تورکیا و سەربەخۆیی کوردستان … شێرکۆ کرمانج

لە ٢٠١٢ ـەوە یەکێک لەو هۆکارانەی کە بازاڕی قسەکردنی لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان گەرمکردوە بەزەقی هەڵوێست وەرنەگرتنی تورکیایە لەو دەنگەدەنگەی کە لە هەرێم دەبیسترێت. دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە تەمەنی حکومەتی هەرێم، وادەردەکەوت کە تورکیا هەرێمی کوردستانی وەک واقعێک، ئەگەر تاڵیشبێت، قەبوڵکردوە.
هەندێک لە کوردەکان ئەوەیان وادەهاتە بەرچاو کە لەوانەیە تورکیا کوردستانێکی سەربەخۆشی هەر قەبوڵ بێت. دیارە لەبەرابەردا کەسانێک هەبوون پێیانوابوو کە بێدەنگییەکەی تورکیا لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ جدی نەبوونی هەوڵەکان لە باشور. هەندێکیش پێیانوایە هەر هەوڵێکی هەرێم بۆ سەربەخۆیی دەبێتە مایەی هێرشی تورکیا بۆ سەر هەرێم لەگەڵ داخستنی سنورەکانی بەڕوویدا.

سەرەڕای نادیاریی هەڵوێستی تورکیا لەسەر پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەڵام هەندێک پێشهات‌و هۆکار هەن کە ئاماژەن بۆ جۆرێک گۆڕان لە دیدو تێگەیشتنی تورکیا، لەوانە:
یەکەم، تورکیا چاکدەزانی کە هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەهێندە کێشەی کوردەکانی خۆی لێ قوڵترو ئاڵۆزتردەکات.
دووەم، تورکیا لەوانەیە ئەو توانایەی هەبێت کە هەرێمی کورستان داگیربکات، بەڵام وەک چۆن ئەمریکا حکومەتەکەی سەدامی لە چەند حەفتەیەکدا ڕوخاند کەچی زەحمەتێکی زۆری دیت لە کۆنترۆڵکردنی عێراق‌و دواجاریش پاش هەشت ساڵ بە پەلەپروزکێ عێراقی جێهێشت. چارەنوسی تورکیاش لە هاتنی بۆ هەرێم لەوە باشتر نابێت.

سێیەم، ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر هەرێم ئەوە ئەگەرەکانی بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، کە لە ئاکامی داگیرکردنی قوبرس تا ئێستا بە ئامانج نەگەیشتوە، هێندەی دیکە دوادەخات.
چوارەم، گۆڕانکارییەکان لە دیدو تێگەیشتن‌و ئامانجەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوای گیرانی سەرۆکەکەیان، عەبدوڵا ئۆجەلان، وانیشاندەدەن کە کوردەکانی تورکیا کەمتر مەیل بە سەربەخۆیینەو زیاتر داوای خۆسەری دەکەن. ئەمەش لەوانەیە هەڵوێستی تورکیای لەبەرابەر سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق هێورترکردبێتەوە.

پێنجەم، قەبەیی قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێم‌و تورکیا، کە لە ٢٠٠٩ دا گەیشتبوە ١٠ ملیار دۆلارو لە ٢٠١٥ دا خۆی لە ١٢ ملیار دۆلار دەدا، لەوانەیە وایکردبێ تورکیا لەهێرشکردن بۆ سەر هەرێم سڵکاتەوە. لە سەرەتای ٢٠١٢ دا ژمارەی کۆمپانیا تورکییەکان لە هەرێم گەیشتبوە ١٠٢٣ کۆمپانیا. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ٩٠% ی ئەو کەلوپەلانەی لە بازاڕەکانی هەرێمدا دەفرۆشرێن تورکین. ئەمەش ئەگەرەکانی هێرشکردنە سەر هەرێم کەمتردەکاتەوە.

شەشەم، دروستبوونی پەیوەندییەکی شەخسی‌و بازرگانی‌ لەنێوان بنەماڵەی بارزانی‌و هەندێک لە سەرکردەکانی پارتی عەدالەت‌و گەشەپێدان (ئەکەپە).
حەوتەم، ئێستا قسە لەسەر جێگرتنەوەی ڕوسیا دەکرێت لەلایەن هەرێمەوە لە دابینکردنی غازو نەوت بۆ تورکیا، بەتایبەتی دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ڕوسی لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو گرژیانەی لەنێوانیاندا هەیە لەسەر هەڵوێستیان لەپەیوەند بە سوریا. ئەم گۆڕانکارییانە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و تورکیای بردە ئاستێکی دیکە.

هەشتەم، لە ٢٠١٢ ـەوە پەیوەندییەکانی عێراق‌و تورکیا هەڵبەزو دابەزی زۆری بەخۆوەدیوەو ڕۆژبەڕۆژ خراپتربووە. تێکچونی پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو بەغدا، لێکنزیککەوتنەوەی ئەنقەرەو هەولێری لێکەوتۆتەوە.
ئەو فاکتەرو گۆڕانکارییانە دەکرێت وامانلێبکات بڵێین لەوانەیە تورکیا دەوڵەتێکی کوردی لە هەرێم قەبوڵبکات بەڵام ئاماژەکانی دوای دروستبوونی ئەزمونی ڕۆژاڤا لە کوردستانی سوریا پێچەوانەی ئەوەمان پێدەڵێت. هەڵوێستەکانی تورکیا لەگەڵ بەهێزبوونی ڕۆژاڤا زۆر گۆڕاوە. بۆیە لەو پەیوەندە بەبنەما لەسەر گۆڕانکارییەکان، بەتایبەتی ئەو داوایەی کە ئەردۆگان لە بارزانی کرد لەو سەردانەی کە بۆ تورکیا کردی لە ئابی ٢٠١٦ دا کە گفتوگۆ بکەن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکرێت بڵێین ئەگەری قەبوڵکردنی دەوڵەتێکی کوردی هاوسێ لەلایەن دەوڵەتی تورکیا زۆر دوورە مەگەر ئەو دەوڵەتە وەک قوبرسی باکور هەر بەناو سەربەخۆ بێت‌و تەواو ملکەچی ئەنقەرە بێت.

ئەم بێدەنگیەی تورکیا لەبەرابەر پەیام‌و وتەکانی مەسعود بارزانی‌و میدیاکانی نزیک لە پارتی هێندەی مەبەست لێی بەستنەوەی هەرێمە بە تورکیا وەک پارێزراوێک (محمیة) ئەوەندە مەبەست لێی قەبوڵکردنی تورکیا نییە بە دەوڵەتێکی بەمانا کوردیی‌و سەربەخۆ.
ئەوەی ڕاستیبێت، ئەو هۆکارانەی پێشوتر هەڵوێستەیان لەسەر کرا تاکە هۆکار نەبوون بۆ نزیکبوونەوەی حکومەتی هەرێم‌‌‌و تورکیا بەڵکو بەهێزبوونی پێگەی ئێران لە بەغدا، بەتایبەتی دوای دەرچونی ئەمریکییەکان لە عێراق لە ٢٠١١ دا زیاتر هانی تورکیایدا لە هەرێم نزیکبێتەوە.
لەئەنجامی باڵادەستبوونی ئێران لە عێراق‌و سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی پۆلینبەندیی ناوچەکە لەسەر بنەمای مەزهەبیی، شیعە لەدژی سوننە، تورکیا قەناعەتێکی لادروستبووە کە بەیەکپارچەیی مانەوەی عێراق لەوانەیە زەحمەتبێت، بۆیە هێندەی دیکە خۆی لە هەرێم نزیکدەکردەوە بەمەبەستی ئەوەی کە زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە. بەمانایەکی دیکە، لەجیاتی ئەوەی تەواوی عێراقی لەدەستبچێت با بەشێکی لەدەستبچێت، بەوەی کە هەرێم لەژێر باڵی ئەودا بمێنێتەوە جا ئەگەر سەربەخۆش بێت.

تورکیا زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ پرسی هەرێم لە عێراق دەکات. ئەو دەیەوێت هەرێم ئەگەر سەربەخۆ بوو نەک هەر نەیاری ئەو نەبێت بەڵکو دەستکەلای ئەو بێت، بۆیە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆئەوەی جێگەی هەرێم بکاتەوە لەژێر باڵی تەوەری سوننە لە ناوچەکە. بێدەنگیی تورکیا لەو وتانەی کە بارزانی‌و هاوبیرەکانی لەپەیوەند بە سەربەخۆیی دەیکەن تەنیا دەکرێت لەو چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سوریاو پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراقی لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، کە هەردووکیان وەک حکومەتی شیعیی ناسراون، لەبەرابەریشدا پشتیوانیکردنی تورکیا لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا بە هەندێک گروپی تیرۆرستیشەوە، تورکیای هێندەی دیکە لە حکومەتی مەرکەزی دوورو لە حکومەتی هەرێم نزیککردەوە.

ئەگەر هەرێم پشتیوانی، یان لانیکەم بێدەنگی تورکیا مسۆگەر بکات، کە ئاماژەکانی زۆر ڕون نین، ئەوە ئەوکات زۆر سەختدەبێت بۆ حکومەتی مەرکەزی لە بەغدا ڕێگری لە جیابوونەوەی کوردەکان بکات. بەواتایەکی دیکە، جیابوونەوەی هەرێم ئەوەندەی پەیوەندی بە هەڵوێستی ئەنقەرەوە هەیە ئەوەندە پەیوەست نییە بە هەڵوێستی بەغدا.

هەرچۆنێک بێت، ساڵانێکە زۆر کەس دەڵێن کە جیابوونەوەی کوردستان پرسی کاتە زیاتر لە هەر شتێکی دیکە بەڵام شکستی حکومەتی هەرێم لە سیاسەتی سەربەخۆی نەوت‌ لەگەڵ نغرۆبوونی ئەو نوخبە سیاسییەی کە بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات تا بنەقاقای لە گەندەڵی‌و دزی سامانی گشتیی وای لەزۆر کەس کردوە کە تا ئەو نوخبە سیاسییە باڵادەستبن دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە خەونێک بۆ گەل‌و گەمەیەک‌و موزایەدەیەکی سیاسی قێزەون لەلایەن نوخبە سیاسییەکەوە هیچی دیکە نییە.




وێستگە مێژووییە گرنگەکانی کێشەی مووسڵ – بەشی یەکەم … دکتۆر جەبار قادر

لە هەوڵی تێگەیشتنماندا لەو هەموو ئاڵۆزییەی لە بارەی مووسڵەوە لە ئارادان، گەڕانەوە بۆ گرنگترین وێستگەکانی مێژووی سەرهەڵدان، پەرەسەندن و ئاڵۆزبوونی کێشەی مووسڵ لە چارەکەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، کارێکی پێویست و بەجێیە. بێ لێکدانەوەی ئەو پاشخانە مێژووییە ئاڵۆزە، ئەستەمە مرۆڤ لەم هەموو کەین و بەینە سەر دەربکات.

لە ٣٠ ئوکتۆبەری ١٩١٨ لە سەر کەشتی ئاگەمەمنون Agamemnon لە بەندەری مۆدروس Moudrosلە دورگەی لێمنۆسی Lemnos عوسمانی ئەوجا و یۆنانی ئێستا لە دەریای ئیجە، ئاگربەستی مۆدروس لە نێوان هاوپەیمانان و عوسمانییەکاندا ئیمزا کرا. لە سەر ناوی دەوڵەتی عوسمانی ڕەوف بەگ وەزیری دەریاوانی و لە سەر ناوی دەوڵەتانی هاوپەیمانیش ئەدمیراڵی بریتانیSomerest Arthur Gough- Calthorpe ئیمزایان کرد. ئاگربەستی مۆدروس، کە تورکەکان بە موتارەکەی موندرۆس (Mondros Mütarekesi) ناوی دەبەن، کۆتایی بەشەڕی یەکەمی جیهانی لە بەرەی ڕۆژهەڵاتدا هێنا. لەو ساتەدا هێزە سەربازییەکانی بریتانیا ١٢ مایل (نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر) لە باشوری شاری مووسڵ بوون. بە پێی بەندەکانی ئاگربەستەکە دەبوایە هێزە شەڕکەرەکان لە جێگەی خۆیان ڕاوەستن و جووڵەیان پێ نەکرێت.

بریتانییەکان زۆریان مەبەست بوو شاری مووسڵ داگیر بکەن، بۆیە دوای چەند ڕۆژێک تورکەکانیان ناچار کرد شارەکە چۆڵکەن . بریتانیا وەک هێزێکی ئیمپراتۆری مەزن و لە شەڕدا سەرکەوتوو، زۆر ئاسان بوو بۆی خواستەکانی خۆی بەسەر لایەنی دۆڕاودا بسەپێنێت. پاکانەی بریتانییەکان بۆ داگیرکردنی مووسڵ بەندەکانی ٧ و ١٦ی ئاگربەستەکە بوون. بەندی ٧ ئەو مافەی دەدا بە هاوپەیمانان کە هەموو ئەو خاڵە ستراتیژیانە داگیربکەن لە حاڵەتی پەیدابوونی هەڕەشە لە سەر ئاسایشی هێزەکانیان. ئەم “باری هەڕەشە لە سەر ئاسایشی هێزەکان” سەد لێکدانەوەی هەڵدەگرت. خاڵی ١٦ش لایەنی عوسمانی ناچار کردبوو، هەموو بنکە سەربازییەکانی حیجاز، عەسیر، یەمەن، سوریا و میزۆپۆتامیا ڕادەستی نزیکترین فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بکات، هێزەکانیشی لە کیلیکیا بکێشێتەوە، تەنها ئەوانە نەبن کە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش پێویستن، وەک لە خاڵی ٥ مدا باسی لێوە کراوە. کەس باوەڕی بەوە نەبوو سوپای عوسمانی لە پەل و پۆ کەوتوو توانای ئەوەی مابێت هەڕەشە لە سەر هێزی هاوپەیمانان دروست بکات. حکومەتی عوسمانی لە ئەستەموڵ، لە دوای ئەویش حکومەتی کەمالی لە ئەنقەرە داگیرکردنی مووسڵیان بە کردەوەیەکی ناقانونی دانا، چونکە لە دوای مۆرکردنی ئاگربەستەکە و بە لێکدانەوەی ئەوان لە دژی بنەما سەرەکییەکەی بوو. ئا لێرەوە کێشەیەک بە ناوی کێشەی ویلایەتی مووسڵ (کێشەی مووسڵ) لە نیوان بریتانیا و عیراقی ژێردەستەی لە لایەک و تورکیا لە لایەکی ترەوە پەیدا بوو.

بریتانیا دەمێک بوو چاوی بڕیبووە ویلایەتی مووسڵ، هەرچەندە بە پێی ڕێکەوتننامەی سایکس – پێکۆ دانی بەوەدا نابوو کە بەشی هەرە زۆری بدرێت بە فرەنسا، بەڵام بەشە گرنگەکەی، کە کەرکوک بوو بۆ خۆی دابڕیبوو. لەو نەخشەیەی ناوچەکانی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ و دەڤەری باڵادەستی (هێژیمۆنی – نفوذ)ی بریتانیا و فرەنسای لە سەر دیار کراون و لە گەڵ ڕێکەوتننامەکەدا هاوپێچ کراوە، تا زێی بچووک بە شاری کەرکوکەوە کرابوو بە ناوچەی باڵادەستی بریتانیا.

دواتر لە کۆنفرانسی سان ڕیمۆ کە لە ئیتالیا لە(١٩ – ٢٦ نیسانی ١٩٢٠) بەسترا و سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا و نوێنەرانی یۆنان، ژاپۆن و بەلجیکا ئامادەی بوون و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکاش وەک چاودێر ئامادە بوو، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لوید جۆرج توانی سەرۆک وەزیرانی فرەنسا جۆرج کلیمەنسۆ قایل بکات دەست لە مووسڵ هەڵبگرێت، کە بە پێی سایکس – پیکۆ بۆی دانرا بوو. لە بەرامبەر ئەم پیاوەتییەی کلیمەنسۆ فرەنسا هەندێ شتی دەست کەوت، بەڵام لە گەڵ گرنگی مووسڵا بەراورد نەدەکران. لەم سان ڕیمۆ دەبوایە دەولەتانی هاوپەیمانی سەرکەوتوو لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا بڕێار لە سەر چارەنووسی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە ئاسیا بدەن. لێرەدا ئامادەبووان دوا پێداچوونەوەیان بە ڕەشنووسی پەیماننامەی ئاشتیدا کرد، کە دواتر لە ١٠ ئابی هەمان ساڵ لە پاریس مۆر کرا و بە پەیماننامەی سێڤر ناوی دەرکرد. هەر لە سان ڕیمۆش ڕژێمی مەندەیتیان داهێنا و فلەستین و میزۆپۆتامیا خرانە ژێر مەندەیتی بریتانیا و لە بەرامبەر وازهێنانی فرەنسا لە مووسڵ، بریتانیا دانی نا بە مەندەیتی فرەنسادا لە سەر سوریا و لوبنان. ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە هەر لە سان ڕیمۆ لە ٢٤ -٢٥ نیساندا دان و سان لە سەر نەوتی ویلایەتی مووسڵ لە نێوان بریتانیا و فرەنسا بەڕێوەچوون و لە ئەنجامدا ڕێکەوتننامەیەک لەو بارەیەوە ئیمزا کرا، کە مافی ٢٥ % نەوتی مووسڵی دەدا بە فرەنسا لە بەرامبەر دەستهەڵگرتنی لە ویلایەتی مووسڵ. ئەم کەین و بەینانە ئەو ڕاستییە دەرئەخەن کە بریتانیا ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مووسڵ بێت.

هەر لەو کاتەدا کە هاوپەیمانان لە سان ڕیمۆ و پاریس خەریکی بەخشینەوەی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوون، لە سەر خاکی ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا) ڕووداوی گەورە دەقەومان. مستەفا کەمال لە مایسی ١٩١٩ەوە دەستی کردبوو بە کۆکردنەوەی لایەنگران بۆ ڕوو بە ڕووبوونەوە لە گەڵ داگیرکەراندا. دوو کۆنگرە لە ئەرزەڕۆم (٢٢ تەمموز – ٧ ئاب ١٩١٩١) و سیواس (٤ – ١١ ئەیلول ١٩١٩) بۆ ئەو مەبەستە بەستران. لەو کۆنگرانەدا پرۆژەی پرۆگرامێکی سیاسی گەڵاڵە کرا. یەکێ لە داخوازییە سەرەکییەکانی کۆنگرەی سیواس ئەنجامدانی هەڵبژراردن بوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانی( مجلسی مبعوثان). حکومەتی سوڵتان ناچار کرا ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕابگەیەنێت. لە زۆربەی ویلایەتەکان لایەنگرانی مستەفا کەمال سەرکەوتن. لە کۆتایی ساڵی ١٩١٩ و دەسپێکی ١٩٢٠ لە مستەفا کەمال و دەستەی نوێنەرایەتیدا (هیئەی تمثیلیە)، کە لە کۆنگرەی سیواس وەک دەستەیەکی جێبەجێکار هەڵبژێردرابوون، ئەندامانی نوێی پاڕلەمان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. لە ئەنجامی کۆبوونەوەکاندا پرۆژەی پەیمانێک گەڵاڵە کرا، کە تورکەکان بە مانیفێستۆی شەڕی ئازادی ناوی ئەبەن. پەیمانەکە لە هەشت خاڵ پێکهاتبوو و بە بۆچوونی کەمالییەکان داخوازییە سەرەکییەکانی گەلانی تورکیای دەگرتە خۆ.

بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان مستەفا کەمال بە خۆی ڕەشنووسەکەی نووسی و ئەوانی تر ئیمزایان کرد. ئەم پەیمانە برا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە ١٢ کانونی دووەمی ١٩٢٠ دوا خولی خۆی لە ئەستەمووڵ دەسپێکرد. دوای کردنەوە و هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پاڕلەمان، گفتوگۆکان لە بارەی پرۆژە پەیمانی نیشتمانییەوە، کە ئەو کاتە بە ناوی عەهدی میللی نێوی دەبرا، دەستیان پێکرد. لە ٢٨ هەمان مانگدا و لە دانیشتنێکی نهێنیدا بڕیاری لە سەر عەهدی میللی درا. ئەم پەیمانە بە ناوی جیاواز لە مێژوودا باسکراوە، (عهدی میللی، میثاقی میللی و لە زمانی تورکی هاوچەرخدا بووە بە ( (Ulusal Ant, Milli Misak, Milli Yemin، کە هەموویان هەمان واتا دەبەخشن، کە دەکاتە پەیمانی نیشتمانی. لە بڕیاڕنامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانیدا هەشت خاڵەکەی مستەفا کەمال کران بە شەش خاڵ بە تێکەڵکردنی هەندێ لە خاڵەکان. لە ١٢ شوبات بڕیاڕنامەکە ئاشکرا کراو و بڵاوکرایەوە. ئەم ڕەوتەی ڕووداوەکان تەواو لە دژی ئەو سیناریۆیانە بوو کە هاوپەیمانان خەریکی داڕێژانی بوون لە بارەی دوا ڕۆژی ئاسیای بچووکەوە، بۆیە هێزەکانی بریتانیا، فرەنسا و ئیتالیا لە ١٦ مارتدا ئەستەموڵیان داگیرکرد. لە ١٨ مارتدا ئەنجومەنی نوێنەران دوا کۆبوونەوەی خۆی کرد و لە ژێر فشاری داگیرکەرانا لە ١١ نیسانی ١٩٢٠ بە یەکجاری دەرگاکانی داخرا. بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن دەستگیر کران و لە ولات دوورخرانەوە و بە شەکەی تریان خۆیان گەیاندەوە ئەنقەرە. لە ٢٣ نیسانی ١٩٢٠ پاڕلەمانێکی نوێیان لەوێ بە ناوی ئەنجومەنی مەزنی میللی تورکیا ((Türkiye Büyük Millet Meclisiدامەزراند. لێرەوە لە تورکیا دوو حکومەت هاتنە کایەوە: حکومەتی ئەستەموڵ و حکومەتی ئەنقەرە. یەکەمیان لە پەل و پۆ کەوتبوو و لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا بوو و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دوا پێگەکانی خۆی لە تورکیا لە دەستدەدا. ئەوی تریان حکومەتی ئەنقەرە بە پێچەوانەوە سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی لە شەڕی ئازادیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە نێو خۆی تورکیا و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش پەیگەی بەهێزتر دەبوو.

ئەوەی لە پەیمانی نیشتمانیدا بۆ ئەم باسەی ئێمە گرنگە خاڵی یەکەمێتی کە باس لەو ناوچانە دەکات، کە زۆرینەی دانیشتوانیان بە وتەی ئەوان عەرەبن و لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ٣٠ ئوکتۆبەری ١٩١٨ لە ژێر دەستی هێزەکانی هاوپەیمانان بوون، دەبێت خەڵکەکەی بە ئازادی بڕیاڕ لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن. لێرەدا مووسڵ و هەتای (ئەسکەندەرۆنە) خراونەتە چوارچیوەی سنوورەکانی پەیمانەکەوە وەک لەو نەخشەیە دەرئەکەوێت کە هاوپێچ کراوە. لەوێدا هەموو باشوری کوردستان خراوەتە سەر نەخشەی تورکیا، هەتای لە ٢٩ حوزەیرانی ١٩٣٩ بە ڕێکەوتنێک لە گەڵ فرەنسا خرایە سەر تورکیا، پێشتریش پرسی قارس و ئارتڤین لە گەڵ ڕووسیای سۆڤیەتیدا بە قازانجی تورکیا بڕابووەوە.

ئا لەم کاتەدا هاوپەیمانان لە پاریس پەیماننامەی سێڤریان لە ١٠ ئابی ١٩٢٠ لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا مۆر کرد. ئەوە یەکەمین جار بوو لە بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتیدا باس لە مافەکانی کورد بکرێت. کورد زۆری بە سەر سێڤردا هەڵداوە، کە لەوە زیاتر وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی باس لە مافەکانی کورد دەکات، هیچ بەهایەکی لە سەر ئەرزی واقیع نەبوو. دەوڵەتی عوسمانی کە ئیمزای کردبوو هەر ئەو کاتە دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی ئاسیای بچووکدا نەدەڕۆیشت، کەمالییەکان لەوێ خاوەن دەسەڵاتی راستەقینە بوون و ئەمان ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەک دان بە سێڤردا بنێن. کەس خۆی نەکردە خاوەنی پەیماننامەی سێڤر، هاوپەیمانان چەند مانگێک تێنەپەڕیبوو بە سەر ئیمزا کردنیدا، کاتێ ئامادەییان دەربڕی بە بەندەکانیدا بچنەوە و کەوتنە بازرگانی لە گەڵ کەمالییەکاندا. بێجگە لە ئیتالیا هیچ دەوڵەتێک بە فەرمی لە پاڕلەمانی وڵاتەکەیدا ئیقراری نەکرد. ئەو سێ خاڵەی سێڤریش کە بۆ باسی مافەکانی کورد تەرخان کرابوون، ئەوەندە مەرج و ئەگەریان بۆ دانرا بوون، ئەگەر مرۆڤ بە وردی و دوور لە سۆز لێکیانبداتەوە، ئەوا دەبینێت ئاکامەکەی دەکاتە هیچ و نزیکدەبێتەوە لە سفرێکی گەورە. لە سێڤردا باسی ڕۆژەهەڵاتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نەکرا، وەک ئەوەی بەشێک نەبێت لە کوردستان. ئەو کوردستانەشی کە لە نەخشەکەی سێڤردا بە کورد ڕەوا بینیرا، زۆر لەو کوردستانە بچووکترە کە کورد بە خاکی نیشتمانی خۆی دەزانێت. ئەم بابەتە پێویستی بە باسێکی تایبەت هەیە.

لە ئابی ١٩٢٢ هێزەکانی تورکیای کەمالی سەرکەوتنێکی بێ وێنەیان بە سەر سوپای یۆنانیدا بەدەستهێنا، لە ١١ ئوکتۆبەری هەمان ساڵیشدا ئاگربەستی مودانیا لە نێوان حکومەتی ئەنقەرە لە لایەک و نوێنەرانی بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا لە لایەکی ترەوە ئیمزا کرا و لە ١٣ هەمان مانگیش یۆنان پێوەی پابەند بوو و ئیمزای کرد. لێرەوە ئیتر ئەنقەرە خۆشی بەوەدا نەدەهات باسی ئاگربەستی مۆدروسی لە گەڵدا بکرێت، ئەو داوای ئەوەی دەکرد کە بە پێی ئاگربەستی مودانیا قسەی لە گەڵدا بکرێت. لە کۆتاییدا هەر واش کرا، تورکیا تەنها دەوڵەتی دۆڕاو بوو لە شەڕدا کە وەک هاوتایەک هەڵس و کەوتی لە گەڵدا دەکرا. ئاشکرایە دەوڵەتی شکستخواردوو لە شەڕدا هەموو بڕیاڕەکانی لایەنی سەرکەوتوو بێ یەک دوو جێبەجێ بکات. زوو زوو عیسمەت ئینەنۆ بە بیری نوێنەرانی هاوپەیمانانی دەهێنایەوە کە ئەوە دەوڵەتی عوسمانی بوو شەڕی دۆڕاند، بەڵام ئەو بە سەرکەوتوویی لە گۆڕەپانی شەڕەوە هاتووە، بۆیە دەبێت وەک هاوتا مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت نەک وەک لایەنی دۆڕاو. مەرجەکانی ئاشتی لە نێوان تورکیا و هاوپەیمانان بە پێی ئاگربەستی مۆدانیا، دەبوایە لە کۆنفرانسی لۆزان، کە جاری یەکەم لە (٢١ نۆڤەمبەری ١٩٢٢ تا ٢٤ شوباتی ١٩٢٣) و جاری دووەمیش لە (٢٣ نیسان تا ٢٤ تەمموزی ١٩٢٣) بەڕێوە چوو، بڕیاریان لێ بدرایە.

پێش ئەوەی باسی کێشمە کێشی نێوان هەردوو شاندی تورکیا و بریتانیا لە لۆزان بکەین، کە کێشەی مووسڵ بابەتی هەرە گرنگیان بوو، دەبێ ئاوڕێک لە هەوڵی کەمالێیەکان لە باشوری کوردستان بدەینەوە، کە لە گەڵ هەندێ کەسایەتی و ناوەند خەریکی پیلانگێڕان بوون بۆ گێڕانەوەی ئەم بەشەی کوردستان بۆ ژێر چەپۆکی تورک. ئەمەش بابەتی بەشی سێیەمی ئەم زنجیرە وتارە دەبێت.




گێڕانەوەی “مەرگی مەیموون”ی ماردین ئیبراهیم … عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

————
ئێستا لەوێ لەنێو تابووتی نارنجی خۆرنشینی شارەكەما
چل مناڵم، چل جگەرم، هەشتا چاوم، هەشتا گوێچكەم…
هەشتسەت پەنجەی هەردوو دەست و هەردوو قاچم
بەیەكەوە هەڵئەوەرێن.
قەسیدەی سوتماك “شێركۆ بێكەس”

————-

گێڕانەوە (السرد-Narration) گرنگی بە خستنەڕووی رووداوەكان دەدات و كار لەسەر بەرەوپێشچوونی (زەمەنی رووداو) و (زەمەنی گێڕانەوە) و (زەمەنی خوێندنەوە) دەكات، بە دیوەكەی دیكە گێڕانەوە زەمەنێك رۆدەنێت، ئێستای دەق (بە هەموو ژانرەكانییەوە) ئەو زەمەنەیە، كە هێشتا نەهاتووە و رووی نەداوە. هەڵبەتە ئێستای دەقی “مەرگی مەیموون” ئێستای خوێنەری جیاوازە، بەڵام لە بیرمان نەچێ هیچ خوێنەرێكی نموونەیی دڵنیایی لە دەقەوە بە دەست ناهێنێ و هیچ دەقێكی ئیبداعیش لە دڵنیایی بەخشین بە خوێنەر كورت ناكرێتەوە، چونكە زمان لەسەر ئامادەیی (مانا) ناوەستێ، بەڵكو پرۆسەیەكە لەسەرەخۆ بەرەو پێشەوە دەڕوات، (مانا) بۆ ئەوەی لە نێو (ئامادەیی بونیادی دەق) جێگایەك بۆ خۆی داگیر بكات، دەبێ بچێتە نێو سیستمی دەلالەتەوە! بەو مانایەش دەقی ئەدەبی هەمیشە لە چاوەڕوانی خوێنەری جۆراوجۆر دایە، وەك چۆن خوێنەریش هەمیشە لە چاوەڕوانی دەقێكی دیكەی ئیبداعی دایە، چونكە لە دنیادا دەقێك نییە هەڵگری بۆشایی نەبێت، دەقی تەواو بوونی نییە.. لێرەدا دەكرێ بڵێم ئێستای دەقی گێڕانەوەی چل منداڵی گوللەبارانكراوی كوردی ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەم لە رووداوی شیعریی شێركۆ بێكەس و زەمەنی گێڕانەوەی ماردین ئیبراهیم و زەمەنی گوتنی بەهجەت یەحیا بە چێژی جۆراوجۆر نەخشەی بۆ كێشراوە.

بێگومان هەموو دەقێك هەوڵدەدات ئەوەندە چێژ و هونەر بنوێنێ، تا بگاتە خوێنەری نموونەیی خۆی، چونكە هیچ دەقێك بێ خوێندنەوە بوونی نییە، دەق هەمیشە لە چاوەڕوانی خوێنەردا دەژی، بە مانایەكی دیكە هەندێجار بۆ ئەوەی بە خوێنەری نموونەیی خۆی بگات، پێویستی بە چاوەڕوانی زۆر هەیە، بۆ نموونە “بلیك” نزیكەی (150) ساڵ چاوەڕوانی كرد، هەتا بە (فرای) نۆرسرۆب فرای -رەخنەگر و تیۆریستی كەنەدی- گەیشت.. (ئەلبرتۆ مانگۆیل) لە كتێبی (هونەری خوێندنەوە)دا سێ جۆر لە خوێنەری نموونەیی لێكجیا دەكاتەوە: یەكەمیان ئەو خوێنەرە نموونەییەیە كە چێژ وەردەگرێ، بێ ئەوەی دەق هەڵسەنگێنێ. سێیەم ئەو خوێنەرەیە كە دەق هەڵدەسەنگێنێ بێ ئەوەی چێژی لێوەربگرێت. جۆری ناوەند ئەو خوێنەرە نموونەییەیە كە لە كاتی هەڵسەنگاندن چێژ وەردەگرێ و لە كاتی چێژ وەرگرتن دەق هەڵدەسەنگێنێ.. ل 233.

زەمەنی گێڕانەوەی ماردین ئیبراهیم، زەمەنی بە بیرهێنانەوەی چل منداڵی گوللە بارانكراوە، واتە زەمەنی بە بیرهێنانەوە بە شێوەیەكی هونەری لە زەمەنی مەرگی منداڵێك بە ناوی مەیموون دەنەخشێنێ: چل منداڵ بوون لەو ئێوارە كەڕ و بێدەنگەی شارەدا تیرباران كران، بە تۆمەتی خیانەتكردن لە نیشتیمان، بەڵام ئەوان هەندێكیان هێشتا بەیانیان كە لە خەو هەڵدەستان خۆیان تەڕ دەكردـ هەندێكیان هێشتا ئەگەر كۆلارەكانیان لە ستوونی كارەبا یان درەختی بەرز بگیریایە، دەگریان، هەندێكیان گەورەترین دڵخۆشییان ئەوە بوو لە كاتی پایسكل لێخوڕیندا دەستەكانیان بەربدەن….

كەواتە سوتماكی (شێركۆ بێكەس) و رۆمانی مەرگی مەیموونی (ماردین ئیبراهیم) و فەزای دەنگی پڕ سۆزی (بەهجەت یەحیا) مەرگی ئەو چل مناڵەمان بیر دەخەنەوە، كە لە ساڵانی بەعس، خیانەتكارێكی كوردی پێش راپەڕین و لێپرسراوی گەورەی دوای راپەڕین.. ئەو چل مناڵە بە تۆمەتی خیانەتكردن لە نیشتیمان رادەستی بەعس دەكات و بەعسیش بێ بەزەییانە گوللەبارانیان دەكات.. شێركۆ بێكەس بە قەسیدە جوانەكەی (سوتماك) لاواندنەوەیەكی جوانی هونەری و پڕ لە هەست و مرۆییانەی بۆ ئەو چل مناڵە كرد، بەشێكی زۆرمان ئەو دنیا بە سۆزەمان لە فەزای دەنگە غەمگینەكەی بەهجەت یەحیا وێناكردووە.. دەتوانم بڵێم قەسیدەی سوتماكی شێركۆ بێكەس و فەزای دەنگە غەمگینەكەی بەهجەت یەحیا لە رووی هەستی مرۆییەوە دنیای ئازار و سادەیی رەنگ دەكەن..

ناوەڕۆكی رۆمانی مەرگی مەیموون باسی منداڵێك دەكات كە لەبەر خۆشەویستی پێی دەڵێن مەیموون (ماردین ئیبراهیم) لە توێی هونەری گێڕانەوەیەكی مۆدێرن ئەو كارەساتەی كردووە بە بابەتی رۆمان و لەوێوە باسی ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتیانە دەكات، كە ئەندامانی خێزان و كەسانی دەوروبەری تێیدا دەژین، واتە لە رێگای مەرگی مەیموونەوە باسی مێژووی سیاسی هەشتاكان و بارودۆخی ژیانی سیاسی ستەمدیدەی كوردی و ئازارە مرۆییەكانی رۆژهەڵات بە گشتی دەكات، ئازارەكانی ژیانی سەردەمی بەعس ئەو قسەیەی “نیتشە” تۆخ دەكاتەوە كە دەڵێ ژیان هەڵقوڵاوی خۆشییە، بەڵام گەمژەكان هەموو لقەكانی ژەهراوی دەكەن. بەعس هەموو كەناڵەكانی ژیانی ژەهراوی كردبوو.. لەو رۆمانەدا كاراكتەرێكی قوربانیی بە ناوی (ئەردەلانی)یەوە مەرگی مەیموون لە ناخەوە زامداری دەكات، بەڵام دوای ئەوەی دەزانێ پاشاگەردانی دەسەڵاتی كوردی، دوای ئەوەی دەزانێ هێشتا كەناڵەكانی ژیان هەر ژەهراوییە، هێشتا گەڕان بە دوای دادپەروەری شكست دەهێنێ، بۆیە ئەردەلانی پاڵەوان بە دەستی خۆی تۆڵەی ئەو چل منداڵە بە كوشتنی خیانەتكاری كارەساتەكە دەكاتەوە و خۆی دەخاتە زیندانی هەتا هەتاییەوە، ماردین ئیبراهیم لە رێگای بەدواداچوونی حەقیقەتەوە پێمان دەڵێت: لێرە ژیان زیندانێكی هەتا هەتاییە!

ئەردەلانی بەهای حەقیقەت لە بەهای ئازادی بە گرنگتر دەزانێ، ئەوە ئەگەرچی وێناكردنێكی ئازاراوییە، بەڵام وێناكردنێكە راستەوخۆ بە مەرگی منداڵە سادە و پاكەكانەوە بەندە، راستەوخۆ بە ونبوونی هەستی مرۆڤایەتی و ونبوونی حەقیقەتەوە بەندە! ئەردەلانی پاڵەوانی ماردین ئیبراهیم (ئەنتیگۆنا ئاسا) پێیوایە رۆحی دەمێكە لە ونبوونی حەقیقەتەوە ونبووە، دەمێكە لە نێو ئەو هەموو ژەهرەدا مردووە، دەمێكە لە نێو ئەو زیندانەدا بەندە.. چونكە ئەگەر بمانەوێ حەقیقەت بدوێت، دەبێ بە كردەی كەشفكردن هەڵبسین، راڤەكردنی حەقیقەت بە مانا حەرفییەكەی لای ئەردەلانی واتای “پەردە لادان” دەگەیەنێت.. پەردە لادان لەسەر ئەو هەموو تاوانە، پەردە لادان لەسەر ئەو هەموو ژەهرە، پەردە لادان لەسەر ئەو هەموو زیندانە.. ئایدیای تەماشاكردنی مرۆڤ وەك قوربانی حەقیقەت، بیركردنەوەیەكی شۆڕشگێرانەیە و لە ماركسییەتدا بە ترۆپك دەگات.. قەسیدەكەی شێركۆ بێكەس و فەزای دەنگی غەمگینی بەهجەت یەحیا رۆحی منداڵەكان (مەسیح ئاسا) بەرجەستە دەكەنەوە، ژیان دەكەنەوە پاشكۆی ئازادی. بەڵام زمانی گێڕانەوەی ماردین ئیبراهیم حەقیقەتی لەسەر بونیاد دەنرێت ودەیەوێ لە رێگای دووبارە گێڕانەوە كەشفی حەقیقەت بكات.

ئەو رۆمانە بە تەكنیكێكی سادە و شەفاف و خۆشپێكهاتە نووسراوە و سوودی لە گەڕانەوەی ئازاد و تێكەڵكردنی زەمەنەكان و پارچە پارچەكردنی گێڕانەوەكان وەرگرتووە، دواجار وەك بابەتێكی (كۆمەڵایەتی- سیاسی) بە بیر خوێنەرانی دەخاتەوە، كە نیشانەكانی قوربانیی لەو كوردەدا زۆر لە نیشانەكانی تاعون ئاشكراترە، ماردین ئیبراهیم پێماندەڵێ ئەوەی قوربانییەكان لە بیر بكات، حەقیقەتیش پشتگوێ دەخات، ئەوەی قوربانییەكان لە بیر بكات، سورێژەیشی لێ بێت هەستی پێناكات. دواجار لە نێوان (بەهای ئازادی) و (بەهای حەقیقەت)دا رووداوی شیعریی شێركۆ بێكەس و زەمەنی گێڕانەوەی ماردین ئیبراهیم و فەزای دەنگی بەهجەت یەحیا دەچنینەوە.




ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە …. كارا فاتيح

ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە… چۆن كۆمان دەكاتەوە، یان بۆ دەبێت، ئاسیاسێڵ كۆمان بكاتەوە، لە كاتێكدا خۆمان (ناتوانین، نامانەوێت، نازانین، ناهێڵن، سەرناپەرژێین یان بواریان بۆ نەهێشتووین) كۆ ببینەوە، كەواتە ئاسیاسێڵ لە ئاستێكی شاراوەدا دەڵێت، دوور بكەونەوە، هەر زۆر دوور بكەونەوە، بێ خەم بن لە ڕێگەی تۆڕەكەی منەوە پێك دەگەنەوە.
بەڵام چۆن پێك دەگەینەوە، (دەقیقەیەك بە 60 دینار) لێرەوە هەموو پەیوەندییەك بە جیا لەوەی لە ئاستێكی مەعنەوییەوە دێتە سەر ئاستێكی مادی، هاوكات هەموو پەیوەندییە زیندوەكانی مرۆڤبوون بۆ كۆمەڵێك تەلەفۆنی پێویست و هەواڵپرسی و هەواڵزانین كورت دەكاتەوە، قورسایی هەستكردن بە بایەخی مەعنەویی مرۆڤ دەهێنێتە سەر كورتەنامەیەك یان خەبەر و مەوعیدێك (بێ گومان ئەوەش لە ئاستێكی زۆر كەم و سنوورداردا، بە هۆی ئەوە هەموو چركەیەك نرخێكی مادیی هەیە)
بۆیە مژدەكەی ئاسیاسێڵ (ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە) ڕاستییەكەی تاڵی تێدایە، ئێمە هێندە دوور كەوتووینەتەوە، لە خەسڵەتێكی (هاودەردی، بەهاناوەچوون، تەگبیركردن، ڕاوێژكردن، پێویستی، كەیف و سەرگەرمی…هتد) شۆراوینەتەوە، ئەوەش بەڵێنی بەیەكگەیشتمان پێدەدا، بە نرخێكی مادیی زۆر و لە ئاستێكی سنووردار و لە چوارچێوەی خەبەر و پێویستییەكی ناچاریدا ئەوەمان بۆ دەكات.

ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە، واتە خۆمان با هەر دوور بین، زیاتریش دوور بكەوینەوە، بۆ ئەوەی بە تەواوی لە خەسڵەتی مرۆڤبوون بكەوین، ئیتر بە كەڵكی توندوتۆڵیی كۆمەڵایەتی و ڕێكخستنی سیاسی نەیەین، نەبینە مەترسیی بۆ سەر فەرمانڕەوایان ئەوانەی نرخ لە بچووكترین پەیوەندیی مرۆڤایەتیی دادەنێت…
ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە…
وشەیەك لەم ڕیكلامەدا پەڕیوە: پارە (ئاسیاسێڵ پارەكانمان كۆ دەكاتەوە)، بەڵام نەك لەبەر ئەوەی بیریان چووبێت، بەڵكو هێندە ئامانجێكی مەزنە، بە نەنووسینیشی هەر بە زەقی دەبینرێت…(بێ گومان ئاسیاسێڵ تەنها وەك نموونە و بۆ كۆمپانیاكانی تریش هەمان قسە)




سزادان کولتوری حیزبی (بەعس)ە …. کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک

لەدرێژەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان، دەسەڵاتداران لە بری وەڵامدانەوە بە داخوازی و داواکارییەکانی سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان، وەک پیشەی هەمیشەیان ڕێگای سەرکوت و ترس و توقاندن بەکار دەهێنن.
ڕۆژی ٢٤/١٠/٢٠١٦ هێزێکی ئاسایشی سلێمانی هەڵدەکوتنە سەر (کۆمەڵگای باجەکانی سلێمانی)، چوار کەس بە ناوەکانی (هاژە سالار، بڕیار سالار، ئاسۆ خەلیل، دڵشاد عومەر) دوای لێدان و سوکایەتی پێکردن ڕاپێچی ئاسایش دەکرێن و بۆ چەند کاتژمێرێک دەستەبەسەر دەکرێن و داوای پاکانە پڕکردنەوەیان لێ دەکرێت.
دەسەڵاتداران و حکومەتە لەرزۆکەکەی هەرێمی کوردستان، هەر بەوەوە ناوەستێت کە ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر سفرەی خەڵکی دەستەنگ و ستەمدیدەی کوردستان، هەر ڕۆژە و یاسا و بڕیارێکی دژی ئینسانی و دوور لە هەر بەهاو پڕنسیبیە مەدەنیەکانیان بەسەردا دەسەپێنێت، لەسەر و هەموو ئەمانەوە دەستی بۆ سزادان و گرتن و گواستنەوەی نوێنەرانی فەرمانبەران و خەڵکی ناڕازی دەبات لە فەرمانگە و شوێنی کارەکانیان.
بۆ پاشەکشێ و ترساندنی هێزە ناڕازییەکان، ڕۆژی ٢٦/١٠/٢٠١٦ لەلایەن (بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان) لە هەولێر، بڕیاری گواستنەوە و دورخستنەوە بۆ (١٤) کەس لە (فەرمانگەی باجەکانی سلێمانی) دەرکراوە، ئەم هەنگاوە نمونەیەکی زیندووە بۆ نیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، وەڵامدانەوە بە داواکاری و خواستەکانی جەماوەری ناڕازی.
نابێت رێگا بدەین کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، لەڕێگای گرتن و گواستنەوە و دورخستنەوەی نوێنەرانی خۆپیشاندەران و فەرمانگە و جەماوەری ناڕازی، فەزای ترس و تۆقاندن بکێشێت بەسەر کۆمەڵگادا، ئەم هەنگاوە دەبێت وەڵامی جدی و ڕاستەوخۆ وەربگرێتەوە، نابێت ڕێگا بدەین ئەم پیلانە نەگریسەی حکومەت و دەزگا سەرکوتگەرەکانیان جێبەجێ ببێت.
ئێمە لە (کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک)، پشتیوانی سەرجەم داواکاری و داخوازییەکانی جەماوەری ناڕازی دەکەین و، بەتوندی ئیدانەی ئەم هەوڵە نەزۆک و دژی ئازادییەی دەستەڵاتداران دەکەین، داوا دەکەین بەزوترین کات ئەم بڕیارە هەڵوەشێرنێتەوە، هەمانکات داوا دەکەین ئازاردان و دەسگیرکردن و سزادانی جەماوەری ناڕازی و نوێنەرەکانیان وەک هێڵی سور سەیر بکرێت و، قبوڵی ناکەین یاری بە چارەنوسی خەڵکەوە بکرێت.
تەنها ڕێگا بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەکان و زامنکردنی پاراستنی ئاسایش و گیانی نوێنەرانی ناوەندە ناڕازیەکان، ڕیزی سەربەخۆی جەماوەر و ڕێکخراوبونە لە دەوری خواستەکانیان.


کەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان_دانیمارک

٣١/١٠/٢٠١٦




نەهەنگی جەنگ … جەلال عەبدوڵا سالح

پاپۆڕ هەنگاو دەنێت
شەو ئەستێرە دەژمێرێت
شەپۆل کەفی مردوی ئاو ڕادەماڵێت
من لەقاتی یەکەمی پاپۆڕەکە
تەنیایی نیشتمانمە
بیر لە مەرگی لقێ گیاو
تەنایی مانگ دەکەمەوە
بۆنی شەرابی پیر دەکەم
لای گۆشەی چەپی دیواری شووشەی چینی
نێرگەلەی ئەفغانی
چاوەڕێی پیاوێکی ئەمەریکی دەکات
دووکەڵی چێشتخانەی مەغریبی
دەڵێی ڕاوی دەنێن
ڕادەکا بەدوای درزی پەنجەرەیەکی شکاودا
پیرە مێردێکی ئەفریقی
گۆچانی تەمەن ڕادەژەنێت
ژنێکی سۆمالی
كڵاوێکی ڕووسی لەسەردایە
سەیری بازدانی ماسی یە خوێناویەکان دەکات
من بەدوای تەنیایی خۆم دا دەگەڕێم
کەس نابینم
دەڵیی مرۆڤەکان لە ڕەگەزی من نین
خەڵکی وان لە شایی بەختەوەریدا
هەموو مەستن
بە کۆمەڵ دەڕشێنەوە
بەسەر بەرکۆشی بیرەوەری ژیاندا
بەپەلە هەنگاو دەنێم بۆ قاتی دووەمی پاپۆڕ
لە ناو حەوزی ژوور سەری ئاسمانی شین
تێکەڵاوە ڕەنگی پێستی
گەنم ڕەنگ و
ڕەش و سپی
تەماشا ژیان چەند مەستە بە مەلەی مانەوە
ئافرەتێکی ئێرانی
دەگری بۆ ڕەفتەی با بردوی هەنگاری
شەرابی فەڕەنسی
لەسەر کۆشی مێزێکی ئیتالی دانیشتووە
بیر لە لێوی کچێکی مەکسیکی دەکاتەوە
لاولاوێکی ڕۆمانی
هەڵزناوە بە سنگی پەنجەرەی ڕۆژهەڵاتتدا
بۆنی عەتری مەمک و قژی دەکات
ژیان تامی بادەمی تاڵ دەدا
چاو دەگێڕم جگە لە خۆم کەس نابینم
دەزانم تەنیایی جوانترین نیشتمانی منە
لە پڕ دەنگ دێ
کاپتنی پیر هاوار دەکات
کەوتینە جەنگی نەهەنگەکان
بەرەو ڕۆژئاوای
ئۆقیانووسی خوێناوی ڕێگا دەبڕین
مەرگ لە دەرگای ژیانمان دەدا
پاپۆڕ تەکاندەدا
خەڵکی ئارامیان دەشڵەقێت
باڵندەی ژوور سەری پاپۆڕی بریندار
باڵ لێک دەنێ بۆ باوەشی نووری هەتاو
بێباك لە مەرگی مرۆڤی لەناکاو
من هیچم نییە بیدۆڕێنم
هیچ لە دەست نادەم
ئاسمانی تەنییایم ڕەنگی ئاو دەگرێت
چارەکی بوێت بۆ مەرگ
دەبم بە خۆراکی جوانترین نەهەنگ

……

جەلال عەبدوڵا سالح




تاڤگه‌ی مه‌ند …. نه ژاد عزیز سورمێ

( نامه‌كانتم خوێنده‌وه‌.. په‌یام بوون..
به‌ڵام شتێك له‌ هیجی ئه‌م دونیایه‌ی نه‌ده‌كرد،
ناكاو گۆله‌ فرمێسكی په‌نگ خواردووی دیده‌می سمی..
له‌و ساوه‌ بیناییم كوێر بووه‌..
له‌و ساوه‌ نه‌ده‌تبینم و نه‌تێت ده‌گه‌م.
ئه‌مه‌ چڵێكی ئه‌و تروسكاییه‌یه‌ تا دوێنێ‌
به‌ر پێی خۆمم پێ‌ ده‌ده‌ی.)

1
دونیا شه‌و بوو
كیژۆڵه‌یێ‌ گۆنای گوڵی سپێده‌بوو.
كیژۆڵه‌یێ‌ چاوی گه‌شی
هێشتا ئاشنای تۆز و گه‌ردی غوربه‌ت نه‌بوو
له‌ شه‌وستانه‌وه‌ ده‌هات ،
دڵی گه‌وره‌ی
خه‌می گه‌وره‌ی
دابووه‌ كۆڵ و
بۆ شاری چراخان ده‌چوو..

دونیا شه‌و بوو
من بێ‌ ئاو ده‌نگ ، بێ‌ مه‌ئوا
شه‌ویش له‌به‌ر گۆنای ئاڵی ئه‌م كچه‌دا
بێ‌ په‌نا بوو..
( ڕێگای سه‌ختی غه‌ریبی خۆی گرتۆته‌به‌ر
نازانێ‌ له‌م دونیایه‌ بێ‌ ئه‌نوایه‌
بێ‌ ده‌نگی ده‌بێ‌ به‌ په‌نای بێ‌ په‌نایان..
نازانێ‌ كه‌ ڕێگای سه‌ختی
غه‌ریبی خۆی گرتووه‌ته‌ به‌ر
دوای سێبه‌ری خۆی كه‌وتووه‌!)

چ سوود كه‌ شار
ده‌بێ‌ به‌ ده‌ریای چراخان؟
چ سوود كه‌ كه‌س ئاگاداری
سووتانی دڵی كه‌س نییه‌؟
چ سوود كه‌ تۆ
له‌ سپییه‌ڕۆژێكی وادا
دوای سێبه‌ری خۆت ده‌كه‌وی؟
چ سوود .. چ سوود..؟

2
من ده‌مدیتن
گوێم لێیان بوو..
من نه‌مدیتن له‌ باڵه‌خانه‌ی خه‌سره‌ودا
هه‌ڵئه‌تووتێن..
من ده‌مدیتن پێكی خه‌مه‌كانی فه‌رهاد ده‌خۆنه‌وه‌
(هه‌زاره‌ زیله‌ی مێرووله‌ن
به‌ ته‌لانی شیعره‌كانم هه‌ڵده‌گه‌ڕێن )
من ده‌مدیتن دونیای ڕوونیان لێ‌ كردین
به‌ شه‌وی ئه‌نگوسته‌چاو و
ده‌رگای سێبورییان به‌ستین..
من ده‌مدیتن.. گوێم لێیان بوو،
له‌ ترسانا:
چاوی زه‌ق و
ده‌ستی قامچی و
زمانی جوێن و
زاری تف بوون..

( به‌چی چووه‌ و
به‌چی ده‌چێ‌؟
مێژوو له‌ ڕۆژگاری تاڵ و
شه‌وگاری خۆشه‌وه‌ به‌ده‌ر
چی تیابوو؟
به‌چی چووه‌ و به‌چی ده‌چێ‌؟)
كیژۆڵه‌یێ‌ گۆنای گوڵی سپێده‌ بوو
هه‌وازه‌ده‌ی سه‌مای نێرگزی كوێستان بوو..
بۆ شاری چراخان ده‌چوو..
به‌چی ده‌چێ‌؟
شاری چراخان له‌ گوڵ ده‌ترسێ‌..
شاری چراخان خامۆشه‌ خامۆش
چووه‌ته‌ ژێر باری خه‌وی دێوه‌وه‌
پاماڵی كه‌نیزه‌كانی
حه‌ره‌مسه‌رای سوڵتانه‌.

به‌چی ده‌چێ‌؟
كه‌سێ‌ ڕێگای غه‌ریبی خۆی بگرێته‌به‌ر..
دوای سێبه‌ری خۆی بكه‌وێ‌؟

3
مه‌زڵم.. هه‌وارم, سێبه‌ری په‌ڵه‌ هه‌وری
به‌هارێكی قات و قڕ بوو!
تاكه‌ په‌نای غه‌ریبی و غوربه‌تیم تۆ بووی
تۆ مێرگی سه‌وزی كوێستان بووی
من بێزار بووم ،
تۆش په‌نام بووی..
( له‌م به‌هاره‌یش قات و قڕتر؟
له‌م ڕووخۆشیه‌ش تووڕه‌تر؟
له‌م هه‌رایه‌ش كڕو كپ تر؟)

ڕێگای سه‌ختی غه‌ریبی خۆتت گرتووه‌
تۆ دوای سێبه‌ری خۆت كه‌وتووی
بۆ
چی
ده‌گری؟
ئه‌م شۆره‌زاره‌ به‌ فرمێسك ناڕوێته‌وه‌.
مێژوو له‌ ڕۆژگاری تاڵ و شه‌وگاری خۆشه‌وه‌ به‌ده‌ر ،
چی تیابوو؟!
تۆ كه‌ له‌م سپییه‌ڕۆژه‌دا
دوای سێبه‌ری ڕه‌شه‌وه‌بووی خۆت كه‌وتووی
بۆ، چی، ده‌گری؟

سه‌رهه‌ڵئه‌گرم.
ده‌ڕۆم به‌دوای په‌نجه‌ره‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێم
سه‌رهه‌ڵئه‌گرم.
جارێكی دی ناچمه‌وه‌ ژێر
لێفه‌كه‌ی خه‌وی مناڵیم…
ده‌ڕۆم به‌دوای كولانكه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێم
ده‌ڕۆم.. ده‌ڕۆم.. سه‌ر هه‌ڵئه‌گرم
ئه‌م شۆڕه‌زایه‌ به‌ فرمێسك ناڕوێته‌وه‌..

6/1983




زەمیننامە، بە تامی شیعر … پێشەوا کاکەیی


«پڕۆژەی دووەم»

———————————-

زەمین، سەد جار: لە ئێمەی مرۆڤ عاشقترە.
زەمین، کە دڵی شکا: بە بورکانیش ناوەستێت.
زەمین، کە چاوی بە خودا دەکەوێت:
لە حەوتەمین پلەی فەنابوونی خولانەوەی خۆیدا، ڕادەچڵەکێت.
کەچی ئێمە، لە هەواڵەکان وەهای دەبیستین:
کە ئەمە عەردهەژێنە و، حەوت پلەی ڕێختەرە!.
***

زەمین، لە داخی ئێمە، لە پشتی هەورەکانەوە: مانگ دەدوێنێت.
نامە دەگەڵ هیچ ئەستێرەیەکدا ناگۆڕێتەوە: بۆ وەی چاوباشقاڵی بکات.
ئەو کە دێوانە دەبێت: لە نێو ئەشکەوتەکاندا خۆ ناشارێتەوە.
ئەو کە مەست دەبێت: بە شەپۆلی زەریاکان خۆ ناشواتەوە.
ئەو بە نووری خۆر، ناسووڕێتەوە: قژی، وەک دەروێش بهێڵێتەوە.
خەنجەر لەسەر ملی کات دابنێت و، چرکە، خوێنی لێ بچۆڕێتەوە.
ئەو هەر عاشقە و، دە نێو کاکێشانی ڕێگای شیرییدا’١’: دەخولێتەوە.
***

مرۆڤ، بە نێوی خۆشییەوە: پۆز بە مەریخەوە لێ دەدات.
دەیان جار، بە بیانووی شەوی هەنگوینییەوە:
ژن، داوا لە پیاو دەکات، ڕەوانەی سەر مانگی بکات.
دەیان جار، مرۆڤ بە بیانووی پیسیی ژینگەوە: زەمین بە نەفرەت دەکات.
دوا جار، هەر مرۆڤیشە: بۆ مردن، خۆی بە قوربانی چەند بستێکی خاکی زەمین دەکات.
***

گەر مرۆڤ لە زەمین بکەیتە دەرەوە، چ ڕوو دادات؟
ئایین، نامێنێت.
ئاژەڵیش، دیین وەکار ناهێنێت.
ئەو هەموو تەفسیرە بۆ خودا ناکرێت.
هیچ کەسێك نامێنێت، وشەی دڕندە، بە شێر و پڵنگ و بەور، بڵێت.
مێروولە، واز لە هەڵگرتنی دەنکە گەنم دەهێنێت.
دەی لەبەر کێ: زەیتوون و هەنجیر، سوێندی پێ بوخرێت.
ماسییش، لە دەستی مرۆڤ دەحەسێتەوە، هێندەی تۆڕی بۆ دابنێت!.
***

زەمین، گەر لەبەر مرۆڤ نەبوایە: حەزی لێ بوو، شیعرێکی ڕووت بێت.
چیدابوو لە کێش و سەروا، ترێفەی مانگ و تیشکی خۆر، دە شیعرەوە بگلێنێت.
چیدابوو لە بڕگەکردنی: دەشت و تەپۆلکە و چیا و دۆڵ، بۆ وەی پێوەی ڕازاوە بێت.
باوبژ، چاوی هیچ عاشقێکی کوێر نەدەکرد: گەر حەزی بە تراویلکە نەهاتبێت.
باوبۆران، بە ڕەگەوە داری دەرنەدەهێنا: گەر ئێمە دەستمان پێی فێر نەبووبێت.
چ بولبول بوو، دە قەفەزمان کرد و لەبەر پەنجەرەمان دانا: بەس بۆ وەی بخوێنێت.
دەبێت مەمنوونی کۆتر بین، گەر ڕەمزی ئاشتی نەبێت: هەموو ڕۆژێکمان شەڕ دەبێت!.
***

گەر زەمین نەبێت، کام هەسارە: ئەو هەموو تاوانکارە وە خۆ دەگرێت.
چ کانزایە، لێی دەردەهێندرێت، دواتر هەر مرۆڤیشە: خۆی پێ لە نێو دەبات.
نەوت، وەک خوداوەندێکی شلەمەنی سەیر دەکرێت، کەچی وەک تێزاب دامان دەپڵۆخێنێت.
ئاو، گەر بێ ڕەنگ و بێ بۆن و بێ تام نەبوایە: قەت نەدەچۆوە سەر خۆی، هێندەی مرۆڤ بیشێوێنێت.
ئاو، گوتی:
گەر من نەبام/ کێ هەڵمی دەناسی/ کێ دەیزانی هەور چییە/ کێ دەیزانی باران و بەفر و تەرزە چییە؟
گەر من نەبام/ هەور بوونی لە کوێ بوو/ کێ دەیزانی تنۆکی باران چییە/ ئەی کێ دەیزانی چەتر چییە؟
گەر لێزمەی باران نەبوایە/ گەڕەک و کۆڵان و کووچە، ئاشنا نەدەبوون بە سێڵاو/ خانوو، دەرگای لێ نەدەکردەوە؟
گەر هەورەبرووسکە بەر زەمین نەکەوێت/ ئاسمان، چۆن بەرگەی گرمەگرمی هەور دەگرێت/ لە دوای چی، پەلکەزێڕینە دەروست دەبێت/ گەر هەورەبرووسکە بەر زەمین نەکەوێت/ ئەی کێ ئەڵماس دەردەهێنێت؟
***

لە بەرد، نەرمونیانترم نەدیوە. لە ڕەقی دەستەوە، ڕاڤەی بۆ مەکە: ئەوە ڕۆحتە، لە پاشەکشەی میهرەبانییدایە!.
با هەموومان سەیری بکەین:-
بەرد: هەمیشە لە چاومانەوە، سووڕەتی ڕەقی دراوەتە پاڵ، بێئەوەی ڕۆحمان بەر ئەو بکەوێت.
بەرد: کە مردین، لەسەر تەپڵی سەرمان قیت دەبێتەوە، ئەوسا دەزانین تا ئەبەد حزووری دەبێت.
بەرد: هێندە ڕۆحسووکە، کە چاوی بە منداڵ دەکەوێت، خواخوایەتی بێتە کەلا و گەمەی پێ بکرێت.
بەرد: فەیلەسووفێکە، سەرقاڵی سروشتگەرییە/ حەز دەکات، زمانی قەوزە بخوێنێتەوە/ وەختێک وەک پردەباز، لە نێو چۆمێکدا پاڵ دەکەوێت/ تا بزانێت، چۆن لە پێی مرۆڤ دەڕوانێت/ دەچێتە نێو قووڵایی ئاوەوە، بزانێت چۆن چۆنی بێسەروشوێن دەبێت/ دەبێتە خیز، تا دڵمان بەر شۆرین بکەوێت/ هەندێک جار، وەک گاشەبەرد دەردەکەوێت/ تا لەسەر ترس ڕامان بێنێت/ هەندێک جاریش، وەک تاشەبەرد لێی دەخەوێت/ تا حەقیقەتی چاومان ببزوێنێت!.
***

چاڵ: هەر بۆڵەبۆڵی ئێمە نییە، بۆ ئازاردانی ڕۆح، بۆ کونکردنی دڵ/ هەر هەڵکەندنی بیرە نەوت نییە، لە ژێر گڵ/ چاڵ: دۆزینەوەی حەقیقەتێکی دیکەیە، کە لەسەر شوێن پێ بێت/ هەڵدانەوەی مێژوویەکی دییە، کە دایناسۆڕ پێیدا ڕۆیشت بێت/ هەڵبەز و دابەزی مەیموون نییە، مرۆڤ پێی قەڵس بێت/ کەوتنی نێزەکێکیش نییە، لە ئاسمانەوە بەر زەوی کەوتبێت/ چاڵ: وردنەبوونەوەی چاوە، کە ئاسمان سەرنخوون دەبینێت!.

دۆڵ: دێڕێکی شیعریی نییە، خۆی بە دوو تەپۆلکەوە هەڵواسێت/ شاعیر، بە مەمکی بچووێنێت و، تک تک… ئارەقەی پێدا شۆڕ بێت/ دۆڵ: دەنگدانەوەی شەڕەشمشێری سەربازی ونە/ کە بە درێژایی مرۆڤایەتیی، جەللادەکان ئاڕاستەیان دەکەن و دەکوژرێن/ ئەسپیش، وەک کەلاکێکی ڕەقوتەق بەجێ دەهێڵدرێت/ هەتاکوو، بۆنی بە نێو دۆڵدا بڵاو ببێت/ دۆڵ: بۆنی پونگ و ڕێحانە و نەعنا و گوڵەوەنەوشەی لێ نایەت/ بۆنی دەستی خوێنی مرۆڤی لێ دێت/ هەرگیز، مرۆڤ بەبێ بۆن جێی ناهێڵێت/ هەتاوەکینێ، زەمین: لە داخی وێران نەبێت!.

بیابان: ڕاگواستنی ئێمە نییە، بۆ بە غەریبکردن/ دڵشکانی دڵی خۆتە، لە تراویلکەدا: بۆ دووبارە بینین/ بیابان: هێندە غەمگینە، بە بێدەنگیی دادەنیشێت/ کەس نییە بیشوات، گڕوێ دەبێت/ کەس نییە بە لایدا بچێت، ئیدی وەکوو مەنگۆلێک تەماشا دەکرێت/ کەڕەتی وا هەیە، لەبەر بێ ئاوییان، چاوی بە تەمتومان دەشوات/ جاری واش هەیە، “با” دەکاتە لفەکە و، پشتی پێ دەشوات!.
.
دەشت: بۆ ڕاکەڕاکی ژیان نییە، بە گاجووتێک بیکێڵیت/ قووڵبوونەوەی ڕۆحە، تاوێک تێیدا بخەویت.
شاخ: هەتیو نییە، لەبەر هەتاو کەوتبێت/ شاخ: بەس دەستی فێر بووە بە هەورەکان و، بیاندۆشێت.
گردۆچکە: هەڵبەز و دابەزی ئێمە نییە، بۆ پشوودان/ بینینی گوڵەهەڵاڵە و نێرگزە، بێ دەست لێدان.
***

هەمیشە دوو ئەشکەوت هەیە: ئەویش، ئەشکەوتی دڵ و زەمین/ وەختێک، لە دڵماندا، تەنیاییەکی وەها دەبینین/ کە هێندە چۆڵەوانە، هەست بە تاریکیی و داوی جاڵجاڵۆکە دەکەین/ هەست بە ئاڵۆزیی و دەنگی تاسکەچەڵە’٢’ دەکەین/ زەمین، وەها نییە، کە ئێمە لە ترسان، بە شوێنی خۆحەشاردان سەیری دەکەین/ ئەشکەوت: جار جار، بە کوارتز’٣’ دەڵێت: ئەرێ کەی شیعرم لێ دەتکێت/ چەند جارێکش، بە کۆتر دەڵێت: کەی گۆرانییم بۆ دەڵێیت/ بە دەگمەن، هەست بە چێلەمێ’٤’ دەکەین، بۆچی پاسەوانی دەکات/ بۆچی باڵخەنجەرە، ورتەورت دەگەڵ پلیزرک’٥’ دەکات/ قالۆچەش، بە نهێنی سەرگوزەشتەی گشت گەناورەکان’٦’، بە هەردوو زمانی خشۆکیی و باڵەفڕێ تۆمار دەکات!.
***

دارستان: بێ بولبول، هیچ سیحرێکی نییە، لە جوانی ڕەنگ و خۆشی دەنگدا/ ئەفسانەیەکە بێ شێر، قەڵافەتی سپیندار، چییە لە شەودا/ زاڵەی’٧’ قەلەڕەشە، چییە لە ئاسماندا، گەر مەچەکت نیشانی هێز بێت/ ئەو شیوەن بۆ من ناگێڕێت، تەنیا دەڵێت، بۆ دەبێت هەر ئیشی مرۆڤ بێت/ مامز، چ لە بەور و پڵنگ بکات، گەر ترسی ڕاوی ئێمەی لەسەر بێت/ ئەو لە ڕاکردندا، هێندە جوانە، بەس پرسیاری ڕۆح، چی لێ بەسەر دێت/ گوێدرێژ، هەر تاوێك دەزەڕێنێت، ئەویش لە داخی بارگرانی نییە/ ئێمە کە نەبووینەتە بارگرانی بەسەر زەوییەوە، بۆ نابێت بزانین حیکەمەتی زەڕین چییە!.
***

زەلکاو: هەر دەمێکە، دوای غەمی باران، یان پەستبوونی ڕووبار، بەرۆکمان بەردەدات/ چ لە زۆنگاو دەکەیت، کە ئەبەدیییە و، دەبێت بوونمان دەگەڵیدا هەڵباکات/ زەلکاو: وەک دڵشکانی دوو عاشق دەچێت، هەر کەفوکوڵێکە، دێت و دەڕژێت و دەبڕێت/ زۆنگاو: بۆ بە نامۆیی لێی بڕوانین، هیچ نەبێت، وەک شمشاڵ، دڵمان دەژەنێت/ چیتەڵان: کە ناهێڵێت، مرۆڤ بە تەنیایی پێیدا تێپەڕ بێت/ مەبەست لە سمسکبوونی’٨’ نییە، نایەوێت کەس، دڵی بە قالۆر بچێت/ لیتە: پێش قەڵسبوونی، هەرچی پەڵاش بێت دە خۆیدا وەردەدات، تا پێی بگوترێت: لیتاو/ کەچی گڵ: گەر دەستی تێ وەرنەدەرێت، بە بێنووی گریانەوە، بە چی دەبێتە قوڕاو/ ئاو: گەر ڕوونێتی لێ نەستێندرێت، لە خۆوە هانا بۆ ئاوڕوونکەرەوە نابات، بۆ وەی قوتاریی بکات لە زیچاو’٩’/ لم: هەموو ڕۆژێك یادەوەریمان دەنووسێت/ گەر شەپۆلیش نەبێت، کێ ئەو هەمووە تاڵییەی دەروونمان دەشوات!.
———————————————-
١ / ٩ / ٢٠١٦- ١٨ / ٩ / ٢٠١٦
قەڵادزێ
——————————————–

فەرهەنگۆک:-
‘١’. ڕێگای شیری: یەکێکە لە کاکێشانەکانی گەردوون، کە بۆشاییەکی بەرینی هەیە و، کۆمەڵەی خۆر بە تەواوی ئەستێرە و هەسارەکانی تێدا دەخولێتەوە و، زەمینیش ئەندامێکە تێیدا.
‘٢’. تاسکەچەڵە: سسارک، سمسارک، سیسارکەکەچەڵە، سیسالەک، سەرگەڕ، سیسارک، کەرگەز، کەپەنەکداڵ.
‘٣’. کوارتز: بەردەئەستی، یەکێکە لە ڕەگەزەکانی بەرد. جۆری بەردی ڕەقە. بریتییە لە ماکی سیلیکا بە تۆکمەیی. لە بنەڕەتدا: وشەیەکی فەڕەنسییە.
‘٤’. چێلەمێ: شەمشەمەکوێرە، شەمشەمە، شەمشەڵە، شەمەلە، شەوکوێرە، قەڕناقووچ.
‘٥’. پلیزرک: پەڕەسوێلکە، پڕەسوێلک، پەڕەسلێرکە، پلیسرک، تەڕنەبابیلە، حاجی ڕەش، سێ پرسک، مەقسوک، هاج ڕەشک، پلوسگرد.
‘٦’. گەناور: زیندەوارە، گەناوەر، دەعبا، جڕ و جانەوەر، حەشەرە. دەستەیەک لە گیانەوەرانی وشکەژین، وەکوو: مێش، مێشوولە، مێروولە، کوللە، پەپوولە، هەنگ، زەرگەرتە، دووپشک، جاڵجالۆکە و… کە زۆربەیان خاوەنی دوو جووتە باڵ و جووتێک شاخەکیلە و سێ جووتە پای بڕکە بڕکەن و، لەشیان لە سێ بەشی جیاوازی سەر و سینگ و زگ پێکهاتووە.
‘٧’. زاڵە: دەنگی قەلەڕەش.
‘٨’. سمسک: شووم، قدۆش، کۆچکڕەش، هوم، گوناتە، کۆدقەلین، دۆبڕ، بەدوم، بەد، بەدودم، نێوچاوان پیس.
‘٩’. زیچاو: لێڵ، لێخن، لیخن، لیخناو، شێلو، شێلوو، شیلۆ، غەور خەور، لێڵایی.