یۆتۆپیا و فۆبیای خۆپیشاندان لە” هەولێر” …1 … کامیار سابیر

ماوەی چەندین ساڵە، بەردەوام زۆرینەی رەهای سیاسییەکان، حیزبەکان، چالاکوانەکان و تەنانەت بەشێکی بەرچاو لەوانەی پێیان دەگوترێ “نوخبەی کوردیی”، دەڵێن، تا لە هەولێر خۆپیشاندان نەکرێ، لە شارەکان و ناوچەکانی سلێمانیی، کەرکوک و گەرمیان، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی، دژی دەسەڵاتی میلیشیای کوردیی، هەرچەند بکرێت، هیچ ئاکامێکی نابێت. ئەمە ئەگەر دیوێکی راستییەکان و واقیعی سیاسیی کوردستانی عێراق بێت، دەیان دیوی شاراوە و پەنهانی تری هەیە. درۆی گەورە و دزیی گەورەی تێدا دەشاردرێنەوە و راستییەکان و واقیعەکان، ژێراوژوور دەکرێنەوە.
ئەم فۆبیای سیاسییە بەرامبەر خۆپیشاندانی خەڵکی هەولێر و بەرامبەر یۆتۆپیای راستبوونەوەی هەولێر لە دژی دەسەڵاتی سیاسیی، دەیان هۆکاری مێژوویی، سۆسیۆسیاسیی، جیۆسیاسیی، کولتووریی و ئابووریی هەیە. راستییەکەی ئەم باسە، لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی قووڵی مێژوویی، کولتووریی، ثیۆریی و مەیدانیی دەوێت و لێرەدا جێگەی نابێتەوە، بەڵام بۆ بەستنەوەی ئەم باسە بە درۆ گەورەکانی تاجیرە مونافیقەکانی یەکێتیی و هەلپەرستیی، جەبانیی و بێڕوئیایی گۆڕان و ئیسلامییەکانەوە، لە پێوەند بە هەموو ئەوانەی جورئەت ناکەن یان نایانەوێ واقیعی سیاسیی کوردستان، وەکو خۆی رەنگڕێژ بکەن و تەشخیصی بکەن، بەچەند دێڕێک، باسی ئەم یۆتۆپیا و ئەم فۆبیایە دەکەین کە ناوی نراوە( خۆپیشاندان لە هەولێر).

ئەنثرۆپۆڵۆجیست و جیۆگرافیست( نییڵ سمیث= Niel Smith ) لەسەر سازوئامادەکردنی بابەتێکی سیاسیی وکولتووریی، لە ئاست نوێنەرایەتیی بەهاکان و سروشتە کۆمەڵایەتییەکان، یان ئەوەی ئەو پێی دەڵێ{ ئیکۆلۆجیای سیاسیی= ژینگەی سیاسیی= political ecology }، دەربڕین و چەمکی ” میتابۆڵیزم=Metabolism = نوێنەرایەتیی تەغذییە”، بۆ ئەم دیاردەیە، بەکاردەهێنێت. ئەو میتابۆڵیزمەی ئەو کاری لەسەر دەکات، باوەڕی وایە کە رەدەڵ و بەدەڵی مەسەلە سیاسییەکان، بەها سیاسییەکان و بەردەوامییە کۆمەڵایەتییەکان، دەکات. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە چەمکە ئاڵمانییەکەی میتابۆڵیزم(Stoffwechsel ) هەر بەردەوامییدان نییە بەو هێنان و بردنە سیاسیی و کولتوورییانەی کە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و هابیتۆسی سیاسیی، مێژوویی و کولتوورییان وەرگرتووە. ئەو زیاتر دەڕوات و پێیوایە، ئاییندەی دوورمەودا و هەڵسەنگانی کورت مەودای رووداوە سیاسییەکان، دەبێت لە سروشتی لێکدانەوە و ئاڵوگۆڕە سۆسیۆسیاسییەکاندا، لە واقیعی سیاسیی و جیۆگرافیای سیاسییدا، بەهەند وەربگیردرێن(لە کتێبێ- لە سروشتی شارەکانەوە In the Nature of Cities، لە خوارەوە، لینک و لاپەڕەی کتێبەکە دادەنێم).

ئێستا، هەمووان دەزانین کە ژینگەی سیاسیی، مێژوویی، کولتووریی و تەنانەت جیۆگرافیای شاری هەولێر، تایبەتمەندییەکی مێژوویی دوورودرێژی هەیە. لای کەم ئەوەی ئەدەبی کوردیی و رۆژهەڵاتناسەکان نووسیویانەتەوە، چەند صەد ساڵێک دەبێت، ئەم کولتوورە سیاسییە، درێژەی هەیە. شارێکە، کولتووری بیزنس، کولتووری تیجاڕەت و پرۆفێشناڵیزمی تورکمانە ئەفەندییەکانی بەسەردا زاڵ بووە. لە جوغزی نەریتی کوردەکانیشەوە، کولتووری عەشایەریی و پاراستنی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا زاڵ بووە. گەڕەکەکانی بەناوی عەشیرەتەکان و ناوچە جیۆگرافییەکانەوە ناونراون. وەلائی خۆیی، خوێنیی و ناوچەیی، لە بورغووە سەرەکییەکانی ئەم ستراکتۆرە شارییەیە کە جومگە و لینکەکانی لەنێوان خانەکان و ئۆرگانیزمەکانیدا، توند توند، بەم میتابۆڵیزمە سیاسیی، کولتووریی و ناوچەییەوە بەستراوە.
حکومەتی بەعث( بەعس) لەسەردەمێکدا شاری هەولێری کرد بە پایتەخت، ویستی شکۆی سلێمانیی و کەرامەتی سیاسیی شاری سلێمانیی پێ بشکێنێت. ئەم جیاوازییە کولتوورییانەی نێوان هەولێر و سلێمانیی، نێوان هەولێر و کەرکوک، تەنانەت نێوان هەولێر و ( کۆیە، چۆمان، رەواندوز، شەقڵاوە…تاد) ش، باکگراوندی مێژوویی، جیۆگرافیی و کولتووریی هەیە و بەعثییەکان و رژێمی صەدام حوسێنێش لە رێگەی ئۆرگانە ئەمنیی، موخابەراتیی و سیاسییەکانەوە، کاریان لەسەر دەکرد. زانکۆی سلێمانیی، لە سلێمانیی داخست و وەکو ئەتککردن( هەتککردن) بردی بۆ هەولێر، دوو پەچە(شوێنی موڵدانی مەڕوماڵات)ی مەجلیسی تەشریعیی و تەنفیذیی لێکردووە و ئەم پەچانە سەرەنجام بوون بە دیوەخانی پارلەمان و حکومەتی هەرێم. مورتەزیقە کوردەکانی لەسەرتاسەری کوردستانی عێراقەوە( بەکەرکوکیشەوە)، بە مودەڕەبیی و بە وەلائێکی سیاسیی باشەوە، بۆ هەولێر، رەوانە دەکرد.

دوای راپەڕینیش، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆدا و بەتایبەتتریش، دوای ٣١ی ئاب و زەواجەکەی صەدام حوسێن و مەسعود بارزانیی، ئیتر ئەم میتابۆڵیزمە شارچییەتیی، حیزبایەتیی و ناوچەگەرییەی نێوان هەولێر و سلێمانیی، بەئەنقەست و بەئەجێنداوە، تۆختر دەکرایەوە. لە مەودای کورتەوە بۆ مەودای درێژ، کاری لەسەر دەکرا. پارە و ئیمکانییاتێکی زۆری تێدا خەرجکراو تا ئێستاش بەردەوامە. ئەوە راستە، لە زۆر شوێنی دونیا، بگرە تەواوی دەسەڵاتە سیاسییەکان( بەوانەی رۆژئاوایشەوە)، هەمیشە دەیانەوێ پایتەختەکانیان ئارامیی و سەقامگیریی پێوە دیار بێت، دەنگی ناڕەزایەتیی و پرۆتێستی، زۆر تێدا کەم ببێتەوە، جەماوەر، بە ئیشی رۆژانەوە، سەرقاڵ بکەن و رێگە ئەمنیی و قانونییەکان، سەخت و سەختتر بکەن.

هاوکات، سروشتی کولتووریی و سیاسیی شاری هەولێر، لەمێژە، دەقی بەم دۆخەی ئێستاوە، گرتووە. لەسەردەمی بەعثدا، بەشێکی بەرچاو لەوانەی خەریکی خۆپیشاندان بوون دژی رژێمی صەدام حوسێن، لە تەرحیلکراوکانی کەرکوک و لە خوێندکارانی ناوچەکانی سلێمانیی و شارو شارۆچکەکانی تری هەولێر، بەتایبەتیی چۆمان، رەواندوز، سۆران، شەقڵاوە و ئاکرێ…تاد بوون. بەشێکی بەهۆی ئەوەوە بوو کە بەشێک لەو ناوچانەی هەولێر، تەرحیلکرابوون و کولتووری سیاسیی شارۆچکەکانی خۆیان، داینەمۆی خۆپیشاندانەکانی ناو هەولێر بوون. تەنانەت کولتووری دینداریی شاری هەولێریش، جیاوازیی هەیە لەگەڵ شوێنەکانی تردا. ئەمە لەسەردەمی دەسەڵاتی پارتیی و ٣١ی ئابەوە، بەتەواویی و بە ئەجێندای دوورمەوداوە کاری لەسەر کراوە. هەرچی مەلای مورتەزیقەو رانتخۆری ناوچەکانی تری کوردستانە، بە رانتی نەوت، بە تەشویقی ئایدیۆلۆژیی( سەلەفیزم، سوننەگەریی و ئیخوانیزم) بە تەشویقی مەذهەبیی، طائیفیی و ئیغرائاتی ماددیی، زۆربەیانی جڵەو کردووە و بەپێی ئارەزوو و ئیشتیها سیاسیی، ئابووریی و ئایدیۆلۆژییەکانی، بە گوێری بەرژەوەندییە تیجاڕیی و بیزنسە سیاسییەکانی، لەکات و شوێنێ پێویستدا، هەموویان وەکو جەڵەب، مۆبەڵایز دەکات. عاقیبەتیش ئەوەیە کە میتابۆڵیزمە سیاسیی، کولتووریی و عەسکەرییەکەی ئەم سەرکوتکارییەی لە شاری هەولێردا هەیە، شەرعییەتەکەی ئەو حوکمە مافیاییەی هەولێر، پشتڕاست دەکاتەوە.

هەروەها، هەرچی قەشمەری ئەکادیمیست هەیە، هەرچی نوخبەی نەفسنزمی چاوشۆڕ هەیە، هەرچی شاعیری فشەکار، ئێثێتیکنووس( جواننووس) و ئەدیبی دەیاب هەیە، هەرچی حیزبی چەکل و مەکل هەیە، هەرچی ئینسانی ساقیط و خوێڕیی هەیە لە هەموو ناوچەکانی کوردستانی عێراقەوە، بە زەبری رانتی نەوت و بە زەبری کولتووریی و سیاسیی حەماقەتەکانی دەوڵەتی کوردیی و سۆدوناسیۆنالیزمە ( ناسیۆنالیزمی موزەیەف) نەژادییە-کوردییەکەی پارتیی، هەموویانی وەکو مێگەل لە هەولێردا مۆڵ داوە و ئالیکیان دەداتێ. ئەمانەش بەسەریەکەوە، میتابۆڵیزمی ئەم سەرکوتکارییە دەستەبەر دەکات و سەرەنجامیش خزمەتی پرۆژەی والییەکەی ئەردۆغان دەکەن. ئەم هەموو گاڕانە سیاسیی، رۆشنبیر و نوخبانە، پێش ئەوەی بار بن بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، بارن بەسەر خەڵکی هەولێر و شاری هەولێرەوە. بەردەوامیش، موئەسەسەی ئەصیڵی فاشیزمی کوردایەتیی، دەغدەغەی شارچییەتیی و ناوچەگەریی زیندوو دەکاتەوە، دژایەتیی سلێمانیی و کەرکوک، دژایەتیی ناوچەکانی دەرەوەی موستەعمەرەکەی ئەردۆغان دەکات و هەموو ئەم شەڕانەش بە قازانجی خۆی دەقۆزێتەوە. تەنانەت بەشێک لەو هەولێرییە دڵناسکانەی کە لە فاشیزمی کوردایەتییەکەی پارتیی پڕن و لێیان دەڕشێتەوە، جاروبار بە راستەوخۆ و بە ناڕاستەوخۆ، دەکەونە ناو گەمەکانی دەوڵەتی کوردیی و سیمبۆڵی پایتەختەکەی فاشیزمی کوردایەتییەوە، سەرەنجامیش دەکەونە ناو شەڕی شارچییەتیی و ناوچەگەرییەوە کە پارتیی و پایتەختی فاشیزمی کوردایەتیی، موستەفیدی یەکەمن.

بەڵێ، چۆن صەدام حوسێن و بەعثییەکان، سوننەی ناوچەکانی تری عێراقیان دەبرد بۆ بەغداد و نیشتەجێیان دەکردن، عەرەبی فەڵەسطین، میصر، یەمەن و ئوردنییان تێدا ئیستیطان دەکرد و بەرژەوەندییان بۆ دروست دەکردن، بۆ ئەوەی هەمیشە، دژی شیعە ناڕازییەکانی بەغداد، پاسەوانیی لە دەسەڵاتەکەی بکەن؟ بەهەمانشێوەش، پارتیی، هەرچی نۆکەر و جاشی سەردەمی بەعث هەیە، هەرچی کۆنە مەلایی و کۆنە جاش و کۆنە جەیشی شەعبیی و کۆنە شیوعیی و کۆنە ئیسلامیی و کۆنە دەعبا و تازە نوخبە و تازە ئەکادیمیست هەیە، لەشوێنەکانی تری کوردستانەوە( بەتایبەتیی لە ناوچەکانی سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوکەوە)، بەتایبەتتریش لە تێکڵهەڵکێشە عەشایەرییەکانی عەشیرەتی بارزان و ناوچەکانیانەوە، تا بۆی کرابێت، لە هەولێری ئاخنیون و ئیستیطانی ئەو شارەی پێکردوون. دیارە لەسەردەمی گڵۆباڵیزەیشن و تێکەڵبوونی شارەکان و تێکەڵاوبوونی شارستانییەتی شار و لادێکاندا، ئەمە زۆر ئاساییە کە دێمۆگرافیای شارەکان لەسەرتاسەری دونیادا دەگۆڕێن و بەردەوامیش ئەم گۆڕانانە روودەدەن. ئەوەی لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا لە هەولێر روویداوە، نەک هەر نۆرماڵ نییە، بگرە خەراباتێکی سیاسیی، دێمۆگرافیی و کولتووریی گەورەیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.

٣١ی ئاب، بەشێکی زۆری ئەو هەولێرییانەی وەدەرنا کە مێنتاڵیتیی سیاسیی و کولتوورییان لەگەڵ پارتییدا نەدەهاتەوە. بەشێک لەمانە لە سلێمانیی و ناوچەکانی تر گیرسانەوە، بەشێکی تریشیان، بەرەو هەندەران رۆیشتن. سەرەنجام، بەهێنانی بەشێک لە بارزانییە ئەزبەنییەکان و ئەو عەشیرەتانەی وەلائیان بۆ موئەسەسەی خێل هەیە، بەهێنانی هەرچی خەڵکی گوێڕایەڵ و ئەزبەنیی ناوچەکانی ترە بۆ شاری هەولێر و بەدەرکردن و دەرپەڕاندنی ئەو هەولێرییانەی کە “بەڵێ”ێان بۆ پارتیی نە دەگوت، بە با و بە باران، هەر لە بەفر ( لە هەولێر) کەم بووەوە. بە کیتاب و بە حیساب، بە داتا و بەئامار، ئەوە ناعەدالەتییەکی گەورەیە بەرامبەر هەولێر دەکرێ و خەڵکی هەولێر بە جەبان دەچوێنن و ناوچەکانی تریش بە قارەمان! ئاخر لە سلێمانیی و گەرمیان، بەردەفڕکێ لەگەڵ مەقەڕەکانی پارتییدا، ئازایەتیی نییە، بەڵکو لەگەڵ جەبەروتی تاڵانچییەکانی یەكێتییدا ئازایەتییە. راستییەکەی ئەو دۆخە دەڵەمەیەی هەولێر، چەند عەنتەرییاتیی و مافیایی پارتیی نیشان دەدات، ئەوەندەش خوێڕییەتیی دزەکانی یەکێتیی و جەبانیی گۆڕان و ئیسلامییەکانیش نیشان دەدات.

ئەوە وێڕای ئەوەی یەکێتیی، شەریکە دزی نەوتە لەگەڵ پارتییدا و بەرژەوەندیی ماددیی و دارایی باڵەکانی ناو یەکێتیی، بەرژەوەندییە میلیارد دۆلارەکانیان، لەسەروو هەموو حیساباتێکەوە، ئەژمارد کراوە. بە گوێرەی داتاکانی عەلی حەمە صاڵح، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پارلەمانی هەرێم بێت، مانگانە بڕی ٥٠٠ میلیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت، دیزە بەدەرخۆنە دەکرێ. ئەگەر ئەم دزییە نیوەیشی بەر یەکێتیی و باڵەکانی نەکەوێت، بەشێکی زۆر لەم پارەیە بۆ شەریکە دزەکانی یەكێتیی دەڕوات کە نەوتێکی زۆر لە ناوچەکانی یەكێتییەوە بە قاچاغ و بە رەسمیی، تاڵان دەکرێت.

بەو هۆکارانەی سەرەوە و بە دەیان هۆکاری تری سیاسیی و کولتووریی، شاری هەولێر، راناپەڕێت، خۆپیشاندان ناکات، دەسەڵات بەوپەڕی هەڵسوکەوتی مافیاییەوە سەرکوتی دەکات، هەزاران عەصابە و بەڵتەچیی شارەکانی تری تێدا بەسیج کردووە و بە موچەی رەیعیی و پارە بەخشینەوە، وەکو پاسەوانی خاوەن وەلائی عوظما، دڕی کردوون و پاسەوانیی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی خۆی لە هەولێردا، بەمانە دەکات. ئێستا، خەڵکی سەرجەم کوردستانی عێراق ( بەهەولێریشەوە)، لەبەردەم ئەم واقیعە تاڵە سیاسییەدان کە هیچ هێزێکی سیاسیی، توانای مۆبەڵایزکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی هەولێری نییە، بەڵام ئایا دەکرێت، سەرجەم خەڵکی کوردستان، بەتایبەتییش سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوک و ناوچەکانیان، ئەم هەموو باجە قورسە سیاسیی و ئابوورییە، بۆ دەیان ساڵی تر و بگرە بۆ صەدان ساڵی تر بدەن؟ بە دڵنیاییشەوە، شاری هەولێریش، لەبەرامبەردا، باجی شەریکە دزەکانی یەكێتیی و جەبانیی و بێڕوئیایی، گۆڕان و ئەو هێزانەی تر دەدەنەوە کە جاروبار بۆڵەبۆڵ دەکەن.

راستییەکی تریش هەیە کە من ئەگەر بە رەچەڵەک هەولێریی بوومایە، ئەوە دەبووایە بە تۆلێرانسێکی کولتووریی گەورەوە باسی بکەم. دەبێ دڵم ناسک نەبێت و بە قسەی هەندێ خەڵکی ناڕازیی شاروشارۆچکەکانی کوردستان، لەسەر بێدەنگیی و دەستەوەستانی هەولێر، دڵم نەڕەنجێ و پارتیی و موئەسەسەی فاشیلی کوردایەتیی، موئەسەسەی تاڵانچییەکانی دەوڵەتی کوردیی، سەرمایەگوزاریی سیاسیی و کولتووریی لەسەر نەکەن. بەشێک لەو هەولێرییانەی کە لە پارتیی و دەسەڵاتەکەی پڕ بوونە، هیچ سیمبوڵ و کاریزمایەک شک نابەن، پەنای بۆ بەرن و نزای لا بکەن، جگە لەوەهمی شاعیرێکی رادیکاڵی پاننەتەوەیی pan-nationalism ، پاننەژادیی و موهەڕیجی کوردایەتیی وەکو “پەشێو” نەبێت. ئەوە لەکاتێکدایە، ئەم شاعیرە جگە لە کۆمەڵێ ریتۆرێکی عمومییات و قسەی شەعبیی، هەرگیز ، سنوور و تخوبەکانی موئەسەسەی بارزانیی( نە باپیر، نە باوک، نە کوڕ و کوڕەزاکانی) نەبەزاندووە.

لە کاتێکدا، بەئاشکرا و بەوپەڕی حەماسەتی شاعیرییەوە، ئەنتی جەلالییبوون و ئەنتی نەوشیروانییبوونەکەی بە دەیان جۆر تەغرید کردووە و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، خزمەتی بە وەهمی پرۆژەی دەوڵەتی کوردیی و مافیاکانی کوردایەتیی، کردووە. لەباری ئاریستۆکراتییەتی فیکریی و سیاسییەوە، بەڕاستیی خەجاڵەتییە، شاعیرێک بکەم بە قدوەی شارەکەم، لەکاتێکدا، شیعر جگە لە قسەی قۆڕ و حەماسیی، جگە لە خۆخاڵییکردنەوەی باووبژ، بەدەردی هۆزەکانی ئەریتێریا، صۆماڵ و ئەفغانستانیش ناخوات. سەرەنجام، ئەگەر بە زەڕەبین بەدوای نوخبە و مونەوەرەکانی کوردایەتییدا بگەڕێی، ئەوە پەشێو، یەکێک لە چالاکترین و پڕتێکسترین( شیعر ) کەسەکانی ئەم مانیفێستە سیاسیی و ئابوورییە چەتەگەرییە کە ئێستا، دزە گەورەکانی ماڵی بارزانیی، ماڵی تاڵەبانیی، ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد و ناوەندی بڕیارەکەی( یەکێتیی=پارتیی)، بە صەدان میلیارد دۆلاریان لەژێر ساباتی فاشیزمی کوردایەتیی و حەماقەتی ناسیۆنالیزمی کوردیی و خورافاتەکانی دەوڵەتی کوردییدا، بۆ ئەبەد، لە نەوەکانی ئێستا و ئاییندەی کوردستان، دزییوە و بەردەوامیشن.

لێرەدا کە ناوی “پەشێو” هێنراوە، رەخنە لە کەسایەتیی و ناوەڕۆکی ئینسانییبوونی ئەو نییە، کەسێکی تا بڵێی کۆمەڵایەتیی و شەعبییە و جەماوەرێکی زۆر زۆری هەیە. لێرەدا کە وەکو میتافۆرێک بەکارهێنراوە، خەڵکێکی زۆر لەم پیاوەدا، کاریزمایی، خاوێنیی و جەرائەتی تێدا دەبیننەوە. لەکاتێکدا هەموو گلەییەکانی ئەم شاعیرە لە خوزیعبەلاتەکانی دەوڵەتی کوردیی و مانیفێستەکەی( کوردایەتیی) ئەوەیە کە رادیکاڵ نیین، لەبەرامبەر عەرەب وعێراقدا توند نیین، ماڵی والیی بەڕاستیان نییە و جدیی نیین لەسەر پرۆژەی هەرێمی سوننیی( خەلانۆچکەی کوردیی) ، لە گەڵ کۆمەڵێ وردە گلەیی فۆرماڵیی و شیعریی و…تاد. سەرەنجامیش ئەم میتافۆرە کاریزمایەی کە هەندێک لە هەولێرییە ئەنتی پارتییەکانیش پێی موعجیبن، بە راستەوخۆ و بەناڕاستەوخۆ، دەڕژێتەوە ناو پرۆژەی ئیستیحماری کوردایەتیی.

دەردێکی تری هەولێرییەکان، نەبوونی شەخصییەتێکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنە( ئەمە بۆ سلێمانییش، تا رادەیەک راستە). سەردەمانێک کۆسرەتیان هەبوو، بەڵام ئێستا ئەم بیزنسمانە میلیاردێرە، هەڵەی وا ناکات دژایەتیی داگیرکاریی ٣١ ی ئاب و برسییکردنی خەڵکی کوردستان و ئەوهامەکانی بارزانیی بکات، چونکە کۆمپانیاکانی، بیزنسەکانی، ئەقوام و ئەعوانەکانی زەرەرمەند دەبن. سەردەمانێک غروری سیاسیی و عەسکەریی ئەم پیاوە لە هەولێردا، لە لووتکەدا بوو. بە زمانی شەعبیی، مەثەلی ئەعلا( مثل الاعلاە) بوو. ئێستا بە وەفدێکی هاوبەش دەیبەن بۆ بەغداد و تاوێک گۆرانیی” مافی چارەی خۆنووسین”ی پێدەڵێن و تاوێکی تر حەیرانی توانەوەی بەستەڵەکی نێوان بەغداد و هەولێری پێدەڵێنەوە. دەردی هەرە گەورەی کۆمەڵناسیی سیاسیی شاری هەولێر، نەبوونی ئاگایی جەماعییە( ئاگایی کۆلێکتیڤ- collective consciousness ). ئەم ئاگاییە سیاسییە پێوەندیی بەوەوە هەیە، لەجوغزی مێژووییەوە، شاری کەسابەت و دەست بەکڵاوگرتنەوە بووە، لەبەرامبەردا کە سلێمانیی زرت و خورتە، پێوەندیی بەوەوە هەیە کە کۆمەڵێ بنەماڵە دروستیان کردووە و ئێستاش، چەمکی” خەڵکی شارەکە” برەوی هەیە. هاوکات، بە تەمەنی لەسەروو ٢٠٠ ساڵەوە، بەهۆی نزیکیی لەسنوورەوە، بەهۆی کاسبیی قاچاغ و قاچاغچییەتییەوە، ئابووریی سلێمانیی و ئابووریی هەولێر، تیجاڕەت لەم دوو شارەدا، زۆر جیاوازییان هەبووە و هەیە.

ئێوە سەیربکەن، لەسەر ئەتککردنی پێشمەرگەیەک لە بنەسڵاوە لەلایەن عەصابەکانی دەوڵەتی مورتەزیقەی کوردییەوە، ئەو هەموو داهێنەرەی هەولێر( بەهەزاران) ئەو هەموو تڕوتەشقەڵەیەی ناوی خۆیان ناوە شاعیر و ماعیر، ئەو هەموو نووسەرە رانتخۆر و ئەدیبە راپۆرتنووس و ژۆرناڵیستە جاسوسانە بکەن، تەنانەت ئەوانەی هەندەرانیش، بەشێک لەوانەی کە رەخنە بە زمانی گوڵ دەگرن و عەطری شەنێڵ chanel ی لێدەدەن، بە حوکمی ئەوەی لینکی تیجاڕیی و بەرژەوەندییان بە شاری هەولێرەوە هەیە، نایانەوێ قائیدی کوردایەتیی و حیزبەکەی، نیگەران بکەن و بەرژەوەندییەکانیان بخەنە مەترسییەوە. سەرەنجام دێن، بە زمانێکی پڕ لە لوغز، بە زمانێکی شاراوە و داپۆشراو، منگەمنگێکی گشتیی دەکەن و هەر زووش دەچنەوە سەر مەعدەنە ئەصڵییەکەی خۆیان.

بەو داتاو ئامارە مێژوویی و کولتوورییانەی لەبەردەستدان، بەو تەجرەبە سیاسییانەی رابردوو، نە یەکێتیی سەرمایەگوزارییەکانی خۆی لە هەولێر و لەگەڵ ماڵی والییەکەی تورکیادا دەخاتە مەترسییەوە، نە گۆڕان دەیەوێ هیچ جۆرە موجازەفەیەکی سیاسیی بکات، نە ئیسلامییەکانیش خەیاڵاتی دینیی و دونیاییان بەلای خۆپیشاندان لەهەولێردا دەڕوات و سەرەنجامیش نە چەپ و مارکسییەکانیش، توانای جوڵاندنی شەقامیان هەیە. ئەی دەبێ چیی بکرێ؟ بە چەمکی سۆسیۆسیاسیی، هەولێر لەماوەی دوو صەد ساڵی رابردووی خۆیدا، ئینتێگرەیشنی سیاسیی، کولتووریی و ئێستا، ئابوورییشی هاتووەتە سەر، لەگەڵ ناوچەکانی تری کوردستاندا بەتەواویی نەکردووە. ئایا دەبێ بێدەنگیی ئەم شارە و بێدەنگیی و هەلپەرستیی حیزبە میوان و دەستبەسەرەکانی ئەم شارە( جگە لە پارتیی و عەنتەرییاتەکانی)، باجەکەی هەموو خەڵکی کوردستان، بیدەنەوە. ئایا چارەسەری جدیی و واقیعیی، هەر بوونی نییە؟ ئایا ناتوانرێ سلێمانیی، کەرکوک و گەرمیان بکرێن بە مەشخەڵی سەرەتای ئازادبوونی هەولێر و شکاندنی ئەم هەموو طەوقە سیاسیی و کولتوورییە؟ ئایا ئەم وەهمە سیاسییەی حکومەتی چەتەکانی کوردایەتیی( حکومەتی هەرێم)، پشتیرە گەورەکەی ناونراوە ئەنجومەنی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ مەجیلسە تەشریعیی و تەنفیذییەکەی سەردەمی بەعثدا هەیە؟ ئایا مامەڵەکردنی ناوچەکانی تری کوردستانی عێراق، لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و دوور لە هەژموونی والییەکەی ئەردۆغان، ئیمکانی نییە؟ ئایا تا کەی خەڵکی شاری هەولێر و زۆربەی ناوچەکانی تری کوردستان، بۆ چەند دەیەی تر چاوەڕوانی یۆتۆپیای خۆپیشاندان لە هەولێر بن؟ و سەرەنجامیش ئەم چەتەگەریی و قەرصەنە ئابوورییە لەسەری سەرەوە، درێژ بکێشێت؟ ئەم پرسیار وئارگیومێنتانە، لەبەشی دووەمی ئەم وتارەدا، بەدوای سەرە داوەکانیدا دەگەڕێم.


لاپەڕە ١٥ و ١٦ لەم کتێبەدا:

https://urbanforensics.files.wordpress.com/2012/09/inthenatureofcities.pdf

……………………………..




خه‌ونه‌كه‌ی تاڵه‌بانی بوبه‌ كابوس … كاروان ته‌یب

دوای كیمبابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌چه‌ند رۆژێك، رۆژنامه‌نوس و كوردناسی دیاری فه‌ڕه‌نسی، كریس كۆچێرا، چاوپێكه‌وتنێك، له‌سه‌ر پرسی كورد، له‌گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ئه‌نجامئه‌دات و له‌ 25ی ئازاری 1988 رۆژنامه‌ی لیبراسیۆن-ی فه‌ڕه‌نسی بڵاویئه‌كاته‌وه‌.
تاڵه‌بانی له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی باس له‌ كیمیابارانكردن و هاوپه‌یمانێـتی نێوان فه‌ڕه‌نسا و رژێمی عیراق و كوژرانی پێنج هه‌زار له‌ دانیشتوانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌كات، ئاماژه‌ به‌ پرسی كورد و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ئه‌كات ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ناوی ناوه‌ “كۆماری كوردستان”، بۆ ئه‌وه‌ش تاڵه‌بانی بونی نه‌وت و سه‌رچاوه‌ی تری سروشتی له‌ كوردستان به‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی دائه‌نێت بۆ دمه‌زراندنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌، به‌ڵام ئایا ئه‌و خه‌ونه‌ی تاڵه‌بانی چۆن ده‌چو؟
تاڵه‌بانی ئاماژه‌ به‌ خه‌ونه‌ گه‌وره‌كه‌ی كورد ئه‌كات له‌ كوردستانی عیراق كه‌ دروستكردنی كیانێكی سه‌ربه‌خۆیه‌. له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ ئه‌ڵێت:”ئێمه‌ خوازیاری دامه‌زراندنی كۆماری كوردستانین. ئه‌و كۆماری كوردستانه‌یش ئه‌كرێت له‌گه‌ڵ عیراقدا بمێنێته‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌ی سیستمێكی فیدراڵی، هاوشێوه‌ی وڵاتانی كۆماری یۆگۆسلاڤیا، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی عیراق ببێ‌ به‌ وڵاتیكی دیموكراسی، له‌م حاڵه‌ته‌یشدا ئه‌گه‌ر عیراق به‌و شێوه‌ دیكتاتۆرییه‌ بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا جیائه‌بینه‌وه‌.”
له‌ درێژه‌ی وه‌ڵامه‌كانیدا بۆ رۆژنامه‌نوسه‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌، تاڵه‌بانی ئه‌ڵێت:”له‌به‌رئه‌وه‌ی (وڵاته‌كه‌مان) ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌نه‌وت و سه‌رچاوه‌ی تری سروشتی و خاكێكی به‌پیتی هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها خه‌ڵكی كوردستان كارامه‌ن، بۆیه‌ ئه‌توانین وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و گه‌شه‌كردو بنیادبنێین”.
تاڵه‌بانی ئه‌و كاته‌ داوا ئه‌كات كه‌ عیراق ببێ‌ به‌ دیموكراسی، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌و دیموكراسی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌عیراق هه‌یه‌ له‌ كوردستان نییه‌. له‌ عیراق له‌ دوای 2003 ه‌وه‌ سێ‌ سه‌رۆكی گۆڕیوه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان له‌و ماوه‌یه‌ ته‌نانه‌ت یه‌ك سه‌رۆكیشی نه‌گۆڕیوه‌. واتا رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی وتویه‌تی له‌ ئێستادا هاتوه‌ته‌دی. ته‌ناته‌ هه‌مو روداوه‌كان ئه‌وه‌مان پێئه‌ڵێن تا ساڵی 2021 هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان ناكرێت، كه‌چی له‌ عیراق له‌كات و ساتی خۆی ئه‌كرێت، وه‌زیر لێپێچینه‌وه‌ی لێئه‌كرێت و متمانه‌ی لێوه‌رگیرێته‌وه‌، په‌رله‌مان و حكومه‌تێكی كارا هه‌یه‌، داهاتی نه‌وت شه‌فافه‌، بودجه‌ له‌كاتی خۆی په‌سه‌ند ئه‌كرێت…هتد ئه‌وانه‌ هیچی له‌ هه‌رێمی كوردستان ( كه‌ ئه‌و كۆماره‌ كوردییه‌یه‌ تاڵه‌بانی باسی كردوه‌) نییه‌.
سه‌باره‌ت به‌ سه‌روه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش، له‌ دوای ساڵی 2008 ه‌وه‌، نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن “هه‌ندێ‌ سیاسییه‌كانی سه‌ربه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان تاڵانئه‌كرێت یان به‌ قاچاخئه‌برێت”، له‌ دوای “رێككه‌وتنی سیاسی” یه‌كێـتی و گۆڕان، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چاوپۆشی له‌ یه‌كێـتی ئه‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه‌، له‌ماوه‌ی شه‌ورۆژێكدا، بوبێـت به‌ “نه‌زیه و پاك و بێگه‌رد”! به‌وه‌ش گۆڕان ئه‌بێته‌ به‌شێكه‌ له‌و سیستمه‌ گه‌نده‌ڵه‌ی كه‌ هه‌یه‌.
دیاره‌ ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ تاڵه‌بانی باسی لێكردوه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ركوكه‌. ئه‌وه‌تا له‌دوای 2014 ه‌وه‌ –دوای هاتنی داعش- ئه‌و شاره‌ به‌خۆی و نه‌وته‌كه‌یه‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورده‌. “چه‌ند سیاسیه‌كی پارتی و یه‌كێـتی ئێستا خۆیان نه‌وتی كه‌ركوك و كوردستان ئه‌به‌ن”. بۆ پشت راستكردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ به‌ لێدوانێكی شاڵاو عه‌لی عه‌سكه‌ر، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێـتی ئه‌كه‌م كه‌ وتی:” ئیتیفاقی ژێربه‌ژێر له‌ نێوان (یه‌كێتی و پارتی) هه‌یه‌ بۆ بردنی نه‌وتی كه‌ركوك”. به‌ كورتی “رۆژانه‌ زیاتر له‌ 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ئه‌كرێت، به‌ڵام داهاته‌كه‌ی شه‌فاف و دیار نییه‌”، له‌ولایشه‌وه‌ “رۆژانه‌ به‌رده‌وام به‌ته‌نكه‌ر نه‌وت و گاز به‌ قاچاخ ئه‌برێن”.
كاتێك باش بۆمان رونئه‌بێـه‌وه‌ كه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان چی كاره‌ساتێكیان به‌سه‌ر كوردستان هێناوه‌ كه‌ خۆیان ناكۆكی و ململانێ‌ بكه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامان و دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وتی قاچاخ.
هه‌ر ئه‌وانه‌ش وائه‌كه‌ن كه‌ خه‌ونه‌كه‌ی تاڵه‌بانی ببێت به‌ كابوس. چونكه‌ نه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا دیموكراسی تره‌ نه‌ نه‌وت و سامانی سروشتی بون مایه‌ی خێر و خۆشی بۆ كورد.

karwantayib@gmail.com




ئاوازه‌ ماندووه‌كانی یه‌كته‌نی … نه ژاد عزیز سورمێ … به‌شی دووه‌م

-c-
نه‌ژاد ! خود له‌ بارێكدا نییه‌
ڕه‌هایی ده‌ربڕێ…
ئیتر نه‌ما ،
دیدار ئاخر بوون ، جێی سه‌رنج بێ…
به‌سه‌رچوون
ئه‌و ڕۆژگارانه‌ی ماسك و ڕووبه‌ند
هه‌ر له‌ دوور ڕا ده‌رده‌كه‌وتن…
نه‌ژاد ! پێم كه‌وتۆته‌ سه‌ر ڕه‌شانگ ،
كه‌چی هێشتا
به‌فر نایه‌ڵێ
ئاسووده‌ سه‌رخه‌وێ بشكێنم…
به‌فر نایه‌ڵێ چاوم بپشكوێ و
شه‌فه‌ق و بووڵێڵ بگه‌یێنمه‌وه‌یه‌ك…
هاوسه‌نگیی سرووشت
دڵساردی نه‌ده‌گه‌یاند…
ئه‌ندازه‌گیریی ،
كارێك نه‌بوو له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ستدا كردیان…
مێرخاسی ،
ئیتر ناوكۆیی (هاتیی) نییه‌ ،
ختوكه‌ی ڕه‌هێڵه‌ بدا و
مه‌وسیمی چرۆ و نه‌وای هوزاران ده‌سته‌مۆ بكا…
با به‌ خه‌ونه‌كانماندا بچینه‌وه‌…
وه‌ختی هاتووه‌
بزانین چیمان له‌ بیر كردووه‌…
داوامان لێده‌كه‌ن :
شه‌باقه‌ی برینه‌كانمان كراوه‌تر بێ ..!
تا خوێنمان كه‌ژاوه‌ی ماریینز و
یاریه‌ خنجیله‌كانی ده‌سه‌ڵاتی پایته‌ختان ،
ڕه‌نگینتر بكا…
بۆ نا !؟
پاكدامه‌نی ،
كه‌ی له‌ ئه‌لف و بێی سیاسه‌ت
جێی بووه‌ته‌وه‌…
ئه‌و غه‌یبه‌
به‌ كام سۆز كه‌شف ده‌كرێ ؟

نه‌ژاد !
هه‌ڵه‌تێكه‌ ،
نازانی نه‌ بڕۆی ، نه‌ وچانێ بده‌ی…
نه‌ گیانی شه‌كه‌تت
بده‌یته‌ به‌ر ئاوهه‌ڵدێرێ
قیبله‌نمایێكت پێ نییه‌ ،
نازانی ڕووت له‌ كوێستانه‌
یا گه‌رمه‌سێر…

له‌م ڕه‌وه‌زه‌نه‌وه‌ ده‌یانبینم ،
چوارشانه‌ ،
به‌ ڕسكان ڕسكاون…
لێزمه‌ و گه‌واڵه‌ هه‌ورانیش ڕاده‌گرن ..
لێ چاوغایه‌نن ،
بڕوایان پێ مه‌كه‌ن…

ئه‌وه‌ ده‌مگۆ نییه‌ نه‌ژاد !
ئه‌وه‌ په‌رته‌وی نهێنیه‌ دره‌وشاوه‌كانه‌…
له‌م ڕه‌وه‌زه‌نه‌وه‌ ده‌یانبینم…
به‌ شه‌یدابوون، شه‌یدای خیانه‌ت و ده‌رهاورده‌كانین…
ئه‌وه‌ ده‌مگۆ نییه‌ نه‌ژاد !
ده‌مگۆ نییه‌…

8.7.2004

-D –
(( فڕین به‌ فڕین ده‌ست پیِ ناكا.
ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ فڕین فێر بێ
دبێ له‌ پێشدا وه‌ستان و ڕۆیشتن و هه‌ڵاتن و سه‌ركه‌وتن فێر بێ…))
نیتچه‌

له‌ وه‌ته‌ی هه‌ین
هه‌وراز ده‌مانداته‌ ده‌ست نشێو و ،
نشیێو ڕوو به‌ ڕووی هه‌ورازمان ده‌كاته‌وه‌…
له‌و كۆسته‌وه‌ بۆ ئه‌و كۆست…
خانه‌گه‌ردان…
ماڵ به‌ كۆڵ…
به‌ ڕووباران خوێنمان داوه‌…
به‌ بڵندی چیایان كه‌لله‌سه‌رمان پژاوه‌…
ئێمه‌ فڕینمان به‌ فڕین
ده‌ست پێ نه‌كردووه‌…

لێره‌…

له‌سه‌ر خاكی خۆمان هێللانه‌مان چێ كردووه‌
له‌و سه‌ره‌وه‌ هاتوون
بێ ئه‌وه‌ی غه‌درێكمان لێكرد بن ،
یا سنووری باخچه‌كانیانمان به‌زاند بێ
لێیان تێكداوین…

ئێمه‌ فڕینمان به‌ فڕین ده‌ست پێ نه‌كردووه‌…
هیچ نه‌ما پێمان نه‌كه‌ن…
ڕێگه‌ی داهێنه‌رانه‌ی وایان له‌ ئازاردان و
كوشتن و
ڕه‌شكردنه‌وه‌مان داهێنا
كه‌سنه‌كرده‌…
به‌ڵام ئێمه‌ عاشقی چیان بووین ،
عاشقی هه‌تاو و خاك و باران بووین و
نه‌نووستین .
ئێمه‌ فڕینمان به‌ فڕین
ده‌ست پێ نه‌كردووه‌…

ئێمه‌ به‌رله‌وه‌ی
ده‌ستمان بگاته‌ ئه‌و هێشووه‌ ،
زۆر چڵمان له‌ ژێر پێدا شكاوه‌
خۆمان به‌ هی تر گرتۆته‌وه‌…
ئێمه‌ فڕینمان
به‌ خوێن و
فرمێسك و
به‌ تاوی گریان و
به‌ ته‌كانی هه‌ڵات هه‌ڵات و
به‌ چاوه‌ڕوانی زیندان و
گه‌رده‌لوولی ئه‌نفال و كیمیاباران و
به‌ زوڵمی مێژوو و جوغرافیاوه‌ ده‌ست پێ كردووه‌.
ئێمه‌ فڕینمان به‌ فڕین ده‌ست پێ نه‌كرده‌وه‌.
2004.3.8

-E –
زینده‌ خه‌ونن ،
ئه‌و هاوكێشه‌ ناهاوسه‌نگانه‌ی
وه‌ك ئینجانه‌یێكی گڵ له‌ ده‌ستمان گرتوون…
زینده‌ خه‌ونن..

ئێمه‌ گرێژنه‌ی ده‌رگا تێكشكاوه‌كانمان ،
هێشتا هه‌روا ماوه‌ته‌وه‌..
ئاهه‌نگێكمان به‌ بوونی ، نه‌بووی
ده‌ورو زه‌مانێكی زۆرمان نه‌داوه‌..
ده‌رچوو زۆربه‌مان ،
له‌ به‌رنامه‌ی زینده‌به‌چاڵكردنی خه‌ونه‌كان..
له‌ به‌دنیهادی بێ ئه‌ندازه‌ی
وه‌فا و شه‌رم نه‌گه‌یشتبووین.
ده‌رچوو ئێمه‌ سه‌هو بووین..
ده‌رچوو…(؟!)

زینده‌ خه‌ونن ،
ئه‌و كوانووانه‌ی
له‌ دووكه‌ڵ زیاتری لێ دیار نییه‌ ،
سه‌رسام..
حه‌په‌ساو..

براده‌ره‌كه‌م ، له‌ هه‌نده‌ران ده‌ژی..
گرفتی گه‌وره‌ی ئه‌وه‌یه‌ ،
وه‌رزه‌كانی ساڵی لێ تێكچووه‌ ،
براده‌ره‌كه‌م ،
گه‌نجینه‌ی به‌رده‌رگای ماڵی خۆیان نابینێ !
چووه‌ به‌ دوای ئه‌و گوڵانه‌دا ده‌گه‌ڕێ
كه‌ ( له‌وێ )
له‌سه‌ر ته‌رمی مردووانی داده‌نێن..
ئه‌و له‌وه‌ته‌ی سه‌ری هه‌ڵگرتووه‌ ،
سه‌یری ئاوێنه‌ی نه‌كردووه‌ و
ئادگاری خۆی نه‌دیوه‌..
دوای ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه‌
هاتبوو به‌ په‌رۆشه‌وه‌
سیماو ئادگاری خۆی ببینێته‌وه‌ ،
ئه‌و تا خۆی نه‌دیبوو ،
نه‌یده‌زانی ئه‌وه‌نده‌ ماندووه‌..
ئه‌و تا خۆی نه‌دیبوو ،
نه‌یده‌زانی ئه‌ونده‌ ئومێد دزراوه‌..
ئه‌وه‌نده‌ هیچه‌..
زینده‌خه‌ونن..
ئه‌و مامڵه‌ت و سه‌روسه‌ودایانه‌..
وژه‌ی (با) ن
كاسیشی كردووین ،
دووكه‌ڵی كووانویش
كه‌ دیار نییه‌ له‌ ئاگره‌وه‌یه‌ ، به‌ ڕوودا ئه‌دا..
به‌ خێر له‌ به‌فرانباری ته‌مه‌ندا..
ڕه‌شانگمان لێ ده‌ركه‌وتبوو.
به‌خێر خه‌ریك بوو
هه‌نگاو هه‌ڵێنین..
زینده‌ خه‌ونن..
زینده‌..خه‌..و..ن..ن.
كانوونی دووه‌م 1995

-F-

ڕێگاكان به‌ره‌ و كوێمان ده‌به‌ن ؟
ڕه‌شه‌با به‌ زمانی ڵاَلمانه‌وه‌
ئاسۆی مێژوو
ئاسۆی جوغرافیا
ئاسۆی ڕه‌نگ و مردن ..
ئاسۆی سیاسه‌ت و قیامه‌ت ..
هه‌موو ئاسۆیه‌كان
ده‌كرێن به‌ پێكێك و :
له‌ شه‌وه‌ لاڵه‌كان
له‌ شه‌وه‌ كوێره‌كاندا هه‌ڵده‌درێن..

ئه‌و پێكه‌شتان نۆش !

به‌ ئێوه‌ چی
ژێیه‌كان ده‌پسێن ؟
به‌ ئێوه‌ چی
ڕوانینه‌كان هه‌ناسه‌ سوار ده‌كرێن ؟
به‌ ئێوه‌ چی
چیاكان خاكه‌شین بپۆشن ؟
به‌ ئێوه‌ چی
مه‌رگ و
ده‌نگ و
كوێرایی ؟
به‌ ئێوه‌ چی..؟

ڕێگاكان
به‌ره‌و كوێیان بردین نیشتمانه‌كه‌م؟
ئه‌وه‌ خه‌ون بوو یا مۆته‌كه‌ ؟
ئه‌و پرخه‌ بوو یا ئاوزنگ دان ؟
ئه‌وه‌ چه‌پڵه‌ی
گرگنه‌ حوجه‌كان بوو
یا فیكه‌ی سۆزانییه‌كان..؟
نیشتیمانه‌كه‌م..
چی ما نه‌یانده‌ییێ و
چی ما پێت نه‌كه‌ن ؟
ئه‌وه‌ی پێت نه‌كرابوو ، پێیان كردی…
ئه‌وه‌ی نه‌ت دیبوو ، پێیان دیتی..
ڕێگاكان ،
به‌ره‌و كوێیان بردین ؟
زمانی
چه‌كی ژه‌نگاوی قاچاخچییان..
ڕۆژگاری
سه‌ره‌تاتكێی
هه‌رچی و په‌رچی و
ماستاوچی و
كارخانه‌چی و
چی و چی.. بۆ كوێی بردین ..
نیشتیمانه‌كه‌م ،
نیشتیمانه‌ له‌ت له‌ت و
بێ ئاسمان و
چرا و
بێ ڕێگا و
بێ ئاسۆیه‌كه‌م..!

ئیتر شه‌وتان باش!
كه‌ خه‌ونی مناڵانتان
زینده‌ به‌چاڵ كرد و
دواڕۆژتان له‌ پێ كرد..
شه‌وتان باش !
شه‌هیده‌كانتان
جارێكی دی شه‌هید كرده‌وه‌…
شه‌وتان باش !
شه‌وتان با
شه‌وتان
شه‌و…
شوباتی/ 1995

-G-
خه‌زێنه‌ و ده‌وڵه‌ت ، له‌ به‌ر دره‌گای خۆته‌…
تۆ…
ده‌خوازێ هه‌وڵبده‌ی
به‌ هێزی دیماهینه‌هاتووی جوانی بچیته‌ مه‌یدان…
بۆنایێن (وه‌زاره‌تی جوانی) و
(به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی جوانی) و
(كۆمپانیای سنوورداری جوانی) دابمه‌زرێنین ؟
كوردینه‌ ! وڵاته‌كه‌ی خۆتان نابینن ؟
وه‌رن ئه‌مجاره‌
به‌ چاوی ناخ ته‌ماشای كه‌ن…
ببینن چۆن مێژووتان نه‌خوێندۆته‌وه‌…
ببینن
چه‌ند كۆڵه‌وار و
چاوله‌ده‌ر و
بێ ئاراسته‌ن…
نیگاتان بۆچی په‌رت بووه‌…؟
ئه‌وه‌تا خه‌زێنه‌ و ده‌وڵه‌ت له‌ به‌رده‌رگای خۆتانه‌…
ئای له‌ ئێوه‌ !!
كه‌ به‌ خۆشتان ناوه‌ستن…
ئای له‌ ئێوه‌ ،
هه‌وڵناده‌ن جیهانبینییه‌كتان هه‌بێ…
ئای له‌ ئێوه‌ی
به‌ جارێ
پێتان
له‌ به‌ری خۆزگه‌ و مرازان بڕیوه‌…
بۆ كوێ ده‌چن؟
به‌ دوای چیدا ده‌گه‌ڕێن ؟
ئه‌وه‌تا خه‌زێنه‌ و ده‌وڵه‌ت
له‌ به‌رده‌رگای خۆتانه‌…
چارێكی دیكه‌تان كه‌ نه‌ماوه‌…
یا ده‌بێ هه‌بن ،
یا هه‌بن…
( ڕۆشنایی ناخه‌ تیشك داوێ…
نه‌ژاد بیانبینه‌، هه‌موو شتێكیان هه‌یه‌…
بیانبینه‌ نه‌ژاد !
له‌ هه‌موو شتێك بوونه‌ته‌وه‌ ،
ئیتر نازانن چی بكه‌ن…
ئه‌و خه‌مه‌ی یه‌خه‌ی گرتوون
تووشی كه‌س نه‌بێ…
تیا ماون له‌وه‌ی
بۆچی گوڵ بۆنی جارانی نه‌ماوه‌…
بۆ ناتوانن وه‌ك جاران
گوێ بۆ خوڕه‌ی ئاوهه‌ڵدێران ڕادێرن ،
كه‌ ده‌نگی هه‌ندێكیان
وه‌ك ده‌نگی وێككه‌وتنی
هێشوه‌ ترێیان وایه‌…
نه‌ تامی چا وه‌ك خۆی ماوه‌ ،
نه‌ دانیشتنی چایخانه‌ و
پیاسه‌ی ئێواران…
هه‌موو شتێكیان هه‌یه‌…
نه‌ زه‌رده‌ی سه‌ران…
نه‌ یه‌كه‌مین بارانی پایزان
سه‌رنجیان ڕاده‌كێشێ…
تیا ماون…
هه‌موو شتێكیان هه‌یه‌ و ،
له‌ هه‌موو شتێك بوونه‌ته‌وه‌..
نازانن چی بكه‌ن…
به‌ ڕاستی شایانی دڵنه‌وایین…
شایانی به‌زه‌یین…)
2004.7.24

-H –
نه‌ژاد سه‌یركه‌ !
ده‌فژن
به‌ چ ڕوانین و جیهانبینییه‌ك
له‌ مه‌داری كه‌شف و یه‌قیندا گیرساونه‌ته‌وه‌ ،
كه‌ له‌ من و تۆ ونه‌ !
نه‌ژاد !
بڵێسه‌ هه‌مان بڵێسه‌ بوو ،
تیشكی له‌ دره‌وشانه‌وه‌ی جیهانئاراوه‌
به‌ناو كۆڕی غه‌ریب و ئاشنایاندا ده‌پڕژاند…
ئای كه‌ نهێنیه‌كی گه‌واهیده‌ر بوو ،
هاتین (پاكی) مان به‌ ته‌رازووی لاسه‌نگ كێشا ،
كه‌چی
هه‌ڵه‌گۆیی به‌ ته‌رازوویه‌كی هاوسه‌نگ !
ژه‌هره‌ گوڵنار نه‌ژاد !
باده‌ی دوای نیوه‌شه‌وانی ده‌روێشی…
غه‌مزه‌ی وشكه‌ بڕواییه‌…
ڕاڕه‌وه‌ی یاساشكێنی…
له‌ نادانییان نه‌بوو ،
ده‌فژه‌ن به‌و ڕوانینه‌
وه‌همی دادڕه‌سیی
به‌ره‌و باره‌گای نوور به‌ كۆڵدا ده‌ده‌ن…
ژه‌هره‌ گوڵنار ،
شارای زه‌مانی(قاتیی) یه‌…
نه‌شئه‌ی باده‌نۆشی كه‌ناره‌كانه‌…
چ هه‌ڵپه‌یه‌كه‌
نیوسه‌ده‌ زیاتره‌، (دارا) دارێكی نه‌دی…؟
لێڕوانین
له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی سرووته‌ ڕسكاوه‌كاندا كه‌نارگیره‌…
شاش بووه‌ ،
به‌ دوای چه‌شه‌یێكدا ده‌گه‌ڕێ
سه‌راپای له‌ خۆنووسانه‌…ونه‌…
ده‌فژه‌ن ئاشنان… نامۆ نین
چه‌می چاوان و
هۆشی مه‌ستی و
ڕوناهی دڵان ده‌بینن…
وه‌نه‌وشه‌كان كه‌ ڕازێكیان تێدا نه‌بوو…
ئه‌وه‌ ته‌بعی هه‌ڵبوون بوو
له‌ شه‌وێكی ده‌یجوور و نوته‌كدا…
ئه‌وه‌…
كانی زه‌مه‌ندێكه‌
ڕه‌نگ به‌ په‌لكه‌گیا ده‌دا و
بۆن به‌ عه‌تر ده‌به‌خشێ…
ئیتر چ به‌رگرێك هه‌یه‌
دارستان له‌گه‌ڵ بوڵێڵدا نه‌سووتێ…؟
ده‌فژه‌ن بێ په‌روایه‌ ،
ده‌خوێنێ و ده‌ڕوا…
خۆشخوانی ، كه‌ شۆخی نییه‌ براده‌ر…!
برینی بێشاڵانانه‌ ،
نیگاری سۆز
باڵنده‌ی به‌رزه‌فڕ و
سایه‌ی چیله‌مێو…
گه‌ڵا
گه‌ڵا
نه‌ژاد بڕوانه‌ !
گه‌ڵا چۆن بوون به‌ ئاوێنه‌ی وه‌رزه‌كان
ده‌فژه‌نیش به‌ گوڵی دیوان…
2004.6.26

-i-
چی بگێڕمه‌وه‌؟ به‌ ته‌نێ بووین…
بیابانێكی بێ پایان بوو ،
بێ داد ، بێ هانا…
گه‌رده‌لوول ، په‌یامی نیهانیی و
خه‌نده‌ی له‌سێداره‌دراو…
چی بگێڕمه‌وه‌؟
ڕێكه‌وت سرووشت به‌ده‌ر بوو ،
به‌هانه‌گر ، ڕاگواسته‌…دڵگه‌رم…
تۆ بڵێ خه‌ونی ڕه‌هێڵه‌…
ڕامانی باران…
ئاوڕدانه‌وه‌ی به‌فر و
فڕینی سێبه‌ر…
چی بگێڕمه‌وه‌ ، كاكه‌ نه‌ژاد !
كارخانه‌یه‌ك بوو بۆ خۆی ،
له‌ كزه‌بای به‌یانییان پشێوتر ،
سوخته‌ی دڵڕه‌شان…
چی بگێڕمه‌وه‌؟
ئه‌و وه‌ختی هه‌موو وه‌رزه‌كان
یه‌ك وه‌رز بوون
به‌ڵام نازانم…
به‌بیرم نه‌ماوه‌ كام وه‌رز بوو…
ئه‌گه‌ر بڵێم زستان بوو دڵنیا نیم…!
ئه‌گه‌ر بڵێم پایز بوو… دڵنیا نیم…!
ئه‌گه‌ر بڵێم به‌هار بوو… هاوین بوو
دڵنیا نیم…!!
له‌ بیره‌خه‌و ڕا چوو بووم ،
ئاگام لێ نه‌بوو
هاتبوو دڵی ماندوومی
له‌ جانتاكه‌ی هاوێشتبوو و
ڕۆیشتبوو…
كه‌ هۆشیار بوومه‌وه‌ ،
ده‌ستم له‌ سنگم كوتا، ئینجا زانیم…
لێ پاشی چی…؟ چی بگێڕمه‌وه‌ ؟
چی بگێڕمه‌وه‌.. كاكه‌ نه‌ژاد…!؟

2004.9.2




ناساندنی کتێب… کەوتنی ئاسمانەکان (رۆمان) جەبار جەمال غەریب

ناساندنی کتێب…
کەوتنی ئاسمانەکان (رۆمان)
جەبار جەمال غەریب
لە بڵاوکراوەکانی ناوەندیی رۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە
چاپی یەکەم ٢٠١٦………………… ٣٠٧ لاپەڕە.
بە دوو مانگ و دوو رۆژ نوسراوە…

هەڵۆ بەرزنجەیی
١/١٠/٢٠١٦
<< دەشێ کۆترێک دەنووک لە گومبەزی ئاسمان بدات و کونی بکات،بەڵام بەرنامەکەی ئەوی پێ هەڵناوەشێتەوە>> یەکەم دێڕی،دەستپێکی رۆمانەکە.

لەم بەرهەمەدا، رووبەرووی دەقێکی ئەدەبی دەبینەوە،کە نووسەر،چ بوارێک بۆ خوێنەر ناهێڵێتەوە،چاوێ بنووقێنێ و پیاڵەیەک چا فڕ بکات و هەناسەی پشوودانێکی ئارامبەخش هەڵکێشێ..ئاخر نووسەر هێندە بە کارامەیی باس و دیمەن و رووداوەکان،بە سەلیقەوە پێکەوە گرێدەدات و تابلۆیەکی ئەمەندە وورد و جوان دەنەخشێنێ،خوێنەر ناتوانێ بەسانایی دەست لە خوێندنەوە هەڵگرێ،بەواتایەکی تر رووداوەکان هێندە ووروژێنەر و سەراسۆێکەرن، بەناچاری پەلکێشی دوای خۆیت دەکات.
بەڵێ لەگەڵ خوێندنەوەی هەر وشەیەک ئارەزوو دەکەیت خێرا چاوت بە وشەیەکی تر بکەوێ،پاش هەر رستەیەک،حەزدەکەیت بزانی رستەی داهاتوو چییە؟ هەر لاپەڕەیەک تەواو دەکەیت،مەراقتە زوو بزانی لاپەڕەی پاشتر چی تێدا نووسراوە و هەر بەند و ناونیشانێک بە کۆتایی دەگەیەنی، ماخۆلانتە تا دەگەیتە سەر ناونیشان و بەندێکی تر. ئەمەش هونەر و تەلیسمی سەرکەوتنی کاری ئەدەبی بەرز و باڵایە..
کوڕێکی خەڵکی گەرەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی،کاری شۆفێریی لە نێوان سلێمانی و کەرکووکدا دەکات..رێکەوت و چارەنووس وا دەشکێتەوە،دڵی بە کچە ترکمانێکدا دەچێ و دوای بگرە و بەردەیەکی زۆر، کە کەسوکاری ژنەکە رازی نابن ئەم دوانە پێکەوە هاوسەرگیریی بکەن.
(فوئاد)،پاڵەوانی رۆمانەکە،لە سەرەڕێی ئەم عەشقەدا ئازار و لێدانێکی زۆر دەخوات تا بە دلبەرەکەی (یولدزنوور) بگات..لە ئاکامدا لە کەرکووک دەردەکرێت.
پاشان لە سلێمانی تووشی دەردێک دەبێت و ،دکتۆر ئامۆژگاری دەکات ژن بهێنێ… ئەویش بە رێکەوتێکی تری دراماتیکی ژنێک بەناوی ئەڵماس دێنێ…(فوئاد هات،بەبێ نامە و ئیشارەت و دڵداری ،هات و سلفێکی لە دڵی دا و بردی..ل ٢٨)..
فوئاد لە سلێمانی دەبێتە خاوەنی ژن و کچێکی خنجیلانە بە ناوی ئاسکۆڵ. لێ هەر دڵی بە سوێی عەشقی یولدزنوورەوە کزەی لێ هەڵدەستێ…

رۆژگار وا وەردەچەرخێ ،دواجار کچە لەدەست کەسوکار هەڵدێ و خۆی دەگەێنێتە فوئاد و بە خۆشەویستەکەی شاد دەبێت.ئەم جووتە، زەماوەند ئەنجام دەدەن و دەکەونە دنیای خۆشەویستی خۆیان و لە چرکەیەکی هەستیاردا جووت دەبن و منداڵێک دێننە دنیاوە و ناوی دەنێن زەینولعابدین/ زەینەڵ یاخود ئاسۆ..
ساڵانی نێوان ١٩٨٠ ـ١٩٨٨ ،شەڕی ئێران و ئێراق سەرهەڵدەدات و فوئادیش وەک هەزارانی دیکە دەبرێت بۆ ئاگری ئەو شەڕە نەفرەتییە…
رۆژێ فوئاد بە مۆڵەت دێتەوە بۆ ماڵەکەی کەرکوکی و دەکەوێت بەسەر کۆستی ژن و خەسویدا..گوایە لەماڵەوە بەگاز سووتاون!!… رێکەوت وایە، زەینەڵ لەو کارەساتەدا لای خەزووری دەبێت و نابێتە قوربانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە. فوئاد،کۆمەڵێ نیگەرانی و کێشە شاڵاوی بۆ دێنن و بەدڵشکاوی و خەمبارییەوە تێدەگات لێرە هەموو شت بۆ ئەو تەواوبووە. ئیدی چیرۆکێ بۆ خۆی ساز دەکات و زەینەڵی ساوا هەڵدەگرێ و دەیهێنێتەوە بۆ سلێمانی..لای ئاسکۆڵی ژنی بەم جۆرە باسەکە دەگێڕێتەوە: لەرێی گەڕانەوەمدا لە کەرکوکەوە بۆ سلێمانی، کارەساتێکی ئوتومبیل روویدابوو،دیار نییە دایک و باوکی ئەم منداڵە ساوایە،ماون یان نا،لێ ئەم مەلۆتکەیە لە دووری شوێنی کارەساتەکەوە بەجێمابوو، یان لەبیریانچووە، منیش لەرووی مرۆییەوە کاتێ ئەم منداڵەمە بەجێماوەم دۆزییەوە،هەڵمگرتۆتەوە و لە رێی خودا و مرۆڤایەتیدا هێناومەتەوە بۆ ئێرە و هەوڵ دەدەین بەخێوی بکەین. هەر لەوێدا ناوی (ئاسۆ)ی لێدەنێن. ئەڵماسیش پەیمان دەدات، وەک منداڵی خۆی گەورەی بکات.
فوئاد لەبەرەی بەدەستی ئێرانییەکان بەدیل دەگیرێ و بە قۆناخێکی پڕ لە ناخۆشی و دەردەسەریدا ژیانی دیلی بەسەر دەبات. ئەم دوورییەش رەوتی ژیانی ئاسکۆڵ دەگۆڕێ و زۆر بە کولەمەرگی خەریکی بەڕێکردنی خێزان و ژیان دەبێت.(مێردی دوور،وەک پشکۆی بێتینی بن خۆڵەمێشە.گەرمت ناکاتەوە،بەڵام دەتسووتێنێ.ل ٢٩)
دوای گەورەبوونی ئاسۆ لەتەک ئاسکۆڵدا،ئەڵماس بە کاریگەرێتی زولێخای درواسێیان، ئاسکۆڵ لە ئاسۆ مارە دەکات..بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە، منداڵێک دەبێت ناوی لێ دەنێن ( هیوا). بە هیوای گەڕانەوەی فوئادی باپیرە…
دوای گەڕانەوەی فوئاد لە دیلێتی لە ئێران، زۆر تراژیدیائامێزانە، دەکەوێ بەسەر ئەم رووداوەدا و تووشی شۆک دەبێت و چەخماخەیەک بە مێشک و جەستەیدا، دێت و دنیای لەبەرچاو تاریک دەبێت و چیدی بۆی ناکرێ بەرگەی گوناهوهەڵەکانی خۆی بگرێ.
ساتەوەختێکیش ئاسۆ هەست بەوە دەکات،هاوسەرگیریی لەتەک خوشکی خۆیدا بۆ ئەنجام دراوە،رووبەرووی ئازارێکی دەروونی زۆر کوشندە دەبێتەوە،پڕ بە گەرووی نەفرەت لە خۆی دەکات و دەیەوێ بەهەر شێوازێک بێت، خۆی لەم گوناحە مەزنەی کردوویەتی/ پێی کراوە پاک بکاتەوە.
دوای هێنان و بردنێکی زۆر،بڕیار دەدات، بەرەو مزگەوتی مەلا شەفیقە کۆڵە، دەکەوێتە ڕێ، تاوەکو رێچارەیەکی لەم نەهامەتییەی تێیت کەوتووە بۆ دیاری بکەن و چرایەکی بدەنە دەست لەو شەوەزەنگەی ئاسۆی ژیانی داگیرکردووە، بێتە دەرێ.
چیرۆکەکە تا ئێرە لە خولگەیەکی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا خول دەخوا و بە تراژیدیایەکی کوشندەی بێ وێنەوە و بە هەموو توانای نووسینەوە و لە تەواوی رەهەندەکانەوە،بەخەستی باسەکان،ورووژێنەرانە، دەخاتە بەردەم خوێنەر.
لێرە بەدواوە، سیما و خەسڵەتێکی سیاسی بە خۆوە دەگرێ، دەچێتە نێو باسگەلێکەوە،کە تارمایییەکی رەشی چڵکن و هیواخەسێن،لە ئاکامی باڵادەستی گرووپێگەلێکی سیاسییەوە،بەناوی ئایین و جەنگ بۆ خوا کردن، وەک دیاردەیەکی نامۆی دێوزمە،لە ناوچەکانی کوردستاندا سەریان هەڵداوە.هاوشانی ئەمەش تیشکێک دەخاتە سەر رەفتاری پۆلیسی تۆقێنەری ئەم گرووپە،کە بە باوەڕی بەندە،زۆر کارامە و لێوەشاوانە،بە پەیکەری جەستەییاندا دەچێتە خوارێ و پێبەپێی کرادار و رەفتاریان وێنەکان بۆ خوێنەر رادەگوێزێ،بە شێوازێک، خوێنەر لە کردەوە و میتۆدەکانی ئەشکەنجەدان و ئازاردانی ئەم گرووپانە، موچڕکە بە لەشیدا دێت..
لێ ساتێ ،ئاسۆ هەر کە پێی دەخاتە نێو مزگەوتەوە، قاچی دەبێت بە تەڵەی حیزبی ئیسلامی سیاسیی کوردییەوە و ئەوانیش لە چاوتروکانێکدا، دەیگەێننە بارەگانی خۆیان لە بناری شارەزوور و چیای سوورێن. ئەم بارەگایانە تژین لە مەلا و موفتی و ئەمیری ئەفغانی و نێودەوڵەتی، وەک ناوەکانی ئەبودوجانە و قەندەهار.. پاشان بە کۆمەڵی فلتەری ئامادەکاریدا لە ژێر سەردێڕی (ریازەی رۆح)دا مەشقی پێدەکەن. ئەم ئاسۆ بەدبەخت و چارەڕەشە،وەک دەڵێن: بۆ ریشی دەچێ،سمێڵیشی دەنێتە بان و هەموو دەستگیرۆیی و رێنومایی و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو قەباعەتەی لەدەست ئاسۆ قەوماوە ـ دوای ئەشکەنجەدان و سزا و لێدان و تۆقاندن و سووکایەتی چەشتن و دەیان میتۆدی تریت ترسناکەوەـ دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئاسۆ،وەک جەنگاوەرێکی خودا، جەستەی خۆی بکاتە بۆمبایەک و خۆی بتەقێنێتەوە. ئەمەش تاکە کارێکە خواوەنە/یاخود خواوەن رەزامەندی لەسەر بێت و بارتەقای ئەو گوناحەی ئاسۆ کردوویەتی تێهێنانەوەی لە بارەگای خودادا بۆ بکات و لە گوناهەکەی پاکی بکاتەوە.. شاری قەڵا و منارە،کۆنە هەولێری دێرینیش وەک ئامانجی شوێنی چالاکییەکە بۆ ئاسۆ دیاری دەکرێت.
دوای ئامادەکاریی و مەشقێکی باشی ئاسۆ، بۆ ئەنجامدانی کارەکەی،شوێن و کاتی بۆ دیاری دەکەن.ئیدی سەروەختێ ئاسۆ دەیەوێ بە کارەکەی هەڵسێ، دەچێتە بازاڕێکی میللی شاری هەولێر و بەرەو لای کۆتر فرۆشەکان.. ئا لەوێدا لووتی دەتەقێتەوە بە لووتی فوئادی باوکی و منداڵێکدا، قەفەزێکی کۆتری بەدەستەوەیە،کە هیوای کوڕێتی..ئیدی دەکەوێتە بەردەم لێکدانەوە و دووڕیانی بڕیاردانی ئەنجامدان یاخود نەدانی چالاکییەکە بۆ خودا…
لەئاکامدا نایەوێ کارەکە بکات..بەڵام مامۆستا و مەشقپێکەرەکانی بۆ زامنکردن و سەددەرسەدی ئەنجامدانی کارەکە،بە شێوازێکی نهێنی، دەستاوێژێکی تەقاندنەوە لای خۆیان دەهێڵنەوە،ساتێ دەزانن ئاسۆ دوودڵە، لە جێبەجێکردنی کارەکەی،بێ دوودڵی و سڵەمینەوە خۆیان پەنجە بە دوگمەکەدا، دەنێن و کوشتارەکە دەکەن. بەم جۆرە ئەوناوە خەڵتانی خوێن دەکەن و کۆمەڵێ رۆحی بێتاوان دەکەنە ئامانجی چڵکنی خۆیان،کە ـ گوایە لەسەر داواکاری خودا بۆ لای خودا ڕەوانەیان دەکەن ـ
ساتی روودانی تەقینەوەکە، هاوشانی فڕین رۆحی فوئادی باوک و هیوای کوڕ و کەسانی بەستەزمانی بێتاوانی دیکەی سڤیل،تاقە کۆترێکیش لەشەقەی باڵ دەدات، دەفڕێ بەرەو بەرزایی و شینایی ئاسمان…نووسەر بەم رستەیە کۆتایی بە رۆمانەکەی دێنێ:
(نەمزانی ئەو کۆترە بەسەر باڵی هەوردا خۆی لە مردن رزگار دەکات،یان رووحی ئاسۆ،تۆ بڵێ زەینەڵە و بۆ بەهەشت دەچێ.ل ٣٠٦) .
کارەکتەری کۆتر، کلیلی کردنەوە و داخستنی دەرگای رۆمانەکەیە…
تۆ بڵێ ئەوە رۆحی ئاسۆ بێت بۆ بەهەشتی بەڵێن پێدراو..؟؟؟؟..

رەنگە ئەو دەستەوتاقمەی لەم ژینگەیەدا پەروەردەبوون و دەکرێن، لەسەر سەرلوێنگی ئەم عەقڵێتە کاردەکەن، بتوانن بە ئاسۆ، فوئادی باوک و هیوای کوڕ بکوژن، لێ هەرگیز ناتوانن هیوای ژیان و باوەڕی پێشکەوتن بتاسێنن.
مامۆستا جەبار،وەک رۆماننووسێکی خاوەن ئەزموون، لێرەشدا جارێکی دیکە لە قاڵبی هونەرێکی بەرز و تەکنیکی سەرکەوتووانەدا،بەدەست پێک و کۆتاییەکی کاریگەر دێتە مەیدانەوە و پەردە لەدوای پەردەی باسەکان دروست پێکەوە تەقەڵ تێهەڵدەدات.
ئاسمان دەروخێ، زەوی شەق دەبات، ئەستێرەکان تار دەبن و رۆژ رووی خۆی دادەپۆشێ و مرۆڤەکان کەڕ و لاڵ و نا بینا دەبن،رۆژی حەشر بەرپا دەبێت…کەچی لەم رۆژگارە پڕ لە کوێرەوەرییەدا، نووسەرێکی بە سەلیقە و هیوابەخش و باوەڕ پتەو، بە ژیان و مرۆڤ و خۆشگوزەرانی، دێ و نایەڵێ چۆک دابدەین و نائومێد بین و زۆر جەربەزانە، بە قەڵەمەکەی دەستی دەکەوێتە راستکردنەوەی ئاسمان و پێکەوە بەستنەوەی زەوی و ئاشتکردنەوەی ئەستێرەکان و راماڵینی تەمی بەردەم خۆر و هەڵچنینەوە و خولقاندنی مرۆڤ وەک بوونەوەر بە (گوێ و چاو و دەم)ێکی دروست و تەواوەوە،تاوەکو هەموو پێکڕا هاوشانی لەشەقەی باڵدانی کۆترە رزگاربووەکەی دەستی، تاوان و نامرۆڤایەتی،دەست لە ملی ژیانێکی ئازاد و هەڵهاتنی ئاسۆیەکی نوێ و ئاییندەیەکی تژی لە بەختەوەریی و خۆشەویستی ببینەوە.
بەڵێ، گەر لەو کردەوە تیرۆریستی و دژە خوا و مرۆڤانەدا، تەنیا تاقە گیانێکیش قوتاری بووبێت و بێت، لەدەست ئەو خێڵی شمشێر و بکوژ و تاریکپەرستانە، هەر بەسە بۆ ئەوەی بێت بە تۆوی سەرلەنوێ شین بوونەوەی زەمینەی ژیان.. کەواتە، ئاسۆی ژیان هەر روونە. بە باوەڕی خۆم رەنگە کۆپلە شیعرێکی رەوانشاد، کامەران موکری،باشتر ئەم پەیامە بەرجەستە بکات،کە دەڵێ:
هەرچی درەختە گڕی تێ بەردەن
پەپوولەی هیوای من ناسووتێنێ
بای پاییز هەمووی بە جارێ هەڵ کەن
ئەم خونچە ووردەی من ناوەرێنێ
چۆن ئەوە رۆژە ئەیبینم هەڵات
ئاواش دڵنیام ئەگەین بە ئاوات

شایانی ئاماژە پێدانە، ئەم بەرهەمە هونەرییە نازدارە،دوای ئەو سەرکەوتنە،گەورەیەی لە نێوخۆی کوردستاندا بەدەستیهێنا،وا بڕیارە،دەزگای ئەندێشە خۆی، وەریبگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی. دڵنیام،لە نێوەندە جیهانییەکاندا، پێشوازییەکی بێ وێنەی لێدەکرێت و دەبێتە مایەی شانازی کتێبخانە و ئەدەبی کوردی هەتیو و ژیکەڵە… ئاخر ئەم باس و رووداو و چارەنووس و دیاردە ترسناک و مەترسی و هەڕەشەیەی کەرەسەی ئەم رۆمانەن، گرێدراون بە ژیانی رۆژانەی هەمووان و لەم سەردەمەشدا بوونەتە باس و خواست و خەمی سەرتاسەری دنیا..
هاوسات،وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە بۆ زمانە زیندووەکانی تری دنیا،ئەڵمانی و فەرەنسی و رووسی …هتد،ئەرکێکی پیرۆز و خزمەتێکی بێ هەژمارە..تکا لە نووسەرە زمانزانەکان دەکەم،ئاوڕی بە پەرۆش لەم بوارە بدەنەوە،چونکە سەنگ و پێگە و بایەخی رۆمان،لە دنیادا،هێشتا هەر لە برەودایە.. ئەم رۆمانەش پەیامێکی بە پێزی روون و بێگەردیی کوردییە.
قەڵەمەکەی مامۆستا جەباریش، بە بیری وورد و چاوی زیت و مرەکەبی خەستەوە، لە نێزیکەوە و لە جەرگەی رووداوەکانەوە، چاودێر و خەمخۆر و هیوابەخشێکی هەڵکەوتووی،تێکڕای باسەکانە…
جارێکی تریش دەستخۆشی،لە قەڵەمە بوێر و رەنگینەکەی مامۆستا جەبار و هیوای بەردەوامی لە خزمەتکردندا بۆ دەخوازم.. پیرۆزبایی لە کتێبخانەی کوردی دەکەم،کە لەسەر رەفەکانی جێگەیەکی شیاو بۆ ئەم بەرهەمە تەرخان دەکات…