وێستگە مێژووییە گرنگەکانی کێشەی مووسڵ -(2)…. دکتۆر جەبار قادر

کەمالییەکان لەو ڕاستییە گەیشتبوون، کە بە بێ پشتیوانی کورد، کە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵیان پێکدەهێنا، دەستگرتنەوە بەسەر ئەو ویلایەتەدا کارێکی مەحاڵە، بۆیە هەر کە بزووتنەوەکەیان لە خەم ڕەخسا پیاوەکانیان دەستیان کرد بە هەڵمەتێکی فراوانی پڕوپاگەندە لە نێو هۆز و خێڵەکانی کوردستاندا. جموجوڵ و چالاکی پیاوانی مستەفا کەمال تەنها ویلایەتی مووسڵیان نەدەگرتەوە، بەڵکو پەیوەندییان لە گەڵ سەرەک هۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرت. لە گەڵ کەسایەتی و سەرکردە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکاندا پەیوەندی توند و تۆڵیان گرێدایەوە. بنەماڵە ناودارەکانی کەرکوک بە تایبەتی بنەماڵە تورکمانەکان لقێکی ” کۆمەڵەی پاراستنی مافی ویلایەتەکان”یان لە چەشنی ئەوانەی ئەنادۆڵ دامەزراندبوو و هەندێ کەسایەتی کوردیش تێیدا ببوون بە ئەندام. لەو ڕۆژانە کورد لە سەرگەردانیدا بوو، نەیدەزانی بەکێ باوەڕ بکات و ڕوو لە کێ بکات.

بە بریتانیانییەکان کە لافی ئەوەیان لێدەدا، گوایە بۆ ڕزگارکردنی گەلانی ڕۆژهەڵات لە کوت و بەندی عوسمانییەکان هاتوون، بەڵام هەڵس و کەوتیان لە گەڵ کوردا تەواو پێچەوانە بوون. نوێنەرانیان وەک هەموو داگیرکەرێکی کۆڵۆنیاڵی بە توندرین شێوە خەریکی ئازاردن و سەرکوتکردنی دانیشتوان بوون. گفت و پەیمانیان لە بارەی دەوڵەتی کوردییەوە هیچی لێ سەوز نەبوو. هەوڵدانیان بۆ بەزۆر لکاندنی کوردستان بە عیراقی عەرەبییەوە کوردی ئەوەندەی تر تۆرانبوو. نوێنەرانی دەوڵەتی عوسمانی، کە بە درۆوە نوزەی تێدا مابوو، گفتی خۆبەڕێوەبردنیان بە کورد دەدا و پەیماننامەی سێڤریان ئیمزا دەکرد. بەڵام تازە کار لە کار ترازا بوو و سوڵتان هیچی پێ نەدەکرا. چواردە بەندەکەی ویڵسن، کە بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان بە هۆی کێبڕکێ و ململانێی ئەمێریکا و بریتانیاوە لە بەشە نەوتی مووسڵ و کێشە دروستکردن بۆ بریتانیا، ڕاگەیاندرابوون، هەندێ کوردیان بە خۆیانەوە سەرگەرم کردبوو. شۆڕشی ئوکتۆبەر و ڕاگەیاندنی مافی گەلانی ڕووسیا و پەیامی بەلشەفییەکان بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات و ئاشکراکردنی پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نهێنییەکانی وڵاتە ئیمپریالییەکان لە پشتی گەلانەوە، بەر لە هەموویان ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ، هیوایەکی لە لای کورد بە ڕووس (عروس و مسقۆف بە وتەی ئەو سەردەمەی کوردان)پەیدا کردبوو. ئەمانە هەمووی بە لایەک و پەیمانەکانی مستەفا کەمال و هاوڕێکانی بە “برایانی قارەمانی موسوڵمان و فیداکار لە پێناو نیشتمان و خیلافەتدا”، کە باسیان لە تورکیایەکی پڕ لە برایەتی و بەختەوەری بۆ کورد و تورک لە دوای دەرکردنی داگیرکەرانی بیانی دەکرد، بە لایەکی تر.

لەو سەردەمەی مێژوودا کاریگەری ئاین و گوتاری ئاینی لە سەر کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو بیر و بۆچوونێکی دیکە بەهێزتر بوو. هۆشیاری نەتەوەیی زۆر لاواز بوو و تەنها لە نێو بژاردەیەکی بەرتەسکی خوێنەواراندا بەدی دەکرا. بۆ کۆمەڵگەیەک کە لە ماوەی چوار سەدەی ڕەبەقدا لە دەسەڵاتی سوڵتان و خەلیفەی موسوڵمانان بەولاوە شتێکی دیکەی نەبیستبوو، ئاسان نەبوو بیر لە جۆوڕێکی دیکەی فەرمانڕەوایی بکاتەوە. خەڵکێکی زۆر بە گوناهیان دەزانی کەسێکی دیکە جێگەی سوڵتان بگرێتەوە. ئەو پەیمانانە بە سەر کوردا وەک بارانی بەهار دەبارین، سەریان لە سەردارانی کورد شێواندبوو و هەر یەکەیان بەلایەکدا ڕایدەکێشا. کۆمەڵێکیان باسیان لە ئۆتۆنۆمی دەکرد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا، کە ئەو بۆ خۆی لە پەل و پۆ کەوتبوو و دوا ڕۆژانی بەسەر دەبرد و نەیدەتوانی خۆی ڕزگار بکات، چجای ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دابین بکات. کۆمەڵێکی تریان بیریان لە دەوڵەتێکی کوردی لە ژێر مەندەیتی بریتانیا یا تەنانەت ئەمێریکا دەکردەوە، یەکەمیان پۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی بۆ کورد پێ نەبوو و دووەمیشیان ئەوەندە ئامادەیی لە ڕۆژهەڵاتدا نەبوو، ئەرکێکی وا گران بخاتە ئەستۆی خۆی. گروپێکی بچووکی سەردارانی کورد ئەوەندە بێ ئاگابوون لە بارودۆخی دونیا و هەرێمەکە باسیان لە دەوڵەتێکی کوردی لە ژێر چاودێری ئێراندا دەکرد، کە بۆ خۆی دەوڵەتێکی بێ هێز و دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتی و نیمچە کۆڵۆنیای بریتانیا بوو. ڕاستە کورد ئەو دەمە سەردار و ڕابەری زۆری هەبوو و هەموو باسیان لە کوردستان دەکرد، بەڵام هیچ کامیان پرۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیریان نەبوو لە چەشنی میساقی میللی کەمالییەکان. کەسیشیان خاوەن کاریزمایەکی وا نەبوو هەموو کورد لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. هیچ یەکێ لەو پرۆژە سیاسییە لۆکاڵییانەی کورد ئەو کاتە و ئێستاش هەموو کوردستانی نەگرتوەتەوە. دەکرێت مرۆڤ گومانی زۆری لەم بۆچوون و لێکدانەوانە هەبێت، لێ دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا، ئەوەی سەیری بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان و هەڵس و کەوتی سەردارانی کورد و پرۆژە سیاسییە لۆکاڵییەکانیان بکات، باوەڕ بەم قسانە دێنێت.

ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد باری گشتی کورد بوو. بارودۆخی کوردی ویلایەتی مووسڵ لەوە باشتر نەبوو. دەسەڵاتی داگیرکەری بریتانی جارێک باسی قەوارەیەک یا چەند قەوارەیەکی بۆ کورد لەو ویلایەتە دەکرد و گوایە چاوەڕوانی ئەوە بوو کورد لە نێوخۆیاندا ڕیکبکەون بۆ ئەوەی جێبەجێ بکات. نە ئەو بە ڕاستی بوو و نە کوردیش لە نێوخۆیاندا ڕێکدەکەوتن، بۆیە ئەم پرۆژانە هیچیان لێ سەوز نەبوو. لە لایەکی ترەوە هەوڵی ئەوەی دەدا ژێرخانێکی پەیوەندی ئابوری و کارگێڕی لە نێوان کوردستان و عیراقی عەرەبیدا دروست بکات، بە جۆرێک ئەرکی لکاندنی ویلایەتی مووسڵی بە عیراقەوە بۆ ئاسان بکات. لە هەمان کاتدا پرۆژەی دروستکردنی قەوارەیەکی لە سەر خاکی کوردستان هەبوو بۆ ئەو ئاسورییانەی لە هەکاری و ورمێوە ڕایانکردبوو و هێنابوونیە عیراق و هێزی لێڤی لێ دروست کردبوون. دەوڵەتی عوسمانی دەوڵەتێکی سەدەکانی ناوەڕاست و سەرباری هەندێ ڕیفۆرم و گۆڕانکاری لە سەدەی نۆزدەهەمدا، هێشتا زۆر جیاواز بوو و بەراورد ناکرا لە گەڵ دەسەلاتی دەوڵەتێکی پێشکەوتووی وەک بریتانیا. کورد بە بێ سەروبەری عوسمانیان ڕاهاتبوو، بۆیە زۆر زوو لە دەسەڵاتی توند و تۆڵی کۆڵۆنیاڵی بریتانی بێزار بوو و لە دژی ڕاپەڕی. مانگ نەبوو دەڤەرێکی باشوری کوردستان لە دژی دەسەڵاتی داگیرکەری بریتانی ڕاپەڕینێک بەخۆوە نەبینێت. بە لێکدانەوەی ئینگلیزەکان زۆر لەم ڕاپەڕینانە لە ئەنجامی پڕوپاگەندەی تورکەکان ڕوویاندەدا، کە ئەوە بەشێکی کەمی ڕاستییەکە بوو.

هەڵبەتە بارودۆخێکی وا ئاڵۆز و پڕ لە کێشە ژینگەیەکی باش بوو بۆ پڕوپاگەندەی کەمالییەکان، کە داوایان لە کوردی باشوری کوردستان دەکرد جارێکی تر دڵسۆزی خۆیان بۆ خەلیفەی موسوڵمانان دووپات بکەنەوە. ئاخر کەمالییەکان تا دوا ڕۆژی شەڕی ڕزگاریخواز لە دژی داگیرکەران گوتاری سیاسی جیاوازیان ئاراستەی خەڵک دەکرد. بۆ گەلی تورک ئەوان بزووتنەوەیەکی ڕزگایخوازی نیشتمانی بوون کە بۆ ڕزگارکردنی نیشتمان و سەروەری گەلی تورک شەڕیان دەکرد. بۆ برایانی موسوڵمانی کورد، عەرەب، لاز و چەرکەز …تادیش، ئەوان لە جەنگێکی پیرۆزدا بوون بۆ ئازادکردنی خەلیفە و پایتەختی موسوڵمانان لە داگیرکاری دەوڵەتانی کرستیان و بۆ پاراستنی شکۆی ئیسلام. بۆ شۆڕشگێرانی بەلشەفی و دونیای پێشکەوتنخوازانیش ئەمان کەسانی پێشکەتنوخواز بوون، لە دژی داگیرکاری دەوڵەتانی ئیمپریالی و کۆت و بەندەکانی دەسەڵاتی دواکەوتووی عوسمانی دەجەنگان. لە پرۆسەی هۆنینەوەی تەونی پەیوەندیدا لە گەڵ کوردی ویلایەتی مووسڵدا کەمالییەکان پەنایان دەبردە بەر هەموو پیلان و ڕێگە و ئامرازەکان. هەندێ لە بڵاوکراوە پڕوپاگەندەییەکانی کەمالییەکان لە کوردستان، کە ئێدمۆندز لە کتێبکەیدا ” کورد و تورک و عەرەب” بڵاوی کردوونەتەوە، پڕن لە گوتاری ئاینی توند و بانگەواز بۆ جەنگی پیرۆز لە دژی گاوران و کۆیلە موسوڵمانەکانیان لە چەشنی فەیسەڵ و هاوڕێکانی.

پیاوانی مستەفا کەمال لە نێو هۆز و خێلەکانی کوردستاندا خەریکی پڕوپاگەندە و پەیوەندی دروستکردن بوون لە گەڵ سەرەک هۆز و پیاوە ئاینییەکاندا. زنجیرەی ناڕەزایی و راپەڕینەکانی کورد لە دژی داگیرکاری بریتانی هیوای ئەوەی پێیان دەبەخشی ویلایەتی مووسڵ بگێڕنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. ئێدمۆندز بە دوور و درێژی باسی هەوڵ و تەقەلای مستەفا کەمال و هاوڕێکانی لە باشوری کوردستان دەکات، زانیاری زۆریش لە سەر پەیوەندی هۆزە کوردییەکان بە تایبەتی لە ڕەواندز، پشدەر، چەمچەماڵ و زۆر شوێنی دیکە لە گەڵ کەمالییەکاندا تۆمار دەکات. هەڵبەتە باسی پەیوەندییەکانی شێخ مەحمود و کەسایەتییە دیارەکانی کوردیش لە گەڵ کەمالییەکاندا دەکات. هەرچەندە زانیارییەکانی ئێدمۆندز، وەک نوێنەرێکی دەسەڵاتی داگیرکاری کۆڵۆنیالی، نابێت وەک خۆیان و بە بێ تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە وەرگرین، لێ ئەوە دەرئەخەن کە پیاوانی مستەفا کەمال زۆر چالاک بوون لە نێو کوردی ویلایەتی مووسڵدا. بەشێک لە هۆزەکان لە ڕەواندز و پشدەر داوای هاوکارییان لە کەمالییەکان دەکرد، شێخ مەحمود و مەحمود خانی دیزلی نامە و نامەکارییان لە گەڵ مستەفا کەماڵدا هەبوو. کوردناسی ئەرمەنی هەسراتیان باس لە ڕێکەوتننامەیەک لە نێوان کەمالێیەکان و حکومەتی شێخ مەحمود دەکات، کە بە پێی بەندەکانی کەمالییەکان ئامادە بوونە دانی پێدا بنێن و کاری لە گەڵدا بکەن. سەرچاوە تورکییەکانیش باس لە کۆنگرەی سلێمانی دەکەن، کە گوایە بە بڕیارنامەیەکی دە خاڵی کۆتایی هات. خاڵەکان باسیان لە هاوکاری و هاوپەیمانی هەردوو بزووتنەوەی کوردی و کەمالی دەکرد و چارەسەرکردنی دۆزی کوردیان لە چوارچیوەی میساقی میللی کەمالییەکان و کۆنگرەکانی بەرگری لە مافی ویلایەتاکاندا دەبینی.

دوای ئەوەی ڕەوتی ڕووداوەکان و شەڕ لە ئەنادۆل بە قازانجی تورک شکایەوە، هەڵمەتی کەمالییەکان لە باشوری کوردستان زیاتر پەرەی سەند، یەکێ لە پیاوەکانی خۆیان کە ناوی ڕەمزی بەگ بوو کرا بە قایمقامی ڕەواندز و پەیمانی ئەوەیان دا هێزی سەربازی بنێرنە ڕەواندز بۆ دەرکردنی ئینگلیز لە سلێمانی و کەرکوک و هەولێر. ئەو هێزە سەربازییە کە نێردار بە سەرکردایەتی عەلی شەفیق بوو کە بە ئوێزدەمیر ناسراوە. ئوێزدەمیر ئەفسەری خۆبەخش بوو و لە عێنتااب سەرکردایەتی هێزێکی میلیشایی خۆبەخشی دەکرد و لە ڕیزی هێزی میللی “قەوای میللیە” لە دژێ سوپای فرەنسا شەڕی دەکرد. هێزێکی پێکەوە نا نزیکەی سەد ئەفسەر و سەربازی گرتبووە خۆ و لە فەرماندەی سوپاوە لە جەزیرە فەرمانی وەردەگرت. ئەرکی سەرەکی فەرماندەی جەزیرە کارکردن بوو بۆ گێڕانەوەی ویلایەتی مووسڵ. ئوێزدەمیر دوای ئەوەی پارەی پێویست بۆ هەڵمەتەکەی دابینکرا(پازدە هەزار لیرە) و ڕێنمایی پێویستی وەرگرت لە بارەی دیسپلینی هێزەکەی، گرێدانی خەڵکی ئەو ناوە بە حکومەتی تورکەوە، چۆنێتی هەڵس و کەوت لە گەڵ دانیشتواندا و ڕاوێژکردن بە سەرۆک عەشیرەتەکان، بەرەو ڕەواندز کەوتە ڕێ. لە دوای گەشتێکی درێژ و بڕینی ڕێگەیەکی سەخت، لە ٢٢ حوزەیران گەیشتە ڕەواندز. لە بەر ئەوەی کۆنفرانسی لۆزان لە پێش بوو و تورکیا و بریتانیا پەیمانیان بەیەک دابوو پەنا بۆ چەک نەبەن و هەوڵبدەن کێشەی مووسڵ لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن، داوا لە ئوێزدەمیر کرا بە ناوی حکومەت و سوپای تورکەوە قسە نەکات و وەک خۆبەخشێک کە لە دژی دوژمنانی ئیسلام شەڕ دەکات خۆی بە خەڵک بناسێنێت. ئەو زۆر پابەندی ئەم داخوازییە نەبوو، چونکە ئەگەر وای پێشاندایە دەوڵەتی بەدواوە نیە، کەم کەس دوای ئەکەوتن. یەکێ لەو کوردانەی کەمالییەکان زۆر ڕقیان لێبو مستەفا پاشای یامولکی بوو، کە کاتی خۆی فەرمانی لە سێدارەدانی لە دژی مستەفا کەمال دەرکردبوو و تورکەکان بە نەمرود مستەفا ناویان دەبرد، بۆیە ئامۆژگاریان بۆ ئوێزدەمیر ئەوە بوو کە لە دانیشتنەکانیدا لە گەڵ کوردەکاندا لە دژی یامولکی و کۆمەڵەکەی لە سلێمانی قسە بکات و بە خزمەتکاری ئینگلیز ناویان ببات.

ئوێزدەمیر و هەندێ ئەفسەری تری تورک ئاژاوەی زۆریان لە ڕەواندز، کۆیە، پشدەر و گەلێ دەڤەری تری باشوری کوردستان نایەوە، سەرئێشەی زۆریان بۆ دەسەڵاتی بریتانی لەو ناوانە دروست کرد. لە کۆتاییدا بە هۆی هێڕشی ئاسمانی ئینگلیزەکانەوە خۆیان پێنەگیرا و ناچار کران ئەو ناو چۆڵ بکەن و بۆ تورکیا بکشێنەوە. ئێدمۆندز وردەکاری زۆری لە بارەی سەرکێشییەکانی ئوێزدەمیرەوە نووسیوە. تورکەکانیش لە لای خۆیانەوە گرنگییەکی تایبەتییان پێداوە. وەک هەمیشە شێواندنی ڕووداوەکانی مێژوو ئامانجی سەرەکییان بووە، هەوڵدراوە ئوێزدەمیر و یاوەرانی وەک پاڵەوان وێنا بکرێن و پیشانی خەڵک بدرێن و هەموو بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی کورد لە باشوری کوردستان لە دژی ستەمی ئینگلیز بۆ ئازایەتی و چالاکی ئەوان بگێڕنەوە. کتێبی تایبەتییان لە بارەی مسیۆنە سەربازییەکەیەوە نووسیوە و بۆ چەندین جار چاپکراوەتەوە و ناونیشانێکی سەیریان بۆ هەڵبژاردووە” چارەسەری مودافەعەی حقوق بۆ پرسی کورد – مووسڵ، هەڵمەتەکەی ئوێزدەمیر و کۆنگرەی سلێمانی ” کە لە لایەن موراد گیۆزتۆکڵوسووە نووسراوە و وێنەی چاپی پێنجەمینی بەرگەکەی لە گەڵ ئەم وتارەدا بڵاودەکەینەوە.
فاکتەرێکی تری گرنگی کێشەی مووسڵ کە تورکەکان زۆر پێیان لە سەر دادەگرت پرسی پێکهاتەی دانیشتوان و ژمارەیان بوو. وا لە خوارەوە دەیانخەینە ڕوو.

ناکۆکی توند لە بارەی پێکهاتەی ئەتنیکی دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵەوە لە نێوان بریتانیا و تورکیا لە ئارادا بوو. تورکەکان بە پێچەوانەی فاکتە مێژوویی و جوگرافییەکانەوە هەمیشە باسیان لە زۆرینەیەکی تورکی لەو ویلایەتە دەکرد. کاتێک ڕاستییەکەیان بەروودا دەدرا، کە کورد زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوان پێکدێنن، یەکسەر وەڵامیان ئەوە بوو کە کورد و تورک خزمن و لە یەک ڕەچەڵەکن. ئەم پرسە بگرەو بەردەیەکی زۆری لە سەر کرا و تەنها کورد تێیدا بێ پشت و پەنا بوو. لە کاتێکدا لایەنی تورکی ژمارەی دانیشتوانی تورک “تورکمان”ی بەرز دەکردەوە و ژمارەی عەرەبی دادەگرت، بریتانیا و عیراق بە پێچەوانەوە ژمارەی تورکیان کەم دەکردەوە و ژمارەی عەرەبیان زیاد دەکرد. لە قازانجی هیچ لایەکیان نەبوو ژمارەی کورد بەرز بکەنەوە، بۆیە هەموو ناچار بوون دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە کورد زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوان پێکدێنن. هەرچەندە ویلایەتی مووسڵ تا چەند ساڵێک بەر لە کۆنفرانسی لۆزان بەشێک بوو لە دەوڵەتی عوسمانی و بەم پێیە دەبوایە ئەو ژمارانەی تورک پێشکەشی دەکردن لە ڕاستییەوە نزیک بوونایە، لێ نا واقیعی ئەو ژمارانەی ئەوان پێشکەشیان دەکرد مایەی گاڵتەو پێکەنین بوون. کەس نەیدەتوانی باوەڕ بەو ژمارە و ئامارانە بکات کە ئەوان دەیاندا بە لێژنەکە. تەنها بۆ نموونە لایەنی تورکی باسیان لە زیاتر لە ٣٢ هەزار تورک دەکرد لە سلێمانی، کە لە دواییدا دەرکەوت هیچ کاتێک ڕێژەی تورک لەو لیوایە لە سفر لاینەداوە. وردەکاری ئەم پرسەم لە وتارێکی تایبەتیدا لە ژێر ناونیشانی “چیرۆکی سی و دوو هەزار تورکەکەی سلێمانی” خستۆتە ڕوو و لە چەند شوێنێک بڵاوکراوەتەوە.

باشترە ژمارەکان بۆ خۆیان باسی ئەو ناکۆکی و درۆ زلانە بکەن کە لە ئامارەکانی هەردوولادا بەدی دەکرێن. ئەو ژمارانەی لایەنی بریتانی پێشکەش بە لێژنە تایبەتەکەی کێشەی مووسڵی کرد کە کۆمەڵەی گەلان پێکیهێنابوو بەم شێوەیە بوون: ژمارەی کورد لە ویلایەتی مووسڵ ٤٥٤٧٢٠ کەس بوو، بەرامبەر بە ٦٥٨٩٥ تورکمان، ١٨٥٧٦٣ عەرەب، ٦٢٢٢٥ کرستیان و ١٦٨٦٥ جوو. واتا ٧٨٥٤٦٤ کەس کۆی دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵ بوون. ئەم ئامارانە ژەمارەی ئەندامانی خێلە کۆچەرەکانیشیان لە ویلایەتی مووسڵ دەگرتە خۆ کە بەشێکی زۆریان کورد بوون. لە بەرامبەر ئەم ئامارانەدا ، ئەو ئامارانەی تورکەکان پێشکەشیان کرد بەم شێوەیە بوون: ٢٨١٨٣٠ کورد، بەرامبەر بە ١٤٦٩٢٠ تورک، ٤٣٢١٠ عەرەب و ٣١ هەزار کەسانی ناموسوڵمان. کۆی گشتی دانیشتوان بە پێی ئامارە تورکییەکان دەیکردە ٥٠٣ هەزار کەس. ئەم ئامارانە ئەندمانی خێڵە کۆجەرەکانیان نەدەگرتە خۆ کە بە ١٧٠٠٠٠ کەس دەخەمڵێنران. پێدەچێت تورکەکان بە مەبەست باسیان لە هۆزە کۆچەرەکان نەکردبێت، بەو پییەی لە نێو کۆچەراندا هۆزی تورک تورکمان نەبوون، ئەگەر هەشبووبێتن ئەوا ژمارەیان بە پەنجەکانی دەست دەژمێردران.

ئینگلیز و ئەندامانی لێژنەکە گۆمانی زۆریان لە ئامارەکانی تورک هەبوو. ئەوان پێیان وابوو ئەو ئامارانە تەنها پەیوەندییان بە سەربازی و وەرگرتنی باجەوە هەبووە، بۆیە خەڵکێکی زۆر لە ترسی بردنی کوڕەکانیان بۆ سەربازی و لە پێناوی باج نەدان یا هەر خۆیان ناونووس نەدەکرد، یان زۆر شتیان لە دەسەڵاتی ستەمکاری عوسمانی دەشاردەوە. تورکەکانییش سەر زمان و بن زمانیان ئەوە بوو کە ئەوان چەندین سەدەیە ئەم ناوچەیە بەڕێوەدەبەن و لە هەموو کەسێک باشتر دەزانن ڕەوشی شتەکان چۆنن. لە لایەن خۆیانەوە ئینگلیزیان بەوە تۆماتبار دەکرد، کە ژمارەی عەرەب بە مەبەست زۆر دەکەن چونکە خزمەتی بەرژەوەندییەکانیان دەکەن و لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیەوە بوونە بە هاوپەیمانی ئینگلیز و لە دەوڵەتی عوسمانی هەڵگەڕاونەتەوە و لە دژی ڕاپەڕیون، ئێستاش ئینگلیز پیاو چاکیان بۆ دەکات و قەرزەکەیان دەداتەوە. کاتێ لایەنی تورکی تەنگەتاو دەکرا، ئەو دەمە باسی کورد و تورکیان پێکەوە دەکرد و دەیانوت بە هەردوولاوە ٨٥% هەموو دانیشتوان پێکدێنن. لەو کاتەدا کە ئینگلیز و تورک گومانیان لە ژمارەکانی یەکتر دەکرد، لێژنەی لێکۆڵینەوە لە کێشەی مووسڵی سەر بە کۆمەڵەی گەلان گومانی لە هەموو ژمارەکان دەکرد. لێژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە کاتێکدا حکومەتی تورکیا ژمارەی تورکمانەکان زۆر دەکات، حکومەتی بریتانی دەڵێت ڕێژەیان تەنها ٨% دانیشتوانی ویلایەتەکەیە، حکومەتی عیراقی رێژەیەکی لەوەش کەمتر پێشکەش دەکات کە تەنها ٥ %. بە هەمان شیوە لە ڕێژەی دانیشتوانی عەرەبدا لە نێوان هەردوولادا جیاوازی زۆر هەیە، لە کاتێکدا بە پێی ئامارەکانی حکومەتی تورکی کەمتر لە ٩% پێکدێنن، بە پێی ئاماری ئینگلیزەکان دەبنە ٢٤ % و ئەمە لەو ڕێژەیەش زۆرترە کە خودی حکومەتی عیراق داوێتی کە ٢١%. هەموو ئەمە لە کاتێکدا بوو کە جیاوازی لە ئامارەکانی تایبەت بە کورد، جیاوازییەکە بەو جۆرە گەورە نیە. بە پێی ئامارەکانی تورکیا ڕێژەی کورد لە ویلایەتی مووسڵ ٥٦.١% دانیشتوان بوو، لە کاتێکدا بە پێی حکومەتی عیراقی ڕێژەیان دەگەیشتە ٦٥.١% و بە پێی لایەنی بریتانیش ٥٧.٩% هەموو دانیشتوان کورد بوون.

ڕێژەی پێکهاتەی دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵ بەپێی ئاماری لایەنەکان (*)

نەتەوە ئامارەکانی تورکیا ئامارەکانی بریتانیا ئامارەکانی عیراق
کورد ٥٦.١ ٥٧.٩ ٦٥.١
عەرەب ٨،٦ ٢٣.٧ ٢٠.٩
تورکمان ٢٩.٢ ٨،٤ ٤.٨
کرستیان ٦.١ ٧.٩ ٧.٧
جوو – ٢.١ ١.٥
کۆی گشتی ١٠٠ ١٠٠ ١٠٠

(*) ئەم ئامارانە لەو کتێبەم وەرگیراوە کە بە ناونیشانی: (قضایا کردیة معاصرة: کرکوک. الأنفال. ترکیا والکرد، أربیل ٢٠٠٦)

سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە کێشەی مووسڵ دیپلۆماتی سویدی ئەینار ڤیرسن لە دوای نزیکەی بیست ساڵ لە بیرەوەرییەکانیدا کۆمەڵێ ئاماری لە بارەی پێکهاتەی ئەتنیکی و ئاینی دانیشتوانی مووسڵەوە بڵاوکردەوە، کە جیاوازن لەوانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردن. ڤیرسن ژمارەکانی لە کتێبكدا بڵاوکردەوە بە ناونیشانی ” لە بەڵکانەوە تا بەڕلین”، کە لە ستۆکهۆڵم لە ساڵی ١٩٤٣ بە زمانی سویدی چاپ کرا. پێموایە ئامارەکانی ڤیرسن جێگەی متمانەن، چونکە لە دوای یەکلاکردنەوەی کێشەی مووسڵ بە نزیکەی بیست ساڵ بڵاوی کردوونەتەوە. بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارانە تازە نە لە بەرژەوەندی کەسدا بوون و نە زیانی بە هیچ لایەک دەگەیاند. ئەو بۆ خۆی هیچ پلە و پایە و ئەرکێکی فەرمی لەو کاتەدا نەبوو و کۆمەڵەی گەلانیش دەمێک بوو خۆری ئاوا ببوو و لە بەین چووبوو. ئامارەکانی ڤیرسن بەم شیوەیەن: کورد ٢٩١٠٠٠، عەرەب ١٦٩٠٧٥، تورکمان ٣٩٠٠٠، کرستیان ٦١٥٠٠ و جوو ٨٤٥٥٠. کە هەموویان دەکەنە ٦٤٥١٢٥، ئەگەر ژمارەی کۆچەرەکانیان بخەینە سەر ئەوا لە هەشت سەد هەزار زیاتر دەبن. جیاوازی گەورە لە ژمارەی تورکمان و جووەکاندا لە ئامارەکانی ڤیرسن سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشن، کە لای ئەم یەکەمیان بۆ نیوە کەمی کردووە و دووەمیشیان زیاتر لە چوار جار زیادی کردووە.
لە ئەنجامی لێکدانەوەی ئامارانەکاندا دەگەینە ئەم ئەنجامانە:
– کورد زیاتر لە پێنج لە هەشتی هەموو دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵی پێکدەهێنا. ئەگەر ئامارەکان بێلایەنانە و دوور لە مەبەست بخرابایانە بەردەست ئەوا ڕێژەی کورد زیاتر دەبوو. لە کاتێکدا لایەنەکان ژمارە و ڕێژەی پێکهاتەکانی دیکەیان بە پێی بەرژەوەندییەکانیان بەرز و نزم دەکردەوە، بەڵام لە بەرژەوەندی کەسیان نەبوو ڕێژەی کورد بەرز بکەنەوە.
– لە کاتێکدا تورک باسی ئەوەیان دەکرد کە تورکمان گەورەترین پێکهاتە پێکدێنن، بەڵام بۆ خۆیان باوەڕیان بەوە نەبوو و دەیانزانی کە ڕێژەی تورکمان نەیدەکردە چواریەکی دانیشتوان، بۆیە دوای ماوەیەکی کەم ئامارێکی نوێیان پێشکەش کرد و بیست هەزار کەسێکیان لە ژمارەی تورکمانەکان کەم کردەوە. بە پێی ئاماری تورک پێکهاتەی سێیەمیان پێکدەهێنا، بەڵام بە پێی ئامارەکانی تر دەبوونە چوارەم و پێنجەم پێکهاتە لە دوای کرستیان و تەنانەت جووەکانیش و ڕێژەیان نەدەگەیشتە ١٠% دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵ و ٢% کۆی دانیشتوانی عیراق.

لە دوای کۆچی هەموو جووەکان بۆ ئیسرائیل لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، پرۆسەی بەعەربکردن لە ماوەی سەد ساڵدا، کۆچی بەکۆمەڵی مەسیحییەکان لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانکاری گەورە لە ژمارە و ڕێژەی پێکهاتەکاندا ڕوویانداوە چ لە مووسڵ و چ لە دەڤەرەکانی دیکەی باشوری کوردستان. وا دەبێتە زیاتر لە نیو سەدەش سەرژمێرییەکی دروست و دوور لە مەبەستی سیاسی و ڕەگەزپەرستی لە عیراق ئەنجام نەدراوە، بۆیە کەس نازانێت ژمارە و ڕێژەی پێكهاتەکان لەم کاتەدا چۆندە و چۆنە. کێشە و ململانێی ئێستا زیاتر ئاینی و مەزەبین. ئەوەی تورکیاش باسی دەکات لە بارەی مووسڵ و کەرکوکەوە تەنها قسەی پووچ و بێ واتان.




گه‌ڕانه‌وه‌ بۆلای ئه‌ویتر: له‌ جه‌سته‌ی شه‌كه‌تی قه‌سیده‌یه‌كی هیلاكدا … (شاخه‌وان سدیق)

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆلای ئه‌ویتر: له‌ جه‌سته‌ی شه‌كه‌تی قه‌سیده‌یه‌كی هیلاكدا
(خوێنه‌وه‌ی قه‌سیده‌ی هیوا قادر، چێژی پاڵكه‌وتنه‌ له‌ سه‌ربوونی ئاو)
(ئیسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین)

—————

هه‌میشه‌ پێم وا بووه‌، قورسترین شت ئه‌وه‌یه‌ ئینسان بتوانێت قسه‌ له‌ سه‌ر ئیحساسی كه‌سێكی كه‌ بكات، چونكه‌ بۆ خۆی دروست بوون‌و هێنانه‌ دنیای به‌رهه‌مێكی نوێ‌ هه‌ڵگری چه‌ندین هۆكارو ئامڕازه‌و ده‌شێت له‌ پشت هه‌موو ووشه‌كانه‌وه‌ فره‌ مه‌به‌ست‌و فره‌ بۆچوون ئاماده‌یان هه‌بێت، كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ته‌نها كه‌سی نوسه‌ر خۆی بتوانێ‌ تێیان بگات، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئیحساسی ئه‌وه‌ به‌پانتای ئه‌و خه‌یاڵانه‌دا تێپه‌ڕیوه‌و دواجار به‌و شێوه‌یه‌ ته‌عبیریان له‌ خۆیان كردووه‌. به‌ڵام له‌ خوێنه‌وه‌ی شیعری هیوا قادردا من كه‌متر به‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ ئه‌كه‌وم‌و هه‌میشه‌ پێم خۆش بووه‌ بگه‌ڕێم به‌شوێن نهێنیه‌كانی پشت دێڕه‌كانیدا، ئه‌ویش ڕه‌نگه‌ پیوه‌ندی به‌و زمانه‌ ساده‌یه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ هه‌میشه‌ زمانی قسه‌كردن‌و زمانی شیعری هیوا بووه‌ له‌ نوسین‌و ئاخاوتندا، یان ڕه‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌و هه‌موو ئینسان دۆستیه‌ی هیواوه‌ هه‌بێت كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ڕێگای دنیابینیه‌كانی خۆیه‌وه‌ وه‌ك شاعیر هه‌ستی پێكردوه‌و ده‌ریبڕیوه‌، بۆ من چه‌ند گرنگه‌ كه‌ ده‌قه‌ كه‌ چۆنه‌و جوانه‌. ئه‌وه‌ندش ڕاستگۆیی نوسه‌ره‌كه‌ی گرنگ‌و پێویسته‌ له‌ سه‌یركردنی بۆ دنیاو ئه‌وه‌ی كه‌ وتویه‌تیو ئه‌وه‌ی كه‌ بڕوای پێیه‌تی، كه‌ هیوا یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی ئه‌گه‌ر شیعریش نه‌نوسێت له‌ زۆرێك له‌ شیعرنوسه‌كانی كه‌ پێم شاعیرتره‌، چونكه‌ شیعریه‌ت له‌ ناوه‌وی هیوادایه‌ نه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌و كاتی نوسیندا، فروخ واته‌نی ” ڕقی دنیام له‌و شاعیرانه‌یه‌ كه‌به‌س له‌ كاتی نوسینی شیعرا شاعیرن” ئه‌وه‌تا هیواش له‌ دیدارێك دا به‌م جۆره‌ باس له‌ چۆنیه‌تی پرۆسه‌ی شیعریخۆی ده‌كات. ( شیعری من دنیای خۆم‌و خه‌ون‌و ته‌مناكانی خۆمه‌، بۆمن گرنگ نیه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆم تۆ چۆن ته‌عریفی من ده‌كه‌یت، چونكه‌ من تۆی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌خه‌مه‌ ناو به‌ شیعریكردنی دنیاوه‌، تۆ یاقبوڵم ده‌كه‌یت یان نا، ئیدی ئه‌وه‌ تۆیت دواتر ته‌عریف بۆ من داده‌نێیت له‌ ڕێی تێگه‌یشتنی خۆت‌وخوێنه‌وه‌ی خۆته‌وه‌، بۆ شیعره‌كانم نه‌ك من” لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین ئه‌م گه‌ڕیده‌یه‌ی شیعرو جوانی ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستیه‌تی به‌دوای به‌شه‌ ونبوه‌كانی خۆیدا بگه‌ڕێت، ئه‌وه‌نده‌ مه‌به‌ستی نیه‌ لاپه‌ڕه‌ ڕه‌شكاته‌وه‌ به‌ناوی نوسینی شیعره‌وه‌. بۆیه‌ ده‌مه‌وێت كه‌مێك له‌ سه‌ر نوێترین قه‌سیده‌ی هیوا بوه‌ستم كه‌ له‌ ژماره‌ (121) پاشكۆی ڕه‌خنه‌ی چاودێردا له‌ به‌رواری (23/6/ 2008) بڵاوكرایه‌وه‌. به‌ناوی( به‌ قوڵپه‌ قوڵپی ئاوت ده‌سپێرم) من ئه‌م كاره‌ی هیوا كه‌ ئه‌زموونێكی نوێیه‌ له‌ شیعرنوسینی، جیاوازتر له‌ هه‌موو قه‌سیده‌كانی كه‌ی وه‌ك ( دوعایه‌ك بۆ ته‌نهای، ته‌رمیناڵ، سێوی سور، ژیان له‌ كۆڵانه‌كه‌ی ئێمه‌یه‌، مردن له‌ دوو كۆڵان ئه‌ولاتر،و ، ئه‌وڕۆژه‌ی ئه‌مرم باران له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌م ئه‌دات) كه‌ پێشتر نوسیونی ده‌بینم، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و حه‌زه‌ هه‌میشه‌ییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هیوا ده‌یه‌وێت ئه‌زمونی شتی نوێی تیابكات، له‌م قه‌سیده‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌ پرسیاره‌ فكریه‌كان ئاماده‌ییان هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ شاعیر كاری له‌ جوانكاری‌و ئستاتیك دا نه‌كردووه‌، چونكه‌ به‌بڕوای من شاعیر په‌یامێكی هه‌یه‌ له‌م كاره‌یدا په‌یامێك كه‌ بیركردنه‌وه‌ فكریه‌كان ده‌توانێت تیایدا كێشه‌ ئاڵۆزه‌كانی بۆ ساده‌ بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌شه‌ ئه‌م كاره‌ی له‌ كاره‌كانی تری جودا كردۆته‌وه‌، ئه‌زمونی شیعری هیوا له‌ ڕابردوودا ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ ئه‌و چۆن له‌ شیعر‌و ئه‌ده‌ب له‌ ڕێگای دنیابینیه‌كانی ئه‌ڕوانێت‌و هه‌میشه‌ش وای كردوه‌ ئێمه‌ش له‌م سه‌فه‌ركردنانه‌یدا له‌ ڕێگای خه‌یاڵه‌وه‌ به‌شداربین. كه‌ ئه‌مه‌ش خاسیه‌تێكی گرنگی تری شیعریه‌ له‌ هیوادا هه‌روه‌ك (لورانس پیرین)یش له‌ كتێبی شیعر چیه‌دا ده‌ڵێت ” بوونی ئه‌ده‌ب، بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی به‌رجه‌سته‌یه‌، به‌رجه‌سته‌ له‌م ڕووه‌وه‌ كه‌ بۆته‌ وێنه‌یه‌كی چڕو به‌رچاو، ئه‌ركی ئه‌و ئه‌مه‌نیه‌ له‌ باره‌ی ئه‌زمونه‌وه‌ بدوێت، به‌ڵكو ئه‌م ئه‌ركه‌ی هه‌یه‌ كه‌ مۆڵه‌تی به‌شداری خه‌یاڵی له‌ ئه‌زمونمان پێببه‌خشێت” هیوا جیاواز له‌ كاره‌كانی كه‌ی له‌م قه‌سیده‌یه‌دا كار له‌سه‌ر هه‌ردوو چه‌مكی (لێبورده‌ی‌و گوناه) ده‌كات له‌ ڕێگای زمانێكی چڕوپڕ له‌ واتادا، به‌ڵام ساده‌ له‌ ده‌ربڕیندا ئه‌ویش به‌بڕوای من ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تێڕوانینه‌ی كه‌ شاعیرهه‌یه‌تی ده‌رباره‌ی ژیان‌و له‌ ئه‌زمونی ئه‌ویتره‌وه‌ هه‌ست به‌و گوناهانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌شێت ڕۆژێك له‌ ڕۆژانكردبێتی هه‌روه‌ك ده‌ڵێ‌”
تۆ ده‌مبه‌خشیت
به‌ ڕۆژه‌شینه‌كانم ده‌سپێرم،
له‌گه‌ڵ ژماره‌ی لێدانه‌كانی دڵتا،
له‌ هه‌ورازی عومرا،
له‌ تونێتی ژیانا من له‌یاد ده‌كه‌یت.

زمان له‌م ده‌قه‌ی هیوادا تا ئاسێكی باڵا گه‌ڕانه‌ به‌دوای خۆ دۆزینه‌وه‌ی واتادا نه‌ك به‌دوای وێناندنی فۆڕمێكی ئیستاتیكی جێگیردا كه‌ به‌ هۆی میكیاج كردنه‌وه‌ ده‌لاله‌ت له‌ ده‌قه‌كه‌دا به‌ئاراسته‌یه‌كی تر بگۆڕێت. بۆیه‌ ده‌بینی له‌م ده‌قه‌دا وه‌ك (مالارمێ‌) ده‌ڵێت ” زمان قسه‌ده‌كات نه‌ك نوسه‌ر، چونكه‌ نوسین گه‌یشتنه‌ به‌و پنه‌ته‌ی كه‌زمان دێته‌گۆ نه‌ك من” لێره‌وه‌ نوسه‌ر له‌ ڕێگای وتنی داوای به‌خشینه‌وه‌ له‌ویتر جه‌ده‌لێكی ناكۆتا له‌گه‌ڵ ژیان‌و بووندا دروست ده‌كات، كه‌ ڕه‌نگه‌ هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌و ترسه‌ هه‌میشه‌ییه‌ی نوسه‌ربێت كه‌ به‌رده‌وام هه‌یه‌تی له‌ له‌بیركردن‌و له‌ بیر چوونه‌وه‌ی هه‌روه‌ك چۆن له‌ قه‌سیده‌ی (ئه‌وڕۆژه‌ی كه‌ ئه‌مرم باران له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌م ئه‌دات)دا ده‌ڵێت ” ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ ئه‌مرم منداڵان له‌ كۆڵاندا خه‌ریكی هه‌لوكێنن” شاعیر به‌و هه‌سته‌ ئینسانییه‌وه‌ تێده‌گات كه‌ مردن شتێكی حه‌تمیه‌‌و گرنگترین سیفاتی ئینسانیش له‌ بیركردنه‌، بۆیه‌ ئه‌ویش ده‌مرێت‌و دواتریش له‌ بیرده‌چێته‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ پێش هه‌موویان ئه‌ویتره‌كه‌ی خۆی بێت جا شاعیرده‌یه‌وێت پێش ئه‌م مه‌رگ‌و له‌بیركردنه‌ داوای به‌خشین له‌ گوناهه‌كانی بكات له‌ ڕێگه‌ی شیعره‌وه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ لای ئه‌و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو جوانییه‌كانبێت له‌ ژیاندا، چونكه‌ ئه‌وه‌ شیعره‌ كه‌ده‌توانێت هه‌موو دژه‌كان له‌ ناو خۆیدا كۆبكاته‌وه‌ به‌ گه‌ناه‌و لێبوردنیشه‌وه‌ هه‌روه‌ك (لورانس پیرین)یش ده‌ڵێت” جودایی نێوان شیعرو جۆره‌كانی تری ئه‌ده‌ب، ته‌نیا جودایی پله‌یه‌، شیعر گوشراوترین‌و چڕترین شێوه‌ی ئه‌ده‌به‌ كه‌ زۆرترین شت له‌ كه‌مترین وشه‌دا ده‌رده‌بڕێت” پرسیاركردن وه‌ك به‌شێكی گرنگی له‌م قه‌سیده‌یه‌دا ڕێگایه‌كی فراوانه‌ كه‌ نوسه‌ر لێیه‌وه‌ ڕامانده‌كێشێته‌ ناو بابه‌ته‌ فكریه‌كانی، ئه‌و له‌م سه‌رده‌می زبری ته‌كنه‌لۆجیایه‌دا له‌ناو ئه‌و مۆدێلی به‌ڕۆبۆت بوونی دڵی ئینسانه‌كاندا به‌دوای شته‌وردوو له‌ بیركراوه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، شتانێك كه‌ له‌ ئێستادا پرسیاركردن ده‌رباره‌یان ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ی پرسیاركردن ده‌رباره‌ی ئامێرێكی ته‌كنه‌لۆجی قورسبێت له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، من هه‌میشه‌ وتومه‌ ئه‌م كابرایه‌ به‌م هه‌موو ناسكیه‌وه‌، چۆنده‌توانێت له‌ ووڵاتێكی قه‌ڵباڵغی ته‌كنه‌لۆجی وه‌ك سویدا بژی، به‌ڵام گه‌ر به‌هه‌ڵدا نه‌چووبم مه‌سه‌له‌ فه‌لسه‌فییه‌كان یارمه‌تی ده‌رێكی باشی ئه‌ون له‌ بیركردنه‌وه‌ فكریه‌كانیدا كه‌ سه‌ره‌نجام هێزی ئیراده‌ی پێده‌به‌خشن‌و هه‌ستی بینینی جوانی تیا دروست ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ندێك له‌ زانایانی سایكۆلۆجی مێشكی مرۆڤ دابه‌ش ده‌كه‌ن به‌سه‌ر سێ‌ هێزدا، ” هێزی بیركردنه‌وه‌: كه‌ ڕێگه‌ی گه‌یشتنه‌ حه‌قیقه‌ت نیشانی مرۆڤ ده‌دات. هێزی ئیراده‌: كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ مرۆڤ ڕێگای خێر ئه‌دۆزێته‌وه‌، هێزی هه‌ستپێكردن: كه‌ مرۆڤ فێرده‌كات چۆن له‌زه‌ت له‌ جوانی وه‌ربگرێت.
” بۆ هیواش گه‌ڕان به‌دوای جوانیداو پرسیاركردن لێیان به‌وڕاده‌یه‌ ئه‌وشتانه‌ن كه‌ دڵنیایه‌ ئه‌ویتره‌كه‌ی خۆشی بۆی جێگای له‌سه‌روه‌ستان‌و تاڕاده‌یه‌ك بڕوا پێنه‌بوونه‌ بۆیه‌ دووباره‌ به‌ویتره‌كه‌ی خۆی ده‌ڵێت” به‌ منداڵه‌كانت ده‌ڵێیت، ئه‌و گێژه‌لوكه‌یه‌ك بوو به‌ فرمێسكه‌كانم خه‌واندم، ئه‌وپیاوێك بوو به‌ عه‌یاری سه‌رده‌مێك خه‌ونی ده‌بینی كه‌له‌ قوتووی هیچ عه‌تارێكدا نه‌بوو، ئه‌وچی بوو كه‌نه‌ی توانی بێت به‌چۆله‌كه‌یه‌كی ته‌نهاو بفڕێت، ئه‌و پیاو بوو ده‌بوو خه‌ون بخوازێت نه‌ك ژن.” یاده‌وری به‌ شێكی كه‌ی گرنگی ئه‌م قه‌سیده‌یه‌، من له‌ هه‌موو كاره‌كانی تری هیوادا به‌ ڕۆمانه‌كانیشه‌وه‌ هه‌ستم به‌م حاڵه‌ته‌ی نوسینی كردووه‌ كه‌ تاچ ئاستێكی زۆر له‌ ناو یاده‌وه‌ریدا ڕۆچووه‌، هه‌سته‌كه‌م یه‌كێك له‌وشتانه‌ی كه‌ هه‌ستی گوناهیان لادروست كردوه‌و وای كردوه‌ هیوا داوای به‌خشین بكات بوونی یاده‌وه‌رییه‌ زۆره‌كانیه‌تی كه‌ نزیكترین هاوڕێن بۆی‌و تاكه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كیشن كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگای ئه‌ده‌به‌وه‌ دووباره‌ له‌گه‌ڵیاندا بژێته‌وه‌و ته‌عبیریان لێبكاته‌وه‌ هه‌روه‌ك به‌ختیار عه‌لیش ده‌ڵێت” له‌ ئه‌ده‌بدا ڕابردوو له‌وه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ ته‌نیا ڕابردوو بێت‌و ده‌بێت به‌ بابه‌تێك بۆ ئه‌به‌دیه‌ت، به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی سه‌ره‌تایی‌و ماده‌یه‌كی خاو بۆبوونێكی جاویدی، یاده‌وه‌ری ناتوانێت به‌بێ‌ ئه‌ده‌ب ‌و هونه‌ر شه‌ڕی دژبه‌ بیرچوونه‌وه‌ بباته‌وه‌” بۆیه‌ ده‌بینی بونی ئه‌و یاده‌وه‌ریه‌ زۆرانه‌ ئه‌ده‌بێكیان به‌ هیوا به‌خشیوه‌ كه‌ دووباره‌ ژیانیان تیا دروستكردۆته‌وه‌، به‌ڵام ژیانێكی جیاواز كه‌ هیوا خۆی خوڵقێنه‌ریه‌تی بۆیه‌ دووباره‌ به‌ختیار ده‌ڵێت” یاده‌وه‌ری چه‌ند ئه‌ده‌ب دروست ده‌كات، ئه‌ده‌بیش هێنده‌ یاده‌وه‌ری دروست ده‌كات” ئه‌وه‌تا هه‌رله‌م ده‌قه‌دا نوسه‌ر له‌ڕێگای یاده‌وریه‌وه‌ ئه‌ویتر ناچارده‌كات كه‌ له‌ گوناهه‌كانی بیبه‌خشێت وه‌ك ده‌ڵێت” ده‌م به‌خشیت، بڵێ‌ ده‌م به‌خشیت، بۆئه‌وه‌ی له‌ شه‌وێكی مانگه‌ شه‌ودا خۆم نه‌كوژم.

بچۆره‌ برینه‌كه‌ی خۆته‌وه‌و هاواركه‌ ده‌تبه‌خشم، تێر تێر بگری، منیش ده‌چمه‌ حه‌وشه‌ی ته‌نهایی خۆمه‌وه‌و چۆله‌كه‌ له‌ خۆم ده‌رده‌كه‌م، وه‌ك دارتوویه‌ك سنگی خۆم ده‌كوتم‌و زه‌ڕنه‌ قووته‌ له‌ خۆم ده‌وه‌رێنم، هێلانه‌ له‌خۆم ده‌رده‌كه‌م، مار قه‌ف قه‌ف ده‌ئاڵێنم له‌ خۆمه‌وه‌، تاپڕێك به‌دڵما ده‌ته‌قێنم، تا خودا سواڵ له‌ من نه‌كات” جگه‌ له‌ یاده‌وه‌ری به‌شێكی كه‌ی كاركردنی هیوا به‌ بڕوای من خه‌ونه‌، چونكه‌ مرۆڤ چۆن له‌ هێنانه‌ بیری یاده‌وه‌ریه‌كانیدا ئازاده‌ ئاوهاش له‌ خه‌وبینیندا ئازاده‌ به‌جۆرێك كه‌ هه‌ندێك جار له‌ خه‌وندا مرۆڤ ده‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌ دووره‌ ده‌ستانه‌ی كه‌ هیچ كات مرۆڤ ناتوانێت ده‌ستی پێیان بگات، بۆیه‌ ده‌بینیت هه‌میشه‌ خه‌ونیش وه‌ك یاده‌وه‌ری له‌پێشینه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی شاعیره‌ له‌كاتی نوسیندا هه‌روه‌ك فرۆیدیش ده‌ڵێت” شاعیر ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ده‌زانێت چۆن خه‌ون‌و خه‌یاڵه‌كانی ده‌كاته‌ به‌هه‌می هونه‌ری، یان حه‌قیقه‌تێكی هه‌ست پێكراو، هیوا له‌م دوو دێڕه‌دا خه‌یاڵه‌كانی چڕده‌كاته‌وه‌و خه‌ون ئاسا به‌ئه‌وتره‌كه‌ی خۆی ده‌ڵێت” وه‌ك چرایه‌ك له‌ به‌رده‌م ئه‌شكه‌وتێكدا له‌ره‌له‌ر به‌كزی ده‌له‌رزم‌وده‌گریم، تۆمه‌گری، عه‌یارانه‌ پێبكه‌نه‌، له‌ سه‌ر قوڵپه‌ قوڵپی ئاو دڵت میقاتكه‌” ئه‌م پڕۆسه‌ی به‌خه‌ونكردنی خه‌یاڵه‌ لای هیوا به‌بڕوای من سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ هه‌موو كه‌ره‌سته‌یه‌كی واقیعیی بۆ مه‌به‌سته‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆی‌و ئه‌نجام دانی كرداری گۆڕینی (نامه‌ئلوفه‌ به‌ مه‌ئلوف) ئه‌ویش له‌ سه‌ر بنه‌مای دووباره‌ بنیات نانه‌وه‌ی دنیابینیه‌كانی له‌ ڕێگای زمان‌و كه‌ره‌سته‌ ڕۆحیه‌كانیه‌وه‌ بۆیه‌ ده‌بینین لای فرۆیدیسته‌كان شاعیر ئه‌وكه‌سه‌یه‌” داخوازییه‌ ناواقیعیه‌كان ده‌گۆڕێت به‌چه‌ند ئامانجێكی جێبه‌جێكراو، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌و بڵندبوونه‌وه‌ی كه‌ غه‌ریزه‌كان ده‌كات به‌ شتی ڕوحیی،” هیوا هه‌میشه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و نوسه‌رانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌نهایی خۆی‌و بۆشاییه‌ ڕۆحیه‌كانیدا هه‌بووه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و ئه‌زمونه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ هیوا له‌ مه‌نفا پیایدا تێپه‌ڕیوه‌ بۆیه‌ دوباره‌ ده‌ڵێت” من زۆر ته‌نهام، تۆز له‌ ته‌نهایم هه‌ڵده‌ستێ، غه‌ریبی له‌ ڕوخسارم، شڵه‌ژاوی له‌ چاوم، من هێنده‌ شاعیرم، تازه‌ شیعر یارییه‌م نایا، هێنده‌ عاشقم خۆكوشتن فریام ناكه‌وێت، هێنده‌ دێوانه‌م كه‌س ڕووی نایه‌ت وه‌ك شێت دوام كه‌وێت” ئه‌گه‌ر بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ له‌ دوای (زمان،واتا، مانا)وه‌ شیعر چێژه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ ناو شیعردا به‌دوای بابه‌تدا بگه‌ڕێن، بابه‌تێك كه‌ به‌شێك له‌ خۆمان‌و جوانیه‌كانی دنیایی تیا بدۆزینه‌وه‌، به‌بڕوای من كه‌ره‌سته‌ی بابه‌تی نوسین لای نوسه‌ر به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندی به‌ منداڵی نوسه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ نوسه‌ر هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت قه‌رزه‌كانی منداڵی بداته‌وه‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه‌ له‌ كیسی چوون‌و بۆی نه‌لواونبیانكات، بۆیه‌ به‌بڕوای ده‌رونزانه‌كان كه‌سایه‌تی نوسه‌رو هونه‌رمه‌ند هه‌رله‌ قۆناغه‌كانی منداڵیدا دیاره‌و ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌، ئه‌وه‌تا هیوا له‌ باسكردنی مناڵی خۆیدا ده‌ڵێت” من مناڵێكی تابڵێی موته‌حه‌ریك بووم له‌ به‌رده‌م هه‌موو شتێكدا، ئاسایی بوو ڕۆژێكی دوورودرێژ دوای مێرووله‌یه‌ك بكه‌وم بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌م بزانم چی ده‌كات، سه‌رسام بووم به‌ هه‌موو شته‌كانی ده‌وروبه‌رم له‌ قۆناغی منداڵیمدا تا ئه‌و ئاسته‌ گه‌یشت كه‌ ده‌تووت به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌ ده‌ڕۆم كاتێك خۆم ده‌دایه‌ ده‌ست خه‌یاڵاته‌كانی خۆم‌و بۆدوورترین شوێن ده‌ڕۆیشتم، من زۆر له‌زه‌تم له‌ خه‌یاڵكردن‌و به‌فه‌نتازیاكردنی دنیاوه‌ ده‌بینی، دنیام سه‌رله‌نوێ‌ له‌ خه‌یاڵی بێگه‌ردوو بێگوناهی خۆمدا دروست ده‌كرده‌وه‌، له‌ دڵی خۆمدا بۆئه‌و گه‌ورانه‌ ده‌گریام كه‌ توڕه‌ ده‌بوون‌و له‌گه‌ڵ یه‌كتردا شه‌ڕیانده‌كرد، وه‌ك پێغه‌مبه‌رێكی بچكۆله‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هیچی نییه‌ خه‌یاڵی خۆی نه‌بێت، ده‌مویست هه‌موو دنیا جوانكه‌م” لێره‌وه‌ تێگه‌یت كه‌ره‌سته‌ی یه‌كه‌می نوسین لای هیوا منداڵیه‌، ئیتر ئه‌و منداڵیه‌ چۆن به‌چ شێوه‌یه‌ك گوزه‌راوه‌ ئه‌وه‌ خۆی‌و یاده‌وه‌ریه‌كانی ده‌زانن، به‌ڵام هه‌رچۆن بێت هیوا خاوه‌نی خه‌یاڵێكی به‌رفراوانه‌ بۆیه‌ ده‌بینین زمانیش له‌م ده‌قه‌ هیلاكه‌ی دا فره‌واتاو ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌م ده‌قه‌ پێویستی به‌ زیاتر له‌ جارێك خوێنه‌وه‌یه‌ هه‌ر وه‌ك شیلله‌ریش ده‌ڵێت” زمان له‌ توانایدا هه‌یه‌ ته‌عبیر له‌ هه‌موو شته‌كان بكات، به‌ڵام به‌ پێوانه‌ی خه‌یاڵ.

شیعر پێویستی به‌ خه‌یاڵ هه‌یه‌، به‌ڵام زمان پێویستی به‌ تێگه‌یشتن هه‌یه‌” ڕۆشبیری ‌و مه‌عریفه‌ به‌بڕوای من كه‌ره‌سته‌ گه‌لێكی گرنگن له‌ ئاستی سه‌ركه‌وتن‌و نه‌مری هه‌رده‌قێكدا، چونكه‌ به‌بڕوای من مه‌عریفه‌ی شعر به‌سراوه‌ به‌ مه‌عریفه‌ی شاعیره‌وه‌ هه‌روه‌ك چۆن له‌م دێڕانه‌ی هیوادا هه‌ست به‌ بوونی مه‌عریفه‌یه‌كی قوڵ ده‌كه‌یت كه‌ به‌بڕوای من خاڵی به‌هێزی‌و جوانی ئه‌م ده‌قه‌یه‌ كاتێك به‌وی ترده‌ڵێت” من له‌وێ‌ نیم، من تازه‌ له‌وێیه‌ك نابم له‌ نێوان دوو سنه‌وبه‌ردا ماچێكم به‌یتێ‌، تازه‌ من لای ته‌ڕی چیمه‌نێك نابم به‌ پێی په‌تیی من‌و تۆ ختوكه‌ی بێت، لای فواره‌یه‌ك ئاونابم، به‌ بینینی من‌و تۆ بگاته‌ ئۆرگازم، من زیخێك له‌ پێم ده‌ردێنم كه‌ هه‌زاران هه‌زار ساڵ له‌وه‌و به‌ر كچێكی پێ خه‌به‌ركراوه‌ته‌وه‌ بۆ واده‌ی ژووان” ڕه‌نگه‌ قسه‌كردن‌و شیته‌ڵكردنی به‌ش به‌ش‌و دێڕ به‌ دێڕی ئه‌م قه‌سیده‌ نوێیه‌ی هیوا قادر زۆر زیاتر له‌مه‌ی بوێت هه‌رچه‌نده‌ من نه‌م ویست به‌ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی بنوسم‌و بۆچوونی خۆم بڵێم، به‌ڵكو پێم خۆش بوو له‌ سه‌ر منداڵی‌و بۆچوونی چه‌ند كه‌ سێكی تر ده‌رباره‌ی ئه‌م ده‌قه‌و ئه‌زمونی شیعری هیوا قسه‌ بكه‌م، چونكه‌ ئه‌م ده‌قه‌ زمانێكی فره‌ واتایه‌و ده‌كرێت له‌ چه‌ندین گۆشه‌نیگاوه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، كه‌ به‌بڕوای من جیاوازترین ئه‌زمون‌و ده‌قی هیوایه‌ كه‌ نوسیبێتی، كه‌من خۆم زۆر چێژم لێبینی‌و به‌ ئه‌زمونێكی نوێ‌و سه‌ركه‌وتوشی ئه‌زانم وه‌روه‌ك چۆن ( ئیسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین) له‌ نوسینێكدا ده‌رباره‌ی ئه‌م ده‌قه‌ ده‌ڵێت” ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی هیوا قادر نه‌ك هه‌ر داهێنه‌رانه‌یه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك، به‌ڵكو جۆرێكه‌ له‌ وه‌رچه‌رخانی شیعر به‌ سه‌رقه‌ڵبوونه‌وه‌ی له‌ نێو وورده‌كاریدا” Shaxi83@yahoo.com

——————————-

سه‌رچاوه‌كان
كتێبی شیعر چیه‌؟ن/ لۆرانس پیرن/ وه‌/ ئه‌بوبكر خۆشناو
كتێبی شیعرو فه‌لسه‌فه‌. ن/ مه‌جید مه‌حمود /وه‌/ فوادی مه‌جید میسری
وتاری له‌ودیو كورسیه‌كانه‌وه‌ چی ده‌بینین / به‌ختیارعلی گۆڤاری هه‌نار
دیداری هیوا قادر / ئا/ زمناكۆ بورهان قانع / كوردستانی نوێ‌
قوتوی خه‌یاڵی قه‌سیده‌/ ن/ ئیسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین/ ڕه‌خنه‌ی چاودێر




ناسنامه‌كان تاوانن … به‌ختیار محه‌مه‌د

سته‌مكار له‌ هه‌موو شوێنێك یه‌ك ڕه‌نگ و یه‌ك جه‌وهه‌ری هه‌یه‌ و سته‌ملێكراویش له‌ هه‌موو شوێنێكدا یه‌ك ڕه‌نگ و یه‌ك جه‌وهه‌ری هه‌یه‌.
سه‌رمایه‌داریی له‌ هه‌موو شوێنێك یه‌ك ماهیه‌تی نامرۆڤانه‌ی هه‌یه‌ و هه‌ژارانیش له‌ هه‌موو شوێنێكدا یه‌ك ماهیه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌یان هه‌یه‌.
سه‌رمایه‌داریی‌ له‌ هه‌موو شوێنێكدا خوێنمژه‌: زه‌رووه‌ و خوێنی هه‌ژاران ده‌مژێ. سه‌رمایه‌داریی سته‌م (نادادپه‌روه‌ری و سته‌می چینایه‌تی…) ده‌كاته‌ شتێكی ڕه‌وا؛ هیچ باكی به‌ ئێش و ئازاری مرۆڤ (مرۆڤی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش) نییه‌.

×××

ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ سه‌رده‌میكدا ده‌ژین، كه‌ هه‌موو فاشیسته‌كان ئازادیخوازان به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن (ئه‌وان ده‌یانه‌وێ به‌مه‌ له‌ شه‌رعیه‌تی خه‌باتی ئازادیخوازیی بده‌ن). ئه‌ردۆگان یه‌كێكه‌ له‌م فاشیسته‌ قێزه‌ونانه‌.
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌گه‌ر جه‌هه‌ری فاشیزم خۆی له‌ خۆیدا تیرۆر و تیرۆریزم بێ، ئه‌وه‌ ئه‌ردۆگان و حزبه‌كه‌ی و داروده‌سته‌ و حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌، نموونه‌ی هه‌ر دیاری تیرۆر و تیرۆریزمن؛ دیاره‌ ده‌وڵه‌تێك به‌ هه‌موو ده‌زگاكانیه‌وه‌، كه‌ مافی خه‌ڵكانی دیكه پیشێل بكا و‌ نه‌سه‌لمێنێ، ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌تێكی ڕه‌گه‌زپه‌رست و سته‌مكاره‌ و له‌ ئه‌نجامیشدا ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریسته‌؛ ئایا ده‌وڵه‌تی تورك وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ر، هه‌موو ئه‌م سیفه‌تانه‌ی تێدا نییه‌؟
هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ی له‌ پشت ئه‌م تیرۆره‌ شێتگیره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌ردۆگانه‌وه‌یه‌‌، ڕای گشتی (فریوخواردووی؟) زۆرینه‌ی توركه‌؛ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و كوردانه‌ی، كه‌ خۆیان به‌ ئاكپارتی و فاشیه‌تی تورك فرۆشتووه‌.
ئێستا ئه‌ردۆگان ئیلهام له‌ باخچه‌لی (پێده‌چێ ئه‌و ئێستا وه‌ك ڕاوێژكاری بێ) وه‌رده‌گرێ: ئه‌وی كردۆته‌ نزیكترین هاوپه‌یمانی ناوه‌كی خۆی. هه‌ر بۆیه‌شه‌‌ ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ستی توركپه‌رستیی وه‌ها به‌ جۆش و خرۆش بووه‌. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و وه‌ك باخچه‌لی توركێكی ره‌گه‌زپه‌رستی ڕه‌سه‌نه‌: له‌م دواییه‌ش‌ ده‌مامكه‌كه‌ی خۆی به‌ ته‌واوی فڕێ دا و ڕووی ڕه‌شی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی به‌ هه‌موومان نیشان دا؛ به‌ تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی، كه‌ له‌ دژی كورد یارمه‌تی داعشی دا: ئایا ئه‌مه‌ لووتكه‌ی فاشیزم و ڕق ئه‌ستووری سه‌ركرده‌یه‌ك نییه‌ له‌ به‌رانبه‌ر مافی سروشتی بوونی نه‌ته‌وه‌یێكی دیكه‌، كه‌ ده‌یه‌وێ وه‌كو هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و گه‌لانی دیكه‌ بۆ خۆی له‌سه‌ر خاك و ئاو و وڵاتی خۆی به‌ ئازادی و سه‌ربه‌ستی و دڵنیایی بژی؟…‌

×××

سه‌رئه‌نجام: له‌ لای سه‌رمایه‌داریی، خه‌بات (خه‌باتی چینایه‌تی) بۆ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری، تاوانه‌. له‌ لای داگیركه‌ریش، خه‌بات (خه‌باتی گه‌لان) بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، تاوانه‌؛ كه‌واته‌ سه‌رمایه‌داریی (ئیمپریالیزم) و داگیركه‌ر (كۆلۆنیالیزم) هاوپه‌یمانن و سیستمێكی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی سته‌مكار له‌ جیهاندا پێك ده‌هێنن.




كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌…56 …. كه‌ریم كاكه‌

56

به‌ر له‌ كاولبوونی دنیا زۆر سه‌رهات هه‌ن و حه‌ز به‌ گێڕانه‌وه‌یان ده‌كه‌م، نازانم به‌ چه‌ندیان راده‌گه‌م، به‌ڵام هه‌ر ده‌بێت (مه‌م و زین)ه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی خانی بخوێنمه‌وه‌، بۆ من زۆر گرنگه‌ پێش كاولبوونی دنیا بیخوێنمه‌وه‌، ئێ، وه‌رز زستانه‌، تۆ بڵی به‌فرانباره‌، ئێواره‌یه‌، دنیا له‌ سه‌ر تاریكبوونه‌، له‌گه‌ڵ بابم له‌ باخچه‌كه‌ی شێخ ته‌ها سه‌ركه‌وتین و گه‌یشتینه‌ سه‌ر جاده‌، ئه‌و جاده‌یه‌ی له‌ باژێڕه‌وه‌ به‌ سه‌ر پردی سێیه‌مدا دێ و به‌ پێش به‌نزینخانه‌ و به‌رده‌م ده‌رگای رۆژهه‌ڵاتی باخی گڵكه‌ند و لای شاره‌وانی و ده‌گاته‌وه‌ فلكه‌ی (زه‌عیم)، ئه‌گه‌ر راست بڕۆیت ده‌چیته‌ پردێ و كه‌ركووك، گوتم پردی سێیه‌م تۆ بڵێ پردی ته‌عجیل، هه‌ینێ له‌ هه‌ولێرێ من سێ پردم دیتبوو، پردی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یانه‌ كه‌ له‌ شه‌ستمه‌تریه‌ و هه‌ندێك پیانده‌گوت پردی سێتاقان ئاوی رووباری گڵكه‌ند وه‌رده‌گرێ و ده‌ینێرێ بۆ پردی دووه‌م كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سیمه‌تری، پێشتر پردی گامێشه‌وانانیشیان پێده‌گوت، دواتر هه‌ر به‌ پردی سه‌یداوه‌ ناوی رۆیشت، ئه‌و پرده‌ دوو رووباری ده‌كرده‌ یه‌ك و به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌یگه‌یاندنه‌ پردی سێیه‌م، رووباری گڵكه‌ند و رووباری به‌لاشاوه‌، ئێ، بابم و من گه‌یشتبووینه‌ سه‌ر جاده‌كه‌ پاسكلێك له‌ لای بازاڕه‌وه‌ له‌ لای پرده‌وه‌ تیژ زۆر تیژ ده‌تگوت ماتۆڕه‌ ده‌هات، له‌ پێشه‌ مه‌ شتێكی لێكه‌وت، بابم بانگیشی كرد:
كاكه‌، شتێكت لێكه‌وت..
وا بزانم له‌و ساته‌ ترومبێلێ هات و نه‌یهێشت ده‌نگی بابم بگاته‌ گوێی پاسكلسوار، تا ده‌نگی ترومبێله‌كه‌ش نه‌ما، كابرا زۆر دووركه‌وتبووه‌وه‌، كیسه‌ كاخه‌ز بوو، بابم هه‌ڵیگرته‌وه‌، گوتی:
ده‌ڵێی كتێبه‌، ها بزانه‌ چیه‌؟
وه‌رمگرت، كتێب بوو، به‌ڵام بۆم نه‌خوێندرایه‌وه‌، ره‌نگه‌ به‌ هۆی تاریكیه‌وه‌ بووبێت، هاتین هاتین له‌ نزیك هۆلی گه‌ل ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م شانۆگه‌ریم له‌وێ دیوه‌، له‌ پێش رووناكایی ده‌رگای ماڵێك سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه‌م خوێنده‌وه‌:
مه‌م و زین..
بابم گوتی:
مه‌م و زین هه‌قایه‌تێكی خۆشه‌، مام ره‌زا زۆر شه‌وان ده‌یگێڕێته‌وه‌، گوێت لێینه‌بووه‌؟
وا بوو، من له‌ هه‌قایه‌تبێژه‌وه‌ مه‌م و زینم بیستبوو، ده‌زانن چه‌ند رقم له‌و (به‌كرۆكه‌) ده‌بۆوه‌، هه‌ركاتێ هه‌قایه‌تبێژ ناوی ده‌هێنا، حه‌زمده‌كرد پێیبڵێ به‌كرۆكه‌ی تۆڕی و خوێڕی، هه‌قایه‌تبێژ له‌ گێڕانه‌وه‌ی مه‌م و زین تا بڵێی زمان شیرین بوو، ئه‌و هه‌قایه‌تبێژه‌ بێه‌وه‌ی وشه‌یه‌كی قورس وشه‌یه‌كی ناشیرین وه‌ك توێڕی و كه‌رباب و ئه‌و شتانه‌ی به‌ زاریدا بێت، به‌كرۆكه‌ی ره‌زا قورس نیشانده‌دا، ئه‌و پیاوه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ هونه‌ركاریه‌كی ده‌كرد مه‌گه‌ر ته‌نها كازانتزاكی و دیستۆڤسكی و یه‌شار كه‌مال و ماركیز و خانییه‌كه‌ی كورد بتوانن وا بگێڕنه‌وه‌، سه‌رسامم به‌ ئه‌حمه‌دی خانی، یه‌كه‌م كتێبی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌لفبێی كوردی و ماتماتیك و ئه‌و شتانه‌ یه‌كه‌م كتێب كه‌ خوێندبێتمه‌وه‌ كتێبه‌كه‌ی خانی بووه‌، ئه‌و خانییه‌ی پێناچێ له‌ سه‌رده‌می خۆی كه‌س ناسیبێتی! دیاره‌ ئه‌و ساڵه‌ی من مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانیم بۆ دایكم و بابم و پیری سوارچاكان و و گوڵی كۆساران و كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ خوێنده‌وه‌، شتێكی وا له‌و شاكاره‌ تێنه‌ده‌گه‌یشتم، ئاخر من پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تایی بووم، زستانی ساڵی( 1974) بوو، زۆری نه‌مابوو دنیا كاول بێت، لۆوه‌ی باشتر تێكبگه‌ین و له‌ مه‌م و زینیش بگه‌ین، مه‌م و زینه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌ژار كردبوویه‌ موكریانی یان سۆرانی، واته‌ به‌ زاری بۆتانی نه‌بوو، دره‌نگ زۆر دره‌نگ ئه‌حمه‌دی خانیم به‌ به‌ زاری خۆی خوێنده‌وه‌..
ئه‌و ئێواره‌یه‌ به‌ توور و مه‌م و زینه‌وه‌ هاتینه‌وه‌، هه‌موو ئێواران ده‌سكه‌ تووری ناسكی ده‌هێنایه‌وه‌، راسته‌ قرپی توور ناخۆشه‌، به‌ڵام خواردنی خۆشه‌، ئه‌و ئێوارانه‌ی ساوه‌رمان ده‌بوو، توور به‌ تامتری ده‌كرد، ئه‌و ئێواره‌یه‌ مه‌م و زینیشی هاته‌ سه‌ر، هه‌ندێكیم به‌ ده‌نگ لێ خوێنده‌وه‌:
سه‌رنامه‌ به‌ ناوی تۆ خوایه‌
چی بێ ئه‌مه‌ پیت و پێزی نایه‌
سه‌ردێری په‌ری ئه‌وین په‌رستان
جێ ناز و نیازی خۆشه‌ویستان…
هه‌مووان گوێیان هه‌ڵخستبوو، ده‌بێت بڵێم له‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی پێشه‌وه‌ نه‌ مه‌م نه‌ زینمان نه‌دیته‌وه‌، پێده‌چوو به‌ هه‌ڵه‌ مه‌م و زینی به‌ سه‌ره‌وه‌ بووبێت، بۆیه‌ بابم گوتی:
كوا! ئه‌و كتێبه‌ باس له‌ مه‌م و زین ناكات..
دوای چه‌ند لاپه‌ڕه‌یێ ده‌ركه‌وت هه‌ڵه‌ نیه‌ و بابه‌ته‌كه‌ مه‌م و زینه‌، به‌ڵام جودا له‌و كاكه‌ مه‌م و خاتوو زینه‌ی هه‌قایه‌تبێژ بۆی گێڕابووینه‌وه‌، پیری سوارچاكانیش حه‌زی چووه‌ مه‌م و زینێ، زۆر ئێواران دوای نان خواردێ مه‌م و زین له‌ ژووره‌كه‌ی پیری سوارچاكان خڕیده‌كردینه‌وه‌، ده‌یگوت:
ده‌ی كوڕم به‌ ده‌نگی بڵند شتێكمان له‌ كاكه‌ مه‌م و خاتوو زین بۆ بخوێنه‌وه‌..
دیسان كه‌ نواندی جه‌ژنی نه‌ورۆز
له‌ گوێره‌ی رێ و شوێنی پیرۆز
گشت ورد و درشتی ناو جزیرێ
بیگره‌ له‌ شوانێ تا وه‌زیرێ
……
پۆل پۆل ده‌گه‌ڕان له‌ كێو و ده‌شتێ
خه‌میان ده‌په‌ڕاند له‌ سه‌یر و گه‌شتێ…..
ده‌مخوێنده‌وه‌، مه‌م و زینم ده‌خوێنده‌وه‌، ده‌بێت بڵێم زۆر وشه‌ هه‌بوون، تێیاننه‌ده‌گه‌یشتم، بابم و پیری سوارچاكان و دایكم و گوڵی كۆسارانیش تێینه‌ده‌گه‌یشتن، لێ كه‌س نه‌یده‌پرسی: ئه‌رێ…
ئه‌ز دووم ته‌واوكردووه‌ و سێم تێنه‌په‌ڕاندووه‌، شێخی خانی ده‌خوێنمه‌وه‌، ئه‌و خانییه‌ی دواتر زۆر دواتر ناسیم و زانیم چ كانیاوێكی سازگاره‌، هه‌ر كه‌سێ لێی بخواته‌وه‌، چه‌ند ناسك بێت، ناسكتر ده‌بێته‌وه‌، به‌ درۆ كه‌س ناتوانێ لێی بخواته‌وه‌!‌
}رێك له‌و ساته‌ی كه‌ ئه‌و چه‌ند دێره‌ ده‌نووسم ، پێكێك ویسكیم تێكرد و كه‌مێك ده‌نگم دایه‌ ته‌له‌فزیۆن، چ ببیستم! سه‌رۆكی توركان ئه‌و پیاوه‌ی به‌ هه‌ردوو شمشێری عوسمانلی و و ئه‌تاتوركی ده‌یه‌وێ كورد ببڕێته‌وه‌، قسه‌یه‌كی وای كردووه‌، گوایه‌ حیزبه‌كه‌ی ئه‌ویش له‌ ئه‌حمه‌دی خانی خواردۆته‌وه‌، ده‌بێ بڵێم شه‌كرت شكاند! تۆ ئه‌گه‌ر له‌ میزی ئه‌ویشت خواردبایه‌ته‌وه‌، هێنده‌ له‌ شێخی خانی ده‌گه‌یشتی كه‌ سووكایه‌تی پێنه‌كه‌یت، تۆ سووكایه‌تی به‌ میلله‌تێك ده‌كه‌یت كه‌ خاوه‌نی باباتایه‌ری هه‌مه‌دانی و مه‌لای جه‌زیری وئه‌حمه‌دی خانی و مه‌وله‌وی و نالی و هێمن و په‌شێوه‌، گه‌مژه‌یی وایه‌{
ئێ، من مه‌م و زینم ده‌خوێنده‌وه‌، به‌و چاوانه‌ی خۆم دیتم، گوڵی كۆساران هورده‌ فرمێسكانی هه‌ڵده‌وه‌راند، به‌ڵام نه‌مزانی بۆ مه‌مه‌، یان بۆ زین، ئه‌ها، زین روو له‌ مۆمی داگیرساو:
فرمێسك له‌گه‌ڵ مندا ده‌ڕێژی
چۆن وا ده‌بێ هیچ شتێ نه‌بێژی
مه‌م له‌ دیجله‌ ده‌پرسێ:
كێت هێنده‌ له‌ ناو خه‌یاڵ و بیره‌
گرتووته‌ هه‌مبێزی خۆت جزیره‌…
پیری سوارچاكان دوو دێری مه‌م و زینی له‌به‌ركردبوو، دوو دێری پێشه‌كی زوو زوو له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یگوته‌وه‌:
كوردیش كه‌ ببایه‌ یه‌ك دڵ و ده‌ست
ده‌ستیانده‌كه‌وت ژیانی سه‌ربه‌ست
رۆم و عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م سه‌روبه‌ر
بۆ ئێمه‌ به‌نی ده‌بوون و نۆكه‌ر
جارێك گوتی:
ئه‌گه‌ر خوێنده‌واریم هه‌با ئه‌و قسانه‌م له‌ سه‌ر ئه‌و به‌رده‌، به‌ردی پیرۆز ده‌نه‌خشاند..
هاته‌ سه‌رم له‌ جیاتی پیری سوارچاكان ئه‌و ئیشه‌ بكه‌م، ئه‌و خوێنده‌واریی نیه‌، خۆ من هه‌مه‌، به‌ڵام نه‌مده‌زانی چۆن و به‌ چی ئه‌و هه‌موو وشه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و به‌رده‌ جێ بكه‌مه‌وه‌، بیستبووم، به‌ڵام له‌بیرمنیه‌ هه‌ینێ دیتبووم یان نا كه‌ هه‌ڵكۆڵین له‌ سه‌ر به‌رد هه‌یه‌، خودایه‌ چۆن ئه‌و دوو دێره‌ی خانی له‌به‌ر خاتری پیری سوارچاكان له‌ سه‌ر به‌ردی پیرۆز بنه‌خشێنم، حه‌یف چه‌ندی مێشكی خۆم گوشی و بیرمكرده‌وه‌ شتێكم نه‌دیته‌وه‌ شیعر له‌ سه‌ر به‌رد هه‌ڵكۆڵێ، به‌ قه‌ڵه‌م ده‌منووسی دیار نه‌ده‌بوو، زوو ده‌سڕایه‌وه‌، به‌ڵام بڕیاڕم دا له‌ سه‌ر دیوار له‌ نزیك ده‌رگای حه‌وشه‌ به‌ دیوی ژۆرێدا هه‌ڵیانكۆڵم، گه‌یشتبووینه‌وه‌ ده‌مه‌و پایز، دیواریان سواخده‌دا، پێش وشكبوونه‌وه‌ی قوڕ، خانیم له‌ سه‌ر دیوار هه‌ڵكۆڵی و گۆتمه‌ پیری سوارچاكان:
باپیره‌، قسه‌كانم لێره‌ نووسیوه‌ته‌وه‌.
پیری سوارچاكان چاوی پێدا گێڕا، سه‌ری گۆپاڵه‌كه‌ی به‌ كه‌لێنه‌كان، به‌ پیته‌كاندا ده‌گێڕا، ده‌تگوت به‌ گۆپاڵ شیعره‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، گوتی:
ئافه‌رین كوڕم، خۆزگه‌ ده‌مزانی بیانخوێنمه‌وه‌..
ئێ، به‌ر له‌ كاولبوونی دنیا، با كه‌مێكیتر له‌ كن مه‌م و زین بمێنینه‌وه‌، دێته‌وه‌بیرم، چوونی به‌كرۆكه‌ی مه‌رگه‌وه‌ڕی دڕكی مه‌م و زینان بۆ به‌هه‌شتێ، هه‌رای نایه‌وه‌، خانی به‌كرۆكه‌ ده‌نێرێته‌ به‌هه‌شتێ! له‌وێ له‌و كۆشكه‌ هه‌شت قاتیه‌ی كه‌ خودا داویه‌تیه‌ مه‌م و زین، قاتێك به‌ر به‌كرۆكه‌ كه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ نیه‌ ده‌ڵێ:
هۆی من بوو به‌وان درا به‌هه‌شتێك
دایانمێ ئه‌ویش له‌ هه‌شتێ مشتێك
گوڵی كۆساران تووڕه‌ ده‌بوو، له‌ سه‌ری خۆی ده‌دا و ده‌یگوت:
های له‌و قسه‌یه‌! كاكه‌ مه‌م و خاتوو زین به‌ هۆی به‌كرۆكه‌وه‌ چوونه‌ته‌ به‌هه‌شت؟! من باوه‌ڕ به‌وه‌ ناكه‌م، خودا شتی وا ناكات..
دایكم و تووڕه‌تر:
ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ راست بێت، خودا باش و خراپی تێكه‌ڵ كردووه‌
بابم هه‌ڵده‌داتێ:
وای له‌ به‌سێ، به‌ گژ خوداشدا ده‌چێ، كچێ، ده‌ست له‌ كاری خودا وه‌رمه‌ده‌، تۆ چ له‌ نهێنی ئه‌و ده‌زانی؟!
دایكم ده‌ڵی:
كوو به‌ گژیدا نه‌چم!
دایكم پێیوابوو ئه‌گه‌ر به‌كرۆكه‌، به‌كرۆكه‌ی دڕكی مه‌م و زینان گه‌یشتبێته‌ به‌هه‌شت، هه‌رچی سه‌گ و سوار و گه‌جه‌ر و گوجه‌ر و جڕوجامشت هه‌یه‌ هه‌موو ده‌چنه‌ به‌هه‌شتێ و ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ به‌هه‌شت نایه‌ته‌وه‌، هه‌رچی بابم بوو، وای بیرنه‌ده‌كرده‌وه‌، پێیوابوو ئاساییه‌ نه‌ك به‌كرۆكه‌، به‌ڵكو كه‌سی له‌و به‌دره‌فتارتریش ره‌نگه‌ به‌ هۆی چاكه‌یه‌كه‌وه‌، خودا لێی خۆش بێت و هه‌ڵیداته‌ ناو به‌هه‌شتێ، بابم ده‌ڵێته‌ دایكم:
تۆ باش له‌وه‌ نه‌گه‌یه‌شتی كه‌ خودا بۆچی به‌كری مه‌رگه‌وه‌ڕی برده‌ به‌هه‌شتێ..
روو له‌ من ده‌كات:
ده‌ی كوڕم ئه‌و جێیه‌ بۆ دایكت بخوێنه‌وه‌ كه‌ زین باسی چاكه‌ی به‌كرۆكه‌ ده‌كات:
كتێبه‌كه‌ ده‌هێنم و ته‌واوێك ده‌گه‌ڕێم تا لاپه‌ڕه‌ی پاڕانه‌وه‌ی زین بۆ به‌كرۆكه‌ ده‌بینمه‌وه‌:
گه‌ر پیسی وه‌كو به‌كر نه‌بووبا
هیچ دوور نه‌بوو ئابڕووی مه‌ چووبا
….
گه‌ر ئه‌و نه‌ده‌بوو به‌ له‌مپه‌ری مه‌
گومرایی ده‌بوو به‌ رێبه‌ری مه‌
وا ده‌رنه‌ده‌چووین له‌ شه‌رمه‌زاری
پیرۆز نه‌ده‌بووین له‌ كورده‌واری
مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانی له‌ زۆر جێیان له‌گه‌ڵ كاكه‌ مه‌م و خاتوو زینی هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی هه‌ولێرێ، هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی سه‌یداوه‌ نه‌ده‌هاته‌وه‌، پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌وته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ دڕكی مه‌م و زینان، له‌وه‌ی هه‌قایه‌تبێژ، كاتێ براده‌ره‌كه‌ی مه‌م به‌كرۆكه‌ له‌ خوێن ده‌گه‌وزێنێ، دلۆپێ له‌و خوێنه‌ پیسه‌ ده‌په‌ڕێته‌ نێوان گۆڕی زین و مه‌م، یه‌كسه‌ر ده‌بێته‌ دره‌ختێكی ناحه‌ز، دره‌ختێك چ دره‌ختێ به‌ دره‌ختی نازانێ، ئه‌و خوێنه‌ دره‌خته‌ ره‌گ له‌ نێوان هه‌ر دوو گۆڕ داده‌كوتێ و ناهێلێ زین و مه‌م له‌ ناو گۆڕێش بگه‌نه‌ یه‌ك، كه‌چی له‌وه‌ی شێخی خانی له‌ سه‌ر راسپارده‌ی زینێ، گۆڕی به‌كر ده‌كه‌وێته‌ دامه‌نی گۆڕی مه‌م و زینێ و هه‌ر ئه‌ویش بۆی ده‌پاڕێته‌وه‌و…
له‌ كاكه‌ مه‌م و خاتوو زینی هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی هه‌ولێرێ چ هه‌واڵێكی وا له‌ به‌هه‌شت و دۆزه‌خه‌وه‌ نایه‌، به‌ڵام هه‌موو ده‌زانن جێی به‌كری مه‌رگه‌وه‌ڕ بنه‌بانی دۆزه‌خه‌، كه‌چی له‌ مه‌م و زینی شێخی خانی له‌ رێی پیاوچاكێكی چیا نشینه‌وه‌ هه‌واڵ دێ كه‌ به‌كر له‌ به‌هه‌شتێ له‌ ناو كۆشكی مه‌م و زینێ له‌ خزمه‌تی وانه‌..
جیاوازی گه‌له‌كن له‌ نێوان خانی و هه‌قایه‌تبێژ، بۆیه‌ به‌كرۆكه‌ هه‌ر له‌ جزیره‌ و بۆتان نا، له‌ هه‌ولێرێش له‌ ماڵی مه‌ش كێشه‌ی ده‌نایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ كێشه‌ی سووك، كێشه‌ی مه‌یله‌و پێكه‌نیناوی، گوڵی كۆساران به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌ڵێ:
ئه‌گه‌ر راست بێت، به‌كر له‌ به‌هه‌شت بێت، خه‌ڵك له‌ كه‌تن و دوو دڵ لێكردن سلناكه‌نه‌وه‌.
پیری سوارچاكان ده‌ڵێ:
كچێ هه‌مین، به‌هه‌شت به‌ به‌كر پیس نابێ، تۆ له‌وه‌ بترسێ ترك پێی بكه‌وێته‌ به‌هه‌شتێ!
ئیدی كتێب له‌ ماڵی ئێمه‌ به‌زمی خۆشی نایه‌وه‌، مه‌م و زین نه‌نه‌ خان و كچه‌كه‌ی مام جه‌له‌بوان و ژنێكی حه‌ساره‌كه‌ و ژنه‌ شه‌له‌ جوانه‌كه‌ و مه‌ریه‌م و كه‌ویاریشی له‌ ده‌وری من خڕده‌كرده‌وه‌، له‌و ساتانه‌ی مه‌م و زینم به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو، ده‌مخوێنده‌وه‌، وا هه‌ستمده‌كرد جێی هه‌قایه‌تبێژه‌كه‌ی سه‌یداوه‌م گرتۆته‌وه‌، هه‌مووان چاویان له‌ زاری من بڕیوه‌، شام به‌ خۆم ده‌هات، كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ ده‌یگوت:
ده‌ڵێی بوویه‌ ئه‌و پیاوه‌ گه‌وره‌ی كه‌ قه‌ره‌جه‌كه‌ گۆتی!
}لێره‌، له‌و دوا رسته‌یه‌، چه‌ند رۆژێك له‌ گێڕانه‌وه‌ وه‌ستام، هه‌ستمده‌كرد شت ماوه‌ و له‌بیرمچووه‌ته‌وه‌، چوومه‌وه‌ كۆڵانی منداڵی و كن دایكم و بابم، باسی كتێبه‌كه‌م بۆیان كرد، دایكم دیار بوو له‌بیری مابوو، به‌ڵام شتێكی وای بۆم نه‌گێڕایه‌وه‌ شتێك بخه‌مه‌ سه‌ر گێڕانه‌وه‌كه‌م، جگه‌ له‌ فریشته‌ و پیازه‌كه‌، بابیشم دیتنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ و خوێندنه‌وه‌ی من و شتێك له‌ به‌كرۆكه‌ی له‌بیر مابوو، جگه‌ له‌ ده‌لاقه‌ی كتێب كه‌ بۆ من ده‌لاقه‌یه‌كی له‌ گێڕانه‌وه‌ كرده‌وه‌{
وابوو له‌ ماڵی ئێمه‌ له‌ ژوورێ، دیاره‌ تا دره‌نگ ئێمه‌ یه‌ك هۆده‌مان هه‌بوو، هۆده‌ی دانیشتن، هۆده‌ی نان خواردن، هۆده‌ی نووستن، هه‌ر یه‌ك هۆده‌ بوو، دوای وه‌ی من و براكه‌م چووینه‌ قوتابخانه‌، بابم چه‌ند ده‌لاقه‌یه‌كیتری له‌ دیوار كرده‌وه‌، ده‌لاقه‌كه‌ی من هه‌ر له‌ پشت سه‌رم بوو به‌ بڵندایی تا پشتێنی خۆم، كتێبه‌كانم له‌وێ داده‌نا، دایكیشم په‌رده‌یه‌كی جوانی له‌ ره‌نگی كه‌واكه‌ی خۆی پێدا شۆڕكردبۆوه‌، به‌ڵام نه‌ به‌ ده‌لاقه‌ی من نه‌ به‌هی براكه‌میان نه‌ده‌گۆت ده‌لاقه‌ی كتێب، ده‌لاقه‌كان له‌ ژماره‌ی خێزان پتر بوون، هه‌ر كه‌سه‌ و شتی خۆی لێدانابوو، هه‌ریه‌كه‌ و به‌ ناوی خۆی ده‌ناسرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌لاقه‌ی بابم، ئه‌وه‌ ده‌لاقه‌ی دایكم، ئه‌وه‌ ده‌لاقه‌ی كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌، ئه‌وه‌ ده‌لاقه‌ی كه‌ریم، ئه‌وه‌ ده‌لاقه‌ی رادیۆ…دوای دیتنه‌وه‌ی مه‌م و زین و خوێندنه‌وه‌ و سه‌رسامبوون به‌و كتێبه‌، بابم له‌ بڵندایی به‌ژنی خۆی له‌ ته‌نیشت ده‌رگا، ده‌لاقه‌یه‌كی گچكه‌ی كرده‌وه‌، ده‌لاقه‌یه‌ك بڵندایی هه‌ر بستێك ده‌بوو، به‌رینیشی له‌ بست و قولانجێك تێنه‌ده‌په‌ڕی، ئه‌و تایبه‌ت بوو به‌ مه‌م و زینی شێخی خانی، دایكم به‌رگێكی جوانی بۆ مه‌م و زین دووریبوو، له‌ شێوه‌ی به‌رگه‌ بالیف، تۆ بڵێی له‌ شێوه‌ی تووره‌گه‌، كتێبه‌كه‌مان ده‌خسته‌ ناویه‌وه‌، هاته‌وه‌بیرم بابم گوتی:
بۆوه‌ی خه‌ڵك به‌ قورئانی تێنه‌گات با ره‌نگی مه‌م و زین كه‌سك نه‌بێت..
ئێستاش دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ ره‌نگی به‌رگی مه‌م و زین له‌ چاومه‌، شینێكی ئاسمانی بوو، رێك له‌ سوخمه‌ی چه‌ند ساڵێك دواتری كه‌ویار، ره‌نگه‌ هه‌ردووكیان له‌ یه‌ك تۆپه‌ كوتاڵ بڕابن! دێته‌ بیرم جارێك ژنێك گۆتیه‌ دایكم:
ئه‌رێ، به‌سێ، قورئانی ماڵان به‌رگی كه‌سكه‌، هینگۆ لۆ شینه‌؟
دایكم گۆتی:
كچێ بابانت، ئه‌وه‌ قورئان نیه‌، هه‌قایه‌تی كاكه‌ مه‌م و خاتوو زینه‌
ژنه‌كه‌ گۆتی :
كچێ، فڕێیده‌ له‌ جێی وی قورئان دانێ، ده‌نا فریشته‌ سه‌ر به‌و ماڵه‌ داناگرێ!
دایكم تووڕه‌بوو:
وه‌ی پیاز، ئه‌گه‌ر به‌ هۆی كاكه‌ مه‌م و خاتوو زینه‌وه‌ فریشته‌ نه‌یه‌ته‌ ماڵی ئێمه‌، با هه‌ر نه‌یه‌ت.
ناوی ده‌لاقه‌ی كتێب له‌ زاری مه‌لایه‌كه‌وه‌ گۆڕا بۆ ده‌لاقه‌ی مه‌م و زین، دیته‌وه‌ بیرم مه‌لایه‌ك هه‌بوو، سه‌ردانی ده‌كردین، كاتێ زانی كتێبی ناو ده‌لاقه‌ كه‌ به‌رگێكی جوانی تێگیراوه‌، مه‌م و زینه‌، به‌ ده‌لاقه‌ی مه‌م و زین ناوی هێنا، له‌ زاری ویه‌وه‌ بڵاوبۆوه‌، ئه‌و مه‌لایه‌ سه‌رچیخ نه‌چووبم كۆمۆنیست بوو، بیستبووم له‌ دوای نوێژی هه‌ینیان پاره‌ی بۆ كۆمۆنیستان خڕده‌كرده‌وه‌، من له‌ بابمم بیستووه‌: ئه‌گه‌ر هه‌موو شوعیه‌كان وه‌ك مه‌لا سه‌دیق و حاجی كه‌ریمی حاجی وسوو بان، منیش ده‌بوومێ..
دێرێكی مه‌م و زینم بۆ مه‌لاكه‌ خوێنده‌وه‌، كتێبه‌كه‌ی له‌ ده‌ستم وه‌رگرت، سه‌ری به‌ سه‌ردا گرت و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی لێ هه‌ڵدایه‌وه‌، چه‌ند دێرێكی به‌ ده‌نگ خوێنده‌وه‌، هه‌ستمكرد له‌ خوێندنه‌وه‌ لاسایی ئه‌و پیاوه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ رادیۆوه‌ ده‌نگیم بیستبوو، دواتر زانیم ناوی شوكروللای بابانه‌، له‌وه‌وه‌ منیش ده‌مویست ده‌مه‌لاسكه‌ی شوكروللای بابان بكه‌مه‌وه‌، مه‌لاكه‌ قسه‌یه‌كی كرد هه‌رچه‌نده‌ چ بڕی تێنه‌گه‌یشتم به‌ڵام به‌لامه‌وه‌ بایه‌خدار بوو، بۆیه‌ هه‌وكه‌ش پێوه‌ به‌ ئاوازه‌ی خۆیه‌وه‌ له‌ گوێم ماوه‌:
ده‌بوو وه‌كو گوڵستان و بوستان له‌ حوجران خوێندرابا..
خوێندنه‌وه‌ی مه‌م و زین منی به‌ قسه‌ هێنا، ماڵێ مه‌ هه‌موو كه‌مدوو بوون، به‌ڵام ئه‌وان له‌ چاو من ده‌كه‌ونه‌ چێوه‌ی زۆربڵێكانه‌وه‌، من قه‌تقه‌تۆكێ سه‌ری قسه‌م نه‌كردۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كوو ده‌نا له‌ قسانم هه‌ڵنه‌ده‌دایێ، باگۆی پرسیارانیشم به‌كورتی ده‌دایه‌وه‌ كه‌م وا بووه‌ له‌ (ئا، نا، نازانم، وایه‌) هێوه‌تر ده‌چوو، كه‌چی ئه‌وه‌تا مه‌م و زینی خانی منی كردۆته‌ جێنشینی هه‌قایه‌تبێژی سه‌یداوه‌، هه‌موو قڕوقه‌پ و ته‌نێ خۆم قسه‌ ده‌كه‌م و شیشه‌ شین و سۆره‌كه‌ی مه‌لاشم بۆ نایه‌!
قسه‌ده‌كه‌م و هه‌موو ته‌ماشای زاری من ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێشتا كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ له‌ من به‌ ده‌م و دووتره‌، ئاخر ئه‌و بێ كاخه‌ز ده‌توانێ تا زاری شل ده‌بێ قسه‌ بكات، به‌ڵام من كاخه‌زم له‌ پێش نه‌بێ هه‌ر دوو سێ رسته‌م له‌ باردایه‌، كۆتایی دێت و قسه‌م بۆ نایه‌، كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ له‌ هه‌مووان باشتر ئه‌وه‌ ده‌زانێ، له‌بیرمه‌ گوتی:
تۆ هه‌قایه‌تبێژی سه‌ر كاخه‌زی..
كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ هه‌ینێ نه‌یده‌زانی بنووسێ و بخوێنێته‌وه‌، ویستی فێری بكه‌م، هه‌وڵمدا، به‌ڵام دیاربوو نه‌مزانی، له‌بیرمه‌ جارێك خه‌تخه‌تۆكه‌یه‌كی كرد، پرسی:
ئه‌وه‌ی نووسیومه‌ چیه‌؟
پێیپێكه‌نیم و گوتم:
هیچ..
به‌ سه‌ر خۆیدا شكایه‌وه‌، ئیدی باسی خوێندنه‌وه‌ و نووسینی نه‌كرده‌وه‌، پاشترێ له‌ نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری ساڵێكی نه‌برد هێند جوانی ده‌نووسی، ئیره‌ییم به‌ خه‌تی وی ده‌برد، مه‌م و زینم دایێ و گوتم:
ها، ئێستا خۆت بیخوێنه‌وه‌
گوتی:
نا، تۆ بۆت خوێندمه‌وه‌، جوانت خوێنده‌وه‌..
دنیا له‌ سه‌ر كاولبوونه‌، مه‌م و زین با هه‌ر له‌ ده‌لاقه‌ی مه‌م و زین و له‌ ناو به‌رگه‌ شینه‌كه‌ی خۆی بمێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ كاولبوونی دینا تێدانه‌چوون، تێدا نه‌چووین، دێمه‌وه‌ دیداری..
دنیا به‌ به‌ریه‌وه‌ نه‌ما، سه‌ربرده‌ ما، به‌ڵام ناپرژێمه‌ سه‌ریان، سه‌رێ له‌ هۆلی گه‌ل ده‌ده‌م، تاوێ به‌ دیار شانۆگه‌ریه‌كه‌وه‌ داده‌نیشم، دێمه‌وه‌ و ئیدی ته‌واو، خزمێكی ماڵی فازیل رێحانه‌، هه‌ردووكمانی به‌ دوای خۆی دا، من له‌ سه‌ر قسه‌ی رێحانه‌ چووم، ئه‌و دیتبووی، له‌ ریزه‌كانی ناوه‌ندێ دانیشتین، یه‌كه‌م جارمه‌ بێمه‌ ئێره‌، له‌ سینه‌ما ناچێ، له‌ باتی شاشه‌ی دیوارێ، له‌ زه‌وی جێیه‌ك هه‌بوو وه‌ك سه‌كۆ، له‌پڕ ده‌نگێك له‌ گوێی من له‌ ده‌نگی دێو! ده‌چوو، هۆڵه‌كه‌ی خسته‌ له‌رزه‌، چاوده‌ده‌مێ پیاوێكی گچكه‌ڵه‌ له‌ سه‌ر سه‌كۆیه‌كه‌، چما ئه‌و ده‌نگه‌ دێویه‌ له‌و پیاوۆكه‌وه‌ هاته‌ ده‌رێ! یه‌كه‌م شانۆگه‌ریی دیتم ئه‌وه‌ بوو، نایه‌ته‌وه‌بیرم چی بوو..
دنیام به‌ ده‌ستێ راگرتبێ ناهێلم بكه‌وێ تا تۆڵه‌ی كه‌ویار له‌ زه‌نگه‌زۆران نه‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌و جۆره‌ راوه‌ش له‌ بابمه‌وه‌ فێربوومه‌، له‌ كه‌ندی به‌ر ماڵان كۆلكه‌دارێ هه‌یه‌ وه‌ك بڵێی له‌ سه‌ر ته‌نیشت راكشاوه‌، كه‌می له‌ ده‌رێ و پێده‌چێ زۆری له‌ بن زه‌وی بێ، چ پێناچێ سه‌ر به‌ ئاوماڵك بێ، ئاو كۆلكه‌ی وا گه‌وره‌ی پێنایه‌، ره‌نگه‌ به‌ ره‌گه‌وه‌ ئێره‌ زێدی خۆی بێ، هه‌رچی بێ، له‌گه‌ڵ خاك مه‌یله‌و ته‌خته‌ و بۆته‌ شاری زه‌نگه‌ زۆره‌، نیوه‌ی زه‌نگه‌زۆره‌ی شار له‌و شاره‌وه‌ سه‌رده‌كه‌ن و به‌ گه‌ڕه‌ك و شار وه‌رده‌بن، زه‌نگه‌زۆره‌ی گه‌وره‌، دڕ، چۆته‌ ناو جۆڕكێ و به‌ئێستری داوه‌ كلكی پێ ره‌پ كردووه‌، به‌ سه‌ر سه‌بكه‌وه‌ هه‌ڵنیشتووه‌ و به‌ سه‌گی داوه‌ سه‌بكه‌ی له‌ پێش چاو خستووه‌، زه‌نگه‌زۆره‌ی ناو كۆلكه‌دارێ له‌ قاشوانێش ناگه‌ڕێنه‌وه‌، قاشوانێ دوو به‌رده‌، كه‌مێك له‌ ناری ئێستر پانترن، له‌ سه‌بكه‌ی سه‌گیش ته‌نكتر نه‌بن ئه‌ستوورتر نین، به‌ڵام تا راوی زه‌نگه‌زۆره‌یان پێنه‌كه‌یت هه‌ر به‌ردن و نابنه‌ قاشوانێ، من ئه‌وه‌ نه‌بووم بچمه‌ شه‌ڕی قاشوانێ، به‌ڵام كاتێ چاوی كه‌ویار فرمێسكی ده‌باراند و جێگه‌سته‌ی زه‌نگه‌زۆره‌م به‌ سه‌ر روومه‌تیه‌وه‌ دیت، بڕیارمدا بچمه‌ شه‌ڕی زه‌نگه‌زۆره‌وه‌ و تۆڵی كه‌ویار بكه‌مه‌وه‌:
كۆلكه‌ دار كونێكی تێدایه‌ گچكه‌، مشكی پێوه‌ ناچێ، زه‌نگه‌زۆره‌ قل قل لێیه‌وه‌ دێنه‌ده‌رێ و به‌ كۆڵانێ وه‌رده‌بن و تووشی هه‌ر چی بن پێوه‌ی ده‌ده‌ن، ئێ، چاودێ، راوه‌ زه‌نگه‌زۆره‌، قاشوانێ ببینه‌:
له‌ سه‌ر زگ راكشاوم ده‌ستم به‌ به‌رده‌وه‌ له‌ سه‌ر كونی زه‌نگه‌زۆره‌یه‌، ئێستا كون كه‌وتۆته‌ نیوان دوو به‌رد، دووبه‌ردی روو له‌ یه‌كتر، دوو به‌ردی سوار، سوار بۆ به‌ر یه‌ك كه‌وتن، له‌و ساته‌ی زه‌نگه‌ زۆره‌ سه‌ر ده‌رده‌هێنێ، قاشوانێ ده‌ستپێده‌كات، شه‌ق! به‌رده‌كان به‌ر یه‌ك ده‌كه‌ون و زه‌نگه‌ زۆره‌ ده‌فلیقێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی گۆڕه‌و شاری بده‌یت، زۆرم كوشت، به‌ قه‌د دڵۆپه‌ فرمێسكه‌كانی كه‌ویار پتر، ئه‌و ناوه‌ ده‌بێته‌ كوشتارگه‌، مێرووله‌ رێچكه‌ ده‌به‌ستن و لاشه‌كان ده‌گوازنه‌وه‌، قاشوانێ ده‌ستوبردی ده‌وێ، خاوخلیچك بی ده‌بیه‌ خۆراكی زه‌نگه‌زۆره‌، قاشوانێ له‌ شه‌ڕه‌ بڕنۆ ده‌چێ، له‌ فیشه‌ك تێكردنه‌وه‌ و پڕكردنه‌وه‌ ده‌ستت سووك بێ، كه‌س په‌نجه‌كانت نه‌بینێ!
سه‌نگه‌ر چۆلكردنیش هونه‌رێكه‌ له‌ ده‌ستی هه‌موو كه‌س نایه‌، نه‌ڵێی به‌رده‌كه‌ بكه‌ سه‌رقاپی شاره‌كه‌ و ته‌واو، نا، پاڵه‌په‌ستۆی زه‌نگه‌زۆره‌ زۆره‌و به‌رد هه‌ڵده‌داته‌وه‌، تۆ ده‌بێت هێند گورج قیتبیه‌وه‌ و یه‌كپێ هه‌ڵێی گولله‌ی بڕنۆ نه‌تگاتێ..




وەڵامێک بۆ نووسەری ئەسحابی کەهف – ڕێبوار کەریم وەلی … کامەران چروستانی

لە ماڵپەڕی ڕووداو ڕۆژنامەنووس ڕێبوار کەریم بابەتێکی بەناوی (قسەیەكیش بۆ ئەسحابی كەهف (پەكەكە)) سەبارەت بە سیاسەتی ئەسحابی کەهف (پەکەکە) و هەدەپەی تورکیا بڵاو کردۆتەوە، کە تیایدا ڕەخنەی لە سیاسەتی عەسکەرتاری پەکەکە گرتووە، لاوازبوونی پێگەی هەدەپەی خستۆتە ڕوو و جگە لەوەش ئەو پرسیارەی خستۆتە بەردەم کورد، کە کورد لە باکوری کوردستان چ قازانجێک دەکەن، ئەگەر بێتوو ئەردۆغان لە دەسەڵات لاببرێت.

خاڵێکی ئەرێنییە ئەگەر هەر تاکێکی کورد تەماشای ڕابردووی کورد لە دیدێکی شیکارانەوە ئەنجام بدات و یادگەی مێژوویمان درێژخایەن بێت، چونکە ئەگەر تەماشای مێژووی سی ساڵەی ڕابردووی باشووری کوردستان بکەین و بگەڕێینەوە بۆ دوورتر بەرەو مێژووی شۆڕشەکەی شێخ مەحمود و قازی محەمەد و ئەگەر چاوێک بەو بارودۆخەی ئەو سەردەمەدا بخشێنین، ئەوا دەتوانین ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی خۆمان بکەینەوە: بە چ ئامانج و هیوایەک شۆڕشی کوردی لە سەرەتای سەردەی ڕابردوودا داگیرسا، پاشان بە چ ئامانجێک قازی محەمەد کۆماری مەهابادی دامەزراند و پاشتر لە ساڵی هەفتاکاندا شۆڕش هەڵگیرسا و بۆچی ئەو سەرکردانەی ئێستای هەرێمی کوردستان لە هەشتاکاندا بەردەوامییان دا بە شۆڕشەکە. ئایا ئەو سەردەمە سەرکردەکانی کورد پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان دەکرد، ئەگەر ڕژێمەکەی سەدام بکەوێت ئایا چ گەرەنتییەک هەیە کە بارودۆخی کورد بەرەو باشتر بڕوات؟ ئەی بەڕێزی نووسەر دەتوانێت شیکارییەک ئەنجام بدات سەبارەت بە ئەگەری هێرشنەکردنی سەدام بۆ سەر کوێت و هەڵنەگیرساندنی جەنگی کەنداوی دووەم، چ ئاسەوارێکی لەسەر شۆڕشی کوردی دەبوو؟
بێگومان کاکەی نووسەر لە یەکێک لە باڵەخانە ئارامەکانی شاری هەولێرەوە و لە تێڕوانینی بۆ ژیانی هەنووکەیی هەرێم ئەو بابەتەی نووسیوە، ئەوەشی لەیاد کردووە کە هەموو شۆڕشێک بریتییە لە هەوڵدان و تێکۆشانێک بۆ گەیاندنی کۆمەڵگا بە کۆمەڵێک ئامانج لەگەڵ ڕەچاوکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرەکان. بەڵام ئەوەی ڕەوتی ئەو سیاسەتە دیاری دەکات ئامانجە سەرەکییەکانە، نەک تەنها هەژمارکردنی دەستکەوت و زیانەکان. وەک وەبیرهێنانەوەیەک بۆ کاکەی نووسەر: هەر ئەو بنەما شۆڕشگێرییە بوو بۆ ئەوەی شۆڕشی کوردی بەردەوامی هەبێت سەرباری گواستنەوەی سەرجەم شار و شارۆچکە و دێکانی سەر ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، چونکە سەرجەم هەوڵەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمەکەی سەددامدا، هاوشێوەی ڕژێمەکەی ئەردۆغان، جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و چەکداری هیچ بوارێکی دیکە بۆ کورد نامەبۆوە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی پەکەکە بریتییە لە بەردەوامبوون لە نوێکردنەوە و بەشدارکردنی نەوە نوێکە لە سەرجەم چالاکییەکانی پارتەکە. خۆ ئەگەر کەسێکیش سەردانی قەندیلی نەکردبێت، ئەوا وێنە و ڤیدیۆکانی ئەو پارتە باشترین بەڵگەن لەسەر ئەو بۆچوونەم. جا نازانم بە چ پێوەرێک و بنەمایەکی ژمێریاری کاکەی نووسەر باس لەوە دەکات، کە (بەشێكی زۆری ئەوانەی ئێستا پەكەكە ئاراستە دەكەن، لە ساڵی 1980 وە كە توركیایان جێهێشتووە، جارێكی دیكە پێیان لە خاكی كوردستانی باكوور نەناوەتەوە! و كەمترین زانیارییان لە بارەی گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی كوردستانی باكوور هەیە) یاخود لەوانەیە نووسەر مەبەستی لەوە بێت کە ئەو گەریلایانە لە هەشتاکاندا لە قەندیل لەدایک بوون یان هەر لەوێ فێری قسە بووبن و پێیان گرتبێت؟ یاخود دایک و باوکیان لەوێ هاوسەرگیریان کردبێت؟
کاکەی نووسەر دەبووایە بەر لە نووسینی ئەو بابەتە دوو خەسڵەتی گرنگی ڕووداوەکانی تورکیا لە یاد نەکات: یەکەمیان بریتییە لە ڕۆحی ڕەگەزپەرستی لە هەرە زۆرینەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکیادا، کە هەمیشە هەڕەشەیەکن بۆ پێگە و هەبوونی نەک تەنها کورد بەڵکوو سەرجەم هەر پێکهاتەیەکی دیکەی جگە لە ڕەگەزی تورک لەناو تورکیادا. هەر ئەو ڕۆحە ڕەگەزپەرستییەشە وای کردووە، کە نەک مافە نەتەوایەتییەکان، بەڵکوو هیچ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگای تورکی جگە لە تورک خاوەنی ئازادییە کلتورییەکانیش نین. دووەمیان بریتییە لەو هزرەی کە تێکۆشانی چەکداری-سیاسیی پەکەکە بەڕێوە دەبات، کە هەمان حکومەتی کەمالیزمەکەی تورکیای ناچار کرد ئەگەرچی کەمێکیش بێت بەڵام دان بە هەبوونی کورد وەک نەتەوەیەکدا بنێت لە تورکیا، هەروەها ئەو دەسەڵاتەی ناچار کرد کە لەگەڵ گەریلا (تێرۆریستەکانی) پەکەکەدا دابنیشێت و داوای ڕێکەوتن بکات، ئەگەرچی شکستیشی هێنا.

بێگومان کاکە ڕێبوار لە بەندە باشتر دەزانێت، کە تەقینەوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی گرتنی سیاسەتمەدارانی کورد و هەڵگرتنی پارێزبەندی لە ئەندام پەرلەمانەکان لەلایەک هەمان ڕۆحی ڕەگەزپەرستی تورکییە و سەرلەنوێ سەری هەڵداوەتەوە بە ئامانجی سنووردارکردنی گەشەی تێزی کورد لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. لە لایەکی دیکەش گوزارشت لە تینیوێتی ئەردۆغان دەکات بۆ دەسەڵاتێکی تاکڕەوییانە، کە بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت بە لێدانی کورد هەست و سۆزی لایەنە سیاسییە ڕەگەزپەرستەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، ئەگەرچی هیچ خاڵێکی هاوبەشی ئایدیۆلۆجییان لەگەڵ ئاکەپەدا نەبێت تەنها ئەوە نەبێت، کە لە سەر ڕەوتی لێدانی کورد کۆک بن.
هەروەک هەموو پارت و لایەنێکی سیاسی هەرچەند بڕیارێکی هەدەپە دروست نەبووبێت، بەڵام پێگەی ئەو حیزبە و سووربوونی جەماوەرەکەی لاواز نەبووە، بگرە هەڵەکانی ئەردۆغانە وای کردووە، کە هەر یەکێک لەو بەندکراوانە ببن بە ئۆجەلانێکی نوێ، تاکی کوردیش لە تورکیادا ئاستەمە جارێکی دیکە سەر بۆ دەسەڵاتی سوڵتانی ئەردۆغانی دانەوێنێت. ئایندەش ئاشکرای دەکات، کە ڕەوتی سیاسەت لە تورکیادا لە بەرژەوەندی کورد دەبێت، هەرچەندە لەوانەیە قوربانییەکان زۆرتر بن لەوەی کە چاوەڕێی دەکەین، بەڵام لەلایەن ئێمەی کوردستانیانی باشوور ئەمەش شتێکی نامۆ نییە و زۆر باش پێی ئاشناین، چونکە ئەگەر خاوەنی هیچ قوربانییەک نەبین، ئەوا خاوەنی هەڵەبجە و ئەنفالین.




ژیاننامه‌ بیۆگرافیا (Biography) … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

(وریا بن، تف به‌ڕووی بادا مه‌كه‌ن)
“نیتشه‌”

ژیاننامه‌ گێڕانه‌وه‌ی تاكه‌، یان به‌شێك له‌ ژیانی تاكه‌ به‌ قه‌ڵه‌می خۆی. بیۆگرافیا خود ده‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شفی جوله‌ دیار و نادیاره‌كانی ژیان و ده‌روون بكات و ئاستی مه‌عریفه‌ و ئاگامه‌ندی تاك بگه‌یه‌نێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌چنه‌ توێی ئه‌ده‌بی خودگه‌راییه‌وه‌، له‌ پشت ئه‌ده‌بی خودگه‌راییدا بڕوایه‌ك هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خود سه‌ربه‌خۆیه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر خۆی تیوار و شه‌فافه‌… نووسینه‌وه‌ی خود كۆمه‌ڵێك ده‌رئه‌نجام ده‌خاته‌ روو، له‌وانه‌ش كۆتوبه‌ندی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگا و كپكراوه‌كانی نه‌ست و هه‌ڵوێست و ئازادی و چالاكی و بوێری تاك… ژیاننامه‌ شێوه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌ش ده‌بێت: سه‌ربرده‌، یاده‌وه‌ری، یاداشتی كه‌سی، یاداشتنامه‌ی رۆژانه‌، یاداشتی رۆژانه‌ی سۆزداری، نامه‌ی ئه‌ده‌بی، سه‌فه‌رنامه‌ی ئه‌ده‌بی… هه‌موو ئه‌و جۆرانه‌ش له‌ نێو خۆیاندا جیاوازییان هه‌یه‌.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ‌ جه‌ختی لێبكه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ بیۆگرافیا له‌ زمانی كوردیدا به‌ (ژیاننامه‌) ناو به‌رین، كه‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بی به‌ (السیره‌) ناو ده‌برێت… چه‌مكی ژیاننامه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌… وه‌ك چۆن ده‌شێ‌ له‌ زمانی كوردیدا یاده‌وه‌ری، بیره‌وه‌ری، میمۆری (memoirs) بكه‌وێته‌ به‌رانبه‌ر (مژكرات)ی زمانی عه‌ره‌بی. چه‌مكی یاده‌وه‌ری له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ یادگه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك جۆرێك له‌ گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌تی ژیاننامه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك په‌سنی ئه‌و رووداوانه‌ ده‌كات و ئه‌و هه‌ڵوێست و سه‌رهاتانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و شی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ راسته‌وخۆ (منی نووسه‌ر)ی تێیدا ژیاوه‌ و بینوویه‌تی و رۆڵی تێدا گێڕاوه‌… هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌فه‌رنامه‌ و نووسینه‌وه‌ی سه‌فه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و یاداشتی رۆژانه‌، نووسینی مه‌به‌ست بۆ له‌ بیر نه‌چوون، واته‌ (یومیات) كه‌مه‌كێك جیاواز ده‌كه‌ونه‌وه‌.
له‌ نێو كورداندا ده‌ڵێن: ئێمه‌ ئاگامان له‌ سه‌ربورده‌ی تۆ نییه‌… به‌و مانایه‌ش ره‌نگه‌ بتوانین بۆ (السیره‌ الژاتیه‌ –autobiography) ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ربرده‌، سه‌رگوزشته‌ به‌ كار بهێنین… له‌ ژیاننامه‌دا گێڕه‌ڕه‌وه‌ دیاره‌، به‌ڵام بكه‌ر ونه‌، وه‌ك زه‌مه‌ن ئاسۆیی خۆی ده‌نوێنێ‌ و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌بێته‌وه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم شوێن و زه‌مه‌ن له‌ (ژیاننامه‌- Biography) و (سه‌ربرده‌- autobiography)دا دیاریكراو و سنورداره‌! به‌ڵام نووسینی مه‌به‌ست بۆ له‌ بیر نه‌چوون به‌ دانانی مێژووی رۆژه‌كان ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی جۆرێك له‌ یاداشتی كه‌سی و به‌ یاداشتی رۆژانه‌ (الیومیات) ناو ده‌برێت. كه‌واته‌ سه‌ربرده‌ هه‌موو ئه‌وه‌یه‌، یان به‌شێكه‌ له‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌، یان له‌ باره‌ی ئه‌ویدیكه‌وه‌… بێ‌ ئه‌وه‌ی چییه‌تییه‌كه‌ی دیاری بكات! یاده‌وه‌ری، یان بیره‌وه‌ری به‌ گشتی له‌ سێ‌ ته‌وه‌ره‌دا ده‌خولێته‌وه‌ (كرده‌)، (بیركردنه‌وه‌)، (سۆز) تا سنورێكی زۆر چییه‌تییه‌كه‌ی دیاری كراوه‌ بۆ نموونه‌: یاده‌وه‌ری سیاسی، مێژوویی، دیكۆمینتاری، رۆشنبیریی… وه‌ك چۆن له‌ خانه‌ی یاده‌وه‌ریدا یاداشتی كه‌سی (مژكرات الشخصیه‌) هه‌یه‌، ته‌واو ده‌كه‌وێته‌ نێوان بابه‌تگه‌رایی و مێژووی خودگه‌رایی سه‌ربرده‌وه‌. ده‌شێ‌ ئه‌و جۆره‌ له‌ یاده‌وه‌ری به‌ شێوه‌ی یاداشتی رۆژانه‌ش بنووسرێته‌وه‌، یان ساڵه‌ و ساڵ بنووسرێت…

له‌ زمانی كوردیدا یاداشتی كه‌سی (مژكرات الشخصیه‌) له‌ سه‌ربرده‌وه‌ (السیره‌ الژاتیه‌) نزیكه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێكیان دوور ده‌خاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ یاده‌وه‌ری و به‌ تایبه‌تی یاداشتی كه‌سییدا گێڕه‌ڕه‌وه‌ فیكر و ده‌روونی خۆی به‌یان ده‌كات، هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی رووداوه‌كانی ژیانی خۆی ده‌رده‌بڕێت و بیریش له‌ شیكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌شێ‌ له‌ داهاتوودا روو بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بۆی بگه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ هه‌ڵه‌كانی سوود وه‌ربگرێ‌. به‌ڵام له‌ سه‌ربرده‌دا سه‌رهات و هه‌سته‌كان و هیواكانی تێدا ده‌گێڕێته‌وه‌.*
یه‌كێك له‌ جیاوازییه‌كانی جۆره‌كانی ژیاننامه‌ به‌ گشتی به‌ بینراو و رووداو و كه‌سه‌كانه‌وه‌ به‌نده‌، چۆن بیركردنه‌وه‌كان و هه‌سته‌كانیان ده‌گه‌یه‌نن! دووه‌م، فره‌ ره‌نگكردنی پانتاییه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی سه‌رهات و ئاستی مه‌عریفی گێڕه‌ڕه‌وه‌ و بایه‌خی گێڕانه‌وه‌ و ئه‌زموون… هه‌موو ئه‌وانه‌ جیاوازی تایبه‌تی دروست ده‌كه‌ن. سێیه‌مین جیاوازی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هێزی بیرهاتنه‌وه‌ و راستگۆیی و پاراستنی هاوسه‌نگی و راشكاوی له‌ كه‌شفكردن و چه‌پێنراوه‌ ده‌روونی و فیكرییه‌كاندا. چواره‌م جیاوازی به‌ ئاستی هونه‌رییه‌وه‌ به‌نده‌، په‌یوه‌ندی به‌ توانای گوزارشتكردن و شاره‌زایی (منی نووسه‌ر)ه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگا و ده‌سته‌واژه‌ و گونجاندن و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان هۆكار و ده‌رئه‌نجامدا… واته‌ بونیادنانی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری.

به‌ گشتی له‌ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌دا هه‌میشه‌ درۆكردن و زیاده‌ڕۆی و له‌ ده‌ستدانی هاوسه‌نگی وه‌ك سه‌رنه‌كه‌وتنی (منی نووسه‌ر) ته‌ماشا ده‌كرێت، به‌و مانایه‌ش زۆربه‌ی جیاوازییه‌كان جه‌خت له‌ مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌ویش راستگۆییه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و یاداشتی كه‌سی. ئایا گێڕه‌ڕه‌وه‌ وێنه‌یه‌كی چه‌ند راستگۆییانه‌مان له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ بۆ ده‌كێشێ‌؟ كاتێ‌ چه‌پێنراوه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی و هه‌ڵوێست و بیركردنه‌وه‌كانی خۆی كه‌شف ده‌كات، ده‌یه‌وێ‌ چیمان پێبڵێت؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و دوو پرسیاره‌، ده‌بێ‌ بۆ هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ له‌ قۆناغه‌كانی كلاسیك و رۆمانتیك و مۆدێرنه‌ و پۆستمۆدێرنه‌دا به‌سه‌ر خود و (منی نووسه‌ر)دا هاتووه‌… له‌ قۆناغی كلاسیكدا منی نووسه‌ر منێكی سێنترالی پیرۆز بوو، یان وه‌ك (باسكال) ده‌ڵێت منێكی به‌دبه‌خت بوو! به‌ڵام له‌ رۆمانتیكدا منێكی تاك و ته‌نیایه‌ (رۆسۆ له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت ده‌توانم بڵێم من به‌ هیچ كه‌س ناچم) تا ده‌گاته‌ سه‌رده‌می نوێ‌ و لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی من و خود، ئیتر گومانكردن له‌ خودی سێنترال (منی نووسه‌ر) هاته‌ ئاراوه‌… ئه‌ده‌بی ژیاننامه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی خودگه‌را و منی نووسه‌ر له‌ مێژووی گێڕانه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌و شێوه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ی له‌ باره‌ی خودی سێنتراڵ و منی نووسه‌ر، كه‌ له‌ كلاسیك و رۆمانتیك له‌ ئارادا بوو، له‌ سه‌رده‌می نوێ‌ و له‌ دوای هه‌ستكردن به‌ هیچگه‌رایی و پووچگه‌رایی له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنیزمه‌وه‌ (وه‌ك هابرماس بڕوای پێیه‌تی)* گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و سێنته‌راگه‌رایی به‌ره‌و په‌راوێزگه‌رایی و ده‌قگه‌رایی هه‌نگاوی نا… ده‌سته‌واژه‌ به‌ ناوبانگه‌كه‌ی سارته‌ر “من ئه‌وه‌م كه‌ من نیم، به‌ڵكو ئه‌ویدیكه‌م” كاریگه‌ری زۆری نواند*. (فوكۆ) منی ره‌تكرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای ئه‌ویدیكه‌وه‌ ده‌قگه‌رایی به‌رهه‌م بهێنێ‌ ‌و له‌ رێگای ئه‌ویدیكه‌وه‌ بیخوێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بری به‌ پیرۆزكردنی منی نووسه‌ر ده‌ق ببێته‌ موڵكی ئه‌ویدیكه‌، ئه‌ویدیكه‌ ده‌ق دابنێته‌وه‌، ئیتر لێره‌وه‌ من هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ ‌و له‌ شوێنی ئه‌و منه‌ سێنتراڵه‌ چه‌ندان (من) هاتنه‌ قسه‌كردن… (لاكان) له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی كۆجیتۆی (دیكارت)یدا ده‌ڵێت “من له‌و شوێنه‌ نیم كه‌ بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ شوێنێ‌ كه‌ نیم”… لێره‌وه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی خود، ره‌تكردنه‌وه‌ی خودگه‌رایی، ره‌تكردنه‌وه‌ی منی نووسه‌ریش ده‌نوێنێ‌، به‌و مانایه‌ش منی گێڕه‌ڕه‌وه‌ی نێو ژیاننامه‌ له‌ پاڵ ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی گێڕانه‌وه‌ (خه‌ون و شیكردنه‌وه‌ی رووداو و خه‌یاڵ و مه‌نه‌لۆگ و ئاماژه‌كردن بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئاینده‌) خۆی ورد كرده‌وه‌… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئیتر له‌ مۆدێرنیزمه‌وه‌ ده‌قگه‌رایی، خودگه‌رایی فه‌رامۆش ده‌كات!
ده‌قگه‌رایی هه‌رگیز خاوه‌ندارێتی قبوڵ نییه‌، چونكه‌ فیكری مۆدێرنه‌ و پۆستمۆدێرنه‌ پێیوایه‌ خاوه‌ندارێتی له‌ رێگای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی كه‌ڵه‌گایی ده‌سه‌پێنێ‌، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تای خاوه‌نداریه‌تی به‌ پێی پێداویستی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، زه‌روره‌تێكی ئاسمانی بوو، به‌ڵام له‌ جه‌وهه‌ردا خۆی زۆرداری بوو، پاشان به‌ پیرۆزكرا، وه‌ك چۆن نووسه‌ر له‌ رێگای بوون به‌ خاوه‌نی ده‌ق ته‌قدیس ده‌كرا، دواجار چه‌مكی خاوه‌نداریه‌تی بووه‌ ئایدۆلۆژیا ‌و یاری به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵك ده‌كرد.

بیۆگرافیا
خاڵی یه‌كتربڕینی خه‌یاڵ و حه‌قیقه‌ت

“ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ”ی نیتشه‌* وه‌ك نموونه‌ی ده‌قگه‌رایی
“گۆته‌”ی فه‌یله‌سوف به‌ڕاستی به‌شێكی زۆر له‌ حیكمه‌تی نواند كاتێك بیۆگرافیای (Biography) خۆی به‌ ناونیشانی (شیعر و حه‌قیقه‌ت) ناونا، حیكمه‌ته‌كه‌ هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ به‌های ژیانی كه‌سێتییه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی بیۆگرافیا و جۆره‌كانییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ ده‌شێ‌ به‌شێكی بكه‌وێته‌ نێو خه‌یاڵ و به‌شێكی به‌ڕاشكاوییه‌وه‌ به‌ندبێ‌.* لێره‌ له‌و نێوانه‌دا ناونیشانه‌كه‌ی “گۆته‌” حیكمه‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌وه‌شێنێ‌. دكتۆر جۆنسن ده‌ڵێ‌: ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ بیۆگرافیا بنووسێته‌وه‌ خودی كه‌سه‌كه‌ خۆیه‌تی، چونكه‌ هه‌موو مرۆڤێك بۆخۆی راستییه‌كانی ژیانی خۆی باشتر ده‌زانێ‌، ئیتر وێڕای نائاگایی و پشتگوێ‌ خستن و له‌بیركردنه‌ بێ‌ مه‌به‌سته‌كانیش… به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێك ویستی به‌ راشكاوی رووی ناوه‌وه‌ی خۆی بنووسێته‌وه‌، له‌ هه‌موو كه‌س زێتر پاڵنه‌ره‌كان و وڕوژێنه‌ره‌كان و شاراوه‌كان باشتر یاد ده‌كاته‌وه‌.*

خودگه‌رایی/ده‌قگه‌رایی
بیۆگرافیا گێڕانه‌وه‌ی ژیانێكی دیاریكراوه‌، مه‌عریفه‌یه‌ك له‌باره‌ی ماهیه‌ت و مانا و ئه‌و ئه‌رزشانه‌ پێشكێش ده‌كات، كه‌ ده‌قی پێ‌ دیاری ده‌كرێ‌. به‌و مانایه‌ش ده‌قی بیۆگرافیا پێكهاته‌یه‌كی مه‌عریفییه‌ له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی لێوردبوونه‌وه‌ی ژیانی كه‌سییه‌وه‌ له‌دایك ده‌بێ‌.
كه‌واته‌ بیۆگرافیا خۆ نووسینه‌وه‌یه‌، به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ ده‌قه‌، یان نووسینه‌وه‌ی كۆی چالاكییه‌كانی خودی كه‌سێكه‌ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ ده‌قه‌. بێگومان په‌سنی له‌و جۆره‌ش له‌ ئه‌ده‌ب نزیك ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی خود به‌ ته‌واوی خۆی په‌سن ناكات، یان ناگێڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و چالاكییه‌ و نه‌خشه‌ و نووسین و پانتاییه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان وه‌سف و گێڕانه‌وه‌ ده‌شێ‌ به‌ ده‌قگه‌رایی ناو ببرێت. له‌كۆی ئه‌و قسانه‌دا ده‌مه‌وێت خۆم به‌و تێزه‌ بسپێرم كه‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیۆگرافیا پرۆسه‌یه‌كی ده‌قگه‌راییه‌.
ده‌شێ‌ پرسیاری سه‌ره‌كی بیۆگرافیا له‌نێو ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌بێ‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بیۆگرافیا به‌ ماڵێك بۆ حه‌سانه‌وه‌ دابنێین، به‌و مانایه‌ی كه‌ ماڵ دڵنیایی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌وه‌ بیۆگرافیا وه‌ك دركاندن و گێڕانه‌وه‌ی نێو ئه‌و ماڵه‌، تێگه‌یشتنمان رووبه‌ڕووی ماڵ دووچاری له‌ق بوون ده‌كات. كه‌واته‌ ته‌رجه‌مه‌كردنی بیۆگرافیا وه‌ك ده‌ق و به‌رجه‌سته‌كردنی وه‌ك فه‌زایه‌كی جیاواز، تێگه‌یشتنێكی ساخته‌كارانه‌مان له‌باره‌ی دڵنیاییه‌وه‌ بۆ ده‌نووسێته‌وه‌. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌توانیین بڵێین (بیۆگرافیا) بێ‌ فه‌زایه‌، به‌ڵام (ده‌قگه‌رایی) بیۆگرافی تۆبۆسه‌.*
بیۆگرافیا نه‌ شوێنه‌ نه‌ بابه‌تێكه‌ بۆ توێژینه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ خاڵی یه‌كتربڕینی هه‌ردووكیاندا دێته‌وه‌ یه‌ك. تۆبۆس فه‌زای گوتاره‌ به‌و خه‌سڵه‌تانه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌ له‌ جوگرافیاوه‌ وه‌ری ده‌گرێت و له‌ ره‌وانبێژی به‌ده‌ستی ده‌هێنێ‌، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش پانتاییه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌كاته‌ شوێنی كاركردن، چونكه‌ فه‌زای گوتار له‌ هه‌مان كاتتدا فه‌زای دیاركردنی ده‌ق و كرانه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ده‌قه‌كانی دیكه‌دا.*
كه‌واته‌ له‌لایه‌ك دوور كه‌وتنه‌وه‌ی بیۆگرافیا له‌ شوێن و ته‌ماشاكردنی فه‌زا وه‌ك جیاوازی، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی كه‌سه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. چونكه‌ سنووری بیۆگرافی ئه‌و شوێنه‌ گونجاوه‌یه‌ كه‌ دانه‌ر وه‌ك تاك تێیدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ رێگای به‌كارهێنانی راناوی “من”ه‌وه‌ پراكتیزه‌ ده‌كات. گێڕانه‌وه‌ش له‌ رێگای قسه‌كه‌ر و دابڕانی “من”ی ده‌ق، له‌ “من”ی دانه‌ر ته‌عبیر له‌ راشكاوی ده‌كات. له‌لایه‌كی دیكه‌ بیۆگرافیا وه‌ك شێوازی چالاكیه‌كی زه‌مه‌نی ده‌قێكه‌ به‌وه‌ په‌سن ده‌كرێ‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو شه‌پۆلی ژیانه‌وه‌. بێگومان گێڕه‌ڕه‌وه‌ ده‌توانێ‌ رووداوێك به‌ زانیاری پێشتر پڕ بكاته‌وه‌، به‌ مه‌رجێك نه‌كه‌وێته‌ ژێر چاودێریكردن، یان نهێنییه‌ك، یان بابه‌تێكی سه‌ره‌كی كه‌ چاوه‌ڕێی ده‌ركه‌وتن و ناسینی ده‌كرێ‌. نووسه‌ری بیۆگرافیا وه‌ك “مۆنتانی” و “رۆسۆ” ده‌ڵێن: هه‌موو شتێك ده‌ڵێ‌، له‌پێناو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هۆی رابردوو، داهاتوو بچنێ‌.* كه‌واته‌ بیۆگرافیا به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت زه‌مانییه‌.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كات له‌ بیۆگرافیادا هه‌موو شتێ‌ نییه‌، وه‌ك چۆن شوێنگه‌راییه‌كی جیاواز داده‌مه‌زرێنێ‌. به‌ مانایه‌كی دیكه‌ وه‌ك (ج.هیو. سلفرمان) ده‌ڵێ‌: بیۆگرافیا له‌خاڵی لێكدابڕانی زه‌مانی رووت و مه‌كانی رووتدایه‌. زه‌مانی رووت ژیانی تایبه‌تی نووسه‌ری بیۆگرافیایه‌، به‌ڵام مه‌كانی رووت وه‌سفكردنی كۆمه‌ڵێك فه‌زایه‌ كه‌ ژیان تیایاندا شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان وه‌رده‌گرێ‌. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی بیۆگرافیا جیا ده‌كاته‌وه‌ تێكه‌ڵكردنی زه‌مان و مه‌كانه‌.*

حه‌قیقه‌ت/خه‌یاڵ

راسته‌ گێڕانه‌وه‌ ئامرازێكه‌ پێچه‌وانه‌ی ره‌گه‌زی وه‌سفكردن، گوتارێكه‌ پشت به‌ چیڕۆك و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌به‌ستێ‌، به‌ڵام سنووری گێڕانه‌وه‌ وه‌ك چۆن به‌سه‌ر په‌خشاندا كراوه‌یه‌، به‌سه‌ر شیعریشدا كراوه‌یه‌، كه‌واته‌ پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌موو كاره‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كاندا هاوبه‌شه‌. بۆ نموونه‌ شیعر هه‌مووی وه‌سف نییه‌، هه‌تا له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ بكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌شێك له‌ گێڕانه‌وه‌ی تێدایه‌ كه‌ نابێ‌ پشتگوێی بخه‌ین و نكۆڵی لێبكه‌ین، په‌خشانیش هه‌مووی گێڕانه‌وه‌ نییه‌، هه‌تا پێچه‌وانه‌ی په‌سن بكه‌وێته‌وه‌. لێره‌وه‌ حه‌قیقه‌ت و خه‌یاڵ، یان پرسی گه‌یاندن/جیبه‌جێكردن، بڕیاردان/ئاماژه‌كردن، شیكردنه‌وه‌/وێناكردن… هتد و كۆی پرسه‌كانی زانست و ئه‌ده‌ب به‌رجه‌سته‌ ده‌بن، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌ر زانست بیه‌وێ‌ خه‌یاڵنه‌كردن بێ‌، هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێوانه‌ بدات، پاراستنی شوێن بێ‌ له‌ پانتایی كه‌شفكردندا، ئه‌وه‌ ئه‌ده‌ب وه‌ك (ج.هیو. سلفرمان) ده‌ڵێ‌: خۆی وه‌ك گوتارێك له‌ درۆ پێشكێش ده‌كات. یه‌كه‌میان مه‌عریفه‌یه‌كی پێوانه‌یی بۆخۆی ده‌خاته‌وه‌، به‌ڵام دووه‌میان مه‌عریفه‌یه‌ك به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌ كه‌ زمانی قسه‌كردنی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌. له‌ نێوان شیعر و گێڕانه‌وه‌، خه‌یاڵكردن و خه‌یاڵنه‌كردن بیۆگرافیا ده‌كه‌وێته‌ دوورترین هه‌وار… به‌و مانایه‌ی كه‌ له‌ سنووری خه‌یاڵنه‌كردندا خه‌یاڵ ده‌نێته‌وه‌، له‌ سنووری خه‌یاڵكردنیشدا بانگه‌شه‌ی ده‌قگه‌رایی بیۆگرافیای خه‌یاڵنه‌كراو ده‌كات. به‌مانایه‌كی دیكه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی بیۆگرافی به‌ راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه‌ به‌نده‌ و ئه‌و راناوه‌ش ده‌چێته‌ نێو بیركردنه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌ش توانای خه‌یاڵكردن ده‌كاته‌وه‌ بۆیه‌ ده‌شێ‌ بڵێین بیۆگرافیا گێڕانه‌وه‌یه‌كه‌ ناتوانرێت به‌دواداچوونی زانستی بۆ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، بۆ نموونه‌ له‌ بیۆگرافیادا قسه‌كردن له‌باره‌ی سرووشت، جوگرافیا یان كشتوكاڵ…. ناتوانێ‌ توێژه‌رێكی كشتوكاڵی رازی بكات. به‌ڵام ده‌شێ‌ یارمه‌تی خوێنه‌ر بدا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی دیكه‌ی نووسه‌ر تێبگات له‌ شاره‌زاییه‌كان و قه‌ناعه‌ته‌كان و مه‌عریفه‌كانی…
گێڕانه‌وه‌ به‌ راناوی “من” راشكاوییه‌، له‌وێوه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ‌ وه‌ڵامی هه‌ندێ‌ پرس بداته‌وه‌، وه‌ك چۆن له‌زۆر كاتتدا گه‌یاندنی حه‌قیقه‌ت و بڕیاردان له‌خۆ ده‌گرێ‌، له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ گێڕانه‌وه‌یه‌ به‌ره‌و گوتارێكی تایبه‌تمان ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕووی ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فییه‌وه‌ زاڵبوونی “من” ده‌گه‌یه‌نێت. بۆیه‌ كاتێك ده‌قی بیۆگرافی ده‌خه‌ینه‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌بینین نه‌ ده‌كه‌وێته‌ دووتوێی خه‌یاڵكردن نه‌ به‌خه‌یاڵنه‌كردنه‌وه‌ ده‌لكێ‌، ئه‌وه‌ش وامان لێده‌كات بڵێین ده‌قی بیۆگرافی ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌وه‌… به‌و مانایه‌ش ده‌قی بیۆگرافی هه‌ر ته‌نها په‌سنی رابردوو و داهاتووی دوور ناكات، به‌ڵكو داهاتووی نزیكیش ده‌گرێته‌وه‌. كه‌واته‌ بیۆگرافیا بۆ خۆی خوازه‌یه‌، واته‌ ده‌قێكه‌ به‌گشتی خوازه‌ پێكده‌هێنێ‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت بیۆگرافیا نموونه‌ی ژیانێكی دیاریكراو نییه‌، چونكه‌ كاتێك ده‌بێته‌ خوازه‌ بۆ ژیانێكی دیاریكراو ئه‌وه‌ ئه‌و ژیانه‌ ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو كۆپێیه‌كی دیكه‌ی ژیانی ناوبراو پێشكێش ده‌كات.

“ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ “

له‌ نێوان توانا و تێگه‌یشتن
له‌ “سفری ته‌كوین 3: 22” ده‌گوترێ‌: ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ هه‌ر وه‌ك یه‌كێك له‌ ئێمه‌ شه‌ڕ و خێر ناس ده‌كات. ده‌سته‌واژه‌ی “ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ” ئاماژه‌یه‌ بۆ مه‌سیح و مه‌سیحییه‌كان ده‌ڵێن خوا له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌دا مه‌لائیكه‌ته‌كان ده‌دوێنێ‌ و ده‌ڵێ‌ ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ كتێبی خێر و شه‌ڕدا به‌شداری له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هه‌یه‌. به‌ڵام فه‌یله‌سوفی پۆست مۆدێرنه‌ “فریدریك نیتشه‌” ده‌یه‌وێ‌ له‌ رێگای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی “ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ” تواناكانی خۆی نیشان بدات.
له‌ كۆی ئه‌و نووسینه‌دا هه‌وڵمدا بڵێم بیۆگرافیا ژیانی كه‌سێكه‌، نووسراوه‌ته‌وه‌. یان پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیۆگرافیا ئه‌و نووسراوه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ كه‌سێك ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌نووسێته‌وه‌. به‌ڵام كتێبی “ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ”ی نیتشه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ چوارده‌ به‌ش پێكهاتووه‌ و له‌ رێگای به‌كارهێنانی راناوی “من” له‌كۆی ئه‌و كتێبه‌ به‌تایبه‌تی له‌ به‌شه‌كانی: بۆچی من ئه‌وه‌نده‌ دانام، بۆچی هێنده‌ من زیره‌كم چ شتێك وام لێده‌كات كتێبی باش بنووسم… ته‌نها ده‌یه‌وێت ماهیه‌تی خۆی نیشان بدات، كه‌متر ئاماژه‌ به‌ ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌كات. بۆ نموونه‌ له‌ به‌شی دووه‌م بۆچی من ئه‌وه‌نده‌ زیره‌كم ده‌ڵێ‌: له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر زوودا كه‌ هێشتا حه‌وت ساڵان بووم تێگه‌یشتم كه‌ هیچ قسه‌یه‌كی مرۆڤانه‌ نییه‌ بتوانێت بێته‌ ناوه‌وه‌م، باشه‌ كه‌سێك بینی من به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ میزاجم خراپ بێت؟ تا ئێستا به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵك لوتفم هه‌یه‌، بگره‌ رێزی خه‌ڵكی زۆر ساده‌و ساكاریش ده‌گرم، ئه‌وه‌ش به‌هیچ جۆرێك پێشاندانی گه‌وره‌یی و فیز نییه‌، كاتێك رقم له‌ كه‌سێك ده‌بێته‌وه‌ هه‌ر یه‌كسه‌ر هه‌ست ده‌كات كه‌ رقم لێیه‌تی، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ من بێمه‌ شوێنێك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی خوێنیان بۆگه‌ن و گه‌نده‌ڵه‌ بێزار و تووڕه‌ بن.* ئه‌گه‌رچی هه‌موو ئه‌و به‌خۆداهه‌ڵدانه‌ ده‌چێته‌ میانی په‌سن و گێڕانه‌وه‌، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌یه‌كی زنجیره‌ئامێزی زه‌مه‌نی نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بڕوای خودی نیتشه‌یه‌ له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌، به‌شێكی زۆری ئه‌و بڕوایه‌ش به‌تایبه‌تی له‌ به‌رانبه‌ر “فاكنه‌ر”ی مۆسیقی زۆر كه‌سییه‌ و راسته‌وخۆ به‌ په‌یوه‌ندی نێوانیانه‌وه‌ به‌نده‌. نیتشه‌ له‌و كتێبه‌دا له‌ بری ژیانی تایبه‌تی جگه‌ له‌و به‌شانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ناوم بردن له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌دا ته‌نها ده‌یه‌وێت ناسنامه‌ی فه‌لسه‌فی و رۆشنبیریی خۆی به‌ هۆی ناوهێنانی كتێبه‌كانییه‌وه‌ به‌ ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت.
كه‌واته‌ نیتشه‌ له‌ رێگای راناوی “من” ده‌ق ده‌خاته‌ روو، بۆیه‌ له‌و بیۆگرافیایه‌دا جگه‌ له‌ ده‌قی ژیانی نیتشه‌: باوكم له‌ ته‌مه‌نی (36) ساڵی كۆچی دوایی كرد…ل19. من ئه‌ڵمانییه‌كی دژ به‌ سیاسه‌تم……ل20. دایكم بێگومان یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی زۆر ئه‌ڵمانییه‌..ل21. من له‌ رێكه‌وتی (15)ی ئۆكتۆبه‌ری 1844 له‌ دایكبوومه‌… هیچ په‌سنێكی دیكه‌مان به‌رچاو ناكه‌وێت. كه‌چی (سارته‌ر) له‌ كتێبی (وشه‌كان) ورده‌كاری ژیانی دوانزه‌ ساڵه‌ی خۆی له‌ زنجیره‌یه‌كی زه‌مه‌نیدا تۆمار ده‌كات. به‌ڵام نیتشه‌ زێتر ئاماژه‌ به‌ به‌رهه‌مه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی دیكه‌ی خۆی ده‌كات و له‌و رێگایه‌وه‌ خۆشی له‌ شوێنگه‌ی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێ‌. به‌ مانایه‌كی دیكه‌ نیتشه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك شوێنی پرسیار به‌رز بكاته‌وه‌، به‌رهه‌مه‌كانی وا نیشان ده‌دات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین بڵێین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نووسراوه‌یه‌ شوێنی ده‌قی بیۆگرافیا نییه‌.
به‌كورتی نیتشه‌ له‌و كتێبه‌دا روو له‌ رابردوو ده‌كات، وه‌ك چۆن په‌ی به‌ داهاتووش ده‌بات، له‌ هه‌ردوو باریشدا ژیانی ده‌قی پێشوو له‌لایه‌ك و ده‌قی سه‌ره‌كی له‌لایه‌كی دیكه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌و مانایه‌ ده‌شێ‌ ئه‌و بیۆگرافیایه‌ وه‌ك ساته‌وه‌ختێك له‌ ئێستا ته‌ماشا بكه‌ین، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان رابردوو و داهاتوو. دواجار ده‌توانم بڵێم ئه‌و كتێبه‌ ده‌شێ‌ وه‌ك داڕژانی شیعریی و كۆمه‌ڵێك پڕشنگی ئیستێتیكی سه‌یری بكه‌ین، واته‌ به‌شێكی زۆری جوانی ئه‌و كتێبه‌ راسته‌وخۆ به‌ پڕشنگ و داڕژانه‌ نه‌ستییه‌كانی نیتشه‌وه‌ به‌نده‌، وه‌ك چۆن به‌شێكی دیكه‌ی به‌ كۆی ئه‌و دید و زانیاری و سه‌رنجانه‌وه‌ ده‌لكێ‌، كه‌ له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌ فه‌لسه‌فیه‌كانییه‌وه‌ ده‌یخاته‌ روو. نابێ‌ له‌بیریشمان بچێ‌ كه‌ وه‌رگێڕی كوردی (رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل) به‌ زمانێكی نزیك له‌ ده‌قی نیتشه‌یی توانیویه‌تی ئه‌و داڕژان و پڕشنگانه‌ بۆ زمانی كوردی بگوازێته‌وه‌.

——————————————
سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان:

1- هێلكاری گێڕانه‌وه‌ی خودگه‌رایی، یان به‌شێك له‌ ژیانی تاك به‌ قه‌ڵه‌می خۆی، به‌ (ژیاننامه‌- السیره‌) ناو به‌رین و (سه‌ربرده‌- السیره‌ الژاتیه‌) به‌ ژیاننامه‌ گرێ‌ بده‌ین و (یاده‌وه‌ری- مژكرات) له‌ سه‌ربرده‌ نزیك بكه‌ینه‌وه‌ و (یاداشتی كه‌سی- مژكرات الشخصیه‌) بخه‌ینه‌ خانه‌كانی یاده‌وه‌ری و (یاداشتی رۆژانه‌- الیومیات) له‌ یاداشتی كه‌سی هه‌ڵگرینه‌وه‌.
2- وشه‌ی سه‌رهات مانای رووداو ده‌دات، وه‌ك له‌ لاپه‌ڕه‌ی 444 هه‌نبانه‌ بۆرینه‌ی مامۆستا هه‌ژار هاتووه‌.
3- د. لگیف زیتونی، معجم مصگلحات نقد الروایه‌، دار النهار للنشر، بیروت- لبنان، گ1 2002، ص 13-14.
4- هابرماس پێیوایه‌ پۆستمۆدێرنه‌ درێژكراوه‌ی مۆدێرنه‌یه‌.
5- فریدریك نیچه‌، ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ، وه‌رگێڕانی: رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل، وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی وه‌رگێڕان، چاپخانه‌ی كارۆ، چ1، 2009.
6 – به‌شێك له‌ ره‌خنه‌گران فیۆگرافیا و شیعر به‌شیاو نازانن، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی فیۆگرافی له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ژیانی تاك پشت به‌ حه‌قیقه‌ت و راستگۆیی ده‌به‌ستێ‌، به‌ڵام شیعر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر گواستنه‌وه‌ی درۆ نه‌بێ‌، ئه‌وه‌ پشت به‌ وێناكردن و خه‌یاڵ و زیاده‌رۆیی و راستگۆیی هونه‌ریی ده‌به‌ستێ‌. كه‌سانێكی دیكه‌ی سێیه‌م تێكه‌ڵكردنی ره‌گ و ریشه‌یی فیۆگرافیا و شیعر به‌ لایانه‌وه‌ ئاساییه‌.
7 – أوجه السیره‌، اندریه‌ موروا، ترجمه‌: ناجی الحدیپی، وزاره‌ الپقافه‌ و الاعلام_بغداد، گ1 1987، ص109.
8- تۆبۆس- Tobos: وشه‌یه‌كی گریكییه‌ به‌ مانای شوێن دێت، به‌ڵام له‌ ئه‌ده‌ب به‌ بابه‌ت، یان فیكره‌ی بنه‌ڕه‌تی سه‌یر ده‌كرێت.
9- بڕوانه‌: ج.هیو. سلفرمان، نصیات، ترجمه‌، حسن ناڤم، علی حاكم صالح، المركز الپقافی العربی، دار البیچا‌و-المغرب، گ1 2002، ص141.
10- ه. س. پ. ل146_147.
11 – ه. س. پ. ل147.
12 – ئه‌وه‌یه‌ مرۆ، ه.س.پ. ل88.




جەمال خەزنەدارو خەرمانێکی تر … ئیسماعیل تەنیا

جەمال خەزنەدار، یەکێکە لەم کەسانەی کە بە عەشقەوە، خەریکی کاری ڕۆژنامەگەریی کوردییە. جاران، لە بەشێک لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی بەغدا، وەک سکرتێری نووسین یان نووسەر، دەست بەکار بووە.ئەوەی کە بەلای منەوە گرنگ بێت و سەرنجی ڕاکێشابم؛ کاری ( کۆکردنەوە،دووبارە چاپکردنەوە، لێکۆڵینەوەو لەسەر نووسین،ساغکردنەوەو بەدواداچوون )ە لای ناوهاتی… لە هەمووشیان گرنگ و بەرچاوتر؛ کۆکردنەوەو پۆلین و ئەرشیف کردنی ئەو هەموو گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە کوردییانەن کە ناوبراو زێتر لە نیوەی تەمەنی خۆی پێی بەخشیون.لەسایەی ئەم هەوڵانەشیدا، بۆتە خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندو دەگمەن، کە لەڕۆژی ئەمڕۆماندا، بەسامانێکی نەتەوەیی گران بەها، حسێبی بۆ دەکرێت. ئەوەندەی من لە نزیکەوە ناوبراو بناسم، لەپای ئەم تەمەنەیشییەوە، هێشتان بەگوڕترو عاشقانە تر، نموونەی گەنجێکی (٢٠-٢٥) ساڵی لە تێکۆشان و نەسرەوتندایە. خۆشەویستی بۆ ئەم کارەی، وایکردووە کە لەسەرف کردنی پارە نەسڵەمێتەوە…هەر لەبەر ئەم خۆشەویستییەشی، زۆر جاران کۆنە گۆڤارو ڕۆژنامان دووبارە کۆپی دەکاتەوە لەکاتێکدا لە ئەرشیفەکەی خۆیدا ژمارەی ئۆرگینالی هەیە. خانوویەکی گەورەی خۆی لەشاری هەولێر، لە قەبەر ئەرشیفخانەکەی کردووە، کە تاکە ژوورێکی بەتاڵی تێدا نابینیتەوە. ئەو لەبری بەکرێدان و خەمی گیرفان پڕکردن؛ لەخەمی دابینکردنی شوێنێکی شیاوو گونجاودا بووە بۆ پاراستنی دیکۆمێنتە کۆکراوەکانی. سەرەڕای خەریک بوون بە پرۆژە گەورەکەی؛(ئینیسکلۆپیدیای ڕۆژنامەگەریی کوردی)، کە تاوەکو ئێستاکە تەنها بەرگی یەکەم (پیتی ئەلف)ی لێ بڵاوکردۆتەوەو بەرگی دووەمیشی لەژێر چاپدایە، لەپاڵ ئەم کارە تاقەت پروکێنەشدا، ناوە ناوەش لە مەڵبەندە کوردییەکانی ئەوروپا کۆڕ دەبەستێت، یان وتارو لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردی،بڵاودەکاتەوە.
تازەترین کاری چاپکراوی ئەو،کتێبێکە بەناوی؛( لەبابەت مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە)یە. ئەم کتێبە؛ بریتییە لە سێزدە بابەت و لێکۆڵینەوەو ساغکردنەوە، کە پێشتر بەشێکیانی لەگۆڤارو ڕۆژنامەکاندا یان کۆڕو سیمینار،بڵاوکردۆتەوە،یان پێشکەشی کردوون. (٢٥٥) لاپەڕەی قەوارە گەورەیە. لەسەر حسێبی خۆی چاپی کردووە. لەم ڕۆژگارە کەسادو بێ هەڕمێنییەی بازاڕی (کتێب،گۆڤار،ڕۆژنامە)ی کوردیدا، ئەو هاتووە چەندین گۆڤارو ڕۆژنامە و تێمای ساغکردۆتەوە- هەڵبەت بێبەریش نین لە کەم و کورتی- و بە نەوەی تازە هەڵچووی دوای ڕاپەڕینی ئاشنا کردوون. ئەو پاش سەرئێشەو ماندوو بوون وهەڵگێرو وەرگێڕ کردنی ئەم کۆنە بڵاوکراوانە، مێژووی بەکارهێنانی وشەی گۆڤار(کۆوار)و ڕۆژنامەمان لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، بۆ ساغ دەکاتەوە. بەهەناسەیەکی ساردەوە، دووبارە خەمەکانی ( حوسێن حوزنی موکریانی و ئیبراهیم ئەحمەد)مان بۆ دەگێڕێتەوە. لە خوێندنەوەو ورد بوونەوەی خەمەکانی ئەواندا دەگەینە ئەو قەناعەتە؛ کە تا ئێستاکەش بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەریی کوردی کەسادەو ( کاڵا بەقەد باڵا)،نییە.
حوزنی، هەشتاو یەک ساڵ لەمەوبەر، لەسەروبەندی دەرکردنی یەکەم ژمارەی گۆڤاری (ڕووناکی) لە (٢٤/١٠/١٩٣٥)دا، باسی ئەو گیروگرفتانە دەکات کە ویستوویانە وەک ئاستەنگ بیخەنە پێش کاروانەکەی. هەر کەسێک ئەو چیرۆکە واقیعییەی حوزنی بخوێنیتەوە، لەوە تێدەگات کە جیلی یەکەمی کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە چ مشەقەتییەک کاروانەکەیان بەسەلامەتی بەڕێکردووە.
( ئیبراهیم ئەحمەد)یش لەسەربردەی دەرکردنی گۆڤاری (گەلاوێژ) لە کانوونی یەکەمی (١٩٣٩)دا، لە حوزنی باشتری نەهاتۆتە ڕێگا.ئەو دڕکانەی لەپێی حوزنی ڕاچوونە، بەپێی (ئیبراهیم ئەحمەد)یش چەقیون. هەقە نەوەی تازە، بەتایبەتیش ڕۆژنامەنووسان و خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندن، ئەم دوو سەربردە پڕ لە ناسۆرە بخوێننەوە، ئەوجا بە هزرێکی ساردەوە، لە چوارچێوەی زەمەنی خۆیاندا، لە باڵای بەرزی ئەم کۆڵەگانە ڕابمێنن و بە ویژدانەوە، هەڵیانسەنگێنن.
جەمال خەزنەدار، عەشق و خەمخۆری ڕۆژنامەگەریی کوردی و بەهەند هەڵگرتنیانی،لەم کۆڵەگانەوە خواستووە.بۆیە؛ سەرەڕای گرفتەکانی ژیانی ڕۆژانەو ئەندامەکانی جەستە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی.
بابەتێکی تری نێو کتێبەکەی ناوبراو؛(ڕۆژنامەی ئازادی١٩٤٥-١٩٦٠ و گۆڤاری شەفەق ١٩٥٨-١٩٦٣ )یە. هەرچەندە تا ئێستاکەشی لەگەڵدا بێت، زۆر پسپۆڕی بواری لێکۆڵینەوە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، وای بۆ دەچن کە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی ئازادی ( زوبانی حزبی شیوعی عێراق-لقی کورد)، لەساڵی (١٩٤٥)دا،دەرچووە. تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، حزبی شیوعی کوردستان، لەژێر تایتڵی ڕۆژنامەکەیان(ڕێگای کوردستان)دا دەنووسن؛ یەکەمین ژمارەی بە نێوی (ئازادی)یەوە لە نیسانی (١٩٤٤)دا، دەرچووە.
جەمال خەزنەدار،لەبەر بەردەست نەبوونی ئەو ژمارانەی کە ( گوایا لەساڵی ١٩٤٤)دا دەرچووینەو تا ئێستاکەش هەر گومانن، هاتووە بە دوو بەڵگەوە ئەوە دەسەلمێنێت کە ژمارە(١)ی ئازادی بەنهێنی لەساڵی (١٩٤٥)دا، دەرچووە نەک لە ساڵی (١٩٤٤)دا.
لەم ڕانانە سەرپێیەدا، هەندێک سەرنج و پرسیارم لا دروست بوون، حەز دەکەم لێرەدا بیانخەمەڕوو؛-
(١) لەلاپەڕە (١٢٦)دا، باسی گۆڤاری (ڕووناکی) ساڵی (١٩٣٥)ی حوزنی موکریانی دەکات.دڵنیام نووسەر هەر یازدە ژمارەکەی- ئەگەر نەشی بێت – ئەوا،بینیویەتی.مادام بابەتەکەی ناوبراو لێکۆڵینەوەیە دەکرا زۆر فراوانتر لەسەر گۆڤارەکە بینووسیبایە.ناوەرۆکی بابەتەکانی دەستنیشان بکردایە،وەک؛ ڕووناکی زیاتر بایەخی بە بڵاوکردنەوەی چ بابەتێک داوە( شیعر، چیرۆک، بابەتی مێژوویی،هەواڵ، لێکۆڵینەوە،….)؟.لێکۆڵینەوەکە (٢٩) لاپەڕەی گرتۆتەوە،لەم (٢٩) لاپەڕەیە تەنها بە پێنج لاپەڕەو نیو تەواوی لایەنەکانی ڕووناکی خراوەتەڕوو، بیستو دوو لاپەڕەو نیوەکەی تر تەنها بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی سەربردەکەی ( حوزنی موکریانی)یە، کە باسی لەم گرفتانە کردووە،کە هاتوونەتە ڕێگای مۆڵەت وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی ڕووناکی. ئەم کورتە نووسینەی نووسەر کە بە باڵای (ڕووناکی)دا بڕیوە،دەکرا لە شوێنێکی وەک ڕابەر یان بیبلۆگرافیا،ئاماژەیان پێ بدات نەک لە لێکۆڵینەوەدا.
(٢) لە لاپەڕە (١٥٣)و بابەتی؛ گۆڤاری گەلاوێژ (١٩٣٩-١٩٤٩) ئاوێنەی پێشەنگی ڕۆژنامەگەریی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی وسیاسی کوردستانی باشوورە!!. نووسەر دیسان بەهەمان شێوەی (ڕووناکی)، زۆر بەکورتی باسی (گەلاوێژ)ی کردووە.هەموومان دەزانین کە گەلاوێژ لەسەردەمی خۆیدا،چ ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە تازەکردنەوەی زمانی کوردی و ڕێنووس و گرنگیدان بە چمکەکانی ئەدەب.دەکرا ناوبراو، زێترو گرانتر هەروەستەی لەسەر ئەم گۆڤارە بکردابووایە،هەر بەم کورتە زانیارییە بیبلۆگرافیا ئامێزە دڵی ئاوی نەخواردابووایەوە.دەکرا؛ ناوی ئەم نووسەرانەمان بۆ دەست نیشان بکات کە لە (گەلاوێژ)دا نووسیویانە،هەر هیچ نەبێت نووسەرە بەردەوامەکانی.دەکرا وەڵامێکی بۆ ئەم تەوەرانە پێبووایە؛-
– ڕۆڵی گەلاوێژ لەتازەکردنەوەی زمان و فەرهەنگی کوردی و بژارکردنی لە وشەی بێگانە.
– گەلاوێژو بەیەخدان بە چیرۆکی بێگانە.
– گەلاوێژو ڕەخنەی کوردی.
– ئەدەبی منداڵان لە گۆڤاری گەلاوێژدا……تاد.
مادام بابەتەکەی نووسەر لێکۆڵینەوەیە،دەکرا سیماکانی لێکۆڵینەوەی تێدا بەدی بکرایە.ئەم بابەتەش (٢٨) لاپەڕەی کتێبەکەی دەقەبەر کراوە.گەر (٢٥) لاپەڕەی سەربردەی دەرکردنی گەلاوێژ لەلایەن (ئیبراهیم ئەحمەد)ەوە لێدەربکەین،ئەوا تەنها سێ لاپەڕە دەمێنێتەوە،کە ناوبراو نووسیویەتی. زانیارییەکانی ئەم سێ لاپەڕەش زانیاری بیبلۆگرافیا ئامێزن نەک لێکۆڵینەوە.
(٣) لەبابەتی گۆڤاری (نیشتیمان)ی ساڵی (١٩٤٣-١٩٤٤)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەردەمی کۆمار،لەدوا دێری لاپەڕە (١٨٨)دا، جەمال دەنووسێت؛(هەر لەم بارەیەوە غەنی بلووریان، بە پێچەوانەوە لە نامەیێک لە بەرواری ئاپریلی ساڵی ١٩٩٥دا بۆ عەلی عەسکەری دەنووسێ….). نازانین نووسەر زانیارییەکانی بەهەڵە گواستۆتەوە، یان (غەنی بلووریان)،هەڵەی کردووە؟! چونکە ئاشکراو ڕوونە کە لە ئاپریلی ساڵی (١٩٩٥)دا،عەلی عەسکەری لە ژیاندا نەماوە،بگرە (١٧) ساڵیش بەسەر شەهید بوونیدا تێپەڕیوە.
(٤) لە لاپەڕە (٢٥٠)و بابەتی؛ ( گۆڤاری ڕۆژ،مەهاباد،١٩٦٦،گۆڤارێکی بێدەنگ لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا). جەمال تەنها بە سێ لاپەڕە باسی ئەم گۆڤارە بێدەنگەی کردووە.لەم سێ لاپەڕەشدا،شتێکی ئەوتۆی لەسەر (ڕۆژ) نەنووسیوە.مادام ئەم گۆڤارە بێدەنگەو کەس لەسەری نەنووسیوە،ئەمیش ژمارە دووی ئۆرگیناڵی لەبەردەستدا بووە،دەکرا هەر هیچ نەبوایە،باسی بابەتەکان، ئاڕاستەی سیاسی گۆڤارەکەی، ڕوون بکرادابوایە.
لەم ڕانان و نمایشکردن و خستنەڕووی ئەم سەرنجانەوە،لە دوا جاردا- کە هیوادارم دواجار نەبێت-، دەستخۆشی لە خاوەنی پرۆژەی ( ئینسکلۆپیدیای ڕۆژنامەگەریی کوردی) دەکەم،لەگەڵ هیوا خواستن بۆ تەندروستییەکی بەردەوام وتەمەن درێژی. روی ئەوەشی لێدەنێم کە پەلەش بکات لە نووسینەوەی یاداشتەکانی،چونکە بە گوێرەی ئەم یادەوەریانەی کە من ڕۆژانە لێی دەبیستم،دڵنیام خرار(خەروار)ێکی مشت لە ڕووداو و بیرەوەری گران بەهای لە زەین تۆمارکراوی لایە، کە پێم وایە حەیف و مخابنە هەر لای خۆی بیانهێڵێتەوەو نەیانخاتەڕوو.

هانۆڤەر




قەلە ڕەش … پشکۆ ناکام

…….چارلی چاپلن/ی مەزن ئەڵێت : دوژمنی گەورەی من ‘ کات ‘ ە ، خواست و بەرنامەی زۆرم هەیە بۆ ئینسانیەت ، نازانم کات ڕێگە بە هێنانە دی چەنیان ئەیات ..
ئەمە ووتەی کەسێکی خەمخۆری خەڵکی غەیری خۆیەتی،ئەو لە خەم و هەست کردن بە ئازارەکانی کەسانی ترەوە ئەو پەندەی ووتوە، کە ئەمەش ڕێک پێچەوانەی هرڵوێست و بۆچونی دەسەڵاتدارانی ڕژێمەکەی هەرێمی کوردستانە، فەرمانڕەوا تێر و تەسەلەکانی بنەماڵە و حاشیە و کەس و لایەنە پاشکۆکانی لەو هەموو قەیران و تەنگ و چەڵەمانەی هەرێمی تیا غەرق بوە، مێش میوانیان نیە و لەسەر ڕۆتینی ڕۆژانەی خۆیان بەردەوامن وەک ئەوەی هیچ لە ئارایا نەبێ ، کاتێک گرفت و خەلەل چواردەوری کەسێک ئەگرن ،مێشک بەو گرفتانەوە مەشغوڵ ئەبێ و ڕێ بە بیرکردنەوەی لاوەکی نایات و تەرکیزی لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرەکان و دوانی تر ئەبێت ، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانە، کەسێک لە بای باڵی خۆی نەکەوێ و هەر خەریکی بەزم و هیوایەتەکانی خۆی بێت، دیارە ئەو کەسە ناکەسە نەخۆشە و لە شوێنی شایستەی خۆی نیە و هەرچی سیفاتی هاووڵاتی و ئینسانیەت بوونە لە مەزەبیا نیە ، ئەگەر بێ ئیشی نەبێت چۆن لەو بارە ناهەموارەی هەرێمی تیایە سەرؤکی بەناو حکوەمەتی هەرێم مەشغوڵی دەعوەت کردنی ( پاڵەوانێکی فلیمی سێکسی ئەمریکی ) ئەبێ و لەسەر حسابی ئەو بودجەیەی قوڕی کردوە بەسەری ئەو عالەمەیا بە تەیارەی تایبەتی شەوێک یەت و ‘ضیف شرف ‘ ی هەولێر ئەبێت !!(لەوانەیشە ئەو دەعوەتە پەیوەندی بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتە کووردییەکەوە هەبێت – بەشی سینەمای بێ جلەکان..)
ئەمە مانای ئەوەیە ئەو کەسە یەک سانیەش لە فکری خەڵک و قەیرانەکانی خەڵکا نیە و هێندە بێ ئیشە کاتی خۆی بە دەعوەت کردنی خەڵکی بەزەوق و سەفا لە ئەمریکاوە بەسەر ئەبات ! جا ئیتر کۆمەڵانی خەڵکیش چی بەسەر یەت جار بە جەهەنەم … بەسەر بردنی کات بەو جۆرە و لەم وەزعەیا خیانەت و تاوانە لە بێ خەمی بێ بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە میللەت لە کاتی پێویست تەنگانەیا، ،،،،،
بە ناشکوریش نەبێت ، حیزبەکانیش هەر خەریکی تاوتوێ کردنی ! وەزعەکەن و دوان لێرە و دوانی تر لەولا لەبەردەم مایکەکاناچەن ساڵێکە بەدوای چارەسەرا ئەگەڕێن ،تەنانەت هەیە لە تارانەوە دەماری ملی ئەئاوسێ و داوای چارەسەری ‘ ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە ‘ ئەکات..لەولاشەوە فەرمانڕەوا بێ ئیشەکانی ڕژێمەکەی هەولێر تەراتێن ئەکەن و خەریکی کات بەڕێ کردنن بەو جۆرەی خۆیان ئەیانەوێت نەک بەر پرسیارێتێکەیان چی فەرز ئەکات بە سەریانا، ئاخر بێ ئیشی نەبێت سەرۆکی بەناو سەرۆکایەتی هەرێم کەی ئیشی ئەوەیە ڕایگەیەنێت ‘ بغدادی’ لە موسڵە یان نا ، ئەوە ئیشی کاربەدەستێکی ئیستخباراتی سەر بە هێزی چەکدارە، بەڵام ئەو داماوەش چی بکات ، ماوەیەکە بێ ئیشە تا سەر لە نوێ سەرۆکەکەی (وەک حەمەی بەرید )ئەینێرێتەوە لای حیزبەکان هەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک ! لەو هەموو قەیران و نەبونی و بێ داراییەوە حاشیەکانی بنەماڵە خەریکی میهرەجانی شاجوانی قەیرانەکانی کوردستانن، کە هەقە ناویان بنایە’ چارەکە جوانی هەرێم’ سەبارەت بە سیستەمی چارەکە موچەی فەرمانبەران ، …….
هەر کەسێک لە بیرکردنەوەی میللەتا بوو، دەستەویەخە لە شەڕایە لەگەڵ کات و چاوی لەوەیە چەن بەزوویی بیرکردنەوەی ئەبێتە بەرهەم و کاری ئەو خەڵکەی پێ مەیسەر بکات، بەڵام کەسی دز و جەردە چاوی هەر لە قاسە و دەستی لەسەر گیرفانێتی لای ئەو دەقیقە د ۆلار و سەعاتیش قاسەیە ….
ڕەفتار و بیرکردنەوەی فەرمانڕەواکانی ئەمڕۆی ڕژێمەکەی بنەماڵە وەک ئەو پەندە عەرەبیەیە کە ئەڵێت :
و اذا کان دلیل القوم غراب…
واتا : کە قەلەڕەش ڕێ نیشاندەری خەڵك بوو …………….هتد….




گورگەبۆر … فەرەیدوون سامان

سەرمەستن بە بۆنی خوێن
بەھەڵدانەوەی قەتما‌غەی برینەکانی مێژوو
برسی بە گۆشت وئێسک و پروسکی کۆرپەی ناو نوێن
ھاتن دیسان گورگەبۆر
کەڵبەی ژەھراوی بخەنە سەر دڵی سمۆرە ی دیل و
چناری زیندانیکراوی ئەم نیشتمانە…
شەوی گورگانە و
تینوو بەخوێنی رژاوی شەھیدێک
کە لەبەرتریفەی مانگەشەوێک بەجێماوە
لەبەر پەنجەرەی کام سەدەی تاوان
سەدەی نکۆڵی و سەربڕین ھاتوون
لەکام زۆنگاوی دڕندەیی ھەڵتۆقیون
بە زمانی نێزە و شمشێر
بە شێرپەنجەی تەور
بە دینامییتی درۆ و ریاکاری
چامەکەی نالی ، خانی و عوریان
دەخەنە نێو مەنجەنیقی تاوانەکانتان…
سەرمەستن بە بۆنی خوێن
تا لەمانگەشەوی پڕ لەتریفەوە
دەنگێک ھەبێ
لە پێدەشتی گەرمیانەوە
لەسەر ترۆپکی قەندیلەوە
زایەڵەی نەڕەیەک دێ…
ئێمەین پڵەنگی مەرگ بەزێن
ھەورە بارانین تەرمی شەھید دەشۆینەوە
لە سەر گۆنای نەخۆشی مافەکانی مرۆڤ
جێی چڕنووکی گورگەبۆری بیابان سارێژ دەکەین
بەرماڵەکەی خەلیفە دەنێرینەوە
بۆ شوێن پێی پۆستاڵی بکوژان،
کە دەنگی تۆ درەوشانەوەی نیگایەکە
بە ڕۆحی زامداری ئاسمان
ئێی ھەورەکان …ھەورە سەرکەشەکان
تۆ بۆچی ئاسمانی نیشتمانی ئێمەت لەبیر کردو‌وە
ڕوخساری زێڕینی مانگی پڕی ئێمەت داگیرکردووە
گیانی وەبەردبووی خەو ڕاچڵەکێنە
کە بە بیابانە قات و قڕەکاندا
سەر ھەڵدەبڕێ
چۆن شەھید لەسەر بست بە بستی ئەم خاکە راکشاوە…
خۆر لەقەندیلی سەرکەشەوە چاو بۆ ئازادیت دادەگرێ

هەولێر،باشووری کوردستان
۲۵.۱٠.۲٠۱٦




گرنگییەکانی ئازادی لە پەروەردەکردنی منداڵان… رەزا شوان

ئازادی تەنها وتنی وشەیەکی سەرزارەکی و راگوزاری نییە، ئازادی ئەو هەوا پاک و بێگەردەیە کە
هەڵیدەمژین.. ئازادی ئەو هەست و نەستە جوان و پیرۆزەیە، کە هەمیشە لە هۆش و لە ناخی دڵ و
دەروونماندایە.. ئازادی بناغەی ژیانە و، مافێکی بنەڕەتی و سەرەکییە لە مافەکانی هەموو کەسێک، لەگەڵیدا لەدایک دەبێ و لەگەڵیدا دەژی.. ئازادی شیرینترین و پێویسترین شتە لە ژیاندا.. ژیان بەبێ
ئازادی زیندانێکی تاریک و تەنگە و، هیچ واتایەکی نییە.. چونکە ژیان و ئازادی یەکن، دوو گیانن لە یەک جەستەدا.. ژیان بەبێ ئازادی لەشێکە بەبێ گیان.
(جان جاک رۆسۆ) دەڵێ: “وازهێنان لە ئازادی.. وازهێنانە لە ژیان..” ئازادی مافێکی سروشتی مرۆڤە.. کەس بۆی نییە ئازادی لە کەسێکی تر زەوت بکات.. ئەگەر بە دروستی ئەم مافەی خۆی بەکاربهێنێت و، دژی ئازادی و مافەکانی هیچ کەسێکی تر نەبێت.
(میخایل نەعیمە) دەڵێ: “ئـازادی بەنرخترین شتە.. بۆیە نرخی گـرانە”
(نووسەرێکی رۆژئاوایی) ش دەڵێ: “گەر تۆ هەموو شتەکانت لەدەست بدەیت، تەنها ئازادی نەبێت، تۆ هێشتا دەوڵەمەندیت”
(ئەبراهام لینکۆڵن) یش دەڵێ: “کەس حەزی بە پێوەن نییە، گەر لە زێڕیش بێت”
ئازادی چەکێکی دوو دەمە، ئازادی پێویستییەکی بەسوودە، ئەگەر بێت بە راستی و بە دروستی بەکاری بهێنن.. بەڵام ئەگەر بە هەڵە لە چەمکی ئازادی تێبگەین و، بە خراپی بەکاری بهێنین..
زیان بە خۆمان و بە کاسانی دەوروبەرمان دەگەیەنین.. بۆ نموونە: تۆ ئازادی کە لە ماڵەکەی خۆتاندا تەلەفزیۆنەکەتان هەڵبکەیت دەنگی بدەیتێ و گوێی لێبگری.. بەڵام ئازاد نیت، کە دەنگی تەلەفزیۆنەکەت زیاد لە پێویست بەرزبکەیت و هاوسێکانت بێزاربکەیت و پێشێلی ئازادییان بکەیت.
بێگومان لە هیچ شوێنێکی جیهاندا، ئازادییەکی رەها نییە.. لە هەموو وڵاتێکدا ئازادی سنووردار و
کۆنترۆڵکراوە، بە پێی دەستوور و یاسا و رێساکانی ئەو وڵاتە و، بە پێی پرانسیپەکانی ئازادی.. چونکە ئازادی بەرەڵایی و ئاژاوەگێڕی و بێسەرەوبەرەیی و پێشێلکردن نییە.. ئازادی بەرپرسێتییە.. بەبێ بەرپرسێتیش ئازادی بوونی نییە.. تۆ تا ئەو کاتە ئازادی کە پێشێلی ئازادی و مافەکانی کەسانی تر نەکەیت.. کەواتە مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە کە رێز لە ئازادی خۆی و کەسانی تریش دەگرێت.. ئازاد ئەو کەسەیە کە رێز لە پرانسیپەکانی مرۆڤایەتی و، لە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و، لە رەوشتە جوانەکان و، لە بەها بەرز و پیرۆزەکان دەگرێت.
ئازادی هۆکارێکی گرنگ و رێگایەکە، بۆ بەستنی پەیوەندی و تێکەڵ بوون لەگەڵ کەسانی تردا.
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان کە گرنگییەکان و کارتێکردن و کاردانەوەی ئازادییە لە پەروەردەکردن و، لە بنیاتنانی کەسێتی و لە رەفتارەکانی مندڵان دا.
شارەزایانی بواری پەروەردە و دەرووناسی و گەشەکردنی منداڵان جەخت لەسەر پێویستی و گرنگی ئازادی دەربڕینی منداڵان دەکەنەوە.. چونکە ئازادی پێویستییەکی زۆر گرنگە و، رۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەری هەیە لە گەشەکردنی هۆش و زەین و زیرەکی و توانا و داهێنان و بەهرەکانی منداڵان.
پێویستە منداڵەکانتان سەرکوت و پەراوێز نەکەن و، بەری ئازادییان لێمەگرن، با بە ئەوپەڕی ئازادی و راشکاوییەوە گوزارشت لە ناخی خۆیان بکەن و.. ئەوەی لە دڵیاندایە دەریبڕن.. با بە کامی دڵیان یاری بکەن و راکەنن و پێکەنن، با ئازادبن لە هەڵبژاردن دا، بە ئارەزووی دڵی خۆیان رەنگەکانی جلوبەرگەکانیان هەڵبژێرن.. با لە گفوگۆ و بڕیارەکانی خێزانیتان بە تایبەتیش لەوانەی کە پەیوەندییان بە خودی منداڵان هەیە، را و بۆچوون و پێشنیارەکانیان فەرامۆش مەکەن، بەڵکو هانیان بدەن کە را و هەڵوێستیان هەبێت.. هەموو شتێکیشیان لێمەکەن بە بڤەیە، با خۆیان شتەکان تاقیبکەنەوە.. تێکیان بدەن و، پێکوەیان بنێنەوە، گەر هەڵەشیان کرد، لۆمە و سەرکوێریان مەکەن، تا هەڵە نەکەن راستیش فێرنابن، لە هەڵەکانیان و لە سەرنەکەوتنەکانیان وانە و پەند وەردەگرن.. ئئێمە و ئێوەش، ئەگەر قۆناخەکانی منداڵیمان بە بیری خۆمان بهێنینەوە، رەنگە بە دەیان هەڵەی بێمەبەستمان کردووبێت بە دەیان شتمان شکاندووبێت و بە دەیانیش شتمان لێکهەڵوەشاندووبێتەوە.
منداڵ مرۆڤێکە و مافی ئازادی هەیە.. ئازادیش پێویستییەکی گرنگی پەروەردەی ئەم سەردەمەیە.. سەردەمی لێدان و چاوسوورکردنەوە و شەقزالە و گوێڕاکێشان و فەلاقەکردن و دەمگرتنی منداڵان بەسەرچوو.. بۆ ئەوەی منداڵان بە دەروون دروستی و تەندورستی پێبگەیەنین و بە شادی و خۆشی مەست و خەنیان بکەین، پێویستە بەپێی قۆناخەکانی تەمەنی منداڵییان ئازادییان هەبێت.. ئازادیشیان بە رێنمایی جوان و بە چاودێری شوورەبدرێت.. چونکە هێشتا پێویستییان بە ڕێنمایی و بە چاودێری و بە ئاراستەکردنی دروست هەیە.. هێشتا پێویستییان بە یارمەتیدانی خێزان و قوتابخانە هەیە.
راستر ئەوەیە کە منداڵەکانتان لە نێوان خۆشەویستی و کارڕاستیدابن، نەک کارڕاستی و توندوتیژی.
گرنگییەکانی ئازادی دەربڕین بۆ منداڵان:
١ـ منداڵی ئازاد، کەسێتییەکی سەربەست و ئاسایی و رەفتاردروست و بەهێزی لێدێتە کایەوە، دوور لە شەڕخوازی و توندوتیژی دەبێت، ژیر و ئازا دەبێت، گەشبین و رووخۆش و گوفت شیرین دەبێت، رێز لە خۆی و لە کەسانی تر دەگرێت، هەست بە خۆشی و شادی دەکات، هەست بە گرنگی بەهاکانی ژیان دەکات.. بە شێوەیەکی راستیش لە چەمکی ئازادی دەگات.. چاکخوازیش لە ناخیدا دەڕویت.
٢ـ ئازادی خەیاڵی منداڵ فراوانتر دەکات، گەشەش بە زیرەکی منداڵ دەکات، هۆکارێکی گرنگیشە بۆ پێشکەوتن و باڵابوونی لە خوێندن و بەدەستهێناندا.. بوراێکی زیاتریشی بۆ دەڕەخسێنێت بۆ حەزی دۆزینەوە و تاقیکردنەوە و داهێنان و گەشەکردنی ئارەزووەکانی و دەرخستنی تواناکانی.
٣ـ ئەو منداڵەی ئازادییەکی زیاتری هەبیت، بڕوایەکی زیاتری بە کەسێتی خۆی و بە تواناکانی دەبێت.. بڕوابەخۆبوونیش، هاندەر و پاڵنەرە بۆ کۆشش و خۆراهێنان و تاقیکردنەوە و داهێنان و بەرهەمهێنان.. بەمەش کۆمەڵگا خێراتر پێشدەکەوێت و، داهاتووشی گەشتر و خۆشتر دەبێت.
٤ـ لە بواری رەوشتیشدا، دەتوانین ئەوە بڵێین، کە منداڵی ئازاد لە قوتابخانەدا، لە سایەی توانا و بڕوابەخۆبوونی، بە شێوەیەکی راست و دروست رەفتار لەگەڵ هاوڕێکانی و مامۆستاکانی دەکات.. وەکو چۆن بەرژەوەندی خۆی دەوێت، ئاوهاش بەرژەوەندی هاوڕێکانی دەوێت.. رێز لە ئازادی هاوڕێکانی و لە مامۆستاکانی و، لە یاساکانی قوتابخانە دەگرێت.
٥ـ پرانسیپەکانی ئازادی زامنی ئەوەن، کە منداڵی ئازاد هەست بە بەرپرسێتی بکات، لەوەش دەگات کە ئازادی بەبی بەرپرسێتی بوونی نییە.. بەزاندنی سنووری ئازادیش.. دژی پرانسیپەکانی ئازادییە.
٦ـ ئازادی، ئازایی و بوێرییەکی زیاتر بە منداڵ دەبەخشێت.. هاندەرە و پاڵنەریشە، بۆ ئەنجامدانی کاری سەرکێشی.. بۆ پەند و وانە وەرگرتن لە هەڵەکانی و لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنەکانی.. ئەو هەستەشی پێدەبەخشێت، کە لە داهاتوودا زیاتر خۆڕاگربێت و بتوانێت بەرگەی گرفت و شکستییەکان بگرێت و کۆڵ نەدات.. زیاتریش درێژە بە کۆشش و هەوڵدان و پێشکەوتنەکانی بدات.
گرفتەکانی نەبوونی ئازادی دەربڕینی منداڵان:
گەر بێتو بەر لە ئازادی ماف دەربڕینی منداڵ بکەین و، لە سەربەستی بێبەشی بکەین و، دەمی پێدابخەین و، نەتوانێت گوزارشت بکات و رای خۆی دەربڕێت و رەخنە نەگرێت، وەکو ئامێرێکی لێدێت کە فەرمان و داواکان جێبەجێ دەکات و، دەبێتە پاشکۆی گەورەکان و لە ناو جغزێکدا خۆی بەدی دەکات.. بێگومان زەوتکردنی ئازادی لە منداڵ، دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدا نی گەلی گرفتی جەستەیی و دەروونی لە منداڵدا، گەلێ کاردانەوەی نەرێنیشی لێدەکەوێتەوە.. بە کورتی باس لە چەند گرفتێکی نەبوونی ئازادی منداڵ دەکەین:
١ـ رێگرتن لە ئازادی منداڵ، ئاسەوارێکی نەرێنی زۆری لێدەکەوێتەوە، دووچاری کێشە دەروونی و رەوشتییەکانی دەکات، وەکو: خۆبەکەمزانین، دوژمنخوازی، دزی، گۆشەگیری، شڵەژان، خەمۆکی، دڵڕاوکێ، بڕوابەخۆنەبوون، بێ هیوایی، رقئەستووری…هتد. پێویستە پێش ئەوەی کە کەسێتی منداڵ تێکبچێت و بڕووخێت و، دووچاری چەندین نەخۆشی دەروونی بێت، چارەسەری گرفتەکانی بکرێن.
٢ـ زەوتکردنی ئازادی لە منداڵ و پەراوێزکردنی، وای لێدەکەن کە خۆی بە کەسێکی بێ دەسەڵات و بێتوانا بزانێت، واش هەست دەکات خۆشەویست نییە ،و رێزی لێناگرن و بە هەندی نازانن.. ئەمەش هۆیەکە بۆ ئەوەی کە ئاستی بە دەستهێنانی لە خوێندندا لاوازبێت.. لە ژیانیشیدا سەرکەوتوو نەبێت.
٣ـ خەفەکردنی ئازادی منداڵ وای لێدەکات کە هەست بە جوانییەکان و بە خۆشییەکانی ژیان نەکات و، بە رەشبینییەوە لە ژیان بڕوانێت.. ئەمەش لە ئەنجامەی لۆمەکردنێکی زۆر و، سەرکوتکردن و سەرکوێرکردنی لە لایەن خێزانەکەیەوە، لەسەر ئەو هەڵە بێمەبەستانەی کە دەیکات.. بڕواشی بە تواناکانی خۆی نامێنێت و پشت بە کەسانی تر دەبەستێت و، غیرەتی بڕیاردانیشی لە ژیانیدا نابێت.
٤ـ پەروەردەی سەپێنراو، کە بوارێک بۆ ئازادی بۆ منداڵ ناهێلێتەوە، وا لە منداڵ دەکات کە ببێت بە ئامێرێکی گوێدێر و جێبەجێکەر، گفتوگۆ هیچ رۆڵێکی نییە، گوێش لە را و بۆچوونەکانی ناگرن.
٥ـ زەوتکردنی ئازادی و سەربەستی لە منداڵ و، پەروەردەکردنێکی نادروست و سەقەت لە لایەن خێزانی نابەڵەدەوە.. هۆکارێکە بۆ لاوازی هاوبەستەبوونی منداڵ بۆ خێزانەکەی، چونکە وا هەست دەکات کە خۆشیان ناوێت و رقیان لێیەتی.. هەر وەکو ئەوەی کە ئەندامێکی خێزانەکەی نەبێت و، کەسێکی نامۆبێت لە ناویاندا.. بواری ئەوەشی نادەنی کە بە ئازادی و بە راشکاوی گوزارشت لە را و لە هەڵوێست و لە بۆچوونەکانی بکات.. هەستکردنی منداڵیش بەم پشتگوێخستنە، گەلێ کێشە و رەفتاری خراپ و نەرێنی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، وەکو: شەڕخـوازی، ملهـوڕی، گۆشەگـیری، یاخیبوون، گـرژ و مۆنی، رقایەتی، قسەهەڵبزکان، جوین دان، نەبەستنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و، لاوازی پەیوەندی هاوڕێتی، تێکەڵاونەبوون، شکستهێنان لە خوێندندا.
بێگومان خێزان ناوەندێکی گرنگی پەروەردەکردن و راهێنانی منداڵە.. بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆش
لە ناو هەندێ خێزانیدا، پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵ، پەیوەندیەکی میلیتارییە، پەیوەندی
(سەرکـردە و سەربـازە) واتە پێویستە منداڵ تەنها گوێدێربێت و، فەرمانەکانی خێزانەکەی ( باوک و دایک)ی جێبەجێ بکات.. چاوەڕوانی چی لە منداڵێکی وا بکەین کە لە خێزانێکی وادا پەروەرببێت؟
لە کۆتاییدا، پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین، کە تا ئەمڕۆش لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانمدا،
پرۆگرامەکانی خوێندن و شێواز و ڕێبازەکانی وانە وتنەوەی ماوستاکانمان، کۆن و کلاسیکین و، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان لێبەدی ناکەین.. تا ئەمڕۆش ماموستای وانەبێژ، تەوەری سەرەکی وانەیە و، زۆرترین کاتی وانەکە ئەو لەپۆلدا قسەدەکات.. بواری پێویست بە منداڵان نادەن، کە بە راشکاوی و بە ئازادی رای خۆیان دەربڕن.. ئەمەش بە پێچەوانەی پەروەردەی نوێ و، شێوازی و رێبازەکانی تازەی وانە وتنەوەیە.. کە منداڵان (قوتابیان) تەوەری سەرەکی وانەن لە پۆلدا، بە ئەوپەڕی ئازادی و راشکاوییەوە گفتوگۆ دەکەن و، دەپرسن و، رەخنەدەگرن و .. گوزارشت لە رای خۆیان دەکەن.

رەزا شوان
نەرویـج: ٢٠١٦