بێدەنگیی نەوشیروان موصطەفا لە نێوان، وەهم و واقیعدا … کامیار سابیر

لە سیاسەتدا، واقیعییبوون و عەقڵانییبوون، دوو پارادایمی سەرەکیین بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی دونیای سیاسەت. لە واقیعی سیاسیی کوردستانی عێراقدا، بەهۆی هەژموونی گۆڕان و قورسایی سیاسیی ئەم حیزبەوە، تا ئێستاش هەموو هەوڵەکانی تر بۆ دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنی نوێ، لە جوغزی بچووکدا، ماونەتەوە و توانای ئەوەیان نییە گەشە بکەن. بە واتایەکی تر، گۆڕان، بووە بە بەنداوێک بۆ پەنگخواردنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی کوردستان، دژ بە دەسەڵاتی میلیشیایی دوو حیزب کە بیزنسە سیاسییەکەیان لە بیزنسی قاچاغچییەتی نەوت و دزیینی سامانی نیشتمانییدا، خەست کردووەتەوە. راستە دەیان هەزار گەنجی کوردستان، چەندین توێژ و چینی بەرینی کۆمەڵایەتیی، بە هۆی سیاسەتی مافیاکانی کوردایەتییەوە، بە گاڵە هاتوون، بەڵام جگە لە چەند دەنگێکی ناڕازیی لێرە و لەوێ، یان چەند حیزبێکی بچووک و چەند تەکانێکی ئایدیۆلۆژیی ئەم گرووپی چەپ و ئەو گرووپی راست، هێزێک نییە کە مۆبەڵایزی ئەم ناڕەزایەتییانە بکات. لێرەوەیە کە رەخنەکان، پێویستە ئاراستەی گۆڕان و شەخصی یەکەمی حیزبی گۆڕان، بکرێ.

تۆڕێکی گەورەی مافیای سیاسیی، تیجاڕیی، مورتەزیقە و پرۆکسیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە( بەتایبەت تورکیا) لە کوردستاندا دروست بووە. بڕیار بوو ئەو قسە قۆڕەی ناوی نرابوو شۆڕشی نوێی گەلی کورد( دوای ئاشبەتاڵ)، کۆتایی بەو مەحسوبییەتە بنەماڵەیی و کۆنترۆڵکردنە سیاسییە بهێنێت، ئەوەی پاترۆنەیجی سیاسیی (Political patronage ) پێدەگوترێ. دوای ئەوەی بەهۆی کەیدی سەکردە موخەضرەمەکانی کوردایەتییەوە، شەهید ئارام، کۆتایی بە ژیانی گەنجانەی هێنرا، ئیتر رێگەکان تەختبوون بۆ ئەوەی ئەو رێکخراوە چەپە- کۆمەڵەی رەنجدەران( بەهەموو کەموکوڕییەکانییەوە)، ببێ بەچەترێک بۆ ئەوەی بنەماڵەیەکی تێکهەڵکێشی سیاسیی نوێ ( تاڵەبانیی+ئەحمەد)، کۆنترۆڵی یەکجاریی یەکێتیی و بەشێکی بەرین لە کوردستانی عێراق بکەن. ئەوانەی دوای ئارام، بە دەستوری تاڵەبانیی و بەئەجێندای ئایدیۆلۆژییەوە، سووکانی کۆمەڵەیان بەدەستەوە گرت، رۆڵێکی ئێجگار گەورەیان لەم بەبنەماڵییکردن و مەحسوبییەتە سیاسییەدا بینی. ئەم پاترۆنەیجە سیاسییەش( لە هەردوو حیزبی تاڵانچییەوە- پارتیی و یەکێتیی) لە کوردستاندا، درێژەی دەبێت ئەگەر راچڵەکاندنێکی سیاسیی جەریئانە، ئەم دۆخی دزیی و تاڵانییە، بە جورئەتەوە نەخاتە ژێر پرسیارەوە و پلان و نەخشەیەکی عەقڵانیی، جەریئانە و واقیعیی دانەڕێژێت.

فەشەلی رائیدبوون و فەشەلی بە سەرکردەبوون، فەشەلی سیاسیی، ئابووریی، مۆڕاڵیی و کۆمەڵایەتیی گەورەی بەدواوەیە. فەشەلی سەرکردە سیاسییەکانی ئێستا، فەشەلی دراماتیکیی نەوەکانی ئاییندەیشی بە دواوەیە. ئەم پارادایمی پاترۆنەیجە سیاسییەی کوردستان، درێژەی هەبێت، کوردستان، بۆ دەیان ساڵی تریش، نووزەی تێدا نابێت و ئاییندەی چەندین نەوەی نوێ، وێران دەبێت. پێویستە، سیاسەتێکی جەریئانە، خاوەن فیکر و روئیا، بە سیاسەتێکی ئەخلاقیی باڵاوە، دڕ بەم دۆخەی کوردستان بدات. ئەوەی زمانناسی مەعریفیی(cognitive linguist) جۆرج لەیکۆف( لاکۆف=Lakoff )لە کتێبی سیاسەتی ئەخلاقییدا( Moral poltics)، باس لە دوو مۆدێلی تێگەیشتنی( کۆنسێپچواڵ- conceptual ) ئەخلاقیی جیاواز لە سیاسەتی ئەمێریکییدا دەکات( لیبراڵیزم و کۆنسێرڤەتیزم)، دەکرێ بۆ سیاسەتی کوردیی Kurdish politics، وەکو پارادایمێکی سیاسیی، لەکولتوورێکی سیاسیی فاشیلدا، کەڵکی لێوەربگیردرێت.

فەلسەفەی سیاسیی و چنگەکڕێی مەعریفیی مرۆڤ، ئەو بەرچاوڕۆشنییەمان پێدەدات کە سیستەم و میتافۆری تێگەیشتنمان بۆ وردەکارییەکانی سیاسەتی مۆدێرن، لە پیاوی مۆدێرن و سیاسیی جەریئدا، باشتر و چالاکتر ببینین. لەیکۆف پێیوایە” ئەم هۆکارە فیکریی و مۆراڵییانەش، هۆکاری میتافۆریین، بۆ ئەوەی مرۆڤ، کەیسی ئایدیال، سێنتراڵیی، هەستیار و سۆسیۆسیاسیی، لە نموونەیەکی بەرجەستەدا(salient exemplar) پراکتیک بکات((Larkoff, 2002:9)) . هەرچی هەڵدەستی و دادەنێشێت، دەڵێ دۆخی سیاسیی کوردستان، چەقبەستووە. باشە ئەگەر ئەمە پێودانگی سیاسەتی ئەخلاقیی –کوردیی بێت، خۆ دەبێت ئەم کەیسە ئایدیال و نەخۆشە، تەشخیص بکرێ و پارادایمێکی نوێی سیاسەت بگیردرێتە بەر. پارلەمان و حکومەتی هەرێم، وێڕای فیاسکۆیەکی( فەشەلی گەورە) زۆر کارەساتبار، بەرهەمی دوو حیزبی میلیشیایی و چەتەگەریین. سەرجەم مێژووی مرۆڤایەتیی، قەڕصەنە و چەتەگەریی لەمشێوەیەی بە ئابووریی نیشتمانەوە نەبینیەوە. هەر هەوڵێك بۆ چاککردنی سیستەمی سیاسیی کوردستان، بەهەدەردانی کاتێکی زۆر و بە فیڕۆدانی توانای چەندین نەوەی نوێشی بەدوادا دێت، وێڕای ئەوەی سامانی نیشتمانیی کوردستان، بۆ ئەبەد دەدزرێ و دەدۆڕێندرێ. ئەم سیستەمە دەبێ بڕوخێنرێ و سەرلەبەر بنیات بنرێتەوە.

گۆڕان، بەهۆی هەندێ پارادایمی سیاسیی و ئەخلاقییەوە، بووە بە حیزبی ژۆرناڵیستەکان، بووە بە حیزبی ئیخوانییە فاشیلەکان، بە حیزبی یەکێتییە تۆراوەکان و بووە بە حیزبی ئەکادیمیستە بێفیکر و گیرفان قووڵەکان. سەرەنجامیش بووە حیزبی نوخبە هەزیل و موهەڕیجەکان، لە سیاسییەوە بیگرە تا بە ژۆرناڵیست دەگات. ئەم تێکەڵیی و پێکەڵییەی گۆڕان، ئەم پۆپۆلیزمە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە فرەڕەنگ و فرە ئاراستەیە، بەبێ شەخصی نەوشیروان موصطەفا- رێکخەری گشتیی گۆڕان( رێگشگ)، توانای ئەوەیان نییە بە کۆرس، شیعرێکیش بخوێننەوە. هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنن. لە گۆڕاندا، ئەکادیمیستی ناسیۆنالیست و کادیری نەژادپەرستی وای تێدایە، لە ناو پاسۆک و کاژیکی جارانیشدا، وەحشی نەژادیی و راسیستی دەمارگیری وا نەبووە. کادیری ئیخوانیی-مەذهەبیی-طائیفیی و سوننیگەریی وای تێدایە، بیست ساڵی تریش، یەکگرتوو، یەق بکاتەوە، مەخلوقی وای بۆ دروست ناکرێ. هاوکات، چەپ و کۆمۆنیستی مورتەدیشی تێدایە، هەموو مێژووی حیزبی شیوعیی عێراقیی و کۆمۆنیستە رەنگاوڕەنگەکانی تر بگەڕێی، هەلپەرست و ماستاوچیی وات بۆ نادۆزرێتەوە.
وێڕای ئەوەی لەشکرێک لە نوخبەی ئەکادیمیست، ژۆرناڵیست، موحەلیل، موهەڕیج و شەعبەویی( پۆپۆلیست)ی تێدایە کە بەس بەهۆی بیرکردنەوە لە گیرفانی خۆیان و ژیانی خۆیان، سواری ئەم شەمەندەفەرە پۆپۆلیستییەی گۆڕان بوون. کاتێ گۆڕان ئەوە واقیعە سیاسیی و کولتوورییەکەی بێت، جگە لە ( رێگشگ)، ئێخەی کێ دەگریت؟ لەهەمووی کارەساتبارتر، زۆربەی ئەمانە، هێزی یەدەکی کوردایەتییەکەی پارتیین و لە هەر پێچێکدا، لە هەر نووزانەوەیەکی نەژادیی و قیڕەقیڕی دەوڵەتە کوردییە مورتەزیقەکەدا، هەموویان داکۆکیی لەسیاسەتی حەکیمانەی! سەرۆکێکی طائیفیی، ناشەرعیی، ناقانونیی ، نادەستوریی و عەمیلی موخابەراتی تورکە نیۆعوثمانییەکان( میت) دەکەن.

هەمیشە، زۆرینەی هاووڵاتییان، لەکاتی قەیرانە سیاسیی و ئابوورییەکاندا، چاویان لە حکومەت و سەرکردە سیاسییەکانە کە چۆن قەیرانەکان تێپەڕێنن، یان لای کەم کۆنترۆڵی بکەن. ئیدارەکردنی( مانیجمێنت) قەیرانی سیاسیی، ئەرکی ئەو سیاسییانەیە کە تەحەدای واقیعی (سیاسیی و ئابووریی ) دەکەن و بەشوێن چارەسەری خێرا، کورتخایەن و درێژخایەنەوەن. پێویستە بڕیاری قورس بدەن، تەنانەت ئەگەر چارەنووسی سیاسیی و شەخصیی خۆیشیان بکەوێتە مەترسییەوە. لە حیزب و دەسەڵاتی سیاسییدا، بڕیاردەر، دەبێ کەسێ بێت کە جورئەت بکات، بڕیار بدات، بەرچاوی رۆشن بێت، روئیای هەبێت و خەڵکیش جورئەت بکات پاڵپشتیی بکات (The Politics of Crisis Management: Public Leadership Under Pressure ).

سەرکردەی سیاسیی، بۆچی سەرکردەیە؟

لە کاتی قەیرانەکاندا، بەتایبەتیی ئەو قەیرانانەی کە پێوەندییان بە ژیانی بەرینی کۆمەڵایەتییەوە هەیە و زۆرینەی کۆمەڵگە، دووچاری قەیرانی سیاسیی، ئابووریی و تەنانەت نەمانی ئاساییشی کۆمەڵایەتیی دەبێتەوە، دەبێت سەرکردەی کاریزما، خاوەن روئیەیەکی گەش و روئیایەکی بەرین بێت و لەسەروو هەموویشیانەوە، جورئەتی سیاسیی و توانای تەحەداکردنی واقیعی سیاسیی تێدا هەبێت. ئارامی رابەڕی کۆمەڵەی کۆتایی حەفتاکان، بەو گەنجییەتییە لە فیکری سیاسییدا و تەنانەت بەو هەرزەکارییەی تەمەنیشی، وێڕای کەم تەجرەبەیی، ئەم جورئەت و روئیایەی کەم تا زۆر هەبوو کە کۆمەڵەیەک زەبری قورسی بەعثییەکانی بەرکەوتبوو، قیادەکانی تێداچوون، بخاتەوە سەرپێی خۆی، بەڵام کۆمەڵەی دوای ئەو، بوو بە رێکخراوێکی عەسکەرتاریی- میلیشیایی، وردە وردە فیکر و روئیای سیاسیی تێدا نەما، تا سەر پلێت نەژادیی بووەوە و لەگەڵ کوردایەتییەکەی پارتییدا، هیچ جیاوازییەکی نەما.
بەتایبەت ئەو کاتانەی پیاوی وەکو فەرەیدون عەبدولقادر، تەنظیری بۆ دەکرد. ئەوانەی لە هەشتاکاندا، سەرکردایەتیی شەڕی میلیشیاکانی شاخیان دەکرد، سەرپەرشتیی حیزبەکەی خۆیان( یەکێتیی) و شەپۆلێک لە راپەڕینەکانی خەڵکی کوردستانیان دەکرد، توراثی کوردایەتیی مۆدێرنیان داهێنا، بەڵام لەهەمان مەعدەنی کوردایەتییە کۆنسێرڤەتیزمەکە. ئەو توراثە سیاسیی و عەسکەرییانە، ئەو توراثە میلیشیاییانە، بەدەردی گەنجانی ئەمڕۆ و هەلومەرجی سیاسیی ئێستا ناخۆن و سەروەرییەکانی پێرێ و دوێنێش، بەرهەمهێنەری ئەم چەتەگەریی و مافیاگەرییەی ئەم قیادانەی کوردایەتییە.

سەرکردەی سیاسیی کە خاوەنی جورئەت بێت، دەبێت لە سەرکەوتنەکاندا، کەمترین کرێدت بە خۆی رەوا ببینێت و زۆرترین مەسئولییەتی شکست و داکشانەکانیش لە ئەستۆ بگرێت. تەنانەت ئەگەر بە بۆچوونە کلاسیکییەکەی ناپیلیۆنیش سەیری بکەین، سەرکردە، ئەو دەڵاڵەیە کە عەوداڵی دۆزینەوەی “ئومێدە” و ئاسۆ، پێشانی گەلەکەی دەدات. لە کاتێکدا، پتر لە ساڵێكە رێگشگ، بە باش و بە خراپ، نە لەسەر صەفقە ئاشکرا و نهێنییەکەی نێوان داعش، تورکیا و پارتیی لەسەر شەنگال، دەنگێکی لێوە هات، نە لەسەر ئەو هەموو سووکایەتییەی پارتیی و چەتەکانی کوردایەتیی بە سیستەمی سیاسیی و دامودەسگا شەرعییەکانی هەرێمیان کرد، حەرفێکی گوت، نە لەسەر ئەو هەموو عەمالەتەی دەوڵەتی کوردیی و مانیفیستۆی کوردایەتیی بۆ دەوڵەتی نیۆعوثمانییەکانی دەکات، قسەیەکی کرد! لەسەروو هەمووشیانەوە، فرۆشتن و هەڕاجکردنی سامانی سروشتیی ئێستا و نەوەکانی ئاییندە، برسییکردن و زەلیلکردنی خەڵکی کوردستان، بە رەسمیی و روو بە خەڵک، ناڕەزایەتییەکی دەرنەبڕی؟ هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە، بێئاسۆیی، بێئومێدیی باڵی کێشاوە بەسەر کوردستاندا و تەنانەت حیزبەکەی خۆیشی( گۆڕان)، لەوپەڕی بێچارەیی سیاسییدا رۆژگار بەڕێ دەکات. ئەم دۆخە، چەند مافیا دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتیی( پارتیی و یەکێتیی) لێی بەرپرسن، ئەوەندەش شەخصی رێگشک، لێی بەرپرسە؟

تەقدیری ئەوە دەبێ بگیردرێ کە رێگشگ، تەمەنی هەیە، ناساغە و باری تەندروستیی، پێویستی بەچاودێریی پزیشکیی هەیە. پێویستی بە پشوودان و ئارامیی هەیە، بەڵام خۆ کەس زۆری لێنەکردووە کە درێژە بە پۆستی شاغیری گەورەترین و حەساسترین پۆستی سیاسیی لە کوردستان بدات کە سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی جاران و رێکخەری گشتیی حیزبێکی گەورەیە، نزیک بە نیو میلیۆن دەنگدەری ناڕازیی لە هەردوو حیزبە مافیاکەی کوردستان، دەنگیان پێیداوە. ئەگەر پێیناکرێت، باشترە خۆی یان حیزبەکەی بە ئاشکرا رایبگەیەنن کە کاری ئەویش ( تمام شد). ئەگەر نا، ئەم بێدەنگییە زۆر و دوورودرێژە، جوبران ناکرێتەوە و خەڵکی کوردستان بە گشتیی و شارەکانی سلێمانیی و کەرکوک( ئیمارەتی نیللیی و سەوز) باجێکی زۆریان دا و پێویستە ئەم گۆمە بشڵەقێنرێت. ئەم هەلومەرجە سیاسییە، پێویستی بە سەرکردەیەکی جەریئو خاوەن روئیای سیاسیی و فیکریی هەیە.

یەکێک لە گەلۆرترین سیاسییەکانی دونیا، دۆناڵد ترامپە، لەم کەمپەینی هەڵبژاردنەی ئەمێریکادا، تەعبیرێکی جوانی لەسەر رۆڵی سەرکردە باسکرد. بە باوەڕی ئەو، سەرکردە هەر بیربکاتەوە، بۆچی بیرکردنەوەی گەورە( Think big ) بەخەیاڵیدا نەیات. ئەو پێیوایە بۆ ئەوەی شتە گەورەکان بە ئاکام بگەیەنیت(accomplish big things ) زۆر ئەساسییە کە روئیەیەکی جەریئانە و روئیایەکی روونت هەبێت. ئەم روئیایە، ئەم دیدە سیاسییە جەریئانەیە، لای رێگشك، سەرلەبەر و لەماوەی ئەم ساڵ و نیوەدا، بوونی نەبووە. لە سیاسەتدا، بێدەنگیی و بێڕوئیایی، سەرکردە بەرەو فەنابوون دەبات. ئەوەی تا ئێستا ئەم پیاوەی هێشتووەتەوە، ئەو پۆپۆلیزمە سیاسییەیە کە هەر لەتەنکاوەکاندا قسەی کردووە و نەچووەتە ناو وردەکاریی ریشە سیاسیی و فیکرییە جۆراوجۆرەکانەوە. بە قەولی گەنجی ئەم رۆژگارە، ئەم پیاوە هەمیشە لە عمومیاتدا، قسەی کردووە و نەچووەتە ناو تەفاصیڵەوە. ئەمەش پۆپۆلیزمی سیاسیی، کولتووریی و کۆمەڵایەتییە. لە کاتێکدا مرۆڤی سیاسیی خاوەن دید و روئیا، دەبێ بە جورئەتەوە بچێتە ناو قووڵایی و تەفاصیڵەکانەوە، رێنمانیی حیزبەکەی خۆی و جەماوەریش بکات.

سەرکردە و تەحەدای سیاسیی

کاتێ سەرکردەی سیاسیی، مەیدانی تەحەداکردنە سیاسیی و ئابوورییەکان، تەنگی پێهەڵدەچنن، پلانەکان و بەرنامەی حیزبەکەی تووشی سستیی و خاوبوونەوە دەبن، کاتێ دەزانێ جەماوەر لە حیزبەکەی دووردەکەونەوە و بەر رەخنەی دەدەن، دەبێ کۆمەڵێ هەنگاوی کرداریی، ثیۆریی و فیکریی بنێت بۆ ئەوەی مۆبەڵایزی خەڵک بکاتەوە. لە رێگەی تۆڕە فراوانەکانی حیزبەکەیەوە، بەهاوکاریی کەسانی پسپۆر و شارەزا، لە چالاکوان و گەنجانی تازە پەیدابوو، تۆڕێكی گەورە دروست بکات و تۆڕە کۆنەکان هەڵبوەشێنێتەوە. تیمە کۆنە لاوازەکان، بەرکەنار بخرێن و تیمی نوێ دابڕێژرێنەوە. ستراکتۆری ئۆرگانە حیزبییەکان، سەرلەنوێ بنیات بنرێنەوە. ئاراستە و ستراتیژی نوێ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و دەستبەرداری ئەو قیڕەقیڕەی فاشیزمی کوردایەتیی و فاشیزمە ئابوورییەکەی دەوڵەتی کوردیی ببن و فیکری سیاسیی نوێ، لەناو خەڵکدا مۆبەڵایز بکەن .
رێگشگ، دەبێ گۆڕانی سەرەکیی لە بونیادی حیزبەکەیدا بکات. مۆبەڵایزی مەعریفەی سیاسیی و توانای گەنجان بکات و سوودیان لێوەربگرێت و پیروپەککەوتەکان، ئەوانەی نە زمانی قسەکردنیان هەیە و نە توانای نووسینی بەیاننامەیەکیان هەیە و نە جورئەتیش دەکەن، دڵی حیزبەکانی تر بڕەنجێنن، هەموو شتێک لای ئەوان، بەرژەوەندیی ماددیی خۆیانە… ئەمانە، دەبێ پەراوێز بخرێن. لەسەروو هەمووشیانەوە، ئەوانەی بە حەشیشی کوردایەتیی، بە فاشیزمی طائیفیی و مەذهەبیی مودمینن و بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەچنەوە ناو پرۆژە طائیفیی و پرۆکسییەکانی ئەردۆغان و کاسبییەکەیان دەچێتەوە، ناو ئەجێنداکانی تورکیا و پارتییەوە، دەبێت تا رادەی بەرکەنارخستنی یەکجاریی، دووربخرێنەوە… وێڕای دەیان تەحەدای تر.

“نفوذ”ی سیاسیی لەسەر کۆی کایە سیاسییەکان، کاریگەریی زۆر زیاترە لە دەسەڵاتداریی و هەیمەنەی دەسەڵات. ئەوە نفوذە، ئەوە روئیای سیاسیی روونە کە پلاتفۆرمی سیاسیی رەنگڕێژ دەکات. هەر سەرکردەیەک، پلاتفۆرمی سیاسیی بۆ حیزبەکەی و بۆ جەماوەر پێ نەبێت، بەشێنەیی کۆتایی بە ژیانی سیاسیی دێت. پلاتفۆرمی گۆڕان، لە ئێستادا، ئەوپەڕی سەرگەردانیی سیاسیی پێوەدیارە و کەس بەکەس نییە. ئانارشیزمێکی سیاسیی پەیدا بووە، هەریەکەی لە ئاوازێک دەخوێنێت. دونیای سیاسەتی کوردیی، بە شیعری حەماسیی، بە وتاری عاطیفیی ، بە چەلەحانێی کوردەنامووسیی و خورافییاتی کوردایەتیی، بەڕێوە ناچێت.

نەتەوەییە نەژادییەکانی ناو گۆڕان، چەند توند بن لە گەڵ پارتیی و چەند حەماسیان هەبێت؟ لە بچووکترین پێچەڵێ سیاسییدا، گومانی ئەوەیان لێدەکرێ، بەهۆی عاطیفەسازیی و حەماقەتی کوردایەتییەوە، بەهۆی رەیعی نەوتەوە، لە دواجاردا، خزمەتی پرۆژە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەردۆغانیزم و کوردایەتییەکەی پارتیی بکەن. دەیان دۆکیومێنت و بەڵگە، مێژووی سیاسیی ئەمجۆرە کادیرانە، لەماوەی ئەم چەند ساڵەی پارتیی و یەکێتیی، نەوت دەفرۆشن، پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵام ئەمە هەر خەتای ئەوان نییە، بەڵكو خەتا سەرەکییەکە، وەهمی گۆڕان بوو بە پرۆژەی فاشیلی ئابووریی سەربەخۆ، بە بیزنسی دەوڵەتی کوردیی، بە حەتحەتۆکەکان و لوعبە موخابەراتییەکانی تری نێوان ئەردۆغان و بارزانیی.

عوقدەی کورد و ئێرانییە صەفەوییەکان

لەناو سکۆلارە مێژوونووسەکاندا، لەسەر رەچەڵەکی صەفەوییەکان، دوو بۆچوون هەن و هیچیان بە دۆکیومێنت پشتڕاست نەکراونەتەوە و هەردوو بۆچوونەکەش ئارگیومێنتی خۆیان هەیە. بۆچوونێکیان پێیوایە کە صەفەوییەکان، بە رەچەڵەک لە تورکە ئۆغوزەکانن کە لە سەرەتای چەرخی ١٠ و ١١ ەوە، کۆچێكی بەرینیان لە ئاسیاوە ( لە مەنگۆلیا و قیرقیزستانی ئێستاوە) کردووە. بۆچوونێکی تریش دەڵێ رەچەڵەکیان تێکەڵەیەکە لە کورد، قزڵباشیی و ئێرانییە دێرینەکان، بە کوردستان و تورکمانستانیشەوە. ئەوەی کە ئەنثرۆپۆڵۆجیستەکان و موئەریخەکان ساغیانکردووەتەوە، عوثمانییەکان بەتایبەتیی لە جوغزی زمانناسیی و ئایدێنتیتی، کولتوور و زمانەوە، هابیتۆسی تورکە ئۆغوزەکانیان وەرگرتووە و درێژەیان پێداوە.

لەم نێوەدا، تیرە و هۆزە کێوییەکانی کورد، لەسەرەتادا خۆیان بە ئێرانیی زانیوە ( بە میزۆپۆتامیای جارانیشەوە) و داکۆکییان لە ئێرانییبوون و لە صەفەوییەکان کردووە. ئەم دوو ئیمپراتۆریایە، دوو ڤێرژنی جیاوازی شیعیی و سوننییان بۆ برەودان بە قەڵەمڕەوییەکانیان، بەکار هێناوە. بەهۆی گەشەکردنی حیقدی طائیفیی و مەذهەبیی لەنێوان عوثمانییە سوننەکان و ئێرانییە صەفەوییە شیعەکاندا، بەهۆی فڕوفێڵ، لە گیرفانکردن و بەڵێندانی سیاسیی و ئابوورییەوە، زۆرینەی رەهای سەرۆک هۆز و تیرە کوردییە شاخاویی و شوانکارەییەکان، لایەنگرییان لە لەشکری عوثمانییەکان کردووە و بەیعەتیان داوە. ئەم خۆساغکردنەوەیەی زۆرینەی کوردەکان بەلای عوثمانییەکاندا، یەکێکە لە فاکتەرە هەرە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی تورکە عوثمانییەکان بەسەر ئێرانییە صەفەوییەکاندا، لەشەڕی چاڵدێراندا، یەکێکیشە لەو فاکتەرانەی کە کورد، لە پرۆژەی دەوڵەتداریی و سەربەخۆیی دوور بخاتەوە.
ئێستا، پاش تێپەڕبوونی پتر لە پێنج صەد ساڵ بەسەر ئەو شەڕە گەورەیەدا کە باڵادەستیی عوثمانییەکانی لێکەوتەوە و کوردستانی ئێستای عێراق و بەشێکی زۆر لە جیۆگرافیای ناوچەکە، بەتەواویی کەوتنە ژێر قەڵەمڕەویی عوثمانییەکانەوە، بە درێژایی ئەو مێژووە، هەمیشە ئەم باوباپیرانەی ئێمەی کورد، بەهۆی دەمارگیریی طائیفیی و مەذهەبییەوە، بە ڤێرژنی جیاواز و بە میثۆدی جیاواز، رقیان لە ئێرانییەکان و لە شیعە بووە و هەمیشە عەمالەت و نۆکەرایەتییان بۆ تورکە عوثمانییەکان کردووە. وێڕای هەموو ئەو مێژووە دێزەی باووباپیرانمان، ئەو هەموو وەلائو رەعییەتەی بۆ ئیمپراتۆریای عوثمانییەکانیان پێشان داوە، ئەگەر بە قەبارە و بە چەندایەتیی ئەژماردی بکەیت، لە پێنج صەد دانە ساڵدا، بە ئەندازەی ئەم پێنج ساڵەی دواییان نەکردووە کە رائیدەکانی دەوڵەتی کوردیی و مافیا ئۆریجناڵەکانی کوردایەتیی بۆ تورکیای نیۆعوثمانیی و ئەردۆغانیان کردووە.

ئایا ئەم ویلایەتە لەعنەتییە کوردییە و ئەم شێخنشینییە نەوتییەی ئەردۆغان و ئۆغلو کە بەڵێینان بە شێخەکانی کوردایەتیی داوە، تا کەی دەبێ لێی نەدرێ و بە جورئەتەوە، تەحەدای نەکرێ؟ تا کەی رێگە بدرێ گەلی کورد، کێشە سیاسییەکەی و کێشەی نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، کێشەی خودی ژیان و برسییەتیی، بۆ شاردنەوەی گەندەڵیی و دزییەکانی رابەرانی کوردایەتیی، بکرێ بە کێشەیەکی طائیفیی و مەذهەبیی؟ بەڵێ، لێسەندنەوەی ئەم بیرە نەوتانە و ئەم قاچاغچییەتەی نەوت لە تورکیا ، لە پارتیی و لە شەریکە دزەکانی پارتیی( یەکێتیی)، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و دەبێ بە جورئەتەوە دەستی بۆ ببردرێ. ئەمەش بەبێ لێدان لە سەری رزیوی کوردایەتیی و لە سیمبۆڵەکانی کوردایەتیی، مەیسەر نابێت.

گۆڕان، دەیتوانی لای کەمی ئەمە بکات و لە رێی حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە بیکات، بەڵام بەهۆی کارتە نەژادیی، طائیفیی و مەذهەبییەکانی پارتییەوە، بە هۆی ئەوەی مەعدەنی ئەصڵیی گۆڕان، لە ئاسن، پلێت و بورغووەکانی کوردایەتییەوە، تەجمیع کراوە، توانای تەحەداکردنی نییە و ناسیۆنالیزمە نەژادییەکە و خورافاتەکانی کوردایەتیی، کۆتی عەقڵی گۆڕانیان کردووە. گۆڕان، شەهامەتی سیاسیی و فیکریی تێدا نییە کە ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت، چونکە بەشێکی زۆر لە مەعدەنی قیادیی و کادیرەکانی، هەمان مەعدەنە نەژادییە-طائیفییەکەی پارتییە و پارتییش، زۆر بە باشیی تەشخیصی یەک یەک دەمارە نەژادیی و دەمارە طائیفییەکانی سەرجەم حیزبە کوردییەکانی تری لە کوردستانی عێراقدا، کردووە.
چەندین ساڵە، نیۆعوثمانییەکان، لە رێگەی کۆمەڵێ مورتەزیقەی کوردایەتییەوە، لە رێگەی کۆمەڵێ قائیدی دزی کوردایەتییەوە، بە خەیاڵاتی خۆیان خەریکی راژەنینی زیندووکردنەوەی ویلایەتی موصڵ و لکاندنەوەین بە تورکیاوە کە زۆربەی کوردستانی عێراق( بە کەرکوکیشەوە) لە خۆ دەگرێ. لەلایەک، بەهۆی ئەم حەشیش و کۆکایینەی کوردایەتیی بۆ تەخدیرکردنی رای گشتیی و بزواندنی حەماقەتی نەژادیی، گوایە کورد، دەبێ بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ؟ ی خۆی و نەوتەکەیشی بۆ خۆی؟! دەبێت، بازاڕێکیان لە حەماقەتی سیاسیی دروست کردووە کە زۆرینەی کادیر و سیاسیی حیزبەکانی تریش، بە کۆرس دەیانقیڕاند.

لە لایەکی تریشەوە، هەرکەسێ بچووکترین رەخنەی هەبووایە، خێرا و لێکدا لێکدا، تەخوینیان دەکرد و بە پیاوی ئێران و شیعەیان لە قەڵەم دەدا. لە کاتێکدا خۆیان نۆبەرەی جاسوسیی و مورتەزیقەییان بۆ ئێرانییەکان( شاهەنشاهیی و ئیسلامیی) دەستپێکردووە. سەرگرتنی ئەم هەموو شەپۆلە لە تەخوینکردن و بازاڕگەرمیی ئەم کوردایەتییە ئۆریجناڵە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رائیدەکانی کوردایەتییە عادییەکە، شەهامەتی سیاسییان تێدا نەبووە لە جوغزی فیکریی و سیاسییەوە، بەرەنگاری ئەم فاشیزمە سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی و کولتوورییە، ئەم فاشیزمە نەژادیی، طائیفیی و مەذهەبییە، ببنەوە. بە پێچەوانەوە، زۆرجار خۆیان کەمپەینیان بۆ کردووە.

کاتێ پارتیی بە عەنتەرییاتی کوردایەتیی، پارلەمان و پرۆسێسی سیاسیی لە کوردستاندا لەکار دەخات، رێک لەو ئەکتە سیاسییەی ئیتیحاد و تەرەقیی سەردەمی سوڵطان عەبدولحەمیدی دووەم دەچێت کە دەستوریان هەڵپەسارد و بە ” مەشروطییەت” هەمووانی ناچارکردەوە کە روو لە بابولعالیی ( طۆپ قاپیی) گەنجە تورکەکان، بکەن. ئێستا بابولعالییەکە، یان طۆپ قاپییەکە، ئەو موئەسەسە فاشیل و فاسیدەیە کەناوی نراوە( سەرۆکایەتیی هەرێم) و شەخصی سەرۆکی پارتییش، رۆڵی میرە کوردێکی ناشەرعیی دەگێڕێت.
کاتێ گۆڕان لە طۆپ قاپیی کوردایەتییەوە، فەتوای دەرکردنی لە پارلەمان و لە حکومەت دەدرێ، لەبەرامبەردا، گۆڕان لەو ماوە زۆرەدا، جورئەت نەیگرت و شەهامەتی ئەوەی نەبوو، بەبەرچاوڕۆشنییەوە لەم حکومەتە مورتەزیقە، لەم حکومەتە فاشیل و فاسیدە بێتەدەرەوە. ئێستاش دەیان کادیر، پارلەمانتار و راوێژکاری ساقیطی کوردایەتییان هەیە، چاویان لەوەیە لە طۆپ قاپیی پایتەختی کوردایەتییەوە، لێبووردنی گشتییان بۆ دەربکەن و بگەڕێنەوە دونیای غەزوبەزی دەوڵەتە کوردییە موخەڕیب و عەمیلەکە.
باووباپیرانی ئێمە، پتر لە پێنج صەد ساڵ نۆکەرایەتیی و عەمالەتیان بۆ تورکە تۆرانیی، عوثمانییەکان( تا بە نیۆعوثمانییەکان دەگات) و فاشیزمی ( تورکیی-سوننیی- مەذهەبیی و میللییگەرایی مورتەزیقە) کردووە. ئایا دەکرێ نەوەی نوێ، نەوەکانی ئاییندەش، هەر درێژە بە حەماقەتی ئەم باجدانە طائیفیی، مەذهەبیی و نەژادییە بدەن؟ هەموو ساڵەکانی تر بەلاوە بنێ، باشە، پێنج ساڵ بەس نییە بۆ ئەوەی کەسێک بە خۆی بڵێ سیاسیی و قسە لەچارەنووسی گەل و نیشتمانێک بکات، فێی کوردایەتیی و خوزیعبەلاتەکانی دەوڵەتی کوردیی بەری نەدات و بە شەهەماتەوە، شەق لەم صەنعەتە زەلیل و لەم هەڕاجە سیاسییەی فاشیزمی کوردایەتیی نەدات.

گۆڕان و پرسی کورد!

لە تازەترین دەرکەوتنی رێگشگ، لە لەندەن، داوا لە کادیرەکانی گۆڕان دەکات، گۆڕان، لەبەردەم گفتوگۆیەکدایە کە لەم هەلومەرجە سەختەدا، چیی بکات؟ هەروەها پێیوایە بیروبۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی گۆڕان چیی بکات؟ بەڵام هەموویان لە روانگەی دڵسۆزییەوە بۆ پرسی کورد و بۆ بزوتنەوەی گۆڕان…سەرچاوە دەگرن… تاد. باشە بەڕاستیی، گرفتی گۆڕان، گرفتی کێشەی سیاسیی گەلی کوردە ( ئەوەی ناو نراوە پرسی کورد)؟ ئایا بەڕاستیی، گۆران لە کوێی ئەم پرسەدا وەستاوە؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ورد و پانوپۆڕی ئەم پرسیارە بدرێتەوە، دەبێ ئاوڕێک لە مێژووی سیاسیی بزوتنەوە سیاسییەکانی کورد و ئەو مەرجەعە سیاسییانە بدرێتەوە کە ئەم بانگەوازە دەکەن و خۆیان بە خاوەنی ئەم کێشەیە یان ئەم پرسە، دەزانن.
روانگەی دڵسۆزیی، بەدەر لەوەی تەعبیرێکی زۆر عاطیفیی و لاواندنەوەیە، لە دوورونزیکەوە، پێوەندیی بە پارادایم و مۆدێلە سیاسییەکانی کێشەی گەلی کوردەوە نییە. سەرەڕای ئەوەی لە هەموو مێژووی کۆن و نوێی عێراقدا، لە هەموو مێژووی کۆن و نوێی ئەو وڵاتانەی جیۆگرافیای کوردستانیان تێدایە، هیچ کاتێ وەکو ئێستای عێراق، پرسی سیاسیی کورد، کاڵ نەبووەتەوە. شتێک هەیە بەناوی پرسی چەند حیزبێکی مورتەزیقە و پرۆکسییەوە کە کێشەی سەرەکییان ئەوەیە کامیان زۆرترین خزمەت بە وڵاتانی ئیقلیمیی بکەن و کامیان لە پاداشتی ئەم مورتەزیقەییەدا، زۆرترین تاڵانیی و چەتەگەرییان لە سامانە سروشتییەکانی کوردستان، بەردەکەوێت؟ هەروەها، کامیان لە دزیینی دارایی ئەم نیشتمانەدا، پشکی باشتریان دەبێت.

راستییەکەی جگە لەو کێشانەی کە ناونراوە، ناوچە جێناکۆکەکان، ئەگەر روئیای نیشتمانیی لەناو حیزبە کوردییەکاندا هەبووایە، چارەسەرکردنیان ئاسان دەبوو. لە راستییدا، چونکە حیزبە کوردییەکان، ئەجێندای دەرەکیی و ئیقلیمیی جێکەوت دەکەن، خۆیان موخەڕیبن و زۆرترین زیانیان لە پرسی سیاسیی کورد و جیۆگرافیا سیاسییەکەی داوە( پارتیی بۆ نموونە، هەرگیز نەیویستووە کەرکوک بەشێک بێت لە کوردستان، بەڵام نەوتەکەی دەوێت). هەرگیز نایانەوێ پرسی کورد، کۆتایی پێبێت، بەڵكو دەیانەوێ ئەم تیجاڕەتی کوردایەتیی و دزیینی دەیان ملیارد دۆلارییە، درێژەی هەبێت.
ئێستا، دوو پارادایم و دوو مۆدێلی سیاسیی بۆ پرسی کورد لە ئاستی کوردستانەکان و ناوچەکەدا هەن. ئەم دوو روئیایە لە دوو کامپی جیاوازەوە، مەرجەعییەتی سیاسیی و فیکریی وەردەگرن و لە پراکتیک و لە دیدی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییشەوە جیاوازییان هەیە و بگرە کۆنترادیکتی( موتەناقیض) یەکترییشن.

1- پارادایم و مۆدێلی پەکەکە، خۆی لە هەدەپە، پەیەدە، یەپەگە و هەموو لقوپۆپەکانی auxiliaries نزیک لە پەکەکەدا، دەبینێتەوە. ئەم پارادایمە، لەسەری سەرەوە، تەجاوزی ناسیۆنالیزمی نەژادیی- کوردیی و کوردایەتیی کردووە. مۆدێلێکی نیشتمانیی، مۆدێلی پێکەوەژیانی نەژاد، نەتەوە و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی پێشکەشکردووە و کاری لەسەر دەکات. وێڕای ئەوەی فاشیزمی تورکیی و مەذهەبیی، فاشیزمە طائیفییەکەی تورکیا و میحوەری ئەهریمەنی سوننیی، نەیاری ئەم پارادایمە پڕ لە تۆلێرانسەن، بەڵام، لە چاو کوردایەتییدا، پارادایم و مۆدێلی سەرکەوتووترە، وێڕای ئەوەی زۆر گەنجتر و جەوانترە لە پیرەخەڵەفاوی کوردایەتیی. هەموو ئەمانەش بۆ جورئەتی سیاسیی و عەقڵانییەتی شەخصی یەکەمی ئەم پارادایمە دەگەڕێتەوە کە ئۆجەلانە.
2- پارادایم و مۆدێلی موئەسەسەی ئۆریجناڵی کوردایەتیی، وەکو مەرجەع، خۆی لە( مەلا موصطەفا بارزانیی و پارتیی) دا دەبینێتەوە. هەروەها، بەهەموو ئەوانەی لە فەلەکی ئەودا دەسوڕێنەوە( یەکێتیی بەهەموو ڤێرژنەکانیەوە، حدکا و حدک-ئێران، یەکگرتوو، سەلەفەییەکان، ئیخوانییەکان، چەپە نەژادییەکان… لەگەڵ ئەکادیمیست و نوخبە بەیعەتچییەکانی کوردایەتییدا…تاد)، لەخۆ دەگرێت. هاوکات، مورتەزیقە هاوبەشەکانی ئەردۆغان و کوردایەتیی لە هەردوو کوردستانی تورکیا و سوریادا، لەخۆ دەگرێت. فەشەلی ئەم مۆدێلە تاڵانییەش، فەشەلی راستەوخۆی ناسیۆنالیزمی نەژادیی، عەصابەکانی کوردایەتیی و مەرجەعە سیاسیی و ئابوورییەکەیانە( کوردایەتییە چەتەگەرییەکە).

لەدەرەوەی ئەو دوو مۆدێل و ئەو دوو پارادایمە، بیرکردنەوە لە پرسی سیاسیی کورد، بەئەندێشەی ئەوەی روئیایەکی جیاواز نیشان بدەیت، بێئەملاوئەولا، دەچێتە خانەی یەکێکیانەوە، جا بەهۆی نزیکایەتیی بیروبۆچوونەکانەوە بێت، یان بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانەوە بێت. بە واتایەکی تر، بەهەدەردانی وزەی گەنجان و دەستخەڕۆکردنی نەوەی نوێیە، لە ئێستای کوردستانی عێراقدا، پرسی کورد بەو میکانیزم و میثۆدانەی کوردایەتیی ، هەڵبەسنگێندرێ و باس لە کێشەی سیاسیی کورد بکرێ. هەر ئەمەشە وایکردووە کە مەرجەعی کوردایەتیی، هەموو دەنگە جیاوازەکانی کوردایەتیی، بە یار و نەیارەوە، لە بەرژەوەندیی خۆیدا، مۆبەڵایز بکات و بیانکات بە دەستمایەی سیاسیی و بازرگانییان پێوە بکات و تاڵانیی زیاتریش بە ئابووریی کوردستانەوە بکات.
لە ئێستادا، بەشێکی زۆری رێکخستنەکانی گۆڕان، کادیرە عەسکەریی و سیاسییەکانی گۆڕان، پارلەمانتارە حەپەساو و راوێژکارە نەژادییەکان، تا رادەی پاڕانەوە و لاڵانەوە لە رێگشگ دەپاڕێنەوە کە قسەیەکیان بۆ بکات، رێگەیەکیان لەم هەموو گومڕاییە سیاسییەی قاچاغچییانی کوردایەتیی و ملیاردێرە سیاسییەکانی کوردایەتییدا پێشان بدات، وەکو منداڵی بێ سەرپەرشت، داوای لێدەکەن تەحەدای ئەم واقیعە سیاسییە تاڵە بکات، بەڵام ئەو بێدەنگە و خۆی داوا لە گۆڕان و قاعیدەکەی دەکات، چیی بکەن؟

وەهمی قائیدی ضەرورە و ئیجماعی کوردیی

ئەوەی پارتیی و ویلایەتە رەیعییە قۆنتەراتچییە کوردییەکەی کردووە بەم سەرەطانە سیاسییە و وەلائێکی زۆری بۆ تورکیا هەبێت و وەکو داگیرکاریش مامەڵە لەگەڵ سامانە سروشتییەکان، ئابووریی کوردستان و نەوەکانی ئاییندەدا بکات، شەریکە دزیی یەکێتیی، جەبانیی، داوەشاویی و بێسەرەوبەرەیی ئەم حیزبە فاشیلەیە. ساڵی پار لە توێژینەوەیەکدا( مەترسییە ستراتیژییەکانی ویلایەتی رەیعیی)، بە درێژیی باسم لە نەهامەتییەکانی ئەم ویلایەتە قاچاغچییەی بارزانیی و شەریکە دزەکانی( یەكێتیی) کردووە. کارەساتەکە ئەوەیە ، گۆڕان و “رێگشگ” تێڕوانێکی مەبدەئیی جیاوازتریان لە ناسیۆنالیزمە تاڵانیی و چەتەگەرییەکەی پارتیی و یەکێتیی، بۆ ئاییندەی کوردستان و مامەڵەکردن لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا( یان لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا) نییە. بە واتایەکی تر، دی ئێن ئەی DNA فیکری سیاسیی و بەتاڵیی مەغزی سیاسییان، هیی هەر هەموویان هەر دەگەڕێتەوە سەر خێڵی جامبازە سیاسییەکانی کورد( کوردایەتیی).

پارتیی، بەهۆی باڵادەستبوونی بەسەر ویلایەتە نەوتییەکەدا، ئەردۆغان و فاشیزمی ( تورکیی-عەرەبیی- سوننیی) لەگەڵ حیلفە طائیفییە مەذهەبییەکەیاندا، وەکو وەلەدی شەرعیی، مامەڵە لەگەڵ بارزانیی و عەشیرەتەکەی دەکەن. پارتیی، بە دەیان میلیارد دۆلاری لە بانکە حیزبیی و شەخصییەکانیدا کۆکردووەتەوە. ئەم حیزبی پێ دەکڕێ و ئەو سیاسیی پێ لە خشتە دەبات و ئەخلاقی زۆرینەی حیزب، سیاسیی و نوخبەکانی کوردستانی شڕ کردووە. هەروەک چۆن خۆی، هەموو بەها و ئەخلاقێکی سیاسیی، ئینسانیی و کوردبوونیشی شڕ بووە. ئێستا قیادەکانی یەکێتیی، جگە لەوەی کۆمەڵێ لەعابەی سیاسیین، ئەرکانەکانی پارتیی، بە رۆبۆتی ویلایەتە نەوتییەکە، دەیانسوڕێنن. لە دوور و نزیکەوە، پێوەندییان بە حیزب و بە پرەنسیپی سیاسییەوە نەماوە. بەهۆی پەتای لەعنەتییەکانی کوردایەتیی، پارەی گەندەڵیی و مەعاشی ژێربەژێری ویلایەتە رەیعییەکە و گەندەڵییەکانی ئەم سیستەمە سیاسییەوە، بزانن بە مایکرۆسکۆپیش کادیرێکی یەکێتیی دەدۆزیتەوە لەناو هەزاران کادیری دەرەجە باڵادا کە رەخنەیەک لە سیاسەتی حیزبەکەیان و پاشکۆبوونەکەیان بگرن؟ بە پێچەوانەوە، بۆ شەڕی باڵە تاڵانیی و چەتەگەرییەکانی نێو خۆیان، هەر یەکێکیان بگریت، ژیژەکێکی ( فەیلەسوفە سلۆفاکییەکە) زۆر بڵێیە.

ئەگەر گرووپی “ناوەندی بڕیار” یان ناوەندی کڕدراو، وێڕای ئەوەی کە زۆربەیان لە دزە گەورەکان و میلیاردێرەکانی کوردایەتیین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، یەک دروشم، یەک هەنگاویان نییە، بە مووش لەگەڵ سیاسەتەکانی پارتیی و بارزانییدا، بەریەک بکەون. ئەمە رێکەوت نییە! بەڵکو زۆر بە بەرنامە کراوە. بە پێچەوانەوە، ئەوان، ئەگەر راستیان دەکرد، دەبووایە، پێش ئەوەی دژایەتیی دزەکانی ناو ماڵی تاڵەبانیی و ئیبراهیم ئەحمەد بکەن، دژایەتیی دزە هەرە گەورەکانی ماڵی بارزانیی و مورتەزیقەبوونی ویلایەتە رەیعییەکەیان بکردایە. بە باوەڕی من، ناوەندی بڕیار، ناوەندێکی مورتەزیقەن ( بەدەستی سێ و چوار) دەڵاڵی سیاسەتەکانی پارتیین و پلانی ( A )ی پارتیی بوو، بۆ تێکشکاندنی ئەو رێککەوتنە هەشاشەی نێوان رێگشگ و ماڵی تاڵەبانیی.
پلانی( B ) ی پارتیی، ئەو سەرکردانەی یەکێتیی لە خۆ دەگرێت کە مەلەفی حەساسی ئیستیخباراتیی و تەنانەت سکانداڵی ئەخلاقییان هەیە، یان بە پارەی رەیع، بە شەریکایەتیی نەوت و بە دزینی صەدان میلیۆن دۆلار لەگەڵ ئەرکانەکانی پارتییدا شەریکن( لە دەرەوەی شەریکایەتییەکانی ماڵی بارزانیی و تاڵەبانیی). هەر رۆژەی گارەگارێکی کوردایەتییمان لەمانەوە گوێ لێ دەبێت. یەکێکیان لە موئەسەسەی فاسیدی “مێری”ەوە، لە کەڕەنای کوردایەتییەوە، دەقیڕێنێت و یەکێکیان لە کەرکوکی کۆکتێلەکەی( قودس و دڵ) ی کوردستانەوە، سیاسەتەکانی پارتیی جێکەوت دەکات و هەندێکی تریشیان، وەکو کارتی یەدەک، بۆ رۆژی خۆیان و تەوقیتی هەڵبژێردراوی( ئەجێنداکانی پارتیی ) دانراون.
ئەگەر پارتیی، فشاری بۆ بێت، ئامادەیە پلانی ( C )یش جێکەوت بکات و ئەوانەی لەم پلانەشدا، جێکەوت دەبن، کوڕە فاشیلەکەی تاڵەبانییە( قوباد) کە ئەوەندەی وەلائی بۆ ماڵباتی بارزانیی و سیاسەتە فاشیلەکانی نێچیرڤان هەیە، یەک لەسەر دەی ئەوەش وەلائی بۆ دایکی و بنەماڵەکەی خۆی نییە. هەموو ئەمانە بە زەبری پارەی ئێجگار زۆر دەکرێن. ئەم پارە زۆرەی دەستی ماڵی بارزانیی و پارتیی کەوتووە، دەستی تورکیای فاشیست و ئەردۆغانی سایکۆ کەوتووە، بەهۆی حەماقەتەکانی کوردایەتیی، دەوڵەتی کوردیی و ئیستیحمارییەکانی ئەو ناسیۆنالیزمە نەژادییە طائیفییەوەیە کە پارتیی زۆربەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و زۆرینەی نوخبە موهەڕیجەکانی پێ لغاو کردووە. سیاسەتێک کە چەندین ساڵە، کەمپەین بۆ شەڕی طائیفیی نێوان نەژادی کورد و شیعەی عەرەب ، کوردی سوننیی و عەرەبی شیعیی دەکات و پرۆژەی سیاسیی کوردیشی خستووەتە خزمەت سیاسەت و ئەجێندا پانتورکیی و پاننیۆعوثمانییەکانی ئەردۆغانەوە.

بارزانیی: قائیدی ضەرورەی کوردایەتیی

ئەوەی ئەمێریکا، رۆژئاوا، ئێران و دەوڵەتی عێراقیش مامەڵە لەگەڵ رائیدە فاشیلەکانی دەوڵەتی کوردیی و ماڵی بارزانییدا دەکەن، لێهاتوویی بارزانیی و ئەمری واقیعی سیاسیی نییە، بەڵکو پاشکۆبوونەکەی یەکێتیی، تەنازولاتەکانی تاڵەبانیی، بێدەنگییەکانی نەوشیروان موصطەفا، پرۆکسییبوونەکەی یەکگرتوو بۆ تورکیا… و وەهمی ئەو هەموو سیاسییە زۆرگۆیانە و ئەو هەموو موهەڕیجە ئەکادیمیست و نوخبە هەزیلانەیە کە حەماقەتەکان، فشەکان و درۆکانی کوردایەتیی، لغاوی کردبوون. بە لوقاحی ناسیۆنالیزمی نەژادیی، بە نەعرەتەی وەهمی طائیفیی، بە دەستوری ناسیۆنالیزمە دینیی و مەذهەبییەکەی ئەردۆغان و دروستکردنی ویلایەتێکی رەیعیی سوخرەکێش، نەک هەر تەفرەیان خواردبوو، بگرە رۆڵیان لەو هەموو گەڵەگاییەشدا هەبوو کە پارتیی و والیی ویلایەتەکە، قەڵەمڕەوییان پێوەی گرتبوو.
ئەوەی کە مالیکیی وا دەکات هێرش بکاتە سەر گەلی کورد لە عێراقدا، ئەوەی وا دەکات کە سیاسییەکانی عێراق، بارزانیی بەو هەموو موکەسارەتە سیاسیی و ئابوورییانەشەوە هەر بە واجیهەی سیاسیی کورد بزانن، هەر خەتای ناسیۆنالیزمە عێراقیی و ناسیۆنالیزمە شیعییە-مەذهەبییەکەیان نییە، بەڵکو خەتای سەرەکیی ئەوەیە کە گۆڕان و لەعابەکەی دەستی پارتیی( یەکێتیی)، لە ئاستی عێراق و کوردستاندا، خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی سیاسیی جیاوازتر لە پارتیی، نیین. ئەوە گۆڕانە وەهمی بە ئابوورییە تاڵانییە سەربەخۆکەی ئەردۆغان-بارزانیی هەبوو، ئەوە کادیر و نوخبەکانی گۆڕان بوون، خورافەی ئیجماعی کوردیی( کەرایەتیی کوردیی) یان تەخشان دەکرد و فوویان لە پشکۆی ناسیۆنالیزمە چەتەگەرییەکەی پارتیی دەکرد و خورافاتی کوردایەتییان هەڵدەقوڕاند.
ئەوە راگەیاندنی گۆڕان، یەکێتیی، ئیسلامییەکان و دونیای هەزیلی ئەکادیمیستە نەژادییەکانی کورد بوو کە نەعرەتەی شەڕی طائیفییان لە دژی شیعە و حەشدی شەعبیی لێدەدا و پەیتا پەیتا، رەنگڕێژی سیاسەتە طائیفییەکانی حیلفی ئەردۆغان و پارتییان دەکرد. بارزانیی و حیزبەکەی، زۆر باش دەزانن، چۆن و لە کەیدا کارتی ئەحمەقکردنی ئینسانی کورد، بەناوی دەوڵەتمەداریی و خۆماڵییکردنی نەوتەوە بەکاربهێنن؟ ئەوە عەقڵییەت و مێنتاڵیتیی گۆڕانە، هێشتا هەمان بیرکردنەوەی میلیشیا مرۆڤکوژەکان و کوردکوژەکانی کوردایەتیی شاخی هەیە و لە دونیای بیزنس، سیاسەت و ئابووریی، لە دونیای گەنجانی نوێی کوردستان و هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق، کوردستان و ناوچەگە تێناگات و تا ئەم ساتەش، هەر بە “ربە”کانی کوردایەتیی، دانەوێڵەی سیاسەت، دەپێوێت.

گۆڕان و رێگشگ، دەتوانن چیی بکەن؟

کشانەوەی رەسمیی لە حکومەتێک کە دەرکراون، لە پارلەمانێک کە بەسەریاندا داخراوە، هیچ حەکیمێکی سیاسیی ئەم دەردەدڵییەی گۆڕان و ئەم موناجاتەی سەرکردەکەی نازانێ، جگە لەوەی وەهمیان بە پرۆژە بەتاڵەکانی کوردایەتیی هەیە. گۆڕان، ئەگەر خۆی لەم عوقدە سیاسیی، فیکریی و ئایدیۆلۆژییەی دەوڵەتی کوردیی و موشتەقاتەکانی رزگار نەکات، لەباری سیاسیی و فیکرییەوە، هیچی پێناکرێت. گۆڕان و رێگشک، بۆ ئەوەی جورئەتی سیاسیی پەیدا بکەن و بۆ ئەوەی بەرچاوڕۆشنیی خۆیان بۆ خەڵک بەیان بکەن، دەبێ بەعەزم و ئیرادەی سیاسییەوە بەرەنگاری ئەم دەماغسزییەی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە نەژادییە مورتەزیقەکەی بارزانیی ببنەوە.
لە ئێستادا، ئەوە حکومەتی عێراق و شیعەکان نیین کوردیان ریسوا کردووە، ئەوە کوردایەتییەکەی دەوڵەتی کوردییە کە گەورەترین تەحقیری سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بە گەلی کوردستان، ئاییندەی نەوەکانی ئێستا و ئاییندە، دەکات. ئەوە سەرەطانی کوردایەتییە کە بووەتە هۆکاری ئەوەی مرۆڤی کورد، لەوپەڕی سقوطی سیاسیی و فیکرییدا رابگرێ و بەم هەموو دزیی و تاڵانییەی مافیاکانی کوردایەتیی، هێشتا مووی لەشی راست نەبێتەوە. ئەوە مەرجەعی ئۆریجناڵی کوردایەتییە کە پارەی نەوت و غازی کوردستان، لە قوڕگی ماشێنە جەنگییەکەی فاشیزمی ئەردۆغانیی دەکات و گەلی کورد و گەلانی سوریای پێ تیرۆرایز دەکات. ئەوە عوقدەی کوردایەتییە، وەکو گەورەترین لووی سەرەطانیی بەلاشەی شینهەڵگەڕاوی سیاسەتی کوردییدا، بڵاوبووەتەوە. تا ئەم سەرەطانە، بنبڕ نەکرێ، تا دەوڵەتی کوردیی مورتەزیقە، وەکو خیانەتێکی عوظما دەرهەق بە ئێستا و ئاییندەی گەلانی کوردستان، نەناسێنرێت، ناتوانرێت، سەرئێشە بۆ مافیاکانی کوردایەتیی دروست بکرێت و سنوورێک بۆ تیجاڕەت و پرۆکسییبوونە ئیقلیمییەکانی دابنرێت.

نەوتی کوردستان، دەبێ لە رێگەی دادگا باڵاکانی عێراقەوە، لە رێگەی پارلمانی عێراق و دەستوری عێراقەوە، لە پارتیی و لە شەریکە دزەکانی( یەکێتیی)بسەندرێتەوە. ئەمە باشترە پێش ئازادکردنی موصڵیش دەستی بۆ ببردرێ. پێش ئەوەی پرۆکسییەکەی ئەردۆغان، خۆی لەگەڵ هەلومەرجەکەدا بگونجێنێت، دەبێ گۆڕان و رێگشگ دەستپێشخەریی بکەن. گرینگە، گۆڕان، ترسی لە تەخوینە بەتاڵەکانی پارتیی نەبێت لە کاتێکدا، سیاسەتە پرۆ تورکیاییەکانی پارتیی، بە تەنیا، کووانوی خیانەتە عوظماکانە. گۆڕان دەبێ لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تری کوردستان و عێراقدا، لەگەڵ حکومەتی عێراق، هاوکاریی بکەن و مەلەفی نەوت و غاز لەدەست ئەم عەصابە و میلیشیا دزانە بسەننەوە. ئەم جەرائەتە سیاسییە، هەزاران جار، لەوە شەریفترە نەوتی کوردستانی عێراق بە تاڵانیی و بە موفت بدرێ بە ئەردۆغان و فاشیزمی تورکیی، گەلی کورد و گەلانی سوریای پێ قەتڵوعام بکرێ و خەڵکی کوردستانیش برسیی بکرێت. هەموو ئەوانە کاتێک دەکرێن، بە روئیایەکی سیاسیی روونەوە، بە فیکری باڵاوە، سەرقاپی ئەم زێرابی کوردایەتییە دابخرێت. دەبێ مەلەفی کورد و ئابووریی کوردستان، لە رێگەی حکومەتی عێراق، بەهاوکاری هێزە نیشتمانییەکانی تر، تەنانەت لە پارچەکانی تری کوردستان و کۆمیونیتییە نێودەوڵەتییەکاندا، لەدەست ئەم لۆبییانەی کوردایەتیی دەربهێنرێت.

پاش ئازادکردنی موصڵ، ئەگەری زۆر هەیە پارتیی بە دەستور و بە ئەجێندای تورکیا، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، شەڕێکی طائیفیی و نەژادیی لەگەڵ شیعەی عەرەب و ئێراندا ساز بکەن. کادیرە عەسکەرییەکانی باڵی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی، یەکەمین کارتن ئەم کارەیان پێ دەسپێردرێ و زۆر بە وەلائیشەوە، زۆر بە حەماسی ئیستیحماری کوردایەتییشەوە، دەیکەن. بە هۆی شەرعییەتی کوردایەتیی ، بەهۆی نەخۆشیی نەژادپەرستیی و بە ناوی کوردبوونەوە، کورد جارێکی تر دەخرێتە شەڕێکی طائیفیی گەورەوە کە ئەوسەری ئەم تۆنێلە دەیان ساڵی تر دەکێشێت، تا رۆشناییەکی تێدا بەدی بکرێ. کاتی ئەوە هاتووە ئەم گوتارە ئەنتی عێراقیی و ئەنتی شیعییە تێک بشکێندرێ.
کاتی ئەوەش هاتووە ئەم گوتارە پرۆ تورکیی Pro-Turkish، پرۆ داعشیی، پرۆسوننیی، پرۆ ئیخوانیی و پرۆ ئەردۆغانییە، بەر نەقیزە بدرێت. سەرەنجامیش، ئەم وەهمەی قائیدی ئەوحەد و ضەرورەی کوردستان، ئەم وەهمە ئیستیحمارییەی ( ئیجماعی کوردیی) دەبێ بخرێنە ژێر پێی نەوەی نوێوە. خەڵکی کوردستان، دەیانەوێ، نیشتمان، ژیان و ئازادییان هەبێت نەک موستەعمەرەیەکی مورتەزیقەی سەر بە تورکیا و ئەردۆغانیان بۆ چێبکرێت. ئەم بێدەنگییەی گۆڕان و “رێگشگ”یش، خۆشخەیاڵیی و وەهمە بە پرۆژە فاشیلەکانی کوردایەتیی و جۆرێکە لە تەخدیرکردنی رای گشیی و گەڕانەوە بۆ ناشیرینترین چەمکی سیاسەتی کوردیی” ئیجماعی تاڵانیی- کوردیی”.

کۆتایی
Larkoff, G. (2002). Moral politics. Chicago: University press




گه‌ڕان به‌دوای بوون له‌شیعره‌كانی ناشاد دا … وریا مه‌عروف

له‌ساڵی هه‌شتایه‌كانه‌وه‌ سیروان ناشاد ده‌ستی دواوه‌ته‌ نووسین و شیعر ئه‌زموونێكی له‌مێژینه‌ی له‌وبواره‌دا هه‌یه‌ و چه‌ندین كتێبی چاپ و بڵاوكراوه‌ی هه‌یه‌ لێره‌دا من باس له‌ شیعر ده‌كه‌م جیا له‌ نووسینه‌كانی تری، شیعر جیاواز لەژانرەکانی تری ئەدەب، پێویستی بەخوێندنەوەیەکی کەمێ تایبەت و وردترە له‌بارێكى هزرى ئارامدا ده‌توانى بگه‌ى به‌ بەکۆدە شاراوەکانی نێو دەقێکی دیاریکراو ناکرێ وەك خوێندنەوەی هەواڵێك لەڕۆژنامەیەكدا شیعر بخوێندرێتەوە.

ئه‌زموونى شيعرى ناشاد فراوانه‌ و خاوه‌نى چه‌ندين كتێبى شيعريه‌ به‌ڵام زياتر ده‌وه‌ستمه‌ سه‌ر تێكسته‌كانى كتێبى (عه‌وره‌تى گه‌ڵا) ئه‌و هه‌ميشه‌ له‌ هه‌وڵدايه‌ بۆ تاقيكردنه‌وه‌ى ڕێگه‌ و شێوازى نوێى نووسينى ده‌ق و قه‌تيس نه‌بوون له‌سه‌ر ته‌نها ڕێچكه‌يه‌ك، به‌دۆزينه‌وه‌ ته‌نها ڕێگه‌يه‌ك نه‌وه‌ستاوه‌ هه‌نگاوى ناوه‌ به‌ره‌و تاقیكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی دیكه‌ و دۆزینه‌وه‌ی زمانی دیكه‌ بۆ ده‌ربڕین، به‌وه‌ خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌كات هه‌ميشه‌ په‌نا ده‌بات بۆ كه‌شفكردنى ڕێگه‌ى ديكه‌ بۆ گوزارشتكردن له‌ ئازاره‌كانی مرۆڤ، خوێنه‌ر حه‌زده‌كات بكه‌وێته‌ دواى شعره‌كانى، وه‌ك زنجيره‌ك تا كۆتاييه‌كه‌ى بڕوات و ببينێت،. فۆرمى شعيرى ناشاد فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ و‌ زۆربه‌ى شيعره‌كانى شيعرى درێژن قه‌سيده‌ن، گێڕانه‌وه‌ى تێدايه‌ ڕووداوى تيدا باسكراوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك چيڕۆكى ناو مێژوو، هه‌وڵێداوه‌ له‌ ڕێگاى گێرانه‌وه‌ى رووداوه‌كان گوزارشت له‌ ناوه‌ڕۆكى شيعره‌كه‌دا بكات. له‌و شاعیرانەیه‌ كە دەخوازن مامەڵەیه‌كی جیاواز لەگەڵ وشەدا بكەن و خەمی دۆزینەوەی ڕێگا و وێنەی نوێیان هەیە، تاڕادەیەك خاوەنی تام و بۆنی تایبەتی شیعری خۆیه‌تى و دەتوانرێت سیمای شیعری بناسرێتەوە.

ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ ده‌قه‌كانی ناشاد بده‌ين زیاتر په‌یامی وشیارییان هه‌یه‌، به‌ جۆرێك كه‌ ده‌خوازێت مرۆڤ خۆی ڕیگه‌ی خۆی هه‌ڵبژێرێت به‌ره‌نگارى هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ بێت دێنه‌ ڕێگه‌ی، شیعره‌كانى هه‌وڵدانه‌ بۆ شكاندنی موقه‌ده‌س و ڕۆنانی دونیایه‌ك به‌بێ موقه‌ده‌س. لێرەوە دەمەوێت به‌شێوه‌يه‌كى گشتى ده‌رباره‌ى گه‌ڕان به‌دواى بووندا له‌ناو شیعرەكانی شاعیری كورد (سيروان ناشاد) بدوێم له‌ كتێبى شيعرى (عه‌وه‌ره‌تى گه‌ڵا) كه‌ كۆمەڵێك شیعری له‌خۆ گرتووه‌، هەوڵ دەدەم دنیابینی خۆم دەربارەی شیعره‌كانى بنووسم كە بۆ من جگە لە مایەی چێژ بەخشین، جێگای لە سەروەستانیش بوو، چونكه‌ ده‌قه‌ شيعريه‌كانى ناشاد ڕێگايه‌كن بۆ ده‌رچوون له‌ ناشادى، كۆمه‌ڵناسانه‌ و ده‌روونناسانه‌ ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر برينه‌كان و ژان و مه‌ينه‌تيه‌كانمان نيشان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى ره‌چه‌يه‌ك له‌خۆمان بده‌ين و بێينه‌وه‌ هۆشخۆ, هه‌روه‌ك له‌ شیعری سه‌وڵدا ده‌ڵێت:-

خودایه‌
تازه‌ دڵی چۆله‌كه‌یه‌كمان پێ ئاشت ناكرێته‌وه‌
به‌لێواری گوێسه‌بانه‌كه‌وه‌ بوو به‌ چلووره‌
ئیدی فرمێسكی ئه‌و منداڵه‌ لێمان خۆش نابێ
بێ گوناه له‌ ڕه‌حمی زه‌مه‌ندا مه‌یی
نوزه‌ی ئه‌و مێرووله‌یه‌ نابڕیته‌وه‌ به‌گه‌وره‌یی پێمان لێنا
شه‌وكوێربووین له‌ هاوه‌ڵی (یوسف) و گورگان خوارد چووین
خودایه‌
چ حیكمه‌تێكه‌ ئه‌م بوونه‌
چ سڕێكه‌ ئه‌م گه‌ردوونه‌
واین له‌ لووتكه‌ی ئۆرگازمی ته‌نهایی
به‌ چڵه‌پۆپه‌ی ژانه‌وه‌
كۆتایی چ مه‌رگه‌ساتێكمان به‌شبوو
هه‌ر له‌مان شیعردا ده‌ڵێت:-
به‌م قیبله‌ نوما ژه‌نگاوییه‌وه‌ چۆن له‌ تاریكستانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ هه‌ڵچووه‌ ڕێ ده‌ركه‌ین
به‌م جه‌سته‌ سووتاوه‌وه‌ ڕۆژ چۆن ده‌كرێته‌وه‌

ناشاد له‌هه‌موو شيعره‌كانيدا باس له‌ بوونى مرۆڤ ده‌كات و ئامانجى سه‌لماندنى وجوديه‌تى تاكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌كه‌وێته‌ دواى گشت و له‌ هه‌ژموونی كۆ ڕزگارى بێت و پێگه‌ى خۆى ديارى بكات له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا جگه‌ له‌ گه‌ران به‌دواى بووندا شاعير له‌ شعره‌كانيدا باس له‌ عه‌شق و خۆشه‌ویستی و نيشتمان و هاوڕێيه‌تى…هتد ده‌كات به‌ڵام ئه‌وه‌ى من لێره‌ ئامانجمه‌ و باسى لێوه‌ بكه‌م گه‌ڕانه‌ به‌دواى بوون، كه‌هەر كەڕەتێک دەیخوێنيتەوە، تێدەگەى ئینسان پڕە لە شکۆ و پێويسته‌ شكۆى خۆى نه‌خاته‌ مه‌ترسيه‌وه‌ به‌هۆى ترس و شه‌رمێكه‌وه،‌ وات لێده‌كات ئاسمانێكى نۆێ بۆ فڕين بدۆزيته‌وه‌ و له‌ په‌نجه‌ره‌يه‌كى ديكه‌وه‌ بڕوانيت، ڕه‌هه‌ندى ڕۆحى له‌ خوێنه‌ردا فراوان ده‌كات و واى لێده‌كات ديدگاى به‌رانبه‌ر شته‌كان بگۆڕێت و به‌جۆرێكى تر سه‌يرى دنيا و ژيان بكات، له‌م كۆپله‌يه‌ى خواره‌وه‌دا له‌ قه‌سيده‌ى عه‌وه‌رتى گه‌ڵادا ده‌ڵێت:
ناچمه‌وه‌ نێو دارستانه‌ چڕه‌كانى تاريكى و هه‌نگاوه‌كانم
به‌ غه‌يبانييه‌تى ڕێگا ناسپێرم
تخووبه‌كان هه‌ناسه‌ سڕه‌كانم ڕام ناكه‌ن
به‌گريان هاتم بێده‌نگ ناچم
ئه‌مه‌ گوزارشته‌ له‌وه‌ى مرۆڤ پێويسته‌ گه‌شه‌ بكات و گۆڕانكاري له‌خۆيدا بكات بۆ ئه‌وه‌ى ژيان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ڕابردوو هه‌رچه‌ندە ناخۆش و تاريك بێت ده‌كرێ سه‌ره‌تايه‌كى نوێ ده‌ست پێبكه‌ين و ببێته‌ وانه‌يه‌ك و هێزمان پێ ببه‌خشێ، پێویستە له‌ڕێگا دووباره‌كان لابدەین و سه‌يرى ئه‌و ڕێگايانه‌ نەکەین كه‌ بۆیان دياریكردووین‌ بێ ئه‌وه‌ى خۆمان بمانه‌وێ، لە دەقەکانیدا پێمان دەڵێ دەبێت نەچێنه‌وه‌ سه‌ر رێگه‌ى كه‌س و ئه‌و سنوورانه‌ بشكێنین کە تیایدا بەندکراوین، ئيتر لەوێیوە ده‌كه‌وێنه‌ دواى خوسته‌كانى خۆمان و بوونى خۆمان ده‌سه‌لمێنین، پێویستە مرۆڤ ئه‌و ڕێگايانه‌ بگرێته‌به‌ر كه‌ ڕۆحى ده‌توانێ پشووى لێ بدات.

له‌وانه‌يه‌ ناشاد ئازاره‌كانى خۆى به‌يان بكات له‌ تێكسته‌كانيدا، خوێنه‌ريش كه‌ ده‌يخوێنێته‌وه‌ خۆى له‌ناو شيعره‌كه‌دا ده‌بينێته‌وه، چونكه‌ كۆمه‌ڵگاى كوردى ڕێژه‌ى زۆرينه‌ى وه‌ك يه‌ك ژياوه‌ هه‌مووى ئازاره‌كانى له‌يه‌ك ده‌چێت،‌ (فرۆید) ده‌ڵێت: ((شاعیری ڕاستەقینە ئه‌و كەسه‌يه‌ كە دەزانێت چۆن خەون و خەیاڵاتەكانی دەكاتە بەرهەمی هونەری یان حەقیقەتێكی هەستپێكراو)). شيعره‌كانى ناشاد شيعرى درێژن له‌ ده‌قێكدا چه‌ندين لايه‌نى له‌خۆگرتووه‌ و كۆمه‌ڵێك ده‌رد و كێشه‌ مانيفيست ده‌كات، كه‌ له‌ ناخى زۆربه‌ى تاكى كورد دا هه‌يه‌ و په‌نگى خواردۆته‌وه‌، له‌ خوێندنه‌وه‌يدا هۆکارە‌ شاراوه‌كانى غه‌مگينى تاكى كوردت بۆ ده‌ره‌ده‌كه‌وێ، له‌كاتى خوێندنه‌وه‌ و ڕۆچوون و تێگه‌يشتن له‌ ده‌قه‌كان‌ وێنه‌ى شكانه‌كانى خۆتت ده‌كه‌وێته‌ به‌رچاو و به‌خۆت ده‌ڵێيت تيمارى بكه‌ و ئه‌م خوێنه‌ ڕاگره‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وايه‌ سه‌رله‌نوێ كه‌سێك بژيێنيته‌وه‌ و سه‌ر له‌نوێ ده‌ست به‌ هه‌نگاونان بكاته‌وه‌، له‌ ڕابردووی نه‌زانی و بێته‌ده‌ر و ڕێگای خۆی بگۆڕێ و ده‌ستی ئه‌وانی تر بگرێ، هه‌روه‌ك له‌ شیعری (به‌رده‌كانی گومان و په‌نجه‌ره‌كانی یه‌قین)دا ده‌ڵێت:
گه‌وره‌بووین و وه‌چه‌یه‌ك شه‌رم و ڕیسوایی له‌گه‌ڵماندا گه‌وره‌بوو
شه‌رم له‌و مناڵه‌ی تنۆكێك فرمێسكیمان نه‌كرده‌ یاقووتی گه‌ردانه‌ی مێژوو
شه‌رم له‌و خوشكه‌ی ئێستاش خوێنه‌كه‌ی له‌ قۆرتێكدا
نیگاری پاكیزه‌یی ده‌نه‌خشێنێ
شه‌رم له‌و ڕێزه‌خاڵانه‌ی له‌چه‌ناگه‌ و مه‌چه‌كی ته‌مه‌ن كوتامان
شه‌رم له‌كانی سۆزی چاوی ئه‌و لاوه‌ی له‌دوا هه‌ناسه‌یدا ده‌یگووت
كاشكێ ده‌مزانی بۆ ده‌مكوژن…؟!
شاعير له‌ شيعره‌كانيدا ئه‌وه‌ مانيفيست ده‌كا كه‌ مرۆڤ ئازاده‌ و ده‌بێت خۆى بێت و به‌ ڕێگاى خۆيدا بڕوات، مرۆڤ له‌سه‌ر هه‌قه،‌ پێويسته‌‌ به‌ره‌نگارى ئه‌وانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ كردويانه‌ به‌ كۆيله‌ و بوونيه‌تى خۆى لێ ده‌سه‌ننه‌وه‌ پێویسته‌ وشیاربێته‌وه‌ و هه‌قى خۆيه‌تى كۆت و به‌نده‌كانى بشكێنێت و بپچڕێنێت و ياخى بێت، كامۆ له‌باره‌ی روودانی كاتی یاخیبوونه‌وه‌ ده‌نوسێت: “یاخیبوون كاتێك رووده‌دات، كه‌ مرۆڤی یاخی هه‌ست بكات له‌ شوێنێك به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌سه‌ر هه‌قه”.




به‌ بۆچونی من سیاسه‌تی په‌یه‌ده‌ له‌ به‌شداری کردنی هێڕشی گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌ ‘ دا هه‌ڵه‌یه‌ … زاهیر باهیر

وه‌ك چۆن پێشتر له‌ گرتنی ‘ مه‌نبه‌ج’ پێشبینی هه‌ڵه‌ی به‌شداریکردنی په‌یه‌ده‌م کرد ، ئێستاش پێشبینی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی په‌یه‌ده‌ له‌ گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌ ‘ دا ده‌که‌م. به‌ڕای من شه‌ڕڤانانی ڕۆژاوا نابێت به‌شداری له‌ هێڕشی گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌ ‘ دا، له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی خواره‌وه، بکه‌ن‌:
• ده‌بێته‌ هۆی قوربانیدانێکی زۆر و شه‌ڕیش له‌ پێناوی ” شه‌ر دژی داعش ” ( که‌ قسه‌ی صاڵه‌ح موسلیم له‌ ستۆکهۆڵم ) هه‌ڵه‌یه‌ ، که‌ له‌ کاتێکدا کردنی شه‌ڕ‌ی داعش له‌ ئێستادا بۆ ئێمه‌ ، زه‌روور نییه‌.
• له‌ ئێستادا هێزه‌کانی ڕؤژاو ده‌بێت کار له‌سه‌ر به‌هیزکردنی خۆسه‌رییه‌کانی ناوخۆ بکه‌ن ، به‌تایبه‌ت کارکردن له‌ بواری بیناکردنه‌وه‌ی کۆبانی و هه‌ره‌وه‌زییه‌ ئابورییه‌کاندا، تاکو گه‌شه‌ به‌ ئابوری ڕۆژاوا بدرێت و که‌متر ببێته‌ پاشکۆی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ئه‌وروپا.
• شه‌ڕ به‌ گشتی و شه‌ڕی داعشیش به‌تایبه‌تی پێداویستییه‌کی یه‌کجار زۆری ده‌وێت‌، که‌ ئه‌مه‌ش له‌ توانای هێزه‌کانی ڕۆژاوادا نییه‌ و ده‌بێت ئه‌مریکا و ” وڵاتانی هاوپه‌یمان” بۆیان دابین بکه‌ن . ئه‌مه‌ش یانی نزیکخستنه‌وه‌ی زیاتریان له‌ ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانیان ، که‌ لێره‌شدا زیاتر زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن وه‌ك له‌وه‌ی سوودبه‌خش، بن .
• به‌رده‌وامبونیان له‌ شه‌ڕدا ده‌بێته‌ هۆی لاوازبوونیان ، که‌ ئه‌مه‌ش ئامانجی سه‌ره‌کی تورکیا و ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانیان ، ده‌هێنێته‌دی . وه‌کو زانراوه‌ و تێبینی کراوه‌ ، لاوازبوون ده‌تخاته‌ بارێکی خراپ و ناهه‌مواره‌وه‌ تا ڕاده‌ی قایلبونت به‌ مه‌رج و به‌نده‌کانی دوژمن و ناحه‌زانت.
• ‌هێڕشکردنه‌ سه‌ر ‘ ڕه‌قه‌ ‘ له‌ کاتێکدا که‌ هێشتا موسڵ نه‌گیراوه‌ته‌وه‌ ، له‌ تاکتیکی جه‌نگدا کارێکی سه‌رکه‌وتوانه‌یه‌ به‌وه‌ی که‌ به‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی جه‌نگ له‌ دووژمنت ده‌که‌یته‌وه‌ تاکو هێز و توانای دوژمن، که‌رت که‌یت. به‌ڵام ئه‌م تاکتیکه‌ سه‌ره‌نجام به‌ زیان له‌سه‌ر ڕۆژاوا ده‌گه‌ڕیته‌وه‌. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ئێستادا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ تورکیا و بارزانی و هه‌تا ئه‌مه‌ریکاو ڕه‌نگه‌ عێراق و ئێرانیش بیانه‌وێت ، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هێزی داعش ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ناو ناچێت بیانکه‌نه‌وه‌ به‌ سوریادا، به‌تایبه‌ت به‌شه‌ کوردستانییه‌که‌ی . ئا له‌م حاڵه‌ته‌دا کاتێك که‌ به‌شێکی زۆری شه‌ڕڤانان به‌ شه‌ڕی ڕه‌قه‌وه‌ هیلاك و سه‌رقاڵن، بۆ هێزه‌ په‌رته‌وازه‌کانی داعش ئاسانه‌ که‌ ئه‌وه‌ی بۆیان پلانکراوه‌ له‌ ڕۆژاوادا ، بیکه‌ن .
• ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌مه‌ریکا نه‌ ڕه‌چاوی کێشه‌ی کورد له‌ ڕۆژاوا ده‌کات و نه‌ نێتی باشیشی سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ هه‌یه‌ . ئه‌مه‌ریکا که‌ له‌ ئێستادا ده‌یه‌وێت شه‌ڕ دژی داعش بکات هیچ هێزێکی باشتر و کارامه‌تری له‌ شه‌ڕڤانان، له‌ سوریادا، بۆ ئه‌م کاره‌ ده‌ستناکه‌وێت . هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ که‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ تورکیادا سازشبکات تاکو ئه‌و هێزانه‌ به‌شداری شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌ ‘ بکه‌ن . ئه‌مه‌ریکا هیچ وه‌خت پشتی تورکیا و عێراق و هه‌تا ئێرانیش بۆ کورد نادات له‌ زه‌وی . دوای گرتنه‌وه‌ی ‘ ڕه‌قه‌’ گریمانێکی زۆر هه‌یه‌ که‌ نۆره‌ی شه‌ڕی دژ به‌ شه‌ڕڤانان بێت ، ئا له‌م حاڵه‌ته‌‌شدا بارودۆخه‌که‌ زۆر خراپ ده‌بێت و تاکه‌ ڕێگایه‌ك که‌ بمێنێته‌وه‌ له‌به‌رده‌م په‌یه‌ده‌دا، بۆ مانه‌وه‌ ، سازشکردنه‌ له‌ته‌ك ئه‌مه‌ریکاو و بارزانیدا،‌ داخوازییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و بارزانیش له‌سه‌ر داوای توکیایه‌ . ڕودانی ئه‌م گریمانه‌ش ‌ دژ به‌ هزر و ستراتیجییه‌تی ئۆجه‌لان و که‌مینه‌یه‌کی که‌می نێو په‌که‌که‌یه‌.
• دوژمنایه‌تی نێوانی خێڵه‌ سونییه‌ عه‌ره‌به‌کان و کورد به‌ گشتی و شه‌رڤانانی ڕۆژاوا خه‌ستتر ده‌بێته‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ قازانجی ناحه‌زان و دوژمنانی ڕۆژاوا ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ ، نه‌ك خودی ڕۆژاوا خۆی .

زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
09/11/2016




پێك …. فازڵ عه‌ززاوی


و: نه ژاد عزیزسورمێ

————————————-

هه‌رچه‌نده‌ من ، مه‌ست و خه‌مبارم و
توانای په‌یڤینم نییه‌
ده‌ستوورم پێ‌ بده‌ن بۆ دواجار
پیاڵه‌ به‌رزكه‌مه‌وه‌ و بخۆمه‌وه‌ :

پێكی ئه‌و كوێره‌ی له‌ تاریكیدا ده‌بینێ‌
پێكی ئه‌و لاڵه‌ی له‌سه‌رچیا ، له‌گه‌ڵ خوادا ده‌ئاخڤێ‌
پێكی ئه‌و كه‌ڕه‌ی گوێ‌ له‌ مۆسیقای ئه‌به‌دیه‌ت ده‌گرێ‌
پێكی ئه‌و شاعیره‌ی ئاگر له‌ خوداوه‌ند ده‌دزێ‌
پێكی خوا ، كه‌ جاری دادێ‌ دونیایه‌كی چاتر دروست ده‌كا
پێكی شه‌یتان كه‌ گره‌و ده‌دۆڕێنێ‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دۆزه‌خ
پێكی دایك كه‌ به‌ هه‌شتی له‌ژێر پێدایه‌ .
پێكی ئه‌و براده‌ره‌ی ،
گه‌ر كه‌ڵه‌شێر سێ‌ جارانیش بخوێنێ‌ خۆیمان لێ‌ نه‌بان ناكا
پێكی شه‌یتان كه‌ واسواسی ناخاته‌ دڵی خه‌ڵكی
پێكی ئه‌و سێداره‌یه‌ی ،
سه‌ر بۆ له‌سێداره‌دراو داده‌نوێنێ‌
پێكی ئه‌و جه‌للاده‌ی ،
خۆی ده‌داته‌ به‌ر قامچییان !
پێكی ئه‌و قوربانییه‌ی ،
له‌ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی خۆی ڕاده‌په‌ڕێ‌ ..
پێكی ئه‌و پاسارییه‌ی قه‌فه‌زی به‌جێ‌ دێڵێ‌
پێكی تاراوگه‌ ، كه‌ وره‌ی پێ‌ به‌رنه‌داین
پێكی ئه‌و نیشتیمانه‌ی ڕووباری به‌ بندا ده‌ڕۆن
پێكی ئازادی تا هه‌تایێ ..
پێكی دونیای مڵكی هه‌مووان
پێكی ئه‌و حوكمدارانه‌ی له‌ مۆزه‌خانان
به‌ پاسه‌وان دایانده‌مه‌زرێنین ..!
پێكی ئه‌و دره‌خته‌ی ،
ڕه‌گی له‌ قووڵایی خاك دایه‌
پێكی مانگ ،
كه‌ گوێ‌ له‌ شكاتی عاشقان ده‌گرێ‌ ..
پێكی خۆر له‌ سڕه‌ی سه‌رمای شوباتدا
پێكی ئه‌و هه‌سارانه‌ی هه‌ر له‌ ته‌قینه‌وه‌ی یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌گرمێنن .
پێكی به‌هه‌شتی سه‌رزه‌مین
پێكی دۆزه‌خ ،
كه‌ ده‌رگای به‌ چیمه‌نتۆ داده‌خه‌ین ..
پێكی ڕابردوو، بیره‌وه‌ریه‌كانیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌
پێكی ئێستا وه‌ك ڕووبارێ‌
له‌ شه‌قامان هه‌ڵده‌قوڵێ‌ ..
پێكی ئه‌و ئاینده‌یه‌ی ،
بێ‌ په‌یژه‌ ، بۆی
سه‌رده‌كه‌وین ..
پێكی ئه‌و ژیانه‌ كورته‌ جوانه‌ .

—————————
له‌ كۆشیعری ( فراشه‌ فی طریقها الی النار )ـه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی.
بڕوانه‌: ( فراشه‌ فی طریقها الی النار )، ده‌زگای (المدی)، چاپی یه‌كه‌م – 1998




راپرسیه‌كانی ئه‌مریكا راست ده‌رنه‌چون !! … عیماد عه‌لی

بیركردنه‌وه‌ و بارودۆخی گه‌لی ئه‌مریكا، له‌سه‌رجه‌م رووه‌كانیه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی سایكۆلۆجی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریه‌وه‌، تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌، كه‌له‌ زانینی مه‌رام و نیازی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ و ته‌نانه‌ت كۆی گشتی ئه‌و گه‌له‌ش بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت، به‌ پێی چینه‌كان، جیاوازیه‌كی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ و ره‌فتاری تاكی كۆمه‌ڵگایه‌كی تردا به‌ روونی دیاره‌ . به‌ واتایه‌كی تر، وزعی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی ئه‌مریكا به‌ شێوه‌یه‌كی دیار به‌سه‌ر چینه‌كاندا دابه‌شبون و ده‌توانرێت به‌ جوانی جیاوازیه‌كانیان دیاری بكه‌یت، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ی كه‌ چینی چه‌وساوه‌ و ناوه‌راست و باڵاكان به‌ شێوه‌یه‌ك مه‌ودای نێوانیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ هیچ وڵاتێكی ته‌نانه‌ت سه‌رمایه‌داری تریشدا به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌، ئه‌مه‌ش راستی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی تاكه‌ وڵاتێك گه‌یشتبێته‌ جه‌وهه‌ری ژیانی سه‌رمایه‌داریانه‌، به‌ پێی زانستی قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنی ئابوری و سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌، له‌ئه‌مریكادایه‌ و له‌وێدا به‌رقه‌راره‌ . له‌مه‌شدا بێگومان چینی نه‌دار و پرۆلیتاریای راسته‌قینه‌ وه‌ك خۆی له‌وێدا ده‌ركه‌وتون .
ئه‌م چینه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كانه‌وه‌ جیاوازیه‌كی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ونیتردا هه‌یه‌، له‌ لایه‌نی سیفه‌ته‌ ئه‌رێنیه‌كانه‌وه‌ بێت یان نه‌رێنیه‌كانه‌وه‌ و، له‌وه‌شدا بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ مه‌سه‌له‌یه‌ك له‌ شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن، تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه‌ . ئه‌گه‌ر واقعی سه‌رجه‌م چینه‌كانیش بخوێنیته‌وه‌، له‌ په‌یوه‌ندی و پابه‌ندبون له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانیاندا، ئه‌وه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چینی ناوه‌راست زیاتر له‌ ته‌ماسدان وه‌ك چینه‌كانی خواره‌وه‌ و، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ژارو نه‌دار، واته‌ یرۆلیتاریا زیاتر مه‌شغولی باری تایبه‌تی و ژیان و گوزه‌رانی خۆیه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ رووی ئاستی به‌رێوه‌بردنی ژیانیان رێژه‌یه‌كی گه‌وره‌یان ناگه‌نه‌ باروگوزه‌رانی پرۆلیتاریای وڵاتانی سه‌رمایه‌داری تر، بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ سیاسیه‌كه‌ و به‌شداریان له‌ ئالیه‌ته‌كان تاوه‌كو پێش ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ و رۆژگاری ئه‌مرۆ زۆر كزبووه‌ .
ئه‌گه‌ر له‌و روانگه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ هۆكاره‌كانی هه‌ڵه‌كه‌وتنه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی راپرسیه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی خولی چل و پێنج بكه‌ین، كه‌ له‌ نێوان هیلاری كیلنتۆن و رۆناڵد ترامپدا به‌رێوه‌چوو، ده‌بینین هۆكار گه‌لێكی خودیی تایبه‌ت به‌ چۆنێتی به‌رێوه‌چونی پروپاگه‌نده‌و بانگه‌شه‌كان و فكر و بیركردنه‌وه‌ی چینه‌كان، وای كردووه‌ زۆرینه‌ی ره‌های ده‌زگا زانستیه‌كان له‌و راپرسیه‌دا به‌هه‌ڵه‌دا بكه‌ون، بۆچی ؟
*گرنگترین هۆكار، بۆ ده‌رنه‌خستنی ناخی هاوڵاتی و گیرۆده‌بونی به‌ كێشه‌ ژیانیه‌كان و قورسایی ژیانی خۆیه‌وه‌ و باوه‌رنه‌بونی به‌و مه‌سه‌لانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌و راپرسیانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ لایه‌ك و، نه‌بونی راستگۆیی و به‌ راستی وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ سمپڵه‌كه‌ بۆ پرسیاره‌كانی دام و ده‌زگا راپرسیه‌كان له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، راستی و دروستی ده‌رخستنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی والێكرد . له‌م جاره‌دا چینی پرۆلیتاریا له‌ بژارده‌ی نێوان هه‌ردوو كاندید و هه‌ڵبژاردنیان، تا دوا ساته‌كان رارابون و، ئه‌وه‌ی یه‌كلاییش بوه‌وه‌ راستیه‌كانی بۆ ئه‌و ده‌زگایانه‌ وه‌ك خۆی ده‌رنه‌خست، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار له‌ پێشیانه‌وه‌ش :
1- بڵاوبونه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن و ناكۆكی له‌ نێوان خۆیاندا له‌و باره‌وه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ی خێزانه‌ هه‌مه‌ ره‌نگ و ره‌گه‌زجیاوازه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی بێ پێشینه‌ له‌یه‌كتر، كه‌ به‌م رێژه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژادنه‌ پێشووه‌كانی تری ئه‌مریكادا رووی نه‌داوه‌ .
2- ململانێی نێوان ره‌گه‌ز و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كان و نیگه‌رانیان له‌ ترامپ و راوبۆچونه‌كانی له‌ لایه‌كه‌وه‌ و په‌یمانه‌كانی بۆ باشتر كردنی وه‌زعی نێوخۆیی ئه‌مریكا له‌سه‌ر حسابی گرنگی نه‌دان به‌ سیاسه‌ت و تێچوه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، وای كردبوو تا دواساته‌كانی ماوه‌ی هه‌ڵبژاردن خۆیان یه‌كلایی نه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌زگا راپرسیه‌كانی خسته‌ ته‌ڵه‌ی باوه‌ربون به‌ زاڵبونی چینی ناوره‌است و پشتب سه‌تن به‌ زانیاریه‌ كۆنه‌كان له‌ یه‌كلایی بونی ولایه‌ته‌كان بۆ حزبه‌كان و نه‌خوێندنه‌وه‌ی جاده‌ به‌ شێوه‌ تازه‌كه‌ی و نه‌زانینی بری خه‌ڵكی رارا له‌و باره‌وه‌ .
3- روحی گۆرانخوازی له‌ نێو نه‌وه‌ی تازه‌ی چینه‌ چه‌وساوه‌كانی ئه‌مریكا و ئاواته‌كانیان له‌ سه‌رهه‌ڵدانی گۆرانی گه‌وره‌ له‌لایه‌ن ئه‌م كه‌ڵه‌ سه‌رمایه‌داره‌وه‌ و كاریگه‌ری خۆی هه‌بوو و، له‌ لایه‌كه‌ وه‌ ده‌ترسان و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ دڵخۆش ده‌بوون به‌ ئه‌گه‌ری قازانج كردنیان له‌رووی بژێوی و باروگوزه‌رانیان بنمیچێكه‌وه‌ .
* به‌شداریكردنی رێژه‌یه‌كی باشی بێ پێشینه‌ له‌ ژماره‌ی هاوڵاتیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، كه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌شدارنه‌بون، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو له‌ به‌درۆخستنه‌وه‌ و هه‌ڵه‌كردنی ده‌زگاكانی راپرسی .
* شاردنه‌وه‌ و نه‌دانی زانیاری و نیازی راست ودروستی له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌ی بۆ چه‌ندین خوله‌ ده‌نگیان نه‌داوه‌ و بێ ئومێد بوون، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار له‌وانه‌ش، ترس له‌ خه‌ڵكه‌ ركابه‌ره‌كانیان و ئه‌وانه‌ی جیاوازن له‌گه‌ڵیاندا له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا له‌ لایه‌ك و، جیاوازی له‌ بۆچونی ره‌گه‌ز و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كان له‌ نێو خۆیاندا له‌لایه‌كی تره‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ناكۆكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له‌ نێوانیاندا روویداوه‌ .
* به‌شداریكردنی خه‌ڵَكی لادێكان و دووره‌ ده‌ست به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان و به‌رزبونه‌وه‌ی روحی خودپه‌رستی و ره‌گه‌زپه‌رستی سپی پێسته‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ترامپ كه‌وته‌وه‌ . كه‌چی ده‌زگاكانی راپرسی به‌ زۆری و له‌ ماوه‌كانی پێشودا پشتیان به‌ چینی ناوه‌راست و له‌ شاره‌كان و شوێنه‌ نزیكه‌كان ده‌به‌ست و، دوور بون له‌ خوێندنه‌وه‌ی راو بۆچون و چۆنێتی به‌شداریكردنی فراوانی خه‌ڵكی لادێ دووره‌ ده‌سته‌كان زیاتر له‌ خه‌ڵكی ناوه‌ندی شاره‌كان، ئه‌مه‌ش سه‌رجه‌م هاوكێشه‌كانی گۆڕی و راپرسیه‌كانی به‌درۆ خسته‌وه‌ .
ئه‌مانه‌ و، جگه‌ له‌ روانینی خه‌ڵك بۆ دوو كاندیده‌كه‌و سڵ كردنه‌وه‌ له‌ باسكردنی زۆر له‌ دید و بۆچونه‌كانیان له‌سه‌ر هه‌ر یه‌كه‌ له‌وانه‌ و تێكه‌ڵاوی له‌ نێوان مرۆڤدۆستی و ره‌گه‌زپه‌رستی و بیری ته‌سكی نوێی سه‌رهه‌ڵداو، كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكادا ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌و چه‌نده‌ها رووداوی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ . له‌به‌رامبه‌ردا ده‌زگاكانی راپرسی به‌ هه‌مان شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی تر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌دا ده‌كرد، بێ ئه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری كاریگه‌ریه‌كانی ره‌فتار و لێدوانه‌كانی ترامپ بۆ خه‌ڵكه‌ ساده‌كه‌ بخوێننه‌وه‌ و، له‌به‌رامبه‌ردا، بڵاوبونه‌وه‌ی خاڵه‌ لاوازه‌كانی هیلاری به‌ پێی ئاشكرایی ژیانی سیاسی زۆرتری له‌ ترامپ و،له‌به‌رده‌ست بونی زانیاری سیاسی وردی زیاتر له‌سه‌ر هیلاری لای سه‌رجه‌م چینه‌كان و هه‌ندێك هه‌ڵه‌ و به‌ نه‌خۆشیه‌كه‌شیوه‌، له‌گه‌ڵ نارازیبون له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئۆباما كه‌ به‌سه‌ر هیلاری دا شكایه‌وه‌ و ده‌زگا راپرسیه‌كان گرنگیه‌كی ئه‌وتۆیان پێ نه‌دا، له‌گه‌ڵ نه‌خوێندنه‌وه‌ی كاریگه‌ری ترامپ له‌سه‌ر عه‌قڵ و بیری نه‌وه‌ی نوێ و به‌شه‌ زۆره‌ به‌شداره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنی دوور له‌ شار و، گۆرینی مه‌یلی چینی ناوه‌راستیش له‌مه‌ر ئۆباما .




دژی پاگەندەیەک دوای بردنەوەی ترامپ … دژی پاگەندەیەک دوای بردنەوەی ترامپ

بۆرژوازی ئەمریکی بە هەموو بەشەکانییەوە، بۆرژوازی ئەوروپی و جیهانیش هەموو بەشوێنیدا، بە هاوکاری ماسمیدیای نۆکەر بە چڕوپڕی سەرقاڵی ئەوەن، بە بۆنەی بردنەوەی کایەی هەڵبژاردنی ئەمریکاوە، ئێمە حەواڵەی حەماقەت و سەرشێتییەکانی دۆناڵد ترامپ بکەن، تا لەم ڕێیەوە ڕوخساری دژی ئینسانی و بەڕبەڕییەتی سەرمایەداری و گشت نوێنەرانی کاپیتاڵیستی ئەمڕۆ، هەر لە فاشیزمی قەومییەوە تا شۆڤێنیزمی ئیسلامی، ناسیونالیزم، لیبڕاڵیزم و دیموکراسیزم تا بە فڕوفیشاڵ و پاگەندەی دیکە داپۆشن و بیشارنەوە لێمان!

ڕاستە ترامپ سەرڕاستتر لە ئۆباما ڕەنگە جیهانی ئێمە پاڵ پێوەنێت بۆ نێو جەنگ و کێبەرکێیەکی توندتری تەقسیمکردنەوەی جیهان و برسێتی و هەژارییەکی زیاتر بکاتە نسیبی دەیان ملیۆن ئینسان، وە ئێستاو ئاییندەی مرۆڤایەتی نغرۆی قازانپەرستی و چاوچنۆکی سەرمایەو سەرمایەداران بکات زیاتر لە ڕابردوو، بەڵام ئەو حەقیقەتە نابێت لەیاد بکرێت کە هەموو ئەم تاوانکارییانەو ئەم فریوکرایانەی چینی بۆرژوازی ئەنجامیئەدات لە ترسی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار ئەیکات، لەترسی هاتنەمەیدانی هیزی گەورەی شۆڕشی کرێکاری و سۆشیالیزم ئەیکەن.

چونکە چینی بۆرژوازی باشتر لە هەر کەسێک درکیان بە مەترسی چینی کرێکارو هێزی ژێروژوورکەری ئەو بۆ گۆڕینی ئەم جیهانە کردووە بە جیهانێکی باشترو شاییستەتر. ڕژێمی سەرمایەداری تەنهاو تەنها لەلایەن کۆمۆنیزم و هێزی پرۆلیاریاوە ئەتوانریت بگۆڕڕیت بە سیستەمێکی سۆشیالیستی کە ئینسان تیایدا ئەسڵ و سەرەکییە. بۆیە هەمیشەو هەموو ڕێگایەک دەگرنەپێش‌و لە تێکۆشاندان بۆ بەرگرتن بە هاتنەمەیدانی ئەم هێزە شۆڕشگێڕو ئاڵوگۆڕ بەخشە، کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا یەکێک لەو ڕێگایانەیە. واتە ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی جیهان بۆ لای دیموکراسی و هەڵبژاردنی پارلەمانی و چی و چی کە نموونەکەی لە ئەمریکا هەر ٤ ساڵ جارێک نماییش دەکرێت!

مرۆڤایەتی نابێت چیتر فریوی ئەم گەمەیەی چینی بۆرژوازی ئەمریکا بخۆن و تەسلیمی چارەنووسێک ببن کە ئەوان و هاوڕێکانیان لە ئاستی دنیادا بۆ ئینسانییەتی ئێمەیان داڕشتووە. ئێستاو ئاییندەی ئێمەو جیهانی ئێمە بەندە بە خەباتی چینی کرێکارو بە پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە. ڕێگا خۆشکەن ئەم هێزە بێتەپێشەوەو هەموومان پێوەی پەیوەست ببین. سەقامگیریی و ئاشتی و ئاساییش لە سەدەی بیست و ئێستاشدا بۆرژوازی بە جەنگە جیهانییەکانی سەلماندوویەتی پێی بەرقەرارناکرێت. ئیتر سەردەمی کۆمۆنیزم و چینی کرێکارو ئازادیخوازانە جیهان بەدەستەوەبگرن.

حەمە غەفور

١٠نۆڤەمبەر٢٠١٦