گفتوگۆیەک لەگەڵ موسلح ڕێبواری شاعیر … سازدانی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرەتای ئاشنابوونی تۆ و شیعر چۆن بوو؟

موسلح ڕێبوار : لە سەرەتای لاویمدا هۆگری خوێندنەوەی کۆمەڵایەتی و هونەری، بە تایبەت شیعر و ئەدەب بووم. یەکەم ئەزموونە شيعرییەکانیشم، بە كوردی و فارسی، هي سەردەمی تازەلاویمە؛ لە تاران، پێش زانکۆ و لە زانکۆش کاتێک لە هەڵسووڕانی سیاسیشدا لە شانەی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریدا بووم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : نووسینی شیعر، لای ئێوە، بۆ نزیک بە نیو سەدە دەگەڕێتەوە. ئایا کۆشیعری “گەشتی کوردستان” یەکەمین کۆشیعرتانە؟

موسلح ڕێبوار : بەڵێ؛ یەکەمینە و هی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانە! پێش “گەشتێ لە کوردستان”یش شیعری کوردی و فارسیم هەبوون کە نەماون. هەندێک کورتەچیرۆکیشم ئەو کات، نووسی کە تەنها یەکێکیان ماوە بە ناوی “شیعری دارێنە”و خۆی داستانی ئاخرین ڕۆژەکانی ژیانی سمایلی شەریفزادەیە کە لە نزیکەوە دەمناسی. بگەڕێینەوە سەر ئەم کۆشیعرەم کە ساڵی ١٩٧٩ چاپکرا. ئەوکات، دە ساڵ کۆن بوو و شوێنەواری بزووتنەوەی چەکدارانەی ٦٨ی پێوەیەو لەوێشدا, ناوی شەریفزادە هاتووە. ناوی ئەم کۆشیعرەش “گەشتێ لە کوردستان”ە، نەک “گەشتی کوردستان”؛ تا لە دیوانەکەی هەژار بە ناوی “گەشتی کوردستان” جیا بکرێتەوە!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : بە بەراورد، ئەم کۆشیعرە، چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ کۆشیعرەکانی “سڵاوی ئازادی” و “دەنگ هەڵبڕە”؟

موسلح ڕێبوار : دەکرێ بڵێین “گەشتێ لە کوردستان” بزووتنەوەی چەکدارانەی ٦٨ (٤٦-٤٧ی ئێرانی) دەنوێنێتەوە. “سڵاوی ئازادی” و “دەنگ هەڵبرە”، بە زۆرێنە، بەرهەمی هەشتاکانن و شوێنەواری بزووتنەوەی هەشتاکانیان لێدیارە؛ دیارە شیعریشی تێدایە کە لەو بابەتانە نین. جگە لەوە، فۆرمی زۆرینەی شیعرەکانی “گەشتێ لە کوردستان”، کلاسیکییە و لە ژێر کاریگەری قانع و گۆران و هەژار و هێمندایە؛ زیاتریش هەژار و هێمن! فۆرمی ئەم کۆشیعرانەی دواییم، فۆرمی نوێیە و زیاتر ئەچنە پاڵ گۆران و شاعیرانیتر؛ لە تام و چێژی شیعری نوێی فارسیش، زیاتر بەهرەمەندن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا هیچ بەرهەمێکت هەیە لێی پاشگەز بیت؟

موسلح ڕێبوار : نە! دەشێ پاشگەز بم؟! هەندێک لە شیعرەکان، شوێنەواری لە ناسیونالیسم پێوە دیارە؛ لە شەستەکاندا ئێمە، بەتایبەت کۆڕی پێش کۆمەڵە، هەرچەندەش خۆمان لە ناسیونالیسم دادەتەکاند، بەڵام هەندێکمان پێوە تلا بوو. ئەمەش، لەو کۆشیعرەدا، دیارە. بەڵام، ئەوەندە نەبووە کە نیشانەیەک لە نەفرەت و دواکەوتوویی ناسیونالیسم دابنێ! بۆیە، لەوانەش پاشگەز نیم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرباری شیعر, تۆ سروودیشت نووسیوە. نووسینی سروود هەندێ تایبەتمەندی خۆی هەیە وەک ڕوونی مەبەست و ڕاستەوخۆی پەیام. تۆ چ جیاوازییەک لەنێوان شیعر و سروودا دەبینی؟

موسلح ڕێبوار : پێشدا ئەوە هەندێک لە شیعرەکانم بوون کە بوونە سروود و کەوتنە بەر پێشوازییەکی باشیش؛ پاشان، سروود دانان لە سەر مۆسیقا و میلۆدی ئامادەش، هاتە نێو کارەکانمەوە. ئەوانیش باش دەرچوون. لە شیعردا، وەک هەموو ژانرێکی هونەریی، ئەساس، دەربڕینی هەستە. هەندێک دەڵین سروود پەیامە و شیعر نییە، دیارە مەبەستیان لە سروود، لیریک و کەلامی سروودە؛ نەک بەشی ئاواز و مۆسیقای سروود. لیریکی سروودیش لای من، جۆرێکە لە شیعر! لیریکی سروود، مادام هەڵگری هەستێکە، شیوازێکە لە شیعر. مەبەستم ئەوەیە من جیاوازیەکی زۆر نابینم. شیعر مەیدانێکی بەرینترە کە لیریک و کەلامی ئاواز و سروود، بەش بەشێکی ئەو مەیدانەن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : لە کۆشیعرەکانتدا، ئەوەی جێی سەرنجە، ئێوە شیعرتان بۆ ژمارەیەک لە فەرماندە و کەسایەتییە سیاسیییەکانی نێو بزاوتی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستان نووسیوە. ئایا ئەم بایەخدانە ناچێتە خانەی شیعری بۆنەوە؟

موسلح ڕێبوار : شیعر، وەک ژانرێکی هونەریی، بەرهەمی هەستی شاعیرە بەرانبەر ژینگەی دەوروبەر. فوئاد، دۆست و هاوڕێی نزیکی من بوو. من بە مەرگەکەی ئازارم گەیشتێ؛ بێجگە لەوەش، هەستم بە خاڵیایی جێگاکەی کرد. خوسرەوی ڕەشیدیان، هەر بەو جۆرە؛ یان موسای برام. ئەمانە بۆ من پێش ئەوەی فەرماندە و کەسایەتی بن هاوڕێ و خۆشەویست بوون! نموونەی تری، یەکی ئەیارە کە نەک هەر هەستی من، هەستی کۆمۆنیستەکان بە گشتی، دەبزوێنێ. لێنین، خۆزگەی دەخواست یەکی ئەیار سەرەتای ساڵ بوایە و وەک سەرەتای ساڵ پڕ بوایە لە شادمانی و ڕێ و ڕەسم؛ لەمەش زیاتر کە ئێستا هەیە! ئەو شیعرانەی من کە وەک شیعری “بۆنە” ئاماژەیان بۆ دەکرێ، وەک باقی شیعرەکانم، بەرهەمی هەستن. گەلێک بۆنەش هەبوون کە، هەرچەندیش هەوڵمداوە، نەمتوانیوە شیعریان بۆ بهۆنمەوە. ئایا دەبێ لۆمەبکرێم کە بۆچی شیعرم بۆ دۆعا نەنووسیوە؟ هەۆڵمداوە و نەکراوە؛ شیعر نەهاتووە. من لەو کەسانەم کە بەشوێن ڕوونکردنەوەی زانستی هونەر و شیعرەوەم؛ بەڵام ئەمە ئاسان نییە. بەم بۆنەشەوە ناتوانم ڕوونی بکەمەوە بۆچی هەندێک بۆنە، هەستم بەهرەوەر دەکەن و هەندێکیان ناگەنە ئەو ڕادەیە. هەندێک لەمانە کە خۆم پێم وایە زیاتریش دەمهەژێنێ، شیعری لێ بەرهەم نایە! هەوڵی خۆم دەدەم؛ بەڵام ڕەوانییە، نەهیچکەس و نە خۆیشم،خۆم لۆمە بکەم کە بە بۆنەیەکەوە شیعرم نووسیوە و بە بۆنەیەکەوە نا! یان هەر بۆچی شیعری “بۆنە” دەنووسم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا شیعری بۆنە ڕەتکراوەیە یان پێویستییەکە و ناتوانین خۆی لێ لابدەین؟

موسلح ڕێبوار : لای من، دیارە ڕەت نەکراوەتەوە! شیعر، پێشتریش وتم؛ مادام بەرهەمی هەست بێ، ئیتر زیندووە و شیعرە. شیعری بێهەست و مردوو، هی “بۆنە”ش نەبێ، هەر شیعر نییە. پرسەکە لە سەر “بۆنە” نییە، لەسەر هەستییار بوونی شیعرەکەیە. ئەو بەشانە لە شیعرەکانی من، نەک هەر لە هەستی منەوە هەڵقوڵیون، هەستی گوێگر و خوێنەریشیان بزواندووە و زۆر باشیش چوونەتە نێو دڵ و دەروون و هەستی جەماوەرەوە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرباری نووسینی شیعر، ئێوە کاری وەرگێرانیشتان ئەنجام داوە. ڕات چییە بەرانبەر ئەوانەی دەڵێن وەرگێڕانی شیعر کارێکی دژوارە و هەندێک دەڵێن هەر ناکرێ؟

موسلح ڕێبوار : ئەمە بەجێیە! زمان، کە ئامڕازی یەکەمی شیعرە، گەلێک پێوندی لەگەڵ کەلتوور و ژینگەی سەرچاوە، هەیە. لە زمانی دووهەمدا، ئەستەمە هەموو ئەو ژینگەیە، ڕاگوێزرێتەوە. بۆیە، من، بە وەرگێڕانەکانی خۆم ئەڵێم: وەرگێڕانی ئازاد! شیعرێکی “برێشت” یان”ترەیسی چاپمەن”، یان ئاوازەکەی جان لێنۆن، هەستی بۆ هێناوم و منیش شیعری خۆمم داناوە. بەڵام شیعری وا، بەتەنها هی من نییە؛ هەستی ئەو شاعیرەشی پێوەیە؛ بۆیە پێی دەڵێم وەرگێڕاو؛ بەڵام وەرگێڕاوی ئازاد، چونکوو نە خۆم بە دەقەکەی ئەوەوە بەستووەتەوە نە بەتەمابووم هەموو کەلتووری باکگراوندی شیعرەکە ڕاگوێزم. تەنانەت شیعری “هەی-داد” کە بوو بەو ئاوازە خۆشە و گەلێک هونەرمەندی بەڕێز پێشکەشیان کردوە، بەرهەمی هەستێکە لە خوێندنەوەی چەند لاپەڕێکی کاپیتاڵی مارکس! ئەمە وەرگێڕاو نییە بەڵام بەرهەمەکەی من، هەستی منە لە ئیدەیەکی کەسێکیتر. وەرگێڕاوە ئازادەکەی من، لەو کاتەشدا کە وەرگێڕانە، بەرهەمێکی هەستی منە کە خوێندنەوە و بیستنی شیعرێک(ی برێشت) یان ئاوازیک(ی ترەیسی چاپمەن، یان جان لینۆن) پێی بەخشیوم! شیعری لایە-لایەی برێشت، لە کوردییەکەی مندا جیاوازە. بۆ نموونە منداڵەکە، لای من کچە، لای ئەو کوڕە! بەکورتی؛ وەرگێڕان، لای من، هەستی خۆمە لە بەرهەمی کەسێکیتر! ئەم بۆچوونەم بۆ کەسانیتریش کە کاری وەرگێڕانیان کردووە، پێ ڕەوایە. هەژاریش هەر وا بووە لە ئاست خەیام؛ یان شاملو بۆ لەنگستۆن هیوز و ئەوانیتر.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : تا ئێستا وەرگێرانەکەی ئێوە بۆ سروودی ئەنتەرناسیوناڵ لە کۆڕ و کۆمەڵ و مەراسیمەکاندا ئامادەیی هەیە. چیرۆکی وەرگێرانی ئەو سروودە چۆن بووە؟

موسلح ڕێبوار : من بە گیانێکی ڕەخنەگرانەوە ئەم سروودەم کردە کوردی. ئەوەم لا گرینگ بووە، ئەم دەقە کوردییە، گیانی شۆڕشگێڕانەی ئەو یادگارەی کۆمۆنەی پاریس و ئۆژن پۆتیە، ڕاگوێزی بۆ مەیدانی خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە کوردستان. بۆ وەرگێڕانی ئەم سروودە، دەقی ئینگلیزی و فارسی و عەرەبیم لە بەرچاو بووە. دواییش، هاوڕێیەک لەگەڵ دەقی فەرانسایی بەراوردی کرد و هاورێیەکی خەڵکی کوردستانی باکووریش لەگەڵ دەقی تورکی. دەقێکی فارسیشم هەر بۆ ئەنتەرناسیۆنال نووسیوە، چونکوو لام ڕوون ببووەوە کە فارسییەکەی لاهووتی ڕەسا نییە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا بە تێڕوانینی ئێوە، کاتی ئەوە نەهاتووە چاو بەو وەرگێرانەی سروودی ئەنتەرناسیوناڵ بخشێنرێتەوە؟

موسلح ڕێبوار : وادیارە، ڕەخنەیەکت پێیە، لەم دەقەی ئێستا؟؟ من ئامادەم بۆ پێشوازی؛ هەرکەسێک ڕەخنە و پیشنیاری هەبێ؛ بە گەلێک سپاسیشەوە، ئامادەم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : زۆر کەم بەرهەم بڵاو دەکەیتەوە. تا ئەو جێیەی من ئاگادار بم لە چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ کۆشیعرێکی تازەتان بڵاو نەکردۆتەوە.

موسلح ڕێبوار : بەبڕوای من، بەرهەمی هونەریی، پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە کە هونەرمەند، لێرەدا شاعیر، تێدا دەخەمڵێ. ئەو بزووتنەوەیە، هەڵس و کەوتی هەیە و هونەرمەند و شاعیریشی! مەبەستم ئەوەیە کە هۆیەکی شەخسیی نییە؛ نابینم کەسیتر لەم مەیدانەدا، گەلێک هەڵسووڕاوتر بووبێ. دیارە لێرەدا، باسی شیعر و شاعیری ڕێبازەکانیتر ناکەم کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەیان جیاوازە! لەوانەیە هەڵس و کەوتی ئەو بزووتنەوانە جیاواز بێ؛ لەوانەیە هەڵسی ئێمە کەوتی ئەوان بێ و بە پێچەوانەش! سەرەڕای ئەوەش، بەرهەمی تازەم هەن؛ بەقەد هەشتاکان زۆر نین؛ دەی حەفتاکانیش، بەقەد هەشتاکان بەرهەمم نەبووە. من لەشەستەکان و حەفتاکاندا، تەنیا “گەشتێ لە کوردستان”م دیارە! ڕەنگە بتوانین بەرهەمەکانی ئێستام لەگەڵ حەفتاکان هەڵسەنگێنین کە ئەمان پوخت و پاراوتریشن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بیر لە چاپدانەوەی سەرجەم بەرهەمەکانت بکەیتەوە؟

موسلح ڕێبوار : سەرجەمێکم، ساڵی ٢٠١٣، لە چاپداوە بە ناوی “بۆ ئازادی” کە زیاد لە کۆشیعرە چاپکراوەکان و چاپکراوانی ناو گۆڤار و چاپەمەنییەکان، چەند شیعرێکی تائەوکات چاپنەکراویشی تێدایە. بەڵام ئەوەش دەسەلمێنم کە کاتی لەچاپدانەوەی “بۆ ئازادی”ش هاتووە و ئەبێ بچێتە ژێر چاپی دووەم. دیارە، بەرهەمی تازەش هەن کە لە چاپی دووهەمدا لێی زیاد بکەم.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : چ خوێندنەوەیەکتان هەیە بۆ ئەدەبی کرێکاریی و شۆڕشگێرانە؟ ئایا دەستکەوتە فیکریی و مەعنەوییەکانی ئینسان دەتوانین وەک ئەدەب و هونەری کرێکاریی چاولێبکەین؟

موسلح ڕێبوار : بە دەستەواژەیەکی کورت: خۆێندنەوی من؛ هونەری ئازاد و داهێنەرە! ئەدەب و هونەری ئازاد لە بەند و باری سەرمایەداری؛ لەم مەینەتاوا کۆیلەیە! ئەمە زۆر بە کورتی؛ بەڵام وەڵامی پڕبەپڕی ئەم پرسیارە، خۆی کتێبێک هەڵدەگرێ و زیاتریش!
من لە سەرەتای “بۆ ئازادی”دا باسێکی، بەنیسبەت، کورتم کردوە لەسەر ئەم بابەتە. لەوێدا باسی ئەدەب و هونەر و کەلتوور و چینایەتی بوونی ئەمانە، کراوە. بەڵام لێرەدا، لەوەش کورتتر، وەڵامێک بەم پرسیارە (کە دوو نیوە-پرسیارن) دەدەمەوە! بەهیوام، دوایی، فرسەت بێتەپێش کە زیاتر باسی لەسەربکەین.
کەسێک پێی دەڵێ ئەدەب یا هونەری شۆڕشگێڕ، پێشڕەو؛ کەسێکیتر دەڵێ هونەر و ئەدەبی ئالترناتیو یا هونەری بەرهەڵست یا کرێکاری یا هەرچی… کێشە لە سەر نێوەکەی نییە! کێشە لە سەر هونەرێکە و لەسەر کەلتوورێکه، کە ئازادە لە کۆیلەتی و ڕێگا-خۆشکەری ڕزگاری و ئازادی ئینسانە و بەرەو ئاسۆی ژیانی گەش و ئازاد و شاد بۆ هەمووان، دەئاژوێ! ئێمە، لایەنگری ئەمەین و بەرهەڵستی هونەرێکی ڕێگر و چەواشەگەر دەبینەوە کە هەست و هۆش و چالاکی کومەڵانی خەڵک ژارخواردوو دەکات. ئێمە بێلایەن نین! خەمخۆری ڕێبازێکی تایبەتین و ئەمانەوێ هەست و چالاکیمان ئاوی هەرێز نەدێرێ! بۆیه، جێی خۆیەتی ئەم ئامانجە ڕوون بێتەوه، تا هەر هەرزەبێژێک، یان هەر ئایینپەرستێک، نەتوانێ هونەری کۆیلە، یان “سینەزەنی” و نیوە-نووزەی عیرفانی بکاتە بەرهەڵستی ڕزگاریمان! بۆیه، هونەری کارگەری، بەمەعنایەک کە لەو سەرتایەدا باسم کردوە، ڕەنگدانەوەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کرێکاری دژ بە سەرتاپای سەرمایەدارییە لە مەیدانی هونەر و ئەدەبدا؛ لە هەمانکاتدا، بەڵێ، میراتگری هونەری بەشەرییەتی پێشکەوتنخوازە، لە هەر ڕابوردوویەکی دوور یان نزیکی مێژووی ئینساندا؛ میراتگری هەر ڕادەیەک لە ئازاد بوونی هونەرە لە مێژوودا. بۆ ئەوەش کە باشتر بزانین ئەم هونەرە ئالترناتیوە چییه، پێشدا بزانین چی نییه!
هونەر و کەلتووری ئێمە هەر ئەوە نییە کە باسی فەقیر و هەژار و کرێکار بکات، لەوانەیە بورژوازیش، بە شیعر و ئاواز و سینەما، باسی کرێکار بێنێتە ئاراوه؛ بەڵام بەگوێرەی بەرژەوەندی خوی! گەلێکجار، کارگەری گوێ لە مشت و ژنی کۆیله، دەکاتە ئیدۆل! هونەری مێدیای جمهوری ئیسلامی پڕن لەمانە! لەوانەیە شاعیرێکی وەکوو هەژار، فوو بە زوڕنای ناوچەگەری و جیاوازییە نەتەوەییەکاندا بکا و داوی دووبەرەکیمان بۆ بنێتەوە و شەوارەمان بخا بۆ دنیایەکی پڕ لە کێشە و ناتەبایی ناسیونالیستی؛ یان مەدداحێک، بە زکر و تەلیلەی دەروێشی، وادەی بەهەشتی پاشمەرگمان پێبدات و سەرخۆشمان بکا بە ئەفیونی ئائین! گەلێک زۆرن ئاواز و گۆرانی لە میدیای بورژوازیدا کە هەر کڕووزانەوەی ژنە، بە دەست پیاوسالارییەوه، بێئەوەی هەستێک لە دژی دەربڕێ! بڕوانە زۆربەی ئاوازەکانی گوگوش (گوگوش، ئاوازی پێشڕوەیشی هەیە) و هایدە و ئەوانە؛ یان زۆربەی ئاوازەکانی هالیوود! یان میدیاکانی “دەسەڵات” لە کوردستان! ئەو هونەرە کۆیلەیە، ڕۆشناییەک بۆ ڕزگاری لە پیاوسالاری و لەم مەینەتاوایە، نادا بە دەستەوە. کەلتوور و هونەری ئێمه، بەڵام، بەرهەڵستی ئەفیون و هۆشبەر دەبێتەوە و ئەم ژینە، وەک تاقە مەودای خۆشی و شادی دەبینێ و خۆشەویستییەکی بەرین دەخەمڵێنی.
بڕوانە “برێشت”. کەلتووری ئێمە، خۆی نابەستێتەوە بە نامووسپەرستی و بەندوباری یاسای کۆنەوه؛ جوابی ڕەسم و ئایین و یاسای سەرمایەی کۆنەپەرست ناداتەوە و ئاواتی نزم ناکاتە ئاسۆی جەماوەر. هونەری ئێمه، هونەر و کەلتووری تا ئێستای ئینسان، وەک دەسکەوتی مێژوویی چەند هەزار ساڵه، وەک هەوڵدانی بەشەر بۆ ڕزگاری و وەک کۆمەڵێک پاشەکەوتی بەنرخ، هەڵدەسەنگێنێ؛ بەڵام، کاتێک کە خۆی شوێنەوارێکی نوێی هەیه؛ کاتێک ئاسۆی ڕزگاری، ڕۆشنتر ناسیوه، شوێن کەوتووی ئەو کەلتوورە کۆنە نابێ. گۆران و شەکسپیر و موزارت، بۆ کەلتووری ئێمە، گەنجینەی گەورە گەورەن؛ بەڵام ئێمە، بە شێوەی خۆمان، بەکاریان دێنین. ڕەخنەگریشمان، هەمیشە بەردەوامه؛ نەک هەر لەوان، لە خۆشمان! هەوڵ دەدەین کۆت و زنجیری کۆن و نوێ، لە کەلتووری خۆمان و لە هونەری خۆمان داماڵین و ڕێگا بۆ ئازادی و بۆ گەشەکردنی هونەر، خوش کەین. ئەم کەلتووره، لەمبارەوە، بەقەد میژوو، کۆنه؛ چونکو میراتگری ئینسانی تیێکۆشەری پێشڕەوە، بە درێژایی مێژوو؛ میراتگری شادی و پەژارە وهەست نواندنی ئینسانییه، لە سەرەتای ژینیەوه. هەر هونەرێکی پێشڕەو و بەرهەڵست لەهەر وەرچەرخانێکی میژووییدا، دەسکەوتی ئێمەشە. هەست بزوێنترین سیمفونیاکان، تەناتەت شەپۆڵی ئەم ئاخرانەی موزیک و هونەر، لەدژی کۆیلەتی و مەینەت و لە ستایشی شادیدا، بە دەسکەوتی خۆمان دەزانین.

گەرچی، لەو چوارچێوانەشدا نامێنینەوە و هەموو سنوورێکی کۆمەڵگەی بەندیخانەی چینایەتی تێدەپەڕێنین. لە بارێکی دیشەوە، ئەم کولتوورە، نوێیە و هی ئەم یەک دوو سەدەی دواییە! لە چاو مێژووی بەشەر، کەلتوورێکی تازە و مۆدێڕن و جەوانە؛ هەر وەک خەباتی مۆدێڕنی چینی کریکار بۆ ڕزگاری ئینسان، مۆدێڕن و جەوانە! بۆیه، من لەگەڵ ئەوانەم کە بەم کەلتوورە دەڵێین”کارگەری”؛ کەلتوورێک کە ڕەنگدانەوەی بزووتنەوەی ڕزگاری یەکجاری ئینسانە؛ کەلتوورێک کە بە دوو باڵ: باڵی هەستی بێسنووری هونەریی و باڵی زانستی کۆمەڵایەتی کومونیستی ئەو چینه، دەفڕێت! ئەم کەلتوورە، لە سەرەتای مێژووی هەزاران-ساڵەی ئینسانییەوه، خەریکی بنج بەستن بووە. بەڵام لەم دوو سەدەی دواییدا، وەچێکی تازەی داوە و گەشەی کردووه، بەرەو بەرژەوەندی ڕزگاربوونی ئینسان لە کۆمەڵگای چینایەتی. کەسانی وەک “هاینریش هاینه”، “ماکسیم گورکی”، “برتولد برێشت”، “ئاراگون” و “جەوهیل” و “نازم حیکمەت” چەند ئەستێرەیەکی ئەم ئاسمانەن؛ ئیتر با، هەزاران دوندی فەرهەنگی بەشەریش، بە میراتی ئینسانی، پێش هەبوونی چینی کرێکار، دابنین.

بەرهەڵستی سەرەکی ئەم کەلتوورەو ئەم ئەدەب و هونەرەش، چینە ستەمگەرەکان بوون؛ بە کۆنەپەرستییانەوە، بە هونەرییانەوە و تەنانەت بە بەشەکانی دیکەی دەسەڵاتییانەوە، لەسەراسەری مێژوودا! ئەوان، نەک هەر کۆمەڵانی خەڵک بە هونەری چەواشە، بەشەوارە دەخەن، ڕاستەوخۆش بە سانسۆر و داخ و درەوش، ڕێگرمان بوون لە بڵاو کردنەوەی هونەرەکەمان. ئێستا، ئەم ستەمگەرییە، لە پەیکەری سەرمایەداریدا خۆی دەنوێنێ. ئەم چینە، کە سەردەمێک، لە دژی نیزامی کۆنتری پێش سەرمایەداری، شۆڕشگێڕ و پێشڕەو بووە، دەمێکه ئیتر پێشڕەو نەماوە و ڕێگری ئازادی ئینسانه. لە سەردەمی شەڕە جیهانییەکانی سەدەی ڕابوردووەوە، ئیتر لە سەراسەری جیهاندا، دژ بە پێشڕوی و گەشەکردنە. ئەم هێزە، نەک هەر دەسەڵاتدارە و زۆربەی زۆری میدیا و سامانی کۆمەڵگایش لە دەستیدایە؛ دەشتوانێ، هونەری چەواشە بڕازینێتەوەو بە چەق و لووری دژ بە ژن و دژ بە ئازادی و بەرابەری، کۆمەڵانی خەڵک لێک جیابکاتەوە و ڕێگای ڕزگارییان لێ ون بکا؛ نەک هەر ئەمە، ڕاستەوخۆش پێش بە گەشە و کاریگەربوونی هونەرمان دەگرێ. بۆیه، ڕێبازی ئێمە، پێویستە میلیتانت بێ و بچێتەوە بە گژ نەریت و کەلتووری بورژواییدا؛ ئەو کەلتوورە گەندەڵەی خەریکی زیندووکردنەوەی پرتووکاوترین سینەزەنی و دابونەریتی ئایینی و خورافی چینە کۆنترەکانە و هیچ نیشانەیەک لە ئازادی و ئازادیخوازی پێوە نەماوه، نابێ بتوانی چیدی ڕێگر بێ و ڕێ ونکەر بێ.

عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ) : ئاسۆی ئەو ئەدەبە(ئەدەبی کرێکاریی) لە کوردستان چۆن دەبینن؟

موسلح ڕێبوار : ئەم کەلتوورە و ئەم هونەرە کە ئەدەب و شیعریش بگرێتەوە، لەسەر زەمینەی بزووتنەوەی کرێکاری دەخەمڵێ. ئەم بزووتنەوەیە، ئەنتەرناسیونالیستی و جیهانییە. بەڵام دیارە، لە شوێنی جۆراوجۆری جیهان، بە ڕادەی جۆراوجۆریش دەخەمڵێ. لە کوردستان، بزووتنەوەی کرێکاری، لەچاو شوێنە پێشکەوتووترەکان، جەوان و کاڵە! بۆیە، سەیر نییە ئەگەر کوردستان، باشترین جێگای خەمڵینی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی نەبێ. بەڵام لە کوردستانیش و لە گۆڕەپانی جیهانیشدا، هەتا دێ، زەمینەی بۆ فەراهەمتر دەبێ. ڕاپی کرێکاری و ئاوازی بەسۆز لە دژی نالەبارییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری پەرە دەستێنێ. نموونە زۆرن؛ بڕوانە ئاوازەکانی ئەحمەد کایا، بڕوانە ئاوازەکەی مایکل جاکسۆن کە دەڵێ “ئەوان بەخەمی ئێمەوە نین”؛ ئەمانە، ئەگەریش ڕاستەوخۆ لەم بزووتنەوەیە نەبن، ڕێگا خۆشکەرن. ڕێگای هونەر و ئەدەبی کرێکاریی لە کوردستانیش، خۆشتر ئەبێ، دەشتوانین خۆشتری بکەین! وەرگێڕانی ئازاد و پەرەدان بە بەرهەمی پێشڕەو لە دەرەوەی سنوورەکان، کارێکی پیرۆزە. ئێمە لە کوردستان و لەم ناوچەیە، زیاترین پێویستیمان هەیە بە ئەدەبی و هونەری جیهانیی.

——————————————–

کورتەیەک لە بایوگرافی ڕێبوار و بەرهەمەکان

ساڵی ١٩٤٧، لە مەریوان، چاوم بەژین پشکووتووە. سەرەتای شەستەكان، بو درێژەدان بە خوێندن، چوومە تاران. ساڵی ١٩٦٩، فاکۆڵتی ئابوريم تەواو كرد. لە سەردەمی منداڵی و لاويمدا هۆگری خوێندنەوەی کۆمەڵایەتی و هونەریی، بەتایبەت شیعر و ئەدەب بووم و یەکەم ئەزموونە شیعرییەکانم، بە کوردی و بە فارسی، هی ئەو سەردەمی تازە-لاویمە. لە هەڵسووڕانی سیاسیشدا، لە شانی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریدا بووم. ئەوکات، سەردەمی پێکهاتنی ڕێکخراوەکان و کاتی سەرنجی ڕەخنەگرانە بوو لە قوتابخانە سیاسییەکانی سەردەم. ئێمەش ڕێکخراوێکمان پێکهێنا کە دوایی ناونرا “کۆمەڵە”. مەبەستمان دامەرزاندنی حیزبێکی کۆمۆنیستی سەراسەری بوو لە ئێران. ئەوکات، خۆمان لە ڕەوتەکانی سەردەم (توودە و چریک و دیمۆکرات و … ) بە جیاواز دەزانی و ڕێبازێکی کۆمۆنیستی ڕاستەقینەمان لەبەرچاو بوو؛ هەرچەند ناسیۆنالیسم، هێشتا، دەستبەردارمان نەببوو. کۆ-شیعری “گەشتێ لە کوردستان” و هەندێک داستانی کورتم، لەوانە، ” شيعری دارينە” کە گێڕانەوەی ئاخرین ڕۆژەکانی سمایلی شەریفزادەیە، ئەوکات، بە دەستنووس و بە نهێنی، بڵاو بوونەوە. وەرگێڕانی ئازادانەی “چەپکێک چیرۆکی جوان” بە هۆنراوەی کوردی کە لە سیانزە چیرۆکی منداڵان پێک دێ و هی نووسەر و وێنەگەری سۆڤیەت ڤلادیمیر سوتەیەڤە، یادگاری ئەو سەردەمەیە، هەرچەند هێشتا چاپ نەکراون.

وەک گەلێک هەڵسووڕاوانی ئەو کات، ڕێگاشم کەوتە بەندیخانەی سیاسی: قزل-قەلعە، لە تاران. ماوەیەک پاش زانکۆ، وەک کارزانی ئابووری، لە “بەرنامەو بودجە”ی کوردستان، لە شاری سنە، دەستم بە ئیش کردهاوکات، دیارە بە نهێنی، درێژەم بە هەڵسووڕانی هونەریم و سیاسیم دەدا. ئەو سەردەمە بوو کە لەگەڵ شەریکی ژیانم، فەوزیە، ژیانمان و خەباتمان لێک گرێدا؛ هەتا ئێستاش، پاڵپشتی قایمی خەبات و ژیانی یەکترین. لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەوکاتی ئیراندا کە شۆڕشەکەی ١٩٧٩ی لێکەوتەوە، چالاکیم نواند. دواتر، درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەمان لە کوردستان، بۆ ئێمەی کۆمۆنیست درێژەی ئەو خەباتە بوو. یەکەمین سروودەکانیشم بەرهەمی ئەو سەردەمەن.هەندێک لە شیعرەکانی پێشتریشم بوونە ئاوازی پرۆپاگاندەی خەبات. لە هەشتاکاندا، “سروودی سڵاوی ئازادی” و “دەنگ هەڵبڕە” و “چەند لاپەڕە لە دەفتەری ڕۆژانەم”؛ هەروەها وەرگێڕاوی کوردی مانیفستی مارکس و ئێنگێلس، چاپکران. داستانی کورتی فارسی و کوردی “ئاسۆی شۆڕش” و هەندێک وەرگێڕان بۆ کوردی و فارسی،، نووسینی شيعر و هاوکاری کۆڕی بانگەواز بۆ سروود و ئاواز، هەروەها وتاری سیاسی، وێڕای خەباتی چڕ و پڕ لە کۆمەڵەی شاخدا، لە ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی ئەوکات، بڵاو دەبوونەوە.

بەبۆنەی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناوچەکەوە، بەتایبەت دابەزینی هێزەکانی ناتۆ لە کوەیت و عێراق، ناسیونالیسم بەگشتی و ناسیونالیسمی کوردیش لە دەروبەری ئێمە، بەهێز بوون. ئەمە کێشەکانی نێو حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی توند کردەوە و سەرەتای ٩٠ەکان، بەشێکی گەورە لە ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – حکا لەو حیزبە هاتینەدەر و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانمان پێکهێنا. درێژەی ژیان و خەباتی من کەوتە سوید و لێرە، وێڕای خەباتی حیزبی و هونەری، بۆ بژێو بووم بە مامۆستای مەدرەسە لە ماتەماتیک و زانستدا
ئاخری نەوەدەکان هەستم بەوەکرد کە ئەم حیزبە نوێیەش نەیتوانیوە ببێتە ئەو حیزبەی بزووتنەوەی کرێکاری، بۆیە، سەرەتا بە ڕەخنە و پێشنیارەوە و سەرەنجامیش بە جیاکردنەوەی ڕێگا، خەباتی سەربەخۆم بە گونجاوتر زانیوە.

کاری نووسین و بەرهەمی هونەریم هەر درێژەداوە و ساڵی ٢٠١٣، بەیارمەتی کەسانێک کە لە چەند وتووێژی پێشتردا، سپاسم کردوون، سەرجەمێکم لە کۆشیعرە دێرینەکانەوە هەتا تازەکان، بە هەندێک بەرهەمی چاپنەکراویشەوە، بەناوی “بۆ ئازادی” بە چاپ گەیاند کە ئێستا پێم وایە کاتی چاپی دووەمێک و خستنەپاڵی چەند بەرهەمی تازەش، هاتووە. کاری چاپنەکراوم چەپکە چیرۆکە منداڵانەکەی سۆتەیەڤە کە لە سەروە باسم کردئەویش، یارمەتیدەرێک پێشنیاری کرد بیکاتە چوار-پێنج کتێبچە، کە لەوانە، دووی چاپ بوون. کۆپییەکی ڕازاوەی، بە ناوی “چەپکێک چیرۆکی جوان” بەرهەمی کوڕم ئازاد، لەسەر سایتی خۆم
www.rebwar.nu
کە سایتەکەش هەر ئازاد بۆی دروست کردووم، دانراوە. بۆ چاپی دووهەمی وەرگێڕاوی مانیفستیش، تائێستا بە بڵاوکردنەوەی پێ دێ ئێف لە سەر سایتەکان دڵخۆش بووم بەڵام لەوانەیە چاپکردنەوەی، وەک کتێبیش دەست بدا. ئێستاش لە شاری گوتنبرگی سوید ئەژیم و بەدەم ئیشێکی پارت-تایمەوە، خەریکی دریژەدانی کارەکانمم.




دۆستانی كتێب … به‌ختیار محه‌مه‌د

تۆ ئه‌گه‌ر كتێبت خۆشویست، ئه‌وه‌ مرۆڤایه‌تیت خۆشده‌وێ. تۆ ئه‌گه‌ر كتێبت خۆشوست، ئه‌وه‌ بوونی خۆت خۆشده‌وێ. تۆ ئه‌گه‌ر كتێب بخوێنیته‌وه‌، ئه‌وه‌ ژیانی خۆت ده‌خوێنیته‌وه‌. تۆ ئه‌گه‌ر عاشقی كتێب بیت، ئه‌وه‌ عاشقی ژیانیت. تۆ ئه‌گه‌ر ماڵه‌كه‌ت پڕ له‌ كتێب بێت، ئه‌وه‌ پڕ له‌ نوری جوانیی و پڕ له‌ بۆنی خۆشی مه‌عریفه‌ ده‌بێت (ئای كتێب، تۆ چ سیحربازێكی ڕۆحی شه‌كه‌ت و سه‌رشێتی منی! ئای! تۆ چ پزیشكێكی فرۆیدانه‌ی، كه‌ ده‌ته‌وێ هه‌موو كونجه‌ تاریكه‌كانی ڕۆحم بپشكنی و ببینی! تۆ چ موعجیزه‌یه‌كی ئه‌ی كتێب، كه‌وا خواوه‌ندان و ئیمپراتۆره‌كانیش ڕێزت ده‌گرن و ملكه‌چی یاسا و ڕێسا و بڕیاره‌كانی زمانی تۆن! ئه‌ی كتێب، من له‌ به‌هه‌شتی تۆوه‌، هه‌موو خواوه‌نده‌كانیش ده‌بینم. له‌ دۆزه‌خی حه‌قیقه‌ته‌كانیشته‌وه‌، شه‌یتان و ئه‌هریمه‌ن ده‌یبنم. ئای كتێب، تۆ چه‌ند مه‌زن و چه‌نده‌ جوانی! تۆ چ موعجیزه‌یه‌كی هه‌ر هه‌موو سه‌ده‌كانی ئه‌ی كتێب!…).
ئازیزم، تۆ ئه‌گه‌ر كتێب بكڕی، ئه‌وه‌ چاكه‌ و مه‌عریفه‌ به‌ ژیان ده‌به‌خشی. تۆ ئه‌گه‌ر كتێبت له‌ ده‌ست بێ، ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێك جیاوازتری: ئه‌وه‌ خۆتی؛ چونكه‌ كتێب هاوڕێیه‌كی هه‌میشه‌ییته‌. تۆ ئه‌گه‌ر وشه‌ت خۆشویست، ئه‌وه‌ به‌ ته‌مایت چێژ له‌ حاڵه‌تی نه‌مریی بكه‌یت. تۆ كه‌ ده‌چیته‌ ناو جیهانی وشه‌وه‌‌، ئه‌وه‌ وه‌ك خواوه‌ند هه‌موو جیهان ده‌بێته‌ موڵكی تۆ… گه‌لۆ، ئه‌دی هه‌موو شتێك له‌ وشه‌وه‌ ( له‌ زمانه‌وه‌) هه‌ڵناقووڵێ؟
كه‌واته‌ ئه‌ی مرۆڤ، وه‌ك گوڵی وشه هه‌ڵقووڵێ‌ له‌ باغستانی كتێبدا! ده‌ هه‌ڵقووڵێ! وا جیهان چاوه‌ڕوانی تۆیه‌، كه‌ له‌ ده‌رگاكانی كتێبه‌وه‌ لێی بچیته‌ ژوورێ و یارمه‌تی ساڕێژكردنی برینه‌كانی بده‌ی. ئه‌و چاوه‌ڕوانی تۆیه‌، كه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ ڕووناكه‌كانی كتێبه‌وه‌ ژیانێكی شایسته‌تر و باشتری پێ ببه‌خشی. ئه‌ی مرۆڤ، هه‌وڵ ده‌ به‌ بێ كتێب نه‌چیته‌ هیچ شوێنێك؛ ته‌نانه‌ت بۆ دۆزه‌خیش كتێب له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌! كاتێك خواش له‌ ڕۆژی دواییدا حیسابت له‌گه‌ڵدا ده‌كا، ئه‌وه‌ به‌ كتێبێكه‌وه‌ (هه‌ر كتێبێك كه‌ خۆت حه‌زت لێیه‌تی) بڕۆ به‌رانبه‌ری ڕاوه‌سته‌؛ كتێب پێت ده‌ڵێ و كتێب به‌ویش ده‌ڵێ، كه‌ تۆ چاكی یان خراپی؟ به‌ هه‌شتیی یانیش دۆزه‌خیی؟…




ڕانانی کتێب … “سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا” و شارەزەردەواڵەی پرسیار

ڕانانی : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا ئەم کتێبە بە قووڵی ڕۆدەچێتە نێو مێژووی ئایینی ئیسلام و پەنجەی دەخاتە سەر ئەو خەوشە کۆمەڵایەتییانەی کە لەو سەردەمەدا واتە هەزار و چوار سەد ساڵی بەر لە ئێستا لەنیمچە دوورگەی عەرەب باو بوونە و دواتر چۆن ئایینی ئیسلام شەرعییەت بەو خەوشانە دەدات و بازاڕیان گەرم دەکات. ئەو پرسیارانە دەکات کە نەکراون، یان ناوێرن بکرێن. کتێبەکە پڕۆژەیەکە پڕ لە پرسیار و سەرسوڕمان، پڕ لە هەڵدانەوەی پەردە لەسەر تاوان و ئاماژەکردن بە نهێنی. دەرخستنی دیوی ناوەوەی ئەو ڕاستییانەیە کە لەلای مرۆڤی سادە و باوەڕدار بە ئایین کفر و هێڵی سوورە. ئەو شارەپرسیارانەی لەم کتێبەدا خۆیان نمایش کردووە، یان وردتر بڵێـم نووسەر نمایشی کردوون، تا ئاستێکی باش نیشاندانی ئارگیومێنتێکن کە دەرگای دیالۆگ و مشتومڕ دەخەنە سەرپشت. ئەمەش خاڵیکی گەشی لێکۆڵینەوەکەیە کە نووسەر لە سیاقی هەوڵەکانیدا بەرجەستەی کردۆتەوە.

مەریوان هەڵەبجەیی نووسەر و شاعیر و لێکۆڵەر و شانۆنامەنووس و وەرگێڕ و نووسەری ئەم کتێبە، دوای کۆششێکی زۆر توانی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٥ چاپی یەکەمی ئەم کتێبە ئامادە بکات و بڵاو بکاتەوە. هەر دوای بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە، ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان و حیزبە ئیسلامییەکان لەبەر نەبوونی وەڵامی گونجاو و موقنیعەکەر، لەجیاتی دیالۆگ و گفتوگۆی شارستانیانە کەوتنە دژایەتی کتێبەکە و تەبلیغ و پڕوپاگەندە لە دژی نووسەر تا کار بەوە گەیشت فەتوای کوشتنی نووسەر دەربکەن. هەر لەو کات و سەردەمە ئەم پەلامارە کۆنەپەرستییەی ئیسلامییەکان بە ڕووی بەربەستی ناڕەزایەتی و دژەکرداری ئازادیخوازان و نووسەرانی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستەکان بوونەوە. ئەگەرچی مەریوان هەڵەبجەیی نووسەری کتێبەکە وادار بە جێهێشتنی کوردستان کرا و لە ئەوروپا گیرسایەوە، بەڵام مایەپووچی و دۆڕانێکی گەورە بوو بەنسیبی ئیسلامییە کۆنەپەرستەکان. جێی ئاماژەیە کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا ٥٤٦ لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و چاپی دەیەمی لە ساڵی ٢٠١١ بڵاو بۆتەوە و دوا چاپیشی وەک ئاگادارم بم چاپی یانزەهەم بڵاو کراوەتەوە و ئێستا لە کتێبخانەکانی باشووری کوردستان دەست دەکەوێت.

ئەم کتێبە لە پێشەکییەک و حەوت فەسڵ و پاشکۆیەک پێکهاتووە کە وەڵامێکی ورد و بە دیتەیڵی نووسەرە بۆ ئەو بوختانە بەناو ڕەخنانەی پڕۆژەی تیشک کە ئەوەندەی تر کتێبەکەی دەوڵەمەندتر کردووە بە زانیاری و فاکت لەسەر ئەرگیومێنتەکانی. نووسەر سوودی لە ١١٢ سەرچاوەی جیاجیا وەرگرتووە. جێی وتنە ئەم کتێبە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، ئومێدەوارم وەربگێردرێتە سەر زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و زمانە زیندووەکانی جیهان و مرۆڤایەتی لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بێبەش نەبێت. هەروەها لە بەرگی ناوەوەی کتێبەکە مەریوان هەڵەبجەیی نووسیویەتی ” تێڕوانینێکی زانستیانە و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە پێگەی ژن لە ئایینی ئیسلامدا”. ئەم خوێندنەوەیە ئەگەرچی یەکەم خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە نییە سەبارەت بە ئایین و پێگەی ژن لە ئایین کە بە زمانی کوردیی نووسرابێ، بەڵکو پێشتریش ڕەخنەگری تر بابەت و کتێبیان نووسیوە لەوانە : دڵشاد مەریوانی و عەبدولخالق مەعروف و ئارام ڕەشید، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی ئەم کتێبەی مەریوان هەڵەبجەیی بەرفراوان و سەراپاگیر و پڕ لە دیتێڵ و زانیاری نین.

وەک ئاشکرایە ژن لە عەقڵیەتی پیاوانی ڕەشۆکی ئەو سەردەمە(١٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا) یەکێک بوو لەو کاڵا هەرزانانەی کە بۆ تێرکردنی غەریزەی سێکسی بەکاربراوە. کەسایەتیی نەبووە و بە کۆیلە و ئازادەوە لە بچووکترین ماف بێبەش بووە و کەرامەتی ڕوشاوە و شکۆی ئینسانیی شکێنراوە. کاتێکیش ئایینی ئیسلام هات لەبری قەدەغەکردنی ئەو بەکاڵاکردنە، شەرعیەتی بەو سووکایەتییەی ژنان داوە و پێشڕەوانی ئیسلامیش خۆیان بوون بە سەرمەشقی ئەو سووکایەتیی کردنە بە ژن. کۆیلەکردن و نیکاح و ئیغتساب و فرەژنی و زەواجی موتعە و ..تاد وەک بنەما جێگیرکران و دواتریش لەلایەن پەیڕەوکەرانەوە پەیڕەویان لێکراوە. مەریوان هەڵەبجەیی نووسەر لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە دەیەوی بڵێت کە جوانترکردن و مکیاجکردنی ئەو دزێو و ناشرینانەی ئایین کە لەسەر دەستی مورید و مفتی و زانایانی ئایینی ئەنجام دەدرێ، خۆی جگە لە فریودانی خەڵک هیچیتر نییە. نووسەر ڕاشکاوانە پەنجە دەخاتە سەر دەرد و مەینەتییەکان و ئاماژە بە خاڵە لاوازەکانیان دەکات.

کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا هەوڵێکی جیدییە بۆ خوێندنەوەی مێژوویەک کە لەسەر سەربڕین و کوشتن و بەکۆیلەکردنی ئینسانەکان بنیادنراوە، مێژوویەک پڕاوپڕ لە غەدرو زوڵم و لێوڕێژە لە تاوان. خوێندنەوەیەکی سەراپاگیری دۆخی ناهەمواری ژنە لەژێر سایەی شەرعگەلێک کە جگە لە بەرژەوەندی پیاوانی خێڵ هیچ بەرژەوەندییەکی تریان لەبەرچاو نەگرتووە. کتێبەکە خوێندنەوەیەکی زانستیانەی وردە لە دۆخی دواکەوتوویی کۆمەڵگەیەک کە خورافەیان بە باشترین چارەسەر زانیوە بۆ دەربازبوون لە دەرد و مەینەتییەکان.
ئەو پرسیارانەی لە دووتوێی ئەرگیومێنتەکاندا هەن، دەرخەری ڕاستییەکن کە دیاردەی ئایین لەبەردەم هێزی پرسیارە مەعریفییە جیدییەکاندا چۆک دادەدا. چونکە ئایین نە بڕوای بە دیالۆگ هەیە و نە بەگفتوگۆ، بەڵکو هەمیشە بە چەکی سواوی بوختان و درۆ و تیرۆری کەسایەتی نووسەر دەست پێدەکات، تا دەگات بە تیرۆرکردنی جەستەیی، کە کۆی ئەم میتۆدە خۆی لە دەقە ئایینییەکان بەرهەم دێنێتەوە. گەرچی هێزە تاریکپەرستەکانی ئایین زۆرجار توانییانە ڕەخنەگر بکوژن و لەنێوی بەرن، بەڵام ئەو ڕەخنەگر و نووسەرانە وەک براوەیەک لە نێو لاپەڕەکانی مێژوودا ناو و کار و چالاکیان تۆمارکراوە و تیرۆریزمی ئایینیش جگە لە شکست هیچیتری پێنەبڕاوە.

کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە دیدێکی بابەتییانەوە کە بەهای ئینسان شایانی ڕێزلێگرتنە،کۆی دیاردەی ئایینی ئیسلام لەلایەک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتیش پێگەی ژن لەو ئایینە لەلایەکیتر دەخاتە ژێر مایکرۆسکۆبی لێکۆڵینەوەوە. ئەمە ئەو سەکۆیەیە کە مەریوان هەڵەبجەیی لێوەی ململانێکان دەباتە پێشەوە. لە سەرجەم کتێبەکەش خوێنەر هەست دەکات نووسەر کێشەی لەگەڵ هیچ کەس و لایەن و گروپێکدا نییە، بەڵکو کێشەی مەریوان ئەو میتۆدە ئایینیەیە کە ئەرکی جەوهەریی توندترکردنەوەی زنجیرەکانی دەست و پێی کۆیلەتی ئینسان بەگشتی و ژنان بەتایبەتییە.

لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە خوێنەر دەگاتە ئەو بڕوایەی کە :
یەک : نووسەر بابەتییانە کتێبەکەی نووسیوەتەوە و هەوڵیداوە بەڕێچکەیەکی زانستی ئەنجامگیری بکات.

دوو : نووسەر تێکۆشاوە پشت بە بنەڕەتترین سەرچاوەکان ببەستێت و ڕاستییەکان لە زاری سەرچاوەکانەوە بخاتە ڕوو.

سێ : نووسەر گرنگترین بابەتی وروژاندووە کە پێگەی ژنە لە ئایینی ئیسلام. کتێبەکەش دانانی نیشانەی پرسیارە لەسەر سەرجەم ئایین بە گشتی و پێگەی ژن بەتایبەتی.

چوار : نووسەر پەردەی لەسەر دزێوترین دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی ئیسلامی هەڵداوەتەوە و ناوەڕۆکە کۆنەپەرستانەکەی خستۆتە ڕوو.

پێنج : نووسەر بە شارەزاییەکی باش و تێڕوانینێکی مۆدێرن و پێشکەوتووخوازانەوە بناغەی ڕەخنەکانی داڕشتووە.

شەش : نووسەر ئیش لەسەر ئارگیومێنت دەکات و ڕەخنەکانی بە فاکت دەخاتە ڕوو. لەهەمان کاتیشدا دەرگای دیالۆگی بە ڕووی خوێنەر و ڕەخنەلێگیراوان بە کراوەیی هێشتۆتەوە.

شەش : عەزم و سەلیقە و ئیرادەیەک کە لە پشت نووسینی کتێبەکەوەیە بووە بە هەوێنی سەرکەوتنی مەریوان هەڵەبجەیی لە ململانێی ئیسلامییەکان و بەرەی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە.

ئەم کتێبە تا بڵێی ناوازە و پڕ لە زانیارییە و بەسوودە، خوێندنەوەی نەک هەر بەکەڵکە، بەڵکو پێویستییەکە لەپێناو بەجوانی ڕاگرتنی ئینسانییەتی خۆمان. کتێبەکە ئاوێنەیەکە دەتوانین لەمیانی تەماشاکردنییەوە ئەو وێنەیە ببینین کە زۆربەی هەرەزۆری تاکەکانی ئەم وڵاتە نایبینن، یان ناوێرن بیبینن. چونکە کتێبەکە دەتوانێ شۆڕشێک لەناو بیرکردنەوە هەڵبگیرسێنێ و تەواوی سیستەم و میتۆدی بیرکردنەوەی تاک سەبارەت بە ئایین بگۆڕێ. ئەمەش ئەو ترسەیە کە ئیسلامییەکان لێی تۆقیون و هەر لەبەر ئەمەش بوو فەتوای کوشتنی نووسەر دەرکرا. نووسەر لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە جوانترین مێژووی بۆ هەوڵ و تێکۆشانی خۆی لەدژی کۆنەپەرستی و جەهالەتی ئایین خوڵقاند. مێژوویەک کە تا مرۆڤایەتی مابێ بەچاوی ڕێز و ستایشەوە لێی دەڕوانێ.

ئایاری ٢٠١٦

تێبینی : ئەم ڕانانە لە گۆڤاری هانا ژمارە یەکی ساڵی ٢٠١٦ بڵاو بۆتەوە.




لە پەراوێزی نمایشی سەربازی پارتیدا … عەبدوڵا مەحمود

هێزی چەکداری دەسەڵات، خاوەنی هیچ پیرۆزیەک نییە…

لەژێر ناوی پرۆتێست کردنی وتەکانی سروە عەبدولواحید، ئەندام پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی حزبی گۆڕان و لە درێژەی ئەو کەمپەینەی پارتی چەند ڕۆژێکە وەرێی خستووە، ‌بەشێک لە ‌هێزی تایبەت و سوپای گوڵانی پارتی، نمایشێکی سەربازی بەعس ئاسایان لە هەولێری پایتەختی سەرکوت و تۆقاندندا وەرێخست.
ئەو هێزە قارەمانەی!! بە قورمیشی پارتی، و بە پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان و لەژێر ناوی بەرگری لە کەسوکاری پێشمەرگە، نمایشی سەربازی، وەرێخست… دوورو نزیک پەیوەندی بە ویست و خەونی هیچ ئینسانێکی ئازاد و زوڵێمکراوی خەڵکی کوردستانەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ لە دژی ویست و هەر خواستیكی ئینسانی ئەوانە. ئەگەر لە برگەیەکی مێژوویی دیاریکراودا، و لەسەردەمی رژێمی بەعسی لە دەسەڵاتخراوادا، کەسانێکی زۆر لە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش و لاوانی دڵپر لە هیوا… بۆ بەرگری لە بزوتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستان لە دژی درندەیی بەعس و بۆ ئازادیدا، چەکیان کردە شان و قوربانیاندا، مەرگیان پیش دەخست بۆ ئازادی، ئەوانە لەشکرێک بوون، کە خەونی خۆیان و کەسو کاریان، لەلایەن پارتی و حزبە برابەشەکانی، کرایە پردی سات و سەواد لەگەڵ بەعس. دوای کەوتنی بەعسیش، کرایە دەستمایە بۆ بەشدار بوون لە دەسەڵاتی عروبی ئیسلامی و لە عێراق و درێژەدان بەدەسەڵاتی بە زۆر داسەپاویان بەسەر خەڵکی کوردستاندا.
هێزی پیشمەرگە و زێرەفانی و تایبەت و هیزەکانی یەکەی ٧ و ٨، هێزەکانی ئاسایش و…تاد. جگە لە هێزی پاراستنی دەسەڵات و چینە داراکانی کوردستان، جگە لە هێزی سەرکوت و ئامرازێک بۆ سەرکوتی نارەزایەتی هیچی تر نین و خاوەنی هیچ پیرۆزیەک نین.
ئەگەر هێزە سەربازیەکان و سوپای مۆسۆلۆنی و خومەینی و سەدام حسێن و سەرە دیکتاتۆرەکانی تری دنیا… لە ژێر ناوی بەرگری لە خاک و نیشتیماندا، ئامادەبوون بە دەیان هەزار ئینسان لەناو بەرداشی شەردا، بکەنە قەرەبروت و بێ دەست و قاچ و سەقەت، ئەوا ئەوەی ناوی ‌هێزی پیشمەرگەی کوردستانە، بۆ یەکجاریش لە دژی هیچ هێزێکی دەرەکی و ئەو دەوڵەتانەی سەرکوتی خەڵکی کوردستان دەکەن، تاکە بەرگری و فیشەکیكیان نەتەقانددووە… بە پێچەوانەوە ئەم هێزی پیشمەرگەیان کردۆتە پێشلەشکرو چاوساغی لەشکری بەعس و تورکیاو ئێران و حەشدی شەعبی… کردویانەتە قارەمانی جەنگی میلیشیایی دەسەڵات لە کوردستاندا، کە هیشتاش قوربانیانی بێسەرو شوێنن. ئەوانەی کە خۆپیشاندەرانی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتریان… کوشتار کرد کە داوای نان و ئازادی و شکۆی ئینسانیان دەکرد، هەر ئەم هێزانە بوون. ئەوانەی کە سەرکوتی هەر خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکی جەماوەری ئامانجدار دەکەن، هەر ئەم هێزانەن. ئەوانەی بە دەمامک و بێ دەمامکەوە سەردەشت عوسمان و رۆژنامەنووسان دەرفێنن و تیرۆر دەکەن، هەر لە زومرەی ئەو هێزانەن. ئەوانەی خەڵکی شەنگالیان بەدەستی بەستراوەوە رادەستی داعش کرد، هەر ئەم هێزانەن. وە ئەوەی ئەو دەسەڵاتە مافیایە تەمەن ٢٥ ساڵەیە لە تورەیی خەڵک دەپارێزێت، هەر ئەم ‌هێزەیە. ئەوەی کە رێگە نادات لەهەولێر و زونی زەرد خەڵک بە خۆپیشاندان و کۆبونەوە و مانگرتن… داوا رەواکانی خۆی بکات، هەر ئەم هیزەیە. بۆیە هێزی پیشمەرگە و چەکداری ئەم حزبانە جگە لە کۆیلەی دەسەڵات و ئامرازی سەرکوت بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ پاراستنی دەسەڵات، زیاتر شتێکی تر نین. خەڵکی کوردستان نابێت هیچ خۆشباوەریەکیان بە هێزی چەکداری ئەو حزبانە هەبێت… ئەم هێزە چەکدارە بۆیە هەیە و بە ملیۆنان دۆلار دەکرێت بە گەرویدا، تا دەسەڵات بپارێزێت. ئەو دەسەڵاتەی کە دوای چارەکە سەدەیەک، نەک نەیتوانیوە سەرەتایترین پێداویستیەکانی هاوڵاتیان دابین بکات، بەڵکە هێشتا خەڵکی تامەزرۆی ئاو و کارەبان!! لەوانەش واوتر لەدرێژەی تاڵانی و هێرشەکانیاندا، ئێستا دەمیان ژەنیوەتە قوتی کارمەندان و مامۆستایان. هەموو ئەو بێمافی و هێرشە بۆ سەرخەڵکی کوردستان، بە پشتیوانی ئەم هێزە چەکدارە میلیشیاییە حزبییە بەرێوە دەچێت. دەسەڵاتێک لە بەردەم نەفرەتی جەماوەریدا بێت، ‌هێزە چەکدارەکەشی نەفرەتلێکراوە، نەک پیرۆز. هێزێک پیرۆزە کە لە بەرەی خەڵکی کوردستان و خواستەکانیدا، بێت. کە باسکی رێکخرواو هوشیار و چەکداری بزوتنەوەی رەوای نارەزایەتی جەماوەری بێت بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و شکۆی ئینسانی.
ئەو نمایشە سەربازیەی ئەمرۆ، نمایشی هێزی دەسەڵاتێکی نەفرەت لێکراوی نۆکەرو دژە خەڵکیییە. وە نمایشێک بوو بۆ ترساندنی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتیش خەڵکی هەولێر. دیارە لەپشت ئەم پەیامەوە، نمایشی هێز نیشاندانە بە بزوتنەوەی گۆڕان، تا لەگەمەی دەورەی تازەی کۆبونەوەی حزبەکاندا، بزوتنەوەی گۆڕان موی نەرمتر بێت. هەر بۆیەش قسەکانی ئەندام پەرلەمانەکەی گۆڕان کراوەتە بەهانەی، نیشاندانی ئەم عەرزی عەزاڵەتە هەرزەیە.

عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com
ناوەراستی دیسەمبەری ٢٠١٦




ئه‌ده‌ب له‌ ژێر باڵی ره‌شی ده‌سه‌ڵاتدا … عه‌بدوڵڵا هورمزیاریی

له‌ کوردستانی باشوور ته‌نیا دۆخی گه‌نده‌ڵی ئابووری و سیاسی ناگوزه‌رێ و به‌ هۆیانه‌وه‌ به‌هاو به‌رهه‌م و داهێنان و ڕێز و مافه‌کانی مرۆڤ ڕوو له‌ داکشان بێت! به‌ڵکو به‌ درێژایی ده‌یان ساڵی ڕابردوو ئه‌وه‌ی ره‌واجی پێدراوه‌و کاری بۆ کراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو شتێك له‌ خزمه‌ت پایه‌و مه‌به‌سته‌کانی حیزب و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا بێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند که‌لـله‌یه‌کی بۆش به‌رهه‌م بهێنرێت که‌ هه‌موو کارو جوڵه‌یه‌کیان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بێت، ئه‌وانه‌ش له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی راگه‌یاندن و ده‌زگاکان و گروپ و کۆمه‌ڵه‌کانی نووسه‌ران‌ داده‌نرێن ده‌بێت گه‌نده‌ڵ بن و خوێنی حیزب و ئینتیمای شه‌خسی مه‌سئوله‌کان به‌ ده‌ماره‌کانیاندا بڕوات تا جێی خۆیان بکه‌نه‌وه‌و ببنه‌ پێوه‌رو په‌ساپۆرتدان به‌ بابه‌ت و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و ئه‌دیبان، له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیاوی و واسته‌کردن و په‌یوه‌ندی شه‌خسی و حیزبی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و ته‌نانه‌ت باڵ باڵێنه‌ بوار به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ش‌ بدرێت ، ئێدی که‌سایه‌تی نزیك و بابه‌تی کاڵوکرچ به‌ره‌نده‌ ده‌بێت و خه‌ڵات ده‌کرێت و ده‌نگه‌ دا‌هێنه‌ره‌کانیش کپ ده‌کرێنه‌وه‌و ئابڵوقه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ریان، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ وایکردبێت خوێنه‌ران له‌ که‌مبوونه‌وه‌دا بن و به‌تایبه‌تی خوێنه‌رانی جدی بوونیان به‌ره‌و نه‌مان بچێت، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ ئه‌و مه‌غزایه‌ی له‌ ئه‌ده‌بدا چڕ بووه‌ته‌وه‌ بریتیه‌ له‌ جه‌نگان دژی سته‌م و ناڕه‌وایی و گه‌نده‌ڵی مادی و مه‌عنه‌وی، بریتیه‌ له‌ ده‌نگی راستگۆی ناخ و گیان به‌رانبه‌ر هه‌موو بڵندگۆ ته‌زویره‌کان که‌ ره‌واج به‌ کاڵبوونه‌وه‌ی بوون و گیان و ناسنامه‌ی مرۆڤ ده‌ده‌ن. خۆ ئه‌ده‌ب له‌مڕۆژه‌دا له‌ کوردستانی باشوور وه‌ك ناسنامه‌ی میلله‌تێك و گوژمی ژیاریی وڵات و نه‌ته‌وه‌ ته‌ماشا ناکرێت و له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ند په‌ڕتوکت خوێندبێته‌وه‌ ناسنامه‌ت هه‌ڵبسه‌نگێنرێت و که‌سایه‌تیت ده‌ستنیشان بکرێت! بۆیه‌ ئه‌دیبیش هیچ سوودێکی مادی ناکات کاتێك ده‌نووسێت و په‌خش ده‌کات، له‌ سه‌رئێشه‌و ماندووبوون به‌ولاوه و جارانێکیش رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گیروگرفت‌ چی ده‌ستناکه‌وێت، گه‌ر هه‌ر میلله‌تێکیش به‌و ئاسته‌ نزمه‌ بگات له‌ مه‌عریفه‌و داهێنان و رۆشنبیریی و بره‌و نه‌دان به‌ زانسته‌ مرۆییه‌کان ئه‌وا زه‌نگی مه‌ترسی بۆ لێده‌درێت که‌ بوون و مانه‌وه‌ی به‌ره‌و له‌ناوچوون بچێت. مه‌خابن ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ به‌شێکی زۆری نووسه‌رو ئه‌دیبان له‌و واقیعه‌ ناله‌باره‌دا هیچ هه‌ڵوێست و بوونێکیان بۆ خۆیان دانه‌ناوه‌و ئێدی له‌ناو کۆمه‌ڵگاشدا ڕۆڵیان سڕدراوه‌ته‌وه‌و نه‌ماوه‌، ئه‌گینا هه‌ر رۆشنبیران و هزرمه‌ندو ئه‌دیبانن له‌ جیهاندا ره‌نگڕێژیی و پێشڕه‌وایه‌تی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌کان ده‌که‌ن و خاوه‌نی وته‌و هه‌ڵوێستن به‌رانبه‌ر هه‌موو گۆڕانکاریه‌ جۆراوجۆره‌کانی ده‌وروبه‌ریان، به‌ڵام لای ئێمه‌ زۆر به‌ داخه‌وه‌ کاره‌که‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، ده‌وروبه‌رو هێزی ده‌سه‌ڵات ئه‌دیبان ئاراسته‌ ده‌کات و ناسنامه‌و بوویان پێده‌به‌خشێت، لێ ژماره‌یه‌کی که‌میش هه‌ن دووره‌په‌رێزو نائارام و نیگه‌رانن له‌و هه‌موو ئاوه‌ژووبوونه‌وه‌ مه‌ترسیداره‌ی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی و ئه‌دیبانی ته‌نیوه‌و ئه‌وانیش لێی یاخی بوون، به‌ بێ ده‌نگی ناسنامه‌ی خۆیان پاراستووه‌، بۆیه‌ ده‌کرێت بڵێین گه‌نده‌ڵی ئه‌ده‌بی زۆر مه‌ترسیدارتره‌ له‌ گه‌نده‌ڵی ئابووری، چونکه‌ گه‌نده‌ڵی ئابووری ره‌نگه‌ له‌ لایه‌ن که‌سانێکی ناحاڵی و که‌لـله‌پوچ و نه‌فامه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، له‌ کاتێکدا گه‌نده‌ڵی ئه‌ده‌بی له‌ لایه‌ن رۆشنبیره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام چ رۆشنبیرێك؟! ئه‌و رۆشنبیره‌ی هزری تاریك کردووه‌ به‌ ناڕه‌وایی و قه‌ڵه‌م و ویژدان فرۆشیی، به‌ جه‌پڵه‌ لێدان بۆ دزو مرۆڤکوژو تاوانبارو له‌ به‌رانبه‌ریشدا سه‌رکوتکردنی ده‌نگی داهێنه‌رو بێ ده‌سه‌ڵات، ده‌بێت چ ئازایه‌تیه‌کی تێدا بێت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌؟! له‌قه‌لێدانی که‌سی ژێرکه‌وتوو چ جوانی و جیاوازیی و خزمه‌ت و داهێنانێکی تێدایه‌؟
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له واقیع و کرۆکدا هه‌موو شتێك کڕین وفرۆشتنی به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌کرێت و ده‌کرێت ده‌مامکی جۆراوجۆر له‌ ده‌موچاو بکرێت، بۆ نموونه‌ سیاسه‌تمه‌دارێکی فاشیل به‌ حوکمی پاره‌و چه‌ك ببێته‌ هه‌ڵگری دروشمی رۆشنبیریی و هزرو پێشکه‌وتن و داهێنان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رگیز پێی ناگات و نایبینێت پله‌و پایه‌و که‌سایه‌تی نووسه‌رو ئه‌دیبێکی داهێنه‌ری راستگۆیه‌ که‌ ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت بڕوای پێیه‌و له‌ ئازاره‌ راسته‌قینه‌کانی مرۆڤه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌و له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ جیاوازه‌ له‌و خیتابه‌ سیاسی و درۆینه‌ی رۆژانه‌ به‌ شێوه‌ی جیاواز له‌ لایه‌ن ئه‌و جۆره‌ که‌سایه‌تییه‌ به‌ ناو نووسه‌رو ئه‌دیب و رۆشنبیرانه‌وه‌ به‌ر گوێمان ده‌که‌ون.‌‌




وه‌ره‌ له‌ (باخ ) پێتده‌ڵێم …حه‌سه‌ن مسته‌فا

باخ…ئه‌مڕۆ ده‌ستی له‌ده‌ستی باران به‌رداوه‌
په‌لكه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ گه‌شن،
ئاو له‌چاو دێنن…
رۆح ده‌خرۆشێنن.
هه‌رچی ره‌نگ هه‌یه‌، لێره‌ باریونه‌ته‌ سه‌رپه‌ڕه‌ی گوڵ
وه‌ره‌ ره‌نگی دڵی خۆتم پێبڵێ و …مه‌ڵێ ره‌ش
وه‌ره‌ باڕه‌نگی دڵی خۆت پێبڵێم.
ناڵێم ره‌ش.

ئه‌مڕۆ ده‌ستم له‌ ده‌ستی خه‌یاڵ دایه‌ و
به‌سه‌رێكی پڕ ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و باخ ده‌ڕۆم
دڵم زه‌مزه‌مه‌ی دێ كه‌ به‌ره‌و ئه‌وێ هه‌نگاو ده‌نێم.
ده‌مه‌وێ زوو بگه‌مه‌وه‌ به‌ده‌نگی بولبووله‌كان،
كه‌ له‌ژێر سێبه‌ری گه‌ڵاكاندا خۆ حه‌شارده‌ده‌ن…تا ره‌نگه‌كه‌یان كاڵنه‌بێته‌وه‌.
تاده‌نگیان هیچ شوختێكی به‌رنه‌كه‌وێ!!.
من هیچم نیه‌ بیچنمه‌وه‌ له‌ده‌نگی ئه‌وان زیاتر .

تینی خۆر… سێبه‌رم ده‌كاته‌ هاڵاو،
كه‌ عه‌سران وه‌ك هێڵێكی درێژ و ره‌زاگران رێنوێنیم ده‌كات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌.
سینه‌م پڕه‌بێ پڕ له‌ئاواز
بۆ ناو ژووره‌كه‌میان دێنمه‌وه‌
وشه‌ دۆزراوه‌كانی نێو ورشه‌یه‌كی نه‌رمیی سروه‌ و
به‌یه‌كدادانێكی هێواشی ده‌نكه‌ گێڵاسه‌كان.
به‌سه‌ر كاغه‌زه‌ سپییه‌كانیان هه‌ڵده‌ڕێژم… خوێنی هه‌ناره‌ دڵگه‌رمه‌كان و
ره‌نگه‌ نه‌دیوه‌كانیی شادی، كه‌ له‌قوڕگه‌ غه‌مگینه‌كه‌ی كه‌نارییه‌كان داده‌بارن!!.

وه‌ره‌ با سه‌ماكه‌ین تا چیتر ئه‌و مۆسیقایه‌ به‌فیڕۆ نه‌ڕوات
كه‌ له‌ده‌ماری باخ وه‌ك فواره‌ی خوێن هه‌ڵچووه‌

وه‌ره‌… با وه‌ك نیشتنه‌وه‌ی په‌ڕی به‌باچووی چۆله‌كه‌یه‌ك، له‌سه‌ر قه‌راغی كارێزێك
ئه‌و مۆسیقایه‌ بنیشێته‌ سه‌ر رۆحمان…زه‌ویمان له‌بیر بباته‌وه‌!!
كه‌ دزێوی پڕیكردووه‌ له‌هێلانه‌.
وه‌ره‌ ئه‌و په‌پوولانه‌ هه‌ڵمه‌فڕێنه‌ كه‌ له‌دابی نزادان
نزا بۆ پڕ ره‌نگگبوونی گوڵ.
وه‌ره‌ ئه‌و ئاوه‌ نۆشكه‌
كه‌له‌سه‌ر په‌ڕی پونگه‌ ده‌ماره‌جۆیان به‌ستووه‌.
وه‌ره‌ ئازیز .. ئه‌م باخه‌ چه‌ند جوانه‌ كه‌ ده‌ستی ژه‌نه‌ڕاله‌كانیی به‌سه‌ره‌وه‌ نیه‌.

وه‌ره‌ له‌وێ پێتده‌ڵێم…تۆ هه‌رزوو دوو باڵی فریشته‌ییت هه‌بوو
رۆحت له‌رۆحی باخه‌وان ده‌چوو.
وه‌ره‌ له‌( باخ ) پێتده‌ڵێم…
ئای! چه‌ند داغه‌ ناوشار…
ئای! چه‌ند غه‌مباره‌ گه‌ڕه‌ك، كیژه‌كان هێشتا ناوێرن سه‌رده‌ركه‌ن!!
هێشتا كۆڵان پڕنه‌بووه‌ له‌سێبه‌ریان.
شوره‌كان نایه‌ڵن ده‌نگیان ده‌رچێ…
به‌ئاواز و قیژه‌ی تێكه‌ڵ، له‌ودیو حه‌ساره‌كان جمه‌یان دێ…
وه‌ره‌ با ئه‌م جه‌نگه‌ڵه‌ به‌تاڵكه‌ین..
وه‌ره‌ با ئه‌م ته‌ختی شه‌تره‌نجه‌یان بۆ جێبێڵین .
وه‌ره‌ تۆ نابینی ؟
شه‌پۆلی باخ به‌سه‌ر باڵی ئاوازه‌وه‌
تاسه‌ر كه‌ناری (شار) درێژبووه‌ته‌وه‌.

وه‌ره‌ له‌وباخچه‌ پڕ له‌نووره‌
تیشكه‌كانم به‌پێی ئاره‌زووی دڵی تۆ چه‌پك كردوون
من ئه‌وه‌نده‌ وه‌سفم كردووی
دره‌خته‌كان هه‌ر له‌دووره‌وه‌ ده‌تناسن
هه‌ر له‌دووره‌وه‌ مه‌ست ده‌بن…راده‌هه‌ژێن
ئه‌وه‌نده‌ گێژده‌بن…بۆنی خۆیان ناناسنه‌وه‌
به‌هێڵنجه‌وه‌ ده‌ست له‌به‌ژنی خۆیان ده‌ده‌ن…
ئێ ئه‌وان ، خۆیان بیرناكه‌وێته‌وه‌
حه‌زه‌كه‌ن بفڕن… ده‌كه‌ون به‌سه‌ر دارشه‌قی جۆگه‌له‌دا.
حه‌زه‌كه‌ن بمرن، پۆلێك باڵنده‌ ده‌ستیان ده‌گرن و راستییانده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر تۆ بێیت
گۆرانییه‌كان به‌شه‌ونمه‌وه‌ دێنه‌ ئێره‌
كۆتره‌كان گمه‌گمی ژه‌نگاوییان… بیره‌چێته‌وه‌
كه‌نارییه‌كان ، چیدی له‌ده‌ست وێنه‌كێشه‌كان راناكه‌ن.
دایكم ، چیدی رێشمه‌ی خه‌م راناكێشێ!!
…كۆڵان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ما و
كیژه‌كان، له‌ به‌رگی تاریكی دێنه‌ده‌رێ.
منیش … چیدی به‌شه‌رمه‌وه‌ گۆرانی ناڵێم
وه‌ره‌ له‌باخ پێت ده‌ڵێم…




خۆم و خۆت و خۆیان … نەوزاد بەندی

خۆت وەک کەسێکی نوێ مەناسێنە ..
تۆیش هەر ئەوەی کە ئەچیتە لای وەکیلی ئاردەکە و
ئەپرسێ ئاخۆ نۆ کیلۆ ئاردەکە نەگەیشتووە …
بەیانیان دەهۆڵ و زوڕنای غاز فرۆش خەبەرت ئەکاتەوەو
لە ترسی قسەکەی پاریزگاری نوێ کە ووتی ئەزمەی غازیش بە ڕێوەیە ،
بە هەڵەداوان بە جووتێ نەعلی تاکە و تاکەوە ، راتکردۆتە دەرەوە و
غاز فرۆشەکە ئیشارەتی بۆ کردووی : هەمووی بۆشن ..
تۆیش هەزار جار قوڕی بەر بەلەدیەکەت لێ پرژاوە ..
سەد جار چەکەتەکەت لە قەپرغەوە
بە عەرەبانە دڕاوە …
تۆیش ژمارەی جۆزەی موەلیدەکەت ،
لە ناوی خۆت باشتر رەوان کردووە ..
سەد جار جلەکانت بە دوو ڕۆژ لە غەسالەکەدا ماوەتەوە ..
خۆت وەک کەسێکی ئەوروپیی نیشان مەدە ..
تۆیش ناوی چەندەها قاچاخچی ئەستەمبوڵ و یۆنانت لەبەرە ..
چەندەها ئێوارە لە فولکەیەک وەستاوی ،
نەتزانیوە بە چ ئاراستەیەک بڕۆی ..
چەندین جار مۆبایلەکەت دەرزی ئاژن کردووە ،
نەتزانیوە زەنگ بۆ کێ لی بدەی ..
تۆیش هەرچی هەنگاوی ژیانتە ،
بە خواستی خۆت نەتناوە و بە شەق پێیان ناوی ..
تۆیش لەگەڵ عاما چووی بۆ شام ..
جاران ٢٠ سانتیم سمێڵت هێشتبۆوە و ئێستا هیچ ..
جاران کتێب لەبەر باخەڵتا بوو ، ئێستا پیتزا ..
جاران بە هاوین ئەچووی بۆ بەغداد ، ئێستا ئەڵێی : پیاو دوو فلس دانێ بۆ ڕۆژی ڕەشتر ، سەفەر چیە لە هیلاکیی زیاتر ؟!!
تۆیش بە بێ ڕا لێ بوون چووی بۆ دەنگدان و
بە بێ هیوا خەتت لە حیزبێک داوە کە دەیەها شەقی لە دەیەها خەون و هیوات داوە ..
تۆیش سەد جەر تفت کردۆتە سەر زەوی ..
بوتڵی بەتاڵت فڕێ داوەتە سەر جادە ..
قڕقێنەت داوە و ..دوکەڵی جگەرەت کردووە بە ڕووی مناڵەکانتا ..
دەیەها نەعلت تێ گرتوون
دەیەها تفت تێ کردوون ..
شانازیت کردووە کە شلەی بێ گۆشتت نەخواردووە ..
خۆت وەک کوردێک نیشان بدە ،
کە لە هیچ ڕستەیەکدا جێی نابێتەوە ..
کە ٣٠ ساڵ جارێک هیواکانی ،
وەک بەفری نیسان ئەتوێتەوە ..
هەر هێندە و بەس …




دووای جەنگ … جۆن باڵەبان

دوای جەنگ،جەستەی شەق شەقکراو–
چاوی هەڵکۆڵدراو،
گوێچکەی خوساو،
شەویلگەی تێکوپێکشکاو،
لێوی کون کونکراو،
ئێسکی قاچی جێماو
لەتە چەرمی زیواڵ زیواڵکراو ،
پەنجەی پێ–
هەمویان رامابون، هەڵدەپەرین، دەیان نوسکاند.
لاشەی عەورەت لە هەمویان نامۆتر بو،
کە چەشنی کرمۆکە بەسەر رێگاکانەوە گینگڵیان دەدا.
زیندووەکان پێویستییان پێبون بەڵام وەختێک سودێکیان مابا،
بێگومان مردووەکان هیچ پێویستییان پێ نەمابون.

تارماییەکان-
دەیان هەزار رۆ‌حی جێماو کە لەسەر شەقامەکانی شار،
لەسر مێزی کەنیسەی ئێواران،
لەسەر پاشماوەی کەلاوەکان
چەشنی روفاتی تەم دەردەکەوتن،
بێگومان هیچ پێویستییان بە لاشە تێکشکاو و جێماوەکانیان نەمابو.
چونکە تارماییەکان پێیانوابو بەبێ ئەوان جوان دیاننواند.
چونکەهەموو شتێک دەگەرێتەوە سەر ڕەچەڵەکی ئەسڵی خۆی دواجار
پاشماوەکان چەشنی پەناهەندەی رەنگپەریو دەگەیشتنە ویلایەتە یەکگرتووەکان،
کە جۆرێک لە مال وابو بۆیان.
ئیتر هەر لەبەر ئەوەیە ئەمرۆ جارجار هاورێیەک یان کەسێکی ناودار دەبینی
لە ژێر دوو لێوی زلەوە کەبەسەر روخساریدا پانبونەتەوە، قسەی پوچ دەکات،
ئیتر هەرلەبەر ئەوەیە زۆرجار تەوقەکردنیش شتێکی بێزراوە.
ئیتر هەرلەبەر ئەوەیە زۆرجارواباشترە چاو نەبرینە چاوی یەکتر
ئیتر هەرلەبەر ئەوەیە تائێستاش لەسەر سنگی کیژۆڵەکان ئاسەواری کۆنە برین زقبۆتەوە.
دوای جەنگ،
لەگەل ئەوبزە قەبیحەی سەرلێومان،
تۆ بڵێی چیرۆکە کۆنەکان هێشتا راستی نوێمان پێبڵێن؟
تۆ بڵێی هێشتا جیهان میتافۆری تازەمان بۆ تەفسیر بکا؟
دوای جەنگ، ئەی دەبێ خۆشەویستی چۆن بێتە گۆ؟

جۆن باڵەبان
لە ئینگلیزییەوە: بینایی

binaiy85@gmail.com
———————————–
سەرچاوە:
http://www.blackcatpoems.com/b/after_our_war.html