پێشەکی کتێبی ” شوێنێکی تری جەنگ ” … دڵشاد عەبدوڵڵا

باخچەیەک لە تاریکیدا !

شیعر کۆکردنەوەی پاشماوەکان نییە

لێم مەپرسن، چیم دەوێ؟ هێشتا لافاو نەنیشتۆتەوە
مەپرسن، دەچمە کوێ؟ لە ناوەڕاستی زەریادام.
سەت هێندەی وڵاتی خۆم غەریبم!
چل ساڵە دەئەزموونێم کەچی دەڵێی تازە لەدەرگا گاڵەدراوەکان دەدەم؛ بیکەنەوە.
ڕەخنەگر و ئەکادیمیاکان، کێ بەئاگایان دێنێ؟
چل ساڵە و هەمان دەستەواژەم لەسەر ژوورەکەم هەڵواسیوە : ” کەمینە گرنگە ” !
چل ساڵە فەرهادی قوڵنگ وەشێنی کێوی زمانم، کەچی هێشتا نیگەرانیم نەنیشتۆتەوە لەگەڵ هاوزمانم!
بەو نیگەرانییەوە دەگەڕێم بۆ کەسێکی گەردوونی!
کەسی گەردوونی کێیە؟ نووح یان ئەوانەی لەناو کەشتیەکەدان ؟
ئەوانەی گەیشتنە سەرزەوی و ژیانێکی نوێیان دروستکرد، بێ ئەوەی باکڕاوندێکیان لەبارەی ئەو شوێنەوەهەبێ کەلێی نیشتنەوە، یان نووح کەڕاستی لافاوی دی بەرلەوەی ڕووبدا؟
گەردوونیبوون جیهانبینی و بەرپرسیارەتییە .
چل ساڵەو دەیان جار گلاوم بۆ هەستانەوەیەک.
چل ساڵەو دەیان خاچ هەڵیواسیوم و باوەشێک نەیهێنامە خوار.
دەیان لافاو هەڵیبڕیوم، شەپۆلێک نەیگەیاندمە کەنار.
باخچەیەک لە تاریکیدا، ئەوە منم! هەمیشە سەرئامەد بە شیعر و بەس.
*
ناتوانی ژیانی شاعیر لەبەرهەمەکانی دەرهاوێژیتە دەرەوە، هەرچەند شیعر سیفەتی ئاوێنەی نییە بەڵکو مەوشوورییەو ئەوەی تێیدا دەردەکەوێ ئەوە نییەکەهەیە. بەو تێگەیشتنەوە شیعرم گواستەوە بۆ ( ناکەس) . بەو واتایەی لەڕاستەوخۆیی دوورکەوتمەوە بۆ قووڵایی، قووڵایش بە هەموو بایەک ناجووڵێ .
ماوەیەکی زۆری ژیانم لەگەڕەکێکدا دەژیاین کە زۆربەی خەڵکەکەی لەچینی مامناوەند بوون، هەر خێزانەو لەناوچەیەکەوە هاتبوو، بەشێکیان خۆشناوبوون، حەزم لە شێوەئاخاوتنیان بوو. دایکم ڕەگەکی لەوانە، بەڵام خێزانی ئێمە شارستانە وگوێی نەداوەتە هۆزوعەشیرەت. ماوەیەک بیرم لەوەدەکردەوە بەو شێوەناوچەییە شیعر بنووسم، ئەم بیرکردنەوەیە سەرچڵی نەبوو، ئەو ئاسانکارییەی لەشێوە ئاخاوتنی ئەواندا هەیە ڕەنگە بۆ ئاهەنگی شیعر جوان بکەوێتەوە. جگە لەمەش ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنە پەرچەکردارێکی نەستیی بووبێ لەبەرانبەر ئەو ڕیتمە سواوەی لەشیعری کوردیدا هەبوو. خوێنەری کورد لەڕووی ئەزموونەوە کەمتوانایە بۆیە هەر دەرچوونێک وەکو دژایەتی لێک دەدرێتەوە، ئەم هۆیە بەربەست بووە لەبەردەم زۆر پڕۆژەی ئەدەبیدا. هەرچەند دڵنیام ئەگەر خۆم زۆر مکوڕبام وا بەئاسانی دەستبەرداری بیرکردنەوەکە نەدەبووم . لەشیعرەکانی بەراییمدا بە سنوورداری ئەم هەوڵە ڕەنگی داوەتەوە. لە لاوک و حەیراندا هەمان زمان هەیە. دواتر هێمن وهەندێک نووسەری کوردی ڕۆژهەڵات شێوەی موکریانیان هێنایە ناو نووسین و بەشێک لەئەدیبانی ناوچەی سلێمانی بەکاریشیان هێنا. لای میللەتانیش ئەم جۆرە ئەزموونە هەیە، چما ڕامبۆ بەزمانی ستاندار شیعری نووسیوە؟
گەرەکەکەمان زۆربەی خەڵکەکەی خۆپاریزبوون، ژنێک هەبوو جلی کورت وبێقۆڵی دەپۆشی و سەربەستانە لەبەردەرگای ماڵەکەیان دەوەستا، لەناو هەموو ژنەکاندا جێگەی سەرنجم بوو ، نەمدەزانی بۆ؟ دواتر تێگەیشتم کە جوانی ئەوژنە و جیاوازییەکەی ئەو ئازادییە بوو کە لەشێوەی جلپۆشینیدا هەبوو. ئەدەبیش جیاوازییە بەڵام لەئەدەبدا جیاوازی بەتەنیا بەس نییە ئەگەر تەکنیک وزمانی جیاوازی لەپاڵدا نەبێ. دەرچوون لەپۆل مەرجی ئەفراندنە دواتر شتی تر بەدوای خۆیدادێنێ.
هەمووجار کەبیر لەپڕۆژەی تازە دەکەمەوە دەڵێم ، مەسیح بە تەنیا لەسەر سێدارەبوو!
واتا تاک هەردەم پێشڕەوە و کۆمەڵ دوای دەکەوێ، بەڵام دەرکەوتنی مەسیح لە بۆشاییەوە نەبوو، زەمینەی فیکریی و کۆمەڵایەتی هەبووە.
چل ساڵ پێش ئێستا کەدەستم بەنووسین کرد، سەرەتایەکی ئاساییم هەبوو وەکو هەر گەنجێک کە خولیاو حەزێکی دیاریکراو دەیبا بۆ لای شیعر. بەڵام کاریگەری خوێندنەوەی زۆر زوو دەربازی کردم لەو سەرەتایە. دوای چەند ساڵێک بێدەنگی لە بڵاوکردنەوە، دەمویست لەڕێی دەقی قورسەوە خۆم بناسێنم. قەسیدەی ” گورگ ” کە دواتر بوو بە هەوێنی قەسیدەی ” سووتانی ڕەنگەکان ” بوو بە سەرەتای ئەو ناساندنەم . لەوێ بەشێک لەزمانی جوداو ڕیتمی جوداو هەناسەی شیعری جودا هەیە. ئەم هەوڵەم دەرچوون بوو لەو ڕیتمە باوە سواوەی لەشیعری کوردیدا هەبوو. قەسیدەی پەخشان کە پێشتر هەندێک هەوڵی تر هەبوو بەو ئاراستەیە، بۆ من بوو بەو چوارچێوە هونەرییەی شیعری خۆمی تێدا نیشان بدەم. ڕستەی شیعری چڕ و ئاوێتەی فرەمانا، چڕکردنەوەی وێنەکان لەڕێی بەکارهێنانی ئەفسانە بۆ قووڵکردنی ساتەکانی ئێستا، بە پێچەوانەشەوە ئێستا بۆ دوورایی ئەفسانەیی. لەم ئەزموونەدا هەموو هەوڵێکم بۆ شیعرییەت بوو، چونکە شیعر ئەگەر شیعرییەت لەدەست بدا بۆ هەر مەبەستێک با زۆرگرنگیش بێ کلۆر دەبێ.
پێش شیعر هیچ شتێکی ترنییە، بەو مانایەی شیعر لەبیرۆکەی ئامادە دروست نابێ، هەموو ئەو شیعرانەی کە بۆ هەر بیروباوەڕێک خیانەت لە شیعرییەت دەکەن ژیانیان کورتە. شیعرییەت سنوور بەزێنە.
*
شیعر لای میللەتان مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەشێکی کتێبە ئاینییەکان بەشیعر هۆنراونەتەوە، گاتاکان و کتێبی یارسان نموونەی ئەوجۆرە کتێبانەن. سەرەتای شیعری کوردی ئەگەر وەکو شێوە ئاخاوتنی جوان و دەربڕینی بیروباوەڕی ئاینیش بچێتەوە سەر ئەم دوو کتێبە، بەڵام شیعری کوردی وەکو دەقی هونەریی لە بابا تاهیری هەمەدانییەوە یان لەمەلای جزیرییەوە دەستپیدەکا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو ئاراستەیەیە کە گەشەی تێداکردووەو بۆتە ناسنامەی، ئەویش ئەو شیعرەیە کەبەشێوەزای کرمانجی ناوەڕاست نووسراوە. ئەم ئاراستەیە وانەبێ کارێکی ناتەندروست بێ بە پێچەوانەوە ئەدەبی هەموو میللەتان هەر ئەوها گەشەیان کردووە، کێماسی وخاڵی لاواز ئەوەیە کە پەردەی داداوە بەسەر شێوەزارەکانی تر ولێیان دوور کەوتۆتەوە. ئەم حاڵەتە خوێنەری دابڕیوە لەیەک وکاری نێگەتیڤی کردۆتە سەرنووسەران خۆیان وئەدەبەکەش، بەهەموو بارێکدا وای بۆدەچم کە پاشماوەی سیستمی خێڵەکی ئیمارەتەکان بێ بۆمان مابێتەوە .

*
تازەگەریی یەک مێژووی هەیە، هەر میللەتەو بە شێوەیەک وەریگرتووە و نەخشی خۆی پێداوە. کورد نە ئاوەزی ڕەخنەگرانەی هەبووە، نە بۆرجوازیشی شۆڕشی هەڵگیرساندووە، نە ( کانت ) و ( رۆپسپیر )ی هەبووە ( بە وتەی ئۆکتاڤیۆ پاز کە لە بارەی تازەگەری ئیسپانیاوە نووسیوویەتی ) و نەناوەندی بازاڕێکی بەهێزێشی هەبووە. سەرەڕای ئەمانە، هەژموونی بزووتنەوەی چەکداری درێژخایەن و فشاری داگیرکەرانی هەمەجی، بەیەکەوە شیعری تازەیان هاڕیوە.
مەرج نییە هەوێنی تازەگەریی لەناوخۆوە بێ، ئەوە ئەزموونی ئەدەبی میللەتان، کێ لە ناوەخۆوە هێناویەتی؟ بۆدلێر خۆیشی دەڵێ تازەگەریم لە ئەدگار ئالان پۆی ئەمەریکایی وەرگرتووە، ئیلییەت لە شاعیرانی سیمبولیزمی فەرەنسایی وەرگرتووە، گۆران لە شیعری نوێی تورک. مەرج ئەوەیە کەسێک هەبێ توانای وەرگرتنی هەبێ، یان بەمانایەکی تر ئامادەیی هەبێ لەسەر ئاستی شاعیردا وەک مەنشوری تیشک وەرگر.
ئەزموون ئیسفەنجە و تەڕایی هەڵدەمژێ، عەیب نە لە ئیسفەنجە و نە لەتەڕایی.
*
لە بۆدلێرەوە تا جیسواف میوۆش خوێندنەوەی ئەزموونی هەریەکێک لەمانە گەواهی بۆ ئەو ڕاستییە دەدەن کە ئەزموونەکان فرەو هەمەڕەنگن ولەکرۆکدا یەکن، پوختەکەی ئەوەیە کەشیعر لە وشە دروست دەکرێ و وشەش جوانی بەرهەمدێنێ، جفرەی جوانیش مرۆیە. شیعر ئەگەر ئەو جوانییە مرۆییەی تێدا نەبێ وەکو گوڵێک وایە زوو بپوکێتەوە.
ساڵانێکی زۆر قەسیدەم دەنووسی، پێم وابوو ئەوها دەتوانم دنیای پانوبەرینی موعانات کۆ وەکەم، ئێستا شتێکی تردەگوزەرێ لە دنیادا، شیعریش گۆڕاوە، چڕی و پوختی هەردەم خاسییەتی شیعربووە ، هەنووکە کورتیشی هاتۆتە پاڵ.
شاعیر وەستای دانا نەبێ بە وەسپی ئەزراپاوەند فریای ئەو هەموو مەکرە ناکەوێ، شیعر چییە ئەگەر تەکنیکی پەنادانی بیرۆکەی شیعریی نەبێ؟! شیعری تازە ئۆرکسترایەکە بە ئامێرێک دەژەنرێ!
خێرا بیژەنە بە دڵ، وەکی ئەوەی هەموو دنیا کەوتبێ بەسەر تارەکانتەوە. خێرا بیژەنە!
بە ئێسقان، بۆ ئەوەی لەگەڵ نەغمەی هەر پارچەیەک شوێنێکی لەش برینداربێ، بەو زامەوە بڕۆ بانگی باڵندەکان بکە بۆ سەفەری دوور، بڕۆ بانگی جوانییەکان بکە بۆ مەستی بێ سنوور، بڕۆ شووشەی پیاڵەکان بە نەشئەی بادەی وشە بڕەنگێنە، بڕۆ باخچەی ناو تاریکی ڕووناک بکەوە، بڕۆ مەوەستە.
” کەمینەی زۆروزەوەند ” خوان ڕامون خیمینیز.
” کەمینەی بەختەوەر ” ستاندال.
ڕیتم و ئاوازی دنیا هەمیشە کەمینە گۆڕیویەتی.
*
ئەم نووسینە ناچێتە خانەی ئیعترافەوە، تانە گرتنە، لە کێ؟ خوێنەر؟ لەو کەسەی خۆی دەدۆزێتەوە کاتێک لە ئاوێنەی ئەم دێڕانەدا تارمایی خۆی دەبینێ.
دەمێکە شیعر فریای نەسلی ئەو قەومە کەوتووە کە لە خوار زاگرۆسەوە ژیان بەسەر دەبا، ئەو نەبا نە زمانمان دەما نە ناویش، واتا شیعر هەر تەنیا تەعبیر نەبووە لە ناخ بەڵکو شوورەی پاراستنی نەتەوەش بووە، کەسیش جێگەی شاعیر ناگرێتەوە. کەچی هەندێک هەرزە هێشتا خەونی ئەفلاتوونی دەبینن بۆ دەرکردنی شاعیر لەم مەملەکەتە خۆڵەپۆتە.
دەرکەوتنی مەسیح چەندە گرنگ بوو بۆ مرۆڤایەتی، ئەزموونی شیعریی بۆدلێر ئەوەندە گرنگ بوو بۆ تازەگەری.
بۆدلێر جوانییەکی شازی لەبێزاریی وئازار وتاریکی وبەدکاریەوە هێنا کایەوە، ” گوڵی خراپە” دۆزینەوەی جوانی لە خراپەدا، سەرسوڕهێنترین گوڵی ناو فەرهەنگی شیعرە،گوڵێک شەڕانگێزی دروست بکا. شاعیری قەدیسیش گونجاوترین وەسفە بۆ ئەم شاعیرە.
لەشیعری سیمبولیزمی فەرەنسایی فێری زمانی تاراپۆشی بووم، شیعرێک لەیەکەم سەرنجەوە خۆی نەدا بە دەستەوە، سیحر و جوانی شراوەی هەر بمێنێ.
*
تازەگەریی پێویستییەکی شیعریی بوو، لەڕووی ناوەرۆک و تەکنیک و زمانی دەربڕینەوە. هەوێنی تازەگەریی لە شیعری کوردی ئەزموونی شاعیرانی تورک بوو لەیەکەم قۆناغدا و ئەزموونی شاعیرانی عەرەب بوو لە دووەم قۆناغدا ، ئەزموونی سیمبولیزمی فەرەنساییش بوو لە قۆناغی سێیەمدا، تا ئاستی لاسایی کردنەوە ! ئەگەرچی ماوەیەکی زۆریش کاریگەر بووم بە ئیلییەت و تیۆرە شیعرییەکەی و هەندێکجار لاسایی ئەزموونی نووسینی ئەویشم کردووەتەوە. ئیلییەت خۆیشی تێگەیشتنی تازەگەریی لە کەلەپووری ئینگلیزەوە وەرنەگرت بەڵکو لە بۆدلێر و لافۆرگ و کۆربێری وەرگرت.
ئەوەی تایبەتە بە قۆناغی سێیەم ئەو لەیەکنەگەیشتنەیە کە لەنێوان شیعر و خوێنەردا دروست بوو، کە تا ئەمڕۆش بۆتە بەشێک لە کێشەی جیدی نێوەندی ئەدەبیمان. مۆدێرنیزم هاتۆتە ناو بواری ژیانمانەوە، بەڵام لێکنەگەیشتن لەگەڵ شیعری مۆدێرنیزمی کوردی هێشتا لە قۆناغی نێگەتیڤ دایە، واتا بەدحاڵیبوون هەیە. هۆیەکەی بۆ هەڵوێستی خراپی ئەکادیمیا( زانستگا )و نەبوونی ڕەخنەی جیدی دەگەڕێتەوە لەلایەک و بۆ بەرزەفڕی مەیلەو تەجریدی ئەزموونەکە خۆشی دەگەڕێتەوە . ئێستا کە تەماشای ئەو کاتانەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەکەم، کە سەرەتای ئەو سەرهەڵدانە تازەی شیعر بوو، هەست بەو جیاوازە زۆرە دەکەم کە لەنێوان خەونی بەرزی شاعیرانی ئەم تەوژمەو ئاستی نزمی خوێنەرو ناوەندی ئەدەبی کوردیدا هەبووە، سەرەڕای ئیرهابی دەسەڵاتی دەوڵەت کەبە ئاشکرا ئەم تەوژمەی بە تێکدەر وترسناک وەسف دەکرد.
*
من نەهاتووم شوێنەوارەکان لە شیعری خۆمدا بپارێزم، هەوڵمداوە ئەو شتگەلەی هەمە بیانکەم بە شوێنەوار تا ناسنامەی خۆمیان پێ ئاشکرا بکەم. هەموو نووسەرێک ڕۆژانێکی پێویستە تا سنووری ناسین ببەزێنێ و ببێ بەهێما بۆسەردەمێک کە نەک تێیدا ژیاوە، بەڵکو چالاکی خۆی تێیدا پەرە پێداوە بۆ گەیشتن بە لوتکە. ئەوانەی لە ڕێگای بەرەو لوتکەدا دەمرن، ئەوانەن کە تەواوی ژیانیان بۆ ئەفراندن تەرخانە. گەیشتن بە لوتکە ئامانج نییە هێندەی تەرخانکردنی ژیانە بۆ ئامانجێکی قووڵتر و لەزەت بەخشینێکی بێ سنوورە لە خوڵقاندنی جیهانێکی سفتی ئینسانی لێوانلێو لە خۆشەویستی. بە کورتی نووسین سەفەری هات ونەهات نییە، هێندەی سەفەری چنینەوەو کەڵەکەکردنی داهاتووە، ئەوەی نەشمتوانیوە بینووسم دەبێ بە ورووژێنەری خەیاڵی خوێنەر. داوا دەکەم خوێنەرم لێم زوێر نەبن کە نەمتوانیوە هەموو هەستەکانم بنووسمەوە، ئەوە قەدەری مرۆیە لە ئەزەلەوە کە نەتوانێ ببێ بە کەسێکی کامل، کێماسییەک هەر دەمێنێ بۆ ئەوەی خوێنەر لەوێوە دەست پێ بکا بۆ پەرەپێدانی ئەزموونێکی تر.
ئەوەشم بە ئەنقەست و بەرنامەو پلان نەکردووە، تواناو هێزی نووسینم هەر هێندە بووە، ئەگینا کێ لە داهێناندا هەمان خەونی گلگامیشیی نەبووە ! کەلێن وکەلەبەریش بەشێکە لەئەزموونی نووسین . خۆشبەحاڵی ئەوانەی کەمترین کەلەبەر لە ساختومانی ئەزموونیاندا هەیە. چ بکەم زمان و ئەزموونم هەر هێندە فریای من کەوتووە؟! کەلێنی هەر دەقێک مەرج نییە لەسەرەتاوە بۆ خوێنەر دەربکەوێ، دوای چەندین خوێندنەوە، یان هەڵکشانی ئەزموون وکەڵەکەبوونی ڕۆشنبیریی ئەوجا ئەو توانایە دێتە ئاراوە. بەڵام ئەو دۆزینەوەیە مەرجە بۆ خوێنەری داهێنەر.
*
گێڕانەوە مەرج نییە زیان لە شیعر بدا، بەڵام مەرجە شیعرییەت لە پلەی ئەفراندن نەهێنێتە خوارەوە. هەندێک خوێنەر لە ڕێی کاریگەریان بە شیعری فارسییەوە ڕەخنە لە ئەزموونی گێڕانەوەی شیعری کوردی دەگرن، گۆیە کاری شیعر چەخماخەدانە نەک گێڕانەوە، هیچ گومانی تێدا نییە چەخماخەدان ڕوحی شیعرییەتە. بەڵام شیعری تازەی دنیا کار لەسەر بیرۆکەی شیعری دەکا، بیرۆکەی شیعریش شێوەی گێڕانەوە وەردەگرێ. سەرەڕای ئەوەی بەشی زۆری بەرهەمی شیعری دنیا لەکۆنەوە لەڕێی گێرانەوەبوو، ئەوە کۆمیدیای دانتی و بەهەشتی ونبووی ملتۆن و لە پێش ئەوانیش ئەلیازەو ئۆدیسە.. تاد. ئەگەرچی هەر سەردەمەو شێوە دەربڕینی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام ڕابردوو ئەوە نییە کە لەیاد بکرێ بەڵکو ئەوەیە بژی لەگەڵ خەونە تازەکانماندا.
ئەی شیعر! لەگەوارای خۆت بێبەشم مەکە. بێ تۆ هیچم نییە .
تۆ زمانی منی، تۆ تەڕایی ژیانی منی.
ئەی خوێنەر! تۆش خیانەتم لێ مەکە، خۆشەویستی یەک لایەنە بەسە .
*
شیعر بە قیاسی خۆم دەنووسم ، شیعر منی وا گرواندووە، بەڵام خوێنەرێکی زیرەک لە بنی ناخمدا ئامادەیە .
تاریکی بۆتە بەشێک لەئەزموونم، زانستی ڕوح بۆتە ئەکادیمیام، بەکورتی ژیانم بەو بەرهەمانە دەکێشرێ کە دەینووسم. لە ئوستوورەی گلگامیشدا گیای نەمری هەیە لە ژیانی مندا شیعر.” پڵنگیک لەناومانەوە بازبدا بۆ ناو ڕووناکی” بە تەعبیری گیسواف میوۆش ئەوهایە شیعرنووسین. شیعر ئومێدی ژیانە ئەگەر لە ئەوپەڕی نائومێدیشدا بنووسرێ.
ئەوانەی شیعر دەخوێننەوە کەمینەن، بەڵام هەمووان پێویستیان بە ئومێدە. زۆرینە شیعر
ناناسێ، بیناسێ دەستبەرداری نابێ. زیندوو شیعر دەخوێنێتەوە، بەڵام شاعیرەکان دوای مردنیش هەمیشە دەخوێندرێنەوە. مەرگی شیعر مەحاڵە! مەزەندە دەکەم مردووش پێویستی پێیەتی بۆ شەوی ئەبەدی، شاعیرەکان ئەو ڕاستییە دەزانن.
بەینی مەرگ و ژیان هێندە زۆر نییە، لە زۆر ساتدا بەیەکەوە دەژین، بۆیە لە خەیاڵی شیعریدا وەکو یەک شت دەبینرێن. شاعیر جوانی دەدۆزێتەوە، جوانیش لە هەموو شوێن و شتێکدا هەیە، شێوەی دەربڕین ئاشنامان دەکا پێی وەک ئەوەی تازە بیبینین، ئەگینا بابەتە ئینسانییەکان لە ئەزەلەوە هەن. بەشێکی ئەزموونی شیعرییم ئەو پەیوەندییەی پاراستووە و ئەوانەی مردوون تەنیا بەجەستە دوورن لێمانەوە، ئەگینا لە گەڵماندا دەژین. هەر ئەوەش وای کردووە لە زۆر دەقمدا ئەوان ئامادەبن، نۆستالجیا نییە زیاتر زیندوویەتی ئەوانە لە ژیانی مندا ( نالی، دانتی، مەولەوی، خەیام، بۆدلێر، واڵت ویتمان ….).
من ژیان بەو مەودا فراوانییەوە دەبینم کە مەحاڵە لە شوێنێک و لە کەسێکدا تەواو بێ. بازنەیەکی بەردەوام لە خولانەوەدایە چەشنی سروشت، زستان دواتر بەهار… پایز، بێ بڕانەوە، ئەوە گەڵاکانن دەوەرن!
ترسی مردن نیو بە قەت ترسی ژیان نییە. ئێمە ئەگەر مردووەکان بدۆڕێنین، مەحاڵە ژیان فریامان بکەوێ بەو کەمەی بەرمان دەکەوێ. گرنگ ئەوەیە تا چەند مەودا فراوان دەکەین، ژیانمان بەو مەودافراوانکردنە دەپێورێ.
چۆن من ئەوان دەخوێنمەوە ئەوها ئەوان من دەخوێننەوە تا ئەبەدی ئابدین.
بۆ پێشەکی ئەم کۆمەڵە شیعرەم، پێویست دەکا پاتەی بکەمەوە، هێشتا سوورم لەسەر ئەوەی شیعر موڵکی سەردەمێک و جۆرە ژیانێک و کۆمەڵێک نییە موڵکی هەموو بەشەرە،
لەوەش هەورازتر موڵکی گەردوونە، ئەوەنییە خواکانیش بە زمانی شیعر لەگەڵ پێغەمبەرەکان لەبارەی گەردوونەوە دواون!
ماوەتەوە بڵێم،کەئەم کۆمەڵە شیعرەم بەرهەمی دوو ساڵی نووسینمە هەر لە ناوەڕاستی ٢٠٠٣ تا ناوەڕاستی ٢٠١٥ ، جگە لە شیعری ماکۆکین کەزووتر نووسیومە بەڵام نازانم بۆ نەمخستۆتە ناو هیچ کتێبێکمەوە . هەندێک لەشیعرەکان پێشتر بڵاوبوونەتەوە لەڕۆژنامەو گۆوارەکاندا ، ئەمەی لێرەدایە دوا داڕشتنیانە.
هەڵبژاردنی ناونیشانیش بۆ من هەردەم مایەی دڵەڕاوكێیە، من تەواو قەناعەتم بەو بیرکردنەوەیەی ئیمبرتۆ ئیکۆ هەیە کە دەڵی، ناونیشان دەبێ بیروبۆچوونەکان تێک بدا نەک بیانکا بە قاڵبی کانزایی. سەرەتا وتم، کێوی بێدەنگان، دواتر گۆڕیم و کردم بە ماکۆکین، کە ناوی ئەو دەقە شیعرییەیە کە لەناو کۆمەڵەکەدایە و ساڵی ٢٠١١ نووسیومە. ماکۆک چیایەکە بەسەر بێتواتەوە. بەڵام دواجار لەسەر ئەم ناوەی ئێستا گیرسامەوە ، دەشێ هێماو تەشقی کۆی شیعرەکان نیشان نەدا، چونکە تەشقی شیعری تریفەخانەکان بۆ نموونە جیاوازە، بەڵام جەنگ گەیشتۆتە زۆر شوێنی دووری زمان وخەون و ژیانمان، ، دۆخێکی بەردەوامە لەهەڕەشە وخەریکە مێژووی بەشەر هەمووی لەبنوبۆتکەوە بسڕێتەوە.




یوسف عزه‌دین له‌دایالۆگێكدا …. سازدانی: ئه‌فشین غوڵامی

ئه‌فشین غوڵامی: به‌ڕای ئێوه‌ سه‌ره‌تاكانی نووسین له‌ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه‌، له‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات؟

یوسف عزه‌دین: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكان و ڕۆچوونه‌ نێو موعه‌ماكانی مێژووه‌وه‌، كارێكی سه‌خته‌و هه‌ندێك جارانیش چه‌واشه‌كار و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌، به‌تایبه‌ت له‌ساغكردنه‌وه‌ ئه‌ركیۆلۆژییه‌كاندا، جا چ نیازپاكانه‌و خۆڕسكانه‌ بێت، یان به‌ئه‌نقه‌ست و ده‌ستێك له‌پشته‌وه‌ گه‌مه‌ به‌حه‌قیقه‌ته‌كان بكات.
به‌جیاكردنه‌وه‌ی مێژووی نووسین و مێژووی نووسینی ئه‌ده‌بی كه‌دوو بواری جیان، وه‌ك زانراوه‌ مێژووی نووسینی ئه‌ده‌بی به‌جیاوازی بگره‌و به‌رده‌ی ساڵانی نووسینی، به‌ڵام تا ئێستا هه‌مووان كۆكن به‌ئه‌ژماركردنی داستانی گلگامش به‌كۆنترین تێكستی ئه‌ده‌بی نووسراو و دواتریش پاش چه‌ندین سه‌ده‌ش ئه‌لیاده‌و ئۆدیسه‌-ی هۆمیرۆس و جودایی و جیاوازی گلگامش-ش له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو داستانه‌ی دیكه‌ی هۆمیرۆس-دا كه‌مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت نۆسه‌د یان هه‌شت سه‌د ساڵی پێش زایین گوترابێت و له‌حه‌وت سه‌د ساڵی پێش زاینیشدا له‌لایه‌ن كه‌س و كه‌سانێكه‌وه‌ نووسرابێته‌وه‌، هه‌ر بۆ خۆی جیاكه‌ره‌وه‌ی دوو دنیای جیاوازه‌ له‌شێوازی بیركردنه‌وه‌ی مه‌عریفی و فه‌لسه‌فیدا.

ئه‌فشین غوڵامی: بێگومان زمانی سانسكریتیش به‌شێكی ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ كۆنه‌ی پێ نووسراوه‌ته‌وه‌؟

یوسف عزه‌دین: ڕاسته‌ و وه‌ك گوتم، ساغكردنه‌وه‌ی ئاسان نییه‌و ره‌نگیشه‌ له‌ئاینده‌دا نووسراوی دیكه‌ بدۆزرێته‌وه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن دۆزینه‌وه‌ی داستانی گلگامش رێكه‌وت بوو. ده‌گوترێت داستانی رامایاناو ماهابهاراتا وه‌ك نمونه‌یه‌كی به‌رچاوی زمانی سانسكریتی پێش زایین به‌چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك نووسراوه‌.

ئه‌فشین غوڵامی: ده‌بێت رۆژئاوا له‌سه‌رده‌مانی خۆیدا ئاگاداری ئه‌م تێكسته‌ سانسكریتیانه‌ بوو بێت، یان هه‌ر ئاگاداری ئه‌لیاده‌و ئۆدیسه‌ی هۆمیرۆس بووه‌؟

یوسف عزه‌دین: ده‌بێت له‌خۆمان بپرسین كه‌ئاخۆ هه‌ر له‌سه‌رده‌مانی به‌كارهێنانی سانسكریتی له‌نووسیندا، له‌ماوه‌ی مۆریاو گۆپتا-دا كه‌ له‌هه‌شت سه‌د ساڵی پێش زایینه‌وه‌ بۆ دوو سه‌د ساڵی پێش زایینی خایاندووه‌، هیچ كام له‌تێكسته‌كان نه‌گه‌یشتبێته‌ رۆژئاوای ئه‌و ده‌م، بێگومان ده‌بێت گه‌یشتبێت.. یان تۆ بڵێی نه‌گه‌یشتبێت؟!.. ده‌گوترێت كتێبی “مردووانی میسری” گوایه‌ هه‌زار و هه‌شت سه‌د ساڵا، یان هه‌ن ده‌ڵێن دوو سه‌دو په‌نجا ساڵا له‌ پێش زاییندا نووسراوه‌.. به‌ڵام له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌داو پاش كه‌شفكردنی جفره‌كانی “به‌ردی ره‌شید” توانرا بخوێنرێته‌وه‌، به‌ڵام ئاخۆ له‌سه‌رده‌می نووسین و دانانی به‌ردی ره‌شید-دا كتێبی “مردووانی میسری”و چه‌ندین تێكستی دیكه‌ نه‌خوێنراونه‌ته‌وه‌؟ بێگومان خوێنراونه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵا چه‌ندین مه‌عریفه‌ی دیكه‌ی تریشدا گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ رۆژئاوا.

ئه‌فشین غوڵامی: بابگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر یه‌كه‌مین تێكستی ئه‌ده‌بی نووسراو؟

یوسف عزه‌دین: داستانی گلگامش چ وه‌ك كۆنترین تێسكتی نووسراو كه‌ تائێستا له‌به‌رده‌ستدایه‌و چ وه‌ك ئه‌و قووڵاییه‌ی كه‌هه‌یه‌تی سه‌رسووڕهێنه‌ره‌، به‌شێوه‌یه‌كی باڵاو كامڵا پرسیاره‌ كه‌ونیی و ئه‌نتۆلۆژییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، ده‌گوترێت دوو هه‌زار ساڵا پێش زایین نووسراوه‌ته‌وه‌و له‌هه‌مووشی سه‌یرتر ئیمزاو ناوی كه‌سێكی له‌سه‌ره‌ به‌ناوی ” شین ئوقی ئونینی” كه‌نه‌زانراوه‌ ئاخۆ نووسه‌ری داستانه‌كه‌یه‌ یان ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌نووسیویه‌تییه‌وه‌. داستانه‌كه‌ باس له‌گلگامش ده‌كات كه‌ پاشای “ئۆرك-وه‌ركا”یه‌و دایكی خوداوه‌نده‌و باوكی له‌توخمی مرۆڤی فانییه‌و به‌مه‌ش ئه‌ویش ده‌بێته‌ بوونه‌وه‌رێكی فانی.. تاكڕه‌وانه‌ حوكمی كردووه‌و له‌تاو زوڵم و زۆری، خه‌ڵكی “ئۆرك” په‌نا بۆ خوداوه‌نده‌كان ده‌به‌ن تا چاره‌سه‌رێكیان بۆ بدۆزنه‌وه‌، یه‌كێك له‌خوداوه‌نده‌كان كه‌ناوی ئۆرۆرۆ-یه‌ پیاوێكی به‌رایی و به‌هێزی سه‌ره‌تایی توكنی بۆ دروست ده‌كات كه‌له‌نێو ئاژه‌ڵاندا وه‌ك ئه‌وان ده‌ژی به‌ناوی “ئه‌نكیدۆ”و پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك ئاژه‌ڵان له‌ته‌ڵه‌ی ڕاوچییان رزگارده‌كات و ده‌بێته‌ مایه‌ی كۆسپ بۆ خه‌ڵكی، خه‌ڵكه‌كه‌ په‌نا بۆ گلگامش ده‌به‌ن و شه‌كوای حاڵی خۆیانی بۆ ده‌كه‌ن.. گلگامش-یش فێڵبازانه‌و ته‌نانه‌ت به‌شێوازێكیش كه‌به‌درێژایی مێژوو به‌كارهاتووه‌، مێینه‌یه‌ك بۆ ته‌فره‌دانی ده‌نێرێت.. له‌داستانه‌كه‌دا یه‌كێك له‌كاره‌كه‌ره‌كانی په‌رستگه‌ی عه‌شتار به‌ناوی”شمخات” ده‌نێرێت بۆ ده‌سته‌مۆكردنی دڕندایه‌تی “ئه‌نكیدۆ” و رابواردن له‌گه‌ڵی تا ئاژه‌ڵان لێی بته‌رنه‌وه‌و ببێته‌ كه‌سێكی رامكراو و مه‌ده‌نی.. ئیتر فێری جل له‌به‌ركردن و خواردنه‌وه‌ی شه‌راب و كه‌یف و سه‌فاو شت گه‌لێكی له‌و چه‌شنه‌ی ده‌كات.. ئینجا پاش ئه‌و گۆڕانه‌، ئافره‌ته‌ نێردراوه‌كه‌ غیره‌ی “ئه‌نكیدۆ” ده‌بزووێنێت و باسی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كات چۆن غه‌ریمێكی هه‌یه‌ كه‌ناوی گلگامش-ه‌و یه‌كه‌مین شه‌وی په‌رده‌ی هه‌موو كچانی مه‌مله‌كه‌ت بۆ ئه‌وه‌و به‌مه‌ش “ئه‌نكیدۆ” هار ده‌بێت و مه‌یدان له‌ گلگامش ده‌گرێت، بۆ زۆرانگرتن و ململانێ‌.
هه‌ردووكیان زۆر به‌توندی به‌گژ یه‌كتردا ده‌چن و هه‌رچه‌ند له‌ هێزدا یه‌كسانن و به‌رانبه‌ر ده‌وه‌ستنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ددان پێداهێنانی “ئه‌نكیدۆ” به‌هێز و توانای گلگامش-دا.. گلگامش به‌سه‌ركه‌وتوو ئه‌ژمار ده‌كرێت و ئیتر به‌مه‌ ده‌بنه‌ دوو هاوڕێی زۆر خۆشه‌ویست و له‌درێژه‌ی داستانه‌كه‌دا “ئه‌نكیدۆ” له‌پێناو به‌رگریكردن له‌ گلگامش، كاتێك خوداوه‌نده‌كان گای پیرۆز بۆ كوشتنی گلگامش ده‌نێرن، په‌لاماری قۆچی گای پیرۆز ده‌دات تا گلگامش زه‌فه‌ری لێبهێنێت و بیكوژێت، به‌كوشتنی گای پیرۆزیش ئه‌نجومه‌نی خوداوه‌نده‌كان كۆده‌بنه‌وه‌و بڕیار ده‌ده‌ن ئه‌نكیدۆ بكوژن، ئیتر تووشی نه‌خۆشییه‌كی ده‌كه‌ن و پێی ده‌مرێت..ئه‌مه‌ش وا له‌ گلگامش-دا ده‌كات ده‌یان پرسیار له‌باره‌ی بوون و نه‌بوون به‌مێشكیدا گوزه‌ربكات و نغرۆی خه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی هێجگار قووڵا ببێت و عه‌وداڵی دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی بوون و فه‌نا بوون ببێت، له‌م پێناوه‌شدا ده‌ست ده‌كات به‌سه‌فه‌ركردن و له‌درێژه‌ی سه‌فه‌ره‌كه‌شیدا ده‌گاته‌ لای ئه‌و كه‌سه‌ نه‌مره‌ی كه‌ناوی “ئوتنابشتم”ه‌و پاش رزگاربوونی له‌تۆفانه‌ مه‌زنه‌كه‌.. خوداوه‌نده‌كان نه‌مری هه‌تا هه‌تاییان به‌خۆیی و ژنه‌كه‌ی به‌خشیوه‌. پاش هه‌وڵێكی زۆری گلگامش بۆ رازیكردنی “ئوتنابشتم” تا نهێنی نه‌مری پێ بڵێ‌.. ئه‌و زاته‌ نه‌مره‌ مه‌رجی شه‌ش رۆژ و حه‌وت شه‌و نه‌خه‌وتنی بۆ داده‌نێت، تا پێی بڵێت.. ئه‌مه‌ش به‌گلگامش ناكرێت و پاش بێدارییه‌كی زۆر ده‌خه‌وێت و هه‌لی به‌ده‌ستهێنانی نه‌مری یان زانینی نهێنی نه‌مر بوون له‌ده‌ست ده‌دات.. ژنی “ئوتنابشتم” به‌زه‌یی به‌گلگامش-دا دێته‌وه‌و نهێنی گه‌نج بوونه‌وه‌ی پێده‌ڵێت و پاش به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و گیایه‌و ده‌رهێنانی له‌نێو ده‌ریادا، ئه‌ویش له‌غه‌فڵه‌تێكدا مار ده‌یخوات، ئیتر مایه‌پووچانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ده‌گاته‌ ئه‌و یه‌قینه‌ی چاره‌نووسی هه‌موو مرۆڤێك مه‌رگ و فه‌نا بوونه‌.

ئه‌فشین غوڵامی: هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌به‌ڕوونی له‌فه‌لسه‌فه‌ی رۆژهه‌ڵاتی و دنیای سۆفییه‌كاندا ره‌نگده‌داته‌وه‌؟

یوسف عزه‌دین: به‌ڵێ‌ ته‌نانه‌ت كاتێك گلگامش سه‌فه‌ره‌كه‌ی ده‌ست پێده‌كات، بۆ دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی نه‌مر بوون و مانه‌وه‌ی هه‌تا هه‌تایی، جلی پاشایه‌تی داده‌كه‌نێت و جلی وه‌ك هی سۆفییان و ده‌روێشان ده‌كاته‌ به‌رو له‌ڕێگه‌ش به‌قسه‌و هه‌وڵا و ته‌قه‌للاكانی خوداوه‌ندی خواردنه‌وه‌و شه‌راب”سیدوری” هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێت، كه‌پێی ده‌ڵێت دنیا بۆ خواردنه‌وه‌و رابواردن كراوه‌و له‌جێی عه‌وداڵبوونت به‌شوێن وه‌ڵامی پرسیاره‌كاندا خۆت له‌چێژبینین و رابواردندا غه‌رق بكه‌.. به‌ڵام ئه‌و گوێ‌ له‌و قسانه‌ ناگرێت و درێژه‌ به‌سه‌فه‌ره‌كه‌ی ده‌دات.

ئه‌فشین غوڵامی: ئه‌ده‌بیاتیش بۆ خۆی سه‌فه‌ر و گه‌ڕانه‌، پێتان وانییه‌ هه‌ر ئه‌م پرسیارگه‌لانه‌یه‌، ئه‌ده‌بیات سه‌رقاڵییه‌تی؟

یوسف عزه‌دین: به‌ڵی ئه‌مه‌ لای سه‌رجه‌م ئه‌و ژماره‌ كه‌مه‌ له‌نووسه‌ره‌ جدییه‌كانی دنیا وایه‌، ئه‌وانه‌ی حه‌وسه‌ڵه‌و توانا و تاقه‌تی قووڵبوونه‌وه‌و تێپه‌ڕكردنی ئاسته‌ سه‌تحییه‌كانیان هه‌یه‌، وه‌ك كافكا و ئیتالیۆ كالڤینۆ و بۆرخیس و ژماره‌یه‌ك له‌نووسه‌ره‌ جدییه‌كانی دنیا.

ئه‌فشین غوڵامی: به‌ڕای ئێوه‌، ئه‌و شتانه‌ی واقیعی ئه‌ده‌بی له‌دنیای نووسینداو واقیعی حه‌قیقی له‌یه‌كتر جیاده‌كاته‌وه‌ كامانه‌ن؟

یوسف عزه‌دین: پرسیاره‌كه‌تان فره‌ڕه‌هه‌نده‌و گه‌لێك وه‌ڵام هه‌ڵده‌گرێت، وه‌ك ده‌ڵێن یه‌كێك له‌جیاكه‌ره‌وه‌كانی ئه‌ده‌بیات له‌واقیعی حه‌قیقی میتافۆره‌، به‌ڵام به‌ڕای جۆرج لاكۆف و جۆنسۆن میتافۆر ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌گوزارشته‌ زمانه‌وانییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌بیركردنه‌وه‌و كردار و هه‌ستكردنه‌كانمانه‌وه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌فۆڕمۆڵه‌بوونی رایه‌ڵه‌ی چه‌مكه‌كان له‌به‌ڕێوه‌بردنی كرده‌وه‌ مۆڕاڵییه‌كانمانه‌وه‌. مه‌به‌ست له‌وه‌یه‌ له‌خودی بیركردنه‌وه‌و تێڕوانین و دنیابینی و ته‌نانه‌ت فڕوفێڵا و كاروكرده‌وه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌كانی مرۆڤیشدا، میتافۆر حزووری هه‌یه‌. ئیتر به‌شێك له‌به‌ره‌و پێشچوونه‌ شارستانییه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌میتافۆره‌وه‌ كه‌پاش دروستبوونی زمانێكی تایبه‌ت، به‌چه‌شنێك له‌چه‌شنه‌كان له‌نێو هه‌ناویدا و هاوتا له‌گه‌ڵا به‌كارهێنانی به‌رده‌وامیدا دێته‌بوون. ئه‌گه‌ر كه‌مێك زیاتر قووڵبینه‌وه‌ ده‌بینین بیستن رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌قسه‌كردن و ئاخافتن و په‌ره‌پێدانیدا.. هه‌روه‌ك “مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رومی” ده‌ڵێت: ( هه‌ر وه‌ڵامێك له‌ڕێی گوێوه‌ بچێته‌ دڵه‌وه‌، چاوت پێت ده‌ڵێت، وازی لێ‌ بهێنه‌و گوێڕادێری من به‌.. بزانه‌ گوێ‌ بازاڕییه‌.. به‌ڵام چاو ئه‌هلی ویساڵه‌.. چاو ساحێبی حاڵه‌.. به‌ڵام گوێ‌ ئه‌هلی مه‌قامه‌و له‌گوێگرتندا سیفاته‌كان ده‌گۆڕێن.. به‌ڵام له‌بینیندا زات ده‌گۆڕێت).

ئه‌فشین غوڵامی: كه‌واته‌ دنیای عیرفان و سۆفیگه‌ری و نووسینه‌كانیان له‌دنیای ئه‌ده‌بیاتی جیدییه‌وه‌ نزیكه‌و وه‌ك چۆن توانیووتانه‌ له‌سه‌رجه‌م رۆمانه‌كانتانداو به‌تایبه‌تیش له‌رۆمانی” وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه‌ گریمانكراوه‌كان”دا رایه‌ڵه‌یه‌كی نهێنی و ئه‌فسوونئامێزانه‌ له‌نێو ئه‌و دوو دنیایه‌دا دروست بكه‌ن، واته‌ ئه‌ده‌ب و عیرفانتان كردۆته‌ دوو دیوی یه‌ك تێسكتی ئه‌ده‌بی؟

یوسف عزه‌دین: تۆ بڕوانه‌ دنیای ئه‌و عاریفانه‌ هێنده‌ قووڵ و فره‌ڕه‌هه‌نده‌، هه‌یانه‌ جگه‌ له‌ده‌یان كتێبی فیكری و فه‌لسه‌فی و عیرفانی، له‌ئه‌ده‌بیاتیشداو به‌تایبه‌تیش له‌ بواری گوتنی شیعردا به‌یت و پارچه‌ شیعری زۆر كاریگه‌رو سه‌رسامئامێزیان هه‌یه‌، یان ته‌نانه‌ت دیوانه‌ شیعریان هه‌یه‌و هه‌شیانه‌ ته‌نها به‌شیعر هه‌موو ئه‌زموونه‌ ناوه‌كییه‌ قووڵه‌كه‌ی خۆی خستۆته‌ڕوو.. ئه‌وانه‌ی زۆر بێده‌نگ و ته‌ریكیش بوون، زمانی حاڵ و ده‌ربڕینیان هه‌ر شیعر بووه‌..له‌گه‌ڵا بوونی ئه‌و جه‌زب و راكێشانه‌ی كه‌ته‌نها له‌دنیای عریفاندا هه‌یه‌و رۆحی بنیاده‌م تووشی هه‌ژان و سه‌رسامبوون ده‌كات، له‌پشت هه‌ر به‌یتێكیاندا دنیایه‌ك مانای زۆر قووڵا له‌باتن و زاهیردا حزووریان هه‌یه‌.
سه‌یركه‌ من و تۆ چیمان لێدێت به‌رانبه‌ر ته‌نانه‌ت به‌یته‌ شیعرێكی فه‌ریده‌دینی عه‌تتار و حافزی شیرازی و حه‌للاج و ئیبن عه‌ره‌بی و مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رومی كه‌خودی ئه‌و زاته‌ ده‌رحه‌ق به‌”عه‌تتار” ده‌ڵێت:( عه‌تتار سه‌فه‌ری به‌هه‌ر حه‌وت مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی عیشقدا كردو كه‌چی ئێمه‌ له‌سه‌ره‌ڕێگه‌ی شه‌قامێكی عیشقدا چه‌قیووین).. هه‌روه‌ها هه‌موو توانسته‌ شیعرییه‌كانی خۆی ده‌باته‌وه‌ بۆ “عه‌تتار”و ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت:( هه‌ڵه‌كانیشم هه‌ر له‌ عه‌تتار-ه‌وه‌ فێر بووم).. ئه‌مه‌یه‌ ئه‌ده‌ب و ره‌وشتی ئه‌هلی عیرفان كه‌به‌ده‌ر له‌مل شكاندنی یه‌كتر و حه‌ساده‌ت، پێكه‌وه‌ كار له‌خوڵقاندنی دنیای مه‌جازیدا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا مه‌ولانا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هێنده‌ كاریگه‌ری عه‌تتار-ی له‌سه‌ره‌، ته‌نانه‌ت هه‌ڵه‌كانیشی هی ئه‌ون، به‌ڵام له‌واقیعی ئه‌ده‌بیات و نووسینی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه‌دا، ئه‌وه‌ی تۆ بۆخۆت كه‌شفت كردووه‌و زاده‌ی شه‌ونخوونی و ئه‌زموونی مه‌عریفی و رۆحیته‌، كاتێك ده‌یخه‌یته‌ڕوو، لێره‌و له‌وێ‌ ئه‌وه‌ی پێی گه‌یشتوویت، به‌لاسایی كردنه‌وه‌ یان بردنی ده‌بێته‌ بابه‌تێك یان چه‌ند بابه‌تگه‌لێكی بڵاوكراوه‌، له‌ڕوو هاوشێوه‌و له‌ناوه‌خندا كاڵوكرچ و دزێو.. ئیتر چی له‌وه‌ ترسناكتر هه‌یه‌ له‌واقیعێكی ئاوادا هه‌بیت و بنووسیت و دڵنیابیت ئه‌وه‌ی تۆ گوتووته‌و له‌ڕووكه‌شدا بێده‌نگی لێكراوه‌، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌بینرابێت و نه‌خوێنرابێته‌وه‌، كه‌چی له‌ڕاستیداو به‌بێده‌نگی و له‌تاریكیدا كار بۆ فامكردن و راڤه‌كردنی كراوه‌و پاش ماوه‌یه‌ك لێره‌و له‌وێ‌ ئاوه‌ژوو یان به‌كه‌مێك ده‌ستكارییه‌وه‌ به‌ناوی كه‌س و كه‌سانێكی تره‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌؟!

ئه‌فشین غوڵامی: كه‌واته‌ تێكسته‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی عاریفان، ئه‌ده‌بی راسته‌قینه‌و جدین؟

یوسف عزه‌دین: له‌ڕاستیدا رۆژهه‌ڵاتناسه‌كان توانیان سه‌رتاپای ئه‌ده‌بیات و فیكر و بیروبۆچوونی رۆژئاوا له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بگۆڕن، به‌وه‌رگێڕان و گه‌یاندنی ده‌یان تێكستی ئه‌ده‌بی و فیكری و مه‌عریفی و زانستی و عیرفانی رۆژهه‌ڵات.. زۆریان ته‌مه‌نی خۆیان بۆ كه‌شفكردنی نهێنی و په‌نهانی عیرفان و دنیای سۆفییان ته‌رخانكرد، له‌وانه‌ “لویس ماسینیون”ی فه‌ڕه‌نساییه‌، بابه‌تی ده‌رحه‌ق به‌”سه‌لمانی فارسی”و “ئیبن سه‌بعین”و “حه‌للاج”نووسیوه‌، به‌تایبه‌تیش نزیكه‌ی سی ساڵا له‌ته‌مه‌نی خۆی بۆ ناساندنی به‌رهه‌م و ژیانی “حه‌للاج” ته‌رخانكردووه‌، “ئازاره‌كانی حه‌للاج ” ناونیشانی كتێبێكی تۆكمه‌و جوانی ئه‌و زاته‌یه‌.

ئه‌فشین غوڵامی: دووباره‌ راڤه‌كردنی مێژوو و خوڵقاندنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێشی، له‌هه‌موو رۆمانه‌كانتاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، سه‌رباری بینینه‌وه‌ی له‌هه‌ندێك له‌وتار و لێكۆڵینه‌وه‌و بابه‌تی ره‌خنه‌یی و وه‌رگێڕانه‌كانیشتاندا، هۆكاری گرنگی دانتان به‌مێژوو بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

یوسف عزه‌دین: وه‌ك وه‌بیرم دێت و ته‌نانه‌ت پێش فامكردنی ته‌واویشم بۆ دنیا، باس و خواس و به‌سه‌رهاته‌ مێژووییه‌كان زیاد له‌گه‌مه‌و یاریكردن سه‌رنجیان راده‌كێشام، به‌بێده‌نگی به‌دیار به‌ساڵاچووه‌كانه‌وه‌ داده‌نیشتم بۆ گوێ‌ بیستی ئه‌و حیكایه‌ته‌ مێژووییانه‌ی كه‌نازانم بۆ هه‌ر له‌و ده‌مه‌وه‌ له‌واقیعی ژیان جوانتر و به‌تامتر ده‌هاته‌ پێشچاوم و بێزار نه‌ده‌بووم له‌هه‌موو ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی كه‌ساڵا له‌دوای ساڵا منیان ئالووده‌و شه‌یدای خوێندنه‌وه‌ی مێژوو كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێو خه‌یاڵا و خه‌ونه‌كانمدا ببێته‌ به‌سه‌رهات و ماجه‌راو و داستان و حیكایه‌تگه‌لێكی جیاواز له‌وه‌ی كه‌له‌واقیعدا هه‌بووه‌و روویداوه‌…گێڕانه‌وه‌ مێژووییه‌كانی سه‌رده‌می منداڵیم، ئه‌وه‌نده‌ی گوێبیستیان ده‌بووم، هه‌ستم به‌سامی وشه‌كان و قووڵاییه‌كانی زه‌مه‌ن ده‌كرد، زه‌مه‌نێك كه‌بۆنێكی تایبه‌تی هه‌بوو.. بۆنێك بوو، وه‌ك بۆنی خودی به‌ساڵاچووه‌كان.. ده‌مزانی ئه‌و كه‌سانه‌ی حیكایه‌ته‌ مێژووییه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌، هه‌ر یه‌كێكیان چه‌ند جیاوازن له‌ كه‌سێكی تریان، له‌گێڕانه‌وه‌ی هه‌مان به‌سه‌رهات و ماجه‌رای مێژوویدا.. كاتێك باسی ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنییان بۆ ده‌كردم و دواتر له‌شوێنێكی تره‌وه‌ باسی زولقه‌ڕنه‌ین-یان بۆ ده‌كردم و ئیدی كاتێك لای یه‌كێكیان جیابوون و لای یه‌كێكی تریشیان هه‌ردووكیان هه‌ر یه‌ك بوون، زۆر سه‌رسام و حه‌یران ده‌بووم، به‌و توانسته‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ عه‌جایبه‌ی، كه‌دنیایه‌كی جیاوازی وای ده‌هێنایه‌ پێشچاوم، كه‌ده‌بوو له‌گه‌ڵا یه‌كێكیان بم و لایه‌نگری ته‌سه‌وراتی بم، دژ به‌وی تریان.. یان پێچه‌وانه‌ی هه‌ردووكیان بم و هه‌موو ئه‌مه‌ش ده‌بووه‌ مایه‌ی چه‌ندین پرسیاری بێكۆتا، كه‌هه‌م رووبه‌ڕووی ئه‌وانه‌م ده‌كرده‌وه‌ كه‌حیكایه‌ت و به‌سه‌رهاته‌ مێژووییه‌كانیان بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌و هه‌م له‌كه‌سانی تریشم ده‌پرسی، ئیدی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌پرسیار و نایه‌قین بوونمه‌وه‌ ده‌رحه‌ق به‌وه‌ی ده‌یبیستم، هاتمه‌ نێو دنیای به‌سه‌رهات و ماجه‌را مێژووییه‌كانه‌وه‌، به‌گومانه‌وه‌ كه‌وتمه‌ روانین و سه‌رنجدانی سه‌رجه‌م دیارده‌و شته‌كان.

ئه‌فشین غوڵامی: هه‌ر بۆیه‌ ده‌ته‌وێت بگه‌ڕێیت به‌شوێن مێژووی نه‌نووسراو و نه‌گوتراوی شته‌كاندا؟

یوسف عزه‌دین: ئێمه‌ هه‌موومان چ له‌ئێستادا له‌نێو مێژووداین و چ پاش مه‌رگیشمان له‌نێو مێژوودا ده‌مێنینه‌وه‌.. به‌كه‌سه‌ ناسراو و نه‌ناسراوه‌كانیشه‌وه‌..ئیتر ئه‌گه‌ر مێژووی نووسراویش نه‌بێت، ئه‌وه‌ مێژووی شه‌فه‌هی ده‌توانێت كه‌سه‌ نه‌ناسراوه‌كان بهێڵێته‌وه‌و ده‌ماو ده‌م به‌سه‌رهاتی ژیانیان بگێڕێته‌وه‌. بۆیه‌ بوونی من و تۆ له‌مێژوودا، چه‌نده‌ بابه‌تێكی حه‌قیقی و واقعییه‌و وه‌ك خۆی و له‌خۆیدا بوونی هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ش بابه‌تێكی ئه‌بستراكت و جیاوازه‌.. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چۆنیه‌تی بینینی ئه‌ویتر بۆ من و تۆ. بۆ نمونه‌ “هیتله‌ر” لای من و تۆ، ته‌نها دیكتاتۆرێكی خوێنڕێژ و ماڵوێرانكه‌ر و تاوانباره‌، به‌ڵام لای هه‌موو ئه‌وانه‌ی تا دوا دڵۆپی خوێنیان به‌رگرییان لێكردو له‌پێناویدا جه‌نگان شتێكی تره‌. “هیتله‌ر” له‌تێڕوانینی بیرمه‌نده‌كانیشدا جیاوازه‌، بیرمه‌ندێكی داهێنه‌ری وه‌ك”هایدگه‌ر” یه‌كێك بووه‌ له‌حه‌یران و موعجیبه‌كانی، كاتێك پێی ده‌ڵێن چی له‌و پیاوه‌ سه‌تحییه‌دا ده‌بینیته‌وه‌، وا هێنده‌ پێی موعجیبیت؟ له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت، ته‌نها جووڵانه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌! واته‌ بۆ گۆڕینی كه‌ساتییه‌كان و هێنانه‌ ژێر باریان..ئیدی “هایدگه‌ر” به‌كۆڵێك ئه‌قڵه‌وه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك هیتله‌ر له‌ناخه‌وه‌ ده‌یهه‌ژێنێت؟!
” ئۆشۆ” له‌كتێبی “له‌كۆیلایه‌تییه‌وه‌ به‌ره‌و ئازادی”دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ( كه‌ئه‌ڵمانیا وڵاتی كانت و هیگڵا و فیورباخ و كارڵا ماركس و فرۆیدو مارتن هایدگه‌ر-ه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا كه‌سێكی سایكۆباتی پله‌ سێی وه‌ك “ئه‌دۆلف هیتله‌ر” توانی میلله‌تێكی ئاقڵی وه‌ك ئه‌ڵمان به‌لای خۆیدا رابكێشێت) ده‌ڵێت( به‌ڕای من ئه‌گه‌ر به‌شه‌رییه‌ت هیچ له‌مه‌وه‌ فێر نه‌بێت، ئه‌وه‌ مێژوو خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌…ناچێته‌ ئه‌قڵه‌وه‌ كه‌یه‌كێك له‌ناودارترین فه‌یله‌سوفه‌كانی چه‌رخی بیسته‌م، كه‌سێكی وه‌ك “مارتن هایدگه‌ر” ببێته‌ هه‌وادار و لایه‌نگری هیتله‌ر. هیتله‌ر بووه‌ سه‌رۆكی ئاقڵترین وڵاتی دنیا، هه‌موو خاوه‌ن بڕوانامه‌كان چوونه‌ پاڵا پیاوێكی نه‌خوێنده‌وار و گه‌وره‌ترین ئیمپراتۆریه‌تی فاشیستی له‌دنیادا دروستكردو ده‌ ملیۆن ئینسانی كوشت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی پشتگیری لایه‌نگرانی له‌ده‌ست بدات ).

ئه‌فشین غوڵامی: پێتان وایه‌ كاری ئه‌ده‌به‌ به‌دووی ڕاستییه‌كاندا بچێت و هۆكاری نه‌هامه‌تییه‌كانی مێژوو بدۆزێته‌وه‌؟

یوسف عزه‌دین: “سیباڵد”ی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌ڵمانی یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌ر و رۆماننووسه‌ جدییانه‌ی كه‌به‌بێده‌نگی ساڵانێك خه‌ریكی كه‌شفكردن و خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێگه‌ریانه‌و جیاواز بوو بۆ مێژوو.. تا مه‌رگی له‌ناكاوی له‌ساڵی 2003-دا به‌ڕووداوی هاتوچۆ له‌به‌ریتانیا، پرۆژه‌ی زۆر تایبه‌ت و ناوازه‌ی نووسینی ئه‌و پیاوه‌ی وه‌ستاندو پاش مه‌رگی ئینجا ئه‌م نووسه‌ره‌ به‌توانایه‌یان بیركه‌وته‌وه‌و خه‌ڵاتی “ئیندیپێندت”ی چیرۆكیان به‌خشی به‌یه‌كێك له‌رۆمانه‌كانی به‌ناوی”ئۆسترلیز”و به‌گشتی رۆمانه‌كانی تێكه‌ڵه‌یه‌كن له‌ڕیپۆرتاژ و وتار و لێكۆڵینه‌وه‌و چیرۆك و تانه‌ت هه‌ندێك جار كتێبه‌كانی وێنه‌ش له‌خۆ ده‌گرن. شێوازێكی زۆر تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌خستنه‌ڕووی ڕووداوه‌كانداو كاتێك رۆمانه‌كانی ده‌خوێنیته‌وه‌، هه‌ست ده‌كه‌یت به‌ده‌ر له‌سۆز و عاتیفه‌ی موزه‌یه‌فانه‌، ده‌توانێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قوربانیانی جه‌نگدا بكات. له‌ڕۆمانی “ئۆسترلیز” واقیع و خه‌یاڵ تێكه‌ڵا ده‌بێت و باس له‌دروستكردنی هۆڵۆكۆست و كلتووری شیوه‌نكردن و یاده‌وه‌ری ده‌كات و سه‌رباری خوڵقاندنی شێوازێكی نوێی نووسین. ئه‌تمۆسفێری ده‌قه‌كانی كافكاو ئیتالیۆ كالڤینۆ و بۆرخیس-مان بیرده‌خاته‌وه‌. له‌ساڵی 2008-دا له‌دایالۆگێكمدا كه‌له‌گۆڤاری رامان بڵاوبۆته‌وه‌ ئاماژه‌م به‌رۆمانی”مه‌داره‌كانی ساتوورن”ی “سیباڵد”كردووه‌و گوتوومه‌:
( زه‌مه‌ن بۆ خۆی نه‌فی دۆگماو وه‌ستان ده‌كاته‌وه‌و بێكۆتا بوونی زه‌مه‌نیش، وامان لێده‌كات لێكچوون و هاوشێوه‌بوونێكی زه‌مه‌نی له‌نێوان دوێنێ‌ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێدا ببینینه‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌ڕۆمانی مه‌داره‌كانی ساتوورن-ی سیباڵدا ده‌بینرێته‌وه‌. له‌میانی گه‌شتێك به‌نێو زه‌مه‌ندا، به‌ئامانجی گه‌یشتنه‌ حه‌جی مه‌سیحیان، تاقیبی رێگه‌ی قه‌ره‌جان و گه‌ڕیده‌كان ده‌كات و له‌ڕێگه‌ی سه‌ردو مه‌نه‌لۆگه‌وه‌، رووداوو و كاره‌سات و ساته‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی مێژوو زیندوو ده‌كاته‌وه‌، به‌چه‌شنێك كه‌هه‌ر ده‌ڵێی له‌ئێستادا روو ده‌دات و خوێنه‌ر ناچار ده‌كات بپرسێت.. سیباڵد وامان لێده‌كات بكه‌وینه‌ پرسیاركردن، سه‌باره‌ت به‌چه‌قۆ ئاساییه‌كانی نێو مووبه‌قه‌كانمان، چونكه‌ هه‌ر ئه‌و چه‌قۆ ئاساییانه‌ بوون كه‌له‌دووهه‌مین جه‌نگی جیهانیدا، سه‌رله‌به‌ری خه‌ڵكانی شارۆچكه‌یه‌كی پێ‌ سه‌ربڕدرا ). سیباڵد له‌ جۆره‌ نووسه‌رانه‌یه‌ كاتێك گه‌شت به‌نێو مێژوودا ده‌كات و به‌سه‌رهاته‌ مێژووییه‌كانمان بۆ وێنا ده‌كات، خۆی له‌قه‌ره‌ی خستنه‌ڕووی گوتاره‌ سیاسی و تێڕوانینه‌كانی خۆی نادات و ته‌نها به‌وه‌ی ده‌یخاته‌ڕوو پرسیارمان لا دروست ده‌كات.

ئه‌فشین غوڵامی: هه‌رچه‌ند پرسیاری ترمان زۆره‌، به‌ڵام هه‌ڵیده‌گرین بۆ ده‌رفه‌تێكی تر و به‌نیازی به‌رده‌وامیتان.

یوسف عزه‌دین: سوپاستان ده‌كه‌م




كۆڵان كۆلان گێڕانه‌وه‌ …. 57 …. كه‌ریم كاكه‌

….شووشه‌ی عه‌ره‌قی ده‌ستی مه‌ستان ئه‌له‌تریك بوو، كۆڵانه‌كانی به‌لاشاوه‌ی رووناكده‌كرده‌وه‌
57

تێكچوونی دنیا ده‌كه‌وێته‌ شه‌وێ، به‌ڵام نیشانه‌ی سه‌ر له‌ ئێواره‌ ده‌رده‌كه‌وێ، نیشانه‌یه‌كی كاولبوونی دنیام، له‌ رووخساری بابم دیته‌وه‌، ره‌نگی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌، ده‌ستی له‌ بن چه‌نه‌گه‌ی ناوه‌، روو له‌ دیوار دانیشتووه‌، چاوی له‌ شتێك بڕیوه‌ كه‌ من نایبینم و نازانم چیه‌، بابمم هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه‌ نه‌دیتووه‌..
زوو نیشانه‌ی كاولبوونه‌كه‌ی له‌ رووی خۆی ره‌وانده‌وه‌، كاتێ هه‌ستیكرد ئێمه‌ ده‌ورمان داوه‌ و ترسمان لێنیشتووه‌، پێكه‌نی و گوتی:
هیچ نیه‌، هیچ نابێ…
قسه‌ی خۆشی مێوژیی بۆكردین، دوای كه‌مێك له‌ رووخساریدا راستیی قسه‌كانیم خوێنده‌وه‌ و تۆ بڵێی دنیا كاول نه‌بێ، درۆم له‌ بابم نه‌دیوه‌، له‌ خودا پاڕامه‌وه‌ ئه‌و قسه‌شی راست ده‌رچێ و درۆ نه‌بێ، گوێم لێیه‌ ده‌ڵێن:
شار بارگه‌ و بنه‌ی تێكناوه‌، كۆچ ده‌كات..
وایه‌، رێی سه‌رێ رێی سه‌ید مارف و باداوه‌ ناپسێته‌وه‌،پێشترێ كۆچی گوندم دیتبوو، به‌ڵام شار! شاریش كۆچ ده‌كات! ئه‌و رێیه‌ له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ هێنده‌ مرۆڤه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیتووه‌، وا بڕوا شار پیاوی تێدا نامێنێ، باشه‌ بۆچی ته‌نها پیاوه‌كان ده‌ڕۆن؟ ئه‌و پرسیاره‌م له‌ خۆم كرد و كه‌س وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه‌، هه‌ندێ له‌ خزمانی سه‌یداوه‌ هاتنه‌ ماڵی ئێمه‌، پیاوه‌كان، كوڕه‌كان رۆیشتن و ژن و منداڵ مانه‌وه‌، كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ش هاته‌وه‌، له‌بیرمچوو بڵێم وه‌رزی پێش وه‌رزی كاولبوون كابانه‌ ژیكه‌ڵه‌ رۆیی و بووه‌ بووكی ماڵی هه‌قایه‌تبێژ، ته‌مه‌نیشی گچكه‌ بوو، سه‌ره‌تا به‌ رۆیشتنی وی زۆر تێكچووم، نیگه‌رانی دایگرتم، به‌ڵام حه‌فته‌ی شه‌وێك ده‌هاته‌وه‌ و هه‌ندێ هه‌قایه‌تی تازه‌ی هه‌قایه‌تبێژی بۆمان ده‌گێڕایه‌وه‌، ئاسایی بوومه‌وه‌، له‌ خۆشیی هه‌قایه‌تان نیگه‌رانیم نه‌ما.. ژنه‌ جوانه‌ شه‌له‌كه‌ش له‌ ماڵمانه‌، گوڵی كۆسارانی نه‌نكم كه‌ كه‌وتبووه‌ سه‌ر رۆخی تێكچوون، به‌ڵام له‌ هه‌ندێ قسه‌ و باس له‌ جاران جوانتر قسه‌كانی به‌ دڵدا ده‌چوون، ده‌ڵێته‌ بابم:
تۆ ده‌بێت، بڕۆیت، ئه‌و كوڕه‌ش له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌، عه‌ره‌ب به‌دمه‌زه‌بن، ئه‌وه‌ی كیرمیز بێت ده‌ستی لێناپارێزن،
گوڵی كۆساران مه‌به‌ستی من بوو، ترسام، ده‌مویست بڵێمه‌ بابم، با زوو بڕۆین..
دایكم ده‌ڵێ:
پیاوه‌كه‌، حه‌ره‌س قه‌ومیت له‌بیرچوو؟ ئه‌وانه‌ی ئێستاش گوجیله‌ی كۆڵیتی وان نین؟!
بابم ده‌ڵێته‌ دایكم ونه‌نكم:
ئێوه‌ بۆ وا ده‌ترسن، هیچ نیه‌، من ناڕۆم و له‌گه‌ڵ ئێوه‌ ده‌مێنمه‌وه‌، مه‌ترسن كه‌س نایه‌ته‌ سه‌ر ئێمه‌، زراوی منداڵه‌كان مه‌به‌ن..
قسه‌و باس زۆر كرا، چی وام له‌بیرنه‌ماوه‌، ده‌زانم بابم دایه‌ لاملی و چه‌ندی هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ دا له‌ ماڵێ نه‌بزووت، گوتی، به‌و پیاوانه‌ی گوت كه‌ به‌ ژن و منداڵه‌وه‌ هاتبوونه‌ ماڵی مه‌:
ئه‌و هه‌موو ژن و منداڵه‌ به‌ سه‌ر كێدا به‌جێبهێلم! ئێوه‌ بڕۆن، من ده‌مێنمه‌وه‌..
باپیریشم زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵی دا كه‌ بڕوات، به‌ قسه‌ی نه‌كرد، گوتی:
بابه‌، به‌بیرمنایه‌ قسه‌ی تۆم شكاندبێت، به‌ڵام له‌وه‌یان به‌ قسه‌ت ناكه‌م..
پیری سوارچاكان گوتی:
ته‌واو، به‌ دڵی خۆت بكه‌..
دێته‌وه‌بیرم خۆم خسته‌ بن ساقۆ درێژه‌كه‌ی و ملم درێژكرده‌وه‌ لای شانی و به‌ ده‌نگێك هه‌ر من و ئه‌و بیستمان، گوتم:
بابه‌، عاره‌ب نامانكوژن؟!
ده‌ستی به‌ سه‌رمدا هێناو گوتی:
كوڕم، عاره‌ب گووی خوارد ده‌مانكوژێت، له‌ منت نه‌كه‌وێ، ده‌ترسی؟ ئه‌دی له‌ كن بابی خۆت نیت، وه‌ره‌ له‌ بن ساقۆی بابی خۆت بخه‌وه‌، سبه‌ی وه‌ك رۆژانیش ده‌چیه‌ مه‌كته‌ب و هیچ له‌ گۆڕێ نیه‌…
تۆ بڵێی وا بێت، ئێ خۆ درۆم له‌ بابم نه‌دیتووه‌، به‌ڵام ئه‌و شه‌وه‌، شه‌وێكه‌ هه‌موو نیشانه‌كانی كاولبوونی دنیای تێدا ره‌شده‌چێته‌وه‌، چ پێناچێ له‌وه‌یان قسه‌ی بابم راست ده‌رچێ! ئه‌دی هه‌ر خۆی باسی كاولبوونی دنیای نه‌ده‌كرد، ئه‌و كاولبوونه‌ی كه‌وته‌ ئه‌وشۆ..
ئه‌و شه‌وه‌ چ شه‌و بوو!
شار به‌و به‌ری كه‌ندێدا به‌ پێش ماڵی ئێمه‌دا رێی چیای گرتبوو، چه‌كدار و بێ چه‌ك، پێشمه‌رگه‌، پۆلیس، پیر و جحێل، رێچه‌كه‌یان به‌ستووه‌، كه‌س نه‌ما، شار پیاوی تێدا نه‌ما، دێته‌وه‌ بیرم شاتكه‌ شێت، به‌زۆر فیشه‌كه‌ شێته‌ی مێردی به‌گه‌ڵ شار دا، هه‌ر به‌ پاڵ پاڵی پێوه‌نا، دواتر بیستمه‌وه‌ گوتبووی:
زوو بڕۆ شێتوشوور، تا ئه‌ستێره‌ت نه‌ڕژاوه‌ و به‌ ده‌ستی خۆم له‌ سه‌ید مارفم نه‌ناشتووی..
من قسه‌ و له‌ خۆهه‌ڵدانه‌كه‌ی فیشه‌كه‌ شێته‌م له‌ چاوه‌، دیمه‌نێكه‌ شۆڕش ره‌شبێته‌وه‌، ئه‌و ره‌شنابێته‌وه‌، ته‌نه‌كه‌ی زبڵی خستۆته‌ بن هه‌نگڵیه‌وه‌، شه‌كرشكێنی به‌ ده‌سته‌وه‌، ته‌ق ته‌ق وه‌ریگه‌ڕاوه‌تێ، ده‌ڵێی دمكچیه‌ و شایی ده‌گێرێ، زۆری گۆ، لێ من هه‌ر ئه‌و رسته‌یه‌م به‌بیردێتۆ:
ئه‌وه‌ی گونی هه‌یه‌ ده‌بێت بڕواته‌ سه‌رێ، ئه‌وشه‌و حوكمه‌ت گونان ده‌گرێ..
وای ترسام، ده‌ستم بۆ گونی خۆم برد، چ دوور نیه‌ گوتبێـم: خودایه‌ بۆ گونت دامێ!
له‌و ساته‌ بوو شاتكه‌ شێتی ژنی پاڵی پێوه‌نا، خۆی به‌ دیوار گرته‌وه‌، ده‌بێت شاتكه‌ له‌ بن لێوانه‌وه‌ رسته‌كه‌ی گوتبێ، چوونكه‌ من دواتر و له‌ زاران بیستمه‌وه‌:
ئه‌گه‌ر وایه‌ با كه‌ڵه‌بابه‌كه‌ له‌ باتی تۆ بچێته‌ سه‌رێ..
هه‌ندێ دیمه‌نی ئه‌و شه‌وه‌ هه‌ن له‌بیرناچنه‌وه‌، خۆ دیمه‌نی ماچه‌كه‌ تا ئێستا له‌ بیناییم ده‌بریسكێته‌وه‌، مێردی ژنه‌ جوانه‌ شه‌له‌كه‌، ماچێكی روومه‌ته‌ خڕوخه‌پانه‌كه‌ی ژنه‌كه‌ی كرد، من ماچی ئه‌وهام نه‌دیتبوو، له‌وه‌ شه‌وه‌ چ پیاوێ ژنه‌كه‌ی خۆی ماچ نه‌كرد، ماچم نێوان ژن و مێردم نه‌دی، جگه‌ له‌و ماچه‌ كه‌ ده‌تگوت شتێك به‌ر مانگ كه‌وتووه‌!
له‌ شه‌وی كاولبوونی دنیا له‌ ماڵی ئێمه‌، له‌ كۆڵانی ئێمه‌، له‌ رێی چیای ئه‌و به‌ری كه‌ندێ، به‌ ئه‌لبووم وێنه‌ هه‌ن، هی نیشاندانه‌وه‌ن، به‌ ده‌فته‌ر قسه‌ هه‌ن، هی گێڕانه‌وه‌ن، به‌ڵام كوا بۆ وێنه‌كێشێكی چیرۆكخوانی بێ و سه‌ره‌دێرم له‌ ده‌ست وه‌رگرێ و بڵێ: لێره‌وه‌ من ده‌یگێڕمه‌وه‌، تۆ گوێرادێره‌، حه‌یف، نیه‌..
حه‌مه‌ ئه‌و پیاوه‌ی هه‌ندێ كه‌س (قه‌دۆ)یه‌كیان له‌ گه‌ڵ ده‌گۆ و هه‌ندێكیش سێوێ، بابیشم كاكه‌ حه‌مه‌ی ده‌گۆتێ، دواتریش فرۆِكه‌شی پێوه‌ نووسا و دره‌نگ لێیبۆوه‌، فڕۆكه‌كه‌ با بۆ دوایی بێ، ئه‌و كاكه‌ حه‌مه‌یه‌ له‌ ناو ئاگریش با له‌ قسه‌ی خۆشی خۆی نه‌ده‌كه‌وت، روو له‌ بابم:
ده‌روێش، ئه‌و ژنانه‌ له‌ ماڵی تۆ ده‌مێننه‌وه‌ و هه‌موویان حه‌ڵالی تۆن، له‌ پێش هه‌موویان ژنه‌كه‌ی من..
بابم شتێكی وای گوت:
(به‌سێ)یه‌كم به‌سه‌، به‌ (سێ) تۆ بڵێ به‌(سی) هه‌یه‌
دایكم نابێت گوێی لێبووبێت، ده‌نا له‌ شه‌وی كاولبوونی دنیا سووكه‌ شه‌ڕێ ده‌كه‌وته‌ ماڵێ…
ئه‌وه‌ شه‌وه‌ گۆزه‌شكێنیشم له‌ ماڵی خۆمان دیت، ئه‌و پیاوه‌ له‌ دوورایی زۆر دووره‌وه‌ نیشانه‌ی له‌ گۆزه‌ی سه‌ر شانی ژنان ده‌گرت، زۆر كه‌س دیتبوویان گۆزه‌ بۆته‌ ورده‌ به‌رد وخۆڵ به‌ به‌ژنی ژندا هاتۆته‌ خوارێ، ژنه‌ش له‌ گۆزه‌ی پێش نیشانه‌ و گولله‌ ساغتر، وا بزانم خه‌ڵكی لای ئه‌و بێستانه‌یه‌ بوو كه‌ دواتر خه‌ڵك ده‌سته‌ ده‌سته‌ له‌ شاره‌وه‌ له‌ نه‌ورۆز و به‌هاران روویان تێده‌كرد، بابم به‌ گاڵته‌وه‌ گۆتیه‌ گۆزه‌شكێن:
ئه‌و ده‌ست و تفه‌نگه‌ی تۆم هه‌با، بن كێلێكی سه‌ید مارفم ده‌كرده‌ سه‌نگه‌ر..
گۆزه‌شكێن:
كار له‌ كارترازاوه‌، ئێستا من بوومه‌ته‌ گۆزه‌كه‌، نابێت خۆم نیشانبده‌م..
پیری سوارچاكان كه‌وتبووه‌ په‌نا، كه‌س نه‌یده‌زانی له‌ ماڵێیه‌، له‌ ناو چڕه‌ دووكه‌ڵی جغاره‌ رۆچووبووه‌ ته‌نیایی و بێده‌نگیه‌كی هێند قووڵه‌وه‌، ده‌مگوت به‌ردی پیرۆز بێته‌ گۆ، له‌مه‌ودوا گوێیێ ده‌نگی پیری سوارچاكان نابیستێـته‌وه‌، به‌ڵام دیاره‌ پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ كۆڵانێ قسه‌وه‌، دێته‌وه‌ ماڵێ، شتێكی كه‌مم له‌ قسه‌كانی له‌بیرماوه‌، دیاره‌ به‌ داڕشتنه‌وه‌ی تازه‌وه‌:
كورد فێره‌ هه‌ڵاتن بووه‌، هه‌ڵاتنی ناوێ، هه‌ر كه‌سه‌ی له‌ جێگه‌ی خۆیه‌وه‌ فیشه‌كێ دوو بهاوێ، هه‌ر چه‌كداره‌ی فیشه‌كێ دوو بته‌قێنێ، عاره‌ب ئینگلیز و رووسیشی له‌ پشت بێت، هێڕشه‌كه‌ی تێكده‌شكێ و ناتوانێ بستێ بێته‌ پێشێ.. پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌ڵاتنی گرتووه‌، خه‌فه‌ت له‌وه‌ ده‌خۆم ئه‌وشۆ بێ ته‌قه‌ و شه‌ڕ قه‌رات چۆلده‌كات، شار راده‌ستی حكوومه‌ت ده‌كات، پاشی دوو سێ شه‌وی دی هه‌وڵده‌دات به‌ شه‌ڕ بێته‌وه‌ كۆڵانێكی شار، تێناگه‌م، من له‌و مه‌لا مسته‌فایه‌ تێناگه‌م چی له‌ دڵه‌ و ده‌یه‌وێت چی بكات! به‌ راست ئه‌و ئاگای له‌و هه‌ڵاتنه‌ی شار هه‌یه‌؟!..
پیری سوارچاكان زۆری گۆت و من كه‌مم له‌بیره‌، دێته‌وه‌بیرم گوڵی كۆساران قسه‌یه‌كی نزیك له‌وه‌ی كرد:
حاجی ده‌ڵێی خه‌ره‌فاوی، ئه‌وه‌ چی ده‌ڵێی تۆ! ده‌ته‌وێ له‌گه‌ڵ عاره‌بان شه‌ڕه‌به‌رد بكه‌ین، ده‌زانی تۆ له‌ سه‌ر خۆت نه‌ماوی، پیری سوارچاكان، سوارچاكی به‌سه‌رچوو! ته‌یاره‌، ته‌یاره‌، سبه‌ینێ ده‌بینی، ئاسمان پڕده‌بێت له‌ ته‌یاره‌، عه‌ردیش پڕ له‌ وه‌له‌كه‌ عاره‌ب..
پیری سوارچاكان جغاره‌یه‌كیدی به‌ دارجغاره‌كه‌یه‌وه‌ كرد، ئاگری گه‌یشتێ و نه‌گه‌یشتێ به‌ مژێكی قووڵ، ئاگری گه‌یانده‌ بن دارجغاره‌، نه‌مدیتبوو، دواتریش نه‌مدیت جغاره‌ به‌ مژێك ته‌واوبێت، هێنده‌ی دوو لووله‌ی سۆبه‌ی دار، له‌ كونه‌كه‌پوویه‌وه‌ دووكه‌ڵی هێنایه‌وه‌ و گوتی:
ده‌ی، خودایه‌، شه‌و و رۆژێك جحێلم بكه‌وه‌..
دیاره‌ داواكاریه‌كه‌ی كه‌متربۆته‌وه‌، پێشتر ناوه‌ ناوه‌ رووی له‌ ئاسمان ده‌كرد:
خودایه‌ ته‌نها سێ رۆژ جحێلم بكه‌وه‌..
قه‌دۆ ده‌ڵی:
خاڵه‌، خۆ شه‌وێك هه‌ر به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كات بچیته‌ گه‌رماوێ و ئاره‌قه‌ و چڵكی پیرێتی له‌ خۆت بكه‌یته‌وه‌ و…
پیری سوارچاكان رێی نه‌دا قه‌دۆ قسه‌كه‌ی ته‌واوبكات:
به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كات خۆم بگه‌یه‌نمه‌ سه‌ر مناره‌ی چۆلی و له‌وێوه‌ ره‌وه‌ عه‌سكه‌رێكی عاره‌ب بكوژم..
شاتكه‌ شێت پێكه‌نی:
دیاره‌ خودا شێت بووه‌ تۆ بۆ عاره‌ب كوشتن جحێل بكاته‌وه‌!
شاتكه‌ شێت وا بزانم بۆ یه‌كه‌م جار و دواجاریشه‌ به‌ چپه‌ بدوێ، من له‌ هه‌مووان لێی نزیكتربووم هه‌ر ئه‌وه‌تا بیستم:
تێناگه‌م، پیرێژن شێته‌ یان پیره‌مێرد! كامیان شێته‌كه‌یه‌؟
ئه‌و شه‌وه‌ جگه‌ له‌ پلكه‌ به‌ندبێژ و قه‌دۆ له‌ قسه‌ی گه‌وره‌ و گچكه‌ڕا دیار بوو شێته‌كه‌ پیری سوارچاكانه‌، قسه‌كانی بابیشم له‌گه‌ڵ پیری سوارچاكان هێنده‌ دژنه‌ده‌كه‌وتنه‌وه‌، له‌ شاتكه‌ شێتیش نه‌گه‌یشتم كامیان شێته‌كه‌یه‌، پلكه‌به‌ندبێژیش به‌ به‌ندێك كه‌ ده‌مێك بوو زاری به‌ندی پێدا نه‌هاتبوو، حه‌یف، من زوو له‌بیرمچوو، كه‌سیشم نه‌دیته‌وه‌ به‌نده‌كه‌م به‌ بیربهێنێته‌وه‌..خوایه‌ تۆبه‌! كاوێس كه‌ف یان گه‌فیش چووه‌ به‌ره‌ی پیری سوارچاكانه‌وه‌، ئه‌و كاوێسه‌ هه‌ر له‌ هیچ و خۆڕا گه‌فی ده‌كرد، گه‌ف له‌ ده‌رۆزه‌كه‌ر له‌ مریشك، له‌ سه‌گ و مشك و ئه‌و شتانه‌، ئا، به‌گژ شتێكدا ده‌چوو ده‌ستنه‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و شه‌وه‌ به‌ گژ حوكمه‌تدا چوو، له‌ كاتی گه‌فكردنیش ده‌تگوت كه‌رته‌ سابوونی له‌ زاریه‌، به‌ لالێویدا كه‌ف ده‌هاته‌ خوارێ، هه‌ر له‌وه‌شه‌وه‌ هه‌ندێ كه‌س به‌ كاوێس كه‌ف و هه‌ندێ به‌ كاوێس گه‌ف ناویان دێنا، كاوێس كه‌ف و گه‌ف ده‌یگۆ:
وه‌ڵلا عه‌یبه‌، خه‌ڵك هه‌ڵدێن، حوكمه‌ت چیه‌؟!
حه‌مه‌د مه‌ستان ئه‌و پیاوه‌ی له‌ كه‌لایانێ كاتێ كه‌لاكه‌ی كه‌مێ دوور ده‌ڕۆیشت هێزی هێنانه‌وه‌ی نه‌بوو، به‌ منی ده‌هێنایه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ شووشه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند شتێك خستبوویه‌ ناو جه‌مه‌دانی وده‌بێت مله‌كه‌ی دیاربووبێت، هات و قسه‌یه‌كی به‌ گوێی بابمدا چپاند و رێی سه‌رێی گرت، شاتكه‌ شێت گوتی:
حه‌مه‌د ئه‌وشووشه‌یه‌ بایی چه‌ند رۆژ ده‌كات؟
حه‌مه‌د پێده‌چوو تازه‌ گرتبێتی:
شاتكه‌، ئه‌وه‌ مه‌تاره‌یه‌ و زوو ته‌واو نابێت، ده‌ستی پێوه‌ده‌گرم..
شاتكه‌ شێت:
مه‌تاره‌ی شووشه‌ش په‌یدابووه‌، مه‌ستانی ژنت بێ بنێشت هه‌ڵبكات، تۆ بێ شووشه‌ هه‌ڵناكه‌یت، تۆ و شۆڕشیان نه‌گوتووه‌..
حه‌مه‌د مه‌ستان:
من و شۆڕشیان گوتووه‌، بڵێ شۆڕشیان بێ عه‌ره‌ق نه‌گوتووه‌..
حه‌مه‌ قه‌دۆ هه‌ڵیدایێ:
حه‌مد مه‌ستان، ده‌زنوێژی هه‌یه‌ و به‌ رۆژووشه‌، عه‌ره‌قاوی مه‌كه‌…
ئه‌رێ (مه‌ستان)ی حه‌مه‌د كام مه‌ستان بوو؟ مه‌ستانی ژنی یان (مه‌ست)انی عه‌ره‌ق، چ دوور نیه‌ هه‌ردوو مه‌ستانه‌كه‌ بووبێت، مه‌ستانه‌كه‌ هه‌ر مه‌ستانێ بێ، به‌ رۆیشتنی وی هیچ گومانم نه‌ما كه‌ دنیا كاولده‌بێ، ئاخر ئه‌و پیاوه‌ ته‌په‌ حورچه‌ هی رۆیشتن نه‌بوو، كه‌لای پێنه‌هێـته‌وه‌، به‌ گژ تۆپ و فڕۆكه‌دا دێته‌وه‌! رۆیشتنی حه‌مه‌د مه‌ستان ترسناك بوو، به‌ڵام له‌و ترسناكتر هه‌ڵكه‌ندنی بن ئاخوڕی هۆده‌ی چێڵه‌كه‌ بوو، دیاره‌ هۆده‌ی چێڵ كه‌وتبووه‌ دیوی كه‌ندێ، ئاگام لێیه‌ بابم وا به‌ دووده‌و بن ئاخوڕ هه‌ڵده‌كۆڵێ، ئاخوڕه‌كه‌ بنی بۆش بوو، رێك له‌ مێزی نانخواردن ده‌چوو، چێڵ مێزی هه‌بوو! ده‌بینم ته‌نه‌كه‌یه‌ك، نا، پتر، فیشه‌كی خسته‌ قۆرته‌كه‌وه‌ و سه‌ری به‌ شێوه‌یه‌ك به‌ ریخ داپۆشی، شه‌یتانیش شكی بۆ ناچێ، ئه‌و هه‌ڵكه‌ندن و شاردنه‌وه‌یه‌ له‌ چاوی منه‌وه‌ نازانم بۆچی له‌ ژێراوژووربوونی دنیا ده‌چوو..
رۆیشتن، هه‌موو رۆیشتن، شار باریكرد، به‌وه‌ی خۆشه‌ بابم لێره‌یه‌ و ساقۆ درێژه‌كه‌ی په‌نامه‌، بابم تا دوادوایی به‌هار ساقۆی فڕێنه‌ده‌دا ئه‌و ساقۆیه‌ی بۆ من په‌نابوو، له‌ سه‌رما و گولله‌ و فڕۆكه‌ ده‌یپاراستم، به‌ڵام تۆ بڵێی له‌ كاولبوونی دنیا بمپارێزێ، به‌ڵێ من گه‌یشتبوومه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌و شۆ دنیا كاول ده‌بێ، ئاخر بابم باسی كاولیی دنیای كردووه‌، باپیریشم بۆ من وه‌ك قه‌ڵات بۆ هه‌ولێر وابوو، ئاخر دواتر دێرێكی گۆرانیم وا ده‌گوته‌وه‌:
قه‌راتی هه‌ولێر پشتم دا پێوه‌
قه‌راتم رووخا پشت ده‌م به‌ كێوه‌
قه‌راته‌كه‌ پیری سوارچاكان بوو، من ئه‌وشۆ پشتم به‌ پیری سوارچاكان و بابم قایمه‌، تۆ بڵێی پشتقایمی ده‌روه‌ستی كاولبوون بێ!
له‌ خه‌ون روونتر له‌بیرمه‌، بابم ساقۆكه‌ی خۆی پێمدادا و داوای لێمكرد بخه‌وم و له‌ چ نه‌ترسم و چ ناقه‌ومێ، من به‌ بیری بابمم هێناوه‌ كه‌ دنیا كاول ده‌بێ، بابم هه‌وڵیده‌دا بۆم روونبكاته‌وه‌ كه‌ كاولبوونه‌كه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ دنیا هیچی به‌ سه‌ر هیچه‌وه‌ نامێنێ، ده‌یویست تێمگه‌یه‌نێ كه‌ ژیان به‌رده‌وام ده‌بێ، ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ گۆِرانكاری رووده‌دا…
ده‌بێت خه‌وتبم، ئاخر به‌ بانگی ده‌روێش برایم راپه‌ڕیم، ئۆخه‌یه‌ش، ده‌روێش ماوه‌ و نه‌ڕۆیشتووه‌، راستی بانگدانی ده‌روێش ئاهێكی به‌ به‌ر هێنامه‌وه‌، پێموابوو تا ده‌روێش برایم له‌ شار بێت و بانگی بگاته‌ گوێ، دنیا كاول نابێت…
چ رۆژێكی تاساوه‌، گه‌ڕه‌ك ده‌ڵێی خۆڵ و دۆی به‌ سه‌ردا كراوه‌، جگه‌ له‌ بابم و پیری سوارچاكان و دوو سێ پیاویدی گه‌ڕه‌ك پیاوی تێدا نه‌ماوه‌، یه‌ك له‌و پیاوانه‌ مێردی ژنه‌ ده‌لینگ سۆره‌كه‌ بوو، له‌ولایه‌وه‌ پیاوه‌ بلۆكبڕه‌كه‌، شفتیفرۆشه‌كه‌ش ده‌رنه‌چوو، پێكه‌وتم كۆمۆنیسته‌كان شاریان به‌جێنه‌هێشتووه‌، مه‌لا سدیقیش په‌یدابۆوه‌، دێته‌وه‌بیرم بابم له‌و رۆژه‌وه‌ هێنده‌ رووی نه‌ده‌دانێ، چه‌ند رۆژێ دواتر بابم قسه‌یه‌كی كرد، پیری سوارچاكان ئه‌شهه‌دو بۆ كرد:
شوعی ده‌بێت وه‌ك عه‌لی مه‌ولوود بێ..
ئه‌و پیاوه‌ كۆمه‌نیست بوو، به‌ڵام به‌گه‌ڵ شۆڕش كه‌وتبوو..ئێ، با بچمه‌وه‌ قوتابخانه‌، له‌وێ (ئه‌ی ره‌قیب) و (ئازاد) منیان تاساند، ئه‌ی ره‌قیب با بۆ دوایی بێ، ئازاد ومن سێ ساڵه‌ له‌ ته‌نیشت یه‌كتر داده‌نیشین، هێند براده‌رین كاتێ قسه‌ دێته‌ سه‌ر براده‌رایه‌تی مامۆستا ئه‌لیاس ئێمه‌ به‌ نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌.. سێ ساڵه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌م وانه‌یه‌ من له‌ ناو پۆلێ ته‌نیشتم چۆل بێ، ده‌ڵێی له‌ بیابان دانیشتووم، چ چۆله‌وانیه‌كه‌ پۆل، وانه‌ی یه‌كه‌م ته‌واوبوو، چاوه‌ڕێ بووم له‌ دووه‌م ئازاد بێت و بیابان بكاته‌وه‌ پۆل، وانه‌ی دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م.. رۆیشت و بیابان نه‌بۆه‌وه‌ پۆل، رۆژی دواتر و حه‌فته‌ی دواتر و مانگی دواتر هاتن و چوون ئازاد په‌یدا نه‌بۆوه‌، ئای ئازاد، منت له‌ قوتابخانه‌ چه‌ند ته‌نیا كرد، ده‌مویست براده‌رێك ببینمه‌وه‌ جێی ئازاد بگرێته‌وه‌، نه‌مدیته‌وه‌..
به‌ر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌ی ره‌قیب، چه‌ند گرته‌یه‌كی گچكه‌ی دوای شه‌وی كاولبوونی دنیا هه‌یه‌، نیشانیاننه‌ده‌مه‌وه‌، (ئه‌ی ره‌قیب)م بۆ ناگوترێته‌وه‌:
ئه‌و پۆلیسه‌ی كه‌ ژنه‌كه‌ی شه‌وێك نا شه‌وێك زیزده‌بوو، له‌ زیزبوون و هاتنه‌وه‌ش خۆی بوخچه‌كه‌ی بۆ هه‌ڵده‌گرت، دیتم، به‌ پێش ماڵی ئێمه‌دا هاته‌وه‌، لنگه‌ پێلاوێكی له‌ پێ بوو، لنگێك به‌ ده‌سته‌وه‌، بێریه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ گۆریه‌كه‌ی خستبووه‌ ناو پێڵاوه‌كه‌ی ده‌ستیه‌وه‌، له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یگوت:
ناكرێ، به‌ چیاكه‌وتن به‌ من ناكرێ…
پیاوه‌ پاقڵاوه‌ فرۆشه‌كه‌ ئه‌وه‌ی رسته‌یه‌ك له‌ خر پاقڵاوه‌فرۆشانی جیاده‌كرده‌وه‌، پاقڵاوه‌فرۆشان به‌:
((پاقڵاوه‌ به‌ شیلاوه‌
حه‌یاتی منداڵی ساوا)) منداڵیان له‌ خۆیان خڕده‌كرده‌وه‌، هه‌رچی ئه‌وه‌:
((پاقڵاوه‌ به‌ شیڵاوه‌
حه‌یاتی ژن و پیاوه‌)) هه‌ندێ كه‌ڕه‌تیش ده‌یگوت: نه‌یخۆیت نابیه‌ زاوا..
ئه‌و پاقڵاوه‌ فرۆشه‌ كه‌ كاكه‌ لاوه‌یان ده‌گۆتێ، به‌ پێش ماڵی ئێمه‌دا گه‌ڕایه‌وه‌ و دواتر منداڵ كه‌ به‌ سنیی پاقڵاوه‌وه‌ ده‌یاندیت، ده‌یانگوت:
پاقڵاوه‌ به‌ شیلاوه‌
هه‌ی هه‌ی له‌و كاكه‌ لاوه‌
نه‌گه‌ییه‌ پشت باداوه‌
لاقی چه‌قی و بایداوه‌
كاكه‌ لاوه‌ به‌و به‌ندوباوه‌ زۆر تووڕه‌ ده‌بوو، جارێك گه‌یشته‌ كونه‌ كه‌پووی و سینیی پاقڵاوه‌ی تێهه‌ڵداو و گوتی:
وه‌رن خڕیكه‌نه‌وه‌ و دیاره‌ قوزی داكتان شیلاوی ده‌وێ..
ئیدی كه‌س كاكه‌لاوی له‌ گه‌ڕه‌ك نه‌دیته‌وه‌..
ئه‌و پیاوه‌ش كه‌ له‌ دیرۆكی به‌لاشاوه‌ یه‌كه‌م جاشه‌، ماڵیان نزیك نانه‌واخانه‌كه‌ بوو، كۆنترین نانه‌واخانه‌ی به‌لاشاوه‌، ئه‌و پیاوه‌ دواتر ناوی به‌ (جاشه‌كه‌ی به‌لاشاوه‌) رۆیشت، ئێ، جاشه‌كه‌ی به‌لاشاوه‌ كه‌ هه‌موو به‌نده‌كانی پلكه‌ به‌ندبێژی له‌ به‌ر بوو، هه‌میشه‌ ده‌یگوتنه‌وه‌، پلكه‌ به‌ندبێژ له‌ كاتی جاشایه‌تی به‌ندێكی به‌ سه‌ردا هه‌ڵگۆتبوو، پێشیگوتبوو، شه‌رممه‌كه‌و ئه‌و به‌نده‌ش له‌گه‌ڵ به‌ندان بڵێوه‌:
دوونێ ئه‌تو هۆری هۆری
هاتیه‌وه‌ سه‌ر كیره‌ بۆری
ئه‌وڕۆ جاشی له‌ ناو جاشان
قوزی داكتت لۆ وا نه‌خشان..
به‌نده‌كه‌ درێژبوو، حه‌یف، له‌ به‌ختی جاشی به‌لاشاوه‌ هه‌ر هێنده‌م له‌بیرماوه‌..
هه‌ر كێ ده‌هاته‌وه‌، گه‌ڕه‌ك له‌ سیله‌ی سواربوون و دابه‌زینه‌كه‌وه‌ ده‌یڕوانیێ، به‌ڵام حه‌مه‌د مه‌ستانی له‌وه‌ هه‌ڵاوارد، چ چاوێ له‌و سیله‌یه‌وه‌ ته‌ماشای مه‌ستانی نه‌كرد، گه‌ڕه‌ك مه‌لای دۆزه‌خێی به‌گه‌ڵ مه‌ده‌ هه‌ر هه‌موو به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌ستان دڵخۆش بوون، گوناه نه‌با، شووشه‌ی عه‌ره‌قیان به‌ دیاری بۆ ده‌برد، حه‌مه‌د مه‌ستان راسته‌ مه‌لای دۆزه‌خ گۆته‌نی:
شه‌یتانیش هێنده‌ی وی عاره‌قی نه‌خواردۆته‌وه‌
به‌ڵام شاتكه‌ شێت مه‌ستانی له‌ ریزی ئه‌و چوار به‌لاشاوه‌ییه‌ دانابوو بێ راوه‌ستان و پرسیار به‌ دوای یه‌كترله‌ ده‌رگای به‌هه‌شتێ ده‌چنه‌ ژۆرێ، چوار كه‌سه‌كه‌ی وا ریزكردبوو: بابم، پلكه‌ به‌ندبێژ، حه‌مه‌د مه‌ستان، بابی جۆته‌ خوشك..
جۆته‌ خوشكیش دێنه‌ ناو باس و خواسه‌وه‌، به‌ڵام هه‌نكه‌، قسه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستانه‌، ئه‌و پیاوه‌ تا پوونگینه‌ی پشت بنه‌سراوه‌ی بن زوورگ رۆیشتبوو، له‌وێ له‌ سه‌ر مه‌زاری وه‌یسه‌ قه‌ره‌نی لێی دانیشتبوو، ئه‌وجا ئێوه‌ له‌ زمانی خۆیه‌وه‌ نه‌تانبیستووه‌ چۆن ده‌یگێڕایه‌وه‌:
((له‌ ده‌و جۆگه‌ی پوونگینه‌ ده‌سكێ پوونگه‌م به‌ ده‌سته‌وه‌، له‌ بن كێلی چاكه‌كه‌ ئه‌وه‌ی ژنی دنیای دێنه‌ سه‌ری، چوار مه‌شقی دانیشتم، له‌ پێكی یه‌كه‌م و دووه‌م، شار ورد و درشت، به‌ به‌ر ده‌ممدا رووه‌و زوورگ، رووه‌ و چیا هه‌ڵده‌كشان، له‌ پێكی چوار، كۆچ به‌ره‌واژبۆوه‌، دنیا رووی له‌ شار كرد، له‌ پێكی پێنج و شه‌ش، ته‌قه‌ی بڕنۆ هات، زانیم حوكمه‌ت رووخاوه‌، پێكێكم به‌ سه‌ر په‌ڕۆكه‌ كه‌سكه‌كه‌ی وه‌یسه‌ر قه‌ره‌نیدا رژاند و گۆتمێ:
موتفه‌ركی عه‌ره‌قاوێ یه‌كاویه‌كه‌ لۆ هه‌موو ده‌ردو به‌ڵایه‌ك..
هاتمه‌ سه‌ر رێ، به‌ پێكه‌وه‌ ده‌ستم له‌ پیكابێ راگرت..))
لێره‌وه‌ له‌ سه‌ر زاری شوفێره‌كه‌وه‌، سه‌ربرده‌ی هاتنه‌وه‌ی حه‌مه‌د مه‌ستان ببیستن:
(( ناسیمه‌وه‌ حه‌مه‌د مه‌ستانه‌، قۆخه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی سوار بێت، فرێكی لێدا و چۆڕبڕی كرد، تێگه‌یشتم چایه‌ نیه‌ و تاڵه‌كه‌یه‌..پرسیم:
+ حه‌مه‌د، چیه‌؟ چ ده‌كه‌ی لێره‌؟
– هاتم چیا له‌ به‌غدا ببڕم، وه‌یسه‌لقه‌ره‌نی ده‌ستمی گرت و نه‌یهێشت..))
حه‌مه‌د مه‌ستان كه‌مدوو بوو، به‌ڵام بۆ گه‌ڕه‌ك ئاوه‌دانی بوو، بێزم له‌ عه‌ره‌ق ده‌بۆوه‌، به‌ڵام هه‌ستمده‌كرد شووشه‌ی ده‌ستی ئه‌له‌تریكه‌ و كۆڵانه‌كانی به‌لاشاوه‌ رووناكده‌كاته‌وه‌..




كتێبی (وه‌ره‌ پێشه‌وه‌) مانیفیۆستۆیه‌كی نوێ‌ بۆ ژنان …. ئا:شۆڕش محه‌مه‌د

كتێبی (Lean in) واته‌ (وه‌ره‌ پێشه‌وه‌) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پڕفرۆشترین كتێبه‌كانی ئه‌مریكا، له‌لایه‌ن رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن له‌شاری سلێمانی كراوه‌ته‌ كوردی.
(وه‌ره‌ پێشه‌وه‌) شێریڵ ساندبێرگ نووسیویه‌تی كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چالاكیه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكه‌ ‌و پێشتر جێگری سه‌رۆكی به‌شی فڕۆشتنی نێوده‌وڵه‌تی ئۆنلاین ‌و چالاكییه‌كانی گوگڵ ‌و سه‌رۆكی دیوانی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بووه‌، شێریڵ رێكخراوی(لین ئن)ی دامه‌زراندووه‌ كه‌ رێكخراوێكی قازانج نه‌ویسته‌ ‌و هانی ژن ده‌دات له‌ ئاره‌زووه‌كانیان ‌و ئه‌و كاره‌ خێرخوازییانه‌ی كه‌ یارمه‌تی ژنان ده‌ده‌ن بچنه‌ پێشه‌وه‌.

پاسار شێركۆ عه‌بدوڵا كتێبه‌كه‌ی بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رگێڕاوه‌ و نیان عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن، پێشه‌كی چاپه‌ كوردییه‌كه‌ی نووسیوه‌.
نیان عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن، له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێ‌: كوردستان له‌ گه‌شه‌كردن ‌و به‌ره‌وپێشچوونی به‌رده‌وامدایه‌، بارودۆخی ژنانیش گه‌شه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌، به‌ڵام تا گه‌یشتن به‌ ئامانجی یه‌كسانی ته‌واوی ژن ‌و پیاو رێگه‌یه‌كی زۆر ماوه‌ بیبڕین.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌: ئه‌م كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌ ده‌توانێت رێنماییه‌كی زۆر باشمان بكات، ژنی كورد له‌ئێستا ‌و له‌رابردوودا به‌شداریی ‌و كاریگه‌ری خۆی له‌مه‌یدانه‌ جیا جیاكاندا سه‌لماندووه‌، له‌كاتی ئه‌نفال ‌و كیمیاباران ‌و كۆڕه‌ودا ژنانی كورد جار له‌دوای جار توانا ‌و كاریگه‌ریی خۆیان سه‌لماندووه‌، له‌دوای راپه‌ڕینیش ژنی كورد له‌ بواره‌كانی وه‌ك (كارگێڕی، ئه‌ده‌بی، هونه‌ری، راگه‌یاندن، ئابوری ‌و كه‌رتی تایبه‌ت، سیاسه‌ت، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی) خۆیان سه‌لماندووه‌.
سه‌رۆكی رێكخراوی هیوا فاوه‌نده‌یشن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ :شێریڵ داوا ده‌كات ژنان هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پۆسته‌كانی سه‌ركردایه‌تی بده‌ن و له‌وێوه‌ كار بكه‌ن بۆ به‌دیهێنانی یه‌كسانی نێوان ژن‌و پیاو.
كتێبه‌كه‌ له‌ 11 به‌ش پێكهاتووه‌‌و باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن ژن ببێت به‌ سه‌ركرده‌ و هانی ئه‌وه‌ش ده‌دات. زۆربه‌ی زۆری بابه‌ته‌كانی ناو كتێبه‌كه‌ چیرۆكی ژیانی شێریڵ خۆیه‌تی كه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ و كه‌ خۆی چۆن بووه‌ له‌ كاركردن وه‌ك ژنێك و دواتر چۆن توانیویه‌تی ببێت به‌ ژنێك كه‌ هه‌موو كه‌س بیناسێت.

شێریڵ له‌باره‌ی ئه‌زمونی كاری خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێ‌: من به‌و بڕوایه‌وه‌ چومه‌ مه‌یدانی كاره‌وه‌ كه‌ نه‌وه‌كه‌ی من به‌رپرسیارێتی‌و هه‌لی یه‌كسانی ده‌بێت‌و به‌و شێوه‌یه‌ش بو. ژنان زیاتر بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌ده‌ستده‌هێنن‌و بڕوانامه‌ی باڵای زیاتر به‌ده‌ستده‌هێنن‌و ده‌چنه‌ هه‌مو ئاستێكی مه‌یدانی كاره‌وه‌.

به‌ڵام له‌هه‌موو پیشه‌سازییه‌كدا ژنان %15، %18 یان %20ی پله‌ باڵاكان پێكده‌هێنن. ژنان به‌هۆی زۆر شته‌وه‌ رێگرییان لێكراوه‌. به‌هۆی لایه‌نگرییه‌وه‌، به‌هۆی نه‌بوونی نه‌رمونیانیه‌وه‌، به‌هۆی نه‌بونی هه‌له‌وه‌. ئێمه‌ خۆشمان رێگری له‌خۆمان ده‌كه‌ین. ناچینه‌ سه‌ر مێزه‌كه‌، ده‌ستمان به‌رز ناكه‌ینه‌وه‌، ده‌نگمان وه‌كو پێویست هه‌ڵنابڕین.

یه‌كه‌م رۆژم له‌بیره‌ كه‌هاتم بۆ كۆمپانیای فه‌یسبوك، به‌ئۆتۆمبێله‌كه‌مه‌وه‌ ده‌هاتم بۆ ئه‌م كاره‌ تازه‌‌و سه‌خته‌، دڵنیا نه‌بووم بتوانم سه‌ركه‌وتوبم، بیر له‌و هه‌مو ساتانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ بڕوام به‌خۆم نه‌بو.
هه‌مو ئه‌و ئه‌ركانه‌ی دڵنیابوم خه‌ریكه‌ شكست ده‌هێنم، هه‌مو كاره‌كان دڵنیانه‌بوم ده‌توانم ئه‌نجامی بده‌م، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بینیم ئه‌و هه‌موو ژنه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن‌و پاش ئه‌وه‌ی خۆمم بینی كه‌ به‌راستی خه‌ریكه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌م له‌م هه‌لانه‌، ئه‌و كاته‌ بو كه‌ شێوازه‌كه‌م بینی‌و ده‌ستمكرد به‌باسكردنی. كه‌س پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رێتی به‌ده‌ست ناهێنێت به‌وه‌ی له‌سوچێكدا دانیشێت نه‌ك له‌سه‌ر مێزه‌كه‌.

ئه‌م كتێبه‌ بۆ ژنانه‌ له‌هه‌موو ته‌مه‌نێكدا، كچه‌ گه‌نجه‌كان كه‌بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌بێ‌ داهاتویان چی بێت؟ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ مه‌یدانی كاریان به‌جێهێشتبێت‌و بیر له‌گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.
ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌ خۆبه‌خشانه‌ كارده‌كات‌و ده‌یه‌وێت بێته‌ پێشه‌وه‌‌و به‌ره‌و سه‌ركردایه‌تی هه‌نگاوبنێت.
هاندانێكه‌ بۆ ژنان بۆ ئه‌وه‌ی بڕوایان به‌خۆیان هه‌بێت‌و یارمه‌تیدانیانه‌ له‌دروستكردنی جیهانێكی یه‌كساندا.

من بڕوام وایه‌ جیهان شوێنێكی باشتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر نیوه‌ی كۆمپانیاكان‌و نیوه‌ی وڵاته‌كان له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی بكرێن‌و ماڵه‌كانمان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێن. مه‌سه‌له‌كه‌ بریتییه‌ له‌بڕوا به‌خۆبوون.
هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌چاپدانی كتێبه‌كه‌ رێكخراوی هیوا فاوه‌نده‌یشن دانیشتنێكی بۆ كتێبه‌كه‌ ئه‌نجامدا و له‌و دانیشتنه‌دا نزیكه‌ی 300 كه‌س به‌شدارییان تێدا كرد و تائێستا نزیكه‌ی 1500 دانه‌ی لێدراوه‌ به‌ زۆر كه‌س‌و شوێن‌و لایه‌ن‌و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كیشی لێ‌ فڕۆشراوه‌.

كتێبه‌كه‌ له‌ناوخۆی هه‌رێمدا له‌چه‌ند شوێنێك ده‌ستده‌كه‌وێت وه‌ك :قاوه‌خانه‌ی كلتوری‌و كتێبخانه‌ی سلێمانی، ئاسیا تێل و ماڵی وه‌فایی‌و كتێبخانه‌ی كامبریج و كتێبخانه‌ی ئه‌مازۆن له‌شاری هه‌ولێر‌و كتێبفڕۆشی ره‌نج له‌رانیه‌‌و كتێبخانه‌ی هه‌ژار موكریانی له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌.
رێكخراوی “هیوا فاونده‌یشن” رێكخراوێكی قازانج نه‌ویسته‌ ‌و له‌مانگی ئازاری ساڵی 2013 له‌ شاری سلێمانی دامه‌زراوه‌، ئه‌م رێكخراوه‌ ته‌نها هاوبه‌شی فه‌رمییه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوی (Lean in) له‌ كوردستان ‌و عێراق، رێكخراوه‌كه‌ بڕوای وایه‌ له‌ڕێگه‌ی یارمه‌تیدانی خێزانه‌وه‌ ده‌توانێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باشتر دروست بكات، به‌مه‌ش پێیانوایه‌ داهێنان به‌ده‌ست ده‌هێنن.
تائێستا رێكخراوی هیوا فاونده‌یشن چه‌ندین كتێبی به‌نرخی جیهانیان وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی ‌و كتێبخانه‌ی كوردییان پێ ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌.




كه‌ش و هه‌وا
نه ژاد عزیز سورمێ

(1)
ئه‌سپه‌كان ته‌راتێنیانه‌..
گه‌رده‌لوولی سمه‌كانیانم لێ دیاره‌
گێژه‌نێكی سه‌ره‌وژووره‌ ؛
گیزه‌ی به‌فر ،
له‌ هه‌ناسه‌ی سواری ڕێبواران وه‌رده‌دا..
كۆستی ماری ئاره‌زووشكێن ،
دێ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌فسانه‌ و
به‌یانیی مێژوو به‌رده‌دا..
(2)
چ ئه‌ستێره‌ له‌ ئاسمانێدا نه‌ڕژا بوو
چ كیژێ پرچی نه‌بڕیبوو ..

نه‌ ئه‌و مه‌لی بێ مه‌فته‌ن بوو ،
نه‌ ئاشیانه‌ی توره‌كه‌ڕێژ..
به‌یداخه‌ ڕه‌ش و سپییه‌كان چۆن هه‌ڵدران ؟
مێرگی سۆته‌ڵ و ئه‌رخه‌وان
ئه‌و هه‌موو شیعره‌ جوانانه‌ی چۆن لێ ڕوان ؟

(3)
ئاسكه‌كانم تارماییان دی و
تێیان ته‌قاند..
خوایه‌ هه‌رگیز
ئاگرودوویان له‌ ماڵێدا نه‌كرێته‌وه‌
ئاسكه‌كانمیان ڕاچڵه‌كاند .

(4)
گوڵه‌كان هاتن ؛
پێچه‌كی بارانییان له‌سه‌ر نابوو..
به‌ چل ئاواز ده‌یانخوێندو ده‌یانگێڕا
به‌ڵام ئه‌وان باران شۆر بوون ، ڕانه‌چه‌نین
گریان..
پێكه‌نین..
گریان..
به‌ نه‌ورۆز كه‌وتن..
خه‌ونیان دی :
ڕووبارێ زێڕ ،
به‌ ناو تاسه‌ی تینوویه‌تییان ڕێی گرتووه‌
كولێره‌ی سووری پێدا دێ ..
گریان..
پێكه‌نین ..
به‌ نه‌ورۆز كه‌وتن ..
باران شۆر بوون ڕانه‌چه‌نین
به‌رده‌وام بوون له‌ خه‌وبینین..
6/1987




مرۆڤ بۆ هەیە؟ … تاهیر حاجی حەسەن

ئاخۆ ئەو هۆکارو دەرئەنجامە چی بوو کەمرۆڤی کردە سەرداری گشت ئاژەڵەکان؟ ئاخۆ ئاستی ژیریەتەکەی بوو یان ئاستی دڕندایەتی و خۆپەرستیەکەی؟ ئاخۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکان و گەردون بەرهەمی ڕێکەوتێک بوون یان بەرهەمی پێویستی بوون لە بوندا؟ ئایا مرۆڤ گەر ژیریەتیەکەی بەرەو دڕندایەتی نەبردبایە دەیتوانی درێژە بەژیانی بدات و بیگەیاندایەتە ئەم قۆناخەی ئێستای و قۆناخەکانی داهاتویشی که دیار نیە بەکوێی دەگەیەنێت؟ ئاخۆ ئەوە تەنها پرسی خۆپەرستی و داگیرکاریەکانیەتی مرۆڤی ئاوا کردوە بەدوو بەشەوەو دابەشی کردوە لەنێوان چینەکاندا؟ ئاخۆ گەر مرۆڤ بەگشتی ژیرایەتیەکەی دوا پێناسەو دوا جیاوازیەکەی بێت لەبەرانبەرکۆی ئاژەڵاندا،هێشتا وانایەتە بەرچاو کەمرۆڤ ناشیرینترینی جۆری ئاژەڵەکانە؟ ئاخۆ سروشت و گەردون هیچ دەورێکیان هەیە لەم گێژاوەی مرۆڤی ژیر دەرگیری بوە؟ بەڕاستی گەر مرۆڤ نەبوایە سروشت جوانتر دەبو یان ئەوکات تەنها وێرانەیەک دەبوو؟ بەڵام کێ چوزانێت گەر ئێمەی مرۆڤ نەبوینایە کام جۆری ئاژەڵەکان دەبوون بەسەردار؟ یان ئاخۆ سروشت و گەردون و ئاژەڵەکان پێویستیان بەسەردار دەبوو؟ بەڕاستی مرۆڤ دیاردە سەیرەکەیە لەنێو مێژووداو لەنێو گەردونیشدا؟ ئاخۆ مرۆڤیش تەنها لاسای کەرەوەی پێش نەوەکانی خۆیەتی،گەر وایە بۆچی لەئاژەڵەکان جیاوازتر دەبینرێت،لەکاتێکدا ئەوە ئێمەین دەڵێین ئاژەڵەکان خاوەن ژیرایەتی نین و تەنها غەریزەیەکی خۆڕسکانەیە دەیان جوڵێنێت؟ ئاخۆ زانستیانەترین وەڵام بۆ جیاوازی مرۆڤ و کۆی ئاژەڵەکان لەوێدا نیە کە مرۆڤ توانای گۆڕان و بەکار هێنانی سروشتی هەیە لەپێناو خۆیدا،لەکاتێکدا ئاژەڵەکان بەناچارانە خۆیان لەگەڵ سروشتدا ڕادەهێنن یان خۆیان دەگونجێنن؟ مرۆڤ دیاردە نامۆکارو دیاردە کەم وێنەکەی بەرهەمی سروشتە.

ڕەنگبێت،وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانەو هەزاران پرسیاری دیکەی لەمەڕ مرۆڤ و ئاستی تواناو ئاڵوگۆڕ پێکردنەکانی سروشت لەپێناو خودی مرۆڤ خۆیدا،هەروا کارێکی ئاسان نەبێت و یان بڵێین بتوانین لەدوو توێی بابەتێکی کورتدا وەڵامی زانستی و واقعی و دروستی بدەینەوە. چونکە مرۆڤ بۆخۆی سەرسوڕهێنەرترینی جۆری ئاژەڵەکانە کەتوانای ئەوەی هەیە کۆی پەنهانەکانی سروشت و گردون شیکار بکات و لەپێناو پەی بردن بەدوا پەنهانیەکانی گەردوندا دەستە وەستان نەبێت و بەردەوام خولیاکانی و ئەندێشەکانی بخاتە گەڕ تادەگاتە دوا دەرئەنجام. پێشکەوتنە زانستیەکان و ئەو پشکنینانە بەردەوام و ئەو گەڕانە بەردەوامانەی لەپێناو داهێنانی نوێیدا تەنها دەرخەری ئەو واقیعەن کە مرۆڤ دەیەوێت بگات بەو خواستەی کەخۆی لەگەردون بەبەرزتر بزانێت!ئەم سروشتە نامۆییەی مرۆڤە لەبەرانبەر بێ کۆتایی گەردوندا،دەرئەنجامێکی وای بەم ئاژەڵە ژیرە داوە کە هەرچی لەتوانایدا هەیە بیخاتە گەڕ تادەگات بەمەبەستەکەی،یانی خۆ سەردار کردنی بەسەر سروشت و گەردون و کۆی ئاژەڵەکاندا؟ ئاخۆ ئەم کارەی مرۆڤ لەترسیدایە یان لە کیبریا بونیدایە؟ چونکە زۆرجار ترس دەرهەستێک پێک دێنێت مرۆڤەکان لەپێناو مانەوەی بەهێزترینیاندا دەست بۆ کوشتنی ئەوی لاواز دەبات ئیتر چ مرۆڤ بێت یان ئاژەڵە دڕندەکان بێت، دەوری کیبریا بونی مرۆڤیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کەلەقەزەم بوونی خۆی گومان دەکات و خۆی بەگەورەتر لەبەرانبەر گەردون دێتە پێش چاو.

مرۆڤ بۆ هەیە؟ ئاخۆ دەبێت بۆ ئەم پێناسیە بگەڕێینەوە بۆ لێکدانەوە ئاینیە جۆراو جۆرەکان،یان پەنا ببەین بۆ پێش ئەو لێکدانەوانەو پەی بەقوڵای ترسی خودی مرۆڤ ببەین لەبەرانبەر بێتوانایەکەی بۆ خۆناسینی خۆی و خۆناسینی خودی سروشت و چواردەورە بێ کۆتاییەکەی سروشت؟ ئایا دەکرێت گومانمان هەبێت لەمرۆڤە سەرەتاکان لەوەی بۆچی خودایەکیان دروست کرد بۆخۆیان یان دەکرێت بڵێین ئەو بیناکردنەی مرۆڤ بۆ خودای کرد لەو قۆناخەدا تەواو لەجێی خۆیدا بوە؟ گەر بڵێین ئاخۆ مرۆڤ لەو سەردەمە سەرەتاییەیدا کە ئاوەزی لەبەرانبەر چواردەوری و سروشتدا زۆر سەرەتاییانە بوو لەوەی بتوانێت خۆی و بونەکەی خۆی بناسێت پەنای بۆ دروست کەرێک برد و ناوێکی بۆدانا کەلەخۆی نەچێت مافێکی هەق خوازیانەی بوە،کەوایە بۆچی لەسەردەمی ژیرایەتیەکەیداو لەسەردەمی ئاڵوگۆڕ کردن بەسروشت لەپێناو خۆیدا هێشتا وازی لەو دروست کەرە بان سروشتیە نەهێناو بگرە پتەو تری کردەوە؟ ئاخۆ ئەمە بوغزو کینەو ناژیریەتیەکەی مرۆڤی بەهێزو فێڵباز نەبوو لەپێناو هەمیشە مانەوەی خۆی وەک گەورەترین سەردار بەسەر لاوازەکانی لەخۆی چوی کەناوی مرۆڤە تادەگات بەملکەچ کردنی ئاژەڵەکانیش بۆ ژێر دەستی خۆی؟ ئالێرەوە بناخەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی دەست پێ دەکات و قۆناخ بەقۆناخ درێژە بەم تەمەنە ناشیرینەی خۆی دەدات.

مرۆڤ لەلایەک بەتواناترینی جۆری ئاژەڵەکانەو لەلایەکیتریش درندەترینی جۆرەکانە.چونکە ئەوە تەنها بونیەتی مرۆڤە توانای ئاڵوگۆڕی سروشتی هەیە لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا،بەپێچەوانەوە ئاژەڵەکان هەمیشە خۆڕسکانە لەگەڵ سروشتدا خۆیان دەگونجێنن.بەڵام جوانیەکانی ئاژەڵەکان ڵەوێدایە کەبێ بیرکردنەوە دەژین و بەپێی تێر کردنی گەدەیان برەو بەبونەکەیان دەدەن،بەپچەوانەوە مرۆڤ بەژیرانەو بەپلان و داڕشتنەوە دەژی و تەنها بیری لای تێر کردنی گەدەی نیە بۆ ئەمڕۆ،بەڵکو بیر لە هەزاران سبەینێیشی دەکاتەوە،ئەم جیاوازیەیشە مرۆڤی لەنێو خۆیدا دوو کەرت کردوەو لەگەڵ کۆی ئاژەڵەکانیشدا بەجیاوازترینیان دەبینرێت. بۆیە دەڵێم:مرۆڤ دیاردە سەیرو سەر سوڕهێنەرەکەیە؟ مرۆڤ تەنها گیاندارێکە کەتوانای بەرهەمهێنان و جوانکردنی سروشت و ناشیرینکردنی سروشت و ناشیرین کرنی خۆیشی هەیە. مرۆڤ گەر کۆتای بەخۆپەرستیە ناسروشتیەکەی خۆی نەهێنێت،هیچ کات ناتوانێت بڵێت من باشترینی جۆری ئاژەڵەکانم!!؟ ئاخۆ دەشێت ڕۆژێک بێت مرۆڤایەتی کۆتای بەو خۆپەرستی و جیاوازیەکانی نێوان بەهێزو لاوازەکان بهێنێت؟ ئاخۆ بۆنابێت مرۆڤەکان لەکاتێکدا بەژیرانەترینی جۆری ئاژەڵەکان دێتە ئەژمار،نەتوانێت کۆتای بەو خۆپەرستی و جیاوازیە چینایەتیەی بهێنێت؟ ئایا مرۆڤەکان گەر کۆتاییان بەخۆپەرستی و جیاوازی چینایەتی هێنا،ئیتر ژیان دەوەستێت یان دەتوانرێت ژیان هەزار هێندەی تر جوانترو بەپێزترو بەچێژتر بکرێت؟ کێ دەتوانێت بڵێت:گەر لەسەردەمی کۆیلایەتیدا باسێکت لە قۆناخی دەرەبەگایەتی یان قۆناخی سەرمایەداری بکردایە،مرۆڤەکانی ئەو قۆناخە زۆر بەشتێکی سەرو خەیاڵ نەیان دەبینی؟ کەوایە مرۆڤایەتی دەتوانێت ئەم قۆناخە دڕندایەتیەی چینی دەسەڵاتدری چەوسێنەری خۆپەرستی بەشێک لەمرۆڤەکان تێ پەڕێنێت و ژیانێکی بەمانا شایستە بەمرۆڤ و شایستە بەسروشت وشایستە بەگەردون و شایستە بەئاژەڵەکانیش دروست بکات و بەمانا بەها بگەڕێنێتەوە بۆ ژیرایەتیەکەی مرۆڤ و بۆ ئەو جیاوازیەی مرۆڤیش کەلەچاو گشت ئاژەڵەکاندا هەیەتی و ئەوکاتیش مرۆڤ دەتوانێت سەربەرزانە بڕوا بەبونە قەزەمە بەتواناکەی خۆی بهێنێت لەبەرانبەر گەردون و ئەم ئەستێرەیەی لەسەری دەژین و بەرهەمی هێناوین! ئاخۆ مرۆڤ بەم کۆ داهێنان و ئاڵوگۆڕەی لەسەروشتدا ئەنجامی داوە ناتواێت ژیانێکی بێ چەوسادنەوەی چینایەتیش پێک بهێنێت و ژیرانەتر درێژە بەبونی خۆی بدات؟ ئاخۆ گەر مرۆڤایەتی توانایەکی وای نەبێت کە گشت بەهرەمەندبن لەتواناکەی ئیتر مانا جوانەکەی مرۆڤ یان جیاوازیەکەی مرۆڤ لەبەرانبەر ئاژەڵەکان لەکوێدا دەبێت؟ دەکرێت خۆمان نەخەڵەتێنین و خۆمان خافڵگیر نەکەین بەلێکدانەوە نازانستیەکانەوەو دەکرێت بگەین بەو دەرئەنجامەی کەئەوە هەر ئێمەی مرۆڤین دەتوانین ژیانێکی یەکسان و بێ چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بنیات بنێین.
کارێکی وامەحاڵ نیە،بەڵکو دەست بردن بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە ڕیشەییە دەتوانێت مرۆڤایەتی ڕزگار بکات لەو خۆپەرستیە چینایەتی و لەو چەوساندنەوە بێ ڕۆحمەی کەیەخەی بەزۆرینەی کۆمەڵگەکان گرتوە. مرۆڤایەتی لەم سەردەمی بەکۆیلە بونەیەدا لەهەرکام لەسەردەمەکانی پێشوتری زیاتر هەست بەبێزار بونیەکەی دەکرێت.چونکە بوەتە کۆیلەی کۆی ئەو ئامرازانەی خۆی بەرهەمی هێناوە. ئاخۆ جوانیەکان و توانا گەورەکەی مرۆڤایەتی لەکوێدایە گەر نەتوانێت زاڵ بێت بەسەر ئەو خۆپەرستیە کوێرانەیدا؟ گەر مرۆڤایەتی نەتوانێت بگات بەدەرئەنجامێکی وا،وەنەتوانێت ژیانێکی بێ چەوساندنەوەی چینایەتی بونیات بنێت،مافمان نیە بڵێین:مرۆڤ بۆ هەیە؟ یان ئامانج لەبونەکەی چیە؟ ئاخۆ مرۆڤ بەڕێکەوت دروست بوو تەنها لەبەر ئەوەی هەست بەئازاری خۆی و ئەوەکانیتر بکات کەلەخۆی ناچن؟ ئاخۆ مرۆڤ خۆی خوداو خۆی دڕندەترین و خۆی داد پەروەانەتینی جۆری ئاژەڵەکان نیە گەر بیەوێت دەست ببات بۆ کارێکی وا؟ مرۆڤ بۆهەیە،گەر نەتوانێت شایستە ترین نەبێت لەچاو گشت زیندەوەرەکاندا؟

تاهیر حاجی حەسەن
21/11/2016




دیدار لەگەل ئێدی هوپشمید بەرهەم هێنەری فلیمی یۆڵی یەلماز گۆنای

دیدار لەگەل بەرهەم هێنەری فلیمی یۆلی یەڵماز گۆنای براوەی خەڵاتی کان ئێدی هوپشمید
یۆڵ رێگەیەک بەرەو تەراوگە.!

سەرەتای ناسینی بەڕێز ئێدی هوپشمید

کات نزیک بە دووی دوای نیوەڕۆیە ڕێککەوتی- ٢٠- ١٠-٢٠١٦- ڕۆژی پێنج شەم، شوێن ستاندی کوردستان، پیاوێکی بەتەمەن تورەگەیەکی لەبن هەنگڵی بوو، گووتی: دەمەوێ شتێکت پێ نیشان بدەم.
فەرمووم لێکردوو دام نیشاند، کتێبێکی لە تورەگەکەی دەرهێناو خۆی ناساند کە ئەوە بەرهەم هێنەری فلیمی یۆلی یەلماز گۆنایە و باسی خۆی پەیوەندییەکانی خۆی و کاری هونەری کرد.
منیش بانگی هاورێیانم کردوو پێم ناساندن
گووتی: دەمەوێ ئەو کتێبە بە کوردی چاپ بکرێت.
قسە وباسێکی زۆرمان کرد، تێم گەیاند کە وەزعی سیاسی و ئابووری کوردستان زۆر خراپە، شەڕێکی سەخت وماڵ ویرانکەر یەخەی گرتووین، دواتر پێم گووت دەتوانێ لای کێ لە ئەورووپا کتێبەکەی چاپ بکات بەکوردی و هاوکاری بکات.

یەکێک لەم بەرێزانەی ئامادەی دانیشتن و گفتو گۆکە بوو ئەندامی شاندی کوردستان بوو، بەڕێز کامەران سوبحان گووتی: کاک یووسف بزانە دەکری دیدارێکی لەگەڵدا بکەین؟
منیش قسەم لەگەلی کرد گووتم ئەگەر کاتت هەبێت ئەو بەڕیزە دەیەوی دیدارێکت لەگەڵدا بکات؟
ئیدی هوپشمید گووتی : دەبێ ئێستا بڕۆم ، بۆ بەیانی کاتێک دیاری بکەین.

منیش گووتم بەیانی سەعات دووازدە چۆنە؟
ڕەزامەندی پیشاندا، ئەوەبوو بەیانی کاتژمێر دووازدە لەیەکێک لەکافتریاکانی بوخ مێسە دانیشتین، من سێ قاوەم هێناو دانیشتین بەدەم قاوە خواردنەوە قسەو باسمان کرد.
من وەکو وەرگێرو هەمیش لە ڕێکخستنی پرسیارەکان و فۆرمولە کردنی وەلامەکانیش بەشدار بووم، بە کامێراکەی خۆشم چەندین وێنەمان گرت، ڕۆژی پێشووش هەر بەکامێراکەی خۆم چەندین وێنەمان گرت.
ئیدی هوپشمید لەم دوو ڕۆژەدا لەستاندی کوردستان زۆر کەیف خۆش بوو، لەکۆتاییدا چەند کتیبێکمان بەدیاری پێدا.
ئەم نووسینەو وێنەیەکم لەهەمان ڕۆژ لە پەیجی فەیسبووکی خۆم بڵاوکردەوە:
(بەرهەم هێنەری فلیمی یۆل ـ ڕێگای ـ یەلماز گۆنای بۆ یەکەم جار دەردەکەوێت
بەرهەم هێنەرئێدی هوبشمید
لەسەردانیدا ئیمڕۆ بۆ ستاندی کوردستان ، لەهگەبەکەیدا کتێبێکی پێشانداین، سەبارەت بە ژیانی هونەرمەندی کورد یەلمازگۆنای ، چۆنییەتی دەرهێنانی فلیمی یۆل، سەرەتای دیداری لە زیندان، کاری دەرهێنانی فلیم، ئەکتەرەکان، نمایشکردنی، وەرگرتنی خەلاتی کان ، بەرهەمەکانی یەلماز گۆنای، تا مەرگ و مەراسیمی ناشتنی هونەرمەند یەلماز گۆنای لە گۆڕستانی پێر لاشێ ی پاریس.
ئەو بەڕێزە دەزگایەکی چاپەمەنی کوردی دەوێت ئەم کتابە بە کوردی چاپ بکات، لەمانگی یانوەری داهاتوو بە ئەلمانی چاپ دەبێت).
ماوەیەک بەر لە ئێستا کاک کامەران دیدارەکەی بۆ ناردم، منیش پێدا چوونەوەیەکم کرد و هێندەک زانیاری کە نەنووسرابوو زیادم کردو بە خەتی سۆر بۆم ناردەوە بە ڕێزەوە.
دیدارەکە ئەوەی خوارەوەی لێ بەرهەم هات ، دوا پرسیار سەبارەت بە ستاندی کوردستان و چاپکردنی کتێبەکە، زیادە، چوونکە ئێمە پێشتر ئاماژەمان بەخراپی وەزعی کوردستان کرد، بەرێز ئیدیش تێ گەیشت بۆیە ئەو بەدووای ڕێگەی تردا دەگەڕێت، موراعاتی وەزی کوردستانی لەبەر چاو بوو، :

دیدار- کامەران سوبحان
وەرگێرو فۆتۆ- یووسف منتک

* چۆن بوو پاش چەندین ساڵ لە کۆچی دوایی (یەڵماز گوینای) بیرت کردەوە جاریکی تر بگەڕێیتەوە بۆ لای وێنە و یادەوەرییەکانی ئەو فیلمساز کوردە و کاریکی دیکۆمێنتەریی لەسەر بکەیت؟
– ئەوە بەسەرهات و مێژوویەکی دورودریژە، بەڵام لەوێوە دەست پیدەکەم کە ساڵی ڕابردوو هەمو وێنە و دیکۆمێنتەکانم کۆکردەوە کە پەیوەندی بە (یەڵماز گیونای) هەبوو، بە پێی کات و شوێن و بەرواری وێنەکان هەمویانم ڕێکخست. لە کۆمپانیاکەم لەگەڵ نووسەرو سیناریستێکی ئینگلیز کارم دەکرد ناوی (پیتەر پالینسن) بوو. پێکەوە دانیشتین بۆ ماوەی سێ ڕۆژ باسی یەڵماز گوینایم بۆ کرد. چۆن بوو؟ چۆن کاری دەکرد؟ ستایلی فیلەمەکانی چۆن بەرهەم دەهێنا؟ ژیانی من چۆن بوو لەگەڵی؟ ئەوە بۆ دووەم جار بوو لەگەڵ دانیشم، پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠١ بیرۆکەی ئەوەم بۆ باسکرد کە فیلمێکی دیکۆمێنتی لەسەر ژیان و کارکردنی خۆم لەگەڵ (یەڵماز گوینا)ی پێکەوە درووست بکەین. ئەو نووسەر و سیناریستە بیرۆکەکەی زۆر بەدڵ بوو، لەبەر ئەوەی (یەڵماز گوینای) سینەماکارێکی بەناوبانگی جیهانییە. بۆیە بۆ دەستپێکی ئەو فیلمە من ڕۆژانە چیرۆکە جیاوازەکانی خۆم لەگەڵ ئەو فیلمسازە کوردە بۆ ئەو دەگێڕایەوە، ئەویش هەمو قسەکانی منی تۆمار کرد. بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە فیلێمێکی دیکۆمێنتاری گرنگ درووست بکەین. پاشتر من گەڕامەوە بۆ (زیوریخ) بۆ ئەوەی دەرفەت بدەم بە (پیتەر پالینسن) دەست بە نووسینی سیناریۆی دیکۆمێنتەرییەکە بکات. دوای ماوەیەک بۆی باسکردم لە کوێوە و چۆن دەست بە دەستپێکی فیلەکەمان دەکەین و بیرۆکەکە گەیشتە سەر پەڕە و دەست بکەین بەکاری جێبەجیکردن. کۆمپانیای فیلم (C. Film)بڕیاریدا بەرهەمهێنەری فیلمەکە بێت.

*لە کوێی ژیانی خۆت و یەڵماز گوینای، دەستان بە فیلمە دیکۆمێنتییەکە دەکرد؟ واتە فیلمەکە چۆن دەست پێدەکات و بە چی کۆتایی دێت؟

– بەپێی سیناریۆیەکەی ئێمە، ئەو دەرهێنەرە مەزنەی کورد لە زیندانی (ئەنقەرە) لە ساڵی ١٩٧٦ دەست پێدەکات. کە دادوەرەکە بڕیاری دادگا لە هۆڵی دادگا دەخوێنیتەوە، بڕیاری ١٩ ساڵ زیندانی بۆ (یەڵماز گوینای)دەرچووە.! دوای ئەوەی بە فیلمی (یۆڵ) لەساڵی ١٩٨٢ خەڵاتی (کان)ی سینەمایی وەرگرت، من وەک بەرهەمهێنەر و ستافی فیلمەکەش هەرگیز باوەڕمان نەدەکرد ئەو خەڵاتە گەورەیە وەربگرین. پاش خەڵاتەکە من گەڕامەوە بۆ زیوریخ و ئەو گەڕایەوە بۆ پاریس. ئەو ڕۆژە بۆ سەرجەم بەشداربووان ڕۆژێکی مێژووییە، چونکە سەرجەمیان کەرەستە و فیلمەکانیان دەپێچنەوەو پاش چەندین ڕۆژ نمایشی فیلم و پێکەوە بوون و دیالۆگ هەر کەس بەرەو شار و وڵاتی خۆی دەگەڕێتەوە. ئەمەش کۆتایی فیلمە دیکۆمێنتییەکەی من و (پیتەر پالینسن) بوو.

*تۆ چۆن یەکەمجار (یەڵماز گوینای)ت بینی و لە کوێ بینیت؟

– ساڵی ١٩٧٩ بۆ یەکەمینجار، فلیمی مێگەڵیی (یەڵماز گوینای)م بینی لە ڤیستیڤاڵی کان. ئەو ساڵە لەگەل شەریکەکانم لە کۆمپانیاکەمان پێکەوە چووینە ڤیستیڤاڵی (کان) و فیلمی (مێگەل)مان بینی. دوای کە گەراینەوە ویستمان ئەو فیلمەی یەڵماز میوانداری بکەین بێتە سویسرا و لەوێ نمایش بکرێت، برادەرێکم لەگەڵ بوو، بۆ ئەو مەبەستە ڕۆیشت بۆ شاری(ئیسپارتە) لە تورکیا و سەردانی (گوینای) کرد و گرێبەستێکی لەگەڵ کرد بۆ هێنانی فیلمەکە بۆ سویسرا. پاشتر لە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٨٠ سەردانی یەڵماز گوینایمان کردەوە لە تورکیا، بەداخەوە ئەو کات ئەو لەناو زیندان بوو.! ماوەیەک لە ژێر چاودێری پۆلیسدا لە زیندان لەگەڵی دانیشتین و باسی ئەوەمان لەگەڵ کرد چۆن پێکەوە بتوانین لە داهاتوودا کاری سینەمایی پێکەوە بکەین؟ ئەو کات ئەو زۆر بێ تاقەت و بێ ئومێد بوو. بەڵام بڕیارەکەی ئێمەی پی خۆش بوو. بەدەر لە فیلمی (یۆڵ و مێگەل) فیلمی (دووشمان) لە تورکیا درووست کردبوو. هەرچەندە یەڵماز گوینای خۆی زۆر دڵی بە فیلمی(دووشمان) خۆش نەبوو، چونکە کارە هونەرییەکانی بە خراپ کرا بوو. بەڵام ئێمە پێمان وت هەمو ماتڕیاڵەکانی ئەم فیلمە بنێرە خۆمان کاری دەنگ و مونتاژ و ڕەنگی بۆ دەکەینەوە. ئەوەبوو ناردی بۆمان و مۆنتێرێکمان هەبوو ناوی (کاترین) بوو، سەرلەنوێ ئەو فیلمەی مونتاژ کردەوەو کارێکی ناوازە دەرچوو.

* قۆناغەکانی کارکردنی خۆت و یەڵماز گوینای چۆن بوو؟

– من بە دیاریکراوی لەساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٤لەگەڵ یەڵماز گوینای کارم کردووە. ئەو ١٠ ساڵ لە من گەورەتر بوو. من ئەو کات گەنجێکی بە گوڕ و تین بووم و جۆش و خرۆشم زۆر بوو بۆ کاری سینەمایی. بێگومان ئەو ئەزمونێکی زۆری لەو بوارەدا هەبوو. کە نزیکەی ١٠٠ فیلمی سینەمایی هەبوو وەک (ئەکتەر و دەر‌هێنەر و سیناریست). بەڵام من ئەو کات تەنها چەند ئەزمونێکی کەمم هەبوو. ئیدی لەم سەرەتایەوە دەستمان کرد بە کاری هاوبەشی هونەریی. لەسەرەتاشدا هەمو کەرەستە و سیناریۆی فیلمی (یۆڵ)مان لە تورکیاوە هێنا بۆ سویسرا. ئەو کاتە فڕۆکەخانە زۆر توند بوو، بەڵام ئێمە توانیمان دەربازی بکەین و بیگەیەنینە سویسرا. هەر لەو سات و قۆناغەشدا بەهۆی ئەوەی زۆر نیگەران بوو، پڵانمان هەبوو خۆی و خێزانەکەی دەرباز بکەین و بگاتە ئەوروپا.! ئەمە لای ئێمە پلانێکی گەورە بوو. زۆرمان بەدڵ بوو. بۆیە بە وردی کار و نەخشەمان بۆ دانا بۆ ئەوەی لە زیندانی تورکیاوە خۆی و خێزانەکەی دەرباز بکەین بۆ ئەوروپا.

*چیرۆکی دەربازکردنی لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا چۆن بوو؟ لەکاتێکدا ئەو لە زینداندا بوو ئەو کات؟

– (بە پێکەنینەوە) ئەوەش داستانێکی درێژە.! بڕیارەکەمان پێ خۆش بوو، لە مانگی ئابی ١٩٨٠ کە لە زیندان چەند ڕۆژێک وەک پشوو بەبۆنەی جەژنەوە مۆڵەت درابوو بگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانەکەی، ئەمەمان بە دەرفەت زانی توانیمان خۆی و هاوسەر و دوو منداڵەکەی بە شێوازی جیاواز ڕزگاریان بکەین لەیەک ڕۆژدا، خۆی لە ڕێگەی دەریاوە یانی بەحری ئیجە، خێزان وهەردوو مناڵەکەی بە سەیارەی ڕەقەمی سویسری. لەکاتی گەیشتن بە سویسرا، ڕۆژی دووایی کارمان لە فلیمی یۆڵ کرد بەڵام گرفتێکمان هەبوو، ئەویش ئەوە بوو یەڵماز گوینای لە پۆلیسی ئینتەر پوڵ بڕیاری گرتنی هەبوو، دەبوو لەبەر ئەم هۆکارە زۆر بە نهێنی کار بکەین، لە رێگەی ڕۆژنامە نووسانی تورکەوە ئێمەیان دۆزییەوەوە ناچار خۆمان وون کرد و درێژەمان بە کارەکانمان دا .! لێرەدا باسی ناکەم، کە چۆن و بە چ ڕێگەیەک لە تورکیا دەربازمان کرد. لە فیلمەکە دیکۆمێنتییەکەم و لەم کتێبەشدا بە وردی ئەوەم باسکردووە، با تامی گێڕانەوەکە بۆ خوێنەران و بینەران جێ بێڵین.!

*گەیشتە ئەوروپا و لە تورکیا دەربازی بوو، قۆناغی یەکەمی کارکردنتان چۆن دەستی پێکرد؟
-هەر لەو ڕۆژە سەرەتاییانەی گەیشتە سویسرا، دەستمان بە وێنەگرتن و کارکردن لە فیلمی (یۆڵ) کرد. بەڵام بەشێوەیەکی نهێنی و دوور لە چاوی میدیا. بەڵام ڕۆژنامەنووسانی تورک لە ئەوروپا ئێمەیان دۆزییەوە. خۆمان نەدەدا بە دەستەوە و خۆمان لێ دەدزینەوە و بە پچڕ پچڕ کارمان دەکرد. لە مانگی ١٠ی ١٩٨١ بۆ مانگی ٥ی ١٩٨٢ کارە هونەرییەکانی فیلمەکەمان تەواو کرد.

* با بێینەوە بۆ سەر فیلمە دیکۆمێنتەرییەکەت لەسەر (یەڵماز گوینای) چ بەسەرهات و گەیشت بە کوێ؟

-پاش چەندین ساڵ هەوڵ و کۆشش بۆ پەیداکردنی بودجە و کەرەستەی پێویست، لە ڕاستیدا نەتوانرا ئەو فیلمە دیکۆمێنتییە بەرهەم بهێنرێت، لەبەر بڕی پارە و بودجەی پێویست، بۆیە بیرمان لە ڕێگەی تر کردەوە، منیش بڕیارم داوە هەر دەبێت شتێ لەسەر (یەڵماز گوینای) بەکەم. بۆیە بەناچاری بیرۆکەکەم گۆڕی لەبری ئەو فیلمە بە کتێبێک ئەو مێژووە بگێڕمەوە. بۆیە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کتێبەکەم تەواو کردووەو ناوم ناوە (یۆڵ رێگەیەک بەرەو تاراوگە.!)

*بۆ بیرتان لەوە نەکردەوە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بازرگانی ئەو فیلمە دیکۆمێنترەییە درووست بکەن، بەتایبەت کۆمەڵێ بازرگانی گەورەی تورک و کۆمەڵیک فیلمسازی بەناوبانگی تورک ئێستا لە ئەوروپا دەژین؟
– لەڕاستیدا هەمو رێگەکانمان تاقی کردەوە، بەڵام هیچمان دەست نەکەوت.! هەمو هەوڵەکانی خۆمان خستە کار لە وڵاتانی (فەڕەنسا و سویسرا و ئەڵمانیا) بەدوای پارە و بودجەدا. لە زۆربەی شوێنەکاندا ڕەفز کراین. چونکە لەگەڵ ناوەرۆکی فیلمەکە نەبوون. بە ناچاری ئێمە بە پێی ئەو گرێبەستەی لە نێوانماندا بوو بڕی(٨٠ هەزار فرانک)مان دا بە (پیتەر) کە سیناریۆی بۆ نووسیبووین. دیسانەوە بە ناچاریی بەهۆی نەخۆشییەکەوە من لە فیلمەکە هاتمە دەرەوەو وازم لێهێنا. بەڵام رۆژێک ئەم بەسەرهاتەی من لەگەڵ ئەو سیناریۆیەی فیلمی (یەڵماز گوینای) لە ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی بڵاوبوویەوە. دەرهێنەرێکی بەڕەگەز تورک بەناوی (فاتیح ئاکین)پەیوەندی پێوە کردم وتی من لەو سیناریۆیە کار دەکەم. منیش بۆم نارد و بڕیار بوو وەڵامم بداتەوە، لەو ڕۆژەوە بۆم ناردووە تا ئێستا بێ دەنگە و هیچ وەڵامێکم دەست نەکەوتووەتەوە.!

*تەواو لێرەدا ئەو چیرۆکەت کۆتایی پێ دێت؟
– نەخێر، پار ساڵ ئەم بیرۆکەیە هەر لە مێشکمدا بوو، بۆیە جارێکی تر گەڕامەوە بۆ ئەو ئەرشیف و یادەوەرییانەی لەگەڵ(یەڵماز گوینای) هەم بوو. لە نێوان ئەوەی فیلمێکی دیکۆمێنتی؟ یان کتێبێکی مێژوویی و وێنەیی لەسەر بڵاو بکەمەوە؟ بۆیە دووەمیان هەڵبژارد و لە ئەرشیفی خۆمدا نزیکەی هەزار وێنەم دیاری کرد هی کاتی وێنەگرت و کارکردن لەگەڵ (یەڵماز گوینای) بۆ ئەوەی کات و مێژووی وێنەکە و چیرۆکەکانی بنووسمەوە. لەو ژمارەیەش جارێکی تر نزیکەی(٨٠) وێنەی زۆر تایبەت و نەبینراوم هەڵبژارد. دەتوانم بڵیم ٨٠ وێنە و ٨٠ چیرۆک و٨٠ بەسەرهات لەو کتێبەدا لەدایک بوو. ڕۆژانە بەردەوام کارم لەم پرۆژەیەدا دەکرد. تا بەڕێکەوت نووسەر و سیناریستێکم لە زیوریخ ناسی کە لە (فلیکس ئەپڵ)وەک ڕاوێژکاری سیناریۆ کار دەکات. باسی ئەو پڕۆژەیەی خۆمم بۆ کرد، پەیمانی دامێ هاوکاریم بکات، منیش هەمو کاتێ کە بەشێکم دەنووسی بۆم دەنارد و سەرنجی خۆی بۆ دەنووسیم و دەسکاری دەکرد و بۆی دەناردمەوە. تا لەمانگی نیسانی ٢٠١٦ هەمو کتێبەکەی پێکەوە بینی. لەمانگی ٩ی ئەمساڵ کتێبەکە تەواو بوو بە هەمو وردەکارییەکانییەوە دەزگای بەناوبانگی چاپەمەنی کتێب لە سویسرا (Publishing Partuers Gw 6 H) بڕیارە لە مانگی ١ی ٢٠١٧ بە زمانی ئەڵمانی بڵاوی بکاتەوە، لە ٢٨- ١- ی ٢٠١٧ لەپاریس لە ئەنیستووتی کوردی لای کەنداڵ نەزان سیمینارێک بۆ کتێبەکەم ئەنجام دەدرێت .

*گۆڕینی سیناریۆی ئەم فیلمە دیکۆمێنتییە بە کتێبێک گرنگی لە چی دایە، ئایا دەتوانێت هەمان ئامانج بپێکێ کە تۆ بیرت لێکردبوویەوە؟

– نەخێر ناتوانێ، بەڵام بە ناچاری ئەم کارەم کرد، بەڵام ئەم کتێبەکە کە (وێنە و نووسینە) دەمەوێت بە هەر سێ زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی و کوردی چاپ بکرێت. بایەخی ئەم کتێبە لەم ڕۆژگارەدا لە سێ لایەنەوەیە:
یەکەم: گەڕانەوەیەکە بۆ ئەو مێژووەی تورکیا، بۆ ئەوەی بڵێم لەو سەردەمەوە بۆ ئێستا لە بارەی ئازادییەوە لە تورکیا چ ڕوودەدات.!
دووەم: ئەو قۆناغەی تورکیا کە یەڵماز گوینای تێدا بووە، لەگەڵ ئەم ڕەشەی ئێستای تورکیا کە ماوەکەی نزیکەی ٣٠ ساڵە هەمان مێژووە بە ڕووخسار و کەرەستەی جیاوازەوە.
سێیەم: ساڵی٢٠١٧ دەبێتە یادی ٨٠ ساڵەی لەدایک بوونی یەڵماز گوینای، کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو کتێبەکە سەرەتا بە زمانی ئەڵمانی بڵاو بێتەوە.
* چۆن بوو هاتی بۆ پێشانگەی کتێبی نێودەوڵەتی کتێبی فرانکفۆرت؟
*کەزانیم پێشانگەی کتێبی نێودەوڵەتی فرانکۆرت هەیە و لەو پێشانگەیەشدا بەشی کتێبی کوردی هەیە، هاتم ویستم بزانم ئایا دەزگایەکی چاپەمەنی کوردی هەیە بتوانێت ئەم کتێبە مێژووییە لەسەر بەشیکی وونبووی مێژووی سینەما و کولتووری نەتەوەکەیانە چاپی بکەن؟

ئەوە زێدەیە
(ئەی هیچ دەزگایەکی چاپەمەنی کتێبی کوردیت بینی، تا ڕێکبکەون و ئەو کتێبە وەر بگێڕن بۆ زمانی کوردی و چاپی بکەن؟
-بەداخەوە کە هاتمە ستاندی کورد، بینینیم بەشیکی زۆر هەژار و چۆڵ و لاوازە. کە قسەم لەگەڵ هەندێ کەس لەو بەشە کرد، وتیان بەهۆی تەنگەژەی ئابورییەوە لە هەرێمەکەمان نەماتوانی لەوە زیاتر بەشداری ئەم چالاکییە جیهانییە بکەین. هیچ دەزگایەکی کوردیش نەبوو، ئامادەبێت ئەم کتێبە ئەڵمانییە بگۆڕێت بۆ کوردی و بڵاوی بکاتەوە.!).

برای خۆم ئەوانەش زیاد بکە :
یەڵماز گۆنای خۆی پۆلیسی ئەنتەر پۆل بە دوایەوەبوو بۆی دەگەڕا. بۆ بەشداریمان لە ڤیستیڤالی کان، بەڕێوەبەری ڤیستیڤاڵ گووتی: من دەتوانم تەنها ڕۆژانی ڤیستیڤاڵ یەڵماز گۆنای بپارێزم ، ئەوەبوو ئەوەشی کرد.
*ئەی باشە دوایی چۆن توانی ژیانی خۆی و خێزانی مسۆگەر بکات؟
– ئەوەبوو دوواتر دۆسییەکەمان گەیاندە فرانسوا مێتران و چەندین سیاسەتمەداری

فرانکفۆرت




کتێبی گولستانی مە ولانا … وشیار جەمال

گولستانی مەولانا یە کێکە لەوکتێبە سودبە خشانەی کە بە رهەمی ناوەندی(سایە)یە.چاپی یەکەمی لە ساڵی( ٢٠١٦)کراوە ،بە دیزاینێکی زۆرجوان بڵاوکراوە تە وە.کە بە رهە می کۆمە ڵێ نوسەرە و تێروانینی خۆیان لە سەر مە ولانای رۆمی خستۆتە ڕووری. کە لە لایەن وەرگێری بە توانا موسعە ب ئە د‌هە م کراوە بە کوردی.
ئە م کتێبە خنجیلانە یە بە ڵام پرواتاوگرنگ کە قسە لەسەرئەزمونی ژیانی مەولاناو بە رهەمەکانی دە کات.لەپێشەکیداوەرگێر،، مەولانای خواداپەرست وعاریف دە ناسێنێت.وەک ئەستێرە یەکی درەوشاوەی نێوئیسلام،وتە یەکی (د.علی شەریعە تی)دێنێتەوە
کەدە ڵی:مەولانا پیاوێکە لەئاسمانی ئێمەداهێشتاش لە هیا‌‌هوی ئە و دە لە رزین.دواتر دێتە سەر باسی ژیانی مە ولانا لە سالی
(٦٠٤)ی کۆچی لە دایک بووەو لە سالی (٦٧٢) کۆچی ماڵ ئاوایی لە ژیان کردوە.بۆیە بە مە ولانای رۆمی ناو بانگی دەر کرد
چونکەبۆماوە یە کی درێژ لە شاری قۆنیە ژیاوە هەر لەوێش نێژراوە.مەولانا لەم سالانی دوایدابەرهە مەکانی لەسەرانسەری دونیا
وبە تایبەت ئە مریکاو بەریتانیازۆرچاپ و بڵاوبۆتە وە .دیوانە شیعریە کەی پڕفڕۆشترین دیوان بووە.ڕۆژنامەی واشنت پوست .دەڵێ:(سرودە کانی سەرچاوەی ئیلهامە بۆخەلکی ئە مریکا)شیعرە کانی بە دە نگی خوێنە رە کانی لە سەر سیدی بە ئاوازە وە دە خوێنتێتە وەمە ولانا زۆر تیشکی خستۆتە سار مرۆڤ دۆستی و پە یامی ئاشتی هە ڵگرتوە.بە ڵام مروف دۆستی لایی مە ولانابە وشێوە یە بوە کە خودا سە نتەر بێت،بە پێچە وانەیی مروڤی ڕوژئاوای کە مرۆڤی خستۆتە جێگای خودا.والە ئێستادائە نجامە کەی
دەردە کەوێت کە کۆمە ڵگاکانیان توشی چە ندین هە ڵوە شاندنی خێزانی بوون و بە ردە وامی هە یە
بەرهە مە کانی مە ولانادوو بەشن .بە شیکیان ‌غە زە لیات کە نزیکە ی پە نجا هە زار بە یتە شیعرە.وە مەسنەوی کە لە شە ش دە فتەر پێکهاتوە و کۆتادەفتەریان تەواو نە کراوەکە زیاتر لە بیست وپێنج هە زار بە یتە،چوارینە کانی کە زیاتر لە سێ هە زار
بە یتە.وە کێبێکی تر بە ناوی( فیهی مافیهی )کە ئە م کتێبە کۆ مە ڵێ دەست نوسی کورتی مەو لانان کە لە کۆر ودانیشتنە کان دا باسی کردون.نوسراوە کان( مە کتوبات).ئە م بەرهە مە ش لە شێوەی نامەدان کە زۆربە یان ئامۆژگارین وکۆی نامە کان زیاتر لەسە د نامە یە . .
مە ولانا لە یە کێک لە کتێبە کانی دا باسی داستانێک دە کات.ودە ڵێت لە جێگایەکدا ئاگرێکیان کردبۆوە وئاوێکیشیان ئامادە کردبوو مە ولانا دە ڵی خە ڵکی بە ‌گشتی ئاویان هە لبژارد،بێ ئاگا لەوە ی ئەو کە سانەی دە چنە ناو ئاوە کە وە لە وسەرە وە لە ئاگرە وە
دەردە چێت.وە بە پیچە وانە وە ئە وانە ی دە چونە ناو ئاگرە وە سەریان لە ئاوە کە دەردە هێنا،مەولانا دەڵی کاری ئە م جیهانە کاری پێچەوانە یە،وە ئە وجێگایانەی تاڵن،کۆتایە کانیان شیرین نە.بە ڵام ئەوشوێنانە ی شیرینن کۆتایە کە یان تالە.بە ڵام لە بەر
ئە وە ی مرۆڤ نزیکبینن ڕوکە ش بێت وئە وەی لە سە رە تادا بە تامی دڵیان خۆشە،هە ڵی دە بژێرن سەر ئە نجام تاڵی دە چیژن،.مە ولاناعیشقی زۆرلاگرنگ دە بیت دە ڵی مروڤ دە بێت بە عیشق دەست پێدە کات و بە عیشق کۆتایی دێت.وە




وەڵامێکی کورت بۆ بابەتە درێژەکەی موحسین کەریم … سەردار عەبدوڵا حەمە

دوا بابەتی هاورێ موحسین کەریم سەبارەت بە شەڕی موسڵ بە ناوی ” شەڕی موسڵ و هەڵوێستە جیاوازەکان ‘ بوو وەک خۆشی لە فەیسبووک تاکیدی لەوە دەکردەوە پێش بڵاو بوونەوەی ووتارەکە دەیوت وتارەکە درێژە هیوا دارم وەختان هە بێت بۆ خوێندەوەی ، منیش وەختم بۆ داناو خوێندمەوە .
لە گەڵ ئەوەدا ئەم هاوڕێ یە کۆمەڵیک زانیاری تازەی کردبووە ناو بابەتەکەیەوە و خۆ ی ماندووە کردووە بۆ کۆکردنەوەی ئەو زانیاریانە کەجێگای دەست خۆشیە وهیوای ماندوو نەبوونی بۆ دەخوازم بەڵام سەرەنجام هەر هاتەوە سەر هەمان هەڵوێستی پێشووی خۆی وحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان سەبارەت بە شەڕی موسڵ بەڵام ئەمجارە ڕەخنەی لە حەمیدی تەقوایی و ڕەحمانی حسین زادەش گرت ( کە من ناچمە سەر ئەم لایەنە ) ، وکۆمەڵی فاکتی لە نوسینەکانی مەنسور حیکمەتی هێناوەتەوە بۆ سەلماندنی دروستی هەڵوێستەکەی خۆی و یەکلا کردنەوەی هەڵوێستەکان سەبارەت بە شەڕی موسڵ.(من دەچمە سەر ئەو لایەنە لە نوسینەکەی ).
ئەوەی من لەو فاکتانە تێگەیشتم سەلماندنی نادروستی هەڵوێستەکەی خۆی و حککع وحکک (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ) بوو من هەوڵ دەدەم هەر لەو فاکتانە ئەو نادروستیە بدۆزمەوە پاشان دێمە سەر هەندێ گۆڕانکاری نوێ کە بووەتە هۆی ئەو هەڵوێتسگیریەیان.
موحسین دەڵێ:”لەجەنگی ئەفغانستاندا مەنسوری حکمەت داوای وەستانی جەنگی نەکرد ؟بەپێچەوانەی جەنگی ئەمریکاوە لەدژی عێراق لەساڵی ١٩٩١، لە جەنگی ئەفغانستاندا مەنسوری حکمەت داوای وەستانی شەڕی نەکرد” هەر خۆی هۆکاری ئەمەی ووتووە وە دەڵێت :چونکە بە پێچەوانەی عێراقەوە کە هیچ جەنگێکی لەدژی ئەمریکا ڕانەگەیاندبوو، قاعیدە هێرشێکی تیرۆریستی لەناو خاکی ئەمریکا خۆیدا ئەنجام دابووکە هەزاران کەسی مەدەنی و بێتاوانی کردبووە قوربانی..”
باشە ئەگەر ئەمە هۆکار بێت بۆ ئەوەی مەنسوری حیکمەت داوای وەستانی ئەو جەنگەی نەکرد لە دژی تاڵیبان ئەی بۆ مەگەر داعش هێرشی نەکردوە بۆ سەر خەڵکی ئەمریکاو ئەمجارە بگرە زۆر فراوانتریش هێرشی کردە سەر خەڵکی مەدەنی لە ئەمریکاو کەنەدا وزۆربەی ئەوروپاش کەوایە ئەگەر مەنسوری حیکمەت بمایە لە ژیاندا دەیگووت ئەم شەڕە دەبێ بوەستی لە کاتێکا هەمان هۆکار بۆ ئەمڕۆش لە ئارادایە. من دەزانم مەنسور حیکمەت ئەم شەڕەی کە ئەوکاتە لە ئارادا بوو بە شەڕی دوو قتبی تیرۆریستی ناساند پێویستە هێزی موتەمدینی دنیا و بزووتنەوەی دژی جەنگ بێت ئە و شەرە ڕابگرێ بە شێوەکی مەبدەئی بەڵام کاتێک هێرشە سەربازیەکەش کرا یە سەر ئەفغانستان ئەو نەیووت شەڕەکەتان بوەستینن چونکە هێزی دژی جەنگ نەیتوانی بێتە مەیدان لەو سەردمەدا شەڕەکە ڕاگرێ وەک بەدیلی سێیەم خۆی بچەسپێنێ ئیتر لە ناو بردنی تاڵیبان ئەوەندە پێویست بوو هێرشە سەربازیەکەی مەحکوم نەکرد کە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی کردیانە سەر ئەفغانستان بەڵام ئەو لە گەڵ بۆمبارانی خەڵکی مەدەنیدا نەبوو . بە بەبڕوای من ئەمڕۆ خەتەری داعیش زۆر لە خەتەری تاڵیبان وقاعیدەی ئەوسا زیاترە ئەو هێزی سیێەمەشمان نیە لە مەیداندا ئەی چی بکەین‌هێرشی سەربازیش دەستی پێ کردووە ؟ ئایا دەکرێ بلێن با ئەم شەڕە بوەستێنن تا ‌هێزی خەڵک ئامادە دەکەین هەر چەند کاری زۆری دەوێ؟کۆمەڵگای بەشەری دوو دوژمنی گەورەی هەیە لە لایەک داعیش وئیسلامی سیاسی تیرۆریست لە لاکەی ترەوە هێزە ئیمپریالیستەکان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا وجەمسەرکانی روسیا وئێران وچین. ئەم جەمسەرانەی دووەم دەیانەوێ لە دژی داعیش هێرشی سەربازی بکەن دروستە بڵێین ئێوە ئەم شەڕەتان ڕاگرن چونکە هەردووکتان دوژمنی خەڵکن ، ئەوە وەک ئەوە یە ماڵەکەت ئاگری گرتووە و بەهۆی دراوسێیەکەتەوە کەچی دراوسێیەکەی تر کە هەر دۆستت نیە دێت ئاگرەکە خامۆش بکا پێی بڵێی تۆ هەقت نەبێ دۆستەکانمان دێن بۆ کۆمەکەم ئێستا خۆ تۆش دۆستم نیت!،ئاخر ئەمە ئاگرە هەرکەسێ دەیەوێ بیکۆژێنێتەوە با بیکۆژێنێتەوە دواتر کاری خۆم لە گەڵ ئەودا یەکلایی دەکەمەوە ، دەقیقەن ئێستاش وایە. داعیش خەتریەکەی لەوەدایە کە دەیەوێت یاساو رێسای ١٥٠٠ ساڵ پێش ئیستا بە سەر کۆمەڵگای جیهاندا بسەپێنێ لە ڕێگای داگیر کردنەوە ئەوەی دژی بوەستێت ئاگری تێبەردەدات وقەتل وعامی دەکات ئایا هەرکەسێ لە دژی ئەم ئاگرە بێت خراپە؟ نەخێر.. زۆر جار قسەیەکی باو هەیە دەڵی لە نێوان خراپ و خراپتر کامیان هەڵدەبژێری تۆ ناکرێ بڵیێ هیچ کامیان لە کاتێکا هەر ئەو دوو هەڵبژارەیەت دەداتێ تۆ ناتوانێ بڵێی باشم دەوێ لە کاتێکا باش لە هەلبژاردنەکەدا نیە ئەمە مەنتیقە، بەڵام ئەگەر پێیان ووتی لە نێوان خراپ و باش کامیان هەڵدەبژێری بێ گومان دەڵێی باش هەڵدەبژێرم . ئەمەریکا سەرجەم جەمسەرکان بە وەکیلەکانیانیشەوە لایەنە خراپەکەن مەرامی خۆیان هەیە لەم شەڕەدا بەڵام داعیش خراپترەکەیە ، لایەنە باشەکەش بەرەی سێیەمە واتە هیزی دژە جەنگ خەڵکی موتەمدینی دونیا بەڵام بە داخەوە ئەم بەرەمان ئەو هێزەی نیە کە بتوانێ لە ئیستادا لە بەرانبەر خراپ و خراپترەکەدا سەنگ و قورسایی هەبێت ببوبێتە هەلبژاردەیەک یا لەوانەیە ئەم بەرەیە شەڕ لە دژی داعیش بە کارێکی خراپ نەزانێ . من ئەوەش دەزانم کە جەنگ درێژەی سیاسەتە ، جەمسەرەکان بە دوای ئامانجی خۆیانەوەن کە دابەش کردنەوەی سەرلە نوێ ناوچەکە وجیهانە بەڵام ‌ئێستا لە بژاردەی خراپەکەیە مەنسوری حیکمەت لەم مەنتیقەوە بوو داوای وەستانی شەڕەکەی دژی تاڵیبان وقاعیدەی نەکردچونکە هێزی سێەم بژاردە باشەکە نەیتوانی کاری خۆی ئەنجام بدات من لە گەڵ ئەوەشدام تەنها ئەم ‌هێزە دەتوانێ کۆتایی بە تیرۆرزم بێنی بە یەکجاری بەڵام دەبێ کاری بۆ بکرێ .
موحسین خۆی پەرەگرإفێکی مەنسور حیکمەت دەهێنێتەوە دواتریش قسەی خۆی لە سەر پەرەگرافەکە دەکا وەک ئەو دەڵیت: “کۆمەک بە باسەکەمان دەکا”ئەمەش پەرەگرافەکەی مەنسورحیکمەتە”هەڵوێستی مەبدەئی بەشداریکردنە لەهاوشانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشڕەوی ئەفغانستان بۆ روخاندنی تاڵیبان لەجەرگەی هەلومەرجی ئێستا و بەرقەرارکردنی دەوڵەتێکی هەڵبژێردراوی خەڵکە لەم ووڵاتەدادەبێ ئەمە بەسەر رۆژاواو ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکاندا بسەپێنرێ
کاری یەکەم و مەبدەئیی کۆمۆنیستەکان و بزوتنەوەی بەرەنگاریی جەماوەری ئازادیخوازی دنیا ئەوەیە کە لەپاڵ ئۆپۆزیسیۆنی پێشڕەوو ئازادیخوازی ئەو ووڵاتەدا بوەستێ و بجەنگێ بۆ روخاندنی تاڵیبان .هەروەها هەوڵیش بدات ئەمە بەسەر ئەمریکاو رۆژاوادا کە شەیپوری جەنگێکیان بەناوی جەنگی دژی تیرۆرەوە راگەیاندبوو بەسەر نەتەوە یەکگرتوەکاندا بسەپێنێ .ئەنجا موحسین خۆی دەڵیت : “کەواتە سەرەتا مەنسوری حیکمەت هەڵوێستی مەبدەئی ومەتلوب وەکو بژاردەی یەکەم پێشنیار دەکا. پاشان بژاردەی دووەم دەخاتە ڕوو کە هێرشی سەربازیە بۆ سەر تالیبان وئەفغانستان”.
دەی باشە هەر ئەمە پێچەوانەی هەڵوێستی ئێوە نیە هاورێ موحسین ؟ بەوەی ئێوە تەنها بژاردەی یەکەمتان هەلبژاردوە لە شەری موسڵدا یا ئەم بژاردەیە یا وەستانی شەڕ بەوەی دەڵین ئەم شەڕە بوەستێ لە کاتیکا مەنسوری حیکمەت دوو بژاردەی هەبوو نەیووت ئەو شەڕە بوەستێ لە ئەفغانستان ، هەر ئەم پەرەگرافەی مەنسور حیکمەت بەڵگەیە بۆ ڕاستی قسەکەی من کە دەڵیت: “شەڕ راگه‌ياندنى هيچ كه‌سێك، ته‌نانه‌ت ئه‌مريكاو رۆژاواش، له‌دژى تاڵيبان ناكرێ مه‌حكوم بكريت”
موحسین کەریم لە جێگایەکدا بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە کە بارو دۆخی ئەوکاتەی ئەفغانستان جیاواز بوو ،تا بتوانێ پاساوێک بێنێتەوە بۆ هەڵوێستەکەی ئێستای خۆیان ، باشە من دەپرسم ئەگەر بارودۆخەکەت پێ جیاوازاە بۆچی ئەم هەموو پەرەگرافەی مەنسور حیکمەت دهێنیتەوە تا لەو رێگەیەوە بتوانی حەسمی هەڵوێستەکەی خۆتانی پێ بکەیت ئە م سەرئێشەیە بۆچی ؟
موحسین دەڵێت :”ئەوەی ئەمریکاو ناتۆ لە ئەفغانستاندا کردیان و هێشتاش بەردەوامن، روخاندنی کۆمەڵگاو مرۆڤ و ئیرادەی خەڵکی ئەفغانستان بوو لەپاڵ لابردنی تاڵیبان و قاعیدە لەسەر کورسی حوکم کە خۆیان دایان نابوون و هێنانی کۆمەڵێك تاڵیبان وقاعیدەی تر بۆسەر حوکم ” هاورێ موحسین پێشبینی ئەوە دەکا دوای شەڕ ، موسڵیش وەک ئەفغانستانی لێ دێ . بۆیە داوای وەستانی ئەم شەڕە دەکات . بەڵام من دەپرسم ئەفغانستانی ئێستا باشترە یا ئەفغانستانی سەردەمی حوکمی تاڵیبان ؟ لە کاتێکا سەردەمی حوکمی تاڵیبان وەک سەردەمی حوکمی ئێستای داعش وایە لە موسڵدا ، چاو لە ئەفغانستانی دوای حوکمی تاڵیبان بکە چەندە جیاوزاترە ؟! ڕاستە هێشتا شەڕ هەیە و کوشتار هەیە ، ڕاستە چەندین حیزبی کۆنەپەرست و ئیسلامی سیاسی هەیە بەڵام لەولاشەوە چەندین ڕێکخراوەی سیاسی هەیە زۆریشیان چەپ و ئازادی خوازن ، زۆر رێکخراوی مەدەنی ورێکخراوی ژنان هەن کە زۆر جەسورانە بەرگری لە مافی مرۆڤ و مافی ژن دەکەن بە ئازادانە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە دژی کوشتنی ژنان ولاقەی ژنان بەشێوەیەکی گەورە بەڕی دەخەن ، لە سەر پێشێل کردنی ئازادی سیاسی خەلکی ناڕەزایەتی دەکەن ، میدیای سەربەخۆ لەوێ کاردەکەن ، رەخنە لە دەسەلاتی ئێستا دەگرن … کوا ئەمانە هەبوون لە سەردەمی حوکمی تاڵیبان . بۆ من ئەگەر بارودۆخەکە ی موسڵ لە دوای شەڕ وەک ئیستاێ ئەفغانستانی لی بێت باشترە لە بارودۆخی ئێستای ژێر حوکمی داعش بۆیە ناکرێ ئەم تەجروبەی ئەفغانستان ببێتە بەڵگە بۆ داوا کردنی وەستانی شەڕی ئێستای موسڵ .
چاوکەن موحسین دەڵێت :” شەڕێك مەحکوم نیە کە لەپاڵ کوشتنی هەر تیرۆریستێکدا چەندین مناڵ و خەڵکی مەدەنی نەکوژرێن و دەیان هەزاریان لەژێر مووشەکباراندا گەمارۆ نەدرێن و لە سەرەی مەرگدا چاوەڕێی چارەنوسی خۆیان نەکەن ماڵ و گەڕەك و خوێندنگاو خەستەخانەو وێستگەکانی ئاوو کارەبا خاپوور و وێران نەکرێن “. لێرەدا ئەو ڕاستیە بڵێم موحسین زۆر هیومانیستە زۆر دڵگرانە بە کوشتنی خەڵکی سیڤیل بە ڕادەیەک هیومانیستە کە تەنها بۆ ئەو خەڵکە دڵگرانە کە لە شەرەکەدا دەکوژرێن بۆیە داوای وەستانی شەڕ دەکات بەڵام هیومانیست نابێت کاتێک داعش تا بمینێ زۆر لەوە زیاتر خەڵک دەکوژێ بە خۆ تەقاندنەوە و بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو بە پە لاماری وەحشیانە بۆ سەر خەلكی مەدەنی بە ئاگر تیێبەردانی خەڵکی سیڤیل بە کەنیزە کردنی ژنان وئەو هەموو کوشتن سەر بڕینە ،هیچ رێزیک بۆ یاسا ورێسای ئینسانی دانانێت حوکمی یاسا قورەیشیەکان بەسەر سەرتاپای ئەو کۆمەڵگایاندا دا دەسەپینێ کە سادە ترین ماف بۆ ئینسان بە ڕەوا و بە رەسمی ناناسێ ( دیارە من ناڵیم موحسین وای وتووە بەڵام تاکتیکی وەستانی جەنگ ئە ومانایە دەبەخشێ )، مەنسوری حیکمەت لە بەر ئەوە بوو داوای وەستانی هێرشی سەربازی نەکرد بەڵام داوای وەستانی بۆمبارانی خەلکی مەدەنی دەکرد کەچی ئێوە لە بەر بۆمبارانی خەلکی مەدەنی داوای وەستانی شەڕ دەکەن. لێرەدا هەقمە بپرسم هاورێ گیان بۆچی ئێوە زۆر ستایشی کۆبانی دەکەن ؟مەگەر لە کۆبانی خەڵکی سیڤیل نەکوژرا و شار خاپور نەکرا هەر خودی فرۆکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان شاریان تەخت نەکرد زیاتریش لە ئێستا ی شەڕی موسڵ ؟بۆ هەر ئەو کاتە پێشمەرگەی پارتی ویەکێتی نەچوون بۆ کۆمەک و شەرکردن ؟ یەپە ژە و یەپەگە مەگەر شەڕیان نەکرد ؟خۆ ئەمانە شەڕی وەکالەتیان دەکرد ؟بۆ ستایشی ئەو شەڕە تان کرد و داوای وەستانیتان نەکرد ؟ یا بۆ داوای وەستانی شەڕەکانی تری وەک شەڕی رومادی و تکریت وفەلوجەومەنبەج تان نەکرد ؟خۆ لە شەری کۆنترۆل کردنەوەی ئەو شارانەدا هێزی خەڵک لە مەیداندا نەبوو جگە لە کۆبانی ئەو هێزە هەبوو ئەویش ئەگەر بۆمبارانی هاوپەیمانان و پیشمەرگە نەبوایە ئەویش کۆنترۆل دەکرا لە لایەن داعشەوە ، لە کاتێکا جەمسەری شەڕکەرەکان هەر ئەوانەن ئەمڕۆ شەڕی موسڵ دەکەن بە ڕاستەو خۆ یا بە وەکالەت ،ئەمەیە دەڵین بانێکە و دوو هەوا.!!!
من پێم وایە ئەمجۆرە هەڵوێستانە پاسیفیستانەیە و هێزی هەردوو حیزبی حککع وحککەی زەعیفتر دەکات بەوەی ژمارەیەکی تر لە کادران ئەندامانی ئەم حیزبانە وچەندین کادیر ولایەنگری تری کۆمۆنیزمی کرێکاری دەرەوەی هەردوو حزب کە دڵیان بەو حیزبانە خۆش بوو کەوتنە بەرەیە کی تری بەرانبەر هەردوو حیزبەوە متمانەیان کەمتر بووەتەوە پێ یان کە سەرجەم بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لیی زەرەرمەندە . وەک چۆن ڕابەرانی (حیزبی حیکمەتیست_ خەتی رەسمی) هەمان هەڵوێستی حککع وحککەیان هەیە کە پێشتریش لەم جۆرە بۆچوون و هەڵوێستانەیان بووە کە دیارە بووە هۆی زیاتر بچووک بوونەوەیان و ئێستا لە پەراوێزدان هیچ سەنگ وقورسایەکیان نەماوە بە سەر ڕووداوەکانی ئێران و وناوچەکەوە ئەم جۆرە هەڵوێستانەش هەردوو حیزب بەرەو ئەو مەنزەڵگایەی ئەوان دەبات بە داخەوە.

سەردار عەبدوڵا حەمە
• ٢٠/١١/٢٠١٦




گەورەبونی شەقام و بچوک بونەوەی حیزب… بەختیار شارەزوری

ئەگەر کۆمەڵگا پانتاییەک بوبێت و حیزبەکان هاتبێتن هێڵی دەسەڵاتی خۆیان کێشا بێت و هەر حیزبە و پانتاییەکی بۆ خۆی داگیرکردبێت ، ئەگەر پێشتر حیزب جێ ی متمانەی بەشێك لە کۆمەڵگا بوبێت و باوەڕی تاک وا بوبێت کە بتوانن کار لەسەر دروشمەکانیان بکات ، ئەوا ئێستە ئەوەی جێگەی پێکەنین و گاڵتەجاڕییە ئەو دروشمانەن کە حیزبەکان هەڵیان گرتبو ، ئەگەر پێشتر تاک پێ ی وا بوبێت کە بە دەنگی دەتوانێت دەسەڵاتەکان بگۆڕێت ، ئەوا ئێستە لەساییەی دو حیزبی بێ ئەرزش دەنگی تاک هیچ ناکات جگە لە یارییەکی بێ تام ، ئەگەر پێشتر تاک باوەڕی بە دەنگدان بوبێت بە ئۆپۆزسیۆن ، کە کار لەسەر دامەزراوەیی بونی کۆی دەزگا نیشتمانییەکان بکات ، ئەوا لەسایەی تاکتیک و سیناریوکانی ئەم دو حیزبەوە ، ئەو ماکیاجەی بۆ خۆیان کردبویان ، هەمان ماکیاجیان بۆ ئۆپۆزسیۆنیش کرد و ڕەنگی خۆیانیان کردە بەری ، ئەگەر هەوڵێک بوبێت لەلایەن گۆڕانەوە بۆ گۆڕێنی ئەم دۆخە و جێ ی هیوای شەقام بوبێت ، ئەوا لەسایەی جاشایەتی و پاڵپشت بە هێزی بێگانە هەوڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش خرایە کۆڵانێکی داخراوەوە ، ئێستە شەقام چی تر ئەو شەقامە نیە کە پێشتر حیزبەکان کەرتیان کردبو ، ئێستە لە سایەی حکومڕانییەکی مافیاوە دۆخێک خوڵقاوە ، کە نەهامەتییەکان هەمو تاکێکی گرتوەتەوە ، گەیشتوەتە ئاستی بژێوی تاک ، بە جۆرێک کۆی کۆمەڵگا توشی داڕمانێک هاتوە ، چیتر شەقام خۆی هەڵدەسێت خەتی دابەشکاری حیزبەکان لەسەر جەستەی خۆی دەسڕێتەوە ، هەر شەقام خۆی دێت ، دەموچاوی ناشیرنی حیزب لەسەر جەستەی خۆی دەر دەکات ، چونکە نەیان توانی کلتوری دەستاودەستکردن و سەروەری یاسا گەورەتر بکەن لە منداڵدانی حیزب ، بە ڕیگایەکدا ڕۆشتن کە ڕێگای شکستی ئەم جۆرە مۆدیلە بو لە حیزب ، تا ئێرا دەتوانین ناوی بنێن ململانێ ی شەقام و حیزب ، لە داوی دەرکەوتنی کاریگەری دەرئەنجامەکانی شکستی ئەم دو حیزبە لە ڕوی حکومڕانییەوە ، دوای داکەوتنی دەمامکی دەموچاویان و خراپی بژێوی تاک ، دواجار تاکەکان هیچ شوێنێک بە گۆڕەپانی خۆیان نازانن تەنها گۆڕەپانی شەقام نەبێت ، بە جۆرێک کوڕانی حیزب حاشا لە حیزبەکانیان دەکەن و دەگەڕێنەوە لای دایکی شەقامیان ، ئەمەش پشکی شێر بەر پارتی و یەکێتی دەکەوێت ، لەبەر ئەوەی گۆڕان خۆی لە شەقامەوە دروست بوە ، زوتر کوڕانی گۆڕان دەچنەوە ناو باوەشی شەقام ، ئەگەر چی گۆڕان دەیویست یاساکانی گشتی بۆ هەمو تاکێک بێت بێ جیاوازی دەنگ و ڕەنگ ، بۆیە دەبینین کوڕانی گۆران ناتوانن لە شەقام هەڵبین ، ئەوەی دەمێنێتەوە لە دەرەوەی دەنگی شەقام ئەو حیزبانەن کە خاوەنی دەستەڵات بون و ئەم شکستەیان بەرهەمهێناوە ، دەرئەنجام شەقام زۆر گەورەتر دەبێت لە حیزب و دەبێتە یەک دەنگ ، ئەگەر پێشتر ناڕەزایەتیەکان داینەمۆی بزوێنەری چەند حیزبێک بوبێت ، ئەوا ئێستە ئەوەی جێگەی گەڵتەجاڕییە هەمو حیزبەکانن ، ئەگەر چی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنەی خەڵک ئەوەیە کە بۆ ئەوەی ببێتە کوڕی شەقام دەبێت لەوە گەورەتر بێت کە ئێستە هەیە ، دەیانەوێت گۆڕان ببێتە فشار بۆ دو حیزبی گەندەڵ ، بەڵام کاتێک دەبینن لە ئاستی دۆخی دەست تێوەردانی دەرەکی و جاشایەتی ئەم دو حیزبەدا و جوڵاندنیان بە کۆنتڕۆڵەکانی تاران و ئەنقەرە هیچیان بۆ ناکرێت ، ئەوا شەقام خۆی دێتە قسە و دەکەوێتە جوڵە .
ئەوەی گرنگە لە ئێستادا دەرئەنجامی حوکمڕانی ئەم دو حیزبە بوتە هۆی داڕمانی دۆخی بژێوی تاک لە دەنگ دەرانی خۆشیان ، زۆر خوڕسکانە شەقام لە داواکارییەکانی مامۆستایانەوە بوتە شەقامێکی توڕە و شوێنێک بۆ ڕیسواکردنی حیزب ، ئەوەی گرنگە ئامانجی ئەم خۆپیشاندانانە لە چوارچێوەیەکی بچوکدا قەتیس نەکرێت ، دەبێت چوارچێوەی داواکارییەکان گەورەتر بکرێت بۆ مافە یاسای و گشتیەکان ، تەنها لە چوارچێوەی موچەی مامۆستایاندا نەبێت ، سنوری موچە ببڕێت بۆ هەمو ئەو داواکارییانە کە دەبێتە هۆی گۆڕینی ئەم حکومەت و دەستەڵاتە بە حکومەتێکی تەکنۆکراتی چاودێری کراو ، پێویستە لەوە بگەین ئیتر ئەوە حیزب نیە دەچێت بە قەڵەمێکی سور هەندێ لە جەستەی حیزب بۆ خۆی داگیر دەکات ، چی تر شەقام خۆی دەتوانێت سنوری متمانە و دەسەڵاتی حیزب لەسەر جەستەی خۆی دیاری بکات ، دەبێت لەوە تێ بگەین کە دەسەلاتی شەقام باڵا ترە لە هەمو ئەو سیناریو و گەڵتاجاڕییانە کە ئەم دو حیزبە دیکەن ، گەورەترە لەوەی شەقام گوێ بۆ گۆرانی درۆزنەکان بگرێت ، گەورەترە لەوەی بە دروشم ڕوی ڕەشی خۆیان سپی بکەنەوە.