بەشی دووەم لە چاوپێکەوتنی دەنگەکان لەگەڵ عەدنان کەریم یەکێک لەڕابەرانی پێشووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی کوردستانی عێراق

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم چاوپێکەوتنە کلیکی ئێرەبکەن …..
————————-

دەنگەکان: یەکیک لە ئیشکالیەتە دێرینەکانی فکری سیاسی مەسەلەی دیموکراسیە.
سەرتاپای سەدەی بیست قۆناغێکی پڕ لە ململانێ بوو بۆ کۆمۆنیزم کە تیایدا هەوڵێکی هەمەلایەنەی دا ئەوە بسەڵمێنێت کە دیموکراسی، لەناوەڕۆکدا، سەرخانێکی سیاسیە بۆ دەسەڵاتدارەتیی چینی سەرمایەداری و ئەوە کۆمۆنیزمە کە لەڕێی بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستیەوە ” دیموکراسیی ڕاستەقینە ” دابیت ئەکات.
بەکورتی پەیوەندیی پڕ لە ئیشکالیەتی کۆمۆنیزم و دیموکراسی چۆن هەڵئەسەنگێنیت؟

عەدنان کەریم :

ئیشکالیەتی کۆمۆنیزم و دیموکراسی، پەیوەندیەکی پڕ لە گرێ و فرە ڕەهەندە کە من هەوڵ ئەدەم چەند لایەنی گرنگیان ، بەڕای خۆم ، باس بکەم. بۆ ئەو مەبەستەش، وەکوو هەمیشە ، ناچارم جاروبار ئاوڕ لە فکری کۆمۆنیزم واتە مارکسیەت وهەروەها پراتیک و مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بدەمەوە بۆ شایەدیی قسەکانم.
کێشەیەکی میتۆدۆلۆجیی مارکسیەت ئەوەیە کە وا نیشان ئەدا کۆمۆنیستەکان لەڕیی تیۆریەکەیانەوە خاوەنی دوایین ڕا و دروستترین ڕوانگە و ڕاستترین بۆچوون لەسەر سەرجەم کێشە و ئیشکالیەتە سیاسی و فکریەکانی کۆمەڵگای مۆدرینن و سەبارەت بە دیموکراسیش تووشی هەمان دەرد بوون.
باسەرەتا پرسیاری ئەوە بکەین کە : ئایا دیموکراسی کون و کەلەبەری نیە ؟ ڕەخنە هەڵناگرێت ؟ توانیویەتی ناکۆکیەکانی کۆمەڵگای مودرین بەروە چارەسەر بەرێت یا تووندوتیژتری کردوونەتەوە؟ و چەندین پرسیاری تر .
من لەوەڵامدا ، بەکورتی تەنها ئەوە ئەڵێم کە دیموکراسی تا ئەم ساتەوەختەش نەیتوانیوە کێشەکانی کۆمەڵگای مۆدرین چارەسەر بکات بەڵکە قووڵتریانی کردۆتەوە و بەئاراستەیەکی نادیار و تەم و مژاویدا بردوونی. بۆیە ڕەخنە گرتن لە دیموکراسی لەڕووی تیۆریەوە مەیدانێکی بەردەوام و درێژکراوی فکری سیاسیە. بیری سیاسیی هاوچەرخیش پێویستی بە دەستوپەنجە نەرمکردنی هەمیشەییە لەگەڵ ئیشکالیەتەکانی دیموکراسیدا. بەڵام گەر مەسەلەکە بە پەیوەند بە بیروباوەڕی مارکسیەوە بەراوورد بکەین ئەگەین بەو ئەنجامەی کە مارکسیەت نەک تەجاوزی ئیشکالیەتەکانی دیموکراسیی نەکرد و گرێکوێرەکانی نەکردەوە ، نەک نموونەی ئەلتەرناتیڤێکی باڵاتری لە دیموکراسی بەرهەم نەهێنا ، نەک تێزێکی مونسەجیم و مەحکەمی لەو بوارەدا دانەڕشت ، و …..تاد، بەڵکوو لەڕێی تۆماری پڕ لە ئیستیبدادی سۆسیالیزمەوە ، هەموو بەشەریەتی مۆدرینی کرد بە مێگەلێک و ناچاری کردن بەهەموو ستەم و بێدادیەکانی سیستەمی سەرمایەداری ڕازی بن لە ترسی بوونی سیستمێکی تۆتالیتاری سۆسیالیستیی لەو خراپترەوە.
جگە لەوەش ، بەهۆی هەڵچوون و داچوونە گەورە و گرانەکانی سەدەی بیستەمەوە، و بەتایبەتیش بەهۆی شکست و ووردوخاشبوونی سۆسیالیزمەوە ، بەهەموو فێرژنەکانیەوە، تا ئێستای سەدەی بیستویەک ، بەمانایەک ، بریتیە لە سەردەمی ئارایشدانەوەی دونیا لەژێر پەرچەمی خراپترین ترەندەکانی دیموکراسی و مەیدانداربوون و هەیمەنەی ڕەوتە دیموکراسیە ڕاستڕەو و کۆنسێرڤاتیڤەکان.

لەڕووی تیۆریەوە ئیشکالیەتی گەورە لەوێوە دەست پێئەکات کە :
یەکەم: سەردەمی حیکایەتە مەزنەکان ( السردیات التاریخیة الکبری Grand Narratives ) بەسەرچوو. ئەم بارودۆخە نوێیە تەداعیاتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کە گرنگترینیان تێشکانی ئەو هەیمەنەیە بوو کە مارکسیەت وەکوو مەرجەعی جێمتمانەی فکر و کێشە تیۆریەکان سەیر بکرێت.
دووەم: ڕەوتی کۆنسێرڤاتیڤ و ڕاست بوون بە سووکان بەدەستی دیموکراسی لە ڕۆژئاوا.

سییەم : بەتایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی خاڵی یەکەم ، فکری سیاسی و مرۆڤایەتی بە گشتی نەیتوانیوە تەجاوزی قۆناغی هەیمەنەی دیموکراسی بکات و دەستی بگات بە سیغەیەکی باڵاتر بە تایبەتی دوای دەرکەوتنی ناکۆکیەکانی سۆسیالیزمی پێشوو گیرسانەوەی لەدوا مەتافدا وەکوو ڕەوتێکی تۆتالیتار و سوڵتەوی کە ڕووی خراپترین دەسەڵاتە دیموکراتیەکانیشی سپی کرد. لێرەوە تا ئێستا ئەوە بەچەسپاوی ماوەتەوە کە دیموکراسی بەڵایەکی ناچاریە ( اسو‌أ الشرین ) بۆ دەسەڵاتدارەتی و خەلک لەگەڵ دەسەڵاتدا پەیماننامەیەکی مێژوویی ئیمزانەکراویان بەستووە بۆ قەبووڵکردنی ئەو هەیمەنەیە. بەشەریەتی مۆدرین عەقڵی بە کەموکوڕیەکان و ترەندە خراپەکانی دیموکراسی هاوچەرخ ئەشکێ و ئەزانێت بەناوی ئەوەوە چیی بەسەرهاتووە و چیی لەدەستداوە.

سەرجەلە و فایلی کۆمۆنیزم لەبواری دیموکراسیدا پرە لە ناکۆکی و پێشێلکاری و تەمومژ کە یارمەتیدەر بوون و بوون بەمامانێک بۆ لەدایکبوونی قۆناغی هەیمەنەی دیموکراسی بە ڤێرژینە ڕاستڕەوانەکەیەوە.کۆمۆنیزم لەوبارەوە مەسئولیەتی زۆری لەئەستۆیە. مارکسیەت ڕێک و ئاشکرا دژایەتی خۆی ڕاگەیاندوە لەبەرانبەر پلۆرالیزم ، دەستاودەستکردنی دەسەڵات ، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتری و سەربەخۆییان ، میدیای ئازاد، مافە بنەڕەتیە سیاسی و فکریەکان وەکوو مافی دامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی و پیشەیی ، مافی ڕەخنەکردنی دەسەڵات و گۆڕینی هەرکات زۆربەی خەڵک خوازیاربوون، و ….. لەبەرەبەیانی شۆڕشی ئۆکتۆبەروە هەموو ئەو مافانە قەدەغەکران.

مەنشەفیکەکان و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان کە هەر کامەیان بەتاک بگریت خاوەنی نفوزی جەماوەری زیاتربوون لە بەلشەفیەکان لەکۆمەڵگەی ڕووسیای ئەوکاتە و گەر دەنگدانێکی ئازادانە سازبکرایە پێکەوە زۆربەی ڕەهای دەنگیان ئەهێنا ، بەناوی دیکتاتۆری پرۆلیتاریاوە سەرکوتکران و چالاکیان بەتەواوی قەدەغەکرا. تەنانەت لە یەکەمین کۆنگرەی شووراکاندا کە لە نێوان شۆڕشی شوبات و ئۆکتۆبەردا، لە تەمووز دەبەسترێت، ئەو ٢ لایەنە زۆربەی زۆری دەنگەکانی نوێنەرانی شووراکان بەدەست دێنن.
حیزبی بەلشەفی نەک دیموکراسی لە ئاستی گشتی کۆمەلدا قەدەغە ئەکا و لە گۆڕی ئەنێت و لەژێر ناوی ڕیتۆریکی دەوڵەتی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا هەیمەنەی تۆتالیتاریانە و دیکتاتۆریی حیزبی بەلشەفی بەسەر سەرجەم ووڵاتدا ئەسەپێنێ ، بەڵکوو بۆ ڕەسمیەتدان بە هەیمەنەی ڕابەریی حیزب ، ساڵی ١٩١٨ ولە کۆنگرەی دەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی بەلشەفیدا ، بە پێی پێشنیارێکی لێنین ، مافی پێکهێنانی فراکسیۆن نەک لەناو حیزبدا بەڵکوو لە ئاستی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسیشدا یاساغ و قەدەغە ئەکات. ئەوە حیزب بوو کە لە گۆنگرەکانیدا بڕیاری ئەدا لەسەر هەموو مەسەلەکانی ووڵات و دواتر بەناوی شووراکانەوە تیئەپەڕێنرا و ئەکرا بە بڕیار. ئیتر دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا جگە لە ڕیتۆریکێکی بیناوەڕۆک و درۆیەکی مێژوویی هیچی تری تیا نامێنێت.
لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە کە تێڕوانینێکی پۆزەتیف بخەمەڕوو سەبارەت بە تێزی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا و بەهیچ شێوەیەک ئاشتی بکەمەوە لەگەڵ دیموکراسیدا ، بەڵکوو کرۆکی قسەکەم ئەوەیە کە بڵێم حیزبی بەلشەفی تەنانەت پەیڕەوی لەو تێزەی خۆشی ( دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا ) ناکات ودیکتاتۆریەت ودەسەڵاتدارەتیی ڕاستەوخۆی حیزب و مەکتەبی سیاسی ئەکات بە تەنها بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵات لە کایە هەرە گەورەکانی کۆمەڵگەوە تا بچووکترینیان. ئەوە مەکتەب سیاسی بوو کە چاودێریی ڕاستەوخۆی بوارەکانی ئەدەب و هونەر و سینەما و شانۆ و قوتابخانە و ڕێکخراوە پیشەییەکانی ئەکرد و بەناوی یەکێتیی نووسەران و هونەرمەندان و قوتابیان و لاوان و ژنانەوە دەیان ڕێکخراوی بنیات ئەنا کە مەرجەعی هەموویان تەنها و تەنها حیزب بوو نەک هیچ ئۆرگانێکی هەڵبژێردراوی تر یا چارەنووسی ڕەوت و گەشەی ئەو بزووتنەوانە و ڕێکخراوەکانی بەجێبهێڵدرێت بۆ فەنکشینی سەربەخۆ و تەفاعولاتی خۆدی خۆیان.
گەر لە ئاستێکی ترەوە تۆماری کۆمۆنیزم و دیموکراتی چاو لێبکەین باشترین بەڵگەنامە بەرنامەی حیزبی بەلشەفیە کە تا ئەم ساتەوەختەش مەرجەعێکی پیرۆز و بێجیدالە لە ناو کۆمۆنیستەکانی سەرجەم دنیادا.
دەسەڵاتدارەتیی سۆسیالیستی لەسەر بنەمای حکوومەتی شوورایی دامەزراوە. بەندی ئەسڵیی بەرنامەی بەلشەفی کەسەرلەوحەی گشت بەرنامە کۆمۆنیستیەکانە ئەڵێت : ( شووراکان هەر خۆیان هەم دەسەڵاتی یاسادانان وهەم دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان هەیە – تتمتع المجالس بحق ممارسة کلا السلطتین التشریعیة و التنفیذیة) .

ئەوەی سەرەوە تێزی جەوهەریی مارکسیەت و کۆمۆنیزمە سەبارەت بە ماهیەتی دەسەڵاتی سیاسی. دژایەتیی ئەو بەرنامەیە لەگەڵ پرەنسیپە سەرەتاییەکانی دیموکراسی و ئازادیدا لەوە بێپەردەترە کە هیچی لەسەر بڵێین. ئیتر لێرەوە ناکۆکیی سەرجەم ئەو تێز و باوەڕانە ئاشکرا ئەبێت کە ئەیانەوێ ئەوەمان دەرخوارد بدەن گوایە ستالینیەت پەتایەکی نامۆیە بە کۆمۆنیزم و لادانە لە ئەسڵی ئازادیخوازیی سۆسیالیستی. ئەوەی لە چین و ڕووسیا و بلۆکی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڤێتنام و کوبا و هەموو نموونەکانی تری سۆسیالیزمدا پیادەکرا و بەرهەمهات لە بواری دەسەڵاتی سیاسیدا تەرجەمەکردنی حەرفی و دەقاودەقی ئەو تێزە جەوهەریەی مارکسیەتە سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسیی سۆسیالیستی و هیچیان بە موو لەو ئەسڵە سیاسیە لایان نەداوە. ئەو مۆدێلە تەنانەت دواتر دەبێت بە سەرمەشق و نموونەیەک بۆ پیادەکردنی دیکتاتۆریەت لە زۆر ووڵاتی تری جیهانی سێیەمدا لە ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین کە کەم تا زۆر خۆیان بەهاوپەیمانی ئەم یا ئەو دەوڵەت یا بلۆکی سۆسیالیستی ناساند وەکوو ڕژێمەکانی عێراق و سوریا و ئەسیوبیا ولیبیا و جەزائیر وئەنگۆلا و …تاد.
یەکێک لەو تێزە باوانەی کە کۆمۆنیستەکانی کوردستان و عێراق ساڵەهای ساڵ لە باس و پلمیکەکانی خۆیاندا ئەیانجویەوە ئەوە بوو کە بوونی دوو حیزب یا ڕێکخراوی کۆمۆنیست لە ووڵاتێکدا ناکۆکیەکە و تەنها ئەبێ یەکێکیان هەڵگری سیفەتی ڕاستەقینەی کۆمۆنیزم بن. ئەوە بۆ کۆمۆنیستەکان سەختە کە بوونی دوو حیزبی کۆمۆنیست قبووڵ بکەن و دان بە بوونی یەکتردا بنێن و بتوانن پێکەوە هەڵبکەن. زۆربەی بزووتنەوە سیاسیەکانی تری وەکوو ناسیونالیزم یا ڕەوتە لیبرال و تەنانەت ڕەوتە ئیسلامیەکانیش بە قازانجی ئامانجە سیاسیە دوور و هاوبەشەکانیان ئەوە هەزم ئەکەن و ڕادێن لەگەڵ بوونی چەندین حیزب لەبەستەر و هەناوی یەک بزووتنەوەدا و تەنانەت بۆ ئامانجی تاکتیکی و سیاسیی قۆناغێک ئامادەی هاوپەیمانی و دۆستایەتیی حیزبی هاوچەشنی خۆیانن، بەڵام نموونەی پێکەوە هەڵکردن و تەبایی ، چ جای کاری هاوبەش و هاوپەیمانی لە نێوان حیزبە کۆمۆنیستەکانی یەک ووڵاتدا ، زۆر دەگمەنە.

لە زۆربەی ووڵاتانی دنیادا چ ئێستا یا لە مێژووی دوورتریاندا ، چەندین حیزب و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی و مارکسی سەریان هەڵداوە لە یەک ووڵاتدا . ئەو دیاردەیە بەتایبەتی پاش دابەشبوونەکانی ڕیزی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی جیهانی لە شەستەکانی سەدەی بیستەوە لە نێوان سۆڤیەت و چیندا واقعیەتێکی دیاربوو. هەر ئێستا لە ئێران ، تورکیا ، عێراق ، وولاتانی ئەمریکای لاتینی ، لەهەر ووڵاتەیاندا چەندین و لە هەندێکیاندا دەیان ڕێکخراو و حیزبی کۆمۆنیست و سۆسیالیست هەن کە بۆ یەک یامانج یا ئامانجی نزیک لەیەک تێئەکۆشن . ئەوان دەرگیری خەباتێکی سەختن لەگەڵ ڕژیمە سەرکوتگەرەکان و ” ئیمپریالیزم ” و کۆنەپەرستیدا. زۆربەی خاڵ و بەش و بەندەکانی بەرنامەکانیان لەیەک ئەچن یا نزیکن لەیەکەوە یا جیاوازیەکی ڕواڵەتیان هەیە. بەڵام لە هیچ ووڵاتێكدا بەدەگمەنیش نابینرێت کە ئەو هێزانە لەژێر چەترێکدا کۆببنەوە بۆ درێژەدان بە خەباتی هاوبەشیان لە بەرەیەک ، ئیئتیلافێک ، بلۆکێکی سۆسیالیستی ، پلاتفۆرمێکی هاوبەش و تەنانەت کاتی و مەرحەلیشدا و بە پاراستنی جیاوازیەکانیانیشەوە ، بەڵکوو ئەستەمە بتوانن پەیوەندیەکی تەندروستی سیاسی دۆستانە لە نێوخۆیاندا بنیات بنێن یا تەنانەت کۆبوونەوەی هاوبەش و بیروڕاگۆڕینەوەش لە نێوانیاندا هەبێ ، یا بتوانن بگەن بە ڕێکەوتن لەبواری بابەتی وەکووو ئازادیە سیاسیەکان ، یاسای کار ، یا تەنانەت یەک بابەتی وەکوو خەبات لە دژی ئیعدامدا و خەباتیان پێکەوە گرێ بدەن و نموونەیەکی بچووک لە گیانی پێکەوە ژیان و یەکتر قەبووڵکردن و قووڵبووونەوەی خەباتی هاوبەش و بەرژەوەندی سیاسی و چینایەتیی هاوبەش بەرهەم بێنن.

ئەو حیزبە کۆمۆنیستانەی کە دەیان و سەدان لاپەڕە ڕەشئەکەنەوە سەبارەت بە سەرکوتگەری ڕژیمە فاشی و دیکتاتۆریە ئیسلامی یا نەتەوەییەکان یا بەکرێگیراوی ئیمپریالیزمی جیهانی و شین و شەپۆڕ ئەگێڕن بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی سادەترین مافی هاووڵاتیان لە ووڵاتەکانیان، لەناو ڕیزەکانی خۆیاندا ، لە کێشە ناوخۆییەکانیاندا ، لە شێوازی بەڕێوەبردنی پلمیک و ئیشکالیەتە سیاسی و فکریەکانی ناوخۆی حیزب و بزووتنەوەکەیاندا، کەمترین پابەندی و پەیڕەوەی کردن لە دیموکراسی و ئازادی و بواری باس و ڕەخنە بە ئەندامان و بەتایبەتی بە کادیری ڕەخنەگر بە بیر و سیاسەت و تاکتیکەکانی خۆیان ئەدەن.

لە مێژووی دوور و ئێستای بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا، سەردەمی مارکس ، ئەنتەرناسیوناڵی یەکەم ، ئەنتەرناسیونالی دووەم و کێشە لەگەڵ برینشتاین و کاوتسکی و بلیخانۆف ، قۆناغ و کێشەکانی نێوان بەلشەفیزم و مەنشەفیزم، کێشە خوێناویەکانی نێوان باڵەکان کۆمۆنیزم لە بیستەکان سەدەی پێشوو لە سۆڤیەت و قەسابخانەکانی ستالین لە سیەکاندا کە زۆربەی زۆری قوربانیەکانی نەک سەرمایەداران بەڵکوو ڕابەرانی کۆمۆنیستی وەکوو ڕادیک و زینۆفیف و بۆخارین و بریوبراجینسکی وترۆتسکی بوون ، لەشەستەکانی عێراق و لە سەروبەندی تەقینەوەی کێشەکانی لیژنەی مەرکەزی و قیادەی مەرکەزیی حیزبی شیوعیی عێراقدا ، لە کێشەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری سەردەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ئێستگا بەردەوامەکانی تا ئێستای لە ڕیزی حیکمەتیستەکان و …تاد ، ئەوەی غایب بووە تەنها باسی ئازادانەی فکری و پلمیکی ڕۆشن و شەفافی سیاسی و شێوازی دیموکراتیکی بڕینەوە و میکانیزمی مودرین و باڵای ئینسانی وەفەزای ئازادانەی ئیختیاری سیاسی بوو. هیچیەک لەو کێشمەکێشە و جیابوونەوانە کە تەمەنیان ڕێک هێندەی تەمەنی مارکسیەتە و لەگەڵ ئەویشدا هەر تەمەندرێژ ئەبن ، لە فەزای هاوڕییانە ولەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ئەو بزووتنەوە کرێکاریەی کە هەر یەکەیان بەتەنیا خۆی بە نوێنەری بێئەملا و ئەولا و تاقانەی ئەزانێت ، لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی سیاسیی چینایەتی ، ڕەخنەی زاتی و چاوخشاندنەوە بە هەڵە و کەمو کوڕیەکانی خۆدا، لەبەرچاوگرتنی ئیحتیمالی یەک لەسەرسەدی گرتنەبەری شێواز و هەڵوێستی هەڵە لەلایەن خودی هەر لایەنەوە و پێویستی چاخشاندنەوە پیایاندا، لەبەرچاوگرتنی سوودمەندبوونی نەیارانی هاوبەشی بزوتنەوە و ڕێکخراوەکانیان و … تاد ، و هیچیەک لەو پێوەرانە حسابێکی بۆ نەکراوە و تەنیا گیانسەختی و سووربوون لەسەر ڕەوابوونی ئەم لەبەرانبەر ئەوی تر و پێچەوانەکەی بووە بە مەنهەجی پەیڕەوکراو. جێی تێڕامانی قووڵە کە لەهەموو ئەو جیابوونەوانەی مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا ، هیچیەکیان دوای دەیان ساڵیش بە یەکگرتنەوە و پێکهاتنەوە کۆتاییان نەهاتووە بەڵکوو ئینشیقاقی دواتر و دواتر ئەوانەی پێشتری لەبیربردۆتەوە. لە مێژووی هەموو ئینشیقاقەکانی ئەم بزووتنەوەیەدا یەک نموونەش بەرچاو ناکەوێت کە دواتر هەردوو لایەنی جیاوەبوو بە پاراستنی جیاوازیەکانیانەوە ، و سەرباری پێداگرتن لەسەر ڕای هاوبەش یا چوونیەک لە بواری بەرنامە و تاکتیکدا، لە کارێکی هاوبەشی سیاسی یا بوارێکی خەباتی سیاسیی هەمان ووڵاتدا لەیەک نزیک ببنەوە.

ڕەگی هاوبەشی نێوان ئەو هەموو مێژووە لە بواری فکر و پراتیکدا یەک شتە: مارکسیزم و کۆمۆنیزم ڕەوتێکە بۆ دەسەڵاتی ڕەها ودەسبەسەراگرتنی حیزبی کۆمۆنیست بەسەر کۆمەڵگەدا تێئەکۆشێت وباقی بریق و باقە تیۆری و سیاسیەکان سەبارەت بە چینی کرێکار ولەڕیشەدەرهێنانی ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی و دابینکردنی کۆمەڵگای پڕ لە ئازادی و خۆشبەختی و هەموو نەعلەتەکانی لە سەرمایەداری ڕۆڵی شاردنەوەی ئەو ماهەیەتە ستەمگەرانەیە ئەگێڕن. ئەو دەسبەسەراگرتنە و ئیحتیوای کۆمەڵگە لەلایەن حیزبەوە بەمەبەستی بەرجەستەکردنەوەی بەها و ئایدیا ئایدیاڵەکانی مارکسیزم و کردنی کۆمەڵگە بە لابراتۆری سەڵماندنی ڕاستیی مارکسیزم ، بەتەبیعەت ، ئەو بیروباوەڕە ئەخاتە خاڵی بەرانبەر و جیگەیەکی ناکۆک لەگەڵ بنەماکانی ئازادی و دیموکراسیدا. لەمارکسیزمدا شتێک شک نابەین بەناوی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتەوە. دەسەڵات یەک جار و بۆهەتا هەتایە ئەکەوێتە دەست حیزبی کۆمۆنیستەوە و ئیتر کێشەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ یەکجاری ئەپێچرێتەوە. نیزامی سۆسیالیستی یانی نیزامی تاک حیزبی. ئیتر شوێنێک نامێنێتەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆن و چالاکیی سیاسیی تر جگە لە چالاکی و خۆبەرجەستەکردن لە چوارچێوەی حیزبدا وەکوو تەنها کیانی سیاسیی شەرعی.
کێشەی دان نەنان بە جیاوازی و فرەیی ، فرەجەمسەری و فرەڕەهەندی لە بواری فکرو تیۆریدا، کێشەیەکی دێرینی مارکسیزمە کە قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی.

چاک لە بیرمە کە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی پێشوودا لە باس و جدالە فکریەکانی ئەوکاتی بزووتنەوەی چەپ لەکوردستاندا کە ئەوکات ماویزم وەکوو ڕەوتێکی ڕەخنەگر لە سۆڤیەت و حیزبەکانی پرۆمۆسکۆ ئایدیۆلۆجی زاڵی ناو بزووتنەوەکە بوو، تێزێک لە چینەوە بڵاوبۆوە کە لە ڕستەیەکدا کورتکرابۆوە. دەقی تێزەکە بەمجۆرەبوو: ( با سەدان گوڵ بگەشێنەوە و سەدان ڕەوتی فکری بێنە مەیدانی ململانێ – دع مئة زهرة تتفتح و مئة مدرسة فکریة تتباری ). بڵاوبوونەوەی ئەو تێزە هەلایەکی زۆری لەناو مارکسیەکانی ئەوسای کوردستاندا نایەوە. هەموو چالاکوانانی مارکسیی ئەو سەردەمە پێمان وابوو کە ئەوە تێز و بۆچوونێکی نامارکسی و بگرە دژەمارکسیە. ئەوکات هێشتا ڕۆشن نەبوو کە خاوەنی ئەو تێزە خودی ماوتسی تۆنگە یان نا و ڕوانگەی گشتیمان وابوو گەر ماو وای ووتبێت هەڵەیەکی ناشیاوی گەورەی کردووە. دواتر دەرکەوت کە ئەوە بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتری دینگ سیاو پینگ کە سەرکردەی باڵی ڕیفۆرمیستی حیزبی کۆمۆنیستی چین بوو لەبەرانبەر گرووپی چوار کەسیی ڕابەریی حیزبدا کە نوینەرایەتیی باڵی دژە ڕیفۆرم و سوونەتیی ناو حیزبیان ئەکرد. سەیر لەوەدا بوو کە چەپ بزووتنەوەیەکی ساوای بێهێزی کۆەمەڵگەی ئەوکاتە بوو کە لەووڵاتێکدا خەریکی دەسپێکردنی خەباتی سیاسی بوو کە هێندەی کونەدەرزیەک ئازادیی سیاسیی تیا بەدی نەئەکرا کەچی هەر لەوقۆناغە سەرەتاییەوە چالاکوانانی هەڵگری ترەندێکی هێندە دەسەڵاتخواز و پاوانخواز و دژ بە فرەیی و چەند جەمسەری بوون لەناو کۆمەڵگە و ناوخۆی بزووتنەوەکەشیاندا.

نزیکایەتیەکی زۆر هەیە لە تێروانینی ئیسلامیەکان و کۆمۆنیستەکاندا سەبارەت بە ڕوانینیان بۆ دیموکراتیەت و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لێی بەمەبەستی گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن خۆیانەوە. بیری سیاسیی ئەو دوو بزووتنەوەیە پڕە لە پیداگری و داواکردنی مافە دیموکراتیکەکان کاتێک لە ئۆپۆزیسیۆندان. هەمیشە هەردوولا بەدروست پێشێلکاریەکان لەو بوارەدا ڕسوا ئەکەن و ڕژیمە سیاسیە نەیارەکانیان بەوە تاوانبار ئەکەن کە ڕێگە بە بواری یەکسان و ئازادانە بە حیزبەکانی ئەوان نادەن و ئەوان قوربانیی نەبوونی دیموکراسی و فەزای ئازادانەی هەڵسووڕانی سیاسین. بەڵام چونکە دیموکراسی لە ڕوانگەی ئەو دوو ‌هێزەوە ئامرازێکە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات یا بوارێکە بۆ فراوانکردنەوەی نفوزی خۆیان ، لەگەڵ هاتنەسەرکاریاندا یەکەمین بڕیارەکانیان قەدەغەکردن و سەرکوتکردنی ئازادیەکان و مافەدیموکراتیەکانە. علی بلحاج ، یەکیک لە ڕابەرانی بەرەی ڕزگاریی ئیسلامی لە جەزائیر لە سەروبەندی هەڵبژاردنە مێژوویەکەی ساڵی ١٩٩٤ ی ئەو ووڵاتەدا کاتێک کە دڵنیابۆوە لە سەرکەوتنیان ، ڕاشکاوانە ووتی ” ئەمە دواهەمین هەڵبژاردن ئەبێت لە جەزائیردا ” . لەگەڵ هاتنەسەرکاری حیزبە کۆمۆنیستەکانیش لەهەموو ووڵاتانی بلۆکی سۆسیالیست جاراندا، بۆ هەتا هەتایە فایلی هەڵبژاردن پێچرایەوە و ئیتر شین و شەپۆڕی کۆمۆنیستەکانیش سەبارەت بە دیموکراسی وپێداگری لەسەر ئەو مافە و قووڵکردنەوەی هەمیشەیی وەکوو داخوازییەکی سەرەکیی قۆناغی پێش گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەوانەوە ، کۆتایی دێت. ئیتر دیموکراسی لە ڕوانگەی ئەوانەوە خێری خۆی دایەوە و ئەوان بەمەرامی خۆیان گەیشتن.
ئەو ناکۆکیە لە کۆتایی سەدەی بیستدا ئەتەقێتەوە و فشارێکی ڕووخێنەر لەسەر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و مارکسیەت دروست ئەکات کە لەهەمان کاتدا ئەبێت بە دوافرسەت و هەلی واقیعی بۆ ئەو بزووتنەوە و تیۆریە و بۆ لایەنگرانی گەر بیانهەوێت جێگەیەکیان لە سەدەی بیستویەکدا هەبێت.
سەدەی بیست ، لەڕاستیدا ، بریتی بوو لە قۆناغی ڕەخسانی فرسەتە یەک لەدوای یەکەکان بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە گشت جیهاندا. وەرچەرخانە گەورەکانی ١٩١٧، بیستەکانی سەدەی پێشوو، کۆتایی شەڕی جیهانیی دووەم ، دامەزرانی بلۆکی سۆسیالیستی ، سەرکەوتنەکانی بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانی کە ئیلهامیان لە سۆسیالیزمی جیهانی وەرئەگرت ، سەرکەوتنی شۆڕشی چین بەڕابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیست و سەرهەڵدانی بلۆکێکی گەورەی تری سۆسیالیزم لە ئاسیا ….. تاد، فرسەتی مێژویی دەگمەن و مێژووساز بوون بۆ کۆمۆنیزم تا ڕاستیی ڕیتۆریکەکانی خۆی بسەڵمێنێت سەبارەت بە قۆناغی گوزار لە دیموکراسیی ” بورجوازی ” ، بەرپاکردنی دنیای پڕ لە خۆشگوزەرانیی ئابووری و بژێو، دنیایەک کە بە فیعلی ئینسان خۆی دەسەڵاتداری خۆی بێت ، دنیایەک کە قووڵپ بدات لە ئاشتی و ئاوەدانی و ڕیفاه و…. ، تاد . زۆربەی بەشەریەتی ئازادیخواز لەسەرتاسەری جیهاندا نەک چاوی ئومێدیان بڕیە سۆسیالیزم ، بەڵکوو بەکردەوە چارەنووسی خۆیان سپارد بەو بزووتنەوەیە و بوون بە لەشکری گوێڕایەڵ و پەیڕەوکەر لە پلاتفۆرمی کۆمۆنیزم. بەڵام بزووتنەوەی کۆمۆنیستی نەک هەر نەیتوانی ئەو خەونە بکات بە حەقیقەتێکی مادی بەرجەستە بەڵکوو هەموو ئەو ئاوات و ئامانج و خەونە مێژوویانەی کرد بە پەیژە بۆ بەرپاکردنی سیستمێکی تۆتالیتار کە نە لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و نە لەبواری مۆدێلی نیزامی سیاسیدا نەک تەجاوزی جیهانی کاپیتاڵیزمی نەکرد بەڵکوو بوو بە ڕەمزی پاشەکشەیەک لە مێژوودا کە ساڵەهای ساڵی ئەوێت تا قەرەبوو بکرێتەوە.

درێژەی هەیە ……




مافیاكانی نه‌وت له‌هه‌رێمی كوردستان … جه‌زا ئه‌حمه‌د فارس

گروپێكی بچوك له‌ هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی كوردستان/عێراق، ده‌ستیان به‌سه‌ر داهاتی نه‌وت گرتووه‌ كه‌ سه‌ره‌كیترین سه‌رچاوه‌ی داهاته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌م گروپه‌ ئه‌كرێت به‌ مافیای نه‌وت ناویان بێنین له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو سیفه‌ته‌كانی مافیایان تێدایه‌ .
ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ سروشت پێی به‌خشین له‌بری ئه‌وه‌ی ببێت به‌ سه‌رچاوه‌ی خۆشبه‌ختی و ئاسوده‌ی بۆخۆمان و نه‌وه‌كانمان ئه‌م گروپه‌ مافیایه‌ كردیان به‌ نه‌هامه‌تیه‌ك كه‌ خۆمان و نه‌وه‌كانیشمان ئه‌بێت باجی بده‌ین .
مافیاكانی نه‌وت به‌ شێوه‌یه‌یه‌كی نا ئه‌خلاقی و نا یاسای داهاتێكی خه‌یاڵاویان له‌ هه‌نارده‌ كردنی نه‌وتی ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.
بۆئه‌وه‌ی ئه‌و داهاته‌ زۆره‌ی كه‌ له‌ فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت له‌كاتی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی توشی لێپرسینه‌وه‌ نه‌بن سیاسه‌تی سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌ی نه‌وت ئه‌گرنه‌ به‌ر .
چه‌ندین كۆمپانیای وه‌همیان دروست كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كاتێك كه‌ داهاته‌كانیان برده‌ ده‌ره‌وه‌ بڵێن ئه‌م داهاتانه‌ له‌ قازانجی ئه‌م كۆمپانیانه‌وه‌ ده‌ستمان كه‌وتووه‌.

زۆر جار له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م كۆمپانیانه‌ كاری سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌ ده‌كه‌كه‌ن به‌ شێكی زۆری ته‌نده‌ره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ر ده‌گرن و له‌وانه‌شدا گه‌نده‌ڵییه‌كی بێشوومار ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
یه‌كێكی تریش له‌و دیاردانه‌ی كه‌ ئه‌م مافیانه‌ی نه‌وت دروستیان كردووه‌ چه‌ندین كه‌سی نزیك له‌ خۆیان له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كرد به‌ ملوێنه‌رو ملیاله‌ر له‌ سه‌ر داهاتی خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌.
ئه‌م هه‌رێمه‌ وای لێهاتووه‌ وه‌كو قاچك له‌ماوه‌ی شه‌و ڕۆژێكدا چۆن هه‌ڵه‌تۆ قێت ئاوا چه‌ندین ملوێنه‌رو ملیاله‌ر دروست ده‌كرێن كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی نا ئاساییه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر به‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌ له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ ئه‌ بن به‌ ملوێنه‌رو ملیاله‌ر له‌ سه‌ر داهاتی خه‌ڵك بوون نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتووی و كاری خۆیان.
كاره‌ساتی گه‌وره‌ چاوه‌ڕێی خۆمان و نه‌وه‌كانمانه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م مافیایانه‌ی نه‌وت نه‌وه‌ستێینین چونكه‌ ئه‌م مافیایانه‌ گرنگ نیه‌ به‌لایانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م هه‌رێمه‌ وێران بكه‌ن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت به‌خۆیان.

مافیاكانی نه‌وت كێن ؟…

له‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی ده‌ست پێكرد بۆ ده‌ره‌وه‌ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ سه‌ره‌تا هیچ زانیارییه‌كان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ ئه‌م نه‌وته‌ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ستێكی ئه‌میندا نه‌بێت ئه‌بێت به‌ مایه‌ی نه‌هامه‌تی بۆ خۆیان و نه‌وه‌كانیان بۆ یه‌ هاوڵاتیان پێیان وا بوو كه‌ ئاینده‌یه‌كی پرشنگدار چاوه‌ڕێیان ده‌كات .
به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕ بوونی كات ئه‌و ڕاستیه‌ ڕوونبوویه‌وه‌ كه‌ نه‌وت بۆ خه‌ڵكی نه‌هامه‌تی دێنێت و بۆ به‌ر پرسه‌كانیش خۆشگوزه‌رانی.
هه‌میشه‌ راگه‌یاندكاره‌ حیزبیه‌كانی هه‌ردوو حزبیی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ڕێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانیاوه‌ ئه‌وه‌یان به‌ گوێماندا ئه‌دا كه‌ نه‌وت ئه‌ بێته‌ مایه‌ی خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بۆیه‌ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ چه‌واشه‌ كرا به‌شێوه‌یه‌كی نادروست رای گشتی ئاراسته‌ كرا به‌ ئاڕاسته‌ی پشتگیری كردن له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت.
به‌تێپه‌ڕبوونی كات نه‌وت بوو به‌ نه‌هامه‌تی بۆمان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ گروپێكی مافیا كه‌ من به‌ مافیای نه‌وت ناویان ده‌به‌م كۆنترۆڵی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وتیان كرد و زۆر به‌ی داهاته‌كه‌یان خسته‌ خزمه‌تی خۆیانه‌وه‌ و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان بێبه‌شكرد له‌ و داهاته‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی نه‌وته‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت.
مافیاكانی نه‌وت زۆرێك له‌ به‌ر پرسه‌كانی ناو هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتن كه‌ ئه‌وانیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانن ئه‌مان ئه‌و داهاته‌ی كه‌له‌نه‌وته‌وه‌ ده‌ست هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت به‌ ئاره‌زووی خۆیان ته‌خشان و په‌خشانی ده‌كه‌ن بۆیه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌وتۆته‌ ناوقه‌یرانێكی دارای قورسه‌وه‌ كه‌ ڕزگاربوون لێی ئه‌گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێت ئه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌.
ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی واقعی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن له‌م ڕۆدا هه‌موان بوینه‌ته‌ قوربانی سه‌وداو مامه‌ڵه‌ی مافیاكانی نه‌وت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ مافیاكانی نه‌وت كۆنترۆڵی هه‌موو شتێكیان كردووه‌له‌م هه‌رێمه‌دا.
چه‌ندین به‌ر پرس له‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سایه‌ی نه‌وته‌وه‌ بوون به‌ كه‌سی ملوێنه‌ر و ملیاله‌ر ئه‌مانه‌ خۆیان كردووه‌ به‌ خاوه‌نی چاڵه‌ نه‌وته‌كان و هه‌ر یه‌كه‌یان چه‌ندین بیری نه‌وتیان هه‌یه‌.
له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌رێگه‌ی بۆرییه‌وه‌ به‌ شێكی زۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌تاڵان ئه‌برێت به‌درێژاری چه‌ندین ساڵی ڕابردوو ئێستاش به‌ به‌رده‌ومی ته‌نكه‌ره‌كانی نه‌وت ڕیز ده‌به‌ستن به‌دوای یه‌كدا و ئاودیوی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌كرێن.

شێوازی كاری مافیاكانی نه‌وت

یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌ دیاره‌كانی مافیاكانی نه‌وت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بێهه‌ستن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ست به‌ئازاره‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن وه‌ زۆر خۆپه‌رستن ئه‌یانه‌وێت هه‌موو شتێك بۆ خۆیان بێت و رۆحی قۆرغكاری باڵی كێشاوه‌ به‌سه‌ریاندا .
مافیاكانی نه‌وت به‌نهێنی كاره‌كانیان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن و ئه‌و داهاتانه‌ی كه‌ ده‌ستیان ده‌كه‌وێت به‌ناوی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی خۆیانه‌وه‌ له‌ بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵی ده‌گرن .
مافیاكانی نه‌وت خاوه‌نی چه‌ندین پرۆژه‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌شن كه‌ هه‌ندێكیان ته‌نها بۆ سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌كانیانه‌ وه‌ هه‌ندێكی تریشیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانن كۆنترۆڵی سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی تاك به‌ تاكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
هه‌ندێك له‌ مافیاكانی نه‌وت خاوه‌نی كۆمپانیای خانوبه‌ره‌ن كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ له‌یه‌ك كاتدا دوو سودی گه‌وره‌ به‌ ده‌ست ده‌یه‌نن یه‌كه‌م پاره‌كانیانی پێ سپی ده‌كه‌نه‌وه‌ دووه‌م قازانجی خه‌یاڵاویش له‌و پرۆژانه‌دا ئه‌كه‌ن.
ئه‌م مافیایانه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان توشی تێكشكانێكی ده‌رونی گه‌وره‌ كردوه‌ ئه‌توانین بڵێن پێویستمان به‌ چه‌ندین ده‌یه‌ ئه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ی جاریكی تر بگه‌رێنه‌وه‌ حاڵه‌تی ئاسای، چونكه‌ زۆر به‌ به‌رنامه‌ كار له‌ سه‌ر تێك شكاندنی كه‌سایه‌تی مرۆڤی كورد كراوه‌ .

چۆن مافیاكانی نه‌وت بوه‌ستێنین؟

كاتی ئه‌وه‌ یه‌ كه‌ مافیاكانی نه‌وت بوه‌ستێنین چونكه‌ به‌ به‌رده‌وام بوونی ئه‌مان له‌ سه‌ر كاره‌ چه‌په‌ڵه‌كانیان قه‌یرانه‌كان زیاتر ئاڵۆز ئه‌بن و ئاسۆی چاره‌سه‌ر وون ئه‌بێت لێمان.
ئه‌گه‌ر به‌زووترین كات مافیاكانی نه‌وت نه‌وه‌ستێنرێن ئه‌وه‌ كاره‌ساتی گه‌وره‌ توشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ بۆ چه‌ندین نه‌وه‌ كاریگه‌ری ئه‌بێت
پێویسته‌ ئه‌م مافیانه‌ هه‌وڵبدرێت له‌ناوخۆ ڕوو به‌ڕووی دادگاكان بكرێنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ سازی دادگاكانیش له‌بار نه‌بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ ڕوو به‌ڕووی دادگاكانی عێراقیان بكه‌ینه‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ پێی ده‌ستوری عێراقی تاوه‌كو ئێستا ئێمه‌ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان به‌ شێكی جیانه‌كراوه‌یه‌ن له‌ خاكی عێراق .
پێم وایه‌ دادگاكانی ناوه‌ند شێوازی كاركردنیان باشتره‌ له‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق چه‌ندین قۆناغ له‌ پێش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بۆیه‌ ئه‌كرێت له‌ ڕێگه‌ی دادگاكانی حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێمی كوردستانه‌ ئه‌م مافیایانه‌ ڕوو به‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر هاتوو ئاماده‌ش نه‌بوون بڕۆنه‌ به‌رده‌م دادگاكان ئه‌وه‌ یه‌ك رێگه‌ی ئاشتیانه‌ی تر له‌ به‌رده‌مماندا ئه‌مێنێت ئه‌ویش بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و نوسه‌رو رۆشنبیرانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ن به‌تایبه‌تی له‌ووڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ئه‌ژین هه‌وڵبدرێت له‌وێ‌ په‌ڕاو له‌داگاكان بۆ ئه‌و مافیایانه‌ بكرێته‌وه‌ وه‌پاشان قه‌ده‌غه‌ی سه‌فه‌ریان لێبكرێت و ئه‌و پاره‌ی كه‌ به‌ناوی خۆیان و كه‌سوو كاریانه‌وه‌ هه‌ڵگیراوه‌ له‌ بانكه‌ كانی ده‌ره‌وه‌ بلۆك بكرێت چونكه‌ ئه‌و پارانه‌ هی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌ نه‌ك هی ئه‌وان.

مافیاكانی نه‌وت و كاری تیرۆر

ئه‌گه‌ر بێده‌نگ نه‌ بین ئه‌وه‌ مافیاكانی نه‌وت ئه‌مان كوژن یان هه‌وڵده‌ده‌ن بمانكڕن دیار ترین نمونه‌ی تیرۆریش بریتیه‌ له‌شه‌هیدكردنی (كاوه‌ گه‌رمیانی) ڕۆژنامه‌نوس كه‌ به‌ر له‌وه‌ی یه‌كه‌مین نه‌وه‌ی خۆی ببینێت به‌ ناشیرینترین شێوه‌ و دور له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆڤایتی تیرۆریان كرد.
شه‌هید كاوه‌ گه‌رمیانی بووه‌ قوربانی ئه‌و راپۆرت و كاره‌ رۆژنامه‌ نوسیانه‌ی كه‌ به‌ شێكی په‌یوه‌ندی به‌مافیاكانی نه‌وته‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌و ئه‌یویست كه‌ مافیكانی نه‌وتی ناوچه‌كه‌ی خۆی به‌ ئێمه‌ بناسێنێت و گه‌نده‌ڵیه‌كانی كه‌رتی نه‌وت له‌گه‌رمیان ده‌ربخات كه‌ ناوچه‌یه‌كی ستراتیژی و گرنگه‌ .
ئه‌م مافیایانه‌ ده‌بێت له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ناویان بخرێته‌ لیستی تیرۆره‌ وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌م مافیانه‌ی نه‌وت بوون به‌ بێ‌ گوێدانه‌ هیچ به‌ هایه‌كی مرۆڤایه‌تی ده‌ستیان له‌گه‌ڵ داعش تێكه‌ڵ كردو بازر گانیان له‌گه‌ڵ كردن.
ئه‌ بێت ئه‌وه‌مان قه‌ت له‌ بیر نه‌چێت له‌كاتێكدا كه‌ داعش منداڵه‌كانی ئێمه‌ی ئه‌كوشت و سه‌ری ئه‌بڕین چه‌ندین مافیای نه‌وت كه‌ كورد بوون و له‌ لایه‌ن پارته‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ پشتگیری ده‌كران ده‌ستیان له‌گه‌ڵ داعش تێكه‌ڵ كردبوو بازرگانی نه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كردن .
به‌ داخه‌وه‌ بازرگانی نێوان مافیاكانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان و داعش نه‌بووه‌ رۆژه‌ف و ئه‌م باسه‌ زۆر گرنگی پێنه‌دراو له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان.




ئایا کورد لە ئێستادا هەلی دروستکردنی دەوڵەتی هەیە؟ … کامەران چروستانی

دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی ئاواتی هەموو تاکێکی کوردە لە ئێستادا هەروەک لە ڕابردووشماندا، ئاواتێکە لە ناخی هەموو کوردێکدا هەیە و بەردەوامیش بوونی دەبێت هەتا ئەو ساتەی بەرجەستە دەبێت. کۆماری مەهاباد و سەرجەم شۆڕشەکانی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان باشترین بەڵگەن بۆ ئەوەی کورد هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە ناسنامە و پێگەی نەتەوایەتیی خۆی جێگیر بکات، وەک هەموو میللەتێکی دیکە خاوەنی ئاڵا و بوونی خۆی بێت و بێگومان کۆتایی گەشتی ئەو ناسنامەش بە دروستبوون و بنیاتنانی دەوڵەتێک کۆتایی دێت، لەپاش دروستبوونی دەوڵەتیش جۆرێکی دیکە لە گەشتی گەشە و پتەوکردنی ناسنامەی دەوڵەت دێتە کایەوە.

لە ئێستادا زۆر باس لە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی دەکرێت و ئەو بابەتە دەوروژێنرێت، بە شێوەیەک مێدیاکانی جیهان و هەندێک کەسایەتی بەناوبانگی جیهانی ڕۆژئاوا بە ئاشکرا پشتگیری لەم دەوڵەتەی ئایندەی کوردی دەکەن، سەرکردەکانی کوردیش ئەگەر هەتا ئێستا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسیان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی کردبێت، ئەوا ئێستا ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا باسی لێوە دەکەن، هەروەها باس لە گەلێک پەیمانی دەوڵەتان و پشتگیریی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردی دەکەن. بێگومان ناجێگیریی و باری شڵۆقی عێراق و کەرتبوونی بۆ چەند ناوچەیەکی مەزهەبی شیعی و سوننی فاکتەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی کورد ئەم لاوازییە بقۆزێتەوە و داوای دەربازبوون بکات لە زەلکاوێکی عێراقێک، کە گەلێک ئاستەمە بزانرێت ئایندەکەی بەرەو کوێوە دەڕوات.

بەڵام با پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین: ئایا لە ئێستادا و لەم بارودۆخەی هەرێمی کوردستان پێیدا تێ دەپەڕێت کورد هەلی دروستکردنی دەوڵەتی هەیە؟ ئەگەر بەڵێ، ئایا چەندە؟
ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە هەموو هەنگاوێک بەرەو دروستکردنی دەوڵەتی کوردی جگە لە پشتگیریی زلهێزەکانی جیهان پێویستی بە پشتگیریی بەلایەنی کەمەوە “هەندێک” لە دەوڵەتانی ناوچەکە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە هەموو کاردانەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا هاریکاریی ئەم دەوڵەتە تازەپێگەیشتووە بکرێت، وەلێ لە کۆی باری ناوخۆیی و دەرەکی و نێودەوڵەتی پێویستە سەرنج لەم خاڵانەی خوارەوە بدەین:

1. کورد پێویستە ئەوەی لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت، کە سەرجەم نەتەوەکانی دەوروبەر (عەرەب، تورک و فارس) دۆستی کوردن، هەتا ئەو ساتەی کورد “برا بچکۆلەیە” و داوای مافی سەربەخۆبوون و جیابوونەوە ناکات. هاوکات هزری دیموکراسی و ئازادیی مافی چارەنووس لەناو گەلانی ناوچەکەدا نەگەیشتۆتە ئاستێک، کە ئەو پرۆسەیە لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بە گفتوگۆ و ڕێکەوتنی ئاشتییانە سەربگرێت هەروەک ئەوەی کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە کۆماری چیکۆسلۆڤاکیادا ڕووی دا و لە ڕێگای ڕیفراندۆمێکەوە بوون بە دوو دەوڵەتی چیک و سڵۆڤاکیا. دەوڵەتان و گەلانی دراوسێ لەنێوان خۆیاندا لەسەر هیچ کۆک نەبن، ئەوا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پلانێکی وەها لەلایەن کوردەوە کۆکن، هەمان شتیش لەناو عێراقدا سەبارەت بە شیعە و سوننە دەگوزەرێت، کە لە ئێستادا هەرچەندێک شیر لە یەک دەسوون، بەڵام سەبارەت بە پرسی کورد یەک دەنگ و یەکگرتوو بوون و دەبن.

2. دروستبوونی هەر دەوڵەتێکی کوردی واتە گۆڕانکاریی نەخشەی سیاسیی هەموو ناوچەکە. ئەم گۆڕانکارییەش ئەوە دەخوازێت بەرژەوەندیی زلهێزەکانی جیهان لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە تێکدانی نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە زۆر بەهێزتر بێت: تورکیا بە درێژایی مێژووی پاش جەنگی جیهانی یەکەم پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆی کردووە، ئێران دەوڵەتێکی بەهێزە و یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی وزە بۆ جیهان، عێراق و سوریا پشتگیرییان لەلایەن سەرجەم دەوڵەتە عەرەبییەکانەوە بە دەست دەهێنن لە هەموو هەوڵێکدا بۆ گۆڕانکاریی سنوورەکانیان. دەرهاویشتەکانی نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە زۆر زۆرتر بێت، لەوەی کە لە ئێستادا چاوەڕوانی لێوە دەکرێت.

3. لەم جیهانە نوێیەدا و لە گۆرانکارییە سیاسییەکاندا گەلێک باسی ئازادی و مافی مرۆڤ دەکرێت، بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و چەندین دەستەواژەی سەرنجڕاکێشی دیکە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ڕۆڵی گەورە لە گۆڕانکاری و هەڵوێستە سیاسییەکانی جیهان ببینێت بریتییە لە بەرژەوەندی زلهێزەکانی جیهان و هەر ئەو بەرژوەندییانەش سەنگی مەحەکن. ئەوەی لەم ساتەوەختەشدا لە سوریادا دەگوزەرێت باشترین نموونەیە، کاتێک زیاتر لە نیو ملیۆن مرۆڤ بوون بە قوربانیی جەنگە شاراوەکەی زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکە لەناو خاکی سوریادا. هەر لە هەمان ڕوانگەوە ئەگەر کورد بەزەیی بە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا بێتەوە کە گەورەترین نەتەوەی ناوچەکەیە و کە هەتا ئێستا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆی نییە، ئەوا هیچ شتێکی نوێ ناخاتە سەر واقیعەکە تاڵەکە چونکە دەوڵەتانی جیهان مێژووی تێکۆشانی کورد باش دەزانن و زانیاری تەواوەتیشیان لەبارەی قەبارە و پێگەی کورد لە هەموو پارچەکاندا هەیە. کەواتە کورد و نەخشە نوێکەی دەوڵەتی کوردی بەرامبەر بە گۆڕانکاریی نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و تێکشکاندنی هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەم دەوڵەتانەی ئێستا دەتوانێت چی پێشکەش بکات؟

4. کەواتە کورد پێویستە شتێک پێشکەش بکات بۆ ئەوەی شتێکی پێشکەش بکرێت، شتێک ببەخشێت بۆ ئەوەی شتێک بەدەست بهێنێت. ئەگەر باس تەنها لە نەوت و سەرچاوەی وزە بکرێت، هەرچەندە فاکتەرێکی یەکجار گەورە بێت، بەڵام ئەو سەرچاوانە بە هەر شێوەیەک بێت هەروەک هەنووکە پێویستە دەربهێنرێن، بخرێنە بازاڕەوە و ڕوو لە بازاڕی جیهانی بکەن، بفرۆشرێن و لە خزمەتی وڵاتانی هەموو جیهاندا بن. ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت جا ئەگەر دەوڵەتی کوردی دابمەزرێت یان دانەمەزرێت. کەواتە ئەگەر بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیش بدرێت پێویستە فاکتەری پاراستن و دڵنیابوون لە (سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکەوە) بۆ سەرتاپای جیهان یەکێک بێت لە فاکتەرە گەورەکانی ئەو بڕیارە. یاخود کام جەمسەرەی جیهان پشتگیریی لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی دەکات، بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی سەرچاوەی وزەی خۆی بکات و ئایا لە ئێستادا ئەو بەرژەوەندییانە پارێزراو یان دڵنیا نین؟ جگە لەوەش ئایا کورد لەو بوارەدا هەتا ئێستا چی بەدەست هێناوە؟

5. سەرچاوەی نەوت و گاز: لە چەند ساڵی ڕابردوودا کوردستان بووە بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی نەوت و گاز بۆ بازاڕی جیهان و ئەمەش وای کرد کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان لە ئەمریکا، ڕووسیا، فەرەنسا و بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیکەوە ڕوو بکەنە هەرێم بۆ دەرهێنانی نەوت و وەدەستهێنانی گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا. جگە لەوەش گازی سروشتیش بە هەمان شێوە یەکێکە لە سامانە سروشتییەکانی هەرێم، کە دەتوانێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت بۆ دابینکردنی گاز لە بازاری جیهانیدا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە: بێگومان گەلێک جار ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانە لە پشت پەردەکانەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە داڕشتنی سیاسەتی جیهانی و ئامانجی هاتنیان بۆ ناو هەرێمی کوردستان بریتییە لە وەدەستکەوتنی بەشیک لەو سامانە سروشتییەی، کە ئەم هەرێمە هەیەتی: لەگەڵ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرە ئەرێنی و نەرێنییەکان ئایا بەرژەوەندییەکانی ئەم کۆمپانیایانە ناکەونە ژێر مەترسییەکی نادیارەوە یاخود سیاسەتی جیهانی پلانێکی وەها دادەڕێژێت، کە ئاسایشی دەوڵەتە نوێکە و بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیایانە هاوکات پارێزراو بن؟

6. “پێشمەرگە” ئەو وشەیەیە، کە خۆی بە سەرتاپای جیهان ناساندووە، ئەو هێزەیە کە دژ بە دڕندەترین هێزی تێرۆری جیهان وەستاوەتەوە و پێگەی خۆی لەناو بەهێزترین سوپاکانی جیهاندا سەلماندووە. هاوکات وشەی پێشمەرگە پەیامێکی دیکەی بە هەموو جیهان گەیاند، کە لە کوردستاندا هێزێکی وەها هەیە، کە بتوانێت پارێزگاری لە خاک و ئەم میللەتە بکات. واتە کێشەش لە هەبوونی هێزێکی پارێزەردا نییە، کە لە ئایندەدا بتوانێت سنوورەکانی ئەو دەوڵەتە نوێیە بپارێزێت، بەڵکوو لەگەل پێکهاتەی ئەو هێزە و پێکهاتەی سیاسیی ئەو هێزەیە. ئەوەی یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کورد دەدات بە دەستەوە (سەرباری بەهێزیی و بەتوانایی پێشمەرگە) ئەوەیە، کە بەشێکی گەورەی هێزی پێشمەرگە هەتا ئەم ساتە وەختەش لە چوارچێوەی حیزب و لەژێر فەرماندەیی دەسەڵاتدار و سەرکردەکانی کورددا کار دەکەن، بەبێ ئەوەی لەژێر چەترێکی نیشتمانی یەکگرتوودا کۆکرابێتەوە و “بەشێوەیەکی پراکتیکی” لەناو وەزارەتێکی حکومەتدا مامەڵەی لەگەڵدا بکارێت، هەرچەندە لە ئێستادا زۆرینەی هێزەکانی پێشمەرگە “لەژێر ناوی وەزارەتی پێشمەرگەدا” بەشداری جەنگی دژ بە داعش بوون، بەڵام واقیعی هێزەکان ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ئەم هێزانە ڕاستەوخۆ سەر بە یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتن. ئەم واقیعەش هەروەک نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو هەمیشە ڕووبەڕووی ئەگەری ئەوەمان دەکاتەوە، کە لەوانەیە ئەم هێزانەی پێشمەرگە سەرلەنوێ بکەونەوە جەنگێکی براکوژی تازەوە، بە تایبەتی کاتێک دەوڵەتانی دراوسێ (ئێران، عێراق، تورکیا، سوریا) بیانەوێت ڕەوشی ناوەوەی دەوڵەتە نوێکە تێک بدەن بە ئامانجی شکستهێنانی پرۆسەی دەوڵەتەکە یاخود بەرژەوەندی ئەو حیزبانە بکەوێتە مەترسییەوە، کە خاوەن هێزێکی چەکدارن.

7. هەرێمێکی ناجێگیر و شڵۆق لەلایەنی سیاسیی و بەڕێوەبردنی ناوچەکەوە: ئەوەیش کە خاڵی پێنجەم پشتڕاست دەکاتەوە بریتییە لە مێژووی سیاسیی ناوچەکە لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا، کە حیزبە کوردییەکان زۆر بە گرانی توانیویانە کەشێکی هێوری سیاسی، گونجاندن و تێگەیشتن لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن، بەڵکوو بە شێوەیەژکی گشتی سەرجەم لەیەکگەشتن و ڕێککەوتنەکانیان بە شێوەیەکی کاتی بووە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حیزبایەتی بووە: قەیرانی سیاسیی هەمیشە یان لەنێوان حیزبەکاندا هەبووە و هەندێک جاریش گەیشتۆتە ئاستی بەکارهێنانی هێز کە ئەمەش ئاسەواری خۆی لە دروستبوونی کێشە لەنێوان دەسەڵات و حیزبەکان لەلایەک، داواکارییەکانی کۆمەڵگا لەلایەکی دیکە دروست کردووە. ئەمەش لە خۆیدا دوورکەوتنەوەی حیزب و دەسەڵات لە کۆمەڵگا دەسەلمێنێت. ئەمەش ئەو وێنەیە دەگوێزێتەوە، کە کۆنەبوونەی هێزە کوردییەکان لەژێر چەترێکی نیشتمانیدا و نەبوونی یەکدەنگییان لەناو خۆیاندا ئەگەرێکی دیکە دەخاتە ڕوو بۆ تەقینەوەی ئەو ناکۆکییە لە هەر ساتێکدا بێت و پاشان بەکارهێنانی هێز (خاڵی شەشەم) بەرامبەر بە یەکتر، کە ئەمەش ئەگەرێکی مەترسیدار دەخاتە بەردەم پێشهاتەکان کە کەمترینیان بریتی دەبێت لە شڵۆقیی سەرجەم ناوچەکە و ئەگەری دروستبوونی کێشەی گەورەتر، جگە لە شکستهێنانی بەردەوامبوونی دەوڵەتە دامەزراوەکە.

8. سەرجەم سەرکردە کوردەکان کاتێک لەگەڵ لایەنێک یان کەسایەتییەک باسیان لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی کردووە یاخود باسیان لە بارودۆخی کورد کردووە، بە بەشێوەی بەزەیی باسی کورد کراوە: باس لە قوربانییەکان، وێرانکارییەکان، مێژووە ڕەشەکەمان و . . . هتد کراوە، کە هەموو جارێک بە ئامانجی ڕاکێشانی سۆزی ئەو لایەنانە ئەم وتانەمان دووبارە کردۆتەوە، بەڵام زلهێزەکانی جیهان مامەڵە لەگەڵ “بەهێز”دا دەکەن، لەگەڵ هێزێک، کە “بوون و هەبوون”ی خۆی بسەلمێنێت، ئەوە پێشان بدات، کە هەیەتی و کە پێی گەیشتووە، کە دەتوانێت پێی بگات و بیخاتە سەر زەمینەی واقیع.
بۆ نموونە: پێش چەند ساڵێک بارودۆخی ژیانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق یەکجار خراپ بوو، جەنگی نێوان سوننە و شیعە بەرەو ئاقارێکی خراپ دەڕۆیشت، هاوکات کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقدا گەلێک ئارامتر و جێگیرتر بوو، کێشەی سیاسیی نێوان حیزبە کوردییەکانیش بەو شێوەیەی ئێستا نەبوو، کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە بارێکی “ئارامتری سیاسییدا” دەژیا. لەو ماوەیەدا گەلێک جار مێدیای جیهانی باسی لە پێشکەوتنی لایەنە جیاوازەکانی ژیانیان لە کوردستان دەکرد، باسیان لە پێشکەوتنی پرۆسەی دیموکراسی و ئازادی تاک دەکرد، جگە لە پێشکەوتنی باری ئابووری هەرێم، بەڵام لە ئێستادا نەک تەنها مێدیا بەڵکوو بە دەگمەن کەسایەتییەک یان لایەنێکی فەرمیش بە شان و باڵی ئەو بارودۆخە شڵەژاوەی ژیانی سیاسیی ئێستای کوردستاندا هەڵ بدات، بەڵکوو ئەوەی لەسەر زمان بێت و بووبێت بە سومبولێک بۆ کوردستان تەنها وشەی “پێشمەرگە”یە کە هەموو جیهان باسی دەکات، سیاسەتمەدار و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهانیش باس لە توانا و بەهێزیی پێشمەرگە دەکەن. ئەوەی کێشە بێت لەم خاڵەدا ئەوەیە، کە حیزبە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان هەتا ئێستا سەلماندوویانە کە ئەوان ناتوانن لەناو چوارچێوەی هزرێکی نیشتمانپەروەریدا کۆ و هاوڕا بن، مەخابن ڕێکەوتنەکانیان (هەروەک ڕێکەوتن و ڕێکەوتننامەکانی دیکە) ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، ئەوا هەمیشە لەژێر ئەگەری کاریگەریی لێکپچڕاندا دەبێت. ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی هارێتسی ئیسرائیلی لەژێر ناونیشانی (Instead of Uniting, Kurds Are Busy Fighting Each Other – کوردەکان لەبری یەکگرتنیان سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی یەکترین) تەنها نموونەیەکە لە چەندین نموونەی ڕاپۆرت و هەواڵ کە لە مێدیا جیهانییەکان سەبارەت بە باری شڵۆقی سیاسیی کوردستان بڵاو دەبێتەوە، سەرباری ئەوەی کە لە خودی ئیسرائیلەوە لێرە و لەوێ لەوانەیە دەنگێک بەرزبێتەوە، کە کورد پێویستە ببێت بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی.

9. ئایا پاش چارەکە سەدەیەک چیمان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت پێک هێناوە؟ بێگومان هەرێمی کوردستان لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی یەکجار گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام جیاوازییەکی گەلێک گەورە هەیە لەنێوان گۆڕانکاری و گەشەسەندن، چونکە مەرج نییە گۆڕانکارییە گەورەکان گەشەی گەورە لە ژێرخانی بناغەی ژیانی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیاندا بهێنن. کێشەکانی هەرێم لەبواری ئابووری، پلاندانان، بواری کار، تەندروستی، ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ و گەلێک بواری دیکە بواری ئەو پاساوانە ناهێڵنەوە، کە هەندێک لایەنی کوردی بۆ فاکتەری بابەتی و بارودۆخی ناوچەکە بگەڕێننەوە. هەموو ئەم کێشانە وتەیەکی هاوڕێیەکی جولەکەم وەبیر دەهێنێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ پێی وتم: ئەوەی ئێوی کورد لە ماوەی ١٧ ساڵدا (١٩٩١-٢٠٠٨) بەجێتان نەهێناوە، ئێمە لە شەش مانگی پێش ساڵی ١٩٤٨ بەر لە دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل جێبەجێمان کرد.

دوا وشە: سیاسەتی سەرکەوتوو گەمەی یاریزانە بەهێزەکانە، مەرج نییە ڕکابەری زلهێزەکانی جیهان بکرێت، بەڵام گرنگە ئەگەر هەنگاوەکان هەرچەندێک کورت و بچوکیش بن، بەڵام دروست بن. مەخابن نەتوانین و شکستهێنانی گەلێک هەنگاوی دەسەڵاتداران لە مەیدانی سیاسیی کوردستاندا لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا، کارکردن لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبییەکان و نەبوونی هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنوورە حیزبییە و بەرفراوانکردنی ئەو سنوورەیان بەرەو نیشتمانێک، زنجیرەی کێشە سیاسییەکانی هەرێم و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز، جێگیرنەبوونی هەرێم لە دروستکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی یەکگرتووی پتەودا و دابەشبوونی هێزەکان بەسەر جەمسەری ئێران و تورکیادا هەموو ئەمانە خەسڵەتێکی نەرێنین لە پێکهاتەی سیاسیی هەرێمدا. هاوکات ناوچەکە لە گۆڕاندایە، داعش و جەنگی ناو سوریا و گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوەکانی ناو تورکیا بەبێ گۆڕانکاری بەسەر ناوچەکەدا تێناپەڕێت، کە ئەمەش لەوانەیە لەم نەخشە نوێیەی خۆرهەڵاتدا کوردستانیش بگرێتەوە. ئامادەبوونی هەموو ئەم نوێنەرانەی دەوڵەتەجیاوازەکانی جیهان لە کوردستاندا ڕوویەکی تری ئەرێنی پێگەی کوردستان پێشان دەدەن، کە ئەم ناوچەیە شوێن بایەخی گەلێک دەوڵەتی خاوەن بڕیارن لەناو مەیدانی سیاسەتی جیهانیدا. وەلێ لەناو هەموو ئەم خاڵە ئەرێنی و نەرێنییانە کام ئاراستەیان سەرکەوتوو دەبێت، کام جەمسەرەی جیهان پاڵپشتی کورد دەکات و کامیان ئامادەیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم مەترسییەکانی دەبێت، ئایا سەرکردەکانی کوردیش لەگەڵ “پێداویستی قۆناغە مێژووییەکە” شێوازی تێڕوانین و یەکگرتویی خۆیان دەگۆڕن، ئایا حکومەتی بەغداد بە چ کاردانەوەیەک ڕووی خۆی لە بڕیارێکی وەهای سەرکردایەتی کورددا پێشان دەدات: هەموو ئەمانە کۆمەڵێک هاوکێشەی قورسن، کە ئان و ساتی سیاسیی وەڵامیان دەداتەوە.




سەرنجێکی خێرا لەسەر شانۆی (ئەزموونگەری) کرێکاران لەکەنەدا … نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

سەرەتایەکی کورت لەڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە

ئەم کۆمەڵگە مۆدێرنەی مرۆڤایەتی سەرتاپا دەرگیری کێشمەکێش و ململانێی بەردەوامی نێوان چینەکانە. چین و توێژە جیاجیاکانیش لە هەوڵی ئەوەدان زۆرترین کارێک بکەن کە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان بپارێزن و تای تەرازووی هێز لەم ململانێ بەردەوامە بەلای خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بشکێننەوە. وەک ئاشکرایە لە کۆمەڵگەی نوێی مرۆڤایەتی دوو چین تیایدا مۆری خۆیان بەدیاردە و ڕووداوەکانەوە دەنێن. بە پێی لێکدانەوەی ماتریالیزم بۆ مێژوو و چینە کۆمەڵایەتییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک لە دوو چینی دژ بەیەک و ڕاوەستاو بەرامبەر بەیەک پێک دێت کە هەریەک هەڵگری تایبەتمەندی و بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیەتی. لە سیستەمی سەرمایەداری چینی باڵا یان سەرمایەداری خاوەن هێز و سوپا و زیندان و دامودەزگاو حیزب و میدیای زەبەلاح و ئەدەب و هونەری خۆیەتی و تەواوی دیاردە و دەرکەوتەکان لە ڕەوتی ململانێی چینایەتی بەسوود و قازانجی خۆی بەکار دەهێنێت. دەرکەوتەکانی دیاردەگەلی وەک ئایین و نادادپەروەی کۆمەڵایەتی و بێکاری و ستەم لە ژنان و تاد بە ئەندازەی سوود و قازانجیان بۆ سەرمایەداران، بەو ئەندازەیەش کۆت و زنجیرن لە دەست کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. چینی کرێکار لەم جەنگە چینایەتییەدا دەست بۆ گەلێ ئامراز دەبات بۆ بەگژاچوونەوەی ستەمی بورژوازی لەوانە شۆڕش و مانگرتن و خۆپیشاندان و دەرخستنی نارەزایەتی و لەهەمان کاتیشدا دەست بۆ ئەدەب و هونەری چینایەتی وەک پێویستییەکی ئەو خەباتە دەبردرێت. ئەدەب و هونەری کرێکاری بەدرێژایی مێژووی خەباتی چینی کرێکار ڕۆڵی گێڕاوە لە جۆشدانی خەبات و بەرچاوڕوونکردنەوەی ئەم چینە بنیادنەرە کە تەواوی ژیانی گۆی زەوی لەسەر ئارەق و ڕەنجی ئەم دامەزراوە. ئەدەب و هونەری کرێکاری وەک بەشێک لە پانتایی تێکۆشانی چینی کرێکار دژ بە ستەمی سەرمایەداری ناسنامەی خۆی لە خەبات و ناڕەزایەتی ئەو چینە خۆیەوە وەردەگرێت. پایەکان و بنەماکانی ئەم هونەرە چینایەتییە خۆی لە لێکهەڵپێکرانی هونەر بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار بنیاد دەنێت.

تەمەنی وڵاتی کەنەدا گەرچی کەمتر لە سەد و پەنجا ساڵە، بەڵام لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەیدا گۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ بنیادنراوە و ئەو کلتوور و نەریت و زانست و فەرهەنگەی لە ئەوروپا بەگشتی و بەریتانیا بەتایبەتی لەو ڕۆژگارەدا برەوی هەبووە، گەیشتۆتە ئەم وڵاتە تازەیە. مرۆڤە گواستراوەکان یان ئەوانەی ئارەزوومەندانە هاتوون بۆ ئەم وڵاتە خاوەن ئاستێک لە تەوەقوع بوونە بۆ ژیان کە زۆر لە سەرووی تەوەقوعی مرۆڤە نەیتیڤەکانی (خەڵکە ئەسڵییەکان)ی کەنەداوە بوونە. وڵاتی کەنەدا پێچەوانەی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەروپا بەو ڕێڕەوە مێژووییەدا تێنەپەڕیوە. واتە بە تونێڵی قۆناغەکانی “کۆمۆنەی سەرەتایی و کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری” گوزەری نەکردووە، بەڵکو وڵاتی بەریتانیا بەهەموو توانا مرۆیی و زانستی و سەربازییەکانییەوە پایەکانی کۆمەڵگەیەکی کۆلۆنیاڵی مۆدێرنی لەسەر ئەم خاکە دامەزراندووە. هەر لەم ڕێگەیەشەوە کلتوور و نەریت و پرنسیپە گشتییەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپا بە ئاسانی دەگەنە کەنەدا. مرۆڤە نوێیەکانی سەر ئەم زەمینە هەر زوو حەز و خولیا و ئارەزووەکانیان لە ڕێگەی ئەدەب و هونەرەوە دەربڕیوە.

لە ڕووی مێژووییەوە چینی کرێکاری کەنەدی گەرچی لەداکبوونێکی زەحمەتی هەبوو ، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەگەڵ یەکەمین ڕۆژەکانی دروستبوونی ئەم وڵاتەوە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەهامەتی و کرێی کەم و ناتەندروستی هەلومەرجی کارو بیمەی بێکاری و بێمافی کۆمەڵایەتی و بەگشتی لەگەڵ نزمی ئاستی ڕیفاهی کۆمەڵایەتی نەرمکردووە. ئەم چینە هەوڵیداوە لە سەد و پەنجا ساڵی ڕابردوو کارەکتەری خۆی گەشە پێبدات و پێ بەپێی ئاڵوگۆرە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی کەنەدی، ئەمیش ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و وریاتر بۆتەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆی زیاتر ناسیوە. لێرەدا نابێت ڕۆڵی دیار و بەرچاوی باوکی بزووتنەوەی چینی کرێکاری کەنەدی (دانیاڵ ئۆ دۆنیهۆ)لە یاد بکەین کە سەرتاپای ژیانی هەوڵیدا و تێکۆشا لەپێناو ڕێکخستن و بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی کرێکاران(1). هەروەها بڵاوبوونەوەی (Labour Gazette) گۆڤاری کرێکاری یان گۆڤاری کار لەساڵی 1901 ڕۆڵیکی زۆری گێرا لە هۆشیارکردنەوەی کرێکارانی کەنەدی.
سەرەتای سەدەی بیستەم بۆ بزووتنەوەی کرێکاری کەنەدی سەرەتای خۆڕێکخستن و بەرەو یەکگرتوویی چینی کرێکار بوو لەدژی چڵێسی سەرمایەداران. بورژوازی کەنەدی لە هەوڵی ڕاگرتنی ئەو بارودۆخە ناهەموارە بووە و تێکۆشاوە لەم دۆخە نائینسانییەی کاردا زۆرترین قازانج بۆ خۆی دەستەبەر بکات. هەرچەندە بورژوازی کەنەدی و دامودەزگاکانی لەهەوڵی بەرێخستنی کەمپینێکی دژە سەندیکا دابوو، بەڵام ئارەزووی کرێکاران بۆ ڕیکخراوبوون تا دەهات پەرەی دەسەند و بۆیە دەبینین ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوی کۆنگرەی کار و بازرگانی ( (Trades and Labour Congress کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی کرێکاران بوو لە ساڵی 1902 بۆ 1914لە 13,000 ئەندامەوە بوو بە 80,000(2). ئەم گەشە سەندن و هۆشیاربوونەوەیە و ڕێکخراوبوونە دۆخێکی هێنابووە ئاراوە کە خوازیاری ئەدەب هونەرێک بوو کە گوزارشت بێت لە خەبات و ئامانجی خەباتکارانەیان. شانۆ هۆکارێکی گونجاو بوو کە نووسەرانی کرێکاری هەر زوو دەستیان بۆ برد و هونەرمەندانیش کاریان لەسەر کرد.
گەرچی خودی هونەری شانۆ زۆر لەو مێژووە زووتر هاتۆتە کەنەدا هەروەک” مێژوونووسی شانۆیی ده‌یڤد گرانده‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ شانۆی ئه‌وروپی له‌گه‌ڵ بەرێز هامفره‌ی گیلبێرت و “کۆمپانیایەکی بچووکی ئه‌کته‌ره‌کان” له‌ساڵی 1583دا هاتۆ‌ته‌ که‌نه‌دا. پێشتریش به‌رهه‌مهێنانی مارک لێسکاربۆرد بۆ شانۆی نیبتۆن له‌ فه‌ره‌نسای نوێ له‌ چوارده‌ی تشرینی دووه‌می 1606 و سامۆیڵ دی چامپله‌ین له‌ پۆرت ڕۆیه‌ڵ (که‌ ئێستا هەرێمی نۆڤه‌سکۆشیایه‌) یانه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییان دامه‌زراند له‌ژێر ناوی مه‌دالیای به‌خته‌وه‌ری و ئه‌مه‌ش له‌میانه‌ی سیستمێکه‌وه‌ بوو که‌ لێسکابۆرد سه‌رگه‌رمییه‌‌کانی خۆی نیشان ده‌دا که ‌له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌کانی فه‌ره‌نساوه‌ نمایش ده‌کرا و‌ ڕوخساری خۆیان ‌ده‌گۆڕی که‌ وه‌کو ڕوخساری خه‌ڵکه‌ ڕه‌سه‌نه‌کان و زینده‌وه‌ره‌ ئه‌فسانه‌کان ده‌رده‌که‌وتن”.(3)
سەرەتای ئەم سەدەیە و بەتایبەتی لە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەمدا بزووتنەوەی کرێکاری و چەپ لە کەنەدا لەقۆناغێکی پڕ لەگەشەو بەرەوپێشچوون دا دەژیا.

بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران وەک بزووتنەوەیەکی دانەبڕاو لە چینی کرێکار و ناڕەزایەتییە شۆڕشگێڕەکانی بەپشتیوانی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدا هەنگاوی دەنا و ڕۆڵی خۆی دەگێڕا. ئەدەب و شانۆی چەپ لەدەیەی سییەکاندا وەک بزووتنەوەیەکی دانپیانراو و هەمەچەشن بووە و هەڵگری شوێنێکی ئیستاتیکی دیار و بەرچاو بووە لە مێژووی ئەدەبی نەتەواتەتی(میللی) لە کەنەدا((4. ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی گەرچی بەوردی لەسەر مێژوو و بزووتنەوەی شانۆ کەنەدی دواوە و وەک سەرچاوەیەکی ئەکادیمی باوەڕپێكراو پشتی پێدەبەسترێت، کەچی لە ئاماژە و باسکردنی شانۆی کرێکاران لەو وڵاتە بێدەنگی هەڵبژاردووە و بچووکترین ئاماژەی بەو هەوڵ و کۆششانە نەکردووە کە هونەرمەندە چەپ و کرێکارەکان لەبڕگەیەکی زەمەنی و لەناو ڕێڕەوی مێژووی شانۆی کەنەدی ئەنجامیان داوە. بۆیە ئاشکرایە کە چینە باڵاکان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان ئامادەن مێژوو بشێوێنن یانیش هەر وەلای بنێنن. بۆیە ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی دەکرێ بوترێت تەنها ئینسکلۆپیدیای شانۆی چینی فەرمانڕەوا یان ئەو بزووتنەوە شانۆیەیە کە هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ژیان و داهاتووی چینی فەرمانڕەوای کەنەدا نەبووە و نییە.

http://dengekan.ca/wp-content/uploads/2016/12/shano_canada1.jpg
ئەندامە سەرەکییەکانی شانۆی کرێکاران

بەڵام جگە لە هەوڵەکانی چینی باڵا بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و شێواندنی مێژوو، هەوڵی تر لەئارادایە کە دەیەوێت بەپێچەوانەی ویست و خواستی چینی باڵا و دەسەڵاتدار، ڕاستییەکان بگەێنێتە خوێنەر و ڕووی ڕاستەقینەی مێژوو نیشان بدات. لەوانەش دکتۆر کاندیدا ڕیفکایند پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی وینیپیگ، بەوردی ئیشی لەسەر ئەدەب و کلتووری وڵاتی کەنەدا کردووە بەتایبەتی ئەدەب و کلتووری نێوان هەردوو جەنگی جیهانی، دەیەی بیستەکان دەیەی سەرهەڵدان و نەشونمای بیری ناسیونالیستی و ئابووری و کلتووری بوو لەکەنەدا. ئەوەبوو بۆ یەکەمجار ژمارەیەک ڕەخنەگر دەستیان کرد بە ڕەخنە و شیکردنەوەی ئەدەبی ئەمریکی و بەریتانی. بەڵام لەساڵی 1929 بەدواوە کۆمەڵێک ئەدیب و نووسەر کەوتنە نووسینی بەرهەمی چەپ و کۆمۆنیستی. باڵی چەپی ئەدەبی مۆدێرنیزمی کەنەدی کە دکتۆر کاندیدا لە کتێبی “کۆمۆنیستەکان و ڕەخنەگران : ژن و ئەدەب و چەپ لەدەیەی سییەکان لە کەنەدا” دا بەوردی بەدواداچوونی بۆ کردووە، دەڵێت” ئەدەبی چەپی کەنەدی لەو بڕگە زەمەنییە دوو ئەرکی لەسەرشان بووە. لەلایەکەوە گوزارشتی داهێنەرانە بوو لە سۆشیالیزم و لەلایەکی ترەوە هەڵگێڕانەوەی ئەدەبی ترادیسیۆنی زاڵ بوو”(5). ساڵی 1929 مایکڵ گۆڵدی نووسەری پرۆلیتاری بەئایین جولەکە شانبەشانی هەریەک لە ئیدا ڕەوه و چۆن هوۆرد لاوسن و جاسپەر دیدەر هەوڵی دروستکردنی شانۆی کرێکارانیان داو و ناویان نا(Workers Worke Drama). بەڵام ئەفسوس ئەم هەوڵە بەناکامی مایەوە و نەیتوانی هەنگاوێکی بەرچاو بنێ لەبردنە پێشەوەی شانۆی کرێکاران.
شانۆ و بزووتنەوەی شانۆیی کرێکاران لەئەنجامی ئەو هەلومەرجە لەبارەی گۆمەڵگەی کەنەدی نەشونمای کرد و هەنگاوی گەورەی بەرەو پێشەوە نا. مێژوونووسانی بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی دەستەواژەی “بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران” یان بەو ژمارە لە شانۆی ئەزموونگەری سیاسی باڵی چەپی کەنەدی دەگوت کە لە دەیەی سییەکان هاتنە دەرهێنان و نمایشکردن. زۆربەی ئەم شانۆگەرییانە بەسپانسۆری (یانەکانی هونەری پێشکەوتووخواز)) و بەدنە(تحریض)ی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی و پشتیوانی ئەو حیزبە هاتوونەتە نمایش. لەنێو بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران دوو جۆر تێڕوانین دەبینرێت کە یەکێکیان کۆمۆنیستییە و ئەویتریان سۆشیال دیموکراتە(6). یەکێک لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری لە شاری تۆرنتۆ لە کەنەدا لەساڵی 1933 خانمە نووسەر تۆبی گۆردۆن ڕایەنە. تۆبی گۆردن ڕایەن نەک هەر بە نووسەرێکی چەپ بەڵکو بە پێشەنگ و دامەزرێنەری شانۆی چەپ دادەنرێت.
ئەم خانمە پێشکەوتووخوازە دوای ئەوەی ئۆسکار ڕایەن دەناسێت، لەساڵی 1949 دەبنە هاوسەری یەکتر و تا مردن بەیەکەوە دەژین. تۆبی تەنها نووسەرێکە کە نووسینەکانی لەم دواییانە لەلایەن ئەرشیفی کتێبخانەی زانکۆی گەڵف وەک تاکە مەتریاڵێک دەربارەی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران لەدەیەی بیستەکان کەتائەمڕۆ چنک کەوتبی و لەبەردەستدا بێت، کەڵکی لێوەرگیراوە(7). تۆبی ڕایەن کۆمەڵێ هەوڵی لەبواری شانۆی کرێکاران هەیە لەوانە : شانۆی چەپ و شانۆی کەنەدا و دەیەی سییەکان-یادەوەری جگە لەتۆبی گۆردۆن ڕایەن، هەندێ ناوی تر هەن کە کاریگەرییان لەسەر نەخشاندنی ئەو مێژووە دیارە لەوانە ئالن فایلود، هارۆڵد گریفن(لەشاری ڤانکۆڤەر-هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیا)، جۆ زاکن(لەشاری وینیپیگ- هەرێمی مانیتۆبا)، ڕۆز کاشتان(لەشاری مۆنتڕیاڵ- هەرێمی کێبێک)، ئۆسکار ڕایەن، ئێدوارد سیسیڵ سمیس، فرانک لەڤ، میڵدرێد گۆڵدبێرگ و وەینو شاستەر، دۆەسی لایڤسەی، ئان ماریۆت، ئیرینا بەیرد. بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی بەگشتی و شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری لە کەنەدا وەک هەر جێگایەکی تر پیاو نەخشی بەرچاوی زیاتری هەبووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ژنان ڕۆڵی داهێنەرانەیان نەگێڕابێت لەو بوارەدا. بەچاوگێڕان بەسەر ناوە بەرچاوەکانی ئەو سەردەمە ژمارەیەک ئافرەت دەبینین کە ڕۆڵی گرنگ و پێشەنگیان گێڕاوە. دیارە نابێت وا بزانین کە بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران بەردەوام ڕوو لەسەر هەنگاوی ناوە.

نەخێر لەساڵانی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم بارودۆخێکی نالەبار لەدژی ئەم بزووتنەوەیە هاتە ئاراوە و لەزۆر لاوە دژایەتی دەکراو تەنانەت شانۆگەرییە چەپە توندڕەوەکان قەدەغە کران. دواتر خانمە نووسەر تۆبی رایەن تیپێکی شانۆیی تر دادەمەزرێنێت بەناوی ( Play Actor) کە کاری لەسەر هۆشیارکردنەوەی توێژی گەنچ دەکرد لە کۆمەڵگای کەنەدی. ئەم بزووتنەوەیە ئیتر بەهەوراز و نشێوی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی کەنەدی تێدەپەڕێت و دواجار لەسەر ئەو سەکۆیە لەنگەر دەگرێت کەپێی دەلێن شانۆی کەنەدی. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە هەر پێشڕەوییەکی شانۆیی و هەر هەنگاوێکی هونەری لەبەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندی چینایەتی لەو سەردەمە دژ بە شانۆی بورژوازی و هونەری بورژوازی بوو.


گەی گلۆڤەری ئەکتەر لە دیمەنێک لە شانۆی ” لەچاوەڕوانی لیفتیدا”، لە فیستیڤاڵی دۆمینیۆن دراما لە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا لەساڵی 1936

بەرهەمە شانۆییەکانی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران

کاتێ گروپی شانۆنامەنووسانی نوێ لە ساڵی 1926 دامەزرا، ئۆتۆ خان بوو بەدابینکەری سەرچاوەی دارایی و بڕی 30,000 دۆلاری ئەو سەردەمەی خستە بەردەستیان، ئەمەش نەک هەر نووسەرانی چەپ بەڵکو نووسەرانی تریشی هێنایە ناوەوە کە لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری ئەوروپا بوون. جان هەورد لاوسن ئەو کاتەی لە پاریس دەبێت، هەردوو دەقی ( ڕۆجەری تازە پێگەیشتوو)لە ساڵی 1923 کە شانۆگەرییەکە دەربارەی گەنجێکە کە خەریکی خەباتکردنە لە جیهانی واقیعی، و (ئاواز و مۆسیقای نمایش) لە ساڵی 1925، دەنووسێت. دواتریش لە سەرەتای دەیەی سییەکان شانۆی کار (Theatre of Action) دێتە ئاراوە و دەرهێنەر لە شاری نیویۆرکەوە دێنن و ستافی بەردەوامی دەبێت و قوتابخانەی هاوینی دەکاتەوە گەلێ نمایشی شانۆیی ئەنجام دەدات و بەرهەمەکانی دەگەنە قۆناغی کۆتایی فیستیڤاڵی دۆمۆنیۆن بۆ دراما لە شار وینیپیگ. هەرچەندە شانۆی کار خەڵاتەکەی نەبردەوە بەڵام ئەمە هەنگاوێکی گەورە بوو لە بواری گەیشتنی نمایشێکی کرێکاری بۆ ئەو پلە باڵایە. شانۆی کار سەرباری ستراکتۆری گورپیی و بۆچوونی کۆمەڵایەتی و قوتابخانە هاوینییەکەی و خۆ تەرخانکردنی بۆ شانۆی کەنەدی، کەچی شانۆی کاری تۆرۆنتۆ پێشەنگێک بوو بۆ ئەلتەرناتیڤی شانۆی ئەمڕۆ(8).

یەکێک لەو کارە بەرچاوانەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران، شانۆنامەی “هەشت پیاو دەدوێن”ە کە لە نووسینی کۆمیتەیەک بوو لەوانە ئۆسکار ڕایەن، ی،سیسیل سمیس، فرانک لەڤ، میڵدرێد گۆلدبێرگ و تۆبی گۆردۆن دەریهێنا بۆ شانۆ. ئەم شانۆگەرییە لە ساڵی 1933 دا نووسراوە کە دەربارەی پەروەندە(فایل)ی ئەو پاسەوانەیە( کینگستۆن پەنیتێنتەری) کە ویستی لیدەری حیزبی کۆمۆنیست(تیم باک) بکوژێت. ئەم شانۆگەرییە دوای ئەوەی لە شاری تۆرنتۆ مۆڵەتی نمایشی لێ سەندرایەوە، لە شاری وینیپیگیش پۆلیس مۆڵەتی نمایشیکردنی لێ سەندنەوە و قەدەغە کرا. ئەم دەقە وەک میتا-تێکست لە ساڵی 1934 هاتە نمایشکردن لە ئاهەنگی ئازادکردنی لیدەری حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی. هەروەها “لە چاوەڕوانی لیفتی”دا بەرهەمێکی تری کرێکارییە کەلەلایەن شانۆنامەنووسی ئەمریکی “کلیفۆرد ئۆدێتس”ەوە نووسراوە. ئەم بەرهەمە باسی کۆمەڵێ (شوفێر) سایەق تەکسی دەکات کە بە نیازن مانگرتن ڕابگەیەنن. ئەم شانۆنامەیە شەش دیمەنە و ناوەڕۆکەکەی لە واقیعی مانگرتنی سایەق تەکسییەکانی شاری نیویۆرکەوە وەرگیراوە کە لە شوباتی ساڵی 1934 مانگرتنێکی گەورەیان ڕاگەیاند، هاتە نمایشکردن.

شایانی باسکردنە ستافی ئەم شانۆنامەیە و بەڕێوەبەرانی هونەری هەموو کرێکارانی بێکار بوون. هەروەها شانۆنامەی (Stevedore- کرێکاری بارگەڵگری بەندەر) یەکێک بوو لە بەهێزترین شانۆنامە کرێکارییەکان لە دەیەی سییەکانی سەدەی ڕابردوو. ئەم نمایشە دەربارەی ستەمی ڕاسیستی پیاوانی سپی پێست بوو دەرهەق بەو ڕەش پێستانەی کە پێیان دەوترا ڕەوەندی ئەفریقی- ئەمریکی. شایانی ئاماژەیە دۆخی جوگرافیا و کلتووری ئەمریکا و کەنەدا بەجۆرێکە کە تێکەڵییەکی زۆر بەرچاو دەکەوێت و سەدەها جار بەرهەمە شانۆییەکان لەسنوور پەڕیونەتەوە. بۆیە نمایشێکی کرێکاری گەرچی لەدایکبووی ئەمریکایە بەڵام لەکەنەدا دەخرێتە سەر شانۆ و بەهونەری کرێکاری کەنەدییش دێتە ئەژمار و پێچەوانەکەشی ڕاستە. جگە لەمانەش کورتە شانۆگەری “جەنگ لە ڕۆژهەڵات”، ناشتنی مردوو ساڵی 1936، ئاسنی قایم ساڵی 1938 لە هۆڵەکانی ” هارت هاوس یان مارگرێت هیتن” نمایشکراون(9). تۆبی گۆردۆن نەک هەر لە شاری تۆرۆرنتۆ ، بەڵکو لەپەیوەندیدا بوو لەگەڵ هونەرمەندانی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە سەرتاسەری کەنەدا بەتایبەتی لەشارەکانی وینیپیک و مۆنتڕیاڵ و ڤانکوڤەر. هەرچی ئالن فایلودە بە کتێب و نووسینەکانی ئاوڕی لەم لایەنە داوەتەوە. ئالن فایلود لە کتێبی ( شانۆی ئیلتزام، شانۆی ڕادیکاڵیزم و دەستدرێژی سیاسی لە کەنەدا)، کە کتیبێکە بەپێی بۆچوونی میشیڵ ویڵڵەر خوێندنەوەی مێژووی شانۆی ڕادیکاڵی کەنەدییە(10).

ئەم پرۆفیسۆرەی زانکۆی گۆیلف کە لەبوارەکانی خوێندن و دەرهێنانی شانۆدا وانەی دەوتەوە، چالاکانەش لە بوارەکانی مێژووی شانۆی کەنەدی و شانۆی ڕادیکاڵی سیاسی کاری کردووە. ئالن فایلود لە نووسینی (بەسەرمایەداریکردنەوەی شانۆی میللی)دا پەنجە دەخاتە سەر کۆمەڵێ گرفت کەڕەنگە باسکردنیان لێرە پێویست نەبێت چونکە پەیوەندی بەباسەکەی ئێمەوە نییە، بەڵام دەتوانم ئاماژە بەوە بکەم کە بورژوازی کەنەدی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی لە هەوڵی ئەوەدابووە کە بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری کەنەدی بەلارێدا ببات و لە ئامانجە چینایەتییەکانی دوور بخاتەوە. بۆیە لەگەڵ سەرکەوتنی زیاتری چینی سەرمایەداری کەنەدی و پەرش و بڵاوبوونەوەی زیاتری چینی کرێکار، بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران تا دەهات لە ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەی خۆی دوور دەکەوتەوە و هونەرمەندانیش لەژێر ئەو کاریگەرییە هەندێ ئاڵوگۆڕیان لەو بزووتنەوەیە پێکهێنا لەوانە گۆڕینی ناوی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری بۆ شانۆی میللی. وەک ئاڵن فایلود دەڵێ ” لە گوتاری شانۆی کەنەدی بزووتنەوەکان ناوی جیا جیا وەردەگرن، وردبوونەوەش لەمە ئەوە دەردەخات کە کرداری ناونان لە زۆربەی کاتەکاندا ستراتیژیەتی ڕابەرایەتی ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنەکانە. (11)

http://dengekan.ca/wp-content/uploads/2016/12/shano_canada3.jpg

وێنەی دیمەنێک لە کاتی نمایشی شانۆگەری هەشت پیاو دەدوێن. ئەم وێنەیە لە ساڵی 1977 گیراوە لەسەر شانۆی ستاندارد لە شاری تۆرنتۆ لە هەرێمی ئۆنتاریۆ لە کەنەدا.

خەسڵەتەکانی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە کەنەدا

یەکێک لە ئەو خەسڵەتانەی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران لە کەنەدا پێی دەناسرێتەوە بریتییە لە یاخیبوون لە سەرجەم نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگە و لادان لەهەموو ئەو نەریتانەی کە شانۆی کەنەدی شوناسی خۆی لەسەر بنیاد ناوە. هەڵگەڕانەوە لەشوناسی کۆن یان باو خۆی بە مانای گەڕانە بەدوای شوناسێکی نوێ کە هەم بونیادێکی نوێ بەشانۆ دەبەخشێت و هەمیش دەبێتە مایەی تەکان و بەرەو پێشچوون. هەرچەندە ڕەگەزە هونەرییەکانی شانۆ بەقوڵی ڕەگیان بەناو ترادیسیۆنی کلتووری کۆمەڵگای کەنەدی ڕۆچۆتە خوارێ، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو ڕەگەزانە دوور لە گۆڕان و لە گۆشەیەکی بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی خەریکی خۆ بەرهەمهێنانەوە بن. زمانی دەقەکان یان زمانی بەکارهاتوو کە زمانێکی سادەیە و بەئاسانی بینەر تێی دەگات. سادەیی زمان کەناڵێکی گونجاوە بۆ گەیشتنی پەیام و مەبەستی دەق. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەو سەردەمەی ژیانی چینی کرێکاری کەنەدا و ئاستی خوێندەوارییان دەبێ ئەو مافە بدەینە نووسەری دەق تا بەو زمانە سادەیە مەبەستەکەی دەربڕێت چونکە لەو سەردەمە واتە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەم و بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتوانی کەنەدا هەشت ملیۆن و سەد و شەست و نۆ هەزار و شەش سەد و بیست و دوو کەس بووە و ڕێژەی نەخوێندەواری 4.3 % بووە(12). ئەم ڕێژەیە بۆ وڵاتێکی وەکو کەنەدا کەم نەبووە و نووسەرانی شانۆ و ئەدەبی کرێکاری کەنەدی نەیان دەتوانی چاوی خۆیان لە ئاست ئەم واقیعە بنوقێنن. ئەمەش بە پێی ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت داگرتنی ئاستی هونەری نمایشەکانە بۆ ئاستێکی خوارتر، نەخوازراو ڕەتکراوەیە، چونکە لایەنگرانی ئەو بۆچوونە پێیان وایە زمانی دەق دەبێت لە ئاستێکی باڵادا بێت. تایبەتمەندییەکی تر بریتییە لە ناوەڕۆکی دەقە شانۆییەکان کە ڕەنگدانەوەی ژیان و ناڕەزایەتی چینی کرێکارە دژ بە چینی سەرمایەدار. ئەم ناڕەزایەتی و خەباتە بەهەموو جۆرەکانی و لەهەموو ئاستەکانیدا لە دەقەکان و کارە هونەرییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. مانگرتن و داستانی پڕ لە قارەمانی و سەروەرییەکانی کرێکاران دەبوونە هەوێنی بەرهەمی هونەری. کارەکتەرەکان هەر لەناو جەرگەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەڵبژێردراون و ئاشنان بە خودی خەڵک. ڕەگەزە هونەرییەکانی تر بەتایبەتی ڕەگەزی شوێن بریتییە لەشوێنی کار و ژیانی کرێکاران و ڕووداوەکان هەر لەو شوێنەدا ڕوو دەدەن. ڕەخنە ئەدەبی و هونەرییەکانیش لەسەر بنەمای بەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندی چینایەتی هەنگاویان ناوە و کارە هونەرییەکانیان شیکردۆتەوە و لێکداوەتەوە. بۆیە پێیان وابووە باشترین دادوەر بینەران خۆیانن و ئەوە گرنگ بووە کە بینەران یان گوێگران لە کوێی کارە هونەرییەکانەوەن. شانۆی ئەزموونگەری شانۆیەکی یاخییە لە نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگەو یەکێک لە پایەکانی ئەم شانۆیە پرسیارکردنە لە پەیوەندی نێوان نمایشکەران و بینەران و بەرپرسیارەتی نێوانیان و شوێنی ڕوودانی شانۆگەرییەکە و ڕێگا جیاوازەکانی حیکایەتخوان و گرنگی و بایەخی حیکایەت و پرسیاری ئەوەی ئایا کارەکتەر بوونی هەیە؟ ئەم پرسیار و سۆراخانەی شانۆی ئەزموونگەری لەمێژە لەلایەن شانۆی باوەوە پشتی تێکراوە. سەرباری ئەمانەش شانۆی ئەزموونگەری ڕووی لە هەموو ئایدۆلۆژیاو بۆچوونە جیاوازەکانە. لەم دۆخەدا شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری ڕووی دەمی لە چینی کرێکار و ئایدیۆلۆژی مارکسیزم و کۆمۆنیزم بووە.



ڕێپێوانی بێکارانی شاری ڤانکۆڤەر لەسەر شەقامی هەیستینگز کاتێ بە بەردەم هۆڵی شانۆی ئیمپرێس تێدەپەڕن لە حوزەیرانی 1938

شانۆی میللی و پەیوەندی بەشانۆی ئەزموونگەری کرێکارانەوە
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، شانۆی کرێکاری تا دەهات لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکانی کۆمەڵگای کەنەدی و پارسەنگی هێزە چینایەتییەکان ئەویش بەرەو کەنارەگیر ڕۆیشت )دیارە لە ڕووی تییۆرییەوە)، بەڵام لە ڕووی پراکتیکەوە مەیدانی چۆڵ نەکرد. گوتاری ئەو بزووتنەوەیە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و شانۆی میللی جێی شانۆی کرێکاری گرتەوە. لە دەیەی سییەکان مۆدێرنیزمی شوشیالیستی بەردەوام بوو لە گەشەکردنی خۆی بە ئیحتیکاک و دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کەنەدی کە لە ساڵەکانی دواتردا ئەم دوو بزووتنەوەیە تێکەڵاوی یەکتر بوون. ئەم ئاڵوگۆڕە دەرئەنجامی ئاڵوگۆڕێک بووە لە ڕەوتی سیاسی کۆمەڵگە و جیهانبینی سیاسی و ئایدیۆلۆژی حیزبە کۆمۆنیست و کرێکارییەکان. بۆیە دەبینین کاتێ قورسایی بۆچوونی حیزبی کۆمۆنیستی کەنەدی لەسەر شۆڕشی پرۆلیتاریایە، نووسین و خوڵقاوە ئەدەبی و هونەرییەکانیش هەمان ڕەنگدانەوەیان هەیە و کاتێکیش حیزبەکان دیدگای سیاسیان دەگۆڕێت و لەبری شۆڕشی پرۆلیتاریا دەیانەوێ زۆرترین ژمارە لە ئەدەیب و هونەرمەند لەناو بازنەی (خەبات لە دژی فاشیزم) کۆبکەنەوە، ئەوسا ڕەنگدانەوەی ئەم دیدە پۆپۆلیستییە بە بەرهەمەکانەوە دەردەکەون. ئیتر لەو خاڵەوە لەبری جەغدکردنەوە لەسەر میتۆدی کرێکاری لە بواری شانۆ، دەبینین جۆرێکی تر لە شانۆی سیاسی دێتە ئاراوە کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ خەڵکدا هەیە. ئەم جۆرە شانۆ سیاسییە بەشانۆی میللی ناوزەدکراوە. شانۆی میللی (Popular theatre ) لەوپەڕی پێناسەی سادەی خۆیدا یانی شانۆی خەڵک،کە بەتێگەیشتن و زمانی خەڵکەوە لە گرفت و چارەسەرەکان دەدوێت. ئەم شانۆیە شانۆی خەڵکە چونکە پەیوەستە بەهەموو خەڵکەوە نەک تەنها گروپێک لە خەڵک.
هەروەها تواناییەکانی خۆی لە خەڵکەوە وەردەگرێت و ڕەگ و ڕیشەشی لەناو ترادیسیۆنی کۆمەڵگەدایە و لەهەمان کاتیشدا دەبێ واقیعی و ڕەخنەگر و ئازاد بێت (13). شانۆی میللی وەک درێژراوەی بزووتنەوەی شانۆی ئەزموونگەری کرێکاران دەرئەنجامی ئەو ئاڵوگۆڕە بوو لە جیهانبینی و تێڕوانینی سیاسی و ئایدیۆلۆژی حیزبە سیاسییەکان. ئەم ڕەوتە ڕادیکاڵە لە شانۆ لەسەر کۆمەڵێ بنەما کاری دەکرد کە پوختەکەی بەمجۆرەیە : یەک : ئێمە شانۆ بۆ کۆمەڵگەکان و هەر لەناو ئەوانیشەوە شانۆ هەڵدەبژێرین. دوو: بینەران دادوەرمانن. سێ : بڕوامان بەوە هەیە شانۆ بەرینە ناو خەڵک نەک ئەوان بهێنینە لای خۆمان. چوار : دەبێ کارەکانمان وابەستەبن بە ڕۆشنبیری میللیەوە . پێنج : باوەڕمان وایە کارەکانمان لەگەڵ نمایشی شانۆگەرییەکان دەست پێناکەن و تەواو نابن. شەش : باوەڕمان وایە کارەکانمان دەبێ بەزمانی خەڵک بدوێ. حەوت : ئێمە قایلین بەوەی بەڕێزەوە بەرخورد بە شانۆی میللی کرێکاران بکەین. هەشت : ئێمە دانی پیا دەنێین کە مەرجەکانی کارکردنمان دەبێ لەگەڵ پێویستی کۆمەڵگەکان بگۆردرێن و ئێمەش دەبێ بە نەرمی وەڵامی ئەو گۆرانە بدەینەوە( 14). ئەم پرنسیپانە (بنەمایانە) نەخشەڕێگای شانۆی میللین کە شێوازێکی سیاسیانەی هەیە. لێرەدا ئێمە ئەوە بەڕوونی دەبینین کە هەم شانۆی کرێکاران و هەم شانۆی میللی لەپەیوەندییەکی بەهێزدان لەگەڵ بینەر یان جەماوەر، یان وەک پیتەر بروک دەڵێت ” شانۆی پێویست یان خوازیار ، ئەو شانۆیەیە کە یەک جیاوازی پراکتیکی هەیە لەنێوان ئەکتەر و بینەر، نەک جیاوازییەکی بنەرەتی” ( 15). هەرچەند پەیوەندییەکی ورد لە نێوان شانۆی میللی و شانۆی ئەزموونگەریدا هەیە بەڵام ناتوانین ئەم دوو جۆرە لەشانۆ لەژێر یەک سەقف و پێناسە و ناودا کۆبکەینەوە.

دواجار
شانۆی ئەزموونگەری کرێکاری توانی لە دوو ئاستدا کاریگەرییەکانی خۆی بە کۆمەڵگەی کەنەدی نیشان بدات. لەلایەک توانی ئاڵوگۆڕێک لە بنەما و پێکهاتەکانی شانۆ بێنێتە ئاراوە بەتایبەتی لە بوارەکانی شوێن و زمان و جووڵە و میزاج و ڕەمزو ڕەگەزەکانی تر. وە لە لایەکی ترەوە توانی لەبڕگەیەکی زەمەنی لەمێژووی کرێکاری کەنەدا ڕۆڵێکی بەرچاو و ئاشکرا ببینێت لە بەرجەستەکردنەوەی خەباتی چینایەتی کرێکاران لە دژی سەرمایەداری و لە هەمان کاتیشدا بەڕۆڵی خۆی کاریگەری هەبێت بەسەر بزووتنەوەی شانۆی کەنەدی، ئەو بزووتنەوەیەی کە لە بەردەم گەلێ پرسیاری گەورە گەورەدایە و هێشتا نەیتوانیوە وەڵامێکی گونجاویان بداتەوە.

———————————————
سەرچاوەکان :

1- The story of union in Canada by Jack Williams 1975 p32
2- The Canadian Labour movement 1902-1960 by Irving Abella Ottawa 1975 p, 5.
3- مێژووی شانۆی کەنەدی نووسینی ئینسکلۆپیدیای شانۆی کەنەدی http://www.canadiantheatre.com/HistoryofCanadianTheatre
4- لێکۆڵینەوەی شانۆ لە کەنەدا ڕۆبین بێڵتسکی ئێندەرس http://journals.hil.unb.ca/index.php/tric/article/view/7488/8547
5- http://www.uwinnipeg.ca/index/research-2009-rifkind-c
6- جۆوان سەنگستەر ..دووبارە ئەزموونکردنی فیمینیزم لە ئەدەبی چەپی کەنەدی ل ٢٢٠
7- شانۆی ئاکشن خوێندنەوە بۆ کتێبی شانۆی چەپ شانۆی کەنەدی لەسییەکانی سەدەی رابردوو – یادەوەری نووسینی شێڕڵ گرەیس بڕوانە سایتی ئەدەبی کەنەدیhttp://canlit.ca/reviews/theatre_of_action
8- شانۆی کار نوووسینی تۆبی گۆردن رایەن ڕانانی شێڕڵ گرەیس وەرزنامەی ڕەخنەیی ئەدەبی کەنەدی بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە http://canlit.ca/reviews/theatre_of_action
9- http://www.lib.uoguelph.ca/resources/archival_&_special_collections/collection_update/11/16af
10- میشیڵ ویڵڵەر یاداشکردنی دووبارە سەرنجدان لە ڕەگەکانی شانۆی ڕادیکاڵی کەنەدی . بۆ زانیاری زیاتر بروانە
http://rabble.ca/books/reviews/2011/11/committing-theatre

11- ناونانی بزووتنەوەکان ..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی شانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلودhttp://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf

12- زانیاری زیاتر بروانە ئەم سایتەی خوارەوە یۆنیسکۆ ئاماری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوان و ڕێژەی خوێندەوار و نەخوێندەوار لەوڵاتانی جیهان.بۆ
http://unesdoc.unesco.org/images/0000/000028/002898EB.pdf

13- ناونانی بزووتنەوەکان ..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی شانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلودhttp://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf
14- ناونی بزووتنەوەکان..دووبارە بەسەرمایەدارکردنەوەی سانۆی میللی نووسینی ئاڵن فایلود http://gzpedmonton.org/media/transfer/doc/naming_the_movement.pdf
15- بۆشایی بەتاڵ نووسینی پیتەر بروک ساڵی ١٩٦٨
http://en.wikipedia.org/wiki/Experimental_theatre




بۆچی شیعر پێناسە ناکرێ ؟ … ناڵە حەسەن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ( بۆچی شیعر پێناسە ناکرێ … ؟ ) یان ( بۆ ناتوانین شیعر پێناسە بکەین …؟ ) ، هەروەها قسەکردن لە هۆکارەکان ، وا پێویست دەکات تێگەیشتنێکی ڕۆشن و دروستمان لەسەر شیعر هەبێت . شیعر دەتوانێ لەسەر هەموو بابەتێک بنووسێ ، یان قسە لەسەر هەموو بابەتێک بکات . هۆکارەکەش ئەوەیە ، شیعر لە نێو ڕووبەری خەیاڵ دێتە بوون . ڕووبەری خەیاڵیش ، ڕووبەرێکی فراوان و بێ سنوورە . پڕۆسەی نووسینی شیعر بەم شێوەیەیە ، شاعیر لەسەرەتاوە بیر دەکاتەوە ، دواتر لە نێو بیرکردنەوەکانی قووڵ دەبێتەوە ، دەگاتە ئاستی ( ئەندێشە ) واتە خەیاڵ .
لەوێوە شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە گەڕان و داهێنانەکانی خۆی دەکات . یان لە پڕێکا بیرۆکەیەک یان خەیاڵێکی شیعریت بۆ دێت دواتر ، لە ڕێگەی بیرکردنەوە بەنێو خەیاڵەکەت قووڵ دەبییەوە و دەست بە گەڕانەکانت دەکەی ، واتە شیعر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بیرکردنەوە و فیکرەوە هەیە . بە مانای ، بیرکردنەوە پردێکە شاعیر بەهۆیەوە دەگاتە ڕووبەری ئەندێشە و خەیاڵ . دەتوانین خەیاڵ بە نیشتیمانی شیعر ناوبەرین . ئەو شوێنەی شیعر تیایدا لە دایک دەبێت . شاعیر لە نێو خەیاڵدا بەهای مرۆڤایەتی و بەهای بوون و بەهای جوانییەکان و خەونەکان دەنووسێتەوە . لە نێو

خەون و نهێنییەکانی بوون ، نهێنییەکانی ژیان و گەردوون کەشف دەکات و قسەیان لەسەر دەکات . گومان و پرسیارەکان دەهێنێتە بوون ، دەچێتە نێو جەنگە دەروونییەکان و شەڕ لەگەڵ بیرە دواکەوتووەکانی نێو کەلتوورە تەقلیدییەکان دەکات ، ئەوانەی دەیانەوێت سنوورێک بۆ ئازادی ژیان و تەنانەت سنوور بۆ جوانی و خەون و بیرکردنەوەکانیش دابنێن . تاکە چەکێکیش بە دەستی شاعیرەوە بۆ ئەم جەنگە ، فیکر و زمان و مەعریفەیە . چونکە شیعر لە بنەرەتەوە بە هۆی بیرکردنەوە دێتە بوون ، واتە فیکر و مەعریفە سەرچاوەی بوون و پێکهاتەی شیعرن . بیرکردنەوەش سەرچاوەی مەعریفەی مرۆڤە ، تەنانەت لە نێو ڕووبەری خەیاڵیش فیکر لە ڕێگەی زمانەوە بەردەوام کاری خۆی دەکات ، وەک سەرچاوەکی جوولێنەر یان بزوێنەر بۆ بنیاد و پێکهاتەی دەق . ئەگەر زمان بە دیوە بنەڕەتییەکەی ، هۆکارێک بێت بۆ تێگەیشتن یان سیستەمێکی ڕێزمانی یان سیستەمێکی ئاماژەیی بێت ، یان هەر مانایەکیتری هەبێت . بەڵام ، لە بنەڕەتدا بەشێکە لە مەعریفە و پێکهاتەی مرۆڤ ، بەرهەمی بیر و مەعریفەی مرۆڤە . لە هەمانکاتیش ، پێکهاتەیەکی بنچینەییە بۆ بەرهەمهێنانی دەقی شیعری . یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی زمان بەرهەمهێنانی جوانییە لە نێو رووبەری دەقدا .
شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە دەتوانێ قسە لەسەر بابەتەکان بکات یان ناوەوەی خۆی بخوێنێتەوە و کار لەسەر ئارەزووەکان و غەریزەکانی خۆی بکات ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆیی و لەگەڵ دەرەوەی خۆی ڕەسم بکات . هەروەها بیرەوەرییەکان و ڕابردووی خۆی بنووسێتەوە . تەنانەت ، خەون و پێشبینییەکانیش . شیعر لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ، هیچ سنوور و بەربەستێک ناتوانێت بەر بە هێزی خەیاڵ بگرێت . ناتوانین هیچ سنوورێک و بازنەیەک بە دەوری خەیاڵ بکێشین ، یان خەیاڵ لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو بەند بکەین . شیعریش زادە و بەرهەمی ئەم ڕووبەرە بێ سنوور و فراوانەیە . ئەگەر بڵێین ، ئایا شیعر نووسینەوەی ڕابردوو و بیرەوەرییەکانی شاعیرە …؟ یان ئایا شیعر نووسینەوەی خەونەکان و غەریزە و ئارەزووەکانی شاعیرە …؟ ئایا شیعر زمانی ناوەوەی مرۆڤە …؟ ئایا شیعر گەڕانە بە دوای حەقیقەتی جوانی …؟ ئەمانە و دەیان پرسیاریتر …! ڕەنگە بۆ هەر یەکێک لەم پرسیارانە وەڵامەکە ( بەڵێ ) بێت . بەڵام ، هیچ کام لەم وەڵام و ( بەڵێ ) یانە بە ( تەنها ) ، ناتوانن مانایەکی دروست و گشتگیر بۆ شیعر بدەن بە دەستەوە . دەتوانین بڵێین ( لە یەککاتدا / شیعر هیچ کام لەم وەڵامانە نییە لە هەمانکاتیش هەر هەموویانە …! ) .
بە مانایەکیتر ، دەتوانین بڵێین ( کۆی هەموو ئەم وەڵامانە ڕەنگە مانایەک بۆ شیعر بدەن بە دەستەوە یان نزیکمان بکەنەوە لە مانای شیعر …! ) . بەو مانایەی وەک گوتمان ، شیعر لە ڕووبەرێکی هێندە فراوان ئیش دەکات ناتوانین تەنها لە گۆشەیەکەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین . یان لە یەک دیودا بیبینین . بۆیە هەر کەسەو بە پێی تێگەیشتن ، ئاستی وشیاری و مەعریفە و بینین و بە پێی باری دەروونی خۆی خوێندنەوە بۆ شیعر دەکات و قسەی لەسەر دەکات . هەموو ئەم قسە و گۆشەنیگا جیاوازانەش مانایەک نین بۆ شیعر ، چونکە شیعر بوونێکی چەسپاو و نەگۆڕی نییە ، لە چرکەیەکەوە بۆ چرکەیەکیتر ، لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکیتر گۆشەنیگا و قسە و خوێندنەوەی جودا لە خۆ دەگرێت ، یان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر تەنانەت ، لە خودی کەسێکەوە بەڵام لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر ، تێڕوانینییان بۆ شیعر دەگۆڕێت ، یان بە پێی هەست و باری دەروونی ئەوکاتەی قسە لەسەر شیعر دەکات .
بە بڕوای من / ئەم قسەکردنانەش لەسەر شیعر لە چرکەساتێکی دیاریکراو ، ئەوە مانایەک نین بۆ شیعر بەڵکو ئەوە ، دەربڕینی هەست و باری دەروونی ئەوکەسەیە بەرامبەر بە شیعر بەمانای ، کەسەکە لەو کاتەدا باس لە هەستی خۆی یان باس لە باری دەروونی خۆی دەکات لە پەیوەند بە شیعرەوە . کەسەکان سەر بە هەر زمان و کەلتوور و نیشتیمان و ڕەگەزێک بن ، شیعر هەر بە شێوەی ناچەسپاو و ناجێگیرییە دەبیندرێ و دەخوێندرێتەوە . چونکە شیعر لە بنەڕەتدا بوونێکی گەردوونی هەیە . بۆ هێشتنەوەی شیعر لەم ئاستە فروانییە ، زۆرێک لە شاعیران مانای شیعرییان هاوتا کرد بە مانای ژیان . واتە شیعر تەریبە لەگەڵ ژیان . هەرچەندە شاعیر وەک مرۆڤێک / ئازادی و مافی ئەوەی هەیە لە ژیان دوور بکەوێتەوە و بچێتە دەرەوەی ژیان ، بەڵام شیعر / بۆ هەمیشە لە نێو ژیان دایە و هەر لە نێو ژیان دەمێنێتەوە . بەمانایەک ، ژیان لە کوێ بێت شیعریش لەوێدا دەبێت .
شاعیر دەتوانێ بێدەنگی هەڵبژێرێت و بە بێدەنگی قسەکانی خۆی بکات بەڵام ، شیعر ناتوانێ بەرامبەر هەموو ئە شتانە بێدەنگ بێت کە ژیان ناشیرین دەکەن . بە مانایەکیتر / شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە ..! بەڵام ، لێرەدا ئیشکالییەتێکی تر دێتە پێشەوە ، ئەویش ئەوەیە / گەر شیعر هێندە نزیک و تەریب بێت بە ژیان ، دەتوانین بپرسین ، ئەی ژیان مانای چییە … ؟! ئایا ژیان مانای لە دایکبوون و هەناسەدانە ؟ ئایا ژیان مانای عەشق و خۆشەویستی و پێکەوەییە ؟ ئایا ژیان مانای مردنە …؟ لێرەدا ژیانیش وەکو شیعر چەمکێکی گەردوونی و بوونێکی گەردوونی هەیە . دەقی شیعری لە بنەڕەتدا ڕووبەرێکی نادیار و تاریک دەردەکەوێت ، وەکچۆن مرۆڤ پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە و پڕاوپڕە لە نهێنی شیعریش بەهەمانشێوە . مانگەشەوی دەقی شیعری لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەردەوام و قووڵبوونەوە دەردەکەوێت ، بە خوێندنەوەی جیاواز و بەردەوام ، دەقەکە بە گشتی و ئەو ڕووبەرە تاریکەی پشتی ئاماژەکان و کۆدەکانیش بە تایبەتی ، ڕۆشنتر دەردەکەون . لێرەدا دەتوانین بەم ئەنجامە بگەین و مەبەستەکانمان لەو چەند خاڵانەی خوارەوە چڕ بکەینەوە .
١ / هەموو ئەم چەمکانەی بوونێکی گەردوونییان هەیە وەک ( شیعر ، عەشق ، مۆسیقا ، ژیان … ) پێناسە ناکرێن ، چونکە ناتوانین لە یەک گۆشەوە بیانبینین و خوێندنەوەیان بۆ بکەین .

٢/ هەموو ئەم چەمکانەی لە ڕووبەری ئەندێشە واتە خەیاڵ لە دایک دەبن ( بەتایبەت شیعر ) ، پێناسە ناکرێن ، چونکە خەیاڵ بەپێی شوێن و کات دەگۆڕێ و هەمیشە بە جۆرێکی تر دەردەکەوێت .

٣/ هەموو ئەم چەمکانەی لە سەر جوانی ئیش دەکەن یان جوانی بەشیکە لە بنیاد و پێکهاتەیان ، یان ئامانجییان بەرهەمهێنانی جوانییە ، یان لە ڕێگەی جوانییەوە لەزەت بە مرۆڤ دەبەخشن ، وەک ( شیعر مۆسیقا ، تابلۆ ، سروشت ) پێناسە ناکرێن . چونکە جوانی خۆی بوونێکی ڕێژەیی هەیە ، ناتواندرێ بە شێوەیەکی گشتگیر و ڕەها ببیندرێ .

٤/ شیعر وەک مرۆڤ چەمکێکی ئاڵۆزە واتە ، بوونێکی نادیار و شێواوی هەیە و پڕاوپڕە لە نهێنی ، نهێنییەکان و دیوە شاراوەکانیش کۆتاییان نایە و هەوڵەکانیش لە شیعردا هەرگیز ناگەنە خاڵی کۆتایی ، قوڕسایی زمان لە ئاماژە و کۆدەکان چڕ دەبێتەوە . ئاماژە و کۆدەکانیش بوونێکی ئایرۆنییان هەیە ، بە داخراوی و ڕوخسار و ڕەنگی جیاواز دەردەکەون ، بۆیە هەمیشە پێویستییان بە کرانەوە و خوێندنەوەی نوێ هەیە .

نیسانی ٢٠١٦




شیعری شۆڕشگێڕانە و پەرجووی هەمیشە زیندووبوون … عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

لەوەتەی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە پەیدا بووە لەگەڵ سروشت لەلایەک و یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتیی و ژیارییەکان لە لایەکی تر لە ململانێ و زۆرانبازیدا بووە، هەوڵیشی داوە بە ڕێگای جیاواز ئەو ململانێی و زۆرانبازییانە وێنا بکات و بۆچوونی خۆی لەسەریان بەیان بکات. یەکێک لە سیفەتە هەرە بەرچاوەکانی مرۆڤ ئارەزوو بووە بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن، ڕەتکردنەوەی کۆن و هێنانە کایەوەی نوێ بووە لە جێگایاندا. هەرچەندە مەرج نییە هەموو ئاڵوگۆڕەکان لە بەرژەوەندی مرۆڤدا تەواو بووبێتن، بەڵام ئاڵوگۆڕە ڕادیکاڵەکانی نێو کۆمەڵگە جێگایەکی بەرز و شیاویان لە پانتایی ویست و ئارەزووەکانی مرۆڤدا هەبووە و هەیە کە لە پێداویستی ژیانەوە سەریان هەڵداوە یان سەر هەڵدەدەن. مرۆڤ و دەروروبەری خەسڵەتی گۆڕاویان هەیە و بەپێی یاسا گەلێکی تایبەت دەگۆڕین و گەشە دەکەن و دواتریش لەنێو دەچن یان جێگا بۆ شتگەلی تر چۆڵ دەکەن. مرۆڤ هەر زوو لە ڕێگەی گۆرانی و سەما و هونەری نیگارکێشان و ئینجا شیعرەوە گوزارشتی لە خەون و ئارەزووەکانی خۆی کردووە.

واتا پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شیعر پەیوەندییەکی لەمێژینەیە. مرۆڤ شیعری کردە ئامرازێک بۆ گوزارشتکردن لە بیروبۆچوون و وێناکردنی ئەو واقیعەی تێیدا ژیاوە. ئەم جۆرە شیعرە، شیعری خەڵک و پەیوەست بە ژیانی خەڵک، شیعرێک بووە لەگەڵ ویست و حەز و خولیا و ئارەزووەکانی مرۆڤ بۆ گۆڕانکاری ژیاوە و هەناسەی داوە. لە هەر شوێنێک ئەم شیعرە گوزارشتی کردبێ لە ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵانەی کۆمەڵگە، ئەوا شیعرێکی شۆڕشگێڕانە بووە و لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا ماوەتەوە. شیعری شۆڕشگێڕانە شیعری بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە خوازیاری ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەیە لە کۆمەڵدا.
ئەم جۆرە لە شیعر هەمیشە لە یاخیبوون و شۆڕشەکاندا گەشەی کردووە و بەرەو پێشچووە. “بەپێی تێڕوانینی مارکسیستەکان تەنانەت ئەدەب لەخودی خۆیدا دامودەزگایەکی کۆمەڵایەتییە کە ئەرکی تایبەتی ئایدیۆلۆژی بەپێی باکگراوندنی ئایدیۆلۆژی نووسەر لەسەر شانە”.(١) لێرەوە هیچ مرۆڤێک نییە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەر بە ئایدۆلۆژی یان لەژێر سێبەری ئایدیۆلۆژییەکی تایبەتیدا نەبێت. تەنانەت ئەو مرۆڤانەی کە دەڵێن ئێمە هەموو ئایدیۆلۆژییەک ڕەت دەکەینەوە، لەڕاستیدا هەڵگری جۆرێک لە ئایدیۆلۆژین. ئۆجین پۆتیە و هانریش هاینە و ئەراگۆن کرۆ و پاپلۆ نیرۆدا و پرتۆڵد برێخت و نازم حیکمەت و خوسرەوی گوڵسورخی و مزەفەر نەواب و ئەحمەد مەتەر و حەبیب جالب و ڤلادیمیر مایاکۆفسکی و نێڵسن پێریی و لەنگستن هیوز وفریدریک گارسیا لۆرکا و جۆ هیڵ و نیکۆڵا ڤاپتزارۆڤ و کێنس فیرینگ و ئدوین ڕٶڵف و هۆراس گریگۆری و مایک گۆڵد و تاد، بەشێکن لەو تەیفە بەرفراوانەی ئەدیبان و شاعیرانی شۆڕشگێڕ کە بە شیعرەکانیان بەشدارییان لە خەباتی چینایەتی دژ بە ستەم و نادادپەروەری کۆمەڵایەتیی سەر سەرجەم کۆمەڵگەی ئینسانیی کردووە. خەمی ئەم شاعیرانە خەمی ئینسان بوو. دیارە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریش تەنها چینی کرێکارە کە خەمی سەرجەم مرۆڤایەتی هەیە.

ئەم شاعیرانە و زۆریتر گرەوە مێژووییەکەیان لەوەدا بردۆتەوە کە ئازادی و ڕزگاری لە ستەم و چەوسانەوە ناوەڕۆکی بەرهەمە ئەدەبییەکانیان بووە. ئەمە ئەو شوناسەیە کە جیایان دەکاتەوە لە ئۆقیانووسێک لە نووسەر و شاعیرانی تر لە کۆمەڵگەی ئینسانی کە بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر ناوی نەتەوە و ئایین و نەژاد و نیشتمانپەروەری و ڕەگەز، بەرگری لە ستەم و پاڵپشتی لە چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان دەکەن. شیعری شۆڕشگێرانە بە ئاسۆ و ئامانجێکی خەباتکارانەوە لەگەڵ خوێنەردا لە پرۆسەیەکدا لێکهەڵدەپێکرێن. پرۆسەیەک کە نووسەر و دەق دەیانەوێ ئاڕاستەی بیرکردنەوەی خوێنەر لە مرۆڤێکی سادە و تەمەڵ لە بیرکردنەوەوە بگۆڕن بە خوێنەرێکی چالاک لە بیرکردنەوە. ئەمەش بە سیاسیکردنی خوێنەرە و هێنانە دەرەوەی تەیفێک لە خوێنەری بیر ڕووناکی لە هەلومەرج حاڵیبوو، کە خواستی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە یەکێکە لە خواستە هەرە دەستبەجێکانی. ئەم سیاسیبوونەی خوێنەر لەڕێگەی خوێندنەوەی دەقی ئەدەبییەوە زۆر جیاوازە لە کۆمیدیای سیاسیبوونی تاکی کۆمەڵگە لەڕێگەی حیزبە بورژوا ڕەنگاوڕەنگەکان. شۆڕشگێڕبوون و شوناسی ڕادیکاڵبوونی دەقی ئەدەبیی پەیوەستە بە ئینتمای چینایەتییەوە.. بورژوازی بەپێی گەشەی مێژوو ئەگەر لە دەورانی خەبات دژ بە پایەکانی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی فیوداڵی شۆڕشگێڕ بووبێ، ئەوا ئیتر ئەمڕۆ هیچ شۆڕشگێڕیەتێکی نەک هەر نییە بگرە تا سەر ئێسقانیش کۆنەپەرستە. ئەو چینەی (چینی کرێکار) کە بەرژەوەندی لە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانی پایەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستی بورژوازی هەیە شۆڕشگێڕە و ئەدەبی ئەو چینەش ئەدەبێکی شۆڕشگێرانەیە.

بەمجۆرە شیعری شۆڕشگێرانە شیعری ئەو لەشکرە لە بەرهەمهێنەرانە کە چەرخی کارگەکان دەسوڕێنن. شیعری شۆڕشگێڕانە شیعری کرێکارییە، شیعری جیهەتگیریی کرێکارییە. بەڵام مەرج نییە نووسەری شیعری کرێکاریی خۆی کرێکار بێت. چونکە دەشێ کرێکارێک شاعیر بێت و هەڵگری ئایدیۆلۆجی بورژوازی بێت. لەکاتێکدا دوور نییە نووسەری دەقێک کرێکار نەبێت بەڵام پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران بێت. بۆگدانۆڤ دەڵێ ” شاعیر لەوانەیە بەپێی مەوقیعیەتی چینایەتی خۆی سەر بە چینی کرێکار نەبێ، بەڵام ئەگەر بە قووڵی ئاشنایەتی کۆی ژیانی پرۆلیتاریا بێ، ئەگەر لەڕاستیدا و بە دڵسۆزی بەو جۆرە بیر بکاتەوە، بەواتایەکی تر ئەگەر ڕٶحی خۆی ئاوێتەی ژیان و خەباتی پرۆلیتاریا بکات ئەوکات دەتوانێ دەربڕینێکی هونەریی پێشکەش بە پرۆلیتاریا بکات و ڕەنگە ببێتە ڕێکخەری هێز و نەستی شێوەی شیعریی خۆی.” (٢) بۆیە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی کرێکاریی ئەوەیە کە تا چ ئاستێک پەیوەستە بە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار و تا چ ئەندازەیەک پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارە لە دژی سەرمایەداران. شیعری شۆڕشگێڕانە گەلێ پێودانگی جیاجیای هەیە و هەر چین و توێژێک بەپێی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی ڕاڤە و پێناسەی دەکا.
چونکە چین و توێژەکان هەموویان خۆیان بە شۆڕشگێر و لایەنگری ئاڵوگۆڕ دەزانن. بەڵام لە ڕاستای ئەم نووسینە و لە ڕوانینی ململانێی چینایەتییەوە مەبەست لە ئەدەبی شۆڕشگێڕانە، ئەدەبی چینی بنیادنەری کۆمەڵگەیە،واتە چینی کرێکار. واتە تەنها و تەنها ئەدەبی چینی کرێکار ئەدەبێکی شۆڕشگێڕانەیە. ئەدەبی چینی کرێکاریش وەک شێری لینکۆن ئاماژەی پێدەدا “گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانەیە کە گوزارشتن لە ژیانی واقیعی چینی کرێکار دەکەن.”(٣). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە لە هەناوی ڕووداوەکان و ململانێی چینەکاندا گەلێ توێژی کۆمەڵایەتی تر دێنە مەیدان و بە ئەدەب گوزارشت لە بیروبۆچوون و خەونەکانیان دەکەن. لەم نێوەشدا، بەرهەمی ئەدەبیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەچەشنی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژن و پیاو و بزووتنەوەی ڕەتکردنەوەی ئایین و بزووتنەوەی دژی ئاپارتاید و بزووتنەوەی دژی ڕاسیزم و بزووتنەوەی دژی کاری منداڵان و بزووتنەوەی مافی پەنابەران و تاد، پشکی شێریان بەردەکەوێ و دەکەونە بەر سێبەری ئەو پێناسەیەی کە ئەدەبی شۆڕشگێڕانە لەخۆیدا هەڵیگرتووە.

ڕاپەرین و شۆڕشەکانی جیهان هەر لە ڕاپەڕینی کۆیلەکان بە ڕابەری سپارتاکۆس و شۆڕشی فەرەنسا و کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر، بوونە زەمینەی سەرهەڵدان و گەشەی شیعری شۆڕشگێڕانە و بەتایبەتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر کە کاریگەرییەکەی بە جۆرێک بوو کە ئەدەبی جیهانیی کرد بە دوو لەتەوە. بە گوزارشتێکی تر، وای کرد هەموو جیهان لەسەر بنچینەی ئەدەبی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی و ئەدەبی بورژوازی هەڵوێستی گیریی بکەن.(٤)
شیعری شۆڕشگێڕانەی کرێکاریی، شیعری بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوەیە..شیعری نیشاندانی ڕووە دزێو و جوانەکانە، شیعری هێرش و ستایشە. شیعری ڕادیکاڵی کرێکاریی لەگەڵ سەرهەڵدان و پەیدابوونی چینی کرێکار و خەبات و تێکۆشانی ئەو چینە لە دژی چینی سەرمایەداری سەرهەڵدەدا و گەشە دەکا. واتە شیعری کرێکاریی شیعری ژیان و خەباتی چینی کرێکارە، چیرۆکی نەبەردە چینایەتییەکانی کرێکارە لە دژی بورژوازی و دامودەزگاکانی سەرمایەداری. کێرڤی ڕوو لە پێشی شیعری کرێکاریی لەگەڵ ڕەوتی خەباتی چینایەتی کرێکار بەرز و نزم دەبێتەوە. باری ناهەمواری ژیانی کرێکاران، سەعات کاری زۆر، کرێی کەم، نەبوونی خزمەتگوازی کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان، نا ئەمنی شوێنی کار، ناڕیکخرابوونی کرێکاران، نەبوونی ئازادییە سیاسییەکان و هەروەها نەبوونی ئامرازەکانی خەبات لە چەشنی مانگرتن و ناڕەزایی بە تاک تاک و بە کۆمەڵ، خۆپیشاندان، تا دەگاتە خەباتی چەکداریی و شۆڕش، ئەمانە کۆی بەدەنەیەکی گەورەترن لە ئیرادەیەکی تۆکمە بۆ دەرخستنی ئایدێندتی خەبات و ئینجا شیعری چینایەتی کرێکار. بەرهەمی ئەدەبی کرێکاریی لێرەوە پێناسەی خۆی دەکات و سنووربەندی لەگەڵ ڕەوت و ڕێبازە ئەدەبییەکانی بورژوازی دادەنێ. شیعری کرێکاریی پارێزەری بەرژەوەندی کرێکارە هەوڵیش دەدات لەژێر سێبەری خەباتی کرێکاری لەسەر ئەو ئایکۆنانە کار بکات کە ڕۆڵیان هەیە لەبردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی. “ئەدەبی شۆڕشگێڕانە چەکێکە لە ململانێی چینایەتی و لەسەریەتی کار لە هۆشیاری خوێنەرانی بکات بەرەو چالاکی ڕاستەوخۆ و لەوێشەوە بەرەو هەڵوێستێکی نوێ دەربارەی ژیان. بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە خەباتی چینایەتیدا بناسێتەوە.”(٥)
چینی کرێکار لە خەباتی ڕۆژانەی خۆیدا، سەرباری پێداویستییە سیاسییە – چینایەتییەکانی لە چەشنی ماتریاڵ و ئەبزاری خەباتکارانەی وەکو حیزب و ڕێکخراوی جەماوەریی و کادر و ڕاگەیاندن..تاد، پێویستی بە ئەدەب و هونەرێک هەیە کە عەکس کەرەوەی واقیعییەتی خەباتی چینایەتی بێت. پێویستی بەوە هەیە کە بەردەوام لە جۆش و خرۆشدا بێت و هەمیشە ئیحساساتە چینایەتییەکان، داستانە نەبەردەکانی خۆی لە ڕابردوو و ئێستادا بناسێت و لێرەوە وەک پێویستی سەردەم دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکات.
لێرەوە بۆ ئەوەی شیعری کرێکاریی باشتر بناسین، خراپ نابێ لە گۆشەنیگای ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ فەرهەنگ و ئەدەبیاتی بورژوازی لێی ورد بینەوە و خەسڵەتەکان و ئینجا جێ و شوێنی ئەو ئەدەبە لەئاست ئەدەبیاتی زەبەلاحی بورژوازی جیهانیدا دەست نیشان بکەین.
یەک : شیعری کرێکاریی هەڵقوڵاوی ناو جەرگەی ژیان و خەباتی چینایەتی چینی کرێکارە لە ململانێیی لەگەڵ سەرمایەداران و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی. شیعری کرێکاریی لە کێشمەکێش و پێکدادانە چینایەتییەکانەوە لە دایک دەبێت و ئاسۆیەک کە چینی کرێکار لەو پێکدادانە چینایەتییە هەیەتی دەبێتە ئاسۆ و ئامانجی شیعری کرێکاریی.
دوو : شیعری کرێکاریی جیهەتگیری سیاسەتی چینی کرێکار و پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی ئەو چینەیە. شیعری کرێکاریی گۆرانی خەباتی ژنانی کرێکار و حەسرەت و سەختییەکانی خەبات و ئاهی پیرەمێردێک و نرکەی منداڵێکی ئیشکەر و سکاڵای دڵی کچێکی ماندووی دەستی کۆنەپەرست و شەکانەوەی ئاڵای ململانێی ناو کارگەکان و هەناسەی زیندانییەک و تاد بە هەوێنی ناوەڕۆکی خۆی دەزانێ. ئەم دیمەنانە و ڕەنگ ڕێژکردنیان بە ئاسۆ و ئامانجی چینایەتی کرێکاریی ئەرکی ئەدەب و شیعری کرێکارییە.
سێ : شیعری کرێکاریی بە ئاسۆیەکی ئینسانییەوە دەڕوانێتە ژیان و تاک و کۆمەڵگە و ئینسانییەتی ئینسان وەک کرۆکی خۆی بەرجەستە دەکاتەوە. شیعری کرێکاریی لە بەرامبەر ئاسۆی کۆنەپەرستی مەیل و ڕەوتە چالاکەکانی لیبراڵیزم و کۆنەخوازی و ئایینی و نەتەوەییدا دەوەستێتەوە و تێدەکۆشی کرێکار لە جەنگە چینایەتییەکەی خۆیدا بە ئاسۆیەکی ئینسانی و ئەنتەرناسیونالی چەکدار بکات.

چوار : شیعری کرێکاریی ئەگەرچی لە ڕووی تەکنیک و هونەرەوە ڕەنگە لێرە و لەوێ لاوازی پێوە دیار بێت. ڕەنگە نەیتوانی بێت بەپێی پێویست تەکنیکێکی نوێ و لە ئاخرین دەسکەوتە هونەرییەکانی بەشەر سوودمەند بوو بێت، بەڵام وەک یەک ڕەوتی ئەدەبیی لە ئاستی جیهاندا بوونی خۆی سەلماندووە. چینی کرێکار بە درێژایی مێژووی پڕ لە خەبات و فیداکاری خۆی، خاوەنی جۆرێک لە فەرهەنگ و ئەدەب و هونەری خۆی بووە. پێ بە پێی گەشە و بەرەوپێچوونی قۆناغەکانی خەباتی، ئەدەب و هونەرەکەشی گەشەی کردووە. لێرەوە جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بدەم کە کۆهن میڵتن پێی وایە یەکێ لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی پرۆلیتاری ئەوەیە کە دەبێ سادە و ڕوون و ڕەوان بنووسرێت بەدەر لە ئاڵۆزی ئیستاتیکی شێوەگەرا(٦). هەرچەندە ئەم ڕایەی میڵتن بۆ دەورانێک کە ڕێژەی نەخوێندەواری لەنێو چینی کرێکار لە ئاستێکی بەرزدا بوو ڕەنگە دروست بێت، بەڵام بۆ ئەمڕۆ کە دونیای دیجیتاڵ سێبەری خستۆتە سەر دونیای بەرهەم و ژیانی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە، ئەم رایە پشتیوانییەکی زۆری نابێ. ئەو دەستکەوتە ئیستاتیکیانە لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر بەشێکن لە دەستکەوتەکانی ئینسان و دروست نییە بەبیانووی سادەییەوە ئەدەبی چینی کریکار لەو دەستکەوتانە بێبەش بکرێ.
پێنج : سەرجەم دەزگا ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و کارە ئەنسۆلۆژی و سەرچاوەکانی ئینتەرنێتیش بەپێی پێویست ئاوڕیان لەم ڕەوتە ئەدەبییە جیهانییە نەداوەتەوە و بگرە ئاگایانە و هۆشیارانە پشت گوێیان خستووە و لە خەڵک و چینی کرێکاریان شاردۆتەوە یان کەمترین زانیاریان خستۆتە بەردەست.
شەش : تەواوی ڕەوت و ڕێبازە فیکریی و هونەریی و سیاسییەکانی بورژوازی دەهۆڵی مەرگی کۆمۆنیزم و ئەدەبەکەی دەکوتن و ناوی ئەدەبی کرێکاریی وەکو ئەدەبێکی بێ ئەرزش و ماوە بەسەرچوو دەهێنن. قسەکەرانی ئەم ڕەوت و ڕێبازانە وەک پارێزەری بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی بورژوازی هەمیشەو بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان ئەدەبی شۆڕشگێرانە بە ناشیرین و بێهێز و نا هونەریی ناودەز بکەن. ئەدەبی کرێکاریی لەسایەی ئەو تەبلیغە دژە کرێکارییە، وەک ڕەوتێکی ئایدیۆلۆجی – مەزهەبی ناو دەبرێ. بورژوازی جیهانیش بۆ تەحقیر و تەخدیرکردنی کرێکاران بە سەدان ملیۆن دۆلار سەرف دەکات و سەدان ئۆرگان و ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب بڵاو دەکاتەوە، ساڵانە سەدان فیستیڤاڵ و ئاهەنگ و ساز دەکات و بە دەیان هەزار نووسەر و شاعیر و ئەدیب و قەڵەم بەدەستی کڕیوە و دەکڕێت و کاریان پێدەکات، تا ڕووی دزێوی نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداری جوان نیشان بدەن و خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش.
حەوت : بەڵام لەهەڵ هەموو ئەمانەشدا تا چینەکان و جیاوازی چینایەتی لەسەر ڕووی زەوی بمێنێ، ململانێی نێوان کرێکار و بۆرژوازی هەر دەمێنێ و ئەدەب و شیعری چینایەتی کرێکاریش هەر دەمێنێ.

شیعری شۆڕشگێڕانە لە نێوان پاشەکشە و تەکان

ئەگەر لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، خەباتی چینی کرێکاری جیهان گوڕ و تینێکی تازەی بە جەستەدا گەڕا و ئومێدێکی نوێ لە ئاسۆی خەباتی چینایەتییەوە دەرکەوت، ئەدەبەکەشی کەوتە بەردەم واقیعێکی نوێوە و دەبوایە ئەزموونێکی تازە ئەنجام بدات. بۆ ئەم مەبەستەش ئەدیبانی کرێکاریی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکدا بوون، سەرکەوتنی شۆڕشیان لە ڕووسیا بینی، ئەمەش بووە هۆی بەرجەستەکردنەوەی زیاتری ڕۆحی شۆڕشگێرانە لە ئەدەب. گەشەی ئەدەبی کرێکاریی بە ئاقارێکدا تێپەڕی کە هەم بتوانێ بەردەوام خۆی لەگەڵ هەلومەرجە تازەکان یەکلا بکاتەوە و هەمیش تازەگەری بەرهەم بهێنێ. واتە ئەدەبی بەرگری و شۆڕشگێڕانە هەلومەرجێکی بابەتی بۆ هاتە ئاراوە تا گەشە بکات و بەرەو پێش بچێت. ئەم بەرەوپێشچوونە تا ساڵی ١٩٣٢ درێژەی هەبوو و پاشان لە کۆنگرەی نووسەرانی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران لە ساڵی ١٩٣٤ لەبری وەڵامدانەوە بە ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەی ئەدەبی کرێکاریی، دەسەڵاتی ئەو کاتی یەکێتیی سۆڤییەت ئەو ئەدەبەی کردە قوربانی کێشمەکێش و ململانێی سیاسیی و ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا. ئیتر لەو مێژووەوە ڕێڕەوی گەشەی ئەدەبی کڕێکاریی تووشی جۆرێک لە کەنارگیری هات. لەبری ئەدەبی شۆڕشگێرانەی کرێکاریی ئەدەبێکی تر نزیک لەو ماهییەتە بەڵام جیاواز هاتە ئاراوە کە پێی دەوترا ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی. ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی هەرچەندە لایەنگیریی بۆ کرێکار و سۆشیالیزم هەبوو، بەڵام لە ڕاستیدا نەیتوانی بە تەواوەتی جێگای ئەدەبی کرێکاریی بگرێتەوە و هەروەها نەیتوانی ماهییەتی شۆڕشگێڕانەی ئەدەبی کرێکاریی بە یەکجاری بکوژێت. بۆیە لە ساڵانی جەنگی جیهانیی دووەم ململانێی نێوان زلهێزەکان توانی ڕەنگڕێژی ئەدەب بکات. سەرکەوتنی سیاسیی و ئابووری و سەربازی یەکێتیی سۆڤییەت بەسەر نازییەکاندا، بازێکی گەورەی بە ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی دا. جەنگی ساردیش شەقڵی خستە نێۆ ئەدەب و هونەر و جیهانی فانتازیا و ئیستاتیکای دابەشکردە سەر ڕیالیزمی واقیعی سۆشیالیستی لەلایەک و دیموکراسی و ئیندیڤجوالیزمی خۆرئاوا لەلایەکی تر.

لە ناوەڕاستی دەیەی چلەکانی سەدەی ڕابردوو زەمینەسازییەکی لەبار هاتە ئاراوە بۆ گەشەی ئەدەبی شۆڕشگێڕانە و بەرگری لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام وڵاتانی سەرمایەداری خۆرئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی بودجەیەکی خەیاڵی(سەدان ملیۆن دۆلار)ییان تەرخان کرد، بۆ بەرپەرچدانەوەی سیستەم و کلتووری مارکسیستی و شۆڕشگێڕانە لە ئاستی دونیادا. کاتێ لەسەر ئاستی جیهان ململانێی نێوان ئەدەبی ڕیالیزمی سۆشیالیستی و ئیندیڤجواڵیزمی خۆرئاوا لە ئاستێکی بەرز و تووند دەبینرا،ئەدەبی شۆڕشگێڕانە وەک کارەکتەرێکی چالاک و بزێو لە سەرجەم کایە و بوارەکاندا ئاکتیڤ بوو، بەڵام لەژێر سێبەری ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی پۆلینبەند دەکرا. لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابووری بلۆکی شەرقی (بەناو سۆشیالیست)، ئەدەبی واقیعی سۆشیالیستی و ئەدەبی کرێکاری و شۆڕشگێڕانەش بەرەو کاڵبوونەوە هەنگاویان نا و تەنانەت تا ئەندازەیەکی زۆر جێگەی خۆیان بۆ ئەدەبیاتی بورژوازی چۆڵکرد. فاکتەرەکانی تەریککەوتنەوە و کەنارگیری و پاشان کاڵبوونەوەی ئەدەبیاتی واقیعی سۆسیالیستی و ئەدەبی کرێکاری و شۆڕشگێرانە بەبڕوای من ئەمانەن.
یەک : کاریگەری تەبلیغاتی ڕۆژئاوا بەڕابەرایەتی ئەمریکا لەو هەڵمەتە فراوانەی خۆی دژ بە مارکسیزم و کلتووری شۆڕشگێرانەی مارکس و ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییە لەسەر سەرجەن جیهان دژ بە ترادیسیۆنی شۆڕشگێرانەی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش. دیارە هەڵمەتی ڕۆژئاوا و گوێڕایەلانیان لە ناوچەکە لەم ئەرکە قێزەوەنەیان کە تا ئێستاش بەردەوامن تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتنیان بەدەست ‌هێنا. ئەم فاکتە خولقێنەری ئەو دۆخە نەخواستراوەیە کە ئەمرۆ بۆ تەرویجدانی ئەدەبی شۆڕشگێڕانە بووەتە کۆسپ و ڕووبەڕووبوونەوەی کارێکی قورسە و وزە و توانایەکی زۆری لێمان دەوێ.
دوو : هەڵوەشانەوەی بلۆکی ڕۆژهەڵات و لەمەیداندا نەمانی یەکێتیی سۆڤییەت و پاشەکشەی لە سەرجەم بوارەکانی سیاسیی و سەربازی و ئابووری و فەرهەنگیی. ئەمەش بەدەوری خۆی بووە هۆی لە مەیدان نەمانی بزووتنەوە و پڕۆژە ئەدەبی و هونەری کرێکارییەکان لە نیوەی یەکەمی دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و جێگە چۆڵکردن بۆ ڕەوت و ڕێبازە ئەدەبییەکانی بزووتنەوە کۆنەخوازەکان.
سێ : پاشەکشەی مارکسیزم و خاوبوونەوەی خەباتی چینی کرێکار وەک چینێکی بنیادنەر و مەزن ڕۆڵی خۆی هەیە لە کەمڕەنگبوونەوەی چەمکی ئەدەبی شۆڕشگێرانە.
ئەم واقیعیەتە بەجۆرێک کاری خۆی کرد کە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی چینی کرێکاری چەند دەیە گەڕاندە دواوە و ئەدەبەکەشی دووچاری دۆخێکی تاڵی چەقبەستبوون کرد. دۆخێک کە ئەرکگەلێکی زۆری خستۆتە سەر شانی ئێمەی ئەدیبان و نووسەران و هونەرمەندانی کرێکاریی بۆ ئەوەی بتوانین لەو دۆخە چەقبەستووە دەربازی بکەین و تەکانی بۆ پێشەوەی پێبدەین.

کورد و شیعری شۆڕشگێڕانە

میللەتی کوردیش بەپێی کارەسات و ڕووداوە تراژیدیا – سیاسیییەکانی دوو سەدەی ڕابردوو هەوڵیداوە بۆ پاراستنی زمان و کلتوور و ناسنانەی نەتەوەیی خۆی لە بەرامبەر سیستەم و ڕژێمە فاشست و تۆتالیتارییەکانی عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا. کورد هەوڵی داوە لە ڕێگەی ئەدەبەوە مەسەلەی شوناسی نەتەوەیی و زمان بەزیندوویی ڕابگرێ. شیعری کوردیی لە مێژووی کۆن و نوێی کورددا مەسەی ئازادی و سەرفرازی کوردی کردۆتە مەسەلەی بنەڕەتی و گەوهەری. شاعیرانی کلاسیک (جگە لەو شاعیرانەی کە لە مزگەوت و خانەقاکان خوێندویانە و سەرچاوە مەعریفییەکانیان کتێبە ئاینییەکان بووە) کەم تا زۆر لایەکیان لە کێشەکانی ئینسان و بەهای ئازادی و ژیانی شارستانیایە کردۆتەوە.

ئەگەر حاجی قادری کۆیی شاعیر وەک شاعیرێکی ناسیونالیستی بە دەستپێک و پەرەپێدەری شیعری نەتەوەیی – سیاسی کورد دابنرێت (٧)، ئەوا دوای حاجی قادر سوپایەک لە شاعیر هەن کە خەمی نەتەوە و مەسەلەی ئازادی نەتەوەی کوردیان بۆ مەسەلە بووە. واتە لە دوای چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەم، شانبەشانی فراوانتربوونەوەی بیری نەتەوایەتی، ئەدەبی ناسیونالیستیش گەشە دەکا و دواجار لە دوای بەیاننامەی ڕوانگەوە لە ساڵی ١٩٧٠ ئیتر دەگا بە چڵەپۆپە. لەملاشەوە کرۆکی بیری چینایەتیش شانبەشانی کێشە چینایەتییەکانی کۆمەڵگە گەشەی کردووە و بەرەو پێش چووە. لەم نێوەشدا گەلێ شاعیر پەیدا دەبن و بەرهەمەکانیان دەبنە ئاوێنەی باڵانومای سەردەمی خۆیان و شیعرەکانیشیان(بەتایبەتی ئەوانەی کرۆکی ئینسانیان هەیە و باس لە ئازادی دەکەن) بە شیعری خەباتکارانە و شۆڕشگێڕانە دێنە ئەژمار. دواتریش لە نیوەی یەکەمی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تەیفێک لە نووسەرانی چەپی نوێ دێنە مەیدان کە نەک هەر لە پەیوەندییەکی نزیکدا دەبن لەگەڵ چینی کرێکاری کوردستان و بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی ژیان و خەباتی ئەو چینە دەبێ، بەڵکو لە ڕووی ئایدیۆلۆژیشەوە هەڵگری بیروباوەڕی مارکسیزم و کۆمۆنیزم دەبن (٨). پلە و ئاستی گەشەی ئەم تەیفە لە نووسەران و بەرهەمی ئەدەبی و هونەرییان پەیوەست بوو بە ئاستی گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.
چەند بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ملانێی خۆیاندا بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە ئاستێکی بەرزدا بووبێتن، ئەوەندەش شیعر و هونەری شۆڕشگێڕانە لە ئاستێکی بەرز و ڕەونەقی خۆیدا بووە. بەڵام دۆخەکە هەر بەو جۆرە نەما. لەلایەکەوە چوونە دەرەوەی زۆربەی کادیرە هونەری و ئەدەبییەکانی ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێرە بۆ دەرەوەی وڵات کاریگەری نێگەتیڤی دانا لەسەر چەقبەستوویی ئاستی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی چینی کرێکاری کوردستان و لەلایەکی ترەوە شانبەشانی تەبلیغاتی جیهانیی لەدژی کۆی بیروبڕوای مارکسیزم هێرشێکی هەمەلایەنە دژ بە باوەڕی مارکسیزم و ئەدەب و کلتووری شۆڕشگێڕانە لەسەر دەستی گروپی ڕەهەند و شوێنکەوتوانیان بە خەستی دەتی پێکرد.
ئەم گروپە لەمێژووی ئەدەبی کوردیدا و لەڕێگەی نووسینەکانیان و گۆڤاری (ڕەهەند)ەوە ناشرینترین ڕۆڵیان گێرا لە بە سووک تەماشاکردنی ئەدەبی شۆڕشگێرانە و هەروەها دەرکێشانی ڕوحی شۆڕشگێرانە و چاندنی تۆوی بێئومێدی لە ناخی تاکی کورددا. ئەم گروپە لە ڕێگەی ڕستە و فرێز و دەستەواژەی بێمانای لە چەشنی” ئەدەب نابێ ئینتمای ئایدییۆلۆژی هەبێ، و سەردەمی قسەکردن بە ناوی کۆ و ئەوانی تر کۆتایی هاتووە و نووسەر دەبێ بە ناوی خۆی و تاکەوە قسە بکا و نوێنەری خۆیەتی و بەس و ئەدەبی حیزبیی و سیاسیی کوشتنی ئەدەب و خەیاڵە و… تاد” ڕۆڵی بەرچاوی گێرا لە کاڵکردنەوەی چەمکی ئەدەبی شۆڕشگێرانە و گواستنەوەی خاڵی تێڕوانینی و فۆکسی خوێنەر و کۆمەڵگە لە ململانێی چینایەتییەوە بەرەو زات و ناخی تاک و تەرویجدان بە کۆنەپارێزییەکی بێوێنە. پروپاگەندەی ئەوەی کە نە مارکسیزم بۆ کۆمەڵکەی کوردستان گونجاوە و نە لە کوردستان چینی کرێکاری پیشەسازیمان هەیە و نە ئەدەبی کرێکاریی و شۆڕشگێرانە بە کەڵکی کۆمەڵگەی کوردی دێ کە لە لایەن کۆمەڵێ نووسەری موهەریجی کوردەوە ئاگرەکەی خۆش کراوە و خۆش دەکرێ، جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان هیچیتر نییە.

لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵە نەزۆکانەش هێشتا مەشخەڵی ئەدەبی شۆڕشگێرانە نەک هەر نەکوژاوەتەوە، بەڵکو ژیلەمۆکەی هەر بەگەشی لەژێر خۆڵەمێشی تەبلیغاتی بورژوازی و شوێنکەوتوانیان ماوەتەوە. سەرباری هەستکردن بەوەی کە لایەنگری چینی زەحمەتکێشی کوردستان لایەنگیرییە لە ئازادی و ڕزگاری ئینسان، خۆی ژیلەمۆی ئەو باوەڕەیە کە پێیوایە شۆڕشی یەکجارەکی بۆ ڕزگار بوون لە ستەم و نا یەکسانی تەنها و تەنها لەسەر دەستی چینی کرێکار و زەحمەتکێش بە ئاکام دەگات. خوڵقاندنی هەر دەق و کارێکی هونەرییانەی کرێکاری ڕەوینەوەی تەمی ئەو هەوڵانەیە کە دەیانویست و دەیانەوێ کۆمەڵگەی کوردستان ببێت بە کۆمەڵگەی مێگەل و خۆشیان ببن بە لایتی دەستی شوانە کوێرەکان.

دوادێڕ بەڵام زۆر بە کورتی

شیعری شۆڕشگێڕانەی کرێکاری پێ بەپێی چوونەسەر و هاتنەخواری کێرڤی خەباتی چینایەتی بەرز و نزم دەبێتەوە، بەڵام هەرگیز گڕی ئەو بزووتنەوە شیعرییە خامۆش نابێت و ژیلەمۆکەی ناکوژێتەوە.تا کۆمەڵگەی چینایەتی هەبێت، ئەو ئەدەبەش هەر دەبێت و بەپێچەوانەی سەرجەم ئیدیعا و پروپاگەندەکانی زوڕناژەن و قەڵەمبەدەستانی چین و توێژەکانی تر، هەرگیز دووچاری توانەوە و فەنا نابێتەوە. بەکورتی شیعری شۆڕشگێڕانە لەگەڵ خەبات و ململانێی مرۆڤ لەگەڵ سیستەم و یاسا و نۆرمەکانی ژیان و کۆمەڵگە لە دایک بووە و تا مرۆڤ و ململانێ و خەبات مابێ، ئەو شیعرەش هەر دەمێنێ.

ژێدەر و سەرچاوەکان :
١- بۆ زانیاری زیاتر تکایە بڕوانە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی سایتی ویکیپیدیا
http://en.wikipedia.org/wiki/Marxist_literary_criticism

٢- ئەلکسەندەر بۆگدانۆڤ شیعری پرۆلیتاریی
Aleksander Bogdanov
Ploletarian Poetry The Labour Monthly
June 1923 PP.357-362

٣- شێری لێنکۆن ” بۆچی ئەدەبی چینی کرێکار جێی وردبوونەوەیە؟” بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سایتی

Why Working-Class Literature Matters

٤- ڕیالیزمی سۆسیالیستی بەو تەوژم و ڕێبازە ئەدەبی و هونەرییە دەوترێ کە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە وڵاتی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران هاتە ئاراوە و گەشەی کرد و بوو بە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی ئەنتەرناسیوناڵی مەزن. گەشەی ڕیالیزمی سۆشیالیستی هەر تەنها یەکێتیی سۆڤیەتی نەگرتەوە، بەلکو ئەو دەوڵەتانەشی گرتەوە کە بە دەوڵەتانی سۆشیالیست یان بلۆکی ڕۆژهەڵات دەناسران. ئەم ستایڵە لە بنچینەدا لەسەر کلتووری پرۆلیتاریاوە سەری هەڵداوە. کلتووری پرۆلیتاریاش لە هونەر و ئەدەب پێداگیری ئەدەبە لەسەر خەباتی چینایەتی و بەرژەوەندی کرێکاران دژ بە بورژوازی و سەرمایەداران. ئامانجی ئەم ئەدەبە هەوڵدانە بۆ وێناکردنی ژیان و خەباتی ئەو چینە لە پێناو ڕزگاری یەکجارەکی لە کۆت و بەندی کۆیلەتی بورژوازی. ڕێبازی سۆشیالیستی لە ئەدەب لە دەیەی بیستەکانی سەدەی رابردوو لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و جیکسلۆڤاکیا و پۆڵەندە دامەزرا. ئەو نووسەرانەش کە ڕۆڵیان هەبوو لە بەرەوپێشبردنی ئەم ڕێبازە ئەدەبییە لە وڵاتانی وۆرئاوا بریتبوون لە لویس ئاراگۆن و جۆهانس بێچەرو پابلۆ نیرۆدا. حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت ساڵی ١٩٣٢ بڕیاری لەسەر ڕیالیزمی واقیعی لە ئەدەب و هونەر دا و ساڵی ١٩٣٤ ئەم شێوازە ئەدەبییە لە یەکەمین گۆنگرەی نووسەرانی سۆڤییەت کاتێ نوێنەری جۆزێف ستالین ئەندریە زدانۆڤ وتاریکی پێشکەش کرد و بە تووندی جەختی لەوە کردەوە کە ڕیالیزمی سۆشیالیستی بە فەرمی بوو بە ڕێنمایی نیشتمانی کلتووری یەکێتیی سۆڤییەت. بەدەستەوەگرتنی ئەم ڕێبازە ئەدەبییە بە کردەوە بووە هۆی پشکردن لە ڕێبازە باوەکانی جیهان لە چەشنی ئیرۆتیک، ئایین، تەجریدگەرایی، سوریالیزم و گوزارشتخوازی. وەک وەڵامیک بەرامبەر بە یەکەمین گۆنگرەی نووسەرانی یەکێتیی سۆڤییەت، لە ٢٦ و ٢٧ ی نیسانی ١٩٣٥ لە شاری شیکاگۆ و بە پاڵپشتی جۆزیف ستالین گرنگترین گۆنگرەی نووسەرانی چەپی ئەمریکا بەسترا، کە شاعیران و ڕۆماننووسان و ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان تێیدا بەشدار بوون. واڵدۆ دەیڤد فرانک بە پشتیوانی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا بوو بە یەکەمین سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی ئەمریکا. ڕەگی مێژوویی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی دەگەرێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم.

٥- میڵتن کۆن شاعیرانی گەمارۆدراو و ڕەخنەگرانی چەپ گۆڤاری زانکۆی ئالاباما تۆسکالۆسا ٢٠١٠ لاپەڕە ٢٤
https://en.wikipedia.org/wiki/Proletarian_poetry

٦- میڵتن کۆن شاعیرانی گەمارۆدراو و ڕەخنەگرانی چەپ گۆڤاری زانکۆی ئالاباما تۆسکالۆسا ٢٠١٠ لاپەڕە ٢٤
https://en.wikipedia.org/wiki/Proletarian_poetry
٧- ناسیونالیزم و شاعیرەکانی – حاجی قادری کۆیی – نووسینی سلێمانی قاسمیانی (کاکە) گۆڤاری هانا ژمارە ١٦ و ١٧ ساڵی ٢٠٠١ لاپەڕە ٤.
٨- دەیەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەدەبی کۆمۆنیستیی و کرێکاریی تەنها بریتیبوون لەو بەرهەمانەی یان بەرهەمی ئەو نووسەرانەی کە باسی چینی کرێکار و خەباتی ئەو چینەیان کردووە. نووسەرانی سەر بە حیزبی شیوعی عێراقی پشکی شێریان بەردەکەوێ. لەم نێوەشدا نووسەران و شاعیرانی سەر بە ڕێکخراوی مارکسیی – لینینیی کوردستان کەم تا زۆر چەند هەوڵێکیان لەو بارەیەوە هەیە. بەڵام لەناوەڕاستی دەیەی هەشتاکان تەیفێک لە نووسەران و هونەرمەندانی کورد لە کوردستان لە ژێر کاریگەری بیروڕای مارکسیزمی شۆڕشگێڕ توانیان تەکان بە ئەدەبی کرێکاریی و کۆمۆنیستیی بدەن و بەرەو پێشی بەرن. لەوانە موسلیح شێخولئیسلامی (ڕێبوار) و سلێمانی قاسماینی (کاکە) و ئەحمەد بازگر و بەکر ئەحمەد (ئاسۆ) و بژار و عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) و جەمال کۆشش و پەخشانەشیعرییەکانی ب.سۆلین و هونەرمەند سەردار عەبدوڵا و زۆری تر کە ئێستا لەم ساتەدا لەیادم نەماون.

کەنەدا ٢٠١٥




هەڤپەیڤین لەگەڵ وەرگێڕی ڕۆمانەكانی ماركیز بۆسەر زمانی ئینگلیزی.

وەرگێڕ ئیدیت گرۆسمان پێى وایە کە (خۆشەویستى لەسەردەمى تاعوندا)، یەکێکە لە گەورەترین ڕۆمانەکانى سەدەى بیستەم.
– – – – – – – – – – – – – – – – – – – – –
هەڤپەیڤین لەگەڵ وەرگێڕی ڕۆمانەكانی ماركیز بۆسەر زمانی ئینگلیزی.
سەرچاوە: گاردیانی بەریتانی.
بەكوردی كردنی لە ئینگلیزی یەوە: سەنگەر حەسەن

______________________
1- یەکەم جار، کەى بوو کە گابرییل گارسیا مارکیزت خوێندەوە و هەستت چۆن بوو؟
-من یەکەم جار لە قۆناغى ئامادەیى بوو کە ڕۆمانى (سەد ساڵ تەنیایى)م خوێندەوەو بەتەواوى ئاوێتەى بووم. بەرلەمەو هەتا ئەو کاتیش ڕۆمانێکى لەم جۆرە نەبوو!
2- مارکیز، ڕۆمانە بەناوبانگەکانى زیاتر بە ئینگلیزى حەز لێ بوو. بەڵام ئەى لەبارەى ئێمەوە چى کە هەرگیز دەقە ئەسڵییە ئیسپانى یەکەمان نەخوێندۆتەوە؟
–ئاواتى ڕاستەقینەى من ئەوەیە هەرکەسێک لەئێوە کە دەقە ئیسپانى یە ئەسڵییەکەى نەخوێندۆتەوە، زۆر شتى لەدەست نەچووبێت.
3- کام کتێبەیت زۆر خۆش دەوێت، بۆچى؟
–ناتوانم وەڵامە ئەم پرسیارە بدەمەوە. من هەموو ئەو شتانەم خۆش دەوێت کە خوێنددومەتەوە. هەرچەندەش (خۆشەویستى لەسەردەمى تاعوندا) شوێنى تایبەتى لاى من داگیرکردووە، چوون ئەوە یەکەمین ڕۆمانى ئەو بوو کە من وەریبگێڕم. لام وایە یەکێکە لەڕۆمانە هەرە گەورەکانى سەدەى بیستەم جا بەهەر زمانێک بێت.
4- ئایا پارچەیەک وەیان چەند ڕستەیەکى هەڵبژێردراوت هەیە لە وەرگێڕانەکەت وە دەتوانى ڕوونى بکەیتەوە چۆن گەیشتیتە ئەوەى کە ئەم وشانە هەڵبژێریت؟
–واهەست ناکەم بتوانم وەڵامە ئەو پرسیارە بدەمەوە جا ئایا لەبەرئەوەیە کە من شێت شەیداى دوا وشەکانى ڕۆمانى تاعونەکەم، کاتێک کاپتنى کەشتى یەکە دەپرسێت کە ئاخۆ نیازیان وایە تا چەندەى دەریاکە بیانەوێت گەشت بکەن، وەڵامەکە بریتى یە لە “تا هەتا ”
5- ئایا هیچ کتێبێکى ئەو وەیان بەشێک لەکتێبێکى ئەو هەبووە کە زۆر لەگەڵى ماندووبووبیت؟
–وەرگێڕان هەمیشە ماندووبوونە. ئەمە بێ گوێدانە ئەو نووسەرى کە تۆ وەریدەگێڕیت. لەدەستپێک پێویستە تۆ دەقە ئەسڵیەکە گوێبیست بیت بەڕێگایەکى کاریگەر. دواتر ئەم دەنگە بدۆزیتەوە لەئەو زمانەى وەریدەگێڕى کە باشترین کاردانەوەى هەیە لۆ ئەسڵیەکە. ئەوە هەمیشە قورسە، بەرەنگاربوونەوەویەو تا ڕادەیەکى زۆریش خۆشە.
6- ئایا گریگۆر ڕاباسا دەناسیت، وە تائێستا تێبینى یەکانت بەراورد کردووە؟
–بەڵێ، چەند ساڵێک بوو ئاشناییمان هەبوو، بەڵام هەرگیز بەراوردى تێبینى یەکانمان نەکردووە لەمەسەلەى مارکیز. زیاتر لەوەى کە هەردووکمان هاوڕاین کە ڕقمان لە “ڕیالیزمى سیحرى” دەبیتەوە.
7- تۆ پێویستە زۆر ئاشنا بیت لەگەڵ نووسینەکانى مارکیز زیاتر هەر کەسێک. پێت وایە کە چۆن گۆڕانیان بەسەرداهات بەدرێژایى ئەو دوو دەیەى کە تۆ وەرتگێڕان؟
–واهەست دەکەم کە لەوانەیە لەگەڵ بەساڵاچوونى، نووسینەکانیشى کورت و چڕ دەبوونەوە. ئەو هەمیشە ڕاستەوخۆ دەچووە سەر کرۆکى بابەتەکە. وریاتر وەیان زیاتر ڕاستەوخۆتر بن.
8- چەندێک بەباشى کەسێتى ئەوت دەناسى و پەیوەندیتان چۆن بوو؟
–من هەر چەند جارێکى کەم ئەوم بینى لەنیویۆرک. لەو باوەڕەدام یەکەمین جار کاتى نانى نیوەڕۆ بوو لەگەڵ سەرنووسەرەکەمان لەخانەى (نۆپ)، وە دواهەمین جاریش کاتى قاوە خواردن بوو لە درەنگانێکى دواى نیوەڕۆ. مارکیز جوان و دڵڕفێن بوو. هەروەها هەستێکى فێڵبازانەى گاڵتەجارى هەبوو، چوون یەکسەر هەستم بە نزیک بوونەوە دەکرد.
9- چۆن بەرهەمە ئەدەبییەکانى هەڵدەسەنگێنیت؟
–مارکیز نووسەرێکى مەزن بوو. یەکێک بوو لە کەسێتیە هەرە گرنگەکانى سەدەى بیستەم. کاریگەریەکى گەورەى هەبوو بەسەر هەموو نووسەرەکان لەسەرتاسەرى جیهان دا. بەنموونە، من ناتوانم، وێناى تۆنى مۆریسۆن وەیان سەلمان ڕوشدى بکەم بەبێ گارسیا مارکیز.
10- دە باشترین ڕۆمانى ئیسپانى لاى تۆ کێن و نووسەرەکانیان کێن، کە تۆ بتەوێت خوێنەرانى گارسیا مارکیز ڕاسپێریت کە لەئەدەبیاتى ئەم دوایى یەى ئەمریکاى لاتین ئاگادارنین؟
–من ناتوانم لەهیچ زمانێک دا دە باشترین نووسەر دیارى بکەم. بەڵام پێشنیاردەکەم بگەڕێنەوە بۆ سێرڤانتس کە باوک خودانى هەموو نووسەرێکى ئیسپانى یە لەسەدەى حەڤدەوە. وە نووسەرێکى گەنج کە من زۆر حەزى پێدەکەم، سانتیاگۆ ڕۆنکاگلیۆلۆیە، ئەو خەڵکى پیڕۆیەو ئێستا لە بەرشەلۆنە دەژیت. من (گوڵانى سوور)ى ئەم وەرگێڕاوە. کە ئەمیش چەند ساڵێک لەمەوبەر خەڵاتى ئەدەبیاتى سەربەخۆى بیانى بەدەست هێنا

______________________
هاوپێچ وێنەى (گابرییل گارسیا مارکیز) لەساڵى 1975.
وێنەگر: ئیزابێل ستیف هێرنان

سەرچاوەی بابەتەكە:
http://www.theguardian.com/books/2014/apr/26/gabriel-garcia-marquez-edith-grossman-translator-interview




مردن ده‌یه‌وێ‌ عه‌بدولموته‌ڵیب … عه‌بدوڵڵا

له‌ شه‌ڕی مردن نامه‌وێ‌ ده‌ركه‌وم
له‌به‌ر ئاوێنه‌ قژم بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌به‌م و به‌ خۆم ده‌ڵێم
چیت ده‌وێ‌
له‌ شه‌ڕی ئه‌و چێژه‌ی كه‌ كۆنترۆڵ ناكرێ‌
ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه‌ ژیان ده‌یه‌وێ‌
ئه‌و ئاره‌زووه‌ نامۆیه‌ی كه‌ مردنه‌ و
مرۆڤ له‌ چاوه‌ڕوانی پیر ده‌بێ‌
چیت ده‌وێ‌
من له‌ ئاوێنه‌ داوا ده‌كه‌م
له‌ شه‌ڕ داوا ناكه‌م
ئه‌وه‌ ئاره‌زووی راسته‌قینه‌یه‌
ژیان ده‌یه‌وێ‌
من نامه‌وێ‌
له‌ شه‌ڕی مردن خۆم به‌ دوور ده‌گرم
رزگاربوون له‌و بازنه‌ داخراوه‌ی ئاره‌زوو
كه‌ له‌ نیگای یه‌كه‌مه‌وه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێ‌ ژیان ده‌یه‌وێ‌
من نامه‌وێ‌
داوا له‌ زمان ده‌كه‌م له‌ شه‌ڕی مردن بمپارێزێ‌
داوا له‌ مردن ده‌كه‌م له‌ شه‌ڕی زمان بمپارێزێ‌
داوا له‌ شه‌ڕ ده‌كه‌م له‌ مردنی زمان بمپارێزێ‌
هه‌موو ئه‌و خۆوێرانكردنه‌
ئه‌و ئاره‌زووكردنانه‌
بۆشاییه‌كی به‌تاڵه‌
خه‌یاڵ ده‌یه‌وێ‌
مرۆڤ چاوه‌ڕوانی ده‌كات
له‌به‌ر ئاوێنه‌ قژم بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌به‌م و به‌ خۆم ده‌ڵێم
چیت ده‌وێ‌
له‌به‌ر ئاوێنه‌ چاوم ده‌نوقێنم و ده‌ڵێم
من كێم كه‌ مردن ده‌یه‌وێ‌.

27/10/2016




لویس کارۆل کەڵەنووسەری چیرۆکی منداڵان …. رەزا شوان

لویس کارۆل، نووسەری چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)
یەکێکە لە نووسەرە بەناوبانگەکانی ئینگلتەرا و جیهان لە بواری چیرۆکی منداڵان.
(لویس کارۆل) نازناوی خوازراوی ئەدەبییەتی، هەر بەم ناوەشەوە چیرۆکەکانی و
نووسینەکانی تری بڵاوکردۆنەتەوە، ناوی راستیی (چـارلز لوتۆیدیگ دۆدسون) ە.
لویس کارۆل لە (٢٧/ یونایەر/ ١٨٣٢) لە دێی (دیرسبۆری) لە شیشیار لە ئینگلتەرا
لە خێزانێکی ئاینی لە دایکبووە، حەوت خوشک و چوار برابوون، لویس منداڵی
سێیەمی خێزانەکەی بوو.. منداڵێکی ژیر و بەهرەمەند و داهێنەر و بزیۆ بوو، کەمێک سەر زمانی دەگرت، گوێیەکی کەربوو، فێ دەگرت، دەمارگرژ بوو، بیرکزبوو، زۆر جار لەبەرخۆیەوە وڕینەی دەکرد و قسەی هەلەق و مەلەقی دەکرد، گەلێ جار شتەکان و گیانەوەرەکانی لە قەوارەی خۆیان گەورەتر یا بچووکتر دەهاتنە خەیاڵی، ئەم راستییەش لە چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا رەنگی داوەتەوە، ئاژەڵەکان و باڵندەکان لە قەوارەی خۆیان گەورەترن. لویس هەر لە منداڵییەوە منداڵانی خۆشدەویست و حەزی بەوە دەکرد، کە بە چیرۆک و بە قسەی خۆش دڵخۆشیان بکات.

هەر ئەمەش لای بوو بە هەوێنی حەز و خەیاڵی نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان.
لویس کارۆل لە ساڵانی یەکەمی منداڵییدا، لە ماڵەوە فێربوو، لە تەمەنی (١٢) ساڵیدا چووە قوتابخانەی تایبەتی، لە ماتماتیکدا زۆر زیرەک بوو.. لەبەر زیرەکی لەم بوارەدا،
خەڵات کرا، کە لەسەر ئەرکی حکوومەت لە زانکۆدا درێژە بە خوێندنی ماتماتیک بدات.

لویس کارۆلی، چیرۆکنووس، رۆماننووس، شاعیر، وتارنووس، زانایەکی ماتماتیک، وێنەگرێکی فۆتۆگرافی.. بێجگە لە چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا، چەند رۆمانێکی تریشی نووسیوە، کۆمەڵە شیعرێکی گاڵتەئامێز و شیعری ئاسایشی نووسیوە، چەند دەستنووسێکی دەبارەی ماتماتیک و ئەندازیاری و جەبر هەیە، کە هەندێکیان تائەمڕۆش چاپ نەکراون.. لویس کارۆل، ئارەزوومەندێکی گرتنی وێنەی فۆتۆگرافیش بوو.. بە زۆریش وێنەی منداڵانی گرتووە.
لویس کارۆل لە ساڵی (١٨٥٤) لە کۆلێژی (کریست تشیرش) لە زانکۆی (ئۆکسفۆرد) بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ماتماتیکدا وەرگرت و، هەر لە هەمان کۆلیژدا بوو بە مامۆستای وانەبێژی ماتماتیک، زۆربەی ژیانی لەم پیشەیەدا بەسەربرد.
لویس کارۆل چۆن چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)ی نووسی؟
لە رۆژی(٤/ یولی/ ١٨٦٢) لویس کارۆل لە گەڵ هەرسێ کچەکەی رازگری کۆلێژەکەی (کریست جۆرج هێنری لیدڵ) کە ناویای کچەکانی (رینا:١٣ساڵ) و(ئەلیس:١٠ساڵ) و
(ئیدیس:٨ساڵ) بوون.. هەموویان سواری بەلەمێک بوون و چایان دەخواردەوە و لە رووباری (تایمز)دا گەشتیان دەکرد، ئەلیس داوای لێکرد کە چیرۆکێکیان بۆ بگێڕێتەوە، لویس کارۆل کوتوپڕ بیرۆکەی چیرۆکێکی ئەندێشەیی بۆ هات، هەر (ئەلیس) شی کرد بە پاڵەوانی چیرۆکەکەی. ئەلیس داوای ئەوەشی لێکرد کە چیرۆکەکەی بۆ بنووسێتەوە.
لویس کارۆل، داواکەی ئەلیسی هێنایەدی، دوای گۆڕانکاری و زیادخستنەسەری، چیرۆکەکەی نووسییەوە و هەر خۆشی کۆمەڵێک وێنەی بۆ کێشان، لە پێشا کتێبەکەی لە ژێر ناوی ( سەرکێشییەکانی ئەلیس لەژیر زەوی) دا بوو.. لە ساڵی (١٨٦٤) دا لەجەژنی(١٢) مینی لە دایکبوونی ئەلیس، کتێبە دەسنووسەکەی پێشکەش بە ئەلیس کرد.. دواتر ناوی کتێبەکەی گۆڕی بە سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)
لە ساڵی (١٨٦٥)دا سەرکێشییەکانی ( ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) دا، بۆ یەکەمین جار چاپکرا.. تا ئەمڕۆ زیاتر لە سەد جار ئەم کتێبە بە زمانی ئینگلیزی چاپکراوەتەوە، ئەم کتێبە بوو بە یەکەمین کتێبی چیرۆکی منداڵان لە ئینگلتەرادا و، چیرۆکی ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان بوو بە وێردی سەر زاری منداڵ و گەورەکان لەو وڵاتەدا، لە ساڵی (١٩٣٢)دا ئەم کتێبە بوو بە یەکێک لە بە ناوبانگترین کتێبی چیرۆک بۆ منداڵان لە جیهاندا، یەکێکیشە لەو کتێبانەی کە زۆرترین ژمارەی لێفرۆشراوە.. تا ئەمڕۆ ئەم کتێبە وەریان گێڕاوە بۆ زیاتر لە هەشتا زمانی جیهانی.. کراوە بە فیلمی کارتۆن و بە فیلمی سینەمایی و بە چەندین زمانی جیهانی دۆبلاج کراوە.. بە شێوەیەکی ئاسانتریش داڕێژراوە و بە شانۆگەری و شانۆی بووکەڵەش، بە زمانە جیاوازەکان نمایش کراوە.
ناوبانگ دەرکردنی چیرۆکی سەرکێشییەکانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) بوو بە هاندەر بۆ لویس کارۆل. ئەوەبوو کە دەستی کرد بە نووسینی بەرگی دووەمی لەژێر ناوی (روانین لە میانەی ئاوێنەوە) یا ( روانین لە میانەی شووشەوە). کە لە ساڵی (١٨٧١) دا ئەم کتێبەشی چاپکرد.. رۆمانێکیشی لەژیر ناوی( چەنەبازی) دا چاپکرد.
ئەلیس کێیە؟
(ئەلیس هێنری جۆرج لیدڵ) کەسێتییەکی راستییە، کچۆڵەیەکی گەنم رەنگی (١٢) ساڵان بوو، کچی عەمیدی کۆلێژی( کوست تشیریش) بوو، زۆر خۆی دەبردە پێشەوە و، خۆی لای لویس کارۆل شیرین کردبوو. (ئەلیس لیدڵ) لەو چیرۆکە کلاسیکییە بێ وێنە و بێ دیالۆگانە بێزارببوو، کە دایکی بۆی دەگێڕانەوە یا دەخوێندنەوە.. بێزاری ئەلیس، بوو بە هەوێنی بیرکردنەوە و خەیاڵی لویس کارۆل، ئەم بیرکردنەوەیەش لەو چیرۆکەدا بەرجەستەبوو، کە ئەلیسی کرد بە پاڵەوانی چیرۆکێکی ئەندێشەیی فەلسەفی و لەژێر ناوی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان)دا دایڕشت.. چیرۆکەکەش بەوە دەست پێدەکا:

ئەلیس خەریکی گوڵ چنین بوو، بۆ ئەوەی تاجەگوڵینەیەک دروست بکات و بیخاتە سەری، لەم کاتەدا کەروێشکێکی گەورەی چاومێخەکی، بەروانکەیەکی لە بەردابوو، کاتژمێرێکی لە گیرفان دەرهێنا و سەیری کرد و بەرەو کونەکەی رایکرد.. ئەلیس لە دیمەنی کەروێشکەکە سەرسام بوو، چونکە پێشتر کەروێشکی وای گەورە و سەیری نەبینیبوو.. یەکسەر بە دوایدا رایکرد و کەوتە ناو لانە گەورەکەی کەروێشکەکەوە.. کە هەستایەوە لە جیهانێکی خەیاڵیی عاجباتیدا خۆی دۆزییەوە، گوڵ و ئاژەڵ و باڵدەکان لە قەوارەی ئاسایی گەورەتربوون وەک مرۆڤیش دەدوان، هەموو شتەکانیش جیاوازبوون.

ئەم چیرۆکە بە چەندین سەرکێشیدا تێدەپەڕێت.. ئەوە دەردەخات کە ئەوەی لە خەیاڵدان لە راستیدانین.. ئەلیس لەم وڵاتەدا دەڕوا و دەگەڕێ و دەڕوانێت، شتی عاجباتی دەبینێت (داوەڵێک و شێرێک و پیاوێکی ئاسن) دەبینێت.. هەموویان پێکەوە دەچن بۆ لای جادووگەرێک، بۆ ئەوی یارمەتییان بدات.. شێرەکە ئازایی دەویست، پیاوە ئاسنەکە دڵی دەویست، داوەڵەکە هۆشی دەویست، بەڵام ئەلیس گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆیان دەویست.
جیاوازی چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان):
لویس کارۆل ئیلهامی لە ئارەزووی ئەلیس و لە خودی منداڵانی ترەوە وەرگرت، کە لە چیرۆکی کلاسیکی ئامۆژگاری و پەند و تەلقین ئاسایی بێزاببوون چونکە تەنها جەختیان لەسەر رەوشت و گوێدێری و ڕێنمایی گەورەکان دەکردنەوە، یا لە یاسا و لە نەریتە باوە کۆمەڵەەتییەکان لانەدەن.. خواست و خەون و ئارەزووەکانی منداڵانیان بە لاوە نابوون.

سەرکێشییەکانی(ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان) چیرۆکێکی فەلسەفی و فەنتازییە، ئەم چیرۆکە خاڵێکی وەرچەرخانە لە ئەدەبی منداڵاندا، لویس کارۆل کودەتایەکی بەسەر ئەو رێباز و شێوازە کلاسیکییە چەقبستووانەدا کرد، کە منداڵان لێیان وەرست و بێزاربوون. لویس کارۆڵ جورە چیرۆکێکی جیاواز و دژەباوی نووسی، لە میانەی ئەلیسی بچکۆلەی پاڵەوانی چیرۆکەکەوە.. ئەندێشە و شادی بەسەر بازوودا سەرکەوتن.. ئەم چیرۆکە متمانە و ئازادی و ئازایی بە منداڵان دەبەخشێت، کە خۆیان رووبەڕووی ئەو کێشانە ببنەوە کە دێنە رێیان، پێویستە خۆیان چارەسەر و رێگەی سەرکەوتنیان بدۆزنەوە.
ئەلیس منداڵێکی ئاساییە و هیچ توانایەی بەدەری نییە.. بەڵام لە رووبەڕووبوونەوە ناترسێت، ئەوەش رەتدەکاتەوە کە پێبەندبێت بە یاسای کەسانی تر، بە تایبەتیش گەورەکان، یا ئەوانەی لەو زەبەلاحتر و بە دەسەڵاترن.
لویس کارۆل لە ڕێی ئەم شاکارە ئەدەبییە جیهانییەی بۆ منداڵان، ناوبانگی دەرکرد.
ئەمساڵ (١٥١) ساڵ بەسەر چاپکردنی ( ئەلیس لە وڵاتی عاجباتییەکان )دا تێپەڕی، بەڵام تا ئەمڕۆش، چێژ و خۆشیی ئەم چیرۆکە کاڵ نەبۆتەوە، منداڵان بە پەرۆشەوە گوێی لێدەگرن یا دەیخوێننەوە، یا بە فیلمی کارتۆن و سینەمایی و شانۆ دەیبینن.

لویس کارۆل، پێش جەژنی (شەست و شەش) ساڵەی لە دایکبوونی، تووشی نەخۆشی ئەنفلۆنزایەکی قورس دەبێت، سییەکانی دەگرێتە و بریندار دەبن.. هەر بەم نەخۆشییە لە
(٤/ یونایەر/ ١٨٩٨) دا کۆچی دوایی کرد.

رەزا شوان
نەرویج: ٢٠١٦




خۆڕێکخستن [١] ئەلف و بای هەر تێکۆشانێکی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە … ھەژێن

ئەگەر ساڵی ١٩٩١ دەسبەجێ لەنێو ڕاپەڕین و پاش ڕاپەڕین و شکستی [٢] ڕاپەڕینی ١٩٩١ ھوشیاریی تاك و کۆمەڵ لە ئاستی ئێستا بووایە و دەستبەجێ بۆ پێکھێنانی گروپە خۆجییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان کۆششبکرایە، بەدڵنیاییەوە ئێستا ھەم کۆمەڵ ئازاد دەبوو و ھەم لە ڕووی ئابوورییەوە کۆمەڵێکی خۆبەسێ و سەربەخۆ دەبوو و ھەم کارایی پۆزەتیڤی لەسەر کۆمەڵەکانی دەوروبەری دادەنا؛ بۆ نموونە، هەرچەندە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵی “ڕۆژاوا” ئەو نموونە باڵایە نییە، کە من لەبارەیەوە دەدوێم، بەڵام سەرباری ئەوەش کارایی پۆزەتیڤی لەسەر هەموو جیهان داناوە و زۆر زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی پارلەمانیی هەرێمی کوردستان باشترە.[٣]

ئێستا کە ڕوداوەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو خۆشباوەڕیی ناسیونالیستیی بە “خۆییبوونی فەرمانداریی و پارلەمان و دەوڵەت” و پارتییەکان و ڕامیاران تاکو ڕادەکەی باش ڕەویوەتەوە و لە هەر کات زیاتر خەڵك لەسەر شەقامە و بەراورد بە دوو دەهە و نیوی ڕابوردوو جیاوازی نێوان ئامانج و بەرژەوەندی و خەونی چەوسێنەتان (دەسەڵاتداران) و چەوساوان (خەڵك) لەنێو هۆوشمەندیی گشتیی کۆمەڵ ئاشکراتر و بەرجەستەتر بووە و بەڵگەهێنانەوە و سەلماندنی ناوێت، لە بارێکی ئاوادا خۆڕێکخستنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان لە هەر کاتێکی دیکە ئاسانتر و پێویستتر و چارەنووسازترە و هەنگاونەنان و گرنگینەدان بۆ دروستکردنی و جێخستنی، دەبێتە خۆکوژیی بەرەی چەوساوان و ڕەدووکەوتنەوەی دەسەڵاتخوازێکی دیکە و پارتییەکی دیکە و درێژبوونەوەی تەمەنی نەهامەتییەکان.

بە دیتنی من و بە گوێرەی ئەزموونی من، هەر کات ئێمە وەك زۆرینەی کۆمەڵ بۆ خۆڕزگارکردن و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی هەنگاوبنێین، هەر دەبێت لەم خاڵە و بەم هەنگاوە دەستبەکاربین؛ واتە خۆڕێکخستن و خۆڕێکخستن و خۆڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی. ئەگەرنا هەر کات، ئەگەر سەدەیەکی دیکەش بێت، هەر دەبێت بەم هەنگاوە دەستپێبکەین و بەبێ خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی ڕزگاربوون و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تەنیا وەك خەیاڵێکی ئەستەم دەمێننەوە و هەموو کۆششێکی خەڵك دەبێتە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ پارتیی و سەرکردەیەکەی دیکە، هەر ئاوا کە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٦-٢٠١٣ بوونە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ لیستی نیئۆجەلالییەکانی دەوروبەری نەوشیروان موستەفا و گەییشتە پارلەمان و دەسەڵات و بە کردەوە دیتمان کە ئەوانیش لە دزین و دارابوونی نەوت و چیمەنتۆ و زەوی و گرد و کۆمپانییەوە لە پارتییەکان و دەسەڵاتدارەکانی دیکە خراپترن و کڵاویان لەسەری خەڵك کردووە.

ئەوەی تاکو ئێستا ئێمە ژێردەست و دەستەمۆ و ناکارا ماوینتەوە، بەرەنجامی ئەوە بووە، کە چاوەڕێبووین کەسێك بێت و ئێمە ڕێکبخات و بەخۆی ببێتە شوانەی ئێمە و وەك میگەڵ ئێمە بە بەربدات و بە ئێمە بڵێت چی باشە و چی خراپە و چی و چی ..تد. ئەوەش خۆشباوەڕییەکە کە ئایدیۆلۆجییەکان لەنێو هۆشی ئێمەی چەوساوان دروستیدەکەن و لە بڕوابوون بە خۆ و متمانە بە پەرجووی هێزی یەکگرتووی خۆمان خاڵێدەکەنەوە و هێزی چەوساوان دەخاتە خزمەت سەروەرمانەوەی پاوانگەران و چەپاوڵگەران.

لەبەرئەوە، کەی کۆمەڵ بوو بە خاوەنی ڕێکخستن و ڕێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەریی کرێکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان، بێکاران، خوێندکاران، پەککەوتان، کەمئەندامان و خانەنشینان و …تد، ئەوسا بڕیاردان و هەستان بە مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری دەبێتە کار و چالاکییەکی زۆر ئاسایی و ئاسانی بەرەی گەل و ئەو کات دەبینین، کە چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێم و زلهێزە پشتیوانەکانیان و کۆمپانییە جیهانخۆرەکان لەبەردەم داخوازییەکانی خەڵك بەچۆکدادێن و نەك هەر بە پێدانی مووچەی تەواو و دواخراوی خەڵكی ڕازیدەبن، بەڵکو ئامادەشدەبن مووچەکانمان لە جارانیش زیاتربکەن و داخوازی دیکەش جێبەجێبکەن، چونکە سەروەرمانەوە و ملهوڕیی ئەوان بە ناهوشیاریی و ناڕێکخراوبوون و خۆشباوەڕمانەوەی ئێمەی نەدار و بێدەسەڵات بەندە و جێگیربووە.

ھەژێن*
٧ی دێسەمبەری ٢٠١٦

——————————————-
[١] خۆڕێکخستن، مەبەست لە ڕێکخستنی خۆبەخۆیی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانە بە پشتبەستن بە ڕێکخستنی ئاسۆیی و پەیڕەوکردنی دێمکۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی و سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵی ڕێکخراوەکان و تێکۆشان و چالاکی ڕاستەوخۆ.

[٢] بە بۆچوونی من، جێگرتنەوەی فەرمانداریی پارتییەکانی بەرەی کوردستانی لەجێگەی فەرمانداریی بەعس بە بەرەنجامی شکستی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١ و ئەوەی ئیستا ڕودەدات، درێژەی ئەو شکستەیە.

[٣] ڕەخنەی من لە خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا” هەبوونی ڕۆڵی پەیەدە و شێوە فەرمانداریی/دەوڵەتییبوونی دەزگەکانە و کەمتر کۆمونەیی/ شوراییە و بەرنامەڕێژیی نێوەندیی بڕیادەرە.

* www.hejeen.wordpress.com ….. www.facebook.com/hejen.pze




ڕاستی … به‌ختیار محه‌مه‌د

باجی گوتنی ((ڕاستی)) یه‌كجار قورسه‌: چ له‌ لایه‌نی سیاسی، چ له‌ لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیش. هه‌ر كه‌ ڕاستیت گوت، دنیا و بنیا لێت ده‌تۆرێ: له‌ ڕووی سیاسییه‌وه،‌ ده‌سه‌ڵات (ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نادیموكراسی) ده‌بێته‌ دوژمنت؛ له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دووڕووی پارێزگاری وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، نزیكترین كه‌ست (ئه‌ندامانی خێزان، خزم و كه‌س و كار، هاوڕێكانت… تاد.) لێت ده‌تۆرێ، تا ده‌گاته‌ ڕاده‌ی دوژمنایه‌تی و پێوه‌ندی پچڕان.
دیاره‌ ڕاستی و ڕه‌خنه‌ دوو ڕووی دراوێكن. واته‌، كه‌ تۆ ڕه‌خنه‌ ده‌گری، ڕاستی ده‌ڵێی؛ ده‌شێ، كه‌ ڕاستیش ده‌ڵێی، ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ت گرتووه‌. لێره‌شه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ و ڕاستی له‌ كۆمه‌ڵگه‌‌كانی ئێمه‌دا، چ له‌ ئاستی سیاسی و چ له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا، دوو به‌های په‌سه‌ندكراو نین.
ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌گر و ڕاستی دۆستن، هه‌میشه‌ له‌ ژیانی سیاسی و له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌تی خۆیاندا، باجی قورس ده‌ده‌ن و ده‌بنه‌ قوربانی: قوربانی سته‌م و نه‌زانی…
ئه‌و ڕۆژنامه‌نووس و كه‌سایه‌تییانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا (ته‌نانه‌ت هه‌تا چه‌ند حه‌فته‌یه‌كیش له‌مه‌وپێش) له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا تیرۆركران، ته‌نها له‌سه‌ر ڕاستی و ڕه‌خنه‌ تیرۆركراون. له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا ئه‌وانه‌ی داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن، هه‌میشه‌ تووشی كێشه‌ ده‌بن و به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌ون. به‌ نموونه‌، ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك (له‌ زۆربه‌ی خێزانه‌كانی ئێمه‌دا) داوای مافی میراتی یه‌كسان بكا وه‌ك براكه‌ی، ئه‌وه‌ دژایه‌تی ده‌كرێ و به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌وێ؛ نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار نیوه‌ به‌شه‌كه‌شی نادرێتێ؛ له‌سه‌ر ئه‌م نیوه‌ به‌شه‌شی، ئه‌گه‌ر به‌جواب بێ، ئه‌وه‌ جۆرێك به‌ر نه‌فره‌تی داب و نه‌ریت و عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری خێزانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێ.
لێره‌وه‌ ((ڕاستی)) تێكۆشانه‌ له‌ پێناو مافدا.




قه‌فه‌زێك له‌ ناخى باڵنده‌يه‌كدا … گۆران ڕه‌ئوف

(قه‌فه‌زێك له‌ ناخى باڵنده‌يه‌كدا) ناونيشانى كۆمه‌ڵه‌ چيرۆكێكه‌، نووسه‌ره‌كه‌ى گۆران ڕه‌ئوف ه‌.. يه‌كه‌مين ئه‌زموونى نووسه‌ره‌ وه‌ك چيرۆك، ئه‌م كتێبه‌ سيانزه‌ چيرۆك له‌ خۆده‌گرێت و له‌ دووتووێى 117 لاپه‌ڕه‌دايه‌، ته‌واوى چيرۆكه‌كان له‌ ساڵى 2005 تا ساڵى 2016 نووسراون، له‌لايه‌ن چاپخانه‌ى سه‌رده‌مه‌وه‌ چاپكراوه‌، ديزاينى به‌رگ: جه‌مال جه‌لال، ديزانى ناوه‌وه‌: ره‌وشت محه‌مه‌د.