنە مەترسییەوە تەنها بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئیسرائیل و داواکارییەکانی واشنتن. بەتایبەتی کاتێک دەزانن گەرووی هورمز، کە نزیکەی ٢٠٪ی نەوتی جیهانی تێدا دەگوازرێتەوە، ئێستا لەژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆدایە.

ئەم دۆخە نوێیەی کە هاتووەتە ئاراوە، دانپێدانانێکی فەرمییە بەوەی کە سەردەمی “جیهانی یەک جەمسەری” کۆتایی هاتووە. ئەگەر جاران بڕیارێکی کۆشکی سپی بەس بوایە بۆ ئەوەی سوپاکانی جیهان بکەونە ڕێ، ئێستا واقیعی “جیهانی فرەجەمسەر” خۆی بەسەر هەموواندا سەپاندووە. هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئێستا زیاتر گوێ بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەگرن نەک فەرمانەکانی ئەمریکا. ئەمەش وای کردووە واشنتن لەم ٢٢ ڕۆژەی جەنگدا وەک دوورگەیەکی دابڕاو و بێدۆست لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەربکەوێت.

لە ڕووی داراییەوە، تێچووی سەربازیی ئەم جەنگە بۆ ئەمریکا زۆر لەوە زیاترە کە چاوەڕوان دەکرا. خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئەمریکا ڕۆژانە نزیکەی ١ ملیار دۆلار تێچووی هەیە لەم جەنگەدا بۆ جووڵەی پاپۆڕە جەنگییەکان و سیستەمەکانی بەرگری. ئەم خەرجییە خەیاڵییە لە کاتێکدایە کە قەرزە گشتییەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ٣٩ تریلیۆن دۆلاریان تێپەڕاندووە. بەبێ پشتگیریی هاوپەیمانەکان، بەردەوامبوون لەم خەرجییە گەورانە نەک هەر زیان بە سوپا دەگەیەنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی داڕمانی ناوخۆیی و توڕەیی زیاتری هاووڵاتیانی ئەمریکی کە نایانەوێت پارەکانیان لە جەنگێکی بێهودەدا خەرج بکرێت.

ئەمریکا و ئیسرائیل بە بیرکردنەوەی سەدەی ڕابردوو چوونە ناو ئەم جەنگەوە؛ ئەو سەردەمەی کە پێیان وابوو هێزی سەربازی و تەکنەلۆژیا دەتوانێت هەموو شتێک یەکلا بکاتەوە. بەڵام جیهانی ساڵی ٢٠٢٦ جیاوازە؛ ئێستا هێزی نەرم، پەیوەندییە ئابوورییەکان و هاوسەنگییە نوێیەکان لەگەڵ هێزەکانی وەک چین و ڕووسیا، ڕێگرن لەوەی ئەمریکا بتوانێت وەک جاران ڕۆڵی “پۆلیسی جیهان” بگێڕێت. مانەوەی ئەمریکا بە تەنیا لەم مەیدانەدا، گەورەترین شکستی دیپلۆماسی و سیاسییە لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا.

پەیامی ئەم ٢٢ ڕۆژەی جەنگ زۆر ڕوونە؛ کاتی ئەوە هاتووە واشنتن لەو خەوە خەبەری ببێتەوە کە وا دەزانێت جیهان هێشتا لەژێر فەرمانی ئەودایە. هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمریکا بەم هەڵوێستەیان پێیان وت کە ئامادە نین وڵات و ئابوورییەکانیان وێران بکەن تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتێک کە ڕێز لە هاوسەنگییە جیهانییەکان ناگرێت. ئەم جەنگە سەلماندی کە دەسەڵاتی ئەمریکا درزێکی گەورەی تێکەوتووە، درزێک کە بە هیچ چەکێکی پێشکەوتوو پڕ ناکرێتەوە.

لە کۆتاییدا، ئەگەر ئەمریکا بە زوویی ئەم واقیعە نوێیەی جیهان قبوڵ نەکات، ئەوا ئەم ململانێیە تەنها نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگۆڕێت، بەڵکو دەبێتە خاڵی کۆتایی بۆ دەسەڵاتی جیهانی ئەمریکا. مێژوو وانەیەکی گرنگی پێداوین: ئیمپراتۆریەتەکان ئەو کاتە دەڕوخێن کە پەیوەندییان لەگەڵ واقیعی سەردەمەکەیان دەپچڕێت. ئێستا واشنتن لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدایە: یان دەبێت قبوڵی بکات کە جیهان بەرەو فرەجەمسەری دەچێت، یان دەبێت چاوەڕێی داڕمانێکی یەکجاری بێت لەژێر قورسایی ئەو جەنگانەی کە تەنها خۆی و ئیسرائیل تێیدا ماونەتەوە.

٢٢/٣/٢٠٢٦
نووسینی: توانا محەمەد نوری




پەروەردەی مۆدێرن لە نێوان لێبوردەیی و بێسەروبەریدا.. وریا مەعروف

پرۆسەی پەروەردە لە سەردەمی نوێدا چیتر تەنها گواستنەوەی زانیاری یان سەپاندنی دیسپلینێکی توند نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ جۆرێک لە هونەری مامەڵەکردن لەگەڵ “خودی” مرۆڤدا، کە تێیدا سنووری نێوان ئازادییەکی بونیادنەر و پاشاگەردانییەکی وێرانکەر بە تەمومژاوی ماوەتەوە.
لە جیهانی پڕ لە گۆڕانکاریی ئەمڕۆماندا، چەمکی پەروەردە بەرەو قۆناغێکی نوێی مێژوویی هەنگاو دەنێت کە تێیدا هەموو بنەما کلاسیکییەکانی ڕابردوو خراونەتە ژێر پرسیارەوە. لێرەوەیە کە چەمکی لێبوردەیی وەک کۆڵەگەیەکی سەرەکیی مۆدێرنە دەردەکەوێت و هەوڵ دەدات ژینگەیەکی ئارام بۆ گەشەی دەروونیی نەوەی نوێ بڕەخسێنێت. بەڵام ئەم گۆڕانە لە پارادایمی پەروەردەییدا، لەگەڵ خۆیدا ئاڵنگارییەكی گەورەی هێناوەتە ئاراوە کە بریتییە لە ونبوونی سنووری ناسک لە نێوان ڕێزگرتن لە ئازادییەکانی تاک و کەوتنە ناو زۆنگاوی بێسەروبەرییەوە.
لێبوردەیی لە جەوهەری خۆیدا بەهایەکی باڵایە و ئامانجی دروستکردنی مرۆڤێکی متمانەبەخۆ و کراوەیە کە بتوانێت بەبێ ترس لە سزادان، توانستە شاراوەکانی خۆی دەربخات. بەڵام کاتێک ئەم چەمکە لە ناوەرۆکە فەلسەفییەکەی خاڵی دەکرێتەوە و دەبێتە پاساوێک بۆ دەستبەرداربوون لە ئەرکی ڕێبەری، لێرەوەیە کە مەترسییەکان دەست پێ دەکەن. زۆرجار لەناو سیستمە پەروەردەییەکان و ژینگەی خێزانیدا، وا تێگەیشتن دروست دەبێت کە لێبوردەیی واتە جێهێشتنی منداڵ بەبێ چوارچێوە و ڕێسا، ئەمەش جۆرێکە لە پاشەکشەی پەروەردەیی کە زیانەکەی کەمتر نییە لە توندوتیژیی کلاسیک.
کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە پەروەردەی مۆدێرن زۆرجار فێری نەکردووین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئازادیدا بکەین، هەر بۆیە لێبوردەیی وەک تەمبەڵی و بێسەروبەری وەک ئازادی لێکدەدرێتەوە. بێسەروبەری کاتێک سەرهەڵدەدات کە لێبوردەیی دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە بێباکی، کە تێیدا تاک فێری بەرپرسیارێتی نابێت و وا تێدەگات کە ئازادی واتە کردنی هەر کارێک بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی. ئەم جۆرە لە گەورەکردنی نەوەکان، مرۆڤێکی لاواز و بێ ‌ئیرادە بەرهەم دەهێنێت کە لەبەردەم بچووکترین بەربەستەکانی ژیاندا هەرەس دەهێنێت، چونکە لە ژینگەیەکدا گەورە نەبووە کە تێیدا سنوورەکانی “ماف” و “ئەرک” بە ڕوونی دیاریکراو بن.
پەروەردەی ڕاستەقینە و هاوسەنگ ئەو سیستمەیە کە بتوانێت مۆدێلێکی “دەسەڵاتی میهرەبان” بونیاد بنێت. بەو مانایەی کە ژینگەیەک بخولقێنێت تێیدا یاسا و پرەنسیپەکان نەک وەک ئامرازی سەرکوت، بەڵکو وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی ئاسایشی دەروونیی تاک و کۆمەڵگە سەیر بکرێن. تەنها لەم ڕێگەیەوە دەتوانین مرۆڤێکی “ئازاد بەڵام پابەند” بەرهەم بهێنین کە هەم ڕێز لە خودی خۆی بگرێت و هەمیش ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی فەرامۆش نەکات. ئازادی بێ بەرپرسیارێتی تەنها سەرابێکە و تاک بەرەو تەنهایی و سەرگەردانی دەبات، لە کاتێکدا لێبوردەیی لەگەڵ یاسا و ڕێكخستندا، دەبێتە هۆی گەشەیەکی تەندروست.
کلیلی سەرکەوتن لە پەروەردەی مۆدێرندا لەوەدایە کە بزانین ئازادیی بێ یاسا دەبێتە پشێوی، و یاسای بێ ئازادیش دەبێتە ستەمکاری و کوشتنی داهێنان. لێبوردەیی ڕاستەقینە دەبێت ئامرازێک بێت بۆ بونیادنانی کەسایەتییەکی بەهێز و بەپرسیار کە بزانێت کەی و لە کوێدا سنوورەکانی خۆی و ئەوانی تر دەست پێ دەکات. تەنها لە ڕێگەی ئەم هاوسەنگییە وردەوە دەتوانین نەوەیەک پێبگەیەنین کە هەم خاوەن هزری ئازاد بێت و هەمیش خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان بەبێ ئەوەی بکەوێتە ناو داوی بێسەروبەرییەوە.




ژیانێکی دیزاینکرا و لەو نیشتیمانەی تەنها مەرگی تێدا قەدەغەیە.. پاڤێڵ ساڵح

لێرە لەم پارچە زەوییەدا کە ناوی نیشتمانە ئێمە کێشەمان لەگەڵ “نەبوون” نییە، کێشەی گەورەی ئێمە لەگەڵ “بوون”دایە. ئێمە تووشی نەفرەتێکی ئەبەدی بووین ,سزادراوین بە ژیان ئەمە ئەو ژیانە نییە کە مرۆڤ بە ئیرادەی خۆی دەیشکێنێت و وەک دیارییەکی گەردوونی وەری دەگرێت
بەڵک و ژیانێکی ئەندازیاریکراوە قەفەزێکی بایۆلۆژییە کە ملئەستوورەکان دیواریان بۆ نەکێشاوە، بەڵکو بە ئۆکسجین و کارەبا و نانێکی ژەهراوی بە هیوا سنووریان بۆ کێشاوە.

هەمیشە دەڵێن: “ئێمە هەموومان لە یەک کەشتیین”، بەڵام ئەمە درۆ گەورەکەیە ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئێمە و ئەوان لە یەک کەشتییدا نین، بەڵکو ئێمە کەشتییەکەین و ئەوان سەرنشینە زۆردارەکانن، ئێمە ئەو تەختە و بزمارە ئازارچێژانەین کە لەژێر جەستەی قورسی ئەواندا لەناو ئاوی سوێردا دەپرزێین، تا ئەوان بەسەر پشتی ئێمەوە سەیری ئاسۆ بکەن و چێژ لە شەپۆلەکان وەربگرن. ئەوان نایەڵن ئەم کەشتییە نوقم بێت نەک لەبەر خۆشەویستی بۆ ئێمە، بەڵکو چونکە دەزانن بەبێ تەختەکانی جەستەی ئێمە ئەوان چرکەیەک لەسەر ئاوەکە نامێننەوە.

مردنی ئێمە مەرگی چێژەکانی ئەوانە بۆیە نایەڵن بمرین تەنها ئەوەندە ئۆکسجینمان دەدەنێ کە بتوانین وەک ژێرخانێکی زیندوو بۆ ملئەستووریی ئەوان بمێنینەوە. ئەمە سادیستیترین جۆری دەسەڵاتە هێشتنەوەی مرۆڤ لەسەر لێواری مەرگ، بێ ئەوەی ڕێگەی پێ بدەیت تێپەڕێت تاوەکو بتوانن بۆ ماوەیەکی درێژتر سوود لە ئێشەکانی وەربگرن.

سی ساڵ لەمەوبەر تاریکییەکە شکۆیەکی تێدابوو ئەگەر کارەبا نەبوو، چونکە نیشتمان لە گەمارۆ و شەڕدا بوو بەڵام ئەمڕۆ؟ ئەمڕۆ تاریکی تەکنیکێکی ئەشکەنجەیە کە لەلایەن “سەخیفەکانی” چواردەوری دەسەڵاتەوە نەخشەسازیی بۆ کراوە. کاتێک ڕۆژانە کارەبا دەبڕن ئەوە تەنها کێشەی وزە نییە ئەوە پەیامێکی فیکرییە ئێمە خودای کات و ڕووناکیی ئێوەین، ئێوە تەنها سێبەرن و سێبەریش مافی ڕووناکیی نییە.

ملئەستوورەکان و پیاوە قاڵبووەکانی ناو دەسەڵات وایان کردووە نیشتمان ببێتە زیندانێکی گەورە کەس هاوار ناکات، چونکە ئەوان توانیویانە “خەونەکانمان” هێندەی مۆلیدەیەک بچووک بکەنەوە. کاتێک مرۆڤ تەنها خەمی ئەوەی بوو چۆن لەم دۆزەخەدا بمێنێتەوە چیتر کاتی بۆ بیرکردنەوە لە “ئازادی” نامێنێت.

ترسناکترین بەشی ئەم تراژیدیایە ئەوەیە کە ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغی سڕبوون کاتێک هاوار نامێنێت، واتە جەلاد سەرکەوتوو بووە لەوەی مانا لە ناوەوەی قوربانییەکەیدا بکوژێت ئێمە ئێستا لە ناوەندی تاقیکردنەوەیەکی گەورەداین تاقیکردنەوەی ئەوەی کە تا چەند مرۆڤ دەتوانێت تەنها بە ئۆکسجین بژی بێ ئەوەی ببێتە مرۆڤ.

ملئەستوورەکان هەموو شتێکیان بۆ دیزاین کردووین تەنها یەک شت نەبێت ئەوان ناتوانن مانا بەو ژیانە بدەن کە لێیان زەوت کردووین ئێمە وەک ئەو پاترییانەمان لێهاتووە کە وزەیان تێدا نەماوە، بەڵام جەلاد هێشتا لێمان دەدات تا چرکەیەکی تر کار بکەین.

خوێنەری ئازیز، کاتێک دەبینیت کەس هاوار ناکات وا مەزانە خەڵک ڕازین تەنها ئەوەیە کە مردوو پێویستی بە هاوار نییە. ملئەستوورەکان وڵاتێکیان دروست کردووە کە تێیدا تەنها یەک جۆر ژیان ڕێگەپێدراوە ئەو ژیانەی کە تێیدا ئێمە بمرین بەڵام جەستەمان هێشتا هەناسە بدات تا ئەوان تێرببن.

ئەو ملئەستوورانەی نیشتمانیان کردووە بە تاقیگەیەکی بایۆلۆژی تەنها جەستەی ئێمەیان داگیر نەکردووە، بەڵکو چاوەڕوانی یان کردووە بە ئامرازێکی ئەشکەنجە ئێمە لە نیشتمانێکدا دەژین کە تێیدا چاوەڕێی هەموو شتێکین و هیچ شتێکیش ڕوو نادات چاوەڕێی کارەبا، چاوەڕێی مووچە، چاوەڕێی باران، و لە کۆتاییدا چاوەڕێی مەرگێک کە ئەوان مۆڵەتی هاتنی نادەن، ئەم چاوەڕوانییە کوشندەیە جۆرێکە لە پەلوپۆکردنی عەقڵ چونکە مرۆڤێک کە تەواوی وزەی مێشکی لە چاوەڕوانیی سەرەتاییترین پێویستیدا بەکاربهێنێت چیتر کاتی نابێت بیر لە کەرامەت بکاتەوە ئەوان دەیانەوێت ئێمە تەنها دەستگایەکی هەناسەدەربین، کە پارە بۆ بانکەکانی ئەوان و هێز بۆ کورسییەکانی ئەوان بەرهەم بهێنین.

ئەمڕۆنیشتیمان بووەتە شانۆیەکی گەورە کە تێیدا “سەخیفەکان” دەرهێنەرن ئەوانەی پێشتر لە پەراوێزی مێژوودا بوون، ئێستا بوونەتە پاسەوانی ڕووناکی و تاریکی ئەوان بە پێکەنینە ساردەکانیانەوە پێمان دەڵێن کە ژیان لێرە تەنها مانەوەیە لە ژیان نەک ژین، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوەی بژیت و ئەوەی نەمریت ئەوەی ئێمە دەیکەین تەنها نەمردنە ئێمە وەک ئەو درەختە دەستکردانەمان لێهاتووە کە لە باخچە گشتییەکاندا چێندراون نە گەشە دەکەین، نە گەڵا دەوەرێنین تەنها بۆ ئەوە دانراوین کە دیمەنی دەسەڵاتی ئەوان بە جوانی بمێنێتەوە.

ترسناکییەکە لەوەدایە کە زمانیشیان لێ دزیوین. کاتێک وشەکانمان لە مانا خاڵی دەبنەوە کاتێک دەڵێین “نیشتمان” و مەبەستمان “زیندانە” کاتێک دەڵێین “ئاییندە” و مەبەستمان “تاریکییە”ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە جەلادەکە تەنانەت ناوەوەی سەریشی کۆنتڕۆڵ کردووین.

ملئەستوورەکان دەیانەوێت بگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەم دۆزەخە تاکە بەهەشتی بەردەستە ئەوان وایان کردووە مەرگ ببێتە خەونێکی دەستنەکەوتوو، چونکە مەرگی ئێمە یانی پەککەوتنی ئەو ئامێرە گەورەیەی کە چەوریی جەستەی ئەوانی پێ چەور دەکرێت.

ئێمە ئەوەندە فێری نەمردن بووین، کە چیتر نازانین چۆن بژین ، ملئەستوورەکان بردیانەوە چونکە ئەوان تەنها نیشتمانیان داگیر نەکرد بەڵکو مەرگیان لێ دزین و ژیانێکیان پێ فرۆشتینەوە کە کڕینی گەورەترین خۆکوشتن بوو.




ئایا ئەم شەڕە کۆتایی دێت؟.. عوسمانی حاجی مارف

بەردەوامی شەڕی ناوچەکە بە ئاشکرا ئەوە دەسەلمێنێت، کە چیتر پابەند نییە بە هیچ کام لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و هێڵە سورەکانی تێپەراندووە، ململانێکان تەواو چۆتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە، بە واتای فراوانکردنی بازنەی ڕوبەڕوبونەوەکان، بەرەو ئەگەری نوقمکردنی ناوچەکەیە بۆ ناو سوڕێکی کراوەی چەنگێکی فراوانی ناوچەیی.
نایەکسانی هاوسەنگی هێزەکان لە ئارادایە، پێشکەوتنە ئاسمانی و تەکنەلۆژیەکان بە شێوەیەکی کاریگەر، جیاوازیان لەبەرامبەر هێزی سەر زەوی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمریکادا نیشانداوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا تائێستا سەرکەوتنی لایەنێک لەم جەنگەدا دەرنەکەوتووە، هەرەوەها کۆتایی جەنگەکەش کاتێکی دیاریکراوی نیە.
مەسەلەیەک کە لەم ناهاوسەنگیەدا جێگای سەرنجە، ئێران هەوڵئەدات، لە رێگەی چۆنیەتی بەرگری لەخۆی، خەریکە بە خۆراگری لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا چەندە زەرەمەندیش بێت ڕاوەستاوبێت، تا بەم رێگەیە، سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
هەرچەندە ئێران ناتوانێت بەوەی کە موشەکەکانی دەگەنە ئامانجەکانی ناو ئیسرائیل، بە لێدانی دامەزراوەی ئابووری، سەربازی، یان مەدەنیەکان، سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، هەروەها بەو مانایە نییە کە پێگەی ئێران لەسەر زەوی ڕێگەی پێدەدات مەرجەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بسەپێنێت.
سێ هەفتەی تەواو لە بۆردومان و وێرانکاری، هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا فراوانتر بون، سەدان ئامانجی لە ناوخۆی ئێراندا گرتۆتەوە، ئەمەش گەورەترین هەڵمەتی ئاسمانی ئیسرائیلە بۆ سەر تاران لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە، لە بەرامبەردا ئێران درێغی نەکردووە لە هەڵدانی موشەکی هایپەرسۆنیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسرائیل، هاوکات حزبولڵا بە هێرشی چڕوپڕی موشەکی، بەرەیەکی لە لوبنان کردۆتەوە و ڕوبەڕوبونەوەکەشی گۆڕیوە بۆ ململانێیەکی تەواو ناوچەیی. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئێران بە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەبەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا نەوەستاوە، بەڵکو هەوڵی داوە تەواوی ناوچەکە بکێشێتە شەڕێکی ئاشکراوە، بۆ بە ئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو و لێدانی دامەزراوە نەوتیەکانیان، لە سعودیە و ئیمارات و قەتەر تا داخستنی گەروی هورمز، بووەتە هۆی دابەزینی ٩٠%ی هاتوچۆی دەریایی، ئەمەش پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕوبەڕوبونەوە و بەبارمتەگرتنی ئابووری جیهانی.
لە ناو جەرگەی ئەم سیناریۆ جەنجاڵەی جەنگدا، پرسیارێک دێتە ئاراوە، کەی و چۆن ئەم شەڕە کۆتایی دێت؟ کە تائێستا لەم بارەیەوە پرسیارێکی ڕۆشن نابیستین، ئەمەش لەو شوێنەوەیە کە لەسەر بنەمای ئاڵۆزی و فرە ڕەهەندی دۆخی شەڕەکە ناتوانرێت وەڵامێکی یەکلایی کەرەوە پێشبینی بکرێت، بۆیە لە پەیوەند بە چەند ئەگەرێکەوە دەکرێت قەسەی لەسەر بکرێت.
هەردوولای شەڕەکە بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی شەڕی ئاسمانی، هەریەکەیان هەوڵی ماندوکردنی ئەوی دیکە دەدات لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە. ئێران وەک عەقیدەیەک مانەوە و خۆرادەست نەکردن بە سەرکەوتن ئەژمار دەکات، واتە تەنیا درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی، سەرەڕای لێدانی چرو زیان وخەسارەتەکانی، خۆی بە براوە دەزانێت، وەک هەمان نمونەی عەقیدەیی حەماس و حزبوڵڵا کە ساڵانێکە پەیڕەوی دەکەن، بەڵام ئەم ڕێگایە بە واتای خەسارەتێکی زۆری بێکۆتایی لە سەرچاوە مرۆیی و ئابووریەکان و وێران بون کارەساتێکی گەورەیە، کە بەڕاستی ڕێگایەکی ترسناکە، ئێرانیش تاکەی دەتوانێت خۆی لەبەرامبەریدا بگرێت!.
ئەگەرێکی تر ئەوەیە ئەگەر شەڕەکە لەوەی ئێستای فراوانتر بێتەوە، ڕاستەوخۆ وڵاتانی دیکەش ناچار دەکرێن بەشداربن، یان ئەگەر وڵاتانی تر وەک تورکیا یان ڕووسیا لە ڕێگەی پشتیوانی ناڕاستەوخۆوە دەستوەردان بکەن لەم شەڕەدا، ئەوا ناوچەکە دەتوانێت خۆی بخزێنێتە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنە، کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم دەبێت، ئەگەری هەیە هاوسەنگی هێز لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابڕێژنەوە، لەم حاڵەتەشدا ناتوانرێت ئێران بە ئاسانی هێوەر بکرێتەوە.
هەروەها ئەو ئەگەرەش هەیە لە ناچاریا شەڕەکە بەشێوەیەکی کاتی ڕاوەستێنن لە ڕێگەی نێوەندگیری نێودەوڵەتیەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترامپ بەدوور نازانرێت، بەو جۆرەی ڕایگەیاند گوایە ئێران بەتەواوی دۆڕاوە و دەیەوێت ڕێکەوتنێک بکرێت. بەڵام جەختیشیکردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن و “هێشتا قورسترین لێدانەکانیش ماوە”. لەلایەکی ترەوە ئێران ڕەتیکردەوە تا ئەو کاتەی لێدانەکان بەردەوام بن ئاگربەست قەبوڵ بکات. ئەوەی شایانی باسە ڕەنگە نەتەوە یەکگرتووەکان یان زلهێزەکانی وەک چین و ڕووسیا پاڵ بە کەمکردنەوەی پەرەسەندنی شەڕەکەوە بنێن، بەڵام سەختی بەدەستهێنانی چارەسەری یەکلایی کەرەوە، دەشێ پێکدادانەکان لەگەڵ یەکەم پێشێلکاری یان وروژاندندا سەرلەنوێ هەڵگیرسێنەوە.
خاڵێکی تر داڕمانی ناوخۆی ئێرانە، کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی فشارە سەربازی و ئابووریەکان، ئەگەری تەقینەوەیەکی ناوخۆیی دۆخەکە بشڵەقێنێت، بەڵام پرخوێناوی مەترسیدار دەبێت، چونکە ئێران دەخاتە ناو گێژاوێکی تر لە پێکهێنانی چەند ئەگەرێکی تر بەتایبەتی شەڕی ناوخۆ.
لە نێوان ئەو ئەگەرانەدا، لە کۆتاییدا هەرکامیان زاڵ بێت و کاریگەری هەر گۆرانێک لەسەردۆخەکە دانێت، بەڵام مەترسی لەسەر ڕاگرتنی کەشتیوانی جیهانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە جدیترین و هەستیارترینیانە، ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر هاتوچۆی کەشتیەکانی وەستاندووە، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانی ترانزێتی کەشتیەکانیان ڕابگرن، بۆیە لەم بارەیەوە ترەمپ ناچاربووە بە زویی بەڵێنی کردنەوەی هاتوچۆی گەرووەکە بدات، بۆیە ئەگەری فراوان بونەوەی شەڕەکە، ئەو ئاقارە بەخۆیەوە دەگرێت، کە ‌هێزی زەمینی لە جەزیرەکانی گەروی هورمز دابەزێنن، بەتایبەتی لە قەشم و خار، تا شەڕەکە دەچێتە ئاستێکی باڵاتر لە گەورەبونەوەی، هەر بەم رێگایەش، واپێدچیت ئەمریکا هەوڵبدات هەژمونی سەربازی بەسەر تەواوی کەنداوەکەدا هەبێت، واتە ئەم ئەگەرە دۆخەکە دەخاتە ناو شەڕێکی زەمینیەوە و دیارنەبونی کاتێکی زیاتر دەخاتە بەردەم کۆتایی شەڕەکە.
ئەمریکا بە جێگیرکردنی کەشتیەکی هێرشبەر بە ٢٥٠٠ سەربازەوە، ئامادەیی سەربازی خۆی بەهێزتر دەکات، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە بەرفراوانەکانی، ئێرانیش بە مووشەکی نوێ وەڵام ئەداتەوە، ئەوەی زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، نەبوونی هیچ ڕونکردنەوەیەکە سەبارەت بە ئامانجە کۆتاییەکانی جەنگ لە لایەنی ئەمریکاوە، ئایا ئەمریکا بە گەیشتن بە ئامانجی سترتیژای تاکرەوی بە باڵادەستی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا تێکدانی توانا سەربازیەکانی ئێرانە؟، یان گۆڕینی ڕژێم و دامەزراندنی حکومەتێکە، کە زیاتر هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا؟، ئەم ناڕۆشنیە و ئەگەرەکان وا دەکات پێشبینی ئەوە نەکرێت کە شەڕەکە کەی و چۆن کۆتایی دێت، لەهەر حاڵەتێکێدا ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەردەوام دەبێت.
ئەم شەڕە بەهەر ئاکامێک لە کۆتایدا کێ براوە و کێ دۆڕاو دەبێت، لە ئەنجامدا یەک کارەسات ئاشکرادەکات، خەڵکی مەدەنی دەبێتە قوربانی و باجی ئەو ململانێیە ئەدەن، کە هیچ پەیوەنیەکیان پێوە نیە و هەڵبژاردەی ئەوان نیە، لە ئەنجامدا ژیانیان دەخوات و ماڵیان وێران دەکات.

عوسمانی حاجی مارف




جەنگ ململانێی نێوان موقەدەسەکان نیە، بەڵکو سەرمایەکانە!.. سامان کەریم

لە پێگەی “درەو”دا بەرێز مەریوان وریا قانع وتارێکی نوسیووە بە نێوی”جەنگ و موقەدەس و ناعەقڵانیەتی دینیی/ ٢٢ی مارس ٢٠٢٦” بڵاوبۆتەوە.

خوێنەر لەم وتارەدا تێناگات کە هۆی بەرپابوونی ئەم جەنگە چیە؟ لەمبارەوە تێکەڵەیەک دەبینین. بەڵام بە کورتی هۆی جەنگەکە مانەوەی باڵادەستی ئابورییە بۆ ئەمریکا، رێگرتنە لەو باڵادەستیە بۆ وڵاتی چین. ئەوە مەسەلەی سەرەکی و بناغەیی جەنگەکەیە. جەنگەکە بۆ وڵاتی چین بە وەکاڵەتە- ئێرانە- و ڕوسیای لە پشتە، ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەشدارە و کۆماندۆی جەنگەو ئیسرائیل بەشدارە لە گەڵیدا. هیچ جەنگێک لە مێژوودا لە پێناوی موقەدسەکاندا نەکراوە، پێش موقەدەسەکانیش جەنگە زۆر بووە، هەر عەشیرەتو قەبیلەیەک لە پێناو بەرژوەندی ئابوری و داگیرکردنی زەویدا پەنای بۆ جەنگ بردووە.
بناغەی جەنگ ئابورییە، ئەوەی ئەمرۆش ترامب بۆماوەی ٥ رۆژ هێرشی بۆسەر ژێرخانی ئابوریو وزە ڕاگەیاند، رۆشندیارە ئابوریە. جەنگەکە بەشێکە لە جەنگی جیهانی وەک جەنگ لە ئۆکراین، جەنگێکە لە ناوچەیەکی گەورەو پڕ وزەو سەرمایە وەک بەرەیەکی جەنگی جیهانی. جەنگی جیهانی لە نێوان چینو ئەمریکادا لە مێژە دەستیپێکردوەو لە ئێستادا توندتربۆتەوە، مەگەر پەلاماری فینزویلا بەرەیەکی بچوکتر نەبوو لەو جەنگە. ئێران بە هۆی موقەدسەوە لەماوەی ٢٤رۆژی ڕابوردوودا خۆیڕانەگرتووە یان ڕادەستنەبوون، وەک مەریوان دەنوسێت:” لەم دۆخەدا تەسلیمنەبوونی ئێران پەیوەندیی بە ئازایەتیی و بە پێداگرتنەوە لەسەر کۆمەڵێک پرنسیپی عەقڵانیی و ئینسانییەوە نییە، بۆ نموونە پرنسیپی بەگژاجوونەوەی ئیمپریالیزم، …….، تەسلیمنەبوونیان پەیوەندیی بەو راستییە سادەیەوە هەیە کە ئەو حوکمرانانە جگە لە خۆیان هیچ کەس و هێز و دید و بۆجوونێکی تر بە شایانی حوکمڕانیکردنی وڵاتەکە نازانن….ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتی بەردەوام رەهەندێکی پیرۆز بە حوکمرانییکردنەکەیان دەبەخشن. پێ لەسەر ئەو دادەگرن کە حوکمڕانیکردنیان پەیوەندیی بە خودا و ئاسمان و دین و موقەدەسەوە هەیە. ئەمەش مافی ئەوەیان پێدەبەخشێت، بە هەر نرخێک بووە، لە دەسەڵاتدا بمێننەوە”. بەهۆی موقەدەسەوە خۆی” تەسلیمنەکردووە” بەڵکو بەهۆی ئەوەی ئیران وەکو ئیسرائیلو ئەمریکا پشتی بەستووە بە تەکنەلۆجیای تازەی ڕۆکێتەکان، زیرەکی دەستکرد، درۆنەکان، هێڵەژمارەییەکان-احداثیات- تەکنۆلۆژیای هەواڵگریی … نەک باوڕەی موقەدەسی دەسەڵاتەکەی، پشتی بەستووە بە تەکنۆلۆژیای تازەی جەنگی و کۆمەکی بێدرێغی چینو ڕوسیا. بێ چینو ڕوسیا ئێران بەرگەی یەک هەفتەی نەدەگرت. بەرژەوەندی سەرمایە وەک سستەمێکی جیهانی بەتەواوی جیهانیە، سەرمایەی نەتەوەییو لۆکەڵی و ناوچەیش مانایەکی نیە، سنورەکان و سەروەری مانای خۆیانیان لە دەستداوە. سەرمایەی ئیرانی تا ئێستا بە پلەی یەکم پەیوەستە بەسەرمایەی چینو روسەوە. سەرمایەی کەنداویەکان زیاتر پەیوەستە بە ئەمریکاوە، بەم شێوەیە.
لە ڕاستیدا مەریوان ناڕەحەتە و دەیەوێ ئێران خۆی تەسلیمبکات، بەڵام باسێک لە جەنگەکە ناکات باسێک لە هێرشی ئیسرائیلو ئەمریکا ناکات؟!!!تەنانەت باسێک لە کۆمەڵکوژی منداڵەکانی ئێران ناکات. ئەو دەیەوێت ئێران دەسەڵاتی “موقەدەسی” خۆی ڕادەستبکات جا چارەنوسی ٩٠ ملیۆن هاوڵاتی چیبەسەردێت کۆسپی ئەو نیە، بەلام دەیەوێت لەو سیناریۆ تاریکەدا، بزوتنەوەی کوردایەتی شتێکی دەستبکەوێت، بەڵکو ویژادنی باوەردارانی مافی مرۆڤ هەناسەیەکی کوردایەتی هەلمژن. نەک هەرئەوەندە بەڵکو دەنوسێت:”پاراستن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ ئەمریکا و تەنانەت لەگە ئیسرائیلدا، ستراتیژیەتێکی سیاسییە قابیلی پەرەپێدانێکی پراگماتیانەیە، لە دۆخێکدا سەرجەمی وڵاتانی ناوچەکە دژ بە کوردن”( وتاری:نابێت کوردستان بکرێت بە زۆنی جەنگ/٩ی ئازار). کاک مەریوان کارەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلی لە گەڵ کوردەکان بیر چۆتەوە، ڕیکەوتنی جەزائیر بەڵام ئەوە قەیدی نیە ٥١ساڵە، ٣١ی ئاب ٣٠ساڵە، ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ئەوە ٩ساڵە، بەڵام ئەی کاری ئەمریکاو ئیسرائیل بە دژی کوردەکانی سوریا تەنها جەند مانگێکە، خۆ ئەوە ناکرێت بیربچێتەوە، تەنانەت دەسەڵاتدارانی کورد ئەوەیان لەبیر بوو، بەڵام ڕۆشنبیرانی کورد لە مێژوو تەنها دەقەکان تیگەیشتوون لە بارێکدا مێژوو دژ بە دەقەکان ملدەنێت. بەڵامنە دەقی موقەدسو نە ناسیونالیزمو نە دیموکراتیزمو نە دیکتاتۆریزم نابنە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکان، بەڵکو سەرمایەیە، ئەگەرچی مێژووی سەرجەم جەنگەکان لەماوەی زیاترلە ٢٥٠٠ساڵی ڕابوردوودا لە ژێر ئەو دروشمانەدا پیادەکراون. لە کۆتاییدا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئیران نەک وەک دەسەلاتێکی موقەدەس بەڵکو وەک هەر سستەمێکی سەرمایەداری هیواو ئامانجی پڕۆلیتاریاو برسیەکانی ئێرانوو ناوچەکەو جیهنایشە، ئەو هیوایە لە ڕێگەی شۆرشی خۆیانەوە مەیسەر دەبێت نەک ئەمریکاوە، کاری پرۆلیتاریای ئیران ئەوەیە کە حسابی خۆی لەگەل دەسەڵاتی بورژوایی ئیران یەکلا بکاتەوە.

٢٣ی مارس ٢٠٢٦/سامان کەریم




سەرمایەگوزاری جەنگەکان لە ژێر سێبەری مۆڕاڵ وبەهاکاندا.. جوتیار مەلا ڕەئوف

ئەگەر وردبینانەتر ئەو شەڕە شی بکەینەوە، ناتوانین ئاسان هێزە بزوێنەرە ماددییەکانی پشتگوێ بخەین، تەنها باس لە ئاسایش، بەرگری و تۆڵەسەندنەوە، یان ڕێگری ناوچەیی بکەین وەک ئەوەی ئەمانە تەنیا بنەما بن، بۆ ئێمە ڕاستگۆیی بە واتای ئەوە دێت کە بە ئاشکرا بڵێین ئەو شەڕە نەک تەنیا پاڵنەرە ئایدیۆلۆژیەکانی دەسەڵات و سیاسەت، بەڵکو بەرژەوەندییە ئابووریەکان بنەما هەرە سەرەکیەکانن لەو جەنگەدا، ئەو جەنگە تەنیا پێکدادانی چەند دەوڵەتیک نییە، بەڵکو دەرفەتێکی بازرگانی گەورەشە بۆ ئەو کەسانەی کە قازانج لە بازاڕی چەک و قەیرانی وزە و نائەمنی و باری نائاسایی دەکەن.
بۆیە کاتێک سەیری شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران دەکەین، هیچ ناکۆکییەکی ئەخلاقی لە نێوان چاکە و خراپەدا نابینین، هیچ لایەنێک نابینین بە ناوی مۆڕاڵی مرۆڤایەتییەوە بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو مامەڵە بکات، بەڵکو پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتانە دەبینین کە لە ڕووی سیاسییەوە پاساو بۆ توندوتیژییەکانیان دەهێننەوە، لە کاتێکدا لە پاشخانە واقیعیەکەدا بازاڕەکان کاردانەوەیان دەبێت و بەرهەمهێنانی چەکوو تەکنەلۆژیای سەربازی و نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و گرێبەستی نوێ واژۆ دەکرێن، لە ناوەڕاستی پەرەسەندنی شەڕەکەدا، ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی چەک بە سێ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەهای زیاتر لە 16.5 ملیار دۆلار پەسەند کردووە، لە هەمان کاتدا کۆشکی سپی داوا لە بەڵێندەرانی بواری بەرگری وئاسایش دەکات کە بەرهەمهێنان خێراتر بکەن و بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕەنگە پێویستییەکانی پنتاگۆن بۆ ئەو جەنگە بە بڕی ٥٠ ملیار دۆلاری دیکە زیاد بکەن.
ڕێک لێرەوەیە کە نامۆڕاڵیەتی سیاسی ئەو شەڕە دەردەکەوێت، شەڕێک کە بە ملیارەها دۆلار گرێبەستی تێدا پەسەند بکرێت و بازنەکانی بەرهەمهێنانی چەکی تێدا فراوان بکرێن و بناغەکانی نوێی کۆنتراکتی چەکی تێدا دابڕژرێن، شەڕێک نییە کە بتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ئامانجێکی مۆڕاڵی و ئینسانی هەیە و لە پێناو ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگا چەوساوەو ژێردەستەکاندایە، هەرکەسێک بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەو جەنگە پەیوەندی بە پاراستن، سەقامگیری و دیموکراسی و بە بەرگرییەوە هەیە، دەبێت بپرسرێت بۆچی لە ناوەڕاست وگەرمەی ئەو کارەساتەدا، کۆمپانیا پیشەسازیە سەربازیەکان بەردەوامن لە گەشەکردن، (ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەوەی بڵاویکردەوە، کە کۆمپانیای (ئێلبیت سیستێمز) کە گەورەترین بەڵێندەری بەرگری ئیسرائیلە، پێشبینی دەکات دوای ساڵانی جەنگی غەززە خواست لەسەری زیاتر ببێت، کە ئێستاش بەهۆی شەڕی دژی ئێرانەوە داهاتی کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بۆ ٧.٩ ملیار دۆلار بەرزبووەوە، و پشکەکانی لە ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر لە ٥١% زیادیکردووە)، کە ئەوەش ئەو خاڵەیە کە مرۆڤ چیتر ناتوانێت باسی تەنها لۆژیکی ئەمنی و خۆپارێزی و بەرگری بکات، کاتێک شەڕەکان، گەشەکردن بۆ کۆمپانیاکانی چەکو بازاڕەکانیان، بۆ دەوڵەتان دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان و بازاڕی نوێی فرۆشتنیان بۆ دابین دەکات، ئەوا دەبێت بوێربین کە بڵێین ئەوەی کە هەیە، شەڕی کەڵەکەکردنی سەرمایەیەو هیچیتر.
هەر بە پێی سەرچاوەکەی ڕۆیتەرز، لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، شەڕەکە بازاڕەکانی وزەی جیهانی هەژاندووە، گەرووی هورمز نزیک بووە لە وەستان، هەروەها نرخی نەوتی لە هەندێک کاتدا بۆ سەرووی 100 دۆلار و تەنانەت هەندێکجاریش بە 119 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزکردووەتەوە، بۆیە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە زیاتر لە 400 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی فریاگوزاری خستۆتە بازاڕەوە .
ئەوە بۆ ئیمە لە ڕووی سیاسییەوە مانای چییە؟ بەو مانایەیە کە ئەو شەڕە راستەوخۆ هێندراوەتە ناو ژیانی خەڵکەوەو وەرگێڕدراوە بۆ رەوشی ئابوورییەکی کارەساتبار، بۆ زۆرینەی خەڵک ئەوە بە واتای بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، گرانبوونی وزەو کاڵاکان، دابینکاری و خزمەتگوزاری ونادیاری و دابەزینی دڵنیایە کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام بۆ هەندێک کۆمپانیاو فیگورەکانی جەنگ بە واتای زیادکردنی نرخەکان، قازانجی بازرگانی نوێ و گەشەسەندنی ستراتیژی ئابوری دێت، ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت کە شەڕەکان هەرگیز تەنها بلۆکو هاوپەیمانیەتیەکان بەرهەم ناهێنن، بەڵکو براوە و دۆڕاویش لە ئابووریدا بەرهەم دەهێنن و براوەکانیش بە دەگمەن لە ناوچەو شارو هەرێمە وێرانبووەکاندا دەبینرێن.
بۆیە کاتێک باس لە (بازرگانانی ئەو جەنگە)دەکەین، مەبەستمان تەنیا کۆمپانیاکانی چەک نییە، مەبەستمان تەواوی تۆڕی نوخبە سیاسییەکان و ئامێرە ئەمنی و سەربازیەکان و بەرژەوەندییەکانی وزە و بازاڕە داراییەکان و پیشەسازییە ستراتیژییەکانە کە لە نادڵنیایی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا قازانج و وەبەرهێنان دەکەن، ئەو جەنگە ڕیڕەوەکانی دابینکردنی لە خۆراکەوە تا گشت پێداویستیە سەرەتایی وسەرەکیەکانی ژیانی پەکخستووە و متمانەپێکراویی ڕێگا بازرگانییە سەرەکییەکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە و کۆمپانیاکانی لە سەرانسەری جیهاندا خستووەتە ژێر فشارەوە، لە هەمان کاتدا کۆمپانیاکانی بواری سەربازی و ئەمنی خەریکی هەڵسەنگاندنی بەرهەمهێنان و دەرفەتەکانیانن لە ژینگەی نوێی جیۆپۆلەتیکیدا، بە واتایەکی تر شەڕ خەریکە ژیان وێران دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەولەویەتەکان بۆ سەرمایە و بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای مەرگ ڕێکدەخاتەوە، ئەوەش فەزیحەیەکی مۆڕاڵی زۆر بەرچاوە.
بۆیە ئەوە کارێکی زۆر قرسە بتوانین ئەو جەنگە تەنها لە ڕووی سیاسیەوە وێنا بکەین، وەک ئەوەی کە هێز و لایەنە بەشدراربوەکانی ئەو جەنگە لە بنەڕەتدا ئامانجێکی ئەخلاقییان هەبێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو شەڕە بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتی زلهێزەکانە، بەرگریکردن نییە لە مرۆڤایەتی و دیموکراسی، بەڵکو بەرگریکردنە لە بوارەکانی کاریگەری توانای سەربازی و پاراستنی کۆریدۆرە ستراتیژییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان. زمانی مۆڕاڵ زۆرجار تەنیا خزمەت بەوە دەکات کە بڕیارە سیاسییەکان مرۆڤانەتر دەرکەون لەوەی کە لە ڕاستیدا هەن، ڕێک ئەوە شتێکە کە کۆمەڵگاکانی ئێمە لەو ناوچەیە تووڕە وبێزار دەکات، چونکە کاتێک شەڕ بە ناوی بەهاکانەوە دەکرێت، لە کاتێکدا دینامیکی ڕاستەقینەکەی بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە چەککردنەوە و سیاسەتی وزە و لۆژیکی بازاڕی جیۆپۆلەتیکییەوە، کەواتە لە هیچ شوێنک لە ناو دوکەڵی خنکێنەری ئەو جەنگەدا مؤراڵ جێگای نابێتەوە، بەڵکو مۆراڵ دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازسازی ودەبێت بە پەیامێکی هەڵخەڵەتێنەرانە.
لەوەش زیاتر کە بۆ ئێمە جێگای دڵتەنگیە ، کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەو جەنگەیە لەسەر کۆمەڵگاکانی ئێمە، چونکە ئەو جۆرە جەنگانە بە ئاگربەست کۆتاییان نایەت، بەڵکوو ئەوان خۆیان بەردەوامی پیدەدەن لە ناو دامەزراوەکان، لە ناو کولتوری سیاسی، لە زمان و لە هەستیاری مۆڕاڵی بۆ نەوەکانی داهاتوومان، کۆمەڵگایەک کە بەردەوام فێردەکرێت کە توندوتیژی دەتوانێت شتێکی (پێویست) بێت، وردە وردە هەستیاری خۆی بەرامبەر بە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی لەدەست دەدات، دەستەڵاتوو سیستەمێکی سیاسی کە بۆردومانکردن و وێرانکردن بە سەقامگیری دەزانێت، خەڵک ڕادەهێنێت لەسەر ئەوەی کە توندئاژۆی و دەمارگیری بەشیکە لە بەرهەمی عەقڵی تەندروست، ئابوورییەک کە لەسەر بەڕێوەبردنی هەمیشەیی قەیرانەکان گەشە دەکات، خەڵک بە نائارامی و باری نائاسایی و کێبڕکێ لەسەر سەرچاوە کەمبەردەستەکان ڕادەهێنێت.
من پێم وایە کە قووڵترین وێرانکاری ئەو شەڕە ڕێک لێرەدایە، نەک هەر وێرانی ژێرخان و ئابوری بەجێدەهێڵێت، بەڵکو جیناتێکی سیاسی شێواویش بەجێدەهێڵێت، ئەو منداڵانەی کە بە وێنەی شەڕی هەمیشەیی گەورە دەبن، فێر دەبن کە توندوتیژی بەشێکە لە دیمەنی سیاسی، ئەو گەنجانەی تەنها قەیران و سزا و مووشەک و تۆڵەسەندنەوە دەبینن، باوەڕیان بە بیرۆکەی دادپەروەری و دیالۆگ لەدەست دەدەن، ئەو خێزانانەی کە لەگەڵ سەختی باری ژیان و بەرزبوونەوەی نرخ و نائەمنی و دڕندەیی کۆمەڵایەتیدا دەژین، زیاترگەشە دەکەن بۆ دیدگای پاوانخوازی و ناسیۆنالیزم و کۆنەپەرستی ئایینی و تامەزرۆیی بۆ ڕێکخستنی ڕەقوکینەی سیستماتیک، بۆیە شەڕێکی لەو شێوەیە نەک هەر ژیانی ئەمڕۆ لەناو دەبات، بەڵکو وێرانکارییە سیاسییەکانی سبەینێش دەست پێوەدەگرێتوو بەخێویان دەکات.
هەر بۆیە بەس نییە بۆ ئێمە هەڵسەنگاندنی ئەو شەڕە لە ڕووی سەربازی و سیاسی و یان دیپلۆماسییەوە لەبەرچاو بگرین، بەڵکو دەبێت لە ڕووی مۆڕاڵیشەوە هەڵسەنگاندنێکی ژیاریانەی بۆ بکەین، دەبێت ئێمە وای ببینین کە لە ڕوانگەی مۆڕاڵیشەوە نیشانەی شکستی قووڵی سیاسییە، نەک لەبەر ئەوەی تەنها لایەنێک تاوانبارە و لایەنەکەی تر بێتاوان، بەڵکو لەبەر ئەوەی تەواوی پێکهاتە دەسەڵاتییەکە کە ئەو جەنگە بەردەوامی پێدەدات، لۆژیکێک جێگیر دەکات کە ژیانی مرۆڤ دەکاتە کاڵایەک بۆ دانوستان. هەندێکیان ئاسایش ودیموکراسی وخۆشگوزەرانی دەفرۆشن، هەندێکی تر بەرخۆدان وبەرگری و هەندێکی تریش ڕێگری و هەندێکی تر سەقامگیری، بەڵام لە کۆتاییدا یەک ڕاستی دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤەکان دەمرن، کولتورەکان وێران دەکرێن و پێکهاتەی هێزەکانیش قازانج دەکەن.
ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە نابێت باوەڕ بە ڕیتۆریکی مۆڕاڵی سەرکردەکانی جەنگ بکەین، هەر کەسێک ئامانجی ئەخلاقی ئینسانی ڕاستەقینەی هەبێت، گرێبەستی بازرگانی چەک بە ملیارەها دۆلاری پەسەندو واژۆ ناکات، هەرکەسێک بەڕاستی ئارەزووی سەقامگیری کۆمەڵگاو مرۆڤ لەلای سەنتەر بێت، قەیرانەکان دروست ناکات کە تێچووی تەواوی بخاتە سەر ئەستۆی کۆمەڵگاکان و ژیانی خەڵک، هەرکەسێک بەڕاستی ئارەزووی ئاشتی و دیالۆگی هەبێت، بە شێوەیەک ڕەفتار ناکات کە بۆ هەمیشە چەک و نەوت و ئامێرە سەربازی و ئابووریەکان ترس لە ناو دڵی کۆمەڵگادا بەهێز بکەن.
بۆیە ئەو شەڕە بۆ ئێمە تەنیا کارەساتێکی ناوچەیی و مرۆیی نییە، بەڵکو وێنەیەکیشمان پیدەدات لە چۆنیەتی کارکردنی سیستەم و دەسەڵاتی سەرمایەداری مۆدێرن، کە نەک تەنها دەکوژێت و دەسوتێنێت، بەڵکو لە پەناشیەوە قازانج و سەرمایەش کەڵەکە دەکات، وە تا ئەو کاتەی ئێمە بە ئاشکرا دان بەو پەیوەندییەدا نەنێین، بەردەوام دەبین لە بینینی جەنگەکان وەکوو پێویستییەکی مرۆیی بۆ کۆمەڵگاکانمان.




ڕەگە چینایەتی و سیاسیەکانی قەیرانی تێکەڵبوونی پەنابەران لە سکاندیناڤیا: دانمارک وەک مۆدێل.. ڕزگار ئاکرێی

تێکەڵبوون وەک بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش: خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی چەپ لە نێو سەرهەڵدانی گوتاری راستڕەوی دژە کۆچبەر، تێگەیشتنی کێشەی دەوڵەت و هەندێک کرداری هەڵەی کەمینەی کۆچبەران.

قەیرانی تێکەڵبوونی پەنابەران لە ئەوروپا ناتوانرێت بە جیا لەو چوارچێوەیەی کە دروستی کردووە تێبگەین. شەپۆلە گەورەکانی پەنابەران لە بۆشاییدا سەریان هەڵنەدا. زۆربەیان دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی جەنگ و وێرانکاری سیستماتیکن کە تەواوی کۆمەڵگاکانیان وێران کردووە. ئەم وێرانکارییە ئەمڕۆش بەردەوامە: تەنها لە غەززە ژمارەی قوربانیانی دەستدرێژی ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی 2023 ەوە لە حەفتا و دوو هەزار فەلەستینی تێپەڕیوە کە زۆربەیان منداڵ و ژنن و نزیکەی دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوون. لە سودان و یەمەن و سوریا، شەڕەکان بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی شەپۆلی بێوەستانی ئاوارەبوون. لە مانگی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی سەربازییان لە دژی ئێران ئەنجامدا. بێ گوێدانە سروشتی ڕژێمی دیکتاتۆر و کۆنەپەرستی ئێران، ئەم دەستدرێژییە سەربازییە راستەوخۆ لە دژی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری لۆژیکی جەنگ و میلیتاریزم وەک جێگرەوەی یاسای نێودەوڵەتی پتەوتر دەکات و قوربانی مەدەنی و ئاوارەی زیاتری لێدەکەوێتەوە. ئەم شەڕ و ململانێیانە زۆربەی کات لە لایەن هاوپەیمانی نێوان سەرمایە و هێزە ڕاستڕەوەکانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان هەڵگیرساون یان پشتگیری دەکرێن. ئەوە زۆر دژوارە کە هەمان ئەو هێزانەی کە بەشدارییان کرد لە وێرانکردنی تەواوی کۆمەڵگاکان ئەمڕۆ لە پێشەوەی ئەوانەن کە ئاڵای دوژمنایەتی بەرامبەر بە کۆچبەران بەرز دەکەنەوە و وەک بارگرانی وێنای دەکەن نەک وەک قوربانی ئەو جەنگانەی کە خۆیان هەڵیانگرتووە.
پرسی تێکەڵاوبوون دەیان ساڵە لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا و هەندێک لە وڵاتانی باکووری ئەوروپا پێشەوەی دیمەنی سیاسی داگیر کردووە و توندوتیژییەکەی لەگەڵ هەر وەرزێکی هەڵبژاردندا نوێ دەبێتەوە. سەرەڕای جیاوازی چوارچێوەی نەتەوەیی، ئەم وڵاتانە ڕووبەڕووی کێشەی هاوشێوە دەبنەوە: سەرهەڵدانی گوتاری راستڕەوی دژە کۆچبەران، لادانی پارتە چەپەکانی ناوەڕاست بەرەو هەڵوێستی توندتر لەسەر دۆسیەی کۆچبەران، و نەبوونی ڕوونکردنەوەیەکی پێکهاتەیی جددی بۆ هۆکارەکانی شکستی تێکەڵاوبوون لە نێو کەمینەی تازە هاتووەکاندا. دانمارک لەم چوارچێوەیەدا وەک توندترین مۆدێل لە ئێستادا دەردەکەوێت، کە لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک لە توندترین یاساکانی کۆچبەریی و تێکەڵاوبوون لە جیهانی ڕۆژئاوادا پەسەند کردووە. ئەم خوێندنەوەیە دانمارک وەک مۆدێلێکی شیکاری وەردەگرێت، نەک لەبەر ئەوەی جیاوازی پێکدەهێنێت – چونکە ئەم دژایەتیانە بە ڕوونی سەرسوڕهێنەر بەرجەستە دەکات – بەڵکو لەبەر ئەوەی من لەوێ نیشتەجێم و لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی دەکەم، کە ڕێگەم پێدەدات لە ناوەوە چاودێری ئەم کێشانە بکەم. ئەم دۆخە لە جەوهەری خۆیدا گشتییە و بۆ چوارچێوەی هاوشێوە لە وڵاتانی تری ئەوروپا کە سیستەمی خۆشگوزەرانی پێشکەوتوویان هەیە، جێبەجێ دەکرێت.

تێبینیەک بۆ خوێنەر: دیمەنی حیزبی دانمارک
دیمەنی سیاسی دانیمارک بەسەر دوو بلۆکی سەرەکیدا دابەش بووە. بلۆکی ڕاستڕەوی شین پێکهاتووە لە ڤێنسترێ (پارتی لیبرال مێژووی)، پارتی گەلی دانیمارک – Dansk Folkeparti (ناسیونالیست پۆپۆلیست)، کە لە سەرەتای هەزارەوە گوتاری دژە کۆچبەرانی دامەزراندووە کە بووەتە سەرچاوەیەک بۆ کێبڕکێی سیاسی لە وڵاتدا و هەموو دیمەنی سیاسی لەسەر ئەم بابەتە بەرەو ڕاست پاڵ پێوەناوە.
بلۆکی چەپی سوور پارتی سۆسیال دیموکرات پێک دەهێنێت کە نموونەیەکی بەرچاوی لادانی چەپ بەرەو ڕاست لە دۆسیەی کۆچبەراندا دەکات، کە سەرکردایەتی حکومەتەکانی کردووە کە هەندێک لە توندترین یاساکانی کۆچبەران لە مێژووی دانیمارکدا دەرکردووە سەرەڕای ئەوەی مێژوویەکەیان سەر بە چەپی کۆمەڵایەتیە. پارتی گەلی سۆسیالیست – سۆسیالیستسک فۆلکپارتی پێگەیەکی میانڕەوی داگیر کردووە.
هاوپەیمانی سوور و سەوز نوێنەرایەتی ئاشکراترین باڵی چەپ دەکات لەسەر ئاستی پەرلەمان لە ڕەتکردنەوەی ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بە کۆچبەران و داواکردنی سیاسەتی تێکەڵاوبوون لەسەر بنەمای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕوونکردنەوەیە ناکۆکییە بنەڕەتییەکان ناشارێتەوە: هەڵوێستەکانی لەسەر سیاسەتی دەرەوە و پڕچەککردن دووری خستووەتەوە لە هەڵوێستی سۆسیالیستی تەقلیدی دژ بە جەنگ و میلیتاریزم پشتگیری لە زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری کردووە لەسەر حسابی پاراستنی کۆمەڵایەتی، و تەنانەت پێشنیاری درێژکردنەوەی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ بۆ ژنان کردووە لە جیاتی ئەوەی داوای هەڵوەشاندنەوەی بکەن. ئەم پەرەسەندنانە وای لە هێزەکانی چەپی ڕادیکاڵ کردووە کە ناڕەزایی ئاشکرا دەرببڕن سەبارەت بە دابینکردنی ئەو بژاردەیە بە بژاردەیەکی چەپی باوەڕپێکراو، تەنانەت ئەگەر لە دۆسیەی مافە کۆمەڵایەتییەکان و تێکەڵاوبووندا باشترین بژاردە بێت کە دیمەنی پەرلەمانی ئێستا پێشکەشی دەکات.
لە دەرەوەی ئەم بلۆکە پەرلەمانییانە، پارت و ڕێکخراوە چەپە ڕادیکاڵەکان لە دانمارک چالاکن بەبێ ئەوەی نوێنەرایەتی پەرلەمانیان هەبێت، بەڵام بەشێکی زیندوو و گرنگی دیمەنی چەپ پێکدەهێنن: پارتە کۆمۆنیستەکان بە ئاراستە جۆراوجۆرەکانیان، ڕێکخراوە سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان، بزووتنەوە ئەنارکیستەکان و سەندیکاکانی کرێکارانی سەربەخۆ. ئەم هێزانە چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی پەرلەمان کار بکەن، سەرچاوەی سەرەکی فشارن بۆ پاراستنی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان و بەرهەڵستکاری گوتاری راستڕەوی دژە کۆچبەران.
ئەم دابەشکردنە حزبییە تەنها نەخشەیەکی ڕێکخراوەیی نییە. ئەمە کلیلی تێگەیشتنە لە سروشتی مشتومڕی بەردەوامی کۆچبەران و تێکەڵاوبوون لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئێستای پێش هەڵبژاردنی یاسادانان کە بڕیارە لە 24ی ئاداری 2026 بەڕێوەبچێت. لە نێوەندی ئەم هەڵمەتەدا لە چوارچێوەی کێبڕکێی توند لە نێوان هەردوو کوتلەدا، پرسی پەنابەران و تێکەڵاوبوون بە قورساییەکی بەرچاوەوە دەگەڕێتەوە بۆ پێشەوەی مشتومڕی سیاسی، وەک ئەوەی وەک یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی هەڕەشە لە یەکگرتن و داهاتووی کۆمەڵگای دانیمارک پێشکەش بکرێت.
زۆربەی پارتەکان، لەوانە هەندێک پارتی چەپی ناوەڕاست، سەرکەوتن یان شکستی تێکەڵبوون لە ڕێگەی فاکتەری کولتووری، ئایینی و نەژادیەوە ڕوون دەکەنەوە. ئەم فاکتەرانە بێ گومان ڕۆڵ دەگێڕن لە هەندێک لایەنی تێکەڵاوبوون، بەڵام کاریگەرییان سنووردار و ناتەواوە بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردەکە لە جەوهەرەکەیدا. لەجیاتی مامەڵەکردن لەگەڵ تێکەڵاوبوون وەک پرۆسەیەکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و مێژوویی کە فاکتەرە پێکهاتەیی، دەروونی و ئابوورییەکانی تێدا تێکەڵ دەبن، کورت دەکرێتەوە بۆ دروشمی سادەکراوی کەلتووری و ئایینی کە بۆ وروژاندنی ترس و کۆکردنەوەی دەنگدەران بەکاردەهێنرێت.
لێرەدا پێویستە جیاوازی لەنێوان دوو جۆر “بەهای دانیمارکی” بکرێت: بەها ڕەسەنەکان لەسەر بنەماکانی هاووڵاتیبوون، یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ کە لە دەستوور و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، و “بەها دانیمارکییەکان” کە مافەکان بە ناوی “ناسنامەی نەتەوەیی” بانگەشەی بۆ دەکەن و لە جەوهەری ئەوان لەسەر بنەمای لێبوردەیی و ڕەگەزپەرستی دامەزراون. جیاکاری و شۆڤێنیزمی نەتەوەیی. ئەم گوتارە لە پراکتیکدا دەبێتە هۆی مامەڵەکردن لەگەڵ دانیشتوانی وڵاتی کۆچبەر، نەوەی یەکەم و دووەم کە لە دانمارک لەدایک بوون و گەورە بوون، وەک تۆمەتبارێک کە پێویستە بە بەردەوامی بێتاوانی خۆیان بسەلمێنن بەهۆی ئینتیمای ئایینی یان نەتەوەیییانەوە، هەرچەندە زۆربەیان کار دەکەن، بەشداری دەکەن و بە شێوەیەکی کاریگەر تێکەڵ بە کۆمەڵگای دانیمارک دەبن. هەندێک لەم وتارانە لە بەها مافییەکان تێدەپەڕن کە دەستووری دانمارک و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ گەرەنتی کردوون.
لەگەڵ ئەوەشدا، پرسیارێکی قووڵتر بە دەگمەن لە مشتومڕی گشتیدا دێتە پێشەوە، نە لەلایەن بلۆکی شین و نە لەلایەن زۆربەی پارتەکانی بلۆکی سوورەوە: دەوڵەت لە مێشکی ئەو کەسانەدا چی دەگەیەنێت کە بەشێکی زۆری ژیانیان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکدا بەسەر بردووە کە سەرکوت و تاڵانی دەکات؟ و چۆن ئەم ئەزموونە ڕەگداکوتاوە کاریگەری لەسەر پەیوەندییان لەگەڵ هەر وڵاتێکی تر هەیە؟ ئەم بابەتە تەنها بۆ نەوەی یەکەم سنووردار نییە، چونکە ئەم وێنەیەی دەوڵەت دەتوانرێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ نەوەی دووەم کە لە دانیمارک لەدایک بووە، لە ڕێگەی زمانی ڕۆژانەی ماڵەوە و شێوازی قسەکردن دەربارەی دامەزراوەکان، دەسەڵات و یاسا. ئەو منداڵەی کە لە ژینگەیەکدا گەورە دەبێت کە بە گومان و ترسەوە سەیری دەوڵەت دەکات، لەوانەیە ئەم بۆچوونە بە میرات وەربگرێت پێش ئەوەی ئەزموونی خۆی لەگەڵیدا هەبێت، ئەمەش وادەکات چارەسەرکردنی ئەم ڕەهەندە سایکۆلۆژی و مێژووییە پێویستییەک بێت کە کاریگەری لەسەر نەوەکان هەیە، نەک تەنها تاکەکان.
دەوڵەت بەو شێوەیەی کە دەیانناسی: دەزگایەکی سەرکوتکردن، نەک دامەزراوەیەکی خزمەت
زۆرێک لە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێک ناوچەی ئاسیا و ئەفریقا زۆربەی تەمەنیان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆر و گەندەڵدا بەسەر بردووە بۆ ئەوان دەوڵەت دامەزراوەیەکی گشتی نەبوو کە خزمەتی کۆمەڵگا بکات و مافەکانی ئەندامەکانی بپارێزێت. لە ئەزموونی ڕۆژانەیاندا، دەزگایەکی دەسەڵات سەرکوتکەر بوو کە بە شێوەیەکی گشتی لە بەرژەوەندی نوخبەیەکی تەسک لەسەر حسابی کۆمەڵگا کار دەکرد، کە پەیوەندی بە گەندەڵی سیستماتیک، بەرتیل، دەزگا ئەمنییەکان هەبوو کە بەسەر ژیانی گشتیدا زاڵ بوون و بیرۆکراسییەک کە بەرپرسیاری خەڵک نەبوو. زۆرجار دەسەڵاتێکی هەڵنەبژێردراو بوو، یان پەنا دەباتە بەر هەڵبژاردنی ساختە و ساختە کە جگە لە ڕووکەشێک بوو بۆ شەرعیەتدان بە یاسایەک کە پێشتر هەبوو، و مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک وەک هاووڵاتییەکی ملکەچ نەک هاووڵاتییەکی خاوەن ماف.
ئەم ئەزموونە ڕەگدارە قووڵەی هەڵبژاردنە ساختە یان نەبوونی تەواوی هەڵبژاردنەکان بەشێکی ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئامارەکانی دیموکراسیەکانی سکاندیناڤیا ڕەنگدانەوەی هەیە: ڕێژەی دەنگدەرانی کەمە لە نێو دانمارکیەکان بە ڕەچەڵەک بیانی بە بەراورد بە هاوڵاتیانی ڕەسەن. بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ڕەفتارێکی زگماکی نییە. ئەمە کردارێکی بەدەستهاتووە کە لەسەر متمانەیەکی قووڵ بنیات نراوە کە دەنگی تاک جیاوازییەکی ڕاستەقینە دروست دەکات. ئەوانەی کە لە ژیانیاندا هیچیان نەزانیوە جگە لە سندوقەکانی دەنگدان کە هیچ شتێک ناگۆڕن، یان بۆ ساختەکردنی خواستی خەڵک بەکار دەهێنرێن، پێویستیان بە کات و ئەزموونێکی بەرجەستە هەیە بۆ ئەوەی قەناعەت بەوە بهێنن کە شتەکان لێرە جیاوازن.
لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەم ویلایەتانە لە زۆر حاڵەتدا لە بۆشاییدا سەریان هەڵنەداوە. ئەوان دەسەڵاتیان پێکهێنا و پتەویان کرد لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکی نزیک لە نێوان سەرکردە سیاسیەکان و نوخبەی سەرمایەداری ناوخۆیی و جیهانی کە سوودیان لێوەردەگرن. ئەو وڵاتانەن کە زۆرجار پاڵپشتی سیاسی و سەربازی و دارایی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەردەگرن بە دانمارکەوە بە بیانووی سەقامگیری ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی، لە هەمان کاتدا کۆمەڵگای مەدەنی تێکدەشکێنن و ڕێگری لە هەر جۆرە رێکخراوێکی سەربەخۆی دیموکراتی یان یەکێتی دەکەن. ئەم چوارچێوە نێودەوڵەتییە بەشێکی دانەبڕاوە لە تێگەیشتن لە قەیرانەکە: کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا کە ئەمڕۆ پرسیار لە هۆکارەکانی ئاستەنگی تێکەڵاوبوون دەکەن، لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی گەورەیان هەیە بۆ نایەکسانی ئابووری و هێشتنەوەی ئەو ڕژێمانەی کە ئەم پەنابەرانەیان دروستکردووە و ئەم پەیوەندییە قووڵەی بێ متمانەیی و ترس بەرامبەر بە دەوڵەتیان تێدا دروست کردووە.
لەم جۆرە ڕژێمە سەرکوتگەر و گەندەڵانەدا، زۆر سروشتییە کە خەڵک هەوڵ بدەن فێڵ لە دەوڵەت بکەن نەک هاوکاری لەگەڵیدا بکەن. ئەوان خۆیان لە ڕێوشوێنی فەرمی دوور دەخەنەوە، خۆیان لە یاسا و باج دەدزێن، بەدوای ڕێگای نافەرمی دەگەڕێن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان، و پشت بە تۆڕی پەیوەندییە کەسیی و خێزانی و ناوچەییەکان دەبەستن نەک دامەزراوە گشتییەکان کە کەس متمانەی پێناکات. ئەمە تایبەتمەندییەکی کەلتووری بۆماوەیی نییە بە مانای بنچینەیی سادە. ئەمە لە زۆربەی بەشەکاندا دەرئەنجامی لۆژیکی ئەزموونێکی مێژوویی درێژ و بۆماوەییە لەگەڵ دەوڵەتێک کە بە شێوەیەکی سیستماتیک کۆمەڵگای سەرکوت و تاڵان کردووە نەک خزمەتی بکات.
ئەم ئاڵۆزییە بە ڕەهەندێکی تر دەوڵەمەند دەبێت کە مشتومڕی گشتی زۆر جار پشتگوێی دەخات: زۆرێک لە پەنابەران نەک تەنها ئەزموونی سیاسی لەگەڵ دەوڵەتی دیکتاتۆردا هەڵدەگرن، بەڵکو ئازاری جەنگ و ئاوارەبوون و چەوساندنەوەیان هەیە کە سێبەرێکی قووڵ دەخاتە سەر توانایان بۆ متمانە کردن بە هەر دامەزراوەیەک بێ گوێدانە سروشتی خۆی. ئەم ڕەهەندە سایکۆلۆژییە بە تەنها بە ڕوونکردنەوەی دامەزراوەیی چارەسەر ناکرێت. پێویستی بە پاڵپشتی پسپۆڕی هەیە کە دەبێت بەشێکی دانەبڕاو بێت لە هەر سیاسەتێکی جددی یەکخستن.

دەوڵەتی خۆشگوزەرانی: مۆدێلێک بە خەباتی چینایەتی لەدایک بووە

کاتێک ئەم پەنابەرانە دەگەنە دانیمارک، خۆیان دەبیننەوە کە زۆر جیاوازە لە هەموو ئەو شتانەی کە دەیانناسی. هەرچەندە دەوڵەتی مۆدێرن لە کۆتایی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی چینایەتی لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا دەمێنێتەوە بەڵام لە دانمارک و وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا بە گشتی پشت دەبەستێت بە دامەزراوە دیموکراتیەکان، هەڵبژاردنی ئازاد و سەربەخۆ، شەفافییەت دامەزراوەیی تا ڕادەیەک بەرز و یاسا یاساییەکان کە بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکرێن، بێ گوێدانە ئینتیمایان و دەوڵەمەندییان – مۆدێلێک کە بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئەوەی لە وڵاتانی سەرەکی خۆیاندا ئەزموونیان کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، داننان بەم دەستکەوتانە مانای پشتگوێخستنی کەسایەتی چینایەتی دەوڵەتی دانمارک نییە. چونکە لە کۆتاییدا دەوڵەتێکی سەرمایەدارییە کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی ئابووریدا کار دەکات کە سەروەت و سامان چڕدەکاتەوە و نایەکسانی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنێتەوە. پەروەردەی گشتی بەخۆڕایی، چاودێری تەندروستی گشتی، سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و یاساکانی پاراستنی کرێکاران لەگەڵ دەوڵەتی دانمارک لەدایک نەبوون. ئەوان لە دەیان ساڵی درێژ لە خەباتی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی نێوان کرێکاران و سەرمایە دەرهێنراون و هەرگیز دەستبەرداربوونێکی ئارەزوومەندانە لە چینی فەرمانڕەوا نەبوون. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم مۆدێلە سکاندیناڤیایە – دەوڵەتی خۆشگوزەرانی – لە نەوەدەکانەوە دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کاتێک پارتە سۆسیال دێموکراتەکان بەرەو ناوەندی لیبرال ڕۆیشتن و وردە وردە واز لەو ئەولەویاتانە دەهێنن کە ئەم مۆدێلەیان داڕشتبوو لە بەرژەوەندی بەڕێوەبردنی سەرمایەداری نەک بەرەنگاربوونەوەی.
ئەم دەستکەوتانە بۆ هەمیشە پارێزراو نین. ئەوان هەمیشە ڕووبەڕووی داڕمان دەبنەوە هەرکاتێک بزووتنەوەی چەپ و سەندیکاکان لاواز دەبن و بوونی لە فەزای گشتیدا کەم دەبێتەوە. مێژووی سەرمایەداری دەیسەلمێنێت کە سەرمایە خۆبەخشانە دەستبەرداری ئەو شتانە نابێت کە لێی سەندراوەتەوە، و هەر دابەزینی هێزی ڕێکخراوی کۆمەلایەتی پەنجەرەیەک دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم مافانە لە ژێر بیانووی نوێدا. کەواتە پاراستن و پەرەپێدانی ئەم دەستکەوتانە لە هەموو نەوەیەکدا مەرجدارە بە هۆشیاری بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووەکان و بەردەوامی ڕێکخراوەکانیان و بەشداری سیاسی چالاکیان.
ئەم ڕاستییە مێژووییە کلیلی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە سروشتی دەوڵەتی دانیمارک. کاتێک بە کۆچبەرێک یان پەنابەرێک دەگوترێت کە دەوڵەت لێرە جیاوازە، ئەم لێدوانە ئەبستراکت دەمێنێتەوە مەگەر لەگەڵ ئەو چوارچێوە مێژووییەی کە ئەم جیاوازییەی بەرهەمهێناوە: بزووتنەوەی کرێکاری رێکخراو، مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕین، سەوداگەری بەکۆمەڵ، و خەباتی سیاسی کە نەوەکان درێژەی کێشاوە پێش ئەوەی ببێتە هۆی ئەم ئاستە لە مافە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەم دەوڵەتەش پشت بە سیستەمێکی یاسایی دەبەستێت کە لەسەر بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە، لەوانە یەکسانی یاسایی نێوان ژن و پیاو، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، پاراستنی مافەکانی منداڵان، و مافی هەموو هاوڵاتیان و دانیشتووان بۆ پەروەردە، تەندروستی و کەرامەتی مرۆڤ بێ گوێدانە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان. بۆ زۆرێک لە پەنابەران کە لە کۆمەڵگاکانەوە دێن کە ئەم مافانە پارێزراوی یاسایی پێویستیان نییە، تێکەڵکردنی ئەم یاسایانە و تێگەیشتن لە لۆژیکیان تەنها گونجاندنێکی کەلتووری نییە، بەڵکو بەشێکی گرنگە لە تێگەیشتن لە سروشتی دەوڵەتی دیموکراتی عەلمانی و شێوازی کارکردنی.
یەکێک لە دیارترین ئەنجامەکانی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە ئەو ژنە کۆچبەرەی کە لە ژینگەیەکەوە دێت کە ژنان بەدەست جیاکاری یاسایی و کۆتوبەندی کۆمەڵایەتی توندەوە دەناڵێنن ڕووبەڕووی سیستەمێکی ماف دەبێتەوە کە پارێزگاریی فراوانتری لە بوارەکانی کار، خوێندن، جیابوونەوە، بەخێوکردنی منداڵ و ئازادی هاتووچۆ دەستەبەر دەکات. ئەو زۆرجار بۆ یەکەم جار ئەو مافە یاساییانە دەدۆزێتەوە کە لێیان بێبەش کراوە.
زۆرینەی پەنابەران وردە وردە خۆیان لەگەڵ ئەم مۆدێلە دەگونجێنن و بە شێوەیەکی ئەرێنی و کاریگەر مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. ئەوان فێردەبن متمانە بە دامەزراوە گشتییەکان بکەن، بچنە ناو بازاڕی کارەوە، باج بدەن، بەشداری لە ژیانی کۆمەڵگەدا بکەن و منداڵەکانیان لەم سیستەمەدا پەروەردە بکەن. زۆربەیان بوونەتە بەشدارێکی چالاک لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگای دانیمارک، لەوانە کەرتە ئابوورییە گرنگەکانی وەک چاودێری تەندروستی، خزمەتگوزاری، گواستنەوە، بیناسازی و پیشەسازیی خۆراک.
لە هەندێک کەرتدا، هێزی کاری بیانی ئێستا زۆرینەی هێزی کار پێکدەهێنن، چونکە ئەم کەرتانە پێویستیان بە ئامادەیی هەیە بۆ کارکردن لە هەلومەرجێکی سەخت و کاتژمێرێکی درێژدا. ئەم بەشدارییە ئابوورییە ڕاستەقینەیە بە دەگمەن دەچێتە ناو مشتومڕی سیاسی گشتی، کە خولیای لایەنە نەرێنییەکانە. ئەمە بەشدارییەکە کە شایەنی ڕێزلێنان و پێزانینە نەک فەرامۆشکردن.
هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە تێکەڵاوبوون لە بازاڕی کار تەنها بەربەستی کۆچبەران نییە. توێژینەوەکان بوونی جیاوازی پێکهاتەیی ڕاستەقینە دەسەلمێنێت: داواکارانی خاوەن ناوی بیانی بە ڕێژەیەکی بەرزتر ڕەت دەکرێنەوە بە بەراورد بە هاوتاکانیان کە ناوی دانمارکی هەیە، بێ گوێدانە بڕوانامەکانیان. ئەم جیاکارییە کێشەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو لایەنگیرییەکی پێکهاتەیی لەناو بازاڕی کاری سەرمایەداریدا و چارەسەرکردنیشی پێویستی بە یاسادانانی توند و فشاری ڕێکخراوی سەندیکایە.
لەگەڵ ئەوەشدا، کەمینەیەکی بچووک هەیە کە بۆ ماوەیەکی درێژتر بە دیلی ئەزموونی کۆن لەگەڵ دەوڵەت و میراتی پیاوسالاری دیکتاتۆریدا دەمێنێتەوە و مامەڵە لەگەڵ سیستەمی دانمارک دەکات بە لۆژیکی ئەوەی کە لە وڵاتی پێشووی خۆی پێی ڕاهاتووە: پەنابردن بۆ کاری نافەرمی، هەوڵدان بۆ خۆلادان لە یاساکان، پشت بەستن بە تۆڕە نافەرمییەکان نەک دامەزراوە گشتییەکان. یان هەوڵدان بۆ سەپاندنی سنوور بەسەر ژنان لە خێزان و بەخێوکردنی منداڵدا کە پێچەوانەی سیستەمی مافەکانە کە یاسای دانمارک بۆ هەمووان گەرەنتی دەکات. لە هەندێک حاڵەتدا، مەسەلەکە تەنها پەیوەندی بە دەوڵەتەوە نییە، بەڵکو فشاری کۆمەڵگە، مەزهەب و ئایینە، کە هێزێکی هاوتەریب پێکدەهێنێت کە کێبڕکێ لەگەڵ دامەزراوە گشتییەکان دەکات و بەسەر تاکەکاندا، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، دەسەپێنێت لەگەڵ ئەو نۆرمانەی کە دژ بە سیستەمی مافەکانی دانیمارکن. ئەم دەسەڵاتە کۆمەڵایەتییە هاوتەریبە پێویستی بە چارەسەری سەربەخۆیە کە ڕوونکردنەوەی دامەزراوەیی بەتەنیا بەس نییە.

سیاسەتەکانی یەکخستن و کێشەی تێگەیشتن لە دەوڵەت

شکستی تێکەڵاوبوونی ئەم کەمینەیە بە شێوەیەکی گشتی لە مشتومڕی سیاسی زاڵدا وەک کێشەیەکی بنەڕەتی کولتووری یان ئایینی ڕوون دەکرێتەوە کە پاساوی سنووردارکردنی زیاتر، تاقیکردنەوەی زیاتر و مەرجی زیاتر دەدات. ڕوونکردنەوەیەکی وردتر و واقیعیانە ئەوەیە کە کێشەکە لە زۆر حاڵەتدا گواستنەوەیەکی ئازاربەخشە لە تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ دەوڵەت وەک ئامرازێکی سەرکوت و گەندەڵی بۆ چەمکێکی جیاوازی بنەڕەتی کە تێیدا دەزگایەکی هاوکاری کۆمەڵایەتی دەبینێت کە شایەنی متمانە و بەشداریکردنە . ئەوانەی لە ئەزموونی دیکتاتۆرییەوە هاتوون پێویستیان بە کات و وەبەرهێنانی ڕاستەقینەیە بۆ ئەوەی تێبگەن کە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەت لە دانمارک لەسەر یاسایەکی تەواو جیاواز لەوەی کە ئەوان ئەزموونیان کردووە.
سیاسەتەکانی ئێستای تێکەڵاوبوونی دانمارک وەک پێویست چارەسەری ئەم ڕەهەندە بنچینەییانە ناکات. لەجیاتی تەرکیز خستنە سەر ڕوونکردنەوەی سروشتی دامەزراوەکانی دەوڵەت و میکانیزمی کارکردنیان و مێژووی خەباتی بەرهەمهێنان، لەم ساڵانەی دواییدا، لە ژێر فشاری ڕاستڕەو و ڕاستڕەوەکاندا، سیاسەتێکی تێکەڵاوبوون کەڵەکە بووە کە ئاراستەی توندکردنی یاساکان، فراوانکردنی تاقیکردنەوەکانی بەهاکان و سەپاندنی سنووردارکردنی زیاتر لەسەر نیشتەجێبوون و هەندێک مافە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. ئەو سیاسەتانەی کە لەو گریمانەی پێشترەوە سەرچاوە دەگرن کە پەنابەر بە گشتی کێشەیەکە کە دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، نەک مرۆڤێک کە هەڵگری ئەزموونێکی مێژوویی ئاڵۆزە کە پێویستە لێی تێبگات و بە جدی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەم شێوازە تەنها شکستی هێناوە لە بەدەستهێنانی یەکخستن. لەوانەیە لە هەندێک لە پەنابەراندا ئەو وێنە کۆنەی دەوڵەت بەهێز بکات کە دەوڵەت وەک قەوارەیەکی دوژمن چاوەڕێیان دەکات، کە ڕێک پێچەوانەی ئەو سیاسەتەیە کە سیاسەتەکانی تێکەڵاوبوون هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.
بە پێچەوانەوە، تێکەڵاوبوونی ڕاستەقینە پێویستی بە ڕوونکردنەوەیەکی ڕوون هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان باج و خزمەتگوزاری گشتی، و ڕۆڵی سەندیکاکان و یاساکانی کار لە پاراستنی کرێکاران. فێربوونی زمان بێ گومان پێویستە، بەڵام بەتەنیا بەس نییە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگا. تێگەیشتن لە دەوڵەت و دامەزراوەکانی و تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان مافە کۆمەڵایەتییەکان و پابەندییە هاوبەشەکان، لە توانای قسەکردن بە زمانی دانمارکی کەمتر گرنگ نییە.

بەشداریکردن لە هاوکاری کۆمەڵایەتی
لە نێو ئەو چەمکانەی کە پێویستە لە چوارچێوەی تێکەڵاوبووندا دووبارە دابڕێژرێنەوە چەمکی کاری نافەرمییە، کە لە دانیمارک بە “کاری ڕەش” ناسراوە. لە هەندێک وڵات کارکردن بەبێ تۆمارکردن و پێدانی باج بە شتێکی سروشتی و پێویست دادەنرێت بۆ مانەوە و هەندێک جار وەک جۆرێک لە بەرگری لە دژی دەوڵەتێکی گەندەڵ تەماشا دەکرێت کە شایەنی پارە نییە. ئەم لۆژیکە لە چوارچێوەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا تێدەگات کە باج بۆ بەرژەوەندی فەرمانڕەواکان تەرخان دەکەن نەک بۆ خزمەتی کۆمەڵگا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانرێت پارادۆکسێکی گەورە پشتگوێ بخرێت: خاوەن سەرمایەی دانیمارکی خۆیان پەنا دەبەنە بەر خۆدزینەوە لە باج و کاری ناڕەسمی لە رێگەی شێوازێکی زۆر ئاڵۆزتر و لە قەبارەیەکی گەورەتردا، لە ڕێگەی پەناگەی باج، کۆمپانیا وەهییەکان و دەربازگەیەکی یاسایی کە بۆ خزمەتکردنیان دروستکراوە. چڕکردنەوەی ڕەخنەی گشتی و سیاسی لەسەر کرداری کەمینەی کۆچبەران لە کاتێکدا چاوپۆشی لە خۆدزینەوە لە باج لەلایەن چینی سەرمایەدارەوە نە هەڵوێستێکی بێلایەن و نە پرەنسیپییە.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە وڵاتێکی وەک دانمارک کە پشت بە سیستەمی باجی پێشکەوتووخوازی بەکۆمەڵ دەبەستێت – لە ڕێگەی تێکۆشانەوە داگیرکراوە و لە ڕێگەی رێکخراوەوە پارێزراوە – بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کاری نافەرمی تەنها سەرپێچییەکی یاسایی نییە، بەڵکو لاوازکردنی سیستەمێکی هاوپشتی کۆمەڵایەتییە کە بە درێژایی نەوەکان بنیات نراوە. هەر باجێک لێرە دەدرێت بۆ قوتابخانە و نەخۆشخانە و ژێرخانی ئابووری و سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەڕوات کە هەمووان سوودی لێوەردەگرن.
کاتێک مرۆڤ لەم پەیوەندییە ئۆرگانیک تێدەگات لەنێوان ئەوەی دەیدات و ئەوەی کۆمەڵگا وەریدەگرێت، پێدانی باج دەبێتە کردارێکی تەواو جیاواز. چیتر ملکەچی دەسەڵاتێکی دەرەکی نییە. دەبێتە بەشداری خۆبەخشانە لە سیستەمێکی هاوکاری کۆمەڵایەتی کە هەمووان سوودی لێوەردەگرن.
هەمان شت بۆ هەوڵدان بۆ خۆلادان لە یاساکان جێبەجێ دەکرێت. لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا، خەڵک لەوانەیە بەرگری لە دەوڵەت وەک جۆرێک لە بەرگری لە خۆیان و تەنانەت وەک دژایەتییەکی ڕەوا بۆ ڕژێمێکی گەندەڵ ببینن. لە کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر دامەزراوە گشتییە هاوبەشەکان دامەزراوە، ئەم کردارانە متمانەی هاوبەشی نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەت لاواز دەکات و ئەو سەرچاوانە کەم دەکاتەوە کە قوتابخانە و نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان پشتی پێ دەبەستن.
هەمان لۆژیکا بەسەر دیاردەی دوورکەوتنەوە لە کار و ڕاگەیاندنی هەڵەی نەخۆشی بۆ بەدەستهێنانی قازانجی کۆمەڵایەتی کە مرۆڤ مافی نییە، جێبەجێ دەکرێت. لەو وڵاتانەی کە دەوڵەت هاوڵاتیانی تاڵان کردووە، دەستبەسەرداگرتنی سوودەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی لەوانەیە وەک ڕێگەیەک بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکان یان تۆڵەسەندنەوە لە دەسەڵاتێکی نادادپەروەر تەماشا بکرێت. بەڵام ئەم لۆژیکە بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە لە کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر بنەمای هاوپشتی کۆمەڵایەتی دامەزراوە سەرەڕای تایبەتمەندی چینایەتی: ئەم قازانجانە لە گەنجینەی دیکتاتۆرێکەوە نایەت. پارەیان لە باجی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر وەردەگیرێت کە ئەم سیستەمەیان لە دەیان ساڵ خەباتی بەکۆمەڵدا دامەزراندووە. خۆلادان زیان بە دەوڵەت ناگەیەنێت وەک دامەزراوەیەکی ئەبستراکت زیان بە هاوکاری کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت کە هەمووان سوودمەند دەبن، بە خودی پەنابەران.
لەوەش جدیتر، ئەم کردارە هەڵانە هەرچەندە لە کەمینەیەکی بچووکەوە سەرچاوە دەگرن، بیانوویەکی زێڕین بۆ ڕاستڕەو و ڕاستڕەوەکان دەڕەخسێنن بۆ بەهێزکردنی وتاری ڕەگەزپەرستی و وێنا کردنی هەموو کۆچبەران وەک بارگرانییەکی سەر کۆمەڵگا. ئەمە گوتارێکە کە ئەوان لە کۆتاییدا بەکاری دەهێنن بۆ پاساوی کەمکردنەوەی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان کە کاریگەری لەسەر هەمووان هەیە، دانیشتوانی ڕەسەن و کۆچبەران. لەبەر ئەوە لە بەرژەوەندی پەنابەران خۆیاندایە پێش هەر ڕەچاوکردنێکی تر، هۆشیارترین کەس بن لە پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و هیچ بیانوویەک بۆ ئەوانەی دەیانەوێت هەڵوەشاندنەوەیان بکەن.
تێکەڵاوبوونی ڕاستەقینە: ئەزموونێکی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش
لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە بەیەکەوە، سیاسەتەکانی تێکەڵاوبوون دەتوانرێت نموونەی کرداری و بەرجەستە لەخۆ بگرێت کە ئەم چەمکانە لە واقیعی ڕۆژانە نزیک دەکاتەوە: چۆن قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە ڕێگەی باجەوە پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت، چۆن کرێکارێک مافەکانی بەدەست دەهێنێت لە ڕێگەی گرێبەستی دامەزراندنی فەرمی و سەندیکاکاکان، چۆن یاساکان کرێکاران دەپارێزن کاتێک دامەزراندن بە فەرمی تۆمار دەکرێت. ئەم تێگەیشتنە دەتوانرێت بە هاندانی بەشداری پەنابەران لە ژیانی سیاسی و مەدەنی و سەندیکاکان و لە ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز بکرێت.
کاتێک خەڵک دەبینن دامەزراوە دیموکراتییەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا چۆن کار دەکەن و چۆن ڕێکخراوە چەپەکان، کرێکاران، سەندیکاکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان توانیویانە مافە کۆمەڵایەتییە فراوانەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوی کۆمەلایەتیەوە بەدەست بهێنن، تێکەڵبوون دەبێتە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە نەک تەنها پابەندبوونێکی کارگێڕی یان تاقیکردنەوەیەکی بەهاکان کە دەوڵەت لە دەرەوە دەسەپێنێت.
تێکەڵاوبوون بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە – کە گومانی تێدا نییە – بەڵام دابەشکردنی ئەم بەرپرسیارێتییە ناتوانێت یەکسان بێت. دەوڵەت لەگەڵ دامەزراوەکانی و میدیاکانی، گەورەترین بەش لەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆیە، چونکە ئەوان ئامراز، سەرچاوە و دەسەڵاتی پێویستیان هەیە بۆ داڕشتنی سیاسەت و دروستکردنی هۆشیاری گشتی.
دەوڵەت دەبێت وەبەرهێنان بکات لە ڕوونکردنەوەی سروشتی دامەزراوەکانی و مێژووی خەباتیان نەک خۆی بە سەپاندنی تاقیکردنەوەی بەها و توندکردنی یاساکان. میدیا بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی لە ئەستۆیە: ئەرکیان ئەوەیە جەخت لەسەر زۆر لایەنی ئەرێنی گەشتی تێکەڵاوبوون بکەن و بیانخەنە ڕوو، نەک گەورەکردنی هەندێک کرداری هەڵە کە وەک دەگمەنن نەک یاسا و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی قوڵتر دەکەنەوە.
لەلای خۆیانەوە، ئەو ژمارە کەمەی پەنابەران کە بەردەوام لە ڕوانگەی ئەزموونی ڕابردوویانەوانەوە سەیری دەوڵەت دەکەن، پێویستیان بە پێداچوونەوەیەکی ڕاستەقینە بەو وێنەیە هەیە. دەوڵەتی دانیمارک سەرەڕای کەموکورتییەکانی و ناکۆکییە چینایەتییەکان کە نکۆڵی لێناکرێت، دەزگای گەندەڵی و سەرکوتکردنی ڕۆژانە نییە وەک ئەوەی زۆر کەس لە وڵاتانی پێشوویان دەیانزانی. تا ڕادەیەکی زۆر دامەزراوەیەکی گشتییە کە مافە بنچینەییەکان دەستەبەر دەکات، خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی فراوان دابین دەکات و یاسا لەبەردەم هەموواندا بە یەکسانی دەپارێزێت.
ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە ڕێک ئەو شتەیە کە ئەو کەمینەیە پێویستی پێیەتی بۆ تێکەڵاوبوون. ڕێزگرتن لە یاساکان، تۆمارکردنی دامەزراندن، باج دان و مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوە گشتییەکان تەنها پابەندبوونێکی یاسایی نین کە دەسەڵاتێکی دەرەکی بەسەریدا سەپاندووە، بەڵکو جۆرێک لە بەشداری کاریگەر لە سیستەمێکی هاوکاری کۆمەڵایەتی پێکدەهێنن کە لە ماوەی دەیان ساڵی خەباتی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر، چەپ، سەندیکاکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا پێکهاتووە.

بەشداری سیاسی
هەر لەم خاڵە دەستپێکەوە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ئەمڕۆ دەبێتە ئەرکێکی پێویست. دەنگدانی هەڵبژاردن ئامرازێکە بۆ کاریگەری راستەقینە لەسەر ئەو بڕیارانەی کە ڕۆژانە کاریگەری لەسەر ژیانی هەمووان هەیە، هەر لە خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەییەوە تا یاسای کار و سیاسەتەکانی نیشتەجێبوون. دانمارکی بە ڕەچەڵەک بیانی کە دەنگ نادەن گۆڕەپانەکە بە کراوەیی بەجێ دەهێڵن بۆ ئەو دەنگانەی کە سیاسەت لەسەر حسابی خۆیان داڕشتووە و وتاری ڕەگەزپەرستی دەردەخات کە ئەوان وەک بارگرانی وێنا دەکات نەک هاوبەش.
لە هەڵبژاردنەکانی 24 ی ئاداری 2026، هیچ بژاردەیەکی چەپی ڕادیکاڵ لە دەنگداندا دەرنەکەوت، کە دەنگدەری چەپ دەخاتە بەردەم هەڵبژاردنێکی تاکتیکی حەتمی: دەنگدان بە هێزە چەپەکانی پەرلەمان کە زۆرترین بەرگری لە مافەکانی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر دەکەن و زۆرترین دژایەتی گوتاری ڕەگەزپەرستی دەکەن، لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتی بەردەوامیان هەیە بۆ دژایەتییەکانیان بەتایبەتی پشتیوانیکردنیان بۆ زیادکردنی خەرجی بەرگری کە سەرچاوەکانی قوتابخانەکان وشک دەکات. نەخۆشخانەکان و سیستەمی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی. ئەمە گرەوکردنێکی تاکتیکییە نەک پەسەندکردنی بێ مەرج.
لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمان تەنها یەکێکە لە گۆڕەپانە گرنگەکانی خەبات. ڕێکخراوی سەندیکا، کاری کۆمەڵگە و فشاری جەماوەری لە دەرەوەی پەرلەمان، دەستکەوتی کۆمەڵایەتیان لە مێژوودا دروستکردووە و ئەمڕۆ دەیانپارێزن. ئەوانەی کە ماوەیەکی زۆرە لە ژێر سایەی دەوڵەتێکدا ژیاون کە دەنگەکانیان دزی و ڕێکخراوەکەیان تێکشکاند، ئێستا دەرفەتی دووانیان هەیە: بۆ ئەوەی دەنگ بدەن لە سندوقەکانی دەنگداندا، و بەشداری لە سەندیکای کرێکاران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەدا بکەن، چونکە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەرگیز تەنها لە سندوقەکانی دەنگدانەوە نەهاتووە، سەرەڕای گرنگییان.
لە کۆتاییدا، پرسیارێک هەیە کە ناتوانرێت لێی لابدرێت: چۆن داوا لە کۆچبەران بکەین تێکەڵ بە کۆمەڵگایەک بن کە لە هەمان کاتدا بە کۆمەڵگایەکی چینایەتی سەرمایەداری وەسفی دەکەین؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵگایە، سەرەڕای تایبەتمەندی چینایەتی، قەوارەیەکی یەک بڕگە و هاوشێوە نییە. ئەمە گۆڕەپانێکی خەباتە کە تێیدا کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر و چەپ بە درێژایی نەوەکان مافە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکانیان سەندووەتەوە. ئەو تێکەڵاوییەی لێرەدا مەبەست لێی هاتووە خۆبەدەستەوەدان نییە بۆ سیستەمی ئێستا و نە قبووڵکردنی مەرجەکانی وەک ئێستا. بەشداری چالاکانە لەم ململانێیەدا. ئەو کۆچبەرەی کە باج دەدات، دەچێتە ناو سەندیکایەکی کرێکارییەوە و بەشداری لە ژیانی سیاسیدا دەکات، ئامرازەکانی خەباتی سۆسیالیستی بەدەست دەهێنێت و دەبێتە هاوبەش لە پرۆسەی گۆڕینی ئەم کۆمەڵگایەدا، نەک تەنها سوودمەند بێت لە دەستکەوتەکانی. یەکخستن و خەباتی سۆسیالیستی دوو ڕووی یەک دراون لە ئەزموونی هەموو ئەوانەدا کە بە درێژایی مێژوو لە پێناو کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانەتر خەباتیان کردووە.

ڕزگار ئاکرێی




هۆکارەکانی دابڕانی کورد لە مێژوو -بەشی یەکەم- .. مەحمود چاوەش

ئایا چی لە مێژووی ڕوداوەکانەوە فێربووین؟

بەشی یەکەم

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، کە مرۆڤ پەند و ڕوداوە مێژووییەکان زوو وەبیر خۆی دەهێنێتەوە، بەڵام زۆر بە هێواشی لێیانەوە فێر دەبێت، یان باشتر بڵێین زۆر بە سستی کاریان تێدا دەکات. تەکنەلۆژیا، دەوڵەت و ئایدۆلۆژیاکان دەگۆڕدرێن، بەڵام شێوازە بنچینەییەکانی ئەم ئەزمونە مێژووییانە زۆر جار لەجێی خۆیاندا دەمێننەوە. بۆچی ئێمە ئەزموونەکانی مێژوومان لەبیردەچنەوە؟ ئەوە کاتێک مێژووی کورد پڕاوپڕ ئەزموونی چەوساندنەوە و بەکۆمەڵکوژی بووە؟ دیارە هۆکارەکانی ئەم گرێ مێژووییە گەلێکن و پێوستیان بە دواچونی فاکتە مێژووییەکانە. ئەگەر بەوردی بەدوای هەندێ ڕوداوی سەدەی ڕابردووی کوردستاندا بگەڕێین و لێکۆڵینەوەی زانستیانەی لەسەر بکەین، زۆرێك کەندوکۆسپ و ئاستەنگ دێنە ڕێگەمان. نەبوونی فاکت و دۆکومێت، فلیم و وێنە، یان نووسینی مێژوویی لەسەریان زۆر بەدەگمەن بۆ نەوەکانی دواتر بەجێهێڵراون، یان لە لایەن هەندێك لایەنی دژەکوردەوە نەهێڵراوە بکرێنە دۆکومێنتی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان (مێژووی دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دوای یەکەمین جەنگی جیهانی نموونەیەکی ڕوونی ئەم مێژووەن، لێ فەرمانبەرانی ئەو دەمە نەیانهێشتووە هیچ دۆکومێنتێك، نووسینێك لەسەر ئەم ڕووداوانە بەئەنجام بگەیەنرێت، کە دژی دەسەڵاتی ئەوکاتە بووبێت. دەوڵەتی ئێستای تورکیش هەر بە هەمان شێواز و سیستێم کار لەم جۆرە ڕووداوانەدا دەکات. تا ئەم ڕۆژگارەش تورکەکان بە شێوەیەکی فەرمی و دەڵەتی دان بەم تاوانەدا نانێن، کە بە یەکێك لە ڕەشترین و شەرمەزارترین مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عسمانی و دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکی لە دوای یەکەم جەنگی جیهانیدا دەژمێردرێت. بارودۆخی کورد لەو وڵاتەدا ڕاستییەکی ئاشکرای تری ئەم فاکتەیە).
ئەم فاکتە مێژووییە لێواولێو (تەواو) بۆ مێژووی ئەم دەڤەرەی ئێمە دەگونجێت، ئاخر زۆرینەی دۆکومێنت و فاکتە مێژووییەکان لەناوبراون یان نەکراون بە دۆکومێنت. گەلەك سەیرئامێزە، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی هێندە لاوازە، تەنانەت فاکتە مێژووییەکان بە شێوەیەکی هەڵگەڕاوەیی و ساختە بهۆنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووی. چی لەو مێژووانە فێربووین و فێرکراین؟ هەر گروپ و دامودەستگەیەك بە بەرژەوەندی و هەندێجار بە مەزاجی خۆی باس لە تاڵترین ڕووداوەکانی مێژوومان بۆ دەگێڕنەوە. وەچەکانی دوای خۆیان چ عیبرەتێك لەم مێژووە فێردەبن، لە نووسین و گێڕانەوەی درۆ؟ ئایا ئێمە دەتوانین ڕۆژگار و پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ نەوەکانی دوای خۆمان بەم درۆ و دەلەسەیە دەستنیشان بکەین؟ بێگومان نەخێر. کەواتە دەبێت بیرکردنەوەمان ئاڕاستەی فاکتە زانستییەکانی مێژوو بکەین، بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕوون و بێلەکە بدەینە دەست نەوەکانی دوای خۆمان.

بە بیروڕای من ئەم خاڵانەی خوارەوە هەندێك هۆکاری ترن بۆ ئەم گرفتە مێژووییە.
ـ ڕەنگە فشار و ترس لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە مێژووییانە هۆکارێکی تری ئەم دیاردەیە ڕونبکەنەوە، کە گەلی کورد لە ژێر دەسەڵاتی چەوسێنەری ئەو دەوڵەتانە بوون و هەر خۆشیان تاوانباربوون لە چەوساندنەوەی گەلی کوردا. تاکی کورد لە تەواوی مێژوودا هەوڵی ئەوەی داوە، لەسەر ژیان بمێنێتەوە و ترسی باسکردنی ئەم ئەزموونە مێژووییانەی بۆ نەوەکانی داهاتوی هەبووە، کە بەشێوەیەکی سیستماتیك بۆ ئەوانەی دوای خۆیان ماوەتەوە. کەرتبوون و پارچەکردنی کورد هۆیەکی زۆر گرنگە لەم میانەیەدا، کاتێكیش کوردیان چەوسانۆتەوە، خۆیان توانیویانە ڕووداوەکان لە چوارچێوە و ئارەزۆکانی خۆیان بهۆننەوە. کورد لە تەواوی مێژوودا برینێکی زۆر گەورەی بۆ ئێمە بەجێهێشتووە. ئەگەر بڕوانینە لایەنە سایکۆلۆژیەکەی ئەم دیاردە مێژووییە، ئەوا ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە ئەم چەوساندنەوەیە جۆرێك لە تراومای بۆ تاکی کورد پێکهێناوە و بەرەوڕوی تراومایەکی دەستەجەمعی کردۆتەوە (لە کۆتایدا باسی ئەم دیاردەیەش دەکرێت). بێگومان ئەم کاریگەریانە لە مێژووی جیهاندا، بە دیاریکراوی لە وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پارچەکانی دیکەشدا، ڕوویانداوە. لە مێژووی کوردیشدا بە شێوەی جیاواز دەربڕاوە. یەکێك لە گرنگترینیان کارکردن بووە لە سڕینەوەی ناسنامەی کورددا، کە تا ئەم ڕۆژگارەش کاری تێدا دەکرێت، ئاخر پەستانی ئەو چەوساندەوەیە زۆرجار بۆتە هۆکاری شکاندنی کەرامەت و ناسنامەی مرۆڤ. کاتێك مرۆڤ وەك “موڵك” یان “کاڵا” سەیردەکرێت یان دەنرخێندرێت، ئەوا هەست بە بێبەهایەتی و لاوازی هزری خۆی دەکات. بەکۆیلەکردنی مێردمناڵ و کچە یەزیدییەکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە نمونەیەکی زیندوی ئەم ڕاستیەن، کەتاکو ئەم ڕۆژگارەش کچانی فڕێنراو و بەکۆیلەکراو لەبارێکی دەوونی سەخت و تڕاومایەکی کەسی و دەستەجەمعیدا بژین.
ئەمەش کوردی خستۆتە ڕەوشێکی دەرونی سەختەوە، ڕەنگە هەندێ تاکی کوردی ئالودەی فرەکەسایەتی (لە ناوەوە و لە دەرونیدا کوردە و لە دەرەوەدا ناچارە ناسنامەی خۆی بگۆڕێت) کردبێت. ئەم دیاردەیە کەسایەتی تاکی کوردی خستۆتە پەژارەوە و لە هەمانکاتدا جۆرێك لە هۆشیاری و خۆڕاگری لە مێژوودا پێبەخشیوە.
ـ کورد تاکو ئێستا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەبووە، لێ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتن مێژووی دەڤەری خۆیان لە فێرگەکاندا دەڵێنەوە، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتویان هەمان هەڵەی باوانیان دووبارە نەکەنەوە. لە مۆزەخانەکان و بە شێوەی فلیم یادگارییە مێژووییەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی دەپارێزن. کورد زۆر جار ئەم دەرفەتانەی لەبەر دەستدا نەبووە.
ـ تاوانە مێژووییەکان بەرامبەر کورد بە شێوەیەکی دەستوری و یاسایی نەخراونەتە بەردەمی دادگاو، بەردەمی یاسای جیهانی بۆ مافی مرۆڤ و بەردەم ویژدانی مرۆڤەکان لە تەواوی جیهاندا. جوەکان زۆر بە وردی کاریان لەم مەیدانەدا کردووە، تاوانبارەکانی ئەم ڕوداوە مێژووییانەشیان هەندێجار بە سزا داوە (نمونەی ئادۆڵف ئایشمانی نازی، کە لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی بەرەو ئەرجەنتین هەڵهات، لەپاش ئۆپەڕاتسیۆنێکی نهێنی توانرا ئایشمان بهێنرێتەوە بۆ ئیسڕائیل و ساڵی ١٩٦١ درایە بەر دادگای ئیسڕائیل. لەساڵی ١٩٦٢ دا لەسێدارە درا.) ئادۆڵف ئایشمان ئەندازیاری توانەوەی یان کۆمەڵکوژی جوەکان بوو، مێژووی ویژدانی گەلێك بوو، کە تاوانیان بەرامبەر کرابوو، بەرەو نەمانییان هەڵدێرن. ئەی ئێمەی کورد بە هەمان مێژوودا ڕۆنەچووین، هەمان کۆمەڵکوژی و کۆچی بە کۆمەڵ و برینی مێژوویمان نییە؟ کوان ئەو دادگایانەی تاوانبارانی رژێمی بەعسیان هاوردە بەر دادگا و بە پێوانە یاساییەکانی جیهانی و لۆکالی ئەمانەیان بەتاوانی کۆمەڵکوژی تاوانبارکرد. ئایا سەرانی کوردایەتی پاڵهێزنەبوون بۆ زۆر تاوان؟ بێگومان. ئەی ئێمەی کورد چەند لە تاوانبارانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆریمان خستە بەردەم دادگا و بە شێوەیەکی یاسایی سزادران؟ ئێمە داوای هاوپشتیوانی و هاوسۆزی لە میلەتانی جیهان دەکەین، لەکاتێکدا خۆمان کارمان لە مێژووکەی خۆماندا بە ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە نەکردووە. ئەمە چ پەڕەدۆکسێکی مێژوویی دەڤەری ئێمەیە؟ ئایشمانەکان لە مێژووی ئەڵمانیاندا بۆنەتە سیمبۆلی شەرمەزاری بۆ نەوەکانی داهاتووی دووهەم جەنگی جیهانی، ئاخر جووەکان توانیان ئایشمان لە کوچە و کۆڵانە تاریکەکانی ئەرجەنتینەوە بەرەو دادگای ئیسڕائیل بفڕێنن. خۆ ئێمە تاوانبارەکانی جەنگی دژە کورد و کۆمەڵکوژەکانیان لەبەر دەمی خۆماندا بوون، ئەدی ئامادەکاری ئێمەی کورد چی بوو، بۆ بە مافی یاسایی خۆیانمان نەگەیاندان؟ ڕەنگە سەرانی بەرپرسی بەناو کوردایەتی بەرامبەر ئەم هەڵوێستە نانیشتمانیانە شەرمەزاربن بەرووی مێژوودا. لێرەدا تەنها دەبێژم، با نمونەیەک لە مێژووی جوەکان بۆ خومان دابڕێژین و پەندیان لێوە وەربگرین.

ـ لەبیرچونەوە هەمیشە نیشانەی لاوازی نییە، زۆرجار میکانیزمی خۆپاراستنە لە ئازار. کاتێك ئازار زۆر قوڵ دەبێت، مێشك خۆی لێ دووردەخاتەوە، بۆ ئەوەی ژیان بتوانێت بەردەوام بێت. (ئەمە ڕەنگە لایەنە سایکۆلۆژیەکەی ئەم دیاردەیە بێت)
ـ زۆرێك لەم ڕووداوە مێژووییانە بە شێوەی چیرۆك نەگواستراونەتەوە بۆ وەچەکانی داهاتو، بەڵکو بە شێوەی ئەدەبی (وەك لەنێو کوردا بە هۆنراوە بەرجەستە کراون )، یان بە شێوەی زارەکی (دەماودەم)، کە زیاتر سۆزدارانە نەك ڕیالیستیانە بەجێهێڵراون. کاتێك نەوەی نوێ لەم بارەوە زانیاری وەردەگرێت، تەنها وەك ئاژمارێك هەڵیان دەسەنگێنێت (یان مامەڵەیان لەتەکدا دەکات) و بە قوڵی هەست بە تاوانەکان ناکات. ئەمەش گرفتی ئەو پەیوەندیە لاوازانەیە، کە لەنێوان نەوەکاندا بەرجەستە بووە. پەروەردەی نەوەی داهاتوو لە ئەستۆی ئێمەدایە، خۆمان لەدەست ڕەگەزپەرست و فاشیزمی ئیسلامی تورك و عەرەب و فارس ڕزگار نەکردوو و بەهەمان مێتۆد نەوەی داهاتوش وەك خۆمانی لێدەکەین. ئەمە مەترسیەکی زۆر گەورەیە. تاکو ئەو کاتەی ئێمە خۆمان لەو سیستەمە فاشی و ڕەگەزپەرستە نەپارێزین و بەرەنگاری نەبینەوە، نەوە بەدوای نەوەکانی تردا بەهەمان خەڕەکی مێژوویی ئێمەدا دەچنەوە.

ـ بەزۆرەملێکردنی کورد بۆ ئایینی ئیسلام نەوەیەکی موسوڵمانی لە کورد دروستکردووە، کە لە کۆن و نوێشدا بەهۆی بیروباوەڕەکەیانەوە دژی گەلی خۆیان وەستاونەتەوە و لە بەرژەوەندی گەلەکانی عەرەب و تورك و فارسدا کاریان کردووە(لێرەدا دەبێت بێگومان موسڵمانی میللی و تەسەوفی لە ئیخوانی و سەلەفی جودابکرێنەوە، چونکە ئیخوانی و سەلەفی نۆکەری بێگانانن، دوانەکەی دی بەزۆریی کوردستانین). ئەم دیاردەیەش بەردەوام زیانێکی مەزنی لە ئێمە داوە. (ئاخر ئێمەی کورد دڵپاک و بەڕەحمین، زۆر بەزەییمان بەکەسانی لێقەوماو و بێپەنادا دێتەوە)، هەر بەم جۆرە بیرکردنەوە و هەڵوێستانە دوژمنانی کورد توانیویانە میللەتی کورد هەمیشە لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا هەڵبخەڵەتێنن و لە پشتەوە بە خەنجەری ژەهراوی لێیان بدەن.

ـ کورد مێژووی ڕووداوەکانی دەڤەری خۆی خۆویستانە لەبیر خۆی ناباتەوە، بەڵکو میکانیزمێکی سایکۆلۆژی ئەوتۆی بۆ خۆی و نەوەکانی چنیوە (ڕستووە)، کە لە پلەی یەکەمدا پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات. ئەم دیاردەیە لە هەمان کاتدا زیانێکی گەلەك مەزنی لە خودی گەلی کورد داوە. زەبروزەنگی دوژمنانی کورد و چەوساندنەوەی ئەم میللەتە هێندە سەخت و پڕ ئازارە و جەرگبڕ بووە، کە باوانمان بە ترسێکی پڕژانەوە باسیان لە ڕووداوە کارەساتلەخۆگرەکان کردووە. وە بیرمدێت باوکم باسی ڕوداوەکانی حوزەیرانی ساڵی١٩٦٣ بۆ دەکردین، هەمیشە چاوەکانی پڕ فرمێسك بوون. ئێمە منداڵ بووین و لە هۆکارەکانی ئەم ڕووداوانە تێنەدەگەیشتین. باوکم دەگریا و لەناوەوە وەکو کورەی ئاگر دەسوتا و دەترسا دەنگی بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی دەورودراوسێ گوێیان لە سکاڵاکانی نەبێت و نەگاتە دەست دەسەڵاتدارانی ڕژێمی بەعس. هەموو جارێك بە ئێمەی دەگوت بێدەنگبن و لەدەرەوە باسی نەکەن، خوا ڕۆژێك دێت حەقیان لێبکاتەوە. بەڵام ئەم یادەوەریانە لەسەر هزر و دەرونی مرۆڤی کوردا، لەژێر خاك و لە نێو خێزان و لە هۆنراوە و گۆرانیدا تۆمارکراون.

تراومای دەستەجەمعی

کاتێك چەوساندنەوە و وێرانکردنی کۆمەڵگەیەك بە شێوەیەکی سیستماتیکی بەرجەستە دەکرێت، ناکرێت بەتەنها باس لە تڕاومای تاک بکرێت، بەڵکو ڕوودەنێتە تڕاوماکی دەستەجەمعی. ئەم تڕاومایە لە زۆرینەیەکی ئەو کۆچبەرانەدا دەستنیشان دەکرێن، کە بەهۆکاری جەنگەکانەوە ڕوویان لە هەندەران کردووە و داوای پەناهەندەییان لەم وڵاتانە کردووە، کوردیش ژمارەیەکی زۆری ئەم پەناهەندانەن. کاتێك کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوە بەسەر نەوەیەكدا دێت، تەنها ئەو نەوەیە، کە ڕووداوەکانی بەچاوی خۆی بینیوە، توشی ئازار و تراوما ناکات، بەڵکو ئەم تراومایە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووش، جا ئەگەر ئەوان ڕاستەوخۆ ئەم بەسەرهاتانەشیان نەبینیبێت. نەوەکانی داهاتووش لەنێو ترسێکدا پەروەردە دەبن، کە ڕاستەوخۆ نەیانبینیوە، بۆیە هۆکارەکانی ترسەکەیان ڕوون نین و هەست بە نائاسایشی هەمیشەیی دەکەن. ڕەنگە هەندێجار هەست بە شەرم و تاوانباری خۆیان بکەن، بێ ئەوەی هۆکارەکان لایان ڕوونبن. زۆرجار باوانی ئێمە منداڵەکانیان بەوە پاراستووە، کە ڕوداوە دڵتەزێنەکانی مێژوویان بۆ باس نەکەن و دوبارەیان نەکەنەوە یان بە شێوەیەکی هێورتر بۆیان باسکردوون، بەڵام منداڵ هەست بەو ترسە دەستەجەمعییە دەکات و ناتوانێت بە وشە دەریان ببڕێت
(لێرەدا مەبەست لەوەیە، کە ناتوانێت گوزارشتیان لێبکات). کاتێك باوانمان وشەیەکیان لەسەر ڕودارێك بەڕوونی دەرنەبڕیوە، مانای ئەوە نییە، کە مناڵەکە هەستی بەو بێدەنگیە نەکردووە، ئاخر تڕاوما بە هەست دەگوازرێتەوە نەك تەنها بە وشە. کەواتە ئەم نەوەیە هەست بە شتێك دەکات، بەڵام نازانێت بە تەواوی هۆکارەکانی چییە.
وەبیرم دێ، کاتێك باوکم باسی ڕوداوەکانی “حامیەی شاری سلەیمانی، کە بە ٩ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ ناسراوە و بۆ تۆقاندنی کورد بووە”، بۆ دەکردین، ئێمەی منداڵان پێکڕا دەکەوتینە بارودۆخێکی دەروونی زۆر سەختەوە، بەبێ ئەوەی بزانین لە ڕاستیدا چی و چۆن ڕویداوە، هۆکارەکانی چی بوون. ئەوەی باس دەکرێت لە ساڵی ١٩٦٣ دا بە یەکێك لە تاڵترین بیرەوەریەکانی شارەکانی کوردستانی باشور دەژمێردرێت و ناسراوە بە کۆمەڵکوژی لە سەرتاسەری کوردستاندا. عەشایەری عەرەبی ئێراق بەناوی (حەرەس قەومی) بە هاندانی بەعسییەکان لە کەرکوك و دەوروبەری ، لە کۆیە و سلەیمانی و هەولێر سەدان هەزار هاوڵاتی سیڤیلیان بەبێ هیچ دادگا و لێپرسینەوەیەك زیندانی کرد و زۆرێکیان لەوان کۆمەڵکوژ کرد. هەزاران ماڵ و موڵکی بێتاوانیان فەرهود کرد. کۆمەڵکوژی نێو حامیە و یاریگای شاری سلەیمانی لە دیمەنە ترسناك و خوێنڕێژییە بەناوبانگەکانن. ئەم ڕووداوە مێژووییە بە هێندەی قەوارەی تاوانەکان دۆکومێنت نەکراوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی فلیمی ڤیدیۆ و نەبوونی ڕۆژنامەوانی لەو سەردەمەدا. ئەم بیرەوەریانە بە شێوەیەکی زارەکی (دەماودەم) لەلایەن چەند کەسانێکەوە یان چەند خێزانێکەوە باسکراون. ئەم کارەساتە مێژووییە لە بیرەوەری هەندێك خێزاندا ماوەتەوە و لە هەندێک نووسراوی مێژووییدا تۆمارکراوە، لێ بە شێوەیەکی فاکتی مێژوویی ئەرشیڤ نەکراوە. لەناو حامیەشدا کۆمەڵێکی زۆر لە گەنجانی شارەکە ڕەمی کران (سەرپێیی و پڕکێش). لەم بارەوە هیچ ئامارێکی فەڕمی ڕوون بڵاونەکراوەتەوە. حکومەتی بەعس هەوڵی داوە ڕوداوەکان بشارێتەوە و بەهۆکاری ناڕاستانە خراونەتە بەر دەست. جگە لەوەش خێزانە کوردەکانیان ترساندووە و قسەکردنیان لەم بارەوە لێ قەدەغە کراوە. زۆرێك لەم خێزانانە تا دوا ساڵەکانیش نەیاندەزانی چی بەسەر کەسوکارە کوژراوەکانیاندا هاتووە. حامیە بووە ڕەمز و هێمای تاوانەکانی دەوڵەتی بەعس، بەبێ ئەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو کرابن بە دۆکومێنت. ئەم نەوانەی ئێستا دۆکومێنتێکی ئەوتۆی ئەم ڕوداوانەیان لەبەر دەستتدا نییە، تاکو بە شێوەیەکی مێژووناسانە لێی بتوێژنەوە. ئەمە گرفتێکی گەلەك ئاڵۆز و لە هەمان کاتدا پێویستە لایەنە فەرمییەکانی کورد، بەتایبەتی زانکۆکان، بۆ گەشەپێدانی ئاگایی نەتەوەیی کوردی فرە لایەن لێی بتوێژنەوە.
گرفتەکەش لەوەدایە، کە تیمی کوردی خۆماڵی بۆ کۆڵینەوە لەم کارەساتانە دروست نەکراون. ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بگوترێت زۆرینەی لاوان و ئەم نەوە تازەیە ئاگاداری ئەم ڕوداوانە نەبن و تەنانەت بەر گوێشیان نەکەوتبن. ئەگەر ئەم ڕووداوانە بخرێنە سیستەمی فێرکارییەوە لە خوێندنگەکاندا، بە تایبەتی لە وانەکانی مێژوودا، ڕەنگە ڕویەکی تر بدرێتە وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕووداوانە.
هەندێجار هۆکارەکانی ئەم دیاردەی دووبارەبوونەوەیە ئەوەیە، کە مرۆڤ ئارەزوی بۆ دەسەڵات هەیە، ئەوجا گەر بەو دەسەڵاتە گەیشتبێت ترسی لەدەستدانی دەسەڵاتەکەی هەبووە. زۆرینەی کۆمەڵگەکان وا بیر دەکەنەوە، کە ئەوان لە کۆمەڵگەکانی تر مۆدێرنتر و زیرەکتر و بەئەخلاقترن، کۆمەڵگەکانی تورك و فارس و عەرەب نموونەیەکی زیندوی ئەم ڕاستیەن، کە ئەوان هەمیشە کولتوورەکانی خۆیان لە کولتووری کوردی بەرزتر نرخاندووە، کە ئەمەش پێچەوانەکەی ڕاستە.
ئەوان هەمیشە لە گۆشەنیگای دەسەڵاتەوە ڕەچاویان کردووە، نەك لە گۆشەنیگای شیکاری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە.
ئەم باوەڕە دەبێتە هۆکاری ئەوەی، کە ئێمە هۆشداری و ئەزموونەکانی مێژوومان پشتگوێ بخەین. لێرەدا مێژوو وەك ئەزموون و پەندێك نابینین، بەڵکو وەك چیرۆکێك، کە پەیوەندی بە ئێستاوە نەبێت، جا ئەگەر چی ئەزمونە تاڵەکان لە مێژوودا زۆرجار دووبارە بوونەتەوە، جا ئەگەر تەنانەت گۆڕانە مێژووییەکان لەدەساڵاتدارییەکی پاشایەتی، دیکتاتۆری یان بەناو دیموکراسیدا بووبێتن. سەرباری ئەوەی ئەزموونەکان بەردەوام دووبارە دەبنەوە، بەرامبەریان نایەکسانی و نادادپەروەری پتر پەرە دەسێنن، چینە دەسەڵاتدارەکان لە ژیانی رۆژانەی ئەوانی تر دوور دەکەونەوە، باوەڕ بە دامەزراوەکان کەم دەبێتەوە و لەپاڵ ئەمانەشدا پۆپۆلیستەکان بەڵێن بۆ چارەسەری سادەی گرفتەکان دەدەن، بەبێ ئەوەی ڕۆبچنە ناوەڕۆکی گرفت و تەنگژەکانی کۆمەڵگەوە.
هەندێ جار پرسیار لە خۆمان دەکەین، بۆچی مێژوو دووبارە دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی مێژووی دەڤەری ئێمە لێواولێو پڕە لە کارەساتی پڕ ئازای مرۆڤی و سروشتی.
لە ساڵەکانی سەدەی ڕابووردوودا، ڕەنگە کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیست بووبێت، پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان لەو دەڤەرەی ئێمە لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بوو. گرفت لەوەدا نەبوو، مرۆڤەکان بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوانن و خۆ لە چ پڕۆسەیەکدا دەبیننەوە، بەڵکو لەوەدا بوو، چۆن وەکو ماشێن ئالودە و ئاڕاستەی دەستەجەمعییەکان بکرێن، نەك وابەستەی بیروڕاکانی تاکەکەسیەکانی خودی خۆیانبن. گرفتەکان لەوەدا نەبوون، کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بونیاد و ئاڕاستەکانی مرۆڤی کوردی ئیفلیج کردبوو، بەڵکو لەوەدا بوو کە زۆرینەیەك لە مرۆڤەکان بەرەو دەستەجەمعییەتێک ڕاپێچ دەکران، تا لەنێو خۆیاندا چاودێر و ملشکێنی یەکدیبن .
کەواتە کۆمەڵگەی ئێمە زۆرجار هەوڵدەدات، ئەزموونە مێژووییەکان پشتگوێ بخات نەك ڕووبەروویان بوەستێتەوە. ئێمە هەمیشە هانا بۆ دەرەوە دەبەین، لەتەك ئەوەشدا، کە ئێمە زۆر ڕێسۆرسی مرۆڤی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیمان هەیە. زۆرینەی جار ڕۆڵی قوربانی و تاوانباری تێکەڵی یەکتر دەکرێن. ئێمە لێرەوە دەتوانین پێشبینی بکەین “تڕاومای چارەسەرنەکراوی ئەزموونە مێژووییەکان” بەدوی خۆیدا تڕاوماکی نوێتر و توندوتیژتر بهێنێت. ئاخر مێژوو تەنها بۆ فێربوون نییە، بەڵکو بۆ بەکارهێنانیشە، نەك ببێتە چەکێك، بەڵکو ببێت بە کتێبێکی فێرکاری. فێربوونیش ئارامیی گەرەکە، ئاخر ئەگەر مرۆڤ بکەوێتە تەنگژەوە، ئارامی لەدەست دەدات، تەنانەت پەنا دەباتە بەر شێوازێکی دی، ئەگەر زیانبەخشیش بێت، ئەویش چونکە ترس بەچەشنێك مرۆڤی نێو تەننگژە دەتەنێت، کە ڕابردوو وەبیر خۆی نەهێنێتەوە. بۆ ئەوەی مێژوو نەبێت بە چیرۆکی هۆنراوە، گومانی تێدا نییە هەندێك خاڵ دەشێت وەك ڕێگر ڕەچاو بکرێن، وەك فێرخوازی، پەروەردەکردن لەسەر مێژوویەکی ڕاستگۆیانە نەك شکۆدارکردنی، تەوازوع بەرامبەر هەڵەکانمان و وەبیرهێنانەوەی ئەزموونە مێژووییەکان، کە ئۆرگانەکانە زانستییەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەنجامی دەدەن.
جا سەرنجێك لە مێژوومان رەنگە ڕامانبچلەکێنێ و ڕوبەڕووی گەلەك پرۆسەی تاڵمان بکاتەوە. ئەم دووبارەبوونەوەیە لەو ڕۆژگارانەدا، کە ڕژێمی بەعس لە عێراقدا دەسەڵاتی یەکەم بوو، جاشایەتی و کارکردن لەتەك ئەم ڕژێمەدا هەمان خەڕەکی دووبارەبوونەوەی مێژووی کورد بوو. هەمئێستاش ئەم دووبارە و سێبارەبوونەوەیە بەردەوامە و ئەنجام و بەروبوومەکەی ئێستا لە هەرێمی خۆماندا دەچنینەوە.

مەحمود چاوەش
هانۆڤەر
09.03.2026




كە هەڵەبجە خنكا، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە خەوێكی قوڵدابوون.. سەلام عومەر

ئەوڕۆژەی هەڵەبجەیان خنكاند و خەڵتانی خوێنیان كرد، زامێكی هێندە قوڵ لە جەستەی وڵاتەكەمان هەڵكۆڵدرا، كە تا ئێستاش سارێژ نەبووەو لەگەڵ هەر یادەوەریەكدا دەكولێتەوە، ئۆپەراسیۆنەكانی ئەو رۆژانەی سوپای بەعس بۆ لەناو بردنی یەكجارەكی گەلی كورد بوو، بەتایبەت هەموو ئەو خانەوادانەی لەمشارەدا بوونە سوتەمەنی دووچاری قڕكردن بوون، ئەو پیرە پیاوو ژن و منداڵانەش كە رزگاریان بوو ئێستا پیرەكان زۆربەیان نەماون و منداڵەكانیش بەبێ كەسی بە هەتیوی و ماڵوێرانی، بەبێ پەناگەو شوێنە خۆشەكان بە نەخۆشی و كوێری خەریكی گوزەرانێكن باشتر نین لەو ونبوو و تاقانانەی ئیستاش لە خەیاڵدا رۆژدەكەنەوە.جیهان بەگشتی و ریكخراوە مرۆ دۆستەكان لە ئاست ئەم تاوانە نێودەولەتیە كوێربوون و جڵەوی دەسەڵاتی بەعسیان بەجۆرێك شل كردبوو بەئارەزووی خۆی هەوڵی تەفروتوناكردنی نەتەوەیەكی دەداو كەسیش نقەی لێوە نەدەهات،رۆشنبیرانی كورد لەچیا هاواریان لێهەستاو پڕ بە گەرو دەیانناڵاند عەرەبەكانیش جگە لەچەند رۆشنبیرێكی چەپی زۆر كەم نەبێ‌ ئەوانی دی لە خەوێكی قوڵدا چووبوونە خەڵوەتەوە ، خۆ ئەدەبی جیهانیش لەم ساتە وەختەدا لەگەڵ رژێمە قەبەكانیان هەر خەریكی ساغكردنەوەی چەك و جبەخانەكانیان بوون بەو وڵاتانەی دەیانەویست سنوورەكانیان لەسەر حسابی نەتەوە بچوكەكان زیاد كەن، ئەو رۆژانە مردنێكی لەسەرخۆ بوو بۆ گەلێكی چەوساوە، كەلەوەتەی هەبوو سووتەمەنی یەك لەدوایی یەكی ئەو رژێمانەبوو كە بەئارەزووی خۆیان دەیانچەوساندینەوە، تاكە هیوایەكیش كە هاوڵاتیان و پارتە سیاسیەكان هەیانبوو ئەو چیا سەرسەخت و دژوارانەبوو كە سروشت وەك پەناگەیەك بۆ هێزی پێشمەرگەی دروست كردبوو، ئەو كات دوای وەستانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران بەعس خۆی یەكلا كردەوە بۆ لەناوبردنی كورد و هەر هەموو تواناكانی خۆی بەئەنفالیشەوە تاقیكردەوە و نەیتوانی كورد لەریشەوە دەركێشێ كیمیا یەكێك بوو لەو نەخشە دۆزەخیەی بۆ كورد نەخشێنرا، ئەم وڵاتەی نوقمی تاوانێك كرد كە خۆی لەناو گۆڕی بەكۆمەڵ و سوتەمەنیەكانی كیمیاییدا دیتەوە، ئەوان وشەی ئەنفالیان لە كتێبە ئاسمانیەكان دەرهێناو كردیانە حیكایەتێك كەمرۆڤایەتی بۆ هەمیشە دەیگێڕێتەوە ،وێنەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە هێندە كاریگەرن پەردەكانیان بەڕوی تاوانباراندا هەڵدەماڵی و گەورەیی تاوانەكەیان دەردەخست، كەچی سەدام و عەلی كیماوی هەوڵیاندەدا هەموو ئەو خەتایانە بە سەروەری بژمێرن و بەڵام دواجار بە سزای خۆیان گەیشتن .ئێستاش دیكۆمێنتەكانی كیمیاباران لەبەردەستدان دۆسیەو تاوانەكە لە سەرمێزی نەتەوە یەكگرتوەكان كەوتووە، دادگاكان كۆتاییان هات و هەڵەبجەش بووە پارێزگا، بەڵام كوان ئەو رێكخراوانەی هەڵەبجەیان بەجینۆساید ناساندو خزمەتێكی شایستەیان كردبێ‌ ئەوەی سیمای پارێزگا بێت بە روخساری هەڵەبجەوە نابینرێ‌، ململانێی پارتەكان و نوقرچە لێدان لە یەكتری خەریكە پانتایەكانی تیرۆر لەمشارەدا دەژیەنێتەوەو باشترین ژینگەش بۆ ئەو گروپانە درووسكا كە دژی جوانی و پێشكەوتنەكانن ،ئاخر هەڵەبجە ئیستا پەراگەندەیە ئەوەندەی لە كیمیایی رزگاریان بووە تەفرو تونان و زۆرینەی هەرە زۆریان لەشارەكانی دی خەریكی توانەوەن، كوا ئەو هاندان و ژینگە لەبارەی لە كاتی هەڵبژارنەكاندا بە خەڵكی ئەم شارە دەدرا تاكەی هەڵەبجە ئەو پەراوێزە بێت كە شایەنی هەموو شتێكە، ئیدی كاتیەتی قورساییەكانی ئاوەدانكردنەوەو سارێژ بوونی برینەكان بچێتە واری جێبەجێ‌ كردنەوە و خەڵكی ئەم شارەش قۆڵی پیاوەتی خۆیان هەڵكەن و بەراستی داوای بە پاریزگا بوون بكەن نەك ئەو بڕیارانەی تەنها بوونەتە دیكۆمێنت و قسەی رووت.ئاخر تەنیا وشەی بە پارێزگا بوون بەس نییە ئەگەر خسمەتگوزاری نەڕژێنێتە ئەم شارە، دەبێت بیر لەكار بۆ لاوەكان بكرێتەوەو هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنرێ نەك ئەوانەی ماویشن خۆ بەئیجەدادەن و تواناكانیان لەو بەینە تێدا بچێ‌، هەروا دەبێت دامودەزگای ئەوتۆ بچێتە ئەم شارە بەراستی سیمای پارێزگا بوونی پێوە دیار بێت، سروشتی ئەم دەڤەرە بەجۆرێكە دەكرێ‌ گەشتیار لەهەموو دنیاوە بۆ ئەوێ‌ رابكێشرێ‌، خۆ ئەگەر ململانێ‌ حزبیەكان هەر بەردەوام بێت ئەوە هەرگیز تەنیا وشەی بەپارێزگا بوون چارەسەری ئەو برینە قوڵانەی هەڵەبجە ناكات، ناشێ‌ بودجەی هەڵەبجە هەمان بودجەی شارۆچكەیەك بێت و جیاوازیەكەیان لەگەڵ سێ‌ پارێزگاكەی دی ئاسمانورێسمان بێت، هەڵەبجە پێویستی بە ئاوڕ لێدانەوەیە نەك پشگوێ‌ خستن و پەراوێزی ئەودیوی چیاكان بێت.

سەلام عومەر




ناسیۆنالیسم، سەربەخۆییخوازیی و ئەستێرەکانی ئورووپا!.. برایم فەڕشی

ئەم ڕۆژانە، چەپ و ڕاست و شاهی و مەلایی فارس زۆرتر لە جاران باس لە ،،جودایی خوازیی،، حزبی کوردی دەکەن، کە گەرەکیانە ئێرانی ئەوان ،،تجزیە،، بکەن. ئەمەش تێگەیشتنی زاڵی حکوومەت و نوخبەی فارس بووە و هەیە. بە ساڵان بە تایبەت لە ناو چەپی فارس باس لەوە کراوە و دەکرێ کە مەسەلەی نەتەوەیی و نەتەوایەتی لە سەردەمی گلۆبالیسم بەرەو کەمڕەنگبوون چووە و دەچێ و فرەنەتەوەبوون و جیهانیبوون بە وتەی هامبرماس فەیلەسووفی ئاڵمان، جێگای نەتەوەیی بوون دەگرێتەوە. بۆ ئیسباتی ئەم بۆچوونە یەکیەتی ئورووپا وەک وێنە باس کراوە و باس دەکرێ.

نووسەری ئەم دێڕانە لە کتێبێکدا بە ناوی ( مرۆڤ و ناسنامە و ناسنامەی نەتەوەیی) کە جارێ لە لایەن وەشانخانەوە چاپکردنی ڕاگیراوە، ئەم بابەتەی تاوتۆ کردووە کە چۆن ناسیۆنالیسم لە هەموو ئورووپا، فەڕانسە، ئاڵمان، هولەند، ئوتریش، بلژیک، سپانیا، ئیتالیا، سکاندیناوی و شوێنی تر گەشەی ساندووە. هەڵوەشانەوەی یۆگسلاوی، چکۆسڵەواکی دوو وێنەی بەرچاو بوو. جگە لەوە یەکیەتی ئورووپا لە ناوخۆیدا تووشی قەیرانێکی بنەڕەتی بۆتەوە کە بابەتی سەرەکی گەڕاندنەوەی سەربەخۆیی سیاسی وڵاتانی ناو یەکیەتییە و ئەوەش وای کردووە یەکیەتی ئورووپا لە زۆر لایەنەوە نەتوانێ وەک ناوەندێکی ئورووپی یەکدەست هەڵوێست بگرێ و بەرنامەکانی پێش بخات.

ئەوەی ڕوونە، ئەوەیە کە لە وڵاتانی ئورووپا، ناسیۆنالیسمی نەتەوەیی وناوچەیی لە گەشەکردن-دایە و داوای سەربەخۆیی کردن، تەنیا ،،باسک و کاتەلان،، ناگرێتەوە. ژمارەی جودایی خوازنی ئورووپا بە سەت گرووپ و حزب و ناوچە مەزندە دەکرێ. هەرچەند ناسیۆنالیسم و سەربەخۆییخوازیی لە ئورووپا لە سەدەی ١٨ و ١٩ گەرم بوو، بەڵام ئەو نەتەوە و کۆمەڵگایانەی وەک خۆیان نەکەوتنە ناو پرۆسەیی سەربەخۆیی خوازیی سەدەکانی ڕابوردوو، ئێستا داوای سەربەخۆیی و بڕیاردانی مافی خۆیان دەکەن و لە لایەنی سیاسی جیاواز دەنوێنن.

بەناوبانگترین هێز و جوڵانەوەکان، کاتەلان(سپانیا) کە بە ساڵانە داوای جیابوونەوەی تەواو لە سپانیا دەکەن. جوڵانەوەی شۆتلاند(بریتانیا) وەک حزبی نەتەوەی شۆتلاند(SNP) کە بە تەمان دووهەمین ڕفڕاندۆمی خۆیان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوە بەرن.
نەتەوەخوازانی فلامی Flandern بلژیک کە زمانیان هولەندییە و ژمارەیان دەگاتە نزیک حەوت ملیۆن، داوای جیابوونەوە لە بەشی فەڕانسە زمانی بلژیک دەکەن. باسکی سپانیا بەناوبانگن بۆ ئەوەی بە ساڵانە داوای سەربەخۆیی خۆیان لە سپانیا دەکەن. کرۆسیکا Korsika دوورگەیەکی نزیک ئیتالیایە، بەڵام لە ساڵی ١٧٦٨ ەوە بۆتە مڵکی فەڕانسە و داوای ئاتۆنۆمی زۆرتر هەتا سەربەخۆیی خۆیان لە فەڕانسە دەکەن.
ئەو شوێنانەی داوای سەربەخۆیی دەکەن وەک پادانیەن و باشووری تیرۆل لە ئیتالیا، دورگەی فێرۆر لە (دانمارک) و بایرن لە ئاڵمان خاوەنی دامودەزگای خۆیانن. حزبی بایرن Die Bayernpartei BP ساڵی ١٩٤٦ دوای کۆتایی شەڕی دووهەم دامەزراوە و داوای جیابوونەوە لە ئاڵمان دەکات. ئەم حزبە لە ساڵی ١٩٤٩ هەتا ساڵی ١٩٦٦ ئەندامی پارلەمانی ئاڵمان بووە و ئێستا ئەندامی پارلەمانی ئەیالەتی بایرن و ئەندامی بەرەی ئازاد لە ئورووپایە کە ٣٨ ئەندام، واتە حزب و گرووپ لە خۆ دەگرێ.

حزبی بایرن گەرەکیە ئەیالەتی بایرن لە ئاڵمان جیا کاتەوە، بەڵام ئەندامی فێدرالیسمی ئورووپا بمێنێ و ئابووریی و سیاسەتی خۆی و بایخەکانی نەتەوەیی خۆی ڕاگرێ و بیپارێزێ. ئەم حزبە خۆی لە حزبی سەرەکی بایرن کریست دێموکرات مەسیحی دوور ڕادەگرێ و ئەوان بە حزبی ناوەندگەرا پێناسە دەکات.

هۆی جیابوونەوەی ئەم خەڵکانە جگە لە مەسەلەیی نەتەوایەتی، فەرهەنگی، زمانی و ناسنامە، سیاسەتی ئابووریی حکوومەتی ناوەندیی بەرانبەر بە خۆیان و ناوچەکەیانە کە دواکەوتوتر لە شوێنی تر ڕاگیراوە.

جگە لەم جوڵانەوانە، پاش دەرچوونی بریتانیا لە ناو یەکیەتی ئورووپا ، هێزی ناسیۆنالیست لە زیادبووندایە و لە زۆربەی وڵاتانی ئورووپا لە ڕێگای هەڵبژاردن هێدی هێدی هەم لە ناو پارلەمانی ئورووپا و هەم پارلەمانی وڵاتان و ئەیالەتەکان پەرە دەستێنن و لە ساڵانی داهاتوو ڕەنگە لە زۆر وڵاتی وەک فەڕانسە، ئاڵمان، هولەند، ئوتریش و شوێنی تر زۆرینەی دەنگ پەیدا بکەن و دەسەڵاتی دەوڵەت و حکوومەت بگرنە دەست و بوونی یەکیەتی ئورووپا تووشی قەیرانی بنەڕەتی بکەن.
ئەم پرۆسەیە لە ڕۆژهەڵاتی ئورووپاش لە ئارادایە.

حزبی ساین فەین Sinn Féin باکووری ئیرلەند بە ساڵانە داوای یەکگرتنەوەی هەر دوو ئیرلەند دەکات، کارێک کە ئاڵمانییەکان بە یەکگرتنەوەی دوو ئاڵمان کردیان و کارێک کە کورد دەبوو لە سەدەی شازدە و سەدەی هەژدە و سەدەی بیست کردبایان و وەدوایان خستووە.

لە ئورووپا، مافی خەڵکان Volksrechte بە ڕەسمی ناسراوە، بەڵام لە قانوونی بنەڕەتی ئەو وڵاتانە باس لە جیابوونەوە وەک ماف نەکراوە و ئەو خەڵکانە ڕووبەڕووی حکوومەتی ناوەندی دەبنەوە ، هەر وەک چۆن ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە ئورووپای ساڵان و دەیەکانی داهاتوو، ئەگەر وڵامی ئەم پرسیارانەی ئێستا نەداتەوە، تووشی قەیران و شەڕ و کێشە دەبێ. ئایا کوردی پارچە پارچە کراو لە چوارجێوەی تئۆریی و سیاسەت و بەرنامە وستراتێژیی بە بوونی ئەو ئورووپایە کە مێژووی ٢٥٠ ساڵەی دێموکراسیان لە پشتە، پرسیاری تازەیان بۆ نایاتە پێش؟ ئایا دەوڵەتانی دیکتاتۆری ناوچە کە کوردستانیان داگیر کردووە، خەونی کورد لە دێموکراسی خۆیاندا، وەدی دەهێنن، هەتا کورد لە سایەی دێموکراسی ئەواندا، ببێتە خاوەنی مافی خۆی؟؟

برایم فەڕشی
١١/٣/٢٠٢٤




جەنگی ئەوان، شۆڕشی پڕۆلیتاریا.. کامل احمد

ئەگەر گریمانکەش ئەوە بێت کە ئەم جارەش جەنگینێوان ئەمریکا-ئیسرائیلو ئێران ڕابگیرێت، ئەوا ئەم ڕاگرتنە نامانگەیەنێت بە کۆتایی جەنگ، بەڵکو دەتوانرێت وەک پشوویەکی کاتی بۆ بەردەوامبوونی جەنگ چاولێبکرێت. بە دڵنیاییەوە ڕاگرتنی شەڕلە ئێستادا بە قازانجی خەڵکی ئێران و ئیسرائیلە، چونکە دەرفەتێک دەدات بە خەڵک کەمێک پشووبدەن و لە ئاسەوارە ڕاستەوخۆکانی جەنگ کەمتر زیان ببینن؛ ئەو ئاسەوارانەی کە لە ماڵوێرانی و وێرانکردنی شوێنی کار و ژیان دەستپێدەکەن و هەتا بە لە دەستدانی گیانی ڕۆڵەکانیان دەگات.
بەڵام ئەم ڕاگرتنە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی جەنگە ماڵوێرانکەرەکان و قوڵدری زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان و چاوچنۆکی و قازانجپەرستی سەرمایە نییە. بە پێچەوانەوە، ئەمە تەنها پشوویەکی کورتە بۆ جەنگێکی دواتر و ماڵوێرانکەرتر؛ ئەگەر پڕۆلیتاریا نەیەتە مەیدان و بۆ هەتا هەتایە کۆتایی بە خۆیان و بە سیستەمی کاری بەکرێ و نەهێنێت.
هەر ئێستا لە ٦٠ بۆ ٧٠ ناوچەی جیاجیای جیهان شەڕ و پێکدادانی نێوان بەرژەوەندییەکانی ئەم زلهێزە جیهانییانە لە ئارادایە کە ئاگرەکەی تەڕ و شک پێکەوە دەسووتێنێت بۆ کەڵەکەی زێدەبایی زیاتر و پچڕینی بەشی زیاتر لە کێکەکە. ئەم جەنگانە لە بنەڕەتدا جەنگی ئابووری و ملشکاندنی نێوان بلۆک و جەمسەرە سەرمایەدارییە گەورەکانن و لەگەڵ قووڵبوونەوەی ئەزمەی ئابووری سەرمایە، ئەم جەنگانەش پەرەدەستێنن و فراوانتردەبن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی جیهان.
جەنگی ئەم جارە، زۆر بە ئاشکراتر ئەو هاتووهاوارانەی پێشووی پووچ کردەوە کە بە ناوی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، یان پاراستنی مافی کەمایەتییە نەتەوەیی و دینییەکان دەکرا. هەر لە ناوەندەکانی خۆیانەوە و لە لایەن خۆیانەوە شەقی تێهەڵدرا و پەردە لەسەر پووچی یان لادرا. ئەم جارە زلهێزەکان بە ئاشکرا دەڵێن کە کێشەیان نە عەمامە بەسەر و نە چاکەت و پانتۆڵ لەپێ و نە شیعی و نە سوننی و نە مەسیحی و هیچ باوەڕێکی ئایینی تر نییە، بەڵکو تەنها بەرژەوەندی و قازانجیان گرنگە، وەک پێشتریش هەروا بووە.
بۆیە ترەمپ بێ پەردە ئەمەی ئاشکرا کردوو هیچ قسەیەکی بۆ زوڕنا ژەنان و ژوڕناڵیستەکانی بورژوازی نەهێشتەوە. ئەو دەڵێت “ئەوەی هەمە هی منە و ئەوەی تۆش دەخۆم”، بەڵام لەم نێوەدا ڕێگری بۆ دروستدەکرێت و ناتوانێت ئەم قازانجانە بە تەنهابخوات، چونکە هەردەم ڕێگری و پێکدادان لە نێوان زلهێزەکان و بەرژەوەندییە جیاوازەکانیان خۆی دەردەخات.
ئەزمەی ئابووری سەرمایە ئەوەندە قووڵە کە تەنانەت ڕاگرتنی کاتی جەنگیش ناتوانێت هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بدات. دوای هەر جەنگ و پێکدادانێک، هەڵئاوسان بەرز دەبێتەوە و نرخی کاڵاو و سووتەمەنی بە ڕادەیەک بەرز دەبێتەوە کە تواناى کڕینی خەڵک دادەبەزێت و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی بەرز دەبێتەوە.
ئێمە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هەم لە ناو خودی ئەمریکا و هەم لە بەلجیکا و لە ناو دڵی ئەوروپادا شاهیدی هاتنە مەیدانی دەیان هەزار کەس بووین دژ بە گرانی ودژ بە جەنگ و ئاکامەکانی. فراوانبوونەوە و جیهانی بوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە دەتوانێت ببێتە هێزێک بۆ گۆڕانکاری گەورە.
بەڵام ئەو گۆڕانکارییە تەنها کاتێک دەکرێت بگات بە قازانجی کۆمەڵگای بەشەری کە پڕۆلیتاریا هاتە مەیدان و بە ئاگایی و ڕێکخستن، کۆتایی بە ئەم سیستەمە بهێنێت. تەنها لەو کاتەدا دەتوانرێت لەسەر وێرانەکانی ئەم جیهانە جیهانێکی کۆمۆنی و یەکسان دامەزرێندرێت.

کامل احمد
15.03.2026




شەڕی ئێران، فەلسەفە، سیاسەت و کوردستان!؟.. برایم فەڕشی

باس لە شەڕی ئەمریکا- ئیسرائیل و ئێران بۆتە هەواڵی سەرەکی مێدیا و ناوەندەکانی سیاسی جیهان، چەند ڕۆژە ناوی کوردستان تێکەڵ شەڕەکە کراوە. بۆچوونی سیاسی، حزب، دەوڵەت و پارلەمان لە ئورووپا یەکتر ناگرنەوە. بەشێک گرێدراو لە تەک سیاسەتی ئامریکا و ئیسرائیل ئەم هێرشانە بە بەرحەق دەزانن. چەپی ئورووپا، ئەم هێرشانە ئیدانە دەکەن و بە شەڕی ئەمپڕیالیستی دەزانن و بۆ ئەوەش ئاماژە بە شیلی و وێتنام و کودتا دژی موسەدیق، شەڕی عێراق، لیبی و ئەفغانستان دەکەن!

فەیلەسووفان بۆ ناقانوونی بوونی ئەم هێرشانە، پشت بە پەسەندکراوەکانی ئوئێن و قانوونی بنەڕەتی وڵاتان و مافی خەڵکان و سەروەری سیاسی، ئەخلاق و پڕێنسیپ دەبەستن و پێشێلکردنی هەر کام لەو لایەنانە نادروست دەبینن و جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە هێرشی ئامریکا و ئیسرائیل بۆ ڕزگارکردنی خەڵک نییە کە ٤٧ ساڵە لێی بێدەنگن. بە وتەی ئەوان دەوڵەتان مامەڵاتی بازرگانی لە گەڵ ئێران بەلایەنەوە گرنگتر لە مافی مرۆڤ و ئازادییە و ئەوان ئیشارە بەوە دەکەن کە لەو دوو ڕۆژەی دەیان هەزار کەس کوژران، بۆچی هیچ کردەوەیەک بۆ پێشگیریی لەم کۆمەڵکوژییە لە لایەن ئامریکا و ئیسرائیل و ئورووپا و ئوئێنەوە نەبیندرا؟

ڕیشارد داوید پرێشتRichard David Precht دەبێژێ حکوومەتی ئامریکا دەوڵەتی موسەدقی ڕووخاند و دوای ڕووخانی حکوومەتی شا بۆ ئەوەی لایەنگرانی موسەدق نەیەنە سەر کار حکوومەتی ئیسلامیان بە سەر خەڵکدا داسەپاند و ئێستاش مەبەستی ئامریکا ڕزگاریی خەڵکی ئێران نییە و مەبەستی ئابووریی، سیاسی، ژئۆپۆلیتیک و کێبەرکێی ناوچەیی لە گەڵ هێزەکانی تر وەک چین بۆ ئەوان گرنگترە. فەیلەسووف ریشارد داوید پڕێشت وڵامی بۆ ئەو پرسیارە نییە کە کۆتایی شەڕ و ڕژیم چۆن دەبێ؟ ئەو دەبێژێ کە ئامریکا و ئورووپا و ئیسرائیل باس لە کۆتایی ڕژیم دەکەن، بەڵام ئەوان هیچ پلان و بەرنامەیەکیان بۆ دوای ڕژیم نییە، پڕێشت دەڵێ نازانم چی دەبێت و چی دێتە پێش.

سەرانی ئورووپا سیاسەتی ڕوون لە خۆیان نیشان نادەن. سپانیا پشت بە پڕێنسیپەکانی ئوئێن دەبەستێ، سێ وڵاتی ئاڵمان و بریتانیا و فەڕانسە خۆ لە پشت ئامریکا و ئیسرائیل دەبیننەوە و لە هەمانکات وەزیری دەرەوەی ئاڵمان دەبێژێ ئێمە بە هیچ چەشنێک بەشداری شەڕ نابین، رەییسەکەی سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان، لە دیدار لە گەڵ تڕامپ پشتیوانی لەو شەڕە دەکات بۆ گەیشتن بە ئازادی خەڵکی ئێران، ئەوە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی ئاڵمان بە درێژایی ٤٧ ساڵ پشتیوانی سیاسی ئابووریی سەنعەتی و نیزامی ئێران بووە و بە هەموو چەشنێک نزیکترین شەریکی سیاسی و ئابووریی و سەنعەتی ڕژمی مەلاکان بووە و لە ڕێگای بانکی ئورووپا-ئێران لە هامبورگ و سێسەد شیرکەتی ئاڵمانی لە وڵاتانی خەلیج ئاسانکاریان بۆ بازدان بە سەر گەمارۆکانی ئامریکا و ئورووپا کردووە و هاوکات وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، ئەمڕۆژانە لە ئیسرائیل بووە و پشتیوانی حکوومەتی ئاالمانی لە ئیسرائیل ڕاگەیاند و مێرتس سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان دوێنێ دەبێژێ، پرسیاری بێ وڵام لە سەر ئەو شەڕە زۆرە، ئەوەش لە کاتێکدا بە هۆی داخرانی ڕێگای هورموز بۆ پاپۆڕەکان، نڕخی بێنزین و شتومەک ڕۆژانە لە ئورووپا هەڵدەکشێ. لە لایەکیتر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە دەرکردنی بەیاننامە، هیچ کاریگەرییەکی نەماوە.

ئەوانەی تا ئێستا وەدەنگ هاتوون و ژمارەیان لە چەند تاکە کەس تێناپەڕێ، بۆچوونی کلاسێک لە چوارچێوەی تێگەیشتنی سەردەمی ڕۆشەنگەریی دەنوێنن کە لە پەسەندکراوەکانی ئوئێن و قانوونی وڵاتاندا بە شێوەی گشتی هاتووە.
گۆڕانکارییەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو پاش یازدەی سپتامبری ٢٠٠١ و هێرش بۆ ئەفغانستان و عێراق و لیبی و شەڕی یۆگسلاوی و شەڕی ئۆکراین، تێگەیشتنی کلاسێکی ژێرپێ خستووە و دامودەزگای جیهانی وەک ئوئێن و ئەوانیتری تووشی قەیران و بێکەڵکی هاتوون و وڵاتان بە پێی مەیل و بەرژەوەندی خۆیان دەجولێنەوە و جوڵاونەتەوە و پابەندی بە پرێنسیپب و پەسەندکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیتر ،،مانای،، نەماوە.

سۆلوایگ ریشتر Solveig Richter لێکۆڵەری بواری ئاشتی دەبێژێ :،، تێگەیشتن لە مافی خەڵک تێکدراوە،، ئەم تێکدانە نەک لە بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو، بەڵکە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە لە بازنەی دەوڵەتان و سیاستپیشە و نیزامی و ڕۆشەنبیران، لە ئارادا بووە بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و خەڵک و نەتەوەکان بۆ وێنە مافی نەتەوەیی کورد وەک یەک نەتەوە لە لایەن دەوڵەتانی ناوچە و زلهێزەکان بریتانیا، فەڕانسە، رووسیە، ئامریکا و ئەوانیتر تا ئێستا پێشێل کراوە.
لە بازنەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ماف گرێدراوی بەرژەوەندیی لایەنەکانی دەستڕۆیشتووە لە ناو ئەو ڕێکخراوەیە ماوەتەوە. هەر بۆیە مافی نەتەوەی بێ دەوڵەتی کورد، کە ڕیفراندۆمی ٩٨٪ نەودوهەشت لە سەدی، خەڵکی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە پشت بوو، هیچ بایخێکی پێنەدرا.

نوام چامسکیNoam Chomsky فەیلسووفی ئەمریکایی بەردەوام سیاسەتی ئامریکای لە بەرانبەر ئێران ڕەخنە گرتووە و تا ئەو شوێنە چوو کە بکەوێتە سەنگەری ئێران و چاو لە هەموو جنایەتەکانی ئەو ڕژیمە ببستێ. ئەو لە هەمانکات پشتیوانی لە باکووری کوردستان دەکرد و بەردەوام ڕەخنەی لە حکوومەتی تورکیا دەگرت و بە شێوەی بەرچاو لایەنگریی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو سیستەمە بوو، کە لەوێ دامەزراوە. ئەو لە هەمان کات دژی چالاکی نیزامی پارتی کرێکاران بوو. ئەو باسی لە کوردی ڕۆژهەڵات کردووە کە بە تووندی دەچەوسێندرێنەوە و جەختی لە سەر ئەوە کردۆتەوە کە کورد “دەبێ لە ناو خۆیاندا یەکگرتوو بن،،. چامسکی لە پاڵ ئێرانی دژی ئەمپریالیست خۆی دیتۆتەوە و باس لە ئاتۆنۆمی بۆ کورد دەکات و تێگەیشتنی ئەو چەپانە دەنوێنێ کە خۆیان لایەنگری مافی کورد لە قەڵەم دەدا و شەڕی نیزامیان لە گەڵ ڕژیم دەکرد و لە ورچەرخانێکی بەپەلەدا کەوتنەوە پشتگیریی لە ،،ئێرانی دژی ئەمپرایالیست،، و لە درێژەدا سەریان بە دەستی هەمان ڕژیم تێدا چوو! ئەمڕۆش چەپی ئێران لە گێژاوێکی سیاسییدا خۆیان دەبیننەوە و بەشێکیان پێیانوایە ڕۆژیان لە تەک کوڕی ئەو کابرایە هەڵدێ، کە دەیان ساڵ لە دژی وەستان و بەشداری ڕووخانی ڕژیمەکەی بوون. گویدۆ شتاینبێرگGuido Steinberg وەک زۆر سیاسی و فەیلەسووف دەبێژێ: ،، باوەڕ ناکەم هێرشی هەوایی دێموکراسی بۆ ئێران بهێنێ…،،
گرفتی ئەم خێڵە هەمە لایەنە کە خۆیان لە چەند مەتەرێزدا دەبیننەوە، نەزانی نییە. ئەوان خاوەنی تئۆری و ئیدئۆلۆژی و زانین هەن، ئەوەی نییانە پایبەندنەبوون بە بایخ و کەسایەتی سەربەخۆی خۆیان و خاوەنی دۆپل مۆڕاڵ بوونە! ئەو تیپانە، سیاسی، زانستپیشە، فەیلەسووف و کەسانی باڵای کۆموڵگا خۆ لە ڕاستییەکان دەدزنەوە و بە پێی بەرژەوەندیی و پارێزگاریی لە پۆست و مەقامی خۆیان دەجولێنەوە. ئەو کەسانە بەردەوام جێگەیان لە ناو مێدیادا دیارە و کەسایەتی ڕاستەقینەیان ناکەوێتە بەرچاو و بە باشترین شێوە مێدیا بەکار دەهێنن.
سیاسی ناو دەوڵەتان و پارلەمان و دامودەزگا و ڕۆشەنبیران و نووسەر و فەیلەسووفی لەو چەشنە جیهانی ئێمەیان پێکهێناوە و پۆزۆسئۆن و بەرژەوەندی خۆیان و دەستە و گرووپیان بایخی زۆرترە، هەتا پایبەندی بەو تئۆریانەی فێری بوون. بەشێک لەوان بە هەموو شێوەیەک بە باشی خۆیان لە گەڵ ڕژیمەکانی دیکتاتۆر ڕێکدەخەن.

یورگن هامبەرماس Jürgen Habermas باس لە دێموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات، تێگەیشتنی سەرەکی ئەو خۆی لە ئینتگراسیۆنی خەڵکانی ئورووپا و ناسنامەی ئورووپی و جیهانی دا دەبینێتەوە. ئەو لەمەڕ شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران ئیسرائیل ئامریکا و شەڕی ئێستا هیچی نەگوتووە و لە مەڕ کارەساتەکەی ٧ی ئوکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ پشتگیریی لە ئیسرائیل بە دژی هێرشەکانی ئێران کرد و مافی خۆپاراستنی ئیسرائیلی بە هەموو شێوەیەک لە حاند ئێران و حەماس هێنایە زمان . هامبەرماس هەرچەند ئاشنا بە مەسەلەی کورد بووە و دۆستی کوردی لە زانستگای هایدلبێرگ هەبووە، بە نووسین و بە گوتن باسی لە کوردی نەکردووە.

ماتیاس کونتسل Matthias Küntzel پۆلیتۆلۆگ و مێژوونووس کە پێشتر کتێبی لە سەر نازیسم و جوو، نازیسم و ئیسلام، ئاڵمان و پێوەندی ئێران نووسیوە و بە لێکۆڵینەوە لە سەر ئیدئۆلۆژی ڕژیمی ئێران، بەو ئاکامە گەیشتووە کە کاکڵی ئەو ئیدئۆلۆژییە لە خۆیدا دژی یەهوود و ئیسرائیلە و وەک مەترسی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل لێکیدەداتەوە. لەو گۆشە نیگایەوە بە تووندی ڕەخنە لە حکوومەتی ئاڵمان دەگرێ کە سەرە ڕای ئەم ڕاستییە، شەریکی نزیکی تیجاریی و ئابووریی ڕژیمی ئێران بووە و هەیە. پێشتر نووسەری ئەم دێڕانە لە چەند بابەتدا بە بەرفراوانی باسی ئەم شەریکایەتییەی کردووە کە مێژووی درێژتر لە ڕژیمی ئیسلامی هەیە و ئاڵمان زیاتر لە سەد و بیست ساڵە ئیسلامی بۆ مەبەستی سیاسی خۆی بەکارهێناوە و لە سەردەمی هیتلێر بەڵێن بە موفتی موسڵمانان درا ،کە جووی باڵکان سەرجەم قڕ بکەن.
شەڕەکە بەشێکی کەوتۆتە ناو ماڵی کوردی بێ وڵات، کە هیچ نوێنەرێکی لە دامودەزگای ناونەتەوەیی نییە و لایەنی سەربەخۆی سیاسی، ئیجاریی دەوڵەتان نییە و بە وتەی چامسکی ” یەکگرتوو نییە،،. کورد لەم جیهانە ئاڵۆزەدا کە تا ئێستا هیچ هاوپەیمانێکی جیددی نەبووە، دەبێ چی بکا و چۆن بە مافی خۆی بگات، بە تایبەت کاتێک ئاوڕ لە هاوپەیمانییەکانی خۆی لە ناوچە و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەداتەوە؟
هەر بەشێکی کوردستان بە خەڵکەکەیەوە، کراوەتە بارمەتەی ناو دەستی دەوڵەتانی تورک و فارس و عەڕەب کە دژی کورد هاودەست و هاوپەیمانن. کورد جیا لە یەکگرتوو نەبوون، هێشتا خاوەنی ئەو بەرنامە و ستراتێژییە نییە کە خۆی وەک یەک نەتەوە و یەک خاک و یەک جوغرافیا نیشان بدات.
دیاڵۆگی کورد لە ناوخۆی و دەرەوەی خۆی بەرتەسک ماوەتەوە. لە کاتی کارەساتەکان هەر ناوچە لە لایەنی سیاسی و دیپلۆماسی بە تەنیا دەمێنێتەوە. کورد لە جیهانی ناوخۆی و جیهانی دەرەوە، یەک نەتەوە نانوێنێ و وەک چوارپارچەی ئاڵۆز دەکەوێتە بەرچاو و سیمای یەک نەتەوە لە خۆی نیشان نادات و جیهانی ناو سیاسەت و دیپلۆماسی و تیجاڕەیی حیسابی بۆ ناکات، مەگەر بۆ کاتە گونجاوەکان کە سوودی خۆیانی تێدا بێ.
ئاڵۆزییەکانی کورد لە خۆیەوە دەستپێدەکات، کاتێک خۆی وەک یەک نەتەوە، یەک خاک، یەک سیما نانوێنێ! شەڕی ئێران و داهاتووی ئەو وڵاتە دەستکردە، بۆ کورد وەک پرسیار دەمێنێتەوە و لەوە ناچێ خەونی دێموکراسییەکردنی ئێرانی یەک پارچە بێتە دی. دواڕۆژی ئێران بە تایبەت ئێستا کە بێ پلانی لە هەموو لایەنێکەوە زاڵە و ستراتێژی ڕوونی شەڕ لە گۆڕێدا نییە، ئەم پرسیارە جیددیتر دەکاتەوە، کە کورد دەبێ چی بکات؟ ئایا بێدەنگی و چاوەڕوانی و ناڕوونی بەرنامە و ستراتێژی، کورد بەرەو کوێ دەبات؟!

برایم فەڕشی
13.03.2026

  • سەرچاوەی قسەی کەسانی ناو ئەم نووسراوەیە، مێدیای ئاڵمان، ئینترنێت، یۆتووب، کتێب ئەو کەسانە.



سێ وێنە و سێ هاوکێشەی جەنگی سەدەی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل.. شوان عەباس بەدری

1
سێ بەشی جیهان و بە تایبەتیش لایەکی کورد لە باشوور پێیان وایە ئەمریکا خەریکی رووخاندنی دەسەڵاتی ئاخووندەکانە و رژێمێکی سیاسی نوێ لە ئێران ئەهێنێتە سەر کار و خۆیان بۆ ئازادی خاکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات ئامادە کردووە و بە نیازن نەوروز لە سنە و کرماشان و سەقز و مەهاباد و مەریوان و ئیلام بکەن، دڵنیابن لەبەر سێ هاوکێشەی سانا و ساکار هەرگیز ئەمریکا بەو کارە هەڵناسێت کە بریتین لە یەکەم ئەمریکا هەرگیز زیانی ملیارها دۆلاری ساڵانە لە خۆی نادات کە لە ڕێی پاراستنی وڵاتانی کەنداو لە هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران دەستی دەکەوێت و ئەو وڵاتانەی کردووە بە بنکەیەکی سەربازی هەمیشەیی بۆخۆی مەگەر ئەڵاهومە وەک سەدام جێگرەوەیەکی خراپتر و مەترسیدارتر لە ئێران لەناوچەکە دروست بکات، دووەم بەریتانیا و فەرەنسا هەرگیز بەو کارە ڕازی نابن چونکە ئەم سیستمە سیاسییە فول ئایینی و تووندڕەوە شیعەیە دروستکراوی خۆیانە و خۆیان کۆڵەکەکانی هەرەمە سیاسییەکەیان دروستکردووە.
سێیەمین هۆکاریش بریتییە لەوەی کە ئیسرائیل هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکوو ئێستا لەسەر بنەمای دوژمن و دوژمنی وەهمی بنیاتنراوە و جەنگ و بەرگری و ترس و گۆش کردنی دانیشتوانەکەی بە فۆبیای کۆمەڵکووژیان لە لایەن موسڵمانان و مەسیحییەکان داینەمۆی مانەوە و بەردەوامی ئەو وڵاتەیە و هەربۆیە هەرگیز هەژدیهایەکی حەوت سەری وەک سیستمە سیاسییە ئایینییە تووندرەوەکەی ئێران لەناو نابات، رەنگە وەک ئێستا بە مەبەستی چەند گۆڕانکارییەک لە یارییەکە هەستێت بە بۆردوومانکردن و کووشتنی ژمارەیەک سەرکردە و فەرماندەی ئێران بەڵام ئەستەمە لەڕەگەوە ئەو سیستمە لە ئێران هەڵکەنێت.
2
سەبارەت بە لەناوبردنی ئیسرائیلیش دڵنیابن روسیا هەرگیز رازی نابێت ئەو وڵاتە شوختێکی تێکەوێت چ جای ئەوەی وەک ئێران و هەندێک لایەنی تر بانگەشەی لەناو بردنی دەکەن رێگەبدات بە لەناوبردنی ئیسرائیل ئەوەش لەبەر ئەوەی نزیکەی لە سەدا پانزدەی دانیشتوانە جولەکەکەی ئیسرائیل بە رەچەڵەک یان دەگەرێنەوە بۆ روسیا یان سەر بە وڵاتانی یەکێتیی سۆڤێتی جارانن و بە زمانی روسی قسە دەکەن، بە کورتی و بە کوردی روسیا ئیسرائیل بە بەشێک لە جیهانە فەرهەنگی و کلتووری و کۆمەڵایەتییەکەی خۆی دەزانێت و ئەمەش بە ئاشکرا لە قسەکانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا رەنگیداوەتەوە .
3
لە کۆتاییشدا دەبێت بزانین کە ئێرانێکی بێ عەلی خامنەیی و هەندێک دەم و چاوی ناو سوپای پاسداران بۆ بەردەوامیدان بە سیستمی سیاسی ئاخووندەکان چ بەگۆڕانکاری بنچینەیی و عەقیدەیی و چ بێ ئەو گۆڕانکارییە بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل و رۆژئاوا پێویست بوو و بە کووشتنی عەلی خامنەیی ئیمامێکی تریان بۆ ئیمامەکانی شیعە زیادکرد و ئێستا لای زۆربەی شیعەکان عەلی خامنەیی رابەری تیرۆرکراوی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سیانزەیەمین ئیمامی مەعسوومی موسڵمانە شیعەکانە و لە دوای راگرتنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران و دڵنەوایی ئەو دوو وڵاتە لە درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی سیاسی ئێران و دوورخستنەوەی ئەو وڵاتە لە هەرجۆرە هەڵگەڕانەوەیەکی سەربازی ناوخۆیی و بەتەواوی دەستەمۆکردنی جیهانی عەرەب لە ژێر ڕکێفی خۆیان بەبیانووی پاراستنیان لە مووشەکەدوورهاوێژ و درونە مۆدێرنەکانی ئێران یان ئەوەتا لە تەنیشت خومەینی دەینێژن (( کە ئەمە زیاتر ڕێی تێئەچێت))، یان بە جیا مەزارێکی ئەفسانەیی بۆ دروست دەکەن و خەڵکیش بۆ بەدیهاتنی راز و خواستەکانیان سەردانی دەکەن و 37 ساڵ دیکتاتۆری ڕەها و چەپۆکە ئاسنینە بێ بەزەییەکەی بەرامبەریان فەرامۆش دەکەن!

شوان عەباس بەدری




بۆرژوازە خۆکوژەکان – لە پەراوێزی جەنگی ئەمەریکا و ئێران.. ئەکرەم سەعید

بۆرژوازە دڕندکان لە سەردەمی ئێمەدا وەک داعشیەکان خۆکوژن، و بۆ گەیشتن بە ئامانجە پوچەکانیان بۆمبیان لە خۆیان بەستووەو ئامادەن خۆیان و جیهان بتەقێنەوەو خاپوری بکەن؛ جەنگ لە(ئۆکراینا، غەززە، سودان، و جەنگی ئەمەریکا و ئێران لەم ڕۆژانەدا لە کەنداوی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)نموونەی جەنگی بۆرژوازە خۆکوژەکانە. جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران نموونەیەکە لە جەنگی دڕندەکانی سەردەمی مۆدێرن، یانی کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە جەنگەکانی دەوڵەتە دڕندەکانی سەرمایەداریدا نە هەڵەیە و نە زیانی لابەلا، بەڵکە ئامرازێکە بەئامانجی ئیفلیج پێکردنی هێزی دوژمن. بۆیە تیۆری”پێنج ئەڵقە”ی عەقید(جۆن واردن)بە دیارترین تیۆری سەردەمی مۆدێرن دادەنرێت. ئەم تیۆریەی جەنگی دڕندەکان لەلایەن عەقید”جۆن واردن”داڕێژراوە، و لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابان(۱۹۹۱)بەکارهێنراوە. تیۆرەکە لەسەر بەئامانجکردنی”ئیفلیج”پێکردنی دوژمن دامەزراوە نەک لەناوبردنی سوپاکەی”، یانی ئامانج ئیفلیج پێکردنی ژێرخانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن(کارەبا، پەیوەندییەکان، گواستنەوە)یە. هەرچەندە تیۆرەکە بە ڕاشکاوی کوشتنی خەڵکی مەدەنی ناکاتە ئامانجی ڕاستەوخۆ، بەڵام لە کردەوە سەربازییەکاندا بە عەمەلی(موشەک گرتنە باڵەخانەێک و کوشتنی منداڵان و خەڵکی مەدەنی لەبری موشەک گرتنە زرێپۆش پەیڕەو دەکرێ). هەروەها بۆردومانی ژێرخانی کۆمەڵگە لە وزە و کارەبا و ئاو(کە خزمەت بە هەردوو سەربازی و دانیشتوانی مەدەنی دەکات)دەبێتە هۆی ئازاری توندی خەڵکی مەدەنی و لەدەستدانی خزمەتگوزارییە جەوهەریەکان، بەمەش فشار دەخرێتە سەر سەرکردایەتی سیاسی ئەو وڵاتە.
ئەم وتارە شیکاری وردی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران نییە و هەواڵەکانی ڕۆژانەی ئەو جەنگە ناچێتە ناو باسەکانییەوە، بەڵکە بە گشتی باسە لە دوو تیۆری جەنگ و هەندێ سەرنج لە جەنگەکانی سەردەمی ئێمە *.
جەنگ و وەهمی تیۆرەکان
[وەهم دروستکردنی دونیاێکە لە خەیاڵدا کە لەڕاستیدا بوونی نییە].

تیۆری ململانێی شارستانیەتەکان
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە(۲٦.۱۱.۲۰۲٤)دا گووتی:”هیچ کات هێندە لە پێکدادانی شارستانیەتەکان نزیک نەبووینەتەوە”. ئەم ساختەچییە خۆی و حیزبەکەی بە موسڵمان دەزانێ لەکاتێکدا وڵاتەکەی ئەندامی پەیمانی ناتۆیە، و تورکیا هاوکاری ئەمەریکاو ئیسرائیلی کردووە دژی سوریا، میسر و ئێران، و تورکیا زیاد لە سەد ساڵە کوردەکانی ناوچەکە کۆکوژی دەکات کە ئایینی ئەو خەڵکە ئیسلامە، و کەچی باسی ململانێی شارستانیەتەکان دەکات؛ بەڕاستی مەهزەلەیە.
“ململانێی شارستانیەتەکان”، ئەو تیۆرییەی کە”ساموێل هەنتینگتۆن”لەسەرەتای نەوەدەکاندا بڵاویکردەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کاتێک ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژیی نێوان کۆمۆنیزم و سەرمایەداری کۆتایی هات، ململانێی نێودەوڵەتی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا سەرهەڵدەدەن کە ناسنامەی کولتووری و ئایینی جیاوازیان هەیە، و”بەریەککەوتنی شارستانیەتەکان”زاڵ دەبێت بەسەر سیاسەتی جیهانیدا. بۆ هەندێ کەس هێرشەکانی قاعیدەو شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراق ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە. بەڵام وەک ئێستا دەزانین ئەوەی ڕوویداوە ئەوەیە کە ململانێکان زیاتر لەناو شارستانیەتەکاندا بووە نەک لە نێوانیاندا. تیرۆریستە ئیسلامییە خواپەرستەکان زۆر زیاتر لە هەموو کەسێک خەڵکی مەدەنی موسڵمانی بێتاوانیان کوشتووە، وە شەڕەکانی نێوان شیعە و سوننە بەردەوامە و زۆرینەی قوربانیانی موسڵمانانی لێدەکەوێتەوە، ئەمڕۆکە هێزەکانی(ئەبو مەحەمەد جۆلانی)بە کۆمەکی وڵاتی سعودییە و ئەمەریکا خۆیان ئامادەکردووە کۆکوژی شیعەکانی لوبنان بکەن، وەک چۆن کۆکوژی عەلەویەکانی سوریایان کرد، و هەروەها ئێران کۆمەکی ئەرمینیا دەکات کە مەسیحین و دژی ئازەربایجانە کە شیعەن،، هتد. جەنگی ئێستای نێوان غەرب و ڕووسیا لە ئۆکراینا هەردوو لاکەی ئایینی مەسیحی تێیدا زاڵە، ململانێی تایوان و چین کێشەکە کەلتوور و ئایین نییە، بەڵکە جەنگی هەژموونی ئابووری و سیاسی و سەربازی نێوان بلۆکی چین و بلۆکی ئەمەریکایە. کەواتە تیۆری ململانێی شارستانییەکان بۆ فریودانە و شایستەی ئەوەیە کە فرێبدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە.

تیۆری ململانێی چینایەتی
لە تیۆری مارکسیدا(هێزە بەرهەمهێنەرەکان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان)هێزی چالاکن کە ڕووداوە مێژووییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دروستدەکەن. هێزە بەرهەمهێنەرەکان، لەوانەش تەکنەلۆجیا و پرۆسەی کار، ئەو دینامۆیەن کە گەشەسەندنی کۆمەڵگا دەباتە پێشەوە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان(پێکهاتە چینایەتییەکانی کۆمەڵایەتی)بنەمای بزووتنەوە سیاسییەکان و ئەحزابەکانە کە فکرو بەرنامەی کارکردنیان هەوڵدانە سامان چۆن دابەشبکرێت و دەسەڵات چۆن ڕێکبخرێت. گۆڕانکاری کۆمەڵگە لەئەنجامی ململانێی چینایەتی ئەم هێزانەدا، بەتایبەتی لەڕێگەی ململانێی چینی چەوساوەو چینی چەوسێنەر، وەک فاکتۆری سەرەکی گۆڕانکاری مێژووی کۆمەڵایەتی، لەلایەن مێژوونووسانی بۆرژوازی فەرەنسی و کۆمۆنیستە سەرەتاییەکان و مارکس، سەیر دەکرێت. ئایا تاچەند ئەم تیۆرە ڕووداوەکانی مێژوو بە دروستی شرۆڤە دەکات؟.
بێگومان ڕۆڵی(گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنان و ململانێی چینایەتی)لە کۆمەڵگەدا چەندەها فاکت و ڕووداوی مێژوویی پشتڕاستی دەکاتەوە، بەڵام ئەوە تاکە فاکتۆری گۆڕانی کۆمەڵگەکان نییە لە مێژوودا، چونکە گۆڕانی کۆمەڵگە و مێژوو لە سەردەمە دێرنەکان و نوێشدا(ململانێی نێوان خاوەن دەسەڵات و هێزەکان)ڕۆڵی گرنگیان بینیوە، بەڵکو زۆربەی کات ململانێی خاوەن دەسەڵات و هێزەکان کە هەموویان سەر بە چینی چەوسێنەرن، ئەوە بۆتە فاکتۆری گۆڕان و ڕووداوی لە مێژوودا دروست کردووە، نەک ململانێی نێوان(چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر). بە ماناێکی دی؛ هێزی چالاک ئەو هێزانەن کە کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی ڕووداوەکان هەیە، جا چ لە ڕێگەی کردارەوە بێت یان کاردانەوەی چ ناوەکی یان دەرەکی؛ واتە زۆر کات ململانێی ئەو هێزانە ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی یان کاریگەرییان لەسەر دۆخی یان گۆڕانی ڕژێمەکان هەیە، هەرەس بە دەسەڵات و دەوڵەتەکان دەهێنن. کەواتە ململانێی هێزەکانی خاوەن دەسەڵات بزوێنەری ڕووداوەکانن، دەبنە هۆی ڕوودان یان گۆڕینی ڕێڕەوەکەیان. بۆ بەڵگە زۆر دوور نەڕۆین تەماشی ڕووداوەکان بکەین لەساڵانی جەنگی جیهانی یەکەم تا ئێستا و پرسیار لە خۆمان بکەین: ئایا لەتەک ئەوەش کە چینی چەوساوە(بەشێوەێکی بابەتی چینی کرێکاران هەبوون و هەندێ جار خۆپیشاندانیان کردووەو هۆشیارانە هەندێ جار ڕاپەڕینیان کردووە)، بەڵام ئایا چ ململانێک و چ هێزێک ڕووداوەکان و گۆڕانەکانی دروستکردووە؟.
با سەرنج لەمڕۆ بدەین: کە ئەمریکا زلهێزێکی باڵادەستە و چین هێزێکی هەڵکشاوە، ئایا کێبڕکێی نێوان ئەو دوو هێزە نییە لە گشت مەیدانەکان و لەئاستی جیهانیدا کە ڕووداوەکان دروست دەکات؟. جەنگی نێوان: ڕووسیا و ناتۆ لە ئۆکراینا، ئیسرائیل و ئێران،، هتد. ئایا ململانێی هێزەکان و جەنگەکانیان کە ڕووداو دروستدەکەن لەکام جۆری ململانێی چینەکانە؟. بێگومان ململانێی چینە خاوەن دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانن، نەک ململانێی نێوان چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر؛ بە ماناێکی دی بەزۆری ئەوە ململانێی نێوان خودی چینی بۆرژوازی خاوەن دەسەڵاتە کە ڕووداو دروست دەکات لە مێژووی سەردەمی نوێدا، هەر بەهەمان شێوە کە ململانێی نێوان ئیمپراتۆرییەتەکانی سەردەمی(میسری کۆن، مێزۆپۆتامیا، ساسانیەکان و ڕۆم، مەملەکەتەکانی وڵاتی هیند و چین)ڕووداویان دروستدەکرد.
هۆکاری ئەم دیاردانە لە مێژوودا چییە؟ یانی هۆکاری ڕۆڵی مەزنی فاکتۆری ململانێی چینە خاوەن دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانن چییە؟.
لەم سەردەمەدا بەهۆی(لاوازی سۆسیالیستەکان، ئەزموونی خراپی دامەزراندنی بەناو دەوڵەت و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی، خامۆشی چینی کرێکاران،، هتد)، ململانێی چیانیەتی بەمان مارکسییەکەی(واتە ململانێی نێوان چینی چەوساوە/ پرۆلیتاریا و چینی چەوسێنەر/ بۆرژوازی)زۆر لاوازبووەو کاریگەری لە دروستکردنی ڕووداوەکان کەم بۆتەوە، هەتا ئێستاش بەڵگە نییە کە ناڕەزایەتی چینی کرێکاران ڕۆڵی هەبووبێ لە ڕێگری لە هەڵگیرساندنی جەنگ یان ڕاگرتنی؛ بۆ نموونە(جەنگی ئۆکراینا، جەنگ لەسەر غەززە، جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئەمەریکا و ئێران).
مارکس لە وەسفی ڕۆڵی وەهم لە مێژوودا لەپێشەکییەکەی ساڵی ١٨٦٩ی چاپی دووەمی کتێبی(هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت)دا ئاماژەی بەوە کردووە کە مێژوو بە تەواوی بە داینامیکی چینایەتی دیاری ناکرێت، ئەوە بەهۆی یەک شت”ڕۆڵی هەست و وەهمەکانی مرۆڤەکان”، چونکە مرۆڤەکان”لەڕێگەی نەریت و پەروەردەکردنەوە”کە دەگوازرێنەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەێکی دی، وادەکات لە ئەنجامدا مرۆڤەکان”ڕەنگە خەیاڵ بکەن کە پاڵنەرە ڕاستەقینەکان و خاڵی دەستپێکی چالاکییەکانی پێکدەهێنن- مارکس”، بەڵام لەڕاستیدا زۆرینەی کارو بیری مرۆڤەکان بەرهەمی هەلومەرج و وەهمەکانن.

ئەنجامەکانی دوای جەنگ
لە مێژووی کۆن و نوێدا ئیمپراتۆرییەتە مەزنەکان بەهۆی قەیرانی ئابووری و ناکۆکی ناوخۆی و جەنگی دەرەکییەوە کۆتاییان هاتووە. پۆسێدۆنیۆس (١٣٥ پێش زایین – ٥١ پێش زایین) مێژوونووس و فەیلەسوفی یۆنانی کۆن دەیگوت: (لە ساتەوەختی لەنێوبردنی تەحەدای کارتاجیەکان بۆ دەسەڵاتی ڕۆما، فەزیلەتەکانی ڕۆما پێشێلکراوە.). فەزیلەتەکانی ڕۆما وا پێناسە دەکرا کە بریتییە لە شارستانیەت، و گوایە پێچەوانەی بەربەریسمی جەرمەنەکانە، کە هەمەجی بوون لە کوشتاری خەڵکیدا. بەڵام کاتێ ڕۆما قەرتاجەی سووتان، و دڕندانە کۆکوژی خەڵکەکەی کرد، ئیدی تەواوی بەهاکانی ڕۆما پێشێلکرا، وە دەرکەوت کە ڕۆما لە جەرمەنەکان و قەرتاجیەکان بەربەریترە.
ئەمریکا ساڵانێکە پرۆپاگاندەی بەهاکانی شارستانییەتی غەرب دەکات:(ئازادی، یەکسانی، برایەتی و ئاشتی) کە دروشمەکانی شۆڕشی فەرەنسی ساڵی ١٧٨٩–١٧٩٩یە، وە پروپاگاندەی ئەوەی دەکرد کە مافی مرۆڤ دەپارێزێ، بەڵام ئەمڕۆکە لە هەڵوێستیدا بەرامبەر پەلاماری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و جەنگی ئەمەریکا و ئێران، تەواوی بەهاکانی خۆی پوچەڵ دەکاتەوە. ئیدی ئەمریکا بەهاکانی خۆی دۆڕاندووە، لێرەوە هەتا ئەگەر ئەمەریکا شەڕەکەی دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەرێتەوە، بەڵام جەنگەکەی لە بەرامبەر ڕووسیا و چین دەدۆڕێنێ. چونکە سبەینێ دوای جەنگ، هەتا ئەگەر ئەمەریکا براوە بێ، بەهۆی ئەوەی کە خاوەنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازییە، چۆن دەتوانێ باس لە ڕوسیا بکات تاوانی جەنگی کردووە لە ئۆکراینا؟! یان چۆن دەتوانێ ڕەخنە لە چین بگرێ کە موسڵمانانی ئیگۆر دەچەوسێنێتەوە؟! لەکاتێکدا ئەمەریکا خۆی و ئیسرائیل هەزارەها خەڵکی مەدەنی و منداڵیان لە غەززەو ئێران و ناوچکەدا کۆکوژی کردووە!. بۆ چینی کرێکاران و خەڵکی هەژاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر براوە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بن، یان براوە ئێران و هاوپەیمانەکانی بن، هیچ جیاوازییان نییە، و چارەنووس هەر بەشمەینەتییە، چونکە هەردوو لایەنەکەی جەنگەکە دوو مەعەسکەری سەرمایەداری دڕندەیە.

سۆسیالیستەکان و جەنگ
لە ژیانی مارکسدا جەنگی جیهانی ڕووینەداوە، بۆیە مارکس تیۆرێک یان مەفهومێکی تایبەتی بۆ جەنگ دانەڕشتووە، بەڵام میتودێک کە بەکاری هێناوە لەشیکاری بۆ هۆکارەکانی جەنگی ئەمەریکای باکوور دژی ئەمریکای باشوور، دروست بووە. ئەنگلس لە کتێبی(ئەنتی دوهرینگ)دا باسی ڕۆڵی تندوتیژی کردووە لە مێژوودا، بەڵام مارکس و ئەنگلس بڕوایان بەوە نەبووە کە جەنگ ڕێگایەکە بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگای سەرمایەداری، بەڵکە دروشمیان ئەوە بووە کە”چینی کرێکارانی جیهان یەکگرن”، و بە پێویستیان زانیووە کە پەیڕەو لە پرەنسیپی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران بکەن.
دەشێ ساتەکانی جەنگ دوژوارترین و خراپترین کات بێت بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی، چونکە کۆمەڵگای سۆسیالیسم نە دابەشکردنی هەژارییە، و نەگونجاوە لەسەر وێرانەێک دامەزرێ. ئەم دەربڕینە دروستە بەڵام مەرج نییە بۆ هەموو جەنگەکان دووبارەی بکەینەوە، بەڵکە هەلومەرجی مێژوویی ساتی جەنگی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، بڕیاردەرە کە چ هەنگاوێک دروستە بنرێ، نەک بڕگەێکی دەقێک.
سۆسیالیستەکان تا پێش جەنگی جیهانی یەکەم، دروشمیان ئاشتی و دژی عەسکەرتاری دەوڵەتی سەرمایەداری و جەنگ بووە، چونکە جەنگ دەبێتە هۆکاری برسیەتی، بێکاری، کاولکاری، و کۆکوژی کرێکاران و خەڵکی مەدەنی. لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەم، نێونەتەوەیی دووەم نەیتوانی هەڵوێستێکی یەکگرتوو دژی جەنگی ئیمپریالیستی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، وەربگرێ. لە بەرامبەر ئەم دیمەنەدا، ڕۆزا و لینین بە دەنگی بەرز دژی جەنگ بوون. لۆکسمبۆرگ بە ڕوونی نیشانی دا کە چۆن میلیتاریزم بڕبڕەی پشتی دەوڵەتە، و ڕای وا بوو کە دەبێ دروشمی“جەنگ دژی جەنگ“ببێتە دروشمی بنەڕەتی سیاسەتی چینی کرێکاران. لەو کاتەوە ئامانجی سەرەکی پرۆلیتاریا بوو بە“بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزم و هەڵوێستی دژی جەنگ“. ئەم دروشم و هەڵوێستانەی”ڕۆزا و لینین”ئەگەر چی دروست و شۆڕشگێڕانە بوو، بەڵام ئەفسووس لە عەمەلدا نەتوانرا دژی جەنگی جیهانی یەکەم لەلایەن سۆسیالیستەکانی ئەو سەردەمە پەیڕەوی لێ بکرێ، و بەهۆی هەڵوێست بەرامبەر جەنگی جیهانی یەکەم دووبەرەکی و لێکترازان لەنێو ڕیزەکانی سۆسیالیستەکان دروست بوو.
ڕاکەی”ئیتیان بالیبار”دروستە کە نووسیبووی:(شەڕ بۆ مارکسیزم بەتەواوی چەمک نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کێشەیەکە. لە کاتێکدا مارکسیزم نەیتوانی چەمکێکی شەڕ دابهێنێت، بەڵام دەیتوانی دووبارە دروستی بکاتەوە، ئەگەر بڵێین: واتە پرسی شەڕ بخاتە ناو کێشەدارەکەی خۆیەوە، و ڕەخنەیەکی مارکسیستی لە شەڕ، یان تیۆرێکی ڕەخنەیی لە شەڕ و بارودۆخ و پرۆسەکانی جەنگ، بە ناوەڕۆکێکی تەواو ڕەسەن بەرهەم بهێنێ. بە جۆرێک دەتوانرێت ئەمە وەک جۆرێک لە تاقیکردنەوە بۆ توانای مارکسیزم بۆ جێگیرکردنی خۆی وەک گوتارێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە بسەلمێنرێ. بیری مارکسیستی دەوڵەمەندیێکی شیکاری هەیە سەبارەت بە شەڕ بە گشتی، و جۆرە تایبەتەکانی شەڕ. بەڵام شتێکی نائاسایی ڕوویدا: کێشەی شەڕ لەبری ئەوەی یارمەتیدەر بێت بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی مارکسیزمەکان، لەبری ئەوە کاریگەرییەکی قووڵی وێرانکەری بەرهەمهێنا ،،،.)- مارکسیزم و جەنگ/ ئیتیان بالیبار.
ئەمڕۆکە لە کاتی جەنگ لەسەر غەززە، هەندێ لە کۆمۆنیستەکان لە بەیاننامە و وتارەکانیاندا، هەڵوێستەکەی لینین و ڕۆزا دووبارە دەکەنەوە: باڵێکی کۆمۆنیستی بڕوای وایە کە دەبێ جەنگی غەززە بکرێ بە جەنگی چینایەتی دژی ئیمپریالیسمی ئەمەریکا، بەمە فرسەتی شۆڕشی سۆسیالیستی زیاد دەبێ؛ یانی ئەم هاوڕێیانە گرنگی بە کۆنەپەرستی پرۆژەی حەماس و هاوپەیمانەکانی نادەن، بەڵکو قورسایی خۆیان خستۆتە سەر دژایەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا، واتە یەک تاک چاون، وە بڕوایان وایە لەتەک حەماس دژی ئەمەریکا، زەمینەی جەنگی چینایەتی خۆش دەبێ!. باڵێکی دی کۆمۆنیستەکان ڕای وایە کە ئەم جەنگە بکرێ بە فرسەتی بەرپاکردنی شۆڕش بەسەر دوژمنی ناخۆیی(یانی گۆڕینی جەنگ بۆ شۆڕش بۆ نموونە لە ئێراندا). بەڕای من ئەم هاوڕێیانە گەرچی هەڵوێستی ئینسانیان دژی جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریکا، دروستە و جێگای دەستخۆشییە، بەڵام بانگەوازو دروشمەکانیان تەواو خەیاڵییە، و بیرکردنەوەیان دوورە لە بەرژەوەندی چینی کرێکاران. چونکە ئەو بلۆکەی بەرامبەری ئەمەریکایە، بلۆکێکی دڕندەو کۆنەپەرستی سەرمایەدارییە؛ واتە ئەمە جەنگی دوو بلۆکی سەرمایەداری دڕندەن، ئیدی چۆن جەنگی حەماس و ئێران لەتەک ئیسرائیل و ئەمەریکا دەبێ بە زەمینەسازکردن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی؟!. ئەمە خۆشخەیاڵییەکەی لینینە دەربارەی شۆڕشی گەلانی چەوساوە دژی ئیمپریالیسم بەشێوەێکی کاریکاتێری. وە لە سەردەمی ئێمەدا، پرسەکانی وەک فەڵەستینیەکان یان کوردەکان، دەمێکە بۆتە مەیدانی کێشمەکێشی بۆرژوازە کۆنەپەرستەکانی لۆکاڵی و جیهانی، ئیدی هیچ بزووتنەوەێکی گەلانی چەوساوەو ژێردەست نەماوە کە پێشکەتووخواز بێ، و دەمێکە ئەوە کەشف بووە کە جەنگی بۆرژوازی گەلانی ژێردەست دژی دەوڵەتی سەردەست، ناکرێ بە موتەحالفی چینی کرێکاران، و سەربەخۆیی(فەڵەستین و کوردستان)بەسەرکردایەتی بۆرژوازییە ناسیۆنالیستەکان بێ یان ئیسلامییەکان، نابێتە بەردەباز بەرەو سۆسیالیسم؛ ئەوە تەنها ئەستۆرەیە. وە فرسەت هێنان لەکاتی جەنگ بۆ بەرپاکردنی شۆڕش لە ئێران یان ئێراقدا؛ ئەقڵی موغامری کەمایەتێکی نێو فەزای مەجازییە، چونکە لەئێستادا هیزێکی سۆسیالیستی نییە بتوانێ ئەوە بکات، وە شۆڕش لەئێستادا لەو وڵاتانەدا، دەچێتە خزمەت بەرەکەی دییەوە. بۆ سۆسیالیستەکان بەتایبەتی ئەوە گرنگە کە سیاسەتی سەربەخۆی چینی کرێکاران دژی دەوڵەتەکانی سەرمایەداری بپارێزن، وە بەتایبەتی لەم پرسەدا:”دژی جەنگ”بن، و هۆشیاربن نەکەونە ناو سەنگەری ئەمریکا یان ئێران.
وه‌حشه‌كانی مۆدێرنه‌
پۆتین سه‌گه‌كه‌ی له‌ منداڵێكی سوری
خۆشتر ده‌وێ.
پۆتین خوێن ده‌ڕێژێ و
یاری به‌ سه‌گه‌كه‌ی ده‌كا.
لای پۆتین ڕژانی خوێن و
یاری سه‌گ لێك ده‌چن.
تره‌مپیش جارێك گوتبووی:
سه‌دام گاڵته‌یه‌كی كیمیاوییانه‌ی
له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌ كردبوو،
بۆ وا لێیان كردبووه‌
هه‌ڵڵا و هه‌را؟…
ئه‌رێ خه‌ڵكینه‌، ئه‌مانه‌ مرۆڤن؟
یان وه‌حشه‌كانی سه‌رمایه‌ و مۆدێرنه‌؟
به‌ختیار محه‌مه‌د

فەلسەفە لەزمەنی داڕماندا
ساتێک بۆ پاشەوە و ساتێک بۆ پێشەوە

سەردەمەکەی ئێمە بەوە دەناسرێتەوە کە بۆرژوازەکان سامان بەخێرایی کەڵەکە دەکەن و کرێکاران و زۆربەی خەڵکیش زیاتر هەژار دەکەن. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە بۆرژوازە دەسەڵاتدارەکان توانیویانە زۆربەی هەر ئەو خەڵکەی کە هەژاریان کردووە فریو بدەن، و بیانکەنە لایەنگرانی ئەحزاب و بیروباوەڕە کۆنەپەرستەکانی خۆیان. لەخوێندنەوەی دەقەکانی”سۆسیالیستەکان و مارکس”کە پێداگریان دەکرد لەسەر(ڕۆڵی هۆشیاری/ ئەقڵانییەت)، بەتایبەتی شرۆڤەی مارکس بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری، ڕایان وا بوو کە چینی کرێکاران؛ ئەم چینە نوێیە نابێت ڕێگە بدات بکەوێتە تەڵەکانی هۆشی موزەیەف/ ساختە/ ئیدۆلۆژیاکانی دەسەڵات؛ یانی بەجۆرێک نابێت ڕێگە بەخۆی بدات بە بەرتیلێکی گەورە یان بچووک(ئیسڵاحات)ئارام بکرێتەوە، یان نابێت لە بێزاری و بێهێزی بچێت ملکەچی دەسەڵاتی بۆرژوازی بێ، وەک چۆن زۆرێک لە چینەکانی مێژووی پێشوو(کۆیلەکان و جوتیاران ملکەچی دەسەڵات و بیروباوەڕی خاوەن کۆیلەکان و دەرەبەگەکان بوون)، و پرۆلیتاریا نابێت ڕێبدات گەوجبکرێ بە بیروباوەڕی ئایینی سیاسی و ڕەگەزپەرستی.
بەڵام ئایا ئەمڕۆکە بەشێکی زۆری چینی کرێکاران و خەڵکی هەژار بەدوی(داعش، ڕەگەزپەرستەکان، ئەحزابی هیندۆسیەکان، مەسیحی سیاسی، ڕاستڕەوی توندڕەو،، فکری بنەماڵە و هۆزەوە) نین؟!. ئایا ئەمڕۆکە بەشێکی پرۆلیتاریا لە(ئەمەریکا، ئەوروپا،، و کوردستان،، هتد)کە بژێوییان سەختە و بێکارن، بەدوی سیاسەت و بیروباوەڕی بۆرژوازییەوە نین؟. بۆرژوازی توانیویەتی بە سیاسەت و ئیدۆلۆژیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە میدیا و سۆسیال میدیا، پرۆلیتاریا نەک تەنها لە هۆشیاری چینایەتی دووربخاتەوە، بەڵکە ویژدان و هەست و میهرەبانی ئینسانی نەھێڵێ و بیکاتە دڕندە(بۆرژوازەکان جیهان لەسەر شێوەی خۆیان دروست دەکەن – مارکس/ مانیفێستی کۆمۆنیست).
ئەگەر سەرنج بدەین چەمکی وەک(مرۆڤی نامۆ، مرۆڤی مەسخ، مرۆڤی زۆمبی، مرۆڤی گرگن، مرۆڤی فریودراو، مرۆڤی گەمژەکراو)لە ئەدەبیاتی سۆسیالیستیدا بەکارهێنراوە بۆ وەسفی حاڵەتی ئەو بەشە فریودراوەی خەڵک، کە لەم سەردەمدا بەناشیترین شێوە لە کردەوەکانی ڕەگەزپەرستەکانی ڕۆژئاواو شوێن کەوتووەکانی ئەحزابی ئایینی سیاسی لە: سوریا، سودان، یەمەن، عێراق، هیندستان،، هتد، دەی بینین. ئەمڕۆکە ململانێی چینایەتی لە هەلومەرجێکی زۆر نالەباردایە و فەلسەفەی سۆسیالیستی ساڵانێکە لە پاشەکشەدایە. لەڕاستیدا ئەمە سەدەیەکە بۆ ناعەقڵانییەتی بۆرژوازی؛ بۆیە کەسانی سۆسیالیست و چەپی وەک ئێمە و بڕێک لە خەڵکی مەدەنی و سکولار وا هەست دەکەن کە ئێمە دواهەمین نەوەی سەردەمێک بووین بەسەرچووە، و ئەو سەردەمە هەروا ئاسان ناگەڕێتەوە.
چۆن گەیشتینە ئێرە؟ بۆچ بیروباوەڕ و هەلومەرجی کۆمەڵگە هێندە پاشەکشەی پێکراوە؟. ململانێی بیروباوەڕ هاوشێوەی شەڕ سیجالە؛ بۆ پێشەوەو بۆ پاشەوەی تێدایە، واتە فەلسەفە لە ململانێدایە و وەرچەرخان دەکات، شەڕێکە و سەرکەوتن و شکستی بەدوایەکتری تێدایە؛ یانی هەر فەلسەفەیەو لە سەردەمێکدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و لە سەردەمێکی دیکەدا شکستی پێدەهێنرێت.
لە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ و چەمکەکانی شەرەف، داب و نەریەت، و دڵسۆزی بۆ هۆز و خێزان زاڵ بوون، لە سەردەمی سەرمایەداریدا بەتایبەتی لە سەرتایدا و تا ساڵانی ۱۹۹۰ فەلسەفەی لیبڕالی و چەمکەکانی تاکەکەس، ئازادی و یەکسانی سیاسی و یاسایی باو بوو، بەڵام ئەمڕۆکە بە زۆری بۆرژوازی دەمانگەڕێنێتەوە بۆ کەلتووری شەرەف و دڵسۆزی بۆ: دەسەڵات، نیشتمان، ئایین، ڕەگەز، هۆز و بنەماڵە. ئەما سۆسیالیستەکان خەبات دەکەن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەێک کە ئازادی و یەکسانی بە ناوەڕۆکی هەردووک سیاسی و ئابووری تێیدا زاڵ بێ.
ساڵەکانی ۱۸۰۰- ۱۹۸۰ بەوە دەناسرێتەوە کە ململانێی نێوان فەلسەفەی لیبڕالیسم و سۆسیالیسم باڵی بەسەر جیهاندا کێشابوو، بەڵام لەتەک سەرهەڵدانی قۆناغی ئیمپریالیسم، بە هەوڵی بیرمەندانی وەک(نیتشە، کارڵ شمیت، هایدگەر، لیۆ شتراوس، ساموێل هینتینگتۆن،، هتد)فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ پشتی ڕاستکردووەو مەیدانی داگیر دەکرد، و هێدی هێدی بەهاتنی(ماگرێت تاتچەر و ڕێگان)بۆ سەر حوکم، فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ و سیاسەتەکانی لە دونیادا زاڵ دەبوون، تا ئەنجامەکەی وای لێهات ئەمڕۆکە هەردووک فەلسەفەی(لیبڕالیسم و سۆسیالیسم)پاشەکشەیان کردووەو لاواز بوون، بەڵام بیروباوەڕی کۆنسەرڤاتیڤ لەوپەڕی بەجەماوەر بووندایەو لاێکی دونیا کۆنەپەرست و دڕندەیە. ئایا دونیا وەرچەرخانێکی فەلسەفی و سیاسی نوێ بەخۆیەوە دەبینێ؟ ئایا ئێمە فەلسەفەی سۆسیالیستی دەبینین جارێکی دی دونیا بە(ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان)ڕووناک بکاتەوە؟. بەڕای من بەڵێ ئەوە ئەگەرێکە و بەندوبەستراوە بەوەی کە ئینسانە ئازاد و یەکسانخوازەکان تا چەند:

  • واقیعیانە لە دونیای ئەمڕۆکە تێگەیشتوون و چ کارێک دەکەن بۆ گۆڕینی، چونکە دەبێ لە دونیای ئەمڕۆکە دروست تێبگەین تا بتوانین بیگۆڕین.
    *سۆسیالیستەکان(دۆست و دوژمن)؛ کە بنەمای هەموو فەلسەفەێکی سیاسییە، چۆن و بە چ پێوەرێک دیاری دەکەن.
    * تاچەند سۆسیالیستەکان لەگورپچییەتی(سیکتاریسم)خۆیان بەدوور دەگرن و هەوڵی کاری هاوبەش دەدەن.

پەراوێز:

  • بۆ خوێندنەوەی ڕای نووسەر لەسەر هۆکارەکانی جەنگی ئەمەریکا و ئێران دەتوانن ئەم وتارانە بخوێنەوە:
    ۱/(سەرمایەداری: قەیران و بەربەریسم – ئەکرەم سەعید) – لە کتێبی”تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی“.
    ۲/ (جەنگ و فریودان) – ئەکرەم سەعید.
    ۳/ (جەنگی دڕندەکان بەرەو کوێ دەچێ؟) – ئاسۆ کەمال – ئەکرەم سەعید.



ئێستێتیکی فریدریش شیلەر.. 3 .. کاوە جەلال

(بەشی سێیەم)

-3شیلەر و کانت
-1-3 فەلسەفەی ترانسسێندێنتالی کانت لە سێ ڕەخنەکەیدا

کانت لە یەکەم ڕەخنەکەیدا بە ناونیشانی «ڕەخنەی ئاوەزی پەتی » (1781) خۆی بە سنوورەکانی ئاوەزەوە بۆ شیمانەی مەئریفە خەریک دەکات، کەواتە ئاوەز لەم ڕەخنەیەدا تەنیا وەک ئاوەزی تیۆرییانە لەژێر پرسیاردایە: “ئایا من دەتوانم چی بزانم؟”. ئێمە لێرەدا بەر کارایی زەین و ئاوەز دەکەوین. یەکەمیان توانستی مەئریفەیە، کە نێوەرۆکەکانی شئور بە تێگە و کاتێگۆرییەکانی ڕێکدەخات و ئەزموون دەشێنێت. زەین ناتوانێت لە سنوورەکانی توانستی دەرکگیری تێبپەڕێت. وەلێ ئاوەز توانستێکی سەرینەییە و بەگوێرەی سروشتی دەکەوێتە پرسیار لەبارەی مەئریفەکانی زەین، چونکە تەقەلا بۆ پرنسیپ و یەکانە دەدات، بەوەش سنووری ئەزموون دەبەزێنێت، کە ئیدی بەو ڕێیەوە خۆی بە دژبێژییەوە دەئاڵێنێت: ئاوەزی پەتی هەوڵ دەدات بە تێز هەبوونی خودا، نەمریی دەروون و ئازادی بسەلمێنێت، وەلێ هەر ئەو خۆی بە ئەنتیتێز دەیسەلمێنێت کە هەرسێکیان نەشیاون (6). لەم ڕوانگەیەوە خودا و دەروون و ئازادی شیاوی زانین نین. ئێمە پەیوەند بە ئازادییەوە دەکەوینە بەردەم پرسیاری ئەخلاق (مۆرال) کە کانت بەتایبەتی لە «ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی »دا (1788) خۆی پێوە خەریک دەکات (7).
ئێمە بێگومان پەیوەند بە ئاوەزی پراکتیکیشەوە هەر ئاوەزی پەتیمان هەیە، وەلێ ئێستا نەک وەک ئاوەزی تیۆرییانە (ئایا من دەتوانم چی بزانم؟)، بەڵکو ئێستا ئاوەز پەیوەند بە کردارەوە لەژێر ڕەخنەدایە: “ئایا چۆن گەرەکە من کردار بنوێنم؟”
کانت پەیوەند بە کرداری مرۆڤەوە چە دێتەرمینیزم (حەتمییەت) و چە دیاریکردنی پێشیانیی خودایی ڕەتدەکاتەوە. بە تێڕوانینی ئەو مرۆڤ خۆی بڕیار (قەرار) دەدات کە ئەوها یان بە جۆرێکی دی کردار بنوێنێت. ئێمە لێرەدا بەر تێگەی ویست (ئیرادە) دەکەوین. وەلێ ویست لای کانت یەکانە نییە، بەڵکو دوو پاڵهێزی هەیە: یەکێکیان لە ئارەزووی سەبژێکتەوە بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی دەنوێنرێت و ئاپۆستەریۆرییە (پاشدەرکییە) – ئاخر ئارەزوو هەوەسمەندە و بەندە بە ڕەوشە پسیکۆییەکانی مرۆڤەوە کە لەژێر کاریگەریی دەرەکیدان؛ ئەو پرنسیپانە کە سەبژێکت لەم ڕەوشەدا وەک بنەڕەتی کردارەکانی دایاندەنێت، تەنیا ڕێسان (ماکسیمن) و چواندنیان بۆ ویستی ئەو خۆی هەیە نەک بۆ سەرجەم مرۆڤان. ئەویدیکەیان لە کارایی ئاوەزی پەتیی پراکتیکییەوە دەنوێنرێت پابەند بەو پرنسیپانەوە (ئەکسیۆمانەوە) کە ئاوەز ئاپریۆریانە (پێشدەرکییانە) وەک بنەڕەت لە خۆی گرتوون، کەواتە پرنسیپەکان سەربەخۆن لە هەستی حەز و ناحەز یان لە ئارەزووەکان، ئەوجا لەبەرئەوەی ئاپریۆریانە لە خودی زەینەوە سەرهەڵدەدەن، کەواتە دەرئەنجامگیری نین لە ئەزموونەوە، ئەوا یاسای ئۆبژێکتیڤین و چواندنیان بۆ هەر بوونەوەرێکی ئاوەزمەند (کەواتە سەرجەم مرۆڤان) هەیە نەک تەنیا بۆ تاکە سەبژێکتێک.
ئێمە بێگومان پەیوەند بە شیمانەی ویستەوە کە دەشێت لە لایەک پابەندی ئارەزوو و لە لایەکی دیکەوە پابەندی ئاوەز بێت، دەکەوینە بەردەم پرسی ئازادی. کانت جەخت دەکات، لەبەر ئەوەی دەرکەوەرەکان لەژێر ڕکێفی هۆئەنجامیی سروشتی پسیکۆییانەی مرۆڤدان، ئەوا لەم ڕەوشەدا ویست بەردەدرێت بۆ هەوەسی دەرکی و ڕێکەوتی نەناسراو، بۆیە لەنێو دەرکەوەرەکاندا ئازادی لەگۆڕێ نییە و نابێت. لەم ڕوانگەیەوە، دیاریکردنی ئازادی لە هۆئەنجامیی سروشتەوە دیاریکردنێکی نێوەرۆکییە (ماتەریالە) و ناتوانێت تیۆرییەکی ئازادی بنیاتبنێت، چونکە لەم جۆرە دیاریکردنەی ئازادییەوە هێتەرۆنۆمی (دیاریکردنی دەرەکی) دێتە ئاراوە، واتا ئارەزووە بەرجەستەکان ویست دیاری دەکەن، ئەمەش دەبێت بە ئاستەنگ لە بەردەم ئازادیدا وەک ئۆتۆنۆمی (خوددیاریکردن، یاسادان بە خودی خۆ). بەم پێیە کانت بە پێچەوانەی دیاریکردنی نێوەرۆکییەوە، دیاریکردنی شێوەکییانەی (فۆرمالی) ئازادی وەردەگرێت. لەم ڕەوشەدا تەنیا ئاوەزی پەتیی پراکتیکی ویست بۆ کردار تەرخان دەکات.
کانت ڕەخنەییانە لە ویستی سەبژێکتیڤی نزیکدەکەوێتەوە، ئەوجا کاتێک ئەو دێتەرمینیزم و دیاریکردنی پێشیانیی خودایی ڕەتدەکاتەوە، کەواتە خودی مرۆڤ وەک بنەڕەتی بڕیار (قەرار) دادەنێت، ئەوا هاوکات بەوە دەبێژێت، کە سەبژێکت دەتوانێت لە کرداردا “بییەوێت” ڕێساکانی ببن بە پرنسیپ و وەک یاسای گشتگیر چواندنی ئۆبژێکتیڤییان بۆ هەرکەس هەبێت. ئاخر ئێستا لەم ڕەوشەدا فۆرمی یاسادانێکی گشتی لەگۆڕێیە و هەر خودی ئەم فۆرمە ویست دیاری دەکات، بەو ڕێیەشەوە ئێستا ویست “ئازاد”ە (ئۆتۆنۆمە)، وەلێ ئازادییەک کە پابەندی “فرمان”ە (واجیبە): مرۆڤ یاسا بۆ خۆی دادەنێت و هاوکات خۆی دەخاتە ژێر ڕکێفییەوە. ئێمە لێرەدا دەگەین بە فۆرمولە بەناوبانگەی کانت بەناوی “فەرمانی زەرووری” (das kategorische Imperativ) کە یاسایەکی ئەخلاقییە بە چواندنی بێمەرجەوە بۆ سەرجەم بوونەوەرانی ئاوەزمەند (مرۆڤان):
«تۆ ئەوها کردار بنوێنە کە ماکسیمی (ڕێسای) ویستت هەردەم هاوکات بشێت چواندنی هەبێت وەک پرنسیپی یاسادانانێکی گشتی. »(8)
کەواتە کانت سەبژێکت بەرەو ڕووی گەرەک (soll) دەکاتەوە: ئەو گەرەکە هەردەم ئەوها کردار بنوێنێت، کە ئیدی ڕێساکانی بۆ نواندنی کردار هەردەم وەک پرنسیپی (ئەکسیۆمی) یاسادانانێکی گشتی چواندنیان هەبێت. ئەم گەرەکە بەزەرووری، ئاپریۆریانە، چواندنی بۆ هەرکەس هەیە: هەرگیز نابێت هیچکەس نە خودی خۆی و نە کەسێکی دیکە وەک “دەستوێژ”ی کردار دابنێت، بەڵکو هەردەم وەک “مەبەست”. تەنیا لەم پرنسیپەوە کردارەکانی مرۆڤ دەبن بە ئەخلاقی. کانت ئەمە ناو دەنێت “فاکتومی ئاوەز”، ئەمەش بەواتای: لە هەر بوونەوەرێکی ئاوەزمەنددا ئاگایی ڕاستەوخۆی یاسای ئەخلاقی (فەرمانی زەرووری) لەگۆڕێیە، ئاگاییەکەش ڕاستەوخۆیە، چونکە ئاپریۆریانە یاسای ئەخلاقیی خۆیمان بەسەردا دەسەپێنێت بەبێ ئەوەی پێویست بێت لە ئەزموونەوە دەربئەنجامێنرێت.
ئەوجا کانت لە ڕەخنەی سێیەمدا، «ڕەخنەی هێزی بڕیار » (1790) گۆڕان بە ئێستێتیکەکەی دەدات. چە زەین و نەزەر (بەگوێرەی «ڕەخنەی ئاوەزی پەتی»)، هەروەها چە ئاوەز و توانستی ئارەزووکردن (بەگوێرەی «ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی»)، پەیوەستن بە ئۆبژێکتەوە، وەلێ هێزی بڕیار پەیوەستە بە سەبژێکتەوە. ئاخر بڕیاری چێژ لای کانت ئێستێتیکییە، ئەمەش لای ئەو بەواتای، لە بڕیاری “ئەمە جوانە”دا پێشبینییەک لەگۆڕێیە کە نەک بە جوانێتییەوە، بەڵکو بە خودی سەبژێکتەوە پەیوەستە؛ بڕیارەکە تەنیا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئێمە حەزمان لەو بابەتەیە. کانت هەروەها لەبریی حەز لە بەدڵبوون (Wohlgefallen) دەوێت، کە هەستی سەبژێکتیڤییانەی خۆمانە و بڕیاری “ئەمە جوانە” دیاری دەکات.
لە هێزی بڕیاردا گەمەیەکی هارمۆنییانەی ئازاد لە نێوان هێزی وێناندن (فۆرمخستنەوە) و زەیندا (تێگەدا) ڕوودەدات، ئەوجا کاتێک دەبێژین، بڕیاری چێژ پەیوەستە بە سەبژێکتەوە، ئەوا هاوکات بەوە دەبێژین کە لەو گەمە ئازادەی هێزی بڕیاردا هیچ مەبەستێک لەگۆڕێ نییە: هەبوونی ئۆبژێکت، یان کاری هونەری، هیچ بایەخێکی بۆ بڕیاری چێژ نییە. بڕیاردەر ئارەزووی بۆ ئۆبژێکت نییە و هەوڵ بدات ببێت بە خاوەنی یان بەکاری بهێنێت، ئەو هەروەها مەبەستی ئەخلاقیی ئاڕاستە ناکات. ئەو لە بڕیاری “ئەمە جوانە”دا نازانێت بۆچی بابەتەکە جوانە، بەڵکو تەنیا وەک جوان هەستی پێدەکات: ئەو تەنیا چێژ لە فۆرمەکەی دەبینێت. کانت ئەمە ناودەنێت “مەبەستێتیی بێمەبەست” کە تەواو شێوەکییە (فۆرمالە): گەرچی جوانێتی وەک مەبەستێتی دەرکدەکرێت، وەلێ ئەوە دەرککردنی نێوەرۆکی جوانێتی نییە، بەڵکو ئەوە بونیادی شێوەکییانەی (ڕێکخراوی، پرۆپۆرسیۆن) جوانێتییە کە ئەو دەرفەتەمان بۆ دەڕەخسێنێت. ئەوجا گەرچی بڕیاری “ئەمە جوانە” بەندە بە هەستی سەبژێکتیڤییەوە، وەلێ بڕیاردەر چاوەڕوانە کە “ئەوانیدیکە”ش لەتەک بڕیارەکەیدا یەکبگرنەوە، چونکە “گەمە ئازادەکە”ی نێوان هێزی وێناندن و زەین نێوکۆییە بە سەرجەم مرۆڤان. بە شێوەیەکی دی ببێژین، پێشمەرجی بڕیاری چێژ ئەوەیە کە هەموو هێزەکانی مەئریفە لای تێکڕای مرۆڤان وەک یەک کاران (9).
کاتێک کانت جوانێتی (هونەر) لە گۆشەنیگای سەبژێکتی لێڕوانەرەوە دیاری دەکات، ئەوا شیلەر بە پێچەوانەوە کرۆکی “بابەتی جوان” بەهەند وەردەگرێت، کەواتە جوانێتی دەباتە نێو کاری هونەرییەوە و هەوڵ دەدات هونەر وەک ئۆتۆنۆم بچەسپێنێت: وەک خوددیاریکەر، وەک ویستمەند. شیلەر لە یەکەم نامەی کالیاسدا (25.01.1793) دەبێژێت، کە ئەو چەسپاندنی تێگەیەکی ئۆبژێکتیڤیانەی جوانێتی (هونەر) بە مەزنترین ئەرکی خۆی دادەنێت، بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکەش “ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی”ی کانت وەک بنەڕەت وەردەگرێت. بێگومان ئەو هاوکات گومانی لەوەش هەیە کە داخۆ هەوڵەکەی سەربگرێت.

(ماویەتی)..

پەراوێز..

(6) بۆ پتر نزیککەوتنەوە لە “ڕەخنەی ئاوەزی پەتی”ی کانت بڕوانە: ئیمانوێل کانت. پێشگۆتن بۆ هەر مێتافیزیکێک کە بشێت لە ئایندەدا ببێت بە زانست. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. کتێبخانەی کوردستانپۆست، کوردڕاوم، دەنگەکان. هەروەها بڕوانە “پاشگۆتن”ی وەرگێڕ.
(7) لەم نووسینەدا “ڕەخنەی ئاوەزی پراکتیکی”ی کانت زۆر بەپوختی تەنیا پابەند بە نووسینەکەوە داڕێژراوە تا فۆرمەکەی تێکنەچێت. داڕشتنێکی ڕێبەریانەی فراوانتری ئەو ڕەخنەیە لە کارێکی دیکەدا ئەنجامدراوە کە سەربەخۆ بڵاودەکرێتەوە. داڕشتنەکەی ئێرە پوختەی ئەو کارە پوختەی دیکەیە.
(8) Kant. Ausgewählte Schriften. Die Grundlagen des kritischen Denkens. Hrsg. von Gerhard Stenzel. Bearbeitung und Einleitung: Walter Del-Negro. Bertelsmann Lesering. 1958. S. 308.
(9) بۆ پتر نزیککەوتنەوە لە “ڕەخنەی هێزی بڕیار”ی کانت بڕوانە: ئانێماری گێتمان-زیفەرت. ڕێبەرییەک بۆ ئێستێتیک. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە. سلێمانی 2009. کوردیپێدیا.




بۆچی ئەمریکا لە ئێران دەدات؟.. حەسەن ڕازانی

بەهانەکان وەک کە باسیان لێوە دەکەن:
ئێران چەکی ئەتۆمیی هەیە یان درووستی دەکات، یان یورانیوم دەپیتینێ و بۆچەکی ئەتۆمیی ئامادەی دەکات!
ئێران سەرچاوەی تیرۆریزمە!
بەڵام:
ئایا ئەوە ئێران بوو بزووتنەوەی تاڵیبانی لە ئەفغانستان درووست کرد؟
ئایا ئەوە ئێران بوو داعشی درووستکردو بەریدایە گیانی خەڵکی سوریاو ئێراق؟
ئایا ئەوە ئێران بوو کە گروپە تیرۆریستە ئیسلامیە سوننە تونڕەوەکانی لە نێو سوریادا درووستکردن و بە چەکی قورس تەیاری کردن و ناوی لێنان بەرەی ئۆپۆسزیۆن و گوایە لە دژی رژێمەکەی ئەسەد دەجەنگان بەڵام کاری تریان پێدەسپێررا؟
ئایا ئەوە ئێرانە کە لە هەرچوار لای دنیاوە بۆ جیهاد لە دژی خەڵکی ئێراق و سوریا تیرۆریستی تێڕا دێنە ناو سوریاو ئێراقەوە؟
ئایا چیچانیی و ئوغوریەکانی چین لە ئێرانەوە دێنە ناو سوریاو ئێراق یان لە تورکیای ئەندامی ناتۆوە؟
ئایا ئەبو محمد جۆلانی،
گەورە تیرۆریستی جیهانی،
بە پاڵپشتی ئێرانیی،
بووە سەرۆکی سوریاو گەلانی؟

دوێنێ چل ملیۆنتان دەدا،
لەبۆ سەری جۆلانی،
ئێستاس ڕاناوەستن،
لە سەناو پێدا هەڵدانی!
چەندین نموونەی تر هەن و چەندین گرووپی تیرۆریستی تر هەن کە بە هەر چوار لای دنیادا بڵاوکراونەتەوەو بەردراونەتە گیانی خەڵکی سیڤیل و هەر هەمووشیان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا سەرچاوەی بژێویی و پڕچەک کردنی ئەو گرووپانەن نەک ئێران!
ئەمریکا خۆی بۆ خۆی، خۆی کردۆتە پۆلیسی جیهان نەک ئێران!
من بەرگریی لە ئێران ناکەم و پێشم وایە و بە بەڵگەش سەلماوە کە سیستەمی ئاخوندیی سیستەمێکی دژە ئینسانیی و بە ڕژیمی پەت و سێدارەش ناسراوە. بە زەبری سەرکوت و سێدارەو برسیکردن بە دەیان ساڵە خۆی سەپاندووە!
بەڵام ئەمریکا لە ئێران نادات چونکە ئێران لە گەڵ کورد خەراپە، یان لە گەڵ گەلانی ئێران خەراپە، یان چونکە سیستەمی ئاخوندەکان سیستەمێکی دێموکراسی و ئینسانیی نیە، یان لە بەر ئەوەی سیستەمی ئێران سیستەمێکی عیلمانی نیە، بەڵک و ئەمریکا لە ئێران دەدات چونکا بە کورتی و کرمانجی ئێران ناچێتە ژێرباری داخوازیەکانی ئەمریکا!
ئەم بۆچوونەی من دیسان ڕاستە بۆ ڕژێمەکانی سوریاو ئێراق و یەمەن و سۆدان و میسرو لیبیاو تونس و تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە لە بەناو بەهاری عارەبیدا سەرەونگوون کران و ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکا هەریەکەی بەهانەیەکی لێدۆزینەوە. من پێم وایە ئەگەر ئەو دەوڵەتانەی بەهاری عارەبیی وەک پێویست ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ئەدایان ڕازی بوانایە هەرگیز ڕۆژیان نەدەگەیی بە ئەمڕۆ!
بۆ نموونە ئەمریکاو هاوپەیمان و هاوئاوازەکانی سەدامیان نەڕوخاند چونکە سەدام لە گەڵ کوردو گەلی ئێراق خەراپ بوو، یان سەدام چەکی کۆمەڵکوژی هەبوو، یان کیمیاوی بەکار هێنا لە دژی کوردان،. بەڵکو لە سەر شتیتر سەدامیان ڕوخاند کە دوروو نزیک پەیوەندی نەبوو بەوهۆیانەی کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسیان لێوەدەکردن!
هۆیەکانیش تەنها بەهانە بوون و هیجی تر! بەهانە بوون بۆ ئەوەی هەم خەڵکی ئەو وڵاتە ڕەکێش بکەنە ناو سوپاکەی خۆیان و هەمیش شەرعیەتێکی نێو دەوڵەتی، کە هەر خۆشیان بەرپرسی ئەو شەرعیەتەن، بدەنە هێرش و پەلامارو وێرانکاریەکانیان.
من دیسان دەیڵێمەوە هەموو ئەو ڕژێمانەی کە لە بەهاری عارەبییدا ڕووخێنران و ئەوانەی کە ئێستا لەسەر کارن، هیچیان دووروو نزیک پەیوەندییان بە خەڵکەوە نیەو هەموویان دژە خەڵکن یان دیکتاتۆر بوون یان ئێستا دیکتاتۆرن!
بەڵام میژوو سەلماندوویەتی ناتۆ بە سەرپرشتی ئەمریکا دژی دیکتاتۆریەت نیە لە جیهانی عارەبیی و ئیسلامییدا، بەڵک و دژی ئەو سیستەمەیە کە لە گەڵ ئەمریکا نەبێت.
تۆ لەگەڵ ئەمریکا بە ئیتر کوڕی باشیت و عەیبت نیە ئەگینا تۆ تیرۆریستیت!
تکایە بە وردی دیقەت لە ناوچەکەو رژێمەکانی ناوچەکە بدەن بۆتان دەردەکەوێت کە ئەم قسەیەی من ڕاستە!
تێبینی: تکایە ناوەڕۆکی ئەو بابەتەی منه وا لێکمەدەنەوە کە من پێم ناخۆشە ڕژێمی ئێران بڕتووخێت، یان من دژی سەربەخۆیی کوردم. بەڵکو ئەوەیە کە من نامەوێت ڕژێمێکی دیکتاتۆر بڕوخێنرێت و یەکێکیتر لە خۆی خەراپتر بهێنرێت! من دژی شەڕو وێرانییم کە مەبەستی تەنها وێرانیی و شەڕە لە بەرژەوەندی بازرگانانی شەڕ یا لە بەرژەوەندی جیهانی سەرمایەو کۆمپانیاکانی چەک و شەڕە!

حەسەن ڕازانی




سیاسەتی دەرەوەی چین لە جیهانێکی شێواودا.. هەڵۆ حەسەن

شیکارییەک بۆ کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی وانگ یی

لە ئێستادا سیستەمی نێودەوڵەتی نادڵنیایی قووڵی بەخۆیەوە بینیوە، چین هەوڵدەدات خۆی وەک هێزێکی سەقامگیرکەر لە سیاسەتی جیهانیدا جێگیر بکات. لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە 8ی ئازاری 2026 لە پەراوێزی دانیشتنی چوارەمی 14ەمین کۆنگرەی نیشتمانی گەل لە پەکین بەڕێوەچوو، وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی هێڵکارییەکی گشتگیری لەبارەی ئەولەویەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی چین و دیدگای چین بۆ نەزمی جیهانی پەرەسەندوو خستەڕوو،پەکین چۆن گێژاوی جیۆپۆلەتیکی ئەمڕۆ لێکدەداتەوە و چۆن بەنیازە وەڵامی ئاڵۆزییە پەرەسەندووەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بداتەوە؟،وانگ یی ژینگەی نێودەوڵەتیی ئێستای بە ژینگەیەک وەسف کرد کە بە “گۆڕانکارییەکانی سەدەی نەبینراو” دیاری کراوە. شەڕەکان، ناسەقامگیری سیاسی و پەرەسەندنی کێبڕکێی ستراتیژی کەشێکی نادڵنیایی لە سەرانسەری چەندین ناوچەدا دروستکردووە- لە ئەوروپاوە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیندستان-ئاسیا،لەم چوارچێوەیەدا چین بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت نەک ڕووبەڕووبوونەوە. پەکین ستراتیژی دیپلۆماسی وڵاتەکەی لە ڕێزگرتن لە سەروەری و دژایەتیکردنی تاکلایەنە و پشتیوانی لە هاوکاری نێودەوڵەتیدا سەرچاوەی گرتووە. بە گوتەی وانگ یی، چین بەنیازە بەردەوام بێت لە بەرەوپێشبردنی دیپلۆماسی فرەلایەنە و بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی کە بە سیاسەتی دەسەڵات وەسفی دەکات لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا،سەرکردایەتی چین پێیوایە کە گەشەسەندنی کاریگەرییە جیهانییەکەی مەبەست لێی تەحەدای سیستەمی نێودەوڵەتی نییە بەڵکو چاکسازییە بە ئاراستەیەکی هاوسەنگتر و گشتگیرتر

دیپلۆماسی سەرۆکی دەوڵەت وەک ئامرازێکی ستراتیژی

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە گرنگی ئەو شتە بوو کە بەرپرسانی چین پێی دەڵێن: “دیپلۆماسی سەرۆکی دەوڵەت”، کۆبوونەوە و سەردانەکانی سەرۆک شی جینپینگ بۆ وڵاتانی جیاواز لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا وەک میکانیزمێکی سەرەکی پێشکەشکرا کە لە ڕێگەیەوە چین هاوبەشییەکان بەهێز دەکات و پەیوەندییە جیهانییەکان بەڕێوەدەبات،لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاستەوە تا ڕووسیا و ئەوروپا، چین پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان چڕتر کردۆتەوە. هەروەها پەکین بەنیازە لە ساڵی 2026دا چەندین بۆنەی گەورەی نێودەوڵەتی میوانداری بکات، لەوانە کۆبوونەوەی سەرکردە ئابوورییەکانی ئاپێک و دووەمین لوتکەی چین و وڵاتانی عەرەبی،ئەم دەستپێشخەرییانە ڕەنگدانەوەی خواستی چینە بۆ فراوانکردنی دەستڕاگەیشتنە دیپلۆماسییەکانی لە هەمان کاتدا خۆی وەک ئەکتەرێکی ناوەندی لە حوکمڕانی جیهانیدا پیشان دەدات،پەیوەندی نێوان چین و ڕووسیا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گرنگییەکی تایبەتی پێدرا. وانگ یی هاوبەشییەکەی بە جێگیر و خۆڕاگر وەسف کرد سەرەڕای گرژییە نێودەوڵەتییەکان،بەگوێرەی پەکین، پەیوەندی چین و ڕووسیا لەسەر ڕێزگرتنی یەکتر و هەماهەنگی ستراتیژی بنیات نراوە نەک پێکهاتەی هاوپەیمانی فەرمی. هەردوو وڵات زۆرجار لە پرسە نێودەوڵەتییە گەورەکاندا هاوکاری دەکەن و زۆرجار هەڵوێستی هاوشێوەیان هەیە لە بارەی حوکمڕانی جیهانی و ئەمنییەوە،لە ڕوانگەی چینەوە، ئەم هاوبەشییە بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ هاندانی سەرهەڵدانی جیهانێکی فرە جەمسەری، کە دەسەڵات بە شێوەیەکی یەکسانتر لە نێوان گەلاندا دابەش دەکرێت نەک لە یەک بلۆکی باڵادەستدا چڕببێتەوە.

هەڵوێستی چین لەبارەی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
یەکێکی دیکە لە سەرنجە سەرەکییەکانی لێدوانەکانی وانگ یی، پەرەسەندنی گرژییەکان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی ئەو ململانێیەی کە ئێرانی تێدابوو و ناسەقامگیری بەرفراوانی ناوچەکە،چین داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد خۆیان لە پەرەسەندنی زیاتری سەربازی بەدوور بگرن. پەکین جەختی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی هێز بە دەگمەن دەبێتە هۆی چارەسەری درێژخایەن و گفتوگۆی سیاسی تاکە ڕێگای بژاردەیی بۆ سەقامگیری بەردەوام دەمێنێتەوە،ڕێبازی دیپلۆماسی چین بۆ ناوچەکە لەسەر چەند بنەمایەکە: ڕێزگرتن لە سەروەری نیشتمانی، ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی و پشتگیریکردن لە چارەسەرکردنی دانوستان. پەکین تادێت خۆی وەک ناوبژیوانێک جێگیر کردووە کە توانای پەیوەندیکردن لەگەڵ چەندین ئەکتەر لە ناوچەکەدا هەبێت،لە دەرەوەی ململانێ ناوچەییەکان، چین بانگەشە بۆ چاکسازی فراوانتر لە دامەزراوەکانی حوکمڕانی جیهانیش دەکات. بەرپرسانی چین تیشکیان خستە سەر گرنگی دەستپێشخەرییەکان کە ئامانجیان ئەوەیە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان زیاتر نوێنەرایەتی وڵاتانی تازەپێگەیشتو بکەن،چین دەڵێت کە سیستەمی نێودەوڵەتی ئێستا بە شێوەیەکی گونجاو ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی کاریگەری ئابووری و سیاسی باشووری جیهانی نییە. لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا وڵاتانی تازەپێگەیشتو بە شێوەیەکی بەرچاو پشکی خۆیان لە ئابووری جیهانی زیاد کردووە، ئەمەش وایکردووە ببنە ئەکتەرێکی ناوەندی لە گەشەپێدانی جیهانیدا،لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی وەک برێکس و ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای، پەکین هیوادارە هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی ئابووری تازەپێگەیشتووی بەهێزتر بکات و کاریگەرییان لە داڕشتنی یاسا جیهانییەکان زیاد بکات.

چین و ئەمریکا

سەرەڕای زیادبوونی کێبڕکێی نێوان چین و ئەمریکا، وانگ یی جەختی لەسەر گرنگی پاراستنی پەیوەندیی سەقامگیری نێوان ئەو دوو زلهێزە کردەوە،ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان دوو گەورەترین ئابووری جیهان دەتوانێت لێکەوتەی جددی بۆ سەقامگیری جیهانی هەبێت،هەڵوێستی فەرمی چین لە سێ بنەمادا دەمێنێتەوە: ڕێزگرتنی یەکتر، پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هاوکاریی بردنەوە-بردنەوە. پەکین پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە لە کاتێکدا ڕەنگە دوو وڵات جیاوازییان هەبێت، بەڵام پێویستە ئەم ناکۆکییانە لە ڕێگەی وتووێژەوە بەڕێوەببرێن نەک ململانێ،ئایا دەتوانرێت هاوسەنگییەکی لەو شێوەیە بپارێزرێت یان نا، هێشتا یەکێکە لە پرسیارە هەرە گرنگەکان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی هاوچەرخدا،وانگ یی تیشکی خستە سەر خواستی چین بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی گەورەتر بگێڕێت لە داڕشتنی داهاتووی سیستەمی نێودەوڵەتی. پەکین بەردەوامە لە پێشخستنی بیرۆکەی جیهانێکی فرە جەمسەری، کە هیچ وڵاتێک زاڵ نەبێ بەسەر بڕیاردانی جیهانیدا،ئەم دیدە پەیوەندییەکی نزیک بە گێڕانەوەی دیپلۆماسی فراوانتری چینەوە هەیە: جیهانێک کە لەسەر هاوکاری، پەیوەندی ئابووری و گەشەپێدانی هاوبەش بنیات نراوە. بەڵام سەرکەوتنی ئەم ڕێبازە نەک تەنها بەندە بە سیاسەتەکانی چین بەڵکو بەندە بە چۆنیەتی لێکدانەوەی ئەکتەرە جیهانییەکانی دیکە بۆ کاریگەرییە گەشەسەندووەکانی پەکین.

سەرچاوە:
Member of the Political Bureau of the CPC Central Committee and Foreign Minister Wang Yi Meets the Press
https://www.fmprc.gov.cn/eng/wjbzhd/202603/t20260308_11870805.html




پرسی دەوڵەت و زمان و زارە کوردییەکان-1-.. فەرەیدوون سامان*

       

ماوەیەکە بێ هیچ بنەماو میتۆدێکی زانستی زمان ، لێرەو لەوێ دەنگۆیەک هەیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زاری هەورامی زمانە و جیاوازە لەگەڵ زمانی کوردی، هەڵبەتە ئەم بۆچوونە ڕەگاژۆیەکی مێژینەی هەیە ، هەر لە سەردەمی دەورانی دەسەڵاتی ڕەزاخانی پەهلەوی و توێژینەوە کرچەکانی ڤلادیمێر مینۆرسیکییەوە هات ، کاتی گوتی گۆرانەکان لە باکووری دەریای خەزەرەوە بۆ ناوچەی هەورامان هاتوون و زارەکەشیان لەگەڵ زمانی کوردی جیاوازە.
ئاشکرایە زمانی کوردی وەک زمانی هەر نەتەوەیەکی سەر ڕووی زەوین لە چەندان زار و بنزار و دەڤۆک پێکهاتووە، سەبارەت بە حوکمی جوگرافیای سرووشتی، چەند هۆکارێکی سیاسی و دابەشکردن و زەوتکردنی بەسەر چوار نەتەوەی دەسەڵاتداردا، لەماوەی سەدساڵی ڕابردوودا زمانی کوردی ڕووبەڕووی توانەوە و سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن بوویەوە، مخابن وەک نەتەوە سەرفرازەکان کورد نەبووە خاوەنی زمانێکی پێوەر و یەکگرتوو بۆ هەموو بەشەکانی کوردستانی گەورە.
وێڕای ئەوەش کە زمانی کوردی جوگرافیایەکی بەرفراوانی هەیە، هەر لە ڕۆژاوای کوردستانەوە تا ڕۆژهەڵات، هەر لە باکوورەوە تا باشوور، جگە لە چەندان دەڤەری کوردنشینی وەک هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری ڕەوەندی کورد لە شارەکانی ئەستەنبۆڵ و ئیزمیر، لە ئوستانەکانی تاران و مازەنداران و خۆراسان، لە وڵاتانی قافقاس-ئەرمەنستان و گورجستان و ئازەربایجان- تادەگاتە ئاسیای ناڤین، هەروەها ڕێژەیەکی زۆری کوردانی تاراوگە لە پایتەختەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئامریکا و ئوسترالیادا،
لە سەرەتای سەدەی بیستەم و دوای دامەزراندنی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی وەک ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا، دابەشکردنی بەشێک لە نیشتمانەکەمان، ئەوەی ئەم دەوڵەتانە زیاتر کاریان لەسەر کرد جینۆسایدی کەلتووری و توانەوەی زمانەکەمان بوو، ئەویش لە ڕێگای سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان، لە ڕێگای بە یاسا قەدەغەکردنی زمانی کوردی، کە ئامانجی ستراتیژی ناسیۆنایستی نەتەوەی سەردەست گۆڕانکاریی دیموگرافی و سیاسەتی بە عەرەبکردن و فارسکردن و تورککردن بوو، ئەویش بە حاشاکردن لە کوردبوونی پێکهاتە-ئیتنیکە کوردییەکانی وەک هەورامی، ئێزیدی، شەبەک، زازاکی، لەک و لوڕ تا دەگات بەوەی کە حاشا لە کوردبوونی ڕەسەنایەتی کاکەییەکانیش بکەن، دیارە بە بیانووی ئەوەی کە زارەکانیان لە گەڵ زمانی کوردی ناوەند- زاری سۆرانی جیاوازە، هەر بۆیەش ئەوان زمانی کوردی بە یاسا قەدەغە دەکەن، چونکە لێی دەترسن و بە هەرەشەی دەزانن لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی خۆیان، پێیانوایە دواجار دداننان بە ناسنامەو زمانی کوردی، وڵاتەکەیان پارچەپارچە دەبێت، هەر بۆیەش دەیانەوێ بۆ هەمیشە زمانی کوردی زمانێکی لەتکراو و سەرکوتکراو و ژێردەستە بێت.
لە سەدساڵی ڕابردوودا ئەم زار و بنزارە کوردییانە بە پلان و ئەجیندای نەتەوەی دەسەڵاتدار وەک شەڕی تایبەت بەرامبەر بە سیاسەتی جینۆسایدی کەلتووری لە برەودایە، تەنانەت گەیشتە ئەو ڕادەیەی ئاخێوەرانی ئەم زمانە و زارەکانی زیندانی بکرێن، تەنانەت هەندێجار لە سێدارەش بدرێن، وێڕای هەوڵی بەردەوامی جینۆسایدی کەلتووری نەتەوەییمان و هاوکات هەوڵی ئەوەیان داوە ئاسمیلاسیۆنی زار و بنزارە کوردییەکانیش بکەن، ئەویش لەسەر بنەمای تیۆرەکانی مەکنزی و مینۆرسکی و هاوڕاکانیان لە هەندێ لەو ڕۆشنبیرە کوردانەی وەک ڕەشید یاسەمی و د.محەمەد موکری و میهرداد ئیزەدی و مەردۆخی سنەیی و ئەمیری حەسەنپوور و شاگردەکانی…
هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدابوون کە ئەم زار و بنزارە کوردییانە وەک زمانی سەربەخۆ و جیاواز لە زمانی کوردی بناسێنن، ئەگەر لە باکورو ڕۆژاوای کوردستاندا، ئاخافتن و نووسین و چاپەمەنی بە زمانی کوردی قەدەغە بووە و سزای زیندانی و ماڵی لەسەر بووە، ئەوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا هەرچەند قسەکردن بە کوردی قەدەغە نەبووە، هەر لە سەردەمی پاشایەتی پەهلەوی تا کۆماری ئیسلامی بە ڕادەیەک دژایەتی زمان و فەرهەنگی کوردی کراوە و پەراوێزخراوە هەر بە زارێکی لۆکاڵیی و تایفەیی دانراوە و کراوەتە پاشکۆی زمانی فارسی، دەوڵەت هەردەم لە هەوڵی ئەوەدا بووە زارە کوردییەکانی وەک هەورامی و لەک و لوڕ و لە زمانی کوردی بترازینێ و یان وەک زمانێکی جیاواز و سەربەخۆ لە زمانی کوردی بیناسێنن.
بێگومان بایەخی زمان بەپێی بۆچوونە ئایدۆلۆژی و میۆدە فەلسەفییەكان دەگۆڕێت‌، بەپێی هزری فەلسەفەی ناسیۆنالیزم، زمان یەكێ‌ لە مەرجە هەرە سەرەكییەكانی دروستبوونی نەتەوەیە و بە ژێرخانی كۆمەڵگە دادەنرێت، بەڵام کاتێ لاپەڕەی کتێبەکانی مێژووی کورد هەڵدەدەینەوە، بە دوای ناوی دەوڵەتێکی کوردیدا دەگەڕێین کە لە هەندێک قۆناغی جیاواز و سەردەمی مێژووییدا هەبووە، هەڵبەت بە ناوی جیاوازی هەرێمێک یان بنەماڵەیەک، نەک بە (ناوی کوردستان)، هیچ باسێکی لەو سەرچاوانەدا نادۆزینەوە، هەر بۆیەش ڕەگەزپەرستەکانی نەتەوەی سەردەست بەتوانجەوە دێن و بە متمانەیەکی زێدەڕۆییەوە بەسەرمەستی هەستێکی ساختەی سەرکەوتن پێمان دەڵێن، هەرچەند بەدوایدا بگەڕێن هیچ شتێک بە ناوی زمانی کوردی نییە و دەوڵەتێکیش بە ناوی کوردستانەوە لە مێژوودا بوونی نەبووە، پاشان لەسەر ئەم لێکۆڵینەوە گوماناویانە کۆمەڵێک ئەنجامی کەموکوڕی بنیات دەنێن و دەڵێن: بەو پێیەی لە مێژوودا دەوڵەتێکی کوردی بە ناوی کوردستانەوە نەبووە، ئەمە مانای ئەوەیە کە تۆ مافی دامەزراندنی دەوڵەتت نییە. لەو کاتەدا تۆ نابیتە شتێکی تر، جگە لە پێکەنینێک لە چاوی ئێمەدا، چونکە تا ئێستا هیچ کوردێک بانگەشەی ئەوەی نەکردووە کە لە ڕۆژگاری دێریندا زمانێکی هاوبەش و دەوڵەتێکی کوردی هەبووە بە ناوی کوردستان.
ئەمە ئەنجامە هەڵەکەی تۆیە، بەرهەمی عەقڵی سەرلێشێواو و تێنەگەیشتنەکەتە. کورد بانگەشەی ئەوە ناکات کە دەوڵەتێکی مێژوویی هەبووە بە ناوی کوردستان، بەڵکو دەڵێن و تکایە بە وردی ئەمە لەبەرچاو بگرن کە ناوچەیەکی جوگرافیای مێژوویی زۆر گەورە و فراوان هەبووە کە کورد هەزاران ساڵە تێیدا ژیاوە، کە ئەمڕۆ بە کوردستان ناوی دەبەن، ئەمەش بەو مانایەیە کە کوردستان ناوی دەوڵەتێکی مێژوویی کوردی نییە، بەڵکو ناوی خاکی کورد و ماڵ و زێدی مێژوویی کوردە. دوای پەیماننامی شومی لۆزان ئەم ڕووبەرە جوگرافییە بەسەر چوار وڵاتی ئێستادا بەشکراوە و کە بریتین لە سوریا، تورکیا، عێراق، ئێران.
جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ناوی ناوچەیەکی جوگرافیای مێژوویی و ناوی دەوڵەتێکی مێژووییدا هەیە، کورد ئاماژەیە بۆ خاکێکی مێژوویی بە ناوی کوردستان نەک دەوڵەتێکی مێژوویی بەو ناوەوە، هەروەک چۆن ناوچەی مێژوویی هەیە کە بە چەند ناوێک ناسراوە، وەکو میزۆپۆتامیا، ئەنادۆڵ، حیجاز (کە لە مێژوودا بە چەندان ناو ناسرابوون، لەوانەش نیمچە دورگەی عەرەب، خاکی دوو مزگەوتی پیرۆز، تەنانەت ئێرانی جاران ناوی -مەملەکەتی مەحرووسە- بووە)، کە هەموویان ئاماژەن بۆ ناوچەیەکی جوگرافی دیارکراو، کوردستانیش بە درێژایی مێژوو بە چەندان ناو ناسراوە، وەک خاکی گوتیيەکان، کاردوخییەکان، ئۆرارتووەکان، میزۆپۆتامیا، خاکی زاگرۆسەکان و جەزیرە(میزۆپۆتامیای سەرەوە) و چەندان ناوی تر. وەک دەبینین ناوەکان بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێن، هەروەک چۆن لە ڕۆژگارێکدا زمانی کوردی خۆی لە زاری گۆران بەرجەستە کردبوو بووە زمانی پیرۆزی یارسانەکان و زمانی دەسەڵاتی حەوتسەدەی میرنشینی ئەردەڵان، بەڵام هەموویان ئاماژەن بۆ زمانی کوردی کە خاوەنی چەندان شاعیری بلیمەتی وەک خانای قوبادی و بێسارنی و مەولەوی تاوەگۆزی و یەک ناوچەی جوگرافی کە ئەویش کوردستانە.
ئێستا کە وێنەکە بۆ ئێوە ڕوونە، دەتوانن جارێکی تر قووڵ ببنەوە ناو کتێبەکانی مێژوو و بەدوای ئەو ناوچە جوگرافییە مێژووییە بگەڕێن کە هەزاران ساڵە گەلی کوردی تێیدا ژیاوە. بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ناوچەیە بە چەند زارێک ناسراوە وەک گۆران و کوردی خوارین هەروەها بە چەند ناوێکی جوگرافیش ناسراوە، وەک بلاد الجبال، میزۆپۆتامیا، ناوچەی جزیرە، خاکی کوردان، زێدی کورد، کوردستان. بۆت دەردەکەوێت کە ئەم دەستەواژانە لە کتێبەکانی مێژوودا زۆرن، هەموویان ئاماژەن بۆ خاکی کوردان و نیشتمانە ڕەسەنەکەی.




کۆماری ئیسلامی لە گیرە(مەنگەنە)ی دوو شەڕدا.. حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی :کاوە عومەر

پاش شەش ڕۆژ لە دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل و بۆردومانکردنی بەربڵاوی بەر پێگە و ناوەندە سەربازییەکانی ڕێژیم، شاهیدی جموجۆڵی نوێ لە شەڕێکی دیکەداین، ئەویش شەڕی خەڵکەلەدژی کۆماری ئیسلامی. دروشمی شەوانەی مەرگ بۆ خامنەیی لە یەکەم شەوی هێرشەکەدا و دواتر شادی و سەمای سەر شەقامی خەڵک دوای مردنی و ئێستاش دروشمی شەوانە دژ بە موجتەبا خامنەیی، ئەوە دەردەخات کە بۆردومانەکان خەڵکیان گۆشەگیر نەکردووە و و نەی ترساندوون؛ هەروەک چۆن کۆمەڵکوژی ٨ ١و ٩١ی دی مانگ نەیتوانی خەڵک بنێرێتەوە ماڵەوە. خەڵک لە نێو دوکەڵ و ئاگری شەڕ و کوشتاردا درێژە بە ڕێگای خۆیان دەدەن.

دوایین هەواڵەکانی بەرەی شەڕی خەڵک لەگەڵ حکومەت بەردەوامی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدانە لە ٦٧ زیندان لە سەرانسەری وڵاتدا. زیندانیانی مانگرتوو لەم زیندانانەدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە “هەڵمەتی سێشەممەکانی نەخێر بۆ لە سێدارەدانەکان، مەرگی عەلی خامنەیی دیکتاتۆری ئێرانی، ئەنجامدەری کوشتن و لەسێدارەدانی دەیان هەزار ئێرانی، بە سەرەتای کۆتایی هاتنی سیستەمی بەدناوی ولایەتی فەقیه و دەروازەی چوونە ناو دیموکراسی دەزانێت”.

هەرئێستا ئەمە “سەرەتای کۆتایی هاتنی سیستەمی بەدبەختی ولایەت فەقیه” لە ڕوانگەی تەواوی کۆمەڵگادا جێگیر بووە. خەڵک دەزانن کەشەڕی پلە باڵاکان بگاتە هەر شوێنێک، ڕزگاربوون لە شەڕی حکومەت کاری ئەوان خۆیانە. کاتێک زیندانیانی مانگرتوو دەڵێن “ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئێران سەرەڕای هەموو ئەو هەوراز و نشێوانە، دواجار بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو دەنێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو و سیستمە دیکتاتۆرییەکان. ئازادی ئێران بە دەستی خەڵک و بە یەکڕیزی و هاوسۆزی خۆیان مەیسەر دەبێت، نەک بە هێزی دەرەکی”، بەناوی هەموو خەڵکی ئێرانەوە قسە دەکەن.

بەردەوامبوونی سێشەممەکانی نەخێر بۆ لە سێدارەدان لە ژێر بۆردومانەکەدا پێشهات و ڕووداوێکی گرنگە کە لە ژێر سێبەری ژاوەژاوی شەڕدا، کەم کەس سەرنجی دەچێتە سەری . ئەوەی سەرنجی میدیا و ڕای گشتی و شرۆڤەکاران و شارەزایانی سیاسی و حزب و ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕاکێشاوە، شەڕی نێوان حکومەتەکانە. بەڵام کەمێک تێڕامان و وردبوونەوە لەبارەی زەمینە و هۆکارەکانی ئەم شەڕە، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەوەی لەم شەڕەدا چارەنووسسازە، ڕۆڵ و پێگەی ڕاپەڕینی خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشتی هەڵنەگری خەڵک و کۆماری ئیسلامییە.

شەڕ بەردەوامی چ سیاسەتێکە؟

هێرشی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک شەڕی ١٢ ڕۆژە، بەردەوامی ئەو سیاسەتانەیە کە دواجار لە دژە ڕۆژئاوایی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئه گەر ڕژێم له پرۆژه ناوکییه که ی و پشتیوانی له هێزه تێرۆریستییه کانی ناوچه که و بەرنامەمووشه کییەکانی خۆی به دوور بگرتایه ، نەشەڕی ١٢ ڕۆژەو نە شه ڕی ئێستا ڕووی دەدا و نە ئەو گرژی و ململانێ و دۆخی شەڕەش بە ردەوام دەبووه کەقورسایی لەسەر خەڵکی ئێران و ناوچەکە دادەگرن. تا ئەو ڕژیمە دەستی خۆی لە مەرگ بۆ ئەمریکا و لەناوبردنی ئیسرائیل و لە پرۆژەی ئەتۆمی و مووشەکی و پشتیوانی لە هێزە تیرۆریستییە بە وەکالەتەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە نەشۆرێت، گرژی و بارودۆخی شەڕ و هێرشی سەربازی حەتمییە. پێویست بە بیرکردنەوەیەکی زۆر نیە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەستبەرداری سیاسەتە دژە ڕۆژئاواییەکانی بوایە، نە شەڕ ڕووی دەدا و نە ئەو گرژی و ململانێ و بارودۆخی شەڕە لەسەر خەڵکی ئێران و ناوچەکە قورسایی دروست دەکرد. هەمووان دەزانن ئەگەر کۆماری ئیسلامی ملکەچی مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و حکومەتەکانی ڕۆژئاوا بەگشتی و داواکارییەکانی ئەوروپا و دەزگای وزەی ئەتۆمی بوایە، ئەوا دوژمنایەتی و گرژی و هەڕەشەی سەربازی و هێرشە جەنگییەکان پێویستی خۆیان لەدەست دەدا. هەروەها ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕاگرتنی ئەم دژە ڕۆژئاواییە ئیسلامییە.

بەگشتی هێزە “دژە ئیمپریالیست”ەکان، چەپی بەرەی بەرگری (میحوەر مقاومە)ی نیشتیمانی و جیهانی، یان ناسیۆنالیستە نیگەران لە وێرانکردنی نیشتمان، ئامانج و ئەجێندای شاراوەی ئەمریکا، وەک زاڵبوون بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زەمینە خۆشکردن بۆ پەیمانی ئیبراهیمی و کێبڕکێی ناوچەیی لەگەڵ بلۆکی ڕووسیا-چین و هاوشێوەکانی، بە هۆکاری ڕاستەقینەی شەڕ و هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەزانن. کۆماری ئیسلامی و هێزە بە وەکالەتەکانیشی بەتەواوی هەمان هەڵوێستیان هەیە.

ئیمپریالیزمی ئەمریکی هێزێکی هەژموونییە، بەڵام تیۆری “شەڕ دژی کۆماری ئیسلامی بۆ هەژموونی ئیمپریالیستی” پەیوەندییەکی کەمی بە واقیعەکانی دۆخی ئەمڕۆوە هەیە. بەگشتی ئەم جۆرە شیکارییە لەسەر بنەمای نموونەی وەک داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە سەردەمی ئیدارەی بوش و لەشکرکێشی بۆ ئەفغانستان و دەستوەردانی ڕۆژئاوا لەو پێشهاتانەی کە بوونە هۆی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی. بەڵام نە هەلومەرجی جیهانی و نە هەلومەرجی ناوچەیی وەکو هەلومەرجی دوای هەرەسهێنانی دیواری بەرلین و سەردەمی هەژموونی میلیتاریستی ئەمەریکایە و لەوەش گرنگتر نە بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی ئێران و باردۆخی خەبات و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە ئێراندا بەراورد دەکرێت بە هەلومەرجی ئەو وڵاتانە.

ئامانجەکانی لەشکرکێشی سەربازی ئەمریکا هەمان ئەوانەن کە بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە: قبوڵکردن یان لە ڕاستیدا تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامی بە مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە واتای شۆردنی دەستی لە پیتاندن و پڕۆژەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیک و پشتیوانیکردنی لە هێزە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا. ناتوانرێت لەمەودوا پێشبینی بکرێت کە بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە چ ئارایش و هاوسەنگی هێزێکی نوێ دەبەخشێتە هێزە سیاسییەکانی ناوچەکە (ڕووسیا و چین و تورکیا و ئیمارات و ئەمریکا و ئیسرائیل) لە نێوان ماوە و درێژ ماوەدا. تەسلیمبوون و شکستی کۆماری ئیسلامی بێ گومان پێگەی ئەمریکا و ئیسرائیل و تەواوی بلۆکی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە بەرامبەر بە ئۆردوگای ڕووسیا-چین بەهێزتر دەکات، بەڵام مەرج نییە ئەمە بەو مانایە بێت کە ئەمریکا باڵا دەستی بەدەست بهێنێ و بە ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی بگات.

ئەمریکا و هەر زلهێز و حکومەتێکی تری جیهان نەخشەداڕێژەر و وەستای مێژوو نین. نموونەی بێشومار هەن کە سیاسەت و کردەوە تاکتیکییەکانی ئەمریکا نەیانتوانیوە بە ئامانجە ستراتیژییەکانی بگات. دروستبوونی موجاهیدینی ئەفغانستان لە دژی هەژموونی سۆڤیەتی ئەوکات و پشتیوانی لە خومەینی لە شۆڕشی ١٩٧٩دا دوو نموونەی سەرکەوتنی تاکتیکی و شکستی ستراتیژی ئەمریکان. لە لەشکرکێشی کۆماری ئیسلامیدا ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل ئامانجیان لەوە زیاتر بێت کە گوتراوە، مەرج نییە ئەو ئامانجانە بەدی بێ. سیاسەت و ئیرادە و کرداری هێزە شۆڕشگێڕەکان و هێزی خەڵک دەتوانێت هەر هاوکێشە و هاوسەنگی هێزێک تێک بدات. بە پێچەوانەی ئەوەی کە پێش بیشبینی بۆ دەکرێت، ئەوە خەڵکن کە پێشهاتە سیاسییەکان لە قاڵب دەدەن نەک حکومەتەکان. ئەمەش بە تایبەتی لە هەلومەرجی تایبەتی ئەمڕۆی ئێراندا، زیاتر لە هەموو کات و شوێنێکی دیکە دەبێت ڕاستی.

لەوەش گرنگتر، بە پێچەوانەی ئەو نموونانەی پێشوو کە باسمان کرد، ئەمجارە ئامانجە تاکتیکییەکانی ئەمریکا لە وەستاندنی پڕۆژەی ئەتۆمی، دەست شۆردنی ڕێژیم لە مووشەکی بالیستیک و بڕینی پشتیوانی لە هێزە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان نەک هەر ناکۆک نیە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێراندا، بەڵکو بەشێکن لە خواستی خەڵکی ئێران. خەڵک زۆر باش دەزانن کە پڕۆژە ناوچەییەکانی ڕژیم و خودی دژە ئەمریکا و ئیسرائیلی بوونەکەی، ئامرازێکە بۆ سەرکوتی ناوخۆیی و دەزانن کە ملکەچبوونی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو مەرجانەی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندووە، زەمینەیەکی زۆر لەبار بۆ ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەیان و لێدانی گورزی کۆتایی لەو حکومەتە دەڕەخسێنێت کە لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەیان هەزار کەسی کوشتووە. ڕەنگە ئەم واقیعە بۆ چەپی بەرەی بەرگری(میحوەر مقاومەتی)و هێزە “دژە ئیمپریالیستەکان” کە ناسنامەکەیان وەک کۆماری ئیسلامی هەمیشە و لە هەر هەلومەرجێکدا دژە ڕۆژئاوایە بوونە، ئاستەم بێت لێی تێبگەن، بەڵام بۆ خەڵکی ئێران و بۆ هەر کەسێک کە بیروباوەڕە زەینی و کڵێشەییەکانی واقیع ئاوەژوو نەکات و نەیشێوێنێت، هیچ شتێک لەوە ئاشکراتر نییە کە هەرسکردنی کۆماری ئیسلامی لەسیاسەتە دژە ڕۆژئاوا کانیدا لە بەرژەوەندی بزووتنەوە و خەباتی بەردەوامی خەڵکە بۆ ڕزگاربوون لە تاوانبارانی دەسەڵاتدار.

ئایا ڕۆژئاوا بەشوێن گۆڕینی ڕژێمەوەیە؟

ترامپ و ناتانیاهۆ چەندین جار باسیان لە گۆڕینی ڕژێم لە ئێران کردووە. ئەوان بە تایبەتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانجیان لەگەڵ ئەو هێرشەی ئەم دواییە گۆڕینی ڕژێمە لە ئێران، بەڵام بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەوەش زیاد دەکەن کە بەدیلەکەیان هێز و بەشێکە لە خودی حکومەت. بەشێک کە ئامادەیە مەرجەکانیان قبوڵ بکات. بە واتایەکی تر ئەوەی مەبەستیان لە گۆڕینی ڕژێم، کۆماری ئیسلامییە بە لێدەرکردنی ئەمریکا-ئیسرائیل-دژە ڕۆژئاواییە. مەبەستیان لە گۆڕینی کۆماری ئیسلامی گۆڕینی سیاسەتی دەرەوەیە، مەرج نییە سیاسەتەکانی بەرامبەر بە خەڵک بگۆڕن. کاتێک ترەمپ ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر مەرجەکانی قبوڵ بکرێن، تەنانەت ئامادەیە هاوکاری کۆماری ئیسلامی بکات هەتا ئابوریەکەی ببوژێنێتەوە.لاف لێنادات.

ئەرک و ئامانجی حکومەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بەگشتی گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم بەرامبەر بە خەڵک و وەدیهێنانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و هاوشێوەکانیان نییە. ئەمانە تەنیا کەرەستەی پڕوپاگەندەین بۆ ڕاکێشانی بیروڕای گشتی، بەڵام لە واقیعدا ڕۆژئاوا پێی باشترە لایەنگری کۆماری ئیسلامییەکی دەستەمۆ بێت تا ڕژێمێک کە بە تەواوی و لە بنەڕەتدا جیاوازە بێت لە تەواوی حکومەت و سیستەمی ئێستا. ئەمەی دووهەمیان هەلومەرجێکی نادیار و کۆنترۆڵنەکراو بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دروست دەکات. لە ڕوانگەی حکومەتە ڕۆژئاواییەکان، هەر لاوازبوونێکی بناغە و پایەکانی سیستمی حکومەت و هەر جۆرە مومارەسەیەکی ڕاستەوخۆی ئیرادەی خەڵک لە بەڕێوەبردن و ئیدارەی کاروباری خۆیاندا، بەردەوامیی ماشێن و نەزمی ئەو حکومەتانەی کە هەن، کە بە “سەقامگیری و ئارامی” ناوی دەبەن، لە ئێران و ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. ئەمریکا و ئیسرائیل چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە گۆڕینی ڕژێم لە ئەستۆی خودی خەڵکی ئێرانە و هیوادارن لەشکرکێشی سەربازیی ئەوان ڕێگا بۆ ڕاپەڕینی خەڵک خۆش بکات. بەڵام دەبێت ئەوەش زیاد بکرێت کە ئەمە بەو مەرجە بێت کە ڕاپەڕینی خەڵک لەو چوارچێوەیە تێپەڕ نەکات کە ئەوان لایان پەسەندە.

ئه گەر ئه مریکا و ئیسرائیل یان هەر حکوومه تێکی دیکه به ڕاستی بیانویستایه به ده سه ڵاتی ڕاپه ڕینی شۆڕشگێڕانه ی خه ڵک ڕژیم له ئێراندا بگۆڕن، ده یانتوانی ڕێبازێکی زۆر ساده تر و تێچووی که متر له هەڵمه تی سه ڕبازی و هێرشی سەربازی، ڕێگای بایکۆت هەڵبژێرن. یارمەتی ڕاستەقینەی شۆڕشی خەڵک لە ئێران، بایکۆتکردنی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامییە. ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەربکرێت، باڵوێزخانەکانی لە هەموو وڵاتان دابخرێن و بەشداری لە پێشبڕکێ وەرزشی و ڕێوڕەسمەکان و فێستیڤاڵە هونەری و ئەدەبییە جیهانییەکان بێبەش دەکران. ئەگەر جیهان بە هەمان شێوە کە مامەڵەی لەگەڵ ڕژێمی ئاپارتایدی ئەفریقای باشوور کرد لەگەڵ کۆماری ئیسلامییشدابکردایە، هەمان شت لە ئێراندا ڕوودەدا کە لە باشووری ئەفریقا ڕوویدا، ئەویش ڕیشەکێش کردنی ڕژێمی ئاپارتایدی ئیسلامی لە ڕێگەی هێزی شۆڕشی خەڵکەوە.

لە دیمانگی ئەمساڵدا کۆمەڵکوژی خەڵک لە هەموو کاتێک زیاتر زەمینەی بایکۆتی جیهانی تاوانبارانی دەسەڵاتداری ئێرانی فەراهەم کرد، بەڵام ڕۆژئاوا پێیان باش بوو دانوستان لەگەڵ بکوژانی خەڵک دەستپێبکاتەوە بەو هیوایەی بتوانێت خوێنی دەیان هەزار ئێرانی وەک ئامرازێک بۆ ئاشتەوایی و ملکەچ پێکردنی بکوژەکانیان کەڵک وەربگرێت. ئەم ڕێککەوتنە ڕووی نەدا و شەڕ دەستی پێکرد بەو ئامانجەی ئەوەی لەسەر مێزی دانوستان بەدەست نەهاتبوو لە ڕێگەی هێرشێکی سەربازییەوە بەسەر ڕژێمیدا بسەپێنن.

بەڵام خەڵکی ئێران ئەرک و ئامانجێکی دیکەیان هەیە. ئامانجیان ڕوخاندن و تێک وپێکدانی تەواوی حکومەت و سیستەمی کۆماری ئیسلامییە. وە هەر ئەمەیە کە لە دواین لێکدانەوەدا پەیوەندییەکانی نێوان پلە باڵاکان و دیپلۆماسی و دانوستان و ئاشتی و شەڕیان لە قاڵب دەدات.

هاوپەیمانی هێزە کوردییەکان

لەم دواییانەدا حکومەتی ئەمریکا هاوپەمانێتیەکی لە نێوان شەش ڕێکخراوی چەکدار لەکوردستان پێکهێنا کە پشتیوانی مادی و کەلوپەلی چەکداریان دەکات. لەوانەیە بڵێین ئەم کارە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا جدییە لە گۆڕینی ڕژێمدا. کە بەڕای من ئەمە وا نییە. بەم شێوەیە ئەمریکا هێزی زەمینی دابین دەکات بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر حکومەت بۆ ئەوەی ناچاری بکات خۆی ڕادەست بکات و نەک بۆ هیچ مەبەستێکی لەوە زیاتر. بە واتایەکی تر تەیارکردن و پاڵپشتیکردنی هێزە کوردییەکان بابەتێکی تاکتیکییە و بۆ ئەمریکا بابەتێکی ستراتیژی نییە. نە ئەمریکا و نە ئیسرائیل و نە حکومەتە ڕۆژئاواییەکان بە گشتی بە دوای بەهێزکردنی هێزە کوردییەکانەوە نین و لە بنەڕەتدا، وەک ڕوونکراوەتەوە، ئەوان نایانەوێت ڕژێم لە ئێراندا بگۆڕن. بەڵام ئەمە بە مانای ئیدانەکردنی هێزە هاوپەیمانەکان نییە بەهۆی ئەوەی کە هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکایان قبوڵکردووە. لە ئەزموونی شۆڕشە هاوچەرخەکاندا، قبوڵکردنی هاوکاری بێ مەرج لە حکومەتەکان لە هەمان کاتدا پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتانی جیاجیادا، نە تازەیە و نە مەحکومە. زۆرێک لە هێزە شۆڕشگێڕەکان بەبێ گۆڕینی ئامانج و سیاسەتەکانیان لەلایەن حکومەتە جیاوازەکانەوە هاوکاری و پشتیوانی کراون.

لەم حاڵەتەدا، مەبەستی ئەمریکا هەرچییەک بێت، حزبە کوردییەکان دەتوانن بەدای ئامانجە سیاسییە سەربەخۆکانی خۆیان بگەڕێن. ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕێکخراوە هاوپەیمانییەکان بتوانن هێزە لێدراوەکانی ڕژێم پاشەکشە پێ بکەن و شار و ناوچەکانی کوردستان ئازاد بکەن. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی هاتنەدەرەوەی خەڵک و بوونیان لە گۆڕەپانەکەدا و لە ڕێگەی بنکەکانەوە دەست بەسەر شار و ناوچەکاندا بگرن کە ئەمەش نەریتێکی زیندووە لە کوردستاندا. لەم حاڵەتەدا کوردستان دەبووە مۆدێلێک بۆ شارەکانی دیکە و دەتوانێ پۆتانسێلی ڕەوتی ڕووداوەکان بەرەو ڕووخاندنی تەواوی حکومەت بە دەسەڵاتی خەڵکێکی ڕێکخراو و چەکدار بگۆڕێت. لێرەشدا سەرهەڵدانی دەسەڵاتی خەڵک پاڵ بە ڕژێمەوە دەنێ کە خۆی ڕادەستی ئەمریکا بکات و یەکسەر کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و ئەمەش لە بەرامبەردا زەمینە بۆ هێرشی کۆتایی خەڵکی شۆڕشگێڕ زیاتر و زیاتر دروست دەکات.

بۆچی کۆماری ئیسلامی خۆی تەسلیم ناکات؟

ڕەنگە ئەو پرسیارە بێتە گۆڕێ کە ئەگەر ڕۆژئاوا بە کۆماری ئیسلامیەکی دەستەمۆکراو ڕازی دەبێت، بۆچی کۆماری ئیسلامی تەسلیم نابێت؟ لێرەشدا مەسەلەکە پەیوەندیی ڕژێمە لەگەڵ خەڵک. بەشێوەیەکی سروشتی لێکۆڵەرەوەکان بەزۆری هۆکاری ملکەچنەبوونی کۆماری ئیسلامی بۆ مەرجەکانی ئەمریکا دەگەڕێننەوە بۆ گەمژەیی و حیساباتی هەڵەی ڕێژیم و هۆکاری دیکەی لەو جۆرە. بەڵام گەمژەیی و حیساباتی هەڵە نییە. ڕژیم ناتوانێت دەست بشوات لە سیاسەت و کردەوە (دژە ئەمریکی- دژە ئیسرائیل)یەکانی ببێت، چونکە شوناس و هۆکاری بوونی خۆی لەدەست دەدات، زەمینە بۆ ڕووخاندنی خۆی لەلایەن خەڵکەوە خۆش دەکات. هەروەک چۆن وازهێنانی هیتلەر لە گوتار و “ئامانجی” دژە جوولەکە هیچی لە نازیزم نەهێشتەوە، وازهێنانی نازیزمی ئیسلامیش لە دژە ڕۆژئاوایی بوون، تەواوی بوونی ئەو لەناو دەبات.

ئەمە ئەڵقەیەکە کە شەڕی چینە دەسەڵاتدارەکان دەبەستێتەوە بە شەڕی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی . ڕژیم دەتوانێت بەرگەی هێرشە ئاسمانییەکان بگرێت و بەئومێدی ئەوەی کە دوای تەواوبوونی شەڕ لە تەپو تۆزەکە لەخۆی بتەکێنێت و درێژە بە حوکمڕانییەکەی بدات، بەڵام دڵنیایە ئەگەر دەستبەرداری ستراتیژیەتی ناسنامەی دژە ڕۆژئاوایی خۆی بێت، ئەوا هیچ چانسی ڕزگاربوونی لە بەرامبەر هێرشی خەڵکدا نابێت. هەموو دیکتاتۆریەتێک بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی پێویستی بە دوژمنێکی بێگانە هەیە، بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی مەسەلەکە زۆر لە پاساو و بانگەشەی حکومەتی واوەترە. بۆ ڕژێم، “دوژمنی دەرەکی” بووەتە ستراتیژێکی مانەوە و بەشێک لە سیاسەتی ناوخۆیی و ناسنامە و هەر لە یەکەم مانگەکانی بوونی خۆیەوە، هەر لە سەردەمی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و پاشان شەڕ لەگەڵ عێراق تادەگاتە شەڕی ئێستا. بوەتە مەسەلەی ستراتیجی مانەوە و بەشێک لە سیاسەتی ناوخۆیی و بابەتیێکی شوناسنامەیی و وجودی. ڕێژیم هەمیشە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە “ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینە بەردەوامەکانی خەڵک، لە ساڵانی ٧٨، ٨٨، ٩٦، ٩٨، ١٤٠١ و تا ئەمڕۆ، لەژێر سەری دوژمنی دەرەکیدایە، گرانی و نەهامەتی ئابووری بەهۆی گەمارۆکانی دوژمنەوەیە، سەرکوت و کوشتن پێویستە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی لە دژی دوژمن، هاوکاری بێدرێغی بۆ هێزی بە وەکالەتەکانی پێویستە چونکە لەمپەرێکن لە بەرامبەر دوژمنی دەرەکیدا”و هتد و هتد. جەوهەر و بنەمای ئەم سیاسەتە لە ڕاستیدا پاراستنی دەسەڵاتە لە بەرامبەر بە هێرشی خەڵکدا. ڕژیم بۆ سەرکوتی دوژمنی ناوخۆیی پێویستی بە دوژمنێکی دەرەکی هەیە و ئەم سیاسەتە ئێستا بە ڕوونی گەیشتووەتە کۆتایی. ڕووخانی بەشار ئەسەد، تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە، حەسەن نەسروڵڵا و یەحیا سنوار، کوژرانی دەیان بەرپرسی سەربازی و مەدەنی لە شەڕی ١٢ ڕۆژە و شەڕی بەردەوام و بە تایبەتی کوشتنی ئەمڕۆی خامنەیی، “سەرەتای کۆتایی هاتنی سیستەمی شومی ولایەتی فەقیه” بوون. بەڵام تەنها بزووتنەوەی ڕووخاندنی خەڵک دەتوانێت گورزی کۆتایی بووەشێنێ.

ئەبێت چی بکرێت؟

یەکەم: پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سیاسەتی سەرکوتکردن و کوشتنی خەڵکی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕانەگرتووە. شەڕی دەوڵەتەکان لەسەر بارودۆخی شەڕی ڕژیم لە دژی خەڵک بەڕێوە دەچێت و ئامانجی حکومەت ئەوەیە کە زۆرترین سوود لە شەڕی یەکەم وەربگرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە شەڕی دووەمدا. هەربۆیە وەڵامی خەڵک بۆ ئەو هەموو مەینەتی و نادادپەروەری و جینۆساید و کوشتارە بەو شەڕەشەوە کە حکومەت بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە، تەنیا دەتوانێت ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتی شەڕ و تیرۆرە بێت. ئامانجی خەڵک”ئاشتی” نییە. ئەو دۆزەخەی کە ڕژیم دروستی کردووە، بە تایبەت هەلومەرجی ئاخر زەمانیی دوای جینۆسایدی دی مانگ(مانگی جانیوەری)، دەنرێت ناوی هەر شتێکی لێبنرێت جگە لە ئاشتی! ئامانجی خەڵک ڕووخاندنی دەسەڵاتێکە کە لە شەڕ و ئاشتیدا جگە لە سەرکوتکردن و کوشتن هیچ ڕێگایەکی تری بۆ مانەوەی خۆی نەهێشتووەتەوە. خەڵک و هێزە شۆڕشگێڕەکان دەتوانن و دەبێ لە هەلومەرجی شەڕیشدا درێژە بە جەنگی خۆیان دژ بە ڕژێم بدەن. خەڵک و ئەو هێزە شۆڕشگێڕانەی کە نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن نە شەڕیان دەوێت و نە کۆماری ئیسلامی، بەڵام دەزانن کە “نا بۆ شەڕ” لەگرەوی “نا بۆ کۆماری ئیسلامی”دایە.

بە بێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، شەڕ و سێبەری ڕەشی شەڕ لە ئێران لاناچێت. ئاشتی و ئارامی ڕاستەقینە لە ئێراندا بەندە بە ڕزگاربوون لە حکومەتێک کە مانەوە و بوونی بەستراوەتەوە بە هەڵگیرسانی شەڕ لە ناو ئێران خۆی و لە ناوچەکەدا.

ئێستا دەسەڵات لە ناوەڕاستی دوو شەڕدا گیر بووە و فاکتەری دیاریکەر لە هەردووکیشدا ئەو خەڵکەیە کە ماوەیەکی زۆرە شەڕی خۆیان لەگەڵ حکومەت دەکەن. شەڕێک کە تا ئێستاش بەردەوامە.

هەروەک لە سەرەتای ئەم نووسینەدا ئاماژەمان پێدا، تا ئێستا شاهیدی نموونەی ناڕەزایەتی خەڵک لە ژێر بۆردوماندا، لە دروشمی شەوانە تا سەما و خۆشی سەر شەقام دوای کوژرانی خامنەیی و تا بەردەوامی سێشەممەکانی دژ بە سزای لە سێدارەدان لە ٦٧ زینداندا بینیین. ئەم بزوتنەوانە نیشان دەدەن کە زەمینەی ڕێکخستن و ڕێکخراوکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێم لە بارودۆخی شەڕیشدا ئامادەیە. ڕاگرتن و ڕاگرتنی چەرخەکانی بەرهەمهێنان و کار و بازرگانی و داخستنی کارگە و دوکان و قوتابخانە و زانکۆ و فەرمانگەکان و پێکهێنانی گروپی ناوخۆیی بۆ دابینکردن و گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەختییەکانی شەڕ، ئامادەکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی گەڕەک و شارەکان لە هەر شوێنێک و بە هەر پلەیەک دەسوڵاتی ڕژێم لاواز بووبێت و دواجاریش ئامادەکاری بۆ چەکدارکردنی خۆی لە ناوچەکانی وەک کوردستان کە چەک هەڵگرتن مومکین و نەریتێکی جێکەوتووە، ئەمانە هەموو ئەو چالاکییە سەرەکییانەن کە دەتوانرێت و دەبێ بخرێنە ژێر فەرمانی هێزە شۆڕشگێڕەکانەوە.

لە دیدی هێزە شۆڕشگێڕ و جەماوەرییەکانەوە، خوازراوترین ڕێگا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێستا، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە بە هێزی خەڵک، بەڵام تەنانەت ئەگەر لە کاتی شەڕیشدا ئەم کارە عەمەلی نەبێت، بەهێزکردن و فراوانکردنی ناڕەزایەتیی خەڵک دەتوانێت فاکتەری کاریگەر بێت بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە لە بەرژەوەندی شۆڕش. واتە کۆتایی هێنان بە شەڕ بە وازهێنانی ڕژیم لە سیاسەتە تیرۆریستییەکانی و تەسلیم بوونی تەواوەتی بە مەرجەکانی ڕۆژئاوا. کۆماری ئیسلامی ناتوانێت تەسلیم بێت چونکە تەواوی شوناس و بوونەکەی لەناو دەچوو و هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە دەبێت کۆماری ئیسلامی ناچار بکرێت تەسلیم بێت. پتەوکردن و پێشخستنی خەباتی خەڵک لەدژی حکومەت، تەنانەت ئەگەر لە ناو شەڕی ئێستاشدا نەبێتە هۆی ڕووخاندنی ڕژێم، ئەوە هۆکارێکی کاریگەر دەبێت بۆ خزمەتکردنی تەسلیمبوونی ڕژیم و ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی چارەنووسسازە بەرەو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکومەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕ.

باشترین و کاریگەرترین ڕێگا بۆ بەرەوپێشبردنی ئەرکەکانی سەرەوە لە هەلومەرجی سەختی ئێستادا، کۆکردنەوە و هاوکاری لەگەڵ هەموو ئەو هێزانەیە کە لە ڕێگەی هێزی شۆڕشی خەڵکەوە خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەکەن. جۆری سیستمی ئایندەی دوای ڕووخانی ڕژێم دەبێ بۆ دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک جێبهێڵرێت، بەڵام ئەمڕۆ کاتی کۆبوونەوەی هێزەکان و هاوکاریی کردەیی ئەوان بۆ ڕووخاندنی تەواوی سیستمی دۆزەخی کۆماری ئیسلامییە. حزبی ئێمە جارێکی تر ئامادەیی خۆی بۆ بەرفراوانترین هاوکاری بەرەو ڕووخاندنی حکومەت لە ڕێگەی هێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکەوە ڕادەگەیەنێت.

١٤ اسفندی ١٤٠٤، ٥ ئازاری ٢٠٢٦




کۆتایی خامنەیی و ئایندەی ئێران و ناوچەکە.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو کەسەی کە بۆ ماوەی ٣٦ ساڵ حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی کردبوو، دوای کوژرانی لەڕێگەی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، تیشکی دوبەرەکیەکی قوڵی لە ئێراندا نیشاندا، بەرەیەک شین و ماتەمینیان بۆ کۆتایی خامنەیی گێڕا، بەرەیەکی تر بە شایی و ئاهەنگ پێشوازیان لە مەرگی کرد!.
کاتێک لە ڕۆژی شەممە ٢٨/٢ کوشتنی خامنەیی ڕاگەیەندرا، گرتە ڤیدیۆییەکان لە تارانەوە قەرەباڵغیەکیان دەخستە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکانیان کە لە گۆڕەپانێکدا بەشێکی زۆریان بە جلوبەرگی ڕەشەوە دەگریان، بەڵام لە ڤیدیۆی سۆشیال میدیادا ئەوە بڵاوکرایەوە کە کەسانی دیکە بە دڵخۆشی و ڕاوەشاندنی سەرپۆشەکانیان دەردەکەوتن.
دەسەڵاتی خامنەیی بەدرێژایی دەیان ساڵ ڕووبەڕووی شەپۆلی نائارامی بۆتەوە، لەوانە ناڕەزایەتیەکانی خوێندکاران لە ساڵانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٢، لە ساڵی ٢٠٠٩ و ناڕەزایەتیەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” ساڵی ٢٠٢٢ کە دوای مردنی مەهسا ئەمینی لە دەستبەسەربونی لە بنکەیەكی پۆلیسدا سەریهەڵدا.
خامنەیی کە دەیان ساڵە ڕۆژانە و هەمو ساتێک وەک نمونەی گەورەترین زاڵم لە دنیادا، ژیانی خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتبوو، ئەم کوشتنەی ڕێگەی نەدا وەک تاوانبارێکی دژی ئینسانی لەلایەن خەڵکەوە دادگایی بکرێت،
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان و گۆڕینی هاوسەنگی هێز نیشانەی موشەکەکانیان ڕوو لە خامنەیی کرد، بەڵام بەجیا لە دوو بەرەی ماتەمینی و بەرەی ئاهەنگ گێڕان، کوشتنەکەی بەم شێوەیە گێژاوێکی جیۆپۆلەتیکیشی دروست کرد، کە بە خێرایی لە بازاڕەکاندا ڕەنگدانەوەکەی دەرکەوت. لەهەمانکاتدا شەڕەکەی لەناوچەکەدا بەرەو فروانی برد، تاران بە بۆردومانکردنی شارەکانی کەنداو تۆڵەی کردەوە، هاوکات هێڵە ئاسمانیەکان گەشتەکانیان ڕاگرت و کەشتیە نەوتهەڵگرەکان ترانزێتیان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە ڕاگیرا، کە یەکێکە لە رێڕەوە ئاویە گرنگەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا، کەشوهەوایەکی تەواو جەنگی مەترسیدار سایەی بەسەر ناوچەکەدا کێشاو کۆتاییەکەی نادیارە!.
وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا هۆشداریدا لەوەی داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا، ڕەنگە ببێتە هۆی پەککەوتنی بەرفراوان بۆ بازاڕەکانی نەوت و غازی جیهانی، لەکاتێکدا گرژیە سەربازیەکان لە ناوچەکە بەرەو هەڵکشانی زیاترە، خەریکە گواستنەوەی کەشتیوانی لەڕێگەی یەکێک لە چارەنوسسازترین ڕێڕەوی ئاوی و وزەی جیهانەوە پەک دەخرێت و دۆخی ئابوری ناوچەکە دەرگیر بە قەیرانێکی سەخت دەکات، کە جگە لەوەی ئەم شەڕە دۆخێکی تەواو نالەبار و تراژیدی بۆ خەڵکی ناوچەکە خولقاندووە، لە هەمانکاتدا قەیرانی ئابوریش کاریگەری مەترسیدار لەسەر بژێوی خەڵکی ناوچەکە زیاد دەکات.
نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت، کە هەناردەکردنی گەورە لە سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، عێراق، کوەیت و قەتەرەوە دەگرێتەوە، ئەمە جگە لە ناردنی غازی سروشتی شل. هەر جۆرە پچڕانێکی ترانزێت فشارێکی بەرچاو دەخاتە سەر بازاڕە نێودەوڵەتیەکان.
لەلایەکی ترەوە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تاران هاوبەشێکی سەرەکیە بۆ مۆسکۆ لە پرسە ناوچەییەکاندا، بەڵام نەبوونی وەڵامێکی بەهێزی ڕووسیا لەبەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا، ئاماژەیە بەوەی کە خواستی کریملن، دوورکەوتنەوەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە بەرامبەر واشنتۆن و ئەم شەڕەی بەرامبەر بە ئێران. روسیا ئەوە باش درک دەکات کە دەخالەتی ڕاستەوخۆ لەم شەڕەدا بە قازانجی نابێت.
مەترسیی سەرەتایی لە نادڵنیایی ئایندەی حوکمڕانی لە ئێراندا لەوەی چی بەسەر دێت و چی ڕووئەدات و چۆن مانەوەی ناوەندبونی ئێران دەپارێزرێت.؟ مەسەلەیەکی واقعیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزی پێکهاتەی سیستمی سیاسی، دەسەڵاتی سوپای پاسدارانی ئێران و سروشتی بنکە ئایدیۆلۆژیەکەی، هەرچەندە تائێستا خۆی ڕاگرتووە، بەڵام ڕێڕەوی سیاسی و ئابووریەکەی قورس بوە و ئیمکاناتی سەربازی دابەزیوە، پێشبینی دەکرێت ئێران بەرەو ئەگەری پارچە پارچە بوون ببات.
کۆماری ئیسلامی وەک گۆشەگیرترین وڵاتی جیهان هاتە ناو ئەم شەڕەوە، هیچ هاوپەیمانێکی نەبوو کە ڕاستەوخۆ پشتیوانی بکات و هاوپەیمانی بێت. پاشان سەرکردەکانی بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە دۆخەکەیان خراپتر کردو ئەو حکومەتانەی بێلایەنییان هەڵبژاردبوو، کردە نەیارێک کە خۆیان لە دژی ئێران ڕێکخست.
ئەگەری زیادبونی مەترسیەکان لە سەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەست پێدەکرێت، کە ڕەنگە بازاڕەکان بە پشتبەستن بە گریمانەی “شۆکی ڕژێم” لە ئێران نرخی سەروەت و سامانەکان دووبارە دابڕێژنەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دۆخێکی سیاسی ناجێگیر و ئاڵۆزتر بەرێت، ئەگەر ئێران ئامادەیی بۆ دانوستان نیشان نەدات، دواتر بە ئەگەری داڕمانی ئێران ئەم شەڕە کۆتایی بێت.
تیرۆرکردنی خامنەیی، نوێنەرایەتی بوومەلەرزەیەکی سیاسی بێوێنە دەکات، کە دەتوانێ ئێران بخاتە قۆناغێکی تر لە داڕشتنەوەی پێکهاتەی هاوسەنگی دەسەڵاتی سیاسیەوە و دووبارە حیسابکردنەوەی دەورو ئەولەویەتی هێزە ناوچەییەکانەوە، بۆیە داڕمانی ئێران حەتمی نییە، بەڵام چیتر لە پرسیارێکی ناڕۆشن دەرناچێت و ئایندەیەکی ناڕۆشن و دۆخێکی پێچیدە بە ئێران و ناوچەکە دەبەخشێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئەو گریمانەیە دێتە ئاراوە کە شەڕی بەردەوام لە لۆژیکی ڕێگری سەربازی تێدەپەڕێت و لە ئامانجێکی ستراتیژی فراوانتر نزیک دەبێتەوە، ئەویش لاوازکردنی ڕژێم و ڕەنگە تەنانەت ڕووخاندنی ڕژێمیشی لێکەوێتەوە.
ئەمڕۆ لەم شەڕەدا تەنها زنجیرەیەک لێدان نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرایە کە تا دێت شەڕەکە فراوانتر دەبێت، لەگەڵ هەر پچڕانێکی ئاستی هاوسەنگی هێز لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو پرسیارە چارەنووسسازە دەمێنێتەوە، کە ئایا دامودەزگاکانی ڕژێم دەتوانن یەکگرتوبن و بەردەوام بن، یان هەڵوەشاندنەوەیان دەست پێدەکات؟
ململانێی فراکسیۆنەکانی ناو سوپای پاسداران و ڕەوتە ئاینیەکان لەسەر فۆرم و دەسەڵاتەکانی سەرکردایەتی داهاتوو، دەرئەنجامەکەی ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی سنووردارە، کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی نفوزی ناوچەیی لاواز بکات بەبێ داڕمانی دەوڵەت، لەو کاتەدا ئەگەری ئەوە هەیە ئارایشێکی تر لەناو هەمان ڕژێمدا ڕێکخەنەوە، چونکە هیچ ئەلتەرنەتیفێک لەدەرەوی دەسەڵاتی ئێستا، ناتوانێت سەقامگیری لە ئێراندا ڕاگرێت.
بەکورتی، لە هەموو حاڵەتێکدا ئێران دەگۆرێت و ئێرانی سەردەمی خومەینی و خامنەیی نامێنێت، کە هەر لەئێستاوە چووەتە قۆناغێکی نوێوە، پرسیاری پێناسەکەری ئەو قۆناغە ئەوەیە، کێ شوێنی ڕێبەرایەتی دەگرێتەوە؟ داینامیکی چ هێزێک زاڵ دەبێت؟ ڕووخانی ڕژێم ئەگەرێگە، بەتایبەتی لەدرێژ ماوەدا و لە لەهەمانکاتدا لەڕووی تیۆری و واقعیەوە مانەوەشی مانای نابێت، ئەمەش ئەو دۆخە ئاڵۆزەیە ئایندەی ئێرانی بە لێڵی راگرتووە.
شایانی باسە قۆناغی داهاتوو لە هەوڵی ئەمریکادا گەر بۆی سەربگرێت، چارەنوسی ئێران لە چوارچێوەی بازنەکانی پێکهاتەی رژێم و دەسەڵاتی ئێستادا یەکلایی دەکاتەوە، واتە پێش هەر دەور و دەخالەتێکی خەڵکی و ناوخۆیی، ئەمریکا دەسەڵاتێکی ملکەچی خۆی لە پێکهاتەی سوپای پاسداران دادەمەزرێنێت. بەڵام پێموایە گەر هەر هۆکار و درزێکی قووڵی ناوخۆیی لە ئێراندا بە ئاراستەی گۆڕانی ڕژێم و لە دەسەڵاتدا رووبدات، واقعیەتی کاریگەری دۆخی شێواو ئاژاوە و ناجێگیری ئێران دەتوانێت نەخشەی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشێتە دۆخێکی ترەوە و شکستی سیاسی ئەمریکا بسەلمێنێت.

خامنەیی ڕۆیی و بە کۆتایی ژیان گەیشت، بەڵام سەدان تاوانبار و دوژمنی ئازادی و یەکسانی و ئینساندۆستی کە نەخشە داڕێژی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانن، یان دەوریان لەم شەڕەدا هەیە و سودمەند دەبن لەم شەڕە، جارێکی ترو لە چوارچێوەو شێوازیکی تردا زوڵم و ستەم و یاری بە ژیانی خەڵک زیاتر بەرجەستە دەکەنەوە.
خۆشحاڵی خەڵک لە ئێران بە کوشتنی خامنەیی و سەرکردەکانی دیکەی ڕژێم، مافی کاردانەوەی خواستی چەندین ساڵەیانە و لە شوێنی خۆیدایە، بەڵام ئەم کوشتنە کە لەلایەن تۆڕێک لە چەتە و ئینسانکوژ و تاوانبارانی جەنگەوه ئەنجامدراوە، نابێتە سەرکەوتن بۆ خەڵکی ئێران، نابێتە دیاریکردنی ئایندەیەک بۆ بەدیهێنانی خواست و ئارەزوەکانی خەڵک بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی، تاوانەکانی بکوژانی خەڵکی ئەفغانستان، عێراق، سوریا، فەلەستینن و ئێران کە هاوتای دەسەڵاتدارانی تاوانبارانن لە ئێران، ئێستا پاڵەوانی ئەم شەڕە وێرانکەرەن و بێئیرادەکردنی خەڵک توندتر دەکەنەوە.
ئەوەی ترامپ و ناتانیاهو ئەو گروپانەی کە داوا لە خەڵک دەکەن، لەژێر بۆردومانی بێوەستاندا بڕژێنە سەر شەقامەکان، بە ئاشکرا هاوئاهەنگی خۆیان بۆ دوژمنایەتی و نابەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ژیان و ئەمنیەتی خەڵک دەسەلمێنن، خەڵکی دەکەنە قوربانی و سوتەمەنی بۆ ئامانجەکانیان.
ئەم شەڕە جگە لە دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی و ئەو زەبر و زەنگە قورسە مرۆییانەی کە بەسەر خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا دەسەپێنرێت، لەبەردەوامیدا، هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە قۆناغێکی خوێناوی پرکارەساتەوە، خەڵکی ئێران لە خەباتی ئازادیخوازانەی خۆیان لە دژی کۆماری ئیسلامی لە خراپترین بارودۆخی مومکین دادەنێن.
پێویستە لە سەرانسەری جیهان لە دژی ئەم شەڕە وێرانکەرە و بۆ کۆتاییهێنانی راوەستین.

عوسمانی حاجی مارف




8 ی مارس لە نێوان میراتی خەباتی ژنانی کرێکار و فێمینیزمی سۆسیالیستی.. بەیان ساڵح

سەرەتاکان: کاتێک ژنانی کرێکار ئەمڕۆ ڕێگایان بۆ ئێمە خۆش کرد
لە 8 ی مارسدا، بیرەوەرییەکی تێپەڕیمان بیر ناکەوێت. ئێمە مێژوویەکی ئاگر و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە لە دژی ئەو هەلومەرجە بەبیر دەهێنینەوە کە قورسایی لەسەر ژنانی کرێکار هەبوو. ئەم ڕۆژە بە دەستی ژنانی کرێکار لە کارگەکاندا شێوە درا و بە دەنگی ژنانی تێکۆشەر لەسەر شەقامەکان بەرز کرایەوە تا بوو بە ڕۆژێکی نێودەوڵەتی بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوون بە دادپەروەری و یەکسانی و سیستەمێکی سۆسیالیستی بێ چین. ئەمە ڕۆژێکە کە تەنها بە قسەی سۆزداری ناژیت. بە گەڕانەوە بۆ ئەو چوارچێوە مێژووییەی کە بەرهەمی هێناوە و بە ناسینەوەی ڕۆڵی سەرەکی بزووتنەوەی فێمینیستی سۆسیالیست لە دۆکیۆمێنتکردنی و داکۆکیکردن لە پەسەندکردنی وەک بۆنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ یەکخستنی دەنگی ژنان لە سنوورەکاندا.
8 ی مارس لە بۆشایی لەدایک نەبوو. ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایی کرێکارانی چنین لە نیویۆرک لە ساڵی 1857، کاتێک هەزاران ژن ڕێپێوانیان کرد دژی کرێی کەم و کاتژمێرەکانی کارکردن کە ڕۆژانە 16 کاتژمێر درێژ دەبووەوە، لە هەلومەرجێکدا کە زۆر جیاواز نەبوو لە کۆیلایەتی شاردنەوە. هەرچەندە پۆلیس ئەو بزووتنەوەیەی سەرکوت کرد، بەڵام تۆوی ڕێکخراوی سەندیکای ژنانی چاند و ئەو بیرۆکەیەی لە نێو ژنانی کرێکاردا چاندووە کە بێدەنگی بژاردە نییە و شەقام گۆڕەپانێکی ڕەوایە بۆ داواکردنی مافەکان.
زیاتر لە نیو سەدە دواتر، لە 8 ی مارسی 1908، شەقامەکانی نیویۆرک دیسان پڕ بوون لە هەنگاوی پازدە هەزار ئافرەت کە دروشمی “نان و گوڵەباخ” یان هەڵگرتبوو: نان وەک هێمای ئاسایشی ئابووری و شکۆمەندی ژیان، و گوڵەباخ وەک نیشانەی مافیان بۆ ژیانێکی مرۆڤانە کە ژنان کەم نەکاتەوە بۆ ئامێری بەرهەمهێنان. داوای کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن، قەدەغەکردنی کارکردنی منداڵان و مافی دەنگدانیان کرد، کە لەو کاتەدا وەک ئیمتیازات مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا نەک مافێکی سروشتی. ئەو ساتە ناوازە بوو چونکە داواکاری ئابووری و خواستی سیاسی لە یەک وێنەدا یەکخست و ڕایگەیاند کە کێشەی ژنان لێک جیا نابێتەوە.
لە ساڵی 1909، پارتی سۆسیالیستی ئەمریکی یەکەم ڕۆژی نەتەوەیی ژنانی ڕاگەیاند بۆ ڕێزلێنان لە خەباتی کرێکارانی چنین دواتر بیرۆکەکە لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاو بووەوە و دەنگدانەوەی لە نێو بزووتنەوە کرێکاری و سۆسیالیستەکانی ئەوروپا دۆزیەوە. لە ساڵی 1910، لە کاتی کۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیست لە کۆپنهاگن، پێشنیارێک پێشکەش کرا بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی ژنان. لەنێو دیارترین داکۆکیکاران، کلارا زێتکین (1857-1933) سۆسیالیستی ئەڵمانی بوو کە ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ بەستنەوەی دۆزی ژنان بە ئازادی چینایەتی و ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە دامەزراندنی ئەم ڕۆژە وەک خەباتێکی بسیج نەک ئاهەنگێکی ڕێوڕەسمی. کۆنفرانسەکە بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بیرۆکەکە گوزارشت لە پێویستییەکی ڕاستەقینە دەکات کە ژنانی چەکدار لە هەموو شوێنێک هەستی پێدەکەن.
لە ساڵی دواتر، سەدان هەزار ژن لە ئەڵمانیا، نەمسا، سویسرا و دانمارک ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە. بەڵام ئەو ساتەی کە سیمبولی شۆڕشگێڕانەی خۆی چەسپاند لە ساڵی 1917 دا بوو کاتێک ژنانی کرێکاری ڕووسی لە پترۆگراد دەستیان کرد بە مانگرتن و داوای “نان و ئاشتی” دەکەن لە نێو شەڕێکی وێرانکەردا کە ژیانی خەڵک و خۆراکی خێزانەکانی وشک دەکرد. ئەو مانگرتنە، کە لە 23 ی شوبات بە پێی ڕۆژژمێری ڕووسیا کە هاوتایە لەگەڵ 8 ی ئازار بە پێی ڕۆژژمێری زاینی، یەکەم پریشکی شۆڕشی ڕوسیا بوو کە تزاریزمی ڕووخاند. بەم شێوەیە ئەو ڕۆژە لە ساتێکی داخوازییەوە گۆڕا بۆ ڕووداوێک کە ڕێڕەوی مێژووی گۆڕی و ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕانەی بە 8 ی مارس بەخشی کە تا ئەمڕۆش لەدەستی نەداوە.
8 ی مارس بۆ چەندین دەیە لە وڵاتانی سۆسیالیستی مایەوە و کەسایەتی شۆڕشگێڕی و چینایەتی خۆی هێشتەوە، تاوەکو نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی وەک ڕۆژی جیهانی ژنان لە ساڵی 1977 ناساند. بەم شێوەیە ئەم ڕۆژە خۆڕاگری ژنانی کرێکار لە ئەمریکا، ئازایەتی ژنان لە ڕوسیا، و هۆشیاری میلیشیاکانی سۆسیالیست لە ئەوروپا کۆدەکاتەوە، کە وەک بەڵێنێکی نوێ دەمێنێتەوە کە مافەکان نابەخشرێن بەڵکو لە ڕێگەی خەباتی ڕێکخراوەوە بەدەست دەهێنرێن، وە ڕێپێوان بەرەو یەکسانی هێشتا بەردەوامە و نەوەکان قەرزداری ئەوانەی پێش خۆیان بوون و سوورن لەسەر درێژەدان بە ڕێگاکە تا کۆتایی.

فێمینیزمی سۆسیالیستی : کاتێک ئازادی بوو بە مەسەلەی خەباتی ڕۆژانە
فێمینیزمی سۆسیالیستی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم دروست بوو، یەکێک لە پتەوترین بناغە تیۆرییەکانی بۆ ڕوونکردنەوەی چەوساندنەوەی ژنان و پێناسەکردنی مەرجەکانی ئازادییان پێکهێنا. لەگەڵ ناوی تێکۆشکەران و بیرمەندانی بەناوبانگ پەیوەست بوو، لە کلارا زێتکین، ڕۆزا لوکسەمبورگ، و ئەلێکساندرا کۆلۆنتای تا فلۆرا تریستان، کلارا لێملیچ و سیلڤیا پانکهورست، و دواتر لەگەڵ نەوەکانی تیۆریسین و چالاکوانان لە سەدەی بیستەمدا پەرەی سەند.
ئەم تەوژمانە چەوساندنەوەی ژنان وەک دیاردەیەکی سەربەخۆ لە سیستەمی کۆمەڵایەتی زاڵ نەبینیوە. بەڵکو بە بەشێکی دانەبڕاو لە میکانیزمی چەوساندنەوەی سەرمایەداری دادەنێن کە پێی خۆراک دەدرێت و لە هەمان کاتدا بەرهەمی دەهێنێتەوە. لەم ڕوانگەیەدا، ژنی کرێکار ڕووبەڕووی دوو چەوساندنەوە دەبێتەوە کە ناتوانرێت بە جیا لێی تێبگەین: ئەو وەک کرێکارێک لە ڕێگەی کرێی کەمتر لە پیاوان لە بازاڕی کاردا چەوسێنراوەتەوە، وە لە ناو خێزاندا لە ڕێگەی کرێکاری ناوماڵەوە چەوسێنراوەتەوە کە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار مسۆگەر دەکات بەبێ ئەوەی یەک فلسی سەرمایە تێبچێت.
لەم تێگەیشتنە قووڵەوە، فێمینیزمی سۆسیالیستی ڕەخنەی لەوە گرت کە بە “فێمینیزمی بۆرژوازی” ناسراوە، ئەو بزووتنەوەیەی کە هەوڵەکانی خۆی لەسەر مافە سیاسی و یاساییەکانی وەک مافی دەنگدان، دەستگەیشتن بە پەروەردە و بەشداری کردن لە ژیانی گشتی چڕکردۆتەوە. فێمینیستە سۆسیالیستەکان لە کاتێکدا دان بە گرنگی و پێویستیی ئەم داخوازییانەدا دەنێن و دەڵێن کە دەستیان لە کرۆکی کێشەی ژنانی چینی کرێکار نادات، چونکە یەکسانی یاسایی بەتەنیا کۆتایی بە وابەستەبوونی ئابووری ناهێنێت و زنجیرەکانی چەوساندنەوەی ماددی ناشکێنێت. ژنێک کە مافی دەنگدانی هەیە بەڵام لە هەژارییەکی زۆردا دەژی و لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە پیاو دەبەستێت چونکە بازاڕی کار کار یان مووچەیەکی دادپەروەرانەی پێشکەش ناکات، بە شێوەیەکی کاریگەر ئازاد دەمێنێتەوە بێ گوێدانە ئەو مافانەی کە لەسەر کاغەز هەیەتی.
بۆیە ئەم تەوژمانە جەختیان لەوە کردەوە کە خەباتی ژنان نابێت لە خەباتی چینایەتی فراوانتر جیا بکرێتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا بەشێکە لە بزووتنەوەیەکی فراوانتر کە ئامانجی گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانە. ئەوان ناکۆکییەکی سروشتی نێوان ژن و پیاو لەناو چینی کرێکاردا نەبینی. بەڵکو پێیان وابوو کە ئەم جۆرە بۆچوونە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی سیستەمێک دەکات کە دەیەوێت چینی کرێکار پارچەپارچە بکات و بیگۆڕێت بۆ ململانێی ناوخۆیی لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنەی قازانج لەسەر حسابی کار کۆدەکاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، چالاکی ڕێکخراوەیی بزووتنەوەی فێمینیستی سۆسیالیستی پەیوەندییەکی نزیکی بە بزووتنەوەی کرێکاری فراوانترەوە هەبوو، کە ژنانی کرێکار لە چوارچێوەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانەدا رێکدەخات کە یەکدەخات نەک دابەش بکات.
ئەم تەوژمانە هەروەها دیدێکی گشتگیریان بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا بەرەو پێش برد بۆ ئەوەی ژنان بتوانن سەربەخۆیی ئابووری بەدەست بهێنن لە ڕێگەی تێکەڵاوبوونی تەواو لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، هاوکات دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی فراوان وەک سەنتەری چاودێری منداڵان، دامەزراوەکانی چاودێری و چێشتخانە بەکۆمەڵەکان. ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە باری زۆری کاری ناوماڵ لەسەر ژنان کەم دەکاتەوە و پشتبەستنیان لەناو خێزانی تەقلیدی تێکدەشکێنێت. ئازادی ژنان، لەم ڕوانگەیەوە، تەنها بابەتێکی ئەخلاقی، کەلتووری، یان ڕەوانبێژی نەبوو. ئەوە بابەتی ژێرخانی ئابووری بوو کە پێویستی بە گۆڕانێکی بنەڕەتی بوو لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و خاوەندارێتی و دەسەڵات.
بەم مانایە ڕادیکاڵیە، فێمینیزمی سۆسیالیستی سۆسیالیزمی وەک زیادەیەکی سیاسی ئارەزوومەندانە نەبوو کە بتوانرێت لە دەرەوە بە دۆزی ژنان ببەسترێت، بەڵکو وەک مەرجێکی بنچینەیی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ڕاستەقینە و هەمیشەیی دەبینێت. لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییە قووڵ و پێکەوە بەستراوەی نێوان فێمینیزم و خەباتی چینایەتی، ئەم تەوژمانە یارمەتیدەر بوون لە داڕشتنی دیدێکی تیۆری بەهێز کە بەردەوامە لە گفتوگۆ هاوچەرخەکان سەبارەت بە پەیوەندی دیالێکتیکی نێوان پرسی ژنان و ململانێ لەسەر پێکهاتەی ئابووری کۆمەڵگا.

چوارچێوەی پیشەسازی: سەرمایەداری و لەدایکبوونی هۆشیاری ژنانی کرێکار
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم، ئەوروپا فراوانبوونی پیشەسازی گەورەی بەخۆیەوە بینی کە کیشوەرەکەی گۆڕی و نەخشەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی گۆڕی. کارگەکان زۆر بوون، و شارەکان پڕ بوون لە شەپۆلی مرۆڤ کە لە لادێکانەوە دەهاتن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سامانە زۆرەی کە کەڵەکەبوو، بەشدار نەبوو لە لایەن ئەوانەی کە بە دەست و ڕەنجی خۆیان دروستیان کرد. ژنان، لەگەڵ پیاوان و منداڵان، کاتژمێرێکی درێژ و ماندووکەر لە بارودۆخێکی سەختدا کاریان دەکرد کە تەنانەت سەرەتایترین ستانداردەکانی تەندروستی و سەلامەتی نەبوو، مووچەی زۆر کەمتر و بەبێ پارێزگاری یاسایی ڕاستەقینە لە دەرکردنی هەڕەمەکی یان برینداری لە شوێنی کار.
لەم چوارچێوە تایبەتەدا، چەوساندنەوەی ژنان تەنها کێشەیەکی کەلتووری پەیوەست بە دابونەریت و دابونەریت نەبوو. بەشێکی جیانەکراوەی پێکهاتەی ئابووری سەرمایەداری بوو کە ڕاستەوخۆ سوودی لە کاری هەرزان ئافرەت و لاوازی پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان و نەبوونی کاریگەری یاسایی و ڕێکخراوەیی وەردەگرت.
لەم کەش و هەوایەدا بزووتنەوەی سۆسیالیستی وەک دەربڕینێکی سیاسی بەرژەوەندی و ئاواتەکانی چینی کرێکار لە جیهانێکی دادپەروەرانەتردا دەرکەوت. ژنانی تێکۆشەر بە باوەڕێکی فیکری پتەوەوە کە لە ماوەی چەندین ساڵ چاودێریکردن و لێکۆڵینەوە و خەباتی ڕاستەوخۆ پێکهاتووە: چەوساندنەوەی ژنان ئەنجامێکی ڕاستەوخۆ و بە ئەنقەستی سیستەمێکە کە جەوهەری لە چەوساندنەوەی کار و زۆرترین قازانج لەسەر حسابی ژیان و مافەکانی مرۆڤە.
فێمینیزمی سۆسیالیستی بە ڕوونی جیاوازی لە نێوان دۆزی ژنانی کرێکار و ژنانی بۆرژوازی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تێکەڵکردنیان لە ژێر یەک ناونیشاندا ناکۆکی ڕاستەقینە دەشارێتەوە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چینی باڵادەست دەکات. لە کاتێکدا تەوژمە لیبراڵەکان جەختیان لەسەر بەدەستهێنانی مافی دەنگدان لە سیستەمی ئێستادا دەکرد بەبێ بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتەی ئابووری سیستەمەکەی، فێمینیستە سۆسیالیستەکان مشتومڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەم بۆچوونە چارەسەری نیشانە دیارەکان دەکات بەبێ ئەوەی لە ڕەگە قووڵەکان نزیک ببێتەوە. پرسیارێکی بێ سازش هەر مایەوە: چ جۆرە ئازادییەک مافی دەنگدان بە ژنێکی دەوڵەمەند دەبەخشێت لە کاتێکدا ژنە کرێکارەکە لە قوڕی هەژاری و چەوساندنەوەی ڕۆژانەدا گیریان خواردووە؟ و چ جۆرە یەکسانییەک لەسەر بناغەیەکی شکاوی نادادپەروەری ئابووری بنیات نراوە؟
لە ڕێگەی نووسین و پلاتفۆرمە چەکدارەکانی فێمینیزمی سۆسیالیستی، پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان سەرمایەداری و چەوساندنەوەی ژنان بە قووڵی دەگمەن شیکرایەوە. ئابووری سەرمایەداری ژنانی چەوساندەوە سەرەڕای هۆشیاری لە سروشتی دووانەی پێگەیان. بەتەواوی بەهۆی ئەوەوە ئیستغلالیان دەکرد، سوودی لە هەر هەنگاوێک وەردەگرت لە نێوان کارگە و ماڵدا.
ئەم تەوژمانە داوای ململانێی نێوان ژن و پیاویان نەکرد کە ئەو شتانە دابەش بکات کە دەبێت یەکبخرێن. لە ناوەرۆکیاندا داوای ململانێیەکی ڕوون لە نێوان خاوەن سەرمایە و چینی کرێکاردا دەکەن و ئازادی ژنان بە گۆڕانێکی گشتگیر دەبەستنەوە کە هەلومەرجی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت و ئەو سیستەمە هەڵدەوەشێنێتەوە کە چەوساندنەوەی ژنان دەکاتە پێکهاتەی ئابووری سەرمایەداری.

باشووری جیهان: کاتێک کارگەکان هێشتا ناوی خۆیان دەپارێزن
ئەگەر خەباتی کرێکارانی چنین لە نیویۆرک لە ساڵی 1857 لە کارگەکانی چنین دەستی پێکرد، ئەوا هەمان ئەو کارگانە تا ئەمڕۆش بوونیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان گواستوویانەتەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە کرێکار هەرزانترە و یاساکان لاوازترن و چاودێری لاوازترە ئەوان گواستوویانەتەوە بۆ بەنگلادش و کەمبۆدیا و ئەسیوپیا و مەغریب و وڵاتانی تری باشووری جیهان کە بوونەتە کارگەی هەرزان سەرمایەداری جیهانی، ئەوەی باکوور لەبەری دەکات و دەیخوات بەرهەم دەهێنن لە کاتێکدا کرێکارەکانیان لە دەرەوەی هیچ پارێزگارییەکی ڕاستەقینە دەمێننەوە.
تەنها لە بەنگلادیش زیاتر لە چوار ملیۆن ژن لە کەرتی جلوبەرگی ئامادە کار دەکەن و کاڵا بەرهەم دەهێنن بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا بە مووچەیەک کە لە باشترین حاڵەتدا لە 95 دۆلار لە مانگێکدا تێناپەڕێت. کاتێک باڵەخانەی ڕانا پلازا لە ساڵی 2013 داڕما و زیاتر لە 1100 کرێکار لە ژێر وێرانەکەیدا کوژران، ئەو ڕووخانە ڕاستییەکی ئابڕووبەرانەی ئاشکرا کرد: ئەو دەزووەی کە کراسێک لە پاریس بە 200 یۆرۆ دەفرۆشرێت و ژنێک لە ژێر داروپەردوودا لە داکا دەمرێت، دەزوویەکی سەرمایەدارییە کە سنوورەکانی تێپەڕاندووە. ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و چەند رێکخراوێکی مافی مرۆڤ ئەم کارەساتە بە یەکێک لە خراپترین کارەساتەکانی پیشەسازی لە مێژووی پیشەسازی جلوبەرگدا دادەنێن.
لەگەڵ ئەوەشدا باشووری جیهان تەنها کارگە نییە. لە وڵاتانی کەنداو، سەدان هەزار کرێکاری ناوماڵ لە فلیپین، ئەندۆنیزیا، ئەسیوپیا و سریلانکا لە ژێر سیستەمی کەفالە دەژین. ئەم ژنانە نەک تەنها لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکاندا ئامادە نین. ئەوان لەو یاسایانەدا دیار نین کە دەبێت بیانپارێزن، چونکە کاری ناوماڵ لە زۆربەی ئەو وڵاتانە بە تەواوی لە یاسای کار بێبەش کراوە.
لە ئەمریکای لاتین و باشووری بیابانی ئەفریقا، ژنان لە ژێر سیاسەتی توندوتیژی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانیدا بۆ ماوەی دەیان ساڵ بارگرانی دووانیان لە ئەستۆ گرتووە. کاتێک خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە پەروەردە، تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی کەم دەکرێتەوە، ئەم خزمەتگوزاریانە بە ڕاستی لەناوناچن. بارەکانیان دەچێتە ناو بواری خێزانەوە، لەوێ ژنان قەرەبووی بڕینی بودجەی دەوڵەت دەکەنەوە بە کاری بێ مووچە و کاتی ماندوو. لەم ڕوانگەیەوە، توندوتیژی سیاسەتێکی ئابووری بێلایەن نییە. ئەمە سیاسەتێکە کە دەرەنجامی کۆمەڵایەتی و جێندەریی ڕوونی هەیە و نرخەکەی یەکەم و قورسترین باجەکەی لەلایەن ژنانەوە دەدرێت.
لێرەدا میراتی تیۆری فێمینیزمی سۆسیالیستی ڕەهەندێکی نوێ وەردەگرێت لە دەرەوەی ئەوروپا کە لەوێ سەرچاوەی گرتووە. کاتێک ئەم تەوژمانە ئازادی ژنانیان بە ئازادی چینی کرێکار لە چەوساندنەوەی سەرمایەداری بەستەوە، بناغەی تیۆری دانا کە ڕوونی دەکاتەوە ئەمڕۆ لە کارگەکانی باشوور، ماڵەکانی کەنداو و گەڕەکە هەژارەکانی کەیپ تاون، لیما و کاراچی چی ڕوودەدات. چونکە کێشەکە لە بنەڕەتدا یەکیە: سیستەمێک کە پێویستی بە کاری هەرزان، جەستەی ناسک و یاسای کوندار هەیە، و هەموو ئەمانە بە ئاسانی لە ژنێکی هەژار لە باشووری جیهان دەدۆزێتەوە.
هەروەها گفتووگۆ لەسەر واقیعی ژنان لە جیهاندا ناتوانێ تەواو بێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو کەسانەی کە پاڵیان پێوە دەنرێت بۆ فرۆشتنی جەستەیان بۆ مانەوە لە ئابوورییەکی نادادپەروەرانەدا کە بوون خۆی پشت بە جەستە و کاری ناجێگیر دەبەستێت. وەک ئەوەی لە زۆربەی شوێنەکانی جیهاندا ڕوودەدات، لە وڵاتانی گەشتیاری هەژارەوە تا شارە گەورەکان کە لەسەر ئابووری سێبەر دەژین، جەستەی ژنان دەبێتە دوایین سەرچاوەی بەردەست لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری و پەراوێزخستن.
بۆیە 8 ی مارس ناتوانێ ڕۆژێکی جیهانی بێت مەگەر کرێکاری کارگەکە لە داکا، کرێکاری ناوماڵ لە ریاز، فرۆشیاری بازاڕ لە ئەدیس ئەبابا و ئەو ژنەی کە ڕۆژانە بۆ بژێوی ژیان تێدەکۆشێت لە ئابووری نافەرمی سەختدا لە ناوەڕاستی ئەو ڕۆژەدا ئامادە نەبن نەک پەراوێزەکانی. نەک وەک قوربانی بۆ وروژاندنی هەست، بەڵکو وەک ئەکتەرێک لە خەباتێکدا کە نەوەستاوە و ناوەستێت تاوەکو ئەو هەلومەرجە پێکهاتەیەی کە چەوساندنەوەیان گونجاو و قازانج بەخش و بەردەوامە دەگۆڕێت.

قەیرانەکان ڕاستیەکان دەردەخەن: لاوازی دەستکەوتەکان لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا
ئەم لاوازییە پێکهاتەیە کە ژنان لە باشوور ئەزموونی دەکەن تەنها پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە. قەیرانی ئابووری ئەوە دەردەخات کە ژنان لە باکووریش دەستکەوتیان بەدەستهێناوە کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە بەبێ ڕەگ و ڕیشەی قووڵ لە پێکهاتەی خودی سیستەمەکەدا. ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە بە پێشکەوتوو وەسف دەکرێن لە یەکسانی جێندەردا بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە ئەم دەستکەوتانە سەرەڕای گرنگی زۆریان هێشتا لاوازن و ئەگەری داخوران لە سیستەمێکی سەرمایەداریدا کە پێکهاتەی بنەڕەتی نەگۆڕاوە. لە هەموو قەیرانێکی ئابووریدا، داواکان داوا لە ژنان دەکەن لە بازاڕی کار بکشێنەوە لە ژێر ئەو مشتومڕەی کە لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە دەردەکەون بەڵام لە بنەڕەتدا ئابووری دەردەکەون، وەک کەمکردنەوەی بێکاری، کەمکردنەوەی خەرجی گشتی، یان گەڕانەوە بۆ “ڕۆڵی سروشتیی” ژنان لە ماڵ و خێزاندا.
تەنانەت لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا و ئەوروپا کە زۆرجار وەک نموونەی یەکسانی نیشان دەدرێن، بەشداری ژنان لە پۆستە باڵاکانی سەرکردایەتی تا ڕادەیەک سنووردارە لە زۆربەی کەرتەکاندا لە سەدا 25 بۆ 35 ی پۆستە باڵاکانی بەڕێوەبەر تێپەڕ ناکات و لە بەرزترین پۆستی جێبەجێکار بۆ 10 بۆ 15 لە سەدا دادەبەزێت، لە کاتێکدا جیاوازی مووچە بە تێکڕای 10 بۆ 13 لە سەدا بەردەوامە. شەڵتەرەکانی قوربانیانی توندوتیژی خێزانی ساڵانە سەدان ژن وەردەگرن، ئەمەش بە ڕوونی نیشانی دەدات کە یەکسانی یاسایی لە دەستوور و یاساکاندا مانای کۆتایی هێنان بە چەوساندنەوەی ڕاستەقینە نییە.
ئەم لاوازییە تەنها بۆ باشوور سنووردار نییە. هەمان سیستەمی ئابووری کە گوشار دەخاتە سەر کرێی ژنانی کرێکار لە کارگەکانی داکا، سیاسەتی توندوتیژی و تایبەتیکردن بەڕێوە دەبات کە کاریگەری لەسەر ژیانی ژنانی کرێکار لە نەخۆشخانە و قوتابخانە و دامەزراوەکانی چاودێری لە ئەوروپا هەیە. بەم شێوەیە لاوازی دەستکەوتەکان دەبێتە دیاردەیەکی هاوبەش کە شێوەی جیاواز لە نێوان باکوور و باشوور وەردەگرێت بەڵام لە هەمان ڕەگەوە سەرهەڵدەدات.
ئەم ڕاستییە ئازاربەخشانە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەو مافانەی کە لە ڕێگەی خەبات و قوربانیدان بەدەست هاتوون وردە وردە لەناودەچن مەگەر ئەو پێکهاتە ئابوورییە قووڵانەی کە پەیوەندییەکانی چەوساندنەوە و جیاکاری دەپارێزن بگۆڕدرێن. مافێک کە لە سیستەمێکدا دەدرێت کە باوەڕی بە یەکسانی نییە وەک مافێکی هەڵپەسێردراو دەمێنێتەوە کە دەتوانرێت هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی ئەو سیستەمە پێویست بکات لێی بسەنرێتەوە.

کاتێک پێشکەوتنی ژنان مانای سەرکەوتنی فێمینیستی نەبێت
بوونی ئافرەت لە پۆستی سەرکردایەتیدا مەرج نییە سەرکەوتن بێت بۆ دۆزی ژنان. ئەمە تەنها پارادۆکسێکی تیۆری نییە. مێژوو نموونەی بەرجەستە پێشکەش دەکات. یەکێک لە بەرچاوترین نموونەکان ئەزموونی مارگارێت تاچەر (1925-2013) بوو کە یەکەم ئافرەت بوو بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە لە نێوان ساڵانی 1979 و 1990 حوکمڕانی کرد. بەرزبوونەوەی ئەو بۆ بەرزترین ئاستی دەسەڵات لە کۆمەڵگایەکدا گرنگی هەبوو کە ژیانی سیاسی لەمێژە پیاوان بەسەریدا زاڵ بوون. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بەرزبوونەوەیە نەبوو بە سیاسەتێک کە یەکسانی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات یان چینی کرێکار لە چەوساندنەوە بپارێزێت.
بە پێچەوانەوە، سەردەمی ئەو پەیوەندییەکی نزیکی هەبوو بە سیاسەتی تایبەتکردنی فراوان و توندوتیژی ئابووری سیستماتیک کە سەندیکاکانی لاواز کرد، هێرشی توندی لە کرێکاران کرد و نایەکسانی کۆمەڵایەتی قوڵتر کرد. ژنان، بەتایبەتی ژنانی کرێکار و هەژار، باجێکی نەگونجاو و ئازاربەخشیان دا بۆ ئەم سیاسەتانە.
ژنان بەس نییە بگەنە پۆستی دەسەڵات ئەگەر هەلومەرجی کارکردن نادادپەروەرانە بمێنێتەوە. بەس نییە کە گوتاری “تواناسازی” و “شکاندنی سەقفی شوشەیی” بڵاو ببێتەوە لە کاتێکدا کاری ناوماڵ و چاودێری لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نەناسراوە و لە حساباتی ئابووری فەرمی دوورخراونەتەوە. ئەم ئەزموونە بیرمان دەخاتەوە کە ئازادی ژنان بە ڕەگەزی ئەو کەسە ناپێورێت کە لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتووە، بەڵکو بە سروشتی ئەو سیاسەتانەی جێبەجێ دەکرێن و هاوتەریب بوونیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی زۆرینەی چەوساوەدا دەپێورێت.
ئامادەبوونی ژنان لە پۆستەکانی سەرکردایەتی و بڕیاردان هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە بەرەو یەکسانی، چونکە قۆرخکاری مێژوویی دەسەڵات دەشکێنێت و ئامادەبوونێکی سیاسی و دامەزراوەیی دەبەخشێت بە ژنان. لەگەڵ ئەوەشدا پێوانەی ڕاستەقینەی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی ژمارەی کورسییەکانی ژنان نییە لە ئەنجوومەنی کۆمپانیاکان یان هۆڵەکانی پەرلەمان، بەڵکو گەشەسەندنی بەرجەستە لە ژیانی ژنانی پەراوێزخراو: کرێکارانی مووچەی کەم، ئەو ژنانەی لە هەژاری بۆماوەییدا گیریان خواردووە، پەنابەرانی هەڵهاتوو لە جەنگ و چەوساندنەوە، قوربانیانی سیاسەتی توندوتیژی کە باجی ئەو قەیرانانە دەدەن کە خۆیان دروستیان نەکردووە. لەم ڕوانگەیە ڕادیکاڵەوە، 8 ی مارس وەک رۆژی پرسیاری قووڵ لە سیستەمی ئێستا، سیاسەتەکانی و پێکهاتەکەی دەمێنێتەوە نەک دەرفەتێک بێت بۆ گونجاندن یان ماستاوکردن.

8ی مارس: چۆن تێدەکۆشین، نەک چۆن ئاهەنگ دەگێڕین
لە کۆتایی ئەم ڕێگا مێژووییە درێژە کە لە نیویۆرکەوە تا پترۆگراد و لە کۆپنهاگنەوە بۆ هەموو شارێک درێژ دەبێتەوە کە ژنان ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ داواکردنی مافەکانیان، بیرهێنانەوەی 8 ی مارس گەڕانەوەیەکی سۆزدارانە نییە بۆ ڕابردوو. ئەوە گەڕاندنەوەیەکی هۆشیارانە بۆ مانا ڕەسەنەکەی کە زۆر هێز هەوڵ دەدەن جوانی بکەن و بەتاڵ بکەن لە ناوەرۆکی چینایەتی و شۆڕشگێڕی. بەدەستهێنانەوەی ئەم ڕۆژە مانای نکۆڵی کردن لە خەباتی ڕیفۆرمیستی نییە کە دەستکەوتی بەدەست هێناوە کە ناتوانرێت بەکەم بزانرێت. واتە دووبارە بەستنەوەی ئەو دەستکەوتانە بە ڕەگە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانیانەوە بۆ پاراستنیان لە پاشەکشە و پاشەکشە کردن.
سەرەڕای هەموو ئەو مافانەی کە بە دەیان ساڵ خەبات و خوێن و قوربانیدان بەدەست هاتوون، ئەو پێکهاتە قووڵانەی کە ڕۆژانە جیاکاری لە هەموو کارگەیەک، فەرمانگە و ماڵێکدا بەرهەم دەهێنن، لەناونەچوون. چەوساندنەوەی ژنان بەردەوامە لە بازاڕی کار کە لەسەر بنەمای جیاوازی مووچەی سیستماتیک و کاری بێ مووچە لە ئامارە فەرمییەکاندا نییە، و لاوازی ئابووری بۆماوەیی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە. ئەو سیستەمەی کە ژنانی کرێکار لە کارگەکانی چنین بەرهەڵستی دەکرد، بە زیندوویی دەمێنێتەوە و شێوە و میکانیزمەکانی دەگۆڕێت و لەگەڵ ئەوەشدا ناوەڕۆکی خۆی لەسەر بنەمای زاڵبوون و چەوساندنەوەی سیستماتیک دەپارێزێت.
ئەو میراتەی فێمینیزمی سۆسیالیستی بەجێی هێشت بانگەوازێک نەبوو بۆ ئاهەنگێکی ساڵانە کە ئاڵاکان هەڵواسرێن، گوڵ دابەش بکرێن و کۆنفرانس ئەنجام بدرێت پێش ئەوەی هەمووان بگەڕێنەوە بۆ ژیانیان بەبێ گۆڕان. بانگەوازێکی بەپەلە بوو بۆ ڕێکخستن و تێکۆشان لە سنوور و کەلتوور و زمانەکاندا، یەکسانی بە ڕەخنەگرتن لە سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری و بەستنەوەی ئازادی ژنان بە ئازادی کۆمەڵگا بە گشتی لە لۆژیکی چەوساندنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا گرنگترین پرسیار هەر دەمێنێتەوە: چۆن تێبکۆشین؟ ئەمڕۆ چ شێوازێکی ڕێکخستن پێویستە؟ ئایا پارتێکی سیاسی سۆسیالیستی تەقلیدی، تۆڕە کۆمەڵایەتییە لامەرکەزییەکان، یان رێکخراوەکانی فێمینیستی ترانس نەتەوەیی؟ چۆن کرێکارێکی جلوبەرگ لە بەنگلادیش دەتوانرێت پەیوەندی بە بەکاربەرێکی ئەوروپاوە هەبێت بە شێوەیەک کە هۆشیاری هاوبەش دروست بکات سەبارەت بە زنجیرەی چەوساندنەوەی جیهانی نەک شاردنەوەیان؟ چۆن دەتوانرێت ڕووبەڕووی سیاسەتی توندوتیژی ببێتەوە کە لەلایەن دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتیەکانەوە سەپێنراوە، کە دەرەنجامەکانی زۆرترین دەکەوێتە سەر ژنانی کرێکار و هەژار؟
وەڵامەکان ناتوانن کورت بکرێنەوە بۆ یەک هاوکێشەی ڕێکخراوەیی کە لە هەموو شوێنێک دروست بێت. هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەیەکەوە بۆ چوارچێوەیەکی تر جیاوازە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموونی هاوچەرخ ئاماژە بە چەند ئاراستەیەکی ڕوون دەکات، لەوانە بەهێزکردنی ڕێکخراوی فێمینیستی سەربەخۆ و بنیاتنانی تۆڕی هاوپشتی فێمینیستی و کرێکاری. هەندێک لە پارتە چەپەکان و هێزە پێشکەوتووەکانیش ڕۆڵیان گێڕاوە لە پشتیوانیکردن لە یەکسانی جێندەر و داخوازییەکانی بزووتنەوەی فێمینیستی، چ لە ڕێگەی کاری پەرلەمانی و چ هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، گرنگ دەبێت خەباتی فێمینیستی بە خەباتی کۆمەڵایەتی فراوانتر لە دژی سیاسەتی توندوتیژی و تایبەتیکردن ببەسترێتەوە و شێوازی نوێی ڕێکخستن کە کاری سیاسی و کۆمەلایەتی و فشاری سەندیکاکان تێکەڵ بکات. جیهانگیریی سەرمایەداری ئابووری جیهانی بەیەکەوە بەستووەتەوە. نەک تەنها تەحەدایەکی هاوبەشی بەرهەمهێناوە بەڵکو هەلومەرجی نوێی بۆ هاوپشتی کیشوەربڕ ڕەخساندووە کە دەتوانێت خەباتی ژنان لە شەڕە ناوخۆییە دابڕاوەکانەوە بگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جیهانی هۆشیارتر لە خۆی و ئامانجەکانی.
بۆیە لە 8 ی مارس و هەموو ڕۆژەکانی دواتر، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە چۆن ئەم بۆنەیە بگێڕین. پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە چۆن تێدەکۆشین و ڕێک دەخەین و بنیات دەنێین. ئەو مافانەی دوێنێ بەدەستیان هێنا پێویستیان بە هۆشیاری نوێ و رێکخراوێکی بەردەوام هەیە بۆ پارێزگاریکردنیان لە ئەمڕۆ، وە پێویستیان بە ئیرادەی فێمینیستی چەپی شۆڕشگێڕانە هەیە کە ماندوو نەبێت لە فراوانکردنیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تا یەکسانی تەواو بەدەست دێت—یەکسانییەک کە نە نیوە قبوڵ بکات و نە وردە وردە قبوڵ بکات.

بەیان ساڵح




ئازادی گەلانی ئێران لەبەردەم بەربەستەکانی دوای ڕوخانی ڕژێمی ئیسلامیدا.. شاخەوان قادر شۆڕش

لە جوگرافیای ڕامیاریی ئێراندا ژمارەیەک گروپی ئەتنی ئایینی و نەتەوەیی دەژین کە فارس نین و سەدان ساڵە لەژێر دەستی دەسەڵاتدارانی تاراندان. کورد، لور، بەختیاری، ئیلامی، بەلوج، ئازەری، عەرەب و چەندین گروپی دی لە ژێردەستەییدا دەژین. ئیمراتۆرەکانی ئێران لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە لەژێر ناوی ڕەوتی شیعەی ئیسلامیدا لە هەموو سەردەمەکاندا ناڕەوا ئەو گەل ونەتەوانەیان خستۆتە ژێر دەستیان و چەوساندوویاننەوە و چیان ویستووە پێیان کردوون. وەکو هەموو ئیمپراتۆرەکان بە درێژایی مێژوو لەسەر بنچینەی هێز و داگیرکاری و فراوانخوازیی دروست بوون، ناڕەوا و بەهێزی زەبروزەنگ خۆیان بەسەر گەلاندا سەپاندووە. گەلانی ژێردەستی ئێران لە بێهێزیی و ناچاریدا ملیان بۆ دەسەڵای ناوەند کەچ کردووە. لە دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی پادشایەتی ڕەزا شا، ئەم بارە وەکو پێشوو درێژەی پێدرا. ڕژێـمی ڕەزا شا لە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی گەلان لە تێکشکاندنی کۆماری کوردستان و ئازەربایجانەوە و لەسێدارەدانی سەرکردە کوردەکان و سەدان شۆڕشگێری کورد دەستی پێکرد و بەردەوام بوو، کەمترین کاردانەوە و ناڕەزایی بە تووندترین شێوە وەڵامی دەدرایەوە. حەمە ڕەزا شای ئێران لە خەیاڵی بەرزەفڕی خۆیدا نازناوی درۆزنەی پەهلەویان لە خۆیان نا، وەکو مەبەستی بوو ئیمراترۆری فارس زیندووکاتەوە و زمان و فەرهەنگی فارسی لەژێر رەوتی ناسیونالیستی ڕەگەزپەرستانەدا لە ڕێگەی زەبروزەنگدا بەسەر گەلاندا بسەپێنێت. کە ڕژێمی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ دا هاتنە سەرکار ئەم ڕەوتە خۆسەپێنەر و فراوانخوازییە لەلایەک و نکۆڵیکردن لە مافی گەلان لە لایەکی دی درێژەی پێدرا، لەژێر ناوی شۆڕشی ئیسلامی و بیروهزری خومەینیدا ٤٧ ساڵە ئەم ڕژێمە خەڵک دەچەوسێنێتەوە، ئازادیی و کرانەوەی تاکەکانی قەدەغە کردووە، یاسای شەریعەی ئیسلامی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە، لەو ساوە تا ڕۆژی ئەم ڕۆمان لە کوشتن و تیرۆر و ئازاردانی خەڵک لەسەر جودایی بیروڕاو داوای ئازادی خەڵک بەردەوامە. دەکرێ مەزەندەی ئەوە بکرێت کە سەدان هەزار کەس لە لایەن ئەم ڕژێمەوە بێدادانە لە دادگای بەناو شۆڕشی ئیسلامیدا سزای مردنیان بەسەردا سەپێندراوە و ناڕەوا کوژراون. جگەلەوەی کە ئێران هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی ئێران کردووە، پشتگیریی گروپە ئیسلامیە تووندڕەوەکانی لە زۆر لە وڵاتە مۆسوڵمانەکاندا کردووە، بۆ نموونە دەستی خستۆتە ناو کاروباری عێراق، سوریا، لبنان و فەڵەستین وڵاتانی دیکە.
ڕژێمی شا لەژێر کاریگەریی هزری ئایدۆلۆژیانەی پان فارسیسزمدا ئەم گەلانەی چەوساندۆتەوە، ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەژێر کاریگەریی هزری ئایینی ئیسلامدا درێژەی بە هزری نەتەوەیی فارسیانە داوە و ئەم گەلانەی چەوساندۆتەوە. لە کاتێکدا نە ئیمپراتۆرەکان، نە ڕژێمی شا نە ڕژێمی ئیسلامی مافی ئەوەیان نەبووە ئەم هەرێمانە بە زەبروەنگ و هێز بخەنەژێر دەستی خۆیان و داگیریان بکەن.
لە دوای هەڵگیرانی جەنگ لە نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ڕژێمی ئیسلامی لە بەرەکەی دیکەدا لە ڕۆژی ٢٨/٢/٢٠٢٦دا، کوشتنی خامنەئی و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکان و وێرانکرانی سەربازگە و کارگەکانی چەک، دەوڵەتی ئێران لە ئەگەری ڕووخان و وەرچەرخان دایە. ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران نە تەنها بۆ گەلانی ئێران گرنگ و پێویستە بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گرنگی هەیە، ئەگەر لە دیدی ئازادی و کرانەوەدا سەیری گۆڕینی ئەم ڕژێمە تۆتالیتارە ئیسلامیە بکەین.
کوڕەکەی شا بە ئاواتی گەڕانەوەیە و لایەنگرانیشی هەن، لە ئەگەری گەڕانەوەی کوڕەکەی حەمە ڕەزا شا بۆ دەسەڵات کە لە ئێستاوە هەڕەشە لەو گەلانە دەکات کە نیازی ئازادی و خۆسەریان هەیە، ئەوا ئەگەرەکانی درێژەدان بە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی گەلانی ژێردەستەی ئێران لە ژێر ناوی پارێزگاریی لە یەکپارچەیی خاک و یەکسانی لە هاوڵاتیبووندا بەهێز دەبن، ئەوەش دەرئەنجامەکانی بۆ ئێرانی دوای ئایەتوڵاکان باش نابێت، چونکە ئاژاوە و ناکۆکی و شەڕی ناوخۆ و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە ئەو مەترسیانەن کە لە ئەنجامی سەپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەدا سەرهەڵدەدەن. گەلانی ئێران پێویستیان بە ئازادی و دیموکراسی هەیە، پێویستیان بە دیکتاتۆرێکی دی لەبەرگی پادشایەتیدا نییە.
هەموو ئەو گەلانەی لەژێر دەستی تاراندا بوون مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان دیارکەن و بڕیاری لەسەر بدەن، هەر جۆرە سەپاندنێک لەژێر ناوی پاراستنی یەکێتی خاکی ئێران، یا هاوڵاتی بوون و یەکسانی لە مافی هاوڵاتیبووندا بەمجۆرە ڕاکردن لە دانپێنانی مافی کەلتوری و ڕامیاریی و نەتەوەیی ئەم گەلانەی کە خاوەنی مێژوو و جوگرافیای تایبەت بەخۆیانن، ناتوانێ چارەسەری درێژ خایەن لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، بەپێچەوانەوە درێژەدانە بە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی ئەم گەلانە کە نە فارسن و نە دەخوازن لەژێر دەسەڵاتی تاراندا بن.
لەگەڵ ڕوخانی ڕژێمی ئیسلامیدا پێویستە ڕەتی ئەو سنوورە جوگرافیانە بکرێنەوە کە دەسەڵاتی ناوەند بە مەبەستی لاوازکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیا ئەم نەخشە ناوخۆییانەی سەپاندووە. پێویستە ئەم شێواندنە جوگرافی و دیمۆگرافیانە چاکبکرێنەوە. بۆ نموونە نیوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەژێر چنگی ئێراندایە وەکو ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ناوزەدکراوە. کە کە خەڵک و خاکەکەی هیچ پەیوەندیان بە ئازەربایجانەوە نییە. پێویستە ئەم سنوورە بەڕێوەبەریی و جوگرافیانە چاکبرێنەوە. پێویستە گەلانی ئێران شانسی ئەوەیان پێبدرێت خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن و جۆرێک لە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی یا فیدرالیان هەبێت، لەسەر بنچینەیەکی دیموکراسیانە سیستەمی ڕامیاریی خۆیان دابمەزرێنن و مافی کەلتوری و سیاسی کەمینەکان لە چوارچێوەی سنوورەکانیاندا پارێزراو بێت. دەکرێ جۆرێک لە سستەمی تێکەڵ لە ئۆتۆنۆمی و فیدرالی بەپێی هەڵکەوتە و تایبەتمەندی هەرێمەکان دروست بکرێت، مسۆگەری مافە کەلتوری و ڕامیاریەکان بکرێت، هەموو گەلان نوێنەریان هەبێت و بەشداریی لەبەڕێوەبردندا بکەن، مسۆگەری مافەکانی مرۆڤ بکرێت، هەروەها نوێنەرانی ئەم گەلانە بەشدرایی لە دەسەڵاتی ناوەنددا بکەن. هەروەها گرنگە بیری بخەینەوە سنووری هیچ دەوڵەتێکی بەزۆر سپێندراو پیرۆز نییە و فەرمانێک نییە لە ئاسمانەوە دابەزیبێت، بۆیە پێویستە لە دیدی ڕەوایی دادوەریی و مافی گەلانەوە سەیری سنوور بکرێت. ئەو گەلانەی کە توانای سەربەخۆییان هەیە و مەرجەکانی دەوڵەت پڕ دەکەنەوە ڕێگەی مافی چارەی خۆنووسینیان پێبدرێت و لە دەستووردا ئەم مافە مسۆگەر بکرێت.
زلهێزەکان جگەلەوەی خەریکی جێبەجێکردنی پلانی ئابووری و سیاسی خۆیانن و لە ململانێدان، بەپێی بەرژەوەندی تایبەتیان هەنگاو دەنێن و پیادەی ڕیالپۆلیتیک دەکەن، ئەوەش ئاراستەیەکە کە بیر لە بەدیهێنانی ئامانجە ئاسایشییە نەتەوەییەکان دەکاتەوە و مافی گەلانی ژێردەستە لە بەرنامەیدا نابێ، ئەگەر بەرژەوەندیەکانی نەخوازێت. لە کاتێکدا ئەمەریکا هەوڵی تێکشاندنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەتەواویی دەدات و دەیهەوێ ڕژێمەکە تەواو لاوازکات، مسۆگەریی کۆنتراکتی نەوت و گازبگات، ئیسرائیل جگەلە نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی هەوڵی نەهێشتنی ڕژێمی ئیسلامی دەدات، کە بەهەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەیبینێت. وەکو لای سەرانی ئیسلامی ئێران ڕەوابووە ئیسرائیل لەگەڵ خاکدا تەختک بکرێت و بە شانازیەوە ئاماژەیان بە ئەرکی جیهادیانەی خۆیان کردووە، هەر لەم دیدە جیهادی و فراوانخوازیەوەش پشتگیریی گروپە ئیسلامیەکانی وەکو حەماس، حزبوڵا و حوسیەکانی لە دژی ئیسرائیلدا کردووە. بۆیە ئیسرائیل لەوەدا بە کردەوە و بەڵگەوە ئەو هەڕەشەیەی ئێرانی لەسەردا هەبووە و ئیستا دەیهەوێ شوێنەوەرای ئەم ڕژێمە نەهێلێت.
ڕۆژئاوا و وڵاتانی موسوڵمان لە دیدی تایبەتی جیاجیاوە لەگەڵ ئەوەن زوو سەقامگیریی بۆ ئێران بگەڕێتەوە و شەڕی ناوخۆ و پەرتەوازەیی دروست نەبێت. ئەگەر ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ جۆرێ لە کرانەوە و بەستنی کۆنتراکتی نەوت و گازدا بن، ئەوا وڵاتە موسوڵمانەکان کێشەیان لەگەڵ هاتنی ڕژێمێکی دیکتاتۆردا نییە، چوکە خۆیان دیموکراسی نین.
ئەوەی بە پلەی یەک کاریگەریی لەسەر گۆڕانکارییەکەدا هەبێت ئەمەریکایە، جگەلەوەی سەختە لە نیازی شاراوە و هەنگاوی داهاتووی تڕەمپ بگەیت، چونکە ئێمە نازانین لە ژوورە داخراوەکاندا بڕیاری چی دەدرێت، بەڵام ئەگەر سەرنجی لێدوانەکان بدەین و وەکو لە سوریا دیترا ڕەوتی بەڕێوەبەریی تەرمپ سەبارەت بە جۆری چارەسەری کێشەی نێوان نەتەوەکان، تێگەیشتنێکە لەژێر کاریگەریی تورکیادایە، تێگەیشتنێکە خۆی لە هزر و بیرۆکەی ئۆتۆنۆمی و فیدرالی دووردەخاتەوە، پێ لەسەر یەکێتی خاکدا دادەگرێت، جەخت لەسەر مافی کەلتوری و هاوڵاتی بوون و “مافە سڤیلەکان” دەکاتەوە، دژی داننانە بە مافە نەتەوەییەکان و دابەشکردنی وڵاتە لەسەر بنچینەی مافە ئەتنی و نەتەوەییەکاندا، بەکورتی لەگەڵ چارەسەری فیدرالی و خۆسەریدا نییە، تەنها لەبارێکدا کە نەتەوەی ژیردەستە خۆی وەکو نەتەوە سەڵماندبێت و بەهێز و یەکگرتووانە هاتبێتە پێش و سووڕبێت لەسەر مافەکانی، لەم بارەدا دەکرێ لاربوونەوە ڕووبدات. بەڕێوەبەریی تڕەمپ پیادەی ڕیالیزم دەکات کە بەرژەوەندیی ناسیونالیستی ئەمەریکا چەقی هەنگاوەکانیانە، مافی مرۆڤ و مۆڕال گرنگیان نییە. بەکورتی بەڕێوەبەریی تڕەمپ کێشەی لەگەڵ بوونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆردا نییە کە مافی گەلان پێشێلکات بە مەرجێک سەقامگیر بێت و بە پێی خواست و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا بجووڵێتەوە. بۆ نموونە ئەوەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامیدا بۆ ئەمەریکا ئاساییە دووبارەی بکاتەوە. ئەو ڕەوتەی ئەمەریکا ئاراستەیەکە لەگەڵ خواستی گەلانی ژێردەستەی ئێران یەکناگرێتەوە و دژە لەگەڵیاندا، بۆیە ئەرکی ئەم گەلانە لە خەباتیان بۆ گەیشتن بە ئازادیی زۆر سەختتر دەکات. ئەگەر سەیری سوریا بکەین ئەوە بێگومان خەباتی ئازادی و ڕزگاریی گەلان لە ئێراندا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت دایە، بۆیە چ جۆرە چارەسەرێک و سیستەمێکی ڕامیاریی بۆ ئێرانی دوای ڕژێمی ئیسلامی گونجاوە بژاردەیەکی ئاسان نابێ ئەگەر لەلایەک ئەمەریکا دژی پرەنسیپە دیموکراسیەکان بوەستێت و کەسێکی دیکتاتۆر بێنێت و بیسەپێنێت، لە لایەکی دی ڕەجەویەکان و شا پەرستەکان و فارسە ناسیونالیستەکان بەگشتی دژی مافی خۆبەڕێوەبەری گەلان بووەستنەوە.
گرنگە کوردەکان و گەلانی ژردەستە پەیوەندی دیپلۆماسیان بەهێزکەن و بگەن بە بازنەی خەڵکە نزیکەکان لە تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، تاکو بتوانن کارییگەریی لەسەر بڕیارەکان دروستکەن. ئەوەی لەسەر پارتە ڕامیاریەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە تەبایی و یەکگرتووییە لەسەر ستراتیژیەتێکی ڕامیاریی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە تیایدا ڕەچاوی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان بکات، مسۆگەری مافەکانی مرۆڤ بکات، مسۆگەری مافە کەلتوری و ڕامیاریەکانی کەمینەکانی کوردستان بکات، هەروەها لەسەر بابەتە چارەنوسسازەکان یەکگرتووانە لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بدوێن. پێویستە کوردستان هێزی بەرگریی تایبەت بە خۆی هەبێت و کە لە قۆناغی دوای ڕوخانی ڕژێم لەسەر بنچینەیەکی مۆدێرن ڕێکبخرێتەوە، هەڵەیەکی کوشندەیە لەسەر بنچینەی میلیشیا و ‌حزب حزبێنە درێژە بە بوونی بدات. یەکگرتوویی و دیسپلینی بەهێز، ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆکمە و بەهێز پیشان دەدات و وادەکات بەهێزەوە بچنە ناو دانوستان و ڕێککەوتنەکان.

شاخەوان قادر شۆڕش
٧-٣-٢٠٢٦




ئەمریکا کورد بەکاردێنێت بەڵام هەمیشە لە قازانجی کورد دا بووە.. شێرکۆ کرمانج

لەم ڕۆژانە ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر قسەی لێ دەکرێت پەیوەندی نێوان کورد و ئەمریکایە. ئەوەی لە هەموو شتێکیش زیاتر ڕەخنەی لێ بگیردرێت ئەوەیە کە گوایە ئەو پەیوەندییە ئامرازییە و کورد زەرەرمەند بووە لە مامەڵەکانی لەگەڵ ئەمریکا.
ئەم قسانە ئەگەر کەسێکی سادە و کەم شارەزا لە مێژوو و لە سیاسەت بیکات بەبێ ئەوەی کە بزانێت ئەم جۆرە گوتار و تێگەیشتنانە کێ بڵاویان دەکاتەوە ئەوە دەکرێت ئاسایی لێی بڕوانین. بەڵام کاتێک ڕۆژنامەنووسێک، ئەکادیمییەک، یان سیاسەتوانێک قسە لەو بابەتە بکات و بەو ئاراستەیە ئارگیومێنتسازی بکات ئەوە بەڕای من دەچێتە خانەی نەک هەڵە تێگەیشتن بەڵکوو چەواشەکاریی.
پێش ئەوەی بێمە سەر قازانج و زەرەری کورد لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەمەوێت قسە لەسەر یەک دوو دەرکەوتە بکە کە لەم ڕۆژانە بە زەقی هەستی پێ دەکرێت.
یەکەم، ئەوەی ڕوونە داگیرکەرانی کوردستان، لە پێش هەموویانەوە تورکیا و ئێران، خەریکە هار بن کە دەبینن پەیوەندییەکی ئاوەها قسەی لەسەر دەکرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەلەفۆن بۆ سەرکردە کوردەکان دەکات، هاوکات کوردستانیان خەریکی خۆسازدانن. ئەمە هیچ مانایەکی نەبێت مانای ئەوەیە کە ئەم نزیکبوونەوەیە لە قازانجی کوردە لە زەرەری داگیرکەرانە.
دووەم، کەس نییە لەم چەند ڕۆژە هەستی بەوە نەکردبێت کە میدیا چەواشەکارەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی، تەنانەت چەپی ڕادیکالی ڕۆژئاواییش، چەندە تەنگەتاو بوونە بەو لێک نزیکبوونەوەیە. تەنانەت ڕووناکبیر و ئەکادیمیستە بەناو مرۆڤدۆست و مافدۆست و دیموکراتخوازەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی، بەوانەشەوە کە لە ڕۆژئاوا دادەنیشن، هەناسەیان تەنگ بووە و دەیان ناوناتۆرەیان بۆ کورد دۆزیوەتەوە هەر لە جودایخوازییەوە بگرە تا دەگاتە بەکرێگیراویی. ئەمەش وەک خاڵەکەی پێشووتر نیشانەی ئەوەیە کە ئەم پەیوەندی و لێکنزیکبوونەوەیە لە قازانجی کوردە، بۆیە ئەم توێژەش دڵەڕاوکێیان گرتووە.
هەندێک نووسەر و ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووسی کوردیش کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم گوتارە چەواشەکارییە و لە هەوڵی ئەوەدان کە کورد لە ئەمریکا دوور بخەنەوە.
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە کەس نییە پێی خۆش بێت کە کورد بەکاربێت، بەڵام قەتیسکردنی پرسەکە لە بەکارهێنان و ئامرازبوون بۆ پاراستنی کورد نییە بەڵکو بۆ ڕێگریکردنە لەوەی کە نەکا کورد وەک دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ١٩٩١ و ٢٠٠٣، هەروەها دەستوەردانەکانی لە سووریا لە ٢٠١٤، شتێکی بەرکەوێت و قازانجی لێ بکات.
مێژوو پێمان دەڵێت کە کورد بەردەوام لە دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە قازانجی کردووە. ئەمە لەبەر ئەوە نەبووە کە ئەمریکا ویستویەتی کورد سوودمەند بێت بەڵکو لە ئاکامی تێوەگلانی کورد لە گەمەکان، بەگشتی، قازانجی کردووە.
لە ڕاستیدا کورد تەنیا ئەو کاتانە بزاڤەکەی چۆتە پێش و دەسکەوتی گەورەی هەبووە کە لەگەڵ ئەمریکییەکان بووە بە هاوبەش، شەریک. هەموو دەستوەردانێکی ئەمریکی لە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بە قازانجی کورد کۆتایی هاتووە.
دەستوەردانی ئەمریکا لە ١٩٩١، چ بە لێدانی عێراق و دروستبوونی ڕاپەڕین، چ لە کۆڕەو و دانانی ناوچەی دژەفڕین دواجار بە قازانجی کورد شکایەوە. کەس نییە بتوانێت بڵێت کە ئەم دووانەیە (لێدان و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین) فاکتەری سەرکیی بوون کە هەرێمی کوردستانی لە باشوور بەرهەمهێنا. ڕاستە لەو ئاکامەدا کورد زەرەری گیانی لێکەوتووە بەڵام دەستکەوتە نەتەوەییەکان لە ژمار نایەن. ئەوە بەسەر ئاماژە بەوە بکەین کە چۆن باشوور بوو بە قووڵایی ستراتیجی بۆ ڕۆژاڤا لە مانگی ڕابردوودا، هەروەها چۆن باشوور بووە گۆڕەپانی یەکبوونی کوردیی و کۆمەک و یارمەتی کۆکردنەوە بۆ ڕۆژاڤا. ئەمریکا و دەستوەردانەکانی و گەمەکردنی کورد لە یارییەکانی ئەمریکا نەبا هیچ کاتێک کورد لە باشوور بەم ڕۆژە نەدەگەیشت و دەبوو تا ئێستا لەژێر ڕەحمەتی ئەنفال و کیمیاباران با.
ئەمە بۆ ڕۆژاڤاش هەر ڕاستە، دەستوەردانی ئەمریکا و پشتیوانی ئەوان نەبا ئەزموونی ڕۆژاڤا دروست نەدەبوو. ڕاستە ئەمریکا وەک پێویست، بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بەهانای کوردەوە نەهاتن، بەڵام ئەوەی ئێستا ماوەتەوە هەر بەگشتی زادەی ئەو پشتیوانیانەیە کە ئەمریکا لە ڕۆژاڤا کردی لە ٢٠١٤ەوە تا ٢٠٢٦. دۆخی کوردی ڕۆژاڤا ئێستا زۆر لە دۆخی کورد لە ٢٠١١ باشترە. بۆ نموونە: کورد لە ڕۆژاڤا سوپای خۆی هەیە؛ دامەزراوەی خۆسەری خۆی هەیە لە بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکان؛ مەڕسومی کۆماریی سووری دەرچووە بۆ ناساندنی مافەکانی کورد کە دەکرێت لە دواڕۆژێکی نزیک بخزرێنە ناو دەستوور؛ دیبلۆماسیەتی کوردی لە ڕۆژاڤا گەیشتۆتە ئاستێک کە پێش ٢٠١١ خەونیشی پێ نەدەبینی. بەشداربوونی مەزڵوم عەبدی لە کۆنگرەی میونێخ ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە. ئەمانە هەمووی بەرهەمی ڕاستەوخۆش نەبن هی ناڕاستەوخۆی دەستوەردانی ئەمریکا لە سووریا بوون کە کورد بەشداری لە گەمەکانی ئەمریکا کرد، نەک لە ترسان بچێتەوە ماڵ و هیچی دەست نەکەوێت.
هیچ کامێک لەو دەستکەوتانەش بەرهەمی پێکهاتن و ڕێککەوتنی نووسراو و فەرمی نەبوون لەنێوان ئەمریکا و کورد، بەڵکو بەرهەمی بەشداریکردنی کورد بووە لە گەمەیەک، لە قومارێک، بەبێ پێکهاتن.
لە کۆتاییدا گرنگە لەسەر دوو خاڵی دیکە هەڵوەستە بکەین. یەکەم، کورد لە گەمەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئەگەر زەرەریشی کردبێت ئەوە لە قازانج زەرەری کردووە، لە ڕۆژاڤا پاشەکشەی کرد بەڵام زیاتر لەو ناوچانەدا بوو کە ناوچەی کوردستانی نەبوون. دووەم، کورد بەبێ بەشداری لەو گەمانە هەر وەک بکەرێکی مردوو و کارتێکی بەکارنەهاتوو دەمێنیتەوە، دواجار بوونیشی، وەک هەمیشە بۆ هەتا هەتایە، لە مەترسیدا دەمێنێتەوە.

شێرکۆ کرمانج




کوشتنی ژنێک بەر لە 8ی مارس.. جوتیار مەلا رەئوف

کە هەواڵەکە گەیشت و بڵاوکرایەوە، شاری بەغدا هێشتا تاریک بوو، هەواڵی کوشتنی ژنێک بوو، تەنها ژنێک.. ئەو نە ژەنەڕاڵ، نە سوپاسالار، نە وەزیر، نە پەرلەمانتار، نە کەسایەتیەکی ناو دەسەڵات بوو، ئەو تەنها ژنێک بوو لە ناو جەرگەی کۆنەپەرستیدا قسەی کردبوو، ژنێک کە ڕەتیکردبووەوە بێدەنگ بێت، ژنێک کە باوەڕی وابوو ئازادی نابێت ئیمتیازێک بێت، بەڵکو دەبێت بنەما بێت بۆ ژیانی مرۆڤەکان بە یەکسانی.
ڕەنگە بەو زووانەش، یان چەند ڕۆژیتر ناوی ئەو، لە ناو میدیاو هەواڵەکاندا نەمێنێت، چونکە لە وڵاتێکدا کە بەهۆی جەهل و شەڕ و تەقینەوەی ڕۆکێتوو و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوە هەژاوە، کوشتنی ژنان بە خێرایی دەبێتە تەنها ئامارێکی دیکە لە ئاماری توندوتیژیدا.
چەندە بە ئازارە کە کەمێک بەر لە 8ی مارس، لە کاتێکدا ڕێکخراو و حیزبوو دامودەزگا و میدیاکان ئامادەکاری دەکەن، وتار لەسەر مافەکانی ژنان ئامادە دەکەن و سیاسەتمەداران و پیاوانی دەوڵەتوو پەرلەمانتار پەیامی ساڵانەی خۆیان لە رووی زمانەوانی و ئەدەبیەوە بە بێ هیچ گۆرانکاریەک دادەڕێژنەوە، لە شوێنێک، لە گۆشەیەکی تاریکی شاری بەغدا ژنێک دەنێژرێت کە تاکە (تاوانەکەی) تەحەدای جەهل و کۆنەپەرستی و نەزمی پیاوسالاری و دەستەڵاتی مەزهەبگەرا بووە، چەندە خەمێکی قوڵە بۆ ئەو مرۆڤانەی کە لە خەمی کەرامەتی ئینسانی و هاوتایی دان، کە تا دێت لە ناو کۆمەڵگای عێراقیدا نەریتە پیاوسالاری و مەزهەبگەراکان بەهێزدەکرێن و وەکوو یاسا دادەڕیژرێن و بەردەوامیان پیدەدرێت، لەلایەن دەسەڵات و مەرجەعە ئایینییەکانەوە شەرعیەت وەردەگرن و لەلایەن گروپە سیاسییەکانی ناو دەستەڵاتەوە دەپاریزرێن، لە ناو ئەو پێکهاتەیەدا جەستەی مێینە وەکوو خاکێک دەبیندرێت کە دەبێت چاودێری و کۆنترۆڵ بکرێت، لە ڕێگەی ئەخلاقەوە، لە ڕێگەی خێزانەوە، لە ڕێگەی ئایین و هەندێکجاریش لە ڕێگەی توندوتیژی ئاشکرادا.
لە ناو رایەڵە جیاوازەکانی کۆمەڵگای عێراقیدا ئەو جۆری کۆنترۆڵە بە تایبەتی بووەتە دیاردەیەکی زۆر دڕندانە و نا ئینسانی، دوای دەیان ساڵ لە شەڕ وماڵوێرانی و هەڵوەشاندنەوەی ستراکچەری سیاسی، سیستەمێکی سیاسی دەستی بەسەردا گرتووە کە حزبە ئایینییەکان و پێکهاتەکانی دەسەڵاتێکی کۆنەپەرست کاریگەرییەکی بەرچاویان لە ناویدا هەیە، زۆرێک لەو هێزانە بەناوی جیاجیای
ئایین، ئەخلاق، یان ناسنامەی نەتەوەییەوە قسە دەکەن و بەردەوام سیاسەتەکانیان نوێنەرایەتی گەڕانەوە بۆ نۆرمەکانی پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەکی پێناسەنەکراو دەکەن، ئەوەی کە ئەوان چاورێی دەکەن تەنها ئەوەیە کە ژنان هەڵگری شەرەفی کۆمەڵگا بن، چاوەڕوان دەکەن کە ژنان ئەخلاقی میللەت و نەتەوە بەرجەستە بکەن، چاوەڕوان دەکەن کاتێک پیاوان باسی سیاسەت دەکەن ژنان بێدەنگوو دەمبەستراو بن، وە ئەگەر بێدەنگیش نەبن، نرخەکەی دەتوانێت ئەوەبێت کە دەیبینین.
کوشتنی چالاکوانانی ژن هەرگیز تەنیا تاوانێکی تاکەکەسی نییە، پەیامێکی ڕوونە، پەیامێک بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە بوێرن و دەنگیان لە بەرامبەر ئەو جەهل و نەزمە پیاو سالاریە دینیەدا بەرز دەکەنەوە.
یەکێک لەو دەنگە هەرە بەرزو گرنگانە لە ناو ئەو تیکۆشانەدا، چالاکوانی داکۆکیکاری مافی ژنان (یەنار محەمەد)بوو، ئەو ساڵانێکی زۆر دژی کوشتنی شەرەف و توندوتیژی پیاوسالاری و دەسەڵاتی سیاسی حزبە ئایینییە کۆنەپەرستەکان لە عێراقدا خەباتی کرد و تێکۆشا، (یەنار محمد) چەندین رێکخراوی بۆ پاراستنی ژنان دامەزراند، پەناگەی نهێنی بۆ ئەو ژنانە دروستکرد کە لە کوشتنی شەرەف هەڵدێن و دەنگی بەرزی بەو کەسانە بەخشی کە ساڵانێک بوو بە بێدەنگی لە سێبەردا دەمانەوە، بۆ زۆرێک لەو ژنانەی کە ژیانیان لە ژێرهەڕەشەدابوو، ئەو پەناگانە وەکوو تاکە شوێنی سەلامەت بۆیان چانسی مانەوەیان بوو.
یەنار محمد چەندین جار هەڕەشەی کوشتن و ناوزڕاندنی لێ کرابوو، بە دوژمنی ئایین و نەریتوو کۆمەڵگا ناوزەد کرابوو، هێزە سیاسییە کۆنەپەرستەکان هەوڵی بێبەهاکردنیان بە تێکۆشان و کارەکانی دەدا، چونکە ئەو حەقیقەتێکی سادەی بەیان دەکردوو قسەی لە بارەوە دە کرد، ئەویش ئەوەبوو کە چەوساندنەوەی ژنان رێکەوتوو چارەنووسێکی فەرهەنگی نییە، بەڵکو سیستەمێکی سیاسیی و کۆمەلایەتیی و مەزهەبییە، سیستەمێک کە لایەنە سیاسیەکان بە بەهێزی بەرگری لێدەکەن و بەکاری دەهێنن، سیستەمێک کە لەلایەن پێکهاتە خێزانییە پیاوسالارو مەزهەبیەکانەوە لە ناو کۆمەڵگەی عێراقی بە خراپترین شێوە بەرهەم هێنراوەتەوە.
کوشتنی یەنار محمد لە بەغدا چەند ڕۆژێک بەر لە 8ی مارس، ئەوە نیشان دەدات کە قسەکردن لەسەر مافی ژن لە ناو ئەو کۆمەڵگایەو لەبەرامبەر ئەو دەستەڵاتە پیاوسالارو مەزهەبیەدا چەندە بە سەرپێی و بە ڕاستەقینەیی دەبێت بمێنێتەوە.




کارەساتەکان لە ئایندەی ئێراندا.. عوسمانی حاجی مارف

کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئاسمانی و تیرۆرکردنی خامنەیی و کوشتنی زیاتر لە پەنجا فەرماندەی باڵای دیکە، ئاستێک لە لاوازی پێوە دیارە، هاوکات سەرکردەکانی ئێران دوای ئەو ڕوداوانە بە چواردەوری خۆیاندا موشەک دەهاوێژن. جگە لەوەش چەند شوێنێکی مەدەنی لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا سەدان هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا، کە بەشێکی زۆریان منداڵ بوون. لەهەمانکاتدا تاران هێرشی موشەکی و سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو ئیسرائیل ڕەوانەکرد، هەروەها بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە کردە ئامانج.
ئەوەی دەیبینین هێشتا ئێران بەردەوامە لە شەڕ، تەنانەت ڕەتیکردۆتەوە دانوستان لەسەر ئاگربەست بکات. ئاشکرایە کە جەنگ جگە لە کەشوهەوای مەترسیدار، دیاردەیەکی زۆر ناجێگیرە، لە هەموو ساتێکدا ڕەنگەکانی دەگۆڕێت، کۆنتڕۆڵکردنی قورسە و هەرگیز لەسەر یەک فۆڕم جێگیر نابێت، هەموو جارێک دەوڵەتەکان بە متمانەیەکی شیکاریەوە دەچنە ناو شەڕەکەوە، کە بڕیاردەران دڵنیان لەوەی کاتەکە کورت دەبێت و تێچوونەکەی بەڕێوەدەچێت و دەرئەنجامەکانیش کۆنترۆڵ دەکرێن، ئەوە ڕاستە کە شەڕ درێژکراوەی سیاسەتێکی دیاریکراوە، بەڵام درێژکراوەیەکی میکانیکی سیاسەت نییە، بەڵکو بوارێکە کە ڕێکەوت لەخۆی دەگرێت، ئیرادەکان بەریەکدەکەون و گریمانە سەرەتاییەکان بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەرەوە دەڕوخێن، شەڕ هەموو ساتێک ڕەنگی دەگۆڕێت، کاتێک شەڕەکە دەست پێدەکات هەرگیز لە دەرکەوتنی سەرەتایی خۆی ناچێت و کێشەکانی بەهەر حساباتێکی پێشترەوە، لە ڕێڕەوی شەڕەکەدا دەردەکەون.
کاتێک لەشکرکێشی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا هاتە ئاراوە، لە پێشبینی ئیدارەی جۆرج بوشدا کە ڕوخاندنی ڕژێمەکەی (سەدام حوسێن) بە مانای کۆتایی هاتنی شەڕەکە دێت و بۆشایی سیاسی بە ئەندازیاری دامەزراوە نوێیەکان بە خێرایی پڕ بکرێتەوە. جارێکی تریش حیساباتی هەڵەی پلاندانەرانی ئەمریکی ئەو ڕاستیەی سەلماند، کە دەروازەی لافاوەکانی توندوتیژی مەدەنی کرایەوە و لەشکرکێشی تاکتیکی گۆڕا بۆ تاڵاوێکی ستراتیژی درێژخایەن لە عێراقدا، کەتائێستاش خەڵکی عێراق باجەکەی ئەدەن.
لەوەش گرنگتر ئاماجی ئەمریکا لە شەڕی کەنداوی یەکەمدا، وەک تاکە جەمسەرێک بۆ باڵادەسەتی بەسەر جیهاندا، نەک سەرکەوتو نەبو، دواتر جەمسەرەکانی تر وەک ڕکابەرانێکی زلهێزی دنیا دۆخی جیهانیان لەبەرامبەر باڵادەستی ئەمریکادا سنوردارکرد، هەر بۆیە شەڕی کەنداوی دووەم جیاواز بو لەگەڵ شەڕی کەنداوی یەکەم.
تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، وەک ئەوەی ئیسرائیل و واشنتۆن پێشبینیان کردبوو، کە پێیانوابو دوای لەناوبردنی خامەنەیی ئێران هەرەس دێنێت، بەڵام نەک ئەم تیرۆرە نەبۆتە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران، بەڵکو ئێران بەردەوام بوو لە خۆڕاگری خۆی. ئەم دەرئەنجامە بووە هۆی ئەوەی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل سیاسەتێکی “زۆرترین فشار” پەیڕەو بکەن، کە لە هەمانکاتدا بکەونە گیانی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی کۆمەڵگە بکەنە ئامانج، بەو بڕواو مەبەستەی کە ترس و دڵەڕاوکێ بەڵکو ڕاپەڕینێکی ناوخۆیی دەستپێدەکات!.
ئەم هەنگاوە شڵەژاوی ئەمریکاو ئیسرائیل نیشانیاندا ئامانجە سیاسیەکانی خۆیان بەدی ناهێنێت، ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین، گەلی ئێران لەگەڵ ئەوەی بەدوای سەرنگونی کۆماری ئیسلامیەوەن، بەڵام لەگەڵ ئەم شەڕەدا نین و خواست و ئیرادەی ئەوان نیە، لەهەمانکاتدا دەستێوەردانی دەرەکیش ڕەتدەکەنەوە، بە ڕۆشنی جیاوازی لە نێوان ناڕەزایەتی خۆیان لە ڕژێم و هاوکاری لەگەڵ زلهێزە دەرەکیەکان دەکەن، ئەمەش پێگە و خۆڕاگری ڕژێم سەرەڕای گوشارەکان ڕوون دەکاتەوە.
هەڵبەتە هەوڵەکان بۆ ئیستغلالکردنی تووڕەیی گشتی و پەرەپێدانی هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی مەحکوم بەشکستە، پەنابردن بۆتیرۆرکردنی سەرکردەکان بۆ پەلەکردن لە ڕووخانیان لە دۆسیەی ئێراندا، ئاشکرایە سەرکەوتوو نەبووە.
بە شێوەیەکی نائاسایی، ئێرانیەکان توشی سەرسوڕمان بوون بەهۆی هەڵمەتێکی بۆردومانی ئیسرائیل-ئەمریکیەوە کە دەیان شوێنی مەدەنی و تەندروستی و پەروەردەییان کردە ئامانج، تەنها دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی شەڕەکە بۆ سەر ئێران. سەرەڕای بەیاننامە فەرمیەکانی ئێران کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنیا ئامانجە سەربازیەکان دەکەنە ئامانج، جا ئەمەریکایی بێت یان ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا، پەنایان بردە بەر بۆردومانکردنی قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، گۆڕەپانە گشتیەکان، ماڵەکان و باڵەخانەکان، لە ئەنجامدا سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش برینداربون لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا.
مەودای هێرشە ئاسمانیەکان بەشێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بوو، دەیان شار و شارۆچکەی ئێرانی گرتەوە، زیاتر لە ١٣٠ شار و گوند لە ڕۆژانی یەکەمی شەڕدا بۆردومان کراون و لە ئەنجامدا سەدان کەسی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون، ئەمە جگە لە زیانی بەرفراوان بە ناوچەی نیشتەجێبون و وێران بونی دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان.
کارەساتترین ئاماری ئەو هێرشانە لە کەرتی پەروەردە بووە، وەزارەتی پەروەردەی ئێران کوژرانی ١٧٠ خوێندکار و مامۆستای لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیە بەردەوامەکانی ڕاگەیاند. کوشندەترین هێرش، قوتابخانەیەکی سەرەتایی کچانی شاری مینابی سەر بە پارێزگای هورمزگانیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە ١٦٥ کەس کوژران و ٩٦ کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان منداڵ و خوێندکار بون. وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە میدیاکانی ئێراندا بڵاوبوونەتەوە، دەریدەخەن دەیان کەس لە دەوری بەشێکی داڕماوی بیناکان کۆبوونەتەوە و لەناو داروبەردا بەدوای قوربانیەکاندا دەگەڕێن، لەکاتێکدا دوکەڵ لە ناو وێرانەی ساختمانەکانەوە دەهاتە دەرەوە، دوابەدوای ئەم هێرشانە، وەزارەتی پەروەردەی ئێران ڕاگرتنی دەوامی تا کۆتایی ساڵی خوێندن ڕاگەیاند.
واشنتۆن و ئیسرائیل هەوڵیانداوە سەرکردایەتی باڵای ئێران هەڵبوەشێننەوە و دامەزراوەکانی کۆنترۆڵکردنی ناوخۆیی ئێران لاواز بکەن. دوای تیرۆرکردنی خامنەیی، تەرکیزەکان گۆڕدرا بۆ ئامێری ئاسایشی ناوخۆ و کە لە بنەڕەتدا ئامانجی هێرشەکان بۆ ملکەچکردنی کۆماری ئیسلامی یان گۆڕینی ڕژێمی ئێران بووە.
گومانی تێدا نییە ئەمە شەڕێکە بۆ گۆڕینی ڕژێم، بەدوای هیچ کۆمەڵە ئامانجێکی تەسک و ئاسانەوە نین، پێدەچێت ئەمریکا و ئیسرائیل پلانێکی کردەیی دوای ململانێکانیان یان دوای شەرەکەیان نیە، لە کۆتاییدا رژێم و وڵاتی ئێران وێران دەکەن و بەجێی دەهێڵن، هەندێک پلانی دوای ڕووداوەکانمان دیوە، وەک لە عێراق و ئەفغانستان، بە کارەسات کۆتاییان هات، پێشبینی دەکرێت کە ئێرانیش بێ کارەسات تێنەپەرێت، کارەساتێک تەواو جیاواز و زیاتر لە کارەساتەکانی ئەفغانستان و عێراق و سوریا و فەلەستین دەبێت.
هەموو ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری لەم شەڕەدا بکەن و لایەنگری لە هەر لایەنێکی شەڕەکە بکەن، بەهەر نیازو مەبەستێکەوە ئەم کارە ئەنجام بدەن، دەبنە بەشێکی هاوبەشی تاوانباری ئەو کارەساتانەی کە ئاکامی ئەم شەڕە ژیانی خەڵکی ئێران و ناوچەکە دەکاتە قوربانی و سوتەمەنی.
ئەو لایەن و هێزانەی لە کوردستانی ئێران، لەم هەلومەرجەدا بۆ خزمەت بەسیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبنە بەشێک لە بەرەی هێرشی بەشی پێشەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ناو ئێران، تێوەگلانی خەڵکی کوردستانە لەشەڕێکەوە، کە ئاکامەکەی دەیانکاتە هاوبەشی وێرانکاریەکان و کوشتنی بە کۆمەڵ، بەشداریانە لە بەرامبەر ئایندەیەکی نادیاربۆ ئێران.
ئەم شەڕە یەکێکە لە بەڵا هەرە گەورەکانی سەدەی بیستویەک و کاریگەریەکانی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت، کەشوهەوای پانتایی ئاگرێکی گەورەیان هەڵگیرساندوە، کە کوژانەوی ئاسان نابێت و درێژخایان دەبێت، بۆیە دەبێت ئەم شەڕە دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک بوەستێنرێت.




لە نێو جەنگێكی ئاسمانیدا یادی راپەڕین دەكەینەوە.. سەلام عومەر

35 ساڵ بەسەر راپەڕینی گەلانی عیراقدا تێپەڕی، هەمووساڵێك خەڵكی كوردستان یادی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 دەكەنەوە، كە بۆ یەكەمین جاربوو بەشی هەرە زۆری خاكی كوردستان، لەژێردەسەڵاتی دكتاتۆریی و ستەمكاریی حزبی بەعس رزگاركرا، بەكەركوكی كوردستانیشەوە.
ئەمڕۆش لە بارودۆخێكدا ئەو یادە دەكەینەوە كە ناوچەكەمان لەنێو جەنگێكی ئاسمانی مەترسیدار خەریكی كوڵانە و دەبێت هەموو لایەنەكان بە گرنگیەوە دەست بۆ جوڵە سیاسیەكان ببەن و بەتایبەتیش رۆژئاوای نیشتمانەكەمان توانی خۆی لە مەترسیدارترین پلانی نێودەوڵەتی قوتار كات و پێگەی خۆی لە سوریا بپارێزێت و ئێستاش رۆژهەڵاتی نیشتمان كەوتۆتە نێو ئەو جەنگەی ئایندەی روون نیە و پێویستی نیشتمانیە جوڵە سیاسیەكان بە ئەزموونەوە بێت و نەكەونە ژێر هەژموونی ئەو زلهێزانەی تەنیا بەدوای بەرژەوەندیەكانی خۆیانەوەن و خاكی ئێمە وەك تاقیگەیەك بەكار دەهێنن و دواتر بە جەنگاوەرێكی ئازا ناومان بهێنن.
گەڕانەوە بۆ ئەزموونی راپەڕینی باشوور بە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی و لێخۆشبوون لە تاوانباران و یەكدەستی و هەڵوێستی خەڵك و پێشمەرگە تا دوای راپەڕین كە بەعس بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە راپەڕینی شارەكانی خوارووی عێراقی دامركاندەوەو تەنانەت تائاستی كۆمەڵكوژی و دواتریش لەكوردستان كۆڕەوی ملیۆنی بەدوای خۆیدا هێنا، زۆر گرنگە، بەڵام ئەم زەنگەو سەركەوتنی گەلی كوردستان، لە راپەڕینی بەهاری 1991 بە رووی رژێمی فاشیی بەعسدا، لەسەرئاستی ناخۆو هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەنگدانەوەی ئەرێنی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، كە هەتا ئێستاش لە ژێر ئەم چەترەدا ئارامی دەچندرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئاكام و تەقینەوەی گڕكانی رق و قینەی پەنگخواردووی دژ بەتەواوی تاوانەكانی بەعس بوو، كەبەرامبەر گەلی كورد بە هەموو شێوازەكانی ئەنفال و كیمیاباران و كۆمەڵكوژی و گرتن و لەسێدارەدان و راگواستن لەماوەی دەسەڵاتی خۆیدا ئەنجامیدابوو.
ئێستا 35 ساڵە راپەڕین ئەنجام دراوە، كوردستان و عێراق بەچەندین وێستگەی جیاجیا تێپەڕین، جەنگی بەربەریانەی داعش هاوكێشە نێو دەوڵەتی و ناوخۆییەكانی خستۆتبووە ناو ئەگەرەكانی كەوتن و مەترسی بۆ سەر تەواوی ناوچەكە درووست كردبوو، بەتایبەتیش كە ئەم رێكخراوە تیرۆرستییە دژی هەموو بەها مرۆیی و پرنسیبە دیموكراتییەكانی مرۆڤایەتی بوو، ئەوكات بە جۆرێك خۆی ناساند كە دەتوانێ ئیرادەی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەكە بسەپێنێ، بۆیە كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی هاتنە سەر هێڵ و هاوپەیمانییەتی بەرفراوانیان دژی ئەم رێكخراوە راگەیاند و بەهاوكاری پێشمەرگە ئەم رێكخراوەیان تەفروتونا كرد، ئەگەرچی هەتاوەكو ئێستا لە عێراقدا ململانێی مەزهەبی و دینی و تائیفی و بەرژەوەندی خوازانەی تەسكی سیاسی بوونی هەیەو مەترسیەكانی داعش هەن و بیركردنەوەی دەسەڵاتیش هەمان ئەو مەترسیانەن كە داعش هەڵیڕشت، هەروا لەهەمووشی كاریگەرتر ئەو گەمارۆ ئابووریەی كە ناوەند خستویەتیە سەر هەرێمی كوردستان و بڕینی بەشە بوودجەو دەستی و دەستی پێكردنی موچە كە قوتی هاوڵاتیانەو وەك كارتی فشار بەكاری دەهێنێ، ئەوەی كە جێگەی تێڕامانە دەسەڵاتی خۆماڵیش رۆژ لە دوای رۆژ پاساوی زیاتر دەداتە دەست حكومەتی عێراق بۆ گەمارۆی ئابووری زیاتر و گچكە كردنەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان بەجۆرێك كێشە سەرەكیەكانی نێوان هەرێم و ناوەند كە ناوچە كێشە لەسەرەكانن لەم ناوەدا هەر لەبیر چوونەتەوە، هەروا هەر سەرۆك وەزیران و بەرپرسێكی دارایی كەدێتە سەر دەسەڵات هەمان نەهج و بەرنامە جێبەجێ دەكات كە ئامانج تێیدا بچوككردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمە، ئێمەش لەنێو خۆدا وەك پێویست نین و خۆمان ئامادە ناكەین بۆ بەرپەرجدانەوەی ئەو پلانانەو رەچاوی ئەو بارە قورسەی هاوڵاتیان ناكەین كە كەوتۆتە سەر شانیان و هەمیشە مشووری ئەو كۆمپانیانە دەخۆن كە هی خۆیانەو قوتی هاوڵاتیان و فەرمانبەرانیان خستۆتە دەستی عێراق و ئەویش بە ئارەزووی خۆی گەمەی پێدەكات.
بەداخەوە گەندەڵی و ناعەدالەتی بەردەوام بەرەو لوتكە لە هەڵكشاندایە، ئەو هۆكارانەی ئابووری هەرێمی بەرەو داتەپین برد دەسەڵاتی خۆماڵی خۆمان بوو كاتێك بەشبەشێنەی حزبی خرایە پێش ئابووری سەربەخۆ و داهاتەكانی هەرێمیش خرانە باغەڵی ئەو كۆمپانیایانەی سەر بەخۆیانن، بەجۆرێك تەواوی داهاتی دەرهێنانی نەوت كە بە پێداویستی ناوخۆ ناودەبرێت، دیار نیەو دەچێتە نێو قاسەی حزبەكانەوەو هەروا داهاتی پڕۆژەی رووناكی كە ئێستا لە جێبەجێ كردندایە كەس نازانێ چی بەسەر دێ و خەڵكی بەم پرۆژەیە دەڵێن پڕۆژەی تاریكی و رووتاندنەوە، ئەوەندە نا تەواوی باج و خەراجەكانی ناوخۆ شەفاف نیەو ئەوانیش كەوتوونە دەست چەند بەرپرسێكی حزبی، هەموو ئەوانە لە سەردەمێكدایە كە دەبوو خاوەن ئەزموون وانە لە هەڵەكان وەرگرێ و كەچی تادێ باغەڵی هاوڵاتی بەتاڵتر دەكرێ، بۆیە كاتێك یادی راپەڕین دەكرێتەوە هەن پەشیمانن و نەوەی نوێش هەندێكیان دەڵێن وەك خۆی لێبكەنەوە.
خۆ وڵاتە هەرێمایەتییەكانیش بە جۆرێك لەنێو بۆشاییە سیاسیەكانی ئەم نیشتمانە هاتوونە ناوێ دوورنییە تا چەندین ساڵی دی كاریگەریەكانی خۆی جێبهێڵێ چونكە ئەوان هێندەی بەدووی بەرژەوەندییە سیاسی و مەزهەبی و ئابووریەكانی خۆیانەوەن هێندە خەمی عیراق و بارودۆخە ئاڵۆزەكەیان نییە، بۆیە بیركردنەوەی دەسەڵاتیش تادێ بەرەو داڕووخان و لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەو پەرتبوون دەڕوا، بۆیە لەم یادەدا یەكڕیزی هێزە كوردییەكان كە ئێستا لە بەرامبەر پلانەكانی بچووك كردنەوەداین باشترین وەڵام دەبێت بۆ دووژمنانی هەرێمەكەمان، بەردەوام بوونی ئەم یەك ریزییە پێداویستییەكی زۆر گرنگەو دەبێت دەسەڵات و لایەنە سیاسیەكان دەستی پێوە بگرن و هەوڵدەن هیچ لایەنێكی سیاسی فەرامۆش نەكەن و بەچاوی حزبییەوە لە روداوەكان و دەسكەوتەكانی بەرهەم هاتوو نەڕوانن كە بە تێكۆشا ن و خوێنی شەهیدانی رۆڵەی ئەم نیشتمانە بەرهەم هاتوون، هەروەك راپەڕین تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا هەڵیان گیرساندو ئیستاش ئەركی سەرەكی دەسەڵاتە دەسكەوتەكانی راپەڕین بخاتە خزمەتی ئەم توێژەوە.
هەرگیز لەم ساتە دژوارەدا كە هەرێمەكەمان كەوتۆتە نێوان جەنگێكی مەترسیدارەوە ناكرێ ململانێ حزبیەكان هێندە قوڵ بن پێكهێنانی حكومەت دوا بخەن و موچە هەر لە مەترسیدا بێت و لەئاست ئەو بارودۆخە ترسناكەدا تەنیا تەماشاكەر بین و جوڵە دیبلۆماسیەكانمان سنووری هەرێم نەبڕێ و گوێش لەوانە نەگیردرێت كە خاوەن ئەزموونێكی دەوڵەمەندی سیاسین.

سەلام عومەر




حوکمەت.. نەوزاد بەندی

پێدرۆ سانشێزی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بەم جۆرە پێناسەی حوکمەت ئەکات : ( میکانیزمێکە بۆ خۆشکردن و باشکردنی ژیان و گوزرانی خەڵک، نەک قورسکردن و ئاڵۆزکردنی ژیان و گوزەرانیان )
بە ڕاستی ئەم پێناسەیە چەندێک سادەیه، ئەوەندە قوڵە و .. هیچ بوارێکی بۆ دەرباز بوون و بیانوو هێنانەوەی حوکمەتە گەندەڵەکان نەهێشتۆتەوە.. کاری حوکمەتی دیاری کردووە، بریتییە لە ئاسانکردنی کێشەکانی میللەت و باشکردنی ژیانیان و بەختەوەرکردنیان .. ئەمەیە ئیشی حوکمەت.
کەواتە هەر حوکمەتێک نەتوانێت گوزەران و ژیانی هاووڵاتییەکانی باش و باشتر بکات، حوکمەت نییە.. ئیتر داگیرکەرە، وەکیل یان بریکاری داگیرکەره، چەتەیە، مافیایه، گەمژە و نەخوێندەوار و نەزانە بە کار و پۆستەکەی، یان هەر شتێکی ترە، بەڵام حوکمەت نییە.
ئەگەر بەو پێناسەیەی بەڕێز سانشێز، شەن و کەوێکی چەند حوکمەتێکی دوور و نزیک بکەین، بۆمان دەرئەکەوێ کێ حوکمەتە و ..کێ مافیا و دز و جەردە و گەمژەیە ..
بۆ نمونە حوکمەتێکی وەک حوکمەتی دکتۆر مەهاتیر محەمەدی مالیزیا و.. نیڵسۆن ماندێلای باشووری ئەفەریقا و ..پۆڵ کاگامی وڵاتی ڕوانداو .. لی كوان یو ی سەنگاپور، تەماشا ئەکەین ئەو چوار حوکمەتە، توانییان لە ماوەیەکی کورتدا، ووڵاتەکانیان لە کێشەکانی گەندەڵیی و ئابوریی و پەروەردە وجەنگی ناوخۆ ڕزگار بکەن و.. هاووڵاتییەکانیان بکەن بە هاوڵاتی بەختەوەر و شارستانیی مۆدێرن.. چونکە ئەو چوار پیاوە بە ڕاستی حوکمەتی نیشتمانیی بوون، بەرجەستەی پێناسەکەی بەڕێز سانشێزیان کرد، ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییەکانیان باش کرد و دووریان خستنەوە له هەموو دەستێوەردانە دەرەکییەکانی داگیرکەران..به دووریان گرتن له نەزانیی و بێکاریی و جەنگی ناوخۆ و بێ بەرنامەیی .. سیستمێکی مۆدێرن و پتەویان بۆ دانان، بەو جۆرە داهاتوویەکی پرشنگداریان بۆ فەراهەم کردن، ئەمە لە کاتێکدایە هیچ یەکێک لەو چوار وڵاتە خاوەنی نەوت و غاز و سامانی نەتەوایەتیی بەهێز نین، بەڵام خاوەنی حوکمەتی ڕاستگۆ و بەهێزن بۆیە ئەمڕۆ له لوتکەی میللەتە دەوڵەمەند و تەکنەلۆژیی و پێشکەوتووەکانی جیهاندان.
بە پێچەوانەی بەشی یەکەمی ئەو پێناسەیەی سانشێز بۆ حوکمەت، سێ حوکمەتی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان، بە هەموو جۆرێک ئاسایش و ژیان و داهاتووی هاووڵاتییەکانیان وێران کردووە.. سێکستەرەکانی ئیدارە و زانست و ئەدەب و هونەر تێیاندا ڕۆژ بە ڕۆژ هەڵئەوەشێتەوە.. دیاردەی بێ مافیی و بێ کاریی و نەخوێندەواریی و سەرهەڵگرتن و کێشەی کومەڵایەتیی هەتا بێ قوڵتر و ئاڵۆزتر و زیاتر ئەبن.. زیادکردنی باج و سەرانە و گرانکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان له کارەبا و ئاو و نەوت و بەنزین، ڕۆژ بە ڕۆژ دیاردەی دزیی و تاوان و مافیاگەریی و گەندەڵیی و قوتدانی دام و دەزگا حوکومییەکان لەلایەن کەرتی حیزبیی و بنەماڵەیی و مەزهەبییەوە، زیاتر و زیاتر ئەبێ..پەرە پێدان بە حیزبایەتیی و مەزهەبگەرایی و بنەماڵەگەرایی و لەت لەتکردنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا..دەوڵەمەندبوونی لەناکاوی خزم و دۆست و هاوئاوازەکانیان و ..فەقیرکەوتنی لەناکاوی چین و توێژە بێلایەن و ئۆپۆزیسیۆنەکان.
لەگەڵ ئەوەی ئەو سێ حوکمەتە خاوەنی نەوت و گازی سروشتیی و هەموو هۆکارکانی دەوڵەمەندیی و خۆشگوزەرانین، کەچی زۆرینەی هاووڵاتیەکانیان لە خوار هێڵی هەژارییەوەن و سواڵکردن تێیاندا بووە بە دیاردەیەکی زۆر ئاشکرا و ..تەنانەت هەندێ جار حوکمەتەکانیش پەنا بۆ سواڵکردن ئەبەن، له ڕێی ڕیکلامی هەڵخەڵەتێنەر و فریودەرەوە.
کار گەیشتۆتەوە پوکانەوەی هەموو مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لەو سێ دەسەڵاتەدا وەکو مافی موچە وەرگرتن لە 30 ڕۆژدا و .. مافی پلە بەرزکردنەوە بە پێی هەڵکشانی ساڵەکانی خزمەت و ..مافی دامەزراندن و ..مافی کارکردن و.. مافی هەبوونی پارچەزەوییەک یان شوقەیەک بۆ ژیانکردن.. لە بەرامبەردا هەڵتۆقینی کۆمەڵێک ملیاردێر و ملیۆنێر، کە نەک هەرشایانی ئەو سەروەت و سامانە نین، تەنانەت شایانی یەک پارووە نانی ئەو نیشتمانە و یەک قوم ئاوی ڕووبارەکانی و یەک نەفەس هەوای ئاسمانەکەی نین.




پەیامی نوێی ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە.. کاوە جەلال

دەمەوێت بە هەڤاڵانمان و هەموو کوردان ڕابگەیەنم کە بەندە وازی لە هەر کردارێکی سیاسی هێناوە. کاری من تەواو بوو. لە هزری فەیلەسوفی ئەمەریکی بوکچینەوە تیۆرییەکی بەڕێوەبەریی خۆسەریم داناوە، هەروەها توێژینەوەی دیکەشم ئەنجام داوە، بەوەش کاری من تا ڕادەیەک تەواو بووە. ئەز دەخوازم گەلەکەمان بزانێت، ئەز لەو کەسانە نیم کە تەنانەت بە پیریش، کاتێک بە لۆکە ئاو بە دەمیانەوە دەکرێت، هێشتا هەر واز لە سیاسەت ناهێنن، ئەویش چونکە نازانن بەدووی ئەوەدا چی بکەن. وەلێ ئەز دەزانم چی بکەم: ئیستا بۆ خۆم دەخوێنمەوە، هەندێک جار دەنووسم، بەزۆریش خەریکی باخسازیم، بەوەش چێژ دەبینم لە چاندن و بینینی گەشانەوەی گوڵەکان، ڕادەمێنم لە سیسبوونیان، بەبڕێک خەمبارییەوە.
بەم پەیامە نوێیەم هەڵوێستی خۆم بەرانبەر هەموو هەڤاڵانمان ڕادەگەیەنم:
هەموو ئەو کەسانە کە دەشیڕێنن “ژیان بەبێ سەرۆک نابێت”، سووکن، لومپۆنن، پریمیتیڤن، چونکە نازانن ژیانی خۆیان چە بەهایەکی هەیە و چۆن دەبێت وەک کەسانی بەتوانا بۆ گۆڕینی ژیانی جڤاکی تێبکۆشن. ئەمانە نابێت لە تەڤگەردا کەمترین رۆڵی چالاکوانیان پێ بدرێت، نابێت تەنانەت سڵاویان لێ بکرێت، ئەوە بەشکم بە خۆیاندا بچنەوە و کەمێک لە لومپۆنێتیی خۆیان بهزرێن. ئاخر تەڤگەر و لومپۆن کوجا مەرحەبا؟
ئەو کەسانە کە لەنێو تەڤگەرماندا چالاکن و دەنووسن “سەرۆک دەفەرموێت”، “فەرموویەتی کە …”، هەموویان لە کزۆڵەیی دەروونی خۆرهەڵاتییانەوە خۆیان ڕادەگەیەنن، بۆیە تا ئەمڕۆ نەیانتوانیوە تێبگەن کە ئەوان ئایینییانە جیهان دەبینن و لە داماوییانەوە دەیانەوێت پێغەمبەرێک دابتاشن و بیپەرستن. ئەز، وەک مرۆڤ، وەک دیلێکی شۆڕشگێڕ و ژینخواز، وەک کەسێکی جیهانی، کەرامەتم زۆر لەوە بڵندترە کە کەسانی داماو و دەروونتلیساوە بمکەن بە دەستوێژی ئارەزووە نزمەکانی خۆیان. ئەز وەک شۆڕشگێڕ ژیاوم و دەمەوێت وەک شۆڕشگێڕ جیهان جێبهێڵم. شۆڕشگێڕ، لای ئێمە، لە بوونەوەرێکی جڤاکییەوە کە خۆرهەڵاتی-ئیسلامییانە و کەمالیستییانە سۆسیالیزەکراوە (بەکەسکراوە)، مێتۆدیانە خۆی دروستکردووە، کەواتە ڕەخنەییانە لەو کەسە خۆرهەڵاتییەوە سەریهەڵداوە، بەوەش ئەو چیدی ناتوانێت لەسەر ڕێگەی باب و باپیرانی بڕوات. بێگومان ئەو هەرگیز بە بێڕێزی لێیان ناڕوانێت، بەڵکو بەزۆریی ڕەخنەییانە، جا گەرچی ئەو وەک مرۆڤ نەتوانێت دەستبەرداری گلەیی بێت لێیان، بەڵێ هەندێک جار بە بەزەیی و هەندێک جاری دیکە بە توڕەیی لێیان بڕوانێت. ئاخر وەک گۆتم، ئەویش مرۆڤە.
بەتایبەتی تکا لە هەڤاڵانم دەکەم، هیچ حیکایەتێک بە ناوی منەوە نەهۆننەوە. بەسە درۆکردن. درۆ شورەییە بۆ مرۆڤ، بەتایبەتی بۆ شۆڕشگێڕان کە خوازیاری گۆڕینی پەیوەندییە جڤاکییەکانی مرۆڤانن. ئێمە بەرخۆدێرین، کەواتە بەڕێوەین بۆ گۆڕینی جیهانەکەمان کە تەنراوە بە ستەم، شکاندنی کەرامەتی مرۆڤیی، رواڵەتگەری، سەرشۆڕی بۆ ماددە، خزمەتکاریی بێگانان. ئەم هەموو گەلە کە زمان و کولتوور و ئیدیۆلۆژیی نەتەوەییان بەسەرماندا دەسەپێنن و تەنانەت ژیانی شایستە بە مرۆڤمان پێ ڕەوا نابینن! وەلێ ئێمەی ژینخواز کییناوی نین، بوغزن نین، بەڵکو وەک شۆڕشگێڕ دەمانەوێت ئەوانیش بگۆڕین. تیۆرییەکەمان بۆ ئەوانیشە. ئەوان گەرەکە تێبگەن کە نابێت مرۆڤ مرۆڤانی دی بچەوسێنێتەوە، بە هەر شێوەیەک: بە زمان، توانجی “تورکی کێوی”، “نەوەی سلێمان” و چەندین گوزارشتی دیکەی پریمیتیڤ کە هەمووی لە دەروونی درۆزن و تەماعکارییانەوە هۆنراونەتەوە. ئاخر داماون. بەڵێ، زۆردار لە چەوساوەکان داماوترە، چونکە دەشێت چەوساوە لە ڕەوشی خۆی تێبگات و هەوڵ بۆ گۆڕینی بدات، وەلێ چەوسێنەر بە درۆی رواڵەتی و گۆڕینی مێژووی گەلێک، بە دزینی “قاوە” بەناوبانگەکەی و ناونانی بە “قاوەی تورکی”، بە نووسینەوەی مێژووی کورد و دانانی وشەی “تورک” لەجێی ناوی خاوەنەکەی، دەبێتەوە بە چەوسێنەری خودی خۆی کە هەردەم پڕترس و نابەختیار لێرەبوونی سەرزەمینییانەی ڕادەگرێت. لە چەوسێنەر خۆچەوسێنەرتر نەبووە و نابێت.
هەر لێرەوە بە هەڤاڵانی هزرڤانمان دەبێژم ڕەخنەییانە کار لە نووسینە تیۆرییەکانمدا بکەنەوە. ئاخر ئەز لە هۆشسامیمەوە بۆ فەیلەسوفی مەزنی ئەمەریکی بوکچین کارم لە تیۆرییەکەیدا کرد و لێرەشدا دەبێت بزانین، کە هۆشسامی دەشێت بەر بە دیدی فرەلایەنی ئۆبژێکتڤی لە تیۆرییە ئۆریجیناڵەکە بگرێت، کە ئیدی مرۆڤ نەتوانێت ڕەخنەییانە بیخوێنێتەوە. ئەوەشتان لەیاد نەچێت، ئەز وەک دابراو لە هەر پەیوەندییەکی سۆسیال و سیاسی ئەو مەزنەم خوێندەوە. بۆیە گەرەکە هەڤاڵان لە پراکسیسدا بەگوێرەی پێویستییەکانی سیاسەتی ڕیال پێیدا بچنەوە، گۆڕانی پێبدەن، هەروەها کرداری سیاسییان پەیوەند بە پرسە نەتەوەییەکانی کوردەوە لەتەک ڕەوشی سیاسەتی جیهانیدا بگونجێنن. ئێمە بەم هەڵوێستە لە بەناو مارکسیستە سوننەتییەکان جیادەبینەوە کە هەر خەریکی دانەوەی تێڕوانینەکانی لێنین و ستالین و ماو بوون، یان مارکس، بەبێ ئەوەی بزانن مارکس مێتۆدە و ئەوانیش دەبێت هاوشێوەی مارکس و ئێنگلس مانیفێستۆی خۆیان بنووسن. ئێ منیش هەر لەم گۆشەنیگا مۆدێرنەوە مانیفێستۆی خۆمم نووسی. ئێستا باوەڕ دەکەم هەڤاڵانمان ڕوونتر جیاوازیی من لە پاشپاتکەرەوانی خۆرهەڵاتی-ئیسلامی ببینن.
بەڵی ئەز لە زیندان گفتوگۆم لەتەکدا دەکرێت، پێشنیارگەل دەخرێنە بەردەمم، ئەز ژی هەندێک جار هەڵوێستی خۆم دەردەبڕم، یان وەڵامیان دەدەمەوە کە کاری من تەواو بووە و چیدی خۆم لە سیاسەت هەڵناقورتێنم. بێگومان پێم گۆتوون:
گەر هەڵوێستتان لە من دەوێت، فەرموو لە زیندان بەرم بدەن تا بڕۆم بۆ قەندیل، لەوێ لەتەک هەڤاڵانمدا دانوستانی پرسە سیاسییەکانی نێو تورکیا دەکەین. وەلێ لە ئێستاوە ئەوەشتان بەڕاشکاوی پێڕادەگەیەنم کە من لەوێش تەنیا هەڵوێستی جیهانبینییانەی خۆم دەردەبڕم نەک سیاسی. ئەز تەنیا تیۆریارم و هیچی دی. ئەمە مایەی شادمانیمە. ئەز ئازادم، بەوەش سەربڵندم. ئاخر بەڕێزان تێبگەن، دانانی تیۆرییەکی ئازادیخواز هاوکات خۆڕزگارکردنە لە موئانات، ئەزموونکردنی ئازادییە – ئەوپەڕی قووڵ لە ناخی خۆدا. هەرگیز تیۆرییەکی ئازادیخواز دانانرێت گەر کەس پێشتر ناخەکییانە ئەزموونی بێدادی و چەوسانەوەی پیاوسالاری، کولتووری و نەتەوەیی نەکردبێت، لە هەمووی وردنەبووبێتەوە، لە ناخەوە بەسەریاندا ڕاستنەبووبێتەوە و ئەوجا نەیگۆتبێت:
“نابێت چەوسانەوە هەبێت”.
{ڕاگەیەنراوە لە زاری کەسێکەوە بە ناوی کاوە جەلال}




سەختیەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

بەدوای هەڵبژاردنی عێراق، کێشەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێکهێنانی حکومەتدا، پێیناوەتە هەستیارترین تاقیکردنەوەی سیاسی، تائێستا لەسەر سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت بە ئەنجامێک نەگەیشتون.
دوای ڕاگەیاندنی لەناکاوی کاندیدکردنی نوری مالکی، بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت، کە بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا، بڕیاری ئەم هەڵبژاردنەی مالکی تەنیا هەڵبژاردنی کاندیدێک نەبوو، دیمان بەخێرایی پەرەی سەند و بوو بە قەیرانێکی ئاڵۆز، هەماهەنگی شیعەکانی خستە بەرامبەر فشارە ئاشکراکانی ئەمریکا، کە دژی کاندیدکردنی مالکی بوو، ئەمەش پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی گۆڕیوە بۆ گۆڕەپانێکی کراوەی ململانێی ناوچەیی.
لایەنە شیعەکان خۆیان لەبەردەم دووڕیانێکی ئەوپەڕی ئاڵۆزدا بینیەوە، ئەویش لەلایەک پاراستنی یەکگرتوویی ماڵی لایەنە شیعەکانە، لەلایەکی ترەوە بەرگرتنە بەخلیسکاندنی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و ئابووری لە بەرامبەر واشنتۆندا.ترەمپ کاندیدکردنی مالکی بە سیاسەتێکی شێتانە پێناسەکرد، هەروەها هەڕەشەی کشانەوەی هاوکاریەکانی ئەمریکای بۆ عێراق ڕاگەیاند، چەندین هەڕەشە و پەیامی ئەمریکی ئەوەیان دەگەیاند کە بەدژی پێکهێنانی حکومەتێکن سەرۆکەکەی مالکی بێت.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سودانی زۆرترین کورسی بەدەستهێنا و خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی کاندید کردەوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕکابەریە توندەی نێوان سودانی و مالکی، دۆخەکە بۆ سودانی ئاڵۆزتربو، بۆیە سودانی ڕێبازی سیاسی خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەرامبەر مالکیدا دەستپێکرد.
لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی نەیانتوانی ئەو چەقبەستویەی نێوان مالکی و سودانی چارەسەر بکەن، لەهەمانکاتدا هەموو کاندیدەکانی دیکە ڕەتکرانەوە، بەمەش ڕکابەری بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرەک وەزیران تەنها لەنێوان مالکی و سودانیدا مایەوە، بەمشێوەیە سودانی بۆی دەرکەوت کە لە دۆخێکی سەختدایە و پێویستی بە چارەسەرە، بەناچاری سودانی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە سەختە، پێی باشبوو لە کاندیدبونی خۆی بکشێتەوە و پشتگیری لە کاندیدکردنەکەی مالکی بکات، بەڵام قەیس خەزعەلی، عەمار حەکیم، حەیدەر عەبادی و موحسین مەندەلاوی دژی کاندیدکردنی نووری مالکی بوون، دوای ئەوەی کاندیدبونی مالکی ڕەتدەکرایەوە، جارێکی تر سودانی کاندیکرایەوە.
مالکی پشتیوانی هێزەکانی دیکەی چوارچێوەی هەماهەنگی مسۆگەر کردبوو، دیارترینیان ڕێکخراوی بەدر بوو بەسەرۆکایەتی هادی عامری هاوپەیمانێکی نزیکی ئێران لەگەڵ ژمارەیەک کوتلەی چەکداری شیعە کە تاران پشتیوانی لێدەکردن. بەڵام لەمیانی کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدکردنی مالکی بۆ پێکهێنانی حکومەت، پەیامێک لە ئەمریکاوە گەیشت، لە پەیامەکەدا هۆشداری دراوە بەسەرکردەکانی چوارچێوە، لە سەر کاندیدکردنی مالکی و بە ڕوونی ڕەتکردنەوەی ئەم کاندیدکردنە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە خراوەتەڕوو. پەیامەکەی ئەمریکا چەند خولەکێک پێش تەواوبوونی دەنگدان لەسەر کاندیدکردنی نوری مالکی گەیشتۆتە کۆبونەوەکە، کاتێک پەیامەکە لە کۆبوونەوەکەدا خوێندراوەتەوە، مالکی تووڕە بووە و پەیامەکەی ڕەتکردۆتەوە، پێداگری لەسەر تەواوکردنی کۆبوونەوەکە و پشتگوێخستنی پەیامە ئەمریکیەکەی کردووە، لەهەمانکاتدا ترەمپ ڕایگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکی کاندیدکردنی مالکی ڕەتدەکاتەوە، ئەمەش یەکەمجارە کە ئیدارەیەکی ئەمریکا بە ئاشکراو ڕاستەوخۆ دەستوەردان بکات لە پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا.
لەنێوان ڕەتکردنەوەی ئەمریکا و پشتیوانی ئێران، مالکی و لایەنگرانی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، خۆیان بە کاندیدبونی مالکیەوە چەسپاند و هەر هەوڵێکیان بۆ کشانەوە ڕەتکردەوە. دوای پێداگری مالکی و چەند لایەنێکی چوارچێوە بۆ کاندیدکردنی مالکی، پەیامێکی ئەمریکی لەڕێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە لە بەغدا گەیاندرایە سەرکردەکانی چوارچێوە، کە تیایدا واشنتۆن بڕیاریداوە ڕێگری لە مالکی بکات لە دەستبەکاربونی لە حکومەتی داهاتودا. لە پەیامەکەدا ئەوەش ڕاگەیەنرابوو، ئەگەر چوارچێوە بەردەوام بێت لە بڕیارەکەی بۆ کاندیدکردنی مالکی، ئەمریکا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٦ەوە سزا بەسەر کۆمپانیای نەوتی عێراقی سۆمۆ و بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی نەوت و هەروەها کەسایەتیە سیاسیەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەپێنێت. دوای ئەم پەیامه چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوه، هەوڵیاندا مالکی ڕازی بکەن خۆی له کاندیدکردن بکشێنێتەوه و عێراق له قەیرانی ئابووری وێرانکەر بپارێزێت، به ڵام مالکی ڕازی نه بووه.
بەگشتی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، تەنانەت ئەوانەش کە دژایەتی کاندیدبونی مالکیان دەکرد، نەیاندەویست لەبەردەم دەنگدەرەکانیان و هێزە سیاسیەکانی تر واتە لایەنەکانی سونە و کورد لاواز دەربکەون، خۆیان لە دۆخێکی سەختدا بینیەوە، ناچاربون لەنێوان تاران و واشنتۆندا یەکێکیان هەڵبژێرن. بەم جۆرە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کەوتنە ناو قەیران و ناو بیرێکی قووڵەوە، ئەگەر پێداگری لەسەر بەردەوامبون لە کاندیدبونی مالکی بکەن، مەترسی ئەوە دەکەن پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە پشتیوانی و هاوسەنگییەوە بگۆڕن بۆ دوژمنایەتیەکی ڕاشکاوانە. ئەمەش دەتوانێت کاردانەوەی جددی هەبێت، وەک سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر نەوتی عێراق و سەرچاوەکانی دۆلاری ئەمریکی و ڕێگریکردن لە هاوکاری سەربازی و هەواڵگری نێوان هەردوو وڵات. پاشان عێراق دەبێتە بەشێک لەنێو ململانێی سەربازی ئەگەری شەڕی نێوان تاران و واشنتۆن.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر سەرکردەکانی چوارچێوە پابەندبن بە ڕەتکردنەوەی ئەمریکا لەسەر کاندیدکردنی مالکی، سەرەڕای پشتیوانی ئێران لە مالکی، وەک ئەوە وایە کە بە ئاشکرا نیازی خۆیان بۆ پەیوەستبوون بە کەمپی ئەمریکی لە دژی ئێران ڕاگەیەنن، ئەمەش کاردانەوەی جددی هەیە، کوتلە چەکدارەکانی عێراقی هاوپەیمانی تاران بێدەنگ نابن و کار بۆ زیاتر ناسەقامگیرکردنی عێراق دەکەن، وەک سزایەک لەبەرامبەر تەسلیمبونی چوارچێوەی هەماهەنگی بە فشارەکانی ئەمریکا.
ئەو بنبەستەی ئێستا کە هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیری عێراق و تێکدانی یەکگرتوویی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و قەیرانی پێکهێنانی حکومەت دەکات، سەرکردەکانی چوارچێوە بیر لە چارەسەرێک دەکەنەوە، بۆ دەربازبونیان لەم دۆخە سەختە بە کەمترین زیان. لەنێوان لایەکانی چوارچیوە زیاتر قسە لەسەر دواخستنی کشانەوەی مالکی کراوە تا ئەوکاتەی وادەی یاسایی سەرۆك وەزیران تەاو دەبێت، پاشان هەنگاونان بۆ چارەسەرێک کە بریتی بێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی ڕاگوزەر بە سەرۆکایەتی سودانی، دواجاریش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق بکەن.
هەروەها سەرکردەکانی چوارچێوە پێیانوایە باشترە پێکهێنانی حکومەت ڕاگرن تا ئەوکاتەی دانوستانەکانی ئێستای نێوان تاران و واشنتۆن بە هەر ئەنجامێک دەگات، ئەمە بە باشترین چارەسەر دەزانن بۆ دەرچونیان لەو قەیران و چەقبەستبونەی ئێستایان! لەهەمانکاتدا پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیش لە هەمان بازنەو قەیران و کێشەکانی پێکهێنانی حکومەتی بەغدادا، چاوەڕوان دەکات، چارەنوسیان پەیوەستە بە دۆخی سیاسی عێراق و ململانێی ئەمریکا و ئێرانەوە.
هەڵبەتە لە ڕۆژانی داهاتوودا هاوکاتی کێشەکان و ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەدڵنیایەوە مالکی ناتوانێت پۆستی سەرەک وەزیران بەدەستبهێنێت. دۆخەکە بەجۆرێک سەخت دەردەکەوێت کە مەسەلەکە چیتر تەنها پەیوەندی بە کەسایەتی مالکی و پێشینەی سیاسیەوە نییە، بەڵکو دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە لەو واوەتر و پێجیدە ترە تائەوەی بتوانرێت مەسەلەی سەرەک وەزیرو حکومەتی عێراق یەکلایی کرێتەوە، بۆیە پێویستە تەواوی هێزو لایەنە شیعەکان و هاوپەیمانەکانیان لە دەسەڵاتدا، واتە هێزەکانی ئیسلامی سیاسی سونە و ناسیۆنالیستە کوردەکان و ئۆپۆزیسیۆنەکانیان کۆتایی بە دەوریان لە دەسەڵاتی سیاسیدا بهێنرێت. لەهەمانکاتدا پێشئەوەی عێراق ببێتە قوربانی مانۆڕەکانی نێوان تاران و واشنتۆن و خولقاندنی کارەساتی گەورە، پێشوەخت پێوستە خەڵکی عێراق و کوردستان بەتەنگ ئەمنیەت و ژیانی خۆیانەوە بن، هیچ ئومێدێکیان بەو هێزو لایەنە سیاسیانە نەبێت، کە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا لەسەر بنەمای تائیفی و ئیسلامی و قەومی دادەمەزرێنن. ئەو جۆرە دەسەڵاتانە بەبێ هێزی میلیشیاو و دزی و جەردەیی و تاڵانی و کۆکردنەوە دەسکەوتەکانی جەنگ، ناتوانن خۆیان بپارێزن.
لەم دۆخەدا زۆر گرنگە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە عێراق و کوردستان زیاتر لەهەوڵی ئامادەکاری و فراونبون و رێکخراوبونەوە بن لە مەیداندبن و خۆیان لە کاریگەریەکانی جەنگ و کارەساتەکانی بپارێزن.

عوسمانی حاجی مارف




هێرش بۆ سەر ئێران پڕۆژە یاساکەی دەخاتە بەردەم حکومەتی نەتانیاهۆ.. شورش عزیز سورمێ

حکومەتی نەتانیاهۆ ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ سەرکەوتنە سەربازییەکانی و نانی بەیانی بە تیرۆرکردنی خۆڕاگەیاندنی عەلی خامنەیی و چەند بەرپرسێکی باڵای ئێران لە تاران دەگێڕێت. ئیفی دێفرین، وتەبێژی سوپای ئێران لە وتارێکدا کە لە تەلەفزیۆنی ئیسرائیل پەخشکرا، ڕایگەیاند: لەم ئۆپەراسیۆنەدا نزیکەی نیوەی کۆگای مووشەکیی ڕێژیمی ئێرانمان لەناوبرد و ڕێگریمان لە بەرهەمهێنانی لانیکەم ١٥٠٠ مووشەکی زیادە کرد. ماوەیەکی کەم پێش ئەوە ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئێران پێشبینی کردبوو کە هێرشەکان بۆ سەر ئێران “هەرکاتێک پێویست بێت بەردەوام دەبن” و “پێش گەیشتن بە ئامانجەکان” ناوەستن. ئیتر ئامانجی ئیسرائیل ڕاگرتنی تەماحە ئەتۆمییەکانی تاران نییە (کە هەمیشە باسی بەکارهێنانی مەدەنیی کردووە نەک سەربازی) و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیک. ئەولەویەتەکانی “گۆڕینی ڕژێم”ە.
سەرۆک وەزیرانی ئێران ناتانیاهۆ- کە ئەمڕۆ بە زمانی فارسی و بە کەڵک وەرگرتن لە ئای ئای قسەی بۆ ئێرانییەکان کرد- پێی وایە بە بۆردومانکردنی نەک تەنیا شوێنە سەربازییەکان بەڵکو ناوەندی شاری تاران و فڕۆکەخانە و مۆڵەکانی بازرگانی و کوشتنی خەڵکی سڤیل، گەلی ئێران هەڵدەستن و کۆماری ئیسلامی دەڕوخێنن و دواجاریش سوپاسی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن. سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی لە پشتیەوەیە. ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە لە میانەی دیدارێکی نێوان وەزیر کاتز و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل عیال زەمیر، سەرکردەکانی سوپا و بەرپرسانی بەرگری، هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە کە کوشتنی خامنەیی “نوێنەرایەتی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە دەکات”. کاتز وتی: هیوادارین ئەم چالاکییە (بۆردومانەکە) ببێتە هۆی ئەو ئەنجامەی کە ئێمە ئاواتەخوازین: گەلی ئێران سەرکەوتوو بێت لە لابردنی ئەم ڕژێمە بۆ خۆیان، بۆ ئێمە و بۆ هەموو جیهان.
ئەم هەڵسەنگاندنە تەنیا بەشێکی هاوبەشی چەند شرۆڤەکارێکی ئیسرائیلییە: ڕۆیشتنی خامنەیی، تا گوماناویتر ڕوونی بکەنەوە، لە ڕوانگەی ڕەمزی و میدیاییەوە گرنگە، بەڵام نابێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کە لە هەموو ئاستێکدا بە باشی ڕێکخراوە و ملیۆنان هاووڵاتیی ئێرانی لە لای خۆیەوە هەیە، نەک تەنیا سپای پاسداران و میلیشیای بەسیج.
ئەو هەڵسەنگاندنەی ئیسرائیل کە ئێران لەسەر ئەژنۆیە، لە ڕووی سەربازییەوە لەگەڵ واقیعی شەوی ڕابردوو و چەند کاتژمێری ڕابردوودا بەریەککەوتنی هەیە، کە هێرشەکانی دژ بە ئیسرائیل و لە سەرانسەری ناوچەی کەنداودا بەخۆیەوە بینیوە، کە سوپای ئێران بەردەوام هێرش دەکاتە سەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا، لە کوردستانی عێراقەوە تا عومان. زۆرترین ئامانجی وڵات بەحرەینە کە شوێنی بەلەمی پێنجەمی ئەمریکایە. لە ئیسرائیل و قودس بەردەوام ئاگادارکەرەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت بەهۆی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە تارانەوە هەڵدەدرێن. سوپای پاسدارانی ئێران ستراتیژێک جێبەجێ دەکات کە دانیشتووانی ئیسرائیل لەژێر فشاری بەردەوامدا دەهێڵێتەوە و لە هەمان کاتدا بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە تێوەگلاون. هەر سی خولەک جارێک یەک مووشەک یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەڵدەدات و ئیسرائیلییەکان ناچار دەکات لە پەناگەدا بمێننەوە و هێزە چەکدارەکان چەندین ڕێگری بۆ یەک ئامانج بەکاربهێنن. تاران پێشبینی دەکات ئەمە بە خێرایی کۆگاکانی تەقەمەنی و موشەکی ڕێگریکەرەکانی تەواو بکات. ئەمە کێشەیەکی کۆنکرێتییە کە هەندێک لە ژەنەڕاڵەکانی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا چارەسەریان کردووە.
هەروەها ئەو هێرشەی سەرلەبەیانی دوێنێ دەستیپێکرد، دەستیکردووە بە گیان لەدەستدانی خەڵکی ئیسرائیل. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لانیکەم هەشت هاوڵاتی ئیسرائیلی بەهۆی مووشەکێکەوە کە بەیت شەمێش کەوتە خوارەوە، کوژران. لە ئەنجامی ئەو کاریگەرییەدا 20 کەسی دیکە برینداربوون و باری تەندروستی دوو کەسیان سەختە. شەوی ڕابردوو، ژنێک لە تەلئەبیب کوژرا، هەروەها بە مووشەکێک کوژرا. چل باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون، ٢٠٠ کەسیش چۆڵکراون. ئەو شوێنانەی لێیان کەوتووە هەمیشە ئاشکرا ناکرێن، چونکە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کارەساتی میدیایییان بەسەر ئەنجامی هێرشەکانی ئێراندا سەپاندووە. سوپای عێراق هۆشداری دایە ڕای گشتی و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆیی و بیانی لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی قوربانییەکان یان ئاشکراکردنی شوێنی ئەو شوێنانەی کە بە ئامانج گیراون.

شورش عزیز سورمێ




شەڕی ئەمریکا لە ئێران بەرەو کوێ دەچێ؟.. ئاسۆ کەمال

دوو حکومەتی ئەمریکا و ئێران هاوشێوەن لەوەی کە بەبێ شەڕ و نائارامی لەم دەورەیەدا ناتوانن درێژە بە دۆخی مانەوەیان ئێستایان بدەن، ئەمریکا وەک زل هێزی جیهانی یان کۆماری ئیسلامی وەک هێزێکی ناوچەیی. هەربۆیە ئەم ململانێیە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بەشێوەی ناڕاستەوخۆ، لەگەڵ نوێنەرەکانی ئێران، تا ئەمڕۆ کە جەنگێکی ڕاستەوخۆیە بەردەوامە. ئەم شەڕە تا گۆڕینی ئەم هێز هاوسەنگیە و تەسلیم بوونی لایەکیان درێژەی پێدەدرێ.
ئەمریکا پاش شکست پێهێنانی “بەرەی مقاوەمەت”ی ئێران لە غەزە و لوبنان و سوریا، بە هاوبەشی ئیسرائیل و هاوکاری سعودیە وڵاتانی خەلیج، ستراتیژی کردنە دەرەوەی ئێرانی وەک هێزێکی ناوچەیی گرتۆتەبەر و ئەمەش لە پێناو یەکلاکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە وەک بازاڕی سەرچاوەی وزە و ناوچەی نفوزی سەربازی بۆ ئەمریکا لەبەرامبەر چین و ڕوسیادا.
ترامپ وەک نوێنەری ئیمپریالیستی ئەمریکا نەزمی نوێی باڵادەستی ئەمریکای بەسەر جیهاندا لەڕێگەی هێزی سەربازیەوە دەسەپێنێ و هەر حکومەتێکی وەک ئێران کە مل بەداواکانی نەدا، وەک لابردنی بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکی بالیستی ئەوا بە زەبری هێز و شەڕ ئەم خواستەی دەسەپێنێ. هەرچۆن لە فەنزویلا و کیشوەری ئەمریکا ئەم بەرنامەیە پیادە دەکا.
کۆماری ئیسلامی بەبێ چەکی ئەتۆمی و بەبێ موشەکی بالیستی دەبێتە ئەو حکومەتی ژێر دەستی ئەمریکا و ئەمەش لەگەڵ بنەمای ئیدیۆلۆژی و بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی ئەم کۆمارە ئیسلامیەدا نایەتەوە کە لەسەر بنەمای هێزی سەربازی حکومەتی سوپای پاسداران لە زیاتر لە چوار دەیەدا بنیات نراوە. ئەم دەزگا دەوڵەتیە ئیسلامیە سەربازیە لە سایەی نەوت و دەستێوەردانی ناوچەیی و سەرکوتی ناوخۆییەوە دەتوانێ خۆی ڕابگرێ و کوژرانی ژمارەیەک لە سەرانی کۆماری ئیسلامی ، کە جێگای خۆشحاڵی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و ناوچەکەیە، وە گەمارۆی ئابوری و لێدان لە نوێنەرەکانی لە عێراق و لوبنان و غەزە و یەمەن ناتوانن شکستی پێ بێنن و تەنیا دەتوانن لاوازی بکەن.
هەربۆیە ئەمریکا بۆ گۆڕینی ئەم ڕژێمە دەبێ ئەم بنەمایانەی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا بگۆڕێت. ترامپ هێزی ئەم گۆڕینەشی لەناوەوەی ئەم ڕژێمە ئیسلامیە دەست ناکەوێ و لەدەرەوەی ڕژێمیش و لە نێو ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی ئێراندا ئەم بەدیلەی بۆ پەیدا ناکرێ. هەربۆیە ئایندەی شەڕێکی درێژخایەنتری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەبێ بۆ یەکلاکردنەوەی لە ڕێگەی هێزی سەربازیەوە و ئەمەش تێوەگلانی سەربازی سەرزەمینی بەدوای خۆیدا دێنێ کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ لەڕێگەی شەڕی درێژخایەن و ماندوکردن و بارگرانی ئابوریەوە پارێزگاری لەمانەوەی خۆی بکا.

کوژران و ماڵوێرانی ملیۆنەها خەڵکی کرێکار و هەژاری ئێران لەم شەڕی دوو هێزە کۆنەپەرستە بورژوازیەدا کارەساتێکی مرۆڤانەیە کە دەبێ بە بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی لە ئێران و جیهاندا دژ بەهەر دوو بەرەی کۆنەپەرستی ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران بەری پێ بگیرێ.
ناڕەزایەتیە بەردەوامەکانی خەڵکی کرێکار و ئازادیخوازی ئێران و کوردستان کە لەم چوار دەیەدا قوربانی دەستی ئەم ڕژێمە ئیسلامیە تاوانکار و تیرۆریستە بوون، تەنیا فاکتەری ئومێدە بۆ گۆڕینی ئەم ڕژێمە و بەرگرتن بە هاتنەسەرکاری بەدیلێکی تری شاهانە یان سەربازی و کۆنەپەرستانەی تری بورژوازی لە ئێراندا. لەهەر فرسەتێکی لاوازبون و شکستی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەتوانێ سود وەرگرێت بۆ نیشاندانی هێزی سەربەخۆی خۆی و بونە بەدیلی ئەم دۆخە دژوارە.

ئاسۆ کەمال




ئیسلامی سیاسی و قەیرانەکانی.. ئەیوب ئەحمەد قادر

ساڵانی کۆتایی سەدەی بیست، بەتایبەتی لە نەوەدەکاندا لە هەموو جیهان، ئیسلامی سیاسی بە هەموو فۆرمەکانییەوە (جیهادی و ناجیهادی) بەرەو لووتکە دەڕۆیشتن و هەژموونیان لە زۆربەی وڵاتاندا پەیدا کردبوو. هەر بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان، کەم مزگەوت هەبوو گرووپ و خەڵکانێکی تێدا نەبێت، ڕۆژانە و شەوانە وانەیان تێدا دەخوێند و کۆبوونەوەیان دەکرد. هەر مزگەوتێکیش ئەمیرێکی هەبوو. دوای یانزە سیپتێمبەری ٢٠١١ ئیسلامی سیاسی و تیرۆر بە تەواوی هەژموونی پەیدا کرد، بەتایبەتی گرووپە جیهادییەکانی وەک: ئەنسارولئیسلام، جوندولئیسلام و قاعیدە و ئەنسارولسوننە… تاد. دوای بەهاری عەرەبیش ئیسلامی سیاسی بەتایبەتی ئیخوان موسلیمین دەرفەتێکی زێڕینیان دۆزییەوە و توانیان خۆیان بگەیەننە دەسەڵات. کەواتە هەر کەسێک، توێژەرێک سەیری ڕێڕەوی هاتن و گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی بکات، جا چ ئەوانەی سەردەمانێک خۆیان بە میانڕەو داناوە، یان توندڕەوترینیان وەک ئەلقاعیدە و داعش و بزووتنەوە سەلەفییەکان بۆی دەردەکەوێت لە ماوەی چارەگی کۆتایی سەدەی بیست، ئەم ڕەوت و بزووتنەوانە بە قۆناغی هەڵکشان و داکشانی زۆردا تێپەڕیون. بۆیەیش ئەوانیش، مەبەستمان گرووپە ئیسلامییەکانە، لەوە تێگەیشتن لە سەدەی بیست و یەک باریان لارە و دەبێت خۆیان بگۆڕن.
بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری خێرای سەرهەڵدان و داڕمانی گرووپە ئیسلامییە سیاسییەکان، بەتایبەتی ئیخوان، کە لە زۆرێک لە وڵاتان وەک گرووپی تیرۆریست ناسراون، توێژەری بەناوبانگی فرەنسی جیل کیپیل Gilles Kepel لە کتێبی (جیهاد… سەرهەڵدان و داکەوتنی ئیسلامی سیاسی) زۆر بە وردی لەبارەی پەیدابوون و سەرهەڵدانی گرووپە ئیسلامییە سیاسییەکان لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی باس دەکات. یەکێک لە هۆکارە زۆر سەرەکییەکان بۆ شکستی دیاردەی بیرۆکە ناسیونالیستەکان دەیگەڕێنێتەوە. بە بڕوای ئەو هەموو گرووپە ئیسلامییە سیاسییەکان لەسەر پاشماوە و نەمانی ناسیونالیزم پەیدابوونە، خەڵکانی تریش کاتێک سەیر دەکەن ئیسلامی سیاسی وردە وردە جەماوەر پەیدا دەکات، بیرۆکەکانی ئەوانیش پەراوێز دەخرێت، خەیاڵیان کرد، ڕەنگە ئەم ڕەوتانە بەرەو جەماوەریان ببات. بۆیەیش جۆرێک لە پاڵپشتییان کردن. ئەمەیش وای لە نووسەرێکی وەک گراهام فۆلەر، کە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا بوو لە کتێبەکەیدا بەناوی (داهاتووی ئیسلامی سیاسی) پرسیارێکی گرنگ بورووژێنێت: ئایا دیاردەی ئیسلامی سیاسی، تەنیا قۆناغێکی ڕاگوزەرییە، یان سەرەتای گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەیە لە جیهانی ئیسلامیدا؟ چونکە تێکەڵکردنی ئایین و سیاسەت دوو بواری زۆر گرنگی ژیانی مرۆڤن، کە لە ڕێیەوە مرۆڤ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەدی دەهێنێت. ئەمەیش وایکردووە نە ئایین بتوانێت چاوپۆشی لە سیاسەت وەک هێزێک بکات، نە سیاسەتیش هێزی سیاسەت وەلاوە بنێت. هەرچەندە فۆلەر بڕوای وایە پەرەسەندنی پەیوەندی نێوان سیاسەت و جیهانی ئیسلامی هاوچەرخ وەک وەڵامدانەوەیەکە بۆ هۆکارە ناوخۆی و دەرەکییەکان، جیاواز لە میراتی کۆڵۆنیالیزم، شتی عەلمانییەکان بۆ هێنانەدی ئازادی و خۆشگوزەرانی لە وڵاتە ئیسلامییەکان. بە قسەی فۆلەر جیهادی ئیسلامی دژ بە یەکێتیی سۆڤیەت لە ئەفغانستان، یەکەم شکستپێهێنانی زلهێزێکی جیهان بوو لەسەر دەستی ئیسلامی سیاسی، ئەمە کاریگەری گەورەی لەسەر هزر و ئایدیۆلۆژیای کادیری گرووپە ئیسلامییەکان هەبوو. هەروەها گورووپە جیهادییەکان پەنایان بۆ میدیا و تەکنەلۆجیا برد بۆ ئەوەی بیرۆکەکانی خۆیان بڵاو بکەنەوە، لەمەشدا تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەتوو بوون.
دوای ئەوەی خەڵک هەموو ئامراز و شێوازەکانی ئیسلامی سیاسی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دیت، ئەوا ئێستا ئیسلامی سیاسی تا ڕادەیەک تووشی قەیران بووە. ئەوەیش دوای ئەوەی خەڵک داعشی بینی. داعش ڕووە ڕاستەقینەکەی ئیسلامی سیاسی بوو، بەتایبەت لە ڕێگەی توندوتیژییەوە مەودایەکی زۆری شار و گوندیان لە عێراق و سووریا داگیر کرد، خەڵکانێکی زۆریان کوشت. ڕێکخراوێکی وەک ئیخوان موسلیمین لە میسر و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی قەدەغەکرا و وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ناسێندرا. هەروەها زووتنەوەی نەهزەی توونسیش بە هەمان شێوە لە ناوخۆ و دەرەوە پێگەی خۆی لە دەست داوە. هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی کوردستانیش ئەوەی سەلماند، کە حیزبە ئیسلامییەکان چەندە لە پاشەکشن، بە تایبەتی ئەگەر کوردی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی بە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر بەراورد بکەین. ئەمەیش بۆ ئەوە دگەڕێتەوە، کە نوخبە و خەڵکانی ڕۆشنبیر لە بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگە نیگەران بوون و بێ ئومێد بوون. هاوکات خەڵک لەوە تێگەیشت ڕەنگە ئەم بە ئیسلامیکردنە کاریگەری لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری و کۆمەڵایەتی هەبێت. بەتایبەتی لە کوردستان، کە چەندین نەتەوە و ئایین و ئایینزای دیکەی تێدا دەژین، ئەوانیش لەو بە ئیسلامیکردنە نیگەران بوون.

ئەیوب ئەحمەد قادر




کوشتنی خامنەئی هەرگیز نابێتە چارەی کۆتایی بۆ گەلانی ئێران!.. حەسەن ڕازانی

چەند سەرنجێک

بەبێ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە سیستەمی حوکمڕانییدا لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە، کوشتن و ئاڵو گۆڕپێکردنی بەهلەوی بە خومەینی و ئەوانیش جاریکی تر گۆرینەوەیان بە ڕەزا پەهلەوی هیچ لە ژیانی خەڵک ناگۆرێت!
ئەگەر گەلانی ئێران وابزانن بە کوشتنی خامنەئی و سەدان بکوژی تر لە ئاخوندە خوێنڕێژەکانی ویلایەتی فەقیه ڕزگارییان دەبێ لە چەوسانەوەو ژیانی ناخۆش بە دڵنیاییەوە هەڵەیەکی گەورەیەو بۆچوونێکی بازاڕانەیە.
پێش سیستەمی ویلایەتی فەقیە، گەلانی ئێران لە ژێر ناوی شۆڕشی گەلانی ئێراندا بە دەیان هەزار قوربانییان دا تاکو سیستەمی شاهنشاهییان ڕووخاند، بەڵام لە پشتی ئەوانەوە سیستەمی ئاخوندیی بە ڕیبەڕایەتی خومەینی و بە پاسەوانیەتی ناتۆ بەسەر گەلانی ئێراندا سەپینرا.
ئێستا ئەگەر گەلانی ئێران وریا نەبن و دیسان بە دەهۆڵی ناتۆ بێنە سەر شەقامەکان و قوربانی بدەن و خۆیان بەکوشتبدەن و هیچ جێگرەوەیان نەبێ بۆ سیستەمی ئاخوندیی، ئەوا بە دڵنیاییەوە جارێکی تر مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوەو لەوانەیە بەهلەویەکان بینەوە سەر حوکم.
لابردن و ڕوخاندنی سیستەمەکان نابێت ببێتە ئامانج ئەگەر جێگرەوە لە لایەن خەڵکەوە ئامادە نەکرابێت.
بەهاری عاڕەبی و تەواوی ڕووداوەکانی ئەم دوایانە لە ناوچەکەدا دەیسەلمێنن کە خەڵک تەنها دەکرێتە سوتەمەنیی و بەکار دەهێنرێت. بۆ نموونە دوای سەدان هەزار لە قوربانیی و ماڵوێرانیی لە لایەن خەڵکی سوریاوە، ئێستا ناتۆ سیستەمی داعشیانەی بە سەرکردایەتی جۆلانی، کە پەروەردەی دەستی خۆیانە، بەسەر گەلانی سوریادا سەپاندووە.
من گەلانی ناوچەکە دڵنیا دەکەم کە زلهێزەکان هەتا بۆیان بکرێت ناهێڵن و نایانەوێت لەو ناوچەیەدا سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراسی کەخەڵک لێی ڕازی بێت دابمەزرێت. زلهێزە چاوچنۆکە دۆلار مەبدەئیەکان دەیانەوێت ئەو ناوچەیەو جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی بەم شێوەیە پڕ لە کێشەی چارەسەرنەکراو بمێنێتەوە. هەمیشە پاڵپشتیی لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دەکەن.
زلهێزە دۆلار مەبدەئیەکان، بە واتایەکی تر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەرمایەداریی جیهانیی، سیستەمێکی داعشییان پێباشترە لە سیستەمیکی دێموکڕاسی کە خەڵک لیی ڕازی بێت. بە نموونە سیستەمی کوردەکانی ڕۆژئاوایان نەگەرەکە بەڵک و سیستەمەکەی داعش جۆلانییان گەرەکە.
زلهێزەکان دەیانەوێت هەر حوکومەتێک و سیستەمێک لەو ناوچەیەدا دابمەزرێت دەبێ لەگەڵ ئەواندا بێت و لەبەرژەوەندی ئەواندا وەڵات بەڕێوەبەرێت. ئەگەر وا نەکات ناتوانێت دەوام بکات و هەزارویەک بەهانەی پێدەگرن. مێژوو بەڵگەی زۆرمان لەوبارەوە دەداتێ.
زلهێزەکان دەیانەوێت خەڵکی ئەو دەڤەرە بە بەردەوامیی ناچار بە ڕاکردن ببن لەدەستی رژێمەکانیان.
زلهێزەکانی رۆژئاواو ئەوروپا نایانەوێت سیستەمیک لە وێنەی سیستەمەکەی ئەوان لەو ناوچەیەدا هەبێ. ئەگەر هەبێ، ئەوکات جیاوازی نابێت لە نێوانی فەرەنساو عێڕاق دا. ئەوکاتە لەوانەیە خەڵکی فەرەنسا بیەوێت بێت لە عێڕاق بژیت. ئەوان دەیانەوێت جیاوازی هەبێ و هەمیشە خەڵکی عێڕاق بیەوێت ڕابکات و بچێت لە فەرەنسا بژیت.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە ئەمەش وەکو فاکت وایە و سەلمێنراوە کە:
ئەگەر گەلانی ناوچەکە بۆخۆیان سیستەمیکی دیموکراسیی و سێکیولاریی دانەمەزرێنن و خۆیان جێگرەوە نەهێنن ئەوا بەسەریاندا دەسەپێنرێت.
ئەگەر گەلانی ناوچەکە گرنگی بە زانست و تەکنەلۆجیاو سیستەمی حوکمڕانیی نەدەن و گرنگیی بە عەدالەتی کۆمەڵایەتیی نەدەن، ئەوا شیعاری بریقەداری ئایینیی و مەزەبیی و نەتەوەیی و نیشتیمانیی و ڕەگەزیی و خێڵەکیی و ناوچەیی هیچ لە ژیانی خەڵک ناگؤرێت و خەڵک لە برسیەتی و نەهامەتی ڕزگارناکات.
ئەوەتە بۆ نموونە ڕژێمەکانی ناوچەکە ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار سەرف دەکەن بۆ کاروباری سەربازیی بەڵام لەبەرامبەر هێرشێکی ئەمەریکاو ئیسڕائیلدا ناتوانن هیچ بکەن. (خامنەئی)یش نەیتوانی نە لە حەوزەی پیرۆزی قومدا، نە لە مەرقەدی ئیمام کازم و ئیمام عەلی و حوسین و حەسەن و عەباسی سەرگەرم دا خۆی بپارێزێت لە مووشەکی کافرە ئیسرائیلیی و ئەمەریکیەکان.

حەسەن ڕازانی




کوردستانی سوریا؛ رێکەوتنی هەسەدە و حکومەت و ئایندەی دەسەڵات!.. نوری بەشیر

هەلومەجی سوریا پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە، چ لەپەیوەند بەجێگاوڕێگای حکومەتی سوریا یان مەسەلەی کوردەوە، کە هەردووکیان لەچوارچێوەی سیاسەتێکی جیهانی و ناوچەییدا دەچێتە پێشەوە کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیانە. واتە ئاڵوگۆڕەکان بۆ حکومەتی سوریا و دەسەڵاتەکەی جولانی ( ئەحمەد شەرع) وەک کەسایەتی و رژێمێکی ئیسلامی داعشی نوێنەرایەتی ئەو بەرژەوەندیانە دەکات و لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتانەدا کاردەکات، بەهەمانشێوەیەش لەم هەلومەرجەدا هەر رێکەوتن و سازانێکی حکومەتی جولانی لەگەڵ هەسەدە ناتوانێت لەدەرەوەی ئەو بەرژەوەندیە جیهانی و ناوچەییانەی ئەمریکادا بێت لەئێستادا.
بۆ هەمووان روونە کە سیستەمی چینایەتی دنیای چەند جەمسەری ئەمڕۆ چەند کۆنەپەرستانەو دژی مرۆڤایەتیە، بەشەڕو ئاشتیانەوە خاڵێك نابینرێت لەبەرژەوەندی چینی کرێکاو کەمدەرات و ئازدیخوازی و مرۆڤایەتیدا بێت. ئەم هەلومەرجە ترسناکە زۆر بەئاشکراو بەبەرچاوی جیهانەوە لە سوریاو کوردستانی سوریاو مامەڵەکردن بە مەسەلەی ژیان و گوزەران و ئایندەی خەڵكەوە دەردەکەوێت.
ئەوەندەی بە کێشەی کورد لە ناوچەکدا دەگەڕێتەوە، یەکێکە لە کێشە هەرە ئاڵۆزەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەک کێشەی فەلەستین کێشەیەکی ئاڵۆزو مەترسیدارە، مەسەلەی کوردیش بەردەوام بەهۆی سیاسەتی سیستەمی سەرمایەداری ئەمڕۆو لەچوارچێوەی ئەو بەرژەوەندیانەدا خۆی نیشاندەدات و دەچێتە پێشەوەو بەردەوام ترسی دووبارە بوونەوەی کوشتارو ئاوارەیی و برسێتی و پاشەکشە پێکردنی هەیە.
مانەوەی کێشەی کورد لە سوریا بەشێوەی ئەمڕۆو بە هەڵواسراوی و نادیاری، کاریگەری لەسەر خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی سوریا دادەنێت، کە دەلیلە لەسەر بوونی رژێمێکی ناوەندی کە جێگای خواستی خەڵکی هەموو سوریا نیە، هەروەک ئەوەی کە بوونی رژێمێکی قەومی ئیسلامی داعشی چۆن بەدژی زۆربەی خەڵكی سوریایە ئاواش بەدژی کوردی ئەو وڵاتەیە.
روونە کە حکومەتەکەی جولانی حکومەتێکی دڵخوازی ئەمریکاو هاوپەیمانە ناوچەیی و جیهانیەکانیەتی، نەک رێگر نیە لەبەردەم نەخشەکەیاندا لە ناوچەکەدا، بەڵکو بەهۆی ئەو نەخشەیەوە هاتۆتە سەرکارو بەتەواوی هاوکارو هاوڕایە لەگەڵیان. بۆ ئەوان مەسەلەی ئەساسی رژێمی ناوەندەو یەکپارچەیی سوریاو بوونی هەر هێزو لایەن و قەوارەیەک دەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەواندا بچێتە پێشەوە، واتە ئەگەر پێشتر هەسەدەو کوردەکانی سوریا هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە دژایەتی داعش و تیرۆردا، ئەوا ئەمڕۆ بۆخۆی داعش و تیرۆرەکەی کە جولانی نوێنەرایەتی دەکات لەدەسەڵاتدایە، بۆیە مەسەلەی هاوپەیمانی هەسەدە و کوردەکان بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی جێگایەکی نەماوە.
ئەگەر دەورەیەك هەسەدە لەچوارچێوەی شەڕ دژی داعشدا، جێگایەکی پەیدا کرد لە سیاسەتی ئەمریکاداو پشتیوانی و هاوکاری کرا، بەڵام ئێستا ئیتر سیاسەتی ئەمریکا ئەوەیە کە هەسەدە دەبێت بچێتە ناو حکومەتەکەی شەرع و هێزەکانی تێكەڵ بە وەزارەتی بەرگری سوریا بکات و کۆنترۆڵی حکومەتی سوریا بۆ سەرجەم ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە کە لەژێردەستی هەسەدەدا بوەو هەیە! بۆیە تەنها ئاسۆیەکی سیاسی کە هەسەدە هەیەتی لەم دەورەیەدا ئەوەیە کە لەگەڵ حکومەتی شەرعدا رێك بکەوێت. بەوجۆرەش ئەوەی پێی دەوترێت ئەزموونی رۆژاڤا، ئیتر ناتوانێ وەکو خۆی بمێنێتەوەو دەسەڵاتی هەسەدە دەبێتە بەشێك لە سیستەم و دەسەڵاتی حکومەتی سوریا!
واتە ئەمریکا ئەمەی دەیکات ئەوە نیە کە تەنیا دەستبەرداری کوردەکانی سوریا و هەسەدە بووە، بەڵکو لەبنچینەدا دەسەڵاتێکیان دامەزراندوە کە خۆی بە دەوڵەتێکی عەرەبی و ئیسلامی سونە دەزانێت و لەسەر ئەساسی هاوڵاتیبوون دانەمەزراوە، واتە دژی زۆربەی خەڵکی سوریایە بە کوردو ئەوەی پێی دەڵێن عەلەوی، دورزی، کریستیان، …هتد هەر بۆیە ناکرێت لەچوارچێوەی رژێم و دەسەڵاتێکی لەوجۆرەدا چاوەڕوانی زیاتر لەوە بکرێت کە خەڵكی کوردستانی سوریا بە مافەکانی خۆیان و هەتا مافە ئینسانیەکان بگەن کە خەڵکی سەراسەری سوریا لێی بێبەرین.
کێشەی کوردستانی سوریا بەدوای کۆبوونەوەکانی پاریس و میونیخ دا زۆر چووەتە دواوە، کراوە بە مەسەلەی ناوخۆیی سوریاو لە چوارچێوەی حکومەتی سوریادا دەبێت بچیتە پێشەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت.
کۆبوونەوەی پاریس کە لە ٦ی جەنیوەری ٢٠٢٦ ئەنجام درا، رێکەوتنی نێوان ئیسرائیل و حکومەتەکەی جولانی لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکادا بوو لەبەرژەوەندی ئیسرائیل. ئەوەبوو ناوچەیەکی زۆری خوارو و خواروی رۆژئاوای سوریا درا بە ئیسرائیل لەبەرامبەر بێدەنگکردن لەمەسەلەی کوردا. دوای ئەوە هێرش کرایە سەر دوو گەڕەکی کوردنشینی حەڵەب (شێخ مەقسود و ئەشرەفیە)و فشاریان خستە سەر هەسەدە بۆ چۆڵکردنی هەردوو پارێزگای ڕەققەو تەبقە و تەنانەت ئەگەری هێرش بۆسەر باقی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە هەبوو. خەریک بوو کۆمەڵکوژیەکی گەورەی کوردەکان بکەن، چۆن لەدژی دورزەکان و عەلەویەکان ئەنجامیاندا، ئەگەر ناڕەزایەتیە جیهانی و ناو کوردستان و ئامادەیی بەرگری خەڵکی خۆڕاگری کودانی سوریا نەبوایە. ئەگەرچی هێرشەکانی حکومەتی جولانی وەستاوە بەڵام ئەگەری دووبارەبوونەوەی دوور نیە لەحاڵەتی رێكنەکەوتنی هەسەدەو حکومەتدا!
لەکۆبوونەوەی میونیخدا لە ١٣ تا ١٥ی فێبریوەری ٢٠٢٦، دا وا نیشاندرا کە کێشەی کورد لەسوریا چۆتە پێشەوە ئەویش بە بەشداری دوو سەرکردەی هەسەدە: مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە کۆبونەوەکەدا. بەڵام بەپێچەوانەوە هەر وەک کۆبوونەوەی پاریس، مەسەلەی کوردی بردە دواوە، بەڵام ئەمەیان بەشێوەی ئاشتی بووە و ناچارکردنی هەسەدە بۆ ملدان بە رێکەوتن لەگەڵ شەرع لە چوارچێوەی سیاسەتێکدا کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەسوریادا دەیانەوێت بیبەنە پێشەوە. بەڵام ئێستا کە هەسەدە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی خۆی بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکادا گرێداوتەوە، دەتوانێ لەدەرەوەی سیاسەتی ئەمریکادا لە ناوچەکەو لە سوریادا و لەناو بەرژەوەندیە ناوچەییەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانە تەقلیدیەکانی وەکو تورکیاو وڵاتانی دیکەی عەرەبیدا شتێکی دیکە بکات!؟ ئەم ئەگەرە کەمتر لە واقعیەوە نزیکە بۆ هەسەدە.
ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر بەرەوپێشچوونی دۆزی کورد لە سوریا، وەکو هەندێ لە سیاسەتمەدارو رۆشنبیرانی ناسیۆنالسیتی کورد بانگەشەی دەکەن و هەروەها ستایشکردنی شێوازی دەسەڵاتدارێتی هەسەدە بە بەراورد بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، لەڕاستیدا سەرباری ئەوەی کە هاوسۆزیەك بۆ پرسی کورد لە سوریا دوای روداوەکانی ئەم دواییانەو خۆپیشاندانە جەماوەریەکان لە کوردستان و لە دەرەوەی ووڵات، دروست بووە، سەرباری ئەوەی کە هەسەدە لەچاو دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا چەندین لایەنی پۆزەتیفی هەیە، وەکو وەستانەوە بەرامبەر داعش و کۆنەپەرستی ئاینی، کاڵبوونەوەی گوتاری نەتەوەپەرستی کوردی و ڕەچاوکردنی پێناسەی هاوڵاتی و جۆرێك لە ئازادی بیروباوەر و هەروەها لەبەرچاوگرتنی پێگەیەکی یەکسانتر بۆ ژنان لەگەڵ پیاواندا … بەڵام سەرەنجام هەسەدە بزوتنەوەیەکی سیاسی ناسیۆنالیزمی کوردە لە سوریا و ناتوانێ دژ بە بنەماکانی سیستەم و دەسەڵاتی بۆرژوازی و یاساو نەریتەکانی بوەستێتەوەو بەرگریبکات… هەروەکو چۆن پرسی کورد لە سوریا ناتوانرێ لەچوارچێوەی کۆمەڵێك مافی کەلتوری و فەرهەنگیدا و بەشداری هەسەدە لە دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا چارەسەر بکرێ. کێشەی کورد لە سوریا سیاسیەو دەبێ بەشێوەی سیاسی وەڵام وەربگرێتەوە. سیاسەتی ئەمریکاو دەوڵەتانی رۆژاوا چارەسەری سیاسی ئەم پرسە نیە!
هەربۆیە حکومەتی ئێستای سوریا ئەگەرچی جێگیر نیە، حکومەتێکی دەورەی راگوزەرە چ بە حکومەتی سەرکوت و راوەستاو، یان جێگای خۆی دەدات بەهێزێکی دیکەی دڵخوازی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، بەڵام چ بەجێگیربوونی، یان هەر دەستەوتاقمێکی تری قەومی یان ئیسلامی کە جێگای رەزامەندی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بێت ناتوانێت وەڵامی خەڵکی سوریا بداتەوەو لەوچوارچێوەیەشدا خەڵکی کوردستانی سوریا ناتوانرێت پارێزراوبێت، هەربۆیە هەلومەرجی سوریا ناتوانێت هەروا زوو سەقامگیر بێت.
بۆ وەڵام بەکێشەی خەڵكی کوردستانی سوریاو رێگری لە کوشتار دوو رێگا دەتوانێت کارا بێت: یەکەمیان ئەوەی کە دەوڵەتی سوریا لە دەوڵەتێکی عروبی- ئیسلامی بە ئاراستەی داعیشەوە نەمێنێ و حکومەتێکی غەیرە قەومی و سیکولار دابمەزرێت کە مافی هاوڵاتی یەکسان بۆ هەموو دانیشتوانی سوریا بەرەسمی بناسێت و جێبەجێ بکات! ئەمەش یان لەرێگای هاتنەسەرکاری حکومەتی کرێکاریەوە دەبێت لەو ووڵاتەدا یاخود فشاری بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری ئازادیخوازی سوریا دەتوانێ دەسەڵاتێکی سیکولار و غەیرە قەومی لە سوریا بەسەر بۆرژوایدا بسەپێنێ. لەکاتیکدا ئەم دوو سیناریۆیە دورەدەست دێنەبەرچاو، رێگای دووەم ئەوەیە کە خەڵکی کوردستانی سوریا لەرێگای بەرپاکردنی رێفراندۆمێکی گشتی و ئازادانەوە بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە چ جۆرە پەیوەندیەکی سیاسی و یاسایی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا دادەمەزرێنن تا ڕادەی ئەوەی بڕیار لەسەر جیابوونەوەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بدەن.




یاریەکانی ئەمریکا لە ئێران و ناوچەکەدا!.. عوسمانی حاجی مارف

دوای هەشت مانگ لە شەڕی ١٢ ڕۆژە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەناوی هەوڵدان بۆ لێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکیەکانی ئێران بەرێیانخست، ئێستا واشنتۆن جارێکی تر لە لێواری شەڕ لەگەڵ تاران وەستاوەتەوە. وەستانی شەری ١٢ رۆژە مانای کۆتایی گرژیەکان و وەستانی نەخشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبوو لە ناوچەکە بەگشتی و ئێران بە تایبەتی، هەربۆیە ئێستا دەبینین گەورەترین گردبونەوەی سەربازی ئەمریکا لەڕێگەی ئاسمانی و دەریاییەوە بۆ فشارخستنە سەر ئێران، بە ئاشکرا نمایشێکی مەترسیدارتر نیشان ئەدات.

بە ئاماژەدان بە ئاستی دڵەڕاوکێی ڕژێمی ئێران لەبەرامبەر کردەوەی سەربازی ئەمریکادا، کۆماری ئیسلامی ئامادەیی دانوستانیان نیشانداوە، بەبێئەوەی دیاربێت کە ئاستی دانوستانەکان بەچی دەگات و دواتر چی ڕووئەدات!

هەڵبەتە بەردەوام چاوەڕوانی ئەوە دەکرا که له مانگەکانی داهاتوودا خولێکی دیکەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەست پێبکاتەوە، وەها نیشان ئەدرێت ئامانجی ئیسرائیل زیاتر بۆ لاوازکردنی توانا موشەکیەکانی ئێران بێت. جگە لەوەش، چاوەڕوان دەکرا ئەگەری هەر لێدانێک بەهەوڵی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت، کە ئامانجی فراوانتری بەدواوەیە، بەتایبەتی بۆ ملکەچکردنی ئێران و ئاڵوگۆڕێک لەڕژێمی ئێڕان بە قازانجی ئەمریکا و ئیسرائیل تەواو ببێت، بەڵام وەک لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، ترامپ ڕێگایەکی دیپلۆماسی بۆ دەربازبون خستەڕوو، بەهەمانشێوە ئەمریکا پێشنیاری ئەوە دەکات، تاران دەتوانێت خۆی لە لێدانەکان بەدوور بگرێت، ئەویش بەمەرجی قەبوڵکردنی تەواوی خواستەکانی ئەمریکا.

لە تەواوی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، پەیوەندی دیپلۆماسی هەردوولایان، هەمیشە پڕ بووە لە ئاستەنگی و سەختیی ڕێکەوتن، ئەو پرسانەی کە لە کارنامەی دانوستانەکاندا هاتووە، وەک بەرگرتن بە بەرنامەی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی، سنوردارکردنی دەخالەتی ئێران لە ناوچەکە و پشتیوانیکردنی لە میلیشیاکان و گروپە تیرۆریستیەکان، بۆ دەیان ساڵە لە بەرنامەی کاردا ماونەتەوە و بە ئەنجامێکی عەمەلی نەگەیشتون. هەڵبەتە گومانی تیا نیە گەر ئێران لەوانەش زیاتر بخاتە بەرنامەی کاری سیاسیەوە، بە مەرجێک، پەیوەند بە پاراستنی دەور و نفوز، دەخالەت و باڵادەستی ئەمریکاوە جێبەجێیان بکات، بەمانایەک وەک هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەنگاوەکانی بنێت، بەدوور بوەستێت لە پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکانی روسیا و چینەوە، هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە دەوراێنكی تر لە باڵادەستی ئەمریکای بەسەر ناوچەکەدا بەرجەستەکرێتەوە، ئەوا ئەمریکا کێشەیەکی نابێت لەگەڵ ئێراندا.

بەمانایەک ئەو پرسانەی دەخرێتە ناو دانوستانەکانەوە بۆ ڕێکەوتن دەربارەی ئەتۆمی و موشەک و هەربابەتێکی تر، ناوەڕۆکی کێشەکانی ئەمریکا و ئێران نیە، دەکرێت ئەو پرسانە هەبن و هۆکارێک بن لە بارگرژی دانوستانەکانی ئێستا، بەڵام گەر ئێران وەرچەرخانێک بەرامبەر هاوپەیمانی لەگەڵ روسیا و چین نیشان بدات، وەک هاوپەیمانی ئەمریکا پێناسەی خۆی کاتەوە، تەواوی هاوکێشەکە گۆڕانی جدی بەسەردا دێت. ئەوەی شایانی باسە ئەم کێشمەکێشە کە مەسەلەیەکی بنەمایی و جدیە لە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی لە خاڵەکانی نێو دانوستانەکاندا پێنەدراوە، یان ئاشکرا ناکرێت!، ئەتوانین بڵێین کێشەی بنەڕەتی ئەمریکا بەهەر شێوەیەک بۆی بگونجێت لێدانە لە دەورو نفوزی روسیا و چین لە ناوچەکەدا، کە ئێستا فۆکسی لەسەر ئێران داناوە.

گەر بڕوانینە ئەم دۆخەی ئێستای گەمارۆدانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، بەڕواڵەت دوو بژاردە بۆ ترەمپ لەئارادایە، “لێدانی سەربازی یان مامەڵەیەکی گەورە”، لە ڕاستیدا ئەم دوو بژاردەیە ناتوانێت نیگەرانیەکانی واشنتۆن چارەسەر بکات، بەتایبەتی کە جۆری پەرچەکرداری ئێران، توانیویەتی ئاستەنگی بۆ بژاردەکانی ترامپ پێکبهێنێت، بۆیە پێناچێت هیچ کام لەو دوو بژاردەیە یەکلایی کەرەوەبن و نەخەشەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتن بگەیەنێت! ئیدارەی ئەمریکا بەتەواوی دڵنیا نیە لەوەی کە بە هێرشی ئاسمانی و هێرشی مووشەکی ئەتوانێت ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، چونکە ئاسان نیە بەو ڕێگایە بتوانێت کۆنترۆڵی تەواو بەسەر ئێراندا بەدەست بهێنێت.

لەلایەکی ترەوە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، کە بەشێکی زۆری یۆرانیۆمی ئێران پیتێنراوە و لەژێر داروبەردا نێژراوە و بە سەلامەتی لە تونێلە قەڵادارەکاندا شاردراوەتەوە، بۆیە ئەمریکا پێویستی بە هێزی زەمینی، پشکنەر، یان لایەنی سێیەم دەبێت بۆ چوونە ناو ئەو شوێنانە، ئەمەش لەباری عەمەلیەوە مانای ئەوەیە کە پێوست دەکات ئەمریکا هێرشی سەرزەمینی و سەربازی بکات، هەڵبەتە کارێکی لەم چەشنە بۆ وڵاتێکی گەورەو بەرفراونی وەک ئێران، ئەو فرسەتە نادات بە ئەمریکا بتوانێت نەخەشەیەکی لەو چەشنە داڕێژێت، چونکە حەتمیە کە توشی شکستێکی گەورە دەبێت. جگە لەوەش، ئەمریکا ناتوانێت دڵنیابێت لەوەی چ جۆرە لێدانێکی سەربازی دیاری بکات، کە ئایندەی دەوڵەت و دۆخی سیاسی ناوخۆی ئێران، چیان بەسەر دێت و تاچەند هێرشە سەربازیەکانی سودی دەبێت بۆ نەخشەو سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا. ئەگەری ئەوەش هەیە، ئەو لێدانە ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم و ئێران پارچە پارچە بکات، یان حکومەتێکی نوێ بەرهەم بهێنێت، بەڵام وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا نابێت، بۆیە ترەمپ زیاتر لەهەوڵی دانوستان و رێکەوتنێکدایە، بۆ ملکەچکردنی دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی، کە دیار نیە نەخشەکانی ئەمریکا لە مەیدانی ئەم ململانێیەدا ئاراستەی دۆخەکە بەرەو کوێ دەبات.

لەهەمان کاتدا “سەودا و مامەڵەیەکی گەورە” ئەرکێکی زۆر قورسترە بۆ ئەمریکا، لە داواکردنی ئەوەی کە ڕژێمی ئێران دەستبەرداری توانا موشەکیەکانی و بەرنامە ئەتۆمیەکەی بێت، یان بە یەکجاری دەستبەرداری هاوپەیمانی  روسیا و چین ببێت.

ئەگەری ئەوە هەیە سیاسەتی گۆڕینی ڕواڵەتی ڕژێمی ئێران گەر سەربگرێت، شوێنێک بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بکاتەوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، ئایا بە دەخالەتی ئەمریکا  و کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکە، دەتوانێت خزمەت بە بەرژەوەندیە درێژخایەنەکانی ئەمریکا بکات؟ بەبەبێ پلانێکی بژاردەیی بۆ بەرجەستەکردنەوەی “گۆڕینی ڕژێم”، بەبێ دابینکردنی ئەڵتەرنەتیفێکی بەتوانا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، سیاسەتێک دەبێت بۆ ئەمریکا و ترامپ، لە بەرامبەر ئەزمونێکی تر لە شکستەکانیان بەرەو ڕوو دەبنەوە و کارەساتی تر لە ناوچەکە بەرهەم دەهێنێتەوە.

 ئەو سیناریۆ جۆراوجۆرانەی کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەمریکا پێشنیارکراون، یان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئێستای ئەمریکادا خەریکە بەڕێوە دەبرێت، کە تیشک خستنە سەر لەشکرکێشیەکی تەواوە، گومانی تیا نیە ناواقیعیە، یان لەڕادەبەدەر کات بەفیڕۆدەر دەردەکەون، نمونەی فشاری ناسەربازی بۆ سەر ڕژێم و بانگەوازی ساختە بۆ پشتیوانی ڕاپەرینەکانی خەڵکی ناڕازی ئێران، کارەساتی کوشتنی بەکۆمەڵی لێکەوتەوە و دۆخەکەی ئاڵۆزترکرد.

ئەگەر ئەمریکا بەم شێوەیە بەدوای ئامانجی دیاریکراوی گۆڕینی ڕژێمەوە بەردەوام بێت، ئەنجامەکانی دەکرێت پێچەوانەی ئەوە دەرچێت کە ئەمریکا مەبەستیەتی. لەوانەیە ڕژیمی ئێران سەرکوتی خۆپیشاندەران و کوشتنی بە کۆمەڵ زیاترکات، مووشەک و بریکارەکانی بەهێزتر کات و تەنانەت ڕەنگە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت بۆ ئەوەی لە لەناوچون خۆی بیپارێزێت.

لەکاتێکدا ترەمپ لەلایەک بە ئاشکرا ئەگەری “سڕینەوەی ئێران لەسەر ڕووی زەوی” دەخاتە ڕوو، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بە مەرجەکانی ئەمریکا، لەلایەکی تریشەوە دەرگاکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ “مامەڵەیەک”، لە دانوستانێکەوە بۆ دانوستانێکی تر.

هەڵبەتە ئەم هەوڵە سەربازیە مەبەست لێی هێرشێکی خێرا نییە، بەڵکو بۆ دامەزراندنی واقیعێکی سەربازی درێژخایەن و زۆرەملێیە کە ئامانج لێی ناچارکردنی ئێرانە مەرجەکانی واشنتۆن لە پێگەی لاوازییەوە قەبوڵ بکات.

پێشبینیەکان وەها نیشان ئەدەن، ئێران لەبەردەم ئەگەری هەڵمەتێکی فشاری سەربازی گشتگیردایە، کە درێژخایەنتر و فراونترە لە ڕووی پانتاییەوە و بە توانایەکی تەواو بەرزی ئەمریکاوە بەڕێدەکەوێت، گەر لە کۆتایدا مامەڵەکەیان شکستی هێنا.

ئەم گۆڕانکاریە  ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی جێگیرکردنی بەرفراوانی هێزی دەریاییەوە، کۆکردنەوەی ئەم هێزەش کە لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد، ئاسمان و دەریای بەیەکەوە گرێداوە، لە دوای جەنگی کەنداوەوە، ئەمە گەورەترین شانۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ئەم یاریکردنە بە ئایندەی ناوچەکە، ڕێرەوی بەردەوامی ئەو کارەساتانەیە کە چەندین دەیەیە دانشتوانی ناوچەکە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، لەمەش قێزەوەنتر، دەوری ئەو هێزو لایەنە سیاسیانەیە کە بەرژەوەندی سیاسی و پێگەی خۆیان بەتەواوی گرێداوە بە ئاکامەکانی ئەم یاریانەوە.




مۆزەی كەڵبە و ڕنۆك.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                        
                                              

گەلانی دنیا، بۆ ئەوەی پاشماوە و كەرستە و شوێنەوارە دێرین و مێژووییەكانی خۆیان لە نەمان بپارێزن، هاوكات بە ئەوانیتریان بناسێنن، دێن هەر شتێكی دیرۆكی و شوێنەواری گرنگ هەیە، لە مۆزەخانەدا هەڵیدەگرن. ئەو شوێنەی هەم ئاماژەیەكی مێژوویی، هەمیش كولتووریی و مرۆیی و ئاسەواریی هەیە. مۆزەخانەكان، گوزارشت لە ڕۆژگارێكی مێژوویی كۆنی ژیانی مرۆڤەكان و سرووشت و كەرستەو دروستكراوەكان دەكەن، كە تیایدا سەرەتاكانی شێوەی ژیان و ژیانكردن و پەیوەندی لەگەڵ سرووشت و دەوروبەر دەردەخەن. بێگومان مرۆڤە سەرەتاییەكان، كە وەك ئێستا ژیان پێشكەوتوو نەبووە، هەوڵیانداوە بە كەرستەی سادە و دروستكراو، كارەكانی ژیانی خۆیان ڕایی بكەن و دەستەوەستان نەوەستن. ئیدی ئەو كەرستانە، لەگەڵ پێشكەوتنەكانی ژیان و گەشەی كۆمەڵایەتی و ژیاریی نەتەوەكان، بە سەر چوون و نەماون، مەگەر پارچەیەك، كە دەلالەت لەو قۆناغە بكات. مۆزەخانەكان، گرنگی و بەهایەكی هونەریی یەكجار گەورەیان هەیە و كەرستەكانی ناوی، لە شتە هەرە گران بەهاكانن، كە نرخ و بەهاكانییان، تەنانەت بە هیچ شتێك پێوانە ناكرێت. بۆیە دەبینین مامەڵەكردن بە كەرستە و پاشماوە شوێنەوارییەكان، وەك تاوان سەیر دەكرێت و سزای لەسەرە، چونكە ئەو پاشماوانە، گوزارشت لە مێژوو، بەهای فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە دەكات. چەند ساڵێك لەمەوبەر، كاتێ خۆپیشاندانێكی گەورە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەرپا بوو، حكومەتی ئەو وڵاتە، بەر لە هەموو شوێنێك مشووری مۆزەخانەی لۆڤەری خوارد، چونكە شتە مێژوویی و ئاسەوارییەكان، گەر لە نێو چوون و بزبوون، جارێكی دیكە نادۆزرێنەوە. وڵاتان بە بایەخەوە دەڕواننە مۆزەخانە و ساڵانە گەشتیارەكان ڕووی تێ دەكەن. مەرج نییە مۆزەخانە هەر تەنها ئاماژەیەكی كولتووریی بگەیەنێت، زۆر جار دەبنە شوێنی نیشاندانی پاشماوەی كارەسات و ڕووداوە سیاسی و تراژیدییەكان. ئێستاش ساڵانە خەڵكێكی زۆر بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ سەردەمی مێژووی خوێناوی هیتلەر و ئەو كارەساتەی بە سەر جولەكەكان لە جینۆسایدكردن هات، سەردانی پاشماوەی كەمپی ئاوشفیتز لە پۆلۆنیا دەكەن و كوورە و پاشماوەی ئەو شەمەندەفەر و وێستگانە دەبینن، كە جولەكەكانی تیادا دەتوێنرانەوە و دەكرانە سابوون. یاخود زۆر جار، مۆزەخانە كەرستەو پاشماوەی شۆڕشگێڕێك، سیمبولێكی نەتەوەیی، ئازادیخوازێكی تێدا نمایش دەكرێت. لە نێو ئێمەدا، ئەگەر مۆزەخانەیەك بكەینەوە دەبێ چی تێدا هەڵبگرین بۆ ئەوەی پیشانی ئەوانیتری بدەین، جگە لە مێژووێك خوێن و ستەم و چەوسانەوە نەبێت. دوژمنانی كورد، وەك چۆن هەوڵی لە نێوبردنی كەسیەتی و جوگرافیاو مێژووی ئێمەیان داوە، بەو شێوەیەش هەوڵی سڕینەوەی فەرهەنگ و كولتوور و شوێنەوار و پاشماوە دێرینەكانی ئێمەشیان داوە، بەداخەوە مێژووی ئێمە، هەمیشە لە پاڵ قوربانیدان و خەبات و تێكۆشان، هاوكات مێژووێكیش بووە، لە خوێن و چەوسانەوە و لە نێوبردن، بۆیە لە مۆزەخانەدا، دەبێ لایەك بۆ ئەو چڕنۆك و كەڵبانە تەرخان بكەین، كە هەمیشە لە جەستەی نەتەوەیی ئێمە گیروجیڕكراون. پەشێو لە شیعری (مۆزێ)دا، باسی مۆزەخانەیەكی جیاوازمان بۆ دەكات. مۆزەخانەیەك كە لە بری ئەوەی شوێنی هەڵگرتنی كەرستە و پاشماوەی دێرین بێت، بە پێچەوانەوە جێگەی نیشاندانی قەمە و كەڵبە و ڕنۆكە، وەك هێمایەك بۆ ئەو ستەمەی بە درێژایی مێژوو لە ئێمە كراوە، هاوكات ئاماژەیەكیش بۆ مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی، كە بە داخەوە ئەوەندەی مێژووی خوێن و كوشتنە، مێژووی داهێنان و جوانی نییە. لەو شیعرەدا، شاعیر مێژووی مرۆڤایەتی دەگێڕێتەوە بۆ دوو قۆناغ كە ئەوانیش چاخی بەر و دوای مێژووە. لێرەدا، مەبەست لە چاخی بەر لە دیرۆك ئەو چاخەیە، كە هێشتا مرۆڤایەتی لە قۆناغی سەرەتایی دەژیا و پێشكەوتنەكانی سەردەم، نەبووبوونە مایەی نەهامەتی و مرۆڤ بەو ئەندازەیە دڕندە و ترسناك نەبوو، كە ببێتە بكەری هەڵگیرسانی دەیەها شەر، كە بە هۆیەوە خوێنی مرۆڤی تێدا بڕژێت، بەڵكو ژیانێكی سادەی نێو سرووشت و دواكەوتوو، بەڵام پاك و ساكار دەژیا. چاخی بەر لە دیرۆك، ئەو چاخەیە كە هێشتا هیچ ڕووداوێكی گەورەی مێژوویی ڕووینەداوە. ئەو چاخەیە كە هێشتا مرۆڤ نەبۆتە دڕندەیەك و دەستی نەچۆتە نێو خوێنی هاوشوناسەكەی. ئەو چاخەیە، كە هێشتا شەڕ و كوشتارو ئەتۆم و تیرۆر و ڕەگەزپەرستی و فاشییەت و ڕەنگەكان لە یەكتری جیا نەكراونەتەوە و مرۆڤەكان پۆڵین نەكراون. پەشێو لە مۆزەخانەكەیدا، هۆڵێكی تایبەت و گەورە بۆ ئەو چاخەی بەرلە دیرۆك تەرخان دەكات، بەڵام هیچی نییە تا تیایدا هەڵگرێت، هەر وەك لە شیعرەكەی باسی دەكات و ناوی هیچ كەرستەیەكی نێو ئەو هۆڵە ناهێنێت، جیاواز لە هۆڵەكانی دیكەی دوای سەرهەڵدانی دیرۆك، كە ناپڕژێتە سەر ئەوەی تەنها هۆڵێكی بۆ دابین بكات. پەشێو لە شیعرەكەیدا دەڵێت:_
لە كوردستانی دوا ڕۆژدا
گەورەترین مۆزێی دنیا دروست دەكەم
بۆ هەرچاخێك هۆڵێكی زل
هۆڵی یەكەم ناوی لێ دەنێم
هۆڵی چاخی بەر لە دیرۆك
هۆڵەكانی تر هەموویان
هۆڵی سونگی و كەڵبە و ڕنۆك

هەڵبەتە، دیاریكردنی كوردستان وەك وڵاتی شاعیر بۆ دروستكردنی ئەو مۆزەیە، دەلالەتە لەوەی كە كورد وەك نەتەوەیەك، چەند ڕووبەڕووی كارەسات و نەهامەتی بۆتەوە و چۆن جێی ڕنۆكی دوژمنانی بە جەستەیەوە دیارە. ئەو مۆزێیە، نیشانەیە بۆ مێژووی سیاسی و نەتەوەیی ئێمە، كە مێژووی ڕابردووی خوێنینی ئێمە نیشان دەدات، بەڵام دیوێكی ئەو مۆزێیە، دیوێكی جیهانی و مرۆڤایەتییە و پەیوەندی بە قۆناغەكانی بەر و دوای سەرهەڵدانی دیرۆك هەیە. بەو مانایەی تا قۆناغی بەر لە دیرۆك، مرۆڤایەتی هەڵگڕی مێژووی كەڵبە و ڕنۆك نەبووە، بۆیە هۆڵی یەكەم تەنها ناوی هەیە و شاعیر ئاماژەی بۆ كەرستە و كەلوپەلەكانی نێوی نەكردووە، چونكە شتێك نییە وەك شوێنەوار تیایدا هەڵبگیرێت، هۆڵەكە تەنها ناوێكی مێژوویی هەیە، بەڵام كۆی هۆڵەكانی دیكە، تەرخان دەكرێن بۆ سونگی و كەڵبە و ڕنۆك، كە ئەمەش قۆناغی دوای دیرۆكە، كە مرۆڤایەتی زیاتر گەشە دەكات و لە پەراوێزی ئەو گەشەكردنەشەوە، گۆڕانكاری بە سەر كۆمەڵ دادێت و بە داخەوە شەڕو خوێن دەبنە سیمای دیاری ئەو قۆناغە، كە ئەوەندە زۆرە دەبێ هەموو هۆڵەكانی دیكەی بۆ تەرخان بكەیت. ڕووبەرێكی گەورەش لەو ستەم و خوێنە، بەر ئێمە وەك كورد دەكەوێت، هەر ئەمەشە هۆكاری ئەوەی كە پەشێو كوردستانی داهاتوو، بۆ شوێنی ئەو مۆزێیە لە بری هەر شوێنێكی دیكەی جیهان دیاری بكات. مێژووی مرۆڤایەتی، لە دوای گەشەسەندن و گواستنەوەی لە چاخی بەردین و بەر لە مێژووەوە بۆ چاخی نوێ، مێژووی هەزاران ڕووداوی سیاسی و كۆمەڵایەتییە. مێژووێكە تیایدا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی كارەسات و نەهامەتی بە ئێستاشەوە دەبێتەوە، مێژووی چەوسانەوە و بێ مافی گەلان و ستەم و بێدادی سیاسییە. ئەم مێژووە هێندە گەورەیە، دەبێ هەموو هۆڵەكانی مۆزەخانەی بۆ تەرخان بكرێت. پەشێو لە شیعرەكەیدا، كەرستە و شوێنەوارێكی دێرین، لەو هۆڵانە هەڵناگرێت، پاشماوە و شوێنەواری جێی پێ مرۆڤایەتی لە قۆناغی دوای دیرۆك لەو هەموو هۆڵانە هەڵناگرێت، بە پێچەوانەوە هۆڵەكان تەرخان دەكات، بۆ كەڵبە و قەمە، وەك ئاماژەیەك بۆ كوشتن و شەڕ و لە نێوبردنی مرۆڤ، بە هەر پاساوێكەوە بێت. كوردستان لە دوا ڕۆژدا، دەبێتە شوێنی گەورەترین مۆزەی دنیا، وەلێ مۆزەخانەیەك لە بری ئەوەی ئاماژەیەكی شوێنەواریی و دیرۆكی هەبێت، ئەوا ئاماژەیەكی سیاسی و خوێن و چەوسانەوەی بە تایبەتیش بەرانبەر نەتەوەی كورد دەبێت، كە ئێستاش كەڵبە و ڕنۆك دەوریان داوە!

سەدیق سەعید ڕواندزی

————————–

*ئەم بابەتە لە ژمارە(70)ی گۆڤاری چیا، كانونی یەكەمی 2024 بڵاوكراوەتەوە. ئەم گۆڤارە، لەلایەن كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستانەوە دەردەكرێت.




دیداری ژنێڤ، فیناڵی قۆناغێک لە ململانێ.. جوتیار مەلا رەئوف

سبەی٢٦.٢ نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران لە ژنێڤ کۆدەبنەوە، لە یەکەم نیگادا پێدەچێت تەنها وەکوو هەر کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی تر کە لە نێوان زۆر وڵاتی تردا ڕودەدا ببیندرێت، بەڵام لە واقیعدا ئەو کۆبوونەوەیە لە ساتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خاڵێکی هاوسەنگی زۆر هەستیار و ناسکیدایە، گرژیەکان لە هەڵکشان و گەرمبووندان، هاوپەیمانییەکان لە گۆڕاندان، فشارە ئابوورییەکان لە زیادبووندان و هەر جووڵەیەک کە لەلایەن زلهێزەکانەوە بە تایبەتی ئەمریکاوە دەکرێت، شەپۆلێکی زۆر ترسو نادڵنیایی بۆ ناوچەکەمان دەنێرێت.
ئەو کۆبوونەوەیە ساتێک نییە لە بەیەکگەیشتنێکی ئاسایی، لە پەیوەندیەکی دڕیژخایەنی ئەو دوو ووڵاتە، بەڵکو هەوڵێکی هۆشیارانەیە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنێکی مەترسیدار، ئەو کۆبونەوەیەی واشنتۆن و تاران لەبەر ئەوە نییە کە متمانەیان بە یەکتری هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە هەردووکیان درک بەوە دەکەن کە هیچیان توانای لەدەستدانی کۆنترۆڵیان نییە.
ئەوەی کە جنێڤ وەک شوێنەکە هەڵبژێردراوە، بەڕێکەوت نییە، شارەکە لە ناو قوڵایی بێلایەنی و دیپلۆماسییەکی جیهانیدا جێگیرە، لەو شارەدا ڕکابەرەکان دەتوانن قسە بکەن بەبێ ئەوەی مەترسی لەدەستدانی ڕووخساریان لەسەر بێت، بە بێئەوەی هیچ لایەنێک هەست بە فشاری بەرامبەرەکەی بکات، جنێڤ شوێنی هێماسازی نییە، بەڵکو شوێنی قسەکردنێکی کراوەیە، کە ئەوەش بە تەواوی ڕەنگدانەوەی سروشتی ئەو کۆبوونەوەیە.
هەرچەندە ئیمە ئاگاداری وردەکارییە فەرمییەکان نین بە شیوەیەکی گشتی ، بەڵام خاڵە مشتومڕاویەکان ساڵانێکە وەک خۆیان ماونەتەوە لە نیوان ئەو دوو وڵاتەدا، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران وەک خاڵی ناوەندی ململانێکان دەمێنێتەوە، بۆ ئەمریکا بابەتی ئاسایشی جیهانی و سەقامگیری، ستراتیژو ئەولەویەتە، بۆ ئێران بابەتی سەروەری نەتەوەیی و ڕێگریکردنە لە هەژموونی ئەمەریکا، لە پشت ئەو مشتومڕە تەکنیکییەوە واقیعێکی قووڵتر هەیە کە هەردوو وڵات ئاسایش بە شێوازی تەواو جیاواز لە یەکتری پێناسە دەکەن،
ئەو پێناسەیەش کاریگەریی ناوچەیی ئێران لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن زیاد دەکات، کە ئەوەش بۆ واشنتۆن ئامادەبوونێکە کە ناسەقامگیریەکی بەرداوام بۆ بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا دروست دەکات، لە کاتێکدا تاران لە دیدگای ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەوە وەک خۆپارێزی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان دەیبینێت، جیاوازی نێوان ئەو دوو ڕوانگەیە، جیاوازییەکی بچووک نییە، بەڵکو بۆشاییەکی زۆر گەورەو ستراتیژیییە.
پرسی سزاکان بە هەمان شێوە فشارێکی کوشندەیە بۆ گەلانی ئێران، مەبەستیان لێی دروستکردنی فەزایەکی سەختی ئابووری و ناڕەحەتیەکی کۆمەڵایەتییە، کە بۆ ئەمریکا وەکوو باشترین ئامرازی فشار دەبیندرێن، بەڵام مێژوو ئەوە نیشان دەدات کە فشاری ئابووری بە دەگمەن دەتوانێت سیستەمی سیاسی بگۆڕێت؛ نمونەی ووڵاتانی وەکوو کوبا و کۆریای باکورو هەتا عراقیش لە دوای شەڕی دووەمی کەنداو، بە پێجەوانەوە زۆرجار ئەو دەستەڵاتانە بەهێزتر دەکات کە زۆرترین مەیلیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە هەیە.
کەواتە ئەو کۆبوونەوەیە بە شێوەیەکی واقیعی دەتوانێت چی بەدەستبهێنێت؟
ڕەنگە ڕێککەوتنێکی مێژوویی بەرپا نەکات، ڕەنگە پێشکەوتنێکی گەورە نەبێت لە دوبارە بونیادی ئەمنیەتی سیاسی ناوچەکە، بەڵام ڕەنگە شتێکی بە هەمان شێوە گرنگ بێت بۆ کەمبوونەوەی گرژییەکان، بۆ بوژانەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی و ئاماژەیەک کە ڕیگاکانی دیالۆگوو دیپلۆماسی هێشتا مومکینن.
بۆ هەرێمی کوردستان ئەو بەریەککەوتنە ئەبستراکت نییە، هەر لێکنزیکبوونەوەیەک یان ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان واشنتۆن و تاران دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بۆ ئاسایشی ئێمە و ئابووریمان و داهاتووی سیاسیمان هەیە، کاتێک گرژییەکان کەم دەبنەوە، فشارەکانی سەر ناوچە جێناکۆکەکان لە عێراق و سوریاش کەم دەبنەوە، بۆ هەرێمی کوردستان واتا سەقامگیری و توندوتیژی کەمتر، ئازادیی زیاتر لە جوڵەی سیاسی و و ئاسۆی ئابوورییەکی باشترو گەشەکردووتر.
بەڵام ئێمە بە ئەزموون لەوە تێگەیشتوین کە ڕێککەوتنە جیۆپۆلیتیکییەکان بە دەگمەن بەرژەوەندیی گەلانی بچووکتر دەکەنە پێشینە ، بڕیارەکان لەسەر مێزە گەورەکان دەدرێن، لە کاتێکدا دەرئەنجامەکانیان لە شار و گوندو لە ناو ماڵ و سەر شەقامەکانی ئێمەدا هەست پێدەکرێت، لەو روانگەیەوە هاوسەنگییەکی نوێی هەرێمایەتی دەتوانێت دەرفەتەکان لە بەردەممان بکاتەوە، یان جارێکی دیکە مەودای کارو ژیانمان قورستر و تەسکتر دەکاتەوە.
من پێم وایە گەورەترین بەربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران، بێمتمانەیی قووڵی نێوانیانە کە بە جیگیری دەمێنێتەوە، واشنتۆن تاران وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژی دەبینێت، تاران واشنتۆن وەک زلهێزێک دەبینێت کە دەیەوێت هەژموونی سیاسی خۆی فەرزو بەرفراوان بکات لە ناوچەکەدا، بۆیە ئومێدبەخشین بەو دوو دیدگایە زۆر مایەی دڵخۆشی نییە.
بەڵام ئەگەر ڕێگەیەک یان ئومێدێک بۆ پێشەوەچوون هەبێت، هەردوولا دەبێ دان بەوەدا بنێن کە ڕووبەڕووبوونەوەی درێژخایەن تەنیا ناسەقامگیری لێدەکەوێتەوە، ئەمریکا دەبێ لەوە تێبگات کە سیاسەتی زۆرترین فشار نابێتە هۆی کرانەوەی سیاسی بۆ ئێران، ئێران لە بەرامبەردا دەبێت دان بەوەدا بنێت کە پەرەسەندنی ناوچەیی گۆشەگیریی خۆی قووڵتر دەکاتەوە و ڕێگری لە بوژانەوەی ئابووری دەکات و گەلانی ئیرانیش لە کۆتایەکەیدا باجەکەی بە قورسی دەدەن.
پێدەچێت کۆبوونەوەکەی جنێڤ ئاشتی دروست نەکات، بەڵام لە ناوچەیەکدا کە زۆرجار بە شەڕ پێناسە دەکرێت، تەنانەت گفتوگۆی سنوورداریش دەتوانێت کردەوەیەکی عەقڵانی بێت.
بۆ ئێمە، زۆربەی ڕوداو و پێشهاتەکان هەروا چارەنووسساز بووون، کە ئەوەش فێری کردووین هەمیشە لە نێوان هێڵەکانی سیاسەتی جیهانیدا بژین، ئێمە دەزانین و باش لەوە تێگەیشتوین کە زلهێزەکان دێن و دەڕۆن تا ئێمە لێرە بمێنینەوە.
هەر بۆیە من دانیشتنەکەی ژنێف نەک تەنها وەک ڕووداوێکی دیپلۆماسی، بەڵکو وەک خاڵی وەرچەرخانێکی ئەگەری، وەکوو فیناڵی ململانییەک بۆ هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەماندا سەیر دەکەم، ڕەنگە نەبێتە هۆکار بۆ چارەسەرو ئارامیەکی هەمیشەیی، بەڵام ڕەنگە ڕێگری لە کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە داهاتوودا بکات.

جوتیار مەلا رەئوف




ئۆجەلان و باکۆنین: گفتوگۆیەکی تەواونەکراو.. کارڵۆس پازمینیۆ.. و: گۆران عەبدوڵڵا

ئەم نووسینە گفتوگۆیەکە لەسەر تەکنیکی شۆڕشگێڕانەو لایەنە هاوبەش و جیاوازییە تیۆرێکانی بنچەی دەوڵەت لە نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕابەری پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK ) و بزووتنەوەی رزگاری کورد لەگەڵ میخائیل باکۆنیین، یەکێک لە گرنگترین تیۆریستەکانی ئەنارکیزم و رابەرانی چەپ لە سەدەی نۆزدە.

هاوبەشی و جیاوازی ئەو باوەڕانەی کە لەم رۆژگارەدا دەخرێنە بەرچاومان زۆر گرنگن بۆ تێگەشتن لە دەوڵەت، تاکتیکی شۆڕشگێڕانە دژ بە دەوڵەت، ناوەندە سیاسێکان و رۆڵی شۆڕشگێڕانە، لەگەڵ پێداگری لەسەر ئازادی ژن. بۆیە ئەم بەشداریکردنە پرسیاری گرنگ دێنێتە ئاراوە کە بەشێکی زۆری لە بیرکرابوون یان لاوەکییانە لێیان دەڕوانرێت لە لایەن بزووتنەوەی چەپ و تیۆریستەکانیەوە بۆ بیرکردنەوە لە شۆڕش لە سەدەی ٢١ دا.(Pazmino 2017a).

وەک دەزانرێت باکۆنین لە بیر کرا پاش دەرکردنی لە کۆنگرەی یەکەمی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی کرێکاران (IWMA)، هەروەها خۆیی و باوەڕەکەی بە توندی سەرکۆنەکرا وەک باوەڕێکی (تەواو ئایدیلۆژی). بەهەرحاڵ، پێشتر و پاش روخانی یەکێتی سۆڤییەت، ڕەخنەکانی باکۆنیین ناوە ناوە سەریان هەڵدەدایەوەو جار لە دوای جار رەخنەکانی دووبارە دەکرانەوە لەسەر بنچەکانی دەوڵەت و دەوڵەتداری مارکسیستی. پێشبینییەکانی پشتڕاستکرانەوە لە کۆمۆنەی پاریسەوە تا شۆڕشی روسیا کە دەوڵەتی سۆشیالیستی چارەسەر نییە بۆ فەراهەمکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازاد (price 2012 [2007].

ئۆجەلان، پێش ئەوەی گەشە بدات بە پەرەدایمەکەی لە مارکسیست لینینیستیەوە بۆ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی، بەهەمان شێوەی باکۆنیین توشی رەخنە بوەوە سەبارەت بەدەوڵەت ( Pazmino 2017b). باکۆنین و ئۆجەلان (2016a)، لە دوو زەمەنی جیاوازدا هاوشێوەی یەکتر گەشەیان بەتیۆری بنچەی دەوڵەت دا، بیانویان ئەوەیە کە بنچەی دەوڵەت ئابوری نەبووە، بەڵکوو ` ئایدیۆلۆجی` بووە، هەروەها دەوڵەت `دەزگایەکی ئاینی`ە، سەرکوتگەر، خۆسەپێن و باوکسالارە. بەهەرحاڵ، ئۆجەلان زۆر واوەتر رۆشت لە باکۆنین و گفتوگۆیەکی هێنایە ئاراوە سەبارەت بە بنچەی دەوڵەت لە ژێر هەژمونی ژنان دا، بەم شێوەیە دەتوانرێت بووترێت رێبەری کورد تیۆری دەوڵەت لای باکۆنین کامڵ دەکات و تێیدەپەڕێنێت (Pazmino 2017b).

شیکارێکانی ئۆجەلان بوونە هۆکاری گەشەیەکی تەکنیکی نوێ، ئەویش  کۆنفیدراڵییەتی دیموکراتییە ( ئۆجەلان ٢٠١٦ب). لەو سەین و بەینەدا مارکسێکان بانگەوازی دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت دەکەن و ئەنارکیستەکانیش کار بۆ هەڵوەشانەوەی دەکەن، ئۆجەلان بانگەوازی هەڵوەشانەوەی دەکات هەنگاو بە هەنگاو تا بەتەواوی دەسەڵات دەکەوێتە دەستی کۆمەڵگەی رێکخراو. بابەتی شۆڕش، پرۆلیتاریا نییە، بەڵکو ژنانە کە ئامادە نیین ` رۆڵیان هەبێت لە شۆڕش` ئەوان شۆڕشن ( Bi Battista 2016 ). وەک دەبینین ئۆجەلان کۆتایی بەو گفتوگۆیە گەورەیە هێنا سەبارەت بە بنچەی دەوڵەت و تەکتیکاتی شۆڕشگێڕانە پاش ١٥٠ ساڵ لە دامەزراندنی پەیوەندی نێودەوڵەتی کرێکاران.

دەوڵەت دەزگایەکی ئاینییە.

باکۆنیین پێی وایە دەوڵەت کاتێک دەردەکەوێت لە ` کۆمەڵگە سەرەتاییەکان ` ئەو کاتانەی ساحیرەکان و ` پیاوانی خودا` کاریەگەری دەخەنە سەر کۆمەڵگە لە رێی ئەفاسانەکان و شیکردنەوەی دیاردە نادیارەکان، لێرەوە ` هاوپشتییە سروشتییەکان` تێکدەشکێنرێت لە ژیانی کۆمەڵگەدا. ` رۆحی بەرزەفڕی` ئینسان دەیەوێت لە دیاردە سروشتێکان تێبگات و هەر لێرەشەوە شوناسێکی خوداییان بەبەردا دەکات. لێرەوە ساحیرەکان رۆڵی خوداوەندی لەسەر زەوی وەردەگرن، وردە وردە دەبنە ئەندازیاری کۆمەڵگە، چوونکە ئەوان کەناڵی پەیوەندیین لەگەڵ خودادا.

لەم رێگایەوە دەوڵەت خۆی رێکدەخات وەک قوربانی دەرێک لە پێناو ژیانی کۆمەڵگەدا، نکۆڵی لە ئازادی، چەوسانەوەو سەرکوتکردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئەو شوناسە ئاسمانییەی بە خۆی بەخشیوە: هێزی رەهای دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگەدا وا خۆی نمایش دەکات کە ` پارێزەری کۆمەڵگەیە`. لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییە کۆمەڵایەتێکان لە رەوتی مێژوودا، بڕوابوون بەدەوڵەت و گرنگێکەی زیاتر بووە تەنانەت لە بڕوای ` پیاوەکانی خودا` لە چەرخە کۆنەکان.

پرۆژە تیۆرێکەی ئۆجەلان زۆر واوەتر دەچێت لە باکۆنین، هەرچەندە رێبەری کورد بەشدارە لە ئایدییەی بنچەی ئاینی دەوڵەت، بەڵام رەگەزێکی تری بۆ زیاد دەکات، ئەویش باڵادەستی پیاوانە بەسەر ژنان دا لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی ئاینی.[1]

بەتەنها دەرکەوتنی ` کۆمەڵگەی ئاینی` نییە کە وادەکات دەوڵەت دەرکەوێت، بەڵکوو کەمکردنەوەی رۆڵی ژنانە لەکۆمەڵگەدا، هەر بۆیە، دەوڵەت دامەزراوەیەکی باوک سالارییە. بەبێ گومان ئەمە گرنگترین بەشداری ئۆجەلانە لەگەڵ رێزدا بۆ باکۆنیین، ئۆجەلان سەیری بابەتی سەرهەڵدانی دەوڵەت دەکات – ژنان – هەموو کۆمەڵگە نیین وەک ئەوەی باکۆنیین دەڵێت. ئۆجەلان پێی وایە کۆمەڵگە باڵادەست دەبێت و دەچەوسێنێتەوە، وەک ئەوەی ئۆجەلان پێی وایە ژنان سەرەتا باڵادەست بوون دوواتر چەوسانەوە، ئەمە وایکردووە ژنان دژ بە دەوڵەتبن وەک دوواتر دەبینین.

دژە دەوڵەت و ژیلەمۆی شۆڕش: ئازادی ژنان

لە نەریتی سۆشیالیستە کلاسیکەکان، هەر لە باکۆنین ەوە تا مارکس، تەنانەت سەردەمی مارکسیستە ئەرسەدۆکسەکان وەکوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بابەتی شۆڕش بۆیان پرۆلیتاریا بووە. سەبارەت بە نووسەرانی کلاسیک بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئەم بابەتە کۆک بوون کەوا ناکۆکی و پێکدادانەکان پەیوەستە بە چینی بەرهەمهێنەری سەرمایەدارییەوە، واتە خەباتی ئابورییان خستە سەروی بوارەکانی تری خەباتەوە. پێیان وابوو بە جیهانیبونی سەرمایەداری دەبێتە هۆکاری بە جیهانیبونی پرۆلیتاریا لە هەموو وڵاتانی جیهان[2]؛ بەهەر حاڵ،  سەرمایەداری بە شێوەیەکی یەکسان وەبەرهێنان ناکات لە جیهاندا، وەکوو پرۆلیتاریا. پرۆلیتاریای ناجێگیر بەشێوەیەکی زۆر وەک هێزێکی جیهانی لە خۆیدا هێزی خۆی لەدەستداوە، لە هەمان کاتدا دەرکەوت ئەم بابەتە شۆڕشگێرانەیە کێشەی تیۆری گرنگی هەیە. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە تیۆری باکۆنین و مارکس بۆ ئەم چینە توانایی و گرنگی خۆی بە هیچ شێوەیەک لەدەست نەداوە، دەبێت تێکەڵاوی ` دونیای کار` بیت بۆ تێگەشتن لە چینەکەو گرفتەکانی، وە تێبگەیت لە سیستمە ئاڵۆزەکانی نێوان کاری فەرمی و نافەرمی، ئایدیۆلۆژی، ئابوری و جێندەر، تاد.، رەنگە دژواربێت لەم کاتەیا جیهانیبین لە پەیوەند بە هۆکاری شوناسی تاک و کۆمەڵ.

لایەنێکی گرنگ لەوەی ئۆجەلان ئەوەیە کە بەشێوەیەکی تایبەت بڕوای وایە کە ژنان لە رۆژگارێکی زووەوە ناکۆکی و دژەکانی کۆمەڵگەی رێکخراویان سەبارەت بە توندوو تیژی و چەوسانەوە و باڵادەستی بەرجەستە کردووە. بەرای ئۆجەلان باڵادەستبوون بەسەر ژناندا تەنها چارەڕەشی نەبوو بۆ ژنان، بەڵکوو بەدبەختی بوو بۆ هەموو بەشەریەت، لێرەوەیە ئۆجەلان توانایەکی گەورەتر بۆ پرۆلیتاریا دەگەڕێنێتەوە.

لەم کاتەیا دەمەوێت قسە لەسەر سێ خاڵی هزری گرنگ بکەم سەبارەت بە تیۆری ئۆجەلان.

یەکەم، ئۆجەلان بزانێت یان نەزانێت، تیۆرییەکی لە دێدگای ژنانەوە درووستکردووە سەبارەت بە چۆنیەتی دەرکەوتنی دەوڵەت.

دووەم، باڵا دەستبوون بەسەر ژناندا مایەی درووستبونی دەوڵەتە.

سێیەم، لە رەهەندە تاکتیکییەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتییدا، کە هەوڵدان و گەڕانە بە دوای ئازادی ژناندا وەک پێداویستییەکی کۆمەڵگە، ناکرێت گرەوە لەسەر درووستبونی دەوڵەتێکی نوێ بکات، کە لە خۆیدا لە رووی ئایدیۆلۆژی و تەکنیکییەوە پێچەوانەیە. کەواتە، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی دەتوانرێت پۆلین بکرێت وەک نمونەیەکی عەمەلی و تەکنیکی و هەروەها ژنانە.

بەمشێوەیە، ئۆجەلان نەک هەر ئەڵتەرناتیڤێک[3] لە رووە مێژوییەکەیەوە دەخاتە بەر دەستی چەپ بۆ گفتوگۆ، بەڵکوو ئەو باوک سالاریەش دەخاتە بەرباس کە بەردەوامە لەگەڵ مێژوی بزوتنەوەی چەپدا کەوایکردووە ئازادی ژنان بخرێتە دوواوە.

پارتی شۆڕشگێڕ یان بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی؟

بە پێچەوانەی مارکسیزمی کلاسیکەوە، باکۆنیین پێی وایە پارتی شۆڕشگێڕ رۆڵی ` مامانی شۆڕشگێڕ` دەبینێت. بەڕای باکۆنیین حیزب رۆڵی شۆڕشکردن ناگێڕێت بەڵکوو لەگەڵ خەڵکدایە کە ئاکتەری سەرەکی شۆڕشن. بەڵام لە مارکسیزمدا ئەوە حیزبە رابەرایەتی دەکات و لە هەمان کاتیشدا دەوڵەتۆتکەیەکی بچوکیشە، هەر کاتێکیش دەستی دەگاتە دەسەڵات بۆخۆی بەرپرسیارەتی دەوڵەتی پرۆلیتاریایی دەگرێتە دەست.

گۆڕانی فیکری ئۆجەلان و PKK، بە رێزگرتن لە ستراکچەری حیزب، چوونە وتووێژی فکرییەوە لەگەڵ ئایدیاکانی باکۆنین دا. PKK وەک پارتێکی مارکسی لینینی کلاسیک توانی خۆی بگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ دەرەوەی خۆی و سنوورەکانیش ببەزێنێت[4]، سەرباری مانەوەی ستراکچەرە سیاسییەکەی، ئەو توانایەی لە خۆی نیشانداوە ببێتە بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی خاوەن رەهەندێکی فراوان. بە گرەونەکردن لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی PKK توانیتی ئەو نمونە کلاسیکییە مارکسیە لینینیە بەجێبێڵێت و ببێت بەوەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان. کاتێک هەزاران کورد لە تورکیا دەڕژێنە سەر جادە و هاوار دەکەن ` PKK خەڵکەو، خەڵک وا لێرەیە،` لێرەوە دەتوانیت باشتر لەو دیاردەیە تێبگەیت.

وەک ئەوەی تێبینی دەکرێت، لێکچون و جیاوازێکانی نێوان باکۆنین و ئۆجەلان گرنگن، دەست دەبەن بۆ بۆ ئەو بابەتانەی دونیای چەپ کە بە بێ چارەسەری ماونەتەوە. پرۆژەی ئۆجەلان سەبارەت بە دەوڵەت و ئازادی ژن و رۆڵی حیزب، ئەمانە رەگەز گەلێکی گرنگن بۆ بیرکردنەوە لە شۆڕش و تیۆری شۆڕشگێڕانە لە سەدەی بیست و یەکەمدا. خوێندنەوەکانیان دەبێت لایەنی تیۆری و چەکداریش لە خۆی بگرێت.

————————-

Carlos Pazmiño

کارڵۆس پازمینۆ توێژەرە لە بواری کورد لە ڕوانگەی ئەمریکای لاتینەوە. نامەی ماستەرەکەی بە ناونیشانی (هەڵوەشانەوەی دەوڵەت) بوو لەگەڵ چۆنیەتی تێگەشتن لە گۆرینی نەزەری و عەمەلی فیکری عەبدوڵڵا ئۆجەلان و PKK. پازمینۆ یەکەمین کەسە لە ئەمریکای لاتین کە ئەم بابەتە دەداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. پازمینۆ وەک خەباتکارێکی مەیدانی لە چەند بوارێکی میللی کاردەکات، پەیوەندی هەیە لەگەڵ سەندیکا کرێکاریەکان و خەباتکردنە ناوچەییەکانەوە، هەروەها سەبارەت بە ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت دەنووسێت.

سەرچاوە:

https://www.academia.edu/34570216/%C3%96calan_and_Bakunin_an_incomplete_discussion#:~:text=Pazmi%C3%B1o%2C%20Carlos.%202017a.%20Abdullah%20%C3%96calan%3A,siglo%20XXI.%20http%3A%2F%2Fkurdistanamericalatina.org%2Fabdullah%2Docalan%2Duna%2Dcontribucion%2D%20para%2Dpensar%2Dla%2Drevolucion%2Den%2Del%2Dsiglo%2Dxxi%2F%20__________2017b.


[1]  رەخنە لە ئۆجەلان دەگیرێت بەوەی کە رۆڵی بەرچاوی داوە بە ژنان لە چاخی بەردینی نوێدا لەو کۆمەڵگەیانەی کە نیشتەجێی ` رۆژهەڵانی ناوین – Fertile Crescent` بون، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم رۆڵە پێشتر وەک کەلتورێک دەرکەوتووە لە دانیشتوانی چیای ئەندیز لە ( ئەمریکای خواروو) پێش داگیرکارییەکانی ئینکا و ئسپانییەکان. بۆیە دەکرێت ئایدییەکانی ئۆجەلان گرنگ بن بۆ تێگەشتن لە دەرکەوتنی دەوڵەت وەک دەزگایەک لە هەندێک ناوچەی ئەندیز و لە هەندێ ناوچەی تر ئەو پرۆسەیە تەواو نەبووە وەکو پیرۆی ئێستا، دەوڵتی ئینکا و فراوان بوونەوەکەی نمونەیەکە لەوە.

[2]  گفتوگۆکردن سەبارەت بە گرنگی رۆڵی پرۆلیتاریا وەکو بابەتێکی شۆڕشگێڕانە بە قەیرانێکی بەرچاودا تێدەپەڕێت ئەگەر وادابنرێت ` ئەم چینە کرێکاری سەنعەتیین` بە بێ لەبەرچاوگرتنی چینی کرێکار لە ناوچەکانی پۆستکۆلۆنیالیزم و `گرێدراوەکان` وەکوو کوردستان  یان ئەمریکایلاتین. سەرمایەداری لە سەردەمی نیو لیبراڵیزمدا قەیرانەکانی زیاتر بووە کە کاریگەری هەیە لەسەر وڵاتە ناوەندەکان و چینی کرێکارەکەی، ناچاربونە بە گەڕانەوەی ` کارگەکان و سەرمایەکەیان` بۆ ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون.

[3]  رەخنەکانی ئۆجەلان، ژنانی لیبراڵی رۆژئاوایی و تێگەیشتنە پاسفیستی و بەرژەوەندخوازێکانیانیش دەگرێتەوە، پێشنیارێکە کە دەبێت بزووتنەوەی ژنان ستراکچەر و رێکخراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی تایبەت بە خۆی بنیاتبنێت. ئۆجەلان داوا لە ژنان دەکات بەشێوەیەکی کرداری و کاریگەر لەسەر زەمینی واقعی خەباتبکەن. بەم هۆیەوە ناکرێت ئازادی ژن کورتبکرێتەوە تەنها بۆ ئۆجەلان، لە ئێستادا ژنانی کورد ئەو ئایدییەیان نەک هەر گونجاندووە لە خەباتی خۆیاندا بەڵکوو بە شێوەیەکی باشیش چوارچێوەی ئایدیاکەی رێبەریان تێپەڕاندووە و بونەتە پاڵەوانی سیاسەتی کوردی بە مانای وشەکە.

[4]  بۆ ئەوەی ئەمە روبدات بە بڕوای من سێ رەگەز گرنگە. ١- کامڵ بوونی فیکری ئۆجەلان. ٢- گرتنەکەی، پاڵی بە بزووتنەوەی رزگاری کوردەوە نا لە غیابی ڕێبەرەکەیدا دووبارە بیربکاتەوە لە هەموو روداوەکان. ٣- دەرکەوتنی زیاتری کەسایەتی ژنان.




لە گریمانی هاتنی ڕەزا شا بۆسەر حوکم.. زاهیر باهیر

لە گریمانی هەرەسهێنانی حوکمی ئاخوندەکانی ئێران زۆربەی خەڵك و هەندێکیش لە چەپەکان نیگەرانن و بێ هیوان لە باشبوونی بارودۆخەکە لە سای حکومەتی نوێدا، بە تایبەتیش ئەگەر ڕەزا شا بێت. بە گوێرەی ئەزموونەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە عێراق و ئەفغابستان و لیبیا و تازەکیش سوریا، نیگەرانییەکان جێگەی خۆیەتی.
بەرای من گەر چی نیگەرانبوون لە گریمانی هاتنی ڕەزا شا دروستە، بەڵام ئەم خراپتر نییە و نابێت لە حوکمی ئاخوندەکان. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە من خوازیاری شەڕ بم و لەگەڵ هێڕشی ئەمریکادا بم بۆسەر ئێران. بەڵام حەقیقەتێکیش هەیە ئەویش ئەوەیە لەم سەردەمەدا کە حکومەتێك لە بەڕێکردنی سیاسەتی فاشیانەی خۆی بە کوشتنی سەدان هەزار کەس سڵناکاتەوە، ئەوە دەگەیەنێت کە زۆر زەحمەتە لە ڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەوە حکومەتەکە بڕوخێنریت.
بۆچی هاتنی شا خراپتر نییە لە مانەوەی ڕژێمی ئێستا؟
یەك: لە سای حوکمڕانی ئاخوندەکاندا بارودۆخی ئێران وەکو هەموان دەزانن زۆر زۆر خراپ بووە ، کوشتن و بڕین و لە سێدارەدان بوەتە چالاکی ڕۆژانەی ئەو ڕژێمە. ئازادییەکانی ژنان بە تەواوی تەسککراونەتەوە تا ئەو ڕادەیەی کە خودی ژنان چی تر ئەوەیان پێ قەبوڵ ناکرێت و لە هاوپشتیان کەمتر چاوەڕوانی لایەن و کەسانی دیکە دەکەن.
دوو: ڕوخانی ڕژێم ، فەزای هەناسە هەڵکێشانێکی ئازادانە گەر بۆ کاتییش بێت دەخولقێنێت. حکومەتی نوێ ئاوا بەو ئاسانییە و بەو کوتوپڕییە ناتوانێت سەقامگیر بێت بۆیە دەرفەتێك بۆ خەڵکی دەڕەخسێت کە خۆیان ڕێکبخەن لە ڕێکخراوی جەماوەرییانە و نقابەکان و یەکێتی و یەککەوتنی ژنان و دروستکردنی دەیەها گروپی دیکە لە بواری ژینگە، ئابوری ، ئازادی و مافی مرۆڤ، کاروباری کۆمەڵایەتی و دژایەتیکردنی زوڵم و زۆر و برسێتی و گرانی و گەندەڵی. ڕوودانی خۆپیشاندان و گرتنی کۆڕ و سمینیاریش دەستکەوتێکی دیکەیە، دەرگای ئازادی ڕٶژنامەوانی و نوسین و چاپخانە و بڵاکراوەگەلێکی بێ شومار دەخاتە سەرپشت .
سێ: گەڕانەوەی متمانە و باوەڕ بەخۆبوون لە هەڵتەکاندنی ڕژێمێکی 47 ساڵەدا کە گەر ڕژێمی نوێ هەمان ڕێگای ڕژێمە کۆنەکە بگرێتە بەر هەر وا بە ئاسانی بەسەریدا تێناپەڕێت.
چوار: ڕۆیشتنی ڕژێمی ئێران کۆتاییهێنانە بە گروپە تیرۆریستەکانی دیکەی سەر بە ئێران لە وڵاتانی دراوسێی و عەرەبی دا. وەستانی تیرۆرکردنی کەسانی نەیارە بە ڕژێم لەناو خودی ئێران و دەرەوەی ئێراندا. هاوکاتیش کاتێك کە ئەم قەڵاو قوتبی شیعەیە تێدەشکێت، قوتب و قەڵای سوونە کە سعودییە ئەو بەها گەورە و بنکە سەربازییەی چی تر پێویست نییە . لەگەڵ ئەمەدا بازاڕی کڕینی چەك و تەقەمەنی و کەرەسەکانی دیکەی جەنگ تا ڕادەیەك ئەو بایاخەی جارانی بۆ سعوودیە و ئیسرائیلیش نامێنێت و سست دەبێت ، واتە کێشمە کێشەکانی ناوچەکە تا ڕادەیەك دەڕەوێتەوە.
پێنج: ڕوخانی ئێران هاوکارییەکی گەورە دەکات لە ڕۆیشتنی ڕژێمی عێراق دا، یا هەر هیچ نەبێت ئەوەندە لاوازی دەکات کە چی تر ناتوانێت ئەوەی کە ئێستا دەیکات بەردەوام بێت لەسەری .
شەش: بارودۆخی تورکیا گرفتاوی دەبێت ، خۆ ئەگەر لە هێڕشی ئەمریکا بۆسەر ئێران ، ئێران بە مووشەکەکانی بتوانێت بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە تورکیادا زیانی گەورەی پێبگەیەنێت، پشێویەکی گەورە لە تورکیادا دەنێتەوە، کە ڕەنگە ببێتە خاڵی تەقینەوەی هاتنە سەر شەقامی خەڵکی، کە ئەمەش لە قازانجی نەك تورکیا و کوردە بەڵکو بەشێکی زۆری ناوچەکەشە کە ڕژێمی ئاکەپە بەرەو لاوازکردن دەبات.
حەوت: نەك رەنگە ببێتە هۆی باشبوونی بارودۆخی کورد لە ئێراندا، بەڵکو کارایی باشیش لەسەر هەرێمی کوردستان و کوردانی باشوور دادەنێت ، هەر هیج نەبێت مەترسی بۆمباردکردن و تیرۆرکردنی نەیارانی ڕژێمی ئاخوندەکان لەو پارچەیەی کوردستاندا نامێنێت ئەو کاتە ڕژێمی نوێش لەو زێدەڕەویانەی کە کراون بە هاتنە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە دەکشێتەوە خاڵی پێش هاتنی ئاخوندەکان بۆ سەر حوکم و گوندنشینەکانی سەر سنوریش ئاسایشی بۆ دەگەڕێتەوە..
هەشت : ڕەنگە ڕوخانی ڕژێمی دینی و مەزهەبی ئێستا بە هۆی ئەو ئەزموونە خوێناوییەی کە هەیبووە و ئەو کارەساتانەی کە بەسەر هاووڵاتانی ئێرانیدا هێناوێتی، ڕێگر بێت لەوەی کە جارێکی دیکە ڕژێمی ئاینی و مەزهەبی لە ئێراندا دروست ببێتەوە .
بە بۆچوونی من ئەوانەی سەرەوە تا ڕادەیەکی زۆر خەباتی کرێکاران و چەوساوانی ئێران دەباتە پێشەوە، ڕێگە خۆشکەرێك دەبێت بۆ روودانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و لە ڕیشە دەرهێنانی زوڵم و زۆر و برسێتی و نادادوەری کۆمەڵایەتی.

زاهیر باهیر
22/02/2026




ئێستێتیکی فریدریش شیلەر- بەشی دووەم- کاوە جەلال

(2)

-2 کلاسیکی ڤایمار

ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانی لە ڕووی مێژووییەوە دەخرێتە نێوان ساڵی گەشتەکەی گوێتە بۆ ئیتالیا (1786) و مردنی (1832)، هەروەها ناودەنرێت کلاسیکی ڤایمار، چونکە زۆرینەی نووسەرانی لەو شارە نیشتەجێ بوون و گرنگترینیان بریتی بوون لە: یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گوێتە، فریدریش شیلەر (ئەم لە یێنا دەژیا کە بیست کیلۆمەتر لە ڤایمارەوە دوورە)، یۆهان گۆتفرید فۆن هێردەر و کریستۆف مارتین ڤیلاند. وەلێ گوێتە و شیلەر دیارترین نووسەری ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانین.
تێگەی کلاسیک لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ „کلاسیکوس“ی لاتینی کە واتاکەی بریتییە لە: باڵاترین توێژی (کڵاسی) جڤاک. ئەم توێژە لە دەوڵەتی ڕۆمدا کەسانی دەوڵەمەند و نموونەیی لە خۆ دەگرت کە هاوکات لە باڵاترین ئاستی زەریبەداندا دانرابوون. واتای دیکەی تێگەکە، بەتایبەتی پەیوەند بە ئەدەب و هونەرەوە، بریتییە لە: نموونەیی، هەردەم هەنووکەیی. بێگومان گەرەکە جارێ لەم جێیەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە گرێدانی ئاوەڵناوی „کلاسیکی“ بە کارەکانی نووسەرانی ڤایمارەوە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوان خۆیان، بەڵکو سەدەی نۆزدەیەم لە ڕەوتی „بزاوتی نەتەوەیی“ ئەڵمانی و شکۆفەی گێرمانیستیکدا (زانستی زمان و ئەدەبی گێرمانی) سەریهەڵدا. توێژەرانی گێرمانیستیک ویستیان قۆناغی کارکردنی نووسەرانی ڤایمار، بەتایبەتی گویتە و شیلەر، دیاری بکەن، لێرەشدا بۆ بەرهەمەکانی ئەوان ناوی کلاسیکیان هەڵبژارد، واتا: ئەو بەرهەمانە هەردەم هەنووکەیین، کۆننەبوون. بێگومان گەرەکە لێرەدا هەروەها ببێژین، کە خودی گوێتە و شیلەر کلاسیسیستن، چونکە ئەوان ئەدەب و هونەری هارمۆنیانە داڕێژراوی ئەنتیکە وەک نموونەی ئیدیالی داڕشتنی هونەرییان وەردەگرن.
ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتن لە تایبەتمەندیی ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانی سێ توخم دیاری بکەین: 1) ئەدەبی „هێرش و پاڵنان“ (1765-1790)، 2) بزاوتی ڕۆشنایی (1720-1790) و 3) شۆڕشی فەڕەنسی (1789).
1) دراماکەی فریدریش ماکسیمیلیان کلینگەر بە ناونیشانی „هێرش و پاڵنان“(1) کە ساڵی 1777 بڵاوکرایەوە، بوو بە ناوی ئەو قۆناغە ئەدەبییە ناوبراوە. کلینگەر لەو کارەیدا وەک نووسەرێکی یاخی دیاردەدات کە سۆزمەندانە جیهانی هەستەکانی خۆی دادەڕێژێت و دەنگ هەڵدەبڕێت بۆ یاخیبوونی تاکەکەس لە نەریتە جڤاکییەکان. تاکەکەس گەرەکە لە پێوارە چەسپێنراوەکان لابدات و بۆ ئازادی و خودبەدیهێنان تێبکۆشێت. وەلێ کلینگەر بە هەڵوێستی جەختکردن لە هەستەکێتی هاوکات یاخی دەبێت لە بزاوتی ڕۆشنایی کە هەست و سۆزی لەژێر سەروەریی ئاوەزدا دادەنا. بەگشتی بڕوانین، ئەوە یاخیبوونی هەڵبەستڤانانی گەنج بوو لە نەوەکانی ڕابوردوو، ئەم گەنجانە ئێستا بەگوێرەی تێگەیشتنیان بۆ ئەدەب و هونەر دەیانەوێت «… وازبهێنن لە ڕێسا باوەکان کە بەتایبەتی لە فەڕەنسا هێشتا هەر ڕێزیان لێدەنرا»(2)، ئەوان ئێستا دەخوازن »ئۆتۆنۆمییەکی ئێستێتیکی بە سەردەم بدرێتەوە کە بەهۆی سەروەریی کولتووریانەی فەڕەنساوە لەدەستچووبوو (…)، هەر بەگوێرەی ئەوەش دروشمە نوێکان لە هەژانی ئاگامەنددا بەرانبەر تێگە دێرینە ڕێنوماییەکان دانرابوون: ئێستا ژێنی (بلیمەت) وەک لەبریی بۆ ئەو ڕێسا بەندکارانە دادەنرێت کە دەبوو سەرەتا هەڵبەستڤانێکی چاک فێریان ببێت«؛ کەواتە ئێستا کەسێتییەک وەک بنەڕەتی ئافراندن وەردەگیرێت کە »… لە سروشتەوە دەزانێت وروژێنەرانە بهۆنێتەوە، بەو هۆیەشەوە مافی هەیە سەربەخۆ سەرپێچیی نەریتەکان بکات«(3). لەم ڕوانگەیەوە بلیمەت هێزی ئافراندنی خۆی، هەروەها ڕەسەنێتی و ئینتوئیسیۆن (حەدەس، نەزەری ڕوون و ئاشکرا، ئیلهام) بەهەند وەردەگرێت نەک پابەند بێت بە ڕێسای چەسپێنراوی ئەدەبی یان هونەرییەوە؛ ئەو هەروەها هەست دەخاتە سەرووی ئاوەزەوە و جەخت لە سروشتێتی و ئاوەڵابوونی سەبژێکتیڤی دەکات.
یاخیبوونی گەنجان لە ڕێنوماکانی کردار و هۆنینەوەی ئەدەبی، لە „ژۆرنالی گەشتەکانم“ی یۆهان گۆتفرید ‌هێردەردا (ساڵی 1769) ئاشکرا دەبێت:
«من بەدڵی خۆم نەبووم، نە وەک کەسی جڤاکی لەو نێوەندەدا کە من تێیدا بووم و نە لە خۆداخستندا کە بە خۆمم دابوو؛ من وەک مامۆستای فێرگە بەدڵی خۆم نەبووم، کایەکە بۆ من زۆر تەنگ بوو، زۆر نامۆ بوو، زۆر نەگونجاو بوو، من خۆیشم بۆ ئەو کایەیە زۆر دوور و نامۆ و سەرقاڵ بووم؛ من وەک بیورگەر (بۆرژوا) بەدڵی خۆم نەبووم، چونکە جۆری ژیانی خانەوادەییم سوودی جددیی کەم بوو و ئارامییەکی تەمەڵ و زۆر جار قێزەوەنی هەبوو؛ لە کۆتاییدا من زۆر کەمتر وەک نووسەر بەدڵی خۆم بووم، ئەوە کاتێک من باسوخواسێکی ئەوتۆم وروژاندبوو کە چە بۆ ستاندەکەم زیانبەخش بوو و چە بۆ کەسی خۆم هەستیار بوو. کەواتە من هیچم بەدڵ نەبوو. وەلێ من بوێری و هێزم نەبوو تا هەموو ئەم دۆخە نالەبارانە تێکبشکێنم و ڕێژینێکی دیکە بگرمە بەر«(4).
2) بڕوای بزاوتی ڕۆشنایی بەگشتی ئەوە بوو کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سروشتی دەتوانێت بە توانستی ئاوەز باڵاترین فۆرم بەدیبهێنێت، وەلێ هاوکات بۆ ئەم مەبەستە پەروەردەی کولتووری و ئێستێتیکی بە پێویست دادەنێت. ئەدەبی کلاسیکیی ئەڵمانی پابەند دەمێنێتەوە بە ئیدیالەکانی بزاوتی ڕۆشناییەوە، وەلێ هاوکات پەرەی پێدەدات، ئەویش بە پێکەوەگرێدانی ئاوەز و هەست، کەواتە ئیدێکانی بزاوتی ڕۆشنایی و ئەدەبی هێرش و پاڵنان تێکهەڵکێش دەکات. بەڵێ، تەنانەت خودی گوێتە و شیلەر، هەردوو هەڵبەستڤانە مەزنەکەی کلاسیکی ڤایمار، لە گەنجێتییاندا سەر بە ئەدەبی هێرش و پاڵنان بوون. بۆ نموونە ڕۆمانەکەی گوێتە بە ناونیشانی „موئاناتەکانی ڤێتەری لاو“، هەروەها درامای „جەردەکان“ی شیلەر، سەر بەم ئاڕاستە ئەدەبییەن. ئەوان هێدی هێدی لە خۆیەتیی سۆزمەندەوە کە مۆرکی هێرش و پاڵنان بوو، وەرچەرخان ڕووەو پرنسیپەکانی ڕۆشناییەکان کە بریتی بوون لە ئاوەز، لێبوردەیی، هومانیزم و کۆشش بۆ پەروەردە، بێگومان بەبێ ئەوەی دەستبەرداری هەستەکێتی ببن. بۆ ئەوان جوانێتی، واتا ئەدەب و هونەر، دەبن بە دەستوێژی پەروەردەی مرۆڤ (کە لە خوارەوە بەڕوونی لای شیلەر دەیبینین). لەم ڕوانگەیەوە نووسەرانی کلاسیکی داوا دەکەن کە پێویستە نووسەر “وەک نووسەر” بەرپرسیاریی مۆرالی و سۆسیال وەربگرێت، ئاخر لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە سروشتەوە بەتوانایە بۆ فێربوون، ئەوا گەرەکە نووسەران و هونەرمەندان ببن بە مامۆستای خەڵک، ئەمەش بەواتای، ئەوان هونەر و جوانی وەک دەستوێژی پەروەردەکردنی مرۆڤان دادەنێن تاکو بییانگەیەنن بە مرۆڤپەروەری. وەلێ ئەم هەڵویستەی نووسەران ئەنگاژمۆ (ئیلتیزام) نییە، بەڵکو ئەوان شۆڕشی ئێستێتیکی دەهێننە پێشخانی بەرپرسیاریی نووسەر و هونەرمەندەوە. ئێمە بۆ تێگەیشتن لەم هەڵوێستە ئێستێتیکییەی نووسەرانی کلاسیکی گەرەکە ڕووبکەینە کاریگەرییەکی دەرەکی لەسەر ئەوان کە شۆڕشی فەڕەنسییە.
3) شۆڕشی فەڕەنسی کۆتایی هێنا بە شانشینیی ئەبسۆلوتیستی، وەلێ بەدوویدا ناسەقامگیریی سیاسی هات و لەژێر دەسەڵاتی تێرۆری ژاکۆبییەکانی ڕۆبسپیار و سان ژەستدا گەیشت بە لوتکە، لە کۆتاییشدا بە کایزەرێتیی ناپۆلیۆن بۆناپارت کەوتەوە. ئازادی و یەکسانی و برایەتی، کە ئیدیالی شۆڕشی فەڕەنسی بوون، وەک ئیدێ واتای ڕێنوماییان بۆ ئەو سەردەمە وەرگرت. وەلێ نووسەرانی کلاسیکی ڤایمار دەسەڵاتی تێرۆری ژاکۆبییەکانیان بە پاشەکشە لەو ئیدێیانە دانا. بۆ نموونە شیلەر دەستبەرداری ئیدێکانی شۆڕشی فەڕەنسی نابێت، هەروەها دەوڵەتی ئاوەز کە ئیدیالی ئەو شۆڕشە بوو، هەر ئیدیالی ئەو دەمێنێتەوە، وەلێ لەژێر کاریگەریی ڕوداوە خوێناوییەکانی شۆڕشدا دەگات بەو باوەڕە کە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە ڕێگەیەکی دیکە بگیرێتە بەر: پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ، واتا ئەو مرۆڤە کە لە خۆی نامۆبووە، ئەمەش لای شیلەر بەواتای: مرۆڤ دابەشیوە بەسەر ڕەمەک و ئاوەزدا. یەکخستنەوەی مرۆڤ، یان ئاشتکردنەوەی مرۆڤ لەتەک کرۆکی سروشتییانەی خۆیدا کە بەئاشکرا کاریگەریی ڕوسۆیە لەسەر ئەو، گەرەکە لە هونەردا و هەروەها بەڕێی هونەرەوە بهێنرێتەوە دی، بەوەش هارمۆنی لە نێوان تاکەکەس و جڤاکدا چێبکرێت. لە کاری هونەریدا گەرەکە کەتوارێکی دیکەی جیاواز لە کەتواری بەرجەستەی جیهان بسازێنرێت، شۆڕش گەرەکە ئێستێتیکی بێت لەدژی چێژی خەڵک بەگشتی.
ئەو سێ توخمە دیاریکراوەی سەرەوە بنەڕەت و پاڵهێزی یاخیبوونی نووسەران بوون. وەلێ ئەوان هاوکات ئەدەب و هونەری ئەنتیکە (لە ڕووی مێژووییەوە دەکەوێتە نێوان 800 پێش زایین و 600 پاش زایین) وەک نموونە بۆ ئافراندنی خۆییان وەردەگرن. مۆرکی سەرەکیی کارە هونەرییەکانی ئەنتیکە بریتی بوو لە „سەرجەمێتی“ یان „داخراوی“، جوانییەکەشیان لە هارمۆنی و سادەیەتی و مەزنیی خامۆشدا دەردەکەوت. هەر پابەند بەم نموونە بنەڕەتییەوە نووسەرانی کلاسیکی دەخوازن هارمۆنی لە نێوان هەست و ئاوەزدا بهێننە گۆڕێ پێکەوە لەتەک کۆششدا بۆ هومانێتی و کامیلێتی. بێگومان نووسەران نایانەوێت لاسایی ئەو هونەرە بکەنەوە، بەڵکو „پەرەپێدانی مۆدێرن“ی هونەرەکە دەبێت بە ئامانجیان. هونەری ئەنتیکە بۆ ئەوان بەتایبەتی بەڵگەیە بۆ ڕەسەنێتیی فۆڕم، وەلێ ئێستا دەبێت پابەند بە مەرجەکانی سەردەمی خۆیانەوە واتای دیکەی پێبدرێت. بە تێڕوانینی ئەوان، بێگومان لە ئاگاییانەوە بۆ فۆرم کە لە باڵاترین ڕادەدا گۆڕانی پێدەدەن، هونەر ئۆتۆنۆمە و بۆ خۆی گەردوونێکی ئۆتۆنۆم چێدەکات کە هاوکات کردەکێتییەکی (ئەکتوالێتییەکی) خۆیی هەیە و دەتوانێت بەو ڕێیەوە کاریگەری لەسەر مرۆڤان بنوێنێت.
بەکورتی: مۆرکەکانی کلاسیکی ڤایمار بریتین لە: هارمۆنی، ئازادیی خوددیاریکردن (ئۆتۆنۆمی)، مرۆڤپەروەری و جوانی. ئیدیالی „مرۆڤی جوان“، یان کامیلبوونی مۆرالی و ئێستێتیکیانەی تاکەکەس، گەرەکە بە پەروەردە و کولتوور بەدیبهێنرێت، وەلێ ئەوە تەنیا ژێنییە (بلیمەتە) کە لەتوانایدایە هونەری ڕاستینە بئافرێنێت، لێرەشدا سروشت، وەک ئەوبەرەکەی ژیاری، دەبێت بە سیمبۆلی ئازادیی نێوەکی و دەرەکی. وەلێ ئێمە لێرە وێنەدانەوەی یان لاساییکردنەوەی سروشتمان نییە وەک لە ناتورالیزمدا کە بۆ نموونە شیلەر بەتوندی ڕەتی دەکاتەوە. دانانی ئەدەب و هونەر لەژێر ڕکێفی یاساکانی سروشتدا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئەوە هونەرمەندە بڕیار دەدات داخۆ چی جوان بێت. شیلەر لەتەک کانتدا هاوڕایە کە خودی ژێنی سروشتە و نائیفانە (سروشتییانە) دەئافرێنێت: «هۆنەری نائیف (Naiv) خۆی سروشتە و لاسایی سروشت دەکاتەوە. ئەو ڕاستەوخۆ یەکگرتۆوەیە لەتەک ئەو کردەکێتییەدا کە خۆی دەیەوێت دایبڕێژێت، بۆیە ئەو بەگوێرەی یاساگەلی ئاگالێنەهاتوو (کەواتە نەک ئاگامەندانە – ن)، وەلێ هەردەم ئۆبژێکتیڤی، کاردەکات. ئەوە خودی بابەتە داڕێژراوەکانن کە ڕەوتی داڕشتن بۆ ئەو دیاری دەکەن (…)، هەروەها ئەوە ئیدێکانی ئاوەزن کە بەڕێیانەوە جۆری داڕشتن وەک ڕێنوما دادەنرێت، کە ئیدی هۆنەر کەمتر کردەکێتی، بەڵکو پتر ئیدیال دادەڕێژێت«(5). جوانیی هونەر لەم ڕوانگەیەی کارایی ژێنییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئینتوئیسیۆن وەک بەهرەیەکی سروشتی، بەمەش کاری هونەری هاوکات دەبێت بە بەرهەمی سروشت.
کەواتە نووسەرانی کلاسیکی لەو سەردەمە شێواوەی شۆڕش و ناکۆکیی تەنییەوەی جڤاکیدا هارمۆنی بە تاکە مەرهەمی دەروون دادەنێن، لێرەشدا ئێمە دەبینین کە بۆچی نوسەرانی ئەنتیکە دەبن بە نموونەی داڕشتنیان: تەنیا ئەوان کاتی خۆی بەڕاستی زانیبوویان هارمۆنی دابڕێژن. ئەوە کە بە بەردیدی کلاسیکییەکانەوەیە، مرۆڤی ئیدیالە کە تەواو جیاوازە لە مرۆڤی کەتوار، واتا لەو مرۆڤە کە بە تێڕوانینی شیلەر یان لەژێڕ ڕکێفی هەست و سۆزدایە و بەوەش وەحشییە، یاخود پابەندی ئاوەزە و بەوەش بەڕبەڕە. وەلێ کاتێک مرۆڤ (خوێنەر، لێڕوانەر) لە داڕێژراوە ئەدەبی و هونەرییەکاندا ئەزموونی جوانێتی و کامیلێتی دەکات، ئیدی بە ئارامیی دەروون دەگات و کەتواری شێواوی لەبیردەچێتەوە. بۆیە دەشێت نووسەر وەک وەرگری بەرپرسیاری ببێت بە پاڵهێزی گەیشتنی خوێنەران و لێڕوانەران بە مرۆڤپەروەری. ئێستا جوانی، ئەدەب و هونەر، دەبێت بە نێوەندیاری ڕاستی، وەلێ ئەوە جوانێتییەکە کە پابەندی ئیدیالەکانە. هەروەها داڕشتنی ئەم جوانێتییە تەنیا کاتێک سەردەگرێت، گەر وازبهێنرێت لە هەر ئەنگاژمۆیەکی (ئیلتیزامی) سیاسی. ئاخر ئەنگاژمۆ هەڵوێستێکی لایەنگرانەیە، „لایەن“گریش وازهێنانە لە هەمەکێتی (تۆتالێتی). لەم ڕوانگەیەوە ئەدەب و هونەر خۆیان مەبەستن نەک مەبەستی دەرەکییان هەبێت.

(تێبینیی نووسەر: لەتەک بڵاوبوونەوەی دوا بەشدا پەراوێزەکانی دیکە و لیستی سەرچاوەکان دادەنرێن)




برایەتی گەلان بوو یاخود چی؟.. رۆمان ئامینە

لای بەشێک لە کوردستانیان ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی ستاتۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوونەوە بەهۆی چیەتی چەمکی برایەتی گەلانەوە بوو کە بووە هۆی کەڵکئاوەژۆی گرووپ و خێڵە عەرەبیەکان و هەڵگەڕانەوەیان. لای خێڵە عەرەبەکانی ڕەقە و دێرەزووریش کە بوونیادێکی کۆمەڵایەتی ئەبستراکت و دواکەوتوویان هەیە، بوونی ئەنجومەنە مەدەنیە عەرەبیەکانی ئەو ناوچانە شتێکی کارتۆنی بوون و بڕیار لە دەستی سەرانی کوردی حەسەکە-قەندیلدابوو. سا لە ڕاستیدا هەردوو بۆچوونەکە ڕواڵەتی و کورتبینانەیە و ناتوانێت وەڵامدەری ئەو پرسە بێت. لە ڕاستیدا ئەو ئاڵنگاری و پاشەکشانە بەهۆی ناوەڕۆکی ئەو پڕۆژەیەوە نەبوو کە خۆی لە برایەتی گەلاندا مانەفێست دەکرد، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە کورد دەبوو لەژێر باندۆری بانگەشەیەکی تاکتیکیدا حوکمی ئەو ناوچانە بکات کە خۆی لە بانگەشەی برایەتیدا دەبینێتەوە. بە تایبەت کە سیستمی جیهانی بە هیچ جۆرێ ڕێگە نادات کە کورد لەژێر بەیداخی ناسیۆنالیستیدا بێتە مەیدان و خەبات بکات، چونکە ئەو سیستمە لای وایە کە ناوچەکانی کوردستان بە تەنها کوردیان تێدا ناژی و ئەوە سەردەکێشێت بۆ ئاڵۆزی و پشێوی کە زەرەری گەورە لە کۆی سیستمەکە دەدات، لێرەدا شوێنی نییە زیاتر لەم بابەتە بدوێین. سا پرسی ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی ستاتۆی بارۆس بووەوە خۆی لە چەندین هۆکار و ئەنگێزەدا دەبینێتەوە کە ئەمانەن:.

یەکەم: هۆزە عەرەبەکانی ئەو ناوچانە هەستیان دەکرد پەراوێز خراون و ناوچەکانیان وەکو پێویست ئاوڕیان لێنادرێتەوە و داهاتی نەوتی ئەو ناوچانە بۆ خودی ئەو ناوچانە خەرج ناکرێن. ئەگەرچی ئەو ناوچانە دەوڵەمەندنترین ناوچەی نەوتین، سا لە دێر زەمانەوە و لە سەردەمی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکاندا تامپۆیەکی جێهێڵراون و لە سەرەتاترین خزمەتگوزاریەکان بێبەشن، ئەو ماوەیەش کە کورد باڵادەست بوو تێیاندا، ئەمریکا بەشێکی بەرچاوی نەوتەکەی دەبرد، لە چوارچێوەی قەرەبووکردنەوەی ئەو تێچوانەی کە بۆ شەڕی داعش و لاوازکردنی ڕژێمی سوریا خەرجی کردبوو، ئەوەشی بۆ بارۆس دەگەڕایەوە زیاتر لە بواری سەربازی و تونێل لێداندا خەرج دەدرا.

دووەم: سیستەمی پەروەردەی مۆدێڕن و گۆڕینی پرۆگرامەکانی خوێندن بەپێی مێتۆدەکانی “نەتەوەی دیموکراتیک” لای زۆرێک لە هۆزە پارێزگارەکان وەک هەوڵێک بۆ سڕینەوەی ناسنامەی عەرەبی و ئیسلامی بینراوە. لەلایەکی ترەوە هەرچەندە دروشمی “پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان” زۆر جوان بوو، بەڵام جێبەجێکردنی لەسەر ئەرزێکی واقیعی کە ساڵانێکی زۆرە بە بیری نەتەوەیی و ئایینی توندڕەو پەروەردە کراوە، کارێکی ئاسان نەبوو. گونجاندنی سیستەمێکی مۆدێرن و پێشکەوتنخواز لەگەڵ پێکهاتە عەشایەری و کۆنەپارێزەکان لە هەندێک ناوچەدا، جۆرێک لە لێکتێنەگەیشتنی دروست کرد. ئەم ئایدۆلۆژیایە بۆ کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی وەک دێرەزوور و ڕەقە نامۆ بوو”. هۆزەکان لەسەر بنەمای ئینتیمای خوێن و سەرۆکایەتی کلاسیکی ڕاهاتوون، نەک کۆمۆن و ئەنجومەنی دیموکراتیک. هەسەدە دەیویست مۆدێلێکی “ئایدیالیستی و مرۆیی” لە ناوچەیەکی “ماکیاڤێلیستی و جەنگەڵیدا” جێبەجێ بکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک تۆ باس لە مافی ژن و دیموکراسیی ڕاستەقینە دەکەیت، تەنها ڕووبەڕووی دەوڵەتەکان نابیتەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی سیستەمێکی کۆنی چەند هەزار ساڵەش دەبیتەوە. عەشیرەتەکان دەترسان لەوەی کچان و ژنانیان وەک ناوچە کوردیەکان ئازادانە بەشداری ژیانی گشتی بکەن و بەوە بوونیادی عەشیرەتگەرایی تێکبچێت کە هەزاران ساڵە هۆکاری مانەوەیانە لە دەوریدا، بۆیە هەر لە سەرەتاوە مووی لەشیان بەم پرانسیپانە گرژ ببوو.

سێیەم: ناچاری سەپاندنی کەشی سەربازی، لەناوچەکانی ڕەقە و دێرەزووردا، بەهۆی زاڵێتی کەلتووری خێڵەکی و یاخێتیەوە. هەسەدە ناچاربوو بە چڕی کەشی سەربازی بچەسپێنێت، چونکە ئەو ناوچانە هەمیشە وەک بۆمبی تەوقیتکراو وابوون و ئەگەری تەقینەوەیان هەبوو، چونکە بوونیادی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە بە ڕادەیەک خێڵەکیانەیە کە لە هیچ کوێی دنیادا وێنەی نییە. خێڵ هەمیشە جێی دەسەڵاتی گرتووەتەوە، پێکدادانەکانی ساڵانی ٢٠٢٢- ٢٠٢٣ و خۆپیشاندانەکان و تەراتێنی دەزگا هەواڵگریەکانی ناوچەکە، دۆخی ئەو ناوچانەی بە ناجێگیری هێشتبووەوە، بە تایبەت کاتێک هەسەدە ئەحمەد خەبیل ناسراو بە “ئەبوو خەولە”ی سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوری دەستگیرکرد، عەشیرەتە عەرەبەکان ئەوەیان وەک لێدان لە شکۆی ئەوان بینی و ئەوە بووە هۆی ڕاپەڕین و چەخماخەی پێکدادانی چڕ و پڕ کە تا ئەم دواییانەش خۆش نەبووەوە و هەزاران ماڵ ئاوارە بوون.

چوارەم: ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە و گەمەی دەزگا هەواڵگریەکانیان: عەشیرەتە عەرەبەکانی ڕەقە و دێرەزور بنکە و پێگەی خزمایەتیان لە دیمەشق و زۆر جێگەی تری وڵاتانی عەرەبیدا هەن، بەهۆی ژن و ژنخوازییەوە. بۆیە پێش ڕووخانی ئەسەد، ئێران و ڕژێمی ئەسەد ئەو هۆزانەیان هان دەدا کە هەوڵ بدەن ئەمریکا لەناوچەکانیان دەرپەڕێنن، یاخود بەلایەنی کەمەوە ببنە سەرچاوەی هەراسانی بۆیان، لەو پێناوەدا هەموو شتێکیان پێشکەش دەکردن.. وەک ئەو یارمەتیانەی پێشکەشی ئیبراهیم هەلفەل و هاوەڵانی دەکرا کە خۆی دەدا لە ملیۆنان دۆلار.

هەرچی ڕۆڵی سعودیە و قەتەرە، چ لە ماوەی پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و دوای ڕوخانیشیدا کاریگەر بووە. سعودیە خۆی وەک دایکی دنیای عەرەب دەبینێت، بۆیە لە سەرانسەری دنیای عەرەبدا هەمیشە ڕۆڵی خۆی بە شێوەیەکی ئاسۆیی بەگەڕخستووە و چووەتە نێو سیاسەتی ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت سوریا. لە پێش ڕووخانی ڕژێمدا دیپلۆماتەکانی لە ڕێی ئەمریکیەکانەوە دەناردە لای هۆزەکان بەتایبەت هۆزەکانی “عەگیدات و شەمرات” و پارەداری دەکردن بۆ ئەوەی ڕێگری لە نفوزی ئێران بگرن لە ناوچەکانیاندا و وەلایان بکڕێتەوە. لە دوای ڕووخانی ئەسەدیش دیسان بە هاوبەشی لەگەڵ قەتەر و تورکیادا رۆڵی کاریگەری هەبووە، چونکە سعودیە وایدەبینێت سیاسەتی کوردی دەبێتە هۆی داماڵینی ناوچە عەرەبیەکان لە ڕەمزە ئییسلامی و عەرەبیەکان و کورداندنی ئەو ناوچانە. هەرچی قەتەریشە بە هەمان ئامانج سەدان ملیۆن دۆلاری خستووەتە بەردەم هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە بۆ ئەوەی بتوانێت هەم بە گژ پڕۆژەی کوردیدا بچێتەوە، هەمیش ڕێڕەوی سوتەمەنی خۆی قایم بکات و درێژیکاتەوە بەرەو تورکیا و لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا.

پێنجەم: ڕۆڵی ئەمریکا. ئەمریکا بەشێوەی فرەکارت و فرەئامانج لە گۆڕەپانەکەدا گەمەی خۆی دەکات و کردووە، لەلایەک پێویستی بە هاوئاهەنگی کورد بوو لە سەردەمی داعشدا و بۆ ئەوەی لە ڕێی ئەوانەوە نفوزی خۆی بسەپێنێت و کوردیش بکات بە کارتێکی کاریگەر بەدەست خۆیەوە. لەلایەکی دیش نەیدەویست کە کورد بە ئەندازەیەک پەل بهاوێت و گەورە ببێت کە جڵەوی لەدەستی دەرچێت بۆیە لاری نەبوو لەو ئاڵنگاریانەی تورکیا و قەتەر و سعودیە ڕووبەڕووی کوردیان دەکردەوە بە تایبەت سەردەمی ئیدارەی بازرگانە بێمۆڕاڵەکە “ترامپ” و نێردەکەی “ تۆم باراک”.بە تایبەتی لەم دوایانەدا و لە پرسی ڕێکەوتنی پاریسدا، ئەو ئاسانکاریانەی تورکیا-سعودیە-قەتەر بۆ ئیسرائیلی کوڕی ئەمریکایان کرد و باشووری سوریایان پێشکەش کرد، وایکرد ئەمریکا نەرمی زیاتر بنوێنێت، بە تایبەت کە ئەو هێڵە سوننەیە تا ئێستا هاوئاهەنگ لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و نەیاریکردنی دوژمنەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە ئێرانە هەنگاوی ناوە.
وە ڕەهەندێکی دیکەی ئەم پرسە ئەوەیە ئەگەربێتوو هێڵی سوتەمەنی قەتەری بە سوریادا بگاتە تورکیا و لەوێوە بۆ ئەوروپا، ئەوا دەبێتە هۆی بێبایەخکردنی سوتەمەنی ڕووسیا بۆ ئەوروپا و بەوە ڕووسیا گورزێکی کاریگەر دەخوات. بۆیە ئەم پێناوانە بوونە هۆی ئەوەی ئەمریکا چاوپۆشی لە گەلەکۆمەی سەر کوردان بکات. پێشتریش ئەمریکا ڕێی بە دیپلۆماتکارە قەتەری و سعودییەکان دەدا بە ئاشکرا تەراتێنی ڕەقە و دێرەزور بکەن و پەیوەندی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان قایم بکەن، هەرکاتێکیش هەسەدە ڕێگری لێدەکردن، ئەمریکا پاساوی دەهێنایەوە بەوەی کە باش نییە دژایەتی پڕۆژە ئاسۆییەکانی سعودیە لە ناوچەکە بکەن، بە تایبەت ئەوەی کە بەناوی پڕۆژەی هاوکاری و ئاوەدانکردنەوەوە دەهاتنە ناوچەکە. چونکە ئەمریکا بۆ خۆی نەوتی ئەو ناوچانەی دەبرد و هیچی لێنەدەهێشتەوە، لەو چوارچێوەیەدا لاری نەبوو کە سعودیە و قەتەر ناوچەکە ببوژێننەوە و ڕێگری لە نفوزی ئێرانیش بکەن.




هەسەدە و شەرع لە رێکەوتنێکی ئاڵۆزدا.. عوسمانی حاجی مارف

هەوڵی حکومەتی ئەحمەد شەرع بۆ ڕێکەوتنی لەگەڵ هەسەدە، وەک خاڵی هاتنە ژوورەوە بەئارامی بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و یەکخستنی هێزە چەکدارەکانی لە تەواوی سوریادا دەبینێت، هەسەدەش وەک چوارچێوەیەک لە دامەزراندنی پێگەی سیاسی خۆی لەناو دەوڵەتی سوریادا مامەڵە دەکات.
کۆبوونەوەی نێوان تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی، تەنیا بە چەسپاندنی ئاگربەست لەسەر زەوی سنووردار نەبوو، بەڵکو دەرگای بەڕووی گفتوگۆیەکی سیاسی فراوانتردا کردەوە سەبارەت بە پەیوەندیەکانی داهاتووی نێوان هەسەدە و دەوڵەتی سوریا، هەرچەندە ئاگربەست ڕاگەیاندراوە، بەڵام سیاسەتی ڕێکەوتنی ترەمپ و ئۆرگان و شەرع، نەگۆڕدراوە!.
هەنگاوەکانی دەوروبەری درێژکردنەوەی ئاگربەست، بەحساب هەوڵدانێکە بۆ گۆڕانکاری چۆنایەتیەک کە بەبەراورد بە هەوڵەکانی پێشوو، هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆ، گوایە ئەمجارە لە هەنگاوی دانوستانەکاندا، ڕێڕەوی بەڕێوەبردنی ململانێکان بۆ گەڕان بەدوای سروشتی پەیوەندی سیاسی و دامەزراوەیی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەبات، کە زیاتر بەرەو سنوردارکردنی پێگەی هەسەدەیە لە سوریا.
بەڵام ئەو ڕێکەوتنەی کە لە ١٨ی کانونی دوەمدا واژۆ کرا، چوارچێوەی ئەم گۆڕانکاریەی پێکهێنا، کە شەرع وەک پێشەکیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەربازی هەسەدە سەیری دەکرد، لەکاتێکدا چاوەڕوانی هەسەدە بەوشێوەیە دەردەکەوت کە هێزەکەی وەک بەشێکی سەربەخۆ لەناو دەوڵەتدا بە فەرمی بناسرێت.
لەلایەکەوە هەسەدە هەوڵدەدات خۆی وەک هاوبەشێک پیشان بدات کە ئامادەیە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، لە لایەکی دیکەوە، ئامانجی هەسەدە دەستەبەرکردنی پێگەیەکە لەناو ناوەندەکانی بڕیاردانی ناوەندیدا، کە پێیانوایە، بەم شێوەیەش دەتوانن کاریگەری سیاسی و ئەمنی خۆیان لە قۆناغی دوای یەکگرتندا بپارێزن.
پارێزگای حەسەکە وەک هەستیارترین خاڵ لەم پرۆسەیەدا دیارە، کە ناوەندی کێشکردنی جوگرافی و سیاسیە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە، هەر دامەزراندنێک لە حەسەکە ناتوانرێت لە هاوسەنگیە ئاڵۆزە ئەمنیەکان و خێڵەکی و ئابووریەکان جیا بکرێتەوە، ئەمەش وادەکات کاندیدکردنی پارێزگارێک لەلایەن هەسەدەوە، یان ئاماژەیەکە بۆ هاوبەشیەکی درێژخایەن لەگەڵ دەوڵەت، یان دەستپێکی دانوستانە سەختەکانە، لەسەر ئەوەی کێ دەسەڵاتی ڕاستەقینەی لە ناوچەی جەزیرەی سوریا بەگشتی و لە حەسەکە بەتایبەتی بەدەستەوە دەبێت؟.
واشنتۆن پاڵ بە یەکلایکردنەوەیەکی وردەوە دەنێت، کە گەرەنتی یەکگرتنی هێزەکانی هەسەدە لە دەوڵەتی سوریادا جێبکاتەوە، بەڵام دەیەوێت لەژێر هەلومەرجێکدا ئەم یەکگرتنە پێکبێت، کە ڕێگری نەبێت لە دەوری نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا، لەم چوارچێوەیەدا پێداگری ئەمریکا، لەسەر بە کراوە هێشتنەوەی دەرگای ئاگربەست و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی دەبێت، تا ڕێگە بە گواستنەوەی وردە وردە لە بەرەکانی جەنگەوە بۆ مێزی دانوستان هەنگاو بنرێت.
گومانی تیانیە کە دیمەشق بە وریاییەوە لە پرسی درێژکردنەوەی ئاگربەست نزیک دەبێتەوە، ڕەتیدەکاتەوە بیکاتە ڕێکارێکی سادە و ئۆتۆماتیکی و بێمەرج، سەرچاوەیەکی حکومی لە لێدوانی تایبەتدا ڕایگەیاندووە، کە هۆکاری سەرەکی ڕازی نەبوون بە درێژکردنەوەکە، پێگەی بەرزی ئێستای سوپای سوریایە، گوایە تێڕوانینی شەرع پێگەی دەوڵەتی سوریا چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی سیاسیەوە بەهێزتر دەیبینێت.
کۆبونەوەی ئەم دواییەی هەولێری نێوان نوێنەرانی واشنتۆن و هەسەدە لە چوارچێوەیەکی سەربازی نائاسایدا ڕووی نەدا، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی سیاسی ناسکدا پێشهات، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدوای بەڕێوەبردنی دۆخێکی ئاڵۆزترن، هەوڵدانێکە لە قۆناغێکی ڕاگوزەری ناوچەکە بەرەو سەقامگیری بۆ ئەمنیەتی سەرمایەگوزای، نەک تەنها ئاگربەست. درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هەسەدە، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی فورات، لەنێوان گۆڕانی هاوسەنگیە ناوچەییەکان و زیادبونی فشارە نێودەوڵەتیەکان، کە بەدوای سوریایەکی یەکگرتوەوەن لە پرۆسەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی شەرعەوە. بۆیە هەر درێژکردنەوەیەکی ئاگربەست دەبێت مەرجی ڕوونی هەبێت، بەپلەی یەکەم بونی گەرەنتی پابەندبونی هەسەدەیە، کەجێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ مسۆگەر بکات!.
هەڵبەتە بونی گەریلاکانی پەکەکە لە نێو هەسەدەدا، کاریگەری لەسەر ڕێکەوتنەکان و ئاگربەست دەبێت، بەتایبەتی پەکەکە بەشێوەیەکی وەها کاریگەر لەنێو هەسەدەدا هەیە، کە دەتوانێ بڕیاردان لەناو هێزەکانی هەسەدەدا کۆنترۆڵ بکات، ئەمەش ئەو ئاراستەیە بۆ هەسەدە پێشبینی دەکرێت، ئاگربەست دەرفەتێکی پێئەدات، خۆی بۆ پێکدادانێکی درێژخایەن لەدژی سوپای سوریا ئامادە بکات!.
پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی سوریا ڕونکرایەوە، هێزەکانی سوریا ناچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، بەڵکو لە پەراوێزی شارەکانیان دەمێننەوە ئەگەر ڕێککەوتنەکە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام دواتر باسی هێڵی کاتی و وردەکاری یەکگرتنی ئاشتیانەی پارێزگای حەسەکە بە شاری قامیشلۆشەوە دەکرا، لەهەمانکاتدا هێزەکانی سوریا چونە ناو حەسەکە و کۆبانی و قامشلۆ، گوایە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەوی دەمێننەوە.
سەرچاوە سەربازیەکانی سوریا ئاماژە بەوە دەکەن، هێشتا چانسی ڕێکەوتن دەتوانێت بەردەوام بێت، بە مەرجێ هەسەدە پابەند بێت بە دوو خاڵی سەرەکیەوە، یەکەم پێشکەشکردنی لیستی کەسایەتیە بێلایەنەکان بۆ پۆستە سەربازی و ئیداری و پەرلەمانیەکان، دووەم هەنگاوی جددی بنێت بۆ بێلایەنکردنی کادرەکانی سەر بە پەکەکە، بەتایبەت کەسە بیانیەکان.
دەوترێت، مەزڵوم عەبدی ئامادەیە پابەند بێت بەڕێکەوتنەکە! بەڵام ڕوبەڕوی ڕەوتێکی توندڕەوە لەناو هەسەدەدا، کە پەیوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتیان هەیە، ڕەنگە ئاستەنگی لەبەردەم جێبەجێکردنیدا دروست بکات، بەتایبەتی سەبارەت بەو لیستانەی بڕیارە پێشکەشی ئەحمەد شەرع بکرێن، لەوانەیە ئەو ناوانە لەخۆ بگرن، کە لەئاستی ناوچەییدا ڕەت دەکرێنەوە، بەتایبەتی لەلایەن تورکیا و سعودیەوە، ئەمەش دەرگا بەڕووی فشارە مەیدانیەکاندا دەکاتەوە کە ئاگربەستەکە نەتوانێ بەردەوام بێت.
هەرەوەها کۆبانی وەک بەربەستێکی هەرە بەرچاو لەم پرۆسەیەدا دەمێنێتەوە، وەزارەتی بەرگری سوریا وەک کانتۆنێکی جیا لەو کەرتە سنووریەی حەسەکە لەژێر دەستی هەسەدە دایە دەڕوانێت، پێیوایە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئێستا زۆر گرنگە، هەروەها دیمەشق چارەنوسی کۆبانی بە چارەنووسی قامیشلیەوە دەبەستێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی سیمبۆلیزمی سیاسی و نەتەوەیی ئەوان، کە هەر چارەسەرێک، چ ئاشتیانە بێت یان سەربازی، دەگاتە چارەسەرێکی هاوبەش.
لەبەرامبەردا دیمەشق و ئەنقەرە گومانیان هەیە لە نیازەکانی هەسەدە، پێیانوایە هەوڵی کڕینی کات دەدات بۆ سود وەرگرتن لەئاگربەست، هاوکات هەڵمەتی میدیایی خۆی بۆ کۆکردنەوەی دانیشتوانی کورد لەسەر ئاستی ناوچەیی پەرەپێدەدەن بە ناسینی سوپای سوریا بە هەوڵی بۆ ئەنجامدانی پاکتاوی نەتەوەیی، هەرچەندە پێدەچێت ڕێکەوتنەکە بۆ ئێستا بەردەوام بێت، بەڵام ناتوانرێت پێشێلکاریەکان ڕەت بکرێتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە چونە ژوورەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
بەجیا لە هەر دەورێک کە ململانێ و نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا بنەمای کاریگەری دەبینێت لەسەر ناوچەکە، پێدەچێت لە کورتخایەندا، دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت، هەنگاوی ڕەمزی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە گیراوەتەبەر، بەڵام یەکگرتنی هەمەلایەنە، ناڕۆشن و ڕاگیراو دەمێنێتەوە، چونکە ئەوە نەزانراو نیە کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تەواو جیاوازە لەبەرامبەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا، سادەترینیان، واقعیەتی هێزە سەربازیەکانی سوریا ئیمکانی نیە قەبوڵی کەن، بۆنمونە بوونی ژنان لە ڕیزەکانی هێزی سەربازیدا، جگە لە زۆرلایەنی تر لە جیاوازی سکولاری و ئازادی و شارستانیەت و مافەکانی ژنان، کە ناکۆکە لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیدا. ئەو دۆخەی بۆ شەرع هەزم ناکرێ، واقعیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتەکەیەتی، کە هۆکار و زەمینەیەکی واقعیە، ئەو رێکەوتن و ئاگربەستە تووشی شکست دەهێنێتەوە، دووبارە کێشە و هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوا وەها دەست پێدەکاتەوە، ئایندەی سیاسی ناوچە کوردنیشینەکان و سوریا روبەرووی بارگرژی و کارەساتی زیاتر دەکاتەوە.




هەرێمی كوردستان دەبوو لە ساڵی 1992 خاوەن دەستووری خۆی بێت.. د. نووری تاڵەبانی

دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە عێراق لە ڕووی دەستووریەوە نەدەكرا چونكە ئەو سیستمە دەستووریەی كە شێوەی حوكمڕانی لە عێراق دیاریكردبوو لە پاش لكاندنی باشووری كوردستان بە دەوڵەتی عێراق لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای سەنترالیزم بووە. هەموو دەستوورەكانی عێراق، بە تایبەتی دەستووری ساڵی 1925 كە یەكەم دەستووری عێراق بووە وەزارەتی كۆلۆنیالی بریتانیا ئامادەی كردبوو، هەروەها ئەو دەستوورە كاتییانەی لە پاش ساڵی 1958 پەسندكرابوون لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژرابوون، بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتەكان بە دەزگاكانی ناوەند درابوون. لە پاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و كۆچڕەوە مەزنەكەی كە بووە هۆی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە بەشێك لە باشووری كوردستان، ڕژێمی عێراق دەزگاكانی لەو ناوچانە كێشایەوە، بڕیاری سازدانی هەڵبژاردن لەلایەن “بەرەی كوردستانی”یەوە درا تا ئەنجوومەنێكی نیشتمانی/پەرلەمان هەڵبژێردرێ ئەركی سەرەكی دیاریكردنی حكومەتێك بێت بۆ بەڕێوەبردنی كاروبار لەو ناوچەیە. لە 4/10/1992 پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی هەڵبژێردرا و سیستمی فیدڕاڵی بۆ پاشەڕۆژی عێراق پەسندكرا، ئەو بڕیارە ڕێگای خۆشكرد بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی سیاسیی دێ فاكتۆ لەو ناوچەیە، حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی كاروباری ناوخۆیی و دەسەڵاتی پێوەندیكردن بە دەرەوەی هەرێم هەبوو، لەگەڵ داكۆكیكردن لە سنووری ئەو بەشە ڕزگاركراوەی كوردستان، واتە هەموو دەسەڵاتەكانی دەوڵەتیی. ئەو بڕیارە گرنگەی پەرلەمان دەبوو بڕیارێكی دیكەی بەدوادابێت، كە پەسەندكردنی دەستوور بوو بۆ هەرێمی كوردستان، لەو دەستوورەدا دەسەڵاتەكانی دەزگاكانی هەرێم و ماف و ئەركەكانی هاوڵاتیان بە ڕوونی دیاری بكرێن.
كۆمەڵێك قانوونناسان لە ساڵی 1991 داوای دانانی دەستوورمان دەكرد، هەتا ئەگەر دەستوورێكی كاتیش بێت، چونكە دەستوور سەرچاوەی هەموو قانوونەكانە لەوێدا شێوەی حوكمڕانی و چۆنیەتی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و ڕێكخستنیان دیاری دەكرێت. ئەو داواكارییە پشتگیریی لێدەكرا لەلایەن خەڵكی كوردستان لەناوەوە لە دەرەوەدا.
لە ناوەڕاستی 1992 پڕۆژەی دەستوورێكم بەزمانی عەرەبی بۆ هەرێمی كوردستان ئامادەكرد، سەرەتا بە ئۆفسێت لە چاپخانەی زانكۆی سەلاحەدین چاپكرا، پاشان لەو چاپخانەیە 500 دانەی لێ چاپكرایەوە بە هاوكاری د. فازل قەفتان، مامۆستا و بەڕێوەبەری ئەو چاپخانەیە. پڕۆژەكە دابەشكرا بەسەر ئەندامانی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسیەكان و میدیا و كۆمەڵێك لە قانوونناسانی كوردستان، بە ئومێدی ئەوەی ڕِاوسەرنجی خۆیان دەربڕن. بۆچوونی بەشێك لە قانوونناسان پڕۆژەكەی دەوڵەمەندتركرد، پاشان خرایە بەردەست دەزگایەكی قانوونی فەرمی كە ئەندام بووم تێیدا بەناوی دەستەی قانوونی باڵا. پاش لێكۆڵینەوەیەكی ورد ئەو دەستە قانوونییە پڕۆژەكەی پەسندكرد بە فەرمی ناردی بۆ حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بە ئومێدی تەماشاكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە.
لە ڕووی سیاسیەوە باری سیاسی لە عێراق و ناوچەكە لەودەمە ئاڵۆزبوو، هێزەكانی ڕژێم ئابڵوقەی سەربازی و ئابوورییان لەسەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی كورد دانابوو هەڕەشەی داگیركردنەوەیان دەكرد. ئەمریكا و بریتانیا كە فڕۆكە جەنگیەكانیان لە توركیاوە ئاگادارییان لە ئاسمانی ناوچەكە دەكرد لە ئەگەری دەستدرێژیكردنی ڕژێم، پشتگیرییان لە دامەزراندنی قەوارەێكی سییاسی بۆ كورد نەدەكرد. وەزیرانی دەرەوەی دەوڵەتانی ناوچەكە ناوناوە كۆدەبوونەوە بۆ خنكاندنی ئەو كۆرپە ساوایە لە باشووری كوردستان. ئەو هۆیە دەرەكییانە و چەند هۆیەكی ناوەكی پەیوەندییان بە ناكۆكی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە هەبوو بوونە هۆی دواخستنی پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە دەستوورە، بەڵام لەو ماوەدا ژمارەیەكی زۆر لە ڕِووناكبیران لە كوردستان و دەرەوە بە بەردەوامی داوای دانانی دەستووریان دەكرد بۆ ئەو بەشەی كوردستان.
پاش ڕووخانی ڕژێم لە نیسانی ساڵی 2003، قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق TAL كە لە ساڵی 2004 ئەنجومەنی حوكم لە عێراق پەسندی كرد و وەكو دەستوورێكی كاتیی تەماشادەكرا، ئەو پڕۆژە دەستوورەی كوردستان كە لە مانگی تشرینی دووەمی 2002 پەسندكرابوو وەكو (پڕۆژە)، دەبوو جارێكی تر تەماشا بكرێتەوە تا بەندەكانی لەگەڵ بارودۆخی تازەی عێراق بگونجێن. لە یاداشتنامەیەكدا پاش گەڕانەوەم بۆ كوردستان لە مانگی ئەیلولی 2003 پێشكەشم كردبوو بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، پێشنیازم كردبوو جارێكی دی بەو پڕۆژەدا بچینەوە. بە پشتگیری كاك نێچیروان بارزانی، كە ئەودەمە سەرۆكی حكومەت بوو لە هەولێر، لە مانگی تشرینی یەكەمی 2003 كۆبوونەوەیەك ڕێكخرا، ئەندامانی لیژنەی قانوونی لە پەرلەمانی كوردستان و سكرتێری پەرلەمان ئامادەی ئەو كۆبوونەوە بوون، كە بڕیاردرا جارێكی دی پێداچوونەوە بە بەندەكانی ئەو پڕۆژەی پێشتر ئامادەكرابوو بكرێتەوە. لەپاش چەندین كۆبوونەوە لە بارەگای لیژنەی قانوونی لە پەرلەمان، سەرەڕای ئەوەی سكرتێری پەرلەمان نەیدەویست دەستكاریی لە پڕۆژە كۆنەكە بكرێت، لە 22ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2003 پڕۆژەیەكی نوێ ئامادەكرا و خرایە بەردەست سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە هیچ بڕیارێكی لەسەر نەدرا، وەكو پڕۆژە مایەوە لە ئەرشیفی پەرلەماندا.
قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەولەتی عێراق TAL لە ماددەی 53 دا سیستمی فیدراڵی بۆ عێراق پەسندكردبوو و دانیشی بە هەرێمی كوردستاندا نابوو لە چوارچێوەی ئەو سنوورە ئیداریەی لە 19ی ئاداری 2003 لە ژێردەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بوو. لە بەندی 54ی هەمان ئەو قانوونەدا دان بەو دامەزراوانەدا نرابوو كە پێشتر هەبوون، بۆیە پەرلەمانی هەرێم وەكو دەزگای قانووندانەر دەیتوانی دەستكاری لە قانوونەكانی هەرێم بكات تا ئەو ڕۆژەی دەستوورێكی هەمیشەیی بۆ عێراق پەسنددەكرا. پەرلەمانی كوردستان لەو ماوەدا چەند قانوونێكی تازەی پەسندكردبوو و دەستكاریشی لە چەند قانوونێكی تر كردبوو دەزگاكانی هەرێم جێبەجێیان دەكردن. قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق چەند مەرجێكی دانابوو كە دەبوو پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕەچاویان بكات، لە بەندی 25 و پەرەگرافی (د)ی بەندی 43ی ئەو قانوونە دیاری كرابوون. ئەو دوو بەندە تایبەت بوون بە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند لە بوواری سیاسەتی دەرەوە و داكۆكیكردن لە عێراق و دامەزراندنی هێزی چەكدار. بەپێی ئەو دوو بەندە، دەسەڵاتی داڕشتنی سیاسەتی گشتیی دارایی و دەركردنی دراو، لەگەڵ ڕێكخستنی گومرك و بازرگانی دەرەوە بە حكومەتی ناوەند درابوون. دانانی بودجەی گشتی بۆ عێراق و كاروباری بانكی ناوەندی و ڕێكخستنی (مەقاییس و ئەوزان) لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بوون. هەرچەندە موڵكداریەتی سامانی سروشتی بە هەرێمەكان درابوو، بەڵام دەرهێنانیانی دەبوو بە هاوكاری و سەرپەرشتیكردنی دەزگاكانی حكومەتی ناوەند بكرێن. كاروباری پەیوندیدار بە دەوڵەتنامە/جنسیە و بێگانە و پەناهەندە لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بوون. لە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئەو هەموو دەسەڵاتانە بە حكومەتی ناوەند درابوون، بەڵام دەسەڵاتەكانی دیكە بە دەزگاكانی هەریمی كوردستان درابوون، لەگەڵ ڕێكخستن و شێوەی بەكارهێنانیان. كەواتە پەسەندكردنی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە دەسەڵاتی ئەو پەرلەمانە بوو بەپێی قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق. پەرلەمانی كوردستان دەیتوانی قانوون پەسند بكات هەتا ئەو ڕۆژەی دەستووری هەمیشەیی عێراق پەسند دەكرێت، بە مەرجێك ئەو قانوونانە بە پێچەوانەی بەندی 25 و پەرەگرافی (د)ی بەندی 43 نەبن.
دەستنیشانكردنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستوورێكی تایبەت بە هەرێم دەبووە هۆی بەهێزكردنی ئەو دەزگا كوردستایانەی داكۆكیان لە مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكرد لە بەغدا، گرووپی كوردستانی لەناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی و ئەندامانی ئەو گرووپە دەیانتوانی جەخت لەسەر چەسپاندنی ئەو مافانەی گەلی كوردستان بكەنەوە و داوای چەسپاندنیان بكەن لە دەستووری عێراقدا وەكو داواكاریی گەلی كوردستان، چونكە لە دەستووری هەرێمدا چەسپێندرابوون.
بۆچوونێكی تر هەبوو دەیگوت پەسەندكردنی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان دەبێ دوابخرێت بۆ پاش پەسندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق. هۆی ئەم بۆچوونە سیاسیی بوو نەك قانوونی، بە بۆچوونی ئەوان باری سیاسی لە عێراق و ناوچەكە شێواو بوو، پەسندكردنی دەستوور بۆ هەرێم لەو بارودۆخەدا بە “جوداخوازی” دەدرایە قەڵەم! بەپێی ئەو بۆچوونە، دەبوو چاوەڕێی دەستووری عێراق بكرێت تا بزانین لەوێدا چی بە كورد دەدرێ و چی قبووڵ ناكرێت! بەمشێوەیە هەموو سەنگی كورد دەخرایە ناو یەك سەبەتەوە، كە ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی بوو، ئەگەر لەوێدا كارەكان لە بەرژەوەندی كورد یەكلایی نەكرێنەوە لەو “شەڕە” دەستووریە بە دۆڕاوی دەهاتینە دەرەوە. بە بۆچوونی ئێمە چاكتربوو كورد لە چەند بەرەیەكدا ئەو “شەڕە” دەستووریە بكات و پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی هەبیت وەكو نوێنەری شەرعی خەڵكی كوردستان بۆ داواكردنی مافەكانی گەلەكەمان. ئەگەر ئەو داواكارییانە پێشتر لە دەستووری هەرێم بچەسپێندرابان، لە دەستووری عێراقدا ئاسانتربوو هەوڵی چەسپاندنیان بكرێت. دەبێ ئەوەش لە بیر نەكرێت كە سەنگی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە خولی دووەمی قورستربوو، چونكە ئەو خولەی پەرلەمان وەكو دەزگایەكی شەرعی تەماشادەكرا لەبەرئەوەی لە ئاكامی هەڵبژاردنێكی شەرعییەوە دیاری كرابوو. هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێم بەپێی قانوونێكی عێراقی ئەنجامدرابوو لەژێر چاودێری دەزگایەكی عێراقی — نێودەوڵەتی، بۆیە حكومەتی عێراق و دەوڵەتان و دەزگا نێودەوڵەتیەكان نەیاندەتوانی گوێ لە داخوازیەكانی ئەو خولەی پەرلەمان نەگرن.
دەستووری هەرێم كە داواكاریەكانی گەلی كوردستانی تێدا دیاری دەكرێن دەبووە شیرێكی تیژ بە دەست لایەنەكانی كوردستان لە ناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی. لە بڕگەی (ج)ی بەندی 61 ی قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق TAL ڕێگە بە دانیشتوانی دوو لەسەر سێی پارێزگاكانی عێراق دراوە لە كاتی دەستكاریكردنی دەستووری عێراق، ئەگەر سێ پارێزگا دەنگ بۆ ئەو دەستكاریە نەدات، ئەو پێشنیازەی بۆ دەستكاری كردنی دەستوور كراوە ڕەد دەكرێتەوە. پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی سێ پارێزگای دەكرد دەیتوانی ئەو پڕۆژە دەستوورەی بۆ عێراق ئامادە دەكرێت و مافەكانی گەلی كوردستانی تێدا دەستنیشان ناكراێت، ڕەد بكاتەوە. گرووپی كوردستانی لەناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی دەیتوانی ئەو چەكە بخاتە بەرچاو ئەو لایەنانەی قایل نەدەبوون كە مافەكانی گەلی كوردستان لەو دەستوورە بچەسپێن. كورد دەبوو “شەڕی” دەستووری لەسەر هەموو بەرەكان بكات، لە ناو پەرلەمانی عێراق و لە پەرلەمانی هەرێم، هەروەها بە هاوكاریی بزوتنەوەی ڕیفراندۆم و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكانی كوردستان، جگە لە پشتگیری دۆستانی كورد لە دەرەوە. ئەو “شەڕە” دەستووریە ڕِەواتر دەبوو ئەگەر كورد لە هەموو بەرەكانەوە كاری لەسەر بكردبا و سەركەوتنی بەدەست دەهێنا و هەموو مافەكانی، بە مافی دیاریكردنی چارەنووسەوە لە دەستووری هەرێم و لە دەستووری عێراق دەچەسپێنران. كورد ئەگەر هەموو سەنگی لەسەر پرنسیپی “تەوافوق” بێت، ناگاتە ئەو ئامانجانەی ساڵەهای ساڵە خەباتی بۆ كردووە و خوێنێكی زۆری بۆ ڕشتووە، پێویستە ئەو هەموو فاكتەرانە بخرێنە گەڕِ تا لەو “شەڕە” دەستووریە سەربكەوێن.
پێش ئەوەی شاندێك لە هەرێمی كوردستان بچێت بۆ بەغدا بۆ بەشداریكردن لە داڕشتنی پڕۆژەی دەستووری عێراق، 57 پەرلەمانتار لە هەموو لایەنەكانی ناو خولی دووەمی پەرلەمان بە نووسین داوایان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد ئەو پڕۆژە دەستوورەی هەرێم كە چاككرابوو بخرێتە بەردەم پەرلەمان تا تاوتوێ بكات پاشان پەسندی بكات، بەڵام ئەو داواكارییە لەگەڵ پڕۆژەكە لە ئەرشیفی پەرلەمان مایەوە، ئەوەش بە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بوو.
پاش پەسندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی دەستووری هەرێمی لە 24ی حوزەیرانی 2009 بە زۆرینە دەنگ پەسندكرد، هەنگاوی دووەم دەبوو دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان لە مانگی تەموزی ئەو ساڵە دەنگی لەسەر بدەن.
پێویستە لێرە ڕووناكی بخەمە سەر چەند خاڵێك كە پێشتر ئاماژەیان بۆ نەكراوە. ئەو پڕۆژە دەستوورەی لە ساڵی 2006 بە زمانی عەرەبی ئامادەكرابوو، كە پاشان لە 24ی حوزەیرانی 2009 بە زۆرینە دەنگ پەسندكرا، لە كاتی خۆیدا ئەركی وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی كوردی لەلایەن لیژنەی دەستووری لە هەرێمی كوردستان بە بەندە سپێررا. لە كاتی پشووی هاوینی ساڵی 2006 لە لەندەن دەقی ئەو پڕۆژەیەم وەرگێرایە سەر زمانی كوردی و لەسەر (CD)، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2006 ڕادەستی سەرۆكی لیژنەی دەستووریم كرد لە پەرلەمان. لەو ماوەی خەریكی وەرگێڕانی ئەو پڕۆژەیە بووم، بەبێ ئاگاداری نزیكەی سێ یەكی ئەندامانی ئەو لیژنەیە كۆبوونەوەیەكی بەناو نائاسایی لە 20ی ئابی 2006 سازكرابوو، تێیدا دەستكاری (22) ماددە و بڕگە لەو پڕۆژەدا كرابوون. لە ڕووی قانوونییەوە كۆبوونەوەی نائاسایی تایبەتە بە پەرلەمان نەك بە لیژنەكانی، ماددەی (6) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان مەرجی سازدانی كۆبوونەوەی نائاسایی دیاری كردووە، بەڵام ئاماژەی تێدا نەكراوە بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی لیژنەكان، (قیاس)یش لەنێو ئەو دوو حاڵەتەدا ناكرێـت. لە یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی دەستووری كە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2006 بەسترابوو ڕەخنەم لەو كۆبوونەوە بەناو نائاساییەی لیژنەی دەستووری گرت، بەڵام گوێ لە ڕەخنەكەم نەگیرا. پڕۆژەی دەستووری هەرێم بەو دەستكاریانەی لە 21ی ئەیلوولی 2006 ئەنجامدرابوون بڵاوكرایەوە، داواكرابوو لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕِاوسەرنجی خۆیان بۆ لیژنەكە بنێرن. ژمارەیەكی زۆر لە ڕێكخراوی سییاسی و مەدەنی و كەسانی پسپۆر و شارەزا تێبینی خۆیان بۆ لیژنەكە ناردبوو بۆ دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە. ئەركی لیژنەكە ئەوەبوو كۆبێتەوە بۆ تەماشاكردنی ئەو تێبینییانە، بەڵام بە بڕیارێكی دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەكە، بەشێك لەو تێبینیانەی تەماشانەكران بە پاساوی ئەوەی بێ سوودن، بەشەكەی دی لە ژوورێكی نزیك لە ژووری سەرۆكی لیژنەكە دانرابوون، داوا لە ئەندامانی لیژنەكە كرابوو بچنە ئەو ژوورە لەوێ تەماشایان بكەن!
لیژنەی دەستووری لە پەرلەمانی هەرێم كۆنەبووەوە تا دەستپێكردنی پشووی هاوینی پەرلەمان لە مانگی تەموزی 2008. لە یەكی تەموزی ئەو ساڵەدا دەستی بە كۆبوونەوە كرد، لە 7ی تەموزی ئەو ساڵە جارێكی دی كۆبوونەوەیەكی بەناو نائاسایی ئەنجامدا، تێیدا جارێكی دی دەستكاریی بنەڕەتیی لە پڕۆژەكەدا كرابوو. بەندە بەشداریم لەو كۆبوونەوە بەناو نائاساییە نەكرد لەبەرئەوەی بە ناشەرعیم دەزانی. لەو كۆبوونەوەدا جاریكی دی دەستكاری لە پڕۆژەكەدا كرابوو، بەو دەستكاریانەوە لە 24ی حوزەیرانی 2009 پڕۆژەكە خرایە بەردەم پەرلەمانی هەرێم بە زۆرینە پەسندكرا. ئەو دەنگدانە پاش هەمواركردنەوەی قانوونی پەسندكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێم ژمارە (16)ی ساڵی 2008 كرا.
پڕۆژەی دەستووری هەرێم تا ئێستا هەر پڕۆژەیە، چونكە دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان دەنگیان لەسەر نەداوە. ئەگەر پەسند بكرێت دەبێتە یەكەم دەستوور لە مێژووی گەلی كورد، كە پێویستە بە باشترین شێوە ئامادە بكرێت و ماددەكانی بە زمانێكی قانوونی ڕەوان دابڕێژرێن. قانوونی ژمارە (16)ی ساڵی 2008ی هەمواركراو تایبەت بە پەسندكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێم ڕێگای لە ئەندامانی پەرلەمانی هەرێم گرتووە گفتوگۆ لەسەر ناوەرۆكی پڕۆژەكە بكەن، بە پاساوی ئەوەی پەرلەمانی هیچ وڵاتێك گفتوگۆی لەسەر ناوەرۆكی پڕۆژە دەستووری وڵاتی خۆی نەكردووە، لە كاتێكدا پڕۆژەی دەستووری عێراقی ساڵی 2025 پاش گفتوگۆكردن ئەوجا پەسندكراوە. لە ڕاستیدا یەكەم پڕۆژە دەستووری عێراق لە ساڵی 1924 ئامادەكرابوو، ئەنجومەنی دامەزرێنەر/ الجمعیە التاسیسیە)، پێش دەنگدان لەسەری دەستكاری تێداكردبوو، پاشان لە ساڵی 1925 پەسندی كردبوو.
چەندین كەسانی پسپۆڕ و شارەزا دەمێكە داوای هەمواركردنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێم دەكەن بە مەرجێك كەموكوڕییەكانی چاكبكرێن. بەشێك لەو شارەزایانە پێشنیازی دامەزراندنی لیژنەیەكی تازە دەكەن، دەڵێن باشترە ئەندامانی ئەو لیژنەیە تازەیە كەسانی پسپۆر و شارەزا بن، بە ڕێككەوتن لەنێو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشان بكرێن.
پەلەكردن لە پەسندكردنی پڕۆژەی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان داواكاریی زۆرینەی خەڵك و لایەن و كەسانی شارەزایە. بەشی زۆری ئەو گرفت و كێشانەی بەرەوڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە هۆیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستوورە لە هەرێم، كە دەبوو لە ساڵی 1992 هەرێمی كوردستان خاوەن دەستووری خۆی بێت.
پەسندكردنی دەستوورێكی مۆدێرنی گونجاو بۆ هەرێمی كوردستان لەم بارودۆخە سیاسیەی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت دەبێتە هۆی گوێ گرتن لە داواكارییەكانی هەرێم و دەوڵەتان و لایەنە نێودەوڵەتییەكان زیاتر حیساب بۆ هەرێمێكی خاوەن شەرعییەتی دەستووری دەكەن، نەك هەرێمێك تا ئێستا دەستووری خۆی نەبێت.
هەولێر
17/2/2026




ڕۆژئاوا باشوور نییە.. رۆمان ئامینە

لەنێو کەتواری سیاسی و کۆمەاڵیەتی کوردیدا ڕوانینێکی زاڵ هەیە، کە تێیدا لە پرسی هەر شکست و لەمپەڕێکدا، دێن و لە چاویلکەی سەقامگیری ڕێژەیی ئەزموونی باشوورەوە چاو لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، بە تایبەت ڕۆژئاوا دەکەن.
وەختێ لەوێ گرفتێک دێتە پێش،، خێرا دەستەیەک قوت دەبنەوە و دەڵێن دەبوو چاو لە ئەزموونی باشوور بکەن و بۆ وەک باشووریان پێنەکرا. لە ڕاستیدا خودی ئەم بەراوردە بە ئەنقەست بێت یاخود لە ڕوانگەی نائاگاییەوە گرفتە و پێویستە تێپەڕێنرێت.
باشووری کوردستان کە نزیکەی سەدەیەکە بووەتە مەکۆ و چەقی جوڵانەوەی سیاسی کورد و ستاتۆکەشی کە زیاتر لە سێ دەیەیە ڕەوایەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە، هەرگیز ناکرێت بەراورد بکرێت بە ڕۆژئاوای کوردستان کە لە چوارچێوەی جیۆپۆلەتیکی جوڵاوی سوریادا تا ئێستا دەرفەت نەبووە سەقامگیر ببێت و ڕۆڵی نەرێنی تورکیا و سعودیە و قەتەر و ئەمریکا و ئیسرائیل و فەرەنسا لەلایەک و ڕووسیا و ئێرانیش لە لایەکی دی جۆرێک لە ئاڵۆزی و گرێکوێرەی درووست کردووە کە وادەکات داهاتووی ئەم ستاتۆیە بە نادیاری بهێڵێتەوە.
لە ڕاستیدا زلهێزان تا ئێستا لەسەر ئەو کڵێشە کۆنە دەڕۆن کە پرسی کورد بە بچوککراوی بهێڵنەوە و ڕێگری بکەن لەوەی کە دۆزەکە لەوە زیاتر گەورە ببێت و بە ناچاری نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ هەموار بکەنەوە، بۆیە تا ئێستا لەو نێوەندەدا ماونەتەوە و نە دەتوانن ستاتۆی ڕۆژئاوا لەناوبەرن کە یەک دنیا سەروەری تیا تۆمارکراوە و ئەفسانەی داعشی بەزاندووە، نە دەتوانن دانی پێدابنێن و مۆری ئازادی دووەم پارچەی کوردستان دەستەبەر بکەن، چونکە نایانەوێ سەروەری دەوڵەت نەتەوەکان تێکبدەن و چوار وڵات ڕووبەڕووی ناسەقامگیری درێژخایەن بکەنەوە، بۆیە بە گوێرەی ستراتیژێکی دوور دەمێکە لەسەر ئەوە ساغ بووەنەتەوە کە ئەگەربێتوو ڕۆژگارێک زۆریان بۆبێت و دۆزی کورد بە ڕوویاندا بتەقێتەوە، ئەوا دەوڵەتۆچکەیەکی بچوک لە چوارچێوەی عێراقدا بۆ کورد چێ بکەن، ئەوەی ئێستا لە ستاتۆی باشووری کوردستاندا دەینینین لە ڕاستیدا زادەی ئەو ڕوانین و کارکردەی سیستمی جیهانییە.
مەبەستەکە لێرەدا ئەوەیە ئەمەی لەم پارچەیەدا بەدەستهاتووە لەخۆوە نییە و سا بە تەنهاش زادەی خەباتی کورد نییە لەو بەشەدا، بەڵکو زادەی کۆمەڵێ هەلومەرجی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکیە، کە ئەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و هیچ بەشێکی دیکەی کوردستان لەگۆڕێ نییە و ئەستەمە ئەو پێدراوانەی سیستم بە ئاسانی لە ڕۆژئاوادا جێ بکەون، ئەگەرچی ڕۆژئاوا دنیایەک ڕەنج و قوربانی بۆ دراوە و لە هەگبەیدا بێشومار مانا و بەهای لە خۆیدا گلداوەتەوە. هەروەکو وتمان ئەوەی لە باشووردا بەدەستهاتووە زادەی کۆمەڵێ هەلومەرجی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکیە کە تەنها شمولی ئەم بەشەی کوردستان دەکات، نە پەیوەندی بە کارامەیی و تێکۆشانی ئەم بەشەوە هەیە بە تەنها، نە ئەوەی لە ڕۆژئاواشدا دەگوزەرێ پەیوەندی بە ناکارامەیی و نەزانی ئەو بەشەوە هەیە. بەم جۆرە هەلومەرجەکانی پێکهاتنی ستاتۆی دانپێدانراوی باشووری کوردستان ڕوون دەکەینەوە:
١- واقیعی جوگرافی و ملمالنێی زلهێزەکان
دوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕێککەوتنی “سایکس-پیکۆ”، ویلایەتی موسڵ کە باشووری کوردستانی ئێستایە بوو بە خاڵی ملمالنێی توند لە نێوان بەریتانیا و تورکیا. بەریتانیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە نەوت و ڕێگریکردن لە هەژموونی تورکیا، ناچار بوو جۆرێک لە مامەڵە لەگەڵ ناسنامەی کوردی بکات لەم ناوچەیەدا.
ئەمەش وای کرد دۆزی کورد لە عێراقدا زووتر بچێتە ناو تێکستە (نێودەوڵەتەکانەوە )وەک بڕیارەکانی کۆمەڵەی گەلان.

٢- ئەزموونە سیاسییە یەک لە دوای یەکەکان

  • ئەزموونەکەی شێخی نەمر : یەکەم هەوڵی جدی بوو بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی دەوڵەتگەرایی شانشینی کوردستان بەریتانییەکانی ناچار کرد دان بە بوونی “کێشەیەک “دا بنێن.
  • شۆڕشی ئەیلوول : بەهۆی سەرکردایەتی مەال مستەفای بارزانی و بارودۆخی جەنگی سارد، دۆزی کورد لە باشوور بوو بەکارتی فشار لە کێبڕکێی نێوان بلۆکی ڕۆژهەاڵت و ڕۆژئاوا و ملمالنێی ئێران و عێراق.

•دەستپێکردنەوەی شۆڕش دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ و پێکهاتنی ناوچەی دژەفڕین (١٩٩١):
ئەمە گەورەترین وەرچەرخانی مێژوویی بوو. لێرەدا سیستمی جیهانی (بە سەرۆکایەتی ئەمریکا) بڕیارێکی ڕاستەوخۆی دا بۆ پاراستنی ئەم پارچەیە، کە دواتر بوو بە بناغەی هەرێمی کوردستان.

با هۆکاری ئەو بە چەقبوونەی باشووری کوردستان وردتر بکەینەوە:
١- بەیاننامەی هاوبەشی بەریتانیا و فەرەنسا ١٩١٨ و پەیمانی سیڤەر ١٩٢٠
ئەمە یەکەمین بەڵگەی فەرمیی نێودەوڵەتییە کە باس لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی ژێر دەستی عوسمانی دەکات. لە پەیمانی سیڤەردا ماددەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ بە ڕوونی باس لە دروستکردنی قەوارەیەکی کوردی کرا لەو ناوچانەی کە کوردی تێدا نیشتەجێیە . هەرچەندە سیڤەر هەموو کوردستانی دەگرتەوە، بەڵام کاتێک کەمالیستەکان لە تورکیا بەهێز بوون، بەریتانیا ستراتیژی خۆی گۆڕی و تەنها لە ویلایەتی موسڵدا جەختی لەسەر “ناسنامەی کوردی” کردەوە بۆ ئەوەی بڕیارەکەی کۆمەڵەی گەلان لە بەرژەوەندی عێراق (کە لەژێر ئینتیدابی خۆیدا بوو) بشکێتەوە.

٢- بەیاننامەی ١٩٢٢ی بەریتانیا و مەلیک فەیسەڵ
بەریتانیا و حکومەتی عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد کە تێیدا دانیان بە مافی کورددا نا لە دامەزراندنی حکومەتێکی کوردی لە سنووری عێراقدا. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە تورکیا بەپێی پەیمانی لۆزان و لە ئێراندا، نەک هەر باس لە ماف نەدەکرا، بەڵکو بوونی نەتەوەی کورد ئینکار دەکرا. بەریتانیا ویستی بەم کارتە گوشار بخاتە سەر تورکیا و سۆزی کوردەکانی ویلایەتی موسڵ بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

٣- ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی “کۆمەڵەی گەلان ١٩٢٥
کاتێک کێشەی موسڵ گەیشتە کۆمەڵەی گەلان ، لیژنەیەک هاتنە ناوچەکە کە لە سێ ئەندامی نێودەوڵەتی (سویدی، هەنگاری، بەلجیکی) پێکهاتبوون. ئەو سێ ڕاسپێردراوەی لیژنەکە، ڕاپۆرتێکیان ئامادەکرد و لە ڕاپۆرتەکەیاندا مەرجی ئەوەیان دانا کە ئەگەر ویلایەتی موسڵ بخرێتە سەر عێراق، دەبێت کارگێڕیی ناوچەکە بە دەستی کوردەوە بێت، چونکە کورد زۆرینەی ئەو ناوچانەیە و نا یانەوێت ببێت بە بەشێک لە دەوڵەتی تورکیا .

  • زمانی کوردی زمانی فەرمی بێت
  • دادوەر و فەرمانبەرەکان کورد بن.
    ئەم دۆکیۆمێنتە باشووری کوردستانی کردە خاوەن پێگەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی کە هیچ پارچەیەکی تر نەیبوو.

    ٤- سیاسەتی “جیاکردنەوەی ناڕاستەوخۆ ” لەلایەن بەریتانیاوە
    بەریتانیا لە ڕێگەی ئەفسەرە سیاسییەکانی وەک (مێجەر سۆن و ئیدمۆندس)ەوە هانی جۆرێک لە “خۆسەریی کلتووری-نەتەوەیی”یان دەدا لە سلێمانی و دەوروبەری. مەبەستیان ئەوە بوو باشوور بکەنە “قەڵغانێکی مرۆیی و سیاسی” لە دژی هەژموونی تورکیا و یەکێتی سۆڤیەت. ئەم بوارە کەمەی بەریتانیا ڕەخساندی، وای کرد یەکەمین قوتابخانە، ڕۆژنامە و چاپەمەنی کوردی لە باشوور گەشە بکات، کە دواتر بوو بە هەوێنی شۆڕشەکانی شێخ مەحمود و مەلا مستەفای بارزانی، بەڵام بەریتانیا ئەوەی بۆ باکوری کوردستان نەکرد، هەرچەندە لەوێشدا جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردی لاواز نەبوو، بەم هۆکارانە:
    ١- گۆڕانی هاوسەنگی هێز: لە “سێڤر”ەوە بۆ “لۆزان
    لە ساڵی ١٩٢٠ پەیمانی سیڤەر، بەریتانیا دەیویست تورکیای عوسمانی پارچەپارچە بکات، بۆیە باسی دەوڵەتی کوردی کرد لە باکوور. بەڵام کاتێک مستەفا کەمال ئەتاتورک هات و جەنگی سەربەخۆیی بردەوە، هاوکێشەکە گۆڕا. هێزی سەربازی: سوپای تورکیا بەهێز بوو، بەریتانیاش دوای جەنگی جیهانی یەکەم تاقەتی جەنگێکی تری گەورەی نەمابوو .

مەترسی سۆڤیەت: بەریتانیا دەترسا ئەگەر زۆر فشار بخاتە سەر تورکیا و ئەتاتورک خۆی باوێژێتە باوشی “یەکێتی سۆڤیەت” کە ئەو کات دوژمنی سەرسەختی ڕۆژئاوا بوو. بۆیە بڕیاری دا تورکیا ڕازی بکات و لە پەیمانی لۆزان ١٩٢٣ دەستبەرداری مافی کوردانی باکوور بوو.

“٢- ویلایەتی موسڵ : کێشەی “نەوت” و “سنوور
بەریتانیا لە باکوور پاشەکشەی کرد، بەڵام لە باشوور (ویلایەتی موسڵ) قاچی خۆی توند کرد. هۆکارەکەی سێ خاڵ بوو:

  • کەرکوک و نەوت:
    بەریتانیا دەیزانی پاشەڕۆژی ئابووری ئیمپراتۆریەتەکەی لە نەوتی کەرکوکدایە. نەیدەویست ئەم ناوچەیە بگەڕێتەوە ژێر دەستی تورکیا.
  • کورد وەک “زمانحاڵ “:
    بۆ ئەوەی لە بەردەم “کۆمەڵەی گەلان”دا بسەلمێنێت کە موسڵ نابێت بدرێتەوە بە تورکیا، بەریتانیا دەستی کرد بە بەکارهێنانی بەڵگەی نەتەوەیی. دەیگوت: “دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کوردن، نەک تورک، و ئەوان نایانەوێت بگەڕێنەوە ژێر دەسەاڵتی ئەنقەرە.
  • پشتیوانیی کورد بۆ عێراق:
    بەریتانیا جۆرێک لە “خۆسەریی” و “مافی کلتووری” بە کوردانی باشوور دا )وەک بەیاننامەی ١٩٢٢(دا هاتووە، تەنها بۆ ئەوەی کوردەکان ڕازیبن ببنە بەشێک لە دەوڵەتی نوێی عێراق و نەڵێن دەمانەوێت بچینەوە سەر تورکیا.

٣- بۆچی باکووری نەکردە “کارتی گوشار”؟
لە ڕاستیدا بەریتانیا بۆ ماوەیەکی کورت ویستی ئەمە بکات )بۆ نموونە پەیوەندی بە هەندێک سەرۆک هۆزی باکوورەوە کرد(، بەڵام زوو تێگەیشت کە ئەمە “یارییەکی مەترسیدارە.

ترس لە پەرشوبڵاوی:
ئەگەر بەریتانیا پشتگیری شۆڕشی کوردانی باکووری بکردایە، تورکیاش دەستی دەکرد بە تێکدانی بارودۆخی عێراق و سووریا.

پاراستنی دەوڵەت -نەتەوە:
بەریتانیا دەیویست تورکیایەکی سەقامگیر هەبێت کە سنوورەکانی دیار بێت و ببێتە بەربەست لە بەردەم ڕووسیای قەیسەری ودواتر سۆڤیەت.
دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە باکوور بە واتای هەڵوەشانەوەی تورکیا و ئێران دەهات، ئەمەش ناوچەکەی دەخستە ناو گێژاوێکەوە کە بەریتانیا نەیدەتوانی کۆنترۆڵی بکات.
ئەوەی ئێستاش هەیە لە ڕۆژئاوا، زادەی هەمان کارکردی سیستمە، کە نایەوێت پرسی کورد لە چوار دەوڵەتدا باڵ بکێشێت و سنووری دەوڵەت نەتەوەکان بسڕدرێتەوە. دەنا بە هەموو پێوەرێک ئەزموونی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە کورد نوێنەرایەتی دەکەن لە ڕووی دامەزراوەیی و پێکهاتە و بەهاوە نەک هەر بەراورد ناکرێت بە داعشە نوێیەکانی ڤێرسیۆنی جۆلانی، بەڵکو شان لە ئەزموونی دەوڵەتانی ئەوروپیش دەدات بەو ئیمکانیەتە کەمەوە. سا وەک لە لێدوانەکانی تۆم باراکی نوێنەری ترامپ بۆ کاروباری سوریادا هات، ئەوان ڕێگریان کرد لە پارچەبوونی دەوڵەت کە ناوچەکەی دەخستە گێژاوێکی گەورەوە!

رۆمان ئامینە




داگیرکردنی هۆش.. جوتیار مەلا ڕەئوف

کاتێک باسی داگیرکردن( کۆلۆنیالیزەکردن) ی هۆش(زیهن) لە مێژوودا دەکەین، ناتوانین کۆمەڵگای کوردی وەکوو یەکێک لە سەرکوتکراوترین و بەردەوامترین قوربانییەکانی ئەو پرۆسەیە پشتگوێ بخەین، ئەگەر یەک کۆمەڵگا هەبێت کە لە سەدەی رابردوودا بە توندترین شێوە هەست بە کاریگەرییەکانی جۆری ئەو کۆلۆنیالیزمە بکات کە لە فۆرمی فاشیزم و ئامرازکردنی سیاسی ئایینە، ئەوە بە دڵنیایەوە کۆمەڵگای کوردیە.
بوونی ئێمە لە ناوەندی ئەو ململانێیەدا ڕێکەوت نییە، ئێمە لە سەنتەری ئەو هەژمون و روبەڕوبونەوەیەداین، چونکە خاوەن پێناس، زمان و بینینێکی سیاسی جیاوازین لە پەیوەست بە بوون و ژیانی کۆمەلایەتی، ئێمە نوێنەرایەتی خواستێکی جیاوازی سیاسی و ژیاری دەکەین؛ بینینێک بۆ ژیانێکی شارستانی، بۆ سەربەخۆییەکی پڕ لە کەرامەت و خۆڕاگریەکی مرۆیی سەرپێکەتوو و هاوچەرخ، ئەو بینینەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دژ بەو مۆدێلەیە کە لە ناو دیدگای فاشیزمی نەتەوەیی وهەروەها لەناو دیدگای ئیسلامی سیاسیەوە سەرچاوە دەگرێت، نمونەی مۆدێلی دەوڵەتی (یەکپێناسەیی، یەکزمانی و یەک‌ عەقیدەیی).
مێژووی فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسی بەرامبەر بە کورد، دیدگایەک نییە لە مێژوودا بۆ یەکبوون و یەکگرتنێکی دیموکراتیک و ئارەزومەندانە، بەڵکوو مێژووی ئینکارییە بەرامبەر بە بوونی مرۆڤی کورد، سەدان ساڵە مرۆڤی کورد لەناو ئەو دیدگایەدا دەکوژرێتوو ناسنامەکەی بە فەرمی نکۆڵی لێدەکرێتوو ڕەتدەکرێتەوە، هەموو مێتۆدێکی سەرکوتکردن و لە ناو بردنو و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی، زمانی قەدەغە کراوە، ناو و شوێن و مێژووی گۆڕدراوە، سیاسەتی ئاسیمیلاسیون(لەناوبردن و توانەوەی ناسنامەی کولتوری لەناو کولتورێکی تر) وتا ئاستی لە ناوبردنی نەژادی (جینۆساید) لە بەرامبەردیدا بەکارهێندراوە.
بەڵام ئەوڕۆ ستراتیژییەکە ئاڵۆزترە، سەرکوتکردنی ئاشکرا بە ڕێگاو میتۆدی جیاواز پەیڕەو دەکرێت، کە پەیوەندی بە داگیرکاریەکی ترەوە هەیە، پەیوەندی بە دووبارە داڕشتنی نەخشەی ئایدیۆلۆژیا و دینگەرایی سیاسیەوە هەیە، ئێستا داگیرکاری تەنیا خاکو جیۆگرافیا نییە، کاریگەرتر لەوە داگیرکردنی زیهن(هۆشە). کۆلۆنیالیزمی فاشیزمی ئایدیۆلۆژی و عەقیدەیی ئەوەیە کە ناسنامەی نەتەوەیەک بە هێواشی بخاتە ناو چوارچێوەیەکی دیکەوە.
ئەوەش جۆرێکە لە کۆلۆنیالیزمی ئایدیۆلۆژی مۆدێرن، ئیسلامی سیاسی وەک ئامرازێک بۆ بێلایەنکردنی چارەنوسی سیاسی کۆمەڵگای کوردی وکوو مییللەتێک کە بەشیکە لە مێژووی کۆنترین نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە پلان دادەنێتوو بێبڕست تێدەکۆشێت، لێرەدا فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسی لە پەیوەست بەو بابەتەوە دەبنە پرسێکی هەستیار و جێگەی بیرکردنەوە، ئێمە ئەوە هەست پێدەکەین کە زۆرێک لە خەڵک لە کۆمەڵگای کوردیدا ئیسلامن وەکوو ئاین، ئەوە واقیعێکە و دەبێت وەکوو بەشێک لە ناسنامەی خوداپەرستییان ببیندرێت، بەڵام کاتێک ئایین لە ڕووی سیاسییەوە لە بەرامبەر کورددا بە ئامراز دەکرێتوو دەتوانرێت بۆ لاوازکردنی چارەنووسی سیاسی و نەتەوەییان بەکاربهێنرێت، دەکرێت عەواقیب و باجەکەی، قوربانییەکی سەرتاپاگیری زیهنی مانیپۆلکراوبێت بۆ هەمیشە.
فاشیزم و ئیسلامی سیاسی کە هاوتەریبن لە ناو یەک دیدگاو ئایدۆلۆژیەتدا سەبارەت بە بوونی کورد، دین و عەقیدەگەرایی وەکوو هێزی سڕینەوەی پێناسی ئەو نەتەوە بە ئامراز دەگرن و کاری لەسەر دەکەن.
من مەترسی ئەو هێزە عقیدەییە لە بەکارهێنانی ئاین و خوداپەرستی بۆ کۆلۆنیالیزەکردنی زیهنیەتی مرۆڤی کورد وەکوو فاکتێکی کاریگەر دەبینم لە دابەزینی مۆڕاڵ و ئینتیما و دیدگا مرۆیەکان و داواکارییە نیشتیمانی و سیاسییەکان، کاتێک لە ناسنامەی نەتەوەییدا بەهێزتر جەخت لەسەر پەیوەستبوون بە ئایین و عەقیدەگەرایی دەکرێتەوە لە لایەن هەندێک کەس و گروپوو حیزبی ئیسلامی و تا ئاستێک لەسەر ئاستی گشتیش لە ناو گۆمەڵگادا، کاتێک ئەوە دەبێتە ڕەهەندو بیرکردنەوەیەکی جێگیر لەلایەن کۆمەڵگاو خەڵکەوە، ئەوکات مەترسیە ڕاستەقینەکە دەبێتە واقیعێکی فەرزبوو کە بڕوا بەوە بێنین هەموومان یەک ناسنامەمان هەیە ئەویش موسڵمانبونە، هەموومان خاوەنی یەک دینین، ئەو کات یەکگرتوویی (ئومەت) دەبێتە ئامانج و لە خواستی راسەقینە کە مرۆڤبوون و کیانی نیشتیمانیمانە لە لامان گرنگترو پیرۆزتر دەبیت.
لیرەدا ئاین بە تەنها کێشەکە نییە، بەڵکوو بە ئامرازکردنە سیاسییەکەی، بۆ لاوازکردنی ئەو دیدگایە کێشە گەورەکەیە، ئەو ئارگیومێنتە لە ڕووی ستراتیجییەوە دەتوانێ خزمەت بە تێکدانی بانگەشە راستەقینەکەمان بکات کە دەرچونە لە ژێر داگیرکاری و چەوساندنەوە و نادادگەری کۆمەڵایەتی.
بۆیە ئێمە دەبێت بەر لەهەر شتێک لەوە تێبگەین کە کورد تەنیا لەژێر فشاری داگیرکردنی خاکەکەیدا نییە، لە ژێر قرکردنی جەستەییدا نییە، بەڵکوو لە ناو پرۆسەی کۆلۆنیالیزەکردنێکی زیهنی فاشیزمی نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژی سیاسی ئیسلامیش دایە.
ئەگەر کۆمەڵگای کوردی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی لە بەرژەوەندی ئەو گوتارە عەقیدەیی و فاشیستیە دینگەراییە ڕێژەیی و مینیماڵ بکاتەوە، ئەوا مەترسیی خۆهەڵوەشاندنەوەی نەتەوەبوون و کۆمەڵگاکەی بە ئاستێکی زۆرمەترسیدار گەشەدەکات.
ئەگەر ئێمە دەست بکەین بە باوەڕبوون بەوەی کە زمانەکەمان لاوەکییە، ئەگەربڕوا بەوە بێنین و بزانین چارەنووسی سەربەخۆیی و و مرۆڤبونمان ململانێیەکی ناپێویستە، ئەگەر ناچار بین دڵسۆزی بۆ ئاین یان دەوڵەتی سەردەستە لە پێشینەی ناسنامەی کولتووری خۆمان دابنێین، کەواتە دەبێت لەوە تێبگەین کە پرۆسەی کۆلۆنیالیزەکردن لە ریگای فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامی عەقیدەییەوە چی کاریگەریەکی لە ناخ و هەستوو هۆشماندا جیگیر کردووە و سەرکەوتوو بووە.
هەر بۆیە کۆمەڵگای ئیمە بەر لە هەر روبەڕوبونەوەیەک لە بەرامبەرئەو هێزە کاریگەرو ترسناکە پێویستی بە ئامادەیەکی معریفی- سیاسی هەیە، پێویستی بە هۆشیاریەکی ئینسانی هەیە ، پیویستی بە دەزگای تایبەتمەندو پێویستی بە هاتنە دەستی دەزگا یاسایەکان هەیە، پێویستی بە پەروەردەیەکی تەندروستی نیشتیمانی هەیە، پێویستی بە میدیای ئازادو ڕەخنەگرانە هەیە بۆ دەرخستنی حەقیقەتی ئەو هیزە خەتەرناکە، پێویستی بە پێکهاتە بەهێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، ئەوەش نەک وەکوو کاردانەوەیەک بۆ بنیادنانی کینەو حیقدی نەتەوەپەرستی لە ناخی تاکەکانیدا، بەڵکوو بۆ پاراستنی ناسنامە راسەقینەکەی و بۆ ئەوەی زیهنیەتی کۆمەڵگاکەی لە ژێر کاریگەری فاشیزمی دینگەرایی و نەتەوەیی هەژموونخواز داگیر نەکرێت، چونکە فاشیزم لە دەرەوەڕا هێرش دەکات، بەڵام ئیسلامی سیاسی دەتوانێت لە ناوەوەی بیرکردنەوەی مرۆڤدا بۆشایی دروست بکات، کە ئەوەش هاوشێوەو هاوبەشییەکی زۆر مەترسیدارە.
ئەگەر ئەو پرۆسەیە (کۆلۆنیالیزەکردنی زیهنی) گەشە بکاتوو بەهێز بێت لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا و ڕێگەی لێنەگیرێت، ئەو کات چیتر هەست بە بوونی داگیرکاریی خاکو وڵاتیش ناکەین، چونکە زیهنمان بە پلان و لە رێگای شەڕێکی بێ خوێنڕشتنەوە داگیردەکرێت.




ڕۆڵی وەرگێڕان و کاریگەری بەسەر زمانی پێوەری کوردیدا.. فەرەیدوون سامان

وەرگێڕان لە کایەکانی کەلتووری و پەروەردەییدا ھۆکارێکی گرنگە بە خزمەتکردنی زمانی پێوەر-ستاندارداردی کوردی، ساڵانە و مانگانە تەنانەت ھەفتانەش، چەندان کتێبی وەرگێردراو لە زمانە بیانییەکانەوە بۆ زمانی کوردی بەرچڤە دەکرێن، بێگومان ھەیانە شایستەی پەسن و پێزانینن، لێ ھەشیانە شیاوی ئەوە نین نەک ھەر بخوێنرێنەوە، بەڵکو تەماشاش بکرێن، چونکە ھیچ مەرج و رێساو یاسایەک و پێوەرێکی وەرگێران لەخۆ ناگرن، ھەر بۆیەش پرسیارەکە لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە، ئایا مەرجە وەرگێڕ لەکاتی وەرگێڕانی ھەر دەقێکدا ناوەڕۆک و واتای دەقە ئەسڵییەکە بگەیەنێت، یانیش بۆی ھەیە بەپێی خواست و مەزاجی خۆی ئەو وەرگێڕانەی کە بۆ خۆی دەیەوێ ‌ دەستکاری دەقەکە بکات، وەک کورتکردنەوە یان ئیختیزالکردن، کەوایە ئەدی مەبەست چییە لەوەی کە دەگوترێ وەرگێڕ دەبێ شێوازی دەربڕینی نووسەر بپارێزێت؟.
لە کاتێکدا ئێمە دەزانین ھەر زمانێک تایبەتمەندێتی خۆی ھەیە لە ڕووی سینتاکس- ڕستەسازیی و ئیدیۆم و فۆرمۆلۆژیدا لە زمانەکەی دیکەدا جوێی دەکاتەوە، وەرگێڕ دەتوانێ زمانێکی گونجاو لەگەڵ دەقە ئەسڵییەکە بدۆزێتەوە، کە خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی بابەتە وەرگێردراوەکە دووچاری گرێ و گۆڵە و تاسە نەیەت، یان لەکاتی ھەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەی دروست ‌و خۆشئاوازدا ئەرکی وەرگێڕی شارەزا چییە، داخۆ بۆی ھەیە وەرگێر پەنا بباتە بەر قامووسی وشە و زاراوەی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکان یان دەقە وەرگێردراوەکە پڕ بکات لە وشەو زاراوەی بیانی، کە لە ئێستاکەدا ھەندێک لە وەرگێرەکانمان لەبەر کەم شارەزاییان ئەم شێوازە بەکار دێنن، جا بۆ نموونە گەر ئاوڕێک لەو کتێبە چاپکراوانەی وەزارەتی پەروەردە بدەینەوە بەتایبەت کتێبە پیشەییەکان بە ڕاستی هەڵەی زۆری زمانی کوردی لەو وەرگێڕانە سەقەتانە دەبینین، هەرچەندە لە بنەرەتدا وشەو زاراوەی پیشەیی کەمتر لەو میتۆدە پەروەردەییانە لە داوو دەزگا حکومییەکاندا کاری پێکراوە و جێگیر بووە، سەرباری ئەوەش زۆرینەی زۆری وەرگێری ئەو کتیبانە مامۆستاکانی ئەو خوێندنگایانەن، کە ساڵانی ساڵ ئەو کتیبانە بە زمانی عەرەبی خویندراون نەک زمانی کوردی.
باشە دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی تایبەت بە وەرگێران ڕۆڵ ‌و ئەرکیان چییە لە جوێکردنەوەی بابەتێکی وەرگێردراوی باش لە بابەتێکی وەرگێردراوی خراپدا؟ وەرگێری باش و کارامە چۆن دەکارێ لە وەرگێڕانەکەیدا بنەماو ڕێزمانی نووسەرەکە لەبەرچاو بگرێت، لەوانەش کورتی یان درێژدادڕیی نووسینەکە چۆن ڕەچاو دەکات، جا چونکە زۆرینەی نووسەرانی ئێمە لە نووسیندا کێشەی خاڵبەندییان ھەیە، ئەدی دەبێ وەرگێڕ چۆن بایەخێک بە خاڵبەندی بدات، و چ جۆرە وەرگێڕانێک چێژی دەقە ئەسییەڵەکە دەپارێزێ‌ و خوێنەریش ماندوو ناکات..
زۆر لە وەرگێڕەکان پەنا دەبەنە بەر فەرھەنگی وشەو زاراوەکان، ئێستا کاری وەرگێڕان بووەتە بەشێک لە بازرگانیکردن نەک بەرپرسیاریەتی، کەواتە وەرگێران نەبۆتە پرۆسەیەکی کەلتووری و مەعریفی لە ناو ئێمەدا، لە کاتێکدا توانستی ماددی و مانەوی لە ساڵانی ڕابردوو بۆ ئەم پرۆسەیەش دابینکرابوو.
ئەمە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی وەرگێران لە کوردستاندا، کتێبێکی بە ژمارە زۆر و بۆر تەرجەمەی زمانی کوردی دەکرێن، کەچی لە ڕووی چۆنیەتییەوە خراپن. ئەز پێم وایە ئەم دیاردەیە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی وەرگێری شارەزا و لێھاتوو و پسپۆڕ لە بواری وەرگێڕاندا، چونکە لە زانستی وەرگێراندا بە تەنیا زانین ھەردوو زمان بەس نییە بۆ پرۆسەی وەرگێران، وەرگێڕ دەبێ شارەزای ھەردوو کولتووری زمانەکەش بێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە وەرگێڕ دەبێت لە تەکنیکی وەرگێڕاندا کارامە بێت، لە کاتێکدا کە ڕستەیەکی ئاڵۆزی دێتە پێش نابێت وەرگێرانی حەرفی بۆ بکات، پێویستە بە ڕادەیەک لە وەرگێران شارەزا بێت تا بتوانێت بەرامبەرەکەی لە زمانی ئامانج بدۆزێتەوە. لەلایەکی دیکەوە وەرگێر دەبێت لێھاتوو بێت لە گواستنەوەی شێوازی نووسینی زمانی سەرچاوە بۆ زمانی ئامانج، نەک ھەر گواستنەوەی واتا بەبێ شێوازەکەی، بە تایبەتی لە وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبیدا.
بایەخی وەرگێڕان لە دانانی میتۆدە پەروەردەییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا لەوەدا‌یە کە لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەرھەمی فەرھەنگیی، زانستی، کولتوری و مێژووی نەتەوەکان دەناسین و کەڵک لە ‌ئەزموونەکانیان وەردەگرین، بەداخەوە ھەر لە بنەڕەتدا کتیبەکانی خوێندنی پەروەردەیی لە کوردستاندا دەقی وەرگێڕاو بوون نەک نووسین، کە ڕاستەوخۆ لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی تەرجەمەکراون، بۆیەش دەبینین لەو میانەدا دووچاری کۆمەڵێک ھەڵەی زمانەوانی ھاتوون.
دیارە لە ھەموو سەردەمێکدا وەرگێڕان ڕۆڵی مێژوویی خۆی گێڕاوە بۆ سازکردنی میکانیزمی خەبات لە پێناو زمانی نەتەوەدا و کاریگەریی مەزنی ھەبووە، بەڵام لەبەر نەبوونی زمانێکی پێوەرو ستانداردی کوردی. مخابن ھەندێک لە وەرگێڕکاران زمانێکی ناوچەیی لە ‌وەرگێڕانەکانیاندا بەکار دەھێنن، ئەمەش کەمتر چێژ بە خوێنەران دەدات، ڕاستە کوردی زمانێکی فرەزارە، شێوەزاری ناوچەیەک لەگەڵ ناوچەیەکی دیکەدا جیاوازە، بەڵام دیسان زمانی کوردی یەکێک لە ‌زمانە دەوڵەمەندەکانی جیھانە. پێموابێت ئەگەر نووسەرێک، شاعیرێک، توێژەرەوەیەک ئەگەر بۆ وشە یان دەستەواژەیەک دابمێنێت و کەمێک خۆی ماندوو بکات، دەتوانێت لە دوورە دێیەکی گەرمیان یان کوێستان، لە ‌زاری پیرمێردێک، لە دەق و کتێبێکی کۆنی ناوچەیەکی ئەم کوردستانە پان و بەرینەیدا جوانترین وشە ‌و زاراوە پەیدا بکات و بەشێوەیەکی سادەو ساکار، لە ‌ھەمانکاتدا ڕەوان، بیترنجێنێتە ناو بەرھەمەکەیەوە، ئەوسا خوێنەر کەمەندکێش دەکات و چێژێکی بێھاوتای پێدەبەخشێت. وەلێ کورد لە سایەی داگیرکاریی و دابەشبوونی بە ‌سەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا، تەنانەت ئاشنایی لەگەڵ زمانەکەی خۆیشیدا نەبووە.
بەداخەوە ئەمڕۆ کێشەی گەورەمان لە تێگەیشتنی زارەکانی هەورامی و کرمانجی ژووروودا ھەیە ‌و خەریکە بە ‌زمانێکی دی لەقەڵەم دەدرێت. بۆیە ئەگەر ئێمە بتوانین لە ‌زمانی ئەدەبی و لە ڕاگەیاندنەکاندا خوێنەرو بیسەر بەو زار و شێوەزارانە ئاشنا بکەین، ئەوە خزمەتێکی باش بە ‌زمانەکەمان دەکەین و ئەرکێکی پیرۆز بەجێ دەھێنین. پاشان بەرھەمێک دەخەینە بەردەست خوێنەران، لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی کوردستانیشدا بخوێندرێتەوە ‌و لێی حاڵی بن، وەرگێڕی سەرکەوتوو پێویستیی بە زانینی زمانە بە شێوەیەکی ئەکادیمی، ئاخافتن بەیەکێ لە زمانە بیانییەکان وەرگێڕ دروست ناکات. ھەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد لەویش گرینگتر زمانی دایکە، مرۆڤ گەر شارەزاییەکی باشی لە زمانی دایکیدا (بە زار و شێوەزارە جۆراوجۆرەکانییەوە) نەبێت ناتوانێت ببێت بە ‌وەرگێڕێکی سەرکەوتوو، لەپاڵ ئەمیشەوە زانینی چەند زمانێک وەرگێڕ دەوڵەمەندتر دەکات.
لەو ساڵانەی دواییدا و پاش کۆچی گەلێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران بۆ دەرەوەی وڵات، ھەندێک بەرھەمی کوردی وەرگێڕدرانە سەر زمانە ئەوروپاییەکان، بەڵام ژمارەیان کەمن و لەو ئاستەدا نەبوون، کە بەرھەمی ئەدەبی کوردی بەخوێنەری بیانی بناسێنن. دیارە ھۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەشارەزایی تەواو لەو زمانانەدا، وەکو لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا وەرگێڕان پێویستی بە شارەزاییەکی گەلێک فرەتر لە قسەکردن و خوێندنەوە بە زمانێکی تر ھەیە، چونکە ھەڵبژاردنی دەقی شایستە، زەوقی ئەدەبی وەرگێڕ بە خوێنەرەکەی دەناسێنێت، وەرگێڕی جددی بەتەنێ کار بۆ ئەوە ناکات ھەرچییەکی بەردەست بکەوێ بیکوردێنێت، بەڵکو دەبێت بەھەڵبژاردنەکەی ئامانجێک بە خوێنەر بگەیەنێت و تینوێتی خوێنەر بە بەرھەمە ناوازە نەناسراوەکانی نەتەوەکانی دی. باشترین پێشنیار و ڕاسپاردەم ئەوەیە گەرەکە دەزگایەکی تایبەت لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەبێت و لە شارەزاییان و پسپۆرانی زارەکانی زمانی کوردی و هەروەها زمانە بیانییەکان پێکهاتبێت تا بتوانن بە میتۆدێکی زانستی و ئەکادیمی کتێبەکان بۆ زمانی کوردی وەربگێڕن، لەهەمانکاتیشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەند و بنکە و دەزگە کەلتوورییەکانی وەک دەزگەکانی سەردەم و موکریانی و بنکەی ژین و جەمال عیرفان، پرۆژەیەکی ساڵانەی هاوبەشیان هەبێت بۆ وەرگێڕانی شاکارە کەلتووری و وێژەییەکانی زمانی کوردی بۆ سەر زمانە بیانییەکان.




دەربارەی ستەمی نەتەوایەتی و هەڵچونی نەتەوایەتی.. عەبدوڵا ساڵح

ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستانی سوریا و ئەو کوشتار و ڕاگواستن و ئەشکەنجەدان و کۆمەڵکوژییەی کە جەماوەر لەوێدا ڕووبەڕووی بوونەوە لەسەر دەستی میلیشیاکانی (ئەبو محەمەد جۆلانی – ئەحمەد شەرع)ی داعشی، لەژێر ناوی “هێزەکانی حکومەتی سووریا” و بە پاڵپشتی تەواوی میلیشیاکانی لایەنگری حکومەتی فاشستی تورکیا و بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و یارمەتی تەواوی حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و لە سەروویانەوە قەتەر و سعودیە، لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو و لاپەڕەکانی سۆشیاڵ میدیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و هەرێمی کوردستانی عێراق بە تایبەتی ڕەنگی دایەوە.
ئاشکرایە کە گەیشتنی (ئەحمەد شەرع) بە دەسەڵات بە هەماهەنگییەکی تۆکمەی تورکی- ئیقلیمی بووە، ئەمەش وای کردووە بڕیارەکانی (شەرع) وابەستە بن بە ڕەزامەندی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ئەو لایەنانە دابن، یەکێک لەو بڕیارانەش پەنابردن بۆ هێز بەمەبەستی وەدەرنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاوای فورات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ویستی تورکیا کە بوونی (هەسەدە) لە ناوچەی حەلەب بە هەڕەشە بۆ سەر “ئاسایشی نەتەوەیی” خۆی دەبینێت. ئەم دەسەڵاتە کاتیـیەی سوریا، هەر ناوێک هەڵبگرێت، لە دوا شیکردنەوەدا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە بە بەرگێکی ئایینی/نەتەوەیی.
ئەم ڕووداوانە شەپۆلێکی خرۆشانی “نەتەوەیی کوردی”یان لەگەڵدا بوو کە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەندێک شاری کوردستانی تورکیا و کوردستانی ئێرانی گرتەوە، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئەوروپا، کە تێیدا دروشمی ئیدانەکردنی ئەو ڕووداوانە و هەندێکی تریان داوای “یەکڕیزی و تەبایی نەتەوەیی دژی دومنان”یان دەکرد. هاوکات لەگەڵ ئەم هەژانە، کەمپەینی بەرفراوان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی و خۆراکی و کەلوپەل بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی ئەو ناوچانە ڕێکخران.
بێگومان ئەو چەوسانەوەیەی کە جەماوەر لە کوردستانی سوریا ڕووبەڕووی بوونەتەوە مێژوویەکی دێرینی هەیە؛ چونکە بە درێژایی دەیان ساڵ و لەژێر دەسەڵاتی پارتی بەعسی فاشستدا، لە جیاکاریی یاسایی، سەرکوتکردنی کولتوور و زمانی کوردی، پەراوێزخستنی ئابووری و بێبەشکردن لە مافی بڕیاردانی چارەنووس ستەمیان لێکراوە و ناڵاندوویانە. ئەم ستەمە مێژوویـیە، کە تێیدا دەسەڵاتدارانی سوریا ئەو جەماوەرەیان بە “خەڵکی بیانی یان کۆچبەر” وەسف دەکرد، بەو جۆرە بێبەشیان دەکردن لە هەر ناسنامەیەکی “نەتەوەیی یان نیشتمانی” و مافی ڕەگەزنامەیان لێ زەوت دەکردن، ئەمە جگە لە گۆڕینی دیمۆگرافی و پەراوێزخستنی سیاسی تەواو. ئەم سیاسەتانە تەنانەت دوای ڕووداوەکانی ساڵی (٢٠١١) و لەسەر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریاش بەردەوام بوون، دروشمی (گەلی سووریا یەکە) و کورتکردنەوەی سووریا لە یەک ناسنامەی نەتەوەییدا کە لە ناونانی وڵاتەکە بە “کۆماری عەرەبی سووریا” ڕەنگی دایەوە، ئەو ناوەی کە تا ئێستاش بە فەرمی بە وڵاتی سووریا دەوترێت. سەبارەت بە حکومەتی ئێستای داعشیـیانەش، ئەوا هەوڵ دەدات لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی دڵنیایی پاڵپشتی هێزە ئیمپریالیستەکان و لە سەروویانەوە ئەمریکا و هەروەها وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەی بەدەستهێنا.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ماوەی نزیکەی پانزە ساڵ بکەین، ئەو ئەزمونەی کە خۆی لە دەرکردن و پەیڕەوکردنی کۆمەڵە یاسایەک کە جەخت لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، یەکسانی نێوان ژن و پیاو و بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی وڵات و هەڵگرتنی چەک، و یەکسانی لە ماف و ئەرکەکان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیەدا دەبینێتەوە. ئەگەرچی ئەم ئەزمونە بێکەمکوڕی نەبوە و لادان و سەرپێچیش لە جێبەجێکردنیدا هەبووە کە لێرەدا جێگەی ئەم باسەی ئێمە نییە، بەڵام ئەزموونێکە بەوەی لە کوردستانی عێراقدا هەیە بەراورد ناکرێت، ئەمەش وای لە ڕەوتە چەپە ناسیونالستەکان کردووە کە وەک ئۆلگۆیەک و نمونەیەکی سەرکەوتوو سەیری بکەن و هەوڵی پەیڕەوکردنی ئەو ئەزموونە لە خەباتی ئایندەیاندا بدەن. کۆی هەموو ئەم هۆکارانە بەشداربوون لە هەڵگیرسانی ئەم شەپۆلەدا.
گومانی تێدا نییە کە ستەمی نەتەوەیی تەنها هەستکردن بە زوڵم نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی پتەوی ناهاوسەنگیـیە لە نێوان نەتەوەیەکی باڵادەست و نەتەوەیەکی تری ژێردەست، کە خۆی لە شکۆدارکردنی نەتەوەی باڵادەست و وروژاندنی هەستی نەتەوەیی وەک ئامرازێک بۆ هاندان دژی نەتەوە چەوساوە ژێردەستەکان و پاساودان بۆ ئەم چەوسانەوەیە بە ناوی “بەرگریکردن لە یەکپارچەیی وڵات و ڕێگریکردن لە جیابوونەوە” یا “هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی” و “سەرکوتی ناوخۆیی بە بیانووی مەترسی دەرەکی” دەبینێتەوە. بە کورتی: چەوسانەوەیەکی بێ پەردە و سیستماتیک!
گێڕانەوەی ئەم پاشخانە مێژووییە بە مەبەستی پاساودانی پەرچەکرداری ئەم شەپۆلە وروژاندنە نەتەوەییە نییە کە باسمان کرد، بەڵکو ڕوونکردنەوەی ڕاستیـیە مێژوویـیەکانە کە باس لە چەندین بەشی سەرکوت و چەوسانەوەی نەتەوەیی سیستماتیک دەکەن، کە لای خۆیەوە ئەرکی کۆمۆنیست و ئازادیخوازانە ئەم دۆسیەیە بگرنە ئەستۆ و خەبات بکەن بۆ چارەسەرکردنی و هەڵگرتنی ئەم ستەمە، لەو سۆنگەیەوە کە ئەمە بەربەستێکە لە بەردەم خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریادا ڕوەو هەنگاونان بەرەو سۆسیالیزم.
بێگومان ئەم هەژانە نەتەوەییە لێکەوتەی زۆر و جۆراوجۆری هەبوو. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم شەپۆلە و ئەم هەڵچونە نەتەوەییە وەک فریادڕەسێکی کاتی بوو بۆ حکومەتی هەرێم . لە کاتی ئەم خڕۆشانە جەماوەرییەدا، لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە حزبەکانی ئەم دەسەڵاتە، پڕوپاگەندەی سیستماتیک کرا کە هەندێکیان دەکرێ بخرێنە خانەی “شۆفێنیزمی نەتەوەیی”یەوە، ئەمەش بە ئامانجی سەرقاڵکردنی جەماوەر و ناچارکردنیان بە لەبیرکردنی نەهامەتی و ئازارەکانیان کە بەردەوام بەهۆی دەسەڵاتی پارتە بۆرژوا باڵادەستەکانەوە دەیچێژن، بە بیانووی ئەوەی “بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکان” لە مەترسیدان. کەناڵە ئاسمانییەکانی سەر بەو پارتانە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە جۆشدانی ئەو هەستانە، بۆیە دەکرێ بوترێت کە بۆ ماوەیەک جەماوەری ناچار کرد سیاسەتە سەرکوتکگەرییەکانی ئەم دەسەڵاتە لەبیر بکەن لە ناو شەپۆلێک لە “سۆزە و مەیل وعاتیفەی نەتەوەیی هەمەلایەنە”دا.
نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە ئەم هەژانە، لە کاتێکدا بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشداربوون لە پاڵپشتیکردنی جەماوەر لە کوردستانی سووریا و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، لە هەمان کاتدا بەشداربوو لە دووبارە پتەوکردن و قایمکردنی پایە نەتەوەییەکانی حزبە ناسیونالستەکان بەگشتی و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەتی و شەرعیەتدان بە شانخاڵیکردنی ئەم دەسەڵاتە لە دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک. هەربۆیە کاتێک ئەم جۆش و خرۆشە هێور بووەوە، جەماوەر لە هەرێمدا دووبارە دەستیان دایەوە ناڕەزایەتی دەربڕین، بەجۆرێک مامۆستایان مانگرتنیان ڕاگەیاند و دەرگای قوتابخانەکانیان داخست و داوای مووچە نەدراوەکانی چەند مانگی خۆیان کرد.
دیاردەیەکی دیکە کە هاوشانی ئەم شەپۆلە بەدیکرا، هەڵوێستی چەپی نەتەوەیی بوو، ئەوانەی کە ئیدعای مارکسیزمیش دەکەن، بینیمان کاتێک “ئاوازە نەتەوەییەکە” بەم جۆش و خرۆشە لێدرا و دروشمەکانی بەرزکرانەوە، هەستە نەتەوەییەکانیان دووبارە بە ئاشکرا سەریان وەدەرنا و خزانە نێو ئەم شەپۆلە هەڵچوونە، لەم پێناوەشدا هەوڵیان دا هەندێک پاساوی تیۆری بدۆزنەوە کە پاڵپشتی هەڵوێستە ئاماژەپێکراوەکەیان بێت.
داواکاری گەلی کورد لە سوریا بۆ دابینکردنی مافی چارەنوس، مافێکی بێ ئەملاو ئەولایە و پێویستە لەسەر کۆمۆنیستەکان پشتگیری بکەن و تەنانەت لەوخەباتەدا پێشەنگ بن، بەڵام نەک لە سەنگەری نەتەوەپەرستەکانەوە، بەڵکو لە سەنگەری چینایەتی پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕەوە.
دوا وتە سەبارەت بە شێوە و سروشتی دەوڵەتی داهاتووش لە سوریای ئەمڕۆدا، دەبێ بڵێین ئەمەبەستراوەتەوە بە ئیرادەی ئازادی جەماوەر لەوێ بۆ هەڵبژاردنی شێوازی حوکمڕانی، نەک حوکمڕانیەکی داسەپاو لەژێر فشاری هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەوەی ئێستا هەیە.
١٢-٢-٢٠٢٦




“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”.. ئازاد حەمە

“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”
سهراب سپهری

بە لەبەرچاوگرتنی سێبەری فەلسەفیی نێو دەقە شیعرییەکانی سهراپ سپهری، پێمانوایە، سەمەرەییەکە لە شیعری (ئەو) دا لەوەدایە، کە نەگوتراوەکانی ناو شیعرەکانی هەروەک نەگوتراو دەمێننەوە. ئەمە، کە لە دەقە شیعرییە جیهانییەکاندا مایەی سەرنجی زۆرە لای (ئەو)یش نامۆ نییە. بەڵام تیشک خستنە سەر نەگوتراوەکانی ناو شیعر هەر ئەو لایەنە ناگرێتەوە، ئەوەش، کە وشەی ڕۆژانە و وشەی شیعریی دژبەرن. بۆیە دەپرسین: شیعر لە ڕوانگەی چییەوە لەبەرچاو بگیرێت؟ بەپێی ئەوەی ئەم گوزارە شیعرییەی سهراپ ڕێگە بە لێکدانەوەی دیکە دەدات؛ ئەوی لەم نووسینە کورتە دەگوترێت پەیپردنە بەو دیکەیە.
بەپێی ئەو گۆشەنیگایەی سەرەوە، زەردەخەنە لە گوزارە شیعرییەکەدا هەڵقوڵاوی ڕٶچوونەناو جۆرێکە لە جوانکاریی، کە بەردەوامیی هەیە. وەکیتر،زەردەخەنە ئاماژەیە لەسەر گومان، جا پەژراندنی (پەسەندکردنی) گومان بارێکە بە هەموو کەس هەڵناگیرێت. پەژرێنراویشە( سەلمێنراوە)، کە زەردەخەنە بارستایی نییە، لێ پڕ پڕیشە لە قووڵایی.
لەم سەرەتایەوە، دەخوازین بزانیین شیعرنووسین لە چی دەچێت؟ لە نووسینەوەی مەرگ؟ بۆ نا! لێ بۆن و بەرامی مەرگ لەناو شیعردا پەیبردنە بە نەگوتراوەکانی ناو خودی ژیان. بۆیە شیعر و نەگوتراوەکان مەرگ یەکیان دەخات، لەوە بگەڕێتەوە بێدەنگیی کۆیاندەکاتەوە. ئەوەی لەو دەربڕینە شیعرییەی سهراب سپهری دا(“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”) بەدیدەکەین ئەوە نییە، کە “شیعر بناغەدانەری بوونە لە ڕێگەی وشەوە”؟ ئەمە بەو مانایە دێت زمان تێڕامانی فەلسەفیی دەگوازێتەوە ناو بوونمان.
سهراپ سپهری ئەو دێڕە شیعرییە بەجۆرێک دەنووسێت، وەک بڵێێت: شیعر هەرخۆی جەوهەر essence ی خۆیەتی. گشت ئەوەی لای سەرەوەش گوترا زادەی ئەوە بوو، کە لەمیانەی ئەم گوزارە شیعرییەوە سهراپ سپهری مەتەڵێک دەگێڕێتەوە کە تا ئەوپەڕی سەرسامئامێزە: باری کاروانێک دەبێتە زەردەخەنە. بەڵێ ئەمە بۆ شیعر ڕەوایە. ئەی بۆ ژیان؟ ژیان والە شیعر دەکات ئاوارەبێت؛ شیعر شتێک بڵێت و ژیان شتێکی دی.
شیعر هەردەم لە دەربەدەرییدایە؛ کۆچەرە، ئێستا لێرەیە تاوێکی دی لەوێیە. ئەو بارگرانییەی شیعر دەیژیێت بەس خۆی تێیدەگات، کەم شت لەم گەردوونە وەک شیعر سەختییەکان دەژیت، کاتەکانی تەمومژاویانە بەسەردەبات؛ گەر وانەبێت چۆن ئەو دێڕەی سهراب سپهری لەدایکدەبێت.
شیعر لە گەڕانە بەدوای خاڵی وەرچەرخاندا؟ گەر بەڵێ، کەواتە شیعر دەزانێت چیدەکات!! شیعر کە زانی چیدەکات کەوابێت شیعر تەقەلایە بۆ وەرچەرخان. نەخێر وانییە. کاتێک سهراپ دەڵێت: “بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”لەو چرکەساتەدا شیعر بۆ سهراپ ڕووداوێکە؛ بیرکردنەوەیە. کەواتە شیعر دەکارێت ببێتە چەمکێکی فەلسەفیی. بەڵێ شیعر بیرکردنەوەیە، ڕاوی جەوهەری خۆی بەدەستی خۆی دەکات. ئەمە وادەکات بڵێین: شیعرنووسین داوای جۆرێک لە روناکبیریی لە شاعیر دەکات؛ ئەو روناکبیرییەی والە شاعیر دەکات لە ڕەچەڵەکی بەفر، ئاسمان، مێژووی هەناسە و ڕەنگ بەئاگابێت. باشە بۆ؟ چونکە شیعر شوێنی ڕاستەقینەی شاردنەوەی نهێنییەکانی جیهانە.
ناتوانین سەبارەت بە چییەتی شیعر هەردەم یەکدەنگ بین. لێ هەردەم هاوکۆکین سەبارەت بەوەی شیعر بەردەوامیی هەیە، هیچ نەبێت لەبەر جەوهەرە شیعرییەکەی. لەبەرئەوە هەق بە پۆل دۆمانە Paul de Man کە”تێڕامانی ئۆنتۆلۆژی”دەکاتە بناغە بۆ بابەتە ئەدەبییەکان. لێرەوە ئەوەش دەڵێێن،کە دووڕیانەکانی شیعرگەرایی سهراپ ،لەو تێگەیشتنە شیعرییەی هێمایبۆکراوە، بەرەو شوێنێکمان دەبات هێجگار دوورە، لێ هیچ کات دوورتر نییە لە خۆمان؛ لە بێدەنگیی و تارماییەکانمان. شیعرەکانی سهراپ خۆمانن لە جۆری وشە، شوێنکەوتەی ئەو نەریتەن کە باش باش شارەزان لە دڵته‌زین، چەشتنی دەردەسەری، هەڵماڵینی نهێنیی سروشت و ڕەچەڵەکی ڕەنگ.
لەسەر ئەو بناغەیەی لایسەرەوە بێت، شیعر بێگەرد و بێوەیە و هەر لەناو ئەو بێگەردیی و بێوەییەی خۆیشیدا دەمێنێتەوە؛ بۆیە ڕاستەقینەیە. کەم شتیش هێندەی شیعر ڕاستەقینەیە. شیعر، کە لەنێوان بوون و هیچبووندا هەردەم لە جەنگێکی بەردەوامدایە،هەرئەوەش چییەتی(ماهیەتیessence) یەکەی پێکدێنێت.
سەرئەنجام، شیعری سهراپ ڕێگایەکە بۆ دەربازبوون لە گوناهێک، کە چییەتیی خۆی بە جوانکاریی دەچوێنێت. چونکە تێگەیشتنی شیعریی سهراپ زادەی ئەوەیە بێکۆتایی و مەحاڵ لە دەوروخولماندان. سهراپ لەمیانەی ئەو گوزارە شیعرییەیەوە لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی شیعرەوە بێدەنگییمان، بنەما و توخمەکانی شیعرنووسین دەستکاریکات.
کۆتا گوتن ئاڕاستەی شیعرنووسینی ئێستای کوردیماندەکەم. گەر ئەوە وابێت،کە“دەبێت لە جەوهەری شیعرەوە لە جەوهەری زمان تێبگەین”لەم حاڵەتەدا چۆن دەکرێت دادوەریی بەسەر شیعری هاوچەرخمانەوە بکەین؟ بەداخەوە شیعری هاوچەرخی کوردی لە دۆخێکی نالەباردایە. شیعر وەک ناشیعر خۆینمایشدەکات و بەدەریشە لە هزر. وەکیتریش، شیعر بیرناکاتەوە، بۆیە زۆرێک لە دەقە شیعرییە هاوچەرخەکانمان لە ڕووی زمانەوانیی و جوانکارییەوە ناکاریگەرن.
ڕوون نییە شیعری هاوچەرخی کوردی زەمینەسازی بۆ چ شتێک دەکات! شیعریش لە ئێستای ئێمەدا هەروەک سیاسەت و شتەکانیترمان کارەستبارە؛ بەشدارە لە کارەساتباریی، لەکاتێکا شیعری کوردی دەبوو پرسی چییەتی شیعر و چییەتی زمان یەکخات. بۆیە شیعری ئێستامان”شیعرێکە هێشتا نییە”(نەهاتووەتە پێکهێنان). شیعری لەم جۆرە ناشیعرە؛ جارێ ماویەتی ببێتە شیعر. گەر کۆپلە شیعرێک، یان دێڕە شیعرێک لێرە یان لەوێ بەرچاوکەن شیعربوونیان تیابێت؛ هزر بەرهەمهێنەربن، ئەمە بەو مانایە نییە، شیعری هەنووکەی کوردی هەژاریی شیعریی ئێمەی بنەبڕکردووە. شیعری کوردی ئەمڕۆمان،ئەوەی ناوی شیعری هاوچەرخی لێدەنرێت، نەک هەر بێ هزرە، لەڕووی جوانکاریشەوە دەستکورتە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




چەپو کۆمۆنیزم، دوو بزووتنەوەی چینایەتی جیاواز!.. سامان کەریم

لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا، دوو چین هەیە: بورژوایی و پڕۆلیتاریا. کۆمۆنیزم بزوتنەوەی یەکگرتوو ڕێکخراوی پڕۆلیتاریایە بۆ داڕمانی سستەمی سەرمایەداریو بنیاتنانی سۆشیالیزم. ڕاستوچەپ بزووتنەوەو ئەحزابو ڕێکخراوە سیاسیەکانی چینی بورژواین. چەپو ڕاست هاوچینو بەم پێیە هاوئامانجن، جیاوازییان لە بەڕێوەبردنی سستەمی سەرمایەدایە. چەپ مردووە، بەڵام هەمیشە دەخوێنینەوەو دەبیستین کە ” چەبو کۆمۆنیزم”وەک دوانەیەکی چینایەتی بەکاردەبرێن لە حالێکدا دژ بەیەکن. ئەم تێڕوانینە لە نێو چەپەکانی هەموو دونیا دەبینین، و بەشێکیزۆری کۆمۆنیستەکانیش ئەو خۆشباوەڕییەیان هەیە. چەپمردووە زیندوو نابێتەوە، بەڵام پێویستە ڕۆشنبێت کە چەپ هەمان ڕاستە لە بەرگی ڕادیکاڵو ‌هەڵخەڵەتاندنی پرۆلیتاریادا. بورژوایچەپ ڕیگرێکی گەورەی بەردەم خەباتی پڕۆلیتاریا بووە لەماوەی لە١٢٥ساڵی ڕابووردوودا.

بە کورت، چەپو ڕاستی پێشزاین!
پێشزاینو تا دوای شۆڕشی فەرەنسا چەپوو ڕاست دوو چەمکی سیاسینەبوون. یەکسانخوازیو ئازادی خواستێکی دێرینەو بەپێی ئەو خواستە ڕاستو چەپ لە مێژووی چینایەتی دێرینەوە ئاماژەی پێکراوە، نەک وەک ئاڕاستەی سیاسی بەڵکو وەک ئاماژەو میتافۆرمێک بە دوولایەنی-دوالیزم – جیاواز ولەهەمانکاتدا پێکەوە بەستراو، وەک شێروخەتی دراوێک: خێرو شەڕ، شەو ڕۆژ، ژیانو مردن، تاریکیو ڕووناکی، نیرڤانا “بەختەوەری ڕەها”و ئازارو ناخۆشی ” Suffering “/ ژن و پیاو کە پیاو ڕاستو ژن چەپە، یان دەستی ڕاستو چەپ، لایڕاستی سوڵتانەکان هەمیشە پێگەی بەرزتربووە لە لایچەپ. لەمبارەوە”کریس ماکمانۆس “دەنوسێت:”دابەشبوونی ڕاستو چەپ لە جەستەوە دەستیپێکرد، پاشان لەنێو ئاینو ئەفسانەدا سەرهەڵدەداو دواتر لە سیاسەتدا بەکارهێنرا”( Right Hand, Left Hand/2002 ). لێرەدا ئەمباسەم وەک پاشخانێکی مێژوویی باسکردووە بۆ ئەوەی تێبگەین کە دانیشتنی لای چەپو ڕاستی ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسا لە دوای شۆرشەوە لایەنیکەم مێژوویەکی هەبووە ئەگەرچی زارەکیبێت.
وتمان تا شۆرشی فەرەنسا ڕاستو چەپ وەک هوشیاری زارەکی بەکارهاتووە. دواتر لە شۆڕشەوە تا کۆتایی سەدەی نۆزدە، ڕاستوچەپ دەبێتە شەبەنگێکی فراوانی سیاسیو دواتر جیهانی. دوو بەڵگەی نەنوسراو لە ئەزموونەکانی مێژوو دەبینین، یەکەم:ڕاستو چەپ لە دامەزراوەیەکدا تێکەڵدەبنوو دتوێنەوە، سەرەڕای جیاوازیان یەکتری تەواودەکەنوو بێیەکترنابن، دامەزراوەی چینی چەوسێنەرن. ڕاست بێچەپ نابێت، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. لە یۆیانی کۆنو ئاینە تاکخودایەکاندا هەر وابووە. لە ئیسلامدا ڕاستواتە: ڕێگای ڕاستو چاکەو بەرەکەت، و چەپواتە: ڕێچکەی ناڕاستو هەڵە. ڕاستو چەپ لە مێژووی دێرینەوە دوو باڵی جیاوازی نێو چینی چەوسێنەر بوون، خاوەن کۆیلە و زەویوزارو دەسەڵاتیان لە بەرانبەر کۆیلە و جوتیارو کرێکاراندا. ئێستاش چەپوو ڕاستی سەرمایەداری دژی پڕۆلیتاریا. دووەم: وەک ئەمسەردەمە هەمیشە باڵی چەپ، ئاراستەیەکی قێزوەنوو ناڕاستو هەڵە بووە لە ڕوانگەی چینی دەسەڵاتدارەوە. لەمبارەوە ماکمانۆس دەنوسێت:”لە هەر سەردەمێکی مێژوویدا مرۆڤ سەیری هەر کیشوەرو کلتورێک بکات ڕاستو چەپ هێمای تایبەت بەخۆیان هەیە، ڕاست هەمیشە باشەو چەپ خراپە”.(هەمان سەرچاوە)
وەک ئەزمونێکی مێژوویی دەتوانین ڕیفۆرمەکانی”ئۆرۆکاجینا” بە چەپ پێناسە بکەین”دەسەڵاتداری شاری لەکش/سۆمەر/ لەساڵی ٢٣٥٠ پ-ز / لەکش لە شاری ناسریەی ئێراقەوە ٤٨کم دورەو ئێستا ناوی –تل هبة-یە “. لەمشارەدا ململانێو خەباتی هەژارو جوتیارو کرێکارو کۆیلەکان دژبەسستەمی ئابوریکۆشک”قەسر/پاڵاس-Palace Economy “سەریهەڵداوە، بەپێی دەقە نوسراوەکان بۆ یەکمجار لە مێژوودا بزوتنەوەیەکی ڕیفۆرمیستی دەردەکەوێت. هەژارەکانی ئەو ناڕەزایەتییە ئورۆکاجینا- Uru-inim-gina- ” پارێزگاری ئەم سەردەمە” ڕابەریاندەبێت. ئەم بزوتنەوە چەپە” لەبەرانبەر دەسەڵاتی دەوڵەتدا وەستاوەو داوای لابردنی باجو کەمکردنەوەی چەوساندنەوەیانکردووە کە پەرستگا سەپاندویەتی بەسەر بێوەژنو منداڵانی بێسەرپەرشتدا(من الواح سومر/ صاموئیل کریمر/و: طە باقر/لا:١٠٥/بەدەستکاریەوە). بەهەمان شێوە لە یۆنانی کۆندا لە یاساکانی سۆلۆن – Lois de Solon-شاعیرو حەکیمی ئەو سەردەمەی ئەسینا(594 – 572 پ.ز) هەنگاوێکی ڕیفۆرمیستی فراوان پیادەدەکرێت. دەبینین ئەم چەپە میتافۆرمە لە نێو چینی دەسەڵاتداردا دەرکەوتووە، سەرەڕای ئەوەی کە بزووتنەوەو هەنگاوەکان بناغەیەکی چینایەتیان بووە، واتە خواستی فراوانی هەژارانو پڕۆلیتاریای ئەو سەردەمە بووە، بەڵام باڵی “چەپی” دەسەڵاتدار توانیویەتی خواستی بزوتنەوەکە لە ئاڕاستەیخۆیدا ڕێکبخاتەوە.
ئەو پێشەکییە، پاشخانی مێژوویی دابەشبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسایە بەسەر لایچەپو ڕاستی مەلیکدا، لە کۆبوونەوەکانی ساڵی ١٧٨٩ی دوای سەرکەوتنی شۆرشی بورژوایی. لایڕاست قەشەکانو خاوەنزەویوزارە گەورەکانبوون، خواستی مانەوەی پاشایەتیانبووە، لایچەپ شۆڕشگێرەکانو ئەوانەی خوازیاری ئاڵوگۆڕی زیاتر بوون. ئەگەر سەرنجبدەین لێرەشدا چەپو ڕاست، کۆنو نوێ، شۆرشگێر و کۆنەپارێز لە چوارچێوەی چینی دەسەڵاتداردابوون، واتە شۆرشگێرەکانی بورژوایی کە سەرکەوتوون بەسەر سیستەمی فیودالیدا، لەگەڵ چینە کۆنەکەی پێشوو کە هەوڵیانداوە مانەوەی خۆیانبە جۆرێک بپارێزن. لە دوایهاتنەمەیدانی چینی پرۆلیتاریا وەک چینێکی شۆرشگێر و یەکگرتوو بەتایبەت دوای شۆڕشی کۆمۆنارەکان، بورژوایی لە ئەوروپا بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەیو وەڵامدانەوە بە کۆمەڵگا پێویستیبە ڕیفۆرمبووە، چەپی بورژوایی وەڵامبە خواستی چینەکەی دەداتەوە وئامانجی پڕۆلیتاریا لە چوارچێوەی کۆمەڵگای بورژوای دادەڕێژێتەوە. دواتر لە ئاستی چەمکو بزوتنەوەو ڕێکخراو ئەحزابو مانشێتی جیاوازی ڕیفۆرمخوایی و کۆمۆنیزم و سۆشیالدیموکراسی و دواتر دژی ئیمپریالیو هەروەها نیشمانپەروەریو مافی چارەیخۆنوسینو دەزگای جیهانی جیاوازدا، خۆی نمایشدەکاتو دەیەوێت نیشانیبدات سەرمایەداری لایەنگرو پارێزەری خۆشبژیەتیو مافەکانی مرۆڤی پڕۆلیتاریایە. لەمنێوەدا ئینتەرناسیونالی دووەمو دواتر شۆرشی ئۆکتۆبەرو ئاکامەکانیو ئینتەرناسیوناڵی سێ، کاریگەری جیهانی گەورەیان بووە بۆ بەهێزکردنی ئەو ئاڕاستەیە، کە تا ئێستا کۆمۆنیزم گیرۆدەیە بەدەستیانەوە.
چەپ: هێزێکی گەورەو فراوانی جیهانی
بزوتنەوەی چەپ، دەبێتە هێزێکی گەورەی سیاسی، بەسەدان ئەحزابو ڕێکخراوەو دەزگاو سەندیکاو یەکێتیکرێکاری لۆکەڵیو جیهانی جیاواز و بە دیدیجیاوازەوە پێکدەهێنن، بەتایبەت دوای شۆرشی ئۆکتۆبەر وسەرکەوتنی حزبی بەلشەفیو پێکهێنانی ئینتەرناسیوناڵیسێ لەلایەن لینینەوە. لەدوای سەرکەوتنی شۆرشو پێکهێنانی حکومەتی بەلشەفیەکان، کۆمەڵێک ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی گەورە کرا بە قازانجی پڕۆلیتاریاو هەژارەکانی یەکێتیسۆڤیەت، لە هەمانکاتدا لە 15نوفمبر 1917 ڕاگەیاندنی مافی چارەیخۆنوسین لە ڕوسیادا ڕاگەیەنرا و دوای دوومانگ ڕاگەیاندنی ١٤خاڵەی ویلسۆن سەرۆکیئەوکاتی ئەمریکا لە 8يناير1918بڵاوکرایەوە، خالێکی مافی چارەیخۆنوسینبوو. پاراستنی ئەو بزووتنەوانەی کە خواستی جیابونەوەو پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەییان هەبوو لە یەککاتدا بووە سیاسەتی یەکێتیسۆڤیەتو ئەمریکا، پاشان لە سالێ ١٩١٩، دوای پێکهێنانی “کۆمێنترن” ئەمداوایە پایەیەک دەبێت لە سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیسۆڤیەت. سیاسەتی ئەمریکیوسۆڤێتی ڕووی لە ئامانجێکبوو، کەمکردنەوەی نفوزو پێگەی وڵاتانی سەرمایەداری داگیرکەری ئەوسەردەمە کە زۆربەی وڵاتانی گۆیزەویان داگیرکردبوو. خواستی چارەیخۆنوسین لەئاستی جیهاندا بەتایبەت دوای جەنگی جیهانیدووەم، وەک پێداویستیەکی دەستبەجێی سەرمایەو لابردنی بەربەستەکانی بەردەم گەشەو فراوانبوونەوەو زاڵبونی تەواوی بەسەر گۆیزەویدا، بوو بەبزوتنەوەیەکی فراوانی جیهانی. پێشکەوتنخوازیو ئازادیخوازی بووە میلوانکەی ملی بزووتنەوەی ” بورژوایی نیشتمانی!!” و ناونران” بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکان”. بەمپێیە وەک ڕادیکالترین باڵی چەپیبورژوایی مۆری خۆیان لە مێژوودا، لە هەمانکاتیشدا بەشێک لەم هێزە نەتەوەییانە کە لە پێناو ” سەرمایەی نیشتمانیدا” دەجەنگان لەوەش زیاتر مۆری کۆمۆنیستیان هەڵواسی بە ئاڵاو دروشمەکانیانەوە.
ڕیفۆرمە ئابورییەکانی یەکێتی سوڤیەت بە ڕابەری لینین، ئەگەرچی لەو سەردەمەدا وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ پڕۆلیتاریای سۆڤیەت دەبینرا، بەڵام پڕۆلیتاریای داماڵی لە ئامانجو هیوایەک کە بووی بە ئایندەی شۆرشەکەی، لە جیاتی ئامانجێک کە پڕۆلیتاریا بووی لە پێکهێنانی بەڕێوەبەری هەرەوەزیو کۆمۆنی، دەوڵەتێکی سەنتڕالی بەهێزی ڕاگەیاند کە پێشهەر ئامانجێک ڕادەستکردنی پڕۆلیتاریا بوو بە بورژوایی لە ڕێگەی ڕیفۆرمی ئابوریەوە. دوایجەنگی جیهانی دووەمو دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان، ئەم ئاڕاستەیە دەبێتە ئاڕاستەیەکی جیهانی. وڵاتانی “نیشتمانی!” وەک قارچک بەناوی نەتەوە یان کۆمۆنیزمو سۆشیالیزمی جیاوازەوە سەردەردەهێنن لە ئاسیاوە تا ئەفریکاو ئەمریکای باشور. سۆشیالدیموکراتەکان لە ئەوروپا کورسیەکانی پەرلەمان داگیر دەکەنو دەوڵەتی خۆشگوزەران پێکدەهێنن، یەکێتیە کرێکارییەکان دەبنە پایەی ئەم هێزە بورژواییە چەپو ڕیفۆرمیستانە. ڕیفۆرمی دەوڵەتی ناسیونالیست جێگای کۆمۆنیزم دەگرێتەوە لە ئاستی ڕایگشتی جیهانی و سەنتەرەکانی خوێندنو پەروەردەو لێکۆلینەوە فکریو سیاسیەکاندا، کە تائێستا پڕۆلیتاریا بەدەستیەوە دەناڵێنێ. ئەم” کۆمۆنیزمە!!”و ئەمجۆرە لە بەڕێوەبردنی سەرمایە(چەپ) لە ساڵی ١٩٩٠ دادەڕمێتو بەرگەی ململانێی بازاڕ ناگرێت، لە گەڵیدا باڵی چەپی بورژوایی پایەی ئابوری مانەوەی خۆی لە دەستدەدات.
ئاوابوونی چەپ پایەکەی ئابورییە!
ئەنتۆنی گیدنز دەڵی: “گلۆبالیزم دەستەواژەی ڕاست و چەپی بەتاڵکردووە”. بێگومان سەرمایەداری هەمیشە گلۆباڵبووە، بەڵام ئەم نوسەرە خاوەنی ڕێگایسێهەمە واتە لە نێوان ڕاستو چەپی بورژوایدا( بەقەولی ئەوان لە نێوان سۆشیالیزم و سەرمایەداریدا)نێوەندگیریدەکەن. لیبرالیزمینوێ چەمکی ئابوریسیاسیە، چڕبوونەوەو سەنترەلکردنو کەڵەکەی فراوانی سەرمایە، بەهۆی گەشەو پێشکەوتنی هێزەکانی بەرهەمهێنانەوە، پایەی ئەو ئاڵوگۆڕانەیە. لیبرالیزمینوێ هەر کۆنەکەیە، بەڵام لە هەلومەرجی مێژووی جیاوازدا پیادە دەکرێت. هەلومەرجێک کەتیایدا بناغەی ئابوری هێزە‌ بەرهەمهێنەرەکان ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە، لە جیهانێکەوە کە پیشەسازی کلاسیک نیشەجێی بازاڕە ناوخۆیەکانبوو، لە هەر ڕشتەیەکی پیشەسازی وەک: کانزاو ئامێرو میتاڵەکانو و نەوتوگازو ئۆتۆمبێلسازیو جلوبەرگوچنینو ئامێرەکانی نێوماڵدا…دەیان هەزار کرێکار کاریانتێدادەکرد و لە یەکێتیە کرێکاریەکانو دەوڵەتێکی خۆشگوزەران –بەجیا لە دابەشبوونی بورژواییانەی دیکتاتۆریو دیموکراسی- بەهرەمەندبوون، بۆ جیهانێکی تەواو تازە لە کاری ڕۆبۆتو هۆشمەندیدەستکردو گەشەی لە ڕادەبەدەری ‌هێزەکان بەرهەمهێنان تا ئاستی ئەوەی باسلەوەدەکرێت کە سەرمایە پێویستی بە هێزیکاری پڕۆلیتاریا نەماوە !!. ئەمە بناغەی سەرەکی نەمانی یان ئاوابوونی بورژوایی چەپە لە ململانێی کۆمەڵگادا. ئەمریکا ڕابەری سەرمایەداری جیهانی تەنانەت چاوەڕێی پێگەیشتنی ئەو شۆرشە زانستیەی نەکرد، بەڵكو بە هاوشانی ئەو پێشکەوتنەو لە ماوەی ٣٦ ساڵی ڕابووردوودا، هەنگاوی گەورەی گرتە بەربۆ جێخستنی ئەلگۆی لیبرالیخۆی لە ئاستیجیهاندا وەک: پریڤایتکردن-بەتایبەتیکردن-، نەهێشتنی دەوڵەتی خۆشگوزەران، ئازادکردنی بازاڕیکار، ئازادکردنی نرخی دراوەکان، دورکەوتنەوە لە یەکێتیە کرێکارییەکان، فرۆشتنی تەواوی موڵکی گشتی بە سەرمایەدارانی تایبەت(کارگەکان، زەویەکان و سامانەکانی ژێر زەوی، دەزگا خزمەتگوزاریەکان، زیندانەکانو پۆلیسو سوپای تایبەت…) ئەم هەنگاوانە لەدەورووبەری ساڵی ١٩٨٠وە دەستپێدەکاو ئێستا بەکۆتایی خۆیگەیشتووە. پایەی کۆمەڵایەتی هەموو چەپی دونیا سەرمایەداری دەوڵەتبوو، ئەوەی ئەوروپا ناوی دەوڵەتی خۆشگوزەرانبوو بە کۆمەڵێک ئیمتیازاتی سیاسیو دیموکراسیەوە، ئەوەی ڕۆژهەڵات دەوڵەتی سەنتراڵبوون-دیکتاتۆر!!- لە ناسیونالیزمی عەرەب-سۆشیالیزمی عەرەب- وە بگرە تا چەپی لاتینی و ئاسیایی.
بەپراتیک دەرهێنانی ئەم سیاسەتە ئابورییەی ئەمریکا بە ئابلوقەی ئابوری و جەنگە گەورەکانو تیرۆری مۆدێرنو شۆرشی پرتەقاڵیو بەهاریعەرەبیو ڕژێم چەینجەکان پیادەکران. بەمپێیە چەپ پایەئابوریەکەی لەدەستدا. وەکناو ماوە، نمونەی سوشیال دیموکراسی ئەوروپا بەڵام لە ڕاستەکان ڕاسترنو وبەرنامەی ئەوان جێبەجێدەکەن. دواین هەوڵی ڕادیکاڵترین چەپ (پارتی هاوپەیمانی چەپی ڕادیکاڵی یۆنانی “سیریزا”)ساڵی ٢٠١٥ بوو لە یۆنان کە پاشبردنەوەی بە شکستێکی گەورە دەسەڵاتەکەیان کۆتایهات. ئەوەی جێرمی کۆربن لە بەریتانیا “حزبەکەت” ی پێکهێنا لە نۆڤمبەری ٢٠٢٥دا، ئەگەر لە دەنگدانیش بیباتەوە!!، بڵقێکی تەقیووە. چەپە کوردەکانی پەیەدە و هەسەدە، پێشئەوەی تامی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریا بکەن هەموو بەرنامەی بەڕیوەبەری خۆسەریو ناوچەیەکی زۆریان لەدەستدا، جگە لە پەیڕەوی حکومەتی جۆلانی و ئۆتۆنۆمیویەکی بەرتەسک نەبێت، هیچیدیکەیان پێنەبڕاوە. سەدەها نوسەریچەپ پێماندەڵێن چەپ مردووە، بەڵام ئەلتەرناتیڤێک نادەنبەدەستەوە، نوسەرێکی هیندی دەنوسێت:”لەڕاستیدا چەپ وەک قەوارەیەکی رێکخراو و دامەزراوەیەکی ڕۆشنبیری و سیاسی، مردووە.”( Yogendra Yadav )بەڵام دوایی بەچەندین ڕێگای بێبناغە دەگەڕینەوە بۆی.
بورژواییچەپ بناغەکەی داڕوخاوەو پایەی ئابوری نەماوە، ژیانئاوایکردووە لە ململانێکانی کۆمەڵگا.ئەم هەلومەرجە دەروازەیەکی ڕۆشنترو ئەرێنیتری ئاوەڵاکردووە بۆ بزوتنەوەی پڕۆلیتاریا وەک ‌هێزێکی ڕێکخراوو یەکگرتوو؛ کۆمۆنیزم.
لە کۆتایدا: کۆمۆنیزم بزوتنەوەی ڕێکخراوو یەکگرتووی چینی پڕۆلیتاریایە. ئامانجی کۆمۆنیزم کۆمەڵگایەکی سۆشیالستییە. کۆمۆنیزم ناتوانێت لۆکەڵی دابمەزرێت، بەڵکو جیهانیە، ئەوە ئەزموونی مێژووە. کۆمۆنیزمو چەپ دووبزوتنەوەی چینایەتی تەواو جیاوازن. لێرەدا باسەکە باسی دوو چینی کۆمەڵایەتیە نەک وردەکارییەکانی خەباتی ڕۆژانە. پڕۆلیتاریا بەردەوام هەنگاو دەنێت بۆ دابینکردنی هەلومەرجەکانی یەکگرتووبوونی خۆی، بۆ کۆمۆنیزم. چەپ مردووە، بەڵام خەباتی چینایەتی بەهێزێکی جیهانی گەورەوە بەردەوامە، ئەوە مەیدانی کۆمۆنیزمە.

سامان کەریم/ ١٥ی فێبریوەری ٢٠٢٥




ئێستێتیکی فریدریش شیلەر-1-     کاوە جەلال

                                                                                      

                           “گەر کەسێک بوێریی بۆ ئازادی نەبێت، بیرۆکەکانی ئازاد نین”
(بەشی یەکەم)
-1 کەس و سەردەم

ئەڵمانیای سەدەی هەژدەم قەوارەیەکی سەرجەمییانەی سیاسی نەبوو، بەڵکو بەسەر 300 میرنشین و شانشیندا دابەشیبوو، لێرەشدا هەر یەکەی ئەو دەوڵەتانە سنوور و سوپای تایبەت، پۆلیس و فەرمانبەری خۆی هەبوو، هەروەها لەسەر سنوورەکانی گومرگی پەڕینەوەی بازرگانیی وەردەگرت. گەورەترین دەوڵەتی نێو وڵاتی ئەڵمانەکان پرۆیسن بوو وەک دەوڵەتێکی میلیتاریستیی تەواو ڕێکخراو، لەم ڕووە سەربازییەشەوە سێیەم دەوڵەتی ئەوروپا بوو، جگە لەوە فۆرمی حوکمدارییەکەی بریتی نەبوو لە دەسەڵاتی کۆشک، بەڵکو ئەبسۆلوتیزم (دەسەڵاتداریی کەسی سەربەخۆ لە یاسا) بوو، بێگومان ئەبسۆلوتیزمی ڕۆشناییپێدراو. بە هەر حاڵ، وشەی “دۆیچ” تەنیا پەیوەندیی بە زمانەوە هەبوو نەک ناوێک بێت بۆ هاووڵاتیی دەوڵەتێک، جگە لەوە لە کۆتایی ئەو سەدەیەدا ناوی “دۆیچلاند” (وڵاتی دۆیچەکان) سەریهەڵدا.
جڤاکی ئەڵمانیی سەدەی هەژدەیەم، یان ئەوروپی بەگشتی، لە چەرخی نێڤینەوە زۆر کەم گۆڕانی بەسەردا هاتبوو. جڤاک هیرارشییانە و بەگوێرەی ستاند بیناکرابوو، بە شێوەیەکی دی ببێژین، پێگەی کەس تێیدا لە زایینەوە بەڕێی ڕەچەڵەکەوە دیاری دەکرا و زۆر بەدەگمەن دەشیا کەسێک لە ستاندی خۆیەوە هەڵبچێت بۆ ستاندی سەرووی خۆی. بێگومان ئاگایی ستاندییانە هاوکات لەنێو دانیشتوانیشدا سەروەر بوو. لەم هیرارشییەدا شا نێوەندیاری ویستی خودا بوو لەسەر زەمین؛ لە ستاندی سەرەوەدا ئەڕیستۆکراتی و پیاوانی ئایین دەسەڵاتیان دەنواند؛ ستاندی ناوەڕاست تایبەت بوو بە بۆرژوازی، لەژێر ئەویشەوە کشتیاران (ئەوجا درەنگتر کرێکاران) دەهاتن. بەشی ژێرەوەی هیرارشییەکە لەو کەسانە پێکهاتبوو کە سەر بە هیچ ستاندێک نەبوون، واتا: بێستاندەکان.
شارنشینان وەک توێژی سۆسیال لە کۆتایی چەرخی نێڤیندا بە گۆڕانی بازرگانی و ژیانی شارییانە سەریانهەڵدا. لەو کاتە بەدوواوە شارنشینان بەردەوام پتر پەرەیان دەسەند و بەهێزتر دەبوون، هەروەها بە خەباتی تایبەتی جیاکراوە لە ئەڕیستۆکراتی و کشتیاران، ئازادییە بۆرژواییەکانی خۆیان “سەند”.
سەدەی هەژدەیەم زۆر گرنگ بوو بۆ گەشەی بۆرژوازیی ئەڵمانی. لەم سەردەمەدا ئەرکە جیاوازە بەڕێوەبەرییەکان، بەمەش هەروەها پێداویستی بۆ فەرمانبەرانی پسپۆر کە شارەزای یاسا، ئابووری، بازرگانی و دارایی بوونایە، پەرەیان سەند، وەلێ لەم ڕەوشەدا ڕەچەڵەک هێندە بەواتا نەبوو، بەڵکو شارەزایی و توانست. بەم شێوەیە لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەیەمدا لە ئەڵمانیا توێژێکی بەگزادەیی-بۆرژوازیی پەروەردەیی (واتا پێگەیشتوو بە خوێندن) سەریهەڵدا و شارەزایانی پیشە جیاوازەکانی لە خۆ گرتبوو: پزیشک، فەرمانبەر، مامۆستا، قەشە، دادوەر و پرۆفیسۆر و هتد.
بۆرژوازیی پەروەردەیی (یان ئینتەلێکتوێلان) و خاوەن فابریکەکان ئەرکی گەورەی دەوڵەتی و جڤاکییان لە ئەستۆ دەگرت، بەمەش بۆرژوازی چووە هاڤرکێوە لەدژی ئەڕیستۆکراتی. بێگومان تیۆریی نوێی جڤاکی، یان “ئیدێی جڤاکی مەدەنی”، رۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەی ئەو بۆرژوازییەدا گێڕا کە لە ڕەوتی سەردەمی ڕۆشناییەکاندا گەشەی سەند و پێشبینییەکانی دێمۆکراتی، مافەکانی مرۆڤ، دەوڵەتی یاسا و لیبەرالیزمی پێکەوە گرێ دا. بۆرژوازی رۆڵێکی کرۆکیی لەوەدا گێرا کە فیۆدالیزم و ئەبسۆلوتیزم وەربگۆڕرێن ڕووەو ئیکۆنۆمی و جڤاک. ئەمە بریتییە لە قۆناغی سەرەتای سەرمایەگەری.
سەدەی هەژدەیەم هەروەها ناودەنرێت سەدەی بزاوتی ڕۆشناییەکان کە فەیلەسوفی ئینگلیزی جۆن لۆک بە بابەگەورەی دادەنرێت و لە ئینگلاندەوە تەنییەوە بۆ نێو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا. ئەدگاری تایبەتی بزاوتی ڕۆشناییەکان ڕووکردنە مرۆڤ بوو وەک بوونەوەرێکی جڤاکییانەی بەرپرسیار، ئەمەش بەواتای: ئێستا چواندنی ڕەها نادرێت بە پێوەرە گشتگیرە ئۆبژێکتیڤییەکان کە گۆیا دەرهاویشتەی ویستی خودایەکی یاسادانەرن، بەڵکو خودی مرۆڤ وەک دەرچەی هزرین دادەنرێت، لێرەشدا گۆڕان بە “ئیدێیەکی خودا” دەدرێت کە ناودەنرێت “دایزم” و لە سەدەی هەژدەیەمدا وەک فۆرمێکی بڵاوی ئایینی گەشە دەسێنێت. کاتێک لە ئایینی کریستیانیدا خودا کەسێتییەکی سەربەخۆیە و ڕاستەوخۆ دەست دەنێتە نێو ڕوداوەکانی جیهانەوە، ئەوا لە ڕۆشناییەکاندا دەگۆترێت، خودا تەنیا جیهانی هاوشێوەی سەئاتێک قوڕمیش کردووە، ئیدی جیهان لەوە بەدواوە سەربەخۆ لەو بۆ خۆی دەبزوێت. ئەم خودایە بۆی نییە دەستبنێتە نێو ڕەوتی ڕوداوەکانی جیهانەوە. لێرە مرۆڤ پێوەر و سەروەرە.
سەرەڕای ئەوە کارایی بزاوتەکە لە هەر یەکەی وڵاتانی ئینگلاند و فەڕەنسا و ئەڵمانیا جیاواز خۆی نواند. بزاوتی ڕۆشنایی لە ئینگلاند دوای شۆڕشی ئینگلیزی سەریهەڵدا؛ لەوێ بزاوتەکە بوو بە فاکتەرێکی سەقامگیرکەری بۆرژوازی و پەیوەندییەکانی سەرمایەگەری، وەلێ لە فەڕەنسا بزاوتی ڕۆشنایی پێش شۆڕشی فەڕەنسی تەنییەوە و بوو بە یەکێک لە فاکتەرەکانی هەڵگیرساندنی شۆڕش، بە پێچەوانەشەوە مۆرکی ڕۆشنایی لە ئەڵمانیا بەگشتی باوەڕ بوو بە هێزی ئازادکەری ئاوەز، یان باوەڕ بوو بەوە کە مرۆڤ لەتوانایدایە ئاوەز و فەزیلە یەکبخات و بەختیاری لەسەر زەمین بکات بە کەتوارێکی جڤاکی. هەروەک کانت دەبێژێت: پێشمەرجی ڕزگاربوون لە بێتوانایی خۆخەتابار ئەوەیە کە تاکەکەس لەنێو خۆیەوە ئامادەباشیی سەربەخۆی بۆ هزرین هەبێت، وەلێ هاوکات بیروڕاکانی خۆی لە نێوەندی گشتیدا ڕابگەیەنێت و تواناکانی بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون و تێڕوانین پێبگەیەنێت. لێرەدا کانت بەڕوونی هەموو سنوورێکی نێوان چین و ستاند دەبەزێنێت. بەڵێ، سەرەتا “بیورگەر / بۆرژوا” سەربەخۆ لە ستاند و چین گشتگیرانە پێناسە دەکرێت. بیورگەری ڕۆشناییپێدراو گەرەک بوو مرۆڤێکی “ئاکاری” بێت کە هاوکات چالاکانە بەدیبهێنێت و بۆ ئاسوودەیی گشتی هەڵوێست وەربگرێت.
یۆهان کریستۆف فریدریش شیلەر لەم سەردەم و پەیوەندییە پڕناکۆکییانەدا 10.11.1759 لە مارباخ ی سەر ڕوباری نێکار هاتە جیهانەوە، لە خوێندنی سەرەتاییەوە بەر پەیوەندییە سەختە جڤاکییەکان و ڕێسای چەسپێنراوی فێرکاری کەوت، وەلێ ئەویش تا ڕادەی شیان لێیان یاخی بوو، خۆی گونجاند، و لە کۆتاییشدا هەڵزنێنراو بۆ ئاستی ستاندی بەگزادەیی، واتا بە پێبەخشینی نازناوی “فۆن” بوو بە “فریدریش فۆن شیلەر”.
باوکی فریدریش ئەفسەر و پزیشکی تیمارکەری برین بوو، دایکی کچی مەیخانەچییەک بوو. فریدریش لەنێو شەش زارۆکدا تاکە کوڕی خانەوادەکەی بوو، بۆیە باوک و دایکی بڕیاریان دا دەرفەتی پێگەیاندنی فێرگەیی بۆ بڕەخسێنن، بۆ ئەو مەبەستەش ساڵی 1766 ناردیان بۆ “لاتاینشولە” (فێرگەی لاتینی) لە لودڤیگسبورگ. ئەم جۆرە فێرگانە ناودەنران لاتینی، چونکە زۆرینەی وانەکان بەو زمانە بوو و فێرخوازانیان بۆ دیراسەی زانستگەیی پێدەگەیاند. شیلەر تا ساڵی 1773 لەوێ فێرخواز بوو، وەلێ هەر لەم قۆناغە سەرەتاییەی فێربووندا سۆزی خۆی بۆ نووسینی دراما ئاشکرا کرد و بڕیاری دا ئەو سۆزەی بژێنێت. ئەو وەک فێرخواز دوو شانۆنامەی بە ناونیشانی “ئابزالۆن” و “دی کریستن” (“کریستیانییەکان”) نووسی.
بێگومان هەڵبژاردنی ڕێگەی خۆیی بۆ کارێکی پسپۆری هێندە ئاسان نەبوو، چونکە میرەکان خۆیان لە ناوچەکانیاندا بڕیاریان بۆ ئایندەی ژێردەستەکانیان دەدا. هەر بەم شێوەیە کارل ئۆیگن کە هێرتسۆگ (میر-ژەنەرال) ی ڤیورتەمبێرگ بوو، بڕیاری دا کە شیلەر دەبێت لە زانستگە یاسا بخوێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش نێررا بۆ “کارلسشولە” (فێرگەی کارل) لە شتوتگارت. وەلێ ئەوە بەدڵی شیلەر نەبوو، چونکە کارلسشولە ئەکادیمییەکی لەشکریی بوو بە ڕێسای چەسپێنراوەوە. هەرچۆنێک بوو شیلەر توانیی بەشەکەی بۆ پزیشکی بگۆڕێت و ساڵی 1780 تەواوی کرد، بێگومان بەبێ ئەوەی ڕێی پێبدرێت بە خواستی خۆی کاری پزیشکی بکات، بەڵکو بەناچاری بوو بە “مێدیکوس ی ڕێگیمێنت” (پزیشکی سوپا لە لەشکرێکی دیاریکراودا). شیلەر نەیدەتوانی بەو موچەیە کە وەک پزیشکی سوپا وەریدەگرت، گوزەرانی دابین بکات، هاوکات ڕێی پێنەدەدرا وەک پزیشک چارەسەری نەخۆشییەکانی خەڵکی سیڤیل لە دەرەوەی سوپادا بکات. بەڵێ، هێرتسۆگ نەک تەنیا ڕێی پێنەدا نۆڕینگەی پزیشکی بکاتەوە، بەڵکو بە فەرمانی ئەو تەنانەت بۆی نەبوو پۆشاکی سیڤیل بپۆشێت، ئەمەش بۆ شیلەر نەشیاوی قبووڵکردن بوو، بۆیە بەردەوام بیری لەوە دەکردەوە لە خزمەتی سوپا هەڵبێت.
شیلەر لە ماوەی فێربوونی زانستگەییدا هۆشسام بوو بە ئەدەبی “شتورم ئوند درانگ / Sturm und Drang” (هێرش و پاڵنان) کە ئاڕاستەیەکی ئەدەبیی ڕۆشناییدەر بوو، کەواتە ڕەخنەیی بوو بەرانبەر پەیوەندییە جڤاکییەکان و هزرینی سەروەر، یان بەرانبەر دەسەڵاتە لەشکرییەکان، بۆیە شیلەر ناچار بوو بەنهێنی کاربکات. ئەو لەم دەمەدا، ساڵی 1777، دەستیدایە نووسینی درامای “دی ڕۆیبەر” (“جەردەکان”) کە ساڵی 1781 تەواوی کرد و چاپی یەکەمی لەژێر ناوی خوازراودا بڵاوکردەوە. دراماکە ساڵی 1782 لە مانهایم نمایشکرا، وەلێ شیلەر پێش دەستپێکردنی نمایشەکە ناچار بوو چەند جارێک شوێنی کارکردنی جێبهێڵێت و بڕوات بۆ مانهایم، بەو هۆیەشەوە هێرتسۆگ سزای گرتنی بەسەردا سەپاند، تەنانەت نووسینی لێ یاساغ کرد. “جەردەکان” بەهۆی تەزووی شۆڕشگێڕانەیەوە هۆشسامیی لە نێوەندی ئەدەبدۆستاندا خستەوە، ئەوەش بەوەدا خویا بوو کە تیاتەردۆستان لە مانهایم بە هوروژم ڕۆیشتن بۆ ڕوانین لە شانۆییەکە.
بۆ شیلەر ڕوون بوو کە دەبێت لە خزمەتی سوپا هەڵبێت. ئێوارەیەک بە ناوی “دۆکتۆر ڕیتەر”، پێکەوە لەتەک ئاندریاس شترایشەری هەڤاڵیدا، ئاهەنگێکی هێرتسۆگیان بە هەل زانی و لە شتوتگارت هەڵاتن. شیلەر لەم کاتە بەدوواوە سەربازی هەڵاتوو بوو. ئەو سەرەتا ڕۆیشت بۆ مانهایم، لەوێشەوە خۆی گەیاندە تیورینگن. بێگومان کارل ئۆیگن زۆر هەوڵی دا “سەربازە-هەڵبەستڤانەکەی” تەسلیم بکرێتەوە، وەلێ هەوڵەکانی سەریان نەگرت.
شیلەر لە تیورینگن وەک پەنابەر درێژەی بە نووسین دا: سەرەتا بە نووسینی “کابالە ئوند لییبە” (کابال و خۆشەویستی)، پاشان پرۆژەی “دۆن کارلۆس”ی ئامادە کرد. ئەو ساڵی 1783 گەڕایەوە بۆ مانهایم و لەوێ وەک نووسەری شانۆنامە لە “ناتسیۆنالتیاتەر” (“تیاتەری نەتەوەیی”) دامەزرا، وەلێ دوای ئەوەی تیاتەری ناوبراو گرێبەستەکەی بۆ نوێ نەکردەوە، گواستییەوە بۆ لایپتسیگ. لەوێ کریستیان گۆتفرید کوێرنەری نووسەر زۆر پشتیوانیی شیلەری کرد و دەرفەتی بۆ ڕەخساند لەسەر نووسین بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی خەمی دانەوەی قەرزەکانی بخوات. لەم کاتەدا هەڵبەستە بەناوبانگەکەی بە ناونیشانی “ئۆدەیەک / هەڵبەستێک بۆ شادمانی” سەریهەڵدا، کە پاشان لودڤیگ فۆن بێتهۆفن خستییە فۆرمی دەنگەوە، ئەمڕۆش مێلۆدییەکە بووە بە سرودی یەکێتیی ئەوروپا.
ساڵی 1787 شیلەر سەردانی شاری ڤایماری کرد و لەوێ چەند نووسەر و هزرڤانی ناسی، وەک: یۆهان گۆتفرید هێردەر و کریستۆف مارتین ڤیلاند، کە دوو هزرڤانی کاریگەری ڕۆشناییەکان بوون و درەنگتر پێکەوە لەتەک گوێتە و شیلەردا “کلاسیک ی ڤایمار”یان خستەوە.
شیلەر بەهۆی کارکردنی بەردەوامییەوە لە مێژوودا ساڵی 1789 لە زانستگەی یێنا بوو بە پرۆفیسۆری مێژوو، وەلێ موچەکەی هێندە زۆر نەبوو کە بتوانێت قەرزەکانی بداتەوە. ساڵێک دوای ئەوە لەتەک شارلۆتە فۆن لێنگەفێلددا چووە پەیوەندیی هاوژینییەوە. وەلێ ئەو بەردەوام پتر تووشی نەخۆشیی سەخت دەبوو. ساڵی 1793 یەکەم زارۆکی هاتە جیهانەوە.
شیلەر ساڵی 1793 پێکەوە لەتەک یۆهان فریدریش کۆتایندا کە بەچاپگەیەنەر و پەخشکەری کتیب بوو، هەنگاوی نا بۆ بەگەڕخستنی پرۆژەیەکی تەواو نوێ: گۆڤارێکی مانگانە کە پاشان گەلێک نووسەر و فەیلەسوف بەشدارییان تێدا کرد، ناسراوترینیشیان یۆهان ڤۆلفگانگ فۆن گوێتە بوو. دەستپێکی پەیوەندیی هەڤاڵێتیی شیلەر لەتەک گوێتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1794. وەلێ کاتێک گوێتە لەو دەمەدا ناسراوترین نووسەری ئەڵمانیا بوو، شیلەر بە پێچەوانەوە تازە ناوبانگی دەردەکرد، بۆیە سەرەتا پەیوەندیی ئەم دوو نووسەرە بە هاڤرکێ تەنرابوو پێش ئەوەی هەڤاڵێتییەکی قووڵ لە نێوانیاندا بێتەگۆڕێ.
گوێتە و شیلەر دوو سەرە مەزنەکەی “کلاسیکی ڤایمار”ن کە لە 1786 تا 1832 دەخایەنێت. ئەدەب یان هونەرێکی کلاسیکی هەردەم دابێکی ئەدەبی یان هونەریی نەمری ڕابوردوو، کەواتە هێشتا هەنووکەیی، دەکات بە نموونەی ئافراندنی خۆیی، ئەمەش پەیوەند بە کلاسیکی ڤایمارەوە بەواتای، نووسەران فۆرمی هونەریانەی ئەنتیکەیان بە ڕێسا ڕوونە فۆرمالەکانییەوە وەک نموونەی کارکردنی خۆیی دانابوو. ئەوجا ناوی ڤایمار دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی سەرهەڵدانی ئاڕاستە ئەدەبییەکە، چونکە یەکەمین نووسەرانی لەو شارە نیشتەجێ بوون.
شیلەر لایەنگر و پێهۆشسامی لە هەموو ئەوروپادا هەبوو. شازادەی دێنەمارک دیارییەکی گەورەی دارایی پێبەخشی، بەمەش دەرفەتی بۆ ڕەخسا سەرلەنوێ دەست بە نووسین بکاتەوە بەبێ ئەوەی خەمی گوزەران بەرۆکی گرتبێت. ئەوجا شۆڕشگێڕانی فەڕەنسا ڕێزێکی مەزنتریان لێنا: ساڵی 1793 بوو بە هاووڵاتیی شەرەفی کۆماری فەڕەنسی. ئاخر شیلەر لە درامای “جەردەکان”دا ئەدگارێکی پۆزەتیڤی بە ڕوداوی شۆڕش دابوو، بەڵێ لە هەمان مەغزای شۆڕشی فەڕەنسیدا هەڵوێستی خۆی بۆ یاخیبوون ڕاگەیاندبوو، تەنانەت بە پەرۆشەوە پێشوازیی لەو شۆڕشە کرد، وەلێ (ئا لێرەدا دێینە نێو جەرگەی وەرچەرخانی شیلەرەوە ڕووەو ئێستێتیک کە لە خوارەوە تەواو ڕووندەبێتەوە) دوای ئەوەی شۆڕش لەژێر دەسەڵاتی ژاکۆبییەکاندا گەیشت بە دەسەڵاتی تێرۆر، ئیدی شیلەر پشتی تێکرد. ئەو تەنانەت 8ی یێنایەری 1793 لە نامەیەکدا بۆ کوێرنەری هەڤاڵی دەنووسێت کە کوشتنی لودڤیشی شازدەیەم لە لایەن تاوانبارانەوە بە ڕادەیەک قێزیان هێناوەتەوە کە ئیدی بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ نەیتوانیوە هیچ ڕۆژنامەیەکی فەڕەنسی بخوێنێتەوە.
قۆناغیکی نوێی کارکردنی شیلەر خەریکبوونییەتی بە فەلسەفەی کانتەوە، بەدووی ئەوەشدا دەست دەداتە نووسینی کارە فەلسەفەییەکانی. کانت وەک “مافی بەرهەڵستی” لەدژی سەروەریی دەوڵەت تەنیا ڕێی بە “ئازادیی قەڵەم” دابوو، نەک زەبری فیزیکی یان چەکداری، کە بە هەمان شێوە هەڵوێستی شیلەر بوو. کارە فەلسەفەییەکانی شیلەر لەم قۆناغەدا بریتین لە: “کالیاس یان لەبارەی جوانی” (1793) کە گۆڕینەوەی بیروڕان بە نامە لە نێوان شیلەر و کوێرنەردا، وەلێ ئەم پرۆژەیە بەهۆی نەبوونی کاتەوە تەواونەکراو مایەوە. ئەم نووسینە سەرئەنجامی خەریکبوونی شیلەرە بە تێگەی جوانییەوە لای کانت. وەلێ کاتێک کانت دەیویست ڕوونی بکاتەوە کە مرۆڤ پابەند بە چە مەرجگەلێکەوە دەرکی جوانێتی دەکات، لێرەشدا هەوڵی دا بڕیارێکی بەگشتی چواندووی چێژ بناسێتەوە، ئەوا شیلەر بە پێچەوانەوە خۆی بە پێکهاتەی جوانێتییەوە خەریک کرد، واتا مەبەستی ئەوە بوو کە پرنسیپێکی ئۆبژێکتیڤی بۆ بڕیاری چێژ بدۆزێتەوە. ئەم نووسینە، هەروەها نووسینەکانی “لەبارەی ناسکی و شکۆ” (1793)، “لەبارەی مەزنێتی” (1793)، “لەبارەی پەروەردەی ئێستێتیکیی مرۆڤ” (1795)، سەر بە ئیدیالیزمی ئەڵمانین وەک ئاڕاستەیەکی هزری کە جەخت لە ئیدێی ئازادی دەکات. لەم ڕوانگەیەوە تەنیا کاتێک مرۆڤ دەتوانێت لە ئازادی وەک ئیدێ تێبگات و پێی بگات، گەر لە سنووری کەتواری جڤاکی و دەوڵەتی تێبپەڕێت، چونکە ئەم کەتوارە کە ڕەوشێکی بەرجەستەیە، ئیدێی ئازادی دەشێوێنێت.
شیلەر لە دوایەمین ساڵانی ژیانیدا ڕزگاری بوو لە خەمی دارایی، وەلێ بەردەوام بەسەختی نەخۆش دەکەوت. بێگومان ئەو لەم ساڵانەشدا زۆر بەبەرهەم بوو. یەکەم ژمارەی گۆڤارە مانگانەکەی بە ناوی “دی هۆرن” (Die Horen) ساڵی 1795 بڵاوکرایەوە و هەر لەو سەرەتایەوە ناسراوترین نووسەرانی سەردەمەکەی هاوکاری بوون، لەوانە: فریدریش هوێلدەرلین، هێردەر، هەردوو برا ڤیلهێلم و ئالێکساندەر فۆن هومبۆلت، فیشتە، ئاوگوست ڤیلهێلم شلێگل، هەروەها یۆهان هاینریش فۆس.
هەروەها یەکەم ژمارەی گۆڤارە ئەدەبییەکەی بە ناوی “موزنئالماناخ” (Musenalmanach) ساڵی 1796 دەرچوو و بڵاوکردنەوەی تا ساڵی 1800 ی خایاند. لەم گۆڤارەشدا گوێتە، هەروەها هەڵبەستڤانان هێردەر، هوێلدەرلین، ئاوگوست ڤیلهێلم شلێگل و تییک کاریان کرد.
لە ساڵانی ئایندەدا، تا 1804، شیلەر چەند کارێکی بەواتای تەواو کرد، لەوانە دراماکانی “ماریا ستوارت” (1800) و “پاکیزەکەی ئۆرلیۆن” (1801)، هەروەها کارەکانی “بووکی مێسینا” (1803) و “ڤیلهێلم تێل” (1804).
فریدریش شیلەر 16ی نۆڤەمبەری 1802 لەقەبی “فۆن”ی پێدرا و هەڵزنێنرا بۆ ئاستی ستاندی ئەڕیستۆکراتی. ئەو لە ئێستا بەدوواوە خۆی ناو دەنا فریدریش فۆن شیلەر. ئەو 09.05.1805 جیهانی بەجێهێشت و لە گۆڕستانی زانکت یاکۆبسکیرشە لە ڤایمار نێژرا.

—————————
(تێبینیی نووسەر: لەتەک بڵاوبوونەوەی دوا بەشی نووسینەکەدا سەرچاوەکان دادەنرێن).




ده بێ چ بکرێت؟.. ناسر بابامیری

پێشه کی:

گۆرانکاریه بنچینه یه مێژوویه کان که هه ڵس و که وته کانی پێشووتری ژێر و ژوور کردوه، هێندێکیان ئه وه نده ده وره ی زایمانه که یان دوور و درێژ بووه، چه ند سه ده زه مانێکی فره توولانی ناێته به رچاو، که له ناخی هه ڵس و که وتی ئابووری و کۆمه ڵایه تی نیزامی پێشوودا گه راێک(وه چێک) شکڵ بگرێت تا له پرۆسه ێکی گه لێک پر ئه زمه و خوێناوی چینێکی نوێ بێته بوون، و چینی ده سه ڵاتداری ئابووری پێشووتر له گۆڕ بنێت! نیزامی کۆیله داری تا فێئوداڵیته و نیهایه ت هه ڵس و که و تی سه رمایه داری که له هه ناوی ئه م نیزامانه دا له دایک بوو. هه ر ئه م نیزامه یش خۆی هه ڵگری گه رای چینێکی تر بوو که له ره وتی به رە و پێشچووندا، ئوردووی کاری له به رابه ری ئوردووی سه رمایه وه ک ته نیا گۆڕ هه ڵکه ن میژوویی پێکهێنا. سه رمایه داری قۆناخی سه ره تای خۆیی به کۆتایی هاتنی ده وره ی مانۆفاکتۆره کان له جه رگه ی وڵاتانی رۆژئاوا به خولقاندن و داهێنان و دۆزینه وه ی ماشینی بوخار، و رێگای ئاسن و شه مه نه فه ر، …چینی پرولیتاریای پیشه یی هێنایه سه ر شانۆی ئابووری سیاسی جیهان. چینێک که چه رخی ئابووری سیاسی وه ک سووژه یکی چالاکی مێژوویی بۆ گۆرانی بنچینه یی ئه م هه ڵسه و که وته سه رمایه دارانه ی له هه موو گۆشه و کناری جیهانی بۆ به رانبه رکێ له گه ڵ ئوردووی سه رمایه به هێزی کاری ئه و ده سوورا. هه لس و که وتێ که ئوردووی کاری له به شه جیاجیاکانی به رهه مهێنان له شوێنی بچووک هه تا کارخانه ی زۆر گه وره شان به شانی یه کتر ریز کرد تا هه ڵس و که وتێک دروست بێت و له هه ناوی ئه م هه ڵس و که وته دا چینی کرێکار به شێوه ێکی ئاشتی هه ڵنه گر بچێته شه ر ی سه رمایه وه!

هه ڵبه ت چینی کرێکار ئیتر کرێکار به و مانای سه ره تاکانی سه رهه ڵدانی سه رمایه داری و قۆناخی مانۆفاکتۆر نییه. واته چینێک که ساڵانیکی دوور و درێژ هه ر کامه له به شه جۆرواجۆره کان له وانه کارگای ئاسنگه ری، رستن و چنین، کووزه گه ری و کشت و کاڵ و وه رزێری…و هێتد سه رقاڵی کار بوون، و خه ریک بوون قوناخه سه ره تایه کانی که ڵه که بوونی سه رمایه داریه ن تێده په راند، به ڵکوو ئیتر کرێکاران له ئاستی به رینی کۆمه ڵایه تیدا و له هه ڵس و که وتی گه لێک زاڵمانه ی شوێنی کار، شان به شانی یه کتر له کارگا و کارخانه کان که پێنج که س تا ده که س و سه دان و هه زاران که سی سه رقاڵی کارن. و هه ڵس و که وت چیتر ته نیا یاسا و رێسای دیاریکراو نییه، که بورژوازی و خاوه نکار به سه ریاندا زاڵی کردووه، و کرێکار له هه ڵس و که وتی”کاری هه رزان و کرێکار بێده نگ” شه و و رۆژ ده کاته وه، به ڵکووئه و هه لس و که وته ی ئوردوی سه رمایه و کویله ی حه قده ست ئوردووی کاریشی خولقاند! کرێکار له هه ناوی ئه م هه ڵس و که وته ی کار و سه رمایه دا و خولقاندنی «ئه رزشی ئیزافه» دا به وه ده گات، مان و نه مانی سه رمایه پێوه ندی راسته وخویی به کار و «زیده بایه» و که ڵه که بوونی سه رمایه وه هه یه. زانست و پراتیکی کۆمۆنیستی و کرێکاری ئه و بیرۆکه و گومانه پووچه ی له قاودا و نه فی کرد گۆیا ئه و بورژوازی خاوه نی ئامرازه کانی به رهه مهێنانه چه رخی ئابووری و ژیانی مرۆڤایه تی ده سوورینێت، به پێچه وانه به بێ چینی کرێکار، بورژوازی ته نانه ت بۆ حه وتووێک ناتوانێ ژیانی ئه نگه ڵی خوێشی دابین بکات!

هه ر چه نده ئه م ره وته مێژوویه له هه موو شوێنه کانی رۆژئاواش به شێوه ێکی یه کسان هه ڵس و که وته کانی پێشوو ئاڵ و گۆڕ تیدا پێک نه هات و ژێر و ژوور نه بوو. بۆ وێنه له بریتانیا زیاتر ئاڵ و گۆره که پیشه یی بوو، و له فه رانسه زیاتر سیاسی بوو، و له ئامریکا تێکه ڵاوێک له هه ر دوو بوو واته ئاڵ و گۆری ئابووری و سیاسی، به ڵام هێشتا چینی کرێکار به و مانایا که دواتر له نیوه ی دووهه می سه ده ی هه ژده دا ناسرا بوو، بۆ به رانبه رکی له گه ك ئوردووی سه رمایه له واقعدا وه ک سووژه ی چالاک و هوشیاری مێژوویی بو ئاڵ و گۆری بنچینه یی له ساحه که دا ئاماده و ته یا ر نه بوو.
شۆرشه کانی بورژوازی له ئامریکا و بریتانیا و هه روەها شۆرشی گه وره ی فه رانسه له ساڵه کانی 1789-1799 بوونه پێش زه مینه بو شۆرشه کانی سالی 1848 و به شوێن ئه ودا مه زنترین دیارده ی دوونیای سه رده م واته «کۆمۆنی پاریس» که سه رتاسه ری جیهانی ته کاندا و چه ند ده یه دواتریش بۆ یه که مجار له مێژووی چینایه تی و سیاسی دا شۆرشی ئۆکتوبری 1917 رووسیه پرۆلیتاریای گه یانده لووتکه ی سه رکه وتن. بزووتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیستی پاش شکستی شۆرشی ئۆکتوبر له رووسیه تا به ئه مرو سه باری ئه وه ی دژی ئوردووی سه رمایه سه نه گه ر به سه نگه ر خه بات و شه ری کردووه، و به رپا کردنی کۆمۆنیزم له ده ورانی کۆمون و شۆرشی ئوکتوبریش زیاتر هه ل و مه رج و زمینه کان بو ده سته به ر کردن و سه رخستنی شۆرشی کرێکاری تێدا فه راهمه، به لام هه ر ئه و گه رایشه “رێفۆرمیستیه” که له ئینترناسیونال دووهه م واته 1889 دا ده ستی باڵای په یدا کرد و گه ورترین زه ربه ی له بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری دا، به ڵام به هۆی شکۆی شۆرشی کرێکاری رووسیه وه توانی له ژێر ئه و نسکۆ گه وره یه خۆی رزگارکات و له سه ر هه موو جیهان کاریگه ری گه وره دابنێت!
به ڵام چه ند ساڵ زیاتری نه خایاند، شۆرشی کرێکاری رووسیه له و ئه رک و به رپرسایه تی میژوویه ی کۆمۆنیست خستبوویه ئه ستۆی دوورکه وته وه و گه شه پێدانی پیشه سازی له رووسیه به جێگای ئه رکه کانی شۆرشی کرێکار و سه قامگیر کردنی کۆمۆنیزم باو کرا، و دیسانه وه بوارکان بۆ گه شه و به هێز بوونی گه رایش و مه یله رێفۆرمیستیه کان و ناسیونالیزمی مه زنخوازی رووسیه له ناو بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری زیاتر کرایه و به هێز بوو و بورژوازی جیهانی و ئه و دوڵه تانه ی له شکست پێهێنانی شۆرش ده ستیانبوو به گشتی هۆکار بوون که رکوود و شکستێکی گه وره یان به سه ر بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری نه تنها له رووسیه به لکوو له شوێنه کانی تری دونیاشدا دا سه پاند. رکوود و نووشه ستێک که بووه هۆی ئه وه تا به ئێستا جیهان چیتر شاهیدی گۆران و شۆرش گه لێک وه ها شکۆداری میژووی تر له جنسی «کۆمۆنی پاریس » و « شۆرشی ئۆکتوبری 1917» رووسیه نه بێت.
***

بۆ ئه وه ی که زیاتر سه رنج بخرێته سه ر «ده بئ چ بکرێت؟» و نووسراوه که زۆرتر دوور و درێژ نه بێت، که متر باسی هه ڵچوون و داچوونی خه باتی بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری به دژی رژیم سه رمایه داری کراوه و ته نیا بابه ته هه ر سه ره کیه کان ورووژاوه و خراوه ته به ر لێکدانه وه. ده یه ی سه ره تایی شۆرشی 57 ده وره ێک بوو که کۆمه ڵگا وه ک بورکانێک ته قیه وه و جۆش و خروشێکی شۆرشگێرانه ی به رفراوانی لێکه وته وه، که ش و هه وای شۆرشگێرانه باڵی به سه ر هه موو کۆمه ڵگادا کێشابوو و هێشتا رژیم سه رمایه داری ئاخوندی نه یتوانی بوو سه قامیگیری سیاسی ده سته به ر کات، چین و تۆیژه کانی کۆمه ڵگا بۆ به ره نگار بوونه وه له گه ڵ ئه م رژیم کۆنه په ره سته له هه موو ئازموونه کانی به ره نگاری و خه بات له دژی رژیمی په هله ویش که ڵکی وه رده گرت و هێزی خۆی ئه زموون ده کرد تا بتوانێت بناخه ی ژیانێکی ئازاد و یه کسان و شیوای مروڤی ئه ورۆ دامه زرێنێت.

نزیک به نیو سه ده له م ده وره تێپه ربوو، هه ر ده یه ێکی ئه م ده وره یه گه لێک ئازموونی به کرده وه و شه ری سه نگه ر به سه نگه ر، نووسراوه و لێکدانه وه ی قوولی نه زه ری و وتاری رادیویی و دواتر “تی وی” و پلاتفۆرمی تر بوونی هه بوو وه ک کانگاێکی زانستی چینایه تی و سیاسی تا له سه ر هه لچوون و داچوونی دوخه جیاجیاکان ئه و چه ند ده یه، و کوسپ و له مپه ره کانی سه ر ریگای بزووتنه وه کۆمۆنیستی و کرێکاری پشتی پێ به ستبوو.

له راستیدا کۆمه ڵگای ئێران به گشتی و چینی کرێکار و بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی به تایبه ت له باری ئاگایی و وشیاری چینایه تی و سیاسیه وە یه کێک له و کۆمه ڵگایانه یه، که له باری تێئوری کۆمۆنیستی و شۆرشگێرانه و وریایی سیاسیه وە که می نه بووه و نییه، ئه وه ی که سه رباری هه موو که ند و له نده ئاسته م و دژواره کانی سه ر رێگایی یه کێک له کۆمه ڵگا هه ره زیندوو و پڕ جووله کانی نه ته نیا ناوچه که به ڵکوو جیهانه که ساڵانه به چه ند هه زار مانگرتن و ناره زایه تی گه وره و بچووک تێدا به رێوه ده چێت خۆی له خۆیدا سه لمێنه ری ئه م راستییه.

به تایبه ت له م دوایین ده یه دا نزیک به هه ر دوو ساڵ جارێک ئاخێز گه لێکی جه ماوه ری له سه دان شاری گه وره و بچووک له ناره زیایه تی سه باره ت به نا له باری بار و دۆخی ژیان و گوزه رانیان دژ به بێکاری، گرانی، ئاوسانی ئابووری و سه رکوتی سیاسی به دژی رژیم له ئاردا بووه، و هه رجاره درندانه تر له جاری پێشوو له گه ڵ سه رکوت و قه تل و عام رووبه رووبووه. به تایبه ت له ئاخێزی 1404 دا دیتمان کاتێک جه ماوره ێکی به رین له نزیک به دوو سه د شاری گه وره و بچووک له شوێنه جیاجیاکانی ئیلێران و هه روه ها بنه ماله کرێکاریه کانیش هاوشانی ئه وان رژانه سه ر شه قام، و گۆرپانه کانی شاره کانیان گرت و کاتێک چینی کرێکاریش وه ک چینێکی شۆرشگیر له روژانی دواتردا له هێندێک شۆێن به م نارە زایه تیه په یوە ست بوون و ده ستیاندایه خوپیشاندان و مانگرتن له شوینه جۆرواجۆره کان، ئیتر رژیم به ته واوای ته نگی پی هه ڵچنرا. ترس و خۆف له وه یکه جڵه وه ی ئه م ناره زایه تیه میلیونیه بکه وێته ده ستی کرێکاران و ئه وان مانگرتنی سه راسه ری ریکبخه ن، رژیمی گه یانده ئه م ده رنجامه له و په ری ده سته وه ستانی و داماویدا رایله کانی پێوه ندی خه ڵک له وانه ئینترنیت و ته له فوون….له سه راسه ری وڵااتدا ببڕێت و له بێده نگی و دوور له چاوی جیهان هۆلۆکاستێک له سه راسه ری ئێراندا وه رێبخات که مێژووی سه رده م جنایه تی وه های به خویه وه نه دیتبێت.

دیسان ئه م پرسیاره دایمیه دێته ئاراوه، چینی کرێکار سه رباری ناره زایه تیه کان و مانگرتنی پرش و بڵاو، هه زینه گه لێکی قوورس که له م چه ند ده یه دا له به رابه ر رژیمدا به سه ریدا سه پاوه، ئایا هۆی نائاماده یه که ی چیه که وه ک چینێکی شۆرشگێر و رێبه ر و سازمانده ر ناێته مه یدانه وه؟ ئاخرسه ر چینی کرێکار کێ و چۆن ئه و زه رفیه تانه له خۆیدا په روه رده ده کات بو هاتنه مه یدانی هه مه لایه نه که به شیوێکی که م هزینه تر له ئێستا بتوانێ یه کجار بۆ هه میشه ئه م رژیمه ئه نگه ڵه ی سه رمایه داری به چۆکدا بێنێت و له گۆری بنێت.

بزووتنه وه ی کرێکاری له ئێران به ر له وه ی له رێگای کۆسپ و له مپه ره «زه ینیه» کانه وه که رژیم به گه لێک ساز و به رگ و ئامرازی جۆرواجۆر و کاری ئیدئۆلۆژیک و سیاسی که ده یهێنێته سه ر رێی زه ربه بخوات، له رێگای کۆسپ و له مپه ره «عه ینی» کان له وانه دام و ده زگاکانی سه رکوت و داپڵۆسین و به خوێن کێشانی بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری، لێدانی حزب و ریلێکخراوه و تشکیلات و رێکخراوه ی سه ربه خۆی کرێکاری و له هه موو گرینگتر هێرشی بیرحمانه کردنه سه ر شۆرا کرێکاریه کان بوو که له شوێنی کار و ژیان پێکهاتبوون. هه ڵکوتانه سه ر و راماڵین و پاکتاو کردنی شۆراکان له لایه ن ده وله تی سه رکوتگه ره وه تا لێدانی بزوتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیسته کان که به ردی بناخه ی ئه م شۆرایانه یان دانا، هه موو بۆ ئه وە بوو رێگریان بکات تا نه توانن ئیختیاراتی ده سه لاتی سیاسی خویان به ده سته وه بگرن.

واته ئوردوی کار و کۆمۆنیسته کان له کوشتاری به رینی ده یه ی په نجا و به تایبه ت ده یه شه ستی هه تاوی که ده یان هه زار و بگره زیاتر ئینسانی کۆمۆنیست و ئازادیخواز و به رابه ریخواز به شێوه ێکی سیستماتیک قه تڵ عام و تیره باران کران، زه ربه ێکی گه لێک قورسی خوارد. باشتر وایه بگوتری ئه مه حه زه فه فیزیکیانه کۆسپ و له مپه رێکی گه وره بوو له سه ر رێگای بزووتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیستی که به شێوه ی بیلقوه جێگه و پێگه ی به هێزیان بوو به کرده وه ی ده ربهێنن. سه رباری ئه وه یکه ئه م بزووتنه وانه هیچکات له خه بات نه کشانه وه به لام خه باتی و راسانه کانیان زیاتر به ره نگاری بوو و له باشترین حاڵه تدا له ئاستی داخوازیه سه ره تایه کاندا قه تیس مایه وه.
رژیمی سه رکوتگه ری کۆماری ئیسلامی هه ر له سه ره تاکانی هاتنه سه رکار، ته نانه به بێ “یاسای کار!” نووسراوه ی دژه کرێکاری، به کۆمه ڵێک کۆسپ و له مپه ری «عه ینی» و به کرده وه چووه سۆراغی ئۆردووی کار، واته به سه رکوت، به رپێ گرتنی رێکخراوه ی سه ربه خۆی کرێکاری، مه منووع کردنی مانگرتنی سه رتاسه ری و هه ر چه شنه به رێکخراوه و چاڵاکی حیزبی تا فه رمان ده رکردنی جیهاد به دژی سنگه ره کانی شۆرش، و هه روه ها به خوێن کێشانیان، تا لێدانی دوو بزووتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیستی خاوه ن پێگه ی به هێز بۆ ئه وە ی بتوانێت کونترۆڵ و سه رکوتی ده وڵه تی له ده ستدا بێت. ئه م سه رکوت و کوشتارانه، ته نیا به شێوه پولیسی و ئه منی.. نه بوو به ڵکوو هاوکات شوێنی کار و ژیانی کرێکاران و چینه ژێر ده ستکه کانی تریشی گه لێک پاوانخوازانه کردبووه مه یدان رمبازێنی میلیتاریستی خۆی.
هه ر له سه ره تاکانی هاتنه سه ر کاری رژیمی سه رمایه داری ئاخوندی، هه ل و مه رجه کان کار بۆ کرێکارانی دایمی له به شه سه ره کیه کانی به رهه م هێنان به زۆری هێنده دژوار و تاقه ت پروکێن بوو که به شێکی به رین له کرێکارانی دایمی و پێشره و که وتنه به ر شاڵاوی سه رکوت و ته نانه ت ئێعدام و یا خود له ژێر زه خت و گوشاردا وازیان له کار له به شی پیشه سازی هێنا. واته به شێکی هه ره زوری ئه م کرێکارانه خرانه په راوێزه وه، به واتاێک یان بێکار بوون، یان چوونه که رتی تایبه ت و کارگابچووک و بێ ناو نیشانه کان. دیاره له که رتی تایبه تیش دۆخه که له که رتی ده وڵه تی باشتر نه بوو!

نه بوونی بیمه ی بێکاری، نه بوونی ئه منیه تی شوغڵی، نه بوونی لانی که م حه قده ستی سه روه خت، که ده وڵه ت و خاوه نکاران هه ر کامه به شێوه ێک خۆی له دابین کردنی ده دزێته وه، هه تا حه ده ستی زۆر که م و گوشاری ره وانی ده رکران و هێتد ئه و کۆسپانه بوون که وه ک سێبه ر به سه ر سه ری کرێکاراندا ده خولانه وه.
ده مه وێت بڵێم: چینی کرێکار له هه ر دوو که رتی ده وڵه تی و تایبه ت له گه ڵ گه لێک کۆسپ و له مپه ری ئابووری بنچینه یی و سیاسی جۆرواجۆر رووبه رووبوون تا هه ڵس و که وتی ی «کاری هه رزان و کریکاری بێده نگ» یان به سه ردا زاڵ که ن. به تایبه ت له م هه ڵس و که وته دا کرێکارانی دایمی چیتر ئه و سووژه گشتی (به کۆیه) نیین که بیلقوه مه ترسیه کی گه وره ن له سه ر ئوردووی سه رمایه، به ڵکوو به شێوه ێک له شێوه کان شکڵی ئه توومیزه و ناجێگیری به خۆ گرتووه!
ئیتر چوار ده یه یه ئوردووی کار بووه ته ئوردووی کرێکارانی زیاتر قه راردادی کاتی، په یمانکار و دواتر “چه کی سپی ئیمزا” و ئه م ره وته به زور له ئێراندا هه مه گیر بووه. ئه مه ته نیا گورانێکی ره وڵه تی ماف یا ئابووری نییه، به ڵکوو ئه مه شکاندنی بربره ی پشتی یه کگرتنی کرێکارانه وه ک چینێکی به رین له به رهه م هێناندا. کرێکار کاتێک که هه ر سێ مانگ، یان شه ش مانگ، یان ته نانه ت بێ قه رارداد کار ده کات، به دشواری ده توانێ له شوێنی کار له گه ل هاوچینه کانی پێوه ندی ئورگانیک و چر و پر درووست کات که بگاته ئه و ئاسته رێکخراوی سه ربه خۆ و خاوه ن ئێختیار بۆ به ره و رووبوون له گه ڵ ئوردوی سه رمایه لێبکه وێته وه.
یان ته نانه ت «مه جمه عی گشتی» که بنه ما و فه لسه فه ی هه بوونی لابردنی کۆسپ و له مپه ره یاسایی و حوقوقیه کانه به ڵام بۆ کرێکاران وه ک کارێکی پر مه ترسی لیهاتووه، هه رچه ند رێگاێکی تر بوونی نییه و ده بێ دره نگ یا ن زوو نه له یه ک شوێن به ڵکوو له هه موو شوێنه کانی کاری گه وره و بچووک «مه جمه عی گشتی» وه ک سلولی بنه ره تی شۆرا ببێته به شێک له سیستمی زیندووی راگرتنی خه باتی چینی کرێکار و ته نانه ت کۆمه ڵگاش له به رابه ر ئوردووی سه رمایه دا.
چینی کرێکار دره نگ یان زوو مه حکوومه به وه بچێت به ره و پیری پێکهێنانی «مه جامعی گشتی» له هه موو به شه کانی به رهه م هێنان و ته نات خزمه تگوزاری و ته نات سه رجه م کۆمه ڵگا! به دڵنیایی «مه جمه عی گشتی» ئه گه ر له شوێنێک به ته نیا پێک بێت و ته نیا بکه وێت وه ک ئه و ئه زموونه ی له «حه وت ته په» شکڵی گرت و به ره و ئه وه ده چوو په ره بستێنی به ڵام رژیم به خێرایی به ر له وه پل بهاوێته به شه کانی تری به رهه م هێنان به رێگای جۆراوجۆر هه وڵی به شکست کێشانی دا و توانی له نیهایه تدا به ر به په ره ساندنی بگرێت و ته نانه ت ناره زایه تی و مانگرتنه کانیشی به گرتن و ئه شکه نجه و ئازار پرش و بلاو کاته وه و نه هێڵێت «مه جمه عی گشتی» کاریگه ری و ده وری تایبه تی خۆی ببینێت و په ره بستێنی.
کاتێک ئه م کۆسپه «عه ینی” یانه به کرده وه ده رهاتن، و هێزی مادی ئوردووی کار له به رابه ر ئوردووی سه رمایه(ده وڵه ت و خاوه نکار) لاواز و لاوازتر بوو، ئینجا کاتی ئه وه یه باس له هۆکاره کانی پاشه کشه و له مپه ره «زه ین»یه کان بکریت. بار و دۆخێک که تێیدا ته نانه ت ئیراده ی خه باتیش به هاسانی ناتوانێت کرده وه ی گشتی کاریگه ر پێکبهێنێت.

هه ر له سه رو به ندی ده یه ی شه ستی هه تاویدا رژیم بو تێک شکاندنی هێزی ئوردووی کار “شۆرای ئیسلامی کار!” و دواتر “خانه ی کاریگه ر” ی دروست کرد، تا له سه ره وی چینی کرێکار سوونه ته دواکه وتوانه و دژه کرێکاریه کانی خۆی له شوێنی کار به زه به ر و زه نگی ماشینی سه رکوتی ده وله تی وه گه ر بخات!

و له درێژه ی ئه م هه وڵه کونه په ره ستانه دا و بۆ زیاتر چه سپاندنی ساڵی 1360 ” یاسای کار” یش وه ک نووسخه ێکی زۆر کۆنه په ره ستانه و دژه کرێکاری هاته ئاراوه. ئه ویش نه وه ک خاڵی ده ستپێک، به ڵکوو وه ک مۆرکی ته ئید و چه سپاندنی یاسا و حوقوقی هه ر ئه و دواکه توویه که به هه زینه ی گه لێک قورس به چینی کرێکار ته حمیل ببوو. به ڵام دیسان هێزی چینی کرێکار سه باری پرش و بڵاوی و نه بوونی رێکخراوی سه ربه خۆی خۆی، له شوێنی کار و ژیانی بو ده سته به رکردنی مافه سه ره تایه کانی له به رابه ر ئودووی سه رمایه دا له خه باتی به رده وامدا بوو.
به ڵام رژیم به داسه پاندنی کۆسپه و له مپه ره «عه ینی» کانیش وازی نه هێنا. چونکه ده یزانی کۆسپه «عه ینی» یه کان ئه ر له ئاستی «زه ین» یشدا ته سبیت نه بن، جێگیر و سه قاگیر نابن. بۆیه به م پێیه کۆسپه «زه ین»یه کان وه ک ته واوکه ریش زیاتر له جاران په ره ده ستێنن.

جیاوازی گه لی ئیدئۆلۆژیکی، ناسیونالیستی، مه زهه بی، نژادی و جنسی و گه لێک دە سته به ندی تر به رنامه بۆ دارێژراو ده وروژێندرێت و زیاتر و زیاتر باوه شێن ده کرێت. رژیم هه وڵده دات، سه ره کیترین کێشه و ئه زمه کان و (ته زاده) دژبه ره کانی کار و سه رمایه که باڵی ره شی به سه ر هه ڵس و که وتی ئوردووی سه رمایه و کاردا کێشاوه به شێوه ێک له شێوه کان لاوه کی نیشان بدات، به جێگای ئه و ئه و ته زادانه کێشه ی ناوخۆیی ئوردوگا بوروژێنێت و خاوی کرێکارانی پێ ببه ستێت. به واتاێکی تر کرێکاران به جێگای بایه خدان به هاوچاره نووسی، خۆیان له م ئوردودا وه ک دوژمن یه کتر ببیننه وه. به ڵام کرێکاران جگه له ئه زموونی پر بایه خی خه بات له گه ڵ رژیم پێشووی په هله وی و هه روه ها ئه و ده سکه وتانه له ساڵه کانی خه بات له دژی رژیمی ئاخوندی و هه ر وه ها پشت به ستن به سه رچاوه ی ده وڵه مه ندی«مارکسیزمی شۆرشگێر» که ساله کانی سه ره تای شۆرش بده ستی هێنا بوو، و ده رس وه رگرتن له ئه زموونی زیندووی ته حه زوب به گه شتی (که له و چه ند ساله پاش شورشی ئیران به ده ستهاتبوو و به خێرایی له گه ڵ هێرشی به ربڵاو و و ه حشیانه ی رژیم رووبه روو ببوو) به راده ێک له زانستی سیاسی و چینایه تی گه یشتبوو که نه که وێته ناو داوی فریوده رانه و سیستماتیکی رژیم و هه وڵه کانی ئوردووی سه رمایه له م بواره دا توانی به زۆری پووچه ڵ کاته وه و زیاتر له وه نه توانی هه زینه یان پێ ته حمیل بکات.
سه رباری داسه پاندنی وه ها هه ڵس و که وتێکی زاڵمانه به سه ر ئوردووی کاردا، دیسان رژیم نه یتوانیوه به ته واوی رێگر بێت له سه ر رێگای پێکهێنانی سه ندیکاکان، «کومه یته ی په یگیری» و «کومه یته هه ماهه نگی»…بۆڤداکۆکی له ماف و به رژ ه وه ندی کرێکاران. به ڵام به هۆی ئه و هه ڵس و که وته دواکه وتوانه یه ی شوێنی کار و یاساگه لی دژی کرێکاری که به تایبه ت به سه ر سه ری کرێکارانی دائیمیه وه هه یه، هه ل و مه رجێکی خولقاندووه که به شی هه ره زۆری ئه م کرێکارانه واته زیاتر له 80% یان به ره و ریزی کرێکارانی «قه راردادی کاتی» و «په یمانکاری» و «چه کی سپی ئیمزا» پال پێوه نراون و به رده وام ئه م هێزی کاره به رینه، رێژه که ی له گۆراندایه و به له سه ر کار ده رکردن و نه قڵ کردنیان له م شوێن بۆ ئه و شوێن له هه وڵی پرش و بڵاو کردنیدان.

واته ئه گه ر سه ندیکاێک بیهه وێت به هیمه ت و ئیبتکاری پێشره وانی کرێکاری له شوێنی کار پێک بێت، تا سه ندیکا بیهه وێت پێوه ندیه ئورگانیکه کانی چر و پڕ کاته وه له گه ڵ سه رجه م کرێکاران و ئاماده یی گشتیان بۆ رووبه رووبوونه وه له گه ل یاسای دژه کرێکاری و ده رکردن و جێگۆرکێی کرێکاران تێدا سازبکات، به ده یان و سه دان به هانه له وانه ته واو بوون قه ردادی کاری و شتی تری له م چه شنه له لایه ن ده وله ت و خاوه نکارانه وه ده که ونه ژیر زه خت و گوشار و راو و دوونان! به واتاێکی تر ناهێڵن سه ندیکا ئه و جۆره ی شیاوه پێوه ندێکی چڕ و پڕ له گه ڵ کرێکاراندا پێک بهێنێت و توانایی به کرده وه ده رهێنانی ویست و داخوایه کانیان هه بێت و هێز بدات به خه باتی کرێکاران و هه وڵه کانی سه ندیکا زۆرتر له چوارچێوه ی راگه یاندندا قه تیس ده مێنێته وه.

هه ر وه ک چۆن «کومه یته کان، ئه نجوومه نه سه ربه خۆکان»ی جیا له ده وڵه تیش هه ر له دۆخێکی وه ک سه ندیکادا به سه رده به ن. به ڵام تا ئه و جێگه ی بۆ «مه جامعی گشتی» ده گه رێته وه، فه لسه فه ی بوونی به ته واوه تی جیاوازه له سه ندیکا و نیقابه کرێکاریه کان. «مه جمعی گشتی» هه ڵگری گه لێک تایبه تمه ندیه، یه کێک له وانه ئه وه یه چاوه رێی وه رگرتنی ئیجازه له هیچ شوێنێکی ده وڵه تی و خاوه نکاران نامێنێته وه، به پێچه وانه هه موو ئه و یاسا و رێسا پڕ و پووچانه ی له سه رێگای دانراوه لاده دا تا هێزی واقعی کرێکاران به کرده وه له گۆرپانی کار و خه باتدا وە گه ڕ خات. نیشانی بدات که ئه و هێزه ده توانێت نه چێته ژێرباری ئه و زه خت و گوشارانه و ئه و کۆسپانه ی ویستوویانه و ده یانهه وێت به سه ریاندا بسه پێنن.

ئێستا باسی سه ره کی ئه وه یه، کاتێک رژیم له لاێک به شێوێکی بنچینه ی هه ڵس و که وتێکی ته واوه ن دژه کرێکاری به زۆری ماشینی سه رکووت به سه ر شوێنی کار دا سه پاندووه و له لاێکی تریشه وه به یاسای دواکه وتووانه هه ل و مه رجێکی خولقاندوه که کرێکاران به ردوام له شوێنه کانی کار جێ گۆرکیان پێ بکرێت و به کرده وه ئیمکانی ئه وه یان لی بسه ندرێته وه رێکخراوه ی سه ربه خۆ ساز بکه ن بۆ رووبه روو بوونی خه باتکارانه له دژی ئوردووی سه رمایه و چیتر ئاوا هه زینه قورس نه دات، دیسان له گه ڵ ئه و پرسیاره هه میشه یه رووبه روو ده بین، «ده بێ چ بکرێت؟».

هه ر وه ک پێشووتر باس کرا، هه بوونی سه ندیکا و نقابه ی کرێکاری له هه ناوی ئه م بازاری کار و یاسای جه نگه له دا که رژیم زاڵی کردووه نیشان ده دا ئامرازێکی کارساز نییه، و تا به ئێستا سه رباری ئه و هه زینه قورسه ی که کرێکاران بو پێکهێنانی ئه م رێکخراوه سه ربه خۆیانه داویانه، له گه ل ده سکه وته کانیان به راوه رد ناکرێ و زیاتر له ئاستی راگه یاندراو و ئاگاگه ریدا ماوه ته وه، و نه یتوانیوه له نێوان رێبه ران و پێشره وانی کرێکاری و به ده نه ی ئه م چینه به رینه دا پێوه ندێکی توند و تۆڵی ئورگانیک دروست بکات. ئه گه ر نه ڵێم ئه م جوره پێوه ندیه ته واوه ن بوونی نییه ده کرێ بگوترێ هێنده لاوازه و ناکارایه که کاردانه وه ێکی ئه وتویان له سه ر ریکخستنه کان نییه، هه ر به هوی ناکار بوونی ئه م ئامرازه زۆر زوو له لایه ن هێزه ئه منیه کانی ده وڵه ته وه شناسایی و ده ستبه سه ر و حه زف ده کرێن بێ ئه وه ی به ده نه ی ئه و چینه به رینه به و هۆکارانه ی باس کران، بتوانی هه وڵێک جدی و لێبراوانه بو ئازادیان بدات!
بهێلن با مه به سته که م به باس کردن له سه ر موعه لیمه کان وه ک به شێک له چینی کرێکار روونتر بکه مه وه. موعه لیم خۆی به شێک له چینی کرێکاره که گه رایش و مه یلی بورژوازی زور به رنامه و ئامانجدار هه وڵده دا له نێو کۆمه ڵگا و ته نانه ت له نێو کرێکارنیشدا ئه و بۆچوونه جێ بخات که موعه لیم چونکه هێزی “ناموه لیده” و گه رایشی دژی سه رمایه داری نییه، ئه م به شه له چینی کرێکاری “مو ه لد” به ته واوی داببرێت و له نێوانیاندا که لێن و دیوار ساز بکات.
له راستیدا ئه و یه کێک له ئامرازه کانی بورژوازی بو ئه وه له نێوان کرێکارانی فکری و جه سته یی وه ک چینێکی واحدی یه کگرتوو به ئاوه ژوو کردنه وه ی دوکتورینی«کرێکاری موه لد و ناموه لد» که لێن و ناکۆکی بخاته نێو چینی کرێکار که ته نیا موعه لیمانیش نین به ڵکو ریزی میلیونی هه مو کرێکارانی به شه جیاجیاکان له خزمه تگوازریش له خو ده گریلێت و به م بیانوه ده یانهه وێت رێگری بکه ن له یه کگرتووی و هاوپشتی سه رتاسه ری ئه م چینه به رینه ی کۆمه ڵگا.
ئه گه ر سه رنجتان دابێت، رژیم به پشت به ستن به م ستراتژیه، که متر له به شه کانی تری چینی کرێکار، شوێنی کاری موعه لمه کانی خستووته ژێر باری قورسی ئه و گوشار و گورانه بنچینه ییه ی جێگۆرکێ پێکردن و و قه راردادی کاتیه وه. واته مه درسه کان ئه و به شه له شوێنی کارن که که متر له گه ڵ ساختاری کاری شوێنه کانی تری کار رووبه روون و زیاتریان به شێوه ی دائیمی و په یمانی له و پیشه یه دا دامه زراون. هه ڵبه ت رێژیکی به رچاو له و موعلمانه ی که به شێوه ی«حق التدریسی» یا له که رتی تایبه تیش کار ده که ن له گه ڵ هه ل و مه رجی گه لێک دژوارتری کار و ژیان به به راوه رد له گه ل موعلمانی دائیمی رووبه روون.
به هۆی ئه وه ی رێژه ی موعه لم به قه راردادی کاتی و «حق التدریسی» به گشتی له کۆمه ڵگای ئێراندا له رێژه ی موعه لمی دایمی و په یمانکاری زۆر که متره، سه رباری ئه وه ی ئه وانیش له گه ڵ هه ره شه و زه خت و گوشاریی رژیم به ره وروون، به ڵام به و هویانه ی باسکرا که متر مه ترسی جێگۆرکیان له سه ره و توانیویانه جێگه و پێگه ێکی تا راده ێک چه سپاوتر له شوێنی کار بۆ خۆیان له ئاستی ناوچه یی و سه راسه ری دا ده ستبه ر که ن.
هه ر به هۆی بوونی ئه م هه ڵس و که وته له شوێنی کاری موعلمدا، ئه و ئامرازه ده فه تێکی باشی بو فه راهه م کرددون تا بتوانن «شۆرای هاوئاهه نگی رێکخروه کانی سنفی موعه لمان» ساز بکه ن، و سه رباری کۆسپه کانی سه رێگایان، هه نگاوی گشتی و به کۆ بۆ به کرده وه ده رهێنانی هه وڵه کانیان له ئاستی سه راسه ریشدا هه ڵبگرن.

خاڵی به هێزی ئه م به شه له چینی کرێکار بۆ ئه و ده گه رێته وه، سه رباری هه ر که م و کورێک و ره خنه ێک که ده کرێت رووبه رووی بکرێته وه، توانیویه تی تا رادێکی زۆر پێوه ندێکی ئورگانیکی سه رتاسه ری له نێوان شۆرا و به ده نه دا ساز بکات و هه ر به م پێیه ش له دۆخه جیاجیاکاندا له زه رفه یه تێکی باشدا توانیویه بانگه شه کانی بۆ مانگرتنی سه راسه ری مه علمه کان وڵام بگرێت. هه ر وه ک چۆن له یه ک ده یه ی پێشوودا چه ندین جار چ له ئاستی ناوچه یی و چ سه راسه ریدا چه ند مانگرتنی شکۆداری رێکسختووه. هه ر چه ند هه موو جارێک له گه ڵ شه پولێکی به رینی سه رکوت و راو دوونان و گرتن و ده سبه سه ر کردنی وه حشیانه ی رژیم به ره و روو بووه. ئیمکانێک بۆ به ریکخراو بوون و ئیبرازی وجوود، که به شه کانی به تایبه ت پیشه سازی و نه وت و پاڵایشگا و شوێنه سه ره کیه کانی تری به رهه هێنان، هه ر له سه رتای هاتنه سه ر کاری رژیم، به شێوه یلێکی ساختاری و به رنامه بۆ دارێژراو چ له که رتی ده وڵه تی و چ که رتی تایبه ت لێی مه حرووم کران.

به ڵام با لێره دا بگه رینه وه بو وڵامی پرسیاری«ده بێ چ بکرێت!». چاره ی کار ته نیا و ته نیا له وه دایه ده ست به کار بین بۆ پێکهێنانی «مه جمه عی گشتی». هه ڵبه ت مه جمه ع” نه وه ک رووداوێک، به ڵکوو وه ک رەوتێکی دایمی که له شوێنی کار وه گه ر خرا بێت. گه وره ترین هه ڵه ئه وه یه «مه جمه عی گشتی» له بازنه ێکی داخراوی و ه ک کۆبونه وه ێکی راگه ێندراو به کات و شوێنی دیاری کراو قه تیس بکرێت. «مه جمه عی گشتی» ده بێ درێژه ی ره وتی ئاسایی کار و ژیانی روژانه بێت. به ماناێکی تر له کاتی پشوودان، وه چانی کورت له کاتی کاردا، یا ته نانه ت له کاتی به رده وامی بوون له کار که کرێکاران شان به شانی یه کتر سه رقاڵی کارن.

ده مهه وێ بڵێم، کاتێ بریاری گشتی و به کۆ ده بێت به به شێک له ریتم و ئاهه نگی به رهه م هێنان، لیره دایه که چیتر ده وڵه ت له گه ڵ« شوێنێکی دیارکراو بۆ هێرش کردن» به ره وروو نییه، به ڵکوو له گه ڵ هه ل و مه رجێکی بێ پسانه و دایمی له به هه م هێنانی گشتیدا رووبه رووه. مه رجی سه ره کی ده بێت په ره پێدانی «مه جمه عی گشتی» بیلێت، نه ک به شێوە ته مه رکوزگه رایی، چونکه دایم سه رکوتی ده وڵه تی له شوینی ته مه ر کوزه وه ده ستی پیلێکردووه. واته رێگا چاره چینی کرێکا«پرولیتاریا» بۆ خه بات و رووربه روو بوون له گه ڵ ئه م ساختاره دوگم و داخراوه که رژیمی به سه ریدا سه پاندوون، و بۆ ئه وه ی ئه م خه باته بو خۆیان که م هه زینه و بۆ رژیم پر هه زینه که ن، ته نیا و ته نیا له رێگای پێکهێنانی «مه جمه عی گشتی» و په ره پێدانیه به رفراوانی له ئاستی سه راسه ریدا مسۆگه ر ده بێت.

به جێگای ئه وه ی له شوێنێک یه ک «مه جمه عی گشتی» گه وره ی ناوه ندی دروست بێت، دروسته که ی ئه وه یه، هاوکات له ده یان و سه دان و هه زاران شوێنی جیاجیا ده یان و سه دان و به هه زاران «مه جمه عی گشتی» له واحد و که رته کانی شه وانه رۆژی شوێنه کانی کار و ژیان دروست بکرێت. هه کام له م «مه جمه عه گشتی»یانه ورد و درشت ئیختیاری بریاردانی هه بێت، نه ته نیا راگه یاندن، یان ئاڵ و گۆر کردنی بیر و را یان ته نیا ئه رکه کانی کورت بکرێته وه بۆ ئاگایی دان و راگه یاندنی وشک و بێ کرده وه. هاوئاهنگی هه بێت، ئه ویش نه ک له سه ره وه، به ڵکو له رێگای نوێنه رانێک که به رده وام ئاڵ و گۆر ده کرێن له رێگای هه ڵبژاردن له «مه جمه عی گشتی» دا.
«مه جمه عی گشتی» شکڵی، ئولوگوی کلاسیکی شۆرایی یه که چینی کرێکار له به رابه ر ئوردووی سه رمایه دا به هێز ده کات، «مه جمه ع گشتی، له گه لێک رووه وه جیاوازه له رێکخراوه کانی وه ک سه ندیکا و نقابه کرێکاریه کان. «مه جمه عی گشتی» رێک به هۆی ئه وه ی پێوه ندێکی ئورگانیکی سه راسه ری به رین له نێو چینی کرێکار و ته نانه ت توێژه کانی تری کۆمه ڵگایش وه گه ر ده خات، خه بات و رووبه رووبوونه وه له گه ڵ ئوردووی سه رمایه که م هه زینه تر و ته نانه ت بریار بۆ مانگرتنی سه راسه ریش ده توانی به شێوه ێکی که م هه زینه به کرده وه ده ر بهێنێت. و هه ر به م پێیه به ره نگاری رژیم تێک بشکێنێت و فه له جی کات. یان تایبه تمه ندێکی تری «مه جمه عی گشتی» له وه دایه به رده وام بوونی هه یه و کرێکاران وه ک ئامرازێکی گشتی دایم له به رده ستیاندایه، هاوکات چون له جه مع هێز وه رده گرێت و نوێنه ره کانی به خێرای له حاڵی گوراندان به م پێیه ش، شناسایی کردنی نوێنه رانی بو هێزه ئه منی و میلیتاریستیه کان زۆر پر هه زینه و ته نانه ت نا مسۆگه ر ده کات.

هه موو له م حه قیقه تاڵه ته ئاگادارین، رژیمی ئێران به ره والی دایمی به شناسایی کردنی رێبه ران و پێشره وانی کرێکاری سه رکوت ده ست پێده کات. هه به م پێیه، «مه جامعی گشتی» نابێت نێوی فه رمی، هه یئه تی ره ئیسه ی دایم، یا وته بێژی دایمی هه بێت. نوێنه ران ته نیا هه ڵگری بریاری «مه جمه عی گشتی» ن، نابێ به هیچ شێوه ێک و له هیچ هه ل و مه رجێکی کاریدا، کارێک بکه ن به هاسانی شناسایی و حه زف بکرێن. له واقعدا شه فاف بوون و ئاشکرا کار کردن ده بێت له ئاستی ویست و داخوازی و بریاره گشتیه کاندا بێت نه ک له ئاستی تاکه که سیدا.
ده وڵه ت له ماوه ی ئه و چه ند ده یه دا به هۆی نه بوونی «مه جامعی گشتی» توانیوه تی به زۆر ملی ده سه ڵاداریه تی سه ره رۆیانه خۆیی به رێته پێش . واته ته واوی زۆر خۆی وە گه ر خستووە نه هێڵێت ئوردوی کار رێکخراوی سه ربه خۆ که توانایی به کرده وه ده رهێنانی بریاره کانی هه بێت به ده سته وه بگرێت. هه ر بۆیه له م هه ڵس و که وته کاریه دا به داسه پاندنی یاسای دژه کرێکاری توانیویه چینی کرێکار په رته وازه بکات و پێوه ندی ئورگانیکی له به شه جیاجیاکان نیشانه بگرێت و ئیمکانی سه ر هه ڵدانیان لی بستێنێ.
شکڵ و شێوه کان تا ناوه رۆکی خه بات و گه ڵاله کردنی ویست و داخوازیه کان ده بێت به جۆرێک خۆ ده رخات، که له کارگای پینج که سی و ده که سی بگره تا کارخانه ی سه دان و هه زاران که سی هه موو تێیدا هاو به رژه وند ببینن. بو وێنه بانگهه شه بۆ ئه م بریارانه وه گه ر بخرێت:
یه که م، حه قده ستی راسته قینه ی سه رتر له هێڵی هه ژاری، دووهه م، هه ڵوه شانه وه ی قه راردادی کاتی و کونترۆڵی گشتی به سه ر ئه منیه ت و سه عاته کانی کارد!. بانگه شه بۆ ئه م خاڵه مادیه هاوبه شانه، به ردی بناغه ی هاوئاهه نگی سه رتاسه ریه، که به تایبه ت به هه ل و مه رج و ئیمکاناتی ئه م سه رده مه ده کرێ به کرده وه ده ربێت نه ک ته نیا به بانگه شه ی سه ر کاغه ز که هیچ زامنێکی ئیجرایی نییه. «مه جمه عی گشتی» ده توانێ خه بات به ئاستی ویست و داخوازیه کان قه تیس نه کات و ته نانه ت هه نگاو هه ڵگرێ بۆ مانگرتنی سه راسه ری و له ویش سه رتر چه رخه ی به رهه م هێنان راگرێت و ئۆردوی سه رمایه فه له ج و به چۆکدا بێنێت. «مه جمه عی گشتی» که هه مه لایه نه په ره بستێنێ ده توانێت وه ک سولول و عونسوری شۆرا بوار بۆ پیداویستیه کانی دروست بوونی شۆرا و ته نانه ت بوار بۆ حیزبی کرێکاری به هێز و حیزبی کۆمۆنیستی له ئاستی سه راسه ریدا له پاش به چوکدا هێنانی رژیم به رادێکی زۆر بخولقێنێت که هه ر دوو وه ک نانی شه و بۆ چون به ره و گرتنی ده سه لاتی سیاسی و تێکشکاندنی ماشینی سه رکوتی ده وڵه تی و به سه رکه وتن گه یاندنی شۆرشی کریلێکاری حه یاتییه!
تایبه تمندێکی تری به رچاوی «مه جامعی گشتی» هاوکات بوون له به کرده ووه ده رهێنانه، نه ئیلزامه ن هاومه کانی. هاوئاهه نگی واقعی له رێگای کاتبه ندی هاوبه شی کرده وه کان به دست دێت، له وه چان گرتنه هاوکاته کانی چه رخی به رهه م هێنان تا که م کردنه وه هاوئاهه نگی خێرایی کار تا سه رپێچی کردنی به کۆ له ئیزافه کاری…له مه ودای دیارکراودا. ئه م چه شنه کرده وانه، جالبی له وە دایه پێویستی به کۆبوونه وه ی فیزیکی نییه، کاریگه ری سه رتاسه ریان هه یه، و تازه ئیمکانی سه رکوت کردنیشان بۆ ده وله ت زۆر زۆر که مه.
«مه جمه عی گشتی» به شێوێک شوێنی گرێدانی ژیانی ده ره وه ی شوێنی کاریشه به «مه جمه ع» ه وه، واته «مه جامع گشتی» ته نیا له چواردیواری شوێنی کاردا قه تیس نییه، که ده وڵه ت به هاسانی بتوانێت خه فه ی بکات. «مه جمه عی گشتی» پێوه ندی به رده وامی هه یه له گه ڵ بنه ماڵه کان، له گه ڵ بێکاران، گره که کرێکاریه کان، خانه نشینه کان، و ته نات مه نتقی «مه جمه عی گشتی» ده بێ په ل بهاوێته زانکۆکان، قوتابخانه کان، نه خۆشخانه، گه ره کی شار و دیهاته کان و ته نانه ت بۆ وڵاتانی تریش په ره بدرێت. له وها که ش و هه وێکدا سه رکوتی مه جامع به واتای په ره ساندنی قه یرانی کۆمه ڵایه تی و سیاسی یه بۆ ده ڵه تی نه نگینی سه رمایه داری و هه زینه که ی بۆ گه لیلێک قورس و ته نانه ت نامومکین ده کات.

«مه جمه عی گشتی» ده بێ هێڵه سووره کان زۆر به دروستی ره چاو بکات، له وانه سه ربه خۆیی به ته واو مانا له ده وڵه ت، دامه زراوه ی فه رمی و ئۆپۆزسیونی بورژوازی، چونکه هه ر چه شنه ناونووسی فه رمی، نوێنه رایه تی یاسایی، یا «به فه رمی ناسیاوی» رێک ئه و که لێنه یه که رێگا ده کاته وه بۆ سه رکوت. «مه جمه عی گتی» کاتێک ناتوانرێ سه رکوت بکرێ که له هه موو شوێنێک بوونی هه بێت، نه ته نیا له یه ک شوێن، نه به شێوه ی کاتی به ڵکوو وریا و ئاگا به ویسته مادیه هاوبه شه کان، نه ک وه ک ئامرازی گوشار به ڵکوو له جێگه و پێگه ی چینایه تی خۆیه وه و وه ک ته نیا سووژه ی مێژوویی بۆ گۆرانی بنه ره تی ئه م هه ڵس و که و ته سه رمایه دارانه بێته مه یدان، و ئاسۆی «مه جامعی گشتی» ده بێ گرێ بدات به لیلێدان و نه فی چه وسانه وه و ده سه ڵاتی سه رمایه داریه وه.
کۆسپه عه ینیه کان، ئیمکانی یه کگرتووی تێک ده شکێنێ، و کۆسپه زه ێنیه کان، ئه م شکسته ئاساسی، و ته نانه ت چاره هه ڵنه گر و ته نانه ت “ره وا” به ئه ژمار ده هێنێت.
له وه ها هه ل و مه رجێکدا، رێکخراو ئه گه ریش دروست بێت، زۆر جاران وە ک ته جروبه نیشانی داوە کارگه ری ئه وتۆی نییه و بێ گیانه، نه ک له رووی که م ئاگابوون و زانستی چینایه تی و لاوازی ئیراده ی کرێکاران، به ڵکو به هۆی تێکشکاندنی هاوکاتی به ستێنی مادی«عه ینی» و ئاسۆی «زه ینی» خه باته وه.
ئه م چه رخه یه، خۆی له خۆیدا ئاڵقه ێکی نوقسان له ده سه ڵات دروس ده کات که تێیدا هه ر جۆره لاوازێکی عه ینی، لاوازیلێکی زێهنی ته شدید ده کات و هه ر پرش و بڵاوێکی زێهنی، زاڵ بوونی “عه ین” ێک مسوگه ر تر ده کات. لووتکه ی ئه م رەوته، هێنانی یاسای له هه رووێکه وه دواکه توانه ی(وه ک یاسای کاری 1369 رژیمی ئێران) ه، که گۆرانی بنچینه یی کار ره واج ده دات و به ره نگاری له به رابه یدا نایاسایی یان ناموومکین ده هێنتته به رچاو. زاڵ بوون به سه ر ئوردوی کار له ده ورانی معاسردا، پروژه ێکی گه لێک ئالۆز و تێکچرماوه که هاوکات هه م «عه ین» و هه روه ها «زێهن» ی چینی کرێکاری کردووته نیشانه بۆ گه یشتن به ئامانجه چه په له کانی. تێگه یشتن له م هه ژمونیه دوو جه مسه ره مه رجی سه ره تایه بۆ گه كاله کردنی هه ر ستراتیژیکی ئازادیبه خشی واقعبین و کاریگه ر. ته نیا به ده رک و تێگه یشتنی دیالکتیکی له م هه مزیستیه ناپیروزه ی نێوان «ساختار و ئیدئۆلۆژی» یه ده توانرێ هیوا به شکست پێهێنانی ئه و ئالقه نوقسانه ی جیاکاری و دووبه ره کایه تی بهێنرێت و «ئێمه» گشتی ببووژێته وه، که له باری مێژوویه وه «ماتۆری به حه رکه ت ده رهێنانی ئاڵ و گۆری شۆرشگێرانه یه.
سه رمایه داری جیهانی و له سه روی هه موویانه وه ولاتانی وه ک ئامریکا، بریتانیا، فه رانسه و ئاڵمان پاش شۆرشی سالی 57 توانیان له رێگای “گه ڵاله ی گوادالوپه وه” رژیمی ده ستپه روه رده ی خۆیان به رێبه ری جه لاد خومه ینی سوار شه پولی شۆرش بکه ن و به ته واوی موساده ره ی بکه ن. ئێستا نزیک به پێنج ده یه ی چینی کرێکاری ئێران و خه ڵکی ژێرده ست و سته م لێکراو له لایه ن ئه م رژیمه وه بێ به زیانه ده چه وسێته وه که سه رمایه داری جیهانیش تێدا هاوبه رژه ونده. سه رمایه داری له شۆرشه کانی پێشوو، به تایبه ت له کۆمۆنی پاریس و شۆرش کرێکاری ئۆکتوبری 1917 ی رووسیه ئه م ده رسه فێر بووه، چینی کرێکار ته نیا له گۆرپانی هه ڵس و که وتی شوێنی کار نابێت شکست بدات، به ڵکوو ده بێت له رێگاکانی تریشه وه له وانه گه شه پێدانی مه یلی ریفۆرمیستی و پر و بال پێدانی سه ندیکا و نقابه ی کرێکاری فه رمی زه رد، ته نانه ت داکۆکی له پێکهێنانی رێکخراوه ی سه ربه خۆ و حیزبی کرێکاری رێفورمیستی بۆ شکست و هه رس پێهێنانی خه باتی ئوردووی کار که ڵک وەرگرێت. به واتایکی تر ئاسۆی چه پی «هه مه با هه می» و گوتاری “دیموکراسی بورژوازی و مافی مروف” ئامرازێکه کارایه، ئه و ده وره یه له وڵاتانی جوراواجوردا، چینی کرێکارێ پێی له خه باتی چینایه تی و ئاسۆی ئینترناسیونالیستی و کومونیستی دوور دە خاته وە. تا به جێگای ئاسۆی شکست خواردووی سه رمایه وه ک دوورنما نیشان بدات !
وڵاتانی رۆژئاوا و جه مسه ره کانی تری سه رمایه داری ناوچه که ش ده بینن رژیمی سه رمایه داری ئێران، له ماوه ی ئه و چه ند ده یه دا، وه ک رژیمێک که به رژه وه ندی سه رمایه داری جیهانی ده پاریزێ و پاسداری ده کات، ته نانه ت ئه گه ر به قیمه تی هولوکاستی کومه ڵگای ئێرانیش بووبێت له به جێ هێنانی ئه رکی خولۆی له به رابه ر ئوردووی سه رمایه به مسقال کۆتا نه هاتووه، و نه ته نیا پێوه ندی ئورگانیکی بزوتنه وه ی کرێکای ئێرانی له ناوخۆ مه حرووم کردووه، به ڵکوو پێوه ندی ئورگانیکی ئه وانی له گه ل هاوچینه کانی له ئاستی جیهانیشدا به ته واوی لاواز کرده وه و ته نیا به داکۆکی له فزی و به یانیه پشتیوانی و ئاکسیونه کان قه تیس کراوه.

هه ڵبه ت لیره دا دەمهه وێت، له جیاوازێکی سه ره کی که پرولیتاریای وڵاتانی رۆژئاوا له گه ڵ پرولیتاریای ئێرانی ژێر ده سه ڵاتی رژیمی سه رمایه داری ئاخووندی هه یه تی باسێکی کورت بکه م. له وڵاتانی رۆژئاوا پرولیتاریا ئازادێکی نه سبی هه یه و له مافی رێکخراوه ی سه ربه خۆیش له وانه سه ندیکا و نقابه ی کرێکاری و حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستیش به هره مه نده، هه ڵبه ت ئه م حاڵه ته ش بۆ ئه وه ناگرێته وه که گۆیا سه رمایه داری له م گوشه ی جیهان به هۆی بیری ئازدایخوازیه وه وه ها هه لێکی ره خساندووه یان لایه نگری مافی به شه ریه ته، نه به دڵنیایی وا نیه، به ڵکوو ئه م رادە له ئازاد بوون و که ش و هه وا نسبیه ش به رهه می چه ندین ده یه یان باشتر بڵێین چه ند سه ده خه باتی کرێکاران و کۆمۆنیسته کان و به ره ی ئازادیخوازی و به رابه ری ته له به که له پێناویدا هه زینه گه لێک قورسیان داوه، تا به ئێره گه یشتوو!
به ڵام هه ر ئه م ده سکه وتانه ش زۆر جار هه وڵ دراوه و ده درێت دیسان ره وت بکرێ و یان له دژی خۆمان به کار بهێنن. ئه مه له حاڵێکدایه که له ئێران ئه م ئازادیه نسبی و ماوفانه نه ته نیا له چینی کرێکار به ڵکوو له زۆرینه ی به رینی کۆمه ڵانی خه ڵکی ئێران به ته واوی زه وتکراوه.
به ڵام ئه گه ر ته سه وری ئه وه تان کردووه ئه م ئازادیه نسبیه ی کرێکاران و مافی رێکخراوی سه ربه خۆ له ده وڵه ت و پێکهێنانی ئه حزابی کرێکاری و کۆمۆنیستی له وڵاتانی سه رمایه داری رۆژئاوا هاوسه نگی هێزێ به قازانجی ئوردووگای کار گۆریوه، تووشی هه ڵه ێکی زۆر قورس بوون. له وڵانانی رۆژئاوا ئه م سه ندیکا و نقابه کرێکاری و ئه حزابی کرێکاری و کۆمۆنیستیه، راسته به شێوه ێکی ئازادانه رێگای دروست کردنیان ده درێتی و ته نانه له ئاستی میلیونیشدا ده توانن ئه ندام وه بگرن، به ڵام زۆربه ی هه ره زۆریان له به یانی واقعدا به رژه وه ندی چینی کرێکار نه ته نیا نوئنه رایه تی ناکه ن به ڵکوو ته نیا و ته نیا ئامرازێکن بۆ سات و سه ودا و به تایبه ت راوێژکارە کانیان زیاتر دەڵالن له نێوان ده وڵه ت و خاوه نکاران نه ک نوێنه ر، هه ر به م پێیه ئه رکی سه رە کیان دوور خستنه وە کرێکارانه له ئامانجه سه ره کیاکانیان و هیچی تر.
بۆ وێنه حزبی کرێکاری بریتانیا یه کێک له ئه حزابی خاوه ن پێشینه کۆنی کرێکاری ئه و وڵاته یه و به چه ند میلیون ئه ندامی هه یه. یان ئیتحادیه(نیقابه) و سه ندیکاکانیش به هه مان شێوه. به ڵام زۆرینه یان نه ته نیا به رژه وندی راسته قینه چینی کرێکار(پرولیتاریا)ی بریتانیا نوێنه رایه تی ناکه ن به ڵکوو خۆیان بوونه ئامرازێکی زۆر کاریگه ر تا پرولیتاریا له به رانبه ر سه رمایه داریدا عه قیم بکه ن.
هه ره وه ک چۆن چه ند ده یه به ر له ئێستا مارگارت تاچر(له دامه زرێنه ران و داهێنه رانی یاسایی دژه کرێکاری، که هه ر به م بوونه وه به خاتوونی ئاهه نین ناوبانگی ده رکرد) له وڵام به پرسیاری وتووێژێکی تایبه ت له سه ر حزبی کرێکاری بریتانیا که لێده پرسن:«ئێوه بۆچی مه یدانتان بۆ گه شه کردنی حزبی کرێکاری بریتانیا ئاواڵا کردوه؟» له وڵامدا “خانمی تاچر” زۆر راشکاوانه ده لێ:«ئه م حیزبه هه ر ئه و به ڵای که من ده مهه ویست به سه ر چینی کرێکاری بریتانیای بهێنم رێک خه رێکه ئه و کاره ده کات، که وایه زۆر روونه که من رێگری له گه شه کردنی ناکه م.»(نه قل به مانا)
یان نقابه کرێکاریه کانی ئاڵمان له وانه «دویچه گروکشافت بۆند» و «وێردی» و «د.گ.ب» که هه ر کام زیاتر له شه ش هه زار ئه ندامیان هه یه، به ڵام چالاکیه کانی ئه و چه ند ده یه یان زیاتر پێداگری بووه له سه ر سێ مێحوه ر. یه که م وتوێژ و دانووستان له سه ر زیاتر کردنی حه قده ستی 1% تا 5% ی له گه ل ده وڵه ت و خاوه نکار، ئه وه ی به “سی جانبه گه رایی” له جیهاندا ده ناسرێت. دووهه م که م کردنه وه ی سه عاتی کار له حه وتووی 40 سه عات بۆ که متر له 40 سه عات کار، ئه ویش تا به ئێستا ئاکامێکی ئه وتۆی نه ته نیا نه بووه به ڵکوو به تازه ی باسێکی گه لێک داخ له نێو مه جلس و شوێنه کانی تری ده وڵه تی له لایه ن باڵی راسته و مه یانه ره و رێکه وتووه که خوازیاری ئه وه ن سه عاتی کاری حه وتوانه له به شێک له ناوه ند و شوێنه کانی به رهه م هێنانی بکرێته 48 سه عات. سێهه م ته مه نی خانه نشینی له 67 سال دابه زێته 65 سال.
ده مهه وێت بڵێم، ئه م نقابه و سه ندیکایانه زۆربه یان له راستید ئوردوی کاریان به قازانجی ئوردوی سه رمایه به هزینه ێکی زۆر که م بێده ست و عه قیم کردووه. به واتاێکی تر ئه م نقابه و سه ندیکایانه بۆ به شێکی زۆر له “ریبه ران”ی ئه م رێکخراوانه بوونه ته بونگایی سات و سه ودای ئابووری گه وره، که هه ر کامه یان له به رانبه ر داسه پاندنی رێفورمیزم به سه ر چینی کرێکار و دوور خستنه وه ی له خه باتی شۆرشگێرانه و لێبراوانه دا، رێژه ێک له سه هامی ساڵانه ی ده وڵه ت و خاوه نکار ده چێته گیرفانی.

چینی کرێکاری ئاڵمان، که هه موو چه رخه ی به رهه م هێنان به هێزی کاری ئه و ده سوورێت، و به به رهه می کاری ئه م چینه ده توانرێ، هه مووئیمکاناتی رفاهی و نه عه ماتی ژیانی شیاوی ئینسانی ئه ورو نه ته نیا بۆ دانیشتوان و شارومه ندانی وڵاتی ئاڵمان، به ڵکوو بۆ دوو تا سێ به رابه ری رێژه ی شارومه ندانی ئه م وڵاته دابین بکات، به ڵام به پێچه وانه ئێمه شاهدی بێکاری، گرانی، ئاوسانی ئابووری و ده رکردنی کرێکاران له ئاستیلێکی زۆر به رزداین که له مێژووی ده یان ساڵه ی ئه م وڵاته دا که م وێنه یه. هۆکاری ئه وه ی بوۆ له وه ها هه ل و مه رجێکی دژوارداین زۆر روونه.
ده وڵه تی سه رمایه داری ئالمان و ده وڵاتانی تری رۆژئاواش، له هه موو ئامرازە کان و رێگاکان بۆ که م کردنه وە ی حه قده ست و وەر گرتنه وە ی ئه و مافانه ی پێشوتر به دە ست هاتووه که ڵک وەر دە گرن تا سه رمایه زۆرتر که له که که ن و «ئه رزشی ئیزافه»(زیده بایی) زیاتر به چنگ بێنن. بورژوازی روژئاوایش له م سه ری دونیا شیره ی گیانی پرولیتاریا ده کێشێت تا هه زینه ی میلیتاریزم و شه ری نیابه تی ناتۆ له مه یدانی نیزامی و هه روەها له مه یدانی ململانێی ته کنیک و فنون و پێشبرکێی ته سلیحاتی دابین بکات و رکه به رانی جیهانی خۆی پێ له مه یدان به ده رکات. و له و سه ری دونیایش زل هێزه جیهانیه کانی تری سه رمایه داری به چه وساندنه وه ی بی ره حمانه له بازاری”کاری هه رزان و کرێکاری خامۆش” به سدووری سه رمایه بۆ گوشه و که ناری جیهان له هه وڵدان تا هێژمونی خۆیان به سه ر رکه برانیاندا بسپێنن و له م ێیناوه دا هه ر دوو دۆزخێکی راسته قینه یان بۆ به شه ر یه ت له سه ر گۆی زه وی خولقاندووه. سه رمایه داری ته نیا له ئاکامی چه وساندنه وه ی چینی کرێکار که «ئه رزشی ئیزافه» بده ست ده هێنێی، زه خت و گوشار ناخاته سه ر ئه م چینه به رینه، به ڵکوو دواتریش له رێگای کرێ خانوو، کاره با، ئاو، نان، هه زینه کانی تری ژیانیش، شتێک بۆ کرێکاران ناهێڵێته وه، جگه له وه ی ده بێ دیسان وزه ێکی هه بێت بۆ ئه وه ی هه ر رۆژ ئاماده بێت وە ک رۆژانی پێشووتر هێزی کاری هه رزان فروش کات. ئوردوی کار به کورتی ژیانی شیاوی ئینسانی ئه ورو له راستیدا لێی بووه به خه وه ن و خه یالێک که هیچ کات پێی ناگات!
کاتێک له لایک دوڵه ت به زۆری سه رکوتی ماشینی ده وڵه تی به سه ر به شێکی به رین له ئامرازه کانی به رهه م هێنان و هه ست و نیستی چینی کرێکاردا ده ستی راگرتوو و هه موو دام و ده زگا پان و به رین و دوور و درێژه کانیشی سه فیان به ستووه تا ئه و داهاته که مه ش که کرێکار وه چنگی که وتوو لێی بستێنن، و له لاێکی تریشه وه خاوه نکاریش به شه که یتری ئامرازه کانی قۆرغ کردووه، و له و له هه ر دوو کاره ساتبارتر گه رایشاتێک له نێو هه ر ئه م چینه دا ده بێته “کوێخا و ئاغا باڵا سه ر و ده مراست” له وانه نیقابه کان و سه ندیکا و حیزب گه لێک که ته نیا ناوی کرێکار و کۆمۆنیزمیان له سه ره، تا به نوێنه رایه تی ئه م چینه خه باتی چینایه تی و سیاسی ئه م ئوردوه ی کار له به رژه وه ندی ئوردوی سه رمایه و خۆش خزمه تی به چینی سه رمایه داری کونترۆڵ و عه قیم بکه ن و ئه م چینه چیتر توانایی خه باتی شۆرشگێرانه و رووبه رووبوونه وه ی دژی سه رمایه داری بۆ نه مێنێت.
واته ئیتر ئه م چینه نه ته نیا ناتوانێ له ماف و داخوازیه کانی به رحه قی خۆی به مانای واقعی دیفاع بکات، به ڵکوو به جۆرێک رێفورمیزم و ئاڵ و گۆری گه لێک شێنه ی له شوێنی کار و ژیان له به رابه رئوردوی سه رمایه و ده لالانیدا سازش ده کات. کاتیک ئه م چینه له نێوخۆی ئاڵماندا له به رابه ر ته عه روزی ئوردوی سه رمایه دا ده چێته قاوخی دفاعیه وه، روونه به فه رسه نگ له ئه رک و رساله تی ئینترناسیونالیستی خۆی دوور ده که وێته وه. و هه ر به م پێیه هه ست به به پرسایه تی له به رانبه ر هێرشی ئوردوی سه رمایه بۆ سه ر هاونه وعانی خۆیی و په ره پێدانی میلیتاریزم که هه زینه که ی له به رهه می هێزی کاری خولۆیی و هاوچینه کانی ده رکێشاره وه، ته نیا بۆ ئه و ه ی رووی خوێی سوور راگرێ تا ئاستی هاوپشتی له فزی یا به یانیه ی وشک و بێ کرده وه داده به زێت. ئه مه له حالێکدایه که پرولیتاریا ته نیا هێزی به واقع شۆرشگێره له هه ر ولاتێک دا که ئه گه ر نه که وتبێته داوی رێفورمیزم و ته سلیم ته له بی و سازشه وه، توانایی ئه وه ی هه یه به راگرتنی به هه م هێنان تا راده ێکی زۆر به ر به م ته وه حوش و به ربه ریته ی ئه ورۆ جیهانی ته نیوه ته وه بگرێت.

پرولتیاریای له رۆژئاوا ئه گه ر به هاوکاری نیقابه و سه ندیکا و حزبه رێفۆرمیست و راسته کان کۆنتروڵی نه کاوتبایه ده ستی ده وڵه ت؛ ئه گه ر به ئوردوی چه ن سه د میلیونی خۆیی پشت ئه ستوور بایه؛ ئه گه ر هه ر له یه که مین رۆژه کانی دە نگۆی شه ر و میلیتاریزمی دواکه وتوانه ی روسیه و ئوکراین به داکۆکی وڵاتانی روژئاوا و ناتۆ هه وڵی چالاکانه ی وه گه رخستبا، واته راگرتنی به رهه م هێنان له جومگه ئابووریه کان و …هه ڵبه ت نه ته نیا به شێوه ی سه مبولیک ئه و گوێره ی له ئیتالیا و ئیسپانیا له هێندیک ناوه ندی دروست کردنی “چه ک و چۆڵ” و کشتیرانی و فرۆکه وانی ….به شێک له پرولیتاریا ده ستیان له کار کێشایه وه(دیاره ئه و هه نگاوه ش له شوێنی خۆیدا گه لێک به نرخ بوو و ده بوو زیاتر په ره بدرێت تا کاریگه ری زیاتری دانابا) به ڵکوو ئه گه ر به شێوه هاوئاهه نگ و هاوکات چه رخی ئابووریان راگرتبا به دڵنیایی ئه و شه ر و میلیتاریزمه یان ئاوا به هاسانی به سه ر دونیادا بۆ دانه ده سه پا.
وه هه روه ها ئه م ئیقدامه سه باره ت به شه ر و میلیتاریزمه کانی پێشووتر و دواتر له ئوکراینش عه ین شت ده یتوانی رووبدات که به داخه وه سه ری نه گرت. به ڵام پرولیتاریای نه ته نیا ئوروپا به ڵکوو شوێنه کانی تریش له وانه ئامریکا به هۆی ئه وه ی له ئه رکی ئینترناسیونالیستی خۆیان دوور که وتوونه وه و ئیختیاری بریاردانیان له رێگای ئه و ئه حزاب و سه ندیکا و نیقابانه وه، لێ سه ندراوه ته ور ئه وانیش به هه مان شێوه خۆیان له ئاستی کارە ساته کانی ئه م میلیتاریزمه بێ وە زیفه کرد

پرولیتاریای جیهان بو ئه وه ی بتوانێت وه ک سووژه ی چالاک و ئاگای مێژوویی به گۆرانی بنه ره تی ئه م هه ڵس و که وته هه لته کێنێ، رێگه ێکی تری نییه جگه له وه ی بگریلێته وه سه ر جێگه و پێگه ی راسته قینه ی خه باتی چینایه تی و شۆرشگێرانه ی خۆی چ له ئاستی ناوخۆیدا چ ناوچه یی و چ جیهانی.
پرولیتاریا چ له ئاستی ناۆخویدا چ ناوچه یی چ جیهانی مه حکوومه به وه ی که له ژێر باری هژمونی گه رایشاتی رێفۆرمیستی که زیاتر له رێگای نیقابه کریکاری و سندیکاکانه وه و له ژێر ناوی نوێنه رایه تی چینی کرێکار ئه م ئاسۆیان به سه ر ئه م ئوردودا سه پاندووه به ته واوی خۆ ده رباز کات و ته نیا و ته نیا پشت ببه ستیت به هێزی له بن نه هاتووی مه جامعی گشتی و شۆراکان.
له هه ناوی ئه م هه ل و مه رجه ناۆخۆیی، ناوچه یی، و جیهانیه دایه، که رژیمی ئێران توانیوه یه تی نزیک به پێنج ده یه، ژیان و کاری زۆرینه ی کۆمه ڵانه ی خه ڵک به بارمته بگرێت. و ئێستا که ته نیا له فازی یه که م دا، هولوکاستێک به مانای راسته قینه ی وشه کراوه که له مێژووی جیهانی سه ردە مدا وێنه ی نییه، کوشتاری خه ڵکێک که له به رابه ر بێکاری، گرانی، ئاوسانی ئابووری، و هه ژاری و ئێختناقی سیاسی ناره زایه تی دربریوه. هێشتا شۆکی فازی یه که م بهبته واوی کۆتایی نه هاتووه، کابووسی ئه وه ی که فازی دووهه م که کوشتار کردنی ده سبه سه رکراونه وێده چێت له فاز یه که م که متر هه ولناک نه بێت و رێژه ی به ردە وام روو له زیاد بوونه. قه تل و عام و ئێعدام کراوان له بێده نگێدا خۆ له سنووری سه د هه زار که س نزیک ده کاته وه.
له وه ها بار و دۆخێکدا چه پ و راستی بورژوازی له ناۆخۆی ئێران و له ده ره وه ش هیوایان له سه ر قه ول و به ڵینه شه رؽه نگێزانه کانی ده زگاکانی پروپاگانده ده وڵه تانی رۆژئاوا هه ڵچنیوه، و رێگا چاره ی ئازاد بوون له ده ستی رژیم له هێرش نیزامی بۆ سه ر ئیران ده بینن و هه ر بۆیه به م که مپه په یوه ست بوون.
بۆیه له م روانگه وه ئێمه لانی که م له م چه ند ده یه دا دوو ده وره ی زۆر ره ش له ئێختناق که کێشاویته شوێنێک هولوکاست له دژی کومه ڵگا رێبکه وێت له هه ناوی خه بات و به ربه ره کانی له گه ڵ رژیممان ئه زموون کردووه. به تایبه ت ئێستا که پاش چه ند ئاخێزی جه ماوه ری قه تل و عامێک له م ئه بعاد به رین و هه ولناکه مان ئه زموون کردووه، و جگه له وه ش سێبه ری شه ری ئیرتجاعی به ره ی مێحوه رموقاومتی و به ره ی پرۆ روژئاوایی له سه ری کۆمه ڵگا ده خولێته، ئێمه رێگاێکی ترمان له به رده م نییه جگه له وه ی پشت به هێزی یه کگرتوو و شۆرشگێرانه که بربره ی پشتی ئه م خه باته چینی کرێکاره ببه ستین و مه ترسیه کانی هه ر دوو به ره پووچه ڵ که ینه وه.
با گه لێک راشکاوانه ئه وه ش بڵێم، راست و چه پی بورژوازی ته نانه ت کاتێک فوو به شه یپوری ده ستێوه ردانی نیزامی رۆژئاوا شدا ده کات، به شوێن رێگا نه جاتی خه ڵک له ژێر چنگی ده سه ڵاتدارانی رژیمه وه نییه، به ڵکوو به شویلێن ئه وه ویه له هه ر رێگاێکه وه بی ئه گه ر به قیمه تی ئوکرانیزه کردنی ئێرانیش بێت ئه وان وه ک سیاله شکری ئامریکا و هاوپه یمانانی له داهاتووی گۆرانکاریه کان له ئێراندا به شێکیان بدرێتێ.

راست و چه پی بورژوازی له چه پی ناسیونالیستیه وه بگره تا دێموکرات، کۆماریخواز، تا شاهوڵاهی، سه لته نتی، تا موجاهدین خه لق و قه ومگه را هه ر هه موو از له رۆژه کانی به ر له شه ڕی دواکه وتوانه ی 12 رۆژه ی ئیسرائیل و ئێرانیش که مپینی پشتیوانی له ده ستێوه ردانی نیزامی ئامریکا و ئیسرائیلیان رێکخست، و ته نانه ت سه باره ت به فه نئاوری و تکنیکی موشه کی ئامریکا که خاڵ ده پێکی به یانیه و وتاریان «دوجین دوجین» ده دایه ده رێ. ته نانه ت به م ئاسته له پروپاگانده بۆ شه ری دواکه وتوانه ش نه وه ستان و وتیان:« به ڵێ، وایه شه ر شه ره ئیتر! و بۆ گه یشتن به ئازادی کۆمه ڵگا بتانهه وێت و نه تانهه وێت ده بێ خه ڵکێک بکوژرێت و به ها بدرێت». له لاێکی تر یشه وە به ره ی میحوره مقاومه تی خوێنی بو “مام مه یهه ن” به جۆش هاتبوو، و له زاویه دژی ئیمپریالیزمی «خومه ینی جه لاده وه» حازر بوو ئه گه ر هێرشی نیزامی بکرێته سه ر رژیم، له ژێر ناوی دژیه تی له گه ڵ ئیمپریالیزم وه ک حیزبی تووده و ئه کسه ریه تیه کان له به ره ی مێحوه ری مقاومه ت دا بجنگێن!
به ڵام دیتمان شه ڕ بۆ رژیمی نگریسی ئێران وه ک “به ره که تێکی ئاسمانی” لێهات تا له پشت شیعاری پووچی هه میشه یی ” ئه منیه میللی له مه ترسیدایه” خۆی حه شار بدات، و هه ر به م بیانووه به سه ت قاتی جاران ماشینی کوشتاری ده وڵه تی ته یارتر بکات تا بێ ره حمانه تر له جاران هێرش بکاته سه ر مانگرتن و ناره زایه تی کریکاران و خه ڵکی زه حمه تکێشی وه گیان هاتووه له شوێنی کار و له شه قام، له دانشگاکان و مه دره سه کان … سه رکوت و پاشه کشه یان پی بکات.
ئێستاکه ش له پاش ئه م هولوکاستی دوو رۆژه که هێشتا ئه و سه ری جنایه ته کانی ناروونه، و هه ر رۆژه ریژه ی قه تل و عامه کان به ئیعدام کردنی رۆژانه زیاتر و زیاتر ده بێت، سه ر له نوێ وڵاتانی رۆژئاوا و راست و چه پی بورژوازی ئێران وه خۆ که وتوون تا به پروپاگانده ی شه ر زه خته کان له سه ر رژیم بۆ ته سلیم بوون و هاتنه پای دانووستانی مل کچانه که ترامپ به «سات و سه ودای گه وره» ناوی ده بات زیاتر و زیاتر بکات.
یان له نیهایه تدا بگه نه ئه و چرکه ساته ی که رژیم زیاتر له لایه نه که یتر، ئاره زووی ده کات و چاوریه تی، واته ده ستێوه ردانی نیزامی ئامریکا و هاوپه یمانانی.

ئه وه ی ده بێ زۆر هوشیاری بین ئه وه یه، کۆمه ڵگای ئێران له مه ودای نزیک به نیو سه ده که له ئه ساره تی نگریسی ئه م رژیمدا بووه به ڵام به رده وام سه رباری رکوود و نوشه سته کانی ته نیا و ته نیا پشتی به خه بات و هێزی به رینی خۆی بۆ ئاڵ و گۆر به ستووه و تا به ئێره گه یشتووه هه زینه گه لێک قورسیشی داوه، ئێستاش سه رباری ئه و هولوکاست بیره حمانه له ژێر باری قورس و گرانی ئه م شۆک و کابوسه ش خۆ ده رباز ده کات و ئاسۆی ئازادی و رزگاری گرێ ده ده ن به میکانیزمی خه باتکارانه خویانه وه نه به رێگای ده ستێوه ردانی نیزامی ده ره کی زلهێزه جیهانیه کان له ژێر ناوی” ده ستێوه ردانی مروڤ دۆستانه!”
کۆمه ڵگای ئێران به گشتی و چینی کریکار و خه ڵکی زه حمه تکێش و ژێرده سته به تایبه ت، له پاش ئه م هولوکاسته که گیانی ده یان هه زار که س له ئازیزانی لێ گرتن و سه دان هه زار که س بریندار و ده سبه سه رکراوه، ئێستا ئیتر کاتی هاتووه، تازه ئه گه ر دره نگ نه بێت، و ئێرانیش نه کیشنه ناوی شه ڕێکی له چه شنی ئوکراین، جیلێگای خۆیه تی هه موو زه رفیه تی خه باتکارانه و شۆرشگێرانه ی خۆی وه گه ر خات، تا دوارۆژی پشت سه رنانی ئه م شۆک و بوهته بکاته روژی ده سبه کار بوون بو پێکهێنانی «مه جامعی گشتی» له سه راسه ری شاره کان و ته نانه ت گونده کان. چینی کرێکاری ئێران بۆ ئه وه ی له قلافه تی رێبه ر و رێکخه ری کۆمه ڵگادا بێته مه یدان، مه حکوومه به وه ی «مه جمه عی گشتی» له شوێنی کار و ژیان له سه رتاسه ری ئێران وه رێبخات.

—————————–

پ.ن: « ده بێ چ بکرێت؟» له رۆژی 30 یانوای 2026 به زمانی فارسی له ژێر ناوی«چه باید کرد؟» نووسراوه و پاش نزیک به دوو حه وتوو له بڵاو بوونه وه ی له سایته کان، ئه ورۆ وه رگێرانی بۆ سه ر زمانی کوردیش ئاماده بووه تا بکه وێته به ر دیده ی خوێنه ران.
12.02.2026




بەربەریسمی مۆدێرن.. ئەکرەم سەعید


خوێندنەوەێک بۆ بەڵگەنامەکانی“جێفری ئپستین”

“پسپۆرانی بێ ڕۆح و کات بەسەربەرانی بێ دڵ” – ماکس وێبەر.

تێوەگلانی نوخبەی خاوەن سامان و دەسەڵات لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان، نیشانەێکی ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە لەژێر حوکمی بەربەریسمی مۆدێرندا ژیان بەسەر دەبەین، چونکە دەستدرێژی بۆ منداڵان، نەریەتی مرۆڤە دڕندەکانی سەردەمی کۆنە و ئەمڕۆکە لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا بەردەوامی هەیە.
🔺بۆچی نوخبە سیستەمی سەرمایەداری لە سکانداڵ ڕزگاریان دەبێت، و بۆچی لێپرسینەوە لەتەکیان لە دادگاکانی سیستەمەکەی خۆیاندا تەنها شانۆگەرییەکە و ناتوانێ پێکهاتەی سیستەمەکە بگۆڕێ، وە بۆچی لە کۆمەڵگای سەرمایەداری مۆدێرندا بە بەردەوام دوای ئەم سکەنداڵە ڕەوشتی و سیاسییانەدا کۆمەڵگە پاشەکشە دەکات و دەسەڵاتی نوخبە بەهێزتر دەبێت. کۆمەڵگای سەرمایەداری مۆدێرن وا گریمانە دەکات کە هەرکەسێ لادان لە یاسا و کاری تابو/ کاری قەدەغەکراو/ سکەنداڵ بکات دەچێتە بەردەم دادگا و لێپرسینەوەی لەتەک دەکرێ سزا دەدرێ. بۆیە خەڵکی وا تێدەگەێنرێن لە بەرامبەر دادگادا کاتێک سکانداڵ سەرهەڵدەدات، جیاوازی نییە لە نێوان(نوخبەی پوڵ و سیاسەت لەتەک هاوڵاتێکی سادە)، بەمە هەموو وەک یەک لێپرسینەوەیان لەتەک دەکرێ و دواجار نوخبەی دەسەڵاتداران دەکەونە بەر مەترسی لێپرسینەوەو سزادان. بەڵام ئەمڕکە ئێمە دەبینین کەهەموو(سەرۆک و ملیاردێرو شازادەکان) کەناویان لە دۆسیەی ئیپشتاین هاتووەو بەشداری تاوانەکانن، ئێستا هەوڵدەدەن ناوی خۆیان پاک بکەنەوەو تاوانەکە لەملی خۆیان داماڵن و بیکەنە خەتای خەڵکی تر. لەڕاستیدا مامەلەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا لەتەک سکەنداڵەکانی دوورگەی ئیپستین پووچی ئەم بڕوا و گریمانەیە دەردەخات.
🔺(بەرهەمهێنەری هۆلیوود باری جۆزێفسۆن ئیمەیڵێکی بۆ ئیپشتاین ناردووە و تێیدا هاتووە:زۆر بیرم لەو پرسیارە کردۆتەوە کە تۆ لە“بیل گەیتست”کرد سەبارەت بەوەی چۆن ڕزگارمان بێت لە هەموو هەژارەکان.)-
بەشێکی بەڵگەنامەکان پڕۆژەی دوژمنایەتی چینایەتییە: ئیپشتاین و هاوشێوەکانی بیردەکەنەوە کە چۆن هەژاران لەنێوبەرن. بیرکردنەوەی خاوەن سامانەکان بۆ لە نێوبردنی هەژاران لە مێژوودا نوێ نییە. لە پەیمانی کۆمەڵایەتی جان جاک ڕۆسدا(خەڵکی ئیلتزام بە یاساکانەوە دەکەن و دەوڵەت دەیانپارێزێ) بەڵام لەم سەردەمەدا سەرمایەداری لە پەیمانەکە یاخی بووە، و لەبری پاراستنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان بەبرسی کردن و کۆکوژی لەناویان دەبات، ئیدی یاسا و دادپەروەری و دەزگاکانی دەوڵەت تەنها چینی خاوەن دەسەڵات دەپارێزێ و مافی خەڵکی لە ژیان و کەرامەت پێشێل دەکات .
🔺ئێمە لەم دورگەیەدا تەنها دیمەنی نوخبەێکی بەدڕەوشت نابینین کە دڕندەن و بەس؛ بەڵکە تایبەتمەندی سیستەمی سەرمایەداری دەبینین کە لەم خولەدا(دڕندەیی و گەندەڵی، چەتەگەری و مافیایی، بەدڕەوشتی و بەزاندنی هەموو هێلە سوورەکان تا پلەی جەنگی فەوتانی مرۆڤەکان و سروشت، بۆتە ڕێگا چارەی مانەوەی وجودی خۆی). لەخوێندنەوەی مێژووی سەرمایەداری بۆمان دەردەکەوێت کە گەندەڵی و بەدڕەوشتی نوخبەی دەسەڵاتدارانی سیستەمی ئابووری و سیاسی و فەزیحەتەکانیان، بە دەگمەن سیستەمی دەسەڵاتی لاوازکردووە، بەڵکو زۆرجار زیاتر سەقامگیریان دەکات. سکەنداڵەکانی نوخبە توڕەیی کاتی خەڵکی و ناڕەزایەتی ڕواڵەتی بۆ لێپرسینەوە دروست دەکات، بەڵام دامەزراوە سیاسییەکان شۆکەکەی خەڵکی هێمن دەکەنەوەو خۆیان دەپارێزن، بێگومان هەندێ تاکەکەس دەکرێنە قوربانی، بەبێ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمەکەدا. بەکارهێنانی سکانداڵەکان و توێژینەوەی کەیسەکان سوودی لێوەردەگیرێ بۆ کێشمەکشی نێوان باڵەکانی دەسەڵاتداران، بۆیە خەڵکی کە بڕوایان وایە بە(کەیسی گەندەڵی و بەدڕەوشتی نوخبەی دەسەڵاتداران)دەتوانرێ چاکسازی بکرێ، زۆرجار ئەم هیوایە شکست دەهێنێ، چونکە تەنها توڕەیی لە بێئەخلاقی دەسەڵاتداران کە خۆیان نوێنەری سیستەمێکی چەوسێنەرو بەدڕەوشت و نادادپەروەرن، بە بێ شۆڕش بۆ گۆڕانی ئابووری و سیاسی سیستەمەکە، لە دواجاردا ئەو توڕەییە بەبێ ئەنجام هێدی هێدی هێمن دەبێتەوە.
🔺گومان دەکرێ کە ئیپستین دەستێکی شاراوەی ڕێکخراوی هەوڵگیرییە لە تاریکیدا کە(کاری نائەخلاقی بە نوخبە دەکات و دواتر وەک کارتی گوشار بەکاری دەهێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڕیارەکانی دەسەڵاتداران، و گرێبەستی ئابووری و سیاسی نایاسایی و نادەستوری بەو نوخبەیە دەکەن)؛ ئەمە تەنها عادەتێکی ئاسایی دەسەڵاتداران نییە کە لە مێژوودا چەندەها جار نموونەیمان بینیووە*، بەڵکە ئەمە دیاردەێکی ترسناکی دەسەڵاتدارانە لە خولی تایبەتی سەرمایەداری کە پێی دەڵێین”سەرمایەداریی دڕندە یان بەربەریسم/ سەرمایەداریی لە خولی پایزدا/ سەرمایەداریی درەنگ”.
🔺دەوڵەت و ئەحزابەکان چۆن خۆیان لە بەربەڕیسمی“جێفری ئپستین” بەدوور دەگرن
هەموو لاێک بەجۆرێک هەوڵ دەدات بیسەلمێنێ کە ئەوان لەو بەربەریسمەی نێو“دوورگەکەی ئپستین”ەوە دوورن:

  • گوتاری ئیسلامی سیاسی دەربارەی دوورگەکەی ئیپستین ڕای وایە کە(ئەمە تەنها ڕەفتاری تاکەکەسی نییە، بەڵکو بیری ئیلحادی لە پشتە، و شوکر بۆ نیعمەتی خودا کە ئێمە موسڵمانین و دوورین لەو بەدڕەوشتیە). بەڵام ئەم بەڕێزانە ئەوەیان بیردەچێ کە(لاقەی کیژانی خوار تەمەنی ۱٥ ساڵ، لێدان و ئازردان و کوشتنی ژنان)کەلتوری هەموو ئایینەکانە بە ئیسلامیشەوە. ئەوەی لە دورگەێک دڕندە مۆدێرنەکانی خاوەن پۆل و دەسەڵات بە نهێنی کردیان، ئایینەکان بەناوی شەرع و وەسیەتەکانی خودا بۆ پیاوانی بە ئاشکرا حەڵاڵی دەکات.
  • “ئەلێکسەندەر دۆگین”ڕای وایە بە دۆسیەی ئیپستین ئیدی ڕۆژئاوا ئیمزای لەسەر مەرگی خۆی کردووە. ئەو بەڕێزە لەوە حاڵی نابێ کە ئەم بەڕبەریسمە مۆدێرنە پەیوەندی بە جوگرافیاێکی دیاریکراو یان مۆدێلێکی کەلتوور و دەوڵەتی سەرمایەدارییەوە نییە، بەڵکە هاوشێوەی دورگەی“جێفری ئپستین” لەهەموو وڵاتانی جیهاندا هەیە.
  • ڕای ناسیۆنالیستی کوردی:(جێی دڵخۆشییە، هیچ كوردێك ناوی لە دۆسیەی ئیپستیدا نییە). بۆ ئەم بیرتەسکانە من هیچ تەعلیقێکم نییە.
    🔺لەشفرۆشی ئیلاهی و پیدۆفیلیای سەرمایەداری – 1 /
    لەشفرۆشی و پیدۆفیلیای ئیلاهی(سۆزانی پەرستگاکان یان سۆزانی پیرۆز – لە زۆر جێکای هیندستان پێیان دەگووتن: خزمەتکارانی خودا، کە بەزۆری کیژی تەمەن نۆ ساڵ تا پازدە ساڵ بوون)، دیاردەێکی کۆنی کۆمەڵگە دێرینەکانی(میسری کۆن، میزوپۆتامیا، یۆنانی کۆن، هیندستان و چین)ە. ئەم دیاردەیە کە لەکۆندا ئایین پەردەپۆش و شەرعیەتی پێ دەدا، ئەمڕۆکە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری جیهانیدا لە زۆربەی کۆمەڵگەکان گەرچی نایاسایین، بەڵام بە کردەوە بوونی هەیە و دەکرێ، لە هەندێ کۆمەڵگەش لە سایەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئایینی شەرعیەتی پێ دەدرێ و بێ شەرمانە بەناوی ئایینەوە مومارەسە دەکرێ – وەک (لە ئێران هاوسەرگیری کاتی”زەواجی موتعە” کە لەشفرۆشییەکی ئیسلامیانەیە، وە لە ئێراق تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچانی ١٥ساڵ کە هێشتا منداڵە، لە هەمواری یاسای باری کەسی پێشنیارکراوە). شوێنکەوتوانی زۆرێک لە ئایینەکان لە هیندستان وەک شارستانیەتەکانی تر چەندین خوداوەند دەپەرستن وەک بەشێک لە کولتوورەکەیان. ئەم خوداوەندانە زیاتر لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە دەپەرسترێن کە لە شوێنێکدا کۆدەبنەوە بە دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون وەک پەرستگا، مەزارگە لە ژێر هەر دارێک یان لە سەرووی هەر سەکۆیەکەوە کە سەقفی هەبێت یان بێ سەقف. ئەم کەسانە خوداوەند بە پارێزەری خۆیان یان گوندەکە دەزانن لە نەخۆشی و یارمەتیان دەدات لە خۆشگوزەرانی. هەندێک جار دایک و باوکێک بڕیار دەدەن کە منداڵەکەیان دوای لەدایکبوونی ئەگەر ئەو کۆرپەیە مێ بێت، ئەوە وەک لەشفرۆشێکی ئیلاهی پێشکەش بە یێلامما بکەن. کاتێک کچێک دوای چەندین ڕێوڕەسمی ئایینی تەرخان دەکرێت بۆ مەزارگەی یەڵەما، دەنێردرێتە لای پیاوێک کە لە مەزارگەی پەرستگاکە چاوەڕێی دەکات بۆ جووت بوون. پێدەچێت لەو ڕۆژەوە ئەو خێزانەی کە کچەکەیان بە دیاری بەخشیوە بە خوداوەندەکە، چاوەڕێی بەدەستهێنانی نیعمەتی خوداوەندەکە و خۆشگوزەرانی بن.). سەرچاوە:- پەرستنی یەلامما و لەشفرۆشی ئیلاهی: پێشینەی مێژوویی و کولتووری/ ئارون جاگاناتان ڤی. ئاڕ زانای توێژینەوە، بەشی سانسکریت ساهیتیا، سری سانکاراچاریا زانکۆی سانسکریت، کالادی، کیرالا، هیندستان.
    لەوتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تریبیون، لە ٨ی ئابی ١٨٥٣، مارکس ئینگلیزەکانی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە قازانج لە(لەشفرۆشی)ی دەکەن، مارکس نووسی بووی: ”ئایا ئەوان بۆ ئەوەی پارە لەو زیارەتکارانە پەیدا بکەن کە دەچنە پەرستگاکانی ئۆریسا و بەنگال، دەستیان بە بازرگانی لەشفرۆشی نەکردووە کە لە “پەرستگای جەگەرنۆت” ئەنجامدەدرا؟”.
    لەڕاستیدا ئەوەی(لەشفرۆشی و پیدۆفیلیا)ی لە کۆمەڵگەکاندا، لە دەمێ ساڵەوەیە کردووە بە دیاردە، خواستی قازانجی سەرمایە و زاڵکردنی کەلتووری کۆنەپەرستی سەرکوتی ئینسانەکانە، چونکە گەر تەماشای دونیا بکەین، بنەمای ئەو دیاردەیە لە هەندێ لە وڵاتاندا بە ڕووکەش پەیوەندی بە ئایین و پیاوانی ئایینیەوە هەیە، بەڵام لە پانتایێکی جیهاندا ئەوە بزنسی تۆڕێکی گەورەی کۆمپانیاکانی کازینۆ و بارو ڕێکخراوە مافیاکانە، کە بەشێکی سەرمایەی جیهانی ئەمڕۆکەن.
    وەکاتێ داعش ئافره‌ته‌کانی وه‌ک کۆیله‌ی سێکس له‌ بازاڕی”نخاسه‌”بۆ فرۆشتن نمایش ده‌کرد، و پیاوه‌ شه‌هوانییه‌کان به ‌پاره‌ ده‌یانکڕین، دیمه‌نێکی هێنده‌ وه‌حشی و نائینسانی بوو مرۆڤی په‌ست و تووڕه‌ ده‌کرد. هه‌ڵبه‌ته‌ ئایینی ئیسلام هه‌م له ‌توراسیداو هه‌م له ‌مێژوویدا، گه‌لێ دیمه‌نی ناشرینی وای تیادایه‌. دیاره‌ هه‌ر ئایینی ئیسلام وا نییه‌، به‌ڵکه‌ زۆرێک له ‌ئایینه‌کان هاوشێوه‌ن. له‌م کاته‌داو به‌حیساب به‌رامبه‌ر و دژی ئه‌م دیمه‌نه‌ ناشیرینه‌ وه‌حشیانه‌ی داعش، چه‌ند وه‌حشێکی دی هاتبوونه‌ مه‌یدان:”برجوازه‌ مۆدێرنه‌کان، لیبڕاله‌کان، سیکۆلاریسته‌کان و بڕێک له ‌چه‌په‌کان”و چه‌ند ده‌وڵه‌تی وه‌ک”ئێران، سعودیه‌، تورکیا، ئه‌مه‌ریکا، روسیا و سوریا..هتد”، ده‌یان ویست به ‌خه‌ڵکی بسه‌لمێنن که ‌ئه‌و دیمه‌نه‌ ناشرین و وه‌حشیانه‌ی ده‌یانبینن، به‌رهه‌می سیسته‌می سه‌رمایه‌داری نییه‌، به‌ڵکه‌ به‌رهه‌می خوێندنه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ی چه‌ند ده‌قی ئایینێکه‌، به‌رهه‌می نه‌ریه‌تی کۆنی ئایینێکه‌ که چه‌ند گۆمڕاکه‌رو سه‌رلێشێواوێک ده‌یانه‌وه‌ێ زیندووی بکه‌نه‌وه‌ له‌م دونیا جوانه‌ی ئێمه‌دا. ئه‌م ده‌ستەیه‌‌ درۆی گه‌وره‌یان بۆ خه‌ڵکی ده‌کردو ده‌یان گوت: شارستانی دونیای سه‌رمایه‌داری ناگونجێ له‌ته‌ک دیمه‌نی ناشرین و وه‌حشی له‌و شێوه‌یه‌دا، و ئه‌م دیمه‌نانه‌ سه‌ر به‌ ئێستا نین،‌ به‌ڵکه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ی کۆنی که‌لتوری ئیسلامه‌وه‌ خواستراوه‌. به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م دیمه‌نانه‌و له‌وه‌ش وه‌حشیتر ڕوویداوه‌و ڕۆژانه‌ ڕووده‌دات، و ئه‌م دونیای سه‌رمایه‌داریه‌ دڕنده‌یه‌ پڕیه‌تی له ‌دیمه‌ن و سه‌رگوزشته‌ی به ‌تاک و کۆی فرۆشتنی منداڵ و ژنان، و بازاڕی کۆیله‌کان گه‌رمه‌ له‌ به‌شێکی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ی که‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ لێیان کردووین به ‌شامی شه‌ریف. هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ک چۆن کرده‌وه‌کانی داعش جێگای نه‌فره‌ته‌ هه‌روه‌هاش ئه‌و بازرگانی سێکس و کۆیلایه‌تییه‌ به ‌ژن و منداڵ ده‌کرێ جێگای نه‌فره‌ته‌، و ئه‌مانه‌ به‌شێکن له ‌دیارده‌کانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، و پایه‌کانی سه‌رمایه‌داری”پێویستی بازار و قازانج”مرۆڤ و جه‌سته‌ی ده‌کاته‌ کاڵاێک بۆ کرین و فرۆشتن، و بازار و قازانج دیمه‌نی له‌وه‌ وه‌حشیتری به‌رهه‌م هێناوه‌. ساڵی ۲۰۱۳ “ده‌زگای مافی ئوسترالیا “ڕاپۆرتێکی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ له ‌ئێستادا نزیکه‌ی ۳۰ ملیۆن کۆیله‌ هه‌یه‌ له ‌جیهاندا که‌ به ‌زۆری له ‌ئاسیا و ئه‌فه‌ریقا دان. ساڵی ۲۰۱٤ ڕاپۆرتی “ڕێکخراوی ووک فری”بۆ مافه‌کان پیشانیدا که‌ ۳٦ ملیۆن کۆیله‌ هه‌یه‌ له‌ ۱٦۷ وڵاتدا. گه‌ر که‌سێکیش به‌ ڕاپۆرته‌کانی ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نی و یاساییه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا بچێته‌وه‌ له‌ دوای ڕمانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت، ده‌بینێ لایه‌ک له ‌ئافره‌تانی ئه‌و وڵاتانه‌، مافیاکان بردیانن بۆ ئه‌مه‌ریکاو وه‌ک کۆیله‌ی سێکس کڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌کردن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌نگوباسی ڕێکخراوه‌کانی تاوان له ‌ئه‌وروپا و ئاسیا و ئه‌مه‌ریکا به‌لاشه‌ی منداڵ و ژنانه‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ محامیه‌کانی برجوازی زۆر گه‌مژه‌ن‌، چونکی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵکی ته‌ماشای ئینترنێت بکەن و به ‌دوای زانیاریدا بگه‌ڕێن، ئه‌وه‌ عه‌یب و عاری سه‌رمایه‌داری هێنده‌ که‌شفه‌ به ‌درۆی ئه‌وان داناپۆشرێ؛ داعش به‌رهه‌می سه‌رمایه‌دارییه‌ و ئه‌و کوڕه‌ له‌و باوکه‌یه‌. ڕاپۆرتێکی ئه‌مه‌ریکا لە ساڵی ۲۰۱۲ ده‌ڵێت ساڵانه‌ بایی ۱٥۰ ملیار دۆلار بازرگانی به‌ کۆیله‌ی سێکس ده‌کرێت، یانی له‌ بازاڕی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی زیاترە، وه‌ لادێک له‌ ناوه‌ڕاستی مه‌کسیک که‌ ناوی”تينينسينغ”ە، له‌ هه‌رێمی “تلاكسالا”یە، ئەوێ پایتەختی کۆیله‌ی سکێکسی جیهانە‌.

——————————————————————————————

  • لە ڕۆمانی(سەدو بیست ڕۆژ لە سۆدۆم)- (١٧٨٥)ی مارکیز دی ساددا، خاوەندارانی سامان، پیاوانی کەنیسە، دەسەڵاتی دادوەری و ئەرستۆکراسی، بۆ ماوەی چوار مانگ لە قەڵایەکی دابڕاودا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بە دڕندەترین شێوە دەستدرێژی بکەنە سەر قوربانییە گەنجەکان”کوڕ و کچ”. ئەوان بە بێباکییەکی تەواوەوە بەرەوڕووی ئازارەکانی ئەم قوربانیانە دەبنەوە: ئەشکەنجەدان بۆ خۆی ئامانجێکە؛ ئەم ئەشکەنجەدانە تەنها چێژ نییە کە خزمەت بە تێرکردنی ئارەزووی دڕندەکان دەکات و بەس، بەڵکو خزمەت بە مەزنکردنی هۆشی ئەوانیش دەکات؛ زیاترمتمانەیان بەخۆیان دەبێ کە ئێمەی دەوڵەمەندو دەسەڵاتداران دەتوانین لە فەزای بێ یاسادا بەدڵی خۆمان چیمان بوێت دەتوانین بیکەن. – مارکسی لاو: فیتیشیزم و سێکس و ئایین – پیاچوونەوەێک بە “دەفتەرەکانی بۆن” / لەلایەن: کان کانگال.

ئەکرەم سەعید

———————————-

  • سەرچاوەکان:
    1/ پاشخانی کولتووری و ئایینی خوێنمژگەرایی سێکسی لە چینی کۆن – پاوڵ ڕ. گۆڵدین
    توێژینەوە لەسەر تەکنیکە سێکسییە ماکرۆبایۆتیکییەکانی چینی کۆن لە ژینگەی کولتووری و ئایینی کۆن، تیشک دەخاتە سەر ئەو ساتانەی کە بە ڕێنماییە نهێنییەکانی ژووری نووستنی”یەشت” ناسراوە. توێژینەوە کە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دایکی ڕۆحی ڕۆژئاوا(هێزێکی ئایینی چینی دێرینە)کە لە بنەڕەتدا مرۆڤێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی دیکە بووە، هێزی زۆرێک لە کوڕانی گەنجی بە جووتبوون لەگەڵیان بۆ خۆی بردووە، و لەوێدا خۆی گۆڕی بۆ خوداوەندێکی بەناوبانگ. هەرچەندە زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانی پێشووی سێکسییەتی چینی تیشکیان خستۆتە سەر ئەم جۆرە شێوازانە (مێژوونووس R.H. van Gulik یەکەم کەس بووە کە بە “خوێنمژگەرایی سێکسێ” ناوی بردووە)، بەڵام بە دەگمەن پرسیار کراوە کە بۆچی کەسانی ڕوناکبیر و دانای ڕابردوو بە جددی وەریانگرتووە. لێکۆڵینەوەکە پیشانی دەدات کە خاوەن سامان و دەسەڵات لە کۆندا بڕوایاین بەوە هێناوە کە ئەم جووتبوونە سێکسییە لەتەک لاوان تەندروست و تەمەن درێژیان دەکات.
  • The Cultural and Religious Background of Sexual Vampirism in Ancient China – Paul R.Goldin
  • Yellamma Cult and Divine Prostitution: Its Historical
    and Cultural Background
    Arun Jaganathan V.R
    2/ Yellamma Cult and Divine Prostitution: Its Historical and Cultural Background / Arun Jaganathan V.R Research Scholar, Dept. of Sanskrit Sahithya, Sree Sankaracharya University of Sanskrit, Kalady, Kerala, India.
    3/ Young Marx on Fetishism, Sexuality, and Religion / Revisiting the Bonn Notebooks /by Kaan Kangal.
  • پەیوەندی نێوان”بازرگانی و ئایین و سێکسوالیتە” لە بەڵگەنامەی مێژوویی بۆتیگەردا سەبارەت بە ئایینەکان-یش سەرچاوەیەکی تیۆری مارکسە لە ژێر کاریگەری دی برۆسدا. ڕستەیەک کە مارکس نووسیویەتیەوە باس لە “کچانی گادیتانی” دەکات کە لە سەردەمی شانشینی ڕۆمدا لە ئیسپانیا وەک ژنە لەشفرۆش کاریان کردووە. مارکس کاتێک ئەم ناوە لە بۆتیگەرەوە وەرگرتووە، دەبێ بیری لە بەشێکی پێشوو کردبێتەوە کە بۆتیگەر تێبینییەکی لەسەر ڕێنمایی ئەسکەندەری مەکدۆنی کردبوو بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی “پەرستگای بێلۆس” لە بابل، کە شوێنێکی ناسراوە بۆ لەشفرۆشی پیرۆز. هەروەها مارکس لیستی نموونەکانی لەشفرۆشی پیرۆزی بۆتیگەری لە جوگرافیاکانی دیکەوە لەبەرچاو گرتووە. بۆ نموونە مارکس وێناکردنی هیرۆدولۆی لەلایەن بۆتیگەرەوە وەرگرتووە، کە کۆیلەی پەرستگاکان بوون و لە ناوچەی پۆنتۆس لە نزیک دەریای ڕەش و لە کاپادۆکیای ناوەڕاستی ئەنادۆڵ خزمەتیان بە “خودای گەورەی سروشتی ئاسیا” کردووە. لە دەفتەرەکانیدا مارکسدا دەنووسێت(هیرۆدولۆیەکان بەشداربوون لە[لەشفرۆشی] و “بازرگانی سۆزانی پیرۆز”دا).
    4/ Marxism for Whores / by Magpie Corvid | August 1, 2015
    5/ The most shameful practice:Temple prostitution in the ancient Greek world Strong, Rebecca Anne. University of California, Los Angeles ProQuest Dissertations & Theses, 1997.



خۆپیشاندانی ئیخوانەکان لە شاری هەولێر.. ئەیوب ئەحمەد قادر

ئاشکرایە خۆپیشاندان مافێکی سەرەتایی هەموو چین و توێژێکە، لەو ڕێگایەوە هەموو ئەوانە دەتوانن گوزارشت لە بیرکردنەوە و تێڕوانینی خۆیان بکەن. بەڵام کاتێک گرووپێک، دەستەیەکی ئایدیۆلۆژی بۆ مەرامێکی ئایدیۆلۆژی خۆپیشاندان دەکەن، بێگومان گوتارێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی لە پشتیەوەیە. ئیخوانەکان چەند ڕۆژێک پێش ئێستا خۆپیشاندانێکیان لەناو شاری هەولێر دژ بە خەڵکی نەتەوەیی ئەنجامدا بە بیانووی ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژئاڤای کوردستان سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام کراوە. کچێک لەناو خۆپیشاندانەکان بۆ پشتیوانی ڕۆژئاڤا شیعرێکی سەبری بۆتانی دەخوێنێتەوە، حەز دەکەم لێرەدا داینێم:
ئەڤ هزار و چارسەد سالە
ل وەلاتێ من ئەنفالە
سەر و مال و ناموسا من
ل دژمنێ من حەلالە
ئەڤان مسلمانێن قەشمەر
ئیسلام ل من کرن خەنجەر
ب ئایەتا ئەنفالا رەش
موهەمەد ژی کرن هیتلەر
ئەگەر بە پێوەری عەرەبەکان بۆ شیعر لەم دەقە شیعرە بڕوانین، ئەوا دەزانین سەبری بۆتانی دەیەوێت پێمان بڵێت دەوڵەتە داگیرکەرەکانی وەک عوسمانی و سەفەوی و عەرەبەکان بەناوی ئیسلامەوە سەدان ساڵە ئێمە دەکوژن و لەناومان دەبەن. کوردە ئیخوانەکان لە شارەکانی کوردستان بە هۆی ئەوەی ڕووی ڕاستەقینە و دژنەتەوەییان بەرانبەر نەتەوە و خەڵکی کوردستان دەرکەوت، نەیانزانی چۆن ئەم شکستەی خۆیان بشارنەوە دێن بەناوی ئەوەی سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام کراوە خۆپیشاندان دەکەن. لە کاتێکدا ئەوەی تۆزێک شارەزای ئەدەب و شیعر بێت دەزانێت، کە شیعرەکە بۆ داگیرکەران نووسراوە. دەبینین شاعیر لێرەدا دەڵێت: ئیسلام ل من کردن خەنجەر. واتە ئیسلام ئایینێکی باشە و جوانە، بەڵام بە هۆی ئەوەی داگیرکەرە عەرەبەکان، تورکەکان و فارسەکان ئەم ئیسلامەیان بۆ مەرامی خۆیان بەکارهێناوە و خۆیان وەک نوێنەری خودا هەژمار دەکەن و بەو بیانووە نەتەوەی دیکە ئەنفال دەکەن. من لێرەدا دەپرسم، گەلۆ سەدام حوسێن بەناوی ئایەتی ئەنفالەوە سەدان هەزار کوردی زیندەبەچاڵ نەکرد؟ من دەپرسم داعش بەناوی ئایەتی قورئانەوە هەزاران کچیان نەکردە کەنیزەک؟ هەزاران گەنج و لاوی کوردیان سەرنەبڕی؟ ئیخوانەکان زۆرباش لەوە گەیشتن ئەم کچە کوردە ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانی هەڵماڵی، چونکە ئەم کچە تۆزێک دەسکاری شیعرەکەیشی کردبوو. بۆ نموونە نیوەدێڕی: ئەڤان مسلمانێن قەشمەری کردبوو بە وان دیکتاتۆرێن قەشمەر، بەڵکوو نەتەوەی کورد لە ئامانج و گوتاری ئەو ئیخوانانە هوشیار بێتەوە، کە ئیخوانەکان و ئیسلامی سیاسی بەناوی چییەوە دەیەوێت ئەوان بکوژێت.
واتە ئەم خۆپیشاندانەی ئیخوانەکان هەوڵێک بوو بۆ داپۆشینی ڕووی ڕەشیان، چونکە ئەوان یەکەمین گرووپی سیاسین، کە ئایین بەکاردەهێنن، وەک ئەحمەد شەرع، وەک ئەردۆغان، وەک خامەنەیی و ئەو هەموو گرووپ و حیزبە ئیسلامیانە. ئەوان ئاینی ئیسلام بۆ مەرامی سیاسی و گەیشتن بە دەسەڵات بەکاردێنن. ئەگەرناو هەر ئەو خەڵکانەی گوایە خۆپیشاندان دژ بە سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام ئەنجام دەدەن، دەبوایە خۆپیشاندان دژی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع ئەنجام بدەن، کە سەدان کوردی ڕۆژئاڤایان کوشت، لە کاتێکدا خودا ئەو کەسانەی بە کورد خەڵقکردووە، زمانی پێداون، ئەوان دروستکراوی خودان. ئەوان بە ناحەق و بەبێ هیچ هۆکارێک دەکوژران و دەکوژرێن، تەنیا بە بیانووی ئەوەی کوردن، لە کاتێکدا خودا لە قورئاندا دەفەرموێت: هەر کەسێک، کەسێکی تر بە ناحەق بکوژێت وەک ئەوەیە هەموو خەڵکی کوشتبێت. بۆیەیش زۆر پێویستە وەک نووسەر حەمەسەعید حەسەن دەڵێت: ئەوان بخرێنە لیستی تیرۆرەوە چونکە بەرگری لە تیرۆر دەکەن. هەر بە ڕاستی وایە لە وڵاتی میسر، کە لانکە و شوێنی پەیدابوونی ئیخوانەکانە، ئەوان ئیخوانیان قەدەغە کردووە و لە لیستی تیرۆردان.
ئەم ڕووداوەی خۆپیشاندانی ئیخوان و کلکەکانیان لە ئیسلامییەکانی تر دژ بەو کچۆڵە نازدارەی شیعرەکەی سەبری بۆتانی دەخوێنێتەوە، ڕووداوێکی ترم بیر دەخاتەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩- ٢٠١٠ کاتێک فەرهاد پیرباڵ و ستافی گۆڤاری وێران، لە ژمارە شەشدا مەلەفێکیان لەبارەی ئەدەبی ئیرۆتیک بڵاوکردەوە. هەر لەو ژمارەیەدا بیرمە شاعیر زانا خەلیل شیعرێکی لەبارەی کۆچی گەنجان بۆ ئەوروپا نووسیبوو، لەوێدا وەک میتافۆڕ سوودی لەناوی پێغەمبەرەکان وەرگرتبوو بۆ ئەوەی ئازار و مەینەتی گەنجانی کورد دەرببڕێت. بۆ نموونە دەریای ئیجەی و بەلەمەکانی پەڕینەوەی بە کەشتییەکەی نوح چواندبوو. ئەو کاتیش یەکگرتووی ئیسلامی و چەند مەلایەک شکاتیان لە فەرهاد پیرباڵ و ستافی گۆڤاری وێران کرد، بەناوی ئەوەی سوکایەتییان بە پێغەمبەران کردووە. ئەم شکایەتە بۆ ئەو کات هەڵایەکی گەورەی دروست کرد، ڕۆشنبیران و نووسەران بەیاننامەی پشتگیریان بۆ گۆڤاری وێران دەرکرد. ئەو کاتیش یەکگرتووە ئیخوانەکان لە شیعر و ئەدەب بە هەڵە تیگەیشتن، بەبێ ئەوەی بزانن ئەدەب میتافۆڕە، لە ئەدەبدا یەک شیکردنەوە و ڕاڤە دروست نییە، بەڵکو ئاساییە چەندین شیکردنەوە بۆ دەق بکرێت. سەیر دەکەین ئەم کچۆڵەیە زۆر باشتر لە کوردە ئیخوانەکان لە شیعر تێگەیشتووە و دەزانێ چی دەڵێت، بەڵام ئەوان وەک هەمیشە لە ڕوانگەیەکی تەسکی ئایدیۆلۆژییەوە سەیری شتەکان دەکەن.




بەڵگەنامەکان: لە ئپستینەوە تا ویکیلیکس، پەنەما و پاندۆرا یەک ناوەرۆک و چەند روخسار!.. نوری بەشیر

ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە هەلومەرجی ڕوودان و ئاشکراکردنی بەڵگەنامەکانی “ئپستین” بدەینەوە، دەرگا بە ڕووی ئەو ڕاستییەدا دەکاتەوە کە لە سیستەمی جیهانیی ئەمڕۆدا، ئەگەر قووڵتر بڕوانین و تەنیا سەیری ڕووکەش و چاوی میدیاکانی ئەمڕۆو لە فەزای زاڵی چینی دەسەڵاتی ئەمڕۆ دەرچین، دەتوانین ڕاستییەکانی پشت ئەم دۆکۆمێنتانە بناسینەوە کە دەرخەری چ راستی و چ واقعیەتیەکە، لەبەرئەوەی تا ئێستا ئەوانەی دەوترێت و وتراوە لەسەر بەڵگەنامەکان چ ئەمەی ئپستین تا ئەوانەی پێشترو ئەوانەی رۆژانە روودەدەن، دەرخەری ناوەرۆکی راستیەکان و خودی بەڵگەنامەکانیش نین. ئەم ڕووداوەی کە ئەمڕۆ هەواڵەکانی جیهانی داگرتووە، درێژکراوەو ناوەرۆکی هەمان زنجیرە کارەساتێکن کە هێزو سامان و تواناو کەسایەتی گەورەی حکومەتی لەپشتەوەیە، ناوەرۆکی هەموو ئەو بەڵگەنامەی وەک “ویکیلیکس، پەنەما و پاندۆرا” و رووداوە جیهانیەکانی رۆژانە کە خاڵی هاوبەشی تێدایە ئەو راستیە دەخاتەڕوو و دەکرێت جارێکی کە بەکورتیش بێت ئاماژەیان پێبکەین.
با بەخێراییەک خوێنەران بگێڕینەوە بۆ زنجیرە مەلەفێک یان بەڵگەنامەیەک کە بە دەیان ملیۆن لاپەڕەی لێبڵاوبۆتەوەو کەوتۆتە بەردەم کۆمەڵگای بەشەری و ئەو بەڵگانەی پێشوو چیان لێهات، کە تاوانباران هەمان دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانن، لەژیر سایەی دەسەڵاتدارێتی ئەواندا ئایا ٦ ملیۆن بەڵگەنامەی ئیپستینیش بە هەمان دەردی ئەوان ناڕوات؟.
• ویکیلیکس: لە ساڵەکانی ٢٠١٠ – ٢٠١١ دا بەسەدان هەزار مەلەفی سەربازی و دیپلۆماسیی نهێنیی ئەمریکا و وڵاتانی تری سەرمایەداری ئاشکرا کرد، لە پێشێلکاری و کوشتار.
• بەڵگەنامەکانی پەنەما: لە ساڵی ٢٠١٦ دا نزیکەی ١١.٥ ملیۆن بەڵگەی لەسەر دزی، تاڵانکاری و پێشێلکردنی یاسا لەلایەن سەرانی حزبە بۆرژوازییەکان و دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانەوە بڵاوکردەوە.
• بەڵگەنامەکانی پاندۆرا: لە ساڵی ٢٠٢١دانزیکەی ١٢ ملیۆن فایلی لەسەر سامانی هەزاران ملیۆنێر و ملیاردێر و سەرانی حزب و دەوڵەتەکان و بازرگانەکان ئاشکرا کرد؛ ئەوانەی کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان بەتاڵان بردووەتە دەرەوەی وڵات، لە کاتێکدا %٩٩ی کۆمەڵگە لە ژیانێکی مەمرەومەژیدا دەژین.
ئەم بەڵگەنامانە دەریانخست چۆن ئەم دەسەڵاتدارانە بە ناوی “کۆمەک بۆ خەڵک” پارە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەردەگرن، بەڵام بۆ کڕینی کۆمپانیا، خانووبەرە و کێڵگەی تایبەت بۆ خۆیان و خێزانەکانیانی خەرجی دەکەن.
بە ملیۆن لە بەڵگەنامەکانی رووداوەکانی تری جیهان کە لەم دەیەیەی ئەخیردا کە رۆژانە روویانداوە لە کۆمەڵكوژی و بازرگانی بەژنان و ئاوارەیی و لە سێدارەدان کە لەلایەن؛ جمهوری ئیسلامی ئێران، داعش، بۆکۆحەرام، شەبابی سۆماڵ، حکومەتی ئیسرائیل، سوریاو تورکیاوە ئەنجامدراوە، میدیاکان حکومەتان و سەرمایەدارانی جیهان لە پشتیانەوە بوون، وە بێدەگەیان لێکردوون.
بەڵگەنامەکانی ئپستین (٦ ملیۆن بەڵگە کە تا ئێستا ٣ ملیۆنی خراوەتە ڕوو)، پاش دەستگیرکردنی “جێفری ئپستین” لە ساڵی ٢٠١٩ دا بۆ دووەم جار، بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەژێر دەستی (FBI) و وەزارەتی دادی ئەمریکادا بە نهێنی مانەوە تاوەکو لە جەنیوەری ٢٠٢٦ بڵاوکرانەوە. دەتوانرێت بوترێت تەنیا %٢٥ی بڵاوکراوەتەوە، ئەویش بەشێوەیەک کە زیان بە سەرۆک و سەرمایەدارە گەورەکان نەگەیەنێت. مردنی تەمومژاویی ئێپستین لە زینداندا، زیاتر گومانی ئەوەی دروست کرد کە مەبەست لە شاردنەوەی ناوی ئەو کەسایەتییە باڵادەستانەیە کە تێوەگڵاون و هەروەها بەرنامەیەک کە ئەم سەرۆکی وڵات و سەرمایەدارو دەسەڵاتی شاهانە هەیانبووە ونبکرێت، هەروەها ونکردنی کەیس و ئاسەواری ئەو هەزاران ژن و منداڵانەی براونەتە ئەوێ و چارەنوسیان، وە گەلێک بەرنامەو سیاسەتی شاراوە لە پشتیەوەیەتی بشارننەوە.
میدیاکانی بۆرژوازی هەوڵدەدەن ئیپستین وەک تەنیا “شەیتانێکی تاک” و بازرگانێکی منداڵان نیشان بدەن، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو ئەم بەڵگەنامانە (ویکیلیکس، پەنەما، پاندۆرا و ئپستین و ئەوانی تریش) شتێکی تریش دەخاتەروو: ئەویش بێدەنگی و شاردنەوەی تاوانی گەورەی وایە کە هیچ جێگایەکی بۆ مرۆڤایەتی سەدەی ٢١ نەهێشتۆتەوە، بۆ مانەوەی سیستەمەکە بە ئاڵوگۆڕی شکڵی. ئایا بەڵگەنامەکانی کۆمەڵکوژی کەمن لەسەر: فەلەستین، سودان، یەمەن، ئێران، عێراق، ئۆکرانیا، رۆژانەی چەوسانەوەی کرێکاران و کاری منداڵان، ئاوارەیی و برسێتی کە هەموویان لەژێر سایەی ئەم سەرۆک و حکومەتانەدا ڕوودەدەن.
هەموو ئەم تاوانانە؛ لە بازرگانی بە مرۆڤەوەو بە منداڵانەوە، تا کۆمەڵكوژی و برسێتی و جەنگ و ئاوارەیی و تا تاڵانکاری، لە چوارچێوەی سیستەمێکدا کە سیستەمێکی چینایەتی سەرمایەداریەی ئەم سەردەمەیە کە راسیزم و فاشیزمی قەومی و دینی بەڕێوەی دەبات، کە هەمووسەروەت و سامانی کۆمەڵگا تا دادگاکانیشیان لەدەستدایە، واتە ئەو کەمایەتیە دژی ئینسانیە، لەبەرامبەر لە ٪٩٩ی کۆمەڵگا راوەستاون و برسێتی و کوشتار و بێحورمەتی بە مرۆڤ دەکەن، هەر هەمان ئەو سەرمایەدارو سەرۆکانەن کە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و بڕیاردەدەن. هەر ئەو دادگایەی لە لە ٢٠٠٨ ڕێگەی بۆ ئپستین خۆش کرد و رێگای نیشاندا تا لە سزا ڕزگاری بێت، تا ٢٠١٩ ئەو هەموو کارەساتە مرۆییە دژی ژنان و منداڵان ئەنجامبدەن، هەر ئەو دادگایانە بوو لە کەیسەکانی ویکیلیکسدا لەجیاتی سزادانی تاوانبارانی جەنگ و کوشتاری خەڵكی مەدەنی لە عێراق و ئەفغانستان، “جولیان ئاسانج”ی سزادا، ئەمەیە روخسارو ماهیەتی سیستەمی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتی دنیای ئەمڕۆ، کە رووداوەکانی رۆژانە ناخی هەموو مرۆڤێکی ئینساندۆست و ئازادیخواز ئازار دەدات.
هەموو ئەو بەڵگەنامانەو ناوەرۆک و راستیەکانی پشتی واقیەتی کۆمەڵگای چینایەتی ئەمڕۆی جیهانە، کە سیستەمی سەرمایەداری تێیدا دەسەڵاتدارە، کۆمەڵگای جیهانی لە نێوان دوو ڕێگەدا راگرتووە: یان دەبێت مل بدات بۆ ئەم فەوزا و فاشیزمەی دەسەڵاتدارانی لە چەشنی؛ ترەمپ، پۆتین، خامنەئی و ئۆردگان، ناتانیاهۆ و هاوشێوەکانیان)، یان دەبێت ڕێگایەکی تر بگرێتەبەر؛ ئەویش خۆرزگارکردن لەهەموو خۆشخەیاڵیەک بە سیستەمی چەوسێنەرو دژی ئینسانی ئەمڕۆ و دەستبردن بۆ خۆڕێکخراوکردن و گۆڕینی ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە دژی مرۆییە بۆ دنیایەکی ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەران بۆ هەمووان، دوور لە کۆمەڵکوژی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، ئەویش سیستەم و کۆمەڵگای ئینسانی سۆشیالیزمە.
تێبینی: سەبارەت بە بەڵگەنامەکانی: ویکیلیکس، پەنەما و پاندۆراو داعش دەتوانن لەم لینکەی خوارەوە، کە پێشتر بڵاومکردوونەتەوە، کە بابەتەکانی تێدایە بۆ ئاشنابوونی زیاتری بگەڕێنەوە بۆی.

https://dengekan.info/archives/21261

https://dengekan.info/archives/author/nuribashir




ڕزگاری لە ژێر سایەی پیرۆزیدا.. ستار ئەحمەد

ئەمڕۆ کە دەبینین تاکی کورد لە ناو بازنەیەکی تەمومژاویدا گیریان خواردووە، کە تێیدا ئایین وەک چەکێک دژی نەتەوە بەکاردێت، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەم کێشەیە و بە چاوێکی کراوە سەیری ئەو برینە بکەین ،کە دڵی نیشتمانپەروەرانی شەق کردووە. مێژوو پێمان دەڵێت .. گەورەترین مەترسی بۆ سەر هەر نەتەوەیەک، تەنیا چەکی دوژمن نییە، بەڵکو تێکچوونی هۆشیاریی ئەو نەتەوەیەیە بەرانبەر بە پیرۆزییەکانی خۆی. کاتێک ئایین، کە دەبێت سەرچاوەی ئازادی و دادپەروەری بێت، دەکرێتە ئامرازێک بۆ ئەوەی کورد تەسلیمی داگیرکەر بێت، لێرەدا گەورەترین خیانەت بەرانبەر بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت.
داگیرکەرانی کوردستان لە هەموو سەردەمەکاندا تێگەیشتوون، کە ناتوانن تەنیا بە هێزی سەربازی کورد لەناو ببەن، بۆیە پەنایان بردوەتە بەر داگیرکاریی مێشک. ئەوان ئایینیان کردوەتە بەرگێک بۆ شاردنەوەی ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆیان. بە ناوی برایەتی و یەکێتی، زمانی کوردییان بڕی، خاکیان سووتاند و ناسنامەی گەنجی کوردیان شێواند. گەورەترین ئازار ئەوەیە کە دەبینین گەنجێکی کورد، لە ژێر کاریگەریی ئەو بیرە هاوردانەدا، وای لێدێت، کە نیشتمانپەروەری وەک تاوان ببێنێت. ئەمە ئەو لوتکەی داڕمانەیە، کە داگیرکەر مەبەستیەتی؛ واتە دروستکردنی کۆیلەیەکی وا کە بە جەستە کورد بێت، بەڵام بە مێشک و ڕۆح لە خزمەت ئەجێندای دوژمناندا بێت.
بەڵام ئەگەر سەیری مێژووی ڕاستەقینەی خۆمان بکەین، دەبینین پێشەنگە گەورەکانی کورد، هەرگیز ئایینیان لە نەتەوە جیانەکردوەتەوە. ئەوان تێگەیشتبوون کە بێ نیشتمان، ئیمانیش بێ پەنا دەبێت. شێخ سەعیدی پیران کاتێک بەرەو سێدارە دەچوو، نەیگوت من تەنیا بۆ مەزهەب یان بۆ ئایین دەمرم، بەڵکو سەلماندی کە تێکۆشان بۆ ڕزگاریی نەتەوە، گەورەترین جیهادە. ئەو دەیگوت کە زوڵمی داگیرکەر لەگەڵ هیچ باوەڕێکی ڕاستەقینەدا ناگونجێت. هەروەها ، چەندین زانای ئایینی بەناوبانگی کورد، لە پێناو پاراستنی خاکی کوردستان و چەسپاندنی مافی نەتەوەیی گیانیان بەخت کرد، ئەوان پێمان دەڵێن، کە مرۆڤی بڕوادار ئەو کەسەیە کە پێش هەموو شتێک ڕێگری لە ستەمکار بکات و نەتەوەکەی لە ژێر چەپۆکی بێگانە ڕزگار بکات.
زمانی کوردی، کە ناسنامەی بوونی ئێمەیە، لە ناو ئەم ململانێیەدا وەک سەنگەری کۆتایی دەردەکەوێت. کاتێک داگیرکەر دەیەوێت بە ناوی پیرۆزییەوە زمانت لێ زەوت بکات، ئەو تەنیا وشەکانت لێ ناستێنێت، بەڵکو پەیوەندیت لەگەڵ ڕابردوو و داهاتووت دەپچڕێنێت. زمان تەنیا ئامرازی ئاخاوتن نییە، بەڵکو ئەو شکۆتە، بیری نەتەوەیی تێدا دەپارێزرێت. بێگانە دەیەوێت بەو زمانە خواپەرستی بکەیت کە خۆی پێی دەدوێت، تا لە کۆتاییدا وەک ئەو بیر بکەیتەوە و وەک ئەو بژیت. بەڵام گەورەترین خزمەت کە تاکی کورد بە ئایینەکەی بکات، ئەوەیە کە بە زمانی دایکی خۆی ستایشی ئازادی بکات و واتا ڕاستەقینەکانی دادپەروەری لە ناو کولتووری خۆیدا بژێنێتەوە.
ئەمڕۆ ئەرکی ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردە، کە ئەم ڕاستییە ڕوون بکەنەوە: ئایینێک کە فێرت بکات زمانت بسڕیتەوە، ئایین نییە، بەڵکو سیاسەتی داگیرکەرییە. ئایینێک کە بڵێت خاکی کوردستان پیرۆز نییە بەڵام خاکی داگیرکەر پیرۆزە، ئەوە تەنیا دەمامکێکە بۆ ڕاوکردنی ویستی تۆ. ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی هزری هەیە؛ شۆڕشێک کە تێیدا تاکی کورد بزانێت کە پاراستنی نیشتمان و زمان، گەورەترین ئەرکی سەرشانیەتی. نابێت ڕێگە بدەین چیتر پیرۆزییەکانمان بکرێنە پردێک بۆ تێپەڕبوونی تانک و بیرورای دوژمن.
کورد کاتێک دەگاتە شکۆ، کە بزانێت خودا ئەو نەتەوەیەی بە ئازادی خوڵقاندووە و هیچ هێزێک بۆی نییە بە ناوی ئایینەوە ئەو ئازادییەی لێ زەوت بکات. دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئایینە کوردانەیەی کە تێیدا کوردایەتی و دینداری وەک دوو دڵ لە یەک جەستەدا لێیان دەدا. تەنیا ئەو کاتە دڵی نەتەوە ئارام دەبێتەوە و برینەکان ساڕێژ دەبن. با هەموو لایەک بزانن، کوردێک ، نیشتمانی خۆی خۆش نەوێت و خزمەتی نەتەوەکەی نەکات، نە دەتوانێت خزمەت بە ئایین بکات و نە دەتوانێت ببێتە مرۆڤێکی سەرفراز لە مێژوودا. ئێمە لێرە دەمێنینەوە، بە زمانێکی کوردی، بە ناسنامەیەکی کوردی و بە باوەڕێکی پتەو کە نیشتمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی بێگانەوە دادەنێت.
کەرامەتی نەتەوە لەوەدایە کە ڕێگە نەدات پیرۆزییەکانی ببنە کەرەستەی دەستی ئەو کەسانەی کە تەنیا مەبەستیان کۆیلایەتییە. ئێمە وەک گەلی کورد، خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندین کە تێیدا باوەڕ و ئازادی هەمیشە پێکەوە بوون. هەر کاتێک ئەم دووانە لە یەک جیا کرانەوە، کورد بووەتە نێچیرێکی ئاسان. بۆیە پاراستنی زمانی کوردی و خاکی کوردستان، نەک تەنیا ئەرکێکی نەتەوەییە، بەڵکو پارێزگارییە لەو جوانییەی کە خودا لە نێو ئەم میللەتەدا چاندوویەتی. هەر هەنگاوێک بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی، هەنگاوێکە بەرەو جێبەجێکردنی پەیامی ڕاستەقینەی خوداو مرۆڤایەتی.
با چیتر ڕێگە نەدەین پیرۆزییەکانمان بکرێنە داردەستی ئەوانەی کە لە ناوەوە هەوڵی ڕووخاندنی قەڵای نەتەوەکەمان دەدەن. کاتی ئەوە هاتووە کە کورد بە دەنگێکی بەرز بڵێت: ئایینی من ڕێگای ئازادییە، نەک کۆت و زنجیری کۆیلایەتی. ئەو کەسەی لە ژێر ناوی خودادا خزمەتی داگیرکەر دەکات، بێگومان نە خودا دەناسێت و نە مێژوو بەزەیی پێدا دێتەوە. ئێمە خاوەنی خاکێکین کە بە خوێنی شەهیدان ئاودراوە، و خاوەنی زمانێکین کە مێژووی چەند هەزار ساڵەی ئێمەی تێدا پارێزراوە؛ کەواتە با ئەم سامانە مەعنەوییە بکەینە بناغەیەک بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش کە تێیدا کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن ئیرادە لە ڕیزی گەلانی جیهاندا بوەستێت.
ئەمە دوا بانگەوازە بۆ هەموو ئەو دڵانەی کە بۆ نیشتمان لێدەدەن: وریای ئەو دەنگە بیگانانە بن ،کە دەیانەوێت لە ناو ماڵی خۆتاندا نامۆتان بکەن. کوردستان تەنیا خاک نییە، بەڵکو شکۆ و ناسنامە و داهاتووی ئێمەیە. پاراستنی ئەم خاکە، گەورەترین عیبادەت و بەرزترین پلەی مرۆڤایەتییە. با هەموومان پێکەوە، بە یەک دەنگ و بە یەک بڕواوە، بەرەو ئاسۆی ڕزگاری هەنگاو بنێین و چیتر ڕێگە نەدەین کەس بە ناوی ئاسمانەوە، زەویمان لێ داگیر بکات.

ستار ئەحمەد




خالید مەشعەل سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە دەرەوە دژایەتی کوردو پرسی کورد دەکات!.. حەسەن ڕازانی

کاتێک کە سیاسەت و بەرژەوەندیی کەسیی و تووندڕەویی لە نەتەوەپەرستییدا لە هەستی مڕۆڤایەتیی داتدەماڵێت! (خالد مەشعەل بە نموونە)

ىۆچی سیاسییەکان و دەوڵەتانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی دژایەتی کورد ەکەن؟ ئایا لە ڕوانگەی سیاسییەکان و ئینتەلێنجنسیاو ئینتەڵێکچووەڵ یان ڕۆشبیری کوردەوە ئەو دژایەتی کردنە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
ڕاستییەک: “بە بێ کورد نەدەتوانرا یان گەلێک سەخت دەبوو کە حکومەتەکەی سەدام بڕوخێنرێت، بەڵام کورد وەک پێویست نەیتوانی مەرجە نەتەوەییەکانی خۆی بسەپێنێت. بە بێ کورد نەدەتوانرا حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بڕوخێنرێت بەڵام کورد دیسان نەیتوانی کارتی هێزو بوون و جێگەو ڕیگەی خۆی بەکاربهێنێت و مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت. “
“ئێستاش نۆرەی لەناوبردن و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئاخووندەکانی ئێرانەو بەڕێوەیە. جا ئەم کارە بۆ بەرەی هێرشبەر یان زۆر سەختە یان بە بێ کورد هەر ناکرێت و ناتوانرێت ئەنجام بدرێت! بەڵام دیسان کورد هیچ پڕۆژەیەکی نەتەوەییانەی دیار نیە لە رووی سیاسیی و سەربازییەوە. ئەوەی هەیە تەنها شەقامە.”
“ئێستا ئەگەر بێت و کورد لیرەشدا نەتوانێت بوونی خۆی بسەپێنێت و نەتوانێت مەرجە نەتەوەییەکانی خۆی بسەپێنێت، من پیم وایە لانی کەم بۆ دەیان ساڵی تر کێشەو پرسی کورد دەگەڕێتەوە دواوە. سیاسەتی بە سەنتەرو ناوەندیی کردنەوەی حکومەتەکانی سوریاو عێڕاق بەڕێوەیەو لە بەرژەوەندی نەتەوەیی عاڕەبەکاندا ئەم کارە ئەنجام دەدرێت. کورد دیسان نابێت هەر بەدوا بکەوێت و یاخود تەنها وەک شەڕکەریکی ئازا ناوی بهێنرێت و دیسان خۆی بکاتە قوربانیی لەبۆ بەرژەوەندی دەرەکیی.”
ئەو شتانەی کە لەلای هەموومان ئاشکرایە:

  • سیاسییەکانی کورد، لە ئەوپەڕی چەپەوە تا ئەو پەڕی ڕاست، بە دینیی و نادینیییەوە، هیچ یەکێکییان، جا با لە گەڵ کێشەی فەلەستینیش نەبووبێت، بەشی ئەوەندە هەستی مڕۆڤایەتیی تێدا هەبووە کە دژی کێشەو مافی خەڵکی فەلەستین نە بە قسەو نە بە کردار نەوەستاوە. لەبەرامبەردا سیاسییەکانی فەلەستین لە وێنەی خالد مەشعەل دژی هەموو ماف و سەربەخۆبوونێکی گەلی کوردن.
  • نەتەوەی کورد بە ژمارە لە سەرووی دە ئەوەندەی خەڵکی فەلەستینە، کورد خاکی داگیرکراوەو لەبەردەم لەناوچووندایە بەدەستی دەوڵتانی برا موسڵمانەکانی کوردەوە. مێژووی دوێنێ و ئەوڕۆش نیشان دەدا کە دەوڵەتەکانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی، کە زۆرینەیان هەمان ڕای (خالد مەشعەل)یان هەیە لە بەرامبەر نەتەوەی کوردو پرسی کوردا، ئەو دژایەتیی و ڕق و کینەیە لە کورد لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
  • کورد نەتەوەیەو بە ژمارە دە ئەوەندەی فەلەستینیەکانە. خاوەنی خاک و مێژووە بەڵام دەوڵەتەکانی برا موسڵمانەکانی کورد بە زەبری هێزو بە فێڵ و بە درۆ خاک و مێژوو و هێزی مرۆیی کوردیان داگیرکردووە. کورد یەک دەوڵەتی نیە لە جیهاندا. فەلەستینیەکان عاڕەبن و دەیان دەوڵەتی عاڕەبییان هەیە. جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی لە پشتی فەلەستینیەکانە بەڵام هیچ کام لەو دوو جیهانە لە گەڵ نەتەوەی کورد تەباو هاوکار نین.
  • عاڕەبەکان بۆ خۆیان پێیان ڕەوایە کە دەیان دەوڵەتی بچووکیان هەبێ بەڵام کورد کە بە قەدەر چەندین دەوڵەتانی عارەبەکانە لەکەنداو کە وەک پاسەوانی بیرە نەوتەکان رۆڵیان پێدراوە، بەڵام پییان ڕەوا نیەکورد دەوڵەتێکی هەبێ یان وەک نەتەوە بوونی هەبێ.
  • کورد تۆمەتبار دەکەن کە لە گەڵ ئیسڕائیل دایە کەچی زۆرینەی دەوڵەتانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی بە ئاشکراو بە نهینی لەگەل ئیسڕائیلدان. بۆچی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل بۆخۆیانی بەڕەوا دەزانن بەڵام بۆ کورد وەک هێڵی سوورو بڤە وایە؟
  • سەردەمی پێش ئەبو محمد جۆلانی، گەورە تیرۆریستی جیهانیی، سوریا یەک پارچەبوو، دژی ئیسرائیل بوو، جۆلان و بەرزاییەکانی جۆلان و خوارووی دیمەشق و ناوچەی قەنێطرەی نەدەدا بە ئیسرائیل، ئەدی بۆچی خالد مەشعەل جیهادیەکانی دەنارد تاکو لەگەڵ جۆلانیەکان لە دژی حکەومەتی سوریا جیهاد بکەن؟
  • لە هیچ شاریکی کوردوستاندا و لە هیچ ناوچەیەکی کورد نشیندا، شایی و خۆشیی ئەنجام نادرێت کاتێک کە ئیسڕائیل خەڵکی فەلەستین دەکوژێت، بەڵام بۆچی خالد مەشعەلەکان هانی خەڵکی فەلەستین بە گشتی و دانیشتوانی شاری غەزە بە تایبەتی دەدەن کە شایی و خۆشی دەرببڕن کاتێک کە سوپای تورک یان جیهادیەکانی ئەبومحمد جۆلانی قەتڵ و عامی خەڵکی کورد دەکەن؟ ئەم ڕق و کینەیەی سیاسییەکانی خەڵکی فەلەستین لەبۆ کورد لە کوێوە هاتووە؟
  • سپڵەیی و نمەک کوێریی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامی بە گشتیی و خەڵکی فەلەستین بە ڕابەرایەتی خالد مەشعەلەکان بە تایبەتی لەبەرامبەر ئەو هەموو قوربانییەی کە کورد داویەتی لە پێناو ئیسلام و نەتەوەی عاڕەبدا گەییشتۆتە ترۆپکەی سپڵەیی. کورد بە نووسەرەکانییەوە ، بە زانا موسڵمانەکانییەوە، بە شاعیرەکانیەوە، بە سیاسییەکانیەوە، بە ئادۆلۆجییەت چەڕەو و ڕاستڕەوییەوە هەمیشە دۆستایەتیی جیهانیی عاڕەبیی و ئیسلامیی کردووە کە چی لەبەرامبەردا کورد بەدەست دەوڵەتەکانی جیهانی عەڕەبیی و ئیسلامییەوە هەوڵی لەناوبردنی دراوە!
  • زۆرینەی خەڵکی کوردوستان موسڵمانە، زۆرینەی خەڵکی کوردوستان زۆر لە خواترس و لە خوا نزیکترن لە دەوڵەتانی نێو جیهانی عەڕەبیی و ئیسلامیی، کەچی هەمیشە کورد تۆمەتبار دەکەن بە کافرو مولحیدو دژە ئیسلام. هەندێک لە مێژوو نووسەکانیشیان واوەتر دەڕۆن و دەڵێن کورد نەوەی جندو شەیتانە. هەر بۆیەش هەمیشە خوینی کوردیان حەڵال کردووەو کچ و ژنیان بە سەبایەو کەنێزەک بردووەو خاک و ئاوییان لێ داگیرکردووەو ئەنفالیشیان کردوە. واتە ئایینی ئیسلام وەک چەکێک لە دژی کورد بەکار هاتووە لە لایەن دەوڵەتانی نێو جیهانی عەڕەبیی و ئیسلامیی. ئەم دژایەتیی کردنەی کورد لە لایەن جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامییەوە لە کوێوەوە سەرچاوەی گرتووە؟
  • کورد بۆتە قوربانیی لە نێوان دوو بەرەدا. بەرەی یەکەم: بەرەی رۆژهەڵاتیی بە گشتیی و عەرەبیی و ئیسلامیی بە تایبەتی. بەرەی دووەم بریتییە لە بەرەی ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا. بەرەی ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا کورد بەکاردێنن و بەرژەوەندییان لەوەدایە ناوچەکە بەوشێوەیە بێت کە هەیە. بەرەی ڕۆژهەڵات و جیهانی عەڕەبیی و ئیسلامییش بەرەیەکی نەتەوەپەرستیی دژە ئینسانییەو باوەری تەنها بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی هەیەو کورد بە هەڕەشە دادەنێت بۆسەر جیهانی ئیسلامیی. جیهانی ئیسلامییش لە لایەن جیهانی عاڕەبییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە. بەرەی ڕۆژئاواش هەر ئەوەی گەرەکە.
  • بەرەی ڕۆژئاواو ئیسڕائیل نایانەوێت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێجگە لە ئیسڕائیل خۆی دەوڵت و سیستەمی دێموکڕاسی تێدا درووست ببێت. ئەوان دەیانەوێت هەمیشە سیستەمی دیکتاتۆریی و داعش ئاسایی تێدا بێت. بۆ ئەوان ئاهوا باشەو ئاهوا خێرو بێری ناوچەکە دەخۆن.
  • سیاسییەکانی عاڕەب بە چەپ و بە ڕاستییەوە بە دینیی و نادینییەوە خەڵکی عاڕەبیان وا ڕاهێناوە کە ئەگەر هات و خۆیان بە لاواز بینییەوە ئەوا شیعاری “گەلی موسڵمان” امة اسلامیة بەرز دەکەنەوەو ئەگەریش خۆیان بە بەهێز بینی ئەوا شیعاری “نەتەوەی عەڕەب یەکەو خاوەنی پەیامێکی نەمرە” بامة عربیة واحدة ذات رساکة خالدة بەرز دەکەنەوە.
    بۆیە ئیتر کاتی ئەوەیەو زۆریش درەنگە کە کورد بە گشتی دەبێ سەرەتا بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی لەبەرچاوبێت نەک و ڕازی بێت کە لە پەراوێزدا بهێڵرێتەوە!
    هەروەها دەبێ کورد وەڵامی ئەو پرسیارەش بداتەوە کە :

ىۆچی سیاسییەکان و دەوڵەتانی جیهانی عاڕەبیی و ئیسلامیی دژایەتی کورد ەکەن؟ ئایا لە ڕوانگەی سیاسییەکان و ئینتەلێنجنسیاو ئینتەڵێکچووەڵ یان ڕۆشبیری کوردەوە ئەو دژایەتی کردنە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

حەسەن ڕازانی




ژاوەژاوی ستراسبۆرگ و ئاماژەکان بۆ رۆژئاڤا؟.. جوتیار مەلا رەئوف

باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا جارێکی دیکە لە ستراسبۆرگ بابەتێکی گەرمی گفتوگۆ بوو، لە هۆڵی پەرلەمانی ئەوروپادا، زۆر زاراوەی بیستراوو دووبارەبۆوەوە و ئاشنا بە گویچکەکانمان بەکارهێنران، مافی مرۆڤ، پاراستنی کەمینەکان، بەشداری سیاسی، بەرپرسیارێتی دیموکراسی لەو ووشە ودەستەواژە باوانە بوون، دۆخی ناوچە زۆرینە کوردییەکان بە هەستیار پیناسە کرا و ڕۆڵی کورد لە شەڕی (دەوڵەتی دڕندەی ئیسلامی داعش) بە ڕاشکاوی گفتۆگۆکراو دانیان پێدانا، مشتومڕێک کە پڕ بوو لە تۆن و رەنگێکی ئەخلاقی ڕوون و لە هەمان کاتدا، مشتومڕێک بوو کە سنووری کاریگەریی دیدگای ئەوروپیەکانی تا ئاستێک ئاشکرا کرد.
چەندین پەرلەمانتار لە وتارەکانیاندا بەبیریان هێنایەوە کە هێزە کوردییەکان بەشدارییەکی بەرچاویان لە کۆنتڕۆڵکردنی هێزو و پێکهاتە جیهادییەکانی سوریا کردووە، ئەوان دەیانگوت ئەم بەشدارییە نەک هەر لە ڕووی ناوچەییەوە گرنگە بەڵکو ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوروپاشی بەهێزتر کردووە. لەو واقیعە مێژووییەوە، چەند پەرلەمانتارێک بە ئاستێکی بەرزی خیتابی پێشنیاری ئەویان کرد، کە ئێستا دەبێت بەرپرسیارێتییەکی نوێ سەرهەڵبدات لە ناو سیاسەتی ئەوروپا بۆ ئەو ناوچەیەو بۆ کورد بە تایبەتی، بەڵام بە داخەوە بەرپرسیارێتی نوێی سیاسی لە گوتاری پەرلەمانەوە ناگۆڕێت بۆ کردارو بەرپرسیارەتی نوێی ستراتیژی.
پەرلەمانی ئەوروپا بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە مەترسییەکان پێشبینیکراو و دانپێدانراون، بۆشایی دەسەڵات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەتوانێت ناسەقامگیرییەکی نوێ دروست بکات و توندڕەوی جیهادی ئیسلامی پەرەپێبدات و قەیرانە مرۆییەکان زیاتر بکات، سەرەڕای ئەوەش، مرۆڤ هەستی بەوە دەکرد کە مشتومڕەکە لە نێوان پەرلەمانتارەکاندا لە ئاست و لە چوارچێوەی بانگەوازە سیاسییەکاندا قەتیسماوە، هیچ دەستپێشخەرییەکی کۆنکرێتی و ئامرازێکی نوێی سیاسەتی ئەمنی لەو کۆبونەوەیەدا ڕانەگەیەندرا، ستراسبۆرگ چاوەڕوانییەکانی داڕشت، بەڵام بۆ ئێمەی کوردو خەڵکی ڕۆژئاڤا هیچ میکانیزمێکی جێبەجێکردنی نەخستە ڕوو.
سیگناڵە سیاسیەکان بۆ خۆسەری کورد پڕ بوون لە دووفاقیەت، لە لایەک شەرعیەتی سیاسی (ئەحمد شرع) ناخرێتە ژێر پرسیارەوە و ڕۆڵ و دەستەڵاتەکەی وەک فاکتەری سەقامگیری تەعریف دەکرێتوو دانپێدانراوە، لە لایەکی تریش پەرلەمانی ئەوروپا دژایەتی سەرکوت دەکات و داوای پاراستنی کوردەکان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکات،ئەرێ هەر بەڕاست ئەو سیاسەتوو هەڵویستە بە چ تەرازویەک دەپێورێت؟
لە لایەکی دیکەشەوە وا دەردەکەوێت کە پشتیوانی رۆژئاڤا لە ڕووی ئەمنی و پێکهاتەییەوە سنووردار دەمێنێتەوە،
چونکە پەرلەمانی ئەوروپا دەسەڵاتی جێبەجێکاری سیاسەتی دەرەوەی نییە و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی نەریتی بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن کاتێک باس لە پابەندبوونە ئەمنییەکان دەکرێت بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ لە سوریا.
بۆ کورد لە ڕووی فەهمی مرۆیی و مۆڕاڵیەوە تێگەیشتنی ئەو دیدگایە قورسە، بەڵام لە ڕووی پاشخانی مێژوویەوە زۆر ئاسانە، جونکە ئێمە بە درێژایی ژیانی سیاسیمان لە ژێر ئەنوای بەڵین و پایمانە درۆیەنەکانەوە داڵدە دەدرێین تا ئەو کاتەی ‌زلهێزەکان لەبەرامبەر دەسکەوتێکدا سەودامان پێدەکەن.
ژاوەژاوە سیاسیەکە لە ستراسبۆرگ وەکوو فەزایەکی ڕەخنەگرانە بەرامبەر دەستەڵاتی شەرع و دەوڵەتی عەرەبی سوریا دەرکەوتوو لەوانەیە بمێنێتەوە، بەڵام ناتوانێت ببێت بە هیوایەکی بەهێز، یان ئارگومێنتێکی دانپیدانراو و پابەندکەر، ستراسبۆرگ دەیەوێت روداوەکانی سوریا وەکوو چیرۆکێکی غەمگین بگێڕیتەوە، بەڵام نایەوێت وەکوو فاکتێکی واقیعی و سیاسی بیخوێنێتەوە، هەرچەندە بۆ ئەوانیش زۆر ڕۆشنە کە سیاسەتەکانی شرع و حکومەتوو هێزە جیهادیە چەکدارەکانی بە دنەدان و پاڵپشتی دەوڵەتی تورک وەکوو بەربەستێک بۆچارەسەری سیاسی بەردەوام ببن بە گرفت لە بەردەم ئارامی ئەو ناوچەیەو ئومێدی سیاسی رۆژئاڤادا.
پەیامی ستراسبۆرگ ئەوەمان پیدەڵێت، کە ئەوروپیەکان بە ئاشکراو ڕوون وڕەوانی جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکنەوە، ئەوان بە دوای چارەسەری سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتووو سەقامگیردا دەگەڕێن، نەک بە ئاراستەی پارچەپارچەبوونی دەوڵەتو دابەشکردنی دەستەڵات، بەو قسەیە، ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات کە لامەرکەزییەت شتێکە کە لە ئیستای سوریادا شوێنێکی نییە بۆ بیرلێکردنەوە.
مشتومڕو ژاوەژاوەکەی ستراسبۆرگ تیشک دەخاتە سەر گرژییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپادا، لە کاتێکدا ئەوان ئامادەییان بۆ مەترسیە جیۆپۆلەتیکیەکان لە و ناوچەیە سنووردارە، بەلام لە هەمان کاتیشدا یەکێتی ئەوروپا سەقامگیری دەوێت، دەیەوێت ڕێگری لە شەپۆلی نوێی کۆچ بکات و دەیەوێت رێگە لە کاریگەریەکانی پەرەسەندنی ناوچەیی بگرێتوو لەخۆی دووربخاتەوە کە ئەوەش پێیدەگوترێت سیاسەتی وریایی وهێڵی سنوردار.
لە روی کۆنتێکستی سیاسیەوە ئایا ئەم دانیشتنەی ستراسبۆرگ گرنگ بوو؟
دەکرێت وەڵامەکەی لە لایەک بەڵێ بێت، چونکە ئەوە نیشان دەدات کە ئەو پرسە مەبەست پرسی رۆژئاڤا لە کارنامەی ئەوروپادا تا ئاستێک هەیە، وە دەکرێت نەخێریش بێت، چونکە هاوسەنگی هێز لەسەرئەرزی واقیع ناگۆڕێت.
من پێم وایە ژاوەژاوەکەی پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژەیەک بوو زیاتر بۆ هاودەنگی لە پرەنسیپ و بەها مرۆیەکان. بەڵام تەنیا لە ناو چوارچێوەیەکی مۆراڵیدا، نەوەکوو رەهەندێکی سیاسی لە داهاتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاڤادا.
ڕێک لێرەدایە بۆمان دەردەکەوێت کە واقیعی سیاسەتی کوردی لە بۆشایەکی زۆر گەورەدایە لە نێوان پڕەنسیپی سیاسی و مرۆییدا لە ناو جیهانی زلهێزو دیدگای وڵاتە بەرژەوەندخوازەکاندا.

جوتیار مەلا رەئوف

.




دوورگەی ئێپشتاین، وەک هێمایەک بۆشکستی مۆڕاڵی سیستەمێک.. جوتیار مەلا ڕەئوف

کاتێک لەسەر دۆسیەی جێفری ئیپشتاین دەنووسین، تەنها لەسەر تاوانبارێکی هەوەسبازی سێکسی سزادراو قسە ناکەین. دەبێت لەسەر دەسەڵات قسە بکەین، سەبارەت بە پارە، سەبارەت بە سیستەمێک کە نایەکسانییەکی زۆر بەرهەم دەهێنێت و بەمجۆرە پەرە بە وەرینی مۆڕاڵی ئینسانی دەدات، بۆیە تەنها پێویستمان بە دیدگایەک نییە، بەڵکو بە ڕەهەندێکی سیاسی قوڵ و گشتگیرتر، پێویستە بەرلە هەرشتێک پرسیاری ئەوە بکەین کە ئەم کەیسە چی لەبارەی بنەما ئەخلاقییەکانمانەوە ئاشکرا دەکات، کام ڕاستییانە لە پشتییەوە سەردەردێنوو خۆیان دەردەخەن.
ناوی ئێپشتاین بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە دوورگەیەکەوە کە پێی دەگوترێت (سەینت جەیمسی بچووک) لە دوورگەکانی ڤێرجینی ئەمریکا، . ئەو دوورگەیە تەنها وەکوو بەشێک لە دیاردە جوانەکانی سروشت نیشانی ئێمە نەدرا، بەڵکو بوو بە هێما بۆ تاوانێک کە سیستەمێک لە پشتیەوە وەستاوە، لە فەزایەکی جیاواز و تایبەت، لە دەرەوەی هەموو بەها و بنەما ئەخلاقیەکان ژیان و کاتی تێدا بەسەربردراوە، ئیپشتاین سەرمایەدارو بازرگانێکی ئەمریکی بوو کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بازنەکانی دەستەڵاتوو پارەدارو کەسە کاریگەرەکان لە بواری سیاسەت و بازرگانی و ئەکادیمیدا هەبوو، ئیپشتاین لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە ویلایەتی فلۆریدا دانی بە تاوانێک نابوو کە داوای لە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی کردووە بۆ تێکەڵکردنیان بە بازرگانی لەشفرۆشی، ئەو گرێبەستەی کە لەو کاتەدا لەگەڵ داواکاری گشتی کردبووی، لە ژێرناوی (مامەڵەی داوای لێبوردن) لە ئەنجامدا تاوانکار سزایەکی نائاسایی نەرمی بەسەردا سەپێندراو بەو هۆیەشەوە ڕەخنەیەکی زۆر و بەرفراوانی لە سیستەمی دادوەری ئەمریکادا لێکەوتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٩دا جارێکی دیکە ئیپشتاین بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تۆمەتبار کرا. دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنی، لە نیویۆرک لە زینداندا گیانی لەدەستدا، مردنەکەی بە شێوەیەکی فەرمی بە خۆکوژی ناسیندرا، بەڵام بووە هۆی گفتوگۆیەکی جیهانی سەبارەت بە شکستی دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسیارێتی دامەزراوە یاسایەکان، گومانێکی زۆر و هەروەها فەزاحەتی بنەڕەتی و زۆر جددی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵات و سامان و جێبەجێکردنی یاسادا ئاشکرا کرد.
لە راستیدا ئەوەی کە ئێستا ئەو تاوانە بێزەوەرە(دورگەی سەینت جەیمسی بچووک) بۆتە رۆژەڤی میدیا جیهانیەکان، تەنها وەکوو دۆسیەیەکی تاوانکاری تجرید نابیندرێت، بەڵکو پڕیەتی لە نیشانە و گومانی سیاسی بەرچاو لە پەیوەست بە دەستەڵاتوو سیستەمو کۆمەڵگا، نموونەی نەزمێک دەهێنێتەوە بەرچاومان کە دەسەڵاتی سەرمایەو ئابووری دەتوانێت چ کاریگەریەکی کۆمەڵایەتی و یاسایی لە ڕایەڵەکانیدا دروست بکات. من لە ڕوانگەیەکی سیاسی جیاوازەوە سەیری ئەو کەیسە دەکەم، چونکە ئەو کەیسە هێڵەکانی فەزیحەی مۆڕاڵی سیستەمێک ئاشکرا دەکات کە بانگەشەی درۆینەی گەرەنتیکردنی یەکسانی مرۆڤەکان لەبەردەم یاساوکۆمەڵگادا دەکات.
ئەوەی بە تایبەتی جێگەی نیگەرانی و تێڕامانە، تەنها خودی تاوانەکە نییە، بەڵکو هەموو ئەو زەمەنەیە کە لە ژێرسایەی ئەو سیستەمەدا ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە خرایە ژێر سایەی لێبوردەیی کۆمەڵایەتییەوە، ئیپشتاین بە ئاشکرا لە تۆڕی پەیوەندی دەستەبژێرە سیاسیەکاندا بەرخوردو هەڵسوکەوتی دەکرد، پێشوازی گەرمی لێدەکراو بەشداری لە بۆنە و ئاهەنگە شاهانەیەکان و بۆنە سیاسیەکان دەکرد، پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکاندا دەچاند و چێژوو سودێکی سایکۆپاتیانەی لە ڕادەبەدەری لەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانە دەبینی. لێرەدا پرسیارێک کە لە زیهنماندا دروست دەبێت، کە چۆن مرۆڤێکی سایکۆپات بەم جۆرە پاشخانەوە بۆ ماوەی ئەوهەموو ساڵە دەتوانێت بەشێک بێت لەودەستەبژێرە باڵا سیاسیە و بەو بێدەنگی و چاوپۆشیەوە بمێنێتەوە؟
لێرەوە لە شوێنپەنجەکانی ئەو تاوانەوە دەردەکەوێت کە سیستەمی سەرمایەداری لە فۆڕمە ڕاستەقینەکەی خۆیدا چ نایەکسانییەکی گەورە بەرهەم دەهێنێت، لەوە تێدەگەین کە سامان تەنها سەرمایەی ئابووری نییە، بەڵکو سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سیاسیشە، ئەوانەی خاوەنی ملیارەها دۆلارن، دەستیان بە باشترین پارێزەر و پەیوەندییە کاریگەرەکان و پەیوەندییە گشتییە ستراتیژییەکانیش دەگات، کە ئەوەش دەبێتە مایەی ناهاوسەنگیەکی مۆڕاڵی لە سیستەمی دادوەریدا.
لێرەوە دەبینین سەرمایەداری پاداشتی سەرکەوتن و کەڵەکەکردنی سامان بە چ جۆرێک دەداتەوە بە خاوەن هێزە ئابوریەکان، پێمان دەڵێت کە ئەوە پرەنسیپە راستەقینەکەی ئەو سیستەمەیە. کاتێک ئەو شەرمەزاریانە کاریگەریی دەکەنەسەر کارکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان، بۆمان دەردەکەوێت کە ئازادی رەهای ئابووری دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر یەکسانی لە ناو کۆمەڵگاو لە بەردەم یاساو نۆرمەکانیدا.
ئەوەی لە ناو بۆگەناوی ئەو سیستەمەدا جیگای نیگەرانییە، ئاساییکردنەوەو بە کۆمەڵایەتیکردنی حەجمی سامانە وەک نیشانەی بەرزی کوالیتی مرۆڤەکان، زۆرجار سامان هاوتا دەکرێت لەگەڵ پاکی، لێهاتوویی، زیرەکی، یان باڵادەستی مۆڕاڵی. ئەو معیارو تێڕوانینە پەرە بە دروستبوونی دیدگایەکی کوێر دەدات لە ناو کۆمەڵگاداو کار بۆ بەهێزکردنی دەکات،بە هەمان شێوەش حەجمی قوربانیەکان بچووک دەکاتەوە، یان هەستی گومان لە بەرامبەر قوربانییەکان زیاد دەکات تا ئەو کاتەی تاوەنەکان پەردەپۆشدەکرێن و ووندەکرێن لە چاوی یاساو کۆمەڵگادا، نزیکترین نمونەش ئەو فەزاحەتە قێزەونەی دورگەکەی ئیپشتاینه.
دورگەکەی ئێپشتاین دەکرێت باشترین نمونەی تاقیکردنەوەی ئەخلاقی بێت بۆ بەهاکانی دیموکراسیەتی نیولیبڕالیزم، ئەو کەیسە پێمان دەڵێت کە سامان چەندە کاریگەری هەیە بەسەر کەمکردنەوەی هێزی یاسا و دادوەری و دەزگا ئەمنیەکان لە ناو ئەو سیستەمەدا، ئەگەر یەکسانی لەبەردەم یاسادا بنەمایەکی سەرەکی بێت، چۆن دەکرێت پشت بە باڵانسی بانکی و توانا مادیەکانی مرۆڤ ببەستێت.
ئەوەی کە بە تەنیا بەرپسیارە لەبەرامبەر ئەو هەموو تاوانە قێزەونانەی مرۆڤ، خودی سیستەمە، چونکە سیستەمێک بەوشیوەیە ڕێگە بە چڕبوونەوەی دەسەڵاتی سەرمایە بدات و پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر یەکپارچەیی مۆڕاڵیدا ئەولەویەت پێبدات، هەلومەرجێک دروست دەکات کە چاودێریکردن لە ژێریدا شکست دەهێنێت، لە کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵایەتی-مۆڕاڵیدا، کەرامەتی مرۆڤ لە پێش دەسکەوتوو سەرکەوتنە ئابوریەکاندایە، بەڵام لە سیستەمی سەرمایەداری و بە تایبەت لە فۆرمە نیولیبڕاڵەکەیدا ئەدای سەرمایە لە یەکپارچەیی ئەخلاقی بەهادارترە، سەرمایەداری تەنیا بازاڕەکان لە قاڵب نادات، بەڵکو بەهاکانی مرۆڤیش لە قاڵب دەدات، کاتێک لۆژیکی بازاڕ هەموو شتێک دەگرێتەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبنە ئامراز.
قسەکردن یان نوسین لەسەر ئەوتاوانە بۆ ئەوە نییە تەنها وەڵامێکی ئاسانمان دەست بکەوێت. بەڵکو دەبێت لە پێناو یەک ئامنجدا بێت، ئەویش ئەوەیە کە بروای تەوامان بەوە هەبێت بە ئاشکرا باسی دەسەڵات وهێزی پارە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بکەین. کەیسی (دورگەکەی ئێپشتاین) بابەتێکی زۆر تاریکە. بەڵام دەرفەتێکە بۆ ڕەخنەگرتن و پیداچونەوە بە نۆرمو باهاکانی سیستەمێک کە مرۆڤ لە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆیدا هیچ بەهایەکی نییە. ئەگەرئەو تاوانە تەنیا وەکوو ئابڕووچونێک ببینین، ئەوا وانە ڕاستەقینەکەی بەها ئەخلاقی و مرۆیەکان لەدەست دەدەین. هەرلەو دیدگایەشەوە پێویستە لەوە تێبگەین کە دیموکراسیەت چەندە پێویستی بە پشکنین و باڵانسگیری هەیە، بە تایبەت لەو شوێنانەی کە سەرمایە دەسەڵات دروستدەکاتوو بەهای مرۆڤی لەسەر بنایاد دەنێت.

جوتیار ملا ڕئوف




ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلەچاوێکى ڕەخنەییدا-4- .. هەڵمەت بایز

بەشى چوارەم
ئیشکالیاتى تیۆرى و بۆشایی مەعریفى

لە خوێندنەوەى ئەدەبیات و توێژینەوەى ئەدەبدا، بەپاساوى ئەکادیمبوون وەک دەمڕاستى خوێندنەوە و توێژینەوەى ئەدەبی یان ئەوپەڕى سەرڕاستى و دەرخەرى حەقیقەت نییە، لەهەمانکاتدا بە پاساوى چوارچێوەبەندى ئەکادیمى و ئاستلاوازى ئەکادیمییەکان واتاى ڕەتکردنەوەى ئەکادیمیا نییە. جۆرێک لە بەریەکەوتنى ئەو جۆرە تێگەیشتنە، پەیوەندى بە ئیشکالیاتى مێـتۆدى و بۆشایی مەعریفییەوە هەیە، بە واتایەکى دیکە بەشێک لە مشتومڕى ناو گۆڕەپانى توێژنەوەى ئەدەبی کوردى مێتۆد بووە بە پاساوى بۆشایی مەعریفى، بۆشایی مەعریفیش بووە بە وەلانانى پاساوى مێتۆدى و تیۆرى ئەدەبییەوە.
پێویستە ڕاشکاوبین بەرلەوەى ئەکادیمیا کۆمەکى ئارەزووخوازان و فێرخوازانى زانکۆ بکات، پێویستە کایەى مەعریفى و خوێندنەوە وەک پێشمەرجى خوێندن و توێژینەوەى ئەدەبی ئامادەییان هەبێـت. بەشێک لە ئەرکە درێژمەوداکانى ئەدەبیاتناسى بە هەموو لقەکانى و بە کۆى ئەو ژانر و ڕەوت و قوتابخانە و تیۆرییە ڕەخنەییەکانەوە، تۆڕێکى یەک تەواوکەری و پێکهاتەیین، ولانان و حەزپێکردنى بەشێکیان بەسەر ئەوانیتریاندا لە دەرەوەى ئەو تێگەیشتنە دان. دیوێکى دیکەى مەوداى ئەدەبیات دەچێتەوە ناو کۆى کایەکانى هزرى و فەلسەفى پەیوەست بەو کۆپەیوەندییەى درێژکراوەى قۆناغەکان و دۆخى کۆمەڵایەتى و کەلتوورى و مێژووى و دەروونییەوە. ئەدەبیات لەناو ئەزموونە کەسییەکان و کۆپەیوەندییە کۆمەڵایەتى و کەلتوورى و فرە مەعریفەییەوە بگرە، تا دەگاتە ئەوەى لە دۆخێکى نامەئلوف و تێکشکاندنى زمان و نەبوونى شوناسێکى دیاریکراوى دەلالى، لە چاوەڕوانى خوێنەرێکى ئاسایدا زەحمەتە بتوانرێت بەو هەموو کەلێنانەوە، کەشفى گوتارى ئەدەبی لە ڕێى خوێندنەوەى چەند چەمکێکى ئەدەبی و گێڕانەوە و تیۆرە ئەدەبییەکانەوە بکرێت، چونکە ئەو زمینەسازییە وەک پێشمەرجى بیرکردنەوەى ڕەخنەیی و مەعریفى شۆڕبوونەوەیە بەناو دیوە شاراوەکانى دەق و دەلالەتە تیۆرى و ڕەخنەییەکانى دەقەوە.
ئەوەى جێى پرسیار و ڕەتکردنەوە و نرخاندنى هەوڵە ئەکادیمییەکانە بەشێکیان پەیوەندى بەو ئاستلاوازییە بەراییەوە هەیە، کە ناکرێت فێرخواز بەپشتبەستن بە فەزاى ناو زانکۆ وەک ئەوەى لە سێ بەشەکانى پێشتر تیشکمان خستەسەرى، دەبێت ئەو ئامادەییەى بۆ دروست بووبێت و ئەگەر لە دەرەوەى هەوڵەکانى خۆیدا خۆماندوکردنێکى پێویست و خولیایەکى پێویستى نەبووبێت و ئەستەمە بتوانێت خۆى لەقەرەى خوێندنەوە و توێژینەوەى ئەدەبی بدات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەى بەشێک لە ئەکادیمیادا توشى ڕەخنەوە توانج دەبێتەوە، خودیى خوێندنى ئەکادیمییا نییە، ئەوەندەى پەیوەندى بەتوێژەران و خوێندکاران و هەوڵەکانیانەوە هەیە.
ئەگەرچى چوارچێوەبەندنى ئەکادیمی بەتایبەتى بۆ ئەدەبیات هەر لە زووەوە لە سەدەى نۆزدە وەک توێژینەوەى زانستە مرۆییەکان بووە جێى پرسیار، وەلێ تا ئێستاش ئەکادیمیا نەچۆتە ناو پێویستى ڕەتکردنەوەوە، لەبەرامبەر هەر دوو تێگەیشتندا ڕەوتى ئەکادیمى و ڕەوتى دەرەوەى ئەکادیمیا چ لە خوێندنەوە و چ لە نووسینى ئەدەبی شوێنپەنجەیان هەیە، ئەوەى جیایان دەکاتەوە سروشتى ئاڵۆزى و تایبەتمەندیى ئەدەبی و ڕیشاڵە بەرفراوەنەکانى مەعریفەى ناو ئەدەب و ڕایەڵەى زانستە مرۆییەکانى دیکەى ناو ئەدەبیاتە، بەمەش کردەى خوێندنەوە توێژینەوەى ئەدەبی سەخت دەکات، لەناو کڵێشەیی ئەکادیمیدا دەبێتە جێى پرسیار و هەناسەکورتى توێژینەوە لە بۆشاییە مەعریفییەوە دێتەکایەوە، کە پێویستە ڕەخنەگر و توێژەرى بوارى ئەدەبی لە باریدا هەبێت و تا ئەکادیمیاش کۆمەکییان بکات.
لە ئێستادا گرنگە و جێى پرسیارە لەسەر مێژوو و ڕەوت و دۆخ و گەشە و چەقبەستووى سەرخانى ڕۆشنبیرى کوردى لە ماوەى چل ساڵى ڕابردوو بەبەرهەمى هەزاران توێژینەوەى ئەدەبی کوردى کاریگەرییەکەى ئەوتۆى لە فیکرى ڕەخنەیی و ئاست و گەشە و گۆڕانى ئەدەبیاتى کوردى بەدی نەهاتووە. ئەکادیمیا نەیتوانیوە مێژووى ئەدەبیاتى خۆى بەدیدێکى دیکەى دەرەوەى شێوازى باو بنووسێتەوە و ڕۆڵى وەرگر و خوێنەر لە تێگەیشتنى مێژووى ئەدەبیاتى کوردیدا بەدی بێت، کە لە توێژینەوەى مێژووى ئەدەبی ئێستادا زۆر گرنگە، بەتایبەتى لە توێژینەوەى ئەدەبی بەراوردکارى، هەوڵەکانى کاریگەرى ئەدەبیاتى کوردى لەناو ئەدەبیاتى دیکەدا وەک ئەدەبێکى لاسایکەرەوە و پاشکۆ وێناکراوە، ئەو هەوڵانەى ناو توێژینەوەى بەراوردکارى لەئاستێکى سادەى خستنەڕوو و بەراوردکردن و بەرامبەرکردنى فۆرم و چەند دیوێکى دەلالین، نەیانتوانیوە لە ئاستى ئێستاتیکى و بەریەکەوتنى کەلتوورەکان قوڵبێتەوە و تێگەیشتن و ئاستێکى باشتر بە ئەدەبیاتى کوردى بدات. وەک کایەکى کەلتوورى و ناسنامەیی هاوئاستى دیکەى گەلان بڕوات. هەرچى تیۆرى ئەدەبیشە لەبارى تێدامانێکى کلاسیکییانە خەریکى ڕاڤەى چەند مێتۆدێکى کلاسیکى و چەند چەمکێکى تیۆرین، لەنا هزراندن و پێگەى مەعریفى زانکۆیدا هیچ کایەکى ئەوتۆى تیۆرى بۆ خوێندنەوەى خۆماڵییانەى دەق و توێژینەوەى ئەدەبی نەبووە بەسەرچاوە. لە بارى ئێستاتیکى ئەدەبیش وەک دیوێکى گرنگى ئەدەبی زۆر کەم و کورتبینە. بەهۆى ئەو کەلێن و نائامادەیی و خوێندنەوە و هەناسەکورتى لە توێژینەوەى زانکۆکاندا، ئاڕاستەى زۆرترین توێژینەوەکان بەدیوى ڕەخنەى ئەدەبیدا کەوتووە، هەڵەبەتە ئەو ئاڕاستەیە زیاتر وەک کارئاسانی و دەسەڵات بەسەرداشکان و چاولێکەرى دەکرێتە ئامانج لەزۆربەى کاتدا لەچوارچێوەى پاڕادایمێکى تیۆریى ڕەخنەیی یان لەبەکرابردنێکى بنەماییانەى وەسفى بەدەر لە قووڵى ئاستى مەعریفى و پاشخانى ڕۆشنبیرى هیچ گوتارێکى ڕەخنەیی بەدوا خۆیدا ناهێنێت.
زۆرجار بەسەرداهاتنەوەى توێژەرانى کوردناسی و ڕەخنەگرانى دەرەوەى ئەکادیمى کوردى باشتر وردتر لەپاناى بیربۆچوونەکانیاندا ڕوانینێکى باشترییان بۆ مێژووى ئەدەبی و ڕەخنەى ئەدەبی کوردى هەبووە، دواتر ڕێگەیان بۆ دووبارە هەڵدانەوەى لاپەڕەکانى ئەدەبیاتى کوردى خۆش کردووە. یان بەدوێکى نەرێنى دواى توێژینەوە و خوێندنەوەکانى بەرى توێژینەوە ئەکادیمییەکان بۆتە هەمان ڕێچکەى دووبارەى پێشوترى خۆى، بەمەش هەم دیسان نەیتوانیوە لەو شێوازە باوە دەربچێت، کە وەک پارادیمى ڕۆشنبیرى ئەدەبیاتناسى و ڕەخنەى مۆدە باوبووە. بۆیە ئەو پرۆسەى بەسەرداهاتنەوە ئاگایی زیاتر وردترى دەوێ، لە هەردووبارى ئەرێنى و نەرێنى مامەڵەیەکى هۆشیارانەى پێویستە. بۆ کەشفى ئەو گوتارە زاڵەى وەک بۆشایی مەعریفى و ئاستلاوازییەکانى هزرى لە خوێندنەوەى ئەدەبیاتدا لە ئێستادا پێویستیمان بە توێژیینەوەى ڕەخنەى ڕەخنە و دیدێکى وردبینانەترى ڕەخنەیی هەیە، بەتایبەتى ئەو ئەدەبیاتەى کە ئێستا وەک گۆڕەپانى مەعریفى و کەلتوورى هەیە، زۆرجار بەو چاوەڕوانییەى هەیەتى دۆخێکى گەڵاڵەکراوی چەقبەستووى هەیە، دەرفەتى تەکان و گەشەی ئەدەبیاتیش لە ڕێى توێژینەوەى زانکۆ و خوێندنەوەکانەوە لێیەوە بەرهەم نەهاتووە، بەواتایەکى دیکە ئەکادیمیا لە پەیوەندییەکانى لە دایکبوون و گەشەى ئەدەبیات و خوێندنەوە لاوازە. بەو تێگەیشتنەشەوە ڕێڕەوى گەشەى ئەدەبیاتى کوردى بە لاوازى و ناهاوڕەوتى گەشەى ئەدەبیاتى دیکەى جیهانى ڕێناکات، بۆیە بەشێوەیەکى گشتى زیاتر هەوڵە ئەکادیمیییەکان لەچوارچێوەیەکى کڵێشەسازى و توێژەرێکى مەکینەى و جوینەوەى زمان و دووبارەکردنەوەى شێوازن، یان بەمۆدەبوونى دۆخى ئەدەبی و چەمک زاراوەیەکى ئەدەبی وەک ئامانجى بڕوانامە بووەـ تا ئاواکردنەوەى ئەدەبیات وەک کایەکى مەعریفى و کەلتوورى، هەر ئەم بۆشاییەش وایکردووە میراتى لاوازى مەعریفى، وەک ناسنامەی ئێستا و ڕابردووى توێژینەوەى ئەکادیمیی دەربکەوێت.
یەکێک لەو هەڵوەستانەى پێویستە وەک دیدێکى ڕەخنەیی ڕەچاو بکرێت، ناهاوسەنگى و نابەرابەرى خوێندنەوەى ئەکادیمیى زانکۆکان و دەرەوەى زانکۆکانە. بۆ نمونە لەناو کایەى ئەکادیمیدا بەتایبەتى لە کارپێکردن و بەکاربردنى بەشێکى گرنگى تیۆرییەکانى ئێستاى خوێندنەوە و بۆ ئەدەبیات و تێکستى ئەدەبی لە زانکۆکانى کوردستان ئامادەییان هەیە وەلێ ئەوەى جێى پرسیار و سەرنجى ڕەخنەییە، لەبارى گشتیدا بەکاربردنى مێتۆد و تیۆرییەکان و پارادیمى تۆرییەکان هەڵگرى ئیشکالیەتە، لەسەروی هەموویانەوە تیۆرییە بەکارهاتووەکان بەربنەماى مۆدیەکى نوێخوازى و هەوڵى جیاوازبوونن، ئەوە تێگەیشتنە گرنگە و پێویستیشە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەدیدێکى ڕەخنەییەوە چاوبەسەر ئەو هەوڵانەدا بخشێندرێتەوە، لە لایەک هەوڵەکانى توێژینەوە بە پێى پارادیمى پۆزەتیڤیزمە، زۆرکەم دەبینینى پارادایمى تەفسیرى یان ڕەخنەیی لە توێژینەوەکاندا ئامادەییان هەبێت، بەتایبەتى لە دۆخى ئێستادا ئەدەبیاتى کوردى زیاتر پارادایمى تەفسیرى و ڕەخنەیی دەخوازێت. ئەو شێوە پارادایمە پۆزەتیڤیزمە زۆرتر مۆدەیەکى باوى پێشترى یەک بەدواى یەکدا هاتووى فۆرمگرتووى بێ ماندووبوونە، زۆرتر لە ئاستى هەڵڕژانى زانیارییە نەک لێکدانەوە و تەفسیرکردن و بینینى ڕەخنەییانە، بەمەش زۆرجار هاوئاستى توانستەکانى ئەکادیمیی ئێستایە، بە ئاگایی و بێئاگایی وابەستەى ئەو جۆرە فۆرمگرتنە پارادایمانەن، کە کلاسیکین و وەسفین، یان خوێندنەوەى هەر چەمکێکى کۆمەڵایەتى و کەلتوورى لەناو توێژینەوەى ئەدەبی خوێندنەوەیەکى وەسفییانە فرە گۆشەییە، یان بەپێى چەند پێناسەیەکى بەرتەسک و هەندێک بنەماى ئاسایی توێژەرانى دیکە، دوور لە هەر بەشێک لەو پارادایمە ڕەخنەییانەى پاشبونیادگەرى بەدەر لە تیۆرییەک یان چەند تیۆرییەک، بێ ئەنجامیگیرییەک وەک تێز یان کەشفکردنى گوتارێکى ڕەخنەیی و خوێندنەوەیی ئامادەیی هەبێت.
بوارى ئەدەبیاتناسى هاوڕەوتى دەرکەوتن و پەرەسەندن و توێژینەوەکانى دیکەى زانستە مرۆییەکانە. بەواتایەکى دیکە ئەدەبیات بەپێى گۆڕانى قۆناغەکانى ڕۆشنگەرى و مۆدێڕنیتە و پۆستمۆدێڕن، وەک بزاوت و کاریگەرى هزرى ئامادەیی ناو کایەى گۆڕانکارییەکان بووە هەمیشە هاوئاهەنگبووە لەگەڵ گۆڕان و گەشە و دەرکەوتە تیۆرییەکانى دیکەى ناو کایەى زانستە مرۆییەکانى ناو قۆناغە مێژوووییەکانەوە، بۆیە لە بارى تێگەیشتن لە گەشە و گۆڕانى ئەدەبی پەیوەندییەکى دیالێکتیکییانەى ناو کایەى ئەدەبی پرسێکى حەتمییە، بەدیوێکى دیکە تێگەیشتن لە هەر دۆخ و تایبەتمەندییەکى قۆناغەکان و تێگەیشتنە تیۆرییەکانى دواى سەدەى نۆزدەم بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤ، کەم تا زۆر هەموو ئەو گەشە و گۆڕانانە دەبنە بەشێک لە هاوکێشەى دەرکەوتە و لێکەوتەى ئەدەبیاتناسی وەک کۆپەیوەندی (سیاق)یەک لەگەڵ ڕەوتى گۆڕانگارییەکانى ناو قۆناغەکانى گەشەى تیۆرى و خوێندنەوەى جۆراوجۆر و بزاوى هزرى دەخوێندرێتەوە. هەر بەهۆى ئەو تایبەتمەندییەشەوە ئەدەبیاتناسی بۆ کۆى فێرخوزانکێک دەست نادات کە لەناو ئەو کۆپەیوەندییەدا لە ئەدەبیاتناسی حاڵى نەبێت، چونکە کۆى تیۆرییەکانى ناو توێژینەوەى ئەدەبی لەو پەیوەندییە ورد و ئاڵۆز و مشتومڕهەڵرانەوە سەرچاوەى گرتووە، کە هەریەکەیان لە گۆشەیەک و ئەزموونێکى هزرى و ملمالانێ و فرە تیۆری و ڕوانینەوە لە دایک دەبن، بۆیە کۆى ئەو پاشخانەش دەبێتەوە ئەرکى توێژەر لە ڕێبەدینەبوونى ئەو ئاگاییانە ئاستى تێوژینەوە و خوێندنەوە لاواز دەبێت.
لەناو توێژینەوە ماستەرنامە و دکتۆرانامەکاندا ڕێگایەکى ئاسان هەیە لە دەرەوەى هەموو دینابینى و قوڵایی مێتۆد و تیۆرى، زیاتر زاراوەیەکى ئەدەبی یان ڕەخنەى یان شێوازى یان دۆخێکى گۆڕانکارى لە نوێخوازى ئەدەبی یان بوارێکى نیشتماپەروەرى و دڵدارى و دەروونى و کۆمەڵایەتى و سیاسی و یان بنیاتەکانى گێڕانەوەناسی…هتد بەردەوام لەناو یەک شێواز و یەک جۆر زمانى نووسیندا خۆیان دووپات دەکەنەوە. بەهۆى خۆنەبەستنەوە بەهیچ تیۆرییەک یان پارادایمێکەوە، ئەو مۆدە باوە و ئامادەییەکى مەعریفى ئەوتۆى ناوێت. توێژەر لەچوارچێوەیەکى دیارکراودا دەخولێتەوە، بەڵام ئەوەى جیاواز و جێى پرسیارى زۆرترە لە توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی کوردیدا بەکاربردن و ئامادەیی مێـتۆد و تیۆرى تازەى ئەدەبییە. توێژەر لەلایەک لە هەلومەرجى گوێزانەوەى تیۆر لە کۆپەیوەندى مەعریفى و هەلومەرجى دەرکەوتنى تیۆرییەکە شارەزا نییە، بۆیەشە کاتێک تیۆر وەک ئامراز بەکاردێت لە ئامانجى خوێندنەوەکە دوور دەکەوێتەوە، لەلایەکى دیکەشەوە زۆربەى تیۆرە بەکارهاتووەکانى ناو توێژنەوەى ئەدەبیاتى کوردى وەک باسمان کرد پاردایم و تیۆرییەکە بزرە. بۆ نمونە کاتێک لە لەناسنامە دەکرێت، لەناو ناسنامەدا چوارچێوەى ئەو پارادیمەى ڕوون و دیار نییە لە ڕوانگەى پۆستکۆلۆنیالیزمە یان فێمینیزمە یان کەلتوورى و ئاینیییە، بۆیە لە زۆربەى باردا بەکاربردنى هەر چەمکێکى کۆمەڵایەتى و مرۆیی و کەلتوورى پێویستە ئەو چوارچێوە تێگەیشتنە ڕوون بێت، بۆئەوەى لە هەموو لایەک و گۆشەیەکى پاشاگەردانى لەچوارچێوەى پێناسەکانەوە بەناوى مێتۆدى وەسفى شکارى وەک قاوغێکى ئامادە هەموو شتێک نەئاخرێتە ناو توێژینەوەکەوە. بەدەر لەوە توێژینەوەکان سروشتێکى ئینشائی وەردەگرن، نەک خوێندنەوە، ئەوەیان سەرکیترین گرفتى ئێستاى توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی کوردییە و نەیتوانیوە بەشێویەکى بەرچاو ئەو تێگەیشتنە تێپەڕێنێت، واتە لە ڕێى ژماردن و خاڵ و پێناسەوە بەشێوەیەکى وەسفى لەژێر کاریگەرى ئەو بنەما تیۆرییانەى کۆپی دەکرێن و دەقە ئەدەبیەکانیش لەگەڵیان دەگونجێنن، وەک ئەوەى تۆ پێوانەیەکت هەبێت، بەدواى قیاسەکەى بگەڕێى بەبەریدا بکەیت، بەبێ ئەوەى هیچ ڕاڤەیەکى ئەوتۆ یان گوتارێکى پشتى تێکستکە بۆ ئێمە کەشف بێت. هەر بەهۆى ئەو نائاگایی و فرەمەعریفییەى کە پێویستە توێژەرى ئەکادیمى هەیبێت، زۆرجار خوێندنەوەى ڕەخنەیی و توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی لە دەرەوەى ئەکادیمیا بەبێ مێتۆدى توێژینەوەى ئەدەبی زۆر کاریگەرترە، لە بەکاربردنى مێتۆدێکى مێتۆدۆلۆژى ئەدەبی ناو زانکۆ، یان بەواتایەکى دیکە ڕووبەرى مەعریفى زاڵتر و کاریگەرترە لەناو خوێندنەوە توێژینەوەى ئەدەبیدا، لەبەرامبەر ئەوەشدا مێتۆد و تیۆر لەناو ئەکادیمیا بۆتە بۆتەیەکى ئامادەکراوى ئەو بۆشاییە مەعریفییانەى کە لاى خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆدا هەیە.

هەڵمەت بایز
مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران ٢٥/١/٢٠٢٥




تۆم باراک و پیادەکردنی سیاسەتی تورکیا لە سوریا.. شاخەوان قادر شۆڕش

تورکیا بەهەموو شێوەیەک دژی ئازادی کوردانە ئەگەر لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا بێت، چونکە ڕاستەوخۆ وەکو مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیای دەبینێت. سەبارەت بە کوردەکانی سوریا بە تووندی دژی هەر جۆرە مافێکی ڕامیاریی یا مافی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکانە، بۆیە لە ڕۆژی یەکەمی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و ڕاپەڕین لە دژی ڕژێمی ئەسەددا لە ساڵی ٢٠١١دا تورکیا ئەوەی چەندبارە کردۆتەوە، کەوا ڕێگەنادەن مافی ئۆتۆنۆمی بدرێتە کوردەکان یا جۆرێک لە مافی ڕامیاریی وەرگرن یا تەنانەت لە دەستوری داهاتوودا ناوی کورد بنووسرێت و دان بە بوونیان بندرێت. بەمجۆرە تورکیا دەڵێت دەبێ سەروەریی سوریا بپارێزرێت، پارچەنەکرێت، نەبێتە فیدرالی، حکومەت سەنترال بێت و هێزی چەکداریی سەر بە گروپە ئەتنیەکان نەمێنن. تورکیا هەمیشە پێیوابووە هەسەدە یا یەپەگە رێکخراوی تیرۆریستین و سەر بە پەکەکەن، دەبێ چەکەکانیان دابنێن و بچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ناوەند، ناوچەکەش بخرێتەوە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ناوەند. تورکیا هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بووە ئەم هەرێمەی ڕۆژئاڤا نەبێتە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی کوردان، بۆیە شێلگیرانە کاری بۆ لەناوبردنی ڕۆژئاڤا کردووە. لە ساڵی ٢٠١٨دا بەهۆی بوونی بەرژەوەندی هاوبەش و نزیکایەتی لە نێوان ئەردۆگان و سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپدا، ئەردۆگان دەرفەتی ئەوەی پێدرا هێرش بکاتە سەر کوردەکان، شاری عەفرین و کۆمەڵێ ناوچەی دیکە داگیربکات. ئەوسا کرێگرتە ئیسلامیەکانی دژ بە کوردەکان بەکارهێنا. تاوانی بە زۆر دەرپەڕاندن و نەهێشتنی کوردەکان لە زێدی باوباپیرانیاندا ئەنجام دران. بەڵام بەهۆی بوونی هەندێ لە دۆستانی کورد کە نزیک بوون لە ترامپ، هێرشەکە وەستێندرا و خۆبەڕیوەبەریی کوردەکان مایەوە. دوای هێنانی حەمە جۆلانی بۆ حوکم، ئەردۆگان دووبارە لەلایەن ترامپی برادەریەوە ئۆکەی بۆ کرا و ئەمجارە لە ڕێگەی جۆلانی و سوپای تیرۆریستانی سوریاوە لەژێر ناوی یەکخستنی سوریادا، هەوڵی تەواوکردنی ئەم ئەمانجەی دا کە لە ساڵی ٢٠١٨دا نەیتوانی تەواوی بکات.
ئەگەر سەرنج بدەینە لێدوانەکانی تۆم باراک نوێنەری ئەمەریکا لە سوریا، سەیر دەکەین وەکو ئەوە وایە ئەو کەسە ئەردۆگانە و لە بەرگی تۆم باراکدایە دەئاخڤی و تێگەیشتنی ڕەگەزپەرستانەی خۆی سەبارەت بە کوردەکان و چۆنیەتی خۆدانەدەستیان دەخستە ڕوو. وەکو ئەردۆگان پێی وابوو هەسەدە و یەپەگە بەشێکن لە پەکەکە، وەکو ئەردۆگان پێی وابوو دەبێ هەسەدە چەکەکانیان دابنێن و ملکەچی حکومەتی ناوەند بن، دەیگوت خۆسەری ڕۆژئاواڤا لە سوریای داهاتوودا جێگەی نابێتەوە، بەمجۆرە دەبێ هەموو ناوچەکان بخرێنەوە ژێردەستی سوریا. باراک لە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژیی عەلەوەیەکاندا چاوپۆشیکرد، لە هێرش بۆ سەر دروزەکان چاوپۆشی کرد، لە هێرشی سوپای چەتەکانی سوریا بۆ سەر کوردەکان، ئەو وەکو نوێنەری ئەردۆگان سەرپەرشتی تاوانکارییەکانی کرد و بە کوردەکانی گوت “چەکەکانتان دابنێن و ملکەچی سوریا بن و هیچ مافێک وەرناگرن.” وەکو ئەردۆگان لە مافی هاوڵاتیبوون بەولاوە هیچ مافێک کە پەیوەندی بە کەمینەی کوردەوە هەبێت قبووڵ نەدەکرد. وەکو ئەوەی خێر بە کورد بکات دەیگوت کوردەکان مافی قسەکردنیان بە زمانی کوردی هەیە و دەتوانن ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن. بەڵام ئاخافتن بە زمانی کوردی ماف نییە تاکو بە سیاسی بکرێت و وەکو ماف بە کورد بفرۆشرێت، بەڵکو ئەوە زمانی دایکی کوردەکانە و مافی سروشتی خۆیانە بە زمانی خۆیان بدوێن. بەکورتی ئەوەی لە تورکیا بەسەر کوردەکاندا سەپێندراوە تۆم باراکیش کاری بۆ سەپاندنی هەمان پۆلیتیکی چەوسێنەرانە دەکرد.
کوردەکانی سوریا کە لەژێر سەرپەرشتی SDF دان، زیاتر لە دە هەزار کەسیان لە شەڕی دژ بە داعش کردە قوربانی و ئەوان هێزی سەرەکی ناوچەکە بوون کە دەولەی ئیسلامی “داعش”یان شکاند و گیراوەکانیان لە لای خۆیاندا زیندانی کرد. لە کاتێکدا زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامادەنەبوون هاوڵاتیەکانی خۆیان لە زیندانەکاندا ببەنەوە و لەوێ بیاندەنە دادگا و بیانخەنە زیندان. لەکاتێکدا کە ڕێکخراوی داعش تەنها هەڕەشە نەبوو بۆ هەرێمەکە بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژئاوا و ئەمەریکاش هەڕەشە بوو.
کوردەکان لە رۆژئاڤادا کە لە خاکی خۆیاندا دەژین و گەلێکی کراوە و ئازادیخوازن، خەبات بۆ پاراستنی سەروەری خۆیان و خوگرافیای خۆیان دەکەن و دەیانەوێ وەکو گەلانی دیکە ئازاد بن. دەیانەوێ لانی کەم لە هەرێمی خۆیاندا خۆیان بەڕێوەببەن و ئەو ئازادیەی بەدەستیان هێناوە نەخرێتە ژێر پێی حوکمی شەریعە. ئەمەریکا لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ئارامی و سەقامگیریەن بوون کە دەسەڵاتی کوردی لە ڕۆژئاڤادا دروستیان کردبوو، کەمینەکانی وەکو ئێزدی و کرستیان و ئەوانی دی بە ئارامی لەوێ دەژیان. بەڵام بە سیاسەتی فێڵبازابەی ئەردۆگان هەڵخەڵەتان و ئەوا هەموو ناوچەکە ڕادەستی سوپای ئیسلامی سوریا دەکەن. سوپایەک کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێ گروپی ئیسلامی دەرەکی تاوانبار لە کۆمەڵکوژیی و تاوانکاریی. ترامپ کە بانگاشەی ئەوە دەکات ٨ جەنگی ڕاگرتووە و تەنها بیر لە ئاشتی دەکاتەوە، لای ئاسایی بوو چەتە ئیسلامیەکان بێن و کوردەکان کۆمەڵکوژ بکەن و لە خاکی خۆیاندا دەریانپەڕێنن. چ داڕمانێکی مۆڕاڵە بەو شێوەیە لەگەڵ نەتەوە و هێزێکی هاوپەیمان بجووڵێیتەوە و ڕێگە بە دروستبوونی دەسەڵاتێکی ئیسلامی ڕەگەزپەرستی هاوشێوەی داعش بدەیت، هەڕەشە لەسەر هەرێمەکە و هەموو جیهان دروست بکەیتەوە!؟
سەرەڕای هەموو ئەوانە تۆم باراک داوای لە کوردەکان کرد شەڕ لە دژی حەشدی شەعبیدا بکەن، وەکو ئەوەی هەسەدە هێزێکی بەکرێگیراو بن و بۆ پارە بجەنگن. پازدە ساڵە کوردەکان بانگاشەی سیستەمی سۆسیالیستی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەن و نموونەیەکی تایبەتی کرانەوە و پێکەوژیانیان پیادەکردووە، هاواری ئازادی دەکەن و خۆیان بەڕێوە دەبەن. بەڵام هەموو ئەوانە لای تۆم باراک و بەڕێوەبەریی ئێستای ئەمەریکا نرخی پولێکیان نەبوو و گرنگ نەبوون، لای ئەوان گەورە تیرۆریستێکی وەکو محمەد جۆلانی و گروپە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی وەکو نوسرە و شام و قاعیدە و داعش گرنگتربوون، ئەوانەی کە سەری خەڵکیان بڕیووە، ژنیان وەکو سەبایا بردووە و فرۆشتوویانن و کۆمەڵکوژییان کردووە، ئەوانە لای ئەمەریکا گرنگتربوون. ئەوانەن دەتوانن سیاسەتی بێمۆڕاڵانەی ترامپ لە کوشتوبڕ جێبجێبکەن و کۆنراکتە بازرگانیەکانی بۆ مسۆگەر بکەن.
خۆشبەختانە هەڵمەتی لەناوبردنی کوردان، بە هەوڵ و کۆششی دۆستانی کورد و یەکگرتوویی سەرتاسەری کوردان وەستێندرا و کوردی ڕۆژئاڤا لە کۆمەڵکوژیی ڕزگارکران، ئەردۆگان و جۆلانی بە ئاوات نەگەیشتن، کورد لە ڕۆژئاڤا توانی هەندێ مافی گرنگ بەدەستبهێنێت و پێگەیەکی بنچینەیی خۆبەڕێوەبەریی بمێنێتەوە. ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنیە بۆ ڕۆژئاڤا لە کاتێکدا لەژێڕ سایەی حوکمی جۆلانیدا چاوەڕوان دەکرێ لە سوریادا ڕەگەزپەرستی و حوکمی شەریعەی ئیسلامی سوننە لە داهاتوودا زاڵبێت و بچەسپێندرێت.

شاخەوان قادر شۆڕش
٣١/١/٢٠٢٦




ئێران لە ژێر چەتری نەخشەکانی ئەمریکادا.. عوسمانی حاجی مارف

دورخستنەوەی عەلی خامنەیی لەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بۆ ترەمپ خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت لە بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەلای ترەمپەوە خامەنەیی پیاوێکی بەهێزە و چەقۆی ڕژێمە، بۆیە دوورخستنەوەی، جا لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسیەوە بێت یان هێرشێکی سەربازی، دەتوانێت ڕێگە زیاتر خۆش بکات بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئێراندا.
لە لایەکی دیکەوە، هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێ ڕژیمی ئێران بخاتە ناو قەیرانێکی درێژخایەنی یەک لە دوای یەک، یان پشێوی ململانێیەکی ناوخۆیی دەسەڵات لە نێوان کوتلە ڕکابەرەکانی ناو سوپای پاسداران بخولقێنێت، دەرفەتێکیش بۆ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو دەسەڵات دەرەخسێنێت بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆیان، ئەمەش پەیامێکی ڕونە بۆ ئەوانەی پشتیوانی خامەنەیی دەکەن، بەمەش ڕێگری لە بەردەوامبونی پشتیوانیان دەگرێت.
لە هەمان کاتدا، واشنتۆن بیر لە توندکردنەوەی جێبەجێکردنی سزاکان دەکاتەوە لە ڕێگەی لادانی کەشتیە نەوت هەڵگرەکان، یان بە ئامانجگرتنی چەند تێرمیناڵێکی هەناردەکردنی نەوت بەدرێژایی کەنارەکانی باشووری ئێران، کە دەتوانێت داهاتی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
دانوستانە پێشبینیکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تەنها لە چوارچێوەی تەقلیدی پرسی ئەتۆمیدا نابێت، بە ڵکو دەست دەخاتە سەر خودی پێکهاتەی ڕژێمی ئێران و ئاراستە ستراتیژیەکەی لە ناوچەکە و جیهاندا، ترەمپ ئەم پرۆسەیە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکاریەکی قوڵی سیاسی لەناو ڕژێمی ئێراندا.
لە پشتی ئەم یاریەوە سیاسەتی ڕەچاوکردنی نێودەوڵەتی بەرفراوانتر دەبزوێ، دیارترینیان هەوڵەکانی واشنتۆنە بۆ کەمکردنەوەی نفوزی چین لە ناوخۆی ئێراندا، ئەمەش دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دەکاتە بەشێک لە ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکی فراوانتر.
ئەو ڕێڕەوی دانوستانەی کە ئێستا لە نێوان ئەمریکا و ئێران ئامادە دەکرێت، تەنیا بە فایلە ئەتۆمیەکە، بەرنامەی مووشەکی بالیستیک، یان تۆڕی کاریگەری ناوچەیی تاران سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ باسکردنی گۆڕانکاریە قووڵترەکان کە کاریگەرییان لەسەر خودی پێکهاتەی ڕێژیمی ئێران و هاوسەنگی هێز لەناو دامەزراوەکانیدا و ئاراستەی ستراتیجیەکەی لە ناوچەکە و جیهاندا هەیە.
ترەمپ، لەسەر بنەمای ئەو قەناعەتە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکات، کە کێشەی بنەڕەتی لەگەڵ ئێراندا تەنیا تەکنیکی یان سەربازی نییە، بەڵکو سیاسی و پێکهاتەی سستمەکەیەتی، ئەمەش سیاسەتی ڕێبازی گۆڕانکاری لە ناوەوەی ئێران ڕوون دەکاتەوە.
ئەم ڕێبازە ئەمریکیە بە ئاشکرا لەلایەن ترەمپەوە دەربڕا، کاتێک گوتی “ئێران پێویستی بە گۆڕینی سەرکردایەتیەکەی هەیە”، بە ئاماژەدان بە گۆڕانکاری لە ڕێڕەوی حوکمڕانی و سروشتی بڕیاردان لە ناو ڕژێمدا، بەبێ ئەوەی مەرج بێت ئاماژە بە ڕووخانی سەربازی بکات، لەبەرامبەردا تاران ئاگادارە کە واشنتۆن هەوڵدەدات هاوکێشەیەکی فشار بسەپێنێت لە رێگەی ئابڵوقەی سەربازی و دانوستانەوە.
سەرکردایەتی ئێران لە ئاست هەر دانوستانێک کە لە ژێر هەڕەشەی کردەی سەربازیدا ئەنجام ئەدرێت، لە ڕادەبەدەر هەستیار و دودڵن، ترسی ئەوەیان هەیە لە ئاکامدا دانوستانەکان ببنە بەرگێک بۆ کردەوەی سەربازی، یان ئامرازێک بۆ وەستان و زیاتر قەیراناویکردنی دۆخی ناوخۆ، بۆیە تاران دانوستانەکان وەک پرۆسەیەکی تەکنیکی تەماشا ناکات، بەڵکو وەک تاقیکردنەوەی ئایندەی مانەوەی خۆی بۆی دەڕوانێت.
ئەتوانین بڵێین، ئێران دانوستانی لەگەڵ ئەمریکا وەک تاقیکردنەوەی پاراستنی مانەوەی خۆی مامەڵە دەکات، نەک ڕێکەوتنێک بۆ هەڵگرتنی سزاکان یان ڕێگریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
واشنتۆن گرژیەکان زیاتر دەکات بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە ملکەچی گەورەتر بکات، هەروەها تاران، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی کە کاردەکات بۆ پاڵنانی ئەمریکا بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
سەبارەت بەئایندەی پەیوەندیەکانی ڕژێمی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، مشتومڕێکی نێوخۆیی بێوێنه لەنێو ڕابەرانی کۆماری ئیسلامیدا قسەی لەسەر دەکرێت، هەندێک پێیان وایە ئێران ناتوانێت بەرگەی شەڕێکی دیکە بگرێت و جەخت لەسەر دانوستانی هەمەلایەنە دەکەن کە بابەتی جۆراوجۆر لەخۆ بگرێت، لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەک، کاریگەریی ناوچەیی و تەنانەت دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات لەناو ڕژێمدا.
بەشێکی تریان پێداگری لەسەر سنووردارکردنی دانوستانەکان، تەنها لە سەر پرسی ئەتۆمی دەکەن، لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابووریەکان، هەروەها ڕەتیدەکەنەوە چارەسەری ئەو پرسانەی دیکە بکەن کە تاران بە هێڵی سووری دەزانێت.
بەشێکی توندڕەو، هەر جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن هەر ئیمتیازێک دەبێتە هۆی زنجیرەیەک ئیمتیازات کە دواجار ڕژێم لە ناوەوە لاواز دەکات.
بەڵام بەگشتی بۆچونی باو لەناو بازنەکانی بڕیاردان مەیلیان بەرەو دوورکەوتنەوە لە شەڕ دەڕوات، لەگەڵ ئەوەی ڕۆڵی عەلی لاریجانی زیاتر بەرچاو دەکەوێت لە بەڕێوەبردنی ئەو پرسەدا، لە چوارچێوەی ڕێبازێکدایە، کەهەوڵبدەن لەسەر بنەمای سازشکردن لەسەر هەندێک بنەمای بنەڕەتی بێت بۆ پاراستنی ڕژێم.
دانوستانەکان تەنها لە پرسی ئەتۆمیدا سنووردار نین، چونکە واشنتۆن پێداگری لەسەر چارەسەرکردنی فایلی مووشەکی بالیستیەکە دەکات، لە نێوان پێگەی ئەمەریکا و ئێرانیشدا تورکیا هەوڵدەدات ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت بە گەڕان بەدوای فۆرمولەیەکدا کە گەرەنتی ئەوە بکرێت کە بەکارهێنانی مووشەک سنووردار بکرێت، لە بەرامبەردا ئەمەریکا گەرەنتی ئەوە بکات کە ئێران نەکرێتە ئامانج!.
هەروەها دانوستانەکان باس لە پرسە هەستیارەکانی ناوچەکە دەکات، دیارترینیان غەززە، لوبنان و عێراق و یەمەن، لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان ئەمریکا، تورکیا، قەتەر و سعودیە، ئەم هەماهەنگیە ئامانجی چەسپاندنی ئاگربەستە لە غەززە و گفتوگۆکردن لەسەر ئایندەی چەکەکانی حەماس، کە دەکرێت کاریگەری لەسەر لوبنان هەبێت سەبارەت بە چەکەکانی حزبولڵا، لە بەرامبەردا گەرەنتی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی ناوخۆیی بدرێت.
جگە لەوەش پێشبینی دەکرێت هەر ڕێکەوتنێکی نێوان ئەمریکا و ئێران کاریگەری لەسەر عێراق هەبێت بە پاڵنانی بەرەو یەکلایکردنەوەی سیاسی، سەبارەت بە سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت و ئایندەی هێزەکانی نزیک لە تاران.
مەسەلەیەک کە زۆر گرنگە بۆ واشنتۆن لە پرۆسەی دانوستان لەگەڵ تاران، بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک مەرجی ئاشکرانەکراوی پەیوەست بە پەیوەندی ئێران لەگەڵ چین، بەبێ ئەوەی وەک خاڵی دانوستانی ڕاستەوخۆ یان نووسراو خراتەبێتە ڕوو. ئیدارەی ئەمریکا ئەم پرسە وەک بەشێک لە دیدگای ستراتیژی فراوانتری خۆی بۆ بەڕەنگاربونەوەی کاریگەریەکانی چین، بەتایبەتی لە کەرتی وزە و ڕێڕەوی بازرگانیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
ئەم مەسەلەیە تیشک دەخاتە سەر سنووردارکردنی پشتبەستنی چین بە نەوتی ئێران و کۆنترۆڵکردنی هەناردەی وزەی ئێران بۆ پەکین بە نرخێکی ئیمتیاز لە دەرەوەی چوارچێوە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، بەمەش ڕێگری لە ئێران دەکرێت کە ببێتە سەرچاوەیەکی وزەی هاوتەریب لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمریکا.
هەروەها واشنتۆن هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە چەسپاندنی هاوبەشیەکی ستراتیژی درێژخایەنی نێوان تاران و پەکین، لە ڕوانگەی ئەمریکاوە ئەم شەریکایەتیە چەترێکی ئابووری و سیاسی بۆ ئێران دابین دەکات کە لە سزاکانی ڕۆژئاوا دەیپارێزێت.
ئەمەریکا ئامانجی ئەوەیە، وردە وردە ئێران لەپەیوەند بە ڕۆژئاواوە، بخاتەوە ناو سیستەمی ئابووری جیهانیەوە، هەروەها تێکەڵبونی بە سیستەمی چینی کەم بکاتەوە، ئەمەش توانای پەکین سنووردار دەکات بۆ بەکارهێنانی ئێران وەک سەکۆیەک بۆ کاریگەری ستراتیجی لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها هاوسەنگی وزە و هاوسەنگی بازرگانی ناوچەکە لە چوارچێوەی نفوزی ئەمریکادا ڕێکبخاتەوە.
ئەم دانوستانانە پەیوەستن بە دیدگای نەخشەی سیاسی فراوانتری ئەمریکا بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، هەوڵدەدات ئێران بخاتە ناو ڕێڕەوێ سنوردانکردنی لەگەڵ چیندا، تا ڕۆڵی زیاتر بە ئەمریکا بدرێت لە کۆنترۆڵکردنی ڕۆیشتنی وزە و گاز، لەوانەش چۆنیەتی هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ بازاڕەکانی ئاسیا.
لەم چوارچێوەیەدا، ترەمپ کار لەسەر بنیاتنانی چوارچێوەیەکی نوێی ناوچەیی دەکات کە لەسەر بنەمای لێکنزیکبوونەوەی سیاسی، ئەمنی و ئابووری بێت و ئەم ڕێگایە بە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەبەستێتەوە، بەمەش گۆڕانکاری لە ڕێکخستنە تەقلیدیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات.
لە کۆتایدا دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران وەک پرۆسەیەکی تەکنیکی تەنها بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەتۆمی بەڕێوەناچێت، پرۆسەیەکی سیاسی هەمەلایەنەیە بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی پێگەی ئێرانە لە ناوچەکە و جیهاندا، هێنانەدی گۆڕانکاریە لە چوارچێوەی پێکهاتە سیاسیەکەیدا، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە شەڕ لە لایەک و سەپاندنی هاوسەنگی نوێ لە لایەکی دیکە.
هەڵبەتە ئەگەری پارچە بەبونی هێزی سەربازی ئێران هۆکارێکی چارەنوسساز دەبێت لە هەر جۆرە گواستنەوەیەک یان گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا، بەڵام زەحمەتە پێکهاتەی ناو سەرکردایەتی سوپای پاسداران لە دژی خامنەیی کار بکەن، چونکە ئەم پێکهاتەیە نزیکەی لەسەدا ٢٠ی دانیشتووانن کە عەقیدەیی و دڵسۆزترین لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی پێکدەهێنن.
بێجگە لە نزیکەی لەسەدا ٨٠ی ئەو ئێرانیانەی کۆماری ئیسلامیان ناوێت، بە دڵنیاییەوە نایانەوێت لەلایەن هێزێکی سەربازیی وڵاتێکی ترەوە حوکمڕانی بکرێن، یان بەگشتی بەشێکی زۆرینە لە دانیشتوانی ئێران، ئەوە ڕەت دەکەنەوە،هەرهێزکی چەکداری دور لە دەورو ئیرادە و خواست و ئومێدی دانیشتوان دەسەڵات بگرنە دەست.
خەڵکی ئیڕان ئێستا بە جیا لە سیناریۆی دانوسانەکان، لە چوارچێوەی دۆخی شەڕێکی مەترسیداردا ڕۆژانیان بەسەر دەبەن، لە چاوەڕوانی ڕودانی گەورەترین کارەساتدان، کە ئایا شەڕ دەقەومێت و وڵاتەکایان وێران دەبێت، یان بەری پێدەگیرێت، پرسیارێکە، مان و نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر نەخشەکانی ئەمریکا وەڵام دەداتەوە، نەک دانوستانەکان.




چەند سەرنجێک لەسەر تاوانەکانی دوورگەی جیفری ئێپستین.. حەسەن ڕازانی

  • ئەم تاوانە کارێکی قێزەون و تاوانیکی دژە ئینسانییە!
  • بە بڕوای من تاوانباری سەرەکی جێفری ئێپستین نیە بەڵک و ئەو دەسەڵات و سیستەمەیە کە جێفری لە ژێر سایەیدا ئەو دوورگەیو شوێنەی بەڕێوەبردووە. بۆیە دەبێ سەرەتا سیستەمە یاسایی و حوکمڕانیەکە سەرکۆنە بکرێت ئینجا جێفری ئیپستین
  • تاوانبارەکان کە لە تاوانەکانی دوورگەی ئێپستینەوە تێوەگلاون، جا کەم یان زۆر ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، زۆرن و فرە ڕەگەزو فرە نەتەوەو فرە پیشەو فرە ئایدۆلۆجیی و فرە ڕەنگ و فرە کەلتوورو فرە ئایین و فرە شوێنی جوگرافیایی جیاوازیشن. بۆیە بە گشتاندنی تاوانەکەو لکاندنی بە لایەکەوە کارێکی نا لۆجیک و نادرووستە.
    -درووست نییە ئەو تاوانە دژە ئینسانییە تەنها بدرێتە پاڵ ئایدۆلۆجیەتێک، شوێنێک، کەلتوورێک، ئایینیک یان ڕەگەزو نەتەوەێک. چونکە زۆر نزیکە لەو شێوە تاوانانە لە زۆر شوێنی تریش بوونیان هەبی بەڵام جارێ ڕاگەناندنەکان پێی نازانن، یان دەزانن و ناوێرن هیچ بڵێن.
    -میژوو لەو جۆرە کارانەی تۆمارکردووە بە تایبەتی لە کاتی جەنگ و داگیرکاریەکاندا.
  • سەردەمی کۆیلایەتی و سەردەمەکانی مامەڵەو کڕین و فرۆشتن بە ئینسانەوە ئەو جۆرە تاوانانەی زۆر تێدایە. ئێستا بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئەندامەکانی لەشی ئینسان و مامەڵە بە ئینسانەوە برەوی زۆری هەیە. لە هەندیک وەڵات و لە لایەن هەندێک گرووپی مامەڵە بە ئینسانەوە ئەنجام دەدرێت.
  • لە نێو سیستەمێکی، خێڵەکییدا، دەوڵەتیی و عیلمانیدا، لیبڕالییدا، کۆمۆنیستیی و چەپدا، هەروەها لە نێو سیستەمیکی تەواو ئایینیشدا ناتوانرێت بە تەواویی بەر بە تاوان و تاوانی دژە ئینسانیی بگیرێت. تاوان ئەنجام دەدرێت بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو جۆرە سیستەمە سزای تاوانبار بدات! بەڵگە هەیە کە لە هەندێک سیستەمی حوکمڕاییدا زۆر بە دەگمەن تاوانبار سزا دەدرێت!
  • درووست نیە لایەنی ئایینی و خودایی بێت تاوانەکانی نێو دوورگەی ئیپستین وەک پڕوپاگەندە بۆ پاکیی و بێتاوانی خۆی بەکاربێنێت.. پەیدابوونی تاوانباریک ناکاتە ئەوەی تاوانی تاوانبارەکەی پێشخۆی بشواتەوە.
  • لە نێو هەرسێک ئایینە ئیبراهیمیی و ئاسمانیەکەدا ئینسان تاوانی ئەنجامداوە کە ڕەنگە زۆریش بە قەبارە گەورەترو لە ڕووی ئینسانیشەوە دژە ئینسانیی تر بووبێت لەوەی دوورگەی ئێپستین. لە هەردووک باردا تاوانەکە ئینسان ئەنجامیداون بەڵام لە دوورگەی ئێپستیندا ئینسانەکە خۆی لەوەکالەتی خۆیەوە تاوانەکەی ئەنجامداوەو لەوەیتریاندا تاوانەکە بە ناوی خواو فەرمانی خواوە ئەنجام دراوە. تکایە مێژووی هەرسێک ئایینەکەی ئیبڕاهیمی کە بریتیین لە مەسیحیەت و یەهودیەت و ئیسلام تەماشا بکەن. کارەکانی داعش بە نموونە. یان کەنێزە زۆرەکانی حەرەمسەراکانی سەردەمی خەلافەتی عوسمانی و سەردەمی فتوحاتی ئیسلامیی بۆ باکوری ئەفریقاو هێنان و بە سەبایەبردنی دەیان هەزار کچی ئەمازیغیی بۆ شام. مێژوو چەندین نموونەی لەو جۆرەی بۆ تۆمارکردووین!
تێبینی: کاری گرنگ و دەستبەجێ و ئینسانیی بۆ هەر کەس و لایەن و شوێن و ئایدۆلۆجیی و کەلتوورو ئایینێک ئەوەیە کە ئەو تاوانانە سەرکۆنە بکات و داوای دەستبەجێ سزادانی تاوانباران بکات، نەکو بێت تاوانەکە بە کەلتوور بکات یان بە یاسایی بکات یان بیشەرعێنرێت! ئەو تاوانانە تاوانی دژە ئینسانین و دەبێ هەر کەسێک باوەڕی بەوە هەبی کە ئینسانەو باوەڕی بە ئینسانییەت هەبێ، دەبێ دژی ئەو تاوانانە بێتە قسەو بشهێتە مەیدان.

حەسەن ڕازانی




تۆم باراک و ڕێکخستنەوەی جیۆپۆلەتیکی سوریاو باجەکەی.. جوتیار

ڕۆڵی تۆم باراک لە ڕێکخستنەوەی ئێستای سوریادا پێویستی بە خوێندنەوەیەکی وردی سیاسی بە شێوەیەکی ڕەخنەیانە هەیە، نەک وەکوو تەنها کاراکتەرێکی سیاسی کە نوێنەرایەتی سیاسەتی دەرەوی ئەمریکای سەردەمی ترامپ دەکات، بەڵکو وەک دەنگوو هێزێکی کاریگەر کە ئاراستەیەکی کۆنەپەرستانەی جیهادی ئیسلامی- سیاسی دیاریکراوی لەو ناوچەیە شەرعیەت پێدا پێداگری لێدەکات.
لای من گرفتەکە لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە کورد لە رۆژئاڤا تەنها وەک ئامرازێکی کاتی مامەڵەی لەگدا کرا، یەپەگە و کوردانی رۆژئاڤا بۆ ساڵانێکی زۆر بە هاوبەشێکی جێی متمانە لە شەڕی دژ بە دەوڵەتی دڕندەی ئیسلامی( داعش) دادەنران، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سوودێکی زۆری لە تواناو بەشداریکردنیان وەرگرت، هەزاران شەڕڤانی کورد گیانیان لەدەستدا، لە هەمان کاتدا مۆدێلێکی سیاسی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەریهەڵدا کە لەسەر بنەمای (نا ناوەندی) و بەشداری ژنان و حوکمڕانی هاوبەشی نەتەوەیی دامەزرا. ئەو مۆدێلە بە شیوەیەکی گشتی ستراکچەرێکی سیاسی تەواوی نەبوو، بەڵام هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی نەزمێکی ئالتەرناتیڤ لە دوای وێرانیەکانی شەڕی ناوخۆ لە سوریادا.
کاتێک دەستەواژەی (یەکگرتن) لە چوارچێوەی ئاڵۆگۆڕە سیاسیە نوێکاندا لە سەردەمی ئەحمەد شەرعدا بەکاردەهێنرێت، پرسیارە چارەنووسسازەکە بۆ ئێمە ئەوەیە، کێ مەرجەکانی ئەم یەکگرتنە دیاری دەکات؟ وە بەرژەوەندی کێ لە بە هێزی ناوەنددایە؟ (تۆم باراک) چەندین جار لە لێدوانە گشتییەکاندا باسی لەوە کردووە کە ڕۆڵی هێزە کوردییەکان لە ڕووی مێژووییەوە هاتۆتە دی و ئێستا لاپەڕەیەکی نوێ دەستی پێکردووە، دەربڕینو هەڵبژاردنی ئەو لێدوانانە خۆی لە خۆیدا ئەسڵی کێشەکەن، بە تێڕوانینی من ئەو جۆری خیتابە ئەوە دەگەیەنێت کە خواستەکانی کورد بۆ ئیمە لە شەڕدا کارا بوون، بەڵام بە پیچەوانەشەوە، لە ئاشتیدا بۆ ئێمە نا کاران.
ئەو هەڵوێستە، هەڵوێستێکی ئەوپەڕی دووفاقی و نا مۆڕاڵی نەرێنییە، (تۆم باراک) نوێنەرایەتی ڕێبازێکی کۆنسێرڤاتیڤانەی سیاسی دەکات کە سەقامگیری دەوڵەتێکی سێنتراڵ لە دیدگای خۆیدا پێویستی بە قوربانی چارەنوسی نەتەوەیەکە، ئەو لە ڕوانگەیەکەوە قسە دەکات کە یەکێتی دەوڵەت و ڕێکخستنەوەی جیۆپۆلەتیکی لە پێشینەی هەموو شتێکدا بێت، لە ڕوانگەی ئەوەوە ڕەنگە ئەوە یەکگرتوویی بێت، بەڵام لە ڕوانگەی زۆربەی زۆری خەڵکی کورد مانای ئەوەیە دەستکەوتە سیاسییەکانی ڕۆژئاڤا لە قاڵب دەدرێن ومینیماڵ دەکرێنەوە، کاتێک کارەکتەرە سیاسیە کاریگەرەکانی ئەمریکا بە ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژەکانی (خۆسەری) پشتیوانی درێژخایەنیان نییە، ئەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ وکاریگەر پێگەی دیالۆگو نوێنەرایەتی دانوستانکاری لایەنی کوردی لە بەرامبەر هێزی ناوەند لاواز دەکات.
ئەو بابەتە بۆ هەموومان جیگای پرسیارو گومانە، یاخود ئەوە چ پەیامێکی بۆ ئیمەی کورد تێدایە؟ ساڵانێک وەک هاوبەشێکی گرینگوو ستراتیژی لە شەڕی داعشدا ناسێندرابیت، کەچی ئێستا بڕیاربێت بە ناچاری و لە ژێر فشاری هێزە نێودەوڵەتیەکان بتخەنە ناو مۆدێلێکی دەوڵەتی ناوەندییەوە کە لە ڕووی مێژووییەوە هیچ بوارێکی بۆ بوونی کورد لە سوریادا فەراهەم و پێشکەش نەکردووە، کاتێک دەنگە ناڕازییە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لەو ئاڵوگۆڕە خێراو کتووپڕە ناکۆڵنەوە، لە دەرەنجامدا وەک پێویستیەکی پراگماتیک دەیخەنە ڕوو، چونکە ئەوان پییان وایە ئەوە دەستکاری ئەو نەخشە سیاسیەیە کە ئەوان لە زیهنی خۆیاندا بنیادیان ناوەو کاریگەری خراپو نێگەتیڤ دەخاتە سەر ستراتیژیەکانیان.
نزیکیی (تۆم باراک) لە ناوەندەکانی دەسەڵات لە واشنتۆن و لە ئەکتەرە هەرێمایەتیەکان، قورسایی بە لێدوان ودەربڕینەکانی ئەو دەبەخشێت، تەنانەت ئەگەر بەتەنیاش نەتوانێت بڕیار لەسەرئاڵوگۆڕەکانی سوریا بدات، بەشداری دەکات لە داڕشتنی پلان و ستراتیژیەکی سیاسی کە رۆژئاڤاو کورد وەک فاکتێکی کاتی سەیر دەکات نەک وەک پێکهاتەیەکی هەمیشەیی نەزمێکی داهاتوو بۆ سوریا. بە بڕوای من ڕێک لێرەوە ڕۆڵی نەرێنی ئەو (تۆم باراک)دەردەکەوێت، نەک وەکوو نەیارێکی ڕاستەوخۆ، بەڵکو وەک هاککەرێکی سیاسی هێڵێکی سور بەسەر نەخشەی سیاسی خۆسەریدا دەهێنێت لە ڕۆژئاڤا و هاکی دەکات.
من ئەوە زۆر بە مەترسیدار دەزانم کاتێک یەکگرتنێک پەیامەکەی دەبێتە بێدەسەڵاتی و ناچارکردنی کورد، ئەگەر هێزە ئەمنی و شەڕکەرەکانی کورد بەبێ پاراستنی تایبەتمەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لەڕووی دامەزراوەییەوە بخرێنە ناو پێکهاتەکانی دەوڵەتی ناوەندەوە، ئەو کات خۆبەڕێوەبەری ناوکی راستەقینەی سیاسی خۆی لەدەست دەدات. ئەگەر ئەنجومەنە ناوخۆییەکان ناچار بن دەستبەرداری دەسەڵاتەکان بن بەبێ ئەوەی گەرەنتی پابەندکەر وەربگرن، تێکەڵبونەکە بە خێرای و بە شێوەیەکی کاریگەرئاراستەکە دەگۆڕێت بۆ ناوەندگەرایی، هەرکەسێک بەبێ داڕشتنی مەرجی ڕوون، بە شێوەیەکی ڕیتۆریکی پشتگیری لەو پرۆسەیە بکات، بەرپرسیارێتی لێکەوتە میژوویەکانی لە ئەستۆ دەگرێت، جا هەر کەس و لایەنێک بێت.
من قەناعەتم وایە کە ئاشتییەکی بەردەوام لە سوریادا تەنیا کاتێک مومکین دەبێت کە خۆسەری ناوچەیی بە جددی وەربگیرێت، خۆبەڕێوەبەریی کورد تەنیا بنیاتنانی سەربازی نییە، بەڵکو دەربڕین و هەڵوێستێکی سیاسی بەکۆمەڵە، هەرکەسێک ئەو هەڵوێستە ڕێژەیی بکاتەوە لە بەرژەوەندی بەڵێنی کورتخایەنی سەقامگیری ناوەندو سوریایەکی یەکرتوودا، ئەگەری ململانێ چاوەڕوانکراوەکەی داهاتوو کە ئەگەری سەرهەلدانی زۆر نزیکە، بە کەم دەزانێت.

لەو چوارچێوەیەدا پێویستە بە شێوەیەکی توندو سەرکۆنەکراو رۆڵی (تۆم باراک) لەو فەزا سیاسیەدا هەڵبسەنگێندرێت، هێڵی سیاسی ئەو، بە ڕونی هێمای گۆڕانکارییە لە پشتیوانی لەسەر بنەمای هاوبەشییەوە بۆ عەقلیەتێکی ئامرازیی بەرامبەر بە کورد، وە هەر گۆڕانکاریەکیش بەو ئاراستەیەدا دەبیتە کێشەیەکی گەورەو گرێیەکی نەکراوە بۆ ئایندەی ئەو هاوبەشیە.
پرسیارە چارەنووسسازەکە ئەوەیە، ئایا هەر بەڕاستی دەوڵەتی ناوەندی سوریا پەرە بە نەزمێک دەدات کە لە ڕووی دامەزراوەییەوە دان بە فرەچەشنییە جۆراوجۆرەکاندا بنێت، کە من ئەوە بە شتێکی نزیک لە مەحال دەبینم، یان یەکێتی و یەگرتوویی لە ڕێگەی دادوەری و یەکسانکردنەوە دەسەپێنرێت؟ کە ئەوەش بۆ دەوڵەتێکی دینی ونەتەوەیی یاخود جیهادی عەقیدەیی هەرگیز چاوەروان ناکریت، ئەگەر ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بە ڕوونی پشتیوانی و بانگەشە بۆ گەرەنتی پێکهاتەیی نەکەن لە سوریادا، ئەوا یەکگرتن و تیکەڵبوون بە خێرایی دەبێتە شەقامێکی یەکسەرەو لە کۆتایسدا داخراو. وە دواتر پرۆژەی سیاسی خۆسەری ڕۆژئاڤا مەترسی نەمانی نەک لەڕێگەی شەڕی ئاشکراوە، بەڵکو لەڕێگەی سیاسەتی پەراوێزخستنی لەسەرخۆ و قۆناغ بە قۆناغەوە دەبێتە واقیعێکی فەرزکراو.

جوتیار




ڕۆشنبیری ئێمە! ڕۆشنبیری ئەوان.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

هەفتەی ڕابردوو، بە چەند دێڕێک باسم لەوە کرد کە هەندێ کەس لەنێو ناوەندە ڕەوشەنبیرییەکەی ئێمەدا هەڵتۆقیون، با تا ئێستایش خێوی چەند کتێبێک بن، بەڵام هەر هیچیان نەنووسیوە و خوێنەرم دەوێ بزانێ چییان وەشاندووە و لە مەرام و مەبەست و نووسینیان تێبگات، ڕۆژ هەتا ئێوارە خەریکی ڕیکلامن بۆ نووسینەکانیان، کە دەشهێنە سەر شاشە و شانۆی بۆنەکان و دانیشتنی کەسانی بوارە کولتوورییەکە، زۆر بوێرانە بە قسە و لاباسی بێ ناوەڕۆک هێڕت دەکەن، درێلیان پێیە و دارکونکەرەن، لەولایشەوە خۆیان پێ ڕەوشەنبیری پۆلی نایابە. ئەمە لە نەخۆشیی دەروونی بترازێ، هیچ پێناسەیەکی لۆجیکی ناگرێتە خۆ.
لە دنیادا، نووسەرتان ناسیوە تێینەگەی چیی نووسیوە؟ چما لێکدانی تەرجەمەی سەقەتی ئەم پەرەگرافی کتێبێک و ئەو بەشی کتێبێکی تر، بە ناونیشانی گەورەوە کە بە کتێب چاپی دەکەن! جگە لە کاتوەکوژی، چی لە ئاوەزی خوێنەر دەجمێنێت؟ ئەرێ ئەم ڕەوشتانە دەمانکەنە نووسەر و ڕەوشەنبیر؟ مەگەر لەنێو ئێمەی کورد، دەنا کوا لە دنیادا شتی وا هەس؟ جا سەیر و سۆبەتەکە لەوەدایە ئەو نووسەرمەندە دەستەپاچە و دەروون نائارامانە، خۆیان بە (ڕەوشەنبیر) دەپێناسێنن! خۆ ئەگەر خوێنەرێک، پرسیار لە دێڕێکی نووسینەکانیان لێ بکات، پێی دەڵێن: «جارێ ماوتە، لە داهاتوو تێدەگەیت کە من چیم نووسیوە و من کێم و چ بیرمەند و فەیلەسووفێکم.»

لێرەدا مەبەستمە بڵێم: نووسەر و کەسایەتیی داهێنەر و ڕەوشەنبیری ڕاستینە و زاناکانیش، بە گومانەوە دەڕواننە خۆیان و شاکارەکانیان، تا بەرهەمێکیان دەوەشێنن هەر لە گومان و نیگەرانیدا دەمێننەوە، قەت ستایش و وەسپی فشامێزانەی خۆیان ناکەن.
با لێرەدا نموونەی هەندێ لەو فەیلەسووف و داهێنەرانە، بەرانبەر خۆ بە ڕەوشەنبیرزانینیان بخەمە بەرچاوی خوێنەرە هۆشمەندە خۆشەویستەکانم:

دووبارە دەیڵێمەوە:« لە فەیلەسووفی جیهانی، چۆمسکی دەپرسن:
خۆت بە ڕەوشەنبیر دەزانیی؟
ئەویش بەرسڤ دەداتەوە:
ئەوە ئێوەن بڕیار دەدەن ئاخۆ من چیم!
کەچی لەناو ئێمە، هەرزە نووسەری فیڕنەگولەی گزگلی وامان هەیە، فێری دوو تێرمی بیانی بووە و ماناکەیشیان بە سەقەتی لێکدەداتەوە، ئێستا نەک هەر خۆی بە ڕەوشەنبیر دەزانێت، بەڵکە باس لە ئەزموونی ڕەوشەنبیریی خۆی دەکات.

لە نەجیب مەحفووز دەپرسن:
-خۆت بە ڕەوشەنبیر دادەنێی؟
-من نووسەرێکی حیکایەتوەگێڕم، وشەی ڕەوشەنبیر لەمن مەزنترە.

بێرتراند ڕەسڵ دەڵێ:
هەڵوێستی بەردەوامی من «گومان»ە، هەموو یەقینێک مەترسیدارە.

ئێدوارد سەعید:
ڕەوشەنبیر کەسێکی نیگەران و نائارامە، ئەوە دەڵێ کە کەس نەیگوتووە، ئەوەی منیش گوتوومە نازانم چۆنە!

گوینتەر گراس دەڵێ:
من وا لەخۆم گەيشتووم کە خويندەوارم، ئيتر نازانم خەڵک هاوڕامن يا نا!

کەس لەو ناوە گەورانەی بواری ڕەوشەنبیری و زانین، ڕاستەوخۆ ناڵێن ئێمە ڕەوشەنبیرین!
ڕەوشەنبیری بەرپرسیارێتییە نەک بانگەشەی بۆش و بەناوبانگی.

هەموو ئەوانەی کە خۆیان لەو ناسناوە دەدزنەوە، ئەوانەن کە ڕەوشەنبیری ڕاستینەن و بەخشس و شاکارەکانیشیان هەموو دنیای گرتووەتەوە. ئەوان کەسی خاکەڕا و سادەن و لەوە گەورەترن بفشەفشێنن.




بزووتنەوەی چەپ و رووداوەكانی دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱.. يووسف ئه حمه د مه نتك

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




هەموو ڕێگاكان دەچنەوە پەكین.. هەڵۆ حەسەن

لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە،جیهان چووەتە قۆناغێكی نوێ لە نادڵنیایی و ڕكابەری ئابووری و گۆڕانی هاوپەیمانییەكان خێرایی ، یەكێك لە پێشهاتە سەرنجڕاكێشەكان لەم دیمەنە پەرەسەندووەدا گەشەسەندنی دیپلۆماسی چینە، بەتایبەتی لە كاتێكدا هاوپەیمانە تەقلیدییەكانی ئەمەریكا هەڵوێستە ستراتیژییەكانیان لەگۆراندایە بەرەو چین،لەم نێوەدا پەكین شایەتی شەپۆلێكی نائاسایی سەردانی دیپلۆماسی ئاست بەرزی وڵاتانی جیهان بوو كە ماوەیەكی زۆرە لەگەڵ ئەمریكادا هاوپەیمان بوون، لەوانە كۆریای باشوور، ئێرلەندا، كەنەدا، فینلاند و بەریتانیا. ئەم هەڵكشانە دیپلۆماسییە بە ڕێكەوت نەبوو. بەڵكو ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی نائارامی لەنێو هاوبەشەكانی ئەمەریكا بوو دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی و زیندووكردنەوەی كارنامەی “ئەمریكا یەكەم” – بەتایبەتی هەڕەشەی نوێبوونەوەی باجی بازرگانی، تەنانەت لە دژی هاوپەیمانە نزیكەكانی ئەمەریكاش،زۆرێك لە چاودێران سەرەتا پێشبینیان دەكرد كە سەرۆكایەتی دووەمی ترەمپ فشارە ئابووری و سیاسییەكان لەسەر چین چڕتر بكاتەوە. بەڵام پێشهاتەكانی ئەم دواییە دەرئەنجامی پێچەوانە پیشان دەدەن. لەبری گۆشەگیری، پەكین “سوڕانەوە بەرەو چین”ی نوێبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە كە بەدوای سەقامگیری و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕ و پێشبینیكردنی ستراتیژیدا دەگەڕێن،ئەم گۆڕانكارییە بە ڕوونی لە ڕاپۆرتێكی ڕۆیتەرزدا ، بە ناونیشانی “ساڵێك دوای سەرۆكایەتی ترەمپ، سوڕانەوە بۆ چین‌”، لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە لە كاتێكدا واشنتۆن ڕێوشوێنی بازرگانی تاكلایەنەی پەیڕەو كردووە، زۆرێك لە وڵاتان هەوڵەكانیان خێراتر كردووە بۆ هەمەچەشنكردن دوور لە وابەستەیی ئابووری كە سەنتەری ئەمەریكایە،لە ئەنجامدا چین نەك تەنها پەیوەندییەكانی لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییە گەورەكان بەهێزتر كردووە بەڵكو زیادەیەكی بازرگانی تۆماركردووە، ئەمەش پێگەی خۆی وەك پایەیەكی ناوەندی ئابووری جیهانی بەهێزتر كردووە،توخمێكی سەرەكی پشت سەركەوتنی دیپلۆماسی چین لە یەكدەنگی سیاسەتەكانیدایە. بە پێچەوانەی ستراتیژییەكانی ڕۆژئاوا كە زۆرجار بەهۆی خولەكانی هەڵبژاردن و جەمسەرگیری سیاسی ناوخۆییەوە داڕێژراون، چین ئەولەویەتەكانی دیپلۆماسی درێژخایەنی پاراستووە – بەتایبەتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ باشووری جیهان.
ئەم ڕێبازە جارێكی دیكە بە بڕیاری ساڵانەی وەزیری دەرەوەی چین نیشاندرا كە ئەفریقا بكاتە یەكەم شوێنی سەردانی دەرەوەی وڵات – نەریتێكی دیپلۆماسی كە هەڵگری هێمایەكی سیاسی بەهێزە.لە ڕێگەی وەبەرهێنانی ژێرخانی ئابووری و هاوبەشی بازرگانی و دارایی پەرەپێدان، چین پەیوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئابووری تازەپێگەیشتودا چەسپاندووە، ئەم پەیوەندیانە ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبوو لە پشتگیریكردنی وڵاتەكە بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی 5%ی چین لە ساڵی 2025،لە سیستەمێكی نێودەوڵەتیدا كە تادێت پارچە پارچە دەبێت – كە بەهۆی شەڕ و سزاكان و بەرزبوونەوەی ناسیۆنالیزمی ئابوورییەوە – چین بەردەوامە لە جێگیركردنی خۆی وەك هێزێكی سەقامگیركەر بۆ گەشەی جیهانی. بۆ زۆرێك لە وڵاتان، پەیوەندی لەگەڵ پەكین چیتر بەهۆی ئایدۆلۆژیاوە بەڵكو بە پراگماتیزمەوە دەجووڵێتەوە،دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی چین، بەشداریكردن لە زنجیرەكانی دابینكردنی جیهانی و هاوكاری لە چوارچێوەی فرەلایەنەدا بوونەتە پێكهاتەی سەرەكی پلاندانانی ئابووری نیشتمانی – بەتایبەتی بۆ ئەو دەوڵەتانەی كە بەدوای دەربازبووندا دەگەڕێن لە گێژاوی جیۆپۆلەتیكی،ئەو پێشهاتانەی لە سەرەتای ساڵی 2026دا بینران، جەخت لەسەر واقیعێكی فراوانتر دەكەنەوە: پەیوەندییەكانی دەسەڵاتی جیهانی چیتر بە پلەی یەكەم بە هاوپەیمانییە سەربازییەكان پێناسە ناكرێت، بەڵكو بە خۆڕاگری ئابووری، پێشبینیكردنی دیپلۆماسی و دیدگای ستراتیژی درێژخایەن پێناسە دەكرێن،مەرج نییە شوێنپێی دیپلۆماسی فراوانبوونی چین ئاماژە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، بەڵكو گونجاندن بێت – پڕكردنەوەی بۆشاییە سیاسی و ئابوورییەكان كە بەهۆی نادڵنیایی لە شوێنەكانی دیكەدا دروستكراون. لەگەڵ بەردەوامبوونی پەرەسەندنی سیستەمی نێودەوڵەتی، پێدەچێت ڕۆڵی پەكین وەك بزوێنەری چالاكییە ئابوورییە جیهانییەكان بە شێوەیەكی بەردەوام بەهێزتر بێت.




بۆچی بلاک ڕۆک، جەی پی مۆرگان و گۆڵدمان لە کاتی شەڕی بازرگانی ترەمپدا 1.4 تریلۆن دۆلاریان گواستەوە بۆ چین؟

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەوزاد مدحەت ( گۆران عەبدوڵڵا)

لە ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠، جەنگی بازرگانی ترەمپ لەگەڵ چین گەشتە ترۆپکی خۆی. دانانی باج لەسەر سەدان ملیار دۆلار کاڵای چینی. سەردێڕی میدیاکان هاواری راوەستانەوەیان دەکرد بەڕووی پێکینگ دا. هەردوو پارتەکە بە توندی وتاریان دەدا دەربارەی گەڕاندنەوەی کارەکان بۆ ناو ئەمریکا. هەموو دامەزراوە سیاسییەکان یەکگرتوو بوون لە وتنی: “ئێمە لە کۆتاییدا دەجەنگین دژی چین.” لە هەمان ئەو ساڵانەدا، بڵاک ڕۆک، جەی پی مۆرگان، گۆڵدمان ساکس، و باقی وال ستریت بە نهێنی ١.٤ تریلیۆن دۆلاریان گواستەوە بۆ بازاڕەکانی چین. نەک ١٠٥ ملیار، ١.٤ تریلیۆن کە ساڵی ٢٠٢٠ لە لووتکەی جەنگی بازرگانیدا بوون.

ئێستا، لەوانەیە پێت وابێت ئەمە هەڵەیەک بووە یان کاتێکی خراپ. لەوانەیە وال ستریت غافڵگیر بووبێت بە سیاسەتەکان، ڕاست یان هەڵە ئەمە پێشبینیکراوترین جووڵە بوو لە مێژووی دارایی نوێدا. چونکە شێوازێک هەیە، شێوازێک کە زیاتر لە ٣٠٠ ساڵە دووبارە دەبێتەوە. نەخشێک ئەوەندە جێی متمانەیە، ئەوەندە وردە لە ڕووی بیرکارییەوە کە کاتێک دەیبینیت، تەواوی چیرۆکی ئەوەی کە لە ئێستادا بەسەر دەسەڵاتی ئابووری ئەمریکادا دێت، وەک بلوری ڕوون دەبێتەوە.

ئێمە لە قۆناغی سێیەمداین لە چوار قۆناغ. سیستەمی دارایی جیهانی هەڕەمەکی و بێسەرەوبەرەنییە. بە شێوەیەکی میکانیکی بە چوار قۆناغ کار دەکات کە هەموو دراوێکی یەدەگی لە مێژووی تۆمارکراودا وێران کردووە.
قۆناغی یەکەم، ئلیتی دارایی مۆنۆپۆڵی چاپکردنی پارە دەکات لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە.
قۆناغی دووەم، ئەم مۆنۆپۆلییە بەکار دەهێنن بۆ دانی قەرز بە دەوڵەت. هەموو شتێک باش دەردەکەوێت. ئابووری گەشە دەکات، ئیمپراتۆرییەت گەورە دەبێت. هەموو کەس پێی وایە کەئەمجارە لە کێشەکە گەشتوون کە چۆن چارەسەر دەکرێت.
قۆناغی سێیەم، سیستەمەکە زۆر درێژ دەبێتەوە. دراو دەست دەکات بە لەدەستدانی بەها. حکومەت کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات، درزەکان گەورەتر دەردەکەون.
قۆناغی چووارەم: ئەمە بەشێکی گرنگە، هەموو ئەو کەسانەی ئەم سیستەمەیان دامەزراند پارەکەیان دەگوازنەوە بۆ هێزێکی نوێی تازە گەشەکردوو پێش ئەوەی ڕووخانەکە ئاشکرا بێت بۆ هەموو کەس. دانیشتووانی وڵاتیش لەگەڵ کاغەزە بێنرخەکاندا لە ماڵەکانی خۆیاندا دەمێننەوە.

ئەمەمان لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا بینیوە دوای ١٩٧١ و ئێستاش وا ڕوو دەدات.
کاتێک وال ستریت پارە دەڕژێنێتە چین، لە هەمان کاتدا واشنتن شانۆی تووندبونەوە لەگەڵ پەکین نمایش دەکات.
کاتێک بەریتانیا لە جەنگدا بوو لەگەڵ فەڕەنسا، پارەی تەواو ببوو. پیاوێک بە ناوی ویلیام پاتەرسۆن- William Patterson- چارەسەرێکی زیرەکانە دەهێنێتە پێش. دروستکردنی بانکی ئینگلتەرا. ڕێککەوتنەکە وایە بانکەکە ١.٢ ملیۆن پاوەند قەرز دەداتە حکومەت بە ڕێژەی ٨٪ سوو. بەڵام زیرەکی ڕاستەقینەکە ئەوە نییە چۆن کار دەکات. حکومەت قەرز دروست دەکات. بانکەکە ئەو قەرزە دەگۆڕێت بۆ پارە کە لە ئابووریدا دەسوڕێتەوە و بەشداربووانی دەوڵەمەند لە بانکەکە، قازانجەکانیان کۆدەکەنەوە لەسەر هەموو دابینکردنی پارەی نەتەوەکە. قۆناغی یەکەم تەواو بوو.

لە ماوەی چوار ساڵدا، قەرزی نەتەوەیی بەریتانیا لە 1.2 ملیۆن بۆ 16 ملیۆن چووەسەر. تا ساڵی ١٨١٥، دوای داراییکردنی جەنگەکانی ناپۆلیۆن بە ڕێگەی چاپکردنی پارەی بەردەوام پشتگیریکراو بە قەرزی حکومەت، قەرزەکە دەگاتە 885 ملیۆن. قەرزدەرەکان نەک تەنها قازانجیان کرد، بەڵکو خاوەندارێتی لەحکومەتی بەریتانیش دەکەن.
قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات، بەریتانیا دەستبەجێ گەورەترین هێزی دەریایی جیهان دروست دەکات، نیوەی جیهان کۆلۆنی دەکات. پاوەند دەبێتە دراوی یەدەگی جیهانی. بازرگانی نێودەوڵەتی بە پاوەندی بەریتانی کار دەکات. حکومەتە بیانییەکان پاوەند وەک یەدەگ دەگرن. هەموو شتێک وەک ئەوەیە ڕانەوەستێت. بەریتانیا لە لووتکەی جیهاندایە.

بەڵام ئەوەی زۆر کەس نەیزانن ئەوەیە کە لە نیوەی ١٨٠٠ەکان، درزەکان دەردەکەونەوە. بەرهەمهێنانی پیشەسازی بەریتانی لە لووتکەی خۆیدا دەست دەکات بە دابەزین بەرامبەر بە ئەڵمانیا و ئەمریکا. تێچووی پاراستنی ئیمپراتۆرییەتی جیهانی زۆر زیاتر بوو لەوەی بەریتانیا بتوانێت بیپارێزێت. قەرزەکان زیاتردەبن. لێرەدا شتەکان سەرنجڕاکێش دەبن. هەمان دامەزراوە داراییەکان کە سیستەمی بەریتانیایان دروست کردبوو دەست دەکەن بە گواستنەوەی پارەکانیان بۆ ئەمریکا. سەرمایەی بەریتانی دەڕژێتە بوارە جیاوزەکانی پیشەسازی ئەمریکاوە وەکوو: رێگەی ئاسنین، پۆڵا و چەندین پیشەسازی تر. ڕۆتشیلدەکان- Rothschilds- سەرمایەیەکی زۆر دەخەنە خزمەت گەشەکردنی پیشەسازی ئەمریکاوە. کاتێک بەریتانیا لە١٩٣١بە فەرمی واز لە ستانداردی زێڕ دەهێنێت، کاتێک پاوەند ڕووخا وەک دراوی یەدەگ، دروستکەرەکان پێشتر هەمان سیستەمیان لە نیویۆرک دروست کردبووەوە. پارەکەیان گواستبووەوە پێش ڕووخانەکە.
قۆناغی چوارەم بە تەواوی جێبەجێ کرا.

نمونەی دووەم
دوای جەنگی جیهانی یەکەم پەیمانی ڤێرسای ئەڵمانیای بە ١٣٢ ملیار مارکی زێڕ قەرزاربارکرد بە هێزی هاوپەیمانان. حکومەتی ڤایمار- Vhimar- ڕووبەڕووی دوو بژاردە دەبێتەوە. باجەکان بەرز بکاتەوە بۆ پارەدان یان پارە چاپ بکات. ئەوان چاپخانە هەڵدەبژێرن. بانکی ڕایخ، بانکی ناوەندی ئەڵمانیا، دەست دەکات بە دراویکردنی قەرزی حکومەت، پارەدانی کرێکارە مانگرتووەکان، داراییکردنی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان، پاراستنی هاوپەیمانی سیاسی. کاتێک فەڕەنسا و بەلجیکا لە کانوونی دووەمی ١٩٢٣ ناوچەی روهەر-RUHR-ی پیشەسازی داگیر دەکەن بۆ گرتنی خەڵوز و زۆرکردن بۆ پارەدان، وەڵامی ئەڵمانیا، پارەدان بوو بە کرێکارەکانی ڕووهەر بۆ مانگرتن. پارەدانیان بە پارەی چاپکراو. چاپکردنی پارە بە شێوەیەکی سەیر زیاد دەبێت.
ئایاری ١٩٢٣، 8.6 ملیار مارک. حوزەیران، 17 ملیار. ئاب، 669 ملیار. تشرینی دووەم 400 کوینتیلیۆن. تا تشرینی دووەمی ١٩٢٣، یەک دۆلاری ئەمریکی 4.2 تریلیۆن مارکی ئەڵمانی دەکڕێت. عەربانەیەک پارە رۆژنامەیەک ناکڕێت. کرێکارەکان بە کاتژمێر پارە وەردەگرن چونکە مووچەکەیان لە کۆتایی شیفتەکەیان بێنرخ دەبێت. نرخەکان لە ماوەی کاتژمێرەکانی کارکردندا سەردەکەون. چینی ناوەڕاست تەواو دەسڕدرێتەوە. پاشەکەوتەکان لە شەوێکدا دەبن بە هەڵم.

ڕودۆلف هاڤێنشتاین- Rudolph Havenstein -، سەرۆکی بانکی ڕایخ، بە ئەنقەست دراوی بیانی بە مارک دەکڕی بە هەر نرخێک بووایە بە بێ گوێدانە هەڵاوسان. حکومەتەکە دەیوت ئەمە پێویستە بۆ پارەدانی تاوانبارکردنەکان. ڕاوێژکارە بەریتانی و فەڕەنسییەکان دەیانووت ئەمە وێرانکردنێکی ئەنقەستییە بۆ دراو. تۆمارەکانی دواتر پشتڕاستیان کردەوە. هەڵاوسانی زۆر سوودبەخش بوو. . قەرزەکانی شەڕی ناوخۆی نەهێشت. چینی ناوەڕاستی سیاسی نەویستراوی وێران کرد. کاتێک قەیرانەکە بەلووتکەی خۆی گەیشت، کاتێک ئەڵمانیا مارکی کرێی- Rentenmark لە تشرینی دووەمی ١٩٢٣ داهێنا بۆ ڕاگرتنی ئەو داچۆڕانە دراوییە، چارەسەرەکە پێویستی بە قەرزەکانی ئەمریکی هەبوو.

پلانی داوەس- Dawes- لە ١٩٢٤ وال ستریتی هێنایە ئەڵمانیا بۆ ڕێکخستنەوەی هەموو شتێک. پارەی ئەمریکی لە کۆتایی ١٩٢٠ەکاندا ڕژایە ئەڵمانیاوە. بانکە ئەمریکی و کۆمپانیاکان پێشوازییەکی بێوێنەیان لێکرا. کاتێک دوواتر ئەو سیستەمە لە سەرەتای ١٩٣٠ەکان ڕووخا، کە مەرجەکانی دروست کرد بۆ هێنانە سەرکاری نازییەکان.
هەمان دامەزراوە داراییە ئەمریکییەکان پێشتر ئامادە بوون بۆ قۆناغی داهاتوو. هەمان شێواز، سەدەی جیاواز. بانکی ناوەندی قەرز دەدات بە حکومەت. سیستەم بە هەڵاوسان گەشە دەکات، بەهای دراو هاڕەدەکات، سەرمایەی بیانی لە قەیراندا ڕێک دەخاتەوە، پاشان دەرچوون پێش کارەساتی سیاسی.

نمونەی سێیەم، ئەوەی سیستەمی ئەمڕۆی دروست کرد. لە کۆنفرانسی برێتۆن وودز، نیو هامپشایر. نوێنەرانی ٤٤ نەتەوە سیستەمێکی نوێی پارەیی دروست دەکەن. دۆلاری ئەمریکی بە زێڕ پێوەر دەکرێت بە ٣٥ دۆلار بۆ ئۆنسێک. هەموو دراوی تر بە دۆلار پێوەر دەکرێت. بانکە ناوەندییە بیانییەکان دەتوانن دۆلارەکانیان بگۆڕنەوە بۆ زێڕی ڕاستەقینە بەو ڕێژە جێگیرە. دۆلار دەبێتە دراوی یەدەگی جیهانی پشتگیرکراو بە گەورەترین یەدەگی زێڕ لە مێژوودا لە فۆرت نۆکس- Fort Knox-. بۆ دوو دەیە، کار دەکات.
ئەوروپا و ژاپۆن دووبارە دروست دەبنەوە. دۆلار لە جیهاندا دەسوڕێتەوە. سەرکردایەتی ئابووری ئەمریکی تەواوە. بەڵام دوواتر ئەمریکا دەست دەکات بە بەکارهێنانی توانای چاپکردنی دراوی یەدەگ بۆ داراییکردنی جەنگی ڤێتنام. بەرنامەکانی کۆمەڵگەی گەورە، دروستکردنی سەربازی لە جەنگی سارد، هەمووی بە بێ بەرزکردنەوەی باجەکان. بانکی فیدراڵی دابینکردنی پارە گەشە دەکات. ڕێژەی سوو نزم دەمێنێتەوە. ئابووری بەردەوام گەشە دەکات. دۆلار دەڕژێتە بانکە ناوەندییە بیانییەکانەوە، ئەمریکا توانا بازرگانێکانی گەورەتر و گەورەتر دەکات.

تا ١٩٧١، زۆر زیاتر دۆلار لە سوڕدایە لەوەی ئەمریکا زێڕی هەیە بۆ پشتگیریکردنیان. فەڕەنسا دەبینێت چی ڕوو دەدات. لە سەردەمی سەرۆک شارل دۆگۆل- Charles de Gaul -، دەست دەکەن بە داواکردنی زێڕ بۆ دۆلارەکانیان. لە ئابی ١٩٧١، سەرۆک جۆرج پۆمپیدو- George Pompidou- کەشتی جەنگییەک دەنێرێت بۆ نیویۆرک بۆ کۆکردنەوەی زێڕی فەڕەنسی. سویسرا لە ٩ی ئاب سیستەمەکە جێدەهێڵێت. لە ١١ی ئاب، بەریتانیا داوای ٣ ملیار دۆلار زێڕ دەکات کە لە فۆرت نۆکس بگوازرێتەوە بۆ نیویۆرک. پۆڵ ڤۆلکەر- Paul Vulkar -، ئەو کاتە جێگری وەزیری گەنجینە دەبێت، دواتر وتی کاتێک بەریتانیا، ئەو وڵاتەی کە سیستەمەکەی لەگەڵ ئەمریکا دامەزراند و جەنگی کرد بۆ پاراستنی دراوەکەی خۆی، دەستی کرد بە بردنی زێڕ بۆ دۆلارەکان، هەموو کەس زانیتی کۆتایی هاتووە. تا ١٥ی ئاب، تەنها ١٠,٠٠٠ تۆن مەتریک زێڕ لە یەدەگەکانی ئەمریکادا مایەوە.
١٥ی ئابی ١٩٧١، شەوی یەکشەممە، نیکسۆن دێتەسەر تەلەفزیۆن و ڕادەگەیەنێت ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی گۆڕینەوەی دۆلار بۆ زێڕ ڕادەگرێت. پەنجەرەی زێڕ دادەخرێت. ئەو ڕێکارە کاتییە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. سیستەمی برێتۆن وودز- Brettonwood- ڕووخا. تا ئازاری ١٩٧٣جیهان گواستییەوە بۆ بازاڕی نرخی ئاڵڵوگۆڕی گۆڕاو واتە بەهاکەی بەپێی دابینکردن و داواکاری بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی دیاری دەکرێت، دۆلار دەبێتە دراوی تەواو کاغەزی، هێزی پشتی هیچ نییە جگە لە بەڵێنی حکومەت و هێزی سەربازی ئەمریکی لە بازاڕەکانی نەوتی جیهانی.

لەو ڕۆژەوە، دۆلار زیاتر لە ٩٨٪ی نرخی لەدەست دا بەرامبەر زێڕ. لە ١٩٧١، زێڕ ٣٥ دۆلار بوو بۆ ئۆنسێک. ئەمڕۆ، زیاتر لە ٣,٠٠٠ دۆلارە. هەمان شێواز، درێژەدان بە سیستەم، لەدەستدانی دیسیپلینی پارەیی، بێنرخکردنی بەهای دراو.

ئێستا بەراوردی بکە بەم دۆخەی ئێستا ڕوو دەدات. ٦ی تەممووزی ٢٠١٨، ترەمپ یەکەم باجەکان دادەنێت لەسەر کاڵای چینی. ٣٤ ملیار دۆلار. جەنگی بازرگانی بە فەرمی دەست پێ دەکات. ئەمریکا لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی چین دەبێتەوە، هاوسەنگی بازرگانی دەکاتەوە، بەرهەمهێنان دەگەڕێنێتەوە. هەردوو پارت پشتیوانی دەکەن. دامەزراوەکە یەکگرتووە. بەڵام ٦ی تەممووزی ٢٠١٨ بە هۆکارێکی تر گرنگە. تەنها یەک مانگ دوای ١ی حوزەیرانی ٢٠١٨، ئەو ڕۆژەی کە کۆمپانیای MSCI کە کۆنترۆڵی پێوەرەکانی وەبەرهێنانی جیهانی دەکات، بە فەرمی دەستیکردووە بە خستنەڕووی کۆمپانیای AShares ی چینی لە پێوەرەکانی بازاڕە تازەپێگەیشتوەکانیدا. بیر لەوە بکەرەوە کە ئەمە مانای چییە، کاتێک MSCI بازاڕێک لە پێوەرەکانیدا دەخاتە ڕوو، ئەو وەبەرهێنەرە دامەزراوەییانەی کە بەدواداچوون بۆ ئەو پێوەرانە دەکەن، دەبێت پارە بخەنە ناو ئەو بازاڕەوە.. سندووقەکانی خانەنشینی، سەرمایە سیادێکانی دەوڵەت، سەرمایە پێ بەخشکراوەکانی زانکۆکان، کۆمپانیاکانی بیمە، تریلیۆنەها دۆلار تەنها بەو رێڕەوەدا دەڕۆن. کێشی چین بە پێوەری بازاڕە نوێکانی MSCI لە نزیکەی سفرەوە گەیشتە ٤٣٪ تا تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠. لە هەمان ماوەی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠، وەبەرهێنانی خەزێنەی ئەمریکی لە چین گەیشتە ١.٤ تریلیۆن.
بڵاک ڕۆک کارەکانی چینی گەشە پێدا لەم ماوەیەدا. جەی پی مۆرگان پەسەندی وەرگرت بۆ خاوەندارێتی کاری زۆرتر لە چین. گۆڵدمان ساکس بەشی خۆی لە هاوبەشی چینی زیاد کرد. ئەمانە لە ئاکامی کاری هەڵەوە نین. ئەمانە هەمان دامەزراوەی دامەزراوەیین کە لە بەریتانیا، لە ئەڵمانیا، لە ئەمریکای دوای جەنگ کارایان کرد و ئێستا قۆناغی ٤ جێبەجێ دەکەن.

با بۆکسەکان بپشکنین. قەرزی نەتەوەیی ئەمریکا ٣٦ تریلیۆن، ڕێژەی قەرز بە GDP ٩٨٪. بیلانسی بانکی فیدراڵی لە ژێر ١ تریلیۆن بوو لە ٢٠٠٨. لە کۆڤید تەقێتەوە بۆ ٩ تریلیۆن. هێشتا زیاتر لە ٧ تریلیۆن ئەمڕۆ. هەمان میکانیزم وەک هەمیشە. بانکی ناوەندی قەرزی حکومەت دراو دەکات. حکومەت زۆر زیاتر خەرج دەکات لەوەی باجەکان دەتوانن دابینی بکەن. دابینکردنی دراو زۆر زیاتر گەشە دەکات لە توانای بەرهەمهێنەری ئابووری، دامەزراوە داراییەکان کە ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبەن دەست دەکەن بە گواستنەوەی سەرمایە بۆ ناوەندی هێزی داهاتوو.

قۆناغی یەکەم، یەدەگی فیدراڵی لە ساڵی ١٩١٣ دامەزرا، قۆرخکاری لەسەر دروستکردنی پارە.
قۆناغی دووەم، دەیەها ساڵ دراویکردنی قەرز، داراییکردنی جەنگەکان و بەرنامە جیهانێکان. قۆناغی سێیەم، هەڵئاوسانی سیستەمی مالی بە ڕێژەی ٩٨٪ی لەکۆی بەرهەمی ناوخۆیی و شێوانی بەهای دراو.
قۆناغی چوارەم، دامەزراوە داراییەکان سەرمایە دەگوازنەوە بۆ چین لە کاتێکدا واشنگتۆن شانۆ دەکات.
ئێمە ئێستا لەم قۆناغەداین.

ئەم شێوازە گوێ بە هەڵبژاردنە سیاسییەکانت نادات. گوێ بەوە نادات کە باوەڕت بە ئەمریکییەتی نا ئاسایی هەیە یان نا. گوێ لە تەکنۆلۆژیا ڕزگارکردنمان یان تیۆری پارەیی نوێ یان هەر چوارچێوەیەکی زیرەکانەی تر نادات کە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم جارە جیاوازە دروست کراوە.
ئەم جارە جیاواز نییە، میکانیزمەکە ماتماتیکییە. کاتێک سیستەمێکی دارایی لەسەر دروستکردنی قەرز دامەزراوە، کاتێک ئەو دامەزراوەیەی پارە دروست دەکات جیاوازە، بەڵام پەیوەستە بە باج کۆکردنەوە. کاتێک سیستەمەکە گەشە دەکات لە دەرەوەی توانای بەرهەمهێنەر، دراو بێنرخ دەبێت. کاتێک دراوەکەی بێنرخ دەبێت دراوی یەدەگی جیهانییە، دروستکەرەکانی ئەو سیستەمە سەرمایەکەیان دەگوازنەوە پێش تەواوبوونی ڕووخانەکە.

ئەوەی کەسەکان لەدەستی دەدەن ئەوەیە کە جەنگی بازرگانی شانۆ بوو بۆ شکستهێنان دروست کرابوو، یان وردتر بڵێین بۆ ئەوە دروست کرابوو کە وەک ئەوە دەربکەوێت ئەمریکا بەرگە دەگرێت لە کاتێکدا یەکگرتنی دارایی ڕاستەقینە خێراتر دەبێت. ناتوانیت بە باجەکان جەنگ لەگەڵ چین بکەیت لە کاتێکدا گەورەترین دامەزراوە داراییەکانت پارە دەگوازنەوە بۆ بازاڕەکانی چین. ناتوانیت بەرهەمهێنان بگەڕێنیتەوە ماڵەوە لە کاتێکدا دابینکەرەکانی ئیندێکس کە دابەشکردنی سەرمایەی دامەزراوە کۆنتڕۆڵ دەکەن کێشی چین لە جانتا جیهانییەکان زیاد دەکەن.
ناتوانیت هەژموونی دۆلار بپارێزیت لەکاتێکدا کورتهێنانی تریلیۆن دۆلار بەڕێوەدەبەیت کە لەلایەن چاپکردنی پارەی بانکی ناوەندییەوە دارایی دەکرێت. دژایەتییەکە ڕووداوێک نییە. میکانیزمەکەیە. دانیشتوانی بەریتانیا لە ساڵی ١٨٨٠ تێنەگەیشتن کە پایتەختەکەیان خەریکی بنیاتنانی ئەمریکایە. دانیشتوانی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٢٩ لەوە تێنەگەیشتن کە بانکە ئەمریکییەکان خولی هەڵاوسانی زۆریان ئاسان کردووە. ئێستا دانیشتوانی ئەمریکا لەوە تێناگەن کە وۆڵ ستریت ژێرخانی دارایی چین بنیات دەنێت لە کاتێکدا واشنتۆن بەرخۆدان ئەنجام دەدات. بەڵام شێوازەکە پێویستی بە تێگەیشتنی تۆ نییە. تەنها جێبەجێ دەکات.

کەواتە چی لەم زانیارانە دەکەیت؟ تێدەگەیت کە ماشێنەکە لە جوڵەی خۆیدایە. تێدەگەیت ئەو کاتەی ئەمە ئاشکرا دەبێت بۆ ڕای گشتی، هەموو پرۆسەکە جێگیربووە. تێدەگەیت کە سیستەمی ئێستا، دۆلار وەک دراوی یەدەگ، سەرکردایەتی دارایی ئەمریکی، ڕێککەوتنی دوای برێتۆن وودز، هەمیشەیی نییە. قۆناغی سێیەمە لە شێوازێکی چوار قۆناغی و قۆناغی چوارەم ئێستا جێبەجێ دەکرێت. خۆت بەپێی ئەوە ڕێک دەخەیت.
تێدەگەیت کە گرتنی سامان بە دراوی بێنرخ هەڵبژاردنێکە بۆ بەشداربوون لە میکانیزمی گواستنەوەکە. تێدەگەیت کە هەڵاوسان کاتی نییە، گواستنەوە نییە، ئەنجامی کەمی زنجیرەی دابینکردن نییە. ئەنجامی پێشبینیکراوی گەشەی پارەیی لە دەرەوەی گەشەی بەرهەمهێنەرە. تێدەگەیت کە کاتێک پێت دەڵێن نیگەران مەبە، ئەم جارە جیاوازە، ئەندازیاری دارایی نوێ چارەسەری کێشەکانی سیستەمەکانی پێشووی کردووە. یان نەزانن لە شێوازەکە یان هاوکارن لە جێبەجێکردنیدا. تێدەگەیت کە ٥ بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو وەک ٣٠ ساڵی ڕابردوو نابێت. میکانیزمەکە خێرا دەبێت. قەرزەکان ناتوانرێت بدرێنەوە. دراو بەردەوام بێنرخ دەبێت. ئلیتی دارایی پێشتر ئامادەیە. پرسیارەکە ئەوەیە کاتێک شێوازەکە بە ڕوونی دەیبینیت و تێدەگەیت لە کاتی ڕاستەقینەی خۆیدا ئایا بڕیارە حەتمییەکە لەبەرچاو دەگریت.

ئەمە پێشبینی نییە، ناسینەوەی شێوازە. هەمان میکانیزم کە سەرمایەی بەریتانی گواستەوە بۆ ئەمریکا لە سەدەی ١٩، هەمان میکانیزم سەرمایەی ئەمریکی گواستەوە بۆ ئەڵمانیای ڤایمار پێش ڕووخان، هەمان میکانیزم سەرمایەی لە ئەمریکا گواستەوە کاتێک برێتۆن وودز شکستی هێنا ئێستا سەرمایە دەگوازێتەوە بۆ چین. لەئێستادا سیاسەتمەداران مشتومڕ لەسەر باجەکان دەکەن، لە کاتێکدا ناوەندەکانی گەڕان مشتومڕ لەسەر ستراتیژییەکانی کۆتاییهێنانی پەیوەندێکان دەکەن، لە کاتێکدا میدیا سەرقاڵی ئەگەری جەنگی بازرگانییە، وال ستریت پێشتر بڕیاری داوە ١.٤ تریلیۆن دۆلار بگوازێتەوە، شێوازەکە هەرگیز شکستی نەهێناوە لە تەواوکردنی خۆی، سێ چارەکی جێبەجێکردنەکەی تەواو کردووە.

ئەگەر دەتەوێت تێبگەیت لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات، ئەگەر دەتەوێت بزانی چۆن قۆناغی کۆتایی ئەم شێوازە تەواو دەبێت، ئەگەر دەتەوێت ببینیت چۆن گواستنەوەکە لە سەرکردایەتی دارایی ئەمریکی بۆ چینی کۆتایی دێت، پێویستە تێبگەیت چۆن ماشێنەکە دروست کراوە. پێویستە ژێرخانی دامەزراوەیی ببینیت کە ئەم گواستنەوەیە ئاسان دەکات. پێویستە ناسینەوە بکەیت کە هەموو بەڵگە مێژووییەکان ئاماژە بۆ هەمان ئەنجام دەکەن. دانیشتووان دراوەکە دەگرن کاتێک نزیک دەبێتەوە لە سفر. لە کاتێکدا دروستکەرەکانی سیستەمەکە پێشتر سامانەکەیان گواستووەتەوە بۆ ناوەندی هێزی داهاتوو. ئەوە شێوازەکەیە، ئەوە میکانیزمەکەیە، ئەوە ئەوەیە کە ئێستا ڕوو دەدات لە کاتێکدا هەموو کەس سەیری شانۆی سیاسی دەکات و گواستنەوەی سیستەماتیکی سامان لە پشتەوە لەدەست دەدات.

سەرچاوە:
https://www.youtube.com/watch?v=cDg7oTNbGfg




ئەوەی بۆ ئایندەی سیاسی ڕۆژئاڤا گرینگە..!.. جوتیار

ئەوەی لە ڕۆژاڤا دەگوزەرێت، بە تەنها ململانێیەکی سەربازیی دابڕاو نییە، بەڵکو بەشێکە لە نەخشەیەکی سیاسیی گەورەتر، ئێمە باشمان لەبیرە کە ڕۆژاڤا و پڕۆژە سەربازی و سیاسیەکەی لە ساتی هەڵوەشانەوەی وڵاتێکدا سەریهەڵدا کە یەکێک بوو لە نمونە بەهێزەکانی ناوەندگەرایی دەوڵەتوو نەتەوەپەرستی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ هاتنە ناوی سوریا بۆ شەڕی ناوخۆ، کورد و گروپە ئێتنیکە جیاوازەکانی تر خۆیان ڕێکخست بۆ پێکهاتەیەکی سیاسی ئۆتۆنۆم کە دواتر بە (ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا) ناسرا. ئەو پڕۆژەیە زیاتربوو لە تەنها ڕیکخستنێکی بەڕێوەبەری، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی جیاوازی سیاسی لەو ناوچەیەدا، کە بە بروای من رێک ململانێکانیش لە دوای ئەو هەنگاوەوە ڕەگەکانیان قولتربوونەوە.
خاڵی چارەنووساز بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا تەنها شەڕو و رووبەڕوبونەوەی سەربازی نییە، بەڵکو ڕوبەڕووبونەوەی دیدگاو بیرکردنەوەیەکیشە کە ئیدولۆژیای ئیسلامی داعشییە، ئیسلامی داعشی ئەو ئایدۆلۆژیا مەترسیدارەیە کە هەوڵدەدات کۆمەڵگا بەتەواوی ملکەچ بکات بۆ نۆرمەکانی ئیسلام و خەلافەتی ڕها. دەوڵەتی سوریای بەر لە جەنگوو لاوازبوون و روخانی ئەسەدەکان، دەوڵەتێکی مۆرک ئیسلامی نەبوو ، بەڵکو نمونەی بەهێزی شۆڤێنی نەتەوەیی عەرەبی بوو، دەوڵەتێکی مەرکەزی پاوانخوازو توتالیتاری بوو ، بەڵام لە ناو هاوکێشە تازەکاندا هەردوو مۆدێلی تۆتالیتاریزمی ئایینی و شۆڤێنیەتی نەتەوەیی تاکڕەو هاوتەریبن لە دەستەڵاتوو لە حکومڕانیدا، کە هەردووکیشیان خاوەنی یەک ئامانجی هاوبەشن ئەویش قەتیسکردنوو لە قاڵبدانی ئەزموونی کوردو ڕۆژئاڤایە.
من ڕۆژاڤا وەک ئەزمونێک دەبینم کە لە بەرامبەر چەند جەمسەرێکی ئاراستەکراوی فشاردا گیری خواردوە، ئیسلامیزم کە دەیەوێت فرەچەشنی و بەها مرۆیەکان بنبڕ بکات، وە هەروەها دەسەڵاتێکی سێنتڕاڵی بە عەقلێکی شۆڤێنیانەی عەرەبی، لە لایەکی تریش شۆڤێنیزمی تورک، کە هەموویان لە پەیوەست بە داهاتوی ڕۆژئاڤا خاوەنی یەک سیساسەتوو ستراتیژی هاوبەشن.
ئەوەش ئەوەمان پێدەڵیت کە ئایین و ناسیۆنالیزم وەکوو دوو ئامراز کۆکتێلکراون لە خزمەت باڵادەستی و پاوانخوازی و داگیرکاری سیاسیدا.
ئەوەی پێی دەگوترێت دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ڕادیکاڵترین دەرکەوتنی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیە بوو لەو سەردەمەدا کاتێک ئایینیان گۆڕی لە عەقیدەی تاکەوە بۆ عەقیدەی دەوڵەتوو دەستەڵاتداری ، لەوێدا بێبەهاکردنی مرۆڤوو سەرکوتو کوشتاری بە کۆمەڵ نەک تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە بەڵکو لە ڕووی ئایینیشەوە ڕەوایەتی پێدراو کەمینەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک جینۆساید دەکران، گۆشەگیری و ژێردەستەییان لەسەر فەرز کرا، ژنان و کچان کران بە کۆیلە و کۆمەڵگا بەپێی بنەما دۆگماتیکە ئاینیەکان دووبارە داڕێژرایەوە.
ڕۆژاڤاو هەڵکەوتە جیۆپۆلیتیکەکەی بە وردی لە نێوان ئەو سیستەمە ستەمکاریانەدا هەڵکەوتووە کە بە بەردەوامی لە ژێر فشاری دەستەڵاتی ئەحمد شەرع و گروپە ئیسلامیە جیهادیەکانی ناو سوپای عەرەبی سوریا و پێکهاتە خێڵەکیەکانی ناوچەکەو ئەکتەرە ناوچەییەکانی دیکەدایە. ئەو هەڵکەوتە جیۆگرافیە ئاڵۆزە نائەمنییەکی هەمیشەیی دروست دەکات کە تێیدا ئەزموونە سیاسییەکان بەزەحمەت دەتوانن بە شێوەیەکی بەردەوام تێیدا گەشە بکەن.
هەرێمێک کە هەوڵی دامەزراندنی مۆدێلێکی سیاسی فرەیی و تاڕادەیەک مەدەنی دەدات، بە پێکهاتەگەلێک دەورە دراوە کە یان لە ڕووی عەقیدەیی/جیهادی ئایدیۆلۆژییەوە یان پاوانخوازانەی نەتەوەیی و فاشیستیەوە ڕێگری لێدەکرێتوو دژایەتی دەکرێت،
لە هەردوو حاڵەتەکەشدا دەستەڵاتی ڕۆژئاڤا دەکرێت ڕۆڵی خۆی وەک سوبێکتێکی سیاسی لە بەرامبەر ئامانجە درێژخایەنەکەی لەدەست بدات.
بۆ کورد لە ڕۆژاڤا، ئەوە ڕووبەڕووبونەوەیەکی دوو لایەنە دەخاتە ڕوو، دەبێت لە یەک کاتدا هەم بەرگری لە ئاسایش و بوونی سیاسی خۆیان لە بەرامبەر هەڕەشە سەربازییەکاندا وهەروەها لە بەهای مۆدێلە سیاسیەکەیان لەسەر بنەمای بیروباوەڕێکی سێکولار و مرۆیی بکەن، هەرچەندە ئەو تەحەدیانە لە ژینگەیەکی ئاوها ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و تەژی بە دیدگا سیاسیە تاریکە جیاوەزاکان ونەتەوەییە کۆنسەرڤاتیڤەکان، سەرچاوەیەکی بەردەوامی ململانێ دەبێت بۆیان.
ئەگەر سوریا بیەوێت سەقامگیرییەکی درێژخایەن بەدەستبهێنێت، دەبێت ڕێز لە ئیرادەوهەمەجۆری ئەو ستاتۆ سیاسیە و مۆدێلە خۆ بەڕێوەبەریەی کوردی رۆژئاڤا بگرێت، ئەگەرنا هەر قۆناغێکی ئارامی و بێدەنگکردنی چەکەکان تەنها وەک پشوویەک لە نێوان ململانێ نوێیەکاندا دەمێنێتەوە، سەقامگیری ڕاستەقینە لە سوریا تەنها کاتێک مومکین دەبێت کە فرەچەشنی نەک وەک مەترسییەک، بەڵکو وەک واقیعێک بناسرێتوو قبوڵ بکرێت.
بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردودا لە ڕۆژئاڤا، لەناو شەڕ و وێرانکاریدا، فەزایەکی سیاسی سەریهەڵدا کە جیاوازە لە بەشێکی زۆری ئەو شتانەی کە دەیان ساڵە تایبەتمەندی ناوچەکە بووە. ئەو فەزایە کە لە ژێر ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێکخراوە، سیستەمێکی تەواو جیگیر نییە لە ڕویی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ،چونکە لەژێر فشاری زۆری سەربازیدایە، بەدەست کێشەی ئابورییەوە دەناڵێنێت و گرژیی سیاسی ناوخۆیی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو لاوازیانە، ڕێبازێک لەوێ پەرەی سەندووە کە ئومێدێک پێشکەش بە زۆر کەس دەکات.
بۆیە من پێم وایە ئەو ئومێدە بۆ کورد نابێت لە ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیدا قەتیس بکرێتوو بمێنێتەوە، بەڵکو سەرکەوتن وگەرەنتیکردنی لە ئەگەرێکدایە، ئەگەری ڕێکخستنی کۆمەڵگا لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوخۆییدا، نەک تەنها لە سەرەوە بە سیستمێکی سەربازی کۆنتڕۆڵکراوو ئاراستە کراو.
ئەزموونی حیزبی و دەوڵەتەکان دەریاخستووە کە ئەو پەرەسەندنە چەندە دەتوانێت ببێتە ئالوگۆڕێکی ڕادیکاڵ کاتێک ئایدۆلۆژیا دەبێتە ئارگومێنتێکی ڕەهاو دەسەڵاتی سیاسی تەواو بەدەستبهێنێت.
ئەوەی کە ئێمە لە رۆژئاڤادا دەیبینین، ژنان لە ئاستێکی باڵادا تێکەڵ بە ڕۆڵی سیاسی و سەربازی کراون و خراونەتە ناو پێکهاتە و یەکە ئیدارییە جیاوازەکانەوە، بەڵام فرە حیزبی و ئازادی میدیایی لەویدا هەستی پێناکرێت، ئەوە دیموکراسییەکی کامڵ و بەدیهاتوو نییە بۆ خواستی گەلێکی ژێردەستەی چەندەها ساڵی، بەڵام هەوڵێکە بۆ بنیادی پێکهاتە مەدەنیەکان و کۆمەڵگایەکی تا ئاستێک دیموکراسی، بە تایبەت لە ناوچەیەکدا کە بە درێژایی مێژووی خۆی لە نێوان کۆمەڵیک ئاراستەی فاشیستی نەتەوەیی و و توندڕەوی عەقیدەی و جیهادی ئاینیدا گیری خواردووە.
هەر لەبەر ئەوەشە کە مۆدێلی دەستەڵاتی سیاسی لە ڕۆژاڤادا گرنگییەکی سیاسی تایبەتی هەیە، نەک لەبەر ئەوەی بێ کەموکوڕییە، یاخود لەبەر ئەوەی هەموو کێشەکانی چارەسەر کردووە، بەڵکو لەبەرئەوەی لە قۆنا‌‌غی داهاتوودا هەوڵبدات لە ڕووی دامەزراوەییەوە یەکسانی سیاسی و وپارتیزیپاسیۆن (بەشداریپێکردن)ی زیاتر لە ناو هەموو کایە جیاوازو سیاسیەکاندا بۆ هەمووان فەراهەم بکاتوو و بەرپرسیارێتی دادوەریەکی کۆمەلایەتی و سیاسی ناوخۆیی بچەسپێنێت.
من پێم وایە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە ناو هەژموونی ئایدیۆلۆژی و پڕۆژە و یەکینە سەربازیەکان لەسەر پێکهاتە مەدەنییەکان کاڵبکرێنەوەو پیویستە ئەو بابەتانە پشتگوێ نەخرێن. کۆمەڵگای مەدەنی تەنها کاتێک دەتوانێت بوونی هەبێت کە ڕێگە بە ڕەخنە بدات و شەفافیەت دادگەری بەهێز بکات و دەسەڵات بخاتە ژێر لێپرسینەوەوە، چونکە ئایندەی ئەم پڕۆژەیە پەیوەستە بەوەی کە ئایا سەرکەوتوو دەبێت لە بەهێزکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و ڕێگەدان بە فرەچەشنی سیاسی و بنیاتنانی سەقامگیری ئابووری و وە
بە هەمان شێوە توانای مامەڵە کردن لە نێوان بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکیەکاندا بەبێ ئەوەی چاوگەو بناغە کۆمەڵایەتیە – سیاسیەکەی خۆی لەدەست بدات.




ئیسلامی سیاسی وەک پڕۆژەی دژ بە نەتەوە.. ئەیوب ئەحمەد قادر

بە گەڕانەوە بۆ مێژوو و مێژووی ئیسلام لەناو کورد، ئەو وێنەیەمان دەست دەکەوێت، کە کورد دوای ئەوەی کراوە بە موسلمان وردە وردە هەوڵیداوە ئەم ئایینە لەگەڵ فەزای کولتووری و نەتەوەیی خۆی بگونجێنێت. ئەو باسانەی لەبارەی ئەوەی کورد نەیتوانیوە سوود لە ئایینی ئیسلام بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی وەربگرێت، تا ڕادەیەک ڕاستی تێدایە، بەڵام لەوبارەیەشەوە بێخەم دانەنیشتووە. واتە کورد هەوڵیداوە بیروباوەڕ و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی تێکەڵ بە ئایینی ئیسلام بکات و جۆرێک لە ئیسلامی میللییانە دروست بکات. واتە بە تێگەیشتنێکی خۆماڵیانە ئەرک و واجبەکانی ئایین جێبەجێ دەکات. بۆیەیش دەبینین لە زۆر قۆناغی مێژووییدا پیاوە نەتەوەییەکانمان ویستوویانە لە دەرگای ئایینەوە بچنە ژوورەوە و خەڵک هوشیار بکەنەوە. ۆربەی گوتاری مەلاکانیش لەم خولگەیەدا بوون و لە ئاستێكی باڵاتری دینی میللی پتر ڕەوتێكی سۆفیگەری و عیرفانی بووە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا. لەبەرئەوە لە قۆناغی پێش دەرکەوتنی خوێندنی ڕەسمی، زۆربەی هەرە زۆری سیاسی و شاعیر و کەسایەتییە خوێندەوارەکانی کورد دەرچووی ئەم حوجرانە بوون کە لە مزگەوت و تەکیە و خانەقاکان هەبوون. بۆیە میراتگری دیوە ڕەسمییەکەی ئەم جۆرە نوسخەی ئیسلام لە کوردستان پتر یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامە، لە دامەزراندنییەوە تاکو ئێستا سەرۆکەکانی دەرچووی ئەم حوجرانەن، بە دەگمەن تێکەڵاوی ئیسلامی تر نین. دەبینین شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزا و شێخ ئەحمەدی بارزان و چەندان ناوداری دیکە جۆرێک لەم هەوڵەیان هەبووە.
لە دوای شکستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە گشتی جۆرێک لە ئیسلامی دروست دەبێت، دەبێتە ئیسلامییەکی حیزبی. ئەم جۆرە ئیسلامییە بە ئیسلامی سیاسی ناو دەبرێت. ئەم ئیسلامییە گوتارێکی تەواو ئایدیۆلۆژی و جیهادی هەیە. واتە لە پشت هەر حیزبێکی ئیسلامی، یان ئیسلامییەکی سیاسی، ئامانجێکی سیاسی دیاریکراو هەیە، دەیەوێت لە ڕێگەی ئایینی ئیسلامەوە بگاتە بە کورسی دەسەڵات و یەکەم هەنگاویشی کارکردنە لەبارەی دەروون و هەستی خەڵکی ئاسایی و سادە. ئەم گرووپ و حیزبانەیش لە ڕێگای کەناڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، مزگەوتەکان و سۆشیالمیدیا و کۆی ئامرازەکانی تر دەیانەوێت گوتاری خۆیان بڵاو بکەنەوە. لێرەدا تاکە بەربەست لەبەردەم پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی بریتییە لە پرسی نەتەوە. بۆیەیش دەبینین ئەوان لە بەرانبەر هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر هاونەتەوەکانیان لە پارچەکانی تری کوردستان دێت بێدەنگن، یان شەرمنانە قسە دەکەن. بەڵام بەرامبەر غەزە و میانمار و… شوێنەکانی تر هاوریان لێ هەڵدەستێت. ئامانج لەوەیش جوڵاندنی هەست و دەروونی خەڵکە لە ڕووی ئایینییەوە. دەبینین زۆرینەی کۆمەڵەکانی ئیسلامی سیاسی لە دەوری بیروباوەڕێکی ئایدۆلۆژی کۆدەبنەوە، کە سنووری نەتەوە دەبەزێنێت بە ئاڕاستەی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای باوەڕ بە ڕاستی سەرتاپاگیر و ڕەهای ئیسلام. لێرەوەیە کە کۆمەڵە ئیسلامییەکان شوناسی نەتەوەیی ڕەتدەکەنەوە و پێیان وایە بیری نەتەوەیی نامۆ و دژ بە ڕۆحی ئیسلامە، یەکێک لە ڕۆشنبیرەکانی ئەم ڕەوتە بەم شێوەیە پاساو بۆ ئەو هەڵوێستە دەهێنێتەوە “بیری نەتەوەیی کوردی ئەگەر چی دژ بە بیری نەتەوەیی عەرەبی و تورکی و فارسییە لە ئامانجدا، بەڵام هەر لەیەک سەرچاوەوە هەڵدەقوڵێت کە بیرێکی نا ئایینیی ڕۆژئاواییە و هەمان خەسڵەتی بیر و جووڵانەوە نەتەوەییەکانی عەرەب و تورکیا و فارسە. بۆیەیش بەرامبەر هێرشی هاوئایدیۆلۆژیاکانین لە گرووپە تیرۆرستییەکانی وەک ئەحمەد شەرع (جۆلانی) بێدەنگن. هەروەها بەردەوام کار لەبارەی ئەو موسلمانە نەتەوەییانە دەکەن، کە پشتگیری نەتەوەکەیانن، بە بیانووی ئەوەی ئەو پیاوە ئایینیە نەتەوەییانە لە ڕێبازی ئیسلام لایانداوە. بۆ نموونە بەردەوام هێرشێکی توند دەکرێتە سەر بەڕێز دکتۆر مورشید خەزنەوەی، گوایە تەوقە لەگەڵ پێشکەشکارێکی ئافرەت دەکات و ئەمە بە لادان لە شەریعەت دەزانن. بۆیەیش یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵی دادگەری هیوا دەخوازێت سیستەمێکی ئیسلامی ڕاستەقینە لە سوریا دامەزرێت، کە ڕوونە مەبەستی ئیسلامی سیاسییە، چونکە تاکە ئامانجی ئەوان گەیشتنە بە دەسەڵات، بۆ ئەم ئامانجەیش ئامادەن هەموو ڕێگایەک بگرنەبەر. وەک ئەوەی ئێستا بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان دەیکەن، کە فەرمانێکە و ئامانجیان قڕکردنی نەتەوەیەکە، گوایە ئەوان لادەرن و دژی ئیسلام دەجوڵێنەوە، لە کاتێکدا هەر ئەم ئەحمەد شەرعە واژووری بۆ ئیسرائیل کردووە خاکی خۆی، لەپێناو دەسەڵات داوەتە ئیسرائیل. بۆیە دەبینین ئیسلامییە سیاسییەکان دژ بە هەر جوڵانەوەیەکی نەتەوەیین، دەبینین ئامادەن خۆپیشاندان بۆ غەزە و شوێنی دیکە بکەن، بەڵام ئامادە نین بۆ ئەو هێرش و کوشتوبڕەی بەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت هەڵوێست وەرگرن و تەنانەت بەشداری لە خۆپیشاندانەکان بکەن. واتە ئیسلامی سیاسی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی پڕۆژەی نەتەوە و نەتەوەسازی لەبار ببات، بۆ ئەمەش تیرۆری فیکری و فیزیکی بەکار دەهێنێت، توندوتیژی دەکاتە تاکە ڕێگا. ئەحمەد شەرع وەک تیرۆرستێک ئامادەیە بۆ عرووبە و نەتەوەی عەرەب هەموو شتێک بکات، بەڵام ئامادە نییە دان بە مافەکانی گەلی کورد لە سوریادا بنێت. بەو هۆییەوە کە درگای فتوا و بریاردانی بۆ هەموو کەسێک کردۆتەوە، بە دەیان خوێندنەوە و رێبازی نوێی تێدا درووست بووە کە بێجگە لەوەی کە هیچکامیان یەکتریان قەبووڵ نیە تەنانەت دژی یەکترن.ب ۆ نموونە ئیخوانیزم لە ئیستادا دژی هێرشی ئیسرایلە بۆ سەر غەزە بەڵام سەلەفیزم بێدەنگ و بێخەیاڵە لە ئاست هەموو ڕووداوێک. ئەمە بۆ ڕووداوەکانی کوردستانیش هەر دروستە. کەواتە دەبێت هەموو تاکێکی کورد هوشیاربێتەوە، ئیسلامی سیاسی، پڕۆژەیەکە لەسەر بنەمای تیرۆر دامەزراوە و تاکە ئامانجیان لەناوبردنی پڕۆژەی نەتەوەسازییە.

ئەیوب ئەحمەد قادر




ڕوداوەکانی ئێران.. عوسمانی حاجی مارف

ئێران خۆی لە بەردەم شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی گەرمدا بینیەوە، کە لە دڵی ئابوری ڕۆژانەوە دەستی پێکرد، ناڕەزایەتیەکان بەهۆی دابەزینی بەهای دراو و بەرزبونەوەی خێرای تێچووی بژێویەوە بووە، کە ژمارەیەکی پێوانەیی شکاندووە.
ناڕەزایەتیەکان لە 28ی کانونی یەکەمی 2025، لە دوو بازاڕی گەورەی ناوەڕاستی تاران دەستیپێکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار بۆ نزمترین ئاستێکی پێوانەیی دابەزی، فشارەکانی هەڵاوسانی توندتر کردووە و نرخی کەلوپەلی سەرەکی بەرزبۆەتەوە، هەروەها بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمدا بەشداری کردووە لە قووڵبونەوەی ناڕەزایەتیەکاندا.
پزیشکیان ساڵی ڕابردوو، هۆشداریدا لەوەی کە ڕەنگە بەهۆی کەمی ئاوەوە تەواوی تاران چۆڵ بکرێت، چەند مانگێکە لە یەک کاتدا بۆ چەند کاتژمێرێک کارەبا دەبڕدرێت، کەمی غازی سروشتی- کە کێشەیەکی گەورەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا- دەسەڵاتدارانی ناچارکردووە وێستگە پیشەسازیەکان دابخەن کە بە غاز کاردەکەن و کرێی کرێکارانی کارگەکان کەمبکەنەوە، هەروەها بەکارهێنانی نەوت لەبری غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، پیسبونی شارەکانی هێندە خراپ کردووە، کە زۆرێک لە خوێندنگاکان ناچاربوون زیاتر لە پەنجا ڕۆژ لە ساڵێکدا دابخرێن.
ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تووشی گورزی قەیرانی ئابوری بەرفراوان هات، داڕمانی دراوی پێش ناڕەزایەتیەکان، تەنیا ئەو پەڕۆیە بوو کە پشتی حوشترەکەی شکاند، بۆیە توڕەیی و ناڕەزایەتیەکان بەردەوام دەبن، تەنانەت ئەگەر ئەمەی ئێستا بەهەر جۆرێک لە سەرکوت و دەخالەت دامرکێتەوە، حەتمیە کە لە ئایندەدا سەرهەڵەداتەوە، کۆماری ئیسلامی شایستەی خەڵکی ئێران نەبووە و نابێت.
بودجەی دارایی ساڵی ٢٠٢٦ کە پزیشکیان پێشنیاری کردبوو، تەنیا خوێی خستۆتە سەر برینەکانی خەڵکەوە، چونکە دوای سێ ساڵ لە زیادکردنی موچە لەکاتی داڕمانی دروای ئێران، داهاتی کرێکاران بەچەند قات کەمتر لە موچەی ساڵی ٢٠٢٣ شکایەوە، لە هەمانکاتدا ترس لە بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان، پزیشکیانی ناچارکرد جارێکی دیکە نرخی بەنزین دابەزێنێت، بەڵام هێشتا کەمتر لە سەدا ٥ی ئەو نرخانەیە کە لە وڵاتانی دراوسێدا دەبینرێن. ئێران ئێستا ساڵانە ٦ ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی بەنزین خەرج دەکات، دیارە ئەو پارەیە دەتوانێت لەبری ئەوە زۆر شت بکات بۆ باشترکردنی دۆخە ترسناکەکانی کارەبا و ئاو، هەڵبەتە پێشنیارەکانی حکومەت بۆ چاکسازی لە نرخەکانی ئاڵوگۆڕدا ناتوانێت باوەڕپێکراوبن، تەنها سودی بۆ کەسانێکی دیاریکراو دەبێت لە بازاڕدا، لە هەمان کاتدا کورتکردنەوەی ئەو سندوقەیان کە بڕیار بوو قەرەبوی ئێرانیە ئاساییەکان بکاتەوە بۆ تێچووی زیاتری کاڵاکان سەرکەوتونەبو، بۆیە سەیر نییە کە شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان، تەشنە بکات و فراوانتر بێت، ڕژێمێک نەتوانێت ئاو، کارەبا، هەوای پاک، سووتەمەنی، یان کرێی باوەڕپێکراو دابین بکات، ناتوانێت پێداگری لەسەر بانگەشەی لێهاتویی بکات.
کاتێک بژێوی ژیان دەڕوخێت، زۆرەملێ دەبێتە ئامڕازی سەرەکی مانەوەی ڕژێم، بەڵام ئێستا سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ڕوبەڕوی واقیعێک دەبنەوە کە سەرکوتکردن چیتر توانای گەڕاندنەوەی سەقامگیری دۆخەکە و قەیرانی ئابوری نیە، ئەم کێشەیە هەر بەردەوام دەبێت تا ئەگەر ناڕەزایەتیەکانی ئێستاش کۆنتڕۆڵ بکرێن، کە بە جۆرێکی زۆر مەترسیداری کوشتاری بە کۆمەڵ ناڕەزایەتیەکانیان دامرکاندۆتەوە.
دروشمەکانی نێو ناڕەزایەتیەکان لە هەندێک بواردا فراوانتر بون، داواکاریە سیاسیەکانیشی لەخۆگرتووە، چونکە فشارە ئابووریەکان هاوکاتن لەگەڵ هەستکردن بە بێهیوایی، ئەگەری ئەوە هەبو ئاراستەی ناڕەزایەتیەکان بەرەو کۆتایی ڕژێم بروات.
سیستەمی ئاسایشی ناوخۆی ئێران کە لەنگەر گرتووە لە فەیلەقی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، یەکەکانی بەسیج، یەکەی پاسەوانی تایبەت کە بەشێکە لە فەرماندەیی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها ئامادەکرنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی عێراق بۆ کاتی پێویست، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سەرپەرشتی و پشتیوانی دەکرێن.
تا ئێستا درزی گەورە لەناو ئامێری سەرکوت و زۆرەملێدا دەرنەکەوتووە، کارمەندانی پلە باڵاکانی IRGC و بەسیج هیچ دوودڵیەکیان نیشان نەدا لە تەقەکردن بۆ کوشتن، دوای ئەوەی عەلی خامنەیی فەرمانی سەرکوتکردنی خێرای دەرکرد، کە مەزەندەی کوشتارێکی بێ شومار دەکرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر خاوبونەوەی ناڕەزایەتیاکان داناوە.
بەڵام ئەوە ڕۆشنە کە توندکردنەوەی سەرکوت لەدۆخێکی ناڕەزایەتی زۆر فراواندا نیشاندەری لاوازیە، لە کاتێکدا پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکان کۆماری ئیسلامی وەها ڕاتەکاند، ڕژێم هەستی بە ناچاری کرد کە تاکتیکی قوربانی بەکۆمەڵ بەکاربهێنێت، کە هێشتا ژمارەی کوژراوەکان ئامارێکی ڕۆشنی نیە، کە باس لە چەندین هەزار و دەهەزار دەکرێت.
لە هەمانکاتدا خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و مۆبایل و تەنانەت تەلەفۆنی زەمینیشی کردۆتە ئامانج، کۆماری ئیسلامی مێژویەکی بێوێنەی کارەساتی قیزەونی کوشتاری بەکۆمەڵی دانیشتوانی ئێرانی تۆمارکرد.
ڕژێم توانیویەتی لە قەیرانەکانی پێشوودا ڕزگاری بێت، ئەم جارەش بەو دڕندەییەی پیادەی کرد، کاریگەری دانا لە کپکردنی ناڕەزایەتیەکان، بەڵام توڕەیی خەڵک لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەها قووڵتر بۆتەوە و قڵشتی دروست کردووە، کە هەر ناڕەزایەتیەکی دواتر، بەبێ گیانی تۆڵە سەندنەوەی توند لە ڕژێم تێناپەڕێت.
هەر بەهانەیەک دەیهێننەوە بۆ ئەو دڕەندەییەی بەرامبەر دانیشتوان کردیان، بە ناوی دەخالەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ هەڵگیرسانی جەنگێک، ناتوانن شەرعیەتی ناوخۆیی بگەڕێننەوە، یان داڕمانی ئابووری پێچەوانە بکەنەوە، هەروەها ناتوانن ئێران لە پارچەپارچەبون و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بپارێزن، دانیشتوانی ئێران لێیان خۆش نابن.
هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، ئەو سیناریۆ کارەساتبارەیە کە دۆخی سیاسی ئێران دەباتە ئاستێکی باڵاتر لە ناجێگیری و گێژاوی سیاسی، لە هەمانکاتدا بەرزبونەوەی ئاستی بەشێک لەو لایەنانەی تیا هەڵدەکەوێت، کە دەیانەوێت بە هێزی چەک و شەڕی ناوخۆ ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بە لاڕێدا بەرن، ئەو ئاراستەیە لەنێو خۆپێشاندەراندا بینرا، کە هەندێ لایەنی نابەرپرس بەژیانی خەڵک، ڕیزەکانی خەڵکی ناڕازیان بە چەک بارگاوی کرد.
گومانی تیا نیە کە هەڕەشەکانی ترەمپ و هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و لێدان لە بنکەی سەربازی و شوێنە پێشەسازیەکانی ئێران، تا هەڵگیرسانی شەڕ بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، بەناوی فریاکەوتنی خەڵکی ناڕازی، جگە لە تێکدانی ئامادەیی بەرفراونی ناڕەزایەتیەکان و وەلانانی خەڵکی ئێران لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان، نەک هیچ ئاکامێکی ئەرێنی بە قازانجی ناڕەزایەتیەکان و ڕاپەڕین ناداتەوە، بەڵکو ئەمریکا دەیەوێت دەستتێوەردان بکات بۆ بەرژەوەندی دەور و دەخالەت و نفوزی کۆنەپەرستانەی خۆی لە ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا هەوڵئەدات ئێران لە پەیوەند بونی بە روسیا و چینەوە داببرێت.
هەر پەیوەندیەکی دیپلۆماسی ئەمریکا لەم دۆخەدا لەگەڵ تاران بەستنەوەی ئێرانە بۆ ملکەچ بونی بە نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لە هەمانکاتدا هەوڵدان بۆ باڵادەستی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا، ئەو نەخشەو سیاسەتەیە، کە وەک بەشێک لە ئاراستەی ئەمریکا دەناسرێتەوە، تا قەڵایەک بۆ ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بکرێت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە نیازی ئیسرائیل پاکتاوکردنی دەوری ئێرانە لە ناوچەکەدا تا کۆتایی هێنان بەکۆماری ئیسلامی.
گوشارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر واشنتۆن چیتر نهێنی نین، بژاردەی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران بۆ ئیسرائیل تا ئێستا لەسەر مێزە، کە ئامانج لێی نەک تەنیا تێکدانی توانا ئەتۆمیەکانە، بەڵکو تێکشکاندنی تاران و ترسی خۆخلیسکاندن بۆ شەڕێکی نوێ هەیە، ناتانیاهۆ، داوای لە ترەمپ کردووە شەڕێکی لەو شێوەیە دەستپێبکات.
ئەمریکا پێی باشە سیستمی سیاسی ئێران بگۆڕدرێت، بەڵام لە ڕێگایەکەوە کە دووربکەوێتەوە لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی، لە هەمان کاتدا دەیەوێت لایەنێک دەسەڵات لە تاران بەدەستەوەبگرێت، گوێ لەمستی خۆی بێت وبگونجێ لەگەڵ دروشمی “ئەمریکا یەکەم”ە.
بۆ نمونە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ تێکدانی ڕژێمی ئێران بەبێ ئەوەی تێوەگلێت لە شەڕێکی سەربازی، ترەمپ باجی لەسەدا ٢٥ی بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپاند کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن، وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبون لە بژاردەی شەڕی سەرتاسەری.
لەلایەکی ترەوە دەوڵەتانی کەنداو هەوڵ دەدەن پشتیوانی لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بکەن، لە ترسی ئەوەی کە ڕوخانی حکومەتی ئێران ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ، ئەمەش دەتوانێت ئاسایشی تەواوی ناوچەکە زیاتر بخاتە مەترسیەوە، لە ئەزمونەکانی ڕابردوودا دەرکەوتووە کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و دانیشوانەکەیان تەواو فەرامۆش کردووە.
لەگەڵ چڕبونەوە و خەستبونەوەی ئەو بارگرژیە لە دۆخی ئێستای ئێراندا، پێم وایە ناڕەزایەتیەکانی ئێستای شەقامی ئێران، لانیکەم لە داهاتویەکی نزیکدا، توانای ڕووخاندنی ڕژێمیان نییە، بەجیا لە کپ بونەوەی ناڕەزایەتیەکان لە ئێستادا، لە هەمانکاتدا خۆپیشاندەران دیدێکی ڕونیان بۆ سیستەمی دەوڵەتی دوای کۆماری ئیسلامی نیشان نەداوە، جگە لەوەش ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانەی کە واشنتۆن پشتیوانیان دەکات، ئەوانەی پەیوەستن بە میراتی شا، نەک لە پشتیوانیەکی بەربڵاوی جەماوەری بەهرەمەند نین، بەڵکو تۆمەتبارن بە خیانەت.
دیاردەیەک، کە ئاماژەیە بۆ لاوازی ڕژێمی ئێران، هەوڵی کردنەوەی کەناڵێکی دانوستانە لەگەڵ ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا و ڕێگریکردن لە هێرشی سەربازی ئەمریکا، کە ڕژێمی ئێران ترسی هەیە لێدانەکانی ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی.
کۆتایی هێنانی ڕژیمی ئێران، گەر لە ڕێگەی ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتیانەشەوە ئەنجام نەدرا و دواتر گەر کۆماری ئیسلامی بیەوێت بە هاوکاری ئەمریکا بمێنێتەوە، دەبێت لە بنەڕەتدا پێکهاتەی خۆی بگۆڕێت، کە لانی کەم دەبێت کەسایەتیە سەرەکیەکانی کۆماری ئیسلامی دورخاتەوە.
ڕووخانی ڕژێمی ئێران بە مانای گۆڕانکاریەکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا، کە پێچەوانەی ئەو ساتەیە کە کۆماری ئیسلامی دامەزرا. ڕۆیشتنی ئێران لە کایەی نفوزی ئەمریکا لە دوای ڕوخانی شا لە ساڵی١٩٧٩دا، نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداوی عەرەبی گۆڕی، لە ئەنجامدا شەڕی درێژخایەن و جۆری نوێی ململانێی سیاسی لێکەوتەوە. ئەمەش لە ڕێگەی سیاسەتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیەوە هەوڵی هەژمونی بوو بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام دۆخی ئێستا ئەوەی پێچەوانە کردووە کە دەبێتە سنوردارکردن و شکستی گەورە لە کۆتایی هێنان بە هەژمونی ئێران لە ناوچەکەدا، کە درندەیی و کۆنەپەرستی سیاسەتی دژی مرۆڤانەی ئەمریکاو ئیسرائیل جێگەی دەگرێتەوە، ئەو درندانەی تا ئێستا حزبەکانی کوردایەتی مایەیان لەسەر داناوە.

عوسمانی حاجی مارف




بارودۆخی سوریا و بێدەنگیی ڕۆژئاوا : کۆبانێ دەسوتێت.. بەیان ساڵح

لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێ چەپە دانیمارکییەکانم سەبارەت بە بارودۆخی سوریا، پێم گوت:
ئەوەی ئێستا لە سوریا ڕوودەدات دووبارە ڕێکخستنەوەی سیستەمی سەرمایەدارییە لە ناوچەکەدا، کە نەخشەیەکی جوگرافیای نوێی سوریا دەکێشرێت و دەوڵەتێک لەسەر بنەمای تیرۆریستی و ناسیۆنالیستی دەسەپێنرێت کە دوورە لە دەوڵەتی هاووڵاتیبوون.

ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کە بریتین لە ئیسرائیل و تورکیا و سعودیە و قەتەر لە دروستکردنی ئەم پڕۆژە تاوانکارییە دەوەستێت. هێرشی سەربازی و تیرۆریستی بۆ سەر دانیشتوانی مەدەنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کوشتنیان و دەربەدەرکردنیان و بێبەشکردنیان لە ئاو و کارەبا لەلایەن هێزە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان کە لەلایەن حکومەتێکی شەرعیەوە نوێنەرایەتی دەکرێن کە بەسەر گەلی سوریادا سەپێنراوە، هێرشێکی دڕندانەیە کە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی وڵاتانی کەنداو دەپارێزێت. سەرەڕای بەدیهێنانی ئامانجەکانی بۆرژوازی ئیسلامی شۆڤێنی لە تورکیا

ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە لە دژی جەماوەری کوردستانی سوریا شەڕێکە بە ئامانجی بەهێزکردنی تیرۆریزمی سیاسی ئیسلامی لە ناوچەکەدا جێی داخە کە چارەسەری پرسی کورد و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد پەیوەستە بە ستراتیژ و پلانی هێزە سەرمایەدارەکان و ئیمپریالیستەکان و هاوپەیمانەکانیانەوە وەک هێز و تەوژمەکانی کوردی وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات نیشانیان دا کە شەراکەتی هاوپەیمانێتییان لە ڕێکەوتنی نوێدا فەرامۆش کرا.

کۆبانێ، واقیعی تراژیدی لەسەر زەوی: گەواهیدەران لە دڵی دۆزەخەوە
لە ڕێگەی کارە پیشەییەکانم لەگەڵ هەندێک خێزانی کوردی سوریا و لە ڕێگەی پەیوەندییە بەردەوامەکانیان لەگەڵ کەسوکاریان لە ناوچەی کۆبانێ لەم ڕۆژانەدا، وێنەیەکی مرۆڤایەتی زۆر ناخۆش دەردەکەوێت. نزیکەی نیو ملیۆن خەڵکی کورد بەتەواوی گەمارۆدراون و ئاو و کارەبا و خۆراک و پێداویستییە پزیشکییە بنچینەییەکانیان لێبڕدراوە. ئەو وێنەیەی لەوێوە دێت ترسناکە: منداڵان دەمرن، نەخۆشەکان بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە دەمرن، و خێزانەکان هەوڵ دەدەن بە کەمترین شێوە بژین. پەیوەندییە تەلەفۆنییە پچڕپچڕ لەگەڵ دانیشتووانی گەمارۆدراو ئاوازی نائومێدی و دەنگە لەرزۆکەکان وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی ژێر گەمارۆدان دەگێڕنەوە: “ئاوی خواردنەوە و کارەبا بۆ چەند ڕۆژێکە نییە، منداڵەکان برسینن و نەخۆشخانەکان ناتوانن برینداری زیاتر وەربگرن.”
بەم گەمارۆیە خنکێنراوە، ئازاری هاووڵاتیانی کورد بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە خراپتر بووە، چونکە هەندێک لە بازرگانان ئەم دۆخە ئەمنییە خراپەیان قۆستەوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی خۆراک بەشێوەیەکی نامرۆڤانە. کیلۆیەک نان کە پێشتر بە نرخێکی کەم دەفرۆشرا بۆ زۆربەی خێزانەکان زۆر گران بووە. پارەگۆڕەکان سوود لەو نەهامەتییە وەردەگرن، برسێتی دەکەنە بازرگانی، پێداویستی مرۆڤ دەکەنە دەرفەتێک بۆ قازانجی خێرا. تەنانەت لە خراپترین بارودۆخیشدا سەرمایەداری ڕێگایەک دەدۆزێتەوە بۆ ڕشتنی خوێنی هەژاران. تراژیدیاکە تەنها بە برسێتی و گەمارۆوە سنووردار نییە. ئەمە درێژ دەبێتەوە بۆ ترسی بەردەوامی ئاوارەبوونی بەزۆر و ترسی کردارە دڕندەکانی داعش و مامەڵەی نامرۆڤانە و پێشێلکارییە ترسناکەکانی دژی هاوڵاتیانی بێ بەرگری. یادەوەری کۆمەڵی گەلانی ناوچەکە هێشتا برینی ئەو کارانەی داعش لە ڕابردوودا کردوویەتی هەڵدەگرێت: لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، کۆیلەکردنی ژنان، لەناوبردنی ناسنامەی کولتووری، و سڕینەوەی هەموو شوێنەوارێکی ژیانی مەدەنی.
ئەمڕۆ خەڵکی کۆبانێ بە دوو ترسەوە دەژین: ترسی مردن بە برسێتی و تینوویەتی و سەرما و ترسی شتێکی خراپتر ئەگەر شارەکە بکەوێتە دەست هێزەکانی سوریا. گەلی کورد لە چارەنووسی ژنان و کچان دەترسێت و جەماوەریش دەزانێت کە ئاوارەبوونی زۆرەملێ مانای لەدەستدانی هەموو شتێکە خاک و ماڵ و ناسنامە ئەمە تەنها گەمارۆیەکی سەربازی نییە. ئەمە هەوڵێکی سیستماتیکییە بۆ سڕینەوەی تەواوی خەڵکێک لە نەخشەی ناوچەکە.

بێدەنگی شەرمەزاری ڕۆژئاوایی: کاتێک تراژیدیای مرۆڤ دەبێتە پەراوێز
هاوڕێکەم بە خەمێکی قووڵەوە گوتی: “ئەوەی ئەمڕۆ لەو ناوچانە ڕوودەدات زۆر تراژیدیە و لەبەرچاوی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوروپا ڕوودەدات بەبێ ئەوەی هیچ میدیایەکی ڕاستەقینە ڕووماڵی ئازاری خەڵکی مەدەنی بکات.” گفتوگۆکەمان بەردەوام بوو لەسەر ئەوەی کە چۆن لێرە لە دانیمارک تەنها دوو پارتی چەپ پشتگیری ئەو پرسەیان کردووە، لەگەڵ پشتیوانییەکی سنووردار لەلایەن چەند پارتێکی ترەوە، لە کاتێکدا میدیای دانیمارک بەتەواوی بێدەنگە و لە بەرنامە هەواڵییەکانیدا باسی ئەو شتانە ناکات کە ڕوودەدەن. ئەمە بە شێوەیەک لە شێوەکان هاوکاری ئاشکرایە لەگەڵ پڕۆژەی ئیمپریالیستی کە لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەچێت. دیموکراسی سەرمایەداری ڕۆژئاوا ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات: مافەکانی مرۆڤ هەڵبژاردەن و بەها مرۆییەکان تەنها سەوداگەری گەمەی بەرژەوەندییە گەورەکانن. چەند ڕۆژنامەیەکی دانیمارکی ئاماژە بە کارەساتی مرۆیی ئێستای کۆبانێ دەکەن و ئاماژەیان بەوە کردووە کە شارەکە بەدەست پچڕانی تەواوی کارەبا و ئاو و ئینتەرنێتەوە دەناڵێنێت و هەروەها کەمی زۆری ئارد و دەرمان هەیە. ئەوان هەواڵی مردنی منداڵان بەهۆی پلەی گەرما و کەمی سووتەمەنی گەرمکردنەوە و نەبوونی شوێنی حەوانەوە بڵاودەکەنەوە.
وڵاتانی ڕۆژئاوا کە شانازی بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤەوە دەکەن، چاویان لە تراژیدیای نیو ملیۆن کەس لە کۆبانێ گەمارۆدراو گرتووە کە ڕووبەڕووی مردنی هێواش دەبنەوە. میدیای ڕۆژئاوا کە تیشک دەخاتە سەر هەموو ڕووداوێک کە خزمەت بە ئەجێندای سیاسی خۆی دەکات، بێدەنگی ڕەها هەڵدەبژێرێت کاتێک باس لە تاوانەکانی هاوپەیمانەکانی دەکات.
ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هەڵمەتە تیرۆریستییە و دژایەتیکردنی شۆڤێنیزم
من پێم گوت: من ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات نمونەیەکی زەق دەبینم لە بەیەکگەیشتنی شێوە جۆراوجۆرەکانی چەوساندنەوە: ئیمپریالیزم، سەرمایەداری، فاشیزمی ناسیونالیست، و ئیسلامی سیاسی، هەموویان هاوپەیمانن بۆ سەرکوتکردنی گەلان و جەماوەری کرێکار، نادادپەروەری بە شێوەیەکی هەمیشە نوێ بەرهەم دەهێننەوە.
من پشتگیری لە وەستاندنی دەستبەجێی ئەم هەڵمەتە تیرۆریستییە دەکەم و دژی هەموو شۆڤێنیزمە ناسیۆنالیستەکانم، چ ناسیۆنالیستە تورک و چ عەرەبەکان، هەروەها ناسیۆنالیستە کوردەکان. گەلی کورد و هەموو گەلانی تر مافی ئەوەیان هەیە خۆیان لە هەموو تیرۆرێکی شۆڤێنی بپارێزن و مافی قسەکردن بە زمانی دایکیان و مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە
سەرەنجام هەردووکمان لەسەر ئەوە ڕێککەوتین کە خەباتی چینایەتی دژ بە سەرمایەداری لە خەبات دژ بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی و سیستەمی پیاوسالاری جیا نابێتەوە ئەمانە هەموویان ڕوویەکی یەک ڕیزبەندین لەسەر بنەمای زاڵبوون و چەوساندنەوە و ئازادی ڕاستەقینە بەدی ناهێنرێت ئەگەر هەموویان پێکەوە ڕووبەڕوو نەبنەوە.

بەیان ساڵح




چەمکی دەوڵەتی تورك، حکومەتی تورك، پۆلیسی تورك، میتی تورك ، جێندرمەی تورك.. زاهیر باهیر

ئەو چەمکانەی سەرەوە هەر هەموویان چەمکێکی ڕایسستانەیە زۆرێكیش لەوانەی کە بەکاریدەهێنن لەبێ ئاگاییانەوەیە یا لە نەزانینی زمانەوەیە . بێ گومان کەمایەتییەکی زۆر کەمیش هەیە زۆر بە باشی ماناکەی دەزانن و بە لێکدانەوەی مەبەستی خۆیان بەکاریان دەهێنن.
من لە مانگی یەکی 2016 بە وتارێك سەبارەت بەم زمانە ڕایسستیانە و هەڵەکانی پەکەکە زیاتر لە 12 لاپەڕەم نوسیوە. هاوکاتیش ئەوەشم ڕوونکردۆتەوە کە ئەم زمانە هەر زمانی پەکەکەیە نەك ڕۆژئاوا، میدیای ڕۆژئاوای کوردستان بەم زمانە ڕایسستیانە نە قسە دەکات و نەدەنوسێت و نە بانگەشە دەکات .
باشە ئێمە دەزانیین کە سەرکردەکانی پەکەکە کوردیی سۆرانی بەحاڵ دەزانن بەڵام خۆ نوسەران و ڕۆشنبیران و زۆرێك لە فەیسبوکوانانی کوردی سۆرانی زمان، ڕەنگە ماناکەی بزانن ، کەچی هەر بەکاری دەهێنن، یاخود لەبەر ئەوەی کە سەرکردەکانی پەکەکە یا میدیای پەکەکە ئەم زمانە بەکاردەهێنێت ئیتر ئەمانیش دەبێت دوای کەون.

بۆچی بەکارهێنانی ئەو چەمکانە ڕایسستانەیە؟

یەك: گەرچی ئامارێکم لە دەستدا نییە بەڵام وەکو دەیزانین و مێژوی کۆمەڵگەی تورکیا دەزانین خودی میللەتی تورك لەوێ ئەگەر کەمایەتیش نەبن ئەوە نیوەی میللەتانی تورکیان. کەواتە دەوڵەت ، بە تەنها دەوڵەتی تورک نییە هی هەموانە ، زۆرێك لەو کەمایەتییانە دەنگیان بەو حکومەتە داوە و دروستیان کردوە.

دوو: دەم پارتی کە بەشدارە لە پەڕلەمان و حکومەتدا هەرە زۆرینەیان کوردن ، نەك تورك ، خۆ ئەگەر هیچ نین پەڕلەمان هی ئەوانیش نییە، ئەی خێرە لەوێن؟

سێ: دڵنیام کە زۆرێك کە لە پایە گەورەکانی حکومەتدا یا دەوڵەتدا کار بەدەستن کوردن وەکو هاکان فیدان کە دوژمنی سەر سەرختی کوردە ، وەکو عومەر چلێک کە قسەکەری فەرمی ئاکەپەیە وەکو زۆرێكی دیکەیان کە پێویست ناکات لێرەدا ناویان بهێنم . ئەمە جگە لەوەی خۆ خودی ئەردۆگان تورك نییە، نەك هەر ئەوە بەڵکو ئەو 3 کەسەکەی دیکە کە خۆیان کاندید کرد لەگەڵ ئەردۆگان بۆ سەرۆک کۆمار هیچیان تورک نەبوون .

چوار: هاووڵاتیانی تورکیا هەر نەتەوە و کەمایەتییەك بن دەبێت خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بکەن ، هەروەها لە بەشەکانی وەکو پۆلیس و دەزگە سیخوڕییە هەستایارەکاندا کارمەندن، یاخود لە بەشەکانی خزمەتگوزاریدا ، لە دادگە و پەروەردە و تەندروستی و وەرزش تد کورد هەیە . کەواتە تۆ بتەوێت و نەتەوێت ئەوانە لە خزمەتی دەوڵەتی تورکیادان بەو جۆرەی کە پێویست دەکات .

پێنج : تۆ چۆن دەزانیت ئەو پۆلیسەی ، ئەو سەربازەی ، ئەو سیخوڕەی میت کە کوژراوە تورکە ؟ تەماشای پێناسەکەیت کردووە؟ کونییەکەیت بینیوە؟

شەش : ئەی هەر ئێوە نین کە دەڵێن 20 ملیۆن کورد لە تورکیادا هەیە ؟ ئەی ئەم 20 ملیۆنە، با بڵێین 14 ملیۆنیان هێشتا لەناو توکیادان، بە چی دەژین ؟ پارە لەکوێ وەردەگرن و دەیگۆڕنەوە باج بە کێ دەدەن ؟ قازانج بە کێ دەگەیەنن ؟ پاسپۆرت و پێناسە لە کێ وەردەگرن؟ خزمەتی پۆلیسی بۆ کێ دەکەن ؟ غەیر هەمووی بۆ ئەو دەوڵەتەیە !! کەواتە تۆش بەشێکی لەو تورکانەی ، ئازەریانەیت ، ئەو عەرەبانەی کە لە تورکیا دەژین حکومەت و دەوڵتتان ڕاگرتووە !! کەواتە وەکو ڕاگرتن ئەرکەکەی هەر تورک نایکات بەڵکو هەموو هاووڵاتیەکی تورکیا ، هەموو پێکهاتەکانی کە میللەتی تورکیایان پێكهێناوە ، دەیکەن .

حەوت : کە تۆ دەڵێیت دەوڵەتی تورك، وجود بۆ خۆت دانانێت ، بوونی خۆت لەوێ ڕەت دەکەیتەوە ، ئاخر چۆن خاكێك دەبێت بێ میللەتێك؟ گەر حکومەت یا دەوڵەت بە تەنها تورکە تۆ بەشدار نیت و وجودت نییە لە تورکیا و لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی تورکیادا نییە ، ئیتر بە چ هەقێك تۆ هەڵدەکوتیتە سەری و شەری لەگەڵدا دەکەیت ؟

هەشت: ئەگەر وەڵامیشت بۆ ئەم خاڵانە ئەوەیە کە کورد لەوێ تەتریك کراون، واتە کراون بە تورك ، کەواتە تۆش دەستورەکەی دەوڵەتی تورکیا پشتڕاست دەکەیتەوە کە کورد نییە لەوێ!!

بێ گومان خاڵی دیکەش هەیە ، بەڵام ئەمانە سەرەکییەکانن لای من. تکایە بوەستە لە بەکارهێنانی زمانی ڕایسستی ، تکایە پێش ئەوەی وتار بنوسیت و ڕاگەیاندن بڵاوبکەیتەوە و ببیتە ڕۆژنامەنووس بڕۆ فێری زمانی کوردی ببە ؟ یا هەر مەبەست ئەوەیە تۆوی ڕایسستی بچێنیت وەک چۆن تورکە ، عەرەبە ڕایسستەکان هەمان شت دژ بە تۆ دەکەن.

زاهیر باهیر
28/01/2026




دۆخی سوریا و ناڕەزایەتی سەدان هەزاری.. عوسمانی حاجی مارف

هەسەدە نەچووە ژێر باری ئەوەی دیمەشق بانگەوازی کرد، کە دەبێت خۆیان ڕادەستی ڕێکەوتن لە گەڵ حکومەتی ئەحمەد شەرعدا بکەن، واتە پێش واژۆکردنی مەرجەکانی ڕێکەوتن، هەسەدە پێداچونەوەی کرد و پاشگەز بوەوە و ڕێکەوتنەکەیان قەبوڵ نەکرد.
ئاشکرایە ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد گۆڕانێکی جدی بەسەر سوریادا هێنا و کاریگەری لەسەر گۆڕانی دەور و پێگەی هەسەدەش کرد، نەک لەبەرئەوەی هەسەدە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سوریادا هەبو کە دۆخەکە رابگرن، بەڵکو لەبەر ئەوەی دوای ڕوخانی ئەسەد چۆن دەکرێ و دەتوانێ دۆخی ئێستا بەڕێوە بەرێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی سوریا ڕادەستی هێزەکانی ئەحمەد شەرع کرا.
دیمان دۆخەکە وردە وردە گۆڕدرا، ململانێکانی ناوخۆی سوریا، لە پەیوەند بە دۆخی گشتی ناوچەکە و دەخالەت و هەوڵەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەخشەو سیاسەتەکانی، ئالوگۆڕو یاریکردنێکی تازەی بەخۆوە نیشاندا، کە هێزێکی وەک هەسەدە لەو نەخشەو سیاسەتانەدا جێگە و دەورێکی نامێنێت، دوای داعش و ڕوخانی ئەسەد، ترەمپ پێداگری لەسەر یەکگرتویی سوریا بە باڵادەست بونی شەرعەوە دەکات، بە جێگیر بونی حکومەتی ناوەندی لە دمەشق و هەڵوەشانەوەی تەواوی ئەو هێزو لایەنانەی لە ژێر هێژمۆنی دیمەشقدا نین، ئاراستەیەکە بە جێگیر بونی حکومەتێک کە سەرچاوەو پاشخانە ئاشکراکەی داعشیە.
هەر پێشنیار و بانگەشەیەک شەرع دەیکات بۆ ڕێکەوتن، جگە لە هەوڵی دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی بۆ هەژمونی دیمەشق بەسەر ناوچەکانی تردا، هیچ نەخشەیەکی سیاسی تری لێ بەرهەم نایەت، جگە لەسەپاندنی ئیسلامی سیاسی بەسەر تەواوی سوریادا، لەم بارەشەوە ترەمپ نەک کێشەی نییە، پشتیوانی جدیش لە شەرع دەکات.
مادەی چوارەمی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ی نێوان شەرع و مەزلوم عەبدی، ناڕون و کراوە بوو بۆ چەندین لێکدانەوە، لەداوای یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، هەروەها داوای بۆ هەژمونی بەسەر دەروازە سنووریەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتیەکان و گازیەکاندا. لەم هەلومەرجەدا حەتمی بوو، کە لە هەر ساتێکدا ئەو ململانێیە بە شەڕێک بگات، کە شەڕەکە ڕویدا.
پشتبەستنی ڕژێمی سوریا بە ئەمریکا ئەم شەرەی هەڵگیرساند، چونکە شاراوە نیە کە ئەمریکا لە ئاڵوگۆرەکانی دۆخی ئێستا، کۆتایی بە هاوپەیمانی لەگەڵ هەسەدە هێناو سوکانەکەی گۆڕی بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ شەرعدا، لە ئێستادا بۆ ئەمریکا هاوپەیمانی بۆ شەرع زۆر گرنگترە لە هاوپەیمانیەکەی لەگەڵ هەسەدەدا.
پریشکی شەڕەکە لە ٦ی جانیوەریدا هەڵگیرسا، دوای فراوان بونەوەی شەڕەکە، کە ئامانج لێی دەرکردنی یەکجارەکی هەسەدەیە و کۆنترۆڵ کردنی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی باکورە، پێدەچوو ئەم هەنگاوە پێشەکیەک بێت بۆ فراوانبونی زیاتری شەڕەکە بەرەو ڕۆژهەڵات بۆ پارێزگاکانی حەسەکە و دێرەزۆر.
لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، هێڵەکانی پێشەوەی هەسەدە پاشەکشەیان کرد، دەرئەنجامەکەی سوپای سوریا دەستی گرت بەسەر کێڵگە نەوتیەکانی سۆفیان و ثورە لە نزیک شاری تەبقە لە پارێزگای ڕەقە، هەروەها گرتنی شاری تەبقە و بەنداوی فورات.
دوای کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر و گرتنی کەمپی ئەلهۆڵ، ڕێکەوتنێکی نوێ لەنێوان حکومەتی سوریا و هەسەدەدا کرا، کە تیایدا یەکخستنی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنیەکانی هەسەدە بێت لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا، ڕادەستکردنی پارێزگاکانی دێرەزۆر و ڕەققە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری خەڵکی ئەو ناوچەیە بە حکومەت، بەڵام دواتر، هەسەدە لەو ڕێکەوتنە پاشگەز بووەوە و ئیدیعای کرد کە دیمەشق دەیەوێت هەسەدە خۆی بە تەواوی ڕادەست بکات.
لەگەڵ کشانەوەی هەسەدە لەو ڕێکەوتنە، پێشهاتێکی سیاسی بەرچاو ڕوویدا، کە لە ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتبوو، تۆم باراک، جەختی لەوە کردەوە کە “گەورەترین دەرفەت لەبەردەستی کوردەکاندایە، کە لە سوریا لە ژێر سایەی سێبەری دەسەڵاتی حکومەتی نوێدابن، ئەو سوریایەی ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتی دەکات”، هەر لە هەمان ڕۆژدا ترەمپ، ئەحمەد شەرعی، بە “پیاوێکی بەهێز و توند و ماندوونەناس” وەسفکرد.
ئەم لێدوانانە پاڵپشتی گشتی ئەمریکایان بۆ دەوڵەتی سوریا لەسەر حیسابی هەسەدە پێکهێنا، کە هێنایانە سەر مێزی دانوستان بۆ ئاگر بەستێک کە چەند ڕۆژێک بخایەنێت، دواتر پانزە ڕۆژ دەێژکرایەوە، بەڵام لە باری عەمەلیەوە هێرشەکانی حکومەتی سوریا نەوەستاون.
بەناوی سوریایەکی بەهێز و یەکگرتوو، ترەمپ دەیەوێت ئیمتیازێکی ستراتیژی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ببخشێتە ئەحمەد شەرع، شەرعێک کە بۆخۆی گەورەترین سەرچاوەی ناجێگیر و نا ئەمنیە بۆ دانیشتوانی سوریا.
گومانی تیا نیە ڕێگای سەقامگیری لە سوریا دەبێت لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتیبونی یەکسان بۆ هەموان بێت.
ئەوەی شایانی باسە کاتێک ڕیزی سەدان هەزار کەسی دەڕژێنە سەر شەقام و بە دەنگی بەرز دەڵێن نا بۆ ترەمپ و جۆلانی و ئۆردگان..، ئازادی بۆ کوردستان، تەنها پەیامێک نیە پەیوست بێت بە هەوڵدان بۆ پاراستنی کوردانی دانیشتوی سوریا، پەیامێکە بۆ چارەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان لە ناوچەکەدا، پەیامێکە دژ بە کۆنەپەرستی لە بەرامبەر زاڵمی و دڕندەیی تەواوی ئەو دەسەڵاتدارەی مافەکانی دانیشتوانی سوریا بە فەرمی ناناسێت، پەیامی ئیرادەی هاتنە مەیدانی جەماوەری ناڕازیە بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتی خەڵک، هەوڵدانە بۆ وەلانانی ئەو هێزو لایەنانەی کە لە سەرو ئیرادەو پێگەی خەڵکیەوەیە، گوندەیی و کەڵەگایی بەسەر خەڵکیەوە دەکەن، دژ بە دەسەڵاتێکە کە بە ویست و ئارەزوی کەمایەتیەک خۆیان دادەمەزرێنن، ئەو کەمایەتیەی گۆشەگیرکردنی ئیرادەی خەڵکی و شکاندنی شکۆی خەڵک گەورەترین ئامانج و دەستکەوتی سیاسیانە، تا بتوانن قۆرخی سەروەت و سامانی وڵات کەن و داگیری کەن.
ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە گەورە و فروانەی تەواوی کوردستان و بەشێکی جیهانی گرتۆتەوە، پەیامێکە دژ بە یاری کردن بە ژیان و گوزەرانی خەڵک، پەیامێکە لەبەرامبەر یاریکردنی چەندین ساڵە بە مەسەلەی کورد.
ئەوەی ئەمڕۆ لە تەواوی شارەکانی کوردستاندا دەبینرێت بە جیا لە خرۆشان و توڕەیی و ناڕەزایەتی، بەشداریەکی بەرفروانی جەماوەریە لە کۆکردنەوەی جۆرەها کۆمەک و ناردنی بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوا، ئەمە مانۆری مرۆڤ دۆستی و ڕیفراندۆمێکی مەزنی جەماوەریە دژ بە بەربەریەتی نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا و ترەمپ لە ناوچەکەدا، ئەو ترەمپەی کە خەریکە دەوڵتی داعش لە سوریا بەهێز دەکات و ژیان و کێشەکانی خەڵکی کوردستان دەکاتە قوربانی.
ئەوەی ئەمرۆ ئامادەبونی ڕیزی سەدان هەزاری بۆ بەرگری لە رۆژئاوا نمایشکرا، سەلماندی کە هاوچاره‌نوسی مرۆڤەکان سنوور ناناسێت. بۆیە پێویستە ئەم توانا و وزە جەماوەریە ببێتە هەوێنی یەکڕیزی خەباتی جەماوەری بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی، گۆڕانکاریەک دابینی بەرژەوەندیەکانی ژیان و پێداویستی و ئاسایش و خواستەکانی خەڵک بکات، ئازادی و مافە سەرەتاییەکان بەدەست بێنێت و جێگیری کات، کۆتایی بەهێزی میلیشیای ئیسلامی و قەومی بهێنێت، شەڕی قەومی و تائیفی و نایەکسانی ژنان و پیاون لە ناوچەکەدا بسڕێتەوە.
پشتیوانیمان لە خەڵکی ڕۆژئاوا تەنها لەبەر ئەوە نییە کە کوردن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە نوێنەرایەتی ژیانێکی ئازاد و پێشکەوتنخوازی و شارستانی دەکەن، یاساو رێسایەک بەرێوە دەچێت کە تێیدا حیجاب بەزۆر نییە، ژنان پلە دوو و کاڵا نین، جیاکاری زمان و نەتەوەو دین و تائیفی و کەمایەتی ناناسن. گومانی تیا نیە تێکەڵ بون لەگەڵ حکومەتی ئێستای سوریا، تەواوی ئەوانە دەسرێتەوە!.




لە بازاڕی هاوپەیمانیەکاندا، کورد وەکوو قوربانیەکی هەمیشەیی.. جوتیار

بە بڕوای من پێشهاتەکانی ئێستای سوریا بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدەن کە کورد جارێکی تر وەک ئەکتەرێکی سیاسی، بە یەکسانی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، بەڵکو وەک فاکتەری تێکدەر لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی ناوچەییدا تەماشا و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ململانێی ئێستا کە لە نێوان دەستەڵاتی ناوەند کە لە ژێرهەژموون و کاریگەری ئیسلامی-داعشی و دەستەڵاتی تورکیای فاشیستوو و کوردانی رۆژئاڤادایە، کێشەیەکی کاتیی ئەمنی نییە، بەڵکو دەربڕین و نێشاندانی ئیرادەیەکی سیاسی قوڵتر و درێژخایەنترە بۆ ڕێگریکردن لە چارەنووسی کورد بۆ هەمیشە لەو جیوگرافیایەدا.
بە تێگەیشتنی من سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەک وەک ستراتیژێکی ئەمنیی بەرگریکارانە، بەڵکو وەک پرۆژەیەکی بەردەوام بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر ئۆتۆنۆمییەکی کورد، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە چ جۆر ستراکچەرێکی سیاسی هەیە، عەلمانی، ئیسلامی، دیموکراسی، یان فرەیی، هەرجۆرێک بێت، پاڵپشتی میلیشیا ئیسلامییەکان و دەسەڵاتی ئە‌حمد شەرع لە لایەن تورکیاوە لەدژی کوردانی ڕۆژائاڤا وەک ئامرازێک تەنهاو تەنها لە پێناو ئەو ئامنجە دورمەودایە دایە.
لە هەمان کاتدا هەڵوێستی گروپە ئیسلامیە-داعشییە باڵادەستەکان لە سوریا کێشەیەکی زۆر قووڵە، قوڵتر لەوەی کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە، ڕیتۆریکی(خطابە)ی ئەوان بۆ یەکێتی دەوڵەت و یەکگرتوویی و سەروەری خاک، لە پراکتیکدا، بە هیچ شێوەیەک مانای دانپێدانان نییە بە هیچ مافێک بۆ گەلی کورد، بەڵکو بە مانای بێدەسەڵاتکردن و زەلیلکردنی ستاتوی سیاسی کوردییە لە ڕۆژئاڤا.
پەیامەکە بە زمانێکی کوردی سادە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە دامودەزگا کوردییەکان لە ناوچەی خۆسەر نابێ هیچیتر لە پرۆسەی خۆڕێکخستن و بەڕێوەبەرایەتیەکی ناوخۆییدا بەردەوام بن، بەڵکو دەبێ بخرێنە ناو سیستەمێک کە دەستەڵاتی ناوەند بە هەژموونی ئیدۆلۆژی ئیسلامی و سێنتڕالیەتی عەقلیەتی عەرەبی قەومی، هاوچەشن و چاودیری و سیستماتیک بکرێن. ئەوان ئۆتۆنۆمی رۆژئاڤا بە هیچ جۆرێک وەک مافێکی دیموکراسی تێناگەن، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتی ئایینی و ئیدۆلۆژیەتی دەوڵەت دەزانن.
ئەوەی لە ئێستادا زۆر گرینگە، کە کورد سەرەڕای بەشدارییە چارەنووسسازەکەی لە شکستی داعشدا، بەردەوام بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتوو گۆڕانکاریانەدا وەک ئەمری واقیع، لانی کەمی لە پێناو ریگریکردن لە کارەساتە مرۆیەکان و کەمکردنەوەی هەڕەشە ناوخۆی و هەرێمایەتیەکان، چونکە لە کۆتایەکەیدا ئەکتەرو هێزە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر بەڵێن و پەیمانێکی سیاسی قبوڵ دەکەن کە تێیدا ئاسایش و ماف و ئاسۆی داهاتووی کورد ملکەچی حیساباتی دەسەڵاتی ناوچەیی ببێت. هەر چەند کە ئەو ئاراستەیەش هەر جۆرە ئیعتبارێکی قسەکردن سەبارەت بە سەقامگیری و بە دیموکراسیکردنی پرۆسەی سیاسی لەو ناوچەیەدا دەخاتە ژێر گومان و سەر شانۆی گاڵتەجاڕیەکی کۆتا نەهاتوو کە لەلایەن هاوپەیمانان و ئەمەریکاوە قسەی لێدەکرێت.
من پێموایە کە نەزمێکی پاوانخوازانەی دوای ئەو جەنگە لە سوریادا سەرهەڵدەدات، کە تێیدا مۆدێلی (کۆمەڵگای دیموکراسی) لە خۆسەری ڕۆژئاڤادا بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت دەکاتوو کۆتایی پێدێنێت، کە ئەوەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ئەلتەرناتیڤی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و ناوەندگەرایی تاکوو ئێستا لەو ناوچەیەدا بوونێکی بەهێزوو پشتیوانیەکی نا مۆڕاڵی ئامادەکراوی هەیە لە لایەن ئەو سیستەمە نایەکانگیرە سیاسی و ئابوریەی دنیادا، کە ئەوەش بۆ هەموو کورد و نەتەوە ژێردەستەکانی تریش جێگای نیگەرانیەکی زۆر قوڵ و لەدەستدانی متمانەیە.
ئەوەی بە کورتی دەمەوێت بیڵێم، تێکەڵبوونی هەسەدە بە دەستەڵاتی ناوەند، ئەگەر ڕوو بدات، بە هەموو پێوانەکان، تەنها وەکوو کردارێکی پووچ دەمێنێتەوە، چونکە ئەو ئاکسیۆنە و سیاسەتەکانی ئێستای دەوڵەتی بێ سایەو سەروەری سوریا ناتوانێت هیچ ئاشتیەک بەرهەم بهێنێت، بەڵکو ستەمێکی زیاتر لە ژێر سێبەری هەردوو فاشیزمی دینی و نەتەوەیی سەقامگیر دەکاتوو و کۆمەڵگای سوریا زیاتر لە داهاتوویەکی دادپەروەر و گشتگیر دوور دەخاتەوە.




سیخوڕی نێودەوڵەتی لە بەرگی مەلادا.. وەستا مەحمود ئاراز

بەدرئژایی مێژوو وڵاتان ڕێگاو شێوازو کەسایەتی و پیشەی جیاوازیان بەکارهێناوە بۆ سیخوڕی کردن بەسەر نەیارانیاندا.
ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا تێبینی کراوە. ئەوەیە دوژمنانی کورد وەک ئێران و تورکیاو هەندێک وڵاتی عەڕەبی کۆمەڵێک کادیری سیخوڕی خۆیان پێگەیاندووە کە لە ژێر پۆشاکی مەلای ئایینیدا خزمەت بە ئەو وڵاتانە بکەن.
ئەو جۆرە مەلایانە نەک ڕێژەیان گەلێک زۆرە، بەڵکو پێموایە ڕێژەی نیوەی مەلاکانی کورد دروستکراوو پەروەردەی دەستی دەزگا هەواڵگریەکانی دوژمنن. لەوانە نموونەی د.عەلی قەرەداغی سەرۆکی زانایانی ئیسلامی جیهان. مەلا مەزهەر، مەلا هەڵۆ، مەلا عبدلحمید کوڕی پاک، و کەسێکیتر بەناوی مەلا سەفەرو زۆریتر.
ئەم ڕێگایە بۆ دوژمن زۆر ئاسانە، چونکە ئەو مەلایانە پێشتر سیخوڕی دوژمن بوون، بەڵام وڵاتانی دوژمن لەناو سیخوڕەکانیاندا کۆمەڵێک کەسی زیرەک هەڵدەبژێرن و دەیاننێرن بۆ تەواوکردنی کۆلێژی شەریعەتی ئیسلام و دەبێت شارەزایی تەواویان هەبێت لەسەر ئیسلام و خوێندنی مەلایەتی تەواو بکەن. قۆناغی دووەم بە دابینکردنی پارەیەکی زەبەلاح بۆ میدیای کوردی، کار دەکەن بۆ مێشک شووشتنەوەی کۆمەڵگای کوردی (غەسل دەماغ) بەجۆرێک کە ئەو مەلایانە کە زۆر لە ڕاگەیاندن دەردەکەون و ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن و باسی جیهاد دەکەن و دژی ئەوروپاو ئیسڕائیل و ئەمریکا قسە دەکەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و جوڵاندنی عاتیفەی خەڵکی عەوامی موسوڵمان. ئینجا ڕاگەیاندن گرنگی زۆر بەو مەلا سیخوڕانە دەدات و بانگ دەکرێن بۆ بەرنامەی تی ڤییەکان بە جۆرێک وانیشان دەدرێن کە ئەو کۆمەڵە مەلایە پێشەنگی هەموو مەلاکانیترن و وەکو ڕێبەرێکی ئایینیی سەیر دەکرێن. بۆئەوەی لەکاتی جەنگ و داگیرکاری و بارودۆخی هەستیاردا دووژمن ئەو مەلایانە بەکار دێنێت و ڕێک یەک بە بەژن و باڵاو بەرژەوەندی دووژمن و لە دژی وڵاتی خۆی “فتوا” دەردەکەن، موسوڵمانانیش زۆرینەییان خەڵکی عەوام و نەخوێندەوارن و بەجۆرێک مێشکیان شۆردراوەتەوە کە بەتەواوی ملکەچی پیاوانی ئاینیین و نە چاویان ڕاستیەکان دەبینێت و نە گوێچکەیان ڕاستی دەبیستێت. ئیتر موسوڵمانان بەتەواوی بوون بە کۆیلەی وتارە خەڵەتێنەرو درۆیینەکانی مەلا سیخوڕەکان. بەجۆرێک بە ئاشکرا مەلاکان دەڵێن کاتێک تورکیاو سوپای تیرۆریستی سوریا هێرش دەکات و خاکی کوردستان داگیر دەکەن و ژن و مناڵی کورد دەکوژن، کەزی کچی شەڕڤان دەبڕن، کچە شەڕڤانی کورد بە زیندوویی لە بینایەکی بەرز فڕێدەدەن و سوکایەتی بە تەرمی شەهیدە ژنەکانیش دەکەن. ئیتر وڵاتانی دوژمنی کرد دێن و لەو کاتەیا سیخوڕەکانیان بەکاردێنن و لێرەدا ئەرکی مەلا سیخوڕەکان بە تۆخی دەست پێدەکات و مەلا سیخوڕەکان میمبەری مزگەوتەکان و شۆسیال میدیا بەکار دێنن و دەیان فتوا دەردەکەن لەپێناو ئەوەی کورد سارد بکەنەوە لەوەی کە پێویست ناکات بەرگری لە نیشتیمان بکرێت، بە بیانووی ئەوەی کورد لەژێر ئاڵای ئیسلامدا حوکم ناکات و ئەو حیزبە کوردیانەی سەرپەرشتی شەڕەکان دەکەن بێدینن و کوژران لەژێر ئاڵای بێدینیدا پلەی شەهیدیت پێنابەخشێت و دەچن بۆ دۆزەخ. پاساوێکیتری مەلا ساختەچییەکان ئەوەیە کە گوایە سوپای تیرۆریستی تورکیاو سوریا موسوڵمانن و دروشمی اللەاکبریان بەرزکردۆتەوە بۆیە حەرامە شەڕکردن دژی ئەوان.
ئەوە لەکاتێکدایە کە هەزاران گەنجی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان ڕۆیشتن وەکو خۆبەخش بەرگری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن. بەڵام مەلا زۆڵ و خۆفرۆشەکانی کورد دەیان ئایەت و حەدیسی ساختە دێننەوەو دەڵێن ئەو بەرگریکردنە لە خاک دژی ئیسلامەو لەو شەڕەدا هەرکەس بکوژرێت ئەچێت بۆ دۆزەخ. چونکە سوپای دوژمن موسوڵمانن. و هێزە کوردییەکان بێدینن. لەکاتێکا وانییە، ڕاستییەکە ئەوەیە کوردەکان موسوڵمانن دووژمن تیرۆریستی بێدین و بێخوداو بێویژدان و بێمۆڕاڵن. بەڵام حەتتا وایدانێ هێزە کوردییەکان موسوڵمان نین و دوژمن موسوڵمانی عەیارە ٢٤ە دەی بۆچی ئەبێت مەلاکان گەنجان هان بدەن کە لە جیاتی بەرگری لە خاک و وڵات ملکەچی کۆمەڵێک موسوڵمانی تیرۆریست بن؟
لە ڕاستیدا ئەوەی لە ٢٠١٤دا و ئەوەی ئێستاش بەسەر کورددادێت ڕێک ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا ئسلام بەهەمان شێوە هات بۆ کوردستان و لەوە خەراپتری بەسەر کورد هێناو بەزۆرو بە زەبری شمشێر کوردیان کرد بە موسوڵمان، ئەوەی ملکەچیش نەبوو کوشتیانن. واتا کورد بە ئارازوومەندانە دینی ئیسلامی عەڕەبیی وەرنەگرتووە، بەڵکو بەزۆر دەرخواردی دراوە. وەک چۆن زانایەک دەڵێت دین بەزۆر دەرخواردی هیچ کەس نادرێت، چونکە ئەگەر قوتیشی بدات، هەزمی ناکات. ئەوە ڕێک بۆ ئێمەی کورد ڕاستە، چونکە ١٤٠٠ ساڵە دینی ئیسلام بەزۆر دەرخواردی کورد دراوە، بۆیە ئێستاش هەزمی نەکردووەو ناوە ناوە کورد دەڕشێتەوەو دین دێنێتەوەو فڕێیدەدات.
١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا شەڕکەرە تیرۆریستە ئیسلامییە عەڕەبەکان هاتن کوردستانیان داگیرکردو دەیان هەزار لە باب و باپیرانی ئێمەیان کوشت، ئەو تیرۆریستە عەڕەبانەش کە لەو شەڕەدا کوژران ئێستا قەبرەکانیان لە کوردستان ماون و مێشکی ژەنگاوی کوردیان واشوشتۆتەوە هێشتا کورد بە گۆڕی ئەو تیرۆریستە داگیرکارانە دەڵێن ئەوە قەبری “پیاوچاک و سەحابە پلەبەرزەکانن”
بەهەرحاڵ لەبابەتەکە دوورنەکەوینەوە: بابەتی سەرەکی من ئەوەیە کە تەنانەت ئاژەڵەکانیش بەرگری لە ماڵەکانیان دەکەن کاتێک ئاژەڵێکیتر هێرشیان بۆ دێنێت. بۆیە بەرگری کردن لە وڵات و خاکی خۆمان لوتکەی شەڕەفە و هەموو کەسێکیش هێندە ئازا نییە ئەو شەڕەفەی پێببڕێت.
بانگی من لێرەدا بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەیە لەڕۆژی هەینیدا هەموو مزگەوتەکان بایکۆت بکەن و هیچ کەس نەچێت بۆ وتاری ڕۆژی هەینی گوێ لەو مەلا ساختەچیانە مەگرن و ڕیسوایان بکەن. ئەو مەلایانە تیرۆریستی ڕاستەقینەن. مەلاکان و مزگەوتەکان گەورەترین کارخانەن بۆ بەرهەم هێنانی تیرۆرو تیرۆریستان. هەزاران تیرۆریست دەزگیرکراون و لە شاشەی تی ڤی مقابەلە کراون بە تێکڕای هەموو تیرۆریستەکان وتویانە کە لە مزگەوت و لەژێر کاریگەری مەلاکان فیکری تیرۆریستی و جیهادمان وەرگرتووە. هەرگیز تیرۆریستێک نەیوتووە لە قوتابخانە پەروەردەی تیرۆری ئیسلامیم وەرگرتووە، هیچیان نەیانوتووە لە زانکۆکان ئەو فکرە بۆگەنەمان وەرگرتووە. تەنانەت هیچیان لە کڵێساکان پەروەردە نەکراون، بەڵکو تەنهاو تەنها لەلای مزگەوت و مەلاکان.
مزگەوتەکان پێویستە لەم قۆناغەی شەڕدا دابخرێن. یان لەجیاتی مەلاکان و وتاری ئایینیی، پێویستە کەسانی نەتەوەیی لە مزگەوتەکان وتاری نەتەوەیی و جەنگی بڵێنەوەو خەڵک هان بدەن بۆ بەرگری لە خاک و وڵات. وە سرودی نەتەوەیی و نیشتیمانیی لە میکڕۆفۆنەکانی مزگەوتەکان لێبدرێت.
شتێکیتر کە زۆر گرنگە ئاماژەی پێبدەم، کە کەم کەس هەستی پێئەکات. بۆ ناسینەوەی سیخوڕ. ئەویش ئەوەیە پێش ئەوەی بەشار ئەسەد بڕوخێت مەلا هەڵۆ لە مقابەلەیەکدا پێشبینی هەموو ئەو ڕوداوانەی کرد کە ڕوویاندا، دیارە لەسیاسەتدا ئەوە واردە کە پێشتر لەلایەن وڵاتە دەستڕۆیشتووەکان پیلان بۆ هەموو ڕوداوەکان داڕێژراوەو بە سیل سیلە یەک بەدوای یەکدا، هەموویان ئاگادارن لە داهاتودا چی ڕووئەدات، جا زۆر جار ئەو وڵاتانە بەشێک لە زانیاری پێشوەختە بە مەلا سیخوڕەکانیان دەڵێن، بۆئەوەی مەلاکان ئەو پێشبینییانە بڵاوبکەنەوەو بڵێن قورئان و حەدیس و پێغەمبەر پێشبینی ئەو ڕوداوانەی کردووە، ئیتر ئامانج لەوە ئەوەیە کاتێک دوای ساڵێک ڕوداوەکان ڕوودەدەن، خەڵکی متمانەو ملکەچ بوونی تۆختریان هەبێت بەو مەلایەی ئەو پێشبینییەی کردبوو وە لەمەودوا متمانەی تەواو بە قسەکانی دەکەن و هەرچی ئەو مەلا تەڵەکەبازە بیڵێت خەڵک گوێڕایەڵی دەبن. ئینجا لەوکاتەیا کە مەلاکان بە سەدان پیلانی دوژمن توانیویانە متمانەی موتڵەقی خەڵکی بەدەست بێنن، ئینجا مەلاکان دێن و فتوایەک وەکو ژەهر بەقورگی خەڵکی ساویلکەدا شۆڕدەکەنەوەو دژی میللەت و وڵاتی خۆیان فتوا دەدەن. ئایینییش بەهێزترین چەکە کە لێیەوە کۆنتڕۆڵی میللەتێک بکرێت. بۆیە مزگەوت و دین و ئیمامەکان مەترسیدارترین ڤایرۆسی ناو جەستەی کوردن.

مەلا هەڵۆش پێشتر لەڕێگای دەزگا هەواڵگرییەکانی خۆیەوە زانیاری هەبوو کە لەختوەی یەکەمدا دەستی ئێران لە سوریا دەبڕدرێت و دواتر حکومەتی سوریا دەڕوخێت و دواتر سوننە توندڕەوەکان لەسوریا دێنە سەر حوکم و ئینجا هەوڵ دەدەن کە دەسەڵاتی کورد لە سوریا لەناوبەرن. کە ئەو کوردەکان بە مارکسی و بێدین وەسف دەکات. هەروەها تەنانەت مەلا هەڵۆ ئەو جۆلانیەی سەرۆکی ئێستای سوریا کە پێشتر گەورە تیرۆریستێکی داواکراوبوو، ئەو بەو سەرکردە ئیسلامییە ڕاستەقینە دەزانێت کە تەنانەت قورئان و حەدیسی پێغەمبەر پێشبینی هاتنییان کردووەو دەڵێت گوایە لەسەر دەستی جۆلانی دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلام دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی ئەوە خەونە، چونکە چۆن مەلا هەڵۆ سیخوڕی جۆلانییە، ئاوهاش جۆلانی سیخوڕی ئیسڕائیلە، ئیسڕائیلیش هەرگیز ڕێگە نادات خەلافەتی ئیسلام بگەڕێتەوە.
مەلاکان هەموویان ڤایرۆسی ناو کۆمەڵگان، بەڵام مەترسیدارترینیان ئەوانەن کە سیخوڕی سەر بە دەزگا هەواڵگریەکانی دووژمنن. ئەگینا تەنانەت مەلا ڕاستەقینەکانی ئیسلامیش دووڕوون.
سەیرکەن دووڕوویی پیاوانی ئایینی، لێرەدایە کە ئەو مەلا ساختەچیانە دەڵێن: لە دیندا ناچارکردن نییە، وەلێ ئەوەی وازی لە دین هێنا دەڵێن دەبێت بکوژرێت. ئەوان هەم دەڵێن خوداوەند جوانەو کەیفی بە جوانی دێت، کەچی ژن ناچار دەکەن جوانی ڕووخسارو قژیان بشارنەوە. مەلا دووڕووەکان لەلایەک دەڵێن بە ئەوپەڕی میهرەبانی و برایەتی و ئاشتی مامەڵە لەگەڵ بێدینەکان بکەن، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەگەر ملکەچ و سەرشۆڕی ئێمە نەبوون لە ملیان بدەن.
مەلا تیرۆریستەکان گەنجان بە سێکس و حۆری ئەودنیا بۆ جیهاد هاندەدەن و خۆشیان تەڵە بۆ ژنە جوانەکانی ئەم دونیایە دادەنێن.
یەکێکیتر لەو مەلا تیرۆریست و سیخوڕانە، پڕۆفیسۆر د.علی قەرەداغی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیهان. عەلی قەرەداغی یەکێکیتر بوو لەم بارودۆخەی شەڕدا دژی میللەتی خۆی و لەبەرژەوەندی سوپا تیرۆریستەکەی سوریا فتوایدا. پێویسته داواکاری گشتی بەتۆمەتی پشتگیری تیرۆریستان بەپێی ماددەی چواری تیرۆر لەیاسای سزادانی عێراقی تۆمەت بداتە پاڵ تیرۆریست عەلی قەرەداغی. وە دەست بەسەر پڕۆژە
بازرگانیەکانیدا بگیرێت کە هاوکاری تیرۆری پێ دەکات.
عەلی قەرەداغی ناوی چووە مێژووەوە وەکو خائینێکی نیشتیمانی. پێویستە هەرکەسێک و لەهەرشوێنێک بۆی ڕەخسا تفبارانی بکەن و سوک بکرێت.

  • شەڕەفی ژنی کوردو ژنی بەشەڕەف. خاڵێکیتر کە گرنگە لەم قۆناغەدا بکرێت ئەوەیە،
    وەکو ئیدانەکردنێکی ئایدۆلۆژی و شەڕێکی فیکری پێویستە ژنانی کورد لەچک و حیجابەکانیان فڕێبدەن و کەزیەکانیان ئازاد بکەن لەژێر لەچکی پیسی کولتوری عەڕەبیدا. چیتر ژنان پیویست ناکات کەزی و قژی ژنانەیان لەژێر حیجابی ئیسلامییدا بشارنەوە. قژەکانتان بەڕەڵا بکەن. کەزیەکانتان بهۆننەوەو بیکەنە ملی مەلا تیرۆریستەکان و بیانخنکێنن. پێویستە بەدەست و کەزی کچانی کورد، مەلا تیرۆریستەکانی هاوشێوەی مەلا مەزهەرو مەلا هەڵۆو عەلی قەرەداغی لەسێدارە بدرێن وەکو خائینی نیشتیمان.
    مەلا مەزهەر یان مەلا مەزە لەلای قەبری سوڵتانەکانی عوسمانی وەکو گوێ درێژ زۆڕە زۆڕ دەگریا. بۆ ئەو ئیمامانەی عوسمانی کە وڵاتی ئێمەیان داگیر کردبوو و زوڵمیان لە ژنەکانمان دەکرد. بەڵام سوکایەتی بەو کچە شەڕڤانانە دەکات کە دژی تیرۆریستە ئیسلامیە توندڕەوەکان شەڕیان کردو شەهید بوون و یەکێک لە کچە شەهیدەکان لە بینایەکی بەرز فڕێدرایە خوارەوە.
    ڕێک هاوشێوەی مەلا مەزهەر لە ڕابردودا کاتێک تورکە عوسمانییە تیرۆریستەکان هاتن کوردستانیان داگیرکرد، عوسمانییەکان پێشتر سیخوڕێکیان دروست کردبوو کە مەلایەکی بەناوبانگی ئیسلامی بوو، بە ناوی مەلای خەتێ، ئەو مەلا سیخوڕە ئەوکات فتوایەک دەدات و دەڵێت عوسمانییەکان موسوڵمانن و حەرامە شەڕکردن دژی ئەوان، هەرکەسێک بەرگری لە کوردستان بکات و شەڕ دژی عوسمانییەکان بکات تەڵاقی ژنەکەی دەکەوێت و لە ئیسلام دەردەچێت و کە مرد دەچێتە دۆزەخ، ئیتر بەوجۆرە موسوڵمانانی نەخوێندەواری کوردی ئەوسەردەم بەرگرییان نەکردو تیرۆریستە تورکە عوسمانییەکان وڵاتی ئێمەیان داگیرکردو چەندین سەدە حوکمیان کرد لەسەر خاکی ئێمە، مەلای خەتێش وەکو سەرشۆڕێک و ڕووڕەشێک ناوی چوویە مێژووەوە. ئێستاش مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوەو مەلای خەتێ زیندو بووەتەوەو لەسەر دەمی مەلا هەڵۆو مەلا مەزهەرو عەلی قەرەداغی و هاوشێوەکانی قسە دەکات.



بێدەنگیی جوولەکەکان سەبارەت بە ڕۆژئاڤا.. ئازاد حەمە*

بۆ بەندە مشتومڕاویترین بابەتی سیاسیی، لەم هەلومەرجە ناساغەی ڕۆژئاڤا تێیکەوت، کە ئێمەی کوردی لە گشت شوێنێک سەرقاڵی خۆیکرد، تەنها هەڵوێستی نامەردانەی ئەمەریکایەکان نەبوو، بێدەنگیی جوولەکەکانیش بوو. ئەم بێدەنگییە گشت ئەو بێدەنگییانەی دیکەی بیرخستمەوە لە ڕابردوودا سەبارەت بە بەسەرهاتە تاریکەکانی کورد پیادەکراون(لەباربردنی سیاسییانەی کۆماری مەهاباد، تواندنەوەی شۆڕشی گوڵان، پشتگوێخستنی زەبرەکانی بەعسیزم بەرامبەر بە کورد و….. ).
پێشتر، لە کارە تێیۆرییەکانمدا، هێمام بۆ ئەوە کردووە، بێدەنگیی نە بێلایەنە و نە هەتاهەتایە؛ وەکیتر پڕیشە لە ئاماژە و گوتنی نەگوتراو. ڕاستە بێدەنگیی سوودی خۆی هەیە و بێدەنگەکانیش بەزۆری گۆشەگیرن، وەلێ ئەمە تا ئەو شوێنە تەندروستە، کە بێدەنگیی ڕەهانەبووە؛ بێدەنگیی جوولەکەکان سەبارەت بەو دۆزە سیاسییەی ڕۆژئاڤا، کە پڕە لە زیان ڕەهایی لێدەتکێ.
ئێستاشی لەگەڵ بێت، لە چاوەڕوانی ئەوەداین، تەقەلایەک بۆ گوزارەکردن، فۆرمێکی تر لە دەڕبرین لەلایەن جوولەکەکانەوە سەبارەت بە دۆزی کوردانی ڕۆژئاڤا بەڕێوەبێت. جوولەکەکان، کە خۆیان قووربانی پەلاماردان و داگیرکاریی و بەکاربردنن دەبوو بەفەرمی لەو دۆخە ناهەموارە بێنەگۆ، کە لە شارەکانی ڕۆژئاڤا دەگوزەرێت.
گومانیناوێت، بێدەنگیی نەبوونی گوتنە، ماناداریش هەردەم لە قسەنەکردندا هەبووە، بەڵام بێدەنگیی جوولەکەکان لە سەرانسەری جیهان خۆی وەک کردەیەکی پووچ و بێمانا نمایشکرد. لەبەرئەوەی نەگوتن هەڵوێستە، بۆ ئێمە بێدەنگی جوولەکەکان برینی سیاسیی لەگەڵخۆیدا هێنا.
هزرەڤان و ڕوناکبیرە گەورەکان، کە زۆرینەیان جوولەکەبوونە، هەردەم لەڕێگای تێهزرینەکانیانەوە زەمینەیان بۆ تێڕامانی قوڵ و فۆرمیتر لە بیرکردنەوە خوڵقاندووە، ئەوان بوون دەیانگوت لە کاتی غەدر و نادادییەکاندا ئاسان نییە بێدەنگیی. بۆیە لەم چرکەساتە، بۆ ئێمەی کورد، بێدەنگیی جوولەکەکان ناشرینە و وەک باشەیەک تەماشاناکرێت. ئەوەی لەمحاڵەتەدا شتەکان سەرلەبەردەگۆڕێت خودی دەنگە(گوتنە). بەڵێ دەنگی جوولەکەکان هێزە و زۆر شت لە دۆزی ڕۆژئاڤا دەگۆڕێت؛ دەنگیان مانادارییە و هیوای لەسەرهەڵدەچنرێت.
بێدەنگیی جوولەکەکان سەبارەت بە ڕۆژئاڤا وایلێکردم ڕقم لە بێدەنگیی ببێتەوە؛ وەک دیاردەیەکی چەپەڵ و ناخۆشەویستیش تەماشایکەم. بەپێچەوانەی ڕێساکانی بێدەنگییەوە، کە جوانی و شکۆی تیایە، بۆ ئەمڕۆی ئێمە چەنەبازیی و زۆربڵێی جوولەکەکان پێویستبوو. دەمانخواست جوولەکەکان بە ژاوەژاو و چەنەچەنی سیاسیی کاسمانکەن و دونیا لەو زوڵمە بەئاگابهێنن لە ژه‌نراڵ مەزڵوم دەکرێت. داخیگرانم، ژه‌نراڵ مەزڵوم تەنیا و خەمۆک کرا. هیچ شتێکیش لە خەمۆکی سیاسیی مەترسیدارتر نییە؛ ئەمەیان لەڕووی مێژووییەوە، لەدێرزەمانەوە جوولەکەکان چەشتوویانە. خەمۆکیی وا گەلۆ تەنها داڕمانی دەروونی و پەشێویی لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، پێش هەموو شتێک داڕمانی سیاسیی و ماڵوێرانیی نەتەوەیی لەگەڵ خۆیدا دێنێت.
کاشکێ جوولەکەکان (ژورنالیست و سیاسیی و ڕوناکبیرانیان) سەبارەت بە ڕۆژئاڤا چەنەیانلێدەدا، گرنگ قسەیاندەکرد و زیادەڕۆییان لەسەر دۆزی ڕۆژئاڤا لە گوتندا دەکرد.لەم حاڵەتەدا چەنەچەن و زۆربڵێی جوولەکەکان دەبووە دەرفەتێک بۆ جۆرێکیتر لە بیرکردنەوە، هاتنەکایەوەی گوتنی سیاسیی دیکە.
گومانم نییە، بێدەنگیی شکۆی خۆی هەیە، بەتایبەتی لەو کاتانەی گوتن، دەنگ، هیچ ناگۆڕێت. وەلێ بۆ ئەم ساتەوەختەی ئێمە شکۆداریی لە زۆر گوتندایە، بەتایبەت گوتنی ئەوانەی(جوولەکەکان بە نموونە) شتەسەرەکییەکان سەرلەبەر قڵپدەکەنەوە. لێرەدا لەگەڵ تێگەیشتنێکی نیتچەدام: ئەو ڕاستیانەی بێدەنگدەکرێن ژەهراویدەبن. بەڵێ، یەک دونیا ڕاستی لە هەردوو گەرەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە نێژران. پێویستمان بە قوڕگێکی جوولەکانە هەبوو چەنەبازیی و زۆربڵێی بەسەر راستییەکانەوە بکات، وەلێ درێغا و حەیف نەکرا.
ئەوەی بیرمەندە جوولەکە ئەوروپاییە بلیمەتەکان لە سەدەکانی رابردوودا کاریانبۆکرد داهێنانی چەمکگەلێکی وەک: یەکترقبووڵکردن، لێبووردەیی، پێکەوەژیان یان بانگەوازی ئاشتەواریی بوون، کە بەداخەوە واخەریکە تەنها دەبنە خواست و چەکی داماو و لاوازەکان نەک هێزدارەکان.
ڕاشکاوانە بێمەقسە ساڵانێکە لە سۆسیال میدیای جیهانی عەرەبی، ئێمەی کورد بەوە تاوانباردەکرێین داردەستی ئیسرائیلیەکانین لەناوچەکە. لەمەشا لە ڕقلێبوونی عەرەبەکان زیاتر هیچمانلێدەستنەکەوت. ئەوەش هەر چەواشەکاریی لە دونیای سیاسەتی ناوچەکە بۆدروستکردین، کە جار جار بەرپرسێکی سیاسیی جوولەکە دەیدایە شانوباڵمان؛ قسەیان لە ئاواز و هەڵپەرکێ و خواردنی بەتامی کوردی دەکرد.
کۆتا گوتنم لەم بارەیەوە ئەوەیە، ئەم چەند رۆژەی تێپەڕی دەبێت ئەوەی فێرکردبێتیین، کە بۆلەمەولا پێویستە زۆرترین سێمینار و کۆڕبەند و پانێل، لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، بە بابەتی گرنگیی دەوڵەت و چۆنیەتی دروستکردنی دەوڵەتەوە تایبەتکرێت، نەک بابەتی ڕوناکبیریانەی مردارەوەبوو.

  • ئازاد حەمە
    پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی



ڕۆژاوای کوردستان لە کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسیەوە بۆ ئیمپریالیزمی ئەمریکی.. شوان ئەحمەد باپیر

ڕۆژاوای کوردستان، بەشێکی دانەبڕاوی خاکی کوردستانە و درێژەپێدەر و تەواوکەری هەردوو بەشی کوردستانی باکوور و باشوورە، ناوچە کوردییەکان بەدرێژایی پشتێنەی سنووری باکووری سووریا درێژ دەبێتەوە بە کەناری سوری- تورکی. کە لە پارێزگای حەسەکە فراوان دەبێت، دووبارە درێژ دەبێتەوە لە پارێزگای حەلەب، هەردوو ناوچەی کۆبانێ و سەرێ کانی و عەفرین لە خۆ دەگرێت. هەڵکەوتەی جیۆپۆلۆتیکی ناوچە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرخەری ئەوەیە لە سەدەی بیستەمدا ببێتە ناوەندی چاوتێبڕینی وڵاتە کۆڵۆنیالیزمەکان لەسەروی هەموویانەوە بەریتانیا و فەڕەنسا، لەم نێوەندەدا دووپاتکرایەوە لەسەر بەخشینی کوردستانی سووریا، بە وڵاتی فەڕەنسا، بەگوێرەی بڕیارەکانی کۆنگرەی سان ڕیمۆ لە ٢٦ی نیسانی ١٩٢٠ بەسترا. وای لە کوردەکان کرد بە گژ ئەم هەوڵەی کۆڵۆنیاڵیزمی فەڕەنسی بچنەوە و بەرەنگاری کورد لە دژی فەڕەنسییەکان لەو کاتەوە دەستی پێکرد، کە بڕیاری دەستگرتن بەسەر حکومەتی شا فەیسەڵ درا، فەرەنسییەکان ڕووبەڕووی بەرەنگاری سوورییەکان بوونەوە، لە ساڵی ١٩٢٠دا لە جەنگی مەیسەلۆن سەرکردەی دیاری کورد (یوسف العظمة)، گیانی لەدەستدا، لە ٢٤ی ٧ی هەمان ساڵدا جەنەڕاڵ گۆرۆی فەڕەنسی چووە نێو دیمەشق. هاودەم لە کانوونی یەکەمی ١٩٢٠، لە باکووری سووریا ناوچەی جبل الکراد- جبل الزاویة، بەسەرکردایەتی (ابراهیم هەنانۆ)، فەرەنسییەکان بەسەرکردایەتی جەنەڕاڵ گراندکور، بەسەرکردایەتی ٣٠هەزار سەرباز، توانییان بزوتنەوەی جوتیاران لە تەمووزی ١٩٢١سەرکوت بکەن. کوردەکان بەشێکی دانەبڕاو ڕەسەن بوونە لە بەرەنگاری کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسی، کە چی لە قۆناغی سەرپێکەوتنی دەوڵەتی سووریادا مافەکانیان پشتگوێخران و تەنانەت دەلیڤەی ئەوەیان نەبوو ببن بە خودان ڕەگەزنامەی خۆیان، هەندێک لە نموونەی بەرەنگاربوونەوەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد لە سووریادا بە هۆی سەپاندنی سیاسەتی ماندێتی فەرەنسا، دەنگی نارەزایی لای گەلانی سووری بەرزبووەوە و کوردیش لەم ڕووەوە درێغی نەکردووە، دیارترین کەسایەتی کوردی جێ دەستیان لەم شۆڕشە هەبوو ئەمانەن. (علی ئاغا زلفو، حسن الخراط- ئەحمەد بەرئاڤی- نجیب البرازی- ئیبراهیم هنانوو)، چەندان کەسایەتی دیکەش.
کورد وەک کەمینەی مەسیحی و دروزەکان نەیتوانی پشتگیریی فەڕەنسییەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام فەڕەنسییەکان هەل و مافی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییان بۆ کورد ڕەخساند، لەم چوارچێوەیەدا کورد هەوڵیدا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەو ڕێکخراوی سیاسی و فەرهەنگی. بۆنموونە، کوردی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەو کوردانەی دوای شکستی ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ لەدەست ستەم و زۆری تورک هەڵاتنە سووریا، پێکەوە توانییان (کۆمەڵەی خۆیبوون)، لە هاوینە هەواری بحمدون- دامەزرێنن، لە نێوان سااڵنی (1927-1946)، ڕۆڵی دیاریان لە بزافی نەتەوەیی و فەرهەنگی کورد لە سووریا بینی و ببووە هۆی ئەوەی هۆشیاری نەتەوەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان پەرەبسێنێت و بەرهەمێکی دیکەی ئەو ڕەوشە نوێیەی لەڕووی فەرهەنگییەوە بۆ کورد هاتەپێشەوە (گۆڤاری هاوار)بوو لەلایەن (جەلادەت بەدرخان) ەوەبڵاو کرایەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هەروەک چۆن خەباتی ناسیۆنالیستی کوردانی ڕۆژئاوا لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لاواز بوو، لە دوای کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی هەر بە لاوازی مایەوە. بزوتنەوەی کوردی لە ڕۆژئاوا تاڕادەیەکی زۆر کەوتبووە ژێر کاریگەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و سەربەخۆبوونی سووریا لە1946دا ڕەوشی کوردی بەرەو خراپتربوون برد و گورزێکی گەورەی لە ڕەوشی مافی کورد لە سووریا وەشاند، چونکە لە حکومەتی نەتەوەیی عەرەبی سوریدا بە ئاشکرا کاریان بۆ دورخستنەوەی کورد کرد لە بەشداری پێکردنی سیاسی و کارگێڕی لەوڵاتدا دەکرد، لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک بڕیار دران بۆ بەرتەسکردنەوەی چالاکییەکانی کورد. پاش ماوەیەکی کەم لەسەربەخۆبوونی سووریا ڕەوشی وڵات تێکچوو حکومەتی سووریا لەنێوخۆدا متمانەی لەدەستدا و پەرلەمان لاواز بوو، دواتر زنجیرەیەک کودەتای سەربازیی لە سووریا ڕوویدا و ڕەوشی کورد لەسایەی دەسەڵاتی سووریا تاوەکو دەهات بەرەو خراپتربوون دەچوو، چونکە سیاسەتی بە عەرەبکردن لە بوارەکانی کارگێڕیی و سەربازیی پەیڕەودەکرا.
ئەگەرچی سەرباری بەشداری کورد لە زۆرێک لە پایە گرنگەکانی دەوڵەت لە سووریادا، بەڵام دەسەڵاتدارانی سووریا، ددانیان بە مافە ڕەواکانی کورد نەدەنا، لەم چوارچێوەیەدا (پارتی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی)، کە دامەزرا لە ١٩٤٧دا، کورد درکی بەوەکرد ئەم پارتە هەڕەشەیە بۆ سەر شوناسی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی کورد لە سووریا، بۆیە لە بەرانبەردا، عبدالحمید دەروێش و عوسمان سەبری (پارتی دیموکراتی کوردی سووریا)یان دامەزراند، وەک یەکەم پارتی سیاسی کوردی لە سووریا لە ١٤ی حوزەیرانی ١٩٥٨ دا دامەزراند. ڕژێمە فەرمانڕەواکانی سووریا، هەمیشە بەرانبەر نەتەوەی کورد سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەیان پێڕەوی لێکردووە، بۆ نموونە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کوردان، ساڵی ١٩٦٢ سەرژمێریەک لە حەسەکە ئەنجامدراو (١٢٠- ١٥٠)هەزار کوردیان بێ بەش کرد لە ناسنامە بە بیانوی ئەوانە کۆچەری تورکیانە و هەوڵی گۆڕینی ناوچەکەیانداوە بە کۆچپێکردنیان و نیشتەجێکردنی عەرەب لە شوێنیان. لە8ی ئاداری ساڵی1963دا پارتی بەعسی سووریا کودەتایەکی سەربازیی لە سووریا ئەنجامدا، بەهۆی ئەو کودەتا سەربازییەوە توانیان دەسەاڵت بگرنەدەست لە20ی ئاداری هەمان ساڵ حیزبی بەعس حکومەتی لە سووریا پێکهێنا و دەستوریان دانا، لەو دەستورەدا هیچ باسێکی سەبارەت بە کورد و کەمایەتییە ئیتنی و نەتەوەییەکانی لە خۆنەگرتبوو. لە ساڵى 1968دەسەڵاتدارانی سووریا هەڵمەتیکی نوێی دەستگیرکردنی کورد و سەرکردەکانی پارتە کوردییەکانی دەستیپیکرد له نێو ئەو سەرکردانەی کە دەستگیرکران “صالح بەدرەدین” ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کورد. کە باس لە ناسۆرییەکانی نێو زیندان دەکات لە لایەن بەعسییەکانەوە. لەسەردەمی حافز ئەسەددا ١٩٧١- ٢٠٠٠، سەرۆکی سووریابووە، لە چوارچێوەی دژایەتی زمان و کولتووری کوردی لە ساڵی ١٩٨٦ زمانی کوردی قەدەغەکرا لەکاتی ئیش و کاری فەرمیدا. سانسۆر خرایە سەر ڕۆژنامە و بڵاوکراوە کوردییەکان.
ئەمەو لە ساڵی ١٩٩٢دا پشتێنەی عەرەبی (الحزام العربی)، وەک سیاسەتێکی ڕەگەز پەرستانە پێڕەوکرد بەدرێژایی سنووری سووریا لەگەڵ عێراق – تورکیا. بۆ ئەوەی لەنێوان ناوچە کوردییەکان چەند ناوچەیەکی عەرەبی دروستبکرێن، ببنە ڕێگر لەبەردەم بەیەکەوە بەستنەوەی ناوچە کوردییەکان، بە قوڵایی ٥کم، کرین و فرۆشتنی زەوی یاساغ کرا. بەڵام دوای نەمانی دەسەڵاتی بەعس لە دەڤەرە کوردییەکان هێزە کوردییەکان لە سووریا کۆتاییان بەم هەوڵەی دەسەڵاتدارانی بەعس هێنا. ئەوەی لێرەدا خستمانڕوو بەرکۆڵێکی بچووک بوو لە ڕەشی کوردانی سووریا لە چەندین سەردەمی جیاجیادا، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی وڵاتی سووریا لەبەرچاونەگرتنی هەوڵی نەتەوەکانی دیکەیە لە سووریا لە ئاواکردنی وڵات و نەهێشتنی ترسناکترین ڕێکخراوی توندڕەوی (ڕێکخراوی داعش) لەسەر دەستی نەتەوەی ڕەسەنی خاکی سووریا ئەوانیش کوردەکان بوون، کە
مەزڵوم کۆبانێ یاخود مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ٢٣ی ئاداری ۲۰۱۹دا بە فەرمی کۆتاییهاتنی “خەلافەت”ی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی لە باغۆزی سووریا ڕاگەیاند. ئەمەش دوای شەڕێکی درێژخایەن و بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هات، ئەگەرچی ئەمریکا وەک هاوبەشێک لە هێزە کوردییەکانی دەڕوانی، بەڵام ئەوەیان ستراتیژ و پلانی ئەو کاتیان بوو، بەهۆی بوونی زلهێزێکی دیکە لە سووریا ئەویش ڕووسەکان بوون، ئەوانیش لە هەوڵی جێکەوتکردنی پلانەکانی خۆیاندابوون لە ناوچەکەدا، بەڵام بە ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ٨ی ١٢ی ٢٠٢٤دا، کە ٥٣ ساڵ بوو لە دەسەڵاتدابوون ئیتر ڕووسیا هاوپەیمانێکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێ کەمبووەوە گەرچی کوردەکان ویستیان ئەوەبوو، کە سیاسەتێکی جۆرێک لە پارسەنگی بگرنەبەر بەرانبەر ئەمریکا و ڕووسیا، بەڵام ڕووداوی داگیرکردنی عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨دا لەلایەن داگیرکاری فاشیستی تورک و هێزە پڕۆکسییەکانی، ڕووسیا هێزەکانی خۆی لەم کانتۆنەدا کشاندەوەو هەڵوێستی ئەوتۆیان نەبوو، هاوشێوەی ئەمریکا تەنها لە نیگەرانی زیاتر چی هەوڵێکی دیکەیان نەدا بۆ بەرگرتن بەو هێرشە بەربەرییە، لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا لە دوای هاتنەسەر کاری دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری دووەم، مەترسی لای کوردەکان سەری هەڵدایەوە چونکە لە ماوەی فەرمانڕەوایەتی یەکەمینیدا هەریەکە لە ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی گڵۆپی سەزی بۆ تورکیا هەڵکرد و تورکیاش سەرکەوتووبوو لە دەستگرتن بەسەر ئەم دوو ناوچەیەدا، گەرجی کوردەکانی ڕۆژاوا لە هەوڵی بەردەوامیدانبوون لە هێشتنەوەی پێوەندی دۆستانەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و ئەمریکا، بەڵام دەبوایە کوردیش لەوە دڵنیابان کە ئەمریکا وەک ستراتیژی دوور مەودا بەڵێنی پاراستنی بەکوردان نەدابوو، بۆیەشە کوردەکان دەبوایە بە پلەی یەکەم لە هەوڵی تۆکمەکردنی ناوچە سنووریەکانی خۆیان و ناوچە کوردنشینەکاندابوونایە لە زۆربەی ڕوووەکانەوە، چونکە لەلایەکەوە لەژێر گوشاری تورکیادابوون و لەلایەکی دیکەوە هێزە پڕۆکسییەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە چاوەڕوانی دەلیڤەیەکدابوون، کە دووبارە کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکەن، ئەوەش لەدوای پاڵپشتییە زۆرەکان کە بەرهەڤبوون بۆیان لە هەریەکە لە وڵاتانی عەرەبی (قەتەر، سعوودیە)، و داینەمۆی هاندانیان بۆ بەرتەسککردنەوە و نەهێشتنی ڕۆڵی هەسەدە لە سووریای دوای بەشار ئەسەد، بریتییە لە دەوڵەتی تورکیا، کە ئارەزووی گەڕانەوەی هەژموون و پێگەی خۆیەتی بۆ ناوچە هەمەجۆرەکانی سووریا، بەڵام ڕای گشتی زۆرێک لە ناوەندەکانی بڕیاری جیهانی بەتایبەتی دۆستە کوردییەکان لە زۆرێک لە وڵاتان لە هەوڵی وەستانەوەدانە دژ بەو هێزە تیرۆرستانەی کە خاکی ڕەسەنی کوردان بە ئامانج دەگرن، ئەوەی لە ئێستادا مایەیی خۆشحاڵی کوردانە بریتییە لە دروشمی وەکه هەڤی و یەکانگیری نێوان کوردانی هەر چوار پارچە و کوردانی تاراوگە کە بە خۆپیشاندانەکانیان شەقامی ئەوروپی و جیهانیان هەژاندوە لە پێناو پاراستنی کورد و دەستکەوتەکانی لە ڕۆژاڤا، چونکە بەرخودانی کوردان نادیدە گیراوە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە لایەن هاوپەیمانەکانەوە، لە سەروی هەمووانەوە ئەمریکا، هەروەک ڕوونە، کە ئەفسانەی تێکشکاندنی داعش لە سەر دەستی بەرخودانی کوردان هاتەجێ، کەچی لە پڕێکدا هێزە بە ناو ناڕەزاییەکانی سووریا بەربوونە گیانی کوردان و خەریکبوو کارەسات بخوڵقێنن بەرانبەر نەتەوەیەک کە ئەوانی پاراست لە هەژموونی داعش کەچی زۆر بێ ئەرزشانە لە نەتەوەیەکی سێجار جار ستەمدیدە جارێک لەسەردەستی کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسی و بەریتانی و کردنی بە پارچەیەک لەژێر دەستی وڵاتێکی دروستکراو بە ناوی سووریا و جاری دووەم ستەمدیدەی ژێر دەسەڵاتی حیزبی بەعسی فاشی- سووریا و جارێکیش لەژێر هەڕەشەی دەسەڵاتی داعش، هەزاران ڕۆڵی خۆیان کردە قوربانی، بەڵام ئەوەی گرنگە کورد دەبێت زۆر بە بڕشتی کار بکات بۆ دووبارە چاوخشاندنەوە بە دۆست و نەیارەکانی و زامنی بەردەوامی بەدەستهێنانەوەی متمانە و پشتگیری شەقامی کوردی بکات بە بەرجەستەکردن و فەراهەمهێنانی ژیانێکی یەکسان بۆ گشت تاکەکانی، چونکە دواجار کوردبوونە هەموومانی ڕاچڵەکاندووە بۆ ئەوەی وەک هەر گەلێکی ماف خوراو و ستەمدیدە بگەین بە ژیانێکی ئارام و شایستە بە قوربانییەکانی باب و باپیرانمان داویانە بۆ ئەم خاک و نشتیمانە.

————————————
هەندێک لە ژێدەرە سوود لێ وەرگیراوەکان:

  1. ئامانج و دەرئەنجام لە مێژووی بزاڤی نەتەوەیی کورددا، سەلاح ئەحمەد محمد ئەمین، چاپخانەی پاندا، سلێمانی، ٢٠٢٤.
  2. سیاسەتی حکومەتی سووریا بەرامبەر بە پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان(1970- 2004)، ئاوات عەبدوڵڵا عەبدولقادر، زانکۆی سلێمانی، کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان، بەشی مێژوو، ٢٠٢٢.
  3. کوردانی سووریا لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسیدا، نێلیدا فوکارۆ، وەرگێڕانی لەئەڵمانیەوە: هەڵۆ بەرزنجی، سلێمانی، ٢٠١٢.
  4. کوردی سووریا بونێکی نکولی لێکراو، نووسینی هێریەت مۆنتگومری، و، لە ئینگلیزییەوە، مینە، پێشەوا، سلێمانی، ٢٠٠٩.

شوان ئەحمەد باپیر
. سۆران.
٢٦- ١- ٢٠٢٦.




رۆژئاڤا و پارادۆکسیزمی مۆڕاڵی زلهێزەکان.. جوتیار

ئەوەی لەڕۆژاڤا (باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا) ڕوودەدات، تەنها لە چوارچێوەی شەڕ و هاوپەیمانیەکی ناهاوسەنگدا نابینم. بەڵکوو وەک بەرهەمی یەکگرتنی دوو هێزی نامۆڕاڵ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی و سیستەمی سەرمایەداریی کە لە بنەڕەتدا بنەماکانی مرۆڤ و نەتەوە بە نرخ و سوود دەهەڵسەنگێنێت.
ئارگومێنتەکانی دەستپێکی شەڕ لە سوریا بەو شیوەیە بوو، (لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا(ڕۆژاڤا)، نەخشەیەک خۆی دووبارە دەکاتەوە، کارەکتەرە کوردەکان بەرپرسیارێتی مەزن دەگرنە ئەستۆ، پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتی سەقامگیر دادەمەزرێنن و لە ژێر بارودۆخێکی توندا کردەوەی مەیدانی و مرۆیی چالاک ئەنجام دەدەن، بە هەزاران قوربانی دەدەن و گیانبازی و ململانێ لە گەڵ قورسترین هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیاندا دەکەن، تەنها بۆ ئەوەی ئەو ستاتۆیە سیاسیە لەلایەن زلهێزە گەورەکانەوە متمانەی پێبکرێت)، بەڵام دوایین پێشهات ئەوەمان پێدەڵیت، کە ستراتیژییەتی ئەمەریکا کورد تەنها وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێک بەکاردەهێنێت، ئەو مامەلەیە لە دنیای سیاسەتی ئەمەریکیدا پرسیارێکی ئەخلاقی بنەڕەتی دەوروژێنێت، چ جۆرە ئەخلاق یاساو ریسایەک ڕەوایەتی دەدات بەو جۆرە لە مامەڵەکردن ؟، ئەدی باجەکەی چییە کاتێک کە هاوپەیمانە ئازا کوردەکان بەهۆی هاوپەیمانییە نوێیەکانەوە لە یارییەکی قێزەونی دەسەڵاتی جیۆپۆلیتیکیدا سەرگەردان دەبن؟ ئەو دۆخە نوێیە کە لە سوریا هاتۆتە ئارا، قوڵبونەوە لەو هەڵوێستە نایەکانگیر و پارادۆکسەی ئەمریکاو هاوپەیمانان دەکاتە شتێکی پێویستوو هەڵوێست لە سەرگرتوو.
کورد لەڕۆژاڤا (باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا)دا کاریگەرییەکی بەرچاوی سیاسی و مرۆیی دروستکردووە، بەرێوەبەرایەتیەکان، پێکهاتە و یەکە ئەمنییەکان، سیستەمی تەندروستی و پەروەردە، و فریاگوزاری کارەساتەکان، ئامادەیی ئەوان بۆ هاوکاری و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریکاو زلهێزەکان لەسەر بنەمای ئەو متمانەیە بوو کە سەقامگیری بۆ مافە سیاسیی و کولتوریەکانیان لە سوریای داهاتوودا گەرەنتی دەکرێت.
کاتێک هاوپەیمانان ڕوانگەی سیاسی خۆیان دەگۆڕن بە بەکارهێنانی کورد وەک ئامرازێکی بەسوود لە پرۆژەیەکی نوێ بە ناوی حکومەتی سوریا یان بە پشتیوانیکردنی دەسەڵاتێکی سێنتڕال لەژێر سەرکردایەتی کارەکتەرێکی وەک ئەحمەد شەرع دا، گومانێکی قوڵی بە ئامرازسازی سەرهەڵدەدات.
دیدگاو سیاسەتی (سەقامگیری بە هەر نرخێک) لە سوریادا، لەسەر حیسابی دوورخستنەوە یان کەمکردنەوەی مافە سیاسییە درێژخایەنەکان و کەمکردنەوەی ڕۆڵی کوردانی سوریا لە بڕیاری سیاسیدا پێچەوانەی ئەوهەموو قوربانیدانەیە کە کورد (شەرڤانان) بە درێژایی زیاتر لە دەیان ساڵ پێشکەشی کۆماڵگای نێودەوڵەتیان کرد لە پێناو سەلامەتی و پاراستنی کەرامەتی ئەواندا. ئەو سیاسەتە بەرامبەر بە کوردی ڕۆژاوا پێچەوانەی ئەو بەرپرسیارێتیە ئەخلاقیەیە کە دەبوو هاوپەیمانان و بە تایبەت ئەمەریکا لە بەرامبەر پاراستنی کوردانی ڕۆژاوا بیگرنە ئەستۆ بۆ پاراستنیان لە پەلاماری دەوڵەتی ناوەند کە بەشێکە لە دڕندەیی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا وهەروەها پاراستنیان لە پەلاماری دەوڵەتی تورک کە نوێنەرایەتی فاشیزمێکی وێنانەکراو دەکات لە جیهانی سیاسی ئەمڕۆدا .
ئەو جۆرە بەرخوردە لە گەڵ کورد لە لایەن هاوپەیمانەکانیانەوە پرسیاری جددی سەبارەت بە ستراتیژیەتی درێژخایەن، شەفافیەت و بەردەوامی و وابەستەیی ئەخلاقی دەوروژێنێت، ئەو جۆرە مامەڵەیە متمانەی کوردەکان لە رۆژاڤادا بە پابەندبوونی هاوپەیمانان و ئەمریکا تا ئاستێکی زۆر قوڵ تێکدەدەن و لە ناودەبەن.
خوێندنەوەی من بۆ ئەو ئالانگاری و پێشهاتانە، جەختکردنەوەیە لەسەر دەستەڵاتێکی سێنتڕاڵ بۆ سوریا لە سەردەمی ئەحمەد شەرع دا لە لایەن ئەمەریکاوە، گۆڕانکاری لە مۆدێلی لامەرکەزی بۆ ناوەندگەرایی ڕەها و زیاتری دەوڵەت دەگەیەنێت، ئەو گۆڕانکارییە بۆ کورد بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە مانای لاوازبوونی سیستەمی حوکمڕانی خۆسەر کە بەدرێژایی ساڵانێک بنیات نراوە و بە مانای هەژموونی سیاسی نوێ لەلایەن دیمەشقەوە دێت.
هەموو ڕوداوەکان وا دەردەکەون کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەرگەی کۆنەپەرسترین هێز دەگرن یان تەنانەت پشتگیری ڕەهاشی دەکەن تەنها لەبەرامبەر بەهێزکردنی دەستەڵاتی ئیسلامی سیاسی سونەدا بۆ ئیحتیواکردنی هەژموونی شیعەگەرایی لە ناوچەکەدا، بە گرتنەبەری ئەو سیاسەتەش لە لایەن هاوپەیمانانەوە، دیمەنی تەناهی لە رۆژئاڤا( باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا) گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا دێت و هیچ دوریش نیە وێنە سیاسیەکە سەدەرسەد پێچەوانە ببێتەوە بەو مانایەی ئەمەریکا خۆی وەک شەریکێک لە گەڵ دەوڵەتی ناوەند دژ بە رۆژئاڤا و خۆسەریەکەی کورد کار بکات و لەبری ئەوە دەستەڵاتی ناوەند و دیمەشق وەک ئەکتەری سەرەکی ناوچەکە بەهێز بکات.
تورکیا دەتوانێت ئەم دینامیکییە بەکاربهێنێت بۆ فشارخستنە سەر یەپەگە/یەپەژە و پەرەپێدانی هەماهەنگییەکی نزیکتر لەگەڵ ئەحمد شەرع و دیمەشق دژی خۆسەری و دەستەڵاتی کورد، ئەوەش دەبێتە هۆکارێکی بەهێز بۆ تێچووی قەبارەیەکی مرۆیی گەورەتر لە قوربانیەکان و دەبێتە فاکتێک بۆ وێرانبونی ژێرخان و بارودۆخی ژیانی مەدەنی بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، بە هاتنە ئارای ئەونەخشە تازەیە و ئەو شەرایەتە جیۆپۆلۆتیکیە، کورد ڕووبەڕووی نۆرماتیڤ(معیار) ێکی دووانەیی دەبێتەوە، بەو مانایەی هاوپەیمانەکانیان لە کاتی قەیرانەکاندا پشتیوانی ئۆتۆنۆمی بۆ ئەوان دەکەن و پاشان هەوڵی دروستکردنەوەی متمانە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی کە وەک هەڕەشەیەک لە سەر خۆیان هەستیان پێدەکرد دەدەن، ئەم شێوازە پاڕادۆکسە لە مامەڵەی سیاسی دەبێتە هۆی لەدەستدانی باوەڕو متمانەی سیاسی بەو هاوبەشیەی کە ساڵانێکە کورد هیوای لەسەر هەڵچنیوە، کە بە داخەوە زۆربەی زۆری کاتەکان گۆڕانی هاوپەیمانییەکان بە مانای سەختبوونەوەی ڕێگاکانی بەردەم نەتەوەی کوردن لەو ناوچەیەدا، بە مانای بێئومێدی و لە دەستدانی متمانە و ئاوارەبوون و دەربەدەریەکی ترن بۆ ئیمە .
ئەوەی کە پێویستبوو ئەمەریکا و هاوپەیمانان بیکەن بۆ کوردی رۆژئاڤا، نەخشەڕێگایەک کە بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەو مۆدێلە لە بەڕێوەبردن کە یەکەم جارە لە ناوچەکەدا ئەزموون دەکرێت بە هێزەوە پشتیوانیان کردبایە، لایەنیکەم لە ئۆتۆنۆمی کولتووری و بەشداری ئابووری و حوکمڕانی ناوخۆیی لە چوارچێوەی (سەروەری دەوڵەتدا) بەو ئارگومێنتەی کە ئێستا هاوپەیمانان بانگەشەی بۆدەکەن، دەبوایە ئەمریکا وەک نێوەندگیرێکی باوەڕپێکراو مامەڵە بکات لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاڤا نەوەکوو وەک هاوپەیمانێکی درۆزن و هەڵخەڵەتێن.
بە داخەوە پێشهاتە تازەکان هەڵگری هیچ ئاماژەیەکی پۆزەتیڤ نین لە پەیوەست بە ئالوگۆڕی جارەنوسی کوردانی ڕۆژئاڤا، هاوبەشیە تازەکەی سوریا-ئەمریکا ئەوەمان نیشان دەدات کە چۆن لە چرکەیەکدا دەتوانرێت بنەما مۆڕاڵیەکان لە پراکتیکدا بگۆڕدرێن، کاتێک بەرژەوەندییە ئابورییە ستراتیژییەکان زاڵ دەبن. کورد لە رۆژاڤادا شایەنی ئەوە بوو کە ئەمریکا هاوبەشییەکی جێی متمانە و درێژخایەنی لەگەڵ دووپات بکاتەوە کە لەسەر بنەمای سەروەری و ئەو پەیوەندیە ئیتنیکیە/سیاسیە دروستکرابوو لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا نەوەکوو لەبەریەک هاڵوەشاندنی و جێهێشتنی ئەوان لە ناو ململانێی ئۆقیانوسی پڕ شەپۆلە هەڵچوەکانی ناوچەکەدا بە تەنها.
لە لایەکی تریشەوە ئەگەر وردبینانەتر بارودۆخەکە هەڵسەنگێنین، من پێم وایە ململانێ و توندوتیژی نێوان گروپوو پێکهاتە سیاسیەکان لە سوریا، بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لەوەی باس دەکرێت، بەرهەمی ئەو جیهانەیە کە تێیدا نەتەوەکان و خاکەکان وەک بازاڕ بینراون و دەبیندرێن، لە سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی دا، گرنگ نییە کێ دەمێنێت یان کێ دەکوژرێت؛ گرنگ ئەوەیە کە کام ناوچە ئارامە بۆ سەرمایە خستنەگەڕو سەرمایەگوزاری، کام شەڕ سوود و قازانجی زیاتر دروست دەکات و کام هێز دەتوانرێت بە کەمترین تێچوون بەکاربهێنرێت. من لەو چوارچێوەیەدا تەنها ئەوە دەبینم کە کورد، هەمیشە وەک هێزی هەرزان و قوربانییەکی گونجاو بۆ مامەڵە سیاسیەکان لە ناو ئەو بازاڕەدا هەڵبژێردراوە.
بێدەنگی و ئەو سکوتە سەرتاپاگیرە نێودەوڵەتیە لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر رۆژئاڤا، تەنها بڕیارو مامەڵەیەکی سیاسی نییە؛ بەڵکوو بڕیارو مامەڵەیەکی ئابووریشە. کاتێک شەڕ بەردەوام دەبێت، بازاڕی چەک، بازاڕی پاراستنی دەسکەوتەکان و بازاڕی قەیران و جارەسەرە سیاسیەکانیش بەردەوام دەبن. لەم بازاڕەدا، خوێنی خەڵکی و هاووڵاتیان هیچ نرخێکی نییە. ئەمە نامۆڕاڵی ئەو سیستەمەیە کە بە زمانی واقعی ناتوانی پێناسەیەکی تری پێبدەی.
ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەی کە خۆیان بە پارێزەری ماف و دیموکراسی ناساندووە، لە ڕاستیدا بەشێکن لە جەوهەری ئەو سیستمە و هاوپەیمانەکانی، کاتێک قسە لە ماف و ئازادی دەکەن، ئەوە تا ئەو کاتەیە کە ئەم مافانە لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەوان بەریەککەوتنیان نابێت. کاتێک ماف و بەرژەوەندی بەریەک دەکەون، ماف دەخورێت و بەرژەوەندی دەپارێزرێت، کە ئەوەش باڵاترین ئاستە لە نامۆڕاڵیی سیاسی سیستەمی سەرمایەداری نوێ.
بە تیڕوانینی من ئەمریکاو هەوپەیمانەکانی، کوردانی ڕۆژئاڤاو و پڕۆژە سیاسیەکەیان لە کوردستانی سوریا وەک هەوڵێک دەبینن بۆ تێکدانی ئەم فۆرمولە سیاسی و ئابوریەی خۆیان ، بەڵام هێشتاش تا ئاستێک باوەڕم بەوەیە کە ڕۆژئاڤا، لە هەموو قورسیی و روبەڕوبونەوەکاندا، هێشتا دەتوانێت شوێنی دروستکردنی گوتارێکی سیاسی و پێگەیەکی سەربازی بەهێز بێت بۆ ئەو بەشەی کوردستان، گوتارێک بێت دژی توندڕۆیی دینی و نەتەوەیی ، دژی هاوپەیمانی درۆینە و دژی سیاسەتێک کە ژیان و بوونی مرۆڤەکان بە ژمارە هەڵدەسەنگێنێت.




ترێند/ داهێنان (پێشكەوتن، لە سەركێشی و بوێرییدایە).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(ترێند) توانا و جوولەی گشتی بیركردنەوە و هەڵسوکەوت، یان سەرگەرمی و تێڕوانینی هاوبەشی نێو كۆمەڵگا، وەک فۆرمێك لە فۆرمەكانی ئازادی بەرز دەنرخێنێ. خێرایی و دووبارەبوونەوەی ترێند لەلایەك زمان و ئازادی وەک بەرپرسیارییەتی و بوێری بەرجەستە دەكات، لەلایەكی دیكە جیاوازی زمانیی داهێنانی تاکی سەركێش پەردەپۆش دەكات؟!.
بۆ بەدواداچوونی توانای ترێند كە بوێری لەخۆدا هەڵگرتووە و سەركێشی داهێنان كە چەمكی دەستپێشخەری دەنوێنێ، هەوڵدەدەم خوێندنەوەیەكی گشتی بۆ زمان لەڕێگای (ئازادی/ بەرپرسیارییەتی) و (ئازادی/ داهێنان) بكەم و خوێندنەوەیەكی تایبەت بۆ (جیاوازی زمانیی تاكی سەركێش) بكەم و لەڕێگای چەمكی جیاوازییەوە بڵێم: ئەگەرچی لەڕووییەك لەڕووەكان چیرۆكی بەرپرسیارییەتی سەردەم و خێرایی و دووبارەبوونەوەی ترێند (وەک هاوبەشی پێویستی كۆمەڵگا و توانای بوێری و هێزی میدیا و هەست و ئارەزووی مرۆڤ لە كاتە دیاریكراوەكاندا) زمانی هاوبەشی سەردەم دەپارێزێت؛ لەڕوویەكی دیكەوە (وەک یەکێک لە گرنگترین و قووڵترین پانتاییەكانی ئازادی كە هۆشیاریی ڕەخنەیی زمانی تاکی سەركێش و دەستپێشخەری هەڵگرتووە و کاریگەری قووڵی لە گۆڕانكارییەكاندا هەیە) جیاوازی داهێنان پەراوێز دەخات!.
بە كورتی (خێرایی ترێند) بە قووڵی بیر لە سەركێشی و هەنگاو هەڵگرتن و سەیرورەی گۆڕانكارییەكان ناكاتەوە، بەقەد ئەوەی بیر لە تواناى ڕووبەڕووبوونەوەی (ترسی لەدەستچوون) دەكات؛ بەقەد ئەوەی هەوڵی سەرگەرمی كاتی دەدات، ڕاكێشانی سەرنجی گشتی (چیڕۆكی بەرپرسیارێتی) وەک هێزی میدیا و تەكنۆلۆژیا لە بازاڕی ئەخلاقدا چەشنی (داهێنان) برەو پێبدات؛ بەڵام لەبەرانبەردا (هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان) لەگەڵ گرفتە ناكۆتاییەكانی (ئازادی و جیاوازی و زمان)دا دەژی و بە قووڵی بیر لە سەیرورە و گۆڕان دەكاتەوە.
كەواتە زمانی داهێنان (وەک كردە) و بەکارهێنانی ترێند (وەک ئامراز)، یان لە خاڵی جیاوازی نێوان سەركێشی و بوێرییدا دەشێ (ئازادی زمانی جیاواز و هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان) كۆی ئەو ڕوونکردنەوە و ڕێکخستنە نمایشخوازانەی ترێند و سەرگەرمی تێپەڕێنێ… چونكە هەمیشە داهێنان و جیاوازی شێوازێکی نوێ بۆ كردەی ئازادی زمان دەدۆزێتەوە، بەبێ ئەوەی پشت بە شێوەخوازی ڕاكێشانی سەرنجی گشتی و هاوبەشیکردن، هێزی سەرگەرمی، لایک، کۆمێنت ببەستبێت. وەک چۆن (خێرایی و توانای ترێند و ئامرازی تەكنۆلۆژی) شێوازێکی نوێ بۆ خۆنمایشكردن و چیڕۆكی بەرپرسیارێتی وەک دەرئەنجامی هاوبەشی پێویستی كۆمەڵگا، هێزی میدیا و هەست و ئارەزووی مرۆڤ لە كاتێكی دیاریكراودا دەدۆزێتەوە!.
هەڵبەتە گرفتە ناكۆتاییەكانی ئازادی زمان، لە بوێری و سەركێشی ترێند و داهێنانەوەیە؛ بەڵام یەکێک لە بنەڕە‌تترین سەركێشییەكانی ئازادی زمان جیاوازییە، نەك چیرۆكی بەرپرسیارێتی؛ جیاوازی هەمیشە تێگەیشتنێکی نوێیە بۆ دیتنی گرفتە ناكۆتاییەكانی تاك و زمان. بەو مانایە داهێنان تەنها کۆمەڵێک فۆرمی خێرا و كاتی بڵاوبوونەوەی سەردەم نییە، وەک چۆن زمان تەنها کۆمەڵێک وشە یان دەق نییە کە واتایەكی بەرپرسیارانە و ڕێكخراوی ترێندخوازی هەبێت؛ بەڵكە داهێنانی زمانیی تاکی سەركێش، گەڕانەوەیە بۆ ئازادی ئازادی… ئازادی داهێنان جیاوازییە. بوێری و سەركێشی زمانی داهێنانە و یەكێك لە ڕەگەزەكانی ئازادی بوێریی و سەركێشی زمانە، بەو مانایە پێشكەوتنی زمان هەم ناوەکییە و هەم دەرەكییە!.
بەڵام بڵاوبوونەوە و دووبارەبوونەوەی ترێند درووستكراوی تاک نییە؛ بەڵكە لە هێزی هاوبەشی كۆمەڵگا و میدیا و تەكنۆلۆژیای سەردەمدایە… هەموو ئەم تێگەیشتنە جیاوازانەش لەو بیركردنەوانەن كە توانای ترێند (خێرایی بڵاوبوونەوە) و مێژووی زمان (بەردەوامی) وەک (ئارەزووی پێشكەوتن) پرۆسیسەی دەكەن؛ بەڵام هەمیشە (جیاوازی زمانیی تاکی داهێنەر) دەیەوێت بیرۆکەی ترێندی تەكنۆلۆژی و بیرۆكەی بەردەوامی مێژوویی لە سەیرورەدا تێپەڕێنێ؛ دەیەوێت لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ترسی لەدەستچوون و لەجیاتی چیرۆكی بەرپرسیارییەتی… هەمیشە (قووڵی مەعریفی) و (دابڕانی مێژوویی) پەرە پیبدات.
بەمجۆرە (جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش) لەڕووی ڕەخنەییەوە توانیووییە مێژووی زمان لە چوارچێوەی مێتۆدەكانی بەردەوامی و بەرپرسیارییەتی ئاڕاستەكراو و دووبارەبوونەوە ڕزگار بکات؛ جیاوازی زمانیی تاکی داهێنەر هەمیشە بەدوای بوێری- سەركێشی و ئازادییەكانی داهێنان و سەیرورەی مەعریفەی جیاوازەوەیە؛ هەمیشە لە وێنە باوەكە و خێرایی بڵاوبوونەوەی تەكنۆلۆژی سەردەم، دوور دەكەوێتەوە… جیاوازی داهێنان بەجێی ئەوەی پێشنیاری بەرپرسیارییەتی و نمایشخوازی بکات… پێیوایە دەبێ دەق و زمان لەسەر ئازادی جیاوازییەكان و سەركێشی تاک و هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان ڕابێتەوە، هەمیشە خۆی پێوەری ساتەوەختی جیاوازیی خۆی بێت، نەک وەک ئاوێنە ڕەنگدانەوەی بیرۆکەی چەپێنراوی زمان و چەپێنراوی ناوەوەی تاک بێت، نەك خۆی لە پێویستی كۆمەڵایەتی و هێزی میدیا و سەرگەرمی و تەكنۆلۆژیای سەردەمدا بدۆزێتەوە؟!
لێرەدا سەیرورەی جیاوازیی و تاکخوازی دەبێتە خاڵی لاوازی بەرپرسیارییەتی و بەكاربردنی زمانی هاوبەش، چیرۆكی بەرپرسیارییەتی و تەكنۆلۆژیای بەكاربردن بەوە تۆمەتبار دەكات کە فۆرمخوازی سەردەم یان ترێند (هۆشیاری گشتی) لە خۆنماییكردن زێتر شتێكی دیكە نییە… بەمجۆرەش بازاڕی خۆنماییكردن چەمكی جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش دەخاتە چوارچێوەی ناپاكییەوە، هەمیشە عەقڵییەتی باو، هۆشیاری گشتی، چیرۆكی بەرپرسیارییەتی … چەمكی جیاوازی و تاکخوازی پەراوێز و سەركوت دەكات! دەمەوێ بڵێم هەندێک جار (دەسەڵاتی زاڵ) جیاوازی و تاکخوازی وەھا پیشان دەدات، کە پێشێلكردنی پێشكەوتن و بەرپرسیارییەتییە؛ بەو مانایەش ڕامانی قووڵ لەبەرانبەر خێرایی بڵاوبوونەوە، داهێنان لەبەرانبەر سەرگەرمی، نەرێنی لەبەرانبەر ئەرێنی… بە شێواندنی ئاسایش و ئازادی لێكدەداتەوە؛ ئەگەرچی كردەی جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش لە هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێناندا هەمیشە چەمكی بەرپرسیاریەتی و ترێند وەک ئامراز دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
خاڵێکی دیکەی نەرێنی و هۆشیاری ڕەخنەیی ئەوەیە كە زمان و شێوازی نووسینی جیاواز نامۆیی دەخاتەوە؛ بێگومان زمانی نامۆ و جیاواز هاوشێوەی ژیانی خەڵك نییە، بەڵام هەڵبژاردنی مرۆڤەكان دەگۆڕێ؛ هەندێک جاریش ناكۆكی تاکگەرایی دەخاتەوە (تۆ لە یەك كاتدا ئازادی و بەرپرسیارییەتی وەک دوو بیرۆكەی دژ بەیەك هەڵدەگریت، دەشزانی هەردووكیان وەک ئەرێنی و نەرێنی یەك ئەوی دی لاواز دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕ بە هەردووكیان دەكەیت و لۆژیكی دژ بە لۆژیك بەكار دەهێنیت.) ئەمە وای کردووە چەمكی جیاوازی سەر بە ئازادی بێ و چەمكی سەرگەرمی سەر بە توانای ترێند، چەمكی داهێنان سەر بە بوێری و سەركێشی بێ و چەمكی بەرپرسیارێتی سەر بە تێڕوانینی هاوبەشی نێو كۆمەڵگا، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە…هەر بەو مانایە پێشكەوتن لە جیاوازییدایە.
لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا (جێ پەنجەی نامۆیی- جێ پەنجەی نەرێنی) لە وێنەی خێرای ترێنددا- لە وێنەی بەربڵاوی ئەرێنییدا بەشێوەیەکی تەواو پێشکەش کراوە؟! چەمكی پێشكەوتن لە جیاوازییدایە و هەوڵدەدات ڕوونی بکاتەوە کە ئازادی سنووری دیاریکراوی نییە؛ ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو کە جیاوازی لە قۆناغی دواتردا بەرەو بەرپرسیارێتی بگوازێتەوە و بە جۆرێكی دیكە گرنگی بە پەیوەندی نێوان قووڵایی و خێرایی بدات! بێگومان لە هەموو ئەم ڕەخنانەشدا، ناتوانرێت گرنگی و کاریگەری زمانی جیاواز لەبەرانبەر ئازادی، سەركێشی لەبەرانبەر داهێنان، نەرێنی لەبەرانبەر ئەرێنی… بچووک بکرێتەوە؛ چونكە ئەوە سەیرورەی جیاوازییە ڕێگایەکی نوێی کردۆتەوە بۆ تێگەیشتن لە ئازادی زمان و سەركێشییەكانی تاکی داهێنەر و ڕەخنەكارییەوە، ئەگەرچی زۆر جار زمانی جیاواز و سەركێشییەكان و ڕەخنەكاریی بۆ شێواندنی ڕەهەندەکانی ئاسایش و ئازادی بەکارهاتووە؟!.
قسەی کۆتایی ئەوەیە: جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش، تێگەیشتنێكە هەم توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەیە و هەم دەستپێشخەری و هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان- سەیرورە. سەیرورەی داهێنان لە دەستپێشخەری و هەنگاو هەڵگرتندا گوزارشت لە ئازادی و بیرکردنەوەی قووڵ و زمانی تاکی جیاوازدا دەكات. لەوێوە ڕەخنەی تووند لە جوولەی گشتیی بیركردنەوە، هەڵسوکەوت یان تێڕوانینی باوی نێو كۆمەڵگا و چیرۆكی بەرپرسیارییەتی و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ترسی ناوەكی دەگرێت!. ترسی ناوەكی لەوەدایە كە لەپێناو داهێنان و چركەساتە دەرەكییەكاندا مانای ئازادی و ئاسایش و بەرپرسیارییەتی ناوەكی کەمڕەنگ دەکات؛ بەڵام لە کۆی گشتیدا (هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان و جیاوازی) بە یەکێک لە بنەماترین تێگەیشتنەكانی ئازادی و پێشكەوتن و گۆڕانکارییەكانی سەردەم دەژمێردرێت.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 5/1/2026




ئاڵوگۆڕی کولتووری لە چ پنتێکدا بەئەنجام دەگەیەنرێ.. مەحمود چاوەش

کولتوور بەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتیانە دەناسرێتەوە، کە ئەندامانی گروپێك (یان هۆز و عەشیرەتێك)، نەتەوەیەك لەنێو خۆیاندا پێکیانەوە دەبەستێتەوە. داب و نەریتیش بەشێکی دانەبڕاوی خەسڵەتەکانی کولتوورن. ئەمە ڕەنگە پێناسەیەکی کۆنی کولتوور بێت، لێ جیهانگیری ئەمڕۆ تێکەڵەیەکی کولتووری ئەوتۆی پێکهێناوە، کە گروپ و ئێتنی و تەنانەت گەلەکانیشی پێکەوە گرێداوە. دیارە مەبەست و داخوازییە سیاسی و ئابورییەکان سنوری گەلەك کولتووریان بەزاندووە و جیهانیان بچوکتر (گلۆبال) کردۆتەوە. ئەمەش بە بەشێکی دانەبڕاوی ئەو ئاڵوگۆڕە کولتووریانە دەنرخێندرێت و هەمیشە بەشێکی دانەبڕاویش بووە لە مێژوودا. هێرش و جەنگەکان و داگیرکردنی خاك و گەلانی تر مەودای زیاتری بۆ ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانە ڕەخساندووە، کە هەمیشە کولتوورێك (کولتووری داگیرکەر و هێرشبەر) بەسەر ئەوی تردا (کولتووری داگیرکراو و هێرشبراوەسە زاڵبووە و کولتووری خۆی بەسەردا سەپاندووە. هێرشەکانی مەغۆل، ڕۆمانەکان، عوسمانیەکان، بە فتوحاتی ئیسلامیشەوە نمونەی زیندوی ئەم ڕاستییە مێژووییەن. لە هەندێك نووسینی پێشومدا باسی ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانەم کردووە و بە “سەپاندنی کولتووری” پێناسەکراون. ئەگەر مێژووی تازەی دەڤەری ئێمە، بەتایبەتی کوردستان لە ڕوانگەی ئەم ئاڵوگۆڕە کولتوریانەوە بسەنگێنین، لەوە حاڵی دەبین، کە هەمیشە ساویلکانە ڕوانیومانەتە کولتوورەکانی دەوروبەرمان. ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێین، کولتوورەکانی دەوروبەرمان هەمیشە توانیویانە داب و نەریتی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن و لە بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا سودی لێوەربگرن. هەمیشە کولتووری ئێمەیان مانیپولە (بەشێوەیەکی نێگەتیڤ دەستکاری) کردووە، نەك لەب واری سیاسی و ئابوریەوە، بەڵکو لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و دیانەتەکانیشەوە. دەتوانین بڵێین ئاڵوگۆڕەکە تاکو ئەم ڕۆژگارەش یەکلایەنە و ناتەریبی ناهاوسەنگ بووە. ئەگەر لە ڕابردوودا بە زەبری شمشێر و سوپاکانیان کولتوورەکانیان بەسەرماندا سەپاندبێت، هەمێستا لەتەك زمانی شیرین و بە زەبری سەرمایە و پلەوپایەدا، بە توندوتیژی و پالاماردانیشەوە کولتوورەکانی خۆیان بەسەر کولتووری کوردا سەپاندووە. نمونەی هێرشەکانی بەناو سوپای سوری، کە بە پاڵپشتی ئیسلامی عەرەبی و هاوپەیمانەکانیانەوە بەئەنجام دەگەیەنرێن، شایەدحاڵی ئەم ڕاستیەن. ئەو پرسیارەی لێرەدا بەرەو ڕومان دەبێتەوە ئەوەیە، کە ئێمە لە مێژووی خۆمانەوە چی فێربووین، چ ئەزمونێکمان لەم مێژووە وەرگرتووە؟
ئایا ئێمە کۆیلەی مۆدێرمان لە تاکی کورد دروستکردۆتەوە، یان هەر بەکۆیلەیی لەدایكبووین؟ لێ ئێمە لێرەدا باس لە مێژووی کۆیلایەتی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا ناکەین، کە لە هاوردنیانەوە بۆ ئەمریکا تاکو ئێستاش بەکۆیلە دەکرێن، بەڵکو لە کۆیلەیەك، کە زۆرجار بەدەستی خۆی لەنێو بازنەی کۆیلایەتییەوە دەخولێتەوە. تاکی کورد هێندە خۆشباوەڕ و ساویلکە پەروەردە کراوە، کە پێی وایە خۆی لە ڕابردوو ڕزگار کردووە، بەڵام کاتێك بەئاگا دێتەوە، خۆی لەنێو هەمان مێژووی باوانیدا دەبینێتەوە. ئەم ڕاستییە ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، کە ئێمەی کورد لە مانای ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانە تێنەگەیشتووین و هەمیشە کولتوورەکانی ترمان لەبەرکردووە. نمونەیەکی زیندو، کە نووسەران و دڵسۆزان زۆرجار باسیان لێوە کردووە بوونی کەسانی عەرەبە لە باشوری کوردستان. گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بەڕاستی شۆککەرە، دیمانەی ژنێکی ڕۆژنامەوانی کوردە لەتەک گەنجێکی عەرەبی باشوردا کە بەڕێکەوت لە بازاڕدا پرسیاری لێدەکات. لەپاش ئەوەی گەنجە عەرەبەکە نازانێت بە کوردی وەڵامی ئەم ڕۆژنامەوانە بداتەوە، پێی دەڵێت پرسیارەکە با بە زمانی عەرەبی لێبکات، لێ ئەو فێری زمانی کوردی نەبووە. کاتێك ڕۆژنامەوانە ژنەکە پرسیاری ئەوەی لێدەکات، چەند ساڵە ئەو لە کوردستان دەژی، دەڵێت ١٠ ساڵە.
پاشان لەبریی ئەوەی گەنجە عەرەبەکە داوای لێبوردن بکات، ڕۆژنامەوانە ژنەکە داوای لێبوردن لەو دەکات! ئەگەر شیکارێکی زۆر ساکارانە بۆ ئەم گرتەیە بکەین، مێژوویەکی زۆر درێژخایەن شایەتحاڵێتی ئەم (باگراوند)ەیە. کورد هەمیشە خۆی بە نزمتر و بێنرختر لە گەلانی ئەو دەڤەرە دەبینێتەوە و ئەوانیش برا گەورە و خاوەنی بڕیاردانن. دیارە ئێمەی کورد لەژێر کۆمپلێکسی “خۆبەکامزانی”دا دەناڵێنین، ئاخر لە چ کولتوور و ساتەوەختێکی مێژوودا بێگانەیەك زمانی خۆی بەسەر خانەخوێدا سەپاندووە، ئەگەر ئەمە بە سەپاندنی کولتووری پێناسە نەکرێت؟ ئایا لێرەدا دەتوانین لە ئاڵوگۆڕی کولتووری بدوێین؟ ئەگەر عەرەبێك لە کوردستان بژی و زمانی کوردی نەزانێت، دیارە کێشە و هەڵەیەکی مێژوویی لە ئێمەی کوردا هەیە، عەرەبەکەش کەسێکی نەفام و جاهیلە، خۆبەزلزانە و بۆی لواوە بە زمانی خانەخوێی ناوچەکە نەدوێت. ئەگەر وردتر بڕوانینە ئەم دیاردەیە ئەوە دەتوانین باسی کۆمپلێکسی (گرێی) مێژوویی لەنێو کورداندا بکەین، کە لە هەموو کولتوورەکانی عەرەبی و فارسی و تورکیشدا هەمان سیستەم پیادە دەکرێت. من و چەندەها کەسانی دیکە باسیان لەم دیاردەی (خۆبەکەمزانینە) کردووە، وەلی ئێمەی کورد خۆمان کارمان لەم گرێکوێرە مێژووییەدا نەکردووە. دیارە کاریگەری دیانەتی ئیسلام لەسەر کوردان، بەتایبەتی لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکی دانەبڕاوی ئەم گرێکوێرەیە دەخوڵقێنێت، کە قورئان بە زمانی عەرەبی هاتۆتە خوارەوە! ئەی کوردانی ڕۆژهەڵات و باکور چی؟ ئەمان بە هۆکاری چیەوە دەناڵێنن؟
ئەگەر باس لە شۆڤینیستی عەرەبی و فارسی و تورکی بکەین لەم پنتەدا، ڕەنگە ئەمەش هۆکارێکی مێژوویی دی بێت، چونکە لەم پەیوەستیەدا دەکرێت باس لە “لەدەستدانی ناسنامەی کولتووری”، ناکۆکی نێوان نەوەکان، وە باس لە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بکەین. ئاڵوگۆڕی کولتووری پڕۆسەیەکی مێژووییە، کە گۆڕانە کولتوورییەکان بە ناچاری دەبات. ئەم پڕۆسەیە لە هەر شوێنێکدا بە شێوەیەکی جیاواز ڕوودەدات و بە بارودۆخی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بەستراوە. لێرەدا زۆر گرنگە باس لە ڕێز و پاراستنی فرەڕەنگی و فرەکولتووری و جیاواریەکانیان بکرێت. بەداخەوە ئەم ڕێزنانە بۆ کولتووری کوردی لەو دەڤەرەی ئێمەدا لەلایەن گەلانی ناوچەکەوە نەکراوە (دانەنراوە). ئەگەر لە ڕوانگەی ئاڵوگۆڕەوە بڕوانین، دەبێت هەموو ئەو کولتوورانە بەیەکسانی ئەم پرۆسەیە لە بەرچاو بگرن و ڕێزی دوولایەنە بە کردەوە نیشان بدەین، کە ئەم پڕۆسەیەش لە دەڤەری ئێمەدا زۆر بەکەمی ڕویداوە. گرنگە لێرەدا باس لە دەستدانی ناسنامەی کولتووری بکەین، لێ بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانەوە جێگای سەرسوڕمان نییە، ئەگەر کولتوورێك بە هۆی هێزە دەرەکیەکانەوە یان فشاری کۆمەڵایەتییەوە بەشێك لە تایبەتمەندییەکانی لەدەست بدات، وەك زمان، نەریت، باوەڕ، شێوازی ژیان و تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتیاکانیش لەتەکیاندا. ڕاستە بەجیهانکردن کولتوورە گەورەکان زاڵ دەکات بەسەر کولتوورە بچکۆلەکاندا، میدیا و تەکنەلۆژیاش لەپاڵ ئەم فشارانەدا دەبنە فشاری سیاسی و ئابووری، تا دەگاتە قەدەغەکردنی زمانیش، کە ڕۆژانە لە تورکیا بەکار دەهێنرێت.
ئەمانەش دەبنە لاوازبوونی زمان و نەریتەکانی کۆمەڵگەیەك، بەتایبەتی لەنێوان گەنجەکاندا تا دەگاتە ناهاوسەنگی کۆمەڵایەتی. ئەگەر کوردان لەم ساتە مێژووییەدا ئاگاداری ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانە نەبن و مامەڵەی هاوسەنگی و هاونرخی کولتووری نەسەپێنن، ڕەنگە لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا ڕەگەکانی کولتووری دەڤەری ئێمە لە ڕیشەوە هەڵبماڵدرێن و کولتوورەکانی دی لە جێگەیاندا سەقامگیربن.
چارەسەریش پەروەردەی نەوەیەکی باوەڕبەخۆبوو و زانخوازی (فزوڵی) بۆ فێرکردن و فێرخوازینی زمان و مێژووی خۆماڵی، پاراستنی هونەر، فۆلکلۆر و نەریتەکان، بەکارهێنانی میدیا بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری خۆیی، ئەوەش بە پشتگیری یاسا و فەرمی بۆ پاراستنی کولتوور بەئەنجام دەگەیەنرێت.

مەحمود چاوەش
هانۆڤەر 11.01.2026




مەلا مەزهەر خۆراسانی لەدیدی ئەبوبەکر کاروانی دا.. هیوا ئەمین

سیاسەتمەدار و نوسەری کورد بەڕێز کاك ئەبوبەکر عەلی ( کاروانی ) ، نوسینێکی بەناونیشانی ( لە مەلای گەورەوە بۆ مەلا مەزهەر دەربارەی ئافرەت و چەك و ڕۆڵی لە کۆمەڵگە دا ) لە ڕۆژی ١٢.١.٢٠٢٦ دا لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاودەکاتەوە . لێرە دا دەمەوێت هەندێك باری سەرنجی خۆم بخەمە سەر هەندێك لایەنی نوسینەکەی بەڕێزیان ، هیوادارم بە سنگێکی فراوانەوە لێم وەربگرێت . ڕاستیەکەی نوسەر لە مەبەستی نوسینەکەی دا دەخوازێت ئەو تەمومژانە لەسەر ئیسلام بڕەوێنێتەوە ، کە کەسێكی وەك مەلا مەزهەر خۆراسانی خۆی دەکاتە ڕیشسپیی و خاوەنی ، بەتایبەت ، کە لەو چەند ڕۆژانە دا هێرشێکی ناشایستە و ناقۆڵای کردە سەر ئافرەتان بەگشتیی و شەڕڤانان ی ئافرەت لە ڕۆژئاوا بەتایبەتیی ، تاکو ڕادەی تەکفیری هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە و لایەنگریی و هاوسۆزیی بۆ حکومەتە ئینتیقالیەکەی ئەبو محەمەد جۆلانیی و سوڵتانەکانی عوسمانیی ؟! کاك ئەبوبەکر زیاتر لەسەر ئەو لایەنە دەدوێت کە تیای دا مەلا مەزهەر خۆراسانی سوکایەتی بە ئافرەتان دەکات تاکو ڕادەی کۆیلایەتیی و خزمەتکاریی ئافرەتان بۆ پیاوان ، بەبێ هیچ لێدوانێك لەسەر بیری تەکفیریی مەلای ناوبراو ، بەپاساوی هەستیاریی و ترسناکیی ئەو باسە . لەڕاستیی دا نوسینەکەی نوسەر زیاتر باسەکان تەمومژاوییتر دەکات و بە ئەنقەست بێت یان نائاگا سەر لە خوێنەر و تاکی کورد دەشێوێنێت . لە ناونیشانی نوسینەکەی دا ئاماژە بە مەلای گەورە دەکات بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی ڕون بە دنیابینیی و هزر یان بۆچونەکانی زاتێكی گەورەی وەکو مەلای گەورە سەبارەت بە ئەرک ، ماف و ڕۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردی دا ، بدات . لە بەشێکی تری نوسینەکەی دا نابەجێیانە و بەبێ هیچ هۆ و بۆنەیەك و بۆ دورخستنەوە و بەلاڕێدابردنی خوێنەر لە ئەسڵی دۆزەکە و داپۆشینی سوکایەتیەکانی مەلا مەزهەر بە کورد و کەسایەتیی کورد ، کە خۆی لە کوردانی ڕۆژئاوا و ژنانی شەڕڤان بەرجەستە دەکات ، دێت پەلاماری بیری فێمینیستیی دەدات و تاوانباریان دەکات : ( دژی ئەو ڕەوتە فێمینیستیە دژە خێزانییە توندڕەوەم ، کە بە چاوی سوك سەیری ڕۆڵی دایکایەتیی و هاوسەرێتیی و بنەڕەتبوونی ژن لە خێزاندا دەکات ، … تاد ) وەك بڵێیت ئەوەی لە دەرەوەی دیدگە و خولگەی ئایینی ئیسلام بیربکاتەوە ئەوا خاوەنی فەلسەفەیەکی ئەهریمەنیی و وێرانکاریانەیە ، کە ڕێز لە بەهاکان و حورمەتی خێزان و ڕۆڵی دایکایەتیی ناگرێت . من نامەوێت بچمە نێو وردەکاریەکانی دنیای فێمینیستیی ، بەڵام فەلسەفەی فێمینیستبوون لە بنچینە دا گەیاندنی جێگە و پێگەی ئافرەتانە بە پلەیەك ی باڵاتر لە مرۆڤبوون و بەهرەمەندبوونیان بە مافی یەکسانیی لە بەرامبەر پیاوان و بەدەستهێنانی مافی زیاتر لە کۆمەڵگە و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و دەستەبەرکردنی مافی سیاسیی و ڕۆڵگێڕانی زیاتر و کاریگەرتر لە نێو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە دا تاکو ڕادەی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پیاوسالاریی و نەهێشتنی جیاکاریی ڕەگەزیی و قەدەخەکردنی بەکارهێنانی ئافرەتان وەکو کەرەستەیەكی سێکسیی بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆشیە ئاژەڵیەکانی پیاوان . کاك ئەبوبەکر لە بەشێکی تری نوسینەکەی دا ئاماژە بە مەلا مەزهەر خۆراسانی وەک مامۆستایەک دەکات و دەڵێت ئیسلام پێچەوانەی ڕاکانی ئەوە : ( ئەوەی مامۆستا مەلا مەزهەر خۆراسانی دەربارەی ئیسلام و ئافرەت دەیڵێت ، تەنها نوێنەرایەتی بۆچوون و ڕاو تێگەیشتنێکی تاکەکەسی سنورداری خۆی بۆ ئەم پرسە دەکات و هیچی تر ) بەڵام کڵۆڵ و بێئاگا لەوەی ، کە مەلا مەزهەر قسەکانی نەك دەربڕی ڕاو تێگەیشتنی تاکەکەسیی خۆی نیە بە تەنیا بەڵکو ئەو بە ئایەتێكی قورئان گشتاندن بۆ کۆی هزری نەتەوەیی و دنیای ئیسلام و ویژدانی موسوڵمانی کورد دەکات و دواجار ئایەتەکە دەکاتە بەڵگەیەکی ئەخلاقیی و ئیلاهیی بۆ سوکایەتییپێکردنەکانی بە کورد و ئافرەتانی شەڕڤان ، و دواجار نوسەر لەبەرامبەر ئەو ئایەتە دا دەستەپاچە و لاواز دەبێت : ( وقرن فی بیوتکن ولا تبرجن تبرج الجاهلیة الاولی الا‌‌‌حزاب : ٣٣ ) ، هەر بۆیە نابێت پێمان سەیر بێت کە کاتێك ئیخوان و سەلەفیەکان تەکبیر لێدەدەن و بارک اللە بك بۆ مەلا مەزهەر دەنێرن ، ئەوەش ئەو مەترسیەیە لەسەر تاك و کۆی کۆمەڵگەی کورد و بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی کە کاک ئەبوبەکر لە زۆربەی نوسین و چاوپێکەوتنەکانی دا ئاماژەی پێ دەکات و بەڵام بەداخەوە نەیویستووە بە دێڕێکیش باسی لێوە بکات.
لایەنێك ی تری نوسینەکەی کاك ئەبوبەکر زیاتر لە نێو تەمومژی مێژو و ئایدۆلۆژیا دا ڕۆدەچێت و ڕاستیەکان لە خوێنەر دەشێوێنێت ، تاکو دەگات بە شوێنێك ، کە ئیتر جیاوازیەکی ئەوتۆ لە نێوان ڕا و بۆچونەکانی ئەو و مەلا مەزهەر دا نامێنێتەوە : ( پێم وایە جەنگ لە بنەڕەت دا ئەرکێكی پیاوانەیە و ڕۆڵی ئافرەت لەو ڕوەوە تەواوکارییە ) ، ئیتر بەڕێزیان ڕونی ناکاتەوە ، کە داخۆ ئەو ڕۆڵی تەواوکارییە چیە ، کە ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە دا دەبێت بیگێڕێت ؟! ئایا ڕۆڵەکەی تەنیا لە جیهادی نیکاح و کۆیلەبوون بۆ پیاو دا کورت دەکرێتەوە یان لە ئەرك و مەیدانێكی تری مرۆڤایەتیی دا ؟!! کە دەبوایە کاک ئەبوبەکر ئاماژەیەکی بوێرانە بەو باسە هەستیارە بدات . پەنابردنی نوسەر بۆ شەرع و بۆچونی فەقیهە ئیسلامیەکان لەپێناوی سەلماندنی ڕۆڵ و بایەخی ئافرەت لە دیدی ئیسلام دا کارێكی بێبەرهەم ، تاقەتپڕوکێن ، بێسود ، ئاڵۆز و گەیشتن بە کۆڵانێكی داخراوە تاکو گەیشتن بە دنیایەکی سادەی واقیعبینیانە ، کە باوەڕناکەم نوسەر لە زەین و هزری خۆیشی دا باوەڕی بەمجۆرە مێتۆدە نەریتخوازییە هەبێت ، چونکە ئیسلام وەك هەڵگری پەیامێکی ئیلاهیی نەیتوانیوە ڕۆڵێکی گرنگتر و چالاکتر بە ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە دا بدات ، و نوسەر لەوبارەوە نەیتوانیوە بەڵگەیەکی باشتر لە شەرع و ڕای فەقیهەکان ، یان لە مەلا مەزهەر خۆراسانی بخاتەڕوو :
( بوونی نیمچە کۆدەنگیەك لە نێوان فەقیهەکان دا لەسەر ئەوەی ، کە هەرکاتێك پەلاماری وڵاتێکی موسوڵمانان درا و پیاوان بە تەنها نەیانتوانی ڕوبەڕوی داگیرکارییەکە ببنەوە ، ئەرکی ئافرەتانی موسوڵمانە ئەو بۆشایی و لاوازییە سەربازییە پڕبکەنەوە و بەشداریی جەنگەکە بکەن ) ، بەڵام کاك ئەبوبەکر لێرە دا هیچ ئاماژەیەکی کورتیش بێت بە سەرچاوە فەقیهەکان یان ئایەتێکی قورئان نەداوە ، و پێمان ناڵێت ، داخۆ شێواز و کرۆکی ئەو بەشداریە چی و چۆنە ؟! ئایا بەڕاستیی بەشداریەکە شەڕڤانانەیە یان تەنیا جیهادی نیکاح و تێرکردنی شەهوەتی پیاوانی سەحابە و موجاهیدانە لەکاتی جەنگ دا ؟! ئەگەرچی کاک ئەبوبەکر لە کۆتایی نوسینەکەی دا بۆچونەکانی مەلا مەزهەر ڕەت دەکاتەوە و بە ناڕاستیان دەزانێت ، بەڵام لە دواجاردا پێکهاتەی بۆچونەکانی هەردولایان ، کە پاشخانێکی ئیسلامییە سەبارەت بە ڕۆڵی شەڕڤانیی ( سەربازیی ) ئافرەتی کورد حەرامکراو یان سنوردارکراوە .
کۆتایی




کێشەی کورد و کێشەی نەتەوەیی: دەوڵەتی نەتەوەیی یان دەوڵەتی هاووڵاتیێتی؟.. ڕزگار ئاکرێی


لە نێوان ناسیۆنالیزم و هاووڵاتیبوون: تێڕوانینێکی چەپ بۆ بەدیلی ئازادی

1. پێشەکی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیان ساڵە ململانێی خوێناوی نەتەوەپەرستی بەخۆیەوە بینیوە کە ملیۆنەها قوربانی و ئاوارەی لێکەوتووەتەوە و وێرانکارییەکی گەورەی لە ئاستە جیاجیاکاندا لێکەوتووەتەوە. پرسی کورد یەکێکە لە گرنگترین ململانێ ناسیۆنالیستییە ئاڵۆزەکان کە کورد بەسەر چوار وڵاتی سەرەکیدا دابەش بووە کە بریتین لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا و هەلومەرج و هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کەلتووری لە هەر وڵاتێکدا جیاوازە. پرسیاری بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە : چارەسەری ڕاستەقینەی گونجاو بۆ پرسی کورد و پرسی نەتەوەیی ناوچەکە چییە ؟ ئایا لە بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی جیادایە، یان لە تێکۆشان بۆ دەوڵەتێکی هاووڵاتیبوون لەگەڵ مافی یەکسان؟
بەڵێ لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا چەوساندنەوەی نەتەوەیی ئاشکرا بەرامبەر بە کورد هەبووە و بەردەوامیش دەبێت و ئەمە واقیعێکی مێژوویی حاشاهەڵنەگرە چونکە مەحاڵە بەبێ دانپێدانانێکی ڕوون و ئاشکرا بە ڕاستی ئەو چەوساندنەوەیەی کورد و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دیکە لە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە بوەستێنرێت چ سروشتی نەتەوەپەرستی بێت یان ئایینی. ئەم چەوساندنەوە سیاسەتێکی سیستماتیک بوو کە لەلایەن دەوڵەتە مەرکەزییەکانەوە پەیڕەو کرابوو لە ڕێگەی نکۆڵیکردن لە ناسنامە و قەدەغەکردنی زمان و ڕاگواستنی زۆرەملێ، هەتا جینۆساید، و لەم نمونەی خوێناوی و بەرچاودا هەیە:

  • لە عێراقدا، دڕندەیی لە سەردەمی سەدام حوسێن گەیشتە لوتکە لە کاتی هەڵمەتی دڕندانەی ئەنفال کە دەیان هەزار کەسیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بێسەروشوێن کرد، هەروەها تاوانی بۆمبارانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی کە هەزاران هاووڵاتی مەدەنی لە چەند ساتێکدا لەناوبرد.
  • لە سووریا، هەردوو ڕژێم لە سەردەمی حافز و بەشار ئەسەددا گەمارۆیەکی نیشتمانییان سەپاند کە لە پشتێنەی عەرەبی نوێنەرایەتی دەکرا بۆ دابڕاندنی ناوچە کوردییەکان و سەرژمێری نادادپەروەرانەی ساڵی 1962 کە سەدان هەزار ڕەگەزنامە و مافی هاووڵاتیبوونیان لێسەندەوە، لەگەڵ قەدەغەکردنی گشتگیر لەسەر زمان و کەلتوور و چالاکی سیاسی. ئەمڕۆش لە کانوونی دووەمی 2026، ئەم ڕێگایە لە ڕێگەی هێرشی سەربازی سوپای سوریا و میلیشیاکانی هاوپەیمانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF) نوێ دەکرێتەوە. دوور له هه ر چاره سه رێکی دیموکراسی دادپه روه رانه بۆ پرسی نه ته وه یی
  • سەبارەت بە تورکیا، دەوڵەت دەیان ساڵە سیاسەتی پەیڕەو کردووە بە مەبەستی لەناوبردنی بوونی نەتەوەیی کورد و کوردەکانی بە ناوێکی شەرمەزارکەر بە “تورکی شاخاوی” پۆلێن کردووە و هەڵمەتی سەربازی دەستپێکردووە کە هەزاران گوند وێران و ملیۆنەها کەسی ئاوارە کردووە و هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندی بە ناسنامەی کوردەوە هەیە بە تاوان ناساندووە.
  • لە ئێران، کورد ڕووبەڕووی سەرکوتی ئاڵۆز دەبێتەوە لە ژێر نیری ڕژێمی ئایینی دیکتاتۆری کە لە سەرکوتی نەتەوەیی و لەسێدارەدانی مەیدانی و سیاسی، سەربازیکردنی تەواوی شارە کوردییەکان و پەراوێزخستنی ئابووری ناوچە سنوورییەکان دەردەکەوێت بۆ ئەوەی دانیشتووانیان بەرەو هەژاری و ژێردەستەیی ببەن.
    ئەم ڕاستیانە بەشێکی بنەڕەتی مێژووی هاوچەرخی ناوچەکەن و ناکرێت بە هیچ ڕێبازێکی جدی چەپ پشتگوێ بخرێن. هەرچەندە لە بنەڕەتدا نوێنەرایەتی یەک ڕووی سیاسەتێکی دیکتاتۆری گشتگیر دەکەن کە ئەو ڕژێمانە پەیڕەوی دەکەن چونکە تەنیا کوردیان نەکردە ئامانج بەڵکو ئامێری سەرکوتگەری خۆیان ئاراستەی هەموو هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە کرد و لە هەموو نەتەوەکاندا ، چونکە ئەو دیکتاتۆرییەی ناسنامەی کوردی تێکدەشکێنێت هەمان ئەو دیکتاتۆریەیە کە زۆرینەی ڕەها بێدەنگ دەکات و نەیاران بەبێ گوێدانە نەتەوە فڕێ دەدات ئایین و بیروباوەڕ دەخاتە زیندانەکانەوە و ئازادییەکانیان زەوت دەکات و کەرامەتی مرۆڤایەتیان وشک دەکاتەوە، کە خەبات لە دژی چەوساندنەوەی نەتەوەیی دەکاتە بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی گشتی دژ بە دیکتاتۆری چینایەتی و سیاسی.
    لەهەمانکاتدا داننان بەدادپەروەری دۆزی کورد و مافی کورد بۆ یەکسانی و کەرامەتی مەرج نییە مانای پەسەندکردنی هەموو پڕۆژە ناسیۆنالیستییەکان بێت کە بەناوی ئەم ستەمەوە پێشنیازکراون ڕووبەڕووبوونەوەی چەوساندنەوەی نەتەوەیی ڕاستەقینە بە جێگرتنەوەی نەتەوەیەکی باڵادەست بە نەتەوەیەکی تر بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو بە هەڵوەشاندنەوەی بناغەی دەوڵەتی نەتەوەیی دوورخراوەوە و بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان و دەستەبەرکردنی مافی تەواوی نەتەوەیی و کەلتووری و زمانەوانی بۆ هەموو پێکهاتەکان و کۆتاییهێنان بە بازنەی نادادپەروەری نەتەوەیی هاوبەش بۆ هەمیشە بەدەست دێت.

    2. لە ناسیۆنالیزمی چەوساوە بۆ ئەزموونی دەسەڵاتی دەسەڵاتدار
    وەک دەبینین لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە دۆخێکی نیمچە دەوڵەتی تەواو پێکدەهێنێت، “ناسیۆنالیزمی چەوساو” گۆڕاوە بۆ دەسەڵاتێکی فەرمانڕەوا کە ڕووبەڕووی تۆمەتی بەربڵاوی سەرکوتگەری و گەندەڵی دارایی ڕێکخراو دەبێت. دوو حیزبی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشدارییان کردووە لە دامەزراندنی پێکهاتەی حوکمڕانی بنەماڵەیی خێڵەکیی کە تێیدا دەسەڵات و سامان و کاریگەرییان هاوبەش بێت شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی کورد لە نێوان ئەو دوو حزبەدا هەڵگیرسا کە لە ساڵی 1994 تا 1998 بەردەوام بوو و ژیانی هەزاران کوردی لێکەوتەوە و هۆکارەکەشی تێکۆشان بوو بۆ هەژمووز و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکان نەک ئازادی نەتەوەیی تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆ ململانێی نێوانیان بە شێوەیەکی تر بەردەوام بوو و گۆڕدرا بۆ مۆدێلێکی ڕوونی حوکمی خێزانی بۆماوەیی دەسەڵاتدار
    بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە پێشێلکارییەکی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤیان ئەنجامداوە. گەندەڵی دارایی لە هەرێم بەربڵاوە چونکە فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ماوەی چەند مانگێک مووچەکانیان وەرناگرن. هەروەها هەرێم خۆپیشاندانێکی جەماوەری بەرفراوانی بەخۆوە بینی دژ بە بێکاری و گەندەڵی و دیکتاتۆری و پچڕانی مووچە و لە زۆر حاڵەتدا سەرکوت کران لە کاتێکدا دوو پارتی دەسەڵاتدار بەردەوامبوون لە قۆرخکردنی سەروەت و سامانی هەرێم و بەهێزکردنی ئامرازە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکەکانیان
    هەروەها لە سووریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە ساڵی 2015 ەوە بە پشتیوانی ئەمریکا فەرمانڕەوایی ناوچەیەکی فراوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان کردووە، گۆڕاوە بۆ دەسەڵاتێک کە بڕیارە سیاسی و سەربازییەکان لە دەستی خۆیدا چڕدەکاتەوە و سیاسەتی مەرکەزییەکی ئاشکرا دەگرێتەبەر. سەرەڕای جێبەجێکردنی کۆمەڵێک چاکسازی گرنگی پێشکەوتووخواز و مەدەنی بەتایبەتی لە هەندێک لایەنی کۆمەڵایەتی و ئیداری و فراوانکردنی بەشداری ژنان ئەم چاکسازییانە بە سەقفێکی چینایەتی و سیاسی دیاریکراو مابوونەوە و دەستیان لە کرۆکی پێکهاتەی دەسەڵات نەدا کە لەسەر بنەمای قۆرخکاری سیاسی و هەژموونی دەزگای حزبی داخراو دامەزراوە بەگوێرەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات تۆمار کراوە، لەوانە بەردەوامی بەخێوکردنی منداڵان و گرتنەبەری سیاسەتی ئەمنی توند کە بریتییە لە دەستبەسەرکردن و سەرکوتکردن و ئەشکەنجەدانی بەرهەڵستکاران. بەبۆچوونی من ئەزموونی چەپی ناسیونالیستی کورد هەرچەندە پێشکەوتوو بێت زەحمەتە بتوانێت ئاستی چاکسازی چەپ و مەدەنی تێبپەڕێنێت هاوشێوەی ئەزموونی نوخبەی ناسیونالیستی کە لە سەدەی ڕابردوودا حوکمی ناوچەکەیان کرد کە بە بەڵێنی فراوانی کۆمەڵایەتی و چەپ دەستیپێکرد بەڵام پێکهاتەی مەرکەزی داخراویان دواجار بەرەو دیکتاتۆری و دیکتاتۆری و پەراوێزخستنی ئیرادەی جەماوەری بردوون
    لەڕێگەی ئەم ئەزموونانەوە لەهەرێمی کوردستانی عێراق و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو ململانێیەی کە وەک خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بەبازاڕ دەکرا بە کرداری گۆڕاوە بۆ ململانێی دەسەڵات و نفوز و سەروەت و سامان لەنێوان هێزە سیاسیە ناسیونالیستە بۆرژوازییەکان کە حوکمڕان یان ئارەزووی فەرمانڕەوایی دەکەن گوتاری ناسیۆنالیستی لێرە لە ئامرازێکی ڕزگاریخوازییەوە دەرکەوتووە و گۆڕاوە بۆ بەرگێکی ئایدیۆلۆژی بۆ پاساوهێنانەوەی دەسەڵات و سەرکوتکردنی نەیاران و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان پەیوەندییەکانی زاڵبوون کە پێشتر جەماوەر لە ژێر ڕژێمە ناسیۆنالیستە ستەمکارەکاندا یاخی بوون، بەڵام ئەمجارەیان بە کاراکتەری لۆکاڵی.
    قوربانی بوونی نەتەوەیی مێژووی، هەرچەندە تاڵ بێت، بڕوانامەی لێبوردن نابەخشێت بە هیچ دەسەڵاتێکی نەتەوەیی بۆ سەرکوتکردن و چەوساندنەوە. گۆڕینی “ناسیۆنالیزمی چەوساو” بۆ “ئامرازی سەرکوت و دیکتاتۆری” شکستی ئەخلاقی گەورەی پڕۆژەی ئازادی نیشان دەدات کە دەیسەلمێنێت کە کەموکوڕییەکە لە نوخبەی فەرمانڕەوادا نییە، بەڵکو لە پێکهاتەی خودی دەوڵەتی نەتەوەیی دوورخراوەیە.

    3. پەراوێزخستنی خەباتی چینایەتی و مەترسی شەڕی ناوخۆیی نەتەوەیی
    ململانێی نەتەوەیی لە ناوچەکەدا مەترسییەکی ڕاستەقینەی هەیە کە کۆمەڵگاکان بەرەو دەمارگیریی نەتەوەیی و شەڕی ناوخۆیی خوێناوی دەباات، کە تێیدا جەماوەری کرێکار سووتەمەنی ئەو ململانێیانەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان ناکەن. گوتاری ناسیونالیستی پەراوێزخراو لە هەندێک حیزب نەک تەنها کار بۆ خۆراک دانی ڕق و دووبەرەکی دەکات، بەڵکو ئەرکێکی سیاسی ڕوون و ئاشکرا جێبەجێ دەکات کە لە گۆڕینی ململانێ لە ململانێی کۆمەڵایەتی چینایەتی نێوان جەماوەری کرێکار لە لایەک و چینی فەرمانڕەوا و بۆرژوازی کۆنتڕۆڵکراو لە لایەکی دیکەوە بۆ ململانێیەکی ساختە نەتەوەیی و ناسنامەیی نوێنەرایەتی دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، ململانێ نەتەوەییەکان لادانێکی ڕێکەوت پێک ناهێنن، بەڵکو ئامرازێکی کاریگەرن بۆ لاوازکردنی خەباتی چینایەتی و هەڵوەشاندنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی جەماوەر و سەرقاڵکردنیان لە پرسەکانی ڕۆژانەیان پەیوەست بە ماف و کار و مووچە و خزمەتگوزاری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
    لە ژێر پەردەی بەرگریکردن لە نەتەوە و ناسنامەکە، خەباتی چینایەتی پەراوێز دەخرێت، چەوساندنەوە پاساو دەبێت، و دەسەڵاتدارانی ئێستا یان ئەوانەی دەیانەوێت حوکم بکەن پارێزراو دەبن لە هەموو لێپرسینەوەیەکی کۆمەڵایەتی. قەیرانی ئابووری و گەندەڵی و دیکتاتۆری لە بەرهەمی سیاسەتی چینێکی کۆنکرێتەوە دەگۆڕدرێن بۆ دەرئەنجامی دووەمی ململانێیەکی نەتەوەیی هەڵبەستراو و جەماوەر پاڵ پێوە دەنرێن بۆ ڕیز کردن لە پشت نوخبەی نەتەوەیی فەرمانڕەوا کە لە جەوهەردا جیاواز نین لەگەڵ چینە دەسەڵاتدارەکانی تری ناوچەکە. بەم شێوەیە ململانێ نەتەوەییەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی گوتاری جەنگ و بزووتنەوە و ڕق و کینە و بەتاڵکردنی خەباتی کۆمەڵایەتی لە ناوەڕۆکەکەی و بڕینی ڕێگا لەبەردەم هەر ئەگەرێک بۆ بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی چینایەتی چەپی یەکگرتوو لە نێو نەتەوە و مەزهەبەکاندا.
    ئەرکی هێزە چەپ و ئازادیخوازەکان لەم چوارچێوەیەدا ئەوەیە کە خۆیان لەسەر بنەمای ناسنامەی مرۆیی و نێودەوڵەتی دابمەزرێنن و هاوسۆزی لەگەڵ ئازارەکانی هەموو قوربانیانی دیکتاتۆری و جەنگ و ململانێی چەکداری بێ گوێدانە ڕەگەز و ئایین و مەزهەب و ئاراستەی سیاسی خۆیان دابمەزرێنن. هاوپەیمانی هەڵبژاردە کە هاوسۆزی بۆ ڕەگەز یان مەزهەب یان ئاراستەیەکی سیاسی دیاریکراو سنووردار دەکات و چاو لە تاوانەکانی دژ بە هاووڵاتیانی دیکە دەبەستێت، بیرکردنەوەیەکی نامرۆڤانەیە و ڕاستەوخۆ یارمەتیدەرە بۆ چەسپاندنی دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی، قوڵکردنەوەی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و لاوازکردنی هەر پڕۆژەیەکی ئازادی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی.

    4. ئایا دەوڵەتی نەتەوەیی ئێستا دەگونجێت؟

هەلومەرجی بابەتی بۆ پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی گونجاو نییە، چونکە ئەو ناوچانەی زۆرینەی کوردیان تێدایە دەورەدراون بە هێزە ناوچەییە نەیارەکان (تورکیا، ئێران و کاریگەری دەوڵەتە عەرەبییەکان) و بزووتنەوە ناسیونالیستە کوردییەکان هیچ پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی ڕاستەقینەیان نییە. پشتیوانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا هەلومەرجییە و پەیوەندی بە بەرژەوەندییە ڕاستەوخۆکانەوە هەیە.
تەنانەت ئەگەر دەوڵەتێکی کوردیش بەدی بهێنرێت، چ شتێک گەرەنتی مانەوەی دەکات لە کاتێکدا کە لەلایەن چەند دەوڵەتێکی دیکتاتۆرەوە گەمارۆدراوە، یان گرەنتی ئەوە دەکات کە نەگۆڕێت بۆ مۆدێلێکی دیکتاتۆری نوێ؟ ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراق و سوریا لەبەردەمماندا ئاشکرایە: حوکمی حزبی خێڵەکی، کرداری دیکتاتۆری، گەندەڵی دارایی بەربڵاو و پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ.
پێویستە بە ڕوونی باسی واقیعی دیمۆگرافی بکەین لە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە پڕۆژەی نەتەوەیی تێدا پێشنیار دەکرێت: ئەم ناوچانە هەموویان زۆرینەی نەتەوەیی نین. چۆن دەتوانرێت پڕۆژەیەکی نەتەوەیی نوێ لەسەر ئەو زەویانە دروست بکرێت کە بەشێک لە دانیشتوانەکەی لە نەتەوەکانی ترەوە هاتوون؟ ئەم کێشە دیمۆگرافیە گرژی نەتەوەیی توند دروست دەکات و دەرگا دەکاتەوە بۆ تۆمەتبارکردن بە پەیڕەوکردنی سیاسەت چ “عەرەبیزەکردن” یان “کوردکردن” و “تورککردن” دژی دانیشتووانی تر. بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی یان نیمچە دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوەیی لە ناوچە فرە نەتەوەییەکان زەحمەتە بەبێ دروستکردنی نادادپەروەری نەتەوەیی نوێ.

5. گرەوکردن لەسەر زلهێزەکان و بەتایبەتی ئەمریکا
هەندێک لە بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکانی ئێستای کورد لە ناوچەکەدا لە چەند قۆناغێکی دیاریکراودا زۆرێک لە پڕۆژەکانیان لەسەر پشتیوانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بنیات ناوە و بەردەوامیش دەبن ئەمریکا وەک گەورەترین هێزی سەرمایەداری لە جیهاندا پشتگیری زۆربەی ڕژێمە کۆنەپەرست و ڕەگەزپەرستەکان دەکات و هەرگیز لایەنگری گەلانی چەوساوە و بەها مرۆیی و ئازادیخوازەکان نەبووە. بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە ئامانجی سەرەکی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی و بەهێزکردنی هەژموونی خۆیەتی. من لەو باوەڕەدام کە هاوپەیمانێتی ئەمریکا لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە سوریا و عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوو کە لە نەبوونی هێزی زەمینی گەورەی ئەمەریکا دروست بوو، چ لە ڕێگەی هێزە ئاساییەکان و چ لە ڕێگەی کۆمپانیا ئەمنییەکانەوە، بۆیە لە جێبەجێکردنی ئەجێندای خۆی و بەهێزکردنی نفوزی خۆی پشتی بە هێزە مرۆییە سەربازییەکانی کورد بەستووە و بەردەوامیش دەبێت.
لەم دواییانەدا، ئەم هاوپەیمانێتییە لە سوریا گۆڕانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەرەو ئەحمەد ئەلشەراع و حکومەتی ناوەندی. پارادۆکسەکە ئەوەیە کە ئەمریکا هاوپەیمانی لەگەڵ کەسێک کردووە کە بە دیموکراسی هەڵنەبژێردراوە و تا ئەم دواییانە لە لیستی تیرۆری جیهانیدا بوو، کە بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە ئەمریکا تەنها بایەخ بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دەدات و هیچ پەیوەندییەکی بە دیموکراسی و بەها مرۆڤایەتیەکانەوە نییە. ئەم هاوپەیمانێتییە زۆر هاوشێوەی هاوپەیمانێتی هەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لەگەڵ ئەمریکایە پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەڕای من هاوپەیمانییەکی کاتی و ناسکە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەڕێوەی دەبات، و شەرعییەت بە دەستێوەردانی ئەمریکا و کردارەکانی دەبەخشێت. کاردانەوەی ئەمە لەسوریا بەڕوونی دەبینین و دوور نییە هەمان سیناریۆش لەهەرێمی کوردستانی عێراقدا دووبارە ببێتەوە بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕێکخستنی ئەولەویەتەکانی.
مێژوو دەیسەلمێنێت کە سیاسەتی ئەمریکا لە بەرژەوەندییە ستراتیجیەکانیەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە پابەندبوونێکی ئەخلاقی بە گەلان، وەک لە ئەزموونی زۆردا لە ناوچەکەدا دەردەکەوێت. ئەمریکا بەوە ناسراوە کە کاتێک ڕۆڵیان کۆتایی دێت یان بەرژەوەندییەکانیان ناکۆک دەبن لەگەڵ ئەجێندای هاوپەیمانەکانیدا واز دەهێنن. نموونەی زۆرمان هەیە لەوانە ئەوەی بەسەر کوردەکان هات لە عێراق لە ساڵی 1975 و ئەوەی بەسەر ئەفغانییەکان هات دوای کشانەوەی سۆڤیەت. بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان و پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی تری ناوچەکە وەک گرنگترین و بنچینەیی دەمێنێتەوە گرەو کردن لەسەر هێزە گەورەکانی سەرمایەداری، لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکایە، گرەوکردنە لەسەر “سەرابێکی سیاسی”. ئەم هێزانە بزووتنەوە ناسیونالیستییەکان وەک هاوپەیمان نابینن، بەڵکو تەنها سەرباز لەسەر تەختەی شەترەنجی جیۆپۆلەتیک دەبینن، کە لە ڕێکەوتنی پشتەوە دەکڕن و دەفرۆشرێن هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا و نەوت پێویستیان پێبێت.

6. دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و مافی مرۆڤ بە ناسنامەی مرۆیی
دەبێت جیاوازییەکی ڕوون بکرێت لە نێوان داواکردنی مافە کەلتووری و زمانەوانی و کارگێڕییەکان بۆ کورد و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دیکە و داواکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی جیا ئەم مافانە داواکارییەکی ڕەوا و دادپەروەرانەن کە دەبێت لەلایەن هەموو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکانەوە پشتگیری بکرێن، هەر لە دانپێدانانێکی دەستووری بە پلورالیزمەوە تا لامەرکەزییەتی کارگێڕی، بەڵام تێکۆشانیان لە ژێر هاوسەنگی جیۆپۆلەتیکی ئێستادا گونجاوترە لە چوارچێوەی دەوڵەتی هاووڵاتیبوونی یەکسان لە هەموو نەتەوە و ئایینەکاندا بێت. ئەڵتەرناتیڤی گونجاو ئەمڕۆ لە بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی نوێ نییە کە دووبەرەکی بەرهەم دەهێنێتەوە، بەڵکو لە دەوڵەتێکی هاووڵاتیبوون کە نەتەوە و ئایین لە دەسەڵات بێلایەن دەکات و پێکهێنانی حیزب لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان ئایینی سنووردار دەکات، بەشێوەیەک کە تەوەری خەبات سەروەری یاسا و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بێت، نەک جوڵاندنی جەماوەری کرێکار لە ململانێ نەتەوەیی-ئایینییەکاندا کە تەنها خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بۆرژوازی دەکات.
ئەم گواستنەوەیە بازدانێک نییە بۆ بۆشایی، بەڵکو ڕێگایەکی وردە وردە کە پێویستی بە میکانیزمێکی دەستووری ڕوون هەیە بۆ دڵنیابوون لە نەگەڕانەوەی مەرکەزییەتی قێزەون، و لێرەوە مۆدێلی فیدراڵیزمی جوگرافی (کارگێڕی) وەک بەدیلێکی عەقڵانی بۆ فیدراڵیزمی نەتەوەیی دەردەکەوێت. بۆ ئەوەی هەرێمەکان دەسەڵاتێکی فراوانیان پێبدرێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکانیان، کە ناکۆکی لە تۆمەتی نەژادی بەتاڵ دەکاتەوە و دەیگۆڕێت بۆ کێبڕکێی خۆشگوزەرانی. ئەمە دەبێت لەگەڵ “دەستوورکردنی گشتگیر بۆ ناسنامەکان” هاوکات بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی مافە کولتوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان وەک مافێکی نەگۆڕ و بنیاتنانی دەزگاکانی چاودێری و دادوەری سەربەخۆ کە ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ سەرهەڵدانی تەوژمە سیاسییەکان کە کێبڕکێ لەسەر پرۆگرامەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و ژینگەیی دەکەن.
ئەزموونی نێودەوڵەتی، سەرەڕای بوارە جیاوازەکانیان، ئەگەری بنیاتنانی ئەم مۆدێلە دەسەلمێنێت. سویسرا لە ڕێگەی لامەرکەزیەوە سەرکەوتوو بوو لە گونجاندنی چوار زمانی فەرمی، و ئەفریقای باشوور ڕەگەزنامەی هەڵبژارد لە جیاتی تۆڵەسەندنەوە، تەنانەت لە هیندستان، بۆلیڤیا و ئیسپانیا، هەوڵی جددی دەبینین بۆ بەڕێوەبردنی هەمەچەشنی لە ڕێگەی خۆبەڕێوەبردن و داننان بە فرەیی بەبێ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت. ئەم نموونانە تەواو نین، بەڵام ئەوە دووپات دەکەنەوە کە بەدیلی دەوڵەتی نەتەوەیی پەراوێزخراو خەونێکی یۆتۆپیا نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکە کە لە ڕێگەی ئیرادەی سیاسی و خەباتی بەردەوامی جەماوەرییەوە بەدەست دەهێنرێت کە کەرامەتی و مافەکانی مرۆڤ لە سەرووی هەموو تێڕوانینێکی تەسکی نەتەوەیی یان مەزهەبییەوە دادەنێت.
لێرەدا دەشێت پرسیارێک دروست بکرێت کە دەوڵەتی هاووڵاتیبوون تەنها خەونێکی یۆتۆپیاییە بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی ئێستای وڵاتانی ناوچەکە کە دەسەڵاتخوازی بە قووڵی ڕەگی داکوتاوە و دابەشبوونی نەتەوەیی قووڵ بووە. بەڵام ئەم ناڕەزایەتییە ڕاستییەکی بنەڕەتی پشتگوێ دەخات: پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی جیا لە هەلومەرجی ئێستادا یۆتۆپیایە. قسەکردن لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ و سەقامگیر کە دەورەدراوە بە دەوڵەتی دوژمن و بەبێ پشتیوانی نێودەوڵەتی ڕاستەقینە و لە ناوچە فرە نەتەوەییەکاندا، لە خەونێکی دوور دەچێت. سەبارەت بە دەوڵەتی هاووڵاتیبوون، پڕۆژەیەکی وردە وردە واقیعیانە کە بە هەنگاوی کۆنکرێتی دەست پێدەکات: دەستوورکردنی مافە نەتەوەییەکان، بنیاتنانی دامەزراوەی دیموکراتی، جێبەجێکردنی لامەرکەزیەتی کارگێڕی و بەهێزکردنی سەروەری یاسا. ئەمانە هەنگاوەکانن کە لە ڕێگەی خەباتی جەماوەری بەردەوامەوە بەدەست دەهێنرێن، نەک بازدان بۆ نەزانراو. مێژووی ئەم دواییانە دەیسەلمێنێت کە گۆڕانی دیموکراسی تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا دەگونجێت. کێشەکە لە یۆتۆپیای پڕۆژەکەدا نییە، بەڵکو لە ئیرادەی سیاسی و خەباتی ڕێکخراودایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە.
ئەمە مانای کەمکردنەوەی گرنگی ناسنامەی نەتەوەیی یان دژایەتیکردنی مافە ڕەواکانی نەتەوەیی نییە. ئەمە بانگەوازێک نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی یان نکۆڵی کردن لە تایبەتمەندییەکەی بەڵکو بانگەوازێکە بۆ نەگۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی بۆ بنەمایەک بۆ بنیاتنانی دەسەڵات و دەوڵەت و بۆ ئامرازێک بۆ جیاکاری و پەراوێزخستن. ناسنامەی نەتەوەیی مافێکی کولتووری، زمانەوانی و مرۆڤییە کە دەبێت بپارێزرێت، بەڵام دەوڵەت دەبێت لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان بنیات بنرێت نەک لەسەر بنەمای ئینتیمای نەژادی. مەسەلەکە دژایەتیکردنی بەکارهێنانی ناسنامەی نەتەوەییە وەک پەردەیەک بۆ پاساوهێنانەوەی دەسەڵاتخوازی یان گۆڕینی ململانێی کۆمەڵایەتی بۆ ململانێیەکی نەتەوەیی کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی نوخبەی فەرمانڕەوا دەکات. جەوهەری مافە نەتەوەییەکان دەبێت بە دەستەبەرکردنی دەستووری و دامەزراوەیی بۆ هەموو پێکهاتەکان بەرگری لێبکرێت، لەجیاتی بەستنەوەیان بە پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی دوورخراوەوە کە نادادپەروەری بە پێچەوانەوە بەرهەم دەهێنن. دەبێت ناسنامەی نەتەوەیی کورد وەک شوناسەکانی تر ڕێزی لێبگیرێت و بپارێزرێت بەڵام نەک وەک ئامرازێک بۆ بنیاتنانی دەسەڵاتی نەتەوەیی

7. مافی چارەی خۆنووسین و عەقڵانیەتی واقیعی
لە کاتێکدا پشتگیری تەواوی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد و هەموو گەلان بە جیابوونەوەشەوە دەکەین، بەڵام پێم وانییە هەلومەرجی جیهانی و ناوچەیی ئێستا گونجاو بێت بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی نەتەوەیی نوێ. دەبێت یەکێتی زۆرەملێ لە نێوان گەلان ڕەت بکەینەوە و پشتیوانی لە پێکەوەژیان و یەکڕیزی خۆبەخشانە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان بکەین و لە هەمان کاتدا پشتگیری و پەسەندکردنی مافی چارەی خۆنووسین بکەین لەوانە جیابوونەوە، ئەگەر ئەمە ماف و یەکسانی زیاتر و ژیانێکی باشتر و ئاسایشی باشتر و ململانێی کەمتر لە ناوچەکەدا دابین بکات.
ئەم هەڵوێستە بە مانای دوژمنایەتی ئازادی نەتەوەیی کورد و کەمکردنەوەی دادپەروەری دۆزی مێژوویی ناگەیەنێت بەڵکو بەرگرییە لە خودی جەوهەری ئازادی لە شێواندنی پڕۆژە ناسیونالیستە بۆرژوازییەکان کاتێک خەباتی ئازادیخوازی دەگۆڕن بۆ دەسەڵات و دیکتاتۆری و گەندەڵی لە هەلومەرجی ئێستادا پێموایە جەماوەری کرێکار لە پێناو قەوارە نەتەوەییەکاندا تووشی قەیرانی قوڵتری ئابووری و سیاسی دەبن و ئەگەر ئێستا پێک هاتبن هەلومەرجی ئێستا و ئەزموونی پێشوو ئەوە دەردەخات کە ڕەنگە ڕووبەڕووی مەترسی گۆڕان ببنەوە بۆ مۆدێلێکی دیکتاتۆری تر لە ناوچەکەدا وە هیچ شتێک لە ژیانیاندا ناگۆڕێت
دەبێت مامەڵە لەگەڵ عەقڵانیەتی واقیعی و زانستیدا بکەین و هەلومەرجی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی و هاوسەنگی هێزی چینایەتی و تواناکانمان لە هەموو ڕوویەکەوە و توانا و هێزی دوژمنەکانمان و ئیمکانە واقیعییەکان بۆ بەدیهێنانی چارەسەر و سیاسەتەکانی پێشنیار و میکانیزمەکانیان بکۆڵینەوە. دەبێت خۆمان بەدوور بگرین لە بەشداری کردن ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ڕاکێشانی جەماوەر بۆ شەڕی نەتەوەیی دۆڕاو وێرانکەر و دوور بکەوینەوە لە هاندان و پشتیوانیکردنیان چونکە جگە لە تراژیدیایەکی گەورە بۆ هاووڵاتیان و بەتایبەت کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر و زیانی مرۆیی و ئابووری و سیاسی و سەربازی گەورە بۆ هەموو لایەنەکان هیچی تر دروست ناکات پشت بەستن بە عەقڵانیەتی و ڕیالیزم زۆر پێویستە، نەک بە “پاڵەوانێتی نەتەوەیی” و “شانازی نەتەوەیی” و “ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنی نەتەوەیی بە هەموو شێوەیەک و تا دوا گوللە”. ئەم گوتارە لە شەڕی سەربازی و سیاسیدا سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت، بەڵکو جەماوەر بەرەو جەنگ و وێرانکاری زیاتر ڕادەکێشێت.

8. ئەرکەکانی چەپ و بنیاتنانی ئەڵتەرناتیڤ لە نێو دەوڵەتی هاووڵاتیبوون
ئەرکی ئێمە وەک چەپەکان ئەمڕۆ لەو وڵاتانەی کە کێشەی نەتەوەیی بەخۆوە دەبینن ئەوەیە کە هێڵەکانمان لە هەموو لایەنەکانی ململانێی نەتەوەیی جیا بکەینەوە و خەبات بکەین بۆ دەوڵەتێک لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و مافی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ نەک لەسەر بنەمای نەتەوەیی و مەزهەبی. ئەم ڕێگایە درێژ و سەختە، بەڵام تاکە ڕێگایە کە بتوانێت بگاتە چارەسەرێکی ڕاستەقینە و بەردەوام بۆ پرسی نەتەوەیی، دوور لە جەنگ و ململانێکان کە جگە لە تراژیدیا بۆ جەماوەر هیچی تر بەرهەم دەهێنن.
چەپ دەتوانێت بە پراکتیکی خۆی لە چوارچێوەی پڕۆژەی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون ڕێکبخات بە بنیاتنانی ڕێکخراوی سیاسی و سەندیکایی و جەماوەری لە سەرانسەری نەتەوە و مەزهەبەکاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ماددییە هاوبەشەکانی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری و بەستنەوەی خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکان بە شەڕی کۆمەڵایەتی دژ بە چەوساندنەوە و گەندەڵی و دیکتاتۆرییەت و بەدەستهێنانی ئەلتەرناتیڤی سۆسیالیستی ئەم ڕێگایە پێویستی بە سەربەخۆیی سیاسی و ڕێکخراوەیی تەواوی چەپ لە هەموو شێوەکانی هێزە بۆرژوازییەکان بە گوتاری ناسیونالیستی و کاری ڕۆژانە لەناو کۆمەڵگادا هەیە بۆ یەکخستنی جەماوەری کرێکار لە دەوری پرۆگرامێکی کۆنکرێتی یەکسانی و ئەوپەڕی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و لامەرکەزیەتی دیموکراتی و ئازادی، وەک خاڵی چوونە ژوورەوەی واقیعیانە بۆ بنیاتنانی ئەم ئەلترناتیڤ.
گەلانی هەرێمەکەمان لە حاڵەتی ململانێی زگماکی نین، و بە ڕق و دووبەرەکی لە دایک نەبوون، بەڵکو قوربانی ئۆپەراسیۆنی بسیج و سەربازی ناسیونالیستی ڕێکخراون کە تێیدا جەماوەری کرێکاری نەتەوە جیاوازەکان بەرەو ململانێی نەتەوەیی خوێناوی پاڵ دەنرێن و قوربانی جەماوەری دەگۆڕێت بۆ چەسپاندنی کورسییەکانی ستەمکارانی بۆرژوازی کە گوتاری ناسیونالیستی وەک پەردەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە چینایەتیەکانیان بەکاردەهێنن. جەنگی سەرەکیمان گۆڕینی سیمبولی نەتەوەیی و ڕەنگی ئاڵا و زمانی فەرمانڕەوا نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی زنجیرەکانی دیکتاتۆرییەت و چەوساندنەوە و دەمارگیرییە لە ڕیشەکانیانەوە و بنیاتنانی فەزایەکی مرۆڤدۆستی سۆسیالیستی دیموکراتی کە هەمووان جێگەی بگرێتەوە. ڕێگای ماف و ئازادی کورد بە ماف و ئازادییەکانی دراوسێی عەرەب و تورک و سریانی و ئێرانیدا تێدەپەڕێت و لە ژێر سایەی دەوڵەتێکدا کە لە ڕەچەڵەک پرسیار لە هاوڵاتی ناکات و نان و ئازادی خۆی مسۆگەر دەکات و ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤایەتی دەگرێت.

ڕزگار ئاکرێی




چەند تێبینییەك سەبارەت بەم بارودۆخەی ئێستای ڕۆژئاوا.. زاهیر باهیر

ڕۆژئاوا و سوریا و دەوڵەتانی دراوسێ بە بارودۆخێکی ئێکجار ئاڵۆزدا دەڕۆن ، بۆ ئێمە زۆر زەحمەتە کە بتوانین بە تەواوی سەری لێدەرکەین . ئەوەی کە لە ئێستادا دەیزانین و ڕوونە لامان، بوونی ئەجەندەیەکی شاراوەیە لە لایەن ئیئسرائیل و ئەمریکاوە، یاریکەرەکانی ناوچەکە بە تورکیا و حکومەتی سوریای داعیشەوە لە یارییەکی خۆێناویدا دەردەکەون و خوێنەکەش لە جەستەی ڕۆژئاوای کوردستان دەچۆڕێت .
هەموان دەزانین کە چی ڕویداوە و هەر یەکەشمان ڕەنگە پێشبینییەکی جیا و تایبەت بە خۆمانمان هەبێت دەربارەی ئەم گەمە خوێناوییە. من لێرەدا تەنها قسە لەسەر ئەو خاڵانە دەکەم کە تێبینیم کردوون .
یەك: شەپۆلی ڕایسیزم: شەپۆلێکی فراوانی ڕایسیزم و قەومچێتی تا ڕادەیەك فەزای هەموو ناڕەزایی و خۆپیشاندان و ڕووبەری میدیا و سۆشیالمیدیای گرتۆتەوە . ئەم شەپۆلەش پشکی هەرە زۆری کوردانی باشوور بە تایبەت ئەفەنییەکانی پشتی کۆمپیوتەر و کوردچییەکان، لە ناویشیاندا زیاتر خەڵکانی شارە حەیاتەکەیە ، شاری ڕۆشنبیری و یاخیی.
بە ئاشکرا ئەمە لەو ڕووبەرانەی کە لە سەرەوە باسم کردن دیارن و لە فەیسبووك و وەتساپیشدا بە دەیەها ڤیدۆ دەنێررێت لەوانەی کە چۆن مامەڵەی کوردانی ڕۆژئاوا و جەنگاوەرانیان لە لایەن خەڵکانی غەزە و شۆڤێنیسستەکانی عەرەب و داعشەکانی جۆلانییەوە دەکرێت، یاخود پارچە هەڵبەستی ڕایستیانە و فاشیانە دەنێررێت . هاوکاتیش بە دەیەها ڤیدۆی تر هەن کە لە لایەن خەڵکانی عەرەب و تورکەوە پشتگیری ڕۆژئاوا دەکەن کەچی کەمتر بایاخیان پێدەدرێت و زۆر بەدەگمەن دەستاودەستیان پێدەکرێن .
ئەمەی کە ڕوودەدات زۆر مەترسیدارە، لە کاتێکدا ئەم مەیلە ڕایسستانە لەناو خەڵکانی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستاندا نییە ، گەر هەش بیت هەر زۆر دەگمەنن . ئەم جۆرە بە ناو چالاکییانە شتێك نییە جگە لە بەنزین کردن بە خۆشکردنی ئاگری شەڕی کورد و عەرەبدا نەبێت.
دوو: داوای لابردنی تۆم باڕاك: زۆرن ئەو کەسانەی کەوا دەزانن کە ئەوەی ڕووی داوە لە ڕۆژئاوا و سوریادا سیاسەتی خودی تۆم باڕاك، نێردەی ئەمەریکایە. ئەوانە پێیان وایە بە جێگرتنەوەی ئەو بە کەسێکی دیکە، ئەوە لە قازانجی کورد دەبێت دۆخەکە دەگۆڕێت. ئەوە راستە کە تۆم باراك بە بنەچە عەرەبی لوبنانییە و ڕەنگە مەیلێکی کەمی بەلای عەرەبدا لە پرسە بچووکەکاندا هەبێت، بەڵام ئەو تەنها نوێنەرایەتی سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریکی لە سوریا دەکات و سیاسەتەکانی ئەمەریکا جێ بەجێدەکات و ناتوانێت سەرپێچی بکات . بەڵگەش بۆ ئەمە: بوونی فرماندە گەورە سەربازییەکانی ئەمریکییە کە لەوێن، هەروەها کەسانی گەورەی دەزگەی سیخوڕی سی ئای ئەیە، خۆ ئەگەر تۆم باڕاك سیاسەتی ئەمەریکا پێچەوانە بکاتەوە ئەوان بێ دەنگ نابن. دوای ئەوە کە بەندیخانەکانی هەسەدە کە سیخناخ بوون لە گیراوانی داعش و خێزانیان، کاتێك کە لەلایەن سوپای داعشی سوریاوە هێڕشیان کرایە سەر هەسەدە و پاسەوانانی بەندیخانەکان هێزەکانی ئەمریکایان لێ ئاگەدارکردنەوە ، بۆچی ئەو هێزە ئەمریکییە هیچ نەهاتنە دەنگ و بەداواکەی هەسەدەوە نەچوون؟
سێ: ترامپ بزنسامانە و سیاسی نییە: زۆرێک لە ڕۆشنبیران و فەیسبووکوانی کورد سەبارەت بە خراپی هەڵوێستی ترامپ بە ڕۆژئاوا و کورد دەڵێن ترامپ بزنسمانە نەك سیاسی و کەسانی سیاسی ئاوا ئیدارە بەڕیوە نابەن . ئەم کەسانە هیچ جۆرە زانیارییەکیان نە لە سیاسەت و نە لە ئابوریش نییە. ئەمان تێناگەن کە سیساسەت و سیاسەتکردن رەنگدانەوەی ئابوورییە و بۆ بەرژەوەندی ئابووریانەیە ، وەکو ئەوەی کە سەرانی پێشوی ئەمەریکا لەسەر پەنجەی بزنسمانە گەورەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان نەسوڕابێتنەوە!! .
ئیدارەی سیاسی هیچ نییە جگە لە پارێزەری ئابووری و هەیمەنەی ئابووری ، گەورەیی و هەیمەنی هەر وڵاتێك بە بەهێزی ئابوورییەکەیەوەیە، هەر لەبەر ئەوەیە کە سیاسەت و بەرنامەی پەروەردە و پێگەیاندن و هەوڵی حکومەتەکان بۆ گەشەی ئابوورییە، تەنانەت سوپاکەی لە خزمەتی ئەوەدایە. ترامپ هەم سیاسییە و و هەم بزنسمانێکی گەورەیە بڕیارە سیاسییەکانی کە دەیدات ڕەنگدانەوەی دۆخی ئابوورییە و بۆ پاراستن و سوودگەیاندنی زیاتری ئابووریانەیە بە سامانداران و کۆمپانیا گەوەرکان.
چوار: کارایی ئەم ڕووداوە لەسەر بەناو پرۆوسەی ئاشتی : بێ گومان ئەمەی کە ڕوودەدات کارایی زۆر خراپی لەسەر کوردانی باکور و پەکەکە و خودی ئۆجەلان دەبێت . هەسەدە بربڕە پشتی ڕۆژئاوا و باکوری تورکیا بوو . ئەوەندەی کە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەریی لای ئەردۆگان و ئاکەپە گرنگ بوو بە دەیەکێکی ئەوە پەکەکە نە لایان گرنگ بوو نە مەترسیشیان لیی هەبوو . پەکەکە لە ژێر ڕکێفی دەوڵەتی تورکیادایە هەموو کاتێك حکومەتی تورکیا دەیانتوانی و دەتوانن شەڕی بکەن ، وەکو کردویانە و سێ کوردستانیشیان پیوە وێران کرد . ئەردۆگان و ئاکەپە خۆیان دەیانزانی بزوتنەوەی چەکدارانەی پەکەکە لە 2015 وە گەورەترین خزمەتی بە دەوڵەتی تورکیا کردووە و بچوکترین خزمەتی بە کورد و کوردستانەکان نەکردووە.
ئەردۆگان و ئاکەپە ڕۆژئاوایان ئەوەندە بە گرنگ و مەترسیدار بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا زانیوە گەر لەبەر هاوپەیمانی ئەمەریکا لەگەڵ هەسەدەدا نەبوایە و ئەو هاوپشتی و پشتگیرییەی کە ڕٶژئاوا هەیبوو نەك هەر لە کوردستانەکاندا، بەڵکو لە زۆر وڵات لە جیهانیش دا، ئەوە تورکیا بە هەموو شێوەیەك لێی دەدا و کۆتایی پێدەهێنا گەر چی تا ئێسا درێغی نەکردووە هەر کات هەلی بۆ ڕێکەوتبێت گورزی گەورەی لێوەشاندووە.
بە بڕوای من ڕوودانی ئەمەی کە ڕوویداو گەر ئاوا بڕوات، کۆتایی بەو بەناو پرۆسەی ئاشتییە دەهێنێت و ئۆجەلان یا فەرامۆش دەکرێت یاخود دەبێت ئەوە بکات کە ئەوان دەیانەوێت . هەسەدە هێزێکی گەورە و پاڵپشتێکی مەعنەوی زۆر گرنگ بوو بۆ ئۆجەلان ئێستاش هەر گرنگە، هەر شکستییەك بۆ هەسەدە شکستیەکی گەورەیە بۆ ئۆجەلان و پەکەکە.
پێنج: لۆمەکردنی ئەمەریکا: هەرە زۆرینەی کورد و هەندێكیش لە چەپە سیاسییەکانی ئەوروپا وعەرەب و حکومەتەکان لۆمەی ئەمریکا دەکەن کە گوایە بێ وەفا بوو لەگەڵ کورددا و کورد ئەو هەموو قوربانییەی داوە بۆ لەناوبردنی داعش و نەهێڵانی چالاکی تیرۆریستیانەیان و پاراستنی هاووڵاتیانیان لە ئەوروپا و ئەمریکا و هەندێك وڵاتانی دیکەی دونیادا.
ئەمانەی کە خاوەنی ئەم بۆچوونانەن ئەو پرسیارە ناکەن چ گرێبەستێك هەبووە لە نێوانی هەسەدە و ئەمریکادا؟ ئەوەی کە تۆزێك بە ئاگا بێت لە بارودۆخەکە دەزانێت کە ئەمریکا هەر لە سەرەتاشەوە هیچ بەڵێنێکی بە هەسەدە و کوردانی ڕۆژئاوا نەداوە. ترامپ خۆی وتی ” کورد ئازایە و شەڕکەری باشن، هاوکاری ئێمەیان لە لەناوبردنی داعش دا کردوە ، ئێمەش هەقی خۆیانمان داونەتێ ، یارمەتیمان پێداون و پارەمان داونەتێ” تۆم باراك-یش ئەوەی دووپات کردووە بەڵام بە جۆرێکی دیکە کە وتی ” ئێمە چی تر ئێشمان بە هەسەدە نەماوە و ئێستا حکومەتێك هەیە کە هاوپەیمانمانە لە شەڕ دژ بە داعش دا”
ئەمەریکا نەك هەر ئەوەی کرد بەڵکو هات کورد و بەخۆدانی کوردانی لە ڕۆژئاوای پارچە پارچە کرد . ئەو هات تەنها پەیوەندی بە هەسەدەدوە کرد و کاری لەگەڵ ئەواندا دەکرد و دوو بەشەکەی دیکەی ڕۆژئاوای ‘ئیدارەی خۆسەریی و خودی پەیەدەی ‘ فەرامۆش کرد، ئەمە لە کاتێکدا کە هەسەدە سوپای پارێزەری ئیدارە خۆسەییەکەیە و پەیەدەش پلاندانەر و نەخشە کێشێتی .
ئەمریکا هەرگیز ئەمەی نەشاردۆتەوە کە ئەوان هاوپیمانن لەگەڵ هەسەدەدا نەك لەگەڵ پەیەدە و ئیدارەی خۆسەرییدا . ئەم سیاسەتەی ئەمریکا کە هەر سێ بەشەکەی ڕٶژئاوا هەر لە سەرەتاوە قەبوڵیان کردووە گۆڵکردنێك بوو لێیان و زۆر زۆر مەترسیدار بوو بۆیە بوو بە هۆکارێك لە ڕوودانی ئەوەی کە ئێستا رووی داوە.
زۆرێك لە ئێمە ئەوەمان زانیوە و دەزانین کە پاڵدان بەئەمریکا و وڵاتانی غەربەوە هیچ جێگای متمانە نین و ئەوان نەك هەر بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن بەڵکو زۆربەیان مێژوییەکیان نییە لە ڕزگارکردنی هیچ نەتەوە و هاوکاری هیچ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەدا، بگرە مێژوویەکی خۆێناویشیان هەیە .
بەداخەوە ئێستا دەبینین هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە سوریا دووبارە دەبێتەوە . ئەو هەموو قوربانییە لە ئەفغانستان درا ، ئەو هەموو پارەیە سەرف کرا بۆ ئەوەی تالیبان لە دەسەڵات بخرێت، بەڵام ئەوە بوو هێنانیانەوە بۆ سەر حوکم ، ئەمە لە کاتێکد لە لایەن ترامپەوە لە هەڵپەی هەڵبژاردنەکەیدا بە خاڵێکی گەورەی لاوازی بایدن و ئیدارەکی دانا. ئێستاش هەمان شت لە سوریا دووبارە دەبێتەوە ، بەڵام ئەمەی سوریا زۆر زۆر مەترسیدارە کە جێنوسایدی بەدواوەیە ، ڕەنگە شەڕی عەرەب و کوردی لێبکەوێتەوە، تیشکی ئەم ئاگرە وێرانکاریەی ئەم شەڕە ڕوو لە عێراق و ڕەنگە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بکات.
ئەمە ئەو پلان و ئەجەندەیە کە ئەمەریکا و هەندێك لە دەوڵەتانی غەربیش بەدەستیانەوە. کاتی ئەوە هاتووە کە وانەیەکی گەورە وەرگرین مەبەستم تەنها هەر لە ڕۆژئاوا نییە. دەبێت ڕۆڵی گڵاوی حیزبایەتی و سەرکردە پەرستی و جەنگی چەکدارانە مەگەر تەنها بۆ بەرگری لە خۆمان نەبێت ، ڕەت بکەینەوە. کاتی خۆڕێکخستنی خۆمانە لە دەرەوەی حیزب و هەژموونی سەرکردە و ڕابەر و بیرمەند ، کاتی خۆهۆشیار کردنەوەمانە. با هیتاف و دروشمی بریقەداری بژی و بڕوخێ و بیرکردنەوە لە نیگای سۆزەوە لاوەخەین و بە مێشکمان ، نەك بە سۆزەوە بیربکەینەوە، سوود لە خوێندنەوەی مێژوو سەبارەت ڕۆلی خوێناوی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان ببینین . تەنها ئەوە ڕێگەیەکە کە دەکرێت لە ئایندەدا بیگرینە بەر . هاوکاتیش لە ئێستادا دەبێت بە هەموو جۆرێك لە جۆرەکان ڕاوەستین دژ بە زوڵم و زۆر و جێنۆسایدی نەتەوەیەك ، دژ بە هێزە تاریکەکان کە دەیانەوێت ڕەوڕەوی عەجەلەی مێژوو بەدوادا لەژێر پەردە و بە ناوی دین و پوچگەرایی و شۆڤێنێت و فاشیزمەوە بگێڕنەوە، ڕێگە ڕاستەکەمان لێ هەڵە بکەن و بەو ئاراستەیەدا بمانبەن کە خۆیان دەیانەوێت.

زاهیر باهیر
22/01/2026




دۆنکیشۆتەکانی بەردەم کامێرا.. نەوزاد بەندی

ڕێبین هەردی له ڕەخنەیەکیدا بۆ دکتۆر عەلی قەرەداغیی، ئەڵێ : نەختێ بێدەنگ به، ئێمە خوێنمان لێ ئەچۆڕێ !! برا .
ئەڵێم بێ زەحمەت خوێنی چیت لێ ئەچۆڕێ ؟ چەکت کردە شان و چویت بۆ ڕۆژئاڤا و بریندار بوویت وا خوێنت لێ ئەچۆڕێ؟
دوو سێ خێزانی ئاوارەی ڕۆژئاوات هێناوەتە ماڵی خۆتان و ..نان و داڵدەت بۆ دابینکردوون و چوویت بۆ کرێکاریی بۆ دەستخستنی داهاتێک بۆ خزمەتکردنیان و ..بلۆک لەسەر شانت ترازاوە و بریندار بوویت و خوێنت لێ ئەچۆڕێ ؟؟
مانت لە خواردن گرتووە و لەبەردەم قونسوڵی وڵاتە کۆڵۆنیالیستەکاندا وەک مێخ لە ژێر بەفر و شەختەدا خۆت داکوتیوە و ڕاوەستاویت ؟ لاوانت کۆکردۆتەوە و بە پاچ و داس و خاکەناز و دار و بەردەوە ڕووە و ڕۆژئاوا بەڕێکەوتوون؟ ماڵ به ماڵی شار گەڕاویت و ..سوتەمەنیی و ئازوقەت بۆ کۆبانی و حەسەکە کۆکردۆتەوە و لەو پڕۆسەیه بریندار و شەکەت بوویت و خوێن لە قامکەکانت ئەچۆڕێ ؟؟
تۆ لە نادادیی و موچە بڕان و قەتڵ و عامیی ناوخۆی خۆماندا، بریندار نەبوویت و خوێنت لێ نەچۆڕا ..کەرکوک تەسلیمکرایەوە، نەوت و غاز بە دێلیڤەریی نێردرانەوە، بریندار نەبوویت، ئێستا چۆن وا دوور بە دوور بۆ ڕۆژئاڤا بریندار بوویت و خوێنت لێ ئەچۆڕێ؟؟

لەو لایشەوە ئەبوبەکر هەڵەدنیی لە کوردستانی ڕۆژئاواوە ڤیدیۆیەکی تۆمار کردووە، له شارێکی ئارام و پڕ سەوزایی و ڤێلای خۆش و مۆدێرن، وەک ئەوەی چوو بێت بۆ گەشت نەک بۆ پێشمەرگایەتیی، بەو جۆره ئەڵێت بەرپرسی ئەو شارەمان بینی کە غەریب حەسۆ بوو، پشتگیریی کوردستانی عێراقمان پێ ڕاگەیاندن !!

یەعنی چی پشتیوانی کوردستانمان گەیاندە غەریب حەسۆ؟ واتا چۆن چۆنیی گەیاندتان ؟ چی بوو ئەو پشتیوانییە؟ بەڕوو بوو ؟ فیشەک بوو ؟ پشتیوانیی چییە ؟ گوڵە یەخەیە ؟ لەفەی قاورمەیە ؟ چییە ؟
پشتیوانیی ئەوەیە گەنجان و لاوان به چەک ودار و بەردەوە بچن به هانایانەوە ئەگینا وشەی پشتیوانیی و ئەو جۆره شتانە، تەنها کاتیان لێ ئەکوژێ و خوێ ئەکەن بە برینەکانیانەوە ..وەک ئەوە وایە بچیت بۆ لای نەخۆشێک و وێنەی دەرمانێکی پیشان بدەیت و بڵێی ئەم دەرمانەی لەم ڕەسمەدایه زۆر باشە بۆ تۆ ..تەماشای کە، دەرمانێکی چەند چاکە !!.
بە کڵاو و جامانەی مل و ئەو شتانە نابنە پێشمەرگە، مادام گەیشتیتە ئەوێ، ئەبوو بەشداریی شەڕێکت بکردایه و وێنەی شەڕەکەت بۆ بناردینایەتەوە، نەک لەبەر چەپڵە و دەستخۆشیی، لە گۆشەیەکی ئارام و مۆدێرن و پڕ سەوزایی، وەک گەشتیارێک دەربکەویت نەک وەک پێشمەرگەیەک ..ئێوە ئەتانەوێ هیچیش نەکەن و چەپڵەیشتان بۆ لێبدەین، شەڕیش نەکەن و پێشمەرگەیش بن، نەیشکوژرێن و شەهیدیش بن ..فیرعەونانە بژین و بیلالانەیش حەق و حیسابی قیامەتتان لەگەڵدا بکرێ ..ئەوەیشتان زەحمەتە دەست بدات بۆتان.
مەوزوعەکە خورمژەکەیه ، خورماتان ئەوێ و مێوژیش.. دنیا و ئاخیرەت و دین و عەلمانیەت و بۆینباخ و ڕەشماڵ و ڕیش و لاندکرۆزەر و ڤێلا و هەموویتان تێک ترشاندووە، مەگەر خوا بزانێ ئێوە چین و چیتان ئەوێ ..




بازاڕی خوێن و خەونی سوڵتان.. ستارئەحمەد

مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو کارەساتانەی تێیدا ژیان و خاکی نەتەوەکان کراونەتە قوربانی بۆ بەرژەوەندیی تاقمێکی کەم. ئەوەی ئێستا لە خاکی سووریادا و بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەگوزەرێت، وەرچەرخانێکی یەکجار مەترسیدارە لە مێژووی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکاندا. پەردە لەسەر شانۆگەرییەکی تاریك لادراوە، کە تێیدا چارەنووسی گەلان لە بازاڕێکی کراوەی بازرگانیدا دەخرێتە ڕوو. ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنیا جەنگێکی چەکداری نییە، بەڵکو گۆڕینەوەی جڵەوی خاکێکی دەوڵەمەندە لە دەستی کوردانەوە بۆ چنگی تاقمە توندڕەوەکانی جۆلانی، ئەمەش تەنیا لە پێناو تێرکردنی تەماحی دارایی و ڕامیاریی زلهێزەکاندایە. لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، سەرۆکی ئەمریکا وەک بازرگانێکی بێبەزەیی دەرکەوتووە، کە تەنیا زمانی ژمارە و قازانج تێدەگات. ترامپ بە چاوێکی تەماحکارانە دەڕوانێتە بیرە نەوتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە ساڵانێکی زۆرە وەک یەدەگێکی گرنگی وزە لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێن. پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە، گەورەترین بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە کوردانی سووریا کراونەتە کاڵایەکی هەرزانی بازاڕ. تورکیا بەڵێنی داوە هەموو کێڵگە نەوتییەکان ڕادەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا بکات، لە بەرامبەر ئەوەی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبگیرسێنرێت تا خەونە مێژووییەکانی خۆی بۆ لەناوبردنی قەوارەی کوردان جێبەجێ بکات.
ئەم ململانێیە لایەنێکی تری ترسناکی هەیە، ئەویش ململانێی ئابووریی نێوان ئەمریکا و بەریتانیایە. ڕکابەرییە کۆنەکان وای لە ترامپ کردووە بیر لە سزادانی هاوپەیمانە دێرینەکەی بکاتەوە. بەو پێیەی بەشێکی زۆری نەوت پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیا بەریتانییەکاندا بوو، ئێستا واشنتۆن دەیەوێت بە هاوکاریی تورکیا ئەو کۆمپانیایانە دەربکات و جێگەیان بگرێتەوە. تورکیا لێرەدا وەک ئەندازیاری یەکەمی هێرشەکان دەردەکەوێت، کە نەک هەر بە چەک و تەقەمەنی، بەڵکو بە زانیاریی وردی سیخوڕی پشتگیریی تاقمەکانی جۆلانی دەکات تا نەخشە نوێیەکە وەک خۆی جێبەجێ ببێت. سوپای جۆلانی لەم پێناوەدا قێزەونترین کارە ناڕەواکان ئەنجام دەدەن؛ لە کوشتنی بەکۆمەڵ و تاڵانکردنی ماڵ و سامانی خەڵکەوە تا دەگاتە وێرانکردنی ژێرخانی وڵات و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، کە ئەمە ڕووی ڕاستەقینەی ئەو بەکرێگیراوانە نیشان دەدات کە تەنیا وەک ئامرازێکی وێرانکار لە دەستی داگیرکەردان.
خەونەکانی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە تەنیا لە داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی سووریادا کورت نابنەوە. ئەوان خەون بە گەڕانەوەی شکۆی ئیمپراتۆریەتێکی نوێی عوسمانییەوە دەبینن، کە تێیدا دەسەڵاتیان بەرەو ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و باشوور پەرە بسێنێت. ئەم فراوانخوازییە مەترسییەکی یەکجار گەورەیە بۆ سەر تەواوی وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت ئوردن و میسر کە ئێستا خۆیان لە بازنەی ئامانجە تاریكەکانی تورکیادا دەبیننەوە. ئەردۆغان بە کردەوە سەلماندوویەتی کە دارەدەست و پاشکۆی جولەکە و داگیرکەرانە و بۆ پاراستنی کورسییەکەی، ئامادەیە ببێتە کۆیلەی ئەمریکا و ئیسرائیل. تورکیا بەڵێنی بە ئەمریکا داوە کە هێزە توندڕەوەکانی جۆلانی وەک سووتەمەنیی جەنگ و هێزێکی بەکرێگیراو لە داهاتوودا دژی عێراق و لوبنانیش بەکار بهێنێت. لە ناخی هەموو ئەم ڕووداوانەدا، پیلانێکی تر بۆ زیندووکردنەوەی بیری ئیخوان موسلیمین بەدی دەکرێت. دوای ئەوەی ئەم بیرۆکەیە لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی تووشی پاشەکشە و شکست بوو، ئێستا دەیانەوێت لە ڕێگەی سازشی ئابووری و بازرگانیی بێشوومار بۆ ترامپ، پێگەی خۆیان بەدەست بهێننەوە. هۆکاری ئەوەی ئەمریکا تا ئێستا ئامادە نییە ئیخوانەکانی سووریا و تورکیا بخاتە لیستی قەدەغەکراوەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەوان بزوێنەری سەرەکیی ئەم پلانە نوێیەن. ئەوان ئامادەن خاک و نەتەوە بدەن، تەنیا بۆ ئەوەی لەسەر کورسیی دەسەڵات بمێننەوە.
ئەنجامی کۆتایی ئەم ململانێیە بۆ ئێمە دەبێتە سەرەتایەک بۆ بەهێزکردنی ئیرادەی نەتەوەیی و پشتبەستن بەخۆ. مێژوو سەلماندوویەتی کە هەمیشە لە ناخی تاریکترین پیلانگێڕییەکاندا، تیشکی هۆشیاری و خۆڕاگری سەر هەڵدەدات. پێویستە هەمووان بزانن کە زلهێزەکان هیچ کاتێک دۆستی کورد و گەلانی چەوساوە نین. ئەزموونەکان نیشانیان داوە هەرکەس پشت بە ئەمریکا و ئیسرائیل و زلهێزەکان ببەستێت، لە کۆتاییدا دەبێتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی ئەوان. پێویستە میللەتان بە هیچ جۆرێک متمانە بە بەڵێنی داگیرکەران نەکەن، چونکە ئەوان تەنیا بۆ تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکان و پارچەپارچەکردنی وڵاتان لێرەن. چاکترین هەنگاو ئەوەیە کە ئێمە متمانەمان تەنیا بە ئیرادەی خۆمان هەبێت و ڕێگە نەدەین کەسانی پاشکۆ و دارەدەستی بێگانە چارەنووسمان دیاری بکەن. لێرەدا دەبێت هۆشیار بین، ئەمە جەنگێکە تێیدا تەنیا مرۆڤە بێتاوانەکان دەبنە سووتەمەنی، بەڵام ئەو ئاگرەی کە داگیرکەران بە دەستی بەکرێگیراوەکانیان لە ناوچەکەدا کردوویانەتەوە، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی سووتانی خەونە پووچەکانی خۆیان. سەرکەوتنی کۆتایی بۆ ئەو ئیرادە بەهێزە دەبێت کە بە گژ داگیرکەریدا دەچێتەوە و ڕێگە نادات خاکی ببێتە کاڵایەکی هەرزان لە بازاڕی خوێن و خەونی سوڵتانە پاشکۆکاندا.
“ئەم وتارە پەردە لەسەر پیلانە تاریكەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە لادەبات؛کە چۆن خاکی نەتەوەکان کراوەتە کاڵایەکی هەرزان لە بازاڕی خوێنی زلهێزەکاندا. باس لە ڕووی ڕاستەقینەی سوپای جۆلانی و خەونە مەترسیدارەکانی ئەردۆغان، وەک داردەستی جولەکەکان دەکەین و نیشانی دەدەین بۆچی پشتبەستن بە ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا ماڵوێرانی لێ دەکەوێتەوە. تەنیا ڕێگەی ڕزگاری، یەکگرتوویی و پشتبەستنە بە ئیرادەی نەتەوەیی خۆمان.”




ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ هەنگاوی پێدەنرێت!-2- حەسەن ڕازانی

هەندیک فاکت و ڕاستیی..

بەشی دووەم:
کورد کراوەتە ئامانج و لە ناوجەرگەی ململانێکاندایە!

با خۆمان لە واقیعەکەو لە ڕاستیی مێژوویی لانەدەین، چونکە مێژووی ئەو ناوچەیە نیشانی دەدا کە گۆڕانکارییە سیاسیی و سەربازییەکان جۆن ڕوویان داوە لەو ناوچەیەداو چۆنیش درێژەیان پێدراوە! هەر لەسەر ئەو مەبنایەش گۆڕانکاریی سبەینی ڕوودەدەن ئەگەر دیدگای کورد لە ڕووی ئایینی و سیاسیی و نەتەوەییەوە گۆڕانی بەسەردا نەیەت!
جا مادام کورد لە نێو چەندین نەتەوەو کەلتوورو بیرکەدنەوەی جیاوازدا ژیان بەسەردەباو بەسەریاندا دابەشکراوە، نابێت پێناسی نەتەوەییبوونی خۆی و کەلتوورو زمان و خاک و ئاوی بکاتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی کەلتورو زمان و شوناسی نەتەوەو ڕەگەزەکانی تر لە ناوچەکەدا. دەبێ کورد فێری نەخەیر ببێ و( نا)یەکەی مەزڵوم عەبدی بە ڕووی دوژمنانی کوردا بکاتە چەقی پاراستنی شوناس و نەتەوەییبوونی خۆی! چونکە کورد بە بەراورد بە ڕەگەزو زمان و نەتەوەکانی تری ناوچەکە لە هەموویان ئەگەر ڕەسەنتر و مێژوویی تر نەبێ لە ناوچەکەدا کەمنتر نیە.
دژایەتی ڕۆژئاواو ئیستیعماری رۆژئاوایی و جولەکەو ئیسڕائیل لە لایەکەوەو نزیکایەتیش لە بەرەی ڕوسیاو بەرەی پێشکەوتنخوازی عاڕەبەکان و خەمی زۆرییش بۆ کێشەی فەلەستین و فەلەستینیەکان، کوردی لە هەردووک بەران کردووە و وای لێهاتووە ئەو بەرەیەی کە کورد لە پێناویدا قوربانیی بۆ داوە، وا ئێستا هەر بەدەست ئەو بەرەیەوە دەناڵێنێت.
شەقامی کوردیی خەتای نەبوون بە دەوڵەت دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتانی زلهێزی رۆژئاوایی بە گشتی و لە نێویاندا ئەمەریکاو بەریتانیاو فەرەنسایە.
بەڵگەی شەقامی کورد بۆ ئەو بۆچوونە بریتیە لە چەندین جار فێڵ و پاشقولی ئەو دەوڵەتانەیە لە کوردو ئیتیفاقیەی ژێر بە ژێریانە لە گەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تورکیاو ئێران و عێڕاق و سوریا. ئەو ئیتیفاقیانەو فێڵ و تەڵەکانەی ئەو زلهێزانە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی نێگەتیڤانەی بە ڕاستەوخۆیی لە سەر کورد هەبووە، بەڵام، بە بڕوای من، ئەمەیان نەک هەر وەک بەهانە وایە، بەڵک و ڕاکردن و شانی خۆ خاڵیکردنەوەشە لە بەرپرسیاریەتی مێژوویی! ڕاکردنە لەو ڕۆڵە مێژووییەی کە کورد خۆی هەیبووە !
تورک نەتەوەییبوونی خۆی گەیاندە لوتکەی سەڵتەنەت و دەسەڵات بەهۆی ئایینی ئیسلامەوە!
تورکەکان لە بواری بەکارهێنانی ئیسلام لە بەرژەوەندی نەتەوەیی تورک دا زۆر لێزان و کارامە بوون. تورکەکان بە هۆی بە کارهێنانی ئیسلام لەبۆ بەرژەوەندی خۆیان، توانییان لە ژێر ناوی خەلافەتی عوسمانی دا تەواوی ناوچەی ڕۆژەهەڵات و باکوری ئەفریقاش، بێجگە لە مەغریب، بۆ ماوەی زیاتر لە شەش سەد ساڵ بخەنە ژێر هەژموونی خۆیانەوە، هەر بەوەندەشەوە نەوەستان بەڵکو لە دەوروبەری ساڵی ١٣٤٥ز دا لە لای بەڵقانەوە خۆیان کرد بە ناو ئەوروپادا. جا ئەگەر تورکەکان ڕووبەڕووی بەرەنگاریی سوپای هەنگاریاو سیربیەکان نەبووبانایەتەوەو تووشی شکەست و پاشەکشە نەکرابانایە، ئەوا ئێستا دوور نەبوو کە تەواوی ئەوروپیەکان هەر وەکو وەک و کوردەکان کە لە ژێر دەستی تورکەکاندا بوونایە . ئینجا عوسمانیەکان ڕوویان کردەوە لایەکی تری ئەوروپاو لە ساڵی ١٤٥٣ ز دا بە تەواوی دەستیا گرت بە سەر شاری کۆنستەنتینپۆڵ، ئەستەمبوڵی ئێستا، کە ئەو شارە بۆ ئەوروپا وەک شادەمار وابوو. تورک وازی لە داگیرکردنی ئەوروپا نەهێناو ئەوجارەیان لە لای ڤێنناوە سوپایەکی زەبەلاحی بە سەرپەرشی قەرە موستەفا لە ساڵی ١٥٢٩ی ز ناردە سەر ڤێنناو گەمارۆی دا و ڤێننا لە ژێر گەمارۆی تورکە عوسمانیەکاندا مایەوە تاکو ساڵی١٦٨٣ی ز. دوای ئەو هەموو ماوەیە ئینجا لە ساڵی ١٦٨٣ز ئەڵمانیاو پۆڵۆنیا و نەمسا بە هێزیکی سەربازیەوە هێرشیان کردە سەر سوپاکەی خەلافەتی عوسمانی و ناچار بە پاشەکشەیان کرد. جا تۆ وەرە دیقەتێ بدەرێ کە تورک بە ژمارە ئەو کات نیوەی ژمارەی دانیشتوانی کورد نەدەبوون. بەڵام بە بەکارهێنانی ئایینی ئیسلام لە بەرژەوەندی خۆیان دا نەک هەر دەوڵەتیان دامەزراند بۆ نەتەوەکەیان بەڵک و لەوەش زیاتر واوەتر ڕۆییشتن. کورد بوونە خزمەتکاری ئایینی ئیسلام و پەرەیان بەئایینەکەداو لە ژێر سەڵتەنەتی تورکەکاندا خۆیان و نەتەوەکەیان کردە قوربانی دەسەڵاتی تورکەکان لە ناوچەکەدا. کورد لە بۆ سەفەویە فارسەکانیش درێغی نەکرد. موسڵمانبوونی کورد لەو بوارەدا پێچەوانەی تورک و عەڕەب و فارس بووە.
تورکەکان لە ژێر ناوی خەلافەتی سوڵتانەکانی تورکە عوسمانیەکاندا هەر لە زووەوە دەستیان لە دابەشکردنی کوردو خاکەکەی نەپاراستووە. ئەوەتە ئەوان لە گەڵ سەفەویەکاندا لە ساڵی ١٥٥٥ی ز دا موعاهەدەیەکیان بەست بە ناوی موعاهەدەی ئەماسیا . هەر لەو ساڵەدا دەستیان کرد بە دابەشکردنی کورد بە خاک و ئاوییەوە لە نێوانی خۆیاندا…واتە دابەشکردن و جەزرەبەدانی کورد لەوڕۆوە دەستی پێنەکردووەو بەریتانیاو فەرەنسا یەکەم کەس نەبوون کە کوردیان دابەشکردبێت بەڵک و ئەوە یەکەم جار برا موسڵمانەکانی کورد خۆیان بوون ئاهوایان لە کوردە موسڵمانەکەی بە ناو برایان کردووە.
خەلافەتی عوسمانی بەرەو لاوازیی براو نەخۆش کەوت. تا وای لێهات لە ساڵی ١٩٢٢ دا بە تەواوی فاتیحایان بۆ خوێند.
دوای نەمانی ئەو خەلافەتە تورکەکان لە ساڵی ١٩٢٣ دا دەستبەجێ دەوڵەتێکی بەناو سیکولاریان بۆ خۆیان درووستکردەوە، خێڵە عارەبەکانی ناوچەکەش هەر یەکەیان دەوڵەتێکی لە لایەن ئنگلیزەوە یان لە لایەن فەرەنسیەکانەوە بۆ درووستکرا. بەڵام کورد، کە ئەویش هەر لە چوارچێوەی خێڵ دا بوو ، لە جیاتی ئەوەی وەک خێڵە عاڕەبەکان بن و خەمی نەتەوەکەی خۆیان هەبێت، هاتن وەک خزمەتکارێکی گوێلەمستی تورکەکان شەڕیان لە دژی ئینگلیز لە ناوچەکەدا ڕاگەیاندو خۆیان لەبیرچووەوە لە بەر ئەوەی هۆشی کورد لە لای ئەوەبوو کە تورکەکان موسڵمانن و ئینگلیزەکانیش کافر. ئیتر کورد لە بەرژەوەندی خەلافەتی تورکەکان شەڕی لە دژی ئینگلیز دەستپێکرد. ئەو دژایەتی کردنەی ئینگلیز کوردەکانی تووشی دەردێک کردن کە ئیستاو ئێستاشی لە گەڵدا بێت پێیەوە دتلێنەوە. دیقەتێ بدەنە خێڵە عەڕەبەکان چونکە ئەوان ثێچەوانەی خێڵە کوردەکان سیاسەتیان کرد بۆیە لە ئەنجامدا هەر خێڵەی کرایە دەوڵەتێک و کراش بە پاسەوانی چەندین بیرە نەوتیش لە ناوچەکەدا.

بابەتی ئایدیۆلۆجیاو بەرەی ڕووسیاو دژایەتی ئیستیعماری رۆژئاوایی و دەوڵەتی جولەکە.

هەرچی بزووتنەوەی کوردایەتی هەبووە جا با سەرۆک خێڵێک یان مەلایەکیش دای مەزراندبی بۆنێکی چەپ و کۆمۆنیستیی هەر لێهاتووە. یان مەیل و وەفادارییەکیان بۆ بەرەی ڕوسیا هەر هەبووە، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاشناو نزیکبوون لە بەرەی عاڕەبەکان لە دژی ئیستیعماری ڕۆژئاوایی یان بە جۆرێک لە جۆرەکان دژایەتییان نیشانداوە بۆ جولەکەو ئیسڕائیلیەکان. هەموو ئەو لایەنگریی و دژایەتی نیشاندانەی کوردیش بۆ ڕۆژئاواو ئیستیعمارو ئیسڕائیل و دۆستایەتییش بۆ بەرەی ڕوسیاو کێشەی فەلەستین و بەرەی پێشکەوتنخوازی عاڕەبەکان و برا موسڵمانەکانیان جا با کورد بەڕاستیشی نەبووبی و وەک تاکیک بەکاری هێنابی، ئەوا بەرەی ڕۆژئاواو ئیسڕائیل بە ڕاستی وەریان گرتووەو لە دژی کورد کاریان لەسەر کردووە. لە لایەکی تریش بەرەی ڕووسیاو بەرەی برا موسڵمانەکانی کورد و بەرەی پێشکەوتنخوازی عاڕەبی و فەلەستینیەکانیش باوەڕیان بە کورد نەکردووەو لە هیچ تەنگانەیەکدا فریای کورد نەکەوتوون و ئەوەتە کورد هەر بەدەست ئەوانەوە گیری خواردووە! واتە کورد لەو نێوەدا لە هەردووک دینان بووە.
عاڕەبەکان و تورکەکان و فارسەکان ئاییی ئیسلام وەک چەکێکی زۆر کوشندە لە دژی کورد بەکار دەهێنن.
کورد لەو رۆژەوەی کە کراوەتە موسڵمان، ئیتر موسڵمانەتیی خۆی زۆر لە تورک و عاڕەب و فارسەکان باشتر بەڕێوە بردووە. چەندین زانای ئایینی تیدا هەڵکەوتووە، لە هەر شارو گوندێکدا بە دەیان مزگەت و شوێنی خودا پەرستی لە سە ڕیبازی شەریعەتی ئیسلام دروستکراوە. کورد بە بەراورد بە تورک و عاڕەب و فارسەکان سەلماندوویەتی کە موسڵمانەتیەکەی زۆر لە هی ئەوان باشتر و لە پێشترو بە شێوەیەکی درووست تریش یاساکانی ئیسلام بەڕێوە دەبات.
سەرباری ئەوەی کە کورد هێندە موسڵمانە کەچی تورک و عاڕەب و فارس ئایینی ئیسلام وەک چەک لە دژی کوردان بەکاردێنن. ئەنفالی دەکەن ، کچ و ژنی بە سەبایەو کەنێزەک دەبەن و خوێنی کورد حەڵاڵ دەکەن و داگیرکردنی خاک و ئاوی بە حەڵاڵ دەزانن و نایەڵن هەناسەی ئازادیی هەڵمژێت!
جولەکە لەلای موسڵمانان و لە نێو جیهانی ئیسلامیی دا بە گشتی و جیهانی عاڕەبیدا بە تایبەتی بوغزاوەو زۆر جێگەی ناکەنەوە. بەڵام لە لای عاڕەبەکان دووقات وایەو ڕقیان لە جولەکە دووقات دەبێتەوە. کێشەو دوژمنایەتی عاڕەب و جولەکە زۆر کۆنەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام لە مەدینە. هەروەها عاڕەبەکان پێیان وایە کە جولەکە خاک و ئاوی عاڕەبەکانیان داگیرکردووە کە ئێستا لە ژێر ناوی کێشەی فەلەستیندا لە نێو ناواندایە.

عاڕەبەکانیش ئیسلام بەکار دێن بۆ بەرژەوەندی خۆیان.
هەر لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام و لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشدین دەستکرا بە غەزەوات و فتوحات لە دەرەوەی نیوەدوورگەی عاڕابی و عاڕەبەکان پەلیان هاویشت بۆ وەڵاتانی تریش. ئێستا زۆر شوێن هەن کە عاڕەب نەبوون لە پێش ئیسلامدا بەڵام ئێستا وەڵاتی عاڕەبین. بۆ نموونە وەڵاتی شام و باکووری ئەفریقاو هەندێک وەڵاتی تریش، هەندێک نەتەوەو زمان و ڕەگەزیش هەر خەریکن تێدا بچن و بتوێنەوە لە نێو جیهانی عاڕەبی و ئیسلامیدا. ئەوەتە هەموو ئەو شوێنانە هەمووی بە کۆماری عاڕەبی و شانشینی عاڕەبی و وەڵاتی عاڕەبی ناویان دەهێنرێت هەرچەندە چەندین نەتەوەو ڕەگەزی مێژوویی تریش هەن لەو شوێنانەدا.
بۆ کێشەی فەلەستین هەموو جیهانی عاڕەبی و ئیسلامیی وەخۆدەکەوێت و هاوکاریانە بەڵام بۆ کێشەی کورد هەر ئەو دەوڵەت و نەتەوەو ئەندامانەی نێو جیهانی ئیسلامیی و عاڕەبی یە کە کوردیان گەیاندۆتە ئەو دۆخەی ئێستا.
ئەوەتە تورکیاو سوریاو عێڕاق و ئێران کە لە نێو جیهانی ئیسلامی و عاڕەبیدان و ڕۆڵی کاریگەرو بەرچاویان هەیە لەوبوارەدا کەچی ئەوانە هەر خۆیانن کە نایەڵن کورد ئازاد ببێت و هەر ئەوانەن کە کوردان ئەنفال دەکەن و خاک و ئاویان لێ داگیرکردووە. نەک هەر هاوکاریی کورد ناکەن بەڵک و زیاتر هەوڵی لە ناوبردنی دەدەن.
سعودیەو قەتەڕو لە ژێرەوەش یەک دوێکی تر بە توندی لە دژی ئەمەریکا ڕاوەستان تاکو لە ئێران نەدات و نەیڕوخێنێت!
ئاخوندەکان کە زانییان ئەمەریکا بە جیدیەتی و لە گەڵ ئیسڕائیل دەیانەوێت دیسان لە ئێران بدەنەوەو لە ناوی بەرن ئەوانیش شەڕی مان و نەمانیان پیشانی دەوڵەتانی کەنداو و هاوپەیمانە دڵسۆزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دا. لە لایەکی ترەوە ئاخوندەکان وەرەقەی ئیعتیراف کردنیان بە ئیسرائیل نیشانی سعودیەو قەتەرو هەندێک وەڵاتی تردا بۆ نموونە تورکیا. ئینجا ئاخوندەکان گوتیان ئەگەر ئەوجارە لە ئێران بدەنەوە ئەوا ئەوان ئیعتیراف بە ئیسرائیل دەکەن و لە لایەکی تریشەوە تەواوی تورکیاو سعودیەو قەتەر دەکەونە بەر ئامانجی ڕاستەوخۆی ئێران. ئەو وەڵاتانەش نەیانویست بە ڕاستەوخۆیی بکەونە نێو شەڕەوە لەگەڵ ئێران و کاتەکەشیان بە باش لەبەرژەوەندی خۆیان نەدەبینی. بۆیە داوایان لە ئەمەریکا کرد ئەو کارە ڕابگرێت. ئیستا لەوە دەچێت ڕێگای تر بگرنە بەر بۆ نموونە درووستکردنەوەی داعش لە دژی ئێران و ئەوەتە کێشەی داگیرکردنەوەی ڕۆژئاواش لە گۆڕێدایە.
جا کوردیش وەرەقەی دەست تێکەڵاوکردنی ئاشکرای هەبوو بە ڕاستەوخۆیی لە گەڵ ئیسڕائیلدا کە لە دژی ئەحمەد شەڕع و تورکیاو ئێران و عێڕاق بە کاری بهێنێت. بۆچی بۆ ئەوان ڕەوا بێت و بۆ کورد نزیک بوونەوە لە ئیسڕائیل بڤە بێت؟ بۆچی دوژمنانی کورد هاوپەیمانیی لەگەڵ شەیتاندا دەکەن بۆ لە ناوبردنی کورد بەڵام کورد لەلای بڤەیە لە ئیسڕائیل نزیک ببێتەوە؟ دوژمنانی کورد سیاسەت دەکەن و کوردیش برایەتیی دوژمنەکانی گەرەکە!
ئاری برا …برای ئارییم…….من دەمێکە کایەو یارییم!

حەسەن ڕازانی




چینە چەوساوەکانی کورد لە نیوان بەرداش و مەنگەنەی سەرانی کوردو ئیمپریالیزمی جیهانی و وڵاتانی ناوچەکە.. وەستا سابیر

پێشەکیەکی کورت
قۆناغی ئێستای مێژووی گەشەی سەرمایەداری
قۆناغی ئێستای گەشەسەندنی سەرمایەداری لە جهانگیری سەرمایەوە
( گڵۆباڵیزمی سەرمایەوە ) تێپەڕیوە و چووەتە قۆناغێکی تازەی چڕبوونەوەو چەق بەستنی سەرمایە؛
لەم قۆناغەدا، هەموو بۆرژوازیە نیشتمانیەکانیەکان ڕۆڵی سەربەخۆو شۆڕشگێڕانەی خۆیان بەتەواوەتی لەدەستداوەو، بوون بەبەشێک لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی.
بۆیە خەبات لە دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا، بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی گشتی دژ بە سەرمایەداری جیهانی.
لەم ڕوانگەیەوە، وەهم و هیوای پەیوەست بە ” مافی چارەنووسی خۆنووسین ” کە لەلایەن چەپی هەلپەرستەوە دەرخواردی جەماوەر ئەدرێت، ناتوانێت ببێتە ڕێگای ڕاستەقینەی ڕزگاری.
ڕێگای ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی سازماندانی سیاسی و جیهانبینیەکی شۆڕشگێڕانەی سەربەخۆی چینە چەوساوەکانەوە دژ بە دەسەڵاتدارانی ناوخۆو هەروەها دژ بە ئیمپریالیزمی جیهانی فەراهەم ئەبێت.
بەشی یەکەم
پیلانی ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد، و هێنانە سەرکاری ئەحمەد الشەرع( جۆلانی) بۆ سەر حوکم لە سوریا
هێرشەکانی ئەم دوایانەی سوپای سوریا بۆ سەر ئەو گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی شاری حەڵەب، وەک دەسپێکی هەڵمەتێکی فراوانتر بۆ سەر ناوچەکانی تری ژێردەسەڵاتی (هەسەدە) بەڕێوە چوون، ئەم هێرشانە تەنها ڕووداوێکی سەربازی نەبوون، بەڵکو بەشێکن لە جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی هاوبەشی ئەمریکا، تورکیا، و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، وەک ئەڵێن شەڕ درێژەی سیاسەتە .
لە دوای گۆڕینی ڕژێمی ئەسەد و هێنانە سەرکاری ئەحمەد الشەرع( جولانی)، ئەمریکا بە کردەوە ستراتیژی و سیاسەتی خۆی گۆڕی و پشتیوانی خۆی بۆ تورکیاو هێزە جێگرەکانی ڕژێمی نوێ ڕاگەیاند.
لەم چوارچێوەیەدا، چیتر پێویستی بە ستراتیژیەتی مانەوەی هێزەکانی ( هەسەدە) نەما، کە وەک پسوڵەیەکی سیاسی کاتی پێشوەخت بەکاری هێنابوون، و بە شێوەیەکی فریودەرانەو لێزانانە بۆ پاراستنی نێوبانگی خۆی، کەوتە جێبەجێکردنی ئامانجی پاشەکشە لە پشتیوانیە مادی وسەربازیەکانی خۆی.
لەهەمان کاتدا، ئەمریکا نەخشەیەکی سیاسی بۆ ( هەسەدە) داناوە، لە ڕێگەی ڕێکەوتن نامەیەکەوە، کە هێزەکانیان ببن بە ئەندامی سوپای سەربازی سوریا، نەک وەک قەوارەیەکئ سەربازی، بەڵکە بە تاک نەک بە کۆمەڵ، وە چیتر نابێت وەک قەوارەیەکی سەربازی و سیاسی لەدەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی مەرکەزی حوکومەتی سوریه دا بمێننەوە.
مەبەست لەم نەخشە جەههەننەمیەی ئەمریکا ئەوەیە، کە ئۆتۆریتەی فیکری و سیاسی ئەوان، وەک “داکۆکی خواز لە مافی کوردان” لەناو کۆمەڵگای کوردیدا بپارێزێت ،وە نیشانی بدات کە نە ئەمریکا، نە تورکیا و نە ئیسرائیل ، نە حوکومەتی سوریا دژ، بە ( مەسەلەی کوردەکان) نین.
شانبەشانی ئەوەش ئەوە نیشان بدات کە سەرۆکایەتی بزووتنەوە چەکداریەکانی کورد وهەروەها حیزبە دەسەڵاتدارەکانیان پشتو و پەناو، دۆستی گەلی کوردن، ئەمەش وەک پاداشتێک لەلایەن ئەوانەوە پێشکەش بە سەرانی بۆرژوازی- کۆمبرادۆری کورد ئەکرێت، لەبەرامبەر ئەو بەکرێگیراوی و گوێ ڕایەڵ بوونەیان بۆ سیاسەتەکانی خودی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە.
بەم شێوەیە، جارێکی تر ئەزموونی بزووتنەوەی چەکداری ناسیۆنالیستی کوردان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، وەک ئەزموونێکی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیانە، سیاسەتی ناسیۆنال- ڕیفۆرمیستانەو فریودەرانەی کوردایەتی پڕاگماتیزمی سازشکارانەی ( پەکەکە) ، ڕووی ڕاستەقینەو وابەستەیی و بەکرێگیراوی خۆیان بۆ جەماوەری کرێکارو جوتیارانی هەژاری کورد ئاشکرا دەکەن.
ئەم جەماوەرە ستەمدیدەیەو بێچارەیە، لەدرێژەی ئەم ستراتیژیەتەو گەمە سیاسیانەدا، کراون بە قوربانی سیاسەتی فریودەرانەی هاوبەشی نێوان ئیمپریالیزمی ئەمریکا، تورکیا و ئیسرائیل، بەهەمان شێوەی ئەزموونی بزوەتنەوەی چەکداری بارزانیەکان ، کە لە ساڵی ١٩٧٥ دا ئاشبەتاڵیان پێکرا، لە لایەن دەسەڵاتی ئەمریکیەوە.

بەشی دووەم
وابەستەیی بۆرژوای- کۆمبرادۆری نیشتمانی بە سەرمایەداری جیهانی
بۆرژوا- کۆمبرادۆری ناوخۆ وە بۆرژوا ئیمپریالیستەکان ، لە ڕاستیدا پێکهاتەی گیانی سەرمایەداری جیهانین، لە دوو جەستەدا.
ئەم دوو لایەنە لەناو سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا تێکەڵ بەیەکتر بوون، وە بە هاوئاهەنگی یەکتر بەرژەوەندی سەرمایەی جیهانی ئەپارێزن، لەبەرامبەر پشکێکی دیاریکراو لە ئیمتیازات و داهاتێک کە لە نێوان خۆیاندا دابەشی ئەکەن، وە لەم ڕاستایەدا ئەرکی گەمژاندن ، فریودان وسەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکار و چەوساوەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەم بۆرژوازیە ناوخۆییانە هەمیشە چاوساغ و سووری بەر لەشکری سوپای وڵاتانی وەک تورکیا، ئێران ، وسوریا بوون، وە ڕۆڵی سەرەکی ئەوان ئەوە بووە کە بەرژەوەندیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو وڵاتە زلهێزەکانی ناوچەکە بپارێزن.
ئەم ڕۆڵە وای لێکردوون بەکردەوە سیاسەتێکی دوو فاقیانە پیادەبکەن؛ لەلایەک خۆیان وەک دۆست و دڵسۆزی جەماوەری چەوساوەی کورد پیشان بدەن، لە لایەکی ترەوە بە شێوەیەکی ملکەچیانە و بێ مەرج، سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریکاو هێزە ئیمپریالیستەکان بەرەو پێش ئەبەن، بگرە سەرخەتی یاساکان و بەیاننامەو ڕێکەوتننامەکانیش بە ئامادەکراوی ئەخرێنە بەردەستیان بۆ ئیمزاکردن و جێبەجێکردنیان.
لەهەمان کاتدا، بیروبۆچونی بەرتەسکی ناسیۆنالیستانە، و شۆڤێنیستانە و دژایەتی نەتەوایەتی، لە ڕێگەی مێدیاکانیانەوە، و دامەزراوە جۆر بەجۆرە ئاینیەکانیانەوە پیادەبکەن و پەرەیان پێبدەن، تا بتوانن هەرچی زیاتر ناکۆکی و کەلێنی نێوان چینە چەوساوەکان زیاتر بکەن، وە ڕێگە لە یەکێتی و هاوخەباتی ئەوان بگرن.
بەشی سێیەم
هێرش و پەلاماری سەرکوتگەرانەی سوپای سوریا بۆ سەر ناوچە کوردی و عەلەوی و دورزیەکان
هێرشە خوێناوییەکانی ئەم دواییانەی سوپای سوریا بۆ سەر گەڕەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەڵەب، هەروەها ناوچەکانی تر، بە شێوەیەکی ڕوون ڕەفتاری سەرکوتگەرانە و بەربەریانەی دەسەڵاتی نوێی سوریان پیشان دا. ئەم ڕەفتارانە هیچ جیاوازییان نییە لە کوشتن و سەرکوتکردنی بێتاوانانی ناوچە عەلەوی نشین و دورزی نشینەکانی تر، و بەشێکن لە بەربەریەتی نیزامی سەرمایەداری و ستراتیژیەتی هاوبەشی ئەمریکا، تورکیا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
مەبەست لەم هێرش و پەلاماردانە چاوڕوانکراونە ئەوەبوو، کە هێزەکانی ( هەسەدە) بەهۆی فشاری سەربازیەوە، لە بنبەستی چاوەڕوانی و کات بەفیڕۆدان، بێننە دەروەو، وەک هەنگاوێکی عەمەلی و تاکتیکی پێویست و چارەهەڵنەگر و جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی ١٠ ئازار ساڵی ٢٠٢٥، کە تیایدا هەم هێزەکانی ئەحمەد شەرع و هەم (هەسەدە ) لەسەری ڕێکەوتوون، کە ئەویش یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سوریایە، لەسەر بنەمای ستراتیژیەتی ئەجیندای ئەمریکا، تەرکیا، و ئیسرائیل .
لە هەمان کاتدا، ئەم هێرشانە هەنگاوی سەرەتایی و دەسپێکی سەپاندنی زەبرو زەنگ و چەوساندنەوەیەکی ئەتنیکی و میللی و چینایەتی بەرفراوانە، بۆ سەر تەواوی چینی کرێکارو چەوساوەکانی تەواوی سوریا بە کوردو عەرەب و دورزی و عەلەویەوە، وە زەمینە فەراهەم کردن بۆ لێدانی هەر بزووتنەوەیەکی چینایەتی ، وە هەوڵێکە بۆ تۆقاندن و سەپاندنی کەش و هەوای ئیستبدادی سیاسی، لە ڕێگەی ڕەشەکوژی و ئاوارەیی و ماڵوێرانی کە پشکی سەرەکی بەر چینە چەوساوەکان ئەکەوێت .

بەشی چوارەم
ڕێکەوتنە نافەرمیەکان، و ڕۆڵی ئیسرائیل و دروستکردنی هاوکێشە ڕەگەزپەرستانەکان
لە م دواییاندا، ڕێکەوتنە نافەرمیەکان و هاوئاهەنگی سیاسی–ئەمنی نێوان حوکومەتی ئەحمەد الشەرع و دەوڵەتی ئیسرائیل، بە ئاشکرا دەریخست کە ئیسرائیلش وەک فاکتەرێکی هاوکار بەشدارە لە بەرقەرارکردنی سیاسەتی یەکپارچەکردنی سوریا لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ناوەندیدا. ئەم هاوئاهەنگییە، لە هەمان کاتدا، بەشێک بوون لە هەڵمەتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنانەی ١٠ ئازار، کە ئیسڕائیلیش هاوبەش بێت لەو بڕیاڕانەی کە ئەدرێن بۆ سەپاندنی مەرکەزیەتی حوکومەتی ئەحمەد الشەرع .
ناکۆکیە ناوخۆییەکانی نێوان حوکومەتی ئەلشەرع و تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەکەوەو، لە نێوان بۆچوونەکانئ ئیسرائیل و ئەمریکا لەلایەکی ترەوە، هۆیەکی سەرەکی ئەم دانوساندنانە بوون کە لەنێوان حوکومەتەکەی الشەرع و ئیسرائیلدا ئەنجام دراون.
هەوڵی فریودەرانەی ئیسرائیلیش بۆ پشتیوانی لە بەناو( سەربەخۆیی کوردان)! ، خۆی لە خۆیدا فاکتەرێکی ڕێگر بوو لەبەردەم ڕازی بوونی سەرانی هەسەدە و ئەندامەکانی بە خودی بەیاننامەی ١٠ ئازار، لەلایەکی ترەوە کاڵفام کردنی زۆربەی هەرە زۆری کوردان ، کە ئیسڕائیل (دۆستی کوردە)! و جێگیرکردنی ئەفسانەیەکی خەیاڵی لە مێشکی جەماوری کوردا، کە ئەوان یارمەتیدەر ئەبن بۆ دروستکردنی (دەوڵەتی کوردی)!
ئەویش بۆ خۆی هۆکارێکی گرنگی فریودانی جەماوەری چەوساوەی کوردە ، کە پێویستە شکۆئ ( کوردایەتی) بپارێزرێت و نەشکێنرێت، و ئەفیونێکی بەردەوامی کاریگەر بێیت لە ناوچەکەدا، وێڕای تەسلیم بوون و ئاشکرا بونی ڕۆڵی بەکرێگیراوانەی (هەسەدە )، وە هاوئاهەنگیان لەگەڵ حوکومەتی الشەرعدا ، وەک سیاسەتێکی بەرفراوانی دژ بە کۆمۆنیزم لە ناوچەکەدا، و هێشتنەوەی جەماوەری ستسەمدیدەیە لە گێژاوی هزری ناسیۆنالیستی و متمانە بە بۆرژوا- کۆمبرادۆرە کوردەکان.
هەروەها فاکتەرێکە بۆ گەشەدان بە وتاری نەتەوە پەرەستی و ڕەگەزپورستی نێوان کوردو عەرەب و نەتەوەکانئ تربووە ، وە پەردەپۆشکردنی مەسەلە بنەڕەتیە چینایەتیەکان ، کە جەماوەری ستەمدیدەی کوردستان ئاوڕ لە ژیانی ڕاستەقینەی ئابووری و سیاسی خۆی نەداتەوەو، هەمیشە سەرقاڵی خوڵانەوە بێت لە بازنەی داخراوی ( کوردایەتی) دا.، کە خۆی لە خۆیدا خودی سەرکردایەتی هەسەدەیش سوود مەندە لەم سیاسەتە .
ڕێکەوتنە نافەرمیەکانی حوکومەتی ئێستای سوریا لە گەڵ ئیسڕائیل، لە پێناو کەمکردنەوەە نەهێشتنی ئەم جۆرە پشتیوانیە ئیعلامی و مێدیایەیە ، کە ئەبنە ڕێگر لەبەردەم بەدی هێنانی یەکپارچەیی سوریا و بنیات نانی دەوڵەتێکی مەرکەزی ئیستبدادی لە سوریا.

بەشی پێنجەم
دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان وەک ئامرازێکی بەرژەوەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوا
لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتداریەتی، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا وەک بەشێک لە پڕۆژەی سیاسی–ئەمنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا کاریان کردووە.
ئەم دەسەڵاتە بەشوێن جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی ئەمریکاوە بوون، لەسەر خاکی کوردستانی عێراق ، ئەو بەرپرسیاریەتەیان لە ئەستۆ گرتووە، و بوونەتە ئامرازێک بۆ پیادەکردنی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی جیهانی لە ناوچەکەو عێراقدا.
لە پێناوی پاراستنی ئەم بەرژەوەندیانە دا ماف و داواکاریە سیاسی و ئابووریەکانئ جەماوەری کرێکار و چەوساوەی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەردەوام پێشێل کردووە.
لە هەمان کاتدا، هاوکاری و هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ تورکیا لە بوارە سەربازی و ئابووریەکاندا، ڕێگەی بە قووڵبوونەوەی وابەستەیی ئابووری و سیاسی و ئەمنی لەگەڵ تورکیا دروست کردووە، وە لە پشت سیاسەتەکانی تورکیاوە بووە بۆ سەرکوتی جەماوەری چەوساوەی شارو گوندە کورد نشینەکانی تورکیا، وە هاوکاری ئەمنی و سەربازی کراون بۆ لێدانی هێزەکانی پەکەکە و تاڵانکردنی سامانە سروشتیەکانی ئەو ناوچانە.
ئەم بارودۆخە بەگشتی چ لە هەرێم یان لە عێراق وس تەواوی ناوچەکە ، بە قازانجی سیاسەتی تائیفی و دینی و میلیشیایی ، وە سەرگەردانی سیاسی و بڵاوبوونەوەی فەسادی ئابووری و سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکەو ، قۆناغی لێبڕاڵیزمی نوێی سەرمایەداری ، هەرچی زیاتر قەڵشتی چینایەتی و نوقوم بوونی جەماوەری کرێکارو چەوساوەی نەتەوەکانی ئەو ناوچەیەیە، لەناو هزری ئاینی ، قەومی، عەشائیری ، وە هەڵپەی کەڵکەی سەرمایە کە لەکۆمەڵگادا بەرچاو ئەکەوێت، هێندەی تر ئەوانئ بەرەو نامۆبوون و بێئاسۆیی و ڕەشبینی بردووە، تەنانەت هێزە چەپە ڕیفۆرمیستە بۆرژوازیەکانیشی بەتەواوەتی بەرەو سەنگەری ناسیۆنالیزم و بە قازانجی بەرژەوەندیەکانی حیزبە حاکمەکان بردووە، وە لە کۆتاییدا بەرەو سیاسەتی سازان و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ سیاسەتەکانی بۆرژوا ناسیۆنالیستەکان هەنگاو بنێن .

بەشی شەشەم
لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی ئەمریکادا بۆ ناوچەکە ، ئەم چەند خاڵە لەبەر چاو ئەگیرێت
● – حوکومەتی ئەلشەرع سیاسەتی سەربازی لێرەو لەوێ پیادە ئەکات ، بۆ دەست بەسەراگرتنی تەواوی ناوچەکانی تری ژێر چاودێری ( هەسەدە) لە گوندو ناوچەکانی ( ڕۆژهەڵاتی باکوری سوریا ) وەک ” ريف حلب” ، منبج ، کۆبانی ، دیر الزور، هەروەها حەسەکە ش ، بەردەوام ئەبن و دووبارە ئەبنەوە بەمەبەستی و سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر بیرە نەوتیەکان و تەواوی سوریادا .
● – هێزەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی پڕاگماتیکانە و بە شێنەیی پاشەکشە لە تەواوی ئەو پڕۆژەیە ئەکەن، کە پێشتر بۆ ڕاگرتنی توازناتی سیاسی خۆی لە ناوچەکەدا ، لە ڕێگەی پڕ چەککردنی هێزەکانی ( هەسەدە) گرتبویانە بەر، بەجۆرێک کە ناوی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا نەزڕێت . واز هێنان و ڕاگرتنی کۆمەکی ماڵی بۆئەو ڕێکخراوانەی کۆمەڵگای مەدەنی کە پێشتر ئەرکی ئامادەکردنی خواردن و کەلو پەلی پێویست بۆ کەمپەکان و دانیشتوانەکەیان، ڕاگرتووە، وە بەسەروکاری دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ گێڕانەوەی نزیکەی ( ١٦) هەزار لە کەس و کاری داعشیە عێراقیەکان، بە هاوکاری حوکومەتی بەغداو هەرێم ، بەدوور لە چاوی کامێراکان.

● – هەڵوەشاندنەوەی (هەسەدە) وەک قەوارەیکی سەربازی ، وە تێکەڵکردنی ئەو تاکە کەسانەی کە سوودیان ئەبێت بۆ حوکومەتئ الشەرع ، تواندنەوەی لەناو سوپای حوکومەتی سوریادا، لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکی سیاسیەوە.

● – پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتیەکی خۆجێی ئیداری ، نەک سەربەخۆیی سیاسی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لە مەسەلەی مافە فەرهەنگیەکانی وەک زمان و کولتورو و خزمەتگوزاریەکان تێناپەڕێت,هەروەک لە دەقی ڕێکەوتننامەی ئاگربەستی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی دا هاتووە(١)

● – تراژیدیایەکی مرۆیی و سیاسی و سەربازی لە کوشتارو ماڵوێرانی و دەربەدەری چاوەڕوانی خەڵکی کرێکارو چەوساوەی کوردەکان ئەکات لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ، وە ئەو خەونە وەنەوشەییانەی کە چاوەڕوانیان ئەکرد، بۆ هێنانەدی دەسەڵاتێکی سەربەخۆ، لەژێر دەسەڵاتی بۆرژوازی – کۆمپرادۆری کوردو هێزەکانی وەک ( هەسەدە) یان گەریللا، دەرکەوت کە هیچی تر نەبووە، بێجگە لە فریو دان و کاڵفامکردنی هزری ملیۆنەها مرۆڤی چەوساوەو کارگەری کورد لەو ناوچانەدا، کە ئاکامەکەی داڕمانێکی مەعنەوی و سیاسی و فیکری ئەو جەماوەرە ستەمدیدەیەو، دەستی خیانەتکارانەی سەرانی ( هەسەدە) ش بۆ جەماوەر ئاشکرابوو.

بەشی حەوتەم
خاڵە هاوبەشەکانی ئۆپۆرتۆنیزمی چەپ
یەکەم- هاوکاری و بە ڕەوا بینینی پشتیوانی و هاودەنگی لە گەڵ بۆرژوازی نیشتمانی و ئۆپۆزیسیۆنە چەکداریە بۆرژوازیەکانی، لە ژێر ناوی داکۆکی لە (مافی چارەی خۆنووسین) و شاردنەوەی پێکهاتەی چینایەتی سیاسەتە دژ بە کۆمۆنیزم و بزووتنەوە کرێکاریەکانی ئەم بزووتنەوە چەکداریانە.
دووەم- چاوپۆشیکردن لە ڕۆڵی وابەستەیی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیانەی کورد و دورزیەکان و عەلەویەکان، بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل و تورکیا ، وبەشداریکردن و هاوپشتی سیاسی و سەربازی بۆ ئەم بزووتنەوانە ،هیچی تر نیە بێجگە لە سیاسەتی ناسیۆنالیزمی چەپ.
سێیەم – چەواشەکردنی جەماوەری ستەمدیدەی کوردو نەتەوەکانی تر، کە توانای بە فەرمیکردنی ئەو دەسەڵاتەی کە ئێستا هەیانە وەک واقعێکی دیفاکتۆ ، ئەویش لە ژێر چەترو وە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی ئەمریکا لەم ناوچانەدا، هەروەها ڕەواج دان بە ئەفسانەی ئەوەی کە دروستکردنی هێزەکانی ( هسد) لەلایەن ئەمریکیەکانەوە لە پێناو سەربەخۆیی کوردان و مافەکانی ئەوان هاتوونەتە دی .
چوارەم – بێدەربەستی و بەهەند وەرنەگرتنی ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانانەی کە دژ بەم جەماوەرە سیڤیلەو چەوساوەکان ئەکرێت، وە چ ماڵوێرانی و دەربەدەریەک کە بەسەریان دێت، وە خۆ پاراستن لە باسە چینایەتیە بنەڕەتیەکان ، بەبێ پێداگرتن لە ستراتیژی خەبات و نیشاندانی ئاسۆی خەباتێکی شۆڕشگێڕانە، دژ بە هەڵسوڕێنەران و داڕێژەرانی ئەو سیاسەتەی کە لە سوریا و ناوچەکە ئەگوزەرێت ، هەموو ئەمانە هیچیتر نین، بێجگە لە لووتبەرزی و ڕاڕایی ڕۆشەنبیرانێکی ووردەبۆرژوازی و ڕێکخراوە بەناو چەپ و کۆمۆنیستەکانیانە .
هەربۆیە لە دوا ئاکامدا ئەم تاکتیک و سیاسەتە ئۆپۆرتۆنیستیانە، بە قازانجی باوەشێنی سیاسەتی فریودەرانەی ناسیۆنالیزمی بۆرژوا-کۆمپرادۆرە لۆکاڵیەکان ئەشکێنەوە، لە پێناو سازان و بردنە پێشەوەی ئەجیندای بەرنامە ڕیفۆریستیەکانیان .

بەشی کۆتایی
ئەنجامگیریەکان

هەڵوێستی سیاسی پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕ سەبارەت بە جەنگ و سیاسەتی شۆڤێنیستانەی وڵاتانی ئەمریکاو و تورکیا و ئیسرائیل و سەرۆکە بەکرێگیراوەکەیان ئەحمەد الشەرع ، سیاسەتێکی چینایەتیە، پشت بە بنەمای سیاسەتی وردەبۆرژوازیانەی ناسیۆناڵ چەپەکان نابەستێت، بەڵکە پشت بە بنەمای سیاسەتێکی چینایەتی نێوەنەتەوەییانە ئەبەستێت، کە پێداگری لە ئەوە ئەکات، کە لەهیچ شوێنێکی جیهاندا ( بۆرژوازی نیشتمانی وسیاسەتە بەرگریە نیشتمانیەکەی )، ناتوانرێت شۆڕشگێڕانەو پێشکەوتوخوازانە بێت.
هەروەها پێداگری لە سازماندانی سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانەی سەربەخۆی چینایەتی کرێکاران و چەوساوەکان ئەکات ، کە خەباتی چینەکە تێکەڵ بە بە سیاسەتی بۆرژوا – کۆمباردۆرە نیشتمانیەکان نەکرێت و خەباتی چینایەتئ نەکرێتە قوربانی خەباتی ناسیۆنالیستانەی میللی .
بەڵام ئەم ئاسۆیەو ئەم سیاسەتە سەربەخۆیە ئەوە ناگەیەنێت کە دژ بە پاکتاوکردنی دەسەڵاتی نەتەوەو ڕەگەزە ئاینیەکان و کەمایەتیەکانی تر، نەوەستنەوە، وە دژ بە سەندنەوەی ئیرادەی هەر یەکێک لەم نەتەوەو کەمایەتیانەیە ڕانەوەستن ،کە بەشێوەیەکی وەحشیگەریانەو سەرکوتگەرانە بە بەرچاوی جیهانەوە بەڕێوە ئەچێت .
ئەم دژایەتی و هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەیە پێویستە بە ڕێچکەو خەباتی سیاسی و فیکری چینایەتی خۆیدا تێپەڕ بێت، و ڕاگوزەر بکات کە تەواو جیاوازە لەگەڵ ئەو بەرگری و هەڵوێستە نمایشکارانەی کە بۆرژوا میللی و ناسیۆنالیستە چەپەکان پێی هەڵئەستن.
پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕ لە سۆنگەی تێکۆشان و خۆئامادەکاری بۆ سەربەخۆیی ئیرادەی سیاسی چینایەتی کرێکاران و چەوساوەکان، جهانبینی خەباتی خۆی دائەڕێژێت؛
لەلایەک دژ بە سیاسەتی شۆڤێنیستی ودژ بە ئازادی و سەربەخۆی میللەتان و ژنان و لاوان و سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان ئەوەستێتەوە؛
لە لایەکی تریشەوە دژ بە هەر سیاسەتێکی ئۆپۆرتۆنیستانە ئەوەستێتەوە، کەلە لایەن چەپی ڕیفۆرمیست و بۆرژوا ئاسا، خەباتی چینایەتی ئەکات بە پاشکۆی بەرژەوەندیەکانی بۆرژوا- کۆمبرادۆرەکان، و قۆناغ بەندی شۆڕشی سۆسیالیستیان کردووە بە بڕبڕەپشتی سیاسەتەکانی خۆیان، وە ڕزگاری میللەتان بە پێشمەرجی شۆڕشی سۆسیالیستی دائەنێن، لە کاتێکدا ئەو هێزانەی کە بەناوی میللەتەوە ئەجەنگن، خۆیان بەشێکن لە سیاسەتی داگیرکاری وئیمپریالیستانەی سەرمایەداری جهانی و لۆکاڵی.
دژایەتی کردنی سیاسەتە سازشکارو پڕاگماتیکانەی بەرگری نیشتمانی بۆرژواکان ، وە هەوڵدان بۆ سەرپێخستنی سیاسەتێکی سەربەخۆی پڕۆلێتێری ، دژ ئۆپۆرتۆنیزمی چەپی بۆرژوازی ، بەمانای پشتیوانی لە سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی وڵاتانی وەک ئەمریکاو ئیسرائیڵ و تورکیا وەدواتر داردەستەکەیان سوریا نیە.
ئەو ئەزموونەی کە ناویان ناوە ( ئەزموونی ڕۆژئاوا ) ڕۆژبەڕۆژ بۆ جەماوەرێکی بەرفراوانی کرێکاران و چەوساوەکانی کورد ڕۆشن بۆتەوەو جار بۆ جار باشتر ڕۆشنتر ئەبێتەوە ، کە ڕزگاری ئەوان پەیوەست نیە ، نە بە پەکەکە، پارتی، یەکێتی نە بە هیچ پارت و بزووتنەوەیەکی ناو گۆڕەپانی سیاسی لە شارە کورد نشینەکانی وەک ئێرانیش، بەڵکە ڕزگاری ئێجگاری چەوساوەکانی کورد لە هەرجۆرە چەوسانەوەیەکی میللی و چینایەتی وابەستەیە بە شۆڕشێک و ئاڵوگۆڕێکی چینایەتی گەورە لە ناوچەکەدا، کەلە ڕێگەی هاوپشتی خەباتی چەوساوەکانی تەواوی ناوچەکەدژ بە بنەماو ڕیشەکانی چەوساندنەوەی میللی و چینایەتی، کە ئەویش خودی ڕژێمە بۆرژوا ناوخۆیی و دەرەکیەکانە.
وە بۆرژوازی – کۆمبراۆدری کورد لە هەر چوار پارچەکە وەک ئەڵێن لە ئاست ئەم گۆڕانکاری و ڕزگاربوونە ئێجگاریەدا نین ، وە هەمیشە خیانەتیان لە شۆڕشگێڕان و خەباتی چینایەتی چەوساوەکان و تێکۆشەرانی ناوچەکە کردووەو سەرکوتی کردوون، وە بە قازانجی بەرژەوەندیەکانی خۆیان ئەوانیان سازمانداوەو پڕچەک کردووە.

و.سابیر
٢٠/ ١/ ٢٠٢٦
——————
(١). ده‌قی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی نێوان ئه‌حمه‌د شه‌رع و مه‌زڵوم عه‌بدی

.




هێزە کوردییەکان لە کەمپێکی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کشانەوە.. و: گۆران

نووسینی: William Christou in Beirut and Dan Sabbagh

ئەمریکا دەڵێت چی دیکە پشتگیری( هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە) ناکات، کە لە کەمپەکە کشانەوە لەکاتێکدا بەشێکی زۆری خاکەکەیان لە سەر دەستی حکوومەتی ناوەندی لەدەستدەدەن.

هێزەکانی سەرکردایەتی کورد لە سووریا ڕایانگەیاندووە کە لە کەمپێکی دەستگیرکراوانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کشاونەتەوە کە دەیان هەزار کەسی پەیوەندیدار بە داعشی تێیدایە، لەکاتێکدا ئەمریکا ڕایگەیاندووە چی دیکە پشتگیرییان ناکات.

چارەنووسی کەمپی ئەلهۆل، کە لە نێویاندا ژنە بیانییە توندڕەوەکان کە گومان دەکرێت ئەندامی داعش بووبن و خێزانەکانیانیش هەن، نیگەرانی زۆری وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست کردووە.

ئەم وڵاتانە ساڵانێکە هۆشدارییان داوە کە کەمپەکە ناوەندێکی توندڕەوییە و ئەگەر هەر هەڵهاتنێکی زیندانییەکان ڕووبدات، دەکرێت شپرزەیی دروست بکات. بەڵام لە سێشەممەی ڕابردوودا ئەمریکا ڕایگەیاند کە پێی وایە دەتوانێت لەگەڵ حکوومەتی سووریا کار بکات دژی داعش.

کەمپی ئەلهۆل نزیکەی ٢٤,٠٠٠ کەسی تێدایە، زۆرینەیان سووری و عێراقی، بەڵام ١٠,٠٠٠ کەسیش لە وڵاتانی دیکەن و نادیارە چی ڕوودەدات لەکاتێکدا هێزەکانی حکوومەتی سووریا دەچنە ناوچەکە.

گوتەبێژێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە لەلایەن کوردەوە رابەرایەتی دەکرێت گوتی: «هێزەکانمان ناچار بوون لە کەمپی ئەلهۆڵ بکشێنەوە و لە نزیک شارەکانی باکووری سووریا جێگیر بکرێنەوە کە مەترسی و هەڕەشەیان بەرەو زیادبوونە. »ئەوانە ئەم کشانەوەیەیان خستە ئەستۆی «شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. »

ژمارەیەکی کەمتری دەستگیرکراوانی ژن – نزیکەی ٢,٤٠٠ کەس، لە نێویاندا شەمیمە بێگەم کە هاووڵاتی بوونی بەریتانی لێ سەندراوەتەوە – لە کەمپی ئەلڕۆژ کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتە و هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی کوردەکاندایە، دەستگیرکراون.

حکوومەتی سووریا ڕایگەیاند کە کۆنترۆڵی کەمپی ئەلهۆل دەگرێتە دەست و لە هەسەدە تۆمەتبارکرد کە بە بێ پاسەوان جێی هێشتووە و ڕێگەی هەڵهاتنی دەستگیرکراوانیان داوە. هەروەها وتی کە هەمان کاریان لە زیندانی ڕەققە کردووە کە ١٢٠ زیندانی لێی هەڵهاتوون، بەڵام هەسەدە ئەمە ڕەت دەکاتەوە.

ئەم کشانەوەیە لەکاتێکدا ڕوویدا کە هێزەکانی حکوومەتی سووریا بە خێرایی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشڕەوییان کردووە و بەشێکی زۆری خاکی هەسەدە یان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا گرتووەتەوە. هەسەدە لە یەکشەممەدا ڕەققە و دێرەلزووری لە دەست دا، چونکە هەندێک لەهۆزە عەرەبەکان لە هێزە کوردەکە جیا بوونەتەوە و ناچاريان کرد لە ناوچە عەرەبییەکان بکشێنەوە.

پێشڕەویی خێرای هێزەکانی دیمەشق و هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە هەسەدە لە ماوەی شەوێکدا شۆک بوو: هێزە کوردێکە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە نزیکەی سێیەکی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کردبوو، بە پشتگیری ئەمریکا. ئەمە گەورەترین گۆڕانکاری لە هێڵەکانی پێشەوە بوو لەپاش کەوتنی سەرۆک کۆماری پێشووی سووریا بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە.

تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، لە سێشەممەی ئێوارەدا گوتی ئەمریکا چی دیکە پشتگیری هەسەدە لە شەڕی دژی داعش ناکات. ئەمەش لەبەر ئەوەی هەسەدە «باشترین هاوبەشی زەمینی بوو لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش لە ساڵی ٢٠١٩»، بەڵام ئەوە بوو چونکە «هیچ دەوڵەتێکی ناوەندی کارا لە سووریا نەبوو».

دیبلۆماتە ئەمریکییەکە گوتی دۆخەکە بەشێوەیەکی«بنەڕەتی گۆڕاوە» لەگەڵ کەوتنی ئەسەد و جێگرتنەوەی بە ئەحمەد ئەلشەرع. «ئێستا سووریا حکوومەتێکی ناوەندی قبووڵکراوی هەیە کە پەیوەندی بە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعشەوە کردووە»، لەسەر X نووسی، واتە «مەبەستی سەرەتایی هەسەدە وەک هێزی سەرەکی دژی داعش لە زەویدا بە زۆری کۆتایی هاتووە».

ڕێککەوتنێکی ئاگربەستەی ١٤ خاڵی کە لە یەکشەممەدا لە نێوان سەرۆک ئەلشەرع و سەرۆکی هەسەدە مەزلوم عەبدی واژۆ کرا، بەیانی دواتر لە دوای کۆبوونەوەیەکی ناکام لە دیمەشق هەڵوەشایەوە.

بەڵام شەوی سێشەممە کۆشکی سەرۆکایەتی سووریا ڕایگەیاند ئاگربەستێکی چوار ڕۆژە لەگەڵ هەسەدە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکە. گوتی ئەگەر هەرڕێککەوتنێک بکرێت ئەوە حکوومەتی سووریا ناچێتە ناو شارە کوردنشینەکان وەک حەسەکە و قامیشلۆ و هێزە ئەمنییەکان لە خەڵکی ناوخۆیی دابین دەکرێن.

هەروەها گوتی عەبدی کاندیدێک لە هەسەدە دیاری دەکات بۆ جێگری وەزیری بەرگری، پەرلەمانتار بۆ پەرلەمانی نیشتمانی و لیستی کەسەکان بۆ دامەزراندن لە کەرتی گشتی سووریا.

ئەم ڕاگەیەنراوە وادیارە شەڕی دەستبەجێی زیاتر لە نێوان لایەنەکان ڕاگرتووە و دڵنیایی بە فەرماندە کوردەکان داوە کە مافەکانیان ڕێز لێ دەگیرێت.

سەرچاوەکانی حکوومەتی سووریا پێشتر عەبدییان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە هەوڵ دەدات جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکە دوابخات، کە زۆرینەی دامەزراوە و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی کوردەکان دەداتە دیمەشق. ئیلھام ئەحمەد، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی دەسەڵاتی کورد، گوتی عەبدی داوای ماوەیەکی پێنج ڕۆژەی کردووە بۆ جێبەجێکردن، کە سەرەتا لەلایەن دیمەشقەوە ڕەت کرایەوە.

« ئیلهام ئەحمەد ئەمڕۆ سێشەممە وتی: “ئەوان دەیانویست ڕاستەوخۆ هەموو شتێک ڕادەستی دیمەشق بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەم کۆبوونەوەیە یان بەبێ ئەم کۆبوونەوەیە دەیانویست بچنە شەڕەوە … ئێستاش پلانەکەیان کۆمەڵکوژکردنی کوردە”.
دوای کۆبوونەوەکە، فەرماندە کوردەکان، لە نێویاندا عەبدی، داوای کۆبوونەوەی گشتییان کرد لە ناوچە کوردنشینەکان و بەرخۆدان لە پێشڕەویی دیمەشق بۆ سەر خاکەکەیان. میدیای هەسەدە وێنەی خەڵک، گەنج و پیریان بڵاو کردەوە کە چەکیان بەدەستەوەیەوە اامادەی بەرخۆدانن.

شەڕ لە نێوان لایەنەکان لە سێشەممەدا بەردەوام بوو، لەگەڵ بۆمبارانی کۆبانی کە ناوچەیەکی کوردنشینە لە سنووری تورکیا و هاتنە ناو حەسەکەی هێزەکانی حکوومەت.

ئەو ناوچانەی تا ئێستا دەست دیمەشق کەوتوون ناوچە عەرەبییەکان بوون، کە زۆرێک لە دانیشتووانەکەیان کێشەی کۆنیان لەگەڵ هەسەدە هەبووە. وادیارە هەسەدە لە ناوچەکانی نزیک سنووری عێراق و تورکیا جێگیر بووە، کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن.

ئەگەر ئاگربەستی چوار ڕۆژە سەرکەوتوو نەبێت و هێزەکانی دیمەشق بچنە ناوچە کوردنشینەکان، شەڕەکە دەکرێت خوێناوی تربێت لە ڕۆژەکانی پێشوو. لەو ناوچانەدا ئەوان ژێرخانی سەربازییان هەیە، لە نێویاندا تۆپی قورس، درۆن و تونێڵی ژێر زەوی.

دانیشتووانی کورد شەڕەکە وەک شەڕێکی بوونی دەبینن و ئاماژە بە کوشتاری بە کۆمەڵ دەکەن کە هێزەکانی حکوومەت لە پارێزگای سوەیدا و کەناری سووریا لە ساڵی ڕابردوودا ئەنجامیان دا وەک نموونەیەک بۆ ئەوەی دەکرێت بەسەریان بێت ئەگەر هێزەکانی حکوومەت ناوچەکە بگرنەوە.

حکوومەتی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا لە سێشەممەدا گوتی ناچنە ناوچە کوردنشینەکان و ئامانجی سوپا «گەڕاندنەوەی سەقامگیری و پاراستنی دامەزراوە حکوومییەکانە».

هەسەدە بۆ ساڵانێک گەورەترین هاوبەشی ئەمریکا بوو لە سووریا و پێکەوە خەلافەتی داعشیان لە ٢٠١٩دا تێکشکاند. ئەمە باڵی سەربازییەکی دەوڵەتی کوردییە کە خۆسەری بووە، دامەزراوە و حکوومەتی خۆی هەبووە. لە نێو شتەکانی دیکەدا، مافەکانی کوردی پاراستووە، کە ساڵانێک لەلایەن ئەسەد و باوکیەوە پێشێلکرابوون.

کە ئەسەد کەوت، هەسەدە و دیمەشق هاتنە سەر مێزی گفتوگۆ، هەسەدە دەیویست خۆسەرییەکەی بپارێزێت و دیمەشق دەیویست کۆنترۆڵی تەواوی وڵات بکات. سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لە ١٠ی ئازاری ساڵی ڕابردوو بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا، لایەنەکان هەر لە ناکۆکیدا بوون و بە کەم و زۆر شەڕیان کردووە.

لە کۆتایی هەفتەدا، ئەمریکا داوای لە حکوومەتی سووریا کرد پێشڕەوییەکەی لە هێڵی ڕووباری فوراتدا بوەستێنێت، بەڵام هێزەکانی حکوومەت بەردەوام بوون. لەو کاتەوە بێدەنگ بووە لەکاتێکدا حکوومەتەکەی شەرع لە هێرشەکەی دژی هەسەدە بەردەوامە.

پێشڕەویی دیمەشق لە هەفتەی ڕابردوودا یارمەتی دا زۆرینەی وڵات کۆنترۆڵ بکات، لەوەش گرنگتر، گەورەترین کێڵگە نەوت و گازەکان، هەروەها بەنداوە سەرەکییەکان.

سەرچاوە:
رۆژنامەی گاردیان رۆژی ٢٠ی کانونی دووەم ٢٠٢٦

https://www.theguardian.com/world/2026/jan/20/kurdish-forces-withdraw-from-is-detention-camp-in-north-east-syria




پشتوانی بێ مەرج؛ کوشتنی مرۆڤ بە زمانی گوتار.. جوتیار

لە پەراوێزی هەڵوێستەکەی علی قەرەداغیدا

لە روانگەی منەوە ئەو هەڵوێستەی عەلی قەرەداغی وەکوو ڕاگەیاندنێکی سادەی سیاسی نابیندرێت، بەڵکوو وەک نیشانەی کێشەیەکی قووڵتر لە بیرکردنەوەی ئەخلاقی و سیاسیی ئەودا تەماشا دەکەم. کاتێک کەسێکی عەقیدەیی- فکری ـ ئاینی بە شێوەیەکی ڕەها ڕایدەگەیەنێت کە پشتوانی بڕیارەکانی ئەحمد شەرع دەکات لە دژی کوردانی ڕۆژئاڤا، لەوەدا تەنها جیاوازی ڕای سیاسی نابینم؛ بەڵکو شکاندنی ئەو سنوورە دەبینم کە دەبێت لە نێوان بیرکردنەوە لە پیرۆزی (عەقیدە)و دەستەڵاتی (مۆڕاڵ) هەبێت.
من سیاسەت تەنها وەکوو یاریی هێز نابینم، سیاسەت، پێش هەموو شتێک، بڕیار لەسەر ژیانی مرۆڤەکانە، بۆیە کاتێک هەڵوێستێک بە شێوەیەکی ڕەها نیشان دەدرێت یان پشتگیری لایەنێک دەکات کە لە کرداردا ئەگەری خوڵقاندنی توندوتیژی، ئاوارەبوون و شکاندنی کەرامەتوو ژیانی مرۆڤی تێدایە، ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە پەیوەندی تەنها بە هاوسۆزی نەتەوەیەوە نییە، بەڵام دکتۆر قەرەداغی دەکریت لە خۆی ببپرسێت بەو هەڵوێستەی ژیانی کام مرۆڤی پاراستووە؟
لە دیدگای منەوە، کێشەکە تەنها کێشەی کوردبوون نییە، کێشەی کۆمەڵگایەکە لە ناوچەیەکدا کە هەمیشە مرۆڤ وەک ئامراز سەیر کراوە، نەوەکوو وەک ئامانج، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، هەرچەند وەکوو هەر پڕۆژەیەکی سیاسی ـ سەربازی دیکە، دەکرێت خاوەنی هەڵە و کەموو کوڕی و سنوورداربون بن، بەڵام لە کاتی قەیران و شەڕو ئاڵۆزیەکانی ئەو ناوچەیەدا بوونەتە پەناگەی هەزاران مرۆڤ؛ ژن، منداڵ و کەسانێک کە هیچ دەنگێکیان نەبیستراوە. هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم ڕاستییە مرۆڤایەتییە پشتگوێ بخا لە پێناوی تەنها ئەوەی تەنها پارێزگاری لە هەڵوێستێکی سیاسی “ڕەها” بکات.
ئەوەی من هەستی پێدەکەم کێشەی سەرەکی لێرەدا، ئەو کولتوورەیە کە هێشتا ووشەی “بەرژەوەندی” بەسەر مۆڕاڵی مرۆڤبوندا سەرکەوتووە. کاتێک دەوترێت بۆ بەرژەوەندیەکی گشتی، بۆ ئامانجێکی گەورەتر، یان بۆ یەکگرتنێکی فراوان، دەبێت چاو لە زیانیە تاکەکەسی و مرۆیەکان یان نەتەوەیەکان ببەستین.
هەڵوێستەکەی عەلی قەرەداغی من توڕە ناکات تەنها وەک کوردێک؛ بەر لە هەرشتێک من توڕە دەکات وەک مرۆڤێک، چونکە من لەوەدا ئەو هەستە دەبینم کە ژیانی هەندێک مرۆڤ دەتوانرێت لە پێناوی گوتارێکی عەقیدەیی- پیرۆزو گشتیدا ببێتە قوربانی، بە بڕوای من ئەو هەڵوێستە، نە عەقیدەگەرایی پیرۆز لە پێناو خوداو نە بیرکردنەوەیەکی مۆڕاڵی- مرۆیی سیاسییە.
هەڵوێستی فکری، یان عەقیدەیی- سیاسی، لە سەردەمە قەیراناویەکانیشدا، دەبێت سنووری هەبێت؛ سنووری مرۆڤایەتی. هیچ ئایینێک، هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی و هیچ بەرژەوەندیەکی ستراتیژی نابێت ئەو سنوورە تێپەڕێنێت، کاتێک ئەو سنوورە تێدەپەڕێندرێت، من وەکوو تاکێک، وەکوو مرۆڤێک کە مۆڕاڵی ئینسانیبوون سنورمە، مافی ئەوەم هەیە ئەو هەلویستە بە تونترین شێوە ڕەخنە بکەم، نەوەکوو بۆ دروستکردنی دژایەتی تاکەکەسی، بەڵکو بۆ پاراستنی ئەو شتەی هەموومان بەیەکەوە پێویستمان پێیەتی کە ئەویش کەرامەتی مرۆڤە.
بۆچوونی من لەسەر سیاسەت لەو شوێنەدا دەست پێدەکات، کە ئەگەرهەڵویستوو سیاسەت لە بنچینەدا بڕیارێک لەسەر ژیان و مردن، سەلامەتی و ناڕەحەتی و کەرامەتی مرۆڤ نەبێت، ئەوە تەنها یاری هێزەکانە، نەوەکوو بیرکردنەوەیەکی مۆڕاڵی لە پێناو ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤەکان.
لە دیدگای منەوە، ئەو هەڵوێستانەی کە پشتوانی بێ مەرج دەدەن بە پڕۆژە یان لایەنێک، بێ ئەوەی بپرسن ئەم پڕۆژەیە لەسەر ژیانی مرۆڤەکان چی دەکاتوو کاریگەریەکەی چی دەبێت، هەڵوێست نییە؛ ئەوە ڕەهاکردنی ئەخلاقە بە شیوە ئەبستراکتەکەی. من دژی ئەو لۆژیکەم کە مرۆڤ دەکاتە ئامراز بۆ ئامانجێکی “گەورەتر”، چونکە لەو ساتەوە سیاسەت کەرامەتی خۆی لەدەست دەدات.
من باوەڕم وایە هیچ بەرژەوەندیەک، هەرچەند بە زمانێکی پیرۆز، ستراتیژی، یان ئاینی قسەی لێ بکرێت، ناتوانێت ئەو ڕەوایەتیە بدات کە ژیانی تاکە کەسێک، یان ژیانی کۆمەڵێک مرۆڤ، وەک قوربانییەکی “قبوڵکراو” سەیر بکرێت. ئەگەرهەڵوێست چی لە پێناو خوداو دەستەڵاتەکەی و چ لە پێناو دەستەڵاتوو سیاسەتەکەی بۆ ئەو ئاستە دابەزێت، کەواتە بوونی مرۆڤ لە ژێر بێبەهاترین بیرکردنەوەدایە.
هەڵوێستی دروست ئەوەیە کە مرۆڤ لە کاتی قەیرانەکانیشدا، هێزو مۆڕاڵی مرۆڤایەتی خۆی پارێزگاری لێبکات، نەوەکوو ڕەوایی دان بە هەڵوێستێک کە قەیرانی ماڵوێرانکەرو زیانێکی زۆربۆ کۆمەڵگا دروست بکات. من ناتوانم هەڵوێستێک قبوڵ بکەم کە دەڵێت “ئەم زیانە پێویستە”، چونکە لە دیدگای منەوە، ووشەی “پێویست”ە ئەو ساتە دەستپێدەکات کە مرۆڤ لە بیردەچێت شوینێکی نەماوە لە یادوەری مۆڕاڵی مرۆییدا.
سیاسەت، ئەگەر لە سنووری مرۆڤایەتی دەرچێت، ئەوە ئیتر بڕیار نییە، تاوانە و من وەک تاکێکی کۆمەڵگای کوردی، وەک مرۆڤێکی سەرئەو زەمینە، وەک کەسێک کە باوەڕی بە کەرامەتی ژیان هەیە، مافی ئەوەم هەیە و بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەشی دەبینم کە ئەم جۆرە هەڵوێستانە بە تونترین شیوە شەرمەزار بکەم ، نەوەکوو لە پێناو دیدگاو بۆچونی کەسیی خۆمدا کە ڕەهایە، بەڵکو بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ناو سیاسەتدا وون نەبێت وهەڵوێستەکانیشمان لە مۆڕاڵی مرۆیی دانەشورێن.

جوتیار




هۆکارە دەرەکیی و ناوخۆییەکانی پاشەکشەکانی ڕۆژاڤا.. شێرکۆ کرمانج

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە بۆ دەستنیشان کردنی تەواوی هۆکارەکان کات و وردبوونەوەی زیاتری دەوێت، بۆیە ئەوەی لێرە گفتوگۆ دەکرێت و دەخرێتە ڕوو سەرەداوی سەرەتایین کە زادەی چاودێریکردنی ساڵانێکە لە دۆخی ڕۆژاڤا لەگەڵ ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی ئەم چەند ڕۆژە.
من ناوم لەمە ناوە “پاشەکشە” نەک “شکست” یان “ئاشبەتاڵ”، چونکە پێم وایە کورد لە پێشڕەفتەییەکانی لە دە ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژاڤا لەم چەند ڕۆژە پاشەکشەی کردووە نەک ئەوەی کە بزووتنەوەکە یان ئەزموونەکە شکستی هێنابێت یان ئاشبەتاڵی کرد بێت. پاشەکشە زادەی فشاری زۆرە، واتە هۆکاری دەرەکی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت. بەڵام شکست و ئاشبەتاڵ زیاتر هۆکاری ناوخۆیی کاریگەرن.
هیچ پرسێک، ڕووداوێک، دۆخێک، شکستێک، پاشەکشەیەک، سەرکەوتنێک، هتد، یەک هۆکار یان دووی نین بەڵکوو چەندین هۆکاری لە پشتە. ئەو کەس و لایەنانەی کە یەک هۆکار دەبینن، ئەوە شرۆڤە ناکەن، بەڵکوو دەیانەوێت خاڵێکی سیاسی زەق بکەنەوە یان تۆمار بکەن. بۆ نموونە، ئەگەر ئەم پاشەکشەیە لە پڕۆژەی دیموکراتی و پێکەوژیانی گەلان وەک کۆڵەگەیەکی ئایدیۆلۆجی ئەبجەلان و پەک (هەر دوو ناو بە ئانقەست شێوێنراوە لەبەر سانسۆر) کورت بکەینەوە ئەوە لە ڕاستیدا هەم کورت دێنێت، هەم بۆ خۆی کە ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆجییە کەچی خۆی هەڵقوڵاوی ئایدیۆلۆجییە.
لە دۆخێکی وەک ئەمڕۆدا کە ئەو پاشەکشەیە بە چاوی خۆمان دەبینین، ئەوا سۆز یان توڕەیی یان نائومێدی زاڵ دەبێت بەسەر تێگەیشتن و دەربڕینەکانمان. لێرە هەوڵم داوە ئەمانە ئاراستەم نەکەن.

هۆکارە دەرەکیی و سەپێنراوەکان
یەکەم، پیلانی نێوەدەوڵەتیی، پیلانێکی نێودەوڵەتی گەورە ماوەیەکە بۆ بنکۆڵکردنی ئەزموونی خۆسەری لە ڕۆژاڤا (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) ئیش دەکات. تورکیا و قەتەر و سووریای ئەحمەد شەرع یارییکەری سەرەکین لەو پیلانە، کە بە پشتیوانی سعودیە، لە بێدەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل، لەم ڕۆژانە جێبەجێ کرا. تورکیا دژی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی باشووری کوردستانە، بەتایبەتی ئەزموونێک کە نەیارە سەرسەختەکەی، پەک، بکەری سەرەکی بێت. قەتەر هەموو توانی خۆی خستەگەڕ کە دوا ئەزموونی ئیسلامیی لە وڵاتانی عەرەبی، سووریا، شکست نەهێنێت، ئەوە بێجگە لەوەی کە قەتەری ئێستا نوێنەرایەتی ناسیونالیزمی عەرەبی ڕەنگڕێژکراو بە ئیسلامی سیاسی دەکات و دژی هەر جۆرە دابەشبوونێکی وڵاتانی عەرەبییە، تەنانەت بە فیدراڵبوون و لامەرکەزیشەوە. سعودیە نایەوێت ئێران، یان هەر لایەنێک کە لە ئێران نزیک بوو بێت، ئێستا یان کاتی خۆی، لە سووریا پێگەی هەبێت، یان پێگە دروست بکات و ببێتە مایەی سەرئێشە بۆیان یان زیندووکردنەوەی حیزبوڵا. بۆیە بە خەستی لە پشت دەسەڵاتی سوننەگەرای شەرع ڕاوەستاوە، ئەگەرچی نیگەرانە لە نەفەسە ئیسلامییەکەی. لە خوارەوە قسە لەسەر بێدەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەم.
دووەم، هەڵە تێگەیشتنێک لە ڕۆڵی بکەری دەوڵەتی و نادەوڵەتی. لە مێژە لە نێو کورد دا هەڵە تێگەیشتنێک هەیە گوایە ئەمریکا شەریکە یان هاوپەیمانە. لە پەیوەند بەم پرسە گرنگە ئەوە بزانین کە لە دە ساڵی ڕابردوودا، ئەمریکا پشتیوانی لە کورد کردووە لە شەڕی دژ بە داعش نەک بۆ دروستکردنی کیان یان دەوڵەتی سەربەخۆیی. دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەمریکا لە دژی بکەرێکی نادەوڵەتی، واتە داعش، نەک بکەرێکی دەوڵەتی، واتە سووریا، پشتیوانی لە کورد دەکرد. کاتێک بکەرە نادەوڵەتییەکە گۆڕا بۆ بکەرێکی دەوڵەتی هاوکێشەکان و تێگەیشتنەکان گۆڕان. ئەمە بۆ باشوور و ئەزموونی ڕیفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەریش هەر ڕاستە. ئەم هەڵە تێگەیشتنە لە باشوور و لە ڕۆژاڤا کوردی تووشی جۆرێک لە غرور کرد کە حیسابی بۆ زۆر هۆکاری دیکە نەدەکرد، وەک ڕۆڵی تورکیا و سعودیە لە هاوکێشەکان. لانی کەم کورد پشتیوانی ئەمریکای بە ئەزەلی وەرگرت بوو.
سێیەم، دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراک، ڕۆڵی تاکەکەس. لەگەڵ بە کاندیدبوونەوەی ترەمپ، خەمخۆرانی ڕۆژاڤا، یەکێک لەوانە من، هەمیشە ترسی ئەوەمان هەبوو کە ترەمپ بێتەوە سەر حوکم و ڕۆژاڤا بکاتە قوربانی سەفقەیەک لە سەفقەکانی وەک جاری یەکەم لە ٢٠١٨-٢٠١٩دا لە سەرێ کانی و گرێ سپی کردی، یان هەر لەبەر بێئەخلاقبوونی پشت لە ڕۆژاڤا بکات. کاتێکیش کە ترەمپ بزنیسمانێکی وەک تۆم بارکی کردە نێردەی خۆی هێندەی دیکە ترسەکان گەورەتر بوون چونکە باراک بێجگە لەوەی کە دژەکورد بوو، پڕۆتورکیش بوو. هاوکات، هەموو تێگەیشتنەکانی هەڵقوڵاوی دیدی دەوڵەتێکی مەرکەزی بوو، کە دژایەتی لەگەڵ خەون و ئامانجەکانی کورد دەکرد و لەگەڵ شەرع و سوورییەکان یەکدی دەگرتەوە. لە پەیوەند بە پێشهاتەکانی ئەم چەند ڕۆژە، بە ڕەهایی نا، بەڵام من بە جددی پێم وایە ئەگەر ترەمپ نەبا هەر کەسێکی دیکە لە ئەمریکا (کۆمارییەکان یان دیموکراتەکان) حاکم بایە هێندە بێئەخلاق نەدەبوو بەرانبەر بە کورد و ئەگەری هەبوو ئەگەر دەستبەرداری کوردیش بان بەڵام بەم ئاست و ڕادەیە نەدەبوو.
چوارەم، شەرع و سوننە و پچڕاندنی هیلالی شیعی. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامی بەعس و هاتنی شیعەکان بۆ سەر حوکمی عێراق، کۆریدۆرێک دروست بوو لە تاران بۆ بەغدا، لەوێشەوە بۆ دیمەشق و باشووری لوبنان، کە بە هیلالی شیعی ناسرا. ئەم پێکەوە گرێدان و وابەستەبوونەی ئەم ناوچە و پایتەختانە هەڕەشەی گەورە بوون لەسەر ئیسرائیل، ئەگەر نەڵێم تاکە هەڕەشە بوو کە ئیسرائیلی نیگەران کردبوو. ساڵێک لەمەوبەر، کە شەرع و ئیسلامییەکان لە دیمەشق هاتنە سەر حوکم، یەکێک لە گرنگترین دەرکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە پچڕاندنی هیلالی شیعە بوو. شەرع و هاوپەیمانەکانی کارێکیان کرد لە پچڕانی حیزبوڵا و ئێران، بێجگە لە لەگۆڕنانی ڕژێمەکەی ئەسەد، کە دەکرێت بڵێین بە کورد نەدەکرا. ئەمەش دیدی ئەمریکا و ئیسرائیلی بەرانبەر بە شەرع و سووریا گۆڕی بەتایبەتی دوای ڕێککەوتنی پاریس لە نێوان ئیسرائیل و سووریا و ملکەچبوونی شەرع بۆ ئیسرائیل. بۆ سووریا و شەرع، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، گەنم و جۆی ڕۆژاڤا و نەوتی دێرەزوور و فورات و بەنداوی تشرین ئێجگار زۆر گرینگتربوون لە بەرزاییەکانی جۆلان. من و چەندین ئەکادیمی و نووسەری دیکە پێش ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد داوامان لە هەسەدە کرد، بە ئاشکرا بە نووسین، بە دزی لەڕێگەی پەیوەندییەکانمەوە، کە هەسەدە ڕۆڵی پچڕانەکە ببینێت، ئەویش بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەلبوکەمال و درێژکردنەوەی قەڵەمڕەوییەکانی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دروزەکان لە نزیک سنووری ئیسرائیل، بەڵام داواکانمان سەدای نەبوو، هۆکار چی بوو، ئەڵاهو یەعلەم.
پێنجەم، فاکتەری جوگرافیی. لە پاڵ هۆکارە دەرەکییەکان فاکتەری جوگرافیا دژی کورد بوو، کە نازانم بە هۆکاری ناوخۆیی دابنێم یان دەرەکی، بەڵام لەبەرئەوەی زیاتر هۆکارێکی سەپێنراوە ئەوە بە ناوخۆییم دانەنا. جوگرافیا لە دوو لاوە غەدری لە ڕۆژاڤا و ئەزموونەکەی کردووە. یەکەمیان لەبەرئەوەی ڕۆژاڤا هەرێمێکی/کیانێکی داخراوە، واتە سنووری دەریایی نییە، لەوەش ترسناکتر بە دوژمنی سەرسەخت دەوردراوە. ئەمە بۆ هەموو کوردستانیش هەر ڕاستە و لە دەرەوەی ئیرادەی کوردە. هاوکات، جوگرافیای ڕۆژاڤا پێکهاتووە لە پێنج پارچەی بەیەکەوە نەبەستراو: عەفرین (کە تورکیا وێرانی کرد)، کۆبانێ (کە داعش و تورکیا خاپووریان کرد)، قامیشلۆ، گەڕەکەکانی حەلەب، لەگەڵ گەڕەکەکانی دیمەشق. ئەم دابەشبوونە و هەوڵەکانی تورکیا بۆ قووڵترکردن و بەرینترکردنی دابەشبوونەکە، بە تایبەتی بە داگیرکردنی عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی، تا دەگاتە عزاز و تەلڕەفعەت و مەنبەج، تواناکانی کوردی لە بوونی قوڵایی ستراتیجی و بەرگریی و هاوکاریی یەکدی ئێجگار کەم کردەوە. هەرێم و پارتی درەنگ لە گرنگی ستراتیجی ڕۆژاڤا گەیشتن نەک هەر بۆ کورد تەنانەت بۆ پارتیش، بەڵام تازە کار لە کار ترازاوە. ئەوەش کێشەیەکی دیکەی کوردە کە تا سەری لە بەردی ئەلحەد نەدا بە خەبەر نایەت.

هۆکارە ناوخۆییەکان
یەکەم، وەهم لەبەرانبەر واقیعییبوون. ئەبجەلان، بیرمەند و دامەزرێنەری پەک، لە دوای گرتن و زیندانیکردنی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا، کۆمەڵێک تێز و تێگەیشتن و شرۆڤەی کردووە، کە هەر شوێنی بەرهەمهێنانی تێزەکانی جێگەی پرسیاری جددین، بەڵام با واز لەوە بێنین. لە ڕاستییدا تێگەیشتنەکانی ئەبجەلان زیاتر لە وەهم و خەیاڵ دەچن لەوەی پڕۆژەی نەتەوەیەکی داگیرکراو و بێمافکراو بن. کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی گەلان لە ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست کە فاشیزم و شۆڤێنیزم و داگیرکاریی و ڕق و قینە لە کورد ئاراستەی دەکات کوا جێگەی بیرۆکەی وای دەبێتەوە، بەتایبەتی بۆ هێزێک لە دەرەوەی دەسەڵات. ئەگەر لە دەسەڵات بیت و دەوڵەت خۆت بەڕێوەی ببەی ئەوە دەکرێت قسەیەکی لێ بکرێت. دەرکەوتە هەر خراپەکەی ئەم تێگەیشتنە لە دۆخی ڕۆژاڤا لەوەدا بوو کە هەسەدە پێی وابوو دەتوانێت هێزێک دروست بکات لەسەر ئەو بنەمایە، کەچی دەرچوو عەرەبەکان، نەک عەرەبچە و ئیسلامییەکانیان، بەڵکوو ئەوانەش کە سەری ڕەزامەندیان بۆ دید و دەسەڵاتی هەسەدە دەلەقاند، لە دەرچەیەک دەگەڕان کە دژی کورد، نەک هەر هەسەدە، هەڵگەڕێنەوە. ئەمە ڕامان دەكێشێت بۆ پەیوەندی نێوان کورد و ئەوانی دیکە (تەماشای خوارەوە بکە).
دووەم، پراگماتیزم لە بەرانبەر ئایدیۆلۆگبوون، سیاسەتوان بەتایبەتی لە قۆناغی ئیدارەدانی کیان و ئەزموون و دەوڵەت دەبێت پراگماتیست بێت پێش ئایدیۆلۆگبوون. ئایدیۆلۆجیا کورت دێنێت لە شرۆڤە و تێگەیشتن لە دۆخەکان و هاوکێشەکان. ئایدیۆلۆگ بەرژەوەندی بیرمەند و حیزب دەبینێت و ئاراستەی دەکات، کەچی پراگماتیست و دەوڵەتدار بەرژەوەندی باڵای نەتەوە دەبینێت و ستراتیجی دوورمەودا دادەڕێژێت و تاکتیکی ڕۆژانە دەخاتەگەڕ بۆ گەیشتن پێیان. واپێدەچیت ئەحمەد شەرعی ئیسلامیی و جیهادی، بەڕاوێژی تورکیا لە سەرکردە کوردەکان پراگماتیزتر بوو. شەرع ئامادە بوو لە دژی کورد و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژاڤا دەست لەگەڵ شەیتانیش تێکەڵ بکات، کورد نەک هەر ئایدیۆلۆجیا ڕێگری لێ کرد بەڵکوو شەرمی سیاسی وای کرد کە نەتوانێت ڕاشکاوانە وەک دروزەکان داوای یارمەتی لە ئیسرئیل بکات. کورد نەک هەر داوای یارمەتی نەکرد، بەڵکوو شرۆڤەکان و قسەکانی ئەبجەلان ئەوەی لێ دەخوێندرایەوە کە ئەوان دەیانەوێت ڕێگری بکەن لەو پڕۆژە و نەخشەی کە ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داڕشتووە. ئەمە قسەی گیرفانی من نییە، بەڵکوو هەموو چاودێرێکی سیاسی هەستی بە نەفەسێکی لەم شێوەیەی نەک هەر لە قسەکانی ئەبجەلان دەکرد بەڵکوو لە بەرپرسەکانی دیکەی “پەک”یش دەبیستران. بێجگە لەمە، ئایدیۆلۆجیا ڕۆژاڤای کردە ناوچەیەکی داخراو بەڕووی وەبەرهێنان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. ڕاستە ڕۆژاڤا لە دروستکردنی ئینسانێکی خۆڕاگر و پشت بەخۆ بەستوو تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو، بەڵام ئەوە کافی نییە بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانیی دەرەکی. کیان و دەوڵەت لەسەر بنەمای سۆشیالیزم و کاری هەرەوەزی دانامەزرێت بەڵکوو کرانەوە بەڕووی وەبەرهێنان، دیارە لێرە مەبەستم گەندەڵ و گەندەڵکاریی نییە، بەڵام داخرانی ئابووری، ڕۆژاڤای لاواز کردبوو.
سێیەم، پەیوەندی نێوان کورد و ئەوانی دیکە پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراوە. لە پێش شەڕی دووەمی جیهانی، هەموو ڕاپەڕین و حیزب و لایەنە کوردییەکان لە شێخ عوبەیدوڵای نەهری تا دەگاتە قازی محەمەد، پەیوەندی کورد و ئەوانی دیکەیان وەک پەیوەندی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو دەبینی و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد، بۆیە سەربەخۆیی کوردستان دوا ئامانجیان بوو. لەدوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، ئەبجەلان و پەک، یەکەمین گەورەهێز بوون کە هەوڵیان دا، لانی کەم لە ڕووی تیوری و تێگەیشتن و گوتارەوە دروشمی خودموختاری بۆ کوردستان و دیموکراسی بۆ تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا تێکبشکێنن و سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستانیی بکەن بە ئامانج، واتە دەرخستنی کوردستان وەک وڵات و نەتەوەیەکی داگیرکراو. بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئەبجەلان و پەک و هێزە نزیکەکان لەم خەتە، بە هەموو شێوازێک دژی دەرخستنی پەیوەندی کورد و ئەوانی دیکە بوون وەک پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراو. لەپاڵ ئەو ڕاستییە، وەک لە چەندین دەرفەتی دیکەدا باسم کردووە، هاوکێشەی کورد لەگەڵ داگیرکەرانی هاوکێشەی هێزە بووە و هاوکێشەی هێز دەبێت تا ڕزگاربوونی. لەم هاوکێشە و پەیوەندییە تێنەگەین ناتوانین هەنگاوی دروست بهاوێین. لە دۆخی ڕۆژاڤا، کوردان لەوێ لەوە تێنەدەگەیشتن کە داگیرکەر هیچ کاتێک قەبوڵ ناکات داگیرکراو حاکم بێت بەسەرییەوە. بۆیە، سەرەڕای ئەوەی کە شەڕڤانان لە ڕۆژاڤا، لە ڕەقە، لە مەنبەج، لە دێرەزوور، لە هەموو باکووری سووریا، هەزاران شەهیدیان دا بۆ ڕزگارکردنی عەرەبەکانی ئەم دەڤەرە و پاراستنیان بەڵام کە هاوکێشەکان گۆڕان، ئامادە نەبوون و ئامادە نین نەک هەر لەژیر سایەی دروشمی برایەتی گەلان یەکسانانە لەگەڵ کورد بژین، بەڵکوو یەکسەر هەوڵی ژێردەستەکردنەوەی کورد دەدەن. پرسەکە ئەوەیە کە داگیرکەر نەک هەر دەسەڵاتی داگیرکراو قەبوڵ ناکات، بەڵکوو نایەوێت یەکسانیش بێت بە داگیرکراو. کورد دەبێت لەم هاوکێشەیە بگات. لە پاڵ ئەمە، ئەگەر کورد لە ڕۆژاڤا باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەت هەبا، ئەوە لەوانەیە لە چەند دەرفەتێک کە بۆی ڕەخسا، بۆ نموونە لە ئانوساتی شکستخواردنی دەوڵەتی سووریا لەژێر سایەی بەشار ئەسەد، یان لە کاتی ڕووخانی ئەسەد و پێش جێگیربوونی دەسەڵاتی شەرع، بەیانی دامەزراندنی دەوڵەتی کردبا، یان هیچ نەبێت خۆی وەک هەرێمێکی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی ناساندابا.
بە کورتی، ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕوو دەدات نە بە شکست نە بە ئاشبەتاڵ نابینم، بەڵکوو پێم وایە کە پیلانەکان و جێبەجێکاری پیلانەکان زۆر لە کورد بە تواناتر و بەهێزتر بوون بۆیە پاشەکشەیان بە ئەزموونی ڕۆژاڤا کرد. هاوکات، پێم وایە کورد باش لە هاوکێشە ئیقلیمییەکان نەگەیشتبوو و خۆی خستبووە یارییەکەوە کە دەبوایە یان نەیکات، مەبەستم فراوانکردنی قەڵەمڕەوییەکانیی بۆ ناوچە عەرەبنشینەکان، یان دەبوو سەرکێشی زیاتر بکات، ئەویش بەوەی ببووایە بە هێزی پچڕێنەری هیلالی شیعی و بەیەکەوە بەستنی کورد و دروزەکان و خۆبەهاوسێکردنی ئیسرائیل. هاوکات، کورد دەبێت بەخۆداچوونەوەیەکی جددی بە تێز و تێگەیشتن و ئایدیۆلۆجیاکانی بکاتەوە و بزانیت کە چەپبوون و ئانارشیستبوون دادی نادات بەڵکوو دەبێت کوردبوون و کوردستانییبوون بکات بە چەقی بیرکردنەوە و تێگەیشتنەکان.
هەر چۆنێک بێت، لەم لەحزەیە گرنگە هەموومان پشتیوانی ڕۆژاڤا بین، داوا لە سەرکردەکانی ئەوێ بکەن کە ئەگەر دێرەزوور و ڕەقەش بەتەواوی ڕادەستی دیمەشق بکەن ئەوە تەواوی حەسەکە بپارێزن، ئەگەر پێویست بکات شەڕ بکەن، چونکە خاکت نەبێت بوونت نییە.




ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ هەنگاوی پێدەنرێت؟.. حەسەن ڕازانی

هەندێک فاکت و ڕاستیی….

با خۆمان لە واقیعەکەو لە ڕاستیی مێژوویی لانەدین…مێژووی دوێنێی ناوچەکە نیشانی دەدا کە گۆڕانکارییە سیاسیی و سەربازییەکان چۆن ڕوویان داوە لە ناوچەکەو چۆنیش درێژەیان پێدراوە! هەر لەسەر ئەو مەبنایەش گۆڕانکاری سبەینێ ڕوودەدەن!
گلەیی و ڕەخنە سوودێکی نابێت ئەگەر بەدیلی ڕاسترو درووستر نەخەیتە پێش.. چونکە
کورد دەمێکە گوتوویەتی:”بێڵە قوڕ بەدەست خەڵکەوە سووکە!
لەبەر مەبنای ئەو فاکت و ڕاستیانە، کە بە بڕوای من مێژوو نیشانی داوە، کە بوونەتە فاکت و ڕاستیی، کە لەو نووسینەمدا هەوڵدەدەم هەندێکیان نیشانبدەم، ئێمە دەتوانین بزانین کە سیاسەتی ئەو ناوچەیە چۆن داڕێژراوەو چۆنیش درێژەی پێدراوەو بەرەو کوێش هەنگاوی پێدەنرێت!..
دەبێ هەموومان ئەو ڕاستییە، هەرچەندە زۆر تاڵیشە، بزانین کە تەنها بەرژەوەندی دەوام دەکا. سیاسەتی ئەو ناوچەیەش لە سەر مەبنای بەرژەوەندی داڕێژراوەو هەر لەسەرئەو مەبنایەش درێژەی پێدەردرێت!
خەڵک بە خۆی و بە ئامڕازە مێژوییەکانی خۆیەوە لە وێنەی ڕەگەز، ئایین ، مەزەب، کەلتوورو زمان و چەندین شتی تریش تەنها ئامڕازەو بە کاردەهێنرێت بۆ داڕشتنی سیاسەت و سیاسەتیش لە سەر مەبنای بەرژەوەندییە!
دەوڵەتانی ئەو ناوچەیە زۆرینەیان دەرەوەی خۆیان درووستی کردوون و دیسان زۆرینەشیان تەنها بۆخۆیان خۆیان وەک دەوڵەتی نەتوەیی عاڕەبی ناوزەد کردووەو هەر هەمووشیان وەک وەڵات و نەتەوەو ڕەگەزێکی موسڵمان بۆخۆیان خۆیان خستۆتە سەر نەخشەی سیاسیی. لەو نێوشەدا تەنها مەبەست بەژەوەندی بووە کە ئامڕازەکەشی هێزو زەبروزەنگ و تووندوتیژیی بووە کە ڕۆڵی بینیوە. جا با لە هەر وەڵاتێکیشدا چەندین نەتەوەو ئایین و مەزەبیش بوونیان هەبێ کە موسڵمان نەبن یان عاڕەب نەبن!
جوولەکە لە ناوجەرگەی ئەو ناوچەیەدا مێژووییەو هەبووەو دەشمێنێت. لاوازیان کردووە، لە هەندێک شوێن بەرەو لە ناوچوونی کۆتایی براوە، بەڵام لە هەندێک ناوچەی ترماوەو لە گەشەدایە.
کێشەیەکی مێژوویی ئایینیش بوونی هەبووە لە نێوانی ئیسلام و جولەکەدا. ئەودوانە قەت بە یەکەوە بە شێوەیەکی تەواو ئاشتیانە هەڵیان نەکردووەو نەگونجاون.کێشەکە کە ئایینیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلام لە نیوە دوورگەی عاڕەبدا. ئەو کات ئەو نیوە دورگەیە بە ڕێژەیەکی زۆر جولەکەی تێدابووە بەڵام ئێستا بە چراو شەدایانیش ئەگەر لە سعودیە لە جولەکەیەک بگەڕێیت لەوانەیە نەیدۆزیتەوە لە کاتێکدا پێش ئیسلام زۆرینەی یەسریب، مەدینەی ئێستا، جولەکەنشین بووە.
پێکهاتەی سیاسیی و سەربازیی ئەو ناوچەیە درووستکراوە لە لایەن یەکێک یان هەندێک لە دەوڵەتانی ناتۆ بەسەرکردایەتی ئەمەریکا. خۆیان خۆیان درووست نەکردووەو ئێستاشی لەگەڵدا بێت کۆڵەکەی مانەوەیان هەر ناتۆیە. کەچی ئێستا خۆیان کردۆتە کەڵەگا بەسەر هەندێک نەتەوەو ڕەگەزی مێژوویی ڕەسەنی ناوچەکە بۆنموونە بە سەرنەتەوەی کوردەوە.
نەتەوەی عاڕەب کە خۆی بە خاوەنی یەکەمی ئایینی ئیسلام دەزانێت، ئیسلامی وەک ئامڕازی مانەوەو بە سوڵتان بوونی خۆی بەکارهێناوەو بۆ دەرەوەی خۆشی شیعاری : هەموومان موسڵمانین و براین.
سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوەی عاڕەب هەرکاتێک کە دەزانێت لە تەنگژەدایەو لاوازەو پێویستی بە هاوکاریی هەیە یەکسەر بابەتی ئیسلام و هەموومان موسڵمانین دێنێتە پێش و تەواوی جیهانی ئیسلامی دێنێتە پاڵخۆی بۆ ئەوەی بەرەنگاریی لە ئایینەکەیان بکەن بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بەرگرییە دەچێتە سەبەتەی نەتەوەی عاڕەبەوە. چونکە سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوەی عاڕەب بە ئاشکرا ئیسلام بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردێنێت. هەروەها بە پێچەوانەشەوە، کە مێژوو پیشانی ئیمە دەدات، هەر کاتێک کە سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوەی عاڕەب پێویستیان بە هاوکاریی نەبێت و خاوەنی هێز بن، ئەوا دەست دەدەنە فتوحات و پاوانخوازیی و زەبروزەنگ و قەلاچۆپیکردنی نەتەوەکانی تر بۆ نموونە نەتەوەی کورد. ئەو کاتە سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوەی عاڕەب شیعاری : “امە عربیة واحدة ذات رسالة خالدة” بەرز دەکاتەوە. کە ئەو شیعارە سەرەتا هی حیزبی بەعس بوو!
کەم تا زۆر نەتەوەکانی تریش ئایینی ئیسلامیان وەک ئامڕازی مانەوەو بەهێزبوون و فراوانخوازیی خۆیان بەکارهێناوە. بەڵام نەتەوەی کورد بە پێچەوانەوە لە جیاتی ئەوەی ئیسلام وەک ئامڕازی مانەوەو بەهێزبوونی خۆی بەکاربێنیت هاتووە بەدەستی خۆی خۆی کردۆتە ئامڕازو سووتەمەنی بۆ گەشەو بەهێزبوون و بەسوڵتان بوونی ئایینی ئیسلام. بە وردی تەماشا بکەن ئەودیمەنە سیاسییەو سەربازییەتان بە ئاشکرا بۆ دەردەکەوێت!
ئێستا دیقەتێ بدەنە جولەکە کە دەوڵەتیێکی بەهێزی وای هەیە کە لە ناوچەکەدا لەوبارەوە کەم وێنەیە. خۆی بە سیستەمێکی سێکیولار نیشانداوەو چەندین نەتەوەو ئایین و مەزەبیشی تێدایەو بە ئاشتیانە دەژین. کەسییان گلەیی نیە. بۆ نموونە چەندین ملیۆن عارەبی موسڵمان و مەسیحی و کوردزمانی تێدایە.
دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ڕووی مێژووییەوە دەتوانرێت بگوترێت کە بەرەی پێشەوەی دەوڵەتانی ناتۆیە، دیارە بەسەرکردایەتی ئەمەریکا، لەو ناوچەیەدا. بۆیە هەر شکەستێک بۆ ئیسڕائیل شکەستی ناتۆیە. لە ڕووی مێژووییشەوە دەرکەوتووە کە هەر لایەن و حیزب و دەوڵەت و سەرۆکێکی دەوڵەتێک ئەگەر چ بە ئاشکراو چ بە نهێنی دژایەتی دەوڵەتی ئیسرائیلی کردبێت هەر ماوەیەک ماوەتەوە و ئیتر لەبەرچاوان هون بووە! یان بە تەواوەتی کێشەی بۆدرووستکراوەو لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە بەرەو تەواو لاوازیی براوە. تکایە جوان و بە وردی مێژووبخوێننەوەو دیقەتێ بدەنە ڕووداوە مێژووییەکان لەو ناوچەیەدا!
نەتەوەی کورد: کورد نەتەوەیەکی ڕەسەنی ناوچەکەیەو بە زەبری هێز خاک و ئاویان دابەشکردووە بەسەر سێ نەتەوەدا کە پێیان وایە برای موسڵمانی کوردن. سیستەمی سیاسیی و سەربازیی ئەو سێ نەتەوە باڵا دەستە ئەوەی کە پێیان کراوە لە دژی برا موسڵمانەکەیان کە نەتەوەی کوردە کردوویانە و ئێستاش بەردەوامن. ئەو سێ نەتەوە باڵادەستە ئەوەی بۆخۆیان پێیان باشەو لە بەرژەوەندیی نەتەوەی خۆیاندایە دەیکەن و دەیشەڕعێنن و لە گەڵ ئیسلامدا دەیگونجێنن و بە ڕەوای دەزانن بۆخۆیان.
سیستەمی سیاسیی و سەربازیی نەتەوە موسڵمانەکانی وەک عاڕەب و تورک و فارس بۆ خۆیان بە ئاشکرا پەیوەندیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیەو و هات و چۆ و مامەڵە لە گەڵ ئیسڕائیلدا دەکەن. کەچی هەر نزیکبوونەوەیەکی کورد لە جولەکە عاسمانێ بەسەر کوردا دەڕوخێنن و یەکسەر سوڕەتی الفتح و انفال لە دژی کورد بەکاردێنن. کورد لەو نێوەدا بووەتە قوربانی.
ڕەوە دەوڵەتێکی موسڵمانی عاڕەب و ناعاڕەب هەن کەچی بێدەنگن لەبەرامبەر مەزڵومییەتی کورد بەدەستی براموسڵمانەکانیان. لە کاتێکدا کورد خۆی لە هەموو نەتەوە موسڵمانەکانی وەک عاڕەب و تورک و فارس بە موسڵمانتر دەزانێ و لە مەیدانی کاریشدا ئەمەی سەلماندووە.. کەچی بە چەکی ئایینی ئیسلام لە کورد دەدرێت و بەرەو لەناوچوون دەبرێت. ئەمە بەرژەوەندی و سیاستە نەک برایی و موسڵمانبوون. برا موسڵمانەکانی کورد لە تورک و عاڕەب و لە فارس تەنانەت بەدوا ئەو فەرموودەیەی پێغەمەرەکەشیان ناکەون کە دەفەرموێت: المسلم من سلم المسلمون من لسانە و یدە. یان ئایەتەکانی قورئان لە وێنەی : لکم دینکم و لي دین، یان لا اکراە في الدین….

بلۆکبەندیی: لە جیهانی سەرمایەداریی جیهانییدا بلۆکبەندیی لە وێنەی بەرەی ڕوسیاو ئێستا چینیشی هاتۆتە پاڵ هەروەها بەرەی ناتۆ بە سەرکاردایەتی ئەمەریکا دەمێکە ئەو بلۆکبەندییە بوونی هەیە. نێوانی ئەو دوو بلۆکە قەت خۆش نەبووە، هەمیشە پاشقول لێکگرتن بووە، بەینێک نێوانیان گەرم و شەڕبووە، بەینێک نێوانیان ساردو سۆڵبووە بەڵام هەمیشە لەبەرامبەر یەکتردا ناپاک و شەڕانیی بوون. هەموو ئەو گرژیی و ناپاکییەی نێوانیشیان لە سەر حسابی پڕۆکسەکانیان بووە لە ناوچەکەدا. بەهاری عاڕەبی بەنموونە . هەرچی بە حساب و بە ڕواڵەت لە سەر بلۆکی ڕوسیا تەماشادەکران لەبەرچاوان ون بوون!
بلۆکبەندییە جیهانییەکەش هەر لەسەر مەبنای بەژەوەندییە. شەڕەکان لەسەر بەژەوەندیین، ئاشتییش هەر بۆ مەبەستی بەرژەوەندییە. هیچی لەبەر چاوی جوان و پاراستن و ئەخلاق نیە. بەزەیی پێداهاتنەوە بوونی نیە. ئەگەر مافی مڕۆڤ و ئەخلاق و برایی و هەموومان نەوەی ئادەمین و ئادەمیش لە خۆڵە ڕاستبووایە مێژوو ئەم هەموو خوێڕێژییەی تۆمارنەدەکرد لە نێوانی براکاندا. یان ئەم هەموو چەکە تۆقێنەرو وێرانکەرە کە لە ماوەی یەک دوو چرکەدا گۆی زەوی وێران دەکەن بوونی نەدەبوو. کەواتە تەنها بەرژەوەندی ماکی ڕووداوەکانە.
ئێران و سیستەمی ئاخوندە شیعەگەراییەکان: ئێمە هەروەک چۆن لە پێشوودا فاکت و ڕاستتییەکمان نیشاندا کە دۆستایەتیی لەگەڵ ئیسڕائیل بە مانای مانەوەو سەلامەتییەو پێچەوانەکەشی سەری خۆخواردنە. لەو بارەوە نموونەی بەرجەستەی مێژوویی زۆرن . تەماشا مێژووی ناوچەکە بکەن!
خومەینی ڕابەرو دامەزرینەری سیستەمی ئاخوندیی لە ئێران بە ئاشکرا گوتی: پاراستنی کۆماری ئیسلامی لە نوێژو رۆژو فەرزترە. بە بڕوای من، سیستەمی ئاخوندەکان هەموو کارێک دەکەن بۆ مانەوەی خۆیان. وەک چۆن تاڵیبان لە ئەفغانستان هاتنەوە سەر کورسی دەسەڵات ئەو کاتەی کە بوونە دۆست و بوکەڵەی ئەمەریکا. ئەگەرئاخوندەکانیش جا چ ژێر بە ژێر بێ یان بە ئاشکرا بێت دۆستایەتی خۆیان بۆ ئیسڕائیل لە ناوچەکەدا ڕابگەێنن وە یان هیچ نەبێ هیچ نەبێ دوژمنایەوتیەکەیان کەمی بکەنەوە.. بە بڕوای من ئەوکاتە دەمێننەوەو درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن.
ناوچەکە پێک هاتووە لە سوننەو لە شیعەو چەندین ئایین و مەزەب و نەتەوەوەو ڕەگەزی جیا. بە زەبری هێزهەندیکیان خستوونەتە ژێردەستی هەندێکی تریان.
شیعەو سوننە دوژمنایەتیەکی مێژوویان هەیەو دەبێ هەرواش بمێننەوەو نابێ هیچ کامیان بەتەواوەتی بێهێزببێت و ناشبێ هیچ کامیشیان بە تەواوەتی باڵادەستبێت و نابێ دۆستایەتیش بە تەواوەتی لە نێوانیاندا هەبێ. چونکە بەرژەوەندی ناتۆو ئەمەریکا، بەرژەوەندی دەرەوەو ناوخۆی خۆشیان هەر ئەوەی گەرەکە.
پوختە:
ناتۆو ئەمەریکا بە تایبەتی بەریتانیاو فەرەنسا سەدان ساڵ لێرەوپێش بە شێوەیەک پێکهاتەی سیاسیی وسەربازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داڕشتووەو دابەشکردووە کە هەمیشە دەبێ کێشەیەک هەبێ. نابێ ناوچەکە بێکێشە بمێنێتەوە. ئەگەر بێت و کێشەی ئایینی چارەسەر بکرێت کێشەی مەزەبی سەرهەڵدەدات، ئەگەر کێشەی مەزەبی چارەسەر بکرێت کێشەی نەتەوەیی و ڕەگەزی سەردەردێنێت! ناوچەکە پڕە لە بەهانەی مێژوویی بۆ شەڕو پێکدادان و ئاڵۆزیی. کێشەی کورد لەگەڵ برا موسڵمانەکانیان لە وێنەی تورک و عاڕەب و فارس بە نموونە. یان کێشەی عاڕەبی فەلەستین لەگەڵ جولەکە. برا موسڵمانەکانی کورد کە سەدان ساڵە باڵادەستکراون بەسەر کوردەوە بانێکەو دووهەوا سیاسەتیان لەگەڵ کوردا بەرێوە دەبەن. چەکی ئایین لەدژی کورد بەکار دێنن لە کاتێکدا کە کورد لەوان خۆی بە موسڵمانتر دەزانێت. ئەوی کە بۆخۆیان بەڕەوای دەزانن بۆ کوردی بە کوفرو ئیلحاد دەزانن. هەر نزیکبوونەوەیەکی کورد لە ئیسڕائیل تەواوی جیهانی ئیسلامی لێی وەخۆ دەکەوێت لە پێش هەموویانەوە موسڵمانەکوردەکانی نێوخۆ کە سەر بە رێکخراوی سیاسی جۆراوجۆرن و لە لایەن یەکێک لە دەوڵەتە عاڕەبیەکانەوە هاوکاریی دەکرێن یان لە بنچینەدا لە لایەن ئەوانەوە درووستکراون.کوردیش لە نێوخۆیدا یەک نیەو هەر لایەک دەهۆڵ بۆ برا موسڵمانێکی تری لێدەدا. هەر وەک دکتۆر عەلی شەریعتی دەڵێت:” ئاری برا وا ڕابرا…” ئاهوا هاتووە کاکە گیان.




پرسی دەسەڵات لە سوریا، ڕۆژئاڤا لە نێوان ڕێکەوتن و ڕیسکدا.. جوتیار

کێشەی کورد لە ڕۆژئاڤا/كوردستانی داگیرکراوی سوریا، کێشەیەکی نوێ نییە، بەڵکو بەشێکە لە درێژەی مێژوویەکی قووڵ، کە تێیدا کورد هەمیشە لە نێوان ڕەتکردنەوە، لەبیرکردن و بەکارهێنانی کارتی سیاسی لە نێوان ووڵاتانی زلهێزو هەرێمایەتیدا، لە ماوەی دەیان ساڵی رابردودا گەمەی پێدەکرێت. کوردی سوریا نە بە نەتەوە ناسراوە، نە بە مافدار، نە بە هاوبەشێکی تەواوی وڵاتوو دەوڵەت لە سوریادا. زمان، ناسنامە، خاک و مافە سیاسییەکان، هەموویان لە ژێر سیاسەتی ڕەتکردنەوە و ناڕوونی سیاسیدا بوون. ئەم دۆخە، پێش ئەوەی شەڕ دەست پێ بکات، بنەمای بێ‌ متمانەیی قووڵی نێوان کورد و دەوڵەتی ناوەندی سوریای دانا.

کاتێک شەڕی سوریا هەڵگیرسا، کورد لە ڕۆژئاڤا هەوڵی ئەوەیان دا خۆپاراستن و تێکەڵنەبوون بە شەڕێکی نەتەوەیی هەڵبژێرن. ئەنجامی ئەم هەوڵە، دروستبوونی شێوەیەکی خۆبەڕێوەبەرایەتی بوو کە لە هەمان کاتدا هەم وەڵامی بۆ مەترسییە سەربازییەکان پێبوو، هەم هەوڵێک بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک بە کوردو نەتەوەکانی تریشەوە. بۆ زۆرێک لە کوردانی رۆژاڤا، ئەم ئەزموونە یەکەم جار بوو کە هەستیان بەوە کرد بتوانن لەسەر خاکی خۆیان، بە زمان و ڕێکخستنی خۆیان، ژیانێکی ئارامتر ببینن و ئەزموون بکەن ، هەرچەندە ئەم ئارامییە هەمیشە لە ژێر سایەی مەترسیەکی دەرەکی و ناوخۆییدا لە ژێر هەرەشەدا بوو بە ئێستاشەوە.
لەو ڕوانگەیەوە، هەر هەنگاوێکی سیاسی، کە کوردی لە سوریا وەک لایەنێکی نەتەوەیی ناساندووە، بۆ زۆرینەی کورد ماناو رەهەندێکی زۆر گەورەی هەیە، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی یاسایی یان ستراتیژییەوە سنووردار بێت. ڕێکەوتنەکەی نێوان مزلوم عبدی و ئەحمەد شەرع، بە پشتگیری (بارزانی) و ئامادەیی نیردەی تایبەتی ترامپ (تۆم باراک)، لەو شوێنەدا بۆ کوردێک، زیاتر لە یەک ڕێکەوتنی سیاسییە؛ هەوڵێکە بۆ ئەوەی بڵێت کورد لە سوریا “بابەتێکی کاتی” نییە، بەڵکو خاوەن خاک، مێژوو، و مافە.
بۆ کوردێکی ڕۆژئاڤا، گرنگی ئەم هەنگاوە لەوەدا نییە کە چی واژوو کراوە، بەڵکو لەوەدایە کە بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی ئاشکرا، گفتوگۆ لە نێوان نوێنەرێکی کوردی و نوێنەرێکی دەوڵەتی (عەرەبی سونی) سوری دەکرێت، نە لەسەر بنەمای فەرمان و فشاری سەربازی، بەڵکو لەسەر بنەمای دانپێدانانی بوونی یەکتر. ئەمە بۆ نەتەوەیەک کە زۆرجار تەنها وەک کێشە، یان وەک مەترسی، ناسراوە، هەنگاوێکی گرنگی دەروونی و سیاسییە.
بەڵام هاوسۆزی بۆ کەیسی کوردانی رۆژاڤا واتا کوێری نییە. کوردی هۆشیار دەزانێت کە ڕێکەوتنێک لەسەر کاغەز، ئەگەر نەگۆڕدرێت بۆ گەرەنتییەکی ڕوون بۆ مافە نەتەوەییەکان، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی ناڕەزایی نوێ. ترسی گەورەی زۆری کورد بە خودی بارزانی شەوە ئەوەیە، کە دووبارە، لە کاتی دابەشکردنی دەسەڵات لە سوریا، کێشەی کورد بخرێتە دواوە، یان بگۆڕدرێت بۆ کارتێکی سیاسی بۆ مامەڵەکردن لە نێوان هێزە گەورەکان. مێژوو ئەوەی فێری کورد کردووە کە هیوای بێ‌ گەرەنتی زۆرجار بە ناکامی کۆتایی هاتووە، هەرچەندە نەبۆتە مایەی ئەزمونوو دەرسی مێژوو بۆی.
ئەگەر لە ڕوانگەی مرۆیی/ سیاسی دیدگایەک بخەیتە سەر ئەو ئاڵانگاریە جیوسیاسیانە، کوردی ڕۆژئاڤا داوای شتێکی زۆر نائاسایی ناکات، ناسینی ناسنامەو، ماف، زمان، پاراستنی خاکو بەشداریکردن لە بڕیاردانی ئایندەی وڵاتێک کە خۆی پێی وایە دەبێت. ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە بتوانێت ببێتە دەستپێکی پرۆسەیەک کە ئەم داواکارییانە لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوو و فیدراڵ یان لانیکەم دەسەڵاتێکی ‌دابەشکراو جێبەجێ بکات، ئەوا لە دیدی کوردانی رۆژئاڤادا، هەنگاوێکی مێژوویی دەبێت. ئەگەر نا، ئەوا ترسی ئەوە هەیە کە ببێتە هێمایەکی تر لە زنجیرەی هێڵبەستە درێژو بێمەوداکانی نادادپەروەری لە ژێر سایەی نەتەوەی سەردەستوو دەوڵەتێکی دیدگا فاشیزمدا.
بە کورتی، لە ڕوانگەی منەوە وەکوو کوردێکی هاوسۆز بەو بەشەی کوردستان، ئەم ڕێکەوتنە لە نێوان هیوای هۆشیاری و ترسی مێژووییدا ڕاوەستاوە. هیوای ئەوەی کورد لە سوریا جارێکی تر لە دەرەوەی مێژوو نەنرێت و ترسی ئەوەی کە دووبارە لە کاتێکی گونجاودا، کورد بە قوربانیێکی سیاسی بگۆڕدرێت. لە نێوان ئەم دوو هەستەدا، کورد داوای شتێکی سادە دەکات، قسەکان لە دەمەوە بگۆڕدرێن بۆ مافێکی نوسراو لە دەستوردا و ، و ماف بگۆڕدرێت بۆ مومارەسەکردنی ژیانکی ئینسانیانەتر لە ژێر سایەی دەستەڵاتێکی نا سێنتراڵ و نا عەسکەرتاردا.

جوتیار




ڕۆڵی لایەنە شیعەکان لە سیستمی دوای ٢٠٠٣وە.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو سیستەمەی لە دوای ٢٠٠٣ وە لە عێراقدا دامەزرا، بەناوی بنەمای مۆدێلی دیموکراسی، هێزی میلیشیایی نەتەوەیی و تائیفی و ئیسلامی، دەسەڵاتی بڕیاردانیان هاوبەش بوو. ئەم ڕەوتە دەستی بە جۆرێک لە هەڵکشان کرد، لەکاتێکدا هێزو لایەن و فراکسیۆنە شیعەکان، وردە وردە دەسەڵاتی دەوڵەتیان لە سەر حسابی گروپە نەتەوەیی و تایەفەگەریەکانی تر چەسپاند و فراوانتر بون، بە بیانوی بەهێزکردنی سەروەری عێراق و ڕێکخستنی کاروباری دەوڵەت. هاوکات ڕۆڵی ئێران لە داڕشتنی کایە سیاسی و ئەمنیەکانی عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد.
پرۆسەیەک دەگوزەرا کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا، لەهەمانکاتدا هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی نفوزی ئەمریکا و کردنەوەی دەرگا بۆ نفوزی ئێران، دواتر هاوکاتی ئەو ئاڵۆگۆڕانەی لە ناوچەکەدا پێشهات، ئاکامی توندبونەوەی ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆدەنگی هێزو لایەنی”عەرەب و کورد، شیعە و سونە” وە، ململانێی بەردەوام و ناجێگیری لە چۆنیەتی ئیدارەکردنی دەوڵەتدا.
لە ساڵی ٢٠٠٣ وە عێراق نەیتوانیوە دامەزراوەی بەهێز بنیات بنێت، کە توانای داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی هەبێت بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی. دەوڵەت تائێستا دیدێکی هەمەلایەنە و پلانێکی درێژخایەن و یەکگرتوو و ستراتیژی نییە، بۆ ڕێنمایکردنی کردار و سیاسەت و شێوەی گەشەپێدان، لەم چوارچێوەیەدا، کابینەی لایەنەکانی شیعە بەپێی دەستوور بەهێزترین دامەزراوەی جێبەجێکاریە لە عێراقدا، بە ئاشکرا ئاراستەی سیاسی دەوڵەتیان لە قاڵبداوە و سیاسەتێکی یەکگرتوی لەسەر بنەمای دید و ئایدۆلۆژیای کەسایەتیە باڵادەستەکان یان هێزە باڵادەستەکانی شیعە جێبەجێکردووە، بۆ نموونە ئیبراهیم جەعفەری یەکەم سەرۆک وەزیران، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، دیدگایەکی ئیسلامی گرتەبەر و مەیلی بەدواداچوونی جۆرێک لە هاوسەنگی پراگماتیکی هەبوو، دواتر لە هەلومەرجی سەربازی و سیاسی ئەمەریکادا، مالیکی دووەم سەرۆک وەزیرانە، تا ئێستاش کەسایەتیەکی دیارە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، مەیلی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران و گرێدانی عێراقە، بە چارەنوسی کۆماری ئیسلامیەوە.
حەیدەر عەبادی جێنشینی مالیکی، لەبەرامبەر هەڕەشەی تیرۆر و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، هەوڵیدا هاوسەنگیەکی گونجاو لەنێوان دەستەبەرکردنی پشتیوانی ئەمریکا و هاوکاری لەگەڵ میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دروست بکات.
ئەم ڕێبازە له سەردەمی عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی، هەڵوێستی زیاتری لایەنگری ئەمریکایان گرتەبەڕ و مامەڵەیان لەگەڵ ئێران و دەخالەتی له عێراقدا کرد. لە کۆتایدا محەمەد شیاع سودانی، بەدوای ناڕەزایەتی ڕاپەرینەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣وە، کە سەرەتا کاندیدکرا و لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیەوە پاڵپشتی کرا، بەڕوونی ڕایگەیاند کە سیاسەتی ئیدارەکەی لەسەر بنەمای بێلایەنی و پاراستنی هاوسەنگیەکی گونجاو لە نێوان بەرژەوەندیە ناوخۆییەکان و پاڵپشتی ئێران و فشارەکانی ئەمریکادایە، بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا شایانی باسە لەبەر ئەوەی باڵادەستی ئێران بەسەر عێراقدا زیاتر سایەی کردوە، ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگیەی نێوان ئەمریکا و ئێراندایە بۆ هیچ لایەنێکیان ئاسان نەبوو.
ڕەوتی سەدریش بە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی دامەزراوەی سیاسی لایەنەکانی شیعەی عێراق هەژمار دەکرێت، موقتەدا سەدر خۆی وەک کەسایەتیەکی ئایینی و سیاسی دژە دامەزراوەکان نیشان دەدات، کە کێبڕکێ لەگەڵ کوتلە لایەنگرەکانی ئێران دەکات، بە بایکۆتکردن و ڕێکخستتنی خۆپیشاندانی جەماوەری و گردبونەوە لە شەقامەکاندا، ئەمەش چەندینجار ماڵی هێزو لایەنی شیعەکانی وەک یەک بەرە لاواز کردووە.
دەنگهێنانەوەی لیستی سودانیش ئەوە دەردەخات، بەشێک لە دەنگدەرانی شیعەی عێراق خوازیاری پاراستنی ئەو هێڵە سیاسیەی ئێستان کە سودانی نوێنەرایەتی دەکات، سودانی لەژێر دروشمی “عێراق یەکەم” خۆی بۆ هەڵبژاردن کاندید کردوە و تاڕادەیەک خۆی لە هەڵوێستە تائیفیە ئاشکراکان بەدوور گرتوە و پەیامێکی گەیاند کە دابەشبونە نەتەوەیی و تائیفیەکانی تێپەڕاندووە. بەمپێیە بەرنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لەسەر گەیشتن بە ئاوەدانکردنەوەی بەردەوام و بەهێزکردنی ئابووری و بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش بوو. بۆ ئەم بەرنامانە بە پێویستی دەزانن کە ژینگەیەکی سەقامگیر و پارێزراو لە عێراقدا بپارێزن!.
لەو چوارچێوەیەشدا یەکێک لە دەستکەوتەکانی حکومەتی پێشووی سودانی توانای ئەوەی بوو کە عێراق نەکێشێتە ناو ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بەو پێیەی زۆرێک ترسیان لەوە هەبوو کە کردەوە و هەڵوێستی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران، عێراق بکاتە ئامانجی داهاتوی ئیسرائیل. هەروەها ئەوە دەردەکەوێت بەشێک لە دەنگدەرانی شیعە کەسایەتی تەکنۆکراتیان پێ باشترە کە سەرنجی لەسەر خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریە گشتیەکان بێت، وە توانای هەبێت بەرامبەر ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان داخوازی ناوخۆیی بۆ سەروەری و داخوازیە نێودەوڵەتیەکان بۆ خۆگرتن لە نفوزی ئێران، وە یەکلایکردنەوەی ستراتیجی بەدوادا بێت.
لەبەرامبەردا لایەنەکانی تری”چوارچێوەی هەماهەنگی” ئێران، وەک سپۆنسەری سەرەکی ڕەهەندی سیاسی، ئەمنی و سەربازی شیعەگەری، لە عێراقدا دەڕوانن. هەروەها عەلی خامنەیی بە ئاماژەیەکی سەرەکی، خۆیان بە نەریت و ڕێبەری ڕەهای ئیسلامی شیعەی جیهانی دەزانن.
ئەوەی شایانی باسە، هێز و لایەنە سیاسیە سوننەکان نەیانتوانیوە دیدێکی سیاسی ڕون و یەکگرتوو، بۆ پرۆسەی سیاسی فراوانتر لە عێراقدا بخەنەڕوو، پەیامی سیاسی سوننە، تیشکیان خستۆتە سەر گرژی نێوان خۆیان و لایەنە کوردیەکان، لایەنە کوردیەکانیش بەتایبەتی بارزانی لە هەمان سەرچاوەی پشتیوانی ناوچەی سونە سودمەندە کە تورکیا و دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبیە.
زۆرێک لە هێزی سوننەکان پێیانوایە لە ئاکامدا زلهێزە ئیقلیمیەکان، هەوڵی لاوازکردنی لایەنە کوردیەکان دەدەن لە عێراقدا، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی پرسی کورد و ناوچەکە و خواستی دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و تورکیا بۆ بەهێزکردنی سوننەکان لە عێراقدا لەسەر حیسابی کورد.
بارزانی و تاڵەبانی تاڕادەیەک گرژیەکانی قۆناغی دوای ڕیفراندۆمیان تێپەڕاندووە و بە تەواوی، تێکەڵ بە پڕۆسەی سیاسی عێراق بون وچارەنوسی خۆیان گرێداوە بە بەغداوە، لایەنە کوردیەکان و شیعەکان، وەک دوو لایەنی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی سەدام، دوای داگیرکاری ئەمریکا و وێرانکردنی عێراق، ڕۆڵی سەرەکیان بوو لە بنیاتنانی حکومەت عێراقدا، لە دوای ٢٠٠٣وە بەشداریان کردوە لە پێکهێنانی ناوەندی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی لە ڕێگەی ڕێکخستنی دابەشکردنی دەسەڵاتەوە، لەسەر بنەمای مەزهەبی و تائیفی و قەومی، بەڵام ئەم پەیوندیه ورده ورده دەستی به تێکچوون کرد، ئەم تێکچونە لەژێر کاریگەری نالەباری و ئاڵوگۆڕ لە دۆخی سیاسی ناوچەکە و گۆڕینی ئاستی هاوسەنگی لایەنەکان و شەڕو ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکان و فراوانکردنی نفوزیان، عێراق و کوردستانیان لە گێژاو و نائارامی سیاسی و نەبونی ئاسایشدا ڕاگرت.
سەرهەڵدانی ڕژێمێکی سوننە لە سوریا بە پشتیوانی تورکیا و دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، دواتر لاوازی جیۆستراتیژی تاران، لەدوای لە شەڕی دوانزە ڕۆژەدا، کەشێکی ناجێگیری بۆ زۆرێک لە لایەنە شیعەکانی عێراق دروستکردوە و لەلایەکی ترەوە فشاری هەڵوەشانەوەی هێزە میلیشیاکانیان لەسەرە، لایەنە شیعەکانیش دۆخێکی ئاڵۆز و نائارام بەسەر دەبەن، وەک دەبینین قەیرانێک بە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی ئێستای بەغداوە دیارە، لەهەمانکاتدا دەتوانین بڵێین بەهەر هەوڵێک بگەنە پێکهێنانی حکومەت، نالەبارترین و نەگونجاوترین حکومەت دەبێت لە تەواوی دەورانی دەسەڵاتی ئەو حکومەتانەی لە ٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ پێکهێنراون.
گومانی تیانیە کە حکومەتی داھاتوی دوای ئەم هەڵبژاردنەی ١١سێپتەمبەری ٢٠٢٥، ڕوبەڕوی دۆخێکی یەکجار سەخت دەبێتەوە بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگیەک لە نێوان ڕازیکردنی ئەو گروپە شیعانە و ڕازیکردنی جەماوەری ناڕازی کە بە گشتی ڕەتیان دەکەنەوە. لەهەمانکاتدا، بەجیا لە کێشەکانی نێوان خۆیان واتە چوارچێوەی هەماهەنگی، ناچار دەبن لەگەڵ فشاری ئەمریکیەکان و نێودەوڵەتیەکان، تەنانەت ناوچەییەکانیش، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەکدارانەی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ململانێ دەکەن. هەر لەم پەێوەندیەدا، ڕۆژانی داهاتوو ڕادەی کاریگەری سیاسی ئەم گروپانە لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و کاریگەریەکانیان لەسەر هەڵبژاردنی پۆستە سەرەکیەکانی سەرکردایەتی کە ئێستا لەژێر گفتوگۆدان ئاشکرا دەبن.
لەلایەکی تریشەوە بارگرژی دۆخی کۆماری ئیسلامی ئێران، کاریگەری زیاتر لەسەر ئایندەی دەسەڵاتی تەواوی لایەنەکانی شیعە و دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی بەو ئاراستەیە دادەنێت، کە عێراق دەخاتە سەر لێواری دەورانێکی تازە لە گێژاوی سیاسی و فەراهەمهێنانی ململانێیەک کە هاوسەنگی لایەن و هێزە سیاسیەکان لە ئیدارەی حکومەتدا دەگۆڕێت.
بەهاتنەناوەوەی کۆمپانیا نەوتیە ئەمریکیەکان پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەتەواوی گۆڕا، دیارترینیان کۆمپانیای( شیڤرۆن)، بۆ ناو دڵی کێڵگە نەوتیەکانی عێراق لەڕێگەی گرێبەستی بەرفراوانەوە. ڕەنگە ئەم وەبەرهێنانانە وەک دەرفەتێک دەرکەون بۆ بوژاندنەوەی ئابووری، بەڵام ڕێڕەوێکە ناچاری وابەستەیی بە ئەمریکاوە بەرجەستە دەکات.
واشنتۆن بەردەوامە لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی سوپای عێراقیەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی لۆجستیکی، بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە دەکرێت، ئایا ئەم هاوکاریە تواناکانی دەوڵەت بەهێز دەکات؟، یان وابەستەیی بە زلهێزە دەرەکییەکان بەردەوام دەکات؟ عێراق هێشتا لە مەترسی ئەوەدایە ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێ و یەکلایکردنەوەی پرسەکان، نەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری.




کاتی ئەوە هاتووە پەنجە بخەینە سەر برینەکانمان.. زاهیر باهیر

کاتی ئەوە هاتووە پەنجە بخەینە سەر برینەکانمان و هەوڵی ساڕێژکردنیان بدەین پێێش ئەوەی توشی نەزیفی خوێن ببین .
ئایا دەکرێت بزنی نێر بدۆشرێت؟ ڕەنگە!! بەڵام ناکرێت متمانە بە ئاشتی و بەدیهێنانی ئەو دروشمانە بکەیت کە لە لایەن پەکەکە و لە ڕۆژئاوادا هەڵکراوە ئەوەندەی ئەردۆگان و حیزبەکەی لەسەر حوکم بن .
دەوڵەتی فاشی تورکیا و هاوکارانی نەك هەر ڕێگە لە دروستبوونی ئاشتی و ئاشتەوایی دەگرن لە تورکیادا، بەڵکو نابێت حکومەتی داعشی سوریاش لە قسە و پلانی تورکیا سەبارەت بە پرسی کورد بە گشتی و دەسەڵاتی هەسەدە و خۆسەریی بەتایبەتی، دەرچیت .
ئەوەی دەبینرێت هەر لە سەرەتای ئەم مانگەوە سوپای حکومەتی داعشی سوریا وردە وردە بە هاوکاری تورکیا و بێ دەنگبوونی ئەمریکا و ئەوەی پێی دەوترێت کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتی لە هێڕشی بەردەوامدان دژ بە هەسەدە و پاکردنەوەی ئەو شوێن و ناوچانەی کە لەژێر قەڵەمڕەوییاندایە .
بە گوێرەی دوا هەواڵی بی بی سی ئەمڕۆ سەعەت 5 ی بەیانی زوو و ڕۆژنامەی گاردیان سوپای سوریا دەستیان بە سەر ئەو شوێنانەدا گرتۆتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوون ، بەنداوی مەسروورییەت [ لام وایە ئەوە ناوەکەیەتی] و کێڵگەی نەوتی ڕەسافە و سوفیانیان خستۆتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. هاوکاتیش خێڵە عەرەبەکانی ئەو دوو شوێنە ڕایان گەیاندووە کە چاوەڕوانی ئۆکەی لە حکومەتی سوریاوە دەکەن بۆ شەڕکردن دژ بە هێزەکانی هەسەدە.
بەداخەوە کە بارودۆخەکە زۆر زۆر مەترسیدارە و لەوە دەکات کە هەسەدە قوربانییەکی زۆر بدات گەر بەردەوام بێت لە شەرەکە. بەڕای من بۆ ئەوەی کە کورد تۆزێك کیانی بۆ بمێنتەوە و کەمترین کوشتار و قوربانیدان رووبدات، دەبێت لە هەموو شوێنە عەرەب نشینەکان بێ تەقە بکشێتەوە ، پێش ئەوەی دەریان بکەن بە قوربانییەکی زۆرەوە.
نکوڵی ناکرێت لە ئازایەتی و قوربانیدانی جەنگاوەرانی هەسەدە، بەڵام دەبێت تێ بگەن کە شەڕی ئێستای داعش جیاوازە لە شەڕی پێش دوو ساڵ لەمەوبەریان ، ئێستا داعش خاوەنی تانک و درۆن و فڕۆکەی جەنگی و هاوپشتی ڕاستەوخۆو ئاشکرای تورکیایە بە ئۆکەی یا لانی کەم هەڵبژاردنی بێ دەنگی ئەمەریکا. ئەمە جگە لەوەی کە خێڵە عەرەبەکان چی تر لەگەڵ هەسەدەدا نامێنن و دەبنە دوژمنیان.
لە کۆندا هیچ وانەیەك وەرنەگیراوە هەر کەسیش قسەیەکی واقیعیانەی کردبێت یا تاوانبار کراوە بە پارتی یا دۆستی ئەردۆگان . سەبارەت بەوانەشی وەکو من و کەسانی دیکە کە دۆستی نزیکی ڕۆژئاوا بوین ڕا و بۆچوونەکمان بە هەڵە وەرگیراوە جارو باریش قسەی بێ سەرروبەرەمان بەرانبەر کراوە و فەرامۆش کراوین.
بۆ نموونە من خۆم لە ساڵی 2018 و پێشتریش ئەمانەم وتووە :
هەڵەیە هێزی بەرگری بکرێت بە هێزی هێڕشبەر .
هەڵە بوو کە یەپەژە و یەپەگە لە هێزی بەرگریی خۆبەخشەوە و کرایە هێزی نیزامی ژێر سەرکردایەتی پەیەدەو ببێت بە بەشێکی هێزی ئەمەریکی .
هەڵەیە کە ئەمەریکا تەنها پەیمانێکی سەربازی لەگەك هەسەدەدا هەیە بەڵام هیچ ناسینێکی بۆ ئیدارەی خۆسەیی و پەیەدە نییە.
هەڵە بوو کە شەڕەکەیان فراوان کرد بەرە و خاك و شار و شارۆچکەکانی عەرەبیان برد و داوایان لێبکەن ئەوەی خۆیان دەیانویست ئەوانیش ئەوە بکەن. دەبوایە هەسەدە وازیان لە عەرەبەکان بهێنایە خۆیان ئەو شارانە بگرن ، گەر پێویستیشیان بە هەسەدە هەبوو ئەو کاتە هەسەدە یارمەتییان بدات .
هەڵە بوو شەڕ بۆ ڕزگارکردنی رەقە و تەبقە بکەن چونکە دەبوایە وەکو من وتم بزانن مانەوەی هەسەدە و ڕۆژئاوا بە مانەوەی داعشەوەیە ، کە داعش نەما ڕۆژئاواش بە هیچ کیانێکییەوە نامێنێت .
من لە 2018 و 2019 دەدا وتومە کە لە دوا قۆاناخدا تەنها ئەوەی کە کورد دەستی دەکەوێت لە ڕۆژئاوادا مافی ڕۆشنبیری و خۆێندن و پەروەردە و مافی کولتوری و دەستکەوتنی هەندێك پلە و پایەی ئیداری دەوڵەتییە .
هەڤاڵانی پەکەکە کە لێمەوە نزیكبوون هەموویان ئەم ڕاستیانە دەزانن و پێچەوانەم وەڵامیان داومەتەوە. من بۆ ڕاستی و دوستی قسەکانم دەکرێت تەماشای پۆستەکان و وتاررەکانم بکەن . تەنانەتە من بە نامە گۆڕینەوە لە گەڵ دوو سەرکردەی پەکەکە کە بەداخەوە یەکێکیان بوو بە قوربانی هێڕشی درۆنی تورکیا ئەمانەم باس کردووە .
من هەمیشە پێداگریم لەسەر ئەوە کردوە کە لە بری دانی ئەم هەموو قوربانییە، زەروورە گەر هەتا لە ناوچەیەکی زۆر بچوکیشدا بێت، ئەوەی کە لە ڕۆژئاوادا بانگەشەی بۆ دەکرێت وەکو هەرەوەزییەکان، فێمەنیزم و ژینگە و ئیکۆلۆجی دەبێت کاری لەسەر بکرێت و ببێتە نموونەیەك بۆ شوێنەکانی دیکە ، نەك بە فراوانکردنی دەسەڵات و شوێنگرتنی زیاتر و کارکردن لەسەر کاڵبوونەوەی ئەو دروشمانە.
ئەوەی ماوەیەوە بیڵێم ئایا لێرەوە کورد دەرس وەردەگرێت لە هەڵەکانی ؟ خودی خۆم باوەڕم پێی نییە.

زاهیر باهیر
18/01/2026




نووسەران لە نێو ڕایەڵەیەکی نادیاردا.. ئەحمەد ڕەسوڵ

نووسەران، ئەو گرۆیە لە مرۆڤن، کە جیهانێکی تایبەتی و ناوەکیی خۆیان هەیە، جیهانێک تایبەت بە هەر یەکێک لەوان و تاکەکەسیی، لە هەمان کاتدا هاوبەش و گرێدراو بە ئەوانیدیکەوە. نووسەران، جیاواز لە هەموو توێژەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگای مرۆیی، بەجێی فەزای کۆمەڵایەتیی و کاری پێکەوەیی و کۆمەڵیی، دنیایەکی تایبەت و تاکەکەسیی سەرلەبەری خوێندنەوە، بیرکردنەوە و کاری نووسینی ئەوان پێکدەهێنێت. خوێندنەوە و نووسین، جیاواز لە هەر کارێکی دیکەی مرۆڤ، بە پلەی ئیمتیاز کارێکی تاکەکەسیی و تایبەتە. بەڵام ڕەنگبێ زێدەڕۆیی تێدا نەبێت ئەگەر بڵێم گرێدراوترین و کارلێککارترین کایەیەک لە نێو هەموو کایەکاندا، کایەی نووسین و ڕوناکبیرییە.
نووسەران سەرباری دنیای تایبەتی خۆیان و فەزای کارکردنی خۆیان و ئەو پانتاییانەی خوێندنەوە و نووسین کە بۆ هەر یەکێکیان، بوارێک و کایەیەک تایبەت و جێگای بایەخە و لەپێشترینە، بەڵام هێشتا تۆڕێکی نەبینراو و ناڕاستەوخۆ، هەمووان پێکەوە گرێدەدات و هەستی نزیکایەتیی بە هەر یەکێکیان لەگەڵ ئەوانی دی، دەبەخشێت.
فەزای خوێندنەوە و نووسین لەلای نووسەران، تایبەتمەندییە ناوازەکەی لەوەدایە، کە هەریەکێک لەوان هێندەی وەکو ئەوە وەهایە کە بە تەواوی دابڕاو و سەربەخۆ لەو کایەیە و لە نووسەرانی دیکە بێت، بەڵام هاوکات، لە ڕەهەند و ڕوانگەی دیکەوە دەبینین کە هێندە پێکەوە گرێدراو و نزیک لە یەکدین، وەکو ئەوەی هەمووان لە پەیوەندییەکی تایبەتی و نزیکدا بن لەگەڵ یەکتری.
لەوانەیە نهێنێییەکە ئەمەبێت کە وادەکات ڕۆشنبیرێک (بەختیار عەلی لە چاوپێکەوتنێکدا) بڵێت: نووسەرێک هەرچەندە خراپ و حزبییش بێت، بەروارد بە هەر سیاسییەک، سەد هێندە بە باشتر دەزانم و نزیکتر لە خۆمەوەی دەبینم.
نووسەران، سەرباری دوورییان لە یەکدی و تەنانەت یەکتر نەناسینیان، کاریگەرییان هەیە لە ڕەگڕێژکردنی جیهانی تایبەتی یەکدی و شێوە وەرگرتنی بیرکردنەوە و ڕوانگەی یەکدی.
تەنانەت کاتێک دوو نووسەر یان زیاتر لە نێوانیاندا ناکۆکیی و مشتومڕ لەبارەی بابەتێک یان زیاتر دروست دەبێت و بیرکردنەوە و ڕوانگەیان بۆ بابەتەکە یان پرسەکە نەوەکو تەنها جیاواز و پێکدژە، بەڵکو ئاسمان و ڕێسمانە و ئەمەش ناکۆکیی قووڵیی فیکریی و ئەدەبیی لەنێوانیادا دێنێتە ئاراوە، بەڵام هێشتا لە نێو ئەو ڕایەڵە نەبینراو و ناڕاستەوخۆیەی فەزای ڕوناکبیرییدا، نزیک لە یەکتری و پێکەوە گرێدراون.
لێرەدا چەمکی نووسەر، بەهیچ شێوەیەک ئەوانە ناگرێتەوە کە خزمەتکاری عەقڵییەتی ئاپۆڕایین و بیرکردنەوە و تێگەیشتنی کۆیی پەرەپێدەدەن و خزمەتدەکەن، جا با تەنانەت خاوەنی زۆرترین ژمارەی پەڕتوک و درێژترین نووسین و چەندین وتار و چاوپێکەوتنیش بێت.
لێرەدا، نووسەر و ڕۆشنبیر، ئەوانە دەگرێتەوە کە لە چەندین ڕەهەندی جیاوازەوە، جیاوازییەکی قووڵ و ڕیشەیی لە بیرکردنەوە و تێگەیشتنی گشتیی کۆمەڵگا بۆ پرسێک یان بابەتێک لە بوارێک یان کایەیەکی دیاریکراودا، پێسکەشدەکەن. چەمکی نووسەر، لێرەدا ئەو کەسە دەگرێتەوە کە سەرقاڵی بیرکردنەوەیە و جیهانی بیرکردنەوە و نووسین بە جدی دەگرێت و وزەی بیرکردنەوە و نووسینی خۆی لە ڕەخنەکردنی ئەو بیرکردنەوە و تێگەیشتنە کۆییەدا “تفکیر و تفهیم جماعی” ئاڕاستە دەکات.
نووسەر و ڕۆشنبیر لێرەدا، تەنها ئاماژە نییە بۆ کەسێک کە سەروکاری لەگەڵ کتێب و نووسیندا هەبێت، بەڵکو تایبەتمەندیی لە بیرکردنەوە و نووسیندا هاوتای جیابوونەوە لە عەقڵی ئاپۆڕایی و ڕەخنەکردنی، بنەمایەکی سادەی نێو فەزای ڕوناکنبیریی و هەموو ئەوانەیە کە لەو کایەیەدا کاردەکەن.

ئەم نووسینە لە پەیوەند بە کۆچی دوایی نووسەر و ڕۆشنبیر، خەلات عومەر، نووسراوە.
خەڵات عومەر یەکێک لە دەنگە تایبەتی و ناوازەکانی نێو کایەی نووسین و ڕوناکبیریی کۆمەڵگای ئیمە، هەمیشە لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لەبارەی هەر پرس و بابەتێکەوە دەینووسی.
سەرباری ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ناوەڕۆک و ماناکانی ئەو وتارانەی “بە تایبەتی وتارە سیاسیی-فیکرییەکانی” کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەینووسین ناکۆکیی و سەرنجی زۆرم هەبوو، بەڵام هێشتا ڕوانگەی تایبەت و ناوازەیان تێدابوو کە تایبەت ڤێرژنی خەڵات عومەر خۆی بوون.
من هیچ پەیوەندیی و نزیکایەتیی و یەکترناسینێکم نەبوو لەگەڵ کاک خەڵات، تەنها لێرە لە فەیسبووک هاوڕی “فرێند” بووین بەڵام هەروەکو چۆن بۆ هەموو نووسەران و ئەدیبان بە بڕ و ئاستی جیاواز هەمە، هەستی پەیوەندییەکی تایبەت و نزیکایەتیی و یەکترناسینم بۆ خەڵات عومەریش هەبوو.
تەنها یەک جار، دوای دەستخۆشیی سەرنجێکی کورتی لەسەر یەکێک لە بابەتەکانم دەربڕیی و کورتە گفتوگۆیەکی لە نێوانماندا دروستکرد.
کۆچی دوایی کاک خەڵات، نیگەران و غەمباری کردم.
ڕۆحت بۆ هەمیشە لە ئاشتیی و ئارامییدا.
ناو و یادت، هەمیشەیی و درەوشاوە.
….
تێبینی: لە کاتی ئەم نووسینەدا ئەو ڕستەیەی نێو چاوپێکەوتنێکی بەختیار عەلیم هاتەوە یاد و بە تەواوی لە یادم نەماوە چاوپێکەوتنەکە کەی و لە کام شوێندا خوێدوومەتەوە هەروەها شێوازی داڕشتنەکەی دڵنیا نیم بە تەواوی وەکو خۆیەتی یان نا، بەڵام هەمان ناوەڕۆک و مانایە.




جیاوازی چییە لەنێوان مێیینەیەکی موسڵمانی کورد و مێینەیەکی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورددا ؟.. بەختیاری شەمەیی

ئەمە نووسینێکە بە زمانێکی سادەوساکار سەبارەت بە ( پێوەندیی جلوبەرگ بە رەوشتەوە )

مێیینەی موسڵمانی کورد و مێینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد

با لێرەوە داوە تیشکێک بخەینە سەر جیاوازییەکان، مێیینەی موسڵمانی ئیسلامیی کورد خودی خۆی بە ئابڕوو/شەرەفی نێرینەکانی خێزانەکەیی و بە شەرەفی نێرینەکانی کەسوکارەکەی دەزانێت، ئیتر بەم هۆکارە جەستەی خۆی بە لەچک و باڵاپۆش یان بە رووپۆش/نیقابی هاوردەکراوی ئیسلامی سیاسی دەپۆشێت بۆ ئەوەی پێی بڵێن مێیینەیەکی بەشەرەفە یان پێی بڵێن مێیینەیەکی بڕوادار و لەخواترسە، بەڵام مێیینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد خۆی بە شەرەفی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەی نازانێت، بەڵکو مرۆڤێکی ئاساییە و خاوەنی خودی خۆیەتی، خۆی خاوەنی جەستەی خۆیەتی و بڕوای بەخۆیەتی و رێزلەخۆگرتووە، خۆی چ جۆرە جلوبەرگێکی پێ باش و پێ جوان بێت، ئەوە دەپۆشێت.
مێیینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد، شکۆمەندی و باوەڕبەخۆبوون و رێزی بوونی خۆی بەوە دەردەبڕێت کە بە ئاگا و هۆشیارە لە ئازادیی خۆی و لە زانینی ئەرک و مافە رەواکانی خۆیدا، دەزانێت سنووری ئازادی و ئەرک و مافەکانی چین، لەهەمان کاتیشدا رێزی نێرینەکانی خێزانەکەی خۆی و کەسوکارەکەی دەگرێت نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەیشی ئەمیان پەسەندە وەک ئەوەی کە خۆی دەیەوێت و وەک ئەوەی کە هەیە پەسەنیان کردووە و رێزی لێدەگرن، بەڵام مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسی پێبەندە بە بڕواداریی و خواستی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەیەوە، هەردەم لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە هەموو روویەکەوە بەدڵی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەی بێت، خۆی هیچ شکۆمەندی و خواست و بڕوابەخۆبوونێکی نییە، بێبەرییە لە خاوەندارێتیی خودی خۆی، بێبەرییە لە ئازادیی تاکەکەسیی خۆی، جلوبەرگە هاوردەکراوە ئیسلامییەکانی لەلایەن نێرینەکانی خێزانەکەیەوە، باوک و برا و مام و خاڵ و کوڕە مام و کوڕە خاڵەکانیاوە بۆی دەستنیشان کراوە و بەسەریدا سەپێبراوە، هیچ خواستێکی تاکەکەسیی خۆی تێدا نییە، خۆ ئەگەر مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی کورد بە خواستی خودی خۆیشی ئەو جلوبەرگە هاوردەکراوە ئیسلامییانە بپۆشێت، ئەوە هەر ئەوە دەگەیەنێت کە وەک مرۆڤێک و وەک مێیینەیەک قوربانیی پەروەردەیەکی دواکەوتووانە و کۆنەپەرستانەی ئیسلامییانەی خێزانەکەیی و کەسوکارەکەیەتی کە ئەو جۆرە جلوبەرگە هاوردەکراوە دواکەوتووە ئیسلامییانەیان لەلای ئاسایی کردووە و لێیان کردووە بە هێمای بەشەرەف بوون و بڕوادار بوونی و لەناو خێزانەکەیدا بەسەریدا سەپێنراوە و دەبێت بیانپۆشێت. جا ئەگەری ئەوەش هەیە کە رەنگە خودی خۆی پۆشینی ئەو جۆرە جلوبەرگە ئیسلامییە هاوردەکراوانەی پێ جوان و باش بێت و بەهۆی پۆشینی ئەو جلوبەرگە ئیسلامییەوە چێژ لەوە ببینێت کە پێی بڵێن کەسێکی بڕوادار و پۆشتە و بەشەرەف و لەخواترسە، ئیتر بەم شێوەیە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامیی ئیخوانی و مۆدێلەکانی جلوبەرگی مێینە موسڵمانەکانی تورکیا و میسر و سعودییە و قەتەر و میرنشینەکانی تری کەنداو دەپۆشێت و لاسایی ئەوان دەکاتەوە، خۆ ئەگەر مێیینەی موسڵمانی ئیسلامیی کورد لەلای خۆیەوە و لە دڵیشەوە جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییەکانی کوردی و کوردەواریشی بەدڵ بن و پێی جوان و باش و پەسەندبن، بەڵام بەهۆی پێبەند بوونییەوە بە یاسا و رێساکانی ئیسلامی عەرەبەوە، هەروەها بەهۆی پێبەندبوون یان ترسانییەوە لە نێرینەکانی خێزان و کەسوکارەکەیەوە، ملکەچ و ناچاری بڕیارەکان و خواستەکان و ناچارکردنەکانی نێرینەکان دەبێت و بە لەچک و باڵاپۆش و هەندێکیشیان بە نیقاب، جەستەیان دەپێچنەوە و بەبێ خواستی خۆیان، وەک مرۆڤێک و وەک مێیینەیەک بێبەرییان دەکەن و مێیینەکان خۆیشیان بە ناچاری خودی خۆیان لە پۆشینی جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی میللەتەکەی خۆیان بێبەری دەکەن.
با بپرسین: یانی ئیتر هەر مێیینەیەکی موسڵمان کە لەچکی لەسەر کرد و باڵاپۆشی لەبەرکرد و نیقابی پۆشی، ئیتر ئەوە نیشانەی چاکی و باشی و رەوشتبەرزی و ئابڕوومەندییەتی؟
لەڕاستیدا مەرج نییە هەر کچ و ژنێکی موسڵمانی ئیسلامیی کورد لەچکی لەسەر کرد و باڵاپۆشی لەبەر کرد و نیقابی پۆشی، ئیتر بێبەری بێت لە کاروکردەوەی نەشیاو و نائاسایی یان ئیتر پارێزراو بێت لە دەستدرێژیی نێرینە خۆپەرست و چاوچنۆک و داوێنپیسەکانی ناو کۆمەڵگە.
هەموومان ئەو چیرۆک و بەسەرهات و رووداوانەی هەندێک لە کچان و ژنانی لەچکبەسەر و باڵاپۆشلەبەر و نیقابپۆشەکانمان بیستوون کە چ مامەڵە و بازرگانی و بەکارهێنانێک لەنێوانیاندا هەیە و چ کاروکردەوەیەکی نائاسایی و نەشیاو و ناشایستە لەژێر لەچک و باڵاپۆش و نیقابدا ئەنجام دەدرێن.
لەناو کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییە موسڵمانەکاندا مێیینەکانیان لەترسی نێریینەکانیان خۆیان بە جلوبەرگی دەستنیشانکراوی عەرەبی و ئیسلامی دەپێچنەوە بەڵام لەناو کۆمەڵگە ناموسڵمانەکان یان لەناو کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا مێیینەکانیان هیچ ترسێکیان لە نێرینەکانیان نییە، لەبەرئەوە ناچار نین خۆیان بە جلوبەرگێکی دەستنیشانکراوی ئایینی بپۆشن و سەرتاپای خۆیان بپێچنەوە.
شایانی باسە کە مێینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد، مرۆڤێکی ئازاد و مێیینەیەکی خاوەن ئازادییە لە جلوبەرگ پۆشیندا، هەرکاتێک پێی خۆش بێت یان بۆ بۆنەکان پێویست بێت، بە خواستی خۆیی و بە ئەوپەڕی شانازی و سەربڵندییەوە جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی میللەتەکەی خۆی دەپۆشێت و جوانترین نماییشتی خۆیی و شکۆمەندی و خواست و ئازادیی خۆی پێوە دەکات، بەڵام بەپێچەوانەوە مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد، جلوبەرگی کوردی ناپۆشێت و بێبەرییە لەو جوانی و رازاوەیی و چێژ و خۆشی و شانازییە نەتەوەیی و نیشتمانییە، هەربۆیە مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد، ناچارکراو و کۆیلەیە و بەبێ خواستی خۆی وەک بووکەڵە پۆشتەکراوە و پێچراوەتەوە.
لێره‌وه‌ ئاماژەیەک بە سیمای جلوبەرگی کۆمەڵایەتی و کوردەواریی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانی ساڵانی هەشتاکان دەدەین و دەڵێین هەتا ئەوکاتەی گروپە ئیسلامییە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان دروستنەکرا بوون و سەریان هەڵنەدا بوو و هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کۆمەڵگەی باشووری کوردستان نەبوو، ئەوکاتە بەدەگمەن مێیینەیەکی موسڵمانی کوردی باشوور هەبووە کە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی وه‌هابييه‌کان سه‌له‌فييه‌کان و ئیخوانییەکان و میرنشینەکانی کەنداو و عەرەبستانی سعودییە و قه‌ته‌ری پۆشیبێت. بێگومان دوای سەرهەڵدان و پەرەسەندن و بەهێزبوونی گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروستکراو و نۆکەر و بەکرێگیراوەکان، سیمای کوردەواری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان گۆڕا بە هاوشێوەی وڵاتانی میسر و تورکیا و ئێران و میرنشینەکانی کەندا و عەرەبستانی سعودی، مێیینەکانی موسڵمانە کوردە ئیسلامییە سیاسییەکان کەوتنە لاسایی کردنەوە و پۆشینی لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی ئەم وڵاتانەی ناومان هێناون.
هەتا ساڵانی نەوەدەکانیش لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامی لەناو کچان و ژنانی باشووری کوردستاندا نەبوون و نەبینراون، بەڵام ئەمڕۆ بە هەزاران هەزارن، بە دەیان دوکان و فرۆشگەی پیشاندان و فرۆشتنی لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامییان لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا کردوونەتەوە و فرۆش و برەویان پێداون.
سەرنج بدەن مێیینەیەکی موسڵمانی کوردی ئیسلامی نییە کە جلوبەرگی کوردی بپۆشێت. مێیینەیەکی ئیسلامی سیاسی کورد نییە کە شانازی بە جلوبەرگی رەسەنی میللەتەکەی خۆیەوە بکات، جگە لەمەش، مێیینەی ئیسلامی سیاسیی کورد، جلوبەرگی رەسەنی کوردیی کچان و ژنانی کورد بە ناجاییز و دژی ئایینی ئیسلام دەزانێت و بە لادان لەو رەوشتەی دەزانێت کە خۆی پێی وایە ئەوە رەوشتی ئیسلامییە و دەبێت هەموو کچان و ژنانی کورد وەک ئەو بن و پێڕەوی لەو رەوشتە ئیسلامییەی ئەو بکەن.
ئەمڕۆ سیمای جلوبەرگی مێیینە موسڵمانە ئیسلامییە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان گۆڕاوە بۆ جلوبەرگی هاوردەکراو و سەپێنراوی وه‌هابی و سه‌له‌فی و ئیخوانی و تورکی و عەرەبی و ئێرانیی ئیسلامیی دواکه‌وتوو و کۆنه‌په‌رست و ناشارستانیانە و ناسەردەمییانەی ئەو وڵاتە ئیسلامییانە. هەر له‌ سايه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و باند و گروپه‌ ئيسلاميیه‌ سياسييانه‌ و هه‌بوونی هه‌زاران مه‌لای ئيسلاميی سياسی و بانگخوازی ئيسلاميی سياسییه،کۆمەڵگەی باشووری کوردستان بەشێوەیەکی وا نائاسایی و خراپ گۆڕاوە کە لە شوێنە گشتییەکاندا بە شێوازی پۆشینی جلوبەرگی هاوردەکراوی ئیسلامیی سیاسی، ناتوانیت مێیینەیەکی موسڵمانی کورد لە مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی عەرەبی نیشتەجێبووی باشووری کوردستان یان لە مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی گەشتیاری عەرەب و تورک جیابکەیتەوە. ئا بەم شێوەیە گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروسکراوەکان، بە هاوردەکردنی ئەجندای ئامادەکراوی دەرەوەی کوردستان، دژایەتی و دوژمنایەتیی فەرهەنگ و دابونەریتی رەسەنی مێژوويی و دێرينی جوان و شارستانييانه‌ و سه‌رده‌مييانه‌ کورد و کوردەواری دەکەن، ئا بەم شێوە و شێوازە ئیسلامییە عەرەبی و تورکییانە، باند و گروپه‌ ئیسلامییە سیاسییەکان دابونەریتی رەسەن و باش و جوان و پەسەندکراوی دێرینە و مێژوویی کورد و کوردەواری دەسڕنەوە، بە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی ئیسلامی سیاسی، ململانێی جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی کورد و کوردەواری دەکەن و لە هەوڵی سڕینەوە و نەهێشتن و نەمانیدان.
لێرەدا پێویستە باسی ئەوەش بکەین کە هەر لە کۆنەوە کچان و ژنانی کورد سەروپێچی جوانی کوردەوارییان لەسەر کردووە و کراس و کەوای دامێندرێژی کوردییان لەبەرکردووە و چەفتەیان داوە بەشانیاندا و جلوبەرگی جوان و رازاوەی کوردەوارییان پۆشیوە بەبێ ئەوەی ئەمە هیچ پێوەندییەکی بە ئایین و ئایینداری و بە ناچارکردنەوە هەبوو بێت.
بەکورتییەکەی مەرج نییە ئەوەی لەچکی لەسەردا بێت و باڵاپۆشی لەبەردا بێت و نیقابی پۆشی بێت ئیتر ئەوە نیشانەی ئەوە بێت ئەو کەسە ئاییندار بێت یان کەسێکی چاک و باش و رەوشت بەرز بێت، پێچەوانەکەیشی هەر راستە.
راستییەکی دیکەش هەیە، لە رابووردوودا و لە ئەمڕۆشدا بە هەزاران لە کچان و ژنانی کورد لەچکیان لەسەر کردووە و لەچک لەسەر دەکەن بەبێ ئەوەی دەستی دەرەکی و سیاسیی گوماناویی لەپشتەوە بووبێت و ببێت، بێگومان ئەمە ئازادیی تاکەکەسییە و هیچ پێوەندییەکی بە سیاسەت و بە خواستی گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانەوە نەبووە نییە. لەهەمان کاتیشدا ئەو جۆرە لەچکپۆشییە هیچ کاتێک زیانی بۆ هیچ بوونەورێک نەبووە و نییە.
بێگومان هەموو مێیینەیەک دەبێت ئازاد بێت لە پۆشینی ئەو جۆرە جلوبەرگەی کە خۆی بە خواستی تاکەکەسیی و تایبەتیی خۆی دەیەوێت بیپۆشێت.

مێیینەی فێمینیست و سیکولاریستی ئازادبیر

پێویستە ئاماژە بە جۆرێکی تریش لە رەگەزی مێیینەی کۆمەڵگەکەمان بدەین ئەویش ئەو مێیینە ئازادبیر و فێمینیست و سیکولاریستانەی ئەمڕۆی کوردستانن کە خۆیان خاوەنی خۆیانن، خاوەنی جەستەی خۆیانن، خاوەنی بیرکردنەوە و تێگەیشتن و هەڵوێستی خۆیانن، ئەم جۆرە لە مێیینەی کۆمەڵگەی کوردەواری و کوردستان، ئەو مرۆڤە رۆشنبیر و رێزلەخۆگرتوو و بەهەڵوێستانەن کە بیردەکەنەوە و تێگەیشتن و بەرهەمی هزری و رۆشنبیری و فەرهەنگیی تایبەت بە خۆیان هەیە، به‌هره‌وه‌ر و توێژه‌ر و کاران و کاريگه‌ريی ئه‌رێنييان له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ به‌تايبه‌تی و کۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتی هه‌يه‌. ئەوانە ئەمڕۆ بە هەزاران لە مامۆستایانی فێرگەکان و زانکۆکان و ئامۆژگاکانن، بە هەزاران لە رۆشنبیران و چالاکوانان و رەخنەگران و وەرگێڕان و هونەرمەندان و موزیکژەنان و گۆرانیبێژان و شانۆکاران و شێوەکاران و کۆمەڵناسان و دەروونناسان و فێمینستان و سیکولارستەکانی کۆمەڵگەکەمانن کە سیمایەکی هەرە جوان و هەرە پێشکەوتووانە و هەرە شارستانییانەیان بە کۆمەڵگەی کوردستان بەخشیوە و مایەی سەربەرزی و شانازی و سوپاسگوزاریی گشت هاونیشتمانییەکی پاک و دڵسۆز و تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرن. کۆمەڵگەی کوردستان بەم خانمە بەڕێز و دڵسۆز و تێکۆشەر و کۆڵنەدەرانەوە جوانتر و سەربەرزتر و گەشاوەتر بووە. ئەم جۆرە مێیینانەی کوردستان لە هەموو چین و توێژ و نەتەوە و کەمەنەتەوەییەکانی دانیشتووانی کوردستانن.
با ئەوەشمان بیرنەچێت کە لەم جۆرە خانمانەی کۆمەڵگەکەمان ئێستا بە هەزاران هەزارانیان لە دەرەوەی کوردستانن و دانیشتووی هەندەرانن وەک خانمانی بیرکەرەوە و رۆشنبیر و زمانزان و چه‌ندين زمان ده‌زانن و مامۆستای زانکۆن و ئه‌ندامی پارته‌ سياسييه‌کانی ئه‌وروپان و سياسه‌توان و ئه‌ندام په‌رله‌مانن و خاوەنکار و فەرمانبەر و شێفی گەورەی فەرمانگە و کۆمپانیا و بانکەکانن و چالاکوان و کارا و بەرهەمدار و کاریگەرن، هەڵگری بڕوانامەی دوکتۆران لە گشت بوارەکانی زانست و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆجیا و هونەر و موزیکدا و جێپەنجەیان بەسەر کوردان و کوردستانیانی هەندەراننشین و تەنانەت ئەو کۆمەڵگەیانەشەوە دیارە کە تێیدا دەژین.

نەوەی نوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان

هەر بەم بۆنەیەوە ئەگەرچی زۆر بەکورتیش بێت، پێویستە ئاماژەیەک بە نەوەی نوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان بدەین، ئەمڕۆ بە هەزاران هەزار لە کچان و لە کوڕانی باشووری کوردستان کە نەوەی نوێن و نەوەی ئەم سەردەمە پێشکەوتووەی مرۆڤایەتین، نەوەیەکن لە خێزانە تێگەیشتوو رۆشنبیرەکانن و لە شار و شارۆچکە و گوندەکانەوە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن و زۆربەی هەرە زۆریان ئینگلیزی يان زمانێکی ديکه‌ی جيهانیباش دەزانن، خوێندکارن و خوێندکاری زانکۆن یان دەرچووی زانکۆن، ئاگاداری پێشکەوتنەکان و گۆڕانکارییەکانی جیهانن. گەلێکیان گەشتی وڵاتانی پێشکەوتوویان کردووە و بە پێشکەوتن و شارستانێتیی میللەتانی تر ئاشنا بوون. خۆشبەختانە ئەم نەوە نوێیەی کۆمەڵگەکەمان نەوەیەکی بیرکەرەوە و هۆشیار و چاوکراوەن و لە راستیی ژیان تێگەیشتوون و ژیاندۆستن و نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی خراپی ئیسلامی سیاسی و مەلا و بانگخوازە مووچەخۆرەکانیانەوە. خۆیان بەشوێن زانیاری راست و دروستدا دەگەڕێن و سوود لە زانستەکانی مرۆڤایەتی وەردەگرن بەڵێن و پاداشتی درۆزنانەی بەهەشت و ترس و ئازاریئاگری دۆزەخی خەیاڵی هیچ کاریگەریەکیان لەسەر بیرکردنەوە و ژیانیاندا نییە. کاتی زێڕینی خۆیان بە ئایینەوە ناکوژن و بڕوایان بە خورافیات و خورافیاتپەرستی نییە. نەوەیەکی بیرکەرەوە و هۆشیار و زانستدۆستن و هیوا و ئومێدی ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەکەمانن.

جۆرەکانی جلوبەرگ

پێویستە هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان ئەو جلوبەرگەی کە کەسەکە بە ئازادانە و بە خواستی خۆی دەیپۆشێن و ئەو جۆرە جلوبەرگەی کە بۆ کەسەکە دەستنیشان دەکرێت، دابنێین. بەکورتییەکەی جلوبەرگی مێیینەی ئیسلامی سیاسیی کورد، دەستێکی دەرەکی و سیاسی و گوماناوی لەپشتەوەیە و بەرنامەبۆداڕێژراوە و لە دەرەوەی کوردستان دەستنیشانکراو و ئامادەکراو و هاوردەکراوە و بەزەبری پارە یان ترساندن و هەڵخەڵەتاندن و فریودان، سەپێنراوە بەسەر مێینە موسڵمانە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستاندا، هەر لەبنەڕەتەوە بۆ دژایەتی کردن و دوژمنایەتی کردنی جلوبەرگی رەسەن و شارستانیانە و جوان و رازاوەی کوردییە. بۆ نموونە گروپە ئیسلامیییە سیاسییەکان فیستڤاڵی لەچک پۆشی و باڵاپۆشی لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا رێک دەخەن و بە یەک جار لە هۆڵێکدا و لەکاتێکی دیاریکراودا هەزاران کچ و ژنی کورد (بەتایبەتی کچانی گەنج)، یەک لەچکپۆش و یەک باڵاپۆش دەکەن، لە هەمووی سەیروسەمەرەتر ئەو فیستڤاڵەیان ناوناوە: (فیستڤاڵی تاجی زێڕین) کە لەڕاستیدا ئەوە فیستڤاڵی خۆتێکه‌ڵ کردن و ده‌ستدرێژی کردنه‌ بۆسه‌ر خواستی تايبه‌تيی و که‌سايه‌تی و شکۆمه‌نديی تاکه‌که‌سی و تاتبه‌تييان. کۆتوبەندکردن و بەکۆیلەکردنی کچان و ژنانی کوردە. سەپاندنی ئەو جلوبەرگە یەکپۆشییە ئیسلامییە، جلوبەرگی سیاسی و ئیسلامییە، لاسایی کردنەوەی جلوبەرگی ئیسلامییە کۆنه‌په‌رست و دواکه‌وتووه و ناشارستانی و ناسەردەمییەکانی ئیخوانەکانی تورکیا و میسر و سعودییە و قەتەرە، لەهەمان کاتیشدا بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانە، بەپاشکۆکردنی باشووری کوردستانە بە وڵاتانی تورکیا و سعودییە و قەتەر و میسرەوە. به‌و شێوه‌يه گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروستکراو و نۆکەر و بەکرێگیراوەکانی باشووری کوردستان، بە زەبری پارە و سەرمایە و کۆمەک و پشتیوانیی دەرەکی، هەزاران لە کچان و ژنانی خێزانە هەژارەکان و گوندنشینەکانی کوردی باشووریان ناچار کردووە کە لەچکی ئیسلامی مۆدێلی وه‌هابی و سه‌له‌فی و ئیخوانی لەسەر بکەن و باڵاپۆشی و چارشێو پۆشيی رەشی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی توندڕەو بپۆشن. ئیسلامییە سیاسییەکان بەم شێوەیە ئازادی و مافداری و شکۆمەندی و کەسایەتیی تایبەتی لەو کچانەی کورد دەسێننەوە.
هیچ گومانێکی تێدا نییە کە لەو کۆمەڵگە نائیسلامییانەدا پۆشینی جلوبەرگ پێوەندیی بە کەسەکان خۆیانەوە هەیە، چونکە هەڵبژاردن و پۆشینی جۆری جلوبەرگ، ئازادیی تاکەکەسیی مرۆڤەکانە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە یاسا سەروەر بێت و ئازادییە دیموکراسییەکان و ئازادییە کەسییەکان دەستەبەر بن، هەموو هاونیشتمانییەک ئازادە لە پۆشینی جۆری ئەو جلوبەرگانەدا کە دڵخواز و خواستی تاکەکەسی و تایبەتیی خۆیەتی، هیچ کەسێک و هیچ لایەنێک و تەنانەت هیچ دەوڵەتێکیش بۆیان نییە جۆری جلوبەرگ و جلوبەرگێکی تایبەتی و دەستنیشانکراو بەسەر هاونیشتمانیاندا بسەپێنن.

پڕۆژەکانی ئیسلامییە سیاسییەکان

با ئاماژە بەوەش بدەین کە گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە پارە و سەرمایەی دەوڵەتانی قەتەر و سعودییە و ئێران و تورکیا و هەندێک رێکخراو و دامەزراوەی ئیسلامیی جیهانی لە ساڵانی رابووردووەوە بە سەدان کۆرسی لەبەرکردنی قورئانیان بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی کورد کردووەتەوە و مێشکی ئەو منداڵە بێ گوناهانەیان بە ئایینی ئیسلامی عەرەبی بارگاوی کردووە و بەم شێوەیە ئەو منداڵ و مێرمنداڵە کوردانەیان له‌ ژيانی پڕ له‌ ياری و چێژ و خۆشيی منداڵی و مێرمنداڵيی خۆيان دوور خستوونه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌مان کاتيشدا بۆ داهاتوو هه‌ست و گيان و بير و هۆشی‌ سروشتيي نەتەوەپەروەری و نیشتمانپەروەری و کوردایەتییان سڕ ده‌که‌ن.
سڕینەوەی فەرهەنگی رەسەن و مێژوویی و دێرینەی کورد، دوژمنایەتی کردن و باونەهێشتنی جلوبەرگی رەسەن و جوان و شارستانییانەی مێیینەی کورد پڕۆژەیەکە کە دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان زۆر لەمێژە کاریان لەسەر کردووە و بەردەوام کاری لەسەر دەکەن و سەرمایەی تۆکمەیان بۆ تەرخان کردووە، هیچ گومانێکی تێدا نییە و روون و ئاشکرایە کە جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژە گڵاوەیان لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا بە ئیسلامییە سیاسییەکان و مەلا و بانگخوازە مووچەخۆرەکانیان سپاردووە.
ئیسلامییە سیاسییەکان هەر بەوەوە نەوەستاون کە بە لەچک و باڵاپۆش و رووپۆشی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، کچان و ژنانی کورد کۆت و بەند دەکەن و بە کۆیلەیان دەکەن، بەڵکو ئەو کۆت و بەند کردن و بەکۆیلە کردنە، تەنانەت کچانی منداڵی ٦تا١٧ ساڵانیشی گرتووەتەوە و ئەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانەشیان تێوەگلاندووە و بە کۆیلەی جلوبەرگی عەرەبی و ئیسلامی و ئیخوانی و وەهابی و سه‌له‌فیان کردوون. ئەمەش بەوە دەکەن کە دەرفەت لە هەژاری و نەخوێندەواری داماویی خێزانی ئەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانە دەهێین و بە زەبری پاداشت و پارە و مووچە بۆ بڕینەوە دووچاری کۆت و بەند و بەکۆیلە بوونیان دەکەن، خۆشیی تەمەن و ژیانی منداڵانە و هەرزەکارییانە لەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانە دەشێوێنن و لەو هەست و چێژ و خۆشییەی ئەو تەمەنە هەستیارەیان بێبەرییان دەکەن. هەموو ئەو دیاردە دواکەوتوو و ناشارستانی و خراپ و ترسناکانە، کە هەڕەشەن لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی کورد و نیشتمانیی کوردستان، بە ئاشکرا و بە ئازادانە بەبەرچاوی سەرانی پارتی و یەکێتی و سەرانی دەسەڵاتدارانی خۆماڵییەوە گوزەراون و دەگوزەرێن.
هاوردەکردنی ئەو جۆرە جلوبەرگە ئیسلامییە سیاسییانە بۆناو کۆمەڵگەی کوردستان، جگە لە کۆتوبەند کردن و بە کۆیلە کردنی مێینەکانی کوردستانە، لە هەمان کاتیشدا بازرگانی کردنە بە جەستەی مێینەکانەوە و سەرانی ئیسلامییە سیاسییەکان پارەی پێ پەیدا دەکەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەندتر دەکەن.

جلوبەرگ و رەوشت

جلوبەرگێکی تایبەتی هەستێکی تایبەتی بە کەسەکە دەبەخشێت کە پۆشیویەتی، بۆ نموونە جلوبەرگی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و ئاساییش و پاسەوانی فەڕمی هێمایەکە بۆ بەرپرسیارێتی و فەرمانبەری و دەسەڵاتدارییەکی سنووردار، ئەم جۆرە جلوبەرگانە لە رووی دەروونییەوە جۆرە هەستێکی تایبەتی و دەسەڵاتداریی بە کەسەکە دەبەخشن، بەڵام ئەم جۆرە جلوبەرگانە ناکرێت هێمایەک بن بۆ چاکی یان خراپی و رەوشتبەرزی یان رەوشتنزمیی ئەو کەسانەی کە ئەو جۆرە جلوبەرگە فەڕمیانە دەپۆشن. بۆ نموونە کەسێک کە مێزەرێک یان کڵاوێک یان جامانەیەک لەسەر دەکات، ئەمە هەرگیز نابێتە نیشانەی رەوشبەرزی و رەوشتچاکی و رەوشجوانی و ئازایەتیی کەسەکە، رەوشتی چاک، بەڵکو رەوشتی جوان، رەوشتی بەرز یان پێچەوانەکەی، راستەوخۆ پێوەندیدارە بە جۆری بیرکردنەوە و پەروەردە و هەڵسوکەوتی کەسەکەوە.
هەر نەتەوەیەکیش خاوەنی جلوبەرگی میللیی تایبەت بەخۆیەتی، جلوبەرگی میللی رەنگ لە پێداویستی ژینگەی ژیان و دەستڕەنگینی و هونەری میللی دەدەنەوە. بۆ نموونە جلوبەرگی هەندێک نەتەوە جۆراوجۆر و رەنگاوڕەنگ و کراوەن کە گەشبینی و سروشتدۆستی و ژیاندۆستیی زۆرتر تێدایە، بەڵام دیسان جلوبەرگی میللی، بابەتێکی مێژوویی و نەریتییە و هیچ پێوەندییەکی بە باشی و خراپی و رەوشتبەرزی و رەوشتنزمییەوە نییە.
مەبەست و مانای پۆشینی هەر جۆرە جلوبەرگێک یان پۆشینی جلوبەرگێکی تایبەتی، بابەتێکی رێژەییە، لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکتر جیاوازن، مەرج نییە جلوبەرگ رەنگ لە ناخی کەسەکە بداتەوە، کەسێک کە جلوبەرگی تاریک یان رەش دەپۆشێت، مەرج نییە ئەوە نیشانەی ئەوە بێت کە کەسەکە کەسێکی رەشبین و نائومێدە و دڵی بە جوانی و بە ژیان خۆش نییە، دەکرێت پێچەوانەکەیشی راست بێت.
هیچ پێوەندییەکی لۆژیکی لەنێوان جلوبەرگ و جۆری بیرکردنەوە و ئابڕوو و رەوشتی بەرزدا نییە. دەکرێت کەسێک جلوبەرگی پۆلیسی لەبەردا بێت و پۆلیسیش نەبێت، بۆ نموونە کەسێکی ساختەچی و رێگر و دز بێت، یان مێیینەیەک جلوبەرگێکی دابونەریتیی ئایینیی لەبەردا بێت، بەڵام ئاییندار نەبێت و خەریکی مامەڵەی نایاسایی و کاری نەشیاو و ناشایستە بێت.
ئەگەر مێیینەیەک بە هەر هۆکارێک بێت شوێنێکی جەستەی بەدەرەوە بێت، ئەوە هەرگیز نیشانەی ئەوە نییە کە ئەو مێیینەیە کەسێکی باش نەبێت و کەسێکی خراپ بێت یان لەڕووی رەوشتەوە کەموکوڕیی هەبێت، ئەمە بەهیچ شێوەیەک وا نییە و راست نییە.
لەڕاستدا پۆشینی جۆرە جلوبەرگێکی تایبەتی جۆرە هەستێکی تایبەتی بە کەسەکە دەبەخشێت، بەڵام ئەمە هەستە نەک رەوشت، جلوبەرگ هەر جۆرە جلوبەرگێک بێت پێوەر نییە بۆ رەوشتی چاک و جوان و بەرزی مرۆڤەکان.
هەندێک جلوبەرگ هەن کە رەنگ لە کار و پیشەیەک دەدەنەوە، وەک جلوبەرگی فەڕمیی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و هێزە چەکدارەکان و کارگە و چێشتخانە و هۆتێل و شوێنە گشتییە فرۆشیارییەکان، ئەمە پێداویستیی ئیش و کارە، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک پێوەر نییە بۆ جۆری بیرکردنەوە و ئابڕوو و و رەوشتی مرۆڤەکان.
جلوبەرگ دەکرێت نیشەنەی پیشەیەک و پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتی بێت، وەک جلوبەرگی هەندێک لە شوێنە فرۆشیارییەکان و چێشتخانە و کارگەکان، یان جلوبەرگی شیک و گرانبەهای دەوڵەمەندەکان. بۆ نموونە لە کۆمەڵگەی کۆنی چینییەکاندا دەسەڵاتدارانی دەوڵەت جۆرە جلوبەرگێکی تایبەتییان هەبووە، بەهەمان شێوە خێزان و بنەماڵە خانەدانەکان جلوبەرگی تایبەت بە خۆیان لەبەرکردووه‌کە خەڵکە هەژارەکان و کۆیلەکان بۆیان نەبوو هەمان ئەو جۆرە جلوبەرگانەی خێزانە دەوڵەمەندەکان و بنەماڵە خانەدان لەبەربکەن. هەژارەکان و کۆیلەکانیش دەبووایە جلوبەرگی هەژارانە و کۆیلانەی تایبەت بەخۆیان لەبەربکەن.
هەندێک جلوبەرگیش هەن رەنگ لە ئامانجێکی تایبەتیی ژیان دەدەنەوە وەکو ئەو جۆرە جلوبەرگە ئایینییانەی کە مێیینە کریستیانە دێرنشینەکان دەیپۆشن، ئەوانە خۆیان بۆ ئەوە هەڵگرتووە کە لە داهاتوودا هاوسەرگیری لەگەڵ عیسای مەسیح دا بکەن. هەروەها ئەو جۆرە جلوبەرگە نارنجییانەی کە پەرستگەنشینەکانی ئایینی بودایی دەیپۆشن کە نیشانەی ئەوەیە ئەو ئاییندارانە خۆیان بۆ خزمەتی بودا و ئایینی بوداییزم تەرخان کردووە.
شایانی باسە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ئەم جیاوازیی جۆری جلوبەرگە لەنێوان چینە هەژار و دەوڵەمەندکاندا هەبووە و لە سەردەمی ئێستایشدا ئەم رەوشە هەر بەردەوامە. لە کوردەواریی خۆیشماندا لە گوندەکاندا جلوبەرگی دەرەبەگەکان و زەویدارە دەوڵەمەندەکان، لە جلوبەرگی جووتیارەکان و پاڵە و سەپان و شوانەکان جیاواز بووە. لە مێژوودا هەروا بووە، دەوڵەمەندەکان شیکپۆش و گرانبەهاپۆش بوون و هەژارەکانیش شڕپۆش و هەرزانبەهاپۆش بوون.
هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا که‌ جلوبه‌رگ يان هه‌ر جۆره‌ جلوبه‌رگێکی تايبه‌تيي، پێوه‌ر نييه‌ بۆ باشی يان خراپی، ره‌وشتبه‌رزی يان ره‌وشتنزميی مرۆڤه‌کان، هەر بۆ نموونە بە میلیۆنان مێیینەی ئەوروپایی کە بۆ باشیی تەندروستییان لە کەناری دەریا و رووبارەکاندا خۆیان رووت دەکەنەوە تا تیشکی خۆر لە جەستەیان بدات، یان بە رووتی و نیوە رووتی لە کەنار دەریا و رووبارەکاندا مەلەدەکەن و یاری دەکەن یان پشوو دەدەن، ئایا ئەو مێیینە ئەوروپییانە خراپن، رەوشت نزمن، ئایا ئەوانە بێ ئابڕوون؟ بێگومان وەڵامەکەی نا و نەخێرە.
لێرەوە پێویستە چەند راستییەک دووباره‌ بکه‌ينه‌وه‌، ئه‌ويش ئه‌مه‌يه‌ که‌ جلوبەرگ هەرگیز نيشانه و هێما و پێوەر نەبووە و نییە بۆ چاکی و خراپیی هیچ مرۆڤێک، هەر بۆ نموونە هۆزە ئەمازۆننشینەکانی بەرازیل و هەندێک لە هۆزەکانی ئەفەریقا بەگشتی رووتن، بەڵام ئەوە جۆری ژیانی تایبەتیی خۆیانە، هیچ هێما و نیشانەیەک نییە بۆ خراپییان یان بۆ رەوشت نزمییان.
هەموومان ئەم راستییە دەزانین کە جلوبەرگ پێداویستییەکی ژیانە، بۆ خۆپارستنە لە سەرما و لە گەرما، هەروەها لەهەمان کاتیشدا بۆ جوانکاری و خۆڕازاندنەوە و شیکپۆشیشە، بۆ جوانی و دڵخۆشی و چێژ بینینشە. جلوبەرگ هیچ پێوەندییەکی بە ئابڕوومەندی و رەوشت بەرزیی مرۆڤەوە نییە.

پێوه‌ندييه‌کانی کچان و کوڕان

پرسیارێکیتر هەر لەم بوارەدا: ئایا هەموو ئەو کچ و کوڕە ئەوروپییانەی کە لە تەمەنی سەرو هەژدە ساڵاییەوە، لە دەرەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە پێکەوە دەژین و پێکەوە دەخەون، ئایا ئەو هەموو میلیۆنان کچ و کوڕانە خراپن، بێ ئابڕوون، رەوشت نزمن؟ لەناو ئەو کچان و کوڕانەدا کە پێکەوە دەژین، پێکەوە مەلە دەکەن، پێکەوە گەشت دەکەن، پێکەوە دەخەون، بە هەزارانیان دەرچووی زانکۆ هەرە پێشکەوتووەکانی جیهانن، چەند زمانێک دەزانن، پزیشکن، ئەندازیارن، تەلارسازن، لێکۆڵەرەوەن، گەردوونناسن، ئابووریزانن، سیاسەتزانن، شوێنەوارناسن، نووسەرن، وەرگێڕن، کۆمەڵناسن، دەروونناسن، فرمانبەری پلە بەرزی بانکەکانن و هتد. بێگومان ئەو جۆری پێوەندییەییەی کچان و کوڕانی ئەوروپی هیچ پێوەندییەکی بە رەوشت و ئاکارەوە نییە، لەبەرئەوەی کۆمەڵگە ئەوروپییەکان پێش کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان چەند هەنگاوێکی ژیانی کۆمەڵایەتی و فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری و ئابووری و سیاسییان لە مێژوودا ناوە و ئێستا ئەمە بەشێکی جۆری پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە ئەوروپییەکانە و به‌ سروشتی و بە ئاسایی وەرگیراوە و پەسەند کراوە.
راستە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جارێ ئەم دیاردەیە نییە، بەڵام دەگونجێت لە داهاتوودا لای ئێمەش ئەو دیاردەیە سەرهەڵبدا و لەلامان ئاسایی و پەسەندکراو بێت. کۆمەڵگە و ژیان بەردەوام لە گۆڕانکاریدان. بێگومان ئەوروپاش پێشتر وەکو ئێستا نەبووە، ساڵانی ٦٠کان پێوەندییەکۆمەڵایەتییەکان لەناو کۆمەڵگە ئەوروپییەکانیشدا وەکو ئەمڕۆ نەبووە.
لەلای خۆمان بەهۆی پابەبد بوونی زۆرینەی خەڵک بە ئایینی ئیسلام و دابونەریتی عەرەبەوە، جارێ ئەو دیاردەیە نییە و زۆریشی دەوێت تا وەکو ئەوروپامان لێ بێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەمووان ئەو باش دەزانین کە ئەمڕۆ لەشارە گەورەکاندا چی دەگوزەرێت، تا ئەندازەکیش پەسەندکراوە و وەک کێشەیەکی گەورە وەرنەگیراوە.
هەر بەم بۆنەیەوە پێویستە باسی دیاردەیەکی هەرە خراپی نێو هەندێک لە خێزانە ئیسلامییە سیاسییەکان و هەندێک لە خێزانە نائیسلامییەکان بەڵام خێزانی ئایینداری زۆر تودندڕەو و ئەوپەڕگیر بۆ پرسی ئایینی بکەین، هەندێک لەو خێزانە ئیسلامییە سیاسییەکان و ئاییندارە توندڕەوەکان و ئەوپەڕگیرەکان کە مێیینەکانی خۆیان بە هەڕەشە و ترساندن و بە بەکارهێنانی شێوازی پڕ لە زەبروزەنگ ناچاردەکەن تا لەچک و باڵاپۆش و پەچە و رووپۆش بپۆشن، ئەو خێزانانە بارودۆخێکی خێزانی و کۆمەڵایەتیی نائاساییان هەیە و خێزانێکن کە لە کەشوهەوایەکی خێزانی و کۆمەڵایەتیی زۆر ناجێگیر و زۆر نائارام و پڕ لە کێشەی دەروونی و رەوشتیدا ژیان بەسەر دەبەن. پێوەندییەکانی نێوان نێر و مێیینەکانی ئەم جۆرە خێزانانە لەسەر بنچینەی رێز و خۆشەویستی و سۆزداریی بەرامبەریی خێزانی نییە و مێیینەکانیان لە ناخۆشترین بارودۆخی خێزانی و دەروونی و کۆمەڵایەتدا دەژین کە هەندێک جار ناگوێڕایەڵی و یاخی بوونی ئەو مێیینانەی لێدەکەوێتەوە و دواجار ئەو مێینانە جگە لە چەوساندنەوە و ئازاری دەروونی، رووبەڕووی چەوساندنەوە و بەندکردن و لێدان و ئازاردانی جەستەییش دەبنەوە و هەندێک جار سووتاندن و خنکاندن و کوشتوکوشتاریشی لێدەکەوێتەوە. نموونە زۆرن، وەک ئەو خێزانە موسڵمانە توندڕەو و ئەوپەڕگیرانەی کە لە ئەوروپا دەژین و مێیینەکانیان لەناو خێزان و پێوەندییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانیاندا جۆرێکن و لە دەرەوەی خێزان و لە دەرەوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانیاندا جۆرێکی ترن و جۆرە جلوبەرگێکی تر دەپۆشن و جۆرە هەڵسوکەوتێکی دیکەی جیاوازیان هەیە، بەتایبەتی ئەو کچە گەنجانەی کە دەخوێنن و تێکەڵی کچ و کوڕە ئەوروپییەکان و کچ و کوڕە ناموسڵمانەکانی میللەتانی تر بوون و ئەمانیش چاو لەوان دەکەن و دەیانەوێت وەکو ئەوان بن و ئەمانیش وەکو هاوڕێ و هاوپۆلەکانیان بن و وەکو ئەوان ئازادانە جلوبەرگ لەبەربکەن و وەکو ئەوان ئازادانە هەڵسوکەوت بکەن و وەکو ئەوان پێوەندییەکانیان لەگەڵ کچان و کوڕانی تردا رێکبخەن.
دەبێت ئەمەش بڵێین کە لەم نووسینە بواری ئەوە نییە بچینە ناو وردەکارییەکانی کێشە تاکەکەسی و خێزانی و کۆمەڵاتییەکانی ئەو مێیینانەی کە لە ناو خێزانی موسڵمانی ئیسلامی سیاسی و لەناو خێزانی موسڵمانی ئایینداری توندڕەو و ئەوپەڕگیردا کە لە ئەوروپا دەژین، کێشەکان زۆر زۆرن و جۆراوجۆرن، بەشێکی زۆری ئەو کێشەنانە دەچنە ناو میدیاکانی وڵاتە ئەوروپییەکانەوە و کاردانەوەی فرە زۆر و جۆراوجۆری کەسایەتییەکان و فێمینیستەکان و رێکخراوە فێمینیستییەکانی داکۆکیکار لە مافە مرۆییە مێیینەکانی لێدەکەوێتەوە.
بەڵێ راستە لە ئەوروپا ئازادی و دیموکراسی هەیە و پێڕەو دەکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تا ئەندازەیەکی پێویست پۆشینی هەندێک جۆرە جلوبەرگی نائاسایی رێگەپێنەدراوە، لە زۆربەی زۆری وڵاتە ئەوروپییەکاندا، لەبەر پاراستنی باری ئاساییش و ژیانی ئاسایی هاونیشتمانیان، بە فەڕمی، پۆشینی پەچە و رووپۆش و لە هەنێک لە خوێندنگە و فەرمانگە دەوڵەتییەکاندا تەنانەت لەچک و باڵاپۆشی ئیسلامیش بە یاسا یاساخ کراون.

کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ژاپۆنی

هەر لەم بارەیەوە سەرنجێک لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ژاپۆنی بدەن کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین و ژینگەپارێزترین و رەوشتبەرزترین کۆمەڵگەکانی جیهان، راستییەکە ئەمەیە کە ئەمڕۆ زۆرینەی هەرە زۆری ژاپۆنییەکان یان بێ ئایینن، یان هیچ پێوەندارییەکیان بە جێبەجێ کردنی ئەرک و فەرمانە ئایینییەکانەوە نییە، هەروەها زۆرینەیەکی زۆری ژاپۆنییەکان کاتی خۆیان بە پرسی بوون و نەبوونی خوایەکەوە بەخەرج نادەن، بەڵام ئایا ژاپۆنییەکان بەم هۆکارە و لەبەرئەوەی ئاییندار یان موسڵمان یان خواناس نیین، ئیتر مرۆڤی باش نین و خراپن یان رەوشت نزمن؟ هەروەک ئاماژەدانێک بەو پێشکەوتنە زۆرەی کە ژاپۆنییەکان لە گشت بوارەکانی پێشکەوتنی ژیانی ماددیدا پێی گەیشتوون، ئەمڕۆ لە هەموو کۆمەڵگە موسڵمان و ئیسلامییەکاندا ماڵێک یان کارگەیەک و فەرمانگەیەک و نەخۆشخانەیەک و خوێندنگەیەک و سەربازگەیەکی ئەو کۆمەڵگە موسڵمان و ئیسلامییانە نییە کە داهێنانێک و دروستکراوێکی بەرهەمی بیر و هزر و کاری ژاپۆنییەکانی تێدا نەبێت و لێی سوودمەند نەبووبن و نەبن. بەپێچەوانەی ئەمەشەوە هیچ ماڵێک یان کارگەیەک و فەرمانگەیەک و سەربازگەیەک و نەخۆشخانەیەکی ژاپۆنی نەبووە نییە کە داهێنانێک و دروستکراوێکی بیر و هزر و کار و به‌رهه‌می موسڵمانێک هه‌بوو بێت و هه‌بێت کە ژاپۆنییەک بەکاری هێنابێت و بەکاری بهێنێت و لێی سوودمەند بووبێت و لێی سوودمەند بێت.

ئایین و رەوشت

پرسیارەکە ئەمەیە کە ئایین چۆن و بۆچی سەرچاوەی رەوشت بێت لەکاتێکدا کە هەموو ئایینەکان لەلایەن پیاوانەوە داهێنراون، هەموو پەیامبەرانی ئایینەکان لە رەگەزی پیاو بوون.
تەنانەت خواپەرستی و ئایینداری یان پێچەوانەکەی، نیشانە و پێوەر نین بۆ چاکی و خراپی یان رەوشتبەرزی و رەوشتنزمی مرۆڤه‌کان.
سەرباری ئەمەش (جگە لە ئایینی زەردەشتی کە ئایینێکی ئاسمانی نییە و داهێنراوی زەردەشتی بیرمەند و فەیلەسوف و چاکەخوازە)، ئیدی ئایینەکانی تر بەچاوێکی کەم لە رەگەزی مێیینەیان روانیوە، لە ئایینە ئاسمانییەکاندا کە گوایە پەیامی خوان، بێ رێزی و سووکایەتی بە رەگەزی مێ کراوە، رەگەزی مێ بە بوونەوەرێکی کەمتر لە رەگەزی نێر پێناسە کراوە، مێ بە پاشکۆ و خزمەتکاری نێر دانراوە، ئەمە لەگەڵ دادپەروەری و رەوشتی بەرز و ویژدانی مرۆڤایەتیدا یەکناگرێتەوە. هەربۆیە ئایین هەرگیز ناتوانێت سەرچاوەی رەوشتی چاک و جوان و بەرزی مرۆڤایەتی بێت.
دەبێت ئاماژە بەم راستییەش بدەین کە لەناو هەموو پەڕتووکە ئاینییە ئاسمانییەکاندا تێکستی جوان و چاکەخوازانە هەن، بۆ نموونە فەرمان بە چاکە و نەکردنی خراپە، رێزگرتن و یارمەتیدانی دایکان و باوکان، سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی هەبوون بۆ منداڵانی بێ دایک و بێ باوک، ئەمانە هەموویان بیرۆکەی باشن، بەڵام ئەم بیرۆکانە پێش پەیدابوونی ئایینەکانیش هەر هەبوون، پێش پەیدابوونی ئایینەکان مرۆڤەکان ئەم ئەرک و فەرمانانەیان هەر بەجێهێناوە، یارمەتیی یەکتریان هەر داوە، نەوەکان بە سروشتی، رێزی دایک و باوکی خۆیان هەر گرتووە، خەڵک بەگشتی سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانیان بۆ منداڵانی بێ دایک و بێ باوک هەر هەبووە، بێ هه‌بوونی ئايين و بێ ئايينداريش، رێز و سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی یارمەتیدان لەنێوان مرۆڤەکاندا هەر هەبووە و هەر هەیە و هەر دەبێت.
ئەگەر ئایینەکان لەناو چوارچێوەی چەمکی باشە بکە و خراپە مەکە و وەکو ئامۆژگاریی باش و چاک و مرۆڤدۆستانە بمانایەنەوە و خۆیان تێکەڵی ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکان نەکردنایە و نەبوونایەتە سەرچاوەی یاسا و دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتی و فەرمانکردن، سوپا و هێزی چەکداریان بۆ خۆیان دروست نەکردایە و لێبگەڕانایە کە مرۆڤەکان ئازاد بوونایە لە پەسەندکردن و پێڕەوکردنی خۆبەخشانەی هەر ئایینێکی دڵخوازی خۆیان، ژیان باشتر و خۆشتر دەبوو، ئایینداران بێ ئاژاوە و بێ شەڕ و جەنگ و بێ داگیرکاری و تاڵانکاری و کوشتوکوشتار، بە خۆشی و ئاشتی و ئارامی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی پێکەوە دەژیان.
جا وەک چۆن یاساکان بۆ سەردەمی خۆیان نووسراون و بۆ ئەو سەردەمە کارا و گونجاو و بەسوود بوون، بە تێپەڕبوونی رۆژگار و بە هۆکاری گۆڕانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و رۆشنبیری و فەرهەنگیی کۆمەڵگەکان، یاساکانیش کۆن دەبن و سەردەمەکەیان بەسەر دەچێت و پێویستە بگۆڕێن و دەشگۆڕێن و یاسای نوێ و سەردەمییانە و گونجاو، شوێنی یاسا کۆنبوو و بەسەرچووەکان دەگرنەوە. بەهەمان شێوە پێویستە و دەبێت هەموو ئايين و بيروباوەڕێك بەردەوام بەشێوەیەك چاكسازی گۆڕانكاريیان تێدا بكرێت كە ناوەڕۆكەكەی لەگەڵ راستيی ژيانی مرۆڤايەتيی سەردەمدا بگوجێت. پێویستە و دەبێت چاكسازی و گۆڕانکاری لە لە گشت ئەو یاسا و فەرمان و بڕگانەی ئایینەکاندا بکرێت و یاسا و فەرمانە کۆنبووە زیانبەخشەکان و بڕگە توندوتیژەکان سڕ بکرێن و چیتر کاریان پێنەکرێت. ئایینێك كه نيوەی كۆمەڵگە بە كۆيلەی نيوەكەی ديكەی بكات، دەبێت ياسا و فەرمان و بڕگە كۆنبووە زيانبەخشەكانى پێڕەو نەكرێن و بخرێنە ناو ئەرشيفی مێژووەوه.
ئايين ئامڕازه‌، ئامانج نييه‌‌. ده‌بێت ئايين له‌ خزمه‌تی مرۆڤدا بێت نه‌ک مرۆڤ له‌ خزمه‌تی ئاييندا بێت.
پێویستە ئەم راستییە هزری و فەلسەفییە لەبیرنەکەین کە تاکە پێوەر بۆ چاکی و باشی و رەوشبەرزی و مرۆڤدۆستی و ژياندۆستیی مرۆڤەکان، ئەم سێ چەمکە فەلسەفییە، جەوهەرییە، هەتاهەتاییەی مرۆڤایەتییە کە بریتییە لە:
(بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاک).

کۆتایی

بۆئەوەی ئەم نووسینە لەمە درێژتر نەبێتەوە، لەکۆتاییدا دەڵێین: بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان لە داهاتوودا بە هەمان ئەزموونی کارەساتباری تاڵیبان و ئەلقاعیدەی ئەفغانستاندا نەڕوات و هەمان پاشکەوتن و چەوساندنەوە و گرتن و ئەشکەنجەدان و ماڵوێرانی و کوشتوکوشتار و بەکۆیلەکردنی کچان و ژنانی کوردستانی لێنەکەوێتەوە، داوا لە دەسەڵاتدارانی دەسەڵاتی باشووری کوردستان دەکەین یان سنوورێک بۆ رەوتی ئیسلامی سیاسی دابنێن، یان ئەگەر لەتوانایاندایە و ئازایەتی و بوێریی ئەوەیان هەیە، هەوڵ بدەن بە زووترین کاتی گونجاو بە یاسا هەموو باند و گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان هەڵبوەشێننەوە و هەموو جۆرە کار و چالاکییەکی رەوتی ئیسلامی سیاسی لەناو کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا یاساخ بکەن. جگە لەمەش پێویستە و دەبێت لایەنە پێوەندیدارەکان کۆنتڕۆڵی وتاردانی مەلاکان و بانگخوازە ئیسلامییە سیاسییەکان بکەن و رێگە نەدەن ئەو مەلا و بانگخوازانە لەسەر سەکۆی مزگەوتەکان و لە بۆنەکاندا و لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خواستی دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان و هەروەها بە ئارەزووی خۆیان چی بەسەر دەمیاندا بێت بیڵێن و چییان بوێت بینووسن و بڵاوی بکەنەوە، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ کچان و ژنان و رۆشنبيران و نووسه‌ران و رەخنه‌گران بکه‌ن، فه‌توای کوشتن و وڵاتبه‌ده‌رکردنيان بده‌ن، بە ئارەزووی خۆیان چییان بوێت، بیکەن و بۆيان بچێته‌سه‌ر؟.


چەند پەیڤێکی پێوەندیدار بەم بابەتەوە لە پەڕتووکی (روانگەکان)ەوە :

١

تۆڵەی شەرەف
چەمكی نامۆ و نەفرەتی و ترسناكی ‌(تۆڵەی شەرەف)، یەكێ لە كارەساتبارترین چەمكە هاوردەكراوەكانی ناو عەرەب و ئیسلامه بۆ كوردستان كە بەردەوام كچان و ژنان – خوشكان و دایكانمان باجەكەی دەدەن.

٢

جەستەی مرۆڤ

  • هەموو مرۆڤێك، خۆی خاوەنی جەستەی خۆيەتی.
  • جەستەی گشت بوونەوەرانی گۆی زەوی، نە شەرمە، نە شانازيه، خوا، سروشت، يان رێكەو‌ت، بەو شێوەيە ئافەريدەی كردوون. ئيتر هيچ بڕوادار و دەسەڵاتدارێك، بەناوی خۆيان و خوا و ئايين و ئايينزا‌وە، ئەو مافەيان نييە، خواستی تايبەتيی خۆيان بەسەر شێوازی نيشاندانی ئەو جەستەيەدا بسەپێنن.
  • هەموو مرۆڤێك بە رووتی لەدایك دەبێت، ئەگەر جەستە شەرم بووایە، خوا مرۆڤی بە پۆشتەیی دروست دەکرد.
  • ئەگەر دەركەوتنی جەستەی مرۆڤ نەنگی بێت، كەواتە خوا بە نەنگییەوه مرۆڤی دروست كردووە.
  • پرچی مێیینە هیچ جۆرە پێوەنددارییەکی بە رەوشتەوە نییە.
  • ئابڕوومەنديی مرۆڤ، لە خۆپێچانەوە و شاردنەوەی جەستە‌یدا نييە، بەڵكو لە بيری چاك و وتەی چاك و كرداری چاكی دايە‌.

٣

هۆكارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی رەوتی ئیسلامی سیاسی
١- رووخانی خیلافەتی ئیسلامیی تورکە عوسمانییەكان.
٢- سەرنەکەوتنی رەوتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی: ناسریزم و بەعسیزم.
٣- رووخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی و سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران.
٤- ململانێی نێوان هەردوو ئۆردوگای سەرمایەداری و سۆسیالیزم: ئەمەریکا و ئەوروپای رۆژئاوا و یەکێتیی سۆڤێت و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات.
٥- هێرشی سوپای سووری سۆڤێتی بۆسەر ئەفغانستان.
٦- رووخانی یەكێتیی سۆڤێت و سەرنەكەوتنی سیستمی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم.
٧- شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق.
٨- رووخانی دەوڵەتی عێراق و دروستبوونی كەشوهەوایەكی ئازادانە و دیمۆكراسییانە لە عێراق و باشووری كوردستاندا بۆ گەشەكردنی رەوتی ئیسلامی سیاسی.
٩- دژایەتی و دوژمنایەتی و شەڕی یەكتر كوشتنی پارتی و یەكێتی كە باند و گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر لێی سوودمەند بوون.

٤

ئيسلامی سياسی لە باشووری كوردستاندا بەرهەمی سێ هۆكارە
يەكەم: دوژمنانی كورد و داگيركەرانی كوردستان بۆ دوژمنايەتی كردنی كورد و بزووتنەوەی ئازاديخوازی كوردايەتی و رێگەگرتن لە دروست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و بەعەرەبكردن و تواندنەوەى كورد، دروستیان كردوون.
دووهەم: بە هۆی شەڕی ناوخۆی كوردستانە‌وە گەشەيان كردووە و بەهێز بوون، پارتی دژی يەكێتی كۆمەكی هەندێكيانی كرد و يەكێتی دژی پارتی كۆمەكی هەندێكی ديكەيانی ‌كرد. ئيسلامييە سياسييەكان توانيان زۆر سوود لە دژایەتی و دوژمنایەتی و شەڕی يەكتر كوشتنی پارتی و يەكێتی وەربگرن. ئيسلامييه سياسييەكان ئەو ئاژاوە ناوخۆییەیان بۆ‌ بەرژەوەندييەكانی خۆيان بەكار هێنا و ئێستايش ئەو سوود وەرگرتن و بەكارهێنانە هەر بەردەوامه.
سێهەم: بەهۆی ئەو پاشاگەردانييەی كە ناونراوە ئازاديی بيروڕا و ئازادیی چالاكيی سياسی و بەهۆی ئەو سيستمە ديمۆكراسييە ناتەندروستەوە كە لە باشووری كوردستاندا بە هەڵە جێبەجێ كراوە و دەكرێت، ئيسلامييە سياسييەكان تێیدا گەشەيان كرد و توانيان لەو بارودۆخە پاشاگەردانييەدا زۆرترين جەماوەر بۆ خۆيان دروست بكەن و ئەم رەوتە ناسروشتييە ئێستايش هەر بەردەوامه.
ئیسلامییە سیاسییەکانی كورد لە هەر شوێنێك بن، بەرژەوەندییەكانی دوژمنانی كورد و داگیركەرانی كوردستان، لەو شوێنەدا پارێزراوە.

٥

هەر ئیسلامییەکی سیاسی، داعشێکی خۆمەڵاسداوە بۆ کاژێری سفر .
ساڵانی هه‌شتاکان ئه‌وکاته‌ی که‌ ورده‌ ورده‌ گروپ و که‌سانی ئيسلاميی سياسی به‌ کۆمه‌ک و پشتيوانيی ئيتڵاعاتی ئێران و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بييه‌ شۆفێنيسته‌کانی ناوچه‌که‌ و تورکه‌ تۆرانييه‌کان، ده‌نگ و ره‌نگی ئيسلاميی سياسيی په‌يدا ده‌بوو، هێشتا زۆر به‌‌هێز نه‌بوون و په‌ره‌يان نه‌سه‌ندبوو، ئه‌و کاته‌ هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌يی هاواريان له پارتی و يه‌کێتی ده‌کرد و به‌ زمانێکی ساده‌ و پڕ خه‌مخۆری و پاڕانه‌وه‌ پێيان ده‌گوتن، تکايه‌ و ده‌ستمان به‌ دامێنتان، مه‌هێڵن ئه‌و‌ گروپ و که‌سه‌ ئيسلامييه‌ سياسييانه‌ گه‌شه ‌بکه‌ن و به‌هێزبن، مه‌هێڵن ئه‌مانه‌ هێزی چه‌کداريان‌ له‌ کوردستاندا هه‌بێت، مه‌هێڵن ئه‌وا‌‌نه‌ به‌ئاره‌زووی دوژمنانی کورد و ده‌وڵه‌ته‌ داگيرکه‌ره‌کانی کوردستان، چالاکی بکه‌ن و پێوه‌نديی به‌م ده‌وڵه‌ت و به‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بکه‌ن، مه‌هێڵن ئه‌و‌ ميکرۆب و ڤايرۆسانه‌ له‌ جه‌سته‌ی کورد و بزووتنه‌وه‌ی کوردايه‌تيدا بڵاوببنه‌وه‌ و خۆيان به‌هێز بکه‌ن، مه‌هێڵن ئه‌و‌ ده‌سته‌ ره‌شه‌ دروستکراوانه لاوان و خه‌ڵکه‌ هه‌ژار و ساده‌ و ساکاره‌که‌ی کوردستان بخه‌ڵه‌تێن و فريويان بده‌ن و به‌لای خۆياندا رايانبکێشن، مه‌هێڵن به‌ ناوی ئاينی ئيسلاميی عه‌ره‌بييه‌وه‌ کوردستان و فه‌رهه‌نگی ره‌سه‌نی کورده‌واری ئه‌نفال بکه‌ن و عه‌ره‌بچێتی و ته‌عريبچێتی و ئيسلامچێتی بکه‌ن، بەڵام به‌داخه‌وه‌ که‌س گوێی له‌ هاوار و پاڕانه‌وه‌ی دڵسۆزانه‌ی هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌يی نه‌گرت تا وای لێهات له‌ هه‌ورامان کچان و ژنان له‌ ماڵه‌کانی خۆيشياندا نه‌يانده‌توانی بێ له‌چک و بێ باڵاپۆشی ناشارستانييانه‌ی ئيسلاميی عه‌رەبی به‌سه‌ربه‌ستی بژين. لێره‌دا ده‌بێ بڵێين ماڵی سوپا به‌هێزه‌که‌ی ئه‌مه‌ريکا ئاوا بێت که‌ توانی به‌ زه‌بری سه‌ربازييانه هه‌ر له‌ ئاسمانه‌وه‌ کۆتاييان پێبهێنيت. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و هێرش و هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازييانه‌ی ئه‌مه‌ريکييه‌کان نه‌بووايه‌، ئێستا ئيسلامييه‌کان له‌ هه‌ورامان و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ريدا هه‌ر باڵاده‌ست بوون و به‌ره‌و شاری سلێمانيش هێرشيان د‌ه‌هێنا. راستییەکە ئەوەیە کە ئێران به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ک بۆ شێواندی باشووری کوردستان، هه‌موو کۆمه‌ک و پشتيوانييه‌کی ده‌کردن. هه‌زاران جار ماڵی ئه‌مه‌ريکييه‌کان ئاوابێت و زۆر سوپاس بۆ ئه‌وان که‌ ئه‌و گورزه‌ کوشندانه‌يان لێوه‌شاندن و له‌ هه‌ورامان کۆتاييان پێهێنان.
هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌يی هاواريان ده‌کرد و ده‌پاڕانه‌وه‌ و‌ ده‌يانوت بيکه‌ن به‌ خاتری کورد و کوردستان، بيکه‌ن به‌خارتی خوا و ويژدانی مرۆڤايه‌تی، کۆمه‌کی ئه‌و‌ گروپ و که‌سه‌ ئيسلاميييه‌ سياسييانه‌ مه‌که‌ن. هاوبیران ده‌يانوت ئه‌و‌ ئيسلامييه‌ سياسييانه‌ له‌ سه‌ددام و به‌عسييه‌ فاشيسته‌کان و ده‌وڵه‌تی داگيرکه‌ری ئێراق مه‌ترسيدارترن بۆ سه‌ر ئاساييشی نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانيی کورد و کوردستان، ئه‌مانه‌ زۆر به‌ئاسانی له‌ رێگای ئايينی ئيسلامی عه‌ره‌بييه‌وه‌ ده‌توانن خه‌‌ڵکه‌ ساده‌ و ساکار و نه‌خوێنه‌واره‌که‌ی کوردستان فريوبده‌ن و هه‌ڵيان بخه‌ڵه‌تێنن و بيانکه‌ن به‌ دوژمنی کوردايه‌تی، بيان که‌ن به‌ دوژمنی که‌لوپه‌لی ره‌سه‌ن و جوانی کورده‌واری، بيانکه‌ن به‌ دوژمنی مارشی نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانيی کوردستان، بیانکەن به‌ دوژمنی ئه‌ی ره‌قيب، بيانکەن به‌ دوژمنی بيروباو‌ڕی پيرۆزی کوردايه‌تی، بيانکه‌ن به‌ دوژمی هه‌موو شتێکی کورد کوردايه‌تی. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ که‌س گوێی له‌ هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌يی نه‌گرت، بەداخەوە يه‌کێتی و پارتی له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌نديی ته‌سکی خۆياندا دژی يه‌کتر هه‌ر يه‌که‌يان کۆمه‌ک و پشتيوانييان له ‌يه‌کێک يان چه‌ند لايه‌نێکی ئيسلاميی سايسيی ده‌کرد، پاره‌يه‌کی زۆر و بێئه‌ندازه‌يان به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌ڕشتن، ئه‌مڕۆش له‌ بوودجه‌ی هه‌ژارانی کورد و کردستان، چه‌ندين که‌ناڵی ته‌له‌فيزيۆنی و راديۆ و گۆڤار و رۆژنامه‌يان بۆ دامه‌زراندوون، مانگانه به‌ناوی بودجه‌ی حيزبييه‌وه‌ پاره‌يه‌کی زۆريان ده‌ده‌نێ و به‌ هه‌زاران که‌سی ئيسلاميی سياسييان هه‌ر له‌سه‌ر بوودجه‌ی خه‌ڵکی کوردستان خانه‌نشين کردوون و مووچه‌ی موفتيان ده‌ده‌نێ. هه‌ر به‌ پاره‌ و کۆمه‌ک و کارئاسانی کردنی ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان، ئه‌م گروپه‌ ئيسلامييه‌ سياسييه‌ به‌کرێگيراوانه‌ی ره‌گه‌زپه‌رسته‌کانی تورک و عه‌ره‌ب و فارس، به‌ سه‌دان ماڵپه‌ڕ و بڵاوکراوه‌ی جۆراوجۆيان دامه‌زراندوه و له‌م رێگايانه‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌م ده‌ستاوێژانه‌وه‌ پڕوپاگه‌نده‌ بۆ ئيسلامچێتی و بۆ به‌رژه‌وه‌ندييه‌ گڵاو و ناڕه‌واکانی دوژمنانی کورد و داگيرکه‌رانی کوردستان ده‌که‌ن.

٦

ئيسلامی سياسی و عروبه
بە گريمانەيەك، ئەگەر سەدام زيندوو ببێتەوە و بەعسييەكان ديسانەوە دەسەڵات بگرنەوە دەست، ئەمجارەيان بۆ بەعەرەب كردن، يان لەناوبردنی كوردی باشوور، زەبروزەنگ و باروت و ئاسن و كيميايی بەكار ناهێنن و سوپا و هێزه چەكدارەكانی جارانيان نانێرنەوە بۆ داگيركردنەوەی كوردستان، بەڵكو ئەم شتانە دەكەن: چەند باند و گروپێكی ديكەی ئيسلامی سياسيی كوردى دورست دەكەن و ئەو خەرجييانەی كە پێشتر لە كورد و كوردستاندا بە كاريان دە‌هێنا، ئەمجارەيان بەشێكی مزگەوتی زۆرتری پێ دروست دەكەن و بەشەكەی تريشی دەدەن بە ئيسلامييە سياسييەكان، بەم شێوە‌يە بەبێ ئەوەی خۆيان ماندوو بكەن و كات و وزە و توانای خۆيان بەكار بهێنن و يان يەك بەعسی و يەك سەربازی عەرەب بەكوشت بدەن،‌ بە ئامانجە ناڕەواكانيان دەگەن و هەموو كوردی باشوور دەكەنە‌ موسڵمانی خزمەتكاری عەرەب و عروبە.

٧

باشووری كوردستان، سەيرانگە و تەمەڵخانەی ئيسلامييە سياسييەكانە.
ئيسلامييە سياسييەكان لە بزووتنەوەی رزگاريخوازی كوردستاندا خاوەنی هيچ خەبات و رابووردوو و شانازييەك نە بوون و نين. ئەوانە هاتوونەتە سەر سفرەی ئامادەكراو و لە بارودۆخی ئازادی و دیمۆكراسيی باشووری كوردستاندا، ئەمان سوودمەنترين و بەختەوەرينن و ژێربەژێريش بەرنامەی دوژمنانی كورد و داگيركەرانی كوردستان جێبەجێ دەكەن و بە هاوكاری و كۆمەكى ئەوان، كار بۆ پاشكەوتن و گەوجاندن و بە ئیسلام کردن و بەعەرەبكردنى كۆمەڵگەی كوردەواری دەكەن.
باشووری كوردستان بۆ باند و گروپە ئيسلامييە سياسييەكان و مەلا و بانگخواز و ئەندام و لايەنگرە مووچەخۆرەكانيان بووە بە سەیرانگە و تەمەڵخانە. نە كار دەكەن، نە ماندوو دەبن، نە هيچ بەرهەميێكان بۆ كۆمەڵگە هەيە، بەڵام لەلايەن دەسەڵاتی كورتبينی كوردييەوە، بوودجەيەكی زۆريان بۆ بڕاوەتەوە و خاوەنی چەندين كەناڵی تی ڤی و راديۆ و بنە و بارەگا و گۆڤار و رۆژنامە و ماڵپەڕی ئەلەكترۆنين، كە هەموو ئەم ئامڕاز و دەستاوێژانە بۆ ئيسلامچێتی و ئيخوانچێتی و تۆرانيچێتی و تەعريبچێتی و گەوجاندی كۆمەڵگەی كوردستان بەكار دە‌هێنن.
هەتا ئێستا ئيسلامييە سياسييانەكان نە چەكدارێكيان، نە ئەندامێكيان نە بەرپرسێكيان، بەرەكانی شەڕی دژ بە لەشكری داعشی ئيسلامييان بە خەويش نەبينوە، تەنانەت، يەك دڵۆپ فرمێسك و خوێنيان بۆ كورد و كوردستان لێنەڕژاوە. بەڕاستی خوا بۆی داون، لەسەر بوودجەی هەژارانی ميللەت بوون بەخاوەنی هەموو شتێكی خۆيان، هەر دەخۆن و دەخۆنەوە و لە پشووی ژيان و خۆشگوزەرانيدا، بێ خەم و بێ باك، پاڵی هەميشەييان لێداوەتەوه.
ئەرێ بەراست بۆ هيچ كەس و هيچ لايەنێك له دەسەڵاتی سياسيی كوردی و له ‌سەرانی پارتی و يەكێتی و گۆڕان ناپرسن: بوونی ئەو کەس و باند و گروپه ئيسلامييە سياسييە دروستكراو و بەكرێگيراوانە جگە لە مشەخۆری و زيانداری و دواخستنی كورد و كوردستان، چ سوودێكيان هەيه!؟
بەرەو ياساخ كردنی رەوتی ئيسلامی سياسی لە باشووری كوردستان .

٨

بورقا و نیقاب
بورقا و نیقاب، ئەم مۆدێله‌ جلوبەرگه ئيسلامييە سياسييە كاره‌ساتاوییانه‌، به‌ڕێوه‌ن بۆ باشووری كوردستان، هیچ پێتان سه‌یر نه‌بێت و به‌ گاڵه‌ته‌ش وه‌ریمه‌گرن، مۆدێلی بورقا و نیقابی تاڵیبان، له‌مێژه‌ له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ بانگهێشتن كراوه‌ و كاری بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام جارێ كاتی نه‌هاتووه‌ و تا ئێستا بۆیان نه‌لواوه‌ بیسه‌پێنن

٩

بیری چاك، وتەی چاك، کرداری چاك.
زەردەشت

رزگار كردنی ژيانی مرۆڤێك بەنرخترە لە دروست كردنی پەرستگايەك.
كۆنفوشيۆس

هەموو پەيامبەرە چەكدارەكان سەركەوتنيان بەدەستهێناوە، پە‌يامبەره بێ چەکەكان، دووچاری تێکشكان بوونەتەوە.
نيكۆڵۆ مەكياڤيللی

من پێويستم بەوە نييە كە بە هۆی هەڕەشەی دۆزەخەوە بەڕەوشت بم.
بێرتراند رەسەڵ

پیاوانی سیاسی به‌ به‌ڵێنی خۆشکردنی ژیانی ئێره‌ و پیاوانی ئاینیش به‌ به‌ڵێنی ژیانی ئه‌ولا، گه‌وره‌ترین جه‌هه‌ننه‌میان بۆ خوڵقاندوین.
مه‌سعوود محه‌مه‌د

ئەگەر ئافرەتێك بە ڕوتی بەسەر شەقامێكدا رابكات، شارێك لە پیاوان دوای دەكەون، بەڵام ئەگەر پێیان بڵێی وا شارێك دەسوتێت، هەموویان پاساوێك دەهێننەوە كە توانای راكردنیان نیە!
ئۆریانا فالاچی

ئەگەر لە عەرەبستان لەدایك بوویت، دەبیت بە موسڵمان!
ئەگەر لە هیندستان لەدایك بوویت، دەبيت بە هیندوسى!
ئەگەر لە ئەمریكا لەدایك بوویت، دەبيت بە مەسیحی!
دینی ئێوە، بەس جەبری جوگرافیای لەدایك بوونتانە و شوێنی لەدایك بوونتان ئایینتان دیاری دەكات نەك بیركردنەوە و لێكۆڵینەوە لەسەر ئایینەكان!
زانای زیندەوەرزانی و گیانداران و شارەزا لەئايینەكان :
ریچارد داوكینز


تێبینی: بۆ نووسینی ئەم نووسراوە نەگەڕاومەتەوە بۆ سەرچاوەکان و تێکستەکانی پێوەندیدار بەم بپرسەوە، بەڵکو تەنها پشتم بە تێگەیشتن و سەرنج و بۆچوونەکانی خۆم بەستووە.

  • هەموو کەس و لایەنێک و پێگەیەکی میدیایی دڵسۆزی کوردایەتی و خەمخۆری ئازادییە دیموکراسییەکان و مافە مرۆییە رەواکانی مێیینەکان، دەتوانن ئەم نووسینە بەبێ دەستکاری و وەکو خۆی، بڵاوی بکەنەوە.

25-12-2025




ناوی زانكۆ: خانەنشین!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                      

یاسایەكی ئابووری هەیە، پەیوەندی بە خستنەڕوو، داواكارییەوە هەیە و هەر كاتێك كاڵایەك لە بازاڕدا زۆربوو، بەهای دێتە خوار تا ئەو ئاستەی هیچ نرخێكی نامێنێت، گەر لە ڕووی كواڵیتی و پێكهاتەشەوە جیاواز بن لە یەكتری، بەڵام چونكە خستنە ڕووی زۆرە هەر ناتوانرێت بەهای بەرزبێتەوە. لەو سۆنگەیەوە، لەگەڵ زۆربۆنی زانكۆكان لە هەرێمی كوردستان، كە دەرەنجامی ململانێی سیاسی هەردووحزب و زۆنی حزبی بوو، نەك پێویستییەكی زانستی و پیشەیی و مەعریفی وای لێ هات لە هەر قەزایەك زانكۆیەك كرایەوە، ئیدی لە دەرەنجامی ئەم دۆخەوە، واقیعێك هاتە ئارا كە كوردستان پڕ بوو لە هەزاران ئەوكەسانەی بە كۆلاژكردنی نووسین، بەكارهێنانی سەدان سەرچاوە، وەرگرتنی تایبەتەوە، بوونە خاوەن ماستەر و دكتۆرا كە ئێستا نزیك بەوەیە هەموو كەس هەڵگڕی ئەو بڕوانامانە بێت، بێ ئەوەی لە ڕووی زانستی و ئەكادیمییەوە زانیارییەكی قووڵ و ئەوتۆی لە پسپۆڕیەكەدا هەبێت. هەیانە نەگەیشتۆتە سی ساڵە كەچی دكتۆرای لە یاسا، ئەدەب، زمان، ماف و مێژوو، جوگرافیا هێناوە ! لە كاتێكدا لە زانستی سایكۆلۆژیدا، مرۆڤ لە سەرووی سی ساڵییەوە ئەو كات توانستی هزریی و كەسی و كۆمەڵایەتی پێ دەگات.
هەیە، هەر لە بیستەكانی تەمەنییەتی، كەچی پسپۆڕی نەشتەرگەرییە، ئەم دەركەوتانە نیشانەی پێشكەوتنی زانستییانەی خوێندن بە گشتی و خوێندی باڵا نین، بەڵكو ئاماژەن بۆ نەمانی هیچ جۆرە سنوور و پسپۆڕایەتی و تێگەیشتنی زانستییانە لە نێوان كەسەكاندا، بۆیە دەبینین وێرای ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا نزیك بە دوو ملیۆن قوتابی هەیە، بە هەزاران ماستەرو دكتۆرا لە پسپۆڕییە جیاوازەكان هەن، كەچی ئەوە ئاستی پێشكەوتنی هزری كۆمەڵگەی ئێمە و توانستی هوشیاریی تاكەكانە كە دەیبینین ! لەو ڕۆژانەدا، هەواڵی تاوتوێكردنی نامەیەكی ماستەری كەسێكم بینی، كە تیایدا لیژنەی تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی لە چەند ئەندامێك پێكهاتبوو. ئەوەی سەرنجی ڕاكێشام، لە میانەی ناساندن و دەرخستنی ناونیشانی زانستی و پیشەیی لیژنەی سەرپارشتیاری نامەكە ئەوەبوو، لە بەرانبەر ناوی یەكێكیان نووسرابوو: ( ناوی زانكۆ: خانەنشین) .
بە ڕاستی سەیرم پێ هات ! ئاخر نازانم زانكۆ چۆن خانەنشین دەبێت؟ ئایا ئەویش لە شەست و سێ ساڵیدا خانەنیش دەبێت؟ دەبێ مووچەكەی چەند بێت؟ چەند ساڵ خزمەتی كردبێت؟ بە ڕاستی ئەم جۆرە ناساندنە، نیشانەی هەژارییە لە زمان ونووسین و دەربڕین، دەنا ئەوەی خانەنشین دەبێت مامۆستای زانكۆیە نەك زانكۆ ! ئەوانەی تایتلی ئەو تاوتوێكردنەیان داناوە، وایان زانیوە جیاوازی لە نێوان مامۆستای (خانەنشینی زانكۆ) لەگەڵ (زانكۆی خانەشین) نییە! چی تێدایە، حەسەن كەچەڵ بێت، یان كەچەڵ حەسەن !

*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە (1479) لە 13/1/2025 بڵاوكراوەتەزە.




ترامپ و سیاسەتەکانی.. زاهیر باهیر

دۆناڵد ترامپ ئەو گەمژەیە نییە کە زۆرینەی میدیاکان و سۆشیال میدیاکانی جیهان پێمان دەڵێن. ڕاستە پێشبینکردن لە بڕیار و ڕەفتارەکان و سیاسەتەکانی زۆر گرانە بەڵام ئەو وەکو بزنسمانێك و سیاسییەك ئەو قسەیەی کە دەیکات زۆربەی کات دەیگەیەنێتە جێ، ئەو بڕیارەی کە دەیدات دەیخاتە مەیدانی کردنەوە، کابرایەكە زۆر وەخت یەك ڕووە و ئەوەی لە دڵیدا بێت دەیخات سەر لێوانی.
جیاوازی ئەم لەگەڵ سەرۆکەکانی پێش خۆیدا ئەم وەکو ئەوان ئەجەندەی شاراوەی نییە. ئەوان کەمتر بزنسمان و زیاتر گۆێگر لە کۆمپانیاکان و بزنسامانەکان بوون. ئەم، بزنسامانە و گوێ کەمتر لە کۆمپانیا و بزنسمانەکان دەگرێت. بەڕای من سیاسەتەکانی سەبارەت بەم سیستەمە و بەردەوامیدان پێی تا ڕادەیەك دروستە و خزمەتی بەرژەوەندی گەورە کۆمپانییەکانی ئەمەریکا و جیهان دەکات و بە دروستکردنی جەنگ و پشێوییەکان، سەرقاڵکردنی خەڵکی و میدیا و وەشاندنی زەربەی گەورەی لە بزوتنەوەی کرێکاران و چەوساوەکان دەدات. ئەو دەزانێت کە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی وەکو یو و ئێن و ناتۆ ڕۆڵیکی ئەو تۆیان نەماوە و ئەو هۆکار و زەمانەی کە لە پێناویدا دروست بوون تێپەریون و تەنها پارەیەکی زۆر لەسەر ئەمەریکا دەکەوێت .
ئۆکرانیا و سیاسەتی ئەو:
گەر تەماشای سیاسەتی ئەو بکەیت سەبارەت بە ئۆکرانیا واقیعانە دەڕوانێتە بارودۆخەکە ئۆکرانیا شەڕەکەی دۆڕاندووە و حکومەتی بەزیویش ناتوانێت هیچ مەرج و بەندێك بەسەر حکومەتی براوەدا بسەپێنێت، لەبەر ئەوە هەتا زووتر سوڵحی لەگەڵدا بکات ئۆکرانیا سوودمەندتر دەبێت. ترامپ دەزانێت کە ناتۆ ناتوانێت بە ڕاستەوخۆیی بکەوێتە شەڕەکەوە، دەشزانێت وڵاتانی ئەوروپا و حیزبەکانی کە دەسەڵاتیان لە دەستدایە لاوازن زۆر جاریش دیل و چاو لەدوای دەنگدانی کۆمەڵ و کۆمۆنێتی ئیسلامییەکانن.
چین و ڕوسیا:
ترامپ دەزانێت کە چین لە ململانێی و شەڕێکی نەبڕاوەدایە بۆ هەیمەنەکردنی بەسەر جیهاندا و گرتنەوەی جێگەی ئەمریکا، ئەوەش دەزانێت کە ئەمەریکا هەرچییەك بکات ئەم جەنگە ئابووریی و باڵادەستەی ئایندە لە چین ناباتەوە ، بەڵام دەزانێت و دەتوانێت دوای بخات.
ترامپ زیرەکانە پەنجەی خستۆتە سەر ئەو هۆکار و خاڵانەی کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کەم پێشڕەوێتی چین و خاوکردنەوەی کێبڕکییەکە ڕابگرێت یاخود گرفتی گەورە و قوڵی بۆ دروست بکات. ئەو دەزانێت کە ئەمریکا پێویستی بە نەوت نییە نە لە ئێستا و نە لە ئایندەشدا، هاوکاتیش دەرك بەوە دەکات کە چین پێویستی بە نەوتێکی زۆرە، کە ئەوە وزەی سەرەکییەتی بۆ بەهێزکردنی ئابوورییەکەی ، بە واتایەکی دیکە بۆ لاوازکردنی ئابوری ئەمەریکا .
ڕوسیاش وەکو ئەمریکا پیویستی بە نەوت و غاز نییە بەڵام نەوت و غاز سەرچاوەیەکی گەورەی ئابوورین و چەکێکیشن بۆ بردنەوەی شەڕەکانی و لە وابەستە کردنی هەندێك وڵات بەخۆیەوە مانەوەیان لەژێر ڕەحمەتی پوتین دا ، کە نەوتیان دەوێت بەڵام بە نرخێکی هەرزان .

ڤێنزویلا:
ترامپ بەوەی کە کردی لە ڤێنزویلا و دەستبەسەرگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی بوو بۆ خستنە بازاڕی ڕۆژانەی چەند ملیۆن بەرمیلێك نەوت. کردنی ئەمە لە بازاڕدا زەربەیەکی گەورە دەدات لە ڕوسیا بە دابەزینی نرخەکەی، واتە خراپکردنی بارودۆخی دارایی و ئابوورییەکەی. ئەو کاتە ڕوسیا بۆ پڕکردنەوەی ئەو زەرەرەی کە لە فرۆشتنی نەوتدا دەیکات باجەکەی دەخاتە سەر مییللەتەکەی، بە بڕینی تێچووەکانی دامەزاراوە و شوێنە خزمەتگوزارییەکانی، بە بەرزکردنەوەی نرخی پێداویسییەکایی ژیانی خەڵك ، بە بڕینی یاخود کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەو کەسانەی لە ڕوسیادا پێویستیان بە یارمەتی دارایی هەیە، هەڵئاوسانی دراو و بەرزکردنەوەی بڕی سوو لەسەر قەرزی خەڵک و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان و گرانبوونی هاوردەکردنی هەر کەرەسە و کوتاڵ و شمەکێك بۆ ناو ڕوسیا. ئەمانە و زۆری تر کارایی زۆر خراپ و جددیان لەسەر ئابوری دەبێت و بە ڕاستەخۆش لەسەر سیاسەتی دەوڵەت و بەڕێوبردنەکەی .
سەبارەت بە چینیش بێ گومان چینیش زەرەرمەند دەبێت و کارایی خۆی دادەنێت لە سەر کێبڕکێی لەگەڵ ئەمەریکا و هەیمەنەی ئابووری لەسەر ئەو وڵاتانەی کە وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
ئەوەی کە ترامپ کردنی لە ڤێنزویلا هەر ئەوە نییە کە باسم کرد کە هەندێك لە میدیای ناوچەکە و جیهانی باسی دەکات . ترامپ دەزانێت کە ڤێزویلا نەك هەر دڵ و خۆێنبەرەکانە لە جەستەی هەندێك لە وڵاتانی دەرودراوسێ و وڵاتانی دیکەشدا، بەڵکو ڤێنزویلا وەکو سێنتەرێکی کۆمەککار و هاوکار و ژیانەوەی هەندێك وڵاتە کە لەوانە کوبایە کە لە سەدا 95 وزەی لە ڤینزویلا وەردەگرێت، کۆڵۆمبیایە وڵاتانی دیکەیە تەنانەت وڵاتانی کاریبیان وەکو توباگۆ و ترینداد کە مامەڵەی بازرگانی سەرەکییان لەگەڵ ڤێنزویلادا هەیە .
ئەمە جگە لەوەی کە ترامپ کردی، سیستەمی BRIC)) ‘ بریكBrazil, Russa, India ، China’ ، کە لە ێستادا 11 وڵات ئەندامن بەڵام ڤێزویلا ئەندام نییە گەرچی داوای کرد کە ببێتە ئەندام بەرازیل ڤیتۆی کرد لەبەر ئەوەی وەرگرتنی ئەندامانی نوێ دەبێت هەر هەموو ئەندامان ڕازی بن. سیستەمی وڵاتانی’ بریک’ لێدان و خستەکاری دراوێکە کە ئەو 11 دەوڵەتەی لەناو ئەو سیستەمەدا دەتوانن بازرگانی و لە ڕوی دیکەشەوە بەکاری بهێنن ، ئەمەش دەبێتە لاوازی بەهای دۆلار و داشکانی بەهاکەی و کەمکردنەوەی ڕەواجی لە جیهاندا. گەر بارودۆخەکە بە گوێرەی ویست و پلانی ترامپ بڕوات وڵاتانی ‘بریک’ بە هەبوونی سیستەمی دراوی کە هەمویان پێوەی پەیوەست دەبنەوە گەر هەڵنەوەشێنێتەوە ئەوە زۆر لاوازی دەکات و دوای دەخات .
ترامپ، حسابی بۆ بکەین یا نەیکەین، هەرچۆن ڕاو بۆچونمان هەبێت ، خۆشمان بوێت یا نا ، بەڕای من کابرایەکی زۆر زیرەکە و دەزانێت چی دەکات . ئەو دەیەوێت ئەمەریکا وەکو پێشتری بمێنێتەوە، دەیەوێت ئابووری ئەمەریکا و پێگە و پایەکەی هەر وەك جاران بمێنیتەوە ، دەیەوێت گەشەی ئابووری ئەمریکا لەسەر هاووڵاتیانی بە ڕادەیەکی کەم و لەسەر کۆمپانیا گەورەکان و سامانداران بە جۆرێکی زۆر ڕەنگبداتەوە ، دەیەوێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ساماندارانی هەر ئاوا بە باڵادەستی بمێننەوە .

ڤەنزوێلا و کوبا و کۆڵۆمبیا و ئەمەریکا:
ڤەنزوێلا لە مێژوودا بەپێی ڕێککەوتنە دوولایەنە درێژخایەنەکان، دابینکەری سەرەکی نەوت و سووتەمەنی کوبا بووە، زۆرجار لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکانی وەک پشتگیری پزیشکی و هاوکاری تەکنیکی. بەپێی داتاکانی بازرگانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کوبا لە ساڵی 2022 بە بەهای نزیکەی 161 ملیۆن دۆلار کاڵای ڤەنزوێلای هاوردە کردووە و نەوتی خاو و بەرهەمە سووتەمەنیەکان لە پۆلی باڵادەستن.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ڤێنزوێلا و کۆڵۆمبیا لە ساڵی 2022 وە جارێکی دیکە گەشەی کردۆتەوە: ئامارەکانی ساڵی 2024 لە نێوان مانگەکانی یەکەم و تەمموزی 2024، بازرگانی دوولایەنە گەیشتە نزیکەی 607 ملیۆن دۆلار، کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2023 بە ڕێژەی 36.5% زیادیکردووە. ئامارەکانی ساڵی 2025 لە مانگی یەک تا حوزەیرانی 2025، کۆی گشتی بازرگانی نزیکەی 564 ملیۆن دۆلار بووە، کە بە نزیکەیی 13 % لە چاو ساڵی ڕابردوودا زیادیکردووە. لە مانگی یەکەوە تا ئەیلوولی 2025 قەبارەی بازرگانی بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 863 ملیۆن دۆلار، کە نزیکەی 8.3 % زیادیکردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024.
زۆربەی ئەو فراوانبوونە لە هەناردەکردنی کۆڵۆمبیا بۆ ڤێنزوێلا وەک خۆراک، کەلوپەلی بەکاربەر، ماددە کیمیاییەکان و پلاستیکەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. هەناردەی ڤێنزوێلا بۆ کۆڵۆمبیا زۆر بچووکتر دەمێنێتەوە و کاڵاکانی وەک بەرهەمی ئاسن و پۆڵا، ئەلەمنیۆم و هەندێک سووتەمەنی لەخۆدەگرێت. بەکورتی کۆی بەهای بازرگانی لەگەڵ کۆڵۆمبیا ئێستا بە سەدان ملیۆن دۆلارە لە ساڵێکدا، هاوسەنگییەکە بە شێوەیەکی زۆر بەرەو هەناردەکردنی کۆڵۆمبیا ملی ناوە. بازرگانی دوولایەنە لە بەرزبوونەوەدایە لەگەڵ بوژانەوەی یەکگرتنی ئابووری سنووربەزێن لە دوای ساڵی 2022.

ڤێنزویلا و وڵاتانی کاریبیان
ڤێنزوێلا لە مێژوودا ڕۆڵێکی بەرچاوی ئابووری و سیاسی لەو وڵاتانەدا هەبووە، بە تایبەت لە ڕێگەی بەرنامەکانی وزەی ئیمتیازاتی وەک پترۆکاریبەوە. پیترۆکاریب ڕێککەوتنێک بوو کە ڕێگەی بە دەوڵەتانی کاریبی دەدا نەوتی ڤێنزوێلا بە مەرجی لەبار بکڕن (درێژمەدای قەرز و دواخستنی پارە) و بۆ زیاتر لە دە ساڵ بزوێنەرێکی سەرەکی بازرگانی ناوچەیی بوو. بەڵام ئەم بەرنامەیە بەهۆی سنوورداربوونی بەرهەمهێنانی ڤێنزوێلا و پرسە ئابوورییە فراوانترەکانەوە تا ڕادەیەکی زۆر ڕاگیراوە.
لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دا، هەناردەی ڤێنزوێلا بۆ ئاروبا و کوراساو نزیکەی شەش ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە.
پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتی ترینداد و تۆباگۆ لەژێر کاریگەری هەردوو ئاسۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوکاری وزەدا بووە، هەروەها تەحەددای دیپلۆماسی و لۆجستیکی ئەم دواییە.
ترینداد و تۆباگۆ بەدوای پەرەپێدانی هاوبەشی گازی سروشتی لەگەڵ ڤەنزوێلادا بوون (بۆ نموونە، هاوبەشی کێڵگەی غازی هاوبەشیی)، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بازرگانی پەیوەندیدار بوو بە وزە لە داهاتوودا، هەرچەندە ئەم جۆرە پڕۆژانە ڕووبەڕووی پاشەکشەی ڕێکخراوەیی و سیاسی بوونەتەوە. بە گشتی بازرگانی لەگەڵ ترینداداد و تۆباگۆ لە ڕووی ناوچەییەوە بەرچاوە بەڵام لە ئاستەکانی ڕابردوو کەمترە و لەم دواییانەدا سنووردار بووە.
گایەنا لە ساڵی 2019 (نوێترین ئاماری ورد لەبەردەستدایە)، ڤێنزوێلا نزیکەی 9 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کاڵای هەناردەی گایەنا کردووە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتەکانە. لە هەمان ساڵدا گایەنا نزیکەی بەهای 74 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی هەناردەی ڤێنزوێلا کردووە و برنجیش وەکو بەرهەمی سەرەکی.

ترامپ و گرینلاند
ترمپ ئەوەندە گەمژە نییە وابزانێت کە چین یا ڕوسیا دێن ئەو دوورگەیە داگیر دەکەن و مەترسی بۆ سەر ئەمەریکا دروست دەکەن . بێ گومان ئەمە باش دەزانێت ، بەڵام ئەو دەیەوێت گەر لە داهاتوودا پێویستی کرد ئەو ڕێگایە لە پاپۆڕەکانی چین و روسیا بگرێت هاوکاتیش گێچەڵێك بە ئەوروپا و سەرکردەکانیشی بکات .
ئەو زۆر زیرەکانە کات و تاکتیکەکانی هەڵدەبژێرێت تاکو مەبەستەکانی پێ بپێکێت. هەموان دەزانن کە ترامپ دوو شتی دەوێت یەك سوکایەتیکردن بە ئەوروپا و سەرکردەکانی و ملکەچکردنیان بۆ باڵادەستی ئەمەریکا ، باشترین تاکتیکیش کە بەکاری هێنا زیادکردنی ڕێژەی گومرگ بوو لەسەر هاوردەی وڵاتانی ئەوروپا بە کردنی سازشێکەوە کە هێشتا بە قازانجی ئەمەریکا و کەسایەتی خودی ترامپ گەرایەوە .
ئەوی تر بایاخدانە بە ڕوسیا و خۆشکردنی پەیوەندییە لەگەڵیدا ، ئا لەم بارەدا دەیەوێت هەرچۆن هەبێت شەڕی نێوانی ڕوسیا و ئۆکرانیا بوەستێنێت ، ڕێکەوتنێك بکات لە نێوانییاندا کە بە بەرژەوەندی ڕوسیا و ئەمریکاش بگەڕێتەوە .
هەوڵی زۆری دا بەڵام سەرکردە شەڕخوازەکانی ئەوروپا بە تایبەت بریتانیا و ئەڵمانیا هێشتا پێداگری لەسەر ڕێکەوتنێك دەکەن کە بە قازانج و براوەی ئۆکرانیا و خۆیان بگەڕێتەوە ، خودی ترامپ-یش هیچ چارێکی بۆ نەماوەتەوە جگە لەوەی کە ڕووداوەکان کاتێک بخولقێنێت تاکو ئەوان بخاتە هەڵوێست و پێگەیەکی زۆر ناسك و لاوازەوە کە ڕازی ببن بەوەی کە دەیەوێت و دەیکات کە ڕێکەوتنی ڕوسیا و ئۆکرانیایە بەو جۆرەی کە خۆی دەیەوێت، هەروەها خاوەندارێتییە لە گرینلاند . لەم حاڵەتەشدا یا دەبێت ویستەکانی ترامپ بەدەست بێت یاخود ترامپ لە شەڕو ڕێکەوتنی ئۆکرانیا و روسیادا دەکشێتەوە ، گەر ئەمەش ڕووبدات ئەوروپا هیچ توانایەکی نابێت کە هاوکاری زیاتری ئۆکرانیا بکات و ئۆکرانیا بەسەرکەوتن بگەیەنێت، ئیدی ڕوسیا وردە وردە شوێنی زیاتر لە ئۆکرانیا داگیر دەکات ڕێکەوتنی دواتری هەردوو وڵات گرانتر دەبێت لە ڕێکەوتنیشایاند سیاسییەکانی ئەوروپا ئەو سوکایەتییە قەبوڵ دەکەن و شەرمەزار دەبن .
پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە ئایا ئەوانە بۆ ترامپ دەچێتە سەر و دەتوانێت جێگە بۆ چین و هەژموونی چین چۆڵ نەکات؟ ئەم پرسیارە وەڵامەکەی داهاتوویەکی نزیك دەیداتەوە.

زاهیر باهیر
16/01/2026




کۆمەڵگا بەبێ ژن.. مەحمود عەبدوڵڵا

لەگەڵ هێرشی تیرۆریستان بۆ گەڕەکەکانی شێغ مەقسود و ئەشڕەفییە جەدەلێک کۆمەڵگەی کوردی ، لەباشور کرد بەدوو بەشەوە. بەشێکی لەگەڵ ئەو گوتارە نێرسالاریەی هەندێک مەلا بون کە پێیان وایە شوێنی ژن ماڵەوەیە،بەشێکیش لەدژی ئەم گوتارە وەستانەوەو بەگوتارێکی دژە ژن و دواکەوتو ودونیابینی تیرۆریستانی دەزانن. لەم نێوەندەدا گوتارێکی خۆڵەمێشیش هەیە کە لەنێوان هەردوو گوتاری لایەنگرو دژە ئازادی ژن یاریدەکات .
ئەوانەی لایەنگری زهنیەتی نێرسالارین پێیان وایە ئازادی ژن پێچەوانەی شەریعەتە و ڕاستیشن چونکە لەڕاستیدا ئازادی ژن بەرهەمی مۆدێرنەو گوتاری ڕۆشنگەرییە نەک ئاین.ئەوانەشی کە لایەنگری ئازادی ژنن ،پێیانوایە ژن پێویستی بەوەنییە بگەڕێتەوە بۆ گوتاری دینی دەربارەی بون و پێگەی لەکۆمەڵگادا، ئەوە ژن خۆیەتی بڕیاردەدات چی بێت و چی نەبێت. هەرچی گروپی سێهەمە دەیهەوێت جوانکاری بۆ دەقەکان بکات و ئاین لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی دونیا دا بگونجێنێت و لەوڕێگەیەوە خۆی لە دونیابینی تیرۆریستانن جودابکاتەوە.بەخوێندنەوەو تەفسیری نوێ. لەڕاستیدا پێویستە ئێمە چیتر نکۆڵی لەوە نەکەین کە دەقە دینیەکان گیرۆدەی کات و شوێنن ،بۆیە ئێمە یان دەبێ دونیا بگێڕینەوە بۆدواوە بۆئەوەی لەگەڵ دەقەکان بگونجێت وەک ئەوەی تاڵیبان لەئەفغانستان ئەنامیاندا.یان دەبێ ددانی پێدابنێین کە دەقەدینیەکان دژە ئازادین و لەگەڵ دونیابینی و هۆشیاری و پێداویستی ئەم سەردەمە ی ژندا ناکۆکن.
یەکەمین بەریەککەوتنی دەقە ئاینیەکان ،دژایەتییە لەگەڵ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ،چونکە بەگوێرەی جاڕنامەی مافەکان ژن و پیاو یەکسانن،بەڵام دەقە دینیەکان بەڕوونی دژی ئازادی و یەکسانین لەنێوان ژن و پیاودا. ئەگەر بەگوێرەی دەقە ئاینیەکان بێت نەک هەرژن ئازاد نییە،بەڵکو پیاویش ئازاد نییە،وەک بونێکی ڕەسەن بیربکاتەوەو بژیت. دوەمین بەریەککەوتن و دژایەتی دەقەکان دەربارەی ژن ،ناکۆکی و پارادۆکسە لەگەڵ فەلسەفە،چونکە بیرکردنەوەی فەلسەفی پێمان دەڵێت:
بونی ڕەسەن بونێکە کە خۆی بڕیار لە چارەنوسی خۆی دەدات،سێیەم بەرکەوتن و دژیەکی دین بەریەککەوتنە لەگەڵ گوتاری ڕۆشنگەری ،چونکە ڕۆشنگەری بریتییە لەتوانای تێگەیشتن و بیرکردنەوە بێ گەڕانەوە بۆ ئەویتر.بەڵام ئاین کۆمەڵێک بکە و مەکە، چاکەو خراپەی دیاریکردووە و هەرکەس پێچەوانە بجوڵێتەوە ئەوە بەسەرپێچی دادەنێت. دواجار بەرکەوتنی ئاشکرای ئاین بەرکەوتنە لەگەڵ واقیع ،ئێمە لەواقیعێکدا دەژین کە زۆر جودایە لەگەڵ ئەو واقیع و ژینگەیەی دەقەکانی بەرهەم هێناون و لۆژیکی ئاین ناتوانێت کەس ئیقناع بکات چونکە هێزی لۆژیکی لەدەستداوە،تەنیا لەڕێگەی لۆژیکی هێزەوە مومکینە ژنان بەگوێرەی خواست و ئارەزوی پیاو بژین. وەک جۆن ستیوارت میل دەڵێت:” تەنیا یاسای قێزەونی هێزە،کە ئازادی ژن زەوت دەکات نەک لۆژیک” دەبێ ئێمە ئەوڕاستیە بزانین ئەو زهنیەتەی بەکۆیلەکردنی ژنان سەرچاوەکەی یاسای قێزەونی هێزە!نەک خواوەند . ئەوانەی دژە ئازادی ژنن دەبێ ئەوڕاستییە بزانن کە دژی خودی ئازادی کۆمەڵگەشن،چونکە ئەوە سەلمێندراوە کە لەهەموکات و شوێنێک ئازادی کۆمەڵگە و ئارادی ژن پێکەوە دێنە بون و هاتونە بون ،هەروەها پێشکەوتن و ئازادی ژن دوڕووی دراوێکن ،کەس ناتوانێت لەسەر گۆی زەوی سیستەم و حوکمڕانی و شارستانیەتێکمان پیشان بدات،کە پێشکەوتو و دژە ژن،ئازاد و دژە ژن بێت!بۆیە ئەوانەی دژی ئازادی ژنن لەبنەڕتدا دژی ئازادی و پێشکەوتنن بۆخودی کۆمەڵگە ،کاتێک ئێمە بانگەشە بۆ ئازادی ژن دەکەین،لەوڕوانگەیەوەیە کە کۆمەڵگە بەبێ ئازادی ژن کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووە لەلایەک،لەلایەکیتر دەکەوێتە ژێر حوکمی ئیستیبداد،ئەوەیە کۆمەڵگە بەبێ ژن! ئازادی ژن ئازادی و پێشکەوتنی خودی پیاوانیشە. بۆیە دروشمی ژن ژیان ئازادی ،لەخۆڕا نەوتراوە،بەڵگەی مێژویی و فەلسەفی و ئەقڵانی لەپشتە.بۆیە ئەوانەی دژی ئازادی ژنن،لەگەڵ تیرۆریستان یەک دونیا بینیان هەیە لەبنەڕەتدا مرۆڤگەلێکن ئارەزوی ستەمکاری و کۆیلایەتی و جێگیری دونیا دەکەن، لەترسی گۆڕانی جیهان و لاوازی توانای خۆگونجاندن پەنا بۆ سەرکوتکردنی ژنان دەبەن.

مەحمود عەبدوڵڵا




سۆسیالیزمی دیجیتاڵی یان لەناوچوون: وانەی ڤەنزوێلا لە دڕندەترین قۆناغی سەرمایەداریدا.. ڕزگار ئاکرێی

  1. وانەی ڤەنزوێلا
    لە بەرەبەیانی ڕۆژێکی ئاسایی لە سەرەتای کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، جیهان بە هەواڵێکی ترسناک بەخەبەر هات کە لە یەکەم نیگادا کاردانەوەی ڕوون نەبوو: دەستدرێژی سەربازی دڕندانەی ئەمریکا و ڕفاندنی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ و هاوسەرەکەی سیلیا فلۆرێس لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزدا کە بە وردی سەربازی و هەواڵگری ئەنجامدرا. هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکە بریتی بوو لە هێرشی سەربازی راستەوخۆ، تۆپبارانکردنی چڕ و تێکشکاندنی سیستماتیکی عەمبارەکانی چەک و پلاتفۆرمی بەرگری، بەڵام زۆر پشتی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی بەست و لێرەدا جەخت لەسەر شیکردنەوەی دەکەین. ڕووماڵی میدیای سەرەکی جەختی لەسەر لایەنە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ڕووداوەکە کرد، بەبێ ئەوەی سەرنجی ڕاستەقینە بدە، چ لەخۆوە بێت یان بە ئەنقەست، بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لەم ئۆپەراسیۆنەدا گێڕا. ئەمە تەنها دەستێوەردانێکی سەربازی تەقلیدی نەبوو وەک هەندێک میدیای ڕۆژئاوایی هەوڵیان دەدا وێنای بکەن. بەڵکو جەنگێکی دیجیتاڵی گشتگیر و ڕێکخراو بوو کە پێش دەستگیرکردنەکە چەند مانگێکی درێژ بوو، ئەگەر ساڵانێک نەبێت لە پلاندانان و چاودێری و ئامادەکاری.
    پێش ئەوەی بەردەوام بم، دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بە تێبینی خۆم بکەم سەبارەت بە سیاسەتەکانی ڕژێمی مادورۆ لە سەرکوتکردنی ناڕەزایی و سنووردارکردنی ئازادییەکان و توندکردنی دەستبەسەرداگرتنی چەپەکان و سەندیکاکانی کرێکاران. ڕەخنەی ئێمە لە دەستێوەردانی سەرمایەداری ئەمەریکا و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا وەک چەکی هەژموونی بە هیچ شێوەیەک مانای پاساو هێنانەوەی کردارە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی مادورۆ لە دژی هێزە پێشکەوتووەکان و بزووتنەوەی کرێکاری ڤەنزوێلا بە تایبەتی حیزبی کۆمۆنیستی ڤەنزوێلا ناگەیەنێت. وەستانەوە لە دژی میلیتاریزمی شەڕانگێزی سەرمایەداری ئەمریکی ناکۆک نییە لەگەڵ ڕەخنەی ستەمکاری ناوخۆیی. بەڵکو هەڵوێستێکە کە لەگەڵ بەها چەپەکاندا دەگونجێت. ئەوەی لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو دەرسە تەکنەلۆژیای و ستراتیجیەیە کە ئەم ڕووداوە بە هەموو بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووەکان دەبەخشێت، بێ گوێدانە هەڵسەنگاندنمان بۆ خودی ڕژێمی مادورو.
    بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە، پێشکەوتووترین سیستەمی چاودێری مانگی دەستکردی ئەمەریکا لە جیهاندا لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەکارهێنراوە بۆ بەدواداچوونی جموجۆڵەکانی سەرکردایەتی ڤەنزوێلا لە ڕێگەی مانگی دەستکردی ئەمەریکاوە کە بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە. شیکردنەوەی داتای گەورە تەنها بۆ چاودێریکردنی جوڵە فیزیاییەکان سنووردار نەبوو، بەڵکو نەخشەی ورد و وردی تۆڕەکانی پەیوەندییەکانی حکومەتی ڤەنزوێلا بە هەموو ئاڵۆزییەکان و لقەکانیانەوە دەگرێتەوە. شکاندنی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان پرۆسەیەکی هەڕەمەکی نەبوو، بەڵکو بە وردی پلانی بۆ داڕێژرابوو بۆ لەکارخستنیان و پەیوەندییەکان لە ساتی یەکلاکەرەوەدا، سەرکردایەتی ڤەنزوێلا بە تەواوی لە بنکە و لایەنگرانی دابڕاو کرد.
    بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە شیکردنەوەی ملیۆنەها پەیوەندی تەلەفۆنی، نامە و ئیمەیڵ تەنها پرۆسەیەکی سیخوڕی تەقلیدی نەبوو، بەڵکو کردارێکی ئاڵۆز بوو بۆ دیاریکردنی شوێنی سەرکردەکان بە ووردی و پێشبینیکردنی نیازەکانیان و هەنگاوەکانی داهاتوویان پێش ئەوەی بیانگرنەبەر. ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی ئامێر شێوازەکانی هەڵسوکەوتیان شیکردەوە، چاودێری گۆڕانکارییەکانی شێوازەکانی پەیوەندییان کرد، و زانیاری زیرەکی لە بڕێکی زۆر داتای بێ پێکهاتە دەرهێنا. دەستکاریکردنی بەرنامە بۆ داڕێژراو و سیستماتیکی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکی ڕێکخراو بوو کە پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەستێت بۆ دروستکردنی ڕای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی دەستێوەردان، ئۆپەراسیۆنەکە وەک “ڕزگاربوون لە دیکتاتۆری و قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان” وەسف دەکات، نەک دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری دەوڵەتێکی سەربەخۆ و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتیەکان. ئەم هەموو ئامادەکارییە میدیایی و دیجیتاڵییە خۆی لە خۆیدا ئامانج نەبوو، بەڵکو ئامرازێک بوو بۆ توندکردنی دەستگرتن بەسەر تواناکانی وڵات و تاڵانکردنی سەرچاوە زۆرەکانی، ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دامەزراندنی رژێمێکی “کارتۆنی” کە لە خواستی خۆی داماڵراوە و لە خولگەی ئەمەریکا دەخولێتەوە و ئەجێندای خۆی جێبەجێ دەکات.
    ئەمانە سیناریۆی فیلمی خەیاڵی زانستی نین، بەڵکو واقیعێکی بەڵگەنامەیی و بەرجەستەن کە ئەمڕۆ دەژین. ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا پرۆگرامی PRISM ی هەیە کە لەلایەن ئێدوارد سنودن، کارمەندی پێشووی هەواڵگری ئەمەریکا، ئاشکرا کراوە، کە چاودێری پەیوەندییە جیهانییەکان دەکات بەبێ جیاوازی و سنوور. کۆمپانیاکانی وەک Palantir Technologies کە بە پارەی دەزگای هەواڵگری ناوەندی دامەزراوە، سیستەمی شیکردنەوەی داتای زۆر ئاڵۆز بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا دابین دەکەن، کە لەژێر ناوەکانی جەنگی دژی تیرۆر و بەدواداچوونی ئامانجە ستراتیژییەکان بەکاردەهێنرێن.
    سیستەمی تەکنەلۆژیای سەرمایەداری ئەمڕۆ تا ڕادەیەکی زۆر توانای چاودێریکردنی تەواو، چاودێریکردنی ورد و بەدواداچوونی سیستماتیکی بزووتنەوە سیاسیەکان، ڕێکخراوەکان و ئەکتەرە سیاسییەکان هەیە. لەوەش مەترسیدارتر، لەوانەیە زۆر تەکنەلۆژیا و چەکی دیجیتاڵی هەبێت کە هێشتا لە بواری خەیاڵی زانستی یان توێژینەوەی مەجازیدا بێت، یان هێشتا ڕانەگەیەنرابێت، وەک زۆربەی پێشکەوتنە تەکنەلۆژیاییەکان کە بە نهێنی پەرەیان پێدەدرێت و بەکاردەهێنرێن پێش ئەوەی ببنە بەردەست خەڵک. مێژوو شایەتی ئەوە دەدات کە ئینتەرنێت خۆی و زۆر تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراون تاوەکو چەندین ساڵ دوای بەکارهێنانیان لە بازنەی سەربازی و هەواڵگری و ئاسایش و پیشەسازیدا ئاشکرا نەکراون.
  2. تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵ و هەژموونی سەرمایەداری
    ئەوەی لە ڤەنزوێلا ڕوویدا ڕووداوێکی تاک و نائاسایی نییە لە مێژووی هاوچەرخدا. ئەمە بەشێکی گرنگە لە ستراتیجی سەرمایەداری دیجیتاڵی گشتگیر و یەکخراو کە لە چەندین شوێنی جیهاندا گەشە دەکات و دووبارەدەبێتەوە و لە خەباتی دیجیتاڵی تەریبی خەباتی شەقام و گۆڕەپانەکاندا بەکارهاتووە. قورسترین و ڕوونترین دەرس لە ڕووداوی دەستگیرکردنی مادورۆ ئەوەیە کە سەرمایەداری لە قۆناغی ئێستایدا چیتر تەنها پشت بە هێزی سەربازی توند و تەقلیدی نابەستێت، هەرچەندە هێشتا لە کاتی پێویستدا دەیپارێزێت و بەکاری دەهێنێت. سیستەمێکی دیجیتاڵی ئاڵۆز و تێکەڵاوی پەرەپێداوە کە توانای تێپەڕاندنی سنوورە جوگرافی و سیاسییەکان و چاودێریکردنی تاک و گرووپەکان بە وردی سەرسوڕهێنەر و دەستکاریکردنی زانیاری و دروستکردنی هۆشیاری گشتی بەشێوەیەک کە لە هیچ سەردەمێکی پێشوودا نەکراوە و سنووردارکردن و ئیفلیج کردنی بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووەکان پێش ئەوەی بگەنە قۆناغی مەترسی ڕاستەقینە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمە جەنگێکە کە بە چاوی ئاسایی نابینرێت، زۆرێک لە شەڕەکانی لە بۆشایی ئینتەرنێتی دیجیتاڵی و سێرڤەرەکانی داتا و ئەلگۆریتمەکان و تۆڕە دەماری دەستکردەکاندا ڕوودەدەن، بەڵام لە ڕووی سیاسی و ماددییەوە کاریگەرترە و تێچووی کەمترە لە بۆمب و فڕۆکە و تانک و سەرباز و دەزگا سەرکوتکەرەکان. زیرەکی دەستکرد بووە بە بڕبڕەی پشتی ئەم جەنگە دیجیتاڵییە، توانای بێ وێنە لە شیکردنەوەی پێشبینیکەر، چاودێری تەواو، و جەنگی دەروونی بە وردی ئاراستە کراوە.
    ئەم واقیعە نوێیە پرسیارێکی چارەنووسساز و وجودی دەخاتە بەردەم هێزە چەپەکان و بزووتنەوە پێشکەوتووەکان لە سەرانسەری جیهاندا، پرسیارێک کە وەڵامەکەی ناتوانرێت دوابخرێت: چۆن بزووتنەوە ئازادیخوازەکان کە هێشتا لە ڕێکخراوەکانیاندا پشت دەبەستن بە کۆبوونەوە تەقلیدییەکان و دابەشکردنی نامیلکەی کاغەزی لە شەقامەکان و بەکارهێنانی تەلەفۆنی بێ کۆدکردن بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکانیان و ئینتەرنێت بە شێوازێکی سەرەتایی و تەقلیدی بەکار بهێنین، و لە بازنەی گفتوگۆی سنووردار کە چاودێریکردنی ئاسانە، ڕووبەڕووی سیستەمێکی دیجیتاڵی سەرمایەداری ببنەوە لەگەڵ ئەم ئاستە سەرسوڕهێنەرە لە گەشەسەندن و ئاڵۆزی؟ وەڵامەکە ڕوون و لە هەمان کاتدا ئازاربەخشە: ناتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر بێت، مەگەر بڕیار بدات بە جددی، قووڵ و ستراتیجی بچێتە ناو بواری تەکنەلۆژیا، نەک وەک بەکارهێنەری پاسیڤ بۆ تەکنەلۆژیای سەرمایەداری وەک ئێستا، بەڵکو وەک گەشەپێدەر و داهێنەر و بەرهەمهێنەری بەدیلی دیجیتاڵی سەربەخۆ کە تێکۆشانەکە پەرە پێدەدات و لە دزەکردن و سەرکوتکردن دەیپارێزێت. و بەهێزکردنی بە ئامرازی کاریگەر کە لەگەڵ ڕۆحی سەردەم و پێداویستییەکانی بگونجێت.

    زیرەکی دەستکرد: چەکی نوێی هەژموونی سەرمایەداری
    ئەمڕۆ بەبێ هیچ گومانێک ڕوون بۆتەوە کە زیرەکی دەستکرد، سەرەڕای توانا گەورە و بەڵێندەرەکانی لە خزمەتکردنی هەموو مرۆڤایەتیدا، چیتر تەنها پێشکەوتنێکی زانستی بێلایەن نییە کە چاوەڕێی کەسێک بکات بەرەو چاکە یان خراپە ئاراستەی بکات. لە ڕاستیدا چەکێکی زۆر پێشکەوتوو و ئاڵۆزە لە دەستی سەرمایەداری جیهانی، کە سیستماتیک و بە ئەنقەست بەکاردەهێنرێت بۆ قوڵکردنەوەی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر کاری مرۆڤ، هۆشیاری کۆمەلایەتی، و داتای گەورە کە بووەتە نەوتی نوێ لە سەردەمی دیجیتاڵدا و بەسەر کۆمەڵگادا بە گشتی لە هەموو لایەنە ئابووری، سیاسی، کەلتووری و ڕۆشنبیرییەکانیدا.
    کۆمپانیا گەورەکانی سەرمایەداری مۆنۆپۆل ئەمڕۆ پەرەپێدان و کارپێکردنی بەهێزترین سیستەمی زیرەکی دەستکرد لە جیهاندا قۆرخیان کردووە. ئەم کۆمپانیایانە قەوارەی تەکنیکی بێلایەن نین کە لە بۆشایی سیاسی و ئابووریدا کار دەکەن کاتێک هەوڵ دەدەن خۆیان نیشان بدەن. لە ڕاستیدا ئامرازی ڕاستەوخۆی سەرمایەی جیهانین و بە پەیوەندییەکی نزیک و تێکەڵاویان لەگەڵ پنتاگۆن و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی قووڵی سەرمایەداری گرێدراون.
    بەرهەمهێنانەوەی چەوساندنەوەی چینایەتی بە مەبەستی دیجیتاڵی
    ئەوەی ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێکی دەوروبەرماندا دەیبینین بەرهەمهێنانەوەی هەمان چەوساندنەوەی مێژوویی چینایەتییە، بەڵام بە ئامرازی زانستی، پێشکەوتووتر، ئاڵۆزتر و شاراوە. ئەم چەوساندنەوە چیتر لە دیواری کارگەکاندا سنووردار ناکرێت کە کرێکاران لەسەر هێڵەکانی بەرهەمهێنان کار دەکەن، یان لەو کێڵگانەی کە جوتیاران لە ژێر خۆردا ڕەنج دەکێشن. ئەم چەوساندنەوە بۆشایی دیجیتاڵی خۆی دەگرێتەوە، کە زۆر کەس وەک بۆشاییەکی ئازاد و کراوە وێنای دەکەن. ئەمڕۆش دەبینین چۆن ئەلگۆریتمەکان لە کۆمپانیا دیجیتاڵییەکاندا بەکاردەهێنرێن بۆ چەوساندنەوەی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر بە شێوازێکی وردتر و دڕندانەتر لە هەر بەڕێوبەرێکی مرۆڤ لە مێژوودا. ئەم ئەلگۆریتمانە مووچە لەسەر بنەمای خستنەڕوو و خواست لە هەموو ساتێکدا دیاری دەکەن، کاتژمێری کارکردنی ماندووکەر دەسەپێنن بەبێ هیچ ڕەچاوکردنێک بۆ تەندروستی یان دۆخی خێزانی کرێکار، و سزای ئۆتۆماتیکی دەردەکەن بۆ هەر دواکەوتن یان هەڵەیەک بەبێ هیچ ئەگەرێکی پێداچوونەوە یان دانوستاندن. کرێکارە دەستییەکان و ڕۆشنبیرەکان لێرە ڕووبەڕووی خاوەنکارێک نابنەوە کە بتوانن پێشتر گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن یان ناڕەزایی دەرببڕن، بەڵکو ڕووبەڕووی ئەلگۆریتمێک دەبنەوە کە هیچ بەزەیی نازانێت و لە بارودۆخی مرۆڤ تێناگات.
    لە بواری هۆشیاری و ئایدۆلۆژیا: ئەلگۆریتمی پلاتفۆرمە زەبەلاحەکانی وەک فەیسبووک، تویتەر (X)، یوتیوب و تیک تاک بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی هۆشیاری ملیارەها کەس لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم ئەلگۆریتمانە بێلایەن کار ناکەن وەک کۆمپانیاکان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو بەشێوەیەکی سیستماتیک ئایدیۆلۆژیای بەکاربردنی سەرمایەداری و کەلتووری تاکگەرایی، کێبڕکێ و هەتاهەتایی سیستەمی سەرمایەداری بەرز دەکەنەوە، لە کاتێکدا شەڕی ناوەڕۆکی چەپ و پێشکەوتووخواز دەکەن لە ڕێگەی تەکنیکەکانی “کەمکردنەوەی گەیشتن” و “قەدەغەکردنی سێبەر” کە ناوەڕۆکەکە نادیارە بەبێ ئەوەی بە فەرمی بیسڕێتەوە. ملیۆنەها نەوەی گەنج ئەمڕۆ هۆشیارییان لە ڕێگەی خوێندنەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەوە دروست نەکراوە، بەڵکو لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوە کە بڕیار دەدەن چی ببینن و چی نابینن، چی دەزانن و چی نازانن.
    لە بواری چاودێری و کۆنتڕۆڵی ئاسایش و جەنگە هاوچەرخەکان: تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد ئەمڕۆ وەک ئامرازێکی سەرەکی بەکاردەهێنرێن بۆ قوڵکردنەوەی کۆنتڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە شێوەیەک کە لە هیچ قۆناغێکی پێشوودا نەکرابوو. سیستەمەکانی ناسینەوەو شیکاری ئەلگوریتمی ڕێگە بە بەدواداچوونی چالاکوانانی سیاسی و چاودێریکردنی هەڵسوکەوت و تۆڕ و جموجۆڵەکانیان بە وردی بەرز دەدەن و ئەم تەکنیکانە تەنها بۆ ئەو وڵاتانە نامێننەوە کە پەرەیان پێداوە، بەڵکو بە شێوەیەکی گەورە دەخرێنە بازاڕەوە و هەناردە دەکرێن بۆ ڕژێمە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەکان و فەزای دیجیتاڵی و گشتی وەک یەک دەگۆڕن بۆ بوارێکی چاودێری هەمیشەیی. لە هەمان چوارچێوەیەدا، زیرەکی دەستکرد لە بەڕێوەبردنی توندوتیژی و جەنگدا بە شێوەیەکی سیستماتیک بەکار دەهێنرێت، چونکە بڕیاری چارەنووسساز پەیوەست بە ژیان و مردن بە سیستەمە بیرکارییەکان دادەنرێت کە پۆلێنکردن، خەمڵاندن، و بڕیاردان بە پێی لۆژیکێکی تەکنیکی سارد، دابڕاو لە هەموو ڕەچاوکردنێکی مرۆیی یان ئەخلاقی. بەم شێوەیە تەکنەلۆژیا کە گوایە بەرهەمی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بێت دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی کوشتن و سەرکوتکردن بە کارایی بەرزتر، لە خزمەتی لۆژیکی هەژموونی سەرمایەداری و میلیتاریزمدا، نەک لە خزمەتی مرۆڤ و مافی ژیان و ئازادی.

  3. گرەوی مێژوویی چەپ
    فاکتەری تەکنەلۆژیا چیتر تەنها زیادەیەکی لاوەکی یان خۆشگوزەرانی نییە لە شەڕی چەپ دژی سەرمایەداری ناوخۆیی و جیهانی. بۆتە مەرجێکی بنەڕەتی و گرنگ بۆ مانەوە و کاریگەری و کاریگەری. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم واقیعە ناتوانێ تەنها بە ڕەخنە و دەستنیشانکردن سنووردار بێت، بەڵکو پێویستی بە هەڵوێست و سیاسەتی دیاریکراو و بەرجەستە هەیە، کە تەنها خستنەڕووی هەژموونی سەرمایەداری تێدەپەڕێت بۆ کارکردن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی و دووبارە ئاراستەکردنی تەکنەلۆژیا بە گشتی و زیرەکی دەستکرد بە تایبەتی بۆ خزمەتکردنی جەماوەری گشتی لە جیاتی کۆیلەکردنیان.

    پێویستی بەدیلی پێشکەوتووخواز
    لەجیاتی بەجێهێشتنی تەکنەلۆژیا لە دەستی ژمارەیەکی کەم لە کۆمپانیا و دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، دەبێت پەرەپێدانی سیستەمی زیرەکی دەستکردی چەپی پێشکەوتووخواز پاڵ پێوە بنرێت. بەڵام گۆڕانەکە بەبێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی هێزە چەپەکان و تێڕوانین و بۆچوونیان بۆ تەکنەلۆژیا ڕوو نادات بەس نییە کە بە بیانووی ئەوەی کە تەکنەلۆژیا ئامرازێکی تایبەتی سەرمایەدارییە مامەڵە لەگەڵ تەکنەلۆژیا بکەین یان بە شێوەیەکی سنووردار و ڕووکەشانە بەکاری بهێنرێت، بەڵکو دەبێت بە قووڵی شارەزا بێت و لێی تێبگات و قەڵاکانی ببڕدرێت و دووبارە ئاراستە بکرێت بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیر و جەماوەری گشتی.
    پەرەپێدانی تواناکانی چەپ لە بواری تەکنیکیدا پێویستییەکی گرنگە لە پەرەپێدانی تواناکان لە بوارەکانی سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی و میدیایی و کاری جەماوەری. هەروەک چۆن هێزە چەپەکان ناتوانن پشت بە میدیای سەرمایەداری ببەستن و هەوڵی بنیاتنانی میدیای سەربەخۆی خۆیان بدەن و هەروەک چۆن بیروبۆچوون و سیاسەت و ئامرازە ڕێکخراوەییەکانیان بە سەربەخۆیی دوور لە قاڵبی هەژموونی سەرمایەداری پەرەیان پێداوە، دەبێت ئەوانیش کار لەسەر بنیاتنانی ئەلتەرناتیڤی تەکنەلۆژیای سەربەخۆی خۆیان بکەن، چ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بێت یان لە زیرەکی دەستکرد و ئەوانی تردا، بۆ خزمەتکردنی پڕۆژەی ڕزگاریخوازی گشتگیر.

    چارەسەری گونجاو و بنەڕەتی
    چارەسەری گونجاو ئێستا پەرەپێدانی سیستەمێکی سەرچاوەکراوە، شەفاف و بێلایەنە کە بە شێوەیەکی دیموکراتی و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی بەڕێوە ببرێت، سەرەڕای هەوڵدان بۆ دەرکردنی یاسای نێودەوڵەتی کە کاری زیرەکی دەستکرد ڕێکدەخات و خزمەتی بە کۆمەڵگا بە گشتی مسۆگەر دەکات، نەک بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە گەورەکان و کۆمپانیا سەرمایەدارەکان.
    بەڵام ئەمە بەس نییە. چارەسەری پێویست و ڕادیکاڵ بنیاتنانی بەدیلی تەکنەلۆژیای چەپی ڕاستەقینەیە بە ئاراستەی پێشکەوتووخواز و خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی، کە لە ڕێگەی ئەوەوە ئەم تەکنەلۆژیایە لە چنگی بازاڕ دەردەهێنرێت و لە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکانی چەوساندنەوە بەکار دەهێنرێت و بەشداری لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی نوێ، دادپەروەرانەتر و مرۆڤانەتر دەکات، لەسەر بنەمای یەکسانی، هاوکاری و ڕازیکردنی دادپەروەرانەی پێداویستییەکان.

    بەکارهێنانی هۆشیارانە و هۆشیارانەی زیرەکی دەستکرد
    بەکارهێنانی زیرەکی دەستکردی ئێستا لەلایەن چەپەکانەوە دەبێت ورد و بە ئەنقەست و وریایانە بێت. ئەو ئەپڵیکەیشنانەی کە لە ژینگەیەکی سەرمایەداریدا و لەلایەن مۆنۆپۆل و کۆمپانیاکانەوە پەرەیان پێدراوە ناتوانن متمانەیان پێبکرێت بەبێ هۆشیارییەکی ڕەخنەیی قووڵ لە میکانیزمی کارکردنیان. لە کاتێکدا زۆرێک لەم ئامرازانە ڕێگە بە شیکردنەوەی ورد و پلاندانان و چاودێریکردنی ئاڕاستەی ڕای گشتی و باشترکردنی سیاسەت و میتۆدەکانی رێکخراو و بەگەڕخستن و پەیوەندییەکان دەدەن، بەڵام لەوانەیە لە پێکهاتەی خۆیاندا لایەنگری شاراوە هەڵبگرن کە هەژموونی سەرمایەداری لە کاری ڕێکخراوە چەپەکاندا بەرهەم دەهێنێتەوە. کاتێک مامەڵە لەگەڵ داتا و زانیارییە هەستیارەکاندا دەکرێت زۆر ئاگادار بن، چونکە بەکارهێنانی نەخوێندراوی ئەم ئامرازانە لەوانەیە ببێتە هۆی دزەکردنی ئاسایش یان دزەکردنی زانیاری کە ڕێکخراوە چەپەکان دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی لە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکاندا. بۆیە پێویستە پرۆتۆکۆلی ئاسایشی دیجیتاڵی پێشکەوتوو پەرە پێبدرێت و ئەپڵیکەیشنی سەرچاوەی کراوەی سەربەخۆتر بەکار بهێنرێت و ئەندامان لەسەر کردارەکانی ئاسایشی دیجیتاڵی ڕابهێنرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە خزمەتی خەباتدایە نەک ئامرازێکی سەرکوتکەر و زیرەکی کە دژی بەکار بهێنرێت.

    بەرەو شۆڕشێکی دیجیتاڵی ئازادیخوازانە
    ئەوەی شۆڕشی دیجیتاڵی ئێستا دەردەخات، و بەتایبەتی پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد، ئەوەیە کە ئێمە لە ساتەوەختێکی مێژوویدا دەژین کە تێیدا دژایەتیەکانی نێوان گەشەسەندنی گەورەی هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە سەرمایەدارییەکان کە چیتر توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەم پەرەسەندنەیان نییە یان ئاراستەی دەکەن بۆ بەرژەوەندی جەماوەر. هەرچەندە ئەو توانا گەورەیەی ئەم شۆڕشە دیجیتاڵییە پێشکەشی دەکات بۆ ئازادکردنی مرۆڤ لە کاری ماندووکەر و پێداویستییەکانی ژیان، بەڵام لە چوارچێوەی لۆژیکی هەژموونی سەرمایەداری و قازانج سنوردارکراون و دووبارە ئەندازیاری دەکرێنەوە.
    خەبات لەم فەزای دیجیتاڵیدا دەبێت ببێتە درێژکراوەیەکی ئۆرگانیکی خەباتی سۆسیالیستی لەسەر ئەرزی واقیع، نەک تەنیا گۆڕەپانێکی کار و گفتوگۆی جیا لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئەم خەباتە لە دژی هەژموونی دیجیتاڵی تەنها بە فەزای مەجازی سنووردار ناکرێت بەڵکو دەبێت درێژکراوەی بزووتنەوە و خەباتی کرێکارانی دەستی و ڕۆشنبیری و بزووتنەوەی جەماوەری مەیدانی بێت. بەستنەوەی خەباتی تەکنەلۆژیا و خەباتی چینایەتی لەسەر زەوی گرنگە، چونکە هەژموونی دیجیتاڵی تەنها درێژکراوەی هەژموونی سەرمایە بەسەر بەرهەمهێنان و کۆنتڕۆڵکردنی هێزی کاردایە.

  4. ساتەوەختی مێژوویی یەکلاکەرەوە بۆ چەپ
    ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی ڤەنزوێلا مادورۆ ڕوویدا ڕووداوێکی تەنهایە و هەڵاواردنێکی تێپەڕ نییە لە ململانێی دەسەڵات لە جیهاندا، بەڵکو ئاگادارکردنەوەیەکی تیژ و بەرزە بۆ هەموو ڕژێمە پێشکەوتووخوازەکان و بزووتنەوە چەپەکان لە جیهاندا. ئەمە ڕاگەیاندنێکی پراکتیکییە کە شەڕی دیجیتاڵی گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانێکی سەرەکی و گرنگی خەباتی چینایەتی کە لێرە و ئێستا ڕوودەدات و هەڕەشە لە بوونی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەموو پڕۆژەیەکی ئازادیخوازی دەرەوەی گوێڕایەڵی سەرمایەداری و بەتایبەتی ئەمەریکا لە سەردەمی ترەمپ دەکات. ئەوەی لە ڤەنزوێلا ڕوویدا ئەوە دەردەخات کە سەرمایەداری دیجیتاڵی پشت بە بۆشایی تەکنیکی دەبەستێت کە ئەگەری کاریگەری لەسەر سەقامگیری ڕژێمە پێشکەوتووەکان و هەوڵدان بۆ ئیفلیج کردنی سەرکردایەتیەکانیان یان سەرلێشێواندنی بزووتنەوەکانیان و گرەوکردن لەسەر ئەندازیاریی هۆشیاری کۆمەڵگاکانیان بە دیجیتاڵی . کە بژاردەی هێرشبردنی پێدەبەخشێت کە هەندێک جار کاریگەری زیاترە لە شێوازەکانی دەستێوەردانی سەربازی تەقلیدی یان داگیرکاری راستەوخۆ.
    مەترسیەکە تەنها لەسەر ڤەنزوێلا نییە، بەڵام دەشێت هەڕەشە لە هەموو ئەزموونێکی چەپ و پێشکەوتووخواز بکات، هەموو حکومەتێک کە هەوڵ دەدات لە لۆژیکی بازاڕ و هەژموونی سەرمایەداری دەربچێت، و هەموو بزووتنەوەیەکی کرێکاری یان جەماوەری کە بەدوای گۆڕانکارییەکی ڕیشەییدا دەگەڕێت. ئێمە لە قۆناغێکی نوێی خەباتی چینایەتیداین کە تێیدا تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد وەک چەکێکی ستراتیژی بەکاردەهێنرێن بۆ لێدانی بزووتنەوە چەپ و پێشکەوتووەکان لە بێشکەکانیاندا و گەمارۆدانی هەر ئەگەرێک بۆ بنیاتنانی ئەلتەرناتیڤی سەربەخۆی پێشکەوتووخواز. خەباتی سۆسیالیستی جیهانی ئەمڕۆ راستەوخۆ ئامانجی نەک تەنها سەرکوتی سەربازی و ئابووری بەڵکو دزەکردنی دیجیتاڵی و چاودێری تەواو و وشکبوونی پێشوەختەی هەر چالاکییەکی شۆڕشگێڕی شاراوە.
    پرسیاری بنەڕەتی، کە بوونیی و چارەنووسسازە: ئایا ئێمە وەک هێزێکی چەپ و پێشکەوتووخواز بەڕاستی ئامادەین بۆ شەڕکردن لەم جەنگە ئاڵۆزە، درێژ و فرە بەرەی دیجیتاڵی؟ پاش ئەو هەموو پۆستانەی لەدەستمان داوە و پاش ئەو هەموو پاشەکشەی و دابەشبوون، ئایا بوێری ئەوەمان هەیە کە چەپ لە ڕووی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی و تەکنیکیەوە بنیات بنێینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری لە بەرزترین ئاستی زانست و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی؟ ئایا ئێمە ئامادەین پەرتەوازەیی ناوخۆیی و دابەشبوونی جیهانی و ململانێی نێوان هێزە چەپەکان تێبگەین و لەوە تێبگەین کە چارەنووسی هەموو ئەزموونێکی پێشکەوتووخواز بە چارەنووسی ئەوانی ترەوە گرێدراوە؟
    ساتەوەختی مێژوویی بێ بەزەییە، و سەرمایەداری دیجیتاڵی چەکدار بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و زیرەکی دەستکرد چاوەڕێی دوودڵی و خاوبوونەوەمان ناکات. یان ئێمە لەم شەڕەدا لەگەڵ هۆشیاری، خەبات و ڕێکخستندا تێکەڵ دەبین و پڕۆژەیەکی سۆسیالیستی ئەڵتەرناتیڤ دابڕێژینەوە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سەردەمی دیجیتاڵی هەبێت، یان لە پەراوێزی مێژوودا بەجێ دەهێڵین، لەژێر کاریگەری شێوازی نوێی چەوساندنەوە و سەرکوتکردندا کە نەرمتر و کاریگەرترن. قبووڵکردنی ئەم چارەنووسە بەتەواوی لەناوچوونێکی حەتمییە. بەم پێیە، گرەوی ڕاستەقینە و تاکە مێژوویی بۆ پڕۆژەی ئازادی، سەرەڕای هەموو ئاڵۆزییەکانی ڕێگاکان، ئەوەیە کە بگۆڕێت بۆ پرۆژەیەکی دیجیتاڵی لەگەڵ هۆشیاری و رێکخستن. هیچ بژاردەیەکی سێیەمی نییە جگە لەوەی ببێتە دیجیتاڵ بۆ ئەوەی بمێنێتەوە.
    زانیاری تەکنیکی دیجیتاڵی و تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی کاری زیرەکی دەستکرد دەبێت ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە کەلتووری چەپی هاوچەرخ، و لێرەدا ڕۆڵی گرنگی گەنجان وەک پێشەنگی ئەم گۆڕانکارییە دەردەکەوێت. ئەوان زۆرترین توانایان هەیە بۆ سوودوەرگرتن لەم ئامرازانە و ڕابەرایەتی کردنی داهێنانی دیجیتاڵی لەناو بزووتنەوە پێشکەوتووەکاندا. پێویستە کادری تەکنیکی چەپ دروست بکەین و وزەی نەوەی گەنج بۆ پەرەپێدانی ئامرازی دیجیتاڵی و سیستەمی زیرەکی دەستکردی خزمەتگوزاری تەرخان بکەین نەک چەوسێنەر و تۆڕی پەیوەندی کە ژێر کاریگەری ئەلگوریتمی سەرمایە نەبێت. ئێمە دەبێت لە کۆدی پرۆگرامکردن تێبگەین هەروەک چۆن لە دەقی سیاسی تێدەگەین، و شارەزایی لە ئەلگۆریتمەکان بکەین کاتێک شارەزایی لە شیکردنەوەی پۆل دەکەین، وە داتای گەورە وەک بوارێکی خەبات سەیر بکەین، نەک تەنها وەک ژمارەیەکی بێلایەن.
    ئەم هەوڵە پێویستی بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە ئاستی جیهاندا هەیە لە ڕێگەی بنیاتنانی هاوپەیمانی دیجیتاڵی و نێودەوڵەتی کە ئامانجیان پەرەپێدانی خەباتی دیجیتاڵی چەپە لە هەموو جیهاندا. هەروەک ئینتەرناسیۆنالی یەکەم و دووەم و سێیەم وەڵامێکی مێژوویی بوون بۆ قۆناغەکانی گەشەی سەرمایەداری، ئینتەرناسیۆنالی دیجیتاڵی ئەمڕۆ پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری لە دڕندەترین قۆناغی دیجیتاڵیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، بنیاتنانی ئەم بەدیلانەی تەکنەلۆژیای سەربەخۆ پڕە لە کێشەی جددی: کێشەی پشت بەستن بە زانیاری و ئامرازەکانی پەرەپێدراو لە باوەشی خودی سیستەمی سەرمایەداری، کێشەی سەرچاوە زەبەلاحەکانی پێویست بۆ کێبڕکێ، و کێشەی هەماهەنگی نێوان هێزە چەپە ناکۆکەکان.
    کەواتە، ئەم پڕۆژەیە ناتوانێ پڕۆژەیەکی یۆتۆپیای جیا بێت. بەڵکو دەبێت تاکتیکێکی ستراتیجی بێت کە لە بەکارهێنانی ڕەخنەیی و هۆشیارانەی ئامرازەکانی بەردەست دەست پێبکات و تۆڕی تەکنیکی هاوپشتی لەسەر بنەمای پرسە پراکتیکییە هاوبەشەکان بنیات بنێن و هەوڵ بدەن ناوکێکی جێگرەوە لە بۆشاییەکانی تەکنەلۆژیای سەرچاوە کراوە و تۆڕە لامەرکەزییەکان دابین بکەن، لەگەڵ دانپێدانان بەوەی کە ئەمە پرۆژەیەکی کەڵەکەبووی درێژخایەنە نەک چارەسەرێکی جادوویی دەستبەجێ. کە ئەرکێکی مێژووییە کە دەکەوێتە سەر شانی گەنجەکانمان بۆ تێکەڵکردنی بەهاکانی دادپەروەری لەگەڵ ئاسۆکانی تەکنەلۆژیا.
    چەپ کە ڕۆڵێکی ناسراوی گێڕاوە لە بەرەوپێشبردنی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری دەتوانێت بەسەر بارودۆخی ئێستادا زاڵ بێت هەروەک چۆن سەرمایەداری خۆی لە ئاستێکی گەورەدا گەشەی کردووە، با ئەم خەباتە دیجیتاڵییە ببێتە ساتەوەختی گەشەی چۆنیەتی چەپی ئێستا بەرەو چەپێکی ئەلیکترۆنی دیجیتاڵی تێکەڵ بە خەباتی سەر زەوی، بوێرتر و ڕادیکاڵتر و زانستیتر و توانای نوێبوونەوە و سەرکردایەتی خەباتی سەردەمی خۆی و بەرگری کردن لە ئایندەی ئەلتەرناتیڤی سۆسیالیستی لە بەرامبەر مەترسیدارترین هێرشی کە ڕووبەڕووی بۆتەوە مێژووی هاوچەرخ. ململانێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی تەنها ململانێیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو ململانێیە لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی خۆی.
    سۆسیالیزمی دیجیتاڵی لەم ڕوانگەیەوە یەک بژاردە نییە لەنێو ئەوانی تردا. ئەمە مەرجی وجودییە بۆ مانەوەی خودی پڕۆژەی سۆسیالیستی لە سەدەی بیست و یەکدا.

ڕزگار ئاکرێی




لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كان، تابووری پێنجه‌م و ده‌ستی ره‌شن له‌ باشووری كوردستاندا و دوژمنێكی نوێن بۆ كورد و كوردایه‌تی..

ئیسلام وه‌ك دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی، زۆرتر له‌ 1400 ساڵه‌ له‌ نیوه‌دوڕگه‌ی عه‌ره‌بی، له‌ عه‌ره‌بستانی سعودیدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌. ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌م ئایینه‌ هه‌ر ئایین نییه‌ به‌ته‌نها، به‌ڵكو فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیشه‌. له‌راستیدا ئێره‌ شوێنی باسكردنی ئه‌م بابه‌ته‌ نییه‌ و ئه‌وه‌ی پێویست بێت سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ندییه‌كانی كورد و عه‌ره‌ب و ئیسلام بنووسرێت، ده‌بێت به‌ مێژوونووسان و باسكارانی ئه‌و بواره‌ بسپێردرێت. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ گرنگه‌ و پێویسته‌ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكرێت، سه‌رهه‌ڵدان و بوونی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ توندڕه‌وانه‌یه‌ كه ئیسلام به‌كارده‌هێنن بۆ مه‌رامه‌ ناڕه‌وا و خراپه‌كانی خۆیان و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ دروستیان كردوون و به‌كاریان ده‌هێنن. ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییه‌ به‌كرێگیراوانه‌، بوونه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ و مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر فه‌رهه‌نگی ره‌سه‌نی كورده‌واری و ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی كورد و چاره‌نووسی باشووری كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی كوردی، به‌تایبه‌تی بۆسه‌ر یه‌كیێتی و پارتی.
لێره‌دا ده‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین و بپرسین بۆچی دوای 1400 ساڵ له‌ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئایینی ئیسلامدا، له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌، دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له‌ باشووری كوردستاندا، چه‌ندین ده‌سته‌ و كۆمه‌ڵ و گروپی جۆراوجۆری ئیسلامی سیاسی سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و په‌یداده‌بن؟ ئه‌مه‌ پرسیارێكی پێویست و گرنگه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی باشووری كوردستان و پارتی و یه‌كیێتی ده‌بێت‌ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن و لێیبكۆڵنه‌وه‌ و به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ن. به‌رژه‌وه‌ندی كوردایه‌تی و پارتی و یه‌كیێتیی خۆیشیان ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ هه‌وڵ بده‌ن، سنوور و به‌ربه‌ستێك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندن و به‌هێزبوونیان دابنێن.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ رابردوو بده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوولدا، هیچ لایه‌نێكی ئیسلامی بوونی نه‌بووه‌ و به‌بیری كه‌سیشدا نه‌هاتووه‌ ئایینی ئیسلام له‌ كوردستاندا به‌سیاسی بكرێت. له‌ نێو شۆڕشدا هیچ كه‌س و هیچ لایه‌نێك به‌بێ ئاگاداری و رازی له‌سه‌ربوونی سه‌رۆك بارزانی و سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش، نه‌یانتوانیوه‌ و بۆیان نه‌بووه‌ هیچ جۆره‌ پێوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س و لایه‌نێكی ده‌ره‌كیدا دروست بكه‌ن. ئه‌م كاره‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌ پاوانكراو بوو بۆ شۆڕش و سه‌ركردایه‌تیی پارتی. ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێكی كوردانه‌ و كوردپه‌روه‌رانه‌ی راست و دروست بووه‌ كه‌ بارزانیی نه‌مر و سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی پارتی پێڕه‌ویان كردووه‌. ئه‌مڕۆ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، سه‌رانی ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسیانه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆیان و به‌بێ هیچ رێگرییه‌ك و پرس و رایه‌ك به‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی و به‌بێ هیچ تێخوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ پارتی و یه‌كیێتی، به‌ ئاشكرا و به‌ ئاره‌زوو و ویستی خۆیان پێوه‌ندیی به‌ ده‌وڵه‌ته‌ داگیرگه‌ره‌كانی كوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌ن و هه‌ر هه‌مووشیان پێوه‌ندیی گومانلێكراوانه‌یان له‌گه‌ڵ داموده‌زگا سیخوڕییه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌رانه‌ی كوردستاندا هه‌یه‌ و به‌رده‌وام كۆمه‌كی جۆراوجۆریان لێوه‌رده‌گرن. ده‌سه‌ڵاتی كوردیش ته‌نها سه‌یركه‌ره‌ و له‌ هه‌ڵوێستی ده‌سته‌وسانی و بێهه‌ڵوێستیدایه‌ به‌رامبه‌ریان.
ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا زۆر به‌ خێرایی په‌ره‌یانسه‌ندووه‌ و ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ هێزێكی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و به‌هه‌زاران لاوی كوردیان له‌ كوڕان و له‌ كچان له‌ده‌وری خۆیان كۆكردووه‌ته‌وه‌ و به‌ سه‌دان كادریان دروستكردووه‌ و رۆژ به‌ رۆژیش له‌ بڵاوبوونه‌وه ‌و گه‌شه‌كردن و به‌هێزبووندان.
ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییانه‌ جگه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان، وابه‌سته‌شن به‌ عه‌ره‌بستانی سعودی و میرنشینه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌نداوه‌وه‌. ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ به‌ئاشكرا پشتیوانییان ده‌كه‌ن و كۆمه‌كیان پێده‌كه‌ن و دژی كورد و بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی به‌كاریان ده‌هێنن. به‌رژه‌وه‌ندیی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ له‌ هه‌بوون و په‌ره‌سه‌ندن و به‌هێزبوونی ئیسلامدایه‌ له‌ باشووری كوردستاندا.
با لێره‌دا له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ نموونه‌یه‌ك باس بكه‌ین: هه‌تا ئیسلام زۆرتر له‌ نێو جه‌ماوه‌ری كوردستاندا بڵاوببێته‌وه‌ و گه‌شه‌بكات، رێژه‌ی ئه‌و موسڵمانانه‌ی كه‌ بۆ حه‌جكردن سه‌ردانی سعودییه‌ ده‌بێ بكه‌ن، به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش سه‌رمایه‌یه‌كی زۆر ده‌باته‌ نێو سعودییه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌هێزبوونی ئابوورییاندایه‌. حه‌جكه‌رانی كورد‌ به‌ گیرفانی پڕه‌وه‌ ده‌ڕۆن بۆ سعودییه‌ و‌ به‌ گیرفانی به‌تاڵه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كوردستان .
ئه‌گه‌ر هه‌ر حه‌جكه‌رێك بڕی 5 هه‌زار دۆلار (به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه)، له‌ گه‌شتی حه‌جكردندا خه‌رج بكات، ئه‌گه‌ر هه‌ر ساڵێك 10 هه‌زار موسڵمانی كوردستان حه‌ج بكه‌ن، هه‌ر ئه‌مه‌ ده‌كاته‌ 50 میلیۆن دۆلاری ئه‌مریكی. بێگومان ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردی و ده‌وڵه‌تی سعودییه‌ رێگا بده‌ن، ژماره‌ی حه‌جكه‌ران چه‌ندین ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ زۆرتر ده‌بێت كه‌ باسكراوه‌.
سه‌رمایه‌ی داهاتی حه‌ج بۆ سعودییه‌كان له‌ داهاتی نه‌وتی وڵاته‌كه‌ زۆرتره‌. ئه‌گه‌ر له‌ رووی ئابووری و مێژووییه‌وه‌، ئامارێكی ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ بكرێت كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و 1400 ساڵه‌ی رابردوودا له‌ كوردستانه‌وه‌ براوه‌ته‌ سعودییه‌، ئه‌وسا باشتر تێده‌گه‌ین كه‌ كورد چ زه‌ره‌رێكی ماددیی له‌ به‌ ئیسلامبوونیدا كردووه‌. بێگومان به‌فیڕۆچوونی كات و ووزه‌ و ماندووبوونی حه‌جكه‌رانیش زه‌ره‌ر و زیانێكی دیكه‌یه‌ و هه‌ر كاره‌سات بووه‌ و ده‌بێت بۆ كورد و كوردستان. حه‌جكردنی كورد، له‌ مێژوودا، هه‌ر بنبۆشبوونی ئابووری كوردستان و خه‌ساره‌ت بوونی وزه‌ و توانای مرۆیی كورد بووه.
سه‌رباری ئه‌مه‌ش له‌رێگای ئه‌م كۆمه‌ڵ و گرووپه‌ ئسلامیانه‌وه‌، ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان و سعودییه‌ و میرنشینه‌كانی كه‌نداو به‌ ئاسانی ده‌توانن ده‌ست بخه‌نه‌ نێو كاروباری ناوخۆیی باشووری كوردستانه‌وه‌ و هه‌ر كارێكی سیخوڕییانه‌ و تێكده‌رانه‌یان بوێت، ده‌توانن له‌ رێگای ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ كوردییانه‌وه‌ جێبه‌جێی بكه‌ن. باشترین نموونه‌ی تێرۆر له‌ رێگه‌ی ئه‌و گروپه‌‌ ئیسلامییانه‌وه‌، رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ی هه‌ولێری پایته‌خت بوو كه‌ زه‌‌برێكی كوشنده‌یان له‌ كورد و پارتی و یه‌كیێتی وه‌شاند.
به‌هۆی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییانه‌وه‌، سیمای كورده‌واریی كوردستان شێوێندراوه‌ و وا بڕوا ساف له‌ سافی كورد و كوردستان له‌ رێگای ئیسلامی عه‌ره‌بییه‌وه‌، به‌عه‌ره‌ب و به‌ ئیسلامی ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی سه‌ددام و به‌عسییه‌كان نه‌یانتوانی و بۆیان نه‌كرا ئه‌نجامی بده‌ن، ئه‌م گروپه‌ ئیسلامیانه‌ بۆیان ته‌واو ده‌كه‌ن.
له‌راستیدا ئه‌گه‌ر سه‌ددام و به‌عسییه‌ فاشیسته‌كان بیانزانییایه‌ كه‌ وا به‌ ئاسانی و بێ شه‌ڕ و خوێنڕشتن له‌ رێگای ئایینی ئیسلامه‌وه‌ كورد به‌عه‌ره‌ب ده‌كرێن و كوردستانیش به‌ ئیسلامی ده‌كرێت، نه‌ سه‌ربازی عه‌ره‌بیان ره‌وانه‌ی كوردستان ده‌كرد و نه‌ شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ كورددا ده‌كرد و نه‌ چه‌كی كیمیاوییان به‌سه‌ر كوردستاندا ده‌باراند. به‌ڵكوو له‌ هه‌موو گه‌ڕه‌كێكدا چه‌ند مزگه‌وتێكیان ده‌كرده‌وه‌ و چه‌ند گروپێكی ئیسلامیی وه‌كوو ئه‌مانه‌ی ئێستایان دروست ده‌كرد و له‌م رێگایه‌وه‌ بێ شه‌ڕوشۆڕ و خوێنڕشتن و وێرانكاری، كوردیان به‌عه‌ره‌ب ده‌كرد و له‌ رێگای ئیسلامه‌وه، هه‌موو كوردستانیان‌ تاڵان ده‌كرد. ئه‌و هه‌موو خه‌رجی و تێچوونه‌ی شه‌ڕی كوردستانیان بۆ ده‌مایه‌وه‌ و یه‌ك عه‌ره‌ب و یه‌ك به‌عسیشیان له‌ كوردستاندا به‌كوشت نه‌ده‌دا.
ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییانه‌ توانیویانه‌ به‌ هۆی ئیسلامه‌وه‌ مێشكی هه‌زاران لاوی كورد بشۆنه‌وه‌ و وا له‌و لاوانه‌ بكه‌ن ته‌نها هه‌ر بیر له‌ ئیسلام و خۆشیی به‌هه‌شت و ئازار و ناخۆشیی دۆزه‌خ بكه‌نه‌وه‌ و هیچ بیر و هۆشێكیان لای كورد و كوردایه‌تی نه‌مێنێت، ئیسلامییه‌كان به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌ڵێن: ئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ی كورد بین ئیسلامین!؟ ئه‌مه‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ و وا بڕوا ئیسلام و ئیسلامچیێتی جێگه‌ی كوردبوون و كوردایه‌تی ده‌گرنه‌وه‌.
زۆر به‌ ئاسانی له‌ رێگای ئیسلامه‌وه‌ كورد به‌ عه‌ره‌ب ده‌كرێت و سیمای كورده‌واریی كوردستان به‌ره‌و سڕینه‌وه‌ ده‌چێت و هه‌ست و گیانی كوردایه‌تی و كوردستانیێتی و نیشتمانپه‌روه‌ری له‌نێو جه‌ماوه‌ری لاواندا ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و نه‌مان ده‌ڕوات.
ئه‌مڕۆ به‌هۆی نه‌بوونی رێكخستنێكی به‌هێزی ناسیۆنالیستی كوردییه‌وه‌، گۆڕه‌پانی سیاسه‌تكردن و جه‌ماوه‌ر په‌یداكردن بۆ ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییانه‌ ته‌خت و هه‌موار بووه‌ و به‌ئاره‌زووی خۆیان پڕوپاگه‌نده‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌ب و ئیسلام و ئیسلامچیێتی ده‌كه‌ن و جه‌ماوه‌ر، به‌تایبه‌تی لاوان به‌لای خۆیاندا راده‌كێشن.
له‌ ئێستا و له‌ داهاتووشدا، تاكه‌ هێز و هۆكارێك كه‌ بتوانێت به‌رامبه‌ر به‌و گروپه‌ ئیسلامییانه بوه‌ستێته‌وه‌، رێكخستنێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردی و بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردی (ناسیۆنالیزمی كوردی) یه‌. ئیدۆلۆژی و بیروباوه‌ڕی كوردایه‌تی ده‌توانێت به‌ربه‌ره‌كانی هه‌موو فه‌رهه‌نگێكی بێگانه‌ی زیانبه‌خش بكات.
ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییانه‌ به‌ خێراییه‌كی سه‌یر په‌ره‌ده‌ستێنن و رۆژ به‌ رۆژ ژماره‌یان زۆرتر ده‌بێت و به‌هێزتر ده‌بن، ئه‌م ره‌وت و په‌ره‌سه‌ندنه‌ خێرایه‌، مه‌ترسیدارترین و گه‌وره‌ترین هێز و هۆكاره‌ بۆ نه‌مانی پارتی و یه‌كیێتیش له‌ داهاتوودا. ره‌وتی ئیسلامی له‌م سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌مه‌دا گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ و زیان و كاره‌سات و مه‌رگه‌ساته‌ بۆ كورد و كوردستان.
كاركردن و كاریگه‌ریی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییانه‌، به‌زۆری له‌ نێو خه‌ڵكی گوندنشین و جه‌ماوه‌ری لاواندایه‌. زۆر به‌ ده‌گمه‌ن خه‌ڵكی ره‌سه‌نی شارهكان، به‌تایبه‌تی خه‌ڵكی شاری سلێمانی، ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامیانه‌وه‌. زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ و ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامیانه‌ هه‌ر خه‌ڵكی لادێن و ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وان ئاسانه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی گوندنشین ساده‌ و ساكارن و هه‌ستی ئاینیی له‌نێویاندا به‌هێزه‌ و ئاسانتر ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریی پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامیانه‌وه‌.
شێوازی كاركردنی ئه‌و ئیسلامه‌ سیاسییانه‌ به‌به‌رنامه‌یه‌ و هه‌تا ئێستا له‌ خه‌ڵك كۆكردنه‌وه‌ و جه‌ماوه‌ر په‌یدا كردندا زۆر سه‌ركه‌وتوو بوون و ئێستا خاوه‌نی هه‌زاران كادر و ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگرن. له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌یه‌كی باشووری كوردستاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگیریان بۆخۆیان په‌یدا كردووه‌.
ئێستا زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژارنشینه‌كانی سلێمانی، لایه‌نگیری ئه‌و گروپه‌ ئیسلامیانه‌ن و هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌، خه‌ڵكی گوندنشین و له‌ كاره‌ساتی رووخاندنی گونده‌كان و ئه‌نفاله‌كاندا بۆ سلێمانی راگوێزراون. به‌ڵگه‌ش بۆ به‌هێزیی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامیانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌یه‌كدا دوكانی په‌ڕتووكفرۆشیی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ و بازاڕه‌كانی كوردستانیان پڕكردووه‌ له‌ په‌ڕتووك و نامیلكه‌ی ئیسلامی. له‌ بواری وه‌رگێڕانی بابه‌تی ئیسلامیشدا زۆر چالاكن و به‌سه‌دان وه‌رگێڕیان هه‌یه‌. جگه‌ له‌مانه‌ش، بازاڕه‌كانیان به‌ سی دی و دی ڤی دیی ئیسلامی پڕكردووه‌ و فرۆشێكی زۆری له‌ نێو گه‌نجاندا هه‌یه‌. زۆربه‌ی مه‌لا و فه‌قێكانییش هه‌ر له‌ خزمه‌تی ئه‌واندان و ئه‌و مه‌لایانه‌ له‌ وتاردانی رۆژانی هه‌ینیدا به‌ئاشكرا پڕوپاگه‌نده‌ بۆ ئه‌وان ده‌كه‌ن و هه‌موو بۆنه‌یه‌ك بۆ خزمه‌تی ئه‌وان به‌كارده‌هێنن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س و لایه‌نێك لێپرسینه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن. مزگه‌وته‌كان كراون به‌ بنكه‌ی به‌عه‌ره‌بكردنی لاوانی كورد و پشتیوانیكردن و پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ ئه‌وان.
لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ش باس بكه‌ین كه‌ زۆر له‌مێژه‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌كانی كوردستان، له‌ بواری وێبسایت و راگه‌یاندنی دیجیتاڵیدا، له‌ ئینته‌رنێتدا زۆر چالاكن و رۆژانه‌ له‌ پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندندان، بێگومان بۆ مه‌به‌سته‌ چه‌واشه‌كارییه‌كانی خۆیان. له‌ ئینته‌ر‌نێتدا خاوه‌نی سه‌دان ماڵپه‌ڕ و ژووری ئاخاوتنی وه‌كوو پاڵتۆڵكن. هه‌ر به‌هۆی ئه‌و ژوورانه‌ی پاڵتۆڵك و به‌هۆی ئه‌و وێبسایتانه‌وه‌ به‌ئاسانی به‌رهه‌می ئیسلامی و پڕوپاگه‌نده‌كانی خۆیان به‌ جه‌ماوه‌ر، به‌تایبه‌تی جه‌ماوه‌ری لاوان ده‌گه‌یه‌نن.
هه‌روه‌ها به‌ ده‌یان كه‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی و رادیۆ و ساته‌لیتیان هه‌یه‌. به‌كورتییه‌كه‌ی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامیانه‌ ئێستا له‌ باشووری كوردستاندا بوونه‌ته‌ هێز و ده‌سه‌ڵات و له‌ ململانێی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدان له‌گه‌ڵ یه‌كیێتی و پارتیدا. له‌ ئێستا و داهاتوودا، تاكه‌ جێگره‌وه‌ی پارتی و یه‌كیێتی هه‌ر ئه‌و گروپه‌ ئیسلامیانه‌ن.
ئه‌وانه‌ هێشتا نه‌هاتوونه‌ته‌ سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌موو دیارده‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ و پێشكه‌وتووانه‌ ده‌كه‌ن و داوا له‌ كچان و ژنانی كورد ده‌كه‌ن كه‌ باڵاپۆش و سه‌رپۆشی مۆدێلی عه‌ره‌بستانی سعودی و میرنشینه‌كانی كه‌نداو بپۆشن و واز له‌ میكیاج و خۆرازاندنه‌وه‌ و جلوبه‌رگی كوردی و پۆشاكی مۆدێرن بهێنن و پۆشاكی ئیسلامیانه‌ بپۆشن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ زۆربه‌ی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستاندا دوكانی فرۆشتنی جبه‌ و باڵاپۆش و سه‌رپۆشی مۆدێلی عه‌ره‌بستانی سعودی و میرنشینه‌كانی كه‌نداویان بڕه‌و پێداوه‌.
ئه‌مڕۆ له‌ باشووری كوردستاندا، گه‌وره‌ترین و سه‌رسه‌خترین دوژمنی كوردایه‌تی، هه‌ر ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسیانه‌ن و له‌داهاتوودا ده‌بنه‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی كورد و هه‌ست و گیانی كوردستانیێتی و كوردایه‌تی له‌نێو كورددا ناهێڵن.
دیسانه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و هۆشدارییه‌ بدر‌ێته‌وه‌ به‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی، به‌تایبه‌تی یه‌كیێتی و پارتی كه‌ پێویسته‌ و ده‌بێت سنوورێك بۆ ئه‌و ئیسلامییه‌ سیاسیانه‌ دابنێن و رێ له‌ به‌هێزبوون و په‌ره‌سه‌ندن و بڵاوبوونه‌وه‌یان بگرن.
ئه‌وانه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ دروستكراون كه‌ هه‌وڵی به‌ئیسلامكردن و به‌ عه‌ره‌بكردنی كۆمه‌ڵگای كوردستان بده‌ن و له‌ رێگای ئایینی ئیسلامی عه‌ره‌بییه‌وه‌، كورد و كوردستان بكه‌ن به‌ پاروویه‌كی چه‌ور و ئاسان بۆ دوژمنانی كورد و ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان و میرنشینه‌كانی كه‌نداو و عه‌ره‌بستانی سعودییه‌.
له‌ رابردووشدا به‌هۆی شه‌ڕی نێوان یه‌كیێتی و پارتییه‌وه‌، ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسیانه‌ زۆر زیره‌كانه‌ توانیان كه‌ڵك له‌و بارودۆخه‌ی شه‌ڕ وه‌ربگرن و خۆیان به‌هێز بكه‌ن و جه‌ماوه‌ر بۆ خۆیان په‌یدا بكه‌ن و جه‌ماوه‌رێكی زۆریش بكه‌ن به‌ دوژمنی هه‌ر دوو لایان. به‌داخه‌وه‌، چ یه‌كیێتی و چ پارتیش، دژی یه‌كدی، كۆمه‌كی زۆریان به‌و كۆمه‌ڵ و گروپه‌ ئیسلامییانه‌‌ كرد. ئایا باشتر نه‌بوو له‌بری پشتیو‌انیكردن و كۆمه‌ككردن به‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ به‌كرێگیراوانه‌ی بێگانه‌، ئه‌وه‌یان بۆ دروستبوون و په‌ره‌سه‌ندنی رێكخستنێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردپه‌روه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆزی كورد و كوردستان بكردایه‌‌؟
پێویسته‌ به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ری دڵسۆزه‌وه‌ ئه‌و هۆشدارییه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی باشووری كوردستان و به‌تایبه‌تی به‌ پارتی و یه‌كیێتی بدرێت كه‌ مانه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسیانه‌ی ئه‌مڕۆی باشووری كوردستان، زه‌نگی مه‌ترسی و كاره‌سات و له‌ناوچوونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كوردییه‌ و خودی پارتی و یه‌كیێتیشه‌ له‌ داهاتوودا. وه‌ك رۆژی رووناك ئاشكرا و دیاره‌ كه‌ ئه‌م لایه‌نه‌ ئیسلامییه ‌سیاسیانه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دوژمنانه‌ی كورد و داگیركه‌رانه‌ی كوردستان دروستیان كردوون و كۆمه‌كیان پێده‌كه‌ن، له‌ داهاتووشدا بۆ رووخانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كوردییه‌ و ده‌رپه‌ڕاندنی پارتی و یه‌كیێتی، چه‌كدار و پڕچه‌كیان ده‌كه‌ن و گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی ئاژاوه‌نانه‌وه‌ و ماڵوێرانی و خوێنڕشتن له‌ باشووری كوردستاندا به‌رپاده‌كه‌ن. ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی كوردی و به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كیێتیی هه‌وڵی لاوازكردن و نه‌هێشتنی ئه‌م گروپپه‌ تێرۆریسته‌ ئیسلامییه‌ به‌كرێگیراوانه‌ بده‌ن و به‌ر به‌و كاره‌ساتی خوێنڕشتن و ماڵوێرانییه‌ی كه‌ له‌داهاتوودا به‌هۆی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسیانه‌وه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، بگرن و رێگا نه‌ده‌ن كه‌ ئه‌وانه‌ ببنه‌ جێگره‌وه‌ی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رێتی و ده‌سه‌ڵاته‌ كوردییه‌ی ئه‌مڕۆی باشووری كوردستان. ئه‌وه‌ راستییه‌كی به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ كه‌ ئه‌م لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ به‌كرێگیراوانه‌‌ ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست، كوردستان ده‌كه‌نه‌ تاریكستان و هه‌موو خه‌ونی كورد و ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی كوردایه‌تی له‌گۆڕ ده‌نێن و كورد و كوردستان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ژیانی سه‌ده‌ تاریكه‌كانی مێژوو.

هه‌ر شه‌كاوه‌ بێت ئاڵای سووری كوردایه‌تی.
هه‌ر بژی بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردی.
سه‌ركه‌وتوو بێت هه‌وڵ و تێكۆشانی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالی كوردی.
هه‌زاران دروود و سڵاو له‌ گیانی پاكی گیانبه‌خشیوانی ئازادیی كورد و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

هاوبیرانی نه‌ته‌وه‌یی له‌ باشووری كوردستان

٤/٤/٢٠١١

(بانگه‌وازێكی دڵسۆزانه‌ له‌ هاوبیرانی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه)

به‌هه‌ر نرخ و شێوه‌ و شێوازێك بێت، پێویسته‌ و ده‌بێت ئه‌م ئازادی و ئه‌زموون و ده‌ستكه‌وتانه‌ی باشووری كوردستان بپارێزین …..

ئێمه‌ی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت و نیشتمان داگیركراو و دابه‌شكراو، چ له‌ كوردستان و چ له‌ هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی جیهاندا بین، ئه‌مڕۆ هه‌موومان چاوی هیوا و ئومێدمان بڕیوه‌ته‌ ئه‌م ئازادی و ئه‌زموون و ده‌ستكه‌وت و ده‌سه‌ڵاته‌ كوردییه‌ی باشووری كوردستان. بێگومان هه‌موومان ئه‌و راستییه‌ باش ده‌زانین كه‌ ئه‌م ترووسكه‌ی ئازادی و سه‌ربه‌رزییه‌، ئه‌م پێشكه‌وتن و ده‌ستكه‌وته‌ هێژایانه‌ هه‌روا به‌ئاسانی به‌ده‌ست نه‌هاتوون و له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆمان نه‌باریون‌، ئه‌م ئازادی و ده‌سه‌ڵاته‌ كوردییه‌ی ئه‌مڕۆی باشووری كوردستان، به‌رهه‌می ده‌ریایه‌ك له‌ خوێنی ئازاترین و پاكترین و دڵسۆزترین رۆڵه‌كانی كورد و كوردستانه‌،‌ به‌رهه‌م و ئه‌نجامی تێكۆشانێكی ده‌یان ساڵه‌ی سه‌خت و خوێناویی پڕ له‌ هه‌وراز و نشێوی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌، به‌ری ره‌نج و ماندووبوون و كۆڵنه‌دان و خوێنی هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی خه‌باتكار و شۆڕشگێڕه‌. به‌رهه‌می تێكۆشان و نه‌سره‌وتن و له‌خۆبووردوویی هه‌زاران هۆزانڤان و هونه‌رمه‌ند و مامۆستا و خوێندكار و هو‌نه‌رپیشه‌ و هه‌زاران زیندانی و هه‌زاران گیانیه‌خشیوی رێبازی پیرۆزی كوردایه‌تییه‌‌. ئه‌نجامی ماندووبوونی بێ پسانه‌وه‌ی هه‌زاران هه‌زار له‌ ژنان و پیاوان و كچان و كوڕانی تێكۆشه‌ر و كۆڵنه‌ده‌ری كورد و كوردستانه‌، به‌رهه‌می پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیخوازانه‌ و ئارامانه‌ی سه‌دان ساڵه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌یی و ئایینه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی نێو كورد و كوردستانه. به‌رهه‌می رووخان و وێرانبوونی زۆرتر له‌ پێنج هه‌زار گوند و ده‌یان شارۆچكه‌ و وێرانبوون و سووتانی هه‌زاران هه‌زار ره‌ز و باخ و بێستان و به‌تاڵانبردنی سامانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی باشووری كوردستانه‌. سه‌ره‌نجامی ره‌شبكووژی كردنمان و وێرانكردن و سووتاندن و پیسكردنی ژینگه‌ی ئه‌و نیشتمانه‌ جوانه‌ی هه‌موومانه. رابردوو سه‌لماندی كه‌ هیچ تاوان و دڕنده‌یێتییه‌ك نه‌مابوو كه‌ به‌عسییه‌ فاشیسته‌كان و سوپا دڕنده‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێراق و باڵی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی به‌رامبه‌ر به‌ كورد و هه‌موو جه‌ماوه‌ری باشووری كوردستانی نه‌یكه‌ن. ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌ و سووكایه‌تیپێكردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و جینۆساید و كیمیاباران و ئه‌نفال و ماڵوێرانكردنه‌ی كه‌‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد و هه‌موو كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان ئه‌نجامیاداوه‌، هاوشێوه‌ی له‌ مێژوودا، بێوێنه‌ و ده‌گمه‌نه‌. با ئێمه‌ی كورد،ئه‌و رابردووه‌ پڕ له‌ كاره‌سات و مه‌رگه‌سات و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دانه و ماڵوێرانی و خوێنڕژانه‌ی خۆمانمان به‌ده‌ستی دوژمنان و داگیركه‌رانمان بیر نه‌چێته‌وه‌، ئه‌مڕۆ كه‌ ئه‌م پڕۆسه‌ی ئازادی و ئاشتی و ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ له‌ئارادایه‌ و به‌رده‌وامه‌، هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و هه‌موو دوژمنان و نه‌یارانی كوردی سه‌رگێژ و بێزار و هه‌راسان كردووه‌ و چاویان به‌م ئارامی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌ی كوردستان و به‌م ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی هه‌موو جه‌ماوه‌ری كوردستاندا هه‌ڵنایه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌ و شێوازێك له‌ هه‌وڵی له‌كه‌داركردن و شێواندن و پێشگیریكردنی ئه‌م پڕۆسه‌ی ئازادی و ئارامی و ئاشتی و ئاوه‌دانییه‌دان، به‌هه‌زاران سیخوڕ و به‌كرێكگیراوی خۆیان ده‌نێرنه‌ باشووری كوردستان و كاری تێرۆر و تێكده‌رانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن. به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی كێشه‌ بۆ دروستكردن و تێكدانه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵات و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتییه‌ كوردییه‌‌ی باشووری كوردستاندان. به‌ڵام ئه‌وانه‌ خه‌یاڵیان خاوه‌، ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، دروشمی كوردایه‌تیی كورد ئه‌مڕۆ ئه‌مه‌یه‌: تێكۆشان و نه‌سره‌وتن تا سه‌ركه‌وتن.
ئێمه‌ی هاوبیرانی نه‌ته‌وه‌یی، له‌ روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیمانه‌وه‌، داوا له‌ هه‌موو كوردێكی پاك و دڵسۆز و له‌ هه‌موو دایكان و باوكان و كچان و كوڕان و نه‌وه‌ی نوێی سه‌ربه‌رز و ئازا و تێكۆشه‌ری كوردستان ده‌كه‌ین، داوا له‌ هه‌موو كۆڕ و كۆمه‌ڵ و لایه‌نێكی كوردپه‌روه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌كه‌ین كه‌ به‌ هه‌ر نرح و شێوه‌ و شێوازێك بۆمان ده‌كرێت و له‌تواناماندا هه‌یه‌، هه‌وڵی پاراستن و مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیی ئه‌م ئه‌زموون و ده‌سه‌ڵاته‌ كوردییه‌ی خۆمان و ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ مێژووییانه‌مان بده‌ین و بوار به‌ گێره‌شێوێنان و به‌كرێگیراوانی دوژمنانی كورد و داگیركه‌رانی كوردستان نه‌ده‌ین كه‌ به‌ ناوی (ئازادی و دیموكراسی و خۆپیشاندان و هات و هاوار و دروشمی ره‌نگاوڕه‌نگی بێ ناوه‌ڕۆكه‌وه)‌ ئه‌م ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵات و ئازادی و ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانییه‌مان لێتێكبده‌نه‌وه‌ و كورد و كوردستانییانی باشووری كوردستان به‌ره‌و هه‌ڵدێری تێشكان و نه‌مان و كۆیله‌یێتی و ژێرده‌سته‌یی دوژمنان و بێگانه‌ی داگیركه‌ر به‌رنه‌وه‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كوردییه‌ی باشووری كوردستان، به‌ گشت ناته‌واوی و كه‌موكوڕییه‌كییه‌وه‌، هه‌ر تاكه‌ ده‌رفه‌ت و دوا ترووسكه‌ی هیوا و ئاواتی هه‌موو كورد و كوردستانییانه‌ له‌ كوردستان و له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا. ده‌بێت ده‌سه‌ڵات و په‌رله‌مان و جه‌ماوه‌ری تێكۆشه‌ر و دڵسۆز رێگا به‌و كه‌س و كه‌مه‌ڵ و لایه‌ن و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ به‌كرێگیراوه‌ تیرۆریست و تێكده‌رانه‌ نه‌ده‌ن كه‌ گێره‌شێوێنی بكه‌ن و به‌ناوی گوایه‌ (ئازادی و چاكسازی و دوژمنایه‌تیی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌رییه‌وه‌، كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ نامۆیانه‌ به‌ كورد و كوردستان، خۆیان به‌رهه‌می گه‌نده‌ڵین و ده‌ستی ره‌شن و دروستكراوی دوژمنانی كورد و داگیركه‌رانی كوردستانن)، ئه‌م ئه‌زموونه‌ كوردییه‌ به‌ره‌و نه‌مان و تێشكان به‌رن و خۆیان كه‌ هیچ كاتێك و له‌ هیچ سه‌رده‌مێكدا نه‌ كوردایه‌تییان كردووه‌ و نه‌ بۆ كورد و كوردستان ماندووبوون و نه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و تاڵی و ناخۆشی و ماندووبوونیان بۆ چه‌شتووه‌، نه‌ خاوه‌نی تاكه‌ كه‌سێكن كه‌ له‌پێناوی ئازادیی كورد و سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا گیانی به‌خشی بێت، نه‌ هه‌رگیز رابردوویه‌كییان هه‌بووه‌ له‌ شۆڕشه‌كان و راپه‌ڕینه‌كان و بزووتنه‌وه‌ ئازادیخوازه‌كانی كوردستاندا، ئێمه‌ ده‌پرسین: كه‌ كورد ئه‌نفال و كوردستان تاڵان و وێرانكرا، ئه‌م لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ دروستكراوه‌ به‌كرێگیراوانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌كوێ بوون!؟ كه‌ به‌عسییه‌ فاشیسته‌كان و سوپای دڕنده‌ی ئێراق زۆرتر له‌ پێنج هه‌زار مزگه‌وتیان وێرانكرد و به‌ هه‌زاران قورئانیان به‌ئاشكرا سوتاند، ئه‌وان له‌ كوێ بوون و بۆ هیچ ده‌وڵه‌تێكی موسوڵمانی عه‌ره‌بی هه‌ڵوێستیان نه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌ جینۆسایدكردنی موسوڵمانانی كوردستان، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌نفال كران و زیندووبه‌چاڵ كران، مرۆڤ نه‌بوون و موسوڵمان نه‌بوون!؟ بۆچی هیچ مه‌لا و كۆلكه‌ مه‌لایه‌كی كورد ته‌نها تاكه‌ وشه‌یه‌كیشیان له‌ده‌م نه‌هاته‌ده‌ر و هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌نواند، ئه‌ی ئه‌مڕۆ ‌بۆچی به‌ هاندانی ئه‌و‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ به‌كرێگیراوانه‌، ئه‌و مه‌لایانه‌ شێتگیرانه‌ سه‌نگه‌ری دوژمنایه‌تییان له‌ كوردایه‌تی و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ خۆماڵییه‌ كوردییه‌ گرتووه‌ و داوای رووخان و له‌ناوچوونی ده‌كه‌ن!؟ پاش ئه‌و مێژووه‌ پڕ له‌ كاره‌سات و خوێنڕژان و ماڵوێرانییه‌ی كه‌ به‌سه‌ر كورددا هاتووه‌ كه‌ ئه‌مان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند و به‌شدار نه‌بوون، ئه‌مڕۆ هه‌روا به‌ئاسانی ده‌یانوێت بێنه‌ سه‌ر سفره‌ و خوانی ئاماده‌ و له‌ ته‌ڕ بخۆن و له‌ وشك پاڵی لێبده‌نه‌وه‌. هه‌موو هه‌وڵ و مه‌به‌ستێكی ئیسلامیی سیاسیی دوژمنایه‌تیكردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كوردییه‌یه‌ و هه‌موو وزه‌ و توانایه‌كی خۆیان بۆ له‌كه‌داركردن و تێشكان و له‌ناوبردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كوردییه‌ ده‌خه‌نه‌كار، به‌و مه‌رج و ئامانجه‌ی خۆیان به‌ری ره‌نج و ماندووبوون و ماڵوێرانی و خوێنرژانی هه‌موو راپه‌ڕین و شۆڕش و بزووتنه‌وه‌كانی كوردایه‌تی بۆ خۆیان به‌رن و هه‌روا به‌ ئاسانی بێنه‌ سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات. ئه‌م لایه‌نه‌ ئیسلامییه سیاسییه‌‌ توندڕه‌وه‌ تێرۆریستانه‌ ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ده‌ست، ژیان له‌ هه‌موو كورد و كوردستانییه‌كی بیرئازاد و پێشكه‌وتنخواز ده‌كه‌نه‌ تاریكستان و دۆزه‌خ. ده‌بێت ژنان و كچانی كوردستان وه‌ك كۆیله‌ و ژێرده‌سته‌ پێڕه‌و له‌و به‌رنامه‌ دواكه‌وتووه‌ی ئه‌وان بكه‌ن و ئه‌وه‌ی له‌چكبه‌سه‌ر و جبه‌له‌به‌ر و باڵاپۆشی ئیسلامیی مۆدێلی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ و میرنشینه‌كانی كه‌نداو نه‌بێت، به‌ئاشكرا یان ده‌یكوژن و ده‌ست و زمانی ده‌بڕن و به‌ په‌ره‌مێز جه‌سته‌ی ده‌سووتێنن، یان ده‌بێت بۆ هه‌میشه‌ هه‌ر به‌ كۆیله‌یی و ژێرده‌سته‌یی له‌و سیسته‌مه‌ تاریكستان و پاشكه‌وتووه‌كه‌ی ئه‌واندا، له‌ دۆزه‌خی ئه‌و كۆمه‌ڵگا زیندانییه‌ی ئه‌واندا، هه‌موو ته‌مه‌ن و ژیانیان به‌و شێوه‌یه ‌‌سه‌ربه‌رن.
ئێمه‌ی هاوبیرانی نه‌ته‌وه‌یی، بانگه‌وازی دڵسۆزانه‌ له‌ هه‌موو جه‌ماوه‌ری تێكۆشه‌ر و دڵسۆزی كوردستان د‌ه‌كه‌ین كه‌ هیچ هاوكارییه‌كی ئه‌و‌ لایه‌ن و گروپ و كۆمه‌ڵه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ ئاژاوه‌گێڕ و تێكده‌رانه‌ نه‌كه‌ن و وه‌كو پاشماوه‌كانی به‌عسییه‌ دڕنده‌ و فاشیسته‌كان‌ تێیان بڕوانن. ئه‌مانه‌ دوژمنی كوردایه‌تین و ده‌ستی ره‌شن و له‌لایه‌ن دوژمنانی كورد و ده‌وڵه‌ته‌ داگیركره‌كانی كوردستانه‌وه‌ بۆ دوژمنایه‌تی كردنی كورد و كوردایه‌تی و بۆ به‌ئیسلامكردن و به‌عه‌ره‌بكردنی كۆمه‌ڵگای كورده‌واری و له‌ناوببردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كوردیه‌ی باشووری كوردستان دروستكراون.
داوا له‌ هه‌موو كورد و كوردستانییه‌كی تێكۆشه‌ر و دڵسۆز ده‌كه‌ین كه‌ هێمنی و ئارامی گشت شار و شارۆچكه‌ و گونده‌كانی باشووری كوردستان بپارێزن و كۆتایی به‌ گێره‌شێوێنی و به‌ردهاویشتن و شتومه‌ك شكاندن و سووتاندن و وێرانكردن بهێنن و ئاشتی و ئاوه‌دانی و ئارامی كوردستان بپارێزن.
داوا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ردوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار، پارتی و یه‌كیێتی ده‌كه‌ین كه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ ئه‌ركی سه‌رشانیشیانه‌ ( ئه‌گه‌ر خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین هه‌بێت یان نه‌بێت)، پێویسته‌ و ده‌بێت به‌رنامه‌ی چاکسازیی و خزمه‌تگوزاریی پێویست پێشکه‌ش بکه‌ن و به‌ هه‌موو هێز و توانایه‌نه‌وه‌ بكه‌ونه‌ دوژمنایه‌تی كردنی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ ئێستا و داهاتوودا سامان و داهات و بودجه‌ی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ و یاسایی به‌كار بهێنرێت و بێ هاڵاواردن و جیاوازی كردن، بخرێته‌ خزمه‌تی هه‌موو جه‌ماوه‌ره‌وه‌ و بخرێته‌ خزمه‌تگوزاری و پێشخستن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زۆرتری كوردستانه‌وه‌. ده‌بێت چیدی پارته‌كان ده‌ست له‌ کاروباری میریی كوردییه‌وه‌ وه‌رنه‌ده‌ن و باشووری کوردستان بكرێت به‌ نیشتماێكی خاوه‌ن ده‌ستوور و یاسا و یاسا سه‌روه‌ر بێت و زه‌مینه‌ی دیموکراتیزه‌کردن له‌بارتر و خۆشتر بکرێت و به‌رنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی دیار و ئاشکرا بخه‌نه‌ به‌رده‌م میلله‌ت و هه‌نگاوی دڵسۆزانه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستان بنێن. بێگومان هه‌نگاوی یه‌که‌م له‌ یه‌کخستنه‌وه‌ی ته‌واوی داموده‌ستگاکانی ده‌سه‌ڵاتی باشووری كوردستانه‌وه‌ ده‌بێت ده‌ست پێبكات و یاسا له‌سه‌روو هه‌موو كه‌س و لایه‌نێكه‌وه‌ بێت. ده‌بێت یاسا و ده‌ستوورێکی کوردستانیی مۆدێرن ئاماده‌ بكرێت تا ئازادی و یه‌كسانیی به‌رامبه‌ر ده‌ستوور و یاسا بۆ هه‌موو هاونیشتمانیان مسۆگه‌ر بكات. داوا له‌ ده‌سه‌ڵات و په‌رله‌مانی كوردستان و پارتی و یه‌كیێتتی ده‌كه‌ین كه‌ به‌یاسا و ده‌ستوور، سنوورێك بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه‌ و گێره‌شێوێنییه‌كانی ئه‌م لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ سییاسییانه‌ دابنێن و هێنده‌ نه‌رم و هاوكار نه‌بن له‌گه‌ڵیاندا و هه‌ر به‌ ده‌ستوور و یاسا هه‌موو هه‌وڵ و چالاكییه‌كیان لێ یاساخ بكه‌ن و چیدی له‌مه‌ زۆرتر رێگایان پێنه‌ده‌ن كه‌ به‌ به‌رنامه‌ی ئیسلامچێتییان كورد و كوردستان به‌ ئیسلامی و به‌عه‌ره‌ب بكه‌ن. ئه‌م لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ سییاسییانه‌، ئایینی ئیسلام بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیی خۆیان و دوژمنانی كورد و ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان به‌كار ده‌هێنن و ئیسلامیان كردووه‌ته‌ دارده‌ست و ئامڕاز بۆ به‌تاڵانبردنی كوردستان و به‌عه‌ره‌بكردنی كورد.

به‌ره‌و یاساخ كردن و پاكتاوكردنی ئیسلامیی سیاسیی له‌ باشووری كوردستاندا.
به‌ره‌و ئازادی و ئاشتی و خۆشگوزه‌رانیی زۆرتر، به‌ره‌و بنیاتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زۆرتر.
به‌ره‌و پاراستن و پته‌تركردن و پێشخستنی زۆرتری ده‌سه‌ڵاتی كوردی و كوردستانی.
به‌ره‌و دوژمنایه‌تی كردن و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی.
به‌ره‌و تۆوبڕكردنی گێره‌شێوێنی و ئاژاوه‌گێڕی. به‌ ئامانجی هێنانه‌ بوونی ده‌سه‌ڵاتێکی بنکه‌فراوان و دادپه‌روه‌ر و خومه‌تگوزاری جه‌ماوه‌ر و هه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی ره‌سه‌ن و ته‌ندروست و دڵسۆز له‌كوردستان دا.
به‌ره‌و دروستكردنی سوپای میللی و به‌هێزتركردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
به‌ره‌و كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئاوه‌دانتر و ئارامتر. به‌ره‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و یه‌كسان.
هه‌میشه‌ هه‌ر سه‌روه‌ر و نه‌مرن گیانبه‌خشیووانی ئازادیی كورد و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.
هه‌ر شه‌كاوه‌تر بیێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.
بژی دادپه‌روه‌ری و چاكسازی و سه‌روه‌ریی یاسا.
سه‌ركه‌وتن بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.
هه‌ر بژی بیروباوه‌ڕی پیرۆزی كوردایه‌تی.

هاوبیرانی نه‌ته‌وه‌یی له‌ باشووری كوردستان

٢٨/٤/٢٠١١

په‌یامنامه‌یه‌ك‌ له‌ هاوبیرانی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كورد، سه‌باره‌ت به‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كان و چاره‌نووسی باشووری كوردستان

ئه‌م په‌یامه‌‌ به‌گشتی ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی باشووری كوردستان و به‌تایبه‌تی هه‌ردوو سه‌ركردایه‌تیی پارتی و یه‌كێتیی ده‌كه‌ین، چونكه‌ به‌كرده‌وه‌ هه‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه‌ له‌ ئێستادا باشووری كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌بن و هه‌موو بودجه‌ و داهاتی كوردستان و هێزه‌كانی پۆلیس و ئاساییش و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و به‌گشتی هه‌موو خوێندنگه‌ و فه‌رمانگه‌ و زانكۆ و داموده‌زگا هه‌واڵگیرییه‌كان هه‌ر له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و باڵاده‌ستی ئه‌م دوو گه‌وره‌ هێزه‌دان و ئه‌مه‌ش راستیی بارودۆخیی ئه‌مڕۆی باشووری كوردستانه‌ و نكوڵیی لێناكرێت. هه‌رچه‌نده‌ ده‌بووایه‌ ئێستا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كی كوردیی تۆکمه‌ی یه‌کگرتووی به‌هێز و دامه‌زراوه‌یی بووینایه‌ و یاسا سه‌روه‌ر بووایه‌ و ده‌رفه‌تی پێكه‌وه‌ كاركردن و ژیانێکی دیموکراسییانه‌ له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی کوردایه‌تییه‌کی راست و دروست بۆ هه‌موو هێز و لایه‌ن و تاکێکی دڵسۆزی کوردی و کوردستانی بڕه‌خسایه‌. ئێستاش ده‌رفه‌ت هه‌ر ماوه‌ كه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ جێبه‌جێ بكرێت و فه‌رمانڕواییه‌كی كوردی و كوردستانیی به‌رفراوان و یاسایی و دیموكراسی پێك بهێنرێت.
ئێمه‌ به‌رله‌هه‌ر شتێك ده‌مانه‌وێت هه‌مووان له‌م راستییه‌ ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه نه‌ له‌ رابردوو و نه‌ له‌ ئێستادا، هیچ پێوه‌ندییه‌كمان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و پارتی و یه‌كێتیدا، نه‌بووه‌ و نییه‌. ئه‌م په‌یامه‌ ته‌نها له‌ روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كه‌ین.
ئه‌مڕۆ دیارده‌یه‌كی زۆر خراپ و زیانمه‌ند و مه‌ترسیدار له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا دروستبووه‌، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه‌ كه لاوانێكی زۆر له‌ كچان و كوڕان، له‌م نه‌وه‌ نوێیه‌ی ئێستا، كه‌وتوونه‌ته‌ بۆسه‌ی ئیسلامیی سیاسییه‌وه‌ و له‌ژێر كاریگه‌ری و پروپاگه‌نده‌ی چه‌واشه‌كارییانه‌ی ئه‌و گروپه‌‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ دروستكراوه‌ به‌كرێگیراوانه‌دان‌ و ئه‌و گروپانه‌ به‌ شێوه‌ و شێوازی جۆراوجۆر، هه‌ست و سۆزی ئه‌و لاوانه‌ به‌لای خۆیاندا راده‌كێشن و له‌م رێگایه‌وه‌ ته‌ڵه‌ و داویان بۆده‌نێنه‌وه‌ و ده‌یانهێننه‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆیانه‌وه‌. ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وانه‌، یاری به‌ ژیان و چاره‌نووسی ئه‌و لاوانه‌وه‌ ده‌كه‌ن و به‌هه‌ست و هۆش و گیانێكی ناكوردانه‌ و نانیشتمانپه‌روه‌رانه‌‌ و تاكڕه‌وانه‌ و توندوتیژانه‌ په‌روه‌رده‌یان ده‌كه‌ن.
ئێمه‌ له‌ڕووی دڵسۆزییه‌وه‌‌ له‌و لاوانه‌ ده‌پرسین‌، بۆچی لایه‌نگریی له‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌ ده‌كه‌ن!؟ ئێوه‌ رۆڵه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌ن و خۆتان به‌ كه‌سانی دڵسۆز و كوردپه‌روه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌نازانن. گومانی تێدا نییه‌ ئه‌و لایه‌نه‌‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌ هیچ بڕوایه‌كیان به‌ كوردایه‌تی نییه‌ و نه‌ له‌ دروشم و نه‌ له‌ نووسین و بڵاوكراوه‌كانیاندا ئاڵای كوردستان نابینین و هیچ بیر و هێمایه‌كی تێكۆشانیش بۆ ئازادیی كورد و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ وتار و ره‌فتار و كاروكرده‌وه‌كانیاندا به‌رچاوناكه‌وێت‌!؟ ئه‌م گروپانه‌ له‌لایه‌ن دوژمنانی كورد و داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ ته‌نها بۆ به‌سیاسیکردنی ئیسلام له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان و دوژمنایه‌تیی كردنی كورد و كوردایه‌تی، دروستكراون. له‌کاتێکدا ئیسلام وه‌ك ئایین داوای کاری له‌وجۆره‌ له‌ هیچ كه‌س و هیچ لایه‌نێك ناکات و ئه‌وه‌ ئه‌رک و فه‌رمانی سه‌رشانی موسڵمانی کورد نییه‌. ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌ جگه‌ له‌م ئه‌رك و فه‌رمانه به‌كرێگیراوی و‌ بێگانه‌په‌رستییه‌یان، هیچ پێوه‌ندییه‌كیان به ئاشتی و ئازادی و خۆشگوزه‌رانیی كورده‌وه‌ نییه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان پێوه‌ندییان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كوردایه‌تی و داهاتووی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستانه‌وه‌ نییه!‌؟ ئایا تاوان نییه‌ به‌رامبه‌ر كورد و كوردستان كه‌ لایه‌نگریی له‌و گروپه‌ دروستكراوه‌ به‌كرێگیراوانه‌ بكرێت، كه‌ هه‌ر خه‌ریكی ئاژاوه‌نانه‌وه‌ و به‌عه‌ره‌بكردنی كۆمه‌ڵگای كوردستانن و دژی كوردایه‌تی و دژی فه‌رهه‌نگی ره‌سه‌نی كورده‌واری و دژی جلوبه‌رگی كوردی و دژی هه‌موو شتێكی كوردین. ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تی دژی جلوبه‌رگی كوردیی ئافره‌تانی كوردستانن و به‌ رێپێنه‌دراو و و ناپه‌سه‌ندی ده‌ناسێنن و له‌بری جلوبه‌رگی جوان و رازاوه‌ و ره‌سه‌نی كورده‌واری، بره‌ویان به‌ له‌چك و سه‌رپۆش و باڵاپۆش و جبه‌ی ئافره‌تانی عه‌ره‌بستانی سعودی و میرنشینه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌نداو داوه‌ و له‌م رێگایه‌وه‌ سیمای شارستانییانه‌ و سه‌رده‌مییانه‌ی كۆمه‌ڵگای كورده‌وارییان شێواندووه‌ و دزێو و ناشیرینیان كردووه‌. وا بڕوا له‌به‌ركردنی جلوبه‌رگی كوردی ‌ له‌ نێو كچان و ژنانی كوردستاندا باوی نامێنێت!؟ له‌مه‌ش خراپتر و مه‌ترسیدارتر، ورده‌ ورده‌ ناوی كوردی نامێنێت و له‌بری ناوی كوردی و كورده‌واریی جوان و خۆش و ڕه‌سه‌ن، ناوی مناڵانی كورد به‌ناوی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی، ناوزه‌د ده‌كه‌ن، ئه‌و ناوانه‌ له‌ مناڵه‌كانیان ده‌نێن كه‌ نامۆ و بێگانه‌ن به‌ كورد و كوردستان. ئه‌مانه‌ هه‌ندێكن له‌ نیشانه‌كانی به‌عه‌ره‌بكردنی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستان! ئه‌مانه‌ به‌زاندنی هێڵی سوورن و زه‌نگی مه‌ترسیدار و ترسناكن بۆ ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كورد و كوردستان.
ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كوردی تاوانباره‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌ رابردوودا ئه‌م تووله‌ماره‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌یان به‌خێوکردووه‌ و‌ ئێستا بۆ ده‌سه‌ڵات و كورد و كوردایه‌تی، بوونه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌. ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوان و یارمه‌تیده‌ر بوو له‌ په‌ره‌سه‌ندن و به‌هێزبوون و زۆربوونی ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌دا، له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی كوردستان، مانگانه‌ و بودجه‌ی زۆر و زۆرتریان بۆ بڕیونه‌ته‌وه‌، پۆستی وه‌زاره‌تیان پێشكه‌ش كردوون، باره‌گا و بنكه‌ و مۆڵگای جۆراوجۆریان بۆ دروست كردوون، چاوپۆشییان له‌ كاروكرده‌وه‌ ئاژاوه‌گێڕی و تێكده‌رییه‌كانیان كردووه‌ و ده‌كه‌ن، چاوپۆشی له‌ به‌عه‌ره‌بكردنی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستان ده‌كه‌ن، هه‌موو ئاسانكارییه‌كی یاسایی و ده‌ستوورییان بۆ ده‌كه‌ن، چه‌ندین په‌یمانگا و خوێندنگه‌ی تایبه‌تییان بۆ كردو‌نه‌ته‌وه‌، له‌ په‌ڕله‌مانی كوردستان كورسییه‌كی زۆریان داگیركردووه‌ و هه‌ر ئه‌م ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌شن كه‌ له‌ناو په‌رله‌مانه‌دا له‌به‌ر ئاڵای پیرۆزی كوردستان و مارشی نه‌ته‌وه‌یی كوردی (ئه‌ی ڕه‌قیب) هه‌ڵناسن و به‌به‌رچاوی ده‌سه‌ڵات و هه‌موو میلله‌ته‌وه‌ سوكایه‌تی به‌ پیرۆزییه‌كانی كورد و كوردستان ده‌كه‌ن. ئه‌مانه‌ و چه‌ندین پێشێلكاری و كاروكرده‌وه‌ی تری نایاسایی و ناڕه‌وایان چاوپۆشیی لێكراوه‌‌، به‌به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ پێوه‌ندیی گومانلێكراوانه‌ به‌ ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌ن و به‌ ئاره‌زوو و خواستی تایبه‌تیی خۆیان هه‌موو جۆره‌ پێوه‌ندییه‌كی ژێربه‌ژێر و گومانلێكراوانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كاندا ده‌به‌ستن و هه‌رچییان بوێت به‌به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌یڵێن و ده‌ینووسن و ده‌یكه‌ن. ئه‌و گروپانه‌ زۆربه‌ی پیاوه‌ ئایینناسه‌كان، مامۆستایانی ئایینی، مه‌لاكان و بانگده‌ر و پێشنوێژكارانی مزگه‌وته‌كان و فه‌قێكان، ئه‌مانه‌یان هه‌موو هێناونه‌ته‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانه‌وه‌ و به‌هاندانی ئه‌و گروپانه‌ فه‌توای كوشتن و شاربه‌ده‌ركردن و وڵاتبه‌ده‌ركردن بۆ رۆشنبیرانی دڵسۆز و كوردپه‌روه‌ر ده‌رده‌كه‌ن و به‌ فه‌توا خوێنی نووسه‌ران و رووناكبیرانی كوردستان ده‌كه‌نه‌ كاسه‌وه‌، بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ نیشتمانبه‌ده‌ر و ئاواره‌ی هه‌نده‌رانیان ده‌كه‌ن، له‌ هه‌نده‌رانیش هه‌ر ده‌بێت پۆلیسی ئه‌و وڵاتانه‌ پارێزگاری له‌ مانه‌وه‌ و ژیانیان بكه‌ن، له‌وێش ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ره‌خنه‌گر و رۆشنبیرانه‌ نابن و هه‌وڵی له‌ناوبردنیان ده‌ده‌ن. ئێمه‌ ده‌پرسین: ئه‌مه‌ چ جۆره‌ ده‌سه‌ڵات و په‌رله‌مانێكه‌ كه‌ ئێمه‌ی كورد هه‌مانه‌‌!؟ ده‌سه‌ڵاتێك نه‌توانێت له‌ كوردستانێكی ئازاد و دیموكراسیدا ژیانی هاونیشتمانییان،‌ رۆشنبیران و نووسه‌ران و ره‌خنه‌گران بپارێزێت، ئه‌بێت چ ده‌سه‌ڵاتێك بێت و چ ئازایه‌تی و شكۆداری و سه‌روه‌رییه‌كی هه‌بێت!؟ ئه‌مانه‌ و گه‌لێك دیارده‌ی خراپ و نامۆ و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی دیكه‌ كه ئه‌مڕۆ له‌ باشووری كوردستاندا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ و هه‌ر له‌باسكردن نایه‌ن.
ئه‌م په‌یامه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌شه‌ كه‌ له‌ بێئاگایی و دڵپاكییه‌وه‌‌، خه‌ڵه‌تێنراون و دوای ئه‌و گروپانه‌ که‌وتوون. ئێمه‌ له‌ دڵسۆزی و نیازپاکی و خواپه‌رستیی موسڵمانانی کوردی دوور له‌و گرووپانه‌ هیچ گومانێكمان نییه‌. کوردستان وڵاتی پێڕه‌وكارانی هه‌موو ئایین و ئایینزاکانه‌‌ كه‌ به‌ ئازادی و ئاشتی، شانبه‌شانی یه‌کتر پیاده‌ی دابونه‌ریتی ئایینی و ئایینزایی خۆیانی تێدا ده‌که‌ن.
‌ئه‌ندامان و دۆستان و لایه‌نگرانی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسیانه‌ بێباكانه‌ ده‌ڵێن: نه‌ته‌وایه‌تی و كوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ری و كوردستانچێتی ئه‌رك و فه‌رمانی ئێمه‌ نییه‌ و ئێمه‌ موسوڵمانین و خاوه‌نی په‌یامێكی جیهانی و مرۆڤایه‌تین و خۆمان نابه‌ستینه‌وه‌ به‌ ته‌نها نه‌ته‌وه‌یه‌ك و نیشتمانێكه‌وه‌. په‌یامی ئێمه برایه‌تی و ئاشتی و دادپه‌روه‌ری و خۆشگوزه‌رانییه‌ بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی و هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌موو مرۆڤایه‌تی ببن به‌ هه‌ڵگری هه‌مان په‌یامی ئێمه‌ و باوه‌ش بۆ ئیسلام و موسوڵمان بوون بكه‌نه‌وه‌. ئیسلام و قورئان به‌رنامه‌ی كاركردن و خه‌بات و جیهادی ئێمه‌یه‌ و جگه‌ له‌ قورئان و رێنماییه‌ ئیسلامییه‌كان، دان به‌ هیچ په‌یام و نووسراو و رێسا و یاسایه‌كی دیكه‌دا ناهێنین. ئێمه‌ بڕوامان به‌ ده‌وڵه‌تی كوردی نییه‌ و ئاڵای كوردستان و مارشی نه‌ته‌وه‌یی كوردی، ئه‌ی ڕه‌قیب، لای ئێمه‌ هیچ مانایه‌كیان‌ نییه‌ و لای ئێمه‌ وه‌ك موسوڵمان ئه‌م شتانه‌ پیرۆز نین و بڕوامان پێیان نییه‌. بۆ ئێمه‌ وه‌ك موسوڵمان و هه‌ڵگرانی په‌یامی ئیسلام و قورئان، ته‌نها ئایینه‌كه‌ و په‌یامه‌كه‌ی خۆمان پیرۆز و پێویست و گرنگن لامان و له‌ داهاتوودا ده‌بێت هه‌موو مرۆڤایه‌تی بێنه‌ ژێر ئاڵای ئیسلامه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتمان گرته‌ ده‌ست، ئه‌وا ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ نه‌بیێت و نه‌یه‌ته‌ ژێر ئاڵای ئیسلامه‌وه‌، مافی ژیانی لای ئێمه‌ نامێنێت و ده‌بێت به‌ سزای ره‌وای خۆی بگه‌یه‌نین.

  • له‌ڕاستیدا ئه‌م په‌یام و وشانه‌یان هه‌ر هه‌موویان دژی كورد و كوردایه‌تین و له‌ خزمه‌تی دوژمنانی كورد و داگیركه‌رانی كوردستاندان. به‌كارهێنانی وشه‌گه‌لی، ئاشتی و دادپه‌روه‌ری و خۆشگوزه‌رانی و مرۆڤایه‌تی له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ هه‌ر هه‌موویان وشه‌ی سه‌وز و سوور و ئامڕازی فریوكارین و فڕیان به‌سه‌ر راستی و به‌رژه‌وه‌ندی و ئاشتی و دادپه‌روه‌ری و خۆشگوزه‌رانیی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ نییه و ته‌نها هه‌ر بۆ خه‌ڵه‌تاندن و به‌كارهێنانی ئه‌و لاوانه‌یه‌، بۆ گه‌یشتن به‌ ویست و خواسته‌ ناڕه‌واكانی ئه‌و لایه‌نانه‌ خۆیانه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌رژه‌وه‌ندییه‌ مادییه‌كانیانه‌، هه‌ر بۆ رابوواردن و خۆشگوزه‌رانیی خۆیانه‌ و هیچی دیكه‌‌. سه‌ركرده‌ و به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌، به‌بێئه‌وه‌ی هیچ ئیش و كار و كاسبییه‌ك بكه‌ن، به‌بێئه‌وه‌ی هیچ به‌رهه‌م و هونه‌ر و پیشه‌یه‌كیان بۆ كۆمه‌ڵگا هه‌بێت، به‌بێئه‌وه‌ی ره‌نج بده‌ن و ماندووببن، هه‌ر به‌هۆی نۆكه‌ربوون و وابه‌سته‌بوون و ملكه‌چبوونیان به‌ دوژمنانی كورد و داگیرگه‌رانی كوردستانه‌وه‌، خۆیان هه‌موو خاوه‌نی چه‌ندین ژن و خانوو و ئۆتۆمبێلی گرانبه‌هان و زۆر به‌خۆشی و تێروته‌سه‌لی ده‌ژین، هه‌موو پێداویستته‌كانی خۆشگوزه‌رانیی ژیانیان بۆخۆیان مسۆگه‌ر كردووه‌. ئه‌وانه‌ ئایینی ئیسلام هه‌ر بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌به‌ست و ئامانجه‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆیان به‌كار ده‌هێنن و له‌ راستی و كاروكرده‌وه‌دا هیچ بڕوایان به‌ ئایین و خواپه‌رستی و ره‌وشتی به‌رزی مرۆڤایه‌تی نییه‌. ئه‌گه‌رنا یه‌زدانی مه‌زن و به‌خشنده‌ و میهره‌بان، چی پێویستییه‌كی به‌و گروپه‌ تێرۆریستانه‌ هه‌یه‌!؟ یان مرۆڤه‌ رۆشنبیر و تێگه‌یشتووه‌كان، نه‌ته‌وه‌ ئازاد و خاوه‌ن شارستانێتییه‌ به‌رز و پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان چی پێویستییه‌كییان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بچنه‌ ژێر ئاڵای ئیسلامیی سیاسییه‌وه‌!؟ گومانی تێدا نییه‌ كه‌ ئیسلامیش ئایینێكه‌ وه‌كوو هه‌موو ئایینه‌كانی دیكه‌ی مرۆڤایه‌تی ‌و نابێت تێكه‌ڵی سیاسه‌ت بكرێت و به‌سیاسیی بكرێت. توندوتیژیی ئایینی و به‌سیاسه‌تكردنی ئایین، هیچ پێوه‌ندییه‌كیان به‌ ئایین و خواپه‌رستی و مرۆڤایه‌تییه‌وه‌‌ نییه‌ و له‌راستیدا دژی خودی ئایینه‌كه‌ن‌ و دوژمنی خواپه‌رستی و مرۆڤایه‌تیشن. ئه‌م وشانه‌، ئه‌م رسته‌ بێ باج و بێ ناوه‌ڕۆكانه‌ی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌، ته‌نها بۆ فریودان و خه‌ڵه‌تاندنی لاوانی هه‌ژار و بێده‌ره‌تانی كوردستانه،‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌و لاوانه بۆ ئامانج و مه‌به‌سته ‌سیاسییه‌ گڵاوه‌كانی خۆیان به‌كار بهێنن و ژیانیان ئالووده‌ی كاری توندوتیژیی بكه‌ن و به‌و بیر و كرده‌وه‌ پڕوپووچ و بێ ناوه‌ڕۆك و بێ كه‌ڵكانه‌وه، ‌ژیان و ته‌مه‌نیان به‌فیڕۆ بده‌ن و سه‌رگه‌ردانیان بكه‌ن.
  • له‌ روانگه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ چه‌وتانه‌ی ئه‌و ئه‌و لایه‌نانه‌وه‌، ئه‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ ئه‌وان ته‌نها خه‌بات بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام و به‌موسوڵمانكردنی میلله‌تان و به‌ئیسلامكردنی كۆمه‌ڵگاكان ده‌كه‌ن و كوردایه‌تی و كورد و كوردستانیان به‌لاوه‌ گرنگ و مه‌به‌ست نییه‌. به‌رنامه‌ی ئه‌م گروپانه‌ له‌ سه‌رده‌می ئێستادا دروست ده‌کاته‌ جێبه‌جێکردنی به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌كانی كوردستان و دوژمنانی كورد، ده‌نا میلله‌تی کورد بۆخۆی له‌ مێژه‌ موسوڵمانه‌ و پێویستی به‌ رابه‌ری و رێنیشانده‌ریی ئه‌و که‌س و گروپانه‌ نییه‌. ئاشكرایه‌ هه‌وه‌ته‌ی ئیسلام په‌یدا بووه‌ و هاتووه‌ته‌ كوردستانه‌وه‌ و كورد به‌موسوڵمانكراوه‌، له‌وكاته‌وه‌ هه‌تا ئێستا زۆرینه‌ی زۆری كورد هه‌ر موسوڵمانه‌ و هه‌موو ئه‌رك و فه‌رمانه‌ ئایینییه‌كانی ئیسلام ئه‌نجام ده‌ده‌ن و له‌ رابردووشدا هه‌روا بووه‌ و زۆرجاریش كورد له‌ مێژووی خۆیدا به‌ ماڵ و سامان و گیان و ژیانه‌وه‌ به‌رگریی له‌ ئیسلام كردووه‌ و به‌هۆی ئایینی ئیسلامه‌وه‌ زۆر زۆر زه‌ره‌رمه‌ند بووه‌. ئه‌ی بۆ پێش راپه‌ڕین و پێش ئه‌م ئازادی و ئاشتی و دیموكراسییه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌، هیچ گروپ و لایه‌نێكی ئیسلامیی سیاسیی له‌ كوردستاندا بوونی نه‌بووه‌ و ئه‌م باسوخواسانه‌ له‌ هیچ كه‌س و كۆڕ و كۆمه‌ڵێكه‌وه‌ نه‌بیستراون!؟ هه‌موومان ئه‌م راستییه‌‌ ده‌زانین كه‌ ئه‌م گروپانه‌، ئه‌م كۆڕ و كۆمه‌ڵ و هێزه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌، له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکانه‌وه‌ دوای دروستبوو‌نی کۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ كوردستاندا په‌یدا بوون و دروستكراون!؟ ئه‌ی كورد هه‌ر موسوڵمان نه‌بووه‌ و ئایینی ئیسلامیش هه‌ر ئایینی زۆرینه‌ی كورد نه‌بووه؟ بۆچی پێشتر هیچ لایه‌نێكی ئیسلامیی سیاسیی له‌ هیچ شۆڕش و راپه‌ڕین و بزووتنه‌وه‌یه‌كی رزگاریی نیشتمانیی كورد و كوردستاندا به‌شدار نه‌بوون و بوونیان نه‌بووه‌!؟ ئیسلام زۆر له‌ مێژه‌ له‌وڵاتی ئێمه‌دا هه‌یه‌ و به‌شێکی به‌رچاوی سه‌رکرده‌ کلاسیكییه‌کانی کورد له‌سه‌ر ئه‌م رێبازه‌ بوون و زیندانی و ئه‌شكه‌نجه‌یان بینیوه‌ و له‌سێداره‌دراون گیانیان به‌خشیوه‌، به‌ڵام خه‌بات و ژیانیان هه‌ر بۆ کورد و کوردستان بووه‌ و ئامانجیان رزگاریی كورد و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بووه‌. رابه‌رانی كورد، موسوڵمان بوون و خۆیان به‌شێک بوون له‌ شۆڕشه‌کانی کورد و له‌ژێر سه‌رکردایه‌تیی شۆڕشدا خه‌باتیان کردوه‌. موسڵمانانی کوردیش دابونه‌ریتی ئایینیانه‌ و ئیسلامیانه‌ی خۆیان له‌ نێو ماڵ و مزگه‌وته‌کانی کوردستاندا دوور له‌ سیاسه‌ت و گروپبازی، به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه‌، هیچكاتێكش رێگر نه‌بوون له‌به‌رده‌م تێكۆشان و بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیدا.
    ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌، له‌ ئێستادا چه‌ندین گروپی جیاوازن و هه‌ریه‌كه‌یان نۆكه‌ری دوژمنێكی كورد و ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ری كوردستانن. هێنده‌ به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ی سیاسیی ئێره‌ و ئه‌وێیان هێناوه‌ته‌ كوردستانه‌وه‌، به‌ ئه‌ندازه‌ی ژماره‌ی خۆیان مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی و ئه‌فغانی و تالیبانی و سعوودی و تورکییان سازداوه‌. له‌داهاتوودا هه‌رگروپێکیان ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست ئه‌وانی دیكه‌ له‌دژی راده‌بن و ناتوانن له‌ هه‌لومه‌رجێكی سیاسی و دیموکراسی و ئاشتی و ئارامیدا پێکه‌وه‌ هه‌ڵبکه‌ن. ئه‌و گروپانه‌ یان هه‌ریه‌ك له‌و گروپانه‌ ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست، ئه‌وه‌ی بونیادنراوه‌، وێرانی ده‌كه‌ن و كوردستان ده‌كه‌ن به‌ گۆمی خوێن. ئێستا هیچ مه‌ترسییه‌كی دوژمنان و داگیركه‌رانمان له‌سه‌ر نه‌ماوه‌، ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ دروستكراوانه‌ ده‌یانه‌وێت به‌خراپ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌م بارودۆخی ئازادی و دیموكراسییه‌ی باشووری كوردستان، هه‌روا به‌ئاسانی و به‌خۆڕایی كورسیی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان بگرنه‌ ده‌ست و بودجه‌ و سامان و داهاتی كوردستان بۆ خۆیان به‌رن و به‌رنامه‌ دۆزه‌خی و دواكوتووه‌كانی خۆیان پیاده‌ بكه‌ن و هه‌ر كه‌سێكی كوردپه‌روه‌ر و دڵسۆزی كوردایه‌تی، ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئه‌وان نین و وه‌ك ئه‌وان بیرناكه‌نه‌وه‌، هه‌ر ره‌خنه‌یه‌كیان له‌ ده‌م هاته‌ ده‌ره‌وه‌، جه‌سته‌ی بسووتێنن، یان زمانی ببڕن و ده‌ست و پێی ببڕنه‌وه‌ یان به‌ شمشێری عه‌ره‌بی ملی بپه‌ڕێنن!؟
  • ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئه‌م گروپانه،‌ هیچ وه‌ڵامێكی ژیربێژانه‌ و لۆژكانه‌یان بۆ ئه‌م پرسانه‌‌ نییه‌ و هه‌ر به‌رده‌وام ئه‌و به‌یت و بالۆرانه‌ی خۆیان وه‌ك تووتی ده‌ڵێنه‌وه‌ و هه‌موو هۆش و گۆش و مێشكیان به‌ ئایینی ئیسلام و جیهاد و به‌هه‌شت و دۆزه‌خه‌وه‌ شۆردراوه‌ته‌وه‌ و هیچ فه‌لسه‌فه‌ و زانست و بیروباوه‌ڕ و په‌یڤ و راستییه‌كی تر ناچێته‌ مێشكیانه‌وه‌. ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و لاوه‌ هه‌ژار و بێ ئه‌زموون و به‌سته‌زمانانه‌یان به‌ بیر و ره‌فتاری پڕوپووچه‌وه‌ سه‌رگه‌رم كردوون، كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نه‌ له‌ ئێستا و نه‌ له‌داهاتوودا، هیچ كه‌ڵك و فه‌ڕێكیان بۆ كورد و كوردستان لێچاوه‌ڕوان ناكرێت.
    ئه‌م گروپه ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌ هه‌ر كه‌ ده‌م ده‌كه‌نه‌وه‌، باسی گه‌نده‌ڵی و دزی و نادادپه‌روه‌ریی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كوردی و به‌تایبه‌تی باسی كه‌موكوڕییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ده‌كه‌ن. بێگومان به‌خراپ باسكردن و دوژمنایه‌تی كردنی سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌واییه‌كی دادپه‌روه‌ر و ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی كوردی و كوردستانیمان هه‌بێت، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌یا‌نه‌ كه‌ مه‌رام و مه‌به‌سته‌‌ سیاسییه ‌ناڕه‌واكانی خۆیانی پێ به‌رنه‌ پێشه‌وه‌. ئێمه‌ش ده‌زانین كه‌ گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و پێشێلكاریی یاسا و ده‌ستوور هه‌یه‌، ئه‌وه‌ راستییه‌ كه‌ هه‌ر كه‌س و هه‌ر رێكخستنێك كار بكات و تێبكۆشێت و چالاك بێت، ئاساییه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ش ده‌كات. ناته‌واوی كه‌موكوڕیی و گه‌نده‌ڵیش هه‌ر تایبه‌ت نییه‌ به‌ كۆمه‌ڵگای كوردستانی ئێمه‌، له‌ سه‌رانسه‌ری مێژووی مرۆڤایه‌تییدا ناته‌واوی و كه‌موكوڕی و گه‌نده‌ڵی هه‌ر هه‌بووه‌ و هه‌ر ده‌بێت و هه‌ر ده‌مێنێت. ئێمه‌ لێره‌دا دیسانه‌وه‌ زمانی ره‌خنه‌مان ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کوردی ده‌كه‌ینه‌وه‌ که‌وا به‌هۆی گه‌نده‌ڵكاری و بێ به‌رنامه‌یی و پێڕه‌ونه‌كردنی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌روه‌رنه‌بوونی یاسا‌وه‌، هیچ به‌رنامه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌ و بارهێنان و فێركارییان بۆ لاوانی كوردستان نه‌بووه‌ و نییه‌ و هیچ پڕۆژه‌ و به‌رنامه‌یه‌كییان نییه‌ كه‌ ئاپۆڕه‌ی لاوانی پێوه‌ خه‌ریك بكه‌ن و هه‌لی كار و ژیان و گوزه‌رانیان بۆ بره‌خسێنن. گه‌نده‌ڵی و بێبه‌رنامه‌یی ده‌سه‌ڵات و بێكاریی لاوان، ئه‌و بۆشایی و بوار و ده‌رفه‌ته‌ له‌باره‌ی بۆ ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌ دروستكردوه‌ تا بتوانن ئه‌و لاوانه‌‌ هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنن و دووچاری كاره‌ساتیان بكه‌ن.
    له‌ڕاستیدا گه‌نده‌ڵی، دیارده‌یه‌كی جیهانی و مرۆڤایه‌تییه‌ و له‌ پێشكه‌وتووترین وڵاته‌كانی جیهانیشدا گه‌نده‌ڵی هه‌ر هه‌یه‌ و ئه‌و دیارده‌یه‌ هێشتا له‌ هیچ كۆمه‌ڵگایه‌كدا بنه‌بڕ و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌. ئێستا ده‌سه‌ڵاتی كوردی و ته‌نانه‌ت یه‌كێتی و پارتیش بۆخۆیان به‌رنامه‌ی چاكسازی و دژایه‌تیی كردنی گه‌نده‌ڵییان له‌به‌رچاو گرتووه‌ و پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌ركردنیان بۆ داڕشتووه‌ و هه‌وڵی به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی ده‌ده‌ن. به‌ڵام ئه‌مه‌ نابێ ببێته‌ پاساو بۆ گه‌نده‌ڵكاری، پێویسته‌ و ده‌بێت به‌سیسته‌م و به‌ كرده‌وه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ن. ئێمه‌ی هاوبیرانی نه‌ته‌وه‌یی، ره‌خنه‌ ده‌گرین و ناته‌واوی و كه‌موكورییه‌كان باس ده‌كه‌ین، به‌ڵام چاومان شتی باش و جوانیش ده‌بینێت و باسی ئاوه‌دانی و ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزه‌رانیی زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ریش ده‌كه‌ین، باشووری كوردستان تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش ئاوه‌دان بووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵكاری نه‌كرایه‌، به‌و داهات و بودجه‌ زۆره‌ی كوردستان، ده‌بووایه‌ ده‌سه‌ڵات پڕۆژه‌ی زۆرتر و باشتری ئه‌نجام بدایه‌ و ده‌بووایه‌ كێشه‌ی بێكاری و ته‌نگژه‌ی نیشته‌جێبوون چاره‌سه‌ر بكرانایه‌. به‌ڵام به‌ به‌راووورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌دا، ئازادیی ده‌ربرینی بیروڕا و رۆژنامه‌وانیی ئازاد بوونیان هه‌یه‌ و زۆربه‌ی بواره‌ خومه‌تگوزارییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتنیان به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌ و هه‌لی كاركردن و خۆپێشخستن و خۆپێگه‌یاندن تا ئه‌ندازه‌یه‌ك بۆ كچان و ئافره‌تانی كوردستان ره‌خسێنراوه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌موو شتێك نییه‌ و ئه‌ركی سه‌رشانی ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ زۆرتر گرنگی و بایه‌خ به‌ كچان و ژنانی كوردستان‌ بده‌ن و زۆرتر ده‌رفه‌تی پێشكه‌وتن و هه‌لی كار و خزمه‌تگوزاریی ژیانیان بۆ دابین بكه‌ن. هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو شتێك هه‌ر خراپ نییه‌ و ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌ به‌ چه‌واشه‌كاری ده‌یانه‌وێت ته‌ڕ و وشك پێكه‌وه‌ بسوتێنن، ده‌یانه‌وێت هه‌موو شتێك به‌ ناشیرینی و دزێوی باس بكه‌ن. ئه‌ی ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ بێ رابردووانه‌، بۆچی چاویان ئه‌و هه‌موو ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنیادنانه‌وه‌ و گۆڕانكارییانه‌ی كوردستانی وێرانكراو و سوتێنراو نابینێت. ئه‌ی بۆ ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ توندڕه‌وانه‌ باسی ئه‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ به‌هۆی به‌رنامه‌ پاشكه‌وتوو و توندڕه‌وییه‌كانی خۆیانه‌وه‌ چه‌ندین هه‌زار له‌ كچان و ئافره‌تانی بێتاوانی باشووری كوردستان، به‌ تۆمه‌تی بێڕه‌وشتی و به‌بیانووی ئابڕووپه‌رستییه‌وه‌ تێرۆر كراون. هه‌وه‌ته‌ی ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ توندڕه‌وانه‌ دروستكراون، كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زۆرتر بوون و ئاگر جه‌سته‌ی هه‌زاران له‌ كچان و ئافره‌تی بێتاوانی سووتاندووه‌. چه‌ند ساڵێكه‌ به‌هۆی بوون و چالاكییه‌كانی ئه‌م گروپانه‌وه‌، توندوتیژیی ئایینی و ره‌گه‌زی په‌یدابووه‌ و په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ كه‌ ئه‌م دیارده‌ خراپانه‌ پێشتر هه‌رگیز به‌م شێوه‌یه‌ پێشینه‌یان له‌نێو كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستاندا نه‌بووه‌.
    ئێمه‌ ده‌پرسین:كامانه‌ن پڕۆژه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌و‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای كوردستان!؟ ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌ ته‌نها له‌ چه‌ند ساڵانێكی رابردوودا به‌ مه‌به‌ستی به‌عه‌ره‌بكردنی كۆمه‌ڵگای كوردستان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندنی عه‌ره‌بستانی سعودی و میرنشینه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌نداو، به‌هه‌زاران مزگه‌وتی مۆدێلی كه‌نداو و سعودییان له‌ باشووری كوردستاندا دروستكردووه‌. ئاماژه‌كردن به‌م دیارده‌یه لێره‌دا،‌ مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ دروست كردنی مزگه‌وت به‌ كارێكی ناپێویست و خراپ باس بكرێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌م باشووری كوردستانه‌دا، به‌م‌ پێوانه‌ جوگرافییه‌ كه‌مه‌‌وه‌، زۆرتر له‌ پێنج هه‌زار مزگه‌وت هه‌یه‌. له‌ هیچ وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا كه‌ ئایینه‌كه‌ به‌زمانی خۆیانه‌ و هی خۆیانه‌، هێنده‌ی باشووری كوردستان مزگه‌وتییان تێدا نییه‌!؟ سه‌رباری ئه‌مه‌ش له‌ هیچ شار و گوند و شارۆچكه‌یه‌كی باشووری كورستاندا یه‌ك مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی بوونی نییه‌ كه‌ لاوانی كوردستان و نه‌وه‌ی نوێ به‌گیانی كوردایه‌تی و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری و نیشتمانپه‌روه‌ری و پێشكه‌وتنخوازی‌ په‌روه‌رده‌یان بكات و به‌ ئاڕاسته‌ی خزمه‌تكردن و خۆشه‌ویستیی كورد و كوردستاندا بیانبات!؟ ئه‌و مزگه‌وتانه‌، زۆربه‌ی زۆریان له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌ مه‌به‌ستی سیاسی و بۆ به‌عه‌ره‌بكردنی كورد و به‌ئیسلامیكردنی كۆمه‌ڵگای كوردستان دروستكراون، سه‌رباری ئه‌مه‌ش بۆ هه‌ر مزگه‌وته‌ی دوو مه‌لا و دوو مجێور و چه‌ندین كارمه‌ند و خزمه‌تگوزاری تر ته‌رخانكراون بۆ خزمه‌وت و به‌ڕێوه‌بردنیان‌، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كاره‌با و ئاوی به‌رده‌وامییان بۆ دابینكراوه‌، ئه‌مه‌ هه‌مووی له‌سه‌ر بودجه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستانه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ به‌ هه‌زاران ماڵ و خێزانی هه‌ژاری كوردستان بێبه‌رین له‌ ئاوی پاك و كاره‌با!؟ پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌م له‌شكره‌ فره‌زۆر و زیاد له‌پێویسته‌ی مه‌لایان و مجێوران و فه‌قێیان و كارمه‌ندانی تری ئه‌و هه‌موو مزگه‌وتانه‌، به‌رهه‌مییان چییه‌ بۆ كۆ‌مه‌ڵگا و بۆ پێشكه‌وتن و بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان!؟ ئه‌مانه‌ به‌ئاشكرا به‌به‌رچاوی ده‌سه‌ڵات و پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌ مزگه‌وته‌كانیان كردووه‌ به‌ شوێنی به‌عه‌ره‌بكردنی لاوانی كوردستان و به‌ كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی تێرۆریستان و به‌ بنكه‌ی كاری توندڕه‌وی و توندوتیژیی ئایینییانه‌. سه‌كۆی مزگه‌وته‌كان بۆ خوێندنه‌وه‌ی وتاری ئایینی توندوتیژانه‌ و له‌كه‌داركردن و ناشیرین پیشاندانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، به‌تایبه‌تی دژی یه‌كێتی و پارتی به‌كار ده‌هێنرێن، به‌بێئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی كوردی و یه‌كێتی و پارتی هبچ لێپرسینه‌وه‌ و لێپێچانه‌وه‌یه‌كی یاسایی ئه‌و كاره‌ توندڕه‌وییانه‌ی ئه‌و مه‌لایانه‌ و ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ توندڕه‌وانه‌یان كردبێت!؟ ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌، ئه‌وه‌یان بیرچووه‌ته‌وه‌ یان له‌ بیرخۆیانی ده‌به‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌ر (یه‌كێتی و پارتی و سۆسیالیست و شیوعی و پاسۆك) بوون كه‌ كوردایه‌تییان ده‌كرد و له‌ هه‌موو شاخ و گوند و‌ شارۆچكه‌ و شارێكی كورستاندا رووبه‌رووی ئه‌و دوژمنه‌ به‌هێز و دڕنده‌ و ده‌ستنه‌پارێزه‌ ده‌بوونه‌وه‌، هه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ شۆڕشگیڕانه‌ بوون به‌و رابردووه‌ پڕ له‌ خه‌بات و تێكۆشانه‌یان، به‌ خوێنی گه‌شی هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی جه‌نگاوه‌ر و كۆڵنه‌ده‌ر، ئه‌مڕۆیان بۆ دروست كردووین. ئه‌م ئازادی و ئاشتی و ئارامی و دیموكراسی و خۆشگوزه‌رانی و ئاوه‌دانییه‌ی ئه‌مڕۆ‌ی باشووری كوردستان هه‌ر به‌رهه‌می كوردایه‌تی و رابردووی پڕ له‌ تێكۆشان و كۆڵنه‌دانی ئه‌وان و هه‌موو جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێڕی كوردستانه‌، نه‌ك ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌ به‌كرێگیراوه‌ تازه‌دروستكراوانه‌ كه‌ هیچ رابردوو و شانازییه‌كی پێشمه‌رگایه‌تی و شۆڕشگێڕایه‌تی و تێكۆشانی كوردایه‌تییان له‌ كوردستاندا نه‌بووه‌ و نییه‌ و ناشیان بێت.
    ئێمه‌ی هاوبیرانی نه‌ته‌وه‌یی، له‌ روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی كوردایه‌تییه‌وه‌، به‌ ئه‌رك و فه‌رمانی سه‌رشانی خۆمانمانزانی كه‌ ئه‌م په‌یام و هۆشدارییه‌ بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو ئاڕاسته‌ بكه‌ین. ئامانج و مه‌به‌ستی ئه‌م په‌یامه‌ ته‌نها بۆ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كوردییه‌ی خۆمان و بۆ پاراستنی ئه‌م ئازادی و ئاشتی و دیموكراسی و ئارامی و ئاوه‌دانییه‌ی باشووری كو‌ردستانه‌، هه‌ربۆیه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ ده‌سه‌ڵات و له‌ هه‌موو جه‌ماوه‌ری تێكۆشه‌ر و دڵسۆزی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ به‌چاوی دوژمن و به‌كرێگیراو و نۆكه‌ری دوژمنانی كورد و داگیركه‌رانی كوردستان سه‌یری ئه‌م گروپه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییانه‌‌ بكه‌ن و به‌ هیچ جۆرێك كۆمه‌كیان پێ مه‌كه‌ن و هیچ پشتیوانییه‌كیان مه‌كه‌ن. پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات به‌ بڕیاری یاسایی و به‌ دادگا و ده‌ستووری كوردستان، ئیسلامیی سیاسیی و هه‌موو چالاكی و كاروكرده‌وه‌یه‌كی توندڕه‌وییانه‌ و توندوتیژانه‌ی ئایینی یاساخ بكه‌ن و بۆ هه‌میشه‌ جه‌سته‌ی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستان له‌م شێرپه‌نجانه‌‌ رزگار بكه‌ن.
    له‌ كۆتاییدا پێویسته‌ ئه‌و راستییه‌ش وه‌بیر ده‌سه‌ڵات و پارتی و یه‌كێتی بهێنینه‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ باشووری كوردستاندا تاكه‌ یه‌ك رێكخستنی نه‌ته‌وه‌یی بوونی نییه‌. ده‌سه‌ڵات و پارتی و یه‌كێتی ئاماده‌ نه‌بوون و نین كه‌ مۆڵه‌تی یاسایی، به‌ هیچ پارت و رێكخستنێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردی و كوردستانی بده‌ن. شایانی باسه‌ و جێگه‌ی داخ و سه‌رسوڕمانه‌ كه‌ رابردوودا تاكه‌ پارتێكی نه‌ته‌وه‌یی شۆڕشگێر و پێشكه‌وتنخواز‌، (پاسۆك) بوو كه‌ هه‌بوو، ئه‌ویشیان له‌نێو پارتیدا توانده‌وه‌ و ئێستا له‌ سه‌رانسه‌ری باشووری كوردستاندا یه‌ك رێكخستنی نه‌ته‌وه‌یی نییه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات و پارتی و یه‌كێتی بواری هه‌بوون و مۆڵه‌تی كاركردنی یاساییان پێدابێت!؟ رێكخستنێكی نه‌ته‌وه‌یی و پێشكه‌وتنخواز و سه‌رده‌مییانه‌، پێداویستییه‌كی گرنگ و پێویستی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستایه‌ بۆ كورد و كوردایه‌تی. هاوبیرانی نه‌ته‌وه‌یی، چه‌ندین جار داخوازیی مۆڵه‌تی كاركردنی ئاشكرا و یاساییان له‌ ده‌سه‌ڵات و پارتی و یه‌كێتی كردووه‌ و هه‌تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكیان له‌و لایه‌نانه‌وه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ره‌فتار و هه‌ڵوێستانه‌یان بۆ ئێمه‌ و بۆ هه‌موو كورد و كوردستانییه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆز، جێگای نیگه‌رانی و گومانه‌!؟
    به‌ره‌و ئازادی و دیموكراسی و ئاشتی و ئارامی و ئاوه‌دانیی زۆرتر بۆ كۆمه‌ڵگای كوردستان.
    به‌ره‌و چه‌سپاندنی یاسا و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی …. به‌ره‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و یه‌كسان.
    هه‌ر شه‌كاوه‌ بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.
    هه‌ر بژی بیری نه‌ته‌وه‌یی كوردی.
    سه‌ری رێز و ملكه‌چی بۆ گیانبه‌خشیووانی ئازادیی كورد و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان داده‌نه‌وێنین.

هاوبیرانی نه‌ته‌وه‌یی له‌ باشووری كوردستان

١٥/٥/٢٠١١

ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان و پاشماوه‌کانی به‌عه‌ره‌بکردن و ئه‌نفالچێتی و به‌عسيزم!
ده‌سه‌ڵاتی سياسی و کارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌مڕۆی باشووری کوردستان،‌ به‌کرده‌وه‌ پێکهاتووه‌ له دوو پارت و هێزی گه‌وره‌ی وه‌کو پارتی و يه‌کێتی که‌ خاوه‌نی هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی چه‌کدار و ئازا و دڵسۆزن، خاوه‌نی هێزێكی زۆرى پۆليس و ئاساييش و هێزی دژه‌تێرۆری چه‌کداری ئاماده‌کراون، خاوه‌نی هه‌زاران که‌سی سه‌ربه‌ پاراستن و ده‌زگای زانيارين، که‌چی هيچ کاميان ناتوانن و نا‌وێرن، يه‌ک وشه‌ بنووسن، يه‌ک هه‌ڵوێست وه‌رگرن، يه‌ک کرده‌وه‌ بنوێنن به‌رامبه‌ر چه‌ند به‌ناو مه‌لايه‌ک که ‌ئايينی ئيسلام به‌ خراپترين شێوه‌ دژی کورد و کوردايه‌تی به‌کار ده‌هێنن. به‌ناوی ئايينی ئيسلامه‌وه به‌ ئاره‌زووی خۆيان فه‌تووای نادادپه‌روه‌رانه‌ و نامرۆڤانه‌ دژی کوردايه‌تی، دژی رۆشنبيران و هونه‌رمه‌ندا و نووسه‌ران و شانۆکاران و نيگارکێشان، ده‌رده‌که‌ن. به‌ فه‌تووای ئيسلامی، نووسه‌ران و رۆشنبيران و ره‌خنه‌گرانی کورد و كوردستان شاربه‌ده‌ر و نيشتمانبه‌ده‌ر ده‌که‌ن، رۆژانه‌ له‌سه‌ر سه‌کۆی مزگه‌وته‌کانه‌وه‌ زۆرترين و بێزراوترين سووکايه‌تی به‌ ئافره‌تان، به‌کچان و خوشکان و دايکانی كورد و کوردستان ده‌که‌ن، دژی جلوبه‌رگی کورديی ئافره‌تانی کوردن، دژی (ئه‌ی ره‌قيب)، مارشی نه‌ته‌وه‌يی کوردين، دژی ئاڵای کوردستان و دژی هه‌موو به‌ها و پیرۆزييه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کوردن، رۆژانه‌ به‌ ده‌يان وتار و لێدوان و گرته‌‌ی ڤيدۆيی دژی هه‌موو ديارده‌ پێشکه‌وتووه‌کانی ژيان و دژی هه‌موو به‌ها پيرۆزه‌کانی کوردايه‌تی و کورده‌واری بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌، ئه‌و گروپه‌ ئيسلامييه‌ سياسييه‌ دروستکراوانه‌ی ئه‌مڕۆی باشووری کوردستان، راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، چ خۆيان و چ له‌لايه‌ن ئه‌و مه‌لا سياسييه‌ مووچه‌خۆرانه‌ی وابه‌سته‌ی خۆيانه‌وه‌، به‌هه‌موو شێوه‌يه‌ک له هه‌وڵ و هه‌ڵپه‌ی به‌ئيسلامی کردنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندان. ده‌يانه‌وێت به‌ ياسا و رێسا دواکه‌وتووه‌کانی 1400 ساڵ له‌مه‌وبه‌ری عه‌ره‌بستانی سعودی، کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری به‌ڕێوه‌به‌رن. که‌چی ئه‌م دوو سه‌رکردايه‌تييه‌ی پارتی و يه‌کێتی، بێگومان به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی‌ به‌رهه‌ڵستکاريشه‌وه‌، به‌ پارته‌ بچووکه‌ مووچه‌خۆره‌کانی ديکه‌شه‌وه‌، هه‌تا ئێستا سه‌باره‌ت به‌م کێشانه‌، هيچ کاردانه‌وه‌يه‌کيان نه‌بووه‌ و نييه‌؟! هیچ هه‌ڵوێستێکيان نه‌بووه‌ و نييه‌، هيچ لێپێچينه‌وه‌يه‌کی ياساييان به‌رامبه‌ر ئه‌و گروپ و مه‌لا سياسييانه‌دا نه‌کردووه‌ و رووبه‌ڕووی دادگه‌يان نه‌کردوونه‌ته‌وه‌، هه‌ر هيچيان نه‌کردووه‌؟!، به‌ڵام ئه‌گه‌ر‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌ کوردپه‌روه‌ره‌ دڵسۆزه‌کان له‌ کوردستاندا کۆبوونه‌وه‌يه‌ک بکه‌ن و چالاکييه‌ک ئه‌نجام بده‌ن يان به‌ياننامه‌يه‌ک ده‌ربکه‌ن، خێرا ئاساييش و پاراستن و ده‌زگای زانياری ده‌که‌ونه‌ خۆيان و ده‌که‌ونه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌کانی کورد، وه‌ک له‌ رابردوودا چه‌ندين هه‌ڵوێستی له‌م شێوه‌يه‌مان لێبينيون؟! ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ کوردييه‌ بوار و مۆڵه‌تی هه‌بوون و کارکردن به‌ هيچ رێکخستنێکی نه‌ته‌وه‌يی نادات، هه‌ر که‌س و کۆڕ و کۆمه‌ڵ و رێکخستنێک باسی ئازاديی کورد و يه‌کگرتنه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆيی کوردستان بکات، باسی راگه‌ياند و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌يی و نيشتمانيی کورد و کوردستان بکات، خێرا رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌که‌نه‌وه‌؟!. ته‌نانه‌ت بوار و مۆڵه‌تی هه‌بوون و کارکردنی ياسايی به‌ تاکه‌ سه‌نته‌رێکی رۆشنبيريی نه‌ته‌وه‌يی ناده‌ن، ئه‌مه‌ چی جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێکه‌؟! ئه‌مه‌ چی جۆره‌ مۆدێلێکه‌ له‌ کورد بوون و کوردستانی بوون؟! ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردييه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌م شێوه‌يه‌ی ئه‌مڕۆ بمێنێته‌وه‌ و هيچ هه‌ڵوێستێکی خه‌مخۆرانه‌ وه‌رنه‌گرێ و هيچ هه‌وڵێکی گۆڕانکاری کردن له‌م بارودۆخه‌ خراپه‌ی ئه‌مڕۆدا نه‌دات، ئيتر ده‌سه‌ڵاتێکی له‌م بابه‌ته‌ شايه‌نی فه‌رمانڕه‌وايی کردنى ميلله‌ت نابێت، شايسته‌ی ئه‌وه‌ نابێت ميلله‌ت به‌ نوێنه‌ری خۆيانی بزانن، ئه‌م جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌ر ته‌نها شايسته‌ی ئه‌وه‌ ده‌بێت، چاره‌نووس بيخاته‌ ناو ئه‌و گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌وه‌ که‌ ئيسلامييه‌ سياسييه‌کان، به‌هاوکاری و کۆمه‌کی دوژمنانی کورد و داگيرکه‌رانی کوردستان، به‌رده‌وام و به‌ هه‌موو شێوه‌ و شێوازێک هه‌ر خه‌ريکی هه‌ڵکه‌ندنی ئه‌و گۆڕه گه‌وره‌يه‌ن؟!. که‌ ئه‌وه‌یش روويدا، ئه‌وسا ئه‌و کوردستانه‌ به‌ئيسلاميکراوه‌، له‌ هه‌موو وێرانکاری و پاشکه‌وتنێکدا، له‌ زه‌وت کردنی ئازادييه‌ تاکه‌ که‌سييه‌کاندا، له‌ سووکايه‌تی کردن به‌ کچان و ژنانی کوردستاندا، له‌ هه‌موو جۆره‌ جه‌وساندنه‌وه‌ و ئه‌شکه‌نجه‌دان و کوشتوبڕێکی مرۆڤه‌ ئازاديخوازه‌کاندا، له‌ هه‌موو ديارده‌ خراپه‌کاندا، بۆڕی ئێرانی ئيسلامی و ئه‌فگانستانی تاڵيبان و پاکستان و سعودييه‌ و سودان و سۆماڵ و سوريا و ميسر ده‌داته‌وه‌. زۆر به‌داخه‌وه‌ ئێستا به‌ره‌و ئه‌و چاره‌نووسه‌ ره‌ش و ترسناکه‌ ده‌ڕۆين ….. ئه‌م گروپه‌ ئيسلامييه‌ سياسييانه‌ هيچ رابردوويه‌کی تێکۆشان و کوردايه‌تييان نه‌بووه‌ و نييه‌، ته‌نانه‌ت يه‌ک فيشه‌کيشيان نه‌ناوه به‌ دوژمنانی کورد و داگيرکه‌رانی کوردستانه‌وه‌، ئه‌مانه‌‌ بۆ خۆده‌رخستن و خۆ ژياندن و خۆ سه‌رمايه‌دارکردن و به‌ئيسلام کردنی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری، به‌ خراپ که‌ڵکيان له‌و ئازادی و دێمۆکراسييه‌ی باشووری کوردستان وه‌رگرتووه. با بپرسين که‌ ئه‌مانه‌ له‌سه‌رده‌می به‌عسييه‌ فاشيسته‌کاندا، له‌ کاتی ئه‌نفال کردن و وێرانکردن و سووتاندنی کوردستاندا له‌ کوێ بوون؟! پرسياره‌که‌ ئه‌مه‌يه‌، بۆچی ئه‌م گروپه‌ ئيسلامييه‌ سياسيانه‌ دوای نه‌مانی به‌عسييه‌کان دروستکران؟! روون و ئاشکرايه‌ که ئه‌مانه‌ له‌ باشووری کوردستاندا نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندييه‌ گڵاوه‌کانی دوژمنانی کورد و داگيرکه‌رانی کوردستانن و به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ک بێبه‌رين له‌ کوردايه‌تی. ئه‌مانه‌ ژه‌هری عه‌ره‌بچێتی و عروبه‌ له‌ کوردستاندا بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌نفالچين و ئه‌نفالی فه‌رهه‌نگ و دابونه‌ريتی ره‌سه‌نی کوردی ده‌که‌ن، ناوی کوردی ناهێڵن و بره‌و به‌وه‌ ده‌ده‌ن ناوه‌کان هه‌مووی ئيسلامیی عه‌ره‌بی بێت، جلوبه‌رگی ره‌سه‌نی کورده‌واری ناهێڵن و بره‌و به‌ جبه‌‌ و له‌چک و باڵاپۆشی ناشيرين و ناشارستانيی ميرنشينه‌کانی که‌نداو و عه‌ره‌بستانی سعودی ده‌ده‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی کورد بمانه‌وێت وه‌کو کورد و کوردستانی بمێنينه‌وه‌ و خراپکترين و ترسناکترين و ره‌شترين چاره‌نووس چاوه‌ڕوانمان نه‌کات، پێويسته‌ و ده‌بێت، سنوور بۆ ئه‌و مه‌لا‌ سياسييانه‌ دابنرێت، ده‌بێ به‌ ياسا مۆڵه‌تی هه‌بوون و کارکردن و چالاکی له‌و گروپه‌ ئيسلامييه‌ سياسييانه‌ بسه‌ندرێته‌وه و به‌ياسا ياساخ بکرێن. بێگومان ئه‌وه‌ راستييه‌کی به‌ڵگه‌نه‌ويسته‌ که‌ ئێمه‌ی مرۆڤ پێويستمان به‌ خوايه‌ نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، خوايه‌ک که‌ ئافه‌ريده‌کاری هه‌موو بوون و بوونه‌وه‌رێکه‌، پێويستی به‌ سياسه‌ت كردن و رێکخستنی سياسيی نييه‌. خوای به‌خشنده‌ و دلۆڤان و ميهره‌بان پێويستی به‌وه‌ نييه‌ که‌ چه‌ند مه‌لايه‌کی سياسی، يان چه‌ند بازرگانێکی سياسيی خۆيان بکه‌ن به‌ نێردراو و نوێنه‌ری ئه‌و و به‌ناوی خواوه‌ سووکايه‌تی به‌ مرۆڤ و مرۆڤايه‌تی بکه‌ن، خه‌ڵکی بێتاوان ئه‌شکه‌نجه‌ بده‌ن و ديليان بکه‌ن و بيانسووتێنن و بيانکوژن. ده‌بێت له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌نديی گشتيی کۆمه‌ڵگه‌دا، رێگا نه‌درێت به‌ هيچ شێوه‌يه‌ک ئايين تێکه‌ڵێ سياسه‌ت بکرێت و ده‌بێت ئايين له‌ ده‌سه‌ڵاتی سياسی جيابکرێته‌وه‌ و ئه‌و دوو دامه‌زراوه‌ جياوازه‌ هه‌رگيز تێکه‌ڵی يه‌کتر نه‌کرێن. لێره‌دا پێويسته‌ راستييه‌کی ديکه‌ش باس بکه‌ين که‌ مه‌لا به‌ڕێزه‌کانی جاران، هه‌موويان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که کاروباری ئايينييان به‌ڕێوه‌ده‌برد، له‌ هه‌مانکاتدا کوردايه‌تيشيان ده‌کرد و ئاييندارييه‌‌که‌يان هه‌رگيز رێگری کوردبوون و کوردايه‌تی کردنيان نه‌بووه‌. ئه‌مڕۆش مه‌لای دڵسۆز و نيشتمانپه‌روه‌ر و چاکه‌خوازمان زۆر هه‌ن‌ و نابێت ئه‌م مه‌لا به‌‌ڕێزانه‌ تێکه‌ڵی ئه‌و مه‌لا سياسييانه‌ بکرێن که‌ له‌ کاروباری ئايينيی خۆيان دوورکه‌وتونه‌ته‌وه‌ و ئه‌و گروپه‌ ئيسلامييه‌ سياسييانه‌ به‌‌ مه‌به‌ستی سياسيی و بۆ به‌رژه‌وه‌نديی خۆيان و بۆ خراپکاری و چه‌واشه‌کارى، به‌خراپ به‌کاريان ده‌هێنن. ئه‌مانه‌ ژه‌هری عه‌ره‌بچێتی و عروبه‌ له‌ کوردستاندا بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌نفالچين و ئه‌نفالی فه‌رهه‌نگ و دابونه‌ريتی ره‌سه‌نی کوردی ده‌که‌ن، ناوی کوردی ناهێڵن و بره‌و به‌وه‌ ده‌ده‌ن ناوه‌کان هه‌مووی ئيسلامیی عه‌ره‌بی بێت، جلوبه‌رگی ره‌سه‌نی کورده‌واری ناهێڵن و بره‌و به‌ جبه‌‌ و له‌چک و باڵاپۆشی ناشيرين و ناشارستانيی ميرنشينه‌کانی که‌نداو و عه‌ره‌بستانی سعودی ده‌ده‌ن.

ئه‌گه‌ر ئه‌م ئيسلامييه‌ سياسييانه‌ ده‌سه‌ڵاتی سياسيی بگرنه‌ ده‌ست و ببنه‌ فه‌رمانڕه‌وای کوردستان، کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری ده‌چێته‌ تاريکترين و ترسناکترين و ناخۆشترين بارودۆخی ژيانه‌وه‌. ئه‌وساش هه‌موو کورد و کوردستانييه‌کی پاک و دڵسۆز، هه‌موو ئازاديخواز و پێشکه‌وتنخوازێک، هه‌ر ئه‌و رێگه‌چارانه‌يان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ که‌ يان ده‌بێت کوردستان به‌جێبهێڵن، يان ده‌بێت ملکه‌ج بکه‌ن و به‌ کۆيله‌يی رازيبن، يان ده‌بێت ديسانه‌وه له‌ سفره‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌؟!.
به‌ره‌و جياکردنه‌وه‌ی ئايين له‌ سياسه‌ت و له‌ پارتايه‌تی و له‌ ده‌وڵه‌تداری.
به‌ره‌و سه‌روه‌ريی یاسا و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی.
به‌ره‌و كوردستانێكی ئازاد و يه‌کگرتوو و سه‌ربه‌خۆ.
هه‌ر به‌رز و شه‌كاوه‌ بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.
هاوبيرانی نه‌ته‌وه‌ىی له‌ باشووری کوردستان
١٧/٥/٢٠١٣




به‌ختی ڕه‌ش یـا كـۆمه‌ڵی چه‌وت*.. -1-.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

چه‌ند وێستگه‌یه‌كی كورت له‌ ڕۆژگاره‌كانی
دوای كۆربوونه‌وه‌ی (ئاگردان)ێـكی دی

نه‌ژاد عزیز سورمێ
به‌شی یه‌كه‌م

ڕوونـكردنه‌وه‌
ویستم خوێنه‌ر له‌وه‌ باخه‌به‌ر بكه‌م كه‌ ئه‌م نووسینه‌ نه‌ بیره‌وه‌ریه‌ و نه‌ یادداشتنامه‌،
به‌و مانایه‌ی‌ ده‌خوازێ له‌م دوو ژانره‌دا هه‌بن ..
ته‌نیا نووسینێكه‌ به‌ داوا و جه‌ختی چه‌ند جاره‌ی هه‌ر دوو دۆستم (نیعمه‌ت عه‌بدوڵا و تاریق جامباز)وه‌ ‌ بۆ پرۆژه‌یه‌ك نووسراوه تایبه‌ت به‌‌ تۆماركردن و دیكۆمێنتـكردنی نه‌فیكراوانی كوردستان دوای نسكۆی ساڵی 1975 كه‌ له‌ دووتوێی كتێبێـكدا به‌م دواییه‌ به‌شی یه‌كه‌مییان لێ بڵاو كرده‌وه‌. هیوادارم له‌م قاوخه‌دا بخوێنرێته‌وه‌.

له‌باره‌ی تایتڵی سه‌ره‌كی نووسینه‌كه‌یشه‌وه‌(به‌ختی ڕه‌ش یا كۆمه‌ڵی چه‌وت)
وه‌ك له‌ په‌راوێزیشدا ئاماژه‌ی پێدراوه‌، ئه‌وه‌ ناوونیشانی یادداشتنامه‌ی
باوكم بووكه‌ نزیكه‌ی 900 و قسوور لاپه‌ڕه‌ی فۆڵسكابی ده‌ستنووس ده‌بوو
به‌ داخه‌وه‌ به‌ هۆی بۆمبابارانی خانوو و ماڵمان(ناوه‌ڕاستی ساڵی 1974 )
به‌ فڕۆكه‌كانی سوپای عیراق له‌ گه‌ڵاڵه‌ تیاچوو .
ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی ‌كه‌ سه‌ركردایه‌تی (شۆڕش)ی لێ بوو كه‌ زێدی خۆشمه‌ له‌ چاو ده‌شتی هه‌ولێرێ به‌هاری دره‌نگ ده‌گاتێ .
ئه‌و ده‌مه‌ی له‌ نه‌زانی و به‌دبه‌ختی خۆمان بێ یا گه‌له‌كۆمه‌كی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانی هێزه‌ ئێقلیمی و جیهانگیره‌كانه‌وه‌ ، ڕێككه‌وتنی (جه‌زاییر)ی لێ كه‌وته‌وه‌ كه‌ به‌ ڕێككه‌وتنی دوو نه‌یاری مێژوویی و دوو دۆستی مێژوویی دژ به‌ كورد ( عێراق – ئێران ) ی له‌ 6 ی ئاداری جه‌زاییری 1975 ناسراوه‌.
ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ له‌ پاشاندا مه‌ینه‌تی و ماڵوێرانی و خانه‌گه‌ردانییه‌كی وای به‌ دوای خۆیدا هێنا به‌ كتێبان بگێڕدرێته‌وه‌‌ كه‌ چ كاره‌سات و كوێره‌وه‌ری و ماڵ و گوند و شاروێرانی به‌دوادا هات ئێستایش شوێنه‌واری ڕه‌ش نه‌بووه‌ته‌وه‌ و باوه‌ڕیش ناكه‌م به‌و ساڵ و زه‌مانانه‌ ڕه‌ش ببنه‌وه‌ .
ئه‌وسا من له‌ (ئیستگه‌ی ده‌نگی كوردستان) كارم ده‌كرد ، یه‌كه‌مین په‌یامنێری جه‌نگ بووم سه‌ردانی به‌ره‌ی هێزه‌كانم له‌ زۆربه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌دا له‌ چیاكانی كۆڕه‌ك و هه‌ندرێن و زۆزك و سه‌رتیز و ڕواندز و گه‌لی‌ مێـگر و گه‌لی شێخ سه‌ید و كه‌پكی ئارمووشین و (چنێراوه‌) له‌‌ بناری چیای هه‌ندرێن كه‌ باره‌گای سه‌ره‌كی هێزی لێ بوو هه‌میشه‌ ڕۆژانه‌ به‌ ژماره‌یه‌ك ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌نووسی تۆماركراوه‌وه‌ ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ ..
ئه‌وان ڕۆژان ئێمه‌مانان به‌ هێزی هیوا و خه‌ونی ئومێدێـكی زۆر له‌ ئاسۆی بیناییمان فراوانتر ،‌ لێبڕاوانه‌ كارمان ده‌كرد ، به‌ دڵێكی ساف و سه‌رگه‌رمییه‌ك قابیل به‌ ته‌مه‌نمان ، ته‌مه‌نی ده‌سپێكی گه‌نجایه‌تی و سه‌ره‌تای هه‌ڕه‌تی به‌جێهێشتنی قۆناخی هه‌رزه‌یی كه‌ له‌ دوایدا ڕۆژگاری نه‌فره‌تی وێنه‌ی ئۆقیانووسێكی‌ بێ بن لێی هه‌ڵلووشین ، نه‌یهێشت وه‌ك ئاده‌مزاد بیبینین و به‌ كامی دڵ هه‌ستی پێ بكه‌ین ، ئێستاش وه‌ختێ له‌ هه‌ڵسووكه‌وتێكی نامۆی له‌ چه‌شنێك‌ هه‌ڵده‌نگوین به‌ جۆرێكی دی لێكده‌درێته‌وه‌ و مۆری دواكه‌وتوویی و نه‌دیدكه‌یمان پێوه‌ ده‌نرێ .
با سه‌رتان نه‌یه‌شێنم .. كه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ ڕوویدا من ته‌نیا بووم ، ماڵه‌وه‌مان له‌ دیوی ئێرانێ له‌ ئوردووگای په‌نابه‌ران بوون ، ماڵ و خانوومان زووتر به‌ بۆردوومانی فڕۆكه‌كانی عیراق وێران ببوو و هیچمان نه‌مابوو ، ( له‌ هه‌مووی سه‌یرتر بۆیان گێڕامه‌وه‌ كه‌ پاش بۆردوومان ئه‌وه‌ی مابوو له‌ پاشماوه‌ی شڕ و شیتاڵی ماڵێمان كه‌س به‌ كه‌س ڕانه‌ده‌گه‌یشت له به‌ تاڵان‌ بردنی !! )
من به‌ خۆم كه‌ له‌ به‌ره‌كانی شه‌ر ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ ، باره‌گایه‌كمان له‌ ده‌وروبه‌ری ده‌ربه‌ندی ڕایه‌تێ (كانیی گۆرینان) له‌ دۆڵێكدا هه‌بوو ، من و حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س و مه‌هدی ئومێد و ڕه‌وانشاد ڕه‌حمان فه‌رهاد كه‌ بێژه‌ری به‌شی ئینگلیزی ئیستگه‌ بوو له‌ خیوه‌تێكدا بووین ، براده‌رانی تریش به‌و لا و به‌م لا ، سه‌ر و خواری ئێمه‌ له‌ خیوه‌تی دیكه‌ ، له‌وانه‌ ڕه‌وانشاد بارزانی مه‌لا خالید بێژه‌ری سه‌ره‌كی هه‌واڵ ، هه‌روه‌ها حافز ئه‌نوه‌ر مایی و ڕه‌وانشاد ده‌نسا هه‌ریری بێژه‌ری به‌شی سریانی و خه‌ڵه‌ف زێباری و زۆربه‌ی بێژه‌ر و هه‌ندێ له‌ نووسه‌رانی به‌شی عه‌ره‌بی و توركمانی و ئینگلیزی له‌وانه‌ دارا سه‌دیق نۆرجان بێژه‌ری به‌توانای عه‌ره‌بی گه‌لێكی دی كه‌ به‌ داخه‌وه‌ هه‌موو ناوه‌كانم له‌بیر نه‌ماون‌ ، جاروباریش له‌ بنكه‌ی ئیستگه‌ له‌ مه‌میخه‌لان كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ته‌كنیكی و ئه‌ندازیاره‌كانی لێ بوون له‌پێش هه‌مووانه‌وه‌ شه‌هید عبدولخالق مه‌عرووف ، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌میندارییه‌تی گشتیی ڕاگه‌یاندن كه‌ له‌ گردمه‌یدان (ئازادی)ی به‌رامبه‌ر گوندی زینوێی شێخی لای له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و ڕه‌وانشاد جه‌لالی میرزا كه‌ریم و فه‌رهاد (ئه‌نوه‌ر) شاكه‌لی و سه‌لاح شوان و ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د و ڕه‌وانشاد عومه‌ر عه‌لی ئه‌مین و خاتوو گه‌زیزه‌ی كچی كه‌ به‌رنامه‌ی له‌ ئیستگه‌ هه‌بوو ڕێكده‌كه‌وت ده‌مامه‌وه‌..
دوای ڕێككه‌وتنی 6 ی ئادار له‌ جه‌زاییر ڕاسته‌وخۆ ده‌مانبینی ، به‌به‌ر چاوی ئێمه‌وه‌ چی چه‌كی قورسی وه‌ك تۆپ و دژه‌ فڕۆكه‌ به‌ره‌و ئێران ده‌كشانه‌وه‌ .
سه‌ره‌تا هه‌وڵێك به‌و ڕووكاره‌ هه‌بوو له‌ شێوه‌ی سه‌رپشككردن بۆ به‌رده‌وامی دان به‌ شۆڕش ، پاشان ده‌ركه‌وت پیلانه‌كه‌ له‌وه‌ زۆر گه‌وره‌تره‌ بیرمان لێ ده‌كرده‌وه..
‌ئه‌وه‌ بوو هه‌ر له‌ دوادواكانی ناوه‌ڕاستی مانگی ئادار ورده‌ ورده‌ له‌ پێشدا خه‌ڵكی مه‌ده‌نی پاشان پێشمه‌رگه‌ ڕوویان له‌ سنوور كرد ، هه‌ر چه‌نده‌ له‌ هه‌ندێ به‌ره‌ شه‌ڕێكی مه‌ردانه‌ كرا و عیراق ئه‌وسا به‌ بۆمبای فسفۆر لێی دابوون تا به‌ پێشمه‌رگه‌ ڕاده‌گا زۆر له‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نیشی شه‌هید و بریندار كردبوو ، كه‌ هه‌ندێ له‌ برینداره‌كان هێنرابوونه‌ نه‌خۆشخانه‌ی خانێ ، من دوایی كه‌ په‌ڕیمه‌وه‌ ئه‌و دیو له‌ سۆراخی براده‌رێكمدا چوومه‌ نه‌خۆشخانه‌ هه‌ندێ له‌و بریندارانه‌م بینی زۆربه‌یان به‌ فسفۆر سووتابوون ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و براده‌ره‌ی من ( م . سه‌ردار ) كه‌ پێشتر وتیان برینداره‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ شه‌هید ببوو .
به‌ینی 18-20 مانگ بوو، به‌خۆ و خه‌می هه‌موو دونیا (ئاوه‌هام خۆ ده‌هاته‌ به‌رچاو) وه‌كو ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌پیاده‌ ڕێم گرته‌به‌ر به‌ره‌و سنووری ئێران.
ڕێگه‌ی هاملتۆن جاده‌یه‌كی به‌رین و ڕاستان نه‌بوو ئه‌وسا ( ئێستاش شێوه‌ی جارانی ون نه‌كردووه‌) ئه‌و هه‌رای ڕاكه‌ ڕاكه‌ و دۆخی بێئومێدبوونه‌ش ته‌واوی خه‌لكی له‌لایه‌ك سه‌رسڕما و له‌لایه‌كی دی سه‌رلێشواو كردبوو .. نه‌یانده‌زانی چی بكه‌ن و به‌ری خۆیان له‌كوێ بكه‌ن..
پرسیار ده‌هاته‌ به‌رابه‌ر پرسیار، وه‌ڵامیش هه‌ر پرسیار بوو… (بۆ؟)
زۆر له‌وانه‌ی چه‌كیان پێ بوو هه‌ڵیان ده‌دایه‌ ڕووباری شێخی (ئێمه‌ به‌و ڕووباره‌ی هاوته‌ریبی ڕێی هاملتۆن ده‌ڵێین – ڕووباری شێخی-)، هه‌رچه‌نده‌ گیرفانپووڵییه‌كی وام پێ نه‌بوو به‌شی حه‌فته‌یه‌كم بكا، به‌ڵام چونكه‌ ته‌نیا بووم له‌زۆربه‌ی ئه‌‌و خه‌ڵكه‌ باشتر بووم ، كه‌ ماڵ و منداڵی وردیان پێ بوو… وه‌ك عاده‌تیش له‌چاوترووكانێكدا ئازووقه‌ نه‌ما ، هه‌ر ماڵێك بوو چه‌رده‌یه‌كی گل ده‌دایه‌وه‌..
بڕۆ … بڕۆ نه‌ژاد، به‌هاره‌ به‌وه‌خت ، ڕاسته‌، به‌ڵام هێشتا سووی ساردی هه‌ر هه‌ستی پێ ده‌كرێ و تا به‌ره‌و ژووریش ده‌بووینه‌وه‌ ساردتر ده‌بوو، من كۆڵه‌پێشتێـكم له‌شێوه‌ی جانتایێكدا پێ بوو، كه‌ هه‌ندێك بجگوڕ و چه‌ند كتێبێك و وه‌رده‌واڵه‌ی وه‌ك تاخمی ڕیش تاشینی تێدا بوو…
بڕۆ .. بڕۆ نه‌ژاد! به‌ڵام بۆ كوێ؟بۆ چاره‌نووسێكی نادیار ، كه‌ به‌ڕاستیش نه‌ماده‌زانی چی ده‌گوزه‌رێ و بۆچی ، هه‌واڵی ناخۆشیش وه‌ك ئاگری ناو پووش وابوو تێكه‌ڵی سترێسی ده‌روونمان ده‌بوو ، هه‌ندێ جار بۆ هه‌ندێك گه‌یشتبووه‌ ڕاده‌ی كۆتایی به‌ژیان هێنان نه‌ك ته‌سلیم بوون به‌قه‌ده‌رێكی نادیار…
له‌ڕێگه‌دا زۆر له‌براده‌ر و ناسیاو و خزمم دیتن ، بێ ئه‌وه‌ی ورته‌یه‌كمان لێوه‌ بێ، ته‌نیا سه‌یرێكی یه‌كمان ده‌كرد و حه‌په‌ساو لێك تێده‌په‌ڕین.. هه‌ر له‌ڕێگادا ، له‌هه‌ندێ شوێن خه‌ڵكانێكم ده‌بینی ، له‌په‌نا به‌ردێك ، له‌جاده‌ لایان داوه‌ ئاگریان كردووه‌ته‌وه‌ تا گه‌یشتمه‌ سنوور، له‌چوار پێنج جێی ئاوا لام دا به‌بۆنه‌ی ده‌ست و قاچ گه‌رم كردنه‌وه‌ ، هه‌رواش بوو به‌ڕاستی ده‌ست و قاچم سڕ ببوون ، به‌ڵام من ئه‌وسا تازه‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌یم به‌ته‌واوی تێنه‌په‌ڕاندبوو، زیاتر به‌رگه‌ی سه‌رمام ده‌گرت و به‌پێ ڕۆیشتنی ئه‌و هه‌موو ڕێگایه‌ش، ئه‌گه‌ر ماندووشی كردبم. گوڕی به‌ر قاچ و ده‌ستم دابوو‌..
سه‌یر له‌وه‌دابوو ، ئه‌و خه‌ڵك‌ و خوایه‌ش ، هه‌ندێكیان به‌ماڵ و خێزان بوون ، كه‌ ده‌‌چوومه‌ لایان ، قسه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌ده‌كرد ، له‌وه‌ی به‌ده‌ر هه‌ندێكیان ، هه‌موویان نا ، چایه‌كیان له‌قۆغه‌یه‌كی فافۆن یان په‌رداخێك بێده‌نگ له‌پێش داده‌نام. بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك بكه‌ن ، به‌ڵام هه‌زاران پرسیارم له‌چاویاندا ده‌خوێنده‌وه ‌، بۆ وای لێهات ئه‌وه‌ چ قه‌ده‌رێكی شووم بوو ، بۆچی كه‌س ته‌نیا ورته‌یه‌كیشی له‌سه‌ر ئێمه‌ لێوه‌ نایێ ، كورد بۆچی به‌ درێژایی مێژوو ئه‌ونده‌ مه‌زڵووم و خۆشباوه‌ڕ و ساویلكه‌یه‌ و چ نه‌زانه‌ باوه‌ڕ به‌ دژمنانی ده‌كا و …تاد ..؟
سه‌رتان نه‌یه‌شێنم هه‌رچی چۆنێكه‌ پێش خۆر ئاوابوون گه‌یشتمه‌ حاجی ئۆمه‌ران.
‌ ئه‌و ده‌مه‌ی باسی ده‌كه‌م حاجی ئۆمه‌ران جمه‌ی ده‌هات له‌خه‌ڵك و پێشمه‌رگه ‌، كه‌ زۆریان چه‌كداریش بوون.
لاونیو پرسیارم ده‌كرد ، چی بكه‌ین؟ هه‌مدیس وه‌ڵامم به‌پرسیاری تر وه‌رده‌گرته‌وه‌.. جێگا و شوێنێكی دیاریكراو نه‌بوو شه‌وی تێدا به‌ڕێ بكه‌ین ، هه‌رچه‌نده‌ من وه‌ك خۆم زۆر دۆست و ناسیاوی نزیكیشم له خه‌ڵكی ‌حاجی ئۆمه‌ران هه‌بوو ، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ به‌جۆرێك شێواو بوو له‌ئاپۆڕه‌ و قه‌ره‌باڵغی و كه‌س به‌كه‌س نه‌بووی ئه‌و ساته‌ حاجی ئۆمه‌رانم لێ ببووه‌ به‌غدا كه‌سم نه‌دۆزیه‌وه‌ ناچار هه‌ر وا له‌په‌نا و په‌سیوان ، هه‌بوو له‌بن سوانده‌ی ماڵان ، له‌سه‌ر بانان ، كه‌ زۆر ساردیش بوو و حه‌وانه‌وه‌ی تێدا ئه‌سته‌م بوو ، شه‌ومان به‌كوتكه‌خه‌و یان به‌بێداری یا به‌دواداچوونی هه‌واڵان به‌ڕێ كرد.
له‌گه‌ڵ كازیوه‌ و ورده‌ ورده‌ لێچوونه‌وه‌ی ڕه‌شایی شه‌و خه‌ڵك تێكڕا خۆیان ته‌یاركردبوو به‌ره‌و گوندی (شیوه‌ڕه‌ش) دوا گوندی سنووری عێراق و پاشان سنوور به‌ ئیستڵاحی ئێرانیان مه‌رزی ئێرانێ.
له‌و لاشه‌وه‌ هه‌واڵه‌كان و پێوه‌نانی هه‌ندێكیش وه‌ك عاده‌تی هه‌رده‌می كۆمه‌ڵگه‌ی دواكه‌وتوو ‌ له‌باره‌ی پێشڕه‌وی هێزه‌كانی سوپا و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی عیڕاق دونیای لێ كردبووینه‌ چه‌رمی كێژووله‌ (چۆله‌كه‌).
ڕێچكه‌ به‌ستنی ئه‌و حه‌شاماته‌ ‌ له‌گه‌ڵ به‌یانی دا تا ده‌هات زیاتر ده‌بوو… له‌ناو ئاپۆڕای ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ و فشاری به‌رپرسانی سنووری ئێران له‌پاڵنان و پشكـنین و چه‌ككردنی ئه‌وانه‌ی چه‌كیان پێ بوو (من به‌ خۆم تفه‌نگه‌كه‌م له‌گه‌ڵاڵه‌ به‌ته‌مای خزمێك به‌جێهێشت ، ده‌مانچه‌یه‌كم هه‌بوو پێشتر باوكم به‌دیاری بۆی هاتبوو دابووی به‌من، دڵم نه‌ده‌هات بیده‌م به‌كه‌س به‌ئاگاداری باپیرم له‌‌ له‌ده‌وروبه‌ری زه‌وییه‌ك ئێمه‌ پێمان ده‌گوت زه‌وی(دۆڵاوه‌ گه‌رمێ) له‌بن پارده‌یه‌ك شارده‌‌وه‌ به‌هیوای ئه‌وه‌ی وه‌ختێـك دێ ده‌ریده‌هێنمه‌وه ‌، دیاره‌ ئه‌و وه‌خته‌ ئێستاش نه‌هات .. واته‌ من له‌كۆڵه‌ پشتێكی سووك زیاترم پێ نه‌بوو، كه‌ سێ چوار كتێب و هه‌ندێ گه‌لوپه‌لی پێویستی ڕۆژانه‌ و چه‌رده‌یه‌كی كه‌م له‌نان و خواردنی قووتووكراو، كه‌ هه‌میشه‌ پێم ده‌بوو به‌تایبه‌تی، كه‌ بۆ ڕووماڵی هه‌واڵ و ڕاپۆرت بۆ ئیستگه‌ی ده‌نگی كوردستان سه‌ردانی به‌ره‌كانی شه‌ڕم ده‌كرد ، به‌ڵام كێشه‌ له‌وه‌دابوو له‌ناو ئه‌و ئاپۆڕایه‌ و ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆیه‌ ئاسان نه‌بوو بگه‌یته‌ لای كابرای مه‌رز ، به‌هه‌ر حاڵ من له‌گه‌ڵ كازیوه‌دا وه‌ڕێ كه‌وتبووم، ئینجا به‌هه‌زار حاڵ پێش داخستنی مه‌رز ، كه‌ له‌گه‌ڵ بوولێڵدا داده‌خرا په‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌و دیو.. له‌وبه‌ر به‌ده‌یان ئۆتۆمبێل و پاس وه‌ستابوون نه‌فه‌ریان ده‌بردنه‌ خانێ (پیرانشه‌هر)، جێی خۆم له‌پاسێكدا كرده‌وه ‌، هه‌رزانتر بوو، ڕاستی من پاره‌یه‌كی له‌و ڕه‌نگه‌م پێ نه‌بوو ، پێشمه‌رگه‌ ئه‌وسا مووچه‌ ، وه‌ك مووچه‌ی نه‌بوو ، ناوه‌ ناوه‌ گیرفانپووڵییه‌كیان به‌ناوی (یارمه‌تی) ده‌داینێ ، من مانگانه‌ چوار دینارم وه‌رده‌گرت ، به‌حیساب په‌یامنێری جه‌نگ بووم و هاتووچووم زۆر بوو ، جاروبار ڕه‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسی بیانیش ده‌كه‌وتم ، ئه‌گه‌ر تاك و ته‌را هاتبان و بیانویستبایه‌ بچنه‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ ، ناڵێم چوار دینار كه‌م بوو ، به‌ڵام بۆ گه‌نجێكی تازه‌ وێڕاگه‌یشتووی وه‌ك من به‌حاڵ ده‌یگه‌یاندمه‌وه‌ یارمه‌تییه‌كی دی، به‌تایبه‌تی زۆربه‌ی جاران نان و خواردنم یا له‌باره‌گاكانی پێشمه‌رگه‌ ده‌بوو ، یان له‌باره‌گای ئیستگه‌ به‌تایبه‌تیش له‌باره‌گای هه‌میشه‌یی خۆمان ، تیمی كارمه‌ندانی ئیستگه‌ له‌ (كانی گۆڕینان) نزیك ده‌ربه‌ندی ڕایاتێ كه‌ له‌پێشدا باسم كرد…
به‌ینی سنووری ئێراق-ئێران دانراوه‌ (كه‌ له‌ڕاستیدا نه‌ عێراقه‌ و نه‌ ئێران).
تا خانێ كه‌ ئه‌وسا ئه‌گه‌ر له‌بیرم نه‌چووبێ ( ناحییه‌) بوو ، نه‌ده‌گه‌یشته‌ سه‌عاتێك، به‌ڵام به‌هۆی ئاپۆڕای په‌نابه‌ران كه‌ هه‌موو به‌پێ ڕێیان گرتبوو و ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئۆتۆمبێل و پاسان ، ده‌تگوت له‌سه‌ر هێلكان ده‌ڕۆین به نزیكه‌ی ‌چوار سه‌عات زیاتریش گه‌یشتینه‌ شاری خانێ ، خه‌ڵكی خانێ ده‌تگوت خۆڵ و دۆیان به‌سه‌ردا كراوه‌ ، ماته‌مینیێـكی ڕانه‌گه‌ینراو له‌چاوی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتێشدا ده‌خوێندرایه‌وه‌.
ماڵی ئێمه‌ له ئۆردوگای ئاواران له‌شنۆیێ (نه‌لێوان)ێ بوو، شه‌ویش بوو به‌و حاڵ و وه‌زعه و دڵشكان‌ و نیگه‌رانی و خه‌م و بێهیوایی و چاره‌نووسی نادیار وه‌كو ماری ئه‌فسانان له‌زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆرمان ئاڵا بوو نه‌ پێوه‌ی ده‌داین نه‌ به‌ریشی ده‌داین ، كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر پێوه‌ی بدابوواین زۆرمانی ئاسووده‌ ده‌كرد.
ماڵی خاڵێكم له‌خانێ بوو، ئه‌و شه‌وه‌م له‌وێ به‌ڕێكرد ، به‌ڵام چ به‌ڕێكردنێـك، به‌چه‌ندان كابووسی تۆقێنه‌ر.
خانێ به‌ئاپۆڕای په‌نابه‌رانی كوردی گه‌رمێنێ(كوردی باشوور) چواربه‌رابه‌ری خۆی خه‌ڵكی تێ ڕژابوو و به‌رده‌وامیش بوو.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌وێ میواندۆست و میهره‌بان بوون یارمه‌تیان ده‌داین ، ئێ دیسان هه‌ندێ له‌ئاواره‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ماڵ و حاڵیان نه‌بوو یان ئه‌گه‌ر هه‌یشیان بووبێ له‌ئۆردووگا دووره‌ ده‌سته‌كان بوون كارێكی ئاسان نه‌بوو له‌و كاته‌دا جێیان ده‌سكه‌وێ ..
بۆ ڕۆژی دوایی هه‌رچی چۆنێك بوو خۆم گه‌یانده‌ ئۆردووگای نه‌لیوان له‌شنۆیێ ، به‌ڵام گوتیان گواستراونه‌ته‌وه‌ ئۆردووگای(ڕه‌به‌ت) نزیك شاری سه‌رده‌شتێ ، گه‌یشتمه‌ ئه‌وێ ، ئۆردووگایش له‌خانێ پشێوتر و قه‌ره‌باڵغتر بوو، به‌حاڵ ماڵی خۆمانم دۆزیه‌وه ‌، دایكم كه‌ منی بینی یه‌كسه‌ر دایه‌ پڕمه‌ی گریان ، ئیدی نازانم له‌خۆشی ئه‌وه‌ بوو جارێكی دی منی بینیوه‌ته‌وه ‌، كه‌ ئه‌وسا پاگه‌نده‌ و ده‌مگۆی هه‌مه‌جۆر كرابوو ، له‌بۆردوومانی باڵه‌فڕه‌كانی حكوومه‌تی به‌غدا كوژران و بریندار بوونی خه‌ڵكێكی زۆر به‌تایبه‌تی له‌ئیستگه‌ی ده‌نگی كوردستان ، یاخود بۆ حاڵی خۆمان بوو، كه‌ ماڵ و خانوومان له‌گه‌لاڵه‌ به‌بۆردوومانی فڕۆكه‌ ته‌خت بوو بوو …( دایكم تا وه‌فاتی كرد چه‌ندین جار ماڵی وێران بووه‌ دواجاری له‌شه‌ڕی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووی برایان بوو )
له‌و ئان و ساته‌دا حكوومه‌تی به‌غدا عه‌فووی دا له‌پاڵیشیدا چه‌ندان وه‌فدی حكوومه‌ت سه‌ردانی ئۆردووگای په‌نابه‌رانیان ده‌كرد و هانیان ده‌داین بۆ گه‌ڕانه‌وه ‌، ئیتر به‌كورتی چه‌ند ڕۆژێكی نه‌برد چ به‌هۆی فشاری به‌ردوامی ئێران بێ یاخود نیازی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك ئۆردووگاكان به‌ره‌به‌ره‌ چۆل ده‌بوون ، كۆچی پێچه‌وانه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دیوی عێراقێ ده‌ستی پێكرد ..
ڕاستی من بڕیاری خۆمم دابوو ، ‌ نه‌گه‌ڕێمه‌وه ‌، به‌و جۆره‌ ئه‌وان به‌ره‌و گه‌ڵاڵه‌، منیش دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌براده‌رانی هاوپۆلم دۆزینه‌وه‌ پاش مانه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌ شنۆ و نه‌غه‌ده‌ و خانێ و مهاباد، چوومه‌ ئۆردووگای (زێوێ) له‌ده‌ڤه‌ری مه‌رگه‌وه‌ڕ، له‌وێ به‌حیساب به‌پێی پرۆگرامی په‌روه‌رده‌یی عێراق ده‌خوێندرا قوتابخانه‌مان بۆ كرایه‌وه‌، ( دواناوه‌ندی زمناكۆ) من ئه‌وسا له‌پۆلی پێنجی ئاماده‌یی ده‌ستم به‌خوێندن كرده‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌هاوپۆلانی دواناوه‌ندی گه‌ڵاڵه‌یشم له‌وێدا بینینه‌وه ‌، به‌ڵام داخه‌كه‌م ئێران ئه‌و قوتابخانه‌شی پاش چه‌ند مانگێك داخست ، قبووڵی نه‌بوو به‌پرۆگرام و به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌یی له ‌عێراق په‌یڕه‌و ده‌كرا به‌رده‌وام بێ.
( له‌ لایه‌كی دی هه‌ر له‌و كاودانه‌دا كه‌ نه‌مانده‌زانی چاره‌نووسمان به‌ چی ده‌گا ، بێده‌ستی خۆم به‌داوی خۆشه‌ویستییه‌كه‌وه‌ بووم ، یه‌كه‌مین خۆشه‌ویستی .. كاژێك له‌ كاژه‌ به‌ژن بڵنده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات..
به‌ داخه‌وه‌ دوای گواستنه‌وه‌مان به‌ زۆری بۆ شارێـكی دووره‌ده‌ستی باكووری ئێران لێی دابڕام ، هه‌ر ئه‌و دابڕانه‌ بوو تا ئه‌مڕۆ ، به‌م جۆره‌ ئه‌و زامه‌یش هاته‌ پاڵ زامه‌كانی دی ئه‌وسا و ئێستا .. ڕاستیی ئه‌و داوه‌‌ له‌ خۆیدا چیرۆكێكه‌ كه‌ پێم وا نییه‌ ئێره‌ جێی گێڕانه‌وه‌ی بێ ..)
پاشان من گه‌ڕامه‌وه‌ شاری مهاباد له‌وێ هه‌ندێ له‌براده‌ر و ناسیاوه‌كانی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسم بینینه‌وه‌، له‌وانه‌ ڕه‌وانشاد جه‌لالی میرزا كه‌ریم ، سه‌ڵاح شوان ، هه‌روه‌ها مامۆستا ئه‌حمه‌د هه‌ردی و ژماره‌یه‌كی دی…
كه‌س له‌كه‌سی نه‌ده‌پرسیه‌وه‌ ڕۆژگارێك بوو وه‌ك چوو نه‌یه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دی هاته‌وه ‌، وه‌ك بڵێی ئه‌مه‌ قه‌ده‌ری كورد بێ ، به‌دبه‌ختی بیداته‌ ده‌ست به‌دبه‌ختیه‌وه‌… ئه‌مه‌شم به‌و بۆنه‌یه‌وه‌یه‌ ده‌گێڕمه‌وه‌ ئێمه‌ ناوه‌ ناوه‌ سه‌ردانی نه‌غه‌ده‌مان ده‌كرد كه‌ له‌و كاتیدا تاڕاده‌یه‌ك هه‌موو سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی لێ گیرسابوونه‌وه‌.
له‌یه‌كێك له‌و سه‌فه‌رانه ‌، له‌گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ مهاباد به‌ پاسێكی 18نه‌فه‌ری له‌ڕێگادا وه‌رگه‌ڕا ، هه‌ندێ سه‌رنشینی تێدا بریندار بوون ، یه‌كێكیان من بووم كه‌ پیلم شكا ، پاش ئه‌وه‌ی له‌هۆشی خۆم چوو بووم كه‌ به‌خه‌به‌رهاتم وا دیار بوو نه‌شته‌رگه‌ریان بۆ كردبووم ، خۆم بینی به‌ته‌نیا له‌سووچێك له‌سه‌ر قه‌له‌وێره‌یه‌كی سه‌فه‌ری له‌نه‌خۆشخانه‌ی مهابادێ فڕێ دراوم ، هه‌رچی چۆنێك بوو ئێستاش بیرم نه‌ماوه‌ چۆن كاك جه‌لالی میرزا كه‌ریم زانیبووی له‌نه‌خۆشخانه‌ هاته‌ لام ، من ئه‌وسا به‌قه‌رزی كه‌ی خوا ده‌روویه‌كی كرده‌وه‌ له‌ ئوتێلی (پارس) ده‌نووستم، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش نانم له‌ چێشتخانه‌ی (پارس) كه‌ به‌ته‌ك ئۆتێلكه‌وه‌ بوو ده‌خوارد…
(هه‌رگیز له‌بیرم ناچێ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی قه‌رزێكی زۆرم له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌ ببوو ، كابرای شاگردی چێشتخانه‌ له‌ ئوتێل ، كه به‌‌ پاڵ چێشتخانه‌وه‌ بوو هاته‌ لام و وتی: ئاغا خوایشت ده‌كه‌م به‌ڵام ئاغام ده‌ڵێ ناتوانین چیدی به‌ قه‌رز بده‌ین ، منیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م پێ گوترا به‌و مانایه‌ پێم وت با ئاغات خاترجه‌م بێ پاره‌كه‌ی ناخورێ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌م زووانه‌ به‌خۆم بۆی دێنم )
ئه‌و شان شكانه‌ی من لێم بوو به‌به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ هه‌موو ئاماژه‌ پزیشكییه‌كان وایان ده‌رده‌خست سه‌قه‌ت ده‌بم ، وا دیار بوو نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌یان هه‌روایی بۆ كردبووم، به‌ قه‌رز بێ یا به‌ یارمه‌تی هه‌ندێ له‌ خزم و دۆستان زۆر دكتۆرم له‌نه‌غه‌ده‌ و مهاباد و ورمێ و ته‌ورێزێ كرد بێ سوود بوو ، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌گه‌ڵ مامۆستا ئه‌حمه‌د هه‌ردی و كاك جه‌لالی میزرا كه‌ریم له‌چێشتخانه‌ی پارس له‌ مهاباد دانیشتبووین پیاوێك هاته‌ لامان ، كه‌ پێیان ناساندم ده‌رچوو مامۆستا نه‌جمه‌دینی ئه‌نیسی بوو به‌ڕێوه‌به‌ری ئیستگه‌ی ڕادیۆی مهاباد، كه‌ سه‌ربرده‌ی پیل شكاندنه‌كه‌ی من هاته‌وه‌ گۆڕێ وتی ئه‌گه‌ر فڵان (واته‌ من) ڕازی بێ چاكی ده‌كه‌مه‌وه ‌، به‌هه‌ر حاڵ منی برده‌ گوندێكی نزیك مهاباد(شۆڕاوا) بۆ ماڵی به‌یتارێكی میللی به‌ناوی (عه‌لی شۆڕاوایی)، ئه‌و پیاوه‌ زۆری ئه‌زیه‌ت دام تا ڕاده‌یی له‌هۆش چوون ، به‌ڵام چاكی كردمه‌وه‌…
دوای ماوه‌یه‌ك خولێكی تایبه‌تی بۆ قوتابییه‌ ئاواره‌كان بۆ فێربوونی زمانی فارسی كرایه‌وه‌ ، به‌و هیوایه‌ی ساڵی دادێ له‌قوتابخانه‌كانی ئێران درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن.، (كه‌ خۆشم یه‌كێك بووم له‌و قوتابیانه‌).
تازه‌ ده‌وره‌كه‌مان ته‌واو كردبوو ژماره‌یه‌ك ناو به‌هۆی دیواری مزگه‌وت و سینه‌ما و شوێنه‌ گشتییه‌كان ڕاگه‌یێنرا ، ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوانه‌ له‌ماوه‌ی 48 سه‌عات خۆیان به‌ پۆلیس و كه‌لانته‌ری به‌قه‌ولی ئه‌وان مه‌عره‌فی نه‌كه‌ن ته‌سلیمی عێراقێ ده‌كرێنه‌وه‌، ناوی من یه‌كێك بوو له‌و ناوانه ‌، به‌كورتی دوای ئه‌وه‌ی خۆمان ناساند له‌ترسی ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی عێراقمان نه‌كه‌نه‌وه ‌، ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك بووین چووین خۆمان ناساند و كاتێكی دیاریكراویان بۆ داناین كه‌ نه‌ده‌گه‌یشته‌‌ هه‌فته‌یه‌ك، ئێمه‌یان له‌گه‌راجێكی شاری نه‌غه‌ده‌ كۆكرده‌وه‌ و سواری پاسیان كردین(پاسی هه‌ژده‌ نه‌فه‌ری) هه‌ر پاسه‌ و به‌ ئاراسته‌یه‌ك و كه‌سیش نه‌یده‌زانی بۆ كوێمان ده‌به‌ن و چیمان لێ ده‌كه‌ن ، هه‌ر له‌گه‌راج هه‌ر یه‌كه‌و هه‌زار تمه‌نیان پێ داین ، كه‌ ئه‌وسا ده‌یكرده‌ په‌نجا دیناری عێراقی.
پاسه‌كه‌ی ئێمه‌ ڕێگه‌ی ورمێی گرته‌به‌ر ، ئه‌وسا به‌ (ورمێ)یان ده‌گوت (ڕه‌زاییه‌)، ئێمه‌ ده‌وری سه‌عات 10ی به‌یانی به‌ڕێ كه‌وتین ، هه‌ر له‌ڕێگا شه‌ومان به‌سه‌رداهات، به ‌ته‌ورێز و ئه‌رده‌بیل و چه‌ندان شار و شارۆچكه‌دا تێپه‌ڕێن تا دره‌نگانی شه‌و گه‌یشتینه‌ شاری (ڕه‌شت) ،‌ دوایی زانیمان له‌شاری (ڕه‌شت)ین ، ئێمه‌یان له‌نزیك كارگه‌یه‌ك دانا له‌شوێنێك نزیكی ڕه‌شت ناوی (سوومعه‌ سه‌را) بوو.
له‌وێدا هه‌ر دوو سێ ڕۆژ ماینه‌وه‌ و پێیان وتین ده‌توانن بچنه‌ شار و له‌وێ له‌ ئوتێل بن ، ئێمه‌ چوار پێنج كه‌س بووین ، ئه‌وه‌ی به‌بیرم مابێ خۆم و ملازم شوان ، كه‌ دوایی به‌ملازم شوانی پاسۆك ناسرا ، هه‌روه‌ها خوالێخۆشبووان د.سه‌عه‌دی غه‌ریب، ‌ ڕاگری كۆلیژی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی و مارف ژاژڵه‌یی چووینه‌ ئوتێلێك ناوی (بین المللی) بوو ( ئوتێلێكی بێ پله‌ و پایه‌ بوو ناوه‌كه‌ی لێ خه‌سار بوو) ، دیاره‌ كه‌ خه‌رجی ئوتێل و خواردن له‌سه‌ر حسابی خۆمان بوو ، ئێمه‌ش ئه‌وانه‌ی كه‌ ناومان هێنان پێكه‌وه‌ بووین ، به‌تایبه‌تی من پاره‌یه‌كی ئه‌وتۆم نه‌بوو ، زۆر جار براده‌ران هه‌قی خواردنێكی هاكه‌زاییان بۆ ده‌دام .
شاری (ڕه‌شت) شارێكی جوان و خۆش و شارستانی بوو و له‌به‌نده‌ری په‌هله‌وی ئه‌وسا (ئه‌نزه‌لی ئێستا)نزیك بوو ، كه‌ به‌تایبه‌تی كه‌شتی سۆڤیه‌تی ئه‌وسا له‌نگه‌ریان لێ ده‌گرت.
برنجێكی ده‌رجه‌ یه‌كیان له‌ته‌واوی ئێرانێدا هه‌بوو ، ده‌ڤه‌رێك بوو‌ به‌برنج به‌ناوبانگ بوو ، هه‌میشه‌ بارانێكی نه‌رمی هه‌بوو ، به‌ڵام به‌ ئێمه‌ چی كه‌ شه‌شده‌رمان لێ گیرا بوو و نه‌ خه‌رجیمان هه‌بوو نه‌ كه‌س خۆی لێ ده‌كردین به‌ ساحێب و لای لێ ده‌كردینه‌وه‌ …
ده‌زگایه‌ك سه‌روكاری په‌نابه‌رانی له‌ده‌ستدا بوو ، هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌بیانوویه‌ك خۆیان لێ ده‌دزینه‌وه‌ و هیچیان بۆ نه‌ده‌كردین ته‌نیا قه‌ولیان پێ ده‌داین و به‌قسان ڕایانگرتبووین و كه‌سیش كارێكی پێ نه‌ده‌داین ، ڕێككه‌وتنی جه‌زاییر له‌گه‌رمیدا بوو، ئێران نه‌یده‌ویست عێراق وا تێ بگا هانی په‌نابه‌ران ده‌دا نه‌چنه‌وه ‌، ئه‌وه‌ مایه‌وه‌ تا وای لێهات زۆری نه‌ما بوو بگه‌ینه‌ قۆناخی سواڵی سه‌رجاده ‌، له‌هه‌مووشی وێرانتر پاره‌ی ئوتێلمان زۆر هاتبووه‌ سه‌ر… به‌و جۆره‌ ئێمه ‌، من و ملازم شوان و خوالێخۆشبووان د.سه‌عدی غه‌ریب و مارف ژاژڵه‌یی به‌ناچاری بڕیاری هاتنه‌وه‌مان دا ته‌نانه‌ت من كه‌ پاره‌ی ئوتێلم نه‌بوو ، جانتاكه‌م به‌پشتێنێ له‌باڵه‌كۆنه‌كه‌وه‌ شۆڕ كرده‌وه‌ خوارێ ده‌نا كابرای خاوه‌نی ئوتێل ڕه‌نگ بوو به‌گرتنی بدا بووام ..
به‌هه‌ر حاڵ پێش ئه‌وه‌ی بێینه‌وه‌ ده‌رگا نه‌ما لێی نه‌ده‌ین ، من كه‌ هیچ وه‌رقه‌یه‌كم نه‌بوو دوو جار به‌دزی چوومه‌ تارانێ ، سه‌فاره‌ت نه‌ما ئه‌وه‌ی ده‌ستم پێ ڕاگه‌یشتبێ نه‌چم بێ سوود بوو ، كه‌س پاره‌ی به‌قه‌رزیش پێ نه‌ده‌داین ، ده‌نا هه‌ر له‌هه‌مان ئوتێل خه‌ڵك و خوایه‌كی لێ بوو هه‌بوون بوون ، وه‌كو ئێمه‌ش ئاواره‌ بوون ، (مه‌به‌ستم له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هاتبوون)… ئینجا به‌من چی؟
ئیمه‌ هه‌ر چوارمان چووینه‌ شوێنی مه‌به‌ست ، كه‌ وا بزانم ئه‌گه‌ر له‌بیرم بێ باره‌گای (شیر و خورشید) بوو ، كه‌ هه‌ر ئه‌وانیش قه‌ولی زۆریان پێ دابووین و هیچیان جێبه‌جێ نه‌كرد بوو ، وا دیار بوو خه‌ڵكی دیشی لێ بوو ، ناویان نووسین ، دوای چه‌ند سه‌عاتێك چاوه‌روانی ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك سواری پاسێكی (هه‌ژده‌ نه‌فه‌ریان) كردین به‌ره‌و سنوور ، له‌ ڕێگای -كرماشان قه‌سری شیرین-خوسره‌وی خانه‌قییه‌وه‌.
پاس كه‌وته‌ ڕێ ، ئاخر به‌ینی ڕه‌شت و سنووری عێراق به‌و ڕێیه‌دا ماوه‌یه‌كه ‌، له‌ڕێگادا شه‌ومان به‌سه‌ردا هات ، وه‌ك ئێستام له‌بیره‌ كه‌ گه‌یشتینه‌ تاق بۆستان د.سه‌عدی ڕه‌حمه‌تی كه‌ نه‌ختیكی له‌ڕێگادا خواردبووه‌وه‌ ده‌ستی كرد به‌گریان به‌ده‌م ئا‌هه‌وه‌ به‌ ده‌نگێكی به‌رزیش هاواری ده‌كرد ئه‌وه‌ تاق بوستانه‌ ، ئه‌وه‌ كوردستانه ‌، ناوی كوردستانی زۆر دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌ و ده‌گریا ، گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی زۆر له‌ سه‌رنشینانی هه‌ژده‌نه‌فه‌رییه‌كه‌یشی هێنایه‌ گریان …
سه‌عات دوازده‌ و قسوری شه‌و بوو گه‌یشتینه‌ سنوور له‌دیوی ئێرانێ ، خاو و خێزانێكی زۆری لێ بوو ئه‌ودیویش دیار بوو ، ژماره‌یه‌كی زۆری له‌ بارهه‌ڵگره‌ درێژه‌كان (ترێله‌) وه‌ستا بوون ، ئێمه‌ ئه‌و شه‌وه‌ كه‌ ناوه‌ڕاستی پاییز بوو له‌و بیابانه‌ ماینه‌وه‌، ته‌نانه‌ت من چه‌ند كتێبێكم له‌جانتاكه‌مدا بوو ، كه‌ هه‌ر ئه‌و جانتایه‌شم پێ بوو له‌سه‌رمان سووتاندمان ، به‌یانی له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵات سنوور كرایه‌وه‌ ، ڕاستی زۆربه‌مان په‌شیمان بووینه‌وه هه‌رچه‌نده‌ له‌ناچاریش بووبێ ، به‌ڵام كه‌ بینیمان به‌چ ئیهانه‌ و لێخوڕینی ئاژه‌ڵئاسا له‌و دیوو ده‌مان به‌ن بۆ دیوی عێراقێ ، سه‌ربازه‌كان ئه‌و خه‌ڵكه‌یان سواری ترێله‌ ده‌كرد ، وایكرد به‌ ته‌واوی په‌شیمان ببینه‌وه‌ ، هه‌ر چه‌نده‌ له‌ دیوی ئێرانێش به‌وپه‌ڕی ناچاری بڕیاری هاتنه‌وه‌مان دابوو به‌ڵام تازه‌ چارێـكی دیمان له‌به‌ر ده‌م نه‌مابوو و وه‌ك ده‌ڵێن تازه‌ تیر له‌كه‌وانێ ده‌رچوو بوو .. تازه‌ ڕوویشتبوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ی گه‌رانه‌وه‌مان له‌پێشدا نه‌مابوو.
تا په‌ڕینه‌وه‌ دیوی ئه‌و سنووره‌ی كردوویانه‌ به‌سنووری عێراق به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی چه‌ند سه‌عاتێكی دیكه‌ی پێ چوو ، هه‌ر له‌گه‌ڵ په‌ڕینه‌وه‌مان سه‌ربازێكی زۆری لێ بوو، یه‌كسه‌ر سه‌ری ترێڵه‌كانیان ئاواڵاكرد وه‌ك ئاژه‌ڵ سواریان كردین ، به‌په‌ستان له‌دواوه‌ی ترێڵه‌كانیان ده‌په‌ستاین ، ژن و منداڵی ساوا و پیر و گه‌نج ، كه‌ به‌زه‌حمه‌ت جێی دانیشتمان ده‌بووه‌وه‌ ‌، نزیكه‌ی سه‌عات و نیوێك ئاوا ماینه‌وه‌ تا زۆربه‌ی ترێله‌كان پڕ كران ، ئینجا ورده‌ ورده‌ وه‌جووله‌ كه‌وتن ، یه‌كه‌م شار پێیدا ڕۆیشتین خانه‌قی بوو، خه‌ڵكێكی زۆر له‌و به‌ر و ئه‌و به‌ری جاده‌ بوون ، وا دیار بوو حكوومه‌ت هێنابوونی، هه‌ندێكیش ڕه‌نگه‌ به‌عسی بووبن ، په‌لكه‌ شووتیان تێده‌گرتین ، ئێستاش له‌گوێمدا ده‌زرنگێته‌وه ‌، كه‌ به‌ده‌نگی به‌رز له‌گه‌ڵ هاوێشتنی توێكڵه‌ شووتی ده‌یانگوت (حوكمه‌ زاتییه‌كه‌ هاوردتان)، وا دیار بوو ده‌زگا حزبی و ئه‌منییه‌كانی حزبی به‌عس ئاماده‌كاریان بۆ ئه‌وه‌ كردبوو ، ده‌نا ئێمه‌ دوور و نزیك خه‌ڵكمان ده‌دی ده‌م و چاویان وێك هاتبووه‌وه‌ و به‌ خه‌مبارییه‌وه‌ وه‌ستابوون ‌‌‌، وا دیار ‌بوو زۆربه‌یان به‌زۆر هێنرابوون.
ترێله‌كان خۆشبه‌ز نه‌بوون له‌سه‌رخۆ ده‌ڕۆیشتن ، كه‌ نه‌مان ده‌زانی بۆ كوێمان ده‌به‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ به‌حیسابی (عه‌فووی عام) گه‌ڕابووینه‌وه‌ و قه‌ولی ئه‌وه‌یان پێدابووین هه‌ر كه‌س ده‌چێته‌وه‌ شار و شوێنی خۆی ، ‌ پاشان وا ده‌رنه‌چوو….
ئێستا ترێله‌كان به‌خێراییه‌كی مامناوه‌ندی ده‌ڕێیێدان ، ئێمه‌ش جگه‌ له‌تۆز و غوباری ڕێ، نه‌ تیكه‌ نانێك نه‌ قومه‌ ئاوێكیان پێداین.
ترێله‌كان به‌رێوه‌ن .. خانه‌قییمان به‌جێ هێشت تا گه‌یشتینه‌ به‌غدا به‌ژماره‌یه‌ك شار و شارۆچكه‌دا تێپه‌ڕین ، كه‌ گه‌یشتینه‌ به‌غدا ، ده‌مێك بوو شه‌ومان به‌سه‌ردا هاتبوو، دیاره‌ به‌غدا وه‌ك شارێكی دیار و هه‌ڵكه‌وتوو سه‌رده‌مگه‌لێكی به‌خۆیه‌وه‌ بینووه تا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌مڕۆ ‌، نه‌ته‌وه‌ و ڕه‌گه‌زی جیاجیا به‌ درێژایی مێژووی حوكمیان تێدا كردووه‌ ، زۆر جاریش كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر شاڵاوی شه‌ڕ و داگیركاریی و وێران بوون ، ئه‌وه‌تا ئێستاش به‌و ڕه‌نگه‌یه‌ كه‌ عه‌ره‌ب به‌ پایه‌ته‌ختی به‌نازی خۆیانی ده‌زانن ..‌
ئێمه‌ له‌پشتی ترێله‌كان ئاخنرابووین، چه‌ندان سه‌عات بوو بێ نان و ئاو ، به‌رمان به‌جوانی و ڕووناكی شه‌قامه‌كانی به‌غداوه‌ نه‌بوو ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕه‌ونه‌قی ساختمان و شه‌قامه‌كان ، سه‌ره‌ڕایی برسیه‌تی و تینوویه‌تی و ژاوه‌ژاوی قه‌ره‌باڵغی ، زۆربه‌مان له‌پشتی ترێله‌وه‌ جار به‌جار بۆ ته‌ماشا سه‌رمان هه‌ڵده‌بڕی ، سه‌یری جاده‌ و به‌ری ڕووناك و دره‌وشاوه‌ی به‌غدا و گڵۆپه‌ دره‌وشاوه‌كانمان ده‌كرد.
لێ خوا شاهیده‌ گڵۆپه‌كانی به‌غدا له‌ برینه‌ هه‌میشه‌ خوێن له‌به‌ر ڕۆییه‌كانی ئێمه‌ گه‌شتر نه‌بوون ، به‌ڵام برینه‌كانی ئێمه كه‌ ده‌یان ساڵه‌ هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێك ده‌كولێندرێنه‌وه‌. ئه‌وه‌تا ئێستاش به‌خۆ و به‌برینه‌ گه‌شه‌ كوولێنراوه‌كانمان له ترێلان ئاخنراوین، كه‌ تا ئه‌م ساته‌ش به‌به‌غدا تێده‌په‌ڕین نازانین بۆ كوێمان ده‌به‌ن و به‌ته‌مان چیمان لێ بكه‌ن.
نازانین له‌كوێدا وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ بوونه‌وه‌ری تێكه‌ڵه‌ له‌كوێدا هه‌ڵمانده‌ڕێژن چۆن له‌سنووردا تێیان هاوێشتین وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاژه‌ڵگه‌لێك له‌پشته‌وه‌ی تڕێله‌كان باركه‌ن وابوو..
ماوه‌یه‌ك تاڕاده‌یه‌ك زۆری پێ چوو ‌ هێشتا به‌غدامان به‌جێ نه‌هێشتبوو، دیاره‌ من وه‌ك خۆم كه‌م تا كورتێك شاره‌زای به‌غدا بووم ، به‌ڵام به‌غدا شارێكی گه‌وره‌یه‌ و به‌ ڕووباری دیجله‌وه‌ بووه‌ به‌دوو به‌ر، به‌ری ڕه‌سافه‌ و به‌ری كه‌رخ، من هه‌ر ئه‌وه‌م له‌بیره‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڕه‌كی (الشعب)ـه‌وه‌ له‌ به‌ری ڕه‌سافه‌ هاتینه‌ ناو به‌غدا ئه‌وه‌ی دی به‌هۆی شلۆغی و قه‌ره‌باڵغی شه‌قامه‌كان ، ماوه‌یه‌كی زۆرمان پێ چوو تا بازگه‌ی به‌ری باشووری به‌غدامان بڕی و له‌شاری ده‌رچووین و هاتینه‌وه‌ سه‌ر ڕاسته‌ ڕێی شه‌قامی ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا به‌ره‌و باشوور…
ترێله‌كان به‌خێراییه‌كی مامناوه‌ندی ده‌ڕۆیشتن به‌مه‌زه‌نده‌ نزیكه‌ی سه‌عاتێك و هه‌ندێكی پێچوو ڕووناكایی شارۆچه‌كه‌یه‌كمان لێ ده‌ركه‌وت ، هه‌ر له‌دوورڕاش هه‌ندێكمان له‌پشتی ترێله‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵدا بوو هێشتا نه‌گه‌یشتبووینه‌ بازگه‌ی شاره‌كه‌ وتیان ئێره‌ (مه‌حموودیه)یه‌…
چه‌ندی له‌مه‌حموودییه‌ نزیك ده‌بووینه‌وه‌ ترێله‌كان خێراییان كه‌متر ده‌بووه‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی هه‌ر دوای ده‌ربازبوونمان له‌بازگه‌ی پێشه‌وه‌ی شاره‌كه‌ به‌ماوه‌یه‌كی كورت ترێله‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر ترێله‌یه‌ك فارغۆنی شه‌مه‌نده‌فه‌رێك بێ یه‌ك به‌‌دوای یه‌ك له‌جاده‌یان لادا و وه‌ستان ، له‌و ده‌مه‌دا ئێمه‌ بیرمان بۆ ئه‌وه‌ چوو ده‌بێ به‌ته‌مای چی بن… هه‌ندێكمان بیری بۆ شتی خراپ چوو تا ڕاده‌ی كوشتن…زۆرینه‌ش منیش هه‌ر له‌گه‌ڵ زۆرینه‌دا بووم ، وتم‌ ڕه‌نگه‌ نان و ئاوێـكمان بده‌نێ ، كه‌ نزیكه‌ی شانزده‌ سه‌عات بوو به‌ڕێوه‌ بووین هیچیان پێ نه‌دابووین ، منداڵان له‌پشتی ترێله‌ به‌خۆیاندا كردبوو ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌سه‌رما و تۆزی ڕێـگا له‌پشتی ترێله‌ی سه‌ركراوه‌دا هه‌راسانی كردبووین، كه‌چی ده‌رچوو بۆ پاسه‌وان و شوفێری ترێله‌كانه‌ ‌ پشوویه‌ك بده‌ن و نان و چا له‌و چه‌ند چێشتخانه‌یه‌ بخۆن ، كه‌وا پێ ده‌چوو پێشه‌كی بۆیان ئاماده‌كرابێ ، به‌وه‌ی ترێله‌ به‌ترێله‌ هاتن ئاگاداریان كردینه‌وه‌ كه‌س دانه‌به‌زێ و له‌جێی خۆی نه‌جوولێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ له‌و به‌ساڵاچووانه‌ی ناو ترێله‌كان ئاوا شه‌فاعه‌تێـكیان بۆ ژن و منداڵه‌كان كرد كه‌ برسیانه‌ و تێنوویانه‌ و هه‌یه‌ پێویستی به‌سه‌ر ئاوه‌… دادی نه‌دا .
سه‌عات و نیوێـكی زیاتری پێ چوو تا شوفێر و پاسه‌وانه‌كانی له‌گه‌ڵیان بوون ، هه‌ر ترێله‌یه‌ك دوو پاسه‌وانی چه‌كداری له‌گه‌ڵدا بوو ، كه‌ له‌پێشه‌وه‌ی ترێله‌ سوار بوو بوون نان و چایان خوارد ئێمه‌ش له‌ناو ترێله‌دا ئه‌ژنۆمان له‌باوه‌ش گرتووه ‌، ئه‌وه‌ی ده‌بۆرژێ ، ئه‌وه‌ی بیر له‌چاره‌نووسی نادیاری خۆی ده‌كاته‌وه‌، تێشمان دابوو له‌ماوه‌ی وه‌ستانی ترێله‌كان به‌هه‌ر جۆرێك بووه‌ په‌نایه‌كی دروست ده‌كرد میزێك له‌ناو بۆدی ترێله‌دا به‌ناو درزی بۆدی به‌سه‌ر تایه‌كاندا شۆڕ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ندێـكیان نیوه‌ی هه‌ڵده‌به‌زییه‌وه‌ و به‌خۆی ده‌كه‌وته‌وه‌ ، ‌ یه‌كیان من بووم له‌گۆشه‌یه‌كی ترێـله‌دا ئه‌و قاره‌مانیه‌تیه‌م نواند و ‌ زۆربه‌یشی هه‌لبه‌زییه‌وه‌ و به‌خۆم ‌كه‌وته‌وه‌، كار له‌وه‌ ترازا بوو چیتر خۆمان ڕابگرین ، ئه‌وه‌ی باش بوو من دوو سێ پاكه‌تی جگه‌ره‌م پێ بوو، كه‌ هه‌ندێ جار جگه‌ره‌ ‌جگه‌ره‌ وێریشم ده‌كرد بۆ جگه‌ره‌كێشانی ناو ترێله ‌، هه‌ندێكی پێ چوو غه‌ڵبه‌ غه‌ڵبی ده‌نگی شوفێر و پاسه‌وانه‌كان په‌یدا بووه‌وه‌ كه‌ تێریه‌تی و ئینته‌للایی ئه‌وان له‌به‌رامبه‌ر برسیه‌تی و تینوویه‌تی ئێمه‌ هاوكێشه‌یه‌كی لاسه‌نگی پێكهێنابوو ، ‌ هه‌ندێ جاریش له‌گه‌ڵ جووله‌ی ترێله‌كان جۆرێك له‌كۆمیدیایه‌كی مرۆییانه‌ی به‌رپا ده‌كرد ، هه‌ندێ دانیشتووانی پشتی ترێله‌ی‌ ده‌خسته‌ پێكه‌نین.
بۆ یه‌كه‌م جار بوو له‌و ڕێیه‌ دوور و درێژه‌ پێبكه‌نین ، به‌هه‌ندێ له‌نووكته‌ی ماوه‌ به‌سه‌رچوو كه‌ زۆر جار له‌ساته‌وه‌ختی ده‌ست له‌خۆ شۆردندا ده‌گێڕدرێنه‌وه‌…
ترێله‌كان كه‌وتنه‌وه‌ ڕێ ، كات له‌نێوه‌ی شه‌و نزیك ده‌بووه‌وه‌ ماوه‌یه‌كی زۆری نه‌برد ژماره‌یه‌كیان به‌ره‌و ڕێـیه‌كی دی له‌زنجیره‌ی ترێلان‌ جیا بوونه‌وه‌ ، ئێمه‌ به‌لایته‌كانیانه‌وه‌ زانیمان لایاندا ، ئه‌وانی دی به‌ترێله‌ی ئێمه‌وه‌ به‌رده‌وام بوون له‌ ڕۆیشتن..
كات بۆ دووی شه‌و ده‌چوو، ڕێگا تا ڕاده‌یه‌ك چۆل بوو ، ئه‌و ترێلانه‌ی به‌ر ڕێڕه‌وی ئێمه‌ كه‌وتن ، پاش ئه‌وه‌ی هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ ده‌رچوونمان له‌قه‌زای مه‌حموودییه‌ به‌مه‌زنده‌ نه‌ده‌گه‌یشتنه‌ ده‌ ترێله ‌، كه‌متر بوون ، نزیكه‌ی سه‌عات و چاره‌گێك بڵێ سه‌عاتێك و نیو ده‌ڕیێدا بووین ، تا گه‌یشتینه‌ شوێنێك نه‌مان ده‌زانی كوێیه‌ باكوور و باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوامان لێ تێك چوو بوو ، به‌و شه‌وه‌ شوێنێك بوو له‌دێیه‌ك ده‌چوو، دیار بوو زۆربه‌ی خانووه‌كانی قوڕ بوون ، ترێله‌كان له‌چۆله‌وانییه‌كدا وه‌ستان، پاسه‌وانه‌كان هاتن و ئێمه‌یان هێنا خواره‌وه‌ و به‌سه‌ر ئه‌و خانووه‌ قوڕانه‌یان دابه‌ش كردین ، ئێمه‌ هه‌ر چوارمان كه‌ سه‌ڵت بووین و پێكه‌وه‌ش له‌شاری (ڕه‌شت)ی ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕابووینه‌وه‌ ، پاش بگره‌ و به‌رده‌ و حه‌فت و هه‌شتێـكی زۆر تا سه‌لماندمان ئێمه‌ پێكه‌وه‌ین و خانوویه‌ك له‌و خانووه‌ قوڕانه‌یان داینێ ، من و ملازم شوان و هه‌ردوو ڕه‌وانشاد د.سه‌عدی غه‌ریب كه‌ ڕاگری كۆلیژی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی بوو. هه‌روه‌ها مارف ژاژڵه‌یی كه‌ له‌ڕاستیدا من له‌ (ڕه‌شت)ـه‌وه‌ ناسیبووم ، ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم و تا وه‌رگرتنی خانووه‌كه‌ سه‌عات خۆی له‌چواری به‌ره‌به‌یان ده‌دا ، ئێمه‌ تا ئه‌و ساته‌ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ژیانی بایۆلۆژیمانه‌وه‌ هه‌بێ نه‌مان كردبوو له‌ نان و ئاو و …تاد. نان و ئاو دابه‌شكردن تا به‌ر ئێمه‌ كه‌وت كازیوه‌ی دا و سپیایی به‌ره‌به‌یان له‌ده‌ركه‌وتندا بوو ، هه‌ر یه‌كه‌و ده‌به‌یه‌كی ئه‌وه‌ی جاران نه‌فتیان تێ ده‌كرد ئاو و (چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی لێیان دانا بووین ئاوی لێ نه‌بوو) سێ تا چوار ئه‌ستوورك و هه‌ندێ ماست و یه‌ك دوو هێلكه‌ و یه‌ك دوو سه‌ركه‌ پیازیان پێداین .
وه‌ك شێت و هار (له‌پرۆسه‌یه‌كی كه‌س نه‌دیده‌دا) هه‌موویمانم ته‌خت كرد ، شتێكی چه‌ند خۆش بوو هه‌ست به‌تێر بوون ، خۆڕایی نییه‌ پێشینان وتوویانه‌ (برسیه‌تی ڕه‌گێـكی هاری تێدایه‌)، ئا له‌بیرم چوو یه‌كه‌و دوو به‌تانی عه‌سكه‌ریشیان پێداین، هه‌ندێكمان دوای خواردن به‌تانییه‌كه‌مان ڕاخست و پاڵمان به‌دیواری ژووره‌كه‌ دا، من دوو جگه‌ره‌شم كرد به‌سه‌را ، خه‌وه‌كوتكه‌ ده‌یبردینه‌وه‌، به‌ڵام خه‌وی ناچاری بوو وه‌ك ده‌ڵێی ( خه‌و سوڵتانه‌) ده‌نا هێشتا تا ئه‌و كاتیش له‌خۆمان دڵنیا نه‌بووین چیمان لێ ده‌كه‌ن تا ئه‌وه‌ی ورده‌ ورده‌ ترێله‌كان ‌سوڕانه‌وه‌ و خۆیان ئاماده‌ ده‌كرد و ڕێیان گرته‌ به‌ر و گه‌ڕانه‌وه ‌، بۆ كوێ چوون ، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ نازانم..
به‌یانیدا ، خۆرهه‌ڵات ، له‌و ناوه‌ تاك تاك خه‌ڵكی گوندمان ، كه‌ دوایی ده‌رچوو (ناحییه‌یه‌) و گوند نییه‌ بینی زۆربه‌یان ده‌ستووری عاره‌بیان له‌به‌ر بوو له‌عه‌گال و چه‌فیه‌ و دیشداشه‌ و نه‌علی پێ… به‌ڵام خوا هه‌ڵناگرێ به‌ڕێز بوون له‌گه‌ڵمان ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان پێیان ده‌وتین (تحاتجون شی) هیچتان پێویست نییه ‌، لێمان پرسین ئێره‌ كوێیه‌ ، وتیان ئێره‌ (عتێیشی)یه ‌، به‌ڵام ناوی ڕه‌سمی (ناحیة‌ الحسینیة‌)یه‌ ، وتیان سه‌ر به‌كه‌ربه‌لایه ‌، كه‌ربه‌لا لێره‌ نزیكه‌ ، كه‌ دوای ده‌رچوو ناونانی (عتێشی) كه‌ ‌ له‌ عه‌تشانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ هاتووه‌ ، گوایه‌ له‌م جێیه‌دا ئێمامی حسێن و ئێمام عه‌باسی برای و هاوه‌ڵانی سه‌ریان بڕاوه‌.
نێوان ئه‌وێ و كه‌ربه‌لا ، هه‌ر به‌قه‌د نێوانی هه‌ولێر و عه‌نكاوه‌ نه‌ختێك زیاتر ده‌بوو، له‌و به‌ینه‌دا پاسی (تێمس)ی بچووك كاریان ده‌كرد و نه‌فه‌ریان ده‌هێنا و ده‌بردن.
عتێشی وه‌كو ناحییه‌ بوو به‌ڵام خه‌ڵكێكی هه‌ژاری لێ ده‌ژیا و زۆربه‌یان وا پێ ده‌چوو به‌كشتوكێڵ و ماڵات به‌خێوكردنه‌وه‌ خه‌ریك بوون ، باغ و بێستان و دار و دره‌ختێكی له‌خۆ زیاتری لێ بوو ، زۆربه‌ی ژنان له‌چكدار و عه‌باپۆش بوون ، سوێندی كه‌م تا كورتێك ناخۆم كه‌ پێ ده‌چوو خوێندكاری قوتابخانه‌ بن له‌ناحییه‌كه‌وه‌ هه‌ندێكیان هاتوچووی كه‌ربه‌لایان ده‌كرد ، ته‌نیا له‌چكدار بوون ، به‌ڵام عه‌بایان نه‌ده‌پۆشی… حه‌فته‌یه‌كی برد به‌و حاڵه‌ ماینه‌وه‌ ، له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ندێك قاپ و قازان و شتومه‌كی پێویستی خواردن و ته‌باخێكی بچووكمان (چووله‌) له‌حسابی خۆمان به‌كۆمه‌كی هه‌موومان په‌یدا كرد ئه‌ویش به‌هه‌زار حاڵ ، چونكه‌ زۆربه‌مان نه‌مان ده‌زانی چاره‌نووسمان چی ده‌بێ ، تا ئه‌وه‌ی ڕۆژێ دوای ده‌ ڕۆژ له‌هاتنمان پێیان وتین ده‌توانن بچنه‌ شار (واته‌ كه‌ربه‌لا) ئێمه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی پێیان وتبین هه‌ر كه‌س بچێته‌وه‌ شار و ماڵی خۆی ئاوامان لێ خۆش هات و چووین ، ئه‌و ناحییه‌یه‌ ته‌نیا یه‌ك چایخانه‌ و كه‌بابخانه‌یه‌كی بچووك زیاتری لێ نه‌بوو ، وه‌ڕس بوو بووین له‌چایخانه‌ و ئه‌و چوار دیواره‌ قوڕه‌ی تێیدا بووین… بنیاده‌م سه‌یره‌ به‌رگه‌ی چه‌ندین سه‌ختیی ده‌گرێ كه‌چی چاوی به‌هیچیش لێ هه‌ڵنایێ ، به‌هه‌ر حاڵ ئێمه‌ هه‌ر چوارمان بڕیارماندا بچینه‌ كه‌ربه‌لا.
بۆ چوون‌ بۆ كه‌ربه‌لا، گه‌راجێك هه‌بوو پێیان ده‌وت گه‌راجی كه‌ربه‌لا ، ژماره‌یه‌ك (تێمیس) پاسه‌ هه‌ره‌ بچووكه‌كانی لێ ده‌وه‌ستان كه‌ ده‌وری دوازده‌ كه‌سی هه‌ڵده‌گرت ، به‌نرخێكی ڕه‌مزی له‌به‌ینی كه‌ربه‌لا و عتێشی نه‌فه‌ری ده‌گواسته‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌یفمان زۆر ساز بوو به‌تایبه‌تی كه‌ پێیان وتبووین چه‌ند ڕۆژێكی تر داتانده‌مه‌زرێنین.
هه‌ر چوارمان سواری تێمس بووین به‌ره‌و كه‌ربه‌لا، زۆری پێنه‌چوو ئاوا چاره‌گێك یان زیاتر یا كه‌متر گه‌یشتینه‌ شوێنی وه‌ستانی تێمسه‌كان له‌گه‌راجی كه‌ربه‌لا كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی شار بوو…
كه‌ربه‌لا دیاره‌ شارێكی پیرۆزه‌ لای شیعه‌كان به‌وه‌ی مه‌رقه‌دی ئیمامی حسێن و ئیمام عه‌باسی برای لێیه‌ و هه‌میشه‌ زیاره‌تكاری بۆ دێن بێجگه‌ له‌عاشوورا كه‌ سێ هێنده‌ی شاره‌كه‌ خۆی زیاره‌تكاری تێ ده‌ڕژێن زۆرجار له‌عاشوورایێ ئه‌وه‌نده‌ قه‌ره‌باڵغ ده‌بوو ده‌رزیت هاوێشتبا نه‌ده‌كه‌وته‌ ئه‌رزی ، جگه‌ له‌وه‌ش كه‌ربه‌لا له‌چاو خۆی و هه‌ندێ شاری تری باشوور شارێكی خاوێن بوو ، ته‌ناته‌ت زۆر له‌نه‌جه‌ف خاوێنتر بوو كه‌ مه‌رقه‌دی ئیمامی عه‌لی لێیه‌. جگه‌ له‌وه‌ش كه‌ربه‌لا به‌ باغ و بێستانه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌ناوبانگ بوو… زۆربه‌ی خه‌ڵكی به‌تایبه‌تی دوكانداره‌كان كه‌ سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ ده‌بوون ، زمانی فارسیان ده‌زانی ، له‌جوانی و سه‌رنجڕاكێشی كچ و ژنانیشیان هه‌ر گه‌ڕێ كه‌ ئایه‌تێـك بوون له‌جوانی جیاواز مه‌سه‌لا ئه‌سمه‌ری چاو كاڵ. یان سپی چاو ڕه‌ش و سه‌وز ، یاخود غه‌مزه‌داری شیرین .. هه‌موو ئه‌وه‌ی ئێستا كچ و ژنان به‌جوانكاریش نایگه‌نێ ، له‌كه‌ربه‌لا به‌سرووشتی خۆیان هه‌بوون ، هه‌ندێ وایان لێكده‌دایه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌كاریگه‌ری تێكه‌ڵاوی ڕه‌گه‌زی فارس و عه‌ره‌به‌، من به‌خۆم ئه‌وه‌نده‌ی دیومه‌ له‌جوانانی كه‌ربه‌لام جوانتر نه‌دیوون‌.
له‌لایه‌كی دی كه‌ربه‌لا وه‌ك شارێكی پیرۆز باڕ و مه‌لها و جێی له‌شفرۆشی و قومارخانه‌ی به‌ڕه‌سمی تێدا نه‌بوو و هه‌ر به‌دوایی قه‌ده‌غه‌ بوون ، ئه‌وه‌ی ویستبای بخواته‌وه‌ ده‌بووایه‌ بچێته‌ ناحییه‌ی (توێریج) كه‌ نیو سه‌عاتێك له‌كه‌ربه‌لا دوور بوو، ڕه‌نگه‌ ئێستا قه‌زا بێ.
هه‌ردوو مه‌رقه‌دی ئیمامی حسێن و ئیمام عه‌باسی برای هه‌ر یه‌كێكیان له‌شه‌قامێكی سه‌ربه‌خۆ بوون….
ئێمه‌ هه‌ر دابه‌زین ، به‌پیاسه‌ به‌ناو شاردا سووڕاینه‌وه‌، ئه‌و شه‌قام بۆ ئه‌و.. باڵه‌خانه‌شمان زۆر دیتن ، كه‌ زۆربه‌یان یان ئوتێل بوون یان شووقه‌ی ئاماده‌كراو بۆ زیاره‌تكاران…. جگه‌ له‌وه‌ش زۆر چایخانه‌شمان له‌ڕێڕه‌وی پیاسه‌ماندا بینی… تا ئه‌وه‌ی له‌چایخانه‌یه‌كی ئاوا نه‌ختێك گه‌وره‌تر له‌وانی دی له‌ده‌وروبه‌ری مه‌رقه‌دی ئیمام عه‌باس دی و بڕیارماندا پشوویه‌ك بده‌ین و هه‌ر دانیشتین و دانه‌نیشتین من له‌دوورڕا نیعمه‌ت عه‌بدوڵڵام بینی له‌گه‌ڵ سێ چوار كه‌س له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌یه‌كی داری كۆن ، له‌ وێنه‌ی قه‌نه‌فه‌ی چایخانه‌كانی هه‌ولێر به‌ نموونه‌ چایخانه‌ی مه‌چكۆ دانیشتبوو.
وتم براینه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌وسه‌ر هه‌موو كوردن ، من یه‌كێكیان به‌ناسین ده‌ناسم ئه‌وانی دیشم دیووه‌، به‌ڵام نایان ناسم ده‌چمه‌ لایان، ئه‌وان دانیشتن من به‌ره‌و ڕووی نیعمه‌ت چووم‌، ئه‌ویش كه‌ لێی نزیك بوومه‌وه‌ منی ناسییه‌وه‌، ئاخر ئێمه‌ له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانه‌وه‌ یه‌كترمان ده‌ناسی ، جگه‌ له‌وه‌ی ساڵی 1974یش زۆر جار ته‌سادوفم ده‌كرد… ئه‌و له‌من ، من له ‌ئه‌و نزیك بووینه‌وه‌ باوه‌شمان به‌یه‌كدا كرد، كه‌ حاڵه‌تێـكی ئینسانییه‌ دوو غه‌ریب له‌شوێنێـكی وا یه‌كتر ببیننه‌وه‌( وكل غریب للغریب نسیب) ‌، وتی وه‌ره‌ ئه‌وه‌ براده‌رانن ، كه‌ چووم حاكم تۆفیق كه‌ وه‌ختی خۆی مدیر ناحیه‌ی گه‌ڵاڵه‌ بوو ناسیمه‌وه ‌، هه‌روا براده‌رێكی تر صادق كه‌ له‌ هه‌ولێر له‌ چاپخانه‌دا كاری ده‌كرد، خوای لێی خۆش بێ كۆچی دوایی كرد، ئه‌ویشم ناسیه‌وه ‌، یه‌كێكی دیكه‌ كه‌ ناوی شێرزاد جبرائیل ئه‌وم نه‌ده‌ناسی، هه‌روه‌ها براده‌رێكی تر، به‌هه‌ر حاڵ منیش ئه‌وانم برده‌ لای براده‌رانی تر كه‌ پێكه‌وه‌ بووین، ئیتر بازنه‌كه‌ فراوانتر بوو و ده‌رده‌ دڵ زۆرتر تا دره‌نگانی عه‌سر، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌ته‌ك ئه‌و چایخانه‌یه‌ چێشتخانه‌یه‌ك هه‌بوو نانی نیوه‌ڕۆمان لێ خوارد. پاشان نیعمه‌ت و ئه‌وان وا دیار بوو له‌شووقه‌یه‌ك ده‌ژیان ، ئێمه‌ دره‌نگمان به‌سه‌ردا هاتبوو چوینه‌وه‌ گه‌راج و گه‌ڕاینه‌وه‌ جێی خۆمان له‌ خانووه‌ قوڕه‌كانی (عتێیشی).
هه‌فته‌یه‌كی نه‌برد پارێزگاری كه‌ربه‌لا (محمد حسین حسن الشامی) كه‌ پاش چه‌ندین ساڵ زانیمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چوو بووه‌ پرسه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی خزمی كه‌ سه‌دام حسێن ئیعدامی كردبوو، 6 ساڵیان حوكم دابوو و له‌زیندان بووه‌، به‌هه‌ر حاڵ پارێزگار وه‌ك چۆن چووه‌ لای نه‌فیكراوه‌كانی تر هاته‌ لای ئێمه‌ش.
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی له‌و حه‌ساره‌ی ژووره‌كه‌ی ئێمه‌ی لێ بوو ، ده‌م و ده‌ست ڕاوانشاد د،سه‌عدی غه‌ریبی ناسیه‌وه‌ كه‌وا دیاره‌ له‌قۆناغی زانكۆدا ده‌رسی پێ وتووه‌، ئیتر له‌گه‌ڵ بینینی د. سه‌عدی ئوستاز وه‌ ئوستازی ده‌كه‌وته‌وه ‌، وا باوه‌ مامۆستا قوتابی خۆی ناناسێته‌وه‌ به‌پێچیه‌وانه‌وه‌ قوتابی مامۆستای ده‌ناسێته‌وه ‌، ناسینه‌وه‌ی د.سه‌عدی غه‌ریب له‌لایه‌ن پارێزگاره‌وه‌ خێری بۆ ئێمه‌ش پێوه‌ بوو، یه‌كسه‌ر بۆ به‌یانی به‌ ئه‌مری پارێزگار ئێمه‌یان له‌بینایه‌كی حكوومی كه‌ بیرم نه‌ماوه‌ قوتابخانه‌ بوو یاخود بۆ فه‌رمانگه‌یه‌ك دروستكرا بوو گواسته‌وه‌ ، ئیتر له‌كۆڵ مێش و كێچ و پێشكه‌ بووینه‌وه‌، بیناكه‌ بۆ ئێمه‌ له‌كۆشكی پاشایان خۆشتر بوو ، به‌تایبه‌تی كه‌ شه‌ش یان هه‌شت حه‌مام و ئاوده‌ستی تێدا بوو ، حه‌وشه‌یه‌كی گه‌وره‌.. هه‌ر له‌وكاته‌‌شه‌وه‌ پارێزگار هه‌رێی ئه‌وه‌ی پێداین وا بكه‌ن په‌له‌ بكرێت له‌دامه‌زراندمان له‌ناو شار وه‌ك د.سه‌عدی داوای لێ كرد ،

(*) ( به‌ختی ڕه‌ش یـا كـۆمه‌ڵی چه‌وت) له‌ ئه‌سڵدا ئه‌مه‌ ناوونیشانی یادداشته‌كانی باوكم بوو كه‌ نزیكه‌ی نۆ سه‌ت و قسوور لاپه‌ڕه‌ی فۆڵسكاب (A4)ی ده‌ستخه‌ت بوو ، بێجگه‌ له‌ چه‌ندان وێنه‌ و دیكۆمێنتی گرینگ كه‌ به‌ داخێكی زۆره‌وه‌ به‌ بۆردمانی فڕۆكه له‌گه‌ڵ خانوو و ماڵێمان ساڵی 1974 له‌ گه‌ڵاڵه‌ تـیاچوو .




مرۆڤبوون لەنێوان ئایین و ئەخلاقدا.. فەرەیدوون سامان

ئەخلاق لە مرۆڤایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە ئایین (ئیمیل دورکهایم).

پێموایە فاکتەری دیارکەر لە هەموو ڕەفتارەکانی مرۆڤدا سەر بە مرۆڤایەتییە. گشتگیربوون ئەو مرۆڤایەتیەیە کە ناچارمان دەکات ئیدانەی توندوتیژی بکەین، پرۆتیستۆی تاوانکاری بکەین، نەوەکانی داهاتوومان ئامادە بکەین بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و بۆ ڕێککەوتن و دانوستان بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی توندوتیژی، ئەمانە ئەو ئەخلاقە گشتگیرانەن کە دەتوانن تا ڕادەیەکی زۆر توندوتیژی و شەڕ لەناوببەن، یان لانیکەم سنوورداری بکەن، بۆ ئەوەی واقیعبینتر بین. بەبێ ئەمە: شەڕەکان کە بەناوی ئایینەوە ئەنجامدراون، شەڕەکان کە بە ناوی بەکافرکردن و داگیرکاری و ئاوارەیی و دەرکردنەوە ئەنجامدرابوون، شەڕەکان کە بەناوی ئەرکی پیرۆزی بڵاوکردنەوەی پەیامێکەوە کرابوون، بەناوی ئایین و بەناوی بڵاوکردنەوەی پەیام و قسەی خودا – و بەناوی ئەنفال و فەتحکردن ئەنجامدرابوون. هەموو ئەمانە بەبێ ئەوەی بچینە ناو وردەکارییەکان، بێگومان بەناوی ئەم ئەرکەوە تفەنگ و شمشێر و کوشتن و جێبەجێکردنی سزاکان هەبوو. هەموو ئەمانە بە باشی ناسراون، ئێمە ناگەڕێینەوە بۆی. ئەگەر بە کورتی بگەڕێینەوە سەری، ئەوە دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە کە شتێکی گرنگتر و بەردەوامتر هەیە و ئەویش مرۆڤایەتییە. مرۆڤایەتی سەرچاوەی سەرەکی ئەخلاقە کە گەرەنتی پێکەوەژیانی نێوان گروپ و ئایینە جۆراوجۆرەکان دەکات، تەنانەت ئەگەر ئەو ئایین و گروپانە ناتەبا و ناکۆکیش بن.
کێشەکانی پەیوەندی لە نێوان ئەخلاق و ئاییندا لە ڕووی ئەنترۆپۆلۆژی و کۆمەڵناسییەوە پرسێکی یەکلاکەرەوەیە، دۆرکهایم دەڵێت: کاتێک ئەخلاق دەست پێدەکات کە وابەستەبوون بە گروپێکەوە دەست پێدەکات، واتە کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئەم گرێبەستە ناڕاستەوخۆیەوە دامەزراوەکان بەرهەم دەهێنێت، لەوانەش دامەزراوەی ئەخلاقی، بە چ واتایەک باس لە دامەزراوەیەکی ئەخلاقی دەکەین؟
ئێمە باس لە پلەبەندییەکی بەهاکان دەکەین، سیستەمێکی ئەرکە باڵاکان کە تاکەکان تێدەپەڕێنێت و پەیوەندییەکانیان لەنێو کۆمەڵگەدا ڕێکدەخات. ئەمە ئەخلاقە! ئەخلاق لە نەریت و ئاوەزەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها لە ئایینیشەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک باس لە ئەخلاقی ئایینی دەکەین، باس لە دیاردەیەکی گشتگیر دەکەین.
ئایین لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە، لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە خێڵ و کولتوورە ڕەسەنەکاندا، شتە پیرۆز و تابووەکان هەبوون.
لە هەر شوێنێکدا قەدەغەکردن بدۆزینەوە، ئیمتیازێکی ئەخلاقی دەبینینەوە، کە خۆمان لەم کارە یان ئەو کارە بەدوور بگرین. ئەو تێڕوانینەی کە لاوازبوونی ویژدانی ئایینی ویژدانی مرۆڤ و هەستی مرۆڤ و ئەخلاقی لاواز دەکات، لێدوانێکی ڕێژەیی و بەپێی کۆنتێکست و کۆمەڵگە دەگۆڕێت و لەگەڵ ئەو گرەوانەی کە پەیوەندی بەوەوە هەیە پەرەدەسەنێت، شەڕە ئایینییەکان- جەنگی خاچپەرستەکان، شەڕەکانی هەلگەڕانەوە لە ئیسلامدا، شەڕی نێوان کاسۆلیکەکان، پرۆتستانتەکان و ململانێ و شەڕی نێوان سونەو شیعە، هەموو ئەم نموونانە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە قسەکردن لەسەر ویژدانێکی ئایینی کە مرۆڤایەتی یان لانیکەم بەشێکی ئاراستەی مرۆڤایەتی دەکات، بەرەو چاکە و ئاشتی، زیادەڕەوییەکە کە بێبەری نییە لە بنەما ئایدیۆلۆژییە ناسراوەکان.

مەبەستیش ئەوەیە کە هەندێک شەڕ لە هەندێک شەڕی تر وێرانکەر و دڕندەتر بوون. لە کۆتاییدا بابەتی سروشتی چەک و سروشتی ئامێرەکانی کوشتنە. جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بە جەنگی خاچپەرستەکان بەراورد ناکرێن، بە شەڕەکانی هەڵگەڕانەوە، بە ململانێی نێوان کاسۆلیک و پرۆتستانت… بێگومان ژمارەکان ڕێژەیین؛ ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بەو ژمارە ڕەها و سەرسوڕهێنەرە نییە، کە لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانیدا لە هێرۆشیما و ناگازاکی بەهۆی چەکی ئەتۆمی مۆدێرن کوژراون.
سەدان ساڵ برا هاودینەکانمان هەر بە ناوی خودا و ئیسلامەوە قڕمان دەکەن، جا ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی دوور و نزیکی نەتەوەکەمان هەڵدەینەوە، تەنانەت ئەو مێژووەی کە دژمنی ناحەز و دڵڕەق بە درۆو بووختان بۆی تۆمار کردووین، مخابن هەر هەمووی کوشتوبڕی کوردی ئێزیدی و یارسان و زەردەشتی و عەلەوی نەبووە، تەنانەت کوردی مسوڵمانی باوەڕداریش لەو هەموو تاوانی قڕکردن و کۆمەڵکوژییە بی بەش نەبووە، نەتەوەی کورد هەردەم پرۆژەیەک بووە بۆ جینۆساید بەناوی ئایین و پشتکردن لە ئەخلاقی مرۆڤایەتی و هاوشاری و هاونیشتمانی، شەڕ فرۆشتنەکەی ڕۆژانی ڕابردووی گەرەکەکانی ئەشرەفییەو شێخ مەقصود بەلگەیەکی زیندوون بۆ گەڕاندنەوەی پاشخانی مێژووی تاوانەکانی دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی نەتەوەسەردەستەکان لە کوردستاندا.

فەرەیدوون سامان




ڕێکەوتنی هەسەدە و حکومەتی دیمەشق!.. عوسمانی حاجی مارف

گرژیە سیاسی و سەربازیەکانی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە بەشێوەیەکی بێوێنە پەرەیسەندوە، بەڵام لەهەمانکاتدا دانوستان لەنێوان هەردوولادا لە دیمەشق بەردەوامە.
سەرەڕای ئاگربەست لە حەلەب، لە دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییە، دۆخەکە بە ناجێگیری ماوەتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە زیاتر کڵپە بسەنێت، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی پابەندنەبونی مەزلوم عەبدی، بە مەرجەکانی ڕێککەوتنامەی مانگی ئازاری ٢٠٢٥ کە لەگەڵ ئەحمەد شەرع واژۆکراوە، لەو رێکەوتنەدا شەرع دیمەشق بە تاکە چوارچێوەک دەزانێت بۆ هەر چارەسەرکردنێک، ئەمەش لە دنیای واقعدا بۆ هەسەدە و مەزلوم عەبدی قەبوڵ ناکرێت.
کاتێک وەزارەتی بەرگری سوریا و هەسەدە، فەرمانی ڕاستەوخۆیان بۆ هێزەکانیان دەرکرد کە تەقە ڕابگرن، دوای ئەو تێکهەڵچونە خوێناویەی لە حەلەب ڕویدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوایکرد لە “کوردەکان”، کە ڕێگری نەکەن لە یەکڕیزی و سەقامگیری سوریا!، ئەتوانین بڵێین ئەمە ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو ڕۆڵەی که هێزەکانی سەربازی هەسەدە له باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بینیان، لە بەرگرتن بە هێزەکانی حکومەتی سوریا کە دەیانویست ئەو ناوچانە کۆننترۆڵ بکەن. لەهەمانکاتدا پارێزگاری حەڵەب، داوای لە هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەندامانی کۆمەڵگەی مەسیحی کرد، کە لەنزیک ناوچەکانی پێکدادانەکاندا نیشتەجێن، بەشێوەیەکی کاتی خۆیان لە گردبونەوە و ئاهەنگێڕان بەدوور بگرن، تا ئەو کاتەی ناوچەکان پارێزراو دەبن و مەترسیەکان نامێنن.
گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە، بەردەوامن بە حساب تا ئەو کاتەی دانیشتنێکی سەرەکی دانوستان لە دیمەشق بەڕێوەبچێت، کە تائێستا کاتەکەی دیاری نەکراوە. گوایە ئەم دانیشتنە بە بەشداری نوێنەرانی سوپای سوریا و حکومەتی سوریا و هەسەدە بەڕێوەدەچێت، لەلایەن تۆماس باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا و هەروەها نوێنەرانی تورکیا چاودێری دەکرێت. هەروەها خولی پێشبینیکراوی دانوستانەکان، هاوکاتی سەردانیکردنی هاکان فیدان و وەزیری بەرگری تورکیا بوو بۆ دیمەشق، کە تێیدا دیداری ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ئەسەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا ئەنجامدا.
هەڵبەتە ئەم سەردانە، تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی وردەکاریەکانی خولی داهاتوی دانوستانەکان، لەگەڵ هەسەدە و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر سیناریۆکانی دوای دانیشتنەکە، بەتایبەتی لە ئەگەری ئەوەی کە هەسەدە پێداگری لەسەر ڕەتکردنەوەی پابەندبونی تەواو بە ڕێکەوتننامەی ئازاری ٢٠٢٥ دەکات.
گفتوگۆی سەرەتایی، سەبارەت بە دیاریکردنی وادەی نوێ، کە بۆ کۆبونەوە و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ئەنجامدرابوو، بەڵام ئەم پرۆسەیە توشی پاشەکشەی کتوپڕ بوو لەدوای پەرەسەندنی هێرشی هێزەکانی هەسەدە لە حەلەب و سەرهەڵدانی ئەو پێکدادانانەی، کە بە خوێناوی وەسفکران لەگەڵ یەکەکانی سوپای سوریا، ئاشکرایە دیمەشق پێیوایە ئەم بارگرژیە وەک پەیامێکی سیاسی و ئەمنی ڕاستەوخۆیە لەلایەن هەسەدەوە، واتە ڕەتکردنەوەیەکە لە پەرەسەندنی فشارەکان بۆ پابەندبون بە ڕێکەوتنی مانگی ئازار، هەوڵێکە بۆ دەستکاریکردنی کارتەکان پێشئەوەی لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن.
مەزلوم عەبدی دەڵێت، کۆبوونەوەی داهاتو نوێنەرایەتی خاڵێکی سەرەکی دەکات، کە ڕەنگە زۆرێک لە کارەکانی دواتری لەسەر بنیاتبنرێت، کۆبونەوەکە بەشێوەیەکی یەکلایکەرەوە ڕێڕەوی ڕووداوەکان دیاریدەکات، واتە یان ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی بەرفراوان، یان گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ کە پەیوەندی نێوان هەردوولا ڕێکبخاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەدەرەوەی چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئازاری ٢٠٢٥ەوەیە. دەشڵێت، لەڕوانگەی سەرکردایەتی هەسەدەوە، ئەم ڕێکەوتنە ئێستا بەشێوەیەکی کاریگەر پووچەڵە، لەبەرئەوەی چیتر کەمترین داواکاریەکانی هەسەدە بەدیناهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشهاتە مەیدانی و سیاسیانەی کە لەدوای واژۆکردنیەوە ڕویداوە.
لەلایەکی ترەوە حکومەتی سوریا لایوایە بەهێزبونی هەسەدە، تەنها هەوڵێکە بۆ سەپاندنی واقیعێکی نوێ لە سوریا، بە پێچەوانەی خواستی باڵادەستی حکومەتی سوریاوەیە، ئەمەش وەڵامێکە بۆ زیادکردنی فشاری سیاسی و سەربازیی لەسەریان، پێش دانیشتنیان لەسەر مێزی دانوستان. لەهەمانکاتدا ئاشکرایە، پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە پێکهاتەی سوپای سوریادا، چیتر کراوە نابێت بۆ گفتوگۆ و دانوستان، کە بژاردەی کۆتایی ستراتیژەکەیە، ئەو بژاردەیەی ئەحمەد شەرعیش پەسەندیکردوە، وەک بەشێکی سەرەکی لە هەوڵی پڕۆژەی یەکگرتنەوەی دامەزراوە سەربازی و درێژکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو خاکی سوریادا.
پێکدادانەکانی ئەم دواییەی حەلەب و دەوروبەری، ڕووداوێکی گۆشەگیر یان تەقینەوەی کتوپڕی دۆخەکە نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی کەڵەکەبوی پێشهاتە سەربازی و سیاسیەکان بووە، کە ماوەیەک بوو هێزەکانی هەسەدە چاودێریان دەکرد، ئەم پێشهاتانە پەیوەستن بەو هەنگاوانەی کە سوپای سوریا بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی خۆی دەیخوازێت، لە نزیک سنوورەکانی ئەو ناوچانەی لەلایەن ئیدارەی خۆسەریەوە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنترۆڵکراون. سەرکردایەتی هەسەدە بەوردی چاودێری پێشڕەوی یەکەکانی سوپای سووریا و جێگیرکردنەوەیان لە خاڵە هەستیارەکاندا کردووە، لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەمەش قەناعەتێکی پتەوی لەناو هێزی هەسەدەدا دروستکردووە، کە دیمەشق تەنیا جێگیرکردنەوەی بەرگری ئەنجام نادات، بەڵکو خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی هەسەدە ئامادە دەکات، ئەگەر پرۆسەی دانوستانەکانی ئێستا شکستی هێنا.
لەم چوارچێوەیەدا، دیمەشق دەیەوێت وێنایەکی وەها بدات بەسەر هەسەدەدا كە ڕێگری لە هەر هەوڵێکی جدی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی نوێ دەکات، هەروەها دەرفەتەکانی دەستپێکردنی پڕۆژەی گەشەپێدان یان دەستپێشخەری گەشەپێدانی ئابوری و سیاسی بەردەوام سنووردار دەکات، یان بونی هێزێکی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمی دەوڵەت، ژینگەیەکی دوژمنکار بۆ وەبەرهێنان دروست دەکات و بەردەوامی بە ناسەقامگیری ئەدات، بۆیە دیمشق زیاتر جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی هەسەدە دەکات لە ژێر ناوی پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتو بۆ دەوڵەتی سوریا.
حکومەتی سوریا هەوڵدەدات یەکگرتنی دامەزراوەیی تەواو بەدەستبهێنێت کە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەپێی پرەنسیپی سەروەری ناوەندی ڕێکبخاتەوە، لەهەمانکاتدا فۆرمێک لە لامەرکەزیەتی ئیداری دەدات بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە. بەڵام لەبەرامبەردا هەسەدە مۆدێلێک پێشنیار دەکات کە نزیکترە لە نیشتەجێکردنی تەواوەتی سەروەت و سامانی سەربازی و مەدەنی خۆیان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی لامەرکەزیدا، ئەمەش گەرەنتی پاراستنیان و بەردەوام بوونیان مسۆگەردەکات، بەتایبەتی کە هەسەدە، وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو لەناو دەوڵەتی سوریادا بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی دامەزراوەیی دەوڵەتی سوریادا.
پێدەچێت خولی داهاتوی دانوستانەکان ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندیەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدەدا، واتە یان دەبێتەهۆی یەکلایکردنەوەی کۆتاییەک کە بەپێی مەرجەکانی حکومەت یەکگرتویی تەواو بسەپێنێت، بەدەوری ئەمریکا و سوریا، یان ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، ململانێی سیاسی و تەنانەت شەڕی سەربازی فراوانتر ڕوبدات.
لەنێوان ئەم دوو ئەگەرەدا، چاوی ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان، بەتایبەتی ئەمریکا و تورکیا، لەسەر دیمەشق جێگیرە، هەموو لایەنەکان بۆ خۆپاراستن لە خلیسکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاشکراو شەڕی ناوخۆ دەڕوانن، کە بە یەکێک لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین دۆخی سوریا و ناوچەکە وەسفی دەکەن.
ئیدارەی ئێستای سوریا هەوڵدەدات سیستمی سیاسی خۆی جێگیر بکات، ڕێگایەک کە خواستەکانی لەگەڵ بەرژەوەندی هەندێک ئەکتەری ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بگونجێنێت، بەڵام بژاردەکانی دیمەشق بۆ گەیشتن بەم ئامانجە هێشتا سنووردارە، بەکردەوە لە گفتوگۆ و دانوستاندا قەتیس ماوە و ئاراستەیەکی یەکلاکەرەوە لەنێو ناکۆکیەکان و دابەشبونی سوریا بە چەند ناوچەیەک و دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، فرسەتی بۆ سەقامگیری نەهێشۆتەوە.
هەوڵدان بۆ ڕادەستکردنی قۆناغ بە قۆناغی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە، دەستپێکردن لە پارێزگای دێرەزۆرەوە، لەوانەش ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتیەکانی و تەواوکردنی ڕێککەوتنی حەلەب سەبارەت بە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی تێکەڵبونی یەکەی سەربازی هەسەدە و سوپای سوریا، ئەم سیناریۆیە پاڵپشتی ئەمریکای هەیە و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، تۆماس باراک، بە بژاردەیەکی واقیعی و جێبەجێکراو دەزانێت. ئاشکرایە سیناریۆیەکی لەم چەشنە ئەو ڕێرەوەیە کە سنوردارکردن یان کۆتایی دەوری هەسەدەی لێدەکەوێتەوە.
لەلایەکی ترەوە لەسەر بنەمای پاراستنی دۆخی ئێستای سوریا، واتە بەردەوامبونی چەقبەستوویی و کەمکردنەوەی گرژیەکان، بەتایبەتی نێوان ئەنقەرە و هەسەدە هەروەها لە نێوان دیمەشق و تەلئەبیب، ئەمەش ڕێگایەکە ئەمریکا لە ئێستادا پاڵپشتی دەکات. لەهەمانکاتدا پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە داڕمانی پڕۆسەی دانوستان و کردنەوەی دەرگای ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی و شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی سوریا بەردەوام بێت، بەڵام بۆ ئەحمەد شەرع سەختە بتوانێت بەم رێگەیە بەهێزی سەربازی بۆ درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر هەموو خاکی سوریادا بەکاری بهێنێت.
لەهەمانکاتدا مێژووی دەخالەتی سیاسی ئەمریکا لە هەر شوێنێکدا، پڕ بووە لە داسەپاندنی کۆنەپەرستی و فەراهەمهێنانی نائارامی و گێژاوی سیاسی، هەروەها شکست هێنان بە هەر ڕێکەوتنێک کە بەرژەوەندیەکانی خۆی تیا بەرجەستە نەبینێت. لەم نێوەدا سیاسەتی ئەمریکا نەک بەرهەڵستی یەکگرتویی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی تەواوی ئەحمەد شەرعدا ناکات، بەڵکو بە ئاراستەیەکی ئەرێنی و رولەپێش مامەڵەی دەکات بۆ یەکلاییبونەوەی تێپەراندنی ئەو گێژاوە سیاسیەی بەسەر دۆخی سیاسی ئێستای سوریادا زاڵە، گەر کۆتایی پێگەی هەسەدەشی لێکەوێتەوە!.




ڕۆژئاوا چ دەرسێک لە تراژیدیای حەلەب وەردەگرێ؟.. ئاسۆ کەمال

هێرشی تاوانکارانەی جۆلانی و دەسەڵاتی کۆنە داعشیانەی “هیئة تحریر الشام” ،کە ئێستا بەناوی حکومەتی سوریاوە لەسەر کارە، هێرشی ناڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورکیایە. ئەم هێرشەی حەلەب تەنیا یەکێک لە ئاکامەکانی مامەڵەی تورکیایە لەگەڵ ئەمریکادا کە لەسەر سوریا کردویەتی. مامەڵەی ئەوەی کە تورکیا؛ دەسەڵاتی ئیسلامیە سونەکانی سوریا لە ژێر چەتری سەربازی ئەمریکادا دەهێڵێتەوە، ئەگەر تورکیا ڕێگری لەبەردەمدا نەبێ بۆ بەرتەسککردنەوەی سنوری دەسەڵاتی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان.

هەدەسە هەر سودێکی هەبوبێ لە ڕابردوودا بۆ ئەمریکا، ئەوا ئێستا ئەم هاوسەنگیە گۆڕاوە و ئەولەویەت لای ئەمریکا حکومەتەکەی جۆلانیە، نەک هەدەسە. لەبەرئەوەی جولانی دەتوانێ هێزە داعشیەکانی وەک خۆی کۆنترۆڵ بکا و ئەمەش بۆ ئارامی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریادا پێویستە.
بۆ ئیسرائیلیش کۆنترۆڵی ڕۆژائاوای سوریا گرنگە، نەک ڕۆژهەڵاتی سوریا. لەسایەی ئەم گۆڕانکاریانەی سوریای دوای “ئەسەد”دا، ئیسرائیل و ئەمریکا زیاتر دەتوانن پڕۆژە هاوبەشە ئابوری و ئەمنی و سەربازیەکانیان لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی و کەنداو نەخشە ڕێژبکەن. هەربۆیە هەردوولایان هیچ ڕێگریەکیان نەکرد لەو کوشتارەی کۆنە داعشیەکانی جۆلانی لە حەلەب دژ بە گەڕەکە کوردەکان و هەدەسە کردیان.

لە تەجروبەی شکستی حەلەبدا هەدەسە و خەڵکی ڕۆژئاوا و کوردستانی سوریا دەبێت ئایندەی ئەم نەخشە و پلانەی تورکیا و جۆلانی ببینن، کە خوازیاری کۆنترۆڵی هەموو ڕۆژئاوا و دەسەڵاتن لە کوردستانی سوریادا. مانەوە لەسایەی ڕیکەوتنی ١٠ ئازار و قسەی مافی کەمینەکان دەدرێت، نەک هیچ گرەنتیەکی تێدانیە بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانی سوریا ، بەڵکو ئەو ڕێکەوتنە خۆی ئامڕازێکە بەدەستی ئەم دوو هێزەوە، تورکیا و جۆلانی، تا هێرشی بەردەوام بکەنە سەر ڕۆژئاوا لەژێرناوی جێبەجێکردنی مادەی ٤ ڕیکەوتنەکەدا کە دەڵێ ” تێکەڵاوکردنی هەموو دامودەزگا مەدەنی و سەربازیەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچیوەی ئیدارەی دەوڵەتی سوریادا، لەگەڵیشدا خاڵە سنوریەکان و فرۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و غاز”.
تورکیا، ڕۆژئاوای کوردستان وەک بەشێک لە پرۆژەی “نەمانی تێرۆر”ی خۆی سەیر دەکا، کە خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەر هێزیکی چەکداری سەر بە پەکەکە یە لە ناوچەکەدا. حکومەتی تورکیا، لە سایەی ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ونەخشەی نوێی ئەمریکادا، بەدوای پاوانخوازیی ناوچەییەوەیە. وەک هێزێکی ناوچەیی لە سوریا و کوردستانی عێراق و ناوچەکە درێژە بە دەستدرێژیە سەربازی و سیاسیەکانی دەدا و لێرەشەوە دەیەوێ ڕێگریە ناوخۆییەکانی “تیرۆر” ی سەربازی پەکەکە لەبەردەم خۆیدا لابەرێ. هەربۆیە بەپێچەوانەی بانگەشەی “ڕێگاچارەی دیموکراسی” ئۆجەلانەوە، دەوڵەتی ئێستای تورکیا خەونی دیموکراسی نیە، بەڵکو خەونی ئیمپراتۆری ناوچەکەی کردۆتە ئامانجی ئەم قۆناغەی.
جۆلانی و حکومەتەکەی، بەهەمان چەشنی هێزە شیعەکانی عێراق کە حەوشەی پشتەوەی ئێرانن، ئەمانیش داردەستی تورکیان. هەربۆیە خەڵکی ڕۆژائاوا و هەدەسە دەبێ لە خەیاڵی “پرۆژەی ئاشتی و دیموکراسی سوریا” و “هاوپەیمانی ئەمریکا”دا غافڵگیر نەبن. بەستنەوەی ئایندەی ڕۆژئاوا بە “پرۆسەی ئاشتی” تورکیا یان بونە پاشکۆی دەوڵەتی جولانی، هیچ ئایندەیەکی ئارام و دابین بونی مافەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ڕۆژئاوای تێدانیە.
تراژیدیای شکستی حەلەب ئەم دەرسەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان خستۆتەڕوو کە خەڵکی کوردستانی سوریا؛ پێویستە کاربکەن بۆ ڕەسمی کردنەوەی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا وەک ئەمری واقیع هەیانە، ئەگەر نا هەمیشە لەبەردەم دوبارەبونەوەی ئەم تراژیدیای هێزە دڕندانەدا دەبن.

خاڵی بەهێزی خەڵکی ڕۆژئاوا لە بەرگری بەکۆمەڵیاندایە. ئەم هێزە کۆمەڵایەتیە دەبێ نەخشەیەکی سەربەخۆی بۆ ئایندەی سیاسی ڕۆژئاوا هەبێت، تا بتوانن پڕۆژە و نەخشەکانی تورکیا و جۆلانی، کە دایان ناوە بۆ کۆنترۆڵی ڕۆژئاوای کوردستان بەرپەرچ بدەنەوە. خەڵکی ڕۆژائاوای کوردستان و بەرەنگاریان دژی ئەم نەخشە داگیرکارانە و خەباتیان لە پیناو ئازادیدا جێگای پشتیوانی سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ناوچەکە و جیهانە. ئەم ڕوداوە جارێکی تر پەردەی هەڵماڵی لەسەر ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، وەک یەکگرتوی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی و مەلا لایەنگرەکانی تورکیا و جۆلانی، کە چۆن ئەم هێزانە لەبەرەی داگیرکەران و دژی ئازادی خەلکی کوردستاندا ڕاوەستاون.

ئاسۆ کەمال




لە غیابی زمانی پێوەری کوردیدا.. فەرەیدوون سامان

             

لەو ڕۆژانەی ڕابردوو لەسەر کێشەی یەک واو یان دوو واو، لەسەر کتێبێکی خوێندنی کوردی لە کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا، لەلایەن هاووڵاتیان و ڕۆشنبیران، تەنانەت زمانناسانەوە ڕەخنەیەک زۆر گیرا، کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە چاپ و بڵاوکرابوویەوە، بەڵام ئایا کێشەی زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا هەر تەنها کێشەی یەک واو و دوو واوە، یان کێشەکان زۆر لەوە قوڵترن، بۆ نموونە ئایا پشتکردنە زمانی پێوەر و ستاندارد و خوێندن بە هەردوو زاری بادینی و سۆرانی لەو هەرێمەدا کێشە نییە؟ ئایا نەبوونی ئەکادیمیایەکی زمانی کوردی کە تایبەت بێت بە چەتری کۆوەکردنی هەرچی شارەزا و پسپۆری زمانی کوردییە بە هەموو زار و بنزارە کوردییەکانەوە کێشە نییە؟
داخۆ بۆ سەلماندنی ناسنامەی نەتەوەیەک بوونی یەک زمانی ستاندارد بەسە، یان جووتستانداردی باشە(کە لەواقیعدا بوونی هەیە) و لە غیابی زمانی ستاندارد، زارەکان ڕۆڵی زمانی ستاندارد دەگێڕن هەروەک ئەزموونی زاری کورمانجی ژووروو بۆ کوردانی ڕۆژاوا و زاری کورمانجی ژێری- سۆرانی باشووری کوردستان لەبەرچاوە.
زمانی کوردی ساڵانێکە لەسەر خاکی نیشتمانی خۆیدا بە جۆرەها شێوازی ڕەگەزپەرستانە دژایەتی دەکرێت، جاڕێک بە ناوی جیاوازی ئایین و ئایینزاوە و جارێکی تریش بەناوی حاشاکردن لە ناسنامەی نەتەوەیەک، نکۆڵی لە بوونی دەکرێت و بە پلان و بەرنامەی تایبەت ڕووبەڕووی جینۆسایدی کولتووری دەبێتەوە.
زمانى كوردى له‌ نێوان ئه‌م زار و بنزار و دەڤۆکانە، ئه‌و ناوچه‌ و ئه‌م دەڤەرە. هه‌م پێدانى پایه‌یه‌كى به‌رزتر دەبێت به‌ زمانى كوردى، به‌ تایبه‌ت له ‌هه‌لومەرجێکدا کە‌ هه‌ڕه‌شه‌كان نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر زمانن، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌مانى خستۆته‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كى نائومێده‌وه، جا چی زمان به خانه‌ی هه‌ستیی بزانین یان به ئامرازی پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کان، چی به دیارده‌یه‌کی مێژوویی دابنێین، یان وه‌کو سیستەمێک له نیشانه‌کان بیبینین و به شێوه‌یه‌کی هه‌نووکه‌یی سه‌یری بکه‌ین، ناتوانین خۆمان له‌و ڕاستییه ڕەهایە بشارینه‌وه که زمان و هزر‌ی مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ گرێدراوی یه‌کدین، به واتایه‌کی‌ دی، زمان ئامرازی هزرکردنه و هزریش بنه‌مای زمانه.
به‌م پێیه گه‌رچی ئێستاکه زمانی کوردی له خه‌می مه‌رگ ڕه‌خساوه، به‌ڵام سه‌رلێشیواوی و فره‌مه‌رجه‌عیی و پاشاگه‌ردانییه‌کی له ڕادەبه‌ده‌ری پێوه دیاره، ئه‌م دۆخه قه‌یراناوییه بووه به ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ژیانی ئاخێوه‌ره‌کانی‌، هه‌روه‌ها بیر به‌رهه‌م هێنراوه‌که‌شی.
دواڕۆژی زمانی کوردی بەم ھەموو زارەکانەوە، بەتایبەتیش ھەردوو زاری کرمانجی ژووروو و کرمانجی ژێری، ئەگەر لە داھاتوویەکی نزیکدا کاری جددی و دڵسۆزانەی بۆ بە یەکگرتووکردنی بۆ نەکرێت و لەسەر ئاستی کەسانی شارەزاو پسپۆر و دوور لە دەمارگیری ناوچەگەریی چی دەبێت و بە کوێ دەگات؟

دیاردەی دوو زمانی، یان فرە زمانی
زمانەکان پایەی سەرەکی میراتی مرۆڤایەتین، نوێنەرایەتی ناسنامەی مرۆڤ دەکەن و ئامرازێکی پێویستن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان، زمانناسان پێیان وایە زمان بنەمای بیرکردنەوە و دەربڕینی جەوهەری مرۆڤە، زمان وەک ئامرازێک بۆ دەرخستنی جیهان دەزانن و پێیان وایە کە گوزارشت لە ئاوەزی ئاڵۆز و ناسنامەی مرۆڤ دەکات، لە ڕاستیدا زمان یەکێکە لەو توانایانەی کە جۆری مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە و پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی وەک زانین و ژیری و کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کولتووری مرۆڤەوە هەیە.
دوو زمانی دیاردەیەکی باوە لە جیهانی ئەمڕۆدا لەناو گەلاندا و لە زۆر شوێنی جیهاندا بەدی دەکرێت، بەشێک بووە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە زۆرێک لە کولتوور و کۆمەڵگەکاندا، دوو زمانەکان ئەو کەسانەن کە توانای پەیوەندی کردنیان هەیە بە دوو زمان یان زیاتر، لەم نووسینەدا هەوڵ دەدرێت پەیوەندی نێوان دوو زمانی مرۆڤ و لێهاتوویی مەعریفی، لەوانەش ژیری و تێگەیشتن و داهێنان ڕوون بکرێتەوە، لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیانە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدرێتەوە: “ئایا دوو زمانی کارامەییەکانی وەک ژیری، تێگەیشتن و داهێنان زیاد دەکات؟”
مرۆڤ سیستەمێکی کۆدکراو بەکار دەهێنێت کە پێی دەگوترێت “زمان” بۆ گەیاندنی چەمکە مەبەستدارەکانی بە کەسانی دیکە و پەیوەندی کردن لەگەڵ کەسانی دیکە و بە ئاسانی باس لە ڕووداو و خەون و ئارەزوو و هەستەکانی دەکات (ئۆرتێگا، ٢٠٠٩: ١). بە کەڵک وەرگرتن لە زمان، دەخوێننەوە و دەنووسن؛ بە دەستهێنانی زانیاری و گواستنەوەی بۆ کەسانی تر.
دوو زمانی دیاردەیەکە کە هەرچەندە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ڕەوتی گەشەسەندنی لە سەدەی ڕابردوودا وای کردووە کە ببێتە یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی سیاسەتی پەروەردەیی وڵاتان، زۆر کەس لە جیهاندا دوو زمانە یان فرە زمانن و جگە لە فێربوونی زمانی زگماکی و ناوخۆیی خۆیان، ناچارن زمانی فەرمی وڵاتەکەیان یان زمانێکی نێونەتەوەیی فێربن.
پرسی جیهانگیریی، پێویستیی ئەم دیاردەیەی زیاتر کردووە. ئەوەندە کە زۆرجار خۆیان بە پێویستی فێربوونی زمانی زیاتر دەزانن بۆ ئەوەی بتوانن لە پەیوەندی کردن و خوێندن و بازرگانی و ژیانێکی باشتردا سەرکەوتوو بن.
کاتێک منداڵ لەدایک دەبێت هەوڵی پەیوەندی کردن دەدات، سەرەتا بە پشتبەستن بە ژینگەی ژیانی فێری زمانێک دەبێت کە زمانی زگماکی خۆیەتی. هەروەها ڕەنگە لە تافی منداڵیدا یان لە تەمەنی گەورەییدا بە هۆی هەلومەرج و پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانەوە زمان یان زمانێکی دیکە فێربێت و دیاردەی “دوو زمانی” بەم شێوەیە ڕوودەدات.
پێناسەکردنی دوو زمانی، لە یەکەم نیگادا، ئاسان دەردەکەوێت، بەڵام کاتێک هەوڵ دەدەین بگەینە پێناسەیەکی هەمەلایەنە و بێلایەن کە هەموو ڕەهەند و ئاستەکانی لەخۆ بگرێت و سنوور و سنوورەکانی دیار بکات، تێدەگەین کە ئەمە ئاسان نییە و کێشەی تایبەتی خۆی هەیە.
پێناسەکانی دوو زمانی کە دراون لە چڕی و لاوازی و ئاستی دوو زمانەوانیدا جیاوازن و پێیان دەگوترێت “جیاواز”. بۆ نموونە بەپێی فەرهەنگی وێبستەر (١٩٦١)، کەسێکی دوو زمانە، کەسێکە کە بتوانێت بە دوو زمان بە شێوەیەکی ڕەوان قسە بکات، وەک قسەکەرێکی ڕەسەن، بەپێی ئەم پێناسەیە دوو زمانی یەکسانە بە توانای قسەکردن بە دوو زمان بە شێوەیەکی ڕەوان و تەواو.
دیاردەی دوو زمانی یان فرە زمان لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا بە زەقی بەدی دەکرێت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستانیش وەک هەموو کۆمەڵگەکانی تری سەر زەوی، فرە ئیتنیک و فرە پێکهاتەی نەتەوەیی و کەلتوورییە، بۆنموونە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیراندا زمانی دووەمیان فارسییە، کە زمانی فەرمی دەوڵەتە، هاوکات دەبینین ئەو ناوچە کوردییانەی کە تێکەڵەیەکن لە تورکی ئازەری لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هەروەها ئەو کوردانەی خۆراسان فرەزمانن بە حوکمی تێکەڵبوونیان لەگەڵ گەلانی فارس و تورکە مەغۆڵەکان، تەنانەت لە هەندێ ناوچەی ئوستانی خوزستانیش ژمارەیەکی زۆر کورد عەرەبی زانن، ئەم دیاردەیە لە باکووری کوردستان و تورکیاشدا بە ئاشکرا بەدی دەکرێت، تەنانەت لە ناوەندی شارە گەورەکاندا زۆرجار زمانی تورکی زمانی یەکەمەو زمانی کوردی بۆتە زمانی دووەم، لە باشوورو ڕۆژاوای کوردستاندا دەبینین چونکە زمانی فەرمی دەولەتی عیراق و سوریا عەرەبی بووە، هەر بۆیەش زۆر بەدەگمەن کورد هەیە جگە لە زمانی دایکی کە زمانی کوردییە، زمانی دووەم نەزانێت کە زمانی عەرەبییە. کەواتە پەیوەندی نێوان توانا مەعریفیەکان و دوو زمانی یەکێک بووە لە بابەتە سەرنجڕاکێش و مشتومڕاوییەکانی دوو زمانی و بیروباوەڕی پسپۆڕان و تەنانەت ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا جیاوازن.

فەرەیدوون سامان




ڕۆژئاڤا، پانتاییەک لە وزەی پۆزەتیڤی ئۆرگۆنیی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

دەسەڵاتدارێتیی و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیدان لەگەڵ یەکتری.
کاتێک دەسەڵاتدارێتییەک، ڕۆحی دەستەجەمعیی لەنێو خۆیدا نوێنەرایەتی دەکات، کۆمەڵگا دەبێتە یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی پتەو و یەکگرتوو. هۆشیاریی تاکە کەس لە پڕۆسێسی پەرەسەندنی خۆیدا دەگاتە ئاستی بەرجەستەبوونی لەنێو ڕۆحێکی گشتگیر و یەکگرتوودا. هیگڵ ئەمە ناودەنیت ویستخوازیی ڕۆح “ارادە الروح”.
واتا دەسەڵاتدارێتی کاتێک دەتوانێت هاوئاهەنگییەکی “التناغم” کۆیی و یەکگرتوو لە تاکەکان و کۆمەڵگا بەدیبهێنێت کە نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە و بەرجەستەبوویەکی ڕۆح و وێژدان و ئاگاییی ئەوان بێت.
لە ڕۆژئاڤا دەسەڵاتدارێتییەک لە ڕەوتی گەشسەندنی خۆیدا هاتووەتە کایەوە، کە نوێنەرایەتی ڕۆح و ویژدان و ئاگایی گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و تاکە تاکەی هاونیشتمانییان دەکات و لێرەوە ویستخوازیی ڕۆح “ارادە الروح” ی تاکە کەسەکان و ڕۆحی گشتی کۆمەڵگای لە نێو خۆیدا مانیفێست کردووە.
ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتیی، هاوئاهەنگیی و هاوگوتاریی لە نێو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا دەگەیەنێت بە بەرزترین ئاستی خۆی. واتا دەسەڵاتداران و پیاوانی ئاینیی و نوخبەی ڕۆشنبیران و توێژی ئەکادیمیستان و کۆمەڵگا بە گشتیی هاوئاهەنگیی و هاوگوتارییەکیان لێوە بەرهەم دێت کە هەمووان پێکڕا دەبنە ئاوێنەی یەکتری و وێنەدانەوەیان بۆ یەکتری هەمان ئاست و هەمان شێوە دەبێت.
لە ڕۆژئاڤا، زمان و نەتەوە جیاوازەکان پێکڕا بەشێکن لەو هاوئاهەنگییە. واتا سیستمە سیاسیی و ئیدارییەکە لەسەر بنەمایەکی مرۆیی دامەزراوە کە هەمووان خۆیانی تێدا دەبیننەوە و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هەمووان دەکات.
لە ڕۆژئاڤا گاپی نێوان بەرپرسان و خەڵکی ئاسایی لە نزمترین ئاستدایە. گەندەڵیی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی لە نزمترین ئاستدایە. ئازادیی تاکە کەسیی و ئازادیی گروپە کۆمەڵایەتیی، ئیتنیکی، دینیی و نەتەوەییە جیاوازەکان لە ئەوپەڕی ئیمکانی خۆیدایە. لە ڕۆژئاڤا تاکە کەس بە تواناکانی و دڵسۆزیی و لێهاتوویییەکانیەوە سێنتەرە. داگیرکاریی بۆ پانتایی گشتیی لە نزمترین ئاستیدایە.
وزەی پۆزەتیڤی ئۆرگۆنی
وزەی پۆزەتیڤی ئۆرگۆنی لە دەسەڵاتدارێتییەکەی ڕۆژئاڤادا بە گوێرەی کۆنتێکستە مێژوویی، جیۆگرافیی و کۆمەڵایەتییەکەی لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە. بە گوێرەی ولیەم ڕایش وزەی ئۆرگۆنی، واتا وزەی ژیان و خۆشەویستی، وزەی ئازادیی و وزەی داهێنان.
لێرەوەیە کاتێک پیاوێکی ئاینی خاوەن کاریگەریی وەکو شێخ موڕشید مەعشوق خەزنەوی لەبارەی جەنگی دژ بە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەئاخڤێت، وزەی خواست بۆ ئازادیی و وزەی ژیان، سەرلەبەری گوتارەکەی پێکدەهێنێت.
کاتێک شەڕڤانانی پێکهاتوو لە نەتەوە و ئاین و ئاینزای جیاواز، بۆ مانەوە دەجەنگن، پڕن لە هێزی ئەرێنیی ژیان و وزەی ویستخوازی ئازادیی. لە ئاستی سەرکردە سیاسیی و سەربازییەکاندا، هەمانشێوە و بگرە لە ئاستێکی بەرزتردا بە وزەیەکی گەورەی ئەڤینەوە بۆ ژیان و ئازادیی، گوتار و ئەکت و پەیوەندییەکانیان بەرجەستە بووە. ئاوێزانیی و هاوئاهەنگییەکی بێوێنە لە نێوان پێکهاتە و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ڕۆژئاڤادا پایەدارە، کە لەسەر هاوبەندییەکی گەورەی ویست بۆ ئازادیی و هێزی ژیان و وزەی داهێنان بونیادنراوە.
ڕۆژئاڤا، ئەزموونێکی ناوازە و تاکانەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی ناوچەکەدا، لە ناوچەیەکدا کە پڕە لە ناعەدالەتیی، نایەکسانیی، چەوساندنەوە و ستەم.
پشتیوانی لە ڕۆژئاڤا، پشتیوانییە لە ئینسانییەت و جوانیی، لە عەدالەت و یەکسانیی. پشتیوانییە لە وزەی پۆزەتیڤی ژیان و ئازادیی و وزەی داهێنەرانە. پشتگیریی لە ڕۆژئاڤا، پشتگیریکردنە لە ئەزموونێک کە مۆدێلێکی باڵایە بۆ کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگاکانی دەوروبەرمان.




مافی ژنان: لە نێوان هەڵکشان و داکشان، ژنانی عێراقی لە چاوی زریاندا.. شیرین عەبدوڵڵا

لە کاتێکدا کۆتا ڕۆژەکانی ئەمساڵ بەڕێدەکەین و نزیک دەبینەوە لە ساڵی نوێ (٢٠٢٦)، دەبینین هەڵاواردن و دابەشکاری و نایەکسانییە جۆراوجۆرەکان لە گەشە کردندان لە نێو چەندین قەیران و بەرزبوونەوەی شەپۆلی کۆنەپەرستی لە جیهانێکدا کە بۆ چەسپاندنی باڵادەستی پیاوان دیزاین کراوە. مافی ژنان و گرووپە پەراوێزخراوەکان لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو لە دابەزینە، ئەو دەستکەوتانەی بە خەبات بەدەست هێنراون کەوتوونەتە بەرهێرش و تا دێت دەوڵەتە بورژوازییەکانیش زیاتر و زیاتر لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەکشێنەوە. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هوشیاربوونەوە بە ناجێگیری مافەکانمان و ئاسانیی لەدەست دانیان. لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی خەباتی بەردەوام و ڕزگاریخوازانەی ژنانەوە، لێرە و لەوێ تیشکی هیوا بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن دەدرەوشێتەوە.
لێرەدا چەند نموونەیەک لە پاشەکشە و دەستکەوتەکان دەخەینەڕوو، پاشان تیشک دەخەینە سەر بارودۆخی عێراق، کە ڕەنگە پەسەندکردنی پاکێجی ئەحکامە شەرعییەکانی جەعفەری (المودەووەنە) لە (٢٨)ی ئابی (٢٠٢٥)دا گەورەترین و مەترسیدارترین هێرش بێت بۆ سەر مافەکانی ژنان، نەک تەنها لە عێراقدا، بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکە.

  • لە لاتڤیا، پەرلەمان لە (٣١)ی ئۆکتۆبەر دەنگیدا بە کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
  • لە گامبیا هەوڵ هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێینە کە لە مێژە بە کاربووە.
  • لە مانگی حوزەیرانی (٢٠٢٢)، دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاری (ڕۆ -دژی -وەید)*ی هەڵوەشاندەوە، بەمەش پارێزگاری دەستووری لە هەموو ژنان سەندەوە سەبارەت بە لەباربردن و چاودێری پزیشکی ڕزگارکەری ژیان، هەروەها زۆرێک لە ژنان و پێشکەشکەرانی خزمەتی لەباربردنی منداڵ ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و تۆمەتباری کردەوە. دایک و باوکەکان بەهۆی یارمەتیدانی کچەکانیان بۆ دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی ڕووبەڕووی تۆمەت دەبنەوە. لێپرسینەوەی یاسایی و تاوانبارکردنی ژنانی دووگیان بە ڕێژەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە.
    لە بەرامبەردا:
  • لە (٢٥)ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری (٢٠٢٥)، پەرلەمانی ئیتاڵیا یاسایەکی نوێی بە فەرمی دەرکرد کە ژنکوژی لە یاسای سزادانی وڵاتەکەدا جێگیرکرد و سزای زیندانی هەتاهەتایی پەسەند کرا. دەنگدانەکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان.
  • لە بەریتانیا، لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا، دادگای باڵا بڕیارێکی لەمێژینەی دادگای خێزانی هەڵوەشاندەوە، کە تیایدا توندوتیژی خێزانی لەنێوان دایک و باوکدا بە پەیوەندیدار لەگەڵ مەترسی بۆ سەر منداڵەکانیان نەدەبینرا. ئەمەش دەستکەوتێکی بەرچاو بوو بۆ ئەو ژن و منداڵانەی بەرکەوتەی توندوتیژی خێزانی بوون. ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی کۆمیساری توندوتیژی خێزانی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە لە (٨٧٪)ی ئەو کەیسانەی کە خراوەتە بەردەم دادگای خێزان، توندوتیژی خێزانی هۆکارێک بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەنها لە (٤٢٪)ی کەیسەکاندا بە پەیوەندیدار بە بڕیارەکانی سەرپەرشتیکردنی منداڵان دانراوە.
    لە عێراقدا خودی ئەو مودەوەنەیەی کە پەرلەمان پەسندی کرد، واتا (پاکێجی ئەحکامە شەرعییەکانی جەعفەری) گوزارشە لە دوژمنایەتی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە ژنان و پێداگرییان لەسەر پەراوێزخستنیان و چەسپاندنی هەژموون و کۆنترۆڵکردنی پیاوان و ئاساییکردنەوەی توندڕەوترین شێوەکانی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان بە مەبەستی سەپاندنی ئەجێندای سیاسی کۆنەپەرستانەی خۆیان.
    ئەم دوژمنایەتیە تێمان دەگەیەنێت کە بۆچی یاسای توندوتیژی خێزانی بۆ زیاد لە ١٠ ساڵە لە ناو پەرلەماندا بێنەو بەرەی پێ دەکرێت!
    جگە لەوەش، شێوازی تێپەڕاندنی مودەووەنەکە، لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی سێ لایەنە لە بەینی قەوارە سیاسییە تائیفی و ناسیۆنالیستەکانی ناو دەسەڵات، دەربڕینێکی ئاشکرایە لە سروشتی پیاوسالاریی توێژی سیاسی دەسەڵاتدار و میکانیزمەکانی دامەزراوەکانیان، کە لەسەر بنەمای سازان و بەرژەوەندی هەر فراکسیۆنێک لەسەر حیسابی چاکەی گشتی کاردەکەن.
    هەروەها، پشتگوێخستنی نیمچە تەواوی میدیای جیهانی و ناوخۆیی لە تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەرامبەر بە هەموارکردنەکە و مودەووەنەکە بەڵگەیە لەسەر ڕادەی ڕاکێشانی ڕای گشتی بە دژی ژنان و ڕۆڵی هاوبەشیی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کە سوودی دارایی لەو لایەنانە وەردەگرن کە بەرژەوەندییەکانیان بەستراوەتەوە بە ئەجێندای ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان کە کۆنترۆڵی بڕیاردانی سیاسی دەکەن لە عێراق و ناوچەکەدا.
    دوای کەمتر لە سێ مانگ لە دەرکردنی ئەم یاسا دڕندانەیە دژی نیوەی کۆمەڵگا، هەمان پەرلەمانی پیاوسالار، هەڵبژاردنێکی ئەنجامدا. ئەم هەڵبژاردنە کە بە دەوری خۆشی لەسەر بنەمای سازان و دابەشکاری قەومی و تائیفی و حیساباتی فڕاکسیۆنە پەرلەمانییەکان و دابەشکردنی ڕۆڵ و تاڵانی غەنیمەکان دامەزراوە، نەک هەر هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی و چارەسەری ئازارەکانی خەڵکەوە نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دانراوە کە ئیرادەیان لێ بستـێـنـێـتەوە و لە ڕێگەی پارە و چەکەوە ملکەچیان بکات و بەم جۆرە درێژە بە سیستەمەکەی بدات.
    یەکێک لە تایبەتمەندیە دیارەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە خزمەتی کۆنەپەرستیدا، زیاتر جیگیر کردنی ستەمکاری بە دژی ژنان و بەردەوامدان بە یاسای ئەحکامی جەعفەری بوو.
    شایانی باسە کە ئەم هەڵبژاردنە، وەک هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بێبەش نەبوو لە نوێنەرایەتی ژن. ژنان لە دوای ئەنجومەنی حوکمڕانی ئینتقالییەوە بەشدارییان کردووە، کە بە بڕیاری دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی پۆڵ بریمەر پێکهێنراوە و لە کۆی (٢٥) ئەندام سێ (٣) ژنی تیابوو. دوای دوو ساڵ و لە ساڵی (٢٠٠٥) دەستووری عێراق پەسەند کرا، کە (٢٥٪)ی کورسییەکانی پەرلەمانی بۆ ژنان تەرخانکرد (سیستەمی پشکی ژنان)؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە لە کۆی (٣٢٩) کورسی (٨٣) کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە.
    دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٢١)، کەناڵی جەزیرە نێت بابەتێکی بەناونیشانی “لە پێشینەیەکی بەرچاودا… بەم شێوەیە ژنان هەڵبژاردنی عێراقیان سەرسام کرد” بڵاوکردەوە و ڕوونیکردەوە “سەرەڕای ئەو هەموو ناکۆکییانەی سەبارەت بە ڕۆڵی ئایندەی ژنانی عێراق هەیە، هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێناوە”. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٢١)دا (٩٧) ژن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردران، کە بە ڕێژەی (١٤) کورسی پشکەکانیان زیاتر بوو، هەروەها سێ پۆستی وەزارییان دەستەبەرکرد کە بریتین لە دارایی، پەیوەندییەکان و کۆچ.
    بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەم بەشداریکردن و نوێنەرایەتیکردنەی ژنان لە ڕووبەرێکی درۆ و فریودەر زیاتر نەبووە. بوونی زۆرینەی ژنان لە پەرلەماندا بە پلەی یەکەم ئامرازێک بووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان و دامەزراندنیان بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای قەوارە سیاسییەکان، تەنانەت ئەگەر ئەو ئەجێندایانە لەگەڵ پرس و بەرژەوەندییەکانی ژناندا ناکۆکیش بن. ڕوونترین بەڵگەی ئەمە ئەوەیە کە ئەم “پێشکەوتنە گەورەیە” نەبووە ڕۆڵێکی دیاریکراو بۆ ڕەتکردنەوەی یاسای جەعفەری یان تەنانەت چەسپاندنی یاسای توندوتیژی خێزانی. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنە پەرلەمانتارەکان دابەش بوون بەسەر دوو بەشدا کە بەشێکیان بەرگری لە مافەکانی ژنان دەکەن، و بەشەکەی تریان بە پێشخستنی دڵسۆزی بۆ حزب و خێڵ و نەتەوە و ئایین، دژایەتی مافی ژنان دەکەن.
    پەرلەمانتار جەمیلە عوبەیدی مشتومڕێکی بەرفراوانی لە کۆمەڵگەی عێراقدا دروستکرد، بە بانگەوازی هەڵمەتێک بۆ هاندانی فرەژنی و ڕەتکردنەوەی کەلتوری تاکژنی، بەو پێیەی ئەو پێشنیارە سوود بە ژنانی جیابووەوە و بێوەژن دەگەیەنێت کە لە شەڕدا مێردەکانیان لەدەستداوە. ئەو پەرلەمانتارە داوای دەرکردنی یاسایەکی “بۆ پاراستنی ژنانی ئازادی عێراق و چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە” کرد لە ڕێی دابینکردنی هاندانە داراییەکانی وەک دەرماڵـە و باج بۆ هاندان و هاوکاریکردنی پیاوان بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ “هەموو بێوەژنێک و جیابووەوەیەک”، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “سەختی دارایی یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ڕێگری لە هاوسەرگیری لەگەڵ زیاتر لە یەک کەس دەکات”. ئەو ژنە پەرلەمانتارە پاڵپشتییەکی بەرچاوی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەرگرت، هاوکات ڕووبەڕووی ڕەخنەی هەندێک لە هاوپیشە ژنەکانی بووەوە. پێشنیارەکەی لەو کاتەدا لە سۆشیال میدیادا شەپۆلێکی توڕەیی و گاڵتەجاڕی لێکەوتەوە، کە بە “سوکایەتیکردن بە ژنان” دانرا.
    ژنە پەرلەمانتارمان بیستووە کە بانگەشەی هەڵبژاردنیان لەسەر بنەمای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی بوو بۆ لابردنی مەرجی ڕەزامەندی ژن بۆ هاوسەرگیری دووەم. ژنە پەرلەمانتارانی دیکە پشتگیریان لە هەموارکردنەوەی مادەی (٥٧) کردبوو کە پەیوەندی بە زەوتکردنی مافی سەرپەرشتیکردنی دایکانەوە (حەزانە) هەیە.
    جێگای سەرسوڕمانە کە سەرۆکی لیژنەی خێزان و منداڵ، دونیا ئەلشەمەری، خۆی بەرگریکاری هەموارکردنە کۆنەپەرستانەکەی یاسای باری کەسی (١٨٨) بوو، نوێنەرایەتی بۆچوونەکانی قەوارە سیاسییەکەی خۆی دەکرد و بەم شێوەیەش ئاستەنگی زیاتری خستە بەردەم ئەوانەی دژایەتی هەموارکردنەکەیان دەکرد.
    بۆیە سەیر نییە کە دوای دوو دەیە لە دەستگرتنی حزبە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان بەسەر چارەنووسی خەڵکی عێراق ودوای شەش هەڵبژاردن، خەڵک هیچ باوەڕێکی بەو شتە نەماوە کە پێی دەوترێت پەرلەمان و هەڵبژاردن. سروشتی ڕاستەقینەی ئەم هەڵبژاردنانە ئەمجارە لە جاران زیاتر بە ئاشکرا دەرکەوتووە: لە کۆنتڕۆڵی ملیاردێرەکان، کڕینی دەنگ و نەبوونی هیچ دیدگایەک یان بەرنامەیەکی چاکسازی کە ڕەنگە سەختییەکانی ژیان کەم بکاتەوە، و لەم پرۆسەیەدا ژنان و مافەکانیان بونەتە گەورەترین قوربانی.
    هەروەها، لە سایەی هەمان ئەم بلۆکە پەرلەمانیەدا بوو، کە گەورەترین کۆمەڵکوژیی گەنجان کرا لە کاتی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە (٨٠٠) کەس و برینداربوونی زیاتر لە (٣٠) هەزار گەنج و ژن و پیاو، و لەگەڵ ئەوەشدا کە ژنان لەم ڕاپەرینەدا کۆت و بەندییان شکاند ولەماڵ هاتنەدەر، هێزەکانی کۆنەپەرستی یەکسەر و بێ دواکەوتن دەستیان دایە سەرکوت و پڕوپاگەندە و چەواشەکاری دژە ژن.
    هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە ژنانی عێراق (و پیاوانیش) ڕووبەڕووی دوژمنێکی ئاسایی یان سیستەمێکی پیاوسالاری نەریتی (تەقلیدی) نین وەک ئەوانەی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی مۆدێرن دەبینرێن، بەڵکو ڕووبەڕووی دوژمنێکی زۆر دڕندە دەبنەوە کە تواناکانی بێئەندازەیە و پەیوەندیی ئاڵۆز و چڕی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە- دوژمنێک کە درێغی نییە لە ئەنجامدانی قێزەونترین کۆمەڵکوژی لە دژی نەیارەکانی بۆ پتەوکرنەوەی چەپۆکی دەسەڵاتەکەی بەسەر خەڵکدا.
    لەم کەش و هەوا سیاسییە خنکێنەر و دژە ژنەدا، کە بۆ هەندێک لە توێژە نێرینەکانی عێراق دیزان و قۆرخ کراوە و لەڕێی توندوتیژییەوە و بە سیستماتیک، و بە پشت بەستن بە بنەمای بەها و نەریتی خێڵەکی و ئایینی کۆنەپەرستانەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە، دەنگ و ئازارەکانی ژنان بەزەحمەت دەبیسترێت.
    جگە لەوەش، ژنان وەک هەموو گرووپە پەراوێزخراوەکانی دیکە، ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی زیادە دەبنەوە لەبەردەم بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و توانای ڕۆڵگێڕانیان لە داڕشتنی سیاسەتەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان بکات و مافەکانیان بپارێزن؛ چالاکی سیاسی ژنان بە پێشێلکاری نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت، و فشارە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان زۆرێک لە ژنان بێهیوا دەکەن لە بەشداریکردن لە کاری سیاسیدا. کاندیدی ژن پێویستی بە ڕەزامەندی خێزانەکەی یان هۆزەکەی هەیە و لەوانەیە تووشی هەڕەشە وهێرشی میدیای ئەلیکترۆنی و هەراسانکردن بێت. جگە لەوەش ژینگەی کێبڕکێ و پیاوسالاری و پەراوێزخستن و ڕوانگەی سووکایەتیکردن بۆ ژنان لە شوێنی کار و دامەزراوە حکومییەکان وەک ڕێگرییەک لە دژی چالاکیی سیاسی کاردەکات.
    شایانی باسە، ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی بە دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ١٨٨ کە دواتر لە شێوەی مودەووەنەدا لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا، بە ڕێخرابوو، کە هەتا ئێستاش بەردەوامە و هەر ڕۆژە ژنان دەرگیری ئاکامە کارەساتبارەکانی دەبنەوە، چەندین ڕێکخراو و چالاکوانی ژنان و ئازادیخواز کە هەندێکیان لە تەحالوفی ١٨٨ بەشدار بوون، بەڵام ئەم ناڕەزایەتیانە نەیاتوانی بەر بە شەپۆلی کۆنەپەرستی ناو کۆمەڵگەو پەرلەمان بگرێت.
    شاهیدی چەندین هەڵمەتی شکۆشکاندن بووین بەرامبەر بەو ژنە پەرلەمانتار و پارێزەر و چالاکوانانەی کە دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسایەتی ڕاوەستاون، تەنها بەهۆی دەربڕینی بۆچوونەکانیان لە پرۆسەیەکدا کە گوایە دیموکراسییە و لەسەر بنەمای دیدگای جیاواز دامەزراوە.
    چالەنجەکانی بەردەم ژنان لە عێراقدا بێ ئەندازە و فرەلایەنەیە، پێویستی بە خەبات لە دژی ستراکتۆرە چەسپاوەکانی سیستەمی پیاوسالاری هەیە، کە لەلایەن پایەکانی سیستەمی سەرمایەداری و بەها کۆمەڵایەتییەکانی دوژمنایەتی ژنان و ڕزگاریکردنیانەوە پاڵپشتی دەکرێن. بەڵام نە پیاوسالاری و نە سەرمایەداری نەمر و هەتاهەتایی نین و ئەوەی ژنانی عێراق ئەزموونی دەکەن، قەدەرێکی حەتمی نییە. لەم سەردەمەدا ئەمە چارەنووسێکی حەتمی نییە، بەڵکو سیستەمێکە کە بە زەبری توندوتیژی و بەهێزکردنی بەها و نەریتە کۆنەپەرستەکانەوە بەرهەم هێنراوەتەوە.
    ئەرکەکە لە خەباتدایە بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕیشەهەڵکێشکردنی ئەم سیستەمە و گرتنەبەری دیدێکی کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ و سیاسەتێکی پراکتیکی هاوتا لەگەڵ چالەنجەکاندا.
    ٢٩-١٢-٢٠٢٥

*لەباربردنی منداڵ لە سەرانسەری ئەمریکادا، دوای بڕیارێکی یاسایی گرینگ لە ساڵی ١٩٧٣، یاسایی کرا، کە زۆرجار بە دۆسیەی ”ڕۆ دژی وەید” ناودەبرێت.




ڕاپەڕینەکەی ئێران لە قۆناغێکی زۆر ناسکدایە.. زاهیر باهیر

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەماوەی دوازدە ڕۆژی ڕابردوودا لە 31 پارێزگای ئێراندا کە 150شار و 600 و شارۆچکە پەیوەست بوون بە خۆپیشاندانەکانەوە. ڕاپۆرتەکان وای رادەگەیەنن کە چەند شارۆچکەیەك و شاری عەبادان چی تر لەژێر کۆنترۆڵ و ئیدارەی حکومەتدا نەماوە و کەوتونەتە ژێر دەسەڵاتی خەڵکەوە.
ئەو ناڕەزایەتییەی کە لە 27 ی مانگی ڕابوردووەوە دەستیپێکرد، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی دراوی نیشتمانییەوە بوو. ئەم پێشهاتە وایکرد کە لای حکومەت قورستر بێت تاکو چارەسەری ئەو نیگەرانیانە بکات کە لەلایەن هاوڵاتیان و خۆپیشاندەرانەوە وروژێنراون. جگە لەوەش حکومەت کۆتایی هاتنی نرخی ئاڵوگۆڕی پاڵپشتیکراوی بۆ هاوردەکاران ڕاگەیاند، بڕیارێک کە پێشتر بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی بەقاڵی.
دوێنێ شەو ، پێنج شەمە، ناڕەزاییەکان فراوانتر و کاریگەر تر و شاری گەورەی وەك تاران و مەشهەدی بەخۆوە گرتووە کە هەموو ئەوە دەڤەرانەی سەرەوە و گەلێك لە شار و شارۆچکەکانی گرتۆتەوە. بە سەدان هەزار کەس هاتوونەتە سەر شەقامەکان. هاوکاتیش لە زۆربەی شار و شارۆچکە گەورەکانی کۆردستان، خەڵکی مانگرتنیان کردووە و دووکان و قوتابخانە و خەستەخانە و شارەوانی شوێنە خزمەتگوزارییەکان و ئەوانی دیکە هەر هەموویان داخراون و خەڵکی لەسەر شەقامەکان بوون . گەرچی دەسەڵات هێڵی ئینتەرنێتی لە خەڵکی بڕی، بەڵام هێشتا وێنە و ڤیدۆکانی ئاپورەی خەڵکی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە لایەن پۆلیس و پاسادارەوە، دزەیان بۆ سۆشیال میدیا کرد .
ئەوەی مایەی دڵخۆشییە تا ئێستا خەڵکانی ڕاپەڕیو لە لایەن هیچ لایەن و پارتییەکەوە کۆنترۆڵ نەکراون و تا ئێستا سێنتەرێکی نییە ، گەرچی ڕەزا پەهلەوی دەیەوێت خاوەندارێتی لێبکات ، لە دوورەوە پەیام دەنێرێت و فرمان دەردەکات بەڵام ئەو لە ناو ئێراندا پێگەیەکی بەهێزی نییە. زۆربەی هاوکاران و لایەنگرانی ئەو لە وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدە و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەن .
ئەمەی کە دوێنێ شەو ڕوویدا تەکانێکی گەورەی بە خۆپیشاندان و ئارەزاییەکانی خەڵکی دا، ڕاپەڕینەکەی خستە قۆناخێکی سەخت و ناسکەوە. لەوە دەکات ئا لێرەوە هەنگاوەکانی داهاتوی ئەم راپەڕینە مەزنە دیاری بکرێت و ناکرێت هەر لەم شێوەییەی ئێستادا بمێنیتەوە یا ئەوەتا بەردەوام دەبێت بەڵام بە گوژمی بەهێزتر و بە ژمارەی زۆرتر و بە شداری شاران و شارۆچکەی فرەترەوە ، یاخود بەرەو خامۆشی بڕوات . من هەرگیز ناڵێم شکست دەهێنێت، چونکە ناکرێت شکست بهێنێت لە کاتێکدا هەر ئەمان خۆیان یاخود ئەوانەی لە دوای خۆیان دەکەون بە سەر خەزێنەیەکی گەورە لە ئەزموونی زیاتر . هاوکاتیش کەمێک لە داخوازییەکانیان دێتە دی، بە جۆرێکیش لە جۆرەکان بنکەنی ڕژێمی کردووە و درزی گەورەی تێخستووە کە بە تەکانێکی تر دەستەبەری هەرەسهێنانی ڕژێمەکە دەکات . ئەمە جگە لەوەی کە سروشتی ڕاپەڕین و شۆڕش هەر ئاوایە.
با ئەوەشمان لە بیر نەچێت خەڵکی لە بەرانبەر ڕژێمێکی فاشی سەرکوتکەر ڕاوەستاون، ڕژێمێک کە هیچ بەزەیی و سۆز و دەستگێڕانەوەیەکی نییە لە بەرانبەر ئەم خەڵکە مەزنەی ئێراندا ، کە لە ئێستادا خەڵکی ئەو پەڕی بوێرییان نیشانداوە کە لە چەند شوێنێکدا تەنانەت هەیکەلی قاسمی سڵێمانیان شکاند و بە پێلەقە چوونە سەری ، کە ئەو بە پاڵەوان و پلاندانەر و نەخشەکێشی نەك پێشەوەچونی خودی ئێران دەناسرا، بەڵکو هەناردەکردنی هاوکاری و هەموو جۆرە سەپۆرتێك بۆ گروپانی تیرۆریستی ئیسلامی لە وڵاتانی دیکە بوو .
لە لایەکی دیکەوە ڕژێم باش دەزانێت کە خەڵکی عەرشی حوکمڕانییانی لەرازندووە لەوە دەکات هەرەسی پێبهێنن بۆیە هەموو جۆرە تاکتیك و فێڵ و سەرکوتکردنێك دەگرنە بەر لە پێناوی مانەوەیاندا. ئەوەی زانراوە لە ڕێگەی ‘ هەنگاو’ کە ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤە تا ئێستا ژمارەی قوربانییەکان 45 کەسن، زیاتریش لە 200 بریندار هەیە و هەروەها زیاتریش لە 2400 کەسیش دەستگیر کراون.
لێرەدا ڕاستیەکی دیکەش هەیە ئەویش، هێشتا قەوارەی ڕاپەڕیوان ئەوەندەی ڕاپەڕینی ‘ژن، ژیان ، ئازدایی’ یاخود قەبارەی بزوتنەوەی گرین-ی 2009-2010 گەورەتر و فراوانتر نییە. ئەوەش راستییە کە ئەو دوو بزوتنەوەیە بە تایبەت ‘ژن ، ژیان ، ئازادیی’ ، هەنگاوی گەورەی نا، تا ڕادەیەك جڵەوی دەسەڵاتدارانی ئێرانی شل کرد و وانەیەکی باشی پیدان و هاوکاتیش ورە و بوێری و متمانەی جارێکی دیکە بۆ خەڵكی ئێران گەڕانەوە . لەمانەش گرنگتر بناغەیەکی دروستکرد بۆ ئەم ڕاپەڕینەی ئێستا. جیاوازییەکەی ئەمەی ئێستا و ئەو کاتە ئەوەیە کە ئێرانی ئێستا پاش شەڕە دوازدە ڕۆژییەکەی لەگەڵ ئیسرائیلدا زۆر لاواز بووە ، هاوکاتیش خەڵکی بوونەتە خاوەنی ئەزموونێکی زیاتر لە گردبوونەوەیان و لە گۆڕینی تاکتیکەکانیان لە بەرانبەر پۆلیس و بەسیج و پاسداراندا.
ناتوانرێت پێشبیی دروستی ئەم ڕاپەرینە بکرێت کە ئایا لێرەدا تەواو دەبێت، یاخود هەرەس بە ڕژێمی ئێران دەهێنێت؟ بەڵام دەکرێت پێشبینی ئەوە بکرێت ئەگەر خەڵکی لە ئێراندا هەر گۆڕانکاری دەم و چاوەکانیان بوێت ، گۆڕینی ئەم دەسەڵات بە یەکێکی دیکە ، کۆتایی چەوساندنەوە و دەردەسەریی و نەبوونی و ئازادی و برسێتیەکەی ئەم 47 ساڵەی ژێر حوکمی ئاخوندەکان و پێشتریش حوکمی شا-یان لەسەر دەمێنێت .
دەی با بەهیوابین کە خەڵکی لە ئێراندا ئاراستەیەکی دیکە دەگرنە بەر کە هەموو ئەو جێگۆڕکیانەی ئەم دەسەڵات بەو دەسەڵات ڕەتبکەنەوە و خۆیان بتوانن کاروبار و ژیانی خۆیان بە خۆیان بەڕێوەبەرن دوور لە هەموو دەسەڵاتێکی ناوەندی و ناناوەندیی . بگەنە ئەو قەناعەتەی کە ئازادیی هەموان لە درەوەی دەسەڵات و حکومەت و دەوڵەتدا دەستبەر دەبێت و، تا هەمووانیش ئازاد نەبن ئازادی تاک و لایەن بەدی نایەت، ئەمەش هەر لە سای ڕێکستنی ئاسۆیانەی خودی خەڵکەکە خۆیەتی و گەڕانەوەی هەموو بڕیارەکان بۆ خۆی خۆی خاوەنی سەروەری خۆی بێت و نە بەندیی کەس بێت نە کەسیش بەندی بێت .

زاهیر باهیر
09/01/2026




تڕەمپەکانی ئەمەریکا!.. حەسەن ڕازانی

ڕفاندن و گرتنی مادۆرۆ، سەرۆکی فەنزویللا، بە فەرمانی ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، نە تەنها سەرۆکەو نە کۆتا سەرۆکیش دەبێ کە بەدەستی سەرۆکە ترەمپ ئاساکانی ئەمەریکا بەو مەرەدە برابێت.
مێژووی سەرۆکەکانی ئەمەریکا ، کەم تا زۆر، ترەمپ ئاسا دەسەڵاتی حکومەتی ئەمەریکایان بەکار هێناوە.
سیاسەتی ئەمەریکا چ کۆماریەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووبێت و چ دێموکراتەکان، هەردووکیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی پۆلیسیانەو هەژموونی سیاسیی و سەربازیی ئەمەریکا بەسەر دنیادا دوو دیوی یەک دراو بوون.
ئەوەتە گۆڤاری نیوزویکی ئەمەریکی بە ئاشکرا ترەمپەکانی ئەمەریکا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکات. گۆڤاری نیوزویک نووسیویەتی و دەڵێت:
” ڕفاندن و گرتنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی فەنزویللا، لە لایەن هێزێکی سەربازیی نوخبەی ئەمریکاوە بە فەرمانی ترەمپ، مێژوویەکی درێژی ئەمەریکا لە دەستێوەردانەکانی ئەمەریکا لە سیاسەت و کاروباری نێوخۆی وەڵاتاندا دێنێتەوە بیر خەڵک. ئەو مێژووە سەردەمانێک ترەمپ خودی خۆی ڕەخنەی لێدەگرت.
مەبەستێکی تری زۆر بەهێز کە گۆڤارەکە ئاشکرای کردووە دەربارەی دەستێوەردانەکانی ئەمەریکا لە کاروباری نێوخۆی وەڵاتان بە تەنها مەبەست لە گۆڕین و وەلانانی دیکتاتۆرەکان نەبووە بەڵک و هەوڵێکیش بووە بۆ ئەوەی پێش بە بڵاوبوونەوەی کۆمۆنیزم بگیرێت، یاخود بە مەبەستی پارێزگاریی بووە لە بەرژەوەندی ستراتیجی ئەمەریکا.
جا با ئێمە تۆزێک بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دوێنێ و بزانین کێن ئەوانەی لە وێنەی مادۆرۆ ترەمپەکانی ئەمەریکا ڕفاندوویانن، یان کوشتویانن، یان لەسەر کارو دەسەڵات لایانداون، جا بە شێوەی کودەتا بووبێت یان بە هێزی سەربازیی و لەشکرکێشیی بووبێت. بۆ نموونە سەدام حوسێن سەرۆکە دیکتاتۆرەکەی پێشووی عێڕاق.
یەکەم: محمد مصدق لە وەڵاتی ئێران سساڵی ١٩٥٣
محمد مصدق سەرباری ئەوەی بە پێی هەڵبژاردنێکی دێموکڕاتیانە لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە هەڵبژێررابوو بەڵام چونکە دەستی برد بۆ خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران و گوتی دەبێ نەوتی ئێران بۆ ئێرانیەکان بێت، ئیتر بەو قسەیەی خوێنی خۆی کردە کاسەوە. ئەمەریکاو بەریتانیا لێی دڕدۆنگ بوون و لێی چوونە سەنگەرەوە. ئیتر لە رێگەی سی ئای ئەی بە ڕێگەی کودەتا محمد مصدق وەلانرا
دووەم: جاکوبو ئەرینز لە وڵاتی گواتیمالا لە ساڵی ١٩٥٤.
ئەو سەرۆکەشیان وەلانا هەر لەبەر ئەوەی کەسێکی بە ئایدۆلۆجی چەپ بوو. ئەوکارەشیان بۆیە کرد تاکو بەر بە بڵاوبوونەوەی ئایدۆلۆجیەتی چەپڕەوانە بگرن. ئەو کارەشیان لە کاتێکدا کرد کە شەڕی سار لە ترۆپکەیدابوو.
سێیەم: عبدالکریم قاسم لە عێڕاق ساڵی ١٩٦٣
بە شێوەی کودەتا ئەو سەرۆکەشیان فتکرد. کودەتاکەش بە هاوکاری ئەمەریکا حیزبی بەعس پێی هەستاو ئەنجامیدا. هۆیەکەشی ئەوەبوو کە عبالکریم قاسم پەیڕەوی لە سیاسەتیکی دژە ڕۆژئاواییانە دەکردو هەروەها کەسێکی بە ئادیۆلۆجی چەپ بوو.
چوارەم : فیدڵ کاسترۆ. لە وەڵاتی کوبا لە ساڵی ١٩٦١
ئەمەریکا هێرشێکی سەربازی سەرنەکەوتووی لە دژی کاسترۆ ئەنجامدا. ئەو فەشەلەشی لە لەشکرکێشیەکەدا بووە هۆی ئابڕوچوونێکی گەلێک گەورەو ئاشکرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا.
پێنجەم: نگو دینە دیم لە وەڵاتی ڤێتنام لە ساڵی ١٩٦٣
ئەمەریکا بە ئاشکرا پێیەوە دیاربوو کە کەوتبووە ناو زۆنگاوی شەڕێکی نەبڕاوە لەناو ڤێتنامدا و نەشی دەتوانی لێی دەرچێت. بۆیە پشتیوانی لە کودەتایەکی سەربازی کردو دەسەڵاتی نگو دینە دیم کۆتایی پێهات.
شەشەم: هدسون ئوستن لە وەڵاتی گرینادا لە ساڵی ١٩٨٣
ئەمەریکا لە ڕێگەی هێرشێکی سەربازی کورت ماوەدا کۆتایی بە دەسەڵات و حوکمی ئەو سەرۆکەش هێنا.
حەوتەم: جان کلود دوفالییە لە وەڵاتی هاییتی لە ساڵی ١٩٨٦
ئەو سەرۆکە کەسێکی دیکتاتۆر بوو. بەڵام هەر کە ئەمەریکا پشتیوانیی و کۆمەکی خۆی بۆ ئەو سەرۆکە بری ئیتر خەڵکی وەڵاتەکەی خۆی لێی وەخۆ کەوتن و تەفروتوونایان کردو ڕووخاو نەما.
هەشتەم: مانوێل نوریگا لە وەڵاتی پەنەما لە ساڵی ١٩٨٩
ئەمەریکا هێرشی سەربازی کردە سەر پەنەماو ئەو سەرۆکەشی گرت و دادگایی کردو خستیە زیندانەوە.
نۆیەم: سەدام حوسێن لە وەڵاتی عێڕ ق لە ساڵی ٢٠٠٣
ئەمەریکاو چەندین دەولەتی تری هاوپەیمانی ئەمەریکا هەموویان بە یەکەوە هێرش و لەشکرکێشییان کردە سەر عێڕا ق و حکومەتەکەی سەدامیان ڕوخاند و ئەو سەرۆکەشیان گرت و خستیانە زیندانەوەو دوای دادگایی کردنی لە سێدارەیان دا.
دەیەم: موعەمەر قەزافی لە وەڵاتی لیبیا لە ساڵی ٢٠١١،
موعەمەر قەزافی لە کات و سەردەمی بەهاری عەڕەبیدا بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئەمریکاو ناتۆ هێرش و لەشکرکێشی کرایە سەرو دەریان پەڕاند. بەڵام لە کاتی ڕاکردنیدا گرتیان و کوشتیان.
یازدەیەم: نیکۆلاس مادۆرۆ لە وەڵاتی فەنزویللا. لە ساڵی ٢٩٢٦
بە فەرمانی ترەمپ هێزێکی تایبەتی سەربازیی و بە هێزی سەربازیی مادۆرۆ گیراو بردیان بۆ ئەمەریکاو ئێستا بەتەمان دادگایی بکەن. ئیتر جارێ زووەو نازانرێت چی ڕودەدات و چارەنووسی مادۆرۆ چی دەبێ و لێکەوتەکانی ئەو هێرشە چی دەبن بۆ ئەمەریکا. جا بە بڕوای من ئەو سەرۆکەش هەر وەک سەرۆکەکانی تر دەڕواو هیچیش بۆ ئەمەریکا ڕوونادات و ترەمپیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێ و مادۆرۆش دەچێتە ڕیزی سەرۆکە کوژراوو وەلانراوەکان.
ئەدی باشە زەین العابیدین سەرۆکی وەڵاتی تونس ، یان سەرۆکی یەمەن و سەرۆکی میسر کە لەسەردەمی بەهاری عەڕەبیدا بە یارمەتی ئەمەریکاو ناتۆ خەڵک هەڵی کوتانەسەرو دەری پەڕاندن. بەشار ئەسەد لە سوریاو هێنانی جۆلانی بۆ شوێنەکەی یان ڕوخاندنی حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان و هێنانەوەیان بۆ جارێکی تر هەموو ئەو کارانە بە یارمەتی و کۆمەکی ڕاستەوخۆی ئەمەریکاو ناتۆ ئەنمجام دراون.
ئێستا ئەمەریکا بە ڕاستەوخۆیی و ناتۆش بە ناڕاستەوخۆیی خەریکی ئێران و ئاخوندەکانی ئێرانن. جارێ نازانرێت چۆن دەبێ و چی ڕوودەدات . ئایا کوڕەکەی شا دەهێننەوە کە وەختی خۆی لە ساڵی ١٩٧٩ دەریان پەڕاندو و خومەینییان هێنا بۆ شوێنەکەی؟.. دواڕۆژێکی نزیک ئەمەیان ڕوون دەبێتەوە.
ئیتر دەبێ ئارام بگرین، تاکو بزانین ئەمەریکا لەمەودوا سەری چ سەرۆک و وەڵاتێک دەخاتە قوڕەوە.
تێبینی:
بۆ نووسینی ئەو بابەتە سودم لەودوو سەرچاوەیە وەرگرتووە . کەنەدا ٢٤+ و نیوزویک.




لەبری پرۆلیتاریا، دەڵێن مێگەل!.. جەمال کۆشش

ساڵی خەونە موژدە بەخشەکان! ساڵی بەهێزبوونەوەی کۆمۆنیستەکان!

سلاڤۆی ژیژەک کتێبێکی بەناوی “ساڵی خەونە ترسناکەکان” هەیە، وەرگێڕی کارامەی بواری هزر و فەلسەفە، ئەرسەلان ئەفراسیاو بۆ کوردی وەریگێڕاوە. بەکارهێنانی ئەم دەستە واژەیە وەک میتافۆرێکی ئاوەژوو، تەنها بۆ چڕکردنەوەی مەبەست بووە بۆ دەرکەوتنەوەی شەبەنگێکی سور. کتێبەکە پتر لەدەیەیەکە نوسراوە، ساڵی بەهێزبوونی ڕاستی پۆپۆلیستی توندڕەو، پوکانەوەی عەقلانیەت و جەنگ.
کیژان ئیسپه هانگیزی، مامۆستای زانکۆی زوریخ لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی دێر بوند (بەڵێ، بەڕاستی ئێمە لە سەردەمی لەدایکبونی نەزمێکی نوێێ جیهانیدا دەژین کە بەرەیەکی خراپەکار لەئۆتۆکراتەکان شەڕیان لە دژی کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراسیەکەی ئێمە ڕاگەیاندووە. ئێمە لە نێو ئاڵوگۆڕێکی ئابوری و هەیکەلەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن گیرمان خواردووە، ڕێگای دەرچوون زۆر مەترسیدارە).١
سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای ڕەوتێکی بە هەژمون و هەیبەتی بۆرژوازی، پاراستنی کەمایەتیـیە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان، ڕێزگرتنی کلتورەکان و مافی گروپەکان و دایەلۆگی نێوان ئاینەکان و بەرگری لە کۆمەڵەی پەلکە زێرینەکان و پەراوێزخراوەکان و فێمێـنیستی جێندەری و مافەکانی پەنابەران و کرێکارانی کۆچکردوو،…پاشەکشەی لەبەرامبەر کۆنسێرفەتیفە ڕاستڕەوەکان و ئیسلامفۆبیا و بزووتنەوە نیو-فاشیستەکاندا کردووە. ئەم دەورانە بە کۆتایی ڤۆکیزم و پۆلیتەکەڵ کۆڕێکتنێس دەناسرێت، بەڵام بۆ ئەمانە پەیدا بوون؟
لەڕاستیدا، خۆی ئەمە پرۆسەیەکی یەکجار ئاڵۆزە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی سەرمایەدا و لە نێو دەورانی سیستەمەکەدایە. ڕێکخستنەوەی بازاڕی کار و سەرمایە و جیۆپۆلیتیکی نوێ لە ئاستی جیهاندا، بەتایبەت پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لەبواری دجیتاڵ و زیرەکی دەستکردا، شەڕی غەززە و ئۆکرانیا، …هتد.
بەڵام ئەوەی تایبەتیـیەکی بنچینەیی تر لەم جێگۆڕکـێـیە، هەر ئەو ڕەوتەی بۆرژوازی بوو، کە کۆمۆنیزمی چینی کرێکاری وەک کوشندەترین دەرد و بەڵا لە کۆمەڵگا ڕاو دەنا. هەر لە بەنگلادیش و ئەندەنوسیاوە بگرە تا ئەمەریکای لاتین و تا ئەفگانستان و پاکستان و ئێران، بە کودەتای ڕاستەوخۆ و دامەزراندنی حکومەتە پرۆکسیسەکان، یان بەهێزکردنی تاوانبارترین بزووتنەوە سیاسیـیە مافیاییەکان ، یان هەردوکیان وەک ئێستای عێراق. هیچ بوارێک و هیچ شوێنێک نەما، بۆنی کۆمۆنیزمی لێهاتبا و هەر چەند بچوکیش بێت، هەر چەند ڕەمزییش بێت، دەبوا هاوتا بکرێت بەنازیزم و فاشیزم و توندتر هەوڵی لەنێوبردنی بدەن. تەنانەت لەبێلایەنترین زانکۆشدا. دیقەتتان دا، کارزان عەزیز لە کۆتایی نۆڤەمبەری ئەمساڵ، لە لاپەڕەی فەیسبوکی خۆی، نوسینێکی بەناوی “ئایدیولۆژیای بەعسیزم چیە؟” بڵاوکردەوە، لەوێدا لە یەکێک لە زانکۆکانی بەریتانیا لە کۆرسی ماستەرەکەیدا کە تایبەت بوو بە نازیزم، مامۆستاکەی ناچاریکردووە و لە دەرەوەی ئارەزووی خۆی کۆمۆنیزم لە تەنیشتی فاشیزم و نازیزمدا دەبوو بەکاربهێنێت. یۆڤال نۆح هەراری درەوشاوەترین ئەستێرەی بیرمەندی لیبراڵی ئەمڕۆیە. تەنها کتێبی “نوکسێس” کە لە (٢٠٢٤) بڵاوبوەوە، (٤٥) ملێۆن دانەی لێفرۆشراوە و بۆ سەر (٦٥) زمان وەرگێڕدراوە. وەرگێڕانە کوردییەکەی، بەڕێز شاهۆ عوسمان لە ئەڵمانیەوەیە، ، لە لاپەڕە (٢٧)دا، پەرەگرافێک لە مانفێستی کۆمۆنیست دەهێنێتەوە (مێژووی هەموو کۆمەڵگایەک تا ئێستا مێژووی ململانێی چینایەتییە، ئازاد و کۆیلە، ئەشراف و عەوام…). دواتر دەنوسێت، ئەم لێکدانەوە دووانەییە بۆ مێژوو، هەموو کارلێکێکی مرۆیی وەک ململانێی دەسەڵات لەنێوان ستەمکار و ستەملێکراو دەبینێت، کەواتە بۆ هەر وتەیەک نابێت بپرسین ( چی دەوترێت؟ ئایا ڕاستە؟)، بەڵکو دەبێت بپرسین (کێ ئەمە دەڵێت؟ ئەمە خزمەتی ئیمتیازاتی کێ دەکات؟).
یۆڤال هەراری کاتێک ئەم تێزە بەناوی “زانیاری” دەهێنێتەوە، کە لە لاپەڕەکانی پێشوویدا زۆر گێڕانەوەی هەڵبەستراوی زانیاری ناڕاستی دۆزیوەتەوە. هەمان نیەتی هەیە کاتێک لە دیدگای مارکس بۆ خەباتی چیانەیەتی دەکۆڵێتەوە. کتێبێکی تر کە لە لیستی پێشنیارکراوی (٢٠) باشترین کتێبی پایزەی دەوری ڕۆژنامەی (ئین زیت زیت) بوو، نوسەرەکەی (ئوڤا وتستۆک)ە، بەناوی (کارل مارکس لە جەزائیر، ژیان و دواین گەشتی شۆڕشگێڕێک)، بەزمانی ئەڵمانی، کتێبەکە بەنیازی ژیاننامەی مارکس لە (٢٧-٤-١٨٨٢)، یانزە مانگ پێش کۆچی دوایی، وە تایبەتی تر ئەو دە هەفتەیەی مارکس لە جەزائیر بوو، بەڵام بەشێوەیەک بۆ تەواوی ژیانی دەگەڕێتەوە و لەوێوە وێنەیەکی شێواو لە بۆچوونە بونیادییەکانی مارکس دەدات. (بۆ ئەمە ڕوون نیـیە، ئایا مارکس بڕوای بە تێزە بنەڕەتیەکەی خۆی هەبوو، چەقی هەڵوسێنەری مێژوو، ململانێێ نیوان چینەکانە، کە ئەمە ئایا دەتوانرێت بەڕاستی و
قەناعەتهێنەر بێت و ئەزمون بکرێت و بەداتا بسەلمێنرێت، یان ئەم تێزە لەچاوی مارکسدا تەنها لێکدانەوەیەکی تایبەتی (سۆبێیەکتی) بووە لە سەردەمە مێژووییەکان)، چەند دێری دواتر دەنوسێت: “مێژوو پرۆسەیەکی گەورەی ئاڵۆزە کە لە ژمارەیەکی بێسنوری ڕەوتە کۆمەڵایەتیەکان، تاکیەکان، ژینگەییەکان، کلتورییەکان و فاکتۆرەکانی تر کاریگەرییان هەیە، ئەم فاکتۆرانە کە بە بەردەوامی دەگۆڕێن و کاریگەرییان لەسەر یەک هەیە و بۆیە ناتوانین تەنها بۆ یاسا ئابورییەکان بگەڕێێنەوە ، لاپەڕە١١٠)٢. یەکجار زۆرن بەهەموو زمانێک و لە تەواوی جیهان، دژایەتی مارکسیەت و تێۆری خەباتی چینایەتی.
ساڵی (٢٠٢٦) و ساڵانی داهاتوو، موژدە بەخشن، بۆ یەکەمجارە لە مێژوی سویسرا، گەورەترین خۆپیشاندانی کرێکاران و کارمەندانی کانتۆنی فات دەستیان بەمانگرتن و خۆپیشاندان کردووە. گەورەترین خۆپیشاندان لەدژی ڕاسیستەکان لە ئەڵمانیا، گەورەترین خۆپیشاندانی جەماوەری لە بەریتانیا بۆ کێشەی فەلەستین. بزووتنەوە کۆمۆنستیـیەکان لەسەراسەری ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا بەهەنگاوی گەورە بەرەو حزبیەت و بەرەو هەڵسوراوە کرێکارییەکان دەڕۆن.
شۆڕش بە چ مانایەک دێت؟
بۆرژوازی لە کوردستان، لە لاوازترین کاتەکانی خۆیدا، غافڵ نەدەبوو لە سەرکوتکردن و تیرۆر و ڕێگری لە چالاکی ڕاستەوخۆی کۆمۆنیستەکان. هێڕش بۆ سەر بارەگاکانی (ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست) لە ساڵانی (١٩٩١ و ١٩٩٢) لە هەولێر و هەڵەبجە و ڕانیە و دهۆک و ئاکرێ، هێرش بۆ سەر شوراکان. وە دواتر کرۆنۆلۆژی خوێناوی درێژەی کێشا بۆ تیرۆری نەزیرعومەر (١٩٩٣)، شاپور و قابیل (١٩٩٨) و کوشتاری بە کۆمەڵی ناو شاری سڵیمانی لە (١٤)ی تەمووزی (٢٠٠٠)دا.
ڕۆشنبیران، بەتایبەت گروپی ڕەهەندییەکان، زمانیان بەخشی بەدەمی سەرکردەکانی شاخ کەتازە بەربوونە تاڵانی شار. لیبڕاڵیەتێکی بێ بەهایان بۆ کورد دامەزراند و شوناسێکی فەردیان دا بەناوی تاکی کورد. خۆ کرێکار لە کوردستان نیـیە، ئیدی مارکس و کۆمۆنیزم بۆ دەبێت لێرە هەبن، بۆ ئەوەی ئەم تێۆرە دابهێننن، دەبوا مارکس و بیروباوەڕە مارکسیـیەکان، لە فکر و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا دەربکەن. بەڵێ لە زۆر چاوپێکەوتن و ڕاڤە و کتێبەکانیاندا، چەمکەکانی بەعسیزم و فاشیزم و سۆشیالیزم و تەنانەت مارکسیسزم و کۆمۆنیزمش، وەک یەک ئایدیۆلۆژیا تاوانبارکراون و و بەنەفرەتکراون. فاکتەرێکی گرنگی دواکەوتویی فەرهەنگی و تەشەنەسەندی سەلەفیەت و داعشیەت و نیولیبراڵیزم. دورخستنەوەی بەتایبەت لاوان بوو لە مارکسیەت.
کەسانێک هەن و ڕەنگە بەخۆشیان بڵێن کۆمۆنیست:–
لەبری گەڕانەوە بۆ مارکس، دەگەڕێنەوە بۆ نیتچە؟ لەبری لێکدانەوەی مادییانە، میتافیزیکییانە دەڕواننە گەردون.
لەبری پرۆلیتاریا، دەڵێن، مێگەل!
ڕاپەڕین و هەڵسانە جەماوەرییەکان نابینن، دەڵێن کۆیلەی فکری!
لەبری خەباتی کۆمۆنستی، لە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، ڕیکلام بۆ کاندیدی کۆتای مەسیحی، لەسەر لیستی حزبی شیوعی کوردستان دەکەن؟
لەبری لێکدانەوەی ماتریالیزمی مێژوویی بۆ ئاژاوە و کێشەکانی نێوان ئینسانەکان لەسەر شوناسە جیاوازە کلتورییەکان، دێن ئینسانەکان بەپێی لۆجیکی فیدرالیەتی سیاسی پەرلەمانی سەرژمێرییان دەکەن ولەڕادیکالترین شێوەیدا دیدگای کارل پۆپەرییەکان بۆ کۆمەڵگای کراوە، لەبری خەباتی هاوبەشی چینایەتی.
لە نێو کارەساتێکی سروشتیدا، لەبری قوڕبارانکردنی دەسەڵاتداران و ڕاونانیان بەهوتافی تاوانبار و بکوژ، ناچارکردنیان بەدەستکێشانەوە، وەک ئەوەی لە ڤالانسیای ئیسپانیادا بوو. کۆمۆنیستەکان دەبێت لە ڕێکخراوە خێرخوازییەکاندا لەنزیک خەڵکەوە بن!
شۆڕشی کۆمۆنیستی، قۆناخبەندی نییە، زەمینەسازییە. پراتیکی کۆمۆنیستی ڕێژەی لەسەدای نییە. شۆڕشە بۆ ئازادی هێزی کار لە سیستەمی چەوسانەوە. “کاڵای ئەبستراکت” نییە، تێۆرییەکی گشتی ئەنتەرناسیۆنالیستیە و کۆمۆنیستەکان ئەم تێۆرییە لە خەباتی چینایەتی نێوکۆمەڵگادا زیندوانە لە وڵاتەکان و لە کێشەکانیاندا بەرەوپێشەوە دەبەن. وردەبۆرژوازی، هیچ کاتێکی گونجاو نادۆزنەوە بۆ ئەم خەباتە و بۆرژوازیش بەتەواوی لەدژایەتی وەستاوەتەوە.

٢٠-١٢ی – ٢٠٢٥
1-kijan Espahangizi .der Bund 15.Dezember.2025
2-Uwe Wittstock , Karl Marx in Algier page(109-110)




جیاوازی جولەکە و ئیسرائیل چییە؟.. شورش عزیز سورمێ

زۆربەی هاوڵاتیانی ئیسرائیل (نزیکەی ٨٠%) جوولەکەن، بەڵام هەموو جولەکەکان ئیسرائیل نین، چونکە نزیکەی نیوەی لە ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەرجەنتین نیشتەجێن. هاوڵاتیبوون و ئایینی مێژوویی-ئاینی دوو شتی زۆر جیاوازن.
ڕەنگە زۆرجار وشەی “جوولەکەکان” و “ئیسرائیلییەکان” و هەروەها “ئیسرائیل” و “دەوڵەتی جولەکەکان”تان بیستبێت. لە کاتێکدا ئەمانە هەموویان وشە و پێناسەن کە ڕەنگە مانای هاوشێوەیان هەبێت، بەڵام بە تەواوی سەریەک ناکەون و گرنگە لە جیاوازییەکان تێبگەین. ئەمەش یارمەتیت دەدات هەم باشتر لەو هەواڵانە تێبگەیت کە لە هەواڵە تەلەفزیۆنییەکان دەیخوێنیتەوە و دەیبیستیت و هەم بە هۆشیارییەکی زیاترەوە مێژوو بخوێنیتەوە، بەتایبەتی سەدەی بیستەم.
جولەکەکان کێن؟
ڕەنگە پرسیارت کردبێت کە جولەکەکان کێن: گروپێکی ئایینی، پاڵەوانەکانی کتێبی پیرۆز، یان قوربانیانی هۆلۆکۆست؟ لە واقیعدا ئەم وشەیە کەسانێک کۆدەکاتەوە کە مێژوو و کولتوور و ئایینێکی زۆر کۆنیان هاوبەشە. کەمێک وەک ئەوە وایە بڵێین ئەوان بەشێکن لە هەمان “خێزان” کە ماوەیەکی زۆر درێژە بوونی هەیە. ئەوان نەتەوە نین و ڕەگەز نین (وەک ئەوەی لە کاتی ئەو گۆشەگیرییانەی کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا ڕوویانداوە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە بانگەشەی بۆ دەکرا). گرنگ نییە لە کوێی جیهاندا دەژین (دەتوانن لە ئیتاڵیا، ئەمریکا، فەرەنسا، یان هەر شوێنێکی تر بن)، ئەگەر جولەکە بن، ئەوا ئەم ڕەگ و ڕیشە هاوبەشانەیان هەیە. بۆیە دەتوانرێت وەک گروپێکی ئیتنۆئاینی پێناسە بکرێت، کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ گەلی ئیسرائیل لە کۆندا.
سەرچاوەی ناوی “جوولەکەکان” نادیارە، و لە ڕێگەی ئەدەبیاتی هێلینیستییەوە هاتە ناو بەکارهێنانی باو بۆ دیاریکردنی ئەو کۆمەڵە هۆزە لە ڕۆژهەڵاتی نزیک کۆن کە لە هەزارەی دووەمی پێش زایین لە فەلەستین دەرکەوتن. دەستەواژەی “جوولەکە” بە درێژایی مێژوو بەکارهاتووە بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی کە ئایینی جولەکە پەیڕەو دەکەن، بەمەش لە شوێنکەوتوانی ئایینەکانی دیکە جیا دەکرێنەوە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە جولەکەیەکی زۆر ئایینی هەیە کە هەموو ڕێساکانی ئایینەکەیان پەیڕەو دەکەن، هەندێکی تریش کەمترن بەڵام هێشتا هەست بە بەشێک لەم کولتوور و مێژووە دەکەن.
ئیسرائیلییەکان کێن؟
ئیسرائیلییەکان دانیشتووانی دەوڵەتی ئیسرائیلن کە لە ساڵی ١٩٤٨ دوای جەنگی جیهانی دووەم دامەزراوە. گروپە ئیتنۆ-ئاینییە جیاوازەکان لەناو خاکی ئیسرائیلدا پێکەوە دەژین: جولەکەکان، کە نزیکەی 80%ی دانیشتووان پێکدەهێنن، بەڵام عەرەبیش (کە موسڵمانن یان مەسیحین)، دروز و ئەوانی دیکەش هەن.
جیاوازی نێوان جولەکە و ئیسرائیلییەکان
ئەمڕۆ، بە سادەییتر، دەتوانیت “ئیسرائیلی” بەکاربهێنیت بۆ پێناسەکردنی هاوڵاتییەکی دەوڵەتی ئیسرائیلی مۆدێرن، لەکاتێکدا “جوولەکە” زاراوەیەکە کە واتایەکی ئایینی و کولتووری هەیە و خەڵک لە هەموو جیهانەوە یەکدەخات. مرۆڤ دەتوانێت جولەکە بێت بەبێ ئەوەی ئیسرائیل بێت و بە پێچەوانەشەوە؛ لە ڕاستیدا نزیکەی ٢٠%ی دانیشتوانی ئیسرائیل جولەکە نین. لە سەرانسەری جیهاندا کەمێک زیاتر لە ١٥ ملیۆن جولەکە هەن: ٧ ملیۆنیان لە ئیسرائیل و ٦.٤ ملیۆنیان لە ئەمریکای باکوور (بە پلەی یەکەم نیویۆرک، نیوارک و جێرسی سیتی). ٢ ملیۆنەکەی دیکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەرجەنتین (بەتایبەت لە پایتەختەکانی پاریس، بوینس ئایرێس و لەندەن) چڕبوونەتەوە.
هەموو جولەکەکان لە ئیسرائیل ناژین. زۆرێک لە جولەکەکان لە وڵاتانی دیکەی جیهان دەژین.
هەموو ئیسرائیلییەکان جولەکە نین. هەروەها ئەو کەسانەی کە بە ئازادی ئیعتیراف بە ئایینەکانی دیکە دەکەن لە ئیسرائیل دەژین.
زۆرێک لە جولەکەکان بڕیاریان داوە لە ئیسرائیل بژین، چونکە شوێنێکی تایبەتە بۆ ئەوان، پەیوەستە بە مێژوو و ئایینەکەیانەوە –




فەنزویلا و ئیمپراتۆریەتە ناجێگیرەکەی ترامپ.. ئاسۆ کەمال

ڕفاندنی مادۆرۆ یەکێکی تر لەو سەپرایزانە بوو کە ترامپ دنیای ئەمڕۆی پێ ڕاچلەکاند تا بزانن سیستمی نوێی ترامپ بۆ جیهان چیە؟!
ئەم دنیایەی ئێستا بۆ بورژوازی ئەمریکا کۆن بوە و چیتر ئەمریکا بەپێی ئەو پێوەرانەی وەک “سەروەری وڵاتان و ڕێکەوتنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان”، ناتوانێ سەروەری جیهان بێت. “ماگا و مەزن کردنەوەی ئەمریکا” سیستمێکی نوێی پێویستە کە هەموو جیهان و یاساکانی و ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەدەوری خۆری سەرەوەری دەوڵەتی سەرمایەداری ئەمریکا دا بسوڕێتەوە.

گەمژەییە ئەگەر کەسێک دوای ئەم دوو ساڵەی تاقیکردنەوەکانی ئەم سیستمە نوێیەی ترامپ بکەوێتە تەڵەی ئەوەی لابردنی “دیکتاتۆری فەنزویلا” و “مەلاکانی ئێران” و “ئەسەد” و “حەماس” و “حزب اللە” و “حەشدی شەعبی” زەمینە بۆ خەبات و شۆڕشی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و سۆشیالیستەکان خۆش دەکا.

دەوڵەتی ئەمریکای ترامپ لە پێشبڕکێی ئابوری و سیاسی لەگەڵ چین و ڕوسیادا پێویستی بە دروستکردنی مۆدیلی دیکتاتۆرەکانی وەک خۆیەتی، لە چەشنی ناتانیاهۆ و شەرع و بن سەلمان و ڕەزا شا و نیولیبراڵەکانی ئەمریکای لاتین ( حافێر میلی ئەرجەنتین، جۆزێ کاستی چیلی، نایب بوکیلی سلڤادۆر و بۆسۆنارۆی بەرازیل) و ڕاستڕەوەکانی ئەوروپا. ئەمە پێداویستیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکایە لە شەڕ و پێشبڕکێی داگیرکاری بازاڕی جیهانی و ناوچەکانی دەسەڵاتدا کە کەڵەکەی سەرمایە پێویستیەتی. هاتنە خوارەوەی توانای ئابوری ئەمریکا و گەشەی چین، بورژوازی ئەمریکای خستۆتە بەردەم مۆتەکەی ڕوخانی ئیمپراتۆریەتەکەی و ترامپ وەک سەرکردەی جەنگی هێزی سەربازی ئەمریکای کردۆتە سەرەکی ترین ئامڕازێک بۆ بەرگرتن بەم چارەنوسی شکستە چاوەڕوانکراوە لە مەیدانی شەڕی ئابوریدا.

خستنە ژێر ڕکێفی فەنزویلا و نەوتەکەی هەنگاوێکن بۆ جێبەجێکردنی بۆ پلانی “ترمپ کۆرۆلاری” کە دەیەوێت هەموو کیشوەری ئەمریکا، “ڕۆژائاوای هەمسفێر” ، بخاتە ژێر کۆنترۆڵی ئابوری و سیاسی و سەربازی دەوڵەتی ئەمریکاوە. هەر بۆیە گێچەڵی داهاتوو مەکسیکە و ئەگەر ئەم دوو وڵاتە، فەنزویلا و مەکسیک، تەسلیم ببن ئەوا باقی وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەکرێنە ئامانج. بەم شێوەیە ئەم ستراتیژەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و جیهان نائارامیەکی درێژخایەنی هەڵگرتوە.

ئەمڕۆ پێویستە گۆڕانکاری بکرێت لە ڕوبوڕوبونەوەی ئەم هەژمونیە میلیستاریستی و سیاسیەی ئەمریکادا. دەرسێکی گرنگ لەم ڕوداوانە بۆ ناڕەزایەتی هەموو خەلکی ئەو ولاتانەی دەکەونە بەردەم ئەم هەڕەشە و شەڕانەی ئەمریکا، بەتایبەت لە ئەمریکای ناوەڕاست و لاتیندا، ئەوەیە کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکیش چیتر ناتوانن لە سایەی دەولەتی دیکتاتۆریە سەربازیەکاندا، وەک مادۆرۆدا، بپارێزرێن و چیتر بزوتنەوەی دژی ئیمپریالیستی ئەمریکای لاتین ناتوانێ پشت بە دەوڵەتانی سەرکوتگەر و کۆنەپەرستی وەک ئێران و ڕوسیا ببەستێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسیەکانی هێڕشی حکومەتی ترەمپ، چونکە ئەم دەوڵەتانە خۆیان بەشێکن لە بەربەریەتی جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆ، هەربۆیە ستراتیژی شۆڕشگێڕانەی ئەم بزوتنەوە جەماوەریانە دەبێ ڕوبکاتە پەیداکردنی هاوئاهەنگی و هاوپشتی لەگەڵ سەرجەم بزوتنەوە دژی کاپیتالیستیەکانی جیهاندا، کە نمونەکانی لە بەرەی دژی شەڕی غەزە و فەنزویلا و ئۆکرانیاو دژی سیاسەتە ئابوریەکانی بانکی نێودەوڵەتی و جی حەوت و خۆپیشاندانەکاندا دەبینینەوە.

خەڵکی ئەمریکای لاتین لە نیوسەدەی ڕابردوودا پیشەنگی بزوتنەوەی دژی ئیمپریالیستی ئەمریکا بوون. شکست پێهێنانی ئیمپراتۆریەتە مۆلەقەکەی ترامپ و نەخشەکانی “کۆرۆلاری” لەسەر دەستی ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێ بەدی بێت ، کاتێک هەم لە ئاستی وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا یەکگرتوو بێت و هەم وەک غەزە پشتیوانی جیهانی لێ بکرێت. ئەمە ئەو هێزە چینایەتیەیە کە چارێکی نیە جگە لە چونە شەڕی بەربەریەتی سەرمایە لە هەموو شوینێک و لەئاستی هەردوو نیوە و هەمسفێری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات.




ئایا {گرۆنلاند}یش ماددەی هۆشبەر بەرهەم دێنێت؟.. گۆران هەڵەبجەیی

دەمێک دەسەڵاتێک سەرقاڵی ئەنجامدانی کارێکی نایاسایی،نا شەرعی،نا ئینسانی دەبێتت،کەدەشێت لەشێوەی ڕووخاندنی حکومەتێک،ڕفاندنی بەرپرسێکی باڵا،تەرۆرکردنی کەسایەتیەکی سیاسی،درووستکردنی پشێوی لە وڵاتێکی نەیاردا بێت،لەوکاتەدا ئەو دەسەڵاتە پێویستی بە بەهانە،پاساو،هۆکاردەبێت بۆ بەجێگەیاندنی پلانەکەی ،جادەشێت ئەم پاساوە لەکاتی جێبەجێکردندا یاخود پاش ئەنجامدانی بخرێتەڕوو.
دیارە بەهانە هێنانەوە بۆ ئەو جۆرە کارانە ئاسانە ،چونکە گەر دەسەڵاتێک هێندە بەتوانابێت کارێکی وا مەترسیدار ئەنجامبدات کەواتە هۆنینەوەی پاساویش ئاسانە.

دەستگیرکردنی سەرۆکی فەنزویلا {مادۆرۆ}.
پاساوی ترامپ بۆدەستگیرکردنی مادۆرۆ گوایە بەهۆی ناردنی مادەی هۆشبەرەوەیە لە فەنزویلاوە بۆ ئەمریکا ،لەگەڵ هەندێک وردەتۆمەتی دیکە.ئەوەەی کەمێک شارەزایی لەدونیای سیاسەتدا هەبێت و لە {لۆژیکی هێز}ی ئەمەریکا تێبگات کە وەک زلهێزێکی جیهانی بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانی پەیڕەوی دەکات ،تێدەگات کە پاساوەکان زۆر دوورن لە واقیعەوە.
سەیر لەوەدایە بێ ئەوەی ترامپ هەست بەخۆی بکات هەر خودی خۆی بەدرۆخستەوە ،دەمێک گووتی کۆمپانیا نەوتیەکانمان ئامادەن بۆ کارکردن لە فەنزویلا ،کەواتە مەسەلەکە پەیوەندی بە مادەی هۆشبەرەوە نیە چونکە ترامپ باش دەزانێت سەرچاوەی هەناردەکردنی مادەی هۆشبەر چ وڵاتێکەو چ جۆرە باندێکی لەپشتە .
بەڵکو مەسەلەکە نەوتی ڤەنزوێلایە کە دەرکەوتووە خاوەنی[٣٠٣] ملیارد بەرمیلە کە بەیەکەم یەدەک هەژماردەکرێت لەجیهاندا.
هەر پەیوەست بەم باسەوە مۆدۆرۆ بەرلەدەستگیرکردنی گووتی ئەمەریکا چاوی بڕیوەتە نەوتەکەمان کە بەشی سەدساڵ دەکات.
گەر ترامپ هێندە جددیە بۆبەگژاچوونی سەرچاوەکانی مادەی هۆشبەر کە وەک خۆی گووتی ساڵانە [٣٠٠] هەزار گەنجی ئەمریکی دەکووژێت، بۆچی [ خوان ئۆرلاندۆ] سەرۆکی پێشوی هندۆراسی ئازادکرد کە بەتۆمەتی تێوەگلان بەبازرگانی کۆکاینەوە ساڵی [٢٠٢٢] لە لایەن حکومەتی هندۆراسەوە بەهەمان تۆمەت ڕادەستی ئەمەریکا کرا؟کەواتە ئەو بەهانە یا پاساوەی مادۆرۆی لەسەر فڕێنراوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە .

[گرۆنلاند]بۆ؟
ترامپ ناتوانێت ئامانجەخراپەکانی خۆی بشارێتەوە ،ئەوەبوو هەر لەمیانەی قسەکردنی دەربارەی مادۆرۆ لەدەمی دەرچوو یا بەئەنقەست بوو وەک پەیامێک بۆ دانمارکیەکان ،گووتی [گرۆنلاند]یش بەدەست دێنین،دیارە بەدەستهێنانیش تەنها لەڕێگەی داگیرکردنەوە دەبێت.
خۆ ئەو دوورگەیە ماددەی هۆشبەری لێ نیە،ئیدی بۆچی ترامپ دەخوازێت داگیری بکات؟کەواتە لێرەدا مەبەستەکە باشتر ڕووندەبێتەوە کە زۆر دوورە لە مادەی هۆشبەر،بەڵکو مەسەلەکە دیسان نەوت و شتی ترە.
ساڵی پار ترامپ دووسێ جار داوای کڕینی ئەو دوورگەیەی کرد،دانمارکیەکان سەرەتا واتێگەشتن کەترامپ شۆخی دەکات ،بەڵام دەمێک تێگەشتن کە ترامپ بەجدیەتی ئەوجا کەوتنە خۆیان،هەردوو دەسەڵاتی دانمارک و دوورگەکەش گووتیان[وڵاتەکەمان بۆ فرۆشتن نیە].
بەڵام دیارە ترامپ سوورە لەسەر بردنی ئەو دوورگەیە ،بەهەرجۆرێک بێت ،کە من هیوادارم هەرگیز ڕوونەدات.

لەوانەیە بپرسن ئەی بۆچی ترامپ چاوی بڕیوەتە ئەم دوورگەیە؟
ساڵانێک لەمەوبەر پاش کنەوپشکنین دەرکەوت کە نەوتێکی زۆر لە دوورگەکەدا هەیە ،پێدەچێت ئەم هەواڵە گەشتبێتە لای ترەمپ.
هۆکاری دووەم پێگەی ستراتیچی دوورگەکەیە لە ڕووی سیخوڕی و سەربازیەوە.لەدەمی [جەنگی سارد]دا چەندین وێستگەی سیخوری و ڕاداری ئەمریکی و ناتۆ جێگیرکرابوون،مەزنترینیان بنکەی ئەمریکی [توولە]بوو ، دانمارک بۆ ئەم بنکانەکرێی وەردەگرت.
بەڵام پاش نەمانی بلۆکی سۆشیالست و کۆتایی جانگی سارد ئەو بنکانەش پێویستیان نەماو هەڵگیران.
جا ئێستا ترامپ دەیەوێت ئەو بنکە سیخوڕیانە دژبە ڕوسیا دابمەزرێنێتەوە،چونکە ئەو دوو هێزە هەرگیز متمانەیان بەیەکتر نیەو نابێت.

هەڵوێستی حکومەتی دانمارک چیە؟
دانمارک وڵاتێکی گچکەیە تواناکانیان سنووردارە بەتایبەتی لەڕووی سوپاوە،وەک بزانم جگەلە پۆلیس هیچ هێزێکی دانمارک لەسەر ئەو دوورگەیە بوونی نیە.کەواتە بەهیچ جۆرێک شەڕی ئەمریکای پێ ناکرێت، وێرای ئەمە هەردوو وڵات ئەندامی ناتۆن کەبۆیان نیە دژبەیەک بجەنگن .
سەرۆک وەزیرانی دانمارک[ میتە فرەدریکسن] و بەرپرسانی دیکەی حکومەت زۆربەجددی قسەکانی ترەمپ وەردەگرن، شڵەژانیان پێوەدیارە تا ئێستا تەنها هەڵوێستیان نەرمە ڕەخنەیە لەترامپ و داوای وەستانی ئەوجۆرە لێدوانانەدەکەن لێی.

گرۆنلاند بە فاکت
بەر پتر لە هەزارساڵ کە [ڤیکینگەکان] تا ڕادەیەک کۆنترۆڵی دەریاکانیان کردبوو ،بەردەوام بەدووی شوێنی نوێدا دەگەڕان ،جا لە یەکێک لەو گەڕانانەدا دانمارکیە ڤیکینگەکان ئەو دوورگەیان دۆزیەوەو ناویان نا [گرۆن لاند] واتە وڵاتی سەوزایی ،کەوانیە و بەردەوام بەستەڵەکە ،ئیدی لەوساتەوە بووەتە بەشێک لەدانمارک.

———————–

[گرۆنلاند] گەورەترین دوورگەی جیهانە کە پانتاییەکەی [٢،١]ملیۆن چوارگۆشەیە،لەدانمارکەوە بۆ گەشتن بەو دوورگەیە بەفڕۆکە [٧] کاتژمێر دەخایەنێت.ئیسلاند و کەنەدا نزیکترین دراوڕسێی ئەو دوورگەیەن .دانیشتوانەکەی نێوان [٥٠-٦٠]هەزارکەسە.
جۆرێک لەسەربەخۆییان هەیە و خاوەنی پەرلەمان و ئەحزابن.لەڕووی ئابووریەوە دانمارک بەخێویان دەکات چونکە دوورگەیەکی سپیی پۆشە و خاوەن کەشێکی ساردە،خەڵکەکەی توانای بەرهەم هێنانی دەسکێک کەوەریان نیە.




نوسین لەپێناو جیهانە گەورەکە، کە خۆتیت.. ئیمان یادەوەر

مروڤ کاتێک (گەورە) دەبێت، کاتێک گەیشتە قۆناغێک کە بۆی گرینگ نەبوو ئەوەیتر چییە و ئەویتر لە کوێیایە؟ ئەوکاتە بە تەنها ڕێگەی خۆی و سەری خۆی دەگرێت و ڕێگەی جیاوازە. وە باکیشی نییە لەو ڕێگەیە کێ لە گەڵیەتی هەر بەتەنهاش دەڕوات، ڕێگەی ئەدەبیاتیش هەر وەکوو ڕێگەی عیرفانییەت وەهایە ڕێگەیەکی کۆمەڵگەرانییە و و تاککگەرایە. ئەوانەی ئێستا بەناوکەوتوون بەشێکیان ڕەنگە خاوەنی کتێبیش بن. بەشێکیان ئەو عوگدەیان وەک گرێیەکی دەروونی لە ناویاندا ماوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن بوونیان هەیەو شاعیرن دەبێت لە وەیتر باشتربن، یان لە شاعیری ناوچەکەی خۆی باشتر بێت.
بۆئەوەی بیسەلمێنێت کە هێشتا بەردەوامەو هێشتا دەنووسێت هێشتا باش ئەنووسێت. چونکە متمانەو بڕوای بەخۆی و نوسینەکانی نییە بەردەوام ئەچێتەوە بەردەم ئەم پێشبڕکێ و لیژنە و تاقیکردنەوەی بەرهەمەکانی تا پێی بڵێن بەڵێ تۆ شاعیریت، ئەمەیش لە ئوعدەی بچووکی ئینسانەوە دەست پێدەکات، وە بەداخەوە ڤیستیڤاڵەکانیش بەشێکی زۆریان سەرباری کۆمەڵێک (سوود) وەکوو ئەو دۆخە ئەدەبی و ژینگە ئاشنایەتییەی نوسەران و دەرخستنی دەنگی جیاوازو نوێ و سەرەتا بۆ ناساندنیان، زیان-ێکی زۆریشی گەیاندوە کە کوشتنی دەنگی جددیە کە دەکرا گەر ڤیستیڤاڵ و خەڵاتی ساختەو مەلملانێ و گروپگەرایی نەبایە ئینسان و نوسەری زۆر جوانیان لێ دەربچووبایە، ئەوانەشی ئێستا هەمیشە دوبارەو دوبارە بەشداری دەکەنەوە بێگومان لە ژێرناوی وەهمی کەسایەتی گەورەی خۆیان کە پێیانوایە کەسانی گەورەن، ڕەنگە تەنیا کۆمەڵێک خەڵکی سادە خوێنەر پەسەندیان بێت، ئەگینا لەبەر مەئنای کایە ڕەخنەیی و ئەدەبییەکە ئەسڵەن هەر ناوێکیشیان نییە و ئاوڕێکیشیان لێ نادرێتەوە.
هەر بۆیە هەست بەو کەمی و نەقسەدەکەن و هێشتا پێیان وایە دەبێت شتێک بکەن تا ببن بە ناو.
بەڵام لەڕاستیا هەر ڕێیەکیتر هەبێت لەڕاستیا ئەمە ڕێگا دروستەکە نییە.
هیوادارم هەموو ئەوانە ڕۆژێک ڕێگە ڕاستەقینەکەی خۆیان بدۆزنەوە، چونکە لەڕاستیا نووسین لەپێناو خودی خۆتایە، وە لەپێناو ئەو باوەڕەو ئەو ئاسوودەییەیە کە دەروونی خۆت درووستی دەکات، وە لەپێناو ئەو ململانێیەشدایە کە تۆ پێت وایە هیچ شتێکیتر یەکلایی ناکاتەوە، [نووسین] نەبێت.
وە دواجاریش هەموو مرۆڤێک لە نێو ناخی خۆیدا پێویستی بە ئەشقێکی گەورە هەیە کە بۆی بنوسێت، کە ئەم ئەشقەش دونیای دەرەوەو خوێندنەوەش دروستی ناکات لەڕاستیا، بەڵکوو پاکێتییەک درووستی دەکات کۆمەڵێک موفرەداتی پارچە بچوک بچوک دروستی دەکات کە لەکۆتایی ئەو مرۆڤە گەوەیە دروست دەکات پێوستی بە ڤیستڤاڵ و تاقیکاری دەقەکانی خۆی نییە و بەبێدەنگی سەرقاڵی پڕۆژە نوسین و خوێندنەوەو داهێنان و بەشەتایبەتەکانی ژیانی خۆی دەبێت.
نوسین جۆرێکە لە زادەی سرووشت تێتدا نەبوو دونیا دروستی ناکات، ئەو هەموو کێشە گەورەیە بەرۆکی مرۆڤی سەردەمی گرتووە، ئەوەندە گەورەن کە مرۆڤ ناپەرژێتە سەر ڕەگەزگەراییش ئیستاتیکا ئێسته لە ئازاردایە، بۆیە ئاوڕدانەوە لە کۆی مرۆڤایەتی ئاگایی تۆ و شیعریشت دەوڵەمەند دەکات.
ئەفسانەیەک هەیە دەڵێت: یەکەم ئەستێرە لە لێواری تەقینەوە دابوو خەمی دەخوارد کە نامێنێت بەڵام دواتر کە ورد بوو، بوو بە هەزارەها ئەستێرە، ئەمە بۆ شیعرو نوسینیش بەو شێوەیەیە بۆ ئەوەی گەورەییت بتەقێتەوە، هێزو پرسیارو زیندووی نوسینەکانت لەجانتای بێدەنگیدا بۆخۆی بێدەنگییەک دەبێت پڕ بە هاوارو قسەکردن.
ئەو هەموو ستۆری و پۆست و فەیسبووکچییەی بنووسان، دەلالەتن بۆ ڕازی نەبوون بەو شوێنەی تێیدان، بە ونبوونی ڕاستەقینەی جێگەکەیان، گەمەکردنە هەمیشە لەسەر پەتی جوڵاودا، قەرەبووکردنەوەیە بۆ بەتاڵی و لاوازی بەرهەم و دەقەکانیان. تۆ سەیری ئەو هەموو واعیزو بانگەشەکارە نابینیت؟ هەریەکەو هێڵێک ڕێگەی کێشاوە بەڕەنگێک و دەیەوێت سەرتاپای ڕێگەکانیتر بێتەوە سەرو بە جۆرێک هیچ ڕەنگێکیتر نەبینیت، نەچییەوە سەر ڕێگەیەک کە سەرەداوی ڕێگەکەی خۆی نییە… چەند ناشرینە مرۆڤ لە بەرزی ئیگۆو نائاگاییدا خۆی لێ ببێت بەهەموو شتێک تەنیا (خۆی نەبێت).
ڕۆشنبیری بە زۆربوو، مرۆڤ نزم و ناشرین ئەکات. ئەبێت خەون بێت پلان بێت پڕۆژە بێت، گەر وانەبوو دەبێت دایم بەدوای ئەوانیتردا شەققەی کۆمێنت و دەستخۆشیت بێت، هەرشتێک ڕەگێکی لەناخی خۆتا نەبێت لە ناخی ئەویتردا ناتوانێت گەشە بکات (گوڵ) بەبا ئەشنێتەوە بەڵام (خۆراک) هۆکاری گەشەی ئەو ڕەگەیە کە لە خاکدایە.
کاتێ بە تەمەنێک نوسین و چەند دیوانێکی چاپکراوەوە هێشتا هەڵپەی هەموو پێشبڕکێیەک دەکەی تا خۆ بخەیتەوە بەر چاوان، بە ئاشکرا ئەوە ئیسپات دەکەی کە هەموو ئەوەی کردووتە شیاوی بینین نییە! ڕەهەندی سایکۆلۆجی بۆ شاگەشکەبوونی بە وەرگرتنی خەڵات، هیچ نییە لە دەرخەری ئەو ڕاستییەی کە بۆشاییەکی قوڵی هەستکردن بە کەمی هەیە و دەتەوێ بە وردە دەستکەوت ئەم بۆشاییە پڕ بکەیتەوە، بەس خراپ ئەوەیە کە ئەمە خۆخەڵەتاندنە، چون هەمیشە ئەو بۆشاییە بەو هەڵپە و هەیەجانە گەورەتر و گەورەتر دەبێ..
بەڕێز ئەحمەد هەردی ڕەحمەتی دیوانێکی کەم و پوختی نزیک بە ٣٠ شیعری هەبوو، بەس چون بە ڕاستی وشە و واژەی هەڕاج نەکردبوو، کەس نییە کڵاوی ڕێز و شیعرییەت بۆ دیوانەکەی هەردی نەهێنێتە خوارەوە، کەچی خەڵک هەیە بنە فەردەیەک دیوانی نوسیووە و کەچی بە بەشداری پێشبکڕێکانی تازە شاعیران و بردنەوەی خەڵات دەیەوێ کڵاومان بکاتە سەر کە براوەی شیعرە!
ڕاستی بە نسبەت منەوە هەموو ئەم دۆخە بۆنی نا ئەمنی تاکەکەسی لێ دێت. وەک ئەوە وایە شاعیرەکەمان بڵێ: “هەی سەیرم بکەن، ئێوە بزانن کە لە بنەڕەتدا من شتە گەورەکەی داهاتووم، بەڵام بە جۆرێک، هێشتا خۆم باش دەزانم شیاوی بەزەییم!
ئەم نوسەرە گرگنانە چونکە هەمیشە لە ئەنجامی ئەو ئیگۆیە بەرزەو دروستکردنی ئەو وەهمە گەورەبونەی کەسایەتیان کاریان کردوە، وەک مەڕە گێژەیەک هەر سەریان لەنێو بوارەکەیان خۆیان چەقاندوەو چەقاندوە ناتوانن تۆزێک سەربەرزبکەنەوە مەعریفەی گشتی ببینن، یەکێک لە (وانەکانی فرۆید بۆ ژیان) لە وەرگێڕانی. وەلید عومەر ئەوەیە( چۆن مرۆڤ لەپێناو گەیشتن بە سەلامەتی دەرونی بێگومان دەبێت گەشە بەتموحی ئەفراندنێکی زیاتر لەخۆیدا بدات. بەڵام بەهەمان شێوە دەبێت ئەو واقیعەش قەبوڵبکات کە هەرچەندە تابلۆکانی، شیعرەکانی، داڕشتەی موزیکەکانی، یان تاقیکردنەوە زانستییەکانی، باڵاو درەوشاوەبن، هەرچەندە دەموچاوی جوانبێت و لە مانگ بچێت، هەرچەندە جزدانەکەی پڕتر بێت …تد ئەوا هەمیشە کەسێک هەیە و لە ئێمە زیاتری هەیە. فرۆید تێگەیشت کاتێک مرۆڤ بەر نوسەرە مەزنەکانی وەک (ڕوودیارد)و(کیپلینگ)و(مارتن تواین)و(ئەمین زۆلا) … دەکەوێت بییەوێت یان نا، لەبەرانبەر گەورەییاندا هەست بە بچوکی دەکات. بەدەر لەوەش دەبێت ئەو هەقیقەتە پشتڕاست بکەینەوە که تەنانەت لە ولیام شکسپیریش باشتر بنووسین، یان لە داڤینچی جوانتر وێنە بکێشین … دیسان جگە لە کۆمەڵێک بونەوەری ڕاگوزەرو فانی، هیچیتر نیین، کۆمەڵێک گەردوغوبار لە پانتایی کاکێشانێکدا کەسات بەسات دەکشێت.
کۆپەرنیکۆس و داروین و بەتایبەتیش فرۆید، دەتوانن یارمەتیمان بدەن تا بەسەر غروری نابەجێ و خۆ بە(خوا) زانینی خۆماندا زاڵ بین. یارمەتیماندەدەن بێ بایەخی و ناچیزبوونی خۆمان بەرامبەر جیهان قەبووڵ بکەین، بەم کارەش دەرفەتمان بۆ دەلوێت لە ژیاندا زیاتر چێژ لە خاکی بوون وەربگرین. بیر لە بەکامگەیشتنی واقیعانەتر بکەینەوە و دەرهەق بە ناکامبوونەکانی خۆمان توشی وەهم و وڕێنە نەیەین.

ئیمان یادەوەر




سۆسیۆلۆژیای ژیانی ڕۆژانە؛ کێشە بچووکەکان کۆمەڵگەیەکی هیلاک دروست دەکەن.. وریا مەعروف

بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگایەک یان کاتێك باس لە شوناس و پێناسەی کۆمەڵگایەک دەکرێت، بیرمان دەچێتە سەر دەستوور، وتاری سەرکردەکان، یان ئامارە فەرمییەکان کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا دەخرێنە ڕوو. ئەم ئاوێنانە بە ئەنقەست ڕەنگکراون یان ڕێکخراون بۆ ئەوەی وێنەیەکی خوازراو لە واقیعەکە پێشان بدەن. بەڵام، ئەگەر بەدوای گوزارشتی ڕاستەقینە و بێ دەستکاریکراوی کۆمەڵگایەکدا بگەڕێین، دەبێت سەیری شوێنێکی جیاواز بکەین، “ژیانی ڕۆژانە مانیفێستی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەیە”، لە ناو چوارچێوەی ئەو ڕووداوانەدا حەشاردراوە کە لە سەرەتای بەیانییەوە تا درەنگانی شەو ڕوودەدەن؛ لەو کێشانەدا کە بە ‘بچووک’ و ‘لاوەکی’ لە قەڵەم دەدرێن.
ئەم وردەکارییە لەخۆگری چاڵ و قوڕاوەکانی سەر شەقامێک، لە قەرەباڵغیی بێ پلانی ترافیکێک، لە شێوازی مامەڵەی فەرمانبەرێکی حکومی، یان لەو سزادانە دەروونییەی کە هاووڵاتی تووشی دەبێت کاتێک لە نەخۆشخانەیەکی فەرمی بە دوای مافێکی سەرەتاییدا دەگەڕێت یاخود لەگەڵ بارینی هەر بارانێك لافاو دروست دەبێت و خەڵك ژیان گوزەرانی دەكەوێتە مەترسییەوە. ئەم خاڵە پەراوێزییانە، کە زۆرجار بە هۆکاری کاتی و ئاسایی لەقەڵەم دەدرێن، لە ڕاستیدا کۆکراوەی عەقڵییەتی حوکمڕانی و کەلتووری هاووڵاتیبوون نیشان دەدەن. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین ئەم کێشانە لە پەراوێزەوە بهێنینە ناوەندی باسەکە و وەک مۆنۆمێنتی ژیان لێیان بڕوانین.
هیچ کێشەیەکی ڕۆژانە بێ‌ مانا و سادە نییە. کێشەیەکی وەک نەبوونی کارەبا بۆ چەند کاتژمێرێک لە ڕۆژدا تەنها کێشەی نەبوونی سووتەمەنی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە لاوازیی ئیدارە، لە نەبوونی پلانی درێژخایەن، و لە لەدەستدانی متمانەی گشتی بە حکومەت.
ئەو کاتەی هاووڵاتییەکی ئاسایی ڕۆژانە کات و وزەی خۆی لە نێو بێرۆکراسییەتی ئاڵۆز و ڕەوایی نادادپەروەرانەدا بەفیڕۆ دەدات بۆ بەدەستهێنانی مافێکی سەرەتایی، ئەمە نیشانەیەکە بۆ سیستەمێکی گەورە کە بەهای بۆ کات و گەورەیی هاوڵاتی و تاک نەماوە. ئەمە هەستی بێ دەسەڵاتی و بێ نرخبوونی لە ناو ناخی هاووڵاتی دەچەسپێنێت. ترافیک، وەک سیمبولی نادابینکاری یان كەمتەرخەمی؛ کاتێک شەقامەکان قەرەباڵغ و ڕێگاوبانەکان پڕن لە چاڵ، ئەمە تەنیا کێشەیەکی هاتوچۆ نییە. بەڵکو لە ڕوانگەیەکی فراوانتردا، نیشانەیەکە بۆ سیستەمێکی پلاندانەریی شاریی شکستخواردوو، و ئارگۆمێنتێکە بۆ ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری دانیشتووان ناچارن پشت بە ئۆتۆمبێلی تایبەت ببەستن لەبەر نەبوونی هۆکاری گواستنەوەی گشتیی شایستە. مانیفێستی ڕاستەقینەی ژێرخانی وڵات لەم خاڵانەدا دەردەکەوێت، نەک لە پڕۆژە زەبەلاحە ڕاگەیەندراوەکاندا.
کێشەکانی ڕۆژانە تەنیا کاریگەریی مادی و خزمەتگوزارییان نییە؛ بەشێکی گەورە لە قوربانییەکان لایەنی دەروونی و سۆزداریی تاکەکان دەگرێتەوە. کۆمەڵگایەک کە تێیدا تاکەکەس لە سەرەتای بەیانییەوە تا ئێوارە سەرقاڵی جەنگێکی بچووک بێت لەگەڵ ژینگەکەی، ناتوانێت گەشە بکات یان داهێنەر بێت. ئەم جەنگە بچووکە ڕۆژانەیە، وزە و توانای بیرکردنەوەی مرۆڤ دەخوات.
کاتێک هاووڵاتی ناچارە کاتژمێرێک لە قەرەباڵغیدا بەسەر بەرێت، کاتێک بۆ هێنانەوەی بوتڵێک غاز یان پارچەیەک نان پێویستە چەند شوێن بگۆڕێت، یان کاتێک بەردەوام ترسی لەدەستدانی کارەکەی و داهاتی هەیە، ئەوا لە قۆناغی بیرکردنەوەی “گەشەسەندن” و “داهێنان” دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی “مانەوە لە ژیان” .
کێشەکان وردە وردە دەبنە ماندویەتییەکی گشتیی دەروونی، تاک لە ئەنجامی ئەم فشارانە دەبێتە کەسێکی نا ئارام، تووڕە، و کەمتر متمانەی بە دەوروبەر دەمێنێت. ئەم تێکچوونە دەروونییە گشتییە، دواتر ڕەنگ دەداتەوە لە مامەڵەی نێوان خەڵک، لە ڕێزنەگرتنی یاسا، و لە زیادبوونی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی. بە واتایەکی دیکە، کێشەی نەبوونی ئارامی لە چوارچێوەی سیستەمی ئیداری و خزمەتگوزاریدا، دەبێتە کێشەیەکی گەورەی ئەخلاقی و کەلتووریی لە ناو کۆمەڵگادا.
لە ژینگەیەکی لەم شێوەیەدا، مرۆڤ بیر لە ڕاهێنانی منداڵەکەی بۆ ژیانی باشتر ناکاتەوە، بەڵکو بیر لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانی داهاتوو دەکاتەوە. ئەمە ڕۆحیەتی ئومێد و ئیرادەی دروستکردنی داهاتوو دەکوژێت. کاتێک سەفەری ژیان دەبێتە زنجیرەیەک لە گیروگرفت، ئەوا مانیفێستەکە بە دەنگی بەرز ڕایدەگەیەنێت کە “لێرە کات بەهادار نییە، و ژیان تەنها هەوڵدانە بۆ ڕزگاربوون.”
یەکێک لە خەسارە کوشندەکانی ئەم کێشە ڕۆژانەیە ئەوەیە کە کۆمەڵگە فێر بووە چۆن لەگەڵیاندا بژی، بەڵام فێر نەبووە چۆن چارەسەریان بکات. لەبری دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی و درێژخایەن بۆ چاڵی سەر شەقام، هاووڵاتی فێر دەبێت کە دەبێت ڕێگاکە بگۆڕێت. لەبری چاککردنی سیستەمی تەندروستی گشتی، هاووڵاتی هەوڵ دەدات بە واسیتە و پەیوەندییە تایبەتەکان کارەکەی ڕایی بکات.
ئەمە دەبێتە هۆی گەشەکردنی کەلتووری خێرا و ڕزگاربوون، کە تێیدا متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان نامێنێت و متمانە بە پەیوەندیی و لایەنە كەسییەكان جێگەی دەگرێتەوە. ئەم شێوازی کارکردنە، کە تێیدا “ڕێکخستنی کارەکان” جێگەی “جێبەجێکردنی یاسا” دەگرێتەوە، دەبێتە پێکهاتەی نوێی مانیفێستی کۆمەڵگە. ئەو مانیفێستە بە دەنگی نزم دەڵێت: “لێرە سیستەمێک نییە، تەنیا پەیوەندییەکان هەن.”
کاتێک کێشەکانی ڕۆژانە بەم شێوەیە چارەسەر دەکرێن، هاووڵاتی لە لایەکی دیکەوە ئارامییەکی ساختە بەدەست دەهێنێت. ئەو بەوە ئارام دەبێت چونکە فێر بووە قبوڵی بکات. ئەو ئارامییە دەروونییە لە ئەنجامی بێ هیوایی و قبوڵکردنی شکستەوە دێت. بەمجۆرە، زەحمەت دەبێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی بکرێت، چونکە کۆمەڵگە کەوتووەتە نێو چوارچێوەی “شکستی خۆ ڕێکخستن” کە تێیدا تاکەکان لەبری داوای گۆڕانکاری، داوای دەرچەی تایبەت دەکەن.
کێشەکانی ژیانی ڕۆژانە تەنها پاشکۆیەک نین بۆ چیرۆکە گەورەکان؛ ئەوان خۆیانن چیرۆکی سەرەکین. ئەوان نیشانەی ڕاستەوخۆ و بێ گومانن بۆ شوناسی کەلتووری، ئیداری و دەروونیی کۆمەڵگەیەک. هەتا ئەو کاتەی دان بەوەدا نەنێین کە چاڵێکی سەر شەقام، نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی، یان مامەڵەیەکی خراپ لە دامەزراوەیەکدا تەنها کێشەیەکی کاتی نییە، بەڵکو نیشانەی شکست و بێباکی گشتییە، هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە ڕوو نادات.
چارەسەری گەورە لە چاکسازیی وردەکارییە بچووکەکانەوە دەست پێ دەکات. گۆڕینی مانیفێستی کۆمەڵگە، بە گۆڕینی مامەڵە ڕۆژانەییەکان دەست پێ دەکات. پێویستە لەبری ئەوەی چاومان بە دروشمە قەبەکانی سەر تەلەڤزیۆن بکەوێت، سەرنج بدەینە سەر چاڵ و کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆمان؛ چونکە تەنها ئەوێیە کە ڕاستییەکان بەبێ دەستکاری نیشان دەدرێن.
چۆن مانیفێستەکە دەگۆڕین؟ ژیانی ڕۆژانە مانیفێستی کۆمەڵگەی ئێمەیە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە مانیفێستێکی نەگۆڕە یان چارەنووسێکی حەتمییە. گۆڕینی وێنە گەورەکە لەو خاڵە بچووکانەوە دەست پێ دەکات کە هەموومان تێیدا بەشدارین. ئەگەر کێشەی نەبوونی ڕێکخستن لە ناوەندێکی حکومیدا دەربڕی شکستی ئیداری بێت، ئەوا ڕەفتاری تاکەکەسی ئێمەش لە ڕێزگرتن لە یاسا بچووکەکاندا، وەک (دانەنانی زبڵ لە شوێنی تایبەت، یان نەفەوتاندنی کاتی کەسانی تر)، ڕاستەوخۆ دەبێتە بەشێک لە پێکهێنانی ئەم مانیفێستە.
بۆ ئەوەی مانیفێستی کۆمەڵگە لە “دەقی شکست”ەوە بگۆڕین بۆ “دەقی بەڕێوەبردن”، پێویستمان بە دوو هەنگاوی سەرەکییە کە دەبێت لەسەر هەردوو ئاستی دەسەڵات و تاک جێبەجێ بکرێن:

  1. داواکاری لە خوارەوە بۆ سەرەوە و بەرپرسیارێتیی فەرمی: دەبێت دەسەڵاتداران لە جیاتی خەرجکردنی وزە بۆ پڕۆژەی گەورەی نمایشی، تەرکیز بکەنە سەر چاکسازیی ڕۆژانە. واتا، چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە خزمەتگوزارییەکان (ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا، چاڵ و قوڕاو)، بەڵگەیە لەسەر بوونی ئیدارەیەکی تەندروست. هاووڵاتیش دەبێت لە بری قبووڵکردنی “چارەسەری خێرا” (وەک واسیتە و پەیوەندی)، داوای چاکسازیی سیستەمیی بکات بۆ کێشە ڕۆژانەییەکان، چونکە ئەمە مافێکی بنچینەییە.
  2. پابەندبوونی تاکەکەسی و ئەخڵاقی پیشەیی: هەر یەکێک لە ئێمە لە نێو بازنەی کار و ژیانی خۆیدا (مامۆستا، شوفێر، کارمەند، کاسبکار..هتد) دەبێت نوێنەرایەتی باشترینی سیستەمەکە بکات. مانیفێستی نوێ بە یەک تاک دەست پێ دەکات کە بەشە زۆر و قورسەکەی کارەکەی بە دروستی و ئەخلاقی جێبەجێ دەکات، بێ گوێدانە کەمتەرخەمییەکانی دەوروبەری. کاتێک کارمەندێک بە پەرۆشەوە کارەکانی هاووڵاتی ڕایی دەکات، ئەوا بە کردار، مانای نوێ دەدات بە مانیفێستەکە.
    با چیتر بە چاوی تەنها “گرفت” سەیری کێشە ڕۆژانەییەکان نەکەین، بەڵکو وەکوو دەرفەتێک بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە لێیان بڕوانین. چونکە ئایندەی گەش، لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە بڕیار دەدەین ژیانی ڕۆژانەمان بکەینە شایستەیترین ڕوخساری کۆمەڵگەکەمان و بەخشینی شوناسێكی جوان پێی.



هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی چینە کۆمەڵایەتییەکان و حزبەکان.. گفتوگۆ لەگەڵ موئەیەد ئەحمەد

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستی چینە کۆمەڵایەتییەکان و حزبەکان، وە چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لە تاکتیکی بەشداری هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان

گفتوگۆی هەردوو ڕۆژنامەی (ڕەوت) و (الغد الاشتراکی) لەگەڵ (موئەیەد ئەحمەد)

ڕوونکردنەوە: ئەمەی خوارەوە گفتوگۆی هەردوو ڕۆژنامەی (ڕەوت) و (الغد الاشتراکی)یە لەگەڵ هاوڕێ (موئەیەد ئەحمەد) هاوئاهەنگکاری گشتی کۆمیتەی ناوەندی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) دەربارەی هەڵبژاردنی ئەم دوایەی پەرلەمانی عێراق کە لە (١١)ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری (٢٠٢٥) بەڕێوەچوو. ئەم چاوپێکەوتنە لە ڕێگەی هاوڕێ (عەبدوڵا ساڵح)ەوە بە عەرەبی ئەنجامدراوە و پاشان وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی.
عەبدوڵڵا ساڵح: ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانیەی لەم دوایانەدا لە عێڕاق ئەنجامدرا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا ئەنجامەکان و ڕێژەی بەشداری دەنگدەران ئاماژەن بۆ هیچ گۆڕانکاریەکی جددی لە هاوسەنگی هێز لە نێوان حزبە بۆرژوازیـیە ئیسلامی و قەومیـیەکان کە ڕژێمی سیاسی عێراقیان لێ پێکهاتووە؟
موئەیەد ئەحمەد: لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە (١١-١١-٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو نەهاتۆتەدی نە لە ڕێژەی ئەو هێزە سەرەکیـیانەی کە ڕژێمی فەرمانڕەوای ئێستای عێراقیان پێکهێناوە وە نە لە دابەشکاری پشکپشکێنەی کورسیـیە پەرلەمانیـیەکانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی شیعە و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانی عەرەبی و کوردیدا، هەرچەندە ژمارەی کورسیی حزبەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە تایبەتی کورسییەکانی حزبە میلیشیاییەکانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی شیعە، زیادی کردووە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٢١).
هەروەها، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هیچ گۆڕانکاریەکی جددی لە بەرژەوەندی هێزە بۆرژوا ناسیۆنالیست و نیولیبراڵەکانی عێراقیش نەهێنایە ئاراوە کە لە بنەڕەتدا هاوپەیمانی ئەمریکا و هاوپەیمانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو بەپێچەوانەی چاوەڕوانی ئەو هێزانە، چنگ و چەپۆکی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی شیعە بەسەر ئەم ڕژێمەدا هێندەی تر توند بووە، لانیکەم لەڕووی کورسییەکانی پەرلەمان و لەڕووی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووەوە.
سەبارەت بە ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران یان ڕێژەی بایکۆت، ئەو ئامارانەی لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە پێشکەش دەکرێن، ورد و دروست نین. بە پێچەوانەی بانگەشەکانی ئەم کۆمسیۆنە، ڕێژەی بەشداریکردن بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە لەو پەنجا و پێنج لەسەدایە (٥٥٪)ی کە بە فەرمی ڕاگەیەندراوە. ئەمەش چونکە کۆمسیۆن ئەم ڕێژەیەی لەسەر بنەمای کۆی ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە کە سی (٣٠) ملیۆنە هەژمار نەکردووە، بەڵکو لەسەر بنەمای (٢١) ملیۆن دەنگدەر کە بە فەرمی تۆمارکراون، جگە لەوەش، کۆمیسیۆن هیچ حیسابێکی نەکردووە بۆ دەنگی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی ڕاستەقینە کە لە ژێر فشاردا دەنگیان داوە، بەڵام لەڕاستیدا بایکۆتیان کردوە، ئەمەش لە ڕێگای ( دەنگ سوتاندن)ەوە واتە بەهۆی دەنگدان بە زیاتر لەبەربژێرێک کە ئەمە پێچەوانەی ڕێوڕەسمی پرۆسەی دەنگدانەکەیە.
جگە لەوانەی لە سەرەوە باسکران، سیمای هەڵبژاردنەکە بریتی بوو لە کڕینی دەنگی دەنگدەران و تەنانەت کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان بە شێوەیەکی بەربڵاو و بێ وێنە، لەگەڵ دەنگدانی خێڵەکیانە و هۆزگەری و پشتبەستن بە پەیوەندی خێڵەکی و بەرتیلدان بە شێخی خێڵ و هۆزەکان و مەحسوبیەت و پڕوپاگەندە لەسەر بنەمای تائیفەچیـیەتی و قەومگەرایی و بابەتی تری لەم چەشنە کۆنەپەرستانە سەروو سیاسی و نا مەدەنیانە، و هەموو ئەمانە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ئەنجام دران. ئەمە سەرباری حاڵەتی ساختەکاری لە دەنگدان و ناچارکردنی ئەندامانی هێزە چەکدارەکان و میلیشیاکان و هێزە سەرکوتگەرە ئەمنییەکانی حکومەت و فەرمانبەرانی تر لە هەندێک دامەزراوەی حکومەتدا، کە وەک هەمیشە ناچاربوون دەنگ بەو حزبانە بدەن کە ئەو دامەزراوانەیان کۆنترۆڵکردووە.
یەکێک لە تایبەتمەندیـیە سەرەکیـیەکانی هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٢٥)ی عێراق، هەژموونی ئاشکرای ئۆلیگارشی دارایی بوو بەسەریدا، واتە سەرمایەدارە ملیاردێرەکانی بە ڕەچەڵەک سیاسی کە لە هەناوی ئەم هێزە دەسەڵاتدارانەی زاڵن بەسەر ئەم هەڵبژاردنەدا سەریاندەرهێناوە و کۆنتڕۆلی ئەنجامەکانی دەکەن. هەر ئەم ئۆلیگارشیە دارایـیە و دەستە و تاقمە سیاسیەشە کە کۆنتڕۆڵی چارەنووسی جەماوەریان کردووە لە عێراق و سامانی کۆمەڵگە دەماشنەوە و دووبارە دەسەڵاتەکەیان بە ڕیگەی جۆراوجۆر بەرهەم د‌‌ەهێننەوە، لەوانەش ئەم هەڵبژاردنە کە بە یەکێک لە گەندەڵترین و ساختەترین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دادەنرێت.
هەر بۆیە، سەرەڕای بانگەشەی دەسەڵات و ئەوانەی تەپڵ بۆ هەڵبژاردن لێدەدن، زۆرینەی جەماوەری چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و گەنجانی پرۆلیتاری بە شێوەیەکی بەربڵاو بەردەوام بوون لە بایکۆتکردنی، بێ ئەوەی هیچ خۆشباوەڕیەکیان هەبێت بە هێنانەدی سادەترین ئاڵوگۆرێک لە ژیان و گوزەران و بارودۆخی کاریاندا لە ڕێی پەرلەمانەوە، یان هێنانەدی هیچ چاکسازیەکی سیاسی و ڕۆشنبیری جیدی لەڕێگای ئەم پەرلەمانەوە. بۆ جاری شەشەم هەڵبژاردن نیشانیدا کە شتیک نیـیە جگە لە گاڵتەجاری بۆ جەماوەری کرێکاران و ستەملێکراوان و بەهەژارکراوانی سەراسەری عێراق، بەڵام گۆڕەپانێکی گرنگ و جددیە بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکان و حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی لە ناسیۆنالیستەکان و ئیسلامیـیەکان و نیولیبراڵەکان، ئەمە جگە لەوەی کە خۆی ئامرازێکی سیاسیشە و پەیوەندییەکی پتەوی هەیە بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەو هەژمونە سیاسییەی کە هەردوو ڕژێمی ئیسلامی ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، هەر ئێستا هەیانە بە سەر عێراقدا.
عەبدوڵڵا ساڵح: ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدا ئەنجام درا کە هەندێک ڕوداو لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتنە کایەوە کە هاوسەنگی هێزیان لەم ناوچەیە گۆڕی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکەی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو شەڕە جینۆسایدیەی کە حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل دژی دانیشتوانی کەرتی غەززە بەرپایکردووەو کاردانەوەکانی ئەم شەرە. ئایا ئەم پێشهاتانه چ کاریگەرییەک بەجێدەهێڵن لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئێستا و لەسەر هاوسەنگی هێز لەناو پەرلەمانی هەڵبژێردراو و دواتر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لەسەرتاسەری عێڕاق؟
موئەیەد ئەحمەد: گومانی تێدا نییە، گۆڕانی ئەم دواییەی هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمریکا، دوابەدوای ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە پرسیارەکەتدا ئاماژەیان پێکراوە، کاریگەریەکی بەرچاوی لەسەر دۆخی سیاسی عێراق داناوە و دادەنێ، لەنێویاندا پێکهێنانی حکومەتی ئایندەی عێڕاق و پەیوەندی سیستمی سیاسی لە عێڕاق بە سیستمی سیاسی بۆرژوازی نێودەوڵەتیـیەوە کە لەژێر هەژمونی ئەمریکادایە، بەڵام مەرج نییە ئەمە بەو مانایە بێت کە لە ئەنجامی هەڵبژاردندا ڕەنگ بداتەوە، هەروەک بینیمان کە چۆن لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵ (٢٠٢٥)دا جێپەنجەی خۆی بەجێ نەهێشت و ئەنجامەکانیش تەواو پێچەوانە بوون؛ وە بووە هۆی زیادبوونی دەنگەکانی قەوارە و حزبەکانی (چوارچێوەی هەماهەنگی) ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە، بەم شێوەیە لەم هەڵبژاردنەدا تەرازووەکە لە بەرژەوەندی کاریگەریی هەژمونی ڕژێمی ئێران لەناو عێراقدا وەرچەرخا.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی، لە سەردەمی ئیمپریالیزم و توندبونەوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکیەکاندا، بە شێوەیەکی گشتی، ئامرازێکی دەستی زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەیـیەکانە بۆ کاریگەری دانان لەسەر دیاریکردنی ڕەوەندە سیاسیـیەکان لەناو وڵاتێکی دیاریکراودا، وە بە تایبەتی هەڵبژاردن لە عێراقدا ئەم ڕێسایەی هەیە، چونکە ئامرازێکە بۆ گواستنەوەی دەرئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانەی کە ڕەنگە لە هاوسەنگی هێزی ناوچەکەدا ڕوو بدەن، بەتایبەتی لە نێوان ئەمریکا لە لایەک و ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە لایەکی ترەوە، بۆ ناو عێراق؛ ئەوەی کە ئەمە ڕاستەوخۆ لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمساڵدا بەدی نەهاتووە، گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ بەسەر ئەم ڕاستییەدا ناهێنێت. هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ڕەوندە سیاسیـیەکانی عێراق و ئەو حکومەتەی لەم هەڵبژاردنە دێتە کایەوە، وە سەرتاپای سیستمی سیاسی، بە شێوەی جۆراوجۆر لەژێر کاریگەری ئەم گۆڕانکاریـیە لە هاوسەنگی هێزی نێودەوڵەتی و ناوچەیـیدا دەبێت، لە دەورانی داهاتودا.
عەبدوڵڵا ساڵح: یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی ئەم هەڵبژاردنە، خۆبەدوورگرتنی (ڕەوتی سەدر)ە لە بەشداریکردن تێیدا، وێڕای مانەوەی وەک هێزێکی میلیشیای تائیفی خۆسەپێن بەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی نفوزی خۆی لە نێو جەماوەری بەهەژارکراو و لە ڕێگەی میلیشیاکانیەوە (سرایا السلام)، چاوەڕوانی چی لە هەڵوێستی ئەم بزووتنەوەیە دەکەی؟ وە دوای هەڵبژاردن ڕۆڵی داهاتووی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی چی دەبێت؟
موئەیەد ئەحمەد: بایکۆتی هەڵبژاردن لەلایەن (ڕەوتی سەدر)ەوە کاریگەریەکی بەرچاوی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن نەبوو، چونکە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە کە لەناو (چوارچێوەی هەماهەنگی) دان، توانیان دەنگی پێویست دەستەبەر بکەن بۆ ئەوەی سەنگ و قورسایی بەرچاویان هەبێ لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا. بێ توانایی و سەرنەکەوتنی (ڕەوتی سەدریـی)ەکان لە پێکهێنانی حکومەت لە خولی پێشوودا، لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ حزبە ناسیۆنالیستە کوردیـیەکان و حزبە ناسیۆنالیستە عەرەبیەکانی “سوننی”ی و ناکامی هەوڵەکانی بۆ گۆشەگیرکردنی ڕکابەرەکانی لەناو ڕەوتە ئیسلامیـیەکانی شیعەدا، وایکرد ئەم ڕەوتە هەڵوێستی بایکۆتی هەڵبژاردن بگرێتەبەر، بەڵام هۆکارە واقعیـیەکانی خۆبەدوورگرتنی لە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەگەڕێتەوە بۆ پاراستن و هێشتنەوەی هەژمونی مەزهەبی و تائیفی خۆی لە نێو پەیڕەوکارانی ڕێبازەکەیدا.
(سەدر) خۆی بە باشی ئاگاداری ئەو ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتیـیە بەربڵاوەیە دژی گەندەڵی و بەبرسیکردن کە ئەم دەسەڵاتە هێناویەتە کایەوە، وە دەزانێ ئەم ناڕەزایەتیـیە چەندە ڕیشەدارە لە نێو جەماوەردا لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، بەتایبەتی لە نێو لایەنگرانی خۆی و ڕێبازە مەزهەبیـیەکەی لە ژینگەی باوەڕدارانی مەزهەبی شیعەدا. سیاسەتی بایکۆتکردنی پەرلەمان لای (ڕەوتی سەدر) لەسەر ئەم حیساباتە سیاسیـیانە و ئەم ستراتیژە کۆنەپەرستانەیە وەستاوە بۆ پاراستنی هەژموونی تائیفی و مەزهەبی خۆی، بەڵام ئەمە نایانخاتە دەرەوەی سیستەمی حوکمڕانی، چونکە ڕۆڵیان لە داڕشتنی سیاسەتی عێراقدا هەیە، تەنانەت لەناو بەڕێوەبردنی دەوڵەتیشدا، وە تا ئێستاش خاوەنی هێزی میلیشیای خۆیانن (سرایا السلام) و بەشێکن لە دامودەزگای حکومەت و ئیدارەی دەوڵەت و دابەشکردنی تاڵانییەکانی سەروەت و سامان و دەسەڵات.
سیاسەتەکانی (ڕەوتی سەدر) ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی شیعە ناکاتە ئامانج. نەک هەر ئەوە بەڵکو پێگەکەی وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بەشدارە لە درێژە پێدانی سەروەری ئیسلامی سیاسی شیعە بەسەر ڕەوەندە سیاسیـیەکان لە عێراقدا، وە تەواوکەری لایەنەکەی تری ئەم سەروەریـیەیە، لە دابینکردنی هەژمونی تائیفەگەری شیعەیی لەناو جەماوەری ناڕازیدا. پەیوەندیە، تاڕادەیەک، باشەکانی لەگەڵ (مەرجەعیەت)ی ئایینی و لە هەمان کاتدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، دەیکاتە بەشێک لە هاوکێشەی زاڵبوونی ڕەوتە ئیسلامیـیە شیعەکان بەسەرڕەوەندی بارودۆخی سیاسی لە عێڕاقدا، بەم پێیەش ڕۆڵی پاراستنی دەسەڵاتی ئەم ڕەوتانە دەگێڕێ لە ئەگەری پەرەسەندنی قەیرانی سیاسی لە عێراقدا بەرەو قەیرانێکی شۆڕشگێڕانە.
هەڵوێستی ڕەوتی سەدر دژی ئەو گەندەڵیـیە بەربڵاوەی کە سەراپای پەیکەرەی ڕژێمەکەی داگرتووە، وە بانگەشەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و بایکۆتی هەڵبژاردن و پەرلەمان، و چەندین بانگەشەی تری هاوشێوە، ئەمانە بابەتێکی نامۆ نین لە چوارچێوەی نەریتی دەسەڵاتی بۆرژوازی ئیسلامی شیعەدا، هەر بۆیە پێگەی (ڕەوتی سەدر) لەناو ئەم ڕژێمەی ئێستای عێراقدا تا ڕادەیەک وەک هاوشێوەی باڵی ڕیفۆرمخواز وایە لەناو ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران. بەکورتی ڕۆڵی ئەم ڕەوتە تەواوکەری ئەم ڕژێمە فەرمانڕەوایەیە لە ڕێگەی لەقاڵبدان و لەباربردنی ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر.
بەڵام ڕۆڵی کۆنەپەرستانەی (ڕەوتی سەدر) دژ بە چینی کرێکار و دژ بە تێکۆشانی جەماوەری شۆڕشگێر، هەروەها نفوز و تاڕادەیەک کاریگەریـیـیە کۆمەڵایەتییەکەشی لەناو پرۆلیتاریا و بەهەژارکراوەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، وای لێ دەکات ببێتە یەکێک لە بەدیلە بۆرژوا-ئیمپریالیستییەکان و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا لە چوارچێوەی ڕەوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراقدا. ناکۆکیـیەکانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق و قەیرانی فەرمانڕەوایی بۆرژوازی، (ڕەوتی سەدر) دەکاتە یەکێک لە بەدیلە سیاسیـیەکان، بەتایبەتی بۆ کۆنترۆلکردن و پەکخستنی ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان، ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە تاقمی ئۆلیگارشی دەسەڵاتدار کە لایەنی جۆراوجۆری بۆرژوازی قەومی و تایفی عێراقی لەخۆ گرتووە، بە هەموو شێوەیەک دەسەڵاتی خۆی دەپارێزێت، لەوانەش بە سازشکردن لەگەڵ (ڕەوتی سەدر) بەپێی پێویست. لە ئەنجامدا ڕۆڵی (ڕەوتی) سەدر لەسەر شانۆی سیاسی دەمێنێتەوە، بەڵام لە دەرەوەی ڕژێمە سیاسییەکە نەک لە ناوجەرگەیدا.
ڕۆڵی (ڕەوتی سەدر) لە (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)دا ڕوون و ئاشکرا بوو، هەوڵی دەدا خەباتی ناڕەزایەتی بە هەموو شێوەیەک لە چوارچێوەی ئاسۆی سیاسی و مەزهەبی خۆیدا لەقاڵب بدات، هەر لە هەوڵدان بۆ پێدانی سیمایەکی ئایینی و مەزهەبی بە ڕاپەڕین تا سەرکوتی ئاشکرا لە دژی ژنان و جەماوەری ڕاپەڕیو، و پێکهێنانی یەکەی سەرکوتگەرانەی “کڵاوە شینەکان” بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵکی ڕاپەڕیو، وە شێوازی تری لەم جۆرانە. ئەم سیناریویە، لەگەڵ هەر هەڵکشانێکی خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەرییدا، دووبارە دەبێتەوە.
عەبدوڵڵا ساڵح: ئەی پەیوەندی ئەم هەڵبژاردنە، لە ڕووی سیاسی پراکتیکییەوە، بە چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و ستەملێکراوانی عێراقەوە چۆنە؟
موئەیەد ئەحمەد: ناوەڕۆکی چینایەتی بۆرژوا ناسیۆنالیستانە و ئیسلامیـیانەی پەرلەمان و هەڵبژاردن و قەوارە و هاوپەیمانیە پەرلەمانیەکانی ناوی لە کەس شاراوە نییە، چونکە ئەمە دامەزراوەیەکی قۆرخکاریـی ئەو هێزانەیە و لە لایەن ئەمریکاوە، لە دوای داگیرکردنی عێراق دامەزرێندراوە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی ئەم لایەنە بۆرژوازیـیانە و بەرهەمهێنانەوەی ئەوەش کە پێی دەوترێت پرۆسەی سیاسی و ئەو ڕژێمە سیاسیەی کە لێیەوە سەریهەڵداوە، ئەمە لەلایەک، و لە لایەکی تریشەوە وانەخشێنراوە کە کۆسپێک بێت لەبەردەم گەشەسەندنی خەباتی چینایەتی سیاسی پرۆلیتاریا و ڕێگری بکات لە پێکهاتنی ئیرادەی سیاسی سەربەخۆی ئەم چینە لە ناو کۆمەڵگادا و بەم شێوەیەش ڕێگر بێت لەبەردەم پێداویستییەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی سیاسی شۆڕشگێڕانە و سۆشیالیستی لە لایەن چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لە دژی سەروەری سەرمایە و سەرمایەداری.
سەرهەڵدانی یەکەمین پەیوەندی ڕاستەقینەی پەرلەمان، وەک ئامرازێکی کردەیی، بە لەقاڵبدان و پەکخستی خەباتی سیاسی جەماوەریی زەحمەتکێشان و گەنجان، وە بە تێکشکاندنی ناڕەزایەتیـیە شۆڕشگێڕیـیەکانیان، لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠١١)؛ کاتی شۆڕشەکانی میسر و تونس، کە بە هۆیانەوە ناڕەزایەتی جەماوەری لە عێراق، بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستان سەریان هەڵدا.
ئەو کاتە (بزووتنەوەی گۆڕان) دامەزراوەی پەرلەمانی قۆستەوە وەک ئامرازێک بۆ خەفەکردنی ئەو ڕاپەڕینەی کە لە هەرێمی کوردستان لەئارادابوو، ئەمەش بە ڕاکێشانی ڕاپەڕین بۆ ناو سندوقەکانی دەنگدان و هۆڵەکانی پەرلەمان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە سیاسیـیە بۆرژوازیـیە ناسیۆنالیستەکانی.
هەرچی پەرەسەندنی دواترە لە بەکارهێنانی پەرلەمان و هەڵبژاردن لە لایەن بۆرژوازی دەسەڵاتدارەوە، چەشنی ئامرازێکی “نەرم” بەڵام وەک درێژەپێدانی سەرکوتکاری خوێناوی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە، لە ساڵی (٢٠١٩)دا بوو، کاتێک پەرلەمان و هەڵبژاردن لە عێڕاق بەکارهێنران بۆ کۆنتڕۆڵکردن و لە قاڵبدانی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر) لە چوارچێوەی پەرلەماندا لە ڕێگەی “هەڵبژاردنی پێشوەختە” کە لە ساڵی (٢٠٢١)دا بەڕێوەچوو.
سەرەڕای سەرکوتکردنی دڕندانە و خوێناوی ڕاپەڕینەکەی (ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لەلایەن ڕژیمەوە کە گیانلەدەستدانی زیاتر لە (٨٠٠) خۆپیشاندەری کچ و کوڕی لێکەوتەوە، ئەم ڕاپەڕینە توانی دەستلەکارکێشانەوەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرەک وەزیران و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و کۆمەڵێک ڕێکاری تر بەسەر ڕژێمدا بسەپێنێت. ئەگەر ڕاپەڕین پەرەی بسەندایە و خۆی بە ئاسۆیەکی سیاسیی سۆشیالستی شۆڕشگێڕانە پڕچەک بکردایە و شورا کرێکاری و جەماوەریـیەکانی خۆی دابمەزراندایە، دەیتوانی سیستەمێکی سیاسی جیاواز، لە ڕووی چۆنایەتیـیەوە، لە شێوەی بزووتنەوەی شورایی لەسەر پاشماوە وێرانەکانی پەرلەمانتاریزمی بۆرژوازی بنیات بنێ. ئەمەش بۆ پیادەکردنی ئیرادەی سیاسی ڕاستەوخۆی خۆی لە چوار چێوەی هەر ئەم شێوازە سیاسیە غەیرە پەرلەمانیەدا، وە بەکارهێنانی بەمەبەستی هێنانەدی ئاڵوگۆڕی سیاسی پێویست بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، و گەشەپێدانی هێزی پرۆلیتاریای سۆشیالست لەسەر ئاستی کۆمەڵگا لەم چوارچێوەیەدا و هەنگاونان بەرەو گۆڕانکاریـیە شۆڕشگێڕیـیە سۆشیالستیـیەکان.ئەمە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە ڕووی نەدا، کە لێرەدا ناچینە ناو ئەم باسەوە.
ئەوەی دەمەوێت جەختی لەسەر بکەم ئەوەیە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە لە ساڵی (٢٠٢١) و بەشداریی هێزەکانی دژە شۆڕش تیایدا لە ئیسلامیـیەکان و ناسیۆنالیستەکان و نیولیبراڵەکان و ڕیفۆڕمخوازانی سازشکاری ناو ڕاپەڕینەکە، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە پەرەسەندنی پەیوەندی شۆڕش و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەی ناو کۆمەڵگا بە پەرلەمان و بە هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەو هێزانەشەوە کە تیایدا بەشدارن لە دەستە و تاقمە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی و وردە بۆرژوازی.
هێزەکانی دژە شۆڕشی ناو ڕاپەڕینەکە توانیان چەند کورسیـیەکی پەرلەمانی بەدەست بێنن لە ڕێگەی ساتوسەوداکردن بە خوێنی گەنجان بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیـیە ئیسلامیـیە کۆنەپەرستەکانیان، یەکێک لەو ئامانجانە پرۆژە یاسای (پاکێجی ئەحکامە جەعفەریەکان) بوو کە بەکۆیلەکردنی ژنانی عێراقە، و لەلایەن پەرلەمانتار (ڕائید مالیکی)یەوە پێشنیارکرا، دوای ئەوەی ناوبراو کورسیـیەکی پەرلەمانی بەدەست هێنا وەک بەشێک لە قەوارەی “ئیمتیداد”، کە یەکێک لەو قەوارە پەرلەمانیانەیە کە بەناوی ڕاپەڕینەوە چوونە ناو پەرلەمانەوە وەک هێزێکی دژە شۆڕشی ناو ڕاپەڕین.
پێشتر لە بەیاننامەی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەمساڵ (٢٠٢٥) پێداگریمان کردۆتە سەر ئەوەی کە ئەم هەڵبژاردنە بەردەوامی هەڵبژاردنی هێزەکانی دژە شۆڕشی ساڵی (٢٠٢١)ە، کە سەرکوتی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)یان کرد و لە خوێندا شەڵاڵیان کرد و هەڵبژاردنیشیان کرد لەو کاتەدا وەک تەواوکاریی پڕۆسەی خنکاندنەکەی.
بەم شێوەیە، پەیوەندیی ڕاستەقینەی پەرلەمان لە عێراقدا بە ململانێی چینایەتی و سیاسیی ناو کۆمەڵگاوە، بریتیـیە لە پەیوەندیی پەکخستنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕەنجدەر و چەوساوە و لاوان. ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندیـیە عەمەلیـیەکانی پەرلەمان لە عێراقدا لە پەیوەندیی لەگەڵ چینی کرێکار و جەماوەری چەوساوە و خەباتەکانیاندا، کە دەرەنجامی ڕەوەندی ململانێی چینایەتیـیە لە وڵاتدا.
ئەم پەیوەندیـیە کۆنەپەرستانە و سەرکوتگەرانەیە تەنیا سنوردار نەبۆتەوە بە سەرکوتی خەباتی جەماوەری ڕاپەڕیو، بەڵکو وەک هەموو پەرلەمانە بۆرژوازیـیەکان گشت ئەو بوارانەشی لەخۆگرتووە کە پەیوەستن بە سەرکوتی چینی کرێکار و گەنجان و ژنانی ستەملێکراو و خەباتیانەوە، کە لە هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی پەرلەماندا دەیبینین، هەر لە دەرکردنی “پەڕەی سپی”یەوە بۆ چەسپاندنی پایەکانی سەرمایەداری لە ڕێگەی سیاسەتی ئابووری نیولیبراڵی و بەهەژارکردنی جەماوەرەوە، تا بەردەوامبوون لە کارکردن بە یاساکانی ڕژێمی فاشیستی بەعس لە ڕێگریکردن لە کاری سەندیکایی لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان و لە سەپاندنی قێزەونترین یاسا ناڕەواکان بەسەر ژناندا لە عێراق بە دەرکردنی (پاکێجی ئەحکامە شەرعییەکانی جەعفەری)، و خنکاندنی ئازادیـیە مەدەنی و تاکەکەسیـیەکان و …هتد.
ئەم تایبەتمەندیـیە جیاوازانەی پەرلەمانی عێراق، سەرەڕای لێکچوونیان، لەڕووی شکڵ و شێوازەوە، لەگەڵ پەرلەمانە بۆرژوازییەکان بە گشتی لە سەردەمی سەرمایەداریی ئیمپریالیدا، لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە شکڵ و شێوازی پەرلەمانیی سیستەمی ئێستا لە عێراق، لە لایەک هەڵگری تایبەتمەندییەکانی پەرلەمانتاریزمە لە سەردەمی ئیمپریالیزمدا، وە لە لایەکی ترەوە ئەم پەرلەمانە لە ئەنجامی ململانی سیاسی و خەباتی چینایەتی ناوکۆمەڵگا سەریهەڵنەداوە، بەڵکو لە دوای شەڕی ئیمپریالیستی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و وەک دەر ئەنجامێکی ئەو شەڕە سەریهەڵداوە و دامەزراوە. ئەمەش خۆی شێوازێکی تایبەتی پەرلەمانیـیە لە سەردەمی ئیمپریالیدا، وە وەک پێشتریش باسمانکرد، پەرلەمانێکە بۆ سیستەمێکی سیاسی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی پشک پشکێنە و پڕۆسەیەکی سیاسی ئیمپریالستی نەخشێنراوە بۆ دابەشکردنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای قەوارەی قەومی و تائیفی و بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم دابەشبوونە بە بەردەوامی.
سیاسەتی حزبی شیوعی عێراق و ئەوانەی هاوبەشی دیدگای ئەم حزبەن، بریتیە لە دامەزراندنی “دەوڵەتی مەدەنی” و “هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان” و چەند ئامانجێکی تری سیاسی نیمچە ڕیفۆرمیستی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە. ئەم جۆرە دیدگایە شتێک نییە جگە لە سیاسەتێکی پەیوەست بە خۆشباوەڕی بورژوازی بچووکی خۆشگوزەران کە هەوڵدەدات جێگەیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە لەناو ئەم سیستەمەدا.
عەبدوڵڵا ساڵح: ئایا ئەم ئەزمونە ڕاستەقینەیەی جەماوەری ڕەنجدەر و ستەملێکراو ڕۆڵی هەیە لە بنیاتنانی تاکتیکی سیاسی پرۆلیتاری بەرامبەر بە پەرلەمانی بۆرژوازی؟
موئەیەد ئەحمەد: هەلومەرجی واقعی خەباتی چینە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکانی نێوانیان، لە هەر قۆناغێکی دیاریکراوی پەرەسەندنی خەباتی چینایەتی و لە هەر وڵاتێکدا بە جیا، لە شێوازی سیاسی دیاریکراو و لە پەیوەندی دیاریکراوی نێوان حیزبەکانیشدا خۆی دەردەخات، کە بە شێوەیەکی گشتی نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە چینایەتییە جیاوازەکان دەکەن. جا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرج و هاوسەنگی هێزە چینایەتیـیانە، ناتوانرێ تاکتیکی سیاسی بگیرێتە بەر و باز بدرێت بەسەر ئەو هەلومەرجە واقیعیانەدا.
ئەزموونی ڕاستەقینەی جەماوەری کرێکار وزەحمەتکێش و گەنجان و ژنانی ستەملێکراو سەبارەت بە پەرلەمانی عێراق، بایەخێکی زۆری هەیە و هۆکارێکی گرنگیشە بۆ دیاریکردنی تاکتیکی سیاسی شۆڕشگێڕانە بەرامبەر پەرلەمان. بۆیە بایکۆتی جەماوەری بۆ پەرلەمان و نەبوونی هیچ خۆشباوەڕییەک بە پەرلەمان و ئەنجامدانی چاکسازی لەڕێگەیەوە لەناو ڕیزەکانی پرۆلیتاری وشیار بە بەرژەوەندییە چینایەتیەکانیان، بابەتێکی جدیە و دەبێ لەبەرچاو بگیرێت لەکاتی گرتنەبەری تاکتیکی پرۆلیتاری بەرامبەر پەرلەمان، ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە کە هەندێک لە ڕابەرانی حزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاری باسی لێوەدەکەن کە گوایە ئەم بایکۆتە جەماوەرییە فاکتەرێکی گرنگ نییە بۆ دیاریکردنی تاکتیکی سیاسیان سەبارەت بە بەشداریکردن یان بایکۆت، بە بیانووی ئەوی ئەوان “پۆپۆلیست” نین، واتە ناکەونە دوای بیر و بۆچونی خۆبەخۆیی جەماوەر.
هەڵوێست بەرامبەر پەرلەمان بؤتە ڕەنگدانەوەی پۆڵاڕیزەبوونی چینایەتی ناو کۆمەڵگا، سیاسەتی بایکۆت یان بەشداری لە پەرلەماندا سروشتی چینایەتیی سیاسەتەکانی هەر حزب و ڕێکخراوێکی سیاسی دەردەخات، بەتایبەتی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و چەپدا بەگشتی. بەڵام سەبارەت بە حزبە بۆرژوا ئیسلامی و قەومی و نیولیبراڵەکان کە بێ چەندوچوون بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن، سیاسەتی بەشداریکردن لای ئەوان کێشمەکێشێکە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە سیاسییە چینایەتییە بۆرژوازییە دژە جەماوەریـیەکانیان لە ڕێگەی ئەوەی کێ کۆنترۆڵی پەرلەمان بکات و بیخاتە خزمەت بەرژەوەنییەکانی خۆی.
عبدالـله صالح: هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان، بەگشتی، لە بەرامبەر پەرلەمانە بۆرژوازییەکاندا چییە؟ ئایا دەکرێت بەشدار بن لە پەرلەمان و لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا؟
مؤيەد ئەحمەد: هەڵویستی کۆمۆنیستەکان سەبارەت بە سیستەمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ڕوونە و بەکورتی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
سیستەمی پەرلەمانی، دامەزراوە و ئامرازێکی سیاسییە بۆ ڕێکخستنی فەرمانڕەوایی بۆرژوازی و بۆ بەخشینی ڕەوایی بە دیکتاتۆرییەتی چینی بۆرژوازی و دەوڵەتەکەی کە جگە لە ئامرازێکی چەوساندنەوەی چینی کرێکار و بەهەژارکراوان شتێکی تر نییە. لەم ڕووەوە، واتە لە ڕووی ناوەڕۆکی چینایەتی دەوڵەتەوە، فەڕق ناکات دەوڵەتی بۆرژوازی لە دەستی لیبڕاڵییەکاندا بێت یان نیوفاشیستەکان یان ئیسلامییەکان یان ناسیۆنالیستەکان یان میلیشیادارەکان یان جەنەڕاڵە سەربازییەکان وەیا …هتد. کاتێک بۆرژوازی فەرمانڕەوا هەڵبژاردن و پەرلەمان بەکاردەهێنێت وەک ئامڕاز و شێوەیەکی سیاسی “دیموکراسی” بۆ ئەم دیکتاتۆرییەتە چینایەتییە بۆرژوازییە، ئەوا بە پلەی جۆراوجۆر، ئەوەی کە پێی دەوترێت “شەفافیەت” و ڕەچاوکردنی “دیموکراسی”، پەیڕەو دەکات لە هەڵبژاردنەکان و لە میکانیزمەکانی کاری پەرلەماندا لە پابەندبوونێکی نزیک لە تەواوەتی بە یاساکانی یارییە “دیموکراسییە”کەوە تا دەگاتە ساختەکاری ئاشکرا و دیاریکردنی پێشوەختەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە و دەستکاریکردنی میکانیزمەکانی کاری پەرلەمان، و تەنانە تاڕادەی “بەیعەت” وەک ئەوەی (سەدام حسێن)ی ناسیۆنال فاشیست لە عێراق پەیڕەوی کرد.
ئەرکی سەرەکی پەرلەمانی بۆرژوازی بریتییە لە شاردنەوەی ناوەڕۆکی چینایەتی بۆرژوازییانەی دەوڵەت یان سیستەمی سیاسی فەرمانڕەوای ئەم چینە لە پشت پەردەی نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی جەماوەر و پیادەکردنی لە ڕێگەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانەوە، وە ئەمە هەڵویستی مارکسییەکانە بەرامبەر پەرلەمانی بۆرژوازی و هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان. وەک لە بڕیارێکی کۆنگرەی دووەمی ئەنتەرناسیۆنالی سێیەم، کە لینین تـێـیدا بەشدار بووە، هاتووە: “مەیل و گرایشی پەرلەمانتاریزمانەی حکومەتی بووەتە شێوەی “دیموکراسی”یانەی باڵادەستی و زاڵبوونی بۆرژوازی، کە لە قۆناغێکی دیاریکراوی گەشەسەندنیدا پێویستی بە خوڕافاتی نوێنەرایەتیـیەکی ڕووکەشی جەماوەری هەیە بۆ “ئیرادەی گەل” نەک ئیرادەی چینەکان، بەڵام لە ڕاستیدا ئامرازێکە بە دەستی سەرمایەی زاڵەوە بۆ ملکەچ پێکردن و چەوساندنەوە”.(1)
سیستەمی پەرلەمانی بۆرژوازی هاوچەرخ لە جەرگەی کێشمەکێشێکدا لە دژی سیستەمی دەرەبەگایەتی و حوکمی پاشاکان و دەسەڵاتی ڕەهای پاشایەتی سەریهەڵدا، بە تایبەت لە ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژاوا، و لە ڕووی مێژووییشەوە گرێداروە بە سەرهەڵدان و گەشەی سیاسی چینی بۆرژوازی و مسۆگەرکردنی باڵادەستی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە بەسەر سیستەمی دەرەبەگایەتیدا. لە سەرەتادا مافی دەنگدان بۆ پەرلەمان لە سەر خاوەندارەتی و موڵکایەتی دامەزرا بوو، وە تایبەت بوو بە خاوەندارانی پارەوپول و خاوەندارانی مڵک و زەویوزار، بەڵام کاتێک سەروەری حوکمی بۆرژوازی بەتەواوەتی مسۆگەر بوو، وە سیستەمی سەرمایەداری پەرەیسەند و ململانێی چینایەتی نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازی لە کۆمەڵگەدا توندوتیژ بۆوە، لە قۆناغێکی دیاریکراوی گەشەسەندنی ئەم ململانێیەدا، چینی کرێکار لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی خۆیەوە مافی دەنگدانی گشتی بەدەستهێنا. هەروەها ژنانیش ئەم مافەیان بەدەستهێنا دوای گەشەسەندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بۆ ژنان و دەرکەوتنی بزووتنەوەی ناسراو بە سفراجێتیست (Suffragetist) لە بەریتانیا و ئەمریکا، کە لە سەرەتای سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد و بە سەپاندنی یاسای مافی دەنگدانی گشتی لە بەریتانیا لە ساڵی (١٩٢٨) کۆتایی هات. تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدانی گشتی نهێنی و ڕاستەوخۆ و یەکسان بۆ پەرلەمانە بۆرژوازییەکان یەکێک بوو لە داواکاریـیە سیاسیـیەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی و حزبەکانی لە وڵاتانی جیاوازی جیهاندا و لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا، لەوانەش ڕووسیا تا شۆڕشی ئۆکتۆبەر.
بەم شێوەیە سیستەمی پەرلەمانی بووە شێوەی “دیموکراسی” فەرمانڕەوایی چینی بۆرژوازی، و بەم پێیەش بووە بەشێک لە دینامیزمی کێشمەکێشی سیاسی نێوان چینەکان لە کۆمەڵگەدا بە جۆرێک کە چینی کرێکار و سۆشیالیستەکان نەیان دەتوانی بێ لایەن بن بەرامبەری و بەکاری نەهێنن لە بەرژەوەندی بەدەستهێنانی داواکاریـیە ئابووریـیەکانیان و لە بەرژەوەندی خەباتی سیاسی چینایەتیـیان. لەم ڕاستایەدا لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستیدا ئەو دیاردەیە دەرکەوت و گەشەی کرد کە پێی دەوترێت “پەرلەمانتاریزمی کۆن” کە پێش سەرهەڵدانی سەرمایەداری ئیمپریالیستی و جەنگی جیهانی یەکەم بوو، وە حزبە سۆشیال دیموکراتەکان، بە تایبەت ئەوروپییەکانیان، هەوڵیاندا چاکسازییەکان بهێننەدی لە ڕێگەی ئەم جۆرە پەرلەمانتاریزمیـیەوە یان تەنانەت دەسەڵاتیش لە ڕێگەی بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانەوە بەدەستەوە بگرن. ئەم ئاڕاستە ڕیفۆڕمیستیـیە، ڕووخسارێکی زاڵی بزووتنەوەکە بوو، کە پەیوەندییەکی نزیکیشی هەبوو بە گەشەسەندنی هەلپەرستیـیەوە لە نێو بزووتنەوەی کرێکاریدا، بۆ نمونە بەسەر سیاسەتەکانی حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی یەکەمەوە.
بەڵام لە سەردەمی سەرمایەداری ئیمپریالیستی و جەنگی جیهانی یەکەم و ئاشکرابوونی هەلپەرستی و شۆڤێنیزمی حزبە سۆشال دیموکراتە ڕیفۆرمێستەکان لەم جەنگەدا، ئەم “پەرلەمانتاریزمە کۆنە” چیتر جێگەی بۆ نەمایەوە لە نێو بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستیدا. بە مایەپووچی “ئەنتەرناسیۆنالی دووەم” لە کاتی ئەم جەنگە ئیمپریالیستییەدا، کە دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان بۆ دابەشکردنی بەرهەمی ڕووتاندنەوەی دابەشکردنی جیهان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە لە نێو خۆیاندا ئەنجامیاندا، وە وەک ئاکامی ئەو سیاسەتە شۆڤێنیانەی حزبە سۆسیال دیموکراتەکانی بەشدار لە پەرلەمان و دەنگدانیان لە بەرژەوەندی جەنگی بۆرژوازی وڵاتەکانیان، ئەم “پەرلەمانتاریزمە کۆنە” ناوەڕۆکەکەی دەرکەوت وە باوی نەما و چیتربەشێک نەما لە تاکتیکی سیاسی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ کە ئامانجی ڕزگاربوون بوو لە سیستەمی سەرمایەداری، ئەمەش بووە هۆی دەرکەوتنی چەمکی “پەرلەمانی شۆڕشگێڕ” بە پێچەوانەی “پەرلەمانی کۆن)ی ڕیفۆرمیست. لێرەشدا، سەبارەت بەم بابەتە، بڕگەیەک دەهێنمەوە لە بڕیارەکانی کۆنگرەی دووەمی ئەنتەرناسیۆنالی سێیەم، کە لە تەمموز و ئابی (١٩٢٠) بەستراوە، بە ئامادەبوونی لینین:
“هەڵویستی ئەنتەرناسیۆنالی سێیەم بەرامبەر پرسی پەرلەمانتاری لە تیۆرییەکی نوێوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە گۆڕانی ڕۆڵی خودی پەرلەمانتارییەوە سەرچاوە دەگرێت. لە سەردەمی پێشوودا، پەرلەمان، کە ئامرازێکی سەرمایەداری گەشەسەندوو بوو، بە جۆرێک لە جۆرەکان، لە بەرژەوەندی پێشکەوتنی مێژوویی کاری دەکرد. بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا، کە بە وەحشیگەری ئیمپریالیزم تایبەتمەندە، پەرلەمان بۆتە ئامرازی درۆ و فێڵ و کاری توندوتیژی و وێرانکاری و کاری دزی. لێرەوە ڕیفۆرمیزمی پەرلەمانی، کە نە جێگیر و پایەدارە وە نە پلانێکی گشتگیریشی هەیە، هەموو گرنگییەکی کردەیی خۆی بۆ جەماوەری زەحمەتکێش لەدەست داوە.
………. دەبێت کۆمۆنیزم لێکۆڵینەوەی تیۆری سەردەمەکەمان وەک خاڵی دەستپێک وەربگرێت (پەرەسەندنی سەرمایەداری تا لوتکە، ئاراستەکانی ئیمپریالیزم بەرەو نەفیکردنەوەی خۆی بەدەستی خۆی و خۆوێرانکردنی و توندوتیژ بوونەوەی بەردەوامی شەڕە ناوخۆکان، هتد…)، و لەوانەیە پەیوەندییە سیاسییەکان و بلۆکبەندییەکان شێوەی جیاواز وەربگرن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، بەڵام ناوەڕۆکی شتەکان لە هەموو شوێنێک وەک خۆی دەمێنێتەوە: ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە ئامادەکاری دەستبەجێی سیاسی و تەکنیکیـیە بۆ ڕاپەڕینی نوێی پرۆلیتاری”.
…. کاتێک هەندێک سۆسیالیست، کە تامەزرۆی کۆمۆنیزمن، ئاماژە بەوە دەکەن کە کاتی شۆڕش هێشتا لە وڵاتەکانیاندا نەهاتووە، و ڕەتیدەکەنەوە لە هەلپەرستە پەرلەمانییەکان جیا ببنەوە، ئەوا لە ڕاستیدا کار دەکەن بەپێی تێگەیشتنێکی هۆشیارانە یان ناهۆشیارانە، بۆ قۆناغێک کە بەرەوڕووی دەچین، کە بە قۆناغی سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بۆ کۆمەڵگەی بۆرژوازی ئیمپریالیستی دادەنرێت، بۆیە وا گومان دەکەن کە هاوکارییان لەگەڵ کەسانێکی وەک توراتی و لۆنجی دەتوانێت بنەمایەک بێت کە خەبات بۆ ڕیفۆڕمەکان ئەنجامی کردەیی بەدەستەوە بدات”.(2)
ئەمەیە ناوەڕۆکی بابەتەکە سەبارەت بە “پەرلەمانیەتی شۆڕشگێڕ”، واتە ئامادەکاری بۆ “ڕاپەڕینی نوێی پرۆلیتاری”. بۆیە ناتوانرێت، بۆ کۆمۆنیستەکان و پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ، باس لە پەرلەمان و چوونە ناوی بکرێت بەبێ ڕەچاوکردنی هەڵویست لە شۆڕشی سۆسیالیستی و ئامادەکاری بۆی “لە ڕووی سیاسی و تەکنیکییەوە”.
عبدالـله صالح: دەکرێ بەو جۆرە لە قسەکانت تێبگەین کە تاکتیکی بەشداری یان بایکۆتکردنی پەرلەمان و هەڵبژاردن پەیوەستە بە ڕادەی ئامادەکاری بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی، نەک بۆ بەدیهێنانی هەندێک داواکاری ئابووری یان سیاسی بۆ پرۆلیتاریا لە ڕێگەی پەرلەمانەوە؟
موئەیەد ئەحمەد: بەڵێ، بەشداریکردن یان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنە بۆرژوازیـیەکان بۆ حزبێکی کۆمۆنیستی خاوەن ڕەگ و ڕیشە لە نێو چینی کرێکار و بەهەژارکراوان و چەوساوەکان و خەباتیاندا، پەیوەستە و مەرجدارە بە ڕادەی سوود وەرگرتن لەم تاکتیکە سیاسیـیە بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە دژی تەواوی سیستەمی بۆرژوازی فەرمانڕەوا لە کۆمەڵگەدا. ئەمە تاکتیکێکە و پەیوەستە بە گرنگییەکەوە کە هەیەتی بۆ بەهێزکردنی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و خەباتی چینایەتی پرۆلیتاری و بەهێزکردنی ڕیزەکانی خەباتی ئەم چینە و ئامادەکاری بۆ شۆڕشی پرۆلیتاری سۆشیالیستی.
لە ڕووی مێژووییەوە و لەوەتەی شورا کرێکارییەکان لە شۆڕشی ڕووسیا لە ساڵی (١٩٠٥) دەرکەوتن وەک شێوەی ڕێکخستنی خەباتی جەماوەری کرێکاران، و پێش ئەوەش بە زیاتر لە سێ دەیە کۆمۆنەی پاریس دەرکەوت وەک “دیکتاتۆریەتی” چینی کرێکار و شێوەی حوکمڕانی ئەم چینە و جەماوەری زەحمەتکێش بۆ ڕزگاربوون لە کۆتوبەندی سەرمایە، ئەوا شێوەی پەرلەمانی بۆ خەبات گرنگی مێژوویی خۆی لەدەست دا، چونکە شێوەیەکی باڵاتر بۆ ڕێکخستن و خەباتی جەماوەری لە گۆڕەپانی خەباتی چینایەتی جیهانیدا دەرکەوت، کە ئەویش بزووتنەوەی شورایی و فۆرمی حوکمی شوراییە.
یەکێک لە ئامانجەکانی شۆڕشی سۆسیالیستی بریتییە لە ڕزگاربوون لە دامەزراوەکانی سیستەمی بۆرژوازی، لەوانەش سیستەمی پەرلەمانی، و دامەزراندنی شێوەیەکی ڕێکخستنی سیاسی جەماوەری کە لە جەماوەری پرۆلیتاریا و چەوساوەکان و هەژارەکانەوە نزیکتر بێت بۆ بەدیهێنانی ئیرادەی سیاسییان، کە ئەویش بزووتنەوەی شورایی و سیستەمی حوکمی شوراییە. لەسەر ئەو بنەمایەش، بەشداریکردن لە پەرلەمان و هەڵبژاردندا بە مەبەستی بەدیهێنانی چاکسازیی، شتێک نیـیە جگە لە بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕی بەو شێوازە سیاسیـیەی حوکمڕانی بۆرژوازی بە گشتی لە سەردەمی ئێمەدا.
هەر کەسێک کەمێک ئاگاداری بارودۆخی سیاسی عێراق بێت، دەزانێت کە شێوەی پەرلەمانی حوکمڕانی شتێک نیـیە جگە لە دووبارەکردنەوەی ئەم سیستەمە بە تەواوی بارگرانی و گەندەڵی و دزی و سەرکوت و درۆودەلەسەکانیەوە. ئەزموونی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) و خرۆشانە جەماوەرییەکانی تر لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەریخست کە شێوەیەکی تر بۆ حوکمڕانی و بۆ پەرلەمان لەئارادایە کە ئەویش سیستەمی شورایـیە، نەک کێشکردنی توانا شۆڕشگێڕییەکانی جەماوەر و لە قاڵبدانیان لە چوارچێوەی پەرلەمان و پەرلەمانتاریزمیدا.
ئەم شێوازە نوێیە تەنها هەوڵێک نییە لە لایەن ئێمەوە بۆ دووبارەکردنەوەی ئەزموونی کۆمۆنەی پاریس و سۆڤـیەتەکانی بزووتنەوەی پرۆلیتاری لە چەندین وڵاتانی جیهاندا، بەڵکو وانەیەکی وەرگیراویشە لە ئەزموونی خرۆشانە جەماوەرییە شۆڕشگێڕییەکان لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی نزیک بە دوو دەیەی ڕابردوو. هەروەها ئەزموونی ئەو بزووتنەوە شوراییەشە لە هەرێمی کوردستان کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕێکخراوەکانی لە ئازاری (١٩٩١)دا گرتیانەبەر و دەستپێشکەرییان کرد بۆ وەڕێخستنی.
عبدالـله صالح: بۆچی پێتوایە ئەم دوو سیاسەتە جیاوازەی بەشداری و بایکۆتی پەرلەمانی ئێستای عێراق سروشتی چینایەتی هەر حزبێکی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی دەردەخات؟ وە بۆچی بە تاکتیکێکی سیاسی دیاریکراوی نازانیت، کە ڕەنگە کۆمۆنیستەکان لەسەری ناکۆک بن یان هاوڕا بن، بەبێ ئەوەی ئەم سروشتە چینایەتییە دەربخات؟
موئەیەد ئەحمەد: ڕاستە تاکتیکی بەشداری و بایکۆت بە گشتی و لە خودی خۆیاندا، بە دابڕاوی لە کۆی سیاسەتەکانی دیکە و بارودۆخی خەباتی چینایەتی، سروشتی چینایەتی حزبێک لەناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا دیاری ناکات و لێکترازان و جیابوونەوە ناخوازێت لە ڕیزەکانیاندا. نموونەش هەیە لەسەر ناکۆکی کۆمۆنیستەکان لەم ڕووەوە بەبێ ئەوەی گۆڕدرابێت بۆ جیابوونەوە و لێکترازان و گرتنەبەری سروشتێکی چینایەتی دژبەرانە، بە مەرجێک ناکۆکییەکە نەهاتبێتەسەر ئەولەویاتەکانی کار و چالاکیی جەماوەری دەرەوەی پەرلەمان و خەبات بۆ هێنانەدی شۆڕشی سۆسیالیستی و شێوەی حوکمڕانی شورایی و بەدیهێنانی دەسەڵاتی سیاسی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا وەک چینیک.
کۆمۆنیستە “چەپەکان” کە دژی سوودوەرگرتن بوون لە سەکۆی پەرلەمانی بۆرژوازی لە بەرژەوەندی شۆڕشی پرۆلیتاری سۆسیالیستی، بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی لینین و زۆربەی کۆمۆنیستەکانی کۆنگرەی دووەمی ئەنتەرناسیۆنالی سێیەم لە تەمموزی (١٩٢٠)دا،بڕیارێکی پێشنیارکراوی تایبەتی خۆیان لە کاتی کۆنگرەکەدا پێشکەش کرد کە دژی بڕیاری زۆرینە بوو کە هەمان کۆنگرە پەسەندی کرد. ئاشکرایە کە بڕیاری زۆرینەی ئەو کۆنگرەیە جەختی کردۆتە سەر سروشتی لاوەکییانەی پرسی بەشداریکردن لە پەرلەمانە بۆرژوازییەکاندا. لە بڕیارەکەدا هاتووە: “…. پێویستە بەردەوام سروشتی لاوەکییانەی ڕێژەیی ئەم پرسە لەبەرچاو بگیرێت. لەبەر ئەوەی کە چەقی قورسایی خەبات لە دەرەوەی پەرلەمانە بۆ دەسەڵاتی سیاسی، و ئەمەش بەڵگەنەویستە کە پرسی گشتی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و خەباتی جەماوەری بۆ ئەم دیکتاتۆرییەتە ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە پرسی تایبەتی بەکارهێنانی پەرلەمانتاریزم ….. بۆیە، ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنیستی، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە، جەخت دەکاتەوە کە هەر جیابوونەوە و لێکترازانێک یان هەر هەوڵێکی بە ئەنقەست بۆ جیابوونەوە و لێکترازان لەناو حزبە کۆمۆنیستەکاندا لەبەر ئەم پرسە و تەنها لەبەر ئەم پرسە، بە هەڵەیەکی گەورە لە دژی بزووتنەوەی کرێکاری دادەنێت”.(3)
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی باسکرا، لە ڕووی واقیعی چینایەتی کۆمەڵگەی عێڕاق و هەڵوێستی چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بەرامبەر پەرلەمان لە عێراقدا، ئەوە چینی بۆرژوازیـیە کە لە ڕێی نوێنەرایەتی حزبە ئیسلامی و قەومی و نیولیبڕاڵییەکانیەوە، هەروەها چینی بۆرژوازی مامناوەند و وردە بورژوازی خۆشگوزەرانیشە لەڕێی نوێنەرەکانیانەوە لە حزبە قەومی و نیمچە ڕیفۆڕمیست و نیمچە عەلمانییەکان و بە ناوی چەپ یان بەبی ئەم ناوەشەوە، کە بەشداری پەرلەمان دەکەن و لەناو پەرلەماندا لە ململانێدان بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و سامان لە نێوان خۆیاندا یان گەرەکیانە هەندێک چاکسازی بچووک و لاوەکی لە ڕێگەیەوە بەدی بهێنن.
ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆربەی جەماوەری چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و بەهەژارکروان و بێبەشان و گەنجان و ژنانی چەوساوە لە عێراقدا چالاکی و ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیەکانیان لە دەرەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکاندا ئەنجام دەدەن، و هەوڵدەدەن خەباتی خۆیان لەم مەیدانەی دەرەوەی پەرلەماندا بەهێز بکەن، جا ئەوە ئەرکی کۆمۆنیستەکانە کە ببنە بەشێک لە پەرەپێدانی ئەم توانا چینایەتیـیە بۆ ئەوەی خەباتی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان بگۆڕێت بۆ هێزێکی چینایەتی سەربەخۆ و لە ڕووی سیاسیـیەوە ڕێکخراو بێت لەناو حزبە کۆمۆنیست و حزبە سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان و ڕێکخراوە جەماوەریـیە خەباتکارە سەربەخۆکانیاندا، و سوود وەربگرن لە کەشوهەوای ئازادیی ڕێژەیی بەردەست بۆ بەدیهێنانی ئەوانە بە خێراترین شێوەی گونجاو، نەک سەرنج خستنە سەر بابەتێکی لاوەکی کە بەکارهێنانی پەرلەمان و سوود وەرگرتن لێی.
پەرلەمان شان بەشانی ئامرازە سەرکوتگەرەکانی تری ڕژێم بۆتە ئامرازێکی دەستی هێزەکانی ئەم ڕژێمە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی خۆی، جا بەشداریکردن لە پەرلەمان بەلای جەماوەری پرۆلیتاریا بووەتە بەشداریکردن لەم پرۆسەیە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پەرلەمانتاریزم نەک تێکشکاندنی، بە تایبەت لە بارودۆخی ئێستادا.
کرانەوەی ئاسۆ لە بەردەم کۆمۆنیستەکاندا بۆ بەکارهێنانی پەرلەمان لەپێناو بانگەشەی شۆڕشگێڕانەی سۆسیالیستی و بۆ “تێکشکاندنی پەرلەمان” و گۆڕینی بە حوکمی شورایی، یان بایکۆتکردنی لەپێناو هەمان مەبەستدا، هەروەک کۆنگرەی دووەمی ئەنتەرناسیۆنالی سێیەم جەختی لەسەر کردۆتەوە، پەیوەست بۆتەوە بە پەرەسەندنی خەباتی چینایەتی لەناو کۆمەڵگەدا، و بە شێوەیەکی کردەیی پەیوەستە بە گەشەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی و کاریگەری کۆمەڵایەتی حزب کۆمۆنیستی پرۆلیتاری لەناو جەماوەری زەحمەتکێشان و بەهەژارکراواندا.
بایکۆتکردنی پەرلەمان لە عێراق لەم قۆناغەدا، نەک هەر تاکتیکێکی سیاسییە بەڵکو واقیعێکی سیاسی چینایەتییە لەسەر زەوی، و تایبەتە بە چینی کرێکار و جەماوەری هەژار و چەوساوە و خەباتی چینایەتییان. مەرجی بەکارهێنانی پەرلەمان بۆ مەبەستە شۆڕشگێڕانەییەکان، لە عێراق لەم قۆناغەدا، پەیوەستە بە ڕادەی گەشەسەندنی خەباتی جەماوەری شۆڕشگێڕانە لە دەرەوەی پەرلەمان. ئەوەی کە ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە نەک تەنها لە هەڵوێستی ئەم جەماوەرە کرێکار و بەهەژارکراوەدا دەردەکەوێت لە ڕێگەی بایکۆتکردنی پەرلەمانەوە، بەڵکو لە ڕێگەی خەباتە بەرفراوان و گەشەسەندوو و خرۆشانە شۆڕشگێڕییە یەک لەدوای یەکەکانیشیانەوە لە ماوەی بیست و دوو ساڵی ڕابردوودا خۆی نمایش دەکات. ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی خەباتی ئەم چینە شۆڕشگێڕ و جەماوەرە چەوساوەیە لەسەر زەوی، ئەرکی سەرەکی کۆمۆنیستەکانە و مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ پەسەندکردنی تاکتیکی بەشداریکردن یان بایکۆتکردن لە پەرلەمان لەلایەن هەر حزبێکی کۆمۆنیست و سۆسیالیستی شۆڕشگێڕەوە، بە ئامانجی لابردنی شێوازی پەرلەمانیی بۆرژوازی و گۆڕینی بە شێوازیی حوکمی شورایی.
چارەنووسی هەر حزبێک یان ڕەوتێک یان ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی کە بیەوێت تاکتیکی “پەرلەمانتاریزمی شۆڕشگێڕانە” بە شێوەیەکی دابڕاو لەم جەمسەرگیرییە چینایەتییەی ناو کۆمەڵگە بەکار بهێنێت، چارەنووسێکی باشتری نابێت لە چارەنوسی هەردوو حزبی شیوعی عێراق و حزبی شیوعی کوردستان و کاروانی چەندین ساڵەیان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا وەک دوو حزبی تەواوکەری ڕژێم بە ئەزموونی و دژە پرۆلیتاریا و نائومێدکەری هیوا و ئاواتی تەنانەت ئەندامانیشیان.
هەر حزبێک لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا و لەنێو ئەوانەی کە خۆیان بە سۆشیالیستی شۆڕشگێڕ یان بە گشتی خۆیان بە چەپ دەزانن و سیاسەتی بەشداریکردن بگرێتەبەر لە پەرلەمانی ئێستا لە عێراق یان هەرێمی کوردستاندا، ئەوا لە پێگەی ئەم جەماوەرە پرۆلیتارییەوە نایگرێتەبەر، بەڵکو لە پێگەیەکی چینایەتی دیکە و بە کاریگەری کەشوهەوای بۆرژوازی زاڵ بەسەر ژیانی سیاسی کۆمەڵگەدا، و بەم پێیەش سیاسەتی بەشداریکردن بۆ ئەوان و بە تایبەت ئەو حزبانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیست دەزانن، بەداخەوە دەبێتە هەڵخلیسکان، بەرەو لای ڕاست و بەرەو کەشوهەوای سیاسی بۆرژوازی زاڵ.
ڕابەرانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان کە بانگەشەی بەشداریکردن دەکەن لە پەرلەماندا، وا دەنوێنن کە “دوای خۆبەخۆیی جەماوەر” ناکەون، بەڵام ئەم ئیدعایە ئەم کێشە چینایەتییە و ئەم لادانە بەرەو سیاسەتی بۆرژوازی و جێهێشتنی گۆڕەپانی هێزەکانی شۆڕشی پرۆلیتاریای سۆسیالیستی چارەسەر ناکات. هەروەها، لێدوانی هەندێک لە ڕابەرانی ئەم دوو حزبە لە دژی ئەوانەی بایکۆتیان گرتۆتەبەر لە نێو کۆمۆنیستەکان و بە تایبەتی دژی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق)، و ناونانیان بە چەندین ناو و ناتۆرەی ناسیاسی و شکاندنی سنووری ڕێز و گیانی هاوڕێیانە، ئەمە بە جۆریک لە جۆرەکان و تاڕادەیەک سەروسیمای ئەم نزیکبوونەوە چینایەتییە بۆرژوازییە و ئەم دوورکەوتنەوەیە نیشان دەدات لە جەماوەری کرێکار و بەهەژارکراوی دژە ڕژێم و پەرلەمانەکەی، وە دوورکەوتنەوە نیشان دەدات لە تاکتیکی سیاسی کۆمۆنیستی لەم قۆناغەدا، و بەم پێیەش دوورکەوتنەوە لە ئەرکەکانی ڕێکخستنی شۆڕش، بەڵکو واوەتر لەمەش بایکۆتکردنی شۆڕش و هەڵپەکردن بۆ هەڵبژاردن نیشان دەدات.
عەبدوڵا ساڵح: سەرکردەکانی ئەم دوو حیزبەی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لـیـنـیـن جەختی لەسەر پێویستیی بەشداریکردن لە پەرلەمانە بۆرژوازییە کۆنەپەرستەکان کردۆتەوە. بۆچوونی ئێوە سەبارەت بەمە چییە؟ لێرەدا پشت بە کتێبی لێنین “نەخۆشیی ‘چەپڕەوی’ منداڵانە لە کۆمۆنیزمددا” دەبەستن، ئایا ڕوونکردنەوەیەکیش بۆ ئەم خاڵە ھەیە؟
موئەیەد ئەحمەد: بە بڕوای من، ئەم ھەڵوێستەی ئەوان نەک تەنیا لەگەڵ مێتۆد و تێزەکانی لێنین سەبارەت بە بەشداریکردن یان بایکۆتکردنی پەرلەماندا ناگونجێت، بەڵکو کاریکاتێرێکیشە بۆ مێتۆد و تێزەکانی ئەو لەمبارەیەوە. لێرەدا دەبێت سەرەتا مێتۆدی لێنین لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتەدا بناسین. بە پێچەوانەوە، ئەو کەسەی کە پەنا بۆ لێنین و جەختکردنەوەکانی لەسەر بەشداریکردن لە پەرلەمان دەبات بۆ پاساودانی بەشداریکردنی لە پەرلەمانی ئێستای عێراق، خۆی لەگەڵ مێتۆد وتێزەکانی لێنیندا ناکۆکە. با ئەمە ڕوون بکەینەوە.
تیزەکانی لێنین سەبارەت بە بەشداریکردن یان بایکۆتکردنی پەرلەمانە بۆرژوازییەکان، پێش ھەر شتێک، وەک خۆی جەختی لێ دەکاتەوە، بەشداریکردنێکی “زۆر خاکی و سادە” بووە لە گفتوگۆکردن دەربارەی گرنگیی بەشداری یان بایکۆت لە پەرلەمانی بۆرژوازیدا لەسەر بنەمای “ئەزموونی ڕووسیا”. بۆ تێگەیشتن لە ھەڵوێستی لـیـنـیـن، لێرەدا دەقێک لە کتێبی “نەخۆشیی ‘چەپڕەوی’ مناڵانە لە کۆمۆنیزمدا” دەهێنمەوە:
“… دڵنیاترین ڕێگە بۆ شکاندن و زیانپێگەیاندنی بەھای بیرۆکەیەکی سیاسی نوێ (یان هەتا بیرۆکەیەکی سیاسیش نەبێت)، بریتییە لە بردنە پێشەوەی تا ئاستی گەمژەیی (السخافة) بە ناوی بەرگریکردن لێیەوە. ئاشکرایە ھەر کەسێک بیەوێت بە شێوە کۆنەکە و بە گشتی بڵێت ئەوە ڕێگەپێدراو نییە کە خۆت بەدوور بگریت لە بەشداریکردن لە پەرلەمانە بۆرژوازییەکاندا لە ھەموو بارودۆخێکدا، ئەوا ئەو کەسە لەسەرهەق نیـیە. من لێرەدا ناتوانم فۆرمولەیەک بۆ ئەو بارودۆخانە بخەمە بەردەست کە تێیدا بایکۆتکردنی پەرلەمان بەسوودە، چونکە ئەرکی ئەم وتارە نیـیە، و ئەم ئەرکە بریتییە لە دەرسکردنی ئەزموونی ڕووسیە سەبارەت بە پرسە دەستبەجێیەکانی تاکتیکی ئینتەرناسیوناڵی کۆمۆنیستی …”(٤)
بێگومان، سیاسەتی لـیـنـیـن سەبارەت بە بەشداری یان بایکۆتی پەرلەمانە بۆرژوازییەکان پرەنسیپێکی گشتی و تیۆریـیەک نیـیە کە لە ھەموو بارودۆخێکدا جێبەجێ بکرێت، بەڵکو مەسەلەیەکی تاکتیکیـیە لە چوارچێوەی ستراتیژیی خەباتی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا، و وەک خۆی دەڵێت، پوختەیەکە لە “ئەزموونی ڕووسیا”. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاشکرایە کە سیاسەت و تیۆرییەکانی لـیـنـیـن سەبارەت بە پەرلەمانتاریزم، بەرجەستەکردنەوەی مێتۆد و ستراتیژیی سیاسی شۆڕشگێڕیی ئەوە لە ڕێکخستن و سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی پرۆلیتاری سۆشیالیستیدا. ئەو کەسەی کە بەشداری یان بایکۆتی پەرلەمان بەدوور لە ڕێکخستن، پەرەپێدان و سەرکردایەتیکردنی ئەم شۆڕشە و پەرەپێدانی خەباتی سیاسی چینایەتیی پرۆلیتاریای سەربەخۆ لەناو کۆمەڵگەدا دەخاتەڕوو، ئەوە ئەو کەسەیە کە پابەند نیـیە بە مێتۆد و ستراتیژیی لـیـنـیـن لە مەسەلەی پەرلەمانتاریزمدا.
باس و لێکۆڵینەوەکانی ئەنتەرناسیۆنالی سێیەم، بەدیاریکراوی لە دووەمین کۆنگرەیدا، زۆر گرنگ بوون، کە تێزگەلێک بوون لە بارودۆخی پەرەسەندنی ئەنتەرناسیۆناڵی سێیەم و گەشەی بارودۆخە شۆڕشگێڕییەکان لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژاوا و دەرکەوتنی حیزبگەلێکی کۆمۆنیستی بەھێز کە ڕەگیان لەناو چینی کرێکار و بزووتنەوەی کرێکاریدا ھەبوو. لە ڕوانگەی لـیـنـیـنەوە، پێویست بوو لەو بارودۆخانەدا پەرلەمانە بۆرژوازییەکان بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بەکاربھێنرێن، ئەوەش لە ڕێگەی هاندانی شۆڕشگێڕانەوە دژ بە پەرلەمان و دەوڵەتی بۆرژوازی لەسەر سەکۆی خودی پەرلەمان، نەک بۆ بەدەستھێنانی ئەم یان ئەو چاکسازی یان کێبڕکێ لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان، بەڵکو بەمەبەستی کۆکردنەوەی ھێزەکانی شۆڕشی پرۆلیتاری لە دەرەوەی پەرلەمان و کێشکردنی زۆرێک لە بەش و تۆیژی دواکەوتووی ناو ڕیزەکانی چینی کرێکار و “فەرمانبەرە بچووکەکان” و جووتیارانی خۆشباوەڕ بە پەرلەمان بۆ ناو بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەری شۆڕشگێڕ و حیزبە کۆمۆنیستەکان و کاروانی شۆڕشی پرۆلیتاری. ئەمەش لە ڕێگەی بەکارھێنانی هاندانی شۆڕشگێڕانە لەسەر سەکۆی پەرلەمان دژ بە پەرلەمان و دەوڵەتی بۆرژوازی و ڕوونکردنەوەی ئەوە بۆ ئەو بەش و تویژە خۆشباوەڕانە بە پەرلەمان، کە پەرلەمان ڕێگەیەک نیـیە بۆ بەدەستھێنانی داواکاری و ئامانجەکانیان. بەم جۆرە و لەم ڕیگەیەوە بردنە پێشەوەی خەباتی جەماوەری شۆڕشگێڕانەی دەرەوەی پەرلەمان. بێگومان، ئەم مێتۆد و ستراتیژیـیە پەیوەندی بە بارودۆخی ھاوچەرخیشەوە ھەیە و ناکرێ چاوپۆشی بکرێت لەم ئەرکە لاوەکییانە لە خەباتی سۆسیالیستی پرۆلیتاریدا. بایکۆت یا بەشداری لە پەرلەمان، بەپێی ئەو بارودۆخانەی کە بۆ ھەریەکەیان دیاریکراوە، دەبێت خزمەت بەم ستراتیژییە شۆڕشگێڕانە بکات و بەپێی ئەم مێتۆدە بێت.
کۆمۆنیستە چەپەکان لە ئەڵمانیا، ھۆڵەندا، ئیتاڵیا، و بەریتانیا لەگەڵ تیۆرییەکانی لـیـنـیـندا ھاودەنگ نەبوون، بەڵکو بەشێکیان بەشداریـیان بە تاکتیکێکی “ڕاستڕەوانە” دادەنا لە بارودۆخی کونکریتی وڵاتەکانی خۆیاندا و جەختیان لەوە دەکردەوە کە سیاسەتی بەشداری لە پەرلەمانە بۆرژوازیـیەکان لە ئەوروپای ڕۆژاوا خزمەت بە شۆڕش ناکات، وە ھیچ پاساوێک نیـیە بۆ بەشداری لەو وڵاتانەی کە حیزبە سۆسیالیستە پەرلەمانتاریستە ڕیفۆڕمیستەکان وێرانکارییان بەسەر بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا ھێناوە، و بەم شێوەیەش بەلای ئەوانەوە “ئەزموونی ڕووسی” گونجاو نییە بۆ ئەو وڵاتانە. ئەوان تەنیا نەبوون، بەڵکو ئەنارکیستە بەشداربووەکانی کۆنگرەی ئەنتەرناسێوناڵی سێیەم و “کرێکارانی پیشەسازی جیھان” و نوێنەرانی سەندیکالیزمی ئەنارکستیـیش، ھاوبەشی بۆچوونەکانی ئەوان بوون.
لـیـنـیـن کە ڕابەرایەتی بزووتنەوەیەکی پرۆلیتاری سەرکەوتووی دەکرد لە ڕووسیا و دەیویست ڕیزی پرۆلیتاریای جیھانی بەھێز بکات و سوود لە ھەموو ئەو ئامرازانە وەرگرێت کە لەبەردەستدان بۆ ئەم شۆڕشە و گەشەی بزووتنەوەی پرۆلیتاری کۆمۆنیست، وە پێی وابوو کە ئەم کۆمۆنیزمە “چەپڕەوییە” و نەرمی نەنواندنی لە بەکارھێنانی سەندیکا و پەرلەمانە بۆرژوازییەکان لە ڕێڕەوی خەباتیاندا، و دەرک نەکردنیان بۆ هاتنی کرێکارانی سەر بە حزبە سۆسیال دیموکراتە ڕیفۆڕمیستەکان بۆ نێو ڕیزی حیزبە کۆمۆنیستە نوێیە گەشەسەندووەکان، و ڕەتکردنەوەی ھەر سازشێک لەوانە ئاشتی (برێست-لیتۆڤسک)، ڕێگرە لە بردنە پێشەوەی شۆڕش و سەرکەوتنی لەو وڵاتانەدا. لـیـنـیـن لە سەرهەق بوو لەمەدا.
گواستنەوەی میکانیکیـیانەی ھەڵوێستی لـیـنـیـن لەو سەردەمەدا بۆ عێراق بەدوور لەو بارودۆخ و هەلومەرجانەی کە تاکتیکی بەشداری یان بایکۆت لە چوارچێوەیاندا خراوەتەڕوو، نەک تەنیا مێتۆدێکی مارکسی نـیە بەڵکو هیچ پەیوەندییەکیشی بە تێزەکانی لـیـنـینەوە نیـیە. باسکردن لە بەشداری یان بایکۆت لە پەرلەمان و ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان بە شێوەیەکی تاکلایەنانە و دابڕاو لە پەیوەندیی نێوان چینەکان لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا و تایبەتمەندییەکانی خەباتی چینایەتی و ڕەوتی شۆڕش تێیدا، پوچەڵ کردنەوەی مێتۆدی لـیـنـیـنە.
بە ڕای من، خودی مێتۆدی لێنین ئەوە دەخوازێ کە سیاسەتی بایکۆت بگیرێتە بەر لە عێراق و لە پەیوەند بە پێداویستییەکانی بردنە پێشەوەی ھێزەکانی شۆڕشی پرۆلیتاری لەم وڵاتە و لە پەیوەندیش بە بەھێزکردنی خەباتی سیاسی چینایەتی پرۆلیتاری، نەک بەشداری لە پەرلەمانێکی بۆرژوازیی ڕیسوا و مۆنۆپۆڵکراو لەلایەن ئەو ھێزە میلیشیاییە قەومی و ئیسلامیـیانەوە کە پشتیان بەستووە بە دەستێوەردانی ھێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، هەروەها نەک بەشداری لە پەرلەمانێک کە نوێنەرایەتی ھێزەکانی دژە شۆڕش دەکات کە (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)یان لە خوێندا شەڵاڵ کرد.
عەبدوڵا ساڵح: چۆن دەڕوانیتە ئاستی خۆشباوەڕی بە پەرلەمانی بۆرژوازی لە عێراق لەنێو جەماوەری پرۆلیتاریادا بەتایبەتە لەنێو بەشە پێشکەوتووەکەیدا بۆ گەیشتن بە گۆڕانکاری ئابووری و سیاسی لە بەرژەوەندی خۆیان؟
موئەیەد ئەحمەد: ئەزمونی (٢٢) ساڵ لە بەردەوامی ئەم ڕژێمە سیاسیـیەی ئێستای عێراق، و شێوازی کارکردنی و ئامرازەکانی ئەم ڕژێمە و دامەزراوە پەرلەمانی و هەڵبژاردنەکانی، ئەوەی دەرخست بۆ زۆربەی جەماوەری عێراق، بەتایبەتی بۆ زۆرینەی جەماوەری پڕۆلیتاریای گەنج، کە هیوا و ئاواتی گەیشتن بە هەر چاکسازییەکی جددی لە بەرژەوەندیـیان لە ڕێگەی پەرلەمان و هەڵبژاردنەوە لە خۆشخەیاڵی بەولاوە شتێکی تر نییە، خۆشخەیاڵییەک کە برەوی پێ دەدرێت؛ لەلایەن بۆرژوازی دەسەڵاتدار و حزبە بۆرژوازییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیـیەوە لە نیولیبراڵ و ناسیۆنالیست و هێزە بۆرژوازییە دژە شۆڕشەکانی دیکە و هەروەها لە لایەن حزبی شیوعی عێراق و ئەوانەشەوە کە نزیکن لێی و هەڵگری هەمان ئاسۆی سیاسیی بۆرژوازیی ڕیفۆرمخوازانەی سازشکارن.
بەم پێیە، هۆشیاری سیاسی گشتی لە بێهودەیی بەشداریکردن لە پەرلەمان بۆ بەدیهێنانی چاکسازی لە بەرژەوەندی جەماوەر، هۆشیارییەکی پرۆلیتاریانەیە کە چینی کرێکار بەدەستی هێناوە بە تایبەتی نەوەی گەنجی ئەم چینە، ئەویش لە ڕێگەی ئەزمونی خەباتی خۆیەوە، کە بەدرێژایی دوو دەیەی ڕابردوو پەرەی سەندووە بۆ بەدیهێنانی چاکسازیی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە بەرژەوەندی خۆی و سەپاندنی داخوازییەکانی بەسەر دەسەڵاتداران و پەرلەماندا، بۆ دابینکردنی کار و باشترکردنی بارودۆخی ژیان و نەهێشتنی گەندەڵی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیاکان و سنوردان بۆ خنکاندنی ئازادییە تاکەکەسی و مەدەنییەکان، و کۆتاییهێنان بە نفوز و دەسەڵاتی وڵاتانی ئیمپریالیستی و ناوچەیی لە ناوخۆی عێراقدا کە ڕێکهاتۆتەوە لەگەڵ بەرژەوەندیی هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێڕاق، ئەمە جگە لە چەندین داواکاری تر، لە سەراسەری عێراقدا بە هەرێمی کوردستانەکەشیەوە.
ئەم هۆشیاری و خەباتە سیاسییەی جەماوەر پەرەی سەندووە تا ئاستی کردەی سیاسی ڕاستەوخۆ و بەرزکردنەوەی دروشمی ڕووخاندنی دەسەڵات و دوورخستنەوەی حزبە فەرمانڕەواکان لە ژیانی سیاسی وڵات بە پەرلەمان و دامودەزگاکانیشیانەوە، هەر وەک لە (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)دا ڕوویدا، بەڵام ڕاپەڕینەکە بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت کرا و لەبار برا بە ڕێگەی جۆراوجۆر لەوانە لە بە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، وەک پێشتر باسمان کرد. جگە لەوەش ئەم ناڕەزایەتییە سیاسییە جەماوەرییە لە هەرێمی کوردستان گەیشتە ئاستێک کە بارەگای هەموو لایەنە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکانیشیان سوتاند، لەوانە بارەگای حزبی شیوعی عێراقیش لە یەکێک لە خرۆشانە شۆڕشگێڕییە خۆبەخۆکانیدا لە دەیەی ڕابردوودا لە پارێزگای سلێمانی.
جگە لەوەش، کرێکارانی کەرتی پیشەسازی و ئەوانەی لە کەرتە خزمەتگوزارییەکان لە عێراقدا کاردەکەن، تا ڕادەیەک ئەو هوشیارییەیان بەدەستهێناوە، لە ڕێگەی خەبات و ناڕەزایەتییەکانیانەوە، کە ئەوەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان دەیکەن، لە ڕادەستکردنی کەرتی پیشەسازی گشتی و گۆڕینی پەیکەرەی کۆمپانیاکانی ئەم کەرتە و کەرتە جۆراوجۆرە ئابووری و خزمەتگوزاریـیەکان لەم وڵاتەدا، سیاسەتێکی گشتی دەوڵەت و ڕژێمە سیاسییەکەیەتی، کە هەڵبژاردن و پەرلەمان هەر هەمان ئەو سیستەم و ئەم سیاسەتانە بەرهەم دەهێنێتەوە.
هەر هەمان ئەمەش لە هەرێمی کوردستاندا لەئارادایە کە بزووتنەوە و ناڕەزایی جەماوەری کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمەکە ئەم هوشیارییەیان بەدەستهێناوە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا، دژی پێنەدان و دواکەوتنی مووچەکانیان، و دژی هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و یاریکردن بە چارەنووسیان. لێرەوە ئاستی ڕەتکردنەوەی پەرلەمان و دامەزراوەکانی لە لایەن ئەم جەماوەرەوە گەیشتۆتە ئەو ڕاددەیە کە هەوڵی هەر حزب و ڕەوت و تاکێکی ئۆپۆزسیۆن ڕەت بکەنەوە، چ جای هەوڵی حزبەکانی دەسەڵاتدار، بۆ بەهرەبەرداری لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانیان بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەی پەرلەمانی یان هەڵبژاردن.
جیاوازییەکی ڕوون و ئاشکرا هەیە لە نێوان ئەو خۆشباوەریـیەی کە لە ژینگەی جەماوەری پرۆلیتاریادا هەیە سەبارەت بە پەرلەمان و حکومەتەکان، لەگەڵ ڕێکخستنی خەباتی هەر ڕۆژەیاندا لە دەرەوەی پەرلەمان بۆ سەپاندنی داواکارییەکانیان بەسەر پەرلەمان و حکومەتەکاندا. ئەزموونی چینی پرۆلیتاریا و خەباتی سیاسی لە عێراق لە ماوەی (٢٢) ساڵی ڕابردوودا بە پلەی یەکەم خەباتێک بووە لە دەرەوەی پەرلەمان بۆ سەپاندنی داواکاری ئابووری و سیاسی و کولتووری و مەدەنی بەسەر ڕژێم و پەرلەمانەکەیدا. ئەمە شتێکی جەوهەریـیە لە هەڵسەنگاندا بۆ پەیوەندییە چینایەتییەکان لە عێراق سەبارەت بە پەرلەمان. پەرلەمان و تەواوی پرۆسەی سیاسی بۆتە ئامرازێکی ڕیسوا بۆ چەسپاندنی چەپۆکی هێزە سیاسییە بۆرژوازییە فەرمانڕەواکان و پتەوکردنی بناغەکانی سەرمایەداری و دەوڵەتی بۆرژوازی، سەرەڕای هەموو دەهۆڵ کوتانێکی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بۆرژوازی ڕژێم و ڕیفۆرمخوازە سازشکارەکان بەناوی چەپ و سۆسیالیزمەوە، کە گوایە بەشداریکردن لە پەرلەمان پەیوەستە بەم خەباتە جەماوەریەی دەرەوەی پەرلەمان و درێژکراوەی سەپاندنی داواکارییەکانی ئەم خەباتە ناپەرلەمانییەیە بەسەر دەسەڵاتدا.
واقیعی چینایەتی لەسەر زەمین ئەوەیە کە پەرلەمانی عێراق ئامرازێکی سیاسی قۆرخکاری بۆرژوازی فەرمانڕەوایە، دژی پرۆلیتاریا و خەباتەکانی و ناتوانرێت بخرێتە خزمەت بەدیهێنانی هیچ چاکسازییەکی جددی لە ژیانی ئەم چینە و جەماوەری بەهەژارکراو، چ جای بەکارهێنانی بۆ پڕوپاگەندەی شۆڕشگێڕانە لە دژی پەرلەمان، وەک هەندێک لە ڕابەرانی حزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. بۆیە لە هەلومەرجی سیاسی ئێستا و هاوسەنگی هێزە چینایەتییەکان لەعێراقدا، بەشداری لە پەرلەمان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەپێناو بەدیهێنانی چاکسازی لەدژی بۆرژوازی وەیا بەکارهێنانی بۆ پڕوپاگەندەی شۆڕشگێڕانە تەنها مانایەک لەڕووی سیاسییەوە دەگەیەنێت، کە ئەویش بە مەبەست بێت یان بەبێ مەبەست، بەشداریکردنە لە بەرهەمهێنانەوەی هەمان سیستمی بۆرژوازی دەسەڵاتدار و سیاسەتەکانی و دامەزراوەکانی، لەسەر حیسابی لاوازکردنی خەباتی سیاسی جەماوەری پرۆلیتاریا لە دەرەوەی پەرلەمان و سەرکوتکردنی وزە شۆڕشگێڕییەکانی و بەهێزکردنی سیاسەتی بۆرژوازی ڕاستڕەوانە لە جەرگەی خەباتێکی چینایەتی بەردەوام لە کۆمەڵگادا.
عەبدوڵڵا ساڵح: ئەوەی ئێوە دەیڵێن ڕاستە، بەڵام ئەوە نکۆڵی ناکات خۆشباوەڕی بە پەرلەمان لەنێو بەشێک لە جەماوەری چینی کرێکار و زەحمەتکێش و ژنانی ستەملێکراو و گەنجان بۆ هێنانەدی هەندێک چاکسازیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە بەرژەوەندیـیان. بۆچوونی ئێوە لەمبارەوە چیـیە؟
موئەیەد ئەحمەد: بە دڵنیاییەوە هێشتا خۆشباوەڕییەک هەیە بە پەرلەمان لەنێوان بەشێک لە جەماوەری چینی کرێکار و زەحمەتکێش و ژنانی ستەملێکراو و گەنجان بۆ هێنانەدی چاکسازی، جا چ سیاسی بێت یا ئابووری وەیا کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە، بەڵام لە قۆناغی ئێستای پەرەسەندنی پڕۆسەی شۆڕشگێرانە لە کۆمەڵگادا، کە هاوسەنگی هێز بە قازانجی بۆرژوازی دەسەڵاتداردارە، بەشداری کۆمۆنیستەکان لە پەرلەماندا- نەک تەنها بۆ بەدیهێنانی ئەو چاکسازییانە، بەڵکو تەنانەت بۆ بەشداریکردن لە پڕوپاگەندەی شۆڕشگێڕانە لەناو پەرلەماندا بۆ کاریگەری دانان لەسەر ئەم توێژانەی پرۆلیتاریا و هێنانیان بۆ ناو شۆڕش- کارێکە هیچ ئەنجامێکی نابێت، چونکە چەقی قورسایی سیاسی بۆ کاریگەری دانان لەسەریان، فراوانکردنەوەی نفوزی بزووتنەوەی کرێکاری و گەنجان و ژنانی شۆڕشگێڕە لە دەرەوەی پەرلەمان و لەم ڕێگەیەوەشەوە داسەپاندنی ئەو چاکسازییانەیە بەسەر پەرلەماندا.
ئەگەر تەماشای پەیوەندی چینەکانی ناو کۆمەڵگە بە پەرلەمانەوە بکەین، بە گشتی دەبینین زۆربەی جەماوەری پرۆلیتاریا و کرێکاران و فەرمانبەران هیوا و ئاواتیان لەسەر دانەناوە، بەڵام لەولاوە لەبەرامبەر ئەمەدا دەبینین پەرلەمان ئامرازێکە بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی دەستە و تاقمە جۆراوجۆرە گەورە و بچووکەکانی بۆرژوازی قەومی و ئیسلامی و نیولیبراڵ و حزبەکانیان و ڕێکخراو و نوێنەرەکانیان لە نێو ڕۆشنبیران و لێکۆڵەرانێک کە سیاسەتی پەرلەمانی پیشەیانە، لەگەڵ حزبی شیوعی عێراق و ئەوانەی پەیوەست بوون بە کاروانەکەیەوە.
هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا، بەشێک لە پرۆلیتاریا لە سەرتاسەری عێراقدا خۆشباوەڕە بە پەرلەمان و حزبە ئیسلامی و قەومییەکان و دەچنە ناو هەڵبژاردن و دەنگ بەو حزبانە دەدەن، لە کاتێکدا کە تووڕە و بێزارن لەدەست ڕژێمەکەیان و گەندەڵییەکانی و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی، بەڵام ڕێگەی ڕزگاربوونیان بەوە دەبیننەوە کە دوای حزبە تائیفی و قەومییەکان بکەون، ئەمەش لەژێر کاریگەری بیروباوەڕی تائیفی و مەزهەبی و قەومیدا.
ڕێگەیەکی ئاسان لەئارادا نییە بۆ هێنانی ئەم بەشە تاڕادەیەک بەرفراوانەی پرۆلیتاریا بۆ کردەی سیاسی سەربەخۆی چینایەتی لە بەرژەوەندی خۆیان، دوور لە کاریگەریی نفوزی ئەم حزبە تائیفی و خێڵەکی و میلیشیایانەی کە دەسەڵات و سامانیان لەژێر دەستدایە. جەماوەری زەحمەتکێش و گەنجانی ناو ئەم ژینگە کۆمەڵایەتییە دەکەونە ژێر کاریگەری گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان؛ کە داوای هەلی کار و زیادکردنی مووچە و دەرماڵە و باشترکردنی بارودۆخی ژیان و دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دیکە دەکەن، و خەباتیش دەکەن دژی گەندەڵی و مەحسوبیەت و بەکارهێنانی پۆستە ئیدارییە گشتییەکان و سەرکوتی سیاسی و کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان و هتد، هەموو ئەم خەباتە جۆراوجۆرانەش لە دەرەوەی پەرلەمان لەئارادان.
بۆ نمونە، بزووتنەوەی هەموارکردنەوەی پێوەرەکانی مووچەی کرێکاران و فەرمانبەرانی کەرتی حکومی، بزووتنەوەیەکی تاڕادەیەک فراوان بوو و ئێستاش لە ئارادایە، بەڵام ڕابەرایەتی ئەم بزووتنەوەیە بەشێوەیەکی سەرەکی هێشتا لە دەستی کەسانی سەر بە (ڕەوتی سەدر) دایە. ئەرکی سیاسی کۆمۆنیستەکان ئەوەیە کە ڕۆڵێکی کارایان هەبێت لەم بزووتنەوەیەدا بۆ بەهێزکردنی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە چینایەتییە سەربەخۆکانی، و بەهێزکردنی ڕیزی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و چالاکوانانی پێشکەوتوو لە ڕووی هۆشیاری بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان و لە پڕۆسەیەکی کار و کارلێککردندا بن لەگەڵیاندا، وە کاربکەن بۆ کاریگەری دانان لەسەریان ڕووەو گرتنەبەری سیاسەتێکی چینایەتی پرۆلیتاری و کۆمۆنیستی.
بەشێک لەم توخمە پێشکەوتووانەی چینی کرێکار بەشدار بوون و هەوڵیان دا تا بزووتنەوەی هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچە هەڵسێت بە ڕاگەیاندنی خۆپیشاندانێک لە (١)ی ئایاری (٢٠٢٣)دا کە بوو بە نەریتێکی خەباتکارانە لەوکاتەوە. جگە لەوەش ململانێی کرێکارانی پیشەسازی لە کەرتی گشتی لە عێراق دژی ڕادەستکردنی کۆمپانیا و کارگەکانی ئەم کەرتە و گۆڕینی پەیکەرەیان و بەدەستهێنانی هۆشیاری لە ڕێگەی هەڵسوڕاوانی (یەکێتی شورا و سەندیکا کرێکارییەکان)، ئەمانە بەشدار بوون لەوەی کە کە کەسانی پێشڕەویان بگەنە ئەو قەناعەتەی کە ئەم سیاسەتانە سیاسەتی گشتی دەوڵەتن و ناتوانرێت لە ڕێگەی پەرلەمان یان ئەندامانێکی پەرلەمانەوە بگۆڕدرێن کە هاوسۆزی کرێکارانن. بەم پێیە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی کۆمۆنیستەکان لەناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و سەندیکاکانی کرێکاران و خەباتە جەماوەرییە جۆراوجۆرەکان و ڕێکخراوەکانیاندا ئەوەیە کە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ ڕەواندنەوەی خۆشباوەڕییەکانی ئەو بەشەی کەمتر پێشکەوتووە لە پڕۆلیتاریا، بە پەرلەمان.
عەبدوڵڵا ساڵح: یەکێک لە پارادۆکسەکانی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە کە چەند حزبێکی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری بە تایبەتی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، سیاسەتی بەشداریـیان گرتەبەر لەو هەڵبژاردنەدا بەو ئارگوومێنتەی کە پەرلەمان سەکۆیەکە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت بەرگری بکرێت لە بەرژەوەندیی کرێکاران و زەحمەتکێشان، وە بەدژی ئەو پڕۆژە کۆنەپەرستانەش کە دەخرێنەڕوو لە پەرلەمان بوستیتەوە و پڕوپاگەندەی شۆڕشگێڕانەش بکەیت بۆ شکست پێهێنانی پەرلەمان هەر لە ڕێگەی سەکۆی پەرلەمان خۆیەوە، وە گەلێک ئارگومێنتی تری لەو شێوەیە. خوێندنەوەتان بۆ ئەم هەڵوێست و ئەم دیاردەیە چییە؟
موئەیەد ئەحمەد: گرتنەبەری ئەم تاکتیکە پارادۆکسێک نەبوو، چونکە ماوەیەکە سەرکردایەتی ئەو دوو حزبە ئەم تاکتیکە سیاسییەیان گرتۆتە بەر، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان هەوڵیدا بەشداریی هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان بکات لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان.
ڕابەرایەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان ڕایانگەیاند، بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٢٥)، سیاسەتێکە ئاگاهانە پێی گەیشتوون دوای ئەو گفتوگۆیانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەنجامیان داوە. ئەوان دەڵێن گرتنەبەری ئەم تاکتیکە لە ئەنجامی گفتوگۆی درێژخایەن و چاوپیاخشاندنەوە بووە بە سیاسەتەکانیاندا، بەتایبەتی بە سیاسەت و تاکتیکی بایکۆت کە پێشتر گرتبوویانەبەر. جگە لەوەش وتار و چاوپێکەوتنی هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەم دوو حزبە، پاڵنەرەکانی گرتنبەری ئەم سیاسەتە و ناوەڕۆکەکەی ڕوون دەکەنەوە.
یەکەم شت کە لەم وتار و چاوپێکەوتنانەدا ڕوون دەبێتەوە ئەوەیە کە بەشداری لە هەڵبژاردندا تەنها تاکتیکێکی سیاسی نییە کە ئەو دوو حزبە گرتویەتیانەبەر، بەڵکو پیادەکردنی ئاراستەیەکی سیاسی و شێوازێکی کارکردنە لەسەر بنەمای چاوپیاخشاندنەوە بە ڕێبازی سیاسی پێشوویان کە سیاسەتی بایکۆتی هەڵبژاردن بوو لە خولەکانی ڕابردوودا. جا لەسەر بنەمای ئەم ئاراستە و هێڵە سیاسییە نوێیە، ئەمساڵ تاکتیکی بەشداریکردنیان گرتەبەر و لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری و پێشدادەگرنە سەر ئەوەی کە هیچ گەڕانەوەیەک لەوەدا نییە.
ئەمەش بەو مانایەیە کە گفتوگۆکردن لەگەڵیان سەبارەت بە بایکۆت یا بەشداری بابەتێکە پێشتر لەلایەن ئەوانەوە یەکلایی کراوەتەوە و بەشداریکردن سیاسەتی فەرمی ئەم دوو حزبەیە لە ماوەی داهاتوودا ئەگەر ئەم هەلومەرجەی وەک ئێستا لە ئازادی ڕێژەیی بۆ کاری عەلەنی بەردەوام بێت، یان تەنانەت لە هەلومەرجێکدا کە ئەم ئازادی کاری عەلەنییە بەرتەسکتریش بێتەوە.
بۆیە هەموو ئارگیومێنت و ڕوونکردنەوەکانیان بۆ بەرگریکردن لە سیاسەتی بەشداریکردن تەنیا کارێکی تەواوکەر و پڕوپاگەندەییە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەم ئاڕاستە و هێڵە سیاسییە، و بۆ تاکتیکی بەشداریکردن لە پەرلەمان، و پێچراوەتەوە بە هێرشکردنە سەر کۆمۆنیستەکان و ئەوانەی ڕەخنەگرن لێیان لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیدا. ڕەخنەگرتن لەم ئارگیومێنتانە و ئاشکراکردنی خاڵە لاوازە سیاسییەکانیان و ڕەخنەگرتن لە چەمکە سیاسییەکانیان لەم ڕووەوە پێویستی بە نامێلکەیەکی دوورودرێژ هەیە، بەڵام لێرەدا لەسەر هەندێک لە تەوەرەکانی ئەو خاڵانە دەوەستین کە چۆن بەرگری دەکەن لەم سیاسەتە و دەرئەنجامەکانی.
یەکێک لە ئارگیومێنتەکانیان بۆ بەشداریکردن ئەوەیە کە تۆ لە پرسیارەکەتدا ئاماژەی پێ دەکەیت، بەڵام جگە لەوەش ئارگومێنتی دیکەش دەخەنەڕوو کە بە گشتی ئارگیومێنتگەلێکن کە هاوئاهەنگی لۆژیکییان نوقسانە و جەوهەری چینایەتی ئەم سیاسەتە یان مانا سیاسییە کردارییەکەی ڕوون ناکەنەوە لە پێوەند بە خەباتێکی چینایەتی کە لە کۆمەڵگادا لە ئارادایە، بەڵکو خۆیان لەم بابەتە دەدزنەوە و بە شێوەیەکی سەرەکی ڕوونکردنەوەکانیان بە دەوری چەند چەمکێکدا دەسوڕێتەوە لە چەشنی: بەردەستبوونی جۆرێک لە ئازادیی سیاسیی ڕێژەیی کە پێویستە کۆمۆنیستەکان بیقۆزنەوە، هەروەها ئارگیومێنتگەلێکی وەک بەکارهێنانی پەرلەمان بە مەبەستی ناساندنی “کەسایەتییەکان و ڕابەرایەتییەکەی حزب بە کۆمەڵگا”، و گرنگیدان بە “هەڵمەتی هەڵبژاردن” زیاتر لە گرینگی دان بە بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمان و گەلێک وردەکاری دیکە کە هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە ڕوونکردنەوەی ئەم سیاسەتە و مانا ڕاستەقینەکەی و شیکردنەوەی گرنگییەکەی بۆ ئەو جەمسەرگیرییە چینایەتییەی کە لە کۆمەڵگادا هەیە، و ڕۆڵی لە بەهێزکردن و پەرەپێدانی پرۆسەی شۆڕشگێڕی لە کۆمەڵگا و خەباتی سیاسی جەماوەری لە دەرەوەی پەرلەمان و ڕەوتی شۆڕشی سۆسیالیستی و هتد.
شایانی باسە، تاکتیکی نوێی ئەو دوو حیزبە بە هۆی ئەو ئارگیومێنتانەوە نەگیراوەتەبەر، بەڵکو خودی ئارگیومێنتەکان دیکۆر و تەواوکەری ئەم ئاراستە نوێیە و ئەم سیاسەتە نوێیەن؛ واتە سیاسەتی پەلەکردن بۆ بەشداری لە پەرلەمان. ئەگەر وا نەبووایە، لە گرتنەبەری ئەم سیاسەتەدا، ئەو واقیعەیان پشتگوێ نەدەخست کە زۆربەی جەماوەری پرۆلیتاریا و گەنجانی عێراق هیوا و ئاواتەکانیان بە پەرلەمانەوە گرێ نادەن و متمانەیان پێی نەماوە، وە ئەوە حزبە سیاسییە بۆرژوازیەکانی ئۆپۆزسیۆن و حزبی شیوعی عێراقن کە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان، بە هەموو شێوەیەک، هیوا و ئاوات بخەنە دڵیانەوە و متمانە بگەڕێننەوە بۆ ئەم دامەزراوەیە لای ئەو جەماوەرە و داوایان لێدەکەن بەشداری هەڵبژاردن و پەرلەمان بکەن، و بەم شێوەیەش هەوڵدەدەن خەباتی سیاسی ئەو جەماوەرە لە چوارچێوەی پەرلەمانیدا لە قاڵب بدەن.
جێگای داخە کە ئێستا ڕابەرایەتی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەست دەبن بە کاروانی حزبی شیوعی عێراقەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، تەنانەت هاوپەیمانیشی لەگەڵ دروست دەکەن بۆ دروستکردنی یەک بلۆکی پەرلەمانی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا. ئەمەش بەدەر لە ئیرادەی ئەم دوو حزبە بەهێزکردنی خۆشباوەڕییە بە پەرلەمان و هەڵبژاردن لەناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپدا بە گشتی، وە بەرفراوانکردنی بازنەی هێڵی هەلپەرستی حزبی شیوعی عێراق و ئاراستە سیاسییە نیمچە چاکسازیخواز و پەرلەمانییەکەیەتی بۆ لەباربردنی ئیرادەی سیاسی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا. حزبە بۆرژوازیەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەشە مامناوەندییەکانیان، لەوانەش حزبی شیوعی عێراق، زیاتر لە دوو دەیەیە ئەم ڕۆڵە دەگێڕن. ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی سیاسەتی بەشداری ئەو دوو حیزبە، بە شێوەیەکی بابەتیانە و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، بێبەری نابێت لەم سیاسەتە بۆرژوازییە ڕاستڕەوانەیە.
هەر کەس و لایەنێک تاکتیکێکی سیاسی وەک بەشداری یا بایکۆتی پەرلەمان بگرێتەبەر و لە هەمان کاتدا چاوپۆشی لەو هەلومەرجە تایبەتانە بکات کە دەبێت لە داڕشتنی ئەم سیاسەتەدا لەبەرچاوی بگرێت، ئەوە سیاسەتێکی ئیختیارگەرایانە و زهنگەرایانە دەگرێتەبەر نەک تاکتیکی سیاسی حزبێکی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ. لینین لە چەندین بۆنەدا باس لە تاکتیکی سیاسی دەکات؛ با بزانین (لەبارەی نەخۆشی “چەپڕەوی” مناڵانە لە کۆمۆنیزمدا) چی دەڵێت: “تاکتیک دەبێت لەسەر بنەمای حیسابێکی ورد و بابەتیانەی هەموو هێزە چینایەتییەکانی دەوڵەتێکی دیارکراو (و وڵاتانی دەوروبەر، و هەموو وڵاتانی گۆڕەپانی جیهانی) و هەروەها لەسەر ئەزموونی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان بێت”.(5 )
بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی دیاریکراو پێویستمان بە هەڵسەنگاندنی ئەو هەلومەرجە سیاسییە موشەخخەسەیە کە هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوەدەچێت، لەڕووی هاوسەنگی هێزی چینایەتیی نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازی، و گرنگی هەریەک لە بەشداری و بایکۆت لە ئاڵوگۆڕی ئەم هاوسەنگییە بە قازانجی خەباتی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا؛ ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی چینە جۆراوجۆرەکان و حزبەکان بە هەڵبژاردن و بە پەرلەمانەوە، وە تا چەندیش دەتوانرێت سود وەربگیرێت لە بەشداری یان بایکۆت بۆ وەلاخستنی پەرلەمانێک کە بەربەستێکە لەبەردەم بەرجەستەکردنەوەی ئیرادەی سیاسی چینایەتی سەربەخۆی پرۆلیتاریادا؛ ئەمە جگە لە دیاریکردنی دۆخی سیاسی- جا شۆڕشگێڕانە بێت، یا چەقبەستوو بێت، … هتد، هەموو ئەوانە پرسگەلێکی سیاسی پێکدەهێنن کە هەر حزبێکی کۆمۆنیستی دەبێت لە کاتی بڕیاردان لەسەر بەشداری یان بایکۆتی هەڵبژاردن لەبەرچاویان بگرێت. ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە ئێمە لە ڕوونکردنەوەی ئەو دوو حزبەدا بۆ هۆکارەکانی گرتنەبەری ئەم سیاسەتە نایبینین.
ڕابەرانی هەردوو حزب بەو جۆرە باس لە بەشداری و بایکۆت و ئەگەری بەکارهێنانی یەکێک لەو دوو سیاسەتە ناکەن کە لە بارودۆخێکی دیاریکراودا یەکێکیان دەگیرێتەبەر و ئەوی تریشیان لە بارودۆخ و هەلومەرجێکی دیکەی خەباتدا، بەڵکو وا باسی دەکەن وەک ئەوەی ڕاستییەکی ڕەهایان دۆزیبێتەوە دێن تەنیا بەرگری دەکەن لە سیاسەتی بەشداریکردن، تا ئەو ڕادەیەی کە نەک هەر سیاسەتی بایکۆت، بەڵکو سیاسەتی بەشداریکردنی خۆشیان بێ بەها دەکەن. لە شێوازی لایەنگرییاندا بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وەها باسی سیاسەتی بایکۆت دەکەن وەک ئەوەی کە هەرگیز بەشێک نەبووبێت لە تاکتیکی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، تەنانەت لە سەردەمی لینینیشدا، هەرچەندە بۆ بەرگریکردن لە سیاسەتی بەشداریکردنیان ئاماژەشی پێدەکەن. ئەمەش لە هەموو وتار و چاوپێکەوتنەکانیاندا دیارە، کە هێرش دەکەنە سەر ئەو کەسانەی ئەمڕۆ باسی بایکۆت دەکەن و خۆیان وەک مژدە پێدەری بەرەبەیانی بەشداریکردنی پەرلەمانی پیشان دەدەن بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراقدا “بەبێ گەڕانەوە بۆ دواوە”.
ئەم ڕێبازە ڕەنگدانەوەی دەست نەگرتنە بە مارکسیزم و دیالێکتیکی مارکسیستی لە بەرگریکردنیان لە سیاسەتی بەشداری و وەڵامدانەوەیان بۆ ئێمە و ئەوانی دیکە، چونکە ئیتر ئێستا تەنها یەک جۆر دەناسن لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵبژاردن کە ئەویش بەشداریکردنە، و بێڕێزی ئاڕاستەی هەر کەسێک دەکەن کە باسی بایکۆتکردنی پەرلەمان و هەڵبژاردن بکات. ئەم شێوازە بەرگرییە بۆ خۆی وازهێنانە لە میتۆدی مارکسیستی بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکان و بەکارنەهێنانی ماتریالیزمی دیالکتیکیـیە لە بەرگریکردن لەو سیاسەت و تاکتیکەی کە قسەی لەسەر دەکرێت.
بەپێچەوانەی تێڕوانینی ئەوان، هەم بایکۆت و هەم بەشداری لە پەرلەمان دوو تاکتیکی سیاسی دروستن بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری و هەردووکیان بژاردەی گرنگن کە دەتوانرێت لە قۆناغی دیاریکراو و لە هەلومەرجی دیاریکراودا لەبەرچاو بگیرێن. بێگومان ئەمە نکۆڵی لەوە ناکات، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، کە هەردوو ئەم تاکتیکەش لەبەراورد بە خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی دەرەوەی پەرلەمان، سیاسەتێکی پلە دوون، کە کۆمۆنیستەکانی ئینتەرناسیوناڵی سێیەم لە سەردەمی لینیندا بە ڕوونی جەختیان لەسەر دەکردەوە.
پێشتر جەختمان لەوە کردۆتەوە کە لـیـنـین و کۆمۆنیستەکان لە کۆنگرەی دووەمی ئینتەرناسیوناڵی کۆمۆنیستی سێیەم، پرسی بەشداریان لە پەرلەمانە بۆرژوازییەکاندا لە ڕوانگەی پێشخستنی شۆڕشی پرۆلیتاریاوە هەڵسەنگاندووە نەک لە ڕوانگەی هێنانەدی چاکسازی لەناو پەرلەماندا، وەک شێوازی ناسراو بە “پەرلەمانتاریزمی کۆن”ی ڕیفۆڕمخواز. لـیـنـین و کۆمۆنیستەکان بەرگرییان لە بەشداریکردن لە پەرلەمان دەکرد لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا بۆ ڕسواکردنی فۆڕمی پەرلەمانتاریزمی بۆرژوازی و بێکەڵکی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان، و لێرەوە یارمەتی ئەو بەشانە بدەن لەوان کە خۆشباوەڕن، تا ڕزگاریان بێت لە خۆشباوەڕی بە پەرلەمان. هەروەها دەیانویست سوود لە سەکۆی پەرلەمان وەربگرن بۆ قووڵکردنەوەی ئەو ململانێ سیاسییانەی کە لەئارادابوون لە نێوان لایەنە بۆرژوازییەکانی بەشدار لە پەرلەمان بۆ ئەوەی گوڕ ببەخشن بە پڕۆسەی ڕووخاندیان؟ وە هۆکاری تری پەیوەست بە ئامانجە شۆڕشگێڕییەکان و بەرگریکردن لە شۆڕشی پرۆلیتاری سۆسیالیستی و خەباتی جەماوەری لە دەرەوەی پەرلەمان.
ڕابەرانی ئەم دوو حزبە لەبری ئەوەی سیاسەت و وەڵامێکی ڕوونیان هەبێت سەبارەت بەم بابەتانە و بابەتی تری هاوشێوە، کە لە کۆنگرەی ئینتەرناسیوناڵی سێیەم تەوەرەی گفتوگۆکانی پێکدەهێنا سەبارەت بە گرنگی بەشداری یان بایکۆت، بەڵێ ڕابەرانی ئەم دوو حزبە لەبری ئەوە بە شێوەی حزبی شیوعی عێراقی و حزبی شیوعی کوردستانی دێن سەرقاڵمان دەکەن بە پرسگەلێکی لاوەکی و باس لە بابەتگەلێکی لاوەکی دەکەن کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جەوهەری بابەتەکەوە نییە، وەک بوونی ئازادی سیاسی و ستایشکردنی کاری پەرلەمانی و وەسفکردنی بە کارێکی سیاسی کاریگەر و بوێرانە و …هتد. لە درێژەشدا ئەو چەمک و وشەسازیانە بەکاردەهێنن کە دەیان ساڵە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراقدا لە ڕیزەکانی خۆیدا و لە کولتووری سیاسی خۆیدا وەدەری ناون، وەک وەسفکردنی ئەو کۆمۆنیستانەی کە دژایەتی سیاسەتی بەشداری لە پەرلەمانی عێراق دەکەن بەوەی کە “بەزۆریش لە کون نایەنە دەرەوە” و بوێریان نییە بۆ بەشداریکردن لە کاری مەیدانی و …هتد.
عەبدوڵڵا ساڵح: دوو جار گفتوگۆ لەگەڵ ھاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد ئەنجامدراوە و لە دوو ژمارەی ڕۆژنامەی “ئۆکتۆبەر”دا، کە حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستان دەریدەکات، بڵاوکراونەتەوە، یەکەمیان تایبەتە بە بەرگریکردن لە سیاسەتی بەشداری و لە ژمارە (١٢٠)ی ڕۆژنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە، و دووەمیان وەڵامی ئەوە بە ڕەخنەگرانیان و لە ژمارە (١٢١)دا بڵاوکراوەتەوە. لەبەرئەوەی ئەو زیاتر لە ھاوڕێیانی دیکەی ناو ڕابەرایەتی ھەردوو حیزب ھەوڵی داوە ئەم سیاسەتە ڕوون بکاتەوە و وەڵامی ڕەخنەگرانی بداتەوە، دەمەوێت بپرسم ڕای تۆ چییە سەبارەت بەو ڕوونکردنەوەیەی پێشکەشی دەکات لەپەیوەند بە هۆکارەکانی بەرگریکردنی لەو سیاسەتەی کە پەیڕەویان کردووە.
موئەیەد ئەحمەد: ڕاستە ھاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد لەناو ڕابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستان، ئەرکی وەڵامدانەوەی ڕەخنەگرانی زیاتر لە کەسانی دیکە گرتۆتە ئەستۆ، بەڵام بە ڕای من ئەگەر ئەم کارەی نەکردایە، ڕەنگە بۆ خۆی و بۆ ھەردوو حیزب باشتر بووایە؛ چونکە پاکانەکارییەکانی و وەڵامە دەمارگیر و نالۆژیکییەکانی وای کردووە ئەو سیاسەتەی بەرگری لێ دەکات زۆر ئاشکرا دەربکەوێت کە سیاسەتێکە دوورە لە مێتۆدی مارکسی بەرامبەر بە پرسی پەرلەمانتاریزمی بۆرژوازی و بابەتی بەشداری یا بایکۆت لەم قۆناغەی گەشەسەندنی خەباتی چینایەتی لە عێراقدا.
وێڕای ئەوەش، لە کاتی وەڵامدانەوەی بۆ ڕەخنەگرانی ھەردوو حیزب، لە مارکسییە شۆڕشگێڕەکان و کۆمۆنیستەکان، بە شێوەیەکی چەندبارە سووکایەتییان پێ دەکات و ڕۆڵ و خەبات و قوربانییەکانیان بە کەم دەگرێت و ھیچ ئێعتیباریکیان بۆ دانانێت. وەک ئەوەی گفتوگۆی کەسێک بخوێنینەوە کە نامۆیە بە مارکسیزم و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، و سەر بە ناوەندە ڕۆشنبیرییە بۆرژوازییەکان بێت.
ئەو بەم شێوازە و بەم شێوە لە جەدەل کە لەم گفتوگۆیەدا کارەکتەری کەلتووری ڕەوتە سیاسییە بۆرژوازییەکان زاڵە بەسەریدا، نەک تەنیا خاڵێکی ئەرێنی بۆ خۆی و مێژووی خەباتی تۆمار نەکرد، بەڵکو خزمەتێکی بێ بەرامبەری بە بۆرژوازی و حیزبەکانی و پڕوپاگەندەی بەردەوامیان دژ بە کۆمۆنیستەکان پێشکەش کردووە، بەوەی کە گوایە کۆمۆنیستەکان خۆیان پەراوێز گرتووە و دوورن لە کۆمەڵگە و سیاسەت، وە قسەڵۆکی تری لەم بابەتانە. قەرار بوو ئەو سیاسەتی ھەردوو حیزب بۆ جەماوەری پرۆلیتاریا و بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی ڕوون بکاتەوە تا قەناعەتیان پێبھێنێ، نەک گفتوگۆکە بگۆڕێ بۆ شانۆی هێرشی ناڕەوای چەندبارە بۆ سەر کۆمۆنیستەکان بەناوی “چەپی پەراوێز کەتو” و نیشتەجێبووانی “کون”ە کان و چەندین سووکایەتیی دیکە کە لە کەلتوری ڕەوتی ناسیونالیزمەوە وەریگرتووە لە ھەرێمی کوردستان.
ئێستا با بزانین لەم گفتوگۆیەدا چی وتووە. ھاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد ھەوڵ دەدات سیاسەتی ھەردوو حیزب ڕوون بکاتەوە، بەڵام لەبەر هەراسان بوونی بەدەست ڕەخنەگرانیانەوە، لەناو وەڵامدانەوەکەدا ون دەبێت و دەچێتە سەر بابەتگەلی جۆراوجۆر کە پەیوەندییان بە ڕوونکردنەوەی سیاسەتێکی دیاریکراوەوە نییە، کە تاکتیکی بەشداریکردنە لە پەرلەمان و ھەڵبژاردن. ئەو هەبوونی پەیوەندیی نێوان شۆڕش و پرۆسەی شۆڕشگێڕی لەناو کۆمەڵگەدا بە مەسەلەی تاکتیکی بایکۆت یان بەشداریکردن لە پەرلەماندا، ڕەت دەکاتەوە، و ئەمەش بە شێوەیەکی سروشتی ڕەنگدانەوەی سیستەمی تێڕوانینیەتی کە لەسەر ئەزموونگەرایی (ئیمپریسیزم) دامەزراوە، نەک لە سەر مارکسیزم و ماتریالیزمی دیالێکتیکی. ئەو پێی وایە مادام شۆڕش بە شێوەیەکی بەرجەستە بوونی نییە، کەواتە قسەکردن لەسەر شۆڕش و پەیوەندییەکەی بە سیاسەتی بایکۆت یان بەشداریکردن لە پەرلەماندا، تەنیا ھەوڵێکی زەینیی نالۆژیکیی”چەپی پەراوێز کەتو”ە، یان تەنیا بیانوویەکی ئەو چەپەیە بۆ وازھێنان لە ئەرکە سیاسییەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگە.
لە کاتێکدا ئەزموونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی جیھانی و خەباتی پرۆلیتاریی شۆڕشگێڕ سەبارەت بە سوودوەرگرتن یان وەرنەگرتن لە پەرلەمانی بۆرژوازی، مەرجدارە بە ڕادەی سوودوەرگرتن لێی بۆ شۆڕش و پرۆسەی شۆڕشگێڕی لە سەردەمی سەرمایەداریی ئیمپریالیزمدا، و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ئەدەبیاتی کۆمۆنیستیدا لەم سەردەمەدا چەمکی “پەرلەمانییەتیی شۆڕشگێڕانە” ھەیە، واتە بایکۆت یان بەشداری لە پەرلەماندا لە پەیوەند بە ڕێڕەوی پەرەپێدانی شۆڕشی پرۆلیتاری لە ھەر وڵاتێکدا دیاری دەکرێت.
ئەرکی سەرەکیی کۆمۆنیستەکان ڕێکخستنی شۆڕشی کۆمۆنیستیی پرۆلیتاریایە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا و ھەموو خەباتـیشیان دەڕژێـتە ناو کەناڵی ئامادەکردنی ئەم شۆڕشە و بەدەستھێنانی ئەم ئامانجە کۆتایـیە. زەمینەی ماددی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەرکە بریتییە لە خەباتی چینایەتیی کە لە کۆمەڵگەدا لە ئارادایە لە نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازیدا، و ئەم ئەرکە لەناو ئەم خەباتە و لە پەیوەند پێوەی بەدی دەھێنرێت. ئەم ئامانجە کۆتایـیەیـە کە زاڵە بەسەر خەباتی کۆمۆنیستەکاندا لە ھەموو قۆناغ و لە ھەموو گۆڕەپانەکانی ئەم خەباتە چینایەتییەدا. وازھێنان لە ئەرکە کۆمۆنیستییەکان سەبارەت بە ئامادەکردنی شۆڕش و پەسەندکردنی سیاسەتی بەشداریکردن لە پەرلەمان بەھۆی نەبوونی شۆڕش بەکردەوە (الفعلي)، بریتییە لە ئەزموونگەرایی (ئیمپریسیزم) لە ھزردا، و سیاسەتێکی ڕادیکاڵی چەپییە بۆ ئەو ڕەوتە ناپرۆلیتارییانەی کە ھیچ پەیوەندێکییان بە مارکسیزم و تیۆریی خەباتی چینایەتیی مارکس و شۆڕشی پرۆلیتاریاوە نیـیە. ئەمە تەنیا تێڕوانینێکی فەلسەفیی نامۆ بە مارکسیزم نییە، بەڵکو تێڕوانین و ھێڵێکی سیاسییە کە لە خەباتی چینایەتیدا گۆڕینی جیھان و دروستکردنی گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕی نابینێت، بەڵکو لە حیزبێکدا دەیبینێتەوە کە لە دەرەوەی چینی کرێکار و خەباتی چینایەتیی ئەوان و لە دەرەوەی پرۆسەی شۆڕشگێڕیی بەردەوامی ناو کۆمەڵگەدایە. ئاراستە نوێـیەکە ئەم ھێڵە سیاسییەیە کە ھاوڕێ ڕێبوار بە ھێڵێکی سیاسی چالاک و دەخالەتگەر و بەھێزی دەزانێت کە دەچێتە پەرلەمان و ھاوپەیمانی لەگەڵ حیزبی شیوعی عێراقدا دەکات و ھێرش دەکاتە سەر کۆمۆنیستە ڕەخنەگرەکانی.
لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندییەکانی شۆڕشی سۆسیالیستی لە داڕشتنی سیاسەتە کردەییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستیدا مەسەلەیەکی نوێ نیـیە. ئەو ململانێیانەی کە لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا لەناو بزووتنەوەی سۆسیالیستیدا سەریهەڵدا، دژ بە بێرنشتاینیزم و بەرگریکارانی ئەو تیۆرییەی کە ناسراو بوو بە: “جووڵەی کردەیی ھەموو شتێکە، و ئامانجی کۆتایی ھیچ نیـیە”، نمونەیەکی ئەو مەسەلەیەیە. سایەکردنی ئامانجی کۆتایی، واتە شۆڕشی کۆمۆنیستی، بەسەر خەباتی کۆمۆنیستەکاندا یەکێک لە دوو تایبەتمەندییەکانی کۆمۆنیستەکانە، وەک لە (بەیاننامەی کۆمۆنیست)دا ئاماژەی پێکراوە؛ کە ڕۆڵی کۆمۆنیستییەکان بریتیـیە لە ئامادەکردنی شۆڕش لەناو جەرگەی خەباتی چینایەتیی پرۆلیتاریدا و لە قۆناغە جیاوازەکانی گەشەی بزووتنەوەی پرۆلیتاریدا. هەربۆیە ناتوانرێت بگوترێت مادام شۆڕش بە شێوەیەکی کردەیی بوونی نییە، کەواتە شۆڕش فاکتەرێکی جەوهەری نییە لە داڕشتنی سیاسەتی کردەیی بۆ حیزبێکی کۆمۆنیستی، وەک گرتنەبەری تاکتیکی سیاسی بەشداریکردن یان بایکۆتکردن.
لێرەشدا، لە کاتێکدا ئێمە باسی پەیوەندیی شۆڕش بە بەشداری یا بایکۆتی پەرلەمان دەکەین، ئەو (ڕێبوار ئەحمەد) بە شێوەیەکی سووکایەتیپێکردن وەڵامی ڕەخنەگرە کۆمۆنیستەکانی دەداتەوە و قسەی بۆرژوازی دژ بە کۆمۆنیستەکان دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت: “چەپی پەراوێز کەوتو لەو پێگەیەدا نیە کە قەزاوەت و حوکم لەسەر شۆڕشگێڕ بونی ئیمە بدات، ئەمانە هیچ ڕۆڵ و پێگەیەکیان لە کۆمەڵگا و لە جیدالاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نیە”
ھەروەھا، بە ھەمان شێوە، لە ناوەڕۆکی بابەتەکە دوور دەکەوێتەوە و بە وردەکارییەکەوە سەرقاڵمان دەکات کە ھیچ شتێک لە ناوەڕۆکی کێشەکە زیاد و کەم ناکات، هەر لەم ڕاستایەدا بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە چۆن ئازادیی سیاسی لە وڵاتدا بەردەستە، و چۆن “چەپی پەراوێزکەوتو” نایەوێت بۆ چوونە ناو ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان سوودی لێ وەربگرێت، و بەم ھۆکارەش سووکایەتییان پێ دەکات.هەر بەمەشەوە ڕاناوەستێ، بەڵکو سنوورەکانی ڕێزگرتن بەرامبەریان تێدەپەڕێنێت و دەڵێت کە ئەوان، واتە کۆمۆنیستەکان”بە زۆریش لە کون نایەنە دەرەوە”‌ بۆ ئەوەی سوود لە کەش و ھەوای ئازادیی بەردەست وەربگرن بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردن و پەرلەماندا، واتا ئەو بۆشاییەی کە ململانێکانی نێوان بلۆکە بۆرژوازییە جیاوازەکانی پێکھێنەری ڕژێمەکە هێناویەتەئاراوە.
ھەموو ئەمانە، و خوێنەری کۆمۆنیست چاوەڕێی ئەوەیە کە لەو تێبگات و سیاسەتی بەشداریکردنی بۆ ڕوونبکاتەوە، نەک ھێرشکردن و سووکایەتیکردن بە کەسانی دیکە لەلایەن ئەم ھاوڕێیەوە کە خۆی بە مارکسی دەزانێت، نەک دەرسدادان دەربارەی ڕەھەندەکانی ئازادیی سیاسیی بەردەست لە وڵاتدا. ئەو دەچێتە ناو ئەو هەموو وردەکارییانەوە وەک ئەوەی مشتومڕەکە لەسەر سیاسەت نەبووبێت، بەڵکو لەسەر بوون یان نەبوونی ئازادییە سیاسییەکان بووبێت. ھەر کەسێک کەمترین بایەخ بە سیاسەت بدات دەزانێت کاتێک شێوازی پەرلەمانی بۆ دەسەڵاتی بۆرژوازی ھەبێت، پێشبینی دەکرێت ئاستێکی دیاریکراو لە ئازادیی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا ھەبێت، و ئەمەش ڕوونە. بەڵام سیاسەتێک لە پشت ھەموو ئەم ڕوونکردنەوانەی ھاوڕێ ڕێبوارەوە ھەیە، ئەویش ڕاکێشانی سەرنجە بۆ شتێکی لاوەکی بۆ ئەوەی سەرنجی خوێنەر بشێوێنێت و ئەم فرسەتە بقۆزێتەوە بۆ ھێرشکردنە سەر کۆمۆنیستە ڕەخنەگرەکانی ئەم سیاسەتەیان.
لە درێژەی وەڵامدانەوەی بە ڕەخنەی کۆمۆنیستەکان لە سیاسەتی بەشداری و جەختکردنەوەیان لەسەر سروشتی کۆنەپەرست و میلیشیایی و نەتەوەیی، و تایەفەگەریی ڕژێمی فەرمانڕەوا و پەرلەمان لە عێراقدا، هاوڕی ڕیبوار ھەوڵ دەدات بە شێوەیەکی دەستکرد سیفەتی “ڕاستڕەو” بە نەیارەکانیەوە بلکێنێت کە سیاسەتی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا بە ڕاستڕەوی وەسف دەکەن لەم بارودۆخە دیاریکراوەی ئێستای عێراقدا. بۆ بەدەستھێنانی ئەم مەبەستە، تیۆرییەکی سەیر ئەخاتەڕوو کە گوایا ئەو کەسەی پەرلەمانی عێراق بە پەرلەمانێک وەسف دەکات کە سروشتی نەتەوەیی و تایەفەگەری و میلیشیایی هەیە و بەرھەمی داگیرکاریی ئەمریکایە، ئیتر کەواتە ئەو کەسە پەرلەمانەکان دابەش دەکات بۆ پەرلەمانە “ڕەسەن” و ناڕەسەنەکان، پەرلەمانە “باش” و خراپەکان، و ئەمەش بەلای ئەوەوە تاوان و هەڵەیەکی گەورەیە و “ڕاستڕەوییە”کی تەواو عەیارە. باشە ئەی ئەم دەرەنجامەی لە کوێوە ھێناوە؟ بە گۆیرەی ئەم تیۆریەی ئەو ئەمە لەۆیوە هاتووە کە تۆ بەو کارە پێدەنێیتە ناو گۆڕەپانی بەراوردکردنی نێوان پەرلەمانێکی ڕەسەن و یەکێکی دیکەی ناڕەسەن، و ئەمەش لەم تیۆرییەدا ڕێگەپێدراو نییە چونکە پەرلەمانەکان لە بنەڕەتدا ھەموویان کۆنەپەرستن. ئاشکرایە ئەمە تەنیا داتاشینی وشەی “ڕاستڕەوییە” بە شێوەیەکی میکانیکی و دوور لە لۆژیک بۆ ئەوەی وەڵامی ئەوانە بداتەوە کە سیاسەتی بەشداریکردن لە پەرلەمان لە ئێستادا بە سیاسەتێکی ڕاستڕەوی وسف دەکەن.
لە بڕگەکانی کۆتایی گفتوگۆکەیدا و لە میانەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی تایبەت سەبارەت بەوەی حزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکان بۆیان هەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەشدار بن، لەسەر ڕۆشنایی ئەوەی هاوڕێ مەنسوور حیکمەت لە بۆنەیەکدا لەو بارەیەوە وتبووی، هاوڕێ ڕێبوار دەڵێت:
” قسەکانی مەنسور حیکمەت زۆر ڕۆشن و ئاشکرایە کە دەکرێت کۆمۆنیزم هەتا بەشداری لە حکومەتی هەرێمدا بکات، واتە مەبدەئیەن بەشداری کۆمۆنیزم هەتا لە حکومەت ڕەت ناکاتەوە. ……..بێگومان ئەمە مانای وانیە کە بە هەر نرخێک بێت کۆمۆنیزمی کرێکاریی بەشداری تێدا بکات، بەڵکو حیساب و کتابی خۆی هەیە. بەڵام ئەگەر ڕۆژێک ئەم دەرفەتە هاتەبەرەوە کۆمۆنیزم نابێ لە بەشداری بترسێ بە حەرامی بزانێ……”
دیارە ئێستا ئێمە باس لە بەشداریکردن لە حکومەت دەکەین نەک لە پەرلەمان و هەڵبژاردن، ئەمەش وەرچەرخانێکی جۆرییە (نوعی)یە لەم میتۆد و هێڵە سیاسییەدا کە هاوڕێ ڕێبوار بە هێڵێکی چالاکی سیاسی کۆمۆنیستی دەزانێت کە خەباتی سیاسی لە مەیدانەکانی ژیانی سیاسی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەدا دەکات. ئاشکرایە کە مێژووی بزووتنەوەی سۆسیالیستی جیهانی شایەتی ململانێیەکی گەرموگوڕ بووە کە لە ناوخۆیدا بەرپابووە بەهۆی هەڵوێستە دژ بەیەکەکان سەبارەت بە هەمان بابەت، واتە بەشداریکردن لە حکومەتە بۆرژوازییەکاندا. سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان خەباتێکی جیدی بەرفراوانیان کرد دژ بە داکۆکیکارانی بەشداریکردن لە حکومەتە بۆرژوازییەکاندا لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا، کە بە خەبات دژی “میلیراندیزم” (Millerandism) ناسراوە؛ واتە ئەو دیاردەیەی کە بەناوی ئەلێکساندەر میلیراند، پەرلەمانتاری سۆسیالیستی فەرەنسی ناسراوە کە لە ساڵی ١٨٩٩ بوو بە وەزیر لە حکومەتی بۆرژوازی فەرەنسادا.
سیاسەتی میلیراندیزم لە بزووتنەوەی سۆسیالیستیدا پەرەی سەند و لە ئەنجامی ئەم پەرەسەندنەدا ڕەوتی ئۆپۆرتونیستیی ڕیفۆرمیست لەو بزووتنەوەیەدا بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا خۆیناساند، و بەم شیوەیەش “بێرنشتاینیزم” دەرکەوت. لێرەدا هاوڕێ ڕێبوار، بە پشتبەستن بە هەڵوێستێکی هاوڕێ مەنسوور حیکمەت بەرامبەر بەم مەسەلەیە لە بۆنەیەکدا لە کاتی ژیانیدا، ئەم بابەتە ئەترنجینێتە ناو وەڵامەکەی بۆ ڕەخنەگرانی سیاسەتی هەردوو حزب لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا.
خۆزگە هاوڕێ مەنسوور حیکمەت ئێستا لە ژیاندا دەبوو تا بە وردی ئەم تێڕوانینەمان لەگەڵدا تاوتوێ بکردایە، بە هەر حاڵ، ئەوەی دەمەوێت لێرەدا سەرنجی بخەمە سەر ئەوەیە کە هاوڕێ ڕێبوار لەم بارەیەوە دەیڵێت.
وادیارە هاوڕێ ڕێبوار هەر بە بەرگریکردن لە سیاسەتی بەشداریکردن لە پەرلەمان و هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٢٥)ەوە ناوەستێت، بەڵکو لە بەردەوامیی پیادەکردنی ئەم میتۆدەدا، بەشداریکردنی “کۆمۆنیزمی کرێکاری”یش لە حکومەتی هەرێم یان ڕەنگە لە حکومەتی ناوەندی لەسەر ئاستی عێراقیشدا دوور ناخاتەوە ئەگەر بارودۆخی گونجاو بڕەخسێت. لێرەدا دەگەینە کڕۆکی بابەتەکە، ئەویش ئەوەیە لەبری ئەوەی کێشەی سیاسەتی بەشداریکردن لە پەرلەمان چارەسەر بکات، بە وتەی باو “قوڕەکە خەستتر دەکاتەوە”.
بەشداریکردن لە حکومەتە بۆرژوازییەکان هەمان ئەو شێوازە بەشداریکردنەیە کە حزبی شیوعی عێراق پەیڕەوی دەکات. ڕادیکاڵیزمی سیاسی حزبەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و هاوڕێ ڕێبوارهیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە بەشداریکردن لە حکومەتە بۆرژوازییەکان بریتییە لە بەشداریکردن لەگەڵ بۆرژوازیدا بۆ چەوساندنەوەی چینە کرێکار و جەماوەرە هەژار و مەحرومەکان.
لە میانەی پاساوەکانیدا بۆ بەشداریکردن لە پەرلەمانی ئێستای عێراقدا، هاوڕێ ڕێبوار ئاماژەی بەوە کردووە کە سیاسەتی بەشداریکردن بۆ تێکشکاندنی پەرلەمان و پەرلەمانتاریزمە، وە ڕەخنە لەوانە دەگرێت کە ئەم سیاسەتە بە بەهێزکردنی ڕاستڕەوی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان ڕژێم لە قەڵەم دەدەن. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: ئایا بەشداریکردن لە حکومەتە بۆرژوازییەکانیش هەر بۆ تێکشکاندنی دەوڵەت و حکومەتی بۆرژوازییە؟ یان بۆ لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی لێکەوتەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی جەماوەری ڕەنجدەران و بێبەشەکانە؟ چ لۆژیکێکی دوور لە مارکسیزم و چ پشتگوێخستنێکی ئەزموونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لێرەدا هاوڕێ ڕێبوار پەیڕەوی دەکات کاتێک گڵۆپی سەوز بۆ بەشداریکردن لە حکومەتە بۆرژوازییەکان هەڵدەکات.
ئەڵبەتە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان بەشداریکردن لە پەرلەمان و بەشداریکردن لە حکومەتە بۆرژوازییەکاندا، چونکە ئەمەی دووەمیان تەنها سیاسەتێکی ڕاستڕەوانە نییە، بەڵکو بەشداریکردنە لە حوکمی بۆرژوازی و لە جێبەجێکردنی دیکتاتۆرییەتی چینی بۆرژوازی بەسەر چینی کرێکار و هەموو زەحمەتکێشان و بەهەژارکراواندا.
دڵنیا نیم لەوەی لە ئێستا و لە داهاتوودا هەردوو حزب لەسەر تیشکی ئەم ئاڕاستە نوێیەیاندا چ ڕێگەیەک دەگرنە بەر، بەڵام بە ڕای من، سیاسەتی بەشداریکردن لە پەرلەمان و ئاڕاستەگیری بەرەو بەشداریکردن لە حکومەتی بۆرژوازی، زیانی بە مارکسیزم و کۆمۆنیزم و بە هەردوو حزبەکەش گەیاندووە و دەیگەیەنێت، ئەمەشم لە گفتوگۆیەکی هاوبەشدا دەربڕی، کە هاوڕێ شەماڵ عەلی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە کەناڵی “هیوا” لەگەڵمدا ئەنجامی دا.
عەبدوڵڵا ساڵح: ئەوەمان بیر نەچێت کە ئەم سیاستەی ڕابەرایەتی هەردوو حزب پەیڕەویان کردووە، بە هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران (حیکمەتیست) – خەتی ڕەسمی، جگە لەوەش، ئەم سیاستە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەنگدانەوەی هەبووە لە نێو باقی حزب و ڕێکخراو و کادرەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ئێران، چ بە لایەنگری و چ بە نەیاری، ئەمە سەرباری دەنگدانەوەی لە ناو چالاکەوانانی چەپ و کۆمۆنیست لە عێراق. لە نێو ئەم گفتووگۆ و مشتومڕانەدا، ئایا هیچ پەیامێکت هەیە ئاراستەی کۆی ئەم هاوڕێیانەی بکەیت؟
موئەیەد ئەحمەد: بە پێویستی دەزانم خاوەن ڕا مارکسییەکان سەبارەت بەم سیاستە لە ناوخۆی هەردوو حزبدا بەهێزتر بن، و سەرکردەی هەردوو حزبیش درک بەوە بکەن کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ لە عێراقدا هێندە ڕێکخراو و بەهێزە کە دەتوانێت بە توندی دەنگی خۆی هەڵبڕێت دژی هەر هەڵەیەکی سیاسی کە لە ناو ئەم بزووتنەوەیەدا ڕووبدات یان دەرکەوتنی هەر مەیەلێکی سیاسی کە خزمەت بە گەشەکردنەکەی نەکات. منیش بەشداری خۆم لەم مشتومڕە فکری و سیاسیـیەدا وەک ئەرکێکی کۆمۆنیستی دەبینم کە دوورە لە هەر نیگایەکی بەرتەسکی ڕێکخراوەیی یان کەسی.
هەروەها هیوادارم نیشاندانی هەڵوێستی لێبڕاوانەی ڕیزێکی بەرین لە کۆمۆنیستانی ئازیز لە عێراق و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان بۆ ڕەتکردنەوەی سیاسەتی بەشداری و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو سیاسەتە، ببێتە مایەی بەهێزبوونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە ڕووی سیاسی و ڕێکخراوەیی و فکرییەوە، و بەشدار بێت لە گەشەپێدانی بەبێ ئەوەی بکەوێتە ناو ململانێ لەسەر پرسە لاوەکییەکان.
وە لێرەشدا ئەم دەرفەتە دەقۆزمەوە بۆ ئەوەی بانگەوازی هاوڕێیانی ئازیز بکەم لە بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزب و کادر و ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیە لە ئێران کە ئەو مشتومڕە فکری و سیاسیـیەی بەهۆی سیاسەتی بەشداری ئەم دوو حزبەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هاتۆتە ئاراوە، مشتومڕێکی سیاسی گرنگە و لێکەوتەی دەبێت لەسەر ڕێڕەوی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراقدا.
ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) سیاسەتی بایکۆتمان گرتەبەر و ئەوەی پێویست بوو ئەنجاممان دا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو هەڵوێستە نەیارەمان بەرمبەر بەشداریکردن. هاوڕێیان، هەڵوێستەکانی ئێوە تەنها لە یادەوەری مێژووی خەباتی پرۆلیتاری و کۆمۆنیستی لە عێراقدا تۆمار ناکرێت، بەڵکو لە ساتە وەختی ئێستا و داهاتووی ئەم ململانێیەشدا تۆمار دەکرێت.
ئاشکرایە کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حیکمەتیست – خەتی ڕەسمی، لەگەڵ هەردوو ئەم حزبە لە عێراق و کوردستان سیاسەتی بەشداریکردنیان لە پەرلەمان گرتەبەر، هەروەها لایەن و کەسانێکیش لە بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ئێراندا بەرگرییان لەم سیاستەیان کردووە. بە پێچەوانەی ئەمانەشەوە، هاوڕێیانیکی تری ناو ئەم بزووتنەوەیە ڕەخنەیان لە سیاسەتی بەشداریکردن گرتووە، لەوانە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حیکمەتیست و هاوڕێیانی تری سەربەخۆ.
بە ڕای من ئەو هەڵوێستە جیاوازانەی گیرانەبەر یارمەتیدەر بوون بۆ ڕوونبوونەوەی دیدگای سیاسی هەموو لایەنەکان، ئەمەش بەشێکە لە گەشەکردنی ململانێی سیاسی لە ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە ناوچەکەدا کە لە دواشیکردنەوەدا سوودی دەبێت بۆی.
عەبدوڵڵا ساڵح: هەڵوێستی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) بەرامبەر ئەم هەڵبژاردنە بایکۆت و هەڵماڵینی پەردە بوو لەسەر ڕوخساری ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتە و هەڵبژاردن و پەرلەمانەکەی، بەڵام کەسانێک هەن دەڵێن بایکۆتکردنی بەردەوامی پڕۆسەی سیاسی تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە کە هاوسەنگی هێز بەسودی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و بەهەژارکراوان و گەنجانی بێکار و … هتد، بگۆڕێت. وەڵامی ئێوە بۆ ئەم ڕەخنەیە چییە و هەڵوێستی ئاماژەپێکراوی بایکۆتی ئێوە پشت بە چی دەبەستێت؟
موئەیەد ئەحمەد: پێموایە لەم گفتوگۆیەدا لایەنە جیاوازەکانی سیاسەتی بەشداری و بایکۆتمان ڕوونکردەوە، و وەک لە پرسیارەکەشدا ئاماژەت پێداوە، هەڵوێستمان بەرامبەر هەڵبژاردنی ئەمساڵ لە بەیاننامەی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق)دا ڕوون کراوەتەوە. جگە لەوەش، ناوەڕۆکی بەیاننامەکە لە پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوەکە کە لە (٢٤-٢٦)ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری ئەمساڵ (٢٠٢٥)دا بەڕێوەچوو، تاوتوێ کرا و جارێکی تر لە لایەن پلینۆمەوە پەسەند کرایەوە. کۆی ڕێڕەوی بارودۆخەکە و لەوانەش ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، دروستی سیاسەتی ئێمە پشتڕاست دەکەنەوە لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن.
ئەرکی سەرەکی، هەر وەک لەم گفتوگۆیەشدا جەختمان کردۆتەوە لەسەری، بریتییە لە چالاکیی سیاسیی جەماوەریی پرۆلیتاری لە دەرەوەی پەرلەمان، ئەمەش چەقی قورسایی سیاسی کۆمۆنیستی پێکدەهێنێت لەم قۆناغەی مێژووی ململانێی چینایەتی لە عێراقدا. ئەنجامدانی خەباتی ڕێکخراوەیی و سیاسی و تیۆری و بەشداریی کاریگەر لەهەموو ڕووە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ئابووری و سیاسی و فکری پرۆلیتاریدا، وە هەوڵدان بۆ یەکخستنیان لە یەک خەباتی چینایەتی کۆمۆنیستیدا بۆ ڕزگاربوون لە کۆت و زنجیری سەرمایە و سەرمایەداری و ڕژێمە سیاسییە قەومی و ئیسلامی و میلیشیاییە گەندەڵەکەی، هەموو ئەمانە تێکڕا ئەرکی زۆر گرنگ و چارەنووسسازن.
سەرەڕای هەموو بارگرانیی و سەختییەک کە دێتە ڕێی خەباتمان، بەڵام ئێمە بە هەنگاوی جێگیر و بە پەیگیریەوە لە دڵی ئەم بزووتنەوە چینایەتی و کۆمەڵایەتییە فراوانەی پرۆلیتاریادا بەردەوامین، و ئاڵای مارکسیزم و ئاڵای خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریی شۆڕشگێڕمان بە شێوەیەکی ڕێکخراو شانبەشانی ئەم بزووتنەوەیە بەرزکردووەتەوە.
بایکۆتی هەڵبژاردن و پەرلەمان کارێکی لاوەکییە لەم ڕەوتە خەباتکارانەیەدا، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت لە خزمەتی ئەم کارە مەزنەدا بێت کە سەرچاوەی شانازی کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕانە و مرۆڤدۆستانەی ڕزگاریخوازی ئێمەیە.
کۆتایی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەری (٢٠٢٥)

پەڕاوێزەکان:

  1. الحزب الشيوعي والبرلمانية: من قرارات المؤتمر الثاني للأممية الشيوعية المنعقد في يوليو (1920) بروسيا. -المناضل-ة
  2. هەمان سەرچاوەی پێشوو.
  3. هەمان سەرچاوەی پێشوو.
  4. لينين- مرض” اليسارية” الطفولي في الشيوعية دار التقدم موسكو 1967 ص 56
  5. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 58.



ئایدۆلۆژیا گەدەی برسی تێرناکات.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو ڕۆژانەی ڕاپەڕینی جەماوەری لە تونس، میسر، لیبیا، سوریا و یەمەن سەریان هەڵدا، هەنگاونانی ئامادەیی بو، بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشێک دژ بە برسیەتی، هەربۆیە ناوی لێنرا بەهاری عەرەبی، بەمەش وەستانەوەیەکی بەرفراونی جەماوەری دژ بەو ڕژێمانە هاتە مەیدان، کە دەیان ساڵ، لەسەر حسابی برسی کردن و پێشێلکردنی ئازادی، لە ژێر پەردەی پیرۆزکردنی عروبەوە، سەرمایەگوزاری و کەڵەکەی سەرمایەیان بەڕێوە بردووە. ئەم هەڵچونە جەماوەریە نیشانیدا، خەڵکی ستەمدیدە توانای سەپاندنی ئیرادەی خۆیان هەیە و سەلماندیان پیرۆزکردنی عروبە وەڵام بە گەدەی خاڵیان ناداتەوە. لە هەمانکاتدا ئەوەش بەرچاوکەوت کە گردبونەوەی بەرفراوانی جەماوەری و شەپۆلی ناڕەزایەتی لە مەیدانی شارەکان و شەقامەوە دەتوانێت ئاڵوگۆڕ بکات، بەڵام بەبێ ئامادەیی لە ڕێکخراوبون و ئاسۆیەک بۆ سەرکەوتنی ئەوڕاپەڕینە، بۆ گەیشتن بەرەو دابینکردن و چەسپاندنی دەسەڵاتی خەڵک، پاشەکشەی پێدەکرێت. هەر بۆیە بەهاری عەرەبی، بوبە دۆزەخی عەرەبی، دیمان لە لیبیا و سوریا و یەمەن شەڕی ناوخۆی نێوان هێزە میلیشیاکان، چەندین ساڵە وێنایەکی قێزەون لە بەرامبەر ئایندەی ڕاپەڕینی جەماوەریدا نیشان ئەدات.
لە هەمانکاتدا دیمان چۆن شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتیانە بەر بە تەشەنەکردنی گیرا، لەبەر ئەگەری فراون بونی بەرەو ووڵاتە عەرەبیەکانی تر و ووڵاتانی ناوچەکە، هەروەها ڕژێمەکانی دیکە وەک ئێران و هەندێک دەوڵەتی عەرەبی توانیان لە ڕێگەی ڕێوشوێنی توندی ئەمنی یان لە ڕێگەی گوتارێکی ئایدیۆلۆژیەوە، مانەوەی ڕێژیمەکانیان بە پاراستنی ناسنامە، ئایین، یان قەومی گرێدا، توانیان شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی کۆنترۆڵ بکەن. هەر بۆیە لەو سەردەمەدا ئەم ڕژێمانە توانیان زریانەکە تێپەڕێنن. سەرەڕای توڕەیی و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک ئەو ڕژێمانە توانیان بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەیان بدەنەوە. هەڵبەتە ئەم دواخستنە لە هەڵچونی ناڕەزایەتی لەو ووڵاتانە هۆکارەکەی ئەوە بو کە ناڕەزایەتیەکانی تونس و میسر، نەیانتوانی چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیانە بکات، کە لە پلەی یەکەمدا ناڕەزایەتیەکانی لێکەوتەوە، لە هەمان کاتدا دۆخی لیبیا و سوریا و یەمەن وێنایەکی تەڵخ و بێ ئاسۆیی دابەدەسەتەوە.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێمەکانی ناوچەکە و جیهان ڕووبەڕووی شەپۆلی بەرفراوانی ناڕەزایەتی بوونەوە، هەندێکیان لە چوارچێوەی ئەوەی بە بەهاری عەرەبی ناوزەد کران و هەندێکی دیکەیان لە قەیرانە ناوخۆییە کەڵەکەبوەکانەوە سەرچاوەیان گرت، زۆرێک لەو ڕژێمانە لە ڕێگەی هەڕەشە و سەرکوتی ڕاستەوخۆ و بانگەشەی ئایدیۆلۆژی و ئایینی و ناسیۆنالیستی، ڕەخساندنی گەندەڵکاری لە پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا، یان هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و سود وەرگرتن لە ململانێی زلهێزەکان، بەجۆرێک دەستیان بەسەر شەقامەکاندا توندکردەوە و دەرگایان بەڕووی هەر هەوڵێکی گۆڕانکاری ڕیشەیی داخست. بەڵام ئەم کۆنترۆڵە ڕەگی قەیرانەکانی ئەو وڵاتانەی وەڵام نەدایەوە، تەنها دوایخست. ئەمڕۆ فاکتەرێکی نوێ و مەترسیدارتر سەریهەڵداوە، ئەویش داڕمانی ئابووریە، کە ناتوانرێت نە بەهێز سەرکوت بکرێت و نە بەکاریگەری دروشمەکان بێدەنگ بکرێت.
گەیشتنی قەیرانی ئابوری بە ئابووریەکی داڕماو، بە فیشەک و پڕوپاگەندە ناتوانێت ڕێگایەک بۆ رزگاربونی دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایەداران بەدەست بهێنێت، کاتێک قەڵشتی نێوان دەوڵەمەند و هەژار، کرێکار و سەرمایەدار فراوانتر دەبێت، کاتێک دراو دەڕوخێت و بێکاری بەرز دەبێتەوە، ئاستی بژێوی دادەبەزێت و برسیەتی فروان دەکات، مانای شکستهێنانی حکومەتەکانە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک، ئیتر شەقامەکان کۆنترۆڵ ناکرێن، برسێتی بێدەنگ ناکرێ و گەدەی بەتاڵیش بە ئایدۆلۆژیا فریو نادرێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لەئێران دەبینرێت، نمونەیەکی بەرجەستەیە کە ناڕەزایەتی جەماوەری هاوشانی بازرگانان لە بازاڕی گەورەی تاراندا دەستیپێکرد، ناڕەزایەتیەک بەداڕمانی دراو و گرانی تێچووی بژێوی ژیان، بە خێرایی بڵاوبۆتەوە بۆ شارەکانی دیکە. ماوەی چەند ڕۆژێکە ناڕەزایەتیەکان بەردەوامیان هەیە و پێشبینی ئەگەری فراوانتری بۆ دەکرێت، ئەم شەپۆلە گەورەترین شەپۆلە لە دوای ناڕەزایەتیەکانی مەهسا ئەمینی ساڵی 2022، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی داڕمانی ئابوری هەمەلایەنەوەیە، نەک ئەنجامی هیچ ڕوداو و پرسێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
داڕمانی ئابوری نەک هەر سەقامگیری دارایی بەڵکو پەیکەری کۆمەڵایەتی و سیاسیش دەخاتە مەترسیەوە، کاتێک پێداویستی مرۆڤەکان بەردەست نیە و برسی دەبن، بۆچونە پێرۆزەکان دەڕووخێن و ئایدۆلۆژیا هێزی قایلکەری خۆی لەدەست دەدات. چینی ناوەڕاست کە سەردەمانێک قەڵغانی سەلامەتی بون بۆ سەرمایە و دەسەڵات، کاتێک ئەو قەیرانە توانای گوزەرانی بێ ئاسۆ دەکات، دەبنە سووتەمەنی بۆ ناڕەزایەتیەکان.
کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێکاران، کاتێک بە یارمەتی و بەرنامە کۆمەڵایەتیەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا ڕادەگیرێن، بەڵام لەدەورانێکدا کە ئەم یارمەتیانە، لە بەرامبەر هەڵاوساندا بەهای خۆیان لەدەست دەدەن، ناچار دێنە سەر شەقامەکان. لەم خاڵەدا ڕژیم ڕووبەڕووی دوڕیانێک دەبێتەوە کە ناتوانێت بەسەرکوت چارەسەری بکات، یان دەبێت ئابوری چاک بکات، یان ڕوبەڕوی داڕمانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.
ئەگەر ئەم قەیرانە ئابوریەی ئێران بەردەوام خراپتر بێت، شاهیدی شەپۆلی بەرفراوانی ناڕەزایەتی لە تەواوی شارەکانی ئێراندا دەبین، ئەم شەپۆلانە لە چاو شەپۆلەکانی پێش خۆیان توندوتیژتر دەردەکەون، چونکە لە نەبونی پێداویستیەکانی گوزەرانی زۆرینەی دانیشتوانی ئێرانەوە سەری هەڵداوە، ئەم قەیرانە بەتەواوی بەسەر زۆرینەی دانیشتواندا شکاوەتەوە، برسێتی گفتوگۆ و دانوستانی نییە و داڕمانی ئابوریش ناکرێت دوابخرێت. کۆماری ئیسلامی گەر پێیوایە کۆنترۆڵی ئاسایش چارەسەرە، دواتر بۆیان دەردەکەوێت کە شکستی ئابوری بەهێزترە لە چەک.
ناکرێ دانیشتوانی برسی بە هێز ملکەچ بکرێن، ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەوە بگەن کە سەقامگیری سیاسی بەبێ سەقامگیری ئابووری بەدی نایەت، دەبێت دەستبەجێ دەست بە چاکسازی جددی بکەن، بەڵام ئایا فریا دەکەون یان مەیدانەکە بەجێ دەهێڵن بۆ ئایندەی ئەو هێزانەی جارێکی تر سواری سەری ئێرادەی خەڵک دەبنەوە و ئێران پارچە پارچە دەکەن.
لەم نێوەدا ئەوەی گرنگە، ئەرکی ئازادی خوازان و یەکسانخوازانە هەوڵ بدەن ئەم شەپۆلە بۆ بەدەستهێنان و سەرکەوتنی دەورو دەخالەتی دەسەڵاتی خەڵک یەکلایی بێتەوە، بە جیا لەهەر دەخالەتێکی دەرەکی و هەوڵی هەر لایەن و هێزێکی سیاسی کە دەیانەوێت دەسەڵاتی سەرو خەڵکی لە شێوازێکی تردا دامەزرێننەوە.

عوسمانی حاجی مارف




خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەردەوامن لە ئێران.. زاهیر باهیر

خۆپیشاندان و نارەزاییەکانی ئێران پێیان نایە ڕۆژی پێنجەمەوە نزیکەی سی شار و شارۆچکەی گرتۆتەوە. هاوکاتیش جێندرمە و پاسدار بە شێوەیەکی دڕندانە ڕووبەروویان بوونەتەوە سەرکوتکردن و کوشتن و گرتن و ڕفاندنیان بەردەوامە.
تا ئێستا ئامارێکی ورد نییە و کەس نازانێت چەندێك کوژراون یاخود بریندارن و گیراون یا ڕفێنراون. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە خەڵکەکە سنوری خۆپیشاندان و ناڕەزاییان شکاندووە بووەتە ڕاپەڕین. هەر ئاواش سنوری داخوازییە ڕۆژانەییەکانیان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی تێچوی پێداویستییەکانی ژیانیان ، بە هاتنەخوارەوەی نرخیان بەرەو سنوری سیاسیانە هەنگاوی ناوە بۆ دروشمی ” بڕوخێ ڕژێم ” ” بۆ دەرەوە دیکتاتۆر ” ” ژن ژیان ئازادی ” و زۆری دیکەی گرتووە بەخۆوە.
لەو لاشەوە سەرۆك کۆمار ، پزیشکانی، هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی هێمنانە کپیان بکاتەوە ، گوایە “گوێبیستی داخوازییەکانیانە ، گرفتەکانیان حەل دەکات دەیەوێت نوێنەرەکانیان ببینێت و قسەیان لەگەڵدا بکات” . بەڵام وەکو فەرهاد ناوێك کە خوێندکاری زانکۆیە وتی ” مەگەر کەسێك ساویلکە بێت باوەڕی بەوان هەبێت ، ئەوان گەر دەیانەوێت گوێمان لێبگرن ، بۆچی ئەمان کوژن لەسەر شەقامەکان ، بۆچی بەندییەکان ئازاد ناکەن ، بۆچی ژیانی خەڵکی ناگۆڕن … دەمانەوێت لەبەرچاومان گوم بن ..”
خوێندنەوە و شیکارێکی زۆر دەکرێت بۆ بارودۆخەکە کە زۆرێک لەوانە گەشبین نین تا ئەو ڕادەیەی کە دەڵێن ڕەنگە ئەنجامەکەی خراپتر بێت. پاساویشیان بۆ قسەکانیان نموونەکانن کە لەم ساڵانەی پێشتر و ئێستادا بینراون و دەبینرێن وەکو عێراق ، میسر ، لیبیا ، سوریا … یا هەندێك لە چەپەکان و مارکسییەکان پاساویان ئەوەیە” گۆڕینی حوکمێك بە حوکمێکی دیکە ژیانی کرێکاران و خەڵکانی زەحمەتکێش چارەسەر ناکات و باری گرانی خۆیان لەسەر شانی خۆیان دەمێنێتەوە” .
بێ گومان ڕاپەڕینەکان هەر وەکو چۆن دیاریکردنی ڕوودانەکەی پێشبینی ناکرێت هەر ئاواش ئەنجامەکانیان گەر بمانەوێت بە بەرنامە و ویست و ئامانجی ئێمە بێت ئەوەش ڕوونادات . ئەوەی ڕوونە ڕەوڕەوەی مێژوو بەکەس ناوەستێنرێت و گۆڕنکارییەکان ڕێچکەی خۆیان زۆربەی جار بێ ویست و ئارەزوی ئێمە دەگرن.
گەر ڕاپەڕینی ئێران سەربکەوێت بە بۆچوونی من گۆڕانکاری گەورە نەك هەر لە ئێراندا روودەدات بەڵکو ڕەنگە لە ناوچەکەشدا ڕووبدات.
یەك: دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئیرادە و متمانەی خەڵکی بۆ خودی خۆی کە کاتێك دەتوانن کە ڕژێمێك کە 47 ساڵە لەسە حوکمە و هەموو جومگەکانی ژیانی خەڵکی لە هەموو بوارەکاندا کۆنتۆرڵ کردووە بگۆڕن، بێ گومان دەتوانن دەسەڵاتدارانی ئایندەش ئاسانتر بگۆڕن . خەڵکی لە ئێراندا دەبنە خاوەن ئەزموونێکی گەورەتر کە دەکرێت لە هەموو جیهاندا بە تایبەت ناوچەکەدا نموونەیەك بێت و بەرچاو بگیرێت.
دوو: گۆڕانکاری لە ئێراندا بناخەی گۆڕانکاری لە عێراقدا دادەنێت چونکە وەکو زانراوە لە عێراقدا ئێران حوکم دەکات و کۆنترۆڵی هەموو شتێکی کردوە و پارەیەکی زۆری عێراقی بۆ ئێران و موالییەکانی سەر بە ئێران تەرخان کردوو.
سێ: مەترسی هێڕشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران چی تر نامێنێت ئەگەر وەختیش بێت ، بەمەش نەك هەر زەرەری گیانی و ڕۆحی لە هیچ لایەک بەم شەڕە نادرێت، بەڵكو بۆ ماوەیەكیش ئاسایش بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە کە لە روودانی هەر شەڕێكدا لەگەڵ ئێراندا عێراق زەرەرمەندی سەرەکی دەبێ لە هەموو رویەکەوە، لە پلەی دووهەمیشدا وڵاتانی دەرو دراوسێ.
چوار: ئەو جەمسەر گەورەیەی شیعەو سوونە کە بەرانبەر بەیەک لە حوکمدا وەستاون یەك لە ترسی ئەوی تریان خۆی زیاتر پڕ چەک دەکات و برەو بە کۆمپانیای چەك و تەقەمەنی وڵاتانی پێشكەوتوی پەیشەسازی دەدەن، جەمسەرێکیان گەر بۆ کاتیش بێت لە حوکمدا نامێنێت . ئەمە جگە لە دروستکردنی گروپ و ڕێکخراوی چەکدارانە لە وڵاتانی دیکەدا لە بەرانبەر بەیەك کە شەڕی بەوەکالەت دەکەن. بە گۆڕانی ڕژێم لە ئێراندا تا ڕادەیەك ئەو کرژییە گەر بە کاتیش بێت نامێنێت و خاو دەبێتەوە.
پێنج: هاوکاری لۆجیستکی و ئایدۆلۆجی و سەربازی و دارایی حیزبەکانی پاشکۆی دەسەڵاتدارنی ئێران نامێنێت و بەمەش حیزبەکان لاواز دەبن .
شەش: لاوازبوون و کەنارکەوتنی حیزبە نەتەوەییەکان و حیزبە دەسەڵاتخوازەکانی دیکەی ئێران ، کە ئەمەش خاڵێکی زۆر ئیجابییە .
حەوت: ئەزموونی 47 ساڵەی ئێرانییەکان لەگەڵ ئەم ڕژێمەدا ، گریمانی کەمتر هەیە تاکو رژێمێکی دیکەی دینی دوای ئەمان دروستببێت ، لەو بارەشدا بارودۆخی ژنان لە ئێراندا لە زۆر ڕووەوە تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو باشی دەگۆڕێت .
هەشت : ئەوە ئاشکرایە هەمیشە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکان لەسەر داخوازی ژیان و بەرزبوونەوەی نرخ و نەبوونی ئازادی ڕوودەدەن نەك بۆ ئامانجێکی دوورتری ئەوەی کە چەپ و مارکسییەکان دەیانەوێت کە دروستبوونی حکومەتی کرێکاری و دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریە. دەبێت ئەوە تێبگەین کە خەڵکی دەستەبەرکردنی نان و پیداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی دەخاتە پێش سەراپای دروشمی بریقەداری حیزب و ڕێکخراوە دەسەڵاتخوازەکانەوە. ناکرێت خەڵکی بە سکی برسییەوە ، بێ عیلاج و توانای ناردنی منداڵیان بۆ قوتابخانە چاوەڕوانی حکومەتێکی باشتر ، کرێکاری، یاخود دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیاتاری بکەن کە کەی ئەوان گەیشتنە دەسەڵات ئەو کاتە هەموو شتێكیان بۆ بەدەست دەهێنن.
بێ گومان ئەوانەی سەرەوە خاڵی سەرەکی پۆزەتیڤن لە گۆڕینی ڕژێمی مەلاکان و ئاخوندەکان لە ئێراندا خاڵی زۆری دیکەش هەن کە پێویست ناکات باسیان بکرێت.
هاوکاتیش دەکرێت کە ڕاپەڕینەکە خامۆش بکرێت چ لە ڕێگای کۆنترۆڵی حیزبەکانەوە کە گریمانێکی لاوازە ، یان لە لایەن وتووێژی دەسەڵاتدارانەوە لەگەڵ چەند کەسێک لە خۆپیشاندەران بە ناوی نوێنەرانی خۆپشیاندەرەکان کە لە دەرەوەی کۆبونەوەی جەماوەری و دیمۆکراتی راستەوخۆ وەکو نێردەیەك هەڵدەبژێرێن. مەترسییەکی دیکەی گەورەش هەیە کە دەستوەردان و کردنی پاگەندەی گەورە و بڵاوکردنەوەی ڤیدۆ و ڕاگەیاندن لە لایەن ئەمەریکا و سەرانی ئەوروپا و ڕوسیا و ئیسرائیلەوە ، کە کارایی ئەمە زۆر بە خراپ لەسەر خۆپیشاندەران دەشكێتەوە ، بە باشی و بەسوودیش بۆ حوکمرانانی ئێران دەگەڕێتەوە.

بەڕای من و ڕەنگە زۆری دیکەش، سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە زۆر پۆزەتیڤانەیە. لە کاتێکدا کە خەڵکی لە ئێراندا وەکو پێشتر وتوومە زۆر هۆشیارن و خاوەنی ئەزموونی زۆر گەورەن چۆن لە بەناو شۆڕشی 1978 و 1979 دا کرێکاران و خەڵکی خۆیان توانییان خۆیان ڕێکبخەن ، ئێستا باشتر دەتوانن و بە ئەزموونێکی زیاتری ناو خودی ئێران و ناوچەکە و جیهانیشەوە خۆیان لە ڕێگەی ئەنجومەنە ئاسۆییە ناهیراشییەکانی شوێنەکانی سەر کار و زانکۆکان و شەقامەکان و گەڕەکەکان لە ڕێگەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە بڕیارە گرنگ و زەروورییەکانیان بدەن و دەستەجەمعیانە بۆ جێ بەجێکردنی کار بکەن و بۆ ژیانیان کاری هەرەوەزییانە ڕێکبخەن .
کردنی ئەمانە زەروورییە و ژیانیش لە کردنیاندا خەڵکی فێر دەکات کە دەکرێت کۆمۆنێتی سۆشیالیستی / ئەنارکستی بچوك و گەورە دروست بێت و ببنە نموونەیەك بۆ شوێن و ناوچەکانی دیکەش .
دەی با بە هیوابین کە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بتوانن ئەو هەنگاوانە بنێن .

زاهیر باهیر
01/01/2026




بارزانی لە نێو پرسە ئاڵۆزەکاندا.. عوسمانی حاجی مارف

مەسعود بارزانی لەمیانەی وتارەکەیدا لە کۆڕبەندی “مەلای جزیری” وەها نیشانیدا کەجەخت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە دەکات، ئەمەش لە هەوڵدانەکانی بارزانیە کە خۆی وەک نوێنەری سەرەکی پرسی کورد لە ناوچەکەدا بناسێنێت!.
ئەم هەنگاوەی لەم کاتەدا لە تورکیادا بۆئەوەیە کە پەیوەندیەکی کراوەتر و هاوپەیمانیەکی فراوانتر لەگەڵ تورکیادا ئەنجام بدات، ڕۆڵی خۆی لە ململانێیەکی بەرفراوانتری ناوچەیی جێگیر بکات، تا وەک سەکۆیەک بۆ بەرزکردنەوەی نفوزی خۆی بەکاریبهێنێت. ئەم هەنگاوە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا هاتووە، تەنها دوو ڕۆژ دوای هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی، کە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان موشەکەوە ئەنجامدرا، ئەمەش شۆکێکی ئابوری و ئەمنی بۆ هەرێم دروستکرد. هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر هۆشداریەکە بۆ بارزانی و تاڵەبانی کە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆیان یان فراوانکردنی هاوپەیمانیەکەیان ئەدەن، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر لاوازی بارزانی و تاڵەبانی بەرامبەر بەو هێزانەی کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ئابووری و سیاسی ناوچەکە ئەدەن.
لەنێوان نزیکبونەوەی زیاتر و هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا و فشارە ئەمنیەکاندا یاریەکی ئاڵۆز هەیە، سەردانەکەی بارزانی بۆ دورگەی بۆتان ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پلانی هەیە هاوپەیمانیەکانی فراوانتر بکات، بارزانی دەیەوێت ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا بگێڕێت، هاوکات یاریزانێکی کارا بێت لە پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا! بەڵام گومانی تێدا نیە، هەڵوێستی فەرمی تورکیا ئەوەیە کە کوردستان و هێزە کوردیەکانی وەها دەوێت، ئامادەبن بۆ پشتیوانی لە داسەپاندنی پڕۆسەی بەناو ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا، کە بە ویست و نەخشەی تورکیا بە شوێنێک بگەیەنرێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕێکەوتنێکی بێدەنگە لەسەر پێگە و ڕۆڵی هەرێم، وەک سەکۆیەک بۆ نێوەندگیری یان سازدان لە پرسە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا.
هێرشەکانی سەر کێڵگە گازیەکان، بوونی هێزی ناوخۆیی یان ناوچەیی ئاشکرادەکات، کە پێشوازی لەو جۆرە هەنگاوانەی بارزانی ناکەن، ئەو هێزانە ئاسایشی وزە وەک ئامرازێکی گوشار بەکاردەهێنن بۆ ناردنی پەیامێک، ڕایدەگەیەنێن هەر هەنگاوێکی سەربەخۆ یان هاوپەیمانیەکی نوێ دەبێت تێچووی سیاسی و ئابووری بەرچاوی لەگەڵدا بێت!.
نزیکبونەوەی زیاتری ئێستای هەولێر و ئەنقەرە لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، دوابەدوای پێشهاتەکانی سوریا و پێگەی هەسەدە و دەخالەتی ئیسرائیل و ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەیە، کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی تورکیا هەیە، کاریگەری لەسەر سەردانەکەی بارزانیش دەبێت، کەنەتوانێ مەبەستەکەی بهێنێتە دی!.
لەو چوارچێوەیەدا بارزانی، هەرێم وەک زەمینەیەکی ناوەند پیشاندەدات، خۆی دەخاتەناو جەرگەی پرسە بەرفراوانە بێوەڵامەکانی مەسەلەی کوردەوە. بەڵام هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر تیشک دەخاتەسەر ئەو تەحەدایەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، واتە بەرگرتن بە فراوانکردنی هاوپەیمانیەکانی بارزانی، لەهەمانکاتدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دەبێتەوە بۆ سەر ژێرخانی ژیان و ئاسایشی دانیشتوانی هەرێم، بۆیە پرسیار ئەوەیە بارزانی دەتوانێ لەم دۆخە ئاڵۆزەدا چی بکات بۆ تورکیا، چۆن لە ئایندەی کوردستان دەڕوانێت؟. ئەوەی لەلایەکی ترەوە لە چاوەڕوانی بارزانیدایە، کارکردنە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دەخالەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی کە ئەمریکا گەورەترین قونسڵخانەی لە هەولێر کردۆتەوە، بەڵام یاریەکە لەنێوان دەوری ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەدا بە ئاسان بۆ بارزانی بەدەست نایەت.
پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، یان بەرگری لە پرسێکی خوازراو، لە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا، پێویستی بە ئاستی هاوسەنگیەک هەیە کە لەنێو هاوکێشە سیاسیەکان و ململانێکاندا وەک لایەنێکی سەرەکی یاری بکەیت، نەک سەر بەلایەنێک یا پشتیوانی بۆ لایەنێک بچیتەناو یاریەکەوە، ئەوەی بارزانی دەیکات پاشکۆبوونە بۆ لایەنە سەرەکیەکان و لەپێناو پاراستنی هێزەکەی بە هەرنرخێک بێت، ئایندەی ئەم ڕێبازە بە نادیاری ماوەتەوە بەهۆی هەوڵی هەولێر بۆ هاوپەیمانی نوێ و داڕشتنەوەی پێگەی ناوچەیی خۆی، بەچاوەڕوانی بۆ ئەو پێشهاتانەی کە ئەمریکا بۆ دەخالەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دایرشتووە، بۆ هێشتنەوەی ناوچەکە لە چوارچێوەی باڵادەستی ئەمریکادا و پشتیوانی و پاراستنی ئیسرائیلدا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەردانەکەی بارزانی بۆ دورگەی بۆتانی تورکیا، هەنگاوێکی ستراتیجیە بەرەو بەهێزکردنی زیاتری هێزەکەی بەناوی پرسی کورد لە ناوچەکەدا و پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە، ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ژێرخانی ئابوری و ئاسایشی هەرێم هەیە، کە کاریگەری لەسەر نەبونی ئاسایش بۆ سەرمایەگوزاری و پێگەی هەرێم لە عێراق و ناوچەکەدا داناوە، وەک نموونەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کە ڕەنگدانەوەی گۆڕینی غاز و نەوتە بۆ لێدان لە نفوزی سیاسی.
هەوڵدانی بارزانی بۆ پتەوکردنی هاوپەیمانیە دەرەکیەکان و پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی تەنها بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی ژێرخانی ئابووری و کەڵەکەی سەرمایە و ئاسایشی خۆیەتی، بۆ جێگیرکردن و بەفەرمیکردنی دەسەڵاتی بنەماڵە لە چوارچێوەی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، کە پڕە لە مەترسی و پشێوی زیاتر بۆ هەرێم، بۆیە ناتوانێ ستراتیژێکی ڕون و یەکگرتوو، بۆ کۆتایی بە ناجێگیری سیاسی لە هەرێم و لەم دۆخەدا دەستەبەر بکات، کە سیاسەت و ئاسایش و ئابووری لەبەرامبەر هەڕەشەکاندا بەیەکەوە دەبەستێت.
هێرش بۆ سەر کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر ئەوە نیشان دەدات، کە هاوکێشەی “سەرکەوتن یا دۆڕان” لە ڕادەبەدەر ئاڵۆزە. لەکاتێکدا ڕەنگە هەندێک لایەن دەستکەوتی سیاسی یان ئابووری کورتخایەن بەدەست بهێنن، بەڵام زیانە درێژخایەنەکان کاریگەریان لەسەر هەموو لایەنەکان دەبێت و دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات، تا ئەو ئاستەی کاریگەری لەسەر هەوڵدانی ئەمریکا بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەو عێراق دادەنێت، لەلایەکی تریشەوە ئەو دەورەی بارزانی دەیەوێت لەو ململانێیەدا یاریزانێکی باش بێت، دەكەوێتە بەر سێڵاوی ناکۆکی نەخشەو ڕێکەوتنی سیاسەتەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران و تورکیا و ووڵاتانی عەرەبی.
بەئامانجگرتنی کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر، ڕووداوێکی زۆر بەرچاو لەچوارچێوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکیە هاوچەرخەکاندا پێکدەهێنێت. هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە تەنیا لە چاویلکەی ئەمنی ڕاستەوخۆوە سەیر ناکرێت، بەڵکو هەڵگری کاریگەریە سیاسی و ئابوریەکانیش دەگرێتەوە. لەهەمانکاتدا شەڕی بەردەوامی نێوان لایەنە شیعەکانی سەربە ئێران لە حکومەتی بەغدا بەرامبەر بارزانی لە حکومەتی هەولێر دەبینرێت، بۆیە کۆمپانیەکان بەئاگان لەوەی خۆیان لە سەرمایەگوزاری لە عێراق و کوردستان بپارێزن.
دەتوانین بڵێین هێرشکردنە سەر کێڵگەی غاز، دەسەڵاتە هێرشبەرەکان هەوڵدەدەن دەستکەوتی سیاسی بەدەستبهێنن لەڕێگەی نیشاندانی توانای خۆیاندا، بۆ لێدانی ئامانجە ستراتیژیەکان و بەکارهێنانی ڕووداوەکە وەکو هێرشبەرێک لە دانوستانەکاندا، یان وەک ئامرازێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز لەنێوان بەغدا و هەرێمدا، لایەنە میلیشیاکانی پابەندن بەدەوری ئێران لەعێراقدا، ئەو ڕووداوە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی شەرعیەتی حکومەت تێکبدەن، یان گومان بخەنە سەر توانای پاراستنی سەرچاوەکانی ووزە و دروستکردنی نائەمنی بۆ سەرمایەگوزاری.
بێگومان بەهۆی وەستانی بەرهەمهێنان یان دابەزینی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری و بازرگانی زیانی ئابووری لێدەکەوێتەوە، ئەمە جگە لە زیانە سیاسیەکانی پەیوەست بە دۆخی عێراق، وەک ژینگەیەکی ناپارێزراو بۆ وەبەرهێنان، نادڵنیایی لە بازاڕە جیهانیەکان دروست دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە لە دەوروبەری عێراقدا دەبێت. جگە لەوەش هێرش بۆ سەر کێڵگەی غاز دەرگا بەڕووی پەرەسەندنی نائەمنی و دەستوەردانی دەرەکی لە عێراقدا زیاتر دەکات، لەهەمانکاتدا هەولێر و بەغدا بیروڕای گشتی بە وەهمی چاکسازیەک کە هیچ بناغەیەکی نیە، لە قاڵب دەدەن.
لەم کاتەدا ڕاگەیاندنی ئەمریکا لە دانانی مارک ساڤایا وەک نێردەی تایبەت لە عێراق توخمێکی نوێی بۆ هاوکێشەکە زیادکردوە. ساڤایا ئەوە ڕادەگەیەنێت کە واشنتۆن ڕێگە بە پێکهێنانی حکومەتێکی عێراقی نادات کە ملکەچی دیکتاتۆری کوتلە چەکدارەکان یان کاریگەری دەرەکی بێت، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی سنووری ڕۆڵی ئێران لە عێراقدا، نەک لە ڕێگەی ڕوبەڕوبونەوە، بەڵکو لە ڕێگەی فشاری سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسی، کە تائێستاش دۆخەکە رێگەی بەو پلانە نەداوە و لە ئایندەیەکی نادیاردایە.
عێراق و کوردستان، لە ماوەی تەواوی دەسەڵاتی “کوردایەتی و سونە و شیعە”دا، شاهیدی یەک ڕێکەوتنی ڕاستەقینەی نێوان نوێنەرانی خەڵک نەبون، کە بەرژەوەندی دانیشتوان لە پێشینەی بەرژەوەندیە حزبیەکان دابنێن، تەواوی ژیانی سیاسیان سەوداو مامەڵە و نائارمی بووە. شەڕی ڕاستەقینەی خەڵکی عێراق و کوردستان لەبەرامبەر تەواوی سیستمێکدایە کە پێکهاتەی نەتەوەپەرستی و تائیفی و ئیسلامیە، کە دەخالەتی ئەمریکا و ئێرانە، چەندین ساڵە لە پاراستنی خۆیدا سەرکەوتوو بووە لەسەر حسابی قوربانیەکی بێشومار لە دانیشتوان، بە نەبونی ئاسایش و ناجێگیری و ژیانێکی سەخت.
لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین بەگشتی چەندبارە دەرگیربونی بارزانی بە تێکەڵبونی لە یاری نێوان زلهێزەکاندا و کێشە ناوخۆییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق و تاڵەبانی، بە ڕکابەری و مامەڵەی لەگەڵ هێزو لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ناوچەکەدا، نەک ناتوانێ نوێنەری کێشەو پرسی مەسەلەی کورد بێت، بەڵکو بەردەوامی بە ئایندەیکی نارۆشن لەسەر چارەنوسی کوردستان ئەدات، لەهەمانکاتدا هیچکات ناتوانێت دابینکەری ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئاسایش بێت لە هەرێمدا.




پەروەردەکردنی مۆدێرنی منداڵان.. رەزا شـوان

پەروەردەکـردنی منـداڵان، پـرۆسـەیـەکی سـیـسـتـماتـیکی چـاودێـريکـردنی منـداڵانە، لەدایکـبوونەوە تا هـەرزەکاری لەخـۆدەگـرێـت. چـاودێـریی جـەسـتەیی، پـشـتگـیریی سـۆزداری، رێـنمـایی پـەروەردەیی و پـراکـتـیکـییەکـانی گەشـەپـێـدانی کـۆمـەڵایـەتی کـۆدەکـاتەوە. پەروەردەکـردنی منـداڵان، بە سـادەیی، واتە تـێگەیـشـتـن لە چـۆنیەتی پەروەردەکردنی منـداڵان. بـریـتییە لە دیاریکـردنی شێوازی پەروەردەکردنی گۆنجـاو،
کە کاریگەریی لەسەر ژیانی ئەمـڕۆ و داهـاتووی منداڵان هـەیە. هـیچ قـۆناغـێک لە ژیانی مرۆڤدا، هـێندەی منداڵی گرنگ و چارەنووسساز نییە. پەروەردەکردنی منداڵان
تا رادەیەکی زۆر، بەندە بە شێواز و بە چۆنیەتی پەیـوەنـدی و بە کارلـێکی دایکان و باوکـان لەگەڵ منـداڵەکـانیان، کە رۆڵـێکی گرنگ لە دەرئەنجـامی کۆتاییـدا دەگـێڕێت.
لە ماوەی دەیان ساڵدا، شێوازی پەروەردەکردنی منـداڵان، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. کە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە نـۆرمەکانی کۆمەڵگا و
لە کـاریـگەرییـە کـولـتـوورییـەکـان و لە لـێکـۆڵـیـنەوە دەروونیـیە مـۆدێـرەکـان و لە پـێـشکەوتـووەکانی تـێگەیـشتـنی قـووڵـترمان لە گەشـەکـردنی منـداڵان. لە داهـێـنانی هـۆکاری نـوێی فـێرکـردن و پەروەردەکـردن. لە ئەمـڕۆدا پـەروەردەکـردنی منـداڵان، دینـامـیکی خـێزانی هـاوبەشـتر لەخـۆدەگـرێت. رێـگا بە ئەزمـوونی فـروانـتر دەدات.
پەروەردەکردنی دروستی منـداڵان، کارێکی ئاسان و هـه‌ڕەمەکی و بەڕێکـردن نـییە، بەڵکو لە هەموو سەردەمێکـدا ئەرکـێکی قـورس و بەرپـرسـیارێـتییەکی هـەستیار و چـارەنـووسساز بـووە. پـەروەردەی منـداڵان هـونـەر و زانـسـتـیـیە. کە بـە دڕێـژایی سەردەمەکانی مـێـژوو، پەرەسەنـدنـێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینـیوە. لە شارستانییە کۆنەکانەوە تا سەردەمی مـۆدێـرن، رێبـاز و شـێوازی پەروەردەکردنی منداڵان لەژێر کاریگەریی رەهـەنـدە کولـتووری و کـۆمـەڵایەتی و ئابـووریـیەکـانـدا بـووە.

منـداڵان کە لەدایک دەبن، رابەری شێوازی چۆنەتی پەروەردەکـردنیان لەگەڵـدا نییە. هەموو منداڵێک تایبەتە. بۆیە هـیچ یاسا و دەستوور و بنەما و رێنمایی و رێبازێکی گـشتگـیر و نمـوونەیی بۆ پەروەردەکـردنی منـداڵان نییە. بـەڵام هـەنـدێک باشـتریـن پـراکـتیزەکـردن لە پەروەردەکـردنی منـداڵانـدا هـەیە.

ئـێـمە لە سـەردەمـێکـدا دەژیـن، کە زۆرینـەی دایکان و باوکانی ئەمـڕۆ، لە هەمـوو کاتێـک زیاتـر خـوێنـەوار و رۆشـنبـیـرن. بـەڵام لەگـەڵ ئەوەشـدا، لە جـاران زۆرتـر گـومـان لە شـێوازی دروسـتی پـەروەردەکـردنی منـداڵـەکانیـان هـەیە.
پەروەردەی مۆدێـرنی منـداڵان چـیـیە؟
پەروەردەکـردنی مۆدێـرنی منـداڵان، رێبازێکی هـاوچەرخە بۆ پەروەردەکردنی منـداڵان. تـیشک دەخاتە سەر منـداڵان، وەک گڕگڕەی پـرۆسەی پەروەردەیی، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەنـدییەکان و پێـداویـستـییە تاکـە کەسییەکان و مەیـلی سروشـتی لەسەر بنەمـای رێـزگـرتـن و گفـتوگـۆ و هـانـدان و ئازادیی بەرپرسانە دامەزراوە. ئەم رێبازە جیـاوازە لەگەڵ شـێوازی پەروەردە نەریـتییەکان. چـونکە پەروەردەی مـۆدێـرن هـەوڵـدەدات کە منـداڵان لـە رێـگەی بـیرکـردنـەوەی رەخـنەگـرانە و داهـێنان و لـێهـاتـوویی بـڕیـاردان بەهـێز بـکات. پـەروەردەی مـۆدێـرن هـەنـدێک لە ئاڵـۆزییەکانی کـۆمەڵگای ئێـستامان لەبەرچاو دەگرێـت. لەوانەش پێشکەوتنی تەکنەلـۆژیا و گۆڕینی نۆرمەکانی کولتووری
و کرانەوەی منداڵان بە رووی چەمکە نوێیەکان. لە روانگەی پەروەردەی مۆدێرنەوە، منـداڵان خـاوەنی بـڕیـارەکانی خـۆیانـن. رۆڵـی دایـکان و بـاوکـان لـە پەرەوردەکـردنی مـۆدێـرنـدا، بـریتییە لە دابـینکـردنی ژیـنگەیەکی ئاسـوودە و لە هـانـدانی منـداڵەکانیان بۆ گوزارشتکردن لە خۆیان و بەشداریکردنیان لە بڕیارەکانی رۆژانەدا، بە شێوەیەکی ئەرێنی. بە پێـدانی ئازادیی تاقـیکردنەوە و هانـدانیان بۆ پـرسیارکـردن و فـێربـوون لە هـەڵـەکانیان بەبێ تـرس و رەخـنە. بەبێ هـیچ جـۆرە کـۆنترۆڵکـردنێک یا زۆرەمـلێ و بڕیـار سەپاندنـێک. ئەمەش بەو مانایە نییە، کە هیچ سنوورێک بۆ منداڵەکانیان نییە.

ستراتـیژییەکانی پەروەردەکردنی مـۆدێـرن هـەمەچەشنەن، بەوپێـیەی هەر شێوازێک کاریگەریی جیاوازی لەسەر رەفتارەکانی منداڵان هـەیە و دەتوانرێت بە تایبەتمەندییە تایبەتییەکان دەستنیشان بکـرێت. بـۆیـە پێویـستە ئەو شـێوازە جـێـبەجێ بکـرێـت، کە لەگـەڵ کەسـایەتی هـەر منـداڵێکـدا دەگـونجـێـت. چونکە ئـەو شێوازەی بۆ منـداڵـێک دەشـێـت، لەوانەیە بـۆ منـداڵـێکی دیـکە نەشـێـت.
شێوازی پەروەردەکردنی مـۆدێرن، لەم ساڵانەی دواییـدا، جێگەی مشتومـڕێکی زۆر بـووە. شارەزاییان و دایـکان و باوکـان، هـەریەکە و بانـگەشـە بـۆ چەنـدین رێبـازی جیاواز دەکەن. لەکاتێکـدا کە هـیچ شێوازێکی پەروەردەکردنی ستانـدارد نـییە، کە بۆ پەروەردەکردنی هەمـوو منـداڵەکـانـتان گونجاوبێـت. بە گـشـتی لەوانەیە هەڵبژاردنی شێوازێکی پەروەردەکردنی گۆنجاو بۆ منداڵەکانتان بڕیارێکی قـورس بێـت. بەڵام بە تێگەیشتن لە شـێوازە جیـاوازەکان، دەتوانـن شـێوازێکی تاوتـوێکـراو و پـوختکـراو هـەڵـبـژێـرن. گـرنگ ئـەوەیە، ئـەوە بـزانـن کـە هـیچ شـێـوازێـکی پـەروەردەکـردنی نمـوونـەیی نیـیە. جـێـبەجـێکـردنی پەروەردەکـردنی مـۆدێـرنی منـداڵان، پێـویـستـیی بە پـشـوودرێـژی و بە تـێگەیشـتـنـێکی قـووڵ لە کەسـایەتی هـەر منـداڵـێک هـەیە.
پەروەردەکردنی مـۆدێـرن، گـرنگی زۆر بە تێگەیشـتن لە پـێداویـستـییە دەروونی و سـۆزداریـیەکـانی منـداڵان دەدات. ئـامـانجی بـنیـاتـنانی کەسـایـەتـیـیەکی دروسـت و هـاوسـەنگ و گەشـبـین و مـتمانە بەخـۆبـوونە. ئەمەش لە رێگەی رێـنمایی ئەرێنی و ئاراسـتەکردنێکی راست و دروسـتی پەروەردەکردنی منـداڵانـەوە، بەدەستـدەهـێـنرێـت.
پەروەردەکردنی مـۆدێـرن، پـشـت بە دانـانی سـنوورێکی روون دەبەستـێـت. لە هەمـان کاتـدا رێـز لە کەسایەتی منـداڵان دەگـرێت، را و بۆچـوونەکانیان بەهـەنـد وەردەگـیرێـن. ئەمـانەش دڵـنـیایی و شـادی و هـانـدان و مـتـمـانە بەخـۆبـوون بە منـداڵان دەبـەخـشـن.
پەروەردەکردنی مۆدێـرنی منـداڵان، پێویـستییەکی رەهـای ئەم سەردەمەیە، بۆ بنیاتنانی نەوەیـەک کـە توانـای داهـێـنان و بەرپـرسیارێـتی و بەشـداریی ئەرێـنی لـە کـۆمەلـگادا هـەبێـت. بە خۆشەویستی و رێـزگرتـن لە منداڵان و فـێرکردنی چۆنیەتی بیرکـردنەوە و گـوزارشتکـردن لە خـۆیان؛ دەرفـەتێکی راستەقـینەیـان پێـدەدەین، کە بە تەنـدروسـت و بە دروستی پـێـبگەن. بێگـومان دایکان و باوکان و پەروەردەکاران توخمێکی سەرەکین لە سـەرکەوتنی ئەم ئەرکە پـیرۆزەدا. بـۆیە وەرگـرتـنی بنەمـا و شـێوازە مـۆدێـرنەکانی پەروەردەکردنی منـداڵان، یەکەم هەنگاوە بەرەو داهـاتوویەکی دڵخـواز بۆ منداڵەکانتان.
پەروەردەکردنی منـداڵانی باش و سەرکەوتوو، لە سەدەی بـیست و یەکەمدا، لە هەموو کاتێک قورستر و ئاڵۆزترە. گەلێک بەرهەڵستی و بەرۆکگیری رووبەڕووی پەروەردی مۆدێـرنی منـداڵان دەبنەوە. چونکە پەروەردەی منـداڵان لەم سەردەمەدا، بارودۆخێکی نـاوازەی لەگـەڵ دایـە. پـێـشکەوتنە تەکـنەلـۆژییەکان و گـۆڕانکارییە کـولـتوورییەکان، شێـوازەکانی خـێرایی ژیـانی ئەم سەردەمەن. هەمـوویان رەهـەنـدی نـوێیان بۆ گرنگی ئەرکی پەروەردەکـردنی منـداڵان زیـاد کـردوون.
بۆ پەروەردەکـردنی منـداڵانی خـۆراگـر لـەم سەردەمـەدا، پێـویستە دایکان و باوکان و دادەکان و مامـۆستایانی قـۆنـاخی خوێنـدنی بنـەڕەتی، نـەرم و نیـان و میهـرەبـان بـن. منـداڵـەکـانیان بە بیـرکـردنـەوەی رەخنـەگـرانە و زیـرەکی سـۆزداری و بـیرکردنەوەی رەوشت نایابی پەروەردە بکەن. تا بتوانن لەگەڵ شەپـۆڵەکانی تەکنەلـۆژیادا دەربەرن.
منـداڵانی ئەمـڕۆ، لە ژینگەیەکدا گەورەدەبـن، کە بیرکردنەوەی مۆدێـرن رووبەڕووی نـۆرمـەکـانی نـەریـتی دەبنـەوە. رووداوە گـەورەکـانی جـیهـان کـاریـگەرییـان لەسـەر دیـدگاکـانیـان هـەیـە.
کاریگەریی تەکنەلـۆژیا لەسەر پەروەردەکـردنی منـداڵان:
تەکـنەلـۆژیای دیجـیتاڵی کاریـگەرییـەکی زۆری لەسـەر دینامـیکی خـێزانەکان هـەیە. چـونـکە تەکـنەلـۆژیـا و تـۆڕە کـۆمـەڵایـەتـیـیەکان، کـاریـگەرییـەکی زۆریـان لەسـەر گەشەکردن و پەروەردەکردنی منداڵانی ئەمـڕۆدا هـەیە. پێویسـتە دایکان و باوکان لە پـەروەردەکـردنی منـداڵەکانیـان، پێکەوە بە هەمـاهـەنگی کاربکەن. هـەنگاوی یەکەم پـێـناسەکـردنی ئەو فـەلـسەفـە پەروەردەکـردنەیـە، كە بـاوەڕیـان پـێی هـەیە. رەنـگە هـەر دایـک و بـاوکـێک، را و بـۆچـوونی جیـاوازی هـەبێـت. بـەڵام گـرنـگ ئـەوەیە، کـار بـۆ هـەمـان ئامـانج دەکـەن.
لە جیهـانی دیجـیتاڵـیی ئەمـڕۆدا، ئەستەمە کە منـداڵەکانمان، لە سـۆشیال میـدیا دوور بخەینـەوە. من پێموایە کە منـداڵەکانمان هـان بـدەین کە ئامـێرە تازەکانی تەکـنەلـۆژیا بەکاربهـێـنن. چونکە تەکـنەلـۆژیا ئامـرازێکی بەهـێزی فـێرکـردن و پەروەردەکـردنە. بـەڵام پێـویـستـیی بە رێـنـمایی و بـە سـنووردانـان هـەیە، بە تایبـەتیـش بـۆ منـداڵان.
دەبێـت هـانی منـداڵان بـدەین کە بە شێوەیەکی بەرپـرسیارێـتی و دوور لە هـەڵە و لە ئالـوودەبوون و زیادەڕۆیی لە بەکـارهـێنانی ئامـێرە تەکـنەلـۆژیاییەکان. تەکـنەلـۆژیا رێباز و شێوازی پەروەردەکردنی منـداڵانی گۆڕیـوە و رەهـەنـدی نـوێی وەرگرتـووە.
منـداڵانی ئەمـڕۆ، لە تەمـەنـێکی بچـووکەوە نـوقـمی ژیـنگەیـەکی دیـجـیـتاڵی بـوونە. شاشـە و ئامـێرە دیجـیـتاڵییەکان، بـوونە بە پێـویـستـییان و بە بەشـێکی دانەبـڕاو لە ژیانی رۆژانەیان. هاتنی مـۆبایلە زیـرەکەکان و تابـلێتەکان و ئینتەرنێـت، شۆڕشێکی گەورەیان کردووە لە چـۆنیەتی دەستگەیشتنی منـداڵان بە زانیاری. ئـەم پـلاتـفـۆرمە دیجـیتاڵییانە، ئەزموونی فـێربـوونی کەسی پێـشکەش دەکەن. کە منـداڵان دەتوانن بە خـێرایی پـێـشـبکەون و لەو بابەتـانە بکـۆڵـنەوە کە قـووڵـتر سەرنجـیان رادەکـێـشن.
هـەنـدێک لـەو مەتـرسـیانەی کە لە ئەمـڕۆدا رووبەڕوویـان دەبـینەوە، دەرئـەنجامی هـاوسـەرگـیریی تەکـنەلـۆژیـایە لەگەڵ کـولتـوورێـکی گـەنـدەڵـدا. بـەڵام تـاوانـەکە لە تەکـنەلـۆژیادا نییە. بەڵکو لـەو کەسانەیە کە بەهـەڵە و بە خـراپی بەکـاری دەهـێنن.
ژیـریی دەستکرد، چـیتر شتێک نییە دەست نەکەوێـت. لە ئەمـڕۆدا بووە بە بەشێکی دانەبـڕاو لە ژیانی رۆژانەی منـداڵان. پێویـستە دایکان و باوکان دڵـنیابـن لەوەی کە ژيریی دەستکـرد تەواوکەری گـەشـەی منـداڵانە. بـەڵام ژیـریی دەستکـرد ناتـوانـێـت جێگەی کارلێکە گرنگەکانی مرۆڤ و زیرەکیی سۆزداری و خۆشەویستی بگرێتەوە.
ئـەو جیهـانەی کـە منـداڵانی ئەمـڕۆ تێـیدا پێـدەگـەن، جیـاوازیـیەکی ریـشەیی هـەیە، لەگـەڵ ئـەو جیهـانەی کـە ئـێـمە تـێـیـدا گـەورەبـوویـن.
پـرۆسـەی پەروەردەکـردنی مۆدێرنی منـداڵان، پێویستـیی بە داڕشتنی پلانێکی تۆکمە هـەیە. پەروەردەکردنیش کارێکی کاتی نیـیە، کە لە شەو و رۆژێکـدا بێـتەدی، بەڵکو بە درێـژایی قـۆناغـەکانی منـداڵی و هـەرزەکاری، کارێکی بەردەوامە. پێـویـستـیی بە پشوودرێژی و خۆڕاگری و سنگ فـراوانی هـەیە. راسـتییەکی هـاشا هـەڵـنەگـرە، کە منـداڵانی ئەمـڕۆ، لە ئێـستاوە زیـاتر لەوەی ئـێـمە هەستی پێـدەکەیـن، لەگەڵ ژیـریی دەسـتکـردا، کارلـێک دەکـەن. ئەگەر ئـێـمە رادەکەیـن بـۆ ئـەوەی بگەیـن بە ژیـریی دەسـتکـرد دا، کەچی دەبـینـین منـداڵەکـانـمـان مـەلـەی تـێـدا دەکـەن.
ئایا پەروەردەکردنی منداڵان لە سەردەمی نوێدا، سەدەی بیست و یەکەمدا، سەردەمی تەکنەلۆژیای خێرا و جیهانی دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتـییەکاندا، بۆ دایکان و باوکان قورس و ئاڵـۆزە؟ ئایا دەتوانـن رێگە لە داوا و لە خواستەکانی منـداڵەکانیـان بگـرن؟
نالی ـ تەمەن ١٢سـاڵان: باوکـە ئەمسـاڵ بـۆ یـادی ساڵـڕۆژی جـەژنی لەدایکـبوونـم، دەبێـت مـۆبـایـلـێکی نـوێ بە دیـاری پـێـشـشکەشـم بـکەیـت.
باوکی: بەسەربـردنی کاتـێکی زۆر لەبەردەم شـاشـەدا، بۆ تـۆ باش نیـیە. پـێشتریـش باسـمان لـەم بـابـەتە کـردووە.
نالی: دوو ساڵە هـەمان قـسە دووبـارە دەکـەیتـەوە! هـەمـوو هـاوڕێ قـوتابـیـیەکانـم مـۆبـایـلـیان هـەیە، مـنـیـش مـۆبـایـلـێکـم دەوێـت! مـن چـیـم لـەوان کەمـترە؟
تۆ و دایکم هەمیشە لەسەر لاپتۆپەکانتان و خەریکی مـۆبایلەکانتانن! تەنانەت مریەمی خوشکیشم بـۆ ئامادەکـردنی وانەکانی قـوتابخـانەی، سـوود لە ئینـتەرنێـت وەدەگـرێـت.
نـالی بـە تـووڕەیی و دڵـتەنگـیـیەوە چـووە دەرەوە.
نالی مافی خۆیەتی داوای مـۆبـایـل و ئینـتەرنێـت بکات، چونکە لە جیهـانی مـۆدێـرنـدا، ئامێرە تەکنەلـۆژیاییەکان بوونە بە پێویستی و بە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیـانی رۆژانەی زۆرینەی منداڵانی ئەمڕۆدا. رۆژی چەند کاتژمێرێک بە بەکارهـێنانیانەوە سەرقاڵـدەبن. تەلەڤـزیۆنی رەنگاوڕەنگ و ئینـتەرنێـت ئایپـاد و مـۆبایـلە زیرەکەکان و سۆشیال میدیا و یارییە ئـۆنلاینەکان، سەرچاوەیەکی زۆر باشـن بـۆ فـێربوون و خۆڕۆشنبیریکـردن و وەرگـرتـنی بابـەتی هـەمـەجـۆرەی زانـسـتی و پەیـوەنـدیکـردن. پەروەردەکـردنی نـوێ بـریـتی نیـیە لە رێگـرتـن لە منـداڵان لە بەکارهـێـنانی ئامـرازە داهـێـنراوە نـوێـیەکـانی جـیهـانی تەکـنەلـۆژیـای دیجـیـتـاڵی و سـۆشـیال میـدیـا. چونـکە لە ئـەمـڕۆدا ئـامـرازە دیجــیتاڵـیـیەکان، بـوونە بـە پێـویـستـیـیەکی گـرنگی پـرۆسەی فـێرکـردنی قـوتابیان لە قـوتابخانەکانـدا. بۆیە پێویـستە هەمـوو منـداڵان ئاشنای ئامـێرە تەکنەلـۆژییەکان ببن و بە پـراکـتیکی فـێربکـرێـن و رابـهـێـنرێـن، کـە چـون بـە دروسـتی بـەکـاریـان بهـێـنـن.
چەنـد رێـنـماییـەک بـۆ دایکان و باوکـان:
(ئێزیک ئێریکـسۆن) دەڵـێـت:”داهـاتـووی منـداڵ هـەمـیـشە کـاری دوو کەسـە: دایک و باوک و مامـۆسـتا”.

دایکان و باوکانی خۆشـەویـست، بۆ پەروەردەکـردنـێکی دروسـتی منـداڵەکانتـان، لەم سەردەمەدا، سەردەمی تەکـنەلـۆژیـای مـودێـرن، دەتـوانـن سـوود لەم ئامـۆژگـاری و رێنماییـانە وەربگـرن، کە هـەندێک ئارامی و ئاسوودەیی دەروونـیـتان پێـدەبەخـشـن:
١ـ ئەمـڕۆ دوێـنێ نـیـیە:
پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان، دان بەو راستییەدا بنێن، کە لە ئەمـڕۆدا، شـێوازی پەروەردەکردنی منداڵان، جیاوازە لەگەڵ شـێوازی پەروەردەکردنی کلاسیکی و نەریتی منـداڵـیی ئێـوەدا. پێویـستە باوەڕتـان بە داهـێـنانەکان و بە شـۆڕشی پێـشکەوتـن و بە گۆڕانکارییەکان لە بوارەکانی ژیاندا هەبێـت. بە بواری پەروەردەکردنی منـداڵانیشەوە.
٢ـ چـاودێـریکـردنی ئامـێرە تەکـنەلـۆژییەکانی منـداڵەکـانتان:
یەکـێک لە سـتراتـیژییە کاریگەرییـەکان، بۆ بەڕێـوەبـردنی بـوونی منـداڵان لە جیهـانی دیجیتاڵیدا، بریتییە لە دانانی سنووری کاتی دیاریکراو بۆ بەکارهـێنانی مۆبایلی زیرەک و ئینتەرنێـت و ئایپاد. بۆ ئەوەی منداڵان ئالـوودە نەبـن و زیادەڕۆیی لە بەکارهـێنانیان نەکـەن. پێویـستە دایکان و باوکان، سنووری کات و ماوەی دیاریکـراوی بەکارهـێنانی شاشـە، بۆ منـداڵەکانیان دابـنـێن؛ تەنـانەت دەتـوانـن سـنووری کـات بـۆ ئـەپی تایـبـەت دابـنـێن. ئـەم ڕێکخـستـنانە تەنها بە ڕەزامـەنـدی ئێـوە دەگـۆڕدرێـن و دەتـوانـن لەگەڵ گەشەکـردنی منـداڵەکانتـانـدا ڕێکـیان بخـەن.
زۆرێک لە دایکان و باوکان دوودڵـن لە کـڕینی مـۆبایـل بۆ منـداڵـەکانیـان و رێـپـێـدان بە بەکارهـێـنانی ئینتەرنێـت. بەڵام مۆبایـلە زیـرەکەکان، پەروەردەکردن و فـێرکردن و وەرگـرتـن، بـۆ منـداڵان ئاسـانـتـر دەکـەن. بـە دابـیـنکـردنی پـەیـوەنـدی بـەبێ ئـەوەی پێویـستـیان بە پەیـوەنـدی وای فـای هـەبێـت. ئەمەش ڕێگە بە منـداڵەکانتان دەدات لە پەیـوەنـدیـدا بـمـێـننەوە بەبێ ئـەوەی پێـویـستیان بە هـێـڵی ئینتەرنێـتی تەواو هەبێـت.
٣ـ دانـانی سـنووری کات بۆ بەکارهـێنانی تەلـەڤـزیـۆن:
پێـویـستە دایکان و باوکان، کـات و مـاوەی سەیـرکـردنی تەلەڤـزیـۆن و بەکارهـێـنانی ئـینـتەرنێـت بەپێی تەمەنیان بۆ منـداڵاکانیان دیاری بکەن. هانیان بدەن بۆ ئەنجامدانی چالاکی (ئۆفلایین) واتا هاندانیان بۆ چالاکییە جەستەیی و دەروونی و ئەقـڵی و یاری و پەیـوەندیـیە کۆمـەڵایەتـییەکانی دەرەوەی بەکارهـێنانی ئامـێرە دیجـیتاڵـییەکان. هـانیان بـدەن بـۆ دروسـتکـردنی، هـاوسـەنـگـیـیەکـی تـەنـدروسـت لـە نـێـوان تـەکـنەلـۆژیـا و تاقیکردنەوەی جیهانی راستەقـینەدا. دەتوانن پـرۆفایـلێک بۆ هەریەک لە منداڵەکانتان دروسـت بکەن. ئەمـەش ڕێگەی ئەوەیـان پێـدەدات، کە تەنهـا دەسـتیان بە ناوەڕۆکی ئەو بابەتـانە بگـات، کە لەگـەڵ تەمەنیـانـدا گـونجـاون.
٤ـ بـلـۆککـردنی ماڵـپەر و شـوێـنە نەشـیاوەکان:
وەک دایکان و باوکان، ڕەنگە بتانەوێـت ئاگاداری جـۆرە جیاوازەکانی ئەو ماڵـپەڕانە ببن، کە منـداڵەکانتان سەردانیی دەکەن. ئەگەر سایـتێک یا سایتـانێکی نەگـونجـاوتان دۆزیـەوە، لە ڕێگەی دابینکەری خـزمەتگـوزاری ئـیـنـتەرنـێـتەکانتانەوە، یان لەسەر ئامـێرەکانی منـداڵەکـانتـان بـلـۆکـیان بـکەن.
٥ـ ئەپـەکـانی پەروەردەکـردنی منـداڵان:
زۆرێـک لە گەشـەپێـدەرانی ئەپـەکـان، خـزمـەتگـوزاری نـوێـیان بـۆ دایکان و باوکان دەستپێکـردووە. ئـەم ئەپـانە دەتـوانـن چاودێـری تـۆڕە میـدیایەکـان بکەن، فـیلـتەر بۆ نـاوەڕۆکی نەشـیاو بـۆ منـداڵان دابـنـێـن.
٦ ـ نمـوونەیـەکی باشـبن بۆ منـداڵەکانتـان:
(جۆزێف جۆبێر) دەڵێت:”منداڵان پێویستییان بە پێشەنگ هەیە، نەک بە رەخنەگرتن”.

منـداڵەکانتان لاسایی زۆرێک لە رەفـتارەکان و لە خـووەکانی ئێـوەی دایکان و باوکـان دەکەنەوە. پێویستە نموونە و پێـشەنگ و سەرمەشقی مۆدێرن و باشبن لە فێربوون و لە چـۆنیەتی بەکـارهـێنانی تەکـنەلـۆژیـادا. بە شـێوەیەکی بەرپـرسـیارانە رەفـتاربکەن. بە پاراسـتنی پەیـوەنـدیـیەکی کـراوە، تا منـداڵەکـانـتان هـەسـت بە ئـاسـوودەیی بـکەن.
٧ ـ کارلـێکی رەخـنەیی لەگـەڵ نـاوەڕۆک:
منداڵەکانتان هانبدەن، بۆ بیرکردنەوەیەکی رەخنەگـرانە، دەربارەی ئەو ناوەڕۆکانەی
لە ئیـنتەرنێـتـدا دەیانخوێـننەوە. بە راشکاوی گۆزارشـت لە بـۆچـوونەکانیـان بکەن.
٨ـ هـانـدانی رەفـتاری ئەرێنی ئـۆنـلایـن:
منـداڵـەکانتان فـێربکەن، کە چـۆن لە رێگەی ئـۆنـلایـیـنەوە رەفـتاری جـوان بـکەن.

هەریەکە لە ئێوەش ئازادن، کە کـلیلی تر بۆ ئەم رێنمایی و ئامۆژگارییانە زیادبکەن.
سەرەڕای ئەو بەرهەڵـستییانەی پێشکەوتنی تەکنەلـۆژیا دەیانخەنەڕوو، گـرنگە دان بە گـرنگی و بە سـوودە زۆرەکـانی تەکـنەلـۆژیـادا بنـێن، کاتـێک کـە بـە شـێوەیەکی دروسـت و هـاوسـەنـگ بەکـاردەهـێـنرێـن. بـەڵام ئەگـەر بە نادروسـتی و بە خـراپی بەکاربهـێنرێن زیانیشیان هەیە. ئامێرە دیجیتاڵییەکانیش گیانەوەرێکی لەدایکبوو نین. مـرۆڤ دایهـێـناون و دروسـتـیکـردوون و بەرنامـەڕێـژی کـردوون. لەژێـر رکـێف و کـۆنترۆڵی مـرۆڤ دان. سوودیان یان زیانەکانیان، لە چۆنییەتی بەکارهـێنانیان دایە.
لە جیهانێکدا کە بە خێراییەکی سەرسووڕهـێنەر دەگۆڕێت، پەروەردەی کلاسیکی و نەریـتی، بـەس نییە بـۆ بەرەنگاربـوونەوەی ئاسـتەنگـییەکانی سـەردەمی مـۆدێـرن.

لە کـۆتاییـدا، لە میانەی گـرنگـیدان بە خۆشـەویـستی و بە پەیـوەنـدییەکی دروسـت، لەنێـوان ئێوەی دایکان و باوکان و منـداڵـەکانتان. دەتـوانـن، بەسەر ئەو سەخـتی و ئاڵـۆزی و بەرهـەڵـستـیـیانەی، کە دێـنـە رێی پەروەردەی مـۆدێـرن، سـەربکەون و منـداڵەکـانتـان بـۆ داهـاتـووییـەکی گـەشـتر و شـیاوتـر پـەروەردە و ئـامـادە بکەن.

(*) تا رادەیـەک سـوودم لـە چـەنـد ماڵـپەڕێـکی ئـیـنگـلـیـزی وەرگـرتـووە.
دوبـەی: ١/١/ ٢٠٢٦




پیشەسازیی وەهمەکان.. نووسینی: کەریم جدی.. و: یاسین لەتیف

‏‏١
‏ئایا وەهمەکان بە مرۆڤەوە نووساون؟ ئایا دروستکردنی وەهم لە ژیانی مرۆڤایەتی و لە ڕۆژگاری ئێستاماندا پێویستییە؟
‏ئایا دڵخۆش دەبیت یان غەمبار، ئەگەر وەهمێکت لەدەست دا؟
‏٢
‏ناتوانین باسی وەهم بکەین بەبێ باسی خەیاڵ و خەون. جگە لەوەی بیرمەندان و فەیلەسوفان مرۆڤ بە “گیانلەبەرە باڵاکە” و “گیانلەبەری قسەکەر” ناودەبەن، سیفەتی تریشیان خستۆتە پاڵی وەک “گیانلەبەری بیرکەرەوە” و “ئەو گیانلەبەرەی خەون دەبینێت”. ‏خەیاڵ لە چوارچێوەی چالاکییە هزرییەکانی مرۆڤدایە. خەیاڵ ئازاد و بێ سنوورە، هەرچەندە پەیوەندی بە دەوروبەر و ئاستی بیرکردنەوەوە هەیە، بەڵام سیفەتی فڕین، کراوەیی، نەرمی و ڕۆشتنی بەرەو دوورترین و نامۆترین شوێنەکانی هەیە. هەر بۆیە، ئەگەر بکرێت جەستەی مرۆڤ لە ڕووی جوڵە و شوێنەوە سنووردار بکرێت، خەیاڵەکەی سنووردار ناکرێت. بگرە سەلمێنراوە کە هەرچی شوێنی مرۆڤ تەسکتر بێتەوە، زیاتر پەنا بۆ ئازادکردنی خەیاڵ دەبات؛ وەک ئەوەی لەگەڵ زیندانییەکاندا ڕوودەدات. بەڵام دەبێت ئاگادار بین کە پشتگیریکردنی ئەم مەسەلەیە وەک ئامانج، جۆرێکە لە “تراژیکۆمیدیا”، چونکە ئێمە هانی زیندان نادەین بەڵکو هانی باخچە دەدەین. ئێمە لەگەڵ فەزا و ئاسۆی ئازاد و ئەو ڕۆحەداین کە پێویستی بە فراوانی هەیە، چونکە بەبێ فراوانی خەیاڵ کز دەبێت و وشک دەبێت.
‏٣
‏خەون پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە خەیاڵەوە هەیە. دەکرێت خەون بەوە پێناسە بکرێت کە خەیاڵێکە بەرەو ئامانجێک هەنگاو دەنێت؛ ئاواتێکە کە تەماح و ئارەزووی تێدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەوەی هەیە بەرەو شتێکی تر. ‏سەیر نییە کە خەون بە یەکێک لە نیشانەکانی ژیان دابنرێت. بگرە داهێنان وا مرۆڤ دادەنێت کە بەبێ خەون مردووە، وەک لە فیلمێکدا دەڵێت:
‏(بەبێ خەون، تۆ مردوویت – Without dream you are dead) ئەوەی خەون نەبینێت، بێدەنگ و بێجوڵە دەبێت. بێدەنگی بەم مانایە نەمانی چالاکییە، و بنەمای چالاکیش پەیوەستە بە ژیانەوە. هەندێک کەس ئەگەر لە خەون بینین بوەستن، پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.
‏٤
‏ڕەخنەگر و ڕۆماننووسی لوبنانی ئیلیاس خووری دەڵێت: شاعیر یەکەم کەسە دەشکێت ئەگەر خەونەکەی بشکێت، هەروەها یەکەم کەسیشە دەشکێت کاتێک خەونەکەی دێتە دی. بەشی یەکەمی ڕستەکە بە ئاسانی قبوڵ دەکرێت. لای شاعیر خاوەن هەستێکی ناسکە و خەونەکانی تا ئاستی عەشق خۆش دەوێت. خەون بۆ ئەو مەسەلەی “بنەما” و “ستراتیژیی ستراتیژییەکانە”. بۆیە سەیر نییە شاعیر بشکێت ئەگەر خەونەکەی لەدەست بدات. بەڵام ئەوەی کە ئایا شاعیر دوای ئەوە هەڵدەستێتەوە یان نا، بابەتێکی ئەگەرییە و پەیوەستە بە واقیع و خودی شاعیرەکەوە. بەڵام بۆچی و چۆن شاعیر دەشکێت کاتێک خەونەکەی دێتە دی؟ مەگەر شاعیر خەبات بۆ هێنانەدی خەونەکەی ناکات؟ لێرەدا کێشەی خەون و دژایەتییەکەی دەردەکەوێت. ‏خەون وەک خۆراک و وزەیە، پاڵت پێوە دەنێت بۆ بەردەوامی و بەرەو پێشەوە و قووڵتربوونەوە. خەون هەمیشە سەرقاڵت دەکات، بەڵام هەر کە هاتە دی، هەست بە جۆرێک لە بۆشایی و لەدەستدان دەکەیت. چارەسەری ئەم کێشەیە ئەوەیە کە مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە خەونی نوێ هەیە، و ژیانیش ئەگەر بە باشی لێی بڕوانین، خەونی زیاترمان پێ دەبەخشێت.
‏پەیوەندی شاعیر بە خەونەوە دەکرێت بۆ هەموو داهێنەران و مرۆڤ بە گشتی گشتگیر بکرێت.
‏٥
‏لە نێوان خەون و وەهمدا داوێکی زۆر تەنک هەیە. جۆرە جۆلانەیەک هەیە کە خەون دەباتە شوێنی وەهم، و وەهم دەباتە شوێنی خەون. وەهم خەونێکی درۆینەیە، عەشقێکە کە خیانەت ئاشکرا دەکات. ئەوەی وەهمی هەڵگرتووە نازانێت کە وەهمە، بەڵکو وەک خەون و تەماح و هەوڵێکی ڕەوا دەیبینێت، دوای ئەوە ئاشکرابوون و دڵنیابوونەوە دێت. کاتێک خەونێک دێتە دی، شادییەکی زۆر دامان دەگرێت (هەرچەندە خەمێکی کەمی لەدەستدانیشمان بۆ دروست بێت)، بەڵام کاتێک خەونەکە دەبێت بە وەهم (واتە زانستی و ڕاست نەبێت)، نائومێدییەکی گەورە دەمانپێکێت.
‏٦
‏لە نیشانەکانی بەدبەختی و بەدبەختەکان ئەوەیە کە وەهم پۆشاکی خەون دەپۆشێت. مرۆڤ ناتوانێت بە ئەنقەست وەهم بۆ خۆی دروست بکات، چونکە وەهم زیان و قسەی پووچە. هەندێک وەهم هەن کە لە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، هەندێکی تریش بەهۆی زیادەڕەویکردن لە هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوەدا دروست دەبن. بەڵام ئێمە باسی ئەم جۆرە ناکەین. ئێمە باسی بەرهەمهێنانی وەهم دەکەین بە شێوەیەکی بە ئەنقەست، کاتێک ئەوانی تر وەهمت بۆ دروست دەکەن یان تۆ بۆ ئەوانی دروست دەکەیت. تۆڕێک دەخرێتە خوارەوە، تەڵەکە وەهمە، نێچیرەکەش ماسی نییە بەڵکو ئەو مرۆڤانەن کە هۆشیاری و بەختەوەرییان کەمە. بەرهەمهێنان و کڕین و فرۆشتنی وەهمەکان لە سەردەمی ئێستاماندا لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا بازاڕی زۆر گەرمە. سیستەمەکان، دەوڵەتەکان، دامەزراوەکان و تاکەکان ئەم کارە دەکەن. پیشەسازیی وەهم کارێکی سادە نییە، بگرە لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکان ئاڵۆزترە و ئەنجامی چەندین ڕەگەزە کە تۆڕێک پێک دەهێنن. ئەو پرۆسە عەقڵییانەی لە پشت ئەمەوەن دەکرێت ناوی بنێین (سیستەمی فیکری) .
٧
‏ئێمە خەونەکانمان خۆش دەوێت و خەمبار دەبین ئەگەر خەونێک لەدەست بدەین، بەڵام هەندێک کەس هەڵدەستنەوە و بەردەوام دەبن و خۆیان نوێ دەکەنەوە، هەندێکی تریش دەکشێنەوە و گۆشەگیر دەبن. شاعیر مەحموود دەروێش دەڵێت:
‏”خەونێکی جوانم لەدەستدا ‏سۆزی گوڵە لۆتۆسەکانم (زەنبەق) لەدەست دا
‏شەوم درێژ بوو
‏لەسەر پەرژینی باخچەکان
‏بەڵام ڕێگاکەم (ئامانجەکەم) لەدەست نەدا
‏٨
‏ئەدۆلف هێتلەر کاتێک خەونەکەی بوو بە وەهم، خۆی کوشت. ئەو کچەی خەون بە گەنجێکی بێ کەموکوڕییەوە دەبینێت و هەموو ڕۆژێک مەرجێکی نوێ زیاد دەکات، لە کۆتاییدا بە تەنیا و قەیرەیی دەمێنێتەوە. ئەو کەسانەی چاوەڕێن ڕووبارەکە بە پەڕەشووت لە ئاسمانەوە بۆیان بێتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی سەرکەوتن دابین بکەن، هەمیشە لەناو شکستی و ژێردەستەییدا دەمێننەوە. ئایدیۆلۆژیاش، هەر ئایدیۆلۆژیایەک بێت، کە بیەوێت لە هەموو کات و شوێنێکدا بێت و هەمیشە مەدالیای زێڕ بباتەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێن و کات، ئایدیۆلۆژیایەکی پووچەڵە.
‏٩
‏هەندێک کەس دڵخۆش دەبن کاتێک وەهمەکانیان بۆ دەردەکەوێت، کاتێک هەست دەکەن وەهمێکیان لەدەست داوە یان شتێکیان بردووەتەوە. ‏بەڵام هەندێکی تر تووشی شۆک دەبن، ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنیبوو، دەیانویست وەهمەکە هەر بە وەهمی بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بزانن وەهمە. ئای وەهمە ئازیزەکەم!

سەرچاوە:
‏( لە لاپەڕەی فەرمی کەریم جدی وەرگیراوە)





ئەهلی كتێب بە كەڵكی هیچ شتێك نایەت كتێب نەبێت!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

         
                                                        

سێ كاتژمێری ڕێك، لە نێو بازاڕی سەرەكی شاری سۆران، لە چاوەڕوانی هاتنی پزیشك بووم بۆ نۆرینگەكەی، تاكو پشكنین بۆ دایكم بكات . لە ماوەی ئەو سێ كاتژمێرەدا، بە سەدان كچی جوان و بەژن زراڤ، كە بۆنەكانیان مەستی دەكردم، بە بەردەمم دا ڕەت بوون، بە سەدان ئوتومبێلی جوان و دوا مۆدێلم بینی، دەیان باڵەخانەی گەورە و بەرز و بە دیزایینی هونەری جۆراو جۆرم بینی، هەزاران كەسی پۆشتە و پەرداخ بە بەردەممدا ڕەت بوون، كەچی من سەرنجم نەكەوتە سەر ئەمانە هیچیان و لەو كاتەدا، بە نیگەرانی و تاسەوە لە بەرخۆمەوە گوتم:( من ئەگەر ئەو سێ كاتژمێرە لە ماڵ بوومایە، ئێستا سەدو پەنجا لاپەڕەم لە كتێبێك دەخوێندەوە ! ) ئەمە چییە وا لە مرۆڤ دەكات ئەو تێڕوانینەی بۆ كتێب هەبێت؟ بێگومان ژیانێكە كە بۆ كتێب و لە پێناو كتێب و خوێنەوەدایە و هەر تەنها بۆ خوێندنەوەش دەژیت. ئەوانەی بە ڕاستەقینەیی ئەهلی كتێب و خوێندنەوەن، ئەوانەی لە بایەخی كتێب و خوێندنەوە گەیشتوون و ژیانیان بە كتێب بەخشیوە، بێگومان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە هەموو شتەكانی ژیان، دەبێ لە پەراوێزی كتێب دابن . جارێكیان دیمانەی نووسەرێكیم خوێندەوە، دەڵێت هاوسەرەكەم پێی گوتم:( لە نێوان من و كتێبدا دەبێ یەكیان هەڵبژێری، منیش بێ بیركردنەوە و دوودڵی گوتم كتێب هەڵدەبژێرم ) و سەرەنجام جیابووینەوە. ئەهلی كتێب كەسێكە، خەیاڵی لای كچی جوان و ڕاوی ژنان ( لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزم بۆ ژنان كە مەبەستم پیاوانە ) نییە، ئەهلی كتێب خەیاڵی لای لگسس و ئومبێلی گران بەها و كارگە و كۆمپانیاو پەیداكردنی پارە و قازانج نییە، ئەهلی كتێب، خەمی گەڕان و سەیران بە وڵاتان و سێلڤی و وێنەگرتنی نییە، ئەهلی كتێب ئەهلی ڕابواردن لەگەڵ هاوڕێكانی و دانیشتنی سەر مێز و گەعدە نییە، ئەهلی كتێب، كەسێك نییە ڕۆژانە بە سەدان ماسكی جۆراو جۆر، لە پەیوەندی بە ئەوانیتر دابێت ئەوانەی بە ڕاستەقینەیی ئەهلی كتێبن، شانازیی بە ڕەچەڵەكی خوێن و خێل ناكەن و شانازیی بە هەبوونی عەشیرەت و دیوەخان و ئەقڵیەتی خێلەكی و پەتریاكییانە ناكەن، ئەهلی كتێب كەسێك نییە لەگەڵ عامێ بچێتە شامێ، بەڵكو ئەو هەست دەكات جیاواز لە هەمووان دەژیت و بەهانەی مانەوە و ژیانیشی تەنها و تەنهان كتێب و خوێندنەوەیە. بۆ من (هەڵبەتە من مەبەستم خۆم نییە لە ئەهلی ڕاستەقینەی كتێب، چونكە تەنها خوێنەرێكی زۆر ئاساییم) كتێب نەك تەنها شایەنی ئەوەیە ستاییشی بكەم و شانازیی پێوە بكەم، بەڵكو بەو پەڕی ڕاستگۆیی و ڕاشكاوییەوە ئەوە دەڵێم كە من لە كتێبەكانەوە فێربووم و گەورەبووم و پەروەردە بووم، نەك خێزانە نەخوێندەوارو میللییەكەم. من لەو جۆرە ڕۆشنبیرە خێڵەكییانە نیم، كە تەنها لە سۆنگەی ئەوەی لە نۆڕمە باوەكانی كۆمەڵگە لا نادەن، دێن لە ڕاستی لا دەدەن نە بادا كۆمەڵگە فڕێیان بداتە دەرەوەی بازنەی دواكەوتووی كۆمەڵایەتییانەی خۆیان. نەخێر، من هەر لە منداڵییەوە كەسێكی دڵشكاو، پشتگوێ خراو بوومە و ئێستاش نەك هەر نامەوێ منداڵیم بیر بكەوێتەوە. بەڵكو كە بیری لێ دەكەمەوە، سام و ترس و فۆبیای ئەو كاتانەم دێتەوە بیر. مرۆڤ سەرەتا دەبێ لەگەڵ بوونی خۆی ڕاستگۆ بێت، ئەو كات دەتوانێت لەگەڵ بەرانبەرەكەی ! بۆیە من چەند لە ستاییشی كتێب و خوێندنەوە بدوێم، هێشتا ناتوانم گەردێك لەو بەخششە گەورەیەی كتێب بدەمەوە كە لە سەر بوون و ژیانم هەیەتی، ئاخر من لە كتێبەكانەوە فێری هەموو شت بووم و هەركتێبیش ئەو هەستەی لا دروست كردم كە بتوانم تا ڕادەیەكی زۆر بێ هەمووان بژیم. زۆرجار هەست دەكەم لە نێو ماڵەكەم، شارەكەم، گەڕەكەكەم هیچ كەس نییە، جگە لە من و كتێب نەبێت. بێگومان دەزانم كە نەخۆشكەوتم، كە پیر بووم، كتێب بە هانام نایەت، بەڵام ناتوانم لەو ڕاستییە لابدەم، كە ئەمە واقیعی ژیانی منە و نەك لەگەڵی ئاسوودەم، بگرە شانازییەكی زۆریشی پێوە دەكەم. زۆرجار باوكم پێم دەڵێت:( تۆ ناتوانی مریشكێك سەربڕی، بەلوعەیەكی ئاو چاكەیتەوە، سویچێكی كارەبا ببەستی، بەرمیلێكی قوپاو ڕاستكەیتەوە، دوو كاتژمێر لای میوانێك دانیشی، گەڕان بە وڵاتان و سەیران و خۆشی بكەیت، پێم ناڵێی تۆ چیت هەیە؟) لە وەڵامدا دەڵێم:
تەنها كتێب و خوێندنەوە، من تەنها بوونەوەری نێو كتێبەكانم و ئەوە ژیانی ڕاستەقینەی منە. كەسێك بۆ كتێب و خوێنەوە بژیت، دەبێ زۆر بە ئاسانی دەستبەرداریی زۆرشت لە ژیان بێت و باكی بەوە نەبێت، چۆن لێكدانەوە بۆ ئەو تێگەیشتنەی دەكەن. نابێ خەیاڵی لای ئوتومبێل، ژن و ماڵ و مۆبیلیات و كەیف و سەفا و دانیشتن و ڕابواردن بێت، خەیاڵی لای ماستەر و دكتۆرای بێ مانا بێت، كە لای ئێمە وەقەی بە فلسێكە. یان تۆ نابیتە ئەهلی ڕاستەقینەی كتێب، یان دەبێ ئەم ژیانە قبول بكەیت، كە تەنها بۆ كتێب و لە پێناو كتێب بژیت. كەم نین ئەوانەی خۆیان پێ نووسەر و ڕۆشنبیرە، كەچی ساڵانە دە كتێب ناكڕن، بەڵام بەلایانەوە ئاساییە پێنچ دەفتەر بە ئوتومبێل بدەن، كەم نین ئەوانەی گوایا خوێنەر و ئەهلی كتێبن، كەچی خەیاڵیان لای ئەوەیە چۆن پارەی زیاتر كۆبكەنەوە، كەی ژنی دووەم بێنن، چۆن پەیوەندی لەگەڵ كچێكی جوان ببەستن، چۆن لە كەنار دەریایەك دەربكەون و خۆیان نماییش بكەن. ئەهڵی ڕاستەقینەی كتێب، هەموو مەودای بوون و ژیانی خۆی تەنها لە نێو ڕووبەرەكانی كتێب دەبینێتەوە و لاتەریكانە و دوورە پەرێزانە، سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسین و داهێنانی خۆیەتی ! ئەم ژیانە، بە ئاسانی قبول ناكرێت، تانە و تەشەرەی لێ دەدرێت، دەبێ قوربانی بە زۆر شت بدەیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، كتێب دەتوانێت قەرەبووی ئەو هەموو شتانەت بۆ بكاتەوە. دیستۆفسكی دەڵێت:( تەنیایی گەر دۆزەخیش بێت، هێشتا خۆشترە لەو هەموو دەمامكانەی مرۆڤەكان) دروست ئێمە لە سەردمێكی وا ئەژین، تاكو مرۆڤێكی وەك یاقووت جوان و پاك و مرۆڤدۆست دەبینینەوە، دەبێ بچینە قووڵایی دەریا.
دواجار دەڵێم كتێب خوێندنەوە هیچ بەهایەكی نییە، گەر مرۆڤ لە ڕیشەوە نەگۆڕێت. كاتێ سەرنووسەری گۆڤارێك بە نموونە بەڵێنی ئەوەت پێ دەدا ئەم ژمارەیە وتارەكەت بڵاو بكاتەوە، بەڵام بەڵێنەكەی خۆی دەشكێنێت، ئەوا گەر لە بری كتێبێك سەد كتێبیشی نووسیبێت، لای من هیچ بەهایەكی نییە، چونكە ئەو ڕاستگۆ نییە لەگەڵ خۆی، پاشان هاوڕێكانی، كە ئەمەش دوورە لە خەسڵەتی كەسانێك كە ناویان نووسەران و ڕۆشنبیرانە. كاتێ نووسەرێك ڕێز لە كات ناگرێت، ئەوا هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ خەڵكی عەوام. كاتێ بە ناو ڕۆشنبیرێك و هونەرمەندێك، گەندەڵی و بێ یاسایی و درۆ دەكات، ئەوا مەحاڵە ڕۆشنبیر و هونەرمەند بێت، چونكە یان نابێ ڕۆشنبیر و نووسەر بێت، یان نابێ درۆ بكەیت، چونكە وەك ونستن چەرچەل وتەنی هەرگیز دووكەس لە گۆڕێك ناشاردرێنەوە. ئەمە تێگەیشتن و بڕوای منە بۆ دنیای خوێندنەوە و كتێب، تا ئەو چڕكە ساتە، ئیدی چۆن لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، بەو پەڕی ڕێزەوە وەریدەگرم.
كتێب دەبێ مرۆڤ لە ڕەگەوە بگۆڕێت و بیكاتە كەسێكی جیاواز لەوانیتر. ئەمەش ناوی ئەو كتێبانەیە، كە لە ماوەی ئەمساڵەدا خوێندوومنەتەوە، كە چەند ساڵێكە كردوومە بە نەریت، ناوی هەموو ئەو كتێبانە دەنووسم، كە لە ماوەی ئەو ساڵەدا خوێندوومنەتەوە:
1_ ئەدەب و مۆدێرنە / ڕەخنە/ كۆمەڵێك نووسەر/ 320 ل.
2_حەشری ئاشقان/ ڕۆمان / زەردەشت نوورەدین / 400 ل.
3_میوانێك لە سەر زەمینی دوورەوە / شانۆنامە/ بەختیار عەلی/ 234 ل.
4_بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهان/ شانۆنامە/ بەختیار عەلی /150 ل.
4_ ڕێبەری یاسای باری كەسیەتی / یاسایی / عزەدین عەبدوڵا/78 ل.
5_- بیرەوەرییەكانی بەنگلادیشییەك/ تەنز / زیرەك كەمال / 254 ل.
6_ڕەنگدانەوەی لەیلی و مەجنوون لە ئەدەبی كوردیدا/ لێكۆڵینەوە/ خانزاد عەلی قادر/ 232ل.
7_ چەمكی داهێنان لە تێڕوانینی شاعیرانی كورددا / لێكۆڵینەوە/ دیلمان قادر ئەحمەد/ 397 ل.
8_تیۆری بونیاتی شاراوە/ لێكۆڵینەوە/ نەجات حەمید ئەحمەد/ 790 ل.
9_پێت وانەبێ تەنیای/ یاداشت/ ئەلیف شەفەق/ و _ سولێمان ابراهیم زادە/ 251 ل.
10_ دواتر تۆ هاتیت/ یاداشت/ ئیبراهیم دالفیدان/ و _ سیما تەها/ 160 ل.
11_ كتێبی برینی من/ گێڕانەوە/ داستان بارزان/ 127 ل.
12_ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر/ لێكۆڵینەوە/ ناڵە حەسەن/ 312. ل.
13_هونەری ڕەفتاركردن لەگەڵ ژنان/ هزری/ شۆپنهاوەر/ و _ محمود هۆمەر باوزێی/ 106 ل.
14_كۆتای گەمە/ شانۆنامە/ سامۆئیل بیكت/ و هونەر شاهۆ/ 102 ل. 15ژن و جەنگ/ دیمانە/ و _ ڕێزان حەسەن/ 88 ل.
16_سێبەری قەلەبەرد/ بیرەوەری/ مەلەكە سولتانی/ 525 ل.
17_ژانی گەل/ ڕۆمان/ برایم ئەحمەد/ 215 ل.
18_ماركسیزم و ڕەخنەی ئەدەبی/ تێری ئیگلتۆن/ عەبدولخالق یەعقوبی/ 135 ل.
19_پەتی سێدارە بە كاتی بانگی بەیانی/ ڕۆمان/ محمەد رەئوف مورادی/ و _ شوانە عەبدوڵا/ 155 ل.
20_ شاعیر وشەناسی شتناسە/ لێكۆڵینەوە/غازی حەسەن/ 142 ل.
21حەسەن سوورمە/ ڕۆمان/ بەكر ئاڵەیی/ 160 ل.
22_ ئارابخوێن/ ڕۆمان/ محمود نەجمەدین/ 315 ل.
23_داهێنان سەربەكەشفكردن و خەون و دنیابینییە/ دیمانە/ عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا/ 208 ل.
24_سێگۆشەی سنوور/ ڕۆمان/ سەلام عەبدوڵا /250 ل.
25_ زمانی حەیزەران/ وتار/ فەرهاد پیرباڵ/ 208 ل.
26_ پرسی كورد لە فیلەمەكانی یەلماز گۆنەیدا/ سینەما/ پێشەوا حەمە / 52ل.
27_مرڤە خۆڵەمێشیەكان/ شانۆنامە/ دانا ڕەئووف/ 117 ل.
28_هەیئە/ ڕۆمان/ سەلام عەبدوڵا / 160 ل.
29_ مۆنۆدۆلۆژی دەق/ لێكۆڵینەوە/ حەمەی كەریمی / 116 ل.
30_پشكۆكانی نێو زمان و شیعر/ لێكۆڵینەوە/ پێشەوا كاكەیی / 189ل.
31_ نامەی دڵ/ شیعر و پەخشان/ دكتۆر كوردستان موكریانی/ 61 ل.
32_خۆشەویستی لە نێوان وەهم و واقیعدا/ توێژینەوە/ سەروەر عومەر/ 158 ل.
33_ هێماكانی دنیای ڕۆمان/ دیمانە/ نەبەز گۆران/ 183 ل.
34_كۆمەڵناسی ئابووری/ كۆمەڵناسی / كارزان عوسمان شێخ وەتمان/ 120ل.
35_ ئەنفال/ شانۆنامە/ ڕاجی عەبدوڵا/ و –یاسین قادر بەرزنجی/ 78 ل.
26_لە پەیوەندییەوە بۆ خۆشەویستی/ مرۆیی/ ڕێوار سیوەیلی/270 ل.
27_ وێژان/ دیمانەی ئەدەبی/ ئارام حاجی/ 610ل.
38_ خوێندنەوە دەردو دەرمان/ خوێندنەوە/ بەڕێز عەباس/ 154 ل.
39_ گۆشتەكەی بۆ ئێوە ئێسقانەكانی بۆ من/ پەروەردەیی / شێرزاد حەسەن/ 206 ل.
40_ئاوەزنامە/ پەروەردەیی/ ئارۆن گاندی/ و شەفیقی حاجی خدر/ 315 ل. 41 بیست و چوار كاتژمێر لە ژیانی ژنێك/ ڕۆمان/ تشیڤان سڤیك/ و بەهزاد حەوێزی / 168 ل. 42 سینەما و شوناس/ سینەما/ هەوراز محمەد/ 250 ل.
43_ ڕووەكی/ ڕۆمان/ هانك كانگ / و _ هەژار عوسمان/ 308 ل.
44_ وردە گەڵای بەر هەتاو/ بیرەوەری/ حەمە عەباس/ 448 ل.
45_ تاقانەترین كچی خودا/ ڕۆمان/ ڤینۆس فایەق/ 155 ل.
46_ زمان و ئەدەبی كوردی/ زمانەوانی/ د – ئەحمەد قەرەنی /230 ل.
47_ ناوی خۆیان بیر نەماوە/ ڕۆمان/ ئارام محمەد/ 235 ل.
48_ مێتەنلێتی خێڵ/ كۆمەڵناسی/ حەمە فەریق حەسەن / 390 ل.
49_ دیوەكەی تری شۆڕش/ بیرەوەری/ جوتیار قادر/ 174 ل.
50_ خاڵبەندی/ زمانەوانی/ كیومەرس نیكڕەفتار/ 104 ل.
51_ئەدەب لە مەترسیدا/ لێكۆڵینەوە/ زەردەشت نورەدین/ 180 ل.
52_ كچی ناو وێنەكە/كۆمەڵە چیڕۆك/ شەهلا فەیزوڵا/ 170 ل.
53_دایە ڕابی/ شیعر/ حوسێن مستەفا/ 320 ل.
54_شتێك لە مندا ونە/ شیعر/ دڵشاد حوسێن/180 ل.
55_ جەمال حەیدەری/مێژوویی/ بارزان محمەد/ 350 ل.
56_حەسرەت/ شیعر/ ئاراس عەزیز / 110 ل.
57_شەقامی شاعیران/ لێكۆڵێنەوە/ بۆتان جەلال/ 220 ل.
58_ شێت/ ڕۆمان/ زرار سەرتاش/ 110 ل.
59_یەكەم بەردی سەنگەر/ بیرەوەری/ هیوا سەید سەلیم/ 315 ل.
60_ لە تاریكییەوە بۆ ڕۆشنایی/ یاداشت/ ڕۆشنا ئیبراهیم/ 112 ل.
61_ فەرهەنگی حاجی قادری كۆیی/ فەرهەنگ/ پێشرەو سەید برایم/ 450ل.
62_ پەیامی گیڤاڕا بۆ گەنجان/ هزری/ گیڤاڕا/ و _ محمەد سەلام/ 346 ل.
63_بنەماكانی شاخەوانی/ وەرزش/ ئەنوەر عەلی محمەد/ 205 ل.
64_هەردوو كتێبی پیرۆزی ئێزیدیان/ ئایینی/ ماكسیمیلیان بیتنەر/ و دحەمید عەزیز/ 40 ل.
65_ڕێگای ڕاستی ژیان/ ئایینی/ مەسیح/ و _ …../ 24 ل.
66_ پرۆسەی ئەنفال و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبی كوردیدا/ توێژینەوە/ مەهدی فاتح عومەر / 275 ل.
67_ لێ گەڕێن مرۆڤ بژی/ شانۆنامە/ پێیر لاگەركڤیست/ و _ خەبات عارف/ 64 ل.
68_ چوارینەكانی بابەتاهیری هەمەدانی/ شیعر/ ئەحمەد تاقانە/ 72 ل.
69_چوارینەكانی بابەتاهیری هەمەدانی/ شیعر/ دڵزار/ 72 ل.
70 سەما/ ڕۆمان/ هارۆكی مۆرۆكامی/ و موكەرەم رەشید تالەبانی/ 463 ل.
71_ڕۆڵی تیپی پاشای گەورە/ هونەری / هێلین یاسین/ 85 ل.
72_ زیوەر/ لێكۆڵینەوە/ نەوزاد كەلهور/ 216 ل.
73 _ نامە بۆ میلینا/ نامە/ كافكا/ و _ ڕەئوف بێگەرد/ 315 ل.
74 _ مەم و زین/ داستان/ خانی/ و – هەژار موكریانی/ 515 ل.
75-گرەوەی چاوەكانی ئەو/ ڕۆمان/ ئەحلام مەنسووڕ/200 ل.
76_زایەلەی دەق/ ڕەخنەی ئەدەبی/ موڕاد ئەعزەمی/ 305 ل.
77_جەمیل سائیب / لێكۆڵینەوە / ئازاد حەمە شەریف / 240 ل.
78_ناتوانین بۆت بگرین / كۆ وتار / ئیسماعیل تەنیا / 366 ل.
79_ڕۆمانی ژیاننامەیی / لێكۆڵینەوە/ كەمال سەعدی/ / 88 ل.
80_ چەپكێ گڕ / لێكۆڵینەوە / عەبدولرحمان ئەحمەد / 115 ل.
81_بەرەو جیهانی شیعری چەند شاعیرێك / لێكۆڵینەوە / كەمال غەمبار / 214 ل.
82_لە بارەی شیعرەوە / لێكۆڵینەوە / كۆمەڵێك نووسەر / و تاهیر عوسمان/ 96 ل. 83تێكۆشانی نیشتمانی / سیاسی / كاوە محمود / 592 ل.
84_ حاجی قادری كۆیی / لێكۆڵینەوە / محمەدی مەلا كەریم/ 180 ل.
85 _ دەنكە هەنارەكانی ناخ / شیعر / سەلام نەورۆز / 118 ل.
86_گێڕانەوەی مۆدێرنی كوردی/ لێكۆڵینەوە/ فەرهاد شاكەلی/ و محمەد ئەعزەمی 176 ل. 87فەلسەفەی شیعر و شیعری فەلسەفی/ لێكۆڵینەوە / سەنگەر قادر محمەد / 376 ل.
88_ناسیۆنالیزم و سەفەر/ / هزری/ مەریوان قانح / 234 ل.
89_قانوونناسی/ یاسایی / د – كەمال میراودەلی/ 266 ل.
90_ڕۆمان و ناسنامە/ لێكۆڵینەوە / حەمە سەعید حەسەن/ 176 ل.
91_نیشتمانی سارا / ڕۆمان/ میران ئەبراهام /448 ل.
92_سایكۆلۆژیای عەقلی كوردی/ دەروونناسی / محمەد تەها حوسێن/ 364 ل.
93_گوڵخاتر/ ڕۆمان/ هەمزە گوڵانی / 238 ل.
94_ ز / ڕۆمان/ سینا خەلیلی/ 62 ل.
95_چیڕۆك بۆ كوڕەكەم/ چیڕۆك / یەڵماز گۆنەی/ و _ سەلاحەددین بایەزیدی / 80 ل.
96_سەربار لە بنبار گرانتر/ زمانەوانی/ جەواد نەورۆز/ 218 ل.
97_بنەماكانی شیعری ئاڵۆز/ لێكۆڵینەوە / نەبەز محمەد/ 80 ل.
98_ شۆربای پێلاو/ ڕۆمان/ تانیا میرزا/ 118 ل.
99_قاچار قۆچار/ ڕۆمان/ ڤیڤیك شانبهاگ / و جەبار سابیر/ 138 ل. 100ئاوێنەی نامەكان/ نامە/ پشكۆ نەجمەدین/ 167 ل.
101_سەرجەم چیڕۆكەكانی ڕەئوف حسن/ كۆ چیڕۆك/ ڕەئوف حسن/ 384 ل.
102_ كەڕەنا/ ڕۆمان/ محمەد ئەلسەفەر/ و سەباح ئیسماعیل/ 214 ل. 103 گوتاری شەوڕۆ / لێكۆلینەوەی ئەدەبی/ فازل شەوڕۆ/ 540 ل.
104_ چۆن ڕووبەڕووی مەرگ و ژیان ببینەوە / كۆمەڵایەتی/ گوهدار شوكر/ 339 ل.
105_ئەزموونی پەروەردەیی / پەروەردە/ فازڵ شەوڕۆ / 327 ل.
106_تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان/ میدیا/ فریاد ئیروانی/ 104 ل.
107_گابۆڕ / ڕۆمان / سەید قادر هیدایەتی / 230 ل.
108_ كوردو ژیانێكی پڕ لە ئەندێشە/ بیرەوەری/ پاكیزە رەفیق حیلمی/ 435 ل،
109_گفتوگۆیەك لە بەردەم ئاوێنەدا / زانستی / توانا ئەمین/ 198 ل.
110_ئافرەتە تێكۆشەرەكانی كورد/ مێژوویی/ دهۆك بەڕۆژی/ 360 ل.
111_ وتەكانی دیستۆ فیسكی/ وتە/ و _ زانا خەلیل / 291 ل.
112_ناسنامە / هزری / فۆكۆ / و _ دلشاد میران/ 380 ل.
113_سلێمانی لە شیعری شاعیراندا/لێكۆڵینەوە/ د ئاراس محمد ساڵح/ 60 ل. 114دووژن لە ژنێكدا / ڕۆمان / نەوال سەعداوی / و _ لەنجە ستار/175 ل.
115_نهێنییە گەورەكانی ژیان / پەرەپێدانی مرۆیی/ واین دایر/ و _ بانۆ عمر/ 346 ل.
116_هەڵاتنی كچەكان/ ڕۆمان / گۆران سەباح / 234ل.
117_یاداشت / بیرەوەری/ ڕەفیق حیلمی/ 690 ل.
118_ لەوێ مەمرە/ ڕۆمان/ ڕەزا عەلی پوور/ 285 ل.
119_ سێیەم چیا كە لێمەوە نزیكە/ چیڕۆك/ حەسەن هەندرێنی/ 124 ل
120_ شیرینی و تاڵییەكانی ژیان/ بیرەوەری / زرار قادر كەریم، 350 ل.
121_ ئەو پیاوەی پێ دەكەنێ / ڕۆمان/ فیكتۆر هۆگۆ / و _ سەعد عەبدوڵا/ 390ل.
122_ ڕۆڵی بگێڕەوە لە ڕۆمانەكانی حیسام بەرزنجیدا/ لێكۆڵینەوە/ د –یوسف حەسەن / 400 ل.
123_ دەروازەیەكی ڕەخنەیی بۆ كۆمەڵناسی/ كۆمەڵناسی/ ئەنتۆنی گیدز/ و _ ئارام ئەمین شوانی / 398 ل.
124_ مێژووی هاوچەرخ و بیری كورد/ مێژوویی/كەمال میراودەلی / 440 ل.
125_ ڕۆمان و واقیع/ لێكۆڵینەوە/ لوسیان گۆڵدمان/ و _ سەلاح عومەر / 120 ل.
126_كاكە ڕەش / ڕۆمان / حازم كوتەك/ 695 ل.
127_ نەخۆشی مەرگ/ ڕۆمان/ مارگرێت دۆڕاس/ و _ كەریم تاقانە / 60 ل.
128_ لاپەڕە پەرشەكان / كۆمەلێك نووسەر/ فیكری، و _ ئازاد بەرزنجی/ 390 ل.
129_ ژیان كورتە/ رشۆمان/ یۆستینگاردەر/و _ ڕێبوار سیوەیلی. 126 ل.

بێگومان، بەشێكی زۆر لەو كتێبانە، خوێندنەوە و ڕانانم بۆ كردوون، بە خوێنەرانم ناساندوون، هەندێكیشیان لە بارەیانەوە نووسیومە، بەڵام وتارەكانم بڵاو نەكردۆتەوە. دواجار دەڵێم خوێنەربوون، لە پێشەوەی نووسەربوونە، شتێك نییە بە ناوی نووسەر و ڕۆشنبیر، بێ خوێنەربوونێكی ڕاستەقینەی نێو دنیای كتێب و خوێندنەوە.

ڕواندز _ 30/12/2025




گەشتکردن لەناو ماڵدا؛ هونەری دۆزینەوەی ئارامی.. وریا مەعروف

ڕۆژانە لە دەرەوەی ماڵەکانمان، لەناو ژاوەژاوی شەقام و لێشاوی هەواڵە نەرێنییەکاندا، تووشی جۆرێک لە شەکەتیی ڕۆحی دەبین. زۆرجار وادەزانین بۆ ڕزگاربوون لەم دڵەڕاوکێیە، دەبێت جانتاکانمان بپێچینەوە و بەرەو شوێنێکی دوور گەشت بکەین. بەڵام ئەوەی فەرامۆشمان کردووە ئەوەیە کە ماڵ وەک یەکەمین پەناگە، دەکرێت ببێتە گەورەترین مەیدانی گەشتکردن و ئارامبوونەوە. دۆزینەوەی ساتێکی بێدەنگی لە سووچێکی ژوورەکەدا یان چێژوەرگرتن لە کوپێک چای گەرم، تەنها کردارێکی سادە نین، بەڵکو گەڕانەوەن بۆ لای خۆمان. کاتی ئەوە هاتووە لەوە تێبگەین کە ئارامی دۆزینەوەیە، نەک کڕین.
بۆ ئارامیت، پێویستت بە ڤیزا نییە بۆ ئەوەی پیاسەیەک لە شەقامە باراناوییەکانی لەندەندا بکەیت؛ تەنها پێویستت بە کتێبێکە. کتێبخانەی ماڵەکەت وەک فڕۆکەخانەیەکە کە هەزاران گەشتی بێ پلیت و بێ ماندوێتی تێدایە. کاتێک کتێبێک بەدەستەوە دەگریت، تۆ تەنها لاپەڕە هەڵ نادەیتەوە، بەڵکو دەچیتە ناو بیرکردنەوەی مرۆڤێکی تر و لە جیهانێکی تردا دەژیت. ئەمە ناوی بنێ “گەشتكردن بە خەیاڵ” ئەو جۆرە گەشتەی کە ڕۆحت نوێ دەکاتەوە بەبێ ئەوەی یەک هەنگاو لە جێگەکەی خۆت بجوڵێیت.
لە فەلسەفەی “ژیانی هێمن”دا، ئامادەکردنی قاوەی بەیانییان یان چایەک تەنها خواردنەوەیەک نییە، بەڵکو ڕێوڕەسمێکی پیرۆزە. سەرنجدان لە قڵپەقڵپی ئاوەکە، بۆنی دارچین یان هێل، و ئەو گەرمییەی کە کوپەکە دەدات بە دەستەکانت، گەشتێکی “ئیستاتیکییە” بۆ ناو هەستەکان. ئەمە ئەو ساتەیە کە تیایدا فێری “ئێستا و لێرە” دەبیت؛ شوێنێک کە تێیدا نە خەمی ڕابردوو هەیە و نە دڵەڕاوکێی داهاتوو، تەنها چێژبینینە لەو ساتە سادەیەی کە هەتە.
هەر ماڵێک مۆزەخانەیەکی تایبەتی تێدایە کە ڕەنگە ساڵانێک بێت لێی ورد نەبووبینەوە. وێنەیەکی کۆن کە کەمێک ڕەنگی زەرد بووە، دیارییەک لە هاوڕێیەکی دێرین، یان تەنانەت ئەو ڕادیۆ کۆنەی سووچی ژوورەکە. گەشتکردن بەناو ئەم شتانەدا، گەشتە بەناو زەمەندا. هەر یەکێکیان چیرۆکێکیان هەیە کە دەتوانێت زەردەخەنەیەک بخاتە سەر لێوت و بیرت بخاتەوە کە ژیان پڕ بووە لە وێستگەی جوان کە شایەنی ئەوەن جارێکی تر یادیان بکەیتەوە.
زۆرجار خەڵک وا دەزانن گەشبینی و دانیشتن لە ماڵدا جۆرێکە لە هەڵاتن لە واقیع، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە “گەیشتنە بە واقیع”. جیهانی مۆدێرن فێری کردووین کە “بەختەوەری لە شوێنێکی ترە”، بەڵام ژیانی هێمن پێمان دەڵێت: “بەختەوەری لێرەیە، ئەگەر بتوانیت بیبینیت”. ئەمە جۆرێکە لە شۆڕش دژی ئەو خێراییە دەستکردەی کە سۆشیاڵ میدیا بەسەرماندا دەسەپێنێت؛ شۆڕشێک بۆ گەڕانەوە بۆ لای خۆمان.
زۆرجار کاتێک باس لە “ژیانی هێمن” دەکرێت، ڕەخنەگرەکان وا دەزانن ئەمە جۆرێکە لە هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی یان تەمبەڵی، بەڵام ڕاستییەکە تەواو پێچەوانەیە. ژیانی هێمن بە واتای ئەوە نایەت کە تۆ هیچ نەکەیت، بەڵکو بە واتای ئەوە دێت کە “بە ئاگاییەوە” هەموو شتێک بکەیت. ئەمە هەڵاتن نییە لە ژیان، بەڵکو گەیشتنە بە قووڵایی ساتەکان.
لە ژیانی خێرای ئەمڕۆدا، ئێمە زۆرجار بە پێوە یان لە کاتی سەیری کردنی مۆبایلەکانماندا ژەمەكان دەخۆین؛ لێرەدا ئێمە خواردن ناخۆین، بەڵکو تەنها گەدەمان پڕ دەکەین. بەڵام لە “ژیانی هێمن”دا، تۆ دە خولەک تەرخان دەکەیت، سەیری ڕەنگی خواردنەكانی سەر سفرەكە دەکەیت، تامی پار پارەی نانەکە دەچێژیت و هەست بەو وزەیە دەکەیت کە دەچێتە جەستەتەوە. ئەمە وادەکات مێشکت لە دڵەڕاوکێی “چی بکەم؟”ەوە بگۆڕێت بۆ چێژی “ئێستا چی دەگوزەرێت؟”.
یاخود دەشێ بڵێین ئێمە وەک بزوێنەرێکمان لێ هاتووە کە نابێت بوەستێت. کاتێک بۆ ماوەی كاتژمێرێک مۆبایلەکەت دەخەیتە لایەک و تەنها سەیری دڵۆپە بارانەکانی سەر شووشەی پەنجەرەکە دەکەیت، تۆ کاتت بەفیڕۆ نەداوە، بەڵکو “ڕۆحت بارگاوی کردووەتەوە”. ئەمە جۆرێکە لە خۆشەویستی بۆ خود، کە تێیدا ڕێگە بە مێشکت دەدەیت لە ژاوەژاوی سۆشیاڵ میدیا پاک ببێتەوە.
جیهانی مۆدێرن فێری کردووین کە هەمیشە دەبێت “بەرهەمدار” بین، تەنانەت لە کاتی پشووشدا دەبێت وێنەی پشووەکە بگرین تا بیسەلمێنین کە دڵخۆشین! ژیانی هێمن دێت و ئەم دەمامکە لادەبات، پێمان دەڵێت کە سادەترین جۆری دڵخۆشی ئەوەیە کە بتوانیت بەبێ هیچ هۆکارێکی گەورە، تەنها بەبوونی خۆت و ئارامیی ماڵەکەت، هەست بە دەوڵەمەندی بکەیت. ئەمە ئەو شوێنەیە کە تێیدا مرۆڤ لە “ڕاکردن بەدوای بەختەوەری” دەوەستێت و لەناو “خودی بەختەوەری”دا نیشتەجێ دەبێت.
ماڵ تەنها شوێنێک نییە بۆ خۆشاردنەوە لە باران و سەرما، بەڵکو گەورەترین مۆزەخانەی تایبەتی تۆیە. پێش ئەوەی بەدوای سەرکێشیدا لە وڵاتانی تر بگەڕێیت، جارێکی تر بە وردی و بە چاوێکی نوێوە سەیری گۆشەکانی ژوورەکەت بکەرەوە، ڕەنگە گەورەترین دۆزینەوەی ژیانت لەوێدا بێت، لەناو ئەو سادەییەی کە هەموو ڕۆژ دەیبینیت و تێپەڕ دەبیت، بەبێ ئەوەی بزانیت چەندە سەرسوڕهێنەرە.




واقیع و وه‌هم.. به‌ختیار محه‌مه‌د

مرۆڤ ژیانی له‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا كردۆته‌ دۆزه‌خێك و باسی به‌هه‌شتی خه‌یاڵییش ده‌كا: لێره‌ جه‌هه‌ننه‌م ده‌خوڵقێنێ، له‌ خه‌یاڵیش (به‌ هۆی ئایینه‌وه‌) به‌هه‌شتی خه‌یاڵیی بۆ خۆی داده‌مه‌زرێنێ.

هه‌ڵبه‌ته‌‌ ئه‌مه ته‌ناقووزی بوونی مرۆڤه‌: له‌ نێوان ژیانی سروشتی و ژیانی به‌ عه‌قڵانیی بوونیدا، له‌ نێوان به‌ربه‌ریه‌ت و شارستانییه‌تدا.

مرۆڤ ده‌توانێ واقیع (ژیان) بكاته‌ دۆزه‌خ، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێ بیكاته‌ به‌هه‌شت. ئه‌و ده‌توانێ دۆزه‌خی خه‌یاڵیی بكاته‌ دۆزه‌خی واقیعیی، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێ به‌هه‌شتی خه‌یاڵیی بكاته‌ به‌هه‌شتی واقیعیی (كه‌واته‌ به‌هه‌شت ته‌نها له‌ خه‌یاڵدا هه‌یه‌)؛ ئه‌مه‌ش ڕۆحه‌ پڕ له‌ ته‌ناقووزه‌ شه‌ڕانگێزییه‌كه‌ی مرۆڤه‌. ‌

ئه‌و خوا ده‌په‌رستێ، چونكه‌ پڕ له‌ ته‌ناقووزه‌، له‌ تووڕه‌ییشی ده‌ترسێ. له‌م پێناوه‌شدا (تا خوا سارد كاته‌وه‌) كاری ناعه‌قڵانیی شه‌ڕانگێزانه‌ ده‌كا: جاران مرۆڤی بۆ ده‌كرده‌ قوربانی، ئێستاش ئاژه‌ڵی به‌سته‌زمانی بۆ ده‌كاته‌ قوربانی. به‌م شێوه‌یه‌ مرۆڤ كوشتن پیرۆز ده‌كا و مۆركی پیرۆزیی پێ ده‌به‌خشێ. له‌مه‌شه‌وه‌ مرۆڤ دژ به‌ برای مرۆڤی خۆی (له‌ پێناو خوادا؟) جه‌نگی پیرۆز (جیهاد) به‌رپا ده‌كا.

كه‌واته‌ ئایدیۆلۆژیا و ئایینه‌كان هه‌رگیز هیچ نین، جگه‌ له‌ زمانی ئه‌و ته‌ناقووز و ناكۆكییه‌ پڕ له‌ خورافه‌ و شه‌ڕانگێزه‌ی، كه‌ له‌ناو مێژووی بوونی مرۆڤایه‌تیدا ڕه‌گی داكوتاوه‌ (نه‌ ئایین و نه‌ ئایدیۆلۆژیاكان نه‌یانتوانیوه‌ كێشه‌ی ئه‌م ته‌ناقووزه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن).

زۆر جار كێشه‌ی مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕقی له‌ ناسینی واقیعه‌ و (به‌ پێی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ باشی دركی پێ ناكا) به‌ دوای خه‌یاڵی خورافی و ئه‌فسانه‌یی و وه‌هم ده‌كه‌وێ. به‌م شێوه‌یه‌ش مرۆڤایه‌تی باوه‌ڕی ئایین و دیارده‌ی خواپه‌رستیی داهێناوه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ مرۆڤ به‌ ناچاری له‌ ده‌ست دیارده‌ی سروشتیی مه‌رگ هه‌ڵدێ، په‌نا بۆ خه‌یاڵی (خه‌ونی) نه‌مریی (ئایین، خوا) ده‌با. داستانی گه‌لگامێش باشترین نموونه‌ی ئه‌ده‌بی و ئایینیی ئه‌م دیارده‌یه‌یه‌. ڕاستییه‌كه‌ی مه‌رگ سه‌رچاوه‌یه‌كیشه‌ (هۆكارێكیشه‌) بۆ كاری داهێنان و خه‌یاڵی داهێنه‌ر (ئایین خۆی یه‌كێكه‌ له‌م داهێنانانه‌).

مرۆڤ به‌ هۆی مه‌رگه‌وه‌ (له‌ ترسی مه‌رگ)، زۆر شتی له‌ خورافه‌ و ئه‌فسانه‌ و ئه‌ده‌ب و ئایین و هونه‌ر… داهێناوه‌؛ دیسان لێره‌ ته‌ناقووزێكی گه‌وره‌ هه‌یه‌: مرۆڤ له‌ مه‌رگ ده‌ترسێ (خوا و ئایینی بۆ داده‌تاشێ)، كه‌چی له‌ولاوه‌ هه‌ر به‌ ده‌ستی خۆی، سه‌ر گۆی زه‌وی، له‌ ڕێی كوشتار و جه‌نگه‌وه‌‌، به‌ تارمایی مه‌رگ داده‌پۆشێ. خۆی له‌ مه‌رگ ده‌ترسێ، به‌ڵام چێژیش له‌ مه‌رگی (كوشتنی) ئه‌وی دیكه‌ (ئه‌وانی دیكه‌) ده‌بینێ.

مرۆڤ هه‌ندێك جار له‌ناو ته‌ناقووزێكی كوشنده‌دا ده‌ژی: هه‌م ژیاندۆسته‌، هه‌م مه‌رگدۆسته‌؛ هه‌ر بۆیه‌ش له‌ پێناو خوادا جه‌نگ به‌رپا ده‌كا و ژیان پڕ له‌ مه‌رگ ده‌كا (مه‌رگدۆستیی) بۆ ژیانێكی خه‌یاڵیی (به‌هه‌شت = ژیاندۆستیی)؛ ئه‌مه‌ش لوتكه‌ی نائومێدی مرۆڤه‌ له‌ ئاست واقیعدا.

هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤ له‌ واقیعدا نائومێد بێ، هێنده‌ش جیهانی خه‌یاڵ خۆش ده‌بێ. هه‌رچه‌نده‌ بیركردنه‌وه‌ش سه‌ره‌تایی و ساده‌ و ساكار بوو، هێنده‌ش خه‌یاڵ و باوه‌ڕ و بۆچوونی ناماقووڵ به‌رهه‌م ده‌هێنێ: خورافه‌كان له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، به‌رهه‌می ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌ و ئه‌م جۆره‌ عه‌قڵییه‌ته‌ن.

به‌ختیار محه‌مه‌د




بەکورتی40: سێبەر.. تارماییەک لەناخی هەریەکێکماندا خۆیمەڵاسداوە.. ئازاد حەمە

ڕاستە واتای سێبەرShadowدیاردەیەکی فیزیکییە، بەڵام لە ژیانی مرۆڤدا پڕە لە ناڕوونی. سێبەر، کە شتێکە لەنێوان ڕووناکی و ڕووکاریی ئاماژەشە بۆ دیوە شاراوەکانی ژیانی مرۆڤ، وەک: کەوتنە زۆنی سێبەرەوە، خۆشاردنەوە، نادیاربوون و…. . هەروەها سێبەرکردن یاخود کەوتنە بەر سێبەرەوە مانەوەیە لە تارمایی Ghost و بوونیشە لە تاریکییدا. لەناو سێبەردا ڕووناکی ئاوابووە و ژیان لێڵ و نادیارە. کەواتە،کە سێبەر هەبوو وێنەیەکی ڕوون بۆبینیین بوونی نییە. ئەوانەی دەکەونە ناو سێبەرەوە کەسانێکی تارماویی، نادیار و فانتۆم Phantomن. ئەمە بۆ ئێمە مانای ئەوەیە، لەئیستادا کەتووینەتە ناو سەردەم و کاتێکەوە پرە لە شەبەح و تارمایی؛ ئەوەتا هەموو لە تارماییدا پەرە بە بوونی خۆیان دەدەن، چەترێک، سێبەرێک ڕایگرتوون؛ ئارەزووی زۆنی تارکیدەکەن، چونکە لە تاریکیدا هەست بە بوونی خۆیاندەکەن.

وێڕایئەوە، لەناو تاریکییDarknessدا هەردەم ترسێک زیندووە، سێبەریش تاریکییئاسا بێبەری نییە لەو ترسە. ئەوانەی لە سێبەردا دەژین هەمیشە تارماییەک ڕاویاندەنێت. دەرکەوتن لە سێبەردا ئاماژەیە بۆ نادیاریی، بۆ ونبوونی جەستە و مانەوە لەناو تاریکییدا. لەبەرئەوە کەوتنە ناو سێبەرەوە دەرنەکەوتنی جەستەیە، توانای ئامادەنەبوونە بە ئاشکرا.

ناوچەی تاریک ئەو شوێنەیە ڕووناکی نایگاتێ و ناوچەیەکی تارماییدارە. بۆئەوەی سێبەر هەبێت پێویستە ڕووناکی نەبێت، یان ڕێگرێک لە دروستکردنی ڕۆشنایی هەبێت. ئەوانەی پێویستییان بە تاریکییە دوژمنی ڕۆشنایین، چونکە تارمایی تاکە داڵدەیانە.

لێرەدا پۆلێک پرسیار تایبەت بەوەی لای سەرەوە باسکرا دەخەینەڕوو: سێبەر چییە؟ سێبەر دژە جەمسەری ڕووناکییە یان بەشێکە لە ڕووناکی؟ سێبەر یان تارمایی ڕەهەندی خۆی نییە؟ مانەوە لە سێبەردا نێگەتیڤە؟ ژیانی لێڵ یان ژیانی تاریک چ جۆرە ژیانێکە؟ باشە گفتوگۆی سێبەر نامانباتەوە ناو گفتوگۆی تاریکیی؟ تاکەی مانەوە لە تارماییدا؟بۆچی بۆزۆرێک تارمایی ژیانە؟ ئەوە وێنە یاخود جەستە نییە سێبەری خۆی دروستدەکات؟ گەر بەڵێ،کەواتە بۆ ترس لە سێبەر؟بۆ لە سێبەردا دیدگاکانمان بەخێوکەین؟چ جۆرە هەڕەشە و نیگەرانییەک لەپشت مانەوەمانە لە سێبەردا؟چیبکەین تا مۆم و چراکانی ناو ناخمان بۆهەمیشە ڕووناکیی بەخشبن؟

سێبەر چییە؟ کاتێک دەپرسین سێبەر چییە دەکەوینە ناو پرسیارێکی دیکەوە، ئەی ڕووناکی(ڕۆشنایی)چییە؟ هەروەها ئەوەش، کە چۆن سێبەر پێکدێت چییە؟ لە گفتوگۆی سێبەردا زانستی فیزیا دیارترین زانستە کە، لەو بارەیەوە گفتوگۆی تۆکمە و بەرین دێنێتەگۆڕێ. دەبینین لە زانستی فیزیادا لە باسی سێبەر دەکەوینە ناو باسی ڕووناکییەوە؛ هەروەها سێبەری تەواو و نیوەسێبەر. دەکرێت واش لە سێبەر تێبگەین، کە شێوە، فانتۆم، هەڕەشە و نیگەرانیشە.

ئەدی تارمایی چییە؟ تارمایی بریتییە لە ناوچەیەکی تاریک. ئەوکاتە دێتەدروستکردن کە ڕێگرییەک دێتەبەرپێی ڕووناکیی. ڕوونتر بێینەگۆ: سێبەر شتێکی سەرەکیمان بیردەخاتەوە، کە زۆر پەیوەندیدارە بە ڕووناکییەوە، کە دژە جەمسەری سێبەرە، ئەوەش ئاوابوونی خۆرە.

ئاوابوونی خۆر هاتنی تارکیی و لێڵیە. کەوتنە ناو سێبەریشەوە، یان مانەوە لە سێبەر هەر ئەو مانایەی هەیە لای سەرەوە هێمایبۆکرا، کە سێبەر نیشانەیە لەسەر نەدیتن، خۆشاردنەوە و خۆمەڵاسدان لە پەناگەیەک. چونکە ئەوەی لە سێبەردا، لە تاریکییدا، دەکرێت لەبەرڕۆشنایدا ناکرێت. بۆیە سێبەر بینین و دیار Visible دەخاتە ژێرپرسیارەوە.

سەرباریئەوە، کە ڕۆشنایی نەما سێبەر یان تاریکیی دەستپێدەکات. بۆزۆرێک ڕووناکی سەرچاوەی گشت خۆشییەکانە، لێ بۆ هەندێک سێبەر پەناگەیە، داڵدەیە بۆ خۆشاردنەوە. بیرماننەچێت، “لە سێبەردا نائاگایی چالاکە، سەرکوتکراوەکانیش لە سێبەردا” خۆیانبەخێودەکەن و پەناگەی تازە بۆ خۆنمایشکردن دەدۆزنەوە. بۆیە ئامانجی تێگەیشتن لە سێبەر بۆ ئەوانەی هەمیشە لەناو ڕووناکیدا بوونە سانا نییە.

بەپێی مێژووکردی رۆمانی ڤیکتۆر ستۆیچیتا Victor Stoichita، لە کتێبی مێژووی سێبەر Brève histoire de l’ombre ،کە لە تێگەیشتنی ئەفلاتوونەوە بۆ ئەشکەوت دەڕوانێتە سێبەر و ڕووناکی دەبینیین ئاماژە بۆئەوەدەکات، کە ئەفلاتوون پێیوایە مرۆڤ دیلی ئەشکەوتە؛ تەنها لەناو بەدیخانەکەیەوە، کە ئەشکەوتەکەیە، ئەم مرۆڤە دەڕوانێتە جیهانی دەرەوە. تەنها ئەوکاتە بە ڕاستیی جیهانی دەرەکی ئاشنادەبێت، کە ڕووناکیی بەردەکەوێت. ڕووناکیش کە ڕاستییەکەیە لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە بوونی هەیە. ئەمەش کەم ئاگایی و کەم ئاسۆیی لە بینین و بیرکردنەوە دەگەیێنێت. سەیرەکە لەوەدایە، کە بۆ مرۆڤی ناو ئەشکەوتەکە ئەوەی لە ئەشکەوتەکەدایە ڕاستییە، کە لەخۆیدا وڕێنە و تارماییە.

خۆر یان مۆم کە سێبەری خۆی دروستدەکات توانای بینینیش دەستنیشاندەکات. کەواتە سێبەرکردن لەگەڵ ڕۆشناییکردندا دێت. هاوکات کاتێک خۆر هەڵدێت ڕووبەری سێبەر تەسکدەبێتەوە، هەرکە خۆریش ئاوابوو ڕووبەری سێبەر فراواندەبێت. بەمجۆرە یاریکردن بە ڕووناکی و سێبەر یاریکردنە بە خودی خۆ. بۆیە لە تاریکییەکاندا، یان لەناو تارماییەکاندا دەکرێت بڵێێن: غەدرەکان، ناپاکییەکان لەدایکدەبن. بەڵام لە ڕووناکییدا لەلایەک شتەکانی دەوروبەرمان دەبینین و لەلایەکی دیکە یاریکردن بە تارمایی کەمدەبێتەوە.

کۆتا گوتنمان لەمەڕ سێبەر ئەو تارماییەیە، کە لە ناخی هەریەکێکماندا پەنهانە. ئەڵبەتە  تارمەیەکانمان لەیەک ناچن. تارماییەکانمان،کە بەرهەمی جۆرە ڵێڵییەکن ئازاربەخشن؛ تا قەبارەی تارمایەکانمان زیادکەن مۆمەکانی ناخمان زووتر دەکوژێنەوە، نیگەرانیی و پەشێوییەکانمان باڵاتردەبن. سەرچاوەی ڕۆشناییەکانی ناخمان بە شڵەژان و پەشێوییەکانمان کز و کزتردەبن. ئەمە وادەکات بێژیین: قایلبوون بە مانەوە لە تارمایی زۆر سەمەرەیە تا ئەو جێگایەی لە کەسایەتی مرۆڤ حاڵینیین. هەرکە لە کەسێتیی مرۆڤ تێگەیشتین ئەوکات تێدەگەین، کە تارمایی یان کەوتنەتارماییەوە بەشێکە لە ژیانی تاک.  

لەبەرئەوە دەپرسیین:”بۆچی تارمایی گرنگە؟ تارماییەکان یارمەتیمان دەدەن لەوە تێبگەین،کە ڕووناکی چۆن کاردەکات. بە سەیرکردنی تارماییەکان دەتوانین بزانین چۆن ڕووناکی و تاریکی یاری بەیەکەوە دەکەن. هەروەها “تارمایی دەتوانێت یارمەتی ئاژەڵەکان بدات بۆ خۆشاردنەوە. زۆرێک لە ئاژەڵەکان تارمایی بۆ خۆدزینەوە لە نێچیرەکان بەکاردەهێنن “، بێگومان ئەوە بۆ مرۆڤیش ڕاستە.

ئازاد حەمە

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




دەوری ئەمریکا لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا.. عوسمانی حاجی مارف

واقعی سیاسی ناوخۆی عێراق دوای هەڵبژاردن، بۆتە ئاوێنەیەکی ململانێی قوڵتری نێو دەسەڵات، ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بوار بە هیچ لایەنێک نابەخشێت بەتەنها دەسەڵات یەکلایی بکاتەوە، بەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ چەند بلۆکی دیکەدا، ئەمەش فرسەتی زیاتری کردۆتەوە بۆ ئەو هێزو گروپانەی حەشدی شەعبین و سەر بەئێرانن هاوبەش بن لە حکومەتدا، کە لەم هەڵبژاردنەدا رێژەیەکی زیاتر لە هەڵبژاردنەکانی رابردو دەنگیان هێناوە، بۆتە ناچاریەک بۆ بەشداری پێکردنیان لە هاوپەیمانی بلۆکەکاندا، لەکاتێکدا خواست و فشاری ئەوەیان لەسەر دەبێت، هەڵوەشێنەوە یان نابێت بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتدا بکەن، ئەمەش ناکۆکیەکە، قەیرانی لە پێکهێنانی حکومەتدا دروست کردووە.
لەسەر واقعیەتی ئێستای دوای هەڵبژاردن و کێشەکانی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق، ئاستی دابەزینی هاوسەنگی زۆربەی هێزو لایەنەکان، دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، پێدەچێت هۆکار بێت تا کۆشکی سپی مەیلی پاراستنی دۆخی ئێستای عێراقی هەبێت، لەهەمانکاتدا وردە وردە هەوڵبدات نفوزی ئێران سنووردار بکات، یان ناچار بە رێکەوتنی جۆرێک لە هاوسەنگی بێت لە گەڵ ئێراندا.
ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ فشارخستنە سەر بەغدا دەیەوێت ڕێگەیەک پەیدا بکات، بۆ ئەوەی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران، لەخۆبگرێت و بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیەوە!. لەهەمانکاتدا ئاشکرایە سزا و ڕێوشوێنی سەپاندووە تا تۆڕەکانی پشتیوانی لە هێزە میلیشیاکان بکاتە ئامانج، هەوڵی بەرزکردنەوەی بەهای تێچوی بەردەوامبونی ئەم گروپانە دەدات، لە کۆنترۆڵکردنی بڕیاردان و ڕای گشتیدا. تەنانەت دۆخەکە گەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە مارک ساڤایا، نێردەی ترەمپ، زنجیرەیەک ئاگاداری لەبارەی هەوڵی میلیشیاکان، بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیاردانی سیاسی لە عێراق بڵاوکردۆەتەوە. لە دوایین پۆستی مارک ساڤایادا لەسەر ئەوە جەختی کردوە گوایە هیچ ئابووریەک ناتوانێت گەشە بکات، هیچ هاوبەشیەکی نێودەوڵەتیش ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، عێراق لە ژینگەیەکدا قەتیس بووە، دەخالەت و سیاسەتی میلیشیاکانی ئێران، تەواو لەگەڵ سەرچاوە نافەرمیەکانی دەسەڵاتدا تێکەڵ بووە. بۆیە ساڤایا ئەم پرسیارە دەخاتە ڕو، بژاردەکانی ئەمریکا لە دەخالەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراقدا چین؟، ئایا دەتوانێت فشاری ئابووری زیاتر بکات؟، دەتوانرێت چالاکی و توانای میلیشیاکان تێکبدات؟ یان بژاردەی تر هەیە، وەک ڕێگەدان بە ئیسرائیل، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیا عێراقیەکان بەو شێوەیەی کە بە گونجاو دەزانرێت، وەک ئەوەی تەلئەبیب لە زیاتر لە بۆنەیەکدا هەڕەشەی لێکردون؟.
لەنێو ئەم جەنجاڵیە، ئەو پرسیارانەی لەمرۆدا بۆ دۆخی سیاسی عێراق دێنەپێشەوە، بەتایبەتی لە دەور و دەخالەتی ئەمریکا بۆ جەختی باڵادەستی بەسەر عێراق و ناوچەکەدا، ئایا دەستێوەردانی سەربازی سنووردار یان بەرفراوان، وەڵام بە چارەسەری کێشەکانی عێراق و پێکهێنانی حکومەت ئەداتەوە؟، لەبەرژەوەندی ئەمریکا بێت؟، یان بەردەوامی بە پەرەسەندنی گەمارۆ ئابووریەکان بدات؟ یان قبوڵکردن و بەردەوامبونی دۆخی ئێستا لەگەڵ کوتلە چەکدارەکان کە نفوزی خۆیان دەپارێزن سازش بکات؟، بەڵام بەشێوەیەک کە کەمتر زیان بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بگەیەنێت!.
هەڵبەتە هەر بژاردەیەکی ئەمریکا بۆ چۆنیەتی دەخالەت و هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی حکومەتی عێراق، کاردانەوەی جیۆپۆلەتیکی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئاڵۆزی بەرچاوی دەبێت، کە بە ناچاری بە جۆرێک عێراق لەنێو شانۆی سیاسی ململانێی ئەمریکاو ئێراندا دەهێڵێتەوە و کاریگەری نەرێنی زیاتر لەسەر ناجێگیری سیاسی عێراق و ژینگە ناوچەییەکەی دەبێت.
ئەو سزا نێودەوڵەتیانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیسەپێنن بەسەر عێراقدا، تەنیا بەربەستی ڕەمزی نین، بەڵکو ئابووری عێراق پەکدەخەن، ئەگەر کەرتی وزە، یان کۆمپانیا بیانیەکانی نەوت کە لە عێراق کاردەکەن بکەنە ئامانج، ئەم جۆرە سزایە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق هەبێت، بەمشێوەیەش مەترسی لەسەر داهاتی دەوڵەت دروست دەکات، کە نزیکەی٩٠٪ ی داهاتی ئێستای عێراق، پشت بە نەوت دەبەستێت. جگە لەوەش پێشنیارکردنی ئەو سزایانەی، کە لەلایەن ئەمریکاوە پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ١١ ی ئەم مانگە دواخرا، پێشبینی دەکرێت سیستمی ئابووری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو ئیفلیج بکات، ئەمەش مەترسی ئاڵۆزبونی دۆخەکە زیاتر دەکات، ناتوانێت بژاردەیەکی سەرکەوتوبێت لە هەوڵی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی عێراق، یان پێکهێنانی حکومەتێک پاشکۆی تەواوی ئەمریکا بێت.
ئەوەی شایانی باسە، گومانی تیا نیە لەبەرامبەردا، دەسەڵاتی سیاسی ئێستای عێراق، بە تایبەتی لە پێکهاتەی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بێدەنگ نابن و بەناچاری لەگەڵ قەیرانە ئابوریەکاندا دەجەنگن، پارێزگاری لە پاراستی دەسەڵاتەکەیان و جەردەیی و تاڵانی و کەڵەکەی سەرمایە بۆ هێزەکانیان دەکەن، کە لەڕێگەی پاوانخوازی تەواو بەسەر دەسەڵاتدا، توانیویانە دەستبگرن بەسەر سەرەوت سامانێكی بێشوماردا، بەردەوام بەهۆی داهاتی زۆری نەوتەوە کوتلەکان هاوپەیمانی پێکدەهێنن. عێراق لەئێستادا رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، ئەمە جگە لە هەناردەکردن و ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی، کە لەلایەن حزب و هێزەکانی ناو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و سیاسەتمەداران و سەرکردەکانی میلیشیاکانەوە، لەڕێگەی ڕێڕەوی قاچاخی جۆراوجۆرەوە ئەنجام دەدرێن، هەندێکیان لەڕێگای دەریاوە، هەندێکی دیکەشیان لەرێگای وشکانیەوە، زۆرینەی ئەو هەناردەکردنانە لە داهاتی خەزێنەی عێراقدا نین.
هەر دابەزینێکی نرخی نەوت یان پچڕانی گرێبەستی کارکردن لە کێڵگە نەوتیە گەورەکاندا دەستبەجێ کاریگەری دەبێت لەسەر توانای حکومەتی عێراق بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران و دابینکردنی بودجەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان.
لەلایەکی ترەوە تێبینی ئەوە دەکرێت کە بژاردەی سەربازی ئەمریکا، بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەو هێزانەی ئەمریکا قەبوڵ ناکەن، ئەمەش بژاردەیەکی قورسە و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، تەنانەت هێرشێکی ئامانجداریش بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کێشەی میلیشیاکان و دەورو دەخالەتی فراوانبونی ئێران، لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر ناکات، بە پێچەوانەوە، ڕەنگە متمانە بە بانگەشەی میلیشیاکان بدات کە بڵێن پیلانێکە لەسەر عێراق و بەرگری دەکەین، پەنا بۆ دوا بژارەدی مانەوەی خۆیان ببەن، ئەمەش کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
هەڵبەتە ئەو بژاردەیەی ئەمریکا، گەر بیەوێت جەخت لە سەر پاراستنی دۆخی ئێستا بکات، دەبێت هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پێکهاتەی حکومەتدا قبوڵ بکات، لەلایەکی تریشەوە ڕێوشوێنی کەمکردنەوەی نفوزی میلیشیاکان پەرەپێبدرێت، دواجار ئامانجی کەمکردنەوەی بازنەی کاریگەریەکانی ئێران بەسەر عێراقدا هەبێت، کە بۆ ئەمریکا گرنگیەکی هەیە. ئەوەی ئەمریکا لەئێستادا دەیەوێت، کەمکردنەوەی گرژیه نێوخۆییەکانه بۆ مسۆگەرکردنی کارکردن بهشێوەی پێکهێنانی حکومەتێک، که دەبێت لە دواجاردا ئەرکی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و چالاکیەکیەکان و چەسپاندنی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بگرێته ئەستۆ. بەشێکی زۆری هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” شیعە پێیانوایە ئەمە مومکینە، بەڵام دەبێت وردە وردە جێبەجێ بکرێت، نەک لەناکاو و بە زۆر، بەڵام ئەم بژاردەیە چەند دەخایەنێت و تاچەند سەرکەوتن مسۆگەر دەکات، وەڵامێکی ڕۆشنی نیە!.
کێشەکە لەوەدایە کە بەدوای بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی، بەشێوەیەکی بەرچاو “چوارچێوەی شیعە”ی تێکداوە، هەرچەندە هێزەکانی “چوارچێوە” ڕایانگەیاندووە کە میلیشیاکان هیچ پەیوەندیەکیان بەو هێرشەوە نەبووە، بەڵام بەڵگە هەیە کە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە گروپێکی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بەرپرسیار بووە، هەروەها ئەم گروپە فەرمانی ڕاستەوخۆی لە هێزە ناوخۆییەکان وەرگرتووە، کە پەیوەندیەکی بەهێزیان لەگەڵ ئێراندا هەیە. ڕەنگە ئەم بۆردومانە واشنتۆن بخاتە سەر بژاردەکانی تر، بەتایبەتی کە کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە کێڵگە نەوتیەکان و گازیەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە، بۆیە بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی سلێمانی وەک پەیامێکی ئاگرین کاریگەربوو، کە توانای ئەو میلیشیایانە بۆ ئیفلیجکردنی کارەکانی کۆمپانیاکان، ئەوە نیشان ئەدات، ئەگەری ئەوە هەیە فشاری زیاتر بکەن.
دەتوانین دەربارەی هەوڵدانی بژاردەکانی ئەمریکا، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی عیراق ئەوە بڵێین، نەک بە ئاراستەی ئایندەیەکی رۆشن و ئارام و دابینکردنی ئاسایش هەنگاو نانێت، بەڵکو دەخالەتی ئەمریکا بەردەوامی هەمان ئەو ڕێڕەوەیە کە لەجەنگی کەنداوەوە عێراقی وێرانکرد.
لایەنێکی گرنگی ئەم دۆخە ئەوەیە پێشبینی ئەوەش دەکرێت، توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک دۆخەکە بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و بەشێوەیەکی فروانتر، کە حکومەتی عێراق بە فەرمی و نافەرمی دەخاتە نێو چاڵی قەیرانێکی قوڵترەوە، لەهەمانکاتدا دەوری ئەمریکاش بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق دەباتە دواوە، هەر بۆیە دەکەوێتە بەر بژاردەی ئاڵۆز و پێچیدە ترەوە، بۆ دەورو دەخالەتی لە عێراقدا.




ئێریکسن و قۆناغەکانی گەشەی تیۆری دەروونی-کۆمەڵایەتی.. جوتیار

ئامانج لەو کورتە ووتارە نیشاندانی ئەوەیە کە چۆن ژیانی خودی ئێریکسن، بیرۆکە دەروونییە گەشەسەندووەکانی لە قاڵب داوە و چۆن دەتوانرێت تیۆرییەکانی لە بواری پەروەردە و پەروەردەی ڕاوێژکاریدا بە کردەوە بەکاربهێنرێن. وتارەکە دیدگا بیوگرافیەکان لەگەڵ ڕوونکردنەوە پراکتیکییەکانی قۆناغە دەروونی- کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ دەکات و بە نموونەی ڕاستەقینە و پەیوەندیدار نیشانیان دەدات.
ژیانی کەسی و کاریگەری و ئەزموونەکان
ئێریک ئێریکسن لە ساڵی ١٩٠٢ لە شاری (فرانکفۆرت ئەم ماین) لەدایکبووە و لە ژینگەیەکی کولتووری هەمەچەشندا گەورە بووە، بنەچە و ناسنامەکەی هەر لە سەرەتاوە تەوەری سەرەکی بوو بۆ ئەو، ئەو لە خاتونێکی هۆڵەندی بە بنەچە یەهودی کە خەڵکی کۆپنهاگن بووەو دواتر بە هۆی شەرایتێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی کۆچی کردووە بۆ ئەڵمانیا هاتۆتە دونیاوە ، بەڵام ئێریکسن لە لایەن باوکێکی نەناسراوەوە بەخێو کراوە و ژیانی بۆ دابینکراوە و هەروەکوو منداڵی راستەقینەی خۆشی بەرخوردی کردوەو سۆزی پێداوە، ئەمەش پرسیارەکانی سەربەخۆیی و ڕەگ و ناسنامەی بۆ ئیریکسن لە سەرەتاوە هێنایە پێشەوە، ئەم خاڵە دەستپێکی ژیانی راستەقینەی، حەزو ئارەزووی ئەوی بۆ ناسنامە و سەربەخۆیی و ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە کاریگەری لەسەر گەشەی تاک هەیە، لە قاڵب دا.
تەنانەت لە تەمەنێکی بچووکیشدا ئێریکسن بەدوای وەڵامدا دەگەڕا بۆ ئەو پرسیارەی کە مرۆڤەکان چۆن جێگەی خۆیان لە ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیاندا و چۆن سەقامگیری لەنێوان خۆیاندا دەدۆزنەوە. ئێریکسن بەرژەوەندییە سەرەتایی و توێژینەوەکانی لە هونەر و ئێتنۆلۆژیدا (زانستی بوون) دەستپێکرد؛ ئەو ئاراستە دیسیپلینییە، ڕەنگدانەوەی دیدگای گشتگیرانەی دواتری ئێریکسنی بنیاتنا.
ئەو گەشەکردن وەک پرۆسەیەک تێدەگات کە بە توندی کاریگەری بەها کولتوورییەکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چوارچێوەی مێژوویی لەسەرە. ڕێنماییە سەرەتاییەکانی لە ڕێگەی چاودێریکردن لە ناو خێزانەکان، قوتابخانەکان و شوێنە بیماری و چارەسەریەکان، بناغەی تێگەیشتنێکی دەروونی گەشەسەندووی دانا کە مرۆڤەکان لەناو گەردوونی کۆمەڵایەتی ودەروونی خۆیاندا دەڕوانن و لێکدانەوە بۆ شتەکانی دەوروبەر دەکەن.
ئێریکسن ئەزموونی ئەوەی کرد کە چۆن پرسیارەکانی (ئیدینتیتێت) پێناس ، سەربەخۆیی و پێکهاتنی ڕۆڵ لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا- خێزان، قوتابخانە و شوێنی کار- چەندین جار گرژی و ڕووبەڕوبونەوەی نوێیان بۆ ئەوهێنایە ئاراوە. ئەو گرنگیدانەی تەواوی ژیانی لەسەر گەشەکردن لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، تێزە سێنتڕاڵەکەی لە قاڵب دا. ئەو پێی وایە کە گەشەکردن مۆدێلێک نییە بۆ یەک قۆناغ بچووک بکرێتەوە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوام و کاریگەری دەروونی- کۆمەڵایەتییە کە قەیران و دەرفەت و فەزیلەت(ئەخلاقیاتی باڵای) نوێ لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا دروست دەکات.
هەروەها ڕەخنەی لە چەسپاندنی چارەسەرە تاکەکەسییەکان لە چوارچێوەی کولتووری و مێژووییدا گرت، مۆدێلی ڕوونکردنەوەی تەنیا دەروونی ڕەگەزی زۆر تەسک بوو بۆ تێگەشتنی ئەو. بەڵکو ئەو جەختی لە گرنگی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان و نۆرمو بەها کولتووری و واقیعی ژیانی تایبەتی تاک کردەوە.
ئەو ڕێبازە بیۆگرافییە دواتر لە ڕێبازە ئەزموونییەکەیدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، ئێریکسن لە نزیکەوە لەگەڵ کەسانی پاشخانئاڵۆزو گروپی تەمەن جیاوازو و بارودۆخی ژیانئامێزی جۆراوجۆردا کاری دەکرد. ئەو چاودێری ڕەوتی ژیانو گوزەرانی لە ناو خێزانەکان، قوتابخانەکان و شوێنە بیماریەکان دەکرد، ئاماژەی بەوەدا کە چۆن وابەستەیی کۆمەڵایەتی و ژیاری پێکدەهێنن، چۆن سەربەخۆیی و دەستپێشخەریی تاک پەروەردە دەکرێن یان ڕێگرییان لێدەکرێت، چۆن چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا کاریگەرییان لەسەر گەشەسەندنی تاکەکەسی هەیەو دەکرێت بۆ بنیات و داڕوخانی کەسێتی کارلێکەر بن.
ئێریکسن ئەو ئاراستە پراکتیکییەی لە قۆناغەکانی ژیانی خۆیدا وێنا کردووە، کە هەریەکەیان پرسیارێکی ناوەندی و فەزیلەتێک(ئەخلاقێکی باڵا)یان لێدەکەوێتەوە. بۆ ئێریکسن ڕوون بوو کە سەرکەوتن یان شکست لە قۆناغێکدا نابێت بە گۆشەگیری مرۆڤ سەیر بکرێت، بەڵکو ڕێڕەوەکانی ژیانی دواتر لە قاڵب دەدات و دەستنیشانی دەکات. ئاسایش و دڵنیایی سەرەتای تەمەنی منداڵی کاریگەری لەسەر دروستبوونی ناسنامە لە تەمەنی هەرزەکاریدا هەیە، یەکسانی لە گەورەبوونی تەمەندا دەتوانێت یەکپارچەیی ژیانی دواتر بەهێز بکات.
لە کۆتاییدا چیرۆکی ژیانی ئێریکسن بەردەوامییەک ئاشکرا دەکات، ئەویش گەڕان بەدوای سەربەخۆیی، مەیلێک بەرەو ڕوانگەیەکی گشتگیر بۆ تاک لەناو پەیکەری کۆمەڵایەتیدا، نەوەکوو پاڵنانی مۆدێلی ڕوونکردنەوەو توێژینەوەکان تەنیا لەسەر بنەمای ڕەگەزی. بەم پێیە بیۆگرافیای ئێریکسن ڕەنگدانەوەی ئەو بیرۆکە سێنتڕاڵە دەبێت کە گەشەکردن پرۆسەیەکی تەواوی ژیانییە و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە قاڵب دراوە و قەیرانی نوێ و دەرفەتی فێربوونی نوێ و فەزیلەتی(ئەخلاقیاتی باڵای) نوێ لە هەموو قۆناغێکی ژیاندا دەهێنێتە ئاراوە.

تیۆری ئێریکسن و چەمکی بنەڕەتی و قۆناغەکانی ژیانی ڕاستەقینە
بیرۆکەی سینتڕاڵ لای ئێریکسن ئەوەیە کە گەشەسەندنی مرۆڤ لە تەواوی تەمەنیدا بە قەیرانی دەروونی کۆمەڵایەتی تایبەتمەند دەورەدراوە. هەر قۆناغێک پرسیارێک دەخاتە ڕوو، کە چارەسەری سەرکەوتووانەی مۆڕاڵێکی باڵا دروست دەکات کە پشتگیری لە ژیانی یان لە قۆناغێکی دواتر دەکات. قۆناغەکان لەسەر یەکتر بنیات دەندرێن، بەڵام ئەزموونەکانی پێشووتر دەتوانن دەستکاری یان تەواوکەری نەخشەکانی دواتر بکەن. مۆڕاڵە باڵاکان وەک خاڵی دەستپێکی ئەرێنی بۆ ژیانی دواتر کارلێکەرو کاریگەردەبن لە کاتێکدا ڕووبوڕوبونەوەکان لە ئەگەری چارەسەرکردنی قەیرانەکان شکستیان پێبێت و زۆرجاریش دەتوانن ببن بە بەشیکی سەرەکی لە کێشە درێژخایەنەکانی مرۆڤدا.

هەشت قۆناغی گەشەی دەروونی-کۆمەلایەتی بە پێی ریزبەندی تیۆری ئیریکسۆن
١. متمانە بەرامبەر بە بێمتمانەیی ( قۆناغی ٠-١ساڵ): پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا جیهان وەک جێی متمانە ئەزموون دەکرێت؟ کۆرپەلە کاتێک ئەزموونی متمانە دەکات کە پێداویستییەکانی بە شێوەیەکی متمانەپێکراو دابین دەکرێن و هەست بە دڵنیایی و نزیکایەتی بکات. ئەزموونە ئەرێنییەکان وابەستەیییەکی پارێزراو بەرەوپێش دەبەن؛ بەبێ بنیاتی متمانە، بێمتمانەیی بە کەسانی نامۆ و ژینگەی کۆمەڵایەتی دەتوانێت گەشە بکات.
٢. ئۆتۆنۆمی(سەربەخۆیی) بەرامبەر شەرمەزاری و گومان (قۆناغی١-٣ ساڵ): ئەم قۆناغە سەرنج دەخاتە سەر پرسی سەربەخۆیی. پێداویستییە سەرەتایەکانی وەکوو خواردن و پۆشینی جل و بەرگ و لەبەرکردنی جل و بەرگ بە شێوەیەکی سەربەخۆ، یان گەڕان بەدوای ژینگەدا بە تەنیا، هێزی ئیرادە بەهێز دەکات. ڕەخنە یان سزای زیادەڕۆیی دەتوانێت ببێتە هۆی شەرمەزاری یان گومان و ڕێگری لە ئۆتۆنۆمی(سەربەخۆیی) کەسێتی بکات.
٣. دەستپێشخەری بەرامبەر بە تاوانباری (قۆناغی٣-٥ ساڵ): منداڵان لە ڕێگەی ڕۆڵگێڕان و گەڕانی چالاکەوە ڕۆڵی نوێ تاقی دەکەنەوە. هاندانی دوای سەرکەوتنەکان دەستپێشخەری بەرەوپێشچوون زیاد دەکات؛ شەرمەزارکردنی زۆر یان سزادان دەتوانێت تاوانباریی بنیات بکات و ڕیگری لە دەستپێشخەری بکات.
٤. توانایی بەرامبەر بە کەمتەرخەمی (قۆناغی٦-١١ ساڵ): لە قوتابخانەدا، لێهاتوو و خاوەن تواناکان دەبنە جێگەی سەرنج. بەرپەرچی ئەرێنی لەسەر ئەرکەکان و پڕۆژەکانی تاک و گروپ هەستی لێهاتوویی بەهێز دەکات؛ هەڵسەنگاندنە نادروستوو نێگەتیڤەکان دەتوانن هەستی کەمتەرخەمی پەروەردە بکەن ئەگەر پشتیوانی و هاندان بۆ تواناکان کەم بێت.
٥. سەرلێشێواوی ناسنامە بەرامبەر بە ڕۆڵ (قۆناغی هەرزەکاری): هەرزەکاران بەدواداچوون بۆ بەهاکان، پیشە و پلانەکانی ژیان دەکەن. ناسنامەیەکی ڕوون دەتوانێت ئاسانکاری بۆ پەیوەندییەکان و پلاندانانی ژیان بکات. بەبێ ئاراستەیەکی ڕوون، دەکرێت سەرلێشێواوی ڕۆڵ لە کۆمەڵگادا سەرهەڵبدات.
٦. ئینتیما بەرامبەر بە گۆشەگیری (قۆناغی سەرەتای تەمەن): دروستکردنی هاوبەشی و هاوڕێیەتی نزیک، پێویستی بە متمانە و ئامادەیی هەیە بۆ کرانەوە. ترس لە ئازاردان دەتوانێت ببێتە هۆی گۆشەگیری.

٧. بنیادنان بەرامبەر چەقبەستویی (قۆناغی تەمەنی مامناوەند): دۆزینەوەی مانا لە ڕێگەی چاودێریکردن، ڕاهێنەرایەتیکردن، دایک و باوکایەتی، یان دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان. بەبێ ئەم خاڵە ئاراستەکردنە، وەستان لە بری گەشە دەتوانێت ڕووبدات.
٨. دەستپاکی بەرامبەر بە نائومێدی (قۆناغی تەمەنی پێگەیشتوو): ئاوڕدانەوە لە ژیانی مرۆڤ، قبوڵکردنی سنووردارکردن و هەستکردن بە دۆزینەوەی مانا. شکست یان ئامانجە بەدینەهاتووەکان دەتوانن بێهیوایی لێبکەوێتەوە؛ بیرکردنەوەیەکی سەرکەوتوو پەروەردەی پڕلە حیکمەت دروست دەکات.

چۆن ئێریکسن یارمەتیدەرە لە ژیانی ڕۆژانەدا
لە سیستمی پەروەردەدا دەتوانرێت سود لەو تیۆرە وەربگیرێت و مۆدێلەکە بەکاربهێنرێت بۆ داڕشتنی مەنهەجەکان کە وابەستەیی پێشوەختە، سەربەخۆیی، هاوکاری و ئەزموونی یەکگرتوو لە ڕۆڵدا چالاک بکات. لە پەروەردەکردنی منداڵدا ئەمە بە واتای قبوڵکردنی هەڵەکانە وەک پرۆسەیەکی فێربوون و شانسی گەشە؛ ستایشکردن دەبێت جەخت لەسەر پرۆسەکە بکاتەوە نەک ئاراستەکردنی دەرئەنجامەکان بۆ بەهێزکردنی خۆکارایی. لە ڕاوێژکاری و کاری کۆمەڵایەتیدا، ڕێبازی ئێریکسن پشتگیری لە بونیادی ناسنامە دەکات لە کاتی هەرزەکاریدا و پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی خێزاندا. لە ڕووی کلینیکیەوە(چارەسەرییەوە)، دەتوانرێت تێڕوانینەکانی بۆ تەواوی چارەسەریەکان پشتی پێببەسترێت. ئەو، دەستێوەردانەکانی دەوروبەر، ڕێڕەوی ژیانی جۆراوجۆر، جیاوازییە کولتوورییەکان و کارلێکی سەرچاوە تاکەکەسییەکان لەگەڵ هۆکارە ژینگەییەکان لەبەرچاو دەگرێتوو جەختیان لەسەر دەکاتەوە.

ڕەخنە و کۆنتێکستەکان
پرسی گشتگیری کولتووری قۆناغەکان و مۆڕاڵە باڵاکان خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆی ڕەخنەگرانە. ڕێزبەندی هێڵی قۆناغەکان ناتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو نوێنەرایەتی ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤەکان بکات، بە تایبەتی لە حاڵەتەکانی بیۆگرافیای پەیوەست بە کۆچکردن(میگراسیۆن)، چەندین ناسنامە، یان ڕێڕەوی ژیانی ناتەقلیدی. لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە جەخت لەسەر گرنگی فرە ناسنامە و لێکدانەوەی نەرم و نیان و وابەستە بە چوارچێوە بۆ قەیرانەکان دەکەنەوە. بۆیە بەکارهێنانی هاوچەرخ پێویستی بە هەستیاری کولتووری و گونجاندن لەگەڵ لێکدانەوە شانۆییەکان و ڕەچاوکردنی ڕێڕەوی ژیانی تاکەکەسی هەیە.
مۆدێلی ئێریکسن گەشەسەندنی کەسیی بە نزیکییەوە بە زەمینە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبەستێتەوە و خاڵە کۆنکرێتییەکانی لەنگەر بۆ پەروەردە، پەروەردەکردن و ڕاوێژکاری دابین دەکات. ڕوانگەی تەواوی بۆ ژیانێکی تەندروست، پشتگیری لە پراکتیکێکی گشتگیر دەکات، بەڵام دەبێت زیاتر ڕەچاوی جۆراوجۆری کولتووری و ڕێڕەوی ژیانی تاکەکەسی بکات. توێژینەوەکانی داهاتوو دەتوانن جەختێکی زیاتر لەسەر گونجانی فرە کولتوری، ئەزموونی کۆچکردن و ڕێڕەوی ژیانی گشتگیر بکەنەوە و بەپێی ئەو ئامرازە کردارەکان زیاتر پەرەپێبدەن.

جوتیار




ڕزگارکردنی کولتوور لە خراپی و نزمی لە ڕێگەی گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی و پێشخستنی کارایی ڕەخنەیی و گفتوگۆی عەقڵانی.. ‏و . لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏پێشەکی
‏”فەلسەفە عەقیدە نییە، بەڵکو چالاکییە.”
‏ ماتیۆ لیپمان

‏‏کولتووری هاوچەرخ بەدەست قەیرانێکی قوڵەوە دەناڵێنێت کە بە “نزمیی کولتووری” یان “سەردەمی هیچو پووچێتی” دەناسرێت، ئەمەش دیاردەیەکە بە بڵاوبوونەوەی بەرهەمی ڕووکەشیی بەکاربەر، پووچیی میدیایی و ڕووکەشبوونی هزری لەژێر سێبەری باڵادەستیی ئابووریی دیجیتاڵی و زیرەکیی دەستکرددا دەناسرێتەوە. تیۆدۆر ئەدۆرنۆ لە “پیشەسازیی کولتوور” (١٩٤٧)دا وا وەسفی دەکات کە بریتیە لە “بەرهەمهێنانێکی کولتووریی یەکخراو کە توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆ لە مرۆڤ دەسەنێتەوە”، لە کاتێکدا جان بۆدریار لە “لێکچواندن و لاساییکردنەوە” (١٩٨١)دا وەک “زیادەڕەوی لە واقیعیبوون و واقیعێکی لەڕادەبەدەر” دەیبینێت کە شوێنی ڕەسەنایەتی دەگرێتەوە. ئامانجی ئەم توێژینەوە ئەکادیمییە پێشنیارکردنی مۆدێلێکی ڕزگارکەری سێ ڕەهەندییە: گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی وەک ئامرازێک بۆ گەڕاندنەوەی قوڵایی، پەرەپێدانی کارایی ڕەخنەیی وەک چەکێک دژی ڕووکەشبوون، و گفتوگۆی عەقڵانی وەک میکانیزمێک بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندیی مرۆیی. لەمەشدا پشت بە تیۆرییەکانی هابرماس (کردەی پەیوەندی)، فۆکۆ (مەعریفە-دەسەڵات)، و گادامێر (هێرمەنۆتیکا) دەبەستین، لەگەڵ گرتنەبەری نزیکبوونەوەیەکی (دیداکتیکی) یان زانستی فێر کردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم مۆدێلە لە پەروەردە و کۆمەڵگەدا. توێژینەوەکە دابەش بووە بەسەر شیکردنەوەی “نزمی”دا، پاشان هەر یەک لە سێ ڕەهەندەکە، دواتر بەراوردکاری و جێبەجێکردنە دیداکتیکییەکان، لەگەڵ نموونەی مێژوویی و هاوچەرخ. چۆن لە ڕۆژی جیهانییەکەیدا، ژیانێکی نوێ بە بەر فەلسەفەدا بکەینەوە؟
‏(شیکردنەوەی دیاردەی نزمیی کولتووری)
‏نزمی تەنها بریتی نییە لە لاوازیی کوالیتی، بەڵکو سیستمێکی کولتوورییە کە “کاڵای کولتووری”ی خێرا-بەکاربردن بەرهەم دەهێنێت. تایبەتمەندییەکانی
‏ڕووکەشکردن: کورتکردنەوەی شتە ئاڵۆزەکان بۆ شتی سادە (وەک: “ڤیدیۆ کورتەکان” لە تیکتۆک).
‏‏دووبارەکردنەوە: بەرهەمهێنانەوەی نموونەکان بەبێ داهێنان (وەک: بەرهەمهێنانەوەی فیلمەکانی هۆلیوود).
‏‏بەکاربەری: بەستنەوەی بەها بە بڵاوبوونەوەوە نەک بە قوڵایی (کولتووری قوتووبەندکراو).
‏هۆکارەکانی: هەژموونی بازاڕ (ئەدۆرنۆ)، لەدەستدانی هالە (واڵتەر بنیامین)، و “مردنی نووسەر” کە بە هەڵە تێگەیشتراوە (بارت). دەرەنجامەکانی: داخورانی ناسنامە، بڵاوبوونەوەی نەزانیی بەئەنقەست و ، هەرەسهێنانی گفتوگۆی گشتی.
‏(ڕەهەندی یەکەم: گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی وەک ئامرازێک بۆ قوڵایی)
‏بیرکردنەوەی فەلسەفی بریتییە لە “پرسیارکردنی مەنھەجی دەربارەی واتا و بنەماکان” (هایدگەر). کولتوور بنیات دەنێتەوە لە ڕێگەی
‏ئیشکالیەت: گۆڕینی “زانیاری” بۆ “پرسیار” (وەک: لە “زیرەکیی دەستکرد چییە؟”ـەوە بۆ “واتای ئەوەی مرۆڤ زیرەک بێت چییە؟”).
‏دیالەکتیک: بنیاتنانی مەعریفە لە ڕێگەی دژایەتیەوە (هیگڵ).
‏تێڕامان: بەرەنگاربوونەوەی خێرایی بە وەستان (ئەرستۆ: تیۆری وەک ژیانێکی تێڕاماناوی).
‏لە ڕووبەڕووبوونەوەی نزمیدا، فەیلەسوف وەرگر لە بەکاربەرەوە دەگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنەری واتا. نموونە: هەڵمەتی “فەلسەفە بۆ منداڵان” (ماتیۆ لیپمان) کە زیادبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بە ڕێژەی ٤٠٪ لەنێو منداڵاندا سەلماند.
‏(ڕەهەندی دووەم: پەرەپێدانی کارایی ڕەخنەیی وەک چەکێک دژی ڕووکەشبوون)
‏کارایی ڕەخنەیی بریتییە لە “توانای هەڵوەشاندنەوەی گوتارە باڵادەستەکان و بنیاتنانەوەیان” (فۆکۆ). ئەمانە لەخۆ دەگرێت:
‏شیکردنەوەی ڕەخنەیی: ئاشکراکردنی ئایدۆلۆژیای شاراوە (مارکس: “هۆشیاریی ساختە”).
‏ڕەخنە لەخۆگرتن: پێداچوونەوە بە گریمانەکانی تاک (کانت: “بوێریی زانین”).
‏فرەیی: قبوڵکردنی ڕا دژبەیەکەکان بەبێ سڕینەوە (ئەدۆرنۆ: “بیرکردنەوەی نەرێنی”).
‏ئامرازەکانی: تیۆریی ڕەخنەی کولتووری، شیکردنەوەی گوتار (ڤان دایک). لە سیاقی دیجیتاڵیدا، توانای بەرەنگاربوونەوەی “بڵقەکانی پاڵاوتن” (Filter Bubbles) دەبەخشێت لە ڕێگەی ئامرازگەلێکی وەک “ڕێبەری ئاشکراکردنی ساختە”.
‏(ڕەهەندی سێیەم: گفتوگۆی عەقڵانی وەک میکانیزمێک بۆ پەیوەندیی ڕەسەن)
‏گفتوگۆی عەقڵانی بریتییە لە “کردەی پەیوەندیی خاڵی لە شێواندن” (هابرماس لە تیۆریی کردەی پەیوەندیدا، ١٩٨١). ئەمانە دەخوازێت:
‏بابەتیبوون: پشت بەستن بە بەڵگەکان نەک سۆز.
‏گشتگیری: بەشدارپێکردنی هەموو دەنگەکان (لەوانەش پەراوێزخراوەکان).
‏کراوەیی: قبوڵکردنی ئەگەری گۆڕان (گادامێر: “تێکەڵبوونی ئاسۆکان”).
‏لە سەردەمی “پاش-ڕاستی”دا، گفتوگۆ متمانەی گشتی بنیات دەنێتەوە. نموونە: کۆڕبەندەکانی “قاوەخانەی فەلسەفی” لە فەرەنسا، کە لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە هەزاران بەشداربووی لە گفتوگۆی قوڵدا کۆکردۆتەوە.
‏(بەراوردکاری لە نێوان سێ ڕەهەندەکەدا)
‏ئەگەر بەراوردێک لە نێوان سێ ڕەهەندەکەدا بکەین، دەبینین ئامانجی سەرەکیی ئەو بنەما تیۆرییەی کە پشتی پێ دەبەستێت، ئەوەیە کە جێبەجێکردن دژی “نزمی کولتوری”، گەڕاندنەوەی قوڵایی و واتا بە بیرکردنەوەی فەلسەفی دەبەخشێت، ئەمەش هەریەک لە هایدگەر، هیگڵ و ئەرستۆ نوێنەرایەتی دەکەن . هەروەها کارایی ڕەخنەیی یارمەتیدەرە بۆ گۆڕینی بەکاربردن بۆ تێڕامان و هەڵوەشاندنەوەی گوتارە ساختەکان، کە هەریەک لە فۆکۆ، کانت و ئەدۆرنۆ نوێنەرایەتی دەکەن و دەبێتە هۆی ئاشکراکردنی چەواشەکاریی میدیایی. هەرچی گفتوگۆی عەقڵانییە، هەوڵی بنیاتنانی سازانێکی پەیوەندی دەدات و دەخوازێت بەڵگە بخاتە شوێنی هاوارکردن، کە هەریەک لە هابرماس، گادامێر و پۆڵ ڕیکۆر نوێنەرایەتی دەکەن. ‏
‏بەگشتی، تەواوکاریی هەر سێ ڕەهەندەکە: گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی، بەکارهێنانی کارایی ڕەخنەیی و پشت بەستن بە میکانیزمی گفتوگۆی عەقڵانی، “سێگۆشەی ڕزگارکردنی کولتووریی هەنووکەیی” پێکدەهێنن، چونکە: بیرکردنەوە ناوەڕۆک دابین دەکات، ڕەخنە پاکی دەکاتەوە، گفتوگۆش بڵاوی دەکاتەوە.
‏(نزیکبوونەوەی دیداکتیکی یان”زانستی وانە وتنەوە”: جێبەجێکردنە پڕاکتیکییەکان لە پەروەردە و کۆمەڵگەدا)
‏مۆدێلەکە تێکەڵ بە پرۆگرامەکانی خوێندنی فرەئاست دەکرێت:
‏لە خوێندنی بنەڕەتیدا:
‏بەرنامەکانی “فەلسەفە بۆ منداڵان” (لیپمان): سازدانی دانیشتنی هەفتانە بۆ گفتوگۆکردنی پرسگەلێکی وەک “جوانی چییە؟” لەبری تەڵقینکردن.
‏یارییە ڕەخنەییەکان: “یانەکانی مشتومڕ” (Debate) بۆ ڕاهێنان لەسەر بەڵگەهێنانەوە.
‏لە خوێندنی زانکۆدا:
‏بابەتەکانی “ڕەخنەی کولتووریی دیجیتاڵی”: شیکردنەوەی پلاتفۆرمەکانی وەک نێتفلێکس (Netflix) بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی فۆکۆ.
‏پڕۆژەی گفتوگۆیی: “گفتوگۆی فرەپسپۆڕی” لە نێوان کۆلێژەکانی زانست و هونەردا.
‏لە کۆمەڵگەدا:
‏پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان: “کۆڕبەندەکانی فەلسەفە لەسەر ئینتەرنێت” بەپێی ڕێسا هابرماسییەکان.
‏هەڵمەتی گشتی: “هەفتەی گفتوگۆی نیشتمانی” بۆ تاوتوێکردنی پرسگەلێکی وەک گۆڕانی کەشوهەوا بە شێوەیەکی عەقڵانی.
‏بەکارهێنانی هونەرەکان: شانۆگەریی کارلێککار (Interactive) کە نزمی بەرجەستە دەکەن و شیکاری دەکەن (وەک شانۆی برێخت).
‏هەڵسەنگاندنی کارایی: ڕاپرسییەکانی پێش/پاش، شیکردنەوەی گوتار، پێوانەکردنی نیشاندەرەکانی وەک “ئاستی ڕووکەشبوونی میدیایی” (نیشاندەری نەهێشتنی نەخوێندەواریی میدیایی).
‏توێژینەوەی دۆخ: ئەزموونی “ڕزگارکردنی کولتوور” لە بەڕازیل (٢٠٢٢-٢٠٢٤)
‏لە پڕۆژەی وەزارەتی کولتووری بەڕازیلیدا، مۆدێلەکە لەسەر ٥٠ قوتابخانە جێبەجێ کرا:
‏قۆناغی ١: ڕاهێنان بە مامۆستایان لەسەر بیرکردنەوەی فەلسەفی.
‏قۆناغی ٢: وۆرکشوپی ڕەخنەیی بۆ شیکردنەوەی میدیای جەماوەری.
‏قۆناغی ٣: کۆڕبەندی گفتوگۆیی مانگانە.
‏دەرەنجامەکان (ڕاپۆرتی یونسکۆ ٢٠٢٤): کەمبوونەوەی بەکاربردنی “ناوەڕۆکی ڕووکەش” بە ڕێژەی ٥٢٪، بەرزبوونەوەی بەشداریکردن لە چالاکییە کولتوورییە قوڵەکاندا بە ڕێژەی ٦٨٪.

‏کۆتایی
‏فەلسەفە بریتییە لە گفتوگۆیەکی درێژخایەن لە نێوان کەسانێکی جیاوازدا، کە بەدوای چارەسەری بەشەکیدا دەگەڕێن بۆ کێشە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.
‏(ماتیۆ لیپمان)
‏ڕزگارکردنی کولتوور لە نزمی، خۆشگوزەرانییەکی هزری نییە، بەڵکو پێویستییەکی بوونگەراییە (وجوودییە) لە سەردەمی ئامێردا. لە ڕێگەی گەشەپێدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی و ، پەرەپێدانی کارایی ڕەخنەیی و بەهێزکردنی گفتوگۆی عەقڵانییەوە، گەڕاندنەوەی ڕۆڵی مرۆڤ وەک “بوونەوەرێکی بیرکەرەوە” نەک وەک بەکاربەرێک. ئەم مۆدێلە سنووری تیۆری تێدەپەڕێنێت بۆ ئەوەی ببێتە بەرنامەیەکی کردەیی، کە دەکرێت لەسەر ئاستی نیشتمانی پەیڕەو بکرێت. ڕاسپاردە دەکرێت بە دامەزراندنی “ناوەندی نیشتمانی بۆ ڕزگارکردنی کولتووری” و ئەنجامدانی توێژینەوەی درێژخایەن دەربارەی کاریگەریی ئەم نزیکبوونەوەیە لەسەر ناسنامەی بەکۆمەڵ لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرددا. ئاخۆ تا چەند کولتوور لە ڕێگەی بکەر و دامەزراوەکانییەوە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ درەوشاندنەوەی فەلسەفە؟

د. زوهێر ئەلخوێلیدی – انفاس نت – ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥




ڕۆڵی چین لە هەرێمی کوردستان.. هەڵۆ حەسەن

شرۆڤەكانی ئەم دواییە لەسەر بوونی چین لە هەرێمی كوردستان، چین وەك ئەوەی بە هێمنی فەزا داگیركەر و كاریگەریی بە شێوەیەكی نەبینراو فراوانتر دەكات و وەك هەڕەشەیەكی بێدەنگ و نزیك پێشڕەوی دەكات وێنا دەكرێت. لەم چوارچێوەدانەدا، چین چیتر وەك دەوڵەتێك دەرناكەوێت كە لە ڕێگەی بەرژەوەندییە ناسراوەكان و سیاسەتی شەفافەوە كاردەكات، بەڵكو وەك هێزێكی سێبەر دەردەكەوێت- كە هەموو ئەنجومەنێك تەڵەیە، هەموو ئاڵوگۆڕێك فۆرمێكە لە كۆكردنەوە و هەموو دەستپێشخەرییەكی كولتووری ستراتیژییەكی شاراوەیە،لە ڕووی شیكارییەوە ئەم وێناكردنە چەواشەكارییە. تا ڕادەیەكی زۆر لە گوتاری ڕكابەریی زلهێزەكانی ڕۆژئاوا قەرزكراوە،نەك لە واقیعی هەرێمی كوردستان یان لە ڕەفتاری ڕاستەقینەی چین لەسەر زەویدا.

كۆمەڵەی شورای مەزن

سەرچاوەیەكی ناوەندیی هەڵە تێگەیشتن پەیوەندی بە كۆمەڵەی ” شورای مەزن “ەوە هەیە.كە نە ئەنجومەنێكی سیاسییە و نە دەزگایەكی بڕیاردەرە، نە وەك قۆڵێكی دامەزراوەیی هیچ دەوڵەتێكی بیانی كاردەكات. تۆڕێكە لەسەر شێوازی خوێندكارانی پێشوو كە لە تاكەكانی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە كە پێشتر بەشدارییان لە بەرنامەی ڕاهێنان، سیمینار، یان سەردانی ئاڵوگۆڕكردن لە چین كردووە،ناوی كۆمەڵەكە لە “شورای مەزن” وە وەرگیراوە كە یەكێكە لە هێما مێژوویی و كولتوورییە ناسراوەكانی چین و جیهان. سەرلێشێواوی بەشێكی بەهۆی سەریەككەوتنی زمانەوانییەوە سەریهەڵداوە: كۆمەڵەكە “شورای مەزن”دەتوانرێت بە هەڵە پەیوەست كراوە بە “ئەنجومەن” یان دەسەڵاتی فەرمی. ئەم ڕێكەوتە ماناسازییە بووەتە هۆی ئەوەی كە لێكدانەوەی زیادەڕەوی تێدا بكرێت كە هێمای كولتووری هەڵئاوسێنێت بۆ مەبەستی سیاسی،ئەم جۆرە هەڵاوسانە چەواشەكارانەیە. تۆڕە كولتوورییەكان دەبێ بەو شێوەیە هەڵسەنگێندرێن كە هەن، نەك بگۆڕدرێن بۆ ناوەندی دەسەڵاتی خەیاڵی.

چین لە هەرێمی كوردستان

زۆرێك لەو ڕەخنانەی كە ئاراستەی چین دەكرێن، لەسەر تەماحە سیاسی یان ئەمنییەكانی چەواشەكارین و چاوپۆشی لەوە دەكەن كە بە شێوەیەكی بەرجەستە لەسەر زەوی ڕوویانداوە. لە واقیعدا، بەشداریكردنی چین لە هەرێمی كوردستاندا بە شێوەیەكی سەرسەختانە مەدەنی و گەشەپێدان و خەڵك سەنتەری بووە- نەك ستراتیژی و سەربازی
بوارە كۆنكرێتیەكانی بەشداریكردنی چین بریتین لە:
پڕۆگرامی ڕاهێنان و سكۆلەرشیپ بۆ خوێندكاران و ڕۆژنامەنوسان، و پیشەگەرەكانی هەرێمی كوردستان.
ئاڵوگۆڕی گەنجان و ئەكادیمی و كولتووری بە ئامانجی لێكتێگەیشتنی یەكتر.
پاركی دۆستایەتی چین كە لە ڕێگەی بەخشینەكانی كۆمپانیا چینییەكانەوە وەك فەزای گشتی بۆ كۆمەڵگا ناوخۆییەكان دروستكراوە.
بەشداریكردنی كۆمپانیا چینییەكان لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، و پڕۆژەكانی وزەی نوێبووەوە، كە هەموویان لە چوارچێوەی یاسایی و ڕێكخراوەیی ناوخۆییدا ئەنجام دەدرێن.
ئەم چالاكییانە مەرجدارێتی سیاسی و هەناردەكردنی ئایدیۆلۆژی و دەستوەردان لە حوكمڕانی ناوخۆیی لەگەڵدا نەبووە. ئەوان ڕەنگدانەوەی هاوكارین نەك كۆنترۆڵكردن.
چین چەتری ئەمنی لە هەرێمی كوردستان دابین ناكات. سەربازەكان جێگیر ناكات و پێكهاتەی هەواڵگری بەڕێوە نابات و بیناسازی ئەمنی ناوچەیی لە داناریژیت. ئاسایش لە هەرێمدا لە بنەڕەتدا گەرەنتیكراوە لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیەوە. ئەم واقیعە بەهۆی بەشداریكردنی كولتووری و ئابووری چینەوە مەترسی لەسەر نییە،هیچ شتێكی مشتومڕاوی لەبارەی داننان بە كێبڕكێی ستراتیژی نێوان ئەمریكا و چین نییە؛ ڕاستییەكی دامەزراو و جێگیرە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەكاندا. هەڵەكە لە هەڵئاوسانی ئەم ڕكابەرییە لە سەرانسەری هەموو دۆمەینەكاندا و پرۆژەكردنی میكانیكی لەسەر هەرێمی كوردستان- گۆڕینی هەموو ئاڵوگۆڕێكی ئەكادیمی یان پڕۆژەیەكی ئابووری بۆ سەنگەرێكی گریمانەكراو.
بەشداریكردنی چین بە شێوەیەكی بەرچاو لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە كاردەكات: گفتوگۆ، بازرگانی، ئاڵوگۆڕی پیشەیی و كارلێكی كولتووری. هێزی نەرم لە ڕێگەی ڕاكێشان و بەشداری خۆبەخشانە كاردەكات نەك ناچاركردن،ئەگەر دەسەڵاتی نەرم بە تەنیا بەس بووایە بۆ بەرهەمهێنانی هەژموونی سیاسی، دەیان ساڵ بەشداریكردنی ڕۆژئاوایی لە بواری پەروەردەیی، كولتووری، میدیایی و كۆمەڵگەی مەدەنیدا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەژموونێكی بێ ڕكابەری لە هەموو شوێنێكدا بەدوای خۆیدا دەهێنا. واقیع بە ڕوونی ئەم گریمانەیە پووچەڵ دەكاتەوە. كوردستان خۆی وەك بەڵگە وەستاوە: سەرەڕای بەركەوتنی قووڵی بە هێزی نەرمی ڕۆژئاوایی- ڕاگەیاندن، پەروەردە، بودجە، سكۆلەرشیپ و هاوبەشی- لە ڕووی سیاسییەوە نەبووەتە ژێردەستەی ڕۆژئاوا،پێشنیاری ئەوەی كە كۆمەڵگای كوردی لەناكاو لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ چین بێ بەرگری دەبێت،هۆشدارییەك نییە سەبارەت بە چین؛ دەربڕینی بێمتمانەییە بە توانای فیكری و سیاسی و دامەزراوەیی كورد،تایبەتمەندییەكی دیاریكەری نووسینی ئەم دواییەی دژە چین، وێناكردنی چینە نەك وەك ئەكتەرێكی كۆنكرێتی خاوەن بەرژەوەندییە دیارەكان، بەڵكو وەك هەڕەشەیەكی جنۆكەیی- لە هەموو شوێنێكدا، نەبینراو و لێپرسینەوە نەكراو. ئەمە شیكاری نییە؛ ئەوە ئەفسانەسازییە،ئەو دەوڵەتانەی كە بەدوای زاڵبووندا دەگەڕێن، بە شێوەیەكی نەبینراو كار ناكەن. مەرجەكان دەسەپێنن، دەرئەنجامەكان دیكتە دەكەن، هێز بڵاودەكەنەوە و پەنجەمۆرێكی هەڵە نەكراو بەجێدەهێڵن. چین لە هەرێمی كوردستان هیچ كام لەمانە ناكات. چالاكییەكانی گشتین، دامەزراوەكانی دەناسرێنەوە و ڕێككەوتنەكانی فەرمین. ئەم خەریكبوونانە دەتوانرێت مشتومڕیان لەسەر بكرێت، ڕێكبخرێن، یان ڕەتبكرێنەوە- بەڵام وێناكردنیان وەك هەڕەشەیەكی نەبینراو واقیع دەشێوێنێت،ئەم گێڕانەوەیەی “چین وەك جنۆكە” ڕاستەوخۆ لە دڵەڕاوكێ ستراتیژییەكانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی دەسەڵاتی جیهانی هاوردە دەكرێت. گوزارشت لە ترسی دەرەكی دەكات نەك واقیعی سەرزەوی لە هەولێر یان سلێمانی،بنەمایەكی سەرەكی سیاسەتی دەرەوەی چین دەستوەرنەدانە لە كاروباری سیاسی ناوخۆیی. چین پارە بۆ بزووتنەوەكانی ئۆپۆزسیۆن نادات و داوای چاكسازی سیاسی ناكات و مۆدێلی ئایدیۆلۆژی هەناردە ناكات. پێویست ناكات هاوبەشەكان سیستەمی سیاسی یان جیهانبینی خۆی بگرنەبەر،ئەوەی چین پێشكەشی دەكات- بە تایبەتی لە ڕێگەی بەرنامەكانی ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕەوە- هاوبەشكردنی ئەزموونە نەك گۆڕانكاری ئایدیۆلۆژی. ستراتیژییەكانی گەشەپێدان، مۆدێلی كەمكردنەوەی هەژاری و پراكتیكەكانی كارگێڕی وەك وانە دەخرێنەڕوو نەك وەك عەقیدە..

تایوان و شینجیانگ و تبت

زۆرجار مشتومڕەكان فراوان دەبن بۆ پرسە نێودەوڵەتییە هەستیارەكان، كە پێویستیان بە ڕوونكردنەوە هەیە نەك دروشم

یەك چین وەك بنەمای یاسایی

لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، بنەمای یەك چین دروشم و پەسەندكردنی سیاسی نییە؛ ئەو بنەما یاساییە پێكهاتەییەیە كە سەروەری چین لەسەری دانپێدانراوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا،سیستەمی نەتەوە یەكگرتووەكان ناوەندی ئەم بناغەیە. بڕیارنامەی كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان 2758 (1971) دووپاتی كردەوە كە كۆماری گەلی چین تاكە نوێنەری شەرعی چینە لە نەتەوە یەكگرتووەكان. ئەم بڕیارنامەیە پێگەیەكی نوێی دروست نەكرد؛ هەڵوێستی یاسایی نێودەوڵەتی پشتڕاستكردەوە كە یەك چین و یەك حكومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی نوێنەرایەتی دەكات. لەو كاتەوە تایوان نە ئەندامێتی نەتەوە یەكگرتووەكانی هەبووە و نە پێگەی سەروەری دانپێدانراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، زۆرینەی ڕەهای دەوڵەتەكان پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ پەكین دەپارێزن- بە ڕوونی دان بەوەدا دەنێن كە كۆماری گەلی چین تاكە نوێنەری شەرعی چینە. یاسای نێودەوڵەتی قورسایی یەكلاكەرەوە دەخاتە سەر ئەو جۆرە دانپێدانانە بەكۆمەڵانە، لە چوارچێوەی ئەم چوارچێوە یاساییەدا:
تایوان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان وەك بەشێك لە چین مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت،تبت و شینجیانگ ناوچەكانی ناوخۆی چینن كە هیچ پێگەیەكی یاسایی نێودەوڵەتییان وەك قەوارەی جیاواز نییە. هیچ دەزگایەكی نەتەوە یەكگرتووەكان، دادگایەكی نێودەوڵەتی، یان دەوڵەتێكی دانپێدانراو ،بە هەمان شێوە، باسەكانی شینجیانگ و تبت زۆرجار تەنیا لەسەر تۆمەتەكانە و لە هەمان كاتدا دەرئەنجامە پێوانەكراوەكانی گەشەپێدان پشتگوێ دەخەن. لە ماوەی دەیەكانی ڕابردوودا هەردوو هەرێمەكە پێشكەوتنی بەرچاویان لە ژێرخانی ئابووری، پەروەردە، چاودێری تەندروستی، كەمكردنەوەی هەژاری و تەمەنی چاوەڕوانكراودا بەخۆیەوە بینیوە. داننان بەم پێشهاتانە، مشتومڕ بێدەنگ ناكات؛ هاوسەنگی دەگەڕێنێتەوە،بۆیە پرەنسیپی یەك چین وەك لەنگەری یاسایی كاردەكات كە تایوان و تبت و شینجیانگ لە چوارچێوەی یەك چوارچێوەی سەروەریدا یەكدەخات. هەر شیكارییەكی جددی كە بە جیا مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانەدا بكات لە كاتێكدا ئەم بناغەیە پشتگوێ بخات، لە یاسای نێودەوڵەتی جیا دەبێتەوە و بە گێڕانەوەی سیاسی و چەواشەكاری جێگەی دەگرێتەوە،لە ڕووی یاساییەوە یەك چین هەیە، كە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا كۆماری گەلی چین نوێنەرایەتی دەكات. هەموو مشتومڕەكانی تر لە چوارچێوەی ئەو چوارچێوە دامەزراوەدا ڕوودەدەن- نەك لە دەرەوەی ئەوەی لە زۆرێك لە نووسینە هاوچەرخەكانی دژە چینەوە سەرهەڵدەدات، تەقلیدییە نەك شیكاری سەربەخۆ. زمانی “چین داگیرمان دەكات” ڕاستەوخۆ لە ئەدەبیاتی ستراتیژی ڕۆژئاواوە هەڵدەگیرێت كە بۆ ڕكابەریی دەسەڵاتە گەورەكان داڕێژراون، نەك لە بیركردنەوەی ستراتیژیی كوردییەوە،ستراتیژی ڕاستەقینە پێویستی بە دوورییەكی ڕەخنەگرانە هەیە لە هەموو هەژموونەكان- سەربازی، ئابووری و ڕۆشنبیری بە هەمان شێوە. دووبارەكردنەوەی گێڕانەوەی هەڕەشەی قەرزكراو، كوردستان ناپارێزێت؛ تەنها عەدەسەیەكی دەرەكی بە عەدەسەیەكی تر دەگۆڕێت،چین جنۆكە نییە. زلهێزێكی جیهانییە كە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و خەریكی ئابووری و هێزی نەرمەوە بەدوای بەرژەوەندییەكانیدا دەگەڕێت- بەبێ ئامادەیی سەربازی، هەناردەكردنی ئایدیۆلۆژی، یان مەرجی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا. ئەم واقیعە لە ڕێگەی ڕێكخستن و چاودێری دامەزراوەییەوە بەڕێوەبچێت نەك لە ڕێگەی ترس و دڵەڕاوكێ و پارانۆیا،ئایندەی كوردستان بە ئاڵوگۆڕی كولتووری یان ئەنجوومەنی ئەكادیمی یەكلایی نابێتەوە، بەڵكو بە بەهێزی دامەزراوەكانی و كوالیتی حوكمڕانییەكەی و متمانەی بە حوكمدانی ستراتیژی خۆی یەكلایی دەبێتەوە.

هەڵۆ حەسەن




تبت و كورد، مێژووی بەراوردكاریی سەركوتكردن.. ئاگری قادر*

سەرەڕای مەودای جوگرافیای بەرفراوانی نێوان تبت و كوردستان، ڕێڕەوی مێژوویی هەردوو گەل، شێوازە قووڵە بەراوردكراوەكانی كۆنترۆڵكردنی دەوڵەت، سەركوتكردن و بەرخۆدان. ئەم لێكچوونانە بەڕێكەوت نین؛ ئەوان لە چۆنێتی مامەڵەكردنی دەوڵەتە ناوەندییە مۆدێرنەكان لەگەڵ ناوچە جیاوازەكانی كولتووری، جەختكەرەوەی سیاسی و ناوچە گرنگەكانی خاكیدا سەرهەڵدەدەن،یەكخستنی بە زۆر و پرسی شەرعیەت،تبت لە كۆماری گەلی چین لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠دا هاوتەریبە لەگەڵ یەكخستنی ناوچە كوردییەكان لە دەوڵەتە مۆدێرنەكانی عێراق، توركیا، ئێران و سوریا دوای داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. لە هەردوو حاڵەتەكەدا، دەسەڵاتی دەوڵەت لە ڕێگەی هێزی سەربازی و چوارچێوەی یاساییەوە سەپێندرا كە ئیدیعای شەرعییەت دەكرد بەبێ ڕەزامەندی مانادار لەلایەن هەردوو گەلەوە،هەروەك چۆن پەكین یەكگرتنی تبت وەك “ڕزگارییەكی ئارام” لە چوارچێوەیەكدا دادەنێت، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كۆنترۆڵی خۆیان بەسەر كوردستاندا ڕەواي پێدا وەك پێویستى بۆ یەكێتی نەتەوەیی و یەكپارچەیی خاك. لە هەردوو باردا، ناكۆكی وەك جیابوونەوە یان خیانەت پێناسەكرایەوە.

دەربەدەری وەك ستراتیژییەكی سیاسی

دەربەدەریی “دالای لاما” دوای ڕاپەڕینی لاسا لە ساڵی ١٩٥٩دا ئاوێنەیەكی ئاوارەیی زۆرەملێ و دەربەدەری سەركردە سیاسی و ڕۆشنبیران و چالاكوانانی سیاسیی كوردە بە درێژایی سەدەی بیستەم،دەربەدەری لە هەردوو حاڵەتەكەدا دوو مەبەستی هەبوو: لابردنی سەركردایەتی هێمادار لە نیشتمان و لاوازكردنی بەرخۆدانی ڕێكخراو. بەڵام دەربەدەریش هەردوو هۆكارەكەی بە نێودەوڵەتی كرد، گۆڕینی بۆ پرسی مافی مرۆڤی جیهانی نەك تەنیا بابەتی ناوخۆیی،چین ناوچەی ئۆتۆنۆمی تبت وەك بەڵگەیەك بۆ خۆبەڕێوەبەری دەخاتە ڕوو، هەروەك چۆن دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێژوودا ئۆتۆنۆمی سنووردار یان هێمایان بۆ ناوچە كوردییەكان بەرەوپێش برد. بەڵام لە پراكتیكدا، سەربەخۆیی لە هەردوو حاڵەتەكەدا بە خیانەت پێناسەكراوە،پێش ساڵی 1991، ئۆتۆنۆمی بەڵێندراو بە كوردەكانی عێراق بە شێوەیەكی سیستماتیكی لەلایەن بەغداوە تێكدرا، كە لە هەڵمەتی سەربازیدا گەیشتە لوتكە بە هەمان شێوە، سەربەخۆیی تبت لەلایەن پارتی كۆمۆنیستی چینەوە پێناسە كراوە، كە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بە ناوەندگیری دەمێنێتەوە و ناكۆكییەكان بە تاوان دەزانرێت. ئەم مۆدێلانە سەربەخۆیی نەك وەك مافێك ئاشكرا دەكەن، بەڵكو وەك ئامرازێكی كارگێڕی بۆ كۆنترۆڵكردن،هەڵمەتی ئەنفال لە كۆتایی هەشتاكان وەك یەكێك لە توندڕەوترین نموونەكانی سزای بەكۆمەڵ دژی گەلی كورد – لەسێدارەدانی بەكۆمەڵ، لەناوبردنی گوندەكان، دیپۆرتكردنەوەی زۆرەملێ و چەكی كیمیایی. لە كاتێكدا ئەزموونی تبت شەڕی كیمیایی تێدا نەبووە، بەڵام لۆژیكی سزای بەكۆمەڵ بەراورد دەكرێت،لە تبت، تەواوی كۆمەڵگا تووشی چاودێری، ڕاگرتنی بەكۆمەڵ، دووبارە پەروەردەكردنی ئایدیۆلۆژی و داڕشتنەوەی دیمۆگرافی دەبن. لە هەردوو حاڵەتەكەدا، وەڵامی دەوڵەت كۆمەڵگا بەگشتی دەكاتە ئامانج نەك تاوانبارانی تاكەكەسی، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی و سەركوتكردنی ناسنامەی بەكۆمەڵ،سەركوتكردنی زمانی كورد لە پەروەردە، كارگێڕی و ژیانی گشتیدا، هاوتەریبێكی ڕوون لە سیاسەتەكانی كاریگەری لەسەر فێركاری زمانی تبتییەكان دەبینێتەوە. لە هەردوو حاڵەتەكەدا زمانەكانی دەوڵەتی باڵادەست وەك ئامرازی یەكگرتن و كۆنترۆڵكردن سەپێندرا،ئەم سیاسەتانە وەك ڕێوشوێنی مۆدێرنكردن یان یەكخستنەوە ، بەڵام بۆ كورد و تبتییەكان وەك هەڕەشەی بوونگەرایی ئەزموون كرا- هەوڵدان بۆ بڕینی گواستنەوەی نێوان نەوەكانی كولتوور، مێژوو و ناسنامە،هەردوو تبت و كوردستان شوێنی پڕۆژەكانی گەشەپێدانی وەك بەڵگەیەك بۆ خێرخوازی دەوڵەت پێشكەش كراون. ژێرخانی و پڕۆژەكانی وزە و فراوانكردنی شارەكان بۆ پڕۆژەكردنی دەسەڵات و دووبارە داڕشتنەوەی دیمۆگرافیای شارەكان بەكارهێنران
بۆ كورد، گەشەپێدانی نەوت زۆرجار سوود بە حكومەتە ناوەندییەكان دەگەیەنێت لە هەمان كاتدا كۆمەڵگا ناوخۆییەكانیان بۆ ئاوارە دەكرد. بۆ تبتییەكان، گەشەپێدان زۆرجار لایەنگری كۆچی “هان” و بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت بووە. لە هەردوو حاڵەتەكەدا پێشكەوتنی ئابووری نەیتوانی قەرەبووی دەركردنێكی سیاسی و پەراوێزخستنی كولتووری بكاتەوە،مێژووە بەراوردكارییەكانی تبت و كوردستان نیشان دەدەن كە سەركوتكردن و دەربەدەری و ئۆتۆنۆمی بەڕێوەبەردراو ناڕەزایەتییە سیاسییەكان چارەسەر ناكەن- ئەزموونی كوردی نیشان دەدات كە سەقامگیرییەكی بەردەوام تەنیا كاتێك سەرهەڵدەدات كە دانپێدانانی سیاسی، مافە كولتوورییەكان و خۆبەڕێوەبەریی مانادار جێبەجێ بكرێت،بۆ تبت، دۆسیەی كوردی وانەیەكە: پەرەپێدان بەبێ كەرامەت، و سەربەخۆیی بەبێ دەسەڵات، ناتوانێت جێگەی گفتوگۆ و ڕەزامەندی ڕاستەقینە بگرێتەوە،تبت و كوردستان بە ئایدۆلۆژیا و جوگرافیا بەیەكەوە نین، بەڵكو بە ئەزموونی مێژوویی بەیەكەوە گرێدراون. هەردوو گەل بەرگەی یەكگرتنی زۆرەملێیان گرتووە، دەربەدەری سەركردایەتی، و سزای بەكۆمەڵ. بۆ كوردەكان، تبت بیرهێنانەوەی ڕابردووی خۆیانە؛ بۆ تبتییەكان، كوردستان وەك بەڵگەیەك وەستاوە كە بەرخۆدان و یادەوەری و ناسنامە دەتوانێت تەنانەت توندترین هەڵمەتەكانی سڕینەوەش بژین.

  • خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی،زانكۆی نیشتمانی تایوان



چەپی عێراقی و كوردستانی لە چوار ڕیانێکدایە: نوێبوونەوە و یەکڕیزی و چاکبوونەوەی چالاکی جەماوەری.. ڕزگار ئاکرێی

  1. چەپی عێراقی لە نێوان بەشداریکردن و بایکۆتکردن لە هەڵبژاردنەکانی 2025
    ئەم وتارە لە ساتەوەختێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەستیاردا دێت بۆ چەپی عێراقی. شکستەکانی ئەم دواییە چیتر ناتوانن تەنیا بە هۆکاری دەرەکی ڕوون بکرێنەوە. ئەوەی ئێمە ئەزموونی دەکەین تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ویستمان و توانامان بۆ داهێنانی ئامرازی نوێی کردار و میتۆدی نوێ. ئەو ئەنجامانەی زۆرینەی هێزەکانی چەپی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی 2025 بەدەستیان هێنا ناتوانرێت وەک دۆڕاندنێکی تێپەڕێندراوی هەڵبژاردن بخوێنرێتەوە و نە تەنها وەک دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆی یاسای هەڵبژاردنی نادادپەروەرانە و هەژموونی پارەی سیاسی بخوێنرێتەوە. ئەم فاکتەرە دەرەکیانە ڕاستەقینە و کاریگەرن، بێ گومان، ئاڵۆزتر دەبن بەهۆی تەحەدایەکی توندتر کە لەلایەن هێزە هەژموونەکانەوە و کاریگەری گەندەڵی پێکهاتەیی کە تەواوی گۆڕەپانی خەبات دەشێوێنێت و کێبڕکێیەکان تا ڕادەیەکی زۆر نایەکسان دەکات.
    لەگەڵ ئەوەشدا، تەرکیز کردن لەسەر کاریگەرییە دەرەکییەکان بەتەنها، سەرەڕای گرنگییان، بەس نییە بۆ تێگەیشتن لە تەواوی وێنەکە. ئەوەی لە واقیعدا ڕوویدا دەربڕینێکی چڕتر بوو لە قەیرانێکی قووڵتر کە کاریگەری لەسەر شێوەکانی ڕێکخستن و شێوازی کارکردن و شێوازی گفتوگۆ و بیرکردنەوەی زاڵ لەناو چەپی عێراقدا بە گشتی و لە هەموو فراکسیۆنەکانیدا هەبوو. قەیرانێکە پەیوەندی بە پارت یان سەرکردەی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی شێواوی نێوان بیرۆکەی ڕاست و ئامرازی نادروست هەیە. پەیوەندی نێوان گوتاری گۆڕانخوازی ڕادیکاڵ و شێوازی پێشکەشکردن و بەبازاڕکردنی لە نێو “بازاڕی سیاسی” زۆر ئاڵۆز و دڕندانە، کە ئاسایش و زاڵبوونی دارایی بەڕێوە دەبات نەک کێبڕکێی دیموکراتی ئازاد.
    سەرەڕای ئەم دابەزینە ئاشکرایە، چەپی عێراق بە هەموو فراکسیۆنەکانیەوە هیوای ڕاستەقینە و جدیترین بەدیل بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەمێنێتەوە دادپەروەری پڕۆژەکەی و توانای شاراوەی بۆ ڕێکخستن و کاری بەکۆمەڵ هێشتا ماوە بەڵام چاوەڕێی شێوازی نوێی کردارن کە لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا بگونجێت و نەک هەر توانای پەرەپێدانی ئامادەبوونی جەماوەری هەبێت بەڵکو ئامرازی میتۆدی و زانستیشی هەبێت بۆ کارکردن لە هەلومەرجی ئێستای خەباتی سیاسی و کۆمەلایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا
    لەسەر بنەمای ئەم دەستنیشانکردنە دووانە، لاوازی ناوخۆیی و بەرەنگاری دەرەکی، پرسیاری ڕاستەقینە تەنها ئەوە نییە کە بۆچی زۆربەی هێزە چەپەکان نەیانتوانی لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامی خوازراو بەدەست بهێنن، یان تەنانەت لە بایکۆتکردندا، هەروەها بۆچی نەیانتوانی ئامادەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان بە گشتی بەهێز بکەن. بەڵکو بۆچی سەرەڕای بارودۆخی خراپی جەماوەر و حوکمی دەستە دیکتاتۆر و گەندەڵەکان لە بەغدا و هەولێر، گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی سەرەڕای دادپەروەری و پێویستی، نەیتوانی ببێتە بژاردەیەکی جەماوەری ڕوون و قەناعەتکەر؟ بۆچی پڕۆژەی چەپ بە هەموو هەمەجۆرییەوە پەرتەوازە و دژ بە یەک مایەوە؟ و بۆچی، سەرەڕای زۆر خاڵی لێکنزیکبوونەوە، هێشتا نەمانتوانیوە چوارچێوەیەکی یەکگرتوو لە دەوری ئەوان دروست بکەین کە وزە هەمەجۆرەکانمان ڕێک بخات و ئاراستەی یەک ئاراستە بکات؟
    لەم دۆخەدا جەماوەر یەک ئەڵتەرناتیڤی پتەو نەبینی، بەڵکو زنجیرەیەک پێشنیاری ڕکابەریان لە دەوری هەمان بیرۆکە دەبینی، زۆربەیان هەمان گوتاری گرتۆتەبەر، تا ئەو ڕادەیەی کە کەسێک بە ئاسانی ناوی ڕۆژنامە یان حیزب لە میدیاکانیدا دەگۆڕێت و خوێنەر هەست دەکات تاکە پارتێک دووبارە دەبێتەوە. بەتایبەتی لەسەر بابەتە ڕاستەوخۆکان.
  2. ئایا دەتوانین سوود لە میتۆدی سەرمایەداری وەربگرین و شەڕ لەگەڵ دوژمن بە ئامرازە پێشکەوتووەکانی بکەین
    بۆ تێگەیشتن لەم ناتەواوییە، بەسوود دەبێت و لەوانەیە پێویست بێت، کە لە گۆشەیەکی نانەریتی سەیری بابەتەکە بکەین. ئەمە پێویستی بە جۆرێک لە “پراگماتیزمی چەکداری” هەیە کە لە ڕەقی ڕۆشنبیری تێدەپەڕێت و بە هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە لە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کاریگەری و دابەزین و هەڵسەنگاندن و چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە ئامرازە تەکنیکی و میتۆدۆلۆژیەکانی بەبێ وەرگرتنی بەها و لۆژیکەکەی بەڕێوە دەچێت.
    لە هەڵوێستێکی چەپەوە دەتوانین هەندێک میکانیزمی پێوانەی زانستی و هەڵسەنگاندنی بابەتی بەکار بهێنین کە لە بنەڕەتدا بەشێکن لە میراتی مارکسیستی کە زانستی لە کرۆکی خۆیدا داناوە، وەک مۆدێلێکی پراکتیکی توند بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لاوازی و گۆڕینی شکست بۆ ئامرازێک بۆ فێربوون و بنیاتنانەوە.
    لەم ڕوانگەیەوە، قەیرانی چەپی عێراق دەتوانرێت وەک قەیرانی “پڕۆژەی گواستنەوە” دادپەروەرانە و باش بخوێنرێتەوە، لەگەڵ سیاسەتێک کە لە ڕووی تیۆرییەوە ڕاست دەردەکەون، بەڵام هێشتا باشترین شێوەیان بۆ وەرگێڕانی پراکتیکی نەدۆزیوەتەوە کە لەگەڵ ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگای عێراقدا بگونجێت. بزووتنەوەکە دەبێت لە واقیعەوە بەرەو تیۆری بڕوات، نەک به پێچەوانەوە، لەگەڵ بەڕێوەبردن و بازاڕکردن کە پێویستی بە گەشەپێدان هەیە، و میکانیزمەکانی پێویستیان بە نوێکردنەوەیە، لە نێو بازاڕێکی سیاسی کە بە کێبڕکێی بێ بەزەییانە دەناسرێتەوە، کە پارتە ناسیونالیستە ئایینی و بۆرژوازییەکان خاوەن سەرچاوەی زۆریان بەسەردا زاڵ بێت.
    بە پێی لۆژیکی سەرمایەداری، بەس نییە بەرهەمێک باش بێت یان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پێویست بێت بۆ ئەوەی لە بازاڕدا سەرکەوتوو بێت. سەرمایەداری مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگا وەک بازاڕ دەکات، بیرۆکەکان وەک کاڵا، و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی وەک بەرهەمێک کە دەتوانرێت بەرز بکرێتەوە یان پەراوێز بخرێت. کاتێک چەند کۆمپانیایەک دەچنە بازاڕەوە و ناوی هاوشێوەیان هەڵگرتووە و یەک بەرهەم دەفرۆشن کە پێی دەوترێت “گۆڕانی کۆمەڵایەتی”، بەڵام بەبێ هاوئاهەنگی، هەماهەنگی یان ناسنامەیەکی ڕوون، کوالێتی خۆی دەبێتە کێشە.
    ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بەسەر چەپەکانی عێراقدا هاتووە. نەک تەنها لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە دابەش بوو، بەڵکو لە ڕووی سیاسییەوە دابەش بوو لە نێوان بەشداریکردن و بایکۆتکردن، و ناکۆکی لەسەر هەردووکیان هەبوو. وزەیەکی زۆر لە ململانێی ناوخۆیی و دەرەکیدا لەسەر هەردوو بژاردەی ناوخۆ و دەرەوەی ڕێکخراوەکان بەکار هێنرا، کە بە ئەنجامێکی لاواز لە هەردووکیاندا کۆتاییهات. هیچ هەڵوێستێکی یەکگرتوو، هیچ وتارێکی ڕوون و هیچ تاکتیکێکی کۆمەلایەتی بۆ جەماوەر دەرنەکەوت. بەشداریکردن لە ڕێگەی لیستی جیاوازەوە ڕوویدا نەک تاکە لیستێکی چەپ لە سەرانسەری عێراقدا بەگشتی و وادەکات دیمەنەکە وەک ململانێیەک دەربکەوێت لە نێوان چەند جۆرە پەرشوبڵاو و سەرلێشێواوێکدا.
    لەم حاڵەتەدا جەماوەر “یەک بەرهەم” بە تایبەتمەندی ڕوون نەبینی، بەڵکو زنجیرەیەک بەرهەمی هاوشێوە دەبینێت کە لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕکابەرە ڕاستەقینەکان کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن. ئەوەی بۆ ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار گرنگە ناوی ڕێکخراوە چەپەکان یان سەرچاوە تیۆرییەکانیان نییە، بەڵکو ئەو کەسانەیە کە دەتوانن ژیانیان هەنگاوێک بەرەو پێشەوە ببەن، تەنانەت وردە وردە، لە بواری خزمەتگوزاری، یەکسانی، دادپەروەری، کار و مافەکانی تری مرۆڤدا.
    لێرەدا، ئاژاوە و لاوازی سیاسی ئەرکەکە جێبەجێ دەکەن. بازاڕ خۆی سزای “پڕۆژەی گۆڕان” ناڕێک دەدات، بەتایبەتی لە گۆڕەپانێکدا کە هێزە ڕکابەرەکانی ڕێکخراو کە پارە، میدیا، دەسەڵات و توانای بەرزی جوڵانەوەیان هەیە، بەسەریدا زاڵ دەبێت. فرەچەشنی بێسەروبەر، گوتاری دژ بەیەک، جیاوازی نرخی سیاسی، شێوازی بازاڕی پێشنەکەوتوو، سەرلێشێواوی و ململانێی ناوخۆیی هەمووی متمانە لاواز دەکات. “کڕیار”، لێرەدا مەبەستی ژنانی کارکەر و پیاوە کرێکارەکانی دەست و مێشکیە، متمانە بەخۆبوون لەدەست دەدەن نەک لەبەر ئەوەی بیرۆکەی گۆڕان ڕەتدەکرێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی پەرتەوازە و نوخبەیی و تیۆری دەگاتە ئەوان کە لەگەڵ گەشەی کۆمەڵایەتی و پێداویستییەکانی ڕۆژانەدا ناگونجێت.
    بە تێپەڕبوونی کات، بیرۆکەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە بەدیلێکی سەرنجڕاکێشەوە دەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی گومانلێکراو، پاشان بۆ بەرهەمێکی نەخوازراو، نەک لەبەر لاوازی خۆی، بەڵکو بەهۆی چۆنیەتی گەیاندن و پێشکەشکردنی لە بازاڕێکی سیاسی شێواودا کە بەرژەوەندی ڕکابەرەکانی خاوەن ئامرازی بەهێزتر و پتەوتر هەیە. بەکارهێنانی چەمکی بازاڕ و بەرهەم لێرەدا وەرگرتنی لۆژیکی سەرمایەداری یان بەرزکردنەوەی بەها چەوسێنەرەکانی نییە، بەڵکو وەسفێکی شیکارییە ڕەخنەگرانەیە بۆ میکانیزمەکانی دوژمنی چینایەتی، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوە و تێگەیشتنیان بۆ زاڵبوون بەسەریاندا، نەک بەرهەمهێنانەوەیان.
  3. چەپ و چارەسەرکردنی دابەزین و لاوازی
    کاتێک دابەزین و لاوازی دەردەکەوێت، جیاوازی بنەڕەتی نێوان لۆژیکی سەرمایەداری و لۆژیکی زۆرێک لە هێزە چەپەکان ڕوون دەبێتەوە. سەرمایەداری لە هەموو قەیرانێکدا ناگەڕێتەوە بۆ تیۆریزە کلاسیکییەکانی بۆ ئەوەی بپرسێت ئایا تێکستەکانیان بە تەواوی جێبەجێ کراون، هەروەها تاقیکردنەوەی ناوخۆیی ئەنجام نادات کە بپرسێت ئادەم سمیس، ڕیکاردۆ، هاایک یان فریدمان لە کوێ بە هەڵە تێگەیشتوون. ناڵێت بازاڕ شکستی هێناوە چونکە کتێبەکان باش نەخوێنراون، هەروەها پەنا دەباتە بەر پاساوی ئایدۆلۆژی یان لۆمەی “کڕیارەکان”.
    وەک سیستەمێکی پراکتیک، سەرمایەداری وەک ئاماژەیەکی تەکنیکی مامەڵە لەگەڵ دابەزین دەکات کە دەتوانرێت پێوانە بکرێت و چارەسەر بکرێت. بە خێرایی ئامرازەکان، گفتوگۆکان، ڕووکارەکان و میکانیزمەکانی کار و رێکخستن دەگۆڕێت، بەبێ تاوان، بەبێ پیرۆزکردنی ناو، رێکخراو، یان مێژوو، و بەبێ ترس لە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەو. توێژینەوەی زانستی و میتۆدی پراکتیکی بەکاردەهێنێت، داتا کۆدەکاتەوە، ژمارەکان شیدەکاتەوە، هەڵسوکەوتی بەکاربەر دەکۆڵێتەوە، پرسیار دابەش دەکات، چاوپێکەوتن دەکات، مۆدێل دروست دەکات، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، دیجیتاڵیزەکردن و زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنێت، گریمانەکان تاقی دەکاتەوە و هەڵەکان بە سیستماتیک هەڵدەسەنگێنێت.
    بە سادەیی و بە وردی دەپرسێت: بۆچی بەرهەمەکە شکستی هێنا؟ متمانە لە کوێ لەدەست چوو؟ چی کڕیارەکانی سەرلێشێواند؟ کەموکوڕی بەڕێوەبردن، ناو، فۆرم، پەیام، کات، یان کەناڵەکانی دەستگەیشتن لە کوێیە؟ لەسەر بنەمای ئەم وەڵامانە، سیاسەت و بەڕێوەبردن و رێکخراوەکانی لە هەموو ئاستەکاندا بنیات دەنێتەوە، قەبارە بچووک دەکاتەوە، میکانیزم و سیاسەتەکان دەگۆڕێت، تێکەڵ دەبێت بۆ قەوارەی گەورەتر، جێگەی سەرکردایەتی دەگرێتەوە و ڕۆڵەکان دابەش دەکات، هەمووی بە یەک ئامانج ڕوون دەکات: گەڕاندنەوەی کاریگەری و فراوانکردن لە بازاڕدا.
    بە پێچەوانەوە، هەندێک لە هێزە چەپەکان کاتێک ڕووبەڕووی دابەزین دەبنەوە، دەگەڕێنەوە بۆ تیۆریزە کلاسیکییەکان بۆ گەڕان بەدوای وەڵامدانەوە، یان بۆ مێژووی شکۆداری حزبەکانیان دەیان ساڵ لەمەوبەر. لەگەڵ ئەوەشدا تەحەدای ڕاستەقینە لە گێڕانەوەی تێکستەکان نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردنی خودی میتۆدی مارکسیستدایە، کە داوای شیکردنەوەی بەرجەستەی واقیعی کۆنکریت دەکات. پرسیاری سەرەکی دەبێت ئەوەبێت: بۆچی پەیامەکەمان ئەمڕۆ ناگات، هەرچەندە پەیوەندی بە باشترکردنی ژیانی خەڵکەوە هەیە؟ وە بۆچی ئێمە واقیعی هاوچەرخ بە پێوەری سەدەی ڕابردوو دەپێوین، لەجیاتی ئەوەی ئەدای ئێستامان بە پێوەری زانست و ئەزموون و ئەنجامەکان بە پێی واقیعی ئێستا بپێوین؟
    کێشەکە گەڕانەوە بۆ کەلەپووری چەپ وەک میتۆدێکی ڕەخنەیی زیندوو نییە، بەڵکو کاتێک ئەو کەلەپوور و میکانیزمە ڕێکخراوەییە کۆنانە دەگۆڕێت بۆ ستانداردی ڕەق، دەق لەسەرووی واقیعەوە، یان جێگرەوەی هەڵسەنگاندنی مەیدانی، توێژینەوە، رێکخستن و گەشەپێدان. لەو کاتەدا، ئێمە بەبێ مەبەست وەک دامەزراوەیەک دەبین کە بە میتۆدی بەسەرچوو دەنوسێت چونکە جارێک سەرکەوتوو بووە، لەکاتێکدا مەرجەکانی سەرکەوتن گۆڕاوە پشتگوێ دەخەین، و پاشان دەپرسین بۆچی جەماوەر بەدوای بەدیلی تردا دەگەڕێن، تەنانەت هەژاران.
  4. گێڕانەوەی میتۆدی زانستی وەک کرۆکی بیری چەپ
    دەرسەکە لێرەدا شکۆمەندی سەرمایەداری یان وەرگرتنی بەهاکانی نییە، بەڵکو سوود وەرگرتن لە شێوازی هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ دیاریکردنی خاڵە لاوازەکانی خۆمان. تەحەدای سەرەکی ئەوەیە کە چۆن “ئامرازەکە قەرز بکەیت” لە کاتێکدا “ڕۆح” ڕەت بکەیتەوە. ئەم دژایەتییە دەبێت بە هۆشیارییەکی توندەوە بەڕێوە ببرێت.
    چەپی عێراقی ئەمڕۆ پێویستی بەم جۆرە هەڵسەنگاندن و وردی زانستییە هەیە دەبێت ڕاپرسی ڕاستەقینە لە گەڕەکەکانی چینی کرێکار، لە نێوان ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکاری دەست و مێشک، لە زانکۆکان، شوێنی کارەکان، و لە نێو بێکاراندا ئەنجام بدات، نەک بۆ ئەوەی واز لە ئاسۆی چینایەتی یان پڕۆژەی کۆمەڵایەتی خۆی بهێنێت، بەڵکو تێبگات کە پەیامەکەی چۆن دەگات، چۆن تێدەگات، لە کوێ تێکدەشکێت و لە کوێ دەگۆڕێت بۆ گوتارێکی قورس و دابڕاو لە واقیع.
    دەبێت کاریگەری سیاسەت و لێدوان و چالاکیەکانی و بوونی لەسەر زەوی و بۆشایی دیجیتاڵی و زمانی گوتاری و توانای بنیاتنانی متمانەی ڕاستەقینە بخوێنێت و پێوانە بکات. دەبێت پێداچوونەوە بە شێوەی ڕێکخراوەیی و سەرکردایەتیدا بکات و جەماوەری ڕاستەقینەی بخوێنێت. دەبێت بە ڕوونی بپرسین: بۆچی ناگەینە ئەو ئامانجە؟ بۆچی ئێمە کاریگەری ناکەین؟ بۆچی ئێمە نابینە بژاردەیەکی ڕوون؟
    تەنها ئەوکاتە دەتوانرێت بڕیاری سیاسی و ڕێکخراوەیی بوێرانە لەسەر بنەمای ئەنجامەکان وەربگیرێت. گرنگ فراوانبوون، بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە. ئەم لۆژیکە هەرچەندە بەشێکە لە میکانیزمی سەرمایەداری، بەڵام وانەیەکی پراکتیکی گرنگی هەڵگرتووە: پشت بە زانست و تاقیکردنەوە و پێداچوونەوە بەردەوامەکان دەبەستێت، نەک لەسەر دروشم و نیازپاکی یان مێژوو.
  5. چەپ لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵی
    لە چوارچێوەی شۆڕشی دیجیتاڵیدا، ئەم پێویستییە زۆر بەپەلە دەبێت. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە بیرۆکەکان بە گەیشتن، کاریگەری، کارلێک و توانای گۆڕین بۆ کرداری بەکۆمەڵ دەپێورێن. ئەمانە پێوەرن کە نەوەی گەنج لێی تێدەگەن و ڕۆژانە لە بۆشایی دیجیتاڵی و لەسەر زەوی پراکتیزە دەکرێن.
    ژنانی گەنجی کرێکار و پیاوانی کرێکار لە ڕێگەی وتاری درێژ یان تێکستی تیۆری قورسەوە سیاسەت وەرناگرن، بەڵکو لە ڕێگەی پلاتفۆرم، ڤیدیۆی کورت، گفتوگۆی کراوە، رێکخراوی ئاسۆیی نەرم و سەرکردایەتی بەکۆمەڵ وەردەگرن. زانستە سیاسی، کارگێڕی و ڕێکخراوەییەکان، گەشەسەندن و بۆشایی دیجیتاڵی دەبێت وەک گۆڕەپانێکی ڕاستەقینەی خەباتی چینایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بە شێوەیەکی کاریگەر بەکار بهێنرێن، چونکە ئەمە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی چەپێکی هاوچەرخ کە توانای گۆڕینی توڕەیی کۆمەڵایەتی بۆ هێزێکی ڕێکخراو هەیە.
    لەم ڕوانگەیەوە، بیرۆکەی چەپ دەبنە ئامرازێکی زیندووی شیکاری لە دڵی شۆڕشی دیجیتاڵدا، بەردەوام لە پەرەسەندندایە نەک لە تێکستە نەمرەکاندا ببەستێت. ژنان و پیاوانی گەنج لە بینەری ئامانجەوە دەگۆڕن بۆ ئەوەی ببنە ئەکتەری سەرەکی لە بەرهەمهێنانی سیاسی، ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی. کاتێک چەپ سەرکەوتوو دەبێت لە بەستنەوەی دادپەروەری پڕۆژەی کۆمەڵایەتی خۆی بە پەرەسەندنی زانستی، وەک مارکس و ئەنگلس، بەڵام ئەمڕۆ بە ئامرازی دیجیتاڵی دەتوانێت گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی وەک بەدیلێکی ڕوون و قەناعەت پێکراو پیشان بدات، لە پەرتەوازەیی بجوڵێت بۆ کاری کۆمەڵی ڕێکخراو و هەژموونی سەرمایەداری سیاسی بشکێنێت.

6 . بۆچی پێویستمان بە چوارچێوەیەکی چەپی فراوان و یەکگرتوو لەعیراقدا هەیە
چەپی عێراقی تەنیا تاکە پارتێک یان کۆمەڵێک ڕێکخراو نییە، بەڵکو تەوژمێکی فراوانی سۆزداری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییە کە بە قووڵی لە کۆمەڵگای عێراقدا ڕەگی داکوتاوە. ئەم تەوژمە لە هەموو فراکسیۆنەکانیدا ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕاوە لە تێکۆشان بۆ مافەکانی ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار لە برەودان بە بەها چەپ و مەدەنییەکان و یەکسانی و مافەکانی ژنان و مافی کەمینەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم مێژووە شەرەفمەندانە ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر دەخاتە ئەستۆی ئێمە. چەپی عێراق ڕووبەڕووی دابەزینی بەردەوام، زیادبوونی گۆشەگیریی جەماوەری، و دوورکەوتنەوەیەکی ئاشکرا لە نەوەی گەنج دەبێت. تەمەنی سەرکردایەتی زۆرجار لە نێوان شەست بۆ حەفتا ساڵیدا دەبێت، کە پێویستی بە کردنەوەی بۆشایی هەیە بۆ نەوەی گەنج لە چوارچێوەیەکی یەکخراوی ئەزموون و نوێبوونەوەدا.
سەرەڕای هەوڵە ئەرێنییەکان، گەنجان و ژنان هێشتا سنووردارن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و سەرکردایەتی، بەتایبەتی لە سەردەمی دیجیتاڵدا کە شێوەکانی ڕێکخستن و سەرکردایەتی بەشێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە.
لێرەوە بانگەوازی چوارچێوەیەکی چەپی فراوان و یەکگرتوو دەبێتە وەڵامێکی پراکتیکی بۆ قەیران و پێویستییەکی مێژوویی

  1. ئەزموونی جیهانی یەکێتی و کاری هاوبەش لە نێوان هێزە چەپەکاندا
    لێرەدا سوودبەخشە کە لە ئەزموونە جیهانییەکان فێر بین کە لەسەر بیرۆکەی چوارچێوەیەکی چەپی یەکگرتوو کاریان کردووە، نەک وەک ڕەچەتەی ئامادەکراو، بەڵکو وەک وانەی ڕێکخراوەیی و پراکتیکی کراوەیە بۆ بەشداری ڕەخنەگر. ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە چۆن بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان و کارکردن لە دەوری خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەیەکی سەرەکی و کاریگەری هێز.
    • لە دانیمارک لیستی یەکگرتوو (Enhedslisten – Red Green Alliance) لە ساڵی 1989 دامەزرا وەک پێویستییەک بۆ یەکخستنی چەپ بە تێکەڵکردنی سێ حیزبی مارکسیست لەگەڵ بنکەیەکی فراوانی ژنان و پیاوانی سەربەخۆ. ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش و ئیلهام بەخش لێرەدا ئەوەیە کە ئەم سێ پارتە پێش یەکگرتنەوە هیچ نوێنەرایەتییەکی پەرلەمانییان نەبوو و بە تاکەکەسی نەیانتوانی ڕێژەی هەڵبژاردن تێبپەڕێنن. لە ڕێگەی یەکڕیزی و بنیاتنانی رێکخراوێکی نەرم لەسەر بنەمای لق و تۆڕ نەک بیرۆکراسی قورس، ئەم گەمارۆیەیان شکاند. ئەم یەکگرتنەوەیە بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان ببنە هێزێکی پەرلەمانی تا ڕادەیەک کاریگەر و چەند جارێک پلەی یەکەمیان لە کۆپنهاگنی پایتەخت بەدەست هێنا. ئەم پێشکەوتنە بەوەوە نەوەستا بەڵکو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەم دواییانەدا ڕەنگی دایەوە، کە هاوپەیمانێتییەکە پێگەی خۆی وەک پێنجەم گەورەترین پارت لە وڵاتدا بەهێز کرد و لە سەدا 7.1 ی دەنگەکانی لە سەرتاسەری وڵاتدا بەدەستهێنا. ئەمە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە یەکێتی “سفری پەرلەمانی” دەتوانێت هێزێکی یەکلاکەرەوە دروست بکات کاتێک ئیرادە و ئامرازی گونجاوی هەبێت.

• لە ئەڵمانیا، Die Linke لە ساڵی 2007 بە تێکەڵکردنی دوو تەوژمی سەرەکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دامەزرا و یەکێتییەکی مێژوویی بەدەست هێنا کە توانی ئەنجامەکانی پەرلەمانی دوو هێندە بکات و بەشێکی گەورەی چەپی هەڵبژاردن و کۆمەڵایەتی لە یەک چوارچێوەکەدا یەکبخات سەرەڕای ناکۆکییە ناوخۆییە ئاڵۆزەکان.

• لە پورتوگال، بلۆکی چەپ (Bloco de Esquerda) لە ساڵی 1999 لە رێگەی تێکەڵبوونی چەند تەوژمێکی چەپەوە دامەزرا. مۆدێلێکی هاوپەیمانی نوێنەرایەتی دەکات کە سەربەخۆیی فیکری و ڕێکخراوەیی تەوژمە دامەزرێنەرەکەی لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی فراوانتر و ئامانجی هەڵبژاردنی هاوبەشدا دەپارێزێت. ئەمەش وای لێکرد کە توانای دانوستاندنەکانی بەهێز بکات و بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخدا لە ڕێگەی پشتیوانی پەرلەمانەوە بچێتە ناو پێکهێنانی حکومەتەوە.

• لە ئیسپانیا، مۆدێلی پۆدێمۆس جێگەی سەرنجە. لە ساڵی 2014 دامەزراوە و پشت بە پلاتفۆرمی دیجیتاڵی و رێکخراوی ئاسۆیی دەبەستێت بۆ تێکەڵکردنی چالاکوانان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ڕۆشنبیران و بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتە تەقلیدییەکانی حزبەکان. ئەم مۆدێلە توانای چەپ بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی سەردەمی مۆدێرن بۆ پێکهێنانی خێرای هێزێکی سیاسی ڕادیکاڵ و گشتگیر دەردەخات و لە هیچەوە بۆ سێیەم گەورەترین هێزی پەرلەمانی لە ماوەی چەند ساڵێکدا دەڕوات.

• لە کۆڵۆمبیا، “پەیمانی مێژووی” (Pacto Histórico) پێشکەوتنێکی بێ وێنەی لە مێژووی وڵاتەکەدا بەدەستهێنا. ئەوە تەنها هاوپەیمانییەکی کاتی هەڵبژاردنی نەبوو، بەڵکو پێکهاتەیەکی هاوپەیمانی پتەو بوو کە پارتە مارکسیستەکان، بزووتنەوە ژینگەییەکان، رێکخراوەکانی فێمینیستی و هێزەکانی نوێنەرایەتی خەڵکی ڕەسەن و کۆمەڵگە ڕەچەڵەکەکانی ئەفریقی کۆکردەوە. چەپی کۆڵۆمبیا لەوە تێگەیشت کە دابەشبوون “دیارییە بۆ ڕاستەکان”، بۆیە ئەم چوارچێوەیەیان دامەزراند کە سەرکەوتوو بوو لە هێنانی گوستاڤۆ پێترۆ بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی 2022. ئەم ئەزموونە بە “پراگماتیزمی چەکداری” دەناسرێتەوە کە گوتاری لە دروشمی ئایدۆلۆژیای ئاڵۆزەوە گۆڕا بۆ ئەو بابەتانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک هەیە، وەک “دادپەروەری کەشوهەوا”، “سەروەری خۆراک” و “دەستەبەرکردنی مافەکانی گروپە پەراوێزخراوەکان”. هاوپەیمانێتییەکە هەروەها دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد بەکارهێنا بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتەکانی زەمینی و گەیشتن بە نەوەی گەنج کە هەستیان بە نامۆبوون لە سیاسەتی تەقلیدی کرد. وانەی کۆڵۆمبیا ئەوە دەردەخات کە کاتێک چەپ واز لە “نوخبەی گفتووگۆیی” دەهێنێت و بە بەرنامەیەکی یەکگرتووی کەمترین پرۆگرامەوە دەڕژێتە سەر شەقامەکان، توانای شکاندنی سیستەمە تەقلیدییە چەسپاوەکان و گۆڕینی هیوا بۆ هێزێکی ماددی ڕێکخراو دەبێت.

• لە بەرازیل، ئەزموونی “فیدراسیۆنی هیوای بەرازیل” (Federação Brasil da Esperança) وەک مۆدێلێکی پێشەنگی تاکتیکی سیاسی دەردەکەوێت. پاش چەندین ساڵ لە دابەزین و هێرشی دادوەری و سیاسی کە چەپەکان کرایە ئامانج، پارتی کرێکاران نەگەڕایەوە بۆ نۆستالۆژیا بۆ مێژووی کۆنی خۆی. لەجیاتی ئەوە، دانی بەوەدا نا کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستڕەوی توندڕەو پێویستی بە بنیاتنانی “بلۆکی چەپی پێشکەوتوو” هەیە. ئەم فیدراسیۆنە ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە گێڕانەوەی هاوپەیمانییە تەقلیدییەکان لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاران، لە هەمان کاتدا ژیرانە فراوان بوو بۆ ئەوەی بزووتنەوەکانی زەوی، پارێزەرانی ژینگە، و تەنانەت کەرتەکانی بۆرژوازی و ناوەندی سیاسی زیانی پێگەیشتووی ئاژاوە بگرێتەوە. گرنگترین دەرس بۆ بەرازیل ئەوەیە کە چەپەکان توانیویانە لە 2022 دا دەسەڵات بەدەست بهێننەوە لە رێگەی “هاوپەیمانی گشتگیر” کە لە دروشمی چینایەتی تێدەپەڕێت و خۆی وەک داکۆکیکار لە دیموکراسی و دامەزراوەکان نیشان دەدات و بە کارامەیی ئامرازەکانی پەیوەندی دیجیتاڵی بەکاردەهێنێت بۆ شکاندنی هەژموونی ڕاستڕەوەکان بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و توڕەیی جەماوەری لەسەر هەڵئاوسان و پەراوێزخستن بۆ پرۆگرامێکی حکومی کۆنکرێتی دەگۆڕێت.

• لە چیلی، ئەزموونی “پەسەندکردنی شکۆمەندی” (Apruebo Dignidad) جێگەی سەرنجە. ئەم هاوپەیمانێتییە لە بەرەیەکی فراوانی ڕێکخراوە چەپەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکان پێکهێنرا و سەرکەوتوو بوو لە هێنانی گابریێل بۆریچ بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021 وەک گەنجترین سەرۆک لە مێژووی وڵاتدا. لە هەمان کاتدا، چیلی دەرسێکی سەخت پێشکەش دەکات لە دۆڕاندنی چەپەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کانوونی یەکەمی 2025 بە ڕاست، شکستێک کە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە میکانیزمەکانی پاراستنی متمانەی جەماوەری هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوپەیمانی چەپ ئەمڕۆ یەکێکە لە هێزە کاریگەرە سەرەکییەکانی وڵات بەهۆی پێکهاتەی هاوپەیمانی یەکگرتوو، کە ڕێگری کرد لە هەڵوەشاندنەوە یان پەرتەوازەیی پاش بەجێهێشتنی دەسەڵات و توانی خەباتی ئۆپۆزسیۆن وەک کوتلەیەکی پتەو و ڕێکخراو بەڕێوە ببات.
ئەوەی ئەم ئەزموونانە یەکدەخات دانپێدانان بەوەی کە چەپ چیتر توانای ئەوەی نییە وەک پارتێکی دابڕاو و داخراو لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی خەباتدا بە شێوەیەکی کاریگەر کار بکات، بەڵکو وەک هاوپەیمانییەکی نەرم و پلاتفۆرمی فرە کە توانای بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان و بەستنەوەی سیاسەت و خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ داخوازییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەوخۆکانی ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار بەدەست و عەقڵ هەیە. ئەم وانانە لە پراکتیکدا ئەوە دەردەخەن کە لۆژیکی یەکگرتن و رێکخستنەوە وەڵامێکی زانستییە بۆ پێداویستییەکانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستا. هەرچەندە ناتوانن بەشێوەیەکی میکانیکی بگوازرێنەوە بۆ عێراق، بەڵام ئاسۆیەکی پراکتیکی دەکەنەوە بۆ بیرکردنەوە و سوود وەرگرتنیان لێیان لە بنیاتنانی چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی چەپی عێراقی فراوان و یەکگرتوو کە وەڵامی هەلومەرجی سەردەم بداتەوە.

  1. بناغە و میکانیزمەکانی چوارچێوەی چەپی یەکگرتوو، نەخشەڕێگایەکی زانستی بۆ جێبەجێکردن
    پاش دەستنیشانکردنی قەیرانی ئامرازەکان و پەرتەوازەیی ڕێکخراوەکان و وەرگرتنی دەرس لە مۆدێلە جیهانییەکان کە سەرکەوتوو بوون لە یەکگرتن و بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان، بیرکردنەوە لە ڕێگای کرداری هاوبەش دەبێتە پێویستییەکی بەپەلە. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت نەخشەڕێگایەک بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یەکگرتووی چەپی عێراقی پێشنیار بکرێت کە لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی هەموو هێزە چەپ و پێشکەوتووەکان لە دەوری خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە و “کەمترین پرۆگرام” و میکانیزمی دیموکراسی ڕوون و ڕۆڵی سەرکردایەتی بەهێزتر بۆ گەنجان و ژنان بێت.
    ئەمە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەم میکانیزمانەی خوارەوە بەدەست بهێنرێت:
    1. بەستنی کۆنفرانسێکی گشتی بۆ سەرجەم چین و کەسایەتییەکانی چەپی عێراقی و کوردستانی بەمەبەستی تاوتوێکردنی بنیاتنانی چوارچێوەیەکی ڕێکخراوی چەپی یەکگرتوو لەسەرتاسەری عێراقدا بەهەرێمی کوردستانیشەوە ئەم چوارچێوەیە پارت و تەوژمەکانی چەپ و پێشکەوتووخواز و سەندیکاکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دەگرێتەوە و هەروەها ڕێگە بە بەشداری چالاکوانانی تاک دەدات کە نایانەوێت بچنە ناو پێکهاتەی ڕێکخراوە تەقلیدییەکانەوە. ئەمە ڕێژەیەکی زۆری ژنان و پیاوانی چەپ لەبەرچاو دەگرێت کە ئێستا لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر لە دەرەوەی چوارچێوەی ئێستان، لە هەمان کاتدا مافی ئەندامێتی تاک و ئەندامێتی پارت و ڕێکخراوەکان بە پێی بنەمایەکی ڕێکخراوەیی ڕوون دەستەبەر دەکات.

2. داڕشتنی “کەمترین پرۆگرام” یەکگرتوو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە ماوەیەکی کورتدا چی بەدەست دەهێنرێت. بەرنامەیەکی کورت و ڕوون و ڕاستەوخۆ بێت کە چەقی بەرژەوەندییەکانی ژنانی کرێکار و پیاوانی کرێکار و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی هەلی کار بێت پرۆگرامەکە دەبێت بە تەواوی مافەکانی ژنان و بێلایەنی ئایین لە دەوڵەت و پاراستنی ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان لەبەرچاو بگرێت. دەبێت بە زمانێکی هاوچەرخ، بەردەست و پراکتیکی بنووسرێت، دوور لە ئاڵۆزی ئایدیۆلۆژی، و بە پلانی کاری زانستی ببەسترێتەوە کە مەرجی سەلماندن و پێوانەکردن و هەڵسەنگاندن بێت و بە گوێرەی گۆڕانکاری لە واقیعی بەرجەستەدا بەردەوام ئامادە بێت.

3. هەڵبژاردنی ناوێکی سادە و تێگەیشتن بۆ چوارچێوەکە، وەک “هاوپەیمانی نان و ئازادی” یان “یەکێتی”، دوورکەوتنەوە لە ناونیشانی چەپی نەریتی کە چیتر بەشێکی فراوانی کۆمەڵگا ڕادەکێشێت.

4. چوارچێوەکە لەسەر بنەمای سەرکردایەتی بەکۆمەڵ و خولانەوە، یاسای رێکخراوی نەرم و شێوە جۆراوجۆرەکانی ئەندامێتی لەسەر بنەمای هاوپەیمانی و فرەیی دامەزراوە. ئەمە دەبێت ئەندامێتی حیزب و ڕێکخراوەکان لەگەڵ ئەندامێتی تاکەکەسی لە یەک کاتدا تێکەڵ بکات و ڕێگە بە پێکهێنانی تەوژم یان پلاتفۆرم لە چوارچێوەی ئەو چوارچێوەیەدا بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخراو بدات. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە قەوارە چەپە دامەزرێنەرەکان دەبێت ئامادە بن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی چوارچێوەی ڕێکخراوەیی خۆیان و کەمکردنەوەی مەرکەزیەتی پارتی تەقلیدی بۆ خزمەتکردنی پێداویستییەکانی چوارچێوەی یەکگرتوو و دڵنیابوون لەوەی کە ئەم سەرکردایەتییە کۆمەڵایەتییە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی هەیە نەک سیمبولی.

5. جەختکردنەوە لەسەر لامەرکەزیەتێکی فراوان لە پارێزگا و هەرێم و دەزگا پسپۆڕەکاندا، بۆ ئەوەی هەر یەکە بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەپێی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و پیشەیی تایبەتی خۆی لە چوارچێوەی هێڵێکی سیاسی گشتی یەکگرتوودا بەڕێوەی ببات. ئەمەش هەروەها پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە دابەشبوونی نەژادی هەندێک لە پارتە چەپەکانی عێراقی بۆ لقەکانی عێراقی و کوردستانی و دۆزینەوەی فۆرمی ڕێکخراوەیی هەیە کە زیاتر لەگەڵ یەکڕیزی خەباتی کۆمەڵایەتی و چینایەتیدا بگونجێت.

6. بەکارهێنانی کاریگەری زانستە مۆدێرنەکان لە سەرکردایەتی، بەڕێوەبردن، رێکخراو، میدیا، دیجیتاڵیزەکردن و هەڵسەنگاندنی خولی سیاسەت، بە گۆڕانکاری یان گۆڕانکاری بەپێی پێداویستی و ئاستی دەستکەوت و پشت بەستن بە فیدباکی جەماوەر وەک میکانیزمێکی سەرەکی لە بڕیاردان.
7. بەهێزکردنی ڕۆڵی گەنجان لە سەرکردایەتیدا وەک هێزی پاڵنەری سەردەمی دیجیتاڵ، لە ڕێگەی یاساکانی رێکخراوی ناچارکردن لە چوارچێوەی یاساکاندا، وەک پشکی نوێنەرایەتی بۆ گەنجان و ژنان لە دامەزراوەکانی سەرکردایەتی و بەستنەوەی ئەم نوێنەرایەتییە بە دەسەڵاتی ڕاستەقینەوە. گرنگترین دەرس لە ئەزموونی جیهانی ئەوەیە کە نوێبوونەوە لە ڕێگەی دروشمەوە بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو لە ڕێگەی یاسا ڕێکخراوەییەکانەوە بەدەست دێت کە دەیسەپێنن و بەرهەمی دەهێنن.

8. بنیاتنانی سیاسەتێکی کاریگەری میدیای دیجیتاڵی زانستی بۆ ئەو چوارچێوەیە کە مامەڵە لەگەڵ بۆشایی دیجیتاڵی وەک گۆڕەپانێکی ڕاستەقینەی خەباتی چینایەتی دەکات. ئەمە بریتییە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فرە پلاتفۆرم، تیمی ناوەڕۆکی ناوخۆیی لە پارێزگاکان، پرۆگرامەکانی ڕاهێنانی دیجیتاڵی لە ئاستە جیاوازەکان، بەکارهێنانی ورد و کاریگەری زیرەکی دەستکرد، و ئامرازی زانستی ڕاستەقینە بۆ پێوانەکردنی کاریگەری گفتوگۆ و هەڵمەتەکان، وەک ڕاپرسی دیجیتاڵی، شیکردنەوەی داتا، و دینامیکی بڵاوکردنەوەی خوێندنەوە. ئەمە چەپەکان بە نەوەی گەنج دەبەستێتەوە کە ئەمڕۆ لە ڕێگەی دیجیتاڵیزەکردنەوە سیاسەت دەژین.
مەرجی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕێگایە ئەوەیە کە چوارچێوەی یەکگرتوو بتوانێت کار لەسەر خاڵەکانی لێکنزیکبوونەوە و بەرنامەی ڕێککەوتوو بکات و جیاوازییەکان بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ و بنیاتنەر بگرێتەوە بەبێ ئەوەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێ یەک چوارچێوە، چەندین پلاتفۆرم، زمانی گشتی هاوبەش، و ئامرازی مۆدێرن. تەنیا بەم شێوەیە چەپی عێراقی دەتوانێت لە دوورگە پەرتەوازەکانەوە بگۆڕێت بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو کە توانای کردار و کاریگەری هەبێت.

  1. لە کۆتاییدا، ئایا ئێمە بەردەوام دەبین لە لێکدانەوەی جیهان لە کاتێکدا دوژمنەکانمان بەردەوام دەبن لە گۆڕینی جیهان
    پرسیاری یەکلاکەرەوەی ئەمڕۆ دەربارەی نیازەکان نییە، بەڵکو دەربارەی کردارە ئایا چەپ ئەڵتەرناتیڤێک پێشکەش دەکات کە لەوەوە دەست پێدەکات کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و چینایەتییەوە دەگونجێت، و دەتوانرێت لە نێو هاوسەنگی چینایەتیدا بەدەست بهێنرێت، لە ڕێگەی لۆژیکی گۆڕانی کەڵەکەبووەوە و وردە وردە؟ یان خۆی سنوردار دەکات بە بەرزکردنەوەی دروشمی تیۆری ڕاست بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە و بەرجەستە لە ژیانی جەماوەردا بەرهەم بهێنێت؟
    سەرەنجام قەیرانی چەپی عێراق لە بنەڕەتدا قەیرانی دڵسۆزی و مێژوو و ڕێکخراو یان سەرکردایەتی دیاریکراو نییە، بەڵکو قەیرانی ئامراز و شێوازەکانی کارکردنە لە جیهانێکدا کە هەلومەرجی سیاسەت و ڕێکخستن و خەباتی بنەڕەتی گۆڕاوە. پەرەسەندنی زانستی و گۆڕانی دیجیتاڵی بۆشاییەکانی کاریگەری، بنیاتنانی هۆشیاری و دەسەڵاتیان کێشاوەتەوە. ئەوانەی ئەم گۆڕانکاریانە پشتگوێ دەخەن بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هاوکێشەکە دەچنە دەرەوە و توانای گواستنەوە لە دەنگێکی دابڕاوەوە بۆ هێزێکی جەماوەری کاریگەر لەدەست دەدەن.
    ئێمە پێویستمان بە چەپێکی نوێ نییە لە بەهاکانیدا، بەڵکو پێویستمان بە چەپێکی نوێ هەیە لە گوتاری و پراکتیکیدا و میکانیزمەکانی ڕێکخراوەیی، چەپێک کە بیرکردنەوە وەربگێڕێت بۆ گۆڕانکاری بەرجەستە لەسەر زەوی بەبێ ئەوەی واز لە کرۆکی پڕۆژەی سۆسیالیستی خۆی بهێنێت. بەبێ ئەم گۆڕانکارییە میتۆدۆلۆژیا، چەپ بەردەوام دەبێت لە لێکدانەوەی جیهان بە ژیری کۆنی خۆی، لە کاتێکدا دوژمنە ڕێکخراوەکانی بەردەوام دەبن لە گۆڕینی جیهان بە ئامرازە نوێکانیان.
    وەڵامی ئەم تەحەدایە دیاری دەکات کە ئایا چەپی عێراقی تەنها “یادەوەرییەکی گەشاوە” دەمێنێتەوە لە هۆشیاری مێژوویدا یان دەبێتە “هێزێکی چالاک” لە داڕشتنی داهاتوودا. میتۆدی زانستی و ئەزموونی جیهانی ئەوە دووپات دەکەنەوە کە دابەزین و لاوازی چارەنووس نین، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئامرازەکانن کە چیتر لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکە ڕێک ناکەون، و پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان کە توانای کارکردن و نوێبوونەوەیان کەم بووەتەوە. ئەو ئازایەتییەی ئەمڕۆ پێویستە لە بەرزکردنەوەی دروشم نییە، بەڵکو لە بوێریدایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە ڕەقەکان، وازهێنان لە مەرکەزیەتی تەسک، و هەنگاونان بەرەو چوارچێوەیەکی یەکگرتوو، فراوان و نەرم کە بتوانێت هەمووان بگرێتەوە و رێکخراوەکان بە واقیعی زیندووەوە ببەستێتەوە.
    لێرەدا، ئەو پرسیارە لە گۆڕەپانەکانی خەبات و گۆڕەپانەکانی ناڕەزایی هەڵپەسێردراودا دەمێنێتەوە : ئایا ئێمە وەک چەپ بەڕاستی ئامادەیی ڕاستەقینەمان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم سەرکێشییە نوێبوونەوەیە، سنوورە مێژووییەکانمان تێپەڕێنین، واز لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیی تەسک و شێوازەکانی سەرکردایەتی تەقلیدی بهێنین، خۆمان بەڕووی واقیعدا بکەینەوە بۆ یەکگرتن، و هێزێک بنیات بنێین کە بتوانێت ژیانی جەماوەر بەرەو باشتر بگۆڕێت؟
    هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوە لەبەردەمماندایە: یان ڕێگای نوێبوونەوە و یەکگرتنەوەی پراکتیکی دەگرینە بەر و ڕۆڵی خۆمان وەک هێزێکی ڕاستەقینە و کاریگەر بۆ گۆڕان بگەڕێنینەوە، یان لەسەر ڕێگای ئێستا بەردەوام دەبین و مەترسی دابەزینی زیاتر و پێشێلکردنی بزووتنەوەی مێژوو دەکەین. ئەزموونی جیهانی هیوامان پێدەبەخشێت کە گۆڕانکاری بەدەست دەهێنرێت و بە ڕوونی ئەوە دەسەلمێنێت کە یەکێتی نەک تەنها مومکین بەڵکو کاریگەرە، تەنانەت لە سەختترین هەلومەرج و قووڵترین جیاوازی فیکری و ڕێکخراوەییدا.
    چەپێک کە دەیان ساڵ لە دیکتاتۆری و سەرکوت بەرگەی گرتووە ئەمڕۆ بوێری پێویستی هەیە بۆ چاککردنەوەی ئامرازەکانی و نوێکردنەوەی زیندوێتی فكري و ڕێکخراوەیی و بەرگری کردن لە خۆی و جەماوەرەکەی.

تێبینیەکان

  • چەپی عێراقی لە چەندین حیزب و ڕێکخراو پێکهاتووە کە دیارترینیان حیزبی شیوعی عێراق، حیزبی شیوعی کوردستان، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارانی عێراق، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، ڕێکخراوی شیوعی ئەڵتەرناتیڤ، پارتی چەپی شیوعی و پێکهاتەکانی دیکە.
  • هیچ کام لە لیتە چەپ و پێشکەوتووەکان کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تشرینی دووەمی 2025 دا کرد، هیچ کورسییەکی بەدەست نەهێنا.



تێبینیەک لەسەر دادگایی ناتانیاهو!.. عوسمانی حاجی مارف

جگە لە دادگایکردنی ناوخۆیی بۆ ناتانیاهۆ، دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ دەرکرد، بەهۆی بەرپرسیارێتی لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززەدا، لە شەڕێکی دوو ساڵەدا کە ئیسرائیل زیاتر لە ٧٠ هەزار فەلەستینی کوشت و ١٧٠ هەزار کەسی دیکەی بریندارکردوە، چونکە ئەم تاوانەی دژ بە دانیشتوانی غەزە بە گەورەترین و قیزەوەنترین تاوان بە حساب دێت لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا.
بەڵام پێدەچێت ناتانیاهۆ بڕیاریدابێت کە دۆستایەتی خۆی لەگەڵ ترەمپدا، بۆ ئەو پشتگیریە بەهێزەی لەکاتی شەڕی درندانەی دژ بەغەززەدا وەریگرتبوو، بەکاربهێنێت، بۆئەوەی لەچەندین بۆنەدا فشار بخاتە سەر حکومەتی ئیسرائیل تا لێی خۆشببن! لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ترەمپ نامەیەکی فەرمی بۆ نووسینگەی هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل نارد و بە فەرمی داوای لێبوردنی ناتانیاهۆی کرد. ترەمپ، ناتانیاهۆی بە سەرۆک وەزیرانێکی درەوشاوە و یەکلایکەرەوە لە سەردەمی جەنگدا وەسفکرد، گوایە دوای ئەو هەموو هێرشە دژە مرۆڤایەتیە، ئێستا ئیسرائیل بەرەو سەردەمی ئاشتی دەبات!
پارێزەرانی ناتانیاهۆ لە نامەکەیاندا بۆ ئیسحاق هێرزۆگی سەرۆککۆمار ڕایانگەیاندووە، لێخۆشبون دەبێتەهۆی ئەوەی ناتانیاهۆ هەمووکات توانا و وزەی خۆی بۆ پێشخستنی ئیسرائیل لەمکاتە سەختانەدا تەرخانبکات، هەروەها دەڵێن “پێشبینی پێشهاتە نائاساییەکان دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”. بۆیە وەها بەیان دەکەن، کە ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەدا شێوە دەگرن، پرۆسەیەک پێکدەهێنن کە پێویستی بە ئامادەکاریەکی بەرفراوان و هەوڵی دیپلۆماسی و ئەمنی و گرنگیدانی بەردەوامی دەبێت، واتە چاوپۆشی بکرێت لە تەواوی ئەو تاوانانەی ناتانیاهو کە دنیای هەژاند.
لەلایەکی ترەوە نەیارانی ناتانیاهۆ پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێویستە ناتانیاهۆ لە سیاسەت خانەنشین بکرێت، یان بانگەوازی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات و دان بە تاوانەکەیدا بنێت پێش ئەوەی داوای لێبوردن بکات. بەڵام ناتانیاهۆ ڕایگەیاندووە کە داوای لێبوردن ناکات بۆ ئەو تۆمەتە تاوانکاریەی کە ئاراستەی کراوە.
ئەم داوایە کە بۆ ناتانیاهۆ خراوەتەڕوو، درزێکی لە ئیسرائیل دروست کردووە، بەشێک لە وەزیرەکانی حکومەت پشتگیری لە پێدانی لێبوردنەکەی دەکەن، هاوکات ئۆپۆزسیۆن داوایان لە هێرزۆگ کردووە کە پەسەندی نەکات، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ناتانیاهۆ لەداننان بە تاوانەکەی و کشانەوە لە ژیانی سیاسی.
میدیا ئیسرائیلیەکان لەزاری بەرپرسانەوە ڕایانگەیاندووە، پێداچوونەوە بە داواکاریەکەدا ماوەیەکی زۆری دەوێت، ئایا ناتانیاهۆ لێخۆشبوون وەردەگرێت لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە؟ وە بنەمای یاسایی ئەم داواکاریە مشتومڕاویە چیە؟
نووسینگەی ئیسحاق هێرزۆگ، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا ڕایگەیاند، سەرۆککۆمار “هیچ مەرجێکی دانەناوە” بۆ داواکاریەکەی ناتانیاهۆ، بۆ لێخۆشبون لە دادگایکردنی گەندەڵیەکەی و کوشتاری بە کۆمەڵ، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هێرزۆگ هێشتا دەستی بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ناچێتە ژێر کاریگەری فشارەکانی هیچ لایەنێکەوە و بەرپرسیارانە و بە جدیەکی پێویستەوە داواکاریەکە لەبەرچاو دەگرێت!.
ڕۆژنامەی عیبری هارێتز بڵاویکردەوە، پێدەچێت هێرزۆگ داوای ئیمتیازات لە ناتانیاهۆ بکات لەبەرامبەر لێخۆشبوونی سەرۆکایەتیدا، وەک دامەزراندنی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی حکومەت لە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، ڕاگرتنی یاسادانان دژی دەسەڵاتی دادوەری، یان ڕێگریکردن لە کۆنترۆڵکردنی حکومەت بەسەر میدیاکاندا.
بەپێی سەرچاوە نزیکەکانی هیزرۆک کە پێشتر قسەیان لەگەڵ کردووە، ئەو بەو بڕوایە هاتۆتە دەرەوە کە کراوەیە بۆ بەدواداچوونی ڕێککەوتنی لێخۆشبوون، کە کۆتایی بە دادگاییکردنی ناتانیاهۆ دەهێنێت. هێرزۆگ مەبەستی خۆی ڕون نەکردۆتەوە، بەڵام ڕەنگە هەوڵی ئەوە بدات “پاکێجێک” لە بەڵێننامەکان لە ناتانیاهۆوە دەستەبەر بکات وەک بەشێک لە هەر لێخۆشبوونێک.
گومانی تێدانییە کە ناتانیاهۆ هەوڵی کڕینی کات و تێکەڵکردنی کارتەکان ئەدات، داواکاریەکەی لەکاتێکی هەستیاردایە، چونکە ئیسرائیل بەشێوەیەکی کاریگەر چووەتە ناو ساڵێکی هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، مەگەر هەڵبژاردنەکان نەهێنرێنە پێشەوە، لەهەمانکاتدا داواکاری ناتانیاهۆ بۆ لێخۆشبوونە بەبێ داننان بە تاوانەکانیدا، ئەمەش بۆ ناتانیاهو مەبەستی سیاسی ڕوونی هەیە، بۆ پاراستنی مانەوەی لەدەسەڵاتداو وەستانەوە لەبەرامبەر ئۆپۆزیسیۆندا.
لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا، خۆپیشاندەران خۆپیشاندانێکیان لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبونی ناتانیاهۆ لە قودس ئەنجامدا، داوای ڕەتکردنەوەی داواکاریەکەی بۆ لێخۆشبونی کرا، لە دۆسیەکانی گەندەڵی دژی ناتانیاهۆ، خۆپیشاندەران داوای دادگایکردنی ناتانیاهۆیان کرد، بە ئاماژەدان بەوەی کە “ئیسرائیل لەژێر پاراستنی ترەمپدا نییە”، ئەمەش لە بەرامبەر داواکاریەکەی ترەمپە بۆ لێخۆشبوون. هەروەها داوای “تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و گەیاندنی بەرپرسان بۆ دادگا و پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی فەرمی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣”یان کرد.
ئەم دۆسیەیەی دادگاییکردنی ناتانیاهو بووەتە تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز بۆ راستی دیموکراسی لە ئیسرائیلدا، کە دابەشبووە لەنێوان لایەنگرانی سیستەمی دادوەری و لایەنگرانی ناتانیاهۆ، هەروەها ڕوی نامرۆڤانەی ترامپ و دیموکراتخواز و سۆشیال دیموکراتەکانی ڕۆژئاوای ئاشکراکرد، دادگایکردنەکەی ناتانیاهۆ، توانای سیستەمی دادوەری تاقیدەکاتەوە بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکوەزیرانی دانیشتوو لەسەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامیانداوە، بەڵام چۆنیەتی لێپرسینەوەو پرۆسەی دادگایی و داوای لێخۆشبون، بۆتە لادانی ئەو روپۆشەی کە ئیسرائیل و ڕۆژئاواو ئەمریکا نمونەی دیموکراسین!.
ئەوەی شایانی باسەلە ٣٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥نوسینگەی ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاندوە کە ناتانیاهۆ بەشێوەیەکی فەرمی داواکاری لێخۆشبونی ئاراستەی ئیسحاق هێرزۆگ کردووە، ڕاستەخۆ داواکاریەکەی گوێزراوەتەوە بۆ بەشی یاسایی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە دۆسیەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون.
ڕاگەیەندراوەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ناتانیاهۆ دانی بەو تۆمەتانەدا نەناوە کە ئاراستەی کراوە، لەبری ئەوە پاساوی سیاسی پێشکەش کردووە نەک یاسایی بۆ بڕیاردان لەسەر لێخۆشبوونەکەی، ئەمەش لە دۆخی وێرانکاری و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە کە یاریەکی سیاسیە ئەمریکا و ترامپ و ناتانیاهۆو ئیسرائیل نمایشی دەکەن. دەیان هەزار ئینسان بونەتە قوربانی و چەندین شارو ماڵ وێران بون، بێباکانە لەبەرامبەر ئەو کارەساتانەدا، باسوخواز بۆتە دادگاییکردن یان لێبوردن لە ناتانیاهۆ، ئەمەش ریسوابون و ئابڕوچونێکی مێژوویی سەرەتای سەدەی بیست و یەکی ململانێکانی سیستمی سەرمایەداریە.
ناتانیاهۆ لە داوای لێبوردنەکەیدا، نە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و نە پەشیمانی خۆی دەربڕیوە، بەوپێیەی سەرۆککۆمار دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە تەنانەت بەبێ سزادانیش لێی خۆشبێت. هێرزۆگ وەڵامی داواکاریەکەی ناتانیاهۆی دایەوە و ڕایگەیاند “بەجدی بیری لێدەکاتەوە”، بەڵام داواکاریەکەی ناتانیاهۆ بۆ لێخۆشبون، مشتومڕێکی بەرفراوان و نیگەرانیەکی گەورە” ی لەناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا دروست کردووە.
بەگوێرەی ڕاپرسیەک کە کراوە، دەریخستووە، ٪٤٤ی ئیسرائیلیەکان، دژایەتی پێدانی لێبوردن بە ناتانیاهۆ دەکەن، لەبەرامبەر ئەو تۆمەتی گەندەڵیەی ئاراستەی کراوە، هاوکات ٪٣٩ پشتگیریان کردووە و ٪١٧وەڵامیان نەبووە.
ماوەیەک لەمەوبەر ترامپ نامەیەکی بۆ هێرزۆگ ناردوە، داوای لێ کردووە بیر لە پێدانی لێخۆشبوون بە ناتانیاهۆ بکاتەوە. هەروەها ترەمپ دۆسیەکانی دژی ناتانیاهۆی بە “دادگاییەکی سیاسی و ناڕەوا” ناو بردووە.
هێرزۆگ، داواکاریەکەی ترەمپی ڕەتکردۆتەوە ڕایگەیاندوە، ئەگەر ناتانیاهۆ ئارەزووی لێخۆشبوونی هەیە، ئەوا دەبێت داواکاریەک پێشکەش بکات کە دان بە تاوانەکانیدا بنێت.
واقعیەتی دادگاییکردن یان لێخۆشبونی ناتانیاهۆ، لە چوارچێوەی ئەو نەخشە سیاسیەدایە کە ئەمریکاو ئیسرائیل، دوای داگیرکاری و هەوڵی زیاتر بۆ بەرجەستەکردنەوەی باڵادەستیان بەسەر ناوچەکەدا وفەرامۆشکردنی چارەنوسی فەلەستین و کوشتاری بەکۆمەڵ، کێشەکە بەرتەسک دەکەنەوە، کە ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی سێ تۆمەتی تاوانکاری دەبێتەوە، کە بریتین لە بەرتیلدان، ساختەکاری و پێشێلکردنی متمانە لە سێ دۆسیەی جیاوازدا. بەڵام لە دنیای واقعی هێرشی لەشکرکێشی و بۆردمانی غەزە و کوشتاری بەکۆمەڵ ئەو کەیسەیە کە پێویستە تەواوی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لێپرسینەوەیان لێبکرێت و دادگایی بکرێن.




ئایا کوردستان دەبێتە زیمبابۆی؟.. ئاگری قادر

لە 8ی کانوونی دووەمی 2025، کۆماری گەلی چین دامەزراندنی دامەزراوەیەکی لە هەولێر ڕاگەیاند کە بە کۆمەڵەی دیواری گەورە ناسراوە، نۆ ڕاوێژکاری بۆ کارکردن لەسەر پەیوەندییەکانی کورد و چین دەستنیشان کرد. دوای هەفتەیەک، لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، پەکین بە فەرمی ناوەندی لێكۆلینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی- چوارچێوەیەکی جیهانی ڕاگەیاند کە وەک سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی کولتووری، ئاڵوگۆڕی شارستانی و لێکتێگەیشتنی یەکتر پێشکەشکرا،لە ڕووکەشدا ئەم پێشهاتانە بێهۆشکەر و تەنانەت بنیاتنەریش دەردەکەون. بەڵام ئەزموونەکانی ئەفریقا، ئاسیا و بەڵکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە بە دەگمەن بێلایەنن. بەڵکو زۆرجار وەک بەشێک لە ستراتیژێکی درێژخایەن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ڕەفتاری سیاسی، ژیانی فیکری و ڕێکخستنی ستراتیژی لە کۆمەڵگا میواندارەکاندا کاردەکەن. پرسیاری سەرەكی چیتر ئەوە نییە کە ئایا کوردستان سوود لە پەیوەندی لەگەڵ چین وەردەگرێت، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا لە قوڵایی و سروشتی ئەو مەترسیانەی کە تێیدایە تێدەگات؟
گەورەترین هێزی ستراتیژی چین زۆرەملێی سەربازی نییە بەڵکو دەسەڵاتی دانانی کارنامەیە. دامەزراوەکانی وەک کۆمەڵەی دیواری گەورە و دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی بە ئاشکرا کۆنترۆڵ ناسەپێنن؛ ئەوان جیهانبینی چین ئاسایی دەکەنەوە لە ڕێگەی کولتوور، ئەکادیمی و بەشداریکردنی نوخبە لە چەندین وڵاتدا ئەم دامەزراوانە بیرۆکەی وەک ڕێژەییکردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ وەک “تایبەتمەندی کولتووری”.
چوارچێوەدان بە سەقامگیری تاکڕەوانە بە باڵاتر لە لێپرسینەوەی دیموکراسی وێناکردنی ڕەخنە لە چین وەک “لایەنگری ڕۆژئاوایی” یان “دژە گەشەسەندن”.
مەترسییەکە لە سانسۆردا نییە، بەڵکو لە خۆسانسۆریدایە. بە تێپەڕبوونی کات، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان و داڕێژەرانی سیاسەت ئەم گێڕانەوەیانە دەخەنە ناوەوە و بەو پێیە ڕەفتارەکانیان ڕێکدەخەن. ئەم شێوازە لە زیمبابۆی، کەمبۆدیا و سربیا بەدی کراوە، کە بوونی چین گوتارەکانی بەبێ سەرکوتکردنی ئاشکرای دارشتووە.
دانانی ڕاوێژکاران، کەسایەتییە کولتوورییەکان، ئەکادیمییەکان و ڕۆژنامەنووسان ڕەمزی نییە- ئەوە ستراتیژییە. چین بەدوای جەماوەری جەماوەریدا ناگەڕێت؛ بەدوای دڵسۆزی نوخبەدا دەگەڕێت،لە سەرانسەری ئەفریقا و بەڵکان، گرتنی نوخبە لە ئەنجامدا،سیاسەتمەداران بەرگری لە گرێبەستە ناشەفافەکانی چین دەکەن،خۆدوورگرتن لە ڕۆژنامەنووسان لە ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە لەسەر پڕۆژەکانی چین،زانکۆکان بەدەرکردنی بابەتگەلی هەستیار لە ئەجێندای توێژینەوەکان،لە کوردستان ئەم مەترسییە توند و تیژە. ئەگەر تۆڕەکانی نوخبە وابەستەی دەستڕاگەیشتن، پارەدان، یان پرێستیژی چینی بن، ژێردەستەیی ئەکادیمی و کۆنترۆڵکردنی زانیاری بەرهەمدەهێنێ.
کاتێک ئەو پرۆگرامانەی کە لەلایەن چینییەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت دەچنە ناو زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە، ئازادی ئەکادیمی دەبێتە مەرجدار. حاڵەتە بەراوردکارییەکان لە مالیزیا، تایلەند، و بەشێک لە ئەفریقا شێوازەکانی دووبارەبوونەوەی نیشان دەدەن، كە بودجەی توێژینەوە بەستراوەتەوە بە بابەتەکانی “قبووڵکراو”،وەدەرنانی بێدەنگی بابەتی سیاسی هەستیار،کۆنفڕانس و ئاڵوگۆڕەکان بە ڕەزامەندی سیاسی فلتەر دەکرێن،ئەمەش دەرئەنجامە درێژخایەنەکەی وابەستەیی فیکرییە. كە تەواوی نەوەکانی داهاتوو بەبێ بەرکەوتن بە دیدگای ڕەخنەنەگر سەبارەت بە چین ڕادەهێنرێن، ئەمەش شیکاری سیاسەتی سەربەخۆ و بیرکردنەوەی ستراتیژی لاواز دەکات. بۆ کوردستان ئەمە هەڕەشە لە بناغەکانی بڕیاردانی سەروەریە،چین میدیا قەدەغە ناکات؛ جێگەی گێڕانەوەکان دەگرێتەوە. لە ڕێگەی بەرنامەکانی ڕاهێنان، هاوبەشی و دەستڕاگەیشتن، چیرۆکەکانی لایەنگری چین گەورە دەکرێن لە کاتێکدا ڕاپۆرتکردنی ڕەخنەگرانە وەک ناپیشەیی دەناسێندرێ،زیمبابۆی وەبەرهێنانی چینی وەک ڕزگارکردن پێشکەشکرا نەک وەکو هێڵی کاریگەری گەندەڵی پەیوەست بە پڕۆژە بیانییەکانەوە ،کوردستانیش مەترسیی دەرئەنجامێکی هاوشێوەی لەسەرە: نەک بێدەنگی، بەڵکو کۆدەنگییەکی دروستکراو کە وردە وردە فرەیی دەشێوێنێت،لە مۆنتینێگرۆدا، بەکارهێنانی قەرزەکان هەڵبژاردنی سیاسەتی نیشتمانی سنووردار کرد،لە کەمبۆدیا، یەکخستنی سیاسەتی دەرەوە بوو بە چاوەڕوانی،لە زیمبابۆی، پشتبەستن بە یەک هاوبەشی دەرەکی بووە هۆی گۆشەگیری نێودەوڵەتی،ئەگەر کوردستان ڕێگە بدات کاریگەری چین بەبێ سنوور قووڵتر بێتەوە، مەترسی لەدەستدانی نەرمی ستراتیژی و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە دیموکراسیەکان و بەرتەسککردنەوەی بژاردە دیپلۆماسییەکانی.
قەیرانی زیمبابۆی لە ژێر فشارێکی دیاردا سەریهەڵدا- سزا، گۆشەگیری و داڕمانی ئابووری. کوردستان ڕووبەڕووی مەترسییەکی ئاڵۆزتر دەبێتەوە چونكە کاریگەری بەبێ پەنجەمۆر کۆنتڕۆڵکردن بەبێ داگیرکردن وابەستەبوون بەبێ پەیمانی فەرمی
ئەم فۆرمەی دەسەڵات سەختترە بۆ دەستنیشانکردن، وردە وردە کاردەکات، خۆی لە دامەزراوە و نۆرم و چاوەڕوانییەکاندا جێگیر دەکات،پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا کوردستان بە ناچاری دەبێتە زیمبابۆی؟،پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە ئایا کوردستان مەترسییەکە دەناسێت پێش ئەوەی ببێتە زیمبابۆی؟،دامەزراوەکانی چین وەک دوژمن ناگەن،ئەوان وەک هاوبەش دەگەن-و وەک دەروازەپارێز دەمێننەوە،بەبێ شەفافیەت و چاودێری دیموکراسی و سنووردارکردنی ستراتیژی، ئەمڕۆ تێچوونەکە نادرێت، بەڵکو لەلایەن نەوەی داهاتوو: لە کەمبوونەوەی سەروەری، تەسکبوونەوەی مشتومڕ و هەڵبژاردنی سنوورداردا، بۆ هەرێمی کوردستان هێشتا کاتی هەڵبژاردنی بەبێ وابەستەیی ماوە. بەڵام ئەو پەنجەرە تا کاتێکی نادیار بە کراوەیی نامێنێتەوە.

ئاگری قادر
خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی،زانكۆی نیشتمانی تایوان




ڕۆشنبیر کێیەو ئەرکەکانی چیین؟.. ‏ یاسین لەتیف

ئەوڕۆ لە جیهاندا و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کولتووری هاوچەرخ بەدەست قەیرانێکی قوڵەوە دەناڵێنێت کە بە ” پاشە کشەو نزم بوونەوەی کولتووری” یان “سەردەمی هیچو پووچێتی” دەناسرێت، ئەمەش دیاردەیەکی زەق و ئاشکرایە لە دونیای ئێمەدا بە بڵاوبوونەوەی بەرهەمی ڕووکەشیی بەکاربەر، پووچیی میدیایی و ڕووکەشبوونی هزری بە ناوبانگە ، ئەم دۆخە بە تایبەتیتر لە دونیای ئێمەدا پێویستی بە دەستەبژێرگەلێکە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پوچگەرایە کە کەرامەتی مرۆڤی تێدا دەشکێنرێت ، پێداویستیەکی هەنوکەییە بۆ تێکشکاندنی ئەو تەوقو تەڵەزگەیەی کە مرۆڤی ئێمەی لە نێو زێراب و زەلکاوی کولتووری شیزۆفرینیای سیستەم جەقاندووە ، بۆ دەرباز بوون و تێپەڕاندنی ڕۆشنبیری شیزۆفرنیای سستەم پێویستی بە مرۆڤی جندڵمان و ڕۆحی بەرەنگاری هەیە کە بوێرانە هەر شتێکی خراپ و نەگەتیڤ و بە دڵی نەبوو لە بەرژەوەندی هاوڵاتیەکانی ڕەدیبکاتەوەو ، ڕاشکاوانە بە دەسەڵات بڵێت تا ئێرەو بەس ئەمە لابەن خراپە و زیانبەخشە ، ئەمەش باشەو لە پێناو بەختەوەری ئینساندایە زیادیکەن .
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە:
ئایا ڕۆشنبیر کێ یە؟
ئەی ئەرکەکانی چیین؟
چەمکی ڕۆشنبیر(Intellectual) یەکێکە لە چەمکە ئاڵۆز و گرنگەکان کە لە کۆمەڵناسیدا جێگەی مشتومڕە. ئەم چەمکە لەفەرهەنکی سیاسیدا پێناسەی جۆراو جۆری بۆ کراوە . هەر کەسەو بە پێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی پێناسەی کردووە ، بۆیە ناتوانین لە سەر یەک ڕیتمی پێناسە بوەستین ، دواجار دەکرێت بڵێین ڕۆشنبیر واتە ویژدانی بەئاگای کۆمەڵگە.
ئەو کەسەیە کە لە کاتێکدا هەمووان بێدەنگن، ئەو قسە دەکات و دەبێتە دەنگی بێ دەنگەکان و لە دۆخی ئێستا ڕازی نییە و هەمیشە بە دوای دونیایەکی باشتردا دەگەڕێت. ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە خاوەن ئاستێکی بەرزی زانین و تێگەیشتن و هۆشیارییە. ئەم کەسە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە وتوێژینەوە و تێڕامانی هەیە دەربارەی سروشتی واقیع، بەتایبەتی سروشتی کۆمەڵگا و چارەسەرییە پێشنیارکراوەکان بۆ کێشەکان.
ڕۆشنبیری بێ ڕا، وەک چرایەکی بێ ڕووناکی وایە و سودی نییە بۆ مرۆڤ چونکە ڕۆشنایی پێ نابەخشێت و بەر پێی مرۆڤ ڕوناک ناکاتەوە ؛ دەکرێت بڵێین ڕۆشنبیری بێ ڕا وەکو ئاوێکی لێڵ و لێخن وایە بەکەڵکی خواردنەوە نایەت و مرۆڤ ناتوانێت لێی بخواتەوەو تاکو تینوێتی خۆی لە مەعریفەی بشکێنێت، بەو مانایەی ڕوشنبیری لەو چەشنە ئێنێرژی مەعریفەی پێ نییە تا وەرگر لێی سودمەند بێت ، ئەم چەشنە ڕۆشنبیرانە دەکرێت پێیان بڵێین ڕۆشنبیری کلاسیک بۆخۆیان لە کاخ و بارگای حیزبەکان و کەناڵەکانی TV دانیشتون سەنای بەرپرس و دگداتۆرەکان دەکەن ، یان خەریکی چەواشەکاری کۆمەڵگان ، زۆربەی کاتیش دژ بە ڕۆشنبیری ئۆرگانیکن ، ڕۆشنبیری کلاسیک ڕەنگە شێوەکەی هەبێت بەڵام ئەرکەکەی جێبەجێ ناکات، سەرەکیترین ئەرکی ڕۆشنبیر ڕەخنەگرتنە لە دەسەڵات، و دابونەریتە کۆنەکان، و هەڵە باوەکانی ناو کۆمەڵگە.
ڕۆشنبیر نابێت زوڕنا ژەن و “تەپڵ لێدەر”ی دەسەڵات بێت، بەڵکو دەبێت وەک ئاوێنەیەک کەمکوڕییەکان نیشان بدات. چونکە ئەرکی ڕۆشنبیر دروست کردنی ژاوە ژاو و قەرەباڵخی نییە بۆ گرداکۆ بوونی حەشامات لە چواردەوری دروشمی پڕوپووچ و بێ مانا کە سودی بۆ ژیانی مرۆڤ نییە ، دواجار زانیاری بە تەنها بەس نییە ئەگەر نەگۆڕێت بۆ هەڵوێست و ئەکت، هەڵوێستیش تەواو نابێت ئەگەر بە ئازایەتییەوە ڕانەگەیەندرێت و کارێگەری نەنوێنێت لە سەر ڕەفتارو بیرکردنەوەی ئینسانەکان، هەروەها وەهم لە ناخی مرۆڤەکاندا نەگۆڕێت بۆ واقیع و کرداری حەقیقی و بەرجەستەی هەنوکەیی ، ڕای ئازاو بوێرانە ئەوەیە کە تایبەتمەندی دەبەخشێت بە ڕۆشنبیرو لە مرۆڤی ئاسایی و عەوام جیای دەکاتەوە، چونکە دەیخاتە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەی جیهان نەک لە سێبەریدا بیهێڵێتەوە، بەڵام ڕای ئاسایی لانیکەم بوونی خۆی لە گۆڕەپانی گفتوگۆدا دەسەلمێنێت و ڕێگری دەکات لەوەی زانیاری ببێت بە بێدەنگییەکی نەزۆک و بێ کەڵک و پاسیف.
دروستکردنی ڕاوبۆچوون و هەڵوێستی جدیانە خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە ، ڕیسک کردنە بە ژیانەوە لە بەرامبەر سیستەمی باوو سەپاو کە ئامانجی ئەو سیستەمە ئەوەیە ئینسانەکان بکاتە کۆیلە لە ژێر یاسای قەرەقوشی و بنەماڵەیدا بە ناوی نیشتمان و ناسیۆنالیزم و چەندین دەستەواژەی تڕوحات تەنها بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی بکاتە قوربانی تا سیاسیەکان زیاتر دەوڵەمەند بن و ژیانێکی فیرعەونی بۆخۆیان و کەسوکاریان و هاوڕێکانیان بژین.
ڕۆشنبیر تەنها بە وەرگرتنی بیرۆکەکان ناوەستێت، بەڵکو سەرلەنوێ دایاندەڕێژێتەوە و تاقییان دەکاتەوە و دەیانخاتە ناو فەزای کۆمەڵگەوە بۆ ئەوەی ببێتە پرس و ماددەیەک بۆ گفتوگۆ و گۆڕانکاری ، هەروەها لە دۆخی پەسەند بوونی لە لایەن کۆمەڵگاو پۆزەتیڤ بوونی دەکرێت ببێتە کولتوور . ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە زانیاری و ئازایەتی، و بیر و ویژدان بەیەکەوە دەبەستێتەوە بە بێ ترس و حیساب کردن بۆ سیستەم و دەسەڵات ، دەکرێت ڕۆشنبیر بە بێ ترس سوقراتانە بیرۆکەکانی خۆی بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بخاتە ڕوو بوێرانەش هەنکاو بنێت ، هەروەها زۆربایانە و سارتەرانە تەماشای کایەی ئازادی بکات و هیج ماشین و ئامێرێکی ستەمکاری و ( فا ، شی، زم) پاشگەزی نەکاتەوە لە بیروبۆچون و هەڵوێستەکانی ، ئەنتۆنیۆ گرامشی زۆر بە ڕوونی ئەرکی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکی خستۆتە ڕوو، بەمەش ڕۆشنبیر دەق و ڕاستییەکان دەکاتە هەڵوێستی زیندوو و زمان دەکاتە پردێک لە نێوان ئەقڵ و ویژداندا و ڕێگای ڕاست بۆ هاونیشتمانیانی پیشان دەدات و چەوتیەکانی سیستەمیش دەست نیشان دەکات ، لە کۆمەڵگایەکی لەم چەشنەدا دەکرێت پیشەسازی پەروەردە تاکێک بەرهەم بێنێت هیچ کۆتوبەندێکی سیستەم و ستەمکاری نەتوانێت قەمتەری بکات و بیگەمژێنێت و بیکاتە کۆیلە ، چونکە ئەو تاکانە هۆشیارنو پەروەردەیەکی ژان ژاک ڕۆسۆیی کراون ، تاکگەلێکن بە چەشنێک ڕێنمایی کراون هەمیشە پرسیار دەکەن و لە دۆخێکی گوماناوی دەژێن ، بەو مانایەی گومان لەوانە دەکەن کە خۆیان بە ڕاست و بێ ‌کەموکوڕی دەزانن.
لە جیاتی ئەوەی هەمیشە وەڵامی ئامادەکراو بداتەوە، ڕۆشنبیر فێری خەڵک دەکات کە چۆن پرسیار بکەن و گومان لە شتەکان بکەن تا بگەن بە ڕاستی. ئەمە دەستەواژەی “ئیدوارد سەعید”ـە. ڕۆشنبیر دەبێت ئازایەتی ئەوەی هەبێت ڕاستییەکان بڵێت تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندی خۆشی نەبێت ، یان دوچاری مەترسی بکات . ئەو ڕۆشنبیرەش کە تەنها بە گواستنەوەی زانیاری دەوەستێت، وەک کەسێک وایە لە ناونیشانی کتێبەکاندا نقوم بووبێت بێ ئەوەی جەوهەرەکەیان وەربگرێت، بەڵام ئەو ڕۆشنبیرەی کە ڕایەک دروست دەکات، وەک ئاگرێک وایە کە ڕووناکی دەبەخشێت و گەرمی دەدات، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی مشتومڕ و گفتوگۆش لە ژێر سێبەریدا.ڕۆشنبیر ئەرکییەتی ئەو تاریکی و نەزانییەی لە ناو کۆمەڵگەدا هەیە بە ڕووناکی زانست و مەعریفە بڕەوێنێتەوە.
دەبێت پردێک بێت لە نێوان بیرۆکە ئاڵۆزەکان و تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی. هاوکات هەمیشە لە بەرەی “مەزڵوم و چەوساوەکان بێت و ئەرکییەتی دژی ستەم و دیکتاتۆرییەت بوەستێتەوە و پارێزەری ئازادی ڕادەربڕین بێت.









ده‌لالخانه‌ی قسه‌كردن!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

                         
                                           

ده‌لالخانه‌، بازاڕێكی بچووكی چه‌ند سه‌د مه‌تری بوو، له‌ ناوجه‌رگه‌ی شاری هه‌ولێر و تیایدا سه‌دان كه‌س له‌و بازاڕه‌دا، كاڵاو كه‌لوپه‌له‌كانی خۆیان هه‌راج ده‌كرد و هه‌ر شتێكت ویستبا، بێ ڕه‌چاوكردنی كواڵیتی و بڕاند و كۆن و نوێی، ده‌ستت ده‌كه‌وت و كورد وته‌نی هه‌ر كه‌له‌ و ئاوازێكی لێ ده‌رده‌هات، كه‌ هه‌تا شوێنه‌كه‌ نه‌كرا به‌ پاركی شار، بازاڕه‌كه‌ هه‌ر مابوو. ئه‌م بازاڕه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌بوو، كه‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌یتوانی كاڵای خۆی لێ هه‌راج بكات و ڕیكلامی بۆ بكات و وه‌ك بڕاند بیناسێنێت. كاتێ سه‌رنجیش له‌ ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی دنیای سۆسیال میدیا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌ده‌م، هه‌مان ئه‌و بازاڕه‌م دێته‌وه‌ بیر، چونكه‌ له‌ به‌شێكی زۆری سۆسیال میدیادا، به‌ ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه‌، كه‌ له‌ ڕاستیدا گه‌ڕه‌لاوژێیه‌، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت قسه‌ بكات! بۆیه‌ ده‌كرێ ئه‌م ڕووبه‌ره‌ به‌ ده‌لالخانه‌ی قسه‌كردن ناوبه‌رین، چونكه‌ له‌ پڕۆفیسۆرێكه‌وه‌ بۆ بێ بڕوانامه‌یه‌ك، له‌ فه‌یله‌سوفێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی میللی و ناڕۆشنبیر و له‌ بیرمه‌ندێكه‌وه‌ بۆ به‌قاڵێك و له‌ تێكۆشه‌رێكه‌وه‌ بۆ خۆفرۆشێك و له‌ زانایه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌زانێك، هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بێ جیاوازی ده‌توانن قسه‌ی تێدا بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ و ڕاسته‌قینه‌یه‌، چونكه‌ له‌ هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، هه‌مووان ڕۆشنبیر و شاعیر و تێكۆشه‌ر و فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ند و سه‌ركرده‌ نین و نابێ هه‌مووان ببنه‌ شاعیر، یان بۆ نموونه‌ به‌ ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه‌ هه‌ر شتێك مه‌به‌ستیان بوو بیڵێن، به‌ تایبه‌تیش كه‌ كورد ده‌ڵێت: (قسه‌ هه‌زاره‌ یه‌كی به‌كاره‌). له‌و ڕووبه‌ره‌ به‌ ناو ئازاد و كراوه‌یه‌دا كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا بوونی هه‌یه‌، ده‌شێ هه‌موو شتێك بگوترێت و بنووسرێت، به‌و مانایه‌ی هه‌ر كه‌سێك چی مه‌به‌ست بێت ده‌توانێت بیڵێت. بۆ نموونه‌:
شاعیرێكی دۆڕاو دێت ماڵپه‌ڕێك بۆ شیعر داده‌نێت، له‌وێوه‌ زه‌مینه‌ له‌ به‌رده‌م ده‌یان كه‌سی نه‌ناسراو كه‌ له‌ ژیانیان نه‌یانزانیوه‌ ئه‌لف و بێی شیعری چییه‌، ده‌ڕه‌خسێنێت كه‌ شیعری تێدا بڵاو بكه‌نه‌وه‌، كه‌ هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ ڕه‌نگه‌ نه‌توانن یه‌ك به‌ ناو شیعرییان له‌ گۆڤاریك، یان دوو توێیه‌كی ئه‌ده‌بی بڵاوبكه‌نه‌وه‌. بێگومان ئێمه‌ ده‌زانین ده‌نگی جوان و داهێنه‌رانه‌ی شیعریش له‌وێدا هه‌ن، به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ر هه‌رده‌قێكی شیعری جواندا، چه‌ندین ده‌قی ناشیعریی و ده‌نگی نه‌ناسراو ده‌بینی، كه‌ ورێنه‌یه‌ك به‌ ناوی شیعر ده‌نووسن، كه‌ بچووكترین بنه‌مای هونه‌ریی شیعرییان تێدا نییه‌. له‌و ڕووبه‌ره‌ به‌ ناو كراوه‌دا، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت قسه‌ فڕێ بدات و به‌ جۆرێك وێنات بكات، كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت. به‌ نموونه‌ یه‌كێك من به‌ پیاوی ده‌سه‌ڵات ده‌ناسێنێت، له‌ كاتێكدا ته‌نها له‌ ماوه‌ی ئه‌و مانگه‌دا، من چوار وتارم له‌ هه‌فته‌نامه‌ی ڕێگای كوردستان له‌ دژی ده‌سه‌ڵات بڵاوكردوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام چونكه‌ خوێنه‌ری سۆسیال میدیا ڕاگوزه‌ر و بێ تێهزرینه‌ و ته‌نها شاشه‌ ده‌بینێت و میدیای كاغه‌زی ناخوێنێته‌وه‌، ئه‌وا نایانبینێت . ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی ده‌یان وتاری دیكه‌م بڵاوكردوونه‌ته‌وه‌، كه‌ دژی گه‌نده‌ڵی، بێ خزمه‌تگوزاریی، خراپی حوكمڕانی ، سیاسه‌ت و ئیداره‌دانن له‌ كوردستاندا. یان شاعیرێك كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ شاره‌كه‌ی خۆشی نه‌ناسراوه‌، پێت ده‌ڵێت تۆ شیعر ناس نیت، به‌ مه‌رجێك ئێمه‌ له‌ كۆی نۆزده‌ كتێب، نۆ كتێبمان له‌ سه‌ر شیعر نووسیوه‌ و هه‌ركه‌سێكیش خۆی به‌ خوێنه‌ری ماڵپه‌ڕێكی سه‌نگینی وه‌ك ده‌نگه‌كان بزانێت، له‌وه‌ ده‌گات كه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام سه‌رنجمان له‌ سه‌ر شیعر نووسیوه‌.
ئێمه‌ ده‌یان جاری تریش وتوومانه‌ نه‌ ڕه‌خنه‌گرین، نه‌ نووسه‌ریشین، ته‌نێ خوێنه‌رێكی ئاسایی دنیای ئه‌ده‌ب و كتێبین. ئێمه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ ده‌ڵێین، زۆرباش ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌زانین كه‌ وتار و نووسینی پڕ مه‌عریفه‌ و سوودمه‌ندیش له‌و سه‌كۆیانه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌. هه‌ر بۆنموونه‌: من هیچ تێبینییه‌كه‌م له‌ سه‌ر وتاره‌كه‌ی هاوڕێی ئازیزم كاك ( سۆران محمد) نه‌بوو، چونكه‌ ده‌زانم له‌ من زیاتر شیعر ده‌خوێنێته‌وه‌ و له‌ سه‌ر شیعر ده‌نووسێت و خۆشم خوێنه‌ری وتاره‌كانی ئه‌وم و به‌ بایه‌خه‌وه‌ نووسینه‌كانی ده‌خوێنمه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانم له‌ به‌رانبه‌ر تۆمه‌تێكی بێ بنه‌ما بێ ده‌نگ بم كه‌ ده‌ده‌درێته‌ پاڵم، له‌ كاتێكدا من ئه‌گه‌ر ڕووپاماییم بۆ ده‌سه‌ڵات بكردایه‌، ئێستا به‌رزترین پۆست و ده‌سكه‌وت و پایه‌م ده‌بوو، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو هاوشارییانم ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانن و گه‌واهیم بۆ ده‌ده‌ن.
من مامۆستایه‌كی ئاساییم و به‌ ڕه‌نج و ئاره‌قه‌ی شكۆمه‌ندانه‌ی پیشه‌كه‌م ده‌ژیم و وه‌ك هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك مووچه‌كه‌م دوا ده‌كه‌وێت. دواجار ده‌ڵێم، جیلی شیعریی، به‌ قسه‌ و هاش و هووش دروست نابێت، كه‌س گۆران و شێركۆ بێكه‌سی دروست نه‌كردووه‌، خۆیان خۆیان دروست كرد، ئیدی جیل هه‌بێت یان نا؟! مه‌گه‌ر شێخ نووری و ڕه‌شید نه‌جیب و پیره‌مێردیش له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ نه‌بوون؟ بۆ هه‌ر گۆرانی مه‌زن به‌ نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی ده‌ناسرێت؟!




قەیرانی گوتار: کۆمەڵگە چۆن گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات؟.. وریا مەعروف

بوونی کۆمەڵایەتی، لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی گوتارییە. کۆمەڵگە وەک تەنێکی بێدەنگ و نەجووڵاو بوونی نییە؛ بەڵکوو بوونی خۆی لە ڕێگەی گوتار، زمان، ڕەمز و ئەو چیڕۆکانەی دەیانگێڕێتەوە دروست دەکات و دەپارێزێت. گوتار ئەو ڕووبەرەیە کە تێیدا واتای شتەکان دیاری دەکرێت، واتا كۆمەڵگە لەرێگەی گووتارەوە خۆی دەناسێنێت، شوناسی خۆی دیاری دەكات. کاتێک گوتار تەندروستە ڕێگە بە گفتوگۆ، ڕەخنە و دروستکردنی واتای بە کۆمەڵ دەدات. کەچی ئەمڕۆ، زۆرێک لە کۆمەڵگەکان ڕووبەڕووی ئەوە دەبنەوە کە دەتوانرێت بە قەیرانی گوتار وەسف بکرێت—دۆخێک کە تێیدا زمان توانای خۆی بۆ نوێنەرایەتیکردنی ڕاستی، دروستکردنی کۆدەنگی، یان دەربڕینی بوونی هاوبەش لەدەست دەدات.
گوتار لە بنەڕەتدا زیاترە لە تەنها قسەکردن. بەڵكو پێکدێت لە ڕەوانبێژیی سیاسی، گێڕانەوەکانی میدیا، ڕەمزە کەلتوورییەکان، دەربڕینەکانی سۆشیال میدیا، زانستی ئەکادیمی و گفتوگۆ ڕۆژانەییەکان. لە ڕێگەیەوە، کۆمەڵگەکان پێناسەی ئەوە دەکەن کە چی ئاساییە و چی نائاساییە، چی ڕەوشتییە و چی ناڕەوشتییە، چی دەکرێت و چی ناکرێت. قەیرانەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە ئەم سیستەمە گوتارییانە پارچە پارچە دەبن، دەستکاری دەکرێن، یان لە واتای ڕەسەنی خۆیان بەتاڵ دەکرێنەوە.
یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە بریتییە لە گۆڕانکاریی لە گۆڕەپانی گشتیدا. لە ڕووی مێژووییەوە، گوتاری گشتی چ لە گۆڕەپانەکانی شار، ڕۆژنامەکان، یان بازنە ڕۆشنبیرییەکان، ڕێگەی بە چوارچێوەی تا ڕادەیەک جێگیری گفتوگۆ دەدا. ئەمڕۆ، پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی شێوازی گوزارشتکردنی کۆمەڵگەیان گۆڕیوە. سۆشیال میدیا “دەربڕینی” دیموکراسی کردووە، ڕێگە خۆشكەر بووە بۆ ئەوگرووپانەی کە پێشتر پەراوێزخرابوون. بەڵام ئەم فراوانبوونە لاوازی و هەستیاری هەیە لە : خێرایی جێگەی بیرکردنەوەی گرتووەتەوە، سۆز زاڵ بووە بەسەر ئارگیومێنتدا، و بینراو گرنگترە لە ڕاستی.
لە ئەنجامدا، زۆرجار گوتار زیاتر دەبێتە “گوزارشتی نمایشکارانە” نەک پەیوەندیکارانە یان كارلێككارانە. تاکەکان و دامەزراوەکان قسە ناکەن بۆ تێگەیشتن یان قەناعەتپێکردن، بەڵکوو بۆ نیشاندانی شوناس، ڕاکێشانی سەرنج، یان سەپاندنی دەسەڵات. ئەمەش توندبوونی گوتاری لێ دەکەوێتەوە، کورت دەکرێتەوە بۆ دروشم و ناو. لە ژینگەیەکی لەم شێوەیەدا، کۆمەڵگەگوزارشت لە بوونێکی هاوبەش ناکات بەڵکوو کۆمەڵێک مۆنۆلۆگی کێبڕکێکار دروست دەبێت، یان دەشێ بڵێین خەڵک وا بیر دەکەنەوە کە هەمووان وەک ئەوان بیر دەکەنەوە. ئەمەش وا دەکات خەڵکی بەرامبەر بە تەواوی وەک “دوژمن” یان “کەسانی نەفام” ببینن، چونکە هەرگیز بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە دیدگای ئەوان تێناگەن.
ڕەهەندێکی دیکەی قەیرانەکە لە داڕمانی متمانەدایە. کاتێک گوتاری سیاسی بە پڕوپاگەندە، زانیاری هەڵە و لێڵی ستراتیژی دەگوازرێتەوە، وشەکان متمانەی خۆیان لەدەست دەدەن. هاووڵاتیان نەک تەنها گومان لە دامەزراوەکان دەکەن، بەڵکوو گومانیان لە خودی زمانەکەش دەبێت. بەڵێنەکان پووچ دەردەکەون، زانستی شارەزایان و ئەكادیمیست و ڕۆشنبیران وەک بۆچوون پشتگوێ دەخرێت. لەم کەشەدا، گوتار ئیتر ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی نییە؛ بەڵکوو لێڵی دەکات.
میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە شێوەدان بەوەی کە کۆمەڵگە چۆن گوزارشت لە خۆی دەکات. ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی ڕۆژێک وەک نێوەندگیرێک لە نێوان ڕووداوەکان و تێگەیشتنی گشتی کاری دەکرد. هەرچەندە دوور بوو لە بێ کەموکوڕی، بەڵام خاڵێکی هاوبەشی بۆ ئاماژەپێدان دەستەبەر دەکرد. ئەمڕۆ، سیستەمە ژینگەییەکانی میدیا کە بە ژیری و دیجیتاڵی بەڕێوەدەبرێن، بینەران بەش بەش دەکەن بۆ “ژوورەکانی دەنگدانەوە” بەمانایەكی تر لەو فەزا دیجیتاڵی یان کۆمەڵایەتییانەی کە تێیاندا تەنها بۆچوون، بیروباوەڕ و زانیارییەکانی هاوشێوەی یەکتر دووبارە دەکرێنەوە و دەگەنە گوێی تاکەکان هەر گروپێک وەشانێکی جیاوازی ڕاستی بەکار دەهێنێت، کە بە گێڕانەوەی تایبەتمەند بەهێز دەکرێتەوە. لە ئەنجامدا، کۆمەڵگە ئاستەمە بگاتە هەستێکی یەکگرتوو بۆ دەربڕێنی “ئێمە”.
ئەم قەیرانە تەنها تەکنیکی یان سیاسی نییە؛ بەڵکوو قەیرانێکی قوڵی کەلتوورییە. کۆمەڵگە مۆدێرنەکان بە گۆڕانکاریی خێرا، نادڵنیایی و دڵەڕاوکێ ناسراون. ناسەقامگیریی ئابووری، جیهانگیریی کەلتووری و خێراکردنی تەکنەلۆژی هەستی ناسەقامگیری دروست دەکەن. گوتار ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخەیە: زمان دەبێتە بەرگری، حەسرەتئامێز، یان توند. بانگەوازەکان بۆ ڕابردوو، ئەفسانەکانی پاکێتی، یان گێڕانەوەکانی داڕمان زۆرجار جێگەی شیکاری ورد دەگرنەوە. بەم مانایە، قەیرانی گوتار ئاوێنەی قەیرانی واتایە.
کەچی گوتار هەروەها شوێنی بەرگری و نوێبوونەوەشە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەربڕینە هونەرییەکان و لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکان بەردەوامن لە گومانخستنە سەر گێڕانەوە زاڵەکان. گرووپە پەراوێزخراوەکان زمان بەکار دەهێنن بۆ سەپاندنی بینراوی و پێناسەکردنەوەی پۆلێنە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نموونە، گوتارەکانی فێمینیستی، پۆست-کۆلۆنیالیزم و ژینگەیی چۆنییەتیی تێگەیشتنی کۆمەڵگەیان لە دەسەڵات، شوناس، و بەرپرسیارێتی فراوان کردووە. ئەم دەستوەردانانە نیشان دەدەن کە گوتار جێگیر نییە؛ بەڵکوو کێبڕکێی لەسەرە و داینامیکییە.
کەواتە کۆمەڵگە چۆن گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات لەناو ئەم قەیرانەدا؟ بە شێوەیەکی زیاتر، بە شێوازی دژبەیەک ئەم کارە دەکات. لە لایەکەوە، کۆمەڵگە گوزارشت لە پارچەپارچەبوون دەکات—لە ڕێگەی گفتوگۆی دژبەیەك، ململانێ کەلتوورییەکان، و شەڕە ڕەمزییەکان. لە لایەکی دیکەوە، گوزارشت لەوە دەكەن دەیانەوێت قبووڵ بکرێن، هەست بە کەرامەت بکەن، و بزانن کە جێگەیان لەم کۆمەڵگایەدا هەیە. تەنانەت ئەو کەسانەی کە زۆر توڕە و توندوتیژن لە قسەکردندا، لە بنەڕەتدا بەو تووڕەیییە دەیانەوێت بڵێن: ‘کێشەیەکی گەورەمان هەیە کە چارەسەر نەکراوە!”
کەواتە ئەرکەکە ئەوە نییە کە گوتار بێدەنگ بکرێت، بەڵکوو ئەوەیە کە بنەما ئەخلاقی و پەیوەندییەکانی بگەڕێندرێتەوە. ئەمەش پێویستی بە فەزایەک بۆ بیرکردنەوەی ئارام، خوێندەواریی ڕەخنەیی میدیایی، و لێپرسینەوەی دامەزراوەیی هەیە. هەروەها داوای پابەندبوونێکی نوێ دەکات بە گفتوگۆ بە گوێگرتن. کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕەسەنانە گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات کاتێک دەتوانێت جیاوازییەکانی خۆی بگێڕێتەوە بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکانی بە یەکەوە بوون ڕەت بکاتەوە، نەک کاتێک بە بەرزترین دەنگ هاوار دەکات.
لە کۆتاییدا، قەیرانی گوتار هۆشدارییەکە. بیرمان دەخاتەوە کە زمان ناسکە، و واقیعی کۆمەڵایەتی پشت بەوە دەبەستێت کە ئێمە چۆن وەسفی دەکەین. ئەگەر گوتار ئاراستەی ژاوەژاوی گرتەبەر، کۆمەڵگە مەترسیی لەدەستدانی توانای خەیاڵکردنی داهاتوویەکی هاوبەشی لەسەرە. بەڵام ئەگەر گوتار وەک فەزای واتادان، ڕەخنە، و هاوپشتی وەربگیرێتەوە، دەتوانێت جارێکی تر ببێتەوە بەو دەنگەی کە کۆمەڵگە خۆی پێ دەناسێت و گوزارشت لە بوونی دەکات.

وریا مەعروف




ترەمپ لە فەنزوێلای هەڵپێچاوەو وەک کەڵەبابی شەڕانی خۆی لێ گیڤ کردۆتەوە.. حەسەن ڕازانی

کێشەی نێوان ئەمریکا، کە وا باشترە بڵێین ئیدارەکەی ترەمپ، و فەنزوێلا بە سەرۆکایەتی مادۆرۆ هەر بەرەو هەڵکشان دەچێت.
ترەمپ نیازی هێرشی سەربازی هەیەو سەرباز دادەبەزێنێتە سەر ئامانجەکانی فەنزوێلاو کوشتاریشی لێکەوتۆتەوە.
پێشتر بەهانەی ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا بابەتی مادەی هۆشبەرو شتی لەوبابەتە بوو، کە فەنزوێلایان پێ تاوانبار دەکرد. بەڵام ئێستا بەهانەکە گۆڕاوە بۆ نەوت و گێڕانەوەی نەوت بۆ خاوەنەکەی.
ترەمپ دەڵێ ئەو نەوتەی فەنزوێللا هی خۆمانەو دەبێ بماندەنەوەو لێیان دەستێنیەوە. بە پێی ئامارەکانیش فەنزوێلا ٣٠٣ ملیار بەرمیل نەوت لە خاکەکەیدا هەیە.. کە سعودیەش ئەوەندەی نیە.
ترەمپ سەری دەخورێت بۆ ئەوەی هێرشێکی سەربازی بکاتە سەر فەنزوێلاو مادۆرۆی سەرۆک و سیستەمەکەی لە ناو بەرێت و لە شوێنیدا سیستەمێ کە سەر بە ئەمریکا بێت دابمەزرێنێت.
ئەمریکا بە سەرۆکایەتی زۆرێک لە سەرۆکەکانی بەهانەیان بە فەنزوێلا گرتووە. گەماررۆیان خستۆتەسەر، تەگەرەو ڕێگرییان بۆ سەرۆکی فەنزوێللا درووست کردوە.
ئیشتا فەنزوێلایان بە مەرەدێک بردووە خەریکە سۆماڵ و ئەفغانستان خۆزگەی پێنابەن لە ڕووی ئابووریەوە. هەڵاوسان درووست بووە لە هەموو ڕوویەکەوە.
جیهان و دەوڵەتە گەورەکان ئەو هەوڵەی ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکا دەبینن. هەندێک پێیان خۆشەو هەندێک بێلایەنن و هەندێک بێدەسەڵاتن و هیچیان لەدەست نایەت.
ڕوسیاو چین بە فەڕمی هیچیان دیار نیە. هەردووکلا لە ژێرەوەو بە ئاشکراش هاوکاری فەنزوێللا دەکەن لە ڕووی چەک و چۆڵ و شتی تریشەوە. بەڵام ناتۆ جارێ ڕوسیایان بە ئۆکرانیاوە خەریک کردووە کە بۆی هەیە ڕووسیا بە سەفقەیەک لە گەڵ ترەمپ پێک بێت.
چین بێدەنگە. ڕوسیاو چین نایانەوێت ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سەربازییەوە بکەونە جەنگەوە لە گەڵ ئەمریکا. هەموولایەک مەترسی ئەو کارە دەزانن.
باش نیە ئێران وەک لایەنێکی سەرەکی لە وێنەی چین یان ڕوسیا وێنا بکەین. بەڵێ دەسەڵاتدارە لە ناوچەکەدا، بەڵام لە هەر ئەگەرو کاتێکدا ناتۆ بیەوێت و بەدیلی هەبێ چۆن شایان لابرد هەر بەوشێوەیەش ئاخوندەکان لادەبن.
لە لایەکی ترەوە ئێران خۆی لە ئاستێکدایە کە دەبێ بیپارێزن لە حاڵەتی ئێستادا نەک بچێت فەنزوێللا بپارێزێت لە هێرشی ترەمپ.
ئەگەر ئێران بیتوانیایە حەماس و حیزبوللەی دەپاراستن یان حوسیەکان و بەشارو شیعەکانی عێڕاقی دەپاراستن. ئێران خۆی پرۆکسی ڕوسیاو چینەو بۆ خۆشی هەندێک پرۆکسی هەن لە ناوچەکەدا.
ئەمریکا لە سەردەمی زۆرێک لە سەرۆکەکانی لە وێنەی بۆش، کوڕەکەی بۆش، ئۆبامەو پیاوە نەخۆشەکەی دوای ئەویش بە ناوی بایدن و ئینجا ترەمپ. هەر جارەی لە وەڵاتێکیان داوەو بەهانەیان بە کەسێک و بە سەرۆکێک و بە دەوڵەت و سیستەمێک گرتووە
هەرجارەش دەستی خۆیان وەشاندووەو وەک بەرزەکی بانانیش بۆی دەرچوون
ڕای گشتی لە دژی ئەمریکا کە وەخۆکەوتووە شتێکی ترەو من پێم وایە چەندە ئیمام عەلی وەک لە چیرۆکە خورافیەکاندا باسی لێوە دەکرێت، کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەو نیرگەیەی کە ڕۆستەمی مازندەران بەدوا خۆیدا ڕایدەکێشێت، ڕای گشتیش هەر ئەوەندە هەیبووە لەسەر ئەمریکاو ناتۆ. کوا ئەمریکاو ناتۆ گوێیان بە ڕای گشتی داوە؟
ئەمریکاو ناتۆ ئەوەی ویستبیان وێرانکردن و داگیرکاریی و تێکدانی سیستەمەکان بووە.. ئەوەشیان بۆ کراوەو کردوویانە.
ئەفغانستان ئیتر وێرانەیەو پێی ناگوترێت وەڵات و دەوڵەت، یەمەن بە هەمان شێوە، سوریا واوەتر، لوبنان و فەلەستین زۆر خەراپتر، سۆدان هەر باسی لێوە مەکەن، عێڕاق بۆ چەند دەیەی تریش نابێتەوە بە عێڕاقی خاوەن یاساو سیستەمی هاونیشتیمانیی…. لەم وەڵاتاندا ئاوەدانکردنەوەو بە دێموکراسی کردنی سیستەمەکانیان بوو یان لە ناوبردنی سیستەمەکانیان و یاساو وێرانکردنان بوو؟ ئەمەم بەرەنگاریی نیە لە رژێمەکەی سەدام و ڕژێمە دیکتارو ئیسان کوژەکانی تر.
ئیتر بۆ دەبێ بگوترێت ئەمریکاو ناتۆ ناتوانن هیچ بکەن؟ بۆ دەبێ بگوترێت ئەمریکا لە هەموویدا دۆڕاوە؟
ئەمریکا بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەو کاری باش ئەم کارانەی نەکردووەو نەچۆتە ناو ئەو وەڵاتانەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەیان تا بڵێین پێی نەکراوەو دۆڕاوە. یان ئەوەتە هەڵاتووەو بەجێی هێشتووە… کاری باش و ئاوەدانکردنەوەو دێموکراسی و بنیاتنان تەنها زین و مەم بوون و وەک پەردە بۆ سەر کارەکانیان بەکاریان هێناون.
ئیتر من پێم وایە ئەمریکاو ناتۆ ئەوەی ویستوویانە لە سەد ساڵی ڕابردوودا تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت کردوویانەو سەرکەوتووش بوون لە کارەکانیاندا.
بۆ بەشار ئەسەدیش ڕاستە.. کە هەموومان دەزانین بەشار چۆن چۆنایی ڕۆییشت و عێڕاقیش چۆن چۆنایی کاول کرا.
پێم بڵێن کێ شای ئێرانی ڕوخاندو کێش سیستەمی ئاخوندەکانی دامەزراند لە ئێراندا کە وەک ڕەگی سەرەتان وایە لە ناوچەکەدا.؟
!! بەڵام پیاوی چاک بن هیچیتر بە من مەڵێن هێزی ئۆپۆزسیۆن ئەوکارەی کرد
ئەگەر ئەم قسەیە بۆئەوەی ئێران ڕاست بێت بۆ عێراقیش ڕاستە!
هەروەها بۆ وەڵاتانی سەردەمی بەهاری عەڕەبیش ڕاستە!
مێژوو، پێمان نیشاندەدا کە هێزێک لە پشتی دیوارەکانەوە بە هاوکاری خەڵک ،کە دیارە بە کار هێنراوە، ئەو کارەی کردووە، جا خەڵک وەک سەپانی پووشێ بێجگە لە مانووبوون و ماڵوێرانی هیچی بۆ نەماوەتەوە.. هێزی ئامادەو لایەنی وابەستە هاتوون.. عێڕاق بە نموونە!
ئیتر ئاوێ بێنەو دەستان بشۆ

حەسەن ڕازانی
١٨دێسەمبەری ٢٠٢٥




لافاوناس نییم، بەس ئاخ بۆ لافاوێکی تر!.. ئازاد حەمە*

لافاوناس نییم و لافاوناسییش بواری پسپۆریم نییە، لەبەرئەوە لێرە ناخوازم لە بارینی زۆری باران یان دیاردەی سێڵاو بدوێم، لێ لەوە تێدەگەم، کە لافاوەکە، یان لێزمەبارانەکە پێیگوتین: ماڵ و شوێنی ژیانی ئێمە و ڕێگاوبانەکانمان بەرگەی گەردەلول، زریان و باوبۆران ناگرن.
مافی خۆمە بڵێم: ئاخ بۆ لافاوێکی تر؛ بەو مەرجەی کەس نەبێتە قوربانی، بەڵام با شڕەبەتانی و کۆنەزۆپا و بەڕە و ڕاخەرە بێبەهاکانی ئەو ماڵانە لەگەڵ خۆی بەرێت،کە بێژیان و بێ داهاتوون؛ تا یەک تۆز هەستی ئەرستۆکراتییەکان(خواپێداوەکان) بورووژێت.
ئەگەرچی لافاوناس نییم، بەس کوا ئەو لافاوەی دەبێتەوە هۆکاری لادانی دەیەها بەڕێوەبەری بێباک؛ ئاودیوکردنی دەیەها زوڵم و ئاشکراکردنی قەتماغەی بێدادیی. گومانیناوێت، موسیبەتەکەی چەمچەماڵ، تەکیە و شۆڕش وایلێکردین لە ئەلفوبای بێماڵی و بوونی ماڵێکی درۆیینە، کە شوێنی ژیانی تیانییە، حاڵیبین. ئەی پێش لافاوەکە، چەن بێباکبووین بەرامبەر بێماڵ و هەژار و بیمارییە کۆمەڵایەتییەکان.
بەشەرمەوە دەڵێم بەڵێ بۆ لافاوێکی تر؛ تا دەڤەرەکان لێکدی نزیکبکاتەوە؛ مێتافیزیکی ڕەحم و بەزەیی چرۆدەرکات و نەبوو و داماوەکان لەو شومە سوودمەندبن، کە لە بەرگی لافاو دەبێتە میوانیان.
حەیف و هەزار مخابن، کە دەبێت بڵێین سوپاس بۆ لافاوەکە،کە بێدەرەتان و کرێچییەکانی ماڵە کەلاوەکانی کردە خاوەنی ماڵێ تازە و پێویستییەکانی ناو ماڵی، کە کەمترین مافن، بۆ ئەوانە مسۆگەرکرد ئاستنزمترین ژیان لەناو ماڵە بێماڵەکەیاندا، لە سەردەمی ژیری دەستکرد، دەژین.
بەدڵێکی پڕ لە خەمەوە دیسانەوە دەڵێم: بەڵێ بۆ لافاوێکی تر؛ تا بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان بەخۆیانا بچنەوە، قوتابخانە و دایەنگەکان پڕ پێداویستی بکرێن، نەخۆشخانەکان لەوە دڵنیابن چەند بەرگەی کارەساتە سروشتییەکان دەگرن، کتێبخانەکانیش لێوانلێوکرێن لە سەرچاوە و پێداویستیی خۆڕانکبیرکردن.
ئەڵبەتە زۆر بە حەسرەتەوە دەڵێم: ئاخ بۆ لافاوێکی تر؛ تا هەژاریی، داماویی، بێدەرەتانیی، بێماڵیی کەساسەکان ئاشکرابکات، کە دەمێکە پەردەپۆشکراوە. تا ماڵی ئەوانە ببینین، کە رۆژانەی کاسبکارییان پانزە هەزار دینارە(نۆ دۆلار)، ئەو خێزانانەش دەرکەون، کە نزادەکەن بۆکڕینی دەرمان بۆ پەککەوتوەکانیان.
چەند عەیبە دەڵێم: با بۆ لافاوێکی تر؛ ئاخر لەبەرئەوەی خوازیارم لافاو کۆمانکاتەوە، لافاو ڕۆحبکات بە بەر کەلتووری بەخشین و بەتەنگیەکەوەچوون. مەگەر لافاوەکە فێرینەکردین لە پەرۆشدار، ئاتاج و بێخانوەکان بیربکەینەوە؟ لەوە تێبگەین سروشت توانای پەلاماردانی خۆی هەیە، لەسەر ئەوە وەستاوە مرۆڤەکان چەند دەتوانن رووبەرووی ڕووداوە سروشتییەکان ببنەوە.
دەرکەوت ئەو قسانە لە شوێنی خۆیاندا نیین، کە دەلێن کوردەکان بەتەنگ یەکەوە نایەن، خۆخۆر و چیوچین. هەرلەبەرئەوە، تەکیە ، شۆرش و چەمچەماڵ ناوگەلێکن تا ساڵانیک لە گوێماندا دەزرینگێنەوە. ئەمە (سەلیم بەرەکات) گوتەنی لە مەهابادەوە بۆ مەهابادێکیترە، بەس ئەمجارەیان سروشت خستمانیە ناو گەرووی مەهاباد و هەڵەبجەیەکی ترەوە.
حەیف و داخەکەم بۆ لەوە تێناگەین، ئەو جینۆسایدە سروشتییەی هاتەسەر دەڤەری چەمچەماڵ، کاکە مەند، ئاخجەلەر و پیرەمەگرون بەرهەمی نادادیی و خراپدابەشکردنی داهاتە نەک هەقایەتی فاشیزمی بەعسیزم و…. .
بائەوەش بڵێین: هاوخەمیی سیاسییەکان بۆ لێقەوماوان خەمخۆری بوو بۆ ئەوەی نەک لە هەڵبژاردنی داهاتوو لەو دەڤەرانە زەرەرمەندبن لافاو بووە میوانی ناوەختیان. چونکە بۆ سیاسییەکان بەدبەخت، لێقەوماو و پەککەوتەکان ژمارەن بۆ کاتی تەنگانەی سیاسیی(بۆزیادکردنی کورسی).
شەرمە بۆ من، کە دەڵێم ئاخ بۆ لافاوێکی تر. ئاخر ئەو لافاوە بوو،کە دیاردەی بێدەرەتانی و بێ ماڵی لە دەڤەرێک ڕووماڵکرد خاکێ بەپیت و داهاتداری هەیە. بۆلەمەولا سیاسییەکان ڕقیان لە وشەی لافاو و باران دەبێتەوە، چونکە لافاو زۆر شتی کەشفکرد و جەوری ئابووریی و ستەمی بەڕێوەبردنیشی خستەڕوو.
تەماشای ئەو ڕێکەوتە، ڕێک چەند کاژمێرێک پێش لافاوەکە و ڕووداوەکانی تەکیە و شۆڕش و چەمچەماڵ لە خوێندنەوەی شانۆنامەی(زریان)ی شکسپێر بوومەوە… ئەم شانۆنامەیە ئەمەی چرپان بەگوێما: دۆزەخ بەتاڵە و گشت شەیتانەکان وان لێرە.

*ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




پایزی سەرمایەداری *.. ئەکرەم سەعید

(ئێمە شاهیدی پایزی مۆدێلی سەرمایەداریی ئێستاین، بەڵام هێشتا لە بەهاری گەلاندا نین، چونکە هێشتا ئەڵتەرناتیڤەکە نەخەمڵیوە. لەئێستادا بزووتنەوەو ناڕەزایەتییە جیهانییەکان لە قۆناغی ئاژاوەگێڕیدان، و دەکرێت ئەمە ببێتە مایەی بزووتنەوەی توندڕەو، ڕژێمی فاشیستی، تەنانەت ڕووخانی دەوڵەتەکان، یان دەشێت ببێتە هۆی شتێکی تەواو نوێ)- سمير امين: نشهد خريف الرأسمالية/ بِدَايَات/ فصلية ثقافية فكرية/ ساڵی ٢٠١٥.
“سەمیر ئەمین”لە دوا ساڵانی تەمەنیدا زۆر باسی لە پایزی سەرمایەداری دەکرد. پایزی سەرمایەداری زاراوەیەکە ئاماژەیە بۆ خولێکی پڕ لە قەیران و شێواوی و جەنگ لە سیستەمی سەرمایەداریدا؛ دیاردەی وەک نایەکسانی ئابووری، ناسەقامگیری و نائەمنی، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و زیادبوونی کارەساتی ژینگە. لە ڕاستیدا دابەشکردنی مێژوو بۆ خولی”بەهار و پایز”مێژوونووسانی کۆنی وڵاتی چین بەکاریان هێناوە. مەبەستیان لە بەهار خولی سەقامگیری و گەشەکردنی ئابووری(کشتوکاڵ، بازرگانی، کاری پیشەیی و هونەر) بووە، و پایز وەک خولی(داڕمانی ئابووری و شێواوی و جەنگ). لە خولی پایزدا(شانشینی ژۆو)لە ڕۆژهەڵاتی چیندا لاواز بووەو میرنشینە فیۆداڵیەکان سەربەخۆ بوون، و سەردەمی جەنگی میرنشینەکان دەستی پێکردووە **.

سەرمایەداری چەندجار دووچاری قەیرانی ئابووری و سیاسی و جەنگ هاتووەو بە سەلامەتی لێی قووتار بووە. سەرمایەداری لە ساڵی ١٩٠٠ تا ١٩۲۹ بە قۆناغی گەشەسەندنی خێراو بە(ساڵانی بەختیاریی ۱۹۰۰ و بیستەکان) ناوبانگی دەرکردوە، بەڵام دواتر کەسادی گەورەی وێرانکەر بەدوایدا هات، و ئەنجامەکەی لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٩ داڕمانی وۆڵ ستریت بوو لە نیویۆرکدا، کە بووە هۆی بێکاری بەکۆمەڵ و شکستی بانکەکان و کەمبوونەوەی بازرگانی لەسەر ئاستی جیهاندا. جارێکی دی له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ری ۲۰۰۸ دا “وۆڵ ستریت” تووشی داڕمان هات – ساڵی ۲۰۱۹ پەتاى کۆڤید/۱۹ – ساڵی ۲۰۲۲ جەنگی ئۆکراینا، و تا ئەمڕۆکە بە گشت کێشەکانی هەڵئاوسانی دراو، گرانی، بێکاری و جەنگ لێرەو لەوێ؛ لەو کاتەوە جیهان چۆتە وەرزێکی پایزی نوێی سەرمایەدارییەوە. یەکەم وەرزی پایزی سەرمایەداری لانیکەم بیست ساڵی خایاندووە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەم خولە نوێیەی پایزی سەرمایەداری کەی و چۆن کۆتایی دێت.

نیشانەکانی خولی پایزی سەرمایەداری
۱/ قەیرانی ئابووری و مەترسی داڕمانی بازاڕ و بازرگانی:
ئەگەر جیهانگیری لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، پاڵنەرو لۆژیکی فراوانبووی سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد بووبێ، ئەوا ئەمڕۆکە سیاسەتی سەپاندنی باجی گومرگی تڕەمپ، وە بە زیادبوونی پەلاماری گەشتی بازرگانییەکان لە دەریادا، و بە سیاسەتی داخستنی سنوورەکان بە ڕوی پەناهەندەکان و دیپۆرتکردنەوەیان، ئەوا شتێکی سەیر نییە کە جیهانی سەرمایەداری دەچێتە نێو خولێکی ناکۆک لەتەک خودی پایەکانی سەرمایەدا.
گۆڤاری”ئیکۆنۆمیست”ی بەریتانی لە مانگی نۆڤەمبەردا ژمارەیەکی تایبەتی بەناونیشانی(جیهانێک لە پێشمان/ العالم أمامنا / The World Ahead ***)بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە باسی چارەنووسی جیهان دەکات لە ساڵی ٢٠٢٦دا؛ کە ساڵێک لە نادڵنیایی دەبێت! . بەڕای گۆڤارکە جیهان لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەچێتە ناو نادیارەوە، بۆیە دەپرسێ: ئایا ئێمە لەبەردەم ساڵێکی”ڕووخان”داین یان ساڵێک لە”دەرفەتەکان”؟. چونکە لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ و سەرهەڵدانی ئەژدیهای چین، جیهانی کۆن کۆتایی هاتووەو یاساکانی یارییەکەش بە تەواوی گۆڕاون. پێشبینییەکانی ڕۆژنامەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ وێنەیەکی تاریک و پڕ لە پشێوی بۆ جیهان دەکێشێت، کە ململانێ جیۆپۆلەتیک و جەمسەرگیری سیاسی و پێشبڕکێی تەکنەلۆژی زاڵن بەسەریدا، لە کاتێکدا شەڕ و قەیرانە ئابوورییەکان بەردەوام دەبن.

۲/ زیادبوونی دیاردەی ستەم و شەڕ:
دەوڵەتەکان لەمڕۆدا خەڵکی بە خۆیان و ماڵومنداڵیان بە کۆیلەی خۆیان دەزانن، و دەسەڵاتە دڕندەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە زۆری هێزو فریودان ژیانی ئەو خەڵکەیان خستۆتە بەردەم مەترسی فەوتان، چونکە بە فرمانی خۆیان لە سەرەوە، بێ هیچ بەشداری خەڵک و ڕەزامەندییان، دەوڵەتەکان بڕیاری جەنگ دەدەن و کۆمەڵگەیان خستۆتە نێو کەشێکی سەربازییەوە؛ بڕوانە: بڕیارەکانی ڕووسیا بۆ جەنگ دژی ئۆکراینا، بڕیاری ئەمەریکا بۆ جەنگ دژی ڤێنیزوێلا، بڕیاری سەرۆک وەزیرانی یابان بۆ چوونە نێو جەنگ ئەگەر چین پەلاماری سەربازی تایوان بدات،، و سەدەها حاڵەتی دی. هەموو ئەو بڕیارانەش لە ئاکامی قەیرانی ئابووری و کێشمەکێشی بازرگانییەوە سەرچاوەیان گرتووە، وە بێگومان لە ئەنجامی جەنگەکانیشدا هێندەی دی قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە.

۳/ سەرهەڵدانەوەی دیاردەی چەتەگەری سەرمایەداران – {عادت حليمة إلى عادتها القديمة} – بۆ نموونە وەک:

  • تەقاندنەوە یان دەستگرتن بەسەر کەشتیەکان لە دەریادا؛ چەتەگەری دەریایی دەوڵەتەکان لە زیادبووندایە.
  • وەزیرانی دارایی ئەوروپا باسی بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بەستووی ڕوسیا بۆ دابینکردنی کۆمەکی دارایی بۆ ئۆکراینا دەکەن – دەستگرتن بەسەر بڕی زیاد لە ۳۰۰ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە داراییەکانی ڕووسیا کە لە بانکەکانی ئەوروپا.
  • بەخۆماڵیکردنی کارگەکانی وڵاتی چین لە ئەوروپا: لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی کانزا دەگمەنەکانی نێوان چین و ڕۆژئاوا، ئەوروپا گەرەکی بوو دەستبگرێ بەسەر”کۆمپانیاکانی چیپ”ی چینی لەسەر خاکەکەی، هۆڵەندا دەست بەسەر”کۆمپانیای نێکسپریای چینی”دروستکەری چیپدا(الرقائق)بگرێت. و بەخۆماڵیکردنی دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا: شەڕێکە بۆ ڕزگارکردنی دوا کورەی پۆڵا لە چنگی وەبەرهێنەری چینی.
    بەڵام دەستبەسەرداگرتن بەسەر سەروەت و سامانی ڕووسیا لە بانکەکان، پایەکانی ئابووری یەکێتی ئەوروپا وێران دەکات، چونکە متمانە بە بانکە ئەوروپییەکان نامێنێ و زۆربەی وڵاتانی دیکە سەرمایەکانیان دەکێشنەوەو کارەکانیان لە شوێنێکی تر ئەنجام دەدەن.

    ٤/ نوخبەی دەسەڵاتدارانی سەرمایەداران ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک(نوخبەێکی سەرکوتگەر و دژی پەناهەندە، گەندەڵ، جەنگخواز و بەدڕەوشت)دەردەکەون؛ بۆ نموونە:

  • نوخبەی جەنگخوازی ئەوروپا دەیانەوێت شەڕ لە ئۆکراینا بەردەوام بێت، ئەوەش لە پێناوی ڕزگارکردنی خۆیان و فراوانکردن و چەسپاندنی کۆنترۆڵییان بەسەر خەڵکی ئەوروپادا.
  • ئیهانەی ترەمپ بۆ خەڵکی وڵاتانی(ئاسیا، ئەمەریکای لاتین وئەفەریقا)، و لێدوانی ڕەگەزپەرستانەی ڕاوێژکاری ئەڵەمانیا”فریدریش مێرتز”:(پەنابەران دیمەنی شارەکانی ئەڵمانیا تێکدەدەن).
  • فەزیحەی(دوورگەی جێفری ئیپستین).
  • هاوشێوەی مرۆڤ کە دەچێتە ساڵەوە زۆر باسی ڕابردوو دەکات، سیستەمی سەرمایەداریش لە خولی پایزیدا زۆر باسی ڕابردوو دەکات و نەریەتە کۆنەکان لە(ئایین، ڕەگەز، خێڵ و بنەماڵە)زیندوو دەکاتەوە. بۆرژوازی دەسەڵاتدار جیهان بەلای ڕاستدا وەردەچەرخێنێ؛ هێندە تووند بەلای ڕاستدا کە مەترسی دەخاتە سەر وجودی سیستەمی سەرمایەداری، چونکە ستافی فەرمانڕەوای بۆرژوازی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا نوخبەێکی جەنگخوازو سەرکوتگەرو کۆنەپەرستەو گوتارو سیاسەتی لیبڕالی گۆڕیوە بە گوتارو سیاسەتی کۆنەپارێزی ئایینی و نەژادپەرستی و ناسیۆنالیستی توندڕەو.
  • وەرزی پایزی سەرمایەداری وەرزی ناسەقامگیری کۆمەڵگە و شێواوی سیاسییە؛ وەرزی زیادبوونی تەقەکردنە لە خۆپیشاندانی مەدەنی و تیرۆر و کۆکوژی.

ئەم خولی پایزی سەرمایەدارییە سیستەمەکە دەخاتە بەردەم دوو ئەگەر:

  • ئەگەری قوڵبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان تا پلەی داڕمان، و فراوانبوونی جەنگەکان تا پلەی جەنگی جیهانی سێیەم کە کۆتایی بە ژیان دەهێنێ لەسەر گۆی زەوی.
  • یان دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری دانوستان دەکەن و ڕێدەکەون لەسەر دابەشکردنی نوێی کار و سامانی جیهان.
  • وەسفکردنی خولی داڕمانی سەرمایەداری بە (وەرزی پایزی سەرمایەداری) مێتافۆریکییە؛ واتە وەسفکردنی شتێک بە بەکارهێنانی لێکچوون یان وێنەیەک، کە بە شێوەیەکی ڕستەیی ڕاست نییە. مێتافۆریک بەکاردێت بۆ دروستکردنی وەسفێکی بەهێز و مەجازی بۆ شتێک، بەزۆری بە بەراوردکردنی لەگەڵ شتێکی تر کە تایبەتمەندی هاوشێوەی هەیە. بۆ نموونە وتنی”ژیان سەفەرە”، ئەوە وەسفێکی مێتافۆریکە بۆ ژیان، چونکە ژیان بە شێوەیەکی ڕستەیی سەفەر نییە، بەڵکو تایبەتمەندی هاوشێوەی هەیە، وەک هەبوونی سەرەتایەک، شوێنی مەبەست و دەرفەتی ئەزموونکردنی شتی جیاواز لە ڕێگادا. لێرەدا”پایزی سەرمایەداری” هەستێک و ڕوانگەێک وەسف دەکات کە مۆدێلی سەرمایەداریی ئێستا لە قەیرانی بووندایە، واتە خراپبوونی بەردەوام، کە ڕەنگە سەرمایەداری لە گۆڕانکارییەکی بەرچاو یان داڕمان نزیک بێتەوە.

    ** بۆ یەکەم جار وەسفی سەردەمی”بەهار و پاییز”-(نزیکەی ساڵی ٧٧٠-٤٧٦ پێش زایین)، لەلایەن مێژوونووسانی چینی کۆن، لە سەردەمی بەشی یەکەمی(شانشینی ژۆو)بەکارهێنراوە.
    *** بڕوانە: The World Ahead 2026 / from The Economist / 10 nov. 2025
    ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست ڕاپۆرت دەربارەی ساڵی ۲۰۲٦ بڵاودەکاتەوە. ڕۆژنامەکە ڕای وایە کە وڵاتانی دەوڵەمەند لە دەرەوەی تواناکانی خۆیان دەژین، وە مەترسی قەیرانی بازاڕی بۆندەکان لە زیادبووندایە.




هێزی نەرمی چین و مەترسییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان.. ئاگری قادر*

فراوانبوونی ئامادەبوونی دامەزراوەیی و كولتووریی چین لە هەرێمی كوردستانی عێراق- بە تایبەتی لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەكانی پەیوەست بە دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی-كۆمەڵەی شورای چین- پرسیارە گرنگەكان سەبارەت بە هەردوو مەترسییە دەستبەجێ و درێژخایەنەكان دەخاتە ڕوو. لە كاتێكدا ئەم بەشداریكردنە زۆرجار وەك ئاڵوگۆڕی كولتووری یان هاوكاری ئەكادیمی لە چوارچێوەیەكدا دادەنرێت، ئەزموونە بەراوردكارییەكان لە ناوچەكانی دیكەوە ئەوەمان پێدەڵێن كە كاریگەرییەكانی زۆر لە دیپلۆماسی نەرم زیاتر دەبن. بۆ هەرێمی كوردستان، ئەم مەترسیانە لەناكاو یان ئاشكرا نین. بەڵكو وردە وردە و چیندار و پێكهاتەیین، بە تێپەڕبوونی كات بە شێوەیەك گەشە دەكەن كە بتوانن نۆرمەكانی حوكمڕانی، سەربەخۆیی سیاسەت و دەزگای سیاسی كۆنترۆڵ دەكەن. تێگەیشتن لەم داینامیكیانە زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە مەترسییەكانی هێزی نەرمی چین بۆ هەرێمی كوردستان

مەترسییەكانی چین بۆ سەر هەرێمی كوردستان

یەكێك لە مەترسییە دەستبەجێیەكان گێڕانەوە و گرتنی گوتارە. ناوەندەكانی توێژینەوەی پەیوەست بە چین، پلاتفۆرمە كولتوورییەكان و دەستپێشخەرییە ئەكادیمییەكان زۆرجار گێڕانەوەی وردی كۆكراوە بەرەوپێش دەبەن كە جەخت لەسەر سەقامگیری، هاوئاهەنگی و دەستوەرنەدان دەكەنەوە. لە كاتێكدا ئەم چەمكانە وەك بێلایەن یان گشتگیر خراوەتەڕوو، بەڵام مەیلیان هەیە كە مشتومڕی ڕەخنەگرانە لەبارەی حوكمڕانی و مافەكانی مرۆڤ و لێپرسینەوەی سیاسییەوە بێهیوا بكەن. لەهەرێمی كوردستان، ئەمە فەزای هزری و میدیایی بەرتەسك دەكاتەوە، چونكە ڕۆژنامەنوسان، ئەكادیمیستەكان و ئەكتەرە مەدەنییەكان هەست بە فشارێكی ناڕاستەوخۆ دەكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ گێڕانەوەی “قبووڵكراو”دا هاوتەریب بن، بە مەبەستی پاراستنی دەستڕاگەیشتن، پارەدان، یان هاوكاری دامەزراوەیی. ستراتیژییەكانی بەشداریكردنی چین زۆرجار پەیوەندییەكان لەگەڵ نوخبە سیاسییەكان، بەرپرسە باڵاكان و كەسایەتییە كاریگەرەكان لە پێشینە دادەنێن. ئەم ڕێبازە دەتوانێت كەناڵە ڕاوێژكارییە هاوتەریبەكان یان كەناڵە ڕاوێژكارییەكان دروست بكات كە لە دەرەوەی چاودێری دیموكرات یان پەرلەمانی كاردەكەن. كاتێك هاوكاری وەك تەكنیكی یان كولتووری لە چوارچێوەیەكدا دابنرێت نەك سیاسی، شەفافیەت زیاتر كەم دەبێتەوە. ئەم جۆرە بەشداریكردنە نوخبەیی، لێپرسینەوەی دامەزراوەیی لاواز دەكات و بڕیاردان لە پرۆسەكانی گشتگیر و بەشداریكردن دوور دەخاتەوە. ئەو دەزگا تازە دامەزراوانەی كە پەیوەندییان بە دەستپێشخەرییە بیانییەكانەوە هەیە زۆرجار بە باری یاسایی ناڕوون، ئیختیاری پێناسە نەكراو و لێكۆڵینەوەی سنوورداری گشتی كاردەكەن. لە كوردستان، ئەم ناڕوونییە ڕێگە بە دامەزراوە بیانییە پەیوەندیدارەكان دەدات كە كاریگەرییان لەسەر پەروەردە، گوتاری سیاسەت، یان بەرنامەسازی كۆمەڵایەتی هەبێت بەبێ ئەوەی بخرێتە ژێر چوارچێوەی ڕێكخراوەیی ناوخۆییەوە. ئەمەش مەترسییەكانی حوكمڕانی دروست دەكات و چاودێرییەكی كاریگەر لەلایەن دەسەڵاتە ناوخۆییەكانەوە ئاڵۆزتر دەكات،لە درێژخایەندا، مەترسییەكی جددی و وردە وردە وەرینی نۆرمەكانی دیموكراتەكانە. مۆدێلی حوكمڕانی چین كۆنترۆڵی دەوڵەت، یەكسانی سیاسی و ژێردەستەكردنی مافەكانی تاك بۆ “سەقامگیری” بەكۆمەڵ لە یەكەمایەتی دەكات. ئەگەر لە ڕێگەی بەرنامەكانی ڕاهێنان، دەرئەنجامی توێژینەوە، یان ئامۆژگاری سیاسەتەوە بە شێوەیەكی زیادەڕۆیی ناسێندرا، ئەم بنەمایانە دەتوانن كولتوری حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا دابرێژرێ. پابەندبوون بە فرەیی، دەربڕین ئازاد و كێبڕكێی سیاسی دەتوانێت لاواز بێت- نەك لە ڕێگەی زۆرەملێی ڕاستەوخۆوە، بەڵكو لە ڕێگەی ئاساییكردنەوە. مەترسییەكانی وابەستەیی ستراتیژی و كەمبوونەوەی سەربەخۆیی سیاسەتەكانە. لەگەڵ فراوانبوونی ئامادەبوونی دامەزراوەیی چینی، وابەستەیی نەك تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵكو لە ڕووی فیكری و ئیدارییەوە گەشە دەكات. بە تێپەڕبوونی كات، ئەمە دەتوانێت توانای هەرێمی كوردستان سنووردار بكات بۆ بەدواداچوونی هەڵبژاردنی سیاسەتی سەربەخۆ كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی پەكین ناكۆك بێت. ئەم جۆرە وابەستەییە لە كاتی قەیرانی سیاسی یان ئابووریدا بە تایبەتی مەترسیدار دەبێت، كاتێك دەتوانرێت هێڵی كاریگەری بگۆڕدرێت بۆ فشارێكی بێدەنگ یان كاریگەری. قووڵكردنەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ چین ڕەنگە گۆڕانكاری لە چۆنیەتی هەستكردن بە هەرێمی كوردستان لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییە نەریتییەكانەوە بكات، بەتایبەتی ڕۆژئاوا كە لە مێژوودا ڕۆڵی سەرەكییان لە هاوكاریی ئەمنی، چاكسازی حوكمڕانی و هاوكاری مرۆییدا بینیوە. پێناچێت چین داكۆكی لە مافە سیاسییە كوردییەكان یان سەربەخۆییەكان بكات كاتێك ئەم جۆرە هەڵوێستانە لەگەڵ پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتە ناوەندییەكان یان دەسەڵاتە ناوچەییەكان ناكۆكن. لە ئەنجامدا، بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی كورد مەترسی ئەوە دەكەن كە لەناو حیساباتی جیۆپۆلەتیكی فراوانتردا پەراوێز بخرێن. لە كۆتاییدا، شلكردنەوەی ناسنامە و بێسیاسیكردن مەترسییەكی ورد بەڵام بەرچاوی درێژخایەن نیشان دەدات. بە پێشخستنی گێڕانەوەیەكی ناوەندی و ناسیاسی شارستانیەت و پێشكەوتن، دەستپێشخەرییە كولتووری و پەروەردەییەكانی چین ڕەنگە بەشداربن لە بێسیاسیكردنی داواكارییە شەرعییەكانی كوردی پەیوەست بە ماف، خۆبەڕێوەبەری و دادپەروەری مێژوویی. لە كاتێكدا كە ناسنامە نەسڕدرێتەوە، بەڵام ڕەنگە بە شێوەیەك كە وردە وردە ئاژانسی سیاسی و توانای كۆكردنەوە كەم بكاتەوە، دووبارە چوارچێوەی بۆ دابنرێتەوە.

وانەی بەراوردكاری

كەیسە بەراوردكارییەكان لە ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست و بەڵكانەوە شێوازە بەردەوامەكان ئاشكرا دەكەن. لە ئەفریقا وڵاتانی وەك زامبیا و كینیا ئەزموونی گەشەسەندنی وابەستەیی لە ڕێگەی پارەداركردنی ژێرخانی، شەفافیەتی سنووردار، و كەمكردنەوەی نەرمی سیاسەت. لە ئاسیای ناوەڕاستدا، هاوتەریبی نوخبەكان لەگەڵ چین زۆرجار كۆمەڵگەی مەدەنی پەراوێزخراو و ناڕەزایی گشتی وروژاند. لە باڵكان، ڕێككەوتنە ناڕوونەكان ستانداردە ڕێكخراوەییەكانیان تێكدا و دەسەڵاتی جێبەجێكاری بەهێزتر كرد لەسەر حیسابی دامەزراوە دیموكراتییەكان. لە سەرانسەری ئەم ناوچانەدا سێ وانە جیاوازن: وابەستەیی وردە وردە پەرەدەستێنێت، بەشداریكردنی نوخبەیی دامەزراوەكان دامەزراوەكان لاواز دەكات، و هاوكاری ئابووری زۆرجار پێش ئیشپێكردنی سیاسی دێت. كاریگەری چین بە دەگمەن لە سەرەتاوە زۆرەملێ دەردەكەوێت؛ لەبری ئەوە، لە ڕێگەی چەسپاندنی دامەزراوەیی، پشتبەستنی دارایی و هاوئاهەنگی گێڕانەوە گەشە دەكات. لە كورتخایەندا، مەترسییەكان لە كۆنترۆڵی گێڕانەوە، هاوپژینی نوخبە و ناڕوونی دامەزراوەییدان. لە درێژخایەندا، هەڕەشەكان درێژدەبێتەوە بۆ وەرینی دیموكراتیی، وابەستەیی ستراتیژی، پەراوێزخستنی جیۆپۆلەتیكی و بێسیاسیكردنی ناسنامە. پێویستە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕەت بكرێتەوە. بەڵام دەبێت بە شەفافیەت و چاودێری یاسایی و بەشداریكردنی فرەیی و پابەندبوونی پتەو بۆ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و بەها دیموكراتییەكان بەڕێوەبچێت. بەبێ ئەم جۆرە پارێزبەندییانە، ئەوەی وەك هاوكاری كولتووری دەست پێدەكات، ڕەنگە وردە وردە پەرەبستێنێت و ببێتە سنوورێك بۆ داهاتووی سیاسی كوردستان و سەربەخۆیی ستراتیژی.

*خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی،زانكۆی نیشتمانی تایوان




مرۆڤی بێ پارێزبەندی*.. و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏لە دەرەوەی شوورەکانی شار: مرۆڤی (بێ پارێزبەندی- Homo sacer) یان حەڵاڵکراو لە پەیکەری سەروەریدا ، لە هەوڵێکدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆدی سیاسەتی ڕۆژئاوا، ڕەنگە دەستبەجێ وێنەی “پەیماننامەی کۆمەڵایەتی” و سندوقەکانی دەنگدان و مافەکانی هاوڵاتیبوون بە مێشکماندا بێت، بەڵام ئەو هەڵکۆڵینە فکرییانەی کە جۆرجیۆ ئاگامبین لە کتێبە دامەزرێنەرەکەیدا ئەنجامیان دەدات، پەردە لەسەر کۆمەڵێک بناغەی زۆر خوێناویتر و تۆقێنەرتر لادەدا. سیاسەتی مۆدێرن -وەک چۆن ئاگامبین وێنای دەکات- تەنها مەیدانێک نییە بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، بەڵکو زیاتر لە “ئامێرێکی ئەنسرۆپۆلۆژی” دەچێت کە بە بێدەنگی کار دەکات بۆ بەرهەمهێنانی جەستەگەلێکی ڕووت کراوە لە ماف، کە بە ناوی خودی یاساوە شایانی پێشێلکردنن. کەچی ئەم وێنە دیموکراسییەی دەوڵەتی مۆدێرن، هەر کە دەیخەینە ژێر “مایکرۆسکۆپی مێژوو”ـەوە، خێرا دەڕەوێتەوە، لێرەدا دەسەڵات ڕووت دەکرێتەوە بۆ ئاشکراکردنی ناوکە ڕەقەکەی، بەتایبەتیش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ چەمکە ڕۆمانییە لێڵەکە: “مرۆڤی پیرۆز” (Homo Sacer). ئەم چەمکە لە هەناویدا پارادۆکسێکی بوونگەرایی تۆقێنەر هەڵدەگرێت . ‏چونکە ئاماژەیە بۆ ژیانێک کە لە تەرازووی ئیلاهیات و بیروباوەڕە ئاینییەکاندا هیچ بەهایەکی نییە (ناکرێت بکرێتە قوربانی بۆ خوداوەندەکان)، لە تەرازووی یاساشدا هیچ سەنگێکی نییە (ئەو کەسە سزا نادرێت کە دەیکوژێت).
ئەو بوونەوەرێکی گیرخواردووە لە “ناوچەی قەدەغەکراو”دا، بەجۆرێک کە تاکە تێکەڵبوونی لە کۆمەڵگەدا، لە ڕێگەی “دوورخستنەوەی”ـەوەیە لێی. بەو مانایەی دورخستنەوەیان لە کۆمەڵگا ،‏لێرەدا ئاگامبین ئامێرەکانی پزیشکی نەشتەرگەری دەگرێتە دەست بۆ توێکاریی پەیکەری سەروەری و ، دەریدەخات کە ئەم شێوازە کۆنەی دوورخستنەوە تەنها پارچە شوێنەوارێکی مۆزەخانەیی نییە، بەڵکو ئەو مۆدێلە شاراوەیەیە کە لە جیهانی هاوچەرخماندا حوکمی سیاسەتی ژیان (Biopolitics) دەکات.

جدەلی(دیالێکتیکی) “زۆی” و “بیۆس”:
بەسیاسیکردنی جەستەی ڕووت ، ئەو قەیرانەی کتێبەکە چاودێری دەکات، لەگەڵ وردبوونەوە لە داڕمانی کارەساتباری سنوورە جیاکەرەوەکانی نێوان دوو چەمکی یۆنانی بۆ ژیان، قووڵتر دەبێتەوە: “زۆی” (Zoē)، کە بریتییە لە ژیانی بایۆلۆژیی سروشتیی هاوبەش لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، و “بیۆس” (Bios)، کە بریتییە لەو ژیانە سیاسییە شیاوەی هاوڵاتی لە شاردا پیادەی دەکات. ‏ئاگامبین پێی وایە کارەساتە گەورەکەی مۆدێرنیتە لەوەدایە کە دەسەڵات چیتر تەنها بە حوکم کردنی “بیۆس”ەوە ناوەستێت، بەڵکو کشاوە بۆ ئەوەی “زۆی”یش قوت بدات. ئیتر ژیانی بایۆلۆژیی ڕووت بووەتە گرەوی سەرەکی لە گەمەی سیاسیدا؛ چونکە دەوڵەتی مۆدێرن گرنگی بە تەندروستیی دانیشتووان، ڕێژەی لەدایکبوون، جینەکان و مردنی سەرێری دەدات، ئەمەش بەو مانایەیە کە جەستەمان وەک بوونەوەری زیندوو، ڕاستەوخۆ کەوتووەتە چنگی دەسەڵاتی سەروەرەوە. بەپێی ئاگامبین، و بە ئیلهام وەرگرتن لە تێزەکانی کارل شمیت سەبارەت بە “دۆخی نائاسایی”، یان دۆخی ئاوەرتە ئەو شوێنەی کە ئەم ڕاستییەی بە دزێوترین شێوە تێدا بەرجەستە دەبێت، “شار” یان “پەرلەمان” نییە، بەڵکو “ئۆردوگا” (The Camp)ـیە. ئەم ئۆردوگایە جا چ ئۆردوگایەکی دەستبەسەرکردنی نازی بێت یان ناوچەیەکی مۆدێرنی ڕاگرتنی پەنابەران ئەو فەزایەیە کە تێیدا یاسا بە شێوەیەکی هەمیشەیی هەڵدەپەسێردرێت و “دۆخی نائاسایی” تێیدا دەبێتە بنەما. لەم فەزایەدا، مرۆڤ لە هەموو سیفەتە یاساییەکانی دادەماڵرێت تا دەبێتە تەنها “ژیانێکی ڕووت” (Bare Life)، واتە پارچە گۆشتێکی زیندوو کە بەتەواوی ملکەچی دەسەڵاتی ڕەهای سەروەرە بەبێ هیچ نێوەندگیرییەکی یاسایی. ئۆردوگا ئەو شوێنەیە کە تێیدا “مرۆڤی پیرۆز” بە شێوەیەکی پیشەسازی و سیستماتیک دروست دەکرێت. ‏لەکۆتاییدا، ئەم شیکارییە ڕەچەڵەکناسییەی دەسەڵات بەرەو ڕاستییەکی ترسناک دەمانبات، ئەویش ئەوەیە کە دیموکراسییە ڕۆژاواییە مۆدێرنەکان نەک هەر دژی تۆتالیتاریزم (شمولیەت) نین، بەڵکو تۆوەکانی ئەو لە ناخی خۆیاندا هەڵدەگرن. کەلێنی نێوان هاووڵاتیی خاوەن‌ماف و “مرۆڤی بێ پارێزبەندی” یان خوێن حەڵاڵکراو (وەک پەنابەرێکی “نایاسایی”، یان نەخۆشێک لە بێهۆشییەکی درێژخایەندا، یان دەستبەسەرکراوێک لە گوانتانامۆ) کەلێنێکی زۆر لاواز و تەنکە. لەکاتێکدا دەوڵەتان لە سەمای دەستووریی خۆیان و بەباڵاداهەڵدانی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامن، چەمکی “مرۆڤی پیرۆز” وەک ئەو سێبەرە قورسە دەمێنێتەوە کە بەدوامانەوەیە؛ ئەوەمان بیردەخاتەوە کە یاسا هەمیشە خاوەنی “دەرگایەکی پشتەوە”یە، کە ڕێگەی پێ دەدات پەلاماری “ژیانی ڕووت” بدات و، ئێمە هەموومان لە ساتی ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا، پاڵێوراوین بۆ ئەوەی ببین بەو جەستە بێ پارێزبەندە خوێن حەڵاڵکراوەی کە بە تەنیا و بە ڕووتی لەبەردەم هەژموونی سەروەریدا ڕاوەستاوین .

——————————————
‏‏*((جەمیل سالم، لە دەرەوەی شوورەکانی شار: مرۆڤی بێ پارێزبەندی لە پەیکەری سەروەریدا، کتێبی (Homo Sacer)ی نووسەر جۆرجیۆ ئاگامبن، ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥))




خاتوو محەممەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەستگیرکرا.. شورش عزیز سورمێ

دەرگای زیندانەکان بۆ نەرگس محەممەدی چالاکوانی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئێران کرایەوە: بە نمایشکردنی قژی ڕەشی جیاوازەوە بۆ سەرپێچیکردن لە ڕژێمی ئایەتوڵڵاکان، ئەو گەنجە تەمەن ٥٣ ساڵە گەڕایەوە بۆ قسەکردن لەگەڵ جەماوەر لە میانی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە پارێزەرێکی مافی مرۆڤ کە لە ژێر بارودۆخێکی ناڕوون گیانی لەدەستدا. پۆلیس ناڕازی بوون و دوای لێدانی ئەو کچە دەستگیریان کرد.
ئەو پارێزەرە ناوی خوسرەو عەلیکۆردی، داکۆکیکارێکی دیار بوو بۆ چالاکوانانی زیندانیکراو و بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە سەردەمی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ٢٠٢٢دا کوژراون و دەستبەسەرکراون، کە دوای مردنی لە دەستبەسەری مەحسا ئەمینی سەریهەڵدا، کە بەهۆی پۆشینی حیجابەوە بە شێوەیەک کە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە نابەجێی زانیبوو، دەستگیرکرا. ئەو پارێزەرە تەمەن 45 ساڵە لە نووسینگەی خۆی لە شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بە مردوویی دۆزرایەوە، کە دەوترێت جەڵتەی دڵ بووە بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە وایکردووە 81 پارێزەر لە نێویاندا نەسرین سۆتودە داوا لە بەرپرسان بکەن دۆخەکە ڕوون بکەنەوە. ڕێکخراوی ناحکومی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نۆروێژە دەڵێت “گومانی جددی”یان هەیە کە ئەمە “کوشتنێکی دەوڵەتی” بووە. عەلیکۆردی چەند جارێک بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” دەستگیرکرابوو و سزای زیندانیکردن و قەدەغەکردنی کارەکانی یاسایی و تەنانەت دەربەدەریشی بەسەردا سەپێنرابوو.
لە مەشهەد، لە یادی ئەو پارێزەرەدا، حەوت ڕۆژ دوای مردنی، محەمەدی مایکرۆفۆنەکەی گرت و دەستی کرد بە وتنەوەی ناوی مەجیدرەزا ڕەهنەوارد، ئەو ناڕازییە تەمەن ٢٣ ساڵەی دژە حکومەت کە لە ١٢ی کانوونی دووەم، سێ ساڵ لەمەوبەر، هەروەها لە شاری مەشهەد بە ئاشکرا لە سێدارەدرا، دوای دادگاییکردنێکی مشتومڕاوی کە تێیدا بە کوشتنی دوو بەسیج سزا درا ئەفسەران، هێزی نیمچە سەربازیی ئێران لە پێشەنگی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا. پاشان خۆپیشاندەران دەستیان کرد بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، واتە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و شەڕ و پێکدادان لە گۆڕەپانەکەدا سەریهەڵدا: هێزە تایبەتەکان بە جلوبەرگی ئاژاوەگێڕییەوە، سواری ماتۆڕسکیلە ڕەشە جیاواز و هەڕەشەئامێزەکانیان بوون، هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و بە زۆر ڕێگەیان بەناو جەماوەرەکەدا برد و “بە توندوتیژی” براوەی خەڵاتی نۆبڵیان دەستگیرکرد. یەکێک لە براکانی بەناوی حەمید، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: “ئەو کچە لە قاچەکانی کەوتووە و بە قژی گرتووە و کێشراوەتە سەر زەوی”. هەروەها هەشت کەسی دیکەش دەستبەسەر کران: لەنێویاندا سێپیدە غولیان، ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە بە کتێبەکەی “یانەی نانەواکانی ئەڤین” – ڕێچکەی خۆراک بۆ “مانەوەی لە زیندان”دا گاڵتە بە ڕژیم دەکات و ئەشکەنجە و خراپ بەکارهێنان لە زیندانەکانی ئێران و هەروەها هاستی عامری، پووران نازمی و عەلیە مۆتەلەبزادە ئیدانە دەکات. دەوترێت ئێستا هەموویان لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردندا ڕاگیراون کە پەیوەندی بە ئیتلاعاتی پاسدارانەوە هەیە لە مەشهەد.
محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٣ کە لەلایەن کچە دووانەکانی تەمەن ١٧ ساڵەوە کێشرایەوە، چونکە ئەو کاتە لە زیندانی ئەڤین بوو، مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە لەلایەن “بریکارەکانی ڕژێم”ەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە. بەڵام ئەمە ڕێگری لێنەکرد: دواجار لە ٥ی کانوونی دووەمدا، ئەو ڕۆژەی مردنی عەلیکۆردی ڕاگەیەندرا، ئەو چالاکوانە بابەتێکی ئاگرینی نووسی کە لەلایەن تایمەوە بڵاوکرایەوە. ئەو چالاکوانە بە وەبیرهێنانەوەی چوار دەیەی ناڕەزایەتی دژە حکومەت کە بە خوێنی هەزاران خۆپیشاندەر سەرکوتکراون، نووسیویەتی “گەلی ئێران ئازایەتی خۆیان نیشانداوە، بەرگەی زیندان و سانسۆر و چاودێری و فیشەک و لەدەستدانی منداڵەکانیان گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە شەڕکردن”. ڕژێم “لە شەڕدایە دژی گەلەکەی”، بەڵام ناتوانێت شەڕی “کۆتاییهێنان بە دیسپۆتیزمی ئایینی و یارمەتیدانی سەرکردایەتیکردنی گواستنەوە لە پاوانخوازییەوە بۆ دیموکراسی” بوەستێنێت، محەمەدی ڕەشەبای وت.

شورش عزیز سورمێ




هێزو لایەنە شیعەکان لە دەورانێکی هەستیاردا!.. عوسمانی حاجی مارف

گروپە ئیسلامیە شیعەکان لە ساڵی ١٩٧٩وە وەک ئەکتەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریان هەڵداوە.
پێش چوار دەیە، بەدوای سەرکەوتنی بزوتنەوەی ئیسلامی شیعە بە ڕابەری خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩دا، گرووپە ئیسلامیە شیعەکان پێشوەخت وەک ئەکتەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاریگەر لە ئێران، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان دامەزراند، دواتر لە پرۆسەیەکدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریان هەڵداو تەشەنەیان کرد، ئیتر بوونی ئەوان تەنیا لە کایەی عەقیدەیی و تائیفی و داکۆکیکردن قەتیس نەمایەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی لە بەزاندنی سنورەکاندا، کە ئێران وەک دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز پاڵپشتی دەکات، کۆماری ئیسلامی ئێران، کە پرەنسیپی “هەناردەکردنی ئیسلامی و شیعەگەرا”ی وەک بەردی بناغەی ئایدیۆلۆژیای سیاسی خۆی گرتۆتەبەر، لەوێشەوە نەخشەی نفوزی گروپەکان شێوەیان گرت و خۆیان ناساند، لە تارانەوە تا بەغدا درێژ دەبێتەوە و بە دیمەشق و بەیروتدا تێدەپەڕێت، لە چوارچێوەی ئەوەی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە “هیلالی شیعە” ناسراوە.
گروپە ئیسلامیە شیعەکان لە پێکهاتە و ڕێکخراو و ئەرکە سیاسیەکانیاندا جیاوازن، لە عێراق پارتە شیعەکانی وەک پارتی دەعوە و ئەنجومەنی باڵا و ڕەوتی سەدری و رێکخراوی بەدر بڕبڕەی پشتی سیستمی سیاسی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پێکدەهێنن، لە لوبنان حزبوڵڵا نوێنەرایەتی یەکگرتوترین مۆدێلی گروپە ئیسلامیە شیعەکان دەکات، کە عەقیدەی ئایینی و بەرگری و سیاسەت تێکەڵ دەکەن و دەبنە دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتێکدا، لە یەمەن، بزووتنەوەی ئەنسار الله (حوسییەکان) بە سود وەرگرتن لە لاوازی دەوڵەتی یەمەن و پارچەبونی هێزە ناوخۆییەکان، بۆئەوەی ببێتە دیارترین باڵی ئێران لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا، لە بەرامبەر بەحرەین و کوەیت و سعودیەدا.
لەدوای داگیرکاری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، هێزە شیعەکان بوونە کاریگەرترین هێز لە پڕۆسەی سیاسیدا و خۆیان بینیەوە لەبەردەم پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە ئایندەی حوکمڕانی لە عێراقدا. عێراق هەرگیز دەوڵەتێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە نەبووە، دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا، بەڵکو وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ پڕۆژە ناوچەیی و نێودەوڵەتیە تێکەڵاوەکان ماوەتەوە، کە زلهێزەکان هەوڵدەدەن داهاتووەکەی بەپێی حیساباتی ستراتیژی خۆیان لە قاڵب بدەن. ئەو فیدرالیزمەی وەک بژاردەیەکی سیاسی ناوخۆیی پێشنیار کراوە، تەنها بەرهەمی دیدگای لایەن و هێزە سیاسیە عێراقیەکان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پڕۆژە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان کە هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسی بەغدا دەدەن، بۆئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیاندا بگونجێت. ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل هەموویان وەک ئامرازێک مامەڵەیان لەگەڵ فیدراڵیزمی عێراق دەکرد بۆ خزمەتکردنی ئەجێنداکانیان. پرسیار لە ناوەندە گەورەکانی بڕیاردان ئەوە نەبوو کە ئایا فیدرالیزم ڕوودەدات یان نا، بەڵکو ئەوە بوو کە کەی و چۆن و کێ زۆرترین سوود لە داڕشتنی نەخشەی سیاسی عێراق وەردەگرێت، کە زیاتر بووە دەستکەوت بۆ کۆنترۆڵی دەسەڵات لە بەغدا و باشوری عێراق لەلایەن هێزە میلیشیا شیعەکان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
لەڕووی ئابووریەوە باشوری عێراق بڕبڕە پشتی ئابوری عێراقە و زیاتر لە ٪٨٠ ی یەدەگی نەوتی عێراقی تێدایە و خاوەنی کێڵگە ستراتیژیەکانی وەک ڕومەیلە لە بەسرە و مەجنون لە میسان و ئەلغەرەف و ناسریە لە زیقار، هەربۆیە لایەنە شیعەکان زۆر جەختیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی چاڵەنەوتەکانی باشور کرد، توانیان پشکی شێری داهاتی نەوت کۆنتڕۆڵ بکەن.
ناوچەی پارێزگاکانی باشوری بەغدا، بابل، کەربەلا، نەجەف، قادسیە، موسەننا، واست، میسان، و بەسرە لەخۆدەگرێت، بەمەش ئەو شریتە دەگرێتەوە کە لە بەغدای پایتەختەوە تا کەنداوی عەرەبی درێژدەبێتەوە. ئەم ناوچەیە ناوەندی سیاسی و ئابووری و ئایینی شیعەگەری لە عێراقدا دەگرێتەوە، لەوانە مەزارگە ئاینیە گەورەکان، دامەزراوە سەروەریەکان لە بەغدا و دەروازە سەرەکیە نەوتیەکان لە بەسرە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی عێراق، هەروەها نوێنەرایەتی هێزێکی دیمۆگرافی بەرچاو دەکات، کە دانیشتوانەکەی لە ٢٠ ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، کە زۆرینەی ڕەهایان شیعەن، کەمینە سوننە و مەسیحی، بەتایبەت لە بەغدا. ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای حکومەت هەیە بۆ دابینکردنی بودجە، جگە لەوەش، کۆنتڕۆڵکردنی بەندەرەکانی دەریایی بەتایبەتی لە بەسرە، دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ هاوردە و هەناردەکردن، ئەمەش ئەگەری کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە داناوەو بووە دەستکەوتێکی گەورە بۆ هێزە شیعەکان و ئێران.
بەڵام ئەم باڵادەستی و فراوانبونە، ئێستا لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانی خێرای دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ناوچەی عەرەبیدا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆتەوە، وەک گۆڕانکاری لە هاوپەیمانیە ناوچەییەکان، کەمبوونەوەی ناوەندگەرایی ململانێی ئەمریکا و ئێران، گۆڕانی ئەولەویەتەکانی دەوڵەتانی کەنداو، شەری ئیسرائیل و ئێران، قەیرانی ئابوری ،هەموویان هۆکارن بۆ سنوردارکردنی نەخشەی کاریگەری شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لەوەش، گۆڕانکاریەکانی ناو وڵاتانی عەرەبی، دوای زیاتر لە دوو دەیە ئەزمونی ڕۆڵی نەرێنی ئیسلامی لە حوکمڕانیدا سەلماند، هەروەها سنورداربونی ئاستی واقعی بێتوانایی ئایدۆلۆژیەکانی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەرخست، کە سەلماندیان بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان لە پێش هەر دروشم و بانگەوازێکی ئایدیۆلۆژی ئاینیەوەیە.
هەروەها ئەو گروپە ئیسلامیانەی دوای ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی هاتنە سەر دەسەڵات، یان بەشداریان لە حکومەتدا کرد، و هیچ پەیوەندیەکیان بە ئیسلامی شیعەوە نەبوو، مۆدێلێکی دیکەی شکستهێنانیان لە پڕۆژەی ئایدۆلۆژی ئایینی خۆیان لە حوکمڕانیدا خستەڕوو.
لە میسر، دەسەڵاتی ئیخوان ئەلموسلمین تەنها ساڵێکی خایاند (٢٠١٢ – ٢٠١٣) پێشئەوەی لە کودەتایەکی سەربازیدا بڕوخێنرێن، لەهەمانکاتدا پڕۆژەکەیان لەگەڵ بۆچونیان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت و واقعیەتی خواستی خەڵکدا بەریەککەوتن. لە تونسیشدا بزووتنەوەی هەستانەوە (النهظة) ڕووبەڕووی تەحەددای هاوشێوە بووەوە، چونکە ناچار بوو لە زۆرێک لە ویستە ئایدۆلۆژیەکانی پاشەکشە بکات بۆ خۆپاراستن لە ناسەقامگیری سیاسی.
شکستی مۆدێلی عێراق کە هاوپەیمانی هێزە شیعەکانە، لە ساڵی ٢٠٠٣وە تائێستا سەرکردایەتی عێراق دەکەن، دۆخی سەختی ئیسلامی سیاسی شیعە بەڕوونترین شێوە خۆی ئاشکرا دەکات. دوای زیاتر لە دوو دەیە لە دەسەڵات، حکومەتە یەک لە دوا یەکەکان شکستیان هێنا لە بنیاتنانی دەوڵەتێک کە توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و ئارامی سیاسی و بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەبێت، بەجیا لەوەش سیستمەکە جەختی لەسەر ڕێکخستنێکی تائیفی کردەوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، کە هێزە شیعە و کورد و سوننەکان غەنیمەتە سیاسی و ئابوریەکانیان دابەشکرد، لەکاتێکدا متمانەی هاوڵاتی عێراقی بە تەواوی لەبەرامبەر دەسەڵاتداراندا، بەو لایەنانەشەوە کە پاڵپشتی “بەهێزکردنی شیعە”یان دەکرد، زۆر دابەزی، دووبارەبوونەوەی ڕاپەڕینە جەماوەریەکان لە بەغدا و بەسرە و شارەکانی باشور، کە زۆرینەی شیعە بون، لە جەوهەردا ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینێک بوو لە دژی ئەم سیستمە میلیشیا تائیفی و نەتەوەپەرستیە.
لە لوبنان حزبولڵا هەرچەندە خۆی وەک هێزێکی بەرگری لە دژی ئیسرائیل نیشاندا، بەڵام خۆی ئاشکراکرد کە تێوەگلاوە لە ململانێ ناوخۆیی و دەرەکیەکاندا، لە چوارچێوەی ژینگەی لوبناندا خۆی قەتیس کردبو، دەخالەتی لە سوریا و عێراق و یەمەن هەبوو، بارگرانی لەسەر داڕمانی ئابووری و دابەشبوونی تائیفی بەرجەستە کردبووەوە، بو بە بەشێک لەو دەسەڵاتەی کە ئێستا جەماوەری لوبنان دژایەتی دەکات، چەکەکانی بونە بارگرانیەکی سیاسی و ئابووری لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگا.
لەکاتێکدا حزبولڵا ڕوبەڕوی قەیرانی ناسنامەی ناوخۆیی دەبێتەوە لەنێوان “بەرگری و دەسەڵات”دا، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەشێکی زۆری کاریگەریەکانی لەدەست دەدات، کە بە شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ ئیسرائیل بە تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکان و فەرماندە باڵاکانی مەیدان کۆتاییهات. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم هۆکارانەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتەپێشەوە، ئایا ئێمە شاهیدی کۆتاییهاتنی گروپە ئیسلامیە شیعەکانین.؟
پێوەرەکان ئەوە پیشان دەدەن ئێران سەرەڕای گوشارەکان و گەمارۆکان و دابەزینی ئاستی هاوسەنگی لە ناوچەکەدا، هێشتا خاوەنی ئامرازی کاریگەرە لە نفوز و چەک، تا ئابووری نافەرمی. بەڵام ئەو بنکە جەماوەریە ئایدۆلۆژیەی کە سەردەمانێک پاڵپشتی شیعەی ئێران و لایەنە شیعەکانیان دەکرد، بەهۆی گەندەڵی و هەژاری و تێکشکان و کورتهێنان و پوچەڵبونەوەی دروشمەکانیان لەبەرامبەر جەنگدا، دەستی بە وەرچەرخان کرد، کە چیتر ئەو لایەنانە وەک بەرجەستەی ناڕەزایەتی و بەرگریکار و دڵسۆز بۆ ئاینەکەیان نابینن، بەڵکو وەک بەشێک لە سیستمێکی شکستخواردو دەبیننەوە و لەبەرامبەریاندا ڕادەوەستن.
هەڵبەتە ئەو لایەنە ئیسلامی و تائیفیانە و کۆماری ئیسلامی ئێران دوای دوو دەیە لە ڕاگەیاندنی خەیاڵاتی ئایدۆلۆژی بۆ بنەمای بەرژەوەندی سیاسیان، دوای ئەوەی دروشمە ئاینیەکانیان، لە پانتاییەکی بەرفراوندا ڕەواجی نەما، گەرکۆتایی بەدەسەڵاتشیان نەیەت، ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ شێوازێکی تر لە پێکهێنانی دەوڵەت، گەر بۆیان گونجاوبێت لە ژێر ناوی “مەدەنیەتیشدا”! نمایشێک دەکەن.
پێموایە ڕێڕەوی ئەم پرۆسەیە گەر هاتنە مەیدانی کرێکاران و جەماوەری ناڕازی وەک هێزێکی کاریگەرو بەتوانا و یەکگرتو لە مەیداندا نەبێت، ئیسلامی سیاسی شیعە لە گۆڕەپانەکەدا لە ئاستێکدا خۆی ڕادەگرێت و دەمێنێتەوە، هەوڵدەدات ڕۆڵی خۆی لە جیهانێکی عەرەبی گۆڕاودا پێناسە بکاتەوە، هەڵبەتە ململانێ و سیاسەتی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا کۆتاییهێنان نیە بە ئیسلامی سیاسی شیعە.
لە دوا شیکردنەوەدا لۆژیکی هەر دەوڵەت و دەسەڵات و ڕابەر و هێزێکی سیاسی، کاتێك ئایدۆلۆژیەکەی بە شکست و بنبەست دەگات، بۆ ئەوەی دانەڕمێ ناچارە واقعی گۆڕانێک لە خۆیدا پیادە بکات، چونکە گەر لەسەر هەمان بنەمای ئایدۆلۆژی و دروشمە سیاسیەکانی پێداگری بکات، ناتوانێ رابەرییەکەی یا دەسەڵاتەکەی بپارێزێت.




دوو تێبینی لەسەر: ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.. ئەکرەم سەعید

چەند ڕۆژ لەمەوپێش ترەمپ و ستافەکەی نەخشەڕێگاێکیان بڵاوکردەوە، کە بڕێک خەونی وەنەوشەیی و ڕەخنە بوو لە وڵاتانی ئەوروپا.
تێبینی یەکەم: خەونە وەنەوشەییەکانی ترەمپ
(ئێمە بەهێزترین بنکەی پیشەسازی جیهانمان دەوێت. دەسەڵاتی نیشتمانی ئەمریکا پشت بە کەرتێکی پیشەسازی بەهێز دەبەستێت کە توانای دابینکردنی هەردوو داواکاری بەرهەمهێنانی سەردەمی ئاشتی و جەنگی هەبێت.). سەرچاوە – ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا / لاپەڕە ٤ *.
لێرەوە ئەم خەونە بەڵێنی فرسەتی کارو خۆشگوزەرانی دەدات بە خەڵکی ئەمەریکا.
بەپێچەوانەی خەونە وەنەوشەییەکانی ترەمپ و گفتەکانی، لەم چەند ساڵانەی دوواییدا جیهان بەهۆی گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و ئامێری خۆبزووێن”، وە بەهۆی قەیرانی سەرمایە کە ئیفلاسی زۆرێک لە کارگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی بووە، ڕێژەی بێکاری ڕوی لە هەڵکشانە، بەتایبەتی لە چەند ساڵی ئایندەی نزیکدا، فرسەتی کار کەم دەبێتەوە، چونکە پرۆسەی کار پێویستی بە دەستی کاری کرێکاران زۆر نامێنێ، بەتایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕوی تەکنەلۆژیاوە(وەک ئەمەریکا و ئەوروپا،، هتد)، بەرهەمهێنان لەو وڵاتانەدا لە نێو کارگە تاریکەکان یان کارگە بێ دوکەڵەکان بەڕێوە دەچێ؛ یانی کارگەێک کە کەمترین کرێکاری تێدایە. ئیدی بەڵێنی ترەمپ بە گەڕانەوەی پیشەسازی بۆ ئەمەریکا و زیادکردنی فرسەتی کار، درۆێکی گەورەیە و لە ئەقڵی خەڵکانێکەوە هاتووە کە هێشتا وا دەزانن کارکردن لە جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆدا هاوشێوەی کارگەکانی ساڵانی ۱۹۰۰کانە.
ڕاپۆرتی دەزگاکان و پسپۆڕانی ئابووری بەهۆی گەشەی تەکنەلۆژیاوە باس لە زیادبوونی بێکاری دەکەن لە جیهاندا، ئیدی ترەمپ و ستافەکەی دەتوانن بە خەونە وەنەوشەییەکانی نێو نەخشەڕێگاکەیان بۆ کورت ماوە هەندێ خەڵکی فریو بدەن، بەڵام دواتر ناڕەزایەتی دژی بێکاری وەک بۆمب بە ڕویاندا دەتەقێتەوە. بێکاری بۆمبێکی کاتییە کە سەرەتا ئارام دەردەکەوێ، بەڵام لە ساتێکی دیاریکراودا دەتەقێتەوەو کۆمەڵگە دەهاژێنێ. بۆ نموونە لە وڵاتی سویدا لە چوار گەنج یەکێکیان بێکارە، کە بێگومان ئەوە کارەساتە، بەتایبەتی کاتێ وەزیری کاری ئەو وڵاتە بە کەمکردنەوەی بیمەی بێکاری چارەسەری بێکاری دەکات، لەو بڕوایەوە کە:(گورگە برسییەکان باشتر ڕاو دەکەن). بڕوانە وتاری: بێکاری بۆمبێکی کاتییە/ یان جی ئەندەرسۆن – بەزمانی سویدی **.

تێبینی دووەم: دەربارەی پەناهەندەکان
لە(ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ ( ئێمە تۆمان ناوێت) ***
بەهاتنی ترامپ و ستافەکەی بۆ نێو کۆشکی سپی لە ئەمەریکادا، دونیا هێندەی دی ئاڵۆزو پڕ لە کێشە بووە. بەتایبەتی دەربارەی کەیسی پەناهەندەکان کە مۆڵەتی مانەوەی فەرمییان نییە، مامەلەی دەزگاکان لەتەکیان هاوشێوەی مامەلەیە لەتەک تاوانباراندا، تا ئەو ڕادەیەی هەواڵ وایە بەشێک لەو پەناهەندانە بگوازرێنەوە بۆ بەندیخانەی”گوانتانامۆ” کە جێگای تاڵیبان و داعیشییەکان بوو.
هەڵبەتە ئەمە سەرەتای شەپۆلی دیپۆرتکردنەوەی پەناهەندەکانە، کە ھێشتا شێوازێکی نەرمە، و ساڵانێکە لە بەریتانیا و سوید،، هتد، ئەم جۆرە سیاسەتە پەیڕەو دەکرێ، بە تایبەتی لە سوید هانی پەناهەندەکان دەدرێ بە گفتی بەخشینی بڕێک پوڵ، واز لە مۆڵەتی نیشتەجێبوون و پاسپۆرتەکانیان بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی یەکەمی خۆیان. بێگومان چەند ساڵی دی ژینگەی ئابووری و سیاسی و نائەمنی نێو سوید و ئەوروپا، بەشێک لە پەناهەندەکان ناچار دەکات بە کۆچ بەرەو وڵاتانێ کە لێوەی هاتوون، کە بەزۆری دەکەوێتە ئاسیاو ئەفەریکا و ئەمەریکای لاتین، واتە وڵاتانی باشووری گۆی زەوی.
هۆکاری دەرکردنی پەناهەندەکان وەک ڕواڵەت، زاڵبوونی باڵی ڕاستڕەوی توندڕەوە بەسەر فکر و سیاسەتی کۆمەڵگەو حکوماتەکانیاندا، بەڵام لەڕاستیدا بنەمای ئەم دیاردەیە هەلومەرجی ئابووری جیهانی و قەیرانەکانی سەرمایەدارییە، کە لێرەدا هەرچی پەیوەندی بە پەناهەندەکانەوە هەیە لە (ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ (ئێمە تۆمان ناوێت)ی کردووە بە ڕێگا چارەی سەرمایەی دڕندە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی.
زیاد لە شەست ساڵ لەمەوپێش لە سوید بە خۆشییەوە پێشوازییان لە هاتنی یەکەم شەپۆلی پەناهەندەکانی کارکردنی(یۆنانی و ئیتاڵی) دەکرد، لە نەوەدەکان بەدواوە پەناهەندەی(ئێراق، ئێران، سوماڵ، بۆسنیە، ئەفگانستان، هتد) ژمارەیان لە زیادبوون بوو. هەڵبەتە دیمەنەکە هاوشێوەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئەمەریکا.
ئەو خولە لە گەشەی سەرمایەداری هێشتا کارگەکان، بەشەکانی کەرتی خزمەتگوزاری سەرمایە پێویستی بە هێزیکار بوو، وە پەناهەندەکان دەیانتوانی ئاستی پێویست لە(سوپای یەدەکی هێزیکار/ بێکاران) لە ڕێژەێکی گونجاو بۆ قازانجی سەرمایە ڕابگرن، بۆیە(ئێمە تۆمان دەوێت) دیمەنی گشتی سەرمایەداری ئەو ساڵانە بوو.
بە گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زانیاری و ئامێری خۆبزووێن” لەم چەند ساڵانەی دوواییدا، وە بەهۆی قەیرانی سەرمایە کە ئیفلاسی زۆرێک لە کارگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی بووە، ڕێژەی بێکاری ڕووی لە هەڵکشانە، بەتایبەتی چەند ساڵی ئایندەی نزیک، فرسەتی کار کەم دەبێتەوە. بۆیە بە کورتی ئەم هۆکارانە ئابوورییانە لە پاڵ ژینگەی فکری و سیاسی دژی پەناهەندەکان، دیمەنەکەی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی سەرمایەداریدا کردۆتە:(ئێمە تۆمان ناوێت).
(بەرەوپێشبردنی گەورەیی ئەوروپی: کاربەدەستانی ئەمریکی کە بیر لە کێشەکانی ئەوروپا دەکەنەوە، وا ڕاهاتوون لە ڕوی کەمی خەرجی سەربازی و چەقبەستوویی ئابوورییەوە لێی بڕوانن. ڕاستی لەم بابەتەدا هەیە، بەڵام کێشە ڕاستەقینەکانی ئەوروپا لەمانە قووڵترن. ئەوروپا پشکی لە بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی عDP لەدەست دەدات(لە سەدا ٢٥ لە ساڵی ١٩٩٠بۆ لەسەدا ١٤ لە ئەمڕۆدا دابەزیوە) ،،، بەڵام ئەم دابەزینە ئابوورییە، سێبەر لەسەر ئەگەری ڕاستەقینەی سڕینەوەی شارستانی دادەنێ … سیاسەتی کۆچ کە خەریکە کیشوەرەکە دەگۆڕێ و ململانێ دروست دەکات، سانسۆرکردنی ئازادی قسەکردن و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون و لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیی و متمانە بەخۆبوون. ئەگەر ڕەوتەکانی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا کیشوەرەکە لە ٢٠ ساڵ یان کەمتردا ناناسرێتەوە.). سەرچاوە – ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا / لاپەڕە ۲٥.
بەشێک لە خەڵکی پشتیوانی لەم ڕایە دەکەن کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بە پاساوی ئەوەی کە مسوڵمانەکان ڕێزی کەلتوور و یاسای وڵاتانی ئەوروپا ناگرن. ڕاستی لەم قسەیەدا هەیە، بەڵام(ڕاستڕەوە توندڕەوەکان)لە ئەوروپا و ئەمەریکادا هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی تەنها مسوڵمانەکانیان نییە، بەڵکو گشت پەناهەندەکانە. ئایا بەڵگە هەیە بۆ ئەم ڕایە؟. بەڵێ؛ بڕوانە ترەمپ یەکەم جار ئیهانەی ئەمەریکا لاتینیەکانی دەکردو داوای دەرکردنیانی دەکردن. بێگومان خەڵکی ئەمەریکای لاتین خەڵکی لیبڕال وچەپیان تێدایە و مەسیحین نەک موسڵمان. ڕاوێژکاری ئەڵەمانیا”فریدریش مێرتز”ڕەگەزپەرستانە لێدوانیداو وتی:(پەنابەران دیمەنی شارەکانی ئەڵمانیا تێکدەدەن)، مەبەستی تەنها مسوڵمانەکان نەبوو، بەڵکو مەبەستی هەرکەسێ کە لە سەنتەری شارەکاندایە و سەری ڕەشە و پێستی سپی نییە. فەلسەفەی سیاسی ڕاسیسم لە سەر بناغەی(ڕەگەز)دامەزراوە؛ ڕەگەزی ژێرمانی(یان جێرمانی – ئەڵمانی، ئینگلیزی، هۆڵەندی، سکاندیناڤی)کە(سپی پێستن و چاویان شینە و قژیان زەردە)، دروشمی ڕاسیستەکان(دەسەڵات بۆ پیاوی سپی)و باقی خەڵکی دەبێ کۆیلە بن. ۲/ سیاسەتی دژی خەڵکی موسڵمان و(ئیسلامفۆبیا)بەشێکە لە پڕوپاگاندەی ڕاسیسمەکان، دەنا ترەمپ پەیوەندی باشی هەیە بە جۆلانی و ستافە تیرۆریستەکەیەوە. هەر لە کۆنەوە لە ساڵانی ۱۹٤۰بەریتانیا کۆمەکی ئیسلامیەکانی کردوە، بەتایبەتی کۆمەکی(حەسەن بەننا)ی دامەزرێنەری برایانی موسڵمانانی کردوە، و ئەمەریکا لە ساڵانی ۱۹۸۰دژی سۆڤیەت کۆمەکی تاڵیبان و قاعیدەی کردوە، و ئەمەریکا بە دانپیانانی سەرکردەکانی خۆیان وەک(ھیلاری کڵینتن)داعشیان دروستکردوە. ڕاسیسم دژی هەموو پەناهەندەکانە و ناپرسێ تۆ چ بیروباوەڕێکت هەیە، لێرەوە سەرکوتی ئازادی و یەکسانی گشت خەڵکی لە وڵاتەکانەدا دەکات؛ لێرەدا خوێندنەوەی ئەزموونی نازیەکانی ئەڵەمانیا لە ساڵانی ۱۹۳۰- ۱۹٤٥بە سوودە بۆ تێگەیشتن لە چۆنایەتی کارکردنی سیاسەتی نازیزمەکان.
هەڵبەتە ڕۆژانە ئێمە گوێمان لە پڕوپاگاندەی دەزگاکانی حکومەتە ڕاستڕەوەکانە کە دەڵێن:(ئێمە ئەو پەناهەندانە دیپۆرت دەکەینەوە کە خۆیان ناگونجێنن لە گەڵ یاسا و کەلتووری ئەوروپا و ئەمریکا). ئەم پڕوپاگاندەیە یەکەم هەنگاوە/ یەکەم پێپلیکانەی سیاسەتی ڕاستڕەوەکانە دژی پەناهەندەکان بە گشتی و دژی یاسای هاوڵاتی بوونە. ڕاستڕەوەکان سیاسەت دەکەن؛(سیاسەتی بۆرژوازەکان بەشێکی زۆری فریودان و تەفرەقە دروستکردنە لە نێوان خەڵکی تا یەک نەگرن)، بۆیە پڕوپاگاندەکەیان لەیەکەم هەنگاویدا سەری ڕمەکەی دەکەنە ڕوی ئەو پەناهەندانەی کە(خۆیان لەگەڵ یاسا و کەلتووری ئەوروپا و ئەمریکادا ناگونجێنن)، و هەرکات ئەمەیان بۆ چووەسەر ئیدی هەنگاوی دووەم دەنێن کە دیپۆرتکردنەوەی تەواوی پەناهەندەکانە. با بپرسین ئایا کەسێ کە ڕەگەزنامەی ئەوروپی وەرگرتوە ئەو کەسە هاوڵاتی نییە؟ وە ئایا نابێ ئەگەر تاوانێکی کرد، ئەوا بەیاسای ناوخۆی دەوڵەت سزا بدرێ و لەوێکانە بەند بکرێ؟. کە حکومەت بڕیار بدات ڕەگەزنامەکەی لێدەستێنێتەوە، ئەوە بۆ خۆی پێشێلکردنی دەستور و یاسایە. خەڵکی کە ڕەگەزنامەی ئەوروپی هەیە یان لە وێکانە لە دایکبوون ئیدی ئەو خەڵکە هاوڵاتین، ناوبردن و ئیهانەکردنیان بەناوی پەناهەندەیە و سەری ڕەشە یان پێستی ئەسمەرە، و ئەگەر موخالفەی یاسا بکات دیپۆرتی دەکەینەوە، ئەوە بۆ خۆی یەکەم شێوەی سیاسەتی ڕاسیسمییە کە دژی مافی هاوڵاتیبوونە کە جێبەجێ دەکرێ. وە ئەمە هێشتا سیاسەتێکی نەرمە، چونکە ئەگەر ڕاستڕەوەکان بە تەواوەتی حوکم بکەن لە ئەوروپادا، بێگومان شێوازی زبر و خراپتر دەبینین.

پوختەی قسە:
ئەوکاتەی پەناهەندەکان لە ئەوروپا و ئەمەریکادا دەردەکرێن، لە هەمان کاتدا ئازادی و یەکسانی لەوێکانە پێشل دەکرێن.

  • National Security Strategy of the United States of America – November 2025
    ** Jan G Andersson : Arbetslösheten – en tickande bomb / 8 december 2025 – Sydöster tidning
    *** بڕوانە وتاری(وەرزی کۆچی پەناهەندەکان بەرەو باشوور – ئەکرەم سەعید/ سایتی دەنگەکان – ۲۷ شوبات ۲۰۲٥).



جیلی تەم.. بە پێنووسی: ڕێبوارعوسمان یاسین

مستەفا سەباعی هزرڤان لە وتەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت: گەر خامە کەوتە دەستی نەفام و چەك لە دەستی تاوانکارو دەسەڵات لە دەستی ناپاکدا بوو، ئەوا نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵێك و کەڵکی ژیانکردنی نامینێت.
ئەم زۆرانبازییە مێژووییەی نێوان ڕاستی و ناڕاستی، ستەم و داد، دەسەڵات و ڕۆشنبیر جەدەلێکی مێژوویی لەخۆ دەگرێت، زۆرانبازییەکەش زۆر شێوەی جۆراوجۆر بەخۆوە دەبینێت، بەڵام هەرگیز نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت بڕیارو وشەی زاڵ هەمیشە پێوەر نییە بۆ ڕاست و دروستی بێژەرەکەی، بەو مانایەی : هەمیشە مێژوو بەهێز دەینووسێتەوە، بەڵام کەمینەی ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بوون، هەرچەندە توانای ماددییان نییە، مانای ئەوە نییە چەوت بن و دەبێت سەرکۆنە بکرێن.
وەك چۆن لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا هەر کەسێك دەستی خامەی گرت دادەنرێت بە ڕۆشنبیر، بەڵام ئەم تێڕوانییە گەر جارانێك ڕێژەیی بێت ئەوا جارانێکیش سەر لەبەری ڕاست نییە و ڕەنگە کەسی خامەبەدەست پێچەوانەی ڕۆشنبێرێتی بنووسێت و بجوڵێت.
بەتایبەتی وەك ئەفلاتۆن دەڵێت: زۆرینەی خەڵك لە دیدگای دەسەڵاتەوە شەڕەنگێزن.
ئەوا زۆر ئاساییە ئەو ڕەهاییەی پێوەری دەسەڵاتەکان، کە سەرچاوەی مانەوەو هێزی خۆی لە زۆر ڕووەوە زامن کردووە جێی مشتومڕو وتوێژ بێت، بۆیە ئاوها بە متمانە بەخۆبوون و ڕاشکاوانە دژی خاوەن فیکرو داهێنان وهاونیشتمانینانی خۆیان دەکەونە سەنگەرەوە.
هەرچەندە وەك نعۆم چۆمسکی دەڵێت: ڕۆشنبیری ڕاستەقینە هەڵگری حەقیقەتە بە ڕووی هێزدا. بەڵام مەخابن لە ژینگەی دەسەڵاتە تۆتالیرەکاندا، کە کۆمەڵگای ئێمەش بەشێکە لەو ژینگانە، دەسەڵات سوپایەك لە خامە بەدەستان لەدەوری خۆ دەکاتەوە بۆ ڕەوایی دان بە بوونیان و ڕەفتارو دروشمەکانیان.
کێ هەیە نەزانێت لە کوردستان دەرکردنی گۆڤارێك یان ڕۆژنامەیەك یان دروستکردنی دەزگایەك یان بنکەیەکی ڕۆشنبیریی یان کەناڵێکی ڕاگەیاندن و تاد… تێچوونی ماددی گەرەکەو ئەمەش لە توانای بابای نووسەری بێ کارو بێ داهاتدا نییە، بگرە بەشێك لەو میدیایانەی دەسەڵات و سێبەریش پاداشت دەدەن بە نووسەرەکانیان، ئەوانیش لەبەرانبەردا هاوسۆزی خۆیان لە نووسینەکانیاندا بە جۆرێك لە جۆرەکان بۆ ئەو دەزگاو بڵاوکراوانە و دیدو ئایدیاکانیان دەدەبڕن، جا یان ڕاستەوخۆ ئۆرگانی حیزبین، یان میدیای سێبەرن و خۆیان بە ئازاد ناوزەد دەکەن، بەڵام بە پرسیارێکی ئاسان دەتوانین ڕاستی و ناڕاستی ئەو وەڵامە چنگ بخەین کە سەربەخۆن یان نا؟ کاتێك بپرسین سەرچاوەی داهاتتان لە کوێوە وەردەگرن؟
لە هەمان کاتدا لێرەو لەوێ چەند هەوڵیکی بچووکی تاکەکەسی هەن کە داهاتی ماددی زۆریان تێناچێت، وەك بەڕێوەبردنی پێگەیەکی ئەلەکترۆنی، کە لەبەردەستی زۆر کەسدایە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە دەسەڵات چاوی بەو هەوڵە تاکە کەسیانەش هەڵنایەت و گەر هیچیان بەرانبەر نەکرێت، ئەوا فەرامۆش دەکرێن و پەراوێز دەخرێن و دەخرێنە لیستی ڕەشەوە، ئیدی وردە وردە کاتێك بێلایەنییان دەردەکەوێت و ئاوازیان لە گەڵ کۆڕاڵی دەسەڵاتدا یەکنایەتەوە دەخرێنە بەر پلارو هێرشی ناڕەوای خامە بەدەستانی میدیای سێبەر.
یەکێك لەو مالپەرە جوان و وێژەییانەی ڕەوتێکی بێلایەنی هەیەو هیچ پەیوەندی بە پۆڵەتیك و دەسەڵات و کاروباری سیاسەتەوە نییە، ماڵپەڕی شیعری (تەم)ـه، چەند شاعیرێکی لاو بەرهەمەکانیانی تێدا بڵاو دەکەنەوەو سوود لە ئەزموونی یەکتری دەبینن و تێیدا ڕەوتی وێژەو شیعری کوردی هاوچەرخ تاووتوێ دەکرێت و بەهۆیەوە پێشدەکەوێت، تەنیا ئەوەی کۆیان دەکاتەوە شیعرەو هیچ ناسینێکی پێشوەختە لە نێوانیاندا بوونی نییە، بە حوکمی ئەوەی هەریەکەو لە ناوچەیەکەوە دەنووسێت و هەست و نەستی خۆیانی تێدا دەئافرێنن.
شیعر کە ئەرستۆ سەبارەتی دەڵێت:زۆر لە مێژوو فەلسەفئامێزترە، چونکە مێژوو مامەڵە لەگەڵ چەندەکیدا دەکات و شیعر مامەڵە لەگەڵ هەمەکیدا دەکات. یان وەك پاتریك لویس ئاماژەی پێدەکات: شیعر تونێلێکی تری ڕووناکییە. لە کاتێکدا سۆمەرست مۆم بە تاجی ئەدەب ناوی دەبات و بە باڵاترین ئاستی دەربڕینی هۆش دایدەنێت.
کەی ڕەوای حەقە پلار بگیردرێتە ئەو هەوڵانەی کە بێ دەسکەوتی ماددیی بە دوای خزمەتکردندا دەگەڕین و ماندوو و دەبن و شەونخونی دەچێژین.
لەم دواییانەدا نووسەرێك لە ڕۆژنامەی (هەولێر)ەوە ئاوها پلاردەگرێتە ئەو شاعیرانە و دەنووسێت: (بگرە لاسایی یەکتریش لە ڕووی تێمای شیعری دەکەنەوە، وەك بابەتی ڕەشبینی و رەتکردنەوەی نیشتیمان و ڕەخنەگرتن لە سیاسەت و پووچگەرایی ژیان و چەندان بابەتی هاوشێوەی دیکەش، ئیدی نازانم کامەیە جیهانبینی و ئەزموونی جیاواز، گەر شاعیرانێك هەموویان هەمان بابەتیان کاوێژ کردەوە؟).
سەرەتا پێویستە ئەوە بگوترێت کە قسەکردن لەسەر شیعر باشترە بۆ ئەهلی ئەو هونەرە جێبهێڵین، بەڵام وەك چۆن کاکی ڕۆژنامەوان ئەم ڕایەی دەربڕیوە، منیش وەك خوێنەرێك دەبێت ئەوە بڵێم کە شیعر دنیایەکی زۆر بەرفراوانترە لەوەی بە چەند وشەیەك پێناسەی بکەین، ئەوانەی دەنووسرێن تەنیا تێڕوانین و تێگەشتنی ئەو کەسانەیە بۆ شیعر، لەبیرمان نەچێت شیعر لەگەڵ سەرهەڵدانی مرۆڤدا بوونی هەبووەو دەربڕینێکی هونەرییەو هەست و سۆز تیایدا دەستلەملانی تێما دەبێت و مانای قووڵ لە چەند زاراوەیەکی هونەریی چڕدا لە خۆ کۆدەکاتەوە، کاریگەری و خرۆشان لە ناخدا بەرپا دەکات. جۆروشێوەی ئەم هونەرە ڕەوانبێژییە هێندە بەربڵاو و هەمەڕەنگە هەرگیز ناتوانرێت بە چەند وشەیەك هێلێكی ڕاست وچەپ بەسەر ئەو پێکهاتە هزریی و هەستەکی و زمانەوانییانەدا بهێنرێت گەر بمانەوێت بە ویژدانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
با بوار بەو شاعیرو لاوە خێرلەخۆنەدیوانە بدەین بنووسن و دەم کوتیان نەکەین، ئەوانە ئاوێنەی هونەریی واقیعەکەیانن و بەس لەبەرئەوەی وەکو ئێمە بیر ناکەنەوەو بابەتی شیعرەکانیان بە دڵی ئێمە نییە پەراوێزیان نەخەین، دەستمایەی ئەوان هەر وشەیە و دڵنیام کەسانێکی ئاشتیخوازن و زیانیان بۆ هیچ دەستەو لایەنێك نییە، وەك بەرپرسیارێتی ئاکاریی گەر هانیان نادەین و ئاسانکارییان بۆ ناکەین با پاشقولیان لێ نەگرین، دەرگای ڕەخنەی پرۆفیشناڵیش هەرگیز داخراو نییە، ئەگەر کەسانی تایبەتمەند بیانەوێت لەو دەرگایەوە شیتەڵی پێکهاته جۆراوجۆرەکانی ئەو شیعرانە بکەن، دەتوانن لایەنە گەش و لاوازەکان بێ لایەنگیریی یاخود بەرەنگاربوونەوە دەستنیشان بکەن.
لەو بڕوایەدام جیلی تەم تەنیا ئەوانە نین لەو ماڵپەڕەدا دەنووسن، بەڵکو ئەوەی ئەوان دەینووسن ئازارە جوانەکانی سەراپای میللەتێکە کە بە دەیان ئەزموونی تاڵدا تێپەڕیوەو دەیهەوێت تروسکەی ئاسۆیەکی گەش ببینێتەوەو هەر زوو گەواڵەیەکی ڕەش بەر دیدگایان دەتەنێت و ئەوانیش ئاوها خۆیان و ژیان و ئەزموونەکانیان دەشیعرێنن.


دەڤەری مەرگە
٥/١٢/٢٠٢٥




كۆتایی سته‌مكاران.. نووسینی: حسونە المصباحی.. وەرگێڕانی: ئاكۆ عەبدوڵڵا

پرۆكۆپی مێژوونووسی به‌ناوبانگی بێزەنتی كه‌ ‌ساڵی 562 ی زاینی كۆچی دوایی كردووه‌، ده‌گێڕته‌وه‌: “گیلیهێری دوا پادشای (ڤه‌ندال) كه‌ له‌ ئامێزی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداری شاهه‌نشایی په‌روه‌رده ‌ببوو، یه‌كجار به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتداریش بوو، له‌كۆتایی فه‌رمانگێڕیەكه‌ی، هه‌ڵات، دواتر پیر بوو و له‌بەرامبەر دوژمنه‌كانی، ساڵانێكی له‌ئازار و بێهیوایی و ترس بەسەربرد. له‌كۆتایدا ده‌ستگیر كرا و به‌كۆت و به‌ندی ئاسنین‌ به‌ره‌و قه‌رتاجه‌ بردرا. ئەوسا له‌بەردەم ئاپۆڕه‌ی زۆری دوژمنەكانی كە له‌سه‌ر رێگەی وه‌ستابوون، ‌دايه‌ قاقای پێكه‌نین و له‌سه‌ر ئەوەش به‌رده‌وام بوو. به‌جۆرێك دوژمنەكانی وه‌هایان زانی به‌هۆی ئه‌و شتانەی له‌پاش شكۆ و ده‌سه‌ڵات‌، دووچاری ببوو، شێت بووه. به‌ڵام پرۆكۆپ وەهای نووسیوە (گیلیهێر له‌قاقای پیكەنینی دا دوای ئەوەی گەیشتە ئه‌و قه‌ناعه‌تەی، ژیان له‌كۆتایدا جگه‌ له‌پێكه‌نینی درێژ بەو و بەهەمان شێوەش به‌ڕووداوه‌ خۆش و ناخۆشه‌كانی، شایانی هیچ شتێكی دیكه‌ نییه)‌.
پێده‌چێت كۆتایی ئه‌و سته‌مكارانه‌ی جیهانی سێیەمیش لەسه‌ده‌ی رابردوو به‌خۆیانه‌وه‌ بینی، هه‌مان شێوه‌ بێت. ئه‌دۆلف هیتله‌ری سه‌ركرده‌ی نازییه‌كان، كە خه‌ونی به‌وه‌ ده‌بینی ئه‌ڵمانیا فه‌رمانڕه‌وای جیهان بكات و نه‌ژادی ئاریش به‌سه‌ر هه‌موو نه‌ژاده‌كانی دیكه‌ باڵاده‌ست بێت، كاتێك دڵنیابوو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت، خۆ‌كوشتنی پێباشتر بوو. كاتێكیش سوپای سوور گه‌یشته‌ ناو بنكەی نیشتەجێبوونی له‌شاری به‌رلین، هیچ شوێنه‌وارێكی ئەویان نه‌دۆزیه‌وه. پێدەچێت لەترسی ئەوەبێت گاڵتە بەچاوتێبڕینەكەی بكەن، مردنی هەڵبژاردبێ. له‌به‌هاری ساڵی 1945 كاتێك جه‌نگی دووه‌می جیهانی گه‌یشته‌ كۆتاییه‌كه‌ی، به‌رگریكه‌رانی ئیتاڵی توانییان مۆسولینی ده‌ستگیربكه‌ن، كه‌ لەناو جلی جوتیاران خۆی شاردبۆوە. دواتر گوللەبارانیان كرد.
جه‌نه‌راڵ فرانكۆش كه‌ ماوه‌ی چل ساڵ به‌زه‌بری ئاگر و ئاسن، حوكمی وڵاتی ئیسپانیای كرد. ماوەی چەند هەفتەیەك لەگیانەڵادا بوو. پشتیوانەكانی رۆژانه‌ لەده‌وری كۆشكه‌كه‌ی كۆدەبوونەوە بۆ ده‌ربڕینی غه‌مباری خۆیان لەو دابڕانەی ئەو. رۆژێكیان جه‌نەڕاڵ فرانكۆ هۆشی هاته‌وه ‌سه‌رخۆ، كاتێك‌ گوێی له‌ده‌نگه‌ده‌نگی ئەو هەمووە خەڵكە بوو، به‌كه‌سه‌كانی ده‌وروپشتی وت : “ئه‌و هه‌مووه‌ خه‌ڵكه‌ بۆچی لێره‌ وه‌ستاون؟” له‌وه‌ڵامدا پێیان وت: “جەنەڕاڵی بەڕێز، گه‌ل هاتووه‌ ماڵئاوایت لێبكات!” ئه‌ویش‌ پێیان دەڵێت: “جا گه‌له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م خەریكە به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟!”.
ده‌ڵێن ستالینیش ژیانی دوا مانگه‌كانی پڕ بوو له‌تارمایی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێشتر به‌ره‌و كوشتارگه‌ یاخود ئۆردوگا سه‌خته‌كانی سیبیریای ناردبوون. له‌ناو خه‌ویش به‌توندی هاواری ده‌كرد و لەهه‌مووانیش سڵی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانیشی. له‌و بڕوایه‌ بوو به‌نهێنی پلان له‌دژی داده‌ڕێژن.
دوای رووخانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شی، شای ئێران له‌وڵاتێك به‌ره‌و وڵاتێكی دیكه‌ ‌چوو. به‌دوای شوێنێك ده‌گه‌ڕا تێیدا نیشته‌جێ بێت، به‌ڵام هه‌موو وڵاته‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ پێشتر پێوه‌ندی هاوڕێیەتیشیان له‌گه‌ڵ رژێمه‌كه‌ی هەبوو، رازی نه‌بوون پێشوازی لێبكه‌ن و بیگرنه‌خۆیان. تا له‌كۆتایدا لەمیسر نیشته‌وه‌ و به‌سه‌ر (ئه‌نوه‌ر سادات) بوو به‌میوان. له‌وێدا دوای ماوه‌یه‌كی كورت بەسەر دروستبوونی ئەوەی بە (كۆماری ئیسلامی ئێران) ناوبراوە، كۆچی دوایی كرد. جه‌نه‌ڕاڵ (پینۆشی)ش كه‌ ساڵی 1973 رژێمی (سلڤادۆر ئه‌للیندی) رووخاند، دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی وه‌ك تاوانبار له‌نێو دادگەكان به‌سه‌ربرد. كە‌ مردیش شیللییەكان بەملیۆنەها كه‌وتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دڵخۆشی خۆیان ده‌ربڕی.
رۆماننووسه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌مه‌ریكای لاتین، له‌وانه‌ ئۆگستۆروا باستۆس و میگال ئه‌ستۆریاس و ڤارگاس یوسا و گابریل گارسیا مارگیز، گرنگییان به‌و رژێمه‌ دیكتاتۆریانه‌دا كه‌ له‌وڵاته‌كانیان فه‌رمانڕه‌وا بوون. له‌هه‌وێنیشیان دا شاكاری وەها هێنرا به‌رهه‌م، كه‌ هه‌رده‌م له‌یادگای مرۆڤایه‌تیدا بەگەشی بمێننه‌وه. رۆمانی (پایزی به‌تریق) ی گابریال گارسیا مارگیز له‌هه‌موویان چاكترە، پاڵەوانەكەی دیكتاتۆرێكە لەتەمەنی 250 دەمرێت كە ئەوە تەمەنی ئەو رژێمە دیكتاتۆریانەیە كە زۆربەی وڵاتانی ئەمەریكای لاتین بەخۆیانەوە بینیوە. ئەو دیكتاتۆرە لەو بڕوایە بوو (پەرستنی دەسەڵات) تاكە چارەنووسیەتی. مرۆڤێكی دڵڕەق و ریسوا بوو. (تێربوونی لەبرسی بوونی سەرچاوەی دەگرت) كه‌ كۆتایی نه‌ده‌هات. بڕوای به‌وه‌ بوو (درۆ له‌ڕاستگۆیی باشتره‌ و له‌خۆشه‌ویستیش به‌سوودتره و لەحەقیقەتیش زیاتر دەمێنێتەوە‌). لەكاتی (وردبوونی گەڵای پەرتبووی پایزیشی) گەیشتە ئەو بڕوایەی (خاوەنی ره‌های دەسەڵاتەكەیتی). دوای گیانەڵای تاڵیش، كاتێك مرد، جەماوەر بەپەلە بەناو شەقام و گۆڕەپانەكان وەردەبن و بەدەڕبرینی خۆشی خۆڕسكانە، گۆرانی بەخاكسپاردنی دەڵێن. هێندەی پێناچێت سیساركە كەچەرەكان لەڕێگەی پەنجەرەكانەوە دەچنە ناو كۆشكەكەی و بەدەنوك دەرگە ئاسنینەكان دەكەنەوە. كاتێكیش خەڵكی بەلێشاو دەچنە ناو كۆشكی سەرۆكایەتی، دەبینن لەسەر مێزێكی دارینی لووسی درێژ، قاپ و قاچاغ هەیە كە هێشتا پاشماوەی خۆراكی نیوەڕۆی رۆژی یەكشەممەی لەناوە كە بەهۆی تەوژمی تۆقانی لەپڕ، دەستبەرداری ببوو. لەژێر پریشكی خۆریشدا چەند ستڵێك ده‌بینن شۆراوی بۆگەنییان لەناودایه‌. ئاودەستەكانیش كراوەبوون و بێ سەرپۆش بوون. قەوزە و كژ و گیاش لەهەموو لایەكدا روابوون. كۆشكی سەرۆكایەتیش كە هێمابوو بۆ خراپە و گەندەڵی و چەوساندەوە و سەركوتكاری، وێران ببوو. لەناویدا چێڵەكان دەسوڕانەوە و بەسمەكانیشیان رایەخە شڕەكانیان دەكوتا و مەخمەلی پەردەكانیشیان هەڵدەڵوشی. ئەو تابلۆیانەشیان شكاند بوو كە قەدیس و جەنگاوەرەكانیان بەرجەستە دەكرد. لەهۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانیش‌ تۆپه‌ڵه‌ی كرم لەڕیخی مانگا وەرهاتبوو. بەهۆی ئاوێنە گەورەكانی دیواریش، وێنە ناشیرنەكەی سەرۆك چەند بارە دەبۆوە. ئایا ئه‌و وێنه‌یه‌‌ی گابریال گارسیا ماركیز له‌شاكاری (پایزی به‌تریق) بۆ دیكتاتۆری كێشاوه‌، بەرجەستەكەری هه‌موو ئه‌و سته‌مكاره‌ عه‌ره‌بانه‌ نییە كه‌ له‌سه‌ده‌ی بیست و سه‌ره‌تای ئه‌و سه‌ده‌یه‌ ناسیمانن؟ ئه‌وه‌‌ی ده‌یه‌‌وێت له‌وە دڵنیابێ، با ئه‌و رۆمانه‌ مه‌زنه‌ بخوێنێته‌وه‌ یان لەنوێ بیخوێنێتەوە…




ئێ ئاخر بۆچی بە دەفتەر؟.. نەوزاد بەندی

لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، کاتێ کارەساتێکی سروشتیی یان جەنگ ڕوو دەدات، کاربەدەستانی ووڵات بە پێی توانا قەرەبووی زیان لێکەوتووان دەکەنەوە ..
تەنانەت گەورە مافیایەکی یابانی وەک یاکوزا، لە زەمینلەرزە وێرانکەرەکەی 11ی مارتی 2011 دا، خواردن و ئاو و پێویستیەکانی ڕۆژانەی بۆ ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە دابین کرد.
ئەمە ئەچێتە قاڵبی مرۆڤایەتیی و هەستکردن بە ئەرکی سەرشان گەر لە بچوکترین ئاستیشدا بێ، بەرامبەر بە مرۆڤەکانی تر.
ساڵی 1991 کە کوردستانی باشور توشی کۆڕەو بوو، ملیۆنان کەس ڕوویان کردە سنوورەکانی تورکیا و ئێران و .. لە ئۆردوگای پەنابەریدا جێگیرکران، تیمەکانی ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ کۆمەک و فریاگوزاریی سەردانی قوتابخانەکانی کوردستانی ئێرانیان دەکرد، منداڵ هەبوو شیرینییەک یان پسکیتێک کە بە ڕۆژانەکەی کڕیبووی، نەیدەخوارد و دەیدایە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان هەتا بیدەنە منداڵەکانی ئێمە.
بەڵام ئەوەی لەم دواییەدا سەرنجی ڕاکێشام، دۆخێکی تەواو جیاواز و گاڵتەجاڕە، لە کارەساتەکانی ئەم دواییەی لای خۆماندا، کاتێ بازاڕێک ئەسوتێ یان لافاو هەڵدەستێ یان شەڕە تەقەیەک ڕوو دەدات، هەندێ لەو زیان لێکەوتووانە یان هەموویان جۆرێک لە زیادەڕەویی لە نیشاندانی زیانەکانیاندا پەیڕەو دەکەن، بە تایبەت دوای ئەوەی هەواڵی قەرەبووکردنەوە ئەبیستن.. بە ڕاستی ئەم زیادەڕەوییانە، جێگای داخن، بۆ نمونە فرۆشگایەکی سووتاو کە کۆمەڵێ مەنجەڵ و کەوچکی فافۆنی تێدایە بە قوڕگی پڕ له گریانەوە ئەڵێ زیانی بیست دەفتەر دۆلارم لێ کەوتووە ..یان لافاو دەچێتە ژێر زەمینی خانوویەکەوە، کە کۆمەڵێ کەرەستە و کەل و پەلی تێدایە، خاوەنەکەی خۆی دێنێتە حاڵەتی جاو، بە گریانەوە ئەڵێ : زیانی حەڤدە دەفتەر دۆلارم لێ کەوتووە ..!
لە کاتێکدا خەڵکێک منداڵیان خنکاوە، یان ماڵیان ڕوخاوە، کەچی هێندەی ئەو جۆرە کەسانە داوای قەرەبووی خەیاڵییان نەکردووە یان تەنانەت یەک ووشەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان نەدرکاندووە.
من پێم سەیرە بۆچی ئەبێ هەمووان زیانەکانیان بە دۆلار و دەفتەرە دۆلار رابگەیەنن لە کاتێکدا هەندێکیان ڕەنگە بە درێژایی ژیانیان مامەڵەیان بە دۆلار نەکردبێ؟ ئەگەر گریمان حەزیشیان لە دۆلار بێ، بۆچی ئەو ژمارە زۆرانە ئەدەن بە گوێی ڕاگەیاندنەکاندا؟ ئەی دوایی چی دەڵێن بە لیژنەکان کاتێ تەخمینی شتەکان دەکەن ؟ من وەک خۆم هێشتا زیان لێکەوتوویەکم نەدیوە بڵێ دوو هەزار دۆلارم زیانم لێکەوتووە، یان چوار هەزار دۆلار .. هەر هەموویان پانزە و بیست و سەد دەفتەر و زیاتر زیانیان لێکەوتووە ..
ئەم حاڵەتە ئەو حەکایەتانەم بیر دەخەنەوە کە لە کەمپ و دادگاکانی ئەوروپادا ئەخوێنرانەوە لەلایەن کوردەکانی خۆمانەوە کاتێ داوای مافی پەنابەرییان دەکرد و ناویان لێ نا بوو کەیس .. ئەم کەیسانە هەموویان درۆی شاخدار بوون، پێش ئەوەی کوردستان بە جێ بهێڵن، کەیسەکە یان درۆکەیان ئامادە بوو، تەنانەت کار گەیشتبووە ئەوەی قاچاخچییەکە یان کەسانی به ئەزمون کەیسیان بەو کۆچکردووانە ئەوت یان ئەفرۆشت و حەکایەتەکانیان بۆ ئەهۆنینەوە .. ئیتر ئەم کەیسانە وای دەکرد، کۆچکردوو ناوی خۆی و شارەکەیشی بگۆڕێ، واتا زۆر بە ئاسایی کەسێک کە لە ژیانیدا کەرکوکی نەبینیوە ، ئەیووت خەڵکی کەرکوکم و لە زوڵمی بەعس ڕامکردووە، ناوی هەموو گەڕەک و شەقام و بازاڕەکانی کەرکوکی لەبەر دەکرد، بۆ ئەوەی بتوانێ بە کۆمەڵێک درۆ بیسەلمێنی کە ئەو خەڵکی کەرکوکە و شایانی مافی پەناهاندەییە .. ناوی سەعید بوو، لەوێ ئەبوو بە عیزەدین، مەجی بوو ئەبوو بە هەڵۆ عەشیرەتی جاف بوو، لەوێ ئەبوو بە زەنگەنە، شەمێرانیی بوو خۆی ئەکرد بە جەباریی ..یان لە تورکیا ناوی فەرەج بوو، لە تورکیا ئەبوو بە کۆسار، کە ئەچووە ئیتاڵیا ئەیووت ناوم فەرەیدونە، لە دانیمارکیش خۆی ئەکرد سالار ..ئیتر ئەوروپا ناچار بوو هەر کەسێکیان لە یۆنان بگرتایە پەنجە مۆریان لێ وەردەگرت و ب هەموو ئەوروپادا بڵاویان ئەکردەوە، خۆتان بگرن وا هات .. کار گەیشتبووە ئەوەی دادگاکان ناچار بوون کەسانی خەڵکی هەموو شوێنە جیاوازەکانی کوردستان بکەن بە لێکۆڵەری دادگاکانیان هەتا بتوانن ئەم کەیسانە هەڵوەشێننەوە و ڕاستی ئەم بوونەوەرانە ئاشکرا بێ، کە خەڵکی ڕەحیماوا نییە و .. خەڵکی کوێرە دێیەکی ئەو شارەزوورەیە ..یان خەڵکی دوز نییە و لەو دەشتی هەولێرە مەڕفرۆش بووە ..
ڕۆژنامەکانیشیان ئەم دۆخە ئابڕووبەرەیان قۆستەوە و .. لە ڕۆژنامەی هەندێ وڵاتی وەک سوید، لە لاپەڕەی یەکەمیاندا و بە پیتی بۆڵد نوسییان : کوردەکان ئەوانەن کە لە پێناوی وەرگرتنی مافی پەنابەریدا خوشکەکانی خۆیان بە ژنی خۆیان لە قەڵەم دەدەن.. ژیانی لە خەتەردا نییە و بۆ دۆلار کۆکردنەوە هاتووە، زیندانی سیاسیی نەبووە و لە ژیانیدا چرکەیەک ئەودیوی شیشەکانی نەدیوە ..ناوی کامەرانە و فەتحوڵا نییە .
یان بۆیان دەرکەوت هەندێ له کوردەکان کە داوای مافی پەنابەریی دەکەن ئەوانەن کە لەو وڵاتەی گوایا ڕایانکردووە و ژیانیان لە ترسناکیدایه، وەزیر و بەڕێوبەر و خاوەن پله و پایەن !!
جارێکی تر بە داخەوە ..
ئەترسم محمد شیاع سودانی کە بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی نۆی دیسەمبەر ی داوە، بکەوێتە شک و گومانەوە، کاتێ لە شارۆچکەیەکی بچوکدا زیانلێکەوتوویەک بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە ببینێ بڵێ بە دەفلس دەفلس ئەو شتانەم کڕیوە ئێستا حەڤدە دەفتەر ئەشیا لە ژێرخانی خانووەکەمدا لافاو بردوێتی !!
ئەگەر سەرۆک سودانی بە نیسبە تەناسوب لێکی بداتەوە، بۆی دەردەکەوێ ژێر خان و سەرخانی شارەکانی وەک سلێمانی و هەولێر، پڕ پڕن لە لە فەردە دۆلار بە بەراورد بە ژێرخانی شارۆچکەیەکی بچوک کە لافاو حەڤدە دەفتەر دۆلاری لێ فڕاندووە ..ئەوسا ڕەنگه ئەو چۆڕە موچەیەیش ببڕێ .. هەر بۆیه باشتر وایه ڕاگەیاندنەکان ڕاستێکان ئاشکرا بکەن، درۆکان هەڵوەشێننەوە، پێش ئەوەی بە دەردی کەیسەکانی ئەوروپا بچین..

ــ وێنەکەیش ، گەورە مافیا و تاوانباری یابانە کە له کاتی بومەلەرزەکەی ساڵی 2011 دا بە دەستی خۆی یارمەتی و کۆمەک بەسەر هاوزمانە زیانلێکەوتووەکانیدا دابەش دەکات ــ




ئایا بزوتنەوەی کرێکاران، بزوتنەوەی سۆشیالیستی، ئەنارکستییە؟.. زاهیر باهیر

سۆشیالیستە دەسەڵاتخوەازەکان و کۆمۆنیستەکان تا ڕادەیەکیش هەندێك لە ئەنارکستەکان وا دەزانن ئەم دوو بزوتنەوەیە یەکن و یەك ئامانجیان هەیە . من لەم وتارەدا دەمەوێت ئەو جیاوازییە بەیان بکەم و ئەو جۆرە تێگەیشتنە روونبکەمەوە. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە هێزی کرێکاران کە شەرەیانی ئابووری وڵاتیان بەدەستەوەیە فەرامۆش بکرێت، نا ، بەڵکو دەتوانین بڵێین کە شۆڕشی سۆشیالیستی/ ئەنارکستی بە بێ بەشداریکردنی چینی کرێکاران و ڕۆڵە گەورەکەیان هەرگیز ڕوونادات .
من لێرەدا دەمەوێت بڵێم دەکرێت ئەوە بزانین کە کرێکاران، لە جەوهەردا، (پۆتێنشەڵی) بەو واتایەی کە دەخوازرێت و داوایان لێدەکرێت شۆڕشگێڕ نین. بزوتنەوەی کرێکاران بزوتنەوەیەکی نقابییە سەراپای داخوازیییەکانیان لە واقیعی چەوساندنەوەی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوان هۆڵیدەی زیاتر، کرێی زیاتر و سەلامەتی باشتری سەر کار، مافی دروسکردنی سەندیکا، کورتکردنەوەی کاتژمێری سەر کار، باشترکردنی ژیانیان، هەلومەرجی باشتری سەر کار و مۆڵەتی زیاتر و هەندێك مافی خێزانی دیکە، کرێکاران ئەمانەیان دەوێت و خەباتی بۆ دەکەن. زیاترین داخوازییان بەشداریکردنیانە لە ئیدارەی کارگە و کۆمپانیاکاندا و دەستکەوتنی پشکە. بەواتایەکی دیکە کار لەسەر ڕتوشکردن و ڕیفۆرمکردنی سیستەمی سەرمایەداری و مانەوەی دەکەن، ئەمە بارودۆخی کرێکاران بووە لە کۆن و ئێستاشدا. بێ گومان لە ئێستادا ئەم بارودۆخە باشتر دەبینین بە تایبەت توێژاڵێکی کرێکاری ئۆرۆستۆقراتی لەناو کرێکراندا دروست بووە کە کرێکارانی پیشەسازییە گرنگەکان و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانن.
تا ئێستاش خەباتی کرێکاران خەباتی ئابووریانەیە نەك سیاسیانە، خەباتی نقابیانەیە نەك حیزبییانە، دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت نییە، بەڵکو خۆگونجاندن و ڕەواییبوونی خۆیەتی لە سای سیستەمەکەدا بەڵام بە ژیانێکی باشترەوە. کرێکاران دەتوانن حکومەتەکان، دەوڵەتەکان لە ماوەیەکی کەمدا بگۆڕن بەڵام ناتوانن و کاری ئەوانیش نییە کە هەرەس بە سیستەمەکە بهێنن و بیگۆڕن .
بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی/ سۆشیالیزمی/ ئەنارکستی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاراندا زۆر جیاوازن. ئەمان لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە و سیستەمی سەرمایەداریدان، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی و ناپلەبەندیی.
توخم و حیزبە کۆمۆنیستەکان/ سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەکان خۆیان باش دەزانن کە کرێکاران شۆڕشگێر نین بە واتای لەناوبردنی سیستەمەکە و دامەزراندنی سۆشیالیزم/ کۆمۆنیزم، هەر بەو هۆکارەشە ئەوان خۆیان بە دینەمۆی شۆڕش دەزانن و لە هەوڵی گواستنەوەی هۆشیاری سیاسی و شۆڕشگێڕانەدان بۆ ناویان . چونکە ئەمان تەواو پێجەوانەی ئەوان، کرێکاران، بیر دەکەنەوە بە گرتنەدەستی دەسەلات، گوایە ئەمان ڕیفۆرمیان ناوێت و لە ڕێگەی ئەو دەسەڵاتەوە دەتوانن کۆمەڵ بەرەو کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناپلەبەندیی ببەن .
ئەمان بارودۆخی کرێکاران باش دەزانن کە شادەماری ئابووری وڵاتیان لە دەستدایە و دەتوانن ژیان بوەستێنن، قازانج ڕاگرن، دەوڵەت و سسیستەمەکەی سست بکەن، ئەمانیش دەیانکەنە پەیژەیەك بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات هەر وەکو چۆن پێشتر کردویانە و ڕووی داوە.
ئەوەی لای من ڕوونە: یەك: کرێکاران هۆشیاری چینایەتییان هەیە چونکە هەن، بوونی هەر کەس و هەر زیندەوەر و گیانلەبەر و هەر لایەنێك بوونی هۆشیاریش بە گوێرەی ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، هۆشیاریش بە مەبەستی پاراستن لە خۆ و مانەوە و بژێوییان و خوودبەرژەوەندییە. دوو: وەکو لەسەرەوە وتم شۆڕش هەرگیز نابێت گەر کرێکاران بەشداری نەکەن و قوفڵ لە بەرهەمهێنانی زیاتر و قازانجی زیاتر نەدەن. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئەوان دەتوانن یا دەیانەوێت سیستەمەکە، سیستەمی کاری کرێگرتە هەڵوەشێننەوە، ئەوە کاری ئەوان نییە و بەدەرە لە ئەجەندەی خەباتکردنیان. سێ: ئەوەش دەزانم لە ڕووی مێژووییەوە زۆرێك لە بزووتنەوە سۆسیالیستیەکان، پارتەکان لە ڕێکخستنەکانی چینی کرێکارەوە گەشەیان کردووە و هەر بەهۆی ئەوانییشەوە چینی کرێکاران ئاشنا بوون بە سۆشیالیزم و ئایدیاکە و لە نێویاندا تەشەنەی کردووە.
لە مێژوودا گەلێك ڕاپەڕین و ڕووداو دەبینین کە بە دڵنیاییەوە کرێکاران تێیاندا بەشداری گرنگیان کردووە، ئەمانەش بوونەتە نموونەیەك کە هەمیشە سۆشیالیست و کۆمۆنیستی دەسەڵاتخواز و بڕێك لە ئەنارکستەکانیش ئاماژەی پێدەدەن و دەیکەنە بەڵگە کە گوایە ڕاپەڕین و شۆڕشەکان کە بوون، ئەوە دەسەلمێنن کە بزوتنەوەی کرێکاران و بزوتنەوەی سۆشیالیستی یەك شتن شۆڕش شۆڕشی کرێکارییە. نکوڵی ناکرێت ئەمە ڕای کارل مارکس-یش بووە هەر ئەو هۆکارەش بووە کە ئەو دڵی بە قۆناخی سەرمایەداری و پێشەوەچوونی تەکنەلۆجیا خۆش بووە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی ژمارەی کرێکارانی پیشەسازی و هەر ئاواش دەبنە دینەمۆی شۆڕش چونکە لە ڕووی جۆرێتیشەوە[ نەوعییەت] دەگۆڕێن، ئەو دەسەڵاتەشی کە دروستی دەکەن دەوڵەتی دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریایە.
من بە پێویستی دەزانم بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەم نموونە گرنگەکانی بزوتنەوە کرێکارییەکان کە لە کۆتایی چەرخی نۆزدە و سەرەتای چەرخی بیستدا ڕوویان داوە بهێنمەوە. لێرەدا پەنا بۆ هەندێك ئامار دەبەم لە ڕونکردنەوە و گەیاندنی مەبەستەکەم سەبارەت بە ژمارەی کرێکارانی ئەو وڵاتانە و ئەندام و لایەنگرانیان بۆ ڕێکخراو و پارتەکانی ئەو سەردەمە.
یەك: کۆموونی پاریس :
کۆموونی پاریس لە ساڵی 1871 روویدا و بۆ ماوەیەی 72 ڕۆژ دەوامی کرد. لەم ماوەیەدا زۆرێك لە بڕیار و دامەزراوە سەرمایەدارییەکانیان هەڵوەشاندەوە وەك کارکردنی شەوانە، قەدەخەکردنی کارکردنی منداڵان، بەکارهێنانی خانووبەرە خراپەکان، کۆمەڵایەتیکردنی موڵك و ماڵ و گۆڕینی وەزارەتە کۆنەکان بە 10 کۆمیسیۆنی جێبەجێکردن کە هەر کۆمیسیۆنێك هاوشێوەی وەزارەتێك بوو لەگەڵ زۆر خاڵی گرنگتری دیکە. کرێکارە شۆڕشگێڕەکان بە زۆری لەژێر هەژموونی بلانکییەکان و سۆشیالیست و ئەنارکستەکاندا بوون. ئەم ئەزموونە زۆر جار لەلایەن مارکسیستەکانەوە وەك یەکەم هەوڵی جددی چینی کرێکار بۆ لەناوبردنی سەرمایەداری ئاماژەی پێدەکرێت.
ئەو ئیدارەیەی کە لەوێ دروست بوو لەبەر ئەوەی تەنها 72 ڕۆژ دەوامی کرد ئیدارەیەکی تەواوی کرێکاران نەبوو هەروەها بیرۆکراتیانەش نەبوو لەبەر ئەوەی کۆموون زۆر تەمەنی کورت بوو. دەسەڵاتی یاسادانان-جێبەجێکاری ئەنجومەنی کۆموون- بوو، کە لە 26ی ئازاری 1871 هەڵبژێردرا. کۆی گشتی ئەندامانی هەڵبژێردراو 92 ئەندام بوون بەڵام ژمارەی ئەوانەی کە لە ڕاستیدا خزمەتیان کردووە لە هەر کاتێکدا 79 ئەندامی چالاك بوون. ژمارەی کرێکارانی نێو ئەنجوومەنەکە نزیکەی 30- 40 ئەندام بوون. ژمارەیەکی دیکەش لە مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان و کارمەندان و دوکاندارە بچووکەکان گروپێکی تر بوون کە لە ئەنجوومەنەکاندا بەشداربوون. لە شانی ئەمانیشەوە پیشەییەکانی وەکو پارێزەران، پزیشکان کەمینەیەکی بچووک بوون زۆرینەیان پاشخانی چینی کرێکارییان یاخود چینی ناوەڕاستی خوارەوەیان هەبوو کە زۆرێکیان داهاتیان لەڕادەبەدەر کەم بوو.

ژمارەی دانیشتوانی ئەو کاتەی پاریس لە نێوانی 1.8 بۆ 2 ملیۆن بوون ، بەڵام شەڕ و برسێتی و دەرکردن زۆر کەمیکردنەوە . لەگەڵ ئەوەدا لایەنگرانی کرێکاران بۆ کۆمارییەکان/ جاکۆبینەکان کە (کۆمارییە سوورەکان)شیان پێدەوترا 400 هەزار – 500 هەزار کرێکار بوون. سۆسیالیستەکان، بلانکویستەکان (سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان) خاوەنی 200 هەزار – 250 هەزار ئەندامی کرێکار بوون هاوکاتیش ئەندامانی نیونەتەوەیی یەکەم، کە بە ‘ ئای دەبڵی ئەی’ش ناسرابوو، هەردووك لایەنی وەکو مارکسیستەکان و سەر بە پرۆدۆنییەکانیانی لەخۆگرتبوو. ئەمانیش لە پاریس لە ساڵی 1871 دا 65 هەزار بۆ 70 هەزار ئەندمیان هەبوو. کۆمۆنیست و مارکسیستەکان کەمینەیەکی بچووک بەڵام کاریگەر بوون. ئەنارکیستەکان لە ڕووی فیکرییەوە گرنگ و کاریگەر بوون بەتایبەت پرۆدۆنییەکان بەڵام لە ڕووی ژمارەییەوە باڵادەست نەبوون. بەشێکی زۆری کرێکارانی پاریس کۆماریی و چەپ و سۆسیالیست بوون، لەگەڵ هیچ پارتێکی ستراکتۆردا هاوتەریب نەبوون.

دوو: بزوتنەوەی چینی کرێکران و شۆڕشی بەلشەفیکەکان:
شۆڕشی بەلشەفی ڕووسیای ساڵی 1917 کە سۆڤێتات ( ئەنجوومەنی کرێکاران ) دامەزرا و دەست بەسەر کارگەکاندا گیرا و بوونە بەشێك لە بزوتنەوەی بەلشەفیکەکان. هۆکارەکەش ئەوە بوو کە پارتی بەلشەفەیك لایەنگر و ئەندام و چالاکوانێکی زۆریان لە ناو کرێکاراندا هەبوو ئەمەش وای کرد کە لەلایەن زۆرێك لە کرێکارانەوە پشتیوانی لێبکرێت بۆ ڕوخاندنی حکومەتی کاتی ئیدی خاوەندارێتی تایبەتی پیشەسازی گەورە کۆتایی هات، هەمووی بووە موڵکی دەوڵەت.
با سەرنجێك لە ئامارەکان بدەین سەبارەت بە ژمارەی کرێکاران لە روسیا و بەشداریکردنی سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئەنارکستەکان لە شۆڕشی 1917 دەدا.
قەبارەی چینی کرێکارانی ڕووسیا لە ساڵی 1917دا نزیکەی 3 ملیۆن کرێکاری پیشەسازی بوو. بە کرێکارانی گواستنەوە و بیناسازی و جۆرەکانی دیکەی کرێکاران، ژمارەکە هەڵدەکشێت بۆ 4.5 بۆ 5 ملیۆن. بەڵام پرۆلیتاریای پیشەسازی کە مارکسیستەکان مەبەستیانە لە چینی کرێکار، لە دەوروبەری ٣ ملیۆندا بوو.
هاوکاتیش لایەنگرانی پارتی بەلشەفی لە ناویاندا 40-60% بووە، خودی پارتەکەش خاوەنی150 هەزار بۆ 200 هەزار ئەندامی کرێکاری بووە لەکۆی 350 هەزار ئەندام . ئەمە تا ئۆکتۆبەری 1917. مەنشەفیکەکان بە ڕێژەی لەسەدا 10 بۆ لە سەدا 20 ئەندامی کرێکارییان هەبووە. بێ گوومان پارت و ڕێکخراوی تریش هەبوون ئەوانیش ئەندامی کرێکارییان هەبووە . ئەنارکستەکانیش بە بڕی لە سەدا 5 کرێکاری پیشەسازی و کرێکارانی دیکەش کە زۆرترین چالاکییان لە پترۆگراد کرۆنشتاد و ئۆکرانیا بووە کە لایەنگریان بوون مەزەندەکراوە بە لە 5%ی کرێکاران.
ئەمەی کە ڕووی دا لە لە ڕوسیادا ڕووداوێکی مێژووییە کە حیزبی بەلشەفی توانی بزووتنەوەی چینی کرێکاران و جەماوەری ڕووسی بەکاربهێنێت و بەهۆیانەوە بگاتە پایەی دەوڵەت.
سێ: شۆڕشی ئەڵمانیای 1918-1919
لەو شۆڕشەدا ئەنجومەنی شۆڕشگێڕی کرێکاران لە سەرانسەری ئەڵمانیا دروست بوو کە ئامانجیان گۆڕینی سەرمایەداری بە کۆمارییەکی ئەنجومەن (“Räterepublik”) بوو، بەتایبەت لە هەندێك ناوچەی وەك باڤاریا کۆماری سۆسیالیستییان ڕاگەیاندو ئامانجیان ڕوخاندنی سەرمایەداری بوو بەڵام هەر زوو شکستی هێنا.
ژمارەی کرێکارانی ئەڵمانیای ئەو کاتە کە زۆر لە ڕووسیا پیشەسازیتر بوو نزیکەی 12 بۆ 14 ملیۆن بوو کە زۆرێكیان دابەش بووبوون بەسەر سۆشیالدیمۆکرات کە گەورەترین ڕێکخراوی کرێکاران بوو، پارتی سۆشیالدیمۆکرت-ی نوێ و یەك دوو ڕێكخراوی تر کە نزیەکەی 6 بۆ 8 ملییۆن کرێکار لایەنگرانی ئەم پارت و ڕێکخراوانە بوون. ئەنارکستەکانیش کە وەکو ڕوسیا و ئیسپانیا بەهێز نەبوون کرێکارانی لایەنگری ئەمان لە 50 هەزار بۆ 150 هەزار کرێکار بوون .
چوار: شۆڕشی ئیسپانیا 1936-1937
توخم و لایەن شۆڕشگێڕەکانی ئەم شۆڕشە(CNT–FAI)ەکێتییە ئەنارکۆ-سندیکالیستەکانئێإ ئەی ئای- لە ساڵی 1927 لە ئیسپانیا دروستبوون زۆر نزیك بوون لە سی ئێن تی یەوە هەروەها نقابەی گشتی کرێکاران کە لە ساڵی 1888 دروست بوو(UGT) (. ئەمان ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەداری و دەوڵەت بوو ئەوەندەشی بۆیان کرا کارگە و کێڵگە و وەسیلەکانی هاتووچۆ و گواستنەوەیان بەکۆمەڵ کرد. لەم شۆڕشەدا ئاشکرایە کە ئەنارکستەکان و توخمە سۆشیالیستەکانی دژە دەوڵەت و دەسەڵات ڕۆلی هەرە گەورەیان هەبوو کە بەشێکی زۆری کەتەلۆنیا و ئەراگۆن لە ژێر کۆنترۆڵی و ئەواندا بوو. ئەمە گەورەترین هەوڵی چینی کرێکارە ئەنارکیستییەکان بوو بۆ لەناوبرددنی سەرمایەداری لەو شوێنانەی کە سەرکەوتنیان تێدا بەدەست هێنابوو، بەڵام بەداخەوە لە لایەن هێزی یەکگرتووی فرانکۆ و ململانێی ناوخۆیی و شەڕەوە شۆڕشەکە شکستی هێنا.
قەبارەی چینی کرێکاریکارانی ئیسپانی 1936-1937 کە کەمتر پیشەسازی بوو بەراورد بە ئەڵمانیا و بەریتانیا ژمارەیان لە نێوانی 2.8 بۆ 3.2 ملیۆن کرێکار بوون. هەروەها بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی کرێکاری گوندنشین بوون کە بە کرێ کاریان دەکرد و جوتیارانی بێ زەوی بوون. ژمارەی هەر هەموویان دەچووە 5.5 بۆ 6 ملیۆن کرێکار.
ئەندامانی سی ئێن تی لەناو کرێکاراندا لە نێوانی 1.5 ملیۆن بۆ 2 ملیۆن بوو واتە بەڕێژەی سەدی لە سەدا 70 بۆ 80ی کرێکاران بوون. هەروەها لایەنگرانیشیان زۆر بوو کە بەوان و ئەندامەکانەوە ژمارەیان لە نێوانی 2.5 بۆ 3 ملیۆن کرێکار بوون بە تایبەت لە کەتەلۆنیا و بەرشەلۆنا و ئاراگۆن و بەشێكیش لە مەدرید.
گەورەترین گروپی شۆڕشگێڕ لە نێو چینی کرێکارانداFAI (فیدراسیۆنی ئەنارکیستی) بوون کە 70 هەزار بۆ 100 هەزار چەکداری هەبوو کە نزیکەی هەموویان کرێکار بوون.

پێنج: سۆڤێتاتەکانی 1919 ی هەنگاریا
لە هەنگاریا لە ساڵی 1919 دا ئەنجوومەنی کرێکاران لەسەر دەستی حزبە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستەکاندا دامەزرا کە ئامانجیان ڕووخاندنی سەرمایەداری و دروستکردنی کۆمارێکی سۆسیالیستی بوو. ئەمەش دروست بوو بەڵام تەنها 133 ڕۆژ دەوامی کرد دواتر لەلایەن هێزەکانی ڕۆمانیا و هێزی ناوخۆوە تێشکا.
قەبارەی چینی کرێکارانی هەنگاریا لە ساڵی 1919دا دوای جەنگی جیهانی یەکەم و داڕمانی نەمسا، کە بۆ ماوەیەکیش مەرجەرستانیان پێ دەوت، بەشە پیشەسازییییەکەی لە شارەکان ژمارەیان 800 هەزار بۆ 1 ملیۆن بوو . هەنگاریای ئەو کاتە هێشتا لە ڕووی کشتوکاڵییەوە باڵادەست بوو. ئەو کرێکارانەی کە لە کشتوکاڵ و کێڵگەی جوتیارانی بێ زەوی، کاریان دەکرد ژمارەیان 1.5 – 2 ملیۆن بوون. سیاسەتی زاڵ لەوێ سیاسەتی سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان بوو، ئەنارکستەکان کەم و ناڕێکخراو بوون لەوێ.

کرێکارەکان بەسەر کۆمۆنیستەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکاندا دابەش بووبوون لە سەرەتای ساڵی 1919 دا پارتی سۆشیالدیمۆکرات 500 هەزار بۆ 600 هەزار ئەندامی هەبوو، بە کرێکاران و جوتیارانی بێ زەوییەوە هەر هەمووی دەچووە 800 هەزار بۆ 1 ملیۆن ئەندام .
هەرچیش پارتی کۆمۆنیستی هەنگاریا بوو لە ساڵی 1918 دامەزرا، لە ئازاری 1919دا بە فەرمی 30 هەزار بۆ 50 هەزار ئەندامی هەبوو بەڵام لەگەڵ کەمی ئەندامەکانیدا کاریگەری زۆری هەبوو. ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە لایەنگریان بوون 100 هەزار بۆ 150 هەرزار کرێکار بوون.

ئەنجامگیریی

لەم نموونانەی سەرەوە بە گوێرەی ئەو ئامارانە ئەوە دەردەکەێت کە ڕێکخراو و پارتی سۆشیالدیمۆکرات و پارتی بەلشەفی و سۆشیالیستەکان و نقابەکان و ئەنارکستەکان پێگەیەکی زۆر کارا و فراوانیان لەناو کرێکاراندا هەبووە. ئاشکراشە کە ئەم پێگە و هێزە زۆرە لەناو چالاکییەکان و بزوتنەوەکانی ئەو لایەنانەدا ڕەنگی داوەتەوە و زۆر بەهێز بوون بۆیە توانیویانە هەژموونێکی گەورەیان لەسەر کرێکاران هەبێت. بە ئاماژەکردن بەو ئامارانەی سەرەوە لە هەندێك وڵاتدا کرێکاران و ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکان وا ئاوێتە بووبوون کرێکاران پارتەکان بوون و پارتەکانیش کرێکاران بوون. ئەمەش ئاوای کردووە کە بزوتنەوەی کرێکارانی ئەو سەردەمە لە هەموو ئەو نمونانەی کە لە سەرەوە هێنامنەوە پاشکۆ و وابەستەی ئەو ڕێکخراو و پارتانە بوون کە لە سەرەوە ناونوسم کردون و بارگاوی بووبوون بە ئایدیا و پرنسپڵەکانی سۆشیالیزم و ئەنارکیزمیش تاڕادەیەك لە هەندێك شوێندا.

ئەی لە ئێستادا؟ ئەوەمان کە تۆزێك بە ئاگا بین یاخود کرێکار بین دەزانین کە کرێکاران و بزوتنەوەکەیان ئەوەند لاوازە کە تەنانەت ناتوانن بەرگری لەوانەش بکەن کە لە دوای ناوەڕاستی چەرخی پێشوودا بەدەستهێنراون. ئیتر دەبێت قسە لەسەر داڕمانی سیستەم و هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە چۆن بکەن ؟ ئاسان نەنەبوو کە ئامارێکی متمانەپێکرا و ڕونم دەستبکەوێت بۆ زانینی ژمارەی کرێکارە سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئەنارکستەکان لەناو ڕیزەکانی کرێکاران لەو وڵاتانەی کە ناوم لە سەرەوە هێنان بەڵام ئەوەی کە لەناو کڕیکارانی ئێستادا دەیبینین بە دەگمەن کەسانی هەڵگری ئایدیای سۆشیالیستی یا ئەنارکسستی لە ناو ڕیزەکانیدا بەرچاو دەکەوێت.

دەتوانین بڵێین بیناکردنی کۆمەڵی سۆشیالیستی لای خودی کرێکارانی ئێستا خەوە و لای ئەوانەشمان کە وادەزانین کە ئەوە ئەرك و وەزیفەی کرێکارانە خەیاڵە.

زاهیر باهیر
کانونی یەکەمی 2025




گەنجان لە سەردەمی دیجیتاڵ و گۆڕانی كۆمەڵایەتی.. وریا مەعروف

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا كە تەكنیكە دیجیتاڵییەكان لە ژیانی ڕۆژانەدا بە شێوەیەكی چڕ و بەربڵاو بەكاردەهێنریت، گەنجان وەك كاراكتەری هەرە دیار و لە هەمان كاتدا لە هەستیارترین كاراكتەری گۆڕانە كۆمەڵایەتییەكان دەردەكەون. سەردەمی دیجیتاڵ تەنها قۆناغی نوێگەری تەكنۆلۆژی نییە؛ بەڵكو پرۆسەیەكی گشتگیری دووبارە داڕشتنەوەیە لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە تا دروستكردنی ناسنامە، لە پەروەردەوە تا بەرهەمهێنانی كەلتووری، تەنانەت شێوەكانی بەشداری سیاسیش دەگرێتەوە.
بۆ گەنجان، گۆڕەپانە دیجیتاڵییەكان تەنها پلاتفۆرمی پەیوەندیكردن نین، بەڵكو مەیدانی كۆمەڵایەتین كە ناسنامەی تێدا دادەمەزرێت، وتوێژی لەسەر دەكرێت و دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە. ژینگەكانی سۆشیال میدیا پرۆسە تەقلیدییەكانی دروستبوونی ناسنامەیان خێراتر كردووە؛ پێشكەشكردنی خود زیاتر بووەتە كارێكی نمایشكارانە، پارچەپارچە و شڵەقاو. ئەگەر سەرنج بدەین ماوەی ئەو كاتەی گەنجان لە ژینگەكانی ئۆنلایندا بەسەر دەبەن زیادی كردووە؛ دەركەوتن، ژمارەی فۆڵۆوەرەكان و ڕێژەی كارلێككردنەكان بووەتە شێوازێکی نوێی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بۆ نەوەی گەنج لەگەڵ ئەوەشدا، میكانیزمەكانی لایك و پێزانینی ڕێو شوێنی پێویستی گەنجان بۆ پەسەندكردنی كۆمەڵایەتی زیاد دەكەن، بەمەش بوارگەلی نوێی هەستیاری دروست دەبن وەك ئالوودەبوونی دیجیتاڵ و فشاری دەروونی و كۆمەڵایەتی.
دیجیتاڵکردن بووەتە هێزێکی یەکلاکەرەوە لە پێکهێنانی ناسنامەی جیهانی گەنجان. بەهۆی ئینتەرنێت و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و ئامرازەکانی پەیوەندی ئۆنلاین، ئێستا گەنجان نەک تەنها لە ژێر کاریگەری کولتوری ناوخۆیی بەڵکو لە ژێر کاریگەری شێوازی ژیان و بەها و هێماکانی کۆمەڵگە جیاوازەکاندان. ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی سنوورە نەریتییەکان لە بونیادنانی ناسنامەی گەنجان و سەرهەڵدانی پێکهاتەیەکی ناسنامەی گۆڕاو و فرە ڕەهەند. پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فەزایەكی نوێیان دروست کردووە بۆ خۆ نمایشكردن، و بەشداریکردن لە کەلتوری جیهانی. ئەم فەزا دیجیتاڵیانە گەنجان لە ئاستی جیهاندا پیشان دەدەن، لە ڕێگەی ئەم پڕۆسە دیجیتاڵی و جیهانی بوونەوە، ناسنامەی گەنجان قەبارەیەکی گەورەتر و کەمتر ناوخۆی وەردەگرێ، و بە تێکەڵبوونی کەلتورە جیهانییەکان دادەنرێت، بەم شێوەیەش کارلێکی بەردەوام لە نێوان ناوخۆیی و جیهانیدا دروستدەکەن.
جگە لەوەش، کایەی دیجیتاڵی دەرفەت دەدات بە گەنجان کە ڕووبەڕووی مۆدێلی ناسنامەی جیاواز ببنەوە، پەیوەندی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانەوە بکەن، و پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەکاندا بکەن کە سنوورەکان تێدەپەڕێنن. ئەمەش هەستکردن بە تاكێكی جیهانی بەهێز دەکات لە هەمان کاتدا بەشداری دەکات لە دووبارە پێناسەکردنەوەی تایبەتمەندی تاکەکەسی. بەڵام دروستبوونی ناسنامەیەكی جیهانی لە ژینگەی دیجیتاڵیدا دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی وەک سەرلێشێواوی ناسنامە یاخود ناسنامەی تێكەڵ، نادڵنیایی سەربەخۆیی و چەوساندنەوەی دیجیتاڵی. بەڵام دیجیتاڵکردن ناسنامەی نەوە گەنجەکان لە چوارچێوەی نیشتمانی دەباتە دەرەوە و فۆرمێکی ناسنامەی فراوانتر و کارلێککارانەتر و هەمەچەشنتر دروست دەکات.
یەكێك لە دیارترین كاریگەرییەكانی دیجیتاڵكردن لەسەر گەنجان لە بواری پەروەردەدا دەردەكەوێت. پلاتفۆرمەكانی فێربوونی ئۆنلاین توانای سەربەخۆیی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییان هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا شێوازی نوێی نایەكسانی بەرهەم دەهێنن بەهۆی جیاوازییەكان لە ئامێرە تەكنۆلۆژییەكان و خوێندەواری دیجیتاڵی ئەم كەلێنی دیجیتاڵە كە بەندە بە پێگەی سۆسیۆ-ئابوورییەوە، بووەتە هۆكارێكی یەكلاكەرەوە لە دەستڕاگەیشتنی گەنجان بە دەرفەتە پەروەردەییەكان، ئەم دۆخە نیشان دەدات كە جیاوازییە چینایەتییەكانی كۆمەڵگە لە ژینگەی دیجیتاڵدا دووبارە بەرهەم دەهێنرێنەوە و پرسیاری لەسەر ئیدیعای یەكسانیی سەردەمی دیجیتاڵ دروست دەكات.
هەروەها لە كۆمەڵگەی دیجیتاڵدا، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی گەنجان بە هۆی كارلێكی ئۆنلاینەوە دووبارە شێوە وەردەگرنەوە. لە لایەك، كۆمەڵگە دیجیتاڵییەكان دەرفەتی هاودەنگی، ئازادی ڕادەربڕین، و تۆڕە كۆمەڵایەتییە گشتگیرەكان پێشكەش بە گەنجان دەكەن؛ لە لایەكی تر، كەمبوونەوەی كارلێكی ڕووبەڕوو، گۆڕانی لێهاتووییەكانی پەیوەندیكردن و كێشەكانی وەك تەنیایی دیجیتاڵ دەخەنە بەرباس. بە تایبەت، زیادبوونی هەڕەشە و ئازاردانی ئەلیكترۆنی بووەتە مەترسییەكی كۆمەڵایەتی نوێ لەناو گەنجاندا. ئەم پێكهاتە دووانەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە كاریگەری دیجیتاڵكردن لەسەر بەرهەمهێنانی سەرمایەی كۆمەڵایەتی، ئاڵۆز و فرە-ڕەهەندە.
لەڕووی سیاسیشەوە نەوەی گەنج هەستیان پێدەکرێ كە كەمتر گرنگی بە پێکهاتە سیاسییە نەریتییەکان بدات، فۆرمەکانی بەشداریکردنی سیاسی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانییان بەسەردا هاتووە. هەڵمەتەکانی سۆشیال میدیا و بزووتنەوەکانی هاشتاگ و تۆڕەکانی هاودەنگی ئۆنلاین دەنگی سیاسی گەنجان بەهێزتر دەکەن؛ گۆڕەپانی دیجیتاڵ وەك شوێنێكی نوێی بۆ وتوێژی گشتی كار دەكات. بەڵام زۆرجار ئەم بەشدارییە وەک چالاکیی ڕووکەش ڕەخنەی لێدەگیرێت و جیاوازی نێوان چالاکیی و پشتیوانی لەبەردەم گفتوگۆدایە. سەرەڕای ئەمەش، بەسیاسیکردنی دیجیتاڵی گەنجان بە ڕەوتێکی بەرچاو دادەنرێت کە داهاتووی بەشداری دیموکراسی لە کۆمەڵگەی مۆدێرن دادەڕێژێت.
سەردەمی دیجیتاڵی هەم دەرفەتی نوێ و هەم لاوازی نوێ بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت. ئاسانتر دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و کارلێکی کەلتووری جیهانی و فراوانبوونی بوارەكانی بەرهەمهێنانی داهێنەرانە، توانای كۆمەڵایەتی و كەلتووری گەنجان زیاد دەكات، هەروەها لەبەرانبەردا نەمانی تایبەتمەندی، چاودێریکردنی داتا، ئاڵوودەبوونی دیجیتاڵی و کەلتووری ئۆنلاین ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکانی گەنجان ئاڵۆز دەکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سەردەمی دیجیتاڵی کاریگەری یەکلایەنەی لەسەر گەنجان نییە؛ بە پێچەوانەوە پرۆسەیەکی دژبەیەک و فرەلایەنە و دینامیکییە.
گەنجان پێگەیەکی سەرەکییان هەیە لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی سەردەمی دیجیتاڵیدا. تێگەیشتن لە داینامیکی کۆمەڵگایەکی گۆڕاو پێویستی بە شیکردنەوەی ئەزموونی دیجیتاڵی گەنجان هەیە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی و کەلتووری و سیاسییەوە. سەردەمی دیجیتاڵی تەنیا سەردەمێکی تەکنەلۆژی نییە بۆ گەنجان؛ بەڵكو سەرەتای دیزاینێكی نوێی ژیانی كۆمەڵایەتییە.

وریا مەعروف




زەردەشتی ئاینە رەسەنەکەی کورد لە لێواری لەناوچووندایە!.. نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر

ئاینی زەردەشتی یەکێکە لە کۆنترین ئاینە جیهانییەکان کە سەرهەڵدانی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی (٦) ی پێش زاین، ئاینەکەش هەر بەناوی پەیامبەرەکەیەوە بڵاوبووەتەوە کە ئەویش پەیامبەر زەردەشتە.
ئاینی زەردەشتی ئاینێکی یەکتاپەرستیە واتا بەتەنها (ئاهورامزاد)ە دەپەرستێت.
کتێبی پیرۆزی زەردەشتی ناوی ئاڤێستایە کە لە (٢) بەشی گەورە و (٢١) پارچە پێکهاتووە.
بنچینەی زەردەشتی لەسەر (٣) بنەما دەڕوات: (بیری باش، گوفتاری باش ، کرداری باش)، ئاینی زەردەشتی لەسەر خاکی کوردستان بڵاوبووەتەوە.
زەردەشتیەکانی باشوری کوردستان لە سەردەمی رژێمی بەعسدا وەک ئاینێکی دانپێدا نراو نەبوون لە عێراقدا بۆیە بە هیچ شێوەیەک رێگا بەپەرستشیان نەدەدرا ، لەبەر ئەوەی ئاینی فەرمی نەبوون لە عێراقدا زەردەشتیەکان ناچاربوون خۆیان و منداڵەکانیان وەک موسڵمان تۆمار بکەن و پەرستن و مەراسیمە ئاینیەکانیان بە نهێنی ئەنجام دەدا، بارودۆخی زەردەشتیەکان بەم شیوەیە مایەوە هەتا راپەڕینەکەی ساڵی (١٩٩١) و دەرکردنی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێمی بەعس لە کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیتر هەموو چین وتوێژەکان هەموو بیروباوەڕ و ئاینەکان هەناسەی ئاسوودەییان هەڵمژی و هیوای گەورەیان بەوە هەبوو کە خۆری ئازادی هەڵهات .
بەڵام لە پاش رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی (٢٠٠٣) بە شێوەیەکی بەرفراوان زەردەشتیەکان دەستیانکرد بە جموجوڵی خۆرێکخستن و بانگەشەکردنی زەردەشتی بەئاشکرا وداوایان لە خەڵک کرد ئیتر سەردەمی ئازادیە پێویست ناکات بە نهێنی پەیڕەوی زەردەشتی بکەن.
بەم شێوەیە هەزاران خەڵک زەردەشتی بوونی خۆیان ئاشکراکرد و بە ئاشکرا بانگەوازیان بۆ زەردەشتی بوون دەکرد، هەروەها سەدان کەسی تریش بوون بە زەردەشتی، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ گەشەی زەردەشتی لە باشووری کوردستان لە عێراق گروپە جیهادیە ئیسلامەکان سەریان هەڵدا و بیروباوەڕی تووندڕەوەی ئیسلامی لە تەواوی عێراق بە کوردستانیشەوە بڵاوبووەوە، سەرهەڵدانی گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان لە عێراق سەرسامبوونی خەڵکێک لە کوردستان بەم بەروباوەڕە تووندڕەوە ئیسلامیە بووبە هووی ئەوەی مەلا و بانگخوازە ئیسلامیەکان بە ئاشکرا دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر زەردەشتیەکان، لە مزگەوت و راگەیاندنەوە هیرش و سوکایەتی کردن بە زەردوشتیەکان و بیروباوەڕی زەردەشتیەکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسلامەیان بینیان ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان بێباکە لەوەی بەرانبەر بە زەردەشتیەکان دەکرێت. ئیدی ئیسلامیەکان هەر بە هێرش و سوکایەتەوە نەوەستان بەڵکو بە ئاشکرا فتوای کافربوونی زەردەشتیەکانیان دەرکرد، فتوایان دەرکرد کە هەرکەس ببێتە زەردەشتی کافر دەبێت و بەڵکو تەڵاقی دەکەوێت و ئەگەر هاوسەرگیری کردبێت دەبێت کەسوکاری ژنەکە خێزانەکەی لێوەربگرنەوە لە یەکیان جیابکەنەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک کەسانی زەردەشتی لە قەبرستانی موسڵمان بنێژرێت. ئەم فتوادانە و هێرشانە بۆ سەر زەردەشتیەکان بەتەواوەتی کاریگەری کردە سەر زەردەشتیەکان.
بەداخەوە حکومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتی و بەرگریەکی لە زەردەشتیەکان نەکرد و ناکات و بە تەنها بەجێیانی هیڵا و دەهێڵێت بۆ هیزە توندڕەوە ئیسلامیەکان.
بەم شێوەیە زەردەشتیەکان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان
سەدان کەسی زەردەشتی رووبەڕووی هەرەشە دەبنەوە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن چالاکی ئاینی خۆیان هەبێت، بەبەردەوامی هەرەشەی کوشتنیان لە سەرە لەلایەن ئیسلامیەکانەوە ، تەنانەت چەندین کەس تەقەی لێکراوە ، بەڵام ئەوەی جێگای داخە و لە هەمانکاتتدا جێی سەرسووڕمانە زۆرێک لە زەردەشتیەکان کاتێک سکاڵا تۆمار دەکەن لە لای پولیس و ئاسایش بە هیچ شێوەیەک سکاڵاکانیان بە هەند وەرناگیرێت و پشتگوێیان دەخەن و وەک ئەوەی ئازادی و تەنانت ژیانی خەڵکی زەردەشی هیچ گرنگ نەبێت لای دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر ئەمەش نە بەڵکو لە ترسی ئیسلامیەکان هیچ راگەیاندنێک ناوێرێت باسی دۆخی زاردەشتیەکان بکات، هەتا ئێستا سەدان بەرنامەو چاوپێکەوتن و رێپۆرتاژ کراوە سەبارەت بە هەموو ئاینەکانی تری کوردستان کەچی تەنانەت بە یەک وشەش کەس باسی زەردەشتی و دۆخی زەردەشتیەکان ناکات وەک بڵێت ژیانی هەزاران کەسی زەردەشتی هیچ گرنگ نەبێت بۆ کۆمەڵگای کوردستان و بۆ راگەیاندن وتەنانەت بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەربۆیە زەردەشتیەکان بە ناچاری بە لێشاو کوردستان بەجێدەهیڵن کۆچ دەکەن بەتایبەتی ئەوکەسانەی کە هەڕەشی کوشتیان لە سەرە چوونکە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم نایانپارێزن و هیچ چارەیەکیان نیە لەوە زیاتر پەنا بەرنەبەر کۆچکرد بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەمەبەستی خۆرزگارکردن لە کوشتن و لە ناوچوون.
ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد راستی یەکی تاڵە کە رەسەنترین ئاینی کوردی لە کوردستانی عێراق لە بەردەم قڕکردن و لەناوچووندایە بەبێ ئەوەی بۆ کەس جێگای سەرنج و گرنگی پێدان بێت.

نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر




هەنگاوی نوێی چین لە کوردستان: هاوکاری یان کۆنترۆڵ؟.. ئاگری قادر*

لە چەند رۆژی ڕابردوودا كە كۆماری گەلی چین ، دامەزراوەیەكی نوێی ئیداری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان دامەزراند، كە بە “شورای مەزن” ناودەبرێت. لە كاتێكدا كە لە ژێر زمانی هاوكاری و گەشەپێدان پێشكەش دەكرێت، ئەم رێكخراوە نیگەرانی قووڵ سەبارەت بە فراوانبوونی تاكڕەوی، ئەندازیاری كۆمەڵایەتی و ئەگەری وەرینی سەربەخۆیی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە ڕوانگەیەكی ئەكادیمی و جیۆپۆلەتیكییەوە، هەوڵەكانی چین دەبێت لە چوارچێوەی فراوانتری ستراتیژی جیهانییەكەیدا تێبگەین — ستراتیژییەك كە كاریگەریی سیاسی، دزەكردنی ئابووری و پێشبینی ئایدیۆلۆژی تێكەڵ دەكات. دامەزراندنی دامەزراوەیەكی لەو جۆرە لە كوردستاندا ناتوانرێت لە مۆدێلی حوكمڕانی لەمێژینەی چین جیا بكرێتەوە كە ڕەگ و ڕیشەی لە كۆنترۆڵی ناوەندی و سنوورداركردنی ئازادییە مەدەنییەكان و ملكەچكردنی تاكەكان بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت هەیە،سیستەمی سیاسی ناوخۆیی چین بە حوكمڕانی یەك حزبی و سەركوتكردنی ناڕەزایەتی و میكانیزمی چاودێری كۆمەڵایەتی بەرفراوان تایبەتمەندە. ئەو دامەزراوانەی كە لە ژێر ئەم مۆدێلەدا دروست دەكرێن – چ لە ناوخۆ یان دەرەوە – زۆرجار خزمەت بە دوو مەبەست دەكەن:
درێژكردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت
داڕشتنی ڕەفتاری گشتی لە ڕێگەی فۆڕمی ورد و ئاشكرای كۆنترۆڵكردنەوە
ئەگەر سیستەمێكی لەو شێوەیە هەناردە بكرێت بۆ كوردستان، تەنانەت بەشێوەیەكی بەشەكی یان ناڕاستەوخۆ، كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر مافی مرۆڤ، بەشداری سیاسی و ئۆتۆنۆمی كۆمەڵایەتی هەڵدەگرێت. بۆیە پێویستە ناساندنی بەناو “شورای مەزن” بە شێوەیەكی ڕەخنەگرانە وەك ئامرازێكی كاریگەری كاریگەری هەڵسەنگێندرێت نەك پێكهاتەیەكی بێلایەن یان گەشەسەندن
“شورای مەزن” وەك هەنگاوێك بەرەو كۆیلایەتی مۆدێرن – ڕەنگدانەوەی ترسەكانە كە پڕۆژەكەی چین كەناڵی نوێ بۆ چاودێریكردن، دیسپلینكردن، یان دەستكاریكردنی گروپە كۆمەڵایەتییەكان دروست دەكات. لە زۆرێك لەو ناوچانەی كە چین ئۆرگانی كولتووری یان كارگێڕی دامەزراندووە، ئەم دامەزراوانە ئاوێنەیەكی لایەنەكانی مۆدێلی حوكمڕانی ناوخۆیی چین بوون كە :
بڕیاردانی ناوەندی
شەفافیەتێكی سنووردار
دامەزراندنی ستراتیژی نوخبە ناوخۆییەكان بۆ داڕشتنی بۆچوون
بەرنامەی پەروەردەیی و كولتووری كە بۆ گۆڕینی ناسنامە و دڵسۆزیەكان داڕێژراون،ئەم نەخشانە ئەوە دەردەخەن كە “شورای مەزن” دەتوانێت وەك میكانیزمێك بۆ چوونە ناو كۆمەڵگەی مەدەنی كورد و كۆكردنەوەی كاریگەری و وردە وردە ئاساییكردنەوەی نۆرمەكانی پاوانخوازانە كار بكات،لە ڕوانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە، بەرژەوەندی چین بۆ كوردستان هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژییە فراوانەكانی پشتێن و ڕێگا و خواستی فراوانكردنی كاریگەری لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییەكان یان نیمچە سیاسییەكان ڕێگە بە چین دەدات خۆی لەناو پێكهاتە ناوخۆییەكاندا جێگیر بكات، ئەمەش كاریگەری دروست دەكات كە دەتوانرێت لە دانوستانە دیپلۆماسییەكان یان ئابوورییەكانی داهاتوودا بەكاربهێنرێت،بۆ كوردستان دروستكردنی دامەزراوەیەكی ئاڕاستەكراوی دەرەكی و خاوەن دەسەڵاتێكی ناڕوون پێناسەكراو پرسیاری ڕەخنەگرانە دەوروژێنێت،ئایا ئەم رێكخراوە خزمەت بە بەرژەوەندییە ناوخۆییەكان دەكات یان ئامانجە ستراتیژییە دەرەكییەكان؟
چ میكانیزمێك لێپرسینەوە و شەفافیەت و چاودێری مسۆگەر دەكات؟
جەماوەری كورد چۆن لە دەستكاری ئایدیۆلۆژی یان سیاسی دەپارێزرێت؟
بەبێ وەڵامی ڕوون، مەترسییەكان لە سوودە ئەگەرییەكان زیاترن
ڕێگریكردن لە دامەزراندنی وەها ئۆرگانێك تەنیا كردەوەیەكی بەرخۆدانی سیاسی نییە؛ ڕێوشوێنێكی پێویستە بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و سەروەری دامەزراوەیی و خواستە دیموكراسیەكان. ئەزموونی كورد لەگەڵ زلهێزە ناوچەییەكان دەریخستووە كە زۆرجار قەوارە بیانییەكان نەك لە ڕێگەی داگیركاریی بینراوەوە، بەڵكو لە ڕێگەی هاتنە ناوەوەی دامەزراوەیی وردە وردە بەدوای كاریگەریدا دەگەڕێن. لەم چوارچێوەیەدا چین – بە مێژووی كۆنترۆڵكردنی تاكڕەوانە و فراوانبوونی نێودەوڵەتییەوە – نوێنەرایەتی هاوبەشی ڕزگاری نییە بەڵكو بكەرێكی پۆتانسێلی هەژموون دەكات. چین وەك هێزێكی “كۆیلایەتی و داگیركاری” ڕەنگە بەهێز دەربكەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگدانەوەی ئەو ترسە ڕاستەقینەكانە كە ڕەگیان لە بەڵگە جیهانییەكانی پراكتیكەكانی حوكمڕانی چیندا هەیە. پێویستە “شورای مەزن” پێشنیاركراوی كوردستان لە چوارچێوەیەكی ئەكادیمی و جیۆپۆلەتیكی گەورەتردا وەك هەوڵێك لەلایەن دەوڵەتێكی تاكڕەوەوە بۆ درێژكردنەوەی كاریگەریی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ئیداری بۆ ناوچەیەكی لاواز تێبگەین. پاراستنی ئۆتۆنۆمی و ئازادییەكانی گەلی كورد پێویستی بە وریایی و شەفافیەت و ڕەتكردنەوەی پتەوی ڕێگەدان بە زلهێزە بیانییەكان هەیە بۆ سەپاندنی پێكهاتەكان كە سازش لەسەر مافەكانی مرۆڤ و سەروەری دەكەن. هەر لەبەر ئەم هۆكارە دەبێت دەستپێشخەرییەكە بە شێوەیەكی ڕەخنەگرانە هەڵسەنگێندرێت – و دواجار ڕەت بكرێتەوە بۆ پاراستنی ئایندە و كەرامەت و چارەنووسی كوردستان.

ئاگری قادر
خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی لە زانكۆی نیشتمانی تایوان




ببووره‌ بـێده‌نگی گوڵه‌كان نـایـلۆن بوون.. شیعر: نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌ نیشتمان بێـزار نیـم
تاڤگه‌ و ڕووباری
به‌قه‌د فرمێسكی ژنانی
به‌ چیا و ده‌شت و بناران
دێنه‌خوار..
بێزار نیم من
له‌ نیشتمانێ،
نهێنی سه‌ت ساڵه‌یان
له‌ بۆڕسان
به‌ با سپارد..
( نیشتمان..
تاڤگه‌ و ڕووبار..
فرمێسكی ژنان..
بۆڕسه‌.. )

شه‌و،
بـۆ ئه‌هلی دڵ
نیشتمانه‌..
گریان و هه‌نسكی تێدا
هاوته‌ریب
گه‌ز گه‌ز ڕاده‌شكێن
ئێمه‌یش تا ونبوون
تا ڕۆحمان دێته‌وه‌ ناو‌
كازیوه‌
له‌ نیشتمان ،
له‌ شه‌و
دانابڕێـین..
( ئه‌هلی دڵ..
گریان و هه‌نسك..
گه‌ز گه‌ز..
كازیوه‌..)

مه‌رگ هه‌ڕه‌شه‌مان لێ نـاكا
مه‌رگ له‌ باوه‌شمانه‌
به‌ زه‌رده‌مسكه‌یه‌ك باوه‌ڕ ده‌كا..
مه‌رگ
جاران لێـكی ده‌كردین
ئێستا له‌ ئاهه‌نگه‌ بێ نه‌شئه‌كانی نیگه‌رانی
كـۆمان ده‌كاته‌وه‌..
( هه‌ڕه‌شه‌..
باوه‌ش..
زه‌رده‌مسكه‌..
بێ نه‌شئه‌..)

شه‌قام نه‌بوو
به‌ شه‌قاممان چوواند..
تووله‌ڕێ نه‌بوون
به‌ تووله‌ڕێـیانمان چوواندن..
كانی نه‌بوون
به‌ كانیـیانمان چوواندن..
برین نه‌بوون
به‌ برینانمان چوواندن..
سه‌رچاوه‌ی میهر و
ئاسووده‌یی نه‌بوون
به‌ سه‌رچاوه‌ی میهر و
ئاسووده‌ییمان چوواندن..
( شه‌قام..
تووله‌ڕێ..
برین..
ئاسووده‌یی..)

چاودێرانی شه‌و
گریـانی بێداران،
به‌ شنه‌ی سپێده‌
ده‌خوێننه‌وه‌..
ته‌م له‌ بێشه‌ڵاندا هه‌ڵخلیسكاوه‌
نێرده‌ی ڕۆشنایی،
به‌ره‌ی كپ و بێده‌نگی مێژوومان،
بـێوچان پێشوازی
له‌ ئاماژه‌ دره‌وشاوه‌كانی ماندووبوون و
نوێنه‌رانی
ڕه‌هێـڵه‌ی تـاولێـبڕاو و
سه‌رده‌مه‌ بازنه‌ییه‌كانی
شه‌ڕ و ئاشتی ده‌كرد..
( شنه‌ی سپێده‌..
هه‌ڵخلیسكان..
ڕه‌هێڵه‌..
شه‌ڕ و ئاشتی..)

ئه‌وه‌یه‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی كوژانه‌وه‌..
ڕووبه‌ندی سه‌حه‌ر..
ئامێـزی له‌بـیركراوی دژواری..
گه‌مه‌ی ژاكان،
دوور له‌ مرۆڤ
دوور له‌و خه‌ونانه‌ی
هه‌میشه‌ خۆمان به‌ هه‌ڵه‌
لێــكیان ده‌ده‌ینه‌وه‌
وێنه‌ی كۆزه‌ سپیداری پاییزیی به‌له‌نجه‌
ده‌شه‌كێـنه‌وه‌..
( ڕه‌چه‌ڵه‌كی كوژانه‌وه‌..
ژاكان..
مرۆڤ..
شه‌كانه‌وه‌.. )

هاواری بێده‌نگیمان،
له‌ داربریایان ئاڵاندووه‌..
نه‌فرینی چیایانه‌،
گوڵی نایلۆنی دووكان و مغـازان
ژه‌نگی ساویلكه‌یی و
په‌نجه‌ی هه‌ڵبڕاوی په‌شیمانی
پێشبینی،
نان و ئاوی سبه‌مان ده‌كا ..
( داربریا..
گوڵی نایلۆن..
په‌نجه‌ی په‌شیمانی..
نان و ئاوی سبه‌ی.. )

جه‌نگێك له‌ سه‌رمدا به‌رپایه‌
مه‌پرسه‌..
شانده‌
كراواتدار و یه‌خه‌ بریقه‌داره‌كانی ئاشتی
به‌ دیارمه‌وه‌ن
چه‌پڵه‌م بۆ لێ ده‌ده‌ن
پێم ده‌ڵێن: ئافه‌رین!
مۆسیقایه‌كی چه‌ند دڵگیره‌
مۆسیقای جه‌نگ
بـازاڕان ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه‌..
ڕازی یـاڵه‌ به‌فركووشه‌كان
له‌به‌ر ئاستانه‌ی بێهووده‌ییدا
ده‌دركێنێ..
چه‌ند دڵگیره‌ مۆسیقای جه‌نگ..
( جه‌نگ..
مۆسیقا..
بازاڕ..
ئاستانه‌ی بێهووده‌یی.. )

ئومێدمان له‌ قه‌ده‌حێـكی پیرۆزی زێڕین
له‌پێش نه‌یاران دانا..
ده‌ستمان به‌‌ سێبه‌ری
جه‌سته‌ی شه‌كه‌تمان داهێنا..
چاومان له‌ به‌زه‌یی ئاسمانه‌..
ده‌نووین،
ئێمه‌ دوێنێ
بۆ ئه‌مڕۆ نوستبووین
ئه‌مڕۆش بۆ سبه‌ی..
گه‌وهه‌ری ئایینده‌مان
له‌ ڕامانی سیما شێواوه‌كانه‌وه‌
بۆ ماوه‌ته‌وه‌ ..
شادیمان له‌ بێـچاره‌بوونماندایه‌
ژیانمان،
ئه‌ته‌می هێللانه‌ی باڵدارانه‌
ورد..
گرێـچن..
بڵیند و
ئه‌ندازه‌دار..
لێ هه‌میشه‌
سێره‌لێـگیراو بۆ تێكدان و وێرانكردن..
( شوێنكات..
جه‌سته‌..
ئه‌ندازه‌دار..
تێكدان.. )

خانمی دواڕۆژ
گوڵی نایـلۆنی
گونده‌ نوێـیه‌ بۆگه‌نه‌كانی شارانه‌
به‌ نیگای برسی
گه‌نجانی بێـكار،
دووكه‌ڵی لێ هه‌ڵده‌ستێ..
ئیتر گوڵه‌مێخه‌ك خه‌م ناڕه‌وێننه‌وه‌
خه‌م به‌بیر دێنـنه‌وه‌..
به‌خشش،
كه‌وییه‌به‌فرێكی ڕووتـه‌
له‌به‌ر هه‌تاوی ته‌مووزێ..
( خانمی دواڕۆژ..
نیگای برسی..
دووكه‌ڵ..
به‌خشش.. )

ڕۆژگار،
ڕۆژگاری به‌دنشین و
نه‌رگسیی و لاساران‌..
وه‌رز،
وه‌رزێـكی نـامۆ
نه‌ زستانه‌
نه‌ به‌هار
نه‌ هاوینه‌
نه‌ پاییز..
ڕه‌نگ نه‌ماون، لێچوونه‌ته‌وه‌
هه‌موو ڕه‌نگه‌كان
هه‌موو ژه‌نگه‌كان
هه‌موو خۆزگه‌ و بریاكان..
تێكه‌ڵ بوون..
ژنانی سپی ، گه‌نمڕه‌نگ
له‌به‌ر ده‌روازه‌ی ئــاوه‌ڵای
(جیهانایه‌تی)دا
سنگ بۆ عه‌شقی له‌ده‌ستچوویان
ده‌كوتن..
نه‌وا،
گه‌ردانه‌یه‌كه‌
له‌ ئازاره‌ به‌رده‌وامه‌كانی ڕۆحمان
به‌ ته‌وێڵی سه‌رده‌مه‌وه‌ ..
( وه‌رزی نامۆ..
ژه‌نگ..
جـیهانایه‌تی..
ئازاری ڕۆح.. )

ڕه‌نده‌
مه‌له‌ی پێچه‌وانه‌ی ماسییان
ڕه‌ندن
كه‌روێشكه‌ی به‌رخه‌ل
سه‌مای گه‌رده‌لوول
ئاوی كڕ
په‌شمی خوناو
كوێره‌وه‌ری خوولیا..
( مه‌له‌ی پێچه‌وانه..
كه‌روێشكه‌..
په‌شم..
خوولیا.. )

ڕه‌نگه‌ له‌م ئاوه‌ مه‌ند و بێ ته‌وژم و ڕاوه‌ستاوه‌دا
دوا خنكاو نه‌بم..
هه‌نگاوم به‌ره‌و خۆم گه‌ڕاندنه‌وه‌..
هه‌وڵ ئه‌ده‌م (خود)یشم
به‌ره‌و خۆم بگه‌ڕێـنمه‌وه‌..
ڕوئیاكانم،
له‌ دارستانێكی چڕ ده‌چن
دره‌ختی لێ به‌لادا دێن..
ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی دڵسۆزی
(بازنه‌) به‌نـاوبانگه‌كه‌ین
هه‌میشه‌ له‌ پنتێكه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ین
ماندوو..
شه‌كه‌ت..
خه‌ولێخراو..
دێـینه‌وه‌ هه‌مان پنت..
گه‌مه‌ی له‌دایك بوونمان ئه‌وه‌یه‌‌
سرووتی بێده‌نگیمانی
پێ به‌ڕێ كه‌ین..
ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و سۆزه‌ی
له‌ نیوه‌خه‌ودا،
به‌ خێرایی ڕك و كینه‌
له‌ ته‌نیاییمان نزیك ده‌كاته‌وه‌ و
به‌ دیـوی بـاڵاپـۆشیدا
ڕووتمان ده‌كاته‌وه‌..
( دوا خنكاو..
بازنه‌ی به‌ناوبانگ..
خه‌ولێخراو..
سرووتی بێده‌نگی.. )

شه‌یدایانی شوێن،
كات هه‌ڵیانده‌لووشێ..
شه‌یدای كات،
شوێن هه‌ڵیلووشیوه‌..
چاوشێركانه‌ی گومڕایان بوو،
كه‌ل و په‌لم
له‌ جانتای ده‌ستم نابوو
جانتام لێ دزرا
بێ چاویلكه‌
بێ جگه‌ره‌
بێ زه‌رده‌خه‌نه‌
كه‌ چه‌ند دانه‌یه‌كم
بۆ كاتی پێویست تێداویشت
بێ ده‌سماڵ و
بێ كتێب و ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌م و
بێ گیرفانپووڵی مامه‌وه‌ ..
( شه‌یدای كات..
چاوشێركانه‌ی گومڕایان..
جگه‌ره‌..
گیرفانپووڵی.. )

ببووره‌ بێده‌نگی!
ئه‌و چڵه‌ زه‌یتوونه‌ی باسی ده‌كرێ
ده‌ستمان نه‌گه‌یشتێ ..
له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌
به‌ مه‌رگی دواخراو ده‌وره‌ دراوین..
ببووره‌ بێده‌نگی!
تۆیش هاتیه‌ ناو
ئه‌ڵقه‌ی ته‌وافی
كه‌وانه‌ نه‌بینراوه‌كان
پاك
ڕۆشن
له‌ ده‌ستێـكی ئه‌مین دای
ده‌ستی مرۆڤ
كه‌ كلیلی هه‌موو ده‌رگایانی پێیه‌
ده‌رگای خۆی نه‌بێ..
ببووره‌ بێده‌نگی!
مه‌ودا دووره‌ و
ته‌مه‌ن كورت
شه‌قاوی سه‌فه‌رم
ته‌نێ بایی دیـتنی
مه‌رگی (ئه‌نكیدۆ)ی هاوڕێم بوو
كه‌ هاتمه‌وه‌،
هه‌موو به‌جێیان هێشتم
هه‌ر كه‌س خه‌ریكی خۆی بوو
كه‌س پێی نه‌گوتم:
ماندوو نه‌بی گه‌لگامش
كه‌س سه‌ره‌خۆشی لێ نه‌كردم..
ببوره‌ بێده‌نگی!
گوڵه‌كان
كه‌ داماننابوو
به‌ هه‌وای خوا و
ئاوی سازگاری كوێستانان ڕسكاون
وا ده‌رنه‌چوون..
ببووره‌ بێده‌نگی!
گوڵه‌كان نایلۆن ده‌رچوون.

                                    
نه‌ژاد عزیز سورمێ
  ئه‌یلوولی 2025



کشانەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوخۆی تورکیا.. عوسمانی حاجی مارف

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ئۆکتۆبەر، پەکەکە کشانەوەی سەرجەم گەریلاکانی لە خاکی تورکیا بۆ باکووری عێراق ڕاگەیاند! ئەم ڕاگەیاندنە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا سەرکردەکانی پەکەکە لە ناوچەی چیای قەندیل لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خوێندیانەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەکرا، کە بڕیاری کشانەوەکە بۆ دورکەوتنەوەیە لە مەترسی پەرەسەندن یان پێکدادانی نەخوازراو لەناو تورکیادا.
ئەم پێشهاتە نوێنەرایەتی وەرچەرخانێکی بێوێنە دەکات لە ململانێی چوار دەیەی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکەدا، بەشێوەیەکی کاریگەر کۆتاییە بە بوونی سەربازی لە سنوورەکانی تورکیا و گواستنەوەی چەکدارەکان بۆ ناوچە شاخاویەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
ڕاگەیاندنی کشانەوەی پەکەکە لە خاکی تورکیا، کاردانەوەی بەرفراوانی بازنە سیاسیەکانی ئەنقەرە بەدوای خۆیدا هێنا، ئەم هەنگاوە بە وریاییەوە پێشوازیەکی فەرمی لێکرا و حکومەت بە نیشاندەرێکی ئەرێنی زانی بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکەی کە پاراستنی تورکیایە لە “تیرۆرو تیرۆرستان”، بەتایبەتی کە پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە تورکیا دەستنیشان کراوە! ئەنقەرە چاودێری جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات، بۆ دڵنیابوون لە جدیەت و بەردەوامیەکەی و کۆتاییهێنان بەهەر گروپێکی چەکداری لە تورکیادا.
ئەم ڕاگەیاندنە بڕگەیەکی گرنگە لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە، کە زنجیرەیەک هەنگاوی وردە وردە بە دەوری ئۆجەلان لەناو خانەی زیندانەکەیەوە کۆتایی پێدەهێنێت، ڕێگە خۆش دەکات بۆ داخستنی یەکێک لە ئاڵۆزترین حاڵەتەکانی توندوتیژی لە مێژووی کۆماری تورکیادا.
لەلایەکی ترەوە ئەم بڕیارەی پەکەکە بەهەر سەرنجێ لەسەر پێگەو ململانێی لەبەرامبەر حکومەتی تورکیادا، وەرچەرخانێکی مێژوویی لە هاوکێشە ئەمنی و سیاسیەکانی تورکیادا نیشان ئەدات، کە وەک داخستنی دیفاکتۆی خەباتی چەکداری دەیان ساڵەیە و گۆڕانکاریەکی ڕاگەیەندراو بەرەو کردەوەی هەڵبژاردەی سیاسی لە بواری تردا دەخوێندرێتەوە!.
پەکەکە لە یەکی ئازاردا ئاگربەستی تاکلایەنەی دەستبەجێی ڕاگەیاند، دوای دوو مانگ، ئەو حزبە دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی لە چیای قەندیل بەست، لەوێ بڕیارێکی چارەنوسسازانەی دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری. ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە گۆڕانکاریە ناوچەییەکان، دیارترینیان گۆڕانی دۆخی سیاسیە لە سوریا دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە دیمەشق بە پشتیوانی تورکیا، دەرفەتێکی داوە بە ئەنقەرە لە پێگەیەکی سەقامگیرتر و متمانە بەخۆبونەوە خۆی لە ئاستی ناوچەیدا دامەزرێنێتەوە و جێگیر بکات، هەربۆیە بە شێوازێک کە بۆخۆی گونجاو بێت بانگەشەی ئاشتی دەکات و باس لە هەنگاوەکانی کۆتایهێنان بە تیرۆر دەکات.
لەڕووی سەربازییەوە، ئەو بڕیارە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆیە بە پاشەکشەی پەکەکە، کە لەباری عەمەلیەوە لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازیە بەردەوامەکانی تورکیا لە هەرێمی عێراق و باکوڕو رۆژهەڵاتی سوریا بەرجەستەبۆتەوە، پاشەکشەی گەورەی بە هێزەکانی پەکەکە کردووە لە ناوخۆی تورکیادا. ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەناو پەکەکەدا ڕوویداوە، چیتر توانای بەردەوامی یاخیبونی چەکداری نەماوە، بەهۆی ئەو لێدانە قورسانەی بەریکەوتووە، بەتایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا.
ئەتوانین بڵێین پەکەکە کشانەوەیەکی ناچاری هەڵبژارد، بۆئەوەی ڕوبەڕوی گورزی ڕوخانی یەکجاری نەبێتەوە، هاوکات ئەنقەرە توانیویەتی هاوسەنگیەک لەسەر بنەمای دابەشنەکردنی ئاسایشی تورکیا دابمەزرێنێت، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و هەولێر و فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە پێشوەختەکان دژی بنکەو بارەگانی پەکەکە.
لە ڕاستیدا تەحەدای ڕاستەقینە لە دوای کشانەوەی پەکەکە لەناوخۆی تورکیا دەست پێدەکات، هەنگاوی داهاتوو پەیوەستە بە توانای ئەنقەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کوتلانەی کە لەدەرەوەی تورکیان، بەتایبەتی ئەو هێزانەی لە قەندیلە و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە سەختە بۆ تورکیا لەنێو ئەو ململانێ جیهانیەی کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەیە، بەئاسانی هەنگاوەکانی بەرێتە پێشەوە، لەکاتێکدا کە تەواو دەرگیرە لەبەرامبەر ڕۆڵی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
جگە لەوەش سیاسەتی تورکیا لەبەرامبەر کێشەی کورد گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەردۆغان هەندێ دەستپێشخەری لەوبارەیەوە کردووە، کە تاڕادەیەک دەرگای بۆ پارتە کوردیەکان بۆ ناساندنی ناسنامەی کوردی کردۆتەوە، هەروەها بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕۆڵی هەبووه، لەسەر پرسی کورد له ناوچەکە بەگشتی و تورکیا بەتایبەتی، لەهەمانکاتدا ئەوەی زیاتر ئارامبونەوەی نێوان تورکیا و پەکەکەی خۆشکرد، بونی پێگەی هەسەدەیە وەک هیزێکی بەتواناو دەسەڵاتدار لە سوریا، کە فشارێكی گەورەیە بە نەرێنی لەسەر دەوری تورکیا لە سوریادا.
ئەوەی شایانی باسە هەواڵ هەیە کە کارەکانی لیژنە پەرلەمانیەکەی تورکیا، لەسەر مەسەلەی ئاشتی خاو بووەتەوە یان وەستاوە، تا ئێستا هیچ پرۆژە یاسایەکی سەبارەت بە گەڕانەوە و تێکەڵکردنی چەکدارانی پەکەکە بۆ ژیانی مەدەنی، یان لێبوردن بۆ سەرکردە دیارەکانی باسی نیەو ڕانەگەیەندراوە!. لەلایەکی تریشەوە جوڵەو کشانەوەکانی پەکەکەش زیاتر ڕەمزیە تائەوەی ئاراستەی جدی لە گۆڕانکاریەکەی نیشان بدات، بەوپێیەی لە نمایشەکاندا تەنها ژمارەیەکی سنوورداری چەکداری تێدا بەشداربووە، لەکاتێکدا ئەو حزبە هێشتا چەک و تەقەمەنیە قورسەکان و کەمپەکانی خۆی لە چوارچێوەی خاکی عێراقدا پاراستووە.
جگە لەوەی سەرکردایەتی پەکەکە گواستنەوەی بۆ دەرەوەی تورکیا هەڵبژارد، بەتایبەتی بۆ کوردستانی عێراق کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا، پێشتریش بۆتە هۆی دروستبونی خۆلێدانێکی قووڵ لەنێوان ئەنقەرە و حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر، بەڵام خودی کشانەوەکە تاڕادەیەکی زۆر ڕەمزییە، ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە پێگەکانیان لە ناوچە سنووریەکانی تورکیا بەجێهێشت و ڕوویان لە کوردستانی عێراق کرد، تەنیا چەند دە کەسێکە، بە بەراورد بەو ژمارە زۆرەی چەکدارەکان کە لە ناوچە شاخاویەکان بەدرێژایی سنووری تورکیا-عێراق-سوریا جێگیرکراون. جگە لەوەش، کشانەوەی ئەو هێزانەی کە ماون، لەلایەن هەواڵگری تورکیاوە ژمارەیان بە هەزاران مەزەندە دەکرێت، کە پەیوەستە بە پابەندبوونی تورکیا بە پرۆسەی ڕێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان.
ئەم کردەوە ڕەمزیە جیاواز نیە لەوەی کە پەکەکە لە ١١ی تەمووزدا کردی، کاتێک لە مەراسیمێکی ڕەمزیدا لە جاسەنە بەڕێوەچوو، گروپێکی ٣٠ کەسی لە ئەندامانی چەکی سووکیان سووتاند. ئەم هەنگاوە ئامانجی دووپاتکردنەوەی پابەندبونی پەکەکە بوو، بە “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی” کە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتدا دەرچووە. ئۆجەلان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە و تەسلیمکردنی چەکەکانی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ تێکەڵبون بە پرۆسەیەکی سیاسی کە ئایندەکەی بۆ خودی پەکەکەو ئۆجەلان ڕون نیە.
پەکەکە تائێستاش چەکی قورس و ئۆردوگای مەشق و توخمە چەکدارەکانی خۆی لە دەستدایە، تائێستا هیچ ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە ئیداری یان سەربازیەکەی نەدراوە، هەروەها وادەیەکیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی لەو شێوەیە دیاری نەکراوە، ئەمانە داواکارین کە ئەنقەرە پێشتر ڕایگەیاندووە کە دەبێت بەجێی بهێنن!.
ڕاگەیاندنی پەکەکە لە کشانەوەی خۆی لە خاکی تورکیا، پرسیاری لەبارەی ئایندەی نفوزی ئەو ڕێکخراوە لە عێراق و سوریا کە بنکەی لقە چەکدارەکانی لێیە، دروستکردووە. ئەم هەنگاوە دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان و باکوڕو رۆژهەڵاتی سوریا بە جۆرێکی تر دابڕێژێتەوە، لەکاتێکدا ئەنقەرە هەوڵدەدات ئەم گۆڕانکاریە بۆ یەکلایکردنەوەی ئەمنیەتی ناوچەیی بە قازانجی خۆی بە فراوانتر وەربگێڕێت.
لە واقیعدا تورکیا سەرکەوتنی بەرچاوی لە بەرەنگاربونەوەی گەریلاکانی پەکەکەدا بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی پێشکەوتنەکانی لە بواری تەکنەلۆجیا و پیشەسازی بەرگریدا. لەماوەی پێنج شەش ساڵی ڕابردوودا پەکەکە لە ناوخۆی تورکیادا گورزی قورسی بەرکەوتووە و ناچاربووە پاشەکشە بکات، تەنانەت بەهۆی ئەو بنکە سەربازیانەی تورکیا کە بە دووری ٣٠ بۆ ٥٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی عێراق دامەزراون، پەکەکە نەیتوانیوە هێرشێکی بەرچاو ئەنجام بدات.
هەرچەندە باس لە چارەنووسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەکراوە و تا ئێستاش بارودۆخەکەی بە نهێنی پۆشراوە. ئایا ئازاد دەکرێت؟ ئایا دوورگەکە بەجێدەهێڵێت؟، بانگەشەی ئەوەی کە بۆ بەشداریکردن لە چالاکی سیاسیدا دێتە ئەنقەرە، بانگەشەیەکی تەواو بێبنەمایە.
بونی پەکەکە تەنیا قەیرانی تورکیا نیە؛ قەیرانێکی ناوچەییە کە ئێران و عێراق و سوریاش دەگرێتەوە. بەدرێژایی چەندین ساڵ، ئەم قەیرانە بۆتە حاڵەتێکی درێژخایەن کە ناوچەکە لەگەڵیدا ڕاهاتووە، سەرەڕای ئەو نائارامی و وێرانکاریە بێئەندازەیەی کە بەدوای خۆیدا هێناوە. گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و پەکخستنی ژیانی سەدان هەزار کەس لە هەموو وڵاتێکدا لێکەوتەی دڵتەزێنی مرۆیی بەجێهێشتووە. لەهەمانکاتدا ناسەقامگیری، نائەمنی، هەژاری، بێکاری، خراپی دۆخی خوێندن و ئاژاوەگێڕی..، هەموویان دەرئەنجامی ئەم دۆخەی شەڕی نێوان ناسیۆنال فاشستی تورک و پەکەکەیە.
هەڵبەتە ئۆجەلان وەک سەرۆکی دیفاکتۆی ئەو ڕێکخراوە دەمێنێتەوە، کشانەوەی لە تورکیا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەو ئەنجام دراوە، هەروەها چۆڵکردنی هەندێک ئەشکەوت کە وەک ناوەند بەکاردەهێنرێن لە باکووری عێراقیش ڕاگەیەندراوە.
خاڵێک جێی سەرنج و پرسیارە ئەو گەریلایانەی چەکیان دانا و لە شاخەوە دابەزین پێویستیان بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە کە چۆن و لە کوێ دەژین، دیاری بکات؟ یان چیان لێدێت؟ قسەیەکی لەسەر نەکراوە.
پێشوازیکردنی ئەنقەرە لە کشانەوەی پەکەکە لە تورکیا و بنکەکانی لە نزیک سنوورەکان، لەهەمانکاتدا جەخت لەسەر پێویستی دانانی چەکەکانیان لە عێراق و سوریاش دەکات، بەڵام پێدەچێت “کشانەوە لە تورکیا” پاشەکشەیەک بێت لە “هەڵوەشاندنەوەی هێزی چەکداری پەکەکە”، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پەکەکە لە عێراق و سوریا بەردەوام دەبێت لە چالاکیەکانی. واتە پێچەوانەی پڕۆژەی “تورکیای ئازاد لە تیرۆر”ە، کە ئامانجی نەک تەنها کۆتایهێنان بە چالاکیەکانی پەکەکە لە چوارچێوەی خاکی تورکیا بەڵکو لە سەرتاسەری ناوچەکەشدا.
بۆیە کشانەوەی پەکەکە لە خاکی تورکیا پێشهاتێکی بەرچاو نیەو هێزە چەکدارەکانی دەتوانێت لە داهاتوودا ئەندامانی خۆی لە وڵاتانی دراوسێوە ڕەوانەی تورکیا بکات بۆ ئەنجامدانی کاری چەکداری.
ئەم دۆخە تائێستا بە ناجێگیری بەڕێ دەکرێت، نە پەکەکە هەنگاوی جدی و یەکلاییکەرەوە دەنێت، نە حکومەتی تورکیا پێشوازیەکی عەمەلی و جدی و کۆتاییهێنان بە ڕوبەڕوبونەوە لە بەرامبەر پەکەکە نیشان ئەدات، لەهەمانکاتدا هەنگاوی خوازراو دروست بە کێشەی خەڵکی کوردستانی تورکیا ناداتەوە.




ویست لە نێوان کێشمەکێشەکانی هزر و کەرەکەی بۆریدان.. شوان عەباس بەدری

دیارە هەموو مانەوە و سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج و خۆرزگار کردنێک بە هەموو جۆرەکانییەوە پەیوەستە بە ویست ((ئیرادە))ی مرۆڤ و هەر لەو سۆنگەیەشەوە کارکردنو راڤە و شیتەڵکردنی ئەو بابەتە کاری لەپێشینەی ژمارەیەک فەیلەسوفی دیاری مێژوو بووە کە دیارترینیان ئەزموونی هزری و فەلسەفی جۆن بۆریدان فەیلەسووفی سەدەی چواردەیەمی فەرەنسییە، کە بە کێشمەکێشی کەرەکە ی بۆریدان ناسراوە، هەرچەندە باسی ئەو ئەزموون و راڤەیەوە هەر لە سەردەمی سوکراتەوە بەردەوامی هەبووە بەڵام باسە فەلسەفییەکانی ئەو فەیلەسووفە فەرەنسییە لە هەموو باسەکانی تر تێروتەسەلترە و هەر ئەوەش وایکردووە بایەخێکی زۆر بە نووسین و تیۆرییەکانی ئەو فەیلەسووفە بدرێت.

قسەیەکی باوی ناو ناوەندە فەلسەفییەکانی تایبەت بەو پرسە هەیە کە بە ((کەرەکە فەلسەفەی لێدا و دواجار لە برسا و لە تینوویەتییدا مرد))، کە چیرۆکی پشت ئەو قسەیە دەگەرێتەوە بۆ ئەزموونێکی هزری و فەلسەفی بۆریدان، ئەم فەیلەسووفە هەروەک پێشتر باسمانکرد بە تیۆرییە تایبەتەکانی سەبارەت بە کێشمەکێشە هزرییەکانی هەڵبژاردنەکانی مێشک لەو کاتەی دەرفەتەکان وەک یەک یەکسانن ناسراوەو ئەو کێشمەکێشە هزرییانەش بە کێشمەێشی کەرەکەی بۆریدان ناسراوە.

چیرۆکی باسەکە بەوجۆرەیە کەرێکیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناو تەوێڵەیەک بە برسێتی و تینوویەتی هێشتۆتەوە کە بەجۆرێک برسییەتی و تینوویەتی بەتەواوی بڕستی لێبڕیوە، لە دوای ماوەیەک لەلای راست و چەپی کەرەکە خۆراک و ئاویان لە دوورییەکۆی یەکسان لە کەرەکەوە داناوە.

لێرەدا بۆریدان پرسیارێکی فەلسەفی خستۆتە ڕوو کە لەکاتێکدا کەرەکە هەم برسییەتی هەم تینوو و دووری ئالیک و ئاوەکەش لە کەرەکە دوورییەکی یەکسانە ئاخۆ خۆرسکانە یەکەمجار کەرەکە بەلای ئالیکەکەدا دەڕوات یان بە لای ئاوەکەدا؟

لەکۆتایی تاقیکردنەوەکەدا کەرەکە لە یەکسانی مەودای هەڵبژاردنی ئالیک و ئاوەکە نەیتوانی بڕیار بدات کە ئاخۆ یەکەمجار کامیان هەڵبژێرێت و لە کاتێکدا دەمێک سەیری لای راست و دەمێک سەیری لای چەپی خۆی دەکرد نەیتوانی یەکلا بێتەوە کە ئاخۆ یەکەمجار ئالیکەکە بخوات یان ئاوەکە بخواتەوە.

کرۆک و پەیامی باسەکە کە خۆی لە  کێشمەکێشی فەلسەفی پەیوەست بە ئازادی و ویست((ئیرادە)) و هەڵبژاردن دەبینێتەوە و وەک نموونەیەکی دیاری دەستەوسانی بوونەوەرێک لەکاتە هەستیارەکانی ژیانی دەخرێتەڕوو کە لەبەردەم دوو هەڵبژادە یان چەند هەڵبژاردەیەکی یەکسان راوستاوەو بەبێ پاڵنەر و ڕێنوومایی دەرەکی ناتوانێت بڕیار بدات و دواجار دەبێتە قوربانی بێ ئیرادەیی و لەناو دەچێت.

ئێستا گەر بازنەی باسی چیرۆکە فەلسەفییەکەی بۆریدان فراوانتر بکەین و بە وردی لە چواردەورمان بڕوانین و چەند هەنگاوێک لە کرۆکی سەرەکی بابەتەکە لابدەین دەبینین چەند زۆرن ئەو تاک و کۆمەڵگەیانەی بە بێ پاڵنەر و کاریگەرییەکی دەرەکی ناتوانن بە ئیرادەی خۆیان خەتی ژیان و مانەوەیان دیاری بکەن و بەردەوام چاوەڕێی دەستێکن کە بەرەو کەنارێکی ئارامیان بەرێت و دواجار لەو چاوەڕوانییەش هەم خۆیان و هەم کۆمەڵگەکەیان و هەم داهاتوو و هەم  خاک و نیشتمانەکەیان فڕێ دەدرێنە دەرەوەی شەمەندەفەرەکەی مێژوو و بەرەو فەنابوون دەچن.

شوان عەباس بەدری




بەکورتی39: شێتیی…. شێت ناتوانێت بفەلسەفێنێت.. ئازاد حەمە

پرسی شێتییMadness/ Insanityپرسێکی فەلسەفییە یان پزیشکیی(پزیشکییدەروونی)؟پرسی شێتیی بە درێژایی مێژوو بە شێوازی جۆراوجۆر لێکدراوەتەوە؛ فەلسەفە شێتیی وەک تەحەدایەک بۆ عەقڵ خستووەتەڕوو، وەک دیاردەیەک لە دەرەوەی عەقڵ لێیڕوانیووە. لەدێرزەمانەوە کۆمەڵگە غەدری زۆری لە شێت Madکردووە، هەوڵیداوە لە کۆمەڵگە وەدەرینێت،ئاوارە و بێ پەنایبکات،وەک نەگریس و لاسار دەریخات. ئەوەش هەردەم گوتراوە،کە شێتیی لەخودی خۆیدا داناییەکی یەزدانییە؛ بوونی بەرهەمی یەزدانە و داناییەک لە بوونەکەیدا هەیە. زۆرجاریش وابینراوە،کە شێتیی گوناهێکە بۆیە وایبەسەرهاتووە. لەگەڵکاتدا مرۆڤ کەسی شێتی وەک کەسێک ناساندووە،کە عەقڵی لەدەستداوە،بۆیە بڕیاری زیندانیکردنیدراوە؛ لێرەوە ترس لە شێتیی دەستیپێکردووە؛ شێت بووە بە کەسێک،کە دەروونناساغە.

بەپێی ئەوەبێت لای سەرەوە باسکرا دەپرسین: شێت لە کوێی فەلسەفەدایە؟باشە شێتیی بۆ فەلسەفە چیدەگەیێنێت؟شێتیی لە کایەی عەقڵدا ئامادەیە؟واتە شێتیی بریتی نییە لە لەدەستدانی عەقڵ؟ شێتیی مەترسییە بۆسەر فەلسەفە یان بەپێچەوانەوەیە؟فەیلەسوف فۆرمێکە لە شێتیی؟فەلسەفە لە شێتیی دەترسێت؟ ئامادەیە دیالۆگی لەگەڵدا بکات؟شێتیی خاڵی دەستپێکی گومان نییە؟ بۆ هەندێک پێیانوایە فەیلەسوفەکانن خودی شێتەکان؟شێتیی ئەوەیە،کە ڕۆح جەستەی خۆی ناناسێتەوە (لێیجیادەبێتەوە)(دێکارت)؟توێژەران لە بواری دەروونشیکاریی و پزیشکانی کلینیکیی(لاکان)لەمەڕ شێتیی چییمانپێدەڵێن؟ئەی نەخۆشیناسیی Pathology و دەرمانسازیی؟

شێتیی چییە؟پرسی شێتیی پرسێکی فەلسەفییە، تێڕامانە لە خودی مرۆڤ و ئەو جیهانەی تیایدەژیت. هاوکات پرسی شێتیی ترسیشە لە ئاوابوونی لۆژیک و بیرکردنەوە. لەبەرئەوەی فەلسەفە خۆی بە عەقڵ و هزر لەقەڵەمدەدات شێتیی بە بابەتی خۆیدەزانێت و وەک دژە فەلسەفەش لێێدەڕوانێت. بۆئەوەی پێداگیری لەوەبکەین، کە شێت ناتوانێت فەلسەفەبکات، سەرەتا پێویستمان بەوەیە بزانین فەلسەفە چییە؟کە زانیمان فەلسەفە چییە ئەوکات دەزانیین فەیلەسوف کێیە. پاشان لەسەرناسینی شێت و شێتیی دەوەستیین. بەمجۆرە دەکارین شێت لە فەیلەسوف و شێتییش لە فەلسەفە جیابکەینەوە.

وێڕایئەوە، بەپێی هەندێک گوزارەی ڕەوانبێژیی و زمانەوانیی زۆرجار ئەوانەی بە جۆش و خرۆشەوە بۆ شتێک دەچن پێیاندەگوترێت شێت. ئەوەش بە شێت دادەنرێت،کە بۆنموونە حەزێکی شێتانەی هەیە بۆ موزیک ژەنین یان بۆ شیعر نووسین و…. .زۆرکاتیش دەگوترێت کڕینی ئەو خانووە بەو نرخە شێتییە، چوونە دەرەوە بەم بارانە کارێکی شێتانەیە و خۆشەویستی سەرلەبەری شێتییە، بەختەوەریی ئەبەدیی خەونێکی شێتانەیە و….هتد. بەڵام ئەو شێتییەی لەم نووسینەدا قسەی لەسەر دەکەین ئەم چەشنە نییە لە شێتیی.

بۆیە سەرەتا دەپرسیین:فەلسەفە چییە؟فەیلەسوف کێێە؟ فەلسەفە بریتییە لە لێکۆڵینەوەی سیستماتیکیانە، کە تیاییدا ئاوەز کارا و بکەرە. هەروەها بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەشە لە بنەڕەتیترین پرسیارەکان سەبارەت بە زانین، ڕەوشت، بەهاکان، هۆشیاری و بوون. بریتییشە لە پرسیارکردن لە ڕەچەڵەکی ئەوەی ئێمە بە شتێکی ئاسایی دەزانین و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئارگیومێنتانەشە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی قووڵتر لە جیهان تێبگەین.کەوابێت فەلسەفە گەڕانە بە دوای راستی و تێگەیشتن لە جیهان لە ڕێگەی پرسیارە جەوهەرییەکانەوە.

هەرچی فەیلەسوفە ئەو کەسەیە بەشێوەیەکی شیکارییانە بیر لە پرسە قووڵەکان دەکاتەوە؛ هەوڵی تێگەیشتن لە جیهان، ڕاستی،مانای ژیانی مرۆڤ و پرسیارە بوونگەراییەکان دەدات. ئەم کەسە شێوازێکی ژیان دەژیت،کە عەقڵ و دانایی ڕێنمایی دەکات؛ کەسێکیشە خەریکی بیرکردنەوەیەکی ئاوەزیی و ڕەخنەگرانەیە تایبەت بە مرۆڤ و جیهانەکەی.

هاوکات دەپرسین شێتیی چییە؟شێتیی ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی عەقڵ ،نەخۆشییەکی دەروونیی یان تێکچوونی دەروونیی. لە ڕابردوودا شێتیی وەک سزایەکی یەزدانیی تەماشاکراوە، لەئێستادا وەک بابەتێکی پزیشکیی لێیدەڕوانرێت(نەخۆشی دەروونیی، نەخۆشی مێشک، یان کەمئەندامی هزریی).

لەناو شێتییدا، بۆ شێت،هەستێک هەیە، کە جیهان ئاوا نییە،کە عەقڵ دەیبینێت، بەڵکو بەوجۆرەیە،کە خودی شێتیی دەیبینێت. واتە شێتیی لەژێر فشاری واقیعدایە. عەقڵی واقیع عەقڵی شێت ڕەتدەکاتەوە. شێت بینینی خۆی هەیە،بەس ئەو بینینە مخابن دووچاری بەریەکەوتن دەبێت لەگەڵ واقیعدا.

بێگومان فەلسەفەیەک تایبەت بە شێتیی بەناوی فەلسەفەی پزیشکییدەروونیی بوونی هەیە،کە قاچێکی ئەم فەلسەفەیە لەناو فەلسەفە و ئەویتری لەناو پزیشکیی دەروونییPsychiatryدایە،کە ئەمیش کاری لێکۆڵینەوەیە لە دەروونپەرێشانیی psychosis. لەمبارەیەوە دێینەوەسەر فەیلەسوفی ئەڵمانیWouter Kusters،کە پێیوایە لێکۆڵینەوەی فەلسەفیی لەمەڕ دەروونبیماریی psychosis،ڕێبازێکی باشتر و کەمتر لایەنگرانەیە لە چاو زۆرێک لە تیۆرییە دەروونی و پزیشکییەدەروونییەکان.

پزیشکی کلینیکیی چۆن بڕیار لەسەر دۆخی شێتیی دەدات؟بەپێی گەورە بیریار و پزیشکیدەروونی فەرەنسی ژاک لاکان Lacan شێتیی “لە بنەڕەتدا بەرهەمی عەقڵ و زمانە، نوێنەرایەتی شکستی دەربڕین دەکات،کە بەهۆیەوە ناسنامەی خود و قسەکردن دەڕمێت یان دەبێتە وڕێنە.دەکرێت شێتیی وەک”ئەگەرێکی هەمیشەیی” لەناو خودگەرایی مرۆڤدا تێبگەین، کە لە بۆشایی نێوان بوون و ئەوەی کە پێیوایە، سەرچاوەی گرتووە و دەتوانێت وەک”غیابی ڕادیکاڵ” لە فۆرمەکانی پێکهاتەیی زمان و ئەزموون دەربکەوێت”.

لاکان شێتیی دەبەستێتەوە بە تێکچوونی ئامرازەکانی خۆدەربڕینەوە، کە بە پلەی یەکەم لەلایەن زمانەوە پێکهێنراوە.کەوابێت، کاتێک شێتیی دێتە زمان،گوزارەکردن کۆتایدێت. واتە،شێتیی ئاماژەیە لەسەر شکستی زمان. بۆیە لاکان دەڵێت:شێتیی دیاردەیەکە دەتوانرێت لە ڕێگەی زمانەوە لێیتێبگەین، نەک لە دەرەوەی زمان. بەپێی لاکان شێتیی لۆژیکی خۆی هەیە و ئەوەش بە”لۆژیکی شێتیی”ناودەبات.ئەو پێیوابوو،شێتیی نامۆ نییە بە عەقڵ، بگرە ئەوە عەقڵە بە شێتیی داڕێژراوە.

کۆتا گوتن لەبارەی ئەوەی شێت توانای فەلسەفاندنی نییە، ئەوەیە کە خودی فەلسەفە جۆرێک نییە لە کارێکی شێتانە؟ گەر فەلسەفە بیرکردنەوە بێت، شێت ئەو کەسە نییە کە بیرناکاتەوە؟ لەناو کۆگیتۆ Cogitoی(من بیردەکەمەوە) دێکارت Descartesدا شێت جێگاینابێتەوە.چونکە شێت بیرکردنەوەی نییە. دێکارت شێتیی لە فەلسەفەکەی دوردەخاتەوە؛ فەلسەفەی دێکارت کە، بریتییەلە(من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم)ئەمە بەو مانایە نایەت، کە شێتیی ناتوانێت فەلسەفەبکات؟ بیرکردنەوە لای شێت باریکردووە، کەوایە چۆن شێت فەلسەفەدەکات، کە بیرکردنەوەی نییە. دێکارت بۆ بەپەیامگەیاندنی فەلسەفەکەی پێویستی بە شێت نییە. “شێتیی دژە فەیلەسوفە، کە لە ڕێگەی گومانی میتۆدییەوە دەگاتە دڵنیایی بوونیخۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە””.دیدی دێکارت بۆ شێتیی گفتوگۆی گەرمی خستەنێوان فوکۆ و دێریداوە…

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی