ژماره‌یه‌كی دی له‌و شوێن پێیانه‌ی به‌سه‌ر شه‌خته‌دا مابوونه‌وه ..
نه ژاد عزیز سورمێ
( تاریكترین شوێن ئه‌و شوێنه‌یه ده‌كه‌وێته ژێر ڕوناهی چرا )
به‌بیرم نه‌ماوه له كوێم بیستووه
یا خوێندۆته‌وه..
1
شه‌وقم لێ مه‌ترازێنه
چاوم هێشتا له ئاسۆیه
هێشتا هه‌ر شه‌وه
ئه‌ستێران گه‌ش ده‌كاته‌وه..
2
زینده خه‌ون نه‌بوو
به‌چاوی خۆم خۆمم بینی
له خاچ ده‌درێم
شایه‌د به‌و شایه‌دیه‌ی ،
پاڵتۆیه‌كی له‌نگه‌م له‌به‌ردا بوو.
سوێندم لێ ناكه‌وێ ئه‌گه‌ر بڵێم ،
له‌وانه‌ی كۆگایان جوانتر بوو..
3
چیرۆكی شانۆی ماندووم
به‌ڕێژنه‌ی بارانێ تێگه‌یاندی ،
خۆر له به‌رابه‌ر دڵه‌شكاوه‌كانه‌وه هه‌ڵات و
له چاوی نوقاوه‌وه به‌یانی دا.
4
سیمام له دورگه‌ی زاراوان ون ببوو
گۆێم له ئاوازی دونیایه‌كی دیكه‌بوو
به پایزی ده‌سپاردم .
5
من له مێژه دانم پێداناوه
به‌جوانی ئه‌و ناوه‌ستم
ئه‌م جیهانه ته‌نێ ئه‌وه نییه ده‌یبینین
خونكاری ،
سه‌رچڵیی ،
پیاڵه‌ی به‌تاڵ
هه‌موومان عاشقكوژانه،
له‌به‌ڕێكردنی ڕۆژگاردا به‌رده‌وامین.
6
ئه‌م هوزاره ڕه‌نگینه بۆ كێ ده‌خوێنێ؟
هه‌ندێ پرچیان ده‌ڕننه‌وه
هه‌ندێ پاڵیان به‌و دیوارانه داوه ،
به ئێسقانان هه‌ڵنراون ..
ئه‌وانی دی
به‌شه‌قام و شۆسته و
كۆچه بنبه‌سته‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه ..
7
زۆرجاران له‌خۆم دا ون ده‌بم
ده‌مبینی له كۆڵانێكی
پێچاوپێچی( له‌گه‌ش ) دا ده‌سووڕێمه‌وه.
له‌ناكاو شه‌هلا بۆ یه‌كێك له خه‌راباته‌كان
ڕامده‌كێشی
سوبحانه‌ڵڵا عه‌شقێك بۆ په‌یمانه
له‌سه‌رم ده‌دا ،
ده‌خۆمه‌وه..
ده‌خۆمه‌وه..
ده‌خۆمه‌وه..
تا خۆم ده‌دۆزمه‌وه ده‌خۆمه‌وه.
8
ئه‌و گه‌ڵایانه له‌خۆڕا زه‌رد هه‌ڵنه‌گه‌ڕاون.
ئه‌و گه‌ڵایانه له‌خۆڕا نه‌وه‌ریون.
چاوه‌كانت له سپێده سافترن ،
ده‌مترسێنن
جودایی ده‌ردێكی گرانه..
وشه مابوو، ئه‌ویش ئێستا
ده‌زرنگێننه‌وه.
ئه‌رێ به‌ڕاست من چ ده‌ڵێم؟
من چیم گوت؟!
9
شه‌وانه بێره‌دا تێده‌په‌ڕن.
شه‌وان خۆیان له بیر ده‌چێته‌وه.
شه‌وان هه‌ندێكیان به‌چه‌ند فڕێ
باڵ ده‌گرن
هه‌ندێكی دیكه‌یان
ڕاپۆرته‌كانی گیرفانیان
به دره‌وشانه‌وه‌ی گۆرانی چڕین
ده‌نوێنن.
10
دڵم نایێ ، ده‌نا ده‌مگوت
چه‌ند مه‌ترێ هه‌ناسه،
به‌شی ژیانه‌وه‌ی دارستان ده‌كا
دڵم نایێ ده‌نا ده‌مگوت
هه‌قه عه‌شق و جنده‌بازی ،
له یه‌كدی جودا بكرێنه‌وه
دڵم نایێ ده‌نا ده‌مگوت
به‌س نه‌بێ؟!
11
جله‌كان به‌ڕسته‌وه هه‌ڵده‌له‌رزین
داوام له دیوار كرد داڵده‌یان بدا
به گوێی نه‌كردم
له‌باران پاڕامه‌وه له (با) یان بپارێزێ
به گوێی نه‌كردم ..
ئه‌وه چ زه‌مانێكه
كه‌س به گوێی كه‌س ناكا؟
12
له‌و كاته‌ی شه‌ڕ ده‌ستی پێكردووه
كه‌زی شارستانیه‌ت و كێویایه‌تی
تێكئاڵاون ..
له‌و كاته‌ی شه‌ڕ چۆته ناو قامووسانه‌وه
گه‌وره‌ترین كارگه‌ی ماسك دروستكردن
دامه‌زراون..
13
ئاره‌زوویه‌ك لێوان لێو له بیابان
بۆنی بارانی
به خاكمانه‌وه نه‌هێشووه.
نیشتیمانم
ته‌نیا
ته‌نیا
ته‌نیا.
14
چ حیكمه‌تێكه ئه‌ی دڵ
دواساتمان به‌و خێراییه
لێ نزیك ده‌بێته‌وه؟
ئه‌ی تارمایی نامۆ !
شه‌قامی به‌ئاواز و گۆرانی‌یان شلۆغ !
تازه ته‌واو
من كه به سارده‌كێڵێ ڕانه‌گه‌م
چیم له ئافه‌رینی بێ ڕوومه‌تانه.
15
كتێبخانه‌كه‌م له ده‌ست چوو
شێتیه‌تییه‌ك تاوی بۆ هێناوم ،
له‌وه بترسم نیشتمانیشم
له ده‌ست بچێ
ئه‌ی خودای دڵڕوون !
تكایه هه‌موو ده‌رگاكانمان لێ دامه‌خه.
16
له گۆڕستانی ( ئوور ) ڕا چیام خۆشه‌ویستن
ئه‌گه‌ر ئازای ،
مرۆڤ له‌به‌رامبه‌ر مرۆڤ بوه‌ستین
له‌بیرت نه‌جێ ،
هه‌ور هه‌میشه ڕوویان له چیایه.
17
ڕووباره دووره‌كان ،
هاشه‌یان به‌باڵی په‌ریانه‌وه ده‌گاته من
به‌رگرێك نییه زه‌ماوه‌ندێكی لێره ،
له‌م سارایه‌دا
لێدا بووكتم .
18
ئینجانه‌یه‌كی ته‌نیا
چ له نه‌زمی پۆشته‌كردنی با ده‌گا
شه‌یدایی خه‌رامانێ
كژو مه‌وسیمی نییه
من قاچم له ڕۆژهه‌ڵاتێ و
چاوم له ڕۆژئاوایێدا له‌سه‌ر دانا.
ئینجا خه‌رامان
كه‌ی له‌و مه‌ته‌ڵانه حاڵییه؟
19
ده‌ستم بۆ دواچڵ هه‌ڵبڕیوه
چه‌ند خۆشه به‌دوای ژیاندا هه‌ڵبێی
جاسوسێكی كڵۆڵیشت به‌دواوه بێ
چه‌ند خۆشه ،
به( بۆمبا) و( مین) و( ئاڕ پی جی) جوانی
شه‌ڕی ئامێردی كۆڵه‌واری وا بكه‌ی
ڤایرۆسی ناخیان نه‌هێڵێ
خۆیان فۆڕمات بكه‌نه‌وه.
20
سه‌عاتی ژووره‌كه‌م ،
هه‌ناسه‌ی تێدا نه‌ماوه
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی
دوێنێ پیلم لێ گۆڕی بوو.
پێده‌چێ پیله‌كه ستۆك بوو بێ.
21
گه‌ڵاكانی پایز به ڕه‌نگی خۆیانه‌وه جوانن
سوانده‌ی ماڵان كه ئێستا نه‌ماون
به هێللانه‌ی پاساریان ..
22
ئای نه‌ژاد
جاران چه‌ند له من نزیك بووی
ئای نه‌ژاد جاران ساوی گوڵه‌كانمان
چ هه‌واو ختووكه‌یه‌كیان هه‌بوو
ئای نه‌ژاد
پێتێكوه‌رانی زستانان
چ سۆز و گه‌رمییه‌كیان ده‌به‌خشی
ئای نه‌ژاد!
جاران چه‌ند له من نزیك بووی ..
ته‌مووزی 2008
گاڵتەجاڕی سیاسەت و ئابڕووچوونی دیموکراسی … نەوزاد جەمال
لەئێستەدا ئەو بۆچوونەی دەڵیت ‘دیموکراسی لەسیستمە سیاسیەکانیتر کەمترخراپە’، بێمانایە. بەتایبەت، کاتێک دیموکراسی بۆتە گاڵتەبازاڕی و شوێنی ئاستنزمەکانی دونیای سیاسەت. بەسەرنجدانێکی کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا ‘ترەمپ’ باشتر لەمە تێدەگەین. هەڵسوکەوت و دەربڕینی راوهەڵوێستەکانی پڕن لەجەماوەرگەریی و وەک پەرچەکردارێکی دەروونی و توڕەیی هەرچییەک بەدەمیدابێت. لەکاتێکدا بەبێ ڕەچاوکردنی ئەتەکێتی دیپلۆماسی و سیاسی، قسەدەردەپەڕێنێ، چەپڵەشی بۆ لێدەدرێت! تازەترین هەڵوێستشی لەبەرامبەر رکابەرەکەیدا ووتنی، ‘ئیتر سەردەمی ریۆپیکی سیاسی بەسەرچوو’!
بەم دەربڕینە، ئەو سنوورەجیاکەرەوەی نێوان سیاسەت لەسەر بنەمای شارەزایی و لێزانی و پیشەیی لە هەڵەشەیی و گۆترەکاری نەهێشتەوە. مرۆڤێک کەهەرچی حەزی لێبو بیڵێ، چونکە جەماوەر پێخۆشە. گوزارشە هەلەقومەلەقەکانی نەک هەر بێپێوەرو فیلتەرە، بەڵکو بێئەوەی روانگەو دیدیکی سیاسیشی لەپشتەوەبێت. دەرپەڕاندنی ووتە سەیروسەمەرەکانیش، زۆرترین بینەری لەتویتەرو فەیسبوک و ماسمیدیاکاندا هەیە. بەوهۆیەوە وەک ئەستیرەیەکی ناسراو، گاڵتەو گەمە بەهەستوهۆش و نەستی خەڵکی دەکات. بۆیە، دیمەنی وتار‌و هەڵوێستەکانی ئەم کاندیدە هاوشێوەی زۆرانبازی ئەمریکیە کەپاڵەوانێکی ‘گلادیەتەر’ی درۆینە بەئاسانی جەماوەری دەوری شانۆکە جۆشدەدات.
لەبەرئەوەی، دیموکراسی بۆ هەموو کەسێک رێدەکاتەوە؛ لە ئەکتەرێکەوە بۆ سۆزانی و لەشفرۆشێک تا مەلایەک بەوێنەیەکی سێلیفی لەحەجەوە، راگەیاندکاریک بەرۆژنامەیەکەوە، بێژەرێک یا سەماکارو گۆرانیبێژێک دەگاتە تەختی دەسەڵاتی سیاسی! ئەوەی بتوانێت جەماوەری سەرشەقامەکان بجوڵێنێ، گەیشتنی بەپۆست و پلەکانی دەسەڵات لێدوورنییە. زەخیرەی ئەم سەرکەوتنە رۆشنبیر‌و دیدی سیاسی نییە، بەڵكو زۆرینەی نەزان و بێئاگایە کە بەپرۆسەیەکی دیموکراسی ستەمکارییەک بەرهەمدەهێنێت، نەک بەکودەتا!
ئەگەرچی دژی دیموکوراسی نیم، بەڵام لەسەر ئاستی جیهان و کوردستانیش مرۆڤە پۆپولیستە کەمدەست و کەمشارەزا لەسیاسەت و ئاستنزم لەرۆشنبیری سیاسی و بەڕێوەبردندا، شانسی سەرکەوتنیان زیاترە. کەسێک بەقاتێک و بۆیانباخ، بەئۆتۆمبیلی مۆدێلبەرزەوە، باوەڕی وایە بەسەر هەموو پلەکانی بیرۆکراسی سیاسی‌دا سەردەکەوێت، هەر لەبەرئەوەی دەنگی زۆرە! ئاخر، ئەوە بەرهەمی دیموکراسیەکە کە بازاڕی دەنگهێنان کارایە. لەبەرئەوە، رەخنەکردنی دیموکراسی لای بەشێکی فەیلەسوفەکان لەکۆن و نوێ‌دا، شتێکی نامۆ نییە. بەتایبەت کە ‘دیموکراسی فەرمانڕەوایەتی مێگەلە، بۆیە کوشتنی سیسستمە’، وەک فەیلەسوفی فەرەنسی ‘رانسێر’ دەڵێت. دواجار پێدانی دیموکراسی بەگەل واتە رێکردنەوە بۆ فەوزاو پشێویی. بۆیە، دیموکراسی کەمڕەویکردنە-کورتهێنانە- لەهەموو شتێکدا کە سیاسەت دەیخوازێت، بەڕای رانسێر.
لەئێستەدا رەوتێکی پۆپولیست بەسواری شەپۆلێکی جەماوەری سەرەڕۆو بەنواندنی بەشداریەکی رووکەشی سیاسی، هاوسەنگی هێز لەقدەکات. ئەگەرچی ئەم رەوتە لەبنەڕەتدا ناسیاسی نییە، بەڵام هێزێکی دژەسیاسیە، دژەرۆشنبیرو دژەدەستەبژێرە. چونکە، لەو باوەڕەدایە هەموو شتێک کە دەووترێ، ئەنجامبدرێت. دابەزاندنی سیاسەت بۆ ئاستی شەقام و بازار، بەهەڵانانەوەو دەنگۆدروستکردن و گەوەرەکردنی پرسەهەستیارەکان لەپێناو خڕکردنەوەی دەنگی جەماوەردا، نەک خودی بابەتەکاندا. شاراوەنییە، ئەم رەوتە دژەسیاسیە تاکەدەنگێکی زاڵی ململانێ و پێکدادان و گەرەلاوژێکانە.
بەڵام بۆ دژەسیاسەتە؟ سیاسەت چالاکیەکە کەدان بەجیاوازی گروپەکان و بەرژەوندی و راوبۆچوونەکاندا دەنێت. هەروەها ‘شێوازێکی فەرمانڕەوایەتی کۆمەڵگەی دابەشبووە، بەبێ بەکارهینانی توندوتیژیەکی ناپیویست’ بەڕای ‘بیرنارد کریک’ کە لەکتێبی ‘لەپێناو بەرگری لەسیاسەت’ باسیکردووە. بەڵام، پۆپولیزم، رێزوپێگەی پسپۆڕی و لێهاتوویی سیاسی و بەڕێوەبردن رەتدەکاتەوە. بێگومان، پۆپولیزم ئایدۆلۆجیایەکی تایبەت نییە، بەڵکو رەفتارێکی دژەسیاسیە کە تەنها توانای تاودانی ململانێکانی هەیە، بێئەوەی میکانیزم و ئامرازی بەڕیوەبردنی ململانێی سیاسی لابێت. هەر کار لەسەر پێکدادان و بەریەککەوتنی دژیەکەکان دەکات. دەیەوێت لەشەقام و خەڵکەوە پەرلەمان و باڵاترین دامەزراوەی سیاسی ئاڕاستەکات. وەلێ ئامراز‌و میکانیزمی رێکخستنی ناکۆکی سیاسی و ململانێی حزب و هێزەکۆمەڵایەتیەکانی نییە، جگەلە خرۆشاندن و وروژاندنی رای گشتی! پۆپولیستێکی وەک ‘ئەردۆگان’ بەناوی بەرگری لەدیموکراسی، هەموو هێزی بۆ ریشەکێشکردنی دیموکراسیە. نەیارەکەی کە سوپایە، باشترین بەهانەیە بۆ لێدانی دیموکراسی و داڕشتنەوەی سوپا‌و گۆرینی دەستور بەپاڵپشتی جەماوەر!
هەر لەم سۆنگەوەیە فەیلەسوفی فەرەنسی ‘رانسیر’ دەڵێت: ‘ئەبێت بزانین خراپەکە لەجێگەیەی دوروترەوەودێت. تاوانی دیموکراسی دژی مرۆڤایەتی، یەکەم تاوانی سیاسیە بەپلەیەک. چونکە، رێکخستنێکی کۆمەڵکاریانەی مرۆڤە، بەبێ بوونی پێوەرێک’. ئیدی، دیموکراسی دەبێتە بازاڕگەی دەستورو بانگەشەکان. چیدی سیاسەت لەدەستی چینێکی تایبەتدانییە، بەڵکو بۆهەمووانە. واوەتریش، رەخنەکردنی دیموکراسی لیبراڵی دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەی ئەفلاتون و ئەرستۆ. لای ئەفلاتون خاوەن پیشەکان کاتی سیاسەتیان نییە، بۆیە رێی سیاسەتیان لێگیراوە. لەبەرئەوەی، هەمیشە سیاسەت بابەتی ناکۆکی و پیکدانانە، پێویستی بەرێکخستنە. بۆیە، بەڕای ئەو دیموکراسی چڵكاوو پاشەڕۆی شاری فەزیلەتە. لادانی دەوڵەتە لەو پرەنسیپە رەوشتیانەی لەپێناویدا هاتۆتەدی. لەکتیبی ‘سیاسەت'(٣)دا ‘ئەرستۆ’ش پێیوایە، مەترسی سەرەکی لەسەر دیموکراسی سەرهەڵدانی دیماگۆجیەتە، زاڵبوونی چینێکی مشەخۆرە بەسەر دەسەڵاتدا. هەڵبەت، ئەو دیموکراسیەی یۆنان کە فەیلەسوفەکان ئەزموونیانکردووە سیستمێکە لەسەر ئازادی دامەزراوەو چاوبڕیبووە بەدیهێنانی بڕیاری زۆرینەی گەل– دیمۆس.
دیارە، ناپەرۆشی و ناحەزی دیموکراسی لای فەیلەسوفەکان، لەبەر ئەو بنەماو ئامانج و مەبەستانە نییە کە سیستمەکە هەوڵی بۆ دەدات. نەخێر، ترس ونیگەرانیەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ نەزانی، کەمزانایی زۆرینە لەکاروباری بەڕێوەبردندا. لەئەنجامی نەبوونی هۆشیاری و مەعریفەی زۆرینەشدا، بەئاسانی مرۆڤی گەندەو بودەڵەو هەلپەرست دزەدەکەنە ناو دیموکراسیەوە. ئەمەش ئەوە رووندەکاتەوە، چۆن لە وڵاتەگەوەرەکاندا بێ هیچ پێشینەی سیاسی وئاستنزمی کۆمەڵگە کاندیدی بەهێز سەرهەڵدەدات. هەربۆیە پرسیارەکە لای ئەفلاتون ئەوەیە: ‘چۆن داوای دادوەری دەکەیت، ئەگەر مانای راستینەی ‘داد’ نەزانیت؟ لێرەوە، دیموکراسی لەکۆمەڵگەی زۆرینەی نەزاندا، خراپەکاری لێدەکەوێتەوە. ئیدی، سەیرنییە ئەگەر بووترێت ستەمکاری لەزێدانی دیموکراسیەوە بەدەنگ و رای زۆرینەی نەزانەوە دێتەدەر!
پاتریۆتیزمی ئابووریی و ناسیۆنالیزمی بیزنس لەنێوان، نەوشیروان موصطەفا و بارزانییدا
کامیار سابیر
سەردەمانێک، لەناو زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکدا، بەتایبەتیی، توێژی گەنجانی کوردستان، پارتییبوون، جۆرێک لەکەی (سیاسیی، مۆراڵیی و کو‌لتووریی) بوو. ئێستا، پارتیی بەهۆی مۆنۆپۆلکردنی سێکتی نەوت و بازاڕی کوردستانەوە، بەهۆی کۆنترۆڵکردنی مەلەفە ئابووریی، سیاسیی و دیپلۆماسییەکانەوە، سەرەنجامیش بەهۆی ناسیۆنالیزمی بیزنس Business Nationalism بەگشتیی و ناسیۆنالیزمی پێترۆڵیۆم بەتایبەتیی، هەموو حیزبەکانی تر، سەرجەم نوخبەکان و سیاسییەکان، بگرە تەواوی خەڵکی کوردستان، بەچاوی رەعییەتەوە( بە مەغزا فارسییە-نێگەتیڤەکەی) سەیردەکات. جیاوازیی سەرەکیی پارتیی، لەگەڵ یەکێتیی، گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی( یەکگرتوو، هێزی یەدەکیی پارتیی و ئەردۆغانیزمن) ، ئەوەیە کە پارتیی، بەرنامەیەکی روون، مانیفێستێکی شەفاف و روئیایەکی جەریئانەی، بۆ بیزنسەکەی هەیە. پارتیی، شتی هەیە بۆی تێدەکۆشێ و رەپوڕاست، بەپێوە وەستاوە و پاسەوانیی لە بیزنسە دەیان بیلیۆن دۆلارییەکانی دەکات. ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەگوترێ( Stand for something) ، لەبەرامبەریشدا، یەکێتیی، گۆڕان و کۆمەڵ لەگەڵ حیزبە قنجیلەکانی تردا، هیچ شتێکیان نییە لەسەری رابوەستن و هەوڵی بۆ بدەن( Stand for nothing). دیارە، یەکێتیی، دزێکی گەورەی تیجاڕەتی نەوتە و لە ناسیۆنالیزمی بیزنسدا شەریکە، بەوپەڕی جەبانیی و مێنتاڵیتیی مافیاییەوە، تەصدیقی پرۆژە دۆزەخییەکانی پارتیی کردووە.
پارتیی و بارزانیی، وەکو گرووپێک بیزنسمان کە خاوەنی پسپۆرایەتییەکی زۆر عەیارن، بە کەپسولی ریفراندۆم، بە گولاجی سەربەخۆیی، بە ئیستیحماری خۆماڵییکردنی نەوت، بە فشقیاتی جیابوونەوە لە عێراق، بە ریتۆریکی پۆست سایکس-پیکۆ و درۆودەلەسەکانی کەمپەین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، جوڕەیان لەهەموو حیزبە سیاسییەکان، زۆربەی هەرە زۆری نوخبەکان، رێکخراوە مەدەنیی و چالاکوانە جۆراوجۆرەکان بڕیوە. زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردیی لە کوردستانی عێراقدا، بەهەرە نوخبە مونەوەرەکانیشەوە، لە پرۆسێسێکی ئیستیحماریی( کەراندن، یان کەرکردن) دوورودرێژدا، رێکوڕەوان، لە لایەن پارتییەوە، گێرەی بێگارییان پێدەکرێت. لەوە بگەڕێ کە مانیفێستی پارتیی و بارزانیی، مەرامە سیاسییە راستەقینەکانەکانیان، ئەجێندا ئایدیۆلۆژیی و ئابوورییەکەیان لە دوورونزیکەوە، پێوەندیی بە دەوڵەتی کوردستان، سەربەخۆیی کوردستان و ئازادی گەلی کوردەوە نییە. تۆ وەرە سەیری ئەوە بکە، پارتیی، چۆن هەموویانی لەکونی ژوورەوە ناوە؟ چۆن زراوی هەموویانی بردووە و بەهەرچوارلادا تەخوینیان دەکات و کەسیش جورئەت ناکات بەم ناسیۆنالیزمە قەشمەرە مورتەزیقەیەی تورکیا بڵێ، ئەم قیڕەقیڕەی کوردایەتییە، ئەم فاشیزمە کاژ‌یک و پاسۆکییە، کەمێک خاو بکەنەوە؟ نا، بە پێچەوانەوە، هەمووان خۆیان لە نەڕەنەڕی ئەم ناسیۆنالیزمی بیزنسەی پارتیی دەدزنەوە و بگرە کەم تا زۆریش، بەمۆتیڤی ئیستیحماری کوردایەتیی و بە فاشیزمە سیاسیی و کولتوورییەکەی، هاوڕایی دەکەن.
زۆربەی ئەوانەی دەیانەوێ رەخنە لە ئەشکەوتە چۆڵەکانی کوردایەتیی، لە فاشیزمی کوردایەتیی و فەلسەفە بەتاڵەکانی بگرن، یان رەخنە لە دروستکردنی دەوڵەت، ئابووریی خێڵ، ناسیۆنالیزمە چەتەگەرییەکەی پارتیی بگرن، لەترساندا، وەکو ئەوەی زراویان چووبێت، پێشوەخت، بە کۆمەڵێ رستەی بریقەدار، دەمیان تەڕ دەکەن و شاهێدمان بە دەوڵەتی کوردیی و سودۆریفراندۆم دەهێنن و لە ئیستیحمارییە سیاسیی و فیکرییەکەی خۆیانەوە، دەڵێن دەوڵەتی کوردیی خەونی هەموو کوردێکە! بەڵام بەمشێوەیە نابێت و بە شێوازی تر دەبێت! راستییەکەی ئەمە گەورەترین فشە، درۆ و جەهلی سیاسەتی کوردییە کە دەگوترێ دەوڵەتی کوردیی، خەونی هەموو کوردێکە. تۆ لەباری فیکریی و عەقڵانییەوە لەوە بگەڕێ کە دەوڵەتی کوردیی، نەژادیی و طائیفییە و لەگەڵ دەوڵەتی کوردستاندا، جیاوازیی ئاسمان ورێسمانی هەیە، بەڵام وەکو داتا و ئاماریش، زۆرینەی رەهای کورد، لەو چل میلیۆن کوردەی دونیا، لەگەڵ ئاراستەی سیاسیی و فیکریی پەکەکەدان و ئەوانیش بەئاشکرا، بە جورئەت و عەقڵانییەتەوە، دەوڵەتی نەژادیی( دەوڵەتی کوردیی)، سروودی نەژادیی ئەی رەقیب و ناسیۆنالیزمی نەژادیی-کوردی‌یان رەتکردووەتەوە و دەوڵەتی نیشتمانیی، ئازادیی و پێکەوەژیانیان، بۆ گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە، هەڵبژاردووە و کاریشی بۆ دەکەن.
کۆکتێلی ناسیۆنالیزمی پێترۆڵیۆم و ناسیۆنالیزمی بیزنس، خەڵکی کوردستان، برسیی دەکەن، ئابڵۆقەی ئابووریی لەسەر کەرامەتی ئینسانی کورد دادەنێن، صەدان هەزار گەنج بێکار دەکەن، لەگەڵ داعش و تورکیادا، صەفقەی سیاسیی و ئابووریی دەکەن، بۆ ئەجێندای قەطەر و پادشای سعودییە، مەئمورییەتی طائیفیی جێبەجێ دەکەن و بیر لە دامەزراندنی ستاتۆیەکی سوننیی-طائیفیی-عەشیرەتیی دەکەنەوە، شەنگال نەک هەر بە ئێثنۆساید دەدەن، بەڵکو بازاڕی کۆیلایەتیی و سەبایا فرۆشتنی سەردەمی خولەفاکانی راشیدین و ئەمەوییەکانیش، لەسەر خەڵکی شەنگال تاقیدەکەنەوە. بەناوی دەوڵەتی کوردییەوە، لە فاشیزمە پانتورکیی و دینییەکەی ئەردۆغان، زیاتر دژایەتیی کانتۆنەکانی کوردستانی سوریا دەکەن. پارتیی و بارزانیی، هەموو ئەمانەیان بۆچووەتە سەر، وێڕای ئەوەی کە کۆنتراکتە نەوتیی و ئابوورییەکانی ناسیۆنالیزمە دەڤەرییەکەی( territorial ) بارزانیی، صەدان بیلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، بەڵام ئەم چەتەگەریی و تاڵانچییەتییەی، هەرگیزاوهەرگیز بەبێ یەکێتیی ( ماڵی تاڵەبانیی بەتایبەتیی)، بۆ نەدەچووە سەر، بەبێ ئیستیحمارییە سیاسیی و فیکرییەکانی کادیرە هەرە باڵاکانی گۆڕانیش، نەیدەتوانی، بەو ئاسانییە، درێژەی پێبدات.
پلوراناسیۆنالیزم Plurinationalism یان فرە-ناسیۆنالیزم، سەری کۆمەڵێ ناسیۆنالیزمی بەیەکەوە گرێداوە. پلوراناسیۆنالیزمەکەی پارتیی و بارزانیی، لەگەڵ ناسیۆنالیزمی پانتورکیی و ناسیۆنالیزمە دینییەکەی ئەردۆغاندا، هەروەها لەگەڵ ناسیۆنالیزمە عەرەبییە مەذهەبییە-سونییەکە و سەرەنجامیش لەگەڵ ناسیۆنالیزمە طائیفییەکەی داعشدا، هەموویان، بۆ بەرژەوەندیی ئابووریی و ناسیۆنالیزمی بیزنس، پێکەوە دەگونجێن، بەڵام لەگەڵ پاتریۆتریزمەکەی پەیەدە و هەدەپەدا ناگونجێن و هەموویان بەخوێنی سەری کانتۆنەکان تینوون. لەبەرامبەریشدا، پارتیی و بارزانیی، ناسیۆنالیزمێکی تەصەوفیی و عیرفانی نەتەوەیی (National mysticism)، وەکو شەراب، بەقوڕگی زۆربەی حیزبەکاندا دەکات و هەموویانی بەم ناسیۆنالیزمە تیجاڕیی و چەتەگەرییەی کوردایەتیی، لای کەم لەباری سیاسیی و کولتوورییەوە، خەنیی کردووە.
هاوکات، پارتیی لە فەضای گشتییشدا Public sphere، بەهاوکاریی ئیستیحمارییەکانی ناسیۆنالیزمی دایاسپۆرا، ناسیۆنالیزمێکی سایبەری Cyber-nationalism دروست کردووە، لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا سێبەرەکانەوە، کەمپەین بەدوای کەمپەیندا دەکەن. دەیان و صەدان کادیر، ئەندام پارلەمان، راوێژکاری لەبرسا مردوو، ئوستاذ و ئەکادیمیستی نەفسبەرزی سەر بە گۆڕان و سەر بەیەکێتیی، لە چەپەکان و لە ئیسلامییەکان، ئاویان بە ئاشی ئەم ناسیۆنالیزمە سایبەرەدا کردووە و دەیکەن. لەسەر ئەرضی واقیعیش، پارتیی و ناسیۆنالیزمی بیزنسەکەی، لە کۆبوونەوە نهێنیی و موخابەراتییەکانی خۆیاندا، لەگەڵ دەسگا موخابەراتییەکانی تورکیا، قەطەر، سعودییە و تەنانەت ئیسرائیل و ئەمێریکاشدا، جگە لەوەی فشقیاتی عیرفانی نەتەوەیی و تەصەوفی نەژادیی، دەچڕن، شتێکی تر ناکەن. ئەوەی باسی کێشەی سیاسیی کورد و مەسەلە سیاسییەکەی بێت، نایکەن، بەڵکو تەنیا و تەنیا باسی ناسیۆنالیزمی بیزنس پارەپێکەوەنانی زیاتر و سەرمایەگوزاریی و بیزنس، دەکەن.
نەوشیروان موصطەفا و ناسیۆنالیزمی بیزنس
ئایا نەوشیروان موصطەفا، لەبەرامبەر هەژموون و دزییە دەیان بیلیۆن دۆلارییەکانی ناسیۆنالیزمە پێترۆڵیۆم و ناسیۆنالیزمە بیزنسەکەی پارتییدا، لەبەرامبەر، تیجاڕەتە بیلیۆن دۆلارییەکانی باڵەکانی یەكێتییدا، هیچی پێدەکرێ؟ لەکاتێکدا، بەشێکی زۆر لەو نوخبە سیاسیی، نووسەر و رشتە جۆراوجۆرانەی خۆیان بە تەنافی گۆڕاندا هەڵخستبوو، بۆ شیرینییەکانی نەوت، چەوراییەکانی پێترۆڵیوم، بۆ گیرفان و بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان بوو. هۆکارەکەی ئەوە بوو لە روویان نەدەهات لە سەنگەری پارتیی و یەکێتییەوە ئەم کارە بکەن، هاتن لە کەناڵی گۆڕانەوە ئەم کارە بکەن. ئەمانە هەمیشە دەروێشی ناسیۆنالیزمە نەوتییەکە بوونە و بەهۆی حەماقەتی کو‌لتووریی و فیکرییشەوە، ئەم کارەیان لە رابردوودا لەئەستۆ گرتووە. بە زمانی شەعبیی بەمانە دەگوترێ پارتییەکانی ناو گۆڕان، زۆریشمان، لەم میرابۆیانەی گۆڕان ویەکێتیی، میرابۆی ئیسلامییەکان و چەپەکان بینی، ئاویان بە ئاشی ناسیۆنالیزمی بیزنسدا دەکرد و هەندێکیشیان بەردەوامن. ئەمانە زۆربەی هەرە زۆریان، ئەگەر لەترسی هەژموون، ویقاری سیاسیی و عەسکەریی نەوشیروان موصطەفا نەبێت، بە ئاشکرا رایدەگەیەنن، وەکو لق، دەگەڕێنەوە سەر رەچەڵەکی خۆیان( دەوڵەتی کوردیی ، صەنعەتە سەفیلەکەی و ناسیۆنالیزمە تاڵانییەکەی) .
بەڕاست، ئایا شەخصی نەوشیروان موصطەفا، خۆی باوەڕی بەو پاتریۆتیزمە دەستورییە Constitutional patriotism هەیە کە جاروبار، لەبەرامبەر لەعنەتییەکانی ناسیۆنالیزمی بیزنس و ناسیۆنالیزمی نەوتدا، باسی دەکات؟ مەبەستمان لە نیشتمانییبوونی دەستوریی، لە جوغزە فەلسەفییەکەی هابرمازJürgen Habermas و جاسپەرسیKarl Jaspers خویندکاری نییە، بەڵکو مەبەستمان لەو پۆپۆلیزمە کوردایەتییەی سیاسەتی کوردییە، ئەو پۆپۆلیزمەی گۆڕانی وەکو چێشتی مجێو‌ر لێکردووە لە راست و لە چەپ، لە دینیی و لە عەلمانیی، کۆبوونەتەوە کە لەباری فیکریی و ثیۆرییەوە، لەباری پراکتیک و مەیدانییەوە، هیچیتریان پێ نییە، تەنیا ئەوە نەبێ کە تەشێی بەدامودەسگاییکردن دەڕێسن. لەکوێشدا دەیڕێسن؟ لە زەقیتەی ناسیۆنالیزمە نەژادیی و خێڵەکییەکەی بارزانییدا، لە ژێر کەپری ناسیۆنالیزمە تیجاڕیی و بیزنسە دەیان بیلیۆن دۆلارییەکانی پارتییدا، دەیڕێسن. ئایا، لەنێو ئەم هەموو عەصابەیەی کوردایەتییدا، لەناو ئەم هەموو میلیاردێرەی نەوتدا، شەفافیی لە داهات و گەڕانەوەی شەرعییەت، دەستبەکاربوونەوەی پارلەمانتارە مودەلەل و کوڕوکچە پۆشتەو پەرداخەکانی گۆڕان و یەکێتیی، هیچ لە مەسەلەکان دەگۆڕێت؟ ئایا هەڵکردن لەگەڵ ئەم هەموو تاجیرە نیشتمانفرۆش و مۆراڵنزمانەدا، بەهیچ شوێنێک دەگات؟ گومانی تێدا نییە، شێتەکانیش، وەڵامی ئەم پرسیارانە دەزانن و لە عاقڵەکانی گۆڕان و یەکێتیی، لەسەر ئەم مەسەلانە، ساغترن.
ئەگەر پاتریۆتیزمی ئابووریی Economic patriotism، بەپێی ستانداردە لیبڕاڵییەکانیش، وەربگرین، ئەوە پاراستنی چینی مامناوەندی کۆمەڵگە، بە نیشتمانییکردنی ئابووریی و بەتایبەتیی سامانە سروشتییەکان، بە نیشتمانییکردنی دامودەسگا حیزبیی و ئایدیۆلۆژییەکان، بەگەڕخستنی بازاڕی کار بۆ گەنجان و دۆزینەوەی کار بۆیان، گەشەدان بەسەرمایەی نیشتمانیی، لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم میثۆدە سیاسییەی پاترێۆتیزم دەبێت. لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا، گۆڕان، جگە لە کۆمەڵێ ریتۆریکی سیاسیی، چوار کادیر و نووسەری موعەزەزی دروست نەکردووە کە لە دەردەسەرییەکانی ناسیۆنالیزمی ئابووریی Economic Natioanlism بگەن و چوار حەرفی حیسابیی لەسەر بڵێن. لەبەرامبەردا، ناسیۆنالیزمی بیزنس و ناسیۆنالیزمی ئابووریی، وەکو دوو کۆڵەکەی سەرەکیی لە ئەجێندا سیاسیی و ئابوورییەکانی پارتیی، بەشێکی زۆری کادیر و نووسەرەکانی سەر بە یەكێتیی و گۆڕانی، لەباری سیاسیی و فیکرییەوە،تەواو خەساندووە و بە پاشماوە هەرە قڕەکانی شیرینییەکانی نەوت و غاز، مەغز و عەقڵ و ئاگاییانی کوناودەر کردووە و چەندین میرابۆی دەم هەراشی سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکانی، لێ بەسیجکردوون.
پارتیی، بەهۆی کڕینی وەلائی هەزاران لەوانەی پێیان دەگوترێ نوخبەی ورگ زل و بەساڵاچووی بێ بەهرە، بازاڕێکی گەورەی لە ئیڵیتیزمی ( نوخبەگەریی) گەندەڵ، داوەشاو و چڵێس دروست کردووە، دەتوانێ وەکو رەعیەت لە بازاڕی سیاسیی و موناوەرەدا، مامەڵەیان پێوەبکات، کەمپەینیان پێ بکات و بەکاریان بهێنێت. ماڵی بارزانیی و ئەو هەموو نوخبەیەی بەیعەتیان داوەتێن، توانای جوڵاندنی هەموو جۆرە کارتێکیان هەیە و دەم و قەپۆسی نەیارانیشیان، بە ئیستیحمارییەکانی دەوڵەتی کوردیی و فاشیزمی کوردایەتیی، بەتەواویی بەستووە. شەرعییەتی ئەم پۆزلێدانە سیاسیی و ئەم عەنتەرییاتە ئابوورییەیان، لە مەرجەعییەت و موئەسەسەی فاشیزمی کوردایەتییەوە وەرگرتووە. تا فاشیزمی کوردایەتیی، تا ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی نەکوتیتەوە، بەهیچ جۆرێک ناتوانرێ شەرعییەتی بیزنسی دەیان بیلیۆن دۆلاریان لەدەست دەربهێنرێ. پارتیی، زۆر باش دەزانێت، شادەماری سەرەکیی ئەم خوێنبەر و خوێنهێنەرانەی دڵی بیزنسە زەبەلاحەکەی لە مەرجەعییەتی کوردایەتیی، دەوڵەتی کوردیی و سودۆ-ریفراندۆمەکەیەوە، خوێنی ئابوورییە چەتەگەرییەکەی، وەردەگرن، بۆیە ئەوەندە بە حەماسەوە، داکۆکیی لە ناسیۆنالیزم و کوردایەتیی دەکات. بەبێ پانکردنەوەی سەری ئەژدیهای کوردایەتیی، لەوێشەوە بەتاڵکردنەوەی درۆدەلەسەکانی ریفراندۆم و ویلایەتی کوردیی، ناتوانرێ و ناکرێ ناسیۆنالیزمی بیزنس و ناسیۆنالیزمە ئابوورییەکەی پارتیی، لە قەڵەوبوون و کەڵەگایی رابگیردرێن. ئەمە بە سیاسەت بە تەنیا ناکرێ، بەڵكو بە فیکری سیاسیی، روئیەی شەفاف، روئیای عەقڵانیی و سەرەنجامیش بە جورئەت و ئیرادەی سیاسیی لێبڕاو، دەکرێ.
نەوشیروان موصطەفا، لە دواهەمین ساڵەکانی تەمەنیدا، ئەگەر بەڕاستیی دەیەوێ ئابووریی کوردستان، لە دەستە نا ئەمینەکان وەربگرێتەوە و بەدەستی کۆمەڵێ گەنجی ئەمین و ئازای بسپێرێ، پێشئەوەی لە گەندەڵخانە و مافیاکانی یەكێتییەوە دەست پێ‌بکات، دەبێ لە قاوەخانە و چایخانەکانی گردەکەی خۆیەوە دەست پێ‌بکات. حیزب، وەکو گۆڕان کە کەمپەینی دژی گەندەڵیی وناعەدالەتیی دەکرد، بەڕێوە ناچێت. بەو سەرکردە میلیشیا عەسکەرییانەی جارانی یەکێتیی کە ژێربەژێر، خەریکی بیزنس و تیجاڕەتن، بەو فاشیلە سیاسییانەی کە بەرژەوەندیی ماددیی و ژیانی خۆیان و منداڵە مودەلەلەکانیان، لە بەرژەوەندیی گشتیی بۆ گرینگترە، بەڕێوە ناچێت. بەو کۆنە ئیخوانیی و ئیسلامییە تۆراوانەی، تەجاوزی عوقدەی سوننییبوون و فاشیزمی ئیخوانییان نەکردووە، بەڕێوە ناچێت. بە ئەکادیمیستی موغازەکانی کوردایەتیی، بە ناسیۆنالیستی زبڵخانەکانی کوردایەتیی، بەو نووسەر و کاندید و نوخبە پۆپۆلیستانەی بۆ پۆست و شیرینییەکانی نەوت، ملی خۆیان دەشکاند، یان ئەوانەی لە رێی حیزبەکانی ترەوە، بەرژەوەندییان دەست نەکەوت و خۆیان بە کۆڵانە بەرینەکانی گۆڕاندا کرد، بەڕێوە ناچێت. بەو کۆمۆنیستە مورتەدانەی بۆ بەرژەوەندیی شەخصیی لە گۆڕان نزیک بوونەوە، بە شیوعییە خاڵییەکان لە فیکر و بە چەپە هەلپەرستەکانی ناو گۆڕان بەڕێوە، ناچێت. گۆڕان ئەگەر میکانیزمی جوڵاندنی ناعەدالەتییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکە لە کوردستانی عێراقدا، دەبێ پێش هەموو شتێ موئەسەسەیەکی فیکریی و سیاسیی، روئیە سیاسییەکان و هەنگاوە عەمەلییەکانی لەسەر ئەرضی واقیع جێکەوت بکات. ئەمانەش دەبێ زاخاودرابن بە نەهجێکی فیکریی جەریئانە کە توانای تەحەداکردنی چەتەگەرییەکانی کوردایەتیی، ناسیۆنالیزمی بیزنس و دەوڵەتە کوردییە مورتەزیقەکەی، بەکردەوە و بە فیکر، بە روئیە و بە روئیاوە هەبێت.
بەمردنی نەوشیروان، گۆڕان لە یەکێتیی خراپتری بەسەر دێت. هۆکارەکەیشی یەک شتە، گۆڕان خاوەنی نەهجێکی سیاسیی و فیکریی روون و شەفاف نییە. گۆڕان لەماوەی ئەم حەوت هەشت ساڵەدا، نەیتوانیوە، چەند کادیرێک، چەند سیاسییەک و چەند نووسەرێکی عەقڵانیی و خاوەن دید و پرۆژەی جەریئانە دروست بکات. زۆربەی هەرە زۆری ئەو هەموو ئەکادیمیست و سیاسیی و نوخبانەی لە گۆڕان، ئاڵاون، هێشتا تەجاوزی ناسیۆنالیزمەکەی مەلا موصطەفا، کاژ‌یک و پاسۆکیان نەکردووە، هێشتا تەجاوزی وڕێنە نەژادییەکانی کۆمەڵەی دوای “ئارام”یان نەکردووە، تا بەناسیۆنالیزمە تیجاڕییەکەی ئێستا دەگات. ئەم هەژارییە، بە پلەی یەکەم لە هەژاریی فیکرییدایە. ئەگەر سەیری ئۆجەلان و زیندانییکردنەکەی بکەیت ( کە مردنێکی شێنەییە لەژێر زەبری زیندانی تەنیاییدا)، بەڵام ئەوەندەی نووسین و تێزی سیاسیی و فیکریی بۆ پەکەکە جێهێشتووە، بە مردنی ئۆجەلان، یان هەر سەرکردەیەکی تری ئەو حیزبە، پەکەکە، نەک تووشی شۆک و لەرینەوە نابێت، بەڵكو مکۆمتر دەبێت. مەبەستم لەو لایەنگرانەی پەکەکە نییە لە کوردستانی عێراقدا کە هێشتا کاژی کوردایەتییان فڕێ نەداوە، بەڵکو مەبەستم لەوانەیە کە لەناو ئەو هەموو فاشیزمە سیاسیی و مەذهەبییەی ناوچەکەدا، چەند کولتوورێکی باڵایان لە تۆلێرانسی فیکریی و سیاسیی داهێناوە؟ ئەو عەزم و جەزمە عەسکەرییانەی پەیەدەش لە کوردستانی سوریا، لەبەرامبەر وەحشییترین گرووپی تێرۆریستیی و سپۆنسەرەکانیدا( تورکیا، قەطەر، سعودییە و پارتیی)، جێکەوتی دەکەن، جەرائەتە عەسکەرییەکەی بۆ ئازایەتییە فیکرییەکەی و روئیا سیاسییەکەیان، دەگەڕێتەوە.
ئەوە، راست نییە کە سامانی نیشتمانیی خەڵکی کوردستان، تەنیا پارتیی دەیدزێ و لەگەڵ تورکیا و ئەردۆغاندا، بیزنسی گەورەیان لەسەر بنیاتناوە. ئەم مەئمورییەتەی بەم ویلایەتە نەوتییە تاڵانییە دراوە، وێڕای ئەوەی شەرعییەتی لە ناسیۆنالیزمی ئابوورییەوە وەرگرتووە، بەڵام شەرعییەتی سیاسیی، قانونیی و دەستوریشیی( ئەگەر شتێکی وا هەبێت)، لە میلیشیاکانی یەکێتیی و ماڵی تاڵەبانییەوە وەرگرتووە. هاوکات، بەشێکی کەمی ئەم شەرعییەتەش، لە خۆشخەیاڵیی و ناعەقڵانییەتی دیدو تێڕوانینی سیاسیی قیادەی گۆڕانەوە وەرگرتووە. ئەگەر سەیری رێککەوتنە سیاسییەکەی یەکێتیی وگۆڕان بکەیت، لە شوێنێکدا باسی ریفراندۆم دەکەن! ئەم باسکردنە، جگە لەوەی کە ترسێکی خورافییە لە ناسیۆنالیزمەکەی پارتیی و لە کوردایەتییەکەی پارتیی، لە دوورونزیکەوە پێوەندیی بە واقیعی سیاسیی کوردستان و عێراقەوە نییە. تەنیا و تەنیا، ترس و تۆقاندن لە کەمپەینەکانی موئەسەسەی فاشیزمی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی بیزنس، چەمکی ریفراندۆمیان، بە تۆبزیی خزاندووەتەوە ناو ئەو بەیاننامەیەوە.
ئەوە ئەگەر “عەما سەلەف” بنێردرێ بۆ نەوەکانی ئێستا، بۆ هەموو ئەوانەی رۆیشتن و بە ئاهی ساردەوە سەریان نایەوە، نە ئازادیی کوردستانیان بینی و نە خێریشیان لەو هەموو سامانە سروشتییەی کوردستان کرد، ئەی بۆچی دەبێ نەوەکانی ئاییندەش باجی ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە ئابوورییەکەی پارتیی، شەریکایەتیی و دزییەکانی یەکێتیی، سەرسامیی، خۆشخەیاڵیی، بێدەربەستیی و واقوڕمانەکانی گۆڕان، خورافاتە سیاسییەکانی ئیسلامییەکان، دروشمە بێتام و ئایدیۆلۆژییەکانی چەپەکان و سەرەنجامیش باجی بێدەسەڵاتییەکانی ئێمە بدەنەوە؟ بۆچی دەبێ قوربانییدانی گەلێکی پێنج میلیۆنیی، لە درێژەی یەک چەرخی تەواودا، هەمووی بچێتە گیرفانی کۆمەڵێ تاجیری گەورە و ملیاردێری نەوتەوە؟ بۆچی دەبێ چەتەکانی کوردایەتیی، بنەماڵە سیاسییەکانی کوردایەتیی، خاوەنی دەیان بیلیۆن دۆلار بن و زۆرینەی رەهای خەڵکی کوردستانیش، لەوپەڕی هەژاریی و بێدەرامەتییدا بژیەن؟ ئەم ناعەدالەتییە گەورەیە، مێژووی لە هەموو جیهاندا نییە. نە نەیجیریا، نە باشووری سودان، نە گەندەڵترین وڵاتانی ئەفریقا و ئەمێریکای لاتین، تەنانەت نە سۆماڵ، نە یەمەن و نە ئەفغانستانیش، نموونەی تاڵانیی، چەتەگەریی و ناسیۆنالیزمی سەخیف، دز و مورتەزیقەی لەمشێوەیەیان نییە. ئەگەر بەرپرسانی یەکەم، بارزانیی و تاڵەبانیی بن، ئەوە نەوشیروان موصطەفاش، وەکو سەرکردەیەک کە خۆی بە نەیاری ئەم ناعەدالەتییانە دەزانیت، پشکی لەم بەرپرسیارییەتە بەردەکەوێ کە نەیتوانیوە، هاوکێشەکانی ئەم ناعەدالەتییانە، قڵپ بکاتەوە.
ئێستا بۆ کەسێک کە خوێنەوارییەکەی بە ئاستی “محوالامیة”ی سەردەمی بەعثیش هەبێت، لەوە تێدەگات کە پارتیی و ماڵی بارزانیی، لەژێر قاووقریوی ریفراندۆمدا، لەژێر قیڕەقیڕی دەوڵەتی کوردییدا، لەژێر ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی و مەئمورییەتە طائیفییەکانی کە لەلایەن حیلفی ئەهریمەنی سوننییەوە، پێیان سپێردراوە، ساڵانە چەندین بیلیۆن( میلیارد) دۆلاری کاش پاشەکەوت دەکەن. ئێستا گەلحۆترین کەس لەوە تێدەگات کە یەکێتیی وەکو کۆمەڵێ باندی مافیایی، بە نهێنیی لەژێرەوە بە صەفەقاتی تیجاڕیی صەدان میلیۆن دۆلاریی و بگرە بیلیۆن دۆلاریی، عیزەتی سیاسیی و مۆڕاڵی سیاسی‌یان، لەلایەن کوردایەتیی ئۆریجناڵەوە کڕدراوە و ناتوانن خاوەنی بڕیارێکی سیاسیی یەکلاکەرەوە بن. لەبەرامبەر ئەو هەموو سەرگەردانی، چەقبەستنە سیاسیی، ئیستیحمارییە کو‌لتووریی و ئابوورییەدا، ئەی گۆڕان و قیادە سیاسییەکەی لە کوێدا وەستاون؟ ئەی تا کەی گەنجانی کوردستان و نەوەکانی ئاییندە، یەخسیری ئەم کۆمەڵە مافیا سیاسیی و ئابوورییە بن؟ کارەسات ئەوەیە، بەشێکی زۆری ئەندام پارلەمان و راوێژکارەکانی گۆڕان، هێشتا چاویان لەوەیە پارتیی دڵی نەرم بێت و تۆرانەکەیان کۆتایی پێبهێنن و بە شیرینیی و غەزوبەزی تاڵانییەکانی ناسیۆنالیزمی نەوت و غاز، ئاشت ببنەوە. ئایا بەڕاستیی، ئەمانە ماڵێ گۆڕان و ئاڵوگۆڕی سیاسیین؟
قائیدی سیاسیی، بەتایبەتیی ئەگەر بەهۆی رووداوە سیاسیی و عەسکەرییەکانی کوردستانەوە، کاریزمایەکی سیاسیی و عەسکەریی پەیدا کردبێ، لەم کاتەدا نەتوانێ ئەم گۆمە بشڵەقێنێ، نەتوانێ پاش ئەو هەموو ستەم و ناعەدالەتییە کۆمەڵایەتیی و چینایەتییە، پاش ئەو هەموو چەتەگەرییەی ناسیۆنالیزمی کوردایەتیی، پاش برسییکردنی بەبەرنامەو بەئەنقەستی خەڵکی کوردستان، ئەگەر نەیەوێت شتێک بکات، ئەی کەی دەیکات؟ ئێستا، گۆڕان بووە بە لەمپەرێک لەبەردەم ناڕەزایەتییەکانی خەڵكی کوردستاندا و ناهێڵێت، جامی غەضەبی خەڵک لێی بڕژێتەوە. ئەم هەلومەرجە سەختە ئابوورییە، بە رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردیی و خەونی شاعیرانەی کوردایەتیی و قسەی نەجیبزادە سیاسییەکانی کورد ناکرێت، درێژەی هەبێت؟ گۆڕان و نەوشیروان موصطەفا، بە خۆیان بزانن یان خۆیانی لێ نەبان بکەن، بوونەتە لەمپەرێک لەبەرامبەر پەنگخواردنەوە و پیشخواردنەوەی صەدان هەزار گەنجی کوردستان. گۆڕان، بە درێژەدانی بەم بێدەنگییە و بەم خۆگونجاندنە لەگەڵ بەشێک لە تاجیرەکانی نەوت، خەونی جەماوەرێکی بەرینی خەڵکی کوردستانی، بۆ گۆڕینی سیستەم و ناعەدالەتییە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان، نەک هەر راگرتووە، بەڵکو بە شێنەیی دەینێژێت. هەموو ئەم بێدەنگیی و غەمساردییەی گۆڕان، پەیامێکی روون و ئاشکرای بۆ دەیان هەزار گەنج، پێیە. ئەویش ئەوەیە دەبێ بیر لە سەردەمی پۆست گۆڕان بکرێتەوە. سیاسەت، چەند بۆ ئێستا دەکرێ، دەبێ ئەوەندەش بۆ ئاییندەی دوور و نزیک بکرێت. ناکرێت تا دەیان ساڵی تر، چەتەکانی کوردایەتیی، حوتەکانی دەوڵەتی کوردیی، درێژە بە دزیینی دەیان بیلیۆن دۆلاری سامانی نیشتمانیی بدەن!
لە کۆتاییدا، گۆڕان و یەکێتیی، ئەگەر بەڕاستیی ئیرادەی سیاسی‌یان هەیە، دەتوانن پتر لە نیوەی ئابووریی کوردستان، سیاسەتی کوردیی، مەلەفە دیپلۆماسیی و تیجاڕییەکانی کوردستان لەدەست پارتیی دەربکەن. دیارە پێش هەموو شتێ، ئەستەمە، ئەم قیادە تیجاڕیی و قیادە میلیاردێرانەی یەکێتیی، ئەم جەرائەتە سیاسییەیان هەبێت و ئەمە بکەن. هاوکات ئەستەمە بەو قیادانەی گۆڕان و ئەو کادیرانەی گۆڕان بکرێ کە دەوڵەتی کوردیی و ئابووریی سەربەخۆی خێڵ، مەرجەعی ئابووریی و سیاسییانە( تەنانەت ئەگەر شەخصی نەوشیروان، خۆیشی بێت). هەموو ئەوانەی باسکران، بەو کەسانە دەکرێ کە تەجاوزی ئیستیحمارییە سیاسیی، فیکریی و کولتوورییەکانی کوردایەتییان کردبێت، تەجاوزی ناسیۆنالیزمی بیزنسیان کردبێت. بە فیکر و روئیای گەشەوە، بانگەوازی پاترێۆتیزمی ئابووریی شەفاف، دوور لە هەژموونی حیزب و مافیاکانی بکەن. ئەگەر، هەرکەسێک، هەر کادیر و مونەوەرێکی ( یەکێتیی و گۆڕان)یش تەجاوزی ئەوانەیان نەکردبێ، باشترین، چاکترین و لێهاتووترین حیزب، بۆ کوردایەتیی، تەنیا و تەنیا پارتییە، بۆ ئەوەی بە یەکجاریی، سەنگەری بەرینی خەڵکی ناڕازیی کوردستان، لەسەنگەری مافیاکانی کوردایەتیی، جودا بێتەوە. ئەگەر هەر صەنعەتی کوردایەتیی بێت، ئەوە بە دەستی یەک و ئۆریجناڵ بیکەن( پارتیی)، زۆر باشترە بەدەستی دوو و سێ بکرێ. ئەوانەی دڵیان بە ئابووریی سەربەخۆ و دەوڵەتی رەیعیی خۆش بوو، یان هێشتا هەر لەو وڕێنانەدا دەژیەن، باشترە راستەوخۆ غوڵامی ئاغا بن، نەک بە دەستی دوو سێ، غوڵامی سەرکارەکانی ئاغا بن.
ستراتیجیەتێک بۆ کوردانی ڕۆژاڤا …. شێرکۆ کرمانج
گەلەکۆمەکی هێزە ناوخۆیی‌و دەرەکەییەکان لە سوریا بۆ سەر گەلی کورد‌و ئەزمونەکەی لە ڕۆژاڤا بە هێرشکردنە سەر جەرابلس لەلایەن لەشکری تورکیا‌و هاوپەیمانەکانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەگەڵ داواکەی ئەمریکا بە کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) گەیشتە ترۆپک. هەوڵەکانی بەیەکەوەگرێدانی کانتۆنی کۆبانێ‌و عەفرین لەکورتمەوداو لەدرێژمەودا بووە بەئەگەرێکی سەخت ئەگەر نەڵێین موستەحیل. بۆیە پێداچوونەوەیەک بە ستراتیجیەتی کوردانی ڕۆژڤاو هاوپەیمانەکانیان پێویستە. ستراتیجیەک کە خۆی لە کۆچی گشتی کوردانی سوریا دەبینێتەوە بۆ کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ. ئەم نوسینە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی ستراتیجیەکە لەگەڵ هۆکارەکانی پشت ستراتیجیەکە، واتە ڕاشنالیتی پێشنیارەکە.
سەرەتا دەبێت ئەوە بگوترێت کە ستراتیجیەتەکە بنەمای لەسەر سێ تێگەیشتن داناوە: یەکەم، سیاسەتی ئەمری واقیع؛ دووەم، ناهاوسەنگی هێز لەنێوان بەرەی کوردان‌و هێزە نەیارەکانی؛ سێیەم، ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی ئەمریکاو ڕوسیا‌و تورکیا لەماوەی چەند حەفتەی ڕابردو، کە لە بەرژەوەندی کورد نەبوون.
خاڵێکی دیکە کە لە داڕشتنی ئەم ستراتیجیەتە لەبەرچاوگیراوە ئەوەیە کە لە هاوکێشە سیاسییەکان‌و سەربازییەکان پاراستنی دەسکەوتەکان بەگشتی زەحمەتترە لە بەدەستهێنانیان. لە ٢٠١٢ ـەوە كوردەکان لە ڕۆژاڤا دەستکەوتی هێندە گەورەیان بەدەستهێناوە کە لە خەیاڵی هیچ کەسێکدا نەبووەو نییە بەتایبەتی ئەگەر قەوارەی کورد‌و پچڕپچڕی ناوچەکانیان بەبیرخۆمان بێنینەوە. ئەم ستراتیجیەتە هەوڵێکە بۆ پاراستنی سەرکەوتنەکان.
ژمارەی کوردەکان لە سوریا لە دوو ملیۆن تێپەڕناکات‌و کێشەی هەرە گەورەش لەپاڵ کەمی ژمارەی کوردان لەو وڵاتە پەرشوبڵاویانە بەسەر شار‌و پارێزگاکانی سوریا. بەشێکی گەورە لە کوردان نیشتەجێی شارەکانی ‘حەلەب’ و ‘دیمەشق’ـن. ئەمەش چڕی کوردانی لە ناوچە کوردستانییەکان کەمکردۆتەوە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کۆچپێکردنی کوردەکان لە حەلەب‌و دیمەشق‌و تەواوی شار‌و شارۆچکەکانی دیکەی سوریا بۆ کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ پێویستییەکی هەنوکەییە. کۆچپێکراوەکان واچاکە لە شاری حەسەکەو ئەو ناوچانەی کە چڕی کوردیان کەمە لەنێوان هەر دوو کانتۆنی کۆبانێ‌و جەزیرە، وەک شەدادی‌و گرێسپی‌و تەلحەمیس‌و تەلتەمر، نیشتەجێبکرێن.
ئەم کۆچپێکردنە کە کڕۆکی ئەم ستراتیجیەتە پێکدەهێنێت دەبێت هەر ئێستا لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی هەر دوو کانتۆنی جەزیرەو کۆبانێ دەستپێبکات. هەر ئەوانیش دەبێت تەواوی ڕێوشوێنە ئیداری‌و لۆجیستیەکانیان بۆ دابینبکەن.
کۆچی بە کۆمەڵی کوردانی سوریا بۆ ناوچە کوردییەکان بێجگە لەوەی کە چڕی کورد لە ڕۆژاڤا زیاددەکات‌و ئەمنیەتی ناوچەکانیان باشتر‌و تۆکمەترو پارێزراوتر دەکات، هاوکات، کوردانی دەرەوەی کانتۆنەکان لە لەناوچوون لەڕێگەی توانەوە دەپارێزێت. لەپاڵئەمەش، کوردانی شارە سورییەکان هەر ئێستا بەگشتی لەنێوان مەرگ‌و ژین‌دا دەژین، بەتایبەتی ئەوانەی حەلەب کە ژمارەیان لەوانەیە خۆی لە ١٠٠ هەزار کەسێک بدات.
خاڵی نەرێنی سەرەکی ئەم ستراتیجەتە ئەوەیە کە کورد دەبێت دەسبەرداری یەکگرتنەوەی کانتۆنی عەفرین‌و کۆبانێ بێت کە لە ڕاستیدا ئەم هەوڵە، سەرەڕای ئەوەی کە شەهیدێکی زۆری بۆ درا، بەڵام هەم واقیعی نەبوو هەم قومارێکی گەورە بوو چونکە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە کەوتونەتە نێوان عەفرین‌و کۆبانێ ناوچەی عەرەبی‌و غەیرە کوردین یان بە چڕی تەعریبکراون.
ئەو تێگەیشتنە بان-نەتەوەییەی کە پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) باسیلێوەدەکات لە ڕووی تیورییەوە زۆر جوانە بەڵام تەنیا لەو ناوچانە دەکرێت بەرجەستەبکرێت کە زۆرینەی کوردن‌و خۆیان بە هەڵگری ئەو پەیامە بان-نەتەوەییە دەزانن. دەیان ساڵە مێژووی دنیا‌و ناوچەکە پێماندەڵێت کە سنوری دەسەڵات‌و جوگرافیای ڕاپەڕینی کوردان، یان هەر گروپێکی نەتەوەیی یان مەزهەبیی، لەو شوێنە کۆتاییپێدێت کە چڕی نەتەوەیی‌و مەزهەبیی کۆتایی دێت. پەیەدەو یەپەگەو یەپەژە واچاکە د‌رکی ئەو ڕاستییە بکەن کە حوکمکردنی ئەو ناوچانەی کە چڕی کوردیان کەمە یان هەر کوردی تێدانییە سەختەو پاراستنیشی موستەحیلە. ئەگەر لە کورتمەوداش نەبێت لەدرێژمەودا ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت.
کورد لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژاڤا زۆرینەی ڕەها نییە، بۆیە ئەم کۆچە دەستەجەمعییەی کە لێرە پێشنیازکراوە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردییەکانە. گۆڕینی دیموگرافیای ڕۆژاڤا بەو مانەیە نییە کە عەرەب‌و کریستیان‌و تورکمان‌و خەڵکانی سەر بە نەتەوەو دینەکانی دیکە لەو ناوچانە دەربکرێن. بەپێچەوانەوە ئەو ئەزمونە فرەکەلتورییەی کە ئێستا لە ڕۆژاڤا جێبەجێدەکرێت دەبێت بەردەوام بێت‌و پێکەوژیانی نەتەوەکان‌و دینەکان تۆکمەترو قوڵتربکرێتەوە.
ئەو ناوچانەی کە ئێستا دوو کانتۆنەکەی ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات پێکدێنن ناوچەیەکی بەرفراوان‌و دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی‌و ئاویی‌و دەکرێت کیانێکی سیاسی‌و ئابوری پشتبەخۆبەستوی لێ‌دروستبکرێت. بەڵام سەقامگیری ئەو ناوچانە بە چڕی کورد پەیوەستە بۆیە کوردانی ناوچەکانی دیکەی سوریا دەبێت بگوازرێنەوە ئەوێ.
بێجگە لەم هۆکارانە دەبێت ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە زۆر زەحمەتە سوریا وەک وڵاتێکی یەکگرتو وەک جاری جاران دروستبکرێتەوە، بۆیە بوونی کورد لە حەلەب یان لە دیمەشق، یان هەر شوێنێکی دیکە، دەیانکات بە کەمینەیەک لەو شوێنانە کە هیچ سەنگێکی سیاسیان نابێت. لە ئەگەری دابەشبوونی سوریا یان دروستبوونی چەند فیدڕالییەتێک ئەوە ئەگەرەکانی توانەوەی کوردە دابەشبووەکان بەسەر شار‌و شارۆچکەکانی دیکەی سوریا زۆر زیاددەکات.
مانەوەی کورد لە شارەکانی دیکەی سوریا هێزەکانی یەپەگەو یەپەژە ناچار بە پەرشوبڵاویی دەکات بۆ پاراستنی کوردەکان لە شوێنەکانی دیکەی سوریا. ئەمەش بارێکی دیکەی قورس دەخاتە سەر هێزە ئەمنییەکانی ڕۆژاڤاو تواناکانیان ئیستینزاف پێدەکات‌و مایەپوچیشە.
لە حالی حازردا کانتۆنی عەفرین تاڕادەیەکی چاک توانیویەتی پارێزگاری لەخۆی بکات. ئەگەر بارودۆخەکە ئاوابمێنێتەوە ئەوە دەکرێت قسە لەسەر ئەو کانتۆنە نەکرێت بەڵام ئەگەر هاوکێشەکانی هێز لەوێش گۆڕان ئەوە دەکرێت لەژێر تیشکی ئەم ستراتیجیەتە بیر لە خەڵکی ئەوێش بکرێتە.
بەکورتییەکەی کاتی ئەوە هاتوە کە ڕۆژاڤا هەنگاوی جدی بهاوێژێت بۆ چڕکردنەوەی ڕێژەی کورد لە کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ بەمەبەستی چاکتر پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردو بەدەستهاتون. دابەشبوون‌و پەرشوبڵاوی کورد لە سوریا مەترسییە لەسەر ئەزمونی ڕۆژاڤاو دەستەکەوتەکانی کە بیرکردنەوەی جدی گەرەکە.
زۆرایه‌تی و جاگلەر … کاروان کاکه‌سوور
هه‌وڵێک بۆ لێکدانه‌وه‌ی سێکوچکه‌ی ڕۆشنبیر، ده‌سته‌ڵات و زۆرایه‌تی له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه
چه‌مکی ڕۆشنبیر هه‌میشه ئه‌و چه‌مکه بزێو و یاخییه بووه، که ڕووناکبیر و فه‌یله‌سووفانی به خۆیه‌وه خه‌ریک کردووه، بۆیه ته‌نیا له بواری سیاسه‌تدا نه‌ماوه‌ته‌وه و چووه‌ته ناو هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌یشه‌وه. سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر ده‌بینین زۆرترین پێناسه‌ی بۆ کراوه. له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی کێیسی دریفوس (Dreyfus) له ساڵی (1894)دا چه‌مکی ڕۆشنبیر زیاتر خۆی به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی ڕووناکبیر و فه‌یله‌سووفاندا ده‌سه‌پێنێت. کاتێ ئه‌و ئه‌فسه‌ره جووه‌ی سوپای فره‌نسا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌کرێت، گوایه ناپاکه و سزای کوشتنی بۆ ده‌رده‌چێت، (ئه‌میل زۆلا) به بابه‌تێک، یاخود به نامه‌یه‌ک به‌رگریی لێ ده‌کات و به‌رگرییه‌که‌ی کاردانه‌وه و کاریگه‌ریی به‌رچاوی ده‌بێت، بگره ئه‌وه ڕێگاردێکی گه‌وره به ناوی ڕۆشنبیر ده‌به‌خشێت، که چۆن وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ڕه‌خنه‌گر و یاخی ده‌توانێت له ئاستی ده‌سته‌ڵاته‌کاندا بوه‌ستێته‌وه و ئاڕاسته‌ی جیاواز له هه‌ر کێیسێکدا بهێنێته کایه‌وه، که له کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ورووژێت.
به‌وه‌دا چه‌مکی ڕۆشنبیر ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به چه‌مکێکی دیکه‌وه به‌نده، که ئه‌ویش چه‌مکی ده‌سته‌ڵاته، ئاڵۆزتر بووه، به‌وه‌ی ئه‌و چه‌مکه‌یش هه‌ر خۆی خاوه‌نی پرۆبله‌ماتیکی گه‌وره‌یه. ئه‌و دوو چه‌مکه ئه‌وه به‌سه‌ر هه‌ر ڕۆشنبیرێکدا ده‌سه‌پێنن، که تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی بۆیان هه‌بێت، وه‌ک بڵێی هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشوو به که‌ڵکی ئه‌م نه‌یه‌ن. به‌م شێوه‌یه ئه‌وه ئه‌و ڕۆشنبیره‌یه ناچار ده‌بێت پێناسه‌ی نوێ بۆ ئه‌و دوو چه‌مکه بکات، که له لایه‌ک به قووڵی و ئازاره‌وه ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵگه ده‌بێته‌وه و له لایه‌کی دی ئاستی هه‌موو ئه‌و پێناسانه‌ی دی تێده‌په‌ڕێنێت، که پێشتر خراونه‌ته ڕوو. ده‌کرێت له‌وه ڕوونتر ده‌ریببڕین و بڵێین کاتێ ڕۆشنبیر له‌سه‌ر شێوازی تایبه‌تی خۆی و به مێتۆدی ڕه‌خنه کۆمه‌ڵگه ده‌خوێنێته‌وه، نایه‌وێت به هیچ تێگه‌یشتن و پێناسه‌یه‌کی پێشتر و هیی هاوکاتی خۆی ڕازی ببێت، به‌ڵکوو تێگه‌یشتن و پێناسه‌ی نوێ و سه‌ربه‌خۆ داده‌هێنێت. که‌واته ڕوانینی هه‌ر ڕۆشنبیرێک بۆ چه‌مکه‌کانی (ڕۆشنبیر و ده‌سته‌ڵات) له هیی یه‌کێکی دی جیاوازه و هه‌ر ئه‌و جیاوازییه‌یشه پێگه‌که‌ی دیاری ده‌کات. ئه‌و دوو چه‌مکه‌یش به چه‌مکێکی دیکه‌وه پێوه‌ستن، که کۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه داده‌پۆشێت، زۆرایه‌تی (Majority)یه. به‌کورتی له‌نێوان ڕۆشنبیر و ده‌سته‌ڵاتدا زۆرایه‌تییه‌ک هه‌یه، که ڕۆڵی گه‌وره له‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌بینێت، بگره ته‌نیا ئه‌و زۆرایه‌تییه‌یه پێوه‌ندیی نێوانیان دێنێته ئاراوه، ئینجا ئه‌و پێوه‌ندییه چ له شێوه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دا بێت، چ له شێوه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌داندا و چ له شێوه‌ی دیکه‌دا.
کاتێ ده‌گه‌ینه چه‌مکی (زۆرایه‌تی)، ناکرێت خێرا و به ئاسانی لێی تێبپه‌ڕین، به‌وه‌ی له‌وێدا کۆمه‌ڵێک پرسیار پێشمان لێ ده‌گرن، که گرنگترینیان ئه‌و داموده‌ستگه‌یانه له خێزان، قوتابخانه، په‌رستگه‌وه تاکو ده‌گاته حزب چۆنن و له چ ئاستێکدان، که ئه‌و زۆرایه‌تییه پێوه‌ندیی پێیانه‌وه هه‌یه و وزه‌یان لێ وه‌رده‌گرێت؟ کاریگه‌ریی ئه‌و ڕۆشنبیره چ له‌سه‌ر ئه‌و داموده‌ستگه‌یانه و چ له‌سه‌ر ئه‌و زۆرایه‌تییه‌دا چۆنه و به چ شێوه‌یه‌ک ده‌رکه‌وتووه؟
زۆرایه‌تی بۆیه زۆرایه‌تییه، چونکه له دۆخی جێگیریدایه. له ئاستێک‌دا چه‌قی به‌ستووه، نه جووڵه و نه ئاڕاسته‌ی جیاوازی هه‌یه. به مانایه‌کی دی زۆرایه‌تی له‌و بوونه‌وه‌رانه پێک دێت، که به ساده‌یی له‌سه‌ر چه‌مکه زه‌قه‌کانی وه‌ک ئایین، نه‌ته‌وه، نیشتمان، خاک، شه‌ره‌ف و هیی دیکه ڕێکن، به‌ڵام ئه‌وانه هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیمبۆڵیی گه‌وره پێک ده‌هێنن. ئه‌وانه له کاتێکدا به‌وه ده‌ناسرێنه‌وه به شێوه‌ی شێلگیر (ئیکستریم) ده‌ست به‌و چه‌مکه زه‌قانه‌وه ده‌گرن، به‌ڵام هاوکات نه‌ک ئاره‌زوویان نییه له پێکهاته‌یان بکۆڵنه‌وه و هه‌ڵیانبوه‌شێننه‌وه، به‌ڵکوو له ئاستی هه‌ر هێزێکی ڕه‌خنه‌ییشدا ده‌وه‌ستنه‌وه، کاتێ به مه‌به‌ستی پرسیار و گومان لێیان نزیک ده‌بێته‌وه. به‌کورتی ئه‌وانه که‌مترین شاره‌زاییان له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مکانه‌وه هه‌یه، که باوه‌ڕیان پێیان هێناون، بگره هه‌ر ئه‌مه‌یشه وای کردووه هێنده پێیانه‌وه پێوه‌ست ببن.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ئایین، دروستتر ئایینی ئیسلام ئه‌و زۆرایه‌تییه‌ی ئێمه داده‌پۆشێت و ده‌بێته چه‌ترێکی گه‌وره بۆ سه‌رجه‌م چین و توێژه جیاوازه‌کان، بگره بۆ هه‌موو ئاڕاسته‌کانی بیرکردنه‌وه و تێڕوانینیش، که ئامانجی سه‌ره‌کیی ئه‌وه‌یه تێکڕایان بکاته یه‌ک و ته‌باییان له‌نێواندا بهێنێته گۆڕێ. به مانایه‌کی دی خۆی هه‌ڵیانبسووڕێنێت و ڕێگه نه‌دات هیچ ئاڕاسته‌یه‌ک به جیاواز و سه‌ربه‌خۆ له‌وانه‌ی دی بجووڵێت. به‌م شێوه‌یه ڕیچوه‌ڵی ئایینی ورده‌ورده خۆی ده‌خزێنێته ناو هه‌موو کایه‌کانی وه‌ک سیاسه‌ت، به‌ڕێوه‌بردن، مێدیا، ئه‌ده‌ب و بگره هونه‌ریشه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ناو ئه‌م ڕیچوه‌ڵه‌دا بیه‌وێت له پرینسیپه‌کانی ئه‌و ئایینه بکۆڵێته‌وه و به دوای ورده‌کارییه‌کانیدا بگه‌ڕێت. هێنده هه‌یه ئایینی به شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌و تێگه‌یشتنه ساده‌یه‌ی خۆیدا ڕێک خستووه، که سه‌قامگیرییه‌که‌ی لێ نه‌شێوێنێت و ڕووبه‌ڕووی پێکدادانی نه‌کاته‌وه، چونکوو ترسی گه‌وره‌ی له هه‌ر هێزێکه ئه‌و دۆخه‌ی لێ تێک بدات و بیخاته دۆخێکی دیکه‌ی جیاوازه‌وه، بۆیه خۆی له‌و تاک و گرووپانه دوور ده‌گرێت، کاتێ ده‌یانه‌وێت به لای کارێکی وه‌هادا بچن. به ده‌وڵه‌تی ئیسلامی سه‌رسام نابێت، ساتێ ده‌بینێت تێیدا مرۆڤ به‌ردباران ده‌کرێت، ده‌ستی دز ده‌بڕێت، ژن ده‌کرێته که‌نیزه و له بازاڕدا ده‌فرۆشرێت، زیندوو ده‌ستووتێنرێت، جزیه به‌سه‌ر کریستیه‌ن و ئێزیدیدا ده‌سه‌پێنرێت و زۆری دی، به مه‌رجێ هه‌موو ئه‌وانه به تێکست هه‌ن و له سه‌ره‌تاوه پراکتیزه کراون، بگره له کتێبه‌کانی خوێندنگه‌دا ده‌خوێنرێن. به ڕوونی ده‌بینین داعشییه‌کان لای ئه‌و زۆرایه‌تییه په‌سه‌ند نین و به گێره‌شێوێن داده‌نرێن. زووتریش کۆمۆنیزمی کرێکاری له‌به‌ر هه‌مان هۆکار نه‌یتوانی سه‌رنجی ئه‌و زۆرایه‌تییه ڕابکێشێت.
پێشتر گوترا زۆرایه‌تی له‌باره‌ی ئه‌و چه‌مکه زه‌قانه‌وه که‌مترین شاره‌زاییی هه‌یه، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداریشیان نابێت، چونکه ده‌ستبه‌رداربوون خۆی یه‌کێکه له‌و ترسانه‌ی نایه‌وێت ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه. به ئاسانی واز له هیچ باوه‌ڕێک ناهێنێت، که پێشتر په‌سه‌ندی کردووه. ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین زۆرایه‌تیی ئه‌مڕۆمان هه‌موو شتێک که‌ڵه‌که ده‌کات. به‌م شێوه‌یه (پیرۆزی) و (که‌ڵه‌که‌کردن) دوو سیمای سه‌ره‌کیی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌ن. سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌کانی قه‌بووڵه. له یه‌ک کاتدا پارتی و ئیسلامییه‌کانی ده‌وێت. یه‌کێتی و گۆڕانی لا په‌سه‌نده، مادام ئه‌وانه هه‌موویان له‌ژێر چه‌تره‌که‌دا شوێنیان گرتووه و نابنه هۆی تێکچوونی ئارامییه‌که‌ی. ئه‌و زۆرایه‌تییه به جلوبه‌رگی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و موزیکی هه‌ڵپه‌ڕکێوه نه‌ورۆز ده‌کات و له ڕه‌مه‌زانیشدا به ڕۆژوو ده‌بێت. جبه‌ی خه‌لیجی ده‌پۆشێت، له‌چه‌ک ده‌به‌ستێت و په‌نا بۆ هه‌موو ته‌کنیکه‌کانی جوانکاری ماکیاژیش ده‌بات. دوژمنی سه‌رسه‌ختی سیکۆله‌ریزمه و تێکڕای به‌رهه‌مه‌کانیشی نه‌ک به کار ده‌هێنێت، بگره تاکو ڕاده‌ی په‌رستن خۆشی ده‌وێن. ژماره‌ی مزگه‌وتی به شێوه‌ی خه‌یاڵی زیاد ده‌کات و له وڵاتێکی وه‌ک دانمارکیش پتر ئه‌لکوهوول له شاره‌کانیدا ده‌فرۆشرێت. داتاکانیش به‌رده‌وام ئه‌وه پێشان ده‌ده‌ن ئه‌ندامانی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌ی ئێمه له سه‌یرکردنی فیلمی پۆرنۆگرافیدا له پێشی پێشه‌وه‌ن.
گوتمان ئه‌وانه به ساده‌یی له‌سه‌ر چه‌مکه گه‌وره‌کان ڕێکن، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت تێڕوانینی جیاوازیان نییه. هێنده هه‌یه ئه‌و جیاوازییه ته‌نیا پێوه‌ندیی به فۆرمی ئه‌و چه‌مکانه‌وه هه‌یه، نه‌وه‌ک به ناوه‌رۆکیانه‌وه، بۆیه لێره‌دا هه‌ر حزبێکی سیاسی سوود له‌و جیاوازییانه ده‌بینێت و شوێنی خۆی لایان ده‌کاته‌وه. ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی هه‌ر یه‌کێ له‌و چه‌مکانه‌وه ده‌یڵێت، ته‌نیا له شێوه‌دا له‌گه‌ڵ هیی پارتی جیاوازه، ده‌نا له ناوه‌رۆکدا هه‌مان شته. هه‌ردوو لایان له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوکردنی ئه‌و باوه‌ڕانه‌دان، که لای زۆرایه‌تی پیرۆزن، به‌ڵام هه‌ر یه‌که‌ی له‌سه‌ر شێوازی خۆی، که لێره‌دا هه‌موو حزبه‌کانی دیکه‌یش وه‌ک گۆڕان و پارتی وان. له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا هیچ شتێک ون نابێت، به‌ڵکوو شوێنه‌که‌ی ده‌گۆڕێت. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردوودا به لێشاو بابه‌ت له‌باره‌ی لاوازبوونی یه‌کگرتووه‌وه نووسراون، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی یه‌کگرتوو لاواز نه‌بووه، یان دروستتر به‌و شێوه‌یه لاواز نه‌بووه، که ئه‌وان ده‌یبینن، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه ناتوانێت له‌وه گه‌وره‌تر ببێت، به‌وه‌ی وه‌ک هه‌ر لایه‌نێکی دی له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا پێگه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک چه‌سپاوی هه‌یه و له‌وه تێناپه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر یه‌کگرتوو به‌شێکی ئه‌ندامه‌کانی له ده‌ست داون، مانای وا نییه ئه‌وانه له‌ژێر چه‌تره‌که‌دا نه‌ماون، به‌ڵکوو ته‌نیا جێگۆڕکێیان کردووه، به‌وه‌ی چوونه‌ته ناو گۆڕانه‌وه، یان خۆیان له ڕیزی سه‌له‌فییه‌کاندا دۆزیوه‌ته‌وه، که ئه‌وانیش ئه‌مڕۆ لای زۆرایه‌تی خۆشه‌ویستن. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆیشی فۆرمێکی چه‌سپاوی وه‌رگرتووه و به هه‌مان شێوه‌ی یه‌کگرتوو له‌وه زیاتر تێناپه‌ڕێت، بگره پێویستیشی به‌وه نییه له‌وه زیاتر په‌ره بستێنێت. به مانایه‌کی دی هه‌ر لایه‌نێک له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا سنوورێکی بۆ خۆی کێشاوه، که نایه‌وێت بیبه‌زێنێت، چونکه به‌زاندنی سنووره‌که تووڕه‌بوونی خودی زۆرایه‌تییه‌که‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه. مرۆڤ کاتێ سه‌رنج له پێوه‌ندیی ئه‌و حزبه سیاسییانه ده‌دات، به ڕوونی ئه‌وه ده‌بینێت، چۆن هه‌ر کاتێ ده‌گه‌نه ئاستی تووڕه‌بوون، خێرا هێمن ده‌بنه‌وه و پێکه‌وه داده‌نیشن، بگره ده‌گه‌نه ئه‌وه‌ی به شانوباڵی یه‌کدیدا هه‌ڵبده‌ن، نه‌بادا ئه‌و گرژییه ببێته هۆی تێکچوونی ئارامیی زۆرایه‌تی. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به ناوی یاسای سه‌رۆکایه‌تییه‌وه ورووژاوه، له گه‌مه‌یه‌کی سیاسی به‌ولاوه، شتێکی دیکه نییه.( ) هه‌ندێک له گه‌رمه‌ی حه‌ڤده‌ی شوباتدا وایان ده‌زانی جارێکی دی ببڕای ببڕای گۆڕان، یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتی ئاشت نابنه‌وه، وه‌ک چۆن باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد ڕۆشنبیران به لای داموده‌ستگه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌دا بچنه‌وه، که‌چی ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بینرا. پێشبینی ده‌کرا یه‌کێتی لانی که‌م شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بتوێته‌وه و شوێنه‌واری نه‌مێنێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌ویش له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا هه‌مان ئه‌و قورساییه‌ی هه‌یه، که پێش حه‌وت ساڵ هه‌یبوو. ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له ده‌ستی داون، هێشتا له‌ژێر چه‌تره‌که‌دان. به‌کورتی ئه‌و زۆرایه‌تییه دایکێکی میهره‌بانه و هه‌موو ڕۆڵه‌کانی خۆی خۆش ده‌وێت و ده‌یانپارێزێت، بگره هه‌وڵی گه‌وره بۆ ئه‌وه ده‌دات له ده‌ستیان نه‌دات.
زۆرایه‌تیی ئه‌مڕۆ، دروستتر ئه‌و زۆرایه‌تییه‌ی له نه‌وه‌ده‌کانه‌وه فۆرمێکی دیاریکراوی وه‌رگرتووه و تاکو ئێستایش له‌ناویدا ماوه‌ته‌وه، به‌وه له زۆرایه‌تیی شه‌سته‌کان، حه‌فتاکان و هه‌شتاکان جوودا ده‌کرێته‌وه، که وه‌ک پێشتر گوترا له‌ژێر چه‌تری ئیسلامیدایه، به‌ڵام ئه‌وان له‌ژێر چه‌تری نه‌ته‌وه‌یی، چه‌پگه‌رایی و لیبرالیدا بوون (له‌گه‌ڵ پارێزی زۆرم بۆ هه‌رسێ چه‌مکه‌که). زۆرایه‌تیی ئه‌وده‌م له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکاندا پارتیی هه‌ڵدایه ده‌رێ، که‌چی له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کاندا ئه‌م زۆرایه‌تییه هێنایه‌وه، چونکه له‌و کاته‌وه زۆرایه‌تی موڵکی لایه‌نێکی دیاریکراو نییه، به‌ڵکوو هیی سه‌رجه‌م لایه‌ن و ئاڕاسته‌کانه. زۆرایه‌تیی هه‌شتاکان له ڕاپه‌ڕیندا به‌عسی له شاره‌کانی کوردستان به ده‌ر نا و له‌و پێناوه‌دا ڕووبارێک خوێنی ڕشت، که‌چی زۆرایه‌تیی دوای ڕاپه‌ڕین به شێوه‌ی ئاشتییانه هێنایه‌وه. ئه‌مڕۆ مرۆڤ ده‌توانێت به ئاسانی له پاڵ حزبه‌کانی دیکه‌دا به‌عسیش ببینێت، بگره ده‌گاته ئه‌وه‌ی له مێدیای یه‌کگرتوودا (سه‌دام حسێن) وه‌ک موجاهیدێکی شه‌هید پێشان بدرێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ناڕه‌زاییه‌ک لای ئه‌و زۆرایه‌تییه دروست ببێت. له فه‌یسبووکدا زووزوو جوانترین وێنه‌ی ئه‌و سه‌رۆکه به قورئانێکه‌وه ده‌بینرێت و ئامۆژگاری و گوته نه‌سته‌قه‌کانی به زمانی کوردی بڵاو ده‌کرێنه‌وه. دیسان ده‌یڵێینه‌وه، که زۆرایه‌تیی هه‌موو حزب و لایه‌نه‌کان له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا په‌یمانیان به‌ستووه شه‌ڕ به یه‌کدی نه‌فرۆشن. هێنده‌ی حزب و ڕێکخراوه‌کان ڕۆڵیان له‌وه‌دا هه‌بووه زۆرایه‌تی یه‌کڕه‌نگ و هاوئاهه‌نگ بێت، به هه‌مان شێوه زۆرایه‌تییش وای کردووه ئه‌وان به چه‌سپاوی بمێننه‌وه و گۆڕانکاری له خۆیاندا نه‌که‌ن. واته به بیری نوێ و سیستێمی نوێ ڕووبه‌ڕووی نه‌بنه‌وه. دیسان جه‌خت له‌وه ده‌که‌ینه‌وه، که له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه تاکو ئه‌مڕۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان یه‌ک سیستێمی بیرکردنه‌وه و یه‌ک شێوازی ڕاگه‌یاندن پێڕۆیی ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت گۆڕان گوایه هاتووه ئه‌و ستایله بگۆڕێت، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر نه‌یگۆڕیوه، به‌ڵکوو له هه‌موو ئه‌وانه‌ی دی زیاتر پابه‌ندی خواستی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌یه، بگره پێی و‌ایه ئه‌وان که‌مته‌رخه‌من و خۆی له‌پێناوی پڕکردنه‌وه‌ی که‌موکووڕییه‌کاندا تێده‌کۆشێت. به‌م شێوه‌یه بایه‌خی سه‌ره‌کیی گۆڕان بۆ زه‌قکردنه‌وه‌ی نۆرمی ئایینی و نماییشی کاره‌کته‌ری ئایینییه، که له نه‌وه‌ده‌کانه‌وه سیمای زۆرایه‌تییان پێوه دیاره. هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا پێگه‌ی پیاوی ئایینی زۆر به‌رزتر ده‌بێته‌وه و له بوونه‌وه‌رێکه‌وه، که پێش ڕاپه‌ڕین نه‌یتوانیوه، یان ڕێگه‌ی پێ نه‌دراوه له ڕۆڵی ئامۆژگاری زیاتر بگێڕێت (ئه‌ویش له سنوورێکی ته‌سکدا)، بۆ بوونه‌وه‌رێکی دی ده‌گۆڕێت، که بڕیار له‌سه‌ر شێوازی حوکمڕانی و به‌ڕێوه‌بردن ده‌دات. واته ده‌سته‌ڵاتی پیاوی ئایینی ته‌نیا له سنووری کۆمه‌ڵایه‌تیدا نامێنێته‌وه، به‌ڵکوو ده‌گاته ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر که‌ناڵه گرنگه‌کانی سیاسه‌ت و فه‌رمانڕه‌واییشدا بگرێت، که ئه‌مه‌یش ته‌واو له‌گه‌ڵ خواستی زۆرایه‌تیدا ڕێکه.
هه‌میشه ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی به زمانی ئه‌و ئیدۆلۆگییه ده‌ده‌وێن، که زاڵه، هه‌تا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشیان نه‌بێت. له پێش ڕاپه‌ڕیندا هه‌ر ڕسته‌یه‌ک وشه‌ی هه‌ژاری، برسێتی، جیاوازیی چینایه‌تی و هیی له‌م بابه‌ته‌ی تێدا بووایه، وا لێک ده‌درایه‌وه له‌پێناوی کۆمۆنیزمدا گوتراوه. ئه‌مڕۆیش هه‌ر زمانێک توانای تێپه‌ڕاندنی نه‌بێت، له‌ژێر چه‌تره‌که‌دا ده‌مێنێته‌وه و ده‌بێته به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی زمانی زۆرایه‌تی. به ناوی (یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان)ـه‌وه تێکستێکی ناڕه‌زایی له‌باره‌ی کوژرانی مامۆستایه‌کی زانکۆوه نووسراوه، به‌ڵام به زمانێکی میللی، که پڕه له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی مرۆڤ له ده‌می پیاوانی ئایینییه‌وه ده‌یانبیستێت. تێکسته‌که به‌م دوو ڕسته‌یه کۆتاییی پێ هێنراوه: (نەفرەت لە ئەنجامدەری ئەو تاوانەو جەهەنەم جێگای ئەبەدی بێت).( ) له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی که‌لتووری زاره‌کییان تێپه‌ڕاندووه و بایه‌خی نووسینیان زانیوه، منداڵی باخچه‌ی ساوایانیشیان ئه‌و ده‌سته‌واژانه به کار ناهێنن. ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌مڕۆ ئێمه له دۆخێک‌دا ده‌ژین، که هه‌موو تاکه‌کان به یه‌ک زمان ده‌دوێن و یه‌ک بیرکردنه‌وه‌یان هه‌یه. زمانه‌که میللی و بیرکردنه‌وه‌که‌یش چه‌ند بڵێی سه‌ره‌تاییه. تاکو کۆتاییی هه‌شتاکانیش مرۆڤ ده‌یتوانی به ئاسانی ئاستی زمانی تاکه‌کان له یه‌کدی جوودا بکاته‌وه و به ڕوونی جیاوازییه‌کان ببینێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ کارێکی له‌م شێوه‌یه ئه‌سته‌مه، بۆیه زمانی ئه‌ندامانی (یه‌کێتیی مامۆستایان) هه‌مان زمانی ئه‌وانه‌ی دیکه‌یه. سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر ئه‌وان به لایانه‌وه گرنگ نه‌بێت ناوی ڕێکخراوه‌که‌یشیان به دروستی بنووسن.( ) ئه‌وه‌یش سه‌یر نییه، که له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه زمان و نووسین بایه‌خیان نامێنێت و که‌مترین قسه‌یان لێوه ده‌کرێت، له کاتێکدا به درێژاییی مێژووی فه‌لسه‌فه و لینگویستک ئه‌مانه وه‌ک دوو قورسترین پرسیار خۆیان به‌سه‌ر فه‌یله‌سووف و زمانناساندا سه‌پاندووه.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه پرسیاری (تۆ باوه‌ڕداریت، یان بێباوه‌ڕ؟)، دروستتر (تۆ موسڵمانیت، یان کافر) لای زۆرایه‌تی دێته ئاراوه، که مه‌به‌ستیه‌تی به‌ر له هه‌ر ڕه‌گه‌زێکی شه‌ڕانگێز و جیاواز بگرێت، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به پرسیاری دیسپۆتیکی ڕووبه‌ڕووی ببێته‌وه و گومانی له دڵدا بڕووێنێت. ئه‌مه به گرنگترین پرسیار ده‌زانێت، چونکه هه‌مووان له‌ژێر چه‌تره‌که‌دا کۆ ده‌کاته‌وه و سنووری نێوان تاکه‌کان ده‌سڕێته‌وه. ده‌شێت هه‌ڤاڵێکی پارتی، ئه‌ندامێکی یه‌کێتی، گۆڕانخوازێک، بانگخوازێکی یه‌کگرتوو، مه‌لایه‌کی کۆمه‌ڵ، کادیرێکی شیوعی و ڕه‌فیقێکی به‌عس پێکه‌وه کۆ بکاته‌وه، که بێگومان هه‌ر وایشی کردووه. وه‌ک گوترا هه‌موویان به ساده‌یی له‌سه‌ر چه‌مکه گه‌وره‌کان ڕێکن، به‌ڵام له‌باره‌ی فۆرمیانه‌وه بینینی جیاوازیان هه‌یه. ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی دوژمنی سه‌رسه‌ختی که‌مایه‌تین، چونکه لایان ڕوونه ئه‌وه‌ی ئارامییان لێ ده‌شێوێنێت، هه‌ر که‌مایه‌تییه. ئاماده‌ن له‌پێناوی سزادانی نووسه‌رێک، یان هونه‌رمه‌ندێکدا ده‌ست له ئیشوکار هه‌ڵبگرن و مانگێک له‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندا بهاڕێنن.( )
ئێستا ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بپرسین: ئایا ڕۆشنبیرمان له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه چۆن له‌گه‌ڵ زۆرایه‌تیماندا ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه؟ زۆرایه‌تیمان توانای جووڵاندنی ڕۆشنبیرمانی هه‌یه؟ ڕۆشنبیرمان گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی زۆرایه‌تیمان بورووژێنێت و ئاڕاسته‌ی نوێی تێدا دروست بکات؟
به‌گشتی کۆمه‌ڵگه‌کان به‌ر دوو جۆر ڕۆشنبیر ده‌که‌ون:
یه‌که‌میان، ڕۆشنبیرێکی ساده‌یه و هه‌مان تێڕوانینی خه‌ڵکی بۆ چه‌مکه‌کان هه‌یه. به مانایه‌کی دی ئاستی جه‌ماوه‌ر تێناپه‌ڕێنێت، بۆیه توانای به‌رهه‌مهێنانی نییه و ده‌بێته به‌شێک له‌و زۆرایه‌تییه. ژماره‌یان زۆره و له هه‌موو شوێنێکدا به‌رچاو ده‌که‌ون. هه‌میشه لایه‌نه‌گری شتێک و دژی شتێکی دیکه‌ن. زووزوو ده‌رده‌که‌ون و ناسراون، به‌ڵام هیچ کاریگه‌رییه‌کیان نییه. پێوه‌ندیی سه‌ره‌کییان به ڕووداوی ڕۆژانه‌وه هه‌یه و که‌متر به لای شته شاراوه‌کاندا ده‌چن. به‌شێکیان ده‌رچووی زانکۆکان و به‌شه‌که‌ی دیکه‌یان ئه‌ماچه‌رن، واته ئاره‌زوویان لێیه ئه‌رکی ڕۆشنبیر ببینن. لێره‌دا گرنگه ئه‌وه بڵێین، که ئه‌و ڕۆشنبیره له‌به‌ر ئه‌وه ساده نییه، ده‌رچووی زانکۆیه، به‌ڵام به‌گشتی زانکۆکان ڕۆشنبیری ڕووکه‌ش به‌رهه‌م ده‌هێنن. کاتێکیش هه‌ندێک ڕۆشنبیری ده‌رچووی زانکۆ ئه‌م ئاسته ساده‌یه تێده‌په‌ڕێنن، ئه‌و تێپه‌ڕاندنه به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی خۆیانه.
دووه‌میان، ڕۆشنبیرێکی ڕه‌خنه‌گره. نه دژه و نه دۆسته، به‌ڵکوو که‌سێکی ڕاڤه‌کاره. له‌وه تێگه‌یشتووه ئه‌رکی ڕه‌خنه تێپه‌ڕاندن و کردنه‌وه‌ی که‌ناڵی نوێیه له هه‌ر بابه‌تێکدا، که ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه. به‌وه‌دا سه‌رقاڵی پڕۆژه‌ی فکرییه، که‌م ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌رکه‌وتنێکیدا ئایدیای نوێ ده‌هێنێت و پرسیاری دڵڕه‌قانه ده‌ورووژێنێت. زمانێکی ئاسانی نییه، چونکه ئاستی تێگه‌یشتنی جه‌ماوه‌ری تێپه‌ڕاندووه. ده‌سته‌ڵات و زۆرایه‌تی خۆشیان ناوێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌ویشه کاریگه‌ریی هه‌یه.
کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یش به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان خاوه‌نی ئه‌و دوو جۆره ڕۆشنبیره‌یه، به‌ڵام کاتێ ئه‌وه ده‌خه‌ینه به‌رچاو، که زمانی ڕۆژانه‌ی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ڕۆڵی گه‌وره له دروستبوونی ڕۆشنبیردا ده‌گێڕێت، ئه‌وا ده‌کرێت بڵێین هه‌ردوو جۆره‌که لاوازن، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ئه‌وه‌ی دووه‌م هه‌ر ده‌رنه‌که‌وتووه، به‌وه‌ی زمانی ڕۆژانه‌مان هێشتا هه‌ژاره و له به‌رهه‌مهێنانی ڕۆشنبیری جیاواز و داهێنه‌ردا توانای که‌مه. ڕۆشنبیر داهێنانی خۆی له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و زمانه داده‌مه‌زرێنێت، که کۆمه‌ڵگه پێی گه‌یشتووه، به‌و مانایه‌ی ئه‌و ئاسته تێده‌په‌ڕێنێت و مه‌ودا له‌نێوان زمانی خۆی و زمانی ڕۆژانه‌دا دروست ده‌کات. به‌م شێوه‌یه زمانی ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر نه‌ک هه‌ر هه‌مان زمانی کۆمه‌ڵگه نییه، به‌ڵکوو زۆریش باڵاتره. هه‌تا ئاستی زمانی ڕۆژانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی زیاتر به‌ره‌و سه‌ره‌وه هه‌ڵبکشێت، ئه‌رکی ئه‌و قورس‌تر، به‌ڵام ئاستی به‌رهه‌می به‌رزتر ده‌بێت. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له ڕووی گوزه‌ران، خوێندن، په‌روه‌رده، ته‌ندروستی، ڕێگه‌وبان، ئاساییش و هیی دیکه‌وه هه‌ژار بێت، مانای و‌ایه زمانی ڕۆژانه‌ی ساده‌یه و توانای جووڵه‌ی که‌مه. ڕۆشنبیری گه‌وره له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ده‌رده‌که‌وێت، که ئه‌و بوارانه‌ی له ئاستی نزمدا نین، چونکه پێوه‌ندییه‌کی دیاڵیکتیکه‌ڵ له‌نێوان دروستکردنی کۆمه‌ڵگه و دروستکردنی ڕۆشنبیردا هه‌یه. ئه‌میان ئه‌ویان دروست ده‌کات. تاکو ئه‌مڕۆیش ڕۆشنبیری ئێمه نه توانیویه‌تی ببێته مۆدێلێکی وه‌ک ئه‌و مۆدێلانه‌ی له جیهاندا هه‌ن، بۆ نموونه مۆدێلی وه‌ک ڕۆشنبیری ئۆرگانیک، ڕۆشنبیری مولته‌زیم (کومیتد) و هی دیکه و نه مۆدێلێکی سه‌ربه‌خۆیشی داهێناوه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی به زه‌قی ده‌بینرێت، ڕۆشنبیری میللییه، که لێره‌دا به (جاگله‌ر Jaggler) ناوی ده‌هێنین. جاگله‌ر ئه‌و پاڵه‌وانه‌یه، که یاریی جاگلینگ (Jaggling) ده‌کات. ده‌توانێت له یه‌ک کاتدا و زۆر به خێرایی چه‌ند شتێک هه‌ڵبدات و هه‌ر جارێ یه‌کێکیان بگرێته‌وه. ئه‌م هه‌ڵده‌داته‌وه و ئه‌و ده‌گرێته‌وه. ئیتر به‌م شێوه‌یه! جاگله‌ر به سیستێمێکی نه‌گۆڕ کار ده‌کات. هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک به‌سه‌ر سیستێمه‌که‌یدا بێت، یارییه‌که‌ی تێک ده‌چێت و ڕۆڵه‌که‌ی ته‌واو ده‌بێت. لای بینه‌ری جاگلینگ ئه‌و ماتێریه‌له هێنده گرنگ نییه، که جاگله‌ر به کاری ده‌هێنێت، به‌ڵکوو لێره‌دا ژماره و خێرایی بایه‌خی زیاتریان هه‌یه. واته تاکو ژماره‌ی ئه‌و ماتێریه‌لانه‌ی هه‌ڵیان ده‌دات، زۆرتر بێت و خێراتر جێگۆڕکێیان پێ بکات، یارییه‌که چاکتر سه‌رنج ڕاده‌کێشێت و زیاتر درێژه ده‌کێشێت.( ) جاگله‌ر خۆی له بنه‌ڕه‌تدا مرۆڤێکی یاخییه و له ڕێی هونه‌ره‌که‌یه‌وه جۆرێک له تراجیدیا نماییش ده‌کات، به‌ڵام کاتێ ڕۆشنبیر ده‌یه‌وێت هه‌مان ڕۆڵی ئه‌و له بواری فکری‌دا ببینێت، پرۆسێسه‌که بۆ کۆمیدیا ده‌گۆڕێت. به‌م شێوه‌یه ڕۆشنبیری جاگله‌ر بوونه‌وه‌رێکی په‌سه‌ندکراوی کۆمه‌ڵگه‌یه. نه‌ک هه‌ر ڕه‌خنه له‌و نۆرم و به‌هایانه ناگرێت، که خه‌ڵک به پیرۆزیان ده‌زانن، به‌ڵکوو ده‌شیانپارێزێت. پێویستی به‌وه‌یه به‌رده‌وام ده‌ربکه‌وێت و به زمانی میللی بدوێت. به پێوه‌ری ویژدان ڕووداوه‌کان هه‌ڵبسه‌نگێنێت، چی باشه و چی خراپ؟! ئه‌و پێوه‌ندییه ئاڵۆزه‌ی نێوان ده‌سته‌ڵات و ڕۆشنبیری هێنده ساده کردووه‌ته‌وه، که ده‌یه‌وێت بڵێ ڕۆشنبیر ئه‌وه‌یه زۆر له مێدیاکاندا ده‌رده‌که‌وێت، پشتی زۆرایه‌تییه‌ک ده‌گرێت و دژی زۆرایه‌تییه‌کی دی ده‌وه‌ستێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئایدیایه‌کی نوێ بناسێنێت، یان ستایلێکی دیکه‌ی بیرکردنه‌وه دابهێنێت. به‌کورتی نه توانا و نه ئاره‌زووی تێپه‌ڕاندنی هه‌یه، بۆیه له ئاستی زمانی خه‌ڵکدا ده‌مێنێته‌وه و به شێوازێک ده‌نووسێت، که هیچ جیاوازییه‌ک دروست نه‌کات.
ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه زۆر که‌م ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ری به‌رهه‌م هێناوه، که ده‌کرێت به دیوه‌که‌ی دیکه‌یشدا بگوترێت ڕۆشنبیرانمان نه‌یانتوانیوه کۆمه‌ڵگه بهه‌ژێنن و بیکه‌نه ناوه‌ندێکی به‌رهه‌مهێن. پێوه‌ندیی نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕازیکردنی یه‌کدی دامه‌زراوه، نه‌وه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای تێک‌شکاندن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆچوون و ئاڕاسته‌کانی یه‌کتر.
ڕۆشنبیری جاگله‌ر، که بوونه‌وه‌رێکی ساده‌ی میللییه، زۆر دووره له‌وه‌ی ببێته خاوه‌نی پڕۆژه‌ی فکریی ڕه‌خنه‌یی. هه‌مان تێگه‌یشتنی سیاسه‌تمه‌داری بۆ کێشه‌کان هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه خۆی له بواری سیاسه‌تدا قایم ده‌کات. یه‌ک ده‌سته‌ڵات ده‌ناسێت، ئه‌ویش ده‌سته‌ڵاتی سیاسییه، چونکوو زه‌قترین ده‌سته‌ڵاته، له کاتێکدا ده‌سته‌ڵاته‌کانی دی لای ئه‌و نه بوونیان هه‌یه و نه هیچ کاریگه‌رییه‌ک. مادام ڕاسته‌وخۆ و به زمانی میللی له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌وه ده‌دوێت، لای زۆرایه‌تی خۆشه‌ویسته و ناوبانگی هه‌یه، چونکه هه‌ر زۆرایه‌تی سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ریشی لا په‌سه‌نده. زۆرایه‌تی شێتی ڕۆشنبیری ڕووکه‌شه، چونکه ئه‌و قسانه ده‌کات، که خۆیشی ده‌یانزانێت. مرۆڤ له‌و کۆمێنتانه‌ی ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی بۆ ڕۆشنبیری جاگله‌ری ده‌نووسن، به ڕوونی ده‌بینێت چه‌ند ئاسووده‌ن، که هه‌مان بۆچوونی ئه‌وانی هه‌یه. ڕۆشنبیری جاگله‌ر وای کردووه سیاسه‌ت لای زۆرایه‌تی ببێته گرنگترین بوار، چونکه له هیچ بوارێکی دیکه‌دا ناتوانێت هێنده ده‌نگ به ده‌ست بهێنێت و هێنده‌یش به ئاسانی بۆچوونه‌کانی ده‌رببڕێت. سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بواری ئه‌ده‌ب، فه‌لسه‌فه، سایکۆلۆجی، سۆسیۆلۆجیا و ئه‌وانه‌ی دیکه چۆڵ بووبن، که ئه‌مه هه‌ر خۆی مانای ئه‌وه‌یه ئه‌وان نه ئه‌و بوارانه‌یان ناسیوه و نه به جیددییش کاریان تێدا کردوون، ده‌نا بۆچی پێیان و‌ایه ئه‌مانه توانای گۆڕانکارییان نییه، به‌ڵکوو ته‌نیا سیاسه‌ت له ده‌ستی دێت دنیا بگۆڕێت؟ هه‌ر هێنده گوتاری سیاسی شه‌قام ده‌ورووژێنێت، زۆربه‌ی ڕۆماننووس، شاعیر، چیرۆک‌نووس و ڕه‌خنه‌گر کاری خۆیان جێ ده‌هێڵن و دوای ترۆمپێتی سیاسه‌تمه‌داران ده‌که‌ون، تاکو به هه‌مان زمانی ئه‌وان، بگره هه‌ندێجار نزمتریش بدوێن و به زۆرایه‌تی بڵێن ئێمه‌یش ماوین. خۆ ئه‌گه‌ر فریای نووسینی گوتار نه‌که‌ون، ئه‌وا په‌نا بۆ شێوازی نامه ده‌به‌ن، که بۆ سه‌رکرده و به‌رپرسه‌کانی ده‌نێرن و ئامۆژگارییان ده‌که‌ن. هه‌ر ئه‌وانه دوای ئارامبوونه‌وه‌ی شه‌قام، بۆ دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه و مرۆڤ ده‌توانێت هه‌ندێکیان له فێستیڤاڵه‌کاندا ببینێت، ئینجا له‌وێ چ خه‌ڵات دابه‌ش بکه‌ن و چ هه‌ر خۆیان وه‌ریبگرن. ڕۆشنبیری جاگله‌ر پێی و‌ایه گۆڕانکاری کاتێ دێته دی، که بواری سیاسی ده‌گۆڕێت. ئه‌مه تێگه‌یشتنێکه چه‌ند بڵێی ساکاره. ئه‌وه هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌ن سیاسه‌ت ئاڕاسته ده‌که‌ن، نه‌وه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه. ڕه‌خنه خۆی به‌رهه‌می قووڵبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیره له‌و بوارانه‌دا. هه‌ر ڕه‌خنه‌یشه گوتاری سیاسی ده‌خاته ژێر گومانه‌وه و ناهێڵێت ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌ها په‌یدا بکات. ئه‌وه ڕه‌خنه‌یه بواری سیاسی و بواره‌کانی دی ده‌گۆڕێت و به‌ره‌و ئاستی باڵاتریان ده‌بات، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسێسه له خاڵێکدا کۆتاییی پێ بێت. له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر نه‌بێت، سیاسه‌ت شوێنی هه‌موو شتێک ده‌گرێته‌وه و بواری ئازادی ته‌واو ته‌سک ده‌بێته‌وه، بگره هه‌ر نامێنێت، هاوکات ڕۆشنبیری جاگله‌ر به شێوه‌ی به‌رچاو زۆر ده‌بن. ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ی ته‌قلیدی خاوه‌نی ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆری ڕه‌خنه‌گره، به‌وه‌ی چه‌مکی ڕه‌خنه له کۆنتێکستی خۆی دوور خراوه‌ته‌وه و بۆ ئاستی میللی داگیراوه. واته کراوه‌ته کارێکی ئاسان، به‌ڵام ئه‌وه هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یشه له ڕووی به‌رهه‌می فکری و ڕه‌خنه‌ییه‌وه هێنده هه‌ژاره. ئه‌و چه‌ند نووسه‌ره‌یش، که زۆرایه‌تی به گه‌وره‌ترین ڕه‌خنه‌گری خۆمان، بگره به گه‌وره‌ترین ڕه‌خنه‌گری دنیایشیان ده‌زانێت، له چه‌ند گوتارێکی ساده زیاتریان نه‌نووسیوه. تێیاندا هه‌یه هه‌موو ئه‌رکه‌که‌ی ئه‌وه‌یه دۆعا بۆ هه‌ندێک و له هه‌ندێکی دیکه‌ی بکات. تێکه‌ڵبوونی ژانره‌کان، واته ڕۆشنبیر له ئارامیدا ڕۆمان، شیعر چیرۆک و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌نووسێت، به‌ڵام له کاتی ورووژانی شه‌قامدا هه‌موویان جێ ده‌هێڵێت و په‌نا بۆ گوتاری ئاگراوی ده‌بات، خه‌سڵه‌تی دیاری ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌یه وه‌ک هیی ئێمه هێشتا تاکه‌کانی نه‌بوونه‌ته خاوه‌نی خۆیان، به‌ڵکوو پابه‌ندی خواستی زۆرایه‌تین. فه‌یله‌سووفانی (تیۆریی ڕه‌خنه‌یی) له نموونه‌ی (هۆرکهایمه‌ر)، (ئه‌دۆرنۆ) و (مارکیوز) پێ له‌سه‌ر تێکچڕژانی بواره جیاوازه‌کان داده‌گرن، بگره ئه‌مه له دیدگای فه‌لسه‌فیدا به پێویست ده‌زانن، به‌وه‌ی فه‌لسه‌فه له‌سه‌ریه‌تی به‌رهه‌می ئابووریناس، مێژووناس و ده‌روونناسان له داڕشتنی پرسیاردا پێکه‌وه ببه‌ستێته‌وه، که هه‌موو ئه‌مانه وا ده‌که‌ن ڕه‌خنه کاریگه‌رتر ببێت،( ) به‌ڵام لای ڕۆشنبیری جاگله‌ر شته‌که ته‌واو جیاوازه، چونکوو ئه‌و به شێوه‌ی کیریۆسیتی، واته زۆر ڕووکه‌شانه له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌وه ده‌نووسێت، که شه‌قام به گرنگیان ده‌زانێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ پرسیارێکی نوێ بورووژێنێت.
زۆرایه‌تیی ئه‌مڕۆ ده‌رگه‌ی بۆ هه‌ر ڕۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌دارێک کردووه‌ته‌وه، به مه‌رجێ ئه‌و سیگناڵانه‌ی پێوه دیار بێت، که ئه‌م حه‌زی لێیانه و نابنه هۆی تێکچوونی دۆخه ئارامه‌که‌ی. واته کاتێ په‌سه‌ندیان ده‌کات، که ده‌بنه جاگله‌ر و ده‌زانن چۆن جاگلینگ بکه‌ن. وای لێ هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ به نووسه‌رێکی داهێنه‌ر، یان سیاسه‌تمه‌دارێکی گه‌وره بزانرێت، هێنده‌ی به‌سه له که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندندا زووزوو ده‌ربکه‌وێت و وێنه‌ی جاگله‌رێکی شاره‌زا تۆپه‌کان له هه‌وادا بخولێنێته‌وه. ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ر به‌رگری له باوه‌ڕی زۆرایه‌تی ناکات، به‌ڵام له‌پێناوی مافه‌کانیدا تێده‌کۆشێت، له کاتێکدا ڕۆشنبیری جاگله‌ر به باوه‌ڕه‌که‌یدا هه‌ڵده‌ڵێت، که‌چی مافه‌کانی لا گرنگ نییه، به‌ڵکوو ته‌نیا وه‌ک تۆپ هه‌ڵیانده‌دات. زۆرایه‌تی خۆیشی ئه‌وه‌ی به لایه‌وه گرنگه هه‌ڵدانی تۆپه‌که‌یه، نه‌وه‌ک به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی. لایه‌نی سیاسی هه‌یه به‌ڵێنی به ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی داوه، ئه‌گه‌ر پشتی بگرن، ده‌ستکاریی سروودی (ئه‌ی ڕه‌قیب)یان بۆ ده‌کات. ئه‌مه به‌شێکه له داخوازییه‌کانی زۆرایه‌تی و حزبیش وه‌ک ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره پێی ده‌فرۆشێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌کیان له‌وه‌دا ڕژد (جیددی) بن. واته نه ئه‌م ده‌یهێنێته دی و نه ئه‌ویش ده‌یه‌وێت بێته دی، به‌ڵکوو ته‌نیا وه‌ک یه‌کێک له تۆپه‌کان لێی ده‌ڕوانن. له پێشه‌وه گوترا زۆرایه‌تی حه‌ز ناکات له پێکهاته‌ی شت بکۆڵێته‌وه. نووسه‌ر هه‌یه لانی که‌م پانزده ساڵه له‌باره‌ی ده‌سته‌ڵاته‌وه ده‌نووسێت، جنێوی پێ ده‌دات و به نه‌فره‌تی ده‌کات، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک جاریش گوتبێتی ده‌سته‌ڵات چییه، به‌ڵکوو پێی و‌ایه ده‌سته‌ڵات بریتییه له که‌سانێکی دیاریکراو و ئه‌وانه هۆکاری نادادپه‌روه‌ری و گه‌نده‌ڵین، که‌چی وه‌ک ڕووناک‌بیری گه‌وره ناسراوه، مادام به زمانی زۆرایه‌تی ده‌دوێت و خۆی له‌و شتانه نادات، که ده‌بنه هۆی تێکچوونی ئارامییه‌که‌ی. به‌م شێوه‌یه چه‌مکی ده‌سته‌ڵات، که بۆ نموونه لای فه‌یله‌سووفێکی وه‌ک (مێشێل فۆکۆ)دا ئاڵۆزترین و قورسترین چه‌مکه، بگره ده‌گاته ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ته‌مه‌نی بۆ ته‌رخان بکات و هێشتا فریای ناکه‌وێت، که‌چی لای ڕۆشنبیری جاگله‌ردا ده‌بێته یه‌کێک له شته هه‌ر ئاسان و ساده‌کانی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه. هێنده بیرکردنه‌وه و ده‌ربڕینی ئاسان کردووه‌ته‌وه، به ڕاده‌یه‌ک ڕووناک‌بیری ئه‌رکێکه وه‌ک هه‌ر ئه‌رکێکی دیکه‌ی ساده و هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت له ئه‌ستۆی بگرێت، به مه‌رجێک وریای خۆی بێت به لای بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ، خوێندنه‌وه، کتێب، ته‌نیایی، ڕه‌خنه‌ی دڵڕه‌ق و شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته‌دا نه‌چێت، به‌ڵکوو به زمانی خه‌ڵک بدوێت و زووزوو ئه‌و شتانه‌یان به بیر بێنێته‌وه، که خۆیان ده‌یانزانن. پێشتریش گوتمان ئه‌مه وای کردووه ژماره‌ی ڕۆشنبیر له زۆربووندا بێت. هه‌میشه کۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌کانی وه‌ک هیی ئێمه، ئه‌وانه‌ی پشت به که‌لتووری زاره‌کی ده‌به‌ستن و بایه‌خی نووسینیان نه‌زانیوه، خاوه‌نی زۆرترین ژماره‌ی ڕۆشنبیرن. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به ڕوونی ده‌رکه‌وتووه، ئه‌وه‌یه، هه‌تا ژماره‌ی ڕۆشنبیر زیاتر به‌ره‌و سه‌ره‌وه هه‌ڵبکشێت، ڕێژه‌ی خوێندنه‌وه داده‌به‌زێت و کتێبخانه‌کان داهاتیان که‌متر ده‌بێته‌وه، ده‌گاته ئه‌وه‌ی هه‌ندێکیان کرێی شوێنه‌که‌یان بۆ نه‌درێت. نکووڵی له‌وه ناکرێت ئێمه ئه‌مڕۆ خاوه‌نی ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆری ڕۆشنبیرین. گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی هه‌ر لایه‌نێکی سیاسی کاتێ بۆ پشتگیریی پڕۆژه‌یه‌کی خۆی پێویستی به ڕۆشنبیر بێت، له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ زه‌حمه‌تێک بکێشێت، هه‌زارانیان کۆ بکاته‌وه. ئه‌مه تایبه‌ت نییه به پارتی، به‌ڵکوو هه‌موو لایه‌نه‌کانی دیکه‌یش کردوویانه. ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی له سه‌ره‌تاوه، دروستتر له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه وه‌ک ڕووناکبیر خۆیان ناساندبووو، گوایه پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی فکری و فه‌لسه‌فییان هه‌ن، ئه‌مڕۆ چ له ڕۆژنامه‌ی حزبه‌کان و چ له‌و ڕۆژنامانه‌ی، گوایه سه‌ربه‌خۆن، بوونه‌ته ڕۆژنامه‌نووسی زۆر ساده، چونکه ئه‌مه ئاسانترین ڕێگه‌یه، تاکو لای زۆرایه‌تی خۆشه‌ویست ببن. له‌گه‌ڵ زۆرایه‌تیدا زمانێکی هاوبه‌شی پێک هێناوه، که به ئاسانی له یه‌کدی تێده‌گه‌ن. زۆرایه‌تی هێنده‌ی به‌سه تیۆریی په‌ره‌سه‌ندن (ئیڤه‌لویشن)ی (داروین) به چه‌ند وشه‌یه‌کی وه‌ک (چۆن ڕازی بین به نه‌وه‌ی مه‌یموون دابنرێین؟) بسڕێته‌وه، یان سه‌رتاپێی سیکۆله‌ریزم، که خۆی به عه‌لمانییه‌ت ناوی ده‌بات، له کوفر و به‌دڕه‌وشتیدا کورت بکاته‌وه، بگره سه‌رجه‌م فکری دنیا له کۆمێنتی ژێر گوتاری ڕۆژنامه ئێلیکترۆنییه‌کاندا به وڕێنه بزانێت، بێ ئه‌وه‌ی چ له دوور و چ له نزیکه‌وه به لایاندا تێپه‌ڕیبێت. هه‌م ڕۆشنبیری جاگله‌ر و هه‌م سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر‌یش سوود له‌و دۆخه ده‌بینن، چونکه ئه‌وان ترسیان له هیچ ده‌مێک نییه، که به پرسیاری نوێ ڕووبه‌ڕوویان نابێته‌وه. هه‌ردووکیان له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردوودا فێری هونه‌رێک بوونه، که ده‌کرێت ناوی (هونه‌ری خوگۆنجاندن له‌گه‌ڵ زۆرایه‌تیدا)ی لێ بنێین. له‌وه‌دا هاوپه‌یمانن چۆن له ڕێگه‌ی هه‌ندێک چه‌مکی ڕه‌وشتبازییه‌وه هه‌رچی ئاره‌زووی یاخیبوون هه‌یه له مرۆڤیدا بکوژن و بیکه‌نه کۆیله. (نیتشه) له کتێبی (ئاوابوونی بته‌کان)دا ڕه‌خنه له که‌نیسه ده‌گرێت، که هه‌وڵی له‌ناوبردنی هه‌وه‌س و غه‌ریزه ده‌دات، له کاتێکدا ڕیشه‌کێشکردنی هه‌وه‌س مانای ڕیشه‌کێشکردنی خودی ژیانه. گوته ناسراوه‌که‌ی (مه‌سیح) ده‌هێنێته‌وه: (ئه‌گه‌ر چاوت به‌ره‌و گوناهـ په‌لکێشت ده‌کات، ده‌ریبهێنه)، بۆیه پێی و‌ایه ڕه‌وشت دژی سرووشته، بگره ئه‌مه ده‌کاته یه‌کێک له تایتڵه‌کانی کتێبه‌که‌ی.( ) به‌گشتی (نیتشه) له‌و کتێبه‌یدا ڕه‌خنه‌ی گه‌وره له تێکڕای ئه‌وانه ده‌گرێت ده‌یانه‌وێت له ڕێگه‌ی ڕه‌وشتبازییه‌وه سرووشتی مرۆڤ بکوژن و کۆیله‌ی بکه‌ن، بۆیه وه‌ک پارادۆکس به (به‌دڕه‌وشته ناشیرینه‌کان) ناویان ده‌بات. به‌م شێوه‌یه پێی و‌ایه (هه‌موو له دژی له‌ناوبردنی هه‌وه‌سدا په‌یمان ده‌به‌ستن).( )
بۆ نموونه ئه‌و نووسه‌ره میللییانه، یاخود ئه‌و ڕۆشنبیره جاگله‌رانه له هه‌ندێک ماڵپه‌ڕی ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا ده‌یانگوت پارتی پارکی کردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دڕه‌وشتی له کۆمه‌ڵگه‌دا بڵاو بکاته‌وه، به‌ڵام کاتێ بۆیان ده‌رکه‌وت ئه‌و زۆرایه‌تییه به جلوبه‌رگی ئیسلامییه‌وه ده‌چێته پارکه‌کان و مانا ئۆرگیناڵه‌که‌ی پارکی ته‌واو گۆڕیوه، بگره شوێنی خواپه‌رستیی تێدا کردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ک نوێژی نه‌چێت، به مانایه‌کی دی وای ڕێک خستووه له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی خۆیدا بگونجێت، ئه‌وده‌م ئه‌و تۆپه‌یان فڕی دا و دانه‌یه‌کی دیکه‌یان هه‌ڵگرت.( ) به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕۆژنامه‌ی (….)ی ده‌نگی بزاڤێکی ئیسلامی ته‌نیا ڕۆژێک دوای هاتنی داعش بۆ مووسڵ ڕیپۆرتاژێک ئاماده ده‌که‌ن و ڕایده‌گه‌یه‌نن ئه‌و شاره بووه‌ته به‌هه‌شت. بازاڕ هه‌یه و که‌س ده‌ستی لێ نه‌دراوه، چونکه وا ده‌زانن زۆرایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌ی ده‌وێت، به‌ڵام کاتێ بۆیان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌مه ئه‌و ڤێرژنه نییه له‌وێدا زۆرایه‌تیی له‌گه‌ڵه، به‌ڵکوو ڤێرژنێکی تری نزیکی ئه‌وه‌یه، ئینجا خێرا زمانی خۆیان ده‌گۆڕن و به شێوه‌یه‌کی دی دوای ڤێرژنه په‌سه‌ندکراوه‌که ده‌که‌ون.( ) جیاوازیی داعش له‌گه‌ڵ حزبه ئیسلامییه‌کانی حوکوومه‌تی هه‌رێمدا، ئه‌وه‌یه، ئه‌م هه‌موو تۆپه‌کانی فڕێ داوه و ته‌نیا ئه‌وه‌یانی هێشتووه‌ته‌وه، که ناوی خیلافه‌ته، به‌ڵام ئه‌وان دوای ئه‌وه‌ی چوونه‌ته ناو په‌رله‌مانی کافریش، وازیان له‌وه نه‌هێناوه به خه‌ڵک بڵێن ئامانجیان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خیلافه‌ته، چونکه چاک ده‌زانن ئه‌ندامانی ئه‌و زۆرایه‌تییه له‌وه ده‌گه‌ن ئه‌مه ته‌نیا هه‌ڵدانی تۆپه‌که‌یه، ده‌نا کاری وایان لێ ناوه‌شێته‌وه.( ) هه‌روه‌ها داعش خاوه‌نی هێزێکی گه‌وره‌تر و زۆرایه‌تییه‌کی فراوانتریشه، بۆیه توانای هه‌یه ڕاشکاوانه‌تر بۆچوونه‌کانی ده‌رببڕێت و پێویستی به ته‌قیه نییه. حزبی ئیسلامی هه‌یه تاکو دوانزده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گوتوویه‌تی په‌رله‌مان شوێنی کافرانه، که‌چی کاتێ زانیویه‌تی به‌م شێوه‌یه زۆرایه‌تی له ده‌ست ده‌دات و توانای ئه‌وه‌یشی نییه وه‌ک داعش قه‌واره‌یه‌ک دابمه‌زرێنێت، ئه‌وده‌م چووه‌ته په‌رله‌مان، به‌ڵام وه‌ک گوترا هه‌وڵی داوه له شه‌یتانه‌وه بۆ فریشته‌ی بگۆڕێت( ) که‌واته چ سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر و چ ڕۆشنبیری جاگله‌ر بۆ ئه‌وه‌ی زۆرایه‌تی له ده‌ست نه‌ده‌ن، پێویسته خۆیان له‌وه بپارێزن به ڕوونی بۆچوونه‌کانیان ده‌رببڕن و ئه‌وه‌یش گرنگه له یه‌ک کاتدا کۆمه‌ڵێک تۆپ به ده‌سته‌وه بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی لانی که‌م له ڕێی یه‌کێ له‌و تۆپانه‌وه پێیان بڵێن پێوه‌ندییان پێیانه‌وه ماون و لێیان دانه‌بڕاون. خه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ینه‌وه، که ڕۆشنبیری جاگله‌ر و سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له زۆرایه‌تی دانه‌بڕێن، پێویسته له ئاستی ئاماژه‌داندا بوه‌ستن و نه‌چنه ناو ورده‌کارییه‌وه. کاتێ سه‌رکرده و کادیرانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێن، بگره هاوار ده‌که‌ن به هیچ شێوه‌یه‌ک له سه‌وابتی ئیسلام لا ناده‌ن، خۆیان له ورده‌کارییه‌کان ده‌پارێزن و پێیان ناڵێن مه‌به‌ستیان له سه‌وابت چییه، چونکه هه‌ر کاتێ ئه‌وه‌یان گوت، ئه‌وا ئه‌و زۆرایه‌تییه له ده‌ست ده‌ده‌ن. ئایا ئه‌گه‌ر بڵێن له سه‌وابتی وه‌ک به‌ردبارانکردنی ژنی مێرددار و پیاوی ژنداری (زیناکه‌ر!)، بڕینی ده‌ستی دز، کوشتنی ئه‌وانه‌ی واز له نوێژ ده‌هێنن (تارك الصلاة) و شتی له‌م بابه‌ته لا ناده‌ن، ده‌توانن له په‌رله‌ماندا، بگره له‌ناو خودی کۆمه‌ڵگه‌یشدا بمێننه‌وه و وه‌ک داعش نه‌کرێنه ده‌ره‌وه؟ که‌واته ئه‌مڕۆ به‌لاڕێدابردنی هزری (Intellectual prevarication) یه‌کێکه له پێداویستییه‌کانی هه‌ر سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبیرێکی جاگله‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو زۆرایه‌تیدا شوێنی خۆی بگرێت و خۆشه‌ویست ببێت.( )
سه‌ره‌تا له بڵاوکراوه‌کانی (ڕه‌هه‌ند)دا نه‌ک هه‌ر لایه‌نگری بۆ پیاوانی ئایینی به‌رچاو ناکه‌وێت، به‌ڵکوو پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌بینرێت، به‌وه‌ی هێشتا کۆده‌کانی ئه‌و زۆرایه‌تییه‌یان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه و نه‌یانزانیوه چۆن په‌سه‌ند ده‌کرێن. له لایه‌کی دیکه تاکو سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانیش ئیدۆلۆگیی چه‌پ، نه‌ته‌وه‌یی و لیبراڵ زاڵ بوون و دواتر ورده‌ورده هه‌موو شتێک که‌وته ژێر چه‌تری ئیسلامه‌وه، که ئه‌وده‌م وه‌ک ئه‌مڕۆ چ ڕۆشنبیر و چ سیاسه‌تمه‌دار نه‌یانده‌توانی به ئاسانی شوێنی خۆیان له‌ناو ئه‌و جیاوازییه‌دا بگرن. به‌م شێوه‌یه ڕۆشنبیرانی (ڕه‌هه‌ند) ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ک پیاوسالاری، خێڵه‌کی، ئیلیت، دۆگما، تازه‌گه‌ری، سیکۆله‌ریزم، ده‌سته‌ڵاتی پیاوانی ئایینی و زۆری دیکه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌مانه‌یان به کار ده‌هێنا، که ئاماژه‌یان به‌وه ده‌دا ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ڕه‌خنه له زۆرایه‌تی بگرن، بێ ئه‌وه‌ی تێیاندا قووڵ ببنه‌وه، به‌ڵام دواتر ورده‌ورده ده‌سته‌واژه‌ی ئایینی شوێنیان گرتنه‌وه، یان دروستتر ئه‌و ده‌سته‌واژانه شوێنیان گرتنه‌وه، زۆرایه‌تی پێیان ڕازین، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ حه‌ڤده‌ی شوباتدا، که گه‌یشته ئه‌وه‌ی بانگ بده‌ن. ئه‌گه‌ر نووسه‌رانی (ڕه‌هه‌ند) نه‌چوونایه‌ته ناو خه‌ڵک، له ڕۆژنامه و گۆڤاری حزبه‌کاندا به‌رهه‌میان بڵاو نه‌کردایه‌ته‌وه، له تیڤییه‌کانیاندا ده‌رنه‌که‌وتنایه، به‌م شێوه‌یه نه‌ده‌ناسران. کاتێ زۆرده‌رکه‌وتن پێوه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ڕۆشنبیرێکی گه‌وره بێت، ئه‌وا زمانی میللی فریای ده‌که‌وێت. زمانی هه‌ر یه‌کێ له‌و ڕۆشنبیرانه ڕۆژبه‌ڕۆژ ساده‌تر بووه‌ته‌وه، تاکو گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی هه‌ر نووسه‌رێکی دیکه‌ی ئاسایی بتوانێت وه‌ک ئه‌وان بنووسێت و نووسیویشیانه. ئه‌و ڕۆشنبیره نه‌ک هه‌ر ڕه‌خنه‌ی له (ئێستا) نه‌گرتووه و هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی نه‌داوه، بگره هه‌موو شته دژبه‌یه‌که‌کان (Contradiction)ی ئایین و سیاسه‌تی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه و به زمانی میللی به‌رگرییان لێ ده‌کات، بگره به‌رده‌وام له‌و ڕێگه‌یه‌وه هه‌وڵی گه‌وره‌کردنی ناوبانگی خۆی ده‌دات.( )
ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین چ ڕۆشنبیری جاگله‌ر و چ سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ر دوای زۆرایه‌تی ده‌که‌ون، نه‌وه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه، که هه‌ندێجار بۆچوونه‌کان کورت ده‌هێنن و خێرا ڕاست ده‌کرێنه‌وه. به‌شێک له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی له‌ناو ئایینه‌وه هاتوون، زۆر زیاتر له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی زۆرایه‌تی به گه‌وره‌یان ده‌زانێت، هه‌وڵیان داوه ڕه‌خنه له دیارده و ده‌رکه‌وته‌کانی ئایین بگرن.
هه‌ندێک له‌و جاگله‌رانه پێشبینییان ده‌کرد له‌دوای سیویه‌کی ئابه‌وه پارتی ده‌که‌وێت و تا ماوه هه‌ڵناستێته‌وه، بۆیه به‌رده‌وام به زمانی میللی له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوه‌وه ده‌یاننووسی، به‌ڵام پارتی به هێزێکی گه‌وره‌تره‌وه ده‌رکه‌وته‌وه، بگره ئه‌وانه‌ی پێشبینیی ڕووخانیان ده‌کرد، به سوپاسه‌وه له داموده‌ستگه‌کانیدا وه‌ک موچه‌خۆری گوێڕایه‌ڵ دامه‌زران و له ئۆرگانه‌کانیدا گوتاریان بۆ نووسی، بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست له جاگلینگ هه‌ڵبگرن. هه‌ندێک جاگله‌ری دیکه له ماڵپه‌ڕه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا گوتیان ئێمه هێنده جوێن به پارتی ده‌ده‌ین، تاکو لای خه‌ڵک ناشیرینی ده‌که‌ین و ئه‌نجام ده‌یڕووخێنین، به‌ڵام دوای پانزده ساڵ هێشتا بۆیان نه‌کراوه، چونکه ئه‌و زۆرایه‌تییه ئه‌مڕۆ ئاماده نییه ده‌ست له هیچ شتێکی خۆی هه‌ڵبگرێت، بۆیه هه‌ندێکیان کاتێ بۆ کوردستانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی پارتی ده‌گه‌ڕێنه‌وه، ناچارن له‌گه‌ڵ به‌رپرسه ده‌ستڕۆیشتووه‌کانیدا ڕێک بکه‌ون، نه‌یانگرن و ئازاریان نه‌ده‌ن. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌مان بۆچوونی بۆ ڕووخاندنی پارتی هه‌بوو، گوایه له ڕێی ئاشکراکردنی نهێنییه‌کانیه‌وه بێهێزی ده‌کات و دواتر له ناوی ده‌بات، به‌ڵام ئه‌ویش هه‌ر زوو ئاڕاسته‌که‌ی گۆڕی، به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئاڕاسته‌ی زۆرایه‌تیدا نه‌ده‌هاته‌وه. چ ئه‌و نووسه‌رانه‌ی جوێنیان ده‌دا و چ گۆڕانیش توانییان لای ئه‌و زۆرایه‌تییه بناسرێن و په‌سه‌ند بکرێن، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه بگاته ئه‌وه‌ی پارتی لاواز ببێت، چونکه وه‌ک گوترا ئه‌و زۆرایه‌تییه هه‌موو شتێک که‌ڵه‌که ده‌کات، به مه‌رجێ سیمای ئایینیی پێوه بێت. پێشتریش گوترا هیچ ڕه‌گه‌زێکی دی وه‌ک ئایین ناتوانێت خاڵی هاوبه‌شی ئاڕاسته جیاوازه‌کان بدۆزێته‌وه و له یه‌کدییان نزیک بکاته‌وه، بگره له‌ناو یه‌کدیاندا بتوێنێته‌وه.
ڕه‌نگه سیویه‌کی ئاب نموونه‌یه‌کی زه‌ق بێت بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین ڕۆشنبیری جاگله‌ر، کاتێک کێیسێک وه‌ک تۆپ هه‌ڵده‌گرێت و جاگلینگی پێ ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی نییه له‌و ڕێگه‌یه‌وه ڕه‌خنه بگرێت و ئایدیای نوێ بهێنێت، به‌ڵکوو ته‌نیا مه‌به‌ستیه‌تی وه‌ک یاریکه‌رێکی لێهاتوو به‌رده‌وام له به‌رچاو بێت و له بیر نه‌چێته‌وه، چونکه ئه‌و به‌رگه‌ی هه‌موو شتێک ده‌گرێت، به‌ڵام هیی ئه‌وه نا له به‌رچاوان ون ببێت و له بیر زۆرایه‌تی بچێته‌وه. گرنگه ئه‌وه‌یش بزانین، که ده‌بێت جاگله‌ر زووزوو ئاڵوگۆڕ به ماتێریاله‌کانی بکات. واته ڕه‌نگ، شێوه و قه‌باره‌ی تۆپه‌کانی بگۆڕێت و له فۆرمی دیکه‌دا پێشانیان بداته‌وه، چونکه بێزاری یه‌کێکه له سیماکانی زۆرایه‌تی و شێتی گۆڕینی فۆرمی شتومه‌که وه‌ک چۆن که‌لوپه‌لی ناوماڵ، جلوبه‌رگ، ئۆتۆمۆبیل و شتی دیکه‌یش هه‌ر به‌م شێوازه ده‌گۆڕێت. تاکو چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ریش ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر ته‌نیا ژماره‌ی سیویه‌ک (31) و وشه‌ی (ئاب)ی له هه‌ر شوێنێکدا بدیایه، به په‌رۆشه‌وه ده‌یخوێندنه‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و ئاره‌زووه‌ی نه‌ماوه، بۆیه پێویسته ڕۆشنبیری جاگله‌ر تۆپێکی دیکه بهێنێت، وه‌ک تۆپی ده‌ستوور، هیی یاسای سه‌رۆکایه‌تی و شتی له‌م بابه‌ته. بۆ ڕۆشنبیر هیچ گرنگ نییه ئه‌و ڕووداوه چ سوود و زیانێکی هه‌یه، به‌ڵکوو وه‌ک پێشتر گوترا گرنگ ئه‌وه‌یه بیکاته تۆپ و هه‌ڵیبدات. هه‌ندێک له‌و جاگله‌رانه له گه‌رمه‌ی ڕووداوه‌کانی حه‌ڤده‌ی شوباتدا په‌لاماری هه‌ر ڕۆشنبیرێکیان ده‌دا، ئه‌گه‌ر ملی بۆ خواسته‌کانی زۆرایه‌تی که‌چ نه‌کردایه. به‌وه تاوانباریان ده‌کرد، گوایه سه‌ر به پارتی و یه‌کێتییه، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆشنبیره ده‌ستی له‌وه هه‌ڵنه‌گرتبایه ڕه‌خنه‌ی جیددی له‌و دوو حزبه بگرێت، که‌چی دوای ئارامبوونه‌وه‌ی شه‌قام هه‌ر خۆیان له مێدیا و داموده‌ستگه‌کانی ئه‌واندا ده‌رکه‌وتنه‌وه و له فێستیڤاڵه‌کانیاندا بانگهێشت کران، بگره ئه‌وانه‌یان به داهێنه‌ر نه‌ده‌زانی، که به‌شدارییان تێدا نه‌کردوون.( ) سه‌یر نییه جاگله‌ره‌کان هاوکاتی هه‌ر ڕووداوێک به لێشاو ده‌رده‌که‌ون و بۆچوونی خۆیان ده‌ڵێن، بێ ئه‌وه‌ی پێشتر له‌و باره‌یه‌وه هیچ شاره‌زاییه‌کیان په‌یدا کردبێت. بۆ نموونه هه‌ر هێنده داعش ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وان له‌باره‌ی ئیسلام و مێژووه‌که‌یه‌وه ده‌که‌ونه قسه‌کردن، بێ ئه‌وه‌ی قسه‌کانیان سنووری تێگه‌یشتنی مرۆڤی ئاسایی ببڕێت، چونکه له‌باره‌ی هه‌ر هێزێکه‌وه ده‌دوێن، که خاوه‌نی زۆرایه‌تییه. ڕۆشنبیره ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ره‌کانی دنیا هه‌میشه له دژی سێنترالیزمدا جه‌نگاون، له (نیتشه)وه کاتێ سێنترالیزمی ئه‌قڵ و زانستی خستووه‌ته ژێر گه‌وره‌ترین پرسیاره‌وه تاکو (فۆکۆ)، (دێریدا) و هه‌موو ئه‌وانه‌ی دیکه، هه‌ر یه‌که‌ی به شێوازی خۆی ڕه‌خنه‌ی له سێنترالیزم گرتووه و هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داوه، بگره که‌ناڵی دیکه‌ی جیاوازی کردووه‌ته‌وه، که‌چی ڕۆشنبیری جاگله‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌میشه به‌و زمانه میللییه‌ی هوتاف بۆ سێنترالیزم ده‌کێشێت و دژایه‌تیی هه‌ر که‌ناڵێکی جیاواز ده‌کات، که ده‌رده‌که‌وێت.( )
ڕۆشنبیری جاگله‌ر ئه‌وه چه‌ند ساڵه نه‌ک هه‌ر موجامه‌له‌ی پیاوانی ئایینی ده‌کات، به‌ڵکوو پێیاندا هه‌ڵده‌ڵێت، چونکوو وا ده‌زانێت به‌و ڕێگه‌یه خۆی له هێرشی ئه‌وانه ده‌پارێزێت، که ئه‌مه نیشانه‌ی کورتبینییه‌تی. ئه‌مه‌یش خاڵێکی دیکه‌یه، که ئه‌و ڕۆشنبیره به سیاسه‌تمه‌داره‌وه گرێ ده‌دات، به‌وه‌ی ئه‌ویش ته‌نیا ئاساییشی خۆی مه‌به‌سته. بۆ پارتی و یه‌کێتی گرنگ نییه کۆمه‌ڵگه ده‌که‌وێته به‌ر شاڵاوی ئه‌و هێزانه‌ی هه‌ڵگری فکری چه‌قبه‌ستوون و هه‌رچی جوانی هه‌یه، له ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی گرنگه ئاساییشی ئه‌وان تێک نه‌ده‌ن، بگره چ به نهێنی و چ به ئاشکرا په‌یمانیشیان له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستن و کۆمه‌کیان ده‌که‌ن. ڕۆشنبیری جاگله‌ر ڕۆڵی سه‌ره‌کیی له‌وه‌دا هه‌بووه له‌پێناوی ئاساییشی خۆی و فراوانکردنی ناوبانگیدا هه‌مان ڕۆڵی حزبه سیاسییه‌کان ببینێت، به‌ڵکوو گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی له‌وان زیاتر خۆی له‌و هێزانه نزیک ده‌کاته‌وه.( )
ئه‌و ڕۆشنبیره پێش هه‌موو شتێک تێگه‌یشتنێکی زۆر ساکارانه‌ی بۆ زه‌مه‌ن هه‌یه و پێی و‌ایه ئه‌م زه‌مه‌نه جێگیره و ئه‌زه‌لییه. واته ئه‌م دۆخه هه‌ر به‌م شێوه‌یه ده‌مێنێته‌وه و ناگۆڕێت. به‌شێکی زۆری ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ی ئه‌مڕۆ پاڵیان به ڕێژیمی (ئه‌سه‌د) داوه و ژیانیان به هۆی تیرۆره‌وه که‌وتووه‌ته به‌ر هه‌ڕه‌شه، ده‌پرسن ئه‌وه داعش و به‌ره‌ی نوسره له کوێوه هاتن، له کاتێکدا خۆیان چه‌ند ساڵه مێژوو ده‌شێوێنن و جوانکاریی تێدا ده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی موجاهیده‌کان جوان و شیرین پێشان بده‌ن، به ڕاده‌یه‌ک گه‌نجه‌کان بیانه‌وێت شوێنپێیان هه‌ڵبگرن. ئه‌کته‌ره‌کان له فیلم و زنجیره‌دراماکانیاندا زۆر له پێش مه‌لاکانه‌وه خه‌ونیان به گه‌ڕانه‌وه‌ی خیلافه‌ته‌وه ده‌بینی و سه‌ده‌ی حه‌وته‌میان به باشترین سه‌ده‌ی زه‌مه‌ن پێشان ده‌دا، به‌ڵام کاتێک خه‌ڵک به‌پێی ئه‌و که‌ته‌لۆکه‌ی خۆیان بۆیان داناون؛ چه‌ک هه‌ڵده‌گرن و ڕووبه‌ڕووی هه‌موو کۆمه‌ڵگه ده‌بنه‌وه، ئه‌وده‌م ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری دنیایان لێ دێته‌وه یه‌ک و به لاده‌ر و خه‌وارج ناویان ده‌به‌ن. خیلافه‌ت له سه‌ده‌ی بیست و بیستویه‌کدا به‌ر له‌وه‌ی له واقیعدا پراکتیزه بکرێت، له سه‌ر شاشه‌دا پراکتیزه کرا، بگره ئه‌وانه ئه‌و وێنانه‌ی مرۆڤی باوه‌ڕدار به ته‌ڵخی و وه‌ک تارمایی له کتێبه مێژووییه‌کاندا وه‌ریگرتبوون، به‌رجه‌سته‌یان کرد و وێنه‌ی زۆر ڕوونتریان لێ پێک هێنان، به ڕاده‌یه‌ک ئه‌وان بتوانن بیانبینن و دوایان بکه‌ون، بگره چاویان لێ بکه‌ن، به‌وه‌ی هه‌موو ورده‌کارییه‌کانیان ده‌بینرا.( ) له‌دوای ڕووداوی حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه، دروستتر له‌و کاته‌وه ڕۆشنبیری هاوارکه‌ر و بانگده‌ر سه‌رجه‌م پڕۆژه‌ی خۆی له هوتاف، بانگ، جوێن و دۆعادا کورت کردووه‌ته‌وه، به ئاشکرا هه‌ست به ده‌رکه‌وتنی هه‌ندێک دیارده ده‌کرێت، که نیو سه‌ده زیاتر بوو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به هۆی ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گرانی سه‌رده‌می پێشووه‌وه تێی په‌ڕاندبوون.
له شۆڕشی بیسته‌وه تاکو حه‌ڤده‌ی شوبات هه‌ر ڕاپه‌ڕین و شۆڕشێک بگریت، ویستوویه‌تی هێزه‌کانی دژه‌گۆڕان بورووژێنێت و بیانکاته هێزی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیمبۆڵی، تاکو له دژی گۆڕانکاری به کاریان بهێنێت. به ده‌ربڕینی (ئیبن خه‌لدوون) تێکڕایان زاڵکردنی هێزی کۆچه‌رییانه بوونه به‌سه‌ر هێزی شارستانه‌تیدا. له‌م ده‌وروبه‌ره‌ی ئێمه‌دا هیچ کاتێک ڕێک نه‌که‌وتووه دوای شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کان گۆڕانکاری ڕووی دابێت، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌میشه بواری سیاسه‌ت، دروستتر داموده‌ستگه‌ی حزبی ده‌ستی خستووه‌ته ناو بواره‌کانی دیکه‌وه و ئازادیی له مرۆڤ سه‌ندووه‌ته‌وه. ناکرێت ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌کانمان گۆڕانکاری به دوای خۆیاندا بهێنن، له کاتێکدا چ سیاسه‌تمه‌دار و چ ڕۆشنبیر نه‌ک ڕێگه‌ی دروستبوونی تاک و مرۆڤی سه‌ربه‌خۆیان نه‌داوه، به‌ڵکوو هه‌میشه له ڕوووی هزرییه‌وه به لاڕێیاندا بردووه و هه‌موو ئه‌و ئێڵه‌مێنتانه‌یان لێ سه‌ندووه‌ته‌وه، که ده‌کرێت ببنه هۆی ئه‌وه‌ی ئازادانه بیر بکاته‌وه و ئاڕاسته‌ی جیاواز له هیی زۆرایه‌تی بگرێت. به‌م شێوه‌یه توانای تاک نه‌ک هه‌ر به ئاڕاسته‌ی یاخیبووندا نه‌جووڵاوه، به‌ڵکوو خودی ئه‌و توانایه بووه‌ته به‌شێک له‌و ده‌سته‌ڵاته کۆمه‌ڵایه‌تی و سیمبۆڵییه‌ی زۆرایه‌تی و له سه‌رکوتکردنی خۆی (واته له سه‌رکوتکردنی ئه‌و توانایه‌ی خۆی) و ئه‌وانه‌ی دیکه‌یشدا به کار هێنراوه. چوارده‌ی ته‌مووز جووتیاری په‌رشوبڵاوی له کێڵگه‌کانه‌وه هێنا و کۆی کردنه‌وه. هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی لێ پێک هێنان، تاکو به‌سه‌ر بۆرژوای تازه‌پێگه‌یشتووی شاردا زاڵی بکات. به‌یاننامه‌ی یانزده‌ی ئادار جارێکی دیکه شاری خسته ژێر ده‌سته‌ڵاتی جووتیاری چه‌کداره‌وه. ڕاپه‌ڕین به شێوازێکی دی جووتیاری چه‌کداری په‌رته‌وازه‌ی له شاخه‌وه بۆ ناو شار گه‌ڕانده‌وه. به‌م شێوه‌یه هه‌رچی له ماوه‌ی ئه‌و پانزده شانزده ساڵه‌ی ڕابوردوو دامه‌زرابوو، ورده‌ورده له ناو چوو. شانۆ، سینه‌ما، کتێبخانه و هه‌موو سیمبۆڵه‌کانی دی تێک شکێنران و ئایکۆنی ئایینی شوێنی گرتنه‌وه. ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می حه‌ڤده‌ی شوبات به ڕوونی ده‌بینین، به‌تایبه‌تی له سلێمانیدا، ئه‌و شاره‌ی له نه‌وه‌ده‌کاندا به ته‌نیا خۆی له به‌رانبه‌ر شاڵاوی ئیسلامییه‌کاندا گرت، به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌وه به هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگله‌ر توانرا دایبڕووخێنن. هیچ کاتێ وه‌ک قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕین، به‌تایبه‌تی له حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه ڕۆشنبیری ئێمه له زۆرایه‌تیدا نه‌تواوه‌ته‌وه، بۆیه له نه‌وه‌ده‌کانه‌وه تاکو ئه‌مڕۆ ڕۆشنبیری جاگله‌ر ده‌ستی به‌سه‌ر تێکڕای بواره‌کانی ده‌ربڕین و گه‌یاندندا گرتووه. وه‌ک بینیمان ڕۆشنبیرێکی کۆمپرۆمایسه. واته بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ هێزه چه‌قبه‌ستووه‌کاندا ڕێک ده‌که‌وێت و به یارمه‌تیی ئه‌وانه‌وه دژی هه‌ر ده‌نگێک ده‌وه‌ستێته‌وه، که جیاوازه و نیازی گۆڕانکاریی هه‌یه. به هه‌ردووکیان ئه‌و زۆرایه‌تییه به لاڕێدا ده‌به‌ن و ئه‌و وه‌همه‌ی لا ده‌که‌نه ڕاستی، گوایه ئه‌گه‌ر هێزه شه‌ڕانگێزه‌کان لێیان بگه‌ڕێن دنیایان بۆ ده‌که‌نه به‌هه‌شت. ئه‌و زۆرایه‌تییه ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به یارمه‌تیی حزبه ئیسلامییه‌کان له پاڵ زۆرایه‌تییه‌کانی ده‌وروبه‌ریدا دێته سه‌ر شه‌قامه‌کان و له دژی کاریکاتێرستێکی بێبه‌هره‌ی دانمارکی ده‌هاڕێنێت، بگره داوا ده‌کات هیچ که‌سێک که‌لوپه‌لی دانمارکی نه‌کڕێت، تاکو نه‌وه‌ی مه‌یموون و به‌راز (احفاد القرده والخنازیر) له برسان بمرن، که‌چی ئه‌مڕۆ په‌نایان بۆ ده‌هێنێت و داوایان لێ ده‌کات شوێنی بکه‌نه‌وه. له کۆپنهاگن ته‌نیا له یه‌ک ڕۆژدا میلیۆنێک تاک دێنه سه‌ر شه‌قام، تاکو تێکڕا به‌و که‌سانه بڵێین (به خێر بێن)، که ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له خوا ده‌پاڕانه‌وه له برسانیان بکوژێت. هه‌ر ئه‌مانه هه‌شتاوشه‌ش میلیۆن کرۆنی دانمارکییشیان بۆ کۆ ده‌که‌نه‌وه.( )
ڕۆشنبیری جاگله‌ر له خاڵێکی دیکه‌ی جه‌وهه‌ریدا هه‌م له‌گه‌ڵ پیاوانی ئایینی و هه‌م له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داردا یه‌ک ده‌گرێته‌وه، که هه‌رچی گوناهـ هه‌ن ده‌یانخاته ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی له نۆرم و به‌ها‌کانی دوێنێ لایان داوه و گوێ له خواستی زۆرایه‌تی ناگرن. به مانایه‌کی دی له به‌رده‌م به‌دیهێنانی خه‌ونه‌کانیدا ڕێگرن. ئه‌و ڕۆشنبیره هه‌ندێک چه‌مکی لاستیکییانه‌ی وه‌ک دادپه‌روه‌ری، چاکسازی، پاکسازی و شتی دیکه‌ی به ده‌مه‌وه گرتووه، که نه له‌گه‌ڵ په‌یامی سیاسه‌تمه‌دار و نه له‌گه‌ڵ هیی پیاوانی ئایینی‌دا ناکۆکن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه هێرش بکاته سه‌ر هه‌ر بوونه‌وه‌رێک، که له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مانه‌دا بیر ده‌کاته‌وه و ده‌دوێت. به‌وه‌دا ده‌ستی به‌سه‌ر هۆیه‌کانی ڕاگه‌یاندندا گرتووه، هه‌وڵ ده‌دات هه‌ر ده‌نگێک بخنکێنێت، که له ده‌نگی ئه‌و ناچێت و سانسۆر بخاته سه‌ر نووسینی هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه‌ی پڕۆژه‌ی فکریی جیاوازیان هه‌یه. وا باوه ده‌سته‌ڵاتی سیاسی زیاتر له ئایین نزیک ده‌بێته‌وه، که‌چی له‌و زۆنه‌ی ناوی (هه‌رێمی کوردستان)ـه، ئه‌وه ڕۆشنبیره‌که‌یه زۆر له سیاسه‌تمه‌دار پتر خه‌می ڕاگرتنی دڵی پیاوانی ئایینییه‌تی.
ڕۆشنبیری میللی هه‌تا ئه‌مڕۆیش له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و فکره پریماتیڤه‌دا ده‌رنه‌چووه، که حاکم یان زۆردار، یان چاکه‌خواز پێشان بدات. ئه‌مه بینینی چه‌مکی ده‌سته‌ڵاته به شێوه‌ی مۆرفۆلۆجی. واته قسه‌کردنه له‌باره‌ی ده‌سته‌ڵاته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی به چاوی ئاسایی ده‌بینرێت. وردنه‌کردنه‌وه و تێکنه‌شکاندنیه‌تی، له کاتێکدا ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر له‌و خاڵه جه‌وهه‌رییه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، که به‌و تێگه‌یشتنه ڕازی نابێت و به دوای ورده‌کاری و نهێنییه‌کانی ئه‌و چه‌مکه‌دا ده‌گه‌ڕێت. له چیرۆکه فۆلکلۆرییه‌کاندا پاشاکان یان زۆر دادپه‌روه‌رن، یان زۆر چه‌وسێنه‌رن، که هه‌ردوو وێنه‌که به‌رهه‌می ترسن. حاڵه‌تی سایکۆلۆژییه، که مرۆڤی سه‌ره‌تایی ده‌سته‌ڵاتدار به شێوه‌ی ئاسایی نابینێت. سه‌یر نییه کاتێک ده‌بینین مێژوومان هێنده که‌وتووه‌ته ژێر ده‌سته‌ڵاتی میتۆلۆژیاوه. مرۆڤه‌کان چیرۆکی سه‌یروسه‌مه‌ره بۆ سه‌رکرده‌کان هه‌ڵده‌به‌ستن و له ڕێگه‌یه‌وه ترسی خۆیان ده‌ڕه‌وێننه‌وه.( ) له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه هیچ ڕۆشنبیرێکی جاگله‌ر ده‌رنه‌که‌وتووه، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌و زۆرایه‌تییه ده‌یان چیرۆکی ئه‌فسانه‌ییان بۆ هه‌ڵنه‌به‌ستبێت، وه‌ک (فڵان شایانی خه‌ڵاتی نۆبێڵه)، (به‌رهه‌می فیسار ئه‌گه‌ر بکرێته زمانی ئینگلیزی، ده‌بێت هه‌رچی نووسه‌ر هه‌ن، کتێبه‌کانیان له کتێبخانه‌کاندا ده‌ربهێنن و بۆ ماڵه‌وه‌یان ببه‌نه‌وه)، (فڵانه فه‌یله‌سووفی ڕۆژئاوا له‌باره‌ی فیسار نووسه‌ری ئێمه‌وه گوتوویه‌تی ده‌بێت هه‌موو داهێنه‌رانی دنیا لێیه‌وه فێر ببن چۆن ده‌نووسن) و شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته. هه‌ر به‌گشتی گه‌وره‌کردنی قه‌باره‌ی توانای کاره‌کته‌ری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی، له پاڵ پێشبینیکردنی ڕووداوی دڵخۆشکه‌ردا به‌رماوه‌ی ئیدۆلۆگییه‌کانی وه‌ک کۆمۆنیزم و نازیزمه، که پێیان و‌ایه مێژوو به شێوه‌ی ڕێکوڕاست ده‌چێته پێشه‌وه. به‌م شێوه‌یه گه‌وره‌کردنی ڕووداو یه‌کێکه له خه‌سڵه‌ته‌کانی ڕۆشنبیری جاگله‌ر، چونکه ئه‌و وا ڕاهاتووه ته‌نیا ده‌توانێت له‌باره‌ی فۆرمی ڕووداوه‌وه بدوێت، بۆیه تاکو قه‌باره‌ی ڕووداوه‌که گه‌وره‌تر بکات، چاکتر سه‌ری لێ ده‌رده‌چێت، به‌وه‌ی ئه‌و پرۆسێسه ورووژان (Excitement) و خرۆشان (Enthusiasm) ده‌هێنێته دی. که‌م نین ئه‌و ڕۆشنبیره جاگله‌رانه‌ی به‌رده‌وام مژده‌ی ڕووخانی فڵان ده‌سته‌ڵات و ده‌رکه‌وتنی فڵان سیستێم ده‌ده‌ن، که ئه‌مه له حه‌ڤده‌ی شوباتدا زۆر به ڕوونی بینرا. (کارل پۆپه‌ر) به‌تایبه‌ت له کتێبی (هه‌ژاریی مێژووگه‌رایی)دا ڕه‌خنه‌ی گه‌وره له ئاڕاسته‌ی مێژووگه‌را (Historism) ده‌گرێت. ئه‌و ده‌پرسێت ئایا په‌ره‌سه‌ندن یاسای هه‌یه؟ هه‌ر خۆیشی به (نا) وه‌ڵام ده‌داته‌وه و باوه‌ڕی و‌ایه گه‌ڕان به دوای یاسایه‌ک بۆ (سیستێمی چه‌سپاو) له مێتۆدی زانستیدا به هیچ شێوه‌یه‌ک بوونی نییه چ له بواری بایۆلۆجی و چ له بواری سۆسیۆلۆجیدا.( )
ئه‌گه‌ر (پۆپه‌ر) ڕه‌خنه له فۆرمه فه‌لسه‌فییه‌که‌ی (مێژووگه‌رایی) بگرێت، ده‌بێت ئێمه چی به ڕۆشنبیری میللیی خۆمان بڵێین، که هه‌ر هێنده جه‌ماوه‌رێکی ساده له‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندا ده‌بینێت، خێرا مژده‌ی ڕووخانی فڵان سیستێم و دامه‌زراندنی فڵان سیستێم ده‌دات؟
ئه‌و ڕۆشنبیره نایه‌وێت و ناشتوانێت جیاوازی له‌نێوان دوو جۆر تاکدا ببینێت: یه‌که‌میان، به شێوه‌ی غه‌ریزه داوای مافه‌کانی ده‌کات. واته له‌پێناوی پێویستییه سه‌ره‌تاییه‌کانی وه‌ک نان، ئاو، جلوبه‌رگ، کاره‌با و هیی دیکه‌دا دێته سه‌ر شه‌قام، به‌ڵام دووه‌میان، ئاستی غه‌ریزه تێده‌په‌ڕێنێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ی هه‌ن و ده‌ستیشی له ناڕه‌زایی هه‌ڵنه‌گرتووه. ئه‌وه‌یان خاوه‌نی هۆشیارییه، به‌وه‌ی هۆشیارییه‌که‌ی کێشه‌ی بۆ ده‌خوڵقێنێت و ڕێگه‌ی نادات ملکه‌چی هیچ ده‌سته‌ڵاتێک ببێت. به‌م شێوه‌یه تاقه پێوه‌رێک بۆ ده‌رکه‌وتنی هۆشیاریی تاک ئه‌وه‌یه، که ناهێڵێت به ژێرده‌سته‌ییی ده‌سته‌ڵاته‌کان، چ ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی له چه‌شنی حزب و چ ده‌سته‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تیی له نموونه‌ی خێزان، قوتابخانه، په‌رستگه و ئه‌وانه‌ی دی ڕازی ببێت، چونکه وه‌ک (کامیۆ) پێی و‌ایه هۆشیاری به‌رهه‌می ئاکتی یاخیبوونه.( ) ئه‌و تاکه‌ی دووه‌میان لای ئێمه هێشتا دروست نه‌بووه، به‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌مان به پیرۆزی داپۆشراوه. هه‌ر (کامیۆ) ده‌نووسێت: {له بیری مرۆڤدا دوو جۆر جیهان هه‌ن، جیهانی پیرۆزی، یان به ده‌ربڕینی مه‌سیحی جیهانی گرێس (نیعمه‌ت) و جیهانی یاخیبوون. ونبوونی ئه‌میان ده‌رکه‌وتنی ئه‌ویانه}( ). مه‌به‌ستی (کامیۆ) ئه‌وه‌یه ناکرێت ئه‌و دوو جیهانه پێکه‌وه ده‌ربکه‌ون، به‌ڵکوو هه‌ر ده‌بێت یه‌کێکیان دیار و ئه‌وه‌ی دیکه‌یان نادیار بێت.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه مرۆڤی ئێمه له لایه‌ک به هۆی سیاسته‌مه‌دار و کاره‌کته‌ری ئایینییه‌وه و له لایه‌کی دیکه به هۆی ڕۆشنبیری بانگده‌ر و میللییه‌وه به‌رده‌وام به پیرۆزی داپۆشراوه. هێنده به‌سه مرۆڤی وردبین چاوێک به کتێبه‌کانی خوێندن و په‌روه‌رده‌دا بخشێنێت، تاکو به ئاسانی بۆی ده‌ربکه‌وێت چۆن خۆشه‌ویستیی ئیدۆلۆگیی حزبی ده‌سته‌ڵات و سیمبۆڵه‌کانی وه‌ک شته هه‌ره پیرۆزه‌کان سه‌یر ده‌کرێن و له‌ولایشه‌وه کاره‌کته‌ری ئایینی به یارمه‌تیی ڕۆشنبیری میللی هه‌موو کونوکه‌له‌به‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی به پیرۆزی پڕ کردووه‌ته‌وه، که ئه‌وه له حه‌ڤده‌ی شوباتدا ده‌گاته لووتکه و ئه‌مڕۆ به ڕوونی کاریگه‌رییه‌که‌ی ده‌بینین، بۆیه هه‌ر که‌سێک باوه‌ڕی وا بێت مرۆڤی ئێمه بۆ ئه‌وه دێته سه‌ر شه‌قام، تاکو دنیا بگۆڕێت، له ساده‌یی و ساکاریی خۆی زیاتر شتێکی دیکه‌مان پێ ناڵێت.( ) به‌رگریکردن له مافی تاک نه‌ک هه‌ر له کاتی ورووژانی شه‌قامدا، به‌ڵکوو هه‌موو کاتێ ئه‌رکی ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گره، به‌ڵام تێکه‌ڵکردنی باوه‌ڕ و ماف جارێکی دیکه ساکاریی ڕۆشنبیری میللیمان بۆ ده‌رده‌خات. وه‌ک پێشتر گوترا ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ر به‌رگری له مافه‌کانی تاک ده‌کات، نه‌وه‌ک له باوه‌ڕی، بگره باوه‌ڕه‌کانی تێک ده‌شکێنێت، له کاتێکدا ڕۆشنبیری میللی به باوه‌ڕه‌که‌یدا هه‌ڵده‌ڵێت، بێ ئه‌وه‌ی مافه‌کانی لا گرنگ بن، به‌ڵکوو ته‌نیا له‌و ڕێگه‌یه‌وه خۆی له که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندندا نماییش ده‌کات. من پێم و‌ایه ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ر، ڕۆشنبیرێک هه‌موو کاتێ سه‌رقاڵی پڕۆژه‌ی فکریی ڕه‌خنه‌ییه، نه به ورووژانی شه‌قام حه‌ماس ده‌یگرێت و نه له ئارامیی دۆخدا پشوو ده‌دات، به‌ڵکوو ئه‌وه خودی شه‌قام و دۆخن ده‌که‌ونه ژێر کاریگه‌ریی ڕه‌خنه‌کانیه‌وه، نه‌وه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه. هیچ گرنگ نییه ئێمه هێشتا نه‌چووینه‌ته ناو زه‌مه‌نێکه‌وه تێیدا ڕۆشنبیر به به‌رهه‌مه‌کانیه‌وه بناسرێته‌وه، نه‌وه‌ک به دۆعا، هوتاف، جنێو، درووشم و گوته ساده‌کانی، به‌ڵام گرنگه ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ر بزانێت هه‌میشه زه‌مه‌نێکی دیکه‌ی جیاوازی هه‌یه، زه‌مه‌نێک، که هێشتا ئه‌ندامانی زۆرایه‌تی پێی نه‌گه‌یشتوون. خۆ کاتێ پێی گه‌یشتن، ئه‌وا ئه‌و تێیدا نه‌ماوه و جێی هێشتووه.( )
کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، که کۆمه‌ڵگه‌ی زاره‌کییه و که‌مترین لێکدانه‌وه بۆ دیارده و ده‌رکه‌وته‌کانی کراون، ئه‌وا مرۆڤی هاوارکه‌ر و جوێنده‌ر به ئازا وه‌سف ده‌کات، له کاتێکدا سایکۆلۆجی ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت. ئه‌مه میکانیزمی به‌رگرییه. مرۆڤ کاتێ ده‌زانێت ئازا نییه، پێویسته خۆی ئازا پێشان بدات، به‌و مه‌به‌سته‌ی شوێنی خۆی له‌ناو زۆرایه‌تیدا بکاته‌وه و به لاوه نه‌نرێت. به‌م شێوه‌یه ئازایه‌تی دیوه هه‌ره ساخته‌که‌ی مرۆڤه، مادام هۆکاره بۆ خۆگونجاندن.( ) ئه‌و دیوه، که به مۆڕاڵه‌وه پێوه‌سته، هه‌ر یه‌ک له (نیتشه) و (فرۆید) له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا به شێوازی خۆیان ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه و ئاڕاسته‌ی جیاواز و نوێ له فکر و سایکۆلۆجیدا ده‌هێننه گۆڕێ، که دواتر ئه‌و ئاڕاسته‌یه له ئه‌ده‌بیشدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، به‌وه‌ی فۆکه‌سی گه‌وره له‌سه‌ر ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌کرێت، که شه‌ڕه، نه‌وه‌ک چاکه. تراجیدیایه، نه‌وه‌ک گه‌شبینی. قووڵبوونه‌وه و بینینی ئازاره، نه‌وه‌ک پێدانی مژده‌ی خۆشبه‌ختی.( )
چ گه‌وره‌کردنی ده‌سته‌ڵات و چ بچووکردنه‌وه‌ی خۆی له پێوه‌ندیی کوڕ و باوک‌دا ده‌بینێته‌وه، که به گرێی ئۆدیپ و خه‌ساندن ناسراوه. ئه‌مڕۆ ڕۆشنبیری میللی کاتێ له ئه‌وروپاوه جوێن و نه‌فره‌ت بۆ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی ده‌نێرێت و وه بیرمان دێنێته‌وه ئه‌و ده‌سته‌ڵاته تاوان ده‌کات، پاره‌ی زۆری هه‌یه، کۆشکه‌کانی به پاسه‌وانی زۆر تایبه‌ت ته‌نراون، ئه‌وه له‌و ڕێگه‌یه‌وه خۆی له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه به دوور ده‌گرێت. به لاکه‌ی دیکه‌یشدا کاتێ ده‌سته‌ڵات وا پێشان ده‌دات به‌هه‌شتی له‌سه‌ر زه‌وی دامه‌زراندووه، دیسان هه‌مان ترسی ڕووبه‌ڕووبه‌نه‌وه‌ی هه‌یه، به‌وه‌ی چۆن ده‌بێت به‌هه‌شت تێک بدرێت. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا شتی جه‌وهه‌ری ونه، که ڕه‌خنه‌یه. ته‌نیا ڕه‌خنه‌یش ده‌توانێت نهێنییه‌کانی ده‌سته‌ڵات بدۆزێته‌وه و ئاسته‌کانی تێبپه‌ڕێنێت. وه‌ک پێشتر گوترا لای ڕۆشنبیری میللی ده‌سته‌ڵات بریتییه له که‌سانێکی دیاریکراو، که ئه‌و که‌سانه‌ی یان زۆر خۆش ده‌وێن، یان زۆر ڕقی لێیانه. ئه‌گه‌ر ده‌بینین ئه‌و ڕۆشنبیره هێنده له ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و که‌سانه به ئاگا‌یه، ئه‌وه هه‌ر پێوه‌ندیی به‌و ترسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌وه هه‌یه: ئه‌میان قه‌ڵه‌وه، ئه‌ویان له مه‌یموون ده‌چێت، فڵان قژی بۆیه ده‌کات، فیسار تاقمی ددانی به چه‌ند ده‌فته‌ر دۆلار کردووه، تێچووی نه‌شته‌رگه‌ریی لووتی ئه‌میان هێنده هه‌زار یۆرۆ بووه، کۆشک و ئۆتۆمۆبیلی ئه‌ویان به بانکی سویسرا ناکڕێت و شتی له‌و بابه‌ته، نیشانه‌ی ترسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه. ئه‌و زانیارییانه به‌شێکیان ڕاستن، به‌ڵام به‌شه‌که‌ی دیکه‌یان هه‌ڵبه‌ستراون، چونکه وه‌ک پێشتر گوترا ئه‌و نووسه‌ره پێویستی به‌وه‌یه ده‌سته‌ڵات به شێوه‌ی نائاسایی ببینێت و به هه‌مان شێوه‌یش پێشانی ئه‌وانه‌ی دیکه‌ی بدات. هه‌موو هاوار ده‌که‌ن فڵان و فیسار بده‌نه دادگا، بگره هه‌ر خۆیان ده‌بنه دادوه‌ر، دادگای تایبه‌تی خۆیان داده‌مه‌زرێنن و بڕیار له چاره‌نووسیان ده‌ده‌ن. هه‌ر به‌گشتی ئه‌م شێوازی نووسینه، واته ئه‌وه‌ی باس له تاوان و گه‌نده‌ڵیی به‌رپرسانی حوکوومه‌ت ده‌کات و هاوکات دادگایان بۆ داده‌نێت، تایبه‌ته به‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی پشت به فه‌رهه‌نگی زاره‌کی ده‌به‌ستن، ده‌نا له‌و که‌لتوورانه‌ی بایه‌خی نووسینیان زانیوه، ده‌مێکه تێپه‌ڕێنراون. ئه‌وه ته‌نیا ڕۆژنامه‌نووسی پرۆفیشیناڵه له‌وێ ده‌ست بۆ کاری ئاوا ده‌بات، که‌چی لای ئێمه بووه‌ته ئه‌رکی ڕووناکبیران. که‌م نین ئه‌و ڕۆشنبیره به‌ناوبانگانه‌ی له ڕێگه‌ی جوێندان به به‌رپرس و باسکردنی ژیانی تایبه‌تیانه‌وه ده‌رکه‌وتوون و لای ئه‌و زۆرایه‌تییه بوونه‌ته مایه‌ی ئومێدی گه‌وره.
ئه‌و ڕۆشنبیرانه تێگه‌یشتن و لێکدانه‌وه‌ی زۆر ساده‌یان بۆ ڕووداو هه‌یه، که پێیان و‌ایه هه‌ر ڕووداوێک سه‌ربه‌خۆیه و هیچ کۆنتێکستێکی نییه. هه‌ر هێنده داعش دێت، تێکڕا ده‌که‌ونه نووسینی گوتار له‌و باره‌یه‌وه. به‌ڵام ئایا هه‌ر بۆ نموونه داعش ڕوداوێکی نوێیه؟ درێژکراوه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشوو نییه و به هه‌مان ئێڵه‌مێنتی ئه‌وانیش فۆرمی وه‌رنه‌گرتووه؟ بۆچی ئه‌و ڕۆشنبیره پێی و‌ایه ئه‌و ڕووداوه یان هه‌ر ڕووداوێکی دیکه نوێیه و به جیا لێی ده‌کۆڵێته‌وه، ڕاستتر بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات؟ چونکه خۆی بۆ ئاماده نه‌کردووه و ناتوانێت ئه‌و کۆننێکشنه له‌نێوان ئه‌و ڕووداوه و کایه‌کانی مه‌عریفه‌دا دروست بکات. وه‌ک کایه‌ی مێژوو، سۆسیۆلۆجیا، سایکۆلۆجی و هیی دیکه. ئه‌و ڕۆشنبیره که‌مترین کاتی بۆ بیرکردنه‌وه هه‌یه، به‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌م که‌ناڵی ڕاگه‌یاندنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دیکه‌یان جرتوفرتیه‌تی، نه‌بادا له به‌رچاوان ون ببێت، بۆیه به زمانی میللی له‌باره‌ی هه‌موو شتێکه‌وه ده‌دوێت و ئه‌وه‌ی پشتی پێ ده‌به‌ستێت، که‌لتووری زاره‌کییه. ڕۆشنبیر کاتێ ڕێگه به خۆی ده‌دات ئامۆژگاریی خه‌ڵک بکات، یان ببێته پێشڕه‌وی، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه له لایه‌ک گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی ته‌واوی به ده‌ست هێناوه و پێویستی به‌وه‌یه ئه‌و حه‌قیقه‌ته به‌وانی دیکه‌یش بگه‌یه‌نێت، له لایه‌کی دیکه ئه‌و ڕۆشنبیره توانای ده‌رچوونی له‌م دۆخه‌ی ئێستای نییه. وا ده‌زانێت ئه‌و ئاسته‌ی پێی گه‌یشتووه، ئه‌زه‌لییه و پێویسته ئه‌وانه‌ی دیکه‌یش بیگه‌نێ. له مێژووی ژیانی ڕووناکبیر و فه‌یله‌سووفاندا خاڵێکی جه‌وهه‌ری سه‌رنجڕاکێش هه‌یه، که هه‌موویان پێک ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه تێکڕایان ته‌نیایی به ماڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌زانن و له‌وێوه بۆ ده‌ره‌وه ده‌ڕوانن، که‌چی ڕۆشنبیری جاگله‌ر له ئاوه‌دانی و قه‌ره‌باڵغیدا نه‌بێت، هه‌ڵناکات. ته‌نیایی لای ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر هه‌رگیز مانای دابڕان نییه له کۆمه‌ڵگه، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه بینینی کۆمه‌ڵگه‌یه له‌و شوێنه‌وه، که هه‌موو ڕووه‌کانی لێ دیاره، بگره له‌وێ نه‌بێت، ناگاته قووڵاییه‌کانی.
له ئه‌نجامی نه‌بوونی ڕه‌خنه و که‌میی ویستی تێپه‌ڕاندندا خه‌ریکه ئیدۆلۆگیی حزبی باڵاده‌ست به هاوکاریی ئایین خۆی ده‌خزێنێته ناو هه‌موو کایه‌کانه‌وه، به‌تایبه‌تی کایه‌ی خوێندن. لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسیی ئه‌و پرۆسێسه‌مان چاکتر له به‌رچاو بێت، ده‌کرێت په‌نا بۆ چه‌مکی به‌رهه‌مهێنانه‌وه (Reproduction)ی (پیر بۆردیۆ) ببه‌ین، که مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌لتووره‌ی خوێندکار له خوێندنگه وه‌ریده‌گرێت، بێلایه‌ن نییه، به‌ڵکوو ئیدۆلۆگیی زاڵ هه‌ڵیده‌سووڕێنێت. نموونه‌ی خوێندنگه‌کانی فره‌نسا ده‌هێنێته‌وه چۆن تێیاندا سۆسیالیزه‌یشن، واته په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئامانجی ئه‌وه‌یه تاک وا ڕابهێنێت نه‌ک هه‌ر به‌و ئیدۆلۆگییه زاڵه قایل ببێت، به‌ڵکوو لای ببێته ڕاستی و خۆی له‌گه‌ڵدا بگونجێنێت، بگره ته‌واو پێوه‌ی پێوه‌ست ببێت. به‌م شێوه‌یه چینی باڵاده‌ست له‌و ڕێگه‌یه‌وه هه‌مان تێگه‌یشتن درێژه پێ بدات. لێره‌دا خوێندن ئاسانکاری بۆ منداڵی چینی سه‌رده‌ست ده‌کات و هاوکات ته‌گه‌ره ده‌خاته به‌رده‌م منداڵی چینی ژێرده‌سته‌وه، به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له خوێندگه‌دا ده‌خوێنرێت، که‌لتووری یه‌که‌میانه و به ئاسانی لێی تێده‌گات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌م ده‌بێت له که‌لتووری چینی خۆی داببڕێت و به‌ر که‌لتوورێکی دیکه‌ی نامۆ بکه‌وێت، که مادام هیی خۆی نییه، وزه‌یه‌کی زۆری ده‌وێت، تاکو لێی تێبگات، بۆیه هه‌مان توانای منداڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی نابێت و دوا ده‌که‌وێت. به‌م شێوه‌یه فێرکردن ده‌بێته ده‌سته‌ڵاتێکی سیمبۆڵی و به نهێنی ده‌ست به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌گرێت، که (بۆردیۆ) خۆی پێی و‌ایه ئه‌و ده‌سته‌ڵاته نه‌بینراوه کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه.( ) ئه‌وه‌ی لای ئێمه ته‌نیا له فۆرمدا جیاوازه، به‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی هێشتا ئاستی سه‌ره‌تاییی نه‌بڕیوه، به‌ڵام له ناوه‌رۆکدا هه‌مان شته، که ئه‌وه‌ی مرۆڤی پێ په‌روه‌رده ده‌کرێت، ئه‌و ئیدۆلۆگییه‌یه له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه باڵی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگه‌دا کێشاوه. پێکهاته‌یه‌که له سیاسه‌تی حزبی ده‌سته‌ڵاتدار و ئایین. مرۆڤ به ئاسانی له‌و کتێبانه‌ی له خوێندنگه‌کاندا ده‌خوێنرێن، هه‌ست به چه‌واشه‌کاری ده‌کات و تێده‌گات چۆن خوێندن بووه‌ته ڕێگه‌یه‌ک بۆ خوشه‌ویستکردنی ده‌سته‌ڵات و ئیدۆلۆگیی زاڵ. له‌ولایشه‌وه نه‌ک هه‌ر خوێندکاری سه‌ره‌تایی، به‌ڵکوو منداڵی باخچه‌ی ساوایانیش به زۆر هه‌ندێک بابه‌تی ئایینیی پێ له به‌ر ده‌کرێت، له کاتێکدا ڕاڤه‌کاره ناسراوه‌کانی ئیسلام کێشه‌ی گه‌وره‌یان له‌سه‌ریان هه‌ن.
ده‌کرێت لێره‌دا ئه‌و کۆنسێپته‌ی (بۆردیۆ) له به‌رچاو بگرین و جارێکی دیکه بۆ ئه‌و شوێنه بگه‌ڕێینه‌وه، که تێیدا گوترا سلێمانی له نه‌وه‌ده‌کان، له کاتێکدا هه‌موو شاره‌کانی ده‌وروبه‌ری به ده‌ستی ئیسلامییه‌کان ده‌ڕووخێن، به ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه و خۆی به ده‌سته‌وه نادات، که‌چی له حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه به‌ره‌و داڕووخان مل ده‌نێت. له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه، که ئیدۆلۆگیی حزبی ده‌سته‌ڵاتدار و ئایین ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه، هه‌روه‌ها به هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگله‌ر و بانگده‌ر نه‌وه‌یه‌کی نوێ پێ ده‌گات. ئه‌و نه‌وه‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و یاخیبوونه دانه‌مه‌زراوه، که نه‌وه‌کانی پێشوو به‌رهه‌میان هێناوه، به‌ڵکوو ته‌واو له‌و مێژووه‌ی خۆی دوور خراوه‌ته‌وه. دیسان ده‌ڵێین مرۆڤ ده‌توانێت له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه کاریگه‌ریی ئه‌و خوێندنه به ڕوونی ببینێت. ئه‌وه‌تا خه‌ریکه کۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کی دابه‌ش ده‌بێت، لایه‌نی سیاسی، که تێیدا پارتی باڵاده‌سته و لایه‌نی ئایینی، که وا ورده‌ورده سه‌له‌فییه‌کان ده‌بنه ڕابه‌ری. ڕێگه به خۆم ده‌ده‌م بڵێم وا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌و زۆنه‌ی ناوی (هه‌رێمی کوردستان)ـه، وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بستانی سعوودیی لێ دێت. له‌وێدا ڕێککه‌وتن له‌نێوان دین و سیاسه‌تدا کراوه. پاشا و داروده‌سته‌که‌ی بۆیان هه‌یه وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بژین، به‌و مه‌رجه‌ی ڕێ له پیاوانی ئایینی نه‌گرن چۆن له ناوه‌وه وڵات به ڕێوه ده‌به‌ن. ئه‌مان بۆیان هه‌یه بچن له‌گه‌ڵ سه‌رۆکه کافره‌کانی جیهان دابنیشن، ده‌ست بخه‌نه ناو ده‌ستیان، بگره پێکه‌وه‌یش مه‌ی بنۆشن، ئه‌وه‌یش قه‌یدی ناکات له فره‌نسادا به‌شداری له پرۆتێستی دژی تیرۆریستان بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانیش مافی خۆیانه له‌و کاته‌دا به به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه ده‌ستی دز ببڕن و جه‌ڵده له هه‌ر که‌سێک بده‌ن، که گوێ به یاساکانیان نادات. له هه‌رێمی کوردستاندا ئه‌مه خه‌ریکه به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت. ئێستا بۆ پارتی ئه‌وه گرنگه به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی له ده‌ست نه‌چێت و خۆی وه‌ک سه‌رۆک بمێنێته‌وه. لێره‌یشدا دۆستی دڵسۆزی وه‌ک سه‌له‌فییه‌کان نادۆزێته‌وه. ئه‌وه خودی حزبه ئیسلامییه‌کانی ترن کێشه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌له‌فیدا هه‌یه و ده‌رکه‌وتنی به مه‌ترسی ده‌زانن، نه‌وه‌ک پارتی، چونکه وه‌ک گوترا ئه‌مڕۆ ئه‌وانه بۆ پارتی، (ده‌ڵێم ئه‌مڕۆ و ناڵێم سبه‌ی)، جێگه‌ی دڵنیایین، مادام نابنه تێکچوونی دۆخه‌که‌ی، بگره ده‌بنه پاڵپشتی و هێزی ده‌ده‌نێ. ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین دابه‌شبوونی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنی جیاوازدا نییه، به‌ڵکوو پێوه‌ندیی به‌و زۆرایه‌تییه‌وه هه‌یه. واته له ئه‌نجامی به‌رهه‌مهێنانه‌وه، چ به‌رهه‌مهێنانی فیزیکی و چ به‌رهه‌مهێنانی هزرییه‌وه نییه، که دابه‌ش ده‌بێت، به‌ڵکوو ئاڕاسته‌ی ئه‌و زۆرایه‌تییه ئه‌وه ده‌سه‌پێنێت چۆن دابه‌ش ببێت، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و دابه‌شکارییه دۆخی ژێر چه‌تره‌که بگۆڕێت. ئه‌و بۆچوونه‌ی ڕۆشنبیری جاگله‌ر هه‌ر زوو کورتی هێنا، که پێی وا بوو به‌هێزبوونی پایه‌ی پیاوانی ئایینی ده‌بێته هۆی بێهێزبوونی پارتی. جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌که‌ینه‌وه، که ئه‌مڕۆ خه‌ریکه کۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر پارتی و سه‌له‌فی دابه‌ش ده‌بێت، یان لانی که‌م ئه‌و دوو ته‌وه‌ره به زه‌قی ده‌رده‌که‌ون و ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر پێوه‌ندیی دۆستانه‌یان ده‌رده‌که‌وێت. پارتی له‌و ڕووه‌وه ئه‌زموونی زۆره و له‌وانی دی چاکتر ده‌زانێت چۆن له‌گه‌ڵ ته‌وژمی ئیسلامی‌دا مامه‌ڵه بکات. هه‌ر له شاخه‌وه ئه‌مه‌ی پێڕۆیی کردووه و درێژه‌ی پێ داوه. له ده‌ره‌وه‌یش پارتی له‌گه‌ڵ هه‌موو حوکوومه‌ته‌کانی ده‌وروبه‌ردا پێوه‌ندیی پته‌وی دامه‌زراندووه، به‌وه‌ی خاوه‌نی نه‌وتێکی زۆره و بواری فرۆشتنی به چاکی بۆ ڕه‌خساوه. لای تورکیای (ئه‌ردۆگان) په‌سه‌نده و له‌گه‌ڵ ئێرانیشیدا پێوه‌ندیی دێرینه‌ی هه‌یه، بگره توانیویه‌تی لای عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌یش به دۆست بزانرێت.( ) لێره‌دا ڕۆشنبیری جاگله‌ر هیچ ڕۆڵێکی نییه، مادام ئه‌وه خواستی زۆرایه‌تییه و ئێتمۆسفێری ژێر چه‌تره‌که خۆی ئه‌وه‌ی سه‌پاندووه، بگره ئه‌مه به‌رهه‌می هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگله‌ر و سیاسه‌تمه‌داری جاگله‌ره. ئێستا بۆ ئه‌و شوێنه ده‌گه‌ڕێینه‌وه، که تێیدا گوترا هه‌ر لایه‌نێک له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا سنوورێکی بۆ خۆی داناوه، لێی تێنه‌په‌ڕێت، چونکوو به‌زاندنی سنووره‌که تووڕه‌بوونی خودی زۆرایه‌تییه‌که‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه.
ئه‌مڕۆ ڕۆشنبیری خاوه‌نپه‌یام ڕۆشنبیرێکی کۆنی ته‌قلیدییه. ڕۆشنبیرێکه وه‌ک سه‌رکرده و سیاسه‌تمه‌دار پابه‌ندی خواسته‌کانی زۆرایه‌تییه. ڕۆشنبیرێکه نه توانای تێپه‌ڕاندنی هه‌یه و نه ده‌شیه‌وێت له‌و زۆرایه‌تییه داببڕێت. ڕۆشنبیرێکه ده‌بێت به‌رده‌وام ده‌ربکه‌وێت و به جه‌ماوه‌ره‌که‌ی بڵێت پشتی تێ نه‌کردوون، به‌ڵکوو هه‌میشه له‌ناویاندایه. ئه‌و ڕۆشنبیره ڕۆژنامه و که‌ناڵه ئاسمانییه‌کان به چاکترین ڕێگه ده‌زانێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام خۆی به‌و جه‌ماوه‌ره پێشان بدات. کاتێ ڕۆشنبیر په‌یامی هه‌یه، مانای و‌ایه هه‌م بابه‌تی په‌یامه‌که‌ی دیاری کردووه و هه‌م ئه‌وانه‌یش په‌یامیان ئاڕاسته ده‌کات، ناسراون، که ئه‌مه مانای مانه‌وه‌ی ڕۆشنبیره له‌ناو ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی خۆی بۆ خۆی کێشاوه.
ئه‌وه‌ی هه‌ر ڕووناکبیر و فه‌یله‌سووفێک دروست ده‌کات، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ داڕووخان و تێکشکانی کۆمه‌ڵگه‌دا، نه‌وه‌ک خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی، که هه‌ر ئه‌مه‌یشه ده‌بێته فاکته‌ری دۆزینه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی نوێی بیرکردنه‌وه. ده‌کرێت لێره‌دا ئێمه ته‌نیا (هیگڵ) به نموونه بهێنینه‌وه چۆن به هۆی شۆڕشی فرانسی و بارودۆخی ئه‌ڵمانیای سه‌رده‌مه‌که‌یه‌وه گه‌وره‌ترین گۆڕانکاری له بیرکردنه‌وه‌ی خۆیدا ده‌کات، بگره له‌مه‌وه زیاتر تینوێتیی بۆ ئازادی تاو ده‌ستێنێت و قووڵتر له دنیا ده‌ڕوانێت. له‌م ڕووه‌وه کۆنسێپتی نێگه‌یشن (Negation) داده‌هێنێت، که به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی دیالێکتیکه و ئه‌مه‌یان تاکه ڕێگه‌یه بۆ تێگه‌یشتن له هۆشیاری. نێگه‌یشن واته گواستنه‌وه له بیرۆکه‌یه‌که‌وه بۆ دژه‌که‌ی. به مانایه‌کی دیکه گواستنه‌وه له پۆزێتیڤه‌وه بۆ نێگه‌تیڤ، بۆیه پێی و‌ایه نێگه‌تیڤ به هه‌مان ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی نێگه‌تیڤه، پۆزێتیڤیشه، که دواتر هه‌ردووکیان یه‌ک ده‌گرن، به‌ڵام له دۆخێکی باڵاتردا. به‌م شێوه‌یه ئه‌م شێوازی نه‌فیکردنه‌وه‌یه نه‌فیکردنه‌وه‌ی ته‌واو نییه، به‌ڵکوو نه‌فیکردنه‌وه‌ی به‌شێکی دیارکراوه، که هه‌ر خۆی خه‌ریکه ده‌توێته‌وه. له ئه‌نجامی ئه‌و نه‌فیکردنه‌وه‌یه‌یشدا ناوه‌رۆک ده‌مێنێته‌وه. ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له‌و نێوه‌دا به ده‌ست دێت، نوێیه، به‌ڵام باڵاتره و له‌و کۆنسێپته‌ی پێشوو ده‌وڵه‌مه‌ندتره. که‌واته له ڕێگه‌ی پرۆسێسی نه‌فیکردنه‌وه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بووه. به هه‌رحاڵ ئه‌مه ئه‌و ڕێگه‌یه‌یه، که (هیگڵ) ده‌یه‌وێت واقیعی پێ ڕاڤه بکات، به‌وه‌ی نێگه‌یشن چه‌مکێکی کراوه‌یه، دۆگما نییه و توانای به‌رده‌وامیی هه‌یه. وه‌ک (هێربێرت مارکیوز) جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کاته‌وه (هیگڵ) ده‌یه‌وێت له‌و کۆنسێپته‌وه واقیعی تێکشکاو و داڕووخاوی ئه‌ڵمانیا بخوێنێته‌وه. واته هه‌ر ده‌بێت سیستێمی سیاسی تێک بشکێت و بۆ سیستێمێکی نوێی عه‌قڵانی (a new rational order) بگۆڕێت. گۆڕانکارییه‌کی له‌م شێوه‌یه‌یش به‌بێ توندوتیژی نایه‌ته کایه‌وه.( )
ڕۆشنبیری جاگله‌ر دووره له‌وه‌ی گۆڕانکاری بکات، مادام له ڕێگه‌ی ئازاره‌وه ڕووبه‌ڕووی واقیع نابێته‌وه، له کاتێکدا ته‌نیا ئازاره ئه‌و توانایه به ڕۆشنبیر ده‌به‌خشێت له خۆی و له ده‌وروبه‌ری قووڵ ببێته‌وه.
ئه‌وه‌ی زۆرایه‌تی ده‌جووڵێنێت و گۆڕانی به‌سه‌ردا ده‌هێنێت، ئاڕاسته‌ی جیاواز و پێچه‌وانه‌یه. داعش، که هێزێکی نه‌خوازراوه، کاتێ به‌ر ئه‌و زۆرایه‌تییه ده‌که‌وێت، به توندی به لاوه ده‌نرێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌ویشه ده‌یهه‌ژێنێت. قورس نییه به‌رهه‌می ئه‌و هه‌ژانه ئه‌گه‌ر که‌میش بێت، ببینین، که ئه‌مه پێمان ده‌ڵێت ئه‌و زۆرایه‌تییه ته‌نیا به ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه ده‌ورووژێت و ده‌گۆڕێت، نه‌وه‌ک به‌و فکرانه‌ی دڵنه‌واییی ده‌ده‌نه‌وه، که هێشتا ڕۆشنبیری ئێمه ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ی نه‌گرتووه. خۆ ئه‌وانه‌ی ویستوویشیانه به مێتۆدی ڕه‌خنه ڕووبه‌ڕووی ببنه‌وه، تاکو ئه‌مڕۆ ژماره‌یان که‌مه و هه‌وڵه‌کانیان سه‌ره‌تایین.
(گرامشی) باوه‌ڕی و‌ایه هه‌موو خه‌ڵک به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ڕۆشنبیرن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی فکری باڵان و کاریگه‌رییان هه‌یه، به ڕۆشنبیر داده‌نرێن. مه‌به‌ستی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکه، له ڕۆشنبیری ترادیشیۆنه‌ڵی جیا ده‌کاته‌وه.( ) وه‌ک ئه‌وه و‌ایه بڵێت ڕۆشنبیر کاتێ ده‌توانێت ڕۆڵی کاریگه‌ر له کۆمه‌ڵگه‌دا ببینێت، که ئاستی میللی تێده‌په‌ڕێنێت و ده‌بێته خاوه‌نی تێگه‌یشتنێکی تایبه‌ت و ڕه‌خنه‌گرانه، به‌وه‌ی ته‌نیا له ڕێی دابڕانه‌وه پێوه‌ندیی خۆی به داموده‌ستگه‌کانه‌وه ده‌پچڕێنێت و ئازادانه له کونوکه‌له‌به‌ره‌کانیان ده‌ڕوانێت. واته به‌بێ ئه‌و ئازادییه ئه‌سته‌مه ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گر ببینێت. ده‌کرێت بگوترێت ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر نه‌ک هه‌ر ئاستی خه‌ڵک، به‌ڵکوو ئاستی خۆیشی تێده‌په‌ڕێنێت، که ته‌نیا پرسیاری نوێ و وردبوونه‌وه‌ی زیاتره ئه‌و تێپه‌ڕاندنه ده‌هێننه دی.
مرۆڤی ئێمه وه‌ک چۆن نه‌یتوانیوه ژیانی خۆی وا بێنێته به‌رچاو، سه‌رکرده و سیاسه‌تمه‌داری نییه، به هه‌مان شێوه له ده‌ستیشی نه‌هاتووه ڕۆشنبیر له دنیای خۆی بکاته ده‌ره‌وه، به‌ڵکوو ترسی له‌ده‌ستدان وای لێ کردووه له‌سه‌ر شێوازی ئه‌فسانه‌کاندا وێنه‌یان بکێشێت و قه‌باره‌یان زۆر گه‌وره‌تر له‌وه‌ی هه‌ن، پێشان بدات، به‌ڵام گرنگه ئێمه به‌رگه‌ی ئه‌و شۆکه بگرین، که زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی دوێنێ به گه‌وره‌مان ده‌زانین، جاگله‌ر ده‌رچوون و ئه‌مڕۆ هیچ پڕۆژه‌یه‌کی فکریی ڕه‌خنه‌ییان نییه. پێم و‌ایه ته‌نیا شۆکێکی له‌م شێوه‌یه ده‌توانێت وامان لێ بکات نه‌ک هه‌ر ئاستی ئه‌م ڕۆشنبیره، به‌ڵکوو ئه‌و دۆخه‌ی ئێستایش تێبپه‌ڕێنین.
یه‌کێ له‌و خاڵانه‌ی هه‌ر ڕۆشنبیرێکی ڕه‌خنه‌گر، که خواستی تێپه‌ڕاندنی مۆدێلی ڕۆشنبیری جاگله‌ری هه‌یه، لێیان تێده‌گات، ئه‌وه‌یه، ئه‌رکی ڕۆشنبیر ئه‌رکێکی قورسه و بیرکردنه‌وه پرۆسێسێکی سه‌خته. هه‌میشه کاری ده‌سته‌ڵات چ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی، چ ده‌سته‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تیی له شێوه‌ی خێزان، قوتابخانه، په‌رستگه و ئه‌وانه‌ی دی ئاسانه، به‌وه‌ی ئه‌وان نه‌ک مه‌به‌ستیان نییه زۆرایه‌تی تێبپه‌ڕێنن، به‌ڵکوو تا بۆیشیان بکرێت شه‌ڕ له‌پێناوی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه جێگیره‌دا ده‌که‌ن. ئیدۆلۆگی، هه‌م ئیدۆلۆگیی سیاسی و هه‌م ئیدۆلۆگیی ئایینی له‌سه‌ر ئاسانکاری دامه‌زراون. چه‌ند پرینسیپێکیان هه‌ن، که به ئاسانی له به‌ر ده‌کرێن و ده‌گوترێنه‌وه. هه‌موو داموده‌ستگه‌کانی وه‌ک خێزان، په‌رستگه، قوتابخانه و زۆری تریش ده‌یانڵێنه‌وه و به ئاسانی له مێشک‌دا ده‌چه‌سپێن، به‌ڵام کاری ڕۆشنبیر قورسه، به‌وه‌ی ده‌بێت گومان له‌و پرینسیپانه بکات و هه‌ڵیانبوه‌شێنێته‌وه، بگره به ئایدیای نوێ ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه ڕۆشنبیری جاگله‌ر به شته گه‌وره و زه‌قه‌کانه‌وه ده‌لکێت، به‌ڵام ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر بۆ ناو شته ورده‌کان ڕوو ده‌چێت و ئاڕاسته‌ی نوێیان تێدا ده‌دۆزێته‌وه. به‌م شێوه‌یه ڕۆشنبیر ئه‌وه نییه کێشه‌ی له قه‌باره‌ی خۆی بچووکتر، یان هێنده‌ی قه‌باره‌ی خۆی دروست ده‌کات، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه کێشه‌ی گه‌وره‌تر له قه‌باره‌ی خۆی ده‌خوڵقێنێت. ڕۆشنبیری میللی، که هێنده ڕووی له زۆرایه‌تییه و لێی جوودا نابێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه نییه ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ خه‌مه‌کانیدا بژی، وه‌ک ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه توانای نییه ئه‌و ئاسته جێ بهێڵێت، به‌وه‌ی له داڕشتنی پرسیاری نوێ‌دا ده‌سته‌وستانه، له کاتێکدا ته‌نیا له ڕێی پرسیاری نوێوه ڕۆشنبیر ده‌توانێت مه‌ودا (Distance)ی نێوان خۆی و جه‌ماوه‌ر دروست بکات، که مه‌رجی سه‌ره‌کیی داهێنانه. (عه‌لی حه‌رب) پێی و‌ایه (له پیتاگۆراسه‌وه فه‌لسه‌فه بریتییه له فێرکردنی تایبه‌ت، نه‌ک هیی گشت، مادام گشت به‌رگه‌ی ناگرێت و لێی تێناگات، بگره تێکیشی ده‌دات. که‌واته چاک نییه ڕاستییه‌کان له به‌رانبه‌ر جه‌ماوه‌ردا بگوترێن، به‌ڵکوو پێویسته به شێوه‌یه‌ک تۆمار بکرێن له گرێ و سیمبۆڵ خاڵی نه‌بن، به ڕاده‌یه‌ک ته‌نیا ئه‌وانه ده‌ستیان بگه‌نێ، که شایانیانن و هه‌قی خۆیانیان پێ ده‌ده‌ن).( )
تێڕوانینی ڕۆشنبیری میللی بۆ جه‌ور و سته‌م له سنووری هاوکێشه‌ی (سه‌ره‌تا، ناوه‌ڕاست و کۆتایی) تێناپه‌ڕێت. واته ئه‌و ڕۆشنبیره پێی و‌ایه جه‌ور و سته‌م سه‌ربه‌خۆن و لینکی جۆراوجۆریان نییه، تاکو به دوایاندا بگه‌ڕێت و لێکیان بداته‌وه. به‌م شێوه‌یه وه‌ک شتی فیزیکه‌ڵ لێیان ده‌ڕوانێت. پێی و‌ایه زوڵم سه‌ره‌تای هه‌یه، ده‌گاته ناوه‌ڕاست، دواتر تێک ده‌شكێت و کۆتاییی دێت، بۆیه زمانێکی ئاسانی پێویسته، ئه‌و زمانه‌ی ڕۆژانه خه‌ڵک به کاری ده‌هێنن، له کاتێکدا ڕۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر و تێپه‌ڕێنه‌ر پشت له‌و تێگه‌یشته ساده‌یه ده‌کات و له ناوه‌وه چ له چه‌مکی زۆرداری و چ له هه‌ر چه‌مکێکی دی ده‌ڕوانێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی تێیانبپه‌ڕێنێت، نه‌وه‌ک ده‌ستیان پێوه بگرێت. واته ئه‌و تاکه ئاڕاسته‌یه تێک ده‌شکێنێت و ده‌یان ئاڕاسته‌ی دیکه‌ی جیاواز داده‌هێنێت. (ژیل دۆلۆز) و (کلێر پارنێ) له کتێبی (دایه‌ڵۆگه‌کان)دا ده‌نووسن: (ئامانج وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کان نییه، به‌ڵکوو ده‌رچوونه لێیان. خه‌ڵکێکی زۆر هه‌ن باوه‌ڕیان و‌ایه دووباره‌کردنه‌وه‌ی پرسیار مانای ده‌رچوونه…. به‌ڵام ده‌رچوون هه‌رگیز ئاوا نایه‌ته دی).( )
ده‌شێ ئه‌مڕۆ له ئێتمۆسفێرێکی ئاوادا جوێنێک، دۆعایه‌ک، سلۆگه‌نێک، یان هاوارێکی ڕۆشنبیری جاگله‌ر له ده‌یان شیعر و ڕۆمان گرنگتر بن، به‌ڵام ئه‌وه هه‌ر شیعر، ڕۆمان، چیرۆک، شانۆ، موزیک، هونه‌ری شێوه‌کاری و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ن ده‌توانن زه‌مه‌نه‌کان ببڕن، مادام له‌سه‌ر جیاوازی دامه‌زراون و له توانایاندا هه‌یه جیاوازی به‌رهه‌م بهێنن.( )
ڕۆحی به‌رپه‌رچدانه‌وه له‌به‌رامبه‌ر فاشیزمی خێڵه‌كیدا … یاسین له‌تیف
كۆی ڕوداوه‌كانی كوردستان و ڕه‌وشی دوگمای سیاسی و ئه‌و پاوه‌نخوازیه‌ی كه تاكه حزبێك له كوردستان پێی هه‌ڵده‌ستێت و ، خۆی به حیزبی سه‌ركرده ده‌قه‌بڵێنێت ، ته‌نها ئه‌و ڕاستیه‌مان لا ده‌چه‌سپێنێت هێدی هێدی فاشیزمی عه‌شیره‌تی پایه‌كانی خۆی پته‌و ده‌كات و كۆمه‌ڵێك به‌ڵته‌جی و ئینسان كوژ به خێو ده‌كات بۆ ترس و تۆقاندن خستنه نێو دڵی هاونیشتمانانه‌وه ..ئه‌مڕۆ فاشیزمی عه‌شیره‌تی له كوردستان كه ((پارتیه)) حوكم ده‌كات و هیچ پێج و په‌نهانیه‌كی سیاسی و كرده‌ی سته‌مكاری نه‌ماوه سیسته‌می فاشیزم ئه‌نجامی نه‌دات تا له خه‌ڵكی بشارێته‌وه ، به بێ په‌رده‌و به بێ ده‌ربه‌ستی تاوانه‌كانی ئه‌نجام ده‌دات . ماف و ئازادیه‌كانی خه‌ڵك له ژێر پێ ده‌نێت ، حورمه‌ت و كه‌رامه‌تی مرۆڤ ده‌شكێنێت ، ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك تێك ده‌دات و ، له هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵێك دزو جه‌لادو ده‌كاته كه‌ڵه‌گا به سه‌ر هاونیشتمانیانه‌وه ، هیچ ناوه‌ندێكی یاسایی و شه‌رعی و مه‌ده‌نی بوونیان نه‌ماوه ته‌نها باندی مافیایی حیزبی نه‌بێت .. به ئاشكرا به‌ڵته‌جیه‌كانیان هاوڵاتی ده‌فڕێنن و دواجار به دڕنده‌ترین شێوه تیرۆری ده‌كه‌ن و مێش میوانیان نییه . ئیتر قسه كردن له بێباكی ئه‌م فاشیزمه عه‌شیره‌تیه و دووباره كردنه‌وه‌ی دووباره بووه‌كانی ڕابردوو كه زۆر بێزاركه‌رو بێ تام بووه‌و وه‌كو ئه‌كتێكی سونه‌تی بێ ئه‌رزش هیچ به‌رهه‌مێكی نابێت ..ئیعترازاته‌كان وه‌كو دووباره كردنه‌وه‌ی ئه‌و دووباره بووانه ته‌نها موتیڤێكه بۆ پتر ده‌ست ئاوه‌ڵا كردنی فاشیزمی خێڵه‌كی بۆ به‌رده‌وام بوون له ئه‌نجامدانی تاوانه‌كانی . یان خۆبادان و خۆ نمایش كردن و خۆ ده‌رخستن له میدیا‌و تیڤیه‌كانه‌وه و شین و شه‌پۆڕ گێڕان بۆ قوربانیه تیرۆر كراوه‌كان ته‌نها خۆ خه‌ریك كردن و خۆ بواردنه له حه‌قیقه‌تی ئه‌كتی به‌رپه‌رچدانه‌وه له به‌رامبه‌ر ده‌عه‌جانی فاشیزمدا . شیوه‌نه‌كان و هات و هاوار ته‌نها ڕووی ئه‌ودیوی سایكۆلۆژی شیوه‌ن گێڕانمان بۆ ئاشكرا ده‌بێت ، ڕێك سه‌لماندنی تیۆره‌كه‌ی ((سیگمۆند فرۆیده)) له ڕووی سایكۆلۆژیه‌وه ، كه پێیوایه شین و شه‌پۆڕ گێڕان بۆ قوربانی و مردووه‌كان جۆرێكه له چێژ وه‌رگردن ، له نه‌سته‌وه جۆرێكه له پیشاندانی خۆشی و حه‌ز كردن له مردنی ئه‌و كه‌سه ، شیوه‌ن كردن جۆرێكه له ده‌ربڕینی خۆشی و ئاسوده‌یی بۆ له ناو چوون و مردنی ئه‌و كه‌سه .. چونكه ئه‌زموونێكی مێژوویمان هه‌یه له گه‌ڵ سیناریۆی ئه‌م جۆره كاره‌ساتانه‌دا ، له چركه‌ساتی هه‌ر كرده‌یه‌كی تیرۆردا سیناریۆی مراسیمی شین و شه‌پۆڕه‌كان سه‌ر له نوێ خۆیان مانێڤێست ده‌كه‌نه‌وه‌و ، هه‌مان ڕوخساره‌كان ده‌رده‌كه‌ونه‌وه و هه‌ر ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی پێشوی سه‌ر تیڤیه‌كانن بۆ قوربانیه‌كان ده‌ست به شیوه‌ن گێڕان ده‌كه‌ن و هه‌مان سیناریۆو هه‌ر هه‌مان ئه‌و قسه‌و ڕستانه دوباره ده‌كه‌نه‌وه له مه‌حكوم كردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كه ژماره‌یه‌كی زۆر تیرۆری سیاسی و ڕۆشنبیری فاشستانه‌ی ئه‌نجام داوه به شێوه‌یه‌كی هۆڤیانه .. ئه‌م كاره‌كته‌ره شیوه‌ن گێڕانه بیریان چووه شیوه‌ن گێڕان بۆ قوربانیه‌كان هیچ به‌هایه‌كی سیاسی نیه‌و كارێگه‌ری ئه‌وه‌ی نابێت تا بتوانێت موویه‌كی فاشیزمی عه‌شیره‌تی بپچڕێنێت . ئه‌سڵه‌ن فاشیزمی عه‌شیره‌تی به‌و كاردانه‌وه پاسیڤه شاگه‌شكه ده‌بێت و به قه‌د كاره‌كته‌ره‌كانی شیوه‌ن گێڕ چێژ له‌و شیوه‌ن گێڕانه ده‌بینێت كه عه‌زاباران مه‌راسیم و خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ن ، چونكه ده‌سه‌ڵاتی فاشیزمی خێڵه‌كی ئه‌و شیوه‌نانه به جۆرێك له جۆره‌كان به دیمۆكراسی له قه‌ڵه‌م ده‌دات ، ئه‌و فه‌زایه به فه‌زای دیمۆكراسی ده‌زانێت و به مه‌كره‌مه‌یه‌كی حیزبی ده‌زانێت بۆ مێگه‌ل، له هه‌مان كاتیش‌دا وه‌كو دیمه‌ن و ڕوخسارێكی دیمۆكراسی سیسته‌م پیشانی دونیای ده‌ره‌وه‌و ڕای نێوده‌وڵه‌تی ده‌دات .. ته‌نها ڕێگایه‌ك بۆ به‌رگردن له فاشیزمی خێڵه‌كی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌تی به شێوه‌یه‌كی ڕادیكاڵانه ، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕۆحی به‌رگیری په‌یگیرانه و چاندنی ئه‌و ڕۆحه له ناخی تاك به تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا ، فڕێدانی ئه‌و پاره‌دایمه ناڕه‌زایه‌تیه پۆپۆڵستیه‌ی كه حیزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كان به شێوه‌یه‌كی پاسیڤانه هێناویانه‌ته نێو دونیای سیاسی ئێمه‌وه‌و ، ڕۆحی توڕه‌یی و ئینێرژی خه‌بات و توانای خه‌ڵكیان لاواز كردووه له به‌رامبه‌ر هۆڤێتی فاشیزم دا . چونكه ئه‌م حیزبانه‌و كولتوری ته‌حه‌زب بوون خه‌ڵگیان له دۆخی مت بووندا ڕاگردووه و پتر ڕۆحی شۆڕشگێڕانه‌ی سڕ كردووه ، چونكه ئه‌م حیزبانه فاكتێكی كاران بۆ بته‌و كردنی پایه‌كانی فاشیزم له كوردستان ، له به‌رامبه‌ر له خشته‌بردنی خه‌ڵكدا به‌شی ڕێویان له حاشیه‌ی پارتیه‌وه به‌ر ده‌كه‌وێ له تاڵانكاری ، بۆیه ئه‌مانیش خه‌ڵك سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن به ناوی ئۆپۆزسیۆنه‌وه بۆ په‌رده پۆش كردنی سته‌مكاری و تاڵانكاری و پاراستنی پایه‌كانی فاشیزم له كوردستان . هه‌ر خودی ئه‌م حیزبه ڕیفۆرمیستانه به‌شێكن له سیسته‌م و به‌رده‌وامی ده‌به‌خشنه ته‌مه‌نی بۆگه‌نی فاشیزمی خێڵه‌كی .. ته‌نها ستراتیژیه‌ك بۆ به‌رگیری و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی سته‌مكاری هه‌ژاندنی پایه‌كانی فاشیزمی خێڵه‌كیه ، پێش ئه‌وه‌ی ببێته لیڤینتاسه‌كه‌ی تۆماس هۆبز و هه‌موومان لوشكات ده‌بێت ته‌واوی ئیراده‌كان و تواناكانمان یه‌كخه‌ین له چواچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی ڕادیكاڵ و به‌رجه‌سته كه له نێو هه‌ناوی چه‌وساوه‌كانه‌وه هه‌ڵقوڵا بێت به هه‌زاران و ملیۆن وه‌كو مستێكی ئاسنین بكێشین به لمۆزی ئه‌م لیڤینتاسه جانه‌وه‌ره‌داو به خێوكه‌ره‌كانی و ئه‌و فاشیزمه خیڵه‌كیه كه هه‌ر ڕۆژه‌و گه‌نجێكی ئه‌م وڵاته به دڕنده‌ترین شێوه شه‌ڵاڵی خوێن ده‌كات .. ده‌بێت ئه‌و خۆش خه‌یاڵیه وه لاوه نێین و، نابێت چاوه‌ڕێی گورگ بكه‌ین مافمان بۆ بسێنێت . چونكه هه‌ر تاوانێك ئه‌نجام ده‌درێت بۆ خۆڵ كردنه چاوی خه‌ڵك ، باس له پێك هێنانی لیژنه ده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوان باران ، به‌ڵام مه‌هزه‌له‌كه له‌وه‌دایه ڕاستیه‌كان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت خودی خۆیان تاوانباری ڕاسته‌قینه‌ن ، سیسته‌م له هه‌ر تاوان و ڕوداوێكدا هه‌میشه ئامانجێكی دیاریكراوی هه‌یه هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش سیسته‌م و ده‌سه‌ڵات سیستماتكانه كار له سه‌ر لاواز كردنی زاكیره‌و بیركردنه‌وه‌ی ئینسان ده‌كات . مرۆڤی بێ بیر‌و زاكیره‌ش ئاسان به گاڕان ده‌كرێت . ئه‌م پاره‌دایمه سیاسیه ته‌نها له كوردستان كاری له سه‌ر ناكرێت ، به‌ڵكو ئه‌مه ئه‌كتێكی یۆنۆڤێرساڵی فاشیزمی ڕۆژهه‌لاتیه ، چونكه فاشیزمی ڕۆژهه‌ڵاتی تا ئه‌و جێگایه پێویستی به ئینسانه جه‌نگی بۆ بكات ، یان پاسه‌وانی بۆ بكات و وه‌كو به‌ڵته‌جی هه‌میشه له ئاماده باشیدا بێت بۆ ئه‌نجام دانی تاوان ، یان وه‌كو كار‌و مه‌ڕ و بزن بكرێنه ئۆبجێكتێڤ و سه‌ر ببڕێن و سیناریۆ و مه‌شهه‌دی سه‌ربڕینه‌كانیش بۆ ترس و تۆقاندن له ماس میدیا‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیجیتاڵی كۆمیكایشنه‌وه پیشانی ئینسان و نه‌یاره‌كانیان بده‌ن و ، جه‌بروت و دڕنده‌یی و خوێن خۆری خۆیان پیشانی مێگه‌ل بده‌ن ..
شتێك له مێژووی ئاوابوون … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
تێبینی:
ئه‌م نووسینه بیست و پێنج ساڵ پێش ئێستا نووسراوه، له ژماره ( 2)ی ڕۆژنامه‌ی (ڕاپه‌ڕین)دا، تشرینی یه‌كه‌می 1991 بڵاوكراوه‌ته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كه زۆر ناوخۆیی بوو، له شه‌قڵاوه ده‌رده‌چوو، به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراویش دابه‌ش ده‌كرا. دووباره بڵاوكردنه‌وه‌ی، به لێزیادكردن و ده‌ستكارییه‌وه به پێویستییه‌ك ده‌زانم بۆ پیشاندانه‌وه‌ی تێڕوانینی سه‌ره‌تایی خۆم بۆ شیعر و شیعرییه‌ت. ئه‌م خۆبوونییه فراوانتره له‌وه‌ی من له باره‌یه‌وه‌ی دواوم. له بنه‌ڕه‌تدا یه‌ك خۆبوونییه. بریتییه له په‌نجا پارچه، یان تابلۆ، به‌ڵام له كاتی جیا جیادا نووسراون و كێشراون. له ژێر سێ ناونیشاندا پێشكێش كراون. هێزی شیعر و ده‌ربڕین و شیعرییه‌ت له هه‌ر په‌نجا پارچه‌كه‌دا له یه‌ك ئاستدان، به‌ڵام هێزی هارمۆنی و ده‌قئاوێزانی شێوه‌كاری له بیست و پێنج پارچه‌ی (ئه‌زموون)دا به هێز و به‌رجه‌سته‌تره له دوو به‌شه‌كه‌ی تر.
1- ئه‌زموون: بریتییه له بیست و پێنج پارچه. ساڵی 1985 – 1987 نووسراوه، له گۆڤاری (ڕۆژی كوردستان)، ژماره (72)ی ساڵی 1986 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
2- شتێك له مێژووی ئاوابوون: بریتییه له یازده پارچه. ساڵی 1989 نووسراوه، له گۆڤاری (به‌یان)، ژماره (166)ی ساڵی 1990 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
3- په‌راوێز: دوو به‌شه، به‌شی یه‌كه‌م بریتییه له پێنج پارچه. ساڵی 1986 نووسراوه. به‌شی دووه‌م بریتییه له چوارده پارچه ساڵی 1988- 1989 نووسراوه، له گۆڤاری (به‌یان)، ژماره (157)ی ساڵی 1989 بڵاوكراوه‌ته‌وه.
كۆی هه‌ر سێ به‌شه‌كه، هه‌وڵێكن بۆ چوونه ناو تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه له شیعری نوێی كوردیدا، كه به تێڕوانینێكی شێوه‌كاری نووسراوه: (عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج) له ژماره (68) ی حوزه‌یران و ته‌ممووزی 1978ی گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ) به‌ناونیشانی: (میهره‌جانی ڕه‌نگ و هێڵ له پێشه‌نگای نالی دا) ئه‌مه‌ی وه‌ك دیارده و ڕووداوێك له شیعری كلاسیكی كوردیدا هێناوه‌ته به‌ر هه‌ست و بینین و له‌مه‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه، كه (نالی) سوودی له هونه‌ری شێوه‌كاری وه‌رگرتووه. ئه‌م ئه‌زموونه (جیاوازه) له سوود وه‌رگرتن، به‌ڵكو به جیهانبینیی شێوه‌كاری نووسراوه. نه‌ژاد خاوه‌نی: (كرۆكیجوانی – ئێستێتیكا)ی شیعر و شێوه‌كارییه، گونجانی ئه‌م دوو چه‌شنه‌ی پێشكێش كردووه، ئاكو ئێستا شه‌ش پێشه‌نگای كۆلاژیشی كردووه‌ته‌وه. وه‌ك هاوگونجاندنی چه‌شن له ماڵ و كتێبخانه‌كاندا هه‌ڵده‌گیرێت و ده‌مێنێته‌وه، هه‌موو دیارده و ڕووداوێكیش ئه‌فسانه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و تێیدا ده‌ژی، به‌ڵام له پاش بیست و پێنج پارچه‌ی یه‌كه‌مدا ئه‌زموونه‌كه‌ی تاڕاده‌یه‌ك ده‌وه‌ستێنێت و په‌ره‌ی پێنادات، تا وه‌ك دیارده و ڕووداوێك بناسرێت و ته‌ماشابكرێت.
1\10\2016 هه‌ولێر
* * *
(وه‌كو په‌مۆ:
له قۆزاخه و
له مه‌كینه و
له دار هه‌نه‌یشدا ده‌ژی
تا ئه‌وه‌ی له په‌رداخێكیش نقوم ده‌بێ
ده‌ریا هه‌ستێ ناگاته گوێزینگانی)
له په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسه‌وخۆ و زۆر تایبه‌تدا، به‌فریشم به لووتكه‌ی سه‌رفرازی و چاوی سپی و هه‌مه‌ڕه‌نگی دنیای تیشكداری نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌م وه‌ك لافاوی ژیله‌مۆ و چپه‌ی ناخ و له‌رزه‌ی گیان و كۆی ژیان دیوه و بۆیان دێمه خوارێ، به‌تاسه‌یانه‌وه ده‌نووم به نیازی خه‌ونێكی ده‌سگیر. نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌م، كه‌ی له واقیعێكی هه‌مه‌ڕه‌نگدا ده‌تانبینم، لێوتان باوه‌شێ خه‌نده و چێژی ماچ و زمانتان مژده‌ی په‌یام بگه‌یه‌نێت.
تا ئه‌م كه‌سانه‌ی ئه‌مڕۆ كه‌مێ بیر له ناداهاتووی ئێستایان بكه‌نه‌وه، كه دوێنێ له لاپه‌ڕه‌كانی كتێبی كۆی ژیان و زه‌مینه‌ی مێژوویییه‌وه خزان و له زۆر بڵێیی قه‌ڵه‌م هاڕمۆن ناشیرینی ده‌سمایه‌یانه. ئه‌وه‌ی هه‌ڵه بكات ده‌بێ بڕوای به سزاش هه‌بێ. كه‌چی ئه‌م ڕووه هه‌ڵبزڕكاوانه ئێستا قه‌ڵه‌میان له قه‌ڵه‌متراشی كاروانسه‌را و كاروانه‌ڕێ تیژ ده‌كه‌ن، لاریش له‌وه‌دا نییه قه‌ڵه‌مه سارده‌كان له گه‌رمایی ده‌تاوێنه‌وه، به‌رده‌وامییان له بوونیان نه‌زۆكتره.
(ئاوێنه‌كان به دیواره‌وه شكاون..
هه‌تاو ڕووته، سایه بۆشه
پێینگانی كچی ئاسمان
داری حه‌سره‌تی لێ ڕوواوه)
ناخ په‌رتكردن، كاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ت ڕووه‌و كزی و ئاواره‌یی ده‌بات. ڕوونتر مه‌به‌ست دیار بكه‌ین، له‌بارتره ئه‌دیب له كاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خۆیدا جێگۆڕكێ نه‌كات، چونكه ڕامان ناردن به‌ملاوبه‌ولادا له گرینگییه‌تیی كاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ت داده‌شكێنێ و ناخت گران ده‌كات. بۆ وێنه، تۆ جووڵانه‌وه‌ی شیعرێكی نوێبه‌خشت له ڕامانتدا ده‌سته‌مۆ كردووه و ئه‌ندازه‌ی دوورییه‌كانت پێواوه و جه‌مسه‌ره‌كانت كۆكردووه‌ته‌وه، له هه‌مان ته‌وه‌ری كات و شوێنی پاڵه‌وانی ئه‌م شیعره‌ی تێدا به‌ڕێوه‌ی بۆ ماڵی نووسین. خه‌ریكی وه‌رگێڕانی شیعرێكی، ئه‌م وه‌رگێڕانه، به‌شێك له بنه‌ڕه‌تیی شیعره نوێبه‌خشه‌كه‌ی خۆت له‌ناو شیعره وه‌رگێڕدراوه‌كه‌دا ده‌توێنێته‌وه. وه‌رگێڕیش ئه‌م ده‌قه ئه‌ده‌بییه وه‌رده‌گێڕێت، له‌گه‌ڵ ناخی خۆیدا له چه‌ند خاڵێكدا یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌كی گیانییان نێوانه و به‌شێك له كاره زیندووه هه‌ستییه‌كانی جێنشینی هه‌رێمی ڕامانییه‌تی.
به ڕوویه‌كی تر، ئه‌و ئه‌دیبه‌ی فرمێسكی چرای تێڕوانینی له چه‌ند كارێكی ئه‌ده‌بیدا ده‌ڕژێنێ، بای ڕۆشنبیرییه‌كی كاریگه‌ر به‌روبوومی ڕه‌ز و بێستانی هه‌وڵه‌كانی ده‌خاته لار و له‌نجه‌ی به‌رده‌وامی، ده‌نا كاره‌كانی ده‌چنه خانه‌ی ئه‌ده‌بی ڕۆژانه و هه‌ناسه‌ی ئاینده له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و سه‌ره‌نجام، له مێژووی داهێناندا هه‌وڵ به‌تاڵ ده‌مێنێته‌وه.
له‌م چه‌ند دێڕه‌دا ده‌مه‌وێ و ویستوومه په‌نجه ڕووناكی ئه‌م چه‌ند هێما جێگیرییانه بكه‌م هه‌ر له سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌م لا دروست بووه. شاعیری: (شتێك له مێژووی ئاوابوون) له چه‌ند لكێكی تریش كار ده‌كات و ناخی به‌م لایه‌نانه‌دا په‌رت كردووه، به‌ڵام تارمایی، گیانی زه‌رد نه‌كردووه و نیانیی داهێنانی ڕووه‌و ڕه‌نگڕێژتر سه‌رده‌خا به‌ره‌و بڵندبوونه‌وه‌ی خودی بابه‌ته كاریگه‌ره‌كان و تێكڕای جیاوازییه‌كانی ڕه‌گه‌زه پێكهێنه‌ره‌كانی گه‌ردوون. ئه‌مه‌ش كۆكردنه‌وه‌یه‌كه، كه‌م په‌نجه‌ی نووسین ده‌توانێت و توانیویه‌تی له سێبه‌ری فیكر و ده‌سه‌ڵاتی داهێناندا ئه‌مانه كۆبكاته‌وه و وه‌ك داهێنانیش وه‌ربگیرێت و لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت:
١ــ شیعر
2- كۆلاژ
3ــ ڕۆژنامه‌گه‌ری
4ــ وه‌رگێڕان
5ــ ڕه‌خنه‌ی ئیتنباعی
6ــ لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ئاركیۆلۆژی.
* * *
ئه‌م خه‌سڵه‌ت و خاسییه‌تانه‌ی له: (نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ)ی ئێمه‌دا دیار كه‌وتوون، به هه‌مان شێوه له: (پۆل شاوڵ)ی عه‌ره‌بیشدا دیارن. هه‌ردووكیان ڕۆحی كۆمه‌ڵگا و كولتووری خۆیان ناسیوه و مایه‌ی دڵخۆشین و ده‌قه‌كانیان ئاره‌زووشكێنن. كه‌سی دووه‌م، كه خوێنه‌ره. دووچاری ڕامان و وردبوونه‌وه‌ی گیانی و سه‌رسووڕمان ده‌كه‌ن.
ئه‌وكاته‌ی له سینگی كۆشیعری: (تاڤگه‌ی مه‌ند – 1987) دا هه‌ناسه‌ی ئۆخه‌م خوارده‌وه، باری سه‌رنج و تێڕوانینم له چه‌ند لاپه‌ڕێكدا گرد كرده‌وه، له‌ژێر ناونیشانی: (وێنه‌ی مه‌ند له تاڤگه‌ی مه‌ند)دا، فلچه و په‌ڕه‌مووچی تواناداری ئێستێتیكیم له شیعره‌كاندا جووڵاندبوو، له هێڵی ئه‌م ڕاوه وردانه گه‌ڕابووم، تیشكدانه‌وه‌ی ئاوێنه و سێبه‌ری فیكر و نموونه‌ی هونه‌ری باڵای شاعیر بوون، به‌ڵام ئه‌فسووس له ڕۆژنامه‌ی: (هاوكاری و هه‌فته‌نامه‌ی پاشكۆی عێراق)دا ده‌رگای گه‌یاندن به خوێنه‌رانی له ڕوودا به‌سترا.
كێ تاڵاوی خوارد؟
كێ تاڵاوی خو؟؟
كێ تاڵاو..؟؟؟
كێ تاڵ..؟؟؟؟
كێ ت..؟؟؟؟؟
ك..؟؟؟؟؟؟؟
ئه‌م شیعره ڕسته‌یه‌كی ئه‌ماژه‌یییه. خۆی، خۆی ده‌خواته‌وه. ئێجگار ئه‌ندازه‌یی و شێوازییه. به وریایی و ئاگاییه‌وه دۆخی ڕۆحی كۆمه‌ڵگای كوردی و كوردستان‌مان وه‌ك ته‌لارێكی نیشته‌جێبوون له‌ناو شه‌ڕی ناوه‌خۆدا پیشان ده‌دات، ورده‌كاری بیناسازی تێدا به‌كارهاتووه، وردبوونه‌وه‌یه له دیارده و ڕووداوێك. دیاره و رووداوه‌كه‌ش شه‌ڕی ناوه‌خۆی شاخه، له ده‌ستپێكدا پرسیاره، پرسیار له ناوێك، ( كێ تاڵاوی خوارد). له پێكهاته‌ی شیعره‌كه‌دا وشه وشه ده‌خواته‌وه، له كۆتاییشدا ته‌نیا وشه‌ی (ك) ده‌مێنێته‌وه، هێمایه بۆ ناوی (كوردستان)، به زمانی نهێنی وه‌ڵامێكی هێمنه بۆ پرسیاری ده‌ستپێك.
(ئه‌وان تینی كووره‌ی ده‌فیو
ئێمه شه‌خته..
ئه‌وان گیا
ئێمه‌ش به‌رخی دوو باقه‌گیا..)
ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ برایه‌تی: (كورد و عه‌ره‌ب)، له دوو نیشتیمانی به‌زۆر سه‌پێندراو و به‌یه‌كه‌وه لكێندراودا. هه‌م له ئاستی مامه‌ڵه‌ی فیكری، هه‌میش له ئاراسته‌ی نیانی زمان و شیعرییه‌تدا، جیاوازه له‌و برایه‌تییه‌ی: (گۆران و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) له ده‌قه‌كانی خۆیاندا وه‌ك ته‌بایی و هاوگونجاندنی ژیان باسیان كردووه.
ده‌قی: چیرۆكێكی برایه‌تی، دیوانی گۆران، ل: 320.
ده‌قی: داستانی برایه‌تی دوو ڕووبار، دیوانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، ل: 495.
(ئه‌وه هه‌ناسه‌دان نه‌بوو
ئه‌وه ڕمانی چیا بوو..
چه‌خماخه‌ی هه‌وره‌تریشقه و
فڕینی هه‌موو چۆله‌كه و كۆتره‌كانی دنیا بوو.
ئه‌وه هه‌ناسه‌دان نه‌بوو.)
ئه‌مه‌ش خاڵی وشیاركردنه‌وه و ڕاگه‌یاندنی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌یه، به‌هایه‌كه بۆ یاخیبوون. شیعری كوردی به‌ری كاره‌ساتی هه‌مه‌جۆری نیشتیمان و نه‌ته‌وایه‌تیمان بووه. شیعریش له هه‌موو بار و سه‌رده‌مه‌كاندا وه‌ك بوونێكی فیكری له ئاست ڕووداوه دیار و نادیار و مه‌ییوه‌كانی نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌دا بوونی خۆی له چوارچێوه‌ی ئێستێتیكیدا نمایش كردووه.
به‌شێك له شاعیران، ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بوون له ئاست ئه‌م به‌گژداچوونه فیكرییه‌دا، به‌هه‌مان شێوه شیعریش به‌ردی شووره‌ی سه‌نگه‌ر بوونه، هه‌موو كات گولله‌ی دیكتاتۆر له‌م به‌رده‌دا سارد بووه‌ته‌وه و ملكه‌چ بووه. له‌ناو ئه‌ده‌بی ئێمه‌شدا چه‌ند شاعیرێك ئه‌و به‌رده بوونه، وه‌ك: جه‌میل ڕه‌نجبه‌ر، دڵشاد مه‌ریوانی، جه‌لالی میرزا كه‌ریم، شێركۆ بێكه‌س، سامی شۆڕش، فه‌رهاد شاكه‌لی، ڕه‌فیق سابیر، مارف عومه‌ر گوڵ، هه‌ندرێن…..تاد، (شتێك له مێژووی ئاوابوون) ئه‌و مووچڕكه‌ی دامێ، كه من له شیعردا ده‌مه‌وێ و چاویشی پێ ڕوونكردمه‌وه، له ناوه‌وه‌م ڕابمێنم و له سنووری جووڵانه‌وه‌ی پاڵه‌واندا، یه‌كانگیربوونی ئێستێتیكا و مانا و بنیاد و زمان ڕوونی ببینم.
١ــ وشه‌ی ئاسایی، به‌ڵام ڕۆڵێكی تر به وشه ده‌دا و مۆسیقای جووڵانه‌وه‌ی پیت گوێ ئارام ده‌كات، شیعری بێگه‌رد به وشه‌ی ناو ژیان ده‌نووسرێت و په‌یوه‌ندی و گونجاندنی نێوان وشه ده‌دۆزێته‌وه و هێز ده‌داته وشه، ئه‌مه گرینگ‌ترین خاڵی بینینه بۆ داهێنان، ئه‌وه‌ی به وشه‌ی ناو فه‌رهه‌نگان بنووسێت، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی نووحیشی هه‌بێت و ژوورێك كتێب كه‌ڵه‌كه بكات. ته‌نیا نووسین و خۆ به‌فیڕۆدانه، داهێنان نییه.
٢ــ وێنه‌ی ڕوون و تا ڕاده‌یه‌ك ئاشكرا، بنیاد و كه‌ش و هه‌وای وێنه‌كان ناده‌سته‌مۆ و خورپه‌دار ده‌كات و شوێنی كاته ناكاته‌كانی تێدا به كراوه‌یی جێده‌هێڵێت.
٣ــ زمانی له فۆرمێكی بێ گرێ، له به‌شه‌كانی وێنه‌دا چالاك و هه‌ستیار كردووه.
٤ــ یه‌ك گیانیی بابه‌ت له سه‌ره‌تای شیعردا تا كۆتایی سه‌ره‌داوی بابه‌ت به‌رنادا، تا به خوێنه‌ری ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌م كات سه‌ره‌داوه‌كه بۆ خوێنه‌ری نموونه‌یی جێی ده‌هێڵێ.
ئه‌م چه‌ند جووڵانه‌وه شیعرییه هێمائامێزه ڕووی دیار و نادیاری كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی داهێنان و پێویستییه نیشتیمانی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانمانه:
ئا ــ هێڵی داهێنان، شیعر و كۆلاژ.
ب ــ هێڵی پێویستییه مێژوویی و ڕۆژانه‌یییه‌كان و هێزی خۆڕسكی داهێنه‌ر له چركه زۆر تایبه‌تییه‌كانی نووسین و به‌رجه‌سته‌كردندا.
(شتێك له مێژووی ئاوابوون)، هه‌ردوو هێڵه‌كه‌ی هاوشان كێشاوه بۆ نادیارییه‌كی ئێستێتیكی و خۆی له‌م خاڵ و هه‌سته ئێستێتیكییه‌دا دووپاتكردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی له دووپاتكردنه‌وه‌كه‌دا گرینگ و ده‌ركه‌وته‌یه پێداگرییه بۆ ئازادی سروشتیی ئه‌ده‌ب.
28/8/1991 شه‌قڵاوه
فانتازیای كۆنه‌په‌رستی … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
له كۆمه‌ڵگای ته‌ندروستدا فیكر و كلتور له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌شه‌كردنی ناوه‌ڕۆكی مه‌عریفی و ناوه‌ڕۆكی ئایدیۆلۆژی پێشده‌كه‌وێت، مه‌عریفه به هۆی پێشكه‌وتنی زانست، ئایدیۆلۆژیا به‌هۆی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه… كه‌چی له كۆمه‌ڵگای دواكه‌وتوودا مه‌عریفه‌ی فیكری هه‌ر ئه‌وه‌یه كه هه‌یه، ئه‌وه‌ی كه ده‌گۆڕێت ئایدیۆلۆژیایه، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی و بۆشاییه‌كانه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر كلتور و مه‌عریفه‌دا ده‌گرێت. كه‌واته ئه‌وه‌ی كه له فیكری كۆمه‌ڵگای بنبه‌ستوودا گرنگه مه‌عریفه و داهێنان و تازه‌گه‌ری نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵ بدرێت (رابردوو و كه‌له‌پور) زیندوو بكرێته‌وه، هه‌وڵ بدرێت وێناكردنی (كۆن و ته‌قلیدی) له‌لایه‌ن عه‌قڵه‌وه به په‌سه‌ند بزانرێت، هه‌وڵ بدرێت ته‌سه‌وری عه‌قڵی ره‌وایه‌تی خۆی له بۆچوونی (رابردوو و كه‌له‌پور و سوننه‌تگه‌راییه‌وه) وه‌ربگرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و شێوه‌یه له عه‌قڵانیه‌ت زاڵبوونی شێوه‌یه‌كی ئایدیۆلۆجیا بێ به‌سه‌ر ژیاندا، هه‌ژموونی دابونه‌ریتی بنبه‌ستووی كۆمه‌ڵایه‌تی بێ به‌سه‌ر زانست‌دا، ئه‌وه پێویسته كۆمه‌ڵگای كوردی به كۆی ده‌زگا مه‌عریفی و كلتوری و ئایدیۆلۆژییه‌كانییه‌وه وه‌ك دروستكه‌ری فانتازیای كۆنه‌په‌رستی بخوێنینه‌وه.
ره‌سه‌نایه‌تی/ داهێنان
به كورتی ئه‌مڕۆ قسه‌كردن له باره‌ی ره‌سه‌نایه‌تی و بڕوابوون و ناسنامه و ستایل و ناسیونالیزم، قسه‌كردن له گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌سڵێكی كۆن و رووداوی یه‌كه‌م و كه‌له‌پور و یاده‌وه‌ری نه‌ته‌وه… قسه‌كردنێكی سیاسییانه‌ی پۆپۆلیستییه بۆ مه‌سره‌فی رۆژانه، هه‌رگیز پرسیارێكی گرنگی هه‌ڵنه‌گرتووه، ئه‌و شێوه‌یه له قسه‌كردن چوارچێوه‌یه‌كی فانتازیی له نێو كلتور و پانتاییه ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و میدیاكانی كوردی بۆ خۆی بردووه، له رێگای تێگه‌یشتن و خۆناسینه‌وه نا، به‌ڵكو وه‌ك سروتی گه‌ڕانه‌وه و ئاماده‌كردنه‌وه‌ی رووداوه سه‌ره‌تایی و دامه‌زرێنه‌ره‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی به یه‌ك رۆژ له دایك بووبێت و یه‌ك ره‌نگ و ده‌نگی هه‌بێت… له رێگای په‌یوه‌ندیكردن به مه‌عریفه‌ی ئه‌ویدیكه‌وه نا، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی خاوه‌نی خودێكی پڕ داهێنان و تۆكمه و جێگیر بێت؟! به‌ڵام به‌شێكی گه‌وره‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو له نزیكترین پێناسه‌یدا په‌یوه‌ندی به فه‌رامۆشكردنی فیكر و نه‌بوونی جیهانبینی سه‌رده‌مه‌وه هه‌یه، وه‌ك چۆن په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی بابه‌تبووندایه.
له پانتایی كلتوری كوردیدا سۆزی گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو، زار قه‌ره‌باڵغییه‌كی گه‌وره‌ی نه‌وه‌یه‌كی بنبه‌ستووی (رۆشنبیریی/سیاسی) كوردی به‌دوای خۆیدا كێش كردووه، نه‌وه‌یه‌ك كه هیچ ئاماده‌ییه‌كی فیكری و مه‌عریفی له‌مڕۆی پڕ له جیاوازیدا نیشان نه‌داوه، بۆیه له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ك بكه‌ر ده‌ربكه‌وێت، ده‌یه‌وێ وه‌ك ره‌مز (ره‌مزی ده‌سه‌ڵاتی رابردوو) ئاماده‌ی زه‌مه‌نه‌كان بێت، هه‌موو ئاماده‌ییه‌كی ره‌مزیانه‌ش خۆی له سه‌رووی واقیع داده‌نێت و هێز و توندوتیژی نه‌بێت، مه‌عریفه و گفتوگۆ و بیروڕای جیاواز و دنیابینی جیاواز ناناسێت… ده‌مه‌وێ بڵێم ده‌شێ كۆی ئه‌و په‌ڕگیری و توندوتیژی و (قسه‌كردن له‌بری هه‌مووان) شێوازێكی نادروستانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی شكستخواردووی كوردی بێت و به‌ره‌و پانتاییه‌كانی دیكه‌ی كلتوری دزه‌ی پێكرا بێت! لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م له رێگای راڤه‌كردنی دووری و نزیكی له (مه‌رجه‌ع- سه‌رچاوه-coming back) بڵێم كۆمه‌ڵگای په‌رێزخواز و داهێنان پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر بیر ده‌كه‌نه‌وه، خودێك كه سیستم به خواستی خۆی له قالبی ده‌دا و خۆناسی (خوێندنه‌وه‌ی خوده به پێوه‌ری خود) پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر ده‌كه‌ونه‌وه، یه‌كه‌میان داخران به‌رهه‌مده‌هێنێ و دووه‌میان روو له كرانه‌وه‌یه.
داهێنان له دۆزینه‌وه و نوێكاری و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بێ سنور به‌رجه‌سته ده‌بێت، هه‌میشه دنیایه‌كی نوێ و روانینێكی جیاواز و مه‌عریفه‌یه‌كی دیكه ده‌خاته‌وه، به‌شێكی گه‌وره‌ی داهێنان په‌یوه‌ندی به خۆناسین و خه‌یاڵێكه‌وه هه‌یه، كه له حاڵه‌تی كرانه‌وه و جیاوازی و ده‌رككردندایه، عه‌قڵێك كه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به ئه‌ویدیكه و زمان و ژینگه‌ی ده‌ره‌كییه‌وه ده‌كات، به‌و مانایه‌ش په‌یوه‌ندی داهێنان به جیهانه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی دینامكییه و له‌سه‌ر گۆڕانكاری و قبوڵكردنی ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز و بێ سنوری وه‌ستاوه. داهێنان هه‌میشه ده‌كه‌وێته ئه‌ودیوو سنوره‌كان و چوارچێوه‌كان و به شێوه‌یه‌كی ستوونی داده‌به‌زێ و له قوڵایی فیكر و ئه‌زموون و دنیابینیدا خۆی واز ده‌كات، دنیای داهێنان دنیای به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵكردن و هاوژیانی و شیعرییه‌ت و چێژه، دنیای ره‌نگه جیاوازه‌كان و هه‌ست و نه‌سته جیاوازه‌كان و مرۆڤه جیاوازه‌كانه، داهێنان به‌رده‌وام دنیا به شێوه‌یه‌كی كتوپڕ به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه… چه‌مكی داهێنان به چه‌مكی (ئازادی)یه‌وه به‌نده، به‌و مانایه‌ی كه سنوره‌كان ناناسین. چه‌مكی داهێنان به چه‌مكی (خۆشه‌ویستی)یه‌وه به‌نده، به‌و مانایه‌ی كه ئه‌و كاته‌ی خۆشه‌ویستی داده‌هێنرێت، خود بوونی نییه، خود به توانای ده‌ربڕن و ئه‌زموونه‌وه ده‌لكێ، داهێنان به زه‌ین و كاری كرده‌ی له ناكاو، ساتی داهێنان ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتنی فیكر و ئه‌زموون و بیره‌وه‌رییه‌وه. داهێنان به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه و دووباره بونیادنانه‌وه ده‌كات، كار له‌سه‌ر پرسیار و ئیقاعه نوێیه‌كانی سه‌رده‌م ده‌كات، هه‌ر له‌وێشه‌وه دژی په‌ڕگیری و جێگیر بوون و بیركردنه‌وه‌ی بنبه‌ستوو راده‌وه‌ستێت، وه‌ك چۆن نه بڕوای به سێنته‌ر هه‌یه نه به په‌راوێز، نه له رێگای شته مه‌زنه‌كانه‌وه راست ده‌بێته‌وه، نه به هۆی شته بچووكه‌كانه‌وه سۆزی ئه‌ویدیكه بۆخۆی راده‌كێشێت. له داهێناندا (رابردوو و ئێستا و ئاینده) له تاكه جوله‌یه‌كی هه‌نووكه‌ییدا به‌یه‌كده‌گه‌ن، جوله‌یه‌كی له‌پڕی ئیبداعی، به‌ره‌و كرده‌یه‌كی ترسناكی داهاتوومان ده‌كاته‌وه… بۆیه ئه‌و رسته‌یه لای زۆربه دووباره ده‌بێته‌وه كه ده‌ڵێین: داهێنان زه‌مه‌نی تایبه‌ت به‌خۆی كه‌شف ده‌كات. به‌ڵام ره‌سه‌نایه‌تی له تێربوونی خۆیدا ده‌ژی، (تێربوونی خود) و (كه‌شفكردنی ژیان) ئه‌گه‌رچی دووانه‌یی دژ به‌یه‌كیش نه‌سازێنن، هه‌ڵگری دوو راڤه‌كردنی جیاوازن، چونكه له‌لایه‌ك ناتوانین ره‌گه‌زه زیندووه‌كانی ره‌سه‌نایه‌تی، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵماندا هه‌ناسه ده‌دات، له كه‌شفكردنی ژیان و كرانه‌وه و ئازادی و فره ره‌نگی دوور بخه‌ینه‌وه، واته ناتوانین كۆی كه‌له‌پور به هاوشانی كۆن و ره‌سه‌نایه‌تی له قه‌ڵه‌م بده‌ین و تازه‌گه‌ری به هاوچه‌رخ و داهێنان بناسێنین. نه یه‌كه‌میان ره‌مزی دواكه‌وتنه و نه دووه‌میان پێشكه‌وتن، ره‌سه‌نایه‌تی له ره‌گه‌زی دواكه‌وتوو و مردوو به‌تاڵ نییه… تازه‌گه‌ریش مه‌رج نییه هه‌میشه ساته‌وه‌ختێكی مه‌عریفی دامه‌زرێنێت، تازه‌گه‌ری ده‌شێ له ده‌مارگیری به‌تاڵ نه‌بێت! داهێنان مه‌رجی گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو ناسه‌پێنێت، وه‌ك چۆن هه‌موو تازه‌گه‌رییه‌كیش داهێنان نییه.
ئه‌مڕۆ (زیندووكردنه‌وه‌ی كه‌له‌پور) وه‌ك مۆدیلی فیكری خۆرهه‌ڵاتی، به‌شێكی زۆری كلتوری كوردی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات، ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه‌یه (سه‌له‌فی و ته‌قلیدییه‌كان) نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، جگه له فۆرم گۆڕین، له رووی مه‌عریفییه‌وه له‌سه‌ر هیچ نه‌گوتن وه‌ستاوه! له به‌رانبه‌ر ئه‌وه (سروش وه‌رگرتن له كه‌له‌پور) بژارده‌یه‌كی دروستكراوه و ده‌كه‌وێته نێوان (كه‌له‌پورخوازان و هاوچه‌رخخوازانه‌وه)، ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه‌یه ته‌نها دووڕوویی سیاسی و به‌تاڵی رۆشنبیریی نیشان نادات، به‌ڵكو ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی بوێری و بڕوابوون به‌خۆوه، مه‌به‌ستم له بڕوابوون ئه‌وه‌یه كه كار ئاكامی كرده‌وه‌یه, كرده‌وه‌ش مه‌عریفه به‌رهه‌م ده‌هێنێ، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش بوێری به روونی به تاكه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و تاك به مه‌عریفه‌وه، مه‌عریفه‌ش به ئازادییه‌وه! عه‌قڵ له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی مه‌عریفه كار ده‌كات و بیركردنه‌وه له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئازادییه‌وه وه‌ستاوه… ئاراسته‌ی سێیه‌م له‌سه‌ر (دووباره خوێندنه‌وه‌ی كه‌له‌پور) خۆی بونیاد ده‌نێت و (ئازادیخوازه‌كان) نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.
به‌ڵام كۆمه‌ڵگای كوردی نه خاوه‌نی دابڕانێكی مه‌عریفییه تاكو پارێزگاری له‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ی بكات و نه‌هێڵێ خودی پڕ له داهێنانی شێلو ببێت، نه توانیوویه‌تی له‌خۆی بێته‌وه و بونیادێكی هه‌نووكه‌یی له‌به‌ر رۆشنایی مه‌عریفه‌ی ئه‌ویدیكه فه‌راهه‌م بكات؟!
باوه‌ڕ/ ترس له بۆشایی
باوه‌ڕ له باره‌ی راستییه‌وه ده‌كرێ حاشای لێبكرێت، به‌ڵام حاشا له راستی ناكرێت. به‌و مانایه‌ش وه‌ك (كریشنا مۆرتی) له كتێبی “یه‌كه‌مین و دوایین رزگاری”دا ده‌ڵێت ده‌توانین بێ پشت به‌ستن به باوه‌ڕ كار بكه‌ین، به دیوه‌كه‌ی دیكه له كۆی به‌رهه‌مه‌كانیدا هه‌میشه هانمانده‌دا به دوای خۆناسین و مه‌عریفه‌وه بین! ئه‌وه به‌و مانایه نایه‌ت، كه باوه‌ڕ خاوه‌نی مه‌عریفه‌ی خۆی نییه؟! باوه‌ڕی سیاسی، ئایدیالۆژی، باوه‌ڕ به خوا، به ئایین، به ئایینزا، به مه‌زهه‌ب، به دابونه‌ریت، به كه‌س… به‌ڵكو به‌و مانایه دێت، كه راستی ده‌بێ له رێگای تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنه‌وه، له رێگای دید و مه‌عریفه‌ی جیاوازه‌وه كه‌شف بكرێت، راستی شتێك نییه كه له رێگای فیكره‌وه بناسرێت، له رێگای عه‌قڵه‌وه دیاری بكرێت، چونكه عه‌قڵ به‌رهه‌می ناسراوه‌كانه، به‌رهه‌می یاده‌وه‌رییه، عه‌قڵ به‌رهه‌می پێداچوونه‌وه و ته‌ته‌ڵه‌كردن و رێكخستنه‌وه‌ی رابردووه، عه‌قڵ به زه‌روره‌ت مانای ئه‌و شتانه نییه كه فیكره، به‌ڵكو ئاماژه به (كار) ده‌كات، عه‌قڵ ته‌نها رووییه‌كی راستی ناس ده‌كات، عه‌قڵ و بیركردنه‌وه راستی كه‌شف ناكه‌ن، بیركردنه‌وه به‌رهه‌می ئازادییه…
پرۆسه‌ی كه‌شفكردن، هه‌نگاونانه به‌ره‌و نادیاری، به‌ره‌و نه‌ناسراوی، به‌ره‌و تاریكی… تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن واته رێگادان به راستی بۆ ئه‌وه‌ی بدوێت، یان بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای په‌رده‌پۆشین و په‌رده‌نه‌پۆشین به كرده‌ی كه‌شفكردن رابێته‌وه، به‌ڵام راستی لای كه‌س نییه، راستی ده‌بێ هه‌وڵی كه‌شفكردنی بدرێت، راستی به بیركردنه‌وه و یاده‌وه‌ری كه‌شف ناكرێ، عه‌قڵ و بیركردنه‌وه و یاده‌وه‌ری به‌رهه‌می رابردوون، عه‌قڵ و بیركردنه‌وه ده‌شێ رووییه‌كی راستی بناسێنن، به‌ڵام راستی ره‌ها بوونی نییه! به‌شێكی گه‌وره‌ی راستی ده‌كه‌وێته نادیاره‌وه، عه‌قڵ و بیركردنه‌وه رێگا بۆ راستی خۆش ده‌كه‌ن به ئازادی كار بكات، عه‌قڵ و بیركردنه‌وه پۆشین و نه‌پۆشین وه‌ك مه‌عریفه لێكجیا ده‌كه‌نه‌وه… لێره‌وه دكتۆر (محه‌مه‌د كه‌مال) له كتێبی ((فه‌لسه‌فه‌ی بوون- لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له هزری پاش میتافیزیك، ل9-10)دا ده‌ڵێت: بڕوا له‌سه‌ر جۆرێك له مه‌عریفه دروست ده‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ جێگیربوونی ده‌بێت به دۆگما و له ئاستی ئه‌گه‌ری جیاوازدا ده‌بێ به رێگر، چونكه بڕوا بانگه‌شه‌ی دوا راستی و دوا قۆناغی بیركردنه‌وه ده‌كات… كۆی ئه‌و قسانه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه “نفێری” ده‌ڵێت زانینی نه‌گۆڕ و جه‌هلی نه‌گۆڕ یه‌ك شتن.
به‌ڵام مرۆڤ چۆن (باوه‌ڕ) قبوڵ ده‌كات، چۆن به ده‌ستی ده‌هێنێ، چۆن ده‌كه‌وێته ناو سنوره دیاریكراوه‌كانی باوه‌ڕه‌وه؟ ئایا ته‌ماشاكردنی مرۆڤ وه‌ك (بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی) سه‌ره‌تای بڕواهێنان نییه… یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ئاره‌زوو بۆ قبوڵكردنی باوه‌ڕێك، ترسه. چوونه نێو كۆمه‌ڵ جگه له خۆشاردنه‌وه له هه‌رێمه تاریكه‌كانی ئه‌ویدیكه، شتێكی دیكه نییه، سنوره نادیاره‌كان زۆر له سنوره دیاره‌كان گه‌وره‌ترن، رووبه‌ره نهێنییه‌كان زۆر له پانتاییه كه‌شفكراوه‌كان به‌رفره‌وانترن…. بۆیه ئه‌گه‌ر مرۆڤ باوه‌ڕ نه‌هێنێ چی به‌سه‌ر دێت، ئه‌گه‌ر مرۆڤ خۆی نه‌داته پاڵ كۆمه‌ڵ، چۆن ده‌توانێ به‌و هه‌موو لاوازییه‌وه خۆی بپارێزێت، ئایا نابێت له‌و شته‌ی كه له‌وانه‌یه رووبدات به تووندی بترسێت؟ مرۆڤ هه‌ر له ته‌ماشاكردنی وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی عاده‌تی به باوه‌ڕه‌وه گرتووه، ئه‌گینا خۆمان به گومبوو ده‌زانین! كه‌واته قبوڵكردنی باوه‌ڕ جگه له راكردن له ترس، جگه له خۆشاردنه‌وه، جگه له بڕوابوونێكی سه‌ره‌تاییانه، جگه له خۆخستنه پاڵ دیار… شتێكی دیكه نییه، مرۆڤی باوه‌ڕدار مرۆڤی عوسابییه، مرۆڤی نیرۆسی، هه‌ست به هێز ناكات، ده‌ترسێ و ده‌سه‌وه‌سانه، مرۆڤی نیرۆسی هوشیار نییه و خۆی ناناسێ… مرۆڤی عوسابی پێویستی به بوونی خۆناسی نییه، ته‌نها باوه‌ڕهێنان بۆ ئه‌و به‌سه.
له بیرمان نه‌چێت عه‌قڵ به‌رهه‌می رابردووه، عه‌قڵێك كه به باوه‌ڕه‌وه سیخناخه، عه‌قڵێكه له‌سه‌ر دووباره‌بوونه‌وه كار ده‌كات، عه‌قڵێكه سنوردار، مرۆڤی بنبه‌ستبوو بۆ ئه‌وه‌ی له ترس رابكات، بۆ ئه‌وه‌ی له خاڵیبوون رابكات، بۆ ئه‌وه‌ی له نهێنی ئه‌ویدیكه رابكات، هه‌وڵی تێپه‌ڕاندن نادات، به‌ڵكو خۆی به باوه‌ڕێكه‌وه كۆت و به‌ند ده‌كات، هه‌وڵی ئازادی نادات، خۆی ده‌خاته نێو بڕوابوونێكی سنورداره‌وه… ترسی مرۆڤ له ته‌نیایی، گۆشه‌گیری، ترسی مرۆڤ له مه‌ندبوون، له نه‌كران، له نه‌گه‌یشتن به شتێك یان شوێنێك، ترسی مرۆڤ له سه‌رنه‌كه‌وتن، ئه‌وه پرسیاره‌كه نییه، پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا له رێگای باوه‌ڕه‌وه به خۆناسین ده‌گه‌یین، ئایا له رێگای باوه‌ڕه‌وه به ئازادی ده‌گه‌یین؟
به‌های مرۆڤ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه به سه‌ركه‌وتنه‌كانی، به چه‌ندێتی شتومه‌ك كڕینی له بازاردا، به‌وه‌نده سه‌رمایه‌ی هه‌یه‌تی، به موڵك و ماڵی، ئاده‌میزاد له گۆشه‌نیگای هێزی تایبه‌تی خۆی و توانای خۆشه‌ویستییه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت … هه‌میشه مه‌عریفه كرانه‌وه‌یه و نه‌زانین داخران، هه‌میشه خۆشه‌ویستی قبوڵكردنی جیاوازییه و هه‌میشه هه‌وڵدان بۆ مه‌عریفه‌ی جیاواز گۆڕان دروست ده‌كات و باوه‌ڕ وه‌ستان، بۆیه هه‌ر چه‌نده سنوره‌كانی هوشیاریمان به‌رفره‌وان بێت، باوه‌ڕبوون كه‌متر ده‌بێته‌وه، چونكه باوه‌ڕ سنوری مه‌عریفه‌ی دیاره، به‌ڵام توانای مرۆڤ بێ سنوره، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی نه‌گۆڕ نییه و هه‌میشه له گۆڕاندایه، مادام ئێمه به دوای مرۆڤایه‌تی و خۆشه‌ویستی و ئازادییه‌وه‌ین، بۆ ده‌بێ باوه‌ڕ بكه‌ینه هۆكاری دژ به یه‌كبوونمان، رق له یه‌كبوونمان، بۆ ده‌بێ باوه‌ڕ بكه‌ینه په‌رده‌ی لێكجیابوونه‌وه‌مان، بۆ ده‌بێ له‌سه‌ر باوه‌ڕ به گژ یه‌كدا بچینه‌وه، بۆ خۆمان به باوه‌ڕێكه‌وه ده‌به‌ستینه‌وه، بۆ خۆمان له كونجی باوه‌ڕێكه‌وه گۆشه‌گیر ده‌كه‌ین، بۆ ئازادی و خۆشه‌ویستی خۆمان بۆ دنیا به‌یان ناكه‌ین، بۆ خۆمان به باوه‌ڕێكه‌وه كۆتوبه‌ند ده‌كه‌ین… فیلمی (كۆنفۆ پاندا) ئیزدیواجیه‌تی خۆناسین و بیڕوابوونمان بۆ روون ده‌كاته‌وه، فیلمی (كۆنفۆ پاندا) گوزارشت له دیسپلینی سه‌ربازی رۆژهه‌ڵاتی ده‌كات و مه‌به‌ستی گه‌یاندنی جه‌وهه‌ری عیرفانی رۆژهه‌ڵاتییه، له هه‌مان كاتدا به پێی قسه‌ی (سلاڤۆ ژیژه‌ك) ئایرۆنییه و گاڵته به باوه‌ڕه‌كه‌ی خۆی ده‌كات، ئه‌وه‌ی زۆری سه‌رنجی ژیژه‌ك راده‌كێشێ له‌و فیلمه‌دا گاڵته‌كردنه به ئایدیۆلۆژیا، به‌ڵام ئایدیۆلۆژیا هه‌ر ده‌مێنێ! ژیژه‌ك له ته‌ماشاكردنی بۆ ئه‌و فیلمه ره‌نگه مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت كه: “ئایدیۆلۆژیا له‌مڕۆدا بڕوایه‌كه به هه‌مان شێوه‌ی ئیمانی رۆژهه‌ڵاتی كار ده‌كات.” ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه (وه‌ك ئه‌وه‌ی من بیری لێده‌كه‌مه‌وه) هه‌م ئایدیۆلۆژیا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ، هه‌م دیدی رۆژهه‌ڵاتی بۆ ئیمان ده‌خاته روو. دواجار ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه پێمان ده‌ڵێت: هه‌رگیز كه‌سی باوه‌ڕدار (وه‌ك بانگه‌شه‌كه‌ری دوا راستی) كه‌سی ئاشتیخواز نییه، هه‌رگیز كه‌سی باوه‌ڕدار كه‌سی ئازاد نییه، هه‌رگیز كه‌سی باوه‌ڕدار كه‌سی خۆشه‌ویست نییه، له پرۆسه‌ی خۆشه‌ویستیدا دووچاری رێگری ده‌بینه‌وه، له پرۆسه‌ی خۆشه‌ویستیدا جیاوازی جوانییه‌كانی خۆی ده‌نه‌خشێنێت، به‌ڵام له نێو باوه‌ڕداران و ئایدیۆلۆژكاراندا رق بوونه‌وه له یه‌كتر، نكۆڵیكردنی یه‌كتر، قبوڵنه‌كردنی یه‌كتر… هه‌ڵگری یه‌ك ئایدیۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕن و یه‌كتری قبوڵ ناكه‌ن، دژ به یه‌كتر كار ده‌كه‌ن، چونكه هه‌ریه‌ك ده‌یه‌وێ سنوری نه‌زانینی خۆی بپارێزێ و به‌رگری له نه‌گۆڕی و كۆتوبه‌ندی خۆی بكات، هه‌ر كه‌س ده‌یه‌وێ خۆی زێتر له به‌ندایه‌تی ئایدیۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی نزیك بكاته‌وه، خۆشتر خۆی راده‌ستی په‌ڕگیری بكات… ئه‌ی ئازادی و خۆشه‌ویستی و جیاوازی ده‌كه‌وێته كوێی مرۆڤایه‌تییه‌وه؟
له شه‌ڕی حه‌وته‌می سه‌لیبیدا كه(سانت لویس) سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، (ئیڤۆ لوبرۆتۆن) ده‌گێڕێته‌وه: رۆژێك له سه‌ره‌ڕێیه‌كدا تووشی پیرێژنێك بووم، كه ده‌فرێكی ئاگر به ده‌ستی راستییه‌وه و كاسه‌یه‌ك ئاویش به ده‌ستی چه‌پییه‌وه بوو. له وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و دووانه‌ی بۆچی هه‌ڵگرتووه پیرێژنه‌كه گوتی: ده‌مه‌وێ به ئاگره‌كه وه‌ها به‌هه‌شت بسوتێنم هیچی لێ نه‌مێنێته‌وه و به ئاوه‌كه‌ش وا ئاگری جه‌خه‌نه‌م خامۆش بكه‌م گڕێكی لێ جێنه‌مێنێ: چونكه ده‌مه‌وێت كه‌س نه بۆ پاداشتی به‌هه‌شت چاكه بكا و نه له ترسی ئاگری دۆزه‌خ. به‌ڵكو ته‌نها بۆ خۆشه‌ویستی خودا بیكات.
ناسنامه/ په‌ڕگیری
ره‌نگه وشه‌ی (ناسنامه) وشه‌یه‌ك نه‌بێ هاوشانی (یه‌كگرتنه‌وه له‌گه‌ڵ خود) هه‌نگاو بهاوێژێت، به‌ڵام ده‌شێ پێكهاته‌ی ئه‌و وشه‌یه له زۆر رووه‌وه تێگه‌یشتنێك له باره‌ی ناسینه‌وه وێنا بكات! ناسنامه وشه‌یه‌كی ئاوێته‌یه و له (ناسین) و (نامه) پێكهاتووه، نامه‌ی ناسین ئه‌گه‌رچی حه‌قیقه‌تێكی ره‌های بۆ نموونه وه‌ك زمان و خه‌سڵه‌ته جه‌وهه‌ری و هاوشێوه‌كانی ناسین و ئاراسته‌ی ناسین دیاری ناكات، به‌ڵام به گشتی شتێكمان له باره‌ی ناسینه‌وه به شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه پێڕاده‌گه‌یه‌نێت، كه‌واته ناسنامه وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌لاله‌تی ناسینی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، شیاوی فره جۆری تێگه‌یشتنی تێدا ده‌بێته‌وه، ناسنامه نامه‌یه‌كی كراوه‌یه له باره‌ی ناسینه‌وه، به‌و مانایه‌ش زمانی كوردی به‌شدارییه‌كی بێلایه‌نانه‌ی له باره‌ی ناسینه‌وه هه‌یه.
ناسنامه وه‌ك زاراوه په‌یوه‌ندی تاك به كۆمه‌ڵگاوه دیاری ده‌كات و خه‌سڵه‌ته جه‌وهه‌ری و جیاواز و هاوشێوه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگا ده‌كێشێت، هیچ كۆمه‌ڵگایه‌ك بێ ناسنامه وێنا ناكرێت، به‌ڵام به‌و مانایه‌ی كه پێكهاته‌كانی ناسنامه جێگیر نییه و به‌پێی بارودۆخ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت: ناسنامه‌ی كه‌سی، ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی. رۆشنبیریی، نه‌ته‌وه‌یی… له كۆمه‌ڵگای سێیه‌مدا هه‌ژموونی كۆ به‌سه‌ر تاكدا هه‌ژموومێكی گه‌وره‌یه و له ره‌فتاردا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵگا تاكخوازه‌كانی خۆرئاواییه، كه به شێوه‌یه‌كی گشتی تاكێتی زاڵه به‌سه‌ر ره‌فتاری رۆژانه و جۆری هاوبه‌شیكردن له نه‌خشه و پرۆژه‌كانی كۆمه‌ڵدا… له كۆمه‌ڵگای سێیه‌مدا ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵ ناسنامه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و رۆشنبیریی به شێوه‌ی سیاسی و ده‌روونی هه‌ژموونی هه‌یه، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگا ته‌كنۆلۆژی و سیاسییه پێشكه‌وتووه‌كاندا چه‌مكی ناسنامه به تاك و دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌كانه‌وه ده‌لكێت، یه‌كه‌میان ده‌شێ به قه‌یرانی ناسنامه ناوی به‌رین، كه(داریوشی شایگان) له كتێبی (وه‌همه‌كانی ناسنامه) وه‌ك (وێنه‌ی سه‌پێنراو به‌سه‌ر خود) قسه‌ی لێده‌كات. قه‌یرانی ناسنامه‌ش به تێگه‌یشتن و هۆشیاریی كۆمه‌ڵگاوه به‌نده. چونكه ناسنامه گوزارشت له ماهیه‌تی تێگه‌یشتن و هوشیاری ده‌كات، گوزارشت له ماهیه‌تی فیكر و رۆشنبیریی و ژیاری مرۆڤ ده‌كات.
پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا له رووی تێگه‌یشتن و زانیاری و ته‌كنۆلۆژیا و میدیاوه ناسنامه‌یه‌كی گه‌ردوونی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، ئه‌و ناسنامه‌یه به‌رگری له تاكێتی و رێژه‌گه‌رایی و ونبوونی سه‌رچاوه ئایدیۆلۆجی و ته‌قلیدییه‌كان ده‌كات و بۆ پرۆژه گۆڕانكارییه گه‌وره‌كانی نێو كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌و جۆره له ناسنامه له‌سه‌ر كرانه‌وه و پله‌ی سفری ئایدیۆلۆجیا و لێكبورده‌یی بێ سنور و قبوڵكردنی جیاواز وه‌ستاوه و ماف به تاك ده‌دات هه‌ڵبژاردنی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت. داریوشی شایگان پسپۆر له مێژووی ژیارییه‌كاندا پێیوایه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دنیا به‌ڕێوه ده‌بات ژیارییه‌كی گه‌ردوونی تازه‌یه، ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی تاكیش به‌ڕێوه ده‌بات توانای عه‌قڵییه، كه هه‌موو پابه‌ندبوونه رۆشنبیریی و ئیتنی و ئایینییه‌كان وه‌ك پابه‌ندبوونێكی رووت ده‌بینێت.
به‌ڵام چه‌مكی (په‌ڕگیری) په‌یوه‌ندیه‌كی راسته‌وخۆی به ره‌گه‌زپه‌رستی و دۆگماتیزمیه‌وه (Dogmatism) هه‌یه، په‌ڕگیری واته په‌یوه‌ستبوون به فیكرێك یان چه‌ند بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیاریكراو و قبوڵنه‌كردنی دیباته و چاوپێداخشانه‌وه و په‌رستنی ئه‌و فیكر و بیركردنه‌وه‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌سپاو و ره‌ها بێت، له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌شدا ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو بیركردنه‌وه و بیروڕایه‌كی دیكه‌ی جیاواز… به‌و مانایه‌ش ده‌شێ كوردبوون وه‌ك ناسنامه بنبه‌ستبوون و په‌ڕگیری و داخران بنوێنێ… ده‌شێ ته‌واوی فه‌زا جیاوازه‌كانی ژیانی كوردی له خۆیدا كورت بكاته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا تاكی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه چه‌سپاو و ره‌هاكان و دامه‌زراوه سنورداره‌كانی ئایدۆلۆژیاوه له هه‌وڵی خۆی به‌رده‌وامه، داهێنان هه‌میشه له ئازادییه‌وه‌یه، له خۆناسییه‌وه‌یه! (سارته‌ر) ده‌ڵێت: دوژمنی سه‌رسه‌ختی رۆشنبیری راسته‌قینه خودی رۆشنبیری ساخته یان خۆفرۆشه، كه هه‌میشه به‌رگری له ئایدۆلۆژیا ده‌كات.
كه‌واته ناسنامه چه‌شنی په‌ڕگیری به ته‌نگژه‌ی كرانه‌وه به رووی دنیا و ئه‌ویدیكه‌ی جیاوازه‌وه ناو ده‌برێت، چونكه مرۆڤ له په‌ڕگیری و ئاراسته‌كردنه‌وه، په‌یوه‌ندی به دنیا و ئه‌ویدیكه‌وه ده‌پچڕێت… مرۆڤ له رێگای ناسنامه‌ی داخراوه‌وه په‌یوه‌ندی به ئه‌ویدیكه‌ی جیاوازه‌وه سنوردار ده‌كات، به‌ڵام له رێگای خۆناسی و هوشیاری و په‌یوه‌ندییه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز به‌شداری له تێگه‌یشتنی دنیا و مه‌عریفه‌ی دنیادا ده‌كات، مه‌رج نییه له رێگای حه‌قیقه‌ته‌وه بێت، ده‌شێ له رێگا بیركردنه‌وه‌ی جیاواز و تێڕوانین و چێژ و جوانییه‌وه بێت! هه‌میشه په‌یوه‌ندی مرۆڤ به مرۆڤ و په‌یوه‌ندی مرۆڤ به دنیاوه چاره‌سه‌ری به‌شێكی گه‌وره‌ی هوشیاری و خۆناسیمان ده‌كات، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ناسنامه‌ی داخراو و سنوردار وه‌ك شێوازێكی دیكه‌ی بنبه‌ستبوون و په‌ڕگیری و توندوتیژی ته‌ماشا ده‌كرێت، په‌یوه‌ندیكردن به ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز، توانایه‌كه بۆ گه‌یشتن و راڤه‌كردن و داهێنان، توانایه‌كه بۆ گه‌یشتن به مه‌عریفه و جوانی حه‌قیقه‌تێكی دیكه‌ی جیاواز… مه‌رج نییه ئاسۆكانی په‌یوه‌ندی و كرانه‌وه به‌ره‌و حه‌قیقه‌تمان ببات، به‌ڵام بێگومان به‌ره‌و خۆناسی و خۆشه‌ویستی و داهێنان و ئازادیمان ده‌بات، جوانترین شێوه‌ی په‌یوه‌ندیكردنی مرۆیانه كار و داهێنانه، به‌و مانایه‌ی كه عه‌قڵ كار به‌ڕێوه ده‌بات و داهێنان له ئازادیدایه، به‌و مانایه‌ی كه عه‌قڵ له تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنی به‌رده‌وامه‌وه دێته به‌رهه‌م و داهێنان له رێگای خۆناسی و ئازادییه‌وه! به‌ڵام ناسنامه‌ی داخراو و سنوردار و گۆشه‌گیری ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندیكردن و داهێنانه‌وه، ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنه‌وه، ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی خۆناسی و ئازادییه‌وه، ناسنامه‌ی داخراو هوشیارییمان سڕ ده‌كات، هه‌میشه ئاراسته‌مان ده‌كات… تێگه‌یشتن له مرۆڤبوون، تێگه‌یشتن له مرۆڤایه‌تی تێگه‌یشتنه له په‌یوه‌ندییه‌ك كه به‌ره‌و هوشیاری و مه‌عریفه و ئازادی و چێژ و جوانیمان ده‌كاته‌وه، نه‌ك ناسنامه‌ی داخراو…
