ئەنارکیستە کوردەکان و چەند سەرنج و پرسیارێک … سەردار ئەمین

ئەوە من نیم، کە دەڵێت لە جەنگی ناوخۆی ئیسپانیادا ئەنارکیستەکان بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو بەرمەبنای بیرو هزرو ئایدۆلۆژییان، بە سەدان کەنیسەیان (تەنها لە شاری بەرشەلۆنەدا ٤٠ دانەیان) سووتاند، ئەوە من نیم هەڵمبەستبێت بۆ میلیشیاکانی ئەنارکیستەکان، کە لە ساڵەکانی جەنگی ئەهلی ئیسپانیادا ١٩٣٦- ١٩٣٩ بە هەزارەها قەشە و پیاوی ئایینی وکۆلاک و سەرمایەدار و بزنسمان و ناسیۆنالیست و سۆشیالیست و کۆمەنیستیان کوشتووە، هەڵبەت ناسیۆنالیست و سۆشیالیست و کۆمەنیستەکانیش کەمتریان لە ئەنارکیستەکان نەکردووە، بەڵکو ئەوە شایەدحاڵەکان و مێژوونووسەکانن ئەم ڕاستییانەمان بۆ دەگێڕنەوە، سەرچاوەیەکی مێژووی زۆر لەبەردەستدایە لەسەر ئەو مێژووە، من نایڵێم، بەڵکو ئەوە پەیڤی مێژووە، لە کتێبەکاندا تۆمار کراوە و لە زاکیرەی دەستەجەمعی مێژووی ئیسپانییەکاندا پارێزراوە.
بەڵێ بە مافی خۆمی دەزانم پرسیارم هەبێت لەو برادەرانەی، کە ناوی خۆیان ناوە (ئەنارکیستەکانی کوردستان، ئازادیخوازان، سۆشیالیستە ئازادیخوازەکان ) و بەنیازن لە هەندەرانەوە ئەزموون و هزرو ئایدۆلۆجیای ئەنارکیست و ئەجێندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی بگوازنەوە بۆ کوردستان، هەر چۆن ئەمان ئازادن لە بەڕێخستنی ئەم ڕەوتەدا، هەروەهاش مافی هەموو تاکێکی هۆشیار و نا هۆشیار و بەئاگا و بێئاگاشە کە چاودێری ئەم ڕێبازە تازەیە ( مەبەستم تازە بە کۆمەڵگای کوردی) بکات، چونکە زۆربەی ئەو ڕێبازە سیاسییانەی کە لە سەدەی ڕابوردوودا هێنرانە کوردستانەوە و گورزی گەورە و کوشندەی خۆیان وەشاند، لە سەرەتادا وەک ئەمان دەستیان پێ کرد، لەم سونگەوە من وەک هاونیشتمانییەکی ئەو وڵاتە ئەو مافە بە خۆم دەدەم، کە قسەم هەبێت لەسەر ڕەوتێک کە چاوی لە هەڵگێڕانەوەی دونیایە و بە نیازە بەپێی ئەو ئایدۆلۆجیایەی خۆی دونیاکەی ئێمە دروستکاتەوە. ناهەقم نییە ئەگەر ترسم لەم پرۆژە ڕادیکاڵە نوێیە هەبێت، چونکە لە سەرکەوتنیدا تەواوی ژیانی من و کۆمەڵگەکەم بە خراپ یان باش دەگۆڕێت؟! نابێ خەمسارد بین و پشتوێنی لێبکەینەوە و بە بەڵێنە سەوز وسوورەکانی بخەلەتێین، هەر چۆن بانگێشەکەرانی هەرچی ئەو ڕەوتانەی کە لە سەدەی ڕابوردوودا لەسەرزەمینی ئێمە دەرکەوتن، هەر هەمووی بە چەپکێك موژدە و بەڵێن و گولەوە خۆیان ناساند، بەڵام لەئەنجامدا چ کارەساتێکیان نایەوە! دەبێ بۆ مێژوو ئەو ڕاستییەش بڵێم، کە سەرباری هەموو ترس و دڵەڕاوکێیەکانم لەم ڕەوتە، بەڵام یەک زەڕە گۆمان لە نیازپاکی و دڵسۆزی ئەم برادەرانە ناکەم، ئەم برادەرانە بە تەواوی قەناعەتیانەوە، وا دەزانن کە تاکە ڕاستییەکن لەسەر ئەم ئەستێرەیە و دەتوانن چارەسەری کێشەکانی دونیامان بۆ بکەن، نابێ بە نیازپاکی کەس بخەڵەتێین، مێژوو پڕە لە پیاوچاک و نیازپاک، بەڵام دونیاشیان بەو خەسڵەتە پاکیزەیەی خۆیان لە دەریایەک خوێندا نوقمکرد و وێرانتریانکرد، نموونەی بەلشەڤیکەکان، کێ هەیە بتوانێ گومان لە جدییەت و ڕاسگۆیی و نیازچاکی کەسێکی وەک (لینین)لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی سۆشێالیستیدا بکات؟ بەڵام بەرئەنجامی خەباتی ئەو هەموو ئەو تێکۆشەرانەی ناو بزافی بۆلشەڤیک، بە لینینیشەوە بەچی کۆتایی هات؟
ڕەوتی ئەنارکیستەکانی کوردستان، کە سەکۆیەکیان هەیە بەناوی سەکۆی ئەنارکیستەکانی کوردستان، تا ئەو جێگەی من ئاگاداربم، دامەزرێنەرەکانی لە ئەوروپان و ژمارەشیان لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکات، ئەم ڕەوتە گوتارێکی یەکگرتووی نییە، زور سەتحییانە لە کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەڕوانن، هەندێکیان بە پێی ئجتیهادی خۆی بێ پابەندبوون بە سەوابیتی دامەزرێنەران و هزرمەندانی ئەنارکیستەوە بە ئارەزووی خۆیان قسان دەکەن و تەسریحات دەدەن، پە پێی ئەو زانیارییە کەمەی، کە من هەمە لەسەر مێژوو و ئایدۆلوجیا و بەرنامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی ئەم بزوتنەوەیە(ئەنارکیسم) دەبینم هەندێک لەم برادەرانە ئیشکالێاتێکی زۆر و بەرچاویان لەگەڵ هزری ئەنارکیستدا هەیە. بۆ خۆم وەک پارادایمێک یان مۆدێلێکی نوێی ئەنارکیست دەیانبینم! تا ڕۆشنای زیاتر بخەمە سەر ئەم لایەنە کاک (زاهیر باهیر)، کە یەکێکە لە هەرە چالاکترین کاراکتەری ناو ئەنارکیستە کوردەکان ، کە من بیناسم، وەردەگرم و وەک نموونە و هەڵبژاردەیەک ئارگومێنتەکەمی لەسەر درووست دەکەم و دەیبەمە پێشەوە. ئەم بەڕێزە بە قەناعەتی خۆی، لە دید و دونیابینینی ئەنارکیستەوە نووسینگەلێکی زۆری نووسیوە و بەردەوامیشە لەسەر نووسین، کەم چەمک هەیە لەسەری نەدوابێت چ بە نووسین یان لەسەر تەلەڤزیۆن بە کوردی و بە زمانی ئینگلیزیش وەک، نەتەوە، ئازادی، خەباتی چینایەتی، حیزب، کۆمەنیست، چەپ و ڕاست، سۆشیالیست، مارکس و مارکسیزم، دەوڵەت و دەستەڵات، دین، سیاسەتکردن، هەڵبژاردن، دیموکراتی، سەرمایەداری، دەوڵەتی نەتەوەیی، دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا، تەجروبەی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان و ئەزموونی گروپە خۆجێیەکانی گەڕەکی هارنگەی لە شاری لەندەن و گەلەک شتی دی…. بەڵام هێندەی من چاودێری نووسینەکانی ئەم بەڕێزە دەکەم و کردوومە (دەڵێم چاودێری نەک دواکەوتن و موراقەبەکردن) بە داخەوە خوێندنەوەیەکی قووڵ نابینم لە نووسینەکانیدا، تەنانەت ناکۆکییەکی زۆر لەنێوان خۆی و هزرمەندانی ناو مێژووی دووسەد ساڵەی بزووتنەوەی ئەنارکیزمیش دەبینم، لەم دەرفەتدا هەڵوێستەیەکی خێرا لەسەر دواوتاری کاک زاهیر دەکەم، کە ئەو وەک ئەنارکیستێک چۆن مامەڵە لەگەڵ چەمکی دیندا دەکات! نووسینەکەی لەسەر لاپەڕەی خۆی داناوە، دەڵێت: من لە گەڵ دیندا و لە گەڵ خوای ئاسماندا کێشەم نییە، دەڵێت کێشەی من سیستەمە، کاک زاهیر ئەوەی لە بیر چۆتەوە، کە مێژووی ئایین گەلەک کۆنترە لە مێژووی دەوڵەت و دەستەڵات و سیستەمی کۆمەڵایەتی، دواتر کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گەشەدەکات وموڵکایەتی پەیدادەبێت و سیستەم و دەستەڵات دەردەکەوێت ئیتر ئایین دەبێتە ئایدۆلۆجیای دەستەڵات و خوداش لە ئاسمانەوە دادەبەزێت یان دایدەبەزێنن بۆ سەر زەوی، هەرچەندە ئەو هەمیشە هەر لە سەرزەوی بووە! دەبێت ئەو راستییە بڵێم، کە بۆ من دین بابەتێکی ئاڵۆزە و لە قەرەی نادەم . بەڵام ئەوەندە دەزانم، کە دین و خوا مرۆڤی بێ ئیرادە کردووە، هەر بۆیەش فەیلەسوفێکی گەورەی وەک (نیچچە) مەرجی پێشوەختی بۆ ئازادبوونی مرۆڤ، بەستۆتەوە بە کوشتنی خوداوە، ئەگەر وانییە بۆ( پرۆدۆن )یش، کە بە دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئەنارکیسم ئەژمار دەکرێت، دەڵێ (خوا شەیتانە)؟ یان (ئەوگەست) کە دەڵێت ( نە خوا و نە دەسەڵات)، یان (باکۆنین) کە لە نووسینە بە ناوبانگەکەیدا بە ناونیشانی (خوا و دەوڵەت)، دین و دەوڵەت بە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی مرۆڤ دەزانێت، یان ئەنارکیستێکی وەک (کرۆپۆتکین)، کە داوای هەڵوەشاندەوی کەنیسە و دەوڵەت و دین دەکات، سەرکردەیەکی دی ئەنارکیستەکان بە ناوی (مۆست)، خودا دەشوبهێنێت بە( تاعوون)، ڕاستە لە مێژووی تەیاری ئەنارکیستیدا هەندێک هەبوون، کە دین و ئایدۆلۆجیای ئەنارکیستییان، تێکەڵ بەیەک کردووە و لە هەمانکاتدا ئیماندار بووە و ئەنارکیستیش بووە، وەک (تۆڵستۆی)، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بزووتنەوەی ئەنارکیست بزووتنەوەیەکی دژەدین بووە و سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە زۆربەی هەرەزۆریان مولحید بوون و بەهیچ شێوەیەکیش نەیانشاردۆتەوە. بەلای ئەم بزووتنەوەوە کەنیسە و دین و دەوڵەت دوژمنی سەرەکی کۆمەڵگایە و، هەر لەم سونگەیەشەوە بووە، کە ئەنارکیستەکانی ئیسپانیا دژی کەنیسە و پیاوەکانی بوونە.
پرسیاری من لەم مۆدێلە نوێیەی ئەنارکیست، کە برای بەڕێزم کاک زاهیر بانگەشەی بۆ دەکات، پەیوەندی بەو کەمە زانیارییەمەوە هەیە، کە من لەسەر ئەم تەوژمە هەمە، نەک خوانەخواستە، گاڵتەکردن بێت بەم بزووتنەوەیە وشوبهاندنیبێت بە مۆدێلی سەیارە، بزووتنەوەی ئەنارکیست زۆر لەوە گرنگترە، کە کەسێکی وەک من بتوانێ بەکەم تەماشای بکات، بەڵام مافی هەموو کەسێکیشە ڕەخنەی لێ گرێت و لەکەمکردنەوەی پێگەی مێژوویشی، ئەوە ناکرێ و نەکردەیە، چونکە سەرباری هەموو ئەو ڕەخنانەی لەسەر ئەم بزووتنەوەیە هەیە، یەکێکە لە هەرەکاریگەرترین بزووتنەوە یاخیگەراکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتی، جا بۆ ئەوەی ئەو گومانە بڕەوێنمەوە دەستەواژەی پاراداییمم لەم نووسینەکورتەدا بەکارهێناوە ، کە هەر بەمانای مودێل ، یان شێوازیکی تر دێت. من کە ئەم پرسیارەم ورووژاندووە بەڕاستی بڕوام وایە، ئەم دیدانەی کاک زاهیر وەک ئەنارکیستێک نایەتەوە لەگەڵ بنەما و مانیفێست و بۆچوونەکانی دامەزرێنەر و مێژووی فیعلی ئەم بزووتنەوەیەدا و هەڵوێستی ئەم تەوژمە فیکری و سیاسییە کۆمەڵاتییە بەرانبەر بە دین، تەمومژاوی نییە و نەبووە لە ڕابوردوودا.
هیوادارم توانیبێتم بەم نووسینە ڕۆشناییەکی کەمم خستبێتە سەر ئەم بزووتنەوە تازە بە کۆمەڵگای کوردی و دەرگای گفتووگۆیەکی دۆستانە و هیمنانەشم خستبێتە سەرپشت بۆ کەسانی دی.

٦/١٠/٢٠١٦




شۆڕشی تۆپز …. ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی

بەر لە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی (١٩٩١)ی باشووری کوردستان، دەستەیەک لە هاوڕێیانی ڕێکخستنەکانی هەولێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بە نیازی خۆئامادەکردن بۆ ئەم ڕۆژە لەدژی دامودەزگاکانی ڕژێمی سەدام و بەعس پێشنیاری کۆبوونەوەیەک دەکەن بەنیازی داڕشتنی بەرنامەیەک بۆ پەیداکردنی چەک و دامەزراندنی چەند شانەیەکی چەکداری.
دوای گفتوگۆی نێوانیان ڕێک دەکەون ڕۆژێک لە (باخچەی گڵکەند)، کە دەکەوێتە پشت شیراتۆن کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن.
یەکێک لەو هاوڕێیانەی ڕێکخستن، هاوڕێیەکی هاوپۆلی کۆلێژی لەگەڵ خۆی دێنێ، کە هیچ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانەوە نابێ!
دوای قسەکردن بە مەبەستی نەخشەو پلان دانان بۆ کۆکردنەوەی هاوڕێیان، کەسانی دڵسۆزو نیشتمانپەروەرو ڕێکخستنیان لە شانەی چەکداری، نۆرە دێتە سەر گفتوگۆکردن کە ئەوان هیچیان نییە، چۆن و بە چی پەلاماری مونەزەمە، مقەڕاتی جەیشی شەعبی، دائیرەی ئەمن، پۆلیس و سەربازگەی فەیلەق بدەن، بۆیە دەبێ هەوڵی ئەوە بدەن کە بۆ ڕۆژی ڕاپەڕین هەموو پێداویستییەکان ئامادە بکەن.
ئەو کەسەی کە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێکخستنەکانەوە نەبووە، باسی ئەوەی کردووە کە ئەو دەمێکە بیری لەوە کردۆتەوەو غەمی خۆیی خواردووە و سەرسوڕمانی خۆی دەردەخات کە ئەوان تا ئێستاکە غەمی خۆیان نەخواردووەو هیچیان پەیدا نەکردووە، ئەو بۆ خۆی تۆپزەک (تێڵا)ی دروست کردووەو سەرەکەی قیڕو بزماری کلێپسی لێداوە، پێشنیاری ئەوەی کردبوو ئەگەر هاوڕێیانی دیکە هیچیان نییە بۆ پەلاماردانی بەعس، ئەوە ئەو مشوریان دەخواو (٣٠-٤٠) تۆپز بۆ ئەوانیش دروست دەکات!
ئەو هاوڕێیەی کە تۆپز دروستکەرەکەی لەگەڵ خۆی هێنابوو، ڕەنگی تێکدەچێ و شەرمەزار دەبێ، بۆیە دەڵێ: (جا ئەوە دەبێ ناوی بنێین شۆڕشی تۆپز. ئاخر چۆن دەکرێ بە تۆپز پەلاماری مونەزەمەو دائیرەی ئەمن بدەین؟).
تۆپز وەشێنەکە دەڵێ: (چۆن، گەییشتینە هەر بەعسیەک، ئەمنێک، جەیش شەعبییەک و ڕەفیق حزبییەک دەبێ تۆپزەکی لە ملی بدەین و دەیکەوێنین و دەیکوژین. ئێستاکە تۆپزەکی لە ملی هەر یەک لە ئێوە بدەم دەمودەست دەیکەوێنم و هەڵناستێتەوە)!
هاوڕێکەی پێی دەڵێ: (بەڵام هاوڕێ، ئەوان چەکیان پێیە، خۆ دەستەوەستان بۆت ناوەستن و ملی خۆیانت بۆ ناهێننە پێش تا لە ملیان بدەی، هەتا تۆ تۆپزی خۆتیان لێ بەرز دەکەیتەوە، ئەوان چەند فیشەکێکت لێ دەدەن و دەتکوژن. برا ئێمە پێویستمان بە چەک هەیە چەک، نەک تۆپز).
ئەو تۆپز وەشێنە، ئێستاکە دەزگایەک و ڕۆژنامەیەک بەڕێوە دەبات، هەروەها لە ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک لاپەڕەی تەواوی لەسەر نووسراوە، کە گوایە لە ڕۆژانی سەختی خەبات سەر بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووەو ڕۆڵی بەرچاوی لە گەشەکردنی ڕێکخستن و بەشداری ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی (١٩٩١)دا هەبووە، بەڵام بیری چووە باسی شۆڕشی تۆپز بکات! بۆیە پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکەم لە چاپی سێیەمی ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باسی شۆڕشی تۆپز بخاتە نێو ژیاننامە پڕ لە درۆینەکەی خۆی!
خەڵکێکی زۆری لەم چەشنەی (تۆپز وەشێن)، بەناڕەواو بەدرۆ هاتنە پێشەوە و کەسانی دڵسۆز و قوربانیدەریش بەلاوەنران، بۆیە حزبەکان و حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان بە پەندی زەمانە چوو!

05.10.2016 چوارشه‌ممه‌
دانـــــــــــمارک
ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی
Darsim2006@hotmail.com




پەرلەمانی ئەوروپا داوای لێکۆڵێنەوەی نێودەولەتی دەکات لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دارفۆر

لە پەیامێکدا ڕۆژی 6/10/2016 پەرلەمانی ئەوروپا داوای کرد لێکؤڵینەوەیەکی نێودەولەتی بکرێت لەژێر چاودێری ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دا (OPCW ) ،لەسەر دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سودانەوە دژ بە هاوڵاتیانی دارفۆر لە شاخی مڕە لە ڕۆژئاوای سودان.
لە پەیامەکەدا پەرلەمانی ئەوروپا ڕۆژی پێنج شەممە بلاویان کردەوە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی خەڵکی مەدەنی پێشێلی پێوەرو یاسا نێودەولەتیەکانە و ئەژمار دەکرێ بە تاوانی جەنگ.
هەروەها بیزاری خۆیان ئاشکرا کردوە دژ بە کوشتنی خەڵکی بێتاوان بە نایاسایی و فڕاندن و بێ سەروشوێنکردن و دستدرێژی سیکسی بەرامبەر خەڵکی دارفۆر لەسەر بناغەی جیاوازی ئەتنیکی، بەتایبەت لە دارفۆرو و باشوری کوردڤان و نیلی شین، هاوکات بەهۆی ڕودانی هەندێ حالەتی لەناکاو و ئاورەبونی هەزران خەڵكی لێ کەوتۆتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانی ئەوروپا هانی شاندی نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەفریکای (یونامید) دا کە لەناوچەکە بە بەردەوامی بمێنەوە و تاکو بتوانن راپۆرتێکی تێرو تەسەل لەبارەی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی لەلایەن کەسانێک لە سوپای سودان و هێزەکانی ئۆپۆزیسۆن لە ناوچەی چیای مڕە.
پەیامی پەرلەمانی ئەوروپا ئیدانەی گرتن و بێ سەروشوێنگرتنی نە ناهەقی خەڵک و چالاکوانانی کرد ،وە هانی دەسەلاتدارانی سودانی دا کە ڕێز لە دەربڕینی رای ئازاد و دروستکردنی ڕێکخراوی مەدەنی بگرێت، هەروەها داوایان لە یەکێتی ئەفریکا و حکومەتی سودان کردوە کە لێکۆڵێنەوە لەهەموو ئەو پێشێلکاریانە بکرێت کە باس کراون .
پەرلەمانی ئەوروپا ڕەخنەی توندی لە حکومەتی خەرتوم گرت سەبارەت بە کۆت و بەندێک کە خراوەتە سەر ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان تاکو کۆمەک ویارمەتی مرۆڤانە نەگاتە خەڵکی لێ قەوماو، لەگەڵ ئەوەشدا بێزاری خۆیان پیشان داوە دەربارەی سەرکوت و ئەشکەنجە دانی خەڵک لەلایەن دەزگای ئاسایش و پۆلیسی دەوڵەتەوە ،داواشیان کردوە کە پێداچونەوە بە یاسای ئەمنی ولاتدا بکرێتەوە و چاکسازی لە دەزگای دادوەریدا بکرێ کە گونجاو بێت لەگەڵ یاساو پێوەرە نێو دەولەتیەکاندا.
لەکۆتایی پەیامەکەدا هاتوە ،داوا لەسودان کراوە کە ئەنجامی ئەو لێکۆڵێنەوە بلاو بکەنەوە کەلەلایەن سێ لیژنەوە ئەنجامدراوە سەبارەت بە قەبارەی کوشتن و سەرکوت کردنی خەڵك دژی تەقەشوف لەولاتدا لە ئەیلولی 2013 دا، لەگەڵ دادوەری بۆ قوربانیەکان ولابردنی پاریزبەندی تایبەت لەسەر تاوانبارن بەپێی یاسا نێودەوڵتیەکان.

س.سودان تریبون

د.ناجح گوڵپی 7/10/2016