کۆتایی حزبی کوردی: وادەیەکی درەنگ بەڵام چاوەڕوانکراو … نەوزاد جەمال

رەنگە لەهیچ کوێیەکی دنیادا هێندەی لای ئێمە، حزب وەک جانەوەرێکی قێزەوەن و ناحەز وێنانەکرابێت. بێزرانی حزب بۆ خودی حزبییەکان و ئەو نووسینە رەخنەییانەشی کە لەمەزەندەکردنیاندا بۆ چییەتی کێشەو قەیرانەکان، سەرووپۆتەڵاکی چەمکی حزب دەکوتنەوە نەک رەگی کێشەکە. ئیتر، چەمکی حزب بۆتە نەفرەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ساخکردنەوەی کۆی تەنگەژەکان لەسەری! بەڵام، ئایا كێشەی ئێمە خودی حزب و ساسیەتە؟ ئایا لەقۆناخی پۆست-حزبداین و چیتر پێویستمان بەو فۆرمە رێکخراوەییەی سیاسەت نییە؟
– بەدگۆڕانێکی چاوەڕوانکراو
ساڵی(٢٠١٣) لەکتێبی “ئۆنتۆلۆجیای سیاسی کۆمەڵگەی کوردی”دا لەبەشێکیدا بەناوی ‘حزبایەتی بونیادی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی’، ئاوابوونی حزبی کوردییم هێنابووە بەرباس. کۆتایی حزب بەو مانا مۆدێرنەی کە ‘سیاسەت’ دەبێت بیکات، نەک بەمانای ئەوەی هەرچی ناوی حزبایەتییە بەجارێک نامێنێت. بەڕای من ئاوابوونەکە ئەو شێوانەیە کە لەچیەتی حزب و سیاسەتی کوردیيدا روویداوە. لێرەدا، ئەو شێواندنە بە ‘بەدگۆرانێکی جۆریی’ دانێم و لەچەند دەرکەوتێکدا دەیخوێنمەوە.
حزبەدێرینەکان ئەگەر سەدەیەکیش تەمەنیان بێت، زادەو هەڵقوڵاوی هەلومەرجێکن کە لەمڕۆدا پێدراوەکانی هەبوون و مانەوەیان بەسەرچوون. ئەو زەمینەو هەلومەرجەی تێیدا سەریانهەڵداوە، زەرورەتی کارکردنیان بەشێوەی رابوردوو نەهێشتووە. لەئەنجامدا ئەوەی ناوی حزبە، یەکەیەکیتری کۆمەڵگەیە کە بنەماڵەو خێڵە. یەکەیەک کە خۆپارێزانە بەرژەوەندییەکانی بەمیکانیزمێکی سەردەمییانە پەرەپێدەدات و تەنها پشکی رۆڵەکانی (نەک ئەندام) مسۆگەردەکات.
لێرەوە، ئەم یەکە کۆنەوارە، تەنها ئەرک و رۆڵێکی کۆمەڵایەتی نابینێت، بەڵکو لەفەزای گشتی و ئاستی دامەزراوەیشدا، بڕیاری سیاسی قۆرخدەکات. ئیدی، حزب رووخسارێکی ساختەمۆدێرنی یەکەیەکی کۆمەڵایەتییە کە شەرعیەتی سیاسی پاواندەکات. دواجار سیاسەت دەکاتە بزنس و حزب کۆمپانیاییەکی قازانجخواز.
بەدرێژای دوودەیەی پاش راپەڕین، ئەوانەی بەرپرسی سیاسین لەناوخۆیاندا کۆمپانیای تەندروستی و جگەرەو هاوردەکردن و نەوت و بیناسازی و خانووبەرەو پەیوندیوگواستنەوەیان بەشکردووە. دەیەها کارگەی بندیوار لەلاپاڵ و پێدەشتەکاندا هەیەو کەس نازانێت چ کاڵایەک بەرهەمدەهێنن! لەبەرئەوە، دەستمایەی کاربەدەستەحزبیەکان نەسەرمایەکی رەمزیی ئایدۆلۆجیای سیاسی- چەپ یا نەتەوەی-یە نە پسپۆریەتیشە. بەڵکو، کەڵەکەبوونی زەوی و موڵک، دەستوپێوەند، ئۆتۆمبیل و سانە.
لەم حاڵەتەشدا دابەشبوون، پەرتبوون و لێکترازان ئاسایی و چاوڕوانکراوە، مادام، ئامانجە ستراتیژییەکە قازانج، پاوانکردن زیادکرنی داهاتەکانە. بەگشتی کادێری حزبی بازرگانەو خاڵییە لەمانای سیاسەت، نەک هەر لەبەرئەوەی زۆربەیان لەسیاسەت تێناگەن و نازانن، بەڵکو لەسەر پێوەرەکانی بازرگانی- قازانجی خێراو کەڵەکردنی سەرمایەی مادیی- کاردەکەن. لەبەرئەوە، حزبکۆمپانیا جگەلە پێگەو پارەو پاداشت و پۆست، شتێکی دیکەی نییە بۆ کڕینی ئینتیما.
لێرەوە یەکێک لەو چارەنووسە حەتمیەی حزب و سیاسەکان تێدەکەون، پشتبەستنە بەسامانی نەوت و ئەوانیترە بەپلەی دوو. بەڵام، هەموو تویژینەوەو وپێشبینیەکان دەریدەخەن کە ئیتر نەک جێگرەوەی نەوت بەڕێوەیە، بەڵکو چیتر تاکە سەرچاوەی ووزەش نییە. جگەلە بەزنونزمی نرخی، فرۆشتنی بەرامبەر بەچەک و جەنگی بەوەکالەت، داهاتێکی نامسۆگەرە.
خاڵێکیتر، ئەوەیە کە ململانێی سیاسی لە ئایدۆلۆجیاو دیدگەیەکی سیایسەوە، دەبێتە پێکهەڵپرژان لەسەر هەناردەو شیرینی گرێبەست! لەم چەند مانگەی دوایدا، نەوت پلەی یەکەمی ئەجێنداکان و چەقی ململانێکانی نەک هەر هەرێم و بەغدا بەڵکو لەناوخۆشدا و لەناو پلەباڵاکانی حزبیشدا بەتایبەتر. لەکاتی قەیرانی داراییدا، چاوبڕینە ئەو سەرچاوەیە، دەریدەخات کە سیاست گۆڕاوە. ئیتر، ململانێکان شەڕی پشکە نەک سیاسەت. خاڵی هاوبەشی جەمسەرەدەسەڵاتدارەکان، پێکهاتن و لێکترازانە لەسەر پشکەکانە.
بەئاشکرا دیارە کە لایەنەکان کێشەی سەرچاوەی ئابوری و داهات دەکەن بەئامرازو هۆکاری سەرەکی ململانێکان. لەوپێناوەشدا ناو و نازناویی سیاسی لەیەکتردەنێن لە رکابەری نێوان دوو کۆمپانیا دەچێت کە لەناوەڕۆکدا هەمان بیرکردنەوە بەڵام بەلۆگۆی بازرگانی جیاوازەوە. ئیدی، نواڕین و دیدێکی سیاسی بۆ کوردستان و داهاتوو لەگۆڕێدا نییە.
لەسەر ئاستی رابەرایەتی و سەرکردایەتیش حزبەدێرینەکان لەگرفتدان. سەرکردە سیاسی و رابەرە ئیلهامبەخشەکانی وەک ‘ماندێلا’، ‘گاندی’ و ‘داڤید بن گۆریۆن'(دامەزرینەری ئیسرایل) لەمێژوودا بەمانای ووشە سەرکردەو رابەربوون. سەدەیەک یا بەلانی کەمەوە، نیوسەدە خەباتیان بێبچرانیان کردووە. لەوپێناوەشدا راوەدونان و گرتن و ئەشکەنجەو دەربەردەی و هەژاری و هەرەشەیان پێشهاتووە. بەڵام، کێ لەهەرێمی کوردستاندا ئێستە پشتئەستوورە بەو ئەزموونانە؟ لەباشوری کوردستاندا (تاڵەبانی، بارزانی و نەوشیروان) ناوی دیارن. بەڵام، ئیتر بمانەوێ و نەمانەوێت، لەبەر هەڵکشانی تەمەن و نەخۆشییەوە، ئەمانیش خۆریان لە ئاوابووندایە. بۆیە، جێگرەوەو میراتگری ئەوان دەبێت کێبن؟
دیارە، نەریتی بنەماڵەیی (نەک سیاسی و حزبی)، وادەخوازێت پێگەگە لەناوی بازنەی خێزاندا دەمێنێتەوە. چونکە، شێوازی دابەشکردنی پلەی کارگێڕی کۆمپانیا، ستوونیە نەک ئاسۆیی. لەبەرئەوە، درێژەدان بەسەرمایەی رەمزی سەرکردەکانی پێشووتر، هەرگیز ئەو بەها حزبی و سیاسیەی لێناکەوێتەوە کە سەرکردەی باوک تێیداچالاکبوون.
پێویستە بپرسینەوە: ئایا لەقۆناخی پۆست-حزبدا، هێزی کۆمەڵایەتی و بزاوتی جەماوەری و رێکخراوەیی، دەتوانن ئەو جێگەخاڵیەی حزب بگرنەوە؟ پرسیارەکەش لەوەوەدێت؛ ناڕەزایی گشتی لەکوردستاندا هەیە، بەڵام لەبەرچی نەبووتە هێزێک و بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی؟ بەڕای من، بەشێکی زۆری ململانێکان تەنها لەسەر ئاستی ماکرۆهێزە(دەسەڵاتی سیاسی/ئابورریی) نەک میکرۆهێز(هێزی کۆمەڵایەتی و بنکەی جەماوەری)ە. ئەوەی دێت، لەسەر ئاستی سەرەوەو سەرخانی سیاسی و سەرووکۆمەڵایەتی، نەک ئاستی ژێرخانیی کۆمەڵگە ململانێ و خەباتدەکات.
مەرگی سیاسەت
بەدگۆڕانێکیتر کە مەرگی سیاسەتی لێکەوتەوە، کورتکردنەوەی پۆستەباڵاکانی حکومەتە بۆ جوڵەیەکی ئابوری بەشێوازێکی بازرگانی. هەڵبەت، مۆدیلی بازرگانی/ بەڕێوبەری کۆمپانیا لەکاروباری سیاسی هەرێمدا، مۆدێلەکە خشکەیی سەریهەڵدا، بەتایبەت پاش فرۆشتنی نەوت بەشێوازو رێژەی پێشکەوتوو فۆرمی خۆی وەرگرت. بەڵام رەگی ئەم مۆدێلە دەگەڕێتەوە بۆ بەردەستی سەرچاوە سروشتیەکان. بەتایبەت، مێژووی ململانێکانی نەوەدەکانی ‘یەکیتی’ و’پارتی’ داهاتی ئیبراهخم خەلیل و خاڵەسنوورییەکان بوو.
گرێدانەوەی بەرژەوەندی بەهاوپەیمانێتی و هاوسەنگی هێزەوە، لەسەروو بنەماکانی سیاسەت و حوکمڕانییەوەهات. ئەوەی لەسیاسەتدا نەدەبا بکرا، بەباری ئابوریدا رێپدراو چاوی لێنقوێنرا. ئەمەش ئەنجامی ئەو راستییە کە سیاسەتداری و حزبداری و حوکمداری لەکوردستاندا، خاڵییە لە دیدگە(vision). بڕیارەکان لەگۆشەنیگای بژاردەیەکی ئابورییەوە دراون. ئەقڵییەتێک کە مەزەندەکردنی بۆ پرسەکان، بژاردەی سودو قازانج یا زیان پێوەرە. روانگە زاڵەکە ئەوەیە؛ خەڵک، تاک وەک بەرخۆرو بەردەست هەژماردەکرێت. کۆمەڵگە وەک بازاڕ، حزب کۆمپانیاو سیاسەتیش پاوانکردنی بەرژەوەندییە قازانجخوازەکانە.
لەم سۆنگەوە، سەرۆکی حکومەت وەک بەرپرسێکی باڵا، سیاسەتی بەڕێکارو جوڵەی بازرگارنی هەڵسوڕاندووە. رەهەندە کۆمەڵایەتی و مرۆیی و شارستانیەکەی سیاسەت خراوەتەلاوە. ئەقڵیەتێک کە پێیوایە سەرچاوەی هەموو کێشەوگرفتەکان لەیەکدوو بژاردەی دیاریکراودایە. لێداونێکی خودی سەرۆکی حکومەت کەووتی: ‘لەنێوان خراپ و خراپتردا خراپمان هەلبژارد’، ئەمە پشتڕاستدەکاتەوە. بەدەر لەرادەی واقیعبینی، لێداونەکەی وادەکەوێتەوە بژاردەکانی بەردەستی سنووردارن و رێسای ناچاری گرتۆتەبەر! بەڵام، پرسیارەکە وەکخۆی دەمێنێتەوە؛ ئایا سەرۆکی حکومەت لەئێستەدا کامە بەرنامەو دیدگەیەتی بۆ رێگەچارەو ئاسۆی دواتری؟
هەڵبەت، لەکایەی ئابوری و بازاڕدا مرۆڤ بەهاوکێشەی قازانج/سوود بەرەڕوو پێشهات و مەترسی و کێشەکان دەبێتەوە. لەکاتێکدا، سیاسەت رەهەندێکی قوڵی هەیە؛ کۆمەڵگە مرۆڤگەلێکە کە چارەنووس و ماف ژیانی شیاوی، پێوەرو بنەمایەکی سازش لەسەرنەکراوە. لەدەرەوەی هاوکێشەیەکی ئابوریی و ماتماتیکی کە تەنها قازانج و زیان دەخوێنێتەوە، هەڵدەسوڕێت.
کەواتە، بەدگۆڕانەکە لەسیاسەت و حزبایەتیدا بەئاڕاستەی پاوانکردن، قۆرخکردنی سەرچاوەکان و دەستەمۆکردن و لەباربردنی پێوەرو بنەماکانی کاری حزبی و سیاسەت کەوتەوە. ئیتر، حزب بووە کوانی رکوکینەو هەلپەرستی. لەبەرئەوە، لەخۆڕا نییە ئەگەر بووترێت؛ ئەوەی دەكرێت نەسیاسەت، نەحزبایەتییە.




بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد لە ساڵی ١٩٨٧ لە بەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە فەرمییەکانی عیراق

دکتۆر جەبار قادر

ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی دەوڵەتی عیراق کە هێزەکانی ئەمێریکا دەستیان بەسەردا گرت و دواتر وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە لە سەر تۆڕی ئینتەڕنێت بڵاویکردنەوە، ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەو پەلامارە کیمیاوییانەی کرانە سەر گوند و ناوچەکانی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧، واتا بەر لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە نزیکەی ساڵێکی تەواو. ئاشکرایە کە ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٣ چەکی کیمیاوی لە دژی هێزەکانی ئێران لە بەرەکانی شەڕ بەکاردەهێنا. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان لە ١٩٨٦ و ١٩٨٧ سوپاکەی سەدام پێشمەرگە و ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستانی کیمیاباران ئەکرد.
وێنەی بەڵگەنامەکان و دەقە ئەسڵییەکەیانم بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە نامیلکەیەکی (٨٠) لاپەڕەییدا لە ئەکایمیای کوردی لە ساڵی ٢٠١١ بڵاوکردەوە. پوختەی ئینگلیزییەکەشم لە ساڵی دواتردا لە کۆنفرانسێکدا، کە لە پاڕلەمانی یەکێتی ئەوروپا ڕێکخرابوو پێشکەش کرد. بە پێویستم زانی بیانکەم بە کوردی و بیانخەمە بەردەست خوێنەری کورد.
بەڵگەنامەکان بە ڕاشکاوەیی بەشداربوونی فەرمانگە و دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییە جۆراو جۆرەکان لە نەخشەدانان و جێبەجێکردنی ئەو قەسابخانە خوێناوییانە دەخەنەڕوو. زۆر بە ڕوونیش بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی خودی سەدام حوسێن دەرئەخەن. وردەکاری ئەو پەلامارانە و شوێنەوارە ترسناکەکانی بۆ ساڵانێکی زۆر بە شاراوەیی هێڵرانەوە. لە عیراقی “فیدیراڵ ودیموکراتی” دوای سەدام حوسێنیشدا کەسانێکی زۆر بە کاربەدەستانی تازەشەوە باوەڕ بەم بەڵگانە ناکەن و بە پڕوپاگەندەی کوردی لەقەڵەم دەدەن. هەندێکیشیان بە ئاشکرا خۆزگەی ئەوە دەخوازن، کە بەعس هەموو کوردی لە کۆڵیان بکردبایەتەوە.
هەموو جیهان بە هۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە لە ١٦ مارتی ١٩٨٨ ئاگاداری لاپەڕەیەکی ڕەشی ئەو تاوانانە بوو کە بەعس لە کوردستان ئەنجامی دەدان. ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ پەردەی لە سەر زۆر لە تاوانەکانی بەعس لە کوردستان هەڵماڵی. بۆ یەکەمین جار لە ناوخۆی کوردستان دەرفەت پەیدا قوربانییەکان بەشێک لەو کارەساتانە بگێڕنەوە کە بەعس بەسەری هێنابوون. پێشمەرگە و دانیشتوانی گوندەکان چیرۆکی بەشێک لەو پەلامارانەیان بۆ ڕۆژنامەنووسانی بیانی گێڕایەوە. هێشتا کەس دەستی بە بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەت نەدەگەیشت بۆ ئەوەی وێنە گەورەکە پیشان بدات.
پرسەکانی ئامادەکاری و نەخشەدانان بۆ ئەو پەلامارانە و میکانیزمی بیرۆکراسییانەی دام و دەزگا هەواڵگری و سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت بۆ جێبەجێ کردنیان تا نیسانی ٢٠٠٣ بە شاراوەیی مانەوە، نەک تەنها بۆ خەڵک، بەڵکو بۆ ئەوانەشی کە خەریکی لێکۆڵینەوە بوون لە وردەکارییەکان. کۆماری ترس و دەوڵەتی ڕێکخراوەی نهێنی هەموو هەوڵێکی گرتبووە بەر بۆ ئەوەی ئەو تاوانانە بە نهێنی بمێننەوە. هەموو شوێنەوارێک کە دەبووە هۆی ئاشکرابوونی ئەو تاوانانە لە کوردستان و شوێنەکانی تری عیراقیش لە ناودەبران. ڕاگەیاندنی زۆربەی خاکی کوردستان وەک ناوچەیەکی داخراو و قەدەغەکراو، شەهیدکردنی ئەوانەی هەوڵیان ئەدا خۆیان لەو دۆزەخە ڕزگار بکەن، کاری حکومەتی ئاسان کردبوو بۆ شاردنەوەی ئەو کارەساتە و هەوڵی سڕینەوەی شوێنەوارەکانی.
هەموو ئەو بەڵگەنامانەی زانیارییەکیان تێدا بوو لە بارەی ئەو تاوانانە یا سەبارەت بە میکایزمی بیرۆکراسیانەی ئامادەکاری، نەخشەدانان، جێبەجێ کردنی پەلامارەکان و “چنینەوەی ئەنجامەکان” وەک دام و دەزگا حکومییەکان لە نووسراوە فەرمییەکاندا وەسفیان دەکرد، تا ڕووخانی ڕژێم لە بەغدا هەڵگیرا بوون و بۆ کەس نەبوو بیانبینێت، باسی لێکۆڵینەوە لە بارەویەناوە هەر مەکە.
مایەی خەمگینی و نیگەرانییە ژمارەیەکی زۆر لەو بەڵگەنامانە لە نێوبران، دزران و فرۆشران، هێزەکانی ئەمێریکا و ئەم حیزب و ئەو گروپ دەستیان بەسەردا گرتن و توێژەران هەلێکی دەگمەنیان لە دەستدا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی لێیان بکۆڵنەوە و وێنەی تاوانەکانی ڕژێم بکێشن. ئێستاش گوێمان لێدەبێت چەند فەردەی لای ئەم و ئەوە. بەشێکی گرنگی مێژووی کورد لە باشوری کوردستان بە هۆی ئەم کارانەوە لە تاریکیدا مانەوە. دەکرا ئەم بەڵگەنامانە ببنە بەشێکی گرنگ لە ئەرشیفخانەی نیشتمانی کوردستان، کە تا ئێستاش تەنها وەکو بیرۆکەیەک دێت و دەچێت و نەهاتۆتە دی. ئەم بەڵگەنامانە بەشێکن لە یادەوەری گشتی گەلان و لە ڕێگەیانەوە تیشک دەخرێنە سەر ڕووداوەکان و بە شێوەیەکی زانستییانە بۆ خەڵک ڕووندەکرێنەوە.
ڕووداو و کارەساتەکانی دوای لە ناوچوونی ڕژێمیش ڕێگەی ئەوەیان نەدا ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکان بپەرژێنە سەر ئەو کارە. کاربەدەستانی کورد لەم بارەیەوە زۆر خەمساردن. ئەوان کە ڕۆڵەکانی گەلەکەیان دیارترین قوربانی ئەو ڕژێمە خوێنڕێژە بوون، هیچ پەرۆشییەکیان بۆ بە ئەرشیفکردنی ئەو تاوانانە بە شێوەیەکی زانستییانە تا ئێستا پیشان نەداوە. ئەوەی کراوە و دەکرێت لەم بوارەدا هەوڵی تاکە کەسییە، کە بەداخەوە لە توانایدا نیە ئەم ئەرکە گەورەیە بەجێ بێنێت.
ئەو بەڵگەنامانەی لێرە دەیانخەینە ڕوو بریتین لەو نووسراوانەی لە نێوان سەرۆکایەتی کۆمار، هەواڵگری گشتیی سەربازیی، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا و فەرماندەی هەردوو لەشکری یەکەم و پێنجەمدا لە ( ١٠ ئازاری ١٩٨٧ بۆ ٦ نیسانی هەمان ساڵ) هاتن و چوونە. بەڵگەنامەکان تایبەتن بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە ناوچەکانی تەکیە، بەلەکجاڕی سەر بە ناحیەی قەراخ و دۆڵی بالیسان لە سەر ڕێگەی سەرەکی نێوان چوارقوڕنە و خەلیفان.
بەڵگەنامەکان بە زمان و دەستەواژەکانی بەعس نووسراون. گوتاری بەعس گوتارێکی پەلاماردەر و قێزەون بوو. لەو گوتارەدا نەیارانی دەسەڵات هەموو بە تێکدەر و بەکرێگیراو ناو دەبران. تەنانەت لە بەڵگەنامە و نووسراوە فەرمییە نهێنییەکانیشدا قەت بە ناوی خۆیان نێو نەدەبران. هەمیشەش پاساوی گونجاوی هەبوو بۆ ئەو هەڵسوکەوتە دڕندانەیە لە دژی نەیارە سیاسییەکانی. هەمیشە بە مەبەست باسی هێزی پێشمەرگە و سوپای پاسدار لە تەک یەکدا دەکرد بۆ ئەوەی بە لێکدانەوەی خۆی ئەوە لە مێشکی هەموو لایەک جێگیر بکات، کە ئەمانە شەڕی بەعس لە دژی ڕژێمی ئێران و کرێگرتە کوردەکانێتی.
لەو سەردەمەدا نەک تەنها کاربەدەست و بەرپرسی سەربازی، بەڵکو بەرپرسانی فەرمانگە و دامەزراوە مەدەنییەکانیش کاتێک نووسراوێکیان ئیمزا ئەکرد، ناویان لە سەر نووسراوەکە نەدەنووسرا، تەنها ئاماژە بە پلە و پایەی بەرپرسیارێتیان دەکرا. لەم نووسراوانەشدا هەمان شت پەیڕەوکراوە، بۆیە تەنها ئاماژە بە پایە و بەرپرسیارێتی ئەو کەسانە کراوە کە نووسراو و بەڵگەنامەکانیان ئیمزا کردووە. هەڵبەتە کارێکی زەحمەت نیە مرۆڤ بزانێت کێ دەمە کام پلە و بەرپرسیارێتی هەبوو. ئاشکرایە کێ ئەو دەمە سەرۆکی هەواڵگری سەربازی عیراق و فەرماندەی سوپای یەک و پێنج بووە.
لە بەشەکانی داهاتوودا ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان دەیخەنە بەردەم خوێنەران.




گفتوگۆی ڕادیۆ دەنگی ئەمریکا لەگەڵ نووسەر سەلام عەبدوڵڵا سەبارەت بە بارو دۆخی کوردستان

سەلام عەبدوڵا: حکومەتی هەرێم وەک نائیب عەریفێک فەرمانەکانی بانکی نێۆنەتەوەیی و کۆمپانیاکانی نەوت جێبەجێ دەکات
ی مانگی نۆ 26, 2016

وا چاوەروان دەکرێت لە 27/9 لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان خۆپێشاندانەکان دژ بەو بارودۆخەی لە هەرێمەکەدا هاتوەتە ئاراوە دەست پێبکات، هەرچەند بە پێی ئەو کلیپانەی بڵاو بۆنەتەوە وا پێشان دەدات تازە لە هەندێ شوێن دەستیپێکردووە.

سەبارەت بە هۆێ و پێشبینیەکان لە بارەی ئەو خۆپێشاندانانەوە، نووسەر و رۆژنامەوان سەلام عەبدوڵا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەلێت” لە تەواوی کوردستان، لە زۆربەی شارەکان هەوڵی ئەوە دەدرێت سبەی نارەزایەتی دەرببرێت دژ بەو سیاسەتە کە ژیانی خەڵکی خستوەتە مەترسیەوە، ئەم خۆپێشاندانە لە راستیدا دژ بە بانکی نێۆنەتەوەیی و کۆمپانیاکانی نەوت و گازە، چوونکە بە هەردووکیانەوە سیاسەتێکی نیولیبرال لە کوردستان سەپاندووە، کە پاکێجێکە ( دەستە بەندیەک) بریتیە لە چەند خاڵێک، هەموو جێبەجێ کراوە، وەک تاڵانکردنی کەرتی تاێبەت، سیاسەتی (تقشف) دەست گرتنەوە لە خەرجیەکان، دانەمەزراندن، چوونە سەرەوەی باج، ئازادی سەرمایەگوزاری، هەموو ئەم خاڵانە دەستە بەندیەکە دژ بە خەلکی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک نائیب عەریفێک(نائب عریف) ئیش ئەکا بۆ بانکی نێۆنەتەوەی و کۆمپانیاکانی نەوت”.

کاک سەلام هەر وەها دەڵێت” هیوادارم سبەی کرێکارانی کوردستان و جۆتیارەکانی ئەو ناوچانە کە نەوت و گازی تێدا بەرهەم دەهێنرێت، ئەوان بێنە مەیدان، چوونکە چارەنووسی تەواوی نارەزایەتیەکان بە نارەزایەتی ئەوان و داخوازیەکانی ئەوانەوە گرێدراوە”.

کاک سەلام دەشڵێت” گەندەڵی کاربەدەستانی هەرێم بەشێکە لەو سیاسەتە نیولیبرالیزمە کە وەک نائیب عەریفێک فەرمانەکانی بانکی نێۆنەتەوەیی و کۆمپانیاکانی نەوت و گاز جێبەجێ ئەکەن”.

بۆ گوێگرتن لە گفتوگۆکە کلیکی ئێرەبکەن….

http://www.dengiamerika.com/a/3525283.html




هەڵوێستەیەک لەسەر دەوری یەکێتی مامۆستایان و حزبەکانی دەسەڵات لەناڕەزایەتیەکاندا!

ئەو کەسەی دزی لێکراوە و هێشتا دەم بەخەندەیە ،دیارە دزیەکی لەدزەکە کردوە… شکسپیر
قسەو پەیامی بەرپرسانی لقەکانی یەکێتی مامۆستایان لە ناڕەزایەتیەکانی ئەمڕۆ ٢٥ سێپتەمبەردا ،هەم بەژمارە و هەم بەئاستی داواکاری و شێوازی ناڕەزایەتیەکەیان نیشانی دەدا کە ئەمانە زەردەخەنەی ئەو کەسانەیە کە بەشدارن لە دزی موچەدا. ئەگینا حکومەت و دەسەڵاتێک کە دوای ٢٥ ساڵ ژیان و موچەی مامۆستایان و کرێکار و فەرمانبەرانی کردۆتە ٢٥%، هێشتا یەکێتی مامۆستایان داوای گوێگرتنی لەداواکاریەکانی لێدەکا! هێشتا خەمی دانیشتنی ئەم حزبانەی دەسەڵاتێتی بۆ گفتوگۆ و ڕێکەوتن! بەڕاستی ئەمانە داوای مامۆستایەکە کە نان نیە بیخوات یان کرێی خانوی نیە یان پارەی هاتوچۆی نیە؟
ئاشکرایە خۆپیشاندان وبایکۆتی ساڵی پاری مامۆستایانیش هەر لەڕێگای ئەم یەکێتی مامۆستایانەوە بەناکام گەیشت و دیسانەوە داوای فرسەت دانیان بەحکومەت کرد و ئێستاش دیسان دەیانەوێ ناڕەزایەتیەکانی ئەمساڵیش توشی هەمان چارەنوس بکەن لەچاوەڕوانی حکومەتدا. سەر سوڕمان لە دەورەی یەکێتی مامۆستایان لەوەدایە، کەنازانی ئەمە یەکێتی مامۆستای نەدار و هەژارە یان یەکێتی حزبی دەسەڵاتدارە؟! زەردەخەنەی سەر لێوی بەرپرسانی ماف خوراو و دزیلێکراوی ئەم یەکێتی مامۆستایانە بەرامبەر بەدەسەڵات نیشانەی بەشداریانە لەو دزیەدا کە دەسەڵات دەیکات وئەم دەوری تابوری پێنجەی یەکێتی مامۆستایان لە ناڕەزایەتیەکاندا خۆی بەشێک لەو سیناریۆیەیە کە ئەم حزبانەی ناودەسەڵات لەناو ناڕەزایەتیەکانیشدا دروستیان کردوە.
مانەوەی مامۆستایانی ناڕازی لە یەکێتی مامۆستایاندا نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا گوێڕایەڵی و لۆیاڵەتی سیاسی بۆ یەکێتی وپارتی لەناو خەڵکی کوردستاندا بەحوکمی بەربارمتەگرتنی موچە هەیە درێژەی هەیە. ئەم لایەنگیری و ملکەچیە سیاسیە دەسەڵات دەکاتە خاوەنی هێزێک کە بتوانێ ڕۆژبەڕۆژ سیاسەت و شیوازەکانی هێنانەخوارەوەی ئاستی چاوەڕوانی برسی کردن و دابەشکردنی خەڵکی کرێکار وکارمەند و کەم دەرامەت بسەپێنێت.تەنانەت لە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانیشدا بتوانێ لەڕێگەی یەکێتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دەسەڵات دەتوانێ کۆنترۆڵی بایکۆت و خۆپیشاندانەکان بکات و بەلاڕێیدا بەرێت و بەسەر جەبهەگیری زۆنی زەرد وسەوز و ٥ حزبەکەی دەسەڵاتدا دابەشی بکات.
تۆماس مۆر لە “یۆتۆپیا”دا بەڕاستی دەربڕینێکی شایستەی سەبارەت بەم سیاسەتەی دەسەڵاتداران دەربڕیوە کاتێک دەڵیت”سەرەتا خەڵک توشی ڕۆشنبیریەکی نەخۆش دەکەن و لەمناڵیەوە پرەنسیپەکانیان گەندەڵ دەکەن،دواتر سزایان دەدەن لەسەر ئەو کارانەی بەهۆی ئەو خوێندەواریەی لە سەرەتاوە بەسەریاندا سەپاوە،بەڵام ئەمە تەنیا ئەوەدەگەیەنێ کە تۆ لەسەرەتاوە خەڵک دەکەیت بەدز و دواتر سزایان دەدەیت.” هەر مامۆستا وکرێکار وفەرمانبەرێک هێشتا ئەندامی ئەم ڕێکخراوانەی دەسەڵات بێت وەک ئەم کەسانەی تۆماس مۆر باسیان دەکا وان کە بەهۆی تاوانی خۆشباوەڕیانەوە بەدەسەڵات ئێستا سزای چارەکە موچە بەسەریاندا دەدرێ.
ئەم ناڕەزایەتیانەی یەکێتی مامۆستایان بەدوای هەوڵەکانی تری چوار حزبەکانی ناودەسەڵات،یەکێتی وگۆڕان و ئیسلامیەکان و ٨٧ پەرلەمانتارەکەیاندا دێت، کە پەیامی پشتیوانی بۆ خۆپیشاندانی مەدەنیان دەربڕی و دەیانەوێ ناڕەزایەتیەکان بەلاڕێی داوای گەڕانەوەی پەرلەمان و ڕێکەوتنی حزبەکاندا بەرن . سەیر لەوەدایە کە ناڕەزایەتی توڕەیی خەڵک لە حکومەتە کەچی دەیانەوێ خەڵک داوای باشکردنی حکومەتێکی بنکە فراوان کە بڕیاری بڕینی موچەی داوە ! ئایا لەسلێمانی ئەوە یەکێتی نیە کە سەرچاوەی داهات و نەوتی ئەم ناوچەیەی لەژێردەستدایە و چارەکە موچەکەش نادات ؟‌ چۆن ئەم حزبەو ئەم دەسەڵاتە پشتیوانی خواست و ناڕەزایەتیەکان دەکات و ئەی ناڕەزایەتی بەڕووی کێدایە؟‌ئایا ١٧ شوبات بەدەستی چ هێز و لایەنێک سەرکوت کرا و ئایا جگە لەپارتی ئەوە یەکێتی نەبو کە خۆپیشاندەرانی دەکوشت؟‌
جیاوازی ئەم دەورەیە ئەوەیە کە بزوتنەوەی گۆڕان بوەتە شەریکی ئەم دزیەی داهات ودەسەڵاتی یەکێتی و هەربۆیە لەگەڵ یەکێتیدا خەریکی چەواشەکردنی خەڵکن بەوەی دەسەڵاتی ناوچەی سلێمانی پشتیوانی لە ناڕەزایەتی خەڵک دەکا؟
ناڕەزایەتیەکانی ئێستا ئەوکات سەرکەوتودەبێ کە لەناوچەی ژێردەسەڵاتی یەکێتیدا خۆپیشاندەران داوای دابەشکردنی داهاتی نەوت و لابردنی پاشەکەوتکردنی موچە لە یەکێتی بکەن و لەناوچەی پارتیدا داوا لەپارتی بکەن، نەک بەپێچەوانەوە یەکێتی لەناوچەی دەسەڵاتی خۆیدا داوا لەپارتی بکا وخەڵکیش دوای ئەم فریوکاریە بکەون.
ئەم داواکاریانە کاتێک بەدەست دێت کە چیتر خواستی گەڕانەوەی پەرلەمان و ڕێکەوتنی حزبەکان ڕێگەی پێنەدرێ وەک داخوازی خۆپیشاندەران بسەپێنرێ. خەڵکی ناڕازی کاتێک دەتوانێ ڕێگە لەم دەستێوەردانەی پێنج حزبەکەی دەسەڵات بگرێت کە چیتر لەژێر سایە و لە یەکێتی مامۆستایانی ئەواندا نەمێنێتەوە و ڕێکخراوی جەماوەری و سەربەخۆی خۆی و دەستەی نوێنەرانی ڕاستەوخۆی خۆپیشاندەران ڕاگەیەنێت و دەستەکانی ئێستای ناڕەزایەتیەکان بکات بەیەک. کاتێک خەڵکی ناڕازی یەکدەگرێت کە چاوی لە هێزی فریادڕەسی دەرەوەی ناڕەزایەتیەکان نەبێ و کۆبونەوە و حکومەت و پەرلەمانی حزبەکان بەو شوێنە بزانێ کە بڕیاری ئەم برسی کردن وهەژارکردنەی خەڵکی لێدراوە و دەبێ بەرامبەر بەو بڕیار ودەسەڵاتە هێزی سەربەخۆی خۆی نیشان بدا.نان وئازادی ئەمڕۆ لەگرەوی یەکگرتوبونی ئەم هێزە ناڕازیە جەماوەریەدایە.


ئاسۆکمال

٢٥ سێپتەمبەری ٢٠١٦




دیسان به‌حیزبیكردن وقۆستنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی … نه‌جم محه‌مه‌د

له‌هه‌رێمی كوردستان دیسان ناره‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی ڕووله‌هه‌ڵكشانه‌ وشه‌پۆلێكی ناڕه‌زایه‌تی به‌ڕێوه‌یه‌له‌دژی ناعه‌داله‌تی وبێ‌ مافی و ته‌بوونی خزمه‌تگوزاریه‌گشتیه‌كان و دواكه‌وتن و كه‌می مووچه‌ونه‌بوونی خۆشگوزه‌رانی وهتد ..به‌داخه‌وه‌ ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیه‌ خۆڕسك و شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی ناڕازی له‌به‌رنه‌بوونی نوێنه‌ران وڕابه‌ڕانێكی جدی وهوشیاری هه‌ڵقوڵاوی ناوخه‌ڵكی كه‌ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ ڕێك خات و ڕێنوێنی بكات وئاسۆو ئامانج وخواست وداواكاریه‌كان دیاری بكات ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان به‌رداشی ده‌سه‌ڵات وحیزبه‌كانه‌وه‌ به‌كورتی ده‌سه‌ڵات وحیزبه‌كان ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكیان كوشتووه‌ وخنكاندووه‌ وناهێڵن ته‌ندروستانه‌ ئاراسته‌ی خۆی وه‌رگرێ‌ .
هه‌رچی ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌وڵ ده‌دات بۆسه‌ركوتكردن وله‌ناوبردنی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی خه‌ڵك تۆمه‌تی حیزبی بوون وده‌ستی حیزبی له‌پشته‌وه‌بوونی بخاته‌پاڵ وهه‌رچی ئه‌و حیزبانه‌شه‌ كه‌ململانێی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی وده‌سه‌ڵاتی زیاتری خۆیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌م ناره‌زایه‌تیانه‌ی خه‌ڵكی وشه‌قام بقۆزنه‌وه‌ وخه‌ڵكان وكادیرانی خۆیان بخزێننه‌ ناو ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌و ڕابه‌رایه‌تی و نوێنه‌راتی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ بكه‌ن وسواری ئه‌و شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تیانه‌ ده‌بن وله‌پێناو ئامانج وبه‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسیه‌كانی خۆیاندا ناڕه‌زایه‌تیه‌كان به‌لاڕێدا ده‌به‌ن وموساوه‌مه‌ی پێ‌ وه‌ده‌كه‌ن وشه‌قام وناڕه‌زایه‌تیه‌كان ده‌كه‌نه‌ فشارێك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات تاهه‌رچی زیاتره‌ ده‌سه‌ڵات وكورسی وبوجه‌ وبه‌رژه‌وه‌ندی زیاتر وه‌ربگرن له‌سه‌ر شان وده‌ردو ڕه‌نج وئازاروقوربانی و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی.
به‌مه‌ش گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به‌ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن وبه‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی بۆدروست ده‌كه‌ن كه‌ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی به‌ئاسانی سه‌ركوت بكات و داواكاریه‌ مرۆییه‌كانی خه‌ڵكی له‌بارببات نموونه‌كان زۆرن وه‌ك 17شوبات و ئه‌م یه‌ك دووساڵه‌ی دوایی كه‌نموونه‌ی زیندوون بۆگه‌واهی ئه‌م ڕاستیه‌ هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان له‌و ڕوه‌وه‌ زۆر ووشیارو به‌ئاگابێت نه‌هێڵێت جارێكی كه‌ مێژوو خۆی دووباره‌كاته‌وه‌ و وناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خۆی له‌چنگی ده‌سه‌ڵات وحیزبه‌كان ده‌ربهێنێت نه‌هێڵێت بكه‌وێته‌ نێوان ئه‌و دووبه‌رداشه‌ وخۆی لێ‌ ڕزگار بكات وخۆیان نوێنه‌ رو ڕابه‌ری خۆیان بن وخۆیان خۆیان ڕێكخه‌ن وماف وداواكاری خواسته‌كانیان دیاریكه‌ن وخه‌بات بۆبه‌دیهێنانیان بكه‌ن چاوه‌ڕێ‌ ی ده‌ستی نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵات وحیزبه‌كان نه‌بن و خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ بزانێت كه‌به‌ده‌ستی خۆیان ده‌توانن ڕزگاربن ئه‌گه‌ر یه‌كبن نه‌ك بده‌ستی نوێنه‌ره‌داتاشراوه‌كانی حیزب وده‌سه‌ڵات كه‌خه‌ونی بوونه‌په‌رله‌مانتاروخه‌ونی كورسی وخه‌ونی پله‌و پایه‌و سه‌رمایه‌ ده‌بین له‌ڕێگه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكه‌وه‌ پێ‌ ی بگه‌ن نه‌ك خه‌ونی خۆشگوزه‌رانی بۆخه‌ڵكی…

ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌ به‌رواری 7-9-2016 گیراوه‌ له‌سلیمانی له‌پاركی نالی له‌گردبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی ناره‌زایه‌تی خه‌ڵكدا له‌كاتی چڕینی سروودێكدا له‌سه‌ر ژیان وگوزه‌رانی خه‌ڵكی هه‌رێم له‌م هه‌لومه‌رجه‌ دژواره‌دا..




له‌ژێر پله‌ی سفری فه‌رامۆشیدا…! ئیدریس عه‌لی

ئینجیل: به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕۆژی ئێوه‌یه‌.. کاتێ تاریکی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌…!

به‌شی شیعر نووسینێک
چاومان بده‌ین به‌ کۆتر
تاوه‌کو له‌بری ئێمه‌ پێی بڕوانێ و
جار جار له‌ دواوه‌
بۆ ختوکه‌دانی هه‌ستمان
په‌ڕێکی بخشێنێ به‌ بناگوێماندا و
پێمانڕا بگمێنێ،
چه‌ند جۆر جوانی تر
به‌ شه‌رتی ئه‌به‌دیه‌ت
له‌ملاولای دڵمان دا
وه‌ک قارچکی دوای تاوه‌باران
له‌ ژێر هه‌تاوی خورپه‌مان دا هه‌ڵتۆقیون،
که‌چی ئێمه‌
‌ له‌سه‌ر نوکی خه‌یاڵیش
به‌لایاندا نه‌چووین،
‌ له‌تاو بڕان و
هاتنەوەی تەزووی خه‌یاڵ
نه‌په‌رژاوین
له‌ ڕسته‌یه‌کی گونجاودا
به‌ ته‌نیشت گوڵ و
به‌فر و
باڵنده‌کانی تره‌وه‌ ‌
جێیه‌کی فه‌ره‌حیان بۆ بکه‌ینه‌وه‌،
تا سه‌ربه‌ست و خۆشحاڵ
له‌ هه‌ر ئینجانه‌یه‌کی گه‌رموگوڕ که‌ پێیان خۆشه‌.. بڕوێن
به‌سه‌ر هه‌ر باخیکی ئاشنادا که‌ حه‌ز بکه‌ن.. ببارێن
باڵیان بۆ هه‌ر ئاسمانێکی به‌رین که‌ بیگرێت .. بفڕن و
خۆیان له‌ چنگ
خه‌ونی کوردانه‌ و
خه‌یاڵی شاعیرانه‌ی ئێمه‌
قوتار بکه‌ن…!

بایی ئاخهه‌ڵکێشانێ‌
به‌دیار گۆرانییه‌که‌وه‌
گوێیه‌کانمان به‌ پشیله هه‌ڵخه‌ین‌،
تا به‌سه‌ر دیواری بێده‌نگیمانه‌وه‌
بمیاوێنێ به‌ڕووماندا و
ئاگادارمان بکاته‌وه‌
هه‌ر له‌م ده‌وروبه‌ره‌ی ڕۆحمان
قه‌ڵبه‌زه‌ی چه‌نده‌ها ده‌نگی تر
زوڵاڵتر له‌و ده‌نگانه‌ی
له‌ ژووری ته‌نیاییمانه‌وه‌ دێن و
ده‌می کراوه‌ی برینه‌کانمانی پێ ده‌به‌ستین،
به‌ نه‌رمی و کاوه‌خۆ
‌ له‌ گه‌رووی کانییه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێن،
که‌چی ئێمه‌
له ڕۆژه‌‌ سه‌فه‌رییه‌کانی مناڵی و
شه‌وه‌ دڵنشینه‌کانی مه‌ستبوونا
نه‌مانبیستوون…!

ماوه‌ی میواندارییه‌ک
هه‌ستی بۆنکردنمان بده‌ین به‌ سه‌گ،
ته‌نیا و بێکه‌س
پێچێ به‌ده‌وری عه‌لوه‌که‌دا بکات،
نزیک بێته‌وه‌ له‌ بارێ قۆخ
لوت له‌ توێکڵه‌ سێوێ بژه‌نێ و
حه‌په‌حه‌پ له‌ژێر که‌ڵبه‌وه‌
بقروسکێنی به‌ گژماندا
تاوه‌کو له‌ خه‌می زه‌ردبوون و
هه‌ڵوه‌رین بڕه‌خسێین،
تا‌ هیچ نه‌بێ به‌شی ئه‌وه‌نده‌ خوێنمان پێبێ
به‌رگه‌ی یه‌کدوو پاییزیی دیکه‌ی
ئاوه‌ها دڵڕه‌ق و
ساردوسڕ
ئه‌وه‌نده‌ گرانجان له‌ فرۆشتنی باران بگرین،
له‌ سیله‌ی ئومیده‌وه‌ بڕوانین
نێو‌ ساردکه‌ره‌وه‌کانی ناخمان
چه‌ند سوزگی تر
میوه‌ی ئاڵ و گه‌یوی وه‌فا
خه‌ریکه‌ خراپ ده‌بن و
له‌ توێکڵی په‌شیمانیی خۆیان دێنه‌ ده‌ر،
چه‌ند جۆری تر
بو‌تڵه‌ شه‌ربه‌تی گیراوه‌
له‌ بێده‌نگیی ترێ و
شووشه‌ مره‌بای خۆشکراو
به‌ شه‌رمی گێلاس و
مه‌نجه‌ڵی بچوک بچوکی
پڕ له‌ شۆربای خۆشه‌ویستی
له‌ژێر پله‌ی سفری فه‌رامۆشیدا
خه‌ریکه‌ ماوه‌ی میهره‌بانییان به‌سه‌ر ده‌چێ و
ئێمه‌ له‌تاو شه‌ڕه‌ دڵ
لە تاو سەگە سەگی چاوتێری
هێشتاکه‌ ده‌ستی به‌خشینمان
بۆ نه‌بردوون…!

فرسه‌خێ نزیکتر بۆ گه‌یشتن به‌ به‌هه‌شت
تۆزقاڵێک له‌ ئیمانی زیاده‌ی خۆمان
بده‌ین به‌ کاریله،‌
تا له ‌وانه‌ی “زوهد و به‌لاغه‌ دا
له‌سه‌ر ره‌حله‌ ره‌قه‌که‌ی “جه‌لاله‌دین”
شانبه‌شانی برینه‌کانی
“شه‌مس”‌‌ دابنیشێ،
له‌نێو گژوگیای ته‌ڕ و پاراوی
باخه‌کانی فیرده‌وس و
کانیاوی زمزم دا
زانستی کاوێژ بخوێنێ،
به‌ ده‌ستێکی زاهیدانه‌وه‌
سێ جار به‌ ئاسته‌م
ئه‌ڵقه‌ڕێزی ده‌رگا دارینه‌که‌ی “ڕه‌ییان” بکوتێ و
دڵێکی دایکانه‌ی زه‌خمار داچڵه‌کێنێ
که‌ له‌ودیوه‌وه‌ ‌ ئارام و هێدی
به‌ده‌م هه‌نسک و لاوانه‌وه‌وه‌
خه‌ریکی پروکاندنی برینه‌کانی جه‌سته‌ی
ده‌روێشێکی خوراسانیی و
شوشتنی کراسی خوێناوی زامدارێکی ئه‌فغانییه‌‌،
به‌ ده‌نگی ‌ شیوه‌ن و سنگکوتانه‌وه‌
فه‌رمووی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی‌ لێ بکات،
وای بۆ بچێت پۆسته‌چییه‌
ڕیش چه‌رمووه‌که‌ی که‌نعانه‌ و
نامه‌ی “یوسفی” ێکی تری بۆ هێناوه‌،
مه‌زه‌نه‌ بکات‌ شه‌هیدێکی تری بۆنخۆشیان
له‌ ئورشه‌لیمه‌وه‌‌ ناردووه‌،
وابزانێت عاشورایه‌ و
سه‌ری بڕاوی “”حوسێن” ێکی تر
له‌ ده‌شتی که‌ربه‌لاوه‌ ‌‌ هاتووه‌،
جار جار ملێ ڕاته‌کێنێ و
له‌ دووره‌وه‌ بباعێنێ بۆمان،
تا بیرمان بخاته‌وه‌
که‌ هه‌زاران فه‌رمودی تری سه‌حیح
له‌ خه‌ره‌ند و پێچ و چۆڵی
کتێبه‌کانی خوادا
وه‌ک زه‌ڕنه‌قوته‌ی به‌یانیان
به‌سه‌ر به‌فری فه‌رامۆشیدا هه‌ڵوه‌ریون،
دڵی گه‌رمی گه‌نجیکی دێی ” سوهروه‌رد” و
غه‌زه‌لی به‌ په‌ڕی باڵنده‌ نووسراوی
شاعیرێکی “تاوگۆزی” و
ده‌ستی ڕه‌حمه‌ت و پڕ له‌ شیفای
” کاک ئه‌حمه‌د” ناوێکی “پریسی” یان ده‌وێت،
هه‌تا سپێده‌ی کۆچێکی تر
خه‌ونی فڕین بداته‌وه‌ له‌ که‌له‌‌یان
هه‌تا ئێواره‌ی زکرێکی تر
خولیای ئه‌وین بزێته‌وه‌ نێو دڵیان…!